ڕازیبوونی کورد بە ناوچەی ئارام، تەسلیمبوونە، یان ئاشتی؟ … جیهاد موحەمەد

بە بڕوای من پیلانەکە لە یەکەم ڕۆژەوە بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لە لایەن تورکیاوە، یاریەکی سیاسیی سەخیف بوو دژ بە کەمکردنەوەی هێزی کوردی ڕۆئاوا. تورکیا وەک لایەنە فاشیە نەتەوەییە حوکمڕانییە مێژوویەکەی، هەمیشە خەونی بووە گەلی کورد لە سەر گۆی زەوی بە یەکجاری جینۆساید بکات و بیسڕێتەوە، بە تایبەتی لەسەر دەمی حوکمڕانی ئەردۆغان و ئاکپارتیدا، هەروەها لەگەڵ ئەوەی خەونی ئەردۆغان و ئاکپارتی دروستکردنەوەی خەلافەتی عوسمانیە، لەگەڵ ئەوەی ئیخوانەکانی ناوچەکە بە پشتیوانی ئەردۆغان خواستیان بوو لێدانێکی بەهێز لە بەرەی سیکۆلار و پێشکەوتووخواز و دیموکراتخواز بدەن، بە تایبەتی کە زانیان ڕۆژئاوا دەستپێکێکی سەرکەوتووی ئەم بەرە سیکۆلارەیە. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا لای ئەردۆغان و ئیخوانەکانیش ئاشکرا بوو، کە بە ئاسانی بە هێرشێکی سەربازی بۆ سەر خاکی سوریا و کوردەکانی ڕۆژئاوا ناتوانن ئەو خەونانە بهێننە دی.
یەکەم/ چونکە ئەم هێرشە بۆ سەر ڕۆژئاوا کە ڕەهەندی توانەوەی گەلی کوردی لە خۆگرتووە،لە لای ئەو سۆزە گەورەیەی لە دنیادا بۆ گەلی کورد بە گشتی و بە تایبەتی گەلی کوردی ڕۆژئاوا دروست بووە قبووڵ نەکراو دەبێت. وەک بینیشمان ڕای گشتی خەڵکی ئەمەریکا و ئەوروپا هەروا کەوتەوە و بوو بە فشارێکی گەورە دژ بە ئۆپەراسوێنەکەی ئەردۆغان و سوپاکەی.
دووەم/ لە لایەکی تر ئۆپەراسوێنەکە بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوا کە بەشێکە لە خاکی وڵات و دەوڵەتێک، کە بە رسمی لە دنیادا ناسراوە، ڕۆژ بە رۆژیش دژایەتی ئەم وڵاتە بە پشتیوانی ڕوسیا و ئێران لە کەمبوونەوەدایە، وا خەریکە جارێکی تر دەستوری بۆ دادەڕێژرێتەوە، ئەمەش ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی لە خۆ دەگرێت، بۆیە داگیرکردنی خاکی سوریا لە لایەن تورکیاوە، جێگەی قبووڵکردن نییە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
سێیەم/ جگە لەمانەش داگیرکردنی سوریا لە لایەن تورکیاوە، ڕەهەندی لاوازکردنی بەرژەوەندی ڕوسیا و ئێرانی هەیە لە سوریادا، کە لە دواجاردا ئەمانیش ئەم ئۆپەراسیۆنەیان پێ هەرس ناکرێت.

چوارەم/ لە هەموو ئەمانە زیاتر ئەردۆغان و ئاکپارتی باش دەیانزانی کە هێزی کورد و هەسەدا هەروا پارویەکی ئاسان نییە بۆیان قوت بدرێت، بە تایبەتی لە ئۆپەراسیۆنێکی وادا کە چەندین ملیار دۆلار لەسەر دەوڵەتی تورکیا دەکەوێت، لە کاتێکدا کە لە قەیرانێکی ئابووری قووڵدان.
کەواتە ئێستا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە، ئەی بۆچی ئەگەر وایە، ئەردۆغان ئەم ئۆپەراسیۆنەی دەست پێکرد و هەڕەشەی گەورەی لە گەلی کورد و هەموو هێزە نێودەوڵەتیەکان کرد؟
لە ڕاستیدا، بە پاڵپشتی حوکمڕانییە مێژوویە فاشییەکەی تورکیا دژ بە گەلی کورد ئەگەر “لە ئەفەریقاشدا بێت نایەڵن بگەن بە ئامانجی خۆیان”، هەروەها بە پاڵپشتی هێزە کۆنەپەرستییە ئیسلامییەکەی ئەردۆغان و ئاکپارتی و، پاڵپشتی ئیخوانەکانی ناوچەکە، دژایەتیەکی سەرسەختی هەرچ بزاوت و جوڵەیەکی سیکۆلارن لە ناوچەکەدا، هەر ئەمەشە کە خەونی گەڕانەوەی خەلافەتی عوسمانییان هەیە. لەم پێناوەدا ئۆپەراسوێنەکەیان دەست پێکرد، بۆ ئەوەی هێزی گەلی کوردی ڕۆژئاوا لاواز بکەن، تا لە نووسینەوەی دەستوری سوریادا گەلی کورد هیچ مافێک بە دەست نەهێنێت، یان کەمترین ماف بە مسۆگەر بکات.

جگە لەمەش بۆ لاوازکردنی بەرەی سێکۆلار بوو لە ڕۆژئاوادا.
ئەردۆغان و تامپ، لە کاتی ڕێکەوتنە تەلەفوونیەکەیاندا، هەموو ئەم ڕاستیانەیان لەبەرچاو بووە، بەڵام بەم ئۆپەراسێنە ئەگەر کەمترین خەونی ئەردۆغانیش بێتە دی، کە لاوازکردنی گەلی کورد و بەرەی سێکۆلارە ئەوە براوەن، ئێستاش بە گوێرەی قسەی ئەردۆغان و وەزیری درەوە و بەرگریەکەی براوەن! جگە لەمەش ترامپ وەک سەڕۆکێکی بزنسکار و بازرگان، یەکەم سەربازەکانی ئەمەریکا دەپارێزت لە کوشتن و بریندارکردن، دووەم دۆستایەتی خۆی لە گەڵ تورکیادا نۆژەن دەکاتەوە، لە دوای ئەوەی کە تورکیا خەریکبوو بە تەواوەتی بچێتە باوشی پۆتین و ڕوسیاوە.
خەونی سوریا و ئێرانیش بەم ئۆپەراسێونە هاتە دی، ئەم دوو لایەنەش خەونیان ئەوە بوو، کە گەلی کورد بەو هێزە گەورەیەوە داوای تۆمارکردنی مافە ڕەواکانی خۆی نەکات لە دەستوری سوریدا.
کەواتە پیلانەکە دژ بە گەلی کورد و بەری سیکۆلار بوو، لە لایەن تورکیا و ئەمەریکا و سوریا و ئێرانەوە، هەروەها ڕوسیاش لەم کەین و بەینەدا نەک زیان ناکات، بەڵکو خەونی ئەوەی هاتە دی کە سوریا بەهێز دروست بکاتەوە.
بەڕای من بە گوێرەی ئەم پیلانە گڵاوە ناوچەیی و نێودەوڵەتیە، هێشتا گەلی کورد بەهێزە و، ڕازیبوونی بە رێکەوتن لەسەر ناوچەی ئارام، تەسلیمبوون نییە.

جیهاد موحەمەد
١٨/٠٩/٢٠١٩




بەڕێز وەزیری پەروەردە، دەڵێت “ئێمە خزمەتکاری خەڵکین” … جیهاد موحەمەد

لە ڕاستیدا ئەم قسە ئاواز مۆسیقییە زۆربەی زۆری بەرپرسەکان چەند بارەی دەکەنەوە، لە چاوپێکەوتن و نووسین و پەیڤەکانیاندا، هەموویان وەک یەک دەیڵێنەوە!
با پرسیارێک لە بەڕێزیان بکەین، بە ڕاست تەنها خۆماندووکردن و دڵسۆزیی و خزمەتکاریی بەسە بۆ گەشەی پەروەردە؟ یان بۆ گەشەی هەرچ سێکتەرێکی تر؟
ئەمەی خوارەوە وەڵامی منە بۆ ئەم پرسیارە، بۆ بەڕێزیشیان نازانم چۆن وەڵام دەداتەوە!
ئەزانم ئەم وەزیرە بەڕێزە نیەتی وایە، کە خۆی ماندوو بکات، لە دەستپێکیشدا وەک وەزیری بازرگانی و وەزیری کشتوکاڵ ئەم پەیمانەیان داوەو و دەستیشیان پێ کردووە. ئەم دەستپێکردن و پەیمانە، کارێکی زۆر باشە، لەوەش باشتر نیەتەکەیانە.
لێرەدا قسەم لەسەر هەموو وەزیرەکانە بە گشتی و بە تایبەتی وەزیری پەروەردە. پەروەردە سێکتەرێکە، لەو سێکتەرانەی کە زۆر بەربڵاو و گرنگ و بە بایەخە، بە گوێرەی قسەی زۆربەی پەروەردەناسان و زانا پەروەردەییەکان، پەروەردە بنەما و بناغەی گەشەی هەموو سێکتەرەکانی ژیانی خەڵکە بە گشتی، بناغەی گۆرانکاریەکانە، وەک دەڵێن، پەروەردە واتا ئابووری، واتا کۆمەڵگە، واتا شۆڕشی کۆمەڵایەتی و .. هتد.
هەرچ شۆڕشێک لە دنیادا، کە بە پڕۆسەی سروشتی خۆیدا تێپەڕیوە، ئەگەر پەروەردەیەکی شۆرشگێرانە، وەک تیۆریا لە پشتەوەی نەبووبێت، لە سەدا سەد ئەو شۆرشە ئەگەر گەشتبێتیش بە ئامانجی خۆی، لە دواجاردا وەک کودەتایەک وا بووە، هیچ گۆڕانکاریەکی لە عەقڵیەت و کولتووری گشتی خەڵکدا بۆ دروست نەکراوە، چونکە پەروەردەی شۆڕشگێرانە لە خودی شۆرشەکە گرنگتر و بەبایەخترە.
پەروەردە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە جیهانبینی و سیاسەتی دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانەکانەوە هەیە. پەروەردە بە هیچ جۆرێک بێلایەن نییە، بەڵکو ڕاستەخۆ لایەنداری دەکات، جیهانبینیی و سیاسەتی دەسەڵاتە حکومڕانەکە هەرچی بێت، پەروەردەش هەمان ئاراستە دەگرێتە بەر و گوزارشت لە هەمان جیهانبینی و سیاسەتی حوکمڕانان دەکات. ئەگەر ئەو جیهانبینیە، جیهانبینیەکی ئایدۆلۆجیانەی دۆگمایی بێت، ئەوە پەروەردەش بە هەمان شێوە ئەبێت هەمان ئاراستەی ئەو جیهانبینییە دۆگماییە وەربگرێت، دەنا ناکۆک دەردەچێت و دەسەڵاتیش ئەم ناکۆکیە قبووڵ ناکات. ئەگەر جیهانبینیە حوکمڕانییەکە، جیهانبینییەکی هاوچەرخانە و دیموکراتیانە بێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە پەروەردەش هەمان ئاراستەی دیموکراتیانە دەگرێە بەر.
ئەوەی تا ئێستا لە ئاردایە، لە کوردستان و عێراقدا، سیاسەتی حوکمڕانان، سیاسەتێکی نادادپەروەر و نا یەکسانە، سیاسەتێکی نادیموکراتە، ئەگەر بە ڕاستی تێگەیشتبێتین لەوەی کە دیموکراتیەت بە قسە و دروشمبازی نابێت، بەڵکو لە پراکتیزەکردنیدا دەردەکەوێت، ئەوە بە ئاسانی تێدەگەین لەوەی کە دەسەڵاتی حوکمڕانانی کوردستان دەسەڵاتێکی نادیموکراتە.
تا ئێستاش سیستمی پەروەردەی کوردستان، ئەو سیستمەیە، کە مامۆستا هەموو شتە و فێرخواز گوێگرێکی ملکەچە بۆ مامۆستا و فێرگە و سیستمی پەروەردە. ئەم ملکەچییەی فێرخواز بۆ مامۆستا و سیستمی فێرگە و پەروەردە گشتیەکە، لە جیهانبینیەکەوە هاتۆتە ئاراوە، کە دەسەڵات لە هەرچ شوێنێکدا بێت، قسەی یەکەم و زانینی یەکەم و عەقڵی یەکەم هی دەسەڵاتە، گوێگرانیش هیچی وایان بۆ نامێنێتەوە جگە لە سەرلەقاندن.
کەواتا بەڕێز وەزیری پەروەردە، ئەوە ڕاستە تۆ خۆت ماندوو دەکەیت، ئەوە ڕاستە گوێ لە مامۆستایان دەگریت و لە دەیان گروپی مامۆستایاندا بەشداری دەکەیت، ئەوە ڕاستە بەیانی تا دوا نیوەڕۆ و هەندێک لە کاتەکانی پشووکانیشت تەرخان دەکەیت بۆ گوێگرتن و سکاڵای مامۆستایان، بەڵام هەموو ئەمانە لەوەدا کورت دەبێتەوە، کە بەڕێزت دڵسۆزیی بنوێنیت بۆ هەمان سیستمی پەروەردە نەریتییەکە، بۆ هەمان سیستمی پەروەردە نادیموکراتیەکە. بۆیە من وەک هاوڵاتیەک بە تۆی بەڕیز دەڵێم، ئەگەر دەتەوێت خزمەتێک بکەیت کە جێگە پەنجەت دیار بێت لە ماوەی چوار ساڵی وەزیریتدا، هەوڵ بدە پەروەردە بکەیت بە سیستمێکی عەقڵانی و دیموکراتی، پەروەردەیەکی دادپەروەرانە و یەکسانانە جێبەجێ بکە. ئەوسا ماندووبوونەکەت، هەوڵەکانت، دڵسۆزیەکانت، خزمەتکاریەکەت لە چەندین ڕەهەندەوە دەردەکەوێت و مێژوویەکی جوان بۆ خۆت تۆمار دەکەیت.

جیهاد موحەمەد
٢٧/٠٨٢٠١٩




مەلا کۆنەپەرستەکان پێویستە بێدەنگ بکرێن … جیهاد موحەمەد

کوان و لە کوێن مەلا مەنەورەکان؟ کوان و لە کوێن نەوەو قوتابیانی مەلا مەنەورەکان؟
کوان و لە کوێن کۆمەڵگەی مەدەنی و سێکۆلار و عەقڵانی؟
مەلا مەزهەر خۆراسانی و مەلا هەڵۆ و هەموو مەلا کۆنەپەرستەکان، ئەگەر دەسەڵاتی حوکمڕانانی کوردستان لە پشتیان نەبن، ناتوانن نە کۆمەڵگە بشێوێنن، نە بڕیار لەسەر بەدڕەوشتی خەڵکی مەدەنی و هونەرمەندان بدەن.
ئەگەر مەلا منەوەرەکان و قوتابیانی مەلا منەوەرەکان بێنەدەنگ و نەیەڵن مەلا کۆنەپەرستەکان بە ناوی دینەوە شەڕێکی نەبڕاوە هەڵبگیرسێنن، ئەوە مەلا کۆنەپەرستەکانیش ناتوانن ئەو هەموو سوکایەتیە بە خەڵک بکەن.
دەسەڵاتە بە ناو مەدەنی و سێکۆلارەکەی کوردستان، جگە لە برەودان بە نادادپەرورەیی و نایەکسانی، جگە لەو هەموو قەیرانە ئابووریی و داراییەی دروستیان کردووە، جگە لەوەی بێکارییەکی ترسناکیان دروسستکردووە، پشتیوانی مەلا کۆنەپەرستەکانیش دەکەن. دیارە ئەم پشتیوانیکردنە ناڕاستەوخۆیە، بە مەبەستی ئەوەیە، شەڕ و پێکدادان لە نێوان خەڵکی کوردستاندا بە ناوی ئاینداری و بێ ئاینیەوە دروست بکەن بۆ ئەوەی کەس نەپەرژێتە سەر ئەوەی ڕەخنە لە دەسەڵات بگرێت.
هیچ وڵات و دەوڵەتێکی ئیسلامیی لە ناوچەکەدە هێندەی کوردستان مەلای کۆنەپەرستی تیا نییە. ئەوەتا لە تونسدا چونکە دەسەڵاتە حوکمڕانەکەی بەرەو عەقڵانیەت دەڕۆات، بەردەوام حیوار لە نێوان بەرەی سێکۆلار و حیزبە ئیسلامیەکاندا هەیە. ئەم حیوار و دیبەتانە هێندە بەربڵاوە گەیشتووەتە ئەوەی کە کۆمەڵێک مەلا و پیاوی ئاینی لە تونسدا قسە لەسەر ئەوە دەکەن، کە مەی حەرام نییە. کەس هەیە لە کوردستاندا، هیچ مەلایەکی منەوەر هەیە لە کوردستاندا بتوانێت قسەیەکی وا بخاتە ناو ئایندارەکانەوە بۆ گفتوگۆ؟. مامۆستا فاتیح شارستێنی بەڕێز کە هەندێک بە نەرم قسە دەکات لەسەر دین و زۆر جار لەسەر کێشە کۆمەڵایەتیەکان هەڵدەداتێ و دێتە دەنگ، ئەوەتا مەلا کۆنەپەرستەکان بە ئاشکرا بە”دەجال” ناوی دەزڕێنن. مامۆستا سامان چونەک لایەنی حەق دەگرێت، چونکە دەیەوێت دین نەبێت بە پاساو بۆ شەڕ و پێکدادان، چونکە بە عەقڵانی قسە لەسەر دین دەکات ئەوەتا لە لایەن دەیان مەلای کۆنەپەرستەوە دەیبوغزێنن و بە زەندیق و کافری دایدەنێن. مەلا محەمەدی مەلا فایەقی شارەزووری چونکە مەلایەکی باشە و لە خۆیەوە کەس بە کافر دانانێت و دینی نەکردووە بە مەسەلەیەکی پۆپۆلیستی بۆ خزمەت و بە ناوبانگی خۆی، هیچ کات لە تیڤەکانەوە بانگ ناکرێت بۆ ڕوونکردنەوە و دەسەڵاتیش ئەوەندە گرنگی پێ نادات.
من باش دەزانم، مەلا و پیاوی زۆر عەقڵانی لە کوردستاندا هەیە، بەڵام بە داخەوە دەسەڵات پشتیوانیان ناکەن.
ئەم هەموو ناو زڕاندن و سوکایەتیکردنە بە خەڵکی مەدەنی، بەوانەی ڕایان وایە کە حکومی سێکۆلار بۆ ئەمڕۆی کوردستان باشترین حوکمە، ئەو هەموو سوکایەتیکردن و جنێودانە بە هونەرمەندان، بە نووسەران، بە رۆژنامەنووسان، لە لای مەلا کۆنەپەرستەکانەوە، بە هیچ جۆرێک دادوەرەکان ناجوڵێنێت، ئەمە زۆر سەیەرە و لە هیچ جێگەیەکی دنیادا شتی وا نییە.
ئەگەر خەڵکی مەدەنی و سیکۆلار، ئەگەر کەس و ڕێکخراوە عەقڵانیەکان نەیەنە دەنگ بەرامبەر بەم مەلایانەی کە لە پەنای دینەوە و بە ناوی خواوە دەیان و سەدان قسەی نابەجێ و ئابڕوبەر بەرامبەر بە خەڵکی دەکەن، ترسناکە، ترسناکیەکی گەورەیە و کۆمەڵگەی کوردستان بەرەو شەڕێکی نەبڕاوە دەبات.
لەسەر دەسەڵات و حکومڕانەکانی کوردستان پێویستە بە زووترین کات ئەم جۆرە مەلا جنیوفرۆش و بوختانکەرانە بێدەنگ بکەن.
ئەم جۆرە لێدوان و قسە و قسەلۆک و جنێودان و هەڕشەرکردنە بە ناوی خواوە، ئەم جۆرە تەکفیرکردنانەی خەڵک، ئەم جۆرە خۆسەپاندن و بە زۆر کۆمەڵگە کردنە بە کۆمەڵگەیەکی یەک دەنگ بۆهێنانە ئارای تاریکستانییەوە یەجگار ترسناکە.
کەس بۆی نەبێت، گۆران بچڕیت، کەس بۆی نەبێت موسیقا بژەنێت و گوێ لە مۆسیقا بگرێت، کەس بۆی نەبێت بە دەنگی قاقا پێبکەنێت، کەس بۆی نەبێت جل و بەرگی سفور لەبەربکات، کەس بۆی نەبێت سەمابکات و هەڵپەڕێت، کەس بۆی نەبێت بچێ بۆ سیەری شانۆگەریەکان، کەس بۆی نەبێت بچێت بۆ سینەمان، کەس بۆی نەبێت ئارایشت بکات و خۆی بڕازێنێتەوە، کەس بۆی نەبێت بچێت بۆ سەیران و چێژ لە جوانی سروشت و بەهار ببینێت، سەرەڕای ئەمەش مەلا مەزهر خۆراسانی بەڕیز ژنی کورد بە داینەسۆر بچوێنێت، لە کاتێکدا کە ژنی کورد سەلماندیان چەند ئاز و بە توانان، شان بە شانی پیاو تفەنگی مەردایەتیان کردووتە شان، لە لایەک مندڵ کە جوانترین و گەورەترین بەرهەمە بەخێو دەکەن و لە لایەکی تر شان بە شانی پیاوەکان لە خەبات و تێکۆشاندا بوون، چ عەقڵ و لۆژیکێک ئەم قسەیەی بەڕیز مەلا مەزهەر قبووڵ دەکات؟ ئەنجامی ئەمە یەجگار ترسناکە و کۆمەڵگەی کوردستان بەرەو تاریکستانی و دواکەوتوویەکی تەواو دەبات ئەگەر ڕێگەی پێنەگیرێت. بە بڕوای من ئەم مەلایانە چەند زیان لە بەرەی کۆمەڵگەی مەدەنیەت و دیموکراتیەت دەدەن، زۆر لەوەش زیاتر زیان لە دین دەدەن.

جیهاد موحەمەد
١٥/٠٨/٢٠١٩




سەرمایەڕەمزیەکانی حوکمڕانان پوچ و ساختەیە … جیهاد موحەمەد

نهێنیی، ئەو ڕووبەرە نادیارەیە، کە هەرچ کەسێک بۆی گرنگە، زانینی هەبێت دەربارەی و پەی پێبەرێت. کتێبەکان پێش خوێندنەوەیان پڕن لەو نهێنیانەی تا نەخوێندرێنەوە نازانرێت باس لە چیی دەکەن، هەڵگری چ جۆرە زانین و زانست و فەلسەفەیەکن، یان هەڵگری چ جۆرە چیرۆک و ڕۆمانێکن. خوێنەر بۆیە بەپەرۆشەوە کتێب دەکڕێت و لە ئامێزی دەگرێت و پەڕەکانی یەک یەک هەڵدەداتەوە و بە وردی دەیانخوێنێتەوە تا سیحری ناوەڕۆکە شاراوەکەی تێبگات، کتێب پێش خوێندنەوەی مەعشوقێکی ئەفسانەییە بۆ خوێنەر، بەڵام ڕەنگە دوای خوێندنەوەی مەعشوقیەتی لاوازبێت، بەڵام سوودی هەرگیز لاواز نابێت.

کەسی عاشقیش دنیایەک نهێنی و پەنهانی لە دڵدارە مەعشوقەکەیدا دەبینێت، مەعشوق ئەفسانەیەکی شاراوەیە تا ئەو کاتەی بە عاشق دەگات. هەڵسوکەوت و ڕەفتاری مەعشوق هەرچی بێت، قودرەتێکی هێندە نهێنی و سیحراویە، کە عاشق سەرسام دەکات بە خۆی، هەموو جوانیەکانی دنیا، هەموو ژیانی خۆی لە زانین و پەیبردن بە ژیانی مەعشوقەکەیدا دەبینێتەوە، بۆیە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە بگات بە مەعشوقەکەی و بگات بەو نهێنیە پڕ لە سیحراویی و ئەفسوناویە، عاشق هەتا بە مەعشوق دەگات ملکەچی چاک و خراپێتی، بەڵام کە پێیدەگات ڕەنگە مەعشوق لاواز بێت، بەڵام زاوزێیان لە ترۆپکی جوانیدایە، گەر ئەم بەرهەمە ناوازەیە نەبوایە زۆر زوو ئەم جیهانە لە ناو دەچوو، یان هیچ بەهایەکی نەدەما.

مرۆڤ بە گشتی، ئەو بوونەوەرەیە کە هەمیشە بە دوای نهێنیەکاندا وێڵە، دەگەڕێت و بەدواداچوونی بۆ دەکات. دیارە هەر ئەم بە دواداگەڕان و پەیکردنە سروشتیەشە، کە مێژووی مرۆڤایەتی قۆناغ بە قۆناغ بەرەوپێشەوە بردووە. مرۆڤ لەگەڵ ئەوەی شەیدای زانینی نەزانراوەکانە، لە هەمانکاتدا لە سیحر و توانای گەورەی نەزانراوەکانیش تێدەگات، کە چۆن مرۆڤ دەکات بە عاشقی خۆی و خۆشی دەبێت بەو مەعشوقە پڕ لە نهێنییە خەیاڵاویە. کەواتا نهێنی و پەنهانی مەعشوق سەرچاوەی شەیدایی عاشقەکانە.

تا ئێرە نێهینەکان و قودرەتی نهێنی و بە دواداگەڕانی مرۆڤەکان بۆ پەیکردن و زانینی نهێنیەکان، کارێکی زۆر ئاسایی و سروشتیە. وەلێ بەکارهێنانی “نهێنیی و پەنهانیی” لای حکومڕانەکانی کوردستان بۆ جڵەوکردن و سەرسامکردن و سەرقاڵکردنی خەڵکی گشتی، هەتا بڵێی کارێکی پوچ و قێزەون و ناشیرینە.
باش لە بیرم دێت، لەگەڵ ئەو پەڕی ڕێزمدا بۆ خەڵکە “گشتییەکەی” کوردستانی ڕۆهەڵات، بە سەدام حسەینی دڕندە و فاشییان دەوت،”سەرۆکێکی قەشەنگە”، ئەم سەرسامبوونە بە سەدام حسەین لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە خەڵکی گشتی ڕۆژهەڵات ناوەڕۆکی نهێنی خۆنمایشکردنەکانی ئەم پیاوە ناشیرینە تێنەدەگیشتن.

ئاخر جارێکیان، بە گوێی خۆم گوێم لێبوو، چەند کەسێکی سادە و ساکار”ماشاألله”یان لە شێخێک دەکرد، کە هەتا بڵێی پیاوێکی بۆشناخ و پاک و خاوێن بوو، هەتا بڵێی جل و بەرگ و عەبا و جبەکەی شانی کەشەخە بوو، هەتابڵێی ڕێ و ڕۆشتنی بە ئارامی و لەسەر خۆ بوو، هەتابڵێی دەوڵەمەند و پارەدار بوو، هەتابڵی لە حکومەتی عێراقی فاشیدا دەستی دەڕۆیشت، لەگەڵ ئەوەشدا هەتا بڵێی لە ناوەڕۆکدا شێخێکی ساختەچیی بوو، بەڵام شەیدایی خەڵک لە چاویاندا بوو، نەک لە عەقڵیاندا، بە عەقڵ بیریان لەوە نەدەکردەوە، کە ئەم شێخەش هەروەک هەموو کەسێک، مرۆڤێکی ئاساییە، وەلێ ئەو خۆنمایشکردن و خۆگۆڕین و ڕیشبەردانەوەیە کردبووی بە کەسێکی نائاسایی، ژیانی لای خەڵک، بووبوو بە شتێکی نائاسایی، تەنانەت نوێژ و خواپەرستیەکەشی خۆ هەر وەک خەڵک وابوو، کەچی بووبوو بە ڕەفتار و کردارێکی نائاسایی، چونکە بە دەگەمەن نەبێت وەک خەڵک لە مزگەوت و بەردەمی خەڵکدا ئەم خواپەرستییەی نەدەکرد، ئیتر خەڵکی وایان دەزانی لە کاتی خواپەرستییدا پەردە لە نێوانی خۆی و خوادا نامێنێت و دەتوانێت قسە لەگەڵ خواشدا بکات.

سیاسیە حوکمڕانەکانی کوردستان، شارەزان لە قودرەتی “نهێنی و پەنهانیی” کە چۆن بەم قودرەتە کارلێک دەکەن لەسەر کۆمەڵە خەڵکێکی گشتی سادە و ساکر، بۆیە نهێنی و پەنهانی زۆرێک لە ڕووبەری ژیانیان دەکەن بە “سەرمایەیەکی ڕەمزی” و بەکاری دەهێنن بۆ چاوبەست و خۆشاردنەوە لە خەڵک.
پەیوەندیە خێزانیەکانیان، ژیانە کۆمەڵایەتیەکانیان، پەیوەندیە سیاسییەکانیان دەکەن بە سەرمایەیەکی ڕەمزی بەهێز بۆ سەرسامکردنی خەڵک. خێزانە سیاسیی و حکومڕانەکان، هەمیشە دنیای خۆیان بە پەنهانی دەهێڵنەوە، تا خەڵک بە هیچ شتێکیان نەزانێت و ببن بە خێزانگەلێکی سیاسیی نائاسایی و ئەفسانەیی. ئەم قودرەتی نهێنیە، وا دەکات، کە قسەکردن و گفتوگۆ ئاساییەکانیان، ئەو قسانەی کە هەموو کەس دەزانێت بیانکات، پڕ دەبێت لە سیحر بۆ خەڵکە سادە و ساکارەکە، کە بە نائاسایی وەریدەگرن و گوێی لێ دەگرن.

زۆر جار خەڵکی گشتی لە ڕێپۆرتاژەکاندا، لە چاوپێکەوتنەکاندا، زۆر باشتر، زۆر جوانتر، زۆر بە ئەددایەکی ڕوونتر و زمانێکی پاراوتر لە سیاسیە حیزبیی و حکومڕانەکان قسە دەکەن، وەلێ نائاسایی وەستان و خوتبەدانی ئەم سیاسیانە، بەقەراعەت قسەکردنیان، جۆری لەبەرکردنی جلوبەرگیان، بۆینباخە سێ چوار هەزار دۆلاریەکانیان، قاتە سیی چل هەزار دۆلاریەکانیان، سەعاتە ئاڵتوونیی و گرانبەهاکانیان، پێڵاوە تایبەتییە دەهەزاردۆلاریەکانیان، خاوەندارێتی کۆشکە سەدان ژوور و ڕووبەرە دەیان هەزار مەتریەکانیان، خاوەندارێتی گەمێ و فڕۆکەکانیان،خاوەندارێتی رۆژنامە و کەناڵە نەوتییە پڕ لە خەرجییە سەدان دەفتەر دۆلاریەکانیان، کۆبوونەوە پڕ لە قاقای پێکەنین و قاچ خستنە سەر قاچیان، بە بێدەنگی و بێ ئەوەی هیچ کەس بزانیت چ نوکتەیەکی قۆڕ و چ قسەیەکی بێ مانا دەگوزەرێت لە نێوانیاندا،سەرنجێکی سیحراوی و خەیاڵاوی ئەوتۆ دروست دەکەن، کە دەبێت بە خەیاڵ و ئەفسون لای خەڵکی گشتی، هەموو ئەم خۆنواندن و قسە پوچانەیان لای خەڵکی گشتی نەزان، دەبێت بە نەخشی سەر بەرد. تەنانەت هێزە میلیشیاییەکانیان، هەڕەشە و گوڕەشەکانیان، کاروانی سەیارە مۆدێلبەرزەکانیان، چوون بۆ پرسە و ئامدەبوونیان لە شوێنی گشتییدا بە کەشخە و فشە و خۆبادانێکی بێتام و ناشیرینەوە، کە بە دەیان چەکداری دەموچاو ناشیرین و ڕەفتار شەلاتیانە بە دوایانەوەیە، دابەزین و سواربوونی سەیارەکانیان بە شەقە و تەقەی تووند کرانەوە و پێوەدانی دەرگاری سەیارەکانیان، فڕوهوڕ و تڕوهوڕ و پەڕتەڕناشی سەیارەکانیان، ئەمانە هەمووی بۆ ئەوەیە کە خۆیان وا پیشان بدەن، کە مرۆڤگەلێکی نائاسایین و ئەوەی ئەمان پێی گەیشتوون، لە قودرەتێکەوەیە، کەسی تر نییەتی.

ئەگەر وردبینەوە، لە خێزانە سیاسییەکانی، وەک بنەماڵەی بارزانی و براو کوڕ و زاوای بارزانی، یان خێزانی تاڵەبانی و کوڕ و کەسوکاری تاڵەبانی، بە تایبەتی ئەوانەیان کە جڵەوی حوکمڕانیان بە دەستەوەیە، نەزانینی مرۆڤە نەزانەکان، بۆ تێگەیشتن، لە ژیانە پڕ لە نهێنی و ئەفسوناویەکەیان، دەکەن بە چەکێکی نهێنی پڕ لە خەیاڵی سیحراوی بۆ کەمەنکێشکردنیان و جڵەوکردنیان. هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان بە پەنهانی بمێننەوە، وەک کەسانی سادە و ساکار نەیەنە بەرچاوی خەڵکی، وەک کەسانی سادە و ساکار نەیەنە ناو خەڵکەوە، وەک کەسانی سادە و ساکار دەرنەکەون، تا وا لە خەڵک بکەن، کە شەیدای ژیانە شاراوەکەیان بن، شەیدای ناو ماڵ و خیزانیان بن، شەیدای ئەوە بن، کە بزانن ژنەکانیان، کچەکانیان، منداڵەکانیان ناویان چییە، چیی دەخۆن، چیی لەبەردەکەن، چۆن دەژین، چۆن کاتی خۆیان بەسەر دەبەن، لەگەڵ کێ هاتوچۆ دەکەن.

هەموو ئەمانە بوون بە نهێنیەک، کە زۆر لە خەڵکی سادە و ساکار سەرسامن پێیان، زۆربەی خەڵکی سادە و ساکار بۆیە خۆشیان دەوێن، بۆیە لایەنداریان دەکەن، بۆیە دەنگیان پێدەدەن، چونکە بوون بە عاشقی ئەم مەعشوقە پڕ لە نهێنیە سیحراویە، عاشقانە بە دوای ئەم سیحرە پوچ و پڕ لە ئەفسانەیەوەن. زۆر جاریش کە زانین و بەدواداچون و تێگەیشتنیان لەم ژیان و ڕەفتارە ئەفسوناویەیان ناگات بە ئامانج، کەچی هێشتا ئەمەش لای خەڵکە سادەکە دەبێت بە داینەمۆی بەردەوامی سەرسامبوونیان. بۆیە کاتێک خیانەتیش دەکەن، کاتێک فێڵی سیاسیش دەکەن، کاتێک سەروەت و سامانی گشتی کۆمەڵگەش دەدزن، کاتێک هەموو ژیانی خەڵکی قۆرخ دەکەن، کاتێک سوێندی درۆش بە کەرامەت و شەرفیان دەخۆن، هێشتا ئەو مەعشوقە خۆشەویستەن کە پەی بە سیحریان نابرێت، ئەو ڕووبەرە پڕ لە نهێنیە نا ئاساییەن، کە مرۆڤی داماوی نەخوێندەوار، وا بیر دەکاتەوە، دیارە ئەمانە بەشەرگەلێکن، کە خواردنیان، خواردنەوەیان، چوونە سەر ئاودەستیان، خۆشتن و حەمامیان، جل لەبەرکردنیان، شاییان، شینیان، ئەبێت جیاوازبیت لە خەڵک، چونکە ئەگەر وا نەبێتت ناتوانن ببنە بەو حوکمڕانە بەهێزانەی کە ماڵەکانیان، ویستەگەکانیان، ئۆفیسەکانیان دەبن بە جێگە و شوێنی زیارەتی سەرۆکە گەورەکانی دنیا، ئەو سەرۆکانەی لە ڕۆژنامەوانیەکانیانەوە زۆر جار هێندە بە سەیر باسی خەرجی ڕۆژانە و سەفەرەکایان دەکرێت، کە جێگەی گاڵتەپێکردنە. ئاخر مەلیکی سعودیە کە سەفەر دەکات بۆ وڵاتێک، لە پێش سەفەرکردنەکەیەوە بە سەدان ملێون دۆلار بۆ نیشتەجێبوونی خەرج دەکرێت.

لەم ماوەیەدا شتی سەیر و سەمەرە باس کرا لەسەر ژیانی تایەبەتی ژنە لەچکبەسەرە ئیسلامییە لە خواترسەکەی هاوسەری ئەردۆغان، کە چایەک دەخواتەوە کیلۆی بە دوو هەزار یۆرۆیە. دیسان بە جۆرێک باسی ژیانە پڕ لە نهێنیەکەی پۆتین کرا، کە هەر بۆ گاڵتەپێکردن باشە، تەنانەت ئەو ئاودەستەی گووی تێ دەکات، لە ئاڵتوونی عەیارە ٢٤ دروستکراوە. ئێ خۆ بە چاوی خۆشمان بینیمان، ئاودەست و حەمام و دەستشۆر و تفەنگ و دەمانچەکانی سەدام حسەین، لە ئاڵتوون دروستکرابوون.
کەسێکی نزیک لە کارەکترێکی(سیاسی)ەوە بۆی گێڕامەوە، کە ئەم کارەکتەرە سیاسیە، شەوانە ئەوەندە دەخوات، ئەوەندە دەخواتەوە، ئەوەندە دەکاتە کایەنی ورگێوە، هەموو شەو دەبێت دەست بکات بە سۆدە خواردنەوە تا دەڕشێتەوە و خواردن و خواردنە زیادەکە هەڵدێنێتەوە، یەع لەو ژیانە نهێنێە ناشیرین و دزێوە، کە لای خەڵکی سادە و ساکار بووە بە ئەفسانە و خەیاڵێکی قوول، چونکە پەنهان و نەزانراوە. هەر بۆ نوکتەش، ئەو کەسەی ئەمەی بۆ گێڕامەوە، خودی خۆی هێندە شەیدای ئەم زۆرخۆرە ناشیرینە ورگزلەیە، نەوەیەکی بە ناوی ئەوەوە ناوناوە. سەیرە! لەلایەکەوە گاڵتەی پێدەکات و لە لایکەوە شەیدایەیت.

بەڵام هەمان سیاسی و خاوەن بڕوانامە و دەوڵەمەندانی کۆمەڵگە و وڵاتانی پیشکەوتوو هیچ جۆرە نهێنیەکیان تیا نییە، سادە و ساکار وەک خەڵک دەژین، تەنانەت لە شارێکدا، لە قەزایەکدا، لە ناحێیەکدا، خەڵکی پێویستی بەوش نیە ناوی سەرۆکی یەکە ئیداریەکە بزانێت، چونکە هیچ جۆرە خەیاڵێکی سیحراویان لە خۆیاندا دروست نەکردووە تا خەڵک بیانکات بە مەعشوق و عاشقی ژیان و نهێنیەکانیان بێت، هیچ جۆرە دەسەڵاتێکیشیان لە دەرەوەی دەستور و سیستمی بەڕێوەربردن نییە، بە هیچ جۆرێکیش ناکەونە سەروو یاساوە، وەک هەرچ هاوڵاتیەکی دیکە یاسا بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت. لە مەڕ خۆمان و وڵاتانی پڕ لە کولتووری سیاسیی و کۆمەڵایەتی دواکەوتوو، حوکمڕانەکان وەک سەرۆکی خێڵ ناندەرن، هێزی ئابوورین، لە جیاتی یاسا و دەستور پارێزەری خەڵکن، ژیان و مردنی خەڵکیان بە دەستە، خاوەنی هێزی میلیشیایین، وەلێ لەوێندەر و لە وڵاتانی پێشکەوتوو سیستمی دیموکراتی حوکمڕانە نەک خێزانی خێڵەکی و سیاسی. بۆیە کاتێک کەسێک کە دەبێت بە سەرۆکی حکومەت، دەبێت ماڵی بگوێزێتەوە بۆ ئەو خانووە تایبەتەی بۆ هەرچ کەسێک کە دەبێت بە سەرۆکی حکومەت، کە ماوەی سەرۆکایەتیەکەشی تەواو دەبێت، دەست بەجێ بە گوێرەی یاسا بەجێی دەهێڵێت. لەم ڕۆژانەدا سەرۆکی وەزیرانی دانمارک پیشاندرا، کە چۆن بە دەستی خۆی گیای حەوشەکەی خۆی دەبڕێت.

جیهاد موحەمەد
٢٩/٠٧/٢٠١٩




هەڵە ستراتیژییە سیاسییەکان کوشندەیە … جیهاد موحەمەد

هەڵەی ستراتیژیی، هەڵەیەکی کوشندەیە، دەبێت بە نەخۆشیەکی درێژخایەن، هەتا ژیانی سیاسیی ئەو حیزبە، یان ئەو بزووتنەوەیە، یان هەڵگرانی ئەو فەلسەفە و دیدگایە بمێنێت لە کۆڵیان نابێتەوە، وەک دەڵێن هەتا مردن لەگەڵ نەخۆشەکەدایە و نەخۆش ناتوانێت خۆی لێ ڕزگار بکات. هەڵەی تاکتیکیی، کە زۆر جار دەشێت ئەم هەڵەیەش کوشندە بێت، شکستهێنەر بێت، وەلێ ئاسانترە لە هەڵەی ستراتیژیی و دەتوانرێت لە قۆناغێکدا حیزبی هەڵەکار خۆی لێ دەربارز بکات. هەڵەی ستراتیژیی لە دەستدانی دەرفەت و بواری جێبەجێکردنی دیدگا و جیهانبینیە بەلسەفییەکانە، بۆ هەرچ حیزب و بزووتنەوەیەکی هەڵەکار. جگە لە لەدەستدانی دەرفەت و بوار و دەریچەکانی ڕزگاری و ئازادی و سەرفرازی چین، یان نەتەوەی چەوساوە، کە حیزب و بزووتنەوە هەڵەکارەکان هەڵگری ئەو دروشمانە بوون،لە پێناویاندا هاتوونەتە ئاراوە. جار هەبووە حیزبی هەڵەکار خاوەنی خەباتێکی دوورودرێژ بوون و بە مەلاین خەڵکی ستەمدیدەی چینە چەوساوەکان، یان نەتەوە چەوساوەکانیان کردووە بە سوتەمەنی خۆیان، بەڵام بە هەڵە ستراتیژییە سیاسییەکانیان، چ لە تیۆرییدا، یان لە پراکتیکیدا، هەرچییان کردووە و هەرچیان هۆنیوەتەوە و چنیویانە بە جارێک هەڵوەشێنراوتەوە و، هەموو خەڵکە ستەمدیدەکەش بوون بە ئاردی ناو دڕک و پەرت و پەرتەوازە بوون لە یەکتری. ئیتر ئەم دەردە کوشندەیە دەیان ساڵی خایاندوە و بێ متمانەیی و بێ باوەڕیەکی زۆر گەورە لە ناو خەڵکدا تەشەنەی کردووە، هەم بە ڕابەر و پێشەوا و حیزبە سیاسییەکان، هەم بە ئیرادەی خۆیان. ئەم بێ متمانەیی و بێ باوەڕیە تەنها خودی حیزبەکانی نەگرتووتەوە، بەڵکو درێژەی کێشاوە بۆ بێ متمانەبوون بە فەلسەفە و جیهانبینیەکەیان، بە ئایدۆلۆژییەکەیان، بەو بنەما تیۆریانەی کە لەسەری کاریان کردوە.
بۆ نموونە حیزبە ناسیۆنالستیەکانی کوردستان، جگە لەوەی خۆیان کرد بە ئامانج و مەسەلە نەتەوەییەکەیان کرد بە ئامڕاز بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و درێژەدان بە حوکمڕانییەکی هەتا بڵێی خراپ و نادادپەروەر و نایەکسان، کە ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژیی گەورە بوو کردیان. جگە لەم هەڵە ستراتیژیە ئیداریی و سیاسییە، هەڵەیەکی ستراتیژیی سیاسیی گەورەتریان کرد، بە دانانی سەرۆکی حیزبەکانیان بە فریادڕەس و کاریزمایەک بە وێنەی “خواوەند” بۆ پەرستن. کاتێکیش کە سەرۆک و ڕابەرە فریادڕەسە خواوەندیەکەیان تووشی شکستی سیاسیی دەبێت، وەک مەلا مستەفای بارزان، یان تووشی مردن و نەخۆشی کوشندە دەبێت وەک جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، ئیتر حیزبەکانیان تووشی شکستی گەورەی سیاسیی و ئیداری دەبن و خۆیان بۆ ڕاست ناکرێتەوە، ئاخر کە “خوا” مرد، لە نێوان خەلیفەکاندا بۆ مێراتگریی و جێگرەوە جەنگ بەرپا دەبێت. ئەم حیزبە ناسیۆنالیستانە، وەک پارتی و یەکێتی و لەم دوایانەشدا بزووتنەوەی گۆران جگە لە قسەکردن بۆ چاکسازی و هەوڵدانێکی بێ سوود بۆ گەڕانەوە بۆ حیزبێکی مەدەنی سیاسیی، بە هیچ جۆرێک ئەم قسەکردنانەیان بۆ ناکرێت بە پراکتیک و ناتوانن ڕزگاریان بێت لەو تەنگەژە سیاسی و فەسادیەی تووشی بوون. ئەوەتا نەک هەر ناتوانن دوای ئەو ئامانجە بکەون کە لە پێناویدا دروست بوون، بەڵکو خودی حیزبەکانیشیان تووشی گەندەڵی و دەستەگەریی و ناکۆکیی گەورە بوون لە نێوان خۆیاندا. هەرچ دەستە و گروپێکیان، هەرچ سەرکردە و کەسی دیاریان ناچار بۆ خۆ پاکردنەوە، کە ناتوانن خۆیان پاکبکەنەوە، دەستە و گروپەکانی تر و کەسەکانی تر تۆمەتبار دەکەن و دەستی چەوری خۆیان بەیەکتری دەسڕن.
حیزبە ناسیۆنالستیەکانی کوردستان، دوو دەیە و نیو زیاترە بەردەوام هەڵەی ستراتیژیی دەکەن، بەردەوام وازیان لەو ئامانجە هێناوە کە لە پێناویدا دروستبوون، خودی خۆیان و حیزبەکانیان بوون بە ئامانج، خەریکی خۆدەوڵەمەندکردنن. خۆ دەوڵەمەندکردن و گوێنەدان بە هیچ ڕەخنەیەکی خەڵک، وای لێکردن تووشی دەیان فەسادی ئیداری و سیاسیی و حیزیی بوون، خەڵکیان تووشی دەردیسەری کردووە، بە هەمان شێوەی خۆیان خەڵکیان تووشی فەساد کردووە، بە تایبەتی چینی بازرگانەکان و دەوڵەمەندەکان و کاسپکارانیان تووشی فەسادی کردووە. ئێستا وا خەریکە لەسەر دەوڵەمەند بوون و پێگە فەسادیە گەورەکەیان دەبێت بە شەڕ و ئاژاوەیان، هەرچ رۆژە و لە کەناڵێکەوە کەسێکی سەرکردە بە ئاشکرا دەردەکەوێت و دەیەوێت خۆی بکات بە فریادڕەسی حیزبەکەیان و خەڵکی کوردستان.
ئەم حیزبانە بە تایبەتی یەکێتی و پارتی ناتوانن هیچ جۆرە چاکسازییەک بکەن، ناتوانن ببن بە حیزبی مەدەنی و سەردەمیانە لەگەڵ دنیای سەردەمدا بڕۆنە پێشەوە. هەرچی دەیڵێن و دەیکەن هەمووی وەک بڵقی سەر ئاو دوای ماوەیەک فش دەبێتەوە.
یەک ڕاستی هەیە کە ئەتوانم بڵێم هەموو کەس لە کوردستاندا ئەگەر خۆی گێل نەکات دەیزانێت! ڕزگاربوون لە فەسادی ئیداری و حیزبیی و ماڵیی، ئەم حیزبانە بچووک دەکاتەوە و ئەم قەوارە گەورە زەبەلاحەیان نامێنێت، ئەمەشیان پێ قبووڵ ناکرێت، بۆیە ناتوانن خۆیان و حیزبە فاسیدەکانیان ڕاستبکەنەوە. ئەمان ناتوانن ئەم هەنگاوانە هەڵبنێن:

١- لە پێش هەموو فاسیدەکانی کوردستاندا، خۆیان بچنە بەردەم دادگایەکی عادیلانە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و پرسیاریان لێ بکرێت”ئەم دەوڵەمەندی و بزنسکاریی و بازرگانیەتیەت لە کوێوە هێنا؟”

٢- دەست هەڵبگرن لە دەیان و سەدان پرۆژەی بازرگانێتی.

٣- واز لە دەیان کەناڵی تەلەفزوێنی و ڕۆژنامەی ڕاستەوخۆ و سێبەر بهێنن.

٤- واز لە دەیان هەزار موچەخۆری بندیوار بهێنن، کە بوون بە لەشکرێکی گەورە لە هەڵبژاردنەکاندا بەکاریان دەهێنن بۆ دەنگدان بەم حیزبانە.

٥- دەستبەرداری فڕوفێڵی سیاسیی و ئەژنۆ شکاندنی یەکتری بن.

٦- واز لە تێکەڵکردنی دەستی چەپەڵیان بهێنن لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و عێراقدا.

٧- درۆ نەکەن و ڕاستگۆیانە داوای لێبوردن بکەن لە خەڵکی کوردستان، هەرچیان هەیە لە پارەوپول و سەروەت و سامانی دزراو و قایمکراو لە ناو بانکەکانی ئەوروپا و دەوڵەتانی دەوروبەردا بگێڕنەوە بۆ خەڵکی کوردستان.
٨- یاسا سەروەر بکەن و خۆشیان وەک هاوڵاتی ئاسایی یاسا بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت.
٩- لە هەڵبژاردنەکاندا ساختە نەکەن.
١٠- یاسای هەڵبژاردنەکان بگۆڕن بە یاسایەکی دیموکراتیانە.
١١- باج و خەراج بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بخەنە سەر هەموو بازرگان و دەوڵەمەندەکان.
١٢- ژێرخانی ئابووری ببوژێنەو.
١٤/ دیموکراتی بن لەگەڵ هەموو هاوڵاتیاندا وەک یەک ١٤- فەزڵی حیزبییەکانی خۆیان، یان سەرکردەکانی خۆیان نەدەن بەسەر خەڵکی تردا.
١٥- پاکسازی بکەن لە زیاتر ٤٠٠٠چوار هەزار ڕێکخراوی بەناو مەدەنیدا، کە لە سەدا ٩٧ی ئەم ژماریە فاسیدە و هی خۆیانە. ١٦- کێشەکانیان لە گەڵ پەکەکە و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا بە شێوەیەکی عەقڵانی و سیاسیانە چارەسەر بکەن.١٧- پەروەردەیەکی دیموکراتی و نوێ دامەزرێنن کە بنەمای ئیدارە و حوکمڕانی و دیموکراتی پێشکەوتووە. ١٨- واز لە تووندووتیژی بهێنن١٩- دیموکراتیانە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا مامەڵە بکەن٢٠- لە خودی خۆیانەوە وەک سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی حیزبەکانیانەوە دەستپێبکەن بە چاکسازی و پاکسازی و لێپرسینەوە. ئەمەی ئەمان کردویانە لەماوەی حکومڕانیاندا، هەڵەی ستراتیژیی گەورەیە، خۆیان بۆ ڕاستناکرێتەوە، ناتوانن بۆ هەتا هەتایە خۆیان لەو نەخۆشییە کوشندەیە ڕزگار بکەن.

– لە پێش هەموو فاسیدەکانی کوردستاندا، خۆیان بچنە بەردەم دادگایەکی عادیلانە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و پرسیاریان لێ بکرێت”ئەم دەوڵەمەندی و بزنسکاریی و بازرگانیەتیەت لە کوێوە هێنا؟” ٢- دەست هەڵبگرن لە دەیان و سەدان پرۆژەی بازرگانێتی. ٣- واز لە دەیان کەناڵی تەلەفزوێنی و ڕۆژنامەی ڕاستەوخۆ و سێبەر بهێنن. ٤- واز لە دەیان هەزار موچەخۆری بندیوار بهێنن، کە بوون بە لەشکرێکی گەورە لە هەڵبژاردنەکاندا بەکاریان دەهێنن بۆ دەنگدان بەم حیزبانە. ٥- دەستبەرداری فڕوفێڵی سیاسیی و ئەژنۆ شکاندنی یەکتری بن. ٦- واز لە تێکەڵکردنی دەستی چەپەڵیان بهێنن لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و عێراقدا. ٧- درۆ نەکەن و ڕاستگۆیانە داوای لێبوردن بکەن لە خەڵکی کوردستان، هەرچیان هەیە لە پارەوپول و سەروەت و سامانی دزراو و قایمکراو لە ناو بانکەکانی ئەوروپا و دەوڵەتانی دەوروبەردا بگێڕنەوە بۆ خەڵکی کوردستان. ٨- یاسا سەروەر بکەن و خۆشیان وەک هاوڵاتی ئاسایی یاسا بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت. ٩- لە هەڵبژاردنەکاندا ساختە نەکەن. ١٠- یاسای هەڵبژاردنەکان بگۆڕن بە یاسایەکی دیموکراتیانە. ١١- باج و خەراج بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بخەنە سەر هەموو بازرگان و دەوڵەمەندەکان. ١٢- ژێرخانی ئابووری ببوژێنەوە١٣/ دیموکراتی بن لەگەڵ هەموو هاوڵاتیاندا وەک یەک ١٤- فەزڵی حیزبییەکانی خۆیان، یان سەرکردەکانی خۆیان نەدەن بەسەر خەڵکی تردا ١٥- پاکسازی بکەن لە زیاتر ٤٠٠٠چوار هەزار ڕێکخراوی بەناو مەدەنیدا، کە لە سەدا ٩٧ی ئەم ژماریە فاسیدە و هی خۆیانە. ١٦- کێشەکانیان لە گەڵ پەکەکە و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا بە شێوەیەکی عەقڵانی و سیاسیانە چارەسەر بکەن.١٧- پەروەردەیەکی دیموکراتی و نوێ دامەزرێنن کە بنەمای ئیدارە و حوکمڕانی و دیموکراتی پێشکەوتووە. ١٨- واز لە تووندووتیژی بهێنن١٩- دیموکراتیانە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا مامەڵە بکەن٢٠- لە خودی خۆیانەوە وەک سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی حیزبەکانیانەوە دەستپێبکەن بە چاکسازی و پاکسازی و لێپرسینەوە. ئەمەی ئەمان کردویانە لەماوەی حکومڕانیاندا، هەڵەی ستراتیژیی گەورەیە، خۆیان بۆ ڕاستناکرێتەوە، ناتوانن بۆ هەتا هەتایە خۆیان لەو نەخۆشییە کوشندەیە ڕزگار بکەن.

جیهاد موحەمەد




پەروەردە نادیموکراتیەکەی کوردستان بێشەرمانە ڕووی خۆی هەڵماڵی!… جیهاد موحەمەد

پەروەردە دواکەوتووەکەی کوردستان، لە پێشکەشکردنی یەکەمەکانی پۆلی نۆ و دوانزەدا، بە تەواوەتی ڕوخسار و کولتوورە دواکەوتووەکەی خۆی پیشاندا، کاتێک ژنیکی پۆشاکڕەشی هاودامان و سەروچاوداپۆشراویان فڕێدایە ڕیزەکانی دواوە بۆ ئەوەی دەرنەکەوێت، چونکە ڕوخسارێکی ئیسلامیانەی هەبوو!
ئاخر ئەو ژنە بەڕێزە، بە گوێرەی خوێندنەوەی ناوەکان و پلەی چەندهەمییەکەی و سەرەی خۆی کەوتە ڕیزی پێشەوە.
بۆچی و لەسەر چ بنەمایەک لێتان قبووڵ نەکرد لە شوێنی خۆیدا بێت؟
ئەم پرسیارە کە وەڵامەکەی ڕوونە، زۆر منی هەژاند، زۆر ئازاری دام، زۆر توڕەی کردم و پڕ بەدەمم هاوار دەکەم نەفرەت لە نادیموکراتیەت و پێشیڵکردنی مافی تاک.
ئەم کولتوورە داڕزاوە، کولتوورێکی فاشیزمانەیە، بە زۆر تۆی دینیی، تۆی پۆشاکهاودامانی ئیسلامیی لە ناو ئێمەدا جێەگەت نابێتەوە!. ئەگەر ئەم کەسە پۆشاکێکی سووری وەک ڕەمز و نیشانەی شیوعیەکانیش لەبەردابوایە هەمان ڕەفتاریان لەگەڵدا دەکرد، یان ئەگەر پۆشاکێکی سەوزی وەک نیشانەی یەکێتی نیشتیمانی لەبەردابوایە هەمان ڕەفتاریان ڵەگەڵ دەکرد.

