کۆتایەکی غەمبار … جەلال بەرزنجی

بۆمبەک ،
ئەوبانەی،
پێش من،
چەتری باوکم بوو،
تەختی کرد
درەختی حەوشە،.
کە نەمام بوو،
وەک ئەوەی منداڵی من بێت
دەمگرت،
تا خۆی بگرێت
سوتا.
گۆرستان،
گەڕەکێک بوو،
لە شار
سەد ساڵ دەبوو،
باپیرم،
لەێندەربوو،
خاپوورە.
منیش، بەوهەموو خەمەوە
لە ژێر چادر،
کۆتایم هات…

جەلال بەرزنجی




کاتژمێری رۆژی فەنابوون …. جەلال بەرزنجی

Doomsday Clock ….

” ئەگەر شتێک لە لیستی ناو سەبەتەکەت ماوە، نەتکردووە، ئێستا بیکە”
لە کۆبوونەوەی دەوری، زانایانی ئەتۆمی و روناکبیرانی جیهانی، کە رۆژی پێنجشەمە ٢٤-١٢٠١٩ کرا، لە وانە ١٥کەسیان هەڵگری خەڵاتی نۆبلن. بە هۆی ئەو هەڕەشانەی چەکی ئەتۆمی و گۆڕانی کەش وهەوا، لە گێتی دەکەن .

کاتژمێری رۆژی فەنابوون: ئەوە کاتژێرەی، دەیان ساڵ ئایکۆنی شەڕی ساردبوو. وەک میتافۆرێک بۆ ئەو هەڕەشانەی چەکی ئەتۆمی و گۆرانی کەش و هەوا لە گێتی دەیکەن،لە سەر ١١:٥٨شەو دایاناوە.

ئەم کاتژمێرە، بە پێی هەڕەشەکان میلەکەی خێرا دەبیت و بە پێچەوانەش رادەوەستێت، یان بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە. لە ساڵی ١٩٤٧ وە.٢٨ دەقیقەی تێپەڕاندووە. لە ٢٠١٩ دوو دەقیقەی ماوە بۆ نیوەشەو، سەعاتی سرێنەوە گێتی؟




ئایە سیاسەتی دروست کردنی حکوومەتی سەنترەڵ و بە هێز لە دوای کۆلۆنالیزم و سەردەمی گلۆبلازێیشن سەردەگرێ ؟


جەلال بەرزنجی
کەنەدا

زۆر کەس، لەوانەی خەریکی شرۆڤەی سیاسین ، بە پشت بەستن بە سیاسەتی ، سەرۆکی ئەمەریکا ترمپ و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا تریزا و سەیر نەکردنی هەموو گۆشەکان و دەرئەنجامەکان، دەڵێن بەڵێ.
بەڵام، لە سەردەمی گلۆبلازیشن، کۆچی رۆژهەڵات، باشوور، ئەورپای رۆژهەلات ، ئەمەریکای باشوور، گەورەبوونی شارەکان ، تێکەڵاو بوونی کلتوورەکا ن، کاڵ بوونەوەی کلتوری نەتەوەی باڵا دەست و بە هارمۆنی پێکەوە ژیانیانی پێشینە جیاوازاکان ، بەر بەستن، لە پێش ئەو جۆرە حکوومەتانە تاکو تا سەر بژین.

لە ئەنجامی ئەو سیاسەتەی ترمپ، بانگێشتە بۆ ئەمەریکای مەزن، کە مەبەستی(ئەمریکای سپی پێستاکانە) کۆمارییەکان، کە مافی مرۆڤ وفرەکلتوری لەبەر چاو دەگرن، کۆنگرێس ( هاوس ئۆف ریپرەزە نزەتیفیان) دۆڕاند. ئەندامی کۆنگرێسی دیموکراتەکان ( نانسی پلوسی) بووە سەرۆکی ئەو پؤستە گرنگە. سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا تریزەش بە هاتنەوە دەرەوە لە یەکیەتی ئەوروپا و خەونی بە هێز کردن و پاراستینی بەریتانیا، کورسیەکی زۆری دۆڕاند .ئوسترالیاش لەو ماوەیە، ناسەقامگیرە، لە ماوایەکی کورتدا چەند جار سەرۆکوەزیرانیان گۆڕاوە.
هەر چەندە عێراق ولاتێکی فرە کلتوریە، بەلام، لە میکانتزمی حکوومەتەکان، تا ئێستا ئەوە بەباشی لەبەر چاوناگیرێت و پیادە ناکرێت، هێشتا بۆنی رەگەزپەرستی دێت، بەڵام رەنگە کاردانەوەی زیاد لە پێویستی سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق،عەبادی لە سەر ریفراندۆم، خەونی حکوومەتێکی مەرکەزی بەهێز، یەکێک بوون، لەو هۆکارانەی کەوا لە هەڵبژادنی ٢٠١٨ چەند کورسیەک لە دەست بدات و نەبێتەوە سەرۆک وەزیران.

لە لایێکی تر،لە ئەورپاو ئەمەریکا، لەبەر بەکار نەهێنانی حەبی سک نەبوون ، کۆندۆم منداڵدان بەستن و ئەو پارە زۆرەی حکومەت مانگانە دەیداتە دایک و باوکی منداڵان ،بۆ نموونە لە کەنەدا ئەو خێزانەی دوو منداڵی لە خوار هەژدە ساڵانی هەبێت ١٠٠٠ دۆلار مانگانە وەر دەگرێت. بۆ هەر منداڵێکی تریش ٥٠٠ دۆلاری ترخەرج دەکرێت. ئەو هۆکارانە وایان کردووە، لەدایک بوونی منداڵێ نۆێ بە رێژەیەکی بەر چاو لە ناو خێزانی رەوەندی موسلمان دەبینرێت. بە پێچەوانەی ئەو دیاردەیە، تاقەت نەمانی رۆژئاوایەکان بۆ منداڵی زۆرو بە خێو کرنیان ، لەلایێکی تر گەشەکردنی حەزی هاورەگەزی، وای کردووە، پێشبینی دەکرێت، لە ئایندە رێژەی کۆچبەر و پەناهەندە لە رێژەی دانیشتوانی ئەسلی ئەو ولاتانە زیاتر بێت.بۆیە سەر گرتنی مۆدیلی ئەو جۆرە حکوومەتانە زەحمەتە.




