وێستگە مێژووییە گرنگەکانی کێشەی مووسڵ -(2)…. دکتۆر جەبار قادر

کەمالییەکان لەو ڕاستییە گەیشتبوون، کە بە بێ پشتیوانی کورد، کە زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵیان پێکدەهێنا، دەستگرتنەوە بەسەر ئەو ویلایەتەدا کارێکی مەحاڵە، بۆیە هەر کە بزووتنەوەکەیان لە خەم ڕەخسا پیاوەکانیان دەستیان کرد بە هەڵمەتێکی فراوانی پڕوپاگەندە لە نێو هۆز و خێڵەکانی کوردستاندا. جموجوڵ و چالاکی پیاوانی مستەفا کەمال تەنها ویلایەتی مووسڵیان نەدەگرتەوە، بەڵکو پەیوەندییان لە گەڵ سەرەک هۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەگرت. لە گەڵ کەسایەتی و سەرکردە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکاندا پەیوەندی توند و تۆڵیان گرێدایەوە. بنەماڵە ناودارەکانی کەرکوک بە تایبەتی بنەماڵە تورکمانەکان لقێکی ” کۆمەڵەی پاراستنی مافی ویلایەتەکان”یان لە چەشنی ئەوانەی ئەنادۆڵ دامەزراندبوو و هەندێ کەسایەتی کوردیش تێیدا ببوون بە ئەندام. لەو ڕۆژانە کورد لە سەرگەردانیدا بوو، نەیدەزانی بەکێ باوەڕ بکات و ڕوو لە کێ بکات.

بە بریتانیانییەکان کە لافی ئەوەیان لێدەدا، گوایە بۆ ڕزگارکردنی گەلانی ڕۆژهەڵات لە کوت و بەندی عوسمانییەکان هاتوون، بەڵام هەڵس و کەوتیان لە گەڵ کوردا تەواو پێچەوانە بوون. نوێنەرانیان وەک هەموو داگیرکەرێکی کۆڵۆنیاڵی بە توندرین شێوە خەریکی ئازاردن و سەرکوتکردنی دانیشتوان بوون. گفت و پەیمانیان لە بارەی دەوڵەتی کوردییەوە هیچی لێ سەوز نەبوو. هەوڵدانیان بۆ بەزۆر لکاندنی کوردستان بە عیراقی عەرەبییەوە کوردی ئەوەندەی تر تۆرانبوو. نوێنەرانی دەوڵەتی عوسمانی، کە بە درۆوە نوزەی تێدا مابوو، گفتی خۆبەڕێوەبردنیان بە کورد دەدا و پەیماننامەی سێڤریان ئیمزا دەکرد. بەڵام تازە کار لە کار ترازا بوو و سوڵتان هیچی پێ نەدەکرا. چواردە بەندەکەی ویڵسن، کە بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان بە هۆی کێبڕکێ و ململانێی ئەمێریکا و بریتانیاوە لە بەشە نەوتی مووسڵ و کێشە دروستکردن بۆ بریتانیا، ڕاگەیاندرابوون، هەندێ کوردیان بە خۆیانەوە سەرگەرم کردبوو. شۆڕشی ئوکتۆبەر و ڕاگەیاندنی مافی گەلانی ڕووسیا و پەیامی بەلشەفییەکان بۆ گەلانی ڕۆژهەڵات و ئاشکراکردنی پەیماننامە و ڕێکەوتننامە نهێنییەکانی وڵاتە ئیمپریالییەکان لە پشتی گەلانەوە، بەر لە هەموویان ڕێکەوتننامەی سایکس – پیکۆ، هیوایەکی لە لای کورد بە ڕووس (عروس و مسقۆف بە وتەی ئەو سەردەمەی کوردان)پەیدا کردبوو. ئەمانە هەمووی بە لایەک و پەیمانەکانی مستەفا کەمال و هاوڕێکانی بە “برایانی قارەمانی موسوڵمان و فیداکار لە پێناو نیشتمان و خیلافەتدا”، کە باسیان لە تورکیایەکی پڕ لە برایەتی و بەختەوەری بۆ کورد و تورک لە دوای دەرکردنی داگیرکەرانی بیانی دەکرد، بە لایەکی تر.

لەو سەردەمەی مێژوودا کاریگەری ئاین و گوتاری ئاینی لە سەر کۆمەڵگەی کوردی لە هەموو بیر و بۆچوونێکی دیکە بەهێزتر بوو. هۆشیاری نەتەوەیی زۆر لاواز بوو و تەنها لە نێو بژاردەیەکی بەرتەسکی خوێنەواراندا بەدی دەکرا. بۆ کۆمەڵگەیەک کە لە ماوەی چوار سەدەی ڕەبەقدا لە دەسەڵاتی سوڵتان و خەلیفەی موسوڵمانان بەولاوە شتێکی دیکەی نەبیستبوو، ئاسان نەبوو بیر لە جۆوڕێکی دیکەی فەرمانڕەوایی بکاتەوە. خەڵکێکی زۆر بە گوناهیان دەزانی کەسێکی دیکە جێگەی سوڵتان بگرێتەوە. ئەو پەیمانانە بە سەر کوردا وەک بارانی بەهار دەبارین، سەریان لە سەردارانی کورد شێواندبوو و هەر یەکەیان بەلایەکدا ڕایدەکێشا. کۆمەڵێکیان باسیان لە ئۆتۆنۆمی دەکرد لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا، کە ئەو بۆ خۆی لە پەل و پۆ کەوتبوو و دوا ڕۆژانی بەسەر دەبرد و نەیدەتوانی خۆی ڕزگار بکات، چجای ئۆتۆنۆمی بۆ کورد دابین بکات. کۆمەڵێکی تریان بیریان لە دەوڵەتێکی کوردی لە ژێر مەندەیتی بریتانیا یا تەنانەت ئەمێریکا دەکردەوە، یەکەمیان پۆژەی دروستکردنی دەوڵەتی بۆ کورد پێ نەبوو و دووەمیشیان ئەوەندە ئامادەیی لە ڕۆژهەڵاتدا نەبوو، ئەرکێکی وا گران بخاتە ئەستۆی خۆی. گروپێکی بچووکی سەردارانی کورد ئەوەندە بێ ئاگابوون لە بارودۆخی دونیا و هەرێمەکە باسیان لە دەوڵەتێکی کوردی لە ژێر چاودێری ئێراندا دەکرد، کە بۆ خۆی دەوڵەتێکی بێ هێز و دواکەوتووی ڕۆژهەڵاتی و نیمچە کۆڵۆنیای بریتانیا بوو. ڕاستە کورد ئەو دەمە سەردار و ڕابەری زۆری هەبوو و هەموو باسیان لە کوردستان دەکرد، بەڵام هیچ کامیان پرۆژەیەکی نیشتمانی گشتگیریان نەبوو لە چەشنی میساقی میللی کەمالییەکان. کەسیشیان خاوەن کاریزمایەکی وا نەبوو هەموو کورد لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. هیچ یەکێ لەو پرۆژە سیاسییە لۆکاڵییانەی کورد ئەو کاتە و ئێستاش هەموو کوردستانی نەگرتوەتەوە. دەکرێت مرۆڤ گومانی زۆری لەم بۆچوون و لێکدانەوانە هەبێت، لێ دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژانەدا، ئەوەی سەیری بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان و هەڵس و کەوتی سەردارانی کورد و پرۆژە سیاسییە لۆکاڵییەکانیان بکات، باوەڕ بەم قسانە دێنێت.

ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد باری گشتی کورد بوو. بارودۆخی کوردی ویلایەتی مووسڵ لەوە باشتر نەبوو. دەسەڵاتی داگیرکەری بریتانی جارێک باسی قەوارەیەک یا چەند قەوارەیەکی بۆ کورد لەو ویلایەتە دەکرد و گوایە چاوەڕوانی ئەوە بوو کورد لە نێوخۆیاندا ڕیکبکەون بۆ ئەوەی جێبەجێ بکات. نە ئەو بە ڕاستی بوو و نە کوردیش لە نێوخۆیاندا ڕێکدەکەوتن، بۆیە ئەم پرۆژانە هیچیان لێ سەوز نەبوو. لە لایەکی ترەوە هەوڵی ئەوەی دەدا ژێرخانێکی پەیوەندی ئابوری و کارگێڕی لە نێوان کوردستان و عیراقی عەرەبیدا دروست بکات، بە جۆرێک ئەرکی لکاندنی ویلایەتی مووسڵی بە عیراقەوە بۆ ئاسان بکات. لە هەمان کاتدا پرۆژەی دروستکردنی قەوارەیەکی لە سەر خاکی کوردستان هەبوو بۆ ئەو ئاسورییانەی لە هەکاری و ورمێوە ڕایانکردبوو و هێنابوونیە عیراق و هێزی لێڤی لێ دروست کردبوون. دەوڵەتی عوسمانی دەوڵەتێکی سەدەکانی ناوەڕاست و سەرباری هەندێ ڕیفۆرم و گۆڕانکاری لە سەدەی نۆزدەهەمدا، هێشتا زۆر جیاواز بوو و بەراورد ناکرا لە گەڵ دەسەلاتی دەوڵەتێکی پێشکەوتووی وەک بریتانیا. کورد بە بێ سەروبەری عوسمانیان ڕاهاتبوو، بۆیە زۆر زوو لە دەسەڵاتی توند و تۆڵی کۆڵۆنیاڵی بریتانی بێزار بوو و لە دژی ڕاپەڕی. مانگ نەبوو دەڤەرێکی باشوری کوردستان لە دژی دەسەڵاتی داگیرکەری بریتانی ڕاپەڕینێک بەخۆوە نەبینێت. بە لێکدانەوەی ئینگلیزەکان زۆر لەم ڕاپەڕینانە لە ئەنجامی پڕوپاگەندەی تورکەکان ڕوویاندەدا، کە ئەوە بەشێکی کەمی ڕاستییەکە بوو.

هەڵبەتە بارودۆخێکی وا ئاڵۆز و پڕ لە کێشە ژینگەیەکی باش بوو بۆ پڕوپاگەندەی کەمالییەکان، کە داوایان لە کوردی باشوری کوردستان دەکرد جارێکی تر دڵسۆزی خۆیان بۆ خەلیفەی موسوڵمانان دووپات بکەنەوە. ئاخر کەمالییەکان تا دوا ڕۆژی شەڕی ڕزگاریخواز لە دژی داگیرکەران گوتاری سیاسی جیاوازیان ئاراستەی خەڵک دەکرد. بۆ گەلی تورک ئەوان بزووتنەوەیەکی ڕزگایخوازی نیشتمانی بوون کە بۆ ڕزگارکردنی نیشتمان و سەروەری گەلی تورک شەڕیان دەکرد. بۆ برایانی موسوڵمانی کورد، عەرەب، لاز و چەرکەز …تادیش، ئەوان لە جەنگێکی پیرۆزدا بوون بۆ ئازادکردنی خەلیفە و پایتەختی موسوڵمانان لە داگیرکاری دەوڵەتانی کرستیان و بۆ پاراستنی شکۆی ئیسلام. بۆ شۆڕشگێرانی بەلشەفی و دونیای پێشکەوتنخوازانیش ئەمان کەسانی پێشکەتنوخواز بوون، لە دژی داگیرکاری دەوڵەتانی ئیمپریالی و کۆت و بەندەکانی دەسەڵاتی دواکەوتووی عوسمانی دەجەنگان. لە پرۆسەی هۆنینەوەی تەونی پەیوەندیدا لە گەڵ کوردی ویلایەتی مووسڵدا کەمالییەکان پەنایان دەبردە بەر هەموو پیلان و ڕێگە و ئامرازەکان. هەندێ لە بڵاوکراوە پڕوپاگەندەییەکانی کەمالییەکان لە کوردستان، کە ئێدمۆندز لە کتێبکەیدا ” کورد و تورک و عەرەب” بڵاوی کردوونەتەوە، پڕن لە گوتاری ئاینی توند و بانگەواز بۆ جەنگی پیرۆز لە دژی گاوران و کۆیلە موسوڵمانەکانیان لە چەشنی فەیسەڵ و هاوڕێکانی.

پیاوانی مستەفا کەمال لە نێو هۆز و خێلەکانی کوردستاندا خەریکی پڕوپاگەندە و پەیوەندی دروستکردن بوون لە گەڵ سەرەک هۆز و پیاوە ئاینییەکاندا. زنجیرەی ناڕەزایی و راپەڕینەکانی کورد لە دژی داگیرکاری بریتانی هیوای ئەوەی پێیان دەبەخشی ویلایەتی مووسڵ بگێڕنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. ئێدمۆندز بە دوور و درێژی باسی هەوڵ و تەقەلای مستەفا کەمال و هاوڕێکانی لە باشوری کوردستان دەکات، زانیاری زۆریش لە سەر پەیوەندی هۆزە کوردییەکان بە تایبەتی لە ڕەواندز، پشدەر، چەمچەماڵ و زۆر شوێنی دیکە لە گەڵ کەمالییەکاندا تۆمار دەکات. هەڵبەتە باسی پەیوەندییەکانی شێخ مەحمود و کەسایەتییە دیارەکانی کوردیش لە گەڵ کەمالییەکاندا دەکات. هەرچەندە زانیارییەکانی ئێدمۆندز، وەک نوێنەرێکی دەسەڵاتی داگیرکاری کۆڵۆنیالی، نابێت وەک خۆیان و بە بێ تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە وەرگرین، لێ ئەوە دەرئەخەن کە پیاوانی مستەفا کەمال زۆر چالاک بوون لە نێو کوردی ویلایەتی مووسڵدا. بەشێک لە هۆزەکان لە ڕەواندز و پشدەر داوای هاوکارییان لە کەمالییەکان دەکرد، شێخ مەحمود و مەحمود خانی دیزلی نامە و نامەکارییان لە گەڵ مستەفا کەماڵدا هەبوو. کوردناسی ئەرمەنی هەسراتیان باس لە ڕێکەوتننامەیەک لە نێوان کەمالێیەکان و حکومەتی شێخ مەحمود دەکات، کە بە پێی بەندەکانی کەمالییەکان ئامادە بوونە دانی پێدا بنێن و کاری لە گەڵدا بکەن. سەرچاوە تورکییەکانیش باس لە کۆنگرەی سلێمانی دەکەن، کە گوایە بە بڕیارنامەیەکی دە خاڵی کۆتایی هات. خاڵەکان باسیان لە هاوکاری و هاوپەیمانی هەردوو بزووتنەوەی کوردی و کەمالی دەکرد و چارەسەرکردنی دۆزی کوردیان لە چوارچیوەی میساقی میللی کەمالییەکان و کۆنگرەکانی بەرگری لە مافی ویلایەتاکاندا دەبینی.

دوای ئەوەی ڕەوتی ڕووداوەکان و شەڕ لە ئەنادۆل بە قازانجی تورک شکایەوە، هەڵمەتی کەمالییەکان لە باشوری کوردستان زیاتر پەرەی سەند، یەکێ لە پیاوەکانی خۆیان کە ناوی ڕەمزی بەگ بوو کرا بە قایمقامی ڕەواندز و پەیمانی ئەوەیان دا هێزی سەربازی بنێرنە ڕەواندز بۆ دەرکردنی ئینگلیز لە سلێمانی و کەرکوک و هەولێر. ئەو هێزە سەربازییە کە نێردار بە سەرکردایەتی عەلی شەفیق بوو کە بە ئوێزدەمیر ناسراوە. ئوێزدەمیر ئەفسەری خۆبەخش بوو و لە عێنتااب سەرکردایەتی هێزێکی میلیشایی خۆبەخشی دەکرد و لە ڕیزی هێزی میللی “قەوای میللیە” لە دژێ سوپای فرەنسا شەڕی دەکرد. هێزێکی پێکەوە نا نزیکەی سەد ئەفسەر و سەربازی گرتبووە خۆ و لە فەرماندەی سوپاوە لە جەزیرە فەرمانی وەردەگرت. ئەرکی سەرەکی فەرماندەی جەزیرە کارکردن بوو بۆ گێڕانەوەی ویلایەتی مووسڵ. ئوێزدەمیر دوای ئەوەی پارەی پێویست بۆ هەڵمەتەکەی دابینکرا(پازدە هەزار لیرە) و ڕێنمایی پێویستی وەرگرت لە بارەی دیسپلینی هێزەکەی، گرێدانی خەڵکی ئەو ناوە بە حکومەتی تورکەوە، چۆنێتی هەڵس و کەوت لە گەڵ دانیشتواندا و ڕاوێژکردن بە سەرۆک عەشیرەتەکان، بەرەو ڕەواندز کەوتە ڕێ. لە دوای گەشتێکی درێژ و بڕینی ڕێگەیەکی سەخت، لە ٢٢ حوزەیران گەیشتە ڕەواندز. لە بەر ئەوەی کۆنفرانسی لۆزان لە پێش بوو و تورکیا و بریتانیا پەیمانیان بەیەک دابوو پەنا بۆ چەک نەبەن و هەوڵبدەن کێشەی مووسڵ لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکەن، داوا لە ئوێزدەمیر کرا بە ناوی حکومەت و سوپای تورکەوە قسە نەکات و وەک خۆبەخشێک کە لە دژی دوژمنانی ئیسلام شەڕ دەکات خۆی بە خەڵک بناسێنێت. ئەو زۆر پابەندی ئەم داخوازییە نەبوو، چونکە ئەگەر وای پێشاندایە دەوڵەتی بەدواوە نیە، کەم کەس دوای ئەکەوتن. یەکێ لەو کوردانەی کەمالییەکان زۆر ڕقیان لێبو مستەفا پاشای یامولکی بوو، کە کاتی خۆی فەرمانی لە سێدارەدانی لە دژی مستەفا کەمال دەرکردبوو و تورکەکان بە نەمرود مستەفا ناویان دەبرد، بۆیە ئامۆژگاریان بۆ ئوێزدەمیر ئەوە بوو کە لە دانیشتنەکانیدا لە گەڵ کوردەکاندا لە دژی یامولکی و کۆمەڵەکەی لە سلێمانی قسە بکات و بە خزمەتکاری ئینگلیز ناویان ببات.

ئوێزدەمیر و هەندێ ئەفسەری تری تورک ئاژاوەی زۆریان لە ڕەواندز، کۆیە، پشدەر و گەلێ دەڤەری تری باشوری کوردستان نایەوە، سەرئێشەی زۆریان بۆ دەسەڵاتی بریتانی لەو ناوانە دروست کرد. لە کۆتاییدا بە هۆی هێڕشی ئاسمانی ئینگلیزەکانەوە خۆیان پێنەگیرا و ناچار کران ئەو ناو چۆڵ بکەن و بۆ تورکیا بکشێنەوە. ئێدمۆندز وردەکاری زۆری لە بارەی سەرکێشییەکانی ئوێزدەمیرەوە نووسیوە. تورکەکانیش لە لای خۆیانەوە گرنگییەکی تایبەتییان پێداوە. وەک هەمیشە شێواندنی ڕووداوەکانی مێژوو ئامانجی سەرەکییان بووە، هەوڵدراوە ئوێزدەمیر و یاوەرانی وەک پاڵەوان وێنا بکرێن و پیشانی خەڵک بدرێن و هەموو بزووتنەوە و ڕاپەڕینەکانی کورد لە باشوری کوردستان لە دژی ستەمی ئینگلیز بۆ ئازایەتی و چالاکی ئەوان بگێڕنەوە. کتێبی تایبەتییان لە بارەی مسیۆنە سەربازییەکەیەوە نووسیوە و بۆ چەندین جار چاپکراوەتەوە و ناونیشانێکی سەیریان بۆ هەڵبژاردووە” چارەسەری مودافەعەی حقوق بۆ پرسی کورد – مووسڵ، هەڵمەتەکەی ئوێزدەمیر و کۆنگرەی سلێمانی ” کە لە لایەن موراد گیۆزتۆکڵوسووە نووسراوە و وێنەی چاپی پێنجەمینی بەرگەکەی لە گەڵ ئەم وتارەدا بڵاودەکەینەوە.
فاکتەرێکی تری گرنگی کێشەی مووسڵ کە تورکەکان زۆر پێیان لە سەر دادەگرت پرسی پێکهاتەی دانیشتوان و ژمارەیان بوو. وا لە خوارەوە دەیانخەینە ڕوو.

ناکۆکی توند لە بارەی پێکهاتەی ئەتنیکی دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵەوە لە نێوان بریتانیا و تورکیا لە ئارادا بوو. تورکەکان بە پێچەوانەی فاکتە مێژوویی و جوگرافییەکانەوە هەمیشە باسیان لە زۆرینەیەکی تورکی لەو ویلایەتە دەکرد. کاتێک ڕاستییەکەیان بەروودا دەدرا، کە کورد زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوان پێکدێنن، یەکسەر وەڵامیان ئەوە بوو کە کورد و تورک خزمن و لە یەک ڕەچەڵەکن. ئەم پرسە بگرەو بەردەیەکی زۆری لە سەر کرا و تەنها کورد تێیدا بێ پشت و پەنا بوو. لە کاتێکدا لایەنی تورکی ژمارەی دانیشتوانی تورک “تورکمان”ی بەرز دەکردەوە و ژمارەی عەرەبی دادەگرت، بریتانیا و عیراق بە پێچەوانەوە ژمارەی تورکیان کەم دەکردەوە و ژمارەی عەرەبیان زیاد دەکرد. لە قازانجی هیچ لایەکیان نەبوو ژمارەی کورد بەرز بکەنەوە، بۆیە هەموو ناچار بوون دان بەو ڕاستییەدا بنێن کە کورد زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوان پێکدێنن. هەرچەندە ویلایەتی مووسڵ تا چەند ساڵێک بەر لە کۆنفرانسی لۆزان بەشێک بوو لە دەوڵەتی عوسمانی و بەم پێیە دەبوایە ئەو ژمارانەی تورک پێشکەشی دەکردن لە ڕاستییەوە نزیک بوونایە، لێ نا واقیعی ئەو ژمارانەی ئەوان پێشکەشیان دەکرد مایەی گاڵتەو پێکەنین بوون. کەس نەیدەتوانی باوەڕ بەو ژمارە و ئامارانە بکات کە ئەوان دەیاندا بە لێژنەکە. تەنها بۆ نموونە لایەنی تورکی باسیان لە زیاتر لە ٣٢ هەزار تورک دەکرد لە سلێمانی، کە لە دواییدا دەرکەوت هیچ کاتێک ڕێژەی تورک لەو لیوایە لە سفر لاینەداوە. وردەکاری ئەم پرسەم لە وتارێکی تایبەتیدا لە ژێر ناونیشانی “چیرۆکی سی و دوو هەزار تورکەکەی سلێمانی” خستۆتە ڕوو و لە چەند شوێنێک بڵاوکراوەتەوە.

باشترە ژمارەکان بۆ خۆیان باسی ئەو ناکۆکی و درۆ زلانە بکەن کە لە ئامارەکانی هەردوولادا بەدی دەکرێن. ئەو ژمارانەی لایەنی بریتانی پێشکەش بە لێژنە تایبەتەکەی کێشەی مووسڵی کرد کە کۆمەڵەی گەلان پێکیهێنابوو بەم شێوەیە بوون: ژمارەی کورد لە ویلایەتی مووسڵ ٤٥٤٧٢٠ کەس بوو، بەرامبەر بە ٦٥٨٩٥ تورکمان، ١٨٥٧٦٣ عەرەب، ٦٢٢٢٥ کرستیان و ١٦٨٦٥ جوو. واتا ٧٨٥٤٦٤ کەس کۆی دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵ بوون. ئەم ئامارانە ژەمارەی ئەندامانی خێلە کۆچەرەکانیشیان لە ویلایەتی مووسڵ دەگرتە خۆ کە بەشێکی زۆریان کورد بوون. لە بەرامبەر ئەم ئامارانەدا ، ئەو ئامارانەی تورکەکان پێشکەشیان کرد بەم شێوەیە بوون: ٢٨١٨٣٠ کورد، بەرامبەر بە ١٤٦٩٢٠ تورک، ٤٣٢١٠ عەرەب و ٣١ هەزار کەسانی ناموسوڵمان. کۆی گشتی دانیشتوان بە پێی ئامارە تورکییەکان دەیکردە ٥٠٣ هەزار کەس. ئەم ئامارانە ئەندمانی خێڵە کۆجەرەکانیان نەدەگرتە خۆ کە بە ١٧٠٠٠٠ کەس دەخەمڵێنران. پێدەچێت تورکەکان بە مەبەست باسیان لە هۆزە کۆچەرەکان نەکردبێت، بەو پییەی لە نێو کۆچەراندا هۆزی تورک تورکمان نەبوون، ئەگەر هەشبووبێتن ئەوا ژمارەیان بە پەنجەکانی دەست دەژمێردران.

ئینگلیز و ئەندامانی لێژنەکە گۆمانی زۆریان لە ئامارەکانی تورک هەبوو. ئەوان پێیان وابوو ئەو ئامارانە تەنها پەیوەندییان بە سەربازی و وەرگرتنی باجەوە هەبووە، بۆیە خەڵکێکی زۆر لە ترسی بردنی کوڕەکانیان بۆ سەربازی و لە پێناوی باج نەدان یا هەر خۆیان ناونووس نەدەکرد، یان زۆر شتیان لە دەسەڵاتی ستەمکاری عوسمانی دەشاردەوە. تورکەکانییش سەر زمان و بن زمانیان ئەوە بوو کە ئەوان چەندین سەدەیە ئەم ناوچەیە بەڕێوەدەبەن و لە هەموو کەسێک باشتر دەزانن ڕەوشی شتەکان چۆنن. لە لایەن خۆیانەوە ئینگلیزیان بەوە تۆماتبار دەکرد، کە ژمارەی عەرەب بە مەبەست زۆر دەکەن چونکە خزمەتی بەرژەوەندییەکانیان دەکەن و لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانیەوە بوونە بە هاوپەیمانی ئینگلیز و لە دەوڵەتی عوسمانی هەڵگەڕاونەتەوە و لە دژی ڕاپەڕیون، ئێستاش ئینگلیز پیاو چاکیان بۆ دەکات و قەرزەکەیان دەداتەوە. کاتێ لایەنی تورکی تەنگەتاو دەکرا، ئەو دەمە باسی کورد و تورکیان پێکەوە دەکرد و دەیانوت بە هەردوولاوە ٨٥% هەموو دانیشتوان پێکدێنن. لەو کاتەدا کە ئینگلیز و تورک گومانیان لە ژمارەکانی یەکتر دەکرد، لێژنەی لێکۆڵینەوە لە کێشەی مووسڵی سەر بە کۆمەڵەی گەلان گومانی لە هەموو ژمارەکان دەکرد. لێژنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە کاتێکدا حکومەتی تورکیا ژمارەی تورکمانەکان زۆر دەکات، حکومەتی بریتانی دەڵێت ڕێژەیان تەنها ٨% دانیشتوانی ویلایەتەکەیە، حکومەتی عیراقی رێژەیەکی لەوەش کەمتر پێشکەش دەکات کە تەنها ٥ %. بە هەمان شیوە لە ڕێژەی دانیشتوانی عەرەبدا لە نێوان هەردوولادا جیاوازی زۆر هەیە، لە کاتێکدا بە پێی ئامارەکانی حکومەتی تورکی کەمتر لە ٩% پێکدێنن، بە پێی ئاماری ئینگلیزەکان دەبنە ٢٤ % و ئەمە لەو ڕێژەیەش زۆرترە کە خودی حکومەتی عیراق داوێتی کە ٢١%. هەموو ئەمە لە کاتێکدا بوو کە جیاوازی لە ئامارەکانی تایبەت بە کورد، جیاوازییەکە بەو جۆرە گەورە نیە. بە پێی ئامارەکانی تورکیا ڕێژەی کورد لە ویلایەتی مووسڵ ٥٦.١% دانیشتوان بوو، لە کاتێکدا بە پێی حکومەتی عیراقی ڕێژەیان دەگەیشتە ٦٥.١% و بە پێی لایەنی بریتانیش ٥٧.٩% هەموو دانیشتوان کورد بوون.

ڕێژەی پێکهاتەی دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵ بەپێی ئاماری لایەنەکان (*)

نەتەوە ئامارەکانی تورکیا ئامارەکانی بریتانیا ئامارەکانی عیراق
کورد ٥٦.١ ٥٧.٩ ٦٥.١
عەرەب ٨،٦ ٢٣.٧ ٢٠.٩
تورکمان ٢٩.٢ ٨،٤ ٤.٨
کرستیان ٦.١ ٧.٩ ٧.٧
جوو – ٢.١ ١.٥
کۆی گشتی ١٠٠ ١٠٠ ١٠٠

(*) ئەم ئامارانە لەو کتێبەم وەرگیراوە کە بە ناونیشانی: (قضایا کردیة معاصرة: کرکوک. الأنفال. ترکیا والکرد، أربیل ٢٠٠٦)

سەرۆکی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە کێشەی مووسڵ دیپلۆماتی سویدی ئەینار ڤیرسن لە دوای نزیکەی بیست ساڵ لە بیرەوەرییەکانیدا کۆمەڵێ ئاماری لە بارەی پێکهاتەی ئەتنیکی و ئاینی دانیشتوانی مووسڵەوە بڵاوکردەوە، کە جیاوازن لەوانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێکردن. ڤیرسن ژمارەکانی لە کتێبكدا بڵاوکردەوە بە ناونیشانی ” لە بەڵکانەوە تا بەڕلین”، کە لە ستۆکهۆڵم لە ساڵی ١٩٤٣ بە زمانی سویدی چاپ کرا. پێموایە ئامارەکانی ڤیرسن جێگەی متمانەن، چونکە لە دوای یەکلاکردنەوەی کێشەی مووسڵ بە نزیکەی بیست ساڵ بڵاوی کردوونەتەوە. بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارانە تازە نە لە بەرژەوەندی کەسدا بوون و نە زیانی بە هیچ لایەک دەگەیاند. ئەو بۆ خۆی هیچ پلە و پایە و ئەرکێکی فەرمی لەو کاتەدا نەبوو و کۆمەڵەی گەلانیش دەمێک بوو خۆری ئاوا ببوو و لە بەین چووبوو. ئامارەکانی ڤیرسن بەم شیوەیەن: کورد ٢٩١٠٠٠، عەرەب ١٦٩٠٧٥، تورکمان ٣٩٠٠٠، کرستیان ٦١٥٠٠ و جوو ٨٤٥٥٠. کە هەموویان دەکەنە ٦٤٥١٢٥، ئەگەر ژمارەی کۆچەرەکانیان بخەینە سەر ئەوا لە هەشت سەد هەزار زیاتر دەبن. جیاوازی گەورە لە ژمارەی تورکمان و جووەکاندا لە ئامارەکانی ڤیرسن سەرنجی مرۆڤ ڕادەکێشن، کە لای ئەم یەکەمیان بۆ نیوە کەمی کردووە و دووەمیشیان زیاتر لە چوار جار زیادی کردووە.
لە ئەنجامی لێکدانەوەی ئامارانەکاندا دەگەینە ئەم ئەنجامانە:
– کورد زیاتر لە پێنج لە هەشتی هەموو دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵی پێکدەهێنا. ئەگەر ئامارەکان بێلایەنانە و دوور لە مەبەست بخرابایانە بەردەست ئەوا ڕێژەی کورد زیاتر دەبوو. لە کاتێکدا لایەنەکان ژمارە و ڕێژەی پێکهاتەکانی دیکەیان بە پێی بەرژەوەندییەکانیان بەرز و نزم دەکردەوە، بەڵام لە بەرژەوەندی کەسیان نەبوو ڕێژەی کورد بەرز بکەنەوە.
– لە کاتێکدا تورک باسی ئەوەیان دەکرد کە تورکمان گەورەترین پێکهاتە پێکدێنن، بەڵام بۆ خۆیان باوەڕیان بەوە نەبوو و دەیانزانی کە ڕێژەی تورکمان نەیدەکردە چواریەکی دانیشتوان، بۆیە دوای ماوەیەکی کەم ئامارێکی نوێیان پێشکەش کرد و بیست هەزار کەسێکیان لە ژمارەی تورکمانەکان کەم کردەوە. بە پێی ئاماری تورک پێکهاتەی سێیەمیان پێکدەهێنا، بەڵام بە پێی ئامارەکانی تر دەبوونە چوارەم و پێنجەم پێکهاتە لە دوای کرستیان و تەنانەت جووەکانیش و ڕێژەیان نەدەگەیشتە ١٠% دانیشتوانی ویلایەتی مووسڵ و ٢% کۆی دانیشتوانی عیراق.

لە دوای کۆچی هەموو جووەکان بۆ ئیسرائیل لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، پرۆسەی بەعەربکردن لە ماوەی سەد ساڵدا، کۆچی بەکۆمەڵی مەسیحییەکان لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕانکاری گەورە لە ژمارە و ڕێژەی پێکهاتەکاندا ڕوویانداوە چ لە مووسڵ و چ لە دەڤەرەکانی دیکەی باشوری کوردستان. وا دەبێتە زیاتر لە نیو سەدەش سەرژمێرییەکی دروست و دوور لە مەبەستی سیاسی و ڕەگەزپەرستی لە عیراق ئەنجام نەدراوە، بۆیە کەس نازانێت ژمارە و ڕێژەی پێكهاتەکان لەم کاتەدا چۆندە و چۆنە. کێشە و ململانێی ئێستا زیاتر ئاینی و مەزەبین. ئەوەی تورکیاش باسی دەکات لە بارەی مووسڵ و کەرکوکەوە تەنها قسەی پووچ و بێ واتان.




وێستگە مێژووییە گرنگەکانی کێشەی مووسڵ – بەشی یەکەم … دکتۆر جەبار قادر

لە هەوڵی تێگەیشتنماندا لەو هەموو ئاڵۆزییەی لە بارەی مووسڵەوە لە ئارادان، گەڕانەوە بۆ گرنگترین وێستگەکانی مێژووی سەرهەڵدان، پەرەسەندن و ئاڵۆزبوونی کێشەی مووسڵ لە چارەکەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، کارێکی پێویست و بەجێیە. بێ لێکدانەوەی ئەو پاشخانە مێژووییە ئاڵۆزە، ئەستەمە مرۆڤ لەم هەموو کەین و بەینە سەر دەربکات.

لە ٣٠ ئوکتۆبەری ١٩١٨ لە سەر کەشتی ئاگەمەمنون Agamemnon لە بەندەری مۆدروس Moudrosلە دورگەی لێمنۆسی Lemnos عوسمانی ئەوجا و یۆنانی ئێستا لە دەریای ئیجە، ئاگربەستی مۆدروس لە نێوان هاوپەیمانان و عوسمانییەکاندا ئیمزا کرا. لە سەر ناوی دەوڵەتی عوسمانی ڕەوف بەگ وەزیری دەریاوانی و لە سەر ناوی دەوڵەتانی هاوپەیمانیش ئەدمیراڵی بریتانیSomerest Arthur Gough- Calthorpe ئیمزایان کرد. ئاگربەستی مۆدروس، کە تورکەکان بە موتارەکەی موندرۆس (Mondros Mütarekesi) ناوی دەبەن، کۆتایی بەشەڕی یەکەمی جیهانی لە بەرەی ڕۆژهەڵاتدا هێنا. لەو ساتەدا هێزە سەربازییەکانی بریتانیا ١٢ مایل (نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر) لە باشوری شاری مووسڵ بوون. بە پێی بەندەکانی ئاگربەستەکە دەبوایە هێزە شەڕکەرەکان لە جێگەی خۆیان ڕاوەستن و جووڵەیان پێ نەکرێت.

بریتانییەکان زۆریان مەبەست بوو شاری مووسڵ داگیر بکەن، بۆیە دوای چەند ڕۆژێک تورکەکانیان ناچار کرد شارەکە چۆڵکەن . بریتانیا وەک هێزێکی ئیمپراتۆری مەزن و لە شەڕدا سەرکەوتوو، زۆر ئاسان بوو بۆی خواستەکانی خۆی بەسەر لایەنی دۆڕاودا بسەپێنێت. پاکانەی بریتانییەکان بۆ داگیرکردنی مووسڵ بەندەکانی ٧ و ١٦ی ئاگربەستەکە بوون. بەندی ٧ ئەو مافەی دەدا بە هاوپەیمانان کە هەموو ئەو خاڵە ستراتیژیانە داگیربکەن لە حاڵەتی پەیدابوونی هەڕەشە لە سەر ئاسایشی هێزەکانیان. ئەم “باری هەڕەشە لە سەر ئاسایشی هێزەکان” سەد لێکدانەوەی هەڵدەگرت. خاڵی ١٦ش لایەنی عوسمانی ناچار کردبوو، هەموو بنکە سەربازییەکانی حیجاز، عەسیر، یەمەن، سوریا و میزۆپۆتامیا ڕادەستی نزیکترین فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان بکات، هێزەکانیشی لە کیلیکیا بکێشێتەوە، تەنها ئەوانە نەبن کە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش پێویستن، وەک لە خاڵی ٥ مدا باسی لێوە کراوە. کەس باوەڕی بەوە نەبوو سوپای عوسمانی لە پەل و پۆ کەوتوو توانای ئەوەی مابێت هەڕەشە لە سەر هێزی هاوپەیمانان دروست بکات. حکومەتی عوسمانی لە ئەستەموڵ، لە دوای ئەویش حکومەتی کەمالی لە ئەنقەرە داگیرکردنی مووسڵیان بە کردەوەیەکی ناقانونی دانا، چونکە لە دوای مۆرکردنی ئاگربەستەکە و بە لێکدانەوەی ئەوان لە دژی بنەما سەرەکییەکەی بوو. ئا لێرەوە کێشەیەک بە ناوی کێشەی ویلایەتی مووسڵ (کێشەی مووسڵ) لە نیوان بریتانیا و عیراقی ژێردەستەی لە لایەک و تورکیا لە لایەکی ترەوە پەیدا بوو.

بریتانیا دەمێک بوو چاوی بڕیبووە ویلایەتی مووسڵ، هەرچەندە بە پێی ڕێکەوتننامەی سایکس – پێکۆ دانی بەوەدا نابوو کە بەشی هەرە زۆری بدرێت بە فرەنسا، بەڵام بەشە گرنگەکەی، کە کەرکوک بوو بۆ خۆی دابڕیبوو. لەو نەخشەیەی ناوچەکانی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ و دەڤەری باڵادەستی (هێژیمۆنی – نفوذ)ی بریتانیا و فرەنسای لە سەر دیار کراون و لە گەڵ ڕێکەوتننامەکەدا هاوپێچ کراوە، تا زێی بچووک بە شاری کەرکوکەوە کرابوو بە ناوچەی باڵادەستی بریتانیا.

دواتر لە کۆنفرانسی سان ڕیمۆ کە لە ئیتالیا لە(١٩ – ٢٦ نیسانی ١٩٢٠) بەسترا و سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، فرەنسا، ئیتالیا و نوێنەرانی یۆنان، ژاپۆن و بەلجیکا ئامادەی بوون و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکاش وەک چاودێر ئامادە بوو، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لوید جۆرج توانی سەرۆک وەزیرانی فرەنسا جۆرج کلیمەنسۆ قایل بکات دەست لە مووسڵ هەڵبگرێت، کە بە پێی سایکس – پیکۆ بۆی دانرا بوو. لە بەرامبەر ئەم پیاوەتییەی کلیمەنسۆ فرەنسا هەندێ شتی دەست کەوت، بەڵام لە گەڵ گرنگی مووسڵا بەراورد نەدەکران. لەم سان ڕیمۆ دەبوایە دەولەتانی هاوپەیمانی سەرکەوتوو لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا بڕێار لە سەر چارەنووسی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە ئاسیا بدەن. لێرەدا ئامادەبووان دوا پێداچوونەوەیان بە ڕەشنووسی پەیماننامەی ئاشتیدا کرد، کە دواتر لە ١٠ ئابی هەمان ساڵ لە پاریس مۆر کرا و بە پەیماننامەی سێڤر ناوی دەرکرد. هەر لە سان ڕیمۆش ڕژێمی مەندەیتیان داهێنا و فلەستین و میزۆپۆتامیا خرانە ژێر مەندەیتی بریتانیا و لە بەرامبەر وازهێنانی فرەنسا لە مووسڵ، بریتانیا دانی نا بە مەندەیتی فرەنسادا لە سەر سوریا و لوبنان. ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامانە هەر لە سان ڕیمۆ لە ٢٤ -٢٥ نیساندا دان و سان لە سەر نەوتی ویلایەتی مووسڵ لە نێوان بریتانیا و فرەنسا بەڕێوەچوون و لە ئەنجامدا ڕێکەوتننامەیەک لەو بارەیەوە ئیمزا کرا، کە مافی ٢٥ % نەوتی مووسڵی دەدا بە فرەنسا لە بەرامبەر دەستهەڵگرتنی لە ویلایەتی مووسڵ. ئەم کەین و بەینانە ئەو ڕاستییە دەرئەخەن کە بریتانیا ئامادە نەبوو بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مووسڵ بێت.

هەر لەو کاتەدا کە هاوپەیمانان لە سان ڕیمۆ و پاریس خەریکی بەخشینەوەی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی بوون، لە سەر خاکی ئاسیای بچووک (تورکیای ئێستا) ڕووداوی گەورە دەقەومان. مستەفا کەمال لە مایسی ١٩١٩ەوە دەستی کردبوو بە کۆکردنەوەی لایەنگران بۆ ڕوو بە ڕووبوونەوە لە گەڵ داگیرکەراندا. دوو کۆنگرە لە ئەرزەڕۆم (٢٢ تەمموز – ٧ ئاب ١٩١٩١) و سیواس (٤ – ١١ ئەیلول ١٩١٩) بۆ ئەو مەبەستە بەستران. لەو کۆنگرانەدا پرۆژەی پرۆگرامێکی سیاسی گەڵاڵە کرا. یەکێ لە داخوازییە سەرەکییەکانی کۆنگرەی سیواس ئەنجامدانی هەڵبژراردن بوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانی( مجلسی مبعوثان). حکومەتی سوڵتان ناچار کرا ئەنجامدانی هەڵبژاردن ڕابگەیەنێت. لە زۆربەی ویلایەتەکان لایەنگرانی مستەفا کەمال سەرکەوتن. لە کۆتایی ساڵی ١٩١٩ و دەسپێکی ١٩٢٠ لە مستەفا کەمال و دەستەی نوێنەرایەتیدا (هیئەی تمثیلیە)، کە لە کۆنگرەی سیواس وەک دەستەیەکی جێبەجێکار هەڵبژێردرابوون، ئەندامانی نوێی پاڕلەمان لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. لە ئەنجامی کۆبوونەوەکاندا پرۆژەی پەیمانێک گەڵاڵە کرا، کە تورکەکان بە مانیفێستۆی شەڕی ئازادی ناوی ئەبەن. پەیمانەکە لە هەشت خاڵ پێکهاتبوو و بە بۆچوونی کەمالییەکان داخوازییە سەرەکییەکانی گەلانی تورکیای دەگرتە خۆ.

بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان مستەفا کەمال بە خۆی ڕەشنووسەکەی نووسی و ئەوانی تر ئیمزایان کرد. ئەم پەیمانە برا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، کە لە ١٢ کانونی دووەمی ١٩٢٠ دوا خولی خۆی لە ئەستەمووڵ دەسپێکرد. دوای کردنەوە و هەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پاڕلەمان، گفتوگۆکان لە بارەی پرۆژە پەیمانی نیشتمانییەوە، کە ئەو کاتە بە ناوی عەهدی میللی نێوی دەبرا، دەستیان پێکرد. لە ٢٨ هەمان مانگدا و لە دانیشتنێکی نهێنیدا بڕیاری لە سەر عەهدی میللی درا. ئەم پەیمانە بە ناوی جیاواز لە مێژوودا باسکراوە، (عهدی میللی، میثاقی میللی و لە زمانی تورکی هاوچەرخدا بووە بە ( (Ulusal Ant, Milli Misak, Milli Yemin، کە هەموویان هەمان واتا دەبەخشن، کە دەکاتە پەیمانی نیشتمانی. لە بڕیاڕنامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانیدا هەشت خاڵەکەی مستەفا کەمال کران بە شەش خاڵ بە تێکەڵکردنی هەندێ لە خاڵەکان. لە ١٢ شوبات بڕیاڕنامەکە ئاشکرا کراو و بڵاوکرایەوە. ئەم ڕەوتەی ڕووداوەکان تەواو لە دژی ئەو سیناریۆیانە بوو کە هاوپەیمانان خەریکی داڕێژانی بوون لە بارەی دوا ڕۆژی ئاسیای بچووکەوە، بۆیە هێزەکانی بریتانیا، فرەنسا و ئیتالیا لە ١٦ مارتدا ئەستەموڵیان داگیرکرد. لە ١٨ مارتدا ئەنجومەنی نوێنەران دوا کۆبوونەوەی خۆی کرد و لە ژێر فشاری داگیرکەرانا لە ١١ نیسانی ١٩٢٠ بە یەکجاری دەرگاکانی داخرا. بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەن دەستگیر کران و لە ولات دوورخرانەوە و بە شەکەی تریان خۆیان گەیاندەوە ئەنقەرە. لە ٢٣ نیسانی ١٩٢٠ پاڕلەمانێکی نوێیان لەوێ بە ناوی ئەنجومەنی مەزنی میللی تورکیا ((Türkiye Büyük Millet Meclisiدامەزراند. لێرەوە لە تورکیا دوو حکومەت هاتنە کایەوە: حکومەتی ئەستەموڵ و حکومەتی ئەنقەرە. یەکەمیان لە پەل و پۆ کەوتبوو و لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەراندا بوو و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دوا پێگەکانی خۆی لە تورکیا لە دەستدەدا. ئەوی تریان حکومەتی ئەنقەرە بە پێچەوانەوە سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی لە شەڕی ئازادیدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە نێو خۆی تورکیا و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش پەیگەی بەهێزتر دەبوو.

ئەوەی لە پەیمانی نیشتمانیدا بۆ ئەم باسەی ئێمە گرنگە خاڵی یەکەمێتی کە باس لەو ناوچانە دەکات، کە زۆرینەی دانیشتوانیان بە وتەی ئەوان عەرەبن و لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ٣٠ ئوکتۆبەری ١٩١٨ لە ژێر دەستی هێزەکانی هاوپەیمانان بوون، دەبێت خەڵکەکەی بە ئازادی بڕیاڕ لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن. لێرەدا مووسڵ و هەتای (ئەسکەندەرۆنە) خراونەتە چوارچیوەی سنوورەکانی پەیمانەکەوە وەک لەو نەخشەیە دەرئەکەوێت کە هاوپێچ کراوە. لەوێدا هەموو باشوری کوردستان خراوەتە سەر نەخشەی تورکیا، هەتای لە ٢٩ حوزەیرانی ١٩٣٩ بە ڕێکەوتنێک لە گەڵ فرەنسا خرایە سەر تورکیا، پێشتریش پرسی قارس و ئارتڤین لە گەڵ ڕووسیای سۆڤیەتیدا بە قازانجی تورکیا بڕابووەوە.

ئا لەم کاتەدا هاوپەیمانان لە پاریس پەیماننامەی سێڤریان لە ١٠ ئابی ١٩٢٠ لە گەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا مۆر کرد. ئەوە یەکەمین جار بوو لە بەڵگەنامەیەکی نێودەوڵەتیدا باس لە مافەکانی کورد بکرێت. کورد زۆری بە سەر سێڤردا هەڵداوە، کە لەوە زیاتر وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی باس لە مافەکانی کورد دەکات، هیچ بەهایەکی لە سەر ئەرزی واقیع نەبوو. دەوڵەتی عوسمانی کە ئیمزای کردبوو هەر ئەو کاتە دەسەڵاتی بەسەر زۆربەی ناوچەکانی ئاسیای بچووکدا نەدەڕۆیشت، کەمالییەکان لەوێ خاوەن دەسەڵاتی راستەقینە بوون و ئەمان ئامادە نەبوون بە هیچ شێوەیەک دان بە سێڤردا بنێن. کەس خۆی نەکردە خاوەنی پەیماننامەی سێڤر، هاوپەیمانان چەند مانگێک تێنەپەڕیبوو بە سەر ئیمزا کردنیدا، کاتێ ئامادەییان دەربڕی بە بەندەکانیدا بچنەوە و کەوتنە بازرگانی لە گەڵ کەمالییەکاندا. بێجگە لە ئیتالیا هیچ دەوڵەتێک بە فەرمی لە پاڕلەمانی وڵاتەکەیدا ئیقراری نەکرد. ئەو سێ خاڵەی سێڤریش کە بۆ باسی مافەکانی کورد تەرخان کرابوون، ئەوەندە مەرج و ئەگەریان بۆ دانرا بوون، ئەگەر مرۆڤ بە وردی و دوور لە سۆز لێکیانبداتەوە، ئەوا دەبینێت ئاکامەکەی دەکاتە هیچ و نزیکدەبێتەوە لە سفرێکی گەورە. لە سێڤردا باسی ڕۆژەهەڵاتی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نەکرا، وەک ئەوەی بەشێک نەبێت لە کوردستان. ئەو کوردستانەشی کە لە نەخشەکەی سێڤردا بە کورد ڕەوا بینیرا، زۆر لەو کوردستانە بچووکترە کە کورد بە خاکی نیشتمانی خۆی دەزانێت. ئەم بابەتە پێویستی بە باسێکی تایبەت هەیە.

لە ئابی ١٩٢٢ هێزەکانی تورکیای کەمالی سەرکەوتنێکی بێ وێنەیان بە سەر سوپای یۆنانیدا بەدەستهێنا، لە ١١ ئوکتۆبەری هەمان ساڵیشدا ئاگربەستی مودانیا لە نێوان حکومەتی ئەنقەرە لە لایەک و نوێنەرانی بریتانیا، فرەنسا، ئیتالیا لە لایەکی ترەوە ئیمزا کرا و لە ١٣ هەمان مانگیش یۆنان پێوەی پابەند بوو و ئیمزای کرد. لێرەوە ئیتر ئەنقەرە خۆشی بەوەدا نەدەهات باسی ئاگربەستی مۆدروسی لە گەڵدا بکرێت، ئەو داوای ئەوەی دەکرد کە بە پێی ئاگربەستی مودانیا قسەی لە گەڵدا بکرێت. لە کۆتاییدا هەر واش کرا، تورکیا تەنها دەوڵەتی دۆڕاو بوو لە شەڕدا کە وەک هاوتایەک هەڵس و کەوتی لە گەڵدا دەکرا. ئاشکرایە دەوڵەتی شکستخواردوو لە شەڕدا هەموو بڕیاڕەکانی لایەنی سەرکەوتوو بێ یەک دوو جێبەجێ بکات. زوو زوو عیسمەت ئینەنۆ بە بیری نوێنەرانی هاوپەیمانانی دەهێنایەوە کە ئەوە دەوڵەتی عوسمانی بوو شەڕی دۆڕاند، بەڵام ئەو بە سەرکەوتوویی لە گۆڕەپانی شەڕەوە هاتووە، بۆیە دەبێت وەک هاوتا مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت نەک وەک لایەنی دۆڕاو. مەرجەکانی ئاشتی لە نێوان تورکیا و هاوپەیمانان بە پێی ئاگربەستی مۆدانیا، دەبوایە لە کۆنفرانسی لۆزان، کە جاری یەکەم لە (٢١ نۆڤەمبەری ١٩٢٢ تا ٢٤ شوباتی ١٩٢٣) و جاری دووەمیش لە (٢٣ نیسان تا ٢٤ تەمموزی ١٩٢٣) بەڕێوە چوو، بڕیاریان لێ بدرایە.

پێش ئەوەی باسی کێشمە کێشی نێوان هەردوو شاندی تورکیا و بریتانیا لە لۆزان بکەین، کە کێشەی مووسڵ بابەتی هەرە گرنگیان بوو، دەبێ ئاوڕێک لە هەوڵی کەمالێیەکان لە باشوری کوردستان بدەینەوە، کە لە گەڵ هەندێ کەسایەتی و ناوەند خەریکی پیلانگێڕان بوون بۆ گێڕانەوەی ئەم بەشەی کوردستان بۆ ژێر چەپۆکی تورک. ئەمەش بابەتی بەشی سێیەمی ئەم زنجیرە وتارە دەبێت.




بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژی کورد لە ساڵی ١٩٨٧ لە بەر ڕۆشنایی بەڵگەنامە فەرمییەکانی عیراق

دکتۆر جەبار قادر

ئەو بەڵگەنامە فەرمییانەی دەوڵەتی عیراق کە هێزەکانی ئەمێریکا دەستیان بەسەردا گرت و دواتر وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە لە سەر تۆڕی ئینتەڕنێت بڵاویکردنەوە، ڕۆشنایی دەخەنە سەر ئەو پەلامارە کیمیاوییانەی کرانە سەر گوند و ناوچەکانی کوردستان لە نیوەی یەکەمی ساڵی ١٩٨٧، واتا بەر لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە نزیکەی ساڵێکی تەواو. ئاشکرایە کە ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٨٣ چەکی کیمیاوی لە دژی هێزەکانی ئێران لە بەرەکانی شەڕ بەکاردەهێنا. بە پێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەستدان لە ١٩٨٦ و ١٩٨٧ سوپاکەی سەدام پێشمەرگە و ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستانی کیمیاباران ئەکرد.
وێنەی بەڵگەنامەکان و دەقە ئەسڵییەکەیانم بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی لە نامیلکەیەکی (٨٠) لاپەڕەییدا لە ئەکایمیای کوردی لە ساڵی ٢٠١١ بڵاوکردەوە. پوختەی ئینگلیزییەکەشم لە ساڵی دواتردا لە کۆنفرانسێکدا، کە لە پاڕلەمانی یەکێتی ئەوروپا ڕێکخرابوو پێشکەش کرد. بە پێویستم زانی بیانکەم بە کوردی و بیانخەمە بەردەست خوێنەری کورد.
بەڵگەنامەکان بە ڕاشکاوەیی بەشداربوونی فەرمانگە و دامەزراوە سەربازی و هەواڵگرییە جۆراو جۆرەکان لە نەخشەدانان و جێبەجێکردنی ئەو قەسابخانە خوێناوییانە دەخەنەڕوو. زۆر بە ڕوونیش بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی خودی سەدام حوسێن دەرئەخەن. وردەکاری ئەو پەلامارانە و شوێنەوارە ترسناکەکانی بۆ ساڵانێکی زۆر بە شاراوەیی هێڵرانەوە. لە عیراقی “فیدیراڵ ودیموکراتی” دوای سەدام حوسێنیشدا کەسانێکی زۆر بە کاربەدەستانی تازەشەوە باوەڕ بەم بەڵگانە ناکەن و بە پڕوپاگەندەی کوردی لەقەڵەم دەدەن. هەندێکیشیان بە ئاشکرا خۆزگەی ئەوە دەخوازن، کە بەعس هەموو کوردی لە کۆڵیان بکردبایەتەوە.
هەموو جیهان بە هۆی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە لە ١٦ مارتی ١٩٨٨ ئاگاداری لاپەڕەیەکی ڕەشی ئەو تاوانانە بوو کە بەعس لە کوردستان ئەنجامی دەدان. ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ پەردەی لە سەر زۆر لە تاوانەکانی بەعس لە کوردستان هەڵماڵی. بۆ یەکەمین جار لە ناوخۆی کوردستان دەرفەت پەیدا قوربانییەکان بەشێک لەو کارەساتانە بگێڕنەوە کە بەعس بەسەری هێنابوون. پێشمەرگە و دانیشتوانی گوندەکان چیرۆکی بەشێک لەو پەلامارانەیان بۆ ڕۆژنامەنووسانی بیانی گێڕایەوە. هێشتا کەس دەستی بە بەڵگەنامە فەرمییەکانی دەوڵەت نەدەگەیشت بۆ ئەوەی وێنە گەورەکە پیشان بدات.
پرسەکانی ئامادەکاری و نەخشەدانان بۆ ئەو پەلامارانە و میکانیزمی بیرۆکراسییانەی دام و دەزگا هەواڵگری و سەرکوتکەرەکانی دەوڵەت بۆ جێبەجێ کردنیان تا نیسانی ٢٠٠٣ بە شاراوەیی مانەوە، نەک تەنها بۆ خەڵک، بەڵکو بۆ ئەوانەشی کە خەریکی لێکۆڵینەوە بوون لە وردەکارییەکان. کۆماری ترس و دەوڵەتی ڕێکخراوەی نهێنی هەموو هەوڵێکی گرتبووە بەر بۆ ئەوەی ئەو تاوانانە بە نهێنی بمێننەوە. هەموو شوێنەوارێک کە دەبووە هۆی ئاشکرابوونی ئەو تاوانانە لە کوردستان و شوێنەکانی تری عیراقیش لە ناودەبران. ڕاگەیاندنی زۆربەی خاکی کوردستان وەک ناوچەیەکی داخراو و قەدەغەکراو، شەهیدکردنی ئەوانەی هەوڵیان ئەدا خۆیان لەو دۆزەخە ڕزگار بکەن، کاری حکومەتی ئاسان کردبوو بۆ شاردنەوەی ئەو کارەساتە و هەوڵی سڕینەوەی شوێنەوارەکانی.
هەموو ئەو بەڵگەنامانەی زانیارییەکیان تێدا بوو لە بارەی ئەو تاوانانە یا سەبارەت بە میکایزمی بیرۆکراسیانەی ئامادەکاری، نەخشەدانان، جێبەجێ کردنی پەلامارەکان و “چنینەوەی ئەنجامەکان” وەک دام و دەزگا حکومییەکان لە نووسراوە فەرمییەکاندا وەسفیان دەکرد، تا ڕووخانی ڕژێم لە بەغدا هەڵگیرا بوون و بۆ کەس نەبوو بیانبینێت، باسی لێکۆڵینەوە لە بارەویەناوە هەر مەکە.
مایەی خەمگینی و نیگەرانییە ژمارەیەکی زۆر لەو بەڵگەنامانە لە نێوبران، دزران و فرۆشران، هێزەکانی ئەمێریکا و ئەم حیزب و ئەو گروپ دەستیان بەسەردا گرتن و توێژەران هەلێکی دەگمەنیان لە دەستدا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی لێیان بکۆڵنەوە و وێنەی تاوانەکانی ڕژێم بکێشن. ئێستاش گوێمان لێدەبێت چەند فەردەی لای ئەم و ئەوە. بەشێکی گرنگی مێژووی کورد لە باشوری کوردستان بە هۆی ئەم کارانەوە لە تاریکیدا مانەوە. دەکرا ئەم بەڵگەنامانە ببنە بەشێکی گرنگ لە ئەرشیفخانەی نیشتمانی کوردستان، کە تا ئێستاش تەنها وەکو بیرۆکەیەک دێت و دەچێت و نەهاتۆتە دی. ئەم بەڵگەنامانە بەشێکن لە یادەوەری گشتی گەلان و لە ڕێگەیانەوە تیشک دەخرێنە سەر ڕووداوەکان و بە شێوەیەکی زانستییانە بۆ خەڵک ڕووندەکرێنەوە.
ڕووداو و کارەساتەکانی دوای لە ناوچوونی ڕژێمیش ڕێگەی ئەوەیان نەدا ناوەندە زانستی و ڕۆشنبیرییەکان بپەرژێنە سەر ئەو کارە. کاربەدەستانی کورد لەم بارەیەوە زۆر خەمساردن. ئەوان کە ڕۆڵەکانی گەلەکەیان دیارترین قوربانی ئەو ڕژێمە خوێنڕێژە بوون، هیچ پەرۆشییەکیان بۆ بە ئەرشیفکردنی ئەو تاوانانە بە شێوەیەکی زانستییانە تا ئێستا پیشان نەداوە. ئەوەی کراوە و دەکرێت لەم بوارەدا هەوڵی تاکە کەسییە، کە بەداخەوە لە توانایدا نیە ئەم ئەرکە گەورەیە بەجێ بێنێت.
ئەو بەڵگەنامانەی لێرە دەیانخەینە ڕوو بریتین لەو نووسراوانەی لە نێوان سەرۆکایەتی کۆمار، هەواڵگری گشتیی سەربازیی، سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا و فەرماندەی هەردوو لەشکری یەکەم و پێنجەمدا لە ( ١٠ ئازاری ١٩٨٧ بۆ ٦ نیسانی هەمان ساڵ) هاتن و چوونە. بەڵگەنامەکان تایبەتن بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە ناوچەکانی تەکیە، بەلەکجاڕی سەر بە ناحیەی قەراخ و دۆڵی بالیسان لە سەر ڕێگەی سەرەکی نێوان چوارقوڕنە و خەلیفان.
بەڵگەنامەکان بە زمان و دەستەواژەکانی بەعس نووسراون. گوتاری بەعس گوتارێکی پەلاماردەر و قێزەون بوو. لەو گوتارەدا نەیارانی دەسەڵات هەموو بە تێکدەر و بەکرێگیراو ناو دەبران. تەنانەت لە بەڵگەنامە و نووسراوە فەرمییە نهێنییەکانیشدا قەت بە ناوی خۆیان نێو نەدەبران. هەمیشەش پاساوی گونجاوی هەبوو بۆ ئەو هەڵسوکەوتە دڕندانەیە لە دژی نەیارە سیاسییەکانی. هەمیشە بە مەبەست باسی هێزی پێشمەرگە و سوپای پاسدار لە تەک یەکدا دەکرد بۆ ئەوەی بە لێکدانەوەی خۆی ئەوە لە مێشکی هەموو لایەک جێگیر بکات، کە ئەمانە شەڕی بەعس لە دژی ڕژێمی ئێران و کرێگرتە کوردەکانێتی.
لەو سەردەمەدا نەک تەنها کاربەدەست و بەرپرسی سەربازی، بەڵکو بەرپرسانی فەرمانگە و دامەزراوە مەدەنییەکانیش کاتێک نووسراوێکیان ئیمزا ئەکرد، ناویان لە سەر نووسراوەکە نەدەنووسرا، تەنها ئاماژە بە پلە و پایەی بەرپرسیارێتیان دەکرا. لەم نووسراوانەشدا هەمان شت پەیڕەوکراوە، بۆیە تەنها ئاماژە بە پایە و بەرپرسیارێتی ئەو کەسانە کراوە کە نووسراو و بەڵگەنامەکانیان ئیمزا کردووە. هەڵبەتە کارێکی زەحمەت نیە مرۆڤ بزانێت کێ دەمە کام پلە و بەرپرسیارێتی هەبوو. ئاشکرایە کێ ئەو دەمە سەرۆکی هەواڵگری سەربازی عیراق و فەرماندەی سوپای یەک و پێنج بووە.
لە بەشەکانی داهاتوودا ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکان دەیخەنە بەردەم خوێنەران.