وشە.. جەلال عەبدوڵا ساڵح(حەمە)

نەوەستاوم بە بەردەوام بەخۆم دا دەچمەوە دەزانم لە پشتی هەر وردبینییەکەوە هۆشمەندیەک هەیە وام لێدەکات جیاواز بیربکەمەوە و باشتر بنووسم. ئەوانەی ئەمڕۆ و دوێنێ وەکوو یەک بەراورد دەکەن هەتاوی سبەی نابینن و شمشێری جەهل تیژ دەکەن.
جوانترین داهێنەرەکان ئەوانەن کۆڵنادەن و بەردەوامی بە خۆپێگەیاندن ئەدەن خوێندنەوە دایکی مەعریفەیە ڕۆشنبیر سواڵکەرو و هەتیوی هیچ حیزبێک نییە ئەمەش هیوا و ئازادی ئەداتێ جوان بنووسێت و ئاگای لە مێژووی خۆی بێت.

بەهۆی ڕۆمانەوە زانیم لینین و ستالین درندەن نەک بەهۆی هێزی سووپای سوورەوە. تۆلۆستۆی بازی دا بەسەر پشتی باوکی دا و شەڕ و ئاشتی نووسی و سامانی باوکی دابەش کرد و هەڵهات لە یاسای خێزان، داب و نەریت بەڵام خودا ئاگادارە بەهۆی هۆشمەندی چینایەتییەوە ئەو کارەی نەکرد. دەبوایە پۆشکین لە پێناوی شیعر دا بکوژرایە نەک شەرەف! چونکی قورسایی زمانی ڕووسی لەسەر شانی بوو.
هیچ شوێنێکی دنیا هێندەی گوندەکەی خۆم خۆشەویست نییە لەلام بەڵام هەموو شار و مرۆڤ و شارستانییەتی مرۆڤایەتی لای من جوانن و قورسایی مێژووی خۆیان هەیە.
لەلای ژن خەیاڵی سپی ئەگەر دەنگی ئاو نەبێت گۆرانی کۆترە.

جەلال عەبدوڵا ساڵح(حەمە)

خەیاڵی سپی

لە بەردی سێبەرت هەڵکەوتم
درەختی سێو پێکەنی
کۆتر گریا
دوو دڵم لە هەڵوێستیان

لە ناوکی سێو دەچیت
کاتێک دەیکەنە چوار بەش
ناچیتە لای کەسییان
حەزدەکەیت تەنها
هەناسەیان هەڵبمژیت

هەموو ڕۆژێک دەبمە دوو بەش
دڵم لەوێ
لەلای دایکم گۆرانی دەڵێ
لێرەش لەبەرچاوی ڕێبوارەکان
لەشەقامەکانی تۆرۆنتۆ
پارچەکانی لەشم
بەدووای خۆم دا ڕادەکێشم

کاتێک دەمان نێرن بۆ جەنگەکان
یان کاتێک دەمرین
پێش ئاو
با
ماچی تەرمەکانمان دەکات

پێ درۆی کرد
قاچ درۆی کرد
هەنگاو درۆی کرد لەگەڵ ڕێگا
کەچی ئەو نەگۆڕا
نەخۆی لوول کرد
نە هەڵکشا

هەنگوێن دەڵێت
خۆشەویستی شیرینە
زوو تامی دەمرێت

هەژاری
عەیبەی کۆمەڵایەتی نییە
بەڵکوو سەرشۆڕی
سەرۆکایەتییە

لە بازار
پێش کەلووپەڵ
هێزی کار
خۆی دەفرۆشێت

پەتێک وا لە ملی
هەموو جیهان دا
هێزی پارە ڕای دەکێشێ
دەپچڕێ
هۆشمەندی لەدایک دەبێ

جوانترین مناڵی ئاو
خۆشيویستییە
ئادەم بە زەوی وت!

دوور مەڕۆ
گوڕێک لێرە چاوەڕێتە
هێندەی باڵای ژیانە

لێرە هەموو ڕۆژێ
چوار جار هەڵدەکەوم
لە بەردی ئەوێ
هەورازی لێژ
باشترە لە دەشتی دڕکاوی

شیعر تەمەن کورتە
پۆشکین چووە جەنگەوە
لەبەر شەرەف کوژرا
نەک هۆنراوە

تۆرۆنتۆ گەڕام
بە شەقامی یانگ دا تێپەڕیم
چەپکێک پیچکم لە دووکانی ژنێک بینی
وامزانی لەپاڵ دایکمم




دوو کتێبی نووسەر جەلال عەبدوڵڵا ساڵح

ماڵی سەگە دڕەکانی گەڕەک ، ناونیشانی کۆمەڵێک کورتە چیرۆکی جەلال عەبدوڵا ساڵحە کە هاوکات لەگەڵ کۆمەڵە چیرۆکی ڤەنیسا و باڵندەکانی ماریۆدا ، چاپ‌ و بڵاو کرایەوە …
ماڵی سەگە دڕەکانی گەڕەک ، لە هەشت کورتە چیرۆک پێکهاتووە ، مراوییەکانی نەنکم ، کەڵەشێرەکەی داود ، سەگەکەی ئەڵوشە و دەیڤد ، بیرەوەرییەکانی جەلال کرماشانی ، ماڵی سەگە دڕەکانی گەڕەک ، پەیژەی ژیان ، ماڵی نابینا و مەتینە ، ڤیڤا خان و کۆڤرونسکی ..

بەم نزیکانە کتێبی ڤانیسا و باڵندەکانی ماریۆ (چیرۆک) دووبارە چاپدەکرێتەوە




لە تارکی دا خەتی سپی.. جەلال عەبدوڵا ساڵح

تەم بم لەسەر پشتی هەڵۆ
لە ئاو دا گریانی هەڵم بم
هێشتا خەتێکی سپیم
لەناو سێبەری بەرپێی تۆ

دەخولێتەوە بە چواردەورم دا دەنگێک
هاواری دابڕانی عەسرە لەگەڵ ئێوارە و لەگەڵ من لە تۆ
باز ئەدات بەسەر گۆشتی دڵم دا کرمێک
نە دەمرێت و نە دەکوژرێت و نە دەزێت

قرچە قرچ دەسووتێت داری تەمەن
دەڵێن لەبەر مەرگی گیتارە بۆ مۆسیقا
بەم کەوتن و هەستان و نامۆبونەی ژیانمەوە
هێشتا خۆڵم لەسەر گۆڕی سێبەری تۆ

بەشی دەکەم لەگەڵ تیشکی خودا ڕووناکی تۆ
لەگەڵ مانگی ژیان ڕێک دەکەوم نەبمە دوژمنی شەو
بارانی ئاسمان دەناسێنم بە باخی سووتاو
هێشتا خۆڵەمێشی سووتاوی عەرسم
لەسەر ڕێگای سێبەری تۆ

تا نامۆیی دەگەینمە ئەو دیوی شار دەستی دەگرم
تا خشتی قەڵای کۆنی باپیرم هەبێت دەیلاوێنم
بە چاوی دووریت سوێند دەخۆم
گیرفانم پڕە لە قالۆنچەی خەیاڵ
سوێندم بە گۆڕ سوێندم گوڵ
هێشتا خۆڵم لە ژێر سێبەری ڕێی هەتاوی تۆ

مەگری لە شەوی خەیاڵ دا
پێبکەنە کە دەیکوژن ئومێدم
لەبەرچاوت، لەسەر ڕێگات، لەبەر تۆ
سوێند بەو تیشکەی لەناو چاوتا نامبینێ
هێشتا گەڵام، هەتیوێکم لەسەر ڕێگای کۆچی تۆ

خودا با بۆ ئیماندار و ئاسمان بێ
باران با هەمیشە مناڵی دانسقەی ئاو بێ
چیم داوە لە گوێزان دڵی بە بڕین خۆش بێ
لێ دەگەڕێم نامۆیی بە هەتیوی بمرێ
تەنها ڕەنگی گەڵام هەبێ
چەند چرکەیەک سیحری دەنگی ئاوم هەبێ
هیچم ناوێ
جار بە جارێ
گوێم لە دەنگی چۆنی تۆ بێ
هیچم ناوێت با هەر خۆڵ بم
لە ژێر سێبەری پێت دا بم
کرێکارم لە کارگەی گوڵی سپی و سووری تۆ
جەلادە دڕک ڕێنادات تێر هەڵمژم بۆنی تۆ
سێبەرێکم هەتا دەمرم لەگەڵ تۆم




سەفەرێک لەگەڵ خۆم-2-.. جەلال عەبدوڵا ساڵح

بەشی دووەم

سەفەرێک دەکەم لەگەڵ خۆم!
سەفەر دەمکات بە هاوڕێیی ئیغتراب و
کۆڵانە تاریکەکانی دابڕان
سەفەر بەرەو شوێنێکی نادیار دەمبات
لە سەفەر دا گیانەوەرێکی خۆڵاوی قوتم ئەدات
بۆ کۆتایی دەمکات بە پارچەیەک لە خۆی
دەمئاڵێنێت لە قژی قوڕاوی خۆی
دەمکات بە بەشێک لە ئێسقانە پیرەکانی مێژووی خۆی.

سەفەرێک دەمگرێتە باوەش و دەمکوژێت
سەفەر دوور لە جەنجاڵی شار
بۆ هەمیشە دەملاوێنێت
سەفەرێک دەکەم لەگەڵ خۆم
نە تۆم لەگەڵ دێیت و نە ئەو
ڕۆژی سەفەرم دەبێتە شایی کۆترەکان
لە پاش خۆم چەند مشتێک گەنمی بیرەوەریان بۆ بەجێ دەهێڵم!
بە ئاو دەڵێم ئاگای لێیان بێت
نەفرەت لە چەقۆ دەکەم ئازاریان بدات

ئەو ڕۆژەی سەفەر دەکەم
ڕەنگی ئاسمان دەبێتە کراسی هەور
کۆچەرییەکانی نیشتمان
وەک باڵندە دەئاڵێن لە دەلبەندی سنوورەکان
ئاسۆ دوور دوور
لە زۆر دوورەوە دەبینم
لە خەتی ملی قومری
حەوشەکەتان دەچێت
سەفەر دەکەم بۆ لات
ئەی ماڵی هەمیشەیی و کۆتاییم!
ئەی ئاوازی دووا گۆرانی ماڵئاوایم
گوێم لە ڕەزی ژیانە پێم دەڵێت:
سەفەری تۆ
لە گریانی ترێ دەچێت
پێش ئەوەی بیکەن بە شەراب




سەفەرێک لەگەڵ خۆم… جەلال عەبدوڵا ساڵح

چەمێ ڕوا، جۆگەلە دێ
گەڵا دەمرێ، لق گوڵی گرێ
نازانم سبەی چی دەبێ
ژیان ئێستایە نەک دوێنێ

خۆر لە پەنجەرەی هەورەوە
سەیرم دەکا و لێم ون دەبێ
خەیاڵم وا لەلای خەجێ
تەشی و خوری دەلاوێنێ

چی لە جوانی تاڤگە بکەم؟
چاوم وەک جاران نایبینێ
بە کۆڵانی کۆچ دا دەڕۆم
دڵ لێ ئەدا، قاچ دەترسێ

شەو دەڕوات و تاریک دادێ
کۆڵانی خەم تەواو نابێ
ڕێگای ونی ژیان دەبڕم
ئەمڕۆ لێرە سبەی لەوێ

وەک چۆلەکە دەجریوێنێ
هەستی غەریبیم بۆ ئەوێ
چۆن بگاتە هەتاوی دێ
پێی هیلاکم ، هەنگاوی ڕێ

دەنگی مەل و جوانی گوڵێ
ڕۆحی ماندوم دەلاوێنێ
ئەو قیبلەمە، لەهەرکوێ بێ
ڕووی تێ دەکەم ، خۆشم دەوێ




کورتە چیرۆک/ هاوڕێیەک تا مردن… جەلال عەبدوڵا ساڵح

لە دوکانی پیاوە ئەڵمانییەکە هاتمە دەرەوە. تیشکی خۆرەتاوەکەش زۆر بەتین بوو. هەستم بە ماندوی دەکرد. لە شەقامەکە پەڕیمەوەو ئەویش بەرامبەرم وەستا بوو. بە پەلەکەوتمە هەنگاونان چەند وێنەیەکی ڤان کوغم بەجێ هێشت. وێنەکانی لە ژورسەرمەوە بە عەمودی کارەبای شەقامەکەوە هەڵواسرا بون و تینی گەرما دەیبرژاندن.
هێشتا هەتاوەکە لە گەرمەی ئیشکردان دا بوو.کڕێکارەکان عارەقی هیلاکییان دەسڕی! لقی درەختەکان سەرقاڵی باڵندەکان بوون بەڕاستی چاوەڕوانی ئەوەم نەدەکرد بەو جۆرە بشڵەژێم بەتایبەتی وەختێک ئاوڕم ئەدایەوە هێشتا وا بەشوێنمەوە. ترسام! ویستم تا هێزم تێدایە ڕاکەم و خۆم دەرباز بکەم. بەڵام چیم بۆ نەکرا نەمتوانی و هێزم نەبوو. لەو کاتەدا پاسێک هات و سەرکەوتم. نەشم دەزانی بۆ کوێ دەچم؟ پارەی سەفەرەکەم داو لە تەنیشتی ژنێک لەسەر کورسییەک دانیشتم.
پاش ١٠ دە خولەک لە پاسەکە دابەزیم. دڵم خۆش بوو بەخۆم گوت:

  • هەرچۆنێک بێت ڕزگارم بوو لەدەستی. بەڵام لە ناکاو قۆڵی گرتم! وەک ئەوەی گەورەترین تاوانم کردبێت چاوەکانی بڕییە ڕووخسارم منیش بەناچاری و بەدەم ترس و دڵەڕاوکێووە هاوارم کرد بەسەری دا:
  • چیت دەوێت لە من؟ بۆ وازم لێناهێنیت؟ماندوو بوین لەگەڵ یەکتری دا! نەفرەت لە خۆت و لەو ژیانەی چارەنووسمی بەست بە تۆووە! بڕۆ و ڕێگای ژیانی خۆت بگرەبەر. بڕۆ و وازم لێ بهێنە! دوژمنەکەم بەسەرنجەوە بۆی ڕوانیم! وەک ئەوەی لەو ڕۆژەوە لەدایک بووم بمناسێت پێی گوتم:
  • تۆ لە چ جۆرە مەخلوقێکیت؟ من تا ئێستا مرۆڤی وەک تۆ پڕ لە گوناه و سەرەڕۆ و ماندوم نەبینیوە! باوەڕ ناکەم هیچ یەکێک لە هاوڕێکانم چارەنووسیان وەک منی لێ هاتبێت بە هۆی تۆی کۆچەرییەوە! تۆ دەڵێی بۆ کۆچ کردن هاتوویتە دنیا! کۆچ لەگەڵ خۆی دەتبا، دەڕۆیت و دەڕۆیت بەبێ ئەوەی ئارام بگریت. زوو پێم وتی و ئێستاش پێتی دەڵێم:
  • هێندە خۆت بە کێشەی کۆچ کردنەوە سەرقاڵ مەکە! لە گەڕەکێیەوە مەچۆ بۆ شارێکی جەنجاڵی و لە کۆڵانێکی تاریکییەوە بۆ شەقامێکی ترسناکی پڕ لە تاوانی. ماندوو بووم هێندە گەڕام و شوێنت کەوتم! لە شوێنێک ئارام بگرە! نەفرەتی شەیتانت بەرکەوێت! بەسە ئیتر وازبهێنە! بەسە کۆچ کردن و نەسرەوتن! لەوەتەی هەم وام بە شوێن تۆوە. بە شەویش ئۆقرە بەخۆت ناگریت. ئەمڕۆ لە تارانی و سبەی لە پاریس، هەفتەی داهاتوو لە نیودەلهی و ڕۆژێکی کە لە واشنگتۆنیت. شەقامەکان ماندوو بوون بەدەستەوە. بڕیارەکە لەدەست مندا نییە ئەگین نەفرەتم دەکرد لە خۆت و لە مێژووی کۆچکردنت! ئەوەت لە بیر نەچێت چارەنووسم بەستراوە بەتۆووە و تا مردنیش دەبێت پێکەوەبین.
    بیرم لەشتی خراپ دەکردەوە. دەمویست کارێک بکەم هەرگیز نزیکم نەبێتەوە. دەمویست بۆ یەکەمین جار ناوی خۆم بنێم جەلاد و بیکوژم و پێ بخەمە سەر ملی و بیخنکێنم و ڕزگارم بێت لە دەستی! لەوکاتەدا سەرقاڵی ئەوە بووم چۆن لەکۆڵی خۆمی بکەمەوە زەردەپەڕ ئاوا بوو. ئەویشم لە چاو ون بوو. هاوڕێکەم بە ئاگای هێنامەوە:
  • بەسە هاوار کردن! درەنگە! هەستە! دەبێت بچین بۆ سەر کار.

جەلال عەبدوڵا ساڵح




چیرۆکە شیعر/ ئەنوشا لە دەریا-1-… جەلال عەبدوڵا ساڵح

بەشی یەکەم

دانیشە لەلام ئەنوشا

  • باپیرە گەورەم سونی بو
    سەفەویەکان کردیان بە شیعە
    شارەکەمان پڕ بون لە جولەکە
    دەربەدەریان کردن
    چون بۆ (ئەقسا)
    دەوڵەتییان پێکەوەنا
    ئەنوشا
    باوکمیان لەسەر مقسەتێکی خوێڕی شەهید کرد
    لەبەر ئەوەی قوماشێکی فەتاح پاشای عەمارەپوی کوشت
    کەرەکەی مینا کوێری دراوسێمییان سوتاند
    چونکی میزی کردبووە ناو کانیی گەڕەک و مزگەوت
    مامەڕەشەی پورزام
    لەبەر ئەوەی ماینەکەی زاوزێی نەدەکرد
    پێش خۆرنشین بە بەرچاوی هەمو ئەسپی گەڕەکەوە
    قاپێک شەرابی کرد بە قورگی دا
    ماینی داماوە بە سەرخۆشی خۆی کرد بە ماڵی گەلەگورگ دا و خواردیان
    ئەنوشا
    نەنکم ٤ چوار شوی کرد
    ٦٠ شەست ساڵ لەگەڵ چوار پیاوی
    جەلادی کۆتر دا ژیا
    لە هەر چواریان ٥٠ پەنجا مناڵی بو
    مناڵەکانی گێڕ،
    خوار،
    چەوت،
    کەچەڵ بون
    لەسەر کەرێک
    لە پێناوی قالۆنچەیەک
    لەبەر خاتری شەمشەمە کوێرەیەک و
    بۆ ئەوەی بزنێک خۆشحاڵ بێت
    سەنگەریان لەیەک گرت و بو بە شەڕیان
    سوبحانەللە
    یەک
    لە
    دوای یەک
    یەکتریان
    لەتوپەت کرد
    دانیشە لە تەنیشتم ئەنوشا
    با پێکەوە چایەکی دەستی بەهاری گەڕەکی نێرگز بخۆینەوە
    چایی دەستی هاوێن پڕە لە مێشولەی کوژراو
    نەک توشی پەتای بورانەوە ببیت
    پاشان لە من داببڕێیت
    ئەنوشا
    تو سەری خۆرەتاوی حەوشەکەی خۆتان
    بیر لە هیچ شتێک مەکەرەوە!
    کەی کێشەی من و تۆیە؟
    چۆلەکە ناتوانێت بپەڕێت!
    ڕەنگ لە تاوس مان بگرێت
    باران لە گۆم داببڕێت
    مانگ تریفەی خۆشنەوێت
    ئاسمان بە هەڵم یان بە لۆکە دروست بوبێت
    بۆق لە ترسی قەوزە
    دەنگی نوسابێت
    کیسەڵ لە کاتی دەست نوێژ دا
    خەسوی مردبێت
    مار لە ترسی ڕەشەبا کراسی فڕێ دابێت
    دانیشە لەلام ئەنوشا
    کەمێک گوێ بگرە
    (فەیروز) بە گۆرانی شین دەکات
    (مەحمود) لە شیعرێکی دا توڕەیە لە موسا
    (عەرافات) لە وێنەیەک دا
    بە جامانەی قوڕەیشیو ڕیشی ماشو برنجی ئیخوانەوە
    بیر لە دەوڵەتی کۆترەکان دەکاتەوە
    بەڵام لەبیریان چووە:
    (ئەقسا) وەک نانی هەورامی سفرەی باپیرم
    لە کۆشکی سپی دا
    لە مێژە
    لەت
    لەت
    لەت
    کراوە!
    دانیشە لەلام ئەنوشا
    با بۆتی بگێڕمەوە
    دوێنێ شەو لە ماڵی ڕۆمانێکی پیر بوم
    پێی گوتم:
  • دستۆیفسکی قومارچی و تاوانبار و خوێڕیی بوو!
    پیاوەکانی فێر کرد بە تەور ژنەکانییان بکوژن
    نازم حیکمەت درۆی کرد پشت کوڕە
    دڵی بۆ مناڵێکی ئەرمەنی و کورد دانەچڵەکا
    بە تڕی لینین هەڵخڵەتا
    وەک جەلادەکانی(ئەتا تورک) بیری دەکردەوە
    سەلاحەدین ساختەچی بو
    دەبوایە بە یەکەم شمشێری بەرگری
    شیعری ئەنفاڵی بکوشتایە
    کتێبی سەوز
    لە دووای (قەزاف)ی
    نامەردی کرد خۆی نەکوشت
    دانیشە لەلام ئەنوشا
    وشە چرپاندی بە گوێما
  • فروغ هەتاکو ئێستا
    هەزار شیعری لەبار چووە
    دێڕیکی گەڕ وەک شیعە
    بۆی نەگریا
    پەرەگرافێکی قەمور فاتیحایەکی خوداحافیزی بۆ نەخوێند
    شاعیرێکی خوێڕی سەبەتەیەک گوڵی دڵنەوایی پێ نەبەخشی
    ئەنوشا
    کاتێک خۆرنشین
    ڕەنگی ئاو دەبێت بە سور
    ئەوە مانای ئەوەیە سەرەتای نەزیفی ژیانە
    کاتێک چۆلەکەیەک بێزو بە هاوینەوە دەکات
    لەبەر ئەوەیە لەڕۆژێک دا (١٠٠١) هەزارو یەک جار پەڕییووە
    لەبەر ئەوەی تاوس حەسودی بە ڕەنگی گوڵ برد
    لە داخا خۆی هەڵکێشا لە خومی قەوزە
    کاتێک نوسەری کتێبێکی دەرونی توشی فێی وشە دەبێت
    هۆکەی ئەوەیە چونکی میحراب بیر دەکاتەوە لە هەتاوی ئاخیرەت
    دانیشە لە تەنیشتم ئەنوشا
    چیمان داوە لە کێشەی باران و هەور
    چیمان داوە لە فارسەکان
    گابەرد دەکوتن
    لە دەستکەوانی چیا دا
    چیمان داوە لە عەرەبەکان
    ئاسن دەسوتێنن
    لە تەنوری دۆزەخا
    چیمان داوە لە تورکەکان خوێ دەکێشن
    لە ناو ئۆقیانووس دا
    پۆتین لە هیتلەر بەسۆزترە
    بایدن سەگەکەی لە من و تۆ زیاتر خۆش دەوێت
    دایکی مایکڵ جاکسن مەسیحییە و و باوکی یەهودییە
    دانیشە لەلام ئەنوشا
    نیو کاتژمێری کە
    پەردەی هەتاو دەکەوێت
    باران دەبارێت
    گوڵێک دەپشکوێت
    دووای سی خولەکی کە
    با بەردێک فڕێ ئەدات
    بەر سەری مراویەک دەکەوێت و دەمرێت
    کەس نازانێت
    ماری سروشت بێچووەکانی دەخوات
    یان تۆفانی ژیان دەی کوژێت
    ئەنوشا مەگری
    نە مراوی ئامۆزای منە
    نە بێچووەکانی پورزای تۆیە
    وەرە بەرامبەرم دابنیشە ئەنوشا
    من موی برۆکانی مریەم دەپێوم
    تۆش تاڵ بە تاڵی سمێڵی ئادەم هەڵ کێشە لە خەنە
    ئەنوشا
    خۆزگە تۆ هەرمێ و منیش قۆخ دەبوم
    نە چیرۆکی ئیبلیسمان دەبیست
    نە جەنگی ڕوناکی و قوڕ
    لەبەر خاتری من و تۆ
    نە شەقام دەبێتە پرچی پەلگە زێڕینە
    نە مانگ دادەبەزێت بۆ لای حەوزێکی نەخۆش
    ئێستا بێت یان سبەینێ
    مردن هەر دێ
    وەرە سەر کۆڵم
    بەکۆڵانە تاریکەکانی بیرەوەریم دا دەتگێڕم



چیرۆک/ ڕاوی ژیان… جەلال عەبدوڵا ساڵح

ئەلیسا کاتێک بووە پارێزەر لە تەمەنی بیستو پێنج ساڵی دا شووی کرد بە میستەر دانیاڵ لێپرسراوی دادگای شاری ڤانکۆڤار. دەیڤد پانزە ساڵ لە ئەلیسا گەورە تر بوو. ئەو کاتەی دەیڤد لەسەر کێشەی موڵک میستەر دانییاڵی کوشت جەیسنی کوڕی تەمەنی هەشت ساڵ بوو. دووای بیست ساڵ جەیسن تۆڵەی باوکی کردەوە و کارۆڵی براکەی دەیڤدی کوشت. ئەلیسا شوی کرد بە دەیڤد. دەبوایە ئەو کارەی بکردایە بۆ ئەوەی جەیسن نەکوژرێت.
دەیڤد جگە لەوەی ئەندامی پەرلەمان بوو. لێپرسراوی شارەوانی شارەکەی و خاوەنی سامانێکی زۆر و کۆمەڵێک پرۆژەی گەورە بوو.
دەیڤد گەڕایەوە ماڵەوە. ئەلیسای ژنی دەیزانی پلانی داناوە جەیسنی کوری بکوژێت پرسیاری لێ کرد :

  • ئایا قومارەکەت دۆڕاند؟ شپرزە دیاریت!
  • هەواڵم زانی کابرای تاوان بارت ڕزگار کردووە! گرنگ ئەوەیە پارەیەکی باشت دەست کەوت؟ ئەلیسا پێی وت:
  • دەیڤد تۆ بە بێ بەڵگە قسە دەکەیت. ئەو کابرایە هێندەی تۆ تاوانبار نەبوو. بگرە تاوانیشی نەکرد بوو؟
  • چۆن تاوانی نەکرد بوو؟ پۆلیس بەسەر تەرمی کابرای کوژراوەوە گرتبووی؟
  • بەڵی بەڵی ڕاست دەکەیت! بەڵام دەمانچەکە هی تۆ بووە؟ تۆ دەبێت لە دادگا بەرگری لە خۆت بکەیت؟
  • تۆ خێزانی منی؟
  • بەڵێ دەزانم بەڵام من دادوەرم! ناتوانم چاوپۆشی لە قاتل بکەم!
  • لە دوای بڕیاری دادگا جەیسنم وەک نوێنەری خۆم لەگەڵ پیاوەکانم نارد تا ئاگای لە هەموو شتێک بێت؟
  • قسەی مناڵانە دەکەیت دەیڤد! دەزانم کە بەرنامەت داناوە بیکوژیت. ئایا تۆ نەبوویت مێردەکەمت کوشت ؟ ئایا دەتەوێت تاوانێکی کە ئەنجام بدەیت؟
  • ئایا چەکی لەگەڵ خۆی برد؟ وتم نەک لە بیری چوبێت هههههه
  • دەزانی تۆ زۆر کەری! بە بێ چەک چۆن شەڕ دەکرێت؟ جەیسن گەمژە نییە دەزانێت چی دەکات لەگەڵ دووژمنەکانی دا!

شەو هەواڵییان گەیاندە دەیڤد پاپۆڕەکەی تەقێنراوەتەوە و هەموو پیاوەکانی کوژراون. ساڵی ١٩٩٣ دادگا بڕیاری بیست سال زیندانی بۆ دەیڤد دەرکرد. دوای چوار مانگ جەیسن کوژرا. ئەلیسا سەری خۆی هەڵگرت و پاش دووساڵ لە شوێنی پاپۆڕەکە تەرمەکەیان دۆزییەوە.

    • !

    غوربەت




هیچ و سفرو هیچ… جەلال عەبدوڵا ساڵح

١

هەنگاوم نا و ڕەنجم دا
پارە و پوڵ و دراوم دەستکەوت
باخی پڕ لە میوەم دەسکەوت
تاووس و جووجەڵەی ڕەنگاوڕەنگم دەستکەوت
هەنجیری پڕ لە شیلەم دەستکەوت
ژنی جوانم دەستکەوت
پاشان
هیچ و سفر و هیچ

٢

دەریای سوورم بینی و ئاوی قاوەیم بینی
شەپۆلی قەڵەوم بینی هەنگاوی زەعیفم بینی
حووتی چوار چاوم بینی ماسی چوار شاخم بینی
بۆقی باڵدارم بینی
کیسەڵی دوو قاچم بینی
دوای ئەمانە
هیچ و هیچ و هیچ…

٣

لەسەر یەک گوێز سمۆرەم کوشت!
لەسەر تاریکی تفم لە کۆڵان کرد
لەسەر جنێوێک گوێچکەی مناڵێکم بڕی
لەسەر وشک بوونی نەمامێک نەفرەتم کرد لە خۆم و خاک
لەسەر سیاسەت دوورکەوتمەوە لە سیاسەت
لە سەر ئەنفاڵ خوێندنەوەی کتێبم تەرک کرد
لەسەر پارە بوومە جەلاد و سەرۆک و ئەندامی پەرلەمان
لەسەر ژیان ئەملاو ئەولای مردنم ماچ کرد
لەسەر وشە گوێم لە ئامۆژگاری نووسەرێکی شێت گرت
ئەی دوای ئەوە
بەسەری کۆتر درۆناکەم
هیچ و سفر و هیچ

٤

لەبەر ئەوەی مرۆڤێکی نامۆم
واشتنگتۆن دەری کردم
تۆرۆنتۆ ڕاوی نام
مەکە ناردمی بۆ ماڵی وەهابییەکان
تاران ناردمی بۆ شەڕی حوسەینییەکان
لینین ناردمی بۆ کوشتنی ( مەنشەفییەکان)
مووسڵمان ناردمی بۆ ماڵی جووەکان
ئەی دوای ئەوە

٥

لەسەر هیچ
فێی پیریم گرت
کرمی غەریبیم خوارد
میزی کەرم تام کرد
ئەسپێی خەیاڵم کوشت
چەکی ئەمەریکاییم ماچ کرد
پێڵاوی ڕووسم خستە سەرسەرم
ژەهری ئەڵمانیام وەک نوقوڵ خوارد
وەک سەگ دەمم کردەوە
نانی قەشەم قوت دا
بوم بە فەقێی ترۆسکی
بۆ زەمدن کاتژمێرم شکاند
مووسووڵمان بووم بۆ ژن بوومە جوولەکە
مووسووڵمان بووم بۆ مارکس بوومە شویعی
خواناس بووم بۆ پارە بوومە قاتیل
پاش ئەمانە
هیچ و سفر وهیچ

جەلال عەبدوڵا ساڵح




شیعر/ سێبەری ئاو… جەلال عەبدوڵڵا ساڵح

A

من ئەو ڕادەگرم

ئەگەر ئەو ئاو وەک من ڕابگرێ

من و ئەو هەردووکمان یەکتری ڕادەگرین

ئەگەر پرد وەک بەراز شانی بشکێ

لافاو وەک سرووشت پێکەنێ

B

ئەو هەتاوی شەوم بوو وەک خۆم

ئەو ئەستێرەی گڕم بوو وەک بەردی دڵم

ئەو شاتووی سپی و

کۆڵانی سەهۆڵم بوو

C

ئەو لە من دا ژیا وەک خاک بێدەنگ بوو

ئەو لە عەسرا ڕۆیی وەک دوێنێ

چارەیەکی نییە وەک پێرێ

دەبێت وەک سبەینێ

لە چرکەیەکی ژیان دا جێم بێڵێ

D

ئەو دەڕووا، وەک ئەو دەچم

چوونمان پیویستە، وەک هاتین دوێنێ

خەو شیرینە لە خاکی نەرما

هەموو دەڕۆین

وەک ئەوان وەک بەفری سبەینێ

E

من ملیۆنێک کێشەی خۆراکم هەیە
من لە ماڵی برسییەتی دەژیم

بۆ ئەوەی تێربوون نەمرم

دەبێت میزەلانی سبەی بتەقێنم

بۆ ئەوەی وەک لە ناو برسییەتیدا نەمرم

دەبێت قەپ لە سێوی ئادەم بگرم

F

وەک سێوی سەوز قەیسی مزرە

وە ک چۆن بەڵاڵووک وەک بەفر سپییە

بۆ ئەوەی قەیسی شیرین بێت دەبێت سێو بمرێت

وەک چۆن قەیسی دەمرێت هەرمێ لەدایک دەبێت

G

بەلای من و تۆدا

سەیارەیەک کۆکی

سەربەرەوخوار ڕۆیشت و کەوت

هەردوو چاوی شکا

ئەگەر سەیارەکە نەمردایە

کۆڵانەکە ڕووناک دەبوو

من دەمیش چاوی تۆم دەبینی




خوێن دەگری… جەلال عەبدوڵا ساڵح


بۆ ئەوەی پێبکەنێت
باخ ی مرۆڤ
چەم دەکەمە کۆڵم
بۆی دەبەم
وازم هینا لە یاری دووگۆڵی
لەبەر ئەوەی پیری هات بە میوانیم
بانگم دەکەن، دەچم بۆ لایان
کۆمەڵێک هاوڕێی باشن
لەسەر کورسی ڕازیکردنیان دادەنیشم
چەپڵەی سەرکەوتنیان بۆ لێ ئەدەم.
پزیشکەکەم کێشەکەی گەورە کردم
ئیتر گۆشتی بەراز ناخۆم
ماڵە دراوسێکەمان خەڵکی ئۆکرانییایە
هەموو ساڵێک
لە ڕۆژی کەنەدا بانگم دەکا
دەچم بۆ لای گوێدەگرم
لە قسەو ئاوازی گۆرانییەکانیی
پیی دەڵێم:

  • سپاست دەکەم!
    لەو ڕۆژەوە چەقۆ و مل
    یەکتری دەناسن گۆشت ناخۆم.
    حەزم لە ترێ یە!
    چوارساڵە شەراب ناخۆمەوە
    لەبەرخاتری سرووشت
    شووشەیەکم لە ڕەنگی بەلاڵووک
    لەسەر ڕەفەکەم داناوە
    چونکی دیاری کچەکە کوژراوەکەی هاوڕێمە.
    لە ئەفغانستان شیعرێکی سووتان
    قاچێکییان قرتان
    لە دووای نان خواردنی بەیانییان
    هەتا (مەندێلا)
    ئازاد کرا
    دەڕژانە سەر شەقامەکان
    لە (ئەفریقا)
    (کوردەکان)
    کۆترێکییان وا لە (قەفەس) دا
    فیشەکی پێوەدەنێن
    کەسوکارەکەم
    سووپای (تورک)ەکان کوشتییان
    ئەوکاتەی کە (لینین)
    هاورێی (ئەتا )بوو
    لە تۆرۆنتۆ
    چوار کرێکاری ئەستەمبوڵ ی
    کارم لەگەڵ دەکەن
    مناڵەکانییان (کورد)ی زانن
    پیاوێکی (ئێران)ی
    بۆنی خوێی(زرێبار)ی لێدێت
    (قاتل)ی ماسییە کوژراوەکانی دووای کارەساتی ١٩٧٩رە
    لەوێ ئاو ڕاویناوەو
    لێرە سوورەماسی دەفرۆشێت
    هەموو مانگێک دەچم بۆلای
    ئەو باسی (ڕەفسنجان)یم بۆ دەکات
    من جەلادەکانی وڵات
    ئەو کابرایەی ناوی (ئەنفاڵ) بوو
    خەڵکی(ڕووتبە) بوو
    (کورد) ێک بووە چاوساغی
    بەزۆر دایکم یان نارد بۆ لافاوی( ئەنفال)
    کەچی خاڵۆم کتێبەکەی باپیری
    لەسەرو ڕەفەکەی ژوورسەری
    داناوە بۆ چاوەزاری
    لێرە بێکاری مرۆڤ ڕادێنێت
    ببێتە سەگی کؤڵانەکانی شار
    لەم سەرزەمینی لە یەکتری دابڕانە
    لە ماڵی هەر مرۆڤێکی نامۆ
    وردە شووشەی ژیان ڕژاوە
    خوێن دەگری
    کەس نایبیسێت!



سێبەری وشەکان… جەلال عەبدوڵا ساڵح

یەک

ژنێ بردمی
بۆ ماڵی لقێ گیا.
ئاو
گۆرانی بۆ وتم
دەریا
کەوتە سەما

دوو

کچێکی ئەرمەنی
فێری مۆسیقای ئاو ی کردم
زانی کوردم

سێ

براکەم
لە جەنگ دا کووژرا
دایکم وتی:

  • هەموو سەربازەکان
    مناڵی ی ژنەکانن

چوار

بێزار بووم لە لێو
هەموو شەوێک
دەبات بۆ ماڵی ماچ

پێنج

ژن
پیاو ڕادەهێنێت
بە سیحری گری (ئاخیرەت)
بە فێڵی جوولەکە
بە کووشتاری مێژووی سوونە
بە شیوەنی خوێنی شێعە
بە پەیامی کوشتنی مووسا
بە چیرۆکی نهێنی مەسیح و کڵێسا
بە دیکتاتۆری پرۆلیتاریا
بە دڵ ی برینداری خودا

سایه کلمات مرا

شیعر/ جەلال عبدوللە سالحی

١

به خانه شاخه
چمن برد
آب
برایم خواند که دریا
به
رقص افتاد

٢

يه دختر ارمنی
بهم موسيقي آب
ياد داد
من
کردي ياد گرفتم

٣

برادرم در
جنگ کشته شد و
گفت:

  • همه سربازان بچه
    زنان هستند

٤

از
لب خسته ام .
او را هر شب به
خانه بوسه می برد

٥

زن
اونا مردها رو تمرين ميکنن
با جادوی آخری
با فریب یهودیان
با کشتن تاریخ سُنُن
با سوگواری خون شبا
با پیام آسمان های موسیبا
با شور مقدس مسیح
با دیکتاتور پرولتاریای مارکس
با دل همیشه زندگی خدا




چیرۆک/ درمی دابڕان… جەلال عەبدوڵڵا

کاتێک چوومە ناو چیشتخانەکە، چەند قاپێکی شکاوم بینی لەسەر کاشییەکان. دەستم کرد بە کۆکردنەوەیان خاولییەک هەڵواسرا بوو نیووەی ڕەش هەڵگەڕا بوو سمێڵی باوکمم بیرکەوتەوە کە دووکەڵی جگەرە بۆری کردبوون، خاولییەکەم لابرد، وێنەی مەسیح م بینی لە ناو چوارچێوەیەکی خڕ دا شێوەکەی لە سەعاتەکەی باخەڵی باپیرمی دەکرد بە زنجیرێکی درێژەوە قایم کرا بوو، بەشی دواوەیی وێنەی ئەو کچە بوو کاری دەکرد لەگەڵم دا (ئەلیسا) من وەک چۆن یەکەم جارم بوو سواری شەمەندەفەر ببم هەرئاوا یەکەم جار م بوو مەدالییای لەو چەشنە ببینم. ئاخر من قەرەچێکی ڕۆژهەڵاتیم، غەریبم، نامۆم بە خۆم، کاری ڕۆژانەی من کۆکردنەوەی پارچەکانی خۆمە لە ناو کۆڵانەکانی غوربەت و دابڕان دا.

درماتیت جداسازی
وقتی وارد رستوران شدم چند تا ظرف شکسته روی صندوقدار دیدم. شروع کردم به جمع کردنشون، يه حوله نصف سياه آويزون شده بود، و سبیل پدرم را به یاد آوردم که سیگار می کشید، حوله را برداشتم، تصویر مسیح را در قاب گردی به شکل ساعت باد دیدم. موهای پدربزرگم در زنجیره ای بلند بسته شده بود و قسمت پشتی تصویر دختر با من کار می کرد. الیاس با من کار می کرد که من اولین باری بودم که سوار قطار شدم و این اولین بار بود که مدالی مثل این را می دیدم. اما من یک کولی شرقی، غریبه، غریبه با خودم هستم و کار روزانه ام این است که قطعاتم را در خیابان های غربت جمع کنم و از هم جدا کنم.




ناحاڵی.. جەلال عەبدوڵا ساڵح


ئەو شین دەکات، ئەمیش دەمرێت
براکەشی وتی: کوشتم!
شەهیدە بۆ ئەوەی نەمرێت
کۆیلە بێت؛ یاسا دەشکێنێت.


گۆرانی بوو؛لە ماڵی هەست
عەشق بوو؛ بۆ دڵ ی مەبەست
هەتاکوو شەرەف قیبلەت بێت
نوێژت بەتاڵە و بێ نوێژیت.


دڵ ی هەور؛ کە لێ ئەدات
خوێنی ئاو ە، دەیجووڵێنیت.
ژیان قەرزاری مردن بێت
چارە نییە دەبێت بدرێت


کاتێ کە تۆ گوڵێ دەکووژێت
ئازاری دڵی ئاو ئەدەیت
سەرشۆڕییە مرۆڤ هەستێت
ڕەحمی ئافرەت بسووتێنێت

غیر ممکن (بدحاڵی)
جلال عبدالله صالح


سوگواری می کند و امی می میرد
و برادرش گفت: من او را کشتم.
او یک شهید است تا به عنوان برده نمرد
او قانون را می شکند.


این یک آهنگ بود
در خانه عشق بود
برای قلب هدف، تا دعای شما
خالی و بدون نماز باشد.


قلب ابر که خون آب را می تپد
آن را حرکت می دهد. زندگی
مدیون مرگ است هیچ راه
حلی برای داده شدن وجود ندارد


وقتی گل ها را می کشند
قلب آب را درد می کنید
حیف است که یک فرد
رحمت زن را می سوزاند




خەوی باڵندە کانی نەنکم.. جلال عەبدوڵا ساڵح

(نەنک)م
بە باپیریم ی وت:

  • ڕۆژێ زەمیلەیەک
    میووەت بۆ نەناردم.
    ئێوارەی چوارشەمەیەک
    (باڵندە)کانی (باخ) ت ڕانەسپارد
    چوار گۆرانیم بۆ بڵێن.
    چوار جار
    پێت نەووتم:
    گوڵ و
    ژن
    ڕەنگییان جوانە
    یان
    بۆن

چوارشەممە ی ( ١٩٨٤)
“چوار” چرکەیی دەوویست
(گوند)ەکەمان ڕووناک ببێتەوە
“نەنک”م
بۆی گێڕامەوە:

  • هەر چوار براکەی
    لە چوار شەڕی جیاواز دا
    (چاو)ییان کوێر بووە
    (دڵ) یان
    تا ڕؤژی (قیامەت)
    بووراوەتەوە

“نەنک”م
هەموو چوارشەمەیەک
چارەکی بوویستایە بۆ پارشێو
دەچوو بۆ سەرتەنووری ژیان
چوار تەنەکە ئاردی ئەمڕۆی
دەکرد بە هەویر بۆ سبەی
چوار (نان) یشی دەکرد بە خێر
بۆ کۆترەکان
چوار ی کەش
بۆ نیشتمان


(نەنک) م
بەر لەوەی نان بکێشێت
چوار جار
دەی پێوا
پێش ئەوەی (بیسمیلا)ی
لە ئاو کا
چوار جار
دەگریا


(نەنک) م
تا
ژیا
لە (ئەنفاڵ) ی
ئاو
ترسا


کاتێک
چوار (سەعات)
لە خەو دا
دەمرم
لەگەڵ (باران) ی
شەو دا
(نەنک) م
دێت
بۆ
لام


رویای پرندگان

جلال عبدالله صالح


پدربزرگم
به مادربزرگم گفت:

  • روزی هیچ میوه ای
    برایم نفرستادی
    عصر چهارشنبه
    به پرندگان
    باغچه واگذار نکردید
    که چهار آهنگ
    به من بگویند.
    چهار بار
    به من نگفتید:
  • گل ها و
    زنان
    زیبا هستند
    یا بو می دهند.

چهارشنبه ۱۳۶۳ ثانیه های «چهار»
می خواستند
روستای ما روشن شود.
به او گفتم:

  • هر چهار برادر
    در چهار جنگ مختلف
    کور شدند.

«مادربزرگ»
باید برای پراکنش
زندگی مشکل ساز می شد،
امروز چهار تن آرد با خمیر
برای فردا درست می کرد و
چهار نان
برای کبوترها درست می کرد و
چهار تا
برای وطن.


قبل از اینکه
غذا بخورد،
چهار بار
صبر می کرد
قبل از اینکه بیسمیلا
چهار بار در
آب می جوشد.


مادربزرگم
تا وقتی
که آنفلون
آب می شد
از آب
می ترسید.




مەرگ، دۆستی.. جەلال عەبدوڵا ساڵح

چیت؟ لێم دەوێت:

  • وشە ی ڕۆمان
    گۆرانی مەل
    دڵ ی ژن
    دۆستی منن
    نەک جەنگ!

لەناو ئاو دا!
تەرم بۆگەن ناکا
وەرە پێکەوە
بچین بۆ ماڵ ی دەریا
ترسم! لەو پیاوەیە
تفەنگی پێ یە!


لە کۆڵانەکانی ژیان
دەنگی شەڕ دێت.
سەنگەرەکان دوورن؛
ژەهر ( با) ڕاو دەنێت
دووری نێوانمان
هێندەی درێژی تابووتێکە
من ئابڵووقەم
تۆ ئاگات لە خۆت بێت!


چەند جوانییت!
چی؟ بوو ناوت!
ببورە!
شەڕی سەگ ەکانی ئەو دوو ڕاوچییە
لەسەر لەزەتی چەند ئێسقانێک
لە بیری بردمەوە!


دان م ڕۆدەکەم
بۆ کۆترەکان!
کچ ەکەم ژان دەیگرێت
بەر لەوەی شەڕ کۆتایی بێت


پۆستاڵەکانی بۆ داکەند
پڕ بوون لە خوێن.
بە هاوڕێکەی وت:

  • جوانی مەرگ لەوەدایە
    ئیتر شەڕ نابینم

لە دوایی جەنگ
چەم چوو بۆ ماڵی باخ؛
پیی وت:

  • بۆنت خۆشە،
    شێوەت جوانە.
    چۆن ماویت!
    ئەو هەموو فیشەکەیان
    پیوەناویت!



شیعر/ نیشتمانی زیخ.. جەلال وەستا عەبدوڵا


ڕۆژگارێک
برای چەو و
پورزای لم بووم
نەنکم شەپۆل
باپیرەشم وردە بەردی کەناری چەم
خۆم زیخێکی چوارگۆشە بووم
بە زمانی ئاو ئەدوام
دەستم کورت و
سەرم دۆستی خۆرەتاو بوو
هاوڕێ
هاوشاری و
خزمیشم هاژەی ئاو بوون
بە ڕۆژ دەچوومە سەرپشتی گابەردێک و
یاریم بە پرچی خۆر دەکرد
شەویش تاریکیم دەپێوا و
هەتا باوێشک گازی دەگرت
پەنجەرەی مانگم دەژمارد

نیشتمانم قوڕی ڕەشی بێ خاوەن بوو
هەرکەس دەهات
شتێکی لێ درووست دەکرد
قوڕ وەک هەویر
یەکێک دەیکرد بە شەیتان و
یەکێکی کە بە حوشتری ماڵی حوسەین
لای چەپ دەکرد بە جنۆکە و
ڕاست بە ڕێوی ناو دۆڵ و شیو

ئێوارەیەک
شەپۆلێک هات پەلی گرتم
خستمییە ژێر سنگی پیری تاشەبەردێک
وونی کردم
لەوڕۆژەوە گوێم لە هەنگاوی
پێی هەورە و
چاوەڕێی ماچی بارانی گوندەکەمم
بیر لە ماسی دەکەمەوە و کانی کورە دەلاوێنم
بە خۆم دەڵێم:
ئاخۆ کەی بێت دەست بکەمە ملی لم و
تێر لەگەڵ چەو پێبکەنم
ئەوەی
لە قوڕ
دروستتیان کرد
بیڕووخێنم




نازانم! ئینجیل دۆستۆیڤسکی کرد بە نووسەر یان قومار … شیعر: جەلال عەبدوڵا ساڵح


فووم کرد
لەتۆزی ڕووخساری
تاوان و سزا
مناڵی خۆم بیرکەوتەوە
پیاوێک بە شڵەژاوییەوە
بەناو کۆڵانی گوندەکەماندا ڕایدەکردو
هاواری دەکرد:
خەڵکینە فریاکەون
“نادر”ە سمێڵ
دوێشەو لەناو جێگا
“ئافتاوی مینای”
بە تەور کوشت
ترسام!
خۆم شاردەوە
لەژێر کەواکەی دایکمدا
ئەو ترسە فێری دابڕانی کردم
وەک پێست و پەراسووم
نووسان بە ژیانمەوە
نازانم!
ئەم هەموو
لێکترازانی تەمەنە
چۆن؟ کۆبکەمەوە

ئەمشەو
قاچم بۆ دابڕان لە خۆم
تاقی کردەوە
گەیاندمییە
شەقامی سیبریای ژیان
جگە لە سێبەرەکەی خۆم
نە دۆستۆیفسکیم بینی
نە ڕاسکۆلینکۆڤیشا
سەیری ڕووخساری
جەلادی تەور دەکەم
لە ڕەنگی خوێنی
پیرێژنێک دەچێت
لە ماڵی مێژووی
تاوان و سزا
٢
گەڕانەوە بۆ لای مناڵیم

بە “پیچک”م ووت:
ئەو ڕۆژەی
قەمسەڵەکەی تۆم داکەندو
چوین بۆ ماڵی “ڕێواس” پێکەوە
کۆڵنجی ژیانم گرت
ئێستا لە نەخۆشخانەی تەنیایدام
هیچ دەرمانێکی ئێرە
وەک پێکەنینی تۆ
چاکم ناکاتەوە
کەی؟سەردانم دەکەیت
ئەو دوو باڵندەیەی
تۆ بانگت دەکردن
“بێوەی” و “هۆگر”
لەو ڕۆژەوە تفەنگ
ڕاویناون
بۆ من و تۆ
دەگرین
مانیان گرتووە
لە خوێندن
٣
سەما بۆ گوڵ

گوێم لە دایکم بوو
نزای دەکرد:
هیچ نەوەی ئادەمێک
هیچ زیندەوەرێک
ئازاری پێنەگات
کەچی لەناو پیاڵە چاکەیدا
لەتەنیشت سەرپۆشی
خەیاڵییەوە
مێشێکی دووگیان
باڵی مەرگی ڕادەوەشاند
بە دایکم وت:
نزا کردنت
مێشی
ڕزگار نەکرد
لە مەرگ
وەرە لەگەڵما
بڕۆین بۆ کەنار دەریا
گوێ لە باران بگرین
گۆرانی دەڵێت بۆ ژیان
سەیری سەمای
ماسی بکەین
بۆ ڕەنگی
کراسی مانگ
وەرە لەگەڵما
لەسەر سنگی
ئەم فەرشی دایک و فرزەنە
بە تەنها من و تۆ
هەڵپەڕین لەگەڵ
ئەو گوڵە ڕەنگاوڕەنگانەی
ئەم ئێوارەیە
بوون بە میوانی
پەنجەرەی
ژوورەکەمان




گەڕانەوەی ڕەنگ … هۆنراوە/ جەلال عەبدوڵا ساڵح

١
دەنگی سەربازی پایز لەدوور دێ

باخ ئابڵووقەیە، دێبەر دەترسێ

گەڵا باڵدەگرێ. لق قۆڵی دەشکێ

باخچه‌ سه‌رپۆشی سه‌وزی ده‌ژاکێ

کیسه‌ڵی پیری ژێر کۆتەرەی تەڕ

نازانێ په‌نا بۆ کام شوێن به‌رێ؟

ڕێوی سڵدەکات، چەقەڵ دەترسێ

گورگ ده‌لوورێنێ، گا ده‌بۆڕینێ

بۆق به‌ چه‌ند بازێ به‌ره‌و گۆم ده‌چێ

واز لە کوشتنی مێشوولە دێنێ

ماری کەنار گۆم،چاوی ده‌خورێنێ

بۆ ژێر گابەردی قەدپاڵ ‌ڕێ دەبڕێ

ده‌نگی بروسکه و‌ ناڵه‌ی هەور دێ

چه‌خماخه‌ ده‌ستی گڕی هەڵده‌بڕێ

کۆتر هێلانەی جوانی ده‌ڕووخێ

لە کۆشی حەوزا بێچووی دەخنکێ

کوونەبەبووی پیر باڵی لێکدەنێ

خۆشی نازانێ بۆ کوێ باڵدەگرێ

لای لووتکەی چیا، لە پاڵ قەدپاڵێ

هەڵۆ بۆ ڕاوی ئاسک دەگەڕێ
٢
لەدووای چەند ڕۆژێ خۆره‌تاو هەڵدێ

تارای بووکێنی سرووشت لادەبرێ

ماسی بۆ گۆمی قوڵ پێده‌که‌نێ

لووتی لە کەفی بەفرائاو دەخشێنێ

لە ژوور سەری باخ، باڵندە دەفڕێ

بۆ نیشتمانی دارستان ده‌چێ

لەبەردەم دەرگای کلۆره‌دارێ

له ته‌نیشت سنگی گابه‌ردی شاخێ

سمۆرە پشتی بۆری دەخورێنێ

بە شانی سەوزی لق پێدەکەنێ


ڕەش و سپی و بۆر کەروێشی لاڕێ

قونە قونە دەڕۆن کلکیان دەلەقێ

تا دەریا و باران، دارستان هەبێ

ژیان ناوەسێ و گۆرانی دەڵێ

پایز نا توانێ چیا ڕووخێنێ

هەموو دارستان لەڕەگ دەربێنێ

هۆنراوە/ جەلال عەبدوڵا ساڵح/ تۆرۆنتۆ




ئاونشین: تۆرۆنتۆ … هۆنراوە: جەلال عەبدوڵا ساڵح

١
نیوەشەو
کوشتی
شەپۆلێکی شێت
بێچووی
نەوڕەسێک
ئیتر هەرگیز
نهێنی خۆی
نەووت
بە ئاو
2
“مارف”ی هاوڕێم
خەڵکی ڕۆژهەڵات بوو
حەزی لە کچێکی
ڕەش پێست بوو
بەشەو
غەریبی یان ڕاودەنا
بە ڕۆژ
“هەتاو”یان ئەدواند
ئەوینی یان
گوڵێک بوو
لە ماڵی
شیعر
3
ڕۆژهەڵاتیم
ماڵی شەیتانەکان
گەڕام
بۆ تەنیایم
پێینەوتم
دۆستۆیڤسکی
٤
چل “ساڵ”ە
بیرەوەریم
ملوانکەیەکە
وا لە ملی
گوندەکەم
:




خۆزگەی زیخ شیعر … جەلال عەبدوڵا ساڵح

زۆر جار ویستوومە شیعر نەنووسم بەڵام کاتێک شەو گازی لێگرتووم پەنام بردۆتەوە
بۆ لای ئەمە دەلالەتی ڕاستگۆی شاعیرە لە گەڵ وشە و دنیایی نوسین، نهێنیەکە لەوەدایە
من بە پێی مامەڵەم و ناسیاوێم لە گەڵ دەقی شیعریدا بۆ ماوەی ٤٠ساڵ کەچی هێشتا
نایناسم هەر جارەی بە جۆرێک خۆیم پیشان ئەدات، جوانی شیعر لەودایە سنووری
نیشتمان و جیهان تێدەپەڕێنێت.

شیعر دەکرێت مەرگی کۆرپەیەک بێت پێش لەدایک وونی یان شۆڕشێک بێت دژی شتە
ناشیرینییەکانی ژیان، دەکرێت تەماشاکردنی تەرمی غوربەت بێت لەسەر تەختەشۆری
مەنفا، یان خۆزگەیەک بێت بە دەنکێک “زیخ” کاتێک مرۆڤ هۆشمەندانە هەست دەکات
بووەتە کاڵا.


خۆزگەی زیخ
شیعر {جەلال عەبدوڵا ساڵح}
تۆرۆنتۆ_ کەنەدا
١
ئەگەر
لە “ماڵ”ی ئاوەدانی
دەنکێک “زیخ ” دەبووم
‘پیاو’ێک
وەک سێبەری ‘برا’کەم
بە “تفەنگ’ی تۆڵەوە
دووام نەدەکەوت
جانتاکەم پڕنەدەبوو
لە ‘قالۆنچە’ی ‘غەریب’ی
ڕۆژی دەجار
لەبەردەم
‘گوڵ’ی ‘ژن’ێکدا
نەدەنووشتامەوە
بۆ تۆزێک پێکەنین
بۆ مشتێک دڵنەوایی
٢
ئەگەر “چەو”ێکی
ڕەنگ خۆڵەمێشی دەبووم
هەموو ڕۆژێک
خەمی باخچەم نەدەبوو
نەمدەوت:
ڕێحانە
بۆ بۆنی ناخۆشە؟
بە شەو بۆ تریفە”
میوانی دێبەرە؟
بۆ دەبێت
بە پەیژەی “مەنفا”دا
سەرکەوم
تا قەپێک
لە سێوی
“ئادەم”ی
شەڕ بگرم
٣
ئەگەر” زیخ”ی
ناو باوەشی
چەمێک دەبووم
نەمدەناسی
“تفەنگ”ی مەرگی کۆترەکان
نەدەبوومە هاوبەشی
“جەنگ”ی
“مرۆڤ”ە گۆشتخۆرەکان
کۆڵان بە کۆڵان
‘سەگ’ی حیزب
دوام نەدەکەوت
بۆنی نەدەکردم
لە بەردم کەلاوەی ژیان دا
“ڕێو”ی
مەزهەب
٤
ئەگەر
لە کەناری چەمێک
دەنکێک زیخ دەبووم
“ئاین”ی
بۆ دیاری نەدەکردم
“باوک”م
نووشتە”ی ” فێ”ی
هەڵنەدەواسی
بە شانی تەمەنم دا
“دایک”م
نەیدەیخستمە گۆڕەوە
“دەست”ی جەلادی باڵندە
نەدەگریام
بەلای باخی سووتاوی
گوندەکەم و
درەختی مێژووی
‘شەهید’ەوە
هەڵمنەدەمژی
ژەهری “شار”ی باپیرم
لەبەرچاوم دا
سەریان نەدەبڕی
بە شمشێری ئایەت
تاوسی
” زەردەشت”م
٥
ئەگەر دەنکێک “زیخ”ی
ئەسمەر بوومایە
لەسەر پشتی گەڵایەک
قاقا پێدەکەنیم
بە پشتی کووڕی
“با”ی ڕێکەوت
مژدەی ژیانەوەی ئاوی
بۆ دەهێنام
باران
کراسی ئاسوودەیم
لەبەر دەکرد
لەگەڵ گۆرانی هەتاو
دەچووم بۆ شایی
چەو و لم
٦
ئەگەر “زیخ”ی
ناو “تاق”ی
کەنارێک دەبووم
نە هێزی کارم دەناسی
نە حەپەحەپی
خاوەن گارگە
نە هۆشمەندیم
دەبەخشی بە پارە
نە دەبوومە هاوڕێی
“سەگ”ی مەنفا
چارەنووسم نەدەبووە
کەفی دەمی سەگێ
کاتێک
لە خاوەنەکەی دەوەڕێ
٧
ئاخ ئەگەر “زیخ”ی
ناو ‘حەوز’ی باخ دەبووم
نە چاوی
پڕ لە فرمێسک و
نە برینی پشتی
‘دەڵ’ێکم دەبینی
نە گوێم لە ‘مڵچەمڵچ’ی
‘دەم’ی تووتەڵەکانی دەبوو
نە پێیان دەوتم:
باخەوان
بارووت دەخاتە
ناو میوەوە
دەرخواردی
‘ورچ ‘ی
دووگیانی ئەدات
٨
ئەگەر “زیخ” ی
ناو “دڵ”ی
دەریا دەبووم
ئەوکاتە
دایکم
کتێبی گەڵای
بەرزنەدەکردەوە لێم
لەزەت لە میووەی
باخ نەبینم
براکانم
نەیاندەخستمە
سەر پشتی ‘با’ی ڕۆژگار
لە تەنەکەی “درۆ” یان نەئەدا
لە ناو شاری گەمژەیی دا
مناڵەکانی عەشیرەتم
نیشتمانیان ‘نەدەفرۆشت’
بە پێکەنینێکی
” گەمژانە”ی
ئاخوون
“هاوڕێ”کانم
لە گەڕەکی بیرەوەری دا
نەدەگریان
بەدوای تەرمی غەریبیم دا
٩
ئەگەر “زیخ”ی
ناو دڵی ئۆقیانووس دەبووم
ئەوکاتانەی بێتاقەتی
گەوجی دەکردم
دەستم دەکردە ملی
“لم”ی هاوڕێم
ئێواران کاتێک شنەبا
ماچی باڵندەکانی دەکرد
سەردانی
‘کچ’ی ‘چەو’م دەکرد
هەواڵی
باڵی شکاوی
شەپۆلم
ڵێدەپرسی
دەچووم بۆ گەڕەکی قەوزە
گۆێم دەگرت
لە گۆرانی بۆق
یاریم بە “سمێل”ی
مێشوولە دەکرد
خۆم هەڵئەدایە
سەر پشتی کیسەڵی پیر
لەم کەنارەوە دەیبردم
بۆ ئەوبەری قەراغ چەم
لەسەر برۆی قرژاڵ
دادەنیشم
تا بمگەیەنێتە
بنی ئۆقیانووس
بۆئەوەی تەماشای
شایی
“کیسەڵ” ی پیر بکەم
دەچووم بۆ ئاهەنگی ماسی
هەڵدەپەڕیم
لەگەڵ قرژاڵی حەوت سەر
بە “حووت”م دەوت:
بمهاڕە
قووتم بدە
تۆ لە مرۆڤ جوانتریت
“چەک” ت نییە بمکوژیت!




دەستگێڕ …. جەلال عەبدوڵا ساڵح

لە شەقامی کوێرەوەری
چاو دەگێڕم بۆ پینەچی!
دەڵیم ئاخۆ کەسێک هەبێ
هێندەی ئەو پێڵاو بناسێ

بەرگدروو چۆن دەتوانێ؟
بە تەقەڵ دەرزی بدوێنێ
میووە فرۆش چۆن دەزانێ؟
ترێ هەناری خۆشدەوێ
بۆ سەعات چی پێدەکەنێ
کاتێ قورمیش ماندەگرێ

شەقامی خەیاڵ جێدێڵم
دەگەمە لای
دەرگای پیری نادی شەوان
یەکێ جگەرەی
مەراق و ژان دەکێشێت
یەکێکی کە
هۆشی ونی میوانە لای
تۆزێک مەزە و
ڕۆحی پێکێکی ئێوارە
هەتا کەمێ
ژەهری ژیانی لابەرێت
منیش هەروا
بیر لە تەمەنی مناڵیم
دەکەمەوە
کاتێک لە دەستی شەیتانی
شار و باوکم هەڵهاتم و
له‌به‌رده‌م ده‌رگای باڕه‌کان
لەژێر بەفر و گەرما، باران
ڕادەوە‌ستام
دانە دانە
پاکەتی جگەرەم دەفرۆشت
بە پیاوە مەسته‌کانی شار
تا نیوە‌شەو
تا برسییه‌تی دەیگریاندم
پێڵاوی گە‌ڕی قومارچیم
بۆیاخ دەکرد
بۆ دوو
سێ
مشت
نووقڵی ژیان

جگەرەی ناو پاکەتەکان
هه‌موو سووتان
بوون به‌ دووکه‌ڵ
لەسەر شانی “با” دانیشتن
پێڵاوی ڕێ
ورگییان ته‌قی
بۆگه‌نییان کرد
پیاوه‌کانیش
هەندێ حوتی جەنگ
قووتیدان
هەندێکی کە
وەک چۆلەکە
بەرگەی ڕقی بەفری نەگرت
ڕەق بووەوە
هەندێکیشیان
بوون بە دەڵاڵی سەرمایە
که‌چی ته‌نها من مامەوە
بومه‌ بۆقی حەوزی ژیان



جەلال عەبدوڵا ساڵح – تۆرۆنتۆ




“پاسەوان” ی ژیان … “شیعر”ی جەلال عەبدوڵا ساڵح

١
“پاسەوان” ی
بەردەرگای
“لووت”ە
لەسەر سەکۆی
” لچ”
دانیشیووە
“سمێڵ”

٢
“مەشکە” ی
خواردن و
” ئاو”ە
“ماڵ”ی
“سپل”ە
سک

٣
“سەنگەر”ی
” دڵ”ە
بە دیواری
“پشت”ەوە
داکووتراوە
پەراسوو

٤
“مناڵ”ەکانی
“سەر”ن
“دووژمن” ی
یەکترین
“چاو” و
“گوێ”

٥
“کەوچک”ی
ناو” دەم”ە
“کلیل” ی
“دەرگا”ی
قسەکردنە
“زمان”

٦
هەرکەسێک
بمرێت
دەبێت بە کۆڵەکەی
“تابووت”
شان

٧
دانیشتووە
لەسەر “کورس” ی
گۆشت
“پورزا”ی
“ددان”ە
چاوەڕێی
“فەرمان”ی
“پەنجە”یە
نینۆک

٨
“هاوڕێ”ی
“خوێن”ە
“خزم “ی
“جگەر” ە
“سپڵ”




“سەفەر” ی “پور” م … شیعر: جەلال عەبدوڵا ساڵح

بە “سێبەر”ی
“درەخت”ەکاندا دەیزانی
تەمەنی دارستان
چەند سەدەیە؟
بۆ هاوینی خۆشدەوێت
میووە؟
کاتێک باڵندە دەیخوێند
بۆ “ئاو”ی دەکردە
“ئینجانە”ی بەرهیوان؟

“پور”م

لە” پایز”دا
گوناهی “مڵە”ی
باس دەکرد
بۆ دارهەرمێ
بەڕیحانە” ی” دەووت:”
نەتۆرێ لە ژن
تکای دەکرد لە لافاو
دەپاڕایەوە لە ئاو
ئاگایان لە گەرای ماسی بێت

“پور” م

بۆ ئەوەی پێکەنێت
باخ
حەوزی پڕکرد
لە “ڕەنگ”ی مانگ
پور”م”
هەموو”عەسر”ێک
باسی سبەینێی
دەکرد بۆ دایکم
جارێک
گوێم لێی بوو
پێێ ووت:
ئەوەندە
جگەرە مەنێرە
بۆ “ماڵ”ی گیرفان
دۆستی ژەهرە

تووتن

ڕەنگی “کراس”ەکەی بەری
هەناسەی هەور بوو
ڕەفتەی سەری
گەڵای ماڵی باخ بوو
“ڕۆح”ی
ڕەنگ”ی زەردەپەڕی”
کەنار چەم بوو

“پور”م

چوار “چەم”ی عاشقی هەبوو
“گوند”ەکەی
“پور”م
“مناڵ”ەکانی
هەمیشە شەڕیان بوو
کاتێک باران دەباری
دەپارایەوە لە سرووشت
هەر”چوار”یان
بکا بە یەک دەریا
لە تاو “خەفەت”ی ئاو
مرد “پورم”
“مناڵ”ەکانی
“چەم” یان دابەش
ماسیەکانیش
هەموو مردن

“دڵۆپ” ێک باران بوو
گەڕایەوە
بۆ لای دەریا
پورم
نە “دڵ”ی دەکرایەوە
بە ڕەنگی
کڵاوی سەری
براکانی
نە بە فێڵی زەردەخەنەی
کوڕەکانی
پورم
تۆزێک ڕەنگ بوو
لەسەر سنگی گەڵا
هەتاکوو مرد
ڕووی لە “میحراب” ی باخ بوو
کاتێک بەجێی هێشتم
لە “دڵ”مدا
ناشتم
تۆزی “تەرم”ەکەی
“پور”م




سەردانی گۆڕ … جەلال عەبدوڵا ساڵح

بە چەند هەفتە ؟
لاولاو
دەستی دەگاتە بەرهەیوان
پاش سڵاو کردن
لە گوڵ و گۆزە
سەری بنێت بە پەنجەرەی
دیواری گڵەوە
تەماشای نەنکم بکات
کوڕە کوڕ
بۆ بەرماڵ و
عەینەکەکەی
دەگەڕێت

چەند ڕۆژی پێدەچێت ؟
دایکم
کڵاوێک بچنێت
لە ڕەنگی مانگ
بۆ باوکم
ئەویش بەیانی جەژن
لە سەری بکات
بە کۆڵانی شاردا
ماڵ بە ماڵ بگەڕێت
بۆ مشتێک ئاشتی
بۆ گیرفانێک پێکەنین

چەند دەخایەنێت ؟
کچەکەی دراوسێمان
لە ڕەنگی هەتاو
سێوی بیرەوەری
بخاتە زەمیلەی
تەمەنەوە
بە دیاری بیبات
بۆ گۆڕستان
بۆ لای هاوڕێ
شەهیدەکەی

چەند دەخایەنێت
بگەمە گۆڕستان
گوڕەکەم بپێوم
کێلەکەم بکێشم

جەلال عەبدوڵا ساڵح_ کەنەدا_




چرپە … جەلال عەبدوڵا ساڵح


خوێنی
خاکە
شەهید

دڵی
گیرفانە
پارە

دایک
زمانی
ئەوینە

هێلکە
دەشکێت
قومری
دەمرێت

هەور
ئاسمانی
ڕاونا
گەڵا
با

چەم
دەشتی
پێوا
نەگەییە
دەریا

حەوز
قەوزە
ڕەنگ دەکا
بۆق
تێکی ئەدا

پێدەکەنێ
دەرپێ
بە شەڕی
پێلاو و پێ

جەلال عەبدوڵا ساڵح (کەنەدا)




خوێن و گەنە … جەلال عەبدوڵا ساڵح

لە دێگەڵە
بگرە و بێنە
سەری گەرمە
لە ناو بازنەی
مێژوی یەکدا
دەخولێنەوە
ئەسپێ و ڕشک
خوێن و گەنە
لایەک خڕە
ئەوی کەیان
پێچەوانە
ئەم لا برنج
ئەولا ماشە
ئەم بۆ تاران
پێبکەنێت
ئەولاکەی تر
بۆ ئەنقەرە
ئەم قەڵەم بێت
ئەو شمشێرە
کەچی سەیرە
بێیەکتری
نایان کرێت
خوێن و گەنە
تا کەس بە سڕیان
نەزانێت
ئەم دەیگرێت
ئەویکەیان
هەڵییەلوشێت
ئای لە گەمەی
بازنەی مێژوی
خوێن و گەنە
چەند شەرمنە
.
…..
جەلال عەبدوڵا ساڵح ( کەنەدا)




شەقامی بێنەوا … جەلال عەبدوڵا ساڵح

هەموو سەرقاڵین بە ژیانەوە

بۆیاخچییەک

سەرقاڵە بە کێشەی ڕەنگی بۆیەوە

ئافرەتێک

بەتامی شەرابی بیرەوەرییەوە

سۆزانییەک

بە چێژی پیاوێکی بەتەمەنەوە

باڵندەیەک

بە کوشتنی کرمی سپی دەریاوە

منیش سەرقاڵم

بە پێوانی گیای وشکی ژیانەوە

بزانم کەی دەگەمە سنووری سەوزبوون؟

بە ڕاکێشانی هێزی تەورەوە

تا لە فەلسەفەی بڕینەوە بگەم

من وام

گەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

زۆر جار

پەتای دڵەڕاوکێ

دەکەمە میزڵدانی خەیاڵەوە

پڕی دەکەم لەفووی داڵغە

لەم گۆشەی مەزهەبەوە

بەدوایدا ڕادەکەم

بۆ ئەو سووچی کۆمۆنستی

لەم بەرەبەیانی ڕۆژهەڵاتی جەنگەوە

بۆ ئەوبەری خۆرئاوای

ئەورووپای ئاشتی خواز

لە گیرفانی بەتاڵی بێنەوایەکەوە

بۆ بەردەم قاسەی بۆرژوایەک

لە گەڕەکی مەخسەرەی ژیانەوە

بۆ ماڵی شایی مەرگ

من وام

ئەگەر مرۆڤ نەبوومایە

وام نەدەبووم

من زۆر جار

فێی شەراب دەمگرێ

نووقوورچ لە بەرسیلەی هاوین دەگرم

قژی ڕەزی پایز ڕادەکێشم

وەک مێروولەی کوێر

شەیدای بۆنی گوڵی گەنمم

نە ڕەشەبا دەبینم

نە نیشتمانی خۆڵم

من فێی پێچەوانە دەمگرێ

بە تیرۆکی تەنیایی

پشتی تاوەی شەو دەشێلم

بە هەویری هەینی

مقاشی شەممە دەگرم

خوێی مەراق

دەکەمە ناو چایی شایی

سەری پەپوولەی نامۆی ئەدۆزم

بە دەستی چەم

گەرای بۆق دەژمێرم

من وام

گەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

لە شەوێکدا کە تۆ گۆرانی بۆ دراو دەڵێی

من شەقامی بێنەواکان دەپیووم

من بوخچەی عەسر دەکەمەوە

پڕە لە جلی خوێناوی ئێوارە

تا دیواری پارە هەبێ

لەیەک ناگەین

گوێم لێیە کارێکارەکان

سروودی کۆمۆنە دەڵێنەوە

سبەی ئاشتی

ژیان لەباوەش دە

من بەدیار گۆشتی سووتاوی جەنگەوە

دەبێت بگریم بەلای

خۆلەمێشی تەمەنی خۆمەوە

من لەبەردەم ئاوێنەی شکاوی ڕۆژگارا

لە خوێنی دووپشکی بریندار

لە کراسی پشکۆ

لە کێردی دوای شەڕ دەچم

من کراسی باران لەبەردەکەم

سەرلەماڵی گڕ ئەدەم

خۆڵ دەکەمە دەمی گۆڕەوە

تا برسی نەبێ

من وام

ئەگەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

من هەزار جار بە دەستی هەفتە

قۆپچەی کراسی هەینیم

سەربەرەوخوار داخستووە

من هەزارجار تاکەوتاک

کالەی عەسرم لەپێکردووە

وورتە وورت

گۆرانیم بۆ قیتاری شکاوی سەفەر وتووە

من هەزارجار بەدەم ڕێگاوە

لەگەڵ ئێوارەدا

کرتە کرت

نینۆکی چارەنووسم قرتاندووە

من وام

گەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

ژیان سەرقاڵە بەهەموومانەوە

مارکسییەک

وانەی سەرمایە لەبەردەکات

لینینییەک

تەڵەی سەرمایەداری دەوڵەتی دادەژێژێت

ستالینییەک

تابووتی مێژوو ڕەنگ دەکات

ئیخوانییەک

بێشکەی (بەنا) ڕادەژەنێت

عەشیرەتی

قوبادی جەلال ئابادی

نیشتمانی هەنگەکان دەفرۆشێت

باڵندەیەک

بیر لە ئاسمانێکی نوێ دەکاتەوە بڕفێت

منیش سەرقاڵم

بەژماردنی تەنافی خەیاڵ و

بۆنکردنی کراسی بارانەوە

بە تامکردنی خۆڵی گۆڕ و

چاککردنی پەنجەرەی شکاوی ژیانەوە

من وام

گەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

من هەزارجار وڕێنەی شێتانەم کردووە

لەگەڵ کچێکی مەکسیکی

لە واشنگتۆن

لە چیشتخانەیەکی لووبنانی

باسی تۆم بۆ دەکردووە

من هەندێک جار

پەتای هێڵنجی جەنگ گرتوومی

ڕشاومەتەوە بەسەر تەنافی عومری خۆمدا

ماڵی ژیان و

خاکی مێژووی خۆم پیس کردووە

من گێژم بە کارەساتی شەڕ و

تاعوونی تەمەن و

ژەهری دراو

من وڕم بە دڵەڕاوکێی مردن و

مۆتەکەی ژیان

ئەمەیە چارەنووسی من

گەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

من زۆر جار

فێی ڕۆژگار دەمگرێ

بە تیرۆکی خەیاڵ

پشتی تاوەی شەو دەشێلم

بە هەویری بەیانی

مقاشی ئێوارە دەگرم

خوێی شیرین

دەکەمە ناو چایی سوێرەوە

بە دەستی بای داڵغە

سەری پەپوولەی

دڵەڕاوکێ ئەدۆزم

گەنمی هاوینی تەمەن

دەبەم بۆ گارگەی هاڕین

گوڵی وشەی خەیاڵ

دەخەمە تەنووری شیعرەوە

بە قەڵەمی هۆنراوە

سەرسنگی با ڕەنگ دەکەم

من وام

ئەگەر مرۆڤ نەبوومایە

وام نەدەبووم
….

مرۆڤ بوونم

هۆشمەندییەکی گەوجانە بوو

ئەمە لە فەلسەفەی ئاوەوە فێربووم

لە قالۆنچەوە فێر بووم

چۆن بە سمێڵ

لە بۆن بگەم؟

من مرۆڤم

گەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

من ساڵێ لە حووجرەی

ڕۆمان نووسێکی* کوردا بوومە فەقێ

خودای وشەم بینی هەزار سەربوو

فێڵی ڕاوم بینی هەزار قاچ بوو

درۆی سیاسەتم بینی هەزار گوێ بوو

کوڕنووشی پارەم بینی لەسەر کورسی سەرۆک

بزەی ژیانم ناسی لە باوەشی برین

بە گۆرانی باخ گەیشتم لەسەر تەرمی گوڵ

هەرچیم کرد

لە نووسەرەکەی نەگەیشتم

من هەزار زستان

سەرمناوە بە دڵی تەرزەوە

نە لە نهێنی ئاو گەیشتووم

نە باران

من هەزار جار چاوم لێبووە

گەڵا فێڵی لە لق کردووە

بۆق چەمی ڕاوناوە

کرمی ماچکردووە

مێشوولەی لاواندووە

من هەزار جار چاوم لێبووە

تەرزە

خوێ و شەکری

لەناو مەنجەڵی ئاودا کوتاوە

پێست برینی گووشیووە

چەقۆی ماچ کردووە

من وام

گەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

من وام

من هەزارجار

بازم داوە بەسەر پشتی ڕەشەبادا

من هەزارجار لە کۆتەرەی بەڵا هەڵکەوتووم

من هەزار جار حەوزی سپیم

پڕکردووە لە قەوزەی ڕەش

لە موورووی مانگی خەیاڵ

لە هێلکەی بۆقی مەراق

لە کرمی ماسی تەنیایی

لە گرێی گەڵای بێزاری

من هەزارجار

لەبەرچاوی باخ دا

کراسی بارانم دادڕیووە

من هەزارجار

بەبۆق پێکەنیووم کاتێک

بۆ خەیاڵی لەزەتێکی چەند خوولەکی

شەوی پڕکردووە لەگۆرانی

من وام

ئەگەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

من چی لە چەمی شیعر بکەم؟

کاتێک گوڵی تۆی لانەبێ

من بۆ چەپڵە بۆ بارانی خەیاڵ لێدەم؟

کەلەحەوشەی تۆ نەبارێ

جگە لە گریانی تۆ

بە هیچ شتێک دڵم خۆشنابێ

بەجێم مەهێڵە

ئەی یاقووتی بنی دەریا

ئەترسم ساڵی نوێ

تامی ماچی تۆی لانەبێ

من لە ماڵی شەو

دەهەزارجار

شیعر و وشەم ئاشتکردۆتەوە

هیچم دەست نەکەوت

من دەهەزارجار

گرێیی تەنافم

لە مشتی بادا کردۆتەوە

لە هیچ نەگەیشتووم

من وام

گەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

ڕێکەوتی ژانی ژیان

مەنجەڵێکی قوپاو بوو

شەوێکی شێتی

هەزار و نۆسەد و پەنجاو شەش

کێشای بەسەرمدا

خۆزگە ئەشەوە

سیسرکێکی گەنم ڕەنگ بوومایە

تا دەمردم گۆرانیم

بۆ تەنافی پچڕاوی شەو بووتایە

تەنها کێشەم گرێدانی لیکی پچراو بووایە

نە جەنگی سەرمایەداریم بناسییایە

نە ئاڵای ئاشتی پڕۆلیتاریا

ساڵی نوێ لە دەرگا ئەدا

منیش سەرقاڵی بیرکردنەوەم

لەپەتای قالۆنچەیەکی ئاوس

من شیعرێکی هەزار سەرم

بەلەتێ چاو

درزی دیواری هەور

پەردەی ژووری باران

خوێنی سپی بەفر دەبینم

من گەڵایەکی سەرشکاوم

خوێنی ڕژاوم وا لەماڵی با

من ڕەنگی تەمێکی وەنەوشەییم

لە پشت سەری تاقی ئاوەوەم

من خەیاتێکی دۆڕاوی ژیانم

ئەوەتەی هەم

تەقەڵ لە پشتی دوورین ئەدەم

ڕاسیبم

من ژەهری ژێر دانی

نەهەنگکی پیرم

تا ئاو هەبێ دەژیم

من لەساڵی ڕابردوو

دەهەزار تەرمی برینم ناشت

دەرزەنێ گۆڕم هەڵدایەوە

بۆ تەرمی خۆم

من وام

گەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

جەلال عەبدوڵا ساڵح




مردووی دەستی ئاو … جەلال عەبدوڵا ساڵح

ئەو ڕۆژانەی بێکارم
سەرم کێژە و گیرفانم خاڵی
حەزم لە ترێ و پەنیرە
گوێ لە گۆرانی با دەگرم
بیر لە دانیشتنی
شەراب و زەردەپەڕ دەکەمەوە
دەمەوێت لە هێزی کار دووربم
جگەرەیەکی بێزاری بکێشم و
کەمێکیش پێبکەنم
لەکەناری شەقامێک
دەبمە هاوڕێی سۆزانییەک
ئەو باسی لەزەتی
جگەرەی شەوم بۆ دەکات
منیش چیرۆکی بێتاقەتی
کیسەڵێکی کوێری بۆ دەگێڕمەوە
پێی دەڵێم کیسەڵ بەوتەمەنە زۆرەیەوە
نە حەزی لە تامی ئاوە
نە لە هەناسەی زەوی
ئەی تۆ چیت پێیە بۆم باس بکەی؟
سۆزانییەکە جڕتێکم بۆ لێدەدات
منیش قاقا پێدەکەنم
کەسمان لەیەکتری ناگەین
زمانی فەلسەفە وادەڵێت

هەنگاوی غەریبی دەنێم
بە کچێکی ئەفغانی دەگەم
بۆنی پیچک و ڕێحانەی لێ دێت
ڕۆحم پڕدەبێت لە گۆرانی
بەدەم زەردەخەنەوە پێێ دەڵێم”سەلام”
ئاوڕم لێئەداتەوە و
وەک کچێکی کەنەدی بەدەستی
جنێوێکم پێئەدات
شەقامەکە پڕە لە پێکەنینی ژیان
لە ڕووم نایەت هەمووی بگێڕمەوە
لەوانەیە پۆلیس بمگرێت
لە کارگەش دەر بکرێم

دەڕۆم و هەنگاو دەنێم
لەدوورەوە دووکەڵی
جگەرەی پیاوێکی پیر دەبینم
لەگەڵ با سەما دەکا
دەمەوێت بڵێم ماندوو نەبیت
ئەی دڵی پیری
گوڵی فەرش
دەمەوێت لێی بپرسم
چۆن لە پەیوەندی گۆچان و هەنگاو بگەم؟
لەپڕ سەرێک بادەدا
دەڕشێتەوە بەسەر لاشەی سپی زەویدا
ئای بۆنی ڕشانەوەی پیری چەند پیسە؟
پێش ئەوەی بەجێی بهێڵم
فیکەیەک بۆ گەمژەیی خۆم لێئەدەم
….
دەکەومەوە هەنگاونان
لەپڕ سەگێکی تووکنی چاو کز
بەرەوڕووم دێت
بۆنی پانتۆڵی ڕۆژهەڵاتیم دەکات
لەوەدەچێ بمناسێتەوە
بە سمێڵ و کلکیدا
لە سەگەکەی بۆژێنا دەچێت
بۆژێنا مەسیحییەکی سپی بوو
من مووسووڵمانێکی بێنیشتمان
هەموو شەوێکی هەینی
کاتێک دەبوو بەشەڕمان
سەگەکەی دەبووە ناوبژیوان

لە تەمی تەنیایی خۆم دا وندەبم
دەگەمە کەناری چەمێک
بەفڵچەی ئاو
وەک مناڵ خۆم ژیردەکەم
باڵای دیواری با ڕەنگ دەکەم
نەخشەی جیهانێکی نوێ دەکێشم
بە گەورەیی ناوی خۆم دەنووسم
مردووی دەستی ئاو
ژەهری ناودەمی نەهەنگ
تا ماسییەکان تێر پێکەنن
بۆقەکانیش
تاهیلاک دەبن
گۆرانی بڵێن

جەلال عەبدوڵا ساڵح




شاتۆف لەچاوەڕوانیدا مرد …. جەلال عەبدوڵا ساڵح

شاتۆف
ئاو نەبوایە
بۆنی خوێن کاسی دەکردین
ئەو ڕۆژگارەی پێکەوە بووین
دڵمان بەوەخۆش بوو
کەباران دەباری
مژدەی ژیانەوەی پێبوو

شاتۆف

نازانم کەی تەواودەبم
لە گرێی تەنافی
ئەم کێشانە؟
شاتۆف
تۆ لە کوێی؟
لەکۆڵانەکەی ئێمە
هەموو ڕۆژێکی عەسر
مرۆڤێ لە برسا دەمرێ
ئێوارە لافاوی کارەساتێ
پێڵاو و عینەکەیەی ئەڕفێنێ
وەک ئەوەی ئیتر
کۆتایی ژیان بێ

شاتۆف

لەنیوەشەودا
لەودیوی پەنجەرەکەمەوە
دەنگی گۆرانی دەبیسم
ژنێک گیتاری ئومێد لێدەدا
مناڵێک لەدایک دەبێ
ئەوە مژدەی
ژیانەوەی ئێمەیە هاوڕێ

شاتۆف

باوکی تۆیان کوشت و
ئەوەی منیان خنکاند
بەیانییەکی پایز بوو
چاومان لێبوو
تاک تاک کۆترەکان
ئەگەیشتنە ماڵی ئاو
تازە بەیانی کراسی تەمی لەبەرکردبوو
من و تۆ لەترسی نەهەنگەکان
تا ناوەراستی چەمەکە هەڵهاتین
لەوێ لەیەک دابڕاین
هەرلەوێش زانیمان
دیجلە و فورات
دوومناڵی
خێرنەدیوی
ڕۆژهەڵاتن

شاتۆف

چەند کاتژمێرێک ماوەم بدەرێ
هەتاکوو خوێنی شووشەی
پەنجەرەکان دەسڕم
ئاوی ڕێحانە و گوڵی
ئینجانە شکاوەکان ئەدەم
هەتاکوو لێدەبمەوە لە ڕۆکردنی گەنم
بۆ کۆترە باڵ شکاوەکان
هەتاکوو پیلی سەعاتی
سەردیوارە ڕووخاوەکەی ڕۆحم دەگۆڕم
سەگە ئەڵمانییە نەخۆشەکەم
ئەبەم بۆ سەرئاو و
کەمێک گاڵتەی لەگەڵ دەکەم
ئاخ شاتۆف
چۆن بتگەمێ؟
گرێی تەنافی ژیان
پڕە لە تەڵەی تاوان

شاتۆف

چەند ڕۆژێ ماوەم بدەرێ
هەتاکوو زەرفێ
مۆزی پلاستیک دەکڕم
بۆ وەچەی مەیموونەکانی هاوڕێم
هەتاکوو فوودەکەمە میزڵدانی
مناڵە کوێرەکەی دراوسێم
هەتاکوو میووەی گەنیووی
دووکاندارە ئەفغانییەکەی ناسیاوم
ئاشت دەکەمەوە
بە سەلاجە قۆڵ شکاوەکەی تەنیشتم
هەتاکوو کەمێک
گوێ لە گۆرانییەکی ژنانەی
زەکی موران دەگرم
دووا بەشی ڕۆمانە شێتەکەی
دستۆفسکی تەواو دەکەم
نووقوورچێکی پێچەوانە
لە گوێچکەی خەیاڵی دەگرم
ئاخ شاتۆف
ئەو ڕۆژەی وشەی نامەکانت
لەگەڵ خوێنی
کۆترە سەربڕاوەکان تێکەڵ بوو
ئەوە سەرەتای کارەساتی
دابڕانی ئێمە بوو

شاتۆف

چەند هەفتەیەک ماوەم بدەرێ
هەتاکوو دەرمانی نەخۆشییەکەم تەواودەکەم
لە پیاوێکی مارکسی
تۆزێ پارە و
کراس وپانتۆڵێکی
بەلشەفیکی قەرز دەکەم
وەک لێپرسراوێکی سیاسی ڕۆژهەڵاتی
لە ڕەنگی ڕێحانە
سمێڵ و سەرم بۆیە دەکەم
گیرفانم پڕدەکەم لە داڵغەی پارە
قیت قیت
وەک کەلەشێری دۆڕاوی دوای جەنگ
بیرەوەری ئەو شەقامەی
پشتی پڕە لە زامی پێ
ئەگەرمە کۆڵم و
بەرەولات
دەکەومەڕێ

شاتۆف

کەمێ ماوەم بدەرێ هەتاوەکوو
عەینەکەکەم دەگۆڕم بە ئەمریکی و
دانە دانە
دانەکانم دەردەهێنم و
لە منەتی خوا دەرئەچم
چاڵی کەلاوەکانی پووکم
بە مشتێ خۆڵەمێش و خۆێ پڕدەکەمەوە
تاقمێکی ئیتالی درووست دەکەم و
گوێز و قەسوانی کارەساتی پێدەشکێنم
پاشان کڵاوە ڕەنگاوڕەنگە
غەریبییەکەم لەسەردەکەم و
بەرەولات دێم

پەلەم لێمەکە شاتۆف
هەتاکوو بوتڵێ شەرابی مەرگ دەکڕم و
سەرێک ئەدەم لە شایی خوێن
سڵاوێک دەکەم لە لۆتی ژیان
تەلەفۆنێک دەکەم بۆ هاوڕێ کرێکارەکەم
باسی پاریسی ئێستا و
کۆمۆنەی کۆنی بۆ دەکەم
هەتاکوو دۆستێکی ستالین دەبینم و
هەواڵی سیبریا و ترۆتسکی لێدەپرسم
هەتاکوو مژێک لە ژەهری
ئەم تەنیاییە ئەدەم و
ژمارەی هەنگاوی
سەفەرەکەم دەژمێرم

شاتۆف
چەند مانگێک ماوەم بدەرێ
هەتاکوو لەم دوودڵییە ڕزگارم دەبێ
کراسی غەریبیم کۆندەبێ
هەتاکوو پەراسووی گەڕم
ئەگات بە پشتی کووڕم
گوێچکەی شێتم دەکشێ
تا سەروی لووتی نەخۆشم
هەتاکوو پەنجەی تاوانم
تف دەکات لە نینۆکی پیرۆزم
هەتاکوو برۆم
یاخی دەبێت لە چاوم
قاچ
لە ڕێگای چەواشەم و
سەرم
لە پەتای فەلسەفەم

شاتۆف

پەلەم لێمەکە هەتاکوو ڕادێم
بە مەکری پێکەنین و
دەق دەگرم بە گۆرانی مەرگەوە
هەتاکوو شەبقەی حیزب فڕێئەدەم و
کرمی مەزهەب
لە ڕۆحم دا دەکوژم
هەتاکوو لەفێی ئەپارتمانی
ژمارە چل و پێنج
ڕزگارم دەبێ و
خانوویەکی خەیاڵی گاڵتەجاری
لە کەناردەریای بێکۆتایی بنیات دەنێم
پڕی دەکەم لە سیسرکی سپی ئاشتی و
نیوەشەو بەدزی تاریکیەوە

سەمایان بۆ دەکەم
بەرهەیوانە ڕووخاوەکەی ئەدەم بەکرێ
بە خوێنەرێکی گەمژەی کافکا و
گوێ لە درۆی
ژیانی دەگرم

شاتۆف

پەلەم لێمەکە
هه تاکوو دەستی چەپم
ئاشت کەمەوە بەڕاستم
گوێ لە سکالای گۆرەوی و
پێڵاوی تەنگم دەگرم
هەتاکوو تەواودەبم
لە ژماردنی مووسی سپی
سەری کاسم
ئاخ شاتۆف
چیت لێم دەوێ؟
سیسرک
پاش قەڕنێ
بە شایی نیووەشەو
شادئەبێ

شاتۆف

کەمێک ماوەم بدەرێ
پارچەیەکی لەشم
لەشوێنێک لێبەجێماوە
دەگەڕێم نایدۆزمەوە
لەوانەیە لە ژووری
پۆلیسی تاوان بێ
یان لەسەر کورسی
شەمەندەفەری
ژمارە پەنجاو شەشی تەمەنم بێ
لەوانەیە لای بۆن فرۆشەکانی
قەیسەری نەقیب
لە کووچەی عەرەب لای ماسی فرۆشەکان
لەژێر قۆڵی شکاوی لقێ گیا
یان لەسەر تەپڵەکێکی پیر
لەپاڵ پیاڵە و ژێرپیاڵەیەکی ڕۆژهەلاتی
لەوانەیە ئەوڕۆژەی چووم ( ڕ ) ببینم
لەلای سەرپۆشەکەی دایکی
لێمبەجێمابێ

شاتۆف

چەند ساڵێک ماوەم بدەرێ
هەتاکوو ئەم سەرمای
کارەساتانە بەسەردەچێ و
لە ژماردنی گوڵی
باخچەی ماچەکان و
لە جەنگی کێچی
کۆڵانەکانی پشتم
تەواو دەبم
هەتاکوو ئاڵۆشی پێستم
کەمێ ئارام دەگرێ و
چنگی بێزاری
وازم لێدێنێ
هەتاکوو مەنجەڵی ئاشتیم
دێتە کوڵ
ئەوکاتە مژ لە جگەرەی
گەوجیم ئەدەم و
بەرەولات دێم

ئاخ شاتۆف

بێزار بووم لە گرێی دووبارە
لە پەتای سیاسەت
لەتەڵەی پارە
لەفێڵی قاتلەبەرێکی
چاوشینی مارکسی
شاتۆفی ئازیز
هێندەی باوەشی چاوەڕوانی
ماوەم بدەرێ
هەتاکوو پێت دەگەم
وەکوو جاران نەماوم
ئەترسم لە لاشەی سەربازە توڕەکان
لە گوڵی سەرگۆڕی کاپتنە دۆڕاوەکان
لەسێبەری سەنگەرە ڕووخاوەکان
لە قۆناغی تفەنگە سووتاوەکان
پێم لە هەنگاو دەترسێ و
چاوەکانم کز بوون
شەقامەکان پڕبوون
لە دز و پاسەوانی سوڵتان
ئاخ شاتۆف
بڕم لە دووبارەی تاوان

شاتۆف
چاوەڕوانم بە
کەی جەنگ کۆتای هات
پاکەتێک
نووقڵی بیرەوەری
زەرفێک
خەیاڵی قاوەیی
زەمیلەیەک
دڵەڕاوکێ و
پڕگیرفانم
گەزۆی خەم و
ئاوارەییت
بۆدێنم

ئاخ شاتۆف

لەوانەیە هەرگیز
بەیەک نەگەین
لەوانەیە چەتەکانی جەنگ
لەڕێگا بمکوژن




ویستت ژیان ئاشکەیتەوە … جەلال عەبدوڵا ساڵح

ویستت باران بگریتەکۆڵ
بیبەیتەوە بۆ باوەشی
دارستانی تینوو و ماندوو
تاوس ئاشتکەیتەوە بە ڕەنگ
مەل بە باخ و
عەتر بە بەرکۆشی گوڵ و
باران بە چەم
حیزب نەیهێشت
ویستت مۆسیقا بۆ دەریا و
کارێز بەریت
حەیران فێرکەیت
گۆرانی بۆ ئافرەتێکی شنگال بڵێت
دەنگ
بخەیتە ڕۆحی تەپڵ و
ئاواز ببەیت بۆ لای گیتار
حیزب زمانی داخ کردیت
ویستت قووڕگی با دەربێنیت
گڕ بخەیتە دەمی ووشکی
گێژەڵووکە و
تۆفان ڕاونێیت
زریان بگریت
لە پێش چاوی دارستاندا
قۆڵبەستی کەیت
خۆڵی گریاو
بخیتە گیرفانی شەهید
لە عسرێکی خۆڵەمێشی
مناڵەکانی ئەنفالی
ڕووت و برسی
ببەی بۆ ماڵی ئایەتی
پیری مێژوو
کوبانی بگریتە کۆڵت
ماڵ بە ماڵی شار بیگێریت
بۆ باوەشی نیشتمانی
ماندووی بەریت
حیزب مووچە نانی بڕیت
قەڵەمی هۆشی شکاندیت
هەتاکوو تۆ لای حیزببیت
ئەبێت تف کەیت
لە شاعیری بەرز و یاخی
لە وشەی گڕ
لە ڕۆحی ئاو
لە چڵێ گیایی
سەوزی ماندووی
بەرخۆرەتاو
ئەبێت ڕقت
لە تریفە و
پێکەنینی ئەستێرە بێت
ئەبێت باڵی فڕینی هەنگ
مەلی ماندووی ناو ماڵی باخ بقرتێنیت
ئەبێت ڕۆحی سەوزی دێبەر بسووتێنیت
ژەهر خەیتە دڵی فیشەک
کوشتن بکەیت بەخەمخۆر و
هاوڕێی تفەنگ
مرۆڤ
ژیان
باخ
باڵندە
دڵی ماندووی خۆر بکوژیت
هەتاکوو تۆ لای حیزببیت
ئەبێت سەربازی تۆڵەبیت
گرێ و پەتی سێدارە بێت
هاوڕێی جەلاد
دز
خۆفرۆش
تاڵانچی بیت
ئەبێت کوێر و دەستەمۆ بیت
چاوساغی ڕێی بێگانە بیت
بۆ سەرۆک و
کۆشک و
دراو
کوڕنووش بەربیت

جەلال عەبدوڵا ساڵح




غەریبی ڕاوم دەنێ … جەلال عەبوڵا ساڵح

نازانم من بۆ وام
ڕۆشتم و وەک باڵندە
ڕووە و دەریا
سەری غەریبیی خۆم هەڵگرت
شایی باخم بەجێهێشت
وەک دیجلە دەستی فوراتم گرت
وەک چرای ئاشتبوونەوە
ئێوارەیەک بەدزی زەردەپەڕەوە
تیشکم ڕژایە ڕۆحیی ئۆقیانووسێکی پیرەوە
کەچی هەر غەریبم بە خۆم
کەچی هەردەڕۆم و بە کەفی دەمی دەریا ناگەم
کەچی هەر بیر
لە گوناهەکانی با پیرم دەکەمەوە
کەچی هەر خەیاڵ دەمباتەوە
بۆ بەزمی
گلەیی
گۆزە و کانی
بۆ گۆڵمەزی
نیشتمان و بیرەوەری

ئەی جەلادی دابڕان
لێمتێبگە
کراسێکم لەبەردایە
نە شمشێری برووسکە دەیبڕێت
نە قەمەی زریان و تۆفان
پێڵاوێکم لە پێدایە
لەچەرمی گابەرد
لە پێستی داربەڕوو
لێمتێبگە
ئەی جەلادی دابڕان
کە برسییەتی گەوجم دەکات
دەستی خەیاڵ درێژ دەکەم
بۆ لیرەی کڵاوە کۆنەکەی نەنکم
وەک پوولە تۆپیووەکەی ناو دەستی باوکم
ژیان جڕتم بۆ لێدەدات
لێم تێبگە
ئەی ڕۆحی دابڕان؟
تامەزرۆ بە ژان
لەم دنیا جەنجاڵەدا
چرکەیەک خۆشحاڵیم هەبوو
هەزار ڕۆژ گریان

من لە نیشتمانی داربەڕوو
گەورەبووم
لەشم چرنووکی ڕەشەبایە
کلیلی دابڕانم ونکردووە
کۆڵانەکانی هەور
گیرفانی گەڵا
ژێر بنی پێی با
مشتی تەزیوی زەوی
جانتای سەفەری تریفە دەگەڕێم
نایدۆزمەوە

چ کارێکی شێتانەیە پیشەی من
بە شەو گوێدەگرم لە گۆرانی بۆق
بە ڕۆژ داڵغەی کیسەڵی پییر دەژمێرم
نیووەشەو دەمەوێت شەقامەکان هەڵبگێڕمەوە
حەزدەکەم بنی پێیی با ببینم
من چێژ دەبینم لە پێچەوانەی شتەکان
دەمەوێت لەقە بدەم لەسەر سنگی شەقامەکان
حەزدەکەم خۆڵ بکەمە دەمیانەوە تا دەمرن
ئەوەتەی شەقام هەیە
پشتی فەرشی
پێڵاو و پێیە

من چەند خڵەفاوم بە فێڵی ژیان
لە مشتی کام ڕێکەوتتی شێتدای
ئەی جەلادی دابڕان؟
ئەی نوقڵی بەسەرچووی
سەر ڕەفەی دووکانە ڕووخاوەکانی ڕۆژگار
ئەی هەڵمی حەڵوای پاش مەرگی ئازیز
ئەی دووکەڵی جەنگی سەرشانی با
هێزم نەما
هێندە لە دەرگای شکاوی تۆمدا

تەماشا غەریبی چۆن ڕاوم دەنێت
کەی گەڵای ئەنفال
وەک منی بەسەرهات؟
لەگەڵ هێزی سەربازی با
کەی گەمێ وەک من شکا؟
کەی چەتر وەک من دڵی قووپا؟
بە چەپۆکی فێی ڕەشەبا

ئێرە سەزەمینی پێکەوە ژیانە
یان گەنجینەی دزی و تاوانە؟
ئێرە کوانووی خۆڵەمێشی
ژەهر و جەستەیە ؟
لێمتێبگە ئەی جەلادی دەبڕان
لەم مەملەکەتی وێرانەیە کەسێک ناناسم
جگە لە چاوێکی کزی کوونەبەبوو
گۆچانێکی پیری هەنگاوێکی هیلاک
جگە لە دڵێک لەڕەنگی ئاو و
نوورێک لە ڕەگەزی هەتاو
تەنها سامانم ژیانێکی پوچ بوو
بەخشیمە عەسر و
ئێوارە چەقەنەی بۆلێدام
دەزانم کە مردیشم
ماڵی دەریا گۆڕم دەبێت
نەهەنگی پیر خوێنم دەخوات
زریان ئێسقانم دەهاڕێت

….

ئەی جەلادی دابڕان
لێمگەڕێ هەنگاو بنێم
بگەمە تەقسیم
نوری هەتاوی
عەسرێکی غەریب
وەک هەڵمی دەمی دەریا
بئاڵێنم لە ڕۆحی ماندووم

ئێرەیی دەبەم بە ئەستەمبوڵ
شەو تا ڕۆژ دەبێتەوە
هەزار ئەستێرە ماچی دەکا
عەسر و ئێوارە
سەر دەخاتە سەر ڕانی
بەرەبەیان شەپۆل ڕایدەژەنێ
بە دەستی ئاو
دیواری با و
شەپۆلی شێت دەژمێرێ
کاپتنی خنکاو دەردێنێ

….

ئێرەیی بە باڵندەی ئەستەمبوڵ دەبەم
ماچێکی بە پەلەی
ڕومەتی کەنار دەکات و
باڵدەگرێ
ئێرەیی بە بەلەمێکی
شان شکاو دەبەم
لە ماڵی ئاو
ئافرەتێکی ئازەری
دەیلاوێنێ

….

ئەی جەلادی دابڕان؟
کێ بیر لە منی
هەمیشە غەریب دەکاتەوە؟
من تەمێکی وێڵ
زیخێکی سەرشکاو بووم
من بەفرێکی قوڕاوی
سەرشانی چاکەتێکی دڕاو
قۆڵی قرتاوی
جەنگی بۆرژوا بووم

نازانم من بۆ وام
پێم خۆشە بۆ هەمیشە بڕۆم
هەرگیز نەگەڕێمەوە
بێزارم لە دووبارە
حەزدەکەم وەک قاڵی
عەسر لوول کەم
بیخەمە سەرشانی ئێوارە و
هەرگیز نەگەڕێتەوە
پێم خۆشە وەک توتن
بەیانیان بکوتم
لە بەرتیشکی دوانیوەڕۆ داینێم
بێتە هەڵم و
هەرگیز دوبارە نەبێتەوە
دەمەوێ قاچم ببڕمەوە
هەرگیز پێڵاو نەبینێ
بێزار بووم
لە پرسیاری ژمارە
بێزار بووم لە جەنگی
گۆرەوی و پێ
هەنگا و و ڕێ

ئەی جەلادی دابڕان
لێمتێبگە
دەمەوێ ژیان ڕەنگ کەم
بە بۆیەی ئاسمان
دەمەوێت دەرگای
کۆڵانەکانی تاوان داخەم
بە دەستی ئاشتی
دەمەوێ خەیاڵ
وەک کاغەز گرمۆڵەکەم
بیخەمە ناو دەمی (با) وە
هەرگیز نەیبینمەوە
دەمەوێ بڕۆم
دوور دوور بڕۆم
بەسەر پردی
درۆی ژیاندا باز بەم
کەس نەبینمەوە

هێشتا دووکەڵی تەرمی
جەنگی دووبرا
وا لە ژوور ئاسمانی
تاران و بەغدا
هێشتا پەتی ملی
ڕابەرێک و شاعیرێ
وا لە چەکمەجەی
ئەفسەرێکی مەزهەبیدا
هێشتا دڵی کتێبی
(هەنگاوێک بۆ پێشەوە و
دوو هەنگاو بۆ دواووە)
بۆ هەزاران ستالینی مێژوو لێدەدا
هێشتا قاچی قرتاوی
سەبازەکانی جەنگ
ئەوەتا لە ناو سکی
خوێناوی
دیجلە و فوراتدا

کێ هەناسەی غەریبیم کۆکاتەوە؟
بۆ هەرلایەک دەڕۆم
کارەساتی جەنگە
دەگەمە ڕۆحی بەغدا
دەچمە لای ئەبونەواس
بۆنی هەناسەی ماسی
کوژراو دەکەم
سەرئەدەم
لەماڵی مێژووی
نازم غەزالی
دەگەڕاێم بۆ ڕۆحی زیندووی
مۆسیقا و گۆرانی
مایە پووچم
بەشەقامی جمهوریدا
سەربەرەو ژوور هەنگاو دەنێم
پرچی خوێناوی
فورات و
قۆڵی شکاوی
دیجلە دەبینم

….

ئەی جەلادی دابڕان
ئێرە سەرزەمینی بارووتە
بەغدا بۆنی
تەرمی مردووی لێدێ
بەغدا ناناسمەوە
پڕ بووە لە گوناه
پڕ بووە لە نزا
بە فڵچەی دین
شەو مەلای سعوودیە
بۆیەی دەکا
بە ڕۆژ
ئاخونی تاران و
بەغدا

….

ئێوارە درەنگانێ
بابلم جێهێشت
گەیشتمە لای
هەولێری مێژوو
زەردەخەنەی گۆڕابوو
هەنگاوی پێچەوانە دەنا
نەلە ئامەد و
سنە دەچوو
نەلە قامیشلی و
سلێمانی

باوەشم گرتەوە
بۆ پشتە کوڕەکەی قەڵا
حەزم لە برنج و شلەیەکی
تەیراوا بوو
ڕیقنەی باڵندەکان
بارێن بەسەرما

هەنگاومنا
بۆ بازاری بیرەوەری
ویستم هەولێر ماچ کەم
نەیناسیمەوە
پاڵتۆیەکی
ڕەنگ خۆڵەمێشی
لەبەردابوو
ئەنقەرە بۆی دووری بوو
قۆپچەکانی
سەربەرەو خوار
داخست بوو

قەڵام بینی
بە پشتی کوڕەوە
بەدزی جەلادەکانی خێڵەوە
مێژووی زەردەشتی دەخوێندەوە
گەیشتمە گەڕەکی شێخەڵا
حەماڵە برسییەکان
توڕە بوون لە ئارد
شەراب لە ڕەز
ئاو لە دەریا
خەڵک لە قالۆنچەی سووپا

ئێوارە قەڵام جێهێشت
گەیشتمە لای گۆیژە
کۆشی پڕ بوو
لە زەنگیانەی شکاووی مێژوو
چاوی پڕ بوو
لە دووکەڵی دزاوی کوانوو

لە دوورەوە
سەیری پارچەی شکاوی
ئەستێرەی سەرشانی
سلێمانیم بینی
خەم دایگرتم
ئەسحابە سپی
وەک بنی مەنجەڵ
ڕەش هەڵگەڕابوو
کەلاوەیەک لە باوەشیا
جنێویدەدا
بە دەوڵەتی خێڵەکی
قالە گازی دەگرت
لە پشتی پیری
ئەسحابەسپی
جنێوی دەدا
بە عابا و مێزەری
پیاوی مەزهەبی
تفی دەرکرد
لە سەرکردەی
دۆڕاوی سیاسی

هەروەکو جاران
ڕۆشتم بۆ لای
قەیسەری نەقیب
ڕێحانە بێزار بوو لە بۆن
وسمە و خەنە
لە سمێڵی
پیاوی گەمژە

لە قەیسەری نەقیب
کامەرانم ناسییەوە
چاوی کز بوو
ڕێشی مەزهەبی هێشتبووەوە
پێیان ووتم:
سی ساڵە
لە دوکانێکی سێ گۆشە دا
دیواری سەلەفی
ڕەنگ دەکا

ڕۆشتم بۆ خوار خانەقا
جەمالی هاوڕێم بینی
کزکز لەبەردەم
مقەڵی بێکاریدا دانیشتبوو
شانی داڵغەی
خستبوو سەر شانی عەرەبانەکەی
گوێ لە گۆرانی
خۆم و عودەکەم دەگرت
هەنگاوی ڕێبوارەکانی دەژمارد
جەمال ئەگەر
فکری پەرتووکی
بەلشەفیکی بفرۆشتایە
ئێستا ڕاوێشکاری
سەرۆک بوو
ئەندامی شوورای
دەوڵەت بوو

ئەی جەلادی دابڕان
هەرکۆڵانێکی ئەم سەرزەمینە
بۆنی ژەهر و بارووتە
دەگەڕێمەوە بۆ ماڵی ئاو
بۆ لای ڕۆحی دەریا
دەگەڕێمەوە بۆ ئاسمان
کەمێ تەمەنم ماوە
دەیبەخشمە باران

جەلال عەبوڵا ساڵح
٢٠١٦-٢٠١٧ تۆرۆنتۆ




کاری سەدەکانم …. جەلال عەبدوڵا ساڵح

کاری من
سڕینی پەنجەرەی
ئارەزووی پاشا
تەماشای مێژووی
جەنگی کەڵەشێری
سەدەکان نییە
کاری من ئەوەیە
هەشت کاتژمێری
هەنگوینی
ژیان بفرۆشم
تا نیوەشەو دەخەوێت
چرکەی دڵی
مەکینەی کارگەکان بژمێرم

کاری من ئەوەیە
لە ڕۆژی زریاندا
وردببمەوە
لە مێژووی فەلسەفەی
سەفەری با

کاری من ئەوەیە
تاقی ڕەشی
ژیان بۆیەکەم
تالەنهێنی ڕەنگی
ئاو بگەم

کاری من
تامردن
گوێگرتنە
لەبیرەوەری گۆرانی کچێک
وەک نهێنی سیحری شیعرێک
لە مناڵییەوە خۆشم دەوێت

کاری من
ئاشت کردنەوەی
سیحری ڕەنگ و
باڵی شکاوی خوێناوی
تاوسێکی غەمگینە
گرێدانی
دڵی تەلێکی پچڕاو و
تاڵی ڕۆحی
گیتارێکی نەخۆشە

کاری من
سپاردنی نووقڵی
بیرەوەریەکانی تۆیە
بە تاقی غەربیی ڕۆحم

کاری من ئەوەیە
وەک مناڵ دەستی
کەمانێکی تەنیا بگرم
بیبەمەوە بۆماڵی
شایی و گۆرانی



جەلال عەبدوڵا ساڵح




دوکەڵی جەنگ … جەلال عەبدوڵا ساڵح

لە بەرهەیوانی ماڵی باپیرم
چای ژیانم دەخواردەوە
جەنگ لە دەرگای شاریدا
تەنها هاوڕێیەکم مابوو
لە کاروانی ئەنفال گەڕابوەوە
جەنگ لەگەڵ خۆی بردی
بۆ سبەینێ
لەگەڵ گۆرانی دوانیوەڕۆدا
تەرمەکەی فڕێدایە
ناو کەلاوەی مێژوومەوە

من سەرقاڵی شکاندنی
قەفەزی باڵندەکان بووم
گوێم گرتبوو
لە سکاڵای کانی
لە گۆرانی قومری
جەنگ لە دەرگای شاریدا
بارەگای دینی کردەوە
پێشەوای مەزهەبەکانی
کرد بە کۆمۆنیست
مەیفرۆشەکان بە ئاخون
سەعات فرۆشەکان بە سەرکردە
شاعیرەکان بە جەلادی مێژوو
دارستان بە کەلاوە
ژێر زەمین
بە شوێنی سەما و خواردنەوە

من لە جەنگ هەڵهاتم
ڕوم کردە ماڵی ئاو
تەنیایم خستە سەر شانم
غەریبی بە هاوڕێی سەفەر
چ کارەساتێ ڕویتێکردم
دو ئۆقیانوس دەبڕم
بۆنی دوکەڵی
جەنگ دەکەم

جەلال عەبدوڵا ساڵح




نەهەنگی جەنگ … جەلال عەبدوڵا سالح

پاپۆڕ هەنگاو دەنێت
شەو ئەستێرە دەژمێرێت
شەپۆل کەفی مردوی ئاو ڕادەماڵێت
من لەقاتی یەکەمی پاپۆڕەکە
تەنیایی نیشتمانمە
بیر لە مەرگی لقێ گیاو
تەنایی مانگ دەکەمەوە
بۆنی شەرابی پیر دەکەم
لای گۆشەی چەپی دیواری شووشەی چینی
نێرگەلەی ئەفغانی
چاوەڕێی پیاوێکی ئەمەریکی دەکات
دووکەڵی چێشتخانەی مەغریبی
دەڵێی ڕاوی دەنێن
ڕادەکا بەدوای درزی پەنجەرەیەکی شکاودا
پیرە مێردێکی ئەفریقی
گۆچانی تەمەن ڕادەژەنێت
ژنێکی سۆمالی
كڵاوێکی ڕووسی لەسەردایە
سەیری بازدانی ماسی یە خوێناویەکان دەکات
من بەدوای تەنیایی خۆم دا دەگەڕێم
کەس نابینم
دەڵیی مرۆڤەکان لە ڕەگەزی من نین
خەڵکی وان لە شایی بەختەوەریدا
هەموو مەستن
بە کۆمەڵ دەڕشێنەوە
بەسەر بەرکۆشی بیرەوەری ژیاندا
بەپەلە هەنگاو دەنێم بۆ قاتی دووەمی پاپۆڕ
لە ناو حەوزی ژوور سەری ئاسمانی شین
تێکەڵاوە ڕەنگی پێستی
گەنم ڕەنگ و
ڕەش و سپی
تەماشا ژیان چەند مەستە بە مەلەی مانەوە
ئافرەتێکی ئێرانی
دەگری بۆ ڕەفتەی با بردوی هەنگاری
شەرابی فەڕەنسی
لەسەر کۆشی مێزێکی ئیتالی دانیشتووە
بیر لە لێوی کچێکی مەکسیکی دەکاتەوە
لاولاوێکی ڕۆمانی
هەڵزناوە بە سنگی پەنجەرەی ڕۆژهەڵاتتدا
بۆنی عەتری مەمک و قژی دەکات
ژیان تامی بادەمی تاڵ دەدا
چاو دەگێڕم جگە لە خۆم کەس نابینم
دەزانم تەنیایی جوانترین نیشتمانی منە
لە پڕ دەنگ دێ
کاپتنی پیر هاوار دەکات
کەوتینە جەنگی نەهەنگەکان
بەرەو ڕۆژئاوای
ئۆقیانووسی خوێناوی ڕێگا دەبڕین
مەرگ لە دەرگای ژیانمان دەدا
پاپۆڕ تەکاندەدا
خەڵکی ئارامیان دەشڵەقێت
باڵندەی ژوور سەری پاپۆڕی بریندار
باڵ لێک دەنێ بۆ باوەشی نووری هەتاو
بێباك لە مەرگی مرۆڤی لەناکاو
من هیچم نییە بیدۆڕێنم
هیچ لە دەست نادەم
ئاسمانی تەنییایم ڕەنگی ئاو دەگرێت
چارەکی بوێت بۆ مەرگ
دەبم بە خۆراکی جوانترین نەهەنگ

……

جەلال عەبدوڵا سالح




فرمێسکی گیا …. جەلال عەبدووڵا ساڵح

ئاسمان بۆ تەنیا یە؟
کراسی گڕی هەتاوی هەیە
کەی سەرمای بوو لەبەریەکات
تریفەی مانگ
هەمیشە سەمای بۆ دەکات
هەور لە ئامێزی دەگرێت
مەل هەڵدەفڕێت بۆ باوەشی
عەتری باخی پێش کەش دەکات

دەریا بۆ بێزارە ؟
شەپۆلێکی سیحری هەیە
شەوان گۆرانی بۆ دەڵێت
بۆق بە قۆڵی شکاوەوە دەیلاوێنێت
زەریان لە لای دەستی چەپی
تۆفان لە بەشی ڕاستی یەوە
دڵنەوایی دەداتەوە

من گوندێکی شان شکاوی
تەنیشت ڕووبارێکی وێل بووم
ژەنڕاڵی جەنگی سەدەکان وێرانی کردم
کانییەکی ژێر سێبەری
دارگوێزێکی ئێوارە بووم
نیوەشەوێ
تاشەبەردی ڕێکەوتێکی ڕۆژهەڵاتی سەری بڕیم
نیشتمانێکی گەنم ڕەنگ بووم
وەک نانی کۆشی هەتیوو
سەگەکانی سەر سنوور ڕفاندمی
هاوڕێی شاعیرێک بووم لە ڕەگەزی تاوس
یەکێ لە عەشیرەتەکانی کەڵەشێر
ئێوارەێێ لەسەر ماچی کچێ کوشتی

….

بگەڕێوە بۆ لام
ئەی زەنگیانەی ژێر بارانی حەوزی تەنیا
ئەی هەناسەی شیعری غوربەتی نیوەشەو
ئەی سروودی ڕێی نەبڕاوەی سەفەری دوور
ئەی ڕێحانەی بیرەوەری ناو تاقی نوور
لە هەموو شوێنێک بۆنی بارووت و
دوکەڵی جەنگی دێت
تەنها بەرهەیوانەکەی من
ڕەنگی بەفرە و
پڕووشە سەمای تیا دەکات
باران گۆرانی بۆ دەڵێت

بگەڕێوە بۆلام
ئەی گێلاسی ڕژاوی کۆشی باخ
لە هەرشوێنێ ڕەنگ دەبینم
پرسیاری تۆی لێ دەکەم
عەسری پایز
گیرفانی بات بۆ دەگەڕێم
ئێوارەی زستان
پاڵتۆی زریان

کە گەڕایتەوە پێم بڵێ
چۆن تاشەبەردی
ئەم سەدەی دابڕانە خوێناوییە بجوڵێنم
هەزار سەرباز بە چەکەوە
لەسەر شانی ڕاوەستاوە

بگەڕێوە بۆ لام
ئێستا لە ڕێحانە بێهێزترم
تەنها ئاو دەناسم و
لەگەڵ چەمێک ڕیگا دەبڕم
قۆڵی شیعرێکم گرتووە
نازانم دەمبا بۆ کام کەلاوەی
خەیاڵی بیرەوەری

بگەڕێوە بۆلام
ئەی هەناسەی گوڵ
ئەی دڵی دەریا
نە ماسی گرم قولاپم هەبێ
نە تفەنگم گولە
نە ژانڕاڵم سووپا

مرۆڤێکی ماندووم
ئەژیم و دیواری زەمەناکن ڕەنگ دەکەم
چرکەی دڵی شەمەندەفەرەکان دەژمێرم
بگەڕێوە من لەسەر سەفەرم
ماڵ ئاوا
ئەی دوکەڵی کۆڵیتی سووتاوی بیرەوەریم
ئەی ئاڵای شەکاوەی غوربەتی ڕێی دوورم

بەیانی زوو بگەڕێوە
پێش ئەوەی نیوەڕۆ هێرش بێنێ
هەنگاوێکی ماندووم
نامۆم بە سەفەر و ڕێگا
جۆگەیەکم هەر دەڕۆم و
ناگەم بە باوەشی دەریا
مرۆڤێکم ماڵم ئاوە
بیرەوەریم
فرمێسکی گیا

جەلال عەبدووڵا ساڵح




ئاو دەزانێ من لە کوێم … جەلال عەبدوڵا ساڵح

ئەمجارە کە گەڕامەوە
بمبە بۆ باخی *( عەبە ڕەزا)
لە ژێر پرچی دار گوێزەکان
چیرۆکی کوژرانی درەختم بۆ بگێڕەوە ؟
لە لای گۆلاوی
بەردەم حەوزە شان شکاوەکەی دامنێ
تا پێم بڵێ
کانییەکەی ئەو بەر
چەند ساڵ لەمەو بەر
سووپای لافاو کوشتی

کە سەردانم کردی
بمبە بۆ بەردەمی ماڵی *( خاوەر)
بزانم ڕەنگی دەرگای حەوشەکەیان نەگۆڕاوە
بزانم کۆتری سەر دیوارەکان
وەک جاران گۆرانی دەڵێن
بزانم لاولاوەکان
باوەش دەکەن بە دیواری پیردا و
زەردەپەڕ ماچییان دەکا

کە گەڕامەوە
بمبە بۆ کەبابخانەی *(حەمە گەورە)
تا پڕ بە سییەکانم
هەناسەی دووکەڵی
خەڵوز و گۆشت هەڵبمژم
زەرفێ گێلاسم بدەرێ
بۆنی دایکمی لێ بێ
لە ڕەگەزی ڕەنگ
لە سیحری قژی
ئێوارانی
تاڤگە بچێ

کە هاتمەوە
لە بەر هەیوانی ماڵی
چۆلەکەکان دامنێ
تا وەکوو جاران
گۆرانی *(غەریب مەڕۆم) بۆ بڵێن
لە ماڵی (ڕێحان)
جامێ دۆ و قەسوانی سەوزم بۆ بێنە
کە تامی ڕۆحی مەشکەی (حەلاو) ی لێ بێ
بمبە بۆ ژێر دارسێوەکەی پشتی قەڵاا
تا سەهۆڵی غەریبیم دەتوێتەوە
تێر تەماشایی زەردەپەڕ ی مناڵیم کەم

کە گەڕامەوە
گیرفانی ڕاستم پڕ کە لە چوالە و
لای چەپم لە مێوژ
ئەسپێکی تەختەم بۆ بکڕە
بە هەناسەی مەل
بە پێکەنینی کچ
بە گۆرانی بۆق
بەدەنگی برووسکە
بە فووی با
کار بکا

کە سەردانم کردی
دەستم پڕ کە لە*( نان برنجی) ژیان
قاپێ محەلەبیم لای *( فەرەیدوون )بۆ بکڕە
پڕی بکە لە شیلەی شرووبی بیرەوەری
بمبە بۆ لای *(عەبەی مەڵا)
با سێ لووقمە قازی و
بەشی دوانیووەڕۆیەک
گۆرانی غەریبیم بۆ بڵێ
هەر وەکوو جاران
دەستم بگرە بۆ ماڵی *(دادە مینا)
تا بە چاوی کزەوە
ئایندەی ژیانی پووچم
بۆ بگێڕێتەوە
با پێم بڵێ
ژمارەی بۆقە شەهیدەکانی
*(کانی کوورە) چەند

گەڕامەوە
باسی ئەسپە سپییەکانم بۆ مەکە
پێم مەڵێ
چەند جار گلاون
چ جەلادێکی سەر سنوور کوشتنی
لێم مەپرسە شیعر
خەڵکی کام ڕەچەڵەکی خەیاڵە
بۆ لە مەجلسی سیاسەت ڕادەکا
بۆ چل ساڵ لەگەڵیا ژیام
کۆتایی دەسمایەم
هەناسەی کیسەڵێکی شێت بوو
با بردی و نەگەڕایەوە
پێم مەڵێ چەند گەڵای باخ
قەمەی با سەری بڕی
کام جەلادی زریان کوشتی

گەڕامەوە
باسی سەرۆکە دزەکانی
نیشتمانم بۆ مەکە
پێم مەڵێ بەرەبەیان
سەری دووپشک و
نیوەشەو
ملی بەرانە کێوی دەپەڕێنن
پێم مەڵی وەچەکانیان
ئەسپێ مژەن
قالۆنچەی زێرابن
کرمی میووە و
مڵەی باخ و
گەنەی ئاردن

کە گەڕامەوە
بمبە بۆلای چەمێکی غەریب
تاقی درەختێ دەکەم
بە نووری ژیان
دەست دەگرم بە دیواری شیعرەوە و
پشت دەکەمە گڕی جەنگ
بەرەبەیان دەگرمە باوەشم و
بۆ ئێواران پێدەکەنم
گەر هاتی
ئاو دەزانێ من لە کوێم
نە ئازاری مەل بدە
نە تەم



جەلال عەبدوڵا ساڵح

*ناوەکان بەشێکن لە یادگاری و بیرەوەری مناڵێم.