ئەم مێشکپووچێتیە وا بیردەکاتەوە، کە عەلمانیەت، یان پێشکەوتنخوازیی، بەوە دەبێت کە ڕیزی پێشەوەی هەرچ دانیشتن و کۆبوونەوەیەکی پەروەردەیی دەبێت کچەکان جل و بەرگی سفوریان لەبەردا بێت، یان کوڕەکان دەبێت چاکەت و پانتۆل و بۆینباخیان لەبەردا بێت.
ئاخر کاتێک عەقڵیەت و بیرکردنەوەکان دیموکراتی نەبوون، پەروەردەش دیموکراتی نابێت.
پەروەردەی دیموکراتی، ئەو پەروەردەیەیە کە شکۆی تاک وەک تاک دەبینێت، نەک جیاکاری بە ناوی جۆری پۆشاکی جیاواز، یان بیرکردەنەوەی جیاواز.

پەروەردەی دیموکرات، فێرخواز دەکات بە ناوەند، وەک جۆن دێوی دەڵێت: چۆن کۆبرنیکۆس چەقی گەردوونی لە گۆی زەویەوە گۆڕی بۆ خۆر و ئەم بابەتە زانستیەشی سەلماند، پەروەردەی هاوچەرخ و دیمکراتیش ئەوەیە، کە فێرخواز دەکات بەو خۆرەی هەموو سیستمی پەروەردە بەدەوریدا بسوڕێتەوە.
وەزیری پەروەردە و سیستمە پەروەردەیەکەی کوردستان، ئەوە قبووڵ دەکات، کە لە فێرگەکاندا پێشنوێژی بۆ منداڵەکان بکرێت، بەشێک لە فێرگەکان بکرێت بە مزگەوت و نوێژی جەماعیی تیادا بکرێت، بەڵام ئەمەی پێقبووڵ نییە کە ژنێکی ئیسلامیی بە پۆشاکی خۆیەوە لە جێگەی خۆیدا و لە ڕیزی پێشەوە بوەستێت. لە کاتێکدا ئەوەی یەکەم نادیموکراتییە و شێواندنی پەروەردەیە، ئەوەی دووەمم دیموکراتیانەیە و مافی تاکە لە جێگی خۆیدا بوەستێت و ڕێزی لێبگیرێت وەک هەرچ یەکێکی تری ڕیزەکان.

پۆشاکلەبەرە ئیسلامییەکە، وەک پۆشاکلەبەرە مەدەنییەکان هەمان مافی هەبوو. ئەوەی لەبەردەم دەیان هەزار و سەدان هەزار کەسدا لەو ئێوارەیەدا ڕوویدا، پیشیڵکردنی تەواوی مافی ئەو ژنە ئیسلامییە بوو.
من بۆ خۆم لەگەل ئەوەی بیرکردنەوەم لەگەڵ ئیسلامییەکاندا جیاوازیەکەی ئاسمان و ڕێسمانە، بەڵام خەجاڵەتیم کێشا کە هاوڵاتی کوردستانم، کە ئاوا بە بەرچاوەوە ژنێکی بەڕێز لەسەر پۆشاکەکەی تەریقدەکرێتەوە و پێی دەگوترێت تۆ بڕۆرە دواوە!.

جیهاد موحەمەد




فێربوون و پەروەردەی فنلندا -2- نووسەر: ئەحمەد مشاری

بەشی دووەم/

ئێمەی فنلیندیی: “گەل و کۆمەڵگەیەکی بچکۆلەین، بۆیە فێرخوازەکانمان پشتگوێ ناخەین و بەردەوام لەگەڵیانداین بۆ پێشکەوتنیان”
چیرۆکی فێرخوازێک، لەسەردەمی قەیران و وەستانی بازاڕ و کڕین و فرۆشتن
فێرخوازی فنلندیی لەگەڵ ئاراستەیەکدا گەورە دەبێت، کە بتوانێت وڵاتەکەی دەربازی بکات لەو قەیرانە ئابوورییانەی کە تووشی دەبێت.
لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستدا، فنلندا تووشی قەیریانێکی ئابووریی قووڵ بوو، کە لەوە پێش بە خۆیەوە نەیدیبوو. بێکاری گەیشتە ئاستێکی بەرزی ترسناک، بەرهەمی ناوخۆیی وڵات گەیشتە ئاستێکی زۆر نزم، قەرزاریی گەیشتە پلەیەکی زۆر بەرز، بانکەکان داڕمان و مایەپووچ بوون، چۆن حکومەت لەم قەیرانە قووڵەدا بتوانیت پاڵپشت بێت بۆ فێرخواز؟
لە ماوەی ئەم قەیرانە قووڵەدا، منداڵی فنلندیی لەماڵەکی خۆیدا پاڵی لێ دەدایەوە و دەنووست و خەریکی یاریکردن بوو، نەیدەتوانی بچێتە دایانگا و باخچەی ساوایان، بەڵکو تا تەمەنی حەوت ساڵی لە ماڵی خۆیدا دەیخوارد و دەنوست و خەریکی یاریکردن بوو.
کاتێکیش دەگەیشتە تەمەنی حەوت ساڵی پەیوەندی دەکرد بە نزیکترین فێرگەی گەڕەک و ماڵەکەیەوە، مامۆستاکەی پێشوازی لێ دەکرد و پێی ڕادەگەیاند، کە لەم ڕۆوە هاوکاری و یارمەتی دەدرێت و ڕێنمایی وەردەگرێت بۆ فێربوون، لەم دەستپێک و سەرەتایەوە یەکەم وانەی ماندووحەسانەوە بوو.
منداڵ لەم قەیرانە قووڵ و گەورەیەدا، لەم دەستپێکەیەوە بە تەواوەتی فێری ماندووحەسانەوە دەبوو، نەدەخرایە ژێر فشاری وەرەقەی تاقیکردنەوەو و ئاڵانگاری کۆکردنەوەی زانیاری لای خۆی، هیچ جۆرە وەرەقەیەکی پێ نەدەدرا کە هەڵسەنگاندنی زیرەکیی لەسەر تۆمارکرابێت، هیچ مامۆستا و ڕاهێنەرێک هەڕەشەی مانەوەی لە پۆلەکەیدا لێ نەدەکرد. پێیان دەگوت فێرگەکەت فێرگەیەکی بەرز و باشی خۆتە، بەیانیان فێری ئەوە دەبوون کە ڕۆژەکەیان لە فێرگەدا چۆن بەخۆشی بەسەربەرن. کە زەنگی تەواوبوونی کاتی فێرگە لێ دەدرا، دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە بۆ لای دایک و باوکی، بێ ئەوەی هیچ ئەرکێکی بەسەردا درابێت، کە ئامادەی کات بۆ ڕۆژی دواتری فێرگەکەی، بۆیە بە خۆشییەوە هاوبەشی ژیانی لەگەڵ دایک و باوکیدا دەکرد.
ئەم وانەی پشوودانە، لە هەموو قۆناغاغەکانی فێرگەدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا، منداڵ لەگەڵ پشووەکانیدا گەورە بوو، فێری ئەوە بوو بیر بکاتەوە لە دەرچوونی کۆمەڵگاکەی لە قەیرانە قووڵەکان.
ئەوەی لە فێرگەی فنلندییدا دەگوزەرێت، ئەم پرسیارەیە: چیمان دەوێت لە فێرگەدا؟
دەڵێن، لە فنلندەدا:”ئێمەن نە ئاڵتوونمان هەیە و نە وزەی نەوتمان هەیە، بەڵام فێربوونمان هەیە”
دوای چەند ساڵێک لەم قەیرانە قووڵە، فنلندا بوو بە بەهێزترین دەوڵەت و وڵات لە ناو نزیکی بیست لەو وڵاتانەی کە کێبڕکێیانە، فێرخوازەکانی گەیشتن بە پلەیەکی زۆر بەرزی زانستیی.
ژاوەژاوی قەیرانە قووڵەکەی فنلندا نەدەدار بە گوێی فێرخوازەکاندا و باس و خواسی لە فێرگەدا نەبوو. لەم سەردەمی قەیرانە قووڵەدا، فێرگەکانی فنلندا میتۆدە میکرۆباوییەکەیان ئەفەرۆز دەکرد، بە هیچ جۆرێک قبووڵیان نەبوو. بە پێچەوانەی داوکارییە بازرگانییە دەستبەجێکانەوە، فێرخواز فێری داهێنان و چارەسەر و پلانڕێژیی بوون بۆ پاشەڕۆژ. بەم شێویە فێرخوازان بوون بە فریادڕەسی پاشەڕۆژ.

وەک فنلندییەکان دەڵێن:”ئێمە خاوەنی ئاڵتون نین، وزەی نەوتیشمان نییە، بەڵام فێربوونمان هەیە”
“Teach like Finland” (وەک فنلندا فێربن)، ئەو کتێبەی مامۆستایەکی ئەمەریکیی”تیموثی ووکر” نووسیوێتی، لەسەر ئەزموونی فێربوون لە فنلندەدا، میتۆد و بیری و ئامڕازەکانی فێربوون لە فنلندەدا باس دەکات.
پێش چونی ئەم مامۆستایە و هەرچ شاندێکی پەروەردەیی بۆ وڵاتی فنلاندا، واین وێنا دەکرد کە لە وڵاتەدا پەروەردە و فێربوون، شتێکی زۆر سەیر و سەمەرە و دەگمەنی کردووە، کە ڕەنگە لە وڵاتانی دیکەدا چنگ نەکەون لەبەر ئاڵۆزییان، وەک موچەی بەرزی مامۆستاکان؛ تەلار ی قەشەنگ و بەرزی فێرگەکان، یان وەک کۆمەڵە فاکتەرێکی زۆر ئاڵۆز، ئامڕازگەلێکی فێربوونی تایبەت، بەڵام لە کۆتاییدا هەموو شاندەکان بۆیان دەرکەوت، فێربوون لە فنلندەدا زۆر ئاساییە و بەڵکو لە وڵاتنی تر ئەوەندە ئاسانکارییش بۆ نەکراوە، بەڵام میتۆدێکی سەردەمیانەی بۆ دۆزراوەتەوە، کە فێرخواز بێ ئەوەی ماندوو بکرێت، یان بێ ئەوەی مامۆستا و ڕاهێنەران و فێرخوازن تووشی دڵەڕاوکێ و ئالۆزیی بن، زۆر بە ئاسانی دەتوانن لە یەکتریەوە فێربن و سەرکەوتنی گەورە بە دەست بهێنن.
“تیمۆثی ووکر” دوای چەند ساڵێک لە وانەگوتنەوە و فێربوون لە فنلندەدا، بۆی دەرکەوت، کە پەیڕە و پرۆگرامی فێرگەکان بۆ فێربوون و پەروەردە زۆر ئاسان و ساکارە(SIMPLE)، زۆر پەسەندە(Sensible)، سەربەخۆیە(Independent)، خاکەڕاییە(Modest)، خۆشییە(Playful)، بێ دڵەڕاوکێیە(Law-sress)، یەکسانە(Equitbale).
پوختەی پەیڕەو و پرۆگرامی فنلندا:
١/ پەسەندە: پەیڕە و پرۆگرامێکی پڕ لە پشوودانە، ١٥ خولەک پشوو دوای هەرچ وانەیەکی ٤٥ خولەکیی، ئەم پەیڕەو پڕۆگرامە لای فێرخوازان و پەروەردەناسانیش پەسەندکراوە.
٢/ سەربەخۆیە: تا ئاستێکی بەرز فێرخواز لە جوڵەکانی و گفتوگۆکانیدا لەگەڵ مامۆستادا سەربەخۆیە، فێرخوازان پێکەوە بە کۆمەڵ کۆمەڵ تیبپی تایبەتی بۆ خۆیان دروست دەکەن.
٣/ سادە و ساکارە: پەیڕە و پرۆگرامی قورس و تەکنیکی ئاڵۆز و بودجەی بەرز نەکراوە بە مەرج بۆ فێربوون، چونکە لە میانەی پەیڕە و پرۆگرامێکی سادە و ساکارەوە دەتوانرێت ئاستی فێربوونی فێرخواز بەرزبکرێتەوە، بۆیە پەیڕەو و پرۆگرامی خوێندن و پەروەردە لە فنلندەدا، سادە و سکارە.
٤/ شادیی و خۆشییە: منداڵی فنلندیی، لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەست دەکات بە خوێندن، بۆ ئەوەی تا ئەو تەمەنە شادمان و دڵخۆش بێت بە یاریکردن و بەزم و ڕەزمی تایبەتی منداڵانەی خۆی. کە لە تەمەنی حەوت ساڵیدا پەیەوەندی بە فێرگەوە دەکات، سێ سەعات بە خوێندن و فێربوونەوە سەرقاڵە، ماوەی پشوو و یاریرکردن لە فێرگەدا زۆرە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە هیچ ئەرکێکی فێرگە و فێربوونی بەسەردا نادرێت بۆ ئەوەی بتوانێت خەریکی یاریکردن و بەزم و ڕەزم و جێبەجێ کردنی حەزەکانی خۆی بێت، ئەمەش پڕ لە شادیی و خۆشییە بۆ منداڵ و فێرخواز.
٥/ نیگەرانیی و دڵەڕاوکێیی نییە: ناو فێرگە و دەروەی فێرگە ئەبێت ژینگەیەکی ئارام بێت بۆ فێرخواز، تا بتوانێت بە خۆشیی بژی، پشوودان و ئارامیی بۆ فێرخواز و مامۆستا زۆر گرنگ و بە بایەخە، بۆیە ئەم پەیڕەو و پڕۆگرامە نیگەرانیی و دڵەڕاوکێیی تیا نییە.
٦/ دادپەروەیی و یەکسانیی: تۆ لە هەرچ کوێیەکی وڵاتدا دەژیت و دانیشتووی هەرچ ناوچە و گەڕەکێکیت یان لادێیەکیت گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە مافی منداڵەکەت بچێتە فێرگە و فێر بێت، ئەمە مافێکی دادپەروەرانە و یەکسانانەیە بۆ هەموو کەس وەک یەک، ئەم پرنسیپە پەڕوەردەییە بە تەواوەتی لە خوێندن و فێربوون و پەروەردەی فنلندەدا جێبەجێ کراوە.

و.جیهاد موحەمەد

بنەمای فێربوون لە فنلندادا، فێرخواز پێویستە بجوڵێت و یاری بکات و لە ناو پۆلدا قسە بکات و بدوێت، پەیڕەو و پرۆگرامی فێرگەی فنلندیی ئاسانکاریی کردووە بۆ ڕێزگرتن لە جوڵەی منداڵ، وەڵامدەرەوەی جوڵە خۆڕسکیەکانی منداڵە بە زەوینەخۆشکردن بۆ جوڵەکانی و یاریکردن و گفتوگۆ و گەڕانی سەربەخۆ لە گۆڕەپانی فێرگەدا و دەربڕین و گوزارشت لە هەست و نەستی خۆی بەرمابەر بە فێربوون و مامۆستا و فێرگە و بەڕێوەبەرێتیی فێرگە.
ئەم بنەمای فێربوونە، کە خۆی لە یاریکردن و جوڵە و گفتوگۆی سەربەستانەی فێرخوازدا دەبینێتەوە، کۆمپانیای«Angry Birds» کە کۆمپانیایەکی فنلندیە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە یارییەکان بە شێوازێکی زانستیانە و کۆمەڵایەتیانە و سەرچڵیانەی منداڵ کە ئەو پەڕی خۆشیی پێ دەگەیەنن،وەرزانە و ساڵانە ئامادە بکات و داهێنانی نوێی تیادا بکات.
ئەم ئاراستەکردنە، ئەم جۆرە لە فێربوون، ئەم جۆرە لە بنەمای خۆشیدان بە فێرخواز، کاریگەریی ئەرێنیی گەیاندووە و فێرخوازەکان گەیشتوون بە پلەی زۆر بەرزی فێربوون.
بەردوام ڕێنمایی و ئامۆژگاریی و ئاگادارییەکان دەگاتەوە بە بەڕیوەبەری فێرگە، دەربارەی گفتوگۆی فێرخوازان و هەست و نەستیان و داواکاریەکانیان و خواستەکانیان.
فێرخواز:
١/ مەرج نییە هەموو شت لە تەمەنێکی زوودا فێربێت. ئەرکی مامۆسا و ڕاهێنەر پاراستنی هەوڵ و خواستەکانێتی بۆ فێربوون هەتا خودی خۆی گەورە دەبێت و دەتوانێت تایبەتمەندێتی خۆی دیاربکات و چی گونجاوە بۆی ئەوە بکات.
٢/ گوێگرتن لە هەموو ڕا و بۆچوونەکانی. هاندانی بۆ دۆزینەوەی کێشەکانی خودی خۆی و چارەسەرکردنی لە لایەن خودی خۆیەوە.
٣/ نیشاندان و دەرخستنی بەهرە و کارامەییە تایبەتە بەرزەکانی لە فێرخوازانی دیکە.
مامۆستا:
١/ ئەبێت ئەرکی مامۆستایەتیی و وانەبێژیی سوک و ئاسان بکرێت. فشاری زۆری وانەبێژیی و قورسکردن لەسەری توانای داهێنانی مامۆستایەتیی کەم دەکاتەوە، هەروەها پەیوەندیەکانی لەگەڵ فێرخوازدا لاواز دەکات.
٢/ مامۆسا دەبێت کەمترین قسە بکات. پۆلی نموونەیی و فێرگەی نموونەیی ئەو پۆل و فێرگەیەیە، کە فێرخواز سەربەستانە گوزارشت لە هەموو ڕا و بۆچوونێکی خۆی دەکات و لەگەڵ یەکترییدا بەو پەڕی ئازادیەوە گفتوگۆ دەکەن، زیاتر لەوەی لەگەڵ مامۆستادا گفتوگۆ بکەن(ئەمە فەلسەفەی جۆن دێوی بوو) بۆ فێربوون و پەروەردەی نوێ.
٣/ بڕوا و متمانەی پێ بدە، هەروەها دەسەڵاتی فراوانی پێ بدە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژانەی، بێ ئەوەی پێویست بکات بگەڕێتەوە بۆ لای بەڕێوەبەر و ئیدارەی فێرگە.
پەیڕەو و پرۆگرام:
١/ پەیڕەو و پرۆگرام ئاسان بێت بۆ جێبەجێکردن، چەقبەستێت لەسەر کارامەیی و بەهرە کۆمەلایەتیی و ئیدارییەکان، جیاوازیی تاک و تاکگەریی نێوان فێرخوازەکان قبووڵ بکات.
٢/ هەموو پەیڕە و و پرۆگرامێک دەبێت بە جۆرێک داڕێژرابێت، هەموو جۆرەکانی خۆشیی و خۆشەویستیی تیادا مسۆگەر کرابێت.
٣/ پەیڕەو و پرۆگارم، دەبێت بە جۆرێک بێت، خولی کێبڕکێ و هەوڵەکانی فێرخوازن بۆ گەیشتن بە پلەی بەرزی کۆمەلایەتیی و فێرگەیی تیادا مسۆگەر کرابیت.
«كين روبنسون»ی گەورە ڕاوێژکاری بەریتانیی و یەکێک لە ڕابەرە گەورەکانی فێربوون و پەروەردەی بەریتانیی، کە خاوەنی زۆرترین گوتاری بە ناوبانگ و کۆڕ و کۆبوونەوە دیارەکانە لەسەر فێربوون و پەروەردە، دەربارەی فێرگەی داهێنەرانە و پێشکەوتوو لە جیهاندا، دەڵێت: ئەگەر لێم بپرسن کام دەوڵەت لە دنیادا توانیوێتی باشترین و پێشکەوتووترین فێرگەی هەبێت بۆ فێربوون و پەروەردە، دەڵێم دەوڵەتی فنلاندا.

جیهاد موحەمەد/ نەرویج
١٧/٤/٢٠١٩




کوردماکس و ماڵە هەژارەکان! … جیهاد موحەمەد

لەم مانگی ڕەمەزانەدا، ئێواران تەلەفزوێنی کوردماکس بەردەوام سەردانی ماڵە هەژارەکان دەکات و سفرە و نان و خوانی هەژارانەیان پیشان دەدات.
ئەم پیشاندانی نان و خوانی هەژارانەی ئەم ماڵ و خێزانە بەڕێزانە گوایە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بەزەیی و دڵتەنگیی دەوڵەمەندەکانە، بۆ ئەوەی ماڵە هەژارەکان ببن بە جێگەی بەزەیی دەوڵەمەندەکان و خێر و سەدەقەیان پێ بکەن و هاوکارییان بکەن.
جارێ پێش هەموو شت، ئەم کاری ڕاگەیاندنە، کارێکی هەتا بڵێی دواکەوتووانەیە، کار و ڕاگەیاندنێکە، کە تێکشکانی کەسایەتیی ئەو ماڵ و خێزانانەی بە دوادا دێت، بە تایبەتی تێکشانی شکۆی منداڵ و گەنجەکانیان.
هەڵەبەت لەو باوەڕەدام، هەرچ خێزان و ماڵە هەژارێک ئەگەر هۆشیاربن ڕێگە بەوە نادەن ئەم ڕاگەیاندنانە خۆیان بکەن بە ماڵەکانیاندا و سفرە و خوانی هەژارانەیان پیشان خەڵک بدەن و ببن بە جێگەی بەزیی و خێر و سەدەقەی ئەم خێزان و ئەو خێزانی دەوڵەمەند.
بەڵام بە داخەوە، زۆرێک لەو خێزانە هەژارانە بێ ئەوەی گوێ بدەن بەوەی کە ئەمە سوکایەتیکردنە بە خۆیان و بە منداڵەکانیان و بە گەنجەکانیان، ڕێگە بەم ڕاگەیاندنە دەدەن و بە وردی سفرەی خاڵی ئێوارانیان پیشان جەماوەری تیڤیەکەیان دەدەن.
هیچ شتێک لە دنیادا هێندەی بەزەییپیاهاتانەوە منداڵ و گەنجەکان تێکناشکێنێت و کەسایەتیان بریندار ناکات. ئەو منداڵانە هاوڕێی منداڵیان هەیە لە گەڕەک و لە قوتابخانەکاندا، دەبن بە جێگەی بەزەیی منداڵانی دیکە لەبەرئەوەی کەمدەرامەتن وناتوانن وەک خەڵکی ئاسایی بخۆن و لەبەرکەن و بدڕن. منداڵ بەم پەروەردەکردنە فێری ئەوە دەبن، کە ئاسایی بێت ببن بە جێگەی بەزەیی، فێری ئەوە دەبن دەست لە خەڵکی پانبکەنەوە، لە جیاتی ئەوەی فێر بکرێن لەسەر مافی ڕەوای خۆیان پەنجە بکەن بە چاوی بەرپرسە حکوومیەکاندا، لەسەر نادادپەرەری هەڵبدەنێ و قبووڵی هەژاریی خۆیان نەکەن.
ئەم جۆرە پەروەردەیە، پەروەردەیەکی زۆر قێزەون و ناشیرین و دواکەوتووانەیە. ئەوەی ئەم تیڤیە دەیکات، لە مایەپوچیی ڕاگەیاندنەکەیانەوە سەرچاوە دەگرێت، لە عەقڵێتێکەوە سەرچاوە دەگرێت، کە چارەسەری دادپەروەریی بەوە دەزانن، کە دەوڵەمەندەکان خێر و سەدقە بکەن بە هەژاران.
ئەم جۆرە لە ڕاگەیاندن، ئەو پەڕی بێ حورمەتیە بەو ماڵ و خێزانانە دەیکەن، ئەو پەڕی کاری نامرۆییە، ئەو پەڕی دەستێوەردانە، لە کاسە و کەوچک و جۆری خواردن و هەستان و دانیشتنی ئەو ماڵانە، کە چۆن لەسەر سفرەکانیان کۆ دەبنەوە و چۆن دایکە بەڕێزەکەیان کەوچێک شۆربا دەکاتە قاپی بەردەم هەریەکە لە ئەندامانی خێزانەکەیەوە.
ئەم جۆرە لە ڕاگەیاندن، کە وەک دەوترێت سەر بە حیزبێکە لە حیزبەکانی کوردستان، خۆیان بە موچەی بەرز کار دەکەن لەم کەناڵەدا، مانگانە بە دەیان دەفتەر دۆلار خەرجی خۆیان و کەناڵەکەیانە. لە جیاتی ئەوەی داوای دادپەروەریی بکەن، لە جیاتی ئەوەی ڕەخنە لە حکوومەتی کوردستان بگرن، کە چۆن سەروەت و سامانی خەڵکی داگیرکردووە و خۆیان و حیزبەکانیان بەوپەڕی خۆشگوزەرانیەوە لەسەر حسابی میللەتی داماو و ماڵە هەژارە بەڕێزەکان دەلەوەڕێن، لە جیاتی ئەوەی پێ لەسەر دادەپەروەریی کۆمەڵایەتی و دابەشکردنێکی دادپەروەریانە دابگرن، دەیانەوێت لەم ڕێگە چەوتەوە تەماشاکەرانی تیڤیەکەیا زیاد بکەن و خەڵکی فێری هەناسە هەڵکێشانی سارد و ئاخ و ئۆف بکەن.
لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە ئەم کارە قێزەونەی ڕاگەیاندنی ئەم کەناڵە، چەند کارێکی دواکەوتووانە و ناشیرینە، لە ڕووی سیاسیشەوە بێدەنگ کردنی خەڵکیە، بەو واتایەی کە هەڵەی دەوڵەمەندەکانە کە هاوکاری ماڵە هەژارەکان ناکەن، بۆیە هەژاریی و داماویی و ڕەشورووتیی لە کوردستاندا هەیە.

ئەم بیرکردنەوەیە، لە بیرکردنەوەیەکی ئاینیەوە سەرچاوەی گرتووە، ئاینی ئیسلام وا بانگهێشت دەکات بۆ ڕۆژووگرتن و مانگی ڕەمەزان، کە حیکمەتەکەی ئەوەیە خەڵکی هەست بە ئازاری برسێتیی بکەن، بۆ ئەوەی بەزەییان بە هەژاراندا بێتەوە و خێر و سەدەقە بکەن و یارمەتی هەژاران بدەن، ئەم دیدگایە، دیدگایەکی دواکەوتووانەیە، چونکە ئەوە لە بێ دەسەڵاتیەوە، لە نەزانینەوەیە، خەڵکی فێری بێ دەسەڵاتیی و نەزانین دەکات، خەڵکی فێری بێدەنگیی دەکات.

ئەم جۆرە پەروەردە و ڕاهێنانە پەروەردەیەکە، خەڵکی فێری ئەوە دەکات کە ئاساییە دەوڵەمەند و هەژار هەبن، کە لە ڕاستیدا کێشەکە ئەوەیە کە نادادپەروەریی هەیە لە دابەشکردندا، ئەو نادادپەروەرییە کارێکی سروشتیی نییە و بەشی خوا نییە، کە هەژارەکان خوا ئەوەندەی پێداون و دەوڵەمەندەکانیش هەر پێدانی خوایە و هەر لایەکیان شانیان ئەو دەوڵەمەندیی و هەژارییە هەڵدەگرێت! هەژاریی و دەوڵەمەندیی لە نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیەوە سەرچاوە دەگرێت. چارەسەر پێداگرتنە لەسەر دادپەروەریی و حوکمی دادپەروەریانە، نەک بەزەیی پیاهاتنەوە و دڵتەنی دەوڵەمەندەکان بە هەژاراندا.
بە بڕوای من ئەمە کارێکی سیاسیی گەندەڵ و چەپەڵی لە پشتەوەیە.
هیوادارم بە زووترین کات ئەم تیڤیە و هەموو تیڤیەکان و ڕاگەیاندنەکانی دیکە واز لەم کارە ناشیرین و بریندارکردنەی هەژاران بهێنن.

جیهاد موحەمەد
٢٠/٥/٢٠١٩




منداڵە ئەڵەمانیە نەشییاوەکان کێ بوون؟!… جیهاد موحەمەد

منداڵە دەرکراوەکان، یان (Tyskebarn) تیسکەبارن(منداڵە ئەڵەمانییەکان)، ئەو منداڵانە بوون، کە لە کاتی داگیرکردنی وڵاتی نەرویج لە ساڵی ١٩٤١ تا ساڵی ١٩٤٥ لەو دایکانە لە دایکبوون، کە بە زۆر یان بە خوایشت سکیان پڕبوو لە سەربازە ئەڵەمانیە داگیرکەر و شەڕکەرەکان.
لەم ماویەدا بابەتێکم لەسەر ئەو ستەم و زوڵەمە نووسی کە بەرامبەر بە منداڵە لە دایکبووەکانی ئێزیدیی دەکرێت، کە لە لایانە پیاوە دڕەندەکانی داعشەوە حەڵاڵ کران و بە زۆر سکیان پڕکردن و منداڵیان بوو. دوای ئەم کارەسات و تاوانە گەورەیە جارێکی تر ئێزیدیەکان هەمان تاوان و کارەسات بەرامبەر بە کچ و خوشکەکانی خۆیان دەکەن، وەریان ناگرنەوە، منداڵەکان بە منداڵی داعش و ئیسلام و زۆڵ دادەنێن، بۆیە ئەگەر ژنەکانیش وەربگرنەوە، بە زۆر منداڵەکانیان پێ فڕێ دەدەن و قبووڵیان ناکەن.
ئێستاش دەمەوێت لەسەر هەمان بابەت ڕای خۆم دەربڕم و هەندێک ڕوونکردنەوە بدەم لەسەر ئەوەی، کە ئەم عەقڵیەتە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە.
لە ساڵی ١٩٤١دا نازیەکان پەلاماری وڵاتی نەرویجیان دا، دوای بەرخۆدانێکی بێ وێنەی خەڵکی قارەمانی نەرویجیی، نازیەکان توانیان نەرویج داگیر بکەن. هەروەک چۆن داعشەکان لەسەر بنەما ئیسلامییە دواکەوتوو و داگیرکاریەکە هەموو سەروەت و سامانی وڵاتانی داگیرکراویان حەڵاڵ دەکرد، ژن و کچەکانی وڵاتی داگیرکراویشیان حەڵاڵ دەکرد، دەیان کردن بە کەنیزەک و، سکیان پڕ دەکردن، کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکردن. بە هەمان شێوە سەربازە ئەڵەمانە داگیرکەرەکانیش هەرچ وڵاتێکیان داگیر دەکرد، ژن و کچەکانیان دەکرد بە ژنی خۆیان و سکیان پڕ دەکردن. بەڵام یەک جیاوازی لە نێوان ڕەفتارە گڵاوەکەی داعش و نازیەکاندا ئەوە بوو، کە نازیەکان کڕین و فرۆشتنیان بە ژن و کچەکانەوە نەدەکرد.

ئەم عەقڵیەتە، ئەم بیرکردنەوەیە، عەقڵیەت و بیرکردنەوەیەکە، لە تۆڵەسەندنەوەوە هاتووە، عەقڵیەت و بیرکردنەوەیەکی زۆر دواکەوتووی نامرۆڤییە، یاسای دارستانیش ئەمە قبووڵ ناکات، بەڵام نازیەکان و ئیسلامییەکان بۆ هاندانی سەربازەکانیان، بۆ ئەوەی باش شەڕیان بۆ بکەن، بۆ ئەوەی بشبێت بە هەڕەشەیەکی گەورە و ترسان و تۆقاندن، هاتن ئەم بیکردنەوە پوچ و نامرۆڤییەیان لە ناو شەڕکەرەکانیاندا پەرە پێ دا، بەوەی کە وڵاتانی داگیرکراو هەموو سەروەت و سامان و ژن و کچەکانیان حەڵاڵی شەڕکەرە داگیرکارەکانە. لە لایەکی تر، ئەم عەقڵیەت و بیرکردنەوەیە، عەقڵیەت و بیرکردنەوەیەکی سیکتاریزمییانەیە. ئایدۆلۆجییستیە دینییەکان و ڕەگەزپەرستیی و نەتەوەپەرستیی نازیەکان، لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، کە خۆیان بە پاقژ دەزانن و هەرچی دین و ئاین و ڕەگەزێکی دیکە هەیە بە پیسی دەزانن، کەچی بۆ تێرکردنی ناوگەڵی خۆیان، ژن و کچەکان حاڵاڵ دەکەن، ئەوی ئیسلام نییە، ئەوی لە دینێکی دیکەیە، ئەوی لە ڕەگەز و نتەوەیەکەی دیکەیە، پیسە، وەلێ لەگەڵ پیسیەکەیدا، ژن و کچەکانیان حەڵاڵە، بۆ چێژ وەرگرتنی ناوگەڵ پاقژن، وەلێ بۆ پێکەوە ژیان حەڵاڵن!. مرۆڤی هۆشیار باش لەوە تێدەگات، کە ئەمە سڕینەوە و پاکتاوکردنە، پێکەوە ژیان لای داعشە ئیسلامییەکان حەرامە، بەڵام پێکەوەژیان لەگەڵ ژن و کچەکان و کڕین و فرۆشتن پێیانەوە حەڵاڵە. نازیەکانیش بە هەمان شێوە، ژن و کچە نەرویجیەکانیان حەڵاڵ دەکرد، بەڵام قبووڵیان نەبوو گەلی نەرویجیی بە سەربەرزیی لە وڵاتی خۆیدا بژی.

ئەم کارەسات و تاوانەی بەرامبەر بە کۆمەڵاگا و خەڵکی وڵاتی نەرویچ لە ماوەی ساڵی ١٩٤١ تا ساڵی ١٩٤٥، ساڵی رازگاری وڵاتی نەرویج درێژەی کێشا، لەم ماوەیەدا بە گوێرەی زانیاریەکان ٥٠ پەنجا هەزار منداڵ لە دایک بوون لەو ژنانەی لە لایەن سەربازە جۆراو جۆەکانی ئەڵەمانیاوە سکیان پڕ دەکرا، لە سەربازێکی ئاساییەوە تا دەگات بە بەرزترین پلەی سەربازیی سڵی نەدەکردەوە لەم دڕندەییە. بەڵام لە ڕاستیدا ژمارەی دیاری منداڵەکان نزیکەی ١٢دوانزە هەزار منداڵێکە، ئەوانی دیکە کەس نازانێت چۆن بێ سەروشوێن کراون.

ئەم کارەسات و تاوانە تەنها بەوەوە نەوەستا، بەڵکو لەوەش خراپتر ئەوە بوو، کە کۆمەڵگای نەرویج بەو عەقڵیەتە دواکەوتووەی ئەو سەردەمەوە، بە یەکجار و بە زۆرینە، بڕیاری ئەوەیان دا، کە ئەم منداڵانە وەرنەگرن و، فڕێیان دەنە دەرەوەی نەرویج و بە تایبەیی دەریانکردن بۆ ئەڵەمانیا. ئەڵەمانیاش بە هەمان شێوە وەری نەدەگرتنەوە و لەم ناوەدا منداڵی بێ دایک و باوکی قوربەسەر وەک تۆپی ناو گۆڕپانی یاریکردنی لێ هاتبوو، هەرکەس ڕاستدەبووەوە شەقی تێ هەڵدەدا.
هەندێک لەو منداڵانە نێردران بۆ ئەڵەمانیای شەرقی، ئەڵەمانیای شەرقی، زۆرێک لەم منداڵانەی گەورە کرد، بەڵام ئەو داخ و کینەیەی لە دڵی ئەم منداڵانەدا هەبوون، بەکاریان هێنان بۆ کاری سیاسیی زۆر قێزەون، زۆریان لێ کردن بە سیخور و خولی سیخوڕیان پێ دەبینین و فێری کاری سیوخوڕیان دەکردن و دەیانناردن بۆ وڵاتانی دیکە، بەم جۆرە جارێکی تر کارەسات و تاوانەکە بەردەوام بوو لەسەریان.
لە ناو ئەو منداڵە زوڵم لێکراوانەدا کەسایەتیەکی زۆر گرنگ و بە بایەخی مرۆڤیی دەرکەوت، ئەویش خانمی ئازا و بوێر و مرۆڤدۆست و پڕ لە بەرخۆدان (گەرد فلێشێر) بوو.

“گەرد فڵێشێر”:
یەکێکە لەو ژنە ئازا و بوێر و پشوودرێژانەی، کە زوڵم و ستەمەکەی خۆی و هاوڕێکانی تری کرد بە گەورەترین بەرخۆدان دژی ئەم کارەسات و تاوانانەی بەرمبەریان کراوە.
“گەرد فلێشێر” ئێستا سەرۆکی ڕێکخراوێکی دەوڵەتییە لە نەرویج، ڕێکخراوەکەی ناوی،”پشتبەستن بە خۆت”ە. ئەم ژنە ئازا و نەبەردە، لە ١٧ ساڵیدا نەرویجی بە جێهێشتووە لە ژێر ئەو هەموو فشارە دەروونییەی کە لەسەری بووە. ئاخر هەندێک لەو منداڵانەی کە بە نیمچە قاچاخ ماونەتەوە لە نەرویجدا، بەڵام بەردەوام لە ژێر فشاری تیرۆرکردنی کەسایەتیاندا ماونەتەوە، پێیان دەوترا”تیسکە بارن” (Tyskebaran)، ئەم ناولێنانەش بۆ ئەو منداڵانە بریندارکەر بوو، چونکە ئەڵەمنیای نازیی خۆشەویست نەبوون لە نەرویجدا. هەوەک چۆن ئێستاش ئێزیدیەکان بە منداڵی کچ و خوشکەکانی خۆیان دەڵێن، منداڵی داعش، یان منداڵی زۆڵ و حەرام. ئەم عەقڵێتە حەق وایە لە دنیادا ڕسواکرێت، نەفەرتکردن لە داعش و نازیەکان حەقە و کارێکی باشە، وەلێ منداڵ هیچ تاوانێکی نییە. منداڵ، لە خولقاندنی و لە دایکبوونی و ناولێنانیدا دەسەڵاتی نییە، دەسەڵاتی نییە لەوەی باوکی کێیە و کێ نییە، دەسەڵاتی نییە لەوەی دایک و باوکی لەسەر کام پرنسیپ و کام ڕێوشوێن جووت بوون.

“گەرد فلێشێر” ١٨هەژدە ساڵ لە تاراوگەدا ژیانی بردوەتە سەر، بە زۆری لە مەکسیک ژیاوە لەگەڵ زۆرێک لە هاوڕێ دەرکراوەکانی خۆیدا، دوای ئەوە گەڕاوەتەوە نەرویج، دەستی کردووە بە دژایەتیکردنی ئەو تاوان و ستەمەی لەو منداڵانە کراوە. لە دوا جاردا بوو بە کەسایەتیەکی دیار و گەورە لە وڵاتی نەرویجدا، بە فشاری ئەم ژنە بەڕێزە و زۆرێک لەوانەی گۆشکراون بە عەقڵیەت و پەروەدەی مرۆڤیی سەردەمیانە، توانیان نەک هەر وڵات و کۆمەڵاگای نەوریجیی پەشیمان بکەنەوە لەو تاوان و کارەساتەی بەسەر ئەو منداڵانەدا هێناویانە و درێژەیان داوە بە تاوانی نازیەکان، بەڵکو لە ساڵی ٢٠٣دا پەرلەمان ناچار کرا کە داوای لێ بووردن بکات لە سەرجەم ئەو منداڵانە و، بڕیاریش درا کە قەرەبوویەکی تەواوی هەموو ئەو منداڵانە بکرێتەوە. ئێستا هەموو ئەو ژن و پیاوانەی گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی نەرویج بەر ئەو لێبوردنە کەوتوون و بەو پەڕی بەختەوەریەوە دەژین و سوودمەندن لە هەموو قەرەبووەکانی ئەو بڕیارەی پەرلەمان.

کەچی بە داخێکی زۆرەوە، لە کوردستان و عێراقدا بە دەگمەن نەبێت باسی درێژدان بە تاوانەکانی داعش ناکرێت لە لایان ئیزێدیەکانەوە. ئێزیدیەکان زوڵم و ستەمی زۆریان لێکراوە لە لایەن ئیسلامەوە، بە تایبەتی لە لایەن داعشە دڕندەکانەوە، وەلێ زوڵمکردن لەو منداڵانەی لە پیاوە داعشەکانن، هیچ جیاوازیی نییە و هەمووی دەچێتە خانەی تاوانی مرۆییەوە.

جیهاد موحەمەد/ نەرویج
٢٤/٤/٢٠١٩




منداڵانی توخمی پیاوە داعشییەکان بێ تاوانن… جیهاد موحەمەد

لە ناو کولتووری ئیسلامدا، قسەیەک هەیە، دەڵێت”بەزۆرگاین لەش پیس ناکات”، لەم ئیدیۆمەوە دەمەوێت بچمە ناو بابەتەکەوە!
پێش هەموو شت، ئەم ئیدیۆمە، تەنها بە قسەیە و بە کردەوە جێبەجێ ناکرێت، ئەوتا وەک چۆن ئەو ژن و کچانەی لەسەر خۆشەویستیی و عەشق دەکوژرێن، بە هەمان شێوە ئەو کچ و ژنانەشی، کە دەستدرێژیی سێکسیان دەکرێتە سەر، ئەگەر نەشکوژرێن، چ لای خەڵکی بێگانە، چ لای کەسوکاری خۆیان،بە چاوێکی نزم تەماشا دەکرێن، واتا تیرۆری کەسایەتیان دەکرێت.
ئەم کولتوورە باو و ناشیرینەی کۆمەڵگای ئیسلامیی لە ناو ئێزیدیەکانیشدا هەمان کولتوورە، لە بیرمان ناچێت، چۆن دۆعایان بەردباران کرد. ئێستاش بەرامبەر بە ژنە ئێزیدییە سکپڕەکانی پیاوە دڕندەکانی داعش و ئەو ژنانەی منداڵیان لە داعشەکان بووە، ئێزیدیەکان هەمان ڕەفتار دەکەن.

داعش، لەسەر بنەمایەکی زەقی ئیسلام، کە هەموو سەروەت و سامان و کچ و ژنی ئێزیدیەکانی حاڵ کرد و بە دەستکەوت(غەنیمە)ی دانا. کارەسات و تاوانێکی هێندە قێزەون و گەورەیان ئەنجام دا، ڕووی مرۆڤایەتی و هەموو ئەو دین و بیروڕا ئایدۆلۆجییەی دژی ئەم بێ ڕەوشتیی و ئابڕوویە نەوەستانەوە، ڕەش کرد. هەرچ کەسیک و هەرچ ئایدۆجیی و دین و ئاینزایەک لایەنگری ئەم کارە قێزەونە بووبێت، بە دڵنیاییەوە ئەو پەڕی دڵڕەقیی و بێ ویژدانییە.
ئایا تەنها داعش، یان ئەو گروپە تووندڕوە تیرۆریستییە ئیسلامییانە خاوەنی ئەم عەقڵیەتە دڕندەیەن؟ یان لای ئێزیدیەکانیش هەمان دڕندەیی و عەقڵیەت هەیە. بە بڕوای من لای زۆرێک لە دین و ئایدۆلۆجییە دۆگماتیزمییەکان، لای هەموو گروپە تیرۆریست و سیکتاریزمیەکان هەمان عەقڵیەت هەیە، بەڵام جێبەجێکردنی و جێبەجێنەکردنی کەوتوەتە سەر ئەوەی تا چەند ئەو دینە، یان ئەو گروپە تیرۆرستی و سیکتاریزمیانە دەسەڵاتیان هەیە. هەرچ کات دەسەڵاتیان هەبوو لە هیچ جۆرە ستەم و تاوانێک بەرامەبەر بە دین و بە بیروباوەڕەکانی دەرەوەی خۆیان سڵ ناکەنەوە.
دڕندەیی و تاوان لای هەرچ گروپێکی سیکتاریزمیی، لای هەرچ نەتەوەیەکی نەژاد پەرست، لای هەرچ ئاینزایەکی وەک سوننیەکان و شیعەکان بەرامبەر بە یەکتری، لەسەر کات و دەسەڵات وەستاوە، هەرچ لایەنێک لەم لایەنانە دەسەڵاتی هەبوو، هەستی بە هێز کرد، سڵ لە هیچ نامرۆڤبوون و تاوان و دڕندەییەک ناکاتەوە بەرامبەر بەوی دەروەی خۆی، تا دەگاتە ئەوەی کە تاوانی پاکتاوکردنیش بکات.

داگیرکارییەکانی ئیسلام، هەر لەسەر دەمی پەیامبەر(محەمەد)ەوە تا دەگات بە ٦٠٠ ساڵەی تەمەنی عوسمانیەکان، جگە لەوەی سەدان وڵاتانیان داگیرکرد، دەیان دین و ئاینزایان پاکتاو کرد، دەیان گروپ و نەتەوەیان پاکتاو کرد، هەزاران مەکتەبە و شوێن و پێگەی ڕۆشنبیرییان سوتاند، بە هەزاران و دەیان هەزار ژن و کچیان حەڵاڵ کرد بۆ خۆیان و کردیانن بە کەنیزەک، یان بە گوێرەی شەرعەکەی خۆیان مارەیان بڕین. ئەمانە هەمووی لەو کاتەوە بوون کە دەسەڵاتیان پەیدا کرد، پێش ئەوە نەرم و نیان بوون و داوای پێکەوە ژیانێکی دیموکراتیانەیان دەکرد و ڕێزیان لە هەموو دین و بیروباوەڕێکی دیکە دەگرت.

کاتێکیش دەوڵەتگەلێکی عەرەبیی ئیسلامیی و دەوڵەتی سەفەویەکان و فارسەکان و تورکەکان دروست بوون و هەڵگری دینی ئیسلام بوون، ئەمانیش هەر یەکەیان لای خۆیەوە و لە ژێر قەڵمڕەویی خۆیدا دەیان نەتەوە و کەمەنەتەوییان پاکتاو کرد. کورد یەکێک بووە لەو نەتەوانەی هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی پاکتاوکردندا بووە، بۆ چەندین جار لێرە و لەوێش گروپی گەورە و ژمارەی گەورەی لێ پاکتاو کراوە، تەنانەت زمانەکەی لێ قەدەغە کراوە، تا ئێستاش تاوان بەرامبەر بە گەلی کورد نەوەستاوە. کەمەنەتەوایەتی عەرەب لە ئێراندا بەردەوام لە ژێر هەڕەشەدایە، ئازەریەکان کە نەتەوەیەکی گەورەن لە ئێراندا بەردەوام لە ژێر هەرشە و چەوساندنەوەدان، لە تورکیادا چەرکەسەکان پاکتاو کران، ئەرمەنیەکان بە سەدان هەزاریان لێ پاکتاو کرا، گەلی کورد نەک چەندین جار پاکتاو کراوە، تا ئێستاش لە ژێر هەڕەشەی پاکتاوکردندایە.

سوننیەکان و شیعەکان، کە دوو ئاینزای ئیسلامن و یەک خوا و یەک قورئان و یەک پەیامبەریان هەیە، ١٤ سەدە زیاتر لە شەڕ و پێکداداندان و تیرۆر و پاکتاوی نەک زیندووکانی یەکتری دەکەن، تیرۆری کەسایەتی ئەوانەی چەندین سەدەشە مردوون بەردەوامە.
فینیقیەکان و کلدانیەکان و ئاشوریەکان و قبتیەکان و ئەماغیزیەکان، بە تەواوەتی لە لایەن داگیرکاریی ئیسلامەوە پاکتاو کراون.
ئەگەر تۆزێک وردبینەوە لە مێژووی خوێناوی دینەکان و نەتەوەپەرستەکان، بە چاوێکی بێ لایەنییەوە سەیر بکەین، هیچ نەتەوە و دین و ئاینزایەک، چ وەک خۆیان دەڵێن ئاسمانی بێت یان زەوینیی لە کاتی دەسەڵاتیدا سڵی نەکردوەتەوە لە تاوان و دڕندەیی بەرامبەر بەوی دەروەی خۆی. کەواتە ئەمە عەقڵێتێکی نەخۆشی نامرۆڤییە هەموو ئەمانەی گرتوەتەوە. هەتا ئەم عەقڵیەتە بەردەوام بێت، دڕندەیی و سڕینەوە و پاکتاوکردن و تاوانی مرۆڤیی بەردەوام دەبێت.

زۆربەی خەڵک، وا سەیری ئێزیدیەکان دەکەن، کە گوناح و بێ تاوانن، وەلێ ئەگەر لە سۆنگەیەکی عەقڵانییەوە سەیری تاوان بکەین، سەیری کۆمەڵگە و گروپی مەدەنیی بکەین، سەیری عەقڵیەتی مرۆڤبوون بکەین، هەڵسەنگاندنمان لەسەر بنەمانی مرۆڤبوون و عەقڵانیی و پێکەوە ژیان بێت، ئێزیدیەکانیش هەر ئەوەندە ستم و زوڵم ناکەن، کە دەسەلاتیان نییە، بەڵام کە دەسەڵاتیان هەبوو ئیسلام چیی دەکات، ئەوانیش کەمتر ناکەن. لایەنداریی ئێزیدییەکان و هەرچ دین و ئاینزا و گروپ و نەتەوەیەک، دەبێت لەسەر بنەمای دژایەتی چەوساندنەوەیان بێت، نەک لایەندارێتیەکە سەرمان لێ بشێوێنێت و ئەم دین و ئاینزا و گروپە سیکتاریزمیی و نەتەوە پەرستییانە برەو پێ بدات. ئازادیخوازان، ئەوانەن کە بە بیرکردنەوەیەکی مرۆڤییانە و عەقڵانییانە دژایەتی هەرچ جۆرە چەوساندنەوە و تاوانێک دەکەن، نەک لایەندارێتیە کە ئەوە لە بیر بەرێتەوە، کە لە ڕاستیدا،عەقڵیەتی هەموو ئەمانە، یەک عەقڵیەتە،لە کاتی دەسەڵات و هێزیاندا هەمان شتن.

بیروباوەڕیکی دینیی وەک ئێزیدیەکان، ئەگەر دڵی نەسوتێت بەو کەسانەی لە گۆشت و ئێسکی خۆیین، دڵی نەسوتێت بە جگەرگۆشەکەی خۆی وەک ئێزیدیەکان، ئەبێت چۆن جێگەی بڕوا و متمانە بن کە دەسەڵاتیان هەبوو لە داعش خراپتر ناکەن؟
ئاخر وەک ئەو ئیدۆمەی ئاماژەم پێدا: “ئەوی بە زۆر بیگێن لەشی پیس نابێت” لەو ڕووەوە زۆر ڕاستە، کە کەسانێک بە زۆر دەستدرێژی سێکسی بکرێتە سەریان، بە زۆر دزیی پێ بکرێت، بە زۆر سواڵی پێ بکرێت، بە زۆر هەرچی پێ بکرێت گوناحبار و تاوانبار نییە. کچ و ژنێکی داماو و بێ دەسەڵات کە کەوتوونەتە دەستی داعشە دڕندەکان، بە زۆر سکیان پڕکردوون، کردوونیان بە ژنی خۆیان، ئەبێت چ تاوانێکیان هەبێت، ئێستا بە چاوێکی قێزەونەوە لە لایەن دایک و باوکیانەوە سەیر دەکرێن و وەریان ناگرنەوە. ئەم تاوانە بە بڕوای من هیچی کەمتر نییە لە تاوانی داعشەکان، هیچیش کەمتر نییە لەو منداڵانەی لە پیاوە ئەڵەمانیاکان لە دایک بوون لە وڵاتانەی داگیریان دەکردن، بەڵام کۆمەڵگا و وڵاتانی ئەوساش بە منداڵی”نەشیاو” دایان دەنان و وەریان نەدەگرتنەوە ـ لە بابەتێکی دیکەدا باسی کۆمەڵێک لەو منداڵانە دەکەم ـ .

ئەوەی ئەمرۆ ئێزیدیەکان دەیکەن بەرامبەر بە کچ و خوشکەکانی خۆیان، کە منداڵە باوک داعشەکانیان پێ فڕێ دەدەن گەورەترین تاوانە، ئەم تاوانە لە سەربڕینی منداڵ و ژن خراپترە. ئەم تاوانە دەمێکە ساڵە دەگوزەرێت و هۆکارێکی سەرەکیشە بۆ چاندنی دڵەڕەقیی و نامرۆڤیی لە هەموو جیهاندا.

جیهاد موحەمەد/ نەرویج
٢١/٤/٢٠١٩




وێنەکە خۆی دەدوێت، پێویست بە قسەکردن ناکات! … جیهاد موحەمەد

لە فەیسبووک، هەر ئەو ناونیشانەی ئەم نووسینەم دەربارەی ئەو تاوانە نووسی، بە پێویستم نەزانی زیاتری لەسەر بنووسم، بەڵام تاوانەکە هێندە ناخ هەژێنە، نەمتوانی بێدەنگی لێ بکەم.
لە ڕاستیدا ئازاردان و کوشتنی ئاژەڵە بەستەزمانەکان، هیچ جیاوازی نییە لە ئازاردان و کوشتنی مرۆڤەکان، کوشتن و ئازاردانی هەرچ گیانلەبەرێک تاوانە، بە حوکمی وژیدانی زیندوو و بە حکومی یاساش لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا، تاوانە.
من نازانم پاساو چیی بووە بۆ کوشتن و ژەهەراویکردنی ئەو هەموو سەگەلە، چونکە هیچ پاساوێکی تەندروستیی لە وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگە تەندروستیەکانەوە نەهێناراوەتەوە بۆ کوشتن و پاکتاوکردنی سەگە بەرەڵاکان.
ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر پاساوێکی تەندروستییش هەبێت، من لەو باوەڕەدام کە چارەسەری تایبەتی هەیە بۆ پاکتاوکردنی سەگەلێکی بەرەڵا کە زیانبەخش بن بۆ تەندروستی مرۆڤەکان و ئاژەڵەکانی دیکە.
ئاخر ئێمە کۆمەڵگایەکین پاکتاوکراوین، دەبوو زۆر سڵ لە پاکتاوکردنی گیانلەبەرەکان بکەینەوە.

ئاخر خۆ ئەم تاوانە یەکەم جار نییە و دوا جاریش نابێت لە کوردستاندا کە دەکرێت بەرامبەر بە ئاژەڵە بەستەزمانەکان. بیرمان ناچێتەوە لە کاتی ئینفلۆنزای باڵندەدا، چەند بە دڵڕەقانە بە زیندوویی مریشکەکانیان فێڕێ دەدایە ناو چاڵەوە و ئاگریان تێ بەردەدان. بیرمان ناچێتەوە چۆن لۆریەکی پڕ لە جوجەڵە لەسەر ئەوەی کە گوایە قەدەغەیە بێتە کوردستانەوە ئاگریان تێ بەردا و لە جریوە و جوکە جوکی جوجەڵە هیچ کەسێک نەبوون ناخی نەهەژێت و هاواری لێ بەرز نەبێتەوە دژی ئەو تاوانە. دیسان بیرمان ناچێتەوە، چۆن چەند گەنجێکی عەرەب زۆرانیان لەگەڵ جاشەکەرێکی بەستەزماندا دەگرت و دەیان جار دەیانکوتا بە ئەرزدا و بە شەق تێیان هەڵدەدا.
ئەم تاوانانە، لە ڕاستیدا بەتاڵکردنەوەی ئەو تووندووتیژیەیە لە ناخی مرۆڤەکاندا، لە ناخی ئەوانەدا کە بێ دەربەستانە بە بەرچاویانەوە تاوانەکە دەکرێت و هیچ ڕاناچڵەکان. لە ناو کۆمەڵگە پێشکەوتوو و مرۆڤدۆست و ئاژەڵخۆشەویستەکاندا، ئەگەر کەسانێک هەبن بە بەرچاویانەوە تاوانێک ئەنجام بدرێت یان ئازاری ئاژەڵێک بدرێت و بێدەنگی لێ بکەن، ئەو کەسەش وەک تاوانبارەکە سزا دەدرێت.

حەق وایە دادوەرە گشتییە بەڕێزەکان لەسەر ئەم تاوانانە بێنە دەنگ و قبووڵی نەکەن. حەق وایە مامۆستا بەڕێزەکانی زانکۆکان، مامۆستا ئاینیەکان، خوێندکارەکانی زانکۆ، مێدیاکاران و ڕۆژنامەنووسەکان، نووسەران و ئەدیبەکان، ڕۆماننووس و چیرۆکنووسەکان، هونەرمەندەکان لەسەر ئەم تاوانانە بێنەدەنگ نەبن و قبووڵی نەکەن.
ئاخر چۆن زانست لە ئەزموونی مرۆڤەکانەوە لە تاقیکردنەوەکانی ژیانەوە سەرچاوەی گرتووە، یاسا کۆمەڵایەتیەکانیش بە هەمان شیوە دەبێت لە ویژدانی زیندووی مرۆەکانەوە سەرچاوە بگرێت. تۆ بلێی ویژدانی کۆمەڵگای کوردستان هێندە مردوو بێت ئەم جۆرە تاوانانە ناخی کەس نەهەژێنێت؟!

سەگ، ئەو ئاژەڵە بەوەفایەیە، کە ئەوەتی یەکەم شارستانیەتی مرۆڤایەتی دروست بووە، سەگیش بووە بە هاوڕێ و پاسەوانی مرۆڤەکان و سەروەت و سامانی خەڵک دەپارێزیت. ئێمە ئەگەر بەرامبەر بە بەوەفاترین ئاژەڵ ئەمە ڕەفتارمان بێت، ئەبێت ئیتر چ متمانەیەک بە یەکتری بکەین وەک مرۆڤ لە نێوان خۆماندا.
سەگە بەرەڵاکانی ناوشار، دیارە کارێکی خراپە، وەلێ چارەسەری زۆر هەیە بۆ دوورکەوتنەوە و نەهێشتنی ئەم سەگە بەرەڵانە. ئاخر لە کوردستاندا بەداخەوە، سەگ یان شەڕە سەگی پێ دەکرێت و سەگێک بەرەڵا دەکەنە گیانی سەگێکی تر بە بەرچاوی دەیان کەسەوە، یەکتری کەلەپاچە دەکەن، خوێن لە یەکتری دەهێنن، یەکتری دەخنکێنن، کەچی چەپڵەی بۆ لێ دەدەن و، کاکی مێدیاکاریش بە ئارەزووی خۆی وێنەیان دەگرێت بێ ئەوەی بۆ ڕەخنەگرتن بێت، تەنها لە پێناوی گەرم کردنی مێدیاکەیدا.

ئێوە تەماشاکەن، سەگ لە پاسەوانیەوە، لە کوردستاندا کراوە بە دڕندەیەک، کە سەگی هەوشاری شوانێک ورگی باخەوانێکی هەڵدڕی و پارچە پارچەی کرد، یان ئەوەتا دەبێت سەگ بەم جۆرە ژەهروی بکرێت و بە دەیان لاشەی لەو ناوەدا بڵاوبکرێتەوە. بە ڕاستی شار و شارنشینیی و شارستانیەت کەوتۆتە ژێر پرسایرەوە لەسەر ئەم ڕەفتارە دڵڕقانە.
بەڕاستی دادوەرە گشتییە بەڕێزەکانیس کەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە، کە بێدەنگن بەرامبەر بەم ڕەفتارە دڵڕەقانە.
هیوا خوازم کۆتایی بەم دڕندەیی و دڵڕەقییە بهێنرێت لە کوردستاندا.

جیهاد موحەمەد/ نەرویج
١٠/٤/٢٠١٩




مرۆڤی رۆژهەڵاتیی نە مێژووی هەیە و نە مێژووکردە … جیهاد موحەمەد

کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان بە گشتی، کۆمەڵگاگەلێکی بێ بەرهەمن، ڕەنگە ئەم بۆچوونە هەندێک گشتگیریی پێوە دیار بێت، بەڵام لە ڕاستیدا مەبەست ئەوەیە، کە هەموو کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان بە ڕێژەیەکی یەجگار گەورە مشەخۆرن، هیچ بەرهەمێکی ئەوتۆی زانستیان نییە، ئەگەر هەشبێت بە بەراورد بە بەرهەمە زانستییە هاوردەکان لە وڵاتانی ڕۆژئاواو و ئەمەریکاو و یابان و ئوسترالیاو و چاینا و وڵاتانی دیکە، ئەوەندە کەم و لاوازن کە پێوانەیەکی ئەوتۆیان بۆ ناکرێت.

کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان بەرخۆرن، بە جۆرێک بەرخۆرییان هەیە بۆ کەلوپەلە بەرهەمهاتووەکانی وڵاتانی دەرەوەی خۆیان، لە دەرزیەکی دروومانەوە تا دەگات بە هەموو کەرستەکانی جل و بەرگ و خۆگەرمکردنەوە و کەلوپەلی ناوماڵ و دامەزراوە حوکومیی و مەدەنییەکان، هەموو کەرەستەکانی پەیوەندیکردن و هاتوچۆکردن هاوردە دەکرێت و، زۆر بە دەگمەن کەرەستەگەلێکی خۆماڵیی هەبن. هەڵبەت هەموو ئەم ڕەوشی هەژارییەش لە نەبوونی نەزانین و زانستەوە سەرچاوە دەگرێت، واتا زانست و بەرهەمە زانستیەکان هەموویان هاوردە دەکرێن.
کاتێک دەگوترێت، کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان دواکەوتوو و هەژارن، مەبەست لە دواکەوتوویی و هەژاریی دەست و پێ سپێتیی ئەم کۆمەڵگایانەیە لە بەرهەمهێنانی هەموو ئەو کەلوپەلانەی کە بەرهەمی پێشکەوتنە زانستیەکانە. زانین و زانست و پەروەردە دواکەوتووە، بۆیە بەرهەمیش یان نییە، یان دواکەوتووە.

هۆکار و فاکتەری سەرەکی دواکەوتوویی و هەژاریی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان، قەتیسمانیانە لە یەک زەمەندا، مرۆڤی رۆژهەڵاتیی بە زەمەنە سروشتییەکانی خۆیاندا، کە “ڕابوورد، ئێستا و داهاتوو”ە تێنەپەڕیون. هەمان بیرکردنەوە، هەمان پەروەردە، هەمان کولتوور، هەمان بەرهەمی مەعریفیی، هەمان دیدگا و فەلسەفەی ژیان لە مێشکیاندا خۆی نوێ دەکاتەوە، ڕەنگە گۆڕانکاری تەنها لە فۆرمەکانیاندا هەبوو بێت، نەک لە ناوەڕۆکیاندا، بۆیە دەشێت بڵێین، مرۆڤی رۆژهەڵاتیی خاوەنی مێژوو نیە و مێژووکرد نیە.
دواتکەوتوویی و هەژاریی بوارە زانستیەکان و پیادەکردنی پەروەردەیەکی نەریتیی لە فێرگەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دیدگا و جیهانبینیەکی فەلسەفیانەی پێشکەوتووی دەسەڵات و حوکمڕانەکانی ئەم وڵات و کۆمەڵگانە، چونکە ڕێگرن لە هەرچ پێشکەوتنێکی بواری پەروەردە، بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی نەزانین و جەهالەتەوە درێژە بە حوکمڕانی خۆیان بدەن.

دەیان سەدەیە، یەک دیدگای چەقبەستوو خۆی سەپاندووە بەسەر کۆی کۆمەڵگاکانی ڕۆهەڵاتییدا، ئەو دیدگایە، دیدگایەکی دۆگماتیزمیی و نەریتییە، بە جۆرێک ئەم دیدگا چەقبەستووە زاڵە، کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئەم وڵاتانە لە واقوڕمانێکدا ماونەتەوە، پرسیارگەلێک لە مێشکیاندا دەسوڕێتەوە وەک: بۆچی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوام لە پێشکەوتندان و ئێمەش لە دواکەوتندا؛ بۆچی ئەوان تا ئاستێکی بەرز لەباروگوزارنێکی باشدا دەژین و ئێمەش لە باروگوزەرانێکی خراپدا؛ بۆچی ئەوان کەمترین شەڕ و پێکدادان لە نێوانیاندا دروست دەبێت، ئێمە بەردەوام خەریکی شەڕی ئایین و دین و نەتەوە و نیشتیمانین؛ بۆچی ئەوان ئازادییەکی بەرفراوانییان هەیە و کەمترین ڕاسیستیی و ڕەگەزپەرستیی لە نێوانیاندا هەیە، بۆچی ئێمە کەمترین ئازادیمان هەیە و پێکەوە ژیانمان نییە و زۆرترین ڕق و کینەی دینیی و ناسیۆنالستیی و ڕەگەزپەرستیی لە نێونماندا هەیە؛ بۆچی ئەوان خاوەنی زانین و زانست و زانیارین، ئێمە مشەخۆرین بەسەر بەرهەمەکانی ئەوانەوە؛ بۆچی ئەوان بەرهەمهێنەرن و ئێمە بەرخۆرین؛ بۆچی ئەوان کێبڕکێ دەکەن لەسەر دۆزینەوە زانستیەکان و ئێمە کێبڕکێمانە لەسەر نەتەوەپەرستیی و ئاینپەرستیی؛ بۆی ئەوان فرۆشیاری بەرهەمە پیشەسازیی و زانسییەکانن و ئێمە تەنها فرۆشیاری بەرهەمە سروشتییەکان و وزەی ژێر زەوین؟ دەیان پرسیاری لەم شێوازانە لە خۆمان دەکەین بە بێ وەڵام!

ئەم پرسیارانە زۆر گرنگن،لە ژیانی دوروودرێژی ئەم کۆمەڵگانەدا سەرچاوەی دروستبوونی هەندێک لە حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی و کۆمەڵایەتیین، سەرچاوەی خەباتکردن و تێکۆشانێکی دوورودرێژ و گەورەن. لێرەدا نامەوێت بچمە سەر ئەوەی بۆچی ئەم حیزب و بزووتنەوە و ڕاپەڕینانەی خەڵکی شۆرشگێڕ سەرکەوتنیان بە دەست نەهێناوە، یان بۆچی لە ئەنجامدا هەموو ڕاپەڕین و شۆرش و بزووتنەوە ڕزگاریخوازیی و ئازادیخوازییەکان لەبار دەبرێن، یان دەستەوسانن لە گۆڕانکارییەکاندا؟ ئەمە بابەتی ئەم نووسینە نییە، هەوڵ ئەدەم بابەتێکی تایبەتی لەسەر بنووسم. بەڵام دەمەوێت ئەوە بڵیم، کە هۆکار و فاکتەری مانەوەی دواکەوتوویی و هەژاریی و هەموو نەهامەتییەکانی ئەم کۆمەڵگانە، ئەوەیە کە نەیانتوانیوە گۆڕناکاری لە بیرکردنەوە و عەقڵەیتی خۆیاندا دروست بکەن. وەک چۆن لە ڕووی زانین و زانستەوە دواکەوتوو و هەژارن لە ڕووی هەڵگەڕانەوەش بەرامبەر بەم ڕەوشە خراپەی خۆیان هەژار و دواکەوتوون، کاتێکیش هەڵگەڕاونەتەوە، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا خۆیان ڕادەستی شۆڕش و بزووتنەوەگەلێک کردووە، خۆیان تووشی شەڕ و پێکدادانێک کردووە، کە بزووتنەوە و شەڕ و پێکدادانی ئەوان نەبووە، بەڵکو لە جیاتی دەسەڵاتخوازەکان کردوویانە.

کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان بە تاک و کۆ بوون بە ئۆبجێکت و کاریان لەسەر دەکرێت، هەم حوکمڕانە داگیرکەرەکانی خۆیان ڕاستەوخۆ کردوونییان بە ئۆبجێکت و کاریان لەسەر کردوون، هەم دەوڵەتە زلهێزەکانی دنیا لە چەندین ڕێگەی ناڕاستەوخۆوە کردوونییان بە ئۆبجێکت و کاریان لەسەر کردوون، هەروەها ئایدۆلۆجیە ئاینیی و ناسیۆنالستییەکان و کولتووری باو کردوونیان بە ئۆبجێکت و کاریان لەسەر دەکەن.

لە ڕاستیدا جیاوازی گەورەی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤ، ئەوەیە کە مرۆڤ دەتوانێت مامەڵەیەکی شۆرشگێڕانە لەگەڵ خودی خۆی و سروشت و دەوروبەریدا بکات، وەلێ ئاژەڵ ئەو توانایەی نییە، چونکە بیری بۆ ناکرێتەوە، بۆیە ناچار خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ سروشت، ئاژەڵەکان یەک زەمنیان هەیە و هیچی تر، وەلێ مرۆڤ دەتوانێت مێژووی خۆی بە واتا فەلسەفییەکەی دروست بکات و زەمەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی خۆی تێپەڕێنێت. دەتوانین بڵێین مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیی تا ئاستێکی زۆر نەیتوانیوە خۆی لە ئاژەڵ جیا بکاتەوە، بۆیە بە هەمان شێوەی مێگەل هەوڵی داوە خۆی بگونجێنێت لەگەڵ سروشت و دەوروبەردا.

لە باشترین حاڵەتدا کە توانیبێتی بەسەر کارەساتە سروشتیەکانی وەک لافاو و بومولەرزە و زریان خۆی بپارێێت، یان خۆی لە سەرما و گەرما بپارێزێت، یان خۆی لە نەخۆشیە کوشندەکان بپارێزێت، لە ڕێگەی بەکارهێنانی کەرستەگەلێکەوە بووە، کە بەرهەمی خۆی نەبووە، بەڵکو بەرهەمی کۆمەڵگا زانستییەکانە، ئەمە هۆکاری سەرەکیە بۆ مانەوەی ئەم کۆمەڵگانە لە جێگەی خۆیاندا، هەتا بەرهەمێکی مەعنەویی و زانستیی بەرهەم نەهێنرێت، مەحاڵە بتوانن خۆیان لە مێگەلیی و ئۆبجێکتیی ڕزگار بکەن. بەکارهێنانی بەرهەمە زانستییەکانی کۆمەڵگاکانی دیکە، تەنها سەرسامیی لوی مرۆڤ و کۆمەڵگای رۆژهەڵاتیی دروست کردووە، لەم حاڵەتدا مرۆڤ لە واقوڕماندا دەمێنێتەوە و کولتوور و شێوازی بیرکردنەوەی خۆی بۆ ناگۆڕدرێت. مرۆڤی ئازاد و کۆمەڵگای ئازاد، ئەو مرۆڤ و کۆمەڵگانەن، کە توانیوایانە ببن بە سەبجێکت و خۆیان لە ئۆبجێکتیی ئایدۆلۆژییە دۆگماتیزمەکان ڕزگار بکەن، ئەمەش بە شۆڕشی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و پەروەردەیی دەکرێت، نەک بە شەڕ و پێکدادانێک لە پێناوی دەسەڵاتخوازە نەتەوەپەرستەکان و ئایینپەرستەکان و ئایدۆلۆژییەپەرستەکان.

کۆمەڵگا رۆژهەڵاتیەکان زۆربەی جار کە دوای حیزب و بزووتنەوە سیاسییەکان دەکەون بۆ ڕزگاریی و ئازادییە، وەلێ ئەوەیان بۆ جیاناکرێتەوە، کە ئەم حیزب و بزووتنەوانە، لە ئەنجامی سەرکەوتنیشیاندا، ئەگەر سەربکەون، درێژەپێدەری هەمان ڕەوشی ستمکاریی و چەوساندنەوەن، لێرەشدا وەک چۆن دەسەڵات و حوکمڕانە ستەمکارەکان هەڵیاندەسوڕێنن، بەهەمان شێوە حیزبە دینیی و نەتەوەپەرستە دڵڕەقەکانیش لە پێناوی گرتنەدەستی دەسەڵاتدا هەڵیان دەسوڕێنن، چونکە ئەمانە دەسەڵاتخوازن نەک هێزی ڕزگاریی و ئازادیی و دیموکراسیی، کەواتە لێرەشدا، هەر ئەوەندە خۆیان لە ئاژەڵ بۆ جیا دەکرێتەوە، کە دژی چەوساندنەوە و ستەمن، وەلێ نەزانن و نازانن چۆن ئازادی و ڕزگاریی بە دەست بهێنن، بۆیە خۆیان ڕادەستی گرووپگەلێک و حیزبگەلێکی ناشۆرشگێڕ دەکەن، بەناوی شۆرشگێڕیەوە، ئەم خۆڕادەستکردنەش لە لایەک ناهۆشیاریی و نەزانینە لە لایەک ترسە لە ئازادی، ئاخر چۆن حوکمڕانەکان لە ئازادیی میللەت دەترسن بە هەمان شێوەش میللەتی ناهۆشیاریش بوێر و ئازا نییە بۆ ئازادی، هەر بۆیە هەرکەس لەگەڵ بیرکردنەوەیدا نەبێت، دەیخاتە خانەی خیانەتەوە، بە ناوی خیانەت لە ئایین، خیانەت لە نەتەوە، خیانەت لە نیشتیمان و خیانەت لە کولتوور. ئەم خۆڕادەستکردنە بە جۆرێک قووڵ دەبێتەوە لە ناخ و مێشکیاندا، کە هەرچی هەوڵ و خەبات و تێکۆشان و کوشتن و بڕینێکیان هەیە دەچێتە خزمەتی حیزب و گرووپە سیکتاریزمیی و دەسەڵاتخوازەکانەوە، ئەمانیش لە هەمان ژینگەی نەزانین و جەهالەتدا خول دەخۆن و لە مێژوویەکی ناهەمواری پڕ لە مەینەتییدا دەمێننەوە.

ئەبێت ئەوەش بڵێم، کە نەزانین و ناهۆشیاریی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، کە زانین و هۆشیارییان لێ داگیرکراوە، دەنا هیچ مرۆڤێک نییە، نەزان و جاهیل بێت. بۆیە شۆڕشی پەروەردەیی دایکی هەموو شۆڕشەکانە، واتە شۆڕشەکانی تر لە شۆرشی پەروەردەییەوە لە دایک دەبن. یەکێک لە خەسڵەت و پرنسیپە سەرکییە خراپەکانی سەرکردە ناشۆڕشگێڕەکان، کە بە ناوی شۆڕشەوە دەیان سەدەیە شەڕ و پێکدادان دروست دەکەن نەبوونی پەروەردەیەکە کە مرۆڤبوون بەرهەم دێنێت. هەرچ شۆڕشێک کە مرۆڤبوونی بەرهەم نەهێنا، دەچێتە خانەی شۆرشی چەواشەکارییەوە.
دیسان ئەبێت ئەوەش بڵێم، کە پەروەردە و شۆرشی پەروەردەیی بێ لایەن نییە، بۆیە دەسەڵاتی ستەمگەر هەمیشە دژی پەروەردەی نوێ و شۆرشی پەروەردەیی دەوەستێتەوە.

جیهاد موحەمەد/ نەرویج
٢٧/٣/٢٠١٩




…سەردانەواندنی ڕۆژاوا بۆ ئیخوانیەکان بۆ؟ جیهاد محەمەد

هەر لە دوای پاشەکشە و ڕوخانی دەوڵەتە بە ناو سۆسیالیستەکانی دنیا و دروستبوونی یەکجەمسەریی پاوەری ئەمەریکا و دەوڵەتە بەهێزەکانی تر لە ڕۆژاوادا، ساڵ بە ساڵ و دەیە دوای دەیە، ئەم هێزە یەکجەمسەریە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئاسیادا داگیرکاری ئابووریی و سیاسیی خۆی زیاتر باڵدەکێشێت بەسەر ناوچەکەدا، هەڵبەت لە ڕێگەی ئەو گەشە گەوەرەیەیی تەکنۆلۆژیا و بەرپاکردنی جەنگی ئیخوانەکان لە ناوچەکەدا ئەم داگیرکارییەی خۆی زیاتر دەکات. ئەم زلهێزانەی ئەمەریکا و ئەوروپا لە ڕێگەی خێرایی ئەو هەموو پێشکەوتنە گەورەیەی تەکنەلۆژیاکەیانەوە توانیویانە تەواو حوکمی خۆیان لە ڕووی ئابووریی و کولتووریی و سیاسیی و ئەمنییەوە بسەپێنن بەسەر کۆی ئەو وڵاتانەدا کە هەژارن لە بواری پێشکەوتنی زانستیی و تەکنۆلۆژیادا.

لە لایەکی دیکە لە ڕێگەی بەرپاکردنی جەنگی ئیخوانیەکان و گروپە تووندڕەو و تیرۆرستەکانەوە گەورەترین هەڕەشەیان دروست کردووە بۆ سەر حوکمڕانەکانی ئەو دەوڵەتانەی ناو دەبرین بە جیهانی سێیەم. ڕێگەخۆشکردن و بە دزیەوە پشتیوانیکردن لە هێزە تیرۆرستییە ئیسلامییە سیاسییەکان، بۆ ئەوەیە، کە بە دەوڵەتان و حوکمڕانەکانی ناوچەکە بڵێن ئەگەر ئێمە نەبین ئیخوانییەکان دەتانخۆن، بەمەش توانیویانە هەم بەرژەوەندیەکانی خۆیان بپارێزن لە ناوچەکەدا هەم سامان و داهاتی ناوچەکە زیاتر بۆ خۆیان داگیر بکەن و حوکمڕانەکانیش زیاتر لەترسی ئەو هێزە تیرۆریستیانە چۆک دابدەن بۆیان.
باڵادەستی شیعەگەرایی هەر لە ساڵی ١٩٧٩وە کە لە ئێراندا هاتنە سەر حوکم، یەکێک بوو لەو هەڕەشانەی لە حوکمڕانە سوننیەکان دەکرێت. هەروەها بۆ درێژەدانە بەو شەڕە نەگریسەی دەیان سەدەیە بەرپا دەکرێت و مرۆڤ و ئابووری ئەم وڵاتە ئیسلامییانەی دەرخوارد دەدرێت، بێ ئەوەی هیچ جۆرە بەرژەوەندیەکی خەڵکی ناوچەکەی تیدا بێت، هەموو کەسیش ئەوە دەزانێت، کە بە لاڕێدابردنی شۆرشی خەڵکی ئێران دەستی ئەمەریکای لە پشتەوە بوو.
پشتیوانیکردنی ئەمەریکا لە حوکمی ئەردۆغان و ئەکپارتی، کە ئێستا بووە بە هەڕەشەیەکی گەورە لە ناوچەکەدا، ڕێگەیەکی ترە دژی دیموکراتیەت و مافە دیموکراتییەکانی گەلی کورد لە ناوچەکدا.

بە لاڕێدابردنی ئەو ڕاپەڕینانەی خەڵکی وڵاتانی عەرەبی(بەهاری عەرەبی) و هەروەها ئەو شەڕە ماڵوێرانییە لە سووریدا بەرپا کراوە بە ناوی ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە دژی حوکمڕانە دیکتاتۆرە بەعسیەکەی ئەو وڵاتە، زیاتر چوونە خزمەتی ئیسلامی سیاسیی و تیرۆستەکانەوە لە ناوچەکەدا، هەڵبژاردنی ڕێگەیەکی تری ئەمەریکا و ڕۆژاوا بوو بۆ ئەوەی هیچ جۆرە بیرکرندوەیەک بۆ بە دیموکراسییکردنی دامودەزگاکانی فەرمانڕەوایی لە ناوچەکەدا نەمێنێت، چونکە هەتا ڕەوشی خەڵکی لە ناوچەکەدا ئارام بێت، هەتا سیستمی پەروەردە بە دیموکراسیی بکرێت، هەتا کولتووری دیموکراسیی ببێت بە ڕێبازی ژیانی خەڵکی، خەڵک زیاتر چاوکراوە دەبێت بۆ پاراستنی ژیانی خۆی و دژایەتی هەرچ جۆرە داگیرکارییەکی ئابووریی و کولتووریی لە لایەن دەوڵەتە زلهێزەکانی دنیاوە.

دروستبوونی قاعیدە و داعش و ڕێگەپێدانیان بە ناوی دژایەتی شیعەگەرایی و حوکمڕانە نادیموکراتەکانی ناوچەکە، ئەمیش ڕێگەیەکی تریان بوو، کە توانیان بیخەنەوە خزمەتی خۆیان و وەکیلە حوکمڕانەکانیان لە ناوچەکەدا.
ئەم سیاسەتە دزێو و نا مرۆڤیانەی ئەمەریکا و ڕۆژاوا گەورەترین چەکی کوشندە و لێدانێکی گەورەیە دژی هەموو هێزە دیموکراتخواز و مرۆڤدۆستەکان لە ناوچەکەدا. لە ناو ڕۆژاواشدا کە لانکەی گەورەترین پێشکەوتن و وەرچەرخانی مرۆڤایەتی بوو، گەورەترین شۆڕشی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لێوە بەرپا بوو، ڕێنسانس و ڕۆشنگەری لە ناوجەرگەی ئەوروپاوە سەریهەڵدا، بەڵام بەم سیاسەتە ترسنۆکانەیەی ئەمەریکا و دەوڵەتانی ڕۆژاوا، یان ئەوەی پێی دەگوترێت هاوپەیمانانی ئەمەریکا، گەورەترین ڵێدانیان دا لە ڕۆشنگەریی و دەرەنجامە باشەکانی ڕۆشنگەریی. ئەم سیاسەتە ترسنۆکانەیە لە پێناوی چنینەوەی زیاتری سامانی وڵاتانی ناوچە هەژارەکانە.

هیزی ئیخوانیەکان کە دژی دیموکراتیەتن، دژی حوکمی خەڵکن، دەیانەوێت حکومی قورئان و خوا بسەپێنن بەسەر خەڵکدا، گەورەترین هێزیان پەیدا کردووە لەم چەند دەیەی دواییەدا، ئەویش بە هۆکاری ئەو ترسنۆکیەی ئەمەریکا و دەوڵەتانی ڕۆژاوا، کە هەر ئێستا لە زۆربەی زۆری وڵاتانی ئەوروپادا ئیخوانییەکان بە ئاشکرا دەیان نووسینگە و قوتابخانەی ئیسلامیی و مزگەوتیان دروستکردووە و تیایدا وانەی دژایەتیکردنی هەموو جۆریک لە پێشکەوتنەکانی مرۆڤایەتی و ئازادیەکانی تیادا دەخوێندرێت. باڵادەستی ئیخوانییەکان لە ئەوروپادا، بە ناوی دیموکراتیەوە دەگوزەرێت، وەلی لە ڕاستیدا ئەوە موجامەلەی ئیخوانیەکانە لە لایەن دەوڵەتە چاوچنۆکەکانی ئەوروپاوە، بۆ ئەوەی هەم دەستنەوەشێنن لە بەرژەوەندیەکانیان لە ناوچەکەدا، هەمیش بە هێزیان بکەن بۆ ئەوەی زیاتر و زیاتر حوکمڕانە دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکانی ناوچکە بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە و بتوانن لەم ڕێگەیەوە گەورەترین سامانی ئەم وڵاتانە ببەن بۆ خۆیان. رۆژاوا، بەم سیاسەتە ئابوورییە چاونۆکییەی، لێدانێکی گەورە دەدات لە کولتوورە ڕەسەنەکەی خۆی، بەڵام زیاتر ئەم لێدانە کولتووریەی خۆی کە کولتووری دیموکراسییە، لێدانە لە دیموکراسیی لە هەموو جیهاندا و بە تایبەتی لە هێزە دیموکراسییەکانی ناو کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا.




پاشەکەوتی موچە و پاشەکەوتی مەعریفە و فێربوون! … جیهاد موحەمەد

مامۆستایان و فەرمانبەران و هەموو کارمەندەکانی کوردستان تەواو مافی ڕەوای خۆیانە خۆپیشاندن بکەن و دەنگی ناڕەزایەتیان بەرزبکەنەوە دژ بە پاشەکەوتی موچە. بەڵام بێدەنگیان لەسەر پاشەکەوتی مەعریفە و پەروەردە، مامۆستاییبوون و پەروەردەناسینیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەوە ڕاستە پاشەکەوتی موچەکانی مامۆستایان جۆرێکە لە نانبڕین و بریسیکردنی خۆیان و منداڵەکانیان، جۆرێکە لە ستەمکردن و پێشیڵکردنی مافەکانیان هەم وەک مامۆستا و هەم وەک مرۆڤێکی کارمەند و بەرهەمدار، کە بەرهەمەکانیان بەرهەمێکی مەعریفییە. بەڵام لەوە ڕاستر و لەوە ستەمکاریتر بەرامبەر بە خۆیان و منداڵەکانیان و منداڵانی هەموو کۆمەڵگە، پاشەکەوتنکردنی “مەعریفە” و “فێربوون”ە. پاشەکەوتنکردنی مەعریفە و فێربوون بە واتای شێواندنی مەعریفە و فێربوون دێت.

پاشەکەوتنکردنی مەعریفە و فێربوون، ستەمکاری و شێواندن و خراپکردن و گەندەڵی گەورەی پەروەردەیە، کە پاولۆ فرێری ناوی دەبات بە(میتۆدی بانکی). چۆن لە بانکەکاندا پارە هەڵدەگیرێت بۆ کات و ڕۆژی پێویست، لە پەیڕە و سیستمی پەروەردەی نەریتیی و دواکەوتووشدا مەعریفە و فێربوون وەک داهاتێک دادەنرێت، کە لە مێشکی مامۆستا نەریتییەکان و مێشکی فەرمانڕەوا ستەمکارەکان و ڕۆشنبیرە نەریتییەکانیان و کتێبەکانیاندا تۆمارکراوە، ئەم داهاتە لە فێرگە نەریتیەکاندا دەدرێت بە فێرخواز وەک خۆراکی زانین و فێربوون، تا فێرخوازیش لە مێشکی خۆیدا تۆماری بکات و بۆ کاتی پێویست کە تاقیکردنەوەکانیەتی، وەک خۆیان بیڵێتەوە، یان بینووسێتەوە. ئیتر ئەم مەعریفە و فێربوونە ئەفسانەییەی فەرمانڕەوا ستەمکارەکان دەبێت بە کولتوورێکی زاڵ، ئەم کولتوورە زاڵە چۆن لە فێرگەکاندا گوێڕایەڵیی و کۆیلەبوونی فێرخواز بۆ مەعریفە “پێدراو”ەکەی مامۆستا و کتێبەکان دەکات بە پێویست، بۆ هەموو کۆمەڵگەش دەبێت بە کولتووری خۆڕاهێنان لەگەڵ نادادپەروەریەکان و نایەکسانیەکان و نامرۆڤبوون و تووندوتیژی ستەمکارە فەرمانڕەواکاندا.

لە ئەنجامیشدا نەک جارێک، چەندین جار بە درێژایی فەرمانی فەرمانڕەوا ستەمکارەکان نانبڕین و بێ موچەکردن و بە دەیان ناوی وەک پاشەکەوتی موچە و دەیان پاساوی وەک پاساوی قەیرانی ئابووریی و دابەزینی نرخی نەوت، نانبڕین و ستەمکارییەکان خۆیان نوێ دەکەنەوە. کەواتا چارەسەری نانبڕین و پاشەکەوتی موچە بە گەڕانەوەی موچەکان ناکرێت، بەڵکو بە هەڵتەکاندنی کولتووری زاڵی ستەمکاران و پەروەردەی نەریتیی و فێرگە نەریتیەکان دەکرێت، بەمەرجێک لە جێگەیاندا فێرگە و پەروەردەیەکی هاوچەرخ و نوێ دامەزرێت، کە هەردوو جەمسەری هاوکێشەی چەوسێنەر و چەوساوە هەڵتەکێنێت و لە جێگەیدا کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ و دادپەروەر و یەکسان دروستکات.

مەعریفە و پەروەردە داهاتێکی پێدراو نییە، کە لە دەرەوەی ژیانی کۆمەڵایەتیەوە هاتبێت، خەسڵەتگەل و خاسیەتگەلی کۆمەڵە مرۆڤێکیش نییە لە مرۆڤەکانی دیکە زیرەکتر و بە تواناتر و هۆشمەندتر بن، ئەم جۆرە لە بیرکردنەوەیە، بیکردنەوەی سەدەکانی ناوەڕاست بوو، کە کتێبەکان بە دانسقە دەستدەکەوتن، تەنها لای کۆمەڵە کەسێکی دەسەڵاتدار هەبوو، بەم خوێندەوارانەیان دەوت شەرەفمەندەکان، یان شەرەفدارەکان، وەلێ لەمڕۆدا فێربوون و زانین و پەروەردە ئەگەر دەسەڵاتی ستەمکار ڕێگر نەبێت لێی بۆ هەموو کەس هەیە دەستی پێبگات. بەڵام دەسەڵاتی ستەمکار کاتێک ڕێگەیش پێدەدات بەشێواندن و نازانستیانە ڕیگەی پێدەدا، نەک بە شێوازە زانستیە پێویستیەکەی خۆی، ئەمەش بۆ ئەوەی بچێتەوە خزمەتی خۆی و سیستمە ستەمکارییەکەی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕێگەپێدانە شێواوە دەکات بە ئەفسانەی ئازادی خوێندن و پەروەدە بۆ هەموو کەس.

ئەو فێرگە و پەروەردەیەی ئێستای کوردستان، خاوەنی پەیڕەو پرۆگرام و ڕیبازێکی پەروەردەیی نەریتیی و کۆنەباوە، کە زۆربەی فەیلەسوف و زانا پەروەردەیی ناسەکانی دنیا گەیشتوون بەو دەرنجامەی کە ئەمە شێواندنی پەروەردە و مەعریفەیە، ئەمە لە کەڵەکەبوونی زانیاری زیاتر هیچ شتێکی دیکە نییە و هیچ شتێکی دیکە ناگەیەنێت بە منداڵ و فێرخواز.
مامۆستای هۆشمەند و پەروەردەناسی باش، ئەو مامۆستایەیە، کە دژی ئەم جۆرە لە پەروەردەی نەریتیی بوەستێتەوە، کە منداڵ گوێڕایەڵ و بێدەنگ دەکات، منداڵ ترسنۆک دەکات لە ئاستی پاوەری مامۆستاو فێرگە و بەڕێوەبەری فێرگەکاندا. ئەم پەروەردە نەریتییە کۆنەباوە منداڵ دەکات بە کۆیلە، مێشکی منداڵ دەکات بە دەفرێکی کراوە لەبەردەم مامۆستادا، مامۆستا هەرچی ویست و هەرچی لا باش بوو، یان هەرچی لە کتێبەکاندا تۆمارکرابوو دەیخنێتە ناو مێشکی منداڵەوە، بێ ئەوەی منداڵ بۆی هەبێت گومان بکات، بێ ئەوەی منداڵ بۆی هەبێت پرسیار بکات، بێ ئەوەی منداڵ بۆی هەبێت دیالۆگ بکات، بێ ئەوەی منداڵ بۆی هەبێت هاوبەشی بکات لە فێربوونی خۆیدا. بە واتایەکی دیکە مێشکی منداڵ و فێرخواز کۆتوبەندی مێشکی مامۆستا و کتێبە نەریتییەکان دەبێت و هیچی دیکە.

ئەم جۆرە لە مەعریفە، ئەم جۆرە لە زانیاری وەرگرتن، ئەم جۆرە لە کۆیلەکردنی منداڵ یەجگار ترسناکترە لە نانبڕینی مامۆستا. ئەم جۆرە لە مەعریفە بێدەنگیەک دروست دەکات، کە تەنها لە بەرژەوەندی دەسەڵاتە ستەمکارەکانە، نەخۆشییەکە دیموکراسیەت و ئازادیەکان، مافەکانی مرۆڤ دادەڕزێنێت، کێشەی جێندەر زیاتر و زیاتر دەکات، دادپەروەریی و یەکسانیەکان بە جارێک دەسڕێتەوە.

جۆن دێوی و ئەفڵاتون و دەیان زانا و فەیلەسوف، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، کە پەروەردە لە دیموکراسیی جیاناکرێتەوە. دیموکراسیی واتا پەروەردە و پەروەردە واتا دیموکراسیی. لای ئەم زانا و فەیلەسوفانە، پەروەردە واتا ژیان، یان بە گشتی ژیانی کۆمەڵایەتی. دیموکراسیش واتا ڕێبازی ژیان، کەواتا ژیان و ڕێبازکەی لە یەکتری جیاناکرێتەوە. پەروەردەی هاوچەرخ و نوێ ئەو پەروەردەیەیە، کە لە ژیانەوە هەڵەیەنجێنرێت، زانینیش دەرنجامی پەروەردەی نوێە، پەروەدەش مامەڵەکردنە لەگەڵ ژیانی کۆمەڵایەتیدا، پەروەردە هیچ شتیک نییە جگە لە زانین و فێربوونی ژیان زیاتر، پەروەردە و ژیان گریدراوی یەکترین. ئەوە ئەزموونەکانی مرۆڤە، کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بوون بە زانین و زانست، واتا زانین و زانست و فێربوونیش لێیان لە خودی ژیانەوە هاتوون، نەک لە دەرەوەی ژیان.

دیموکراسیش ئەو کولتوورەیە، کە دادپەروەری و یەکسانی و ئازادیەکانی تاک و ئازادی بیر و ڕای لێ دەکەوێتەوە، مافی مرۆڤی تیا پارێزراو دەبێت. دیموکراسی ئەو بیرەگشتییە(کۆنسێپت) نییە کە فەرمانڕەوا ستەمکارەکان بانگهێشتی بۆ دەکەن، بەڵکو ڕێبازی ژیانێکی یەکسان و دادپەروەریی مرۆڤیانەیە، دیموکراسی کولتووری ژیانێکی شایستەیە بە مرۆڤەکان.
مەعریفە، لەگەڵ بەردەوامی ژیاندا بەردەوامە، واتە هۆشیاری و زانین بە کۆتا ناگات، زانین، زانیاریگەلێک نییە بە کۆتا گەیشتبێت و لە کەسانێکەوە بگوێزرێتەوە بۆ کەسانێکی دیکە، زانین و زانست لەسەر یەک گریمانە نەوەستاوە، کراوەیە بۆ هەموو گریمانەکان، بۆ هەموو گۆڕانکارییەکان. کاتێک فێرگە و پەروەردەی نەریتیی میتۆدێکی بانکی بۆ فێربوون و زانین بەکاردەهێنێت، وەک ئەوەی کە فێربوون و زانین، یان هۆشیاری مرۆڤ لای کۆمەڵێک مامۆستا، یان لە نێو کۆمەڵێک کتێب، یان لای دەسەڵاتدارە فەرمانڕەواکان کۆبووبێتەوە، ئەوە لە ئەفسانە زیاتر هیچی دیکە نییە. هەتا ژیانی کۆمەڵایەتی و ژیانی مرۆڤ لەسەر ئەم گۆی زەویە بەردەوام بێت، زانین و زانست و فێربوون بەردەوامە و لە گەشەکردن و پەرەسەندندایە. بۆیە پاشەکەوتکردنی مەعریفە لە پەروەردەی نەریتییدا ئەفسانەیەکە بۆ بە کۆیلەکردن و نەزانینی منداڵ و فێرخواز. ستەمکارییش لە کولتووری داگیرکەر و پاشەکەوتی زانین و هۆشیاریەوە لە لای ڕۆشنبیرانی دەربار و سەر بە فەرمانڕەوا ستەمکارەکان خۆی زاڵ دەکات بەسەر ستەملێکراوەکاندا.

جیهاد موحەمەد/ نەرویج
٥/٠٣/٢٠١٩




ئەوەی خزمەت بە مرۆڤ و مرۆڤبوون دەکات چییە؟ … جیهاد موحەمەد

فەیلەسوفی پراگماتیکیی و پەروەردەناس(جۆن دێوی) دەڵێت: هەموو شتێک لەم دنیایەدا دەبێت لە خزمەتی مرۆڤدا بێت، بەو واتایەی مرۆڤ ئەو خۆریە، کە هەموو ئەوەی هەیە لە سەر گۆی زەوی دەبێت بەدەوری مرۆڤدا بسوڕێتەوە، هەرچ بیر و ئایدایەک، یان هەرچ دیین و ئاینزایەک، هەرچ زانستێک لە خزمەتی مرۆڤدا نەبوو، پوچە. هەڵبەت ئەم قسەیە زۆر هەڵدەگرێت کە لێرەدا ڕەنگە دەرفەتی ئەو هەموو لێکدانەوەیە نەبێت. بەڵام مەبەستی دێوی ئەوە نییە هەموو سروشت و ئاژەڵ و زیندەوەرەکان و خاک و ئاو وێران بکرێت بە ناوی ئەوەی بخرێتە خزمەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتیەوە، چونکە مرۆڤ و مرۆڤایەتی وێران دەبێت بە وێران بوونی ژینگەی سروشت و ئەوەی لە سروشتدا هەیە، سروشت و هەموو ئەوانەی لە سەروشتدا هەن بە مرۆڤیشەوە، پێکەوە بەهایەکی گەورە دەدەن بە گۆی زەوی، دەنا گۆی زەویش لە وێرانەیەک زیاتر نابێت بە بێ بوونی مرۆڤ و ئاژەڵ و دارستان و ئاو و هەوا و هەموو زیندەوەرەکانی دیکە. دیین، کە مرۆڤ بە ئەفرێندراوێکی خوداوەند دەزانێت و دەناسێت، لای وایە کە مرۆڤ لە هەموو بوونەوەرەکانی تر پیرۆزترن، چونکە خودا ئەم پیرۆزیی و باڵاییەی داوە بە مرۆڤ، بۆچوون و دیدگای دیین وایە کە خودا مرۆڤی بە تەواوکۆیی لەسەر باشترین شێواز دروستی کردووە، (لقد خلقنا الانسان في أحسن التقویم). بۆیە کاتی خۆی بۆچوونیان وا بوو کە هەموو گەردوون بە دەوری گۆی زەویدا دەسوڕێتەوە، چونکە زەوی مرۆڤە ئەفرێندراو و باڵاکەی خودای تیا دەژی، وەلێ کۆبرنیکۆس شۆڕشێکی گەورەی زانستی بەرپاکرد، کە سەلماندنی گۆی زەوی ناوەندی گەردوون نییە، بەڵکو زەوی و مانگ بەدەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، خۆر ناوەندی گەردوونە، نەک زەوی. بە هەرحاڵ ئەمەی باسمکرد وەک پێشەکیەک بۆ ئەوەی بچمە ناو مەبەست و باسەکەی خۆمەوە لەم نووسینە کورتەمدا.

بۆ ئەوەی بشچمەوە سەر باسەکەم، وەک هەموو جارێک ئەم پرسیارە دەکەمەوە! بۆچی گەلان و کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەموو ئەو گەل و کۆمەڵگانەی بەختەوەر نین لە ژیانیاندا، بەردەوام خوێنڕشتن و جەنگ و ئاژەوە و پێکدادان لە نێوانیاندا هەیە، بەردەوام بە دەست هەژاری و کەمدەرامەتیی و نەخۆشی و پەککەوتن و نادادپەروەرییەوە دەناڵێنن؟

بە بڕوای من، کێشەی گەورە ئەوەیە، کە هەرچی دەوڵەت و حکومەتی دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکان و حیزبی چەتەگەر و فاشییەکان هەیە، کە فەرمانڕەوا و حوکمڕانن، لە هەرچ شوێن و وڵاتێکدا، کە بە سەدان هەزار و ملوێنان لە خەڵکی ستەمدیدە خۆیان بوون بە کۆیلەیان و ئاو و خاکێکی بە پێزن بۆ بووژانەوەیان، ئەمانە هەموویان، هەرچیەک بێت ئایدۆلۆژیەکانیان، دینیی بێت، یان بە ناو عەلمانی و زانستیی بێت، نا دیموکراسیی بن، یان بە ناو دیموکراسیی بن، هەموویان لە یەک پارادیمدا دەسوڕێنەو. دەیان سەدەیە ئەم پارادایمە بووە بە بەردە ئاش و مرۆڤ و ئاژەڵ و هەموو سروشت وەک یەک دەهارێت. وەک ئاماژەشم پێدا ئاوی ئاشەکە خەڵکە ستەمدیدەکە خۆیەتی، ئاشەوان و هەڵسورێنەری ئاش و خاوەن ئاشیش حوکمڕانە ستەمکارەکانن. بێگومان لەم وڵاتانەدا، دەیان ئاشی جۆرا و جۆر نراوەتەوە بۆ هاڕینی مرۆڤ و سروشت، بۆ هاڕینی هەموو شتێک لە پێناوی کەمینەیەک لە حوکمڕانەکان و حیزب و دەسەڵاتە چەتەییگەرەکان. هەڵبەت لە نێوان خاوەنی ئەم ئاشانەدا کە لە هەرچ وڵاتێکدا دەیان حیزب دروست بوون بۆ گرتنەدەستی ئاشەوانێتی و بوون بە خاونی ئاش، بەردەوام لە ململانێی دەسەڵات وەرگرتندان کە ساڵانە خوێنی دەیان هەزار کەسی لە پێناودا بەهەدەر دەڕوات. هەمووشیان بە ناوی ڕزگاری و ئازدی مرۆڤەوە ئەم شەڕو پێکدادانانە بەرپا دەکەن.

ئەمەوێت ئەوە بڵیم و پێی لەسەر دابگرم کە ئەو پارادایمە، ئەو بازنە و تەوقە خنکێنەرە، ئەو گۆماوە ئاو لەبەر نەڕۆشتووە، بە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حیزبە فاشیەکان، حکومەت و دەوڵتە فاشیەکان، چ لەگەڵ یەکتری و چ لە ناو خۆیاندا، تەنها یەک ئەنجام زیاتری نابێت، ئەویش نوێکردنەوە و تۆکمەکردنی بازنەی هەمان پارادایمە و هیچی تر، واتا هەمان کولتووری کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووری درێژە پێدەدات لە فۆڕمێکی جیاوازتردا. بە واتایەکی دیکە، هیچ گۆڕانکارییەک ڕوونادات، ئەگەر یەک لە دوای یەکی ئەم حکومەت و حیزب و دەوڵەتانە بە دوای یەکدا هەڵبوەشێنەوە، ماددام شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی سیاسیی لە پشتەوەی ئەو هەڵوەشاندنەوەیەدا نییە، کە بتوانێت ئەو عەقڵیەتە کۆنباو و کولتوورە سیاسیی و کۆمەڵایەتیە هەڵبوەشێنێتەوە و پارادایمێکی نوێی زانستی و مرۆڤدۆستیی و سروشتدۆستیی بهێنێتە جێگەی. هەرچی بە ناوی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی و گۆڕانکارییەوە کراوە لە ناو ئەم کۆمەڵگە و گەلانەدا، دووبارە هەمان عەقڵیەت تووندتر و بە‌هێزتر فەرمانڕەوایی گرتۆتەوە دەست. بەو پەڕی جەختکردنەوەوە دەڵێم، لە سەد ساڵی ڕابردووی دروستبوونی ئەم دەوڵەتانەدا و لە دەیان سەدەی پێشووتریشدا یەک گۆڕانکاری نەکراوە بتوانێت ئەو بازنە و تەوقە بەهێزەی پارادیمە کۆنباوەوەکە نەک هەڵبوەشێنێتەوە بەڵکو لەقیشی نەکردوە و نەیلەرزاندووە.

هەتا بزاوتێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بەهێز دروست نەبێت دژی ئەو پارادیمە، مەحاڵە هیچ کام لەگەل و کۆمەڵگەکانی ناو ئەو پارادایمە ئازدیی و ڕزگاریی بە خۆیانەوە ببینن. لێرەوە ئەمەوەێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە، کە حکومڕانە شیعەییەکانی ئەمڕۆی عێراق و سەدام حسەینی جاران و پارتی و یەکێتی و هەموو حیزبەکانی کوردستان بەوانەی لە حوکمڕانییدان و بەوانەشی لە دەرەوەی حوکمڕانییدان، ئەنجامن، ئەنجامی ئەو عەقڵیەتەیە کە ناتوانێت ئەو بازنە ئەستورە تێکبشکێنێت.

بە تەواوەتی گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی، کە تا شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووریی بەرپانەکرێت، ناتوانرێت ئەو بازنە پتەوە، ئەو عەقڵیەتە ڕەقهەڵاتووە، ئەو کولتوورە کۆمەڵایەتیی و سیاسییە بەسەرچووە بسڕێتەوە و لە جێگەیدا عەقلێتێکی سەردەمیانەی مرۆڤدۆستانەی سروشتدۆسانە بونیاد بنرێت و لە هەنگاوی یەکەمدا سەرەتای دیموکراسیی ڕاستەقینەوە و پەروەدەیەکی هاوچەرخانە و تەندوستییەکی باش نە بۆ مرۆڤ مسۆگەر بکرێت، نە خۆشەویستی سروشت و بونەوەرەکانی دیکە لای مرۆڤ بەرجەستە بکرێت. تەنها ئەم شۆرشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییە دەتوانێت مرۆڤ و مرۆڤبوون بخاتە سەر ڕێگەی دوور و درێژی کۆتا نەهاتوو لە گەشەکردن و پێشکەوتن. تەنها کار و ئەرکی شۆرشی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووری، ئەوەیە، کە شۆڕشێکی پەروەردەیی بخولقێنێت، هەتا مرۆڤ لەسەر ئەم گۆی زەویە لە ژیاندا بێت، شۆڕشی پەروەدەیش بەردەوام دەبێت. واتا شۆرش و مرۆڤ پێکەوە پەیەوەست دەبن بۆ هەتا هەتایە. پەروەردەی سەردەمیانە، پەروەدەیەک کە ژیاندۆستی و خۆشەویستی سروشت و دادەپەروەریی و یەکسانیی دروستدەکات بەردی بناغەی هەموو گۆڕانکاریەکانە. قسەکەی جۆن دێوی تەواو دەسلمێنم، کە دەڵێت:”پەروەردەی سەردەم وەک شۆرشە زانستیەکەی کۆبرنیسکۆس، شۆڕشێک بەرپا دەکات، کە فێرخواز دەکات بە خۆر و هەموو فێرگە و سیستمی پەروەردە بە دەوریدا دەسوڕێتەوە”. هەتا ئەم شۆڕشە پەروەدەییە دروست نەبێت، سایکۆلۆجیەتی تاک و کۆمەڵگە مەحاڵە بتوانێت ئازاد بێت لە چینەکانی ژێرەوەی مێشکی کە لەسەر بناغەیەکی غەریزەیی و دینیی دروست بووە.

جیهاد موحەمەد/ نەرویج
٢٣/١/٢٠١٩




زەرورەتی شۆرش …. جیهاد موحەمەدا

(٣)

فەیلەسوفی پراگماتیکیی و پەروەردەناس(جۆن دێوی) دەڵێت: هەموو شتێک لەم دنیایەدا دەبێت لە خزمەتی مرۆڤدا بێت، بەو واتایەی مرۆڤ ئەو خۆریە، کە هەموو ئەوەی هەیە لە سەر گۆی زەوی دەبێت بەدەوری مرۆڤدا بسوڕێتەوە، هەرچ بیر و ئایدایەک، یان هەرچ دیین و ئاینزایەک، هەرچ زانستێک لە خزمەتی مرۆڤدا نەبوو، پوچە. هەڵبەت ئەم قسەیە زۆر هەڵدەگرێت کە لێرەدا ڕەنگە دەرفەتی ئەو هەموو لێکدانەوەیە نەبێت. بەڵام مەبەستی دێوی ئەوە نییە هەموو سروشت و ئاژەڵ و زیندەوەرەکان و خاک و ئاو وێران بکرێت بە ناوی ئەوەی بخرێتە خزمەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتیەوە، چونکە مرۆڤ و مرۆڤایەتی وێران دەبێت بە وێران بوونی ژینگەی سروشت و ئەوەی لە سروشتدا هەیە، سروشت و هەموو ئەوانەی لە سەروشتدا هەن بە مرۆڤیشەوە، پێکەوە بەهایەکی گەورە دەدەن بە گۆی زەوی، دەنا گۆی زەویش لە وێرانەیەک زیاتر نابێت بە بێ بوونی مرۆڤ و ئاژەڵ و دارستان و ئاو و هەوا و هەموو زیندەوەرەکانی دیکە. دیین، کە مرۆڤ بە ئەفرێندراوێکی خوداوەند دەزانێت و دەناسێت، لای وایە کە مرۆڤ لە هەموو بوونەوەرەکانی تر پیرۆزترن، چونکە خودا ئەم پیرۆزیی و باڵاییەی داوە بە مرۆڤ، بۆچوون و دیدگای دیین وایە کە مرۆڤ لەسەر باشترین شێواز و بە تەواوکۆیی خودا دروستی کردووە، (لقد خلقنا الانسان علی أحسن التقویم). بۆیە بۆچوونیان وا بوو کە هەموو گەردوون بە دەوری گۆی زەویدا دەسوڕێتەوە، چونکە زەوی مرۆڤە ئەفرێندراو و باڵاکەی خودای تیا دەژی، وەلێ کۆبرنیکۆس شۆڕشێکی گەورەی زانستی بەرپاکرد، کە سەلماندنی گۆی زەوی ناوەندی گەردوون نییە، بەڵکو زەوی و مانگ بەدەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، خۆر ناوەندی گەردوونە، نەک زەوی. بە هەرحاڵ ئەمەی باسمکرد وەک پێشەکیەک بۆ ئەوەی بچمە ناو مەبەست و باسەکەی خۆمەوە لەم نووسینە کورتەمدا.

بۆ ئەوەی بشچمەوە سەر باسەکەم، وەک هەموو جارێک ئەم پرسیارە دەکەمەوە! بۆچی گەلان و کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەموو ئەو گەل و کۆمەڵگانەی بەختەوەر نین لە ژیانیاندا، بەردەوام خوێنڕشتن و جەنگ و ئاژەوە و پێکدادان لە نێوانیاندا هەیە، بەردەوام بە دەست هەژاری و کەمدەرامەتیی و نەخۆشی و پەککەوتن و نادادپەروەرییەوە دەناڵێنن؟
بە بڕوای من، کێشەی گەورە ئەوەیە، کە هەرچی دەوڵەت و حکومەتی دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکان و حیزبی چەتەگەر و فاشییەکان هەیە، کە فەرمانڕەوا و حوکمڕانن، لە هەرچ شوێن و وڵاتێکدا، کە بە سەدان هەزار و ملوێنان لە خەڵکی ستەمدیدە خۆیان بوون بە کۆیلەیان و ئاو و خاکێکی بە پێزن بۆ بووژانەوەیان، ئەمانە هەموویان، هەرچیەک بێت ئایدۆلۆژیەکانیان، دینیی بێت، یان بە ناو عەلمانی و زانستیی بێت، نا دیموکراسیی بن، یان بە ناو دیموکراسیی بن، هەموویان لە یەک پارادیمدا دەسوڕێنەو. دەیان سەدەیە ئەم پارادایمە بووە بە بەردە ئاش و مرۆڤ و ئاژەڵ و هەموو سروشت وەک یەک دەهارێت. وەک ئاماژەشم پێدا ئاوی ئاشەکە خەڵکە ستەمدیدەکە خۆیەتی، ئاشەوان و هەڵسورێنەری ئاش و خاوەن ئاشیش حوکمڕانە ستەمکارەکانن. بێگومان لەم وڵاتانەدا، دەیان ئاشی جۆرا و جۆر نراوەتەوە بۆ هاڕینی مرۆڤ و سروشت، بۆ هاڕینی هەموو شتێک لە پێناوی کەمینەیەک لە حوکمڕانەکان و حیزب و دەسەڵاتە چەتەییگرەکان. هەڵبەت لە نێوان خاوەنی ئەم ئاشانەدا کە لە هەرچ وڵاتێکدا دەیان حیزب دروست بوون بۆ گرتنەدەستی ئاشەوانێتی و بوون بە خاونی ئاش، بەردەوام لە ململانێی دەسەڵات وەرگرتندان کە ساڵانە خوێنی دەیان هەزار کەسی لە پێناودا بەهەدەر دەڕوات. هەمووشیان بە ناوی ڕزگاری و ئازدی مرۆڤەوە ئەم شەڕو پێکدادانانە بەرپا دەکەن.

ئەمەوێت ئەوە بڵیم و پێی لەسەر دابگرم کە ئەو پارادایمە، ئەو بازنە و تەوقە خنکێنەرە، ئەو گۆماوە ئاو لەبەر نەڕۆشتووە، بە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حیزبە فاشیەکان، حکومەت و دەوڵتە فاشیەکان، چ لەگەڵ یەکتری و چ لە ناو خۆیاندا، تەنها یەک ئەنجام زیاتری نابێت، ئەویش نوێکردنەوە و تۆکمەکردنی بازنەی هەمان پارادایمە و هیچی تر، واتا هەمان کولتووری کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووری درێژە پێدەدات لە فۆڕمێکی جیاوازتردا. بە واتایەکی دیکە، هیچ گۆڕانکارییەک ڕوونادات، ئەگەر یەک لە دوای یەکی ئەم حکومەت و حیزب و دەوڵەتانە بە دوای یەکدا هەڵبوەشێنەوە، ماددام شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی سیاسیی لە پشتەوەی ئەو هەڵوەشاندنەوەیەدا نییە، کە بتوانێت ئەو عەقڵیەتە کۆنباو و کولتوورە سیاسیی و کۆمەڵایەتیە هەڵبوەشێنێتەوە و پارادایمێکی نوێی زانستی و مرۆڤدۆستیی و سروشتدۆستیی بهێنێتە جێگەی. هەرچی بە ناوی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی و گۆڕانکارییەوە کراوە لە ناو ئەم کۆمەڵگە و گەلانەدا، دووبارە هەمان عەقڵیەت تووندتر و بە‌هێزتر فەرمانڕەوایی گرتۆتەوە دەست. بەو پەڕی جەختکردنەوەوە دەڵێم، لە سەد ساڵی ڕابردووی دروستبوونی ئەم دەوڵەتانەدا و لە دەیان سەدەی پێشووتریشدا یەک گۆڕانکاری نەکراوە بتوانێت ئەو بازنە و تەوقە بەهێزەی پارادیمە کۆنباوەوەکە نەک هەڵبوەشێنێتەوە بەڵکو لەقیشی نەکردوە و نەیلەرزاندووە.

هەتا بزاوتێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بەهێز دروست نەبێت دژی ئەو پارادیمە، مەحاڵە هیچ کام لەگەل و کۆمەڵگەکانی ناو ئەو پارادایمە ئازدیی و ڕزگاریی بە خۆیانەوە ببینن. لێرەوە ئەمەوەێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە، کە حکومڕانە شیعەییەکانی ئەمڕۆی عێراق و سەدام حسەینی جاران و پارتی و یەکێتی و هەموو حیزبەکانی کوردستان بەوانەی لە حوکمڕانییدان و بەوانەشی لە دەرەوەی حوکمڕانییدان، ئەنجامن، ئەنجامی ئەو عەقڵیەتەیە کە ناتوانێت ئەو بازنە ئەستورە تێکبشکێنێت.

بە تەواوەتی گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی، کە تا شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووریی بەرپانەکرێت، ناتوانرێت ئەو بازنە پتەوە، ئەو عەقڵیەتە ڕەقهەڵاتووە، ئەو کولتوورە کۆمەڵایەتیی و سیاسییە بەسەرچووە بسڕێتەوە و لە جێگەیدا عەقلێتێکی سەردەمیانەی مرۆڤدۆستانەی سروشتدۆسانە بونیاد بنرێت و لە هەنگاوی یەکەمدا سەرەتای دیموکراسیی ڕاستەقینەوە و پەروەدەیەکی هاوچەرخانە و تەندوستییەکی باش نە بۆ مرۆڤ مسۆگەر بکرێت، نە خۆشەویستی سروشت و بونەوەرەکانی دیکە لای مرۆڤ بەرجەستە بکرێت. تەنها ئەم شۆرشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییە دەتوانێت مرۆڤ و مرۆڤبوون بخاتە سەر ڕێگەی دوور و درێژی کۆتا نەهاتوو لە گەشەکردن و پێشکەوتن. تەنها کار و ئەرکی شۆرشی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و کولتووری، ئەوەیە، کە شۆڕشێکی پەروەردەیی بخولقێنێت، هەتا مرۆڤ لەسەر ئەم گۆی زەویە لە ژیاندا بێت، شۆڕشی پەروەدەیش بەردەوام دەبێت. واتا شۆرش و مرۆڤ پێکەوە پەیەوەست دەبن بۆ هەتا هەتایە.
جیهاد موحەمەدا/ نەرویج




کام بیرکردنەوە دروست و ساغڵەمە؟ … جیهاد موحەمەد

بیرکردنەوە، چالاکییەکی بەردەوامی مێشکی مرۆڤە، پاڵنەری بیرکردنەوە غەریزەیەکی خۆڕسکیانەیە لە مرۆڤدا، مرڤۆ بە بێ بیرکردنەوە ژیانێکی تێکچوو و نالەباری هەیە، وەک هەموو ئەوانەی لە زکماکییەوە مێشکیان باش کار ناکات بۆ بیرکردنەوە، یان ئەوانەی بە هەرچ هۆکارێک بێت تووشی تێکچوونی مێشک دەبن، ئیتر ناتوانن بیربکەنەوە، ئەگەر هەستیشیان هەبێت بیرکردنەوەیان نامێنێت بۆیە حاڵ و ژیانێکی زۆر پەشێو و نالەباریان هەیە، ئەگەر کەسانێکی دڵسۆز یان نەخۆشخانەی تایبەتی نەبێت، وەک ئاژەڵیش ناتوانن بلەوەڕێن و خۆیان بپارێزن.

بەڵام ئایا بیرکردنەوەی مرۆڤەکانی هەموو گەلانی ئەم جیهانە، وەک یەک وایە؟ ئەگەر وایە، بۆچی گەلانێک هەن توانیویانە ژیانێکی بەختەوەرتر و باشتر لە گەلانی تر بۆ خۆیان دابین بکەن، گەلانێک هەیە بەردەوام بە دەست ژیانی ناهەموار و شەڕ و جەنگ و ئاژەوەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیەوە دەناڵێن، گەلانێکیش هەن زۆربەی هەر زۆریان بە دەست نەبوونی و هەژارییەوە دەناڵێنن.

هەموو ئەو گەل و کۆمەڵگانەی توانیویانە خۆیان دەرباز بکەن لەو ئایدۆلۆژیە بەستەڵەکانەی مێشکی مرۆڤ دەخاتە قاوغێکی ڕەقەوە بیرکردنەوەیەکی ساغڵەم و دروستیان هەبووە و تێگەیشتوون لەوەی ئەو ئایدۆلۆژیە بەستەڵەکەکان گەورەترین کێشەی ڕێکخراوبوونی ژیانیان بۆ دروست دەکات، ناتوانن لە ژێر سایەیی کولتوورێکی دواکەوتووی کۆمەڵلایەتیی و سیاسییدا هیچ جۆر بەختەوەرییەک و خۆشگوزەرانیەک بەدی بهێنن، ناتوانن مرۆڤبوون و خۆشەویستی بکەن بە بەردی بناغەی پێکەوە ژیان و خۆڕزگارکردن لە چەوساندنەوە و ستەمکاریی،بیرکردنەوەکانیان، بیرکردنەوەیەکی بوێرانە و ئازایانە بووە، بۆیە توانیویانە شۆڕش بەرامبەر بە بیرکردنەوەکانی خۆیان و دەسەڵاتە ستەمکارەکان بەرپا بکەن و خۆیان دەربازبکەن لە زۆربەی نەهامەتی و کوێروەریەکانی ژیان، وەک گەلانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا بە گشتی.

ئەو گەل و کۆمەڵگانەی داما و کۆیلەی دەستی بیرکردنەوە ترادسوێن و کۆنەباوەکانی خۆیان و دەسەڵات و حکومڕانە ستەمکار و چەوسێنرەکانن، بیرکردنەوەیان بیرکردنەوەیەکی دواکەوتووی قەتیس ماو و پەنگەوەخواردووی گوماوی ئاو لەبەرنەڕۆشتووی سەدان ساڵەی میشکیانن. ئەم جۆرە کۆمەڵگە و گەلانەی وەک گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و عێراق و کوردستان گیرۆدەی عەقڵیەتە کۆنەباوەکەی خۆیانن بۆیە ناتوانن هیچ جۆرە ئازادی و ڕزگاریەک بەدەست بهێنن.
بیرکردنەوەی ساغلەم و دروست لای هەرچ مرۆڤ و گەل و کۆمەڵگەیەک، ئەو بیرکردنەوەیەیە، کە بتوانێت شۆڕش دژی بیرکردنەوە کۆنەباوەکانی ناو مێشکی خۆی بەرپا بکات. ئەوسا ئاسانە بتوانێت شۆرش بەرامبەر دەسەڵاتە سیاسییە حکومڕانە ستەمکارەکان بەرپا بکات.


جیهاد موحەمەد/نەرویج




کێشە گەورەکە … جیهاد محەمەد

گەورەترین کێشەی گەلی کورد وسەرجەم گەلانی ناوچەکە دین و نەتەوەپەرستییە.
ئەم دوو ئایدیۆلۆجیە سەرچاوەی هەموو پێکدادان و ئاژاوەکانن لە نێوان خەڵکی ناوچەکەدا. گەلانی ناوچەکە بە هۆکاری ئەم دوو عەقڵیەتە بەردەوام لە شەڕ و پێکداداندان.
هەرچی حکومەت و دەوڵەت و حیزبی فاشی و دیکتاتۆر هەیه لەم ناوچەیەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا لە ژێر ناوی دین و خواپەرستیی و نەتەوە پەرستیدا دەیان ساڵ درێژەیان بە حوکمی خۆیان داوە.

حیزبە ستەمکارەکانی کوردستانیش وەک پارتی و یەکێتی دەیان ساڵ خەڵکی کوردستانیان بە کوشتدا، هەرچی ماڵوێرانی و جینۆساید و جەنگی دژە مرۆڤ هەیە بەسەر گەلی کوردا هێنایان، ئەنامەکەشی دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان دژی زوڵم زۆر و فاشیەتی بەعسیکان، ئەمان جڵەوی حوکمیان لە خەڵک سەندەوە، هەمان کارەسات و تاوانیان بەسەر خەڵکدا هێنایەوە. ئەم حوکمە فاشیانە هەرچ ڴکاتێکیش ڕوخابێتن حوکمەکە کەوتۆتەوە دەست کۆمەڵێکی دیکە کە هەمان عەقڵیەتیان هەبووە، بە هۆکاری نەزانین و نا هۆشیاری خەڵکی گشتیەوە، ئەمانیش لە ژێر ناوی ڕزگارکردنی دین و نەتەوەدا جارێکی تر دەستیان کردۆتەوە بە چەوساندنەوە و ستەمکاریی.

هەتا خەڵکی ئەم ناوچەیە خۆیان خۆیان ڕزگار نەکەن لەم دوو عەقڵێتە ساختەکارییە مەحاڵە ڕۆژێکیان بۆ بێتە پێشەوە ئۆخەی لە ژیان بکەن. هەر ئەم دوو عەقڵێتەشە کە خەڵکی ناوچەکەی بە گشتی خستۆتە خزمەتی حوکمڕانە ستەمکارەکانی ناوچەکەو سەرمایەداری جیهانیەوە. هیچ کات و لە هیچ سەردەمێکدا نە دەوڵەتە زلهێزەکانی دنیای ئەمڕۆ نە سۆڤیەت و بلۆکی سۆسیالیستی جاران و نە حوکمڕانەکانی ناوچەکە خۆی لە بەرژەوەندی خەڵکی گشتی نەبوون و ناشبن. هەرچ کەسێک و هەرچ بیر و ڕاو بۆچوونێک و هەرچ حیزب و بزاوتێک چەند گەورە و زەبلاح بێت چەند جەماوەرەکەی زۆرینەی خەڵک بێت، ئەگەر نەیتوانیبێت مەسەلەی نەتەوە پەرستیی و سەپاندنی حوکمی خوا تێپەڕێنێت ناتوانێت هیچ شتێک بکات کە بەڕاستی لەبەرژەوەندی خەڵکی گشتی بێت. ئەم حیزب و حوکڕانانە نە بۆ خوای دەکەن نە بۆ ڕزگارکردنی نەتەوە لە چەوساندنەوە، ئەمانە سیاسەتێکی ناشەریفانە و درۆزنانە بە ناوی خوا و دین و نەتەوەوە دەکەن.

جیهاد محەمەد/ نەرویج




پەروەردە و دیموکراسی -2-جمیل حمداوي …. وەرگێڕ: جیهاد موحەمەد


بەشی دووەم:

٦/ ئامێرەکانی بەدیهێنانی دیموکراسی لە بواری پەروەردەدا:

ناتوارێت قسە لەسەر پەروەردەی دیموکراسی بکەین یان دیموکراتیزەکردنی فێرکردن و پەروەردەکردن و فێربوون بکەین تا وێنایەکی تیۆریاییمان نەبێت دەربارەی کۆمەڵێک ئامێر و ئامڕازی جێبەجێکردن کە فرییامان بکەوێت بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی لە ناو دامەزراوە پەروەردەییەکاندا بە مەبەستی گواستنەوەی بۆ ناو کۆمەڵگە و دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە لە ڕێگەی فرێخواز و فێربووەکانەوە، کە هەڵسوکەوت و ڕەفتاریان دیموکراسییانە بێت لەگەڵ هەموو ئەندامانی خێزانەکانیان و کۆمەڵگەکەیان و نیشتیمانەکەیان و نەتەوەکەیان بە بێ جیاوازیکردن. دەتوانرێت ئەم ئامراز و ئامێرانە بکرێت بە پرۆسەیەکی تەکنیکی و پرنسیپڵگەلێک لەمانەی خوارەوە:
بیری هەرەوەزیی و کارکردن لە تیب و کۆمەڵی کۆلێکتیڤانەدا:
بیری هەرەوەزیی بە گرنگترین ئامێر و ئامراز دادەنرێت بۆ بەدیهێنانی پەروەردەیەکی دیموکراسی ڕاستەقەینە؛ چونکە کارکردن لە تیبی پەروەردەیی کۆمەڵێکی دیاریکراودا هاوکاری و یارمەتی فێرخوازان دەدات بۆ کرانەوە و پێگەیشتن و تێگەیشتن و وەرگرتنی زانین و ئەزموون لەوانی دیکە، هەروەها دووری دەخاتەوە لە ڕەفتار و کرداری نەرێنی، وەک گۆشەگیری و دابڕان و کەنارگیری و هەستکردن بە ترس و کەماسیی نزمیی و خۆ بەکەم زانین، هەروەها یارمەتی خۆ ڕزگارکردن دەدات لە دەست خۆپەرستی و خودئەڤینیی. هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت پێشکەوتن و گەشانەوە بەدی بهێنێت ئەگەر کارکردن نەخاتە بواری تیپە هەرەوەزیی و هاوەڵێتیەکانەوە(کۆلێکتیڤ)، وەک ڕۆژئاوا و ئەمەریکا. زاناکان جەختیان کردوە لەسەر بیری هەرەوەزیی و کنەکردن و بە دواداگەڕان لە تیپە هاوەڵییەکان و کۆمەڵییەکاندا بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی کە پڕۆژە و پڕۆسە فەرهەنگییەکانیان هەیانە.
لێرەوە دەبینین کە پیداگۆگی بیری هەروەزیی لە بنەماکانی بەدیهێنانی فێرکردن و پەروەردەکردنی دیموکراسییانەیە، هەروەها بۆ بەدیهێنانی تازەگەرێتی لە فێرکردن و پەروەردەکردندا و بە دیموکراتیزەکردنی پەروەردە و کۆمەڵگە؛ چونکە جیاوازیە کۆمەڵایەتیەکان دەسڕیتەوە و هەموو جیاکاریەکانی ڕەنگ و زمان و پێست دەتوێنێتەوە و جێبەجێیان دەکات.

بە ناوبانگترین کەسێک کە داوای بیری هەروەزیی و دیموکراتیزەکردنی فێرگە پرۆلیتاریەکانی کردبێت، ڕاهێنەر و مامۆستای فەرنسیی(سلستان فرینیە)یە کە کۆمەڵێك ئامرازی دانا بۆ چاندنی بیری هەروەزی لە نێوان لاوە فێرخوازەکاندا. بەکارهێنانی ئەو ئامرازانەش، لە کاری چاپەمەنی؛ لە دامەزراندنی کارە هەرەوەزییە فێرگەییەکان؛ لە بەکارهێنانی کارە زۆر وردیلە و بچکۆلەکان، لە شەونخونی و ئێشکگرتن بە دیار نووسین و دەرکردنی ڕۆژنامەکانی منداڵان، برەوپێدانی کارە کۆمەڵایەتیەکان، نوسینە پڕ بایەخەکانی ژیان، رێکخستنی کار و پیشەکان، بەکارهێنانی ئامێرە نوێکان وەک تیپی مۆسیقا و شانۆ و سینەما و کارە هونەریە جۆراو جۆرەکانە.
بەم جۆرە لە کاری هەرەوەزیی تیپە کۆلێکتیڤەکاندا، دەتوانرێت دیموکراسیی فێربوون و فێرکردن و پەروەردەکردن بەدی بهێنرێت، هەروەها کۆمەڵێک لەو کێشەو گرفتانەی دێنە ڕێگەی ڕاهێنەر و مامۆستاکان بە ئاسانی چارەسەر بکرێن، دیسان فێرخوازەکان و شاگردەکان دووربخرێنەوە لە باری دەروونی خراپ و هەست بە کەماسییکردن، یان دوورخستنەوەیان لە خۆپەرستی و خۆ بە زلزانین و لووتبەرزی.

بۆ لابردن و سڕینەوەی بەها نەگەتیڤەکان لە هەستی تاکەکاندا، بێگومان باشترین چارەسەر ئەوەیە، کە فێرخواز بخرێتە نێو کۆمەڵە کۆلێکتیڤەکانەوە، تا ڕابهێنرێت لەسەر بیری سۆسیالیستی کردەیی، بە بەکارهێنانی توانا جەستەیی و عەقڵیەکان بۆ بەدیهێنانی بەروبوومی بە پیت و بە نرخ، وەک(ئەنتۆن ماکرینکۆ) دەڵێت، هەروەها بۆ ڕاهاتنی فێرخواز و شاگرد بە دابڕانی لە کاری خۆیی و، کارکردنی لە ناو کۆمەڵە هەرەوەزییە گونجاو و وێکچووەکان لە ڕووی تەمەن و ئاستی خوێندن وەک(کوزەینی)ە دەڵێت بۆ دروستکردنی بوار و دەرفەتی کاری هاوبەش و کۆلێکتیڤانە لە پێناوی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیی داهێنەر و گەشەسەندوودا.

تین و هێزی کۆمەڵی کۆلێکتیڤ:

لایەنە تەکنیکیی و میکانیکیەکانی تر بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی، هەروەها بۆ فێرکردن و دروستکردنی هاوڵاتی چاکخواز و کەسایەتی هاوسەنگ و جێگیر لە ڕووی دەروونیی و کۆمەڵایەتیەوە، بێگومان دەبێت ئەوە بزانین، کە تەکنیک و دینامیکیی کۆمەلە هەرەوەزییەکان پڕۆگرام و بەرنامەیەکی گرنگن بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە دیاردە دەروونیی و هەستیی و نەستییەکان لە لای فێرخواز و شاگردەکان، هەروەها تەکنیکێکی چالاکی گرنگە کە دەتوانرێت لە پڕۆسەی فێرکردن و پەروەردەکردندا بەکاربهێنرێت‌.
فێرخواز ناتوانێت داهێنان بکات لە ناو کۆمەڵە هەرەوەزییە کۆلێکتیڤە دیموکراسییەکاندا نەبێت، کە بڕوایان بە برایەتی و کێبڕكێی پاک و پەیوەست بە بیری مۆراڵ و یەکسان و دادپەروەرەوەیە، هەروەها شاناز بە یاسا و ماف و ئەرکەوەن.
بێگومان بۆ هەرچ کۆمەڵێکی هەرەوەزی سەرکردەیەک هەیە بۆ دابەشکردنی کار و ئەرکەکان و، سەرپەرشتی ڕێکخستنی کۆمەڵەکان، ئەمەش بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە و گرنگە کە لە ئەستۆ دەگیرێت. بێگومان سەرکردەش پێویستە بە هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە هەڵبژێردرێت بۆ ماوەیەکی دیارکراو تا سەرکردەکان بە نۆرە دەوری سەرکردایەتی و بەرپرسیاریتی ببینن.

بەڵام وەک ئاشکرایە ڕێکوپێکی کۆمەڵە کۆلێکتیڤەکان دەکەونە ژێر سایەیی پرۆسەیەکی بەردەوام بۆ سێ سەرکردایەتی یان سێ دەسەڵات وەک(کۆرت لوین) ئاماژەی پێ دەدات: سەرکردەیەکی دیموکراسیانە یارمەتیدەر بۆ داهێنان و ئەفڕاند و بەدیهێنانی بەروبوومێکی بە پیت و بەرهەمێکی بە بایەخ، جا ئەمە بە ئامادەنەبوونی مامۆستای سەرپەرشتیکار بێت یان لە حاڵەتی ئامادەبوونیدا بێت جیاوازی نییە و دەبێت وابێت، هەروەها سەرکردەی ئاماژە پێدراو هەوڵ ئەدات‌ بۆ دەرکەوتنی کارلێکە ئەرێنیە دروستکەرەکان وەک هاوکاری و یارمەتیدان و رێککەوتن و گونجاندن.
بەڵام مامەڵەی سەرکردەی ئۆتۆکراسیی توودنوتیژی و دڵڕەقی و زۆرلێکردنە؛ لە ئامادەبوونی سەرکردەدا هەموو دیسپلینکراون، بەڵام لە پشتپێهەڵکردنی سەرکردەدا بێسەروبەری وبەزم و ڕەزم دروست دەبێت. لەم حاڵەتەشدا، بەرهەم و کارە بەرهەمهێنەرەکان تووشی کەماسی و کەمبوون دەبێت و دامەزراوەکە دەگۆڕێت بۆ قشڵەیەکی سەربازیی، بەکردەییکردن و پراکتیکەکردنی پرنسیپڵە تیۆرییەکان لە پێناوی کارایی و چالاکی ژیان و ژینگەی فێرگە یەجگار قورس دەبێت بە هۆکاری بوونی بەها نرێنیەکانی وەک بێزاریی و شپرزەیی و ئالۆزیی و نەبوونی پێکەوە هەڵکردن و تۆلێرانس.
سەرکردایەتی بەرەڵا و بێسەروبەر لەسەر ئەو فەلسەفەیە وەستاوە کە دەڵێت”لێگەڕێ کار بکات”. ئەمەش سەرکردایەتیەکی بێسەروبەرە و ئاژاوەیە، کە هاوکاری و یارمەتی بەدیهێنانی بەرهەمی بە پیت و بە بەها ناکات، نە لە حاڵەتی ئامادەبوونی سەرکردەدا نە لە حاڵەتی ئامادەنەبوونیدا، چونکە ئەم جۆرە سەرکردایەتی و سیستمە لە دەروونی فێرخوازەکاندا پشت بە سەرکردە دەبەستێت و هەستنەکردن بە بەرپسیارێتی لە گیانیاندا دەچێنرێت. بەم جۆرە بۆمان دەردەکەوێت، کە دیموکراسی یارمەتی گەشەی کۆمەڵە کۆلێکتیڤەکان دەدات و پەرەیان پێ دەسێنێت بە شێوازگەلێکی ئەرێنی و کارا. لەبەر ئەوە، لەسەر پیاوانی کارگێڕیی و مامۆستایانە کە سەرکردایەتیەکی دیموکراسیانەیان هەبێت بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتنی ڕاستەقینە و جۆری باشی بەرهەم .

سیکۆدراما و سوسیۆدراما:

بەکارهێنانی ئەم ڕیگەیە بۆ بینی دەور یان سایکۆدراما یان شانۆگەری فێرگەیی گرنگترین تەکنیکە لە بواری چالاکردن و کاراکردنی کۆمەڵە کۆلێکتیڤەکاندا، هەروەها گرنگترین ئامرازی چارەسەرە بۆ پێکەوە ئاوێتەبوونی فێرخوازان و دوورکەوتنەوەیان لە نەخۆشی کەنارگیریی و دابڕان و بەسەرخۆدا شکانەوە و چوونەوە ناوخۆ و ئاڵۆزییە دەروونییەکانیان لە ناو کۆمەڵە کۆلێکتیڤەکاندا و ڕزگاربوونیان لەو ئالۆزییە دەروونییەی لە هەست و نەستیاندا نیشتووە، هەرەوەها پاکردنەوەی هزر و بیر و ویژدانیان و خستەنگەڕ و جوڵاندن و چالاکیە سۆسیالیەکانیان لە ناو ئەو کۆمەڵە کۆلێکتیڤانەی کە کراوەن و پڕن لە هاوکاری و یارمەتی و برایەتی و گۆنجاندن و گەیشتنیان بە هیوا و خەونەکانیان و تەنانەت دروستکردنی خەونی گەورە بۆیان. سایکۆدراما ڕێگەیەکی شانۆگەرییە کە تاک تیایدا پشت دەبەستێت بە کۆمەڵە کۆلێکتیڤیەکەی لە گێڕانی دەوری خۆی لەو شانۆگەریەی کە تواناکانی و بەهرە شاراوەکانی دەردەکەون بە مەبەستی گواستنەوەیان لە قۆناغی شکاندنەوە بەسەرخۆیاندا بۆ قۆناغی هەمان ئاستی دەروونی هاوڕێکانی و گونجاندن و هاوسەنگی لەگەڵیاندا، دیارە ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بونیادنانی خودی خۆی و خێزانەکەی و کۆمەڵگەکەی و نەتەوەکەی بە ڕێگەیەکی دیموکراسیانەی وەستاو لەسەر بەخشین و کارکردن و بەرهەمهێنانی پڕ بە بایەخ و کولایتیی.

بەهەرحاڵ، سایکۆدراما”تەکنیکێکی سایکۆلژییە، کە سایکۆلۆژزان(مۆرینۆ)دایناوە، پشت بە درامای سەرپێی و ڕاستەوخۆ دەبستێت، داوا دەکات لە کەسەکان کە دەوری شانۆگەریی ببینن بە بێ پەیوەستبوون بە نووسنیێکی پێشوەخت یان بە بێ پەیوەستبوون بە تێکستی نووسراوەوە، مەبەست لێی گەشە و پەرەسەندنی دەوری سەرپێی و ڕاستەوخۆیە. ئەم جۆرە تەکنیکە بووە بە چارەسەری دەروونیی و شیکاریی تاک و کۆمەڵ؛ هەروەها پێگەیاندن و گەشەی داهێنان لە لای منداڵ، دیارە وەک ئامرازێکی پەروەردەیی و فێرکاریی … سایکۆدراما لە لای گریکە کۆنەکان هەبووە، (ئەریستۆفان) لە سەدەی چواری پێش زاین دەڵێت، کەسەکان زیندانی دەورە کۆمەڵایەتیەکانیان و دەتوانن خۆیانی لێ ڕزگار بکەن و، تێبگەن لە پاڵنەرەکانی، لە کاتی گوزارشت لێیی لەسەر تەختەی شانۆ. هەروەها(ئەڕیستۆ) ئاماژەی داوە بە بایەخی ئەو دەورانە کە گرنگ و بە بایەخە بۆ کەمکردنەوەی ناڵە دەروونییەکان، لە میانەی یەکبوون لەگەڵ ئەکتەرەکانی تردا، هەروەها گرنگە بۆ پاکردنەوەی دەروون لە نەخۆشییە دەروونییەکان”.
هەموو ئەمانە بەو واتایە دێت کە مرۆڤەکان ناتوانن بگوێزنەوە بۆ جیهانی دیموکراسی و ببن بە کەسانی دیموکرات تا دەروونی خۆیان و جەستەیان و بیر و ئەندێشەیان پاک نەکەنەوە لە هەموو ئەو ئاڵۆزییە کەڵەکەبووە بۆماوەییەی، کە بە درێژایی ژیانیان وەریانگرتووە، وەک ترس؛ دڵگیریی و دڵتەنگیی و شپرزەیی و نیگەرانی و گرژبوون و چوونەوە بە ناخدا و شەرم و دابڕانە مردوو هێنەرەکان. چالاکییە پەروەردەییە تەکنۆلۆجیەکان:
لە فەلسەفەی چالاکییە نوێکان و بیرکردنەوە پێداگۆگییە داهێنەرەکان پێویستە قەرەبووی دروستکردنی گوتاردان و گوتارخوێندنەوە و ئاراستەکردن بە ڕێگە پێداگۆگییە زیندووە هاوچەرخە کردەییەکان بێت، کە لەسەر بیر و ئەندێشەی هەروەزییەوە سەرچاوەی گرتووە، هەروەها پێداگۆگییە دینامیکیە کۆمەڵەکان کارا بکرێن، پشتبەستن بە کارایی بەرهەمهێنەر و، بەکارهێنانێکی کراوە و دانەخراو، دامەزراوەی پێداگۆگیی لە پێناوی ئازادبوونی فێرخوازان لە نەرێنی و سنوردارێتیدایە، تا دەستیان کراوە بێت لە بەرهەمهێناندا، هەروەها ئازادبوونیان لە کۆتوبەندە بیرۆکراسییەکان و فەرمانەکانی مامۆستای ستەمکار و چەوسێنەر، لە جیاتی هەموو ئەمانە هاوبەشیکردنێکی دیموکراسیانەی وەستاو لەسەر چالاکی و داهێنان و ئەفڕاندن، ئەویش لە ڕێگەی دامەزراندنی تاقیگە زانستییەکان و شارەزا ئەدەبیی و کارگە هونەرییەکان و بەڵێندەرە تەکنیککارەکان و یانە وەرزشییەکان لە ناو هەرچ دامەزراوەیەکی زانستی دیاریکراودا. دامەزراوەکان دەتوانن بۆ ئەم کارانە پشت ببەستن بە خەرجی و داهاتی خودی خۆیانەوە بە پێی یاسای دانپیانراوی دەوڵەتیی.

فەلسەفەی چالاکیی و پوختەیی:

گرنگترین ئامێری کردەیی بۆ بەدیهێنانی بە دیموکراسییکردنی فێربوون و کاراییکردنی پەروەردەی دیموکراسیانە پێکهێنانی چالاکییە نیشتیمانییەکانە لە سایەی سیستمی پەروەردەیەکی ساغڵەم، کە بڕوا و متمانەی بە کوالیتیی چەندێتیی و چۆنیەتیی هەبێت، ستایشکردن و پیاهەڵدان و پاڵپشتیکردنی هەموو ئەوانەی کە خاوەنی تواناو بەهەرە و پسپۆڕی و هونەرریی و ئەدەبیی و تەکنیکیین.
پێویستە مەبەست و ئامانج و خەسڵەتە خوازراوە گەورەکانی پرۆسەی پەروەردە و هەنگاوە دیالیکتیکەکانی سیستمی فەلسەفەی پەروەردەیی تێبگەین و قبووڵیکەین، هەنگاوی یەکەمیش بۆ ئەمە دەسپێکردن بە فەلسەفەی چالاکیە، کە بە هاندانی یاداشت و تێبینیە وەزارییەکان دەکرێت، بەو واتایەی کە چالاکییەکان پاڵنەرێکی بناغەیین بۆ ئامادەکردن و خستنەسەرپێی لاوە تازە پێگەیشتووەکان، هەروەها ئامادەکردنی فێرخوازان بۆ کۆمەڵگە؛ بۆیە کۆمەڵە تەکنۆلۆجیە هاوچەرخەکان و سیاسەتی جیهانگیری و کێبڕکێی ڕاگەیاندنەکان لە فێرگەدا پێویستە دیموکراسیانە بێت لە میانەی کاری کارگێڕیی و فێرکردن و پەروەردەکردندا، هەموو ئەمانەش دەچنەوە ڕاژەی پێشکەوتنی کۆمەڵگە چ لە ڕووی ئامێر و ئامڕازە بەرهەمهێنەرەکانەوە بێت یان لە ڕووی خزمەتگوزارییەکانەوە بێت.

ئەگەر چالاکیەکان دەستپێکێکی فەلسەفیی پراگماتیکیی بێت لە پرۆسە دیالێکتیکیە پەروەردەییەکەدا، ئەوە دەبێت وردەکارییەکان و بەشە چکۆلەکە و وردەکان هاوتەبا بن لەگەڵ گۆڕاکارییەکاندا و بریتی بێت لە ڕێنماییەکان بەرامبەر بە شێوە و فۆرمی کێشە و گرفتە واقیعیەکانی کە دێتە ڕێگەی فێرخوازەکان، واتە کێشە کۆمەڵایەتییەکان بخرێتە نێوەندی فێرگەکانەوە و مامۆستایانیش ئامادەباشییان هەبێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە کوتپڕیی و لە ناکاوەکان. بە واتایەکی تر ناوەڕۆکی فێرگەکان و پرسیارگەلی فێرخوازان لەسەر کێشە و گرفتەکانی ناو کۆمەڵگە بە خێرایی و ڕاستەوخۆ وەڵام بدرێنەوە و دیموکراسیانە ڕەخنە و پرسیارەکان قبووڵکرێن.

بێگومان دەبێت پێداگۆگیی لە نوێکردنەوەدا بێت و ئاماڕازە دایلێکتیکیەکان هاوتەبا و هاوئاهەنگ بن لەگەڵ گەشە و پەرەسەندی پێداگۆگی و داوکارییەکانی بازاڕ و کار و گەشەی زانست و تەکنۆلۆجیادا، بۆیە پێویستە سوود وەربگیرێت لە هەموو ئامڕازەکانی ڕاگەیاندنە بەردەستەکان لە مەیدانی فەرهەنگی و زانستە پێدراو و بەردەوامەکاندا، هەموو ئامارازە نوێکان بە دوای ئەزموونەکانەوە بن بۆ گەیشتن بە تازەگەریی و هاوبەشیکردن لە دەوڵەمەندکردنی سیستمە پەروەردەییە ئارەزوو بزوێنەکاندا. ئەم پرۆسەیە سەرکەوتن بە دەست ناهێنێت لە ڕێگەی بەدەستهێنانی ژینگەیەکی پیداگۆگیی گونجاو و باشەوە نەبێت، وەک فێرگەی ژیان و ژیانکردن، کۆمەڵی هاوبەش و دامەزراوە پڕۆژەییەکان، چاکسازی و دیموکراسی لە ئیدارەدا، چاکاسازی کۆمەڵگە بە بەردەوامی و هەمیشەیی، چاکسازی و باشکردنی ئامڕازەکانی هەڵسەنگاندن و چاودێریکردن بەسەر بنەماکانی پێداگۆگی و چلاکییە واقیعیەکانی بەشە بچکۆلەکانەوە، هەروەها پێکهێنانی دەستەی بەدواداچوون و پشکنین بۆ ئەوەی کارەکانی خۆیان و دەوری خۆیان بە باشی جێبەجێ بکەن، وەک چاودێریکردنی مامۆستایان و ڕێنمایکردنیان لەسەر نوێترین و باشترین جۆری بەرهەمەکان. هیچ مامۆستایەکیش سەرکەوتن بە دەست ناهێنێت لە پڕۆسەی فێرکردن و فێربووندا ئەگەر سیاسەتێکی کراوە و هاوکاری و یارمەتی و دیالۆگ و کارکردن لە چوارچێوەی تیپێکی پەروەردەیدا نەبینێت، هەروەها گرنگیدان بە باسە زانستیەکان و بەرهەمە فەرهەنگیەکان لە پێناوی دەوڵەمەندکردنی گەیشتن بە زانین و پرۆگرامی نوێدا.

فەلسەفەی هاوبەشیکردن:

بۆ بونیادنانی پڕۆژە پەروەردەییەکانی خزمەت بە دامەزراوەکان لە دوور یان لە نزیک، بێگومان پێویستە چاوبخرێتە سەر بابەتە هاوبەشە یەکەمیی و زۆر پێویستەکان وەک بەرەنگاربوونەوەی بەفێڕۆنەدانی کات و وزە فێرگەییەکان لە ڕێگەی هاندانە پەروەردەییەکان و پێشکەشکردنی سەعاتی زیادەی خۆبەخشی بۆ زیاتر خزمەتکردنی فێرخوازان و یارمەتیدانیان بۆ پیاجوونەوە و گەڕانەوە بە وانەکانیان و جێبەجێکردنی ئەو ئەرک و وەزیفانەی دەدرێت بەسەریاندا لە فێرگەکاندا، یان دەدریت بەسەریاندا بۆ تەواوکردنی سەعاتەکانی خوێندن واتە لە ماڵەوەیاندا، یان جێبەجێکردنی ئەرک و وەزیفە وەرزییەکانیان ئەویش بە پێی پڕۆگرام و شیکارییەکانیان لە لایەن خۆیانەوە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و فێربوون، هەروەها بۆ پڕکردنەوەی هەموو کەلێن و کەماسییەکانیان لە ڕێگەی ڕێنماییەکان و هەوڵە دیموکراسییەکان کە لەسەر ئاراسەکردنێکی ڕاست و دروست و سەرکەوتن بە دیالۆگ و مشتومڕێکی دیموکراسییانە و لۆژیکانە.
شتێکی ئاشکراشە کە ئەتوانرێت پەناببرێتە بەر مامۆستاکان و سەرپەرشتیاران و سوود وەربگیرێت لە ئەزموون و ڕێنماییەکانیان بۆ گەشەی باسە پەروەردەییەکان، کە چەق دەبەستێت لەسەر باشکردنی زانین و تێگەیشتنی فێرخواز، بە گونجاندنی فەلسەفەی چالاکی و تازەکردنەوەی ڕێگاکانی پێداگۆگی و ئامڕازەکانی دیالێکتیکیی و ئامرازەکانی چاودێری و هەڵسەنگاندن و ڕێکوپێککردنی تاقیکردنەوەکان، بێ ئەوەی بیرمان بچێت کە گرنگی هاوبەشیکردن لە بونیادنانی مامۆستایان و ئیدارەی پەروەردەیی لە لایەن سەرپەرشتیارانەوە و کارگێڕەکانەوە کە شارەزاییان هەیە لە چۆنیەتی مشتومڕکردن لەسەر یاداشت و تێبینیەکان و ڕوونکردنەوەیان و باسکردنیان و تەگبیرکردن بۆ چارەسەری گرفتەکان و هەروەها چۆنیەتی سازدانی کۆڕ و کۆبوونەوە فێرکارییە پەیوەندیدارەکان بە پەروەردەکردن و فیرکردنەوە.

هاوبەشییە ناوخۆییەکانی فێرگەکان بە ئامانجی گەشە و سەقامگیری و بەکارهێنانی دیجیتاڵ مێدیا و پەیوەندییە تەکنۆلۆجیەکان لە میانەی بونیادنانی دەستە و لیژنەکانی مێدیا و پەیوەندییەکانی تۆڕی ئینتەرنێت بە جیهانەوە. نابێت بێ ئاگابین لە گرنگی و بایەخی پرۆسە پێشکەوتووەکانی پەیوەند بە مامەڵەکردنی سایکۆلۆجیی و کۆمەڵایەتیی و ئیدارەیی بە شێوەیەکی بونیادی و مرۆڤگەرایی لە وەزیفەکانی ناو دامەزراوە پەروەردەییەکان ئەویش بە ڕێزگرن لە فێرخوازن و کەسە پەروەردەییەکان و ئیدارییەکان و هەڵسوڕاوە سەرپەرشتیکارەکان و دایک و باوکان و مندالەکانیان و پەنابردن بۆ سیاسەتێکی نەرم و دایلۆگێکی دیموکراسیانە و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنی پرنسیپڵەکانی یەکسانی و ڕێزگرتن لە چالاکیەکان و بەدیهێنانی کوالیتی داهێنان و چۆنیەتی و چەندێتی بەرهەمەکان.
هاوبەشییە پەروەردەییەکان ئەبێت پشت ببەستێت بە هاندان لەسەر داهێنانە پەروەردەییەکان و پێشخستنی وەرزش و چالاککردنی دامەزراوە فێرکاریە هونەریی و فەرهەنگیی و مێدیایی و کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان.

پێداگۆگی بەهرەداریی:

تیۆریا پەروەردەییە بەهردار و داهێنەرەکان پاڵ ئەدات بە کۆمەڵێک بنەما و پایەوە، وەک: هەوڵدانێکی بەردەوام بۆ تازەگەریی و تازەکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە دووبارەکردنەوە و کۆپیکردنی ئەوەی کە هەیە و زووتر لەبەردەستا بووە، دوورکەوتنەوە لە تازەگەرێتی خەیاڵپڵاویی و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی تازەگەرێتی ڕاستەقینە و واقیعیانە و بونیادنەر و مەبەستدار بە ئاراستەی سوودگەیاندن بە مرۆڤ و گۆڕانکارییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان. دیارە ئەمەش بەدی نایەت تەنها بە فێربوون و خۆ ڕۆشنبیرکردن نەبێت، هەروەها بە جێبەجێکردنی پێداگۆگیەکی دیموکراسییکراوی ناو هەموو دامەزراوە دیموکراسییەکانی دەوڵەت. ئەم جۆرە لە پیداگۆگیی داهێنەر و بەهرەدار لە دەوڵەتی دیکتاتۆری و حوکمە سەتمگەرەکاندا جێبەجێ ناکرێت.
ناشتوانرێت قسە لەسەر تیۆریایەکی داهێنەرانە بکرێت ئەگەر هەوڵدان و هاندانێکی گەورە لە ئارادا نەبێت بۆ پلانڕیژ و بونیادنان و دووبارەکردنەوەی بونیادنان و پێشنیاز و دۆزینەوە نوێکان و گەشەدان بە تواناکانی مرۆڤ لە ڕووی ماددی و مەعنەویەوە بۆ ڕووبەڕوووبوونەوەی هەموو ئالانگەریەک.
مەرجەکانی تیۆریای داهێنان و بەهرەدار پەیوەستبوونێکی هەمیشەیی بە نایابی جۆری بەرهەم لە ڕووی چەندێتی و چۆنیەتیەوە، ئەمەش بەدی ناهێرێت بە بونیادنانی دیموکراسیانەی فێرخواز و هاوڵاتی و کۆمەڵگەوە نەبێت.
کاراییکرد و بە گەڕخستنی ژیان وژینگەی فێرگەیی:
ژیان و ژینگەی فێرگە کار لەسەر دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و کراوە و هۆشیار و گەشەسەندوو دەکات لە نێو دامەزراوە پەرەوەردەییەکان و میانە و جێوڕێی پەروەردەدا، هەروەها هەڵدەسێت بە توانەوە و سڕینەوەی ململانێ هەستیی و ناهەستییەکان و نەمانی جیاوازیە چینایەتیەکان و سنوردانان بۆ هەموو هۆکارە ململانێ بێزارکەرەکان و دڵڕەقییە کۆمەڵایەتیەکان، بە تایبەتی کە ژیان و ژینگەی ناو فێرگە بریتیە لە دامەزراوەیەکی پەروەردەکردن و فێرکردنی چالاکانە و کارایی و کردەیی، کە کار دەکات لەسەر دامەزراوەکانی تری ناو کۆمەڵگە، هەروەها کار دەکات لەسەر زۆرکردنی ژیانێکی بەختەوەر و هیوا و دڵنیایی و خۆشبەختی، دیسان کار دەکات لەسەر بەدیهێنانی ئازادیەکی ڕاستەقینە و و دڵنیایی کۆمەڵگە، هەوڵ ئەدات‌ بۆ جێگیرکردنی بەرزکردنەوەی فەرهەنگی هاوڵاتی باش لە چوارچێوەی ڕێز و مافی فێرخواز و مرۆڤ لە ناو دامەزراوەکان و، جێبەجێکردنی یەکسانی ڕاستەقینە و چەسپاندنی یاسا دادپەروەرییەکان و کردنەوەی دەرگا و دەروازەی پرنسیپڵەکانی گونجاندن و پێکەوە ژیان و تۆلێرانس بە دوورکەوتنەوە لە جیاکاری ڕەگەزیی و توخم و زمان و چینایەتی یان کۆمەڵایەتی، هەموو لە بەردەم یاساکاندا وەک یەک وا دەبن و، وەک یەک دەژین و، وەک یەک کار و چالاکی ئەنجام دەدان. هێزی سەرمایەی فەرهەنگی زۆر لە هێزی سەرمایەی ماددیی گەورەتر و بەهێزترە لە دامەزراوە پەروەردەییە دیموکراسیی و دادپەروەرەکاندا.

جێبەجێکردنی پرنیسپڵەکانی وانە وتنەوە:

گرنگترین ئامڕاز و ئامێری بەدیهێنانی پەروەردەی دیموکراسیانە، کە کار بکات لەسەر سنوردانان بۆ ململانێ جۆراوجۆرەکان لە ناوەخنی چالاکیە پەروەردەییەکاندا، جێبەجێکردنی پرنسیپڵەکانی وانە وتنەوەیە، بۆ ئەوەی بتوانرێت توانا جیاوازەکانی فێرخوازان لەبەرچاو بگرێت، تا لەم ڕێگەیەوە بتوانێت ئاستە چیاوازەکانی زیرەکی دیاری بکات و لەبەرچاویان بگرێت بە مەبەستی بەدیهێنانی ئەنجامێکی ئەرێنی و پێداگۆگیەکی کارامە بەش بەش کراوەکان، بۆ هەر ئاستێک لە ئاستەکانی زیرەکی و توانا جیاوازەکان ئەم پێداگۆگیە کارامەیە کاری خۆی دەکات و هەوڵ ئەدات‌ لەم ڕێگەیەوە جیاوازیەکان بسڕێتەوە. ئەم جۆرە لە پێداگۆگیی بڕوای وایە کە :”منداڵان لە تەمەنێکدا و لە پۆلێکدا، یان لە قۆناغێکی خوێندندا هەموویان وەک یەک نین و جیاوازی لە زیرەکی و توانایاندا هەیە بۆ نەهێشتنی ئەو جیاوازیانە، پێویستی بە پێداگۆگیەک هەیە کە ئەو جیاوازیانە لەبەرچاو بگرێت، لەم ڕێگەیەوە ئەو منداڵانەی بێ توانان، یان کەمتر توانایان هەیە لە منداڵەکانی دیکە پێشدەخرێن و ئاستی زیرەکیان بەرزدەکرێتەوە و چیتر جیاوازنیەکان نامێنن”.
بۆ نەهێشتنی ئەو جیاوازیانە، کە شتێکی سروشتییە و دەبێت زۆر بە ئاسایی وەربگیرێت. مامۆستاکان یان سەرپرشتیارەکانی فێرگەکان پێویستە هەوڵی ئەوە بدەن کە وانەی زیاتر بەو منداڵانە بڵێنەوە کە توانایەکی کەمتریان هەیە، زۆریش گرنگە کە بێ توانایی ئەو منداڵانە بە جۆرێک لە بەرچاوبگیرێت کە هەستیان بریندار نەکرێت، چونکە بەو هەوڵانە بە ئاسانی دەتوانرێت ئاستی خوێندن و زیرەکیان بەرزبکرێتەوە بۆ ئاستی منداڵە زیرەکەکان.




فوئاد حسەین و مەدام ماریا مۆنتیسۆری

https://www.awene.com/2018/09/24/102532/

سەیری ئەخلاقی سیاسیی بکەن چەند قێزەون و دابەزیوە! لەسەر کاندیدکردنی فوئاد حسەین بۆ سەرۆکی کۆماری عێراق لە لایەن پارتیەوە، یەکێتی و شیعەکان هاواریان لێ هەستاوە لەسەر ئەوەی هاوسەری ئەم زاتە جولەکەیە، نابێت نا موسڵمان ببێت بە خانمی یەکەمی عێراق. ئەم جۆرە قسانە، ئەم شێوازە لە سیاسەتکردن ئەوەمان پێ دەڵێت کە عێراق و کوردستان نوقمی ڕەگەزپەرستی و ئایین و مەزەهەب پەرستییە، کاندیدکردنی کەسێک بۆ وەرگرتنی هەرچ پۆستێک بۆ دەبێت شوناسی ڕەگەزیی و ئایینی هاوسەر و کەسوکاریشی بۆ بکرێت بە پێوەر!. ئەمە لە فەشەلی سیاسیی لە عێراق و کوردستاندا زیاتر هیجی تر نییە.

پێوەری سەرۆکی کۆماری عێراق، ئەبێت لەسەر پێوەری تەکنۆکراتی و زمانزانی و شارەزایی و خاوەن مۆراڵ و پرنسیپی عەدالەتخوازی و یەکسانخوازی و دیموکراتخوازی و باوەڕەبوون بە پێکەوەژیانی عێراقیەکان بە بێ جیاوازی و دوور لە ڕەگەزپەرستی و ئایینپەرستی هەڵبژێردرێت، نەک لەسەر ئەوەی هاوسەرەکەی جولەکەیە یان مەسیحیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، بە هەمان پێوەرە سەقەتەکە و درۆکردنیش وەڵامی یەکێتی و شیعەکان لە ڕێگەی پەرلەمانتارێکی پێشوویەوە دەداتەوە!، ئەم پەرلەمانتارەی پارتی دەڵێت:”ژنی فوئاد حسەین جولەکە نییە، بەڵکو مەسیحیەکی هۆڵندیە و لە بنەماڵەی مەدام ماریا مۆنتیسۆریە!

چەند پاساوی یەکێتی و شیعەکان جێگەی گاڵتەجاڕیە، زۆر لەوە زیاتر بەرپەرچدانەوەکەی پارتی و پەرلەمانتارەکەیان جێگەی گاڵتەجاڕیی و پێکەنینە. پارتی و پەرەلەمانتارەکەیان هەر لەسەر پێوەری گەڕانەوە بۆ ڕابوردوو، گەڕانەوە بۆ بنەماڵەیی بەرگری لە فوئاد حسەین دەکەن و، بە هاوسەرەکەیدا هەڵدەدەن کە گوایە لە بنەماڵەی پەروەردە ناسێکی بە ناوبانگی ئەوروپیی وەک مارایا مۆنتیسۆریە.

مەدام ماریا مۆنتیسۆری لە ساڵی ١٨٧٠ هاتۆتە دنیاوە، کە ڕەنگە هاوسەری دکتۆر فوئاد ئەگەر لەو بنەماڵەیەش بێت ببێت بە کچە زا زا، یان کوڕە زا زای مەدام مۆنتیسۆری، ئاخر دەبێت ئەوە چ پەیەوەندییەکی بە کەسایەتی هاوسەری ئەم بەڕێزەوە هەبێت. عەقڵیەتی ئەمانە ئەوەیە کە”گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە” کە بە هیچ شێویەک ئەوە وانیە. لە خوارەوە کورتەیەک لەسەر مەدام ماریا مۆنتیسۆری دادەنێم

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

مەدام ماریا مۆنتیسۆری Maria Montessori، بەخێوکەر و ڕاهێنەر و فەیلەسووف و پزیشکێکی ئیتالیە، لە ١٨٧٠ هاتۆتە دنیاوە، ئەم ئەستێرە گەشە و زانا مەزنە یەکەم ژن بووە لە بواری پزیشکیدا لە وڵاتی خۆیدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێناوە. ئەم زانایە قوتابخانەیەکی تایبەتی کردووەتەوە بۆ ئەو منداڵانەی لە ڕووی عەقڵییەوە دواکەوتوو بوون، بە جۆرێک منداڵە شێت و دواکەوتووەکانی ڕاهێناوە و پەروەردەی کردوون، کە لە منداڵە ئاساییەکان پێشکەوتووتر بوون، ئەم زانایە دەڵێت: “لە کاتێکدا کە خەڵکی زۆر سەرسامن بە پەروەردەکردنەکەی من، کە چۆن منداڵە دواکەوتووەکانم پێش خستووە و توانیومە زاڵ بم بەسەر نەخۆشییە دەروونی و عەقڵییەکانیاندا، منیش پێم سەیرە. بۆچی هەمان ڕێگەی من ناگرنە بەر بۆ پەروەردەکردنی مندالە ئاساییەکان، کە زۆر پێشدەکەون و سەرکەوتنی گەورە بەدەست دەهێن”. واتە پەروەدەکردنەکەی ئەم زانایە بۆ هەردوو حاڵەتی ئاسایی و نائاسایی لەبارە. بێرتراند ڕەسڵ وەک فەیلەسوو و زانایەکی پەروەردەیی زۆر ئاماژە بەم پەروەردەیەیی مەدام مۆنتیسۆری دەدات و سەرسامە پێی.




بانگهێشتی ناشارستانییانەی بەربژێرەکان … جیهاد موحەمەد

هەڵبەت، زۆرن ئەو بانگهێشتە ناشارستانییانە، تەنها لەسەر یەک دانەیان ڕادەوەستم و ڕای خۆمی لەسەر دەدەم، ئەویش پڕکردنی شەقام و دار و دیواری ناوشارەکانە بە وێنە قەبەو زلەکانی بەربژێران.

لە کولتووری بانگهێشتکردنی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیدا وا باوە و بووە بە کارێکی ئاسایی وێنە هەڵواسینی بەربژێرەکان، لەوانەیە قبووڵ نەبێت ئەگەر بڵێین پێویست بە وێنە هەڵواسین ناکات، تەنها ناوەکان و ژمارەی لیست و ژمارەی بەربژێر بەسە لەگەڵ پەیام و بەرنامەکانیان، بۆیە ئێمەش ناچار بە کارێکی ئاسایی وەردەگرین، بەڵام چۆن؟ لە ڕاستیدا وێنەی بەربژێر تەنها بۆ ناساندنی خودی بەربژێرە و هیچی تر، ناسینی بەربژێریش لە دەموچاودایە نەک لە قەدوباڵادا، دەموچاو مرۆڤەکانی پێدەناسرێتەوە نەک قەدوباڵا و گەورەیی وێنەکان. دیارە ئەوەش ڕاستە گەورەیی وێنەی دەموچاوەکان پێویستە بەوجۆرە بێت کە مەبەست لێیان بە تەواوەتی ناسینەوەی بەربژێرەکان بێت، واتا گەورەیی وێنەی دەموچاوەکانیش پێویست ناکات لە سنوری خۆی تێپەڕێت. هەرچ بەربژێرێک توانیبێتی وێنەی دەموچاوی خۆی لە سنورێکدا بە گەورەیی نیشان بدات و نمایشی بکات کارێکی زۆر ئاساییە و ناشارستانیەتی پێوە دیار نییە لەم کولتوورەی ئێمەدا. بەڵام ئەگەر بە وردی سەیری وێنە هەڵواسراوەکانی بەربژێرەکان بکەین زۆربەی زۆریان بە شێوازێکی ناشارستانییانە وێنەکانی خۆیان نمایش کردووە، ئەمەش جێگەی پرسیار و ڕەخنە و تێبینیە:

١/ ئەو بەربژێرە ژنانەی کە بە خۆگۆڕین و کراس و کەواو سوخمە و هێلەکی ئاڵاو واڵا و جل و بەرگی گرانبەهاوە سەرتاپای لەش و لاری خۆیان نمایش کردووە، جوانکاری و میکیاژێکی زەقیان کردووە، جێگەی پرسیارە؟ بۆ ئەم کارە دەکەیت؟ بۆ بەو جۆرە خۆت نمایش کردووە؟ تۆی بەڕێز دەتەوێت بە وێنەکانت خەڵک بتناسێتەوە وەک بەربژێرێک بۆ پەرلەمان و دەنگ بە دەستبهێنێت لە ناو ناسییا و و دۆستکانتا یان بۆ ئاهەنگ و سەیران و نمایشی جل و بەرگر خۆت ڕازاندۆتەوە و خۆت نمایشکردووە لە چوارچێوەیەکی گەوەر و زەبلاحی چەند مەتریدا؟ لە کاتێکدا تۆی بەڕێز دەتوێت ببیت بە نوێنەری خەڵک، حەتەمەن ئەو خەڵکەی تۆ دەتەوێت ببیت بە نوێنەریان و لە پەرلەماندا بەرگریان لێ بکەیت، زۆربەی زۆریان هەژار و نەبوون، ئەی نازانیت دەیان و سەدان کچ و ژنی هەژاران هەیە، کە وێنەکەی تۆ دەبینێت خۆزگە هەڵدەکێشێت جارێک بیتوانیایە جل و بەرگێکی وا ڕازاوە لەبەربکات! ئەی نازانیت ئەوە دەبێت بە ئاخ هەڵکێشانی دەیان لە ژن و کچە هەژارەکان! تۆ نمایشی جلوبەرگ دەکەیت یان دەتەوێت خۆت بناسێنێت بە خەڵک؟! ئەم دیاردەیە، بتەوێت یان نا دیاردەیەکی ناشارستانییە و لە جێگەی خۆیدا نییەو لە کەسایەتیت کەم دەکاتەوە نەک زیادی دەکات. پەرلەمانتار دەبێت کەسانی سادە و ساکار و بەیژدان و ژیر و وریا بن، بە دەموچاوێکی ئاساییەوە خۆیان بناسێنن. ئەوەندەی جەستە و لەشولاری خۆت نمیاشکردووە، دەیەکێکی ئەوە نەتوانیەوە پەیام و بەرنامەیەکی جوانی ڕاستگۆییانە بەدەیت بەخەڵک. تۆی ژن دەتەوێت لەمەشدا هەر لاسای پیاوە بەربژێرەکان بکەیتەوە؟!

٢/ ئەو سەرۆک لیست و بەرژێرە پیاوانەی لە چوارچێوەیەکی گەورە و زەبلاحدا خۆیان نمیاشکردووە، کە وێنەکانیان ئەوەندە گەورە و زبەلاحە چوارچێوەی ئاسننیان بۆ دروستکردوە و بە ئەسکەلە قایمیان کردووە بە دار و دیوار و سەر شەقام و شۆشتەکانەوە، ئەم کارەتان یەجگار ناشرساتنییە، یەجگار کارێکی ناشیرین و نابەجێیە، ئەم کارەی تۆ، لای هەرچ کەسێکی بە ئاگا و هۆشیار لە کەسایەتیت کەم دەکاتەوە نەک کەسایەتیت زیاد بکات.

تۆ لەم چوارچێوە زبەلاحەی خۆت تیا نمایشکردووە و بستێک دەمت کردۆتەوە گوایە کەسێکی ڕووخۆشیت و دەستێکیشت بەرزکردۆتەوە گوایە سەلام لە خەڵکی دەکەیت و کەسێکی ئاساییت، هیچ وانیە، ئەگەر واشبێت وێنەکەت ئەوەمان پێ دەڵێت کە تۆ دەربەستی ئەوە نایەیت لایەکی گەورە لە شۆستەکان کە ڕێڕەوی خەڵکیە بگریت، هیچ دەربەستی ئەوە نایەیت کە ئەم وێنەیی تۆ نمایشتکردوە بە واتای قەبەیی و گەورەیی و جەنتڵی لەش و لارت دێت، ئایا بە ڕاست بوون بە ئەندامی پەرلەمان بە قەبەیی و زلیە؟ ئایا بە ڕاست لە جیاتی ئەو وێنە گەورەیەت پەیامێکی ژیرانە و بەرنامەیکی ژیرانەی ڕاستگۆیانەت هەبووایە باشتر نەبوو، ئایا بە ڕاست تەنها پیشاندانی دوموچاوت لە وێنەیەکی ئاساییدا جوانتر و شارستانیانەتر نەبوو.
ئەم وێنە گەورەیەی تۆ ئەوەمان پی دەڵێت، تۆ کەسایەتیەکی لاوازت هەیە، جگە لەوەش پەروەدەیەکی سەقەتە بۆ منداڵ و مێردمنداڵ و گەنج و نەخوێندەوارەکان. ویژدان و عەقڵ و ڕاستگۆیی مەرجە نەک وێنەی جوان و ڕازاوەی ڕەنگاو و ڕەنگ و گەورە و زەبەلاح.

٣/ ئەی ئێوە لیست و قەوارەکان؟ لە پای چیی و لەسەر چ بنەمایەکی شارستانیانە و چ بنەمایەکی بەربژێری سەرۆکی حیزب و قەورەکەت کە هەندێکیان مردوون و هەندێکیشیان زیندوون، بەو جۆرە نمایش دەکەیت؟ بەو ناوەوە کە ئەو کەسایەتیە مردو یان زیندووانە کەسانی کاریزمایی و بە ویژدان و عەدالەتخواز و یەکسان خواز بوون؟ باشە ئەگەر واشبێت، دەتانوێت بە پیشاندانی مردووەکانتان خۆڵبکەنە چاوی خەڵکیەوە، ئەوەی مرد لە گەڵ خۆیدا چاکەکانی خۆی برد، بۆ تۆ نییە بازرگانێتی بکەیت بە چاکەکانیانەوە، کاتێک ئەمە دەکەیت، دەتەوێت ناشیرینیەکانی ئەمڕۆی لیست و قەوارەکەی خۆتی پێ دابپۆشی، خەڵک بەو ڕابوردووە ئێوە هەڵناسنگێنێت، لەسەر کردەوە و هەڵوێستی ئەمرۆتان هەڵتاندەسەنگێنێت. ئەو خاوەن لیست و حیزب و قەوارانەی کە زیندووشن لەسەر چ بنەمایەکی هەڵبژاردن و بەربژێریی و بانهگێشتکردن وێنەی سەرۆکەکانتان لەو چوارچێوە گەورەیەدا هەڵواسیەوە، ئایا خەڵک سەرۆکەکانتان ناناسێت؟ یان ئەوندە لاوازن، ئەوەندە بێ فکرن، ئەوەندە ناشارستانیانە ڕەفتار دەکەن، نازانن کە ئەمە دەبێت بە جێگەی گاڵتپێکردنی خەڵکی و خەڵک بەم نمایشانە وەڕس و بێتاقەت دەبن.

ئایا نازانن بۆ دەیان و سەدان جار ساڵانە لەسەر شاشەی تەلفزوێنەکانەوە خەڵک سەرۆکەناتان ئەوەندە دەبینێت کە بێتاقەت و وەڕس بوون، دەتانەوێت هەڵبژاردنیش بکەن بە دیاردەیەکی ناشیرینتر و جارێکی تر وێنەی سەرۆکەکانتان پیشان بدەنەوە. بەم جل و بەرگە ڕازاوە و گرانبەها و دەموچاوە زەقانەوە دەتانەوێت جارێکی تر سەرۆکەکانتان نمایش بکەنەوە، کە خەڵک لێیان بێزارە و بە داگیرکەریان دەزانن. ئایا قەبەیی سەرۆکەکانتان نیشانەی هێز نییە؟ هێزێک کە ئێوەی دەسەڵاتدار خەڵکی پێ دەتۆقێنن، ئێوەی دەسەڵاتدار هەمیشە بە هێز ویستووتانە خۆتان بسەپێنن، هێز نمایشکردن یەکێکە لە ناشیرینترین دیاردەی ناشارستانیانە.

جیهاد موحەمەد
٢٢/٩/٢٠١٨




تاوانێک دەرهەق بە پەپولەیەک … جیهاد موحەمەد

چ وەحشەتگەریەکە کوشتنی تۆ، چ دڵڕەقی و بێ ویژدانیەکە خوێنهێنان لە تۆ، چ تاوانێکی گەورەیە سڕینەوەی ژیانی تۆ.
بە راستی کوشتنی تۆ(ڕۆزا خان) ئازارێکی گەورە بوو، ئەزانم چەند دڵپاک و بێگەرد بوویت، ئەوەی تۆی ناسیبێت ترساوە لە دڵپاکییەکەت، بەڵام خۆ بۆ ئێمە نەبوو ئاگادارت کەینەوە لەو دڵپاکییەت و پێت بڵێین گەلە گورگی پیاوان زۆرن، چونکە زۆر نەماندەناسیت، لەوانە بوو ئەو ئامۆژگارییەمان نەک لێ قبووڵ نەکەیت بەڵکو دڵگرانیش بیت لێمان.
هەر ئێستا خانمێکی بەڕێز تەلەفوونی بۆ کردم و ئەم هەواڵە دڵتەزێنەی داپێم، پێشی وتم، وەک ژنێکی ناسیاو و هاوڕێت پڕکێشی کردووە و بۆ چەندین جار تۆی جوانەمەرگی ئاگادارکردۆتەوە لە دڕندەیی پیاوە چەپەڵ و چەقۆوەشێنەکان، بەڵام بەداخەوە وەک دەڵێن و من تۆم زۆر نەناسیوە، تۆ هەر بۆ ساتێک گوێگربوویت و دواتر هەموو ئامۆژگارییەکانت فەرامۆش کردووە.

کوشتنی تۆیەکی دڵساف و بێگەرد، تۆیەکی بێ گوناح و پاک و خاوێن و دوور لە هەموو دزی و گەندەڵیەک، تاوانێکە هێندەی تاوانی لە سێدارەدانی کاکە ڕامین حسین پەناهی و کاکە زانیار و لوقمان مورادی، هێندەی تاوانی موشەکبارانکردن و شەهیدکردنی پێشمەرگەکانی دیموکرات، هێندەی تاوانی کڕین و فرۆشتن بە کچ و ژنە ئێزیدیەکانەوە.
تاوانی خوێنڕشتنی کەسێکی بێ تاوان و، تاوانی دەیان کەس و سەدان کەس وەک یەک وایە و جیاوازی نییە.

ئەوەی من لە دوورەوە، تۆم ناسیوە، هیچت نەدەزانی جگە لە پێکەنین، جگە لە دڵسافی، جگە لەوەی کە دڵی خۆت بۆ هەموو کەسێک دەکردەوە، تۆ دەبوایە دڵی خۆت تەنهان بۆ پەپولەکان بکەیتەوە نەک بۆ مرۆڤە دڵڕەقەکان، تۆ دبوو لەگەڵ گوڵەکاندا بژیاییتایە نەک لەگەڵ مرۆڤی بێ ویژدان، تۆ دەبوو لەگەڵ تنۆکە بارانەکاندا گفتوگۆت بکردایە نەک لەگەڵ مرۆڤە چەپەڵەکان، تۆ دەبوو تەنها دەرگا و پەنجەری ماڵە خنجیلەکەت بۆ گوێگرتن لە جریوەی چۆلەکەکان بخستایەتە سەرپشت نەک بۆ گوێگرتن لە قسەی باق و بریقی مرۆڤە بێ ئابڕووەکان، تۆ دبوو تەنها لە گەڵ تەنهاییدا بژیاییتایە و نەفرەتی هەتاهەتایی لە مرۆڤی دڵپیس بکەیت، تۆ دبوو بوکی ڕازاوەی ئەوروپا ڤێننای پایتەختی نەمسات بەس بوایە بۆت، تۆ دبوو کچ و کیژۆڵە هەست ناسکەکانت لە ئامێز بگرتایە نەک پیاوی مێشک پووت و ویژدان داڕزاو، تۆ دەبوو کچە گەریلایەک بویتایە بە قەدپاڵی قەندیلەوە، یان وەک دەستەخوشکەکانت لە کۆبانی لە جیاتی لە ئامیزگرتنی پیاوێکی دڵ ڕەق تفەنگێک لە شانتا بوایە.

کچە دڵساف و بێگەردەکە، هەرچەند زۆر نەمدەناسیت وەلێ بەڕاستی کوشتنی تۆ بوو بە ئازارێک بەرمنادات، ئەو تووندوتیژیە بێ ویژدانییەی بەرامبەر تۆ کرا هێندەی تر ڕقی ئەستورکردم بەرامبەر بە پیاوی دڵڕەق، بەرامبەر بە هەموو نێرسالاری و پیاوسالارییەک.

جیهاد موحەمەد
١٢/٠٩/٢٠١٨




بەرژەوەندخوازیی، تیرۆریستان دابەشدەکات …. جیهاد موحەمەد

گومانی تیا نییە، گەورەترین هێزی تیرۆرستیی و داگیرکاریی ئەمەریکا و سیستمی سەرمایەداریە، لەم سەردەمەدا بە دەگمەن وڵاتانێک هەبن توانیبێتیان خۆیان لە هەژموونی سەرمایەداری بپارێزن، یان توانیبێتیان دژایەتی هەژموونی سەرمایەداری بکەن، ئەگەر خۆپاراستن و دژایەتیکردنێکیش هەبێت لە ئارادا بەرامبەر بە ئەمەریکا ئەوە لەو حاڵەتانەدا دروست دەبێت، کە لایەنی دژ و خۆپارێز هەست بە ترسی تەواو هەڵلوشین دەکەن لە لایەن سەرمایەداریەوە، لە ترسی تووشبوون بە قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بەرامبەر بە ئەمەریکا دەوەستنەوە. بۆیە لە دواجاریشدا هەموو یەکدەگرن و بەردەوام لە شەڕ و ئاشتیدا دەبن، ئەم ئامڕازە (شەڕ و ئاشتی) لە نێوان وڵاتانی سەرمایەداریدا سیاسەتێکە بەردەوامی دەدات بەم (نەزمە نوێە) کە لە ڕاستیدا نەزمی نوێ نییە بەڵکو بەزمی نوێیە.

سیاسەتی ترامپ بە ئاشکرا جیاوازە لە سیاسەتی ئۆباما، ئەم پیاوە سەرشێتە هەر لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار هەڕەشەو گوڕەشەکانی خۆی لە دەوڵەتانی ئیسلام و دەوڵەتی ئێران نەشاردۆتەوە، ئەم هەڕەشە و تۆقاندنانەش لە پێناوی کۆکردنەوەی سەرمایەیەکی نەختینەیی زەبلاحدا بووە. ترامت بە هەڕەشەکانی دەیەوێت هەژموونە ئابوورییە زەبەلاحەکەی ئەمەریکا کە خۆی دەبینێتەوە لە بازرگانییە گەوەرکان و ناردنی کەلوپەل بۆ وڵاتانی دەرەوەی ئەمەریکا لە بچوکترین ئامێرەوە تا دەگات بە ئوتومبیل و گەمێ و فڕۆکە و چەک و چۆڵێکی زۆری خەزنکارو، هیچ وڵاتێکی وەک چین و روسیا نەتوانن کێبڕکێکی بکەن، لە لایەکی تریشەوە دەخوازێت جگە لە سەپاندنی ئەو هەژموونە ئابووریی و بازرگانیە، سامانێکی نەختینەی گەورەش کۆبکاتەوە لە وڵاتانی وەک سعودیەی عەرەبی و قەتەر و ئێران و چەندین وڵاتی دیکە.

ترامپ زەوینەیەکی باشی لە بەردەستایە بۆ مسۆگەرکردنی ئەم سیاستە هەژموونکاریە، جەنگ و پێکدادانەکانی نێوان سعودیە و ئێران، کە خۆی لە جەنگە نەگریس و نەبڕاوەکەی نێوان هەردوو ئایینزای سوننیگەرایی و شیعەگەریی دەبینێتەوە. لە لایەکی تریش سەرکێشییەکانی ئەکپارتی و ئەردۆغانی سەرشێت، کە دەخوازێت هەڕەشە لە هەموو جیهان بکات و خەلافەتی عوسمانی بهێنێتەوە سەر سەحنی حکومڕانی و ببێت بە کوێخا و دەمسپی هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، بە تایبەتی کاتێک کە تورکیا زانیان لە یەکێتی ئەوروپادا قبووڵناکرێن ئیتر بە جۆرێک لە جۆرەکان دەستیان شت لە رۆژئاوا. لە لایەکی تر دەوڵەمەندیە گەورەکەی قەتەر بووە بەو دوگە چەورەی کە چاوچنۆکانە ئەمەریکا چاوی تێبڕیەوە، دەیەوێت سەدان ملیار دۆلار لە قەتەر بسێنێت، هەموو ئەمان زەوینەی لەبارن بۆ سیاسەت گڵاوەکەی ترامپ.
ئەم چاوچنۆکییانەش بوونەتە هۆکاری دابەشکردنی تیرۆریستانی جیهان. لە لایەک ئێران و سعودیە، لە لایەک تورکیا و ئەمەریکا، لە لایەکی تر ئێران و ئەمەریکا. لە لایەکی تر ڕوسیا و چین لە هەوڵی ئەوەدان ئەم سیاسەتە قێزەونەی ئەمەریکا سەرنەگرێت و هەرچۆنێک بێت بەرژەوندی خۆیان لە جیهاندا بپارێزن.

ئەم سیاسەتەی ترامپ و بە گشتی سەرمایەداری جیهانی، بە تەواوەتی ترسێکی گەورەی دروستکردووە بۆ هەموو خەڵکی ژێر دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتانە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند باری سایکۆلۆژی خەڵک لە حاڵەتێکی زۆر خراپ و ترس و تۆقاندندان لە قەیران و شەڕ و پێکدادانی ئەم هێزە تیرۆریستانە، باری سایکۆلۆژی حوکمڕانانی ئەم دەوڵەتانەی ناوچەکە بە هەمان شێوە لە حاڵەتێکی خرپادایە و پەلەقاژەی مەرگیانە. کەواتە جیهان بە گشتی و وڵاتانی جیهانی ئیسلامی و جیهانی سێ بە تایبەتی کەوتوونەتە دووڕیانێکی تاریک و ئاڵۆزەوە، بە جۆرێک کە هیچ کام لەم دەوڵەتانە ناتوانێت بڕیاری تەواوەتی خۆی بدات، ئەوەی کە هەیە تەنها هەڕەشەکردن و خۆ گیڤکردنەوە زیاتر هیچی لێ سەوز نابێت.

هەڕەشەکانی ئەمەریکا و ئێرا لە یەکتری بەردەوامە، هەڕەشە و نیگەرانییەکانی ئەمەریکا و تورکیا بەردەوامە. عێراق و کوردستانیش لەم هەڕەشە و گوڕەشە و نیگەرانی و تێکچوونی باری دەروونیە بێ بەش نییە. عەبادی لە لایەک دەڵێت ئێمە ناچارین بڕیارەکانی ئەمەریکا جێبەجێ بکەین، لە لایەکی تر پەشیمان دەبێتەوە، دەچێت بۆ تورکای و پەیمانیش بە تورکیا دەدات، کە چیتر ڕێگە بەو هەڕەشانە نادات کە لە عێراقەوە دەکرێت لە تورکیا، هەر دوای ئەم پەیمانەی عەبادی یەکسەر تورکیا دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر شەنگال و چەدنین کەسی سەرکردەی یەبەشەیان تیرۆرکرد بە بۆمببارانکردنی فڕۆکە جەنگیەکانیان. عەبادی دەیەوێت سەفەری ئێران بکات و لەولاشەوە ئێران قبووڵی ناکەن، لە لایەکی ترەوە هەموو هێزە سیاسییەکانی عێراق بە شیعە و سوننە و کورد، ناتوانن ئەنجامی هەڵبژاردنەکان جێبجێ بکەن و حکومەتی نوێ پێک بهێنن. قەتەر لەگەڵ ئەوەی پشی پشی بۆ ئەمەریکا دەکات لە هەمانکاتدا خۆی دەگەیەنێتە لای ئەردۆغان و پەیمانی ئەوە ئەدات کە بایی ١٥پانزە ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە تورکیادا ئەنجام بدەن. سعودیە بە جۆرێک سەرشێت بووە، کە محەمەد بن سەلمان دەیان لە شازادەکانی دەستبەسەر کردووە و داوای سەدان ملیار دۆلاریان لێ دەکات، بۆ ئەوەی حوکمی بنەماڵەکەیان بپارێزن و خۆیان دەرباز بکەن لە هەڕشە و هەژموونی شیعەگەرایی و ئێران، ئەمەریکاش هەرچی داواکرد بڵێن بەسەر چاو. ئەم سەرشێتیەی محەمەد بن سەلمان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە بە ساروخ لە قوتابخانە سەرەتای و ناوەندییەکانی یەمەن بدەن و بە دەیان منداڵ خەڵتانی خوێن بکەن و هیچ هیزێکیش لە دنیادا ئیدانەی نەکات.

لە هەموو ئەمانە ناخۆشتر ئەوەیە، کە خەڵکی ستەمدیدەی ئەم ناوچەیە لەگەڵ هەموو نیگەرانیەکانیاندا، لەگەڵ هەموو ترس و تۆقاندنیاندا، بەش بەش بوون بەسەر ئەم هێزانەدا، کۆمەڵە حیزبێکی ئیسلامی سیاسیی کاریگەریەکی ئاشکرای هەیە لەسەر گەوجاندن و خۆڵکردنە چاوی خەڵکیەوە بۆ لایەنداری ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت. بە داخێکی گەورەوە، ئەو هێزانەی خۆیان بە شۆڕشگێڕ دەزانن، ئەو هێزانەی دژی تیرۆریستان چەندین ساڵە دەجەنگن، وەک پەکەکە و پەیەدە و شەڕڤانان و یەپەژە و پەژاک و هەروەها هێزی پێشمەرگە و گەریلا، دڵیان خۆشە بەوەی ئێران و تورکیا و ئەم دەوڵەتە فاشیانە تووشی قەیران و شەڕ و پێکدادان دەبن لەگەڵ ئەمەیرکادا، بێ ئەوەی ورد بیربکەنەوە کە هەموو ئەم شەڕخوازی و هێڕش و پەلاماردان و جەنگانە هیچیان لە بەرژەوەندی شۆڕشگێران و خەڵکی ستەمدیدە نییە. جگە لەمانیش حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بە چەپ و ڕاستەوە شەرمنانە ئیدانەی ئەم جەنگ و پێکدادانانە دەکەن، دەنا لە دڵەوە هیوایان بەوەیە بەم شەڕ و پێکدادانانە با سەدان هەزار کەسیشی تیا بچێت، با ماڵی سەدان هەزار کەسیش وێران بێت، با بە سەدان هەزار منداڵ تووشی مردن و لە ناوچوون و نەخۆشی و لانی کەم تووشی نەخوێندەواری و تووندوتیژیی بن، بەڵام گرنگ ئەوەیە لایان کە ئەم دەوڵەت وحوکمڕانانە لاواز دەبن و ئەمان دەتوانن لەگەڵیان رێکبکەون یان جۆرێک لە حوکمڕانیە گەندەڵەکەی باشوریان پێ ببڕێت.

هەرچی دەسەڵاتی سیاسیی کوردستانی باشوریشە، ناتوانن هیچ بڕیارێک بدەن، وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت، ئەمان خۆیان ڕادەستی چارەنووسی عێراق کردووە، ئەو عێراقەی کە ڕیفراندۆمیان دژی دەکرد و، دەیانوت ئەوی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا نەبێت خائینە، ئێستاش وشەی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بەسەر دەمیانەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵەداوانیانە چۆن کۆمەڵێک پۆستی گەورە لە عێراق وەربگرن.

جیهاد موحەمەد/
١٦/٨/٢٠١٨




هەڵەی ئۆپۆزسیۆن پێش ١٢ی پێنج … جیهاد موحەمەد

زۆربەمان لەوە ئاگادارین و دەزانین، کە دەسەڵات بریتیە لە کۆمەڵێک پەیوەندی، پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ سوبێکتەکاندا، یان باشترە بڵێین لەگەڵ کۆی کۆمەڵگەدا لە رێگەی کۆمەڵێک دامودەزگاوە جێبەجێ دەکات، وەک دامودەزگا یاسایی و دادگاکان و دامودەزگا کولتووری و زمانەوانیی و پەروەدەیی و قوتابخانەکان و زانکۆکان و دامودەزگا مێدیایی و سۆسیال مێدیا و رۆژنامە و رۆژنامەوانی و دامودەزگا دینیەکانەوە، کە ئەمانە هەموویان دامودەزگاگەلێکی ئایدۆلۆژین. جگە لەمانەش کۆمەڵێک دامودەزگای سەربازیی و پۆلیس و ئاسایش بە ئاشکرا و هەندێک جاریش دامودەزگای لەم جۆرانە بە شاراوەیی هەیە، وەک کۆمەڵێک کەسی بەڵتەجی و سیخور و خەبەرلێدان و چاودێریکردنی هەرچ جوڵە و بزاوتێک، کە ترسیان لێیان هەبێت، کە دیارە لەم کاتانەدا ئەم دامودەزگایانە بۆ سەرکوتکردن و پەلامار و هێرشکردن بەکاریان دەهێنن.

دەسەڵات، لە هەرچ شوێنێکی دنیادا لە هەوڵی ئەوەدایە، کە خۆی بسەپێنێت، ئەو خۆ سەپاندنە یان بە رازییبوونی تاکەکان و کۆمەڵگە فەراهەم دەکرێت، وەک دەوڵەت و حکومەتە دیموکراتەکانی ئەوروپا، یان بە زۆرە ملێ و بە سەرکوتکردن فەراهەمی دەکەن، وەک دەوڵەتان و حکومەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوین، کە کوردستان و عێراقیش لەو جۆرەن.
ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە و دروست، ئۆپۆزسیۆنێکە، کە رەخنەی هەموو ئەم پەیوندیانە دەکات، رەخنە لە پێناوی گۆڕانکاریدا، رەخنە لە پێناوی جێگرەوەی دەسەڵاتی ستەمکار بە دەسەڵاتێکی دیموکرات و دادپەروەر.

دەسەڵاتی ستەمکار، تەنها لە یەک بواری ژیاندا، یان لە یەک دامودەزگادا ستەمکار نییە، بەڵکو کۆی دامودەزگاکانی لەسەر ئەو فەرهەنگە دامەزراون، کە دەسەڵاتی ستەمکار بپارێزن، ببن بە هۆکار و فاکتەرگەلێک بۆ درێژەدان بەم حوکمڕانییە ستەمکارە، بە ناوی شەرعیەتی حوکمڕانییەوە، کە زۆر جار ئەو شەرعیەتەیان لە هەڵبژاردنەکانەوە وەرگرتووە. ئەمەوێت ئەوە بڵێم، کە پێویستبوو ئۆپۆزسیۆن زۆر لەوە زیرەکتر و وردتر بێت، کە بکەوێتە داوی ئەوەوە کە بە بوونی کۆمەڵێک کەسی باش لەم دامودەزگایانەدا ئیتر چاوپۆشی بکات لێیان و بە دامودەزگاگەلێکی پاک و خاوێن و دیموکرات سەیریان بکات. بۆ نوموونە پێدەچێت کۆمەڵێک دادەوەری باش لە دادگاکاندا بوونیان هەبێت، کۆمەڵێک مامۆستا و بەڕێوەبەری باش لە قوتابخانەکاندا و لە زانکۆکاندا بوونیان هەبێت، کۆمەڵێک ئەفسەر و لێپرسراوی باش لە دەزگاکانی پۆلیس و سەربازییدا بوونیان هەبێت، هەرەوەها… گەلێکی تریش.

دەبوو ئۆپۆزسیۆن هێندە زیرەک بوایە، کە بیزانیایە هەموو دامودەزگاکانی دەسەڵات لە کوردستاندا ماوەی ٢٧ساڵ زیاترە لە بوونیادەوە گەندەڵ بوون، لە بوونیادەوە بوون بە دامودەزگاگەلێکی ستەمکار و بەرهەم هێنانی ستەم و زوڵم و نادادپەروەری و نادیموکراتی. بۆیە بوونی کەسانی باش و دیموکراتخواز ئەم دامودەزگایانە نابن بە دیموکرات و دادپەروەر.

بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە گشتی چ تاک یان وەک ئۆرگانی سیاسیی، پێویستبوو ئەو حەقیقەتە بزانن، کە تا ئەم دامودەزگایانە هەڵنەوەشێنرێتەوە و لە جێگەیدا سەرلەنوێ نەکرێن بە دامودزگایەکی دیموکرات هیچ گۆڕانکارییەک دروست نابێت. ئالێرەوە چەند رەخەنەیەک لەسەر ئۆپۆزسیۆن دەخەمە روو: ١/ جەختکردنەوەی زۆر لەسەر دزی و فزی دەسەڵات و بە فیرۆدانی سامانی وڵات و بێ موچەکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران و گەندەڵیە زۆر و زەوەندەکانی دەسەڵات، چەند کارێکی پێویست و لە جێگەی خۆیدا بووە، بەڵام نەدەکرا ببێتە هۆکارێک کە ئۆپۆزسیۆن بیکات بە چەقی رەخەنەکانی خۆی بە جۆرێک، کە هەموو پەیوەندیەکانی دەسەڵاتی لەو دامودەزگایانەی کە ئاماژەم پێدان لە بیربەرێتەوە. دەبوو ئۆپۆزسێون مەسەلەی گۆڕانکاری لە هەموو دامودەزگا ئایدۆلۆژیی و سەرکوتکەرەکاندا بکردایە بە مەسەلەیەکی ستراتیژی و تەنها چاوی لەسەر گۆڕینی سیستمی سیاسیی لە سەرۆکایەتیەوە بۆ پەرلەمانی نەبوایە، یان تەنها چاوی لەسەر دەستاودەستکردنی دەسەڵات نەبوایە، چونکە ئەگەر بەرەی ئۆپۆزسیۆن گزیی لێ نەکرایە و بیتوانیایە زۆرینەی کورسیەکان بە دەست بێنێت، ئەوە بە شێوەیکی ئۆتۆماتیکی دەستاودەستی دەسەڵات دەکرا، بەڵام بەم دەستاودەستکردنەی دەسەڵات، هیچ لە حوکمڕانییەکە نەدەگۆردرا، ئەگەر سەرلەبەری دامودەزگار گەندەڵەکان نەگۆردرایە بۆ دامودەزگاگەلێکی دیموکراتی و دادپەروەری.

٢/ دەبوو بەرەی ئۆپۆزسێۆن و بە تایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی نەکەوتنانەیەتە ژێر کاریگەری ریفراندۆمە شومەکەی پارتی و بارزانی، کە هەردوو رێکخەری گشتی و رابەری کۆمەڵ دەنگیان پێدا.
٣/ دەبوو بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان راستەوخۆ پشتیوانیان لە خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان بکردایە و خودی خۆیان راستەوخۆ هاوبەشیان تێدا بکردایە و ئەمەشیان رابگەیەندایە.

٤/ دەبوو ئۆپۆزسوێن وەک هەموو ئۆرگانە سیاسییەکان، بە هیچ جۆرێک بڕوایان بە دامودەزگاگەلێک نەبوایە، کە دەسەڵات دروستی بکات و بچنە ژێر کاریگەریەوە وەک دەزگای کۆمۆسیۆنی هەڵبژاردنەکان، کە بەداخەوە خودی خۆیان بانگهێشتی خەڵکیان بەوە دەکرد، کە ئەم دەزگایە، دەزگاریەکی پاک و بێگەردە و گزی لێ ناکرێت.
هەموو ئەمانە قابیلی راستکردنەوەن و شتێک نییە لە دەست چووبێت.

جیهاد موحەمەد
٢٤/٥/٢٠١٨




کوردایەیتی – بەشی چوارەم … جیهاد محەمەد

فیوداڵی کوردایەتی

بە درێژایی خەبات و تێکۆشانی میللەتی کورد، لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا، ـ جگە لە بیری عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لەم چەند ساڵەی دوایەشدا بیری پەیەدە لە رۆژئاواداـ فیوداڵەکان سەرکردایەتی و رابەرایەتی ئەم خەبات و تێکۆشانەی کوردایەتیان کردووە، ئەگەر حیزبێکیش یان چەند حیزبێکیش، کە کۆمەڵێک خوێندەوار دایانمەزرادبێت بە ناوی درێژەدان بە هەمان خەبات و تێکۆشان بۆ سەندنی مافی نەتەوەیی گەلی کورد، هەمان عەقڵیەتی فیوداڵیەتیان هەبووە. فیوداڵەکان، شێخ و مەلاکان،یان ئەفەندیەکان هەمان عەقڵیەت و بیرکردنەوەی دەرەبەگایەتیان هەبووە. ئەوە ئاشکرایە لە دەستپێکی (شۆڕشی) ئەیلول ١٩٦١، بە رابەرایەتی مەلا مستەفای بارزان، فیوداڵەکانی دژ بە یاسای چاکسازی کشتوکاڵی ژمارە ٣٠ ساڵی ١٩٥٨ راپەڕین و هێزی چەکدارییان کۆکردەوە لە ژێر ناوی سەندنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد. تەنانەت باڵی مەکتەبی سیاسی هەمان حیزب(پارتی دیموکراتی کوردستان)، بە بە رابەرایەتی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی، لەگەڵ ئەوەی خۆیان بە شاری و شارستانیی دەناساند، لەگەڵ ئەوەی روویان کردبووە بیری ماوتسی تۆنگ و پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ حیزبی توودەی ئیرانیدا هەبوو، وایان پیشان دەدا، کە تەبەنی بیری چەپ و چەپڕەویی دەکەن، بەڵام بە هەمان رەفتار و کرداری فیوداڵانەی بارزانی و (شۆڕش)ی ئەیلول رابەرایەتی هێزە چەکدارییەکەی خۆیان دەکرد.

ئەم فیوداڵانەی کوردایەتی، ئەو کاتانەی دەنگی خۆیان بەرزدەکردەوە و دەستیان دەکرد بە نەڕە نەڕی نەژاد پەرستی و رەگەزپەرستیی و دیماگۆگییانە خەڵکیان لە دەوری خۆیان کۆدەکردەوە و خوتووکەی هەستی نەتەوەیی خەڵکیان دەدا، دژ بە هاوبیرەکانییان و هاو مێنتاڵیەت و عەقڵیەتی حوکمڕانە شۆڤێنیەکانی بەغدا وەک سەدام و مالکی و عەبادی، یان حوکمڕانەکانی تر لە سوریا و تورکیا و ئێراندا، لە بچووکترین دەرفەتی هەستکردن بە هێز و دەسەڵات، هەمان رەفتار و کرداری حوکمڕانە چەوسێنەرەکانی گەلی کوردیان دەکرد بەرامبەر بە خەڵکە ستەمدیدەکەی، کە کردبوونیان بە سووتەمنی هێزە چەکدارەکانیان. وەک پاوڵۆ فرێری لە کتێبی(پێداگۆگی ستەملێکراوان)دا، ئاماژە دەدات بە ناشۆڕشگێڕێتی ئەم جۆرە لە شۆرش، پەروەردە شۆڕشگێڕێتی ئەم ناشۆرشگێرانە ئەوە بوو، کە هەموو خەڵکی کوردستانیان بە نەزان و بێ سەلیقە و نەخوێندەوار و گێل تەماشا دەکرد، خۆشیان بە زانا و دانا و تێگەیشتوو لە ماف و چەمکی مافی چارەنووس و ئازادی و سەربەخۆیی دەزانی، بۆیە بە هیچ جۆرێک دیالۆگ و دیبەیتیان لەگەڵ خەڵکدا نەدەکرد، بەڵکو خەڵکیان فێری ئەوە کردبوو، کە بێدەنگ و گوێڕایەڵانە دوایانکەون و هیچی تر.

ئەگەر بە وردی سەیری ئەدەبیات و نووسین وکتێب و بیرەوەرییەکانی ئەم فیوداڵانە بکەین، لە ماوەی سەد ساڵ زیاتری خەباتی میللی گەلی کوردا، بە دەگمەن نووسین و کتێب و بابەتی فکرییان هەبووە. ئەوەی کە هەیانبووە تەنها نووسینی بیرەوەرییەکانیانە و هیچی تر، هەڵبەت ئەگەر هەشیان بووبێت، کە بێ گومان لێرەو و لەوێ هەندێکیان بابەتی فکری و تیۆریایی شۆرشگێڕیان هەبووە، وەک نەوشیران مستەفا و قاسم لۆ و جەلال تاڵەبانی، بەڵام نەیانتوانیەوە پراکتیکەی ئەو بیر و بۆچوونە شۆڕشگێرییە بکەن، چونکە وەک نووسین نووسیوانن، مێنتاڵیەتە فیوداڵیەکەیان، دەسەڵاتخوازیەکەیان رێگەی پێنەداون پراکتیزەی کەمترین ئاستی تیۆریای شۆرشگێڕیی بکەن.

هەموو بیرەوەرییەکانی سەرکردە دیارەکانی ئەم بزووتنەوە چەکداریانەی کوردایەتی، پڕێتی لە باسی قارەمانێتی و پاڵەوانێتی و داستانی دەگمەن لە شەڕەکانیاندا دژ بە دەسەڵاتە حکومڕانە شۆڤێنیەکان، خۆی لە خۆیدا ئەمە راستە، هەموومان دەزانین، کە قارەمانێتی و پاڵەوانێتی پێشەمەرگە بێ وێنەیە لەم خەبات و تێکۆشانانەدا، بەڵام قسەمان لەسەر ئەوەیە، کە ئەم هەموو قارەمانێتی و پاڵاونێتیە، چونکە لە بیرێکی شۆرشگێریی و تیۆڕیایەکی شۆڕشگێرییەوە نەهاتووە، بەڵکو تەنها وەک شەڕ و دژایەتیەکی کورتبینانەو، بیرتەسکیی و بێ بفکرییەوە هاتووە، بۆیە لە حکومڕانیی ٢٧ ساڵەیاندا هەموو ئەم پاڵەوانێتی و قارەمانێتیی و داستانە بێ وێنانە بوون بە ئامرازێک بۆ دەستکەوتی خۆ دەوڵەمەندکرد و ڕووتانەوەی خەڵک و بە هەدەردانی سەدان ملیار دۆلاری داهاتی کوردستان.

ئەم فیوداڵانەی کوردایەتی، چونکە لە سەرەتاوە بە دوای دەسەڵاتخوازییەوە بوون، بۆیە نەگەڕاونەتەوە لە هیچ خیانەتکردنێک و هیچ فروفێڵ و زۆڵێتیەکی سیاسیی، کە خزمەتی دەسەڵات و درێژەدان بە دەسەڵاتیان بکات. جگە لەوەی کە نەگەڕونەتەوە لە جاشێتی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتی چەوسێنەری گەلی کورد، لە ناو خودی خۆشیاندا دەیان شەڕ و پێکدادانی خوێناویان بەرپا کردووە، لەسەر دەسەڵات و پۆست و پلەو پایەی سیاسیی و دزین و بە تاڵانبردنی سامان و داهاتی کوردستان، بۆ نموو لە ١/٥/١٩٩٤ تا ٨/٩/١٩٩٨ ئەو شەڕە خوێناوییەی، کە پەرایانکرد لە نێوان هێزە چەکدارەکانی پارتی و یەکێتیدا، لەسەر دزین و بەش بەشێنی داهاتی برایم خەلیل بوو، کە گەورەترین دهات و دەروازەی گومگرگی بوو لە جیهاندا، بە گوێرەی لێدوانی بەریتانیەکان لەو کاتەدا، ئەم شەڕە خێڵەکییە، ٤ ساڵاو ٤ مانگ و ٧ رۆژی خایاند، هەر بۆ گاڵتە پێکردن، کێبڕکێ دروستبووبوو لە نێوان سەدام حسەین و ئێران و تورکیادا بۆ ناوبژیوانی ئەم دوو هێزە چەکدارە، تا لە دواجاردا وەزیری درەوەی ئەمەریک (مادڵین ئۆلبرایت) بەو پەڕی نابەدڵێیەوە رێکیخستنەوە.

بێ فکریی و نەخوێندەواریی و خێڵەکێتی و دەسەڵاتخوازیی ئەم فیوداڵانەی کوردایەتی، زۆر جار پاڵنەریان بووە بۆ پەنابردن بە کۆنەپەرسترین بیریی ئیسلامی سیاسیی، لە پێناوی ئەوەی بەکاریان بهێنن دژی یەکتری، لە کاتێکدا کە بانگهێشتی بیری ئازاد و دیومکراتییان دەکرد، لە هەمانکاتدا زیاتر لەوان تەبەنی ئەو بیرەیان کردووە، کە پێی وایە، (ئەخلاق) کێشەی کورد وگەلی کوردە، واتە وەک ئیسلامی سیاسیی بیری لێ دەکاتەوە، نەبوونی مۆراڵ و ئاکاری بەرزی خەڵکە، کێشەی بۆ گەل و نەتەوە دروستکردووە، کە پێچەوانکەی راستە و ئەوەی مۆراڵ و ئاکاری بەرز دروستدەکات، پەروەردەیەکی هاوچەرخانە و شۆرشگێرییە، ئەوەیش بە سیستمێکی سیاسیی دادپەروەرانە و یەکسانخواز و دیموکراتخواز دروستدەکرێت. واتە بارودۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بنەمای مۆراڵ و ئاکاری مرۆڤدۆستییە، نەک ئامۆژگارییە دینیەکان بۆ دروستکردنی مۆراڵ و ئاکاری مرۆڤدۆستانە. هەتا سیستمێکی سیاسیی و حوکمڕانێکی دیموکراتییانە و دادپەروەرانە نەیەتە ئاراوە، نە پەروەدە، نە هیچ ئامۆژگارییەکی دینیی ناتوانێت بەها مرۆییەکان فەراهەم بکات. پەروەردەی دیومکراتیانە چ لە قوتابخانەکاندا، چ لە ناو خێزانەکاندا، چ لە ناو هەموو ئۆرگانە سیاسیی و کۆمەڵایەتیەکاندا، دروست نابێت، بە بێ حوکمڕانییەکی دیموکراتیانە.

جگە پەنابردن بۆ فکری دواکەوتوویی و توندووتیژی ئیسلامی سیاسیی، پەنایان بۆ دیماگۆگییەکی تری یەجگار بێ مانای ریفرانۆدم برد، کە گوایە، گەلی کورد بە ئابووری سەربەخۆ و جیابوونەوە دەگات بە مافەکانی خۆی، لە کاتێکدا هەتا هەموو گەلی عێراق بە هەموو نەتەوە و دین و ئاینزاکانیەوە ئازادییەکی گشتی بە خۆیەوە نەبینێت، گەلی کورد و تەنانەت دین و ئاینزانکانیش ناگەن بە ئازادی و، ڕزگاریان نابێت لە چەوساندنەوە. نە دین، نە نەتەوە، نە تاک، نە رەگەز، نە چین، نە مرۆڤایەتی و ژینگە و ژینگەپارێزیی، ئازاد نابێت، تا بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئازاد نەبێت. دین کاتێک ئازاد دەبێت، کەسە دینی و کولتوورە دینیەکان کاتێک ئازاد دەبن، کە کۆی کۆمەڵ و کۆمەڵگا لە هەموو بوارەکانی ژیانیدا ئازد بێت. ئەم ئازادیەش بە واتای خۆی، سڕینەوەی عەقڵیەتی دەسەڵاتخوازییەکانی دین و ناسینۆنالستیی و نەژادپەرستی و رەگەزپەرستیە، بۆیە ئەم فیوداڵە نەتەوەپەرست و دینیانە هەمیشە دژی ئازادین و بەردەوام کار لەسەر درێژەپێدانی کولتووری دواکەوتووی کۆمەڵایەتی دەکەن.

جیهاد محەمەد/ کوردستان
٥/٥/٢٠١٨




کوردایەتی – 3- … جیهاد موحەمەد

بەشی سێیەم

خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد بە گشتی و بە تایبەتی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە عێراق و گەلی کورد لە ئێراندا، خاوەنی تیۆریاییەکی شۆڕشگێڕ و پراکتیزەی ئەو تیۆریاییە نەبوون، هەتا ئێستاش بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و هەموو تیۆڕیا و بیرکردنەوەی ئەم تێکۆشان و خەباتە خۆی لە کوردایەتیەکی بیرتەسکدا دەبینێتەوە، هەرکەس و هەرچ بیر و بیرکردنەوەیەک خۆی نەخستبێتە نێو بۆتەی ئەم کوردایەتیەوە، بە پێی خوێندنەوە و هەڵسانگندنە نالەبار و ناڕاستەکەی کوردایەتی تەخوین کراوە، هەر هیچ نەبێت پێی دەڵێن، عێراقچی و عێراقچیەکان، یان ئێرانچی و ئێرانچییەکان، ئەم چەمکە بێ واتا و پڕ لە تێنەگەیشتنە بێ فکرانە، زۆر دەمێکە خزاندویانەتە نێو فەرهەنگ و ئەدەبیایتی سیاسییەوە، چ لە لایی کوردەکانی عێراق، چ لە لای کوردەکانی ئێران. زۆر جاریش دەسەڵاتخوازییەکانیان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی، کە چەندین جار شەڕی خوێناوی لەگەڵ یەکتری بکەن، ئەگەر ئەوەشیان بۆ نەکرابێت، شەڕی ڕاگەیاندن و تەخوینکردن و شەڕە جنێو تا ئێستاش لە ناویاندا نەبڕاوەیە. تەنانەت لەسەر دەمی سەرکردە و کەسە باڵاکانیانەوە خەڵکیان فێری ئەوە کردوەو، کە بە خەڵکی هەولێر بڵێن، هیچ نەزان، فەقیر، داماو، نەخوێندەوار و عەشایەر، یان بە خەڵکی سلێمانی بڵین ئێرانییەکان و فشەکەرکان و سلێمانجیەتیەکان و ئیرهابی فکری و قسەگەڵێکی بێ واتا و نابەجێ، ئەوانەی لە هەولێردا فێری ئەم ئەدەبیاتە پوچە بوون، بە توانج و تانە دەڵێن، ئێرە(واتە هەولێر) سلێمانی نییە!، ئەوانەشی لە سلێمانیدا فێری ئەو ئەدەبیاگە پوچە بوون، دەیان نوکتە لەسەر هەولێر دروستدەکەن.
ئەم سیاسییە بێ فکر و نەزانانەی کوردایەتی، بە یەکتری دەڵێن خائین، درۆزن، ساختەچی، جاشی ئێران، جاشی عەبادی، جاشی تورک و میتی تورکی، کەچی وەک تریش لە پێناوی دەسەڵاتخوازییەکەیاندا ئیتیفاقی سیاسیی و ستراتیژیی مۆردەکەن لەگەل یەکتریدا. بە عێراق و حوکمڕانەکانی ئێستای عێراق دەڵێن، فاشی، دز، درۆزن و دوژمنی گەلی کورد، کەچی لەولاوە دەستوریان لەگەڵدا دەنووسنەوە، کە دەستوریش دەنوسنەوە شەڕ لەسەر ئەوە دەکەن، کە ئەم حیزبیان، یان ئەم سەرکردەیان، دەستی باڵای هەبووە لە نووسینەوەی ئەو دەستورەی، کە بە حسابی خۆیان زۆربەی مافەکانی گەلی کوردی تیا بەدیهاتووە.

چونەک نەخوێندەوارانە و خێڵەکیانە و لەسەر بنەمای بێ فکریی و کوردایەتیە بیرتەسک و شۆڤێنێتیەکەیان سیاسەت دەکەن، چونکە چاویان لە دەسەڵاتخوازیە، نەک لە مافی گەلی کورد، پێ بە پێی پێشێلکردنی دەستور لە لایەن حوکمڕانەکانی وەک مالکی و عەبادیەوە، ئەمانیش هەمان پێشێلکاری دەکەن، واتە وەک شەڕە گەڕک کار دەکەن و بیر دەکەنەوە. ئەم شەڕانە هیچ جیاوزی نییە لەگەڵ شەڕی نێوان دوو خێڵ، یان دوو گوندا.
هەموو ئەم تەخوینکرد و چەمکە سەقت و نالەبارانەش لە بێ فکری و بێ تێڕامانی ناسیۆنالستییە نەژادپەرستیی و دواکەوتووەکەی کوردایەتیەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەمانە وا بیریان کردۆتەوە، کە مەسەلەی کورد و کێشەی کورد، تەنها وابەستەی یەک کێشەی نەتەوەیی و یەک کێشەی کوردستانی و عێراقی و ئێرانیە، بۆیە ئەمە دۆخێکی هێندە بێ فکری و ئایدۆلۆژی و فەلەسەفی بۆ هێناونەتە پێشەوە، کە نەیانتوانیوە کێشەی گەلی کورد بخەنە سەر راستە ڕێی خۆی، کە کێشەیەکی ناوچەیی و جیهانیە، کێشەیەکە وەک هەموو کێشەکانی گەلانی تر لە ناوچەکەدا، کە رزگاری و ئازادی و سەرفرازی و سەربەخۆیان بە خۆیانەوە نەبینیوە، بە پێچەوانەوە، ئەگەر گەلی کورد لە سەردەمانێکی دوورودرێژدا هەموو دەسەڵاتخوازن و حوکمڕانە ناسیۆنالستیی و حکومڕانە دینیی و دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکانی ئەفەرۆز کردووە، بەڵام گەلانی تری ناوچکە وەک گەلانی عرەبی و تورکی و فارسی کەوتوونەتە هەڵەیەکی گەورەی ستراتیژیی و نەزانین و ناهۆشیاری ئەوتۆەوە، کە بوون بە شەڕکەر و بەرگریکاری حکومەتە چەوسێنەرەکانی خۆیان بە ناوی حکومەتی عەربی و تورکی و فارسیەوە.

هەڵبەت ئەوەش ڕوونە و سەدان بابەت و کتێب و نووسینی لەسەر نووسراوە، کە ئەم حوکمڕانانەی ناوچەکە و هەموو رۆژهەڵاتی ناوین، بە وەکالەت وەکالەتی سەرمایەداری جیهانی دەکەن و بوون بە پارێزەری بەرژەوەندیە گڵاوەکانی کۆمپانیا سەرمایەدارەکانی جیهانی و خۆشیان وەک دەستەبژێرێکی ئەو گەلانە دەستیان خستۆتە بینەقاقای نەتەوە و گەلانی خۆیانەوە و دایان دەدۆشن، هەرچی پێی بڵێی شکۆنەدنی و ڕێزی کۆمەڵایەتی و سیاسیی نەتەوەیی و کۆمەڵ و چین و تاک هەیە نییانە.
ترسناکترین و خراپترین و هەڵەترین خەبات و تێکۆشانی گەلانی کورد لە ناوچەکەدا ئەوە بووە، کە هەمان بیرکردنەوەی حوکمڕانە جینۆسایدکارەکانی گەلی کورد و گەلانی دیکەیان هەبووە. ئەم کوردایەتیە، نەیتوانیەوە ئەم عەقڵیەتە داگیرکاریی و دەسەڵاتخوازیە تێپەڕێنێت.
هیچ کات و هیچ سەردەم و هیچ رۆژێک نەبووە و بەرگوێ نەکەوتووە، کە ئەم حیزبە کوردییانەی لەسەر بنەمای کوردایەتی دروستبوون و گەورەبوون، بتوانن رەخنەی خۆیان بکەن و واز لە مێژووی خۆیان بهێنن و بە گوێرەی سەردەم و عەقڵیەتە پێشکەوتووخوازەکان رەفتار و مامەڵە بکەن، بە پێچەوانەوە هەمیشە لە نۆستالیژادا دەژین.

ئەمانە چونکە دەسەلاتخواز بوون، چونکە بیریان لای دەسەڵات و بنەماڵە و حیزبەکانی خۆیان بووە، بۆیە هەرگیز لە ڕووی ئەخلاقی و بیرکردنەوەی فەلسەفیانە و پرسیاری فەلسەفیانەیان نە لە خۆیان و نە لە کەسیان نەکردوە، لای ئەمان تەنها ئەوە گرنگ بووە، کە تەقەکردن و راودونان و پاکتاوکردنی ئەو کەسانە لە ئارادا بێت، کە لەگەڵیاندا نین و رەخنەیان لێ دەگرن. بۆیە چۆن لەسەردەمی شاخدا کەسە نەیارەکانی خۆیانیان پاکتاو دەکرد و لە کونی زیندانیان دەخستن و بە دەیان کەسیان لێ تیرۆکردن، بە هەمان شێوە لە سەردمی حوکمڕانیەکەشیاندا، لەسەردەمی پەرلەمان و دامودەزگا یاساییەکانیشیاندا، بە بێ داداگییکردن دەیان کەسیان خەڵتانی خوێن کرد و وازیان لە پاکتاوکردن نەهێنا.
ئەم کوردایەتیە بە جۆرێک بێ عەقڵی و بێ سەلیقەیی دروستکردووە نەک هەر لە ناو حیزبەکاندا بەڵکو لە ناو زۆربەی خەڵکی رەشوڕووت و برسیشدا، کە هەموو گەلی عەرەب و فارس و تورکیان بە بێ مێشک و دڕندە سەریرکردووە، فەرهەنگێکی دوژمنایەتیان لە نێو خەڵکدا دروستکردوە، لێرەوەیە، کە دەڵێین ئەم کوردایەتیە، درێژە پێدەری چەوساندنەو و ناهۆشیاری و بێ مێشکی هەموو گەلانی ناوچکەیە بە گەلی کوردیشەوە، کە سەدان ساڵە شەڕی دین و ئیانزا و ناسیۆنالستیی دەکەن، بێ ئەوەی خۆیان هیچ سوودێکیان لێ وەرگرتبێت و بێ ئەوەی گەلی کوردیان گەیاندبێت بە هیچ مافێک.

ئەگەر تێبینی بکەین، کە دەبێت نەک تێبینی، زۆر لێی رابمێنین و شرۆڤە و شیکارییەکی زیرەکانەی بۆ بکەین، ئەم کوردایەتیە لە حوکمڕانی و ئیدارەشدا، کە زیاتر لە ٢٧نساڵە ئیدارە و حوکمڕانن و هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن، پەرلەمان دروستدەکەن، دامەزروە حوکومییەکان دروست دەکەن، نەیانتوانیوە لە عەقڵیەتی شاخ خۆیان جیابکەنەوە. چۆن لە (شۆرش)ەکانیاندا کۆمیتەی دێهاتەکانیان دروست دەکرد، چۆن ئەمانەتەکانیان دروست دەکرد، چۆن پەل و لق و بەتالوێن و هێز و سەرکردایەتی سیاسی و سەرکردایەتی عەسکەری و دەزگای ئاسایشیان دروست دەکرد، یان لەسەر دەمی ئەوەی پێی دەڵێن”شۆڕشی نوێی گەلەکەمان” چۆن ئەنجمومەنی دێهاتەکان و کەرت و مەڵبەند و سەرکردایەتی سیاسی و سەرکردایەتی عەسکەریان دروست دەکرد، کە هەموو ئەمانە لەسەر بنەمای نادیموکراتیانە بوون، هەموویان ببوون بە دەزگاگەلێک بۆ چەوساندنەوەی خەڵک، ببوون بە دەزگاگەلێک، بۆ خۆسەپاندن بەسەر خەڵکدا، هەرچی ئەم دەزگایانە بیان وتایە هەر ئەوە بوو، بۆ هیج کەسێک نەبوو دیبەت و دیالۆگیان لەگەڵ بکات، ببوون بە جاسوس بەسەر هەرچ کەس و گروپێکەوە، کە بیری بکردایەتەوە، کە بیخوێندایەتەوە، گاڵتەیان بە خوێندەوار و کتێب و خوێندنەوە و ئەدیب و ڕۆشنبیر دەکرد، مەگەر ئەوانەی، کە بەو ناوانەوە لەگەڵیاندا بوون، توانیبێتیان جار جار شتێک بنووسن و بڵێن. بە مەرجێک لە چوارچێوەی عەقڵیەت و کوردایەتیەکەی ئەواندا بخولێتەوە و سنور نەبەزێنێت. بە هەمان شێوە لەسەردەمی حوکمڕانیی شاریشدا، هەمان دەزگاگەلی نادیمکراتییان دروستکردووە.
ئەم کوردایەتیە، شان بە شانی عروبە و تورکچێتی و فارسچێتی، ئاستەنگی گەورەی لەبەردمە گەیشتن بە مافە رەواکانی گەلی کوردا دروست کردووە، گەلی کورد و مەسەلەی ئەم گەلەی وەک گەلێکی چەوساوە دەرگیری عەقڵیەتێکی شۆڤێنیستی و ڕق و کینە کردووە، دەرگیری شەڕێکی نەبڕاوەی کردووە، کە شەڕی نە کورد وەک گەلێکی چەوساوە، نە شەڕی خەڵکی ڕەشوڕووت و چەوساوەیە.

ئەم کوردایەتیە، گەلی کوردی خستۆتە بۆتە و خولگەی حیزبگەلێکی نا عەقڵانی و نەزان و خێڵەکی و بنەماڵەیی، کە هەتا لەم خولگەیە خۆی رزگار و ئازاد نەکات ناتوانێ هەنگاوێکی جددی هەڵبێنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی و رەگەزیی و چینیی و ئیکۆلۆژیەکانی خۆی. ئەم کوردایەتیە، هەموو کێشەکانی گەلی کوردی وەک کێشەی تاک و خود بە تایبەتی بۆ گەنجان، وەک رەگەز و کێشە جێندەرییەکەی، وەک نەتەوە و کێشە نەتەوەیەکەی، وەک چین و کێشە جینایەتیەکەی وەک کێشە مرۆڤایەتییەکانی، خستۆتە ڕاژەی دەسەڵاتخوازی خۆی و شەڕ لەسەر دەسەڵات و پۆست و پلە و پایە بۆ دەستەبژێرێک لە حیزب و بەنماڵەکانیان. … درێژەی دەبێت

جیهاد موحەمەد/ کوردستان

٢٩/٤/٢١٠٨




مێژووی ون و پڕ لە کێشەمان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ … جیهاد موحەمەد

مێژووی ئێمەی کورد لە هەموو ڕوویەکەوە ونە، خودمان، رەگەزییمان، چینایەتیمان، نەتەوەییمان و مرۆڤایەتیمان، ونە و شێوێندراوە و بەردەوام دەشێوێندرێت.
ئەوەی، کە زۆر بەهێز توانیوێتی تا ئێستاش بە بەردەوامی ئەم مێژووانەی ئێمەی شێواندووە، لە دوو هێزی زەبەلاح، وەک دەسەڵات، پوچ، لە ناوەڕکە فەلسەفیی و ئەخلاقیی و مرۆییەکەیدایە، ئەو دوو هێزەش، هێزی ئیسلامی سیاسیی، بە تایەبەتی کە خۆی دەبینێتەوە لە شەڕی نەگەریسی سەدان ساڵەی شیعەگەرایی و سوننیگەراییدا.

هێزی دوەمیش شەڕی ناسیۆنالستیی نەژادپەرستییە، ئەم هێزەش بەردەوام بە کۆمەڵێک میکانیزم چ بە دستی دەسەڵات و حکومڕانەکانی ناوچەکەوە و چ بە کۆمەڵێک میکانیزمی تر، بە دەستی سەرمایەداریی جیهانییەوە، کە لەسەر هەردوو هێزە دینیی و ناسیۆنالستییەکەدا کار دەکات لە پێناوی بەرژەوەندییە گڵاوەکانی خۆیدا. وەک گەلی کوردیش سەد ساڵ زیاترە هەردوو هێزەکە بە ناوی گەیشتن و سەندنی مافی گەلی کوردەوە، بە ناوی (شۆڕش) و(بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کورد)ەوە درێژە بە هەردوو ئەم هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارە دەدرێت.

ئیتر تا ئێستا، ئەتوانم بڵێم چەپ و کۆمۆنیست و لیبراڵ و دیموکراتخواز و رێکخراوە ئینساندۆستەکانیش نەک هەر نەیاتوانیوە میکانیزمگەلێک بدۆزنەوە دژ بەم دوو هێزە ڕەشە، بەڵکو زۆر جار خودی خۆیان کەوتوونەتە بۆتەی ئەم دوو هێزەوە و بوون بە پشتیوانی ئەم دوو هێزە. هەر بۆ نموونە، هەردوو حیزبی شیوعی قیادەی مەرکەزی و حیزبی شیوعی لیژنەی مەرکەزی، کە خاوەنی مێژوویەکی پر لەسەروەری خەبات و تێکۆشانیش بوون، بەڵام زۆر بە ئاسانی بوون بە پشتیوانی بە ناو(شۆرش و بزووتنەوە چەکدارییەکەی) مەلا مستەفای بارزانی و جەلال تاڵەبانی، یان بوون بە پشتیونای بەعسیەکان و کردنەوەی بەرەی بە حسان نیشتیمانیی لەگەڵ بەعسدا.

هەتا ئێستاش لە کوردستانی باشور و رۆژهەڵاتدا ئەو هێزەی، کە چاوکراوە بێت و توانیبێتی رەخنە لەم دوو هێزە دەسەڵاتخوازییە کۆنەپەرستییەی ئیسلامی سیاسیی و ناسیۆنالستیی نەژادپەرستیی بگرێت و وازیان لێ بهێنێت، زۆر لاوازە. جار جار لێرە و لەوێ کەسانێکی بە توانا و بوێر دەردەکەون، کە ئازایانە رەخنە لەم دوو هێزە رەشە دەگەرن و رەخنەش لە ڕابووردی خۆیان دەگەرن، کە رۆژانێک بوو بە نەزانی کەوتووبوونە بۆتەی یەکێک لەو دوو هێزە ڕەشە دەسەڵات خوازەوە.

وەک هێزی ئۆرگانی جگە لە پەکەکە و پەیدە لە رۆژئاوادا، هێزێکی ئەو تۆ نابینرێت، توانیبێتی خۆی لە بیرکردنەوەی ئەم دوو هێزە رەشە رزگار بکات و بتوانێت کۆمەڵێک میکانزمی شۆرشگێڕیی بە دەستەوە بگرێت بۆ خەباتکردن و تێکۆشانێک، کە مێژووی گەلی کورد وەک ئاماژەم پێدا لە هەموو رەهەندەکانیەوە بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی لە ئەنجمدا کۆمەڵگەی کوردی بخاتەوە ناو مێژوو راستەقینەکەی، کە بریتیە لە مێژوویەکی پڕ لە سەروەری بۆ خود، بۆ نەهێشتن و سڕینەوەی کێشەی جێندەر، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو هاوکێشەیەی، کە جەمسەرێکی چینی سەردەست و دەوڵەمەندەو و جەمسرێکی تریشی چینی ژێردەست و چەوساوە و هاردراوە، هەروەها بۆ سڕینەوەی چەوساندنەوەی نەتەوەیی و لە جێگەیدا دروستبوونی نیشتیمانییبوون و هاوڵتییبوون، بۆ ئاراستەکردنی پرۆسەی مرۆڤایەتیی و هەموو ئەو بوارانەی، کە بەرژەوەدنی گشتی مرۆڤایەتی تێدایە لە کوردستان و ناوچەکە و هەموو جیهاندا.

هەموو ئەو دەسەڵاتە چەوسێنەر و نادادپەروە و نامرۆییانەی ناوچەکە بە بێ جیاوازی، هەموویان لە عەقڵیەتی دینیی و ناسیۆنالستییەوە توانیویانە درێژە بە حوکمڕانیی خۆیان بدەن. هەتا ئەم عەقڵیەتە خراپ و هەڵەیە لە ناو کۆمەڵگە و زۆربەی خەڵکدا بمێنێت، هەمیشە نەک هەر گەلی کورد، بەڵکو هەموو گەلانی ناوچەک ناتوانن مێژووی راستەقینەی خۆیان بدۆزنەوە و بگەن بە ژیانێکی خۆشگوزەران و دادپەروەر و پڕ لە کەرامەت بۆ هەر تاکێک و بۆ هەرچ نەتەوەیەک و بۆ هەرچ چینێک و بۆ مرۆڤایەتیی بوونیش.

جیهاد موحەمەد/ کوردسان
٢٥/٤/٢٠١٨




پارتی بۆ هەمیشە خۆی بە زوڵملێکراو دەزانێت؟ … جیهاد موحەمەد

پارتی هەمیشە هەست بەوە دەکات گەلەکۆمەکێی لێ دەکرێت، هیچ حیزبێکم نەبینیوە هێندەی ئەم حیزبە ترس لە کودەتا و لە گەلەکۆمەکێی کردبێت بە چەکێک بۆ دژایەتی هەموو لایەک، هەر بەم چەکەش ئەندامان و لایەنگران وهەوادارانی خۆی گۆشدەکات. ئەم ترسەی پارتی و ئەم چەکەی بە دەستیەوەیەتی، کارێکی کردووە، کە زۆر جار ئەندامان و هەوادارانی گومان لە هەموو کەس بکەن، هەموو رەخنەیەک بە دایەتی بزانن، تەنانەت گومان لە دۆستەکانی خۆشیان دەکەن. ئەم ترس و هەراو زەنایەی پارتی، کە هەموو لایەنێکی پی تۆەمەتبار دەکات، لە لایەن حیزب و لایەنەکانی ترەوە ژیرانە وەڵام نادرێتەوە، بەڵکو زۆر جار لە داخدا، کە داخ و کینە لە سیاسەتدا زۆر خراپە، بە جۆرێک دەکەونە بەرگریکردن لە خۆیان، کە دەکەونە هەندێک هەڵەی ڕاگەیاندنەوە، کە هێندەی تر مێدیاکان وێران دەکات و کێرڤی بێ متمانەیی بە مێدیاکان بەرزتر دەکەنەوە و، بەمەش دەرەقەتی مێدیا زەبلاحەکانی پارتی نایەن، کە دەمێکە پارە و پولێکی زۆریان بۆ تەرخان کردووە و، کردوویانە بە دیوارێکی گەورەی بەرگرییکردن لە خۆیان و لە سیاسەت و حوکمڕانییەکەیان.

پارتی بەم گومانکردن و دڵپیسییە لە هەموو لایەنێک، چەند مەبەستێکیان هەیە، یەکەم، لەسەر پرنسیپی”درۆبکە، درۆبکە، درۆبکە” تا درۆکان دەبێت بەڕاست و ئیتر تۆ بە راست دەزانن و هەرچەندە درۆبکەیت خەڵک بە راست وەریدەگرێت. بە تایبەتی مەبەستیان لەم پرنسیپڵە دزێوە ئەوەیە، کە سۆزی زۆربەی جەماوەری کوردایەتی رابکێشن بەلای خۆیاندا، ئەم جەماوەرەش بۆ کاتی دەنگدانەکان، پارتی زۆر سوودیان لێ وەردەگرێت، چونکە تەنها پارتی بە نوێنەری راستەقینەی کوردایەتیەکەیان دەزانن. لە لایەکی تر بۆ زیاتر تۆکمەکردنی جەماوەرە حیزبییەکەی خۆیان، بۆ ئەوەی ئەو جەماوەرە هیچ کات کەلێنی تێنەکەوێت و هەمیشە خۆیان و حیزبەکەیان بە راست بزانن، بۆیە وا هەموو لایەنێک دژیان وەستاوەتەوە. پارتی دەمێكە ئیش لەسەر مەسەلە کوردایەتییەکە دەکات و توانیوێتی ئەم مەسەلەیە بکات بە هەڵلاو و راگەیاندنێکی گەورە، کە تەنها پارتی توانیوێتی پێ لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیی دابگرێت، مەسەلەی ریفراندۆمەکەشیان رەنگە چەندین مەبەستی لە پشتەوە بووبێت، بەڵام گرنگترین مەبەستیان هەر ئەمە بوو، کە سەرنجی هەموو جەماوەری کوردایەتی لە باشور و لە بەشەکانی تری کوردستاندا رابکێشن بەلای خۆیاندا، بە راستیش ئەمەیان بۆ چووە سەر، لەگەڵ ئەوەی ریفراندۆم شکستی هێنا و بە فەرمیشی وازیان لێهێنا.

مەبەستێکی تری پارتی لەم چەک و سیاسەتکردنە، ئەوەیە، کە بە هەموو لایەنێکی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان، بە تایبەتی پارتە رۆژهەڵاتییەکان، کە وجودێکی بەرچاویان هەیە لە باشوردا، هەروەها بە ئەنەکەسەی دۆستی خۆیانی رابگەیەنن، کە تەنها پارتی دەتوانێت ئەم ئەزموونەی باشور و ئەم حوکمڕانییەی باشور، کە ناوی (حکومەتی هەرێم)ی کوردستانە لە عێراقدا بپارێزێت، زیاتر ئەمەشیان بەوە بۆ چۆتە سەر، چونکە لە ماوەی ٢٧ ساڵی رابردوودا پارتی توانیوێتی بە پلەی یەکەم و لە پێش یەکێتیشەوە حوکمڕانبێت و دەستی باڵای هەبووە لەم حکومڕانییەدا، لە لایەکی تریشەوە شەریکە ستراتیجیەکەیان بە جۆرێک تووشی دەستەگەریی بووە، کە سەرکردایەتیەکی دیار و ئاشکرایان نەماوە و بووە حیزبێکی فرە کوێخا، بۆیە ئەو متمانەیەی نەماوە، کە مەسەلەی کوردایەتی بەرێتە پێشەوە. لەولاشەوە کۆمەڵێک حیزبی ئیسلامیی هەیە، کە نە جەماوەری کوردایەتییەکە و نە لایاندارانی راستەوخۆی پارتیش بڕوایان پێناکەن بەوەی، کە پرسی کورد بخەنە پێش دینەکەیانەوە. بزووتنەوەی گۆڕانیش دوای وەفاتی رێخەری گشتیان، لای خودی جەماوەرەکەی خۆیان نەبێت، لای پارتی و لای زۆربەی جەماوەرە کوردایەتییەکە و لای حیزبەکانی دەرەوەی باشور هێندە حسابی لەسەر ناکرێت وەک جاران. ئەمانەش هەموویان بوون بە خێر بۆ پارتی، کە بتوانێت بەکاریان بهێنێت، بە تایبەتی ئەو شەڕە نەخوازراوەی ئێستا لە نێوا بزووتنەوەی گۆران و شاسوار عەبدول واحیدا هەیە.

پارتی بە هۆی ئەوەی تاقە حیزبی حوکمڕانن لە کوردستاندا، پارە و پولێکی زۆریان لەبەردەستایە، ئەوەتا موچەی هەموو مامۆستایان و فەرمابەرانیان کردووە بە نیوە موچە، لە پێناوی ئەوەی پارەکانی خۆیان کەم نەبێتەوە، بەم پارەو پولە زۆرەی بەردەستیان توانیویانە کەم و زۆر پشتیوانی زۆربەی حیزبەکانی دەرەوەی باشور بکەن و هەموو جارێکیش وا پارەکەیان پێ دەدەن، کە ئەم پارەیە پارەی کوردایەتیە و تەنها پارتیش دەتوانێت ئەم سەروەتەی کوردایەتی بپارێزێت، بۆ ئەوەیە هەمیشە ئەم پارتانە بە وریاییەوە لایەنداری پارتی بکەن و ببنە بە حەرەسی بەردەرگیان، نەک ڕۆژێک “مانگا بمرێت و دۆش ببڕێت”.
بە کورتی و بە پوختی دەمەوێت ئەوە بڵێم، پارتی سیاسەتێک دەکات، کە هەمووی لەسەر بنەمای فڕوفێڵ هەڵنراوە، بەڵام لەبەرئەوەی لە دواجاردا ئەم فڕوفێڵەیان بۆ چۆتە سەر و توانیویانە سوودی لێ وەربگرن، بە هیچ جۆرێک پارتی لەم سیاسەتە پەشیمان نییە، مەگەر رۆژێک، کە لوتیان بدات بە بەردی گۆڕیچەکەیاندا.

جیهاد موحەمەد/ ٣/٤/٢٠١٨




عەقڵی خۆپیشاندەران و عەقڵی حیزبەکان … جیهاد محەمەد

١/ پارتی، جگە لەوەی زراوی چووە خۆپیشاندانەکان بەری پێنەگیرێت و گەورەتربێت و شکۆیان بە تەواوەتی بشکێت و لەسەر کورسییەکانیان بە شەق بیانهێننە خوارەوە، داخی زۆر دەخوات لەوەی، کە هەندێک لە حیزبە ئۆپۆزسوێنەکان بە تایبەتی بزوونتەوەی گۆڕان و کۆمەڵ سوود لەم خۆپیشاندانانە وەربگرن و لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکاندا پێشیان بکەون. ئەم دوو گرێ دەروونییە زۆر ئازارایان دەدات.
٢/ یەکێتی، وا سەریان لێشێواوە، نازانن بڵێن چیی و چۆن رەفتار بکەن، لە لایەک حیزبەکەیان بووە بە شوشەیەکی شکاوی دەیان پارچە، لە لایەک بەرهەم ساڵح لێیان بووە بە مڵۆزم و داخی لە دڵیان دەرناچێت و تۆقیون لەوەی ئەو چەند کورسیەشیان لە دەستبچێت بەهۆی لیستەکەی بەرهەم ساڵحەوە، لە لایەکی ترەوە تووند لە ڕێگەی قوباد تاڵەبانیەوە دەستیانگرتووە بە حکومەتە دزەکەیانەوە، کەچی لە هەمان کاتدا لە خۆشی ئەوەی خۆپیشاندان لە هەوڵێر و دهۆکدا شان بەشانی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی بەڕێوە دەچێت قریوەیان لێوە دێت.

٣/ هەموو حیزبە ئیسلامییەکان بە یەکگرتووی برا بچکۆلانەکای بارزنیەوە، خوا خوایانە رۆژانە دەیان کەس بە هۆی تووندوتیژیەوە خوێنی لێ بهێنرێت، بەڵکو خێرێکی تیا بێت بۆ ئەمان و بڵێن تەنها وەڵام ئیسلام و حیزبەکانی ئێمەیە، هیچیان بۆ نەماوەتەوە ئەوە نەبێت شەقام بکەن بە مزگەوت و نوێژی جومعە و جەماعەت لە سەر شەقامەکان دابەستن.
٤/ نەوەی نوێ، وای پیشاندەدەن هەموو گەنجەکانی ناو ئاپۆڕای خۆپیشاندانەکان لە خۆشەویستی نەوەی نوێوە هاتوونەتە سەر شەقام و لەبەر خاتری چاوی کاڵی شاسوار عەبدول واحید خۆپیشاندان دەکەن. کاک شاسوار وا بیردەکاتەوە هیچ هێزێکی سیاسیی شان نادا لە شانی خۆی تاقە هێزی سیاسی پاشەڕۆژە.
٤/ لیستی هاوپەیمانی دادەپەروەری، لە هەڵەداوانی ئەوەدان، ئەم دەرفەتە لە دەستنەدەن، بە پەلە و خێرا خێرا خەریکی گەڕانن بەم دەڤەر و بەو دەڤەردا و خۆیان پیشان دەدەن، کە جوان و قشەنگ و ڕاقین.

٥/ بزووتنەوەی گۆڕان، ئەیانەوێت لە ڕێگەی خۆپیشاندانەوە ٢٤ کورسیەکەیان بکەن بە ٥٠ کورسی، بۆ ئەمەش بەردەوام ئەو قسەیە بە دەمیانەوەیە، ئەگەر بزووتنەوەی گۆران نەبوایە خەڵک چاوی نەدەکرایەوە، وەک ئەوەی خەڵک هەمووی چاوی کوێربووبێت پێش بزووتنەوەی گۆڕان.
هیچ حیزبێک نییە لەم حیزبانەی کوردستان، ئەوەی بیر بێت، کە حیزب دامەزراوەیەکی سیاسییە و بووە بە ئامرازێک بۆ چوونە پێشەوەی بیر و ئەندێشەی خەڵک و هەڵقوڵاوی ناو خەڵکە، ئەوە خەڵکە، کە دەبێت بە پشتیوانی ئەم دامەزراوە سیاسییە، دەنا لە هەموو دنیادا هیچ تاکە کەسێکی سیاسیی و هیچ گروپێکی سیکتاریزمی سیاسیی و دینیی نەیتوانیەوە بە بێ خەڵک و جەماوەر بۆ زەمەنێکی کورتیش پیشڕەوایەتیی خەڵک بکات. بۆیە هەرچ حیزبێک لەم حیزبانە ناحەقییەکی گەورە دەکەن لە بەکارهێنانی خۆپیشاندانەکان بۆ مەرامی حیزبایەتی خۆیان. حەقبوو ئەم حیزبانە، هەندێک مەدەنیانە ڕەفتاریان بکردایە و ئازادییان بدایە بە خۆپیشاندەران و بە مەرامی قۆرخکردنەوە نەچوونایەتە ناو خۆپیشاندەرانەوە.

دەبوو ئەم حیزبانە لە جیاتی ئەم کێبڕكێ ناشیرینانە، لە جیاتی ئەو هەموو ڕق و کینە خستنەی دڵێ خەڵکەوە بەرامبەر بە یەکتری، بە ئارامتر بیریان بکردایەتەوە، نەک خۆیان ڕابوەشێنن و ئاپۆڕای خۆپیشاندانەکان بە هی خۆیان بزان.
بەرەی دەسەڵات، دەبوو وا بیریان بکردایەتەوە، کە چیتر دزی و جەردەیی ناخوات و فروفێڵی سیاسی سەرناگرێت بۆیان، دەبوو دەستبەجێ بەدەم داوا ڕەواکانی خۆپیشاندەرانەوە بهاتنایە.

بەرەی ئۆپۆزسوێن، دەبوو دەستبەجێ هەموو جیاوازییەکانی خۆیانییان بخستایەتە ئەولاوە، پێکەوە لە هەوڵی ئەوەدا بوونایە، میکانیزمێکی عەقڵانی بدۆزنەوە بۆ پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندەران، نەک هەر لایەنەو بۆ خۆی لە هەوڵی ئەوەدا بێت ئاپۆڕای خۆپیشاندەران قۆرخ بکات بۆ خۆی و، بیکات بە بانگهێشتکردن بۆ کاندیدەکانییان.
چەند گرنگ بوو بەرەی ئۆپۆزسوێن و لیستە نوێکان پێکەوە بڕیاریان بدایە لەسەر ئەوەی ئەم حکومەتە پوچ بووە و هیچ بڕوایەکیان پێ نەماوە و بە تووندی لایەنداری خۆپیشاندانەکایان بکردایە و بە تووندیش تووندوتیژیی دەسەڵاتیان شەرمەزار و رشوا بکردایە، ئای بۆ ئەو عەقڵە لە کوێیە و، بۆ ئەم حیزبە ئۆپۆزسوێنانە نایگەنێ.

٦/ خۆپیشاندەران، بە داخەوە ناڕێکخراوە، بە داخەوە، تا ئێستاش لەگەڵ ئەوەی جوێن بە کۆیلە دەدەن، جوێن بە گەمژەیی حیزبیی دەدەن، لەگەڵ ئەوەی دژی ستەمکاریی و دەسەڵاتخوازین، بەڵام زۆرێکیان لە ناو خۆپیشاندانەکانەوە هێشتا ئەفیونی حیزبایەتیی و دینیی بەرینەداوە و لە دڵەوە بۆیە خۆپیشاندان دەکات، کە بە بەرژەوەندی حیزب یان لیستەکەی خۆی بشکێتەوە.
لەگەڵ هەموو ئەم کەموکوڕییانەی حیزبەکان و خۆپیشاندەرانیشدا، دڵنیام، کە خۆپیشاندەران سەرکەوتن بەدەست دێنن و دەتوانن مافەکانی خۆیان بە بەردەوامیی خۆپیشاندانەکانیان بگێرنەوە بۆ خۆیان.
دڵنیاشم، ئەگەر خۆپیشاندانەکان بەردەوام بێت، ئەو هێزی پۆلیس و ئاسایشەی، کە دەسەڵات کردویەتی بە گژی خۆپیشاندەراندا، ئەمڕۆ و سبەینێ دەگەڕێنەوە باوشی میللەت و دەبن بە بەشێک لە خۆپیشاندانەکان و ڕاپەرینی جەماوەری شۆرشگێر و ڕادیکاڵ.
لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١دا بینیمان چۆ جاشەکان و زۆریکیش لە سەربازەکانی رژێمە فاشییەکەی سەددام هەر ئەوەندەی زانییان کار لە کار ترازوە، بە پەلە گەڕانەوە ناو ئاپۆڕای خۆپیشاندەران و راپەڕیوەکان، ئەم جارەش هەروا دەبێت. ئەوەتا لە خۆپیشاندانەکانی شاری هەولێردا، خەڵک هاوار دەکات، کۆیلە، کۆیلە،کۆیلە بۆ ئەنگۆیە، بۆ ئەنگۆیە، بۆ ئەنگۆیە، وەرنە لامان بۆ ئەنگۆیە.

جیهاد محەمەد
٢٨/٠٣/٢٠١٨




مەسعود بارزانی و برازاکەی و دوو ڕووییان … جیهاد موحمەد

ئەم نێچیرڤانە، لە ساڵی ١٩٩١دا، کە بارگاکەی لە ئوتێلەکەی ئەو کاتەی سەرچناردا بوو، لە سەردانێکیدا بۆ لای پرۆڤیسۆر دکتۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ‌ی بەڕێز وتبووی “بە هیچ جۆرێک ئێمە نیازمان نییە وەزیفەی حکومیی وەربگرین چونکە ئێمە خۆمان بە خزمەتکاری میللەت دەزانین”.
لە سەر راسپاردەی مامی سەردانی زۆرێک لە کەسایەتی و بنەماڵە ئەدەبیی و سیاسییەکانی سلێمانی دەکرد و وا خۆیانی پیشان دەدا، کە بۆ خزمەتی خەڵک گەڕاونەتەوە، نەک بۆ ئەوەی ببن بە دیکتاتۆر بەسەر خەڵکەوە.

مامی ١٢ ساڵ قونی خۆی سەپاند بەسەر کورسیەکدا بە ناوی کورسی (سەرۆکی هەرێم)ەوە، لەو ١٢ ساڵەدا بۆ یەک جاریش سەری نەکرد بە ماڵی یەک لەو ماڵانەی، کە تاقە کەسێکیان رزگاری بووە لە ئەنفالی بەدناو و کیمیابارانی هەڵبجە. بۆ یەک جاریش بەزیی بە هاتوهاواری یەک برینداری هەڵەبجەدا نەهاتەوە. نەک هەر ئەوە بە فەرمانی جەنابی ئەو و حیزبەکەی لە ناوەو و لە دەروەی کوردسان دژایەتی هەموو ئەو رێکخراو و ناوەندانەیان دەکرد، کە لە کوردستان و لە ئەوروپا دروستبووبوون بۆ ناساندنی تاوانەکانی کیمیاباران و ئەنفال وەک جینۆسایدی گەلی کورد.

بۆ یەک جار ئەم دەسەڵاتدارە حیزبییە وەک سەرۆکی گشتی خەڵکی کوردستان رەفتاری نەکرد، کار گەیشتە ئەوەی یەکێک لە نووسەرەکان لە تەلەفزوێنەوە ڕایگەیاند، کە مەسعود بارزانی ئەگەر ئەیەوێت وەک سەرۆکی هەرێم بناسرێت و دانی پیابنرێت، ئەوە سەرۆکی چاک و خراپی کوردستانە بەوانەی، کە لە کولتووری دواکەوتووی کوردستاندا ناو و ناتۆرەی ناشیرینیش دەدرێتە پاڵایان. ئەم کاباریە جگە لە قین و دڵڕەقی نەیتوانی بۆ یەکجاریش بە راستی و بێ فێڵ و تەڵەکەبازی لە بەرژەوەندی خەڵکی کورداستان قسە بکات. یەک جار دەستی ژنێکی کەسوکار ئەنفالکراوی ماچکرد، کەچی کردیان بە ریکلام بۆ هەلبژاردنەکان، تا ژنەی بەڕێز زۆر بوێرانە وتی بەمە ڕازی نابم لە مەسعود بارزانی و، لێی خۆش نابم، کە دەستماچکردنی من بکات بە ریکلام بۆ حیزبکەی، چونکە ئەو وەک سەرۆکی هەرێم دەستی منی ماچ کردوە نەک وەک سەرۆکی حیزبەکەی، واتە ئەمەشی پوچکردەوە و هیچ مانایەکی نەما.

مەسعود بارزانی لە هێنانەوەی ئێسک و پروسکی ئەنفالکراوەکان و گۆڕە بە کۆمەڵەکانیشدا، نەیتوانی جیاوازی نەکات لە نێوان بارزانیە بێ سەروشوێنکراوەکان و ئەوانی تردا، زۆرێک لەوان هێنایەوە و ئەوانی تری پشتگوێخست. ئەم ڕەفتارە هیچ ویژدانێک قبووڵی ناکات.
مەسعود بارزانی لە هەموو کارەسات و ئەو ناشیرینانەی نێوان حیزبەکان و شەڕفرۆشتنی پارتی بە حیزبەکانی تر لە هەولێر و دهۆک و زاخۆ، سوتاندنی بارەگاکانی حیزبەکانی تر نەیتوانی یەک قسەی خێر بکات و، وەک سەرۆکی هەرێم رەفتاربکات.
کاتێک زاڵگەکانی چوونە ناو هەولێر، رێگەیان لە کوسرەت رەسوڵ‌ی جێگری ئەم زاتەی سەرۆکی هەرێم گرت بچێتە ناو هەلێرەوە، یەک قسەی نەکرد، چونکە کۆسرەت رەسوڵ‌ی بە خەڵکی وڵاتی سلیمانی دەزانی.

دیسان لە شەڕفرۆشتنی زاڵگەکانی چوونە ناو هەلێر بە هەردوو پەرلەمانتار سۆران عومەر و عەلی حەمە ساڵح، ئەم زاتە یەک وشەی نەوت و دژایەتی ئەو ڕەفتار دزێوەی نەکرد و نەیوت ئەوانە جگە لەوەی پەرلەمانتارن و حەسانەیان هەیە هاوڵاتی کوردستان و کەس بۆی نییە شکۆیان بشکێنێت.
کاتێکیش لە عەلی حەمە ساڵح درا لە ناو پەرلەماندا لەسەر ئەوەی ناوی ئەم زاتەی بردووە، ئەم کابرایە نەیوت خۆ من سەرۆکی عەلی حەمە ساڵح‌یشم، مافی خۆیەتی رەخنە لە من بگرێت.

کاتێکیش عەدنان عوسمان هەر ئەوندەی وتی دەبێت هێزی پیشمەرگە بکرێت بە هێزێکی نیشتیمانیی و لە میلیشیایی حیزبیی رزگاری بێت، ئەم زاتە ناشیرین ترین قسەی کرد، کە وتی ئەوانەی ناوی پێشمەرگە دەبەن بە میلیشیا لە کوردساندا جێگەیان نابێتەوە. لە جیاتی ئەوەی بیوتایە لەسەدا سەد لەگەڵ قسەکەی کاک عەدنادام.
کاتێک حەسەن عەلەوی وەک دۆستێکی خۆی و گەلی کورد چوو بۆ لای و پێی وت، بارزانی تۆ سەردانی سلێمانی بکە و ئاشتەوایەتیەک رابگەیەنە، ئەم زاتە وتبوو ناچم، بۆ لای کێ بچم. کەسی لە سلێمانیدا لەو ئاستەدا نەبینی، کە سەردانی بکات.

کاتێک نەوشیروان مستەفا ٣ جار چوو بۆ لای بە بێ ئەوەی یەک پاساوان لەگەڵ خۆی بەرێت، هەروەها چووش بۆ پرسەکەی بەڕێز حەمایل خان، ئەم زاتە نەک هەر سوپاسی نەوشیروانی نەکرد، لە پرسەکەی نەوشیروان مستەفادا بە ساردیەوە بروسکەیەکی نارد.
کاتێک سیاسەتمەدار بەهادین نوری بۆ چەندین جار ئامۆژگاری کرد و نامەی بۆ نووسی، دوا نامەی ئەوە بوو، کە زۆر نەخۆشەو لەسەر جێگە کەوتووە بەڵکو وەک سەرۆکی هەرێم موافەقەت بفەرموێت بم نێرن بۆ دەرەوەی وەڵات بۆ چارەسەر بە هیج جۆریک ئەم زاتە وەڵامی نەدایەوە.
هەر بە ئەمری ئەم زاتە بوو، کە نێچیری برازای وەزیرەکانی بزووتنەوەی ناردە ماڵەوە و قفڵیان لە دەرگای پەرلامانیش دا.
کاتێکیش فازیل میرانی سکرتێری پارتی هەڕەشەی کرد و وتی ٣٠هەزار فیداییمان هەیە و دەستی هەرچ کەسێک دەبڕین بچێتە بەردەمی بارەگاکانمان، ئەم زاتە یەک وشەی لە دەم دەرنهات و بڵێت، بارەگای حیزب و هەموو حیزب دەکەم بە خزمەتکاری خۆپیشاندەران، دیارە خەڵک مافی خۆیەتی بچنە بەردەمی بارەگاکانمان چونکە ئێمە بەرپرسیارین لە ژیان و گوزەرانی ئەو خەڵکە بەڕێزە.

مەسعود بارزانی، کە سوور دەزانێت ئەو هەموو گەندەڵیە کراوە، ئەو هەموو سەروەت و سامانە بەهەدەر براوە، ئەو هەموو رەخنەیە لەسەر موچە زۆرەکانی حیزبییەکان و وەزیرەکان و سەرۆکەکان هەیە، تا ئێستا ئەوەی رانەگیاند، کە چەندی هەیە و موچەکەی چەندە و با پاکسازیی لە خۆیەوە وەک سەرۆکی هەرێم دەستپێبکات.
دوا قسەی مەسعود بارزانی دژی خەڵکی سلێمانی وتی” لە سلێمانی ئیرهابی فکریی هەیە”، ” چ دەکەن با بکەن، هەڵدەپەڕن و دادەپرن نڤسین دەنووسن، خەبەر دەدەن با بکەن”، ئەمەش ئەو پەڕی هەڕەشە و سوکایەتیکردن بوو بە سلێمانی.

مەسعود بارزانی سواری سەری ڕیفراندۆمێکی بێ مانا بوو، بە قسەی دنیایی نەکرد، سەرەڕای ئەوەش پەنجەی هەڕەشەی لە هەموو دنیا ڕاوەشاند. لەگەڵ ئەمانەشدا مەسعود بارزانی دوا قسەی و دوا ڕەفتاری ناشیرینی ئەوە بوو پیرۆزبایی لە ئەردۆغانی فاشی کرد، کە توانییان دوای دوو مانگ عەفرینی خۆشەویست داگیر بکەن.
باشە ئێستا ئێمە، چی چاوەڕون بکەین لە نێچیرڤان بارزانی و لەم بنەماڵە و حیزبە سیاسییەی، کە پرنسیپیان ئەوەیە” ئەوەی پێمان نەکرا بیکەین پێمان دەکرێت تێکی بدەین”. دیارە هەر دەبێت لەم تەنگانەیەیاندا چاوەڕوانی ئەوەیان لێبکەین، کە چەقۆکێشانە وەک خۆی دانی پیانا خوێن بڕێژن و بە دەمانچەو چەقۆ و لەشکرە خوێنڕێژە هەڵاتووەکەیان لەبەرەی جەنگی دژی داعش پەلاماری خەڵکی مەدەنی بدەنە.
بۆیە خۆپیشاندەران ناحەقیان نییە، کە بڕوا بە پەیمانەکانی نێچیرڤان بارزانی ناکە و بڕوایان بەم حکومەتە پوچە نەماوە، تەنانەت ئەگەر موچەی تەواوەتیش دابین بکەن.

جیهاد موحمەد
٢٩/٣/٢٠١٨




گەلی کورد فریاکەوە! … جیهاد موحەمەد

ئەگەر نەختێک بە وردی بیربکەینەوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، ئەوەی کە مافی گەلانی بندەست و چەوساوەی وێرانکردووە، جگە لە بەرژەوەندخوازیی سیستمی سەرمایەداریی جیهانیی، بەرەی فاشیزمی نەتەوەپەرستیی و دینییە. گەلی کوردیش یەکێکە لەو گەلانە.
گومانی تێدا نییە، کە گەلی کورد خاوەنی چەندین حیزب و هێڵی سیاسیی جیاوازە، ئەمەش زۆر ئاساییە، چونکە چ وەک تاک و چ وەک گروپ و چین لە گەلێکی ستەملێکراوی دەیان ملوێنیی و دابەشکراو بەسەر چەند جیۆگرافیای سیاسیی دروستکراوی وەک تورکیا و ئێران و عێراق و سوریادا هەمووی یەک ئاراستەی فکریی نابێت و لەسەر یەک هێڵێ سیاسیی کۆنابێتەوە، هەرچەندە زۆر جار داوای کۆنگرەی نەتەوەیی کراوە و ئێستاش ڕێکخراوێک هەیە بەو ناوەوە، بەڵام هێشتا ئەمەش بە تەواوەتی نەمەیوە و هەموو لایەکی سیاسیی و فکریی گەلی کوردی کۆنەکردۆتەوە، هۆکاری ئەمەش زۆرە ڕەنگە لەم بابەتەدا جێگەی نەبێتەوە.

ئەوەی مەبەستمە بیڵێم بە کورتی و بە پوختی، تەنها یەک پرس و مەسەلەی سیاسیی هەیە کە لەبەرژەوەندی گشت گەلانی ستەملێکراو و بەشمەینەتە، ئەو پرسە سیاسییەش پرسی دیموکراتیی ڕستەقینەیە کە جێگەیەک نایەڵێتەوە بۆ بندەستیی هیچ نەتەوە و چینێکیش، هەڵبەت ئەمەش بە ڕێژە، بە تایبەتی بۆ چینی چەوساوە کە ڕەنگە بە ڕێژەیەکی کەم چەوشاندنەوەی نەیەڵێت، چونکە تەنها چارەسەری سیستمی سۆسیالیستییە کە بە تەواوەتی چەوساندنەوەی چینایەتی لە ناودەبات. کەواتە گەلی کورد ئەبێت ئەوە باش بزانێت و وەک ڕۆژی ڕووناک بە بەرچاوییەوە بێت، بەرەی فاشیزمیی نەتەوەیی و دینیی بە جۆرێک دژێتی، کە هیچ جیاوازییەک ناکات لە نێوان ئاراستە سیاسیی و هێڵە جیاوازەکانی بیرکردنەوەی ئەم گەلەدا، هیچ جیاوازییەک ناکات لە نێوان ئەم حیزب و ئەو حیزبدا، هیچ جیاوازییەکیش ناکات لە نێوان ئەم چین و ئەو چیندا.
فاشیزمی نەتەوەپەرستیی و دینیی سۆنامییەکە، کە چاک و خراپ، ڕاست و چەپ، لیبراڵ و سیکتاریزمیی ئەم گەلە، چینی دەوڵەمەند و هەژاری ئەم گەلە، وەک یەک ڕاپێچ دەکات و بۆ هەتا هەتایە نوزەی لێدەبڕێت.

هەرچ ئاراستەیەکی فکریی و هێڵێکی سیاسیی ئەم حەقیقەتە نەزانێت تۆزقاڵێک خاوەنی عەقڵ نیە.
لەم حەقیقەتەوە کە ئاماژەم پێدا، پێویستە هەموو کورد و هەموو ئاراستە جیاوازە فکریی و هێڵە سیاسییەکان، هەموو حیزبە سیاسییەکانی ئەم گەلە لە هەر چوارپەرچەکەیدا، پێکەوە هانا بەرنە بەر هەموو گەلانی دنیا و هەموو حیزبە چەپ و سەوز و لیبراڵ و دیموکراتەکانی جیهان و داوای ڕاگرتنی ئەو سونامییە فاشیزمییە نەتەوەیی و دینییەی ئەردۆغان بکەن.
لە ڕاستیدا، سەرکەوتنی ئەردۆغان و بەرەی فاشیزمییە نەتەوەپەرستیی و دینییەکەی، نەک دژی هەموو گەلی کوردە بەڵکو دژی هەموو بەرەی ئازادیخوازیی جیهانییە، بۆیە بۆ گەلی کورد دەرفەتە کە هەموو بەرەی ئازادیخوازیی جیهانی ئاگادار بکاتەوە لەم بەرە ڕەش و تاریک وئەنگوستەچاوەی کە دەخوازێت هەموو جیهان بەرەو دۆزەخی سەدەکانی ناوەڕاست ڕاپێچ بکات.

گەلی کورد فریاکەوە و ئەم سۆنامییە فاشیستییەی ئەردۆغان تۆزت دەبات بە ئاسمانا، شتێک نامێنێتەوە بە ناوی گەلی کورد و مافی نەتەوەیی گەلی کوردەوە، شتێک نامێنێتەوە بە ناوی چینی دەوڵەمەند و چینی هەژارەوە، هەمووی وەک گەنمی دوو توێی بەردە ئاش دەهاڕرێت و دەبێت بە ئاردی ناو دڕک.
گەلی کورد باش بزانە! سەرکەوتنی عەفرین ئەگەر سەرکەوتنی یەکجارەکی گەلی کورد و بەرەی ئازادیخوازیی لە ناوچەکەدا نەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە گەشەی بیر و ئەندێشەی ئازادیخوازیی و دیموکراتخوازیی لێدەکەوێتەوە و بۆ هەتا هەتایە ئەم دەنگە بەرزەفڕانە بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەبریقێتەوە.

جیهاد موحەمەد
١٢/٣/٢٠١٨




وێکچوونەکەی ئاری هەرسین چەواشەکارییە! … جیهاد موحمەد

ئاری هەرسین، وەک ئەندام پەرلەمانێکی ناسیۆنالیستیی نەژادیی، چەواشەکاری دەکات لەوەدا کە هێنانی سوپا فاشییەکەی بەعس بۆ سەر کوردستان و شاری هەولێر لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا بە هاتنی سوپای سوریا بۆ عەفرین بە هەمان داگیرکاریی دەزانێت.
ئاری هەرسین، لە پرسیار و شیکارییەکی سەرپێیانە و کاڵفامانەدا وای دادەنێت کە هێنانی پاسداران و سوپای عێراق بۆ سەر کوردستان و هەولێر جیاوازی نییەو، ئەگەر ئەمانە سوپای داگیرکەر بن، سوپای سوریاش داگیرکەرە.
هەرچەندە ئاری دەڵێت من”نە محامی پارتیم و نە وتەبێژیشم” بەڵام بیەوێت یان نا لە ڕوانگەی پارتییەوە ئەم چەواشەکارییە دەکات.

کاک ئاری دەشڵێت، هیوادارم کە کەس تیۆریزەی ئەم بابەتە نەکات و بەرگری لە ڕێکەوتنی پەیەدە و سوپای سوریا نەکات. کاک ئاری بۆیە لەوە دەترسێت کە تیۆریزەی بابەتەکە بکرێت، چونکە سوور دەزانێت کە ئەوەی ئەو دەیڵێت هەڵەیە.
با وەک دوو مرۆڤی کورد و وەک دوو هاوڵاتیی و هاوڕێ ئەگەر دووریشن لە بیروباوەڕدا گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەم بەڕێزەدا بکەین.

١/ساڵی ١٩٩٦ گەرمەی ئەو ساڵانە بوو کە پارتی و یەکێتی دەیانوت ئەم ئەزموونەی کوردستان هیچ هێزێک ناتوانێت بیپارێزێت، ئێمە خۆمان نەبێت، کەچی لەسەر دزین و بە تاڵانبردنی گومرگی دەروازەی برایم خەلیل خەڵکی کوردستانیان لە شەڕێکی نەگریسی نەخوازراوەوە گلاند کە هەزاران لەو چەکدارانەی پێیان دەوترا پێشمەرگە کوژران، بە سەدان ماڵ ئاوارە بوون، بە دەیان دیلیان لە یەکتری کوشت، ئابڕووی دەیان ژن و کچی خەڵکیان برد. بەمەشەوە نەوەستان و هەردوو لایان بوون بە جاشی ئێران و عێراق و سوپای پاسداران و سوپای عێراقیان هێنایە سەر کوردستان و بە سەدان کەسی چەپ و شیوعی و مرۆڤی ئازا و دژ بە فاشیەتیان دا بە دەستی بەعسەوە. بەڵام هێشتا ڕۆئاڤا ئەو ئەزموونە سەربەخۆییەیان نییە و لەشەڕدان لە هێزە فاشیی و نەیارەکانی کورد و دیموکراتیدا.
٢/ هەتا ئێستاشی پێوە بێت، ئەو جاشایەتییەی پارتی و یەکێتی بۆ ئێران و تورکیا بەردەوامە، سوپای تورکیا لە چەندین شوێنی هەستیاری کوردستاندا بنەو بارەگایان هەڵداوە. لە ڕۆژئاوادا تەنها لە قامیشلۆدا یەک مەعسکەری سوپای سوریای لێییە، بەڵام حکومەتی سوریا موچەی هەموو فەرمانبەران و کارمەندان و مامۆستان دەنێرێت.

٣/ ئەو سەردەمە کوردستان لە سایەی فیدراڵێتێک و دەستورێکدا، کە خودی پارتی و یەكێتی لە نووسینەوەیدا بەشدار بوون ئەزمونێکی سەربخۆی هەبوو.
٤/ هەر بە قسەی خۆیان(پارتی و یەکێتی) لەسەدا ٤٠چلی ئابووری کوردستان لە ژێر دەستی کۆمپانیاکانی حکومەت و دەوڵەتی تورکیادایە. لەسەدا ١٥ تا ٢٠بیستی ئابووری کوردستان بە دەست کۆمپانیاکانی ئێرانەوەیە. لە ڕۆژئاوادا ئەمە نییە.
٤/لە ئەنجامی ڕیفراندۆمێکی نابەجێ و ساختەچییانەی حیزبییدا لە سەدا ٥١ی خاکی کوردستا بە کەرکوکی(دڵ و قودسی)کوردستانەوە ڕادەستی عێراق کرایەوە. لە ڕۆژئاوادا مەحاڵە ئەم سیاسەتە نابەجێییە بەڕێوە بچێت.
٥/ دیسان هەر بە قسەی خودی خۆیان، زۆربەی ئەو چەکانەی لە ئەمەریکا وەرگیرا بۆ دژایەتی داعش فرۆشتوویانە بە ئێران و تورکیا. بەڵام پەروەردی گەریلاکان بەو جۆرەیە، کە بۆیان نییە لە چەک و ئەوراقی تەنانەت داعشەکانیش زیاتر هەڵگرنەوە، بۆیان نییە نە سەیارە و نە پارە و نە هیچ جۆرە کەلوپەلێکی دووژمن وەک غەنیمە بەرن بۆ خۆیان.

٦/ بە ئاشکرا و بە بەرچاوی هەموو دنیاوە لەگەڵ قاسمی سلێمانی و ئەردۆغاندا ڕێکەوتن واژۆ دەکەن، تەنانەت ڕێکەوتنی ٥٠ساڵەیان لەگەڵ ئەردۆغان واژۆ کردووە بێ ئەوەی پەرلەمان ئاگاداری بێت. لە ڕۆژئاودا بە ئاشکرا سیاسەت دەکەن و ڕێکەوتنەکانیان ئاشکرایە.
٧/ سەرانی پارتی و یەکێتی بەردەوام لە جڕتوفرتی هاتوچۆدان لەگەڵ ئێران و تورکیادا، بێ ئەوەی کەس بزانێت خەریکی چ پلانڕێژییەکن. ئەمە ناگوزەرێت لە ڕۆئاڤادا.
٨/ سەرەڕای هەموو ئەمانە، دزیی و گەندەڵی ئەم دوو حیزبە کارێکی کردووە کە خودی خۆیان هەموو تەنازولێک دەکەن بۆ حکومەتی عێراق تەنها بەومەرجەی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان بدات و هێشتا حکومەتی عێراقی حسابیان بۆ ناکات. بەڵام پەیەدا نەک حکومەت سوریا ئەمەریک و ڕوسیاش حسابیان بۆ دەکات.

بە پێچەوانەی هەمو ئەم خاڵانەو دەیان خاڵی ترەوە کە هەموویان نەگەتیڤ و نەخوازراون و هیچیان لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا نییە، پەیدە و یەپەگە و یەپەژە و بە گشتی شەڕڤانانی ڕۆژئاوا لەگەڵ میللەت و کۆمەڵگەی خۆیاندا زۆر تەبا و ڕێکن، بە جۆرێک چینی سیاسیی ڕۆژئاڤا لەگەڵ میللەتی خۆیاندا چوون بە ناو یەکدا، وەک یەک جەستە وان، مەگەر ئەنەکەسە کە بە داخەوە بە دنەدانی پارتی ڕێکناکەون لەگەڵ پەیدەدا. ئەمان هیچ زیانێکیان بە بەرژەوەندی میللەتی خۆیان نەگەیاندووە، ئەمان بە هیچ جۆرێک گەندەڵییان نییە و قوتی منداڵ و خەڵکی ڕۆئاوایان نەدزیەوە. لە دواجاریشدا لە دژی ‌هێرشێکی ناڕەوا و دڕندەی ئەردۆغان و حیزبە فاشییەکەی توانیویانە سیاسیانە لەگەڵ سوپای سوریدا رێکبکەوەن و سوپای سوریا بێتەوە سەر سنوور و قسە و پاساوی درۆزنانەی ئەردۆغان ببڕن کە دەڵێت؛ ئێمە بە پێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆمان هەیە بچینە ناو خاکی سوریاوە بۆ پاراستنی سنورەکانی خۆمان.

ئیتر نازانم کاک ئاری چۆن ئەم کارە سیاسییەی پەیدە کە ئێران و ئەمەریکا و روسیا و هەموو خەڵکی ڕۆژئاوا ڕازین لەسەری ئەیچوێنێت بە خیانەتی هێنانی سوپای پاسداران و سوپای عێراق کە سەدان کەسیان خەڵتانی خوێن کرد. دەیان کەسیان گرت و بێسەروشوێنیان کرد.
هیوادارم ئاری هەرسینەکان تۆزێک بە خۆیاندا بچنەوە و هێندە چەواشەکاری نەکەن.

http://www.awene.com/2018/02/21/78908/ لینکی بابەتەکەی کاک ئاری هەرسین.

جیهاد موحمەد/ نەرویج
٢١/٠٢/٢٠١٨




بۆچی پارتی داوای یەک لیستیی دەکات لە کەرکوودا؟ … جیهاد موحەمەد

١/ لەبەرئەوەی دوای شکستی ڕیفراندۆمەکەیان، کە کوردستان وەک خاک وەک و، وەک خەڵکیش زیانێکی گەورەی تیاکرد، چونکە سەرکێشییەکەی پارتی بۆ خۆنواندن و درێژکردنەوەی هەژموونی خۆی گوێی لە هیچ لایەن و کەسایەتییەک نەگەرت، تا ئەو کارەساتە نەخوازراوەی درستکرد. ئێستا ڕووی گەڕانەوەی نییە بۆ ناو کەرکووک، داواکاردنی لیستی هاوبەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ گەڕانەوەیان بۆ کەرکووک
.
٢/ پارتی دوای ئەو شکستەگەورەیەیان لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان، دەزانن کە دەنگێکی وا ناهێنن کەبتوانن هەژموونی خۆیان درێژە پێبدەن، بۆیە دەیانەوێت ئەم لیستە هاوبەشییە بسەپێنن بەسەر لایەنەکانی دیکەدا، تا هیچ نەبێت لێرەوە درێژە بە هەژموونی خۆیان بدەن.

٣/ ڕەنگە یەکێتی نیشتیمانیش ئەم داوایەی پارتی پێخۆشبێت، چونکە دوای ئەو هەموو شکست و تەخوینکردنەی یەکتری، دوای ئەوەی بە هیچ واتایەک (هاوپەیمانێتیە ستراتیەکەیان) بەهای نەماوە، هەردوو لایەن لە لیستیی هاوبەشدا ڕێچکەی چوونەوە بۆ لای یەکتریان بۆ سازدەبێت.

٤/ ئەگەر لیستی هاوبەشیی دروستبێت لە کەرکوودا، ئەو کاتە پارتی و یەکێتی بە ئاسانی دەتوانن چییان بوێت بیسەپێنن بەسەر لایەنەکانی تردا، هەروەک پیشەی هەمیشەییان، کە لە کوێدا دژایەتی و تەخوینکردنی یەکتری لە بەرژەوەندیان بووبێت دژایەتیەکی تا سەر ئێسقانی یەکتریان کردووە، لە کوێشدا لە بەرژەوەندیان بووبێت ئەوە دۆستایەتیەکی وای یەکتریان کردوە وەک ئەوەی یەک حیزب بن.

٥/ پارتی هەڕشەیەکی ئەوتۆی بەدەستەوە نەماوە بۆ سەر لایەنەکانی تر، ئێستا تەنها هەڕەشە بۆ ترساندنی لایەنەکانی تر کەرکووکی بەدەستەوەیە، تا ئەگەر لایەنەکانی تر بە قسەی نەکەن، ئەوە دەستبکات بە تەخوینکردنیان کە گوایە ئەو لایەنانەی نایەنەوێت بە یەک لیست لەگەڵ پارتیدا دابەزن ئەوە خزمەتی عێراق دەکەن و لە بەرژەوەندی گەلی کورد کار ناکەن. لەجێبەجێکردنی ئەم هەڕشەیەی پارتیشدا، پارتی دەیەوێت ئەوە پیشانبدات کە هەم هێزێکی گەورەیە وەک جاران، هەم لە هەموو لایەنەکانی تر زیاتر دەربەستی کەرکووک دێت بۆیە داوای ئەو لیستەی کردوە، ئیتر ئەمە ئەکەن بە قەرز بەسەر هەموو خەڵکی کوردستانەوە و بەردەوام دەیفرۆشنەو بە خەڵک.

جیهاد موحەمەد/ ١٠/٠٢/٢٠١٨




ئەگەر یەکەم نەبم، نایکەم! … جیهاد موحمەد

“بە مەرجی یەکەمیی لەگەڵتانم، شایەریی ناکەم بە خۆڕایی، کوا شاباشەکەم! لە پێشدا شاباشم دەوێت، ئەوسا شاییەکەت بۆ گەرم دەکەم و، ئەوەی دەیڵێم ناێڵێمەوە، زوڕانایەکت بۆ دەژەنم هیچ زوڕناژەنێک نەیژنبێت، دەهۆلێکت بۆ دەکوتم هیچ دەهۆڵکوتێک نەیکوتابێت. لە ئێستاوە و، لە یەکەم کۆبوونەوە و یەکەم کۆنفرانس و یەکەم کۆنگرەوە بۆ هەمیشە دەبێت سەرکردەبم، دەبێت بمکەیت بە “سیاسەتمەدار”، بمکەیت بە سەرۆکی شاند و سەرۆکی کۆبوونە و سەرۆکی دانپیانراویی هەموو (جەماوەرەکەمان)، دەبێت بمکەیت بە کادری پێشکەووی حیزبەکەمان، دەبیت دەمڕاست و وتەبێژبم، دەبێت کەس نەتوانێت لەناو حیزبەکەماندا شان بدات لە شانم.
بەم مەرجانە دەیکەم و، ئەو کات دەڵێم هیچ هێزێکی سیاسیی لە ئێمە ڕاستگۆتر نییە و نەبووە بۆ کورد و کوردستان، ئەوە هەر ئێمەین: کە ئەتوانین خۆشگوزەرانی؛ موچە؛ نان؛ کارەبا؛ خۆدەوڵەمەندکردن؛ بوون بە خاوەن باخ و باخات؛ خانوبەرە و موڵکی زۆر و ئتومیلی کۆتا مودێلی ساڵانەی یابانی ئەمەریکی دابین بکەین بۆ هەموو جەماوەرەکەمان و سەرتاپای کۆمەڵگەی کوردی لە زێر هەڵدەکێشین. ئەوسا دەمبینیت چۆن فووی پیا دەکەم و هاتوهاوارم بۆ دیموکراتیەت و ئازادی و دادپەروەیی و یەکسانی عەرشی هەموو هێزە سیاسییەکانی تر دەلەرزێنێت. ئاخر حیزب دەبیت خەڵکی بەدموپل و بەقسە و گوتارخوێن و گوتاربێژیی هەبێت.
بەم مەرجانە کارێک دەکەم، کەس نەیکردبێت، هەرچ جەماوەری کوردستان سەرام دەکەم بە حیزبەکەم”.

ئەمانە هەمووی و زۆر مەرج و پەیمانی ژێربەژێر دەبن بە بنەمای ئەو لیست و حیزبە (نوێیانە)ی لە کوردستاندا دروست دەبن. ئەمە حاڵی یەکەم هەنگاوی حیزب و لیستە(نوێ)کانە، هیچیان ناتوانن یەک بست گەندەڵییەکانی پارتی و یەکێتی تێپەڕێنن.

ئەم نموونانە یەکەم جار لە بزووتنەوەی گۆڕاندا دروستبوو، زۆرێک لەوانەی کە سەری زمان و بنی زمانییان گۆڕان و گۆڕانکاریی بوو، تەنها لەسەر ئەوەی پۆستێکی پێنەدرا یان پۆستێکی لێسەندرایەوە، دەستبەجێ نەک وازی هێنا بەڵکو هیچ پێی شەرم نەبوو بووەوە بە یەکێتی یان چوو ئەوبەرەوە و ئاڵای زەردی کردە ملی.
ئەم عەقڵیەتەیە کە حیزب و کار و کردەی سیاسیی لە کوردستاندا وێران کردووە، ئەم عەقڵیەتەیە کە سیاسەت و حیزبایەتی کردووە بە ناوەندی بازرگانیکردن و کاسپیکردن.

هەر لە یەکەم ڕۆژ و لەیەکەم کۆبوونەوە و یەکەم کۆنفرانس و یەکەم کۆنگرەی(نەوەی نوێ) و لیستەکەی(بەرهەم ساڵح)ەوە دەرکەوتن.
ئەم لیست و حیزبانە ئیلهام و سیاسەتی بێ بنەما و بێ فکر لە پارتی و یەکێتیەوە وەردەگرن. ئەم جۆرە حیزب و سیاسەتە جێگەی بڕوا و متمانە نین، کە بتوانن حیزبایەتیە نەریتییەکەی پارتی و یەکێتی تێپەڕێنن، بە داخەوە.
ئەم جۆرە لە حیزب و لیستی (نوێ) کێبڕکێ لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا لەسەر بیرە کۆن و نەریتییەکەی کوردایەتی دەکەن، کێبڕكێ لەسەر گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان دەکەن. هیچ پێیان نەنگیی نییە کە چەندین جار بانگهێشتی درۆزنانەی ئەوە بکەن کە هاتنە سەر حکوم “دەوڵەتی کوردیی” دروستدەکەن. ئەم عەقڵێتە لە ئێستاوە سەردانی ماڵ بە ماڵی خاوەن نفوز و خاوەن دیوەخان و دەوڵەمەندەکان بۆ دەنگ کۆکردنەوە دەکەن. لای هەژاران تەنها خۆیانن کە ئەتوانن هەژاران لە دەردیسەری ڕزگار بکەن، لای بازرگانەکان و دەوڵەمەندەکان تەنها خۆیانن کە زەوینەی دەوڵمەندیی و بازرگانێتی زیاتریان بۆ دابین بکەن. لای ئیسلامییەکان لەوان ئیسلامییترن و زیاتر پارێزگاری لە کولووترە باوەکە دەکەن، لای چەپ و کۆمۆنیست و ئازدیخوازەکان کەس هێندەی ئەمان ئازادییخواز و یەکسانخواز نییە، هەر ئەمانن دەتوانن سیستمی سۆسیالیستیی بەرهەمبێنن.
سیاسەت و حیزبایەتی لە کوردستانی باشوردا بە خۆرێک ئابڕووی چووە کە بە دەگمەن کەسانی هۆشیار و بە ئاگا بڕویان پێدەکات.

جیهاد موحمەد/ ١١/٠٢/٢٠١٨




لە فاشییە کڵاو ڕەشەکانەوە بۆ فاشییە کڵاو سپییەکان … جیهاد موحمەد

فاشیەت، یان فاشیزم ئادیۆلۆجیەتێکی ئاڵۆزە، ڕەنگە نەتوانرێت بە ئاسانی پێناسە بکرێت، بەڵام کۆی ڕا جیاوازەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە فاشیزم بە واتای ستەمکاریی نەتەوەیی و نەتەوەپەرستیی و نەژادپەرستییە. ئەم ئادیۆلۆجیە ستەمکارە دەیەوێت جیاکاریی لە نێوان ڕەگەز و توخم و ڕەنگی پێست و زماندا بکات بەو نیازەی کە پێی وایە هەندێک نەتەوەی بنەڕەتیی و ڕاقی هەن کە پاقژترن لە نەتەوەکانی دیکە.

ئەم ئایدۆلۆجیە فاشییە لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە دەرکەوت و ئدلۆف هیتلەر لە ئەڵەمانیا و مۆسۆلۆنی لە ئیتالیا لە سیەکان و چلەکانی سەدەی بیستدا ڕابەرییان کرد. بەڵام ئەم بزووتنەوە فاشیزمییە قەتیس نەما تەنها لەم دوو وڵاتەدا، بەڵکو گەلێک نەتەوەپەرستیی لە وڵاتانی تردا گرتەوە، وەک فرانشیسکۆ فرانکۆ لە ئیسپانیا و خوان بیرۆن لە ئەرجەنتین و زۆر نەتەوە و وڵاتی تر.

ئەم ئایدۆلۆجییە دژایەتی سەرسەختی مارکسییەکان و فەلسەفەی مارکسیی و لیبرالێزمی دەکرد. لە ئیتالیادا بۆ خۆ جیاکردنەوە زۆر جار کڵاوی ڕەشیان لەسەر دەکرد، کڵاوی ڕەش بووبوو بە سیمبول و نیشانەی خۆ جیاکردنەوەیان لە نیشانەکانی ئایدۆلۆجییەکانی دیکە.

فاشییەتی ئەو سەردەمەی ئەڵەمانیا و ئیتالیا تەنها ئیلهامیان لە نەتەوەپەرستیی و نەژادپەرستییەوە وەردگرت. فاشیزم درێژەی کێشا تا ڕۆژگارەکانی ئەمڕۆ. لەم سەدیەدا ئەوەی سەرکردایەتی فاشیزم دەکات ئەردۆغان و حیزبەکەیەتی(ئەکپارتی)، فاشیزمی ئەردۆغانی لە سەدەی بیستویەکدا زیاتر لە فاشیزمی جاران دڕندەتر و ترسناکترە، دڕەندەیی و ترسناکیشی لەوەوە هاتووە کە ئیلهام و بیری کۆنەپەرستیان لە نەتەوەپەرستیی و دینییەوە وەردەگیرت. بە جۆرێک ڕۆچۆتە ناو دینەوە و قوڵبۆتەوە تیاییدا کە خوازیاری ئەوەیە هەموو جیهان و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوین و دەوڵەت و وڵاتانی ئیسلامیی بگێڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆنی خەلافەت و بە تایبەتی خەلافەتی عوسمانییەکان. ئەم فاشییزمییەی ئەردۆغان بۆ خۆ جیاکردنەوە لە هەموو ئایدۆلۆجییەکانی دیکە کاڵاوی ڕەشی فاشیزمیی گۆڕیوە بۆ کڵاوی سپی ئیسلامییانە، بۆیە مەلا مێزەر سپیەکان بەردەوام نزا و پاڕانەوە بۆ سەرکەوتنی دەکەن.

فاشیزمیی ئەردۆغانی بە جۆرێک لە تورکیادا قوڵبۆتەوە کە وردە وردە لە هەوڵی ئەوەدان بە تەواوەتی سیکۆلاریزمییەکەی کەمال ئەتاتورک و خودی کەمال ئەتاتورک لە بیر تورکەکان بەرنەوە، ئێستا مێگەل ئاسا مەلا مێزەر سپییەکان کە وەک باس دەکرێت ژمارەیان زیاترە لە ٩٠هەزار مەلان گوتاری هەینیان تەرخانکردووە بۆ نزا و پاڕانەوە بۆ سەرکەوتنی ئەم ئایدۆلۆجییە فاشیزمە.

لە سەرانسەری دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا زۆربەی زۆری ئیخوانەکان و سەلەفەییەکان کۆی تاقم و دەستەی چەکدارە تیرۆریستییەکان پشتیوانی لەم ئادیۆلۆجییە سەرسەختە دینیی و قەومپەرستییە دەکەن. کار گەیشتۆتە ئەوەی کە مەلایەکی سوونی مەزهەمبی وەک مەلا کامەران لە کوردستاندا ڕایدەگەیەنێت کە دژایەتی ئەردۆغان و تەنانەت حکومەت و دەوڵەتی شیعە مەزهەبیش لە ئێراندا دژایەتی خوا و دینی ئیسلام و ئەو بەها مرۆییانەیە کە لە ساڵی ١٩٤٨دا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە. ئەم بانگهێشتەی مەلا کامەران لەوەوە دێت کە هەرچ پەیڕە و پڕۆگارم و ئەجندایەکی دینیی هەیە هەموویان لە دواجاردا لە یەک سەنگەردا دەوەستن دژی دیموکراسیی و مافی مرۆڤ و ئازادیی و سەربەخۆیی و شکۆمەندی مرۆڤ. مەلا کامەران دەیەوێت سوود لە بەهاکانی مرۆڤ و مافی مرۆڤیش ببینێت و پێچەوانەیکاتەوە بۆ خزمەت بە ئایدۆلۆجییە فاشییە نەتەوەپەرستیی و دیننەکەی ئەردۆغان و ئەکپارتی.

فاشییەتی ئەردۆغان بەوە ڕازی نییە کە کەمال ئەتاتورکی نەتەوەپەرست و نەژادپەرست چەندین نەتەوەی لە تورکیاد پاکتاوکرد، چەندین جاریش پڕۆسەی پاکاتاوکردنی نەتەوەی کوردی گرتەبەر، بۆیە بۆ پشتیوانی لە نەتەوەپەرستیی و نەژادپەرستییەکەیان پەنای بۆ فاشیەزمیی دینییش بردوە و هەردوو فاشیزمیی نەتەوەیی و دینیی پێکەوە گرێداوە. بەکارهێنانی دین لای ئەردۆغان تەنها لە پێناوی قوڵبوونەوەدایە لە ئایدۆلۆجیەتی فاشیزمیی، چونکە تەنها بە فاشیزمیی نەتەوەیی تێر نابێت و دڵی ئاو ناخواتەوە.

جیهاد موحمەد/ ٠٢/٠٢/٢٠١٨




دژایەتی هێرشی تورکیا بۆ سەر عفرین بۆ؟! … جیهاد محەمەد

کورد دژ بە چەوساندنەوی گەلەکەی خەبات و تێکۆشانێکی سەرسەختانەی ئەنجمداوە. نزیکەی سەد ساڵە حیزب و لاینی سیاسیی و سەرکردەی جیاوازی بە خۆیەوە بینیەوە لە خەبات و تێکۆشانیدا. هەموو ئەم هێزانە تا دەگاتە ئەمرۆ خەبات و تێکۆشانێکی نەریتییانەیان ئەنجامداوە، بەو واتایەی ئەم خەبات و تێکۆشانانە نەیتوانیوە خواست و ئامانجێکی جیاواز لە هەژموونی پارادایمییەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و فەرهەنگیی نەریتییانە تێپەڕێنێت. جگە لە چەپەکان و کۆمۆنیستەکان هیچ هێزێکی دیکە ئەم پارادیمییە نەریتییە دینیی و ترادیسیۆنییەی تێنەپەڕاندووە، کە ئەفسوس هێزی چەپ و کۆمۆنیست نەیانتوانی بگەنە ئامانج. هەندێک جار ئەگەر هێزێکی سیاسییش ئەم پارادیمییەی تێپەڕاندبێت تەنها تیۆریانەبووە و لە پراکتیکدا گەڕاوەتەوە نێو بۆتەی هەژموونە پارادایمییە نەریتییەکە.
نزیکەی دەساڵێک دەبێت کە هێزی سیاسیی پەکەکە بە رابەریی عەبدوڵا ئۆجەلان سیاسەت و بیرکردنەوەیەکی جیاواز لەو پارادیمییەی گرتۆتە بەر، ئەم سیاسەت و تێکۆشانە بە تایبەتیی لە ڕۆژئاوا و پەیدەدا بەرجەستەبووە.

ئەم بیرکردنەوە و ئاراستە فەلسەفییە بە تەواوەتی خۆی جیاکردۆتەوە لە بیرکردنەوە و فەلسەفەی تێکۆشان و خەباتی چەند ساڵەی نەریتیی گەلی کورد لە بەشەکانی تری کوردستان کە بە ناوی کوردایەتییەکی نەریتییانە و لەژێر ئەم ناوەدا خەبات و تێکۆشانییان ئەنجام دەدا. کە زۆرێک لە شیکارە سیاسییەکان ئەم کوردایەتیە وا دەخوێننەوە کە هەڵگری بیر و ئەندێشەی عروبە و تورکی ڕەگەزپەرست و فارسی لوتبەرزە، واتە هەڵگری هەمان بیکردنەوەی نەتەوەپەرستیی و فاشیەتی نەتەوەییە، ئەم خوێندنەوەیەش لای بەندە ڕاستەقینەیە.

بیرکردنەوە و فەلسەفەی خەبات و تێکۆشانی ئێستای پەکەکە و پەیەدە بە ئامانجی دیمکوراتی گەلانە لە ناوچەکەدا. واتە دیموکراتیی و پێکەوە ژیانێک کە هەڵگری لێبوردەیی و عەقڵانێتێکە کە هەموو نەتەوە و هەموو گەلانی ناوچەکە پێیی دەگاتە مافی ڕەوای خۆی. ئەم فەلسەفەیە دژی هەموو بیرکردنەوە کۆنەپەرستەکانە کە خوازیاری گەڕانەوەی ژیانن بۆ سەردەمی تاریکستان و ئەنگوستەچاو کە تیادیدا مرۆڤ هیچ نییە جگە لە کۆیەلەیەکی دینیی و حوکمی خوا. ئەم بزووتنەوە کۆنەپەرست و تاریکستانانە بە پێشەنگی و سەرکردایەتی ئاکپارتی و ئەردۆغان بەڕێوە دەچێت، بۆیە هەموو کۆنەپەرستان و ئیخوانەکان و سەلەفیەکان و هەموو گروپە تیرۆریستەکان لە دەوری کۆبوونەتەوە. لە کۆلەکە مەلایەکی کۆنەپەرستەوە تا دەگاتە قەرزاوی و عەلی قەرداخی و حیزبەکانی وەک یەکگرتووی ئیسلامی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لەم هێرشە دڕاندانەی ئەردۆغان دەکەن.

لەبەرامبەریشدا پێویستە هەموو هێزی گەلی کورد لە هەر چوارپەرچەکەی کوردستاندا، هەموو هێزەکانی چەپ و کۆمۆنیست، هەموو هێزەکانی ئەنارکیستەکان و هەموو لیبراڵەکان چ لە ناوچەکەدا و چ لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و ئوسترالیادا بەوپەڕی ڕاشکاوی و بەوپەڕی هێزی خۆیانەوە پشتیوانی لە شەڕڤانانی ڕۆژاڤا بکەن کە بەڕاستی نوێنەری ڕاستەقینەی بەرەی دیموکراتی و ئازادیی و سەرفرازی مرۆڤ و یەکسانییە.




شوناس … جیهاد محەمەد

شوناس، بە واتای خۆ ناساندن و خۆپیشاندان، بە واتای شکۆمەندیی و ڕێز و پێگەی دیار و ئاشکرا دێت.
کاتێک مرۆڤەکان شوناسیان نامێنێت، هەست بە ونبوون و جۆرێک لە مردن دەکەن، هەستدەکەن بوونییان نییە، پێگە و شکۆمەندی و ڕێزییان نەماوە، ئەمەش ئەبێت بە پاڵنەرێکی بەهێز بۆیان تا خۆیان بدۆزنەوە و پێگە و ڕێز و شکۆمەندی خۆیان دیاریبکەن، لە ناو کۆمەڵگەیەکدا، یان لە ناو کۆمەڵگەکانی جیهاندا.

ئەمریکییەک، بەریتانییەک، ئەڵەمانییە، فەرەنسییەک بە نموونە، خۆیان لە ناو کۆمەڵگەکانی خۆیاندا و لە ناو کۆمەڵگەکانی دنیاشدا بەوە دۆزیوەتەوە کە دەوڵەتیان هەیە و وڵاتەکانییان پێشکەوتوون و خاوەن هێز و توانان. بە گشتی ئەم باری دروونییە باڵدەکێشێت بەسەر گشتی کۆمەڵگەدا، تەنانەت بەسەر ئەوانەشدا کە وەک تاک بێبەشن لە خێر و خۆشی و خۆشگوزەرانی، یان بەردەوام وەک ئامێرێکیان لێهاتووە بەدست کار و کرێگرتەییەوە، کەچی ئەم کار و کرێگرتەییە چەند ستەماکریش بێت بۆیان، وەلێ لە ڕێگەی ئەو باجەی دەیدەن بە دەوڵەت خۆیان دەکەن بە هاوبەش لە پێشکەوتنی وڵات و دەوڵەتەکانییاندا، لە ڕاستیشدا وایە، ئەمانیش هاوبەشن لەو پێشکەوتنەی کە لە ڕووی زانست و ئیدارە و ئابووریی و فەرهەنگییەوە وڵاتەکەیان بەخۆیەوە بینیوێتی. پێشکەوتنی هەرچ وڵات و دەوڵەتێک وابەستەی بەجێهێنانی ئەو ئەرکانەیە کە دەکەوێتە سەرشانی تاکەکان، دیارە هەرچ تاکەو بە گوێرەی پاشخانە زانستیی و توانا جەستەییەکانی خۆی ئەو ئەرکە بەجێدەهێنێت.

بەڵام لە دابەشکردندا(توزیع)دا سیتمێکی بەڕێوەبردن هەیە کە زۆر با نادادپەروەرانە ئەو دابەشکارییە دەکات. بۆیە زۆر جار مرۆڤەکان لەگەڵ ئەوەی کە هەستی خۆ دۆزینەوەیان بۆ دروستبووە، هەستدەکەن کە سەربە وڵات و دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوون. بەڵام لە هەمانکاتیشدا هەست بە نامۆبوون دەکەن، چونکە ئەو کەلوپەلەی کە بەدەستی خۆیان بەرهەمیان هێناوە نامۆن پێی و بۆ ئەمان نییە. لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا شانازیکردن بە دەوڵەتەکەیانەوە بە وڵاتەکەیانەوە کە پێشکەوتوو و بەهێزە کەوتۆتە سەرو هەستکردنییان بە نامۆبوونەکەیان، واتە نامۆبوونەکەیان وایان لێناکات کە ڕاپەڕین وشۆڕش بەرپا بکەن دژی دەوڵەتە سەرکوتکەر و حوکمڕانە دڵڕەق و چەوسێنەرەکانیان.

ئەم بارەدەروونییە، کە ناسراوە بە باری دەرونیی کۆمەڵگە، لە لای هەموو خەڵکانی هەرچ وڵات و دەوڵەتێک چ پێشکەوتوو چ دواکەوتوو هەروایە، تەنانەت لای ئەو گەل و کۆمەڵگەیەش وەک کورد کە هێشتا وڵاتی سەربەخۆ و دەوڵەتی نییە.

لە ڕاستیدا، شوناسی هەرچ مرۆڤێک لەم جیهانەدا، ڕووە ڕاستیەکەی ئەوەیە کە مرۆڤێکی گەردوونیە، دواتر مرۆڤێکە سەر بە میللەتێک یان گەلێک یان کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو، ئەگەر وردتریشی بکەینەوە دەتوانین بڵێین مرۆڤێک سەر بە شار و شارۆچکە و گوندنێکە. بەڵام مێژووی مرۆڤایەتی تا ئێستا وا هاتووە کە مرۆڤەکان بەم شوناسە ڕازی نین و خۆیان بۆ نادۆزرێتەوە، بەڵکو بەو جۆرە ڕازین کە سەر بە دەوڵەتێک و وڵاتێکی سەربەخۆ بن. واتە مرۆڤی گەردوونی بوونی نییە، بەو واتایەی کە شکۆمەند و بەڕێزبێت و هەست بە ونبوون و تاریکایی ژیان نەکات. مرۆڤی گەردوونی لە ئەنجامی دادپەروەریی و یەکسانی و ئازادی و مافی مرۆڤدا دێتە ئاروە. مرۆڤی گەردوونی ئەنجامی پەروەردەیەکی مرۆیی باڵایە، پەروەردەی مرۆڤی گەردوونی وا بونیادنراوە کە دەبێت بە خاوەنی ڕەوشت و مۆراڵێکی باڵای وا کە سەیری هەموو مرۆڤەکان وەک یەک دەکات و هیچ جۆرە جیاوازییەکی شوناسی ڕەگەزیی و دینیی و ڕەنگی پێست و زمان هەڵیناسوڕێنێت و بیری لێناکاتەوە و نایکات بە جیاوازی و پێگەی هەموو مرۆڤەکان وەک یەک وایە.

ئەم حاڵەتەی کە مرۆڤی تێکەوتووە و نابێت بە مرۆڤێکی گەردوونی باڵا، هێزێکی گەورەیە، ئامرازێکی زۆر کارایە، چەکێکە لە چکە کوشندەکان بەدەستی ستەمکارانەوە، کە دەتوانن بەکاریبهێنن و خۆیانی پێ پڕچەک بکەن. لێرەوە بێ ئەوەی مرۆڤەکان هەست بە خۆیان بکەن، بە تایبەتی لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، دەبن بە کۆیلەی دۆزینەوەی شوناسیان، شوناسێکیان پێدەدرێت لە لایەن حوکمڕانان و دەوەڵەتەکانیانەوە کە هیچ سوودێکی لێ نابینن بۆ ژیانی ڕۆژانەیان. هەزاران لەمرۆڤەکان، سەدان خێزان لێیان، دەیان گروپ و کۆمەڵیان لەناودەچن و دەفەوتێن بەدەست ئەم ستەمکارانەی کە بە دەستی خۆیان دروستیانکردوون. کەچی لەگەڵ ئەوەشا شوناسی وڵاتبوون و دەوڵەتبوون و دین و ئاینزا بووە بە ئەفیونێک هۆشی بردوون، زۆر بە دەگمەن دێنەوە هۆشی خۆیان، ئەوەی دروستیان کردووە بە ناوی شوناسی خۆیانەوە بووە بە دەرد و مەرگێک هەموو ژیانی ڕۆژانەیانی پڕکردووە لە مەرگ و کارەسات و تاوان.

دین و ئاینزاکان و بیروباوەڕە دینییەکانی ئاسمانی و زەوینی بە هەمان شێوەی ستەمکارانی دەوڵەت و حکومڕانەکانی وڵاتان بوون بەو شوناسە ساختەییەی کە بە ملوێنان مرۆڤیان هەڵخەڵەتاندووە. بە ملوێنان مرۆڤ شوناسی خۆی لە شیعەگەرایی و سوننیگەرایی و شینی حەسەن و حسەین دا دەدۆزێتەوە. بە ملوێنان مرۆڤ شوناسی خۆیان لە کریستیانیی یان جووپەرستییدا دەدۆزێتەوە.

هەموو ئەو هێزە بەشەرییە گەورانە خۆیان بوون بە دووژمنی سەرسەختی یەکتری و ساڵانە بە دەیان هەزار لە یەکتری قاتوقڕ دەکەن. ئەمە گەورەترین هێزو بە تواناترین ئامارزی دەستی چەوسێنەرانی جیهانە، ئەو جیهانەی کە کۆمەڵێک کۆمپانیای چاوچنۆک ساڵ بە ساڵ و دەیە بە دەیە بەری ڕەنجی هەموو خەڵکی جیهان دەدۆشن و خۆیانی پێ دەوڵەمەند دەکەن. وەک تریش ئەم هێزە گەورەیە بووە بە دەرد و مەرگێک بۆ چەندین کۆمەڵگەی هەژار و داماو کە ساڵانە بە هەزاران منداڵیان لە برسدا لێ دەمرێت، بە هەزاران کەسیان بە دەست نەخۆشییە کوشندەکانەوە دەناڵێنن، بە دەیان و سەدان و ملوێنان مرۆڤیش بە دەست بێکاری و، یان بە دەست بوون بە ئامێری کار، دەناڵێنن. لە لایەکی دیکەوە زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگە شەرقیی و ئاسییا و ئیسلامییەکان بەردەوام لە شەڕو شۆڕ و جەنگدان و، تەنها پاڵنەریش شوناسێکی دینیی یان نەبوونی دەوڵەت و سەربەخۆییە بۆ میللەت و گەل و کۆمەڵگەکانییان.




ئایا چوونە سەر پارلەمان دەستی ئاژەوە گێڕیی بوو یان … ؟ …. جیهاد موحەمەد

دوێنی ئێوارە و شەوەکەشی، دوای دەست لە کارکێشانەوەی مەسعود بارزانی، کۆمەڵێک لە گەنجەکانی جەماوەری پارتی جگە لەوەی پەلاماری ڕابوون مەعروفیان دا و نەیانهێشت کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەی تەواو بکات، بەدار و چەقۆ و بەردەوە پەلاماری کۆشکی پارلەمانییان دا بە ویستی لێدان و سوکایەتیکردن بە پارلەمانتارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی و مێدیاکارن کە لەوێ ئامادەبوون. بەم بابەتە وەک هاوڵاتییەک دەمەوێت ڕای خۆم و خوێندنەوەی خۆم لەسەر ئەو ڕووداوە و چەندین ڕووداوی لەو وێنەیە کە پێشتر ڕووییانداوە، لە سلێمانی و هەوڵێر و شارەکانی دیکەی کوردستان بخەمە ڕوو بۆ ئێوەی خوێنەری ئازیز.

ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان و بەرپرسەکانییان کە حیزبیین و نیشتیمانیی نین، بەناو بۆ ئەوە دروستبوون کە سەروماڵی خەڵکی بپارێزن و ئارامیی و ئاسایش سەقامگیربکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە خۆیان بوون بە سەرچاوەی ئاژەوە گێڕیی و شەڕ و پێکدادان. بە نهێنی هانی جەماوەرە ناهۆشیار و کەڕ و کوێرەکەی خۆیان دەدەن بۆ کاری تێکدەرانە و پەلاماردانی دامودەزگاکانی حوکمیی و پارلەمان و بارەگا حیزبییەکان، لە دواجاریشدا ڕووی خۆیان بە هەندێک لێدوانی درۆزنانە سپیدەکەنەوە و بەڵتەجییەکانی خۆشیان کە خودی خۆیان گۆشیانکردوون و ڕایانهێناون لە سەر ڕق و کینە و خوێنڕشتن بۆ یەکالییکردنەوەی ململانێ سیاسییەکانییان، یان تۆڵەکردنەوە لە یەکتری، فێرییانکردوون کەی دەیان لێکردن وەک سەگەل پەلارماربدەن و بەربەرییانە دار و چەقۆ هەڵگرن و هەرچ کەسێک لە نەیارانییان کەوتنە بەردەست بیکوتن هەر لە کامێرامانێکەوە تا دەگاتە پارلەمانتارێک کە پارێزەریی یاسایی و پارلەمانتاریی هەیە. کاتێکیش کارە بەربەرییەکەیان ئەنجامدا، لە ژێرەوە و بە نهێنی دەستخۆشییان لێدەکەن بۆ دڵسۆزییان بۆ(گەل و نیشتیمان و حیزب)، پێیان دەڵێن هەتا ئێوەمان هەبن هیچ هێزێک ناتوانێت لەشکۆی سەرۆکێتییمان کەمبکاتەوە، بەڵام وەکوتریش ڕۆژنامە و شاشەی تیڤییەکانییان پڕدەکەن بە لێدوان و بەیاننامەی پڕوپوچی قێزەون و ناوی خۆپیشاندەرەکانی خۆیان دەبەن بە (ئاژاوەگێڕ) و (دەستی تێکدەر) و (تابوری پێنج).

ئەوەی دوێنێ ئێوارە و شەوی ٢٩/١٠ لە هەولێر و دهۆک و زاخۆ ڕوویدا، لە چوونە سەر پارلەمان و بارەگاسووتاندنی حیزبی هاوپەیمان و حیزبە ئۆپۆزسوێنەکانی خۆیان، لە سلێمانی و گەرمیانیش ئەم کارە قێزەون و یارییە مناڵانە سیاسییە ڕوویداوە، ئەمە کاری یەکەمجاری ئەم حیزب و دەزگا ئەمنییانە نییە کە بەیەکتری دەکەن، هەرچ کاتێک هەستییانکردبێت بە تێکشانێک پەلاماری بەرامبەرەکەیان دەدەن. هەر بۆ نموونە ئەوەی لە کەرکووک لە رۆژی ١٦ی ئۆکۆتۆبەردا ڕوویدا و چەندین ڕووداوی دڵتەزێن و ناخۆشی بە دوای خۆیدا هێنا، باڵێک لە یەکێتی نیشتیمانی هەستی بە تێکشکان و پەراوێزکەوتن کرد بۆیە ئەو کارە قێزونەی ئەنجامدا. دیسان لە سلێمانی ـ ش یەکێتی و گۆڕان کەی هەستیان بە هەژموونی گەورەی پارتی کردبێت هەوڵیانداوە بە خەڵک تۆڵە لە پارتی بکەنەوە. هەروەها پارتی هەمان تۆڵەی لە یەکگرتووی ئیسلامیی و کۆمەڵی ئیسلامیی و گۆڕان و یەکێتی کردۆتەوە.

تا ئێستا چەندین جار ئەم کارە قێزەونە بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەکان و حوکومەت و وەزارەتی ناوخۆەوە ئەنجامدراوە. یەک هێز لەم هێزانە لە کاتی ئەم ڕووداوانەدا نەک هەر قسەناکەن بەڵکو لە ژێرەوە هانی خەڵکە بەربەرییە گۆشەکراوەکەی خۆیان دەدەن، کەی کارەکەیان تەواوکرد ئەوسا بە قسەی قۆڕ و نابەجێ دەکەوەنە لێدوان: “ئەوە دەستێکی تێکدەر و ئاژەوە گێر بوو”، “چەند کەسێکمان لەو ئاژەوەگێڕانە گرتووە و دەیاندەین بە دادگا”، حیزبە بارەگا سوتاو و هێرشکراوە سەرەکانیش شەرمنانە و بێئابڕوانە دەڵێن”ڕوونکرنەوەمان لە حیزبی دەسترۆشتووی ئەو دەڤەرە و حکومەت دەوێت” لە کاتێکدا کە خۆیان بەشێکن لە حوکومەت و خۆشیان پێشتر هەمان کاری قێزەونییان ئەنجامداوە.
هەندێک جاریش لێدوانەکانییان داواکاریی و تکایە! “هیوادارین شەڕی ناوخۆ ڕوونەدات، چونکە هەموومان دەسوتێین” ،”هیوادارین بە عەقڵ و لۆژیک مامەڵەبکەین”، وەک ئەوەی دووژمنانی گەلی کورد هێرشەکەی کردبێت، یان وەک ئەوەی ئەو خەڵکەی هێرشیکردوەتە سەرییان، خەڵکانێک بن لە دەرەوەی خۆیان. ئاشکرایە لای هەموومان کە شەڕە دزێوەکانی ناوخۆی کوردستان لە نێوان حیزبەکاندا بە فەرمانی سەرۆکی حیزبەکان و فەرماندەی یەکەمی چەکداری دەکرێت کە خودی سەرۆک حیزبەکان خۆیانن.

لە ڕاستیدا، نە بارەگاسووتاندن و نە هێرش و پەلاماری چەند بارەگایەکی حیزبیی یان دامودزگای حوکمیی و پارلەمان، خۆی لە خۆیدا هێندە ترسناک نییە، ڕەنگە کاری وا لە دنیایی سیاسەت و بە تایبەتی لە خۆپیشاندانی خۆپیشاندەراندا زۆر جار ڕووییان دابێت، بە تایبەتی ئەو خۆپشاندانە جەماوەرییانەی کە لە هەستێکی چینایەتیی و جیاکاریی و پەراوێزخستن و برسێتییەوە سەرچاوە دەگرێت، زۆر جار تووندووتیژیی بەخۆیەوە دەبینێت. بەڵام ئەمەی لە کوردستاندا ڕوودەدات، لە بارەگا سووتاندن و چوونە سەر بارەگای حیزب و چوونە سەر پارلەمان و دامودەزگای حکومیی، ترسەکەی لەوەدایە، ئەو حیزبانەی خۆیان حوکمڕانن، ئەو حیزبانەی فراکسوێنی گەورەیان هەیە لە پارلەماندا، ئەو حیزبانەی هاوپەیمانن، ئەو حیزبانەی بە ناوی دیموکراتیی و سۆسیال دیموکراتییەوە دەیان ساڵە تەمەنیان هەیە و خۆیان بە خاوەنی (شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد) دەزانن، هەر کە دمیان کردەوە بەرامبەر بە یەکتری دەڵێن، ئێمە خاوەنی(ڕووبارێک لە خوێنین)، هەر بەم ناوانەشەوە و بەم دروشم و پەرچەمانەوە توانییویانە جەماورێکی بەرینی خەڵکی کوردستان بکەن بە ئەندام و لاینەگر و هەواداری خۆیان، خۆیان ئەم کارە دڕندەیی و قێزەونە دەکەن بەرامبەر بە یەکتری، خۆیان خەڵک و جەماوەرەکەی خۆیان وا ڕاهێناوە کە حیزبی بەرامبەریان، بارەگای بەرامبەریان، ڕای جیاوازی بەرامبەریان، ئەوەی لە گەڵیان نییە، دوژمنن، لە دووژمن خراپترن و بە ناچاری هاوپەیمانن لەگەڵیاندا. ئەم پەروەردەیە ڕێک وەک ئەوە وایە لە قوتابخانەیەکدا مامۆستاکان هانی قوتابیانی پۆلە جیاوازەکان بدەن لە یەکتری و وەک دووژمن وێنایان بکەن لەبەرچاوی یەکتری.

ئەم حاڵەتی دووژمنکاریەی نێوان ئەم حیزبانە، هێندە ترسناکە کە شۆڕبۆتەوە بۆ ناو خێزانەکان، بۆ ناو قوتابخانەکان، بۆ ناو دامودەزگا حکومیی و وەزارەتەکان، بۆ ناو خودی پارلەمان و دامەزروە یاساییەکان، بۆ ناو خودی ڕێکخراوە ناحکومیی و مەدەنییەکان. ئەم شۆڕبوونەوەیە وەک ئاماژەم پێدا ترسەکەی لەوەدا کورت نابێتەوە کە چەند بارەگایەک دەسوتێنرێت و تەواو، بەڵکو ترسکەی لەوەدایە کە کۆمەڵگە لەبەریەک هەڵدەوەشێنێتەوە، دووژمنایەتی و ڕق و کینە دەچێنێت لە ناو خەڵکدا و برەو بە تووندووتیژیی دەدات.
بۆیە بەڕای من پێویستە لەسەر هەموو کەسێکی بە ئاگا،لەسەر هەموو ڕۆشنبیر و نووسەر و ئەدیب و کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕیكخراوە مەدەنییەکان زۆر بە تووندی بچنەوە بە گژ ڕەفتاری بەربەرێتیی ئەم حیزبانە و ئەم دووڕوویە لە کاری سیاسییاندا. ئەوانەی بارەگای حیزبەکانییان سوتاند لە گەرمیان و سلێمانی و هەوڵێر و زاخۆ، ئەوانەی پەلاماری پارلەمانییان دا، ئەوانەی بوون بە سوتەمەنی شەڕی ناوخۆ، ئەوانەی ڕۆژنامەنووسەکان و پیاو ئازا سیاسییەکانی کوردستانیان تیرۆرکرد، ئەوانە ئاژەوە گێڕێک نین لە دەرەوەی حیزبەکانی کوردستان و بە تایبەتی لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی نین، بەڵکو ئەوانە گۆشکراوی دەستی پارتی(دیموکراتی)کوردستان و (یەکێتی)نیشیمانی کوردستانن.

دیسان دەمەوێت ئەوەش بڵێم، هێندەی ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر دوو ڕووداوی فروفێڵی سیاسیی قێزەونی پارتی و یەکێتین هێندە خیانەت نییە، ئەگەر ئەم کارە سیاسییانە خیانەتە، ئەی چۆن ئەم خیانەتانە قبووڵ دەکرێت، ئەی چۆن لێپرسینەوەی یاسایی و سیاسیی لەسەر ناکرێت و نادرێن بە دادگا، ئەی چۆن پێکەوە یەک حکومەت دروستدەکەن. بە بڕوای من ناوبردنی ئەم ڕووداوە سیاسییە قێزەونانە بە خیانەت بۆ هێورکردنەوەی باری دەروونی خەڵکی گشتیی و ئەو دروشمە”کوردایەتی”یە درۆزن و ساختەچییەیانە، تا خەڵکی ئۆخی بکەن کە یەکێتییەکان بە پارتییەکانییان گوت خیانەتیان کردووە، هەروەها پارتییەکانیش بە یەکێتییەکانییان گوت خیانەتیانردووە، خیانەت پێناسەی خۆی هەیە. ئەم مامەڵە سیاسییە قێزەونانە ستراتیژییەتی هەردوولایانە، ئەگەر بەم جۆرە سیاسەت نەکەن، ڕەنگە بچوکبنەوە، رەنگە نەتوانن یەکتری زیندووکەنەوە و بەردەوام هەمژموونیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا گەورەبێت و بتوانن بە ناوی کوردایەتییەوە خەڵ بخەڵەتێنن.

جیهاد موحەمەد
٣٠/١٠/٢٠١٧




دۆعای کۆمەڵێک پێشمەرگە و شیکارییەکی بەندە! … جیهاد موحەمەد

هەندێک ڕووداوی گاڵتەجاڕیی بەسەرماندا تێدەپەڕێت بێ ئەوەی ئاوڕێکی جددی لێبدەینەوە، وای لێکدەدەینەوە کە تەنها بۆ پێکەنینە، لە ڕاستیدا ئەو جۆرە لە پێکەنین و گاڵتەجاڕییە پرس و مەسەلەی زۆر جددی لە پشتەوەیە، دەمەوێت بڵێم، کە یەکێک لە ڕەهەندەکانی پێکەنینە و پێکەنینەکەش بۆ داپۆشینی جددیەتەکەیەتی، وەکو تر چەندین ڕەهەندی تری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگی هەیە، کە پیویستە بە گوێرەی توانا خوێندنەوەی بۆ بکرێت و هەروا بە سانایی بەسەرماندا تێنەپەڕێت.

یەكێک لەو پێکەنین و گاڵتەجاڕییانە، پێکەنین و گاڵتەجاریی دۆعا و تکای پۆلێک پێشمەرگەی هەژارە لەو خواوەندەی بە دڵ و دەروونێکی پاکەوە بڕوایان پێیەتی، ئەم پۆلە پێشمەرگەیە یەکێکیان دۆعاکان دەکات و ئەوانیتر دەستیان بەرزکردۆتەوە و “ئامین” یارب العالمین ی بۆ دەکەن. بە پێویستم زانی بە گوێرەی توانا و سەلیقەی خۆم شیکارییەک بکەم لەسەر ڕەهەندە سیاسیی و کۆمەڵاییەتیی و چینایەتییەکانی ئەم پێکەنین و گاڵتەجاڕییە، تا بزانین بەڕاست ئەم پۆلە پێشمەرگەیە تەنها بۆ پێکەنین و خۆشییەکی ڕووت ئەم دۆعا و نزایە دەکەن یان پاڵنەرێکی دیکەی لە پشتەوەیە.
بە بڕوای من و وەک هەمووشمان دەیزانین وتە و قسەکردن و دەربڕینەکانی هەرچ مرۆڤێک یان کۆمەڵە مرۆڤێک دەربڕینی بیر و ئەندێشەیە، دیارە هەرچ مرۆڤێک بە گوێرەی پاشخانە هۆشیاریی و ڕۆشنبیرییەکەی خۆی گوزارشت لە بیر و ئەندێشەی خۆی دەکات. زۆر جار مرۆڤە سادەکان، دەربڕینی زۆر قووڵ و گرنگ و بەهێزیان هەیە، وەلێ بە زمانێکی سادە و ساکار دەریدەبڕن، بە داخەوە گرنگی بەو زمانە سادەو ساکارە نادرێت و هەروا بە سانای بەسەرماندا تێدەپەڕێت. زۆربەمان کاک (عەبدوڵلە)مان لە شاری سلێمانی دەناسی، کە بە داخەوە لە پڕ بە جەڵدەی دڵ گیانی لە دەستدا، ئەم پیاوە بەڕێزە، ڕۆژانە لە داخی هەژاریی و داماویی و بێکاری دەیان دۆعای لە خەڵکی هەژار دەکرد و بە گاڵتە جاڕیەیوە دیەوت:” خوایە هەرچی فەقیەرە نانی بە ئاوی نەگات، خوایە دەوڵمەندەکان دەوڵمەندتر بکات”
ئەمەی لێردە دانراوە، لینکی دۆعاکردن و نزا و پاڕانەوەی ئەو پۆلە پێشمەرگەیەیە کە وەک ئاماژەم پێدا، لە فەیسبووکدا بۆ پێکەنین و خۆشی خەڵک بۆ یەکتری دەنێرێت. تکایە بە وردی گوێ لە دۆعا و نزاکانییان بگرن پێش ئەوەی شیکارییەکەی من بخوێننەوە!
https://www.youtube.com/watch?v=le5lp12xEvg

یەک یەک دۆعاکانیان دەنووسمەوە و بە گشتی قسەیان لەسەر دەکەم:
١/ “یاڕەبی خوایە هەرچی ئاڵتون و ئەڵماس هەیە گشتی بکەیت بە تەنەکە”.
٢/ “یاڕەبی خوایە هەرچی پارە و دۆلار هەیە گشتی ببێت بە قاقەز”.
٣/ “یاڕەبی خوایە هەرچی باخ هەیە ببێت بە دڕک و داڵ”.
٤/ “یاڕەبی خوایە هەرچی عیمارە و ڤێللە و قەسری بەرز هەیە ببێت بە کەپری حەسیر وەک ئەم کەپرە حەسیرەی ئێمە”.
٥/ “یاڕەبی خوایە هەرچی بۆریە نەوت و نەوت هەیە هەمووی ببێت بە چڵکاو”.
٦/ “یاڕەبی خوایە هەرچی سەیارەی مۆدێل بەرز و وەنەوشە و مۆنیکا هەیە ببێت بە (کەریم کابان)”…. (لەگەڵ ڕێزمدا بۆ مامۆستا کەریم کابان، من لێرەدا قسەکەی ئەوان دەنووسمەوە).

ئەگەر بە وردی لە دۆعاو نزاکانییان وردبیینەوە، ئەم پۆلە پێشمەرگەیە کە نموونەی هەزاران پێشمەرگەی هەژار و داماو و کەمدەستن، لە بێچارەییدا ڕق و کینەیان لە هەموو دەوڵمەندەکان و خاوەن باخەکان و پاردار و خاوەن دۆلارکان و خاوەن ڤێللە و قەسەرەکان و خاوەن سەیارە مۆدێل بەرزەکانە. بەو پەڕی ڕاستگۆییەوە دژایەتی هەموو ئەمانە دەکەن لە ناخی خۆیاندا، ڕقیان لە هەموویانە، کەچی لە هەمان کاتدا چەکی پێشمەرگایەتییان هەڵگرتووە و پێیان دەوترێت پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکان، بۆ بەکارهێنانیان ڕۆژانە لە تیڤییەکانەوە و لە رۆژنامەکانەوە لە ڕادیۆکانەوە جگە لە خەڵکی گشتی بەسەر زاری بەرپسانەوە بەوپەڕی ڕێزەوە ناویان دەهێنن و بە پاڵەوان و بە ئازا ناویان دەبن. تەنانەت لەسەر قسەیەکی کاک عەدانان عوسمان کە تەنها ئەوەندی وت کە ئەم هێزە چەکدارانە هێزی میلییشیایین، مەسعود بەرزانی گوایە زۆر ڕێز لە پێشمەرگە دەگرێت و زۆر پێشمەرگەی خۆشدەوێت هەڕەشەی لێکرد و ڕایگەیاند کە ئەوانەی ناوی پێشمەرگە بە میلیشییایی دەبن لە کوردستاندا جێگەیان نابێتەوە!، لە کاتێلدا کە کاک عەدان عوسمان ئەو کاتە ئەندام پەرلەمان بوو.

هەمووشمان ئەو ڕاستییە دەزانین و چەندین جار لە خودی تیڤیەکانی پارتی و یەکێتیشەوە ئەو پێشمەرگانەی کە بە ناچاری و بە دەم گریانەوە بەرماڵی سواڵییان دادەخست لەبەردەم مزگەوتەکان و سەرشەقامەکاندا پیشاندەدران. کە بە بەڕوای من ئەمە شکۆشکاندن و بێڕێزییە کە بە پێشمەرگە دەکرا، کە بە دوومانگ جارێک ـ جگە لەو ماوەیەی کە ئەمریکا موچەی بۆ پێشمەرگە دەنارد ـ ٥٠٠ هەزار دیانر دەدار بە پێشمەرگە. بەردەوام پێشمەرگە بەدەست کەمی موچەکەیەوە هاواری بوو. لەهامانکاتدا ئەفسەرکانیان و بە تایبەتی ئەفسەرە پلەدارەکانییان موچەی چەندین ملوێنییان وەردەگرت، ئەوان پۆشتەوپەرداخ و ئەمانیش هەژار و داماو، ئەوان بە کاروانی ئوتومبیلی مۆدیل بەرزەوە هاتوچۆیان دەکرد وئەمانیش زۆر جار بۆ کرێی سەیارەی هاتووچۆی بەرەی جەنگەکان دادەمان. ئەوان ژن و کچەکانیان تا نێوەی گەردن و قۆڵ و باڵیان لە ئاڵتون هەڵکێشراو، ئەمانیش کچ و ژنەکانیان ڕووت و قوت و لە ساڵێکدا دوو دەست جلی بۆ نەدەکڕدرا. ئەوان پڕ باخەڵیان لە دینار و دۆلار و ئەمانیش باخەڵیان خاڵی. ئەوان نەوت و گازەکەیان دەدزیی و دوکەڵ و پیسییەکەشی بۆ ئەمان.
کەواتە ئەم دۆعاکردن و پاڕانەوەیە لە خوا لە ڕق و کینەیەکی ڕەوایانەوە هاتووە بەرامبەر بە بەرپرسەکانییان و بەرامبەر بە دەوڵەمەندەکان. ئەم ڕق و کینەیە ڕق و کینەیەکی چینایەتییە. چینە هەژارەکان ئەگەر هیچیان پێنەکرا و بێ دەسەڵات بوون لە بەگژاچوونەوەی چینە چەوسێنەرکان خۆ هیچ نەبێت ئەوەیان پێدەکرێت کە ڕقیان لێیان بێت و بەم جۆرە بە گاڵتەجاڕییەوە ڕق و کینەکانییان هەڵڕێژن.

هەڵڕشتنی ئەم ڕق و کێنەیە، لە لایەک ئارامییان پێدەبخشێت، لە لایەکی تریش چونکە بە گاڵتەجاڕیی و پێکەنینەوەیە ناکەونە بەر لێپرسینەوە و سزادان لە لایەن بەرپرسە دڵڕەقەکانییانەوە.
دەربڕینی ئەم ڕق و کینەیە، ئەوەمان پێدەڵێت، کە چەوساندنەوەی چینایەتی بنەمای هەموو چەوساندنەوەکانە، لە هەموو چەوساندنەوەکان بە ئازارتر و گەورەترە.

بەڵام ڕەهەندێکی تری ئەم ڕق و کینە چینایەتییە، ئەوەیە کە هەژارانی کوردستان زیاتر لە سەد ساڵە بەوە گۆشدەکرێن کە چەوساندنەوە و زوڵم و زۆر و بێدەرتانیی و کەمدەستیی و ماڵوێرانی تەنها لە چەوساندنەوەی نەتەوەییەوە هاتووە، ئەگەر ئەم چەوساندنەوەیە بسڕێتەوە چیتر خەڵک ناچەوسێتەوە و هەژار و داماو نابێت!. ئەم پەروەدەکردنە کارێکی کردوە کە ڕاستی ئەوە لە بیرهەژارن بەرێتەوە کە لە پێش چەوساندنەوەی نەتەوەیی و گەورەتر لە چەوساندنەوەی نەتەوەیی چەوساندنەوەی چینایەتیە کە مرۆڤەکان دەهاڕێت. هەژارانی وڵاتی ئێمە بەوجۆرە پەروەردەیەکی شۆڕشگێڕیی نەکراون کە لە یەککاتدا دەتوانرێت بە گژ هەموو جۆرەکانی چەوساندنەوەدا بچێتەوە و دنیاییەکی بەختەوەر و یەکسان و دادپەروەر بۆ خۆی بێنێتە ئاراوە. ئەم پەروەدەیە لە لایەن هێزە ناسیۆنالیستەکانەوە کاری لەسەر کراوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت گەورەترین هێزی بۆ دروستبکرێت و لە هەمانکاتدا بۆ ئەوەی ئەم هێزە دنیایی چەوسێنەران و دەوڵەمەندەکان تێکنەدات. ئەم پەروەدەیە لەهەموو شۆڕس و بە ناو بزووتنەوەکانی ڕزگاری خۆازییدا هەروا بووە.

بۆرجوازیەتی دواکەوتوی کوردستان بەم پەروەردە سەقەتە ناسیۆنالیستیی و دینییە، توانیویانە خەڵکێکی زۆری پێهەڵبخەڵەتێن و بیانکەن بە هێزێکی گەورە بۆ مانەوەی دنیا پڕ لە نایەکسان و نادادپەروەر و نا مرۆڤییەکەی خۆیان. ئەگەر وردبینەوە لە ماوەی ٢٦ ساڵی حوکمڕانی ئەم حیزبە دەسەڵاتدارە ناسیۆنالیستیی و دینییانەدا، بەردەوام خەڵکی هەژار و داماو بوون بە پارێزەرییان و هەرچ کاتێکیش ویستبێتیان وەک ڕانە مەڕ مۆڵیان داون، یان ڕاپێچی بەرەی جەنگەکانییان کردوون. ئەم خەڵکە هەژارە بەردەوام بە هاژاری و داوماویی ماونەتەوە و حیزبەکان و مەکتەب سیاسییەکانیان و سەرکردەکانیان و بنەمالەکانیان و کەسوکارەکانییان و هەندێکیش لە بازرگانە چاوچنۆکەکان بە دەمەوڵەمەندی ماونەتەوە.

ئەم پەروەردەیە، لە بنەڕەتەوە پەروەردەی خێزانەکانە، چونکە خێزانەکانی وڵاتانی دواکەوتوو پەروەدەیەکی ترادسیۆنیی و کولتوورێکی دواکەوتویی بەسەرچوویان هەیە. دوای خێزانیش، هەمان پەروەردە لە باخچەکانی ساوایان و قوتابخانەکان و تەنانەت زانکۆکانیشدا منداڵ و مێرد منداڵ و خوێندکارەکانی پێ گۆشدەکرێت. کەواتە ئەم پەروەدەیە فەرهەنگێک دێنێتە ئاروە کە بریتییە لە فەرهەنگی چەوساندنەوە و ژێردەستەیی، بریتیە لە فەرهەنگی بێدەسەڵاتیی، بریتیە لە فەرهەنگی نەزانین و نەخوێندەاری، بریتیە لە فەرهەنگێکی پڕ لە نادیموکراتیی و نا یەکسانیی و نا دادپەروەریی.
بۆیە پێشمەرگە هەژارەکان، یان سەربازە هەژارەکان و زۆربەی زۆری خەڵکی گشتی هەژار و بەشمەینەت نازانێت چۆن شۆڕشگێڕانە شۆرشی خۆی بەرپا بکات دژی هەموو جۆرە چەوساندنەوەکان. ئەم پۆلە پێشمەرگەیە، بێ دەسەڵات و ناچارن، چونکە گۆشنەکراون بە پەروەردە و فەرهەنگێکی شۆرشگێرانە و ئازایانە. لە هەمانکاتدا پڕ لە ڕق و کینەن بەرامبەر بە چەوسێنەران، لە مزگەوتەکانەوە فێری ئەوە کراون کە خواوەند حەقی بزنی کۆڵ لە شاخدار دەکاتەوە، بۆیە ئەمانیش لە خوا دەپاڕێنەوە کە ماڵ و موڵکی هەموو دەوڵەمەندەکان وێرانبێت، لە جیاتی ئەوەی شۆرشێک بەرپابکەن بۆ دنیاییەکی پڕ لە بەختەوەری و یەکسانی و دادپەروەری بۆ هەمووان.

جیهاد موحەمەد
/ ٢٧/١٠/٢٠١٧




“ڕیفراندۆم هەر دەکرێت و ئەنجامەکەشی سەردەگرێت، بەڵام ئەوانەی لەگەڵیدا نین، خەجاڵەتیان بۆ دەمێنێتیەوە”

جیهاد محمەد …….

ئەم قسە پڕوپووچانە چییە، ئەم هەڕەشەو گوڕەشانە چییە! لێمان دەکەن. خاوەنی ئەم قسە پروپوچ و هەڕەشانە، پێش هەموو شت لە مانای ئازادی ناگەن، دەیانەوێت خۆیان و ئاغاکانیان چۆن بیرییان کردەوە، خەڵکیش بە هەمان شێوە بیربکاتەوە! ئەم قسە پڕوپوچانە وەک ئەوە وایە بوترێت، کە ئاغا قسەی فەرموو، هەرکەس نەیەژێ قوربان قسەی جەنابەتە، کافرە.
لە لایەکی تریش خاوەنی ئەم قسە پڕوپووچانە، جگە لەوەی لە ئازادی تێنەگەیشتوون، لە بیرکردنەوەی جیاوازیش تێنەگەیشتوون، دەیانەوێت کەس بیر نەکاتەوە، هەموو کەس مێشکی خۆی دابخات، لەبەرئەوەی جەنابی دیکتاتۆر بیریان بۆ دەکاتەوە.
خاوەنی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە جگە لەوەی بیرکردنەوەیەکی فاشیانەیە، گوێی خۆشیان کەڕ و کاس کردووە، نایانەوێت لە جیاوازییە فکرییەکان تێبگەن، نایانەوێت لە حەقیقەتی یارییە گڵاوەکانی پشتی بانگهێشتکردن بۆ ڕیفراندۆم تێبگەن.
ڕیفراندۆم سەریش بکەوێت، دەوڵەتی کوردیش دروستبێت وەک خۆیان دەلێن (دەوڵەتی کوردی)، هیچ جیاوازیەکی نابێت لە دەوڵەتە فاشیی و دڕندەکانی نموونەی جارانی دەوڵەتە فاشییەکەی سەددام و دەوڵەتی کەمالیستەکان بە جارانی و ئێستاشیەوە، کە هەرچی نەشێت بە گەل و نەتەوەی کوردیان کرد، چونکە لەسەر دوو بنەما دروستدەبێت، یەکەم لەسەر بنەمای ڕەگەزپەرستی و نەژادپەرستی، دووەم، لەسەر بنەمای خێڵ و بنەماڵە، کە هەتا هەتایە دەبێت بنەماڵیەک دەستبەسەر سەروەت و سامانی وڵات و کولتوور و عەقڵی هەموو خەڵکی وڵاتەکەدا بگرێت.

ئێستا، ئەم منەورو عەقبقەریانەی دەوڵەتی کوردی، دەیانەوێت لەسەر بنەمای هەمان دەوڵەتی کەمالیستی و فاشییەکانی جارانی سەددام ڕێفراندۆم ئەنجامبدەن بۆ دەوڵەتی کوردی.
کە باشتر وابوو، ـ ئەگەر کاتی ئەم ڕیفراندۆم و بانگەشیە بوایە بۆ دەوڵەت ـ بۆ گەلێکی ستەمدیدە و زوڵم لێ کراو و دابەشکراو بەسەر چوار دەوڵەتی فاشیدا، کە سەد ساڵە لەسەر دەستی دەوڵەتە ڕەگەزپەرست‌و نەژادپەرستەکاندا دەچەوسێنرێتەوە، هەوڵبدرایە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نیشتیمانی لەسەر بنەمای پاراستنی مافی هەموو ئەو تاکانەی کە لە چوارچێوەی وڵات و دەوڵەتی کوردستنادا دەژین، هیچ جیاکارییەک نەکرێت لە نێوانی تاکەکاندا بە هۆکاری جیاوازی زمان و ڕەنگی پێست و کولتوور و نەتەوەی جیاواز، بەڵکو هاوڵاتییبوون بنەمایەکی یاسایی بوایە بۆ هوموو تاکەکان و هەموو تاکێک کە لە چاوارچێوەی کوردستاندا بژی خاوەنی شکۆمەندی و ڕێز و ئازادی خۆی بێت، هیچ کولتوورێک بۆی نەبێت کولتوورە جیاوازەکان بتوێنێتەوە لە خۆیدا، بەڵکو فرەکولتوورخوازی دروستبێت لە نێوانیاندا.
کەی ئەوە لۆژیک و عەقڵە لە ئێستاوە کە دەوڵەتت نیە بیر لەوە بکەیەتەوە کە دەوڵەتێکی نەژادپەرستی دروستبکەیت.

جگە لەمانەش، ٢٦ساڵە گەلی کوردی کوردستانی عێراق، سەرەڕای زوڵم و جیاکارییەکانی حوکمڕانە شیعەگەراییەکەی ئێستای عێراق بەرامبەر بە کوردی عێراق، دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەوان خراپتر و زۆر زیاتر خەڵکی کوردستان دەچەوسێننەوە و دەڕوتێننەوە.
هەرچ تاک و کۆمەڵگە و گەلێک گوێی خۆی کەڕکرد لە ئاستی ئەزموونەکانی، سا ئەو ئەزموونە چاک یان خراپ بووبێت لە ژیانیدا، تاک و کۆمەڵگەیەک دەردەچێت کە ناتوانێت خۆی بپارێزێت و ژیانی بەختەوەر بۆ خۆی دروستبکات.
٢٦ ساڵە گەلی کوردی عێراق، لە لایەن ئەو حیزب و بنەماڵانەی ئێستا بانگهێشت دەکەن بۆ ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی، ژیانیان لێ زەوتکراوە، دڵەڕاوکێیانە، دەترسن لە هەرچ پێشهاتێک کە بۆیان بێتە پێشەوە. هەر ئێستا لە ساییەی ڕیفراندۆمخوازە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانەوە هەڕەشەی چەندین ملیار دۆرلا لە خەڵکی کوردستان دەکرێت کە دەبێت بیبژێرێتەوە بۆ کۆمپانیای دانا گاز. ئەم چ عەقڵ و لۆژیکێکە دەسەڵاتێک ٢٦ساڵە بەروبووم و داهاتی خەڵکی کوردستان دەدزێت و خۆی دەوڵەمەند دەکات لەسەر حسابی کوێرەوەری خەڵکی ڕەشوڕووت و لەگەڵ ئەوەشدا ئەم خەڵکە ڕەشوڕووتە بکەیت بە ژێر قەرزی دەیان ملیار دۆلارەوە و ئنجا بێیت تەپڵی ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی لێ بدەیت.

جیهاد محمەد/ کوردستان




خۆپەرستی دەسەڵاتی سیاسی کوردستان … جیهاد محەمەد

هیچ بوونەوەرێک لەم سەر ڕووی زەمینە هێندەی مرۆڤ خۆپەرست نیە.
وا پێدەچێت مەسەلەی خۆپەرستی تا ئاستێک سروشتی بێت لە مرۆڤدا و هێندە خەسڵەتێکی خراپ و ناشیرین نەبێت، ئەگەر وا لێکماندایەوە کە خۆپەرستی بۆ خۆپاراستنە، بۆ خۆژیاندنە، بۆ بەرگریکردنە لە منداڵ و نەوە و جگەرگۆشەکان، بۆ پاشەکەوتکردنە بۆ ڕۆژانی تەنگانە.
واش پێدەچێت ئەم خسڵەتە، خەسڵەتێکی خۆرسکی بێت لە مرۆڤ و هەرچ بوونەوەرێکی تردا، کەواتە تا ئێرە ئاساییە و دەبێت بە ئاسایی وەربگیرێت. بەڵام کاتێک ئەم خۆپەرستیە بە جۆرێک شۆڕش دەبێتەوە بە ناو ناخ و عەقڵ و بیرکردنەوەی مرۆڤدا، کە لە بچووکترین هەڵسوکەوتیدا بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت دەردەکەوێت، بۆ نموونە لە کاتی دەستبردن بۆ نانخواردن، دەستبردن بۆ ئەو میوە و سەوزە و خۆراکەی کە لەبەردەمیدایە، هێندە نەوسننانە و خۆپەرستانە دەستی بۆ دەبات، ئەگەر بە وردی چاودێری بکەیت وا دەزانیت کە هەرچی لە بەردەمیدایە لە ئان و ساتێکدا دەیماشێتەوە، بۆیە ئەگەر جگەرگۆشەکەی خۆشی بە تەنیشتییەوە بێت بیری ناکەوێتەوە، یان دوای یەک دوو پاروو ئنجا بیری دەکەوێتەوە. ئەم حاڵەتە بە تایبەتی لە کاتی خواردنە بە تام و بە چێژەکاندا دەردەکەوێت. ئیتر لێرەوە ئەم خەسڵەتە دەبێت بە خەسڵەتێکی ناشیرن و دزێو و نا ئاسایی.

خۆپەرستی ئەگەر بەری پێنەگیرێت و تەشەنە بکات ئەوە زۆر جار بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین و بێ ئەوەی بە وردی بیرمان لێکردبێتەوە، یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ململانێ و پێکدادان و شەڕ و شۆڕ، جا ئەو ململانێ و پێکدادان و شەڕ و شۆڕە، ئەگەر لە نێوان دوو کەسدا، یان چەند کەس و چەند خێزانێکدا، یان لە نێوان تاقم و دەستەو گروپەکاندا، یان لە نێوان ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵتەدا بێت، ئەوە قەوارە و گەوەرەیی بە گوێرەی خۆی دەردەکەوێت، ئەمەش سەرچاوەکە ناگۆڕێت، بەڵکو ئەم سەرچاوەیە بە گوێرەی بچووکی و گەورەیی قەوارەکەی میکانیزمەکانی و ڕەهەندەکانی کەم و زۆر و بچووک و گەورە دەبن و دەردەکەون، هەتا خۆپەرستیی و چاوچنۆکیەکە گەورەتر بێت ڕەهەندگلێکی دیکە وەردەگرێت و لە خوێندنەوەیدا ڕەنگە بە خەسڵەت و کردەوەی دیکە لە قەڵەم بدرێت، بەڵام لە بەنڕەتدا هەر خۆپەرستیە.

ترسناکی ئەم سەرچاوەیە بە گوێرەی کەمی و بچووکی و گەورەیی دەگۆڕدرێت، هەتا خۆپەرستیەکە زیاتر و گەورەتر بێت زیاتر ترسناکتر دەبێت.
خۆپەرستی بێ ویژدانی دروستدەکات، ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لاواز دەکات، خەسڵەتە مرۆییەکان ورد ورد دەهاڕێت و دەسڕێتەوە، خۆشەویستی لە نێو تاکەکاندا دەسڕێتەوە، لە جێگەی خۆشەویستی ئۆخەی ئۆخەی هەرکەس بۆ خۆی دروستدەکات، زۆر جار ئەم خەسڵەتە دزێوە مرۆڤ دەگەیەنێتە ئەو بیرکردنەوە چاوچنۆکییەی کە وارەفتار دەکات: “ئەوەی خۆم بۆ خۆم ئەوەی تۆش دەخۆم”.

هۆکار و فاکتەرێکی بنەڕەتی بۆ لابردن یان ڕێگەگرتن لە گەورەبوونی خۆپەرستی، خودی خێزانەکان خۆیانن، لە ناو خیزانەکاندا ئەگەر پەروەدەیەکی زانستیانە و عەقڵانییانە و دیموکراتیانە هەبێت بۆ کۆرپەکان هەر لە تەمەنی یەک ساڵییەوە تا تەمەنی شەش ساڵی ئەوە بێگومانی خۆپەرستی کەم دەکاتەوە. فەیلەسوف و بیرمەند بێرتراند ڕەسڵ دەڵێت:”منداڵ لە تەمەنی یەکساڵیەوە تا تەمەنی شەش ساڵی، ئەوەندە شت فێر دەبێت کە بە درێژایی تەمەنی ئەوە فێر نابێت” کەواتە ئەم فێربوون و ڕاهات و پەروردەیەی تەمەنی منداڵی دەبێت بە بناغەیەکی پتەو بۆ گەورە بوون.

هۆکار و فاکتەری دووەم، بۆ کەمکردنەوە و لابردنی خۆپەرستی، پەروەردە و سیستمی پەڕوەردە و فێربوونە، پەروەردە و سیستمی پەروەردە ئەگەر لەسەر بنەمایەکی مرۆڤدۆستی و خۆشەویستی و دیالۆگ و دیموکراتی دامەزرابێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە فاکتەر و هۆکارێکی گرنگ و سەرەکیە بۆ نەهێشتنی خۆپەرستی، یان گەورەنەبوونی خۆپەرستی لە مرۆڤەکاندا.
فاکتەر و هۆکارێکی سیەیەم، کە خۆپەرستی بسڕێتەوە لای مرۆڤەکان، مسۆگەرکردنی ژیانێکی بەختەوەر و دادپەروەر و یەکسانە لە لایەن حوکمڕانەکانەوە کە ڕێکخستنی ژیانی تاک و کۆمەڵگەیان لەسەر شانەو و ئەرکیانە. هەڵبەت بۆ ئەمەش ئەبێت دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانەکان بە ڕاستی لە خودی گەل و خەڵک خۆیەوە بێت و بە دڵ هەڵیانبژاردبێتن و متمانە و بڕوای تەواو لە نێوانیاندا هەبێت.

ترسناکترین خۆپەرستی، خۆپەرستی حاکم و حوکمڕانەکان و دەسەڵاتە سیاسییەکانە، چونکە دەسەڵاتی سیاسیی وحوکمڕانەکان بۆ ئەوە هاتوونەتە بەرهەم کە ژیانی تاک و کۆمەڵگە رێکبخەن، کاتێک دەسەڵاتێکی سیاسی ـ لە وێنەی دەسەڵاتی سیاسیی ئێستای کوردستان ـ خۆپەرست دەبن، ئیتر زوڵم و ستەم دروستدەکەن و دەربەستی ژیانی گشتی خەڵک نایەن. خۆپەرستییەکەیان پاڵیان پێوە دەنێت هەرچی ستەمە بیکەن لە پێناوی دزین و تاڵانی سەروەت و سامانی خەڵکدا. لێرەشەوە نادادپەروەری و نا یەکسانی و نا بەرابەری و چەوسانەوە بە جۆرێک دروست دەبێت، کە چەندین زیندانی سیاسیی و کۆمەڵایەتی دروستدەکەن بۆ ئەوانەی هەڵدەگەڕێنەوە لێیان، یان بۆ ئەوانەی کە لە تاو بێدەرەتانی و نەبوونی و هەژاری کاری نەشییاوی وەک دزی و کوشتن و پەلامار و هێڕش بۆ سەر کەسان و خێزانەکانی تر دروست دەکەن، دەسەڵاتی سیاسی و حاکم و حوکمڕانەکان کە خۆپەرستبوون بێ سڵەمینەوە گوێ نادەن بە هیچ بەها و ئەخلاقێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، خوێنی خەڵک دەڕێژن لەسەر بچوکترین هەڵگەڕانەوە، لەسەر بچووکترین ناڕەزایەتی و ڕەخنەگرتن.
دەسەڵاتی خۆپەرست چەند ترسنۆکە هێندەش دڕندەیە، چونکە دڕندەییەکەی لە ترسنۆکییەوەیەتی، ترسنۆکیەکەشی لە ترسی لە دەستدانی دەسەڵاتەکەیەوەتی، لە دەستدانی دەسەڵاتەکەشی لە خۆپەرستییەوەتی.

ئێوە تەماشاکەن، کاتێک دەسەڵاتی سیاسیی و حیزبە حوکمڕانەکانی وەک پارتی و یەکێتی لە شاخدا بوون بە ناوی شۆڕشەوە، چەند خۆپەرستیش بووبێتن زۆر خۆپەرستییەکەیان دەرنەدەکەوت، چەند ترسنۆکیش بووبێتن ترسنۆکیەکەیان دەرنەدەکەوت، دیارە بە هۆکاری ئەوەی سەروەت و سامانێکی گەورەیان لە بەردەستدا نەبوو تا ترسنۆکانە و دڕندانە بیخۆن و بەرگری لێ بکەن. بەڵام کاتێک بوون بە حکومڕان و سەروەت و سامانی کوردستان کەوتە بەردەستیان بوون بەو دز و جەردەیەی کە هیچ ئەخلاقێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەهای مرۆڤبوونیان تێدا نەماوە. ئەم دەسەڵات سیاسییە خۆپەرستە، درۆزن و ساختەچێتی گەورەش دەکەن لە پێناوی مانەوەیاندا. کارێکیان کردووە کە کۆمەڵگە و ژیانی ئاسایی خەڵکیان شێواندووە.
ئەم دەسەڵاتە سیاسییە دزێو و خۆپەرستە، دوا کارت کە لەمڕۆدا بە دەستیانەوەیە کارتی ڕیفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەتە. کە بە ئاشکرا یاریی و مەرامە سیاسییەکانی ئەو دیوی ئەم دروشم و بانگهێشتە ڕازاوە و جوانانەیان دیارە، مەگەر لای ئەوانە دیار و ئاشکرا نەبێت کە بوون بە کۆیلە و شایەر بۆ ئەم دەسەڵاتە ستەمکار و خۆپەرستە.

جیهاد محەمەد/ سلێمانی




پەرلەمان یان ڕیفراندۆم! … جیهاد موحەمەد

سەرکردایەتی یەکێتی بە گشتی و بە تایبەتی ئەوانەی سزادراون لەگەڵ هەموو ئەوانەی پێ لەسەر ئەوە دادەگرن، کە لە پێشدا پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئنجا ڕیفراندۆم بکرێت، با باش بزانن، ئەم کارە بۆ پارتی ئاسانە و ڕەنگە لە پێناوی سەپاندنی قسەیەکی تری خۆیاندا واز لەو کەلەڕەقییە بهێنن، کە پەرلەمانییان پەکخستووە و پەساپۆرتی پەڕینەوە لە دەڤەری سەوز و شینەوە بۆ دەڤەری زەرد نوێناکەنەوە بۆ سەرۆکی پەرلەمانی لە کارخراو و وەزیرە دوورخراوەکان و هەندێک لە ئەندام پەرلەمانتارانی دیکە. چونکە کاراکردنەوەی پەرەلەمان لە کەلەڕەقی پارتی زیاتر هیچ شتێکی تر نییە، کە بنەماکەی سیاسەت و سیناریۆیەکی فێڵاویە.

گرنگە خەڵک بە گشتی و یەکێتیەکان و بزووتنەوەی گۆڕان باش ئەوە بزانن، کە هەموو ئەم مەسەلانە ئەگەر بە وردی و دووربینی و لۆژیکانە کاری لەسەر نەکرێت، ئەوە لە جێبەجێکردنییاندا ئاوکردنە ناو ئاشی پارتیە و هیچی تر.

کەی ئەوە داواکاریە تۆ بڵێیت، با پەرلەمان کارا بکرێتەوە دواتر ڕیفراندۆم بکرێت!. بە بێ ئەوەی تێگەیشتبێتی لە ڕەهەندە سیاسییەکەی ئەم پەکخستنەی پەرلەمان. یان ئەگەر تێگەیشتوویت و تەواو ڕەهەندەکانی ئەم سیناریۆیە پێدەزانیت، بەڵام بەوە بێدەنگ دەبیت کە پەرلەمان کارابکرێتەوە و هیچی تر، کەواتە ئێوە ئاو دەکەنەوە ناو ئاشی پارتی و ئەم حوکمڕانییە گەندەڵ و ستەمکارە.
پەرلەمانێک کە بێ بەها بێت، بێ دەنگ بێت، چالاک نەبێت، هیچ دەورێکی لە داڕشتن و ڕەنگڕێژکردنی سیاسەت و حوکمڕانی کوردستاندا نەبێت، نەتوانێت وەزیرێک و گزێرێک چ جای سەرۆکی وەزیران بۆ جارێک بانگهێشت بکات بۆ نێو پەرلەمان و لێپەرسینەوەی لەگەڵدا بکات، پەرلەمانێک لە سەروو خۆیەوە سەرۆکێکی بە ناوی (سەرۆکی هەرێم) و ئەندام مەکتەبێکی سیاسی پارتی بە ناوی(ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی) دانابێت، نەتوانێت هیچ جۆر یاسا و بڕیارێک دەربکات بۆ گۆڕینییان، جا با کاراش بکرێتەوە، چ لە مەسەلەکە دەگۆڕێت؟! بە دڵنییاییەوە هیچ. ئەم کاراکردنەوەیە، کە بەردەوام کراوە بە داواکارییەکی سیاسسی گرنگ و بەسەردەمی بزووتنەوەی گۆڕان و ناڕازییبووەکانی یەکێیتەوەیە، وەک ئەوە وایە بڵێیت: تۆ ئاو بڕێژە ئاشەکەوە، بۆ ئەوەی بێدەنگمان بکەیت لە ئاستی داگیرکارییەکانی خۆت و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی خۆتدا.

ئەم داواکارییە پوچە، بەرهەمی سەرکێشیی و هەژموونی پارتیە، ئەگەر پارتی ئەوەندە بە سەرکێشی و بە تووندی وەڵامی نەبوایە بۆتان، ئێوە ئەم داواکارییەتان نەدەبوو. دنیای حوکمڕانییە ستەمکارییەکەی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی و هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بێدەنگ درێژەیان دەدا بە حوکمڕانییە ستەمکاریی و گەندەڵییەکەی خۆیان. بەڵام ئەم دوو مەکەتەبە و ئەم دوو بنەماڵەیە وا دیارە لەوە فێڵاویترن کە تا ئێستا خەڵکی گشتی و ئێوەی سیاسیی و رۆشنبیری ناو سەرکردایەتی یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕانیش هەستی پێکردبێت. دەیان سیناروێی وەک پەکخستنی پەرلەمان و موچە بڕین و ئاڵای کوردستان و ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردیان بە دەستەوەیەوە. ئەمانە بۆ ئەوەیە کە بەرەی ئۆپۆزسوێن کورت بکەنەوە لە ناڕازیبووەکانی یەکیتی و بزووتنەوەی گۆڕاندا، بۆ ئەوەی لە جیاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵکی گشتی و چەوساوە و ستەملێکراوەکان ئەم نوێنەرانە ناڕازی بن و بە دروشمی(کاراکردنەوەی پەرلەمان، گەڕانەوەی وەزیرەکان، چاکسازییەکی درۆزنانە، مسەلەی نەوتفرۆشتن، مەسەلەی جەعفەری و عەبادی و مالکی، مەسەلەی شنگاڵ و پەکەکە و ئەنەکەسە و ڕۆژئاو، مەسەلەی کارەبا و ئاوی پاکی خواردنەوە و تەندروستی و پەروەدە و دەیان مەسەلەی دیکەی لەم بابەتانە) خەڵکی پێوە سەرقاڵ بکەن لە لایەک و لە لایەکی دیکە خەڵکی دڵخۆش بکەن بەوەی کۆمەڵێک لە ناو یەکێتیدا ناڕازین لەم حوکمڕانییە و بزووتنەوەی گۆرانیش پشتیوانی خەڵک دەکات.

ئەگەر ناڕازیبووەکانی ناو یەکیتی و بزووتنەوەی گۆڕان ڕاستیان دەوێت و دەیانەوێت بە ڕاستی بەرهەمی ئەم حوکمڕانییە نەبن و درێژە پێدەری ئەم ستەمکارییە نەبن، دەبێت باش ئەوە بزانن کە لە بناغەوە (ئاشەکە) لە کار کەوتووە و کەڵکی لێبڕاوە، بەردەکانی سواوە، هیچ ناهاڕێت. جگە لەوەی هیچیش ناهاڕێت، گەنمی تێناکرێت بۆ هاڕین، لە جیاتی گەنم، بە موزایدەی سیاسیی و خۆ سەپاندنی حیزبێکی سیاسی و بەرفراوان بوونی زیاتری هەژموونی خۆی بەسەر کوردستاندا، ڕێفراندۆم و دەوڵەتی کوردی تێدەکرێت. ئەمە چ لۆژیکێکە و چ خۆ خەڵەتاندنێکە، کە ئێوەی سیاسیی گرتووتانە بە دەمتانەوە. ئەگەر ئێوە بە ڕاستی ئۆپۆزسوێنن، بە ڕاستی هەست بە ترسناکییەکان دەکەن، بە ڕاستی پێدەزانن کە ئەمە حوکمڕانیی نییە، ئەوە دەبێت لە هەوڵی ئەوەدا بن ئاشکە لە بنەڕەتەوە هەڵتەکێنن و ئاشێکی نوێی سەردەمیانە و شایستە بە ژیانی خەڵکی دامەزرێنن، دەبێت ئاشەوانەکانی ئاشەکەش خەڵکی خۆیان بن نەک بنەماڵە و تاقم و دەستەیەکی مافیایی و گەندەڵ. سەیرە بەلامەوە بزووتنەوەی گۆڕان بڵێت، بەڵێ ئێمە ئێستا کاندیدمان هەیە بۆ (کورسیەکەی سەرۆکی هەرێم)، کام سەرۆک و کام سەرۆکایەتی، بە کام لۆژیکی سیاسیی و بە کام یاسا و ڕیسا تۆ دەچیتە جیگەی سەرۆکێکی داگیرکراو کە لە بنەمادا لەسەر ئەوە دامەزراوە کە هەرکەس لەسەر ئەو کورسیە دانیشێت، دەبێت دانیشتنەکەی هەتا هەتایی بێت، مەگەر مەرگ بتوانێت پێی چۆڵبکات.

جیهاد موحەمەد/ سلێمانی
١١/٤/٢٠١٧




قسەیەکی کورت لەسەر ڕای زیا پەترۆس … جیهاد موحەمەد

زیا پەترۆس سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ بە پلەی وەزیر و بە بڕیاری پەرلەمانی جاران خوا عەفویکات، دەڵێت: “پاشکەوتی موچە و بڕینی موچە پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، لەبەر ئەوەی بە گرێبەست هەموو ئەوانەی وەزیفەی حکومییان هەبووە، لە بەرامبەر موچەیەکی دیاریکراودا دامەزراون، واتە لایەنی حکومەت ئەم گرێبەستەی تا سەر جێبەجێ نەکردووە، بیانووەکەشی ناخوات، کە بە ناوی کەم دەرامەتی و قەیرانی حکومەتەوە ئەم مافەی پێشێلکردووە، چونکە شەفافیەت لە داهاتی حکومەتدا نییە و بێمتمانەیی لە نێوان خەڵک و حکومەتدا هەیە”.
ئەگەر گوێ لەم قسەیە بگرین، ڕەنگە زۆربەی زۆرمان بڵێین، ئەم پیاوە پیاوێکی نەترسە و بوێرانە بەرگری لە مافی خەڵک دەکات و ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت.
بەڵام ئەگەر بە وردی قسەکانی لێکبدەینەوە، ئەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەمەش تەنها بۆ خۆ پەڕاندنەوەیە و هیچی تر، لەو بەرپرسیارێتییەی کە لەسەرێتی. تەنها بۆ ئەوەی کە وەڵامێکی پێ بێت بۆ ڕاگەیاندنەکان.

چۆن؟ بۆ وەڵامی ئەمەش من دەڵێم، نەخێر مەسەلەکە تەنها پێشێلکردنی مافی مرۆڤ نییە، ئەمەیان بەشێکێتی، بەڵام بەشەکەی تری کە هۆکارێکی سەرەکیە بۆ دەیان پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، نەبوونی سیستەمێکی حکوڕانیی یاسایی و دادپەروەرە، حکومەت لە کوردستاندا دەزگایەکی هەڕەمەکی حیزبییە، پێش ئەوەی دەزگایەکی سیاسیی دادپەروەر بێت و بە گوێرەی دەستور و یاساگەلێکی دیاری دادپەروەرانە لە پەرلەمانەوە کار بکات و لەسەر بنەمای ئەو بڕیار و دەستورە هەڵبژێردراوە و یاسا دەرچووەکانی پەرلەمانەوە کار بکات.
هەر بۆ نموونە و لەسەر ئەم قسەیەی سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا، ئەم پرسیارە دەخەینە بەرچاو، ئایا هیچ کەسێک کە لە کوردستاندا دادەمەزرێت، ئاگاداری ئەو گرێبەستەیە کە سەرۆکی مافی مرۆڤ باسی دەکات و دەڵێت خەڵک بە گرێبەستێک دامەزراوە؟ یان هەر بۆ خۆی وەک هەموو مەسەلەیەکی دیکە کە خەڵک ناهۆشیارانە خۆی تێفڕێ دەدات، تەنها مەبەستیان دامەزراندنە و هیچی تر، چونکە دامەزراندن لە کوردستان و وڵاتانی نەوتدا تەنها بە سیاسەتێکی داپۆشینی بەتاڵە(بطالة مقعنة) دەکرێت و خەڵکیش دەزانن کە دامەزراندن و کارکردن لە دەزگا حکومییەکاندا، تەنانەت لە شوێنە هەستیارەکانی وەک مامۆستایی و پزیشکیشدا، یان دامودەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و ئاگرکوژێنەوەکان، نیوە ئیش دەکەن و بایی ئەوەی وەری دەگرن ئیش ناکەن، واتە بە ناوی دامەزراندنەوە بە نیوە مشەخۆرییەک موچە وەردەگرن.

پرسیارێکی تر کە پشتیوانی لە ڕای ئێمە دەکات و قسەکانی سەرۆکی مافی مرۆڤیش ڕووندەکاتەوە کە ئەم دەستەیە هەموو پێشێلکردنێکی مافی مرۆڤ لە ڕهەندە سیاسیی و کۆەمەڵایەتی و ئابووریەکان ڕووت دەکەنەوە. بۆیە تەنها سەیری پێشێلکردنەکە دەکات بە بێ ئەوەی بزانن بۆچیی و هۆکاری چییە کە ئەم پێشێلکاریانە دەکرێت و چۆن دەتوانن بنەبڕی بکەن. چونکە ئیشی دەستەی چاودێریکردنی مافی مرۆڤ تەنها ڕەخنەگرتن نییە، بەڵکو پێش ئەوە هەوڵدانە بە یاسا و سزای یاسایی و پەرلەمانی پێشێلکردنەکانی مافی مرۆڤ بسڕرێتەوە. ئەو کاتانەی کە بە بێ پلانڕێژی و بە هەڕەمەکی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دە ئەوەندەی جاران زیادی کرد، ئایا ئەم زیادکردنانە لەسەر داخوازیی مومچەخوران بوو؟ ئایا هیچ کام لە سەندیکاکان، یان کۆمەڵێکیان، یان هەموو سەندیکاکان پێکەوە دواکاری ئەو زیادکردنە بوون؟ یان کۆمەڵێک ئابووری ناس و شارەزایان لە بواری ژیانی گشتی خەڵکدا کە ئاگاداری نرخ و بایی کەلوپەلەکانی ناوبازاربن و ئاگاداری پێویستییەکانی ژیانی خەڵک بن بە گوێری ڕۆژ و پێشکەوتنی خەڵک، یان بە گوێرەی بەرزبوونەوەی داهاتەکانی حکومەت داوای زیادکردنی موچەی موچە خۆرانیان کردبوو؟ یان پرسیان پێکرابوو لە لایەن حکومەتەوە؟ ئایا بۆ ڕاگرتنی جۆرێک لە یەکسانی نێوان موچەخۆران، موچەکان زیادی کردبوو؟یان هەر هەڕەمەکییانە و بە گوێرەی پلەی حیزبایەتی و ئەوانەی کە لای حیزب پێویست بوو موچەکانیان بگاتە چەندین میلوێن دینار، وەک موچەی پەرلەمانتاران و وەزیرەکان کە موچەی هەندێکیان دەگەیشتە پێنج تا هەشت ملوێن دینار. واتە ئەوانەی کە زۆر نزیکن لە حکومەتەوە ئەوانە موچەکانیان گەیشتە بەرزترین ئاست.

کەواتە پێش ئەوەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بێت، مەسەلەی موچە زیادکردن و لە پڕکات دابەزینی دەچێتە خانەی بێسەروبەریی حکومەتێکەوە کە وەک ئاشی نەزان خوا دەیگێڕێت.
ڕەنگە تووشی ڕەخنە ببم لای ئەوانەی کە تێناگەن، تەنها ئەوە دەزانن کە دژی کەمکردنەوەی موچە بن. کە لە ڕاستیدا ئەمە زۆر ترسناکە، چونکە موچە کەمکردنەوە لە چاو کەمکردنەوە نرخی مرۆڤ و هەرزانکردنی مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە کوردستاندا ئەوەندە کاریگەری نییە. ئەوەی کە زۆر ترسناکە نەمان و حسابنەکردنە بۆ مرۆڤ، کاتێکیش ئەمە کرا، ئیتر نەک موچە کەمکردنەوە ئاسایی دەبێت لای حکومەتێکی ستەمکار، بەڵکو کوشتن و بڕین و ئەشکەنجەش لە زیندانەکاندا و بێ سەروشوێنکردنی کەسە سیاسییەکانیش ئاسایی بووەتەوە لە لای دەسەڵاتی سیاسیی پارتی و یەکێتی.

جیهاد موحەمەد/ سلێمانی
٨/٤/٢٠١٧




هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک ڕەوایە …. جیهاد موحەمەد

ڕەوایەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک نابێت بکرێت بە دەستکەوتی حیزبەکان. بەڵکو دەبێت بکرێت بە دەستکەوتی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی شاری کەرکوک و دەوربەری.

ئاڵای کوردستان دەبوو لە یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕینەوە، یان لە یەکەم ڕۆژی ڕوخانی ڕژێمی فاشی سەددام و بەعسیەکانەوە لە کەرکوک و لەسەر هەموو ناوچە کوردیەکان یان ناوچە و دەڤەر و شار و شارۆچکە کوردستانییەکان هەڵبکرایە. بەڵام نەک ئەمە نەکرا، بەڵکو کاتێک (ئاغای مەتەری) ئێرانیی هات بۆ سلێمانی بە پەلە یەکێتی نیشتیمانی لە هەرچ شوێنێکدا ئاڵای کوردستان هەڵکرابوو دایانگرت!، تەنانەت وێنەی هەڵواسراوی قازی محەمەدیشیان دەشاردەوە، ئەم ترسنۆکییەی یەکێتی نیشتیمانی نابێت لە بیر بکرێت. پارتیەکانیش لە ڕێگەی فرانسۆ حەریری ڕەحمەتیەوە شەڕیان بە مامۆستا شێرکۆ بێکەس دەفرۆشت لە پەرلەماندا لەسەر ئەوەی کە داینوت: “دەبێت ئاڵای عێراق لە پەرلەماندا هەڵکرێت”. ئێستاش موزایەدەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکەن.

حەقیقەتێکی تریش ئەوەیە مادام ئاڵای کوردستان ئێستا دەشەکێتەوە لە کەرکودا ئاڵای تورکمانەکانیش وەک کەمینەیەک حەقی خۆیانە هەڵیکەن و بشکەێتەوە. تەنانەت ئەگەر شاری کەروک بە تەواوەتی بشگەڕێتەوە سەر کوردستان تورکمانەکان حەقی خۆیانە ئاڵای خۆیان هەڵکەن.

یان ئەوەتا دەبێت کورد و عەرەب و تورکمان پێکەوە ئاڵایەکی تایبەتی بۆ شارەکەی خۆیان دروستبکەن بە لێتێگەیشتن، چونکە هیچ نەتەوەیەک بۆی نییە مافی نەتەوەیەکی تر پێشلبکات ئەگەر دیموکراتیەت و ڕەوایەتیمان دەوێت!. لە حاڵەتێکی واشدا ئاڵای کوردستان و ئاڵای گشتی پێکهاتەکانی کەرکوک پێکەوە هەڵدەکرێت، کە بە بڕوای من ئەمە باشترین چارەسەرە، خۆ ئەگەر کەرکوک نەشگەڕێتەوە سەر کوردستان و بکرێت بە هەرێمێکی تایبەتی، ئەوە زۆر ئاساییە ئاڵای خۆی هەبێت و لەگەڵیشیدا ئاڵای کوردستان هەڵکرێت.
کورد سەد ساڵە داوای کوردستانی بوونی کەرکوک دەکات، خەباتی بۆ دەکات، ماڵی خۆی وێران دەکات، خوێنی بۆ دەڕێژێت، یەکێک دەڵێت، “کەرکوک دڵی کوردستانە” و ئەویدی دەڵیت “کەرکوک قودسی” کوردستانە، بەڵام ئەمانە بەو واتایە نایەت کە کاتێک دەسەڵاتی هەبوو مافی نەتەوە و کەمینەکانی دیکە پێێشلبکات، بۆیە هەڵکرندی ئالای کوردستان بە پیرۆبزایی و سنگ دەرپەڕاندن نابێت، دەبێت هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ببێت بە مایەیی پێکەوە ژیان و هەستکردن بە (ئەمان) لە لای هەموو پێکهاتەکانی شاری کەرکوک و دەوروبەری. خۆ ئەگەر مەسەلەکەش ئەوەیە کە تورکمانەکان لە کەرکودا کەمینەن، کەواتە دەبێت بڵێین سەدام و ڕژێمە فاشییەکەی حەقی خۆیان بوو کوردیان دەچەوساندەوە، چونکە ئێمەش لە عێراقدا کەمینە بووین.

هەرچ مافێک بە ناعەقڵانی و بە پێشێلکردنی مافی بەرامبەر و بە ستەم بە دەستهات، ئەوە خۆی لە خۆیدا ستەمکاری و زۆرداریە. هەموو ئەوانەی تەنها پیرۆزبایی دەکەن و بیر لە پێکەوە ژیانی خەڵکی کەرکوک و ئاشتی و ئاشتەوایی ناکەنەوە، تێناگەن، یان خۆیان لە خۆیاندا کەسان و لایەنی نەژاند پەرست و قەومچین، یان موزایەدەی سیاسیی دەکەن. ئەگەر نەجمەدین کەریم و ئەنجوومەنی کەرکوک بە ڕاستی دەیانەوێت ئەم ئاڵایە بەردوامبێت، ئەم ئاڵایە ببێت بە ماییەی پێکەوە ژیان و خۆشی و بەخەتەوەری ئەوە پێش سنگدەرپەڕاندن و نەعرەتەی قەومی دەبێت ئەو پەیامە بگەیەنن بە عەرەب و تورکمان و هەموو لایەک کە مەبەست لە هەڵکردنی ئەم ئاڵایە پێشێلکردنی مافی هیچ نەتەوە و کەمینەیەک نییە و ئەمەش لەسەر ئەرزی واقیع پراکتیزە بکەن.

هەڵکردنی ئەم ئاڵایەی کوردستان دەبێت هێندە بە پشوودرێژی و بە عەقڵانییانە بێت، هەموو ڕق و کینەی تورکمانە ڕەگەزپەرستەکان و عەرەبە شۆڤینیستەکان و کوردە نەژادپەرستەکان خاوبکاتەوە. ئەم ئاڵایە دەبێت چەکێکی عەقڵانییانە بێت بۆ لێدانی ناعەقڵانیەتی ئەو نەتەوەپەرستییەی کە لەوەتی عێراق کراوە بە دەوڵەت فووی تێدەکرێت و هەڵئەئاوسێنرێت، لەم پێناوەشدا خوێنی دەیان و سەدان هەزار هاوڵاتی لە کورد و لە عەرەب و لە تورکمان ڕژێنرا، ماڵی دەیان هەزار خێزان وێرانکرا، دەیان هەزار کەس لە سێدارە دران، دەیان هەزار گوند و دەڤەر وێرانکران، ئێمەی کورد جینۆسایدکراین، ئەنفالکراین، کیمیابارانکراین، دەبێت ئەم هەڵئاوسانە ناعەقڵانییە فشبکرێتەوە بەوەی کە هەموو پێکهاتە کەرکوکیەکان بەرژەوەندی پێکەوە ژیان و خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە کولتووری یەکتری بنەمای سەرکی ژیانێکی بەختەوەرە بۆیان. تەنانەت هەڵکردنی ئەم ئاڵایە دەتوانرێت بکرێت بە دەستپێکێکی عەقڵانیانە بۆ دامەزراندنی (دەوڵەتێکی کوردستانی) لە جیاتی ئەو دەوڵەتە کوردییەی پارتی موزایەدەی پێوەدەکات و بە حساب تورکیای ڕەگەزپەرست پشتیوانی دەکات، کەچی ئەوەتا لەسەر ئەم ئاڵایە هەڕشەمان لێدەکەن و هاتوهاواریانە. دەوڵەتی کوردستانی بەو واتایەی کە مافی هەموو پێکهاتەکانی خەڵکی کوردستان لە ژێر ساییەیدا بگەن بە مافەکانی خۆیان و خۆشبژی و بەخەتەوەری و پێکەوەژیان فەرهام بکرێت بۆیان.

ئەگەر ئەم کارە نەکرێت، ئەوە هەڵکردنی ئەم ئاڵایە لە لایەک تەنها خۆی لە موزایەدەی سیاسییدا دەبینێتەوە و مەبەست لێی لە بیربردنەوەی کێشە سەرەکییەکانی ژیانی گشتی خەڵکە، جگە لەوەش ئەم ئاڵایە ڕق و کینەی نەتەوەپەرستی ئەستورتر دەکات، لە جیاتی خۆشی هێنان و بەختەوەری و ئارامی و ئاسایش دروستکردن دەبێت بە مایەیی خوێنڕشتن و شەڕ و ئاژاوە، کە پێم وایە ئەوەتی کورد خەبات دەکات بۆ ڕزگاری و ئازادی بە دەست ئەم ناعەقڵانیەتەوە دەناڵێت، کێشەی کورد کێشەی نەبوونی دیموکراتی و دادپەرەریی کۆمەڵایەتیە، دەربەدرکردنی کوردەکان لە شار و ناوچەکانی خۆیاندا لە ناعەقڵانیەتی حکومڕانەکانی عێراق و قەومچێتی و شۆڤێنێتی عەرەب و تورکمانەوە هاتووە، سڕینەوەی ئەم ناعەقڵانییە، ئەم کولتوورە سیاسییە ڕەگەزپەرستە لە پێش هەموو نەتەوە و کەمینەیەکدا کورد سوودی لێوەردەگرێت. ئەگەر کورد خاوەنی سیاسەتێکی سەردەمیانەی عەقڵانییە، با هەوڵبدات بە لێتێگەیشتن و دامەزراندنی کولتوورێکی سیاسیی دیموکراتییانە چارەسەری کێشەکان بکات، نەک بە ڕق و کینە و تۆلەسەندنەوە. ڕق و کینە و تۆڵەسەندنەوە هیچ کات لە بەرژەوەندی خەڵکی ڕەشوڕووت نییە، بەڵکو سیاسەتێکی نا ئینسانیانەی دەستە و تاقمە سیاسییەکان کە هەر لایەنێک دوکانێکی سیاسی دروستکردووە و هێزێکی گەورەی لە خەڵکی ڕەشوڕووتی ناهۆشیاری پێکەوە ناوە،کە بە ناچاری ئەو خەڵکە لە پێناوی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان و منداڵەکانییاندا بوون بە چەکداری ئەو هێزە میلیشیاییانە. ئەم هێزە ڕەفتار فاشییانە بە ناوی کوردایەتی و بە ناوی تورکمانچێتی و بە ناوی عروبەوە درێژە بە سیاسەتی گڵاوی خۆیان و داگیرکاریی دەدەن و خوێنی میللەت دەمژن و شەڕەکانییان درێژە پێدەری سیاسەتە داگیرکاریی و ستەمکارییەکانیانە.

جیهاد موحەمەد
٢٩/٣/٢١٠٧
سلێمانی




بە مورتەزەقەکردن و میلیشیاییکردنی گەلانی ناوچەکە بەردەوامە -1-… جیهاد محەمەد

بەشی یەکەم

هێزی مورتەزەقە و میلیشیایی بەو هێزانە دەوترێت کە نیشتیمانیی نین، ئەو هێزانەی بێ هیچ حسابکردنێک بۆ پرنسیپی ئەخلاقیاتی سوپایی و نیشتیمانپەروەریی و مرۆڤۆدۆستییەک دروستدەکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا بە ناوی نیشتیمانپەروەریی و پاراستنی سەروەریی نەتەوە و هەندێک جار بە ناوی پاراستنی سەروەریی دەوڵەت و هەندێک جاری تر بە ناوی پاراستنی دین و ئاینزاکانەوە دروستدەکرێن. واتە ئەم هێزانە هەندێک جار سەربە حیزب و بزووتنەوە سیاسییەکانن، هەندیک جاری دی سەربە دەوڵەتەکانن، بەکاریان دێنن بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەت یان دین، یان پاراستنی ناوچەیەکی جوگرافیایی. لەگەڵ ئەوەی مورتەزەقە بەو تاک و میلیشییانە یان ئەو سوپایە دەوترێت کە بەکرێدەگیرێن بۆ پاراستنی دەسەڵاتی پاشا یان حوکمڕانیەکی دەرەکی، یان بەکرێدەگیرێن بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ناوخۆ، بەڵام ئەوەی من تێبینی دەکەم لەم رۆژدەدا و لە ناوچەکەدا بە گشتی ئێستا جیاوازییەکی ئەوتۆ نەماوە لە نێوان هێزی میلیشیایی و هێزی مورتەزەقەدا.

بۆ نموونە وەک هێزە میلیشییایەکەی حەسن نەسروڵا لە لوبناندا، کە چەند لە دژایەتیکردنی ئیسرئیل دروستبووە لەوە زیاتر بۆ برەودان و باڵادەستی هەژموونی دەوڵەتی ئیسلامیی شیعەگەرایی دروستبووە. هێزەکانی حەماس لە فەلەستیندا، هێزەکانی بەسیج و پاسدار لە سەردەمی شەڕی ئێران/عێراقدا، هێزەکانی حەشدی شەعبی ئێستا لە عێراقدا، هێزی جاشە کوردەکان دژی پێشمەرگە و شۆڕشی گەلی کورد. ئێستا لە کوردستاندا لیوا تایبەتەکان، حەشدی شەعبی لە کورد، حەشدی وەتەنی کە پارتی و سوننەکان خەریکی دامەزراندنین، ئەو هێزەی کە لە ئەنەکەسە و هێزێکی پارتی بە سەرپەرشتی ٢١ ئەفسەری توریکی پەلاماری شنگاڵ و هێزی پەکەکەیان دا، هەروەها ئەو هێزانەی کە ئێستا وا بڕیارە لە کوردستاندا دروستبکرێت و سەرەتاکانی دەرکەوتوون.
لە پێش هەموو ئەمانەشەوە هێزە تیڕۆرستییەکان کە بە دەیان گروپ و هێزن، لە هەموویان زیاتر و گەورەتر و ترسناکتر هێزەکانی داعش بوو کە لەم چەند ساڵەی دواییدا وەک قارچک هەڵتۆقین بە بروسکە و هەورەتریشقەی ئەو هەورە ڕەشە چڵکنەی بیریی شەڕەنگیزی و شەڕخوازی کە سەرتاپای ناوچەکە و بە تایبەتی وڵاتی سوریایی گرتەوە. هەموو ئەم هێزانە خۆیان نەک بە بەکرێگیراو و میلیشیایی نازانن، بەڵکو خۆیان بە نیشتیمانیی و نیشتیمانپەروەر دەزانن، تەنانەت کاتی خۆی کە بە سەتان هەزار جاش بەکرێگیراوی ڕژێمی فاشی بەعسیەکان بوون بەناوی ئەوەوە ئەم کارەیان دەکرد کە گەنجانی کورد لە شەڕی عێراق/ ئێران بپارێزن، یەکێک لە سەرۆک جاشە گەورەکانی خێڵی جاف دەیگوت: “دەبێت گەلی کورد مەمنوونی من بێت کە توانیومە پێنج هەزار گەنجی خێڵەکەم بپارێزم لە تێوەگلانی شەڕی ئیران/عێراق”، هەندێکیش لە مەفرەزە تایبەتەکان دەیانگوت “ئێمە کوڕی بارزانین و بە ئەمری بارزانی بووین بە چەکداری حکومەت و دەمانەوێت ڕاوە پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی بکەین، چونکە ئەمانە جاشی ئێرانن”.

مەرج نییە بەکرێگرتنی ئەم هێزانە بە پارە و پول و پێدانی موچەی چەور بێت، زۆر جار دەسەڵاتە سیاسییەکان و حومکڕانەکان بە سیاسەتی بەرپاکردنی بێکارییەکی زۆر، کە زۆر جار دەگاتە لەسەدا ٢٠ی بێکاری خەڵک ناچار دەکەن لە پێناوی دابنیکردنی موچەکەی مەمرە و مەژیی پەنابەرن بۆ چەک هەڵگرتن و دەبن بە چەکدارای مورتەزەقە و میلیشیایی، هەندێک جاری تر بە بەرپاکردنی نەبونی ئاسایش و ترس و تۆقاندنی ئەوانەی کە سڤیلن و چەکدار نین، هەندێک جاری تر بەناوی هێزی نیشتیمانیی و بەرگریکردن لە نەتەوە و مافی نەتەوە، یان بەرگریکردن لە دین و ئاینزاکان، یان بەرگریکردن لە سەروەریی یاسا و دەسەڵاتی یاسایی ئەم هێزگەلە دروستدەکرێت و بە دەیان و سەتان هەزار کەس چەکدار دەکرێن.

ئەم هێزانە هەموویان پێکەوە لەگەڵ سوپا دیسپلینکراوەکاندا، وەک سوپای جارانی عێراق و سوپای ئێران و سوپای ئێستای عێراق و هێزەکانی پێشەمەرگە، هەروەها سوپا زبەلاحەکی تورکیا و سوریا، لە پشتیانەوە سیاسەتێکی هێندە نامرۆڤانە و ناعەقڵانییانە ڕاوەستاوە و هەڵیان دەسوڕێنێت، کە دەیانەوێت زیاتر و زیاتر هەرچی عەقڵ و بیرکردنەوەیە لە لای گەلانی ناوچەکە بسڕنەوە و تووشی زیاتری نەعرەتەی نەتەوەپەرستیی و سیکتاریزمی دینیی و ئاینزاییان بکەن. ئەمەش لە پێناوی درێژەدان بە سیاسەتەکانی خۆیان، شەڕکردن و جەنگ درێژە پێدەری سیاسەتەکانییان و حومکڕانییەکانییانە. کە بە بڕوای من سیاسەتی هیچ لایەنێک لەم لایەن و دەوڵەتانە نەک هەر عەقڵانی نییە بەڵکو زۆر جار لە جیاتی دەوڵەتە زلهێزەکانی دنیا شەڕدەکەن و ماڵی خەڵکی وێران دەکەن، واتە لێرەدا دەتوانین پێیان بڵێین (مورتەزەقە). پاساویشم ئەوەیە بۆ ئەم قسەیەم، کە هیچ کام لە گەلانی ئەم وڵاتانە، نە گەلی ئێران و نە گەلی عێراق و نەگەلی کورد و نەگەلانی تورکیا بە کورد و تورکەوە و نە گەلانی سوریا بە کورد و عەرەبەوە، سوودیان لە درێژە پێدانی جەنگ وەرنەگرتووە، بەڵكو ئەوەی سوودی وەرگرتووە تەنها دەتوانین بڵێین، حیزب و دەوڵەت و حوکمڕانەکانی ئەم ناوچەیە و کۆمپانیا سەرمایەدارەکانی جیهانە، کە بە هەزاران و دەیان هەزار ملیار دۆلاریان لەم شەڕو جەنگانەدا دەستکەوت بووە. کەواتە ئەم هێز و لەشکرانە هەم میلیشیایین بەو واتایەیی کە دیسپلینی سوپاییان نییە و نیشتیمانیی نین، هەم مورتەزەقەن بەو واتاییەی بۆ بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان چەکدار نەکراون. ئەمەش کارەساتە و کارەسات بە دوای خۆیدا دێنێت. گرنگیشە کە ناوی سوپای دیسپلینکراو بە ئەخلاقیات و تەکتیک و ستراتیژیی سوپایی دەبەین، ئەوە بزانین کە هیچ سوپایەک لەم سوپایانە نیشتیمانیی نین، بەڵکو لە پێناوی پاراستنی حوکمڕانە ستەمکارەکاندان. لە مێژوویەکی دوور و درێژی ئەم سوپایانەدا دوو جار کاری وایان کردووە کە بۆنی نیشتیمانپەروەریی لێ بێت، جارێک لە شەری ئیسرائیلدا کە سەرکەوتنیان بە دەستنەهێنا، جاریکی تریش لە شەری ئیخوانەکان و حوکمی یەک ساڵەی ئیخوانەکاندا لە میسر، کە دڵنیام ئەگەر تیشکی سەوزی ئەمەریکا نەبوایە و ئەمەریکا نەیجوڵاندنایە ئەوەشیان نەدەکرد.

کارەساتی گەورەتریش ئەوەیە، کە هیچ هێزێکی سیاسیی عەقڵانی لە ئارادا نییە، بتوانێت بەرامبەر بەو هەموو هێزە داگیرکارییە بوەستێتەوە. ئەم ناعەقڵانیەتە، ئەم شەڕ و جەنگ و ماڵوێارنییە کە لە دەیان فۆرمدا خۆی دەبینێتەوە و بە دەیان ناوەوە چەخماخە لێدەدات و هەڵدەگیرسێت، وەک کەوتنەوەی ئاگرێک وایە کە تەڕ و وشک پێکەوە دەستوتێنێت، هەرچی زیندەورە و بونەوەرە لەگەڵ خۆیدا ڕایدەماڵێت و دەیسوتێنێت. کڵپەی ئەم ئاگرە دەمێکە بەربۆتە گیانی مرۆڤەکانی ئەم ناوچەیە، هەر لەسەردەمی داگیرکاریی ئیسلام و(فتوحاتی)ئیسلامەوە زیاتر ئەم ئاگرە تینی سەندوە، تا ئەو کاتەی دەوڵەتی عوسمانی لە ناوبرا و زلهێزە داگیارکارییەکانی بەریتانیا و فەرەنسا ئەم ناوچەنەیان داگیرکرد و دابەشیانکرد بە سەر خۆیاندا، کاتێکیش چونە دەرەوە، دەوڵەتگەلێکیان دروستکرد بە ناوی دەوڵەتانی نیشتیمانییەوە، بریسکەی ئەم ئاگرە نەک نەکوژایەوە بەڵکو کردیان بە ژیملەمۆیەکی گەرم و پڕ لە بریسکە و پشکۆ بۆ ئەوەی هەرچ کات ویستیان بە ئاسانی هەڵیگیرسێننەوە و شەڕ و ئاژاوەیەکی دیکەی پێ بەرپا بکەن. ساڵ بە ساڵ و دەیە بە دەیە، تین و کڵپەی ئەم ئاگەرە ناعەقڵانییە زیاتر و زیاتر دەبێت. تووندووتیژی و شەڕخوازی و دواکەوتوویی و کولتووری خێڵ و تایەفەگەرێتیی و سیکتاریزمیی بە جۆرێک بەربڵاو بووە کە دەتوانم بڵێم زۆر جار ئەو هێز و حیزبە عەقلانیانەشی گرتۆتەوە کە خاوەنی فەلسەفەیەکی ئینسانیبوون و بە فەلسەفە و جیهانبینییەکی ئینساندۆستی و چەپگەرایی و مارکسیەت ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان پەروەردەکردووە.
بە مورتەزەقەکردن و میلیشیاییکردنی گەلانی ناوچەکە

ئێوە تەماشاکەن!، هەموو ئەوانەی پێی دەگوترێت ڕەوایەتی و حەق، ڕەوا و حەقن و کەسیش ناتوانێت نوکڵی بکات لە ڕەوایەتی زۆرێک لەو مەسەلانە:
ـ وەک مافی گەلی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، سەربەخۆیی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان.
ــ وەک مافی تورکمانەکان و پێشێلنەکردنی مافیان، وەک پێکهاتەیەکی نەتەوەیی لە کەرکوک و هەندێ ناوچەی دیکەدا و هەروەها بەشێک لە پێکهاتەی عێراق.
ــ وەک دوورخستنەوەی ستەم لەسەر شیعەکان و دژایەتیکردنی ستەمی سوننە.
ــ وەک دژایەتیکردنی سووننە بۆ هەژموونی ئێران لەسەر عێراق و هەموو ئەو ناحەقی و ستەمەی لێیانکرا لە لاین ئێران وشیعەکانی عێراقەوە.
ــ وەک نەسڕینەوەی دین و ئاینزاکان و دژایەتینەرکردنییان بەو شێوەیەی کە قەدەغەیان بکات.
ــ وەک ئەو ئازادییەی کە لیبراڵەکان و چەپەکان خوازیارین.

ــ وەک مافی مرۆڤ و فەراهەمکردنی کولتوور و سیستمی دیمکوراتی و سیستمی عەلمانەیت و حوکمڕانییەکی دادپەروەرانە، کە هیچ دین و ئاینزایەک نەسڕێتەوە، هیچ جیاکارییەک نەکات بە ناوی جیاوازی توخم و ڕەگەز و پێست و زمانە جیاوازەکانەوە، چاکسازییەکی بنەڕەتی لە پرۆسەی پەروەدە و تەندروستییدا، نەهێشتی گەندەڵی و دزی و بە فیڕۆنەدانی سەروەت و سامانی نەتەوە و نیشتیمان، دەیان داواکاری لەم جۆرانە، هەموویان ڕەوان، هەموو ئەم داواکرایانە بوون بە دروشمی ئاڵاو و واڵای ئەم حیز و هێز و حوکمڕانانەی ناوچەکە، لە ژێر ناوی ئەم ڕەوایەتیانەوە دەیان شەڕ و پەلاماردان و هێرش و جەنگ دروستدەکرێت، کەواتە هەموو ئەم ڕەوایەتییانە بوون بە بریسکە و کڵپەی ئەو ئاگارە نا عەقڵانییەی کە ئاماژەمان پێدا. کەواتە ماف و حەق و ڕەوایەتییەکان کراون بە چەکێک بۆ برەودان بە سیکتاریمزیی و بەرژەوەندخوازی و شەڕ و تووندووتیژی. ڕەنگە باشترین گوتە لێرەدا ئەوە بێت کە دەگوترێت:”الحق یراد بها باطل” هەموو ئەمانە ڕەوان بەڵام دەکرێن بە خۆراک لە پێناوی ژیانێکی ناهەموار و پوچ و خاڵیی لە مرۆڤایەتیی و مرۆڤبوون.

لێرەوە دەمەوێت سەرنجتان بۆ ئەوە ڕابکێشم، کە چۆن ئەم هێزە سیاسییانە جگە لەوەی متمانەیان بە یەکتری نەماوە و لە هەمان کاتدا هەموویان بەرژەوەندیان لە درێژە پێدانی ئەم ناعەقڵانیەت و بەردەوامبوونی کڵپەی ئاگاری ئەم جەنگ و شەرخوازییەدا هەیە، بانگهێشتکردنەکانیان بۆ ئەو ڕەوایەتی و حەقانە، دەکەن بە بیرێکی هێندە سیکتاریزمیانە کە دەبێت بە هێڵی سور و تەنها و تەنها خۆیان دەخوێننەوە و ماف و حەقەکانی خۆیان دەخنە سەروو ماف و حەقی بەرامبەرەکانییان. بۆ نموونە، بە ناوی مافی کورد و ئالای کوردستان و دەوڵەتی کوردی کە داوایەکی ڕەوا و حەقە، بەڵام ئەم داواکاریە ڕەواو حەقە، ناعەقڵانیەتییەکەی لەوەدایە، کە دەکرێت بە بازرگارنێتی و حیزبەکان بازرگانیی پێوە دەکەن، بۆیە وا هانی خەڵک دەدەن بۆ سەندنی ئەم حەقە، کە مافی تورکمان و عەرەب لە کەرکوکدا پێشلبکرێت و بیانسڕنەوە، لە جیاتی ئەوەی کە تورکمانەکان و عەرەبەکان دڵنیابکەنەوە کە لە حاڵەتی بە کوردستانی کردنی کەرکوکدا، یان لە حاڵەتی بە هەرێم کردنی ئەم شارەدا، بە هیچ جۆرێک زیان ناکەن لە ڕووی نەتەوەیی و مافی مرۆڤەوە.

لەولاشەوە تورکمانەکان، هێندە بە سیکتاریزمیانە و داگیرکەرانە خۆیان ڕاهێناوە بە ناوی بەرگریکردن لە مافی خۆیان وەک پێکهاتەیەکی کەرکوکی و عێراقی، نەعرەتەی ئەو نەتەوە پەرستییەیان هێندە ناعەقڵانییە کە دەڵێن نەک کەرکوک بەڵکو هەولێریش شارێکی تورکمانییە.

لە لای سێیەم و چوارەمیشەوە سوننە و شیعەی شۆڤێنیست بە پاڵپشت و هاندانی تورکیا بۆ سوونەکان و ئێران بۆ شیعەکان، لە جیاتی ئەوەی سنگیان فراون بێت بەرامبەر بە گەلی کوردی شەریکیان، کە پێکەوە لە عێراقدا دەستوریان نووسیوەوتە، پێکەوە عێراقیان پێکهیناوەتەوە، پێکەوە لە پەرلەماندان، پێکەوە لە حکومەتی عێراقدان، کەچی بە بێ ئەوەی مەسەلەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بکەن بە پرۆژەیەک بۆ دراسەکردن لە پەرلەماندا بە ناحەقی و بە هێزی زۆرینەی فراکسوێنی شیعە و سونە لەگەڵ تورکمانەکان بەسەر کەمینەی فراکسوێنەکانی کورد لە پەرلەماندا، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوکدا ڕەتدەکەنەوە و دەیکەن بە بڕیار، کە دەبوو ئەم بڕیارە بخەنە بەردەم دادگای فیدراڵی عێراق.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقدا داوایانکرد کە تێگەیشتن دروستبێت لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە عێراقدا، هەردوو لایەنی کوردی شیعە و سوننە و تورکمان هەرچ لایەک بە هەڵە خوێندنەوەی بۆ ئەو پەیامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، تورکمانەکان شایلۆغانیان بوو کە گوایە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕازی نین بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوکدا و کوردیش کەوتبوونە هاتوهاور کە ئەوە ناحەقیە نەتەوە یەکگرتووەکان دەیکات، بێ ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی هەڵکردنی ئەو ئاڵایەی کردبێت.

ئەردۆغان و تورکە ڕەگەزپەرستەکانیش، کە گرێبەستی ٥٠ساڵ نەوتفرۆشتنی کوردستانییان لەگەڵ پارتی واژۆ کردووە کە لە ڕێگەی بۆریە نەوتەکانی تورکیاوە بێت، لەگەڵ پارتیدا بوون بە گەورەترین دۆستی یەکتری، بەرژەوەندیەکی زۆریان لە کوردستاندا هەیە، کەچی بۆ خۆشکردنی ئاگرەکە هەڕەشە لە کورد و کەرکوک دەکەن لەسەر هەڵکردنی ئەو ئاڵایە، بە ناوی ئەوەی کە کەرکوکی شارێکی تورکمانییە.

لە هەموو ئەمانە سەیرتر ئەوەیە، لە کاتێکدا نەعرەتەی پارتی بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی گوێچکە کەڕ دەکات، کەچی لە دڵەوە پێیان ناخۆشە کە یەکێتی دەستپێشخەریکردووە بۆ هەڵکردنی ئەو ئالایە لە کەرکوکدا، واش پێدەچێت یەکێتی بۆ موزایدەکردن بەرامبەر بە دەستپێشخەرییەکەی پارتی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی ئەم کارەی کردبێت.