هەسەدە و خۆکوشتنێکی سیاسی چاوەڕواننەکراو.. جوتیار مەلا رەئوف

لە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٦دا، مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند کە ئەرکی هێزە دیموکراتیکەکانی سوریا ـ هەسەدە ـ کۆتایی هاتووە و ئەم هێزە وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ هەڵدەوەشێتەوە و هێزەکانی لە چوارچێوەی سوپای سوریا ڕێکدەخرێنەوە. ئەمە تەنها گۆڕینی ناوی هێزێکی سەربازی نییە؛ بەڵکو کۆتایی قۆناغێکە کە تێیدا کورد و هاوبەشەکانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە دەستی خۆیان هێزی سەربازی، دەسەڵاتی کارگێڕی و بەشێکی گرنگ لە سەرچاوە ئابوورییەکانی ناوچەکەیان بەڕێوە دەبرد.
من پێموایە ئەگەر سیاسەت بریتی بێت لە پاراستنی دەسکەوت بە هەمان ئەندازەی بەدەستهێنانی، ئەوا ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویدا دەتوانرێت بە خۆکوشتنێکی سیاسی لە ژێر فشار ناوزەد بکرێت. خۆکوشتن، نە بەو مانایەی کە هەسەدە هیچ فشارێکی لەسەر نەبوو؛ بە پێچەوانەوە، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا هێزەکانی دەسەڵاتی دیمەشق بە خێرایی بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەیان گرت و بژاردەکانی کورد زۆر سنووردار بوون. بەڵام جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لە نێوان پاشەکشەی سەربازی و هەڵوەشاندنەوەی سەرمایەی سیاسی و دامەزراوەیی.
ڕێککەوتنەکەی دیمەشق و هەسەدە تەنها داوای دانانی چەک ناکات، بە پێی دەقە بڵاوکراوەکە، دەسەڵاتی ناوەندی کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکان، کێڵگەکانی نەوت و گاز و دامەزراوە مەدەنییەکان وەردەگرێت؛ هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی هەسەدە بە شێوەی تاکەکەسی دەخرێنە ناو وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، و بەرپرسیارێتی زیندان و کەمپەکانی داعشیش دەگوازرێتەوە بۆ دەوڵەت، بە واتایەکی تر، ئەو سێ پایە سەرەکییەی هەر دەسەڵاتێکی سیاسی ( چەک، خاک و سەرچاوەی ئابووری ) بە شێوەیەکی زۆر فراوان دەدرێنەوە بە دیمەشق.
بەرامبەر ئەو هەموو دەستبەرداربوونە، دیمەشق بە فەرمانی ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٢٦ ناسنامەی کوردی و مافی کولتووری و زمانی دانپێدانراو کرد، هاووڵاتیبوونەوەی ئەو کوردانەی پێشتر بێناسنامە بوون دابین کرد و نەورۆزی کردە پشووێکی فەرمی، بەڵام وردەکارییەکە زۆر گرنگە، زمانی کوردی وەک (زمانێکی نیشتمانی) ناسێنراوە و لە ناوچە کوردنشینەکاندا دەتوانرێت وەک وانەی هەڵبژاردەیی یان چالاکیی کولتووری بخوێندرێت؛ ئەوە هێشتا یەکسان نییە بە دانپێدانانی دەستووری و سیاسی، پارلەمانی هەرێمی یان دەسەڵاتی جێبەجێکردنی خۆجێیی.
لێرەدا مێژوو پرسیارێکی تاڵ دەخاتە بەردەممان..
لە ١١ی ئاداری ١٩٧٠دا، حکومەتی بەعسی عێراق و بزووتنەوەی ناسیۆنالیسمی کوردی بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی گەیشتنە ڕێککەوتنێک کە مافی نەتەوەیی، زمانی، فەرهەنگی و بەشداریی سیاسیی کوردی لەخۆگرتبوو، چوار ساڵ دواتر، هەرچەندە بەعس یاسای ئۆتۆنۆمی بە شێوەی تاکلایەنە دەرکرد و کوردیش بە هۆی کێشە بنەڕەتییەکان ، بە تایبەتی کەرکووک و سنووری هەرێمی ئۆتۆنۆم ، ڕەتی کردەوە، بەڵام خودی یاساکە هێشتا شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشمان پێ دەڵێت، (ناوچەی کوردستان) وەک ناوچەیەکی ئۆتۆنۆم ناسێنرا، زمانی کوردی لەگەڵ عەرەبیدا زمانی فەرمی بوو، ئەنجومەنێکی یاسادانان و ئەنجومەنێکی جێبەجێکردن بۆی دیاری کرا.
ئەوە بە هیچ شێوەیەک سپیکردنەوەی مێژووی بەعس نییە، هەمان ڕژێم دواتر سیاسەتی عەرەباندن، شەڕ، کۆمەڵکوژی و ئەنفالی لە دژی کورد جێبەجێ کرد، هەروەها ڕێککەوتنی ١٩٧٠ لەسەر پرسی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان شکستی هێنا و لە ١٩٧٤دا شەڕ دووبارە دەستی پێکردوە، بەڵام بەراوردە مێژووییەکە لێرەدایە، تەنانەت دەوڵەتێکی ناوەندگەرای دیکتاتۆری وەک بەعس ناچار بوو لە قۆناغێکدا قسە لە ئۆتۆنۆمی، دامەزراوەی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی کورد بکات؛ کەچی کوردی سوریا دوای زیاتر لە دە ساڵ خاوەندارێتی هێزی سەربازی و دامەزراوەی خۆجێیی، ئەمڕۆ بە مافی زمان و چەند پۆستێکی حکومی گەڕاوەتەوە بۆ ناو دەوڵەتێکی ناجێگیری ناوەندی.
لەو ڕوانگەیەوە، قسەکە لەسەر ئەوە نییە کە هەسەدە دەبوو تا دوا شەڕڤان بجەنگێت، هیچ سیاسەتێکی عاقڵانە نابێت ژیانی خەڵک بکاتە قوربانیی دروشم. ئەگەر هاوسەنگی هێز گۆڕابوو، ئاگربەست و تەنانەت یەکخستنەوە لەگەڵ دەوڵەت دەتوانرا بێتە بژاردەیەکی واقیعی، بەڵام هەسەدە دەیتوانی جیاوازی لە نێوان یەکخستن و خۆهەڵوەشاندنەوە دروست بکات، یەکخستنێک بەرامبەر بە دەستوورێک کە بوونی سیاسیی کورد، دەسەڵاتی ناوخۆ، پۆلیسی خۆجێیی، پەروەردە بە زمانی کوردی و دامەزراوەی هەڵبژێردراو بپارێزێت؛ نە ئەوەی یەکەم هەموو کارتەکانی فشار بدات و دواتر چاوەڕێی بەڵێنی دیمەشق بێت.
لە هەمان کاتدا، فاکتەری تورکیا ناتوانرێت لە هاوکێشەکە دەربکرێت، ئەنقەرە بەردەوام داوای هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەی کردووە و دوای ڕاگەیاندنی ٢٥ی ئاب، پارتی دەسەڵاتداری تورکیا بە ئاشکرا پێشوازی لە هەنگاوەکە کرد و بە (قۆناغێکی گرنگ) بۆ یەکێتی سوریا ناوی برد. تورکیا هێشتا هەزاران سەربازی لە باکووری سوریا هەیە و دیمەشقیش لە دوای ڕووخانی ئەسەد پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ ئەنقەرە دروست کردووە.

لە ناو ئەم هاوکێشەیەدا ڕۆڵی تۆم باراکیش جێی سەرنجە، باراک باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا و نێردراوی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ سوریا و عێراق، و واشنتن ڕێککەوتنەکەی بە (هەنگاوێکی مێژوویی) ناوبردووە، لە هەڵسەنگاندنی سیاسییدا باشترە بەڵگە لەسەر کردار و هەڵوێستی بخرێتەڕوو نەک ناولێنان، ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە ئەنجامی پرۆسەکە (یەک دەوڵەت، یەک سوپا و کۆتایی هێزی سەربەخۆی هەسەدە) بە شێوەیەکی بەرچاو لەگەڵ ئەو داواکارییە ستراتیژییانەی تورکیا یەکدەگرێتەوە کە ساڵانێکە لە سوریا پێداگرییان لەسەر دەکات.
پێش هەموو شتێک، ئەم ئەزموونە جارێکی تر ئەو وانە کۆنەی مێژووی کورد پشتڕاست دەکاتەوە، پشتبەستن بە پارێزگاریی هێزە گەورەکان جێگرەوەی گەرەنتیی سیاسی و دەستووری نییە، هەسەدە یەکێک بوو لە گرنگترین هاوبەشەکانی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعش؛ بەڵام کاتێک بەرژەوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان گۆڕان، هاوسەنگی هێزیش گۆڕا، ئەوە یەکەم جار نییە کورد لە مێژوودا ئەو وانەیە بە نرخێکی گران فێر دەبێت.
بۆیە من پێموایە، شکستی هەسەدە تەنها لەوەدا نییە کە هێزێکی سەربازی هەڵوەشایەوە، شکستە گەورەکە ئەوەیە کە هێزێک کە خاک، چەک، سەرچاوەی ئابووری، دامەزراوە و پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی هەبوو، نەیتوانی ئەو سەرمایەیە بگۆڕێت بە مافێکی دەستووری و دامەزراوەییی نەگۆڕ.
لە سیاسەتدا، هەندێک جار پاشەکشە پاراستنی خۆتە؛ بەڵام کاتێک پاشەکشە دەگاتە ئەوەی هەموو ئامرازەکانی دانوساندن بدەیت و بەرامبەر بە بەڵێن و مافی کولتووری چاوەڕێی داهاتوو بیت، ئەوا ناوی (سازش) بە تەنها بەس نییە.
ئەگەر مێژوو ڕۆژێک حوکم لەسەر ئەو بڕیارە بدات، لەوانەیە پرسیارەکە ئەوە نەبێت (بۆچی هەسەدە جەنگی نەکرد؟
بەڵکو ئەوە بێت، بۆچی پێش ئەوەی دەستوور و دامەزراوەی سیاسیی کورد گەرەنتی بکرێت، هەموو کارتەکانی هێزی خۆی لەسەر مێز دانا؟
لرەوەیە کە وشەی (خۆکوشتنی سیاسی) مانای خۆی وەردەگرێت.

جوتیار مەلا رەئوف




لە نێوان پەیامی درۆن و ئاشتەواییدا.. جوتیار مەلاڕەئوف

.

هێرشی درۆنی بۆ سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی نابێت تەنها وەک ڕووداوێکی ئەمنی بخوێندرێتەوە، لە ناوچەیەکدا کە درۆن و مووشەک بوونەتە زمانێکی تازەی پەیام ناردن، زۆرجار گرنگتر لەوەی (بە چی لێدرا؟) ئەوەیە بپرسین بۆچی ئەو شوێنە لێدرا و پەیامەکە بۆ کێ بوو؟.
ئەگەر هێرشەکە لە بازنەی ململاێی ئێران و ئەمریکادا بخوێنینەوە، ئەوا هەڵبژاردنی نووسینگەی سەرۆکی حکومەت و دامەزراوەیەکی هەستیار لە بواری ئاسایشدا بە ڕێکەوت نایەتە بەرچاو، ئەوە زیاتر لە هێرشێک کە بۆ سەر باڵەخانەیەکە، هێرشێکە بۆ سەر ناوەندی بڕیار و دەستەڵاتی سیاسی.
پەیامەکە دەتوانێت ئەوە بێت، کە هەرێمی کوردستان ناتوانێت خۆی لە گۆڕانکارییە گەورەکانی ناوچە بە تەواوی دوور بگرێت، نزیکی هەولێر لە واشنتن، بوونی ئەمریکا لە هەرێم، پەیوەندییە ئەمنییەکان و بوونی گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکانی ڕۆژهەوڵات، هەمووی وای کردووە کوردستان لە چاوی تاران تەنها دراوسێیەکی ئارام نەبێت، بەڵکو شوێنێک بێت کە لە کاتی قەیراندا دەتوانێت بەشێک لە هاوکێشەو فاکتۆری فشار لەسەر ئێران بێت.
بەڵام لێرەدا پێویستە جیاوازییەکی بنەڕەتی هەست پێ بکەین، هاوبەشیبوونی ئەمریکا شتێکە، بەشداربوون لە جەنگی دژ بە ئێران شتێکی ترە، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی ڕوون نییە کە هەرێمی کوردستان بڕیاری دابێت خاکی کوردستان بکاتە پلاتفۆرمی هێرشی ئەمریکا یان ئیسرائیل بۆ ناو ئێران، بە پێچەوانەوە، هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا هەمیشە هەوڵی داوە هاوسەنگییەک لەنێوان پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا و پەیوەندیی ناچارکراوی جوگرافی لەگەڵ ئێراندا بپارێزێت.
ئەو هاوسەنگییە لە دەرەوە ڕەنگە وەک دوودڵیەک دیاربێت، بەڵام لە ڕاستیدا لۆژیکی مانەوەی قەوارەیەکی بچووکە لەنێوان هێزە گەورەکاندا، کوردستان ناتوانێت ئەمریکا پشتگوێ بخات؛ چونکە واشنتن هێشتا بۆ ئاسایش، پێشمەرگە، هاوکاریی نێودەوڵەتی و هاوسەنگیی ناوخۆی عێراق گرنگە، بە هەمان شێوە، ناتوانێت ئێران وەک دراوسێیەکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ بکات؛ چونکە تاران توانای مووشەکی و درۆنی، کاریگەریی سیاسی لە بەغدا و پەیوەندی و کاریگەری زۆری لەسەر هێزە میلیشیانکانی ناو عێراق هەیە.
بۆیە کێشەی سەرەکیی کوردستان ئەوە نییە کە (لەگەڵ ئەمریکا بێت یان لەگەڵ ئێران)، ئەو پرسیارە لە بنەڕەتدا هەڵەیە، پرسیارە دروستەکە ئەوەیە، چۆن کوردستان دەتوانێت لەگەڵ ئەمریکا بمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی ببێتە بەرەی پێشەوەی جەنگ دژ بە ئێران؟
بە بۆچوونی من دواهەمین هێرشی درۆنیی، بەرپرسیارەتیەکەی هەر لایەن و گروپێک بێت، یەک ئاگادارکردنەوەی سیاسیی زۆر ڕوونی هەیە، کە ئەویش کوردستان بە خێرایی لە( دەرەوەی بازنەی قەیرانی جەنگەوە دەخاتە ناو بازنەی قەیرانی جەنگ)، کە ئەوەش بۆهەرێمی کوردستان زۆر مەترسیدارە، چونکە کاتێک هەرێم دەبێتە شوێنی ناردنی پەیام لەنێوان تاران و واشنتن، ئەوا بڕیارەکانی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان چیتر تەنها لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ناوخۆیی ناخوێندرێنەوە؛ هەر هەنگاوێک دەتوانێت لەلایەن یەکێک لە هێزە گەورەکانەوە بە نیشانەی نزیکبوونەوە لە لایەنی بەرامبەر تەفسیر بکرێت.
ئەوە هەمان شتە کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بە (هەڵەی هەژمارکردن) دەناسرێت، زۆرجار جەنگەکان لەوەوە دەست پێ ناکەن کە هەموو لایەنێک جەنگیان دەوێت؛ بەڵکو لەوەوە دەست پێ دەکەن کە هەر لایەنێک جوڵەی ئەوی تر بە هەڵە دەخوێنێتەوە، لەبەر ئەوە هەرێمی کوردستان پێویستی بە سیاسەتێکی زۆر ڕوونتر هەیە، خاکی هەرێم نابێت بۆ هێرشی هیچ لایەنێک دژ بە دراوسێکان بەکاربهێنرێت، هەروەها هیچ دراوسێیەکیش نابێت مافی ئەوە بە خۆی بدات کە هەرێم بە ناوچەی نفوز یان مەیدانی هەڕەشەی خۆی بزانێت.
کوردستان لەو قۆناغەدا پێویستی بە دلێری وداستان و جەنگ نییە؛ پێویستی بە دلێری و داستانی دیپلۆماسی و عەقڵی سارد هەیە، بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان لەوەدایە ئەو هێزی هاوسەنگیە بپارێزێت لە نێوان ئەمریکاو ئێراندا.
ئەگەر پەیامی هێرشەکە ئەوە بووبێت کە (ئێمە دەتوانین بگەینە هەولێر)، وەڵامی سیاسیی هەرێمی کوردستان نابێت تەنها داواکردنی زیادکردنی چەک و پێداویستیەکانی خۆپارێزی بێت، بەڵکوو وەڵامی ڕاستەقینە ئەوەیە کە کوردستان نە بنکەی هێرشە بۆ سەر دراوسێکانی، نە حەوشەی پشتەوەی هەر هێزێکی ناوچەیی؛ بەڵکو قەوارەیەکی سیاسییە کە بەرژەوەندیی خۆی لە ئارامی، هاوسەنگی و دوورمانەوە لە جەنگی بە وەکالەتدا دەبینێت، چونکە هەندیک جار لەو ناوچەی ئێمەدا، مانەوە خۆی لە خۆیدا گەورەترین دەسکەوتوو سەرکەوتنی سیاسییە.

جوتیار مەلارەئوف




پۆپۆلیزمی قەیرانساز.. جوتیار مەلا ڕەئوف

ئەوجۆری گوتارەی لەو ماوەیەدا لەلایەن شاسوارعەبدولواحید و وتەبێژەکەیی و میدیا و نوسەرو رۆژنامەنوسەکانیان و هەندێک لایەنی تری بە ناو ئۆپۆزیسیۆن وهەتا بەشێک لە سەرکەردەکانی یەکیەتی و پاڤڵ تاڵەبانیش پێشکەش دەکرێت، زیاتر لەوەی هەڵگری بەرنامە و دیدگایەکی سیاسیی بەرپرسانە بێت، هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ترس، دڵەڕاوکێ و گومان لەناو کۆمەڵگەی کوردستاندا، کاتێک ناکۆکییەکی حزبی یان گفتوگۆیەکی سیاسی بە «مەترسیی لەناوچوونی قەوارەی هەرێم» دەفرۆشرێتەوە بە خەڵک، ئەوە ناجێتە ناو چوارچێوەی هۆشدارییەکی نیشتمانی؛ بەڵکوو بازرگانی ‌کردنێکی ڕوونە بە نیگەرانی و هەستی خەڵک و کۆمەڵگا، قەوارەی هەرێمی کوردستان موڵکی هیچ حزب و سەرکردەیەک نییە، تا مانەوە یان لەناوچوونی بە جێبەجێکردنی داواکارییە حزبییەکانەوە بەستراو بێت، قەوارەی هەرێم بە خوێن، قوربانی، ڕاپەڕین و خەباتی چەندین نەوە لە خەڵکی کوردستان دروست بووە؛ نە بە میکرۆفۆنی حزبێک و نە بە شانۆی میدیاییی کەسێک، هیچ سەرکردەیەک مافی ئەوەی نییە ئەو مێژوو و قوربانییە بکاتە کارتێکی فشار و هەر جارێک کە داواکارییە سیاسییەکانی جێبەجێ نەکران، هەڕەشەی لەناوچوونی هەرێم بخاتەوە بەردەم خەڵک.
لە ئەدەبیاتی سیاسیی هاوچەرخدا، ئەو جۆرە ڕەفتارە بە وە ) کە Crisis-performing populism( «پۆپۆلیزمی قەیرانساز» ناسێنراوە، کە کاراکتەری سیاسی ناکۆکییەکی ئاسایی چارەسەرهەڵگر بە شێوەیەکی قەیراناوی، قوڵ و ریشەیی پیشانی خەڵکو کۆمەڵگا دەدات، مەترسییەکە بێ هیچ هۆکارێک گەورە دەکاتەوە، خەڵک دەترسێنێت و پاشان خۆی وەک تاکە ڕزگارکەر و چارەسەر دەخاتەڕوو.
ئەوەی لە هەندێک گوتاری سیاسیی ئێستای کوردستاندا دەبینرێت، تا ڕادەیەکی زۆر هەمان شێوازە، هەر ناکۆکییەکی حزبی بە قەیرانێکی نیشتمانی ناودەبرێت، هەر داواکارییەکی حزبی وەک مەرجی مانەوەی هەرێم پیشان دەدرێت و هەر ڕەتکردنەوەیەکیش بە هەڕەشەیەک بۆ چارەنووسی کۆمەڵگا هەژمار دەکرێت، ئەوە سیاسەتکردنێکی بەرپرسیارانە نییە؛ بەڵکو ئەدای بەرهەمهێنانی قەیرانە، هەوڵدانە بۆ ئەوەی خەڵک لە ژێر فشاری ترسدا مل بۆ داواکاریی سیاسی بدەن و بێ ‌بەرنامەیی و شکستی حزبی بە قەیرانێکی نیشتمانی دابپۆشرێت.
ئەگەر هەر بزوتنەوەیەک، حیزبێک، سیاسیەک، یاخود پەرلەمانتارێک بەڵگەی یاسایی، دەستوری یان نێودەوڵەتییان هەیە کە نیشان بدات قەوارەی هەرێم لە مەترسیدایە، دەبێت بەڵگەکانیان بە ڕوونی و بە شێوەیەکی فەرمی بخەنە بەردەم ڕای گشتی، بەڵام ئەگەر هیچ بەڵگەیەک لە ئارادا نییە و تەنها بانگەشەی بێکەڵک وبێ ناوەرۆکە، کە تەنها وەکوو هەڕەشەی ناڕوون و سیناریۆی ترسناک بەکار دەهێنرێت، ئەوا ئەم گوتارە هیچ ناوێک و هۆشداریەک هەڵناگرێت؛ بەڵکوو تەواو پۆپۆلیزمێکی قەیرانسازو و بێ‌ بەرپرسیارانەیە لە بەرامبەر ژیان و هەستی خەڵکدا.
خەڵکی کوردستان هیچیتر توانای ئەوەیان نەماوە هەر ڕۆژەو کەسێک بە ناوی ڕزگارکردنیانەوە بێتە بەردەم مایکەکان و بە ئارەزوی مەزاجی سیاسی خۆیەوە بیانترسێنێت، خەڵک بێزار بوون لەوەی بازرگانە سیاسیەکان بەجێی بەرنامە، هەڕەشە پێشکەش بکەن و بەجێی چارەسەر، قەیران دروست بکەن؛ بەجێی بەڵگە، بە هەست و نیگەرانیی خەڵک یاری بکەن.
خەڵک لە دروشمی بەتاڵ و شانۆی میدیایی بێزار بوون، ئەوان دەزانن پۆپۆلیزم هیچ نەخۆشخانەیەک دروست ناکات، هیچ قوتابخانەیەک چاک ناکات، مووچە دابین ناکات، بێکاری چارەسەر ناکات و هیچ گەنجێک لە کۆچکردن ناگەڕێنێتەوە.
پۆپۆلیزم تەنها دەنگ بەرز دەکاتەوە، بەڵام دەستی بە چارەسەر ناگات. تەنها قەیران دەفرۆشێت، بەڵام هیچ بەرنامەیەک بۆ دەرچوون لە قەیران پێشکەش ناکات. بەرهەمی ئەم جۆرە گوتارە زیاترکردنی ترس، دابەشبوون، بێهیوایی و لاوازکردنی متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکانە.
خەڵکی کوردستان پێویستییان بە پۆپۆلیزمی بێکەڵک نییە، پێویستییان بە دادوەرییەکی سەربەخۆ، دەسەڵاتێکی دادخواز، حکومەتێکی بەرپرسیار، پەرلەمانێکی کارا و یاسایەکی یەکسان هەیە، خەڵک خزمەتگوزاری، مووچە، ئاسایش، دادپەروەری و ژیانێکی شایستەیان دەوێت؛ نە بازرگانێک یان سیاسیەک کە خۆی وەک تەنها ڕزگارکەر پیشان بدات و هەر شتێک کە دژی ئەو بوو بە هەڕەشە بۆ سەر نیشتمان و ئاسایشی نەتەوە ناوزەد بکات.
کەسێک کە هەموو ناکۆکییەکی حیزبی و دەستەڵات بە «کۆتایی قەوارەی هەرێم » دەفرۆشێتەوە بە کۆمەڵگا، ئەوا بە دڵنیایەوە ناتوانێت قەوارەی هەرێم بپارێزێت؛ بەڵکوو متمانەی خەڵک بە مەبەست بە قەوارە و دامەزراوەکانی لاواز دەکات.
ئەوەی بەڕاستی قەوارەی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە، ڕەتکردنەوەی داواکاریی حزبێک نییە؛ بەڵکوو ناکارایی دامەزراوەکان، لاوازیی دادوەری، نەبوونی شەفافیەت، دواخستنی پڕۆسەی سیاسی، دەستێوەردانی حزبی و بەکارهێنانی دەزگا گشتی و ئەمنییەکانە بۆ ململانێی سیاسیی.
بە راستی پێویستە ئەوە ئەرکی داواکاریی گشتیی بێت ئەگەر هەبێت، دەبێت ئەرکی خەڵکی کوردستان بێت ئەگەر شتێک بەناوی هەڵوێست هەبێت ، دەبێت داوای دەستە و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، میدیای سەربەخۆ، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هەموو لایەنە بەرپرسیارەکان بێت کە بەبێ دواخستن لەو بانگەشانە بکۆڵنەوە و بیانکەن بە ڕای گشتی
ئازادیی ڕادەربڕین مافێکی بنەڕەتییە بۆ هەر ئینسان و گروپێک، بەڵام ئەو مافە شتێک نییە لە بەرپرسیاری جیا بێت، کاتێک سیاسەک، بازرگانێک، نوێنەرایەتیەک و قسەکەرێک بە ناوی قەوارە، نیشتمان و چارەنووسی خەڵک قسە دەکات، دەبێت بەڵگە، دەلایل و وەڵامی ڕوونی هەبێت.
نابێت ئازادیی ڕادەربڕین بکرێتە پەناگەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەراوکێ لە ناو کۆمەڵگادا، بکرێتە دەنگۆ و هەڕەشە و قسەی بێ‌ بەڵگە، هەر کەسێک قەیران دەفرۆشێت، دەبێت لەبەردەم پرسیار و لێپرسینەوەشدا وەڵام بداتەوە.
میدیای بەرپرسیاریش نابێت بەبێ پرسیار و پشتڕاستکردنەوە، ببێتە بڵاوکەرەوەی هەر گوتار و بانگەشەیەکی حزبی، ئەرکی میدیا گواستنەوەی ترس نییە؛ ئەرکی میدیا پشکنینی بەڵگە، دروستکردنی لێپرسینەوە و پاراستنی مافی خەڵک بۆ زانینی ڕاستییە. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پۆپۆلیزمی قەیرانساز بە هەڕەشە یان توندوتیژی نابێت، وەڵامی ئەو جۆرە لە پۆپۆلیزم وەڵامێەکە بە یاسا، بەڵگە، لێپرسینەوە، میدیای پیشەیی و ڕووبەڕووبوونەوە بە هەڵوێستی سیاسیی بێ سازش.‌
ئەو پەیامە دەبێت زۆر ڕوون بێت، خەڵکی کوردستان چیتر بە ترساندن بەڕێوەناچن، خەڵک لە گوتاری بێ ‌بەرنامە، بێ کردار و شانۆی میدیایی و پۆپۆلیزمی بێکەڵک بێزار بوون، خەڵک پێویستییان بە سیاسی و بازرگان و نوسەرو ئەکادیمیستو پەرلەمانتاری قەیرانساز نییە؛ پێویستییان بە دادوەر، دامەزراوە و دەسەڵاتێکی دادخواز هەیە، پێویستییان بە سەرکردەیەک نییە کە بەردەوام خەڵک بترسێنێت و خۆی وەک تەنها ڕزگارکەر پیشان بدات؛ پێویستییان بە بەرنامە، بەرپرسیاری و یاسا هەیە، قەوارەی هەرێم بە هەڕەشە، دەنگۆ و ئەدای قەیران ناپارێزرێت؛ بە دادپەروەری، دامەزراوە، شەفافیەت و ئیرادەی ئازادی خەڵک دەپارێزرێت.




دروستکردنی فۆبیا، بە ناوی ترس لەسەر قەوارەی هەرێم !.. جوتیار مەلا رەئوف

ماوەیەکە وەکوو هەموو ماوەکانی پێشوو، کۆمەڵگای کوردستان جارێکی تر خراوەتە ناو بازنەیەکی بێبنەمای هاشوهوشی سیاسی، ترساندن، گومان دروستکردن و دروستکردنی فۆبیا لە ژێرناوی “مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم”. ئەو جۆرە گوتارانە زۆرجار لە جیاتی ئەوەی پشت بە زانیاری دروست، دەستوور، واقیعی سیاسی و ئەزموونی حوکمڕانی ببەستن، پشت بە سۆز، ترس و هەڵچوونی هەستی گشتی دەبەستن، لە دۆخێکدا کە هاووڵاتی کوردستان لە ژیانی ڕۆژانەدا پێویستی بە مووچە، خزمەتگوزاری، سەقامگیری، کار، کاروباری باشتر، یاساسازی و ڕێکخستنی دامەزراوەکان هەیە، هەوڵدان بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بەردەوام لە ژێر کاریگەریی ترس و شایعاتدا بهێڵدرێتەوە، نە خزمەتی هەرێم دەکات، نە خزمەتی یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان و نە خزمەتی داهاتوویەکی ڕوونی سیاسیش دەکات.
پرسیارە بنەڕەتیەکە ئەوەیە، ئایا ئەو کەسانەی هەموو جارێک باس لە “مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم” دەکەن، ئایا بە ڕاستی خەمی ئەو قەوارەیانە، یان ئەو گوتارە بەکاردێنن بۆ پاراستنی مۆدێلێکی شکستخواردووی حوکمڕانی کە چەندین ساڵە کۆمەڵگا لەناو ناکۆکی، دواکەوتنی هەڵبژاردن، دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، قەیرانی سیاسی و ململانێی حزبی گیرۆدە کردووە؟، ئەگەر خەمیان قەوارەی هەرێمە، ئەوا پێویستە قەوارەی هەرێم لە ڕێگەی دامەزراوە، یاسا، ڕوونی لە بەڕێوەبردن و شەفافیەتوو حوکمڕانی تەندروست بپارێزن نەوەکوو لە ڕێگەی ترساندن و دروستکردنی هەستی گشتیی و نائارامی ناو کۆمەڵگا.
هەرێمی کوردستان لە ڕووی دەستوورییەوە قەوارەیەکی ناسراو و دانپێدانراوە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، ئەو قەوارەیە، بە قسەی ڕۆژانەی سەرشاشەکان و ناو سۆشیالمیدیا و و هەڵمەتی میدیایی دروست نەبووە و بە هەمان شێوەش بە هەڵبژاردنی شێوازی کارگێڕی و حوکمڕانی ناوخۆیی تێک ناچێت، قەوارەی هەرێم لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە مافە دەستوورییەکان، سنووری کارگێڕی، دامەزراوەکان، هێزی سیاسی و توانای بەڕێوەبردن، بۆیە ئەو بانگەشەیەی هەر گۆڕانکارییەک لە شێوازی حوکمڕانی ناوخۆیی بە “مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم” ناودەبات، زیاتر نزیکە لە فۆبیای سیاسییەوە تا شیکردنەوەیەکی جدی و یاسایی و لۆژیکی.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە کوردستان لە مێژووی هاوچەرخیدا چەندین جار لەبەر ناکۆکیی نێوان هێزە سەرەکییەکان تووشی قەیران بووە، ئەو قەیرانانە تەنها باسێکی ئەمڕۆ نین؛ بەڵکو بنەمای مێژووییان هەیە، لە شەڕی ناوخۆی دەیەی نەوەدەکانەوە تا ڕێککەوتنی واشنتن، لە دوو ئیدارەییبوونی ڕابردووەوە تا هاوبەشییەکی ناسەقامگیر لە دامەزراوەکانی هەرێم، کەواتە ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەگوترێت دووزۆن یان دوو ناوچەی نفوز، شتێکی نوێ و داهێنراو نییە؛ بەڵکو ئەو واقیعەیە کە ساڵانێکە لە ژێر ناوی حکومەتێکی یەکگرتوودا بە شێوەیەکی ناڕوون و نایاسایی کاری پێکراوە.
ئێمە نابێت لەوە بترسین کە لە واقیعێکدا پارتی لە هەولێر و دهۆکدا دەسەڵاتی کارگێڕی و سیاسیی فراوانی هەیە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش لە سلێمانی و ناوچەکانی ژێر کاریگەریی خۆیدا دەسەڵات و نفوزی جیاوازی هەیە، دروستکردنی وێنەیەکی ساختە لە “یەکگرتوویی تەواو” بە تەنها درۆیەکی سیاسییە و ئەوەی پێویستە، ئەوە نییە ڕاستییەکان بشارینەوە؛ بەڵکو پێویستە ڕاستییەکان ڕێکبخرێن، یاسایی بکرێن، سنووردار بکرێنو بخرێنە خزمەتی هاووڵاتی، نەوەکوو لە خزمەتی ململانێی حزبی و کەسییدا بمێنەوە.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەرکەوتووە کە هاوبەشیی نێوان پارتی و یەکێتی زۆرجار لەسەر بنەمای بەرنامەی حوکمڕانی و پرۆژەی دامەزراوەیی نەبووە؛ بەڵکو زیاتر هاوبەشییەکی زۆرەملێی ناو هاوکێشەی دەسەڵات، داهات، پۆست و نفوز بووە، ئەنجامی ئەو جۆرە هاوبەشییەش بۆ هاووڵاتی چی بووە، دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، قەیرانی مووچە، ناکۆکی لەسەر داهات، کێشە لەسەر هەڵبژاردن، شکستی پڕۆسەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و بەردەوامبوونی گومان لە نێوان دامەزراوەکان، کاتێک دوو هێزی سەرەکی ناتوانن بەرنامەیەکی هاوبەشی حوکمڕانی دروست بکەن، ئەوا بەردەوامیپێدانی هەمان مۆدێل بە ناوی “یەکڕیزی” تەنها درێژکردنەوەی قەیرانە و دروستکردنی سەرئێشەیەکی سیاسیە بۆ خەڵکوو کۆمەڵگا.
لەوە گرنگتر، ئەو گوتارەی کە هەر جارێک باس لە ڕێکخستنی واقیعی دەسەڵات دەکرێت، دەستبەجێ دەگۆڕدرێت بۆ “مەترسی لەسەر قەوارە”، گوتارێکی بێ بنەما و ساختەکارانەیە، چونکە قەوارەی هەرێم بەوە لاواز نابێت کە پارتی لە ناوچەی نفوزی خۆی و یەکێتی لە ناوچەی نفوزی خۆی بەرپرسیارێتی حوکمڕانی بگرنە ئەستۆ؛ بە پێچەوانەوە، قەوارەی هەرێم بەوە لاواز دەبێت کە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ڕاستەقینەی شکستی خۆی نەگرێتە ئەستۆ و هەموو شتێک بە ناوی “هاوبەشی” و “هاوسەنگی” بشاردرێتەوە.
ئەگەر پارتی لە ناوچەی خۆیدا خزمەتگوزاری باشتر، ئابووری بەهێزتر، دامەزراوەی کاراتر و سەقامگیریی زیاترو ئابوریەکی بەهێز دابین بکات، با هاووڵاتی لەسەر ئەو ئەنجامانە حوکمی لێ بدات، هەروەها ئەگەر یەکێتی لە ناوچەی خۆیدا مۆدێلێکی باشتر لە حوکمڕانی، خزمەتگوزاری و ئازادیی سیاسی دابین بکات، با هاووڵاتی بە بەڵگە و ئەنجام بڕیار بدات، نە بە هەڵمەت و بانگەشە، ئەوە بنەمای ڕاستەقینەی بەرپرسیارێتییە، کاتێک دەسەڵات ڕوون دەبێتەوە، بەرپرسیارێتیش ڕوون دەبێتەوە، بەڵام کاتێک هەموو شتێک لە دەستەلاتێکی هاوبەشی ناڕووندا تێکەڵ دەکرێت، هیچ لایەنێک بەرپرسیار نابێت و هاووڵاتی ناتوانێت بزانێت کێ بەرپرسیارە لە سەرکەوتن یان شکست.
ئەوەش یەکێکە لەو خاڵانەی کۆمەڵێک نووسەر، توێژەر و مامۆستای زانکۆی نزیک لە سیاسەتی یەکێتی زۆرجار هەوڵ دەدەن بە گوتاری ترس ئەو فەزا سیاسیە دابپۆشن، ئەوان کاتێک باس لە دوو زۆن دەکرێت، دەیگۆڕن بۆ پرسی لە ناوبردن و دابەشکردنی قەوارەی هەرێم، لە کاتێکدا باسەکە لە بنەڕەتدا دابەشکردنی نیشتمان نییە، بەڵکو ڕێکخستنی بەرپرسیارێتیی سیاسی و کارگێڕییە، هیچ کەسێکی بەرپرسیار نابێت داوای لاوازکردنی قەوارەی هەرێم بکات؛ بەڵام هەر کەسێکی بەرپرسیار دەبێت داوای کۆتاییهێنان بە مۆدێلێکی ناکارای حوکمڕانی بکات کە ساڵانێکە هەرێمی خستووەتە ناو قەیرانی بەردەوام.
ئەو جۆرە بانگەشانە، کە گوایە ڕێکخستنی دوو ناوچەی نفوز واتە لەناوبردنی هەرێم، جگە لە قسەی بەتاڵ و بێ بنەما هیچی تر نین، قەوارەی هەرێم ئەگەر بخوازرێت پارێزراو بێت، دەبێت لە ڕێگەی ئەو خاڵانەوە پارێزراو بێت، یاساسازی، ڕوونیی دارایی، سنووردارکردنی دەسەڵات، بەڕێوەبردنی کارا، هێزی پێشمەرگەی ڕێکخراو، پەیوەندییەکی یاسایی لەگەڵ بەغدا و بەشداریی هاووڵاتی لە بڕیاردان، ئەمانە هیچ کامیان بە گوتاری فۆبیا دروست نابن، بەڵکو بە سیاسەتی ڕاستگۆیانە و بە بڕیاری بوێرانە دروست دەبن.
لە ڕوانگەی هەستکردن بەو بەرپرسیاریتیە، دەبێت بڵێین کۆمەڵگای کوردستان چیتر نابێت بە بابەتی لاوەکی و هاشوهوشی سیاسی بێ بنەما سەرقاڵ بکرێت، هاووڵاتی مافی ئەوەی هەیە بزانێت کێ دەسەڵات بەڕێوە دەبات، کێ بەرپرسیارە لە مووچە، کێ بەرپرسیارە لە ئەمنیەت، کێ بەرپرسیارە لە خزمەتگوزاری، کێ بەرپرسیارە لە داهات و کێ بەرپرسیارە لە شکستی حکومەت، مۆدێلی ئێستای هاوبەشیی ناڕوون ئەو پرسیارانە لێڵ دەکات، مۆدێلی دوو زۆنی، ئەگەر بە ڕوونی و بە ڕێککەوتنی سیاسی، بە چوارچێوەی یاسایی و بە پاراستنی یەکەی دەستووری هەرێم جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت بەرپرسیارێتی و دەستەڵاتێکی زوڵالتر پێشکێشبکات.
ئەو مۆدێلە نابێت بە مانای شەڕ، دابەشبوون یان هەڵوەشاندنەوەی هەرێم لێک بدرێتەوە، بە پێچەوانەوە، دەتوانێت ببێتە مۆدێلێکی کارگێڕی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی بەردەوام، واتە، هەرێم وەک قەوارەیەکی دەستووری و سیاسی بمێنێتەوە؛ نوێنەرایەتی دەرەوە، پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، پرسی دەستووری، پاراستنی سنووری هەرێم و بەرژەوەندییە گشتییەکان بە چوارچێوەیەکی هاوبەش بمێننەوە؛ بەڵام لە ئاستی بەڕێوەبردنی ڕۆژانەدا، هەر لایەنێک لە ناوچەی نفوزی خۆی بە ڕوونی بەرپرسیار بێت، ئەوە بەڵگەی لاوازی نییە؛ بەڵکو هەوڵێکە بۆ ڕێکخستنی واقیع و ڕزگارکردنی کۆمەڵگا لە درۆی سیاسی.
مێژوو نیشانی داوە کە پارتی و یەکێتی، وەک دوو هێزی سەرەکی، ناتوانن بە ئاسانی و بە شێوەیەکی تەندروست لە ناو حکومەتێکی هاوبەشی کارادا هەڵبکەن، هەر جارێک هاوبەشییان کردووە، قەیرانەکان بە شێوەیەکیتر سەریانهەلداوەتەوە، هەر جارێک ناکۆکیەکان قووڵتر بوونەتەوە، دامەزراوەکان و هاووڵاتیان باجیان داوە، بۆیە ئەوڕۆ پێویستە بیر لەوە بکرێتەوە، ئەگەر دوو هێز ناتوانن بە یەکەوە بە شێوەیەکی کاریگەرو تەندروست حوکم بکەن، باشتر نییە هەر یەکێکیان بە ڕوونی بەرپرسیارێتی ناوچەی خۆی بگرێتە ئەستۆ و لە ئەنجامدا کۆمەڵگا بزانێت کێ سەرکەوتووە و کێ شکستی هێناوە؟.
لە کۆتاییدا، ئەوەی پێویستە ڕوون بکرێتەوە ئەوەیە، پاراستنی قەوارەی هەرێم بە دروستکردنی فۆبیا لە زینهنی خەڵکدا نابێت، قەوارەی هەرێم بە ڕاستگۆیی، دامەزراوە، خزمەتگوزاری، بەرپرسیارێتی و ڕێکخستنی واقیع دەپارێزرێت، ئەو کەسانەی هەموو جارێک بە ناوی “مەترسی لەسەر هەرێم” خەڵک دەترسێنن، پێویستە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، ئەگەر مۆدێلی ئێستا ئەوەندە سەرکەوتووە، بۆچی حکومەت بەردەوام گیرۆدەی قەیرانە؟ بۆچی مووچە و خزمەتگوزاری دەبنە قوربانی؟ بۆچی هەڵبژاردن و پێکهێنانی کابینە دەبنە مەیدانی ململانێ؟ بۆچی دامەزراوەکان بە تەواوی یەکناخرێن؟
وەڵامی لۆژیکی ئەوەیە، چونکە مۆدێلی هاوبەشیی ناڕوونی ئێستا گەیشتووەتە سنووری خۆی، کاتێک مۆدێلێک کار ناکات، بەرپرسیارێتی ئەوە نییە بە درۆ بڵێین کار دەکات؛ بەرپرسیارێتی ئەوەیە چارەسەرێکی واقیعی پێشنیار بکەین. مۆدێلی دوو زۆنی، بە مەرجی ئەوەی لە چوارچێوەی پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێم، ڕێککەوتنی سیاسی، ڕوونی دارایی، سنووری کارگێڕی و مافی هاووڵاتی جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت ببێتە چارەسەرێکی کرداری بۆ قەیرانێک کە ساڵانێکە هەرێمی کوردستانی لەناو بازنەی بێکۆتایی ناکۆکیدا گیرۆدە کردووە.
خەڵکی کوردستان پێویستی بە ترساندن نییە؛ پێویستی بە ڕاستگۆیی هەیە، پێویستی بە گوتاری فۆبیا نییە؛ پێویستی بە بڕیاری سیاسیی بوێرانە هەیە، پێویستی بە شاردنەوەی واقیع نییە؛ پێویستی بە ڕێکخستنی واقیع هەیە، ئەگەر قەوارەی هەرێم بە ڕاستی بۆ هەموومان گرنگە، ئەوا نابێت بیکەینە بارمتەی هاوبەشییەکی ناکارا و ملمێنێیەکی بێکۆتا، پێویستە قەوارەکە بپارێزرێت، بەڵام حوکمڕانییەکەش ڕوون، بەرپرسیارانە و کارا بکرێت، ئەوەیە جیاوازی نێوان سیاسەتی بەرپرسیار و بانگەشەی بەتاڵ.
لە بنەڕەتدا، ئەوەی ئەمڕۆ بە ناوی “مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم” دەخرێتە ناو بازاڕی سیاسی، پێویستە بە وردی لێی بڕوانرێت، چونکە ئەو بانگەشەیە زیاتر لەوەی ئاگادارکردنەوەیەکی نیشتیمانی بێت، وەک ئامرازێکی فشار و باجگیریی سیاسی دەردەکەوێت، یەکێتی نیشتیمانی، کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە زۆر قۆناغدا نەیتوانیوە بە ڕێگەی هەڵبژاردن و پێوەرەکانی حوکمڕانی و کاریگەری خۆی دەسەڵاتی هاوسەنگ بەدەست بهێنێت، ئەوڕۆ هەوڵ دەدات بە ڕێگەی ئەو جۆرە گوتارانەوە فشار بخاتە سەر ڕکابەرە سیاسیەکەی بۆ ئەوەی دەسەڵاتی پێ دابەش بکرێت.
ئەوە ئەو خاڵەیە کە پێویستە کۆمەڵگا بە ڕوونی تێیبگات، ئەو سیاسی و حیزبی و نووسەرو توێژەر و مامۆستای زانکۆیانەی بەردەوام باس لە “لەناوچوونی قەوارەی هەرێم” دەکەن، زۆرجار بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خزمەت بەو هێڵە سیاسییە دەکەن کە یەکێتی دەیەوێت لە ڕێگەیەوە داوای بەشداریی زیاتر لە دەسەڵات بکات، ئەوان باسەکە وەک مەسەلەیەکی نیشتیمانی و چارەنووسساز پیشان دەدەن، بەڵام لە ناوەڕۆکدا مەسەلەکە پەیوەستە بە ململانێی دەسەڵات، پۆست، داهات و نفوز، واتە قەوارەی هەرێم دەکرێتە دروشم، بەڵام ئامانجی ڕاستەقینە فشارە بۆ سەر پارتی بۆ ئەوەی یەکێتی لە دەسەڵاتدا پێگەیەکی زیاتری پێ بدرێت.

جوتیار مەلا رەئوف




دوای قسەکەی ترامپ، پرسیارە راستەقینەکە چییە؟.. جوتیار مەلا رەئوف

وێنەکە بەو جۆرەیە کە دۆناڵد ترامپ دەڵێت کوردەکان لە شەڕی داعش و دژ بە تیرۆردا ئازاو چالاکن، بەڵام نازانێت ئەگەر پارەیان پێنەدررێت ئاخۆ دەتوانن جەنگەکان بەرێوە ببەن یان نا، خودی پەیامەکە ئەوەیە کە کورد بەکرێگیراوێکی باشە، کە ئەو پێناسەیەش تا ئاستێکی زۆر واقێعی لەگەڵ مێژووی بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی وئەحزابەکانیدا یەکانگیروو بەداخەوەش بەشیکیشە لە مێژووی واقیعی سیاسی- کۆمەلایەتی کۆمەڵگای کوردی بە هۆی پێکهاتە ئیتنیکی و کۆمەلایەتیەکەیەوە، بەدەرلەوەش ئەو جۆرە قسەکردنە لەگەڵ مێژووی گوتارەکانی ترامپ بەرامبەر بە کورد دەگونجێت، ئەو پێشتر لە ٢٠١٩دا، کاتێک هێزە ئەمریکییەکان بەشێکی زۆریان لە باکوورو رۆژهەلاتی سووریا(ڕۆژئاڤا) کشانەوە، گوتی کوردەکان (فریشتە نین و ئەوان دەزانن چۆن بجەنگن).
ئەگەر پرسیارەکە ئەوە بێت کە ئایا ئەوە سووکایەتییە بە مێژوو و قوربانیی خەڵکی کوردستان؟ وەڵامەکە بە دڵنیایەوە بەڵێیە، لە ڕووی ئەخلاقی و مێژووییەوە قسەیەکی زۆر بێئاستوو کەمکردنەوەیە لە مێژووی ئەو هەموو قوربانییە، چونکە شەڕی کورد دژی داعش نەک تەنها شەڕێکی لۆکاڵی بوو، بەڵکو بەشێک بوو لە ستراتیژیی نێودەوڵەتی بۆ شکاندنی خەلافەتی داعش، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە فەرمی ڕایگەیاند کە هێزە هاوپەیمانەکان و هێزە هاوبەشەکانیان لە ٢٣ی ئازاری ٢٠١٩دا دوا خاکی ژێر دەستی داعش لە لە سوریایان ئازاد کرد و لەو پڕۆسەیەدا هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە هێزی سەرەکی تێیدا شەڕڤانانی کورد بوون و لەو پرۆسەیەدا ڕۆڵێکی یەکجار سەرەکی و گرنگیان هەبوو.
بەڵام ئەگەر پرسیارەکە ئەوە بێت کە ئایا ترامپ کەوتۆتە هەڵەیەکی زمانەوانییەوە؟ ئەوا وەڵامەکە ئاڵۆزترە، جونکە ترامپ لە ڕووی ئەخلاقییەوە قسەیەکی نادادپەروەرانە دەکات، بەڵام لە ڕووی تێگەیشتن لە سیاسەتی زلهێزەکاندا، بە شێوەیەکی ڕووت و نا‌دیپلۆماسی، یەک ڕاستی تاڵ دەردەخات، ئەمریکا و زلهێزەکان هاوپەیمانییەکان بە هەست و وەفاداریی مێژوویی نابینن و نابەن بەڕێوە، بەڵکو بە بەرژەوەندیی ستراتیژی، تێچووەکان، بازاڕی ناوخۆ، هاوسەنگیی ناوچەیی و گوشاری هاوپەیمانانی دیکە دەیبینن، ئەوە ڕوخسارە واقیعەکەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە، بەڵام ئەو ڕاستییە مافی هیچ سەرۆکێک نادات قوربانیی هاوپەیمانەکانی بە شێوەیەکی سووک و بازاڕی وەکوو ئەوەی ئیستای ترامپ کەم بکاتەوە.
خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی لە سووریا، تەنها جەنگاوەر و شەڕکەری باش نەبوون، ئەوان بە قوربانیی وبەرگرییەکی بێوینە شاری کۆبانێیان کردە هێمای خۆڕاگری، ڕەقەیان گرتەوە، داعشەکانیان بەند کردن و ناوچەیەکی گەورەیان خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان و بەرێوەیان دەبرد، کە بۆ ئاسایشی ئەوروپا و ئەمریکاش گرنگ بوو، بە پشتبەستن بە هەندێک لە سەرچاوەکان باس لە نزیکەی ١١ هەزار کوژراوی هێزە کوردی و هاوبەشەکانیان لە شەڕی داعش دەکەن، ئەو ژمارەیە هەرچەندە لە هەموو سەرچاوەکاندا بە یەک شێوە پشتڕاست ناکرێتەوە، بەڵام لە ئاستی سیاسی و مۆراڵیدا واتایەکی ڕوونی هەیە، ئەو هاوپەیمانییە بە قسە و دروشم دروست نەبوو، بەڵکو بە خوێن، خاک، زیندان، ئاوارەیی و خاپووربوونی شار و گوند دروست بوو.
من پێموایە کێشەی سەرەکی ئەوە نییە کە ترامپ کوردی خۆش دەوێت یان نا، کێشەکە ئەوەیە کە کورد چۆن دەبێت لە سیستەمێکی جیهانیدا کار بکات و تێبگات کە تێیدا وەفادارییەکان کورتخایەنن و بەرژەوەندییەکان دەگۆڕێن، ترامپ تەنها نموونەیەکی توند و بێ‌ پەردەی ئەو سیستەمەیە، پێش ترامپیش خەڵکی کوردستان چەند جار بەدەست هاوپەیمانی کاتی و بەڵێنی نیوەچڵ زیانی گەورەی بینیوە؛ دوای ترامپیش ئەگەر کورد بە هەمان خۆشباوەڕی و شێوە پشت بە بەڵێنی دەرەکی ببەستێت، بە دڵنیایەوە ئەو مەترسییە هەر دەمێنێت.
ئایا ئەو روداوە دیدگای سیاسی کۆمەڵگای کوردی دەگۆڕێت؟من پێم وایە بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری دەبێت، بەڵام بە شێوەیەکی قووڵتر باوەڕی بزوتنەوە و حیزبە کوردیەکان بە (هاوپەیمانیی بێ ‌مەرج) لاواز دەکات، کوردستان کۆمەڵگەیەکی یەکدەست نییە، هەندێک هێز لە باشوور گرنگی بە رۆژئاواو واشنتن دەدەن، هەندێک نزیکترن لە تاران و بەرەی بەرگریکاریی شیعە، هەندێک لە باکور مامەڵەی زۆر پڕاگماتیک دەکەن و هەندێکیش لە ڕۆژئاوا گرێدراوی هاوپەیمانیی سەربازیین لەگەڵ ئەمریکا، بۆیە قسەی ترامپ هەموو کورد ناکاتە دژە-ئەمریکی، بەڵام دەبێتە بەڵگەیەکی نوێ بۆ ئەو دیدگایەی کە دەڵێت، (زلهێزەکان کورد بەکاردەهێنن)، بەڵام کاتێک تێچووەکەیان گران بوو، بە زەرەر دەیانفرۆشنەوە.
ئەوەش هەڵەیەکی گەورەترە ئەگەر کورد تەنها بە تووڕەیی و لە ژێر کاریگەری هەستوسۆز وەڵام بەو گوتارە بداتەوە، وەڵامی دروست نابێت تەنها هاشتاگ، وێنە، یان جنێو و توڕەیی ناو سۆشیالمیدیا بێت، وەڵامی دروست دەبێت ستراتیژی بێت، یەکخستنی ناوماڵی کۆمەڵگای کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، کەمکردنەوەی وابەستەیی یەک‌ لایەنە بە هەر زلهێزێک، هەرێمیاتی یان نێودەوڵەتی، دروستکردنی دامەزراوەی سەربازی و دیبلۆماسی نیشتمانی بەهێز، بەهێزکردنی ئابووری و گۆڕینی قوربانییەکان بۆ سەرمایەی سیاسیی نێودەوڵەتی، ئەگەر خەڵکی کورد قوربانی بدات بەبێ ئەوەی ئەنجامە سیاسییەکەی پارێزراو بێت، ئەوا مێژوو بەردەوام دووبارە دەبێتەوە.
لە کۆتاییدا، قسەی ترامپ “حەقیقەت” نییە ئەگەر واتای ئەوە بێت کە کورد تەنها بە پارە دەجووڵێت یان قوربانییەکانی بێ ‌نرخن، ئەوە نادادپەروەرییە و مێژوو زۆر سادە دەکاتەوە، چونکە قوربانیەکانی خەڵی کوردستان عیبارەت نین لە بەرخوردوو مامەڵەی بزوتنەوە و ئەحزابە سیاسیەکانی.
بەڵام قسەکە هەندێک ڕاستیی تاڵی سیاسەتی زلهێزەکان ئاشکرا دەکات کە لە جیهانی سیاسەتدا، ئەوەی قوربانی دەدات هەمیشە براوە نابێت؛ ئەوەی قوربانییەکەی دەگۆڕێت بۆ دامەزراوە، دیپلۆماسی، یەکڕیزی و هێزی چەندلایەنە، ئەوە دەتوانێت قوربانییەکە لە مێژوودا بپارێزێت.
بۆیە خەڵکی کوردستان نابێت تەنها لە ترامپ تووڕە بێت؛ دەبێت لە خۆشی بپرسێت، ئەو هەموو خوێنە چۆن دەکەینە دەسکەوتی سیاسیی پارێزراو؟ ئەوە پرسیاری ڕاستەقینەی دوای ئەو قسەیەیە..

جوتیار مەلا رەئوف




سەردەمی پڕوپوچی و تێروانینێک.. 