ڕۆمانی: گەشتێک بە ڕێگەی خەون … نووسینی جەلال بەرزنجی

ڕۆمانی گەشتێک بە ڕێگەی خەون، لەلایەن ماڵی وەفاییەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
لە بەڕێوبەرایەتی پەرتووکخانە گشتێکان ژمارەی ٣٢٤ی ساڵی ٢٠١٨ دراوەتێ
ئەم ڕۆمانە ٣١٨ لاپەڕەیە.
ئەم ڕۆمانە زیاتر لەسەر نۆستاڵژیا کاردەکات، لە قوڵاییەکانی غوربەتەوە دەگەڕێتەوە کۆڵآنەکانی نیشتمان، لە ڕێی پاڵەوانەوە ئێستاو ڕابردوو دەبەستێت بەیەکەوە.

ئەم کتێبە ئێستا لە ماڵی وەفایی و کتێبخانەی سیروان لە هەولێر دەست دەکەوێت.




له‌ باڵندایی خود … جه‌لال به‌رزنجی

قامیشێكی مێینه‌ ڕوا
زه‌مین بێ‌ پیاو
ئاوه‌ڵكراسی مه‌رگ جێما
بلوێری سه‌ر بڵندایی خود
هه‌ڵچوونت چه‌ك نییه‌
گه‌ڵای ژه‌نگاوی ژیان مه‌شۆره‌وه‌
گیان زۆرشت پشتگوێ‌ ده‌خات
ئه‌گه‌ر نا…
ده‌ستكه‌وت چییه‌ له‌ باسكردنی با
ڕه‌هێڵه‌ی باران
سه‌به‌ته‌ی هه‌نارانیان ڕژانده‌ قووڵایی له‌شه‌ فسفۆڕیه‌كان…
هونه‌رمه‌ندی ورووژان بووی
ڕامانت جیوه‌یی
گرێی جه‌سته‌ و گیانت دا
دیارده‌كانیش ڕاسپارده‌یه‌كی كۆن بوون
ڕه‌چه‌ڵه‌كیان نابووت

29/3/1992.

ئاشتبوونه‌وه‌

نامۆی یه‌كه‌م:
له‌شی گۆڕستانی گیان بوو
نامۆی دووه‌م:
تۆزی سه‌ر تووتڕكی كه‌ناران
نامۆی سێیه‌م:
شه‌به‌نگی قه‌ڵای ترۆپكان
له‌ ساتێكی وه‌نه‌وشه‌ییدا
سه‌رینیان برده‌وه‌ لای یه‌ك و نامۆییان كرد به‌ فه‌نه‌ری كۆلاره‌یه‌ك،
ناردیانه‌ ئاسمان
له‌ خواره‌وه‌ش ،
له‌ گۆڕستانی گیاندا ، له‌ له‌ش ده‌گه‌ڕان

1992.


شه‌وێكی تر نه‌چوومه‌وه‌ گوێ‌ چه‌می منداڵیم

منداڵیم مانگێكی ماڵی بوو،
شه‌وان زوو ده‌گه‌ڕایه‌وه‌.
منداڵیم ئاوێنه‌یه‌ك بوو، عومرم لێی جێهێشت و نه‌مدۆزییه‌وه‌.
منداڵیم خانیچۆله‌یه‌ك بوو، پڕ نهێنی
پۆلیس تێكی دا
یارییه‌ك بوو بیرچووه‌وه‌
ئای منداڵیم شه‌وێكی تریش زوو نه‌خه‌وتی
بێمه‌وه‌ گوێ‌ چه‌مت
له‌ منداڵیم گه‌ردوون له‌ چیاكه‌ی به‌ر ماڵمان ته‌واو ده‌بوو
ئێوارانیش له‌وێ‌
مازووچن و ئه‌شقیا و ڕێبوار و شوان و داڵ و داركه‌ر و قاز و قورینگ شه‌و ده‌گه‌ڕانه‌وه‌
له‌ منداڵیم زوو زوو ده‌چوومه‌ شاری په‌ریان
زوو تفه‌نگ و چه‌كم فڕێ‌ ده‌دا
شه‌ڕه‌كه‌م ته‌واو ده‌بوو.
ئای منداڵیم شه‌وێكی تریش زوو خه‌وتی
بێمه‌وه‌ گوێ‌ چه‌مت و ته‌واو به‌ بیرم بێته‌وه‌.
1995.

وه‌ره‌ تا زوو شوێنێك له‌ مردن بۆ خۆمان بكه‌ینه‌وه‌

له‌ یه‌كه‌م تۆفان، كه‌شتییه‌كه‌م وێڵ بوو
له‌ یه‌كه‌م كرانه‌وه‌ی گوڵی له‌ش، گوناهم كرد
له‌ یه‌كه‌م خۆر هه‌ڵاتن، سندووقێك تیشكم بۆ گونده‌كه‌مان برده‌وه‌
به‌یانی سندووق نه‌كرایه‌وه‌
له‌ یه‌كه‌م دیداری سه‌ر زه‌وی، كه‌لوه‌كان ڕه‌شبوون
له‌ یه‌كه‌م دووڕیان، له‌گه‌ڵ بێهووده‌یی ڕۆیشتم
له‌ یه‌كه‌م ڕاو، مه‌له‌كان باڵیان له‌ (با)م خواسته‌وه‌
له‌ یه‌كه‌م سه‌فه‌ر، هاوڕێیه‌تیم ون كرد و ئاوێنه‌م دۆزییه‌وه‌
له‌ یه‌كه‌م سه‌ما، ئاوازه‌كان چوونه‌وه‌ لای په‌نجه‌ی ڕِژاوی
كه‌مانجه‌ژه‌نی ڕه‌ند
له‌ یه‌كه‌م ده‌ربه‌ند، بای نه‌هامه‌تی بردمی
له‌ یه‌كه‌م شه‌ودا، ئاگرم پێ‌ نه‌ما
له‌ یه‌كه‌م كۆش، شیر فریوی دام
له‌ یه‌كه‌م شه‌ڕ، مه‌ستی لێی تێكدام و بووم به‌ په‌ند
شه‌ڕ به‌م یه‌ك دوو شیعره‌ ته‌واو نابێ‌
بارانیش به‌م دووعایه‌ ناگاته‌ ئێره‌
ژیانیش به‌م حیكمه‌ته‌ ناچێته‌ سه‌ر
وه‌ره‌ تازووه‌
شوێنێك له‌ مردن بۆ خۆمان بكه‌ینه‌وه‌.

——————————————————————
كاك جه‌لال به‌رزنجی سڵاو: چاوت ماچ ده‌كه‌م، ئه‌م چوار شیعره‌ له‌ دیوانه‌كه‌تدا نییه‌. زۆر ماندووبووم تا توانیم بیاندۆزمه‌وه‌. ده‌كه‌ونه‌ قۆناغی نووسینی كۆشیعری: ( بارانی ڕه‌حمه‌ت).
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
19/3/2017 هه‌ولێرئ
سوپاسی برای ٍشاعیر كاك سه‌باح ره‌نجده‌ر ده‌كه‌م, بۆ ئه‌و كاره‌ جوانه‌ی، جێگه‌ی سوپاس و پێزانینمه‌..
Chat Conversation End
Type a message…




نۆ شیعری کورت … جەلال بەرزنجی

١
پشتی خەڵک سەکۆیەکی بەلاشە
بۆ ئەوانەی، سیاسەت، کاسبیانە.
سک لە عاردیە، قوڕەی دێ.
کاکی سیاسیش،
هەروا لەسەر پشتی، نەتەوەیەکی دابەش بوو.
لە ئاشی حزب لێ دەکات

2
خۆرلە گوڵان لە دەرەوەیە،
هێشتا کانی بە تانیەکی زیونی پێوەیە
بەهار، لە ژێر بەفرە.
کاتیان دەوێت، بۆ کرانەوە.
3

مانگە شەوێکی وروژێنەرە
ئێمەش چاوەڕوانی کانیین،
ببێتە ئاوێنە،
خۆشەویستی تێدا بکەیین!

4
بە سەروەری،
لە سەر پارچە عاردێک بژیم
ئەوە خەونی باکیشم بووم
بردییە ژێر گڵ.
لە سەر رێگای چوونە لا ئەوم
دەترسم، منیش ئەو خەونە لە گەڵ خۆم ،
ببەمە وێندەرم

5.
لە سەر شەقامەکم، نازانم دەچێتە کوێندەر
لەبەر دەم باڵەخانەیەکم،
یادەوەری لێ سڕیوومەتەوە
نقوومی ناو نا ئاشناییم
ئەو دەرختەی،
کە نەمام بوو،
وەک ئەوەی منداڵم بێت دەمگرت،
تا خۆی بگرێت،
ئێستا نامناسیَت

6

باران پێشی گرتمەوە
ئەوەتا، لە ناو ئەو درەختەیە،
هێشتا نەیگەیشوومێ
بێ ئەوەی پرسم پێ بکات ،
لە ناو پرچمە.
ئەو دیمەنە، ئێوارەی هەستم دەوروژینێ.
رۆیشتنم لە سەر زەوی خێرا دەکات!

7
لە خوێندنەوەی یادەوەری گەڵ شتە بچووکەکانی، ساراماگۆ، مارکیز
سەیر کردنی تابلۆیەک، شانۆگەریەک
بەکوورتی،
ئەدەب و هونەر،
هەست بە جوانی ژیان دەکەیت
یان کتيَبە سیاسەکان
کە هەرگیز بێ لایەن نین
کتيَبە ئاینیەکان،
زۆریان باسی سزا و مردنن
لە گەڵ ئەوەش
هەمیشە داوای لێ بووردن دەکەین

8

دیسان وەک باڵندە، ئازاد
بەرەو خۆرئاوا دەفڕمەوە.
رەنگە ئەو هەموو هاتوو چوونە،
ماڵم قووت دات و
چیرۆکی ژیانم پەڕ پەڕ کات .

9

لە سەرماوز دروێنەدەکەم
دلیشم ئامادەییە بۆ سەفەر!

جەلال بەرزنجی – کەنەدا
٢٠١٨




ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بە ڕۆمانی : دواوێستگەم باکوورە … جەلال بەرزنجی

هەڵەچنی کتێب
جەلال بەرزنجی

همنگوای دەڵیت”پێش ئەوەی رۆمانەکانم، چاپ بکەم (٢٠٠) جارپاکنووس و هەڵەبڕیان بۆ دەکەم. زۆر لە نووسەران، هەڵەبڕی خراپی نووسینەکانیانن، منیش یەکێکم لەوانە، بۆیە هەق وایە، ئەو ریکۆردەی همنگوای بشکێنم، بەڵام نازانم لە بەر چ هۆکارێک،ئەوە هێشتا رووی نەداوە؟ بۆیەیش،کە کتێبەکانم چاپ دەکەم، لە هەڵەی چاپ بەدەر نیین.

هەر چەندە پێش جاپکردنی رۆمانی ( دوا وێستگەم باکوورە) هەڵەبڕم هەبوو،بەڵام هێشتا، هەڵەکان بنبڕ نەکراون، جگە لەوەش لە کاتی گواستنەوەی ئەو فۆنتەی کتێبەکەی پێ نووسرابوو، بۆ ئەوەی، پێی چاپکرا، زۆر وشە پچڕ پچڕ بووین. داوای لێبوردن لەو خۆێنەرانە دەکەم ،کەوا لە کاتی خوێندنەوەی چیرۆکەکە تۆشی هەڵوەستە بووینە،بە بێ دەنگی و پشی فراوانی،ئەرکی چاک کردنەوەی هەڵەکانیان لە زەینیاندا لە ئەستۆ گرت.

لە بەر زۆر هەڵەکان، هەر زوو، فرۆشتنی رۆمانەکەم لە کتێبفرۆشەکان راگرت، دوای هەڵەچنیەکی ورد، بەم زوانە، رۆمانەکەم بە تایتلی( گەشت بە رێگەی خەون) لە مالێ وەفای بڵاو دەبیتەوە.




کەمنیش هاتم سنوور لێرە بوو … جەلال بەرزنجی

هەمووجارێک،
کە باوکم،
لە گەڵ چەند بازرگانێک؛
بۆ مافور،دەچوونە سەقز،
دایکم دەیگوت؛
“لە سنوورئاگاداری خۆتان بن”
“بەشەو لێی دەدەین” ئەوە وەڵامی باوکم بوو.
دارکەران،
هەمیشە،
چەند کیلۆمەترێک،
دوورلە سنوور،
دار دەکەن.
شوان،
راوچی ،
لە سنوور دەسلەمێنەوە.
کە هاتم سنوور لێرە بوو.
پێش باپیرم،
باپیرە گەورەم،
سنوور،هەر ئەوها تاپو بوو.
سنوورەکان،
زۆر دەبن
بەڵام من هەر بێ سنوورم.
لەو سنوورانەی چیان،
پەناهەندە، ئاسکە.
لە پێدەشت،
کالەی ئەدی داسە.
لەدارستان،
سمۆرەیە.
لەئاو،
بەلەمە .
ئەوسنوورەی دواجار،
بۆمانەوەم ،
لێمدا،
سیمی خاڵداربوو.
پەناهەندەکانی پێش من،
جێی پەڕینەوەی سەڵتە زەلامیان خۆش کردوە،
هەرچوومە ناوی،
هەستم دەکرد،
باڵندەیەکم،
لە قەفەز دەردەپەڕم.
لە نەشئەی خؤشی پەڕینەوە دەژیام.
پاسەوانەکانی سنوور،
ئەوانەی لە کۆنەوە لێیان دەترسێم.
دەوریان دام
بە دەستی کەلەبچە کراو
سنوور داش کرام..
ژیانم لە دەورو بەری کۆچ و
بڕینی سنوورەکان دەخولێتەوە
ئێستاش،
راناوەستاوم.
وام لە ئاسمان،
لە ژێر شینایی
بۆ چوونە سەر عاردی،
دەبێت سنووری هەور ببڕم.


جەلال بەرزنجی
٢٠١٨
کەنەدا




پەنچەرچی ترەمپ … جەلال بەرزنجی

ترەمپ لە هەڵبژاردن بردیەوە،
خەونی ئەو کوردەی، خؤش باوەڕی لە خۆێنی دایە،
هاتە دی.
پەنچەرچی (غەمگین)ی هەبوو
کردە بە ( ترەمپ)
بە سەما کردن هاتە سەر شەقام.
شەو لە خۆشیان نەخەوت!
بۆ بەیانی، پەنچەر بەلاش بوو.
نۆکاو فرؤشێک،
دوکانە بچکۆکەکەی لە (خەون) ،
کرد بە ترەمپ.

ئەویش رۆژەک،
پارەی نۆکاوی،
لە کەس وەرنەگرت.
وەهەروەها،
شەربەت فرؤشێکی سەر شەقام،
وەک ئەوەی، مەولود بکات
شەربەتی بەلاش،
دابەش کرد.
ماسی گرێک،
رۆژێکی کردە پشو
چەند منداڵەکی تازە ،
بە ناوی ترەمپ کران.
ئەوانەی لە کوردستان بە سەدانن،
بە خۆیان دەڵێن(چاودێری سیاسی)
و سیاسیەکانمان،
قەرسیلیان هێنایە چۆکان
دەولەتی کوردی،
بوو بە مەسەلەی کات.
چەند مانگێک تێپەڕی ،
رۆژێک ترەمپ، لە راوێژکارەکی پرسی،
“گرفتی نێوان کازاگستان و عێراق چیە”؟
– مەبەستت کوردستانە، گەورم ؟
دوایی، لەوەەش خراپتر روویدا.
پەنچەرچی شۆک بوو،
دوو رۆژ دوکانەکەی داخست
رۆژی سێ یەن
ناوی ترەمپی، بە ڕەش بۆیاغ کرد.




شەڕەکی گران … جەلال بەرزنجی

شەڕی بەر دەرگا گرانە
‎ بۆچوونە مەیدانی ئەو شەڕە
‎هێنانە خوارەوەی ئەو هەموو
‎هەواڵە ناخۆشەی ناو هەوا
‎دەبێت
‎ ورەی* سپارتیان
‎کورسیەکی بەتاڵ بۆ *مەندێلا
‎بەرابەری لە مەیدانی شەڕ
‎ لەو لاتر
‎کەمێک مەردایەتی، سیاسیەکان
‎وڵاتە زلهێزەکان
‎کە ئێستا، لە جاران نادیار ترە
‎بۆئەوە چیتر
‎ ئەوەی دێت
‎ کورد بەکار نەهێنێت
‎ بیخاتە ژێر پۆستاڵ و بڕوات
‎ هەبن
٢٠١٨
‎ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
‎ * * سپارتا؛ لە یۆنان، لە نێوان سەدەی ٤- ٦ی پێش زاین. بە ئازایەتی ناوبانگیان دەرکردبوو. هەر جەنگاوەرێک، بارتەقای چەندان بووین
‎ نەنسل مەندیلا؛ پێویست بە پێناسە ناکات! دوای ٢٩ ساڵ زیندانی کردنی لە لایەن ئەپارتایت ، پێی دەلێن ” تۆ ئێستا ئازادی دەتوانیت بڕۆیت” ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت” ئێوە ئەو هێزەتان نیە ئازادی بە من بدەن




هەمشە کامینەم؟ … جەلال بەرزنجی

چیتر کەمینە نەبم،
لە سەر پارچە عاردەکەی خۆم
بەسەروەری بژیم،
ئەوە خەونی باوکیشم بوو،
بردیە ژێر گڵ.
لە رێگەی چوونە وێندەرم.
دەترسم، منیش،
ئەو خەونە ببەمە لای ئەو.
٢١-١-٢٠١٨
کەنەدا




یادەوەریەکان دەبنە هاودەنگ …. جەلال بەرزنجی

‎ساڵی ١٩٨٥، سێ برام، دایک، خوشکم و خۆم، لە گەڵ چەندەها کوردی تر لە حەپسخانەی ئەمنی هەولێر لە سەر ٣٥ سانتی مەتر دەخەوتین. ئەو دوو شیعرە کورتە رەنگدانەوەی هەستمە لە سەر ژیانی سەختی ئەو رۆژانە. لە ١٩٩٦. لە شەڕی پارتی و یەکیەتی هەڵاتم. دوای زەحمەتیەکی زۆر گەیشتمە کەنەدا. باسی ئێستا ناکەم. باسی ئەو کاتە دەکەم کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تەزکیەی حزبی، بە پارەی نەوت و گاز، رێژەیەکی زۆری لە خەڵک بە پلەی بەرز.خانەنشین دەکرد. فەرمانبەری بن دیواری دادەمەزراند. کە بەسەردان دەچوومەوە، دایکم دەیبینی، ئەو وەزیفەی دوای زەحمەتی چەندەها ساڵ بە دەستم هێنا، لەدەستم داوە، دەیگووت”کوڕم لە ناخؤشیەکەی لێرە بوویت و لە خۆشیەکە بێ بەشیت.
بە زندی چاوان خۆت لە گۆڕ نایە”
‎١ -یادەوەریەکانم، بە ئاسانی دیواری ئەستووری زیندان. دەبڕن. لە شوێنەتابوت ئاساکەم دەبنە هاودەنگم !
‎٢-پۆلیسە ئەمنەکە زوو دێت. تۆپەکلیلێکی بەدەستەوەویە. هەر بە رێگاوە، کلیلی دەرگای ئەو ژوورەی، سێ کیلۆمەتر دوور لە ماڵەوە، لێی زیندانی کراوم ئامادە دەکات. دەرگا،لە پشتەوە .1987ڕا دادەخات.




ئەمەریکاو شتی تر .‬… جەلال بەرزنجی

‎لە سەر بە یاسایی کردنی بەندایەتی، لە ئەمەریکا، ساڵی ١٨٦١ تا ١٨٦٥ شەڕێکی خوێناوی لە نێوان باشورو باکووری هەڵگیرسا. بێجگە لە زیانی ئابووری ٧٥٠،٠٠٠ سەربازی ئەمەریکی لەو شەڕەدا کوژران. ئەمەریکا لە هەردوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیدا ئەوەندەی زیانی بەشەری لێ نەکەوت. لە ساڵی ١٦٢٢ تا ١٩٢٤ ئەمەریکا شەڕی هیندیە سوورەکانی کرد، ئەوخاکەی چەند پشتێکیان لەسەری بڕابوەوە، لە دەستی دەرهێنان . کاتی خۆی بەشێک لە نامەیەکی (سیاتل)سەرۆکی هیندە سورەکانی ئەمەریکام کردە کوردی، تێیدا بەزمانێکی زۆر هەستارانە و جوان باسی خۆشەویستی خاک و ئازاری لەدەست دانیدەکات! هەتا شەستەکان رەش پێستەکان لە ئەمریکا دەچەوسانەوە،تا ئەو ئەندازەیە،ئەگەر سپی پێستێک لە سەرەمەرگ بووایەوە، پێویستی بەخوێن بووایە.
رازی نەدەبوو، خوێنی پێست رەشەکی بدەنێ. نەیان دەتوانی بۆ هەندێک چێشتخانەوە شوێن، بچن . ئەمریکا گۆراوە. لە دوای پؤست کۆلۆنیازم، گەشەکردنی دیموکراسی و ئازادی تاک وای لێ هات، رەشێکی بە بنچە ئیسلام -ئوبامە باراک حوسێن ٨ ساڵ ببێتە سەرۆکی ! ئێستا کە دەچیتە ئەمریکا، دیمەنی ژیانی فرە کولتوری دەبینیت.
هەست دەکەیت رێژەی ئیسپانی، ئەفریقی و پێشینەی ئەتنیکی جیاواز، زاڵە بەسەر سپی پێستەکان. پەیکەری ئازادی Statue of Libarty لە نیویۆرک، وەک سمبولی ئازادی پێشوازی کردن لە کۆچبەران دانراوە! ئەگەر کارە تیرۆرستیەکانی ئیسلامە توند رەوەکان نەبێت، کە هەڕەشە لە ئارامی دنیا و رۆژئاوا دەکەن .
تۆوی ترس لە ئیسلام (ئیسلامەفۆبیا) لە دڵی خەڵک دەچێن، سیستەمی ژیانی فرە کولتوری لەو وڵاتە پێشکەوتوەکان جوان ئیش دەکات،بەڵام ئەوکارانە دێت هەرەشە لە هەڵوەشاندنەوەی ژیانی فرە کەلتوری لەو وڵاتانە بکات. ئەو خۆپیشاندانانەی ئەم دوایەی ئەمەریکا، سەرهەڵدانەوەی نازایەت لە ئەلمانیا، ریگری ترەمپ لە چوونی هاوڵاتی، شەش وڵاتی موسلمان بۆئەمەریکا، رەنگدانەوەی سەر ئەو کارە تیرۆرستیانەی جیهادیەکانە.
ئەمریکا (سوپەر پاوەرە) لە هەمان کات، وڵاتەکی فرەکەلتوریە. ئیدارەی ئەمەریکا دەزانێت هونەری پێکەوە ژیان کەی و لە کوێ ئیش دەکات. وەک هەموومان دەزانین، لە ریکەوتنامەی سایکس بیکۆ،کوردستانی باشوور بەزۆر لکێنرابە عێراق،وڵاتی عیراق هەر لە سەرەتاوە چونکە لە سەر بنچینەی فرە کولتوری و یەکسانی دانەمەزرا فاشیل بوو.
رژێمە یەک لە دوای یەکەکان بە هێز ئەوەی پێی دەڵێن” یەکیەتی خاکی عێراق “رایان گرتوە. ئەمریکا وکومونەتی نێونەتەوەیی، دەزانن دوای روخانی دەوڵەتی فاشی سەدام، رەگەزپەرستی، مەزهەبیەت، لە ئالیەتی حکومەتی عێراق و دامودەزگاکانی رەنگ دەداتەوە. دیموکراسیەت ،وشیاری نەگەیشتۆتە ئەم ئاستە عەقلیەتەی زۆرینە، کە عەرەبە، حوکمی عێراق دەکات، بگؤردرێت، ژیانی فرەکولتوری، سیستەمێکی فیدڕالی و دیموکراسی راستەقینە بەرپا بێت؟بۆیە هەڵویستی ئەمەریکا،هەندێک وڵاتانی ئەوروپا و گەلەکۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیونەتەوەیی و نەتەوە یەکگرتوەکان و پێ داگرتنان لە سەر یەکیەنی خاکی عیراق”کە لەسە عاردی نەماوە”رەوا نیە.لە دنیادا شتی ناڕەوا روودەدەن، بەڵام هەندێک لەو هۆکارانەی بووینەتە هۆی ئەوەی کێشەی کورد نەچێتە ئەجندای وڵاتان، کەم تەرخەمی نوێنەرایەتی حکومەتی کوردستان ، نەبوونی لۆبی کوردیە لە دەرەوەونارێکی ناو ماڵیەتی؟




مێزگردی سیاسی …. جەلال بەرزنجی

پەنجە،
لە سەر مێز،
دەڵێی خەنجەرە ن،
لە کاڵان هاتؤتەدەرەوە
شەویلاک،
کیبۆردن.
کومپوتەر لەوێندەر نیە.
حەماوە هەڵساوە.
بتلە ئاو لەسەر مێزن،
بەڵام وا لە دیموکراسی گەیشتوون
لە جیاتی بیخۆنەوە
لە یەکتری دەگرن.
بوتڵ نیشانە دەپێکێت
بەڵام شرۆڤە سەرچیغە.
کلک،
لەشوێنەکی تر،
تۆزدەکات !




کەسێک بەرێوە خەون راودەکات … جەلال بەرزنجی

لە نێوان دوو زەریادا
کەسێک بەرێوە خەون راو دەکات.
باڵندەیێک،
هێلانە ون دەکات.
شیعر،
هاودەنگمە.
سەبرم لە سەر گۆچانە.
چرای روحم بە خەم دەسووتێ.
لە نێوان هەردوو زەریادا،
لە وشە زیاترم نیە،
بەڕەڵای کەمە ئاسمان
نازانم،
نە دەگەڕێتەوە ناو قەفەز،
نەدەفڕێت بۆ رؤژهەڵات !
لە نێوان هەردوو زەریادا،
چاوەڕوانی ئەو کەسەم،
خەونەکەی راوبکات.
بگات،
پیلانێک بۆ کوشتنی نائومیدی دابنێن
ئاگردئک لە وەرزی گەرم نەبوونەوە بەردەین..

کەنەدا




زستان وەرزی خەمانە … جەلال بەرزنجی

بەرای من دووجۆر نووسەر هەن، بۆ نوسین پشت بە هێزی خەیاڵ دەبەستن، دەتوانین جیمس جۆیس و مارسێل برۆست بە نمونە بۆ ئەم جۆرە نووسینە بهێنینەوە. جۆری دووەم دەبێت نووسەرەکە ئەزموونی ژیان بکات بۆ ئەوەی بیکاتە بناغەی نووسین، وەک ئارنست هێمنگوای و پاولۆ کۆیلۆ. من هەست دەکەم لە جۆری دووەمیانبم. بۆیە هەیشە بەدوای ئەزموون و یادەوەری نوێدا دەگەڕێم بۆ ئەوەی بیانکەمە بناغەی نووسین، بۆ ئەم مەبەست، زستانی ٢٠٠٨چوومە (داسن) لە باکووری گۆی زەوی. ئەو ئێوارەی گەیشتم ، پلەی گەرما ٧٠ لە ژیر سفر بوو.پێشتر سەرمای وام نەبینی بوو. زۆربەمان لە ژیاندا گەشت دەکەین، رەنگە حەزنەکەین هەندێکیان تەواوبکەین، ئەوگوشتەم یەکێک بوو لەوانەی حەزم نەدەکرد تەواوی نەکەم،بەڵام نوسین سەبری پێ دام وتەواوم کرد. ئەو ئەزموونە بوویتە کتاب، ئامادەیە بۆ چاپ. هیوادارم بە دەردی (پیاوە بێجامە شینەکە) نەچێت،بەکوردی پێش ئینگلیزی بڵاوبێتەوە.
دڵشاد عەبدوڵای‪ ‬شاعیر‪,‬لە کوردستان بەو هەواڵەی زانی، شیعرێکی جوانی بەناوی” مردنی گۆرانی بێژ” لە سەر ئەو گەشتەم نووسی. ئەم شیعرە لە داسن لە دوای خوێندنەوەی شیعرەکەی ئەو لە دایک بوو.
دوای هەندێک دەستکاری جارێکی دی بڵاوی دەکەمەوە.

زستان وەرزی خەمانە

هۆ برادەر،
بۆئەوەی بگەڕێینەوە پێش دووری کەوتنەوە لە ماڵەوە
جارێکی تر
بەخۆمان بن کەوشێک لەکتاب
بە نەعلی ئتسفەنج
و کراس و شەرواڵ
رۆژانی هەینی بچینە پارکی کوران بۆ سەعی
تا تۆ ببیتە ئەندازیاری کشتوکاڵ
لە باخی کەلەکی یاسین ئاغا
بە بینینێکی جیاواز لەوەی لە زانکۆ فێری بووی
درەخت ببیبنیت
شەوان گوێ لە بەربوونەوەی ترپەی هەڵوژەی گەیوو بگریت
دەست لە سنگ ومەمکی ئەودارانە وەردەیت
کە دەست نۆێژمان لێیان ناشکێت
منیش ببم بە مامۆستا
بچمە سکتان
سەمای بەفری ئێواران بنووسم
پایزانێش لە پرسەی درەختەکان دابنیشم
برادەر لەبیرمە
شەوان کاتی سەعی کردن لە سێتاقان
لەبەر گلۆپی سەر شەقام
حەزم دەکرد دەفتەری رەسم دەربێنم
رەسمی خۆرە نیوە عاسێ بووەکەی
گەڵی چیا
بە قەڵەم رەنگە کورتەکەم رەسم بکەم
هۆ برادەر
دەترسم ئێستاش ئەو خۆرە بەتەواوی لە چیاکانمان
هەڵنەهاتبێت
برادەر حەزم دەکرد لە هەولێرێ بام
یادی ئەو شەوانە بکەینەوە
لەکۆڵانە پڕ ترسەکانی هەشتاکان
بانگی شیعری جیاوازمان دەدا
یان لە هۆڵە شوشەکەی یانەی فەرمان بەران
دەزانم تەخت کرا
بەڵام نازانم ئێستا کراوە بە چی
زستانان لە دڵۆپە بارانی ئەو دیوی جامەکە وردبینەوە
هاوینانیش
لە باخچەکەی
لە ژێر دارکالیپۆزێک
هەست لە خشپەی باڵندەی ناوگەڵا بگرین
لە گەڵ کۆمەڵێک برادەر
رەنگە هەندێکیان نەمابن
هەندێکیشیان
دووڕیانەکانی سەر رێگای ژیان
یان شەڕەکان لێکیان کردبین
لە ترسی سیخورە کراس چوار بەرکەکان
بەچرپە باسی کوردایەتی بکەین
برادەر وەک تۆ دەڵێی
دەترسم تا من دێمەوە
کەسمان نەمێنێین
هێی برادەر
گەڕانەوەێکی زۆرمان لە پێشە
زەحمەتە من بە هەموویان رابگەم
برادەر
پشتم لە بەر خەمی ئەو هەموو گەڕانەوەیە چەماوەتەوە
دەزانم هەتا هەریەکەمان لە شوێنێک نەمرین گرفتی گەڕانەوەش چارە ناکرێت
برادەر
لە داسن
بەفر هێرشەکانی راناگرێت
لە داسن
هاوسێی ئاڵاسکام
تەماشام تای گرتووە
بووە بە چۆلەوانی
لێرە لەداسن
لە سەرمان هەموو شتێک شین دەنوێنێت
لێرە
هەستم پێش چوڵەکەکانی زێدم لە خەوهەڵدەستێت
برادەر
منی غەریب
کە نیشتمان تەنگ بوو
بۆ پیاسەی ئێوارانی شاعیران
لە شەڕ هەڵاتم
بەخۆم و جانتایێکی پڕلە نامەی گەچراوی زیندان
چارەنووسم دایە دەست قاچاغیان
بووم بە قەلقەلاشکێکی دەستی قەدەر
خانەنشینێکی تاراوگە
راست دەکەی برادەر
منیکی گەرماسێری و سەرمای ئالاسکای
ئەوسەری دنیا
کوجا مەرحەبا
وابزانم چوونم بۆ تاراوگەیێکی دوورتر
زێدەڕۆی بوو
بەڵام چی بکەم دەستی نووسینم شکاوە
برادەر
لەداسن
مالەکەم پەنجا مەترێک لە ماڵی جاک لەندەن دوورە
بیست مەتریکتش لە ماڵی ( سیرڤس)
بەفر بەراستی بەسەرهەموواندا دەبارێت
چوار تارمایم لێ دیارە
یەکیان لە ناو بەفر دەژیت
ئەوەی تریان لە ناوگیا
سێیەمینیان کراسێکی لە گەلای وەریوی لەبەرە
چواەمینیش
تاجێکی پوشی لە سەرە
هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین
زستان وەرزی خەمانە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
خانوی برتن: پیر برتن نووسەرێکی بە ناوبانگی کەنەدایە، خانویێکی لە داسن هەیە،پێش ئەوەی بمرێت پێشکەشی کرد بە نووسەرانی نێونەتەوەیی کەنەدا. ئەوێش کردویەتی بە پرۆگرام هەر سێ مانگ جارێک نووسەرێکی ناسراو لە سەر ئەرکی خۆی بە بزنس کلاس دەنێرتە ئەوشوێنە بۆ نووسین.
* رۆمانووسی بە ناوبانگی ئەمریکی جاک لەندەن چوارساڵ بۆ نووسن لە داسن ماوەتەوە.
* شاعیری ناسراوی کەنەدی رۆبرت سێرڤس شەش ساڵ لە داسن ژیاوە.




رەگەزپەرستی دەبێت بە کلتور … جەلال بەرزنجی

لە بەر ئەوەی وڵاتی داگیرکەر ناتوانێت کلتوری پێکەوە ژیانی یەکسانی لە وڵاتی داگیرکراو هەبێت، بۆ درێژەدان بە داگیرکردنی کلتوری رق و رەگەزپەرستی درەست دەکات. رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان یەک لە دوای یەک هەوڵدەدەن تۆوی رق و رەگەزپەرستی بەرامبەر کورد لە مێشکی هاوڵاتیانیاندا بچێنن. بە هۆی ئەوەی کوردستان زۆر لە مێژە بن دەستە، رەگەزپەرستی و رقی داگیرکەرانی بەرامبەری بووە بە کلتور، گۆڕانکاریش لە کلتورو هزری مرؤڤ بە ئاسانی روونادەن. کورد زؤر ئەزموونی لە گەڵ ئەو رژێمانە و بەشێکی زۆری خەڵکەکەی هەیە ئەو راستیە دەسەلمێنن. لە دەستووری تورکیا، ئێران وسوریا بوونی کورد و مافەکانی پشت گوێ خراوە. لە دەستووری ئێراقی دوای سەدام حوسێن دان بە فیدڕالی بؤ کوردستان نراوە، جگە لەوەیش ساڵانە لە کوردستان پارەیێکی زؤر لە لایەن هەندێک رێکخراو سەنتر بؤ سازدانی چەندەها کوڕـ کۆبوونەوە و سیمناری ئەدەبی، رۆشنبیری و سیاسی بؤ لێک نزیک بوونەوەی کورد و عەرەب و دروست کردنی روحی پێکەوە ژیان و یەکتر قبوڵکردن خەرج دەکریت، (دەبێت ئەوکارە لە لایەن ناوەندە عەرەبیەکانەوە بکرێت) بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێی دا چوونکە کورد لە هزری عەرەب جێگەی هاوڵاتی پلە دووەو خاکەکەی شیمالی ئێراقە، بۆیە زؤر جار ئەو بابەتانەی لەو کۆڕانە باس دەکرێن سنووری ژووری هۆتێلە پێنج ئەستێرەکان بڕناکەن. چەند کەسێکی لێ بچێتەدەرە وە دەرئەنجامیان بە سەرئەوانی تردا نیە. لەبەر ئەوهؤیانەی لە سەرەوە باسم کرد هەست دەکەین لە ( ئالیەتی) ئیش کردنی رژێمە داگیرکەرەکان و هەڵس و کەوتی هاوڵاتیانی رەگەزپەرستی رەنگ دەداتەوە. بنبڕکردنی رەگەزپەرستی و دروست کردنی زەمینەیەکی ئارام بؤ پێکەوە ژیان تەنیا بە قسەی سەرزاری یان رێکەوتنامەی ئیمزاکراو نایێتە دی. دڵ کرانەوە بە کلتوری جیاواز وقبوڵ کردنی رەنگ و ئەوانی تر دەبێت لە ناخی مرؤڤەوە چەکەربکات و پەلوپۆ بهاوێت وببێت بە رەوشت و کردار. بە بێ بوونی هیچ سیستەم و روڵێک هەر لە کؤنەوە ژیانی فرە کلتوری قبول کردنی ئەوانی تر لە کوردستان هەیە. پێش پەیدا بوونی حزبی ئیسلامی سیاسی و رژێمە دیکتاتۆرە ئێراقیەکان جولەکە، دیان، موسلمان و چەندەها کەمینەی ئاینی دی لە کوردستان وەک برا پێکەوە ژیاون. ئەو کاتەی بابلیەکان لە جولەکەکانیان دا هەزارانیان هاتنە کوردستان. کوردستان لەو شوێنە دەگمەنانە بوو کە جولەکەکان بە ئازادی مەراسیمە ئاینیەکانی خۆیانیان لێی جێ بە جێ دەکرد. زؤر لە نووسەرانی جولەکە بەو هەلوێستە جوانەی کورد دەزانن. کورد زؤرجاری تر بؤتە پەناگای لێقەوماوان،لە ئەنجامی شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئیراق و شام ( داعش)سەدان هەزارعەرەبی ئێراقی کوردستانیان کردە پەناگای خؤیان. سەرەڕای ئەو رەوشە ئابووریە خراپەی ئەمڕۆی کوردستان، گەلی کورد بە سینگێکی فرەوان وەری گرتوون. ئەمڕۆ نزیکەی ملیۆنێک عەرەب لە کوردستان دەژین، بەڵام پێناچێت ئەوهەڵویستە جوامێرانەی کورد لای عەرەب نرخێندرابێت. برادەرێکم دەڵی” رؤژێک لە چایخانەی مەچکۆ یەکێک لەو عەرەبانەی ماوەیێکە ماڵی لە هەولێرەو بە ئاسوودەیی دەژیت لە تەنیشتم دانیشتبوو لە نێوان قسان گووتی”لەهەشتاکان هەولێر وەک گوند وابوو،ئێستا زؤرگەورە بووە” “لەهەشتاکان لێرە چیت دەکرد ؟” “راوی مخەریب، تێکدەرەکانمان دەنا”مەبەستی پێشمەرگەیە، ئەوە وەڵامی ئەو عەرەبە دەبێت. دەیان نموونەی ترهەنە دەری دەخەن کەوا چۆن رەگەزپەرستی لە رژێمەکانەوە هاتؤتە خوارە بؤ ناو هزری خەڵک و بووە بە کلتوورلە هەڵسوکەوتیان رەنگ دەداتەوە. لە ئاسوشدا هیچ دیار نیە بۆ گۆڕینی ئەو رەوشت و کلتورە.