لەبری پرۆلیتاریا، دەڵێن مێگەل!.. جەمال کۆشش

ساڵی خەونە موژدە بەخشەکان! ساڵی بەهێزبوونەوەی کۆمۆنیستەکان!

سلاڤۆی ژیژەک کتێبێکی بەناوی “ساڵی خەونە ترسناکەکان” هەیە، وەرگێڕی کارامەی بواری هزر و فەلسەفە، ئەرسەلان ئەفراسیاو بۆ کوردی وەریگێڕاوە. بەکارهێنانی ئەم دەستە واژەیە وەک میتافۆرێکی ئاوەژوو، تەنها بۆ چڕکردنەوەی مەبەست بووە بۆ دەرکەوتنەوەی شەبەنگێکی سور. کتێبەکە پتر لەدەیەیەکە نوسراوە، ساڵی بەهێزبوونی ڕاستی پۆپۆلیستی توندڕەو، پوکانەوەی عەقلانیەت و جەنگ.
کیژان ئیسپه هانگیزی، مامۆستای زانکۆی زوریخ لە نوێترین چاوپێکەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەی دێر بوند (بەڵێ، بەڕاستی ئێمە لە سەردەمی لەدایکبونی نەزمێکی نوێێ جیهانیدا دەژین کە بەرەیەکی خراپەکار لەئۆتۆکراتەکان شەڕیان لە دژی کۆمەڵگای ئازاد و دیموکراسیەکەی ئێمە ڕاگەیاندووە. ئێمە لە نێو ئاڵوگۆڕێکی ئابوری و هەیکەلەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن گیرمان خواردووە، ڕێگای دەرچوون زۆر مەترسیدارە).١
سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای ڕەوتێکی بە هەژمون و هەیبەتی بۆرژوازی، پاراستنی کەمایەتیـیە نەتەوەیی و ڕەگەزییەکان، ڕێزگرتنی کلتورەکان و مافی گروپەکان و دایەلۆگی نێوان ئاینەکان و بەرگری لە کۆمەڵەی پەلکە زێرینەکان و پەراوێزخراوەکان و فێمێـنیستی جێندەری و مافەکانی پەنابەران و کرێکارانی کۆچکردوو،…پاشەکشەی لەبەرامبەر کۆنسێرفەتیفە ڕاستڕەوەکان و ئیسلامفۆبیا و بزووتنەوە نیو-فاشیستەکاندا کردووە. ئەم دەورانە بە کۆتایی ڤۆکیزم و پۆلیتەکەڵ کۆڕێکتنێس دەناسرێت، بەڵام بۆ ئەمانە پەیدا بوون؟
لەڕاستیدا، خۆی ئەمە پرۆسەیەکی یەکجار ئاڵۆزە لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی سەرمایەدا و لە نێو دەورانی سیستەمەکەدایە. ڕێکخستنەوەی بازاڕی کار و سەرمایە و جیۆپۆلیتیکی نوێ لە ئاستی جیهاندا، بەتایبەت پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان لەبواری دجیتاڵ و زیرەکی دەستکردا، شەڕی غەززە و ئۆکرانیا، …هتد.
بەڵام ئەوەی تایبەتیـیەکی بنچینەیی تر لەم جێگۆڕکـێـیە، هەر ئەو ڕەوتەی بۆرژوازی بوو، کە کۆمۆنیزمی چینی کرێکاری وەک کوشندەترین دەرد و بەڵا لە کۆمەڵگا ڕاو دەنا. هەر لە بەنگلادیش و ئەندەنوسیاوە بگرە تا ئەمەریکای لاتین و تا ئەفگانستان و پاکستان و ئێران، بە کودەتای ڕاستەوخۆ و دامەزراندنی حکومەتە پرۆکسیسەکان، یان بەهێزکردنی تاوانبارترین بزووتنەوە سیاسیـیە مافیاییەکان ، یان هەردوکیان وەک ئێستای عێراق. هیچ بوارێک و هیچ شوێنێک نەما، بۆنی کۆمۆنیزمی لێهاتبا و هەر چەند بچوکیش بێت، هەر چەند ڕەمزییش بێت، دەبوا هاوتا بکرێت بەنازیزم و فاشیزم و توندتر هەوڵی لەنێوبردنی بدەن. تەنانەت لەبێلایەنترین زانکۆشدا. دیقەتتان دا، کارزان عەزیز لە کۆتایی نۆڤەمبەری ئەمساڵ، لە لاپەڕەی فەیسبوکی خۆی، نوسینێکی بەناوی “ئایدیولۆژیای بەعسیزم چیە؟” بڵاوکردەوە، لەوێدا لە یەکێک لە زانکۆکانی بەریتانیا لە کۆرسی ماستەرەکەیدا کە تایبەت بوو بە نازیزم، مامۆستاکەی ناچاریکردووە و لە دەرەوەی ئارەزووی خۆی کۆمۆنیزم لە تەنیشتی فاشیزم و نازیزمدا دەبوو بەکاربهێنێت. یۆڤال نۆح هەراری درەوشاوەترین ئەستێرەی بیرمەندی لیبراڵی ئەمڕۆیە. تەنها کتێبی “نوکسێس” کە لە (٢٠٢٤) بڵاوبوەوە، (٤٥) ملێۆن دانەی لێفرۆشراوە و بۆ سەر (٦٥) زمان وەرگێڕدراوە. وەرگێڕانە کوردییەکەی، بەڕێز شاهۆ عوسمان لە ئەڵمانیەوەیە، ، لە لاپەڕە (٢٧)دا، پەرەگرافێک لە مانفێستی کۆمۆنیست دەهێنێتەوە (مێژووی هەموو کۆمەڵگایەک تا ئێستا مێژووی ململانێی چینایەتییە، ئازاد و کۆیلە، ئەشراف و عەوام…). دواتر دەنوسێت، ئەم لێکدانەوە دووانەییە بۆ مێژوو، هەموو کارلێکێکی مرۆیی وەک ململانێی دەسەڵات لەنێوان ستەمکار و ستەملێکراو دەبینێت، کەواتە بۆ هەر وتەیەک نابێت بپرسین ( چی دەوترێت؟ ئایا ڕاستە؟)، بەڵکو دەبێت بپرسین (کێ ئەمە دەڵێت؟ ئەمە خزمەتی ئیمتیازاتی کێ دەکات؟).
یۆڤال هەراری کاتێک ئەم تێزە بەناوی “زانیاری” دەهێنێتەوە، کە لە لاپەڕەکانی پێشوویدا زۆر گێڕانەوەی هەڵبەستراوی زانیاری ناڕاستی دۆزیوەتەوە. هەمان نیەتی هەیە کاتێک لە دیدگای مارکس بۆ خەباتی چیانەیەتی دەکۆڵێتەوە. کتێبێکی تر کە لە لیستی پێشنیارکراوی (٢٠) باشترین کتێبی پایزەی دەوری ڕۆژنامەی (ئین زیت زیت) بوو، نوسەرەکەی (ئوڤا وتستۆک)ە، بەناوی (کارل مارکس لە جەزائیر، ژیان و دواین گەشتی شۆڕشگێڕێک)، بەزمانی ئەڵمانی، کتێبەکە بەنیازی ژیاننامەی مارکس لە (٢٧-٤-١٨٨٢)، یانزە مانگ پێش کۆچی دوایی، وە تایبەتی تر ئەو دە هەفتەیەی مارکس لە جەزائیر بوو، بەڵام بەشێوەیەک بۆ تەواوی ژیانی دەگەڕێتەوە و لەوێوە وێنەیەکی شێواو لە بۆچوونە بونیادییەکانی مارکس دەدات. (بۆ ئەمە ڕوون نیـیە، ئایا مارکس بڕوای بە تێزە بنەڕەتیەکەی خۆی هەبوو، چەقی هەڵوسێنەری مێژوو، ململانێێ نیوان چینەکانە، کە ئەمە ئایا دەتوانرێت بەڕاستی و
قەناعەتهێنەر بێت و ئەزمون بکرێت و بەداتا بسەلمێنرێت، یان ئەم تێزە لەچاوی مارکسدا تەنها لێکدانەوەیەکی تایبەتی (سۆبێیەکتی) بووە لە سەردەمە مێژووییەکان)، چەند دێری دواتر دەنوسێت: “مێژوو پرۆسەیەکی گەورەی ئاڵۆزە کە لە ژمارەیەکی بێسنوری ڕەوتە کۆمەڵایەتیەکان، تاکیەکان، ژینگەییەکان، کلتورییەکان و فاکتۆرەکانی تر کاریگەرییان هەیە، ئەم فاکتۆرانە کە بە بەردەوامی دەگۆڕێن و کاریگەرییان لەسەر یەک هەیە و بۆیە ناتوانین تەنها بۆ یاسا ئابورییەکان بگەڕێێنەوە ، لاپەڕە١١٠)٢. یەکجار زۆرن بەهەموو زمانێک و لە تەواوی جیهان، دژایەتی مارکسیەت و تێۆری خەباتی چینایەتی.
ساڵی (٢٠٢٦) و ساڵانی داهاتوو، موژدە بەخشن، بۆ یەکەمجارە لە مێژوی سویسرا، گەورەترین خۆپیشاندانی کرێکاران و کارمەندانی کانتۆنی فات دەستیان بەمانگرتن و خۆپیشاندان کردووە. گەورەترین خۆپیشاندان لەدژی ڕاسیستەکان لە ئەڵمانیا، گەورەترین خۆپیشاندانی جەماوەری لە بەریتانیا بۆ کێشەی فەلەستین. بزووتنەوە کۆمۆنستیـیەکان لەسەراسەری ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا بەهەنگاوی گەورە بەرەو حزبیەت و بەرەو هەڵسوراوە کرێکارییەکان دەڕۆن.
شۆڕش بە چ مانایەک دێت؟
بۆرژوازی لە کوردستان، لە لاوازترین کاتەکانی خۆیدا، غافڵ نەدەبوو لە سەرکوتکردن و تیرۆر و ڕێگری لە چالاکی ڕاستەوخۆی کۆمۆنیستەکان. هێڕش بۆ سەر بارەگاکانی (ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست) لە ساڵانی (١٩٩١ و ١٩٩٢) لە هەولێر و هەڵەبجە و ڕانیە و دهۆک و ئاکرێ، هێرش بۆ سەر شوراکان. وە دواتر کرۆنۆلۆژی خوێناوی درێژەی کێشا بۆ تیرۆری نەزیرعومەر (١٩٩٣)، شاپور و قابیل (١٩٩٨) و کوشتاری بە کۆمەڵی ناو شاری سڵیمانی لە (١٤)ی تەمووزی (٢٠٠٠)دا.
ڕۆشنبیران، بەتایبەت گروپی ڕەهەندییەکان، زمانیان بەخشی بەدەمی سەرکردەکانی شاخ کەتازە بەربوونە تاڵانی شار. لیبڕاڵیەتێکی بێ بەهایان بۆ کورد دامەزراند و شوناسێکی فەردیان دا بەناوی تاکی کورد. خۆ کرێکار لە کوردستان نیـیە، ئیدی مارکس و کۆمۆنیزم بۆ دەبێت لێرە هەبن، بۆ ئەوەی ئەم تێۆرە دابهێننن، دەبوا مارکس و بیروباوەڕە مارکسیـیەکان، لە فکر و ڕۆشنبیری کۆمەڵگا دەربکەن. بەڵێ لە زۆر چاوپێکەوتن و ڕاڤە و کتێبەکانیاندا، چەمکەکانی بەعسیزم و فاشیزم و سۆشیالیزم و تەنانەت مارکسیسزم و کۆمۆنیزمش، وەک یەک ئایدیۆلۆژیا تاوانبارکراون و و بەنەفرەتکراون. فاکتەرێکی گرنگی دواکەوتویی فەرهەنگی و تەشەنەسەندی سەلەفیەت و داعشیەت و نیولیبراڵیزم. دورخستنەوەی بەتایبەت لاوان بوو لە مارکسیەت.
کەسانێک هەن و ڕەنگە بەخۆشیان بڵێن کۆمۆنیست:–
لەبری گەڕانەوە بۆ مارکس، دەگەڕێنەوە بۆ نیتچە؟ لەبری لێکدانەوەی مادییانە، میتافیزیکییانە دەڕواننە گەردون.
لەبری پرۆلیتاریا، دەڵێن، مێگەل!
ڕاپەڕین و هەڵسانە جەماوەرییەکان نابینن، دەڵێن کۆیلەی فکری!
لەبری خەباتی کۆمۆنستی، لە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، ڕیکلام بۆ کاندیدی کۆتای مەسیحی، لەسەر لیستی حزبی شیوعی کوردستان دەکەن؟
لەبری لێکدانەوەی ماتریالیزمی مێژوویی بۆ ئاژاوە و کێشەکانی نێوان ئینسانەکان لەسەر شوناسە جیاوازە کلتورییەکان، دێن ئینسانەکان بەپێی لۆجیکی فیدرالیەتی سیاسی پەرلەمانی سەرژمێرییان دەکەن ولەڕادیکالترین شێوەیدا دیدگای کارل پۆپەرییەکان بۆ کۆمەڵگای کراوە، لەبری خەباتی هاوبەشی چینایەتی.
لە نێو کارەساتێکی سروشتیدا، لەبری قوڕبارانکردنی دەسەڵاتداران و ڕاونانیان بەهوتافی تاوانبار و بکوژ، ناچارکردنیان بەدەستکێشانەوە، وەک ئەوەی لە ڤالانسیای ئیسپانیادا بوو. کۆمۆنیستەکان دەبێت لە ڕێکخراوە خێرخوازییەکاندا لەنزیک خەڵکەوە بن!
شۆڕشی کۆمۆنیستی، قۆناخبەندی نییە، زەمینەسازییە. پراتیکی کۆمۆنیستی ڕێژەی لەسەدای نییە. شۆڕشە بۆ ئازادی هێزی کار لە سیستەمی چەوسانەوە. “کاڵای ئەبستراکت” نییە، تێۆرییەکی گشتی ئەنتەرناسیۆنالیستیە و کۆمۆنیستەکان ئەم تێۆرییە لە خەباتی چینایەتی نێوکۆمەڵگادا زیندوانە لە وڵاتەکان و لە کێشەکانیاندا بەرەوپێشەوە دەبەن. وردەبۆرژوازی، هیچ کاتێکی گونجاو نادۆزنەوە بۆ ئەم خەباتە و بۆرژوازیش بەتەواوی لەدژایەتی وەستاوەتەوە.

٢٠-١٢ی – ٢٠٢٥
1-kijan Espahangizi .der Bund 15.Dezember.2025
2-Uwe Wittstock , Karl Marx in Algier page(109-110)




تیرۆری ڕۆژنامەنوسێک قەیرانێکی سیاسی گشتی دروست دەکات!.. جەمال کۆشش 

سەرەک وەزیزانی سلۆڤاکیا و بەشێک لە کابینەکەی دەستدەکێشنەوە لە حکومەت! ئەی لە کوردستان چی؟

ژنە ژورنالیستی ماڵتایی

Daphne Carune Galizia   ( jan Kuciak und Matina Kusnirova )ژورنالیستی سلۆڤاکای ودەزگیرانەکەی

ئێوارەیەکی درەنگی سارد، سەعات هەشت و بیست دەقەی ڕۆژی (٢١)ی مانگی دوو (شوبات)ی ساڵی (٢٠١٨)، لە گوندێکی ڕۆژئاوای (براستیڤیلا)ی پایتەختی سلۆڤاکیا، لە ماڵەکەی خۆیاندا، (یان کوچیاک)ی ڕۆژنامەنوس و دەزگیرانەکەی بە دەمانچەیەکی (٩) ملیمەتر سارد دەکەنەوە. لەپێشدا کچە دەزگیرانەکەی لەچێشتخانەکەدا یەک گولـلە لە سەری دەدەن، دواتر لە ژێرزەمینی ماڵەکەیدا دوو گولـلە دەنێن بەسەر دڵی (یان کوچیاک)ەوە.

ئەم کردەوە تیرۆریستیـیە، گەورەترین  و پڕخرۆشترین خۆپیشاندانی جەماوەری بەرپاکرد، شەپۆلی گوشارەکانـی ئەم بزووتنەوەیە لەپێشدا چەندین بەرپرس؛ لە سیاسیـیە باڵاکان، لە وەزیران و بەڕێوەبەری پۆلیس و دادوەرانی باڵای ڕاماڵی، تا بە دەستکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات . لە ئەنجامیشدا (ماریان کۆچنەر) ئەو سەرمایەدارەی کە لەپشتی ئەو تاوانەوە بوو، لەگەڵ ئەو دوو کەسەی تیرۆرەکەیان ئەنجامدا، ڕاکێشرانە زیندان. (یان کوچیاک) بنکۆڵییە ڕۆژنامەوانیەکانی لەسەر گەندەڵیەکانی ساختەچێتیەکانی ئەڵقەی یەکەمی سەرمایەدارە دەسەڵاتدارەکان بوو.

(داڤینە کارونا گالیزا)، ژنە ژورنالیستی وڵاتی ماڵتا و دایکی (٣) مناڵ، بەیانیـیەکی زووی ڕۆژی (١٦)ی ئۆکتۆبەری (٢٠١٧)، بەئۆتۆمبیلەکەی کە ماوەیەک لە ماڵ دووردەکەوێتەوە، بۆمبێکی چێنراوی لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پێدا دەتەقێنەوە و هەلا بەهەلای  دەکات، هەر لەوێدا گیان لەدەست دەدات، ئەو ژنە (٥٣) ساڵیـیە، یەکێک لە ڕەخنەگرە سەرسەختەکانی دژی گەندەڵی و پارەسپیکردنەوە و بەهەدەردانی سامانی گشتی بوو. لە شیکارییە ڕۆژنامەوانیەکانیدا، دەربارەی(( پەڕەکانی پەنەما))، گەندەڵیەکی گەورەی دەسەڵاتدارانی ماڵتای ئاشکرا کرد، بەرتیلەکانی ژنی سەرۆک وەزیرانی خستەڕوو، کڕینی مافی هاوڵاتیبوونی ماڵتای ئاشکراکرد.

ماڵتا ئەو دورگە خنجیلانەیەی کە دانیشتوانەکەی نیو ملیۆنە و تازە وەک ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا وەرگیرابوو، ئەم تیرۆرە بارودۆخی سیاسی ئەو وڵاتەی قڵپ ی کردەوە و قەیرانێکی سیاسی گەورەی دروست کرد، لە نۆڤەمبەری (٢٠١٩)، وەزیری گەشتوگوزار، کارگێڕی سەرۆکوەزیزان و سەرۆک وەزیران و وەزیری ئابووری دەستیان لەکار کێشاوە، پاش ئەوەی کە دەرکەوت یەکێک لە گەورە بەپرسانی سەرەوەی دەسەڵات، لە پشتی ئەم تیرۆرەوەیە. مکوڕی لەسەر سزادانی تاوانباران لەلایەنە نێوخویی و نێونەتەوەییەکان لە سەندیکا کرێکارییەکان و یەکیتی ئەوروپا و نوسەرانەوە گەیشت بەزیندانیکردنی دووبرا بە چل ساڵ و دوو کەسی تر ١٥ ساڵ.

بەڵێ : پێویستە ئێمەش لە هەرێمی کوردستان ماندوو نەبین، تا  قەیرانێکی سیاسی لە ئاستی هەرێمدا دەخوڵقێنین!

 بەڵێ :پێویستە تاوانبارانی  تێروریستانی ڕۆژنامەنوسان، تێروریستەکانی ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکان، بدۆزرێنەوە، دادگایی بکرێن و  سزا بدرێن!

“ڕێکخراوی ئازادی دەربڕین”  سەرەتای مانگی نۆ (سێپتێمبەری ٢٠٢٥)، ئاگاداریـیەکی لەمەڕ مەترسیدار بوونی ئاستی ئازادی ڕادەربڕین بڵاوکردەوە؛ (شیروان شێروانی) چوارساڵ و نیو زیندانی بەسەردا سەپێنرایەوە، (هێمن مامەند)ی ڕۆژنامەنوس لەهەوڵێکی تیرۆرکردنیدا، بەئاستەم لە مەرگ ڕزگاری بوو، هێرشێکی تۆقێنەرانە بۆ سەر (دیاری محمەد)ی بەڕێوەبەری (سەنتەری میترۆ) هەیە. ناوەندی (ئۆفیسی درەو) دەربارەی  مژاری ئازادی ڕۆژنامەنوسی کۆڕێک ڕێکدەخات..

لەم زەنگی ئاگادارکردنەوانە جددی تر، نوسینێکی هاوڕێ (بەکر عوسمان) بوو (برای سەردەشت عوسمانی جوانەمەرگ)، کە لە یادی ١٧ ساڵەی تیرۆری ڕۆژنامەنووس (سۆرانی مامە حەمە) کە لە کۆتایی مانگی حەوتی ئەمساڵدا بڵاویکردەوە.  لە تیرۆری ڕۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکانـی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا یەک کەسی تاوانباری سەرەکی

 دەستگیرنەکراوە، تا ئێستا یەک کەس دادگایی  نەکراوە. نەک هەر ئەوە بەڵکو هەندێک سیناریۆی قێزەونـيش بۆ داپۆشینی تاوانەکە و شاردنەوەی تاوانباران داڕێژراون

وەک لە ڕاپۆرتی (ڕۆژنامەنوسانی بێسنور)یشدا ئاماژەی پێکراوە، لە سەدا هەشتا و پێنج (٨٥٪)ی ئەو تاوانانە ی بکەرەکان و پلاندانەرانی نادۆزرێنەوە، ئەوانەن کە لە هەرەمی دەسەڵات و لەبازنەی سەرەوەی حوکمڕانیدان.

ئازادی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان پاشەکشەی پێکراوە و ڕۆژنامەنوسان ئازادیـیان لێزەوتکراوە. گەندەڵی و ڕاوڕووت، بەکارهێنانی پێگەی سیاسی بۆ بزنس و سپیکردنەوەی پارە، ناڕوونی لە داهات و لە کەرتەکانی بەرهەمهێناندا، هەژاری و لێکەوتەکانی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی … ئەمانە و گەلێک باڵەخانەی تر هەیە هێشتا ڕووناکی بنکۆڵکاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان پەی پێنەبردوون و ناوچەی قەدەغەیە.

(یان کوچیاک)، لەلایەن سەرمایەدارە تاوانبارەکەوە کە نیمچە ئیمارەتێکی لە میدیا و دەسەڵات و دادەور و سیاسی پێکهێنابوو، پێشترهەڕەشەی پاکتاوکردنی لێکراوە، بەتەلەفۆن جوێن بەدایک و خوشکی دراوە، وە داوای دەستبەردان لەو بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانیانەیان لێکردووە تا گەندەڵییەکانیان نەخاتەڕوو..

ئەم چیرۆکە لەگەڵ چیرۆکی ژنە ژورنالیستە ماڵتاییەکەش (داڤینە کارونا گالیزا) هەروابووە و ماوەیەک بەر  لە تیرۆرکردنەکەی زیندانی کراوە. دووبارەبونەوەی بەجۆرێک هەمان فیلمە بۆ هەموو ئەو ژورنالیستانەی بنکۆڵکارییان کردووە لەسەر بازاڕە نهێنییەکانی کۆکردنەوەی سەرمایەوفێڵ وتەڵەکەبازییەکان وقۆرخکارییەکان وچاوچنۆکیەکان. ئەم تیرۆرانە بە بەرنامە و بەتاکتیک و بەشێوازێکی  پلان-بۆداڕێژراو ئەنجامدەدرێن و سڕینەوەی شوێنەواریشیان هەروا.

بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیـیە سیاسیەکان، خاوەنداریکردنە لە گیانبەختکردوانت. هەروەک (یان کۆجیاک) و (داڤینا)، ژورنالیستەکانی ئێمەش؛ بۆ بەرگریکردن لە مافی گشتی، نوسین و ڕاپۆرتەکانیان لەسەر گەندەڵی و دزی دەسەڵاتداران  ئامادەکردبوو، بۆیە تیرۆرکران.

لیستی تیرۆرەکانی لای ئێمەش یەکجار دورودرێژە و ئەم خوێنە هەر لەبەری دەڕوات. ئەو توانا و بەهرە ئینسانیانەی کە لە هەرەتی لاویدا ڕوناکیان دەبەخشیەوە، ژیان و سیاسەت و فەرهەنگیان، پڕ ماریفەت و هۆشیاری دەکرد. لە (نەزیر عومەر) و (ڕەئوف ئاکرەیی) و (سەلاح هەورامی) و (فەرهاد فەرەج) و (سەردەشت عوسمان) و (کاوە گەرمیانی) و (وەدات حسێن) و دەیانی تر هەمویان لەمانگە جیاوازەکانی ساڵەکانی دەسەڵاتدارەتی حکومەتی هەرێمدا، خوێنساردانە گولـلەباران  کران و فڕێندران و تەرمەکانیان لە قەراخ جادەکان  فڕێدران. ئەم دۆسیانە، پێویستە و زۆر پێویستە بەکردەوە و بەزیندوویی و لە دڵە نەسرەوەتەی عەتدالەتخوازیدا هەمیشە کڵپە بکات.

ئەم  دۆسیەیە، دۆسیـیەیەکی یەکجار گرنگ و هەستیارە و پەیوەندیـیەکی بنەڕەتی هەیە بەو گۆڕانکارییانەی کە لە کۆمەڵگای  کوردستاندا ڕوودەدەن. نابێت ببێتە سەرمایەی سیاسی، و هەلپەرستانە بەکاربهێنرێت بۆ بەشداری لە سیستەمی حوکمڕانی و بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانی و خۆکردن بە شەریکە دز.

گوشارەکان بۆیە لە وڵاتان سەرکەوتوبوون بەتایبەت لە حاڵەتی (یان کوچیاک)دا، بزوتنەوەی ئازادیخوازی ماندوو نەبوون و سەرسەختانە و بەبێ هیچ بێنەوبەردەیەک داوای ڕاستی ڕوداوەکەیان دەکرد. بزوتنەوەی ئازادیخوازی هەموو دانوستان و ناوبژیوانێکی لەسەر ئەم دۆسیەیە ڕەد دەکردەوە. لەلایەکی ترەوە میدیاکار و دەزگا میدیا گەورە جیهانیەکانی وەک گاردیان و نێۆرک تایمزوئەڵمانی زمانەکان ببونە تیمی بەرگریکار و ڕووهەڵماڵراوی دەسەڵاتداران.

لێرەوە بەڕای من پێویستە کەسوکار و هاوڕێـیانی گیانبەختکردوانی کردەوە تیرۆریستیـیەکان، ژورنالیستەکان و ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکان و زوڵملێکراوانی دەستی تیرۆر، سەرسەختانە و بە پلان و ئاگاهانە بۆ دۆزینەوە و لێپرسینەوە و دادگایی و سزای تاوانباران،کۆڵنەدەن وسوربن لەسەری.




ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرەوکوێ؟.. جەمال کۆشش

یەک: شەڕ و سەرمایەداری

(سەرمایەداری شەڕی لەنێو خۆیدا هەڵگرتووە، چەشنی هەور و بارانن) جیـیەن یاور

لە سەرەتای سەدەی بیست و دەورانی شەڕی جیهانی یەکەمدا، لە لێکدانەوە تێۆرییەکاندا، شەڕ بە قۆناغی ئیمپریالیزم و کلۆنیالیزمەوە پەیوەند دەکرا. شەڕ ئامڕازێکی توندوتیژی سیاسەتی ئیمپریالی سەرمایەی مالی و فراوانکردنەوەی بازاڕ و تاڵانکردنی کەرەستە خاوەکان و بەدەستخستنی هێزی کاری هەرزان و دابەشکردنی جیهان لەنێو دەوڵەتە ئیمپریالییەکاندا شرۆڤەدەکرا، تێۆری شۆڕشگێڕانەی ئەنتەرناسیۆنالی دووەم لە کۆنفرەنسی شتوتگارتەوە (١٩٠٧) بە بڕیارنامەیەکی گشتی کە هێڵە سەرەکیـیەکانی لە لایەن (ئۆگوست بیبل-August Bebel)ەوە ئامادەکرابوو، دواتر لەلایەن (لینین) و (ڕۆزا لۆکسۆمبۆرگ)ەوە دەستکاری و تەواوکراو و لە کۆنگرەی کۆبنهاگن (١٩١٠) و کۆنگرەی بازل (١٩١٢)یشدا قەبوڵکرایەوە، هەڵویست و سیاسەتی مارکسیستی ئەو دەمە بوون. (عەسکەرتاریەت و شەڕی جیهانی) کرێکاران و سەربازان نابێت بەناوی پاڕاستنی وڵات و ئەرکی نیشتمانی یەکتربکوژن، پێویستە لولەی چەکەکانیان بەڕووی بۆرژوازی نێوخۆدا وەرگێڕن و بە شۆڕشی سۆشیالیستی دەسەڵاتی خۆیان و بەڕێوەبەرایەتی ئاشتی لە سیستەمی جیهاندا پایەدار بکەن.
شەڕ سروشتێکی بونیادی و نێوخۆیی سیستەمی ئێستایە، خۆی بەرهەم و لۆجیكی کوێرانە و تەماحکارانەی سەرەکی یەکلاکردنەوەی ناکۆیـیەکانی ناو سیستەمەکە و پۆلبەندیـیەکانی و دابینکردنی مەرج و پێداویستیەکانیـیەتی بۆداگیرکردن و قۆرخکردن و پچڕینەوە. ئەگەر بۆ وتە بەناوبانگەکەی (کارل ڤۆن کلاوسفیتز-Carl von Clausewitz) تێۆرسیۆنی ملیتاریزم بگەڕێێنەوە (شەڕ درێژەدانە بە سیاسەت بەشێوازی تر). شەڕ دەبێت چی لەناوبەڕێت و کام سیاسەت لە شوێنی جێگیر بکات، یانی ئەوە چ سیاسەتێکە بە شەڕ بوار بۆ دبلۆماسی و دانوستان و ئاڵوگۆڕی ڕژێمەکان دەکاتەوە.
(سەدان دەوڵەت بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەماوەی ئەم (٥) ساڵەی کۆتاییدا بەشداری شەڕیان کردووە یان پشتی لایەنێکیان گرتووە کە لەگەڵ لایەنێکی تردا لە تێهەڵچوونی چەکداریدا بوون. لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە توانایی عەسکەرتاریەتی جیهانی بەڕێژەی سەدا دە (٪١٠) زیادی کردووە. تەنها لەساڵی (٢٠٢٢)دا (٣٨٠) هەزار کەس کوژراون، ئەمە ڕێکۆردێکی غەمگینە لە (٣٠) ساڵی ڕابردوودا، (1). ئەم وتارە لە مانگی نۆی ساڵی پاردا نوسراوە، شەڕ و کوشتارەکانی ئەم ساڵی (٢٠٢٥)ی تیا نیـیە کە هەم دەوڵەتانێکی زۆرتر و ژمارەی کوژراوەکانیش لەپڕ بەرزدەبێتەوە.

شەڕ بۆ لەناوبردنی چەکی کۆکوژ و دژە تیرۆر
شەڕی دووەمی کەنداو، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ساڵی (١٩٩١) لە دژی عێراق، کەپاش داڕوخانی بلۆکی (سۆشیالیست ڕیال!) یەکێتی سۆڤیەت بەرپاکرا. بۆشی باوک، نێوی نا (نەزمی نوێی جیهان). کارەساتی (١١)ی ئەیلولی (٢٠٠١)ی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی شەڕیان لەژێر ناوی (شەڕ لە دژی تیرۆریزم) و لەنێوبردنی (چەکی کۆکوژی و کیمیایی) بەرپاکرد. سەرەتا ئەفغانستان و پاشان عێراق و دواتر لیبیا و سوریا، ناوچەکەیان ڕاپێچایە نێو کوشتار و شەڕ و هەژاری و برسیەتی و دەربەدەریـیەکی بێ وێنەوە.
لە (٧)ی ئۆکتۆبەری (٢٠٢٣)ەوە، ئیسرائیل و ئەمەریکا ئەو کارەساتە تیرۆریستیـیە دڵتەزێنەی (حەماس)یان قۆستەوە بۆ پیادەکردنی شەڕێک کە ئامانجەکەی یەکجار گەورەترە لە بەرپەرچدانەوە و دابینکردنی ئاسایشی دانیشتوانەکەی.

ملیتاریزم و نیولیبڕالیزم
لە ماوەی (٣٥) ساڵی ڕابردوودا، سەرمایەداری نیولیبرالیستی، بۆ ماکسیماڵکردنی کردنی قازانج، چەوسانەوەی توندتر و دڕتر کردۆتەوە. بەکاڵاکردنی کەرتە کۆمەڵایەتیـیەکان بۆ بازاڕی ئازاد و فرۆشتنی بە کەرتی تایبەت و کێبڕکێی توند لەنێوان کۆمپانیا گەورەکان وتێکەڵبونیان بە چەقی دەسەڵاتدارەتی و داڕشتنی سیاسەتی بەرگری و ئابوری و میدیایی. پیادەکردنی ئەم سیاسەت و ڕێکارە ئابووری و فەرهەنگیـیانە، لەپرۆسەی چڕکردنەوەی ساماندا، جیاوازیـیەکی گەورەی لەنێوان گەڕەکەکانی شارە گەورەکان، هەقدەست و مووچە، شار و لادێ پێکهێناوە. کرێکاران و چینە زەحمەتکێشەکان بە مانگرتن و خۆپیشاندانی گەورە و خەبات و ڕاپەڕینەکان بەرگرییان کردووە. لەنێو پۆلبەندیـیەکان و دەوڵەتەکانیشدا لەسەر کەرەستە سەرەتایـیەکان، باج، گومرگ، بەندەرەکان و هێڵەکانی بازرگانی و سەرچاوەکانی وزە بەتایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لەهەمانکاتدا، پرۆسەی خۆ پڕچەککردن
و دروستکردنی میلیشا و پێشکەوتنی هێڤیانەی سەربازی ئەم ناوچەیەی لەنێو شەڕێکی بەردەوام و بێکۆتاییدا بەگیرهێناوە. گەورەیی و کوشندەیی بۆمبەکان و فێڵ و تەڵەهەواڵگرییەکانیان تاکە بژاردەیەکە بۆ ملکەچپێکردن، ئەوەش تاکە زمانی چارەسەرە. زۆر جار ئەم هێزانە ڕوو بەناوخۆ لەبەرامبەر دوژمنە چیناتیـیەکانیان بۆ لەخوێن هەڵکێشانی ناڕەزایەتیـیەکان بەکارهێنراون و هەندێ جاریش بۆ شەڕ لەگەڵ دەوڵەتەکانی دروسێـیاندا، لەژێر ناوی دژە تیرۆر و دابینکردنی ئاسایش و مافی بەرگریکردن لەخۆ ئەنجامدراون. بزنسی عەسکەرتاریـیەت و گروپە میلیشایـیەکانی وەک (ڤاگنەر-Wagner)ی ڕوسی و (بلاک وەتەر-Blackwater)ی ئەمەریکی و بەکرێگیراوەکانی تورکیا و کۆلۆمبیەکانی ئۆکرانیا ڕوویەکی دزێوتری ئەم سەرمایە (دڕندە گۆشت خۆرەیە).

دوو: سعودیە و فەلەستین، ئیسرائیل و تورکیا، ئەمەریکا و ئێران، پارادیمی ئاپۆ
(ڕۆبێرت فۆرد-Robert Ford) لە (٢٠١١) تا (٢٠١٤) باڵوێزی ئەمەریکا بوو لە سوریا. لە دانیشتنی یەکەمی لەگەڵ (ئەحمەد شەرع)، لە ساڵی (٢٠٢٣)دا لە ئیدلیب، پێی وتبوو “هەرگیز بۆیەک ملێۆن ساڵیش ژیابام، ئەوەم تەسور نەدەکرد لە تەنیشت تۆوە دابنیشم”، شەرع وەڵامی داوەتەوە (ئێ، خۆ بۆ منیش هەروا بوو”.(2)
یەکێک لە ڕاپۆرت نوسانی هەفتەنامەی (دێر شپیگل-Der spiegel)ی ئەڵمانی، (ماکسیم میتل ئەستید کە زیاتر لە (٢٠) ساڵە بە بەردەوامی لەسەر کێشە و ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵات بۆیان دەنوسێت) لە (نیو یۆرک تایمز-New York Times)ەوە چەمکێک وەردەگرێت کە هی (تۆماس فریدمان-Thomas Friedman)ە،فریادمان دەنوسێت: “شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل لەدژی ئیران کاریگەرییەکانی بۆ ناوچەکە وەک شەڕی جیهانی دووەم بوو بۆ ئەوروپا. هەموو دامەزراوە چەسپاوەکانی بەتەواوی لەرزاند و ڕێگای بۆ شتێکی نوێ کردەوە”.(3)
بۆ باشتر حاڵیبوون لەم ئالوگۆڕە مێژوویـیە، ناتوانین لە هۆکارە جیهانیـیەکانی پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری گلۆباڵ دایببڕین. کۆتایی جێمیرکا- و زیادکردنی باجی گومرگی تا سەدا چل (٪٤٠) بۆ هەندێ کەلوپەل (شایانی وتنە هەمان تەنگوچەڵەمە لە شەڕی جیهانی یەکەمدا لەبواری بازرگانی و گومرگ دا سەریانهەڵدابوو)، (یاساکانی بێ بێ بێ-BBB- لە ئەمەریکا)(5) کە باج لەسەر هەژارەکان زیاد دەکات و لەسەر دەوڵەمەندەکان سوکتر دەکات لە سەدا شێست و چوار (٪٦٤) خەڵک ڕەتی دەکەنەوە، ترامپ فێڵبازانە خستیـیە ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکاوە. بەهۆی تێپەڕاندنی ئەم یاسایانەوە، ئەمەریکییەکان دەکەونە ژێر قەرزێکی (٣٤٠٠) ملیاردیـیەوەکە ڕۆژانە پێویستە (٣) ملیارد تەنها بۆ سووی (ڕێنت) بدەنەوە. لە کاتێکدا زێڕ تەنها لە (٣) مانگی ئەمساڵدا، سەدا سی (٪٣٠) نرخەکەی چۆتە سەر، بەهای دۆلار لە (٦) مانگی ئەمساڵدا سەدا یانزە (٪١١)ی لە نرخەکەی لەدەستداوە، بێوێنەیە لە (٥٠) ساڵی ڕابردوودا. تا ئێستا دۆلار لە سەدا نەوەت (٪٩٠)ی مامەڵەی جیهانیدا بە پارەکانی ترەوە هەڵدەسورێنێت. دۆلار خۆی چەکێکی سیاسی گرنگ بوو بۆ کۆنترڵی سیستەمی مالی جیهانی و پێگەی ئابوری ئەمەریکا(6).
خۆگرتنی گروپی (بریکس-BRICS) کە مانای ئاڕاستەی دامەزراندنی جیهانێکی فرە جەمسەر و تێکشکاندنی هەژموندارەتی تاک لایەنەی ئەمەریکایە، شەڕ لەسەر سەرچاوەکانی وزە و هەژموندارەتی برەوێکی گەورەتری وەرگرتووە. شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیاش کە لەحەوشەی پشتەوەی ئەوروپادایە، ڕەنگە بگاتە ژوری نوستنەکانیش، کۆتایی شەڕەکە ئەگەری زۆرە بە تراژیدایەکی گەورە خامۆش ببێتەوە. ئامادەکردنی (ئەحمەد شەرع) لەلایەن ئەمەریکا و کردنەوەی نوێنەرایەتی تاڵیبان لە مۆسکۆ لەنێو هەمان کۆنتێکستدایە.
ئیسرائیل ئەم ماوانە زۆر سەرکەوتنی بەدستهێناوە لەبەرامبەر “تەوەرەی بەرگریدا” و هەزارکیلۆمەتری چوارگۆشەی لە خاکی سوریا داگیرکردووە، بەڵام لەگەڵ نەفرەتێکی کۆمەڵایەتی فراواندا بەرەوڕووە، سەرەڕای ئەوەش، گرێیەک کەهەرگیز بە شەڕ ناتوانرێ لەنێو بچێت، ئەوە ماوەتەوە، دەبێت چارەسەر بکرێت، ئەمەش کابوسی ناتانیاهۆیە، مافی خەڵکی فەلەستین بۆ پێکهێنانی دەوڵەت!
سعودیە، دەوڵەتێکی گرنگ و گەورەی ناوچەکەیە و توانای گەورەی هەیە و متمانەپێکراوی ئەمەریکایە و پرۆسەی پەکخستنی (ڕێککەوتنامەی ئەبراهام) بەهۆی کارەساتی (٧) ئۆکتۆبەری (٢٠٢٣)ەوە وەستێنرا. سعودیە پلانێکی ستراتیژی نێوخۆیی هەیە کە نایپەرژێتە سەر شەڕی گەورە، لە هەمانکاتدا پرۆژەیەکی گونجاوی بەپشتیوانی فەرەنسا بۆ کێشەی فەلەستین هەیە.
ئەردۆگان هیچ کارێکی پێنەسپێراوە لەم ئالوگۆڕەدا، تەنانەت وەک نێوەندگیریش لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕەدکرایەوە، مەئموریەتێک: نامەیەکی پزیشکانی گەیاندبوو بە سەرۆک ترامپ! جنێوە ڕێتۆریکەکانی بە ناتانیاهۆ، چواندنی بەهیتلەر، بۆ مەسرەفی نێوخۆیی و
سۆزی ئیماندارانەیە بۆ لایەنگرە کۆنسێرڤەتیڤە ئیسلامیـیەکان. جوگرافیای کێشەکان نەک فەلەستین، سوریایە. پرۆتۆکۆڵی فەرەمی بە شایەدی لایەنی سێهەم لەنێوان ئیسرائیل و تورکیا هەیە پەیوەندییەکانیان لە هیچ کاتێکدا بەشەڕ نەگەیەنن.
لەنێو دیزاینی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، ڕەوتێکی سیاسی بەهێزی کۆمەڵایەتی کە نیشانیداوە ڕێگری سیاسەتی ئیپمپریالیستەکان نیـیە، هێزەکانی ئاپۆیزم کە بە دسپلینن و گوێڕایەڵی سەرکردەکانیانن، وە لەنێو ڕیزەکانیدا ناوەند و باڵە جیاوازەکانیان بەرژەوەندی ماددی و سیاسی گەورە تێکەڵ بەپرۆسەکانی بەرهەمهێنانەوەی جێۆپۆلەتیک و پۆلبەندیـیە نوێـیەکان دەبن و پەرچەمی سەرمایەداریـیەکی سەوزیان هەڵکردووە و کێشەی کورد بە “کۆمەڵگەی دیموکراسی” و “ئازادیـیە کلتوریـیەکان”دا دەتوانێت مانایەک پەیدا بکات لە تورکیا دا.
“چەکوشی نیوە شەو” یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەمەریکا بوو لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا، چارەنوسی شەڕی (١٢) ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی بەلوتکە گەیاند و یەکسەرە ئاگربەستی دەستبەجێی ڕاگەیاند. ئەمەریکا ئەگەری زۆر هەیە هێشتا بەشوێن گۆڕینی ڕژێمەوە بێت لە ئێراندا، ئەگەر خۆی نەکاتە نێچیری ئەمەریکا و لە هاوکێشەی چین دەرنەچێت. لە داهاتووی سیاسی ناوچەکەدا، کۆماری ئیسلامی ئێران شانسی زیندوومانەوەی زۆر کەمە.
ئەگەر سیاسەت بۆشایی قەبوڵناکات، شەڕ ئەو پلان و ئەجێندانە دەسەپێنێ کە براوەی شەڕ دایدەڕێژێت. جیاکردنەوەی گۆڕێنی ڕژێم بە شۆرشی کۆمەڵایەتی گرنگترین و هەستیارترین ئەرکی کۆمۆنیستەکانە. دوو بەرنامە و پلاتفۆرمی جیاواز و دژ بەیەکن. گۆڕینی ڕژێم لەژێر سایە و لەنێو شەڕی ئیپمریالیستەکاندا، دزینی هەموو خەونێکی ئازادیخوازییە بۆ مەرامێکی کۆنەپەرست لەلایەن تاوانبارترین ڕژێمەکانەوە. تیرۆریستەکانی ساڵانی دوو هەزارەکان کە لە زیندانەکانی ئەمەریکا بوون لە ئەبوغریب و زیندانەکانی تر ئێستا دەسەڵاتداری عێراق و سوریان.
بزوتنەوەی ئاشتیخوازی و دژە شەڕ لە مڕۆدا، هێزێکی کۆمەڵایەتی فراوان و نێونەتەوەییە، سەدان حزب و لایەنی سیاسی، سەندیکا کرێکاری ڕادیکاڵەکان و نەوەیەکی نوێ کە پێدەنێنە نێو سیاسەتەوە لەبەرامبەر بۆرژوازی وڵاتەکانیاندا بەتایبەت لە ئەوروپا و ئەمەریکا لەبەرامبەر ملیتاریزم و شەڕخوازی، لەدژی بێکاری و گرانی و حەقدەست ڕاوەستاون، بەڵام بۆ دەرکەوتنیان وەک ئالتەرناتیڤێکی نێونەتەوەیی کاریگەر لەبەرامبەر بۆرژوازیدا کە ماکینەی سیستەمەکەی پەکبخات، بەدڵنییایەوە ماویەتی.

سەرەتای تەموزی ٢٠٢٥
-*-
ژێرنوسەکان
1-Solidaritat info, es gibt keinen kapitalismus ohne Krieg . Chira Stenger
2- nzz.5.juli.2025 S3
3- Der spiegel Nr 27.28.6.2025 S 20
4-
چیمریکا (چین و ئەمەریکا) وشەیەکی لێکدراوە بۆ سیاسەتی بازرگانی نێوانیان بەکاردەهات. بۆ
زانیاری زیاتر بگەڕێوە بۆ وتاری ( ڤایرۆسی چێمێرکا٢٢، پەتایەکی نوێ لەسیتەمی سەرمایەداری جیهانی)، نوسینی جەمال کۆشش
5- کوتکراوەی (بگ، بیتوفڵ، بلد) کە کرۆکی یاساکان باج لەسەر دەوڵەمەندەکان کەمدەکات و ئەرکی دەوڵەت لە خزمەتگوزاریەکان و بیمە کۆمەڵایەتیـیەکان سوک دەکات.
6- NZZ am Sonntag 6.juli.2025
27.28.6.202




خەون و ئاواتی کۆمۆنارەکان، ئیلهامی دونیایەکی سۆشیالیستیـیە.. جەمال کۆشش

هەفتەی خوێناوی پاریس

(٢١) تا (٢٨) ئایاری ساڵی (١٨٧١) لەشکرێکی سەروو سەد (١٠٠) هەزار کەسیەوە، پڕ چەک و جبەخانە و ئەسپ سواری کۆماری فەرەنسا بە فەرمانی سەرۆکوەزیران ( تیرئەدۆڵف) لە مامەڵەیەکی ملکەچکەرانە و لەگەڵ (ئۆتۆ ڤۆن بسمارک)ی ئەڵمانیا کە چل (٤٠) هەزار سەربازی دیلی ئازادکراوبوون بەمەرجی دەستنەپاراستن و کوشتنی عەمدی بە ئەنقەستی لە کۆمۆنارەکان و خەڵکی پاریس و لێدوان نەدان بۆ هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن، پاریسیان وێران و کاول کرد، کوشتاری بەکۆمەڵ، دیلکوشتن، ژنکوشتن و ئەتکردن و تاوانی سێکسی و بۆمبارانـیان ئەنجامدا. لە بەرامبەر نزیکەی چل (٤٠) هەزار گاردی نیشتمانی و کومۆنارەکاندا، هەر (٩٠٠) سەنگەرەکەیان داگیرکرد و حکومەتی هەڵبژێردروای شورایی کۆمۆنەیان ڕوخاند. بۆ ماوەی پێنج (٥) ساڵ حوکمی عەسکەرییان سەپاندو زیاتر لە پەنجا (٥٠) هەزار کەسیان بەرەو دادگای سەربازی و مەدەنی ڕاپێچکرد و لە شانۆگەرییەکی هەڵبەستراودا، بڕیاری لەسێدارەدان و زیندانی و دیپۆرتکردنەوەیان جێبەجێدەکرد. (پیر فیینەر) ژورنالیستی سۆسیالیست بە کوشتنی چل (٤٠) هەزار کەس مەزەندەی کردووە.

(ئوگین ڤالین) ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم، لە ڕۆژی (٢٨) مانگ دەگیرێت، پاش ئەشکەنجەدان دەیکوژن، کۆمۆن، گەورەترین شەڕی نێۆخۆیی لە مێژووی فەرەنسادایە.(هاڕەی چەکەکان و گولـلەبارانکردنەکان لە یەک بە یەکی شەقامەکان هەبوون، زۆرێک لە ژنان وەکو من بێتاوان بوون، دەستڕێژییان لیدەکردن و دەیانکوشتن بە تەنها ئەوە بەس بوو، شێوەیان لەوان بچوایە، ژنە نوسەر (لویسە کۆلت) بە چاوی خۆی بینویەتی و لە ڕۆژی بیست و هەشتی مانگی پێنج (٢٨/٥) نوسیویەتی، ڤێ دێ ئار ٥). ئەو ژنە زیندانیانەی دەگوازرانەوە بۆ ڤێرسای بەشەقامەکاندا تف باراندەکران و شتیان تێدەگرتن و ژنە دەوڵەمەندەکان بە چەترەکانیان لێیان دەدان. (ڤۆتز مەی چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنە سۆشیالیستی ئەمەریکایی کارۆلین یۆت، ئیخنەر٢٠٢١).

کەمێ زانیاری بەزمانی کوردی

لەبارەی شۆڕشی سۆشیالیستی کۆمۆنە و یەکەم حکومەتی کرێکاری کۆمۆنارەکان لەپاریس لە (١٨) ئادار تا (٢٨) ئایار ساڵی (١٨٧١) بەزمانی کوردی، زانیاری یەکجار کەمە. پڕکردنەوەی کتێبخانەی سۆشیالیستی دەربارەی ئەم پرسە گرنگە، پەیوەندییەکی قووڵی بە بەدەرکردن و خاوێنکردنەوەی هەژموونی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستی و لیبڕالیزمەوە هەیە.

ئەم جەنگە چینایەتیـیە فراوانەی پرۆلیتاریا و کۆمۆنیستەکان و ئەنارکیستەکان و بلانکیستەکان و ڕۆڵ و کاریگەری ئەنتەرنسیۆنالی یەکەم و هاوپشتی و سۆلێدارەتی بزوتنەوەی کریكاری و کۆمۆنستی ئەوروپا لەو حکومەتەیان، بۆ کۆمۆنیستەکانی عێراق بابەتێکی لاوەکی و ڕاگوزەر نیـیە.

شۆڕشی کۆمۆنە، گرێدانی تەواوی ئازادییەکان و ڕزگاری کۆمەڵایەتی و بەختەوەری و برایەتی گەلان، شەتەک دەدات بە شۆڕشێکی واقعی لەدژی کاری بەکرێ و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری. جیاکردنەوەی بەتەواوی دین لە دەوڵەت و پەروەردە و گۆڕینی سیستەمی خوێندن و خۆڕایی کردن و ئیجباری کردنی خوێندن، قەدەغەی شەوکاری و کاری مناڵان و مافی هاوڵاتی یەکسان بۆ سەرجەم دانیشتوانی پاریس کە لەو دەمەدا زیاتر لە سەد (١٠٠) هەزار کرێکاری ئەڵمانی و پۆلۆنی و هەنگاری و ئیتالی تیا دەژیان.

ناسینی بە شکۆی مناڵانی دەرەوەی پەیوەندی نەریتی خێزان و مافی یەکسانی کرێی ژنان و پیاوان کە کێشەیەکی گەورەی خێزانە کرێکارییەکان بوو …هتد لەنێو جەرگەی شەڕی پروسیا (ئەڵمانیای ئێستا) و فەرەنسا، هەژاری کوشندە و کاری تاقەتپڕوکێنی و دوازدە (١٢) سەعاتی شەش ڕۆژە، نەخوێندەواری و نەخۆشیـیە بەربڵاوەکاندا، زۆر تایبەتە. ئەمانە شکاندنی ژورەکانی باستیلی سەرمایەبوون نەک، ڕیفۆرم.

لە زەمانی مانیفێستەوە

لە ئەوروپا بەگشتی و فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و بەلجیکا و سویسرا، بزوتنەوەیەکی بەهێزی هەمە ڕەهەندی ڕادیکاڵی کرێکاری و سۆشیالیستی و دیموکراسی شۆڕشگێڕانە پەیدا ببوو دەیەی شەستەکانی ساڵی کۆمۆنە، دەیەی شکڵگرتنی یەکێتی و سەندیکا و خەباتی نێونەتەوەیی سوشیالیستی بوو. دەیەی پێکهێنانی دەیان و سەدان کۆڕی خۆڕۆشنبیرکردن و ڕێکخراوبوونی کرێکاران بوو. لە (١٨٦٦) ئازادی چاپ و کۆبونەوە پەسەندکرا لەلایەن پۆناپارتەوە، دەیان ڕۆژنامە و سەدان میتنگ سازدەدارن.

ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم (١٨٦٤)، نەقابەکرێیەکارییەکانی بەریتانیا (١٨٦٦)، حزبی کاری ئەڵمانیا (١٨٦٦)، پەرەگرتنی حزبەکانی سوسیال دیموکرات شوڕشگێر لە ئەڵمانیا، لەگەڵ پەرەسەندنێکی زۆر خێرایی پیشەسازی و سەرمایەگوزاری کشتوکاڵی و کۆبونەوەی دانیشتوان لەشارەگەورەکان. سەرمایە لەپڕ کەڵەکەیەکی بێوێنە و هەڵتۆقینی گەورە سەرمایەدارەکان و لەلایەکی ترەوە گەڕەکە هەژارەکان بە بڵاوتر و برسی تر و خێزانەکرێکارییەکان بۆ بژێوییان دەبوو هەموو کار بکەن. کۆمۆنیزمی شۆڕشگێر ئیدی بەرەو هەنگاوی کۆمەڵایەتی چینایەتی گەورە دەردەکەوت، … لقەکانی ئەنتەرناسیۆنال لەئەڵمانیا و فەرەنسا و بەلجیکا و بەریتانیا و ئەمەریکا و ڕوسیا لە گەرمەی تێهەڵچونەکاندا بوون.

هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاری

ناردنی نوێنەری ئەنتەرناسیۆنال بۆ کۆمۆنە (ئەلیزابیت دیمتری و هاوڕێێەکی) کە دەیەمین ڕۆژ دەگەن، ئەلیزابیت کە خۆی بەڕەچەڵەک ڕوسیـی بوو وە بۆ خوێندن هاتبوو بۆ جنێف، لەوێ لەگەڵ کۆمۆنیستەکانی جنێف ئاشنایەتی پەیدا دەکات و ئەوانیش بۆ لەندەن بۆ لای مارکس دەینێرن، وە لەسەر داوای مارکس دەڕوات. هەر چەند تەمەنی ٢٠ ساڵە بەڵام یەکسەر دەست بە هەڵسوڕانی جددی دەکات و گەورەترین و کاریگەرترین ڕێکخراوە بەناوی (یەكێتی ژنان) دروست دەکات. کرێکارانی ئەڵمانیا لەشارەکانی بەرلین، لیپتزیگ، دیدرسدن، خیمنتز، هامبورگ، هانۆڤەر، برێمن، ئیلبرفێلد، نۆرمبیرگ، دەستیان بەچالاکی سیاسی و کۆبونەوەیان پشتیوانی بۆ کۆمۆنارەکان کرد. لە نامەیەکی پیرۆزباییدا سێ (٣) هەزار کرێکاری هانۆڤەر هاوچارەنوسی خۆیان بۆ کۆمۆنارەکان ناردبوو. (فرێرنارد ئۆگۆست بیبل) هەڵسوڕاوی کرێکاری و ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا و دامەزرێنەری حزبی سۆشیال دیموکرات، لێبڕاوترین کۆمۆنستی نێونەتەوەیی بوو کە لە دژی سیاسەتی عەسکەرتاریەتی وڵاتەکەی خەباتی دەکرد داوای وەستانی جەنگی دەکرد کە ئەو دەم لەشکری ئەڵمانیا، تەوقی پاریسیان دابوو. کرێکارانی بەریتانیا و نەمسا و بەلجیکاش بەهەمان جۆر. بڵاوکراوە و ڕۆژنامەکانیان هەموو ڕۆژێک بەوردی ڕوداوەکانی شۆڕشیان دەگواستەوە.

شۆڕش و ڕیفۆرم و ژنان و کۆمونە

هەرچەند لەم نوسینەدا،هیچ دەرفەت نیە، ئەزمونی کۆمۆنە شرۆڤە بکەم. چەند دێرێک زۆر بەپێویست دەزانم کە بینوسم لەپەیوەند بە حکومەتی دیکتاتۆری پرۆلیتاریای پاریس. کۆمۆنە لە دوازدە (١٢) شوێنی تر دامەزرا لە (لیۆن) و (مارسیلا) تەمەنیان دوازدە (١٢) ڕۆژ بوو. ببینن بۆرژوازی بە چ کوشتارێک حکومەتی هەڵبژێردراوی کۆمۆنارەکانی خاپوور کرد. سەد و نەوەد (١٩٠) هەزار کەس دەنگیان بە کۆمۆنەدا، چل و پێنج (٤٥) هەزار کەس دەنگیان نەدا. خێزانە بۆرژواکان زووتر شاریان چۆڵکردبوو.

ئەو دەمە کۆماری فەرەنسا لە کێبڕکێیەکی ئیمپریالی گەورەدا بوو لەگەڵ بەریتانیا و ئەڵمانیا، لە شەڕدا بوو لەگەڵ پروسیا، بەڵام کرێکاران و سۆشیالیستەکان، خەباتی بنچینەیی خۆیان جێنەهێشت و فریوی کێشمەکێشەکانی نێو باڵەکانی بۆرژوازیان نەخوارد.

مارکس لەو بارەوە زۆر بەباوەڕەوە دەڵێت، کۆمۆنە حکومەتی فراکسیۆنێکی بۆرژوازی نەبوو بدرێتە فراکسیۆنێکی تر. کۆمۆنە خۆی حکومەتێک بوو بۆ تێکشکاندنی ئەم ئامڕازە سەرکوتکەرە شەرمهێنەرە.

هەرچەند دووژنە هەڵسوڕاوی کۆمۆنە خۆیان پێشتر هەڵسوڕاو بوون لەگەڵ چەند ژنە بۆرژوازییەکی تر بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان، بەڵام هیچ گرنگیـیەکی لە کۆمۆنە نەبوو بۆیان، ئەوان بەشوێن گۆڕینی سیستەمەوە بوون تەنانەت لە حکومەتی کۆمۆنەشدا، ئەوان هەرچەند بەتالێۆنی خۆشیان هەبوو، وە دواین کەس بوون کە شکستیان خوارد، ژنان لەو دەمەدا بەتەواوی دەیانەویست قوچکەیی (هیراکیەتی) چینایەتی و جێندەری هەڵتەکێنن.

جەمال کۆشش

ئایاری ٢٠٢٥




بورجێکی ڕۆشنایی، کۆمۆنیزمێکی شۆڕشگێڕ لە حزبێکی ئینتەرناسیۆنالدا باڵا دەکات.. جەمال کۆشش

(لە ڕوانگەی پێویستی شارەزابوون و ئەزمون و پەیوەندی گروپ و پارتە کۆمۆنستەکان، ئەم نوسینە پەرەگرتنی خێرایی ڕەوتێک بەناوی “ئەنتەرناسیۆنالی کۆمۆنستی شۆڕشگێڕ” بەخوێنەران دەناسێنێ. هەوڵمداوە دیدگا و سیاسەت و مەیدانەکانی تێکۆشانیان بەچڕی و لە جوڵەدا بخەمەڕوو، ئەمە ناساندنە و پاڵپشتی هەر ڕەوتێکە کە بەرگری لە مارکسیزم و خەباتی چینایەتی کرێکاران بکات و ناچێتە سەرهەڵسەنگاندنی پلاتفۆرم و بەرنامەکەیان).

پاش ئەوەی (تێد گراند-Ted Grant) و هاوڕێکانی خۆیان لە [کۆمیتە بۆ نێونەتەوەیی کرێکاران-Committee for a Workers’ International (CWI)] جیادەکەنەوە، لەگەڵ (ئالان ودز-Alan Woods) لە ساڵی (١٩٩٢)دا (ڕەوتی مارکسیستی ئەنتەرناسیۆنال-International Marxist Tendency) دادەمەزرێنن. لە بەریتانیاش وەک ڕێکخراوی “بانگەوازی سوشیالیستی-Socialist Appeal” جیادەبنەوە لە [ڕەوتی ملیتانت-Militant tendency]. (دواتر دێمەوە سەری).

بەکارهێنانی مێتۆدی مەتریالیستی و ئەرسەدۆکسی مارکسیستی و گەڕانەوە بۆ نوسراوەکانی مارکس و ئەنگلس و لینین و ترۆتسکی و پەرەدان بەڕەهەندی تێۆری لە خەباتی چینایەتی و ئابوری سیاسی و لە زانست و گەردووناسی و کەلتوور و ئاییناسیدا، ڕێبازی بەرجەستەی ئەم دەستپێشکەریـیە بوو. بەشداری کاریگەرانە و بەردەوامانەیان لەنێو ڕێکخستنە کرێکارییەکان و نەقابە و ئەنجومەن و کۆمیتەی مانگرتنەکان و بەتایبەت لەنێو لاوانی سۆشیالیست و گەنجاندا، پێگەی چینایەتی ئەم ڕەوتەی پتەودەکرد و بە گرێدانی بە شۆڕشی سۆشیالیستی و دکتاتۆری پرۆلیتاریا و تێکشکاندنی سیستەمی سەرمایەوە ڕاستەوخۆ بەرەو پراتیكی ڕاستەوخۆی سروشتی چینایەتی لۆکاڵی بە ئەوروپایی و بە نێونەتەوەیی دەبەستەوە و تاقانەی دەکرد.

دامەزراندنی ئۆرگانی ڕاگەیاندنی حزبی بەلشەویکی و پێگەیاندنی کادری پیشەیی و کارا و بە دسپلین، خۆڕۆشەنبیرکردنی هەمەلایەنە و کۆرس و زانکۆی ئاڵتەرناتیڤ و چوونە نێو پرۆسە کۆمەڵایەتیـیە ئاڵۆزەکانەوە، دابینکردنی مالی سەربەخۆ و پشتبەستن بە کۆمەک و هاوپشتی ئەندامان و لایەنگرانی و فرۆشتنی بڵاوکراوەکانی، ئەم جوڵانەوەیەی لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕی بە یەکێک لە بەهێزترین هێڵە سۆشیالیستەکانی نێو بزووتنەوەی کرێکاری.

بەدرێژایی ئەم ساڵانە، خەباتی نێونەتەوەییان پەرەپێدا، سەرەڕای توندوتیژی و زیندانی و ڕاوەدونان لەلایەن دەسەڵاتداران و گروپە فاشیستەکانەوە، لە هەمانکاتدا جیابونەوە و دابەش بوون و کەرتبوون ڕوویدەدا، بەڵام پەیگیرانە و باوەڕبەخۆ و سوربوون لەسەر لۆجیکی مەتریالیستی بۆ خوێندنەوەی دونیا توانیان ئەم ئۆرگانە بچووکە جارێ تر و لە سەردەمێکی تردا بێتەوە سەر شانۆی سیاسی و لەنێو وڵاتانێک کە بۆ سەدە وا دەردەکەوتن کە ئارام و هەموو شت لە جێگای خۆیدایە، بومە لەرزەیەکی سیاسیان لەسویسرا، دانمارک، سوید، فنلەند، ئەڵمانیا، ئەمەریکا، نایەوە و یەکسەرە پەرچەمی شۆڕشی سۆشیالیستیان بەرزکردەوە و دەنگدانەوەی لە میدیا گەورەکاندا، بۆرژوازی شڵەژاند.

هیچ بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە ناتوانێت بەبێ تێۆری شۆڕشگێڕانە بێت

ماڵپەڕێکی زیندوویان بەناوی “بەرگری لە مارکسیزم-In Defence of Marxism” دامەزراند، وەک ئۆرگانی فەرمی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی، جدالاتێکی گرنگی تیۆری و سیاسیان بە مەبەستی پشتیوانی و ئاسۆدارکردنی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنستی لەنێو دڵی ئاڵوگۆرەکاندا لە گۆشە جیاوازەکان و نەبەردە جیاجیاکان و هەرێمەکاندا. لەم یەکدوو ساڵەی کۆتاییدا، کەمپیێکی فراوانی ئەندامگیری و سازماندارییان لە زۆربەی ناوچەکانی دونیا بەناوی (ئایە تۆ کۆمۆنستی؟ دەی کەواتە خۆت ڕێکخراو بکە- Are you a communist? Then get organised!)، بەڕێخست. لەهەندێک لەوڵاتان ڕێژەی لە سەدا سەد و لە هەندێ جێگا لە سەدا سەد و پەنجا ئەندامگیرییان چووە سەرێ (سویسرا و نەمسا و سوید و دانمارک)، بەمجۆرە پێداویستیـیەکان بۆ هەنگاوێکی گرنگی ئاڵوگۆڕبەخش هاتە بوون.

پرشنگدارترین گەشە و ئاڵوگۆڕی چۆنایەتی لە ڕێکخستنە کۆمۆنیستیـیەکان لە ساڵی ڕابردوودا، دامەزراندنی (ئەنتەرناسیۆنالی کۆمۆنستی شۆڕشگێڕ-Revolutionary Communist International) بوو. لە ڕۆژانی (١٠) تا (١٥)ی (حوزەیرانی ٢٠٢٤) لە ئیتالیا بە ئامادەبونی ڕاستەوخۆی (٥٠٠) کەس و لە ڕێگای (زووم)یشەوە (٧٧٠٠) کەس لە (١٢٠) دەوڵەتەوە بەشداری دامەزراندنی حزبی کۆمۆنستی شۆشگێڕی نێونەتەوەیییان کرد. یەکێک لە کۆنفرەنسە جیهانیـیە گەورەکانی کە لەماوەی ئەو (٦) ڕۆژەدا، گفتوگۆی جددی بەرنامەیی و ستراتیژی و حزبی و پەروەردەیی بە (٢٥) زمان بەڕێوە چوو. هەر لەوێدا نزیک بە نیو

ملیۆن (٤٨٨.٢٨٥) ئیرۆ کۆمەگ کۆکرایەوە. ئەم کۆنگرەیە بەتێکڕایی بەشداربوان لەسەر بەرنامە و سیاسەتی کۆمۆنستی و ڕووخاندنی دەسەڵاتی بورژوازی و ڕێکخستنی حزبی و دامەزراندنی (ئەنتەناسیۆنالی کۆمۆنستی شۆرشگێر) بڕیاریاندا.

ماڵپەڕە سەرەکییەکەیان (بەرگری لە مارکسیزم) بە (٤٩) زمان بەرهەمی تێدا بڵاودەکەنەوە. بەشێک لەبەرهەمەکانیان بەزمانی کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی لەوێدا هەن. گۆڤارێکی وەرزی تیۆری سەراسەرییان هەیە بەناوی (بەرگری لە مارکسیزم). زۆربەی لقەکانیان بەتایبەت ئەوانەی کە حزبیان دامەزراندووە، ڕۆژنامەیەکی مانگانەیان هەیە.

نزیکردنەوەی کامێرا بۆ وێنەگرتنی دوو جوگرافیا

لقی پاکستان: پاکستان یەکێک لەناوچە هەرە گەرمەکانی خەباتی چینایەتیـیە. بە (کەراچی)ی دەوترێت (پترۆگرادی پاکستان). (٣٢٠) هەڵسوڕاوی کۆمۆنست لە ژنان و پیاوان لە ڕۆژانی (٧ و ٨)ی مانگی (١٢)ی (٢٠٢٤) لەسەرانسەری شار و هەرێمەکانەوە لە لاهور کۆبونەوە، تیایدا نوێنەرانی سریلانکا، ئەمەریکا، ئیتالیا، کەنەدا و نوێنەرایەتی (سکرتاریەتی کۆمۆنستی شۆڕشگێری نیونەتەوەیی) بەشدار بوون. لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا لەسەر بەرنامە، لەسەر چۆنیەتی دامەزراندنی حزبی بەلشەویکی لە پاکستان، خەباتی کرێکاران، مافەکانی ژنان، چۆنیەتی بڵاوکردنەوەی گۆڤاری مانگانەی کۆمۆنست (شیعاری نان، جلوبەرگ، نێشتەجێبوون)، وە هەڵبژاردنی ئۆرگانەکان بەڕێوەچوون. پاکستان لەنێو تۆڕێکی گرنگی پەیوەندیدایە، لەگەڵ سریلانکا، بەنگلادش و هیندستان، کە بەهۆیەوە کەسانێک لە مانگرتنە گشتیەکانی کرێکاران و خەباتی جەماوەریی ئەو وڵاتانەوە بەشداربوون، هەروەها بەیاننامە و ڕاگەیاندنیان دەرکرد لەسەر شۆڕش لە بەنگلادیش. لقی پاکستانی لە بارەی مێژوویی و جوگرافیا و زمان و کلتوورەوە، یەکێک لە گرنگترین وهەستیارترینیانە.

لقی بەریتانیا: ئەم بەشە بە گرنگترین بەش و بەمێشکی ناوەندەکە دادەنرێت و مەڵبەندی سەرەکی ئەنتەرناسیۆنالەکەش هەر لە لەندەنە. ڕەوتی ملیتانت، سەرەتای دامەزراندنی بۆ (١٩٦٤) دەگەڕێتەوە، مەیلێکی ترۆتسکی نێو [پارتی کرێکارانی بەریتانیا-Labour Party (UK)] بوو، لە دەوری گۆڤاری ملیتانت کۆببونەوە. سکرتێری سیاسیـیەکەی (تێد گرانت-Ted Grant)، سکرتێری نیشتمانی (پیتەر تاف-Peter Taaffe) بوو. ئەم ڕەوتە بەتایبەت لە شاری لیڤەرپوول، پێگەیەکی جەماوەری فراوان و (٣) ئەندام پەرلەمانی هەبوو، وە ئامانجدارانە لەنێو گەنجانی حزبی کرێکاراندا خەریکی ڕێکخستنی حزبی بوون، لەنێو حزبی سۆشیالیستی لاوانی حزبی کاردا، تەواو دەسەڵاتی ئاراستەکردنی سیاسەتیان پەیداکرد. حزبی نێو حزب بوون، لە ماوەی ساڵانی هەشتاکاندا، سەنگەرێکی یەکجار بەهێزبوون لەبەرامبەر تاتچەر، و پشتیوانی مانگرتنە گەورەکانی کرێکارانی کانە خەڵوزەکان بوون، بەڵام بەردەوام ئەم ڕەوتە لەژێر گوشاری دەوڵەت و بەتایبەت (پارتی کرێکاران)دا بوو، تا دەرکردنی ئەندامان و لەوانەش تێد گرانت. ملیتانت بەهۆی ئاڵوگۆڕەکانی جیهان و بەهۆی ئەوەی ئایا هەربمێننەوە لەنێو (پارتی کرێکاران)دا، بوون بەدوو کەرتەوە، کەرتێکیان حزبی کاری ملیتانتیان دامەزراند کە زۆرینەبوون، هاوڕێیانی تێدگراند و ئالان ودز، ڕێکخراوی (بانگەوازی سۆشیالیستی-Socialist Appeal)یان دامەزراند و بڵاوکراوەیەکی نیومانگانەیان بەو ناوەوە دەردەکرد تا نۆڤەمبەری ساڵی پار (٢٠٢٤) کە ناوی خۆیان گۆڕی بە (پارتی کۆمۆنستی شۆشگێر) کە لەسەرانسەری بەریتانیا (١٢٠٠) ئەندامی چالاکیان هەیە و لقی بەریتانیای (کۆمۆنستی ئەنتەرناسیۆنالی شۆڕشگێڕ)ن.

لقی سویسرا: گفتوگۆیەکی کورت لەگەڵ (مادلینا یۆت، کادرێکی سەرەتایی پارتی کۆمۆنستی شۆڕشگێر لە سویسرا

چۆن ڕێکخراوەکەتان/ حزبەکەتان لە سویسرا بەم شێوەیە گەشەی سەند؟

مادالینا: ساڵی (٢٠٠٨) ڕێکخراوی (دێر فونکە سویسرا)مان دامەزراند. گروپێکی بچوکی لە لاوان کە سیاسەت بەلایانەوە گرنگی هەبوو لە بەشی ڕۆژئاوای سویسرا لەگەڵ خەڵکانی نەمسا پەیوەندییان پەیدا کرد، کە ئەوان پێشتر لقێک بوون لە (ڕەوتی مارکسیستی ئەنتەرناسیۆنال-International Marxist Tendency). لە ساڵە یەکەمەکانی کارماندا ئێمە خۆمان خزاندە نێو ڕیزەکانی ڕێکخراوی (لاوانی سۆشیالیست)ەوە، توانیمان هەندێک لە ئەندامانیان بۆلای خۆمان ڕابکێشین و ناوکی ڕێکخراوەیەکی جێگیر دابمەزرێنین. ووردە وردە توانیمان لە بەشەکانی تری سویسرا (بەشە فەرەنسیەکەی “ڕۆماندی”، بێرن، بازل، زوریخ) گروپی تر دابمەزرێنین و ژمارەمان زۆر گەشەی سەند کە لە سەرووی (٢٠٠) ئەندامی چالاک لە ساڵی (٢٠٢٣)دا، تا لە ئەنجامدا بەهۆی گەشەیەکی خێرایی ئەندامگیرییەوە لە مانگی ئایاری (٢٠٢٤)دا، (حزبی کۆمۆنستی شۆڕشگێر)مان پێکهێنا، بەمجۆرە زەمینەسازییەکی زۆرترمان بۆ ئایدیای کۆمۆنیزم ڕەخساند.

ئایا هەر لەسەرەتاوە پەیوەندیتان بە (ڕەوتی مارکسیستی نێونەتەوەیی)ەوە هەبوو، وە ئەوان چ ڕۆڵ و کاریگەرییەکیان لەسەرتان هەیە؟

مادالینا: بەڵێ، ئێمە هەر لەسەرەتاوە پەیوەندیمان هەبوو لەگەڵ (ڕەوتی مارکسیستی نێونەتەوەیی)، بەڵام پێویست بوو لەپێشدا ئێمە ئۆرگانی خۆمان بەستراکتووری دیمۆکراتیەوە (بۆ نمونە وەک کۆنفرەنس) هەبێت و جێگێر بین و بۆ ئەوەی بەشیوەیەکی فەرمی ببینە بەشێکی ئەو ڕەوتە . ڕەوتی مارکسیستی ئەنتەرناسیۆنال، بەشێوەیەکی زۆر باڵا و کاریگەر مەتریاڵی پەروەردەکردن بەرهەمدەهێنێت، کەزۆر یارمەتی ئێمە دەدات تا بەشێوەیەکی ڕاست ئایدیای مارکسیسزم تێبگەین و فێربین. هەروەها ئێمە لە پەیوەندییەکی بەردەوام داین لەگەڵ ڕابەری ئەو ڕەوتە، وەڵامی پرسیارەکانمان دەدەنەوە و لە دامەزراندانی ڕێکخراوەییماندا پشتیوانیمان دەکەن. ئەمە و هەروەها گرنگترینیش ئەوەیە شۆڕشی کۆمۆنستی تەنها دەتوانێت سەرکەوتوو بێت کە ئەنتەرناسیۆنال بێت. هەر بۆیە پێویستی بەڕێکخراوەیەکی نێونەتەوەیی هەیە.

بۆچی لەم ساڵانەی دوایدا هێندە گەشەتان کردووە و سەرکەوتوبون، لەبەرچی بەتایبەت لە ئەوروپا و کەنەدا؟

مادالینا: قەیرانی سەرمایەداری چەند دەیەیە ناڕەزایەتی و توڕەیی بەرهەمدەهێنێ. ئەزمەی کۆرۆنا، بەشوێنێدا هەڵئاوسان، فراوانبونەوەی مەیدانی جەنگەکان، ئەمانە هەمویان ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ سیستەمێک کە باشترین ڕۆژەکانی خۆی ژیاوە. ئەمانە خەڵکانێکی یەکجار زۆر لە سەرانسەری دونیا هەستی پێدەکەن و بەشوێن ڕێگای دەرچوندا دەگەڕێن. لێرەدایە مارکسیزم و حزبەکەی ئێمە، گونجاوترین وەڵامی هەیە و هەربۆیە وەها سەرکەوتوبوین. وە ئەمە بەشێوەیەکی گشتی دروستە هەروەک بۆ ئەوروپا و کەنەداش.

تۆ چۆن بیری لێدەکەیتەوە، کەسێک مارکسیست بێت پیویستە لە مڕۆدا چی بکات؟

خۆت پەروەردە بکە و چالاکانە لە پەروەردەکردنی هاوڕێیانت یارمەتیدەربە، ئەم حزبە و ئەنتەرناسیۆنالی کۆمۆنستی شۆرشگێڕ دابمەزرێنە. هەروەها پێویستە ئێمە هێندە زۆر بین و هێندە وشیار بین کە بەواقعی بتوانین ئەم دونیایە بگۆڕین.

تێبینی: لە ماڵپەڕی “بەرگری لە مارکسیزم-In Defence of Marxism” لەلایەن (کامەران ئەحمەد، کاوە ئاسنگەر، کارزان عەزیز، حسێن حسێنی) بەشێک لە وتار و بابەتەکان وەرگێڕدراون بۆسەر زمانی کوردی-سۆرانی.




لە بەهێزی راستەکان و راسیستەکانی ئەوروپادا، دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران، ئاماژەیە بۆ دەرکەوتنی نیوفاشیزم.. جەمال کۆشش

دوو دەیە دەبێت حزبە ڕاست و نیولیبڕاڵە کۆنەزەرفاتیڤ و ڕەوتە کریستیانە جۆراوجۆرەکانیان و سەوزە لیبڕاڵەکان و ڕاسیستەکان بەشێوەی جۆراوجۆر، لە گۆشەی جیاوازە و بەدرووشمی جیاواز و ئاکتی جەماوەریـیەوە، هەنگاوهەنگاو لە پەرلەمان و ستراکتوری (structure) دەوڵەتدا، هەر جارەی چەند بەندێک و پەرەگرافێک لە یاساکانی پەنابەری و کۆچ و بیانی هەموار دەکەنەوە و تێیدەپەڕێنن. بەهێزبوونی ئەو لایەنانە لە پەرلەمانی نیشتمانی و پەرلەمانی ئەوروپا و دەوڵەت و لە کۆمەڵگاکانی ئەوروپا و ئەمەریکادا، بەرهەمی ئاڵۆگۆڕێکی ماددیی و پراتیکی سیاسیە. (لەم نوسینەدا بوار نیـیە ئەو ئاڵوگۆڕە بەسەر بارودۆخی ژیان و مافەکانی هاوڵاتیانیشدا لێبکۆڵمەوە، دەنا هەمان ڕەیڵ هەیە).
کێشەی مووچە لە کوردستان چ ئاڵۆزیـیەکی بێکۆتایی و چ سەرلێشواویـیەکی دروستکراو و مانۆڕی میدیایی پوچی لێهەڵچنراوە، مەسەلەی پەنابەران هەمان سێرکی (circus) لە ئەوروپا و کرێکارانی کۆچبەر لە ئەمەریکادا هەیە. پێشنیار و ڕێگا چارەسەری ڕاسیستانەی ئەم دۆسیەیە ئەبێتە مایەی سەرکەوتنیان لە پەرلەمان و حکومەتەکانیاندا. ئەوانەی ئاگادار و سەودایان لەگەڵ ئەم پرسەدا هەیە، شایەدن کە لە ماوەی (٢٠) ساڵی ڕابردوودا، بە بەردەوامی یاساکانی پەنابەری، مافی پەنابەری سیاسی و ئینسانی و مافی مانەوە و مۆڵەتی کارکردن و کاتیگۆرییەکانی، هاوڵاتی بوون و بیمە کۆمەڵایەتـیـیەکان و فێربونی زمان و پرۆسەی هاوسەرگیری و یەکگرتنەوەی خێزان …هتد، توندتر و بەرتەسکتر کراونەتەوە.
لەگەڵ کۆچی کرێکارانی ئەمەریکای لاتین (بەزۆری مەکسیکیـیەکان) بەتایبەت دوای ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان بۆ بازاڕی کار لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کە بەزۆری لە تەماتەڕنین و لۆکەچاککردن و خانوبەرەدا، کاریان دەکرد، ڕەوەندێکی تراژیدی دێتە نێو بازاڕی کارەوە. کرێی یەکجارکەم، کاری سەخت و درێژ، بێ بیمەی تەندروستی، بەقاچاخ ژیان و بێگرین کارت (Green Card). چەند کاتژمێرێک دوای دەستبەکاربونی (ترامپ)، واژۆی لەسەرتوندکردنەوەی ڕێکارەکانی کۆچ و دیپۆرتکردنەوەی ملیۆنی و هەڵوەشانەوەی مافی ئەو کۆرپانەی کە لەسەر زەوی ئەمەریکا لەدایک دەبن بە پەڕەموچەیەکی گەورەی ڕەش ئیمزا کرد. باری نائاسایی نیشتمانی ڕاگەیاند بۆ بەکارهێنانی لەشکر لە دژی کۆچکردوان و دیپۆرتکردنەوەیان (ئێمە گەورەترین دیپۆرتکردنەوە لە مێژوی ئەمەریکادا جێبەجێ دەکەین)١. (ملیۆن بەڵی ملیۆنان، دەیانگەڕێنینەوە بۆ ئەو جێگایانەی کە لێوەی هاتوون). ئەم ڕەشبگیریـیـیە لە کۆڵانەکان، کارگاکان و شوێنی کار، وە قوتابخانەکان و تەنانەت لە نەخۆشخانەکانیش دەگرێتەوە.٢. لە ئێستادا مەزندە دەکرێت (١٠-١١) ملیۆن کەس بن.
ئەو ڕێککەوتنەی کە سیاسەتێکی هاوبەشی پەنابەری لەنێوان (٢٧) دەوڵەتی یەکێتی ئەوروپادا بەدیهات لەسەرەتای ساڵی (٢٠٢٦) دا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئاژانسی فرۆنتێکس (Frontex)، دامەزراوەی یەکیتی ئەوروپا بۆ پاراستنی سنورەکان، لەماوەی ئەم دە ساڵەی کە دامەزراوە، بە بەردەوامی بە پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیاکانی سەربازی و سیخوڕی و چاودێری گەشەی کردووە تا (١٠) هەزار کارمەندی جۆراوجۆر بەنیازن تا ساڵی (٢٠٢٧)، سێ قاتی بکەن و لە چوارچێوەی دیپۆرتکردنەوەی هاوبەشی یەکێتی ئەروپادا بەگەڕ بخرێت. جگە لە سیمڕێژکردنی سنورەکان و مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی تورکیا، تونس، لیبیا بۆ ڕێگەگرتن لەپەنابەران. ٣.
تەماشای ساڵی (٢٠٢٤) بکەین، خاڵی وەرچەرانێکە لە مێژووی سیاسەتی پەنابەری و کۆچدا. دەوڵەتی سوێد کە بە ترادسێۆنی ئینسانی و بەخشندەیی شانازی دەکرد، ئێستا تەنانەت بیردەکرێتەوە لە لێسەندەنەوەی شوناسی هاوڵاتی لەو کەسانەی پێشینەی کۆچبەریان هەیە. ئەڵمانیا بە دیپۆرتکردنەوەی (٢٨) پەنابەری ئەفگانی (ئەفغانستانی) ڕێگای بۆ ئەوروپا تەختکرد. نەمسا و بەلجیکا دەستیان بەپەیوەندی کردووە و نەمسا وەفدی ناردووە. ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق لە مانگی ئایاری ساڵی پار (٢٠٢٤)دا بەتەواوی لێکتێگەیشتنیان ئیمزاکرد. یەکەم ڕۆژی ڕووخانی ئەسەد لە (٨-١٢-٢٠٢٤) تەواوی دۆسیەکانی پەنابەرانی سوریا لە ئەوروپا سڕ (تەجمید) کراون. ڕێککەوتنی نێوان بەریتانیا و عێراق لەسەر دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران، ئاکامی هەمان ڕەوتی دژە پەنابەریـیە.
بوارێکی گرنگی ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی کە زۆرێک لە حزب و دەوڵەتە ڕاستەکان بە (هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نێوخۆ) و (نائارامی و ترسی هاوڵاتیان)، بەهانەیان بەدەستەوە گرتووە، پەرەپێدانی دجیتاڵی و پێکەوەبەستنی ناوەندەکانی (نێوەندی زانیاری شێنگن-Schengen Information System)، (سەنتەری زانیاری ڤیزە-Visa Information System) و (ئیۆرۆ دۆک- بانکی داتای پەنابەری)، و کۆکردنەوەیان لەیەک ناوەنددا. لە نۆڤەمبەری (٢٠٢٤)دا (گەشتی هاتن/دەرچون ) دامەزراوە.
(هانا شتۆل)، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی (سۆلیدارتی سانس فرۆنتێ- solidaire sans frontières)) کە تێزی دکتۆراکەی لەسەر (ئیرۆدۆک ئەسیل داتن بانک) بووە دەڵێت: (ئەوەی ئێستا پەنجەمۆری هەر دەپەنجەکە، ڕەگەز، بایۆمتری دەموچاو، ناو و ناوی خێزانی و نازناو، ناوی لەدایک بون و شوێن و ڕۆژی لەدایک بوون، هاونیشتمانی، جۆری شوناس و مێژووی بەسەرچوون، دۆکیۆمنتی سەفەر و بەڵگەکانی ئەسڵیبونی و کۆپی و سکانکردنی ڕەنگاوڕەنگی، ئەمانە دەدرێن بەپێی ئەو دەوڵەتانەی کە ئەندامی ڕێکەوتنامەی (دەبلن)ن وە هەروەها دەکۆڵنەوە لە دەرچوون و دیپۆرتکردنەوە، ئایا ئەم کەسە بەتەواوی مافی پەنابەرییەکەی ڕەدکراوەتەوە؟، وە بەشێوەیەکی گشتی ئایا ئەم کەسە مەترسی هەیە بۆ سەر ئاسایشی نێوخۆ، ئەگەر گومانیان هەبێت جۆری توندوتیژییەکەی چۆنە، چەکی پێبووە، یان شتێک بیبەستێتەوە بە تاوانێکەوە، ئەگەر ئەوە بێت، هەموو ئەمانە لە (ئیۆرۆ دۆک-Eurodoc)ەکەدا جێگیر دەکرێت. هەموو ئەم زانیارییانە بەکراوەیی دەکەوێتە دەست بەرپرسیارانی وەزارەتی داد و نێوخۆ و پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتی کۆچ، کە بەیەک کلک دەتوانن هەموو بەڵگە و زانیارییەکان ببینن و هەندێک یەکسەرە دەرگا لە پرۆسەی مافی پەنابەریـیان دادەخرێت. ٤.
(کامێلا هاریس) لە چاوپێکەتنێکی تەلەفزیۆنیدا، ترامپی وەک فاشیست ناساند. پێموایە بەئیمزاکردنی لێسەندنەوەی مافی هاوڵاتی لە مناڵانێک کە هێشتا لەدایک نەبوون بەهۆی ڕەگەزنامەی دایـیوبابیانەوە، مافی ئەوەمان هەیە بە فاشیستی بناسێنین. (جۆرجیا میلۆنی) نیوفاشیست، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، کە (١٦) پەنابەری بۆ ئەلبانیا گواستەوە بە کەشتیەکی (٨٠) مەتری و بە(٦٠) کەس لەپارێزەر و پۆلیس و وەرگێڕی زمان و کەشتیەکەوە، بەتێچووی (٢٥٠) هەزار ئێرۆ. (٦٥٠) تا (٨٥٠) ملیۆن ئێرۆی بۆماوەی (٥) ساڵ بۆ ئەو ئۆردوگایە تەرخانکردووە کە بۆ پەنابەرانی دیپۆرت کراوەیە.
پێگەیەک کە ڕاست و ڕاسیست و فاشیستەکان لە ئێستادا بەدەستیانهێناوە، دۆخێکی یەکجار سەخت بۆ پەنابەران و کۆچکردوان دەخوڵقێنێ. زنجیرە ئەڵقەکانی پەنابەران نزیکدەبێتەوە لە دواین قۆناخەکانی. جۆرێک موستەحیلکردنی ڕێگایەکی سەلامەت و گەرەنتی، سنوری سیمڕێژکراو و چاودێرکراو و دجیتاڵکراو، مامەڵە لەگەڵ تورکیا و لیبیا و تونس، قۆنتەراتدان و تەندەری سنورەکان، سیستەمی هاوبەشی سیاسەتی پەنابەری یەکێتی ئەوروپا، دروستکردنی ئۆردوگاکانی دەرەوەی سنوری یەکیتی ئەوروپا، (ئیۆرۆ دۆک-Eurodoc) و بەستنەوەی بەگرنگترین و تایبەتیترین بابەتە شەخسیەکانەوە، سیاسەتی هاوبەشی دیپۆرتکردنەوە و گریمانی بەکارهێنانی ئاژانسی فرۆنتێکس (Frontex)، ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتەکانی عێراق، ئەفگانستان، سوریا بۆ وەرگرتنەوەی پەنابەران.
بەرەی بەرەنگاری و دژی فاشیزم
نزیکەی یەک ملیۆن کەس ڕۆژی (٢-٢-٢٠٢٥) لەتەواوی ئەڵمانیا خۆپیشاندانیان کرد، تەنها لەبەرلین بە ئامادەیی(٢٥٠) هەزار کەس بە پێی وتەی ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە، لەدژی مەترسی بەڕێککردنی یاسای دژە پەنابەری و دژی ڕاسیزم و حزبی ڕاستڕەوی توندڕەوی ئاڵتەناتیف بۆ ئەڵمانیا (ئا،ئیف، دێ-Alternative für Deutschland, AfD). ئەمە ئاسۆیەکی گەش و ئومێدی ڕووبەڕوبونەوەی شەقام و سەدای بزووتنەوەی دژی ڕاسیزم و دژی فاشیزمی بەرزکرد.
“ساڵانی داهاتوو، لەسەر چەپی نێونەتەوەییە خەبات بکات و ئیتر خەباتی کۆچکردوان وەک خەباتی چینایەتی دەرکپێبکات و ئەلتەرناتیفی ڕاستەقینە بۆ پێکەوە ژیانی هاوبەش دابمەزرێنێت”.٥.
تۆڕ و ناوەند و کۆمەڵەیەکی فراوان و هەندێکیان ئەوروپایین و هەندێکیان لە چەند وڵاتێکی ئەوروپادا چالاکی زۆر گرنگ و چارەنوسساز دەکەن بۆ ڕاوەستانەوە بەدژی ئەو ڕەفتارە فاشستیـیەی ڕاستەکانی ئەوروپا بەدژی پەنابەران. ڕێکخراوی (داڤۆسێکی تر) ڕێک لەو ئایدیایانەی دەکۆڵییەوە، ئەو هەڵسوڕاوە نێونەتەوەییانەی کۆدەکردەوە و هاوپشتی نێونەتەوەیی پتەو دەکرد.
“دەوڵەتانی ئەوروپا بەڕێژەیەکی یەکجارکەم پەنابەرانی وەرگرتووە، بەڵام بەرپرسە لە سەداپەنجای ئەو پەنابەرانەی لە ڕێگادا مردوون و بەڕێژەیەکی یەکجار زۆریش هۆکاری کۆچکردنیانە”.٦.
لە (٢٥-١-٢٠٢٤) لە گەرەکی مانکۆ لە بەرلین بەهۆی گڕتێبەردانی نیونازییەکانەوە، ژنێکی خەڵکی سوریا دایکی (٦) مناڵ بەهۆی زۆری سوتانەکەیەوە گیانی لەدەستدا. بەپێی بڵاوکردنەوەیەکی وەزارەتی نێوخۆیی ئەڵمانیا سالی (٢٠٢٣) لە دەرەوەی کەمپەکاندا داواکارانی پەنابەری (١٢٤٨) جار هێرشکراوەتە سەریان.لە سویسراش لەم ماوانەدا دۆسیـیەی سوتاندنی (٤) تامیلی لە تەموزی (١٩٨٩)دا کە دوانیان مناڵی (١٠) و (١٢) ساڵی بوون، و بە ئەگەری زۆر لەلایەن باندێکی ڕاسیستیەوە ئەنجام دراوە و لە لایەن میدیاکانیشەوە پەنجەی گومان بۆ لێکۆڵینەوەی دەوڵەت درێژدەکرێت کە کەمتەرخەم بووە لە بەدواداچوونەکانیدا.لە ساڵی ١٩٨٨تا ١٩٩٣ ١٣کەس گیانیان لەدەست داوە لە لایەن ڕاسیستەکانەوە.(٧)
ئەم ماوەیە کە هەڵچونێک لە باڵادەستی توانای ڕاستەکاندا هەیە و پەنابەران دەکەنە بەهانەی هێرەشەکانیان، هەڵدانەوەی تاوانکارییەکانی فاشیستەکان بایەخی جددی هەیە. مێژووی نازی نابێت بەهیچ جۆرێک لە ئەڵمانیا و فاشیزم لە ئیتالیا دووبارە ببنەوە. ئەگەر (فاشیزم ئامرازی تیرۆری سەرمایەی مالی) بوو وەک ئەنتەرناسیۆنالی کۆمۆنستی لەسەرەتای سیـیەکانی سەدەی ڕابردوو دەیناساند، ئێستاش دەتوانێت هەمان مانا بدات بەتایبەت کە سەرمایەی مالی و تەکنۆکۆنیاڵی لەسەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتێکی گەورەی بڕیاربەدەستی جیهانیدایە. هەروەک بیریار (ئیلچ بودریتاکس) بە دیاردەیەکی مێژوویی ئالوگۆر دەیناسیێنێ، بەڵام ئەوەش دەلێت (بەڵام ڕەگی فاشیزم لە ناوسروشتی بازاڕی کۆمەڵگای سەرمایەداری هەیە)، بۆ ئەم سەردەمەش هەمان بیریار دەنوسێت (سەدەمێکی فاشیستانەیە). سەردەمی (فاشییستەکردنی دەوڵەتەکانە). (ماکس هۆکایمەر) دەڵێت: (هەر کەسێک لەسەر سەرمایە نەیەوێت بدوێت، لەبارەی فاشیزمەوە باشترە بێدەنگی هەڵبژێرێت).٧.
بزوتنەوەی دژە فاشیزم، بەشێکە لەخەباتی ڕزگاریخوازانەی چینی کرێکار و هەربۆیە لەپێشەوە ڕێکخراوە کۆمۆنستیەکان و هەڵسوڕاوانی سۆشیالیست، لەنێویدا چالاکانە هەڵدەسوڕێن.
سەرەتای شوباتی ٢٠٢٥
1-Die Zeit.25.januar 2025 s42-Die Zeit30.januar2025 S13
3-bultten solidarat NR.4.December 2024
4-bultten solidarat Nr4.december 2024(sosf.ch)
5-Antony obst und Venessa E,thompson ,ak,S13
6-bullten NR4
7- das magazin Nr o4-18.januar 2025
8-woz-Nr48-28November.2024




سڵاوێکی ڕەخنەگرانە لەکارزان عەزیز.. نوسینی جەمال کۆشش

نێولیبراڵیزمی ئابوری، کۆمەڵە سیاسەت و پلاتفۆرم و مۆدیلێکی ئابوری سەرامایەداریـیە کە ڕێگە تەخت دەکات لەبەردەم جوڵە و کەڵەکەی سەرمایە لە جیهانی ئەمڕۆدا. (موئەیەد ئەحمەد)

بازاڕی نیولیبرالیزم ئەو بازاڕەیە کە لە ڕێگای میدیا و ڕیکلامەوە بڕیار و پێداویستی مرۆڤ دەستنیشان دەکات. (ناجی ئەفراسیاو)

پەیوەندی پۆستمۆدێرن بە نێولیبرالیزمەوە لە نووسێنێکی کورتی کارزان عەزیزدەربارەی هەڵبژاردنی (ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیا)ی بەختیار عەلی لە لیستی باشترین سەد کتێی سەدەی (٢١)داکە لە فەیسبوکی خۆیدا بڵاویکردەوە.
ناساندندنێکی زۆرکورتی ڕۆژنامەی (ئین زیت زتت وئین زیت ئەم سۆنتاگ)

یەک: پیشەسازی چاپەمەنی و کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوە و کتێبخانە گەورەکان، بۆ گەرمکردنی بازاڕیان و پڕفرۆشی کتێبەکان، کۆڕ و سمینارات و ۆرک شۆپی جیاوازجیاواز سازدەدەن، پێشنیاری لیستی کتێبی جۆراجۆر دەکەن، هەندێکیان لەوەرزی هاوینشدا کە بەگشتی دانیشتوانی ئەوروپا و بەتایبەت هاوڵاتیانی کاتی پشوویانە ئەم ناساندنانە ئەنجام دەدەن.

دوو: لە پێشوازی جەژنەکانی ئەورپا و سەری ساڵدا، کە بەشێک لە خەڵک نێوماڵەکانیان نوێدەکەنەوە و دەڕازێننەوە، یاقوت و گەوهەر و زیو بۆ خۆشەیستانیان دەکڕن، شەرابی نایاب و خواردنی بەلەزەت و ئاهەنگساز دەدات، پارە بۆ ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دەبەخشن، داپیرە و باپیرەکان سوپرایەزەر بۆ نەوەکانیان دەکەن، بۆ خۆێنەرانیش وەک دیارییەکی دەگمەن و شایانی کاتبەخشین، لە پاشکۆی کلتوری ڕۆژنامەی (نویە زوریخ تساتونگ ئەم سۆنتاگ)، کە هاوکات (٤) پاشکۆی تریش کە تایبەت بوون بە مارکێتینگی ئەم بۆنانە، (ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیا، بەزمانی ئەڵمانی بەختیار عەلی)، لە ڕیزبەندی (٨٠) هەشتاهەمیندا هاتووە.

سێ: مارتینە لۆیبەلی، سەرپەرشتیاری لاپەڕە کلتورییەکانی ئەم ڕۆژنامەیەیە، خۆی ڕۆمانوس و زمانناسێکی لێهاتووە، وە هەر خۆشی ناساندنێکی کورتی بۆڕۆمانەکە بەتایتڵی (جیهانێکی شیعری و واقعیاتێکی تاڵ) نوسیوە. (سەرجەم حەڤدە کتێبی ناساندووە، هەندیکیان زۆر بەکورتی و هەندێک درێژتر و چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕەخنەگری ئەدەبی ئەڵمانی دێنس شێکی تێدایە، ڕۆماننوسی سوری خالد خەلیفە (٧٣) یەمین و (ڕامیتا نوایی) کچە فارسی ژورنالیستی بەتواناشی لە ڕیزی (٦٤)یەمینی تێدایە.

چوار:
ڕۆژنامەی (دی تسایت)ی ئەڵمانی کە هەمان ڕەهەندی فکری و ڕۆشنبیری و ئاستی کواڵیتی هەیە، ژمارەیەکی تایبەتی بۆ باشترین سەت (١٠٠) کتێبی ساڵی (٢٠٢٤)ی بڵاوکردۆتەوە، لە لیستەکەی ئەمانیشدا چەند ناوێکی کەم هاتووە کە مارتینە لۆیبەلی دیاریکردوون.

پێنچ: کاتی خۆی کە بەختیار عەلی بۆ ناساندنی ڕۆمانەکەی کۆڕەکانی لە سویسرا دەبەست، شەش دانەم کڕی، (٥) دانەی بەئیمزای خۆیەوە بۆ کەسانێک بەدیاری سەری ساڵ پێشکەشم کردن (لەوانە ڕۆماننوس و ڕۆژنامەنوسی ئین زیت زیت ئەلیزابیز هاینزمان) بۆیە ئەمە دەنوسم، دەمەوێت ئەوە ڕوونبکەمەوە، بەلای منیشەوە، ڕۆمانەکە دیارییەکی جوانە و شایانی ئەوەیە کاتی پێببەخشی. بەختیار عەلی ناوی لە لیستی نوسەرە نێودارە جیهانیەکانە. نامەوێت ڕێژەیی بکەمەوە و لە بایەخی ڕۆمانەکە کەم بکەمەوە.

شەش: ئەوەی بەلای منەوە زۆر گرنگە لێرەوە دەستپێدەکات، ئەوە چ ڕۆژنامە و لیژنە و نوسەرێکە ئەو پێگەیە دەدەن بەبەرهەم و بە نوسین و بەکەسایەتی ئەم بەڕێزانە؟ ڕاست نیـیە ئیدی، کورد هەر شاخەکان پەنای نیە؟ داوەتی نێچیر و مەسرور بازرانی بۆ کۆشکی (ئـێـلـیـزێ)ی پاریس و کۆڕبەندی جیهانی داڤۆس و مەزڵوم عەبدی و ئەحلام بۆ مەراسیمی دەستبەکاربوونی ترامپ، ئیدی نوێنەری کوردەکان، لە کۆنگرە و بۆنە نێونەتەوەییەکاندا نوێنەرانی نەتەوە چەوساوەکان نین. نوسەرە هەڵکەوتوەکانیشی وەک هی سیاسیەکانی، ناتوانن لەلایەن هەموو دەزگا کلتورییەکانی ئەوروپاوە ئەو پێگەیەیان بەشایستە بزانن.
کارزان هیچ بەلایەوە گرنگ نیـیە کام دەزگایەیە لیستەکەی ئامادەکردووە؟ ئایا ( بۆ نمونە دامەزراوەی ڕۆزالۆکسمبورگە، یان کۆمپیانیای میدیاکانی ئین زیت زیتە).

حەوت: ڕۆژنامەی نویە زوریخ تساتونگ، پێشتر ڕۆژنامەی بۆرژوا لیبراڵەکان بوو. زمانحاڵی خاوەن بانکەکان، خاوەن کارتێل و کۆمپانیا نێونەتەوەییەکان و لیبراڵە کۆنەزەرڤاتیڤەکانیشی گونجاند لەخۆیدا. ڕۆژنامەی بازاڕی ئازاد و گەشەی سەرمایەیە، دژی نەقابەکریکارییەکان و بیری سۆشیالیستی و مارکسیستیـیە، لەگەڵ کەمترین سۆشیال و بیمە کۆمەڵایەتیـیەکانە. لەسەد ساڵی ڕابردوودا، گرنگترین و بەتواناترین پرۆڤیسۆرەکانی لەهەموو بوارەکاندا کۆکردەوە بۆ هەژمونی عەقڵی بۆرژازی و پێرۆزکردنی بەهای مالکیەت، ئینفدڤجوالیتەت (تاکگەرایی). (ئین زیت زیت) خوڵقێنەری ئایدیۆلۆژیا و پەرەپێدەری سیاسەتی نێولیبراڵیزمە “سیاسەتێکی ڕادیکاڵی لێبراڵیزەکانی بازاڕ” (ستیفان لیسنیج. ڤۆتز، سێپتمبەری٢٠٢٣)، لە پەیوەند بە پشتیوانی دارایی دەوڵەت بۆ کۆمپانیاکان لەسەردەمی کۆرۆنادا کاسپەر سریوبەر دەنوسێت (تەنانەت ئۆرگانێکی سەرەکی نیولیبرالیزمی وەک ئین زیت زیت داوای کۆمەکی کردووە، ڤۆتز ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠).

هەشت: وتارێکی زۆر بەپێز و کورت لەلایەن (نینا شنایدەر و سیمۆن یاکۆبی) هەشت نمونە کە چۆن ئین زیت زیت، هەڵوێستی دژە چەپی و دژە هەمەڕەنگی و مەیلی بەرەو ڕاست و ڕاستی توندڕە و لە سایتی توریسی لە ٢٤ ئۆکتۆبەر ٢٠٢٤، کە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی پاشکۆکەدا دوو هەفتەیان بەینە، بڵاوکردۆتەوە. سێ نمونەیان لە وتاری جۆراجۆرە کە چۆن دژایەتی چەپگەرایی و زمانی چەپگەرایی دەکات، دواتر دێتە سەر سەرنوسەر (ئیرک گاییەر) کە ئەو بەشەی تایبەت بە ئەڵمانیایە (بەشێکی تایبەت بەئەڵمانیا هەیە بەناوی -سەرنجێکی تر) کە وتارەکانی خۆی تیا بڵاودەکاتەوە، بەرەو ڕاستێک و تەنانەت تائاستی ڕاستێکی توندڕەو بەرگری لە (حزبی ئالتەرناتیفی ئەڵمانیا دەکات) و چەمکی (ڕیئیمیگرەیشن) کە چەمکێکی ڕاسیستیە بەکاردەهێنێ و دەنوسێ (ڕیئیمیگرەیشن؟ بەڵێ بەڵام بە دروستی: وایە هەر کەس کۆچبەرێکی ناقانونی دیپۆرت نەکاتەوە، خۆی لەناو دەبات). نینا و سیمۆنیش دەنوسن {ڕاستەکان و ڕاستە توندڕەوکان چەمکی ڕیئیمیگرەیشنیان لە بۆچونی گشتیدا هێنایە ناوەوە، ئەمەش مانای دیپۆرتکردنەوەیە، بەڵام ئین زیت زیت، زیاتر لەوەش، داوای جێبەجێکردنەکەی دەکات}. پاشان نمونەی ووتارێکی مارکوس بیرنوتە لە ئین زیت زیت کە پشتیوانی پۆست فاشیستێکی وەک جۆرج مۆلینی، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا دەکات بۆ جێگیرکردنی پەنابەران لە کەمپێکی ئەلبانیا، بەڵام لەلایەن دادگایەکی ئیتالیاوە بە نایاسایی هەڵسەنگێندرا و بڕیارەکە هەڵوەشایەوە. وە نمونەی ووتارێکی میخایل ڕوش، بەرپرسی بەشی دارایی ڕۆژنامەکە، کەستاتستیکێکی لەسەر ڕێژەی کۆچکردوان و ئەڵمانیـیەکان بڵاوکردبۆوە، لەسەر ئەم بنچینەیەش هەرایەکی گەورەی نایەوە و هاشتاگی وەک (ئەڵمانە ئەسڵەکان، ئەڵمانە سروشتیەکان) دروستکرا وە لەلایەن سەرنوسەرەوە پشتیوانی کرا. (ئەڵمانەکان پێویستە فێرببن نەتەوەی خۆیان خۆش بوێت)، ( خوێندنەوەی ئین زیت زیت لەلایەن کادرانێکی ناوەڕاستی ئاڵتەرناتیڤ ئەڵمانیاوە وەک خۆپەروەردەکرنێکی پێویستی لێهاتووە/سۆنتاگ بلیک).

نۆ: نۆیە زوریخ تساتونگ ئەم سۆنتاگ، لەساڵی (٢٠٠٢)ەوە بڵاودەبێتەوە، تیمێکی (٥٠) کەسی بەڕێوەیدەبەن، لە نۆڤەمبەری (٢٠٢٣) سەرنوسەر (بیات بەلزلی) جێگای (یۆناس پرۆگەر)ی گرتەوە. ئەم هەنگاوەش لە نێو هەمان پلانی نزیکبونەوەیە لە دیزانە سیاسی و ئایدیۆلۆژی و دەستکەوتە ماددیەکان. (میدیاکان باسیان لە جیاوازی ستراتیژی کرد و تەنانەت چەند ژورنالیتسە کۆنەکانی خۆیانیش بە شەپۆلی پاکتاوکردنی باڵیکیان شوبهاند. ئیس ئیف ئار و ئین دی ئار). بەڵام خۆیان وایان بڵاوکردەوە بۆ نزیکردنەوەی هەردوو ڕۆژنامەکەیە لەیەکتر و بەهێزکردنی یەکترە. کاسپەر سوربەر ڕۆژنامەنوس لە هەفتەنامەی (ڤۆتز) لەگەڵ (ئین ئار دێ) تایبەت بەو مژارە ووتی: لەبەر ئەوەی ڕۆژنامەکە لەلایەن خاوەن پشک و سەرمایەدارەکانەوە خاوەندارێتی دەکرێت، کۆنەپارێزان گوشاریان زۆر بوو). هەرچەند ئەم چەند دێرە ناپەرژێتە ئەوەی کە (بییات بلیزیلە) بناسێنیت، بەڵام چەند ڕستە و دەستەواژەیەکی نزیکمان دەکاتەوە لە ڕادەی نەفرەت و بێزاری لە چەپ و دەوڵەتی کۆمەڵایەتی.
ماوەی چەند ساڵێکە خانوو بۆ کرێ هەم زۆر گران بووە و هەم دەستناکەوێت، لە شاری (زوریخ) (١٠٠) خێزان بەزۆر چۆڵکردن کراون لەلایەن کۆمپانیایەکەوە، حزبی سۆسیال دیموکرات پشتیوانیان دەکات، ئەو لە (ئینزیت زیت) دەنوسێت (چەپەکان قوڕگی سەرمایەداری ڕادەوەشێنن، تا بازاڕ دەکوژن و لەناویدەبەن. نین زیت زیت ١٧.١٢.)، (سنودارکردنی کرێ، وەربەهێنەرەکان ڕاودەنێت). هەر لەو ژمارەیەی کە پاشکۆ کلتورییەکەی تیا بڵاوکراوەتەوە، سەروتارێکی نوسیوە بەناوی (ئەگەر بازاڕی کار، ئازاد نەبێت، هیچی دی قیمەتی نیـیە)، کە لە کۆپی دجیتاڵیەکەی بەسەر دێری (هێرش بۆ سەر مۆدیلی نایابی خۆشگوزەرانی سویسری)، کەتێدا دەنوسێت (بەشێکی بنچینەیی لە فۆرمە نایابەکەی خۆشگوزەرانی ئێستای سویسرا، دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕی کاری ئازاد.) ئەمانە و گەلێک دەستەواژەی وەک (دەوڵەتی کۆمەڵایەتی ناودەنێت دەوڵەتی چەور).

کلتوری پۆستمۆدێرنە شیوازە بەرگریکارەکەی سیاسەتی نیولێبرالیزمە.
دە: دەنگدانەوەی هەواڵەکە لە نیو باشترین سەت کتێب دا لە پاشکۆی کلتوری ڕۆژنامەیەکی وادا لە نێوڕاگەیاندنی کوردیدا گەورە و کاریگەر بوو. بەدڵنیاییەوە موبالەغەیەکی تیا هەیە، شاگەشکە بونێکی سادەی لایەنگرانێکی بەختیار عەلی تیا هەیە، ئەمانە مافی ئاسایی خۆیانە، ئەوەی گرفتەکەیە، هێزی ڕاکێشانی دەنگدانەوەکەیە کە پەیڕەوی بەختیار عەلی دەبێتە تەنها دەنگی مۆنۆپۆلی
ئاراستەکراو کە بەردەم تێڕوانینی ڕەخنەگرانە زۆر ئەستەم دەکات و ڕیکلامی ئەم ڕەوت و میدیایە ڕاستەوخۆ بۆ نێو بازاڕی ڕۆشنبیری کوردی دەگوازرێتەوە.
یازدە: ئەوەی زۆرتر غەمباری کردم، دانانی کاریگەری دەنگدانەوەکەیە لەسەر ڕۆشنبیرە سۆشیالیستەکان، کە بەناچاری بۆئەوەی ڕەخنەکەم هەندێک ڕۆشنتربگەیەنم، دەبوا لانی کەم بونیادی هێڵی گشتی ڕۆژنامەکەم بگەیاندایە. یەکێک لەو ڕۆشنبیرانە (کارزان عەزیز)ە. ڕۆشەنبیرانی تریش هەن کە لەسەر بازنەی چەپ حساب بن و شاگەشکەی ئەم دەستکەوتە بوون، بەڵام (کارزان عەزیز) تاک و تایبەتە، کە نووسینەیەکەیم خوێندەوە، شۆکێک لێیدام و لە دڵی خۆمدا ووتم، ئەبێت (سڵاوێکی ڕەخنە گرانەی) لێبکەم.
کارزان دەنوسێت (بۆچی دڵخۆشم بەم دەستکەوتەی بەختیار عەلی؟ هەستی چێژی دەق خۆی لە ئاستێکی نەتەوەیی و زمانەوانیی گەورەدا، بەناو جەستەمدا هاتووچۆی کرد. لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، کورد لە دوو ئاستی جیهانییدا ناسراوە؛ یەک، وەک قوربانیی تراژیدیا و داگیرکارییەکان و دووش وەک بەرگریکارێک لە ئازادیی و سەربەخۆیی بەتایبەت لەدوای ڕاپەڕینی باشوور، ئەزموونی کوردان لە تورکیا و خۆبەڕێوبەریی لە سوریا و هەروەها شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ڕۆژهەڵات).
هەر چەند هەق نیـیە (ئەزمونی ڕاپەڕینی باشور بە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی) کە کارزان وەک شوناسی بەرگریکار و سەربەخۆیی کورد دەیناسێنێ بێ قسە بهێڵین، لە بنەڕەتیشدا بینینی یەک هێڵی و چونیەکی ئەم ڕوداوە جیاوازە مێژووییانە پێکهاتەی سیستەمە فکرییەکەن، کە میتۆدەکەی دەخاتە بەردەم پرسیاری بێوەڵامەوە، بەڵام بەهۆکاری کەمی کات، ناپەرژێمە سەر وردترکردنەوەی.
لە زۆرێک لە نوسینەکانی کارزاندا، ڕەگە و دەمارێکی باریکی پۆستمۆدێرنە بەدی دەکەین، بەڵام لەم نوسینەییەدا هەرچەند پێدەچێت بەپەلەپەل نوسێبێتی، ڕێک هێڵکارییەکی پۆستمۆدێرانانەی بەسۆزێکی قوڵی ناسیونالیستی کێشاوە. پێشتر تێبینییەکمدا، کارزان شوناسی نوسەر و ڕۆژنامەکەی بەلاوە گرنگ نەبووە، ئەو چاتر، چونکە ئەوەی کارزان ویستویەتی لەمەڕ (شوناسی کلتوری کورد) دەریببڕێت، ڕونترین گوزارەیە کە هەلەکەی بۆ چەمک و بۆچوونەکانی لەکیس نەداوە.
کارزان لە چەند دێری دواتر دا دەنوسێت: لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک نووسەران و بەرهەمە کوردییە کلتورییە ئاستبەرزەکان سنوورە کلتورییەکانی ئێمە دەبڕن، لە ئاستێکی دیکەشدا دەستکاری شوناسی نەتەوەیی ئێمە دەکەن. بمانەوێت یان نا، هەر شوناسێک جەبر و داخرانێکی مەترسیداریشە).
بابەتی شوناسی کلتوری کورد، یان بڵێم سیاسەتی شوناسی کلتوری کورد لەلای کارزان کە ئەم ڕۆمانە، ڕوویەکی تر کە زمان و ئەدەب و کلتورێکی باڵا بە کۆمەڵگای (سەنتەر) نیشان دەدات و (بۆ ئەوەی ئەوانی دی بتوانن بێنە ژوورەوە و دەربارەی بوونی ئێمە و بەرهەمەکانمان شتانێکمان پێبڵێن کە خۆمان نایانبینین و هەستیان پێناکەین. کوردیش وەکو قوربانییەکی، بەڵام پاش-کۆڵۆنیاڵیزم وەک نەریت و ڕێبازێک بۆ فکر و ئەدەبیات کە بریتییە لە بانگهێشت و ڕۆڵی پەراوێز و کەمینە و بێدەنگکراوان بەتایبەت لە دەستکاریکردن و تێکشکانی سەنتەر و چەقەکاندا. ئەم زیندوێتییە هێندەی پەیوەندیی بە بوون و ئامادەیی ئێمەوە وەک پەراوێزەکان هەیە لەناو ئەوانیدیدا هێندە پەیوەندیی بە سەنتەرەکانەوە نییە لەناو ئێمەدا).
ڕانانی سیاسەتی شوناسی کلتوری و پێناسەی لەسەر بنچینەی نەتەوە، ڕەگەز، ڕەنگی پێست، جنس، پەراوێز، کەمایەتیەکان،..هتد کەوا پێشکەش بکرێت لە دژی کەپیتالیزم و چەوسانەوەیە بەبێ دەرخستنی ماکی چینایەتی کۆمەڵگای سەرمایەداریی و خەباتی چینایەتی، شاردنەوەی واقعیاتە و ئایدیا و جەوهەری پۆستمۆدێرنیزمە. ((گۆرانیبێژ بۆیانچە دەچڕێت، من لە گەڵ ئەوەدام، بلگەیتێکی ڕەشپێست بم، مارکەی وەرزشی (نایک) کە لە بازاڕ بەوردی دەکۆڵێتەوە بە کەمپینێکی ڕیکلام ڕوو بە خەڵکانی پەراوێزخراو و کەمایەتیـیەکان سەرنجی کڕیارانی ڕاکێشاوە. مۆدیڵی بەرێوەبەرایەتی نیتفلیکس نەک هەر لەسەر بینەرانی لیبراڵە، بەڵکە زۆر ئامانجدارانە و لێهاتوانە بەشوێن سەرنجی کەمایەتیـیەکانەوەیە. بەپێی لێکدانەوەکان، مارکێتنیگ لەسەرکلتوری (هەمە ڕەنگی، جیاوازی، داڤیرستی) تەنها لە ئەمەریکا زۆرتر لە (٨) ملیارد دۆلار بووە، بەڵام کاتێک هامپتۆن زۆر بەڕوونی وتاریدا{ئێمە لەدژی سەرمایەی سپی شەڕناکەین بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەی ڕەش، ئامانجمان سۆشیالیزمە، بۆرژوازی ئەمەریکی تەواو لە مەسەجەکە حاڵی بوو، بۆیە لەشیرین خەودا و لەسەر جێگاکەی کوشتیان. ڕەخنەی مارکسیستی لە پۆستمۆدیرنیزم ٢٠٢٠ یۆنا تێکستۆر).

دوازدە: جین فرانسوا لێۆتارد، کتێبێکی بەناوی (زانیاری پۆستمۆدێرنە، کۆتایی گێرانەوە گەورەکە) بیریار و باوکی پۆستمۆدێرنە مەبەستی سەرەکی کۆتایی هاتنی ڕۆڵی پرۆلیتاریایە لە مێژوودا، کۆتایی خەباتی چینایەتیـیە. ژاک دریدا و مێشیل فۆکۆ و دلوز وچەندانی تر هەریەکەیان یان لەلایەکەوە یان بەیەکەوە برەو پێدەری لایەنە جیاواز و ئاڵۆزەکانی دامەزراندنی ئەم دیدگای شوناسە کلتورییە بوون. (دێریدا لەم بارەیەوە بە چەندین بەرهەم بەشداریکردووە لە وردەکارییەکانی ئەم تێزەدا ….
دۆڵۆز لەم بارەیەوە ئایدیا و چەمکێکی گرنگی دەخاتەڕوو کە بریتییە لە ئامادەیی ئەدەبی کەمینە لەناو ئەدەبی جیهانیدا بۆ “لە قەڵەمڕەو خستن”ی ئەوی دی باڵادەست، سەنتەر و زاڵ. هەمان سەرچاوەی ف.ب، کارزان). نزیک دەبینەوە لە پۆست ئایدیۆلۆژیا و کە ماوەیەکە بەدەردی تێری ئیگلتۆن دەڵێت (دەڵێی بۆنی دەمە، هەر کەس بەوی دێ دەڵێت و هیچ کەس هەست بەهی خۆی ناکات). ئەم خاڵیکردنەوەی فکر لە ئایدیۆلۆژیا، مەبەست مارکسیەتە. وە لە هیچ کەس شاراوە نیـیە، بەختیار عەلی، مارکسیەت بە ئایدیا و بۆچونێکی تۆتالیتاری دەناسێنیت و ئەمەش تازە نیـیە. کتێبە بەناوبانگەکەی فۆکۆیامە (کۆتایی مێژوو)، سەرکەوتنی لیبرالیزم و بازاڕی ئازاد بەسەر (سۆشیالیزم)دا.سێکوچکەکە دامەزرا. سڕینەوەی خەباتی چینایەتی و ڕۆڵی پرۆلیتاریا وەک هێزێکی چینایەتی جیهانی وردکردنەوەی شوناسەکان بۆ کەمایەتیـیە کلتورییەکان و ناشرینکردن مارکسیەت وەک تێۆری تۆتالیتاری و سەرکەوتنی بازاڕی ئازاد بۆ هەتا هەتایە.

سێزدە: (لەگەڵ سەرەتای پێشکەوتنەکانی نێولیبرالیزم هەمان کات پۆستمۆدێرنە لە سەرانسەری دونیا گەشەی دەکرد، ڕۆبیرتۆ فلۆری، پرۆفیسۆری زانستە سیاسیەکان، گۆڤاری پۆلی لۆگ ژمارە ٩). وڵاتانی ئەمەریکای لاتین بەتایبەت بەدوای کودەتای ڕاستەوخۆی ئەمەریکا و جێگیرکردنی ئۆگۆستۆ پێنۆشیت (١٩٧٥) لە چیلی سەرەتای پێکداچوونی و هاوبەشی گەشەی ئەم دوو تەوژمە بوون. لە کوردستانیش ئەم پرۆسەیە بەتایبەت بەدوای کۆتایی شەڕی ناوخۆ (١٩٩٨) و جێگیربونی ڕێژەیی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی، (٢٠٠٣) نێولیبرالێزمی سەرمایەداری ئەو سیاسەت و پلاتفۆرمانەی بۆ کەڵەکە و جوڵەی سەرمایەی پێویست بوو، پەیڕەوکرد، لە هەموو بوارەکانی بەرهەمهێنان و کەرەستەخاوەکان و بازرگانی و بازاڕ و تەندروستی و پەروەردە و سیاسەتی مالی. وە لەبواری ڕۆشنبیریشدا برەودان بە فۆکۆ و دۆلوز و بۆردیار. (فەلسەفەی پۆستمۆدێرن خودێتی تائاستی مەبدەئی موتڵەق بەرز دەکاتەوە، لێرەوە دەگات بەوەی بیرکردنەوە بەشێوەکی گشتی بەرتەسک و بەشیە، بۆیە توانای ئەوەی نیـیە بگات بە حەقیقەتێکی بابەتی. ڕەفزکردنەوەی حەقیقەتی بابەتی لە کۆتاییدا دەتگەیەنێت بە ڕیسواکردنی هەموو زانیاری مرۆڤایەتی بۆ ئاستی ئیمان و خورافە، یانی گەڕانەوەمان بۆ زەلکاوی (مستنقع) دین/ . بەرگری لە مارکسیزم دانیال مورالی و حمید علی زادە). پەرەگرتنی خورافە و ئیمان وبیروباوەڕی ئایینی بەشێکن لە شوناسی فرەکلتوری پۆستمۆدێرنیزم و بەشێکن لە ڕووکاری بەرگری سەرمایەداری نێولیبرالێزم.




ئەمجارە لە بایکۆت زیاتر.. جەمال کۆشش

بەرەی بەشداربووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، تێکڕایان داوایان لەجەماوەر دەکرد، بەشداری هەڵبژاردن
بکەن، )ئەمە ئاسایـیە(، بەاڵم تیۆری سەیریان دادەهێنا، هەندێک دەیووت، )یەکێتی( و ) پارتی(، دەنگی جێگیری خۆیان
هەیە، ئەو بایکۆتە لە دەنگەکانی ئێمە کەمدەکاتەوە. هەندێکی تر دەیانوت بچن دەنگبدەن، بەکێ دەنگدەدەن بدەن، خۆتان
دەزانن بەکێ دەنگدەدەن، بەاڵم لە لەرەی )نەبرەی( دەنگی هەموویاندا، نەفرەتی جەماوەرییان هەست پێدەکرد لەبەرامبەر
خۆیان و لیستەکانیاندا.
جەماوەرێکی یەکجار زۆر بێ تریبۆن و بڵندگۆ مابوونەوە، وەک چۆن نوێنەرانیان نەبوو لەنێو لیست و قەوارە
پەرلەمانیـیەکاندا، ئاواش سەدا و دەنگ و نوێنەری سیاسی و حزبی و لیستی نەبوو لە دەرەوەی پەرلەمانیشدا، )یان زۆر
بەکەمی(، سەڕەڕای زۆروزەبەندی میدیا و هەزاران ڕ ۆژنامەنووس جگە لە یەک دوو کەناڵ نەبێت، ئەوانی دی
بەتەواوی بەفەرامۆشیان سپاردبوو، بەتایبەت بەشە ڕادیکاڵ و سۆشیالیستەکەی بەرەی بایکۆت، میدیا نەیدەویست بەهیچ
جۆرێک ئەم ڕەوتە لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردن تێکەڵ بکات. سیمای چینایەتی و سروشتی هەڵوێستی ئەم جەماوەرە
بەڕادەیەکی یەکجار زۆر ڕ وون و بەرجەستەیە، بەش و پێکهاتە جۆراجۆرەکانی چینی کرێکارانە کە لەگەڵ حزب و
دەسەاڵتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ناکۆک و ناتەبان.
بۆشاییەکی سیاسی گەورە لە نێو فەزای هەڵبژاردندا خۆی دەرخستەوە، کە هەژارانی کوردستان هیچ بونێکی بەرجەستەی
حزبیان نیـیە و بێ ئالتەرناتیڤن. ئەم بێ ئەڵتەرناتیڤیـ یە، کە سیاسەت دەبێتە بابەتی هەموو دانیشتوان و نزیک لە ژیان و
پرسیار لەسەر دەسەاڵتی سیاسی و چارەنوسی ئاڵوگۆر دەکرێت، ئەوەندەی دی چینێکی گەورە نامۆبوون لە پرۆسەکە و
هەستیان دەکرد، دەست و دەم بەستراون، وە تایبەتی تر زۆر خنکێنەر و غەمگین )کەئیب( بوو بۆ هەموو ئەو هەڵسوڕاوە
کرێکاری و کۆمۆنیستانەی کە کەمپینی بۆرژوازییان دەبینی، چ کۆنەپەرستیەک و چ هۆسەیەکیان ناوەتەوە. ئەم ڕۆژانە
تەواو دەبن، بەاڵم، وە بەڕاستی ئایندەی دوای هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی داهاتوو، شایانی بیرکردنەوەیەکی
زۆر جددییە.
ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی خولەکانی پێشووتری پەرلەمان، ئەگەر بۆ بۆرژوازی و حزبەکانی مایەی دەرس و فێربوون
بێت، بۆ حزبی کرێکاران و چینی کرێکاریش هەروایە. خاڵێکی یەکجار گرنگ لەم پەیوەندەدا، ئەوە نیـیە، کە تاچەند
دەتوانین پەرلەمانیش وەک فورسەتێک بۆ خەباتی ئاشکراو پێ گەیەکی قانوونی بەکاربهێین، نەخێر بەڵکە لەگرەوی ئەوەدایە
کە چۆن حزب ڕۆ نەچێتە نێو کیشە و ناکۆکیـیەکانی ناو خێزانی بۆرژوازییەوە، کە چۆن و بەردەوام سەربەخۆیی سیاسی
و چینایەتی برەو پێ بدەین.
ئەوە ڕاستە بز ووتنەوەی کۆمۆنستی الوازە، چینی کرێکار، ڕێکخراوەی جۆراجۆری خۆی نیـیە…هتد، بەاڵم خاڵی بنەڕەتی
لەم کێشمەکێشە چینایەتیەدا، تیۆری شۆڕشی کۆمۆنستیـ یە کە هەمیشە لەنێو دڵی هەلومەرجە سەخت و پێچاوپێچەکاندا
پێویستە وەک ئامڕازی دروستکردنی سیاسەت و هەڵویست و حزبیەت، لەالیەن کۆمۆنستەکانەوە بەچینی کریکار بگات.
لەبایکۆت و بەرەی بایکۆت واوەتر، پڕکردنەوەی بۆشایی سیاسی بە ئاڵتەرناتی ڤی کۆمۆنستی بۆ کۆمەڵگای کوردستان،
ئەرکە سەرەکیەکەیە. میدیای کۆمۆنستی پێویستە ڕۆڵیکی یەکجار بەرجەستە لە نەخشاندنی ئەم سیاسەتەدا بگێڕێت.
٢٠٢٤-١٠-١٦




ئیسلامیستەکان، ڕاست و ڕاسیستەکان و پەنابەران.. جەمال کۆشش

وەک ئەوە لەئاسمان کەوتبێتە خوارەوە، دیارییەک بۆ دەوڵەتانی ئەوروپا
ئیسلامیستەکان، ڕاست و ڕاسیستەکان و پەنابەران
جەمال کۆشش

ڕۆژی هەینی (٣١-٥-٢٠٢٤)، لەناو بازاڕی (مارکێت پلاتس-Marktplatz)ی شاری (مانهایم-Mannheim) لە ئەڵمانیا، ئەفغانییەکی (٢٦) ساڵان، بەچەقۆ هێرش دەکاتە سەر مێزکتێبی (پاکس ئەوروپا)، (٧) کەس بەسەختی بریندار دەکات، یەكێک لەوانە جێگری ڕێکخراوەکەیەکە بە ڕەخنەگری ئیسلامی ناسراون و ڕاستڕەوی کۆنەپارێزن، هەر لەنێو بریندارەکاندا پۆلیسێک لە ئەنجامی سەختی برینەکەی گیان لەدەست دەدات. بۆ وەستاندنی ئەو تیرۆریستە ئیسلامیـیە (سلێمان ئا) لە درێژەدان بە تاوانەکانی، پۆلیسێک تەقەی لێدەکات و پەکی دەخات لە درێژەدان بەتاوانەکانی.تاوانبار لەساڵی ٢٠١٣ ەوە لەئەڵمانیا وپآش ئەوەی داوای پەنابەرییەکەی ڕەفز دەکریتەوە، هاوسەگیری لەگەڵ کچێکی ئەڵمانی بەڕەچەلەک تورک دەکات وخاوەنی دوو مناڵە.
بەشوێن ئەم تراژیدیایەدا، لێکۆلینەوەی جیاجیا لەسەر سیاسەتی پەنابەری، کێشەکانی ڕێکەوتنامەی دەبلن (Dublin Regulation)، ئیسلامیزم و تیرۆریزم هەمەلایەنە بڵاوبوەوە.
لە سەرەتای مانگی هەشتی ئەمساڵ (٢٠٢٤)، دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی کوژرانی (٣) کچی مناڵ و برینداربونی (٧) کەسی تر بە چەقۆ لە قوتابخانەیەکی کۆرسی سەما، هەواڵەکەش بەئانقەست وەک ئاگری ناو پوشوپەڵاش لە سۆشیال میدیا وەها تەشەنەی سەند کە گوایە تاوانبارەکە پەنابەرە و ئیسلامیـیە، لایەنە ڕاست و ڕاسیستەکان لە (٣٠) شار و شارۆچکەی بەریتانیا و ئیرلاندای باکور، دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و تاڵانوبڕۆ و هێرشیان کردە سەر هۆتیل و مزگەوت و دووکان و بازاڕی خەڵکی بە ئەسڵ بیانی و شوێنی مانەوەی پەنابەران.
سەڕەڕای بریندار بوون و زیانێکی ماددی زۆر، نزیکەی (٧٠٠) کەس دەستبەسەرکران و هەندێکیان بەپلەی جۆراوجۆر سزای زیندانی دران و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا( کەیر ستارمەر) داوای کرد بەتوندی سزای ڕاسیستەکان بدرێت و لەلایەن کۆمەڵە و ڕێکخراوە ئینساندۆست و مارکسیست و ئەنارشییست و سۆشیالیستەکانیشەوە خۆپیشاندانی چەند هەزار کەسی لە زۆربەی شارەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو. خاوەنی کەناڵی ئیکس (تویتەری پێشوو)، نوسی بەریتانیا بەرەو نزیکبونەوەی شەڕی ناوخۆ دەچێت.
لە کاتێکدا شارۆچکەی (سۆلینگن-Solingen)ی ئەڵمانیا لە (٤-٨-٢٠٢٤) خۆی بۆ ئاهەنگی یادی (٦٥٠) ساڵەی دامەزراندنی ئامادە دەکات، پەنابەرێکی سوری ڕەفزکراوە هەر سەد مەترێک دوور لە شوێنی فیستفاڵەکە لە (هایم)ێک دەژیەت، بەچەقۆیەکی (١٥) سانتیمەتر لە نزیک سەکۆی ئاهەنگەکە، “شەلم کوێرم ناپارێزم”انە سەر و دڵ و ملی یانزە کەس دادەپاچێت؛ دووپیاوی تەمەن (٥٦) و (٦٧) و ژنێکی تەمەن (٦٥) ساڵە دەکوژێت و (٨) کەسی تریش بریندار دەکات کە برینی چواریان سەخت بوو.
ژنە گورانیبێژی پۆپ (تایەلەر سویفت-Taylor Swift) لە زنجیرە ئاهەنگەکانی ئەوروپایدا، ناچار بوو بیست و چوار سەعات پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکانی نەمسای هەڵوەشینێتەوە، کە (٩٠) هەزار کەس لە کچان و کوڕانی تەمەن (١٨ تا ٢٥)، تکتیان کڕیبوو بۆ هەر (٣) ئاهەنگەکەی، ئەوەش پاش ئەوەی کە دوو کەسی ئیسلامیست بەر لە ئەنجامدانی کردەوەکەیان لەلایەن پۆلیسەوە گیران و پلانەکەیان پوچەڵ کرایەوە.
لە (٢-٣-٢٠٢٤) لە (زوریخ)ی سویسڕا لاوێکی پانزە (١٥) ساڵی تونسی و سویسری پاش ئەوەی ڕایدەگەیەنێت کە سەربازێکی بەوەفای دەوڵەتی ئیسلامی بێت و تا پێی بکرێت مەسیحیەکان و جووەکان سەربڕێت و بکوژێت، پیاوێکی ئەرسەدۆکسی جوولەکەی پەنجا ساڵی زۆر بەسەختی بریندار دەکات. هەر لە کۆتایی مانگی (٨)ی ئەمساڵ لەشارۆچکەی بەناوبانگی (داڤۆس)یش کوڕێکی (١٩) ساڵەی جوولەکەی ئەسەردۆکسی، لەلایەن دوو پەنابەری عەرەبی ڕەفزکراوەوە تفی لێدەکرێت و بێڕزی پێدەکرێت و ڕووتی دەکەنەوە و هاوار دەکەن ( بژی فەلەستین)، پاشان ئەو دوو کەسە لەلایەن پۆلیسەوە دەگیرێن.
(ساڵانە لەئەڵمانیا ١٠ هەزار هێرش بەچەقۆ هەیە و لەسەدا (٩٠) یان لەلایەن گەنجانی موسڵمانەوە ئەنجام دەدرێن لە ئەڵمانیا)
ساڵانە (٩٧٥٠) ئاهەنگی گشتی خەڵکی هەیە کە (١٩٠) ملیۆن کەس سەردانی دەکەن).
لە ماوەی دە مانگی ئەمساڵدا (٢٠٢٤)، چوار قات هێرشی تیرۆریستی لە ئەوروپا لەلایەن ئیسلامیـیەکانەوە زیادی کردووە. لە (٧)ی ئۆکتۆبەری ساڵی پارەوە (٢٠٢٣) کە (حەماس) هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و سوپای ئیسرائیل غەززەی خەڵتانی خوێنی مناڵان و ژنان کرد و تاوانی گەورە ئەنجامدەدات و ملنادات بۆ وەستانی شەڕ، توندوتیژی دژی جولەکەیی فراوان بووە و قوڵاییەکی گەورەتری وەرگرتووە.
ئەم ژینگەیە زەوییەکی بەپیتی دروستکردووە بۆ ئەوەی وێنەی پەنابەران، لە کەسانی چەوساوە و بێدەرەتان و مافخوراو کە شایەنی ژیانێکی ئینسانین، ببێتە کەرەستەی نائارامی و ترس و ترۆریست و تاوانباری گەورە و پێویستە ڕێگا نەدرێت بێنە خاکی ئەوروپاوە. میدیاکان بەتایبەت میدیای گەورەی ڕاستی لیبڕاڵ و ناسیۆنالیستی مەسیحگەرا، پشت بەستوو بەزمانێکی باڵای ڕیتۆریکیانە و ژورنالیستی مۆدێرن و پرۆفیسۆری تایبەت و دبلۆماسیەتی وێنە و نیگاکان، هەژمونێکی گەورەیان لە دیزان و بیناسازی بیروڕای گشتی و داڕشتنەوەیدا هەیە.

هەنگاوەکانی ڕابردوو و مەرامی دەوڵەتە ئەوروپییەکان
ئەو هەنگاوانەی کە پێشتر نراون لە لایەن دەوڵەتانی ئەوروپاوە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هاتنی پەنابەران؛ ڕێکەوتن لەگەڵ تورکیا (٢٠١٦)، بەرفراوانکردن و پێشخستنی دامەزراوەی (فرۆنتێکس-Frontex) بۆ کۆنترۆڵی سنورەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە (٢٠١٠)ەوە بە بەردەوامی، ڕێکەوتن لەگەڵ تونس و لیبیا (٢٠٢٤)، دامەزراندنی ناوەندی (ئیۆرۆدۆک-eurodoc)، و ڕێککەوتنامەی دەبلن (Dublin Regulation) و سیاسەتی هاوبەشی پەنابەری یەکێتی ئەوروپا (٢٠٢٤)، کاریگەرییان هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی پەنابەران، بەڵام هێشتا بەو ئەندازەیە نییە کە بەرنامەی دەوڵەتە ئەوروپییەکان دەیەوێت، هەندێ سیاسەتمەدار و لایەنی سیاسی لە ئەڵمانیا خوازیارن کە (زۆر کەمبکرێتەوە) یان وەک دانمارک و سوید (کۆتایی پێبهێنن).

سیاسەتی پەنابەری لە ئاستی نێوخۆیی هەر یەک لە ووڵاتە ئەوروپیەکاندا
دانمارک و سوید، داواکاری پەنابەرییان کۆنترۆڵکرد بە وەرگرتنی کەمترین ڕێژە، وە لە نێوخۆشدا کۆمەڵێک یاسایان جێبەجێکرد کە بەشێوەیەکی کتوپڕ کاریگەری گەورەی دانا وسویدیش هەمان یاساوڕێسای گرتەبەر، یەکسەر دیپۆرتکردنەوە، شانسی کەمکردنەوەی یەکگرتنەوەی خێزان، کۆنترۆڵی سنورەکان بەهەموو جۆرێک کە تەنانەت بۆ تکت بڕین داوای شوناس و مۆڵەتی مانەوەت بکەن….
سویسرا و نەمسا و هۆڵەندا ، هەست دەکەن، درەنگکەوتوون، خۆیان ئامادە دەکەن و دەیانەوێت هەر لەمساڵدا هەموو ئەو بڕیار و یاسا و ئەو ڕێوشوێنانەی کە دانمارک و سوید گرتبوویانەبەر ئەوانیش جێبەجێی بکەن. ئەڵمانیا کە لە (٢٠١٥)ەوە باوەشی بۆ یەک ملیۆن پەنابەری سوری بەگەرمی ئاوەڵاکرد (کلتوری خۆشهاتن پەنابەران)، ئێستا ڕاستەوخۆ و یەکسەر بەهەموو ئاڕاستەکانی سنوری ئەڵمانیا (نەمسا، سویسرا، چیک، فەرەنسا، پۆڵۆنیا و دانمارک) ڕۆژانە کۆنترۆڵ دەکات و ڕێگا دەگرێت لە ڕێڕەوی نایاسایی چونە ژورەوە، لە ئێستادا “تاوانباران” بۆ سوریا و ئەفگانستان دەنێرێتەوە، وە لێکۆڵینەوە دەکات لەسەرانسەری سوریا تا بزانێت چەند دەسەڵاتە لۆکاڵیەکان لە بەرپرسانی پارێزگا و شارەکانی سوریا هاوئاهەنگی دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی پەنابەران، ئەمە و دەشیەوێت چەند وڵاتی تریش بخاتە ناو سنوری ئەو وڵاتانەی کە “ئارام”ن بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران.
بەمجۆرە سیاسەتی پەنابەری لە ئەوروپا بەخێرایی بەرەو ڕێگایەکی داخراو دەچیت و پیدەچێت بەتەواوی ئەوروپا دۆسیەی (سیاسەتی پەنابەری) بەتاڵ بکاتەوە، سوید ئەو نێوبانگە وترادسێۆن وئایکۆنە ئینسانیەی کەهەیبوو، بەتەواوی ڕەیڵی خۆی لە بنەڕەتەوە گۆڕی ودەولەت یەکدەستە لە سیاسەتی پەنابەری دا.

وردترناسینی کێشەکان… پرسیار بۆ ڕوونەدانی تاوانەکان
(ئەلیس شفاتزەر-Alice Schwarzer)، ژنە چالاکوانی ناسراوی ئەڵمانی، لە وتارێکیدا کە هاودەمی کۆچی بەکۆمەڵی پەنابەران بوو لە ساڵی (٢٠١٥)دا دەنوسێت: (سەدا هەشتاویەکی موسڵمانەکانی ئەڵمانیا، ئەڵمانیایان خۆش دەویت، وە ئەڵمانیەکانیش خۆیان سەدا هەشتاو پینچ ئەوانیان خۆش دەوێت)، (سەدا نەوەد و هەشتی ئەو پەنابەرانەی کە ڕوویان لە ئەوروپا کردووە تاوانیان دەرحەق کراوە لە لایەن ئیسلامیـیەکانەوە، لەهەر کام لە وڵاتەکانی ئێران، عێراق، سوریا، لیبیا، ئەفگانستان، جا چ بەدەستی دەوڵەتە ئیسلامیـیەکان بووبێت، یان بەدەستی باندە بەکرێگیراوەکانیانەوە، یان بەهۆی شەڕی نێوخۆیانەوە، ئەگەر تیرۆری ئیسلامیـیە توندەڕەوەکان نەبوایە، ئێستا لە ئەوروپا دیاردەیەکمان بەناوی کێشەی پەنابەرانەوە نەدەبوو).
دواتر باس لە پشتیوانی ئەمەریکا دەکات بۆ گروپە تیرۆریستە ئیسلامیـیەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵانی (١٩٨٠)ەوە بۆ (١٩٩٠)، دەنوسێت (هەر کەسێک بیەوێت یارمەتی پەنابەران بدات، پێویستە دژایەتی ئیسلامیـیەکان بکات چ لە وڵاتی خۆیان، چ لە ئەوروپا).
لە یەکێک لە چاوپیکەوتنەکانی پرۆفیسۆری زانکۆی هامبلودی بەرلین، (ڕوود کۆمپاس-) لەگەڵ (سۆنتاگ تساتونگ-)، دەڵێت (خەڵکی تورکیا بەتەواوی دەزانن کە کەسێکی ئیسلامیستی وەک ئەردۆگان، دەتوانێت چی بکات، وە ئەو سوریانەی بۆ محازەرەکانم دێن، بەشێکی زۆریان لەدەست خوێنرێژی ئیسلامیـیەکان هەڵاتوون).
لێرەدا بوار نیە بۆ لێکدانەوەی زیاتری هەلومەرجێکی قەیراناوی و بێمافییەکی ڕەهای خەڵک و سیاسەتێک کە ئەمەریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیڕەوی دەکات وەک هۆکارە ڕاستەوخۆکانی کۆچ، بەڵام زۆر بە پێویستی دەزانم لەبارەی دوو لایەنی گرنگی تر بنوسم.
یەک:- هەمان پرۆفیسۆر لەوەڵامی پرسیارێکیدا دەڵێت: “من بۆ کتێبەکەم (یانسیبی پەنابەری) هەموو ئەو کردەوە تیرۆریستیـیە کوشندانەم شیکاری کرد کە لە (٢٠١٥)ەوە لە ئەوروپا ڕوویانداوە، تاوانباران (ئیسلامی تیرۆریست) هەر هەموویان لەماوەی ئەم دە دونزە (١٠-١٢) ساڵەی دواییدا وەک پەنابەر هاتوون بۆ ئەوروپا). لەنێو ئەم ڕستانەدا شتێک شاردراوەتەوە، بەوەی ڕاستە ئەوان بەرگی پەنابەرییان کردۆتە بەرییان و ویستویانە لە پشت ئەو کێشە ئینسانیـیەوە خۆیان بشارنەوە، بەڵام هەرگیز نابێت ئەو مانایەی لێوەوە دەرکێشرێت کە ئیدی هەموو پەنابەرانێک، تیرۆریستێکی لەناودایە.
لەماوەی ئەم دەساڵەدا لانی کەم (٤) ملیۆن کەس هاتونەتە ئەوروپا، ئیسلامیەکان ناگەن بە هەزار یەکیشی. داڕشتنی ڕستەکە بەو شێوازە لە ڕووکاردا دروستە، بەڵام ئەرگیومنێت بۆ بۆچوونێکی ڕاسیستی دەهێنێتەوە، پەنابەر دەکاتە ئۆبجێکتێکی شێرپەنجەیی بۆ کۆمەڵگای ئەوروپی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئیسلامیـیەکانی ئەردۆگان و سعودیە و قەتەر، ڕەوتە ئیسلامیـیە جۆراوجۆرەکانی تر بە سەلەفیەکانیشەوە، لەلایەن دەوڵەتە ئەوروپیەکانەوە وەک نوێنەری ئایینەکان دەناسرێن و پشتیوانی دەکرێن .
دوو: سیاسەتی پەنابەری و کۆچ و کار و هاوڵاتی بوون، لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپادا، لەم دە ساڵەی دواییدا سەدان کەسی توشی نەخۆشی دەرونی، خۆکوژی، خۆشاردنەوەی بێ مۆڵەتی مانەوە، سەدان خێزانی سەرگەردان کردووە. لەم دە ساڵەدا بەبەردەوامی یاساکان توندتر کراونەتەوە، چەندین پەنابەر لەلایەن پۆلیسەوە گیانیان لەدەستداوە،دیپۆرتکردنەوە زیاتر بووە لە هەندێ حاڵەتدا پاش دیپۆرتکردنەوە، پەنابەرەکە زیندانی کراوە یان تیرۆرکراوە لەلایەن دەوڵەت و باندە تیرۆریستەکانەوە. سەدان پەنابەر بەهۆکاری جۆراجۆر بێناسنامەو بێ وەرەقە وسەرگەردانن لەئەوروپا. هەزاران پەنابەر لە خراپترین کارەکان، سەخترین هەلومەرج ، کەمترین کرێ. ئەمانە ئەو زەمینانەن کە دوو کۆمەڵگا لە نێو ئەوروپادا دروست بکەن. سەدا نەوەدی ئەو کەسانەی بونەتە نێچیری ئیسلامیەکان وهێرشەکانیان بڵاوکردۆتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کەسانێکن کەداوای مافی پەنابەرییان ڕەفزکراوەتەوە. هەموو ئەو کەسانەی هاوڵاتی ئەوروپی بوون بە پێشینەی کۆچەوە، مناڵیەکی سەختیان هەبووەو لەپەراوێزدا ژیاون.
تێوەپێچانی پەنابەران بەگشتی لە کردەوەی تیرۆریستی، واقعی نییە، بەڵام بۆ مەرامێکی تر بەکاردەهێنریت، ئەویش تا ڕادەی سفر کەمکردنەوەی مانەوەی پەنابەران و مافی پەنابەرییە.
ئەوەش یادداشت بکەم،بەکارهێنانی کارتی پەنابەران، لەلایەکی دییەوە تەنها لەژێر گوشاری بەهێزبوونی ڕاستەکاندا نیە، شتێکی گرنگتر لەوە، کێشەی پەنابەرو کۆچبەران، دەتوانێت زیادکردنی هەموو جۆرەکانی باج، هەڵئاوسان، کەمکردنەوەی بودجەی کلتوور، دایەنگەکان، پرۆژە زانستیەکان، کەمکردنەوەی بیمەی کۆمەڵایەتی وخانەنشتنی، فرۆشتنی کەرتی تەندروستی، زیادکردنی کرێێ قیتارو پۆست، زیادکردنی کرێی خانوو، قەیرانی نێشتەجێبوون، …ئەمانەش بکاتە گەردنی پەنابەران وسەرمایەداری ئەوروپایی دوژمنێکی وەهمی دروست بکات.

ناوەڕاستی سێپتەمبەری ٢٠٢٤




فیلمەکەی (ئارام حەسەن)! لە دواین لاپەڕەی (بۆپێشەوە)دا.. جەمال کۆشش

ماوەیەکە فیلمی [The Goat life] (بزنە ژیان)، کە یەكێک لە فیلمە سینەماییـیە گرنگەکان بوو لەسەر ژان و چەوسانەوەی کرێکارانی کۆچبەر لە سعودیە لە (نێتـفلێکس) پەخشکرا و بەو هۆیەوە کۆیلایەتی و نائینسانی تر لە سەردەمی کۆیلایەتی، ژیانی ئەو چەند ملیۆن کرێکارە کۆچبەرەی لە وڵاتانی کەنداو هێنایەوە نێو جیدالاتی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی. منیش کە ئەو سەردێرەم لە ڕۆژنامەی (بۆپێشەوە) بینی زۆر سەرنجی ڕاکێشام، بەتاسەوە خوێندمەوە، بەڵام چیم خوێندەوە:-
(تەواوی خەبات و بزوتنەوەی سەدان ساڵەی کورد، ئەوەندەی دوو سەعات و٥١ دەقیقەی لە فیلمی (حياة الماعز) یان بزنە ژیان، کاریگەری و دەنگدانەوەی نەبوو لەسەر ئاستی جیهان، خۆم لەقەرەی ئەو کارە سینەمایە زۆر باڵایە نادەم)، (بەڵام بڕوانن کارێکی هونەری هیندیـیەکان چ واتەوات و ژاوەژاوێکی ناوەتەوە لە جیهاندا)، (ئێمەی کورد … تەنیا یەک فلمی سینەمایی تۆکمەمان لە سەر خۆپیشاندانەکەی ٦ ئەیلولی ١٩٣٠ دەرهێنابا ئیدی پێویستمان بە ڕیفراندۆمیش نەدەبوو…)، (ئێمەش لە باشوری کوردستان تازە بەتازە زوڕنای ٣١ئاب و دەهۆڵی ١٦ ئۆکتۆبەر و نوزەنوزی نەبونی موچە و ئاو و کارەبامانە). بۆ (پێشەوە)، دوالاپەڕە لە ژمارە (١٧٤)ی (١-٩-٢٠٢٤).
ئارام حەسەن، بێئنسافانە و لەپشت کێوی لاشە و خوێنی ئەو کرێکارانەوە دەیەوێت ئیستیغلالی نێوبانگی ئەم فیلمە بۆ نابودترین بۆچوونی ناسیۆنالیستی بکات. بە یەک وشەش نە لەسەر فیلمەکە و نە لەسەر کرێکارانی کۆچبەر و نە لەسەر بابەتی فیلمەکە نەینووسیوە. کۆمەڵێک ئیهانەی بەخەڵکی ناڕازیی و خۆپێشاندەری کوردستانی عێڕاق کردووە و داواکان و خەباتیانی وەک “نوزەنوز” چواندووە. ئەم فیلمە تراژیدیای ژیانی کرێکارانی کۆچبەر لە کوردستانیشی هێنایەوە بەر سەرنج بەتایبەت پاش ئەوەی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی (کەناڵی هیوا)ی لەلایەن هاوڕێ (شەماڵ عەلی)یەوە لەسەرئ ئەنجامدرا. لە ڕاستیدا ئامانجی (ئارام) لە شاردنەوەی ناوەڕۆکی فیلمەکەوسەرکوتی مەعنەوی ناڕەزایەتیـیەکان،خزمەت بەڕیفراندۆمەکەی بەرزانی دەکات ولە نوسینەکەشدا هەر بەهەمان زمان وچەمک وواتا بەکارهێنراوە. دەیەوێت بەدەرهێنانی فلمێک لەسەر ئەم بابەتە جیهان بهەژێنێت. بەڵام ئەمە کارەساتەکەیە وئەمە ڕاوێژکارو ڕەخنەگرەکەیە،کە ئیدی ئەبێت ڕۆشن بێت بۆ هونەری سینەمایی کوردیی ناتوانێت دونیا وەک چۆن هەیە ببینێت، بۆ ناتوانێت لەنزیکەوە بەقووڵی بچێتە نێو ئازاری خەڵک وئاواتی لەمێژینەیانەوە.
بۆ ئەم “واتەوات”ە لە ڕۆژنامەی (بۆ پێشەوە)دا بڵاوکراوەتەوە؟!
بەڕێز سەرنوسەر،ڕاوێژکاری سەرنوسەرو هاوکاری سەرنوسەر، ئایە هیچ کامیان ئەم وتارەیان نەخوێندەوە؟
بەڕێزان ئامادەکارانی گۆشەی ئەدەب و هونەر، ئاگایان لەم فلمە هیندیە (نوکتەکە نا-فلمی ژیانە بزن) و ئەم نوسینەی (ئارام) نیـیە؟
بابەتەکەش هیچ پەیوەندی بەئازادی نوسین و لێکدانەوەی جیاوازەوە نیـیە. بابەتەکە هیچ لێکدانەوەیەکی لەسەر فیلم و سیناریۆ و دەرهێنان نەکردووە. ئارام حەسەن، ژەهری لە شوشەی هەنگوینـدا پێشکەش کردووە.

ڕێگای پۆپۆلیستی بۆ نێو کۆمەڵانی کرێکاران و ئازادیخوازانتان نابات. وەک دەبینین بۆ کوێی هێنان!
پێشتر لەڕێگای چەند هاوڕێـیەکمەوە، لەسەر چەند بابەتێک سەرنجم بۆیان ناردووە، بەڵام پێدەچێت، خودی ڕۆژنامەی (بۆپێشەوە) ئیدی زۆر دوورکەوتبێتەوە و پێویست بەوە هەبێت، چوپەکەی بۆ هەڵدەین ئیدی ئازادە خۆی پێدەگرێتەوە یان نا؟!

جەمال کۆشش/ سەرەتای مانگی ٩-٢٠٢٤




توندبونەوەی ناکۆکییەکانی سەرمایەداری وئەزمە ئیکۆلۆژییەکانی!.. جەمال کۆشش

کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس

کۆڕبەندی داڤۆس، سروتێکی ناوازەی هەیە، وێنەیەکی چڕی خەونە دۆزەخیەکانی هەرە دەوڵەمەندەکان و دەسەڵاتدارە لۆکاڵی و نێونەتەوەییەکانی ئەمڕۆی جیهان بە کۆکراوەیی لەنێو سیرکوسێکی ئاهەنگی شاهانەدا دەبینی. ئەمساڵ،٦٠ (سەرۆک و سەرۆکوەزیران) ، ٢٠٠ وەزیرەکان، لە ١٠٠ دەوڵەت و هەشتایان بە ڕاوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی، ٨٠٠ بەڕێوەبەر لە گەورە کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیای زیرەک و دجیتاڵی، نێوەندە گەورەکانی سەرمایەی پولی نێونەتەوەیی و بانکەکان و بازرگانی و زانکۆجیهانیـیەکان بەشداربوون.
چارەسەری ئاشتی بۆ شەڕە خوێناوییەکان “ئۆکرانیا و غەززە”، بێهیچ پەڕەیەکی ڕاسپێردراوی گشتی کۆتیهات. فلافدمیر سیلنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، مەرجی کۆتایهاتنی شەڕەکەی بە سەرکەوتن بەسەر فلادمیر پۆتین بەستەوە ، نوێنەرایەتی بۆرژوازی روسیاش لە بەشداری کۆڕبەندەکە بێبەشکرابوون. “ئەوان نەک بەیەکەوە، بەڵکە بەدوای یەکدا قسەیان کرد، ئیسحاق هیرتسۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل: ئیران ئەبێت لە پشتیوانی تیرۆریستان بوەستێنرێت. وەزیری دەرەوەی ئێران، حسین ئەمیر: قەوارەی زایۆنی پێویستە لەسەر تاوانکاریـیەکانی لەغەززە، سەرنگون بکرێت، زیاتر شانۆی خۆنواندن بوو، لە باخچەی ئاژەڵان دەچوو”. ١
مەرجانە سپۆلیج ئیگگەر، خانمە سەرۆکی خاچی سوری نێو دەوڵەتی، لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ” زیاتر لە ١٠٠ شەڕی نێوان هێزە دوژمنە دژ بەیەکەکان لەگۆشە جیاوازەکانی جیهاندا بەرپایە”، بەڵام خاچی سور ناچارە سەدا ٢٠ کارمەندەکانیان بەهۆی بێپارەییەوە لەکارەکانیان دەربکەن.٢
” لە مانگی ٤ی ٢٠٢٣ دا ناوەندی توێژینەوەی ئاشتی جیهانی کە بنکەکەی لەستۆکهۆڵمە (سپیری) ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، بەپانتایی جیهان کەرەستەسەربازییەکان بۆ ٨ مین جار لەسەر یەک بەرز بوەوە، بەجۆرێک بەبەهایی.٢،٠٦ بلێۆن ئیرۆ، تفاقی جەنگی کە دەکاتە ٢.٢ تێکڕایی بەرهەمهینانی کۆمەڵایەتی جیهانی کڕدراوە. ژەنەراڵ پێرشیل، سەرۆک ئەرکانی هێزی چەکداری فەرەنسا هۆشداری دەدا لە (گەڕانەوەی دراماتیکی شەڕەگەورەکان کە بۆتە ئامرازی یەکلاکەرەوەی لایەنە ناکۆکەکان، لەم شەڕانەدا بەجۆرێک توندوتیژی بەکاردەهێنرێت کە سنوری هەموو مۆڕاڵێک و یاسایەکیان شکاندووە، لەکاتێکدا ئینسان بەڕاستی وا هەستی دەکرد کە تەنها لە کتێبە مێژووییەکاندا تۆمارکرابن).٣
جیهان لە کێبڕکێی خۆ پڕ چەککردندایە، وەزیری مالی ڕوسیا، ئەنتۆنی سلیناوف (هەموو لە پێناو بەرەکانی جەنگ، هەموو لە پێناو سەرکەوتن)، ١٠٩ ملیارد ئۆیرۆ کەدەکاتە سەدا ٦ ی تێکرایی بەرهەمهێنانی نشتمانی ڕوسیا بودجەی پەسەند کرد. ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ مۆدێرنیزەکردنی دامەزراوەی بەرگری ١٠٠ ملیارد ئۆیرۆی وەک دابینکردنی بڕە پارەیەکی تایبەت تەرخانکرد. ئەمەریکا بەتەنها سەدا ٤٠ ی چەکی جیهان دابیندەکات، سعودیە و قەتەر و میسر سێ دەوڵەتە یەکەمەکانی کڕیارەکانی کەرەستە سەربازییەکانن. ٤
بۆ تێگەیشتن لە دیمۆگرافی جێوپۆلەتیکی گڵۆباڵی ئەمساڵ، وردبوونەوە لە پێکهاتەی کۆڕبەندی داڤۆس، نەخشەیەکی بەسودە. بەشداربوانی کۆڕبەندەکە، لەبارەی ئەم خۆپڕ چەککردنە جیهانییەوە، بێدەنگەیان هەڵبژارد، وەک ئەوەی بەرهەمهێنانی زۆرترین چەک، ئارامی بۆ مرۆڤایەتی بێت.
مانفێستی کەپیتاڵ
ساڵی ٢٠٠١ کتێبی مانفێستی کاپیتاڵ لە نوسینی “جوهان نوربیرگ” بڵاوکرایەوە، لەو کتێبەدا بازاڕی ئازاد وئازادی بازرگانی وکەمکردنەوەی گومرگ ، وەک زامنی گەشەی مرۆڤایەتی و دابینکردنی هەلی کار و کۆتایهێنان بەهەژاری ناسێنراوە. لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆسیشدا، پلانی ئابووری بۆ جموجۆلی سەرمایەی جیهانی و مۆنۆپۆلی بوارەکانی بەرهەمهێنان و بازاڕی ئازاد و لێهاتوویی کێبڕکێی کۆمپانیاکان دادەڕێژن، ئەم ڕێبازو شیوازە سەرمایەداری بەرەو ڕێگایەکی داخراو و پڕ مەترسی گەیاندووە. جیهانی ئەمڕۆ بەرهەمی ئەو پرۆسەیەیە و شەڕ و برسێتی و دواکەوتیـیە کلتوریـیەکان و نەخۆشیەکان وچەوسانەوە وئەزمە ئیکۆلۆژییەکان وکارەساتە ژینگەییەکان لەوێوە سەرچاوە دەگرن.
بەپێی ڕاپۆرتی ئۆکسفام ، کە زیرەکانە تەوقیتەکەیان هەڵبژارد،هاودەمی کۆڕبەندەکەدا بڵاوییان کردەوە، ٥ کەس لەدەوڵەمەندەکانی جیهان سەرمایەکەیان لەماوەی کەمتر لەدەیەیەک دوو ئەوەندە بووە، لە ٤٢٠ ملیارد دۆلارەوە بوە بە ٨٦٥ ملیارد، لەکاتێکدا ٧٠٠ ملیۆن کەس داخزاون بۆ هەژاریەکی کوشندە ،رۆژانەیان بە تەنها دوو دۆلار ١٥ سەنتە. کەمتر لە دەیەیەک بلیۆنێرمان دەبێت، بەڵام بە ٢٢٩ ساڵی تر دەتوانین هەژاری لە نێوبەرین. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەم نایەکسانیـیە هەرگیز و هیچ کات بەم قەبارەیە نەبووە.٥
بۆ یەکەم جارە لەماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردودا، هەژارییەکی سامناک و خاوەن سامانێکی یەکجار گەورە کێرڤیان بەیەکەوە هەڵدەکشێن. لەساڵی ٢٠٢٠ دا ٢٦ بلیۆن دۆلار (٦٣ لەسەدا) تەنها چۆتە باخەڵی سەدا یەکەوە، لەکاتێکدا ١٦ بلیۆن دۆلار (٣٧) لەسەدا بۆ باقی دانشتوان بووە. ئەم پێشهاتە مێژوویـیەیی دەیەی گەشەی کەڵەکەبوونی سەرمایە، لە ماوەی دە ساڵی پێشوودا، ژمارەی ملیاردێرەکانی دوو قات کرد. لەهەمان کاتدا لە حاڵی ئێستادا ١.٧ ملیارد لە کرێکاران، مەمرەومەژی لەو وڵاتانەی هەڵائاوسان تیا بەرزە دەگوزەرێنن، ٨٢٠ ملیۆن کەس یانی هەر یەک لە دەکەس لەسەر ڕووی زەوی برسی و هەژارن و ژنان و کچان لە سەدا ٦٠هەژاران پێک دەهینن. ئۆکسفام ڕوو لە بانکی جیهانی دەکات و بەم وشانە دەنوسێت: (ڕەنگە ئێمە لەسەردەمێکدا بژین کە گەورەترین نایەکسانی و هەژاری لە دوای شەڕی جیهانی دووەمەوە ببینینەوە)
هەندێک لە وڵاتان بەتەواوی لە لێواری مایەپووچی دان. لە کاتێکدا ووڵاتە هەژارەکان چواربە قەد ئەو پارەیەی بۆ بواری تەندروستی تەرخانی دەکەن، پارە بە خاوەن قەرزەکانیان دەدەنەوە. چوار لە پێنجی دەوڵەتەکان پلانی دەستگرتنەوەیان هەیە بەبڕی ٧.٨ بلێۆن دۆلار لە کەرتە فەرمیەکانی بواری ڕێگاوبان پەروەردە و تەندروستی. ٦
ئەم سیستەمە وەک ڕاپۆرتەکەی ئۆکسفام نێوی ناوە “مەکینەی بەرهەمهێنانی نایەکسانی”، لە ئاکامدا دەستکورتەکان هەژارتر وزەنگینەکان دەوڵەمەندتر دەکات. بەینی مرۆڤ بە سروشتەوە، فۆرمێکی چەوسێنەرانەی هاوشیوەی پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکانی پێدەدا و ناهێڵێت و ناتوانێت پابەندی کەمکردنەوەی گەرم بوونی زەوی و کەمکردنەوەی گازی سیئۆتۆ بێت.
“دە دەوڵەمەنترین پیاوەکانی جیهان توانیان لە کاتی کۆرۆنادا، سەرمایەکەیان دوو قات بکەن، لە هەمان کاتدا لانی کەم ١٣ ملیۆن لە ژنان، کار و داهاتیان لە دەستدا، ٢٠ ملیۆن لە کچان بەهۆی داخستنی قوتابخانەکانیانەوە، جارێکی تر ناتوانن دەست بەخویندن بکەنەوە. بەهۆی هەڵئاوسانەوە ماددە خۆراکیـیەکان و کۆمپانیاکانی ووزە، قازانجەکانیان زیاتر دوو قات بکەن. ٨٤ لەسەدای ٣٠٦ ملیاری دۆلاری ئەمەریکی بەسەر خاوەن پشکەکاندا دابەشبکرێن. بەمجۆرە دەوڵەمەندەکان هەر دەوڵەمەندتر و تەنانەت لە کاتی قەیرانەکانیشدا هەژارەکان هەژارتر دەبن. سەدا حەفتای ئەو کەسانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دا کاریان لە دەستداوە، ژنانن. ٧
ئیکۆلۆژی و شێوازی بەرهەمهێنان، ئیکۆسۆشیالیستی و سیستەمی گەرمی زەوی
پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری وتاڵانکردنی ماددە سەرەتایـیەکان (سروشت) وهەژارکردن و وێرانکردنی ژینگە و گەرمبوونی سیستەمی زەوی هەیە. ڕەنگە ئەم بابەتە بۆ خوێنەرانی کوردزمان لە چاو ئەوروپایی و ئەمەریکییەکان سەرەتا بێت. بۆیە زۆر گرنگە لە نێو کۆنتێستی کۆڕبەندی داڤۆسداوبە فێڵی ئەوەی ‘ کاپیتالیستی سەوز” دەتوانێت کارەساتی ژینگەییەکان تێپەڕێنێت سەرنجبدەین. .
ڕەوتێکی نوێ لە نێو بزوتنەوەی سۆشیالیستی و مارکسیستی بە پشبەستن بە میتۆدی مارکسی، لە تەقالای ئەوە دایە لەنێو جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی فراواندا کە ئەمڕۆ لەبەرامبەر نابودکردنی ژینگەی جیهان و گەرمبوونی سیستەمی زەوی بەڕێکەوتوە، دەرکەوتنی ئەم مەترسیانە پەیوەند بکات بە هۆشیاری تیوری شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریـیەوە. ئەم ڕەوتە متمانە و پشتیوانیەکی فراوانی لەنێو لاواندا.ئەوروپا بەدەستهێناوە . تیۆریسیۆنی بە هێزی مارکسیستی بۆ پەیدا بوون.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە هەر لە دەوروبەری کۆربەندی داڤۆس بڵاوکراوەتەوە، ١٤،٥ ملیۆن مردن و١٢.٥ بلیۆن دۆلار زیانی ماددی بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما تا ساڵی ٢٠٥٠ ڕوودەدات کە بەزۆری ژنان و کەمدەرامەتەکان دەگرێتەوە.٨
دە لەسەدی دانشتوانە دەوڵەمەندەکەی گۆی زەوی ، سەدا پەنجای تاهاب (گازسی ئۆتۆ و میثان و ئۆزۆن)،دروستدەکەن.
( بەتایبەت کێشەی ئاو، لەکاتێکدا نیوەی دانیشتوانی گۆی زەوی لە ساڵێکدا، مانگێک لەژێر بێئاوی بەهێزدا ئازار دەچێژن، ..ئەوناوچانەی بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرمی سیستەمی زەوییەوە کە٣.٣ ملیارد ئینسانی تیا دەژی، بەهۆی بیابانی وگوڕەوتۆفانەوە، رادەی مردن ١٥ جار زۆرترە لەهەر جێگایەکی تر،… لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە هەر ساڵێک ٢٠ ملیۆن کەس بە هۆکاری گۆڕانی ئاوهەوا ناچارن کۆچ بکەن…)٩
زۆربەی جێۆلۆجیەکان بۆ ئەوە دەچن کە زەوی لە سەرەتای دەورەیەکی نوێدایە ولەئاکامی مامەڵەی ئینسانەوە ئەم ئاڵوگۆڕە پەیدابووە. بەرزبونەوەی پلەی گەرمی وزۆری تاهاب، توانەوەی خێرایی بەستەڵەکەکان، وشکبوونی ڕوبارەکان، تاڵانی کەرەستەکانی سروشت لەلایەن دەولەتانی ئیمپریالیست وئەزمەی ووزە وڕژاندنی ئەم هەموو ژەهرە، مرۆڤایەتی لەبەردەم مەترسیەکی جددیدا ڕاگرتووە. دواکەوتن هەڵناگرێت وگەڕانەوەی پلەی گەرمی زەوی بۆ پێش شۆڕش پیشەسازی وشۆڕش لە پێناو ڕاگرتنی ئیکۆلۆژی و ژینگەی پاک، پێویستە سیستەم بگۆڕین نەک ژینگە.
نوسینەکانی مارکس لەسەر پەیوەندی ئینسان بەسروشتەوەو میکانیزمی کاری ئینسان وکائینێکی بەرپرسیار لە بەرهەمهێنانی پێداویستیەکانی ژیانی خۆی، وە بەشداری ئینگلس لە زانستی دیالەکتیکی سروشت وپەیبردن بە ئۆرگانیکی سروشت، لەکتێبی ئەنتی دۆهرینگدا بەتایبەت، دەتوانین بە سەرەتاییەکی تیوری گرنگ بۆ ناکۆکییە بنەڕەتیەکانی سیستەمی سەرمایەداری تێبگەین.
سیانزە تێزەکەی میشێل لۆڤی سەبارەت بەستراتیژی ئیکۆسۆشیالیزم و کتێب ونوسینەکانی کرستیان تسیللەرلەسەر بزوتنەوەی ئیکۆسۆشیالیستی و سەدان نوسەرو هەڵسوڕاوی سۆشیالیستی ئاسۆیەکی تر دەنێنە بەردەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. ئاسۆی ڕزگاری لە هەژاری و نایەکسانی هاوپشت وهاوکاتە لەگەڵ شۆڕش بۆ ڕزگارکردنی سروشت لە چاوچنۆکی وتاڵانی سەرمایە.
(نوێنەرانی سەرمایەو ڕژێمەکانیان ، وەها زیندانی نێو لۆجیکی توانای ململانێیکانن بۆ مانەوە، نەدەیانەوێت و نەلەو پێگەیەشن بتوانن بەرهەمهێنان، گواستنەوە و بەکاربردن، زیانەکانیان وەها کەمبکەنەوە کە پلەی گەرمی زەوی بۆ ١.٥ پلەی گەرمی سیولی کەمبکەنەوە…ڕێگا مەدەن با لە پێشدا ئاوهەوا زرگاربکەین وئینجا دواتر ولەکۆتاییدا لەدژی ستەم وچەوسانەوە خەبات بکەین)١٠
ئێکۆسوشیالیزم، پەیوەندی ئینسان بە سروشتەوە، ڕێکدەخاتەوە لەسەر بنچینەی ڕزگارکردنی کار لە چەوسانەوە. ئەزمەی ئاو لەناوچەکە وبەتایبەت لەعێراق وپیسبوونی ژینگەی شارەکان، بەشێکە لە گەشەی سەرمایە و هۆکاری هەژاری جەماوەرە. ئەم وتارە هەوڵێکی بچووکە بەو ئاڕاستەیەدا.

  مانگی یەکی ٢٠٢٤ 


1-der Bund.leitartikel , page 15, 19.01.2023
2-WOz.Nr 4.25.jaunuar.2024
3-Le Monde diplomatique.januar 2024,Annete Hug.
4-هەمان سەرچاوەی پێشوو
5&6-Nzz.20.01.2024 , bewegung fur sozialismus.
7-flamende magazine ausgabe 5 Herbst 2023
8-woz,Nr 3,janaur 2024
9-okosozialismus ,Daniel tanuro , page 41
10-okosozilsmus.position des Klassischen Marxismus.page




چاڵە ڕەشەکەی چاند” کلتور”.. جەمال کۆشش

(هەموو کۆمەڵگایەکی ئینسانی ئەبێت پاساو بۆ نایەکسانیەکانی بهێنێتەوە، پێویستە بەهانەی گرنگی بۆ پەیدا بکات دەنا تەواوی سیستەمی سیاسی وکۆمەڵایەتی لەبەردەم هەڕەشەی داڕماندا دەبێت. تۆماس بیکتی١)

یەک: داهێنانی تەلەسکۆبی جەیمس وێب و دۆزینەوەی (چاڵە ڕەشەکان)، فیزیای نوێ ،خۆیی و فەلسەفە و ژیانی مرۆڤایەتی گۆڕی. گەردوناسی و گالاکسیـیەکان، سەنگێکی بێوێنەی لە ژیانماندا پەیداکردەوە. دۆڵێکی گەورە کوژانەوەی ملیاردەها ئەستێرەی تیا ڕاکشاوە، بەداخەوە هێزی کێشکردنی موگناتیسی ئەم چاڵە هێندبەهێزە،دەرفەتی تیشکیشی بۆ خۆنواندن داخستووە.
کلتوور، فەرهەنگی ناسینی نۆرم و جوانیـیەکان، دۆزینەوەیەکی وەها قەرزدارە. ئافراندنی ئەو جوانیـیەی کە مناڵێک بە هەستەوەری ژیریانەی خۆی لەگەڵ داستانە خەیاڵیەکاندا پەی پێدەباو و ڕەخنەگریشیەتی.( مناڵ باشترین ڕەخنەگری ئەفسانەکانە- جۆرج لۆکاش٢ ).

دوو: کار (بەکاری هونەریشەوە)، لەنێو پرۆسەیەکی مێژویی ئاڵۆز و چڕدا، هەمەڕەنگ و پڕ ئەزموون و تژی لە تێهەڵچونی کۆمەڵایەتی و سیحراوی و قەدەر و کۆششدا، ڕەنجی تاک وکۆ، شارستانیەتی ئەمڕۆی بەرهەمهێناوە. بەرهەمهێناوەی خۆیی و کۆمەڵگا و پەیکەرە و ئامرازەکانی، پابەندیی پەیوەندیـیەکی نێوخۆیی و دینامیکیەتی ماددی و فکریـیە و دەبێتە هۆی دروستکردنی سیستەمێک بە پرۆسە و میکانیزمی تایبەتی خۆیەوە.

سێ: کار لە شێوازەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا، کۆیلەداری، دەرەبەگایەتی،سەرمایەداری، مانا و شیوەی بە پەیوەندی نێوان ئینسانەکان داوە. شێوازەکانی چەوسانەوەی کار،” کۆیلە، بێگاری، زێدەبایی” ماک و هەوێنی ناکۆکیەکانی نێوان ئینسانەکان بووە. کۆیلەکان ڕێژەی چەندی دانشتوانیان پێکهێناوە، هێندە گرنگ نەبووە، بەوەی سەرچاوەی چەوسانەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و کۆکردنەوەو کەڵەکەی سامان و خاوەندارەتی تایبەتی بووە. ئینسانی ئازاد و پیشەوەرەکان هەبوون،ڕاووشکارو ڕشتەی جۆراوجۆری تر هەبوون، دواترو لەقۆناخی دەرەبەگایەتیشدا، ئەوەی تەوەرەی کۆمەڵگای دیاریکردووە، بەیارو ئاقارەکان وباران، ( سروشت) نەبووە، بەڵکە شێوازی چەوسانەوەی کار بووە لە نێو ئەو هەلومەرجە سیاسی وکۆمەڵایەتی وکلتورییەدا. ماف وپشکی خاوەندارەتی بەرهەمەکان، جا بەهۆی باج و سەرانە و بێگارییەوە بێت، یان وەک لەشێوەی کاڵاو بەرهەمهێنانی زێدەبایی و بەگەڕخستنەوەی لە پرۆسەی بەرهەم هێنان و گەشەسەندنی ئامێرەکانی بەرهەمهێنان و بەرزکردنەوەی تواناکانی هێزی کاردا، سەرچاوەی چەوسانەوەی ئینسانەکانە.

چوار: کار و بەرهەمهێنان لەسیستەمی کاپیتالیزمدا، لە نێو ئەنتاگۆنیستیكدایە، کار و هێزەکانی بەرهەمهێنان لە لایەک و هەژموونی سەرمایە و مۆنۆپۆلی مافی خاوەندارەتی بەرهەم لە لایەکی ترەوە، لە کێشمەکێشی بەردەوام و لە پرسیار و وەڵام و ڕێگا و بیرکردنەوە، لەخەون و خولیا و دونیابینی کۆمەڵگاکاندایە. ئەم پرۆسەیە وەک مارکس لە ئایدیۆلۆژی ئەڵمانیدا بەدرێژی لە مێژووی کۆمەڵگاکاندا دیالەکتیک بەمەتریالیستی مێژووەوە گرێ دەدات،( بەهەمە لایەنە) هەروەها کاریگەری هۆشیاری و فۆرمەکانی بەسەر ژیانی واقعی ئینسانەوە لێکدەداتەوە.

پێنچ: “پرۆپریتاریزم” کە لە لایەن تۆماس بیکیتیەوە بەکارهێنرا بۆ ئەو سیستەمە سیاسی و ئابوریـیەی کە جیاوازی سامان لە نیوان کۆمەڵگادا گەورەتر دەکات و ئەو ئایدیۆلۆژیـیەی کەلەسەر مافی خاوەندارەتی سامان ڕەوایەتی پێدەبەخشیت. پیرۆزی دەکات و دەیکاتە مافێکی سروشتی و کۆمەڵایەتی و بەرگری لێدەکات. ئایدیۆلۆژی نایەکسانی کە بەدرێژایی مێژوولێکۆڵینەوەی کردووە، بەتایبەت لە سەردەمی کاپیتالیزمدا و لەو ئایدیا وبۆچوونانەی کە شۆرشی فەرەنسی لەگەڵ خۆیدا هێنایە نێو کۆمەڵگاکانەوە لە کۆی خاوەندارەتیدا. لە پەیوەند بە هەڵوەشانەوەی مافی چەوسانەوەی مرۆڤەکانەوە لەلایەن مرۆڤەکانەوە، چۆنیەتی چارەسەری نایەکسانیەکانی نێو ئینسانەکان ،ناتوانم هاوڕای بم.

شەش: لە نێو ئەم ڕەهەند و کێشمەکێشەدا، سیاسەت و کلتوور و فەلسەفە پەیدا دەبن و هەڵدەقوڵێن. ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی ئەم ئەنتاگۆنستیە، بنچینەی جوڵانەوە کرێکارییەکانی ئەم سەردەمەی ئێمەیە. لەدەرەوەی ئەم ڕەوت و پرۆسەیەدا بیت، کێشەی نەتەوایەتی، کێشەی ژنان، مافە دیموکراتی و ئازادییەکان، ‌هتد ناتکاتە کاراکتەر و ئەندامی ئۆرگانی شۆڕش.

حەوت: شێوازەکانی خەبات وپەرەپێدان وفراوانکردنەوەی، تایبەتمەندی نێوخۆیی وئاگایی نەنوسراوی خۆی هەیە.دونیابینی وئاسۆ وشێوازی تایبەتی خۆی هەیە، گرنگترین دوو خاڵ بەشداریکردنی فراوانی خەڵک لە بەڕێوەبردنی چارەنوسی خۆیدا، سوشیالیزەکردنی کلتوری خەبات و تێکۆشانەکانی. دەستکۆتاکردنی خەڵک لە داڕشتنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی خۆیدا، کوشندەترین خاڵی لاوازی جوڵانەوەکان بووە لەلایەک و تێکشکانی شۆڕشە سۆشیالیستیەکانی سەدەی بیست بەهۆی قەتیسبوونی بۆچوونی سۆشیالیستی لە نێو دەستەیەکی کەمی کرێکاران وهەلسوڕاوانی کرێکاریدا بووە.

هەشت: ترۆتسکی وتارێکی یەکجار گرنگی لە مانگی (٧)ی (١٩٢٣) دا نوسی، بەناوی (ئینسان هەربە سیاسەت ناژیت٣)، کە ڕەخنە بوو لەو وتارانەی کە بەسەر شۆڕشدا دەوتران و ئیدی خەڵکەکەش لێی تێرببوون. دەنوسێت( ئێمە پیویستمان بە کلتورە لە کارماندا، کلتورە لە ژیانماندا، کلتورە لە ژیانی ڕۆژانەماندا). وەک وتراوە، ئینسان تەنها بە کەوچک و چەنگاڵ ناژی.

نۆ: کار و سایکۆلۆژی وسۆسیۆلۆژی، زمان و نەریت و بەها و خۆشەویستی، ئاکار و ڕەوشت، لە پرۆسەیەکی مێژویدا، کلتورەکان بەرهەمدەهێنن. لەنێو ئەم کلتوردایە، لەنێو دینامیەتی یاسا و دۆزینەوەی ناوەوەی ئەم یەکانگیرییەدایە، لەنێو بەرز و نزمی و ئاگایی کۆمەڵایەتی نەوەکاندایە کە دەتوانین، بەمانای وشە کلتورێکی پاک و ئینسانی و تەندروست و جوان و ئارامبەخش و چێژبەخش بئافرێنین.

دە: خوڵقاندنی کلتورێکی هاوبەشی ئینسانی، وزەیەکی نێوخۆیی وپۆتانسیالی ئەوەی هەبێت، کە شەرعیەت لە مافی خاوەندارەتی و بەتایبەت چەوسانەوەی ئینسان لە لایەن ئینسانەوە وەربگرێتەوە،داهێنانێکی وەک تەلەسکۆبی جەمیس وێب دەخوازێت. پلاتفۆرمی کلتوری هێندەی ڕێگرە، چارەسەر نیە، چاو و ژیری ئەو مناڵەیە کە هێشتا پەیوەندییەکانی سەرمایەی تیا ڕەنگی نەداوەتەوە،یان بە مانایەک ئازادبووە و لەبەرهەمهێنانەوەی ئیستاتیکی خۆیدا، تینی ئەو غەریزەیەی تیایە بۆ ژیان و فێربوون کە دەست بەرێ بۆ ئاگر.

ژێرنوسەکان

١-کتێبی کاپیتال و ئایدیۆلۆژی. تۆماس بیکیتی، بەزمانی ئەڵمانی،چاپی ٢٠١٩
٢-جۆرج لۆکاش، مارکسیزم، جوانیناسی، ئۆنتۆلۆگی، ئامادەکردنی هەڵبژاردەیەک لەلایەن رودیگەر دانمان و ئەکسیل هۆنیت، چاپی (٢٠٢١)، بە زمانی ئەڵمانی. جۆرج لۆکاش وتارێکی کورتی بەناوی (پەروەردەی هونەر لە قوتابخانەکاندا) بۆ گۆڤارێکی تایبەتی بەپەروەردە نوسیوە.
٣. www.wsws.org/de/articles/2005/12
ناوەڕستی ئۆگوستی ٢٠٢٣




هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ؟ یەکێتی چینایەتی دانیشتوانی عێراق، سیاسەتێکی پراگماتیکی و تاکتیکی نیـیە!.. جەمال کۆشش


ڕێککەوتنی سەرەتای مانگی (٤)ی ( هەولێرو بەغدا) لەسەر ڕادەستکردنەوەی دۆسیەی نەوت بە حکومەتی عێراقی، پاش بڕیاری دادگای پاریس، ئۆرگانە فەرمییەکانی (پارتی)، ملکەچیـیەکەی بە سەرکەوتن و حەکیمی و ئاینندەبینی سەرۆکەوە بە خەڵکی کوردستان فرۆشتەوە.
بەسەر بادان و لەژێر لێوەوە هاوبەشە بایکۆتکەرە “بندیوارەکە”، قوباد تاڵەبانی، وتی وا باشتر بوو بە خواهیشتی خۆمان ئیمزاکەمان بکردایە، نەک وەک ئێستا ناچار بووینە.
ئەو لایەنانەی تەنانەت مەسرەفی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەکانشیان لە لایەن دەوڵەتانی کۆنەپەرستانی ناوچەکەوە دابیندەکرێت (کە ئەمە تەنها بەسە بۆ هەڵوەشانەوەی حزبەکانیان)، بە هلهەلەوە پێشوازییان لە هەنگاوەکە کرد و موژدەی گەشەکردن و بوژانەوەی ئابووریـیان بە خەڵکی کوردستان دەدا، بەڵام بەشە ڕادیکاڵە بەناو چەپەکە ، “هاوبەشەکەی پرۆژەی ڕیفراندۆم” کە هێندەی نەما بوو ناوی “ڕیفراندۆمی کرێکاری” لێبنێن ، ئەم ڕێیکەوتنەیان “بەبنبەستی دەوڵەتی کوردی” لە قەڵەمدا و لە داخی خیانەتی فرۆشتنی “خەونە شاعیرانەکە “یان بە چەند ملیارد دۆلارێک، تێر جوێنی دەسەڵاتدارانی یەکێتی وپارتی یان کرد.
بەرهەم ساڵح (سەرۆکی پێشووی کۆماری فیدراڵی عێراق)،پێدەچێت ئەو دەرکی بە شلۆقی وناکارایی حکومەتەکەی سودانیش کردبێت، پرۆژەیەکی هەندێک گشتی تری پێشنیار کرد (کۆنفیدراڵی بۆ کوردستان و گرێبەستێکی تری نێوان حکومەت و هاوڵاتی و گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لەپەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی) دیارە، هەمومان دەزانین دەستورو گرێبەستە کۆمەڵایەتیەکان سازانی فەرمی هێزە چینایتەکانن. دەستپێشخەرییەکە لە بێدەنگییەکی کوشندەدا خنکا.
هەندێک کەسایەتی و دەزگای ڕاگەیاندن وناوەندی لێکۆڵینەوەی لۆکاڵی، داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی هەرێمیان کردو چەند سینارێۆیەکیان بۆ ڕاپەڕاندنی دۆخی ئاوارتە خستە ڕوو، هەڵبژاردنی ڕاستەو خۆ وپێکهێنانی حکومەتی کاتی…
ڕێژەی هەژاری لەسەرووی (٣٥٪)، بێکاری لە سەروی (١٥٪) و لە نێوان لاوانیشدا لەسەروی سەدا (٢٠٪)ەوەیە. کەرتی تەندروستی و پەروەردە ، بەرهەمهێنان و پیشەسازی و کشتوکاڵ، کارەبا و تەکنەلۆژیا،سیستەمی بانکی وپارەو پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دراو، تێکڕا و بێکەڵک و پڕن لە گەندەڵی وهەدەردان ودزی و سپیکردنەوە. عێراق ، یەکێک لە زۆرترین ڕێژەی زیندانیانی تاوان و حوکمدراوانی بە سزای ئیعدام هەیە. یەکێک لە هەرە گەندەڵترین دەوڵەتەکانە و ناشەفافترینانە، هێزە میلیشیاییە- سێکتە ئایدیۆلۆژییە ئاینیەکانی لایەنگری کەسایەتیەکاریزماییەکان ، بەشێکی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بازاڕ و جوگرافیایان لە کۆنترۆڵدایە .
ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر ساڵی (٢٠١٩)ی پایتەخت و شارەکانی خوارووی عێراق، بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، بەکوشتنی هەزار کەس و بریندارکردنی (٢٠) هەزار و ڕفاندن و زیندانی سەدان لە لایەک و لە لایەکی دییەوە بە لاڕێدابردنی ئامانجی واقعی ڕاپەڕینەکە و گۆڕینی بۆ ئاڕاستەی هەڵبژاردن و ڕاکێشانی هەلپەرستانی نێو ڕاپەڕیوان بۆ نێو پرۆسەی پەرلەمانی، پاشەکشەیەکی بەسەردا سەپێنراوە.
ئەو حزب و هێزە سیاسیانەی کە لە شارەکانی موسڵ و تکریت و ئەنبار و دیوانیە …پێکهێنەرو گوایە نوێنەری ئەو ناوچانەن لە حکومەتی عێراقدا، هەمان پێکهاتەی دەستەی فەرمانڕەوای دەسەڵاتی عێراقن،بەرپرسیارن لە شەڕوماڵوێرانی چ لە ناوچەکانی خۆیان وچ لەسەرانسەی عێراق. خەڵکی ناڕەزایی ئەو ناوچانەش بەهەمان ڕادە لە چینی باڵادەست و کۆنەپەرستی حەلبوسیـیەکان و عەزمیـیەکان و حزبی ئیسلامیـیەکان و عەللاویـیەکان تووڕەن و ئامانجیان لە نیوبردنی ئەم سیستەمە سیاسیـیەیە.
شەڕو ئاشتی، ڕێککەوتن وگرژییەکانی نێو حزب وقەوارە سیاسیەکانی ئێستای دەسەڵاتدارانی عێراق، چ لەگەڵ حکومەتی هەرێم، چ لە کەرکوک، نەینەوا، بەغدا، پەیوەندییان بە ژیان و مافەکانی خەڵکەوە نیـیە. ئەوان لەسەر ئەو شوناسە ئاینی و نەتەوەیی و تایفی و کەمایەتیـیە بیروباوەروهۆزانە جوداخوازی وهەژمونگەری چینایەتی لە نێو ئەو گروپانەدا بەدەستدێنن تا مۆرکێکی ڕەوایی بە نوێنەرایەتی خۆیان بدەن وەک حزبی ئەو تاقمانە سیاسەت بکەن. ئەمە تەنها کێشەی ئەو ناوچانە نیە کە هەمە ڕەنگن وسروشتی مێژووی دانشتوانەکەین، بابەتەکە ئەوەیە تەواوی خەڵکی عێراق لە ڕێگای میدیاوە ڕادەکێشرێنە نێو ” کێشە” دروستکراوەکانی دەستی خۆیانەوە.
لە بارەی مافەکانی خەڵکی کوردستانەوە، بەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی عێراق و پاریس، خەڵکی کوردستان هیچ زیانێک ناکات، هیچ لەدەست نادات. بەڵام دەرگا بەڕووی دۆسیەی زۆر گرنگدا واڵا دەکات.
چارەنوسی قەوارەی هەرێم، لەتوند پێچێکی مێژوویدایە، حکومەتی هاوبەش نەماوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناتوانێت هەر هەمان حکومەتی ئێستا بەرهەم بهێنێتەوە. دەبێت دوو ئیدارەیی بەئاکامێک بگات.
پتر لەشەش هەفتەیە بۆڕی نەوت گیراوەتەوەو کەشتیەکانی کەناری جیهان ئەوانەی نەوتی کوردستانیان بەبازاڕ دەگەیاند، بەبەتاڵی گەڕانەوە. وا لێکدەدرێتەوە کە ڕاگرتنی نەوت، لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە بکرێتە قەرەبووی مەرجەکانی ئۆپیک بۆ کەمکردنەوەی بەرهەم بۆ پارێزگاری نرخی نەوت.
ئەگەرلە پرۆسەی شکڵگرتن وپیکهێنانی حکومەتەکەی سودانی وردبینەوە، یەکێتی چینایەتیەکی نێو بۆرژوازی پێکهاتەکانی دانشتوانی عێراق بۆ هەژموونی دەوڵەت بەسەر عێراقدا دەبینینیەوە.
پێشینەیەکی مێژوویی لە خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان بۆ مافە سەرەتایی وئازادییە کۆمەڵایەتیەکان کەلە کوردستان کە وەک نەریتی ژیانی ڕۆژانەی لێهاتووە ( مافەکانی ژنان وئازادی و مافە کانی تاک لە پەیوەندی بەئاین وئیلحادو خواردنەوەو پۆشاک …) ئەبێت وەک هاوڵاتیانی ناوچەکانی تری عێراق چاولێبکرێت و بەهیچ جۆرێک نابێت وەک تانەی یاسای ئەحوالی شەخسی ، بچێتە گرفانی ئیسلامیەکانەوە.
ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ بەدڵنییاییەوە لەمەودوا هەر بە بەغدا وناسریەو بەسرەوە قەتیس نابێت و دەپەڕێتەوە موسڵ و دیوانیەو هەولێرو سلێمانیش. ئەم یەکێتی یە چینایەتیەی کرێکاران وزەحمەتکێشانی عێراق و بەرژەوەندی هاوبەشەی تەواوی خەڵکی عێراق لە بەرامبەر دوژمنە هاوبەشەکانیان ئاکتێکی تاکتیکی و پراگماتیکی نیە.
ئەمەش لەگرەوی بەهێزبوونی ڕەوتی کۆمۆنستی دایە لە نێو ناڕەزایەتیە بەردەوام وڕاپەڕینەکانی خەلکی عێراقدا.

جەمال کۆشش کۆتایی ئەبریلی ٢٠٢٣




چی تازە لە نێوان (یەکێتی) و (پارتی) هەیە؟ ئاسۆی بزوتنەوەیەکی ڕادیکاڵی تر.. جەمال کۆشش

هەرێمێک هەیە و کۆمەڵێ حزبی کوردایەتی – ئیسلامی، و ئیسلامی – کوردایەتی، و لیبراڵ – ئیسلامی – کوردایەتی هەیە و پێکەوە حکومەتیان دامەزراندووە.
ماوەی (٣١) ساڵە دانیشتوانەکەی، لەنێو شەڕ و تیرۆر و قۆرخکاری نێو ئەم ڕژێمە بەبارمتە گیراون. ئەم حزبانە باڵیان لێدەبێتەوە و یەکدەگرنەوە و نوێ دروستدەکەن و هەڵبژاردن دەکەن و هیچ دەریچەیەکی باشتربوون ناکەنەوە و لە بازنەیەکی نائومێدی ئەبەدیدا خەڵکیان بەگیر هێناوە.
تێهەڵچون و شەڕ لەسەر بودجە، لەسەر سەرۆک کۆمار و جێگرەکانیان، سەرۆکایەتیەکان، سەرۆکی پەرلەمان و لیژنەکانیان، بەڕێوەبەرایەتیەکان، قائمقام و شارەوانیەکان،.. شەڕە قۆچە لە ڕمبازێنی مەیدانەکەدا، خودی پرۆسەکە بەم شێوەیە بەڕێوە دەبرێت.
لە هەندێ جێگا پێویستی بە بایکۆتە، لە هەندێ شوێن تیرۆر، لە هەندێ کات، نێوەندگیری و دانیشتن و زنجیرە کۆبونەوە، لە دوورمەوداشدا بلۆکبەندی دەوڵەتان و لە هەندێ دەوران داگیرکردنی ناڕەزایەتی خەڵک بۆ بەرژەوەندی خۆت و بەکارهێنانی بۆ ئامانجی حزبی و پێگەت لە پەیکەرەی دەسەڵات.
بونیادی ئابوری ئەم ڕژێمە بەجۆرێک تێکەڵ بە دەسەڵاتی سیاسی و میکانیزمە نێوخۆییەکانی بووە، ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی سەرخانی سیاسیدا، یەکسەر و ناچاری سەر بۆ شۆڕش بەسەر ئەم بونیادەدا دەکێشێت.
(یەکێتی) لەنێو خۆی چ باڵ و کوتلەیەکی هەیە، ئیسلامی توندەڕەو میانڕەوی هەیە، دوو باڵەکەی نێو (پارتی) چەند ئاڵوگۆڕ لەنێو پۆستە حزبی و حکومیـیەکان دەکەن، ئەمانە کاریگەرییان لەنێو جوگرافیای هێزی خۆیاندایە. ئەوان شەڕ و ئاشتی بۆ خۆیان دەکەن. ژیان و ماف و شکۆ و گوزەرانی خەڵکی کوردستان لە دەرەوەی ئەم زۆنانەوەن، یانەکو، هەروا بمێنن باشترە، لە سەردەمی حکومەتی هاوبەشی (مەسرور و قوباد)دا پاشەکەوت فەڕزکرا.
یەکبوونی ماڵی کوردی، یەکبوونی ماڵە بازرگانە سیاسیـیەکان و سەرمایەدارە ناکۆکەکانە. ڕاپرسیـیەکانی نێو خەڵک، نەفرەت و توڕەیی هەموو چین و توێژەکان لە دەسەڵاتی خۆماڵی کورد نیشان دەدات. سەدا (٥١) خەڵک گەڕانەوەیان بۆ بەغدا و هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمیان پێباشترە. (سایتی درەو-ڕاپۆرتی شیکاری).
ئایا لەم بۆچوون و ڕەد کردنەوەیە ڕوونتر هەیە کە خەڵک بە دەسەڵاتدارانی بگەیەنێت؟ ئەم ڕاپرسیە وەک هەندێک لە دەزگاکان بە شۆکهێنەر بڵاویان کردەوە و ئاماژەن بۆ ئەزمەیەکی کۆمەڵایەتی قووڵ.
لەبەرامبەر بەرزبونەوەی نرخی دۆلار و هەڵئاوسان و گرانی، (حکومەتی هەرێم)، بۆ ڕیکلام و خۆبادانیش، یەک قسەی لە زار نەهاتە دەر، وەک ئەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە ژیانی خەڵکی کوردستانەوە نەبێت، بەڵام لەبەرامبەر بڕینی (٢٠٠) ملیارەکە، هەموو هاتنە خەت و هەڕەشەی بێ ناوەڕۆک و هیستریکی میدیاییان بەڕێخست.
شتێکی تازە ئەگەر هەبێت لەو نێوەدا، خەریکە (زۆنی سەوز) خۆی هاوتا بە (زۆنی زەرد) لە گرتن و ڕاونان و سەرکوت و زیندانیدا دەکات. گردبونەوە و خۆپیشاندانەکان قەهراوی سەرکوت دەکات. هەرچەند ئەوە زۆر تازە نیـیە و ماوەی چەند ساڵێکە ئەم پرۆسەیە دەستیپێکردووە، بەڵام لەوەتەی (یەکێتی) یەکدەستتر بووە، ئەم دەزگایەش سەرکوتگەرتر بووە. تازە تر لەوانە نزیکبونەوەی تەواوی حزبەکان و بزووتنەوەکان لە پێکداچوون و تێهەڵکێشی نەتەوەگەری و ئیسلامگەری و هاوستراتیژیی ئابووری و سیاسیان.
خەڵکی (پێنجوێن) سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، دەربەندیخان لە مانگرتنی گشتیدان. سەرەتای بزووتنەوەیەکی تری جەماوەری بۆ پێداویستیە بنچینییەکان بەدەر لە ئەجیندای حزبەکانی نێومان هێنان، بەڕێوەیە. ئەم ناڕەزایەتیـیانە دەریچەیەک بۆ ڕزگاری و ئاسۆی ئاڵوگۆریـیان هەڵگرتووە.

سەرەتای ٢/٢٠٢٣




ئایا هیچ لایەنێک لە دواڕۆژی نەوەی دوای هەزارەکان خۆی بە بەرپرس دەزانێت؟.. جەمال کۆشش

کۆڵانە تەسک و خانووە تەواونەکراوەکانی گەرەکە هەژارنشینەکانی شارەکان، كچ و کوڕە تازە پێگەیشتووەکانی نێو خانووە (١٢٠) مەتری و (١٥٠) مەترییەکان. نەوەیەک کە هەموو ماڵێک (٣) تا (٤) کوڕ و کچی یان زانکۆیان تەواوکردووە، یان لە پۆلی پێنج و سەشی ئامادەییدا وازییان هێناوە و ڕژونەتە نێو بازاڕیکی شێواو وپڕ گومان ، تا نیوەی شەو بە ڕۆژانەیەکی زۆر کەم کار دەکەن وشەوەکەشی بەدیار چامپیزلینگەکانەوە وەنەوز دەدەن.
ئەم نەوەیە، تەماشای برا و خوشکە گەورەکانی دەکات، لە ماڵەوەن و دەرفەتی بەختەوەرییان لە دەستداوە. خۆیانیش کاتێکی کەمی ڕزگاربوونی لەدەست ماوە. لایەنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی جددی نیە متمانەی پێبدات و فەنتازیا و خەون و ئامانجەکانی بۆ فۆڕمۆڵە و ئاراستە بکات و ڕاپەڕین بەرپا بکات، کە هەموو زەمینەکانی وەک ئیران و عێراق ئامادەن.
سەرکێشی دەکات:

  • قەرز دەکات و دەچێتە نێو بازاڕی مامەڵەوە و لاوێتی خۆی بزر دەکات و خەونەکانی لە گۆڕ دەنێت و بەیانی تا ئێوارە هاوار دەکات وخەریکی کارت فرۆشی و بازاڕی لەنگەو کاری سەرپێێ دەکات… دەکەوێتە ژێر قەرزەوە..
  • سەرخۆی هەڵدەگرێت و بەرەو ئەوروپا، مان و نەمانی پێوە گرێدەدا.
    لە هەموو ماڵێکدا، باوک، دایک، خوشک و برا، داپیرەو باپیرە، گیرۆدەی سەرگەردانی و بزربوونی ئەم نەوەیەن.کێشەیەکی یەکجار گەورەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و کلتووریـیە. ئەگەر هەر باوکێک تەنها چەند چرکەیەک تەماشای فەیس بووکی کوڕەکەی بکات، ئیدی تاقەتی چوونە سەر کاری نامێنێ (هیچ شتێک لەم ژیانە نیە، پێکەنینم پێببەخشێ)، (مەرگم بەچاوی خۆم دی کە دیپۆرتکرامەوە، بەڵام ئەمجارە بشمرم هەر دەڕۆمەوە). چۆن پەروەردەیان بکات. چۆن هانی خوێندنەوە و سەرکەوتووییان لە قوتابخانە و زانکۆ بدات. چۆن کەشێکی کۆمەڵایەتی هاوسەنگ پەیدا بکات بۆ هەڵدان و گەشەکردنیان. لەدایکەکان بگەڕێن، کە نازانێت لە حەژمەتتان چ بکات؟
    هێشتا ساڵ نەسوڕاوەتەوە، کە ئازار و مەرگ و ناڵەی مناڵانی پەنابەرانی عێراقی لە بێلاڕوسیا، وێنەی دەستە وردەکانی ژێر تەلە دڕکاوییەکان، ڕەقبوونەوە لەسەرما و خواردنی ورچی کێوی بووە گەرمترین هەواڵەکان.
    لەبەرامبەر ئەم تڕاژیدیایەدا سەرۆکی حوکومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی)، بە ڕۆژنامە ئەڵمانیەکانی وەک (فاز) و (ئەلگماینە فرانکفۆرت) دەڵێت ئەوان فریوخواردووی نێو باندە قاچاخچییەکانن. لە واقعدا کۆچ و ڕەوی بە کۆمەڵی لاوانی کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات و بەهرەبەرداری قاچاخچییەکان لێیان و دژواری و مەرگەساتێک کە ڕووبەڕووی دەبنەوە هەمووی لەئاکامی سیاساتەکانی دەسەڵاتدارەتی حکومەتی هەرێمە.
    نەک هەر ئەوەش دوای ئەم هەموو کارەساتە حکومەتی هەرێم هیچ بەرپرسیارەتییەک لەخۆی نیشان نادات و هیچ پلانێک بۆ چارەسەری ناخاتە دەستوری کارییەوە، بەڕاستی سەیرە کەمتر حکومەتێک لە جیهانی سەرمایەداری ئەمڕۆدا دەبینیت کە وا بێ خەم و بێ دەربەست بێت بەرامبەر هاوڵاتیانی! بۆیە لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەی هەرێمەدا، تڕاژیدیای کۆچ و ڕەوی بەکۆمەڵی لاوان کاروانێکە کۆتایی نایەت.
    حزبەکانی دەسەڵاتدار و حکومەت و دامەزراوە پەروەردەیی و ڕۆشنبیریـیەکانی کوردستان بە هەققەت، شایانی توڕەیی، هەڵشاخانی لاوانی کوردستانن، لەبەرئەوەی بە سیاسەت و پلانە ئابووریی و ئیدارەییەکانیان، ڕێگرن لەدابننکردنی لانی کەمی ژیانی ئەمڕۆی لاوانی کوردستان.
    جیاوازی چینایەتی کۆمەڵگای شارە گەورەکانی کوردستان، زۆر ڕۆشن و بەرچاو لە سەرتاپای ژیاندا، لەوپەڕی توندوتیژیدا خۆی دەنوێنێ. ئەوەتا لاوانی كچ و کوڕی کوردستان، ئەوانەی خوێندنیان تەواو کردووە زوربەیان بێکارن، وە بەشێکی بەرچاویشیان بەناوی ئەزموون وەرگرتنەوە بەناچاری بە خۆڕایی کاردەکەن لەژێر ناونیشانی کاری خۆبەشدا، هەم لە ناوەندەکانی کار بۆ خاوەنکار و سەرمایەداران، وەهەم لە فەرمانگەکانی دەوڵەتیدا، بەو هیوایەی کە لە ئایندەیەکی نادیاردا دابمەزرێن. ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەی ملیۆنەرەکان تادێت لە زیادبووندایە. ئەم ناکۆکیـیە چینایەتیـیە کە لە کیشەی لاواندا یەکجار بەرجەستەیە، کە پەیوەست دەبن بەریزی کرێکارانەوە ، دەچنە نێو پرۆسەی دەرگیری خەبات و کێشمەکێشە کۆمەڵایەتیەکانەوە، کێشدەکرێن بەرەو ئاسۆیەکی مەزن. ئالتەرناتیڤیش هەر ئەمەیە. لاوان لەناو بزووتنەوەی چینایەتی خۆیاندا وەک ووزەیەکی نوێ وخاوەن ئایدیای نوێ و چاونەترس و دەستپێشکەر، هەوڵدەدەن چارەنوسی خۆیان، خۆیان دیاریبکەن.



ڤایرۆسی چیمریکای-٢٢، پەتایەکی نوێ لە سیستەمی سەرمایەداری جیهانیدا.. جەمال کۆشش

بە ڕستەی “خۆشهاتن بۆ شاری ئاشتی”، سەرۆکی دەوڵەتی سویسرا -گی پارملین- لە لوتکەی جنیف نێوان (جۆ بایدن – فلادمیر پۆتین) لە (١٦-٦-٢٠٢١) پێشوازیکردن. لە واقعدا شاری نێونەتەوەیی دڵگیری جنیف، هیچ کات هێندەی ئەو ڕۆژانە جبەخانەی سەربازی و تەلبەند و کۆپتەری بەردەوام و دەموچاوی نەناسراو و داخستنی نیوەی شاری بە خۆیەوە نەبینیوە. کەشتیە ئاسمانیەکەی بایدن، کە تەنها دوو دانەی لێدروستکراوە، بە پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیا و سیستەمی موشەک و بەرگری ئۆتۆماتیکی و ژووری کۆنترۆڵی هەموو دەزگا سەربازییەکانی ئەمەریکای لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە. سالۆنی کۆنفرەنس و کۆنگرەی داخراو و کۆنگرەی ڕۆژنامەگەری و هۆتیل و میوانخانە و ژووری نەشتەگەری تیایە، وە هەڵگری فڕۆکەیەکی بچوکتری نێوخۆیییە کە بۆ ماوەی (٧٢) کاتژمێر بەبێ هیچ پیداویستیەک دەتوانێت لە ئاسمان بمێنیتەوە. (جۆ بایدن) ڕۆژی پێشووتر و (پوتین) هەمان ڕۆژ بە ڕیزێکی پتر لە دەرزەنێک لیموزینەکانیەوە کە تەواوی ئەو شەقامانەی ماوەیەک بوو داخرابون و لە ژێر چاودێریدا بوون، گەیشت. ئەم هێزنواندانە، ئەم مانۆڕە لەلایەن (١٢٥٠) ژونالیستەوە بۆ (٤٤) ولاتی جیهان دەگوازرایەوە. بەڕاست، ڕوداوێکی جیهانییە؟ ئەم هەموو بارگرژیی و ئاڵۆزیە لەم شاری ئاشتییە بۆ؟ جنیف بە تەنها شاری ئاشتی و دانوستان و ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتوەکان و ناوەندە بازرگانیەکان نیە. جنیف دیوێکی قوڵ و شاراوەشی هەیە. “هێلانەی سیخوڕە جیهانیەکانیشە”.
ڤلادمیر پۆتین، بە چرکەش دوانەکەوت (کە بەزۆری وەها نیە لەگەڵ ڕەقیبەکانیدا)، تەوقە یەکی ساردییان لەگەڵ یەکدی کرد، بەمەش ئاماژەی کۆتایی کۆرۆنای دەگەیاند. هەروەک پێشتریش لەسەر ئەنجامنەدانی کۆنگرەی ڕۆژنامەگەری هاوبەش ڕێککەوتبون. هیچ داوەت و میواندارییەکی نانخواردنیش بەڕێوە نەچوو. دوو سەرۆکی گەورەی جیهانی لە سالۆنێکی (١٥) هەزار کتێبیدا کۆبونەتەوە، بۆ ئەوەی جیهان ڕابکێشنە نێو پەتایەکی قورسی سیاسیەوە کە هیچی لە دروستکردنی لابۆری ڤایرۆسێکی کوشندە مرۆڤایەتی کەمتر نیە.
ئەمەریکا – ئەوروپا – ناتۆ – روسیا
بایدن دەست پێشخەری لوتکەکەی لەگەڵ پۆتین کردبوو، بە میدیاکانیش هێندە ڕاگەیانرا:- هیڵی سور بۆ هێرشی ئەلکترۆنی و هاک و هیرشی سیبری، کێشەی ئۆکرانیا، پشتیوانی موخابەراتی و سەربازی بۆ سەرکوتی ئۆپۆزسیۆنی بیلاڕوسیا و سەرکوت و پاکتاوی ئۆپۆزسیۆنی نێوخۆیی ڕاکێشاوە. هەر چۆن بێت لانی کەم لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دبلۆماسیەکانیان و گەڕانەوەی دبلۆماتکاران ڕێککەوتن. ڕاوێژکاری پۆتین بۆ سوریا لە نێو تیمی سەرەکی گفتوگۆکاندا بوو، لەو بارەوەش بەدڵنییایی گیرمەگیرم بووە .هێڵکێشانەکە بە شوێن خۆی، ئەمەریکا پێویستی بە پاسیفکردنی روسیا لە پشتیوانی چین هەیە.
لە کۆبونەوەی ناتۆدا، بایدن گوشارێکی زیادی کرد بۆ بەرزکردنەوەی بودجەی سەربازی ئەوروپا و پشتبەخۆ بەستنیان و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری و گواستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپاوە بەرەو ئاسیا.
“هەژمونی سەربازی ئەمەریکا بەسەر جیهاندا کۆتایی هاتووە”، “هەژموونی ئەمەریکا دواین رۆژەکانی خۆی دەژمێرێت”. ئەمانە گفتگۆێ ڕاوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە برۆکسل بوون. ڕەنگە بە کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ-ئەمەریکا لە ئەفغنستان، ئەمەریکا “دەیەیەکە سەرگەردانن” بە شوێن دروستکردنی دوژمنێکی ترەوە بن.

ئەمەریکا – چین ئایندەی سیستەمی نوێی جیهانی
کۆتایی چیمریکا (Chimerica)
شەپۆل و جۆرە گۆڕاوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە کیشوەرەکاندا هێرش دەبات. ئەمەریکا و چین پشت لە پەتاکە بە تەواوی خۆیان بۆ دوای شەپۆلەکان ئامادە دەکەن. سەردەمی دوای کۆرۆنا، سەردەمی دابەشکردنەوەی سەرلەنوێی جیۆ سیاسی و جیۆ ئیکۆنۆمی و جەمسەربەندی و سەنتەری هێزی نوێ دەبێت.
چیمریکا، نێوی دەورەی گەشە و پەیوەندی دولایەنەی چین – ئەمەریکا لە ساڵانی دوو هەزارەکان بوو. [نیل فرەگسۆن-(Niall Ferguson)] و [مۆریز شولیەنک-(Moritz Schularick)] کە داهێنەری ئەم چەمکەش بوون (لە دوو وشەی لێکدراوی چین-ئەمەریکا پێکهاتووە)، پێیانوابوو ئەو جۆرە لە سیاسەتی پوڵی و بازرگانی و گڵۆبەڵایزەیشنە داینەمۆی ئەو پێشکەوتنە ئابورییەی هەردولا بووە و بەتایبەت بۆ چین.
پەیدابوونی ڕکابەرێک بەو توانا ئابووری و تەکنەلۆژی و سەربازییەوە بۆ فۆرمدان و جێگاگرتن لە پەیکەرەی سیستەمی سەرمایەداری لە جیهاندا لە پشووی سیاسەتی ئەمەریکادا نییە. جۆ بایدن لە کۆنگرەی [گی ٧- G7]دا، وتی (ئەمەریکا دەگەڕێتەوە)، چین وەڵامی دایەوە (سەردەمی دیاریکردنی چارەنوسی جیهان لەدەست کەمینەیەکدا تێپەڕیوە). لە ڕاگەیاندنی کۆتایی ناتۆدا، (١٠) جار نێوی چین وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی جیهان و خاوەن چەکی ئەتۆمی و چاوچنۆکی و پەلامار، کێشە بۆ تایوان وهونگ کۆنگ. چین گاڵتەی بە ئەقڵیان هات “ئێوە هێشتا بە مینتالیتی جەنگی سارد ” مامەڵە دەکەن.
ڕۆژی (١-٧-٢٠٢١) لە وتاری یادی (١٠٠) ساڵەی دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی چیندا، سکرتیری گشتی حزب و سەرۆکی دەوڵەت، چی جیپنگ، ووتی ( هیچ کەس ناتوانێت بمانگەڕێنێتەوە، خەیاڵیان خاوە هێزە بیانییەکان جارێ تر گەلی چینی بچەوسێننەوە، دیوارێکی پۆڵاینمان هەیە). لە نێوان ئەم گەڕاندنەوەی ئەمەریکا و نەگەڕانەوەی چیندا، مرۆڤایەتی ڕاپێچکراوەتە نێو دەورانێکی زۆر ئاڵۆز و نادیارەوە.
(نیل فرەگسۆن)، پرۆفیسۆری مێژووی نێونەتەوەیی، لە (٢٠١٩)دا، لە گەرمەی شەڕی بازرگانی (ئەمەریکا – چین)دا، ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەمەریکا و چین لەسەر کێشەکانی بازرگانیش ڕێککبکەون، تازە بەشەریەت پێناوەتە نێو قۆناخی “شەڕێکی ساردی تروە”. لە تازەترین چاوپێکەتنیدا دەڵێت (چیمریکا مرد).
چین بە پرۆژەی ملیاردی ڕێگای نوێی ئاورشمین کە بە پرۆژەی سەدە ناسراوە، (٦٠) ولات و (١٠٠) گەورە شاری ئاسیا و ئەفەریقا و ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بە هەڵڕژاندنی سەرمایە بۆ دروستکردنی بونیادی وەبەرهێنان لە ئەفەریکا، بە کڕینی کۆمپانیا هەرە گەورە و مامناوەند و زنجیرە هۆتێل و کلوپە وەرزشیەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا، بە پێدانی قەرز بە وڵاتانی هەژاری ئەمەریکای لاتین، بەیەکەمینی نێردەی کاڵا بۆ بازاڕی جیهانی، لەماوەیەکی کورتدا بوو بەدوەم هێزی ئابوری لە ئاستی جیهاندا.
بە دروستکردنی ڕاکێتی دوورهاوێژی (٤٠٠٠) کیلۆمەتری، بە پیشەسازی جەنگی دەریاوانی و کەشتی، بەبونی هێزی ئەتۆمی، بە داگیرکردنی فەزای سەتەلایت و پانتایی ئاسمانی.
چین بە پێشکەوتنە تەکنەلۆجیە خێراکانی و پرۆگرامەکانی زیرەکی دەستکرد و هەڵدان و گەشەکردن و وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئەو بوارە سەدا (٤٧) هەموو جیهان پیکدەهێنێت.
چین حزب و دەوڵەتی لێکهەڵپێکا. حزبێک سەروی ٩٠ ملیۆن ئەندامی هەبێت، ترادسیۆنێکی کاریزمایی- دسپلینی و دیکتاتۆری هەبێت، پەیوەندی لەگەڵ (٥٦٠) حزبی شیوعی و لە (١١٦) دەوڵەتدا هەبێت. زۆرێک لە دەوڵەتانی بە قەرزی بێسود، بە وەبەرهێنانی لە کەرتە پیشەسازییە گرنگەکانی هاتوچۆ و کارەبا و تەندروستی بێئەوەی ڕاستەوخۆ خۆی لە سیاسەتی نێوخۆیی و شێوەی حوکمڕانی و جۆری ئایدۆلۆژییەکەی هەڵقورتێنێ. کردبێت. زۆرێک لە پێشبینیەکان ئەو وتەیەی چی پینگ پشتڕاست دەکەنەوە “ساڵی٢٠٤٩” چین هێزی یەکەمی جیهان دەبێت.
پەیدابوونی ئەم هاوبەشە (شەریک)، لە حەوسەڵەی چاوچنۆکی ئەمەریکادا نییە. کێبڕکێ و ملاملانێیان، بێگومان چەشنی دوو بلۆکی سەردەمی جەنگی سارد نابێت، بەڵام گومان هەڵگر نییە: شەڕ لەسەر هەژمون و لەسەر نفوز و لەسەر بەدەستهێنانی کەرەستەخاوە سەرەکیەکان قەهراوی و مەترسیدارترە.

چاوێکی ناسیۆنالیستی، ڕوانینێکی ئەنتەرناسیۆنالیستی
ڕەنگدانەوەی ئایندەی ئەم پۆلبەندییە لەسەر ناوچەکە و عێراق و کوردستان، گەورە و کاریگەر دەبێت، بەڵام نەک بەو چاوەی ناسیۆنالیستەکان تەماشای دەکەن. چاوی ناسیونالیستی – هەمیشە زیانبەخش بووە بۆ نەتەوەکەش، نمونەی هەرە نزیکمان ناسیۆنالیستە کوردەکان باشترین لە خراپترینەی مێژوویین. وە هەموو ئەو نوسینانەش لە چوارچێوەی پێداهەڵدانی جۆ بایدن و”شەڕی ئۆتۆکراسی و سەدەی دیمۆکراسی” دا یان بەرەی “شارستانیەتی ئاسایی”دا نوسراون، بێبەشن لە دیدگای بینینی جیهان و جێگای کۆمەڵگای ئێمە وەک توانای نواندنی هەڵوێستی شۆڕشگێرانەی بەرپرسیارانەمان.

پرۆلیتاریا و بۆرژوازی و کێشەکانی سەرمایە
سەردەمی کۆرۆنا، سەردەمی بەرەنگارییەکی جەماوەری بێوێنە بوو بۆ بەرگری لە ژیانی ڕووت، لەسەرانسەری جیهاندا، ئەمەریکای لاتین، ئەفەریکا، ئەمەریکا، چین، ئەروپا، ئاسیا، ئەمەریکا، هەڵچوونە جەماوەرییەکانی (ژیانی ڕەش-پێستان بایەخدارە) “بلاک لایڤس ماتەر – (Black Lives Matter)” سەدان هەزار کەسی لە دژی ڕاسیزم و سەرمایەداری ئەمەریکی و لە ئەوروپاش دژی کۆلۆنیالیزم وشارستانیەتی سەرمایەداری هێنایە نێو چالاکی سیاسیەوە. بێکاری بەو پەڕی گەیاند، سیاسەتی تاڵانکەرانەی کەرتی تەندروستی خستە بەر کامێرای جەماوەر.
بۆ ئارامکردنەوە و شەرعیەتدانەوە، بایدن ناچاربوو دەستوبرد گەورەترین قەرزی مێژوویی لە بانکی فیدرالی ئەمەریکی کرد (٦ بلیۆن یانی شانزە سفر) دۆلار بۆ گەڕخستنەوەی ئابووری. قەرزەکان بۆ بێکاران و ڕێگاوبان و نەخۆشخانەکان و قوتابخانە و تەکنەلۆژیا و بواری سەربازی کە (٢٤٠) ملیاردی بۆ بەرگرتن بە تەکنەلۆژیایی چینی بێت. دەوڵەت دەکەوێتە ژێر قەرزێکی بێوێنەی مێژووییەوە، کە ئاکامەکەی بەهەلئاوسان و لە دەستدەرچوونی کۆنترۆڵ کۆتایی دێت. یەکێک لە باشترین ئابوریناسانی ئەمەریکی و پرۆفیسیۆری کۆنسێرڤەتیڤی هاڤارد لە چاوپێکەوتنێکی دەلێت: (ئێمە بەخێرایی ١٥٠ کم دەڕۆێن و نازانین توشی چ ڕوداوێک دەبین)، هەر لە درێژەی هەمان چاوپێکەوتندا دەڵێت: (بەهەر بارێکدا بشکێتەوە، لەگەڵ هەڵائاوسان ڕووبەڕووین، هەڵائاوسانیش وەک ڕێک وەک مادەی بەرزە بێهۆشکەرەکانە بۆ هەرە هەژارەکان، وە بەسەر ئەواندا دەشکێتەوە).
دەوڵەتی چین، بەسەرۆکایەتی (چی چیپنگ)، دەستی حزبی درێژتر کرد لە نێو سەرمایەی کەرتی تایبەتدا (لە سەدا ٥٠ بەرز بوەوە بۆ سەدا ٧٠)، تێکەڵەیەکی لەهەردووکیان دروستکرد، لە (٢٠) هەزار گەورە سەرمایەداری چینی، سەدا (٩٠)یان کادر و پلە باڵاکانی حزبی کۆمۆنستن. بە هەڵڕشتنی سەرمایەی دەوڵەتی و بەگەڕخستنی لە کەرتی بازاڕی ئازاددا کە لە هەندێک بواردا ئێستا “زیادە بەرهەم هەیە” و ناچار بە وەستانی کارگا و کۆمپانیاکان کردووە.

لە (٨٠٠) ملیۆن کرێکاری چینیدا، کە بە کارگەی کاری جیهانی نێودەبرێت، بزوتنەوەیەکی نوێی کارگەری شکڵی گرتووە. بۆ یەکەمجارە مارکس خوێنەری زۆرترە لە ماوتسی تونگ، نەوەیەکی نوێی مارکسیستی (بەتایبەت لە زانکۆکان)، کە سەردانی مانگرتنە کرێکارییەکان دەکەن بۆ ئاشناکردنیان بە کۆمۆنیزم. لە (٢٠٠٤)دا (٧٤) هەزار جار ناڕەزایەتی دەربڕاوە لە (٢٠٠٥)دا (٨٧) هەزار جار. هەرچەند نەقابەی کرێکاری دەرەوەی نەقابەی فەرمی ڕێگاپیدراو نیە، بەڵام هەندێک لە مانگرتنەکان بۆ دامەزراندنی شورای کارگەکانە یانی بۆ مافە سیاسی و دەسەڵاتی سیاسییە و ئەم مانگرتنانە وەها گەشەیان سەندووە لە رۆژنامە و گوڤار و سۆشیال میدیادا بەفراوانی بڵاودەکرێنەوە. مانگرتنە کرێکاریە سەرکەوتووەکان لە بەرامبەر کۆمپانیا جیهانیەکانی وەک هۆندای یابانی و فۆکسۆنی تایوانی (٢٠١٠) کە هەقدەست و هەلومەرجی کار و ژەمەکانیان گونجاوتر کرد. سەرەتای شەپۆلێکی فراوانی کێشایە نێو بزووتنەوەی کرێکارییەوە. سیاسەتی نیولیبرالیزمی لە بەگەڕخستنی هێزی کاری چینیدا کە (٥) لە (٤)ی سەرجەم کرێکارانی شار پێکدەهێنێت، تەنها بۆ کاپیتالیزمی دونیا نابێتە سەرچاوە قازانج.

وتارێکی نایاب لە لاپەڕەی یەکەمی هەفتەنامەی دی تسایتی ئەڵمانی (٢٠-٦-٢٠٢١) بڵاوکراوەتەوە، بە بایدن دەڵێت: ئەوروپا دوو جەمسەری ناوێت، ئەوروپا کێشەیەکی گەورەی نێوخۆیی هەیە. ئەوروپا لە نێوخۆیدا دوو چینی کۆمەڵایەتی پۆلارێزەیشن بوونە، ئەبێت سەرنجمان لەسەر ئەم کێشەیە بێت.

سەرەتایی تەموزی ٢٠٢١




بەرگریەک لە شکۆ، لە یاسا و لە دادپەروەری.. جەمال کۆشش

گریمان یەک ڕۆژ، بە تەنها یەک ڕۆژ، دادگایەکی سەربەخۆ، و بەپێی ستانداردە جیهانیەکانی ئەمرۆ، پەیڕەو بکرێت لە کوردستانی عێراقدا، ئەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ بە سەرۆک و جێگر و دامەزراوە باڵاکانیەوە، بەرگەی یەک سەعات ناگرێت و پێویستە هەڵبوەشێتەوە:
• لەسەر تاوانەکانی شەڕی نێوخۆ، کوشتاری بەئەنقەستی لاوە خوێنگەرمەکانی کوردستان، هەتا هەرزەکار و مێردمنداڵیش.
• لەسەر تیرۆری بەکۆمەڵی نەیارانی سیاسیان، ڕۆژنامەنوسان، ڕکەبەرانی سیاسیان.
• لەسەر دزی و تاڵانیەیەک کە هەموو بەڵگە و دۆکیومینتەکانی دراون بە پەرلەمان و دەزگای دەستپاکی، کە لەلایەن ئەندامانی باڵای حزبە دەسەڵاتدارەکانی ئێستای کوردستانەوە ئەنجامدەدەرێن.
• لەسەر بەشداری لە پلانی قێزەونی لەشکری وڵاتانی بێگانە، لەسەر ڕادەستکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتانی سەرکوتگەری دەوروبەر.
• لەسەر ئەشکەنجەی زیندانیان، لەسەر شێوازی قەهراوی و فاشیانەی دەزگاکانی ئاسایش و پاراستن و دژە تیرۆر.
• لەسەر قەلاچۆکردنی ژنان و داڵدەدانی تاوانباران.
• لەسەر ئەنفال، هەڵەبجە، بازرگانی لەگەڵ داعش، قاچاخچیەتی دەرمان و چەک، …
• لەسەر هەڵبەستنی درۆ، نەفرەتی ڕاسیستی، دەسوەردان لە ژیانی تایبەتی تاکەکاندا.
• لەسەر ….
دامەزراندنی دادگا و دامەزراوەی دادوەری سەربەخۆ، ڕوونکاری (شەفافیەت) و ئەڵقەکانی لێکۆڵینەوە و سەلماندنی تاوان و بێتاوانی (بەرائەت)، پێویستی بە شەرعیەتێکی یاسایی دەوڵەت هەیە، کە لەدەرەوەی لێڕابینین و سروشتی دەسەڵاتی ئێستای کوردستاندایە.
سازکردنی سیناریۆی “سیخوڕی” و “تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی”، و پەروەندەسازی بۆ ڕۆژنامەنوسان و هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکان، بەکارهێنانێکی دامەزراوەی قەزاییە بۆ فشار و ئەجەندانی سیاسی، ڕاگەیاندنی تاوانباری پێش هەڵدانەوەی پەردەی شانۆگەرییەکە گەلێک لە سنوری سزادانی “کەیسی شێروان شێروانی هاوڕێکانی” واوەترە.

بەکارهێنانی پێگەی سیاسی بۆ سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنوس و هەڵسوڕاوانی سیاسی و جەماوەری، بەناوی یاسا و بەو تەڵەکە و بیانووە نایاساییانە، مەترسیترین هەنگاوە بەرەو دەورانی هێزی ڕەهای سەرکوت. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی و پارێزەرەکانیان، بەڵگەی پێویستیان بۆ بەتاڵی دادگاکە خستە ڕوو (نەبونی پارێزەر، سەرنگونکردن و دابڕاندنیان لە دونیای دەرەوە، بێبەڵگەیی، گواستنەوەی دادگا، ڕەدکردنەوەی ئیفادە، ئەشکەنجە، تاوانبارکردنیان لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە، … پەلەپەلی دادگا و …). سازکردنی ئەم شانۆگەرییەش، بەگەرد پەیوەندی بە دادوەری و دیاریکردنی تاوانبارەوە نییە، هەڕەشەیە بۆ کۆمەڵگا، بە ڕۆژنامەنوسان و خەڵکی ناڕازی و ئۆپۆزسیۆن دەڵێ ئەوە ببینن.

بابەتەکانی دادگەری و یاساکانی تەشریع و سزا و تاوانەکان، ئاوێنەی ژیان و ماف و شکۆ و ستانداری ژیانی هەر کۆمەڵگایەکن، (لەگەڵ ئەوەدا پاریێزگاری مافی خاوەندارییەتی تایبەتی، بنەمای دەستورویاساکانی دەوڵەتی بورژوازی و پیرۆزییەکانیەتی)) بەڵام خەبات بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی کراوە و پێشکەوتوی مەدەنی و مافی یەکسانی هاوڵاتیان لەبەرامبەر دادگا، ئەڵقەیەکی گرنگە بۆ بردنەپێشەوەی خەبات لە پێناو جیهانێکی ئازاد و یەکساندا.
ئازادی دەڕبڕین و هەڵسوڕانی ئازادی سیاسی و مافی دەستهێنانی زانیاری و ئازادییە گشتییەکان، کاریگەرترین هێزی شکاندنی سیستەمە تۆتالیتارییەکانە و دروشانەوەی خەباتی بزوتنەوەی سۆشیالیستی و ئازادیخوازییە. پارێزەران و دادوەرانی ئازادیخواز، مەشخەلی فراوانکردنەوە و بەستنەوەی ئەم خەباتە بە دەسەڵاتی سیاسی یەوە هەیە.
خەبات بۆ ئازادی تەواوی زیندانی سیاسی بادینان، هاوخەباتی لەگەڵ کەسوکاری زیندانیەکان، لەگەڵ حەسرەت و فرمێسکی مناڵ و دایک و هاوسەریان، بەشێکە لە بەرگریکردن لە شکۆی مرۆڤ و مافی یەکسان و دادپەروەری.

٢٠-٣-٢٠٢١




ڕاپرسی گشتی لەسەر پێدانی زەوی بەشێخ نەهرۆ.. جەمال کۆشش

پرۆژەیەکی گەورەتر لە مەرجەعیەتی سۆفی وکەرتی گەشتیاری
گەشتیاری پرۆژەی مۆدێرنەیە

تۆماس کوک دا‌هێنەری گەشتیاریی مۆدێرن، یە کە مین گەشتی لەساڵی ١٨٤١ لەڕێگای شەمەندەفەری هەڵمینەوە، بۆ ٥٧٠ کەس، لەنێوان دوو شاری نێوخۆیی لە بەریتانیادا ڕێکخست. کرێی تێچووی بە کوپێ چایی و پارچە کێكیک بە کشمیشەوە یەک شیلنگ بوو. هەمان کەس لە ساڵی ١٨٥٥ دا یەکەمین گەشتی بۆ ئەوروپا سازدا. تا کۆتایی ساڵی بەری، گروپی کۆمپانیاکانی تۆماس کوک یەكیک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی کەرتی گەشتیاری بوو. مێژووی گەشتیاری مۆدێرن ” گەشتیاربۆ ڕابواردن وبەسەربردنی کاتەکانی پشوو بۆ جێگا دوورەکان” سەفەر دەکات، بە چەند قۆناخێکدا تێپەڕیوە. سەرەتا ئەم نیعمەتە هەر بە چینە ئۆرستۆکراتەکان وپادشا و خێزانە دەولەمەندەکان تایبەت و دابین دەکرا. بە پەرەسەندنی شۆڕشی پیشەسازی بەتایبەت لەبواری ڕێگاوبانەکان و شەمەندەفەرو پاپۆڕەکان ، بواربۆ توێژە پارەدارەکانی تر لە پسپۆڕان وپزیشکان وجەنەڕالەکاندا ڕەخسا. نیو سەدە دواتر،پاش ئەوەی خەباتی چینی کرێکار، کەمکردنەوەی سەعاتی کارو پشووی یەک هەفتەیی ودوو هەفتەیی بە کرێی تەواوە بەدەستهێنا ( بەتایبەت لەئەڵمانیا)، گەشتکردن پانتاییەکی کۆمەڵایەتی وەرگرت.
پیشەسازی گەشت وگوزاربۆ سێکتەرێکی وەبەرهێنانی کۆمەڵایەتی سەرمایە، لەدروستکردنی هوتێل و پاپۆری گەورە و چێشتخانەو پارک وشوێنە گەشتیارییەکان …پەرەدەستێنێ. بیریارو مێژونوسانی گەشتیاری، پرۆژەی مۆدێرنە وگەشەکردنی هیومانیزم و تەنانەت بەخشینی قەوارە بە ئەوروپا بە روحی گەشتیاری مۆدێرنەوە دەبەستنەوە. تۆلیرەنس و کرانەوە وژیاندۆستی و ژینگە دۆستی، بەشێکن لە شوناسی تیوری گەشت. یەک سەدە دواتر، لە دەورانی سەرمایەداری جیهانگیر وگلۆبەلازەیشندا، پێشکەوتنەکان لە بواری تەکنەلۆژیای پەیوەندی و‌هێڵە ئاسمانیەکان و هەرزانی وخێرایی ئامڕازەکانی گواستنەوە و..هتد. سێکتەری گەشتوگوزاری گۆڕی بەیەکێک لە پرۆژە هەرە گرنگەکانی بازاڕی سەرمایەو بەگەڕخستنی هێزی کار ملێۆنی. لە ٩ مانگی سەرەتایی ساڵی ٢٠١٩ دەدا١.١ ملیارد گەشتیار هەبووە. لەهەر یانزە کەس لە هێزی کار لەو بوارەدا کاری کردووە ، لە هەندێ وڵات سێیەمین سیکتەری داهات بووە. وە ساڵی پێرار، بە بڕی ٢.٢ ترلیۆن دۆلاری ئەمەریکی کەڵەکەی سەرمایە خەمڵێنراوە.” سایتی ڕێکخراوی گەشتیاری جیهانی”

دەرفەتەکانی بەردەم گەشەی گەشت وگوزار لە کوردستانی عێراق

ڕەنگە نمونەیەکی گونجاو نەبێت، سویسرا بۆ بەراورد کاری، من بەکورتی یەک لایەنی وەردەگرم، سەردانی ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سویسرا دەکە یت سێ ووشەی زۆر سادە( بابەتی، شەفافیەت، متمانەی تەواو) وەک بەرنامەی ڕێکخراوەیەک ” ئازادی، دادپەوەری، یەکسانی” دەبینیت.
لە ساڵانی ٢٠٠٧ بەدواوە، ساڵانە ژمارەی گەشتیاران لە کوردستان هەڵکشاوە . بەپێی “بۆردی گشتی تۆریزم”ی حکومەتی هەرێم ، لەو ساڵەدا ٣٧٧.٣٩٧ گەشتیار سەردانی کوردستانیان کردووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢ گەیشتۆتە ٢،٢ ملیۆن کەس. لە ساڵی ٢٠١١ دا، ڕۆژنامەی نێۆرک تایمز، کوردستان بە ٤١ یەکەمین ئەو جیگا جیهانیە ریز بەند دەکات کە گەشتیاران دەتوانن سەردانی بکەن، وە ناسیونال جیوگرافی بە ٢٠ەمین باشترین شوێن دادەنیت کە گەشتیارانی جیهان گوزەری تێدا بکەن. ٣٥٠٠ شوینەواری مێژویی هەیە، لەساڵی ٢٠١٣ دا بەپێی لێکدانەوەی هەمان سەرچاوە تا ساڵی ٢٠٢٥ پێشبینی بە ٧ ملیۆن گەشتیار دەکەن کە پێویستی بە ٢٥ هەزار کرێکار دەبێت. ١.١ ملیارد دۆلاری ئەمەریکی سەرمایەی دەبێت. بەپێی سەرژمێرییەکانی وەزارەت، لە ساڵی ٢٠١٨ زیاتر لە دوو ملێۆن گەشتیارهاتونەتە کوردستان،٢٠١٩ زۆر هەڵکشاوتر بووە. سەرەڕای ئەوەی عێراق لە خراپترین هەلومەرجی سیاسی وئابووریشدایە، بەڵام چەژنی کریسمس و وپشووەکانی سەری ساڵی ٢٠٢٠ ، نزیکەی دوو سەد هەزار کەس هاتونەتە کوردستان.

لەو ٢٧٨پرۆژەیەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگواز بۆ دە ساڵی ئایندە لەمانگی تەموزی ٢٠٢٠ ەوە، بڵاوکراوەتەوە ( پرۆژەی گەشتیاری شیێخ نەهرۆش ی تیا نیە). دەقاو دەق هەمان سیاسەتی ئابووری یە لە بەستەرەکانی خانوبەرە،دەرمان،جگەرە…کۆنترۆڵی بزنسزمانی حزبی لە فۆرمی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دا. دوای تەواو بونی وەرزی سەردانی میوانەکانی خاتوو ئەمەل جەلال، سەرۆکی گشتی دەستەی گەشتوگوزار، بەبۆنەی دەست بەکاربونیانەوە،لە ٢٤.١١ لەگەڵ کۆمەڵەی بانکەکانی عێراقی دانیشتنیان بۆ پێدانی قەرزی گەشتیاری بوو. بەکورتی فەرهود کردنی ئەم کەرتە گرنگە وکردنی بە سەرچاوەی دزی و تاڵانی . حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم پاوانییەش، وەک خزمەت بۆ هاوڵاتیان وبرەودان بە گەشتیاری و ڕەخساندنی هەلی کاروهەمەڕەنگکردنی سەرچاوەکانی داهات وپەرەدان بە بەرهەمی ناوخۆیی پێمان دەفرۆشێتەوە.

خنکاندنی گەشتوگوزار لەنێو ڕیکلامی ئایدیۆلۆژی ئاڵا ” ڕۆژی ئاڵا” ،وئاین” مێژوی کورد، مێژووی تەریقەت و مەولاناو دەبێت کورد شانازی بکات -خەندان دیداری ئەمەل جەلال” ، نەتەوە پەرستی یەوە” خەڵکی ناوچەی سۆران شانازی دەکەن بەنەتەوە پەرستی خۆیانەوە-سایتی گەشتوگوزاری سۆران” ،” کۆمپانیای ساڕێژ بۆ گەشتوگوزار” ، وێنەی ئاڵایەکی کوردستان لەدەستێک وچەکێکی کڵاشینکۆفێکی قۆنداخداری بەدەستی سەربازێکەوە بەرزکردۆتەوە، لە باکگراوندی پەیجەکەی خۆی دیزاین کردووە. پڕکردنی ناوەندە وبنکەکانی گەشتیاری بە هەڵواسینی وێنەی پێشەوا بڕنەو گوللە نەبڕو یاتاخەکانەوە، تەنها نەخوێندەواری و نەناسین نادات، بەڵکە ئامانج لێگرتنی هاوڵاتیانی نێۆ خۆیی یە.
ببورن، جارێ هەر لەسەر پرۆژەی گەشتیاری دەمێنم، یەکێک لە هەرە کارە گرنگەکانی بواری گەشتیاری، ناسینی پێکهاتە، میزاج، زەوق ، پێداویستی یەکان و بودجەی گەشتیارانە. ئەم تەشخیسە، کلیلی کاری وەزارەت ودامەزراوەکانی گەشت وگوزاییە. بە گشتی گەشتیاری ئەم ساڵانەی دوایی لە ئاستی جیهاندا، دوو پێویستی گرنگ کە وەزارەتی گەشتوگوزارلە بەرنامەی تەنانەت دەساڵەشدا داینەناوە: خزمەتگوزارییە دجیتاڵییەکان وپۆست ودابینکردنی هۆیەکانی هات وچۆی حکومی یە. دوو؛ دامەزراندنی سیستەمی بانکی وئاسانکاری بۆ گەشتیاران بۆ کارتی بانکی وئاڵوگۆری دراو لە شوێنە گەشتیارییەکاندا. گرنگترین پێداویستی یە سەرەتاییە ناچارییەکانن لە پێشخستنی کەرتی گەشتیاری دا. ” بابەتی” بوون بەم مانایە دێت.پرسی “شەفافیەت” وەک دۆسیەی رۆژنامەنوسە تیرۆرکراوەکان لە” پێکهێنانی لیژنە” داو “متمانەی تەواویشدا ” ڕێک وەک دابینکردنی موچەو چاکسازی یە.
کەرتی گەشتیاری لە کوردستان، هەم گەندەڵی تا سەر مۆخ ڕۆچووە، وە لە نێو کلتوورێکی خێڵەکی دواکەوتوانەدا دەرفەتی هەڵدانی گەورەی لە کیس داوە. بەڵام پێدەچێت بەڵایەکی نەگبەت تری لە ژێر کەژاوەکەیدا شاردبێتەوە.

گەشتی ڕەش ، گەشتیاری ڕەش

گەشتیاری ڕەش، دیاردەیەکی نوێ یە وبەم ساڵانەی دوایی پەیدا بوو، بەشێکی زۆر کەمی گەشتیاری پێکدەهێنێت، نمونە ئەو کەسانەی سەردانی دۆڵی خۆکوشتنەکان لە یابان دەکەن، یان قەسابخانەکانی رواندا کە لەنزیکەو لاشەی ئەو کوشتارگایانە ببینن لە نێو ماڵەکانیاندا بەکۆمەڵ کوژراون و ئەو هاوارانەی کە هێشتا دەمیان کراوەن، یان ئەو کۆرپانەی کە دەستیان پەڕێنراوە … لێرەدا خودی گەشتیارەکە ” ڕەش ” نیە. بەڵام لە پرۆژەکەی خاتوو ئەمەل جەلال دا” گەشتیارەکە” لە ڕوانگەی بەرژەوەندی گەشتیارییەوە” ڕەشە”،وە ” زیانبەخشە”. گەشتیاری ئایینی بۆ سەردەمەکانی چەرخی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە. کەسانێک تەرکی دونیا بکەن وخەڵوەتگیری بکەن، پێخاوس و حەی حەی شیرو تێلا لەیەکدی بدەن و خەنجەر لەسەر یەک بچەقێنن، دیمەنێکی دڵگیرو ڕۆمانسی نین. وەک مرۆڤیش، بێزەوقترین وهەژارترین وکڵۆڵترین بەش لەکۆمەڵگا پێکدەهینن. بەهیچ جۆرێک ئەم موریدو سۆفی وخەلیفانە،لە حسابی گەشتیاریدا سەرمایەگوزاری لەسەر ناکرێت. تەواو بە پێچەوانەوە، شوناسی کلتوری ناوچەکە دەڕوشێنێ و شاری سلێمانی لە ناوبانگی دادەبڕێێنێت. گەشتیاری کە چرای سەرچاوەی هەمەڕەنگی ژیان وبەخشینەوەی بەختەوەری ومەدەنیەتە بۆ ماوەیەکی یەکجار زۆر لە سلێمانی دەکوژێتەوە. سفرخوێندنەوەی بۆ هەڵدان وبەرەوپێشەوەچوونی گەشتیاری کردووە.

ئامانج لە پرۆژەی ” مەرکەزی تەسەوف”، لە سلێمانی چیە؟

لەمانگی ٧ دا ، نێتی عەرەبی کەناڵی روداو، ڕاپۆرتێکی شیکاری لەگەڵ وەرگێڕانی چەند بەش لە وتارێکی واشنتۆن پۆستی ساڵی ٢٠١٩ لە مەڕ شێخ نەهرۆ بڵاوکردەوە. پەردەی لەسەر بەشێک لە تموحە سیاسی وئابوورییەکانی ستراتیژییە هاوبەشەکانی شێخ وئەمەریکا هەڵدا بوەوە. بنەماڵەی شێخ نەهرۆ، هاوکاری لە مێژیینەیان بۆ دەزگا سیخوڕییە هەرە حەساسەکان کردووە.شێخ نەهرۆ، لێزانە لە یاریکردنی وەرەقە ئایینیەکان و تێکەڵکردنیان بەیەکتر دەتوانێت ئەو ڕۆڵە ببینێ، ئەلگۆیەک لەچەشنی ئەوەی لە پاکستان هەیە، بۆ ناوچەکەمان پێشبینی لێبکەین.
لەگەرمەی پرسەی شێخ موحەمەد کەسنەزانی، باوکی نەهرۆدا، ماڵپەڕی جەزیرە پرسیار لەیەكێک لێکۆڵەرەوانی سیاسی کوردستان دەکات: ئایا ئەگەری گۆڕینی تەریقەتی کەسنەزانی لە ئایدیولۆژییەکی دینی یەوە بۆ رەوتێک یان کۆمەڵەیەکی سیاسی هەیە کە سەرۆکی نوێی بەیعەت پێدراولە پاشخانێکی سیاسی وبازرگانی بەهرەمەندە؟. سۆران سێوکانی ئەم ئەگەرە بەدوور دەبینێت، سەڕەرای بەرژەوەندییە سیاسی وبازرگانی وشەخسیەکانی خۆیشی کە هەیەتی).
وتارە هاوبەشەکەی ئاراس فەتاح-مەریوان وریا قانع لە سایتی درەو، دیاردەی پەیدابوونی شێخ نەهرۆ، بە هەمان میتۆدی یان بۆ لێکدانەوەی مۆدیلی حزبی کوردی بەکارهێناوە. بەکارهێنانی پێگەی خێزانی و میراتی سەرمایەی ڕەمزی بۆ بزنسی سیاسەت و دەسەڵات. ئەم مەرجەعیەتە ئایینی یە، گەشە دەکات بۆ پشکی کۆمپانیای دەسەڵاتی سیاسی تا مۆنۆپۆلی سەرمایە لە کەرتی گەشتیاری بکات. بە بۆچوونی من ئەمانیش مەترسیە جددیەکانیان لە خەڵک شاردۆتەوە.
ئەوانیش وەک هەوڵێکی بەرەی دژە شۆڕش، دژە ئاڵوگۆڕی ڕادیکاڵ لە دەسەڵاتدارەتی پەردەپۆشکردووە. ڕەخنەی ئەم دوو نوسەرە کە تەعبیر لە ئۆپۆزسیۆنەکانی نێو بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن، هەمان ئەو ڕەخنانەیە کە لەحزبەکان هەیانە و وەک موئەیەد ئەحمەدیش لەچاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، ئەگەر بارەگایان هەبوایە ڕۆشنبیران، بەدڵنییاییەوە لەلایەن لاوانەوە دەسوتێنران.
سەردانی شیخ نەهرۆ بۆ لای نێچیرڤان بارزانی، بەپێی ئەو ڕاگەیاندنەی سەرۆکایەتی هەرێم بڵاوکرایەوە، پشتیوانی وهاوکاری بۆ سەرخستنی بەستنی کۆنفرەنسی سۆفیگەری دەکات. لە ساڵیادی سلێمانی قاسمیانیدا ڕێبوار کەریم وەلی سەفقەیەکی بازرگانی سەرنەکەوتووی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق کەشف کردووە، سەرنجڕاکێش تیایا لەمەڕ شێخ نەهرۆ دەنوسێت پێدەچیت: ئیتفاقێکی- ئەمەریکی-ئیرانی-پارتی-سونە لەسەر شێخ هەبێت. سوچێک لە دیاردەکە ڕونتر دەکاتەوە،چرای سەوزی سەرۆک نێچیر تیا بەرزکردۆتەوە، بەڵام ئاشکرایە، پارتی تەحەمولی شێخ نەهرۆ لە هەولێر ناکات.
هیچ بۆنەیەک بۆ خەم خواردنمان لە پەیدابوونی مونافسێکی نەخوازراو بۆ بزنسە کەی شاسوار عەبدولواحید نابینمەوە.

پلانەکە گەورەترە لە تەریقەت

بنەماڵەی شێخانی کەسنەزان، لە ڕێگەی پەیوەندی شەخسی لەگەڵ عزەت دوری وحزبی بەعس ووەزارەتەکانی (مەجلیس تەشریعی )ئەوسادا،لەکاتی شەڕی عێراق/ئێران و لەکارەساتی ئەنفالدا مۆرەیەکی بەکاری براوی ڕژێمی بەعس بوون. بە دە زگا سیخوڕی و هەواڵگرییە مەترسیدارینەکانی ئەمنی ناوچەیی وموخابەراتی ئەمەریکیدا،تەنانەت لە گەڵ شوفینیەکانی سونەشدا بەهەزار پەت بەستراونەتەوە.
هەر چەند لە تەقەکەرانی تەکیەی کەسنەزانی، شێخ نەهرۆ خۆش بوو، بەڵام لەوەڵامی ڕەخنەگرانی ئازادیخوازدا، هستریکانە دەیوت ” ئەو نەفامانە تێناگەن چ زەمین لەرزەیەک ڕویداوە.”
ئەم پرۆژەیە، گەورەترە لە خودی شێخ نەهرۆش. چێشێتلێنەرەکان ئەم شۆربایە لە مەتبەخێکی تردا ئامادە دەکەن. ئەم دیاردەیە وا دەردەکەوێت، هاوسەنگی ڕاگرتن بێت لەنێوان ئێران -ئەمەریکا و دروستکردنی ڕەوتێکی سیاسی-ئایدیۆلۆژی ئیسلامی سونی کە یەکیتی لەڕێگایەوە سییەکی بۆ پەیدا ببێت. بەڵام لە بنەڕەتدا، ئەرکە سەرەکیەکەی دامەزراندنەوەی دەسەڵاتە لەئاستی عێراقدا وقایمکردنەوەی پایەکانی دەوڵەتە لەبەرامبەر شۆڕشی لاوان وخەڵکی هەژاردا. داسەپاندنی سیاسەتی نیولیبرالیزمی فەرهودچی تەنها ئەم بێچووانە دەتوانێت بتروکێنێ. ئەم سیاسەتە چ بەزۆری چەک وشەڕ، چ بە هەڵبژاردن وڕێگای پەرلەمانی، وەها ئاڕاستە کراون.

پوچەڵکردنەوە یان بەرتەسکردنەوەی پلانەکە:

١- ئەم پرۆژەیە، گورزێکی کوشندە لە کەرتی گەشتوگوزار دەدات. ناوچەی سلێمانی بەتایبەت بۆ ماوەیەکی زۆر لەژێرئازاری شێواندنی ناوبانگیدا ڕەنج دەدات. لە ڕووی پیشەسازی گەشتیارییشەوە، هەڵەیەکی یەکجار کوشندەیە وباجی یەکجار گەورەی هەیە. لەباشترین حاڵەتی بەکارهێنانی گەشتیاریدا، شاری سلێمانی دەبێتە موگناتیسی کێشکردنی کۆبونەوەی خراپترین گەشتیاری دێوانەو پێخاوس ودەفڵیدەرو زەرگ وەشێن. بەڕێز سەرۆکی گشتی دەستەی سەرۆکایەتی گەشت وگوزار، ئەگەر دەستناکێشیتەوە لەسەر ئەم سیاسەتە نابەرپرسانەیەت، لانی کەم دەست لەم پلانە کۆنەپەرستانەیە هەڵبگرێت.

٢- بەڕێز شوان محمەد لە بەدواداچوونیدا بۆ ساخکردنەوەی راستی پێدانی زەوی بە نەهرۆ موحەمەد کەسنەزانیدا بەو ئاکامە گەیشتووە، تا ئێستا پێی نەدراوە.( وتاری لە سایتی سپێدە ). لە جوانترین ناوچە گەشتیارییەکان، لە پێشوازی و جامخانەی پێشەنگای شاردا، پێدانی دەیان دۆنم زەوی وەزارەتی شارەوانی بە شێخ نەهرۆ،شەمەزاری یەبۆ دەسەڵاتدارانی سلێمانی. ئەگەر تەواوی دەزگا فەرمیەکانی حکومەتی سلێمانیش بە سەرجەم حزبەکانەوە لە گەڵ پلانەکەی شێخ نەهرۆش بن، ئەوا خەڵکی کوردستان و بەتایبەت سلێمانی لە پرۆژەیەکی وەها چارەنوسازوپڕبایەخی موستقبەلیدا ، نابێت بێدەنگی هەڵبژێرن، پوچەڵکردنەوەی ئەم پلانە، شایانی تێکۆشانی گەورەیە. لانی کەم خەڵک لە ڕێگای هەوڵدان بۆ ڕەدکردنەوە بە شێوازی جۆراوجۆر لەوانە سازدانی ڕاپرسی گشتی و گوشار هێنان بۆ دەسەڵات بۆ سازدانی ڕاپرسیەکە و رەدکردنەوەی پرۆژەکە.

٣- قوتکردنەوەی شێخ نەهرۆ،سیناریۆو شانۆگەرییە کانی، نمایش وخۆنواندنەکانی، ئاڵۆزکردن و ژەهراوکردنی ژینگەی سیاسی عێراق وکوردستانە بە کۆنەپەرسترین ئالتەرناتیف. خەڵکی کوردستان وعێراق وناوچەکە بەرگەی ڕەوتێکی کۆنەپەرستی پۆپۆلیستی ڕاستڕەویتر ناگرن. بنەماڵەی شێخانی کەسنەزان، مێژوییەکی تاوانکارییان هەیە وهێندە بەسە خۆیان لەشانۆی سیاسی ودەسەڵات لەکۆڵ خەڵکەکەی ببنەوە.

جەمال کۆشش ١٠/١/٢٠٢١




هێزی دەربڕین لە جەنگی ئازادیدا … جەمال کۆشش

بەبێ ئازادی، هەموو شتێکی تر هیچ نی یە – ماریو فیرگاس لوسیا

چاوێک لە دەوروبەرکەن، کۆماری ئیسلامی ئێران لەریزبەندی ١٧٣ یەمین دایە، بەیەكێک لە سەرکوتکەرترینی” ئازادی دەربرین” لە جیهان دادەنرێت. سەدان هەڵسوڕاوی میدیایی سەر پەڕێنراو ئیعدامکراون، زیندانی و ئەشکەنجەدراون وڕاونراون. تورکیا لە ١٥٧” دایە، ٪٩٤ میدیاکان لە ژێر کۆنترۆلی ئەردۆگاندایە. عێراق” بە حکومەتی هەرێمیشەوە” بەپلەی ١٦٢ ەمین دێت. لە ریزی خراپترین ئەو دەوڵەتانەن کە ئازادی ڕۆژنامەگەری لەلایەن ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی پەیامنێرانی بێسنوور، لە نێو ١٨٠ دەولەتدا لە ساڵی ٢٠١٩ بڵاویانکردۆتەوە.
ئازادی ڕۆژنامەگەری فاشسترین ڕژێمی دونیا ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات. بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانیەکان لەسەر گەندەڵی وقۆرخکردنی کۆمپانیاکان وقاچاخبردنی بارزگانی مافیایانەی نەوت، لەسەر پەیوەندی داعش وبە حزبەکانی نێو دەسەڵات و بازرگانیکردنیان لەگەڵ بەرپرسان، لەسەر لەشفرۆشی، هەژاری و بێکاری، بندیوارو موچەی خانەنشینی و چەند موچەیی، تووڕەیی وهەڵسانی جەماوەروسوتاندنی بارەگاکان ، بڵاوکردنەوەیان لە دەزگاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دەیانیان لەسەری کوژران، سەدان لە زیندانەکانن. ئازادی ڕۆژنامەگەری، دایکی هەموو ئازادییەکانەو یەکێک لەهەرە گرنگترین مافەکانی مروڤە، جەوهەری وبنچینیەیی یە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا لە دەوڵەتی دیکتاتۆری بپارێزێت. ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی دەربڕین ناتوانن لێکیانبکەینەوە. هیچ ئازادییەک نیە ، کە ئازادی دەربڕین نەبوو.
سەردەمی دەرنەبڕین
ڕێبوار کەریم وەلی، ئیکس وتارنوسی سیاسی دەزگای ڕاگەیاندنی ڕووداو، وتارێکی بەناوی( ئازادی لەسەردەمی دەرنەبرین دا) بڵاوکردەوە، دوا دێر دەنوسێت: ( ئازادی لە سەردەمی دەرنەبرین دا درۆیەکی شاخدارە/پریس میدیا).
نزیکەی ٥٠٠٠ هەزار کەس لە ٨٥٠ دەزگای ڕاگەیاندندا لە کوردستاندا کاردەکەن هەن، وەک لە ڕاپۆرتی نیشتمانیانەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوریشدا هاتووە ” زۆرە بەڵام زۆر بەکەمی بواری میدیای ئازاد هەیە”. ئەم ژمارەیە هەمە ڕەنگ ودەنگی میدیایی نین. ترسی دەسەڵات وکۆنەپەرستانە لە میدیای جددی و بۆ شاردنەوەی خودی ئەو ترسە یە وکۆنترۆڵکردنی دەربڕینە. نابودکردنی دەربڕینە بەناوی دەربڕینەوە.
مەترسیدارتر لە گەندەڵی
پێش دەرچوونی هەر یاسایەک بۆ چاپەمەنی و ڕۆژنامەگەی، هاوشانی دەرچوونی یاساکانیش (١٩٩٣، ٢٠٠١، ٢٠٠٤، ٢٠٠٧، ٢٠١٣ ..) تیرۆر وکوشتن و ڕاودونان وشوێنبزرکردن و فەلاقەو دارکاری هەرهەبووە. کێ فەرهاد فەرەج، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، ویداد حسێن و …تیرۆر کرد، کێ هەوڵی لەنێوبردنی هاوژین ئەمین و سەروەر پێنجوینی و مەریوان هەلبجەیی و دەیانی تر یدا، نامەی هەڕەشە بۆ چەند ڕۆژنامەنوسی ئازاد ” بەشدار عوسمان وفەرمان خێلانی و نیاز عەبدوڵاو کەمال چۆمانی …” نەنارد، کام ڕۆژنامەنوسی ئازادیخواز ماوە پڕ شەق وتیهەڵدانتان نەکردبێت ولەسەر کۆمینتێک “دڵشاد هیمو وهەرێم جاف وزریان محەمەد وئاودێر عومەروهیمن مامەندو شیروان شێروانی و ئەحمەد زاخۆیی گۆهدار بەروشکی. لە زینداندا توندتان نەکردبێت…دەیانتان ڕاکێشاوەتە بەردەم دادگا بەبیانووی ” زڕاندنی نێو بانگی سەرۆک- بەهرۆز جەعفەر..”.
هەرگیزدەسەڵاتداران وبکوژانی رۆژنامەنوسان لە لێپێچینەوەیی دادگایی و سزادانیان لەبەرامبەر ئەو هەموو تاوانە” لەتیرۆر، ڕفاندن و زیندانی وتێهەڵدان ..” نەترساون. بەدرێژایی ٣٠ ساڵی حوکمڕانیان یەک کەس لە تاوانبارانی پلە یەک، لەگوڵ کاڵتریان پێنەوتراوە. بەڵام هەر شکایەتێکی دەسەڵاتداران لە رۆژنامەنوسان یەکسەرە بە زیندانی وغەرامەی گەورەو داخستنی دەزگاکە کۆتاییان دەهات.
چاوڵیکردنی مۆدیلی تورکی لە یاساکانی رۆژنامەگەریدا، پەیڕەوکردنی هەرە خراپترینەکانە .(یاساکانی خراپ بەکارهێنانی میدیا ئەلکترۆنیەکان، یاسای پارێزگاری لە پیرۆزییەکانی ئاڵاو سمبولە نەتەوەییەکان، ئاسایشی نەتەوەیی). لەتەواوی دونیادا هێندەی تورکیا رۆژنامەنوسی زیندانیکراوی نیە(لانی کەم ١١٤)، شکات لێکراوی نیە(١٥٠٠)، بێکارکراوی نیە( ١١ هەزار). تەوەرەکانی” کورد،ئیمان، کۆمۆنیزم ، کۆڤید، نهێنی ئابوری ” وەک پشتیوانی لە تیرۆر بەهانەیان بۆ داتاشیون ولەیاسادا جێگیر کراون. پارتی بە خێرایی بەم ئاراستەیەدا ملدەنێت. کاوە محمەد لەم کابوسە ئاگادارماندەکاتەوە(ئەو ڕەشبگیرییە ی ئیستا زۆر لە گەندەڵی مەترسیدار ترە -سایتی شار پریس ) .
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئازادی دەربڕین
بەخاترجەمیەوە، تۆڕی ویکیلیکس” جولیان ئەسەنج وهاوڕێکانی” ، بەئاشکراکردنی تاوانە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ئەفغانستان، گەورەترین ئاڵوگۆڕی مێژووییان لە دەربڕین دا خوڵقاند. ئەوان بۆ گەیاندنی زانیارییە گرنگەکان بە ئاگایی گشتی” ڕۆحی کاری میدیا” یی، ژیانی خۆیان خستە بەردەم جەبەرووتی گەورەترین هێز، دەربەدەر بوون، بێخانە ولانەبوون وبەمانگ و ساڵ لە ترانزیت و قونسلییەکان گیریان خوارد، تا حوکمی ١٥٧ ساڵیان بە غیابی بۆ دەرچوو. لەبەرامبەردا تاوانەکانی ئەمەریکا لە ئاستیکی گەورەی نێو نەتەوەیدا ڕیسواکرا، ئەفسەرە جەللادەکان دادگایی کران، بوون بەسەرچاوە بۆ ملێۆنان کتێب ولێکڵینەوەو دەرگای بەڕووی هەموو ڕۆژنامە جیهانیە گرنگەکان کردەوە.” گاردیان، واسنتون پۆست، لئبس، لۆمۆند..”
سەدا ٧٠ تا ٨٠ ی بینەران وبیسەرانی زۆربەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، لەڕێگای دیجیتالیەوەیە. گروپە ناڕازییەکان ” بەتایبەت لاوان” بەهۆی هەرزانی و خێرایی میدیای ئەلکترۆنی ونەناسینی کەسایەتیانەوە ، ئەم کاناڵانە بەتایبەت فەیس بوک بەکاردەهێنن. لەم ماوانەدا سەران و کاریزما وپێشەواکانی شۆڕشی کورد، لە میدیای دجیتالی و بەتایبەت فەیس بووک، حەشریان پێدەکرێت. چەندین پێشمەرگەی دێرین، مێژوی خۆیان بەرابەرەکانیان شەرمەزار کرد، نەبەردانە داوای لێبوردنیان لە خەڵک کرد. کەڵکەڵەی ئەم پرۆژە یاسایەی فراکسیۆنی پارتی ” پاراستنی ئاڵاو ڕابەرەکان وپێشمەرگە” دەمکوتکردنی ئازادی دەربرین وهەمان سیناریۆی تورکیایە لە کوردستان بەناوی ” بێڕێزی بە سمبولەکان..”.
چۆن ئازادییەکان بە گشتی و دەربرین بەتایبەت بپارێزین؟
ئۆپۆزسێۆنی فەرمی ئیسلامی کە خۆیانیش قوربانی ملهوڕی دەسەڵاتن و لێیان تیرۆرکراوە ، ئێستاش هەندێکیان لە زینداندان، خۆیان هاوبەش وخوڵقێنەری هەمان سیستەمی پێرۆزییەکانن.( لە تیرۆری عەبدولخالق مەعروف وسەلاح هەوارمی وفەرهاد فەرەج وشاپورو قابیل ..وسوتاندنی کتێبخانەکان و و بە قەدەخەکردنی شانۆو ڕاوەدونانی نوسەران وفەتوا لەدژی سەرجەم ئازادییە سەرەتاییەکانی ئینسان…) تا دەگات چوونە پشت ئەردۆگانی فاشیست لە کێشەی ئەم دواییەی تورکیا/فەرەنسادا.
هەروەها بەشێک لە توێژی رۆشنبیران ورۆژنامەنوسان وهەندێک توێژی چەوساوەکان پێیانوایە بە کاری پەرلەمانی دەتوانن ڕێگری لە تێنەپەڕاندنی یاسا کۆنەپەرستەکان بگرن، بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ یش ئەم کوێرە ڕێیە دەکەنە دەستکەوتی ئۆتۆبان و بە میدیا زەبەلاحەکانیان بیروڕای گشتی دەشێوێنن.
” نەخۆشی شۆ” ، نەخۆشیەکی زگماکی چەپی دابڕاو لە کێشە چینایەتیەکانی کۆمەڵگای کوردستانە. تەواوی هەڵسوڕانی کەمپینی وهستریکی وخۆنوندانێکی بێ بەرنامەو بێستراتیژە، لە ڕاستیدا پەلەقاژەیە بۆ دەنگدانەوەی ” هێشتا نەمردوم”. فەتوای داعشیانەی مەلایەک، کەمپینی ئازادکرنی ڕۆژنامەنوسێک، گؤرانیبێژێک، دەیانباتە پەڕی ئاسمان .ئەم ڕەواڵە لە پراتیک و ئەم شێوازە بۆ خەباتی ئاڵوگۆڕی واقعی لەژیان، بۆئازادییەکان، بۆمافەکان بێمتمانییەکی هەتاهەتایی بە چەپ لە نیو جەماوەردا جێگیرکردووە.
بۆ ئەوەی دەربڕین ببێتە هێز، پێویستە لە ڕەگەی دەربرین دا هیزهەبێت، وەک چۆن مارکس بۆتیۆردەڕوانێت، دەربڕین دەبێت ئەم تواناییە پراتیکیەی هەبێت و ئەویش لەناو دڵی دەربریندایە. سەردەشت عوسمان ، “ووتەنی هەمیشە شتێکت بۆ ووتن هەبێت کە ئەوانی دی/ دەسەڵاتداران” نایانەوێت ببیستن. بوونی ڕێکخراوەی سیاسی کۆمۆنستی کە ئامانجی دابینکردنی ئەوپەڕی ئازادی سیاسیەو سەنگەر بە سەنگەر دەستپێشکەریی بێ و هێزی دەربرین بەبەردەوامی هەمەڕەنگ وفراوانتر بکات ونەداران بۆ ماف وئازادییەکانیان مۆبیلەزە بکات.

جەمال کۆشش
٢٦.١٠.٢٠٢٠




چاو، نیگار،رۆح … جەمال کۆشش

چاو لە زمانی کوردیدا، لە ڕووی -ئیتمۆلۆژییەوە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە سەرەتای دروستبوونەوە هەیە . چاوگ- لە ڕێزمانی-زمانی کوردیدا دایکی هەموو وشەکانە. چاوگ، سەرچاوە، چاوگە، لە سروشت ولە پێکهاتەی زمانەوانیدا، ڕۆڵێکی گرنگ لە ژیانی ئینسانەکاندا دەگێڕن. ، لە زمانی عەرەبیشدا ” عەین -چاو” بە مانای “کانی، ئەسڵ، ئۆرگیناڵ” دێت. لە زمانی ئیدیۆم وڕۆژانەشدا، چاو بە فراوانی بوونی هەیە. ” سەر چاو” رۆژانە و هەرکە سە دەیان جار بەکاریدەهێنێت، چاوەکەمی ، وەک نیشاندانی ڕێزو خۆشەویستی، وەک قەدردانی ” بەچاوان”، وەک سوێند خواردن ” بەچاوی تۆ” وەک وەفا وسۆز” دەک چاوم کوێر بێت” ، وەک دیاری و لێبوردەیی ” چاوی تۆ خۆش” ، وەک شکاندن ” چاوی بشکێنە”، وەک ڕوو بەڕووکردنەوە و سەلماندن” پەنجەم کردە چاوی”، وەک بوغرایی یان پلەی توڕەبون ” چاوی سور بووە”، وەک پەشیمانبونەوە و شەرم و بێدەنگی “چاوی داخست” ، وەک هەوڵی بەراوردکاری ولاسایکردنەوە” چاوی لەو کرد” و وەک شایەدیی” بەچاوی خۆی بینی” وەک شاردنەوەی ڕوداوێک ” چاوی لێپۆشی” . وەک شکاندنی شکۆ’ چاوی دەشکێنم”، یان بەدرۆ خستنەوەی ووتەیەک ” با چاوم بەچاوی بکەوێت” چاوە نواڕی و ئاوی چاوم داهات” زۆر ئارامم گرت: ، لە چاوی تۆ وە، یانی ڕەئی ..چاوی ڕێز ، لە چاوی پیس بەدوور بێت، خۆڵکردنە چاو، چاوگێڕانەوە، .چاوێکت لێبێت، چاوی لەسەر ماڵ، چاوبرسی، چاوتیر، لەبەرجاوت بیت،.چاودەکاتەوە،چاوی دەبێتەوە، ” چاوی گەل، چاوی کورد،..چاوی ناوەوە، لەبەرچاونەگرین،..ئاماژەی چاو لیداگرت کە بیکات.چاوی جەللاد، بەچاوی بەزییەوە، چاوی فەلسەفی، چاوی دایک ، ڕەشبینی،لەچاوم نابڕیت، لەبەر چاوم لاچۆ، چاوی سور بوە. ئەم سیحرە چیە لە چاودا. دەتوانین لەو بارەوە یەک دانە کتێبی بەئەندازەی فەرهەنگەکەی عەینی فەراهیدی بنوسین. ” معجم العین./وکیپیدیا”.

کاریگەری چاو تەنها لە وەزیفە فیزیکییکەی مرۆڤدا، ” کردەوەی بینین” دا قەتیس ناکریت. رەهەندێکی کۆمەڵایەتی وکلتوری فراوانی وەرگرتووە. هەستی چاو، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سروشت ولەگەڵ کۆمەڵگا و لەگەڵ مێشکی تاکەکان ودەزگای بیرکردنەوە و ئەمباری زانیارییەکانی بە ستووە . چاوی مەست وخوماری، چاوی ڕەش وقەترانی ، چاوژێرپیاڵەیی ، چاو قەرسیلی ونەرم .چاوی شین وماری و گوشکەیی ، چاوە بایۆلۆژییەکانن و زەوق و جوانیەکانی کات و دەمە مێزووییەکانی سەرنجەکانمان بۆ دەنوێنن. وەک دەلێن ، چاو پەنجەرەی رۆحە، زمانی چاو درۆ ناکات.
وەک زانستە ئەنثرۆپۆلۆژیی وئارکۆلۆژییەکانیش سەلماندوویانە ، مێژۆپۆتامیا سەر زەمینی خوڵقانی یەکەمین شارستانیەتی ئینسانیەتە. یەکەمین داهێنانی زمانی نوسینە، یەکەمین داستان ویەکەمین ئیمپراتۆریەتە. وڵاتی نێوان دوو ئاوان، سەرەتای کۆبونەوەی مرۆڤە کۆچەرییەکان بووە لە دەوری کشتوکاڵ وپاشان ماڵیکردنی ئاژەڵ و کۆبونەوەیان لە دەوری یەکترو دامەزراندنی لادێی گەورە.شارستانیەتی پێکەوە ژیان، سەرەتای گۆ کردنی زمان و تێڕوانینی قوڵ ویاسای رێکخستنی کۆمەڵگا ، لەکارو زەواج و سەروەت وپەیوەندییە روحیەکانی بەرهەمهێنا. . نیگارە کۆنەکان پێش داستانی گەلگامش، خودی گەلگامش و هاودەم ودوای ئەویش ئەو مێژووە دەگێڕنەوە کە مرۆڤە سەرەتاییەکانی ئەو دەم تیا ژیاون.

نیگار بەرهەمی وێنەیەکە چاو گرتویەتی.” هونەری چاویی” بەڵام چاو تەنها کەرەستەی بایولۆژی وێنەگرتن نیە” لانی کەم لای نیگارکێشەکان” ، دونیابینی هەیە، تەئەمولاتی هەیە، تاقیکردنەوەی هەیە، جوڵەی وکات وبزاوتنی هەیە و بە هەموو ئەو شتانەی دەوروبەری مانا وروح دەبەخشێت. نیگار شیعرێکە چاو نوسیویەتی، داستانێکە نیگارکێش، بە ڕەنگ وتۆنی ڕوناکی و هێڵەکان وخاڵەکان وفیگورەکانی دەینوخشێنێت. چاوم دیوە پڕ پڕ ئاگر بوە، لێونلێو لە جامی میهر بووە، پڕنزاو پارانەوە بووە. چاوم دیوە گەشتنامەی ژیان بووە.. چاوم دیوە رۆحێکی ناسک و سەدان مۆمی تیا داگیرساوە. هەر یەکچاو بووە، تەنها یەکچاو، بەڵام سەربردەیی شکانی تیشکی ئومید و چارەنوسی بەدبەختی وکڵوڵی ئاوارەیی و دەربەدەری وڵاتانی گێڕاوەتەوە. چاوم دیوە، مۆنی ونامۆیی ونەفرەت وبێزاری دونیای هەڵگرتووە، قین وشەڕانگێزی لێدەباری، بەڵێ چاو، ڕاستگۆترین زمانی شوناسی ناوەوەیە، رۆحی ئینسانە. وە نیگاکانی روح یان دەبەخشێت ویان دەسینێت، ئەم چاوانەم لە بازاڕ، لە کوچەو کۆڵانەکان، لە نێو تابلۆکان دا سەرنجی ڕاکێشاوم.

چاو بە درێژایی مێژووی پۆرتریەت، گرنگترین بەشی داگیرکردووە. چاو دکیومنتەیشنی کەسایەتی و مۆرکی ڕاستەوخۆی جیهانبینی نیگارکێشی بەرجەستەکردۆتەوە. نیگارزمانێکی جیهانی کاریگەرتر لە مۆسیقا بووە، کێشە گەورەکانی ئینسانیەت، نەمری، بەختەوەری، ئازادی ویەکسانی، لە چاوی پۆرتریتەکاندا دەخوێنینەوە.
ئەو دەمانەی ئینسانەکان زۆر نزیکتر لە سروشتێکی پەتی و لەگیانەوەران ژیاون، وێنەی ئەوانیان بە دیقەتەوە کێشاوە، ئەو دەمانەی ئینسانەکان خۆیان وەک تێکەلەیەک لەبوونی خودایی وئینسانی و تامەزرویی نەمری بوون، نیگاری هاوبەشی خۆیان کێشاوە، ئەو دەمانەی پآشاکان وجەنگەکان، یان کارەساتەکان پانتاییەکی گەورەیان لە ژیانی مرۆڤایەتی داگیرکردووە، نیگارکێشەکان، بەرهەمەکانیان دەربڕی ئەو دەورەیەن. کاتێکیش نیگارکێش، دەیەوێت وێنەیەکی تر، ئینسانێکی فەرامۆش کراو، چاوێکی ناڕازی، ژنێکی باوەڕبەخۆ وئازاد، پەنابەرێکی نزیک سەنتەری شار، وێنە بکێشێ، ئەو کەسانە دەدوینێ و دەیگوازێتەوە بۆ دوانیای جوانی نەمرییەوە، کەلە کلتووری نیگار کێشی ئەمڕۆدا فەرامۆشکراون. خوڵقاندنی ” نیگار”، خوڵقاندنی بەرهەمێکە و دەچێتە ناو دەتستوەردان لە ئیشەکانی “خوا”. لێرەوە هونەرە چاوییەکان “نیگار، پەیکەر، شانۆ..” دەچنە خانەی قەدەخەکانەوە. ڕەونەقی دەورانی شارستانیەتی کۆن، ڕەونەقی نیگار کێشی بووە. سەردەمانی بوژانەوەی دەیەی چلەکان وپەنچاکانی ” عێراق”، نیگار پانتاییەکی گەورە لە روحی خەڵک پەیدا دەکات. سەردەمی جەنگ و کۆنەپەرستی و زاڵبونی ئاینی سیاسی، چاو وڕۆح و نیگار ، دەبێت ون بن .

کۆتایی ئۆگوستی ٢٠٢٠




بوعەزیزە زیندووەکانی کوردستان….مەهێڵن ؟! … جەمال کۆشش

هێشتمان هەرچی عامودو وایەرو فافۆنە …بیبەن وفەرهودی کەن وئاودیوی کەن..
هێشتمان وەک جەردە، ڕاوڕووت بکەن وبەڕێگری ودەیان وسەدان گومرگ و سەرانە بستێنن..
هێشتمانن … لەبن بەردو کەلاوە وچینکۆ وماڵێ بۆ خۆمان چێبکەین، وەلی شوفل بێنن وبەسەرمانا کاولی کەن …
هێشتمانن …پیاوکوژ وژنکوژ و جەلاد وئەنفالچی ، بڕ بە بڕ بەسەر خۆیانا دابەشکەن..
هێشتمانن …تیرۆرمان بەبێ لێپرسینەوە، بەبێدادگایی، بەبێ تۆڵە کردنەوە، بە…تێپەڕێت… بەکر عەلی، ڕەئوف ئاکرەیی، ڕێناس، نەزیر عومەر، شاپور وقابیل، فەرهاد فەرەج، سۆران مامەحەمە، عەبدولستار شەریف، کاوە گەرمیانی، سەردەشت عوسمان، ویداد حسێن، …
هێشتمانن بەکۆمەڵ بمانکوژن ، حەمەی حەلاق وئەندامانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و
هێشمانن…مقەڕ بسوتێنن وتەفروتونای کەن وەک مقەڕی یەکگرتوو لەبادینان…
هێشتمانن …تیرۆری کەسایەتیمان بکەن..وەک سەرتاشین وبرۆ تاشین وئاودیوکردن وفڕدان ونەفیکردن..
هێشتمانن…شەوان بمانڕفێنن، بماترسێنن، لەزیندانی نهێنی قاییمان کەن وخەسیومان کەن ودواتر خۆمان خۆمان بکوژیین..
هێشتمانن..لەسەر هۆڕینێک دەمانچە بخەنە ناو دەمانەوە، لەسەر لایتێک دەموپلامان پڕ خوێن بکەن.
هێشتمانن ….دکتۆرمان تیرۆر بکەن، دادوەرمان دەمانچەی لەسەر ڕابگرن. مامۆستامان پڕ شەق بکەن..قوتابیمان بیمارو سەرگەردان وئاوارەو هەرەتەی سەر دەستفرۆشی بکەن..
هێشتمانن..لەنێو شار کوشتارگە سازکەن ” کوشتارگەی ١٩٩٧ی هەولێر”، .لاشەکانیان ئەتک کەن وبەنێو بازاڕدا ڕایکێشن…
بەڵێ هێشتمانن… ڕۆحمان هەلاهەلا بکەن، ژیانمان داگیربکەن و قەڵایەیەکی ئاسنین بەدەوری دەسەڵاتیاندا دابمەزرێنن..
بەڵێ هێشتمانن… پەرلەمان دروستبکەن، هەڵیوەشێنەوە، داگێریکەنەوە، چالاکی کەنەوە، سڕی کەنەوە،
بەڵێ هێشتمانن..لەگەڵ بەغدا ڕێکەون، تەنگژە دروستکەن، بایکۆتی بەغدا بکەن، بچنەوە…
بەڵێ..هێشتمانن… شەنگالیەکان وەک ئاسکە بدەینە بەر کەڵبەی داعش وچاوساغی بۆ میتیش وەک رێزنەگرتنی میوان و کەرکوکیش وەک دیاری بۆ حەشد و وەک نیشاندانی ماسولکەی خەیانەت بۆ چاوترساندنی یەکتر…
بەڵێ هێشتمانن..کۆمپانیای زۆر گەورە، زۆر گەورە، عەقاری ئاقارو دوندو گرد وکێو، سامان وموڵکی چەند سەت کەسێکی نێو دەسەڵاتی سیاسی بن و ….هێشتمانن…
بەڵام ..ئیدی تەواو، مەهێڵن..مامۆستایەک هەموو جوانی لە پەروەردەکردنی مناڵەکانمدا گەورە کردبێت، لەشاشەی تەلەفزێۆنەوە بگرییەت وبڵێت باکۆرۆنا بمکوژێت…پڕ بەگەروی هاوار کات وپڕ بە چاوی فرمێسک بڕێژێت وخۆی ڕووت ڕووت بکاتەوە..
بەڵێ..ئیدی تەواو مەهێڵن..خاوەن پێداویستی تایبەت، کە هیچ دەرفەتێکیان نیە وکۆمەڵگاش وەها بێبەزییانە ونابەرپرسیارانە ڕوو بەڕووی مەرگی بەکۆمەڵیان بکاتەوە..
بەڵێ ئیدی تەواو.. کەسێک بەهۆی تاپۆ نەکردنی پارچە زەوییەک لەڕانیە خۆی سوتاند هەر لەناو حەوشە کڵوکۆی دامردو گیانی سپارد ، مێرد مناڵێک لە سلێمانی پارچە کاغەزێکی پاش مەرگی بۆ باوکە کرێکارە لێقەوماوەکەی جێهێشتتوە.، بابە لەبەر هەژاری خۆمکوشتووە..دڵ چۆن ناوەستێ ونابێت بە ئاو و ساردنابێتەوە..
بەڵێ..ئیدی تەواو. مەهێڵن .باوكێکی وسەرلێشێواو لە هەڵەبجە ..لە هەڵەبجەی شەهید، چوار مناڵی پێپەتی و پەڕپووت وزارەترەک چووی دەست شپرزەیی باوکیان، بەدەبەیەک بەنزینەوە ڕادەپێچێتە نێو حەوشەی شارەوانییەوە. هاوار دەکات ..دەیانسوتێنم .دەیانسوتێنم…هاوارە. .خەڵکینە ..مەهێڵن..
لەزمانی قوربانیەکەوە ، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە پێشتر پێووتوە ” خۆت دەسوتێنی ئەوە کێشەی من نیە” بەڵام ئەوەی کە زۆر بەخوێنساردییەکی ناپەرپرسیارانەوە دەیوت ” هەر لەسەر ئەو جێگایە دوو کەسی تر داوایان لەسەر قەید کراوە”. بەىێ هیچ سوکە بەڵێنێک بۆ دڵنەوایی و لەوتەنگژە دەروونیە داڕوخاوەی مناڵەکان ، ئینسان هەست دەکات، دەسەڵات وحکومەتی هەرێم تا ناوەوەی مۆخیش بێویژدان و داشۆردراون .
بوعەزیزییە زیندووەکانی کوردستان، …لاوان وخەڵکی زەحمەتکێش،،مەهێڵن…هەر ڕۆژێک ..فەلاقەمان کەن، بەدیار قەرەوێڵەی مردووەکانمانەوە بمانبەستنەوە…مەهێڵن…

جەمال کۆشش
تەموزی ٢٠٢٠




مێزگردێک لە ژێر سەردێڕی: کڕۆنا واوەتر لە نەخۆشی و بەرفراوانتر لە قەیرانی تەندروستی

ئەم مێزگردە هەوڵدەدات پەتای کۆرۆنا، لەگۆشەی نیگای جیاواز و بوارە جۆراوجۆرەکانی ئابووری و سیاسی و فەلسەفی و تەندروستی و کۆمەڵاتەتی و ئاینی و فەرهەنگی لێکبداتەوە. هەوڵدەدات تیشک بخاتەسەر ئەم دیاردەیە لە ڕوانگەی کەسایەتی جۆراجۆر و لە تاقیکردنەوە و ژینگەی جۆراجۆرەوە، هەروەها دەیەوێت لەنێو تەوژم و ڕەوتە فکری و سیاسی و فەلسەفیە جۆراجۆرەکانەوە، بەدەستکەوتی تیوری دیاریکراو تر و بەرجەستە تر بگات، و لە پراتیکی شۆڕشگێڕانەدا تواناییەکی پتەو بە ڕەوتی ئاڵوگۆڕ و شۆڕش بدات. سوپاس بۆ هەموو ئەو هاوڕێ بەڕێزانەی کە وەختی خۆیان بەخشی بۆ بەشداری لەم دۆسیەدا.

جەمال کۆشش ئامادەکاری دۆسیەکە.
• بەستەری فەلسەفی و ئایدیۆلۆژی، ڕەوشت و نۆرم

پرسیار: زۆرێك لە فەیلەسوفە ناسراوەکان لەبارەی کۆرۆناوە، لێدوانی جیاوازییان داوە، سڵاڤۆی ژیژەک، جۆرجیۆ ئاگامبێن، چۆمسکی و هابرماس، …سڵاڤۆی ژیژەک، جۆرێک لەگەڵ دەوڵەتێکی جیهانیدایە کە مافە جیهانیەکان دەستەبەر بکات و تەندروستی ئینسانەکان وەک کێشەیەکی هاوڵاتی جهیانی بناسێنرێت، ئاگامبێن، لەبەرامبەر ژیانی ڕووت، دەستشۆردن لە دەستکەوتەکان بەمەرجی مانەوەی بایۆلۆژی، وەک کارەسات دەناسێنێ. چۆمسکی دەرفەتێک دەبینێت بۆ ڕاوەستاندنی سیاسەتی نیولیبرالیزم، بەگشتی، وە بەگشتی دەڵێت کۆرۆنا تێدەپەڕینین، بەڵام دەبێت بێینە شکستپێهنانی نیولیبراڵیزم. فەلسەفە خۆی کە زانستێکە بۆ پێکەوە گرێدانی دیالەکتیکی پرۆسەکان، چ بۆ چوونێکی تایبەتیت لەسەر کۆرۆنا هەیە؟

هاوار محەمەد: ئاگامبێن لەو خاڵە جەوهەرییەدا دروست پێکابووى کە دەشێت دۆخى قەیران، بۆ نموونە ڤایرۆسى کۆرۆنا، فرسەتى زیاتر بداتە دەسەڵاتداران بۆ ڕاگەیاندنى دۆخى ئاوارتە و درێژکردنەوەى ئەم دۆخە. بە گوێرەى خوێندنەوەکەى ژیژەک، ئاگامبێن بەهەڵە مەسەلەکەى دیارییکردووە: بۆچى دەوڵەتان، کە خۆیشیان تۆقیون، دەبێ قەیرانەکە گەورەبکەن و تۆقین بڵاوبکەنەوە، لە کاتێکدا ئەمە بی متمانەیى لاى خەڵک بەرامبەریان بەرهەم دەهێنێت؟
بە بڕواى ژیژەک بە پێچەوانەوە، لەم دۆخەدا دەوڵەتان ناچارن دەستکاریى داتاکان بکەن و بیشارنەوە، لە قەوارەی خۆى قەیرانەکە بچووکتر نیشان بدەن؛ دواجار پێویستە هەوڵى شێلگیرانە و هاوبەش بدەن تاوەکو چارەسەرێک بدۆزنەوە و بەمەیش خۆیان لە مەترسى داتەپین بپارێزن. ئەرگومێنتەکەى ژیژەک بۆ ئەوەیە ڕێکارەکانى ئەم قەیرانە لە پارادایمى چاودێرى و کۆنترۆڵدا کورت نەکرێنەوە کە پارادیمى زاڵى شیکارییەکانى فۆکۆ و ئاگامبێنە؛ بەڵام بە ڕوونى دیارە ژیژەک دیوە پێچەوانەکەى ئەم ئەرگومێنتەى هەڵنەسەنگاندووە: ئەى ئەگەر دەوڵەتان وەها نیشان بدەن، لە ڕێگەى ڕێکارەکانییانەوە، فریادڕەسى قەیرانێکى “ئێجگار” گەورە بوون و مرۆڤایەتییان لە کارەساتێکى ڕەبەق قووتار کردووە؟ لێکەوتەى ئەمە چى دەبێت؟ ئاگامبێن مەترسییەکانى ئەم دۆخەى لە دەرەنجامەکانیدا دەبینى.
وەک فۆکۆ باسى دەکات هەر گەڕێکى قەیران، هەر تاعونێک و پەتایەکى گشتگیر بەلایەنیکەمەوە دوو ئەگەر ئاوەڵا دەکات: یان دەبێتە ساتى کایۆس و بێ نەزمى کە ئیمکانى لابەلابوونەوەى کۆمەڵایەتى و سیاسى دەهێنێتە پێش، یانیش دەبێتە ساتى بەهێزتربوونى نەزم و سەپاندنى زیاترى کۆنترۆڵ و دیسپلین ڕێک بە گوێرەى پێویستییەکانى پاراستنى خودى ژیانى کۆمەڵگە. ژیژەک شتێکى تر پێشنیار دەکات: هاریکاریى دەوڵەتان. بۆ ژیژەک دەشێت ئەم پەتایە لەڕێگەى هەوڵێکى کۆلێکتیڤ و گشتگیرەوە کە هەموو دامەزراوە و دەزگاکانى دەوڵەتان بگرێتەوە و لەسەر بنەماى هاریکارى و هەماهەنگییەکى بە کۆمەڵ بێت لەگەڵ یەکتریدا، لەنێو بچێت. بەم جۆرە ژیژەک دووبارە ئومێدەکە بە دەوڵەت و کۆدەزگاکانیدا هەڵواسێتەوە، پاشانیش هاریکاریى و هەماهەنگییەکەى دەوڵەتان وەکو فۆڕمێکى نوێى “کۆمۆنیزم” لێک دەداتەوە. هەڵبەت گەر کۆمۆنیزم مانایەکى هەبێت ئەوا ئەوەیە کە لە غیابى “دەوڵەت”دا کارا دەبێت؛ بە گوێرەى تیۆرى مارکسیزم باشترین کارێک کە دەوڵەت بیکات ئەوەیە لە ماوەى قۆناغى گواستنەوەدا بەرەو کۆمۆنیزم بە هەڵوەشانەوەى خۆى دەیکات نەک خۆى فۆڕمى کۆمۆنیزم بەرجەستە بکات. بۆچوونەکەى ژیژەک بە تەواوى یۆتۆپییە (گەرچى ژیژەک خۆى نکوڵیى لێ دەکات) وەختێک پێیوایە دەوڵەتان دەتوانن دەستبەردارى ویست و کەڵکەڵەکانى خۆیان بن و لە ناکاو هەمووان دەستبکەن بە هەماهەنگى و ئاڵوگۆڕى زانیارى و پێداویستییەکان. بنچینەى ئەم خۆشباوەڕییە ئەوەیە کە ژیژەک بە “زەرورەت”ـى دادەنێت، واتە وەک ناچارییەک کە لە بەرژەوەندیى هەموواندایە بچنە ژێرى. بەڵام دەوڵەتان بە گوێرەى مەسڵەحەت لە زەرورەتدا مامەڵە دەکەن، نەک بە گوێرەى زەرورەتێک کە مەسڵەحەتى تێدایە؛ واتە لە زەرورترین ساتەکانیشدا هەندێ لە دەوڵەتان بەرژەوەندییە ئابووریى و هەژموونگەرییەکانى خۆیان لەبیر ناکەن؛ چین هاوکارییەکانى خۆى گەیاندۆتە زۆربەى وڵاتانى جیهان، بەڵام لەمەدا مەرامى هەیە. هەر یەک دوو ڕۆژ دواى وتارەکەى ژیژەک ئەمریکا و بەریتانیا هەڕەشەیان لە چین کرد کە دواى کۆتاییهاتنى قەیرانە پاکانەحیسابێکى لەگەڵ دەکەن؛ لەلایەکیتر لە ئیتاڵیا ئاڵاى یەکێتیى ئەوروپا داگیرا و ڕەخنەى تووند لە ئەڵمانیا و یەکێتییەکە گیرا کە بە هانایانەوە نەچوون؛ بەشێکى وڵاتانیش سنوورە نەتەوەییەکانى خۆیان تووندتر کردەوە و چوونەوە ناو قاوغى خۆیان. بێگومان ساتى قەیران دەلاقەى زۆر ئومێد و ئیمکان دەکاتەوە، بەڵام زۆر بە دەگمەن ئیمکانەکانى گۆڕانى کۆمەڵایەتى بەرەو کۆمەڵگەیەکى باشتر لە خودى دەوڵەتەوە ڕیاڵیزە دەکرێن.
فیکرى مارکسیزم لە مارکسەوە تاوەکو قۆناغى یەکەمى ئاڵتوسێریش ئومێدێکى زۆریان بە گرتنەدەستى دەوڵەتدا هەڵواسیوە و گوایە دواى بەجێهێنانى ئەو ئەرکەى کە لەسەرییەتى بەرە بەرە زەمینەى هەڵوەشانەوەى خۆیشى خۆش بکات. بەڵام لەو هێڵەى فیکرى چەپدا کە من کارى تێدا دەکەم، “دەوڵەت” ناوەندێکى سەرەکیى و جێگاى ئومێد نییە، بەڵکو گۆڕانەکان ڕێک لەو ڕووبەرەنەوە دێن کە فۆڕمێکى ترى ڕێکخستن و پەیوەندیى نا-دەوڵەتى تاقیى دەکەنەوە و پەرەى پێ دەدەن؛ نموونە سیاسییەکەى ئەمە زاپاتیستەکان و ڕۆژئاڤایە (وێڕاى ئەو کێشانەى هەیانبووە). هاوپەیمانیى دەوڵەتان، گەرچى دەشێت لێکەوتەى پۆزەتیڤى هەبێت، بەڵام تاوەکو دەوڵەتى سەرمایەداریى بێت تاکە خەمى ئەوەیە قەیرانەکە بە کەمترین زیان تەواو بکات و پێویستییەکانى چاکسازى کەشف بکات، واتە ئومێدى هەرە دوور لەم هاریکارییەدا ئەوپەڕى دەشیت ڕیفۆرمێکى جددى بێت، وەک ئەوەى چەندجارێک سەرمایەداریى کردوویەتى: گۆڕانى ئابووریى تایلەرى، فۆردى، کینزى، پۆستفۆردى، نیولیبراڵیزم و هتد. خۆ ئەگەر بە شۆڕشیش دەوڵەت وەربگرێت، هێشتا ناتوانین چاوەڕوانى ئەوە لەم دەوڵەتە نیازپاکە بین کە کۆمۆنیزم بهێنێتە دى؛ سەدەى بیستەم سەدەى شکستى ئەم ڕوانگەیە بوو. بۆ چۆمسکى قەیرانەکە دەرفەتێکە، دەلاقەیەک ئاوەڵا دەکات بۆ تێپەڕین لە نیولیبراڵیزم، بەرەو چى؟ هیچ کەس حاڵى حازر نازانێت، لە مێژوویدا سەرمایەدارى بەردەوام مۆدێلەکانى خۆى تێپەڕاندووە. بادیۆ ئومێدى زۆرى بەوە نییە ئەم قەیرانە ببێتە مایەى هیچ گۆڕانێکى سیاسى، وەک ئەو دەڵێت قسە و باسەکان بانگن بۆ ھاتنی شۆڕشێکی بنچینەیی نەبینراو، کە نازانین پێوەندییەکەی لەگەڵ نەھێشتنی ڤایرۆسێک چییە و “شۆرشگیڕانیش”مان شتێکی نوێیان بۆ کردنی نییە، لەبرى ئەوە بادیۆ وەک زەرورەتێک دەیبینێت بۆ بیرکردنەوە لە حەقیقەتى زانستى و گەڕان بەدواى ئاسۆى سیاسەتێکى نوێ و پەرەدان بە ئەزموونە لۆکاڵییەکاندا. لەو سەریشەوە مەترسى گەڕانەوە بۆ لیڤیاسان باس دەکرێت، لەم بارەیەوە کەڵکەیەکى گەڕانەوە بۆ زەبرى دەوڵەت و ئابووریى کینزیزم هەیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەمە دووپاتکردنەوەى پوختى کینزیزم نابێت.

بەستەری کلتور

پرسیار: مێژووی پەتاکان، بۆ مێژووی ئینسانیەت دەگەڕێتەوە، ترس لە مەرگ، ترس لە تیرۆرێکی بەکۆمەڵی نەبینراو، ڕەنگە کلاسیکترین رۆمانی بۆکاچیۆ جۆڤانی کە هاودەم وپاش پەتای (١٣٤٠) بێت، لە ڕۆمانی (دە یمکانا)، لە زاری (١٠) پاڵەوانەیەکەیەوە کە خۆیان بە جۆڕیک کەرەنتینە دەکەن لەدەرەوەی شار و لە پەتاکە دەدوین، لەوێدا زۆریك لە نۆرم، دونیابینی، ڕەوشت، ژیان و کارەساتی چاخەکانی سەدەی نێوەڕاست، دەیان ڕۆمانی تر وەک خۆشەویستی لە زەمەنی کۆلێرای مارکیز وتاعونی ئەلبیرت کامۆ، وە ئەوە بەهەمان شێوە بۆ هونەری وێنەکێشان پەڕیوەتەوە، خۆی حاڵەتی سەرنجدان لە کۆمەڵگا لەمۆدیلی پەتادا، وەک ئەو گریمانە فیزیایە کە لێکۆڵەر لە حالەتی نمونەییدا بەرجەستەی دەکاتەوە. ئەدەبی واقعی ، ئەو چاویلکەیە دەداتە نوسەر ونوسەریش ئەو هێزە دەداتە کتێبەکانی کە لە ڕۆژگارە تەنگانەکاندا خەڵک بۆی بگەڕێتەوە؟ پێتوایە نوسین دەتوانێت بەسەر ترس ومەرگ دا زاڵبێت وژیان بباتەوە؟

چاو لە خەرەند

هاوار محمد: ئەدەب و هونەر بەر لەوەى واقیعى بن مەجازیین؛ لە سەردەمە جیاوازەکاندا کە واقیع لەلایەن دەسەڵاتە ملهوڕەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، لەلایەن بازاڕەوە داگیر دەکرێت، لەلایەن میدیاوە تەزویر دەکرێت، ڕەخنە و ئازادى و گەڕان بەدواى دنیایەکى باشتردا، خۆى دەخزێنێتە نێو پانتایى ئەدەبیاتەوە وەک پانتاییەکى مەجازیى کە دەسەڵاتەکان، وێڕاى هەموو ئەو دەزگایانەى سانسۆر و هەموو ئەو فیلتەرانەى کە دایاندەنێن، کەمتر دەتوانین کۆنترۆڵى بکەن. نموونەى نزیک ئەو هەموو سانسۆر و چاودێرییەیە کە لە ئێران لەسەر چاپەمەنى هەیە. بێگومان زۆرجار ئەدەبیش وەک بەشێک لە بەرهەمهاتووى واقیع ساختە و کۆنترۆڵ دەکرێت، لە دنیاى ئەمڕۆیشدا واقیع و مەجاز پێکەوە لەلایەن ماتریکسى تەکنۆلۆژیاى زانیارییەوە داگیرکراون؛ وێڕاى ئەمە هێشتا ڕادیکاڵیزمى ئەدەبیات بە تەواوەتى هەڵنەوەشاوەتەوە. بۆیە من دەمەوێت پەیوەندییەکى ناسازگار لەنێوان هەردوو چەمکى واقیع و حەقیقەتدا دابمەزرێنم. بە بڕواى من حەقیقەت ئەوە نییە کە لە واقیعدا هەیە، واقیع یان ساختە کراوە، یان کۆنترۆڵ کراوە، یان لەکارخراوە، یان بە دەربڕینى بۆدریار لە فەزاى مەجازیى تەکنۆلۆژیدا بۆتە زێدە-واقیع. حەقیقەت ئەوەیە کە لە واقیعدا نییە، ئەوەیە کە دوورخراوەتەوە، ئەوەیە کە لە نەزمى باو کراوەتەوە دەرەوە، لەم دۆخەدا حەقیقەت پەنا دەباتە بەر پۆشاکى مەجاز، مەجاز دەبێتە شوێنى حەقیقەت. هیچ حەقیقەتێک نییە بێ پۆشاکێک، بێ پەردەیەک کە خۆى لێیەوە ئاڵاندبێت، بەڵام وەها پۆشاکێک هیچ شتێکى حەشاردا نەداوە، بەڵکو حەقیقەت لە صیرورەى خۆیدا دەبێتە پۆشاکى خۆى، دەبێتە تاریکیى خۆى. هەر لەبەرئەمەیە نیچە لاى وایە حەقیقەت پۆشاکەکەیەتى و پۆشاکى پۆشاکەکەیشیەتى؛ حەقیقەت تەنیا پۆشاکەکەیەتى، بەڵام نایشهێڵت وەک پۆشاکەکەى بیبینین. هەڵبەت دەسەڵاتەکان و هێزەکانیش نەوەستاون لە بەرهەمهێنانى حەقیقەت؛ بە تایبەتى گەر حەقیقەت وەک “مانا” وەربگرین، بۆ نموونە “خودا”، “ئامانجى بوون”، “بەختەوەرى”، “نەزم”، “ڕزگارى”، “پێشکەوتن” و هیتر. لە سەردەمى نوێدا هەندێ لە ئایدیۆلۆژیاکان خۆیان لکاند بەم مانایانەوە بەڵام بەرەو نیهیلیزم ملیان نا. وێڕاى ئەمە گەر حەقیقەتێک هەبێت هێشتایش زیندوو بێت، ئەوا ئەوەیە کە نییە، ئەوەیە کە غیابە، واتە بە جۆرێک بڵێین: ئەوەیە کە پتر لەنێو رووبەرە نا-ئایدیۆلۆژییەکان، لەنێو ڕووبەرە فێرچواڵییەکانى تێکیستە ئەدەبیەکان و فیکر و فەلسەفە و هونەردا دەژى. ئەم ڕووبەرە بۆ ئەوە نییە بە گوێرەى ڕوانینە کلاسیکییەکەى پەیوەندیى تیۆر و پراکتیک لە بیرۆکەوە بکرێت بە واقیع، پتر بۆ ئەوەیە وەک تابلۆکەى پییەر بۆرێڵ دێکاسۆ نەهێڵێت ئەندێشە بە سەردەم و واقیعى خۆیەوە قفڵ ببێت؛ ئەدەبیات تەنیا ئیشى ئەوە نییە ئیمکانەکان بپارێزێت تا لە وەختى گونجاودا ببن بە ئەکچواڵ، بەڵکو خۆى یان سەرزەمینى ڤێرچواڵى ناکۆتایە، یانیش سەرزەمینى مەحاڵەکانە. هەرچۆن هەیە ئەدەبیات دەتوانێت وەک چاڵێکى بەتاڵ لەنێو دڵى واقیعدا هەبێت و پانتایى لە دەسەڵات بگرێت، وەکو پنتگەلى بەرگرى و ڕووبەرى بەرەنگارى لەنێو دۆخى باو و دژ بە دۆخى باو ئیش بکات.
وێڕاى ئەمە، ئەدەبیات ناتوانێت بەسەر ترس یان مەرگدا زاڵ بێت و نایشیەوێت وا بێت، پتر سەروکارى لەگەڵ ئەو شتەدا کە هەمە مۆریس بلانشۆ بە “مەحاڵیى مەرگ” ناوى دەبات. بە بڕواى بلانشۆ ئەدەبیات/هونەر هەوڵە بۆ گرتنى بەردەوامى ئەو تاریکییەى کە بەرهەمى ئەدەبى، یان کارى فیکرى، لە ساتى گرتنیدا لەدەستى دەچێت. بە گوێرەى زمانە چەمکییە-ئەدەبییەکەى بلانشۆ ئەدەبیات و هونەر لە چەقى شەو دەڕوانن بۆ ئەوەى خودى شەو، خودى غیاب، ئەویترى ڕەها کە لە قەڵەمڕەویى ‘من’دا فۆڕم وەرناگرێت ببینن. دەتوانین ڤایرۆسى کۆرۆنا وەک ئەم ئەویترە نا ئاشنا و نامۆیە، وەک غیاب، مەرگ، شەو لێکبدەینەوە، ئەوەى کە دەسەڵاتێکى ئەوتۆمان بەسەریدا نییە و فۆڕمێکمان لە ڕۆشناییدا بۆ پێنادرێت و لە ڕێگەى میکرۆسکۆبەکانەوە چەند لێى وردبیتەوە لەدەستمان دەخزێت. ئەدەبیات (یان هونەر) لەم دۆخەدا نابێتە دۆکیومێنتێکى مێژوویى ڕووت تاوەکو باسى دۆخ و ژیانى گشتى خەڵکى لە دۆخى کۆرۆنادا بۆ سەردەمانى دواتر بنوسێتەوە؛ لە ئێستادا دەزگاى زۆروزەبەند و لقە زانستى زۆروزەبەند هەن ئەم کارە بکەن؛ ئەدەب ئاوێنە نییە خۆمانى لەبەردا ببینین، داواى دیکۆمێنتکردن و ئاوێنەنوێنى لە ئەدەب بۆ زەرورەتى ئەم سەردەمە بوونەتە چاوەڕوانیى بەسەرچووى تەقلیدى و نا-ئەدەبی لە ئەدەبیات. ئەدەبیات پتر سەرنج لەو جیهانانە دەدات کە لە ناو ژیانە گشتییەکەدا نابینرێن، کە دەرکراون، سەرنج لەو جوزئانە دەدات کە لە تاریکیدا نەبێت لە هیچ کوێدا دەرناکەون، ئەوانەى خۆیشیان بە جۆرێک لە جۆرەکان تاریکایین و لەناو تاریکیدان. ڕەنگە بۆ دۆخى کۆرۆنا نموونەکەى بادیۆ گونجاو بێت: “بێ سەرپەناکان”، ئەوانەى ماڵ و حاڵیان نییە. لێڤیناسیش باسى هەتیوان، بێوەژنان، دەربەدەران، کۆچبەران (کە لەنێو کەمپەکاندا بە درێژایى ئەم ماوەیە هەڕەشەى جددییان لەسەر بووە) و هیتر دەکات. ئەدەبیات هیچ وەزیفەیەکى دەروونناسییانەى نییە، وەک دکتۆرى دەروونى ترسى کۆمەڵایەتى ناڕەوێنێتەوە و ئارامى سایکۆلۆژى دروست ناکات، بەڵکو سەرنج لە ڕووبەرە تۆقێنەرەکان دەدات و چاو لە خەرەند دەبڕیت.

پێشڕەو محمەد: لەوەڵام بە پرسیارەکەی بەستەری کلتور
بەگشتیی لەنێو چەپدا، گفتوگۆیەكی زۆر لەسەر ڕێكخستن، حزب، دەوڵەت و یەكێتییە كرێكارییەكان كراوە و دەكرێت. لە گۆشەنیگای سیاسییشەوە زۆر باسی ئیمپریالیزم و فاشیزم لەناو سەرمایەدارییدا دەكرێت، لە ئەمڕۆشدا فاشیزمی دۆناڵد ترەمپ و یاوەرانی بووەتە مقۆمقۆی زۆربەی سۆسیالیستەكان، بەڵام لە استیدا خودی چەمكی فاشیزم هێندە مەترسیدار و ئایدیایەكی شەیتانیی هێندە جددیی نییە. ئەوەى زۆر مەترسیدارە، بەكارهێنانی چینی ناوەڕاست و وردەبۆرژوازییە بۆ ڕاماڵینی چینی كرێكاری ڕێكخراو، نەزۆككردنی ئایدیای چینی كرێكار و پەراێزخستنی فیكر و فەلسەفە و ئەدەب و هونەری ئەم چینە لەلایەن چینی ناوەڕاستەوە. ئەمەش وایكردووە دیسان ڕێكخەرانی كۆمۆنیزم لەم گۆشەنیگایەوە وەڵام بدەنەوە. ئەى كێشەكە لە كوێوەیە؟
ماركسیستەكان نابێت كولتوور بكەنە شتێكی بناغەیی و جەوهەرێكی بنچینەیی پێببەخشن، وەك پۆستمۆدێرنیزم حەزدەكات وابكات، ئابووریی، سووڕی سەرمایە و بەرهەمهێنانی قازانج هێشتاش بڕبڕە و مەكینەى سەرەكیی سیستەمەكەیە، بڕێكی زۆری زیادەى بەرهەمهێنان و قازانجیش تەرخاندەكات بۆ دروستكردنی دەزگا ئایدیۆلۆژییەكانی بۆ پارێزگاریكردن لەخۆی. بۆ نموونە دەوڵەتی مۆدێرنی سەرمایەداریی دەزانێت بە تەنها ناتوانێت بە تۆپ و تەیارە و سەرباز و پۆلیس خۆی بۆ ماوەیەكی زۆر بهێڵێتەوە، لەبەرئەوە پێویستی بە بەرهەمهێنانی كولتوورێكە تا لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە قەناعەت بە چینە چەوساوەكان بكات كە ئەم سیستەمە باشترین سیستەمی ئەڵتەرناتیڤە هەبووبێت و گۆڕانكارییش لەم سیستەمەدا یان مەحاڵە یاخود فەوزا دروستدەكات، بۆ ئەم كارەش، چینی ناوەڕاستی میلیتاریزە كردووە بە ئایدیۆلۆژیا تا ئەم ئەركەى بۆ ڕابپەڕێنێت.
چەپەكان ئەم لایەنەیان فەرامۆشكردووە: خەبات بۆسەپاندنی هەژموونی بزووتنەوەى جەماوەریی و كرێكاریی. ئەم خەباتە هەژموونییەش پێویستمان بە دامەزراندن و زەقكردنەوەى دووبارەى بزووتنەوەى هونەریی و ئەدەبیی و فیكریی ئاڤان-گاردی جەماوەریی هەیە، ئاڤان-گاردێكی ڕادیكاڵ كە خاوەن سینەما، شیعر، هونەر، فەلسەفە، ئەدەب و فۆرمەكان و تەكنیكەكانی دیكەى نواندنەوەیە، لە شانۆوە بیگرە تا هۆڵەكانی سینەما و هونەری گرافیتیی سەرشەقامەكان. خەبات بۆ گوتاری هەژموونیی چەپ، پێویستی بە سەرهەڵدان و ڕێكخستنی ڕۆشنبیرانی ناو چینی كرێكار هەیە، كە لەوانەیە لەم خەباتەدا بتوانن بەشێك لە ڕۆشنبیرانی چینی ناوەڕاستیش ببنەوە و بیانكەنە هاوپەیمانی چینی كرێكار. لە مێژوودا ئەمانە ڕوویانداوە و ڕووشدەدەن، زۆرجاریش لەم خەباتەدا، بەشێكی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و ئەدیبانی چینی ناوەڕاست نەك تەنها بوونەتە هاوپەیمانی چینی كرێكار لە خەباتدا دژی سیستەمی سەرمایەداریی، جەنگ و ڕاسیزم، بەڵكو خۆشیان لە پەیوەندییاندا بە چینەكەوە، هاتوونەتە نێو خودی چینەكەوە، لە نواندنەوەى بارودۆخی چینی كرێكار لە تەكنیكەكانی ئەدەب و هونەردا، بۆ بەرهەمهێنانی خودی ئەدەب و هونەری كرێكاریی ڕادیكاڵ.
لە وتارێكمدا گوتبووم: هونەرمەندان تا ئێستا بەرهەمی هونەرییان بۆ بازاڕ دروستكردووە، بەڵام خاڵەكە بریتییە لە ڕادیكاڵكردنەوەى هونەر لە پێناوی بەشدارییكردن لە گۆڕینی دونیادا. مێژووی چەپ و ماركسیزم پڕییەتی لەم خاڵە گەشانەى ئەدەب و هونەر و سینەما. ئەگەر ئاوڕێكی كورت لە قۆناغێكی مێژوویی سەرەتای سەدەى 20 بدەینەوە: كولتووری ڕادیكاڵی سۆڤێت و كولتووری چەپی ڕادیكاڵی كۆماری ڤایمار. بەرهەمەكانی ئەم قۆناغە كورتەى مێژووی مرۆیی، بەڕادەیەكە تا ئێستا مێژوو نەیتوانیوە بەرهەمی پڕشنگدارتر لەم قۆناغە بەرهەمبهێنێت. لە سینەماوە بیگرە تا دەگاتە فۆرمەكانی دیكەى ئەدەب و هونەر. ئەگەر نموونەیەكی بواری سینەما بهێنیننەوە: فیلمی کەشتی جەنگی پۆتەمکینی سێرگی ئایزنشتاین، لە ساڵی 1926دا بە كەمێك سانسۆركراوییەوە دێتە ئەڵمانیا و نمایش دەكرێت، لەو ڕۆژگارەدا كۆى دیمەنی كولتووریی و سیاسیی ئەم وڵاتە دابەشی سەر بەرەى چەپ و ڕاست دەكات. لەو ڕۆژەوە پرۆلیتاریا دەگاتە ئەو متمانە بەخۆبوونەى كە سینەمای خۆی دابمەزرێنێت و بەهێزترین و كاریگەرترین قۆناغی مێژووی سینەماش، بریتییە لە سینەمای پرۆلیتاریی دەیەى 1920ی كۆماری ڤایماری ئەڵمانیا. كاریگەریی فیلمەكەى ئایزنشتاین بەڕادەیەك بوو، تەنانەت یۆزێف گۆبڵز لە 1933دا بە هیتلەر دەڵێت: خۆزگە ئایزنشتاین ئەڵمانیی بوایە و لە نامەیەكی دیكەشدا دەڵێت: ئەگەر بمانەوێت هەژموونی جیهانیی ئایزنشتاین تێكبشكێنین، پێویستە ئایزنشتاینێكی ئەڵمانیی دروست بكەین.
هەڵبەت ئەمانە مشتێكن لە خەروارێك، و خوێنەر بۆ زیاتر ئاشنابوون بە پەیوەندیی هونەر و ئەدەب و ئێستاتیكا و سیاسەت، دەتوانێت بۆ كتێبەكەم بگەڕێتەوە بەناوی: “دیالەكتیكی هونەری سێیەم: دەربارەى مۆدێرنیتە، شار، سینەما، فۆتۆگرافیی، تەكنیك”.

• بەستەری مێژوویی و ئایینی

پرسیار: لەشاری بێنی بیرکی نزیک تەل ئەبیب، نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەسی تێدا دەژین، زۆرترین ڕێژەی توشبوانی پەتای کۆرۆنای تێدایە، ٥ جار لەهەموو جێگاکان زیاترە، چەقی بڵابونەوەی پەتاکەیە و لە هەمانکاتیشدا مۆڵگەی یەهودییە توندڕەوەکانە و سەرۆکی شاروانی (ئەبرەهام روبناستاین) کە خۆی یەكێک لەوانە، ئاهەنگێکی گەورەی رێکخست لەبەردەم ماڵەکەی (کە دواتر خۆی وژنەکەی توش بوون)، وە ڕابینەکان ڕێگایان نەدا قوتابخانەکان دابخەن و لە ناشتنی ڕابینێکدا، ٣٠٠ کەس بەشداربوون لە پرسەکەیدا، ئەوان پێێاوانوایە، ئەمە پەتایە خودا چی نوسیوە لە چارەنوس، بەندە هیچ دەسەڵاتیکی تێدا نیە. لە نێو مەسیحیەکانیشدا، بەمجۆرەیە، لە ١٧ کەنیسەی گەورەی ئەڵمانیدا، ١٠ یان باوەڕییان بەوە هەیە کە بەڵای خودایە. پۆلیس کەنیسەیەکی لە ئەمەریکا بەزۆر داخست، چونکە قەشەکە ئامادە نەبوو کەنیسەکەی دابخات، چاوەڕێی “زیندوو بونەوەی” عیسای دەکرد، لەگەڵ بڵاوبونەوەی کۆرۆنا، کۆمەڵێک لە مەلا ئاینیەکان و شێخەکان و زانایانی فەتوادەر، (کورۆنایان وەک سەربازێکی خوا ناساند. (وما یعلم جنود ربک الا هو)، هانی خەڵکە هەژارەکەیان دەدا کە سەردانی مەزارگاکان بکەن، بۆ نمونە لە یادی ئیمام موسای کازمدا، خەڵکیکی زۆر کۆبونەوە بە نێو بازاردا و سەردانیان دەکرد، وەهایان بڵاودەکردەوە کە سەر گۆڕێ ئیمام موسای کازم خاوێنە و ئەگەر کەسێک بەو پەتایە بمرێت ئەوا شەهیدە. لە کوردستانی عیراقیش، لەسەرەتای شوباتدا، فەتوا درا کە کۆبونەوەی موسڵمانان لە نوێژی هەینی دا، ناىێتە هۆی بڵاوبونەوەی زیاتری پەتاکە، ئەگەر بشمرێت ئەوا شەهیدە، (خۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پانزەیەم کاتێک یەهودییەکان بەکۆمەڵ دەمردن لە کەمپەکاندا لە مەغریب). ئەم “سەربازی خودا و نەفرەت و بەڵا و تۆڵەکردنەوە”یە، بە جۆرێک لەهەموو دینەکاندا خۆی لە فۆرمی ئەم نەخۆشیەدا دەرخستەوە، هۆکاری بنەرەتی ئەم پەیوەندییە چییە؟

عەبدوڵا ساڵح: بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ت سه‌ره‌تا ده‌بێ بڵێم كه ئاینه‌ “ئاسمانیه”‌كان، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن كتێبن، له‌وانه‌ش كتێبی زه‌بوره‌ بۆ داود‌، ته‌ورات‌ بۆ موسا‌، ئینجیل‌ بۆ عیسا و قورئان‌ بۆ محه‌مه‌د، هه‌مویان كۆپی یه‌كترن، ته‌نیا به‌ده‌ستكاریه‌كه‌وه‌ نه‌بێ كه‌ له‌گه‌ڵ بارو دۆخی ئابوری سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كتێبه‌كه‌ی تێدا هاتۆته‌ خواره‌وه، هه‌روه‌ها‌ له‌گه‌ڵ شوێنی هاتنه‌خواره‌وه‌كه‌، واتا ناوچه‌ جوگرافیه‌كه‌، بگونجێ. په‌یڕه‌وانی ئه‌م چوار كتێبه‌، وه‌ك نمونه‌، هه‌مویان باوه‌ڕیان وایه‌ له‌ته‌ره‌ف (خوڵقێنه‌رێكه‌وه‌) هاتونه‌ خواره‌وه‌ كه‌ هه‌رچی له‌و گه‌ردونه‌دا هه‌یه‌ و ده‌گوزه‌ری هه‌مووی له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌یه‌ و ده‌ستكرد و ئیراده‌ی ئه‌وه‌‌.‌
ئه‌رك و فه‌رمانه‌كانیش كه‌ تێیاندا هاتوون زۆر له‌یه‌كده‌چن، بۆ نمونه‌، له‌هه‌ر چوار كتێبه‌كه‌دا نوێژ هه‌یه‌، ڕۆژو هه‌یه‌، حه‌ج هه‌یه‌، شوێنی پیرۆز و په‌رستگا هه‌یه، چیرۆكی زوربه‌ی په‌یامبه‌ران لەهەر چواریاندا هاتوه، بۆ نمونه‌ ئاده‌م و حه‌وا، هاتنه‌وه‌ی محه‌ممه‌دی مه‌هدی له‌ “ئاخیر زه‌ماندا” وه‌ك شیعه‌كان باوه‌ڕیان پێیه‌تی گوایه‌ نه‌مردوه‌ په‌یدا ده‌بێته‌وه‌ و له‌لای مه‌سیحیه‌كانیش په‌یدابوونه‌وه‌ی عیسا. باوه‌ڕێكی تر لای هه‌موو په‌یڕه‌وانی ئه‌و چوار كتێبه‌ هه‌یه‌ كه‌ قه‌ده‌ریه‌ته، “مشيئة الله” واته‌ ویستی خوا، شتێك یا ڕوداوێك یا كاره‌ساتێك یا هه‌رچی له‌ وورده‌كاری ژیانی هه‌ر بونه‌وه‌رێكدا له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌ویه‌ و ئه‌م گه‌ردونه‌ به‌گشتی ڕوده‌دا، ئه‌وا له‌ته‌ره‌ف ئه‌و خوڵقێنه‌ره‌وه‌یه و پێشتر له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه ‌و له‌ سه‌ر بۆردێك نوسراوه‌، وه‌ك له‌ قورئاندا هاتوه‌،‌ پێی ده‌ووترێ “لوح المحفوظ” و هیچ فرسه‌تێك نیه‌ بۆ خۆپاراستن یا ده‌ربازبوون لێی، هه‌ربۆیه‌ هیچ نامۆ نیه‌ كه‌ هه‌لوێستی په‌یڕه‌وانی ئه‌و ئایینانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌یه‌ك بچن. لێره‌دا، له‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌دا من فۆكۆس ده‌كه‌مه‌ سه‌ر ئیسلام و سه‌ر كتێبه‌كه‌ی كه‌ قورئانه.
قورئان كتێبێكی پڕاوپڕه‌ له‌ ده‌سته‌واژه‌ و هه‌ڵوێستی دژه‌ یه‌كتر،‌ چونكه‌ ‌هه‌ر له‌ناو ده‌قه‌كانی خۆیدا به‌ سه‌دان ووته‌ و فه‌رمانی پێچه‌وانه‌ به‌یه‌كی تێدایه‌، من نامه‌وی چه‌ندین نمونه‌ له‌و جۆره‌ فه‌رمانه‌ پێچه‌وانانه‌ بێنمه‌وه‌ و بچمه‌ ناو زۆرێك له‌و وورده‌كاریانه‌وه‌، به‌ڵكو تیشك ده‌خه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی موسڵمانان ‌ ده‌ریانبڕیوه‌ به‌رامبه‌ر وه‌بای كۆرۆنا و چۆن له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ده‌قه‌ دژ به‌یه‌كانه‌ ئه‌وان بوون‌ به‌ دوو به‌ش و دوو هه‌ڵوێستی جیاوازیان گرتۆته‌ به‌ر.
یه‌كه‌میان- ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆ له‌ پرسیاره‌كه‌تدا باسی ده‌كه‌ی. سه‌ره‌تا با بێینه‌ سه‌ر هه‌ندێك لۆژیك كه‌‌ ڕۆژانه‌ له‌ سه‌ر زمانی كه‌سانی موسوڵمانه‌ وه‌ك: (هه‌رچی خوا نه‌یكا نابێ، كاری خوایه‌ و ڕازین پێی، هه‌رچی له‌ چاره‌نووس نوسرابێ ده‌بێ بێته‌ دی، كه‌ ئه‌جه‌لت هات ده‌بێ بڕۆی به‌ده‌ست خۆت نیه ‌و خوا له‌ چاره‌ی نوسیوی، مردن حه‌قه‌ و ناتوانین لێی ڕاكه‌ین، كه‌ی ڕۆژمان ته‌واو بوو ده‌مرین و خوا هۆكارێكمان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێ)، و زۆرێكی تریش له‌و‌ فاكته‌ نه‌گۆڕانه‌ی موسوڵمانان باوه‌ڕیان پێیه‌تی. ئه‌و لۆژیك و فاكتانه‌ له‌ خۆڕا نه‌هاتوون به‌ڵكو ئایه‌تی قورئان پشتڕاستیانده‌كاته‌وه‌، بۆ نموونه‌ له‌ سوڕه‌تی ته‌وبه‌ ئایه‌تی 51 دا ده‌ڵێ (قُل لَّن يُصِيبَنَا إِلَّا مَا كَتَبَ اللَّهُ لَنَا هُوَ مَوْلَانَا ۚ وَعَلَى اللَّهِ فَلْيَتَوَكَّلِ الْمُؤْمِنُونَ) واته‌ (ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر بڵێ هیچ شتێكمان تووش نابێ جگه‌ له‌وه‌ی خوا له‌ چاره‌ی نوسیوین، هه‌ر خۆی سه‌ردار و گه‌وره‌مانه‌ و با ئیمانداره‌كان پشت به‌ خوا ببه‌ستن) به‌ واتایه‌كی تر هه‌ر له‌ ڕۆژی له‌دایكبوونته‌وه‌ هه‌رچی به‌سه‌رت بێ، چاك یا خراپ، خۆشی یا ناخۆشی، ده‌رد و به‌ڵا و موسیبه‌ت، له‌وانه‌ش په‌تای كۆرۆنا، نه‌داری و هه‌ژاری، دارایی و سه‌روه‌توسامان له‌ له‌وحی مه‌حفوزدا له‌ چاره‌ت نوسراوه‌ ئیتر پێویست به‌ ڕاكردن و خۆلادان ناكا له‌ به‌ری.
ده‌رباره‌ی مردنیش له‌ سوره‌تی ئه‌لئه‌عراف ئایه‌تی 34 دا ده‌ڵێ: (فإذا جاءَ أجَلهم لا يستأخرونَ ولا يَستَقدمون) واته‌ (هه‌ركاتێك نۆبه‌ی مردنیان هات، ئه‌و نۆبه‌یه‌ نه‌ دوا ده‌كه‌وی و نه‌ پێشده‌كه‌وی و له‌و كاته‌ی بۆیان دیاری كراوه‌ ده‌مرن). كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر بۆت نوسرابێ به‌ كۆرۆنا بمری ئه‌وا دڵنیابه‌ هیچ شتێك فریات ناكه‌وێ!
له‌‌ ئایه‌تێكی تریشدا بۆت ڕوونده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێ چ هه‌ڵوێسێك بگریته‌به‌ر له ‌بارودۆخێكی ئاوادا وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا مرۆڤایه‌تی به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنی كه‌ ده‌ڵێ: (وأُفوضُ أمري إلى الله إن الله بَصيرٌ بالعِباد- سورة غافر الآية 44) واته‌ (خۆم و چاره‌نوسم ده‌ده‌مه‌ ده‌ست خوا، ئه‌و بۆ خۆی له‌به‌رامبه‌ر به‌نده‌كانیدا چاوی كراوه‌یه‌ و ده‌یان بینێ).
به‌ گوێره‌ی ئه‌و چه‌ند ئایه‌ته‌ی سه‌ره‌وه‌‌ بێت، نابێ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان پێیه‌تی گوێ بۆ هیچ فه‌رمان و ڕێنوێنیه‌كی تر شل بكه‌ن، چونكه‌ قورئان كتومت هه‌موی بۆ ڕوونكردونه‌ته‌وه‌ و ڕێره‌و و ڕێباز وهه‌لوێسته‌ دروسته‌كه‌ی بۆ دیاری كردون كه‌ ده‌بێ چی بكه‌ن. به‌ گوێره‌ی ئه‌و تێڕوانینه‌، مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی بێ ئیراده‌یه‌ و چاره‌نوسی له‌ شوێنێكی كه‌ دیاریكراوه‌.
دوه‌ومیان- با بزانین هه‌ر هه‌مان قورئان دژ به‌ په‌یام وهه‌ڵوێستی یه‌كه‌م چ دژه‌ هه‌ڵوێستێكمان ده‌خاته‌ به‌ر ده‌م. له‌ سوره‌تی به‌قه‌ڕه‌ ئایه‌تی 195 دا ده‌ڵێ: (لا تَلقوا بأيديكم الى التَهلُكَة) واته‌ (به‌ده‌ستی خۆتان خۆ فڕێمه‌ده‌نه‌ ناو شوێنێك كه‌‌ بزانن تێدا ده‌چن، ده‌فه‌وتێن!!) واته‌ كه‌ ده‌زانی كۆرۆنا به‌ره‌و مردنت ده‌با خۆتی لێبپارێزه‌!
هه‌ر بۆ خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا ڕێبازی ترمان ده‌خاته‌ به‌رده‌م كه‌ ئه‌ویش نزا و پاڕانه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێ: (خوا ووتویه‌تی لێم بپاڕێنه‌وه‌ نزاو پارانه‌وه‌كانتان وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه)‌، وه‌ك له‌ سوره‌تی غافر ئایه‌تی 60 دا هاتوه‌: (وقالَ رَبُكُم أدعوني أستَجيبُ لكم)، یا له‌ ئیه‌تێكی تردا ده‌ڵێ: (وإذا سألكَ عِبادي عَني فإني قَريبٌ أجيبُ دَعوةَ الداعي إذا دَعان- سوره‌تی به‌قه‌ره‌ ئایه‌تی 186)، واته‌ (ئه‌ی پێغه‌مبه‌رئه‌گه‌ر به‌نده‌كانم پرسیاریان ده‌رباره‌ی من لێكردی، ئه‌وا من نزیكم وه‌ڵامی نزاو پاڕانه‌وه‌یان‌ ده‌ده‌مه‌وه‌ ئه‌گه‌ر داوام لێبكه‌ن).
لۆژیكێكی تر بۆ خۆپاراستن په‌نابردنه‌ به‌ر “ڕه‌حمه‌ت”ی خوا، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێ : (لَا تَقْنَطُوا مِن رَّحْمَةِ اللَّهِ – سوره‌تی زوممه‌ر ئایه‌تی 53 ) واته‌ (له‌ ڕه‌حمی خوا نائومێد مه‌بن) داوا لا خوا بكه‌ن ڕه‌حمتان پێبكا و له‌و به‌ڵایه‌ بتانپارێزێ و زۆر ئایه‌تی تریش له‌و باره‌وه‌.
پرسیاره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌؛ به‌گوێره‌ی ئه‌و ده‌قه‌ قورئانیانه‌ موسوڵمانان ده‌بێ په‌یڕه‌وی له‌ كام بژارده‌ بكه‌ن؟ له‌ بژارده‌ی یه‌كه‌میان كه‌ قه‌ده‌ر بۆی ‌نوسیون له‌ له‌وحی مه‌حفوزدا‌ به‌ڵای كۆرۆنا دێ و ته‌ڕووشك پێكه‌وه‌ ده‌سوتێنێ و كاره‌ساتێكه‌ هه‌ر ده‌بێ ببێ و ڕوبدا موسوڵمانانیش با خۆیان بده‌نه‌ ده‌ست خوا!
یا له‌ بژارده‌ی دووه‌میان، كه‌ دروست ڕێبازێكی پێچه‌وانه‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئه‌ویش به‌كار هێنانی هۆشه‌ كه‌ كاتێك سوور بزانی به‌ره‌و فه‌وتان ده‌چی كه‌واته‌ مه‌چۆ! و په‌نا به‌ره‌ به‌ر نزاو پاڕانه‌وه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌و به‌ڵایه‌ لات بداو بڕیاره‌كه‌ له‌ له‌وحی مه‌حفوزدا بكوژێندرێته‌وه‌!
ئایینی ئیسلام، وه‌ك هه‌موو ئه‌و ئایینانه‌ی تر، یه‌ك پاكێجه‌، گوایه‌ هه‌موو شتێكی تێدا باسكراوه‌ بۆیه‌ هیچ فرسه‌ت و مه‌جالێك ناهێڵێته‌وه‌ بۆ بیر كردنه‌وه‌، مرۆڤ پێویست ناكا خۆی ماندووبكا، له‌سه‌ر هه‌موو بابه‌تێك و گرتنه‌ به‌ری هه‌ر كردار وهه‌ڵوێستێك پێویسته‌ بگه‌ڕێته‌وه‌‌ بۆ قورئان، خۆ ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ له‌ قورئاندا نه‌بوو بگه‌ڕێته‌وه‌‌ بو ووته‌كانی په‌یامبه‌ر (حه‌دیس)، حه‌دیسیش به‌گوێره‌ی ووته‌ی شاره‌زایانی ئیسلام زۆرێكی هه‌ڵبه‌ستراوه‌.
لێره‌دا هه‌ردووك هه‌ڵوێست پشت به‌ یه‌ك كتێب ده‌به‌ستن كه‌ ووته‌كانی له‌ یه‌ك سه‌رچاوه‌وه‌ هاتوون ، ئه‌م دژه‌ ده‌سته‌واژانه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هاتنی ئایینی ئیسلام شه‌ڕ و كوشتار و ماڵوێرانی و كاره‌ساتی زۆرگه‌وره‌یان لێپاشه‌كه‌وت بووه‌ كه‌ دانیشتوانی ووڵاتانی ناسراو به‌ ئیسلامی و ته‌نانه‌ت غه‌یره‌ ئیسلامیش باجه‌كه‌یان داوه‌، كرده‌وه‌كانی جمهوری ئیسلامی ئێران و داعش وه‌ك دوو نمونه‌ی نزیك.
٢٤-٤-٢٠٢٠

• بەستەری نەخۆشی، تەکنۆلۆژیا و سیاسەتی تەندروستی

پرسیار: دۆناڵد ترامپ، دەوڵەتی چینی تاوانبار کرد بە بڵاوکردنەوەی فایرۆسی کۆرۆنا/ سارسی ٢، بڵاوبونەوەی پەتای کۆڤیدی ١٩ . چین تۆمەتی گوستنەوەی فایرۆسەکەی گەڕاندەوە بۆ تیمە سەربازییەکانی ئەمەریکا کە سەردانی شاری وەهانیان کردوە و لەوێ ماونەتەوە … بەپێی لیکۆڵینەوە زانستیەکان و دکتۆرەکان بێت، ڤایرۆسەکە لە بازاڕیکی خۆماڵیەوە سەری هەڵداوە کە گۆشتی شەمشەمە کوێرەی تیا فرۆشراوە لە ناوەڕاستی مانگی (١٢/٢٠١٩)ەوە، تا ئەوە بوو بەجهیاندا بڵاوبوەوە. لە ڕاستیدا ساڵی پار تیمە پزیشکەکانی چین هەر لە هەمان شار لەمانگی ٣ دا ڕاپۆرتێکی زانستیان لە مەترسی بڵاوبونەوەی فایرۆسێکی لەو بابەتە و توشوبنی ئینسانیەتی لەو نەخۆشیە بڵاوکردبوەوە. ئێستاش هەیە لە ئەرشیفدا ماوە. بەشێکی تر لە دکتۆرەکان لەکۆبونەوەکانی ڕێکخراوەی تەندروستی جهیانی سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان هۆشدارییان دابوو بە (پەتای ئیکس /ناویان بردبوو) کە بە ئەگەری زۆر بڵاودەبێتەوە ئەگەر ڕێوشوێنە پێویستیە تەندروستیەکان نەگیررێتە بەر، تۆ ئەم سیناریۆیانە چۆن لێدەدەیتەوە؟
شیرین عەبدوڵا: ئەم سیناریۆیانەی ئەمریکا و چین کە هەر یەکەیان تۆمەت دەخاتە پاڵ ئەوی تر لە ڕاستیدا ڕاکردنە لە واقیعەتەی کە بۆیان دروست کردوین، وەڵام دانەوە بەو پرسیار و نیگەرانیانەی خەڵک بەرامبەر دەسەڵاتەکانیان لە ڕوبە ڕوبونەوەی ئەم پەتایەدا بەشێکن لەو مەئەساتانەی کە (٧.٣) ملیار بەشەر بە دەستیانەوە ئەناڵێنێت. ئایا ڤایرۆسەکە دروست کراوی چینە یان ئەمریکا ئەوە بۆ ئێمە هیچ لەوە ناگۆڕێت کە وەکو سەربازی بێ چەک کتوپر خراوینەتە ڕیزی پێشەوەی ڕوبە ڕووبونەوە لەگەل نەخۆشیەکی کوشندەدا کە زانیاری زۆرمان نیە لەسەری وەڕێنماییەکانی پێمان دەدرێن ناڕۆشن و سەر لێ شێوێنەرن وە خستونیەتە بەردەم مەترسی داهاتویەکی ئابوری تاریک و ترسناک. هەر وەک ئێوە ئیشارەتتان پێدا لایەنە پزیشکیەکان بروایان وایە ڤایرۆسەکە لە پرۆسەیەکی سروشتیدا دروست بوە و ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکان و زانایانی تەندروستی گشتی لە ڕۆژی (١٩-٢-٢٠٢٠) لە گۆڤاری لانسیتی بریتانی کە یەکێکە لە گۆڤارە بەناوبانگە پزیشکیەکانە نامەیەکی پشتیوانیان بڵاوکردەوە بۆ پزیشکان و زانایانی چین کە پێ دادەگرن لەسەر سەرچاوەی سروشتی ڤایرۆسەکە و نیگەرانیان دەربڕی کە ئەم جۆرە پروپاگەندانە بێجگە لە دروست کرنی ترس و بێ متمانەیی دەبنە ڕێگرێک لە بەرامبەر هەوڵە جیهانیەکانمان بۆ کۆنترۆڵ کردنی پەتاکە. ڕاپۆرت و بەڵگە زانستیەکانیش کە ئەمە دەسەلمێنێت هەیە و بە ئاسانی دەست دەکەوێت. بەڵام هۆکارەکانی سەر هەڵدانی ئەم ڤایرۆسە و چەندین کارەساتی سروشتی ترچیە ئەمە شوێنی پرسیارە و ئێستا ئەوە ئاشکرایە کە تێکدانی بێ سنوری ژینگە و سروشت بۆ ڕاو و بازرگانی بە مەبەستی قازانج لە سستەمی سەرمایەداری نیولیبرالیدا بەشەریەتی خستۆتە ژێر مەترسی توش بون بە ڤایرۆسە ئاژەلیەکان کە ئەمە دەلیلی بێ بایەخی تەواوی ئەم سیستمەیە نەک هەر بە ژیان و باشبژێوی دانیشتوانی سەر زەوی بەڵکو بە ژینگە و سروشتیش و درک پێ نەکردنیەتی و بەڵکو بێ باکیشیەتی بە زیانەکانی ئەم جۆرە پراتیکانە.
https://www.thelancet.com/journals/lancet/article/PIIS0140-6736(20)30418-9/fulltext

پرسیار: ئایا سیاسەتی تەندروستی جهانی کەمتەرخەمە؟

شیرین عەبدوڵا: لە ٣١ دیسەمبر ٢٠١٩ چین هەوالی “چەند کەیسێکی التهابی قورسی سنگ لە ووهان” ی بە رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕاگەیاند کە دواتر ناسرا بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تازە. لە (١١-٣-٢٠٢٠)دا حالەتی پاندەمیک- پەتای جیهانی- راگەیاندرا … هەتاکو ئیستا کە زیاتر لە (٤) مانگە زیاد لە (٢٦٠٠٠٠) کەسی کوشتوە و (٣.٨) ملیون توش بوە، ئەمە دەکرا وا نەبێت.
بێ گۆمان سیاسەتی تەندروستی وولاتەکان کەم تەرخەمن و دەنگی نارەزایەتی بەرامبەریان لە جیهاندا بەرز بۆتەوە.
پێش ئەوەی بێمە سەرچۆنێتی مامەڵە کردنی ووڵاتەکان لە گەڵ کۆرۆنا ئەمەوێت ڕوونی کەمەوە کە زۆربەی ولاتانی جیهان لە بناغەدا ئامادە نەبون بۆ ئەمە و یەکێک لە هۆ سەرەکیەکانی ئەوەیە کە سیستەمی تەندروستی و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی گشتیان یەکجار لاواز و بایەخ پێ نەدراوە. لەگەڵ ئەوەدا کە سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تيدروس گيبريسوس لە کۆنگرەی ئاستانادا (٢٠١٨) رای گەیاند کە نیوەی ئەو (٧.٣) ملیارەی دانیشتوانی زەوی دەستی ڕاناگات بە خزمەت گوزاری تەندروستی بناغەیی لەوانە نەخۆشی گوازراوە و نەگوازراوەکان و تەندروستی مناڵان و دایکایەتی و مناڵ بون و تەندروستی جنسی و دەروونی وهتد … نەک هەر ئەمە بەڵکو لەم ساڵانەی ڕابوردودا دەبینین لە زۆر وولاتی دنیادا کە تا ڕادەیەک ئەم خزمەت گوزاریانەی تیایە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بەردەوام هێرشی کراوەتە سەری و لاواز کراوە بە بەهێز کردنی کەرتی تایبەت و هێنانە ناوەوەی بازار و قازانج و کەمکردنەوەی ڕۆڵ و بەرپرسیەتی دەوڵەت لە دابین کردنی ئەم پێداویستیە سەرەکیانەی کۆمەڵگا. ئەمە وای کردوە کە سیستەمە گشتییەکان زیاتر و زیاتر لاواز بن و توانای بەرگەگرتنی هیچ جۆرە شۆکێکی لەم بابەتەیان نەبێت. زانا و شارەزا تەندروستیەکان زەنگی ئەم مەترسیەیان لێ داوە و هاوارەکانیان پشت گوێ خراوە.
بۆ نمونە لە (٢٠١٤) دا دوو دکتۆری شارەزا لە تەندروستی کۆمەڵدا لە بریتانیا ئاماژەیان بەوەدا کە پاندەمیکی داهاتو ڕووی دا (نەک ئەگەر) کە لەوانەیە ئەنفلوەنزای تەیر بێت یان شتێکی کە تەنها چەند هەفتەیەکمان بە دەستەوە دەبێت، ئەمە مانای وایە پاندەمیک لە لیستی سەرەوەی مەترسیەکاندا بوە لە ولاتەکەدا، وە ئەم دکتۆرانە تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە چاکسازیەکانی دەوڵەتی (٢٠١٢) ی سیستەمی تەندروستی گشتی بریتانیا ئەم مەترسیەی زۆر زیاتر کردوە. سیستەمی تەندروستی بریتانیا بە یەکێک لە سەرکەوتوترین سیستەمەکانی ووڵاتە پێشکەوتوەکان ناسراوە کە بە خۆڕاییە بۆ هەموو دانیشتوانی وڵاتەکە. لە ماوەی (٣٠) ساڵی ڕابوردودا حکومەتە جۆراوجۆرەکانی بریتانیا هێرشێکی توند و بەردەوامیان کردۆتە سەر ئەم سیستەمە بە مەبەستی بە بازاڕکردنی و دەرهێنانی وردە وردەی لەدەست کەرتی گشتی بۆ کەرتی تایبەت و چنینەوەی قازانج. ئەوە بو چەندین خزمەت گوزاری تەندروستی داخران وە یان کەم کرانەوە و ژمارەیەکی زۆر لە کرێکار و کار بە دەستەکانی دەرکراون و ئەم هێرشە نەک تەنها کەرتی تەندروستی بەڵکو هەمو خزمەت گوزاریە گشتیەکانی وەکو خوێندن و هاتو چۆ خزمەت گوزاریە کۆمەڵایەتیەکان و سیستەمی بەنەفیت و خانو بەرە و…هتد گرتۆتەوە بە ڕادەیەک کە ڕێژەی هەژاری لە وڵاتەکەدا یەک جار زیادی کردوە و بۆتە کێشەیەک بۆ ڕێکخراوە خێەرخوازیەکان کە خۆشیان بە هەمان شێوە ئەم ‌پرۆسەیە گرتونیەتەوە. ئەم واقیعەتانە زۆر بە جوانی لە فلیمی (ئای دانیەل بلەیک)ی دەرهێنەری سۆشیالیست (کێن ڵۆخ)دا ئاشکرا کراوە.
هاتنی کۆرۆنا:
کەواتە کەم تەرخەمیەکان لە ئێستادا دەستی پێ نەکردوە و درێژ خایەنە و ئەم سیستەمە خۆی بەشێکە لە کارەساتەکە. لە گەل سەر هەڵدانی کۆرۆنادا ئەم کەم تەرخەمیانە یەک جار زەق بونەوە نەک هەر لە بریتانیا بەڵکو لە زۆر لە ووڵاتانی بە ناو پێشکەوتو.
هەر وەک دەزانن رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە (٣٠-١-٢٠٢٠) حاڵەتی تەندروستی گشتی بە پەلەی ڕاگەیاند لە سەر تا سەری جیهاندا و پێشتر لە (١٠-١-٢٠٢٠) دا پاکەجێکی ڕێنمایی بۆ هەمو وولاتەکان ڕاگەیاند بە پێی ئەو زانیاریانەی لەو کاتەدا هەبون لە سەر نەخۆشیەکە. ئەو ڕەخنانەی بە گشتی لە ووڵاتەکان هەیە ئەمانەن:

  • دەبینین لەباتی کارکردی هاوئاهەنگ لەگەڵ یەکا بۆ لەناو بردنی نەخۆشیەکە وڵاتانی جیهان بەفردی و تێروانینێکی ناسیۆنالیستانەی بەر تەسک مامەڵە دەکەن.
  • پلانەکانیان خاووخلیچکی و بێبایەخی پێوە دیارە بە پشت گوێ خستنی پرۆسەی تێستا وبە دوادا چونی کەیسەکان و پەیوەندیەکانیان و ڕانەگرتنی خێرای کۆبونەوە گشتیەکان وەک مراسیمی ئاینی و وەرزشی و ئاهەنگ و کۆڕ و کۆبونەوە گەورە کۆمەلایەتیەکان و دانە خستنی سنورەکان و کارەنتینە نەکردنی هاتوانی وڵاتەکان و کار نەکردنی خێرا بۆ دابین کردنی پێداویستی خۆپاراستن لە ماسک و دەست کێش و ئامێرە تەندروستیەکان (کە دەکرا زۆربەی وڵاتان لە ناو خۆدا دروستی بکەن، یان ئەو زەخیرە ئامێرانەی لە مەخزەنەکاندا تەرخان کراوە بۆ سوپا بەکار بهاتایە!). مانگەکانی ٢ و٣ فرسەتێکی یەکجار گرنگ بو کە دەبوا ووڵاتەکان بەکاریان بهێنایە بۆ خۆ ئامادە کردن بۆ ئەو پەتایەی کە ڕۆژ بە ڕۆژتەشەنەی دەکرد بە بەرچاوماندا.
  • بییر نەکردنەوە لە چینە پشت گوێ خراوەکانی کۆمەڵگە وەک پەناهەندە و زیندانی و بێ خانە و لانەکان و دانیشتوانی کەمپەکان وماڵەکانی پەک کەوتەکان…
  • ژنان وقوربانیانی توندو تیژی خانەوادەیی لە پلانەکاندا نەبون ئەوەبو دەنگی نارەزایەتی ڕێکخراوەکانی ژنان لە زۆربەی وڵاتانەوە بەرز بوەوە بە هۆی زیاد بونی توندوتیژی ئەوانەی کە لە کەرەنتینەن لەگەڵ هاوسەرەکانیاندا و دەست رانەگەیشتنیان بە خزمەت گۆزاریەکان و قورسی پەیوەندیەکان.
  • زۆربەی وڵاتان سیاسەتی بەرگری مێگەل (مناعة القطیع -Herd immunity) یان پیادەکرد کە ڕەخنەیەکی زۆری هاتە سەر لە لایەن شارەزایانی تەندروستی و کۆمەڵایەتیەوە کە سیاسەتێکی شیاونیە. هەندێک وڵات لەمە پاشەکشەیان کرد بەڵام هێشتا سیاسەتەکانیان لە باشترین حالەتدا ناڕۆشن و سەرلێشێوانی دروست کرد لای خەڵک.
  • کرێکارانی کارە بناغەییەکان وەک: کارمەندانی تەندروستی و گواستنەوە و رێگەوبان و پۆست و کرێکارانی شارەوانی و ئەوانەی لە سوپەرمارکیتەکان و لە ئامادەکرن و پاکێجکردنی خواردن کار دەکەن … و رینماییەکانی لە ماڵەوە مانەوە نایانگرێتەوە. لەبەر ئەوە ئەمانە زۆرترین ڕێژەی ئەگەری توشبونیان بە نەخۆشیەکە هەیە. لەگەل ئەمەشدا دەبینین وڵاتەکان کەم تەرخەمیەکی یەک جار زۆریان بەرامبەر ئەم گروپانە کردووە بە تایبەتی لە دابین نەکردنی پێداویستیەکانی خۆ پاراستن لە توش بون بە کۆرۆنا و ناڕۆشنی ئامۆژگاریەکان ئەوەتا دەبینین ژمارەیەکی بەرچاو لە ستافی تەندروستی و رێگەوبان و کرێکاری تری ئەم کارە بناغەییانە گینایان لە دەست داوە و گیان لە دەست ئەدەن. ئەمە لە کاتێک دایە کە لە سەرتاسەری جیهاندا نوقسانیەکی یەکجار زۆر هەیە لە ستافی خزمەت گۆزاری بەتایبەتی لە کەرتی تەندروستیدا بە پێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی.
  • پاکێجی یارمەتیە ئابوریەکان ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران ناگرێتەوە و ئەمانە هیچ زەمانەتێکی ئابوریان نیە لە بەر ئەوە لەکاتی توشبونی خۆیان یان ئەندامانی خانەوادەیان بە نەخۆشیەکە بە ئاسانی ناتوانن دەست لە کار هەڵگرن و لە ماڵەوە دانیشن. ئەمە بۆتە رێگرێک لەبەردەم کۆنترۆل کردنی بلاو بونەوەی ڤایرۆسەکە. ئەمە جگە لەوەی کە ووڵاتانێک وەکو عیراق هیچ یارمەتیەکی ئابوریشی دانەناوە.

    پرسیار: تێبینییەکی گرنگت هەیە لەسەر ئەو ڕێوشوێنانەی دەوڵەتان گرتویانەتە بەر بۆ بەرتەسککردنەوەی پەتاکە؟ ئایا مۆدیلی چینیت پێ سەرکەتوو بوو یان سویدی؟ کۆریات لەگەڵ ئەمەریکا پێ چۆن بوو؟ ئایا بۆچی ئیتالیا سیستەمی تەندروستیەکەکەی لەتەواوی ئەوروپا پەککەوتەتر بوو؟

    شیرین عەبدوڵا: بەراورد کردنی راستەوخۆی وڵاتەکان و کاریگەری پەتاکە لەسەریان کارێکی راستەوخۆ نیە وە هەر وڵاتە و سیستەمێکی جیاوازی هەیە بۆ تۆمار کردنی کەیسەکان. بەڵام چەند نمونەیەکی سەرکەوتو هەیە لە جیهانداکە ئومێد بەخشە و نیشان دەدەن کە کارکردنی بە پەلە و هاوئاهەنگ دەتوانێت تارادەیەکی زۆر بەر بە ڤایرۆسەکە بگرێت وە لانی کەم لە خراپترین نتیجە بمانپارێزێت بۆ نمونە کۆریای باشوور کە زۆر بە چڕی تێست و بە دواداچونی کرد وەیان المانیا کە بە پەلە ڕێژەی تێستیان زیاد کرد و نیوزیلەندە بە هەمان شێوە ستراتیژی لە ناو بردنی پیادە کرد. بە پێچەوانەی ئەمانەوە دەبینین وولاتانی ئەمریکا و بریتانیا و برازیل بۆ نمونە بە جولانەوەی خاوەخاو و ناڕۆشنی و سەرلێشێواوی ئامۆژگاریەکانیان و ڕاکێشانی پەنجەی تۆمەت بۆ ئەم و ئەو و بیرکردنەوەی تەسک لە سنوری جۆگرافیای وڵاتەکاندا بۆ مەبەستی ناوخۆیی لەباتی هاوئاهەنگی لەسەر ئاستی جیهان بوە هۆی ڕێژەیەکی یەکجار زۆر لە تووش بوان و مردنیش. ئەم جۆرە بێ بایەخی و کەم تەرخەمیەی وولاتەکان بۆتە شوێنی نارەزایەتیەکی بەرفراوانی خەلک و ڕۆڵی دەوڵەتەکانی جیهان لە پاراستنی بەرژەوەندی هاوولاتیانیانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە.

پرسیار: بەدڵنییاییەوە، هەرکەس ولایەن وگروپ وحزبێکی سیاسی جددی پاش کۆرۆنا دەبێت پرۆژەیەکی گرنگی سیاسەتی تەندروستی گشتی لە بەرنامەکەیدا بگونجێنێت؟ ئاڵوگۆڕێکی گرنگ بەسەرسەرجەم جومگەکانی سیستەمی تەندروستی وڵاتدا بێت؟ لە ڕوانگەی تۆ چ بەرنامە وپرۆژەو ستاندەردیکی زانستی پیویستە بۆ کۆمەڵگای ئەمڕۆ؟

شیرین عەبدوڵا: بە رای من ئەم پەتایە دوو کێشەی ئەمڕۆی خستە ڕوو کە مرۆڤایەتی گەیشتۆتە شوێنێک کە چارەسەرکردنیان بۆتە پێداویستیەک قابیلی دواکەوتن نیە. یەکەمیان نایەکسانیە و دووەم نەبونی خزمەت گوزاری تەندروستی گشتی بۆ هەموان وە بە خۆڕایی.
کۆرۆنا کێشەی ئەو بەشانەی کۆمەڵی زەق کردەوە کە دەسەڵاتداران نایانبیستن و نایابینن و لە پلانە ئابوری و کۆمەلایەتی و سیاسیەکانیاندا حیسابیان بۆ ناکەن. کۆرۆنا هەمو جیهانی بە ئاگاهێنایەوە کە نایەکسانیەکی خەیاڵی دەورو بەری داوین. (کۆڤید-١٩) چالەنجێکی بایۆلۆجیە کە جگە لە باری فیزیکی و دەرونی ئاکامەکانی کۆمەلایەتی و ئابوری و درێژ خایەنن. دەتوانم بڵێم کە بە لێکۆڵینەوە لە بایۆگرافی توشبوەکاندا و ئەو گروپانەی کەزیاترین زیانیان پێ گەیشتوە ڕێگای چارەسەر و بەرگرتن بە پەتا و کارەساتی تری لەم جۆرە مان بۆ دەردەکەوێت.
ماڵپەری بی بی سی نیوز رۆژی (٨-٥-٢٠٢٠) دەڵێت کە دانیشتوانی ناوچە هەژارەکان دووقات ئەگەری مردنیان بە کۆرۆنا هەیە (٥٥/١٠٠٠٠٠) وەک لە ناوچە دەولەمەندەکان (٢٥/١٠٠٠٠٠).
هەچ پرۆژەیەکی تەندروستی گشتی کاتێک دەتوانێت خزمەت بە کۆمەلگا بکات کە هەمو توێژەکانی کۆمەڵ بە خۆڕایی و بە بێ هیچ جیاوازیەک دەستیان پیا ڕابگات.
ئەوەی کە پێویستە لە هەمو وڵاتەکاندا سیستەمێکی تەندروستی و چاودێری کۆمەڵایەتی گشتی یە بە ستانداردێکی بەرز لە فێرکرکردن و راهێنان و ئامراز و دەزگای کواڵیتی بەرز و بە هەلومەرجی کارکردن و موچەیەکی باش بژێوی شایستە بۆ هەمو کارمەندان کە بتوانێت خزمەتگوزاریەکان پێشکەش بە کۆمەڵ بکات بە یەکسانی و بە بێ جیاوازی و پارێزراو بێت لە دەست تێوەردانی کەرتی تایبەت و بازاڕ و سیاسەتە ئابوریە نیولیبرالیەکان.
٩-٥-٢٠٢٠
-*
• بەستەری پەتای کوڕۆنا و زیادبونی توندوتیژی دژ بە ژنان

پرسیار: (رین بنت محمد هارون)، وەزیری خێزان و کاروباری پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی مالیزی لە تویتەر و فەیسبوک و ئیستگرام بە بۆنەی کەرەنتینەوە ئامۆژگاریەکی لە سەرەتای ئەپریلدا، بۆ ژنان بڵاوکردەوە کە پێویستە ژنان بەجلی جوان و سوراوسپیاو و خۆڕاڕازاندنەوە خۆیان بخەنە بەردەم پیاوەکانیان. ئەوە بوو دوای ناڕەزایەتی ڕێکخراوەکانی ژنان، داوای لێبوردنی کرد و کۆمێنتەکەی سڕیەوە، هەروەها ئەنتۆنۆ گۆتریس، سەرۆکی ڕێکخراوەی یوئین (UN)، پەیامێکی فیدیۆی لەدژی توندوتیژی خێزانی لەسەر ژنان بڵاوکردەوە، کە تیایدا هاتبوو کە ڕێژەی دوو بەرابەر زیادی کردووە لە ئاستی جیهاندا. لە فەرەنسا توندوتیژی (٪٣٠) زیادی کردووە، دەوڵەت (٢٠) هەزار ژووری لە هوتێلەکان بۆ داڵدەدانی ژنان بە کرێ گرتووە، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، جەستۆن تۆردو، (٥٠) ملیۆنی بۆ ڕووبەڕووبونەوە تەرخانکردووە. فایرۆسی کۆرۆنا، ئەو بەخشندەییە بایۆلۆژییەی هەیە کە ڕیژەی مەرگ و توشبوون لەناو ژناندا کەمترە، بەڵام ئەو تاوانە کۆمەڵایەتیەی پەرەپێدایەوە. نەک هەر ئەوە بەڵکە بەگشتی ڕەگەزی مێ، لە بەردەم ئەرکێکی یەکجار قورسدا وەستاند. (٪٧٠) کارمەندی پەرستیاری ژنانن، کە یەکسەرە لەبەردەم مەترسیەکەدان، سەڕەڕای ئەوەش بەپێێ ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی کاری نێودەولەتی (ILO) لە ساڵی (٢٠١٨) دەدا، ئەو کارانەی ماڵداری، ئاگاداری گەورە ساڵان و بەخێوکردنی مناڵان، کە زۆربەی لەلایەن ژنانەوە ئەنجامدراون وەک کاری (بێگاری، بێ کرێ)، بەئەندازەی تێکرای کاری پیاوانە. کۆبونەوەی خێزانە گەورە عیراقیەکان لە ماڵەوە، هەموو ئەمانە پێکەوە کۆ دەکاتەوە، توندوتیژی نێو خیزان و کاری گەورەی ماڵداری و چاودێری نەخۆش و پەککەوتەکان و لە نێو دەسەڵاتدارییەکی کۆنەپەرستدا گیرکردووە، ئاڵتەرناتیفی تۆ بۆ قورتارکردنی ژنان لەم هەلومەرجەدا چیە؟

یەنار محمەد: ئەڵبەتە بنەبڕکردنی یەکجاری ستەم لەسەر ژنان پەیوەستە بە ئازادی کۆمەڵگە و نەمانی بارودۆخی چەوسانەوەی ئینسان کە سیستمی چینایەتی و دەسەڵاتی ئەو چینەی کە بەرژەوەندی هەیە لە پاراستنی بەرهەمی دەهێنێت. لێرەشەوە ڕزگاری ژنان و چارەسەی ناعەدالەتی و نایەکسانی و بێمافی ژنان پەیوەستە بەو خەباتەوە کە ئەم سیستمە و ئەم دەسەڵاتە ڕادەماڵێت و لە جێگەیدا سیستمێکی یەکسانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و یاسایی لە نێوان ئینسانەکاندا جێگیر دەکات بەجیا لە ڕەگەزی نێرینە و مێینەیان وەیا ڕەنگی پێست و نەتەوە و ئاینیان. بۆیە خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان بەشێکی جیا نەکراوەی ئەو خەباتە گشتیە و ئەو ئاڵتەرناتیڤە ڕزگاریخوازانەیە بۆ ئازادی کۆمەڵگە لەدەست سیستمی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی و ڕژێمە کۆنەپەرستەکانی.
بەڵام ڕۆژانەش دەبێ لە خەباتدا بین بۆ وەلانانی بێمافی و بەدەستهێنانی هەتا ڕیفۆڕمێکیش بچوکیش لە بوارێکی سنورداریشدا کە بەمە نەک هەر زوڵم و نابەرابەری و کوێرەوەریەکان کەم دەکەینەوە، بەڵکو هێز و تواناش دەگرین و مەشق و ڕاهێنان و ئەزمون وەردەگرین بۆ خەباتە سەرتاسەری و گشتیەکەمان بۆ ڕزگار بوونی یەکجاری.
تا ئەو شوێنەش پەیوەستە بە بارودۆخی ئێستاوە، ئێمە بەبەردەوامی ژنان پەیوەندیمان پێوە دەکەن کە دەیانەوێت ڕزگارییان بکەین لە گوشاری دەروونی و ئازاری جەستەیی کە لەلایەن نێرینەی نێو خیزانەکانینەوە، بەرەو ڕوویان دەبێتەوە. تێبینی ئەوەمان کردووە، پاش ئەوەی بڕیاری قەدەخەکردنی هاتوچۆ ڕاگەیانرا، ژمارەیەکی زۆرتر لە ژنان پەیوەندیان کردوە و داوای یامەتیان کردوە، ئەمەش چونکە ئەو پیاوانەی توندوتیژی دەنوێنن کاتێکی زۆرتر لەماڵەوە دەبن و ژنەکانیش زیاتر دەکەوتنە بەردەستی ئەو کەسانەی ئازارییان دەدەن، بۆیە ئێمە ڕۆژانە گوێ بیستی خۆکوژی و خۆسوتاندن و کوشتن دەبین. ئێمە هەستمان بە گوشارێکی زۆر دەکرد لەکاتی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنادا، بەڵام جگە لە ڕێنماییە تەندروستیەکان کە کۆسپی بۆ دروستکردبوین، حکومەتیش ئێمەی خستۆتە ژێر فشاری یاسایی و دادگاییەوە و دەزگای موخابەرات و دوژمنانمان لە نێو دەسەڵاتدا بە بەردەوامی چاویان لەسەرمانە، ئەمە هەوڵەکانی ئێمەی سنوردار کردەوە لە داڵدەدانی کەسانی تازە لە پەناگاکانمان، سەرەڕای ئەوەی مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکەش گوشارێکی تری بۆمان دەهێنا.
ڕوداوی خۆسوتاندنی کچە گەنجەکە “مەلاک زوبێدی”، تڕاژیدیایەکی دڵتەزێن بوو. ئێمە پێشبینیمان دەکرد کە ژمارەی ڕووداوەکانی کوشتار و توندوتیژی ژنان زیاد دەکات، بێ ئەوەی ژنان هیچ دەرفەتێکی خۆ ڕزگارکردنیان هەبیت و لەو کاتەشدا کە ڕووداوەکە پێشهات، دەرگای ڕێکخراوەکەمان بۆ پێشوازی داخرابوو. بۆیە کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا لەگەڵ کادرەکانی ڕێکخراوەکەماندا لە بەغدا و پارێزگاکانی تر لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە، وە بڕیارماندا دەستبکەینەوە بە چالاکیەکانمان بۆ وەرگرتنی ئەو ژنانەی کە لەژێر هەڕەشەی ئازاردان دان و ئارامی و دڵنییاییان بۆ دابین بکەین، هاوڕای پەروەدەکردن بە ڕۆشنبیرییەکی ژنانەی شۆڕشگێڕانەوە تا نەک هەر مەسەلەکە ڕزگار کردنی خۆیان بێت، بەڵکو فرسەتیشان بۆ بخوڵقێت تا لە کەسێکی قوربانیەوە ببنە کەسێکی ڕزگارکار و بێنە مەیدانی خەبات بۆ بەرگریکردن لەژنانی زوڵملێکراوی تری ناو کۆمەڵگە.
سەبارەت بەکێشەکەمان لە دادگا، وەک هەموو کێشە هەڵواسراوەکانی تری ئەمڕۆی عێراق، کە دیار نیە بەکوێ دەگات و چۆن یەکلا دەبێتەوە. بەڵام بەردەوام دەبێن لە تێکۆشانمان، لە پارێزگاریکردن لەژنانی عێراق و هەوڵدەدەین ڕووەو ئاڵوگۆڕی شۆرشگێڕانەیان بەرین کە ببنە هەڵسوڕاوانی یەکسانیخوازی ژنانە و سۆشیالیستی، کە بزانن چۆن بەرگری نەک هەر لەخۆیان بەڵکە لەتەواوی کۆمەڵگاش بکەن.
-*
ئەسیل ڕەمماح لە وەڵام بە پرسیاری دۆسیەی توندوتیژی دژ بە ژنان

ئەوەی وەزیری ژنانی مالیزی وتویەتی شتێکی ئاوارتە نیە، زۆرێک لە دامەزراوەکان و دەسەڵاتەکان بەتایبەت لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست کە ژنان دەچەوسێنەوە و تائەوپەڕی توندوتیژی و پەراوێز خستن و دەیخەنە ژێر کۆنترۆڵەوە. بەهاتنی پەتای کۆرۆنا توندوتیژی دژی ژنان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ژمارەی ژنانی خۆکوژ بەتایبەت ئەوانەی کەرەنتینەش دوبارە چەوسانەوەیە بسەریانەوە زۆر زیادی کردووە.
ئەڵبەتە پێش کەرەنتینەش ژنان لە عێراقدا بە شێوەیەکی بەرباد هەر چەوسێنراونەتەوەوە. ژنان لە ژێر باری دەسەڵاتی دابونەریتی خێزانی و عەشایەری دواکەوتووانەدا ناڵاندویانە کە دەستی پیاوی ئاوەڵا کردۆتەوە بۆ داسەپاندنی بێ مافی و چەوسانەوە بەسەر ژنان و ئازاردان و تەنانەت کوشتنیشیان، وەهیچ ڕێکار و یاسایەکیش نیە بۆ پاراستنیان و بەرگریکردن لە مافەکانیان. وە تا ئەو شوێنەش دەگەڕێتەوە سەر باری ئابووری نایەکسانیەکی گەورەش هەیە لە کرێ ژنانی کرێکار.
ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر توانی ئاڵگۆڕێک لە هەلسوڕانی ژنان دروست بکات و ئاسۆیەکی پرشنگداری بەڕوودا کردنەوە، بەشداری ژنان لە خۆپێشاندانەکان و ڕاپەڕینەکەدا زۆر بەرچاوبوو بەڕاددەیەک کە لە مێژووی عێراقدا یەکەمجار بوو کە ڕێپێوانی ژنانە لە پارێزگا جۆراجۆرەکانی عێراقدا سەر هەڵبدات بەتایبەت لەو پارێزگایانەدا کە ڕەوت و هێزە ئایینی و عەشایرییە کۆنەپەرستەکان دەستیان بەسەردا گرتووە. بەم شێوەیە بەشداری ژنان ڕۆڵێکی کاریگەری گێڕا لە پێشڕەوی ڕاپەڕین و قوڵبونەوەی، ئەمەش مەترسی جددی لەسەر ژیانی ژنانی هەڵسوراو دروستکرد، بەجۆرێک هەندێک لایەنی حکومەتی و هێزە میلیشیا سەرکوتگەرەکانیان هەڵسان بە گرتن و فڕاندنی ژمارەیەکی زۆر لە بەغدا و پاکتاوکردن و ترۆر کردنیان.
توندوتیژی ئاراستەکراو لەدژی ژنان لە حاڵەتی زیادبوون دایە و هیچ گۆڕانێک لە سیستەمی کۆنەپەرستی لە عێراقدا ڕووینە داوە. هیچ مافیکی ژنان چ لەسەر کار و چ لە نیو خێزان دا بەدەست نەهاتووە. بە نسبەت ژنان ئەو کارانەی لە نێو ماڵەوە ئەنجامی دەدەن، دەتوانین بە کۆیلەی کار ناویبەرین، چونکە بە جۆرێک زۆربەی ژنان ناچارکراون ئەو کارە بەشیوەی ڕۆژانە بکەن هەر لەبەیانی یەوە تا ئێوارە کە بەردەوام لەژیر زەبری ئازاری جەستە و دەرونی دان بەهۆی دەرهاویشتەی ئەم کارەوە کەلەبەرامبەریدا هیچ کرێ یەک وەرناگرن.
هیچ جۆرە چاکسازییەک لە هەلومەرجی ژنان لەعێراقدا سەرناگرێت و دەستڕاگەیستن بە ئازادی و یەکسانی بەبێ ڕوخاندنی ئەم ڕژێمە سیاسیە دواکەوتووە و دامەزراندنی دەسەڵاتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و لە شوێنیدا و هێنانەدی سۆشیالیزم..

پرسیار: لەژێر گوشاری جەماوەری ناڕازی و ئاپۆڕەی خۆپیشاندەرانی گۆڕەۆانەکان، چینی سیاسی دەسەڵاتدارلە عێراقدا بە قەیرانێکی قووڵدا بۆ دوبارە بیناکردنەوەی دەوڵەتدا تێدەپەڕێت. ئیسلامی سیاسی لەکاتی پەیدابوونیەوە لەنزمترین ئاستی نفوزی سیاسی لە نێو جەماوەردایە و لەنێو نەفرەت و بێزارییەکی گشتیدایە و لە پوکانەوەی بەردەوامدایە. بەشبەشێنەیی تائیفی و نەتەوەیی کە پێکهێنەر و شوناسی دەوڵەت بوو، لەگەڵ فەساد و گەڕانەوە بۆ دواوە و کوشتار و وێران بوون و شەڕی نێوخۆیی پێکەوە فرچەکەیان گرت. پێش کۆرۆنا ئەوان گرەوییان لەسەر کات دەکرد، کۆرۆنا دەرفەتێکی بەنرخی بۆ سازدانەوەی هەیکەلیان پێدان، وەک دیاری ئاسمانی بۆیان و بەهەلەداوان دەیانەوێت خۆیان لە شێوەی دەوڵەتدا ڕێکبخەنەوە. بەبۆچوونی تۆ چینی دەسەڵاتداری ئێستای عێراق، لەگەڵ و دوای کۆرۆنا دەتوانیت جەماوەر لەئامانجی ڕوخاندنی سیستەمی سیاسی و تێکوپیکدانی بنچینەکانی کاری سیاسی (١٧) ساڵی ڕابردوو پاشەکشە پێبکات و سەرکوت بکات و جەماوەر بە هەندێک چاکسازی ئابووری و سیاسی و خزمەتگوزاری ڕازی بکات؟ وە چ هەنگاوێک گرنگە بۆ ئەوەی ئەم سیناریۆیە پێش نەیەت و شۆڕش بەرەوپێش بڕوات؟

ئەسیل ڕەمماح: بەڵێ، بەکردەوە قەیرانی پەتای کرۆنا کاتێک هات دەریچەیەکەکی ئومێدی کردەوە بۆ تاقمی دەسەڵاتدار و ڕژێمی سیاسی بەغدا کە لەسەر بنچینەی پشکپشکێنەی تائیفی و نەتەوەیی ڕاوەستاوە. پاش ئەوەی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر گورزێکی کوشندەی وەشاندە ئەو پڕۆسە سیاسیەی کە لەلایەن ئەمریکاوە بەڕێخرابوو بۆ ئەم تاقمەی کە پێکهاتووە لە حزبەکانی ئیسلامی سیاسی و هاوبەشەکانیان لە ناسیونالیزمی کوردی و عەرەبی پڕۆ ئەمریکی و هەر خەریکی تاڵانی سەروەتوسامان و کوشتاری جەماوەر بوون، وە پاش ئەوەی هەموو هەوڵە سیاسیەکانیان بە بونبەست گەیشت و قەیرانەکانیا قوول بونەوە بەشیوەیەکی زۆر گەورە، وە دوای ئەوەی کە هەموو وەرەقەکانی ئەم توێژە لە دەستیاندا سوتان و بێتوانابوون لەسەر کوتی جەماوەر لەڕێگای هێزە ئەمنیەکانیان و میلیشییاکانیانەوە، هاتنی کۆرۆنا بووە بوو بە نیعمەتک بۆیان.
لەبەرامبەردا گەڵیک کار و ئەرکی گەورە چاوڕیی جەماوەری ڕاپەڕیووە کە پێهەڵسن لەپێناو سەرکەوتنی ڕاپەڕینەکەدا و هەڵەکانی پێشوویان تێپەڕێنن و بەسەر کەموکورڕیەکانی ڕابردوویاندا زاڵبن کە گرنگترینیان، ئەوەیە کە جەماوەر بەو شێوەیە ڕێکخراو نیە کە بتوانێت ڕووبەڕووی ئەو دەسەڵاتە ببیتەوە کە سەرکوتیان دەکات. سەرەڕای بانگەوازیش بۆ ڕێکخراو بوون لە ناوخۆی گۆڕەپانەکانەوە لە لایەن بڵاوکراوەی (ژنانی ڕاپەڕین) و (دەنگی ڕاپەڕین) و ڕۆژنامەی الغد الاشتراکی بۆ پێکهێنانی دامەزراندنی شورای جەماوەری شۆڕشگێڕ، بەلام کاریگەری ئەم بانگەوازانە لە ئاستی داواکراودا نەبوون. ئەگەر ئەم شورایانە لەسەر ئاستی پارێزگا ڕاپەڕیوەکاندا لە ناوەراست و خواروودا پێک بهاتبا، ڕاپەڕین بەم ڕۆژە نەدەگەیشت.
بەهەرحاڵ، دەرفەتی مێژوویی لەبەردەم جەماوەردا هەر لە ئارادایە چونکە قەیرانی دەسەڵات بەردەوامە و ڕۆژانە قووڵتر دەبێتەوە. لەگەڵ دابەزینی نزخی نەوت و زیادبوونی ژمارەی بێکارکردنی کرێکاران و پەرەداربوونی قەیرانی ئابوری لەهەردوو ئاستی جیهان وعیراقیدا، کۆتایی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە نزیکتر دەکاتەوە، بۆیە پێویستە لەسەر جەماوەر خۆیان ئامادە بکەن و دەستبەکار بن بۆ خۆڕێکخراو کردن لە شورا شۆڕشگێرییەکانیاندا لە سەر ئاستی پارێزگاکاندا، بەتایبەت وا چاوەڕوان دەکرێت خۆپیشاندانی گەورە دەست پێبکرێتەوە لە دوای کۆتایهاتنی کەرەنتینە. بەڕاستیش ئێمە ئێستا شایەدی هۆشیاری بونەوەیەکی زۆرتری جەماوەرین بە ئەزمون وەرگرتن بە درێژایی شەشی مانگی ڕاپەرینەکە.




پێشمەرجی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی … جەمال کۆشش

ڕوخاندنی دەسەڵاتدارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە

خەلکی ناوەڕاست وخوارووی عێراق، ماوەی ٦ مانگ زیاترە بۆ تێکوپێکدانی حکومەتێکی گەندەڵ ومشەخۆری ئیسلامی وتائیفی ونەتەوەیی ڕاپەڕیون. شۆڕشیان لەدژی تەواوی پرۆژەو پرۆسەی پێکهاتەی سیاسی دەسەڵاتدارانی ئیستای عێراق بەرپاکردووە. هەموو ئەو حزب ولایەن وکەسایەتیانەی لەماوەی ئەم ١٧ ساڵەدا بەشداربوون لە دزی وراوڕووتی، گەندەڵی، سەرکوت، فلمیان سوتاوەو شانسی سیاسیان کۆتایی هاتووە. ئەمە عەزمی ئامانجی ڕاپەرینە شکۆدارەکەی ئەمڕؤی عێراقە.
لەکوردستانیش ، زەمینەی ئەم ڕاپەڕینە بەتەواوی لەباروئامادەیە. ئەو هەموو دزی وتاڵانی یە، نایەکسانی وچەوسانەوەیە هەیە، سەرکوت وبێمافیە، شەڕ وهەژاری وبێکاریی یە ، زیندانی وتیرۆروڕفاندنە. لە کۆی کێشەکانی هاوڵاتیانی کوردستان ،حکومەتی هەرێم ولایەنە بەشداربووەکانی بەرپرسیارن. ئێستا لەزۆرلاوە داوای دەستکێشانەوەی حکومەت دەکەن، هەرەس وشکست وکۆتایی حکومەت بەچڕی لەلایەن خەڵک ومیدیاوە ڕادەگەیەنرێت.
خەڵکی کوردستان ، بەتایبەت کرێکاران ودەستفرۆشان وبێکاران و مامۆستایان وموچە خۆران وژنان ودەرچوانی پەیمانگا وزانکۆکان، بەبەردەوامی خۆپیشاندان وناڕەزایەتی جەماوەری فراوانیان لە دژی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان یان بەرپاکردووە. ئەم دەسەڵاتە بۆ جێبەجیێکردنی هیچ ئاڵوگۆڕێک ئامادە نەبووە وئامادەی لانی کەمی چاکسازییەکی درۆینەش نەبووە.
خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ناوەڕاستی نەوەدەکان لەدژی هەژاری وبێکاری وڕاوڕووتی مافیا چەکدارەکانیان بۆ دزینی سامانی کوردستان، کوژراو وبرینداری لێکەوتەوە. پاشان شەڕی نیوخۆیی هەموو حزبەکان بە نەتەوەیی وئیسلامیەکانەوە لە نیوەی دووەمی نەدەوەکان دا، کوردستانی کێشایە نێو کوشتاروسەرگەردانی وڕەشترین دەورانی کۆنەپەرستی یەوە. لەو ساڵەی خراپترین بودجە هەبوو(١٩٩٧)، زۆرترین ژمارەی مزگەوت، زۆرترین ساڵۆن تەقاندنەوە، تاوان وکوشت ودزین وڕوتاندنەوە پەرەیان سەند. ساڵی دواتر تاوانکاری خۆتەقندنەوەکانیشی لە نێو مەڵبەندەکان وناوچەکاندا هاتە سەر، هاوکات تیرۆری سیاسی و خنکاندنی دەنگی بێخانەو لانەکان وداسەپاندنی تاریکترین خنکانی هەناسەی ئازادییەکان. لەماوەی ئەم ٣٠ ساڵەدا هەمیشە خەڵک ناڕەزایەتی فراوانیان بەرێخستووە. شێوە ڕاپەڕینەکەی ساڵانی ٢٠٠٥ -٢٠٠٦ تا سوتاندنی بنکەو بارەگای حزبەکان وهەڵاتنی بەرپرسەکان تەشەنەی سەند(لە دەربەندیخان وکەلاروزاخۆوسمێل). خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ٢٠٠٠ تا گەیشت بەخۆپیشاندانی دوو مانگەی شوباتی ٢٠١١، کەدەیان کەس تیا یا گیانیان بەخت کرد، هیچ چاکسازییەک و ئاڵوگۆڕێکی سیاسی وئابووری وکۆمەڵایەتی بەدینەهات. ئەم حزبانە بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتیان سڵیان لە تیرۆر، ڕفاندن وئەشکەنجە وسەرکوت نەکردۆتەوە وبەپلان ونەخشەی تیرۆریستی پاکتاوی نەیاران وجێگرەوەکانیان داڕشتووە. نامۆیی وناڕەزایەتی خەڵک لە فۆرمی بایکۆتێکی سایسی -کۆمەڵایەتیدا لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ دەدا خۆی دەرخست.
بەپێێ ئامارەکانیش بەبەردەوامی رێژەی بێکاری هەڵکشاوە( ٢٠١٣ نزیکەی ٪٧ ، ٢٠١٨ دەگاتە ٪١٣.٥ کە بەدڵنییاییەوە زۆر بەرزترە، بەهەمان شێوە هەژاری وهێڵی خوار هەژاری کەتا ئەوەی بەموچەی ٥٠٠ هەزار دینار بۆ خیزانێکی ٥ کەسی دیاریکراوە، زیاد لە ٢٠سەدا دانیشتوان دەگرێتەوە)
شاردنەوەی گرێ بەستە نەوتیەکان وداهاتەکانیان ودزینی نەوت لەڕیگای جۆراجۆری تەنکەر وکۆنترۆڵکردنی لەلایەن باندەکانی نێو حزبەکانەوە، ڕادەستنەکردنی نەوت بە دەسەڵاتی بەغدا، ئەو فەرهودو تاڵانیەی حزبەکان دەیکەن لە بازرگانی وخاڵە گومگرگیەکان، داهاتیان زۆر زیاترە لەدابینکردنی مووچەی هاوڵاتیان. ئەو ڕاپۆرتانەی هەر بەتازەیی لەم ماوەیەدا بڵاوکرانەوە لەمیدیا وڕۆژنامەکاندا بەحساب وژمارە گەواهی دەدەن.هاوڵاتیانی کوردستان بارمتەی ئەم دوو حکوومەتە کۆنەپەرستەن(حکومەتی هەریم-حکومەتی عێراق).
ئەگەر موچەخۆرانی هەرێم بەپێی بەغداش دابنێین ٦٨٠هەزار کەس، (لای هەرێم ملیۆنێک دووسەو چل هەزار کەس)، وەک لە نویترین ڕاپۆرتی سەردەمی کۆرۆناشدا هاتووە، سەدا ٢٥ خەڵک لەسەرقووتی ڕۆژانە دەژییەت (کاری دەستفرۆشی وحەمالی کە دەکاتە ملیۆن ونیوێک. کەواتە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی کوردستان گیرۆدی هەژاری و بێکاری وگرانین. ئیدی لەوە ئاسانە تێبگەین کە هەی دادی خەڵک لەهەموو کوچەو کۆڵانێک بەرز بێتەوە، خەڵک نان بەس نان نانی نیە، خەڵک مناڵی هەراج بکات. ئەمە ئیدی چ شۆکێکە.
بەڵام زۆر گرنگە، جارێتر هەمان ڕێگای پێشوو لە خۆپیشاندان وناڕەزایەتیەکانی ساڵانی پێشوودا نەگرینە بەر. حزبە ئیسلامیەکانی کوردستان بەتایبەت (کۆمەڵ ویەکگتوو)، گوێی خۆیان قوتکردۆتەوە بۆ فیکەی سەرۆکەکانی خێلی بارزان تا لەم گەڕەی سازدانەوەی حکومەتی هەرێمدا، ئەوانیش لەسەرووی مەجلیسدا جێگایەکیان بەرکەوێت. ئەو فەرمایشت وگللەیانەی( ئەمیروپەرلەمانتارودکتۆرە) پیاوە فرە ژنەکانیان لە بودجە ومافەکانی خەڵک دەیکەن، یەک فلس بایەخیان نیە، چونکە کۆنەپەرست وهاوبەشی دزو هاوپرۆژەی هەردوو حکومەتەکەن.
بزوتنەوەی گۆڕان،کە بەشێکی زۆر لەهەڤاڵانی کۆنیان، تیمەکەی نێو حکومەت بەکاتبی پارتی دەزانن، ئەوانەی ئێستای گردەکەش، بە چاویلکە شەمسیەکانیانەوە، کەتازەیی پرۆژە چاکسازییەکەیان بۆ بوژانەوەی ئابووری ودابینکردنی موچە داوەتە پەرلەمانی کوردستان، یەک دانە بەند نا ، یەک دانە خاڵیش لەسەر یاسای چاکسازی کۆمەڵایەتی وموچەی پەرلەمانتارووەزیرو پلەبەرزو بندیوارەکانی تیا نیە(یانی تەنها ئەوانە کە بەشییان تیا نیە و ئەوانەی کە هێشتا خۆیان نەگایەندووە دەگرێتەوە وئەوانەی تر پێویستی بەهیچ چاکسازییەک نیەو بە فلتەری ئەواندا تێپەڕیوە).
شتێکی تازە نیە یەکێتی وپارتی ، دوو کۆمپانیان بازرگانی سیاسەت وئابوورین ، هەموو (کێشەو پەیوەندی وستراتیژییەتی )نێوانیشیان ئەم مۆرکەی هەیەو هیچ پەیوەندییەکی بە ژیان وگوزەرانی خەڵکی کوردستانەوە نیە. لەنائارامترین دۆخی گشتی دا(سەردەمی نەخۆشی کۆرۆنا)، پەشێوی وکێبركێی ناپەرپرسیارانەو نامۆڕالیانە وڕفاندن وتۆقاندنی یەکتری، درێژە پێدەدەن. دەبنە بەشێک لە شەڕوکێشمەکێشە ناوچەییەکان وکوردستان بۆ نێو ئەگەری دووبارەبونەوەی هەڵەبجەیەکی ترەوە. ڕاپێچ دەکەن. لەپایزی ٢٠١٩ ەوە پارتی بە چڕی کار لەسەروەدەرنانی پەکەکە ولەلاوازکردنی پەکەکە دەکات وە ئەم ئۆپەراسێۆنە ڕاستەوخۆ نێچیرڤان(پیاوە دبلۆماسیەکە)، سەرپەرشتی دەکات. یەکێتی تا ڕادەی ڕادەستکردنەوەی زیندانی هەڵاتوی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئامادەیە، خۆی لەریزی تاوانکاری ئێراندا جێگابکاتەوە.
نەوەیەکی نوێ پێدەنێتە نێو مێژووی کوردستانەوە، کە بەتوندی ئاسۆ وچاوەڕوانیەکانی وپۆتانسیالە شۆڕشگێرانەکانی ، ناکۆکە بە سەرجەم پێکهاتە سیاسی وئابووری وکۆمەڵایەتیەکانی حکومەتی هەرێم. باشترین فورسەت بۆ لەکۆڵکردنەوەی ئەم بارە وشکاندنی قاڵبی حکومەتە تەقلیدیە کۆنەپەرستەکانی رۆژەهەڵاتی ناوەراست، پەیوەست بوونی راپەڕینی ئەم نەوەیە بە ڕاپەڕینی عیراقەوە. خەلکی عێراق وبەتایبەت گەنجان ولاوانی عیراق داوای گۆڕێنی سیستەمی سیاسی دەکەن، داوای دابینکردنی ژیان ویەکسانی وکاردەکەن. خەڵکی عێراق وکوردستان پێکەوە هاوخەباتی وهاوئامانجی خۆیان پەیوەست بکەنەوە لەگەڵ یەکدا وبەرەیەکی هاوبەش بۆ ڕوخاندنی تەواوی دەسەڵاتی بورژوازی لە عێراق وکوردستاندا پشت بدەنە یەکتر. هێزە ئازادیخوازو چەپ و سوشیالیست وکۆمۆنیستەکان لەم نێوەدا، هیج کات بەئەندازەی ئێستا ئەم هاوخەباتی ویەکیتی یە چینایەتی یە پێویست نەبووە.

سەرەتای ئایاری ٢٠٢٠




بەربەمەرگی بە کۆمەڵی پەنابەران لەیۆنان بگرن !… جەمال کۆشش

دەوڵەتانی ئەوروپا پێویستە یەکسەرە بەهانای پەنابەرانی یۆنانەوە بچن بەتایبەت دورگەی لێسبۆس Lesbos (کەمپی مۆریاMoria)
ڕێککەوتنی نوێی ئەوروپای یەکگرتوو لەگەڵ تورکیا کاتێکی زۆرتری دەوێت(کە بەنیازن وئۆکەیتان بۆ کردووە)، دەستپێکردنەوەی پرۆسەی لێکۆڵینەوەی داواکانی پەنابەران کاتی زۆرتری دەوێت( کە لە١.٤.٢٠٢٠) ەوە لەیۆنان دەستیپێکردۆتەوە. هەر لەمانگی فیبریوەری ٢٠٢٠ ، سەدان ڕێکخراوەی لایەنگرانی مافەکانی پەنابەرانی نێونەتەوەیی وئەوروپایی ، سەدان نوسەر وسیاسەتمەدارو هەلسوڕاوان، دەیان نامەی کراوە یان ئاراستەی پەرلەمانی ئەوروپاو دەوڵەتەکانیان کردووە بۆ ڕزگارکردنی پەنابەرانی یۆنان بەتایبەت کەمپی مۆریا.
لەتەواوی یۆنان نزیکەی ١٠٠ هەزار پەنابەر دەژین، ژیانی ٤٣٥٠٠یان زۆر سەختە ئەوانەی بەسەر کەمپەکاندا دابەشکراون.(بە تایبەت کەمپی مۆریا، لە لێواری کارەساتێکی گەورەی مرۆیدایە).
زۆر دەمێکە لایەنگرانی مافەکانی پەنابەران داوای باشترکردنی هەلومەرجەکە دەکەن. تەنانەت پرۆفیسۆرJean Ziegler (جین تسیگلەر (٨٦ ساڵ) وەک جێگری سەرۆکی نێردەی یوئین بۆ مافی مرۆف، لەسەردانی مانگی مەی ٢٠١٩ بۆ کەمپی مۆریا، کتێبێکی نوسی بەناوی (شەمەزارییەکەی ئەوروپا)، هەر لەو کتێبەدا باسی ڕەقبونەوەی دوو مناڵ لەسەرما دەکات، هەوڵی خۆکوژی مێردمناڵ وپاشماوەی برینەکانی سەرجەستە، ڕاپۆرتیکی ووردە لە داڕوخانی هەموو بەهایەکی ئینسانی ومافەکانی مرۆڤ وداواکانی پەنابەری . وە نێوی دەنێت ((ستراتیژی تیرۆر)) بۆ تۆقاندنی پەنابەران کە ئیدی لە بیر لە هەلاتن بەرەو ئەوروپا نەکەنەوە ودابنیشن لە نیو جەنگ وکوشتاروهەژاریدا زیندە بەچاڵ بکرێن.
تکایە، تکایە ، هیچی تر کات بەفیڕۆ مەدەن، هەلومەرجەکە یەکجار ترسناکە. لەکەمپی مۆریا نزیکەی ٢٢ هەزار کەس کە لەبنەڕەتدا بۆ کەمتر لە٣٠٠٠ کەس بنیاتنراوە کۆکراونەتەوە، بە ١٣٠٠ کەس یەک بەلوعەی ئاو یان هەیە کە ئەویش بەزۆی دەبڕدرێت، بە سەدان کەس یەک توالێتیان بەر دەکەوێت، قەتارەی دورودڕیژی نۆرەکانی خواردن وتوالیت وئاو، پاڵەپەستۆو قەرەباڵخیەکی زۆریان دروستکردووە. زبڵدانی گەورە وچڵکاوی قووڵ ، کەمترین ئاستی تەندروستی تیا بەدی ناکرێت. لەو ٢٢ هەزار پەنابەرە، ٨هەزاریان مناڵن وزیاتر لە ١٦٠٠ کەسیان ئەو مناڵ ومێرد مناڵانەن ودابڕاون لە کەس وکاریان یان خۆیان لە دەستکەس وکاریان هەڵاتوون. سەدان نەخۆش وپەککەوتە وبەتەمەنی تیدایە.، بئومێدی ، ترس لەئایندە، بێخزمەتگوزارییەکان، بێکار وبێ قوتابخانە، بواریان بۆ سەدان نەخۆشی دەروونی سازداوە. بەگشتی پەنابەران هەموو شتێکیان لێسەندراوەتەوە کەداوایان لێدەکەن خۆیان کەرەنتینە بکەن.
زەنگی هۆشداریی کردنەوەکە لێیدا. لەکەمپی ریتسۆنا ( Ritsona ی ٧٥ کم دوورە لەئەسیناوە) کە ٢٥٠٠ پەنابەری تیا نیشتەجێکراون ، لەسەرەتای مانگی ٤دا ژنێکی ئەفریکایی مناڵی دەبێت، تاقیکردنەوەی فایرۆسی کرۆناکەی پۆزەتیف دەبێت، هەر لەو کەمپەدا، ٢٠ کەسی تریش هەڵگری فایرۆسەکەن و تەواوی کەمپەکەش لە کەرەنتینەدان.
تائێستا لەکەمپی مۆرینا بەپێێ راگەیاندنەکان، کچێکی گریکی کە لەسوپەرمارکیتیکدا ئیشی دەکرد توشی پەتای کرۆنا بووە. بەڵام لە حاڵەتی پەڕینەوەی پەتاکە بۆ نێو کەمپەکە، ئیدی دەبێت پێشبینی کارەساتی گەورەی مرۆیی بکەین. دەبێت پێشبینی مەرگی بەکۆمەڵ بکەین.٢٢٠٠٠ هەزار کەس ٣ دکتۆریان هەیە.لە تەواوی نەخۆشخانەکان ٦ ئامێری هەناسەدان هەیە، داودەرمان زۆرکەم وگرانە. بەهۆی ئەم دەرد وپەتایەشەوە ، بەشێکی زۆر لەو خۆبەخشانەی یارمەتی پەنابەرییان دەدا، کشاونەتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.
ئەم ئینسانانە لەلایەن مرۆڤایەتیەوە بۆ تیاچوون ومەرگ جێهێڵراون. نابێت ڕێگا بدەین.
بۆیە گواستنەوەی پەنابەران بۆ هوتیلەکان، خانوەچۆڵەکان، دروستکردنی خانووی سەفەری تەختەیی ، دواکەوتن هەڵناگرێت ودەوڵەتی یۆنان بەرپرسی یەکەمە .
گواستنەوەی بەپەلەی هەموو ئەو پەنابەرانەی کەلەلایەن وڵاتە ئەوروپییەکانەوە بەڵینیان وەرگرتنیان پێدراوە.
حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەتەنگ هانای ئەو پەنابەرانە عێراقیانەوە بچن و گیان وژیانیان لەم دۆخە سەختەدا قوتار بکەن.
هەموو ئەوانەی کەسو کارییان لە یۆناندا بەتایبەت لەکەمپی مۆرینادا گیریان خواردووە تکایە بەهانایانەوە بچن.

جەمال کۆشش٥.٤.٢٠٢٠




نەبەردەکانی نەوەیەک /ڕاپەڕینی لاوان وخوڵقانی ئینسانێکی نوێ … جەمال کۆشش

واز لە ژینگە بهێنن، ،سیستەم بگۆڕن

نەوەی سفرەکان، نەوەی ساڵانی دوو هەزارەکان بەدواوە، پێکهاتوویەکی کۆمەڵایەتین لە ئاڵنکارییەکی نوێدا ئامادەن بۆڕاپەڕین ،بۆ هەڵتەکاندنی دونیای کۆن ، بۆ دەستدانە پێشخستنی کۆمەڵگا ودامەزاندنی جیهانێکی ئازاد(ڕادیکاڵ دەبێتە واقیع/هەفتەنامەی تسایت/ئەلمانیا، سەرەتایی ٦.٢٠١٩ ). نەوەیەک ساڵە خەماویی وتاریکەکانی دەیەی نەوەدەکانی مناڵی ، لە نێو رۆژە لاویی وسەرکێشیەکانی پڕ شەوق وسەوزاییەکانی چڕکردۆتەوە، زانستە کۆمەڵایەتی وسۆسیۆلۆژی وتەکنەلۆژییەکانی ، توانایەکی هزری وبیری تیژی بڕیاری دروست وخێرای پێداوە..
نەوەیەک لە نێێو وکپپیدیایەکی زانیاری مەزندا، لە نێو گەورەترین کتیبخانەی دیجیتالیدا، بە دوو چرکە بتوانێت لە بارەی خۆی ودونیاو کێشە وپرسیار وگومانەکان لەسەرهەقیقەت لە مەحەکبدات. نەوەی گلۆبەلایزەیشن وکۆکردنەوەی دونیا لە چەند دیسیکیک وداتای پڕ زانیاری چەند هەزار ڵاپەڕەیی یە، نەوەیەک چەند زمانی زیندووی جیهانی دەزانێت ورۆژانە لە پەیوەندییەکانیدا وبۆ چالاکیەکانی وبۆ کارو بۆ بەهرەو خولیاکانی بەکاریدەهێنێت.
نەوەیەک، فورسەتیكی ناوازە وهەرزان وکاراوگونجاوو سادەی کەوتوتە بەردەست، بتوانێت بەشدارو چالاک وزیندوو بێت لە دروستکردنی بیروڕای گشتیداو لەکۆلیکتیفی چالاکیە رۆژانەییەکاندا، لە، نەوەیەک بەرهەمهاتووی قۆناخێکی نوێ یە ، هەست ولێکدانەوەیەکی شێوە گشتیان لا دروست بووە، کە نامۆ وتوڕەن بە هەموو شتێکی ئێستای کۆن، لەدژی هیرارکیەت، پاتریۆتیستی ، ناسیۆنالیستیت، بێزارن لە سیاسەتی، لەکلتوری، لە نۆرم، لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ترادسێۆنیەکانی، لە پیرۆزییەکانی، لەکاریزما و لەدۆگمە فکرییەکانی. نەوەیەکن وە تەنانەت کەوتونەتە ئەو دیو دابەشبونی جەندەری، کۆنفسیۆن وناسێۆنەوە. ئەم نەوەیە زۆر بەدیار کڵێشە فەلسەفیەکانەوە دانانیشێت، زیاتر پشت بە لێکۆڵینەوەی بواری زانستە سروشتی وفەلسەفە کۆمەڵایەتیەکان وئەزمون وداتا وستاتستیک دەبەستێت.

نەوەی سالانی سفرەکان، نەوەیەکی تۆلیرانس وکراوەن، هاو نیشتمانی جیهانی وکۆسمۆن و چەپخواز وئینساندۆستن. نەوەیەکن( زۆر لە نەوەی ساڵانی پێش شۆڕشی گەورەی فەرەنسا ) دەچن، نەوەیەکن لەدایکدەبن وەک ئەوەی جیهان هەروا بوە، لە حیکایەتی سەرەوری بێزارن، قەڵەشتی شارو لادێ نێوانیان خەریکە نامیینێ ولادێیەکان یان دەچنە باوەشی قەهراوی پەراوێزی شار و یان خۆیان بە هەموو چەم وجۆبارەوە بەرەو شارۆچکەیەکی مەدەدنی گەشە دەکەن.

لە نێو ئۆربانە مۆدێرنە گەورەکاندا، کەمایەتیەکی زۆر کەم تەواوی سەروەتی کۆمەڵگایان قۆرخکردووە و وەحشی دوای قازانجن ،لە ململانێ ولە کێبڕکێیەکی زۆرەملێی نێو خۆیانداو شکاندنەوەیی بە ناچاری بەسەر توند کردنەوەی هەلومەرجی بەرهەمهێنانەوە ، وەک تاکە دەروازەی مانەوەی سیستەمی کەپیتالیزم، نائارامی و ڕاکە ڕاک و ئومێد وژیانی ملێۆنان ئینسانی ڕاپێچی نێو مانەوەی فیزیکی کۆمەڵگا کردووە. ، شەڕی گەورەی ماڵوێرانی، فەزاحەتی فڕادانی هەزاران تۆن خواردن بۆ دانەبەزینی نرخ، بەخۆڵەمێشکردنی سەدان هەکتار زەوی بۆ ئەوەی کۆمپانیایەکی گەورەی جیهانی بتوانێت بەکەمێک هەرزان ترلە کۆمپانیا ڕکابەرەکەی مەوادە خاوەکانی بگوازێتەوە.
ئاوی خواردنەوە لە ئاستی جیهاندا ، لەلایەن چەند فیرما وکارتیلی نێو نەتەوەییەوە، مۆنۆپلکراوە( نیستلەوئیڤیان…) . ئەم خەرەندە گەورە کۆمەڵایەتیە، لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتانێکەوە، کە زۆر کەم باکی بە ژیان وگوزەرانی ئەم نەوەیە هەیە، بە ڕووی هەموو ناڕەزایەتیەکدا ئەم کەمایەتیە دەپارێزرێت و بۆ ئەم ڕاسپاردەیەش،پەرلەمان وماسکی میدیایی و تەواو و سەربازیشی لەمەچکدایە.

ئەم نەوەیە لە پڕو کەمتر لە دەیەیەک لەبەرامبەر پەنجەرەیەکدا وەستا کە دەڕوانێتە پانتایی ڕەهەندەکانی ژیان وبیەوێت بەچەند چرکەیەک جەوهەر وپروسەی ڕاستیەکانی بۆ دەرکەوێت.(لەکاتیكدا سوقرات پێی وابوە ناتوانین ئەگەرەکان دیاری بکەین، یان تێبگەین و دیاریبکەین). نەوەیەکن زۆر لەبەرامبەر سیکسولیەتیەت وکراوەن و دیدگایەکی ئینسانیان بۆ نێۆ خۆیان پەیداکردوە، مناڵ وژیان وکەسایەتی مناڵ، دەبێتە سەنتەر(دەستدرێژی بۆ سەر ماف وکەرامەتی مناڵ، وەک تاوانی یەکجار گەورە دەژمێردرێ وژیانی مناڵ دەبێتە سەنتەری ئهتماماتی کۆمەڵایەتی وسیاسی وئابوری وئایدۆلۆژییەکان )٠ کێشەی پەنابەران و ژینگە و پرسی گەورە لە ئایندی خۆیان بێوەڵام ناهێلن. لەبارەی سەردەمەکانی گەشەی مرۆڤایەتیەوە، زۆر جار لەگەڵ هەر داهێنان ووەرچەرخانێکی مەزن لە بواری میدیا و زانیاریدا، زەمینەیەکی یەکجار گونجاویان بۆ ڕاپەڕینی جەماوەری وشۆڕشە کۆمەڵایەتیەکان پیکهێناوە. وەک دۆزینەوەی ئەلف با، لەکۆماری یۆنانی کۆن ورۆمادا، چاپ لە شۆڕشی گەورەی فەرەنسادا.

هەموو سیستەمەکە بۆگەنی کردووە ..

لە کۆتایی مانگی ١٢ی ساڵی پارەوە ، وەتا ئێستا زیاتر ١٢٠ وڵاتی جیهان، لەشارە گەورەکان وشارۆچکەکان وقوتابخانەکان ، خوێندکاران ولاوان وهەلسوراوانی ئێکۆ سیستەم و خەڵکی ناڕازیی ، خۆپیشاندان دەکەن ومیتنگی جەماوەری وکۆڕو کۆبونەوە ساز دەدەن. سەرەتا کەم وبایەخ وگرنگی ئەوتۆی نەبوو، ئێستا هەفتانە بەردەوام خۆپیشاندانەکان لەسەرانسەری جیهان بەسەدان هەزار کەس تێدەپەڕێنێت و بزوتنەوەکەیان لەژێر ناوی ((هەینی بۆ ئایندە)) ئاسۆی ئالتەرناتیفی سیاسی/ کۆمەڵایەتی بۆ دەربازبون لە وەحشەتی قازانج و کێشەکانی کۆمەڵگای ئەمڕۆی سەرمایەداری وەرگرتوە.
بەتایبەت لە ئەوروپا(سەر زەمینی واقعی نمای بزوتنەوەکە)مۆری بە زۆر لایەنی کۆمەڵایەتی وسیاسی ورۆشنبیری کۆمەڵگاوە کوتاوە. ئەو پرس وپرسیارانەی ئەم نەوەیە ، وەک چارتا وپلاتفۆرم ومانیفیستەکەی خۆی بەدەوریدا کۆبوەتەوە، و شێوازو تاکتک وئامرازەکانی تێکۆشانی بۆ دەکەن ، لە بەرتەسکی دیدگای لیبرالیزمی کلاسیکی تێدەپەڕێنێ و ناتەبا ودژ بە نیولیبالیزم و وژورنالیزمی ئاراستەکراوە، زۆر کەس بە درێژە وگەشەپێکردنی (بزوتنەوەی ئۆکیپای ستریت ) ئەمەریکا دەزانێت لەکاتی ئەزمەی ئابوری سالێ ٢٠٠٨ ویان فۆرمێکی نوێی (ناڕەازایەتی هێڵەک زەردەکان)ی فەرەنسا، بەرجەستەترین نمونەی سەرکەوتنی میدیای ئەو فلمە ٤٥ دەقیقەیە بو، کە (ریزۆ /Rezo) ناوێک بۆ تێکشکاندنی جەبەروتی پارتی دیموکراتی مەسیحی ئەلمانی لە یوتوب کە خۆی دەرهێنەری بوو، بڵاوکردەوە، ١٣ ملیۆن کەس بینیوتی لە کاتێکدا هیچ کام لەکەنالە تەلەفزیونیە زۆر بەناوبانگەکانیش ناتوانن بەو ژمارەیە بگەن.

پارتە سەوزەکانی ئەوروپا وئەم نەوەیە

پارتە سەوزەکان بەتایبەت لەئەوروپای رۆژئاوا، کەمێژویەکی ٣٠ /٤٠ ساڵەیان هەیە، تەوەرەی سەرەکیان مەسەلەی ژینگەپارێزی بووە. دەورانی جۆراوجۆر، لە ولاتانی جۆراوجۆر بابەتێکی کۆمەڵایەتی/سیاسیان وەک تەوەرەی خەبات بەدەستەوە گرتوەو وکەمپینی جۆراوجۆریان بۆبەدیهێنانی سازداوە. دەمێک لەنێوبردنی ئەتۆم، دەمێک مافی ئاژەڵان، دەمیک سیستەمی تەندروستی ، دەمێک مافی کەمایەتیەکان، مافەکانی مرۆڤ وبەتایبەت پەنابەران، سیستەمی خویندن، سیستەمی ڕێگ وبان و پاراستنی ژینگە وکەمکردنەوەی گازی ژەهراوی و لاستیک و..هتد. بەدرێژایی ئەم ماوەیەش چ ڕاستەوخۆ لەگەڵ سۆسیال دیموکراتەکان لە حوکمڕانی ودەوڵەتدا بون یان لە شەقام لەگەڵ سۆسیالیستەکان وئانارشیتەکان وکۆمۆنیستەکان وکەنیسەکاندا بەپێی تیماو داواکانیان کۆمیتەی هاوبەش وبەرەی بەرەنگارییان پێکهێناوە. بەڵام بەردەوام لە پەراوێزی کۆمەڵگا و بێ نینۆک لە دەسەڵاتدا بوون.

هیچ کات بەئەندازەی ئەم یەکدوساڵەیی دوایی سەرنجی میدیا لەسەریان نەبووەو هیزی سیاسیان لەکۆمەڵگا ودەسەڵاتیان لەپەرلەمان ودامەزراوە فەرمیەکاندا نەبووە. پێشتر زۆر ڕادیکاڵ ولە دژی لیبزالێزمی نوێ بون، وەک دەوترا( شووتی بون، ناوەوە سورو دەرەوە کەسک ). هەندێک بە کۆمۆنیزمی سەدەی بیست ویەکی دەچواند. ڕاستە ئەم نەوەیە مەیل وسمپاتیان بە گشتی بۆ سەوزەکان هەیە وئەمەش خالێ لاوازیانە، لاوان بەگشتی پشتیان لە پارتە تەقلیدیە سواوەکان کردووە، ئەم چەکەرەکردنەوەی سەوزەکان ،دەتوانین بەکورتی دیاریبکەین، ئەو گۆڕانە چۆنایەتیە یە لە پارتە سەوزەکان،لە بری ڕادیکالیەتی دژی کاپیتالیزم، خەباتی چینایەتی ئێستا پێکەوە ژیان وسازانئ کۆمەڵایەتی یە،لە بری ناکۆکی چینایەتی وسیستەمی کەپیتالیزمی بە کارەساتەکانی ژینگە،. لەو کاتەی پارتە تەقلیدیەکانی تری کۆمەڵگا لە شوێن خۆیان بەدیار بەرنامەکانیاوە دانیشتبون، پارتە سەوزەکان ئەو خۆگونجاندن وپێشڕەویەیان پەرەپێدا، کە لاوان وهیواکانیان وخەونەکانیان لە خۆیاندا بگونجێنن. پەرچەمی خواست وخەونەکانی لاوان، خوێنگەرمانە بەرزکەنەوە وخۆیان لەگەڵ ئەم نەوەیە بسازێنن.

لاوانی کوردستانی عێراق (عێراق) وپرۆژەی کۆمۆنیستی

نەوەیەکی بەئاگا وسەرکیش وتووڕە لە دەسەڵات ولەکۆی سیستەمی پیکهاتەی لەقڵبدانی تەنگی ژیانی پەیدا بووە. ئەم نەوەیە، بەدەست سیاسیە کۆنەپەرست و دەستکەوتە پیرۆزەکانی ڕابەروقارەمانە نەتەوەییە چاوچنۆکەکانەوە، رۆحی هەلاهەلا بووە. ژیانی رۆژانەی ئاسایی، ئەم نەوەیە، گیرۆدەی گەورەترین چەقبەستنی سیستەمی سیاسی وکۆمەڵایەتی وحزبی بوه. لە نێو بازنەی بەتاڵی حوکمڕانی بنەماڵەیی ودەسەڵاتێکی قەهراوی دا، سەرگەردان بەئەبەدی دەسوڕێتەوە، نەوەیەکن، چاوەڕوانی وتموحی باشترکردنی ژیانیان، لەگەڵ دیواری بەرزی حەسارەکانی دەسەڵات وکۆمەڵگادا، لەگەڵ تفەنگبەدەستەکانی ((ناوچەو مەڵبەندەکان))و یاساوڵە چاو زیتەکانی مۆڕال وئاین وکلتورو پایە بەرزی دەوڵەمەندە دەبەنگەکاندا، ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

نەوەی ساڵانی سفرەکان، بەراورد بە نەوەی ساڵانی نەوەدەکان، مانەوە لە کوردستان گیریان خوارد . شەپۆلی ناڕەزایەتیە جەماوەری وتاکیەکان، خۆرۆشنبیرکردن وچالاکیە فکری وسیاسی وهونەرییەکان، بایکۆتی هەلیژاردنی پەرلەمانی وڕووەرگێڕان لە پارتە تەقلیدی وکۆنەپارێز وهەرەمیەکان، روناکی بەخشن وتاکە ئومێدن کە خۆیان ڕێگایەکی جیاواز بۆ ئازادی وبۆ پێشکەوتن و بۆشۆڕش هەڵبژێرن.

لە تەواوی ئەو هاوڵاتیانەی کوردستان، لە یەک کەسی هەموو ئەو لاوانەی لەڕێگای کۆچ وهەڵاتن، زیندانیکران لەلایەن دەوڵەتانەوە، خنکان، سوتان، بریندار بون، بزر بوون، سەقەت بون ، بەزۆر دیپۆرتکرانەوە، چارەنوسی مناڵەکانیان، هاوسەرەکانیان، ئەوان هاوڵاتی پلە دەیی نیشتمانی دایک نەبوون، حکومەتی هەرێمی کوردستان، میشێک میوانی نەبوو، نە شکاتێک، لێپرسینەوەیەک، تەلەفۆنێک، سەردانیەک، نەبوو. تەنانەت خەرجی لاشەی کارەساتەکانی ڕێگاوبانیشی نەگرتە ئەستۆی.
ئەو نەوەیەی مانەوە ش لە کوردستان، هیچ نلێپرسراوەتیەک ونەخشەیەکی حکومەتی هەرێم نەبو، بۆ ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاوتر بۆ ژیان وپلاندانان بۆ کەمکردنەوەی کۆچ ولە نێوبردنی هۆکارەکانی هەڵاتن و سەرهەڵگرتن.
ئەم نەوەیە جوانترین ڕۆڵەکانی لە جەنگی بەرەنگاری لەدژی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردیدا گیانیان لەدەستداوە، لە بەردبارانکردنی بنکەو بارەگای حزبە دەسەڵاتدار وئۆپۆزسیۆنە هەلپەرست وپۆپۆلیستەکاندا (ڕێژوان وسورکیووبیلال وگەرمیان و………….). لە دژی هەژاری ونەداری، بێرێزی وشکۆدا(سۆرانی مامە حەمە)، لە دژی گەندەڵی وتاڵان ودیکتاتۆری ژەنەڕالەکان( کاوە گەرمیانی)، لە دژی کۆی سیستەمی گەندەڵی وپاتریارکی و چاوچنۆکی وپاوانی موڵک وماڵ وسیاسەت ودەسەڵات وجیاوازی چینایەتی( سەردەشت عوسمان).

شوناس وخەباتی چینایەتی

نەوەی ساڵانی دوهەزارەکان، نەوەیەکن خەون وخولیای جیاوازیان لا پەیدا بوە. زۆر ئینساندۆست وژندۆست وژیاندۆست وکتیب دۆستن. ئەو نەوەیەی پەیدا بووە، کەمتر پیاوسالارو ئەگرەسیف وشەڕاوین. نەوەیەکن ئیدی حیکایەتەکان، کەمتر جێگای خوڵقاندنەوەی داستانە سەرمەدییەکانیان دەبێت. دەورانی( زیندانی سیاسی وپێشمەرگەی کۆن وشۆڕشی ئەیلول)، کۆتایی دێت ، بابەتە کۆمەڵایەتی ویەکسانی وئازادییە سیاسی ومافە مەدەنی یەکان وهاوڵاتی بون وخۆشی وشکۆ وڕێزو بوونی ئینسانی، جیگای دەگرێتەوە. ئەم نەوەیە ناکۆکی یە چینایەتیە کلاسیکیەکانی کەپیتالیزم بە شەپۆلە هزری وفەلسەفیە نوێیەکان پەرچەمدار دەکات.
ئەم نەوەیە کوردبون، ناکاتە تاکە شوناسی و ئیسلامیش بە نامۆ دەزانێت بە بونە جیهانیەکەی. ئەم نەوەیە ،دەبێتە بەشێکی هەلپێکراو لە لە تەوژمە جیهانیەکان وئارەزووی قولی شکاندنی سنورەکان و گەڕیدەیە وتینووی گەشت وگوزارە. ئەم نەوەیە ئیدی ناتوانێت لە حەساری خێزانە گەورە خێلەکیەکاندا، ئاسودە بێت وهەست بەئارامی بکات. ئەم نەوەیە دەیەویت ئازاد بێت وماف وکەرامەتی پاڕێزراو بێت. ئەم نەوەیە سیما وئاکار، جل وبەرگ وئادابی، هەلسوکەوتی رۆژانەو مامەڵەی لەگەڵ دایک وخوشک وهاوسەروباوک وبراو هاوڕێێ کاندا، نوێ یە ودەیەوێت کەسایەتیەکی درێژکراوەی میژوی کۆن نەبێت. شوناسی نەوەی نوێ، نەخەملێوە، بەڵام فرچکەکەو گەلاوێژەکەی یەکجار ئایندە بەخشن.

نەبەردەکانی ئەم نەوەیە:

(واز لە ژینگە بهێنن، سیستەم بگۆڕن)، ( هەموو سیستەمە کە بۆ گەنە)، لە خۆپیشاندانە گەورەکان وبەزمانە جۆراوجۆرەکان بەرز دەکرێنەوە، ناوەڕۆکی دژی کاپیتالیستی ئەم ڕاپەڕینەی لاوان وێنا دەکات. کە ڕەنگە زۆریش خۆپیشاندەران لە ئالۆزی سیستەمەکە نەگەن. نەبەردێکی واقعیە، ئەو جدالاتە فکری وسیاسیانەی ئەمڕۆی کۆمەڵگا، لە ناتەبایی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لەگەل مانەوەی ئینسانیەتی ئینسان،ناکۆکی چارە هەڵنەگری سودی سەرمایە وتەبایی وخۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی دانیشتوان. هەر پێشکەوتنێکی بواری زانست وبواری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، دەکاتە سەرچاوەی فەرهود وکێبڕكێێ کەڵەکەی سەرمایە.لاوان لە نێو ئەم ژینگەیەدا ، لە نێو ئەم پرسیارو تەوژمە سیاسی وفکریانەدا، لە نێو ئەم خۆپیشاندان ومانگرتنانەدا، دەتوانن ئاسۆیەکی گەشی سۆشیالیستی بەدی بکەن.

ئەم نوسینە کورتە تایبەت نیە بە خەباتی لاوان بۆ ماف وداوای تایبەت بە خۆیان وتوێژەکەیان ، بۆ فراوانکردنەوەی باخچەو ودروشانەوەی پرشنگی جوانی وبەختیان، بەڵکە گیان وئایدیا و خەونەکانیان لە گۆرینی سەرتاپای کۆمەڵگادا، وەک داینەمۆی هێزێکی نوێی شۆڕشگێر، وەک پەیدابوونی ئینسانێکی نوێ کە دەیەوێت بە زوویی لە چەوسانەوە، لە ئەشکەنجە، لە هەژاری، لە شەڕ، لە نەزانین،لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ڕزگاری بێت. ئەم نەوەیە هێزێکی نوێ مارکسیزمی ئەرسەدۆکسی دەکاتە ئامڕازی رۆشنکردنەوەی واقعیاتی چینایەتی وکۆمۆنیزمی نوێش دەکاتە پراتیکی شۆڕشگێڕانە.خەیاڵی نیە و مجامەلەش نیە، بۆشاییەکی سیاسی گەورە هەیە، لەبەردەم بابەتە کۆمەڵایەتی ویەکسانی وئازادییە سیاسی ومافە مەدەنی یەکان وهاوڵاتی بون وخۆشی وشکۆ وڕێزو بوونی ئینسانی، جیگای ئالتەرناتیفیی کۆمۆنیستیدا چاوەڕێی نەوەیەکی هۆشیاروبە دەربەست دەکات.

گریمانی یەکجار زۆرە، شوناسی سیاسی ئەم نەوەیە لە ڕێکخراوی کوردستانی ئەلتەرناتیفی کۆمۆنیستی لەعێراقدا، بەرجەستە ببێتەوە. پەرچەمی نەوەیەکی ئینسانی سۆسیالیست وئازادیخوازو هۆشیارو ناڕەزایی بەدەستەوە بگرێت. ئەم نەوەیە. ئینسانێکی نوێ یە.

جەمال کۆشش
١٤.٦.٢٠١٩




تتریرۆری سەردەشت عوسمان، قۆناخی ململانێیەکی بێکۆتایی … جەمال کۆشش

یادێک لە رۆژی ٤/٥/٢٠١٠

کردەوەی تیرۆری سەردەشت عوسمان

پرۆسەی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان، زنجیرە ڕوداوێکی ڕوونن و پێکەوەبەستراون. سەردەشت عوسمان، وەک ژورنالیستێکی ڕەخنەگر(دەرگاکان دامەخەن ، دونیا لەدەرەوە دەمانبینن(……….، وە نزیکەی سەرجەمی بەرهەمەکانی))، وەک نوسەرێکی بەتوانا بۆ دەرخستنی گەندەڵی ، وسەرکوتی وەحشیگەری دەسەڵاتی کوردی، ناشرینی خودی ئازادی بۆ ڕیاکارە سیاسیەکانی (هەموو ڕاکەن، ئازادی هات)، (………….) وەک هوۆمۆریستێک، فەنتازیا وجوانی وشەوقدانەوەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە( من عاشقی کچەکەی بارزانیم) . هەروەک چۆن پێنوسەکەی، خۆشەویستی دەوروبەری(بیرەوری هاوپۆلەکانی لە زانکۆ و ژیانی کۆمەڵایەتی وکەس وکاری)، کاراکتەر وکەسایەتی پێدەگا و دەخەمڵێت وهەر لەماوەیەکی کورتی ژیانی تایبەتی ورۆژنامەگەری و نوسیندا هەڵدەدا وپەرەدەستێنێ وتێدەکۆشێت (ڕاستگۆیی )و(بەدەربەستی ) و(ئیرادە ) لە بۆتەی نوسینەکانیدا بەژنێکی ڕاوەستاوی هەبێت. (وشەنخونی وبەپرەنسیپ بەڵام بۆ نه‌وه‌یه‌ك كه‌ جوامێری له‌ ئیراده‌یه‌تی مانای شه‌رمه‌زارییه‌/سەردەشت عوسمان) بە دیار ئازادی ئێوەوە دابنیشین.

. مافیایکانی نێو مافیاکان ێ(وەک شێرکۆ بێکەس بۆسەردەشت عوسمان ووتەنی) بەهەمان ووردەکارییەوە، لەووردودرشتی ژیانی دەکۆڵنەوە ، نەخشە وپلانی چەپەڵ دادەڕێژن. هیچ گومان هەڵناگرێت تیرۆری سەردەشت عوسمان بەبەرنامەیەکی تۆکمەوەپلان ونەخشە بەبەرزترین وسێکوچکەی دەسەڵاتەوە گرێدراوە.ن. سەردەشت عوسمان، ئاگادار دەکرێتەوە کە هەولیر جێبهێلێت(وەک لەنامە ونوسینەکانی دا دەردەکەوێت، ڕوو بکاتە هەندەران ، یان بچێتە سلیمانی،دواتر دێمەوە سەر ئەوەی بۆ ئەمانە هەلنابژێریت سەرکێشی دەکات ولەهەولێر دەمینێتەوە) . پاشان هەڕەشەکان توندوتیژتروقەهراوی تر دەبنەوەو بە ڕفاندن وتیرۆر، سڕینەوەی فیزیکی لەسەر شانۆی ژیان بە کۆتاییەکی تراژیدی دەگات.

هەمان زنجیرە ڕوداوی هاوڕێی هەمیشە زیندوو(نەزیر عومەر لە شارۆچکەی سومەیل لە ٢٥.٨.١٩٩٣ )، دوبارە دەبێتەوە. نەک هەر لەرۆژنامە وڕێکخراوە جیهانیەکان، پەنجەی تۆمەتباری بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان (وەک واشنتۆن پۆست و.ڕێکخراوەی ئەمەنستی ئەنترناسیۆنال) دەکەن ، بەڵکە بەزمانی کوردی هەر لەوێبسایتی سەردەشت عوسمان بە زمانی سۆرانی، خوێنەر بە وردی هەموو پلانەکە، کەسەکان، پلە وپایەیان ، بە ووردەکارییەوە.ئاگادار دەبێت. http://www.sardashtosman.com/ku/ بە پاکتاوکردنی جەستەیی سەردەشت عوسمان، ئازادی رۆژنامەگەری وەک بەشێک لە ئازادییە سیاسیە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ زەبرێکی قەرەبونەکراوە ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە ململانێیەکی چارەنوساز لە نیوان خەڵک و دەسەڵاتدارانی هەولێر دەکاتەوە.

سەردەشت عوسمان ونوسین

نوسینەکانی سەردەشت، ووزەی وشکۆوتوانامەندی ودڵنییایی ی بەخشیەوە، بە تیۆری بە لە کردەوەی شۆڕشگێرانەدا بەخشیەوەووش. ەووتارەکانی . توانای بەکارهێنانی گوزارشتکردن ڕاستیەکانی ئاوێتە یوکردنی بارگاوی بە وشیاری چینایەتی بۆ بەسەرچوونی سەردەمی بە چەکی ڕوبەڕبونەوە لەگەڵ هێزە کۆنەپەرست ودەسەڵاتە خێلەکیە شێوە حوکمڕانیەکان لە پوخترین وئارامترین وساناترین ستراکتوردا بەرجەستەکردەوە. . ئەوانەی گلەییان بوو لەوەی نوسین گلەییان بوو، لەئاست زەبری قەهراوی وملهوڕی دەسەڵاتدا هیچی پێناکرێت، لە نوسین بێ هیوا ببون، سەردەشت عوسمان داری بیروهۆشیاری وئومێدی ئازادی بەخوێنی گەشی ئاودا. وزۆر بلێیە. سەردەشت بە ماوەیەکی کورتی کاری ڕۆژنامەگەری، پێنوسێکی خارای وەهای داهێنا لەق ەڵەمێکی پەیداکردنوسینی درکاندنی نهێنیەیەکانی ناوەوەی کە گەورەترین وبەهێزترین هێزی نا واقعی لەبەرامبەر خۆیدا ڕاگرت (ئاوێنەیەکیان بدەینێ تا بەقووڵی خۆیان ببین/سەردەشت عوسمان ) کە چەند دزێوو ناشرین وتاریک وڕیسوان. ،

زۆر بەڕێز بەزمانی جۆراوجۆر دەربارەی سەردەشت عوسمان، نوسینیان بڵاوکردۆتەوە، زۆریک لەوان، ئەو خاڵەیان بە ووردی بەرچاوخستوە، چاندنی ترس ودروستکردنی ژینگەی تۆقاندن ،زۆر فراوانترە لە پاکتاوکردنی جەستەیی ڕۆژنامەنوسێک. ئەو ئینسانکوژەی مەخزەن لە نێو دەمی رۆژنامەنوسێکدا بەتاڵدەکات( ئاماژە بۆ دامداخستنی بە کۆمەڵ، بۆچاوپڕخوێنی زاڵم وچۆک پێدادان بەریزی رۆژنامەنوسان ورۆشنبیرانمان ، سامناکی مەرگ لەبەرامبەر هەر کەسێک کە سەردەشت ئاسا بێت(دکتۆر عەلا مەشذوب، چیرۆکنوس ونوسەری عێراقێ بەماوەیەکی کەم، پاش بلاوکردنەوەی ووتاڕیكی ڕەخنە ئامێز لەسەر ژیانی خومەینی لە پاداشتی ١٣ ساڵ مانەوەو داڵدەدانی لەلایەن عێراقەوە، لەدەمەوئێوارەی رۆژی ٢.٢.٢٠١٩ لەشاری کەربەڵا بە ١٣ گوللە تیرۆریان کرد، کە هیج پێویستی بە ١٣ گوللە نەبوو).

ئەو خۆنواندنە تەحەددایەکی زۆر قێزەونە وتاڵانکردنی کەرامەتی سەرجەم وتاک بەتاکی هەست وسۆزداری سەرەتایی ئینسانەکان وپێکەوە هەڵکردنە. زۆر نوسەری بەڕێز لەبارەی تیرۆری سەردەشتەوە نوسویانە، کە ئامانجی تیرۆرەکە، پەیامێکی ترسناکتری لە خودی تیرۆرەکە هەڵگرتووە. ئەو فەزایەی پەیامەکە لەزمانی تیرۆرەوە بە کۆمەڵگا وڕۆشنبیران وڕەخنەگرانی دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان نیازی خوڵقاندنی هەیە، مەودای دەپەڕێتەوە بۆ سەرتاپای ژیان.

تەنانەت بۆ خەونەکانیش.پرسیار لەسەر بونمان وەک مروڤی سادە، وەک خەڵکی ڕەشۆکی ونێو بازارو کاروژیان. وەک لاو، وەک رۆشنبیر، وەک ئەوەی هەناسەمان هەیە وبۆندەکەین وچاومان هەیە دەبینین وئارەزوومان هەیە ودەمانەوێت پیادەی بکەین . سەردەشت دەچێتە نێو ڕەگی ژیانمانەوە ئەگەر بمانەوێت وەک ئینسانێکی بە شکۆو وشیارو ئازاد بژیێن. دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەم جۆرە لە مرۆڤەکانی ناتوانێت لە سنوری خۆی ڕێگا بدات، (وەک لە نامەکانی سەردەشیتداهاتووە کە ئەبێت هەولێر جیب‌ێێڵیت) دەنا لە ناوی دەبەن، سەردەشت پێداگری دەکات لەمانەوەوخۆڕاگری و
نوسین لەسەر سەردەشت عوسمان، ئەرکێکی یەکجار یەکجار قورس وئەستەمە، چونکە ئەو هێڵیکی زۆر ڕۆشنی دیاریکرد، بۆ هەڵوێستی بەکردەوەیی رۆژنامەنوسیی شۆڕشگێڕانە. ئەو ئاگاداری ڕؤشنبیری جیهانی بوو، فەلسەفەی دەخوێندەوە، چاوی تا درەنگانی شەو بەدیار پیاوە گەورەکانی هزرو وهونەر وئەدەبەوە.دادەهات . تەمەنی تەنها ٢٣مۆم بوو. بەڵام هۆشیاری چینایەتی بۆ پێویستی گۆڕینی سەرتاپای دامەزراوە کانی دەسەڵات و پەیکەرەی هیرارکی کلتووری دیکتاتۆرییانەی کۆمەڵگای کوردستانی هەبوو.

نوسینەکانی بەرجەستەی پێداویستیە زۆر ناچارییەکانی شەقام بوو، کاتێک دەسەڵات باکی بە ئایندەی نەوەکانی، بە ماناوەی ئاسایی دانیشتوانی جوگرافیەکەی نەبێت، لانی کەم گوێەکی هەبێت بۆ بیستن، دەنا دەبێت بڕوات ، ئەو موستحیلی داوا نەکردووە، بەڵام ئەوەی داوای کردووە موستەحیلە لە عەقل ووێژدانی ئەم دەسەڵاتە بوەشێتەوە، دەمێکە ئەحمەدی شاملۆ وتویەتی (ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست دەبێت کێوی موستەحیل کوناودیو کەن).

سەردەشت عوسمان ولایەنە سیاسیەکان

چەند سالێک لەمەوبەر پرسیارێک لەدامەزرێنەری سایتی ویلکس (ژولیان ئەسەنگ ، هەفتامەی دی تسایت ١٧.٤) دەکەن، لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و جیاوازییەکانی نێوان کۆمارییەکان ودیموکراتەکان، وەڵامی ئەسەنگ ئەوە دەبێت، وەک جیاوازی نێوان نەخۆشی مەلاریا وسیلە. لەڕوانگەی سەردەشت عوسمانەوە، جیاوازی نێوان یەکێتی وپارتی یش هەروایە. پارتێکی سیاسی (یەکێتی) ‌هێندە جەللادییەتی لەریزەکانی خۆیدا شاردبێتەوە، کە بەخوێنساردیەوە دەستبەرێت بۆ کوڕە تاقانەکەی دایکە لانەوازەکەی ولەبەرچاوی هاوژینە هاوچیرۆکە پڕ تراژیدیەکەی ڕزگاربووی جێنۆسایدی ئەنفال، بە تەنهاش لەسەرلێکۆلێنەوە رۆژنامەگەرییەکانی بەفاکت ودکیومنەت لە تێوەگلانی گەندەڵی بەرپرسە گەورەکانی، ئیدی چ کارەساتێکە بۆ ئینسانی وەک سەردەشت ڕوو لە سلێمانی بکات.

ئەو ئەندام ولایەنگری بزوتنەوەی گۆڕانیش نیە، لەو نامەیەی بۆ نەوشیروان موستەفاش کە بڵاوکراوەتەوە، بەڕوونی دەڵێت، من دەنگ بە ئێوە دەدەم، چونکە بونی ئێوە باشترە لە نەبونتان. من تەنها دەنگتان پێدەدەم و نەعرەتەو هاواری شەقامتان پێدەگەیەنم. ئێوە بەردەوام لەبەردەم زوومی ڕەخنەگرانەدا ڕادەگرم. ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە بزوتنەوەی گۆڕان ئۆپۆزسیۆنێکی چالاک وکارای دەسەڵاتی ڕەهای حوکمڕانی ئەودەمی یەکێتی وپارتی بوو. بەڵام سەردەشت عوسمان خۆشباوەڕ نەبوو بە بزوتنەوەی گۆڕان. ئەو نەیهێشت پێگەی کۆمەڵایەتی ومەعنەوی خۆی بکرێتە سەرمایەی هەڵبژاردن ودەنگی جەماوەر بۆ کورسی پەرلەمان . بزوتنەوەی گۆڕانیش خۆیان ئەم ڕاستیەیان وەک خۆی ناسی ونەیانویست ونەیانهێشت ونایەنەوێت کەیسی سەردەشت وەک کەیسی بزوتنەوەی گۆڕان بناسرێت.

ڕێکخراوەی سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری وخێزانە وریاو بەجەرگەکەی سەردەشت عوسمان
ڕێکخراوەی سەردەشت عوسمان بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری وخێزانەکەی، ڕۆڵێکی شایستەو گرنگی سیاسی ومێژوییان، لە هەراسانکردنی پارتی و دەسەڵاتدارانی هەولێردا بینیوە. ئەم کێشمەکێشە بەداخەوە هێشتا نەبۆتە تەوەرومەیدانێکی سەرەکی کۆمەڵگای کوردستان.

شەقام وخەڵک وئازادیخوازان وڕۆشنبیرانی شۆڕشگێر، زۆر بەداخەوە، بۆ بەرگرتن وپوچەڵکردنەوەی ئەم تیرۆرە نادیارو ئەم سیناریۆ سازییەئ دەسەڵات، ئامادەیی تەواویان نەبووە ونیانە. هەستەوەری کۆمەڵگا بۆ مافەکانی، پشتیوانی کۆمەڵگا لە ئەندام ولەخۆی وبەشداری کۆمەڵایەتی لە چالاکیە سیاسی وڕۆشنبیرییەکاندا پێویستی بەدەستپێشکەرییەکی گەورەتر لە خەباتی تاک وگروپە سەرکزوبچوکەکانی هەیە. کۆمەڵگای مەدەنیی، بەڕێکخراوە موزەیەفە مەدەنیەکانی ئێستای کوردستان لە ملهوڕیی ودەستدژێرییەکانی هێزە تاریکەکان ناپارێزرێت. ئەو شێوازانەی کە تا ئێستا گیراونەتە بەر بۆ دەستهەڵگرتن لە سەرکوتی سیاسی وتیرۆر هەڵسوڕاوانی ناڕازی بە دەسەڵات، جێدەستیان بە فراوان بونی سنورەکانی ئازادییەوە دیارە. پێمان وا نەبێت کە تیرۆریستەکان، کاردانەوە جەماوەرییەکان لەبەرچاوناگرن. بیریان لەو ئەگەرانە نەکردبێتەوە کە پێشبینی دەکریت وبەهەمان شێوە پلانی تۆکمەیان دانەنابێت بۆ پەککخستنی هەوڵەکانی جەماوەر لە دوایی کردەوە تیرۆریستیەکانیان.

پرسیارێکی زۆر قورسە ئەگەر بڵێین، ئایا نە دەکرا تیرۆری سەردەشت عوسمان ڕوو نەدات؟ بۆچی ئێمە ئەو فورسەتەمان پێدان کە ئەو مۆمە داگیرساوەمان لێبکوژێننەوە؟ ئایا نە دەکرا تیرۆریستەکان بوەستێنرێن ؟ پرسیارێکی قورستر، ئایندەی ئەم دۆسیەیە بە سەرجەم کایەکانی ئازادییەوە، بۆ کوێ هەنگاو دەنێت؟ سەردەشت عوسمان پەیوەندییەکی قوڵی بە شکۆو کەرامەتی هەمومانەوە هەیە. وەک خیزانەکەی دەڵێن ئەو ئیدی کوڕی کۆمەڵگایە.




شەڕی براکان لەسەر دەسەڵات …. جەمال کۆشش

تالانی وفەرهوودو تیرۆر زیندانی وسەرکوت بەرهەمدەهێنێتەوە
هەروەها ئاشتیشیان

لەدوای ریفراندۆم(٢٥.٠٩،٢٠١٧) بەدواوە کێشەکانی نێوان یەکێتی وپارتی، دەورەیەکی نوێێ دەستپێکردووە.یەكێتی هەستی بە کەم سەنگی وبەحەواچوون دەکرد وخەریک بوو دەستی لەهەموو شت دەقرتاو بەئاسماندا بەرزدەبوەوە . حکومەتی عیراقی سەرکەوتنی گەورەی لەبەرامبەر داعشدا بەدەستهێنابوو، ڕایفراندۆمیش (سەرەڕای هەموو خیانەت وسەرکوت ونانبڕین ودزو تاڵانبڕۆیەی)، کەژاوەیەکی پیرۆزی بەدەوری پارتی دا کێشایەوە. پارتی لە هەردوو هەڵبژاردنی عێراق(١٢.٥.٢٠١٨) وکوردستانیشدا(٣٠،٠٩.٢٠١٨) سەرمەستی هەڵدانی پێکی سەرکەوتن و تەکاندنی تەپوتۆزی ڕیفراندۆم و بەستنەوەی پەلکوتانی یەکێتی وئۆپۆزسیۆنی کۆن بوو.
لەپاش دەستکێشانەوە مەسعود بارزانی ،(کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) وەک بابەتێکی فۆرماڵی دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی بەسەر حکومەتی هەرێمدا، پارتی تەماحی لە یەکێک لە پۆستە هەرە باڵاکانی بەغدا (لەوانە سەرۆک کۆمار) بوو. نێوماڵی کوردی جاڕێ تر دەورەیەکی تری شەڕەجنێو خۆگیڤکردنەوە کەوتەوە نێو براکان. . تا دەهات لایەنە براوەکانی پەرلەمانی عێراق ، گوشاریان بۆ سەر یەكیتی وپارتی زیاد دەکرد بۆبەربژێرکردنی کاندیدكیان یان ڕێککەوتن لەسەر تاکە کاندیدێک.

پارتی ملینەدا،بە کاندیدی یەکێتی وئەوەبوو دکتۆر فوئاد حسێن وەک نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ سەۆک کۆماری ئایندەی عێراق دەسنیشانکرا. بەڵام یەکێتی پێشتر لەلایەن ئەندازیارانی سیاسەتی عیراقەوە دڵنییایەکی بەدەستهینابوو. ئەوە بوو کاندیدی یەکێتی دکتۆر بەرهەم سالح ، لەبەرامبەر دکتۆر فوئاد حسێن کاندیدی بازرانی کەوتنە کێشمەکێشێکی کۆمیدییەوە، کە بەشێوەیەکی تراژیدیی بە شانسی دکتۆر فوئاد کۆتایی هات.(بەرهەم ٢١٩ دەنگ ، فوئاد ٢٢دەنگ )

لەڕاستیدا ٢.ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ رۆژی دەنگدانی پەرلەمانی عیراق رۆژی سەرکەوتنی بەرهەم سالح بە سەرۆککۆمار، نەک ١٦ ئۆکتۆبەر ٢٠١٧، هاوکیشەیەکی تری سیاسی لەکوردستانی عێراقدا دەستپیدەکات. بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆککۆمار لەلای یەکێتی بمێنێتەوە، لەکاتێکدا لەسەر کاندیدیک ڕێکناکەون و هەموو ئەو کاندیدانەی تریش لە لەلیبوکێک زیاتر نین، حکومەتی عیراقی و لایەنەکانی نێو پەرلەمانی عێراقی، داوایەکی دیایکراویان جێبەجێ ببوو ، بەدەستەوەدانی کەرکوک وئارایشدانەوەی کەرکوک وناوچە سنورییەکانی کە پێشتر بەهاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگەولەشکری عێراقی کۆنترۆڵکرابوو، پاش شکانی لەشکری عیراقی لەبەرامبەر داعشدا، هەندێ ناوچە هێزەکانی پێشمەرگە لەبەرامبەر داعشدا بەرگرییان کرد وڕاوەساتانەوە. یەکێتی یان چەند باڵ وماڵباتێکی ناو یەکێتی لە پلان و لە مامەڵەیەکی ناشیریندا دەستپێشخەری بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی بەغدا کرد بوو.
دەورەیەکی دی شەڕە جنێوی نێوان یەکیتی وپارتی بەبەهاراتی توندی ژماردنی خیانەتەکان وملهوڕی وپێشلەشکری گەرمکرا. ئەمجارە دەستی پارتی لە تۆڵەکردنەوەی یەکێتی بەهانەیەکی گونجاوتری بەگیرهێنا. ئیدی بەخیانەتی نەتەوەیی گەورەو بزاندنی خەتی سوور، تۆڵە لە ملنەدانی یەکێتی بۆ تەسلیمبوون بەقەدەروقوەتی پارتی بۆ سەرۆک کۆمار .

لەسەرەتای ساڵی تازەد٢٠١٩ ا، پارتی هیچ نەرمیەکی لە بەرامبەر لایەنە براوەکانی پەرلەمانی کوردستاندا نەنواند، وە زۆر بێباکانە مەرجەکانی خۆی بۆ هێزەکانی نێو پەرلەمان بۆ بەشداری لە دەسەڵات دیاریدەکرد وهەردوو پۆستە گرنگەکانی سەرۆکی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکی حکومەت (مەسرور بارزانی) ، قۆرخکرد وپرس وڕای بەکەس نەکرد. پۆستی نەوت و دەرەوەش هەر بۆ خۆی دەبێت، وە بێدەنگیەکی گشتی کە نیشانەی ڕازیبونێکی ترسناکەخەریکە دەکاتە ئەمری واقیع. یەکێتی پەرچەکرداری بێدەنگی کە متبوونی تووڕەبوونێکی لەخۆێدا شاردبوەوە، چەند رۆژەی گۆڕی بۆ دەستیبرد بۆ گرتن وڕاونانی ئەندامان وکادرانی پارتی ، بەهەمان شێوازو هەندێک قەهراوەی تر، پارتیش دەستی برد بەبارمتەگرتنی کادرەکانی هەولێری یەکێتی. ئۆپۆزسیۆنی پاکێجەکانی سەردەمی ١٧ شوبات وملخواروشکستخواردوەکانی ئەم دەورەیە، دەستەوەستان تەماشای حەمەی حاجی مەحمودیان دەکرد، نێوەندگیری بکات وتوندوتیژییەکە خاو کاتەوە ئەوە بوو بەگۆڕینەوەی دیل بە دیل دەرگای گتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم کرایەوە. لە پرێسە کۆنفرەنسەکاندا هەواڵی ئەوەمان بیست بەهۆی نەخۆشیەوە بەڕێز هیرۆ خان نەیتوانیەوە بەشداری وەفدەکەی یەکێتی بکات.

یەکێتی دەستی برد بۆ ڕاگەیاندنی قەدەخەکردنی تەڤگەری ئازادی وڕێکخراوە نزیکەکانی سەر بەتەڤگەر وداخستنی بنکەو ئۆفیسەکانیان لە ناوچەی سلێمانی. هاوکات سەرککۆماری عێراق سەردانی تورکیای کرد ولە پریسە کۆنفرنسەکەی لەگەڵ ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا کە بەرهەم ساڵحی وەک دۆستی ئازیزم یان هاوڕێی بەوەفام تاریف کرد، ڕووبەرڕوبونەوە و بنەبڕکردنی تیرۆریان وەک ئامانجی هەردوڵا باسلێوەکرد. ئەو هەنگاوانەی دواتری یەکێتی لە گرتن وزیندانی کردنی ئەندامان ولایەنگرانی تەڤگەری ئازادی وداخستنی سینەما سالم ونەهێشتنی مەراسیم وئەم کردەوانە بۆ ئەوەیە کە پشتیوانی ئەردۆگان بەدەستبهێنی بۆ گوشار خستنە سەر پارتی کە چێگەوڕێگەیەکی شیاوتری لە پەیکەرەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم پێبدات.
لێرەوە دەتوانین باشتر لە ڕەوەندەکە ولە پرۆسەکە ووردبینەوە.. چ شەری یەکترو چ شەڕی نێوخۆیی لەگەڵ لایەنەکانی دیبکەن، ئامانج پاوانی دەسەڵات وگومرگ ودزینی نەوت وسەروەت وسامانە، چ ڕیکبکەون وئاشتی بکەن هەر هەمان کارەسات بەرهەمدەهێنەوە.