جوتیار مەلا رەئوف

لەو ماوەیەدا دەرفەتم بۆ ڕەخسا کتێبی (سەردەمی پڕوپووچی) مێدیۆکراسی کە لە نوسینی (د.ئالان دۆنۆ)یە و لە وەرگێرانی بەڕێز (د.رزگار ئاغا) یە بۆ سەر زمانی کوردی و چاپکردنی دەزگای رۆشنبیری جمال عیرفانە، بخوێنمەوەو باشترو بە زمانێکی پاراو لە بیرۆکەکانی ئەو نووسەرە تێبگەم.
لەگەڵ دەستپێکردنی خوێندنەوەی کتێبەکە، هەر زوو تێگەیشتم کە کتێبەکە تەنها شیکارییەکی سیاسی سادە نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەیەکی قووڵترە لەسەر کارکردنی کۆمەڵگا لیبڕاڵ و مۆدێرنەکان.
لە کاتی خوێندنەوەدا، زیاتر هەستم دەکرد کە پێشتر زۆرێک لەو دیاردانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەی خۆمانەوە ڕودەدەن و باس دەکرێن دەناسمەوە، بەبێ ئەوەی پێشتر توانیبێتم ئەوەندە بە ڕوونی هەستیان پێبکەم، ئارگومێنتەکانی (دۆنۆ) یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی باشتر لە هەندێک پێکهاتە لە سیاسەت و ئابووری و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان تێبگەین، هەندێک دیدگای سەرنج راکێشم دەستکەوت لە ناو بیرۆکەکاندا کە بۆمن تازە بوون، بەتایبەتی کە زۆرجار سیستەمی کۆمەڵایەتی مەرج نییە باشترین بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە پەروەردە بکات، بەڵکو زیاتر تەقەلایە بۆ سەقامگیری لە نێوان چینی سەرەوە و خوارەوە لە ڕێگای چینی مامناوەندەوە کە بە (وردەبۆرژوا) ش ناوزەد دەکرێت.
خوێندنەوەی ئەو کتێبە چانسی ئەوەمان بۆ دەڕەخسێنێ، لە ڕوانگەیەکی نوێوە سەیری هەندێک لە پێشکەوتنەکانی سەردەم بکەین، ڕوانگەیەکی شیکاریانەمان بۆ پەیوەندی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا و تاک پێشکەش دەکاتوو هانمان دەدات بیر لەو بەها و میکانیزمانە بکەینەوە کە دامەزراوەکانی ئێستامان لە قاڵب دەدەن.
کاتێک بیر لە بیرۆکەی (سەردەمی پڕوپووچی) دەکەینەوە، وەک تەعریفێکی گونجاو بۆ زۆرێک لە داینامیکی کۆمەڵگە هاوچەرخەکان دێتە بەرچاو، هەرچەندە ئەو دەستەواژەیە تاکوو ئێستا وەک چەمکێکی تیۆری فەرمی بەکارناهێنرێت، بەڵام بە باشی لەگەڵ ئەو ڕەخنەیەدا دەگونجێت کە (ئالان دۆنۆ) لە کتێبی (مێدیۆکراسی ) ناوەندگیردا دایڕشتووە، بە بۆچوونی من (دیدگای سەردەمی پڕوپووچی)باس لە قۆناغێکی مێژوویی دەکات کە تێیدا خۆنمایشکردن و وێنە و پێگە هێمادارەکان بە بەراورد بە ماددە، لێهاتوویی، یان قووڵایی فیکری تا دێت بەهادارتر و گرنگتر دەبێت.
ئەوەندەی کە من لەو بیرۆکەیە تیگەیشتم، (پروپووچی) لەو چوارچێوەیەدا تەنیا سیفەتێکی کارەکتەری و تاکەکەسی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی ستراکتورییە، کە لەلایەن دامەزراوەکانی کۆمەڵگاو دەوڵەت و چاوەڕوانییە کولتووریی و بەها کۆمەڵایەتیەکانەوە دروست دەبێت و بەهێز دەکرێت، کۆمەڵگا مۆدێرنەکان ئاراستەیەکی بەرزیان بەرەو بینین و ناسینەوە هەیە، سەرکەوتن نەک تەنها بەوە پێوانە دەکرێت کە کەسێک لە ڕاستیدا چی بەدەست دەهێنێت، بەڵکو بەوەوە دەپێورێت کە ئەو دەستکەوتە چەندە بە شێوەیەکی قەناعەتبەخش پێشکەش دەکرێت، لە سیاسەت و بازرگانی و تەنانەت ئەکادیمیاشدا زۆرجار پێدەچێت توانای نمایشکردنی وێنەیەک بەقەد کوالیتی خودی بیرۆکەکان گرنگ بێت.
ئەو پەرەسەندنە خەریکە شێوازی کارکردنی دەسەڵاتیش دەگۆڕێت، ئیتر دەسەڵات تەنها لەسەر بنەمای دەسەڵات یان کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان نییە، تادێت زیاتر پەیوەست دەبێت بە توانای دروستکردن و پاراستنی وێنەیەکی دیاریکراو، سیاسەتمەدار و بەڕێوەبەر و کەسایەتییە گشتیەکان نەک هەر خاوەن بڕیار، بەڵکو دەبێت بەردەوام شەرعیەتی خۆیان نمایش بکەن و بسەلمێنن، پەیوەندی و بە براندکردنی ستراتیژی و بوونی میدیا خەریکە دەبنە ئامرازی ناوەندی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری.
لە پێکهاتەیەکی ئاوادا، (پڕوپوچی) دەبێتە ستراتیژییەکی عەقڵانی، تاکەکان هەر زوو فێر دەبن کە سەرکەوتن زۆرجار پەیوەستە بە چۆنیەتی پێشکەشکردنی خودەوە، تۆڕەکان و بە براندکردنی کەسیی و سەرمایەی هێماکان(ڕەمزەکان) گرنگییان زیاتر دەبێت، تاک بە جۆرێک دەبێتە پڕۆژەیەک کە دەبێت بەردەوام باشتر بکرێت و بخرێتە بازاڕەوە، بە بڕوای من ئەو داینامیکە وا لە مرۆڤەکان دەکات کە بەشێکی زۆر لە وزەی خۆیان بۆ بنیاتنانی وێنەیەکی خۆبەخشی زۆرەملێ تەرخان بکەن لەبری ئەوەی سەرنجیان لەسەر پەرەپێدانی زانست، لێهاتوویی، یان بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بێت.
دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو گەشەسەندنە ئاڵۆزن، لە لایەکەوە کولتوری بینینی باو (بەرچاوگەرایی) وا لە زۆر کەس دەکات کە دەنگیان بە ئاشکرا بەرزبکەنەوە و لە ئامرازو فۆڕمە نوێکانی پەیوەندیکردن کەڵک وەربگرن، لە لایەکی دیکەوە دەتوانێت ڕووکەشیەتێک پەروەردە بکات کە تێیدا ناوەڕۆک لە کورسی هەرە پشتەوە جێگە بگرێت بۆ ئەوەی باڵانسگیری پێکبێت لە کۆمەڵگادا کاتێک سەرنجدان لە ڕوکەش دەبێتە گرنگترین سەرچاوە، ئەوانەی دەتوانن بە تایبەتی دیار یان سەرنجڕاکێش دەرکەون زۆرجار سەردەکەون و دەبن بە پاڵەوان، نەوەکوو ئەوانەی کە قەناعەتبەخشترین ئارگیومێنتیان هەیە بۆ ئاڵوگۆڕ لە ناو کۆمەڵگادا.
تێگەیشتنی من بۆ ئەو بیرۆکەیە (سەردەمی پڕوپوچی) ئەوەیە کە لۆژیکی چینی مامناوەند بەهێزتر دەکات، کاتێک دامەزراوەکان سەقامگیری بە نرخترین شت دەزانن و لە هەمان کاتیشدا کولتووری خۆپێشکەشکردن دەبێتە ئەقلیەتێکی باڵادەست، ژینگەیەک سەرهەڵدەدات کە ئەکتەری چینە مامناوەندەکان بەڵام لە ڕووی ستراتیژییەوە زیرەکەکان دەتوانن بە تایبەتی سەرکەوتووتر بن، لێرەدا تەنیا لێهاتوویی بەس نییە؛ گرنگ ئەوەیە کە چەندە باشو کاریگەر خۆی پێشکەش دەکات و چەندە باش لە ناو ئەو دیدگایەدا فۆڕم دەگرێت، ئەوەش بۆشایی لە نێوان کوالیتی ڕاستەقینە و ناسینی کۆمەڵایەتیدا دروست دەکات.
لە هەمان کاتیشدا ئەو گەشەکردنە کاریگەری لەسەر چەمکی خودی تاکیش هەیە، مرۆڤەکان هەوڵی ئەوە دەدەن کە خۆیان ببینن لە چاوی کەسانی ترەوە، ناسینەوە و بەرچاوگەرایی و پێگە دەبنە پۆلێنە سینتڕاڵەکانی تێگەیشتن لە خود، بۆیە تاک بەردەوام لە نێوان دوو ئاستدا دەجووڵێت، خودی ڕاستەقینە و ئەو وێنەیەی کە لەبەردەم گشتیدا بۆ خۆی بەرهەمی دەهێنێت، چونکە بووە بە نۆرماتیڤ (پێوەر) ێکی بە ئەقڵکراو، ئەو گرژیی و ململانێیە دەتوانێت ببێتە هۆی هەستکردن بە چاودێریکردنی بەردەوامی خود، کە تێیدا (ئایدێنتیتێت) ناسنامە تادێت دەبێتە شتێکی ئەنجامدەر.
من پێموایە بیرۆکەی (سەردەمی پڕوپوچی ) پرسیارێکی بنەڕەتی زۆر قوڵ دەوروژێنێت، ئەویش ئەوەیە ئایا چ جۆرە کۆمەڵگایەک سەرهەڵدەدات کە ناسین و فەهم زیاتر پشت بە بینین(بەرچاوگەرایی) دەبەستێت نەک بە ماددە؟ ئەگەر سەرکەوتن زیاتر بە دیاردە هێمادارەکان دیاری بکرێت، ئەوا مەترسی ئەوە هەیە کە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان ئەرکە سەرەتاییەکانیان لەدەست بدەن، سیاسەت دەتوانێت زیاتر ببێتە قۆناغێک، ئابووری زیاتر ببێتە کێبڕکێیەک بۆ ناوبانگو بە‌هێزبوونی پێگە کۆمەڵایەتیەکان، زانین وزانست زیاتر ببێتە سەرچاوەیەک کە بە شێوەیەکی ستراتیژی بۆ دەستەبەرکردنی پێگەکان خرابێتەگەڕ و جێگیرکرابێت.
لێرەدا دەرەنجامێکمان دەستدەکەوێت، ئەویش ئەوەیە کە (سەردەمی پڕوپوچی) نەک هەر ڕەخنەیەکی ئەخلاقی، بەڵکو شیکاریەکە بۆ پەیوەندیەکانی دەسەڵاتی مۆدێرنێتە و نیولیبڕالیزم، ئەوە نیشان دەدات کە بەها کولتوورییەکان و پێکهاتە دامەزراوەییەکان و ستراتیژە تاکەکەسییەکان چەندە لە گەڵ یەکتر ئاوێتەو تێکەڵ بوون، کاتێک پڕوپووچی دەبێتە بنەمایەکی پێکهاتەیی کۆمەڵگا، نەک هەر ڕەفتاری تاکەکان دەگۆڕێت، بەڵکو لۆژیکی ئەو سیستەمەش دەگۆڕێت کە لە سایەیدا گوزەران دەکەین و دەژین.
بۆیە گرنگە بە شێوەیەکی مۆڕاڵی و ڕەخنەگرانە بیر لەو داینامیکانە بکەینەوە و بپرسین ئایا کۆمەڵگایەک کە بە توندی و ڕادیکاڵانە لەسەر بنەمای خۆپێشکەشکردن دامەزراوە، دەتوانێت لە درێژخایەندا بوار بۆ تێڕوانین و بەرپرسیارێتی و فێربوون و پەروەردەی بەکۆمەڵی ڕاستەقینە و یەکسان بەجێبهێڵێت؟.



جوتیار مەلا رەئوف




هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار، لە نێوان ڕاستیی قودرەتی سیاسی و ڕووداوە شانۆیەکاندا.. جوتیار مەلا ڕەئوف

هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق نەک هەر وەک پرۆسەیەکی دەستووری، بەڵکو وەک دەربڕینی دینامیکی دەسەڵاتی سیاسی زۆر قووڵتر لە عێراقدا پێویستە بیندرێت، لە روکەشدا ئەو هەڵبژاردنە کێبڕکێیەکی دیموکراسییە لە نێوان کاندیدەکان و کوتلە سیاسییەکان، بەڵام کاتێک مرۆڤ بەدواداچوون بۆ واقیعە سیاسییەکانی پشت پەردە دەکات، وێنەیەکی جیاواز خۆی نیشان دەدات، کە ئەو وێنەیەش بە شیوەیەکی گشتی زۆربەی بڕیارو هەنگاوە سیاسیەکان دەگرێتەوە کە بە شکڵێکی ڕاستەقینە لە پەرلەماندا نادرێن، بەڵکو زۆر پێشوەختە لەڕێگەی ڕێککەوتنە سیاسییەکان و هاوپەیمانییە ناوچەییەکان و لە ژێر سێبەری هێڵی بەرژەوەندی ستراتیژیی بلۆکبەندیەکاندا ئامادە دەکرێن.
پرسی سەرۆکایەتی کۆمار ساڵانێکە بە نزیکی پەیوەستە بە پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتییەوە، هەردوو حزب نەک هەر نوێنەرایەتی بەرژەوەندی سیاسی جیاواز لە ناوخۆی کوردستاندا دەکەن، بەڵکو پەیوەندی جیاوازیان لەگەڵ ناوەندە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە بەغدا و ناوچەکە و لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا هەیە، هەر لەبەر ئەوەشە کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە عێراق هەرگیز تەنها بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆکێک نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ململانێ ونەزمی سیاسی فراوانتری ئەو وڵاتەیە.
ئەگەر وردبینانەتر سەیر بکەین ، یەکێتی بە شێوەیەکی نەریتی لەسەر ئەو پرسە زیاتر خۆی لەگەڵ ئەو کەمپە سیاسییەدا ڕێکخستووە کە پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ هێزە شیعەکان و بە ناڕاستەوخۆ لەگەڵ کایەی نفوزی ئێراندا دەپارێزێت، لە بەرامبەردا پارتی زۆرجار پەیوەستە بە ژینگەیەکی سیاسی جیاوازترەوە، لەگەڵ هێزگەلێک کە زیاتر هاوتەریبن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمریکا، لە هەمان کاتدا هاوکاری هاوپەیمانانی سوننە دەکەن، ئەو پۆلێنکردنە بێگومان لێکدانەوەیەکی سیاسییە نەک ڕاستییەکی ڕەها، بەڵام یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بۆچی پرسی سەرۆکایەتی کۆمار لە عێراقدا ئەوەندە کاریگەری هاوپەیمانییە سەرتاسەرییەکانی لەسەرە.
ئەگەر مرۆڤ ئەو واقیعە بە جددی وەربگرێت، ئەوا زۆرجار دەنگدان لە پەرلەمانی عێراق وەک کێبڕکێیەکی سیاسی کراوە دەرناکەوێت، بەڵکو وەک قۆناغی فەرمی کۆتایی پڕۆسەیەک دەردەکەوێت کە دەرئەنجامەکەی، لە زۆر حاڵەتدا، تا ڕادەیەکی زۆر پێشوەختە دیاری کراوە، ئەستەمە بیهێنینە پێش چاو کە هێزە شیعەکان و ئێران ئەو پێگەیە بدەن بە کاندیدێک کە لە ڕووی سیاسییەوە پەیوەندی بە بلۆکێکەوە هەیە کە لە نێو نەزمی ستراتیژی خۆیاندا جێی نابێتەوە.
بەڕای من ئەوە جەوهەری کێشەکەیە، پەرلەمان دەنگ دەدات، بەڵام بڕیاری سیاسی پێشتر لە شوێنێکی تردا دراوە، ئەوە بەو مانایە نییە کە هەموو دەنگدانێک بێ مانایە، بەڵام بەو مانایەیە کە کایەی گشتی و دابەشکردنی ڕاستەقینەی دەسەڵات هەمیشە هاوتەریب نین، لەو روانگەیەوە پرۆسە سیاسی لە ناو پەرلەمانی عێراقدا وەک ئەدای دیموکراسی دەرناکەوێت، چونکە بەردەوام ڕێککەوتنی سیاسی ڕاستەقینە پێشتر لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە ئەنجامدراون.
من پێم وایە کاندیدکردنی هەر کەسێک لەلایەن پارتیەوە بۆ سەرۆک کۆمار تەنیا کات کوشتنو کات بەفیڕۆدانە، وە هەروەها یاریەکی دوبارەبوەو هەراسانکەرە بۆ خودی کەسی کاندیدکراویش، کە تەنها خودی کاندیدەکەش درک بەو ڕاستییە دەکات کە چانسێکی سنوورداری هەیە بۆ ئەو پۆستە، تەنانەت ئەگەر بە فەرمی بچێتە ناو کێبڕکێ و لە ڕووی سیاسیشەوە شەرعی بێت، هاوتەریبیش هیچ پەیوەندی بە هێزو قودرەتی سیاسی یەکیەتی و کاندیدەکەیەوە نییە کە هەڵبژێردراوە بۆ سەرۆک کۆمار، بەڵکو لەبەر ئەوەی هاوسەنگی هێزی شیعی عێراقی و هەژمونی سیاسی ئیرانی ئەوە دەخوازێت.
لە سیستەمێکی وەک عێراقدا کە لەسەر بنەمای تەوافوق و کۆتا و هاوسەنگی تائیفی و کاریگەری دەرەکی دامەزراوە، گرنگ تەنها ژمارەی دەنگەکان و نفوزی کۆمەلایەتی وجەماوەری نییە هەرحیزب و کەسێک هەیبێت، بەڵکو گرنگترین شت ئەوەیە لە سەرووی هەموویانەوە کام کاندیدی کام حیزب لە کام بلۆکبەندی و ئاراستەی سیاسی جێی گرتووە.
بۆیە من بە چەواشەکاری دەزانم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تەنها وەک کێبڕکێیەکی ناو ئەحزابی کوردی یاخود لە لە نێوان پارتی و یەکێتی وەسف بکرێت، لە واقیعدا ئەو شەڕە بەشێکە لە ململانێیەکی زۆر گەورەتر لەسەر ئاراستەی داهاتووی عێراق، ئایا پێویستە ئەو وڵاتە بە پتەوتر لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا بمێنێتەوە کە ناوەندی شیعە و نفوزی ئێران زاڵ بێت؟ یان پێویستە زیاتر بەرەو هاوسەنگییەکی جیاوازی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەنگاو بنێت کە تێیدا هاوبەشە سوننە و ڕۆژئاواییەکان کاریگەرییان هەبێت؟ حیزبە کوردییەکان لە دەرەوەی ئەو ململانێیە نین؛ بەڵکو ئەوان داینامیکی سەرەکین لە ناو دڵی ئەو ململانێیەدا.
لە هەمان کاتدا زۆر سادەییە ئەگەر لایەنێک وەک براوە و لایەنەکەی تر وەک دۆڕاو وێنا بکرێت، هەرکام لەو حیزبانە بە پێی لۆژیکی ستراتژیکی خۆیان کاردەکەن، ڕەنگە یەکێتی نزیکیی خۆی لە هەندێک هێز وەک پێویستیەکی ڕاستەقینەی سیاسی بۆ دەستەبەرکردنی کاریگەری لە بەغدا ببینێت، لە بەرامبەردا ڕەنگە پارتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی دیکە وەک پێشمەرجێک بۆ هاوسەنگی سیاسی و سەربەخۆیی ئابووری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان سەیر بکات، هەردوو لێکدانەوەکەش لەوانەیە عەقڵانیەتێکی سیاسی خۆی هەبێت، بەو هۆکارە من پێم وایە نابێ مشتومڕو دیبەیتەکان لە میدیای کوردیدا تەنیا لە ژێر گاریگەری هێڵی سۆزداری حزبە کوردیەکاندا بەڕێوە بچێت.
پرسیارە ئەسڵەکە تەنها ئەوە نییە کە کێ دەبێتە سەرۆک کۆمار، بەڵکو ئەوەیە کە ئەو هەڵبژاردنە بۆ سەرۆککۆمار چی لەبارەی پێگەی هەرێمی کوردستان لە دەوڵەتی عێراقدا ئاشکرا دەکات؟، ئەگەر ئەو مەسەلەیە بەو شیوەیەی ئێستای لەلایەن هێزە کوردیەکانەوە بەرخوردی لەگەڵ بکرێت، نەک هەر پێگەی کوردستان لە بەغدا لاواز دەکات، بەڵکو ئاسانکاری بۆ هێزەکانی دیکەش دەکات کە دابەشبوونی سیاسی حیزبە کوردیەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان وەکو فرسەتی سیاسی ببینن.
بۆیە من پێموایە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە عێراق دەبێت کەمتر وەک گواستنەوەی دەسەڵاتی ئازاد و زیاتر وەک پرۆسەیەکی سیاسی کۆنتڕۆڵکراو لە چوارچێوەی سنوورێکی ڕوون و دیاریکراودا تێبگەین، کە ئەو سنوورانەش لە لایەن بەهێزترین هێزە سیاسییە شیعەکان و و ناوەندەکانی نفوزی ناوچەییەوە دیاری دەکرێن، تا ئەو ستکراکتۆرە سیاسیەی کە ئیستا لە عێراقدا هەیە لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە وەک ئەوەی کە خۆیان پێویستیان پێیەتی.
لە کۆتاییدا ئەو هەڵبژاردنە بۆ سەرۆک کۆمار شتێک لە سەرووی هەموو شتێکەوە نیشان دەدات، لە عێراقدا فەرمانگە باڵاکانی دەوڵەت تەنیا پۆستی دەستووری نین، بەڵکو خاڵی سەرەکیی سیاسەتی دەسەڵاتی ناوچەیی و ناوخۆییشن، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تەنها بە دیبەیتی گشتی یان زۆرینەی پەرلەمانی دیاری ناکرێ، بەڵکو بە یاریکردنی هاوپەیمانی و ڤیتۆ و بێمتمانەیی و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان دیاری دەکرێت، بۆیە پێویستە هیچیتر ئەو هەڵبژاردنە وەک سوپرایزێکی ڕاستەقینە نەبینین، بەڵکو تەنها وەک ڕاگەیاندنی فەرمی بڕیارێک ببینین کە لە ڕووی سیاسییەوە لەمێژە دیاری کراوە.
ئەوەی بەلای منەوە گرینگە بگوترێت ئەوەیە ، تا ئەوکاتەی سیاسەتی عێراق لەسەر بنەمای ئەو جۆرە هاوسەنگییە پێشوەختە دیاریکراوانەی هێز دامەزرابێت، فۆڕمی دیموکراسی لەو وڵاتەدا لە گاڵتەجاڕی زیاتر بەولاوە شتێکیترنابێت، نەوەک هەرئەوەش، بەڵکو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نەک وەک کێبڕکێیەکی کراوە، بەڵکو وەک پشتڕاستکردنەوەیەکی سیمبۆڵیکی بۆ بریارێکی سیاسی (پێشدانوستانکراودا) دەردەکەوێت.

جوتیار مەلا ڕەئوف




پارادایمێکی وێرانکەر.. جوتیار مەلا رەئوف

هەڕەشەی لەناوبردنی شارستانیەتێک نابێت مرۆڤ تەنها وەکوو توندوتیژی سیاسی بیبینێت، بەڵکوو دەبێت وەکوو دەربڕینی ئەخلاقی ئەو سیستەمەش ببینێت کە دەسەڵات و قازانج بەسەر مرۆڤایەتیدا لە پێشینەی کاریدایە.
کاتێک گوێمان لە ووتاری سەرۆکێک دەبێت، کە باسی وێرانکردن و بۆردومانکردنی وڵاتێک دەکاتو دەیەوێت بیگەڕێنێتەوە (چاخی بەردین) بە لەناوبردنی ژێرخانی مەدەنی، مرۆڤ هەستێکی لەلا دروست دەبێت کە زیاترە لە تەنها توڕەیی سیاسی، مرۆڤ دەچیتە ناو هەستوو کینەیەکی ئەخلاقی قوڵتر، چونکە بۆ من لێدوانێکی لەو شێوەیە زۆر زیاترە لە هەڕەشەیەکی سەربازی، هەڵوێستێک ئاشکرا دەکات کە تێیدا ژیان و مێژوو و شارستانیەتی مرۆڤ تەنیا وەک کاڵایەک بۆ گفتوگۆ دەردەکەون، کە ئەوەش ڕێک ئەو خاڵەیە کە سیاسەتکردن لەوپەڕی لوتکەی نامرۆڤایەتی خۆیدایە.
دەکرێت کەسێک کە سەرکردایەتی زلهێزێکی جیهانی دەکات قسەیەکی لەو جۆرە بکات؟ چۆن مرۆڤ بەو ساردی و بێ هەستییەوە قسە لەسەر لەناوبردنی بناغەکانی ژیان بۆنزیکەی سەدان ملیۆن مرۆڤ دەکات؟ کارەبا، ئاو، نەخۆشخانە، قوتابخانە، ڕێگاوبان، تۆڕەکانی پەیوەندی، ئەوانە تەنها (ژێرخان) نین، ئەوانە مەرجەکانی کەرامەتوو بونی مرۆڤن لە ناو هەر کۆمەڵگایەکدا، هەرکەسێک بەو جۆرەی (ترامپ) باس لە لەناوبردنوو وێرانکردنی بکات، پێویستە بە ڕاستی گومان بخاتە سەر مرۆڤبوون و مۆڕاڵی سیاسی و وجودی کۆمەڵایەتی خۆی.
من ئەوە تەنها وەک شکستی ئەخلاقی کەسایەتیەکی سیاسی و سەرکردەیەک نابینم، بەڵکوو وەک دەربڕینی کێشەیەکی زۆر قوڵتر وگەورەتر تەماشا دەکەم، ناوکی سیستمێکی جیهانی کە تێیدا دەسەڵات و کۆنترۆڵ و بەرژەوەندی زیاترو بەهادارتر لە ژیانی مرۆڤ هەژمار دەکرێت، بۆ ئێمە ئەوە ڕۆشنە کە سەرمایەداری جیهانی، وڵاتان و مەیللەتان و خاکەکانیان وەک فەزای ژیان بۆ مرۆڤەکان سەیر ناکات، بەڵکو وەک فەزای جیۆپۆلەتیکی، وەک بازاڕ، وەک سەرچاوەی کەرەستەی خاو، وەک ناوچەی ستراتیژی سەیر دەکات، لەو شوێنانەی بەرژەوەندیەکان زاڵن، مۆڕاڵ بوونی نامێنێت، لەو شوێنانەی دەسەڵات و سەرمایە حوکمڕانی دەکەن، زۆرجار لەناوبردنی مرۆڤەکان وەک ئامرازێکی سیاسی ڕەوا دەخرێنە ڕوو.
من پێم وایە قەیرانە قووڵەکە ڕێک لێرەدا هەست پێدەکرێت، سەرمایەداری مۆدێرن بەڵێنی پێشکەوتن و بەعەقڵانیکردنی کۆمەڵگاو و گەشەسەندنی دیموکراسی دەدات، بەڵام لە فۆرمەکانی ئیمپریالیزمدا ڕووخسارێکی جیاواز ئاشکرا دەکات، ژیان دەخاتە ژێردەستەی سوودمەندییەوە، بەها ناپێوێت بە مرۆڤ ومرۆڤایەتی، بەڵکو بە دەستبەسەرداگرتن و مۆنۆپۆلکردن، کاتێک دەوڵەتێکی زلهێز بیر لەوێرانکردن و تێکدانی سیستمی گشتی ژیانی مەدەنی وڵاتێکی دیکە دەکاتەوە، لۆژیکی ڕاستەقینەی ئەو سیستەمە بۆ هەموو لایەک ئاشکرا دەبێت، (هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە بە مەرجێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەو بکات)، کە ئەوەش بە بۆچوونی من ئەوپەڕی نامۆڕاڵیەکی سیاسی ڕیکخراو و سیستماتیکە کە وادەکات ئەو دیدگایە لە دنیای سیاسەتدا زۆر مەترسیدار ببیندرێت، چونکە لەناکاو ئەو شتانەی کە مرۆڤ وێنایان ناکات، وەکوو بژاردەیەکی سیاسی شەرعیەتپێدراو دەردەکەون، ئەوکات چیتر باسی مرۆڤ ناکرێت، بەڵکو باسی (فشار)، (رێگریکردن)، (ئامانج) و (ستراتیژ) دەکەن، بەڵام لە پشت ئەودەستەواژەو زاراوانەوە شتگەلێکی ئەبستراکت بوونی نییە، بەلکو لە پشتیانەوە منداڵ و خێزان و نەخۆش و مرۆڤی بەساڵاچوو و تەواوی شارەکان و تەواوی یادەوەرییەکان و تەواوی مێژووەکان بوونیان هەیە، بەربەرییەت بە وردی لەو شوێنەوە دەست پێدەکات کە زمان ئازارەکان دەشارێتەوەو نەبینراویان دەکات.
بە بۆچوونی من هەڵەیە کە ئەو جۆرە لێدوانانە تەنیا وەک دیدگای (سیاسەتی دەرەکی توندی دەستەڵاتێک) سەیر بکرێت، بەڵکوو ئەوە دەربڕینی کولتوورێکی سیاسیی و کرۆکی ئیفلاسی ئەخلاقین، کولتوورێک کە تێیدا باڵادەستی سەربازی لە ڕێگای وێرانکردنەوە بە گەورەیی و باڵادەستی سیاسی دەزانێت، کولتوورێک کە تێیدا باوەڕ لەسەر ئەو بنەمایە بنیاد نراوە کە لەناوبردن ئامرازێکە بۆ پاراستنی دەستەلاتوو هێز، وە کولتوورێک کە تیایدا سەرۆکی بەهێزترین وڵاتی جیهان کە پێی وایە مافی سروشتی خۆیەتی بڕیار لەسەر چارەنووسی ژیان و بوون و شارستانیەتەکانی تر بدات.
مرۆڤ هیچ هێزێک لەو بابەتەدا نابینێت، بەڵکو تەنها لووتبەرزی سیستەمێک دەبینێت کە خۆی بە مۆدێرن و شارستانی دەزانێت، بەڵام هەمیشە لە ڕێگای بەربەریەتی خۆیەوە ئامادەیە بۆ لەناوبردنی شارستانیەتی ئەوانی تر، بەڕای من ئەوە قووڵترین پارادۆکسە لە هەناوی سەرمایەداری مۆدێرندا ، باس لە ئازادی و دیموکراسی و پێشکەوتن بکەیت، بەڵام هەر کە دەسەڵاتوو هێزەکەت ڕوبەڕووی تەحەدایەکی چاوەڕواننەکراو دەبێتەوە، لەناوبردنی مرۆڤ و وێرانکاری بەرهەم بهێنیت، هەروەها ناوکی لۆژیکی دەسەڵاتی سەرمایەداری مۆدێرن ئاشکرا دەکات، ژیانی ئەوانی دیکە بەپێی بەرژەوەندییەکان بەهایان پێدەدرێت، ئەوەی گرنگە کەرامەتی مرۆڤ نییە، بەڵکو سوودی ستراتیژی و کۆنترۆڵکردن و باڵادەستییە، لەو شوێنانەی دەسەڵات و قازانج پێوەر دادەنێت، سنوورە ئەخلاقییەکان دەگۆڕدرێن، پاشان لەناوچوون و لەناو بردن دەبنە شتێکی عەقڵانی و حیسابکراو و لە ڕووی سیاسییەوە ڕەوایەتیان پێدەدرێت، ڕێک ئەوەیە کە زۆر مەترسیدارە، ئیتر (بێ مۆڕاڵی) وەک (بێ مۆڕاڵی ) دەرناکەوێت، بەڵکو وەک ئامرازێکی سیاسی حەق و شەرعی دەردەکەوێت.
زلهێزێکی جیهانی کە بانگەشە بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکات دەبێت لەمەودوا هێڵێکی ڕوون بکێشێتوو بەو وێنە ڕاستەقینەی کە نیشانی دەدات دەبێت خۆی پێناسە بکاتەوە، هەر هێزێک ئامادەبێت بناغەکانی تەواوی کۆمەڵگایەک تێکبداتوو وێرانی بکات تا ئاستی گەراندنەوەی بۆ (چاخی بەردین)، هەموو مافێکی ئەخلاقی خۆی وەک بەرگریکاری ماف و یەکسانی کۆمەڵگاکان کە نیشانی دەدات، لەدەست دەدات، چونکە شارستانیەتوو مرۆڤایەتی بە وێرانکردنو باڵادەستی سەربازی پێناسە ناکرێت، بەڵکو بە توانای سنووردارکردنی وێرانکاری و توندوتیژی و نواندنی هێزی ئەقڵ پێناسە دەکرێت.
دواجار حوکمێکی ڕوون دەمێنێتەوە، هەرکەسێک باسی لە ناوچوون و وێرانکردنی شارستانیەتێکی هەزاران ساڵە بکات، بە ناوی یاساو و ماف وئاسایش و ئازادییەوە قسە ناکات، وە کاتێک سەرۆکێک بەو شێوەیە قسە دەکات، ئەوە نەک گەورەیی و هێز، بەڵکو تێکشکانێکی ئەخلاقیی سیاسی ئاشکرا دەکات کە دەسەڵاتوو بەرژەوەندی و قازانج بەسەر مرۆڤایەتی و شارستانیەتی مرۆڤدا بە ڕەهایی ئەولەویەت پیدەدات.

جوتیار مەلا رەئوف




سەرمایەگوزاری جەنگەکان لە ژێر سێبەری مۆڕاڵ وبەهاکاندا.. جوتیار مەلا ڕەئوف

ئەگەر وردبینانەتر ئەو شەڕە شی بکەینەوە، ناتوانین ئاسان هێزە بزوێنەرە ماددییەکانی پشتگوێ بخەین، تەنها باس لە ئاسایش، بەرگری و تۆڵەسەندنەوە، یان ڕێگری ناوچەیی بکەین وەک ئەوەی ئەمانە تەنیا بنەما بن، بۆ ئێمە ڕاستگۆیی بە واتای ئەوە دێت کە بە ئاشکرا بڵێین ئەو شەڕە نەک تەنیا پاڵنەرە ئایدیۆلۆژیەکانی دەسەڵات و سیاسەت، بەڵکو بەرژەوەندییە ئابووریەکان بنەما هەرە سەرەکیەکانن لەو جەنگەدا، ئەو جەنگە تەنیا پێکدادانی چەند دەوڵەتیک نییە، بەڵکو دەرفەتێکی بازرگانی گەورەشە بۆ ئەو کەسانەی کە قازانج لە بازاڕی چەک و قەیرانی وزە و نائەمنی و باری نائاسایی دەکەن.
بۆیە کاتێک سەیری شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران دەکەین، هیچ ناکۆکییەکی ئەخلاقی لە نێوان چاکە و خراپەدا نابینین، هیچ لایەنێک نابینین بە ناوی مۆڕاڵی مرۆڤایەتییەوە بە شێوەیەکی باوەڕپێکراو مامەڵە بکات، بەڵکو پێکهاتەی ئەو دەسەڵاتانە دەبینین کە لە ڕووی سیاسییەوە پاساو بۆ توندوتیژییەکانیان دەهێننەوە، لە کاتێکدا لە پاشخانە واقیعیەکەدا بازاڕەکان کاردانەوەیان دەبێت و بەرهەمهێنانی چەکوو تەکنەلۆژیای سەربازی و نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە و گرێبەستی نوێ واژۆ دەکرێن، لە ناوەڕاستی پەرەسەندنی شەڕەکەدا، ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی چەک بە سێ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەهای زیاتر لە 16.5 ملیار دۆلار پەسەند کردووە، لە هەمان کاتدا کۆشکی سپی داوا لە بەڵێندەرانی بواری بەرگری وئاسایش دەکات کە بەرهەمهێنان خێراتر بکەن و بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕەنگە پێویستییەکانی پنتاگۆن بۆ ئەو جەنگە بە بڕی ٥٠ ملیار دۆلاری دیکە زیاد بکەن.
ڕێک لێرەوەیە کە نامۆڕاڵیەتی سیاسی ئەو شەڕە دەردەکەوێت، شەڕێک کە بە ملیارەها دۆلار گرێبەستی تێدا پەسەند بکرێت و بازنەکانی بەرهەمهێنانی چەکی تێدا فراوان بکرێن و بناغەکانی نوێی کۆنتراکتی چەکی تێدا دابڕژرێن، شەڕێک نییە کە بتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە ئامانجێکی مۆڕاڵی و ئینسانی هەیە و لە پێناو ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگا چەوساوەو ژێردەستەکاندایە، هەرکەسێک بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەو جەنگە پەیوەندی بە پاراستن، سەقامگیری و دیموکراسی و بە بەرگرییەوە هەیە، دەبێت بپرسرێت بۆچی لە ناوەڕاست وگەرمەی ئەو کارەساتەدا، کۆمپانیا پیشەسازیە سەربازیەکان بەردەوامن لە گەشەکردن، (ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەوەی بڵاویکردەوە، کە کۆمپانیای (ئێلبیت سیستێمز) کە گەورەترین بەڵێندەری بەرگری ئیسرائیلە، پێشبینی دەکات دوای ساڵانی جەنگی غەززە خواست لەسەری زیاتر ببێت، کە ئێستاش بەهۆی شەڕی دژی ئێرانەوە داهاتی کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بۆ ٧.٩ ملیار دۆلار بەرزبووەوە، و پشکەکانی لە ساڵی ٢٠٢٦دا زیاتر لە ٥١% زیادیکردووە)، کە ئەوەش ئەو خاڵەیە کە مرۆڤ چیتر ناتوانێت باسی تەنها لۆژیکی ئەمنی و خۆپارێزی و بەرگری بکات، کاتێک شەڕەکان، گەشەکردن بۆ کۆمپانیاکانی چەکو بازاڕەکانیان، بۆ دەوڵەتان دەرفەتی نوێی وەبەرهێنان و بازاڕی نوێی فرۆشتنیان بۆ دابین دەکات، ئەوا دەبێت بوێربین کە بڵێین ئەوەی کە هەیە، شەڕی کەڵەکەکردنی سەرمایەیەو هیچیتر.
هەر بە پێی سەرچاوەکەی ڕۆیتەرز، لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، شەڕەکە بازاڕەکانی وزەی جیهانی هەژاندووە، گەرووی هورمز نزیک بووە لە وەستان، هەروەها نرخی نەوتی لە هەندێک کاتدا بۆ سەرووی 100 دۆلار و تەنانەت هەندێکجاریش بە 119 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزکردووەتەوە، بۆیە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە زیاتر لە 400 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی فریاگوزاری خستۆتە بازاڕەوە .
ئەوە بۆ ئیمە لە ڕووی سیاسییەوە مانای چییە؟ بەو مانایەیە کە ئەو شەڕە راستەوخۆ هێندراوەتە ناو ژیانی خەڵکەوەو وەرگێڕدراوە بۆ رەوشی ئابوورییەکی کارەساتبار، بۆ زۆرینەی خەڵک ئەوە بە واتای بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، گرانبوونی وزەو کاڵاکان، دابینکاری و خزمەتگوزاری ونادیاری و دابەزینی دڵنیایە کۆمەڵایەتیەکان، بەڵام بۆ هەندێک کۆمپانیاو فیگورەکانی جەنگ بە واتای زیادکردنی نرخەکان، قازانجی بازرگانی نوێ و گەشەسەندنی ستراتیژی ئابوری دێت، ئەوەش ئەوەمان پێدەڵێت کە شەڕەکان هەرگیز تەنها بلۆکو هاوپەیمانیەتیەکان بەرهەم ناهێنن، بەڵکو براوە و دۆڕاویش لە ئابووریدا بەرهەم دەهێنن و براوەکانیش بە دەگمەن لە ناوچەو شارو هەرێمە وێرانبووەکاندا دەبینرێن.
بۆیە کاتێک باس لە (بازرگانانی ئەو جەنگە)دەکەین، مەبەستمان تەنیا کۆمپانیاکانی چەک نییە، مەبەستمان تەواوی تۆڕی نوخبە سیاسییەکان و ئامێرە ئەمنی و سەربازیەکان و بەرژەوەندییەکانی وزە و بازاڕە داراییەکان و پیشەسازییە ستراتیژییەکانە کە لە نادڵنیایی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا قازانج و وەبەرهێنان دەکەن، ئەو جەنگە ڕیڕەوەکانی دابینکردنی لە خۆراکەوە تا گشت پێداویستیە سەرەتایی وسەرەکیەکانی ژیانی پەکخستووە و متمانەپێکراویی ڕێگا بازرگانییە سەرەکییەکانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە و کۆمپانیاکانی لە سەرانسەری جیهاندا خستووەتە ژێر فشارەوە، لە هەمان کاتدا کۆمپانیاکانی بواری سەربازی و ئەمنی خەریکی هەڵسەنگاندنی بەرهەمهێنان و دەرفەتەکانیانن لە ژینگەی نوێی جیۆپۆلەتیکیدا، بە واتایەکی تر شەڕ خەریکە ژیان وێران دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەولەویەتەکان بۆ سەرمایە و بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیای مەرگ ڕێکدەخاتەوە، ئەوەش فەزیحەیەکی مۆڕاڵی زۆر بەرچاوە.
بۆیە ئەوە کارێکی زۆر قرسە بتوانین ئەو جەنگە تەنها لە ڕووی سیاسیەوە وێنا بکەین، وەک ئەوەی کە هێز و لایەنە بەشدراربوەکانی ئەو جەنگە لە بنەڕەتدا ئامانجێکی ئەخلاقییان هەبێت، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو شەڕە بۆ پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان نییە، بەڵکو ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی دەسەڵاتی زلهێزەکانە، بەرگریکردن نییە لە مرۆڤایەتی و دیموکراسی، بەڵکو بەرگریکردنە لە بوارەکانی کاریگەری توانای سەربازی و پاراستنی کۆریدۆرە ستراتیژییەکان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان. زمانی مۆڕاڵ زۆرجار تەنیا خزمەت بەوە دەکات کە بڕیارە سیاسییەکان مرۆڤانەتر دەرکەون لەوەی کە لە ڕاستیدا هەن، ڕێک ئەوە شتێکە کە کۆمەڵگاکانی ئێمە لەو ناوچەیە تووڕە وبێزار دەکات، چونکە کاتێک شەڕ بە ناوی بەهاکانەوە دەکرێت، لە کاتێکدا دینامیکی ڕاستەقینەکەی بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەستە بە چەککردنەوە و سیاسەتی وزە و لۆژیکی بازاڕی جیۆپۆلەتیکییەوە، کەواتە لە هیچ شوێنک لە ناو دوکەڵی خنکێنەری ئەو جەنگەدا مؤراڵ جێگای نابێتەوە، بەڵکو مۆراڵ دەگۆڕدرێت بۆ ئامرازسازی ودەبێت بە پەیامێکی هەڵخەڵەتێنەرانە.
لەوەش زیاتر کە بۆ ئێمە جێگای دڵتەنگیە ، کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەو جەنگەیە لەسەر کۆمەڵگاکانی ئێمە، چونکە ئەو جۆرە جەنگانە بە ئاگربەست کۆتاییان نایەت، بەڵکوو ئەوان خۆیان بەردەوامی پیدەدەن لە ناو دامەزراوەکان، لە ناو کولتوری سیاسی، لە زمان و لە هەستیاری مۆڕاڵی بۆ نەوەکانی داهاتوومان، کۆمەڵگایەک کە بەردەوام فێردەکرێت کە توندوتیژی دەتوانێت شتێکی (پێویست) بێت، وردە وردە هەستیاری خۆی بەرامبەر بە نادادپەروەری کۆمەڵایەتی لەدەست دەدات، دەستەڵاتوو سیستەمێکی سیاسی کە بۆردومانکردن و وێرانکردن بە سەقامگیری دەزانێت، خەڵک ڕادەهێنێت لەسەر ئەوەی کە توندئاژۆی و دەمارگیری بەشیکە لە بەرهەمی عەقڵی تەندروست، ئابوورییەک کە لەسەر بەڕێوەبردنی هەمیشەیی قەیرانەکان گەشە دەکات، خەڵک بە نائارامی و باری نائاسایی و کێبڕکێ لەسەر سەرچاوە کەمبەردەستەکان ڕادەهێنێت.
من پێم وایە کە قووڵترین وێرانکاری ئەو شەڕە ڕێک لێرەدایە، نەک هەر وێرانی ژێرخان و ئابوری بەجێدەهێڵێت، بەڵکو جیناتێکی سیاسی شێواویش بەجێدەهێڵێت، ئەو منداڵانەی کە بە وێنەی شەڕی هەمیشەیی گەورە دەبن، فێر دەبن کە توندوتیژی بەشێکە لە دیمەنی سیاسی، ئەو گەنجانەی تەنها قەیران و سزا و مووشەک و تۆڵەسەندنەوە دەبینن، باوەڕیان بە بیرۆکەی دادپەروەری و دیالۆگ لەدەست دەدەن، ئەو خێزانانەی کە لەگەڵ سەختی باری ژیان و بەرزبوونەوەی نرخ و نائەمنی و دڕندەیی کۆمەڵایەتیدا دەژین، زیاترگەشە دەکەن بۆ دیدگای پاوانخوازی و ناسیۆنالیزم و کۆنەپەرستی ئایینی و تامەزرۆیی بۆ ڕێکخستنی ڕەقوکینەی سیستماتیک، بۆیە شەڕێکی لەو شێوەیە نەک هەر ژیانی ئەمڕۆ لەناو دەبات، بەڵکو وێرانکارییە سیاسییەکانی سبەینێش دەست پێوەدەگرێتوو بەخێویان دەکات.
هەر بۆیە بەس نییە بۆ ئێمە هەڵسەنگاندنی ئەو شەڕە لە ڕووی سەربازی و سیاسی و یان دیپلۆماسییەوە لەبەرچاو بگرین، بەڵکو دەبێت لە ڕووی مۆڕاڵیشەوە هەڵسەنگاندنێکی ژیاریانەی بۆ بکەین، دەبێت ئێمە وای ببینین کە لە ڕوانگەی مۆڕاڵیشەوە نیشانەی شکستی قووڵی سیاسییە، نەک لەبەر ئەوەی تەنها لایەنێک تاوانبارە و لایەنەکەی تر بێتاوان، بەڵکو لەبەر ئەوەی تەواوی پێکهاتە دەسەڵاتییەکە کە ئەو جەنگە بەردەوامی پێدەدات، لۆژیکێک جێگیر دەکات کە ژیانی مرۆڤ دەکاتە کاڵایەک بۆ دانوستان. هەندێکیان ئاسایش ودیموکراسی وخۆشگوزەرانی دەفرۆشن، هەندێکی تر بەرخۆدان وبەرگری و هەندێکی تریش ڕێگری و هەندێکی تر سەقامگیری، بەڵام لە کۆتاییدا یەک ڕاستی دەمێنێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤەکان دەمرن، کولتورەکان وێران دەکرێن و پێکهاتەی هێزەکانیش قازانج دەکەن.
ئەوەی کە بۆ ئێمە گرنگە نابێت باوەڕ بە ڕیتۆریکی مۆڕاڵی سەرکردەکانی جەنگ بکەین، هەر کەسێک ئامانجی ئەخلاقی ئینسانی ڕاستەقینەی هەبێت، گرێبەستی بازرگانی چەک بە ملیارەها دۆلاری پەسەندو واژۆ ناکات، هەرکەسێک بەڕاستی ئارەزووی سەقامگیری کۆمەڵگاو مرۆڤ لەلای سەنتەر بێت، قەیرانەکان دروست ناکات کە تێچووی تەواوی بخاتە سەر ئەستۆی کۆمەڵگاکان و ژیانی خەڵک، هەرکەسێک بەڕاستی ئارەزووی ئاشتی و دیالۆگی هەبێت، بە شێوەیەک ڕەفتار ناکات کە بۆ هەمیشە چەک و نەوت و ئامێرە سەربازی و ئابووریەکان ترس لە ناو دڵی کۆمەڵگادا بەهێز بکەن.
بۆیە ئەو شەڕە بۆ ئێمە تەنیا کارەساتێکی ناوچەیی و مرۆیی نییە، بەڵکو وێنەیەکیشمان پیدەدات لە چۆنیەتی کارکردنی سیستەم و دەسەڵاتی سەرمایەداری مۆدێرن، کە نەک تەنها دەکوژێت و دەسوتێنێت، بەڵکو لە پەناشیەوە قازانج و سەرمایەش کەڵەکە دەکات، وە تا ئەو کاتەی ئێمە بە ئاشکرا دان بەو پەیوەندییەدا نەنێین، بەردەوام دەبین لە بینینی جەنگەکان وەکوو پێویستییەکی مرۆیی بۆ کۆمەڵگاکانمان.




کوشتنی ژنێک بەر لە 8ی مارس.. جوتیار مەلا رەئوف

کە هەواڵەکە گەیشت و بڵاوکرایەوە، شاری بەغدا هێشتا تاریک بوو، هەواڵی کوشتنی ژنێک بوو، تەنها ژنێک.. ئەو نە ژەنەڕاڵ، نە سوپاسالار، نە وەزیر، نە پەرلەمانتار، نە کەسایەتیەکی ناو دەسەڵات بوو، ئەو تەنها ژنێک بوو لە ناو جەرگەی کۆنەپەرستیدا قسەی کردبوو، ژنێک کە ڕەتیکردبووەوە بێدەنگ بێت، ژنێک کە باوەڕی وابوو ئازادی نابێت ئیمتیازێک بێت، بەڵکو دەبێت بنەما بێت بۆ ژیانی مرۆڤەکان بە یەکسانی.
ڕەنگە بەو زووانەش، یان چەند ڕۆژیتر ناوی ئەو، لە ناو میدیاو هەواڵەکاندا نەمێنێت، چونکە لە وڵاتێکدا کە بەهۆی جەهل و شەڕ و تەقینەوەی ڕۆکێتوو و قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانەوە هەژاوە، کوشتنی ژنان بە خێرایی دەبێتە تەنها ئامارێکی دیکە لە ئاماری توندوتیژیدا.
چەندە بە ئازارە کە کەمێک بەر لە 8ی مارس، لە کاتێکدا ڕێکخراو و حیزبوو دامودەزگا و میدیاکان ئامادەکاری دەکەن، وتار لەسەر مافەکانی ژنان ئامادە دەکەن و سیاسەتمەداران و پیاوانی دەوڵەتوو پەرلەمانتار پەیامی ساڵانەی خۆیان لە رووی زمانەوانی و ئەدەبیەوە بە بێ هیچ گۆرانکاریەک دادەڕێژنەوە، لە شوێنێک، لە گۆشەیەکی تاریکی شاری بەغدا ژنێک دەنێژرێت کە تاکە (تاوانەکەی) تەحەدای جەهل و کۆنەپەرستی و نەزمی پیاوسالاری و دەستەڵاتی مەزهەبگەرا بووە، چەندە خەمێکی قوڵە بۆ ئەو مرۆڤانەی کە لە خەمی کەرامەتی ئینسانی و هاوتایی دان، کە تا دێت لە ناو کۆمەڵگای عێراقیدا نەریتە پیاوسالاری و مەزهەبگەراکان بەهێزدەکرێن و وەکوو یاسا دادەڕیژرێن و بەردەوامیان پیدەدرێت، لەلایەن دەسەڵات و مەرجەعە ئایینییەکانەوە شەرعیەت وەردەگرن و لەلایەن گروپە سیاسییەکانی ناو دەستەڵاتەوە دەپاریزرێن، لە ناو ئەو پێکهاتەیەدا جەستەی مێینە وەکوو خاکێک دەبیندرێت کە دەبێت چاودێری و کۆنترۆڵ بکرێت، لە ڕێگەی ئەخلاقەوە، لە ڕێگەی خێزانەوە، لە ڕێگەی ئایین و هەندێکجاریش لە ڕێگەی توندوتیژی ئاشکرادا.
لە ناو رایەڵە جیاوازەکانی کۆمەڵگای عێراقیدا ئەو جۆری کۆنترۆڵە بە تایبەتی بووەتە دیاردەیەکی زۆر دڕندانە و نا ئینسانی، دوای دەیان ساڵ لە شەڕ وماڵوێرانی و هەڵوەشاندنەوەی ستراکچەری سیاسی، سیستەمێکی سیاسی دەستی بەسەردا گرتووە کە حزبە ئایینییەکان و پێکهاتەکانی دەسەڵاتێکی کۆنەپەرست کاریگەرییەکی بەرچاویان لە ناویدا هەیە، زۆرێک لەو هێزانە بەناوی جیاجیای
ئایین، ئەخلاق، یان ناسنامەی نەتەوەییەوە قسە دەکەن و بەردەوام سیاسەتەکانیان نوێنەرایەتی گەڕانەوە بۆ نۆرمەکانی پیاوسالاری و کۆنەپەرستیەکی پێناسەنەکراو دەکەن، ئەوەی کە ئەوان چاورێی دەکەن تەنها ئەوەیە کە ژنان هەڵگری شەرەفی کۆمەڵگا بن، چاوەڕوان دەکەن کە ژنان ئەخلاقی میللەت و نەتەوە بەرجەستە بکەن، چاوەڕوان دەکەن کاتێک پیاوان باسی سیاسەت دەکەن ژنان بێدەنگوو دەمبەستراو بن، وە ئەگەر بێدەنگیش نەبن، نرخەکەی دەتوانێت ئەوەبێت کە دەیبینین.
کوشتنی چالاکوانانی ژن هەرگیز تەنیا تاوانێکی تاکەکەسی نییە، پەیامێکی ڕوونە، پەیامێک بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە بوێرن و دەنگیان لە بەرامبەر ئەو جەهل و نەزمە پیاو سالاریە دینیەدا بەرز دەکەنەوە.
یەکێک لەو دەنگە هەرە بەرزو گرنگانە لە ناو ئەو تیکۆشانەدا، چالاکوانی داکۆکیکاری مافی ژنان (یەنار محەمەد)بوو، ئەو ساڵانێکی زۆر دژی کوشتنی شەرەف و توندوتیژی پیاوسالاری و دەسەڵاتی سیاسی حزبە ئایینییە کۆنەپەرستەکان لە عێراقدا خەباتی کرد و تێکۆشا، (یەنار محمد) چەندین رێکخراوی بۆ پاراستنی ژنان دامەزراند، پەناگەی نهێنی بۆ ئەو ژنانە دروستکرد کە لە کوشتنی شەرەف هەڵدێن و دەنگی بەرزی بەو کەسانە بەخشی کە ساڵانێک بوو بە بێدەنگی لە سێبەردا دەمانەوە، بۆ زۆرێک لەو ژنانەی کە ژیانیان لە ژێرهەڕەشەدابوو، ئەو پەناگانە وەکوو تاکە شوێنی سەلامەت بۆیان چانسی مانەوەیان بوو.
یەنار محمد چەندین جار هەڕەشەی کوشتن و ناوزڕاندنی لێ کرابوو، بە دوژمنی ئایین و نەریتوو کۆمەڵگا ناوزەد کرابوو، هێزە سیاسییە کۆنەپەرستەکان هەوڵی بێبەهاکردنیان بە تێکۆشان و کارەکانی دەدا، چونکە ئەو حەقیقەتێکی سادەی بەیان دەکردوو قسەی لە بارەوە دە کرد، ئەویش ئەوەبوو کە چەوساندنەوەی ژنان رێکەوتوو چارەنووسێکی فەرهەنگی نییە، بەڵکو سیستەمێکی سیاسیی و کۆمەلایەتیی و مەزهەبییە، سیستەمێک کە لایەنە سیاسیەکان بە بەهێزی بەرگری لێدەکەن و بەکاری دەهێنن، سیستەمێک کە لەلایەن پێکهاتە خێزانییە پیاوسالارو مەزهەبیەکانەوە لە ناو کۆمەڵگەی عێراقی بە خراپترین شێوە بەرهەم هێنراوەتەوە.
کوشتنی یەنار محمد لە بەغدا چەند ڕۆژێک بەر لە 8ی مارس، ئەوە نیشان دەدات کە قسەکردن لەسەر مافی ژن لە ناو ئەو کۆمەڵگایەو لەبەرامبەر ئەو دەستەڵاتە پیاوسالارو مەزهەبیەدا چەندە بە سەرپێی و بە ڕاستەقینەیی دەبێت بمێنێتەوە.




دیداری ژنێڤ، فیناڵی قۆناغێک لە ململانێ.. جوتیار مەلا رەئوف

سبەی٢٦.٢ نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران لە ژنێڤ کۆدەبنەوە، لە یەکەم نیگادا پێدەچێت تەنها وەکوو هەر کۆبوونەوەیەکی دیپلۆماسی تر کە لە نێوان زۆر وڵاتی تردا ڕودەدا ببیندرێت، بەڵام لە واقیعدا ئەو کۆبوونەوەیە لە ساتێکدا بەڕێوەدەچێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە خاڵێکی هاوسەنگی زۆر هەستیار و ناسکیدایە، گرژیەکان لە هەڵکشان و گەرمبووندان، هاوپەیمانییەکان لە گۆڕاندان، فشارە ئابوورییەکان لە زیادبووندان و هەر جووڵەیەک کە لەلایەن زلهێزەکانەوە بە تایبەتی ئەمریکاوە دەکرێت، شەپۆلێکی زۆر ترسو نادڵنیایی بۆ ناوچەکەمان دەنێرێت.
ئەو کۆبوونەوەیە ساتێک نییە لە بەیەکگەیشتنێکی ئاسایی، لە پەیوەندیەکی دڕیژخایەنی ئەو دوو ووڵاتە، بەڵکو هەوڵێکی هۆشیارانەیە بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنێکی مەترسیدار، ئەو کۆبونەوەیەی واشنتۆن و تاران لەبەر ئەوە نییە کە متمانەیان بە یەکتری هەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە هەردووکیان درک بەوە دەکەن کە هیچیان توانای لەدەستدانی کۆنترۆڵیان نییە.
ئەوەی کە جنێڤ وەک شوێنەکە هەڵبژێردراوە، بەڕێکەوت نییە، شارەکە لە ناو قوڵایی بێلایەنی و دیپلۆماسییەکی جیهانیدا جێگیرە، لەو شارەدا ڕکابەرەکان دەتوانن قسە بکەن بەبێ ئەوەی مەترسی لەدەستدانی ڕووخساریان لەسەر بێت، بە بێئەوەی هیچ لایەنێک هەست بە فشاری بەرامبەرەکەی بکات، جنێڤ شوێنی هێماسازی نییە، بەڵکو شوێنی قسەکردنێکی کراوەیە، کە ئەوەش بە تەواوی ڕەنگدانەوەی سروشتی ئەو کۆبوونەوەیە.
هەرچەندە ئیمە ئاگاداری وردەکارییە فەرمییەکان نین بە شیوەیەکی گشتی ، بەڵام خاڵە مشتومڕاویەکان ساڵانێکە وەک خۆیان ماونەتەوە لە نیوان ئەو دوو وڵاتەدا، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران وەک خاڵی ناوەندی ململانێکان دەمێنێتەوە، بۆ ئەمریکا بابەتی ئاسایشی جیهانی و سەقامگیری، ستراتیژو ئەولەویەتە، بۆ ئێران بابەتی سەروەری نەتەوەیی و ڕێگریکردنە لە هەژموونی ئەمەریکا، لە پشت ئەو مشتومڕە تەکنیکییەوە واقیعێکی قووڵتر هەیە کە هەردوو وڵات ئاسایش بە شێوازی تەواو جیاواز لە یەکتری پێناسە دەکەن،
ئەو پێناسەیەش کاریگەریی ناوچەیی ئێران لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن زیاد دەکات، کە ئەوەش بۆ واشنتۆن ئامادەبوونێکە کە ناسەقامگیریەکی بەرداوام بۆ بەرژەوەندیەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا دروست دەکات، لە کاتێکدا تاران لە دیدگای ئاسایشی نەتەوەیی خۆیەوە وەک خۆپارێزی لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان دەیبینێت، جیاوازی نێوان ئەو دوو ڕوانگەیە، جیاوازییەکی بچووک نییە، بەڵکو بۆشاییەکی زۆر گەورەو ستراتیژیییە.
پرسی سزاکان بە هەمان شێوە فشارێکی کوشندەیە بۆ گەلانی ئێران، مەبەستیان لێی دروستکردنی فەزایەکی سەختی ئابووری و ناڕەحەتیەکی کۆمەڵایەتییە، کە بۆ ئەمریکا وەکوو باشترین ئامرازی فشار دەبیندرێن، بەڵام مێژوو ئەوە نیشان دەدات کە فشاری ئابووری بە دەگمەن دەتوانێت سیستەمی سیاسی بگۆڕێت؛ نمونەی ووڵاتانی وەکوو کوبا و کۆریای باکورو هەتا عراقیش لە دوای شەڕی دووەمی کەنداو، بە پێجەوانەوە زۆرجار ئەو دەستەڵاتانە بەهێزتر دەکات کە زۆرترین مەیلیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە هەیە.
کەواتە ئەو کۆبوونەوەیە بە شێوەیەکی واقیعی دەتوانێت چی بەدەستبهێنێت؟
ڕەنگە ڕێککەوتنێکی مێژوویی بەرپا نەکات، ڕەنگە پێشکەوتنێکی گەورە نەبێت لە دوبارە بونیادی ئەمنیەتی سیاسی ناوچەکە، بەڵام ڕەنگە شتێکی بە هەمان شێوە گرنگ بێت بۆ کەمبوونەوەی گرژییەکان، بۆ بوژانەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی و ئاماژەیەک کە ڕیگاکانی دیالۆگوو دیپلۆماسی هێشتا مومکینن.
بۆ هەرێمی کوردستان ئەو بەریەککەوتنە ئەبستراکت نییە، هەر لێکنزیکبوونەوەیەک یان ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان واشنتۆن و تاران دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی بۆ ئاسایشی ئێمە و ئابووریمان و داهاتووی سیاسیمان هەیە، کاتێک گرژییەکان کەم دەبنەوە، فشارەکانی سەر ناوچە جێناکۆکەکان لە عێراق و سوریاش کەم دەبنەوە، بۆ هەرێمی کوردستان واتا سەقامگیری و توندوتیژی کەمتر، ئازادیی زیاتر لە جوڵەی سیاسی و و ئاسۆی ئابوورییەکی باشترو گەشەکردووتر.
بەڵام ئێمە بە ئەزموون لەوە تێگەیشتوین کە ڕێککەوتنە جیۆپۆلیتیکییەکان بە دەگمەن بەرژەوەندیی گەلانی بچووکتر دەکەنە پێشینە ، بڕیارەکان لەسەر مێزە گەورەکان دەدرێن، لە کاتێکدا دەرئەنجامەکانیان لە شار و گوندو لە ناو ماڵ و سەر شەقامەکانی ئێمەدا هەست پێدەکرێت، لەو روانگەیەوە هاوسەنگییەکی نوێی هەرێمایەتی دەتوانێت دەرفەتەکان لە بەردەممان بکاتەوە، یان جارێکی دیکە مەودای کارو ژیانمان قورستر و تەسکتر دەکاتەوە.
من پێم وایە گەورەترین بەربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران، بێمتمانەیی قووڵی نێوانیانە کە بە جیگیری دەمێنێتەوە، واشنتۆن تاران وەک هەڕەشەیەکی ستراتیژی دەبینێت، تاران واشنتۆن وەک زلهێزێک دەبینێت کە دەیەوێت هەژموونی سیاسی خۆی فەرزو بەرفراوان بکات لە ناوچەکەدا، بۆیە ئومێدبەخشین بەو دوو دیدگایە زۆر مایەی دڵخۆشی نییە.
بەڵام ئەگەر ڕێگەیەک یان ئومێدێک بۆ پێشەوەچوون هەبێت، هەردوولا دەبێ دان بەوەدا بنێن کە ڕووبەڕووبوونەوەی درێژخایەن تەنیا ناسەقامگیری لێدەکەوێتەوە، ئەمریکا دەبێ لەوە تێبگات کە سیاسەتی زۆرترین فشار نابێتە هۆی کرانەوەی سیاسی بۆ ئێران، ئێران لە بەرامبەردا دەبێت دان بەوەدا بنێت کە پەرەسەندنی ناوچەیی گۆشەگیریی خۆی قووڵتر دەکاتەوە و ڕێگری لە بوژانەوەی ئابووری دەکات و گەلانی ئیرانیش لە کۆتایەکەیدا باجەکەی بە قورسی دەدەن.
پێدەچێت کۆبوونەوەکەی جنێڤ ئاشتی دروست نەکات، بەڵام لە ناوچەیەکدا کە زۆرجار بە شەڕ پێناسە دەکرێت، تەنانەت گفتوگۆی سنوورداریش دەتوانێت کردەوەیەکی عەقڵانی بێت.
بۆ ئێمە، زۆربەی ڕوداو و پێشهاتەکان هەروا چارەنووسساز بووون، کە ئەوەش فێری کردووین هەمیشە لە نێوان هێڵەکانی سیاسەتی جیهانیدا بژین، ئێمە دەزانین و باش لەوە تێگەیشتوین کە زلهێزەکان دێن و دەڕۆن تا ئێمە لێرە بمێنینەوە.
هەر بۆیە من دانیشتنەکەی ژنێف نەک تەنها وەک ڕووداوێکی دیپلۆماسی، بەڵکو وەک خاڵی وەرچەرخانێکی ئەگەری، وەکوو فیناڵی ململانییەک بۆ هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەماندا سەیر دەکەم، ڕەنگە نەبێتە هۆکار بۆ چارەسەرو ئارامیەکی هەمیشەیی، بەڵام ڕەنگە ڕێگری لە کارەساتێکی مرۆیی گەورە لە داهاتوودا بکات.

جوتیار مەلا رەئوف




داگیرکردنی هۆش.. جوتیار مەلا ڕەئوف

کاتێک باسی داگیرکردن( کۆلۆنیالیزەکردن) ی هۆش(زیهن) لە مێژوودا دەکەین، ناتوانین کۆمەڵگای کوردی وەکوو یەکێک لە سەرکوتکراوترین و بەردەوامترین قوربانییەکانی ئەو پرۆسەیە پشتگوێ بخەین، ئەگەر یەک کۆمەڵگا هەبێت کە لە سەدەی رابردوودا بە توندترین شێوە هەست بە کاریگەرییەکانی جۆری ئەو کۆلۆنیالیزمە بکات کە لە فۆرمی فاشیزم و ئامرازکردنی سیاسی ئایینە، ئەوە بە دڵنیایەوە کۆمەڵگای کوردیە.
بوونی ئێمە لە ناوەندی ئەو ململانێیەدا ڕێکەوت نییە، ئێمە لە سەنتەری ئەو هەژمون و روبەڕوبونەوەیەداین، چونکە خاوەن پێناس، زمان و بینینێکی سیاسی جیاوازین لە پەیوەست بە بوون و ژیانی کۆمەلایەتی، ئێمە نوێنەرایەتی خواستێکی جیاوازی سیاسی و ژیاری دەکەین؛ بینینێک بۆ ژیانێکی شارستانی، بۆ سەربەخۆییەکی پڕ لە کەرامەت و خۆڕاگریەکی مرۆیی سەرپێکەتوو و هاوچەرخ، ئەو بینینەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دژ بەو مۆدێلەیە کە لە ناو دیدگای فاشیزمی نەتەوەیی وهەروەها لەناو دیدگای ئیسلامی سیاسیەوە سەرچاوە دەگرێت، نمونەی مۆدێلی دەوڵەتی (یەکپێناسەیی، یەکزمانی و یەک‌ عەقیدەیی).
مێژووی فاشیزمی نەتەوەیی و ئیسلامی سیاسی بەرامبەر بە کورد، دیدگایەک نییە لە مێژوودا بۆ یەکبوون و یەکگرتنێکی دیموکراتیک و ئارەزومەندانە، بەڵکوو مێژووی ئینکارییە بەرامبەر بە بوونی مرۆڤی کورد، سەدان ساڵە مرۆڤی کورد لەناو ئەو دیدگایەدا دەکوژرێتوو ناسنامەکەی بە فەرمی نکۆڵی لێدەکرێتوو ڕەتدەکرێتەوە، هەموو مێتۆدێکی سەرکوتکردن و لە ناو بردنو و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی، زمانی قەدەغە کراوە، ناو و شوێن و مێژووی گۆڕدراوە، سیاسەتی ئاسیمیلاسیون(لەناوبردن و توانەوەی ناسنامەی کولتوری لەناو کولتورێکی تر) وتا ئاستی لە ناوبردنی نەژادی (جینۆساید) لە بەرامبەردیدا بەکارهێندراوە.
بەڵام ئەوڕۆ ستراتیژییەکە ئاڵۆزترە، سەرکوتکردنی ئاشکرا بە ڕێگاو میتۆدی جیاواز پەیڕەو دەکرێت، کە پەیوەندی بە داگیرکاریەکی ترەوە هەیە، پەیوەندی بە دووبارە داڕشتنی نەخشەی ئایدیۆلۆژیا و دینگەرایی سیاسیەوە هەیە، ئێستا داگیرکاری تەنیا خاکو جیۆگرافیا نییە، کاریگەرتر لەوە داگیرکردنی زیهن(هۆشە). کۆلۆنیالیزمی فاشیزمی ئایدیۆلۆژی و عەقیدەیی ئەوەیە کە ناسنامەی نەتەوەیەک بە هێواشی بخاتە ناو چوارچێوەیەکی دیکەوە.
ئەوەش جۆرێکە لە کۆلۆنیالیزمی ئایدیۆلۆژی مۆدێرن، ئیسلامی سیاسی وەک ئامرازێک بۆ بێلایەنکردنی چارەنوسی سیاسی کۆمەڵگای کوردی وکوو مییللەتێک کە بەشیکە لە مێژووی کۆنترین نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە پلان دادەنێتوو بێبڕست تێدەکۆشێت، لێرەدا فاشیزمی نەتەوەیی و ئیسلامی سیاسی لە پەیوەست بەو بابەتەوە دەبنە پرسێکی هەستیار و جێگەی بیرکردنەوە، ئێمە ئەوە هەست پێدەکەین کە زۆرێک لە خەڵک لە کۆمەڵگای کوردیدا ئیسلامن وەکوو ئاین، ئەوە واقیعێکە و دەبێت وەکوو بەشێک لە ناسنامەی خوداپەرستییان ببیندرێت، بەڵام کاتێک ئایین لە ڕووی سیاسییەوە لە بەرامبەر کورددا بە ئامراز دەکرێتوو دەتوانرێت بۆ لاوازکردنی چارەنووسی سیاسی و نەتەوەییان بەکاربهێنرێت، دەکرێت عەواقیب و باجەکەی، قوربانییەکی سەرتاپاگیری زیهنی مانیپۆلکراوبێت بۆ هەمیشە.
فاشیزم و ئیسلامی سیاسی کە هاوتەریبن لە ناو یەک دیدگاو ئایدۆلۆژیەتدا سەبارەت بە بوونی کورد، دین و عەقیدەگەرایی وەکوو هێزی سڕینەوەی پێناسی ئەو نەتەوە بە ئامراز دەگرن و کاری لەسەر دەکەن.
من مەترسی ئەو هێزە عقیدەییە لە بەکارهێنانی ئاین و خوداپەرستی بۆ کۆلۆنیالیزەکردنی زیهنیەتی مرۆڤی کورد وەکوو فاکتێکی کاریگەر دەبینم لە دابەزینی مۆڕاڵ و ئینتیما و دیدگا مرۆیەکان و داواکارییە نیشتیمانی و سیاسییەکان، کاتێک لە ناسنامەی نەتەوەییدا بەهێزتر جەخت لەسەر پەیوەستبوون بە ئایین و عەقیدەگەرایی دەکرێتەوە لە لایەن هەندێک کەس و گروپوو حیزبی ئیسلامی و تا ئاستێک لەسەر ئاستی گشتیش لە ناو گۆمەڵگادا، کاتێک ئەوە دەبێتە ڕەهەندو بیرکردنەوەیەکی جێگیر لەلایەن کۆمەڵگاو خەڵکەوە، ئەوکات مەترسیە ڕاستەقینەکە دەبێتە واقیعێکی فەرزبوو کە بڕوا بەوە بێنین هەموومان یەک ناسنامەمان هەیە ئەویش موسڵمانبونە، هەموومان خاوەنی یەک دینین، ئەو کات یەکگرتوویی (ئومەت) دەبێتە ئامانج و لە خواستی راسەقینە کە مرۆڤبوون و کیانی نیشتیمانیمانە لە لامان گرنگترو پیرۆزتر دەبیت.
لیرەدا ئاین بە تەنها کێشەکە نییە، بەڵکوو بە ئامرازکردنە سیاسییەکەی، بۆ لاوازکردنی ئەو دیدگایە کێشە گەورەکەیە، ئەو ئارگیومێنتە لە ڕووی ستراتیجییەوە دەتوانێ خزمەت بە تێکدانی بانگەشە راستەقینەکەمان بکات کە دەرچونە لە ژێر داگیرکاری و چەوساندنەوە و نادادگەری کۆمەڵایەتی.
بۆیە ئێمە دەبێت بەر لەهەر شتێک لەوە تێبگەین کە کورد تەنیا لەژێر فشاری داگیرکردنی خاکەکەیدا نییە، لە ژێر قرکردنی جەستەییدا نییە، بەڵکوو لە ناو پرۆسەی کۆلۆنیالیزەکردنێکی زیهنی فاشیزمی نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژی سیاسی ئیسلامیش دایە.
ئەگەر کۆمەڵگای کوردی ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی لە بەرژەوەندی ئەو گوتارە عەقیدەیی و فاشیستیە دینگەراییە ڕێژەیی و مینیماڵ بکاتەوە، ئەوا مەترسیی خۆهەڵوەشاندنەوەی نەتەوەبوون و کۆمەڵگاکەی بە ئاستێکی زۆرمەترسیدار گەشەدەکات.
ئەگەر ئێمە دەست بکەین بە باوەڕبوون بەوەی کە زمانەکەمان لاوەکییە، ئەگەربڕوا بەوە بێنین و بزانین چارەنووسی سەربەخۆیی و و مرۆڤبونمان ململانێیەکی ناپێویستە، ئەگەر ناچار بین دڵسۆزی بۆ ئاین یان دەوڵەتی سەردەستە لە پێشینەی ناسنامەی کولتووری خۆمان دابنێین، کەواتە دەبێت لەوە تێبگەین کە پرۆسەی کۆلۆنیالیزەکردن لە ریگای فاشیزمی نەتەوەیی و ئیسلامی عەقیدەییەوە چی کاریگەریەکی لە ناخ و هەستوو هۆشماندا جیگیر کردووە و سەرکەوتوو بووە.
هەر بۆیە کۆمەڵگای ئیمە بەر لە هەر روبەڕوبونەوەیەک لە بەرامبەرئەو هێزە کاریگەرو ترسناکە پێویستی بە ئامادەیەکی معریفی- سیاسی هەیە، پێویستی بە هۆشیاریەکی ئینسانی هەیە ، پیویستی بە دەزگای تایبەتمەندو پێویستی بە هاتنە دەستی دەزگا یاسایەکان هەیە، پێویستی بە پەروەردەیەکی تەندروستی نیشتیمانی هەیە، پێویستی بە میدیای ئازادو ڕەخنەگرانە هەیە بۆ دەرخستنی حەقیقەتی ئەو هیزە خەتەرناکە، پێویستی بە پێکهاتە بەهێزەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە، ئەوەش نەک وەکوو کاردانەوەیەک بۆ بنیادنانی کینەو حیقدی نەتەوەپەرستی لە ناخی تاکەکانیدا، بەڵکوو بۆ پاراستنی ناسنامە راسەقینەکەی و بۆ ئەوەی زیهنیەتی کۆمەڵگاکەی لە ژێر کاریگەری فاشیزمی دینگەرایی و نەتەوەیی هەژموونخواز داگیر نەکرێت، چونکە فاشیزم لە دەرەوەڕا هێرش دەکات، بەڵام ئیسلامی سیاسی دەتوانێت لە ناوەوەی بیرکردنەوەی مرۆڤدا بۆشایی دروست بکات، کە ئەوەش هاوشێوەو هاوبەشییەکی زۆر مەترسیدارە.
ئەگەر ئەو پرۆسەیە (کۆلۆنیالیزەکردنی زیهنی) گەشە بکاتوو بەهێز بێت لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا و ڕێگەی لێنەگیرێت، ئەو کات چیتر هەست بە بوونی داگیرکاریی خاکو وڵاتیش ناکەین، چونکە زیهنمان بە پلان و لە رێگای شەڕێکی بێ خوێنڕشتنەوە داگیردەکرێت.




ژاوەژاوی ستراسبۆرگ و ئاماژەکان بۆ رۆژئاڤا؟.. جوتیار مەلا رەئوف

باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا جارێکی دیکە لە ستراسبۆرگ بابەتێکی گەرمی گفتوگۆ بوو، لە هۆڵی پەرلەمانی ئەوروپادا، زۆر زاراوەی بیستراوو دووبارەبۆوەوە و ئاشنا بە گویچکەکانمان بەکارهێنران، مافی مرۆڤ، پاراستنی کەمینەکان، بەشداری سیاسی، بەرپرسیارێتی دیموکراسی لەو ووشە ودەستەواژە باوانە بوون، دۆخی ناوچە زۆرینە کوردییەکان بە هەستیار پیناسە کرا و ڕۆڵی کورد لە شەڕی (دەوڵەتی دڕندەی ئیسلامی داعش) بە ڕاشکاوی گفتۆگۆکراو دانیان پێدانا، مشتومڕێک کە پڕ بوو لە تۆن و رەنگێکی ئەخلاقی ڕوون و لە هەمان کاتدا، مشتومڕێک بوو کە سنووری کاریگەریی دیدگای ئەوروپیەکانی تا ئاستێک ئاشکرا کرد.
چەندین پەرلەمانتار لە وتارەکانیاندا بەبیریان هێنایەوە کە هێزە کوردییەکان بەشدارییەکی بەرچاویان لە کۆنتڕۆڵکردنی هێزو و پێکهاتە جیهادییەکانی سوریا کردووە، ئەوان دەیانگوت ئەم بەشدارییە نەک هەر لە ڕووی ناوچەییەوە گرنگە بەڵکو ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوروپاشی بەهێزتر کردووە. لەو واقیعە مێژووییەوە، چەند پەرلەمانتارێک بە ئاستێکی بەرزی خیتابی پێشنیاری ئەویان کرد، کە ئێستا دەبێت بەرپرسیارێتییەکی نوێ سەرهەڵبدات لە ناو سیاسەتی ئەوروپا بۆ ئەو ناوچەیەو بۆ کورد بە تایبەتی، بەڵام بە داخەوە بەرپرسیارێتی نوێی سیاسی لە گوتاری پەرلەمانەوە ناگۆڕێت بۆ کردارو بەرپرسیارەتی نوێی ستراتیژی.
پەرلەمانی ئەوروپا بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە مەترسییەکان پێشبینیکراو و دانپێدانراون، بۆشایی دەسەڵات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەتوانێت ناسەقامگیرییەکی نوێ دروست بکات و توندڕەوی جیهادی ئیسلامی پەرەپێبدات و قەیرانە مرۆییەکان زیاتر بکات، سەرەڕای ئەوەش، مرۆڤ هەستی بەوە دەکرد کە مشتومڕەکە لە نێوان پەرلەمانتارەکاندا لە ئاست و لە چوارچێوەی بانگەوازە سیاسییەکاندا قەتیسماوە، هیچ دەستپێشخەرییەکی کۆنکرێتی و ئامرازێکی نوێی سیاسەتی ئەمنی لەو کۆبونەوەیەدا ڕانەگەیەندرا، ستراسبۆرگ چاوەڕوانییەکانی داڕشت، بەڵام بۆ ئێمەی کوردو خەڵکی ڕۆژئاڤا هیچ میکانیزمێکی جێبەجێکردنی نەخستە ڕوو.
سیگناڵە سیاسیەکان بۆ خۆسەری کورد پڕ بوون لە دووفاقیەت، لە لایەک شەرعیەتی سیاسی (ئەحمد شرع) ناخرێتە ژێر پرسیارەوە و ڕۆڵ و دەستەڵاتەکەی وەک فاکتەری سەقامگیری تەعریف دەکرێتوو دانپێدانراوە، لە لایەکی تریش پەرلەمانی ئەوروپا دژایەتی سەرکوت دەکات و داوای پاراستنی کوردەکان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەکات،ئەرێ هەر بەڕاست ئەو سیاسەتوو هەڵویستە بە چ تەرازویەک دەپێورێت؟
لە لایەکی دیکەشەوە وا دەردەکەوێت کە پشتیوانی رۆژئاڤا لە ڕووی ئەمنی و پێکهاتەییەوە سنووردار دەمێنێتەوە،
چونکە پەرلەمانی ئەوروپا دەسەڵاتی جێبەجێکاری سیاسەتی دەرەوەی نییە و وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی نەریتی بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن کاتێک باس لە پابەندبوونە ئەمنییەکان دەکرێت بە شیوەیەکی ڕاستەوخۆ لە سوریا.
بۆ کورد لە ڕووی فەهمی مرۆیی و مۆڕاڵیەوە تێگەیشتنی ئەو دیدگایە قورسە، بەڵام لە ڕووی پاشخانی مێژوویەوە زۆر ئاسانە، جونکە ئێمە بە درێژایی ژیانی سیاسیمان لە ژێر ئەنوای بەڵین و پایمانە درۆیەنەکانەوە داڵدە دەدرێین تا ئەو کاتەی ‌زلهێزەکان لەبەرامبەر دەسکەوتێکدا سەودامان پێدەکەن.
ژاوەژاوە سیاسیەکە لە ستراسبۆرگ وەکوو فەزایەکی ڕەخنەگرانە بەرامبەر دەستەڵاتی شەرع و دەوڵەتی عەرەبی سوریا دەرکەوتوو لەوانەیە بمێنێتەوە، بەڵام ناتوانێت ببێت بە هیوایەکی بەهێز، یان ئارگومێنتێکی دانپیدانراو و پابەندکەر، ستراسبۆرگ دەیەوێت روداوەکانی سوریا وەکوو چیرۆکێکی غەمگین بگێڕیتەوە، بەڵام نایەوێت وەکوو فاکتێکی واقیعی و سیاسی بیخوێنێتەوە، هەرچەندە بۆ ئەوانیش زۆر ڕۆشنە کە سیاسەتەکانی شرع و حکومەتوو هێزە جیهادیە چەکدارەکانی بە دنەدان و پاڵپشتی دەوڵەتی تورک وەکوو بەربەستێک بۆچارەسەری سیاسی بەردەوام ببن بە گرفت لە بەردەم ئارامی ئەو ناوچەیەو ئومێدی سیاسی رۆژئاڤادا.
پەیامی ستراسبۆرگ ئەوەمان پیدەڵێت، کە ئەوروپیەکان بە ئاشکراو ڕوون وڕەوانی جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکنەوە، ئەوان بە دوای چارەسەری سیاسی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتووو سەقامگیردا دەگەڕێن، نەک بە ئاراستەی پارچەپارچەبوونی دەوڵەتو دابەشکردنی دەستەڵات، بەو قسەیە، ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکات کە لامەرکەزییەت شتێکە کە لە ئیستای سوریادا شوێنێکی نییە بۆ بیرلێکردنەوە.
مشتومڕو ژاوەژاوەکەی ستراسبۆرگ تیشک دەخاتە سەر گرژییەکی بنەڕەتی لە سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەوروپادا، لە کاتێکدا ئەوان ئامادەییان بۆ مەترسیە جیۆپۆلەتیکیەکان لە و ناوچەیە سنووردارە، بەلام لە هەمان کاتیشدا یەکێتی ئەوروپا سەقامگیری دەوێت، دەیەوێت ڕێگری لە شەپۆلی نوێی کۆچ بکات و دەیەوێت رێگە لە کاریگەریەکانی پەرەسەندنی ناوچەیی بگرێتوو لەخۆی دووربخاتەوە کە ئەوەش پێیدەگوترێت سیاسەتی وریایی وهێڵی سنوردار.
لە روی کۆنتێکستی سیاسیەوە ئایا ئەم دانیشتنەی ستراسبۆرگ گرنگ بوو؟
دەکرێت وەڵامەکەی لە لایەک بەڵێ بێت، چونکە ئەوە نیشان دەدات کە ئەو پرسە مەبەست پرسی رۆژئاڤا لە کارنامەی ئەوروپادا تا ئاستێک هەیە، وە دەکرێت نەخێریش بێت، چونکە هاوسەنگی هێز لەسەرئەرزی واقیع ناگۆڕێت.
من پێم وایە ژاوەژاوەکەی پەرلەمانی ئەوروپا ئاماژەیەک بوو زیاتر بۆ هاودەنگی لە پرەنسیپ و بەها مرۆیەکان. بەڵام تەنیا لە ناو چوارچێوەیەکی مۆراڵیدا، نەوەکوو رەهەندێکی سیاسی لە داهاتووی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و رۆژئاڤادا.
ڕێک لێرەدایە بۆمان دەردەکەوێت کە واقیعی سیاسەتی کوردی لە بۆشایەکی زۆر گەورەدایە لە نێوان پڕەنسیپی سیاسی و مرۆییدا لە ناو جیهانی زلهێزو دیدگای وڵاتە بەرژەوەندخوازەکاندا.

جوتیار مەلا رەئوف

.




دوورگەی ئێپشتاین، وەک هێمایەک بۆشکستی مۆڕاڵی سیستەمێک.. جوتیار مەلا ڕەئوف

کاتێک لەسەر دۆسیەی جێفری ئیپشتاین دەنووسین، تەنها لەسەر تاوانبارێکی هەوەسبازی سێکسی سزادراو قسە ناکەین. دەبێت لەسەر دەسەڵات قسە بکەین، سەبارەت بە پارە، سەبارەت بە سیستەمێک کە نایەکسانییەکی زۆر بەرهەم دەهێنێت و بەمجۆرە پەرە بە وەرینی مۆڕاڵی ئینسانی دەدات، بۆیە تەنها پێویستمان بە دیدگایەک نییە، بەڵکو بە ڕەهەندێکی سیاسی قوڵ و گشتگیرتر، پێویستە بەرلە هەرشتێک پرسیاری ئەوە بکەین کە ئەم کەیسە چی لەبارەی بنەما ئەخلاقییەکانمانەوە ئاشکرا دەکات، کام ڕاستییانە لە پشتییەوە سەردەردێنوو خۆیان دەردەخەن.
ناوی ئێپشتاین بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەستە بە دوورگەیەکەوە کە پێی دەگوترێت (سەینت جەیمسی بچووک) لە دوورگەکانی ڤێرجینی ئەمریکا، . ئەو دوورگەیە تەنها وەکوو بەشێک لە دیاردە جوانەکانی سروشت نیشانی ئێمە نەدرا، بەڵکو بوو بە هێما بۆ تاوانێک کە سیستەمێک لە پشتیەوە وەستاوە، لە فەزایەکی جیاواز و تایبەت، لە دەرەوەی هەموو بەها و بنەما ئەخلاقیەکان ژیان و کاتی تێدا بەسەربردراوە، ئیپشتاین سەرمایەدارو بازرگانێکی ئەمریکی بوو کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ بازنەکانی دەستەڵاتوو پارەدارو کەسە کاریگەرەکان لە بواری سیاسەت و بازرگانی و ئەکادیمیدا هەبوو، ئیپشتاین لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە ویلایەتی فلۆریدا دانی بە تاوانێک نابوو کە داوای لە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی کردووە بۆ تێکەڵکردنیان بە بازرگانی لەشفرۆشی، ئەو گرێبەستەی کە لەو کاتەدا لەگەڵ داواکاری گشتی کردبووی، لە ژێرناوی (مامەڵەی داوای لێبوردن) لە ئەنجامدا تاوانکار سزایەکی نائاسایی نەرمی بەسەردا سەپێندراو بەو هۆیەشەوە ڕەخنەیەکی زۆر و بەرفراوانی لە سیستەمی دادوەری ئەمریکادا لێکەوتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٩دا جارێکی دیکە ئیپشتاین بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە تۆمەتبار کرا. دوای ماوەیەکی کەم لە دەستگیرکردنی، لە نیویۆرک لە زینداندا گیانی لەدەستدا، مردنەکەی بە شێوەیەکی فەرمی بە خۆکوژی ناسیندرا، بەڵام بووە هۆی گفتوگۆیەکی جیهانی سەبارەت بە شکستی دەزگا ئەمنییەکان و بەرپرسیارێتی دامەزراوە یاسایەکان، گومانێکی زۆر و هەروەها فەزاحەتی بنەڕەتی و زۆر جددی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵات و سامان و جێبەجێکردنی یاسادا ئاشکرا کرد.
لە راستیدا ئەوەی کە ئێستا ئەو تاوانە بێزەوەرە(دورگەی سەینت جەیمسی بچووک) بۆتە رۆژەڤی میدیا جیهانیەکان، تەنها وەکوو دۆسیەیەکی تاوانکاری تجرید نابیندرێت، بەڵکو پڕیەتی لە نیشانە و گومانی سیاسی بەرچاو لە پەیوەست بە دەستەڵاتوو سیستەمو کۆمەڵگا، نموونەی نەزمێک دەهێنێتەوە بەرچاومان کە دەسەڵاتی سەرمایەو ئابووری دەتوانێت چ کاریگەریەکی کۆمەڵایەتی و یاسایی لە ڕایەڵەکانیدا دروست بکات. من لە ڕوانگەیەکی سیاسی جیاوازەوە سەیری ئەو کەیسە دەکەم، چونکە ئەو کەیسە هێڵەکانی فەزیحەی مۆڕاڵی سیستەمێک ئاشکرا دەکات کە بانگەشەی درۆینەی گەرەنتیکردنی یەکسانی مرۆڤەکان لەبەردەم یاساوکۆمەڵگادا دەکات.
ئەوەی بە تایبەتی جێگەی نیگەرانی و تێڕامانە، تەنها خودی تاوانەکە نییە، بەڵکو هەموو ئەو زەمەنەیە کە لە ژێرسایەی ئەو سیستەمەدا ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە خرایە ژێر سایەی لێبوردەیی کۆمەڵایەتییەوە، ئیپشتاین بە ئاشکرا لە تۆڕی پەیوەندی دەستەبژێرە سیاسیەکاندا بەرخوردو هەڵسوکەوتی دەکرد، پێشوازی گەرمی لێدەکراو بەشداری لە بۆنە و ئاهەنگە شاهانەیەکان و بۆنە سیاسیەکان دەکرد، پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکاندا دەچاند و چێژوو سودێکی سایکۆپاتیانەی لە ڕادەبەدەری لەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانە دەبینی. لێرەدا پرسیارێک کە لە زیهنماندا دروست دەبێت، کە چۆن مرۆڤێکی سایکۆپات بەم جۆرە پاشخانەوە بۆ ماوەی ئەوهەموو ساڵە دەتوانێت بەشێک بێت لەودەستەبژێرە باڵا سیاسیە و بەو بێدەنگی و چاوپۆشیەوە بمێنێتەوە؟
لێرەوە لە شوێنپەنجەکانی ئەو تاوانەوە دەردەکەوێت کە سیستەمی سەرمایەداری لە فۆڕمە ڕاستەقینەکەی خۆیدا چ نایەکسانییەکی گەورە بەرهەم دەهێنێت، لەوە تێدەگەین کە سامان تەنها سەرمایەی ئابووری نییە، بەڵکو سەرمایەی کۆمەڵایەتی و سیاسیشە، ئەوانەی خاوەنی ملیارەها دۆلارن، دەستیان بە باشترین پارێزەر و پەیوەندییە کاریگەرەکان و پەیوەندییە گشتییە ستراتیژییەکانیش دەگات، کە ئەوەش دەبێتە مایەی ناهاوسەنگیەکی مۆڕاڵی لە سیستەمی دادوەریدا.
لێرەوە دەبینین سەرمایەداری پاداشتی سەرکەوتن و کەڵەکەکردنی سامان بە چ جۆرێک دەداتەوە بە خاوەن هێزە ئابوریەکان، پێمان دەڵێت کە ئەوە پرەنسیپە راستەقینەکەی ئەو سیستەمەیە. کاتێک ئەو شەرمەزاریانە کاریگەریی دەکەنەسەر کارکردنی دامەزراوە دیموکراسیەکان، بۆمان دەردەکەوێت کە ئازادی رەهای ئابووری دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر یەکسانی لە ناو کۆمەڵگاو لە بەردەم یاساو نۆرمەکانیدا.
ئەوەی لە ناو بۆگەناوی ئەو سیستەمەدا جیگای نیگەرانییە، ئاساییکردنەوەو بە کۆمەڵایەتیکردنی حەجمی سامانە وەک نیشانەی بەرزی کوالیتی مرۆڤەکان، زۆرجار سامان هاوتا دەکرێت لەگەڵ پاکی، لێهاتوویی، زیرەکی، یان باڵادەستی مۆڕاڵی. ئەو معیارو تێڕوانینە پەرە بە دروستبوونی دیدگایەکی کوێر دەدات لە ناو کۆمەڵگاداو کار بۆ بەهێزکردنی دەکات،بە هەمان شێوەش حەجمی قوربانیەکان بچووک دەکاتەوە، یان هەستی گومان لە بەرامبەر قوربانییەکان زیاد دەکات تا ئەو کاتەی تاوەنەکان پەردەپۆشدەکرێن و ووندەکرێن لە چاوی یاساو کۆمەڵگادا، نزیکترین نمونەش ئەو فەزاحەتە قێزەونەی دورگەکەی ئیپشتاینه.
دورگەکەی ئێپشتاین دەکرێت باشترین نمونەی تاقیکردنەوەی ئەخلاقی بێت بۆ بەهاکانی دیموکراسیەتی نیولیبڕالیزم، ئەو کەیسە پێمان دەڵێت کە سامان چەندە کاریگەری هەیە بەسەر کەمکردنەوەی هێزی یاسا و دادوەری و دەزگا ئەمنیەکان لە ناو ئەو سیستەمەدا، ئەگەر یەکسانی لەبەردەم یاسادا بنەمایەکی سەرەکی بێت، چۆن دەکرێت پشت بە باڵانسی بانکی و توانا مادیەکانی مرۆڤ ببەستێت.
ئەوەی کە بە تەنیا بەرپسیارە لەبەرامبەر ئەو هەموو تاوانە قێزەونانەی مرۆڤ، خودی سیستەمە، چونکە سیستەمێک بەوشیوەیە ڕێگە بە چڕبوونەوەی دەسەڵاتی سەرمایە بدات و پلەبەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر یەکپارچەیی مۆڕاڵیدا ئەولەویەت پێبدات، هەلومەرجێک دروست دەکات کە چاودێریکردن لە ژێریدا شکست دەهێنێت، لە کۆمەڵگەیەکی کۆمەڵایەتی-مۆڕاڵیدا، کەرامەتی مرۆڤ لە پێش دەسکەوتوو سەرکەوتنە ئابوریەکاندایە، بەڵام لە سیستەمی سەرمایەداری و بە تایبەت لە فۆرمە نیولیبڕاڵەکەیدا ئەدای سەرمایە لە یەکپارچەیی ئەخلاقی بەهادارترە، سەرمایەداری تەنیا بازاڕەکان لە قاڵب نادات، بەڵکو بەهاکانی مرۆڤیش لە قاڵب دەدات، کاتێک لۆژیکی بازاڕ هەموو شتێک دەگرێتەوە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبنە ئامراز.
قسەکردن یان نوسین لەسەر ئەوتاوانە بۆ ئەوە نییە تەنها وەڵامێکی ئاسانمان دەست بکەوێت. بەڵکو دەبێت لە پێناو یەک ئامنجدا بێت، ئەویش ئەوەیە کە بروای تەوامان بەوە هەبێت بە ئاشکرا باسی دەسەڵات وهێزی پارە و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بکەین. کەیسی (دورگەکەی ئێپشتاین) بابەتێکی زۆر تاریکە. بەڵام دەرفەتێکە بۆ ڕەخنەگرتن و پیداچونەوە بە نۆرمو باهاکانی سیستەمێک کە مرۆڤ لە وێنە ڕاستەقینەکەی خۆیدا هیچ بەهایەکی نییە. ئەگەرئەو تاوانە تەنیا وەکوو ئابڕووچونێک ببینین، ئەوا وانە ڕاستەقینەکەی بەها ئەخلاقی و مرۆیەکان لەدەست دەدەین. هەرلەو دیدگایەشەوە پێویستە لەوە تێبگەین کە دیموکراسیەت چەندە پێویستی بە پشکنین و باڵانسگیری هەیە، بە تایبەت لەو شوێنانەی کە سەرمایە دەسەڵات دروستدەکاتوو بەهای مرۆڤی لەسەر بنایاد دەنێت.

جوتیار ملا ڕئوف




تۆم باراک و ڕێکخستنەوەی جیۆپۆلەتیکی سوریاو باجەکەی.. جوتیار

ڕۆڵی تۆم باراک لە ڕێکخستنەوەی ئێستای سوریادا پێویستی بە خوێندنەوەیەکی وردی سیاسی بە شێوەیەکی ڕەخنەیانە هەیە، نەک وەکوو تەنها کاراکتەرێکی سیاسی کە نوێنەرایەتی سیاسەتی دەرەوی ئەمریکای سەردەمی ترامپ دەکات، بەڵکو وەک دەنگوو هێزێکی کاریگەر کە ئاراستەیەکی کۆنەپەرستانەی جیهادی ئیسلامی- سیاسی دیاریکراوی لەو ناوچەیە شەرعیەت پێدا پێداگری لێدەکات.
لای من گرفتەکە لەو شوێنەوە دەست پێدەکات کە کورد لە رۆژئاڤا تەنها وەک ئامرازێکی کاتی مامەڵەی لەگدا کرا، یەپەگە و کوردانی رۆژئاڤا بۆ ساڵانێکی زۆر بە هاوبەشێکی جێی متمانە لە شەڕی دژ بە دەوڵەتی دڕندەی ئیسلامی( داعش) دادەنران، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سوودێکی زۆری لە تواناو بەشداریکردنیان وەرگرت، هەزاران شەڕڤانی کورد گیانیان لەدەستدا، لە هەمان کاتدا مۆدێلێکی سیاسی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا سەریهەڵدا کە لەسەر بنەمای (نا ناوەندی) و بەشداری ژنان و حوکمڕانی هاوبەشی نەتەوەیی دامەزرا. ئەو مۆدێلە بە شیوەیەکی گشتی ستراکچەرێکی سیاسی تەواوی نەبوو، بەڵام هەوڵێک بوو بۆ دروستکردنی نەزمێکی ئالتەرناتیڤ لە دوای وێرانیەکانی شەڕی ناوخۆ لە سوریادا.
کاتێک دەستەواژەی (یەکگرتن) لە چوارچێوەی ئاڵۆگۆڕە سیاسیە نوێکاندا لە سەردەمی ئەحمەد شەرعدا بەکاردەهێنرێت، پرسیارە چارەنووسسازەکە بۆ ئێمە ئەوەیە، کێ مەرجەکانی ئەم یەکگرتنە دیاری دەکات؟ وە بەرژەوەندی کێ لە بە هێزی ناوەنددایە؟ (تۆم باراک) چەندین جار لە لێدوانە گشتییەکاندا باسی لەوە کردووە کە ڕۆڵی هێزە کوردییەکان لە ڕووی مێژووییەوە هاتۆتە دی و ئێستا لاپەڕەیەکی نوێ دەستی پێکردووە، دەربڕینو هەڵبژاردنی ئەو لێدوانانە خۆی لە خۆیدا ئەسڵی کێشەکەن، بە تێڕوانینی من ئەو جۆری خیتابە ئەوە دەگەیەنێت کە خواستەکانی کورد بۆ ئیمە لە شەڕدا کارا بوون، بەڵام بە پیچەوانەشەوە، لە ئاشتیدا بۆ ئێمە نا کاران.
ئەو هەڵوێستە، هەڵوێستێکی ئەوپەڕی دووفاقی و نا مۆڕاڵی نەرێنییە، (تۆم باراک) نوێنەرایەتی ڕێبازێکی کۆنسێرڤاتیڤانەی سیاسی دەکات کە سەقامگیری دەوڵەتێکی سێنتراڵ لە دیدگای خۆیدا پێویستی بە قوربانی چارەنوسی نەتەوەیەکە، ئەو لە ڕوانگەیەکەوە قسە دەکات کە یەکێتی دەوڵەت و ڕێکخستنەوەی جیۆپۆلەتیکی لە پێشینەی هەموو شتێکدا بێت، لە ڕوانگەی ئەوەوە ڕەنگە ئەوە یەکگرتوویی بێت، بەڵام لە ڕوانگەی زۆربەی زۆری خەڵکی کورد مانای ئەوەیە دەستکەوتە سیاسییەکانی ڕۆژئاڤا لە قاڵب دەدرێن ومینیماڵ دەکرێنەوە، کاتێک کارەکتەرە سیاسیە کاریگەرەکانی ئەمریکا بە ئاشکرا ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆژەکانی (خۆسەری) پشتیوانی درێژخایەنیان نییە، ئەوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ وکاریگەر پێگەی دیالۆگو نوێنەرایەتی دانوستانکاری لایەنی کوردی لە بەرامبەر هێزی ناوەند لاواز دەکات.
ئەو بابەتە بۆ هەموومان جیگای پرسیارو گومانە، یاخود ئەوە چ پەیامێکی بۆ ئیمەی کورد تێدایە؟ ساڵانێک وەک هاوبەشێکی گرینگوو ستراتیژی لە شەڕی داعشدا ناسێندرابیت، کەچی ئێستا بڕیاربێت بە ناچاری و لە ژێر فشاری هێزە نێودەوڵەتیەکان بتخەنە ناو مۆدێلێکی دەوڵەتی ناوەندییەوە کە لە ڕووی مێژووییەوە هیچ بوارێکی بۆ بوونی کورد لە سوریادا فەراهەم و پێشکەش نەکردووە، کاتێک دەنگە ناڕازییە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە لەو ئاڵوگۆڕە خێراو کتووپڕە ناکۆڵنەوە، لە دەرەنجامدا وەک پێویستیەکی پراگماتیک دەیخەنە ڕوو، چونکە ئەوان پییان وایە ئەوە دەستکاری ئەو نەخشە سیاسیەیە کە ئەوان لە زیهنی خۆیاندا بنیادیان ناوەو کاریگەری خراپو نێگەتیڤ دەخاتە سەر ستراتیژیەکانیان.
نزیکیی (تۆم باراک) لە ناوەندەکانی دەسەڵات لە واشنتۆن و لە ئەکتەرە هەرێمایەتیەکان، قورسایی بە لێدوان ودەربڕینەکانی ئەو دەبەخشێت، تەنانەت ئەگەر بەتەنیاش نەتوانێت بڕیار لەسەرئاڵوگۆڕەکانی سوریا بدات، بەشداری دەکات لە داڕشتنی پلان و ستراتیژیەکی سیاسی کە رۆژئاڤاو کورد وەک فاکتێکی کاتی سەیر دەکات نەک وەک پێکهاتەیەکی هەمیشەیی نەزمێکی داهاتوو بۆ سوریا. بە بڕوای من ڕێک لێرەوە ڕۆڵی نەرێنی ئەو (تۆم باراک)دەردەکەوێت، نەک وەکوو نەیارێکی ڕاستەوخۆ، بەڵکو وەک هاککەرێکی سیاسی هێڵێکی سور بەسەر نەخشەی سیاسی خۆسەریدا دەهێنێت لە ڕۆژئاڤا و هاکی دەکات.
من ئەوە زۆر بە مەترسیدار دەزانم کاتێک یەکگرتنێک پەیامەکەی دەبێتە بێدەسەڵاتی و ناچارکردنی کورد، ئەگەر هێزە ئەمنی و شەڕکەرەکانی کورد بەبێ پاراستنی تایبەتمەندیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لەڕووی دامەزراوەییەوە بخرێنە ناو پێکهاتەکانی دەوڵەتی ناوەندەوە، ئەو کات خۆبەڕێوەبەری ناوکی راستەقینەی سیاسی خۆی لەدەست دەدات. ئەگەر ئەنجومەنە ناوخۆییەکان ناچار بن دەستبەرداری دەسەڵاتەکان بن بەبێ ئەوەی گەرەنتی پابەندکەر وەربگرن، تێکەڵبونەکە بە خێرای و بە شێوەیەکی کاریگەرئاراستەکە دەگۆڕێت بۆ ناوەندگەرایی، هەرکەسێک بەبێ داڕشتنی مەرجی ڕوون، بە شێوەیەکی ڕیتۆریکی پشتگیری لەو پرۆسەیە بکات، بەرپرسیارێتی لێکەوتە میژوویەکانی لە ئەستۆ دەگرێت، جا هەر کەس و لایەنێک بێت.
من قەناعەتم وایە کە ئاشتییەکی بەردەوام لە سوریادا تەنیا کاتێک مومکین دەبێت کە خۆسەری ناوچەیی بە جددی وەربگیرێت، خۆبەڕێوەبەریی کورد تەنیا بنیاتنانی سەربازی نییە، بەڵکو دەربڕین و هەڵوێستێکی سیاسی بەکۆمەڵە، هەرکەسێک ئەو هەڵوێستە ڕێژەیی بکاتەوە لە بەرژەوەندی بەڵێنی کورتخایەنی سەقامگیری ناوەندو سوریایەکی یەکرتوودا، ئەگەری ململانێ چاوەڕوانکراوەکەی داهاتوو کە ئەگەری سەرهەلدانی زۆر نزیکە، بە کەم دەزانێت.

لەو چوارچێوەیەدا پێویستە بە شێوەیەکی توندو سەرکۆنەکراو رۆڵی (تۆم باراک) لەو فەزا سیاسیەدا هەڵبسەنگێندرێت، هێڵی سیاسی ئەو، بە ڕونی هێمای گۆڕانکارییە لە پشتیوانی لەسەر بنەمای هاوبەشییەوە بۆ عەقلیەتێکی ئامرازیی بەرامبەر بە کورد، وە هەر گۆڕانکاریەکیش بەو ئاراستەیەدا دەبیتە کێشەیەکی گەورەو گرێیەکی نەکراوە بۆ ئایندەی ئەو هاوبەشیە.
پرسیارە چارەنووسسازەکە ئەوەیە، ئایا هەر بەڕاستی دەوڵەتی ناوەندی سوریا پەرە بە نەزمێک دەدات کە لە ڕووی دامەزراوەییەوە دان بە فرەچەشنییە جۆراوجۆرەکاندا بنێت، کە من ئەوە بە شتێکی نزیک لە مەحال دەبینم، یان یەکێتی و یەگرتوویی لە ڕێگەی دادوەری و یەکسانکردنەوە دەسەپێنرێت؟ کە ئەوەش بۆ دەوڵەتێکی دینی ونەتەوەیی یاخود جیهادی عەقیدەیی هەرگیز چاوەروان ناکریت، ئەگەر ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان بە ڕوونی پشتیوانی و بانگەشە بۆ گەرەنتی پێکهاتەیی نەکەن لە سوریادا، ئەوا یەکگرتن و تیکەڵبوون بە خێرایی دەبێتە شەقامێکی یەکسەرەو لە کۆتایسدا داخراو. وە دواتر پرۆژەی سیاسی خۆسەری ڕۆژئاڤا مەترسی نەمانی نەک لەڕێگەی شەڕی ئاشکراوە، بەڵکو لەڕێگەی سیاسەتی پەراوێزخستنی لەسەرخۆ و قۆناغ بە قۆناغەوە دەبێتە واقیعێکی فەرزکراو.

جوتیار




ئەوەی بۆ ئایندەی سیاسی ڕۆژئاڤا گرینگە..!.. جوتیار

ئەوەی لە ڕۆژاڤا دەگوزەرێت، بە تەنها ململانێیەکی سەربازیی دابڕاو نییە، بەڵکو بەشێکە لە نەخشەیەکی سیاسیی گەورەتر، ئێمە باشمان لەبیرە کە ڕۆژاڤا و پڕۆژە سەربازی و سیاسیەکەی لە ساتی هەڵوەشانەوەی وڵاتێکدا سەریهەڵدا کە یەکێک بوو لە نمونە بەهێزەکانی ناوەندگەرایی دەوڵەتوو نەتەوەپەرستی لە ناوچەکەدا، لەگەڵ هاتنە ناوی سوریا بۆ شەڕی ناوخۆ، کورد و گروپە ئێتنیکە جیاوازەکانی تر خۆیان ڕێکخست بۆ پێکهاتەیەکی سیاسی ئۆتۆنۆم کە دواتر بە (ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا) ناسرا. ئەو پڕۆژەیە زیاتربوو لە تەنها ڕیکخستنێکی بەڕێوەبەری، بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ دروستکردنی مۆدێلێکی جیاوازی سیاسی لەو ناوچەیەدا، کە بە بروای من رێک ململانێکانیش لە دوای ئەو هەنگاوەوە ڕەگەکانیان قولتربوونەوە.
خاڵی چارەنووساز بۆ کوردانی ڕۆژئاڤا تەنها شەڕو و رووبەڕوبونەوەی سەربازی نییە، بەڵکو ڕوبەڕووبونەوەی دیدگاو بیرکردنەوەیەکیشە کە ئیدولۆژیای ئیسلامی داعشییە، ئیسلامی داعشی ئەو ئایدۆلۆژیا مەترسیدارەیە کە هەوڵدەدات کۆمەڵگا بەتەواوی ملکەچ بکات بۆ نۆرمەکانی ئیسلام و خەلافەتی ڕها. دەوڵەتی سوریای بەر لە جەنگوو لاوازبوون و روخانی ئەسەدەکان، دەوڵەتێکی مۆرک ئیسلامی نەبوو ، بەڵکو نمونەی بەهێزی شۆڤێنی نەتەوەیی عەرەبی بوو، دەوڵەتێکی مەرکەزی پاوانخوازو توتالیتاری بوو ، بەڵام لە ناو هاوکێشە تازەکاندا هەردوو مۆدێلی تۆتالیتاریزمی ئایینی و شۆڤێنیەتی نەتەوەیی تاکڕەو هاوتەریبن لە دەستەڵاتوو لە حکومڕانیدا، کە هەردووکیشیان خاوەنی یەک ئامانجی هاوبەشن ئەویش قەتیسکردنوو لە قاڵبدانی ئەزموونی کوردو ڕۆژئاڤایە.
من ڕۆژاڤا وەک ئەزمونێک دەبینم کە لە بەرامبەر چەند جەمسەرێکی ئاراستەکراوی فشاردا گیری خواردوە، ئیسلامیزم کە دەیەوێت فرەچەشنی و بەها مرۆیەکان بنبڕ بکات، وە هەروەها دەسەڵاتێکی سێنتڕاڵی بە عەقلێکی شۆڤێنیانەی عەرەبی، لە لایەکی تریش شۆڤێنیزمی تورک، کە هەموویان لە پەیوەست بە داهاتوی ڕۆژئاڤا خاوەنی یەک سیساسەتوو ستراتیژی هاوبەشن.
ئەوەش ئەوەمان پێدەڵیت کە ئایین و ناسیۆنالیزم وەکوو دوو ئامراز کۆکتێلکراون لە خزمەت باڵادەستی و پاوانخوازی و داگیرکاری سیاسیدا.
ئەوەی پێی دەگوترێت دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ڕادیکاڵترین دەرکەوتنی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسیە بوو لەو سەردەمەدا کاتێک ئایینیان گۆڕی لە عەقیدەی تاکەوە بۆ عەقیدەی دەوڵەتوو دەستەڵاتداری ، لەوێدا بێبەهاکردنی مرۆڤوو سەرکوتو کوشتاری بە کۆمەڵ نەک تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە بەڵکو لە ڕووی ئایینیشەوە ڕەوایەتی پێدراو کەمینەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک جینۆساید دەکران، گۆشەگیری و ژێردەستەییان لەسەر فەرز کرا، ژنان و کچان کران بە کۆیلە و کۆمەڵگا بەپێی بنەما دۆگماتیکە ئاینیەکان دووبارە داڕێژرایەوە.
ڕۆژاڤاو هەڵکەوتە جیۆپۆلیتیکەکەی بە وردی لە نێوان ئەو سیستەمە ستەمکاریانەدا هەڵکەوتووە کە بە بەردەوامی لە ژێر فشاری دەستەڵاتی ئەحمد شەرع و گروپە ئیسلامیە جیهادیەکانی ناو سوپای عەرەبی سوریا و پێکهاتە خێڵەکیەکانی ناوچەکەو ئەکتەرە ناوچەییەکانی دیکەدایە. ئەو هەڵکەوتە جیۆگرافیە ئاڵۆزە نائەمنییەکی هەمیشەیی دروست دەکات کە تێیدا ئەزموونە سیاسییەکان بەزەحمەت دەتوانن بە شێوەیەکی بەردەوام تێیدا گەشە بکەن.
هەرێمێک کە هەوڵی دامەزراندنی مۆدێلێکی سیاسی فرەیی و تاڕادەیەک مەدەنی دەدات، بە پێکهاتەگەلێک دەورە دراوە کە یان لە ڕووی عەقیدەیی/جیهادی ئایدیۆلۆژییەوە یان پاوانخوازانەی نەتەوەیی و فاشیستیەوە ڕێگری لێدەکرێتوو دژایەتی دەکرێت،
لە هەردوو حاڵەتەکەشدا دەستەڵاتی ڕۆژئاڤا دەکرێت ڕۆڵی خۆی وەک سوبێکتێکی سیاسی لە بەرامبەر ئامانجە درێژخایەنەکەی لەدەست بدات.
بۆ کورد لە ڕۆژاڤا، ئەوە ڕووبەڕووبونەوەیەکی دوو لایەنە دەخاتە ڕوو، دەبێت لە یەک کاتدا هەم بەرگری لە ئاسایش و بوونی سیاسی خۆیان لە بەرامبەر هەڕەشە سەربازییەکاندا وهەروەها لە بەهای مۆدێلە سیاسیەکەیان لەسەر بنەمای بیروباوەڕێکی سێکولار و مرۆیی بکەن، هەرچەندە ئەو تەحەدیانە لە ژینگەیەکی ئاوها ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و تەژی بە دیدگا سیاسیە تاریکە جیاوەزاکان ونەتەوەییە کۆنسەرڤاتیڤەکان، سەرچاوەیەکی بەردەوامی ململانێ دەبێت بۆیان.
ئەگەر سوریا بیەوێت سەقامگیرییەکی درێژخایەن بەدەستبهێنێت، دەبێت ڕێز لە ئیرادەوهەمەجۆری ئەو ستاتۆ سیاسیە و مۆدێلە خۆ بەڕێوەبەریەی کوردی رۆژئاڤا بگرێت، ئەگەرنا هەر قۆناغێکی ئارامی و بێدەنگکردنی چەکەکان تەنها وەک پشوویەک لە نێوان ململانێ نوێیەکاندا دەمێنێتەوە، سەقامگیری ڕاستەقینە لە سوریا تەنها کاتێک مومکین دەبێت کە فرەچەشنی نەک وەک مەترسییەک، بەڵکو وەک واقیعێک بناسرێتوو قبوڵ بکرێت.
بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردودا لە ڕۆژئاڤا، لەناو شەڕ و وێرانکاریدا، فەزایەکی سیاسی سەریهەڵدا کە جیاوازە لە بەشێکی زۆری ئەو شتانەی کە دەیان ساڵە تایبەتمەندی ناوچەکە بووە. ئەو فەزایە کە لە ژێر ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێکخراوە، سیستەمێکی تەواو جیگیر نییە لە ڕویی ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ،چونکە لەژێر فشاری زۆری سەربازیدایە، بەدەست کێشەی ئابورییەوە دەناڵێنێت و گرژیی سیاسی ناوخۆیی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو لاوازیانە، ڕێبازێک لەوێ پەرەی سەندووە کە ئومێدێک پێشکەش بە زۆر کەس دەکات.
بۆیە من پێم وایە ئەو ئومێدە بۆ کورد نابێت لە ئایدۆلۆژیایەکی سیاسیدا قەتیس بکرێتوو بمێنێتەوە، بەڵکو سەرکەوتن وگەرەنتیکردنی لە ئەگەرێکدایە، ئەگەری ڕێکخستنی کۆمەڵگا لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناوخۆییدا، نەک تەنها لە سەرەوە بە سیستمێکی سەربازی کۆنتڕۆڵکراوو ئاراستە کراو.
ئەزموونی حیزبی و دەوڵەتەکان دەریاخستووە کە ئەو پەرەسەندنە چەندە دەتوانێت ببێتە ئالوگۆڕێکی ڕادیکاڵ کاتێک ئایدۆلۆژیا دەبێتە ئارگومێنتێکی ڕەهاو دەسەڵاتی سیاسی تەواو بەدەستبهێنێت.
ئەوەی کە ئێمە لە رۆژئاڤادا دەیبینین، ژنان لە ئاستێکی باڵادا تێکەڵ بە ڕۆڵی سیاسی و سەربازی کراون و خراونەتە ناو پێکهاتە و یەکە ئیدارییە جیاوازەکانەوە، بەڵام فرە حیزبی و ئازادی میدیایی لەویدا هەستی پێناکرێت، ئەوە دیموکراسییەکی کامڵ و بەدیهاتوو نییە بۆ خواستی گەلێکی ژێردەستەی چەندەها ساڵی، بەڵام هەوڵێکە بۆ بنیادی پێکهاتە مەدەنیەکان و کۆمەڵگایەکی تا ئاستێک دیموکراسی، بە تایبەت لە ناوچەیەکدا کە بە درێژایی مێژووی خۆی لە نێوان کۆمەڵیک ئاراستەی فاشیستی نەتەوەیی و و توندڕەوی عەقیدەی و جیهادی ئاینیدا گیری خواردووە.
هەر لەبەر ئەوەشە کە مۆدێلی دەستەڵاتی سیاسی لە ڕۆژاڤادا گرنگییەکی سیاسی تایبەتی هەیە، نەک لەبەر ئەوەی بێ کەموکوڕییە، یاخود لەبەر ئەوەی هەموو کێشەکانی چارەسەر کردووە، بەڵکو لەبەرئەوەی لە قۆنا‌‌غی داهاتوودا هەوڵبدات لە ڕووی دامەزراوەییەوە یەکسانی سیاسی و وپارتیزیپاسیۆن (بەشداریپێکردن)ی زیاتر لە ناو هەموو کایە جیاوازو سیاسیەکاندا بۆ هەمووان فەراهەم بکاتوو و بەرپرسیارێتی دادوەریەکی کۆمەلایەتی و سیاسی ناوخۆیی بچەسپێنێت.
من پێم وایە چڕبوونەوەی دەسەڵات لە ناو هەژموونی ئایدیۆلۆژی و پڕۆژە و یەکینە سەربازیەکان لەسەر پێکهاتە مەدەنییەکان کاڵبکرێنەوەو پیویستە ئەو بابەتانە پشتگوێ نەخرێن. کۆمەڵگای مەدەنی تەنها کاتێک دەتوانێت بوونی هەبێت کە ڕێگە بە ڕەخنە بدات و شەفافیەت دادگەری بەهێز بکات و دەسەڵات بخاتە ژێر لێپرسینەوەوە، چونکە ئایندەی ئەم پڕۆژەیە پەیوەستە بەوەی کە ئایا سەرکەوتوو دەبێت لە بەهێزکردنی دامەزراوە مەدەنییەکان و ڕێگەدان بە فرەچەشنی سیاسی و بنیاتنانی سەقامگیری ئابووری و وە
بە هەمان شێوە توانای مامەڵە کردن لە نێوان بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکیەکاندا بەبێ ئەوەی چاوگەو بناغە کۆمەڵایەتیە – سیاسیەکەی خۆی لەدەست بدات.




لە بازاڕی هاوپەیمانیەکاندا، کورد وەکوو قوربانیەکی هەمیشەیی.. جوتیار

بە بڕوای من پێشهاتەکانی ئێستای سوریا بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدەن کە کورد جارێکی تر وەک ئەکتەرێکی سیاسی، بە یەکسانی مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، بەڵکو وەک فاکتەری تێکدەر لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی ناوچەییدا تەماشا و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ململانێی ئێستا کە لە نێوان دەستەڵاتی ناوەند کە لە ژێرهەژموون و کاریگەری ئیسلامی-داعشی و دەستەڵاتی تورکیای فاشیستوو و کوردانی رۆژئاڤادایە، کێشەیەکی کاتیی ئەمنی نییە، بەڵکو دەربڕین و نێشاندانی ئیرادەیەکی سیاسی قوڵتر و درێژخایەنترە بۆ ڕێگریکردن لە چارەنووسی کورد بۆ هەمیشە لەو جیوگرافیایەدا.
بە تێگەیشتنی من سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نەک وەک ستراتیژێکی ئەمنیی بەرگریکارانە، بەڵکو وەک پرۆژەیەکی بەردەوام بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر ئۆتۆنۆمییەکی کورد، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە چ جۆر ستراکچەرێکی سیاسی هەیە، عەلمانی، ئیسلامی، دیموکراسی، یان فرەیی، هەرجۆرێک بێت، پاڵپشتی میلیشیا ئیسلامییەکان و دەسەڵاتی ئە‌حمد شەرع لە لایەن تورکیاوە لەدژی کوردانی ڕۆژائاڤا وەک ئامرازێک تەنهاو تەنها لە پێناو ئەو ئامنجە دورمەودایە دایە.
لە هەمان کاتدا هەڵوێستی گروپە ئیسلامیە-داعشییە باڵادەستەکان لە سوریا کێشەیەکی زۆر قووڵە، قوڵتر لەوەی کە ئێمە بیری لێدەکەینەوە، ڕیتۆریکی(خطابە)ی ئەوان بۆ یەکێتی دەوڵەت و یەکگرتوویی و سەروەری خاک، لە پراکتیکدا، بە هیچ شێوەیەک مانای دانپێدانان نییە بە هیچ مافێک بۆ گەلی کورد، بەڵکو بە مانای بێدەسەڵاتکردن و زەلیلکردنی ستاتوی سیاسی کوردییە لە ڕۆژئاڤا.
پەیامەکە بە زمانێکی کوردی سادە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە دامودەزگا کوردییەکان لە ناوچەی خۆسەر نابێ هیچیتر لە پرۆسەی خۆڕێکخستن و بەڕێوەبەرایەتیەکی ناوخۆییدا بەردەوام بن، بەڵکو دەبێ بخرێنە ناو سیستەمێک کە دەستەڵاتی ناوەند بە هەژموونی ئیدۆلۆژی ئیسلامی و سێنتڕالیەتی عەقلیەتی عەرەبی قەومی، هاوچەشن و چاودیری و سیستماتیک بکرێن. ئەوان ئۆتۆنۆمی رۆژئاڤا بە هیچ جۆرێک وەک مافێکی دیموکراسی تێناگەن، بەڵکو وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دەسەڵاتی ئایینی و ئیدۆلۆژیەتی دەوڵەت دەزانن.
ئەوەی لە ئێستادا زۆر گرینگە، کە کورد سەرەڕای بەشدارییە چارەنووسسازەکەی لە شکستی داعشدا، بەردەوام بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشهاتوو گۆڕانکاریانەدا وەک ئەمری واقیع، لانی کەمی لە پێناو ریگریکردن لە کارەساتە مرۆیەکان و کەمکردنەوەی هەڕەشە ناوخۆی و هەرێمایەتیەکان، چونکە لە کۆتایەکەیدا ئەکتەرو هێزە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر بەڵێن و پەیمانێکی سیاسی قبوڵ دەکەن کە تێیدا ئاسایش و ماف و ئاسۆی داهاتووی کورد ملکەچی حیساباتی دەسەڵاتی ناوچەیی ببێت. هەر چەند کە ئەو ئاراستەیەش هەر جۆرە ئیعتبارێکی قسەکردن سەبارەت بە سەقامگیری و بە دیموکراسیکردنی پرۆسەی سیاسی لەو ناوچەیەدا دەخاتە ژێر گومان و سەر شانۆی گاڵتەجاڕیەکی کۆتا نەهاتوو کە لەلایەن هاوپەیمانان و ئەمەریکاوە قسەی لێدەکرێت.
من پێموایە کە نەزمێکی پاوانخوازانەی دوای ئەو جەنگە لە سوریادا سەرهەڵدەدات، کە تێیدا مۆدێلی (کۆمەڵگای دیموکراسی) لە خۆسەری ڕۆژئاڤادا بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرکوت دەکاتوو کۆتایی پێدێنێت، کە ئەوەش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە ئەلتەرناتیڤی ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم و ناوەندگەرایی تاکوو ئێستا لەو ناوچەیەدا بوونێکی بەهێزوو پشتیوانیەکی نا مۆڕاڵی ئامادەکراوی هەیە لە لایەن ئەو سیستەمە نایەکانگیرە سیاسی و ئابوریەی دنیادا، کە ئەوەش بۆ هەموو کورد و نەتەوە ژێردەستەکانی تریش جێگای نیگەرانیەکی زۆر قوڵ و لەدەستدانی متمانەیە.
ئەوەی بە کورتی دەمەوێت بیڵێم، تێکەڵبوونی هەسەدە بە دەستەڵاتی ناوەند، ئەگەر ڕوو بدات، بە هەموو پێوانەکان، تەنها وەکوو کردارێکی پووچ دەمێنێتەوە، چونکە ئەو ئاکسیۆنە و سیاسەتەکانی ئێستای دەوڵەتی بێ سایەو سەروەری سوریا ناتوانێت هیچ ئاشتیەک بەرهەم بهێنێت، بەڵکو ستەمێکی زیاتر لە ژێر سێبەری هەردوو فاشیزمی دینی و نەتەوەیی سەقامگیر دەکاتوو و کۆمەڵگای سوریا زیاتر لە داهاتوویەکی دادپەروەر و گشتگیر دوور دەخاتەوە.




رۆژئاڤا و پارادۆکسیزمی مۆڕاڵی زلهێزەکان.. جوتیار

ئەوەی لەڕۆژاڤا (باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا) ڕوودەدات، تەنها لە چوارچێوەی شەڕ و هاوپەیمانیەکی ناهاوسەنگدا نابینم. بەڵکوو وەک بەرهەمی یەکگرتنی دوو هێزی نامۆڕاڵ لە سیاسەتی نێودەوڵەتیی و سیستەمی سەرمایەداریی کە لە بنەڕەتدا بنەماکانی مرۆڤ و نەتەوە بە نرخ و سوود دەهەڵسەنگێنێت.
ئارگومێنتەکانی دەستپێکی شەڕ لە سوریا بەو شیوەیە بوو، (لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا(ڕۆژاڤا)، نەخشەیەک خۆی دووبارە دەکاتەوە، کارەکتەرە کوردەکان بەرپرسیارێتی مەزن دەگرنە ئەستۆ، پێکهاتەی بەڕێوەبەرایەتی سەقامگیر دادەمەزرێنن و لە ژێر بارودۆخێکی توندا کردەوەی مەیدانی و مرۆیی چالاک ئەنجام دەدەن، بە هەزاران قوربانی دەدەن و گیانبازی و ململانێ لە گەڵ قورسترین هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیاندا دەکەن، تەنها بۆ ئەوەی ئەو ستاتۆیە سیاسیە لەلایەن زلهێزە گەورەکانەوە متمانەی پێبکرێت)، بەڵام دوایین پێشهات ئەوەمان پێدەڵیت، کە ستراتیژییەتی ئەمەریکا کورد تەنها وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجێک بەکاردەهێنێت، ئەو مامەلەیە لە دنیای سیاسەتی ئەمەریکیدا پرسیارێکی ئەخلاقی بنەڕەتی دەوروژێنێت، چ جۆرە ئەخلاق یاساو ریسایەک ڕەوایەتی دەدات بەو جۆرە لە مامەڵەکردن ؟، ئەدی باجەکەی چییە کاتێک کە هاوپەیمانە ئازا کوردەکان بەهۆی هاوپەیمانییە نوێیەکانەوە لە یارییەکی قێزەونی دەسەڵاتی جیۆپۆلیتیکیدا سەرگەردان دەبن؟ ئەو دۆخە نوێیە کە لە سوریا هاتۆتە ئارا، قوڵبونەوە لەو هەڵوێستە نایەکانگیر و پارادۆکسەی ئەمریکاو هاوپەیمانان دەکاتە شتێکی پێویستوو هەڵوێست لە سەرگرتوو.
کورد لەڕۆژاڤا (باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا)دا کاریگەرییەکی بەرچاوی سیاسی و مرۆیی دروستکردووە، بەرێوەبەرایەتیەکان، پێکهاتە و یەکە ئەمنییەکان، سیستەمی تەندروستی و پەروەردە، و فریاگوزاری کارەساتەکان، ئامادەیی ئەوان بۆ هاوکاری و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمەریکاو زلهێزەکان لەسەر بنەمای ئەو متمانەیە بوو کە سەقامگیری بۆ مافە سیاسیی و کولتوریەکانیان لە سوریای داهاتوودا گەرەنتی دەکرێت.
کاتێک هاوپەیمانان ڕوانگەی سیاسی خۆیان دەگۆڕن بە بەکارهێنانی کورد وەک ئامرازێکی بەسوود لە پرۆژەیەکی نوێ بە ناوی حکومەتی سوریا یان بە پشتیوانیکردنی دەسەڵاتێکی سێنتڕال لەژێر سەرکردایەتی کارەکتەرێکی وەک ئەحمەد شەرع دا، گومانێکی قوڵی بە ئامرازسازی سەرهەڵدەدات.
دیدگاو سیاسەتی (سەقامگیری بە هەر نرخێک) لە سوریادا، لەسەر حیسابی دوورخستنەوە یان کەمکردنەوەی مافە سیاسییە درێژخایەنەکان و کەمکردنەوەی ڕۆڵی کوردانی سوریا لە بڕیاری سیاسیدا پێچەوانەی ئەوهەموو قوربانیدانەیە کە کورد (شەرڤانان) بە درێژایی زیاتر لە دەیان ساڵ پێشکەشی کۆماڵگای نێودەوڵەتیان کرد لە پێناو سەلامەتی و پاراستنی کەرامەتی ئەواندا. ئەو سیاسەتە بەرامبەر بە کوردی ڕۆژاوا پێچەوانەی ئەو بەرپرسیارێتیە ئەخلاقیەیە کە دەبوو هاوپەیمانان و بە تایبەت ئەمەریکا لە بەرامبەر پاراستنی کوردانی ڕۆژاوا بیگرنە ئەستۆ بۆ پاراستنیان لە پەلاماری دەوڵەتی ناوەند کە بەشێکە لە دڕندەیی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا وهەروەها پاراستنیان لە پەلاماری دەوڵەتی تورک کە نوێنەرایەتی فاشیزمێکی وێنانەکراو دەکات لە جیهانی سیاسی ئەمڕۆدا .
ئەو جۆرە بەرخوردە لە گەڵ کورد لە لایەن هاوپەیمانەکانیانەوە پرسیاری جددی سەبارەت بە ستراتیژیەتی درێژخایەن، شەفافیەت و بەردەوامی و وابەستەیی ئەخلاقی دەوروژێنێت، ئەو جۆرە مامەڵەیە متمانەی کوردەکان لە رۆژاڤادا بە پابەندبوونی هاوپەیمانان و ئەمریکا تا ئاستێکی زۆر قوڵ تێکدەدەن و لە ناودەبەن.
خوێندنەوەی من بۆ ئەو ئالانگاری و پێشهاتانە، جەختکردنەوەیە لەسەر دەستەڵاتێکی سێنتڕاڵ بۆ سوریا لە سەردەمی ئەحمەد شەرع دا لە لایەن ئەمەریکاوە، گۆڕانکاری لە مۆدێلی لامەرکەزی بۆ ناوەندگەرایی ڕەها و زیاتری دەوڵەت دەگەیەنێت، ئەو گۆڕانکارییە بۆ کورد بە ئەگەرێکی زۆرەوە بە مانای لاوازبوونی سیستەمی حوکمڕانی خۆسەر کە بەدرێژایی ساڵانێک بنیات نراوە و بە مانای هەژموونی سیاسی نوێ لەلایەن دیمەشقەوە دێت.
هەموو ڕوداوەکان وا دەردەکەون کە ئەمەریکا و هاوپەیمانان بەرگەی کۆنەپەرسترین هێز دەگرن یان تەنانەت پشتگیری ڕەهاشی دەکەن تەنها لەبەرامبەر بەهێزکردنی دەستەڵاتی ئیسلامی سیاسی سونەدا بۆ ئیحتیواکردنی هەژموونی شیعەگەرایی لە ناوچەکەدا، بە گرتنەبەری ئەو سیاسەتەش لە لایەن هاوپەیمانانەوە، دیمەنی تەناهی لە رۆژئاڤا( باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا) گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا دێت و هیچ دوریش نیە وێنە سیاسیەکە سەدەرسەد پێچەوانە ببێتەوە بەو مانایەی ئەمەریکا خۆی وەک شەریکێک لە گەڵ دەوڵەتی ناوەند دژ بە رۆژئاڤا و خۆسەریەکەی کورد کار بکات و لەبری ئەوە دەستەڵاتی ناوەند و دیمەشق وەک ئەکتەری سەرەکی ناوچەکە بەهێز بکات.
تورکیا دەتوانێت ئەم دینامیکییە بەکاربهێنێت بۆ فشارخستنە سەر یەپەگە/یەپەژە و پەرەپێدانی هەماهەنگییەکی نزیکتر لەگەڵ ئەحمد شەرع و دیمەشق دژی خۆسەری و دەستەڵاتی کورد، ئەوەش دەبێتە هۆکارێکی بەهێز بۆ تێچووی قەبارەیەکی مرۆیی گەورەتر لە قوربانیەکان و دەبێتە فاکتێک بۆ وێرانبونی ژێرخان و بارودۆخی ژیانی مەدەنی بۆ کوردانی ڕۆژئاڤا لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە، بە هاتنە ئارای ئەونەخشە تازەیە و ئەو شەرایەتە جیۆپۆلۆتیکیە، کورد ڕووبەڕووی نۆرماتیڤ(معیار) ێکی دووانەیی دەبێتەوە، بەو مانایەی هاوپەیمانەکانیان لە کاتی قەیرانەکاندا پشتیوانی ئۆتۆنۆمی بۆ ئەوان دەکەن و پاشان هەوڵی دروستکردنەوەی متمانە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی کە وەک هەڕەشەیەک لە سەر خۆیان هەستیان پێدەکرد دەدەن، ئەم شێوازە پاڕادۆکسە لە مامەڵەی سیاسی دەبێتە هۆی لەدەستدانی باوەڕو متمانەی سیاسی بەو هاوبەشیەی کە ساڵانێکە کورد هیوای لەسەر هەڵچنیوە، کە بە داخەوە زۆربەی زۆری کاتەکان گۆڕانی هاوپەیمانییەکان بە مانای سەختبوونەوەی ڕێگاکانی بەردەم نەتەوەی کوردن لەو ناوچەیەدا، بە مانای بێئومێدی و لە دەستدانی متمانە و ئاوارەبوون و دەربەدەریەکی ترن بۆ ئیمە .
ئەوەی کە پێویستبوو ئەمەریکا و هاوپەیمانان بیکەن بۆ کوردی رۆژئاڤا، نەخشەڕێگایەک کە بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەو مۆدێلە لە بەڕێوەبردن کە یەکەم جارە لە ناوچەکەدا ئەزموون دەکرێت بە هێزەوە پشتیوانیان کردبایە، لایەنیکەم لە ئۆتۆنۆمی کولتووری و بەشداری ئابووری و حوکمڕانی ناوخۆیی لە چوارچێوەی (سەروەری دەوڵەتدا) بەو ئارگومێنتەی کە ئێستا هاوپەیمانان بانگەشەی بۆدەکەن، دەبوایە ئەمریکا وەک نێوەندگیرێکی باوەڕپێکراو مامەڵە بکات لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاڤا نەوەکوو وەک هاوپەیمانێکی درۆزن و هەڵخەڵەتێن.
بە داخەوە پێشهاتە تازەکان هەڵگری هیچ ئاماژەیەکی پۆزەتیڤ نین لە پەیوەست بە ئالوگۆڕی جارەنوسی کوردانی ڕۆژئاڤا، هاوبەشیە تازەکەی سوریا-ئەمریکا ئەوەمان نیشان دەدات کە چۆن لە چرکەیەکدا دەتوانرێت بنەما مۆڕاڵیەکان لە پراکتیکدا بگۆڕدرێن، کاتێک بەرژەوەندییە ئابورییە ستراتیژییەکان زاڵ دەبن. کورد لە رۆژاڤادا شایەنی ئەوە بوو کە ئەمریکا هاوبەشییەکی جێی متمانە و درێژخایەنی لەگەڵ دووپات بکاتەوە کە لەسەر بنەمای سەروەری و ئەو پەیوەندیە ئیتنیکیە/سیاسیە دروستکرابوو لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا نەوەکوو لەبەریەک هاڵوەشاندنی و جێهێشتنی ئەوان لە ناو ململانێی ئۆقیانوسی پڕ شەپۆلە هەڵچوەکانی ناوچەکەدا بە تەنها.
لە لایەکی تریشەوە ئەگەر وردبینانەتر بارودۆخەکە هەڵسەنگێنین، من پێم وایە ململانێ و توندوتیژی نێوان گروپوو پێکهاتە سیاسیەکان لە سوریا، بە شێوەیەکی تەواو جیاواز لەوەی باس دەکرێت، بەرهەمی ئەو جیهانەیە کە تێیدا نەتەوەکان و خاکەکان وەک بازاڕ بینراون و دەبیندرێن، لە سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی دا، گرنگ نییە کێ دەمێنێت یان کێ دەکوژرێت؛ گرنگ ئەوەیە کە کام ناوچە ئارامە بۆ سەرمایە خستنەگەڕو سەرمایەگوزاری، کام شەڕ سوود و قازانجی زیاتر دروست دەکات و کام هێز دەتوانرێت بە کەمترین تێچوون بەکاربهێنرێت. من لەو چوارچێوەیەدا تەنها ئەوە دەبینم کە کورد، هەمیشە وەک هێزی هەرزان و قوربانییەکی گونجاو بۆ مامەڵە سیاسیەکان لە ناو ئەو بازاڕەدا هەڵبژێردراوە.
بێدەنگی و ئەو سکوتە سەرتاپاگیرە نێودەوڵەتیە لە بەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر رۆژئاڤا، تەنها بڕیارو مامەڵەیەکی سیاسی نییە؛ بەڵکوو بڕیارو مامەڵەیەکی ئابووریشە. کاتێک شەڕ بەردەوام دەبێت، بازاڕی چەک، بازاڕی پاراستنی دەسکەوتەکان و بازاڕی قەیران و جارەسەرە سیاسیەکانیش بەردەوام دەبن. لەم بازاڕەدا، خوێنی خەڵکی و هاووڵاتیان هیچ نرخێکی نییە. ئەمە نامۆڕاڵی ئەو سیستەمەیە کە بە زمانی واقعی ناتوانی پێناسەیەکی تری پێبدەی.
ئەو هێزە نێودەوڵەتییانەی کە خۆیان بە پارێزەری ماف و دیموکراسی ناساندووە، لە ڕاستیدا بەشێکن لە جەوهەری ئەو سیستمە و هاوپەیمانەکانی، کاتێک قسە لە ماف و ئازادی دەکەن، ئەوە تا ئەو کاتەیە کە ئەم مافانە لەگەڵ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەوان بەریەککەوتنیان نابێت. کاتێک ماف و بەرژەوەندی بەریەک دەکەون، ماف دەخورێت و بەرژەوەندی دەپارێزرێت، کە ئەوەش باڵاترین ئاستە لە نامۆڕاڵیی سیاسی سیستەمی سەرمایەداری نوێ.
بە تیڕوانینی من ئەمریکاو هەوپەیمانەکانی، کوردانی ڕۆژئاڤاو و پڕۆژە سیاسیەکەیان لە کوردستانی سوریا وەک هەوڵێک دەبینن بۆ تێکدانی ئەم فۆرمولە سیاسی و ئابوریەی خۆیان ، بەڵام هێشتاش تا ئاستێک باوەڕم بەوەیە کە ڕۆژئاڤا، لە هەموو قورسیی و روبەڕوبونەوەکاندا، هێشتا دەتوانێت شوێنی دروستکردنی گوتارێکی سیاسی و پێگەیەکی سەربازی بەهێز بێت بۆ ئەو بەشەی کوردستان، گوتارێک بێت دژی توندڕۆیی دینی و نەتەوەیی ، دژی هاوپەیمانی درۆینە و دژی سیاسەتێک کە ژیان و بوونی مرۆڤەکان بە ژمارە هەڵدەسەنگێنێت.




پشتوانی بێ مەرج؛ کوشتنی مرۆڤ بە زمانی گوتار.. جوتیار

لە پەراوێزی هەڵوێستەکەی علی قەرەداغیدا

لە روانگەی منەوە ئەو هەڵوێستەی عەلی قەرەداغی وەکوو ڕاگەیاندنێکی سادەی سیاسی نابیندرێت، بەڵکوو وەک نیشانەی کێشەیەکی قووڵتر لە بیرکردنەوەی ئەخلاقی و سیاسیی ئەودا تەماشا دەکەم. کاتێک کەسێکی عەقیدەیی- فکری ـ ئاینی بە شێوەیەکی ڕەها ڕایدەگەیەنێت کە پشتوانی بڕیارەکانی ئەحمد شەرع دەکات لە دژی کوردانی ڕۆژئاڤا، لەوەدا تەنها جیاوازی ڕای سیاسی نابینم؛ بەڵکو شکاندنی ئەو سنوورە دەبینم کە دەبێت لە نێوان بیرکردنەوە لە پیرۆزی (عەقیدە)و دەستەڵاتی (مۆڕاڵ) هەبێت.
من سیاسەت تەنها وەکوو یاریی هێز نابینم، سیاسەت، پێش هەموو شتێک، بڕیار لەسەر ژیانی مرۆڤەکانە، بۆیە کاتێک هەڵوێستێک بە شێوەیەکی ڕەها نیشان دەدرێت یان پشتگیری لایەنێک دەکات کە لە کرداردا ئەگەری خوڵقاندنی توندوتیژی، ئاوارەبوون و شکاندنی کەرامەتوو ژیانی مرۆڤی تێدایە، ئەو پرسیارەی دێتە پێشەوە پەیوەندی تەنها بە هاوسۆزی نەتەوەیەوە نییە، بەڵام دکتۆر قەرەداغی دەکریت لە خۆی ببپرسێت بەو هەڵوێستەی ژیانی کام مرۆڤی پاراستووە؟
لە دیدگای منەوە، کێشەکە تەنها کێشەی کوردبوون نییە، کێشەی کۆمەڵگایەکە لە ناوچەیەکدا کە هەمیشە مرۆڤ وەک ئامراز سەیر کراوە، نەوەکوو وەک ئامانج، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، هەرچەند وەکوو هەر پڕۆژەیەکی سیاسی ـ سەربازی دیکە، دەکرێت خاوەنی هەڵە و کەموو کوڕی و سنوورداربون بن، بەڵام لە کاتی قەیران و شەڕو ئاڵۆزیەکانی ئەو ناوچەیەدا بوونەتە پەناگەی هەزاران مرۆڤ؛ ژن، منداڵ و کەسانێک کە هیچ دەنگێکیان نەبیستراوە. هیچ کەسێک ناتوانێت ئەم ڕاستییە مرۆڤایەتییە پشتگوێ بخا لە پێناوی تەنها ئەوەی تەنها پارێزگاری لە هەڵوێستێکی سیاسی “ڕەها” بکات.
ئەوەی من هەستی پێدەکەم کێشەی سەرەکی لێرەدا، ئەو کولتوورەیە کە هێشتا ووشەی “بەرژەوەندی” بەسەر مۆڕاڵی مرۆڤبوندا سەرکەوتووە. کاتێک دەوترێت بۆ بەرژەوەندیەکی گشتی، بۆ ئامانجێکی گەورەتر، یان بۆ یەکگرتنێکی فراوان، دەبێت چاو لە زیانیە تاکەکەسی و مرۆیەکان یان نەتەوەیەکان ببەستین.
هەڵوێستەکەی عەلی قەرەداغی من توڕە ناکات تەنها وەک کوردێک؛ بەر لە هەرشتێک من توڕە دەکات وەک مرۆڤێک، چونکە من لەوەدا ئەو هەستە دەبینم کە ژیانی هەندێک مرۆڤ دەتوانرێت لە پێناوی گوتارێکی عەقیدەیی- پیرۆزو گشتیدا ببێتە قوربانی، بە بڕوای من ئەو هەڵوێستە، نە عەقیدەگەرایی پیرۆز لە پێناو خوداو نە بیرکردنەوەیەکی مۆڕاڵی- مرۆیی سیاسییە.
هەڵوێستی فکری، یان عەقیدەیی- سیاسی، لە سەردەمە قەیراناویەکانیشدا، دەبێت سنووری هەبێت؛ سنووری مرۆڤایەتی. هیچ ئایینێک، هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی و هیچ بەرژەوەندیەکی ستراتیژی نابێت ئەو سنوورە تێپەڕێنێت، کاتێک ئەو سنوورە تێدەپەڕێندرێت، من وەکوو تاکێک، وەکوو مرۆڤێک کە مۆڕاڵی ئینسانیبوون سنورمە، مافی ئەوەم هەیە ئەو هەلویستە بە تونترین شێوە ڕەخنە بکەم، نەوەکوو بۆ دروستکردنی دژایەتی تاکەکەسی، بەڵکو بۆ پاراستنی ئەو شتەی هەموومان بەیەکەوە پێویستمان پێیەتی کە ئەویش کەرامەتی مرۆڤە.
بۆچوونی من لەسەر سیاسەت لەو شوێنەدا دەست پێدەکات، کە ئەگەرهەڵویستوو سیاسەت لە بنچینەدا بڕیارێک لەسەر ژیان و مردن، سەلامەتی و ناڕەحەتی و کەرامەتی مرۆڤ نەبێت، ئەوە تەنها یاری هێزەکانە، نەوەکوو بیرکردنەوەیەکی مۆڕاڵی لە پێناو ژیانێکی شایستە بۆ مرۆڤەکان.
لە دیدگای منەوە، ئەو هەڵوێستانەی کە پشتوانی بێ مەرج دەدەن بە پڕۆژە یان لایەنێک، بێ ئەوەی بپرسن ئەم پڕۆژەیە لەسەر ژیانی مرۆڤەکان چی دەکاتوو کاریگەریەکەی چی دەبێت، هەڵوێست نییە؛ ئەوە ڕەهاکردنی ئەخلاقە بە شیوە ئەبستراکتەکەی. من دژی ئەو لۆژیکەم کە مرۆڤ دەکاتە ئامراز بۆ ئامانجێکی “گەورەتر”، چونکە لەو ساتەوە سیاسەت کەرامەتی خۆی لەدەست دەدات.
من باوەڕم وایە هیچ بەرژەوەندیەک، هەرچەند بە زمانێکی پیرۆز، ستراتیژی، یان ئاینی قسەی لێ بکرێت، ناتوانێت ئەو ڕەوایەتیە بدات کە ژیانی تاکە کەسێک، یان ژیانی کۆمەڵێک مرۆڤ، وەک قوربانییەکی “قبوڵکراو” سەیر بکرێت. ئەگەرهەڵوێست چی لە پێناو خوداو دەستەڵاتەکەی و چ لە پێناو دەستەڵاتوو سیاسەتەکەی بۆ ئەو ئاستە دابەزێت، کەواتە بوونی مرۆڤ لە ژێر بێبەهاترین بیرکردنەوەدایە.
هەڵوێستی دروست ئەوەیە کە مرۆڤ لە کاتی قەیرانەکانیشدا، هێزو مۆڕاڵی مرۆڤایەتی خۆی پارێزگاری لێبکات، نەوەکوو ڕەوایی دان بە هەڵوێستێک کە قەیرانی ماڵوێرانکەرو زیانێکی زۆربۆ کۆمەڵگا دروست بکات. من ناتوانم هەڵوێستێک قبوڵ بکەم کە دەڵێت “ئەم زیانە پێویستە”، چونکە لە دیدگای منەوە، ووشەی “پێویست”ە ئەو ساتە دەستپێدەکات کە مرۆڤ لە بیردەچێت شوینێکی نەماوە لە یادوەری مۆڕاڵی مرۆییدا.
سیاسەت، ئەگەر لە سنووری مرۆڤایەتی دەرچێت، ئەوە ئیتر بڕیار نییە، تاوانە و من وەک تاکێکی کۆمەڵگای کوردی، وەک مرۆڤێکی سەرئەو زەمینە، وەک کەسێک کە باوەڕی بە کەرامەتی ژیان هەیە، مافی ئەوەم هەیە و بە بەرپرسیارێتییەکی گەورەشی دەبینم کە ئەم جۆرە هەڵوێستانە بە تونترین شیوە شەرمەزار بکەم ، نەوەکوو لە پێناو دیدگاو بۆچونی کەسیی خۆمدا کە ڕەهایە، بەڵکو بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ناو سیاسەتدا وون نەبێت وهەڵوێستەکانیشمان لە مۆڕاڵی مرۆیی دانەشورێن.

جوتیار




پرسی دەسەڵات لە سوریا، ڕۆژئاڤا لە نێوان ڕێکەوتن و ڕیسکدا.. جوتیار

کێشەی کورد لە ڕۆژئاڤا/كوردستانی داگیرکراوی سوریا، کێشەیەکی نوێ نییە، بەڵکو بەشێکە لە درێژەی مێژوویەکی قووڵ، کە تێیدا کورد هەمیشە لە نێوان ڕەتکردنەوە، لەبیرکردن و بەکارهێنانی کارتی سیاسی لە نێوان ووڵاتانی زلهێزو هەرێمایەتیدا، لە ماوەی دەیان ساڵی رابردودا گەمەی پێدەکرێت. کوردی سوریا نە بە نەتەوە ناسراوە، نە بە مافدار، نە بە هاوبەشێکی تەواوی وڵاتوو دەوڵەت لە سوریادا. زمان، ناسنامە، خاک و مافە سیاسییەکان، هەموویان لە ژێر سیاسەتی ڕەتکردنەوە و ناڕوونی سیاسیدا بوون. ئەم دۆخە، پێش ئەوەی شەڕ دەست پێ بکات، بنەمای بێ‌ متمانەیی قووڵی نێوان کورد و دەوڵەتی ناوەندی سوریای دانا.

کاتێک شەڕی سوریا هەڵگیرسا، کورد لە ڕۆژئاڤا هەوڵی ئەوەیان دا خۆپاراستن و تێکەڵنەبوون بە شەڕێکی نەتەوەیی هەڵبژێرن. ئەنجامی ئەم هەوڵە، دروستبوونی شێوەیەکی خۆبەڕێوەبەرایەتی بوو کە لە هەمان کاتدا هەم وەڵامی بۆ مەترسییە سەربازییەکان پێبوو، هەم هەوڵێک بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک بە کوردو نەتەوەکانی تریشەوە. بۆ زۆرێک لە کوردانی رۆژاڤا، ئەم ئەزموونە یەکەم جار بوو کە هەستیان بەوە کرد بتوانن لەسەر خاکی خۆیان، بە زمان و ڕێکخستنی خۆیان، ژیانێکی ئارامتر ببینن و ئەزموون بکەن ، هەرچەندە ئەم ئارامییە هەمیشە لە ژێر سایەی مەترسیەکی دەرەکی و ناوخۆییدا لە ژێر هەرەشەدا بوو بە ئێستاشەوە.
لەو ڕوانگەیەوە، هەر هەنگاوێکی سیاسی، کە کوردی لە سوریا وەک لایەنێکی نەتەوەیی ناساندووە، بۆ زۆرینەی کورد ماناو رەهەندێکی زۆر گەورەی هەیە، تەنانەت ئەگەر لە ڕووی یاسایی یان ستراتیژییەوە سنووردار بێت. ڕێکەوتنەکەی نێوان مزلوم عبدی و ئەحمەد شەرع، بە پشتگیری (بارزانی) و ئامادەیی نیردەی تایبەتی ترامپ (تۆم باراک)، لەو شوێنەدا بۆ کوردێک، زیاتر لە یەک ڕێکەوتنی سیاسییە؛ هەوڵێکە بۆ ئەوەی بڵێت کورد لە سوریا “بابەتێکی کاتی” نییە، بەڵکو خاوەن خاک، مێژوو، و مافە.
بۆ کوردێکی ڕۆژئاڤا، گرنگی ئەم هەنگاوە لەوەدا نییە کە چی واژوو کراوە، بەڵکو لەوەدایە کە بۆ یەکەم جار بە شێوەیەکی ئاشکرا، گفتوگۆ لە نێوان نوێنەرێکی کوردی و نوێنەرێکی دەوڵەتی (عەرەبی سونی) سوری دەکرێت، نە لەسەر بنەمای فەرمان و فشاری سەربازی، بەڵکو لەسەر بنەمای دانپێدانانی بوونی یەکتر. ئەمە بۆ نەتەوەیەک کە زۆرجار تەنها وەک کێشە، یان وەک مەترسی، ناسراوە، هەنگاوێکی گرنگی دەروونی و سیاسییە.
بەڵام هاوسۆزی بۆ کەیسی کوردانی رۆژاڤا واتا کوێری نییە. کوردی هۆشیار دەزانێت کە ڕێکەوتنێک لەسەر کاغەز، ئەگەر نەگۆڕدرێت بۆ گەرەنتییەکی ڕوون بۆ مافە نەتەوەییەکان، دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی ناڕەزایی نوێ. ترسی گەورەی زۆری کورد بە خودی بارزانی شەوە ئەوەیە، کە دووبارە، لە کاتی دابەشکردنی دەسەڵات لە سوریا، کێشەی کورد بخرێتە دواوە، یان بگۆڕدرێت بۆ کارتێکی سیاسی بۆ مامەڵەکردن لە نێوان هێزە گەورەکان. مێژوو ئەوەی فێری کورد کردووە کە هیوای بێ‌ گەرەنتی زۆرجار بە ناکامی کۆتایی هاتووە، هەرچەندە نەبۆتە مایەی ئەزمونوو دەرسی مێژوو بۆی.
ئەگەر لە ڕوانگەی مرۆیی/ سیاسی دیدگایەک بخەیتە سەر ئەو ئاڵانگاریە جیوسیاسیانە، کوردی ڕۆژئاڤا داوای شتێکی زۆر نائاسایی ناکات، ناسینی ناسنامەو، ماف، زمان، پاراستنی خاکو بەشداریکردن لە بڕیاردانی ئایندەی وڵاتێک کە خۆی پێی وایە دەبێت. ئەگەر ئەم ڕێکەوتنە بتوانێت ببێتە دەستپێکی پرۆسەیەک کە ئەم داواکارییانە لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوو و فیدراڵ یان لانیکەم دەسەڵاتێکی ‌دابەشکراو جێبەجێ بکات، ئەوا لە دیدی کوردانی رۆژئاڤادا، هەنگاوێکی مێژوویی دەبێت. ئەگەر نا، ئەوا ترسی ئەوە هەیە کە ببێتە هێمایەکی تر لە زنجیرەی هێڵبەستە درێژو بێمەوداکانی نادادپەروەری لە ژێر سایەی نەتەوەی سەردەستوو دەوڵەتێکی دیدگا فاشیزمدا.
بە کورتی، لە ڕوانگەی منەوە وەکوو کوردێکی هاوسۆز بەو بەشەی کوردستان، ئەم ڕێکەوتنە لە نێوان هیوای هۆشیاری و ترسی مێژووییدا ڕاوەستاوە. هیوای ئەوەی کورد لە سوریا جارێکی تر لە دەرەوەی مێژوو نەنرێت و ترسی ئەوەی کە دووبارە لە کاتێکی گونجاودا، کورد بە قوربانیێکی سیاسی بگۆڕدرێت. لە نێوان ئەم دوو هەستەدا، کورد داوای شتێکی سادە دەکات، قسەکان لە دەمەوە بگۆڕدرێن بۆ مافێکی نوسراو لە دەستوردا و ، و ماف بگۆڕدرێت بۆ مومارەسەکردنی ژیانکی ئینسانیانەتر لە ژێر سایەی دەستەڵاتێکی نا سێنتراڵ و نا عەسکەرتاردا.

جوتیار




ئێریکسن و قۆناغەکانی گەشەی تیۆری دەروونی-کۆمەڵایەتی.. جوتیار

ئامانج لەو کورتە ووتارە نیشاندانی ئەوەیە کە چۆن ژیانی خودی ئێریکسن، بیرۆکە دەروونییە گەشەسەندووەکانی لە قاڵب داوە و چۆن دەتوانرێت تیۆرییەکانی لە بواری پەروەردە و پەروەردەی ڕاوێژکاریدا بە کردەوە بەکاربهێنرێن. وتارەکە دیدگا بیوگرافیەکان لەگەڵ ڕوونکردنەوە پراکتیکییەکانی قۆناغە دەروونی- کۆمەڵایەتییەکان تێکەڵ دەکات و بە نموونەی ڕاستەقینە و پەیوەندیدار نیشانیان دەدات.
ژیانی کەسی و کاریگەری و ئەزموونەکان
ئێریک ئێریکسن لە ساڵی ١٩٠٢ لە شاری (فرانکفۆرت ئەم ماین) لەدایکبووە و لە ژینگەیەکی کولتووری هەمەچەشندا گەورە بووە، بنەچە و ناسنامەکەی هەر لە سەرەتاوە تەوەری سەرەکی بوو بۆ ئەو، ئەو لە خاتونێکی هۆڵەندی بە بنەچە یەهودی کە خەڵکی کۆپنهاگن بووەو دواتر بە هۆی شەرایتێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی کۆچی کردووە بۆ ئەڵمانیا هاتۆتە دونیاوە ، بەڵام ئێریکسن لە لایەن باوکێکی نەناسراوەوە بەخێو کراوە و ژیانی بۆ دابینکراوە و هەروەکوو منداڵی راستەقینەی خۆشی بەرخوردی کردوەو سۆزی پێداوە، ئەمەش پرسیارەکانی سەربەخۆیی و ڕەگ و ناسنامەی بۆ ئیریکسن لە سەرەتاوە هێنایە پێشەوە، ئەم خاڵە دەستپێکی ژیانی راستەقینەی، حەزو ئارەزووی ئەوی بۆ ناسنامە و سەربەخۆیی و ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی کە کاریگەری لەسەر گەشەی تاک هەیە، لە قاڵب دا.
تەنانەت لە تەمەنێکی بچووکیشدا ئێریکسن بەدوای وەڵامدا دەگەڕا بۆ ئەو پرسیارەی کە مرۆڤەکان چۆن جێگەی خۆیان لە ژینگە کۆمەڵایەتیەکەیاندا و چۆن سەقامگیری لەنێوان خۆیاندا دەدۆزنەوە. ئێریکسن بەرژەوەندییە سەرەتایی و توێژینەوەکانی لە هونەر و ئێتنۆلۆژیدا (زانستی بوون) دەستپێکرد؛ ئەو ئاراستە دیسیپلینییە، ڕەنگدانەوەی دیدگای گشتگیرانەی دواتری ئێریکسنی بنیاتنا.
ئەو گەشەکردن وەک پرۆسەیەک تێدەگات کە بە توندی کاریگەری بەها کولتوورییەکان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چوارچێوەی مێژوویی لەسەرە. ڕێنماییە سەرەتاییەکانی لە ڕێگەی چاودێریکردن لە ناو خێزانەکان، قوتابخانەکان و شوێنە بیماری و چارەسەریەکان، بناغەی تێگەیشتنێکی دەروونی گەشەسەندووی دانا کە مرۆڤەکان لەناو گەردوونی کۆمەڵایەتی ودەروونی خۆیاندا دەڕوانن و لێکدانەوە بۆ شتەکانی دەوروبەر دەکەن.
ئێریکسن ئەزموونی ئەوەی کرد کە چۆن پرسیارەکانی (ئیدینتیتێت) پێناس ، سەربەخۆیی و پێکهاتنی ڕۆڵ لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا- خێزان، قوتابخانە و شوێنی کار- چەندین جار گرژی و ڕووبەڕوبونەوەی نوێیان بۆ ئەوهێنایە ئاراوە. ئەو گرنگیدانەی تەواوی ژیانی لەسەر گەشەکردن لەناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، تێزە سێنتڕاڵەکەی لە قاڵب دا. ئەو پێی وایە کە گەشەکردن مۆدێلێک نییە بۆ یەک قۆناغ بچووک بکرێتەوە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوام و کاریگەری دەروونی- کۆمەڵایەتییە کە قەیران و دەرفەت و فەزیلەت(ئەخلاقیاتی باڵای) نوێ لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا دروست دەکات.
هەروەها ڕەخنەی لە چەسپاندنی چارەسەرە تاکەکەسییەکان لە چوارچێوەی کولتووری و مێژووییدا گرت، مۆدێلی ڕوونکردنەوەی تەنیا دەروونی ڕەگەزی زۆر تەسک بوو بۆ تێگەشتنی ئەو. بەڵکو ئەو جەختی لە گرنگی کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان و نۆرمو بەها کولتووری و واقیعی ژیانی تایبەتی تاک کردەوە.
ئەو ڕێبازە بیۆگرافییە دواتر لە ڕێبازە ئەزموونییەکەیدا ڕەنگدانەوەی هەبوو، ئێریکسن لە نزیکەوە لەگەڵ کەسانی پاشخانئاڵۆزو گروپی تەمەن جیاوازو و بارودۆخی ژیانئامێزی جۆراوجۆردا کاری دەکرد. ئەو چاودێری ڕەوتی ژیانو گوزەرانی لە ناو خێزانەکان، قوتابخانەکان و شوێنە بیماریەکان دەکرد، ئاماژەی بەوەدا کە چۆن وابەستەیی کۆمەڵایەتی و ژیاری پێکدەهێنن، چۆن سەربەخۆیی و دەستپێشخەریی تاک پەروەردە دەکرێن یان ڕێگرییان لێدەکرێت، چۆن چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا کاریگەرییان لەسەر گەشەسەندنی تاکەکەسی هەیەو دەکرێت بۆ بنیات و داڕوخانی کەسێتی کارلێکەر بن.
ئێریکسن ئەو ئاراستە پراکتیکییەی لە قۆناغەکانی ژیانی خۆیدا وێنا کردووە، کە هەریەکەیان پرسیارێکی ناوەندی و فەزیلەتێک(ئەخلاقێکی باڵا)یان لێدەکەوێتەوە. بۆ ئێریکسن ڕوون بوو کە سەرکەوتن یان شکست لە قۆناغێکدا نابێت بە گۆشەگیری مرۆڤ سەیر بکرێت، بەڵکو ڕێڕەوەکانی ژیانی دواتر لە قاڵب دەدات و دەستنیشانی دەکات. ئاسایش و دڵنیایی سەرەتای تەمەنی منداڵی کاریگەری لەسەر دروستبوونی ناسنامە لە تەمەنی هەرزەکاریدا هەیە، یەکسانی لە گەورەبوونی تەمەندا دەتوانێت یەکپارچەیی ژیانی دواتر بەهێز بکات.
لە کۆتاییدا چیرۆکی ژیانی ئێریکسن بەردەوامییەک ئاشکرا دەکات، ئەویش گەڕان بەدوای سەربەخۆیی، مەیلێک بەرەو ڕوانگەیەکی گشتگیر بۆ تاک لەناو پەیکەری کۆمەڵایەتیدا، نەوەکوو پاڵنانی مۆدێلی ڕوونکردنەوەو توێژینەوەکان تەنیا لەسەر بنەمای ڕەگەزی. بەم پێیە بیۆگرافیای ئێریکسن ڕەنگدانەوەی ئەو بیرۆکە سێنتڕاڵە دەبێت کە گەشەکردن پرۆسەیەکی تەواوی ژیانییە و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لە قاڵب دراوە و قەیرانی نوێ و دەرفەتی فێربوونی نوێ و فەزیلەتی(ئەخلاقیاتی باڵای) نوێ لە هەموو قۆناغێکی ژیاندا دەهێنێتە ئاراوە.

تیۆری ئێریکسن و چەمکی بنەڕەتی و قۆناغەکانی ژیانی ڕاستەقینە
بیرۆکەی سینتڕاڵ لای ئێریکسن ئەوەیە کە گەشەسەندنی مرۆڤ لە تەواوی تەمەنیدا بە قەیرانی دەروونی کۆمەڵایەتی تایبەتمەند دەورەدراوە. هەر قۆناغێک پرسیارێک دەخاتە ڕوو، کە چارەسەری سەرکەوتووانەی مۆڕاڵێکی باڵا دروست دەکات کە پشتگیری لە ژیانی یان لە قۆناغێکی دواتر دەکات. قۆناغەکان لەسەر یەکتر بنیات دەندرێن، بەڵام ئەزموونەکانی پێشووتر دەتوانن دەستکاری یان تەواوکەری نەخشەکانی دواتر بکەن. مۆڕاڵە باڵاکان وەک خاڵی دەستپێکی ئەرێنی بۆ ژیانی دواتر کارلێکەرو کاریگەردەبن لە کاتێکدا ڕووبوڕوبونەوەکان لە ئەگەری چارەسەرکردنی قەیرانەکان شکستیان پێبێت و زۆرجاریش دەتوانن ببن بە بەشیکی سەرەکی لە کێشە درێژخایەنەکانی مرۆڤدا.

هەشت قۆناغی گەشەی دەروونی-کۆمەلایەتی بە پێی ریزبەندی تیۆری ئیریکسۆن
١. متمانە بەرامبەر بە بێمتمانەیی ( قۆناغی ٠-١ساڵ): پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا جیهان وەک جێی متمانە ئەزموون دەکرێت؟ کۆرپەلە کاتێک ئەزموونی متمانە دەکات کە پێداویستییەکانی بە شێوەیەکی متمانەپێکراو دابین دەکرێن و هەست بە دڵنیایی و نزیکایەتی بکات. ئەزموونە ئەرێنییەکان وابەستەیییەکی پارێزراو بەرەوپێش دەبەن؛ بەبێ بنیاتی متمانە، بێمتمانەیی بە کەسانی نامۆ و ژینگەی کۆمەڵایەتی دەتوانێت گەشە بکات.
٢. ئۆتۆنۆمی(سەربەخۆیی) بەرامبەر شەرمەزاری و گومان (قۆناغی١-٣ ساڵ): ئەم قۆناغە سەرنج دەخاتە سەر پرسی سەربەخۆیی. پێداویستییە سەرەتایەکانی وەکوو خواردن و پۆشینی جل و بەرگ و لەبەرکردنی جل و بەرگ بە شێوەیەکی سەربەخۆ، یان گەڕان بەدوای ژینگەدا بە تەنیا، هێزی ئیرادە بەهێز دەکات. ڕەخنە یان سزای زیادەڕۆیی دەتوانێت ببێتە هۆی شەرمەزاری یان گومان و ڕێگری لە ئۆتۆنۆمی(سەربەخۆیی) کەسێتی بکات.
٣. دەستپێشخەری بەرامبەر بە تاوانباری (قۆناغی٣-٥ ساڵ): منداڵان لە ڕێگەی ڕۆڵگێڕان و گەڕانی چالاکەوە ڕۆڵی نوێ تاقی دەکەنەوە. هاندانی دوای سەرکەوتنەکان دەستپێشخەری بەرەوپێشچوون زیاد دەکات؛ شەرمەزارکردنی زۆر یان سزادان دەتوانێت تاوانباریی بنیات بکات و ڕیگری لە دەستپێشخەری بکات.
٤. توانایی بەرامبەر بە کەمتەرخەمی (قۆناغی٦-١١ ساڵ): لە قوتابخانەدا، لێهاتوو و خاوەن تواناکان دەبنە جێگەی سەرنج. بەرپەرچی ئەرێنی لەسەر ئەرکەکان و پڕۆژەکانی تاک و گروپ هەستی لێهاتوویی بەهێز دەکات؛ هەڵسەنگاندنە نادروستوو نێگەتیڤەکان دەتوانن هەستی کەمتەرخەمی پەروەردە بکەن ئەگەر پشتیوانی و هاندان بۆ تواناکان کەم بێت.
٥. سەرلێشێواوی ناسنامە بەرامبەر بە ڕۆڵ (قۆناغی هەرزەکاری): هەرزەکاران بەدواداچوون بۆ بەهاکان، پیشە و پلانەکانی ژیان دەکەن. ناسنامەیەکی ڕوون دەتوانێت ئاسانکاری بۆ پەیوەندییەکان و پلاندانانی ژیان بکات. بەبێ ئاراستەیەکی ڕوون، دەکرێت سەرلێشێواوی ڕۆڵ لە کۆمەڵگادا سەرهەڵبدات.
٦. ئینتیما بەرامبەر بە گۆشەگیری (قۆناغی سەرەتای تەمەن): دروستکردنی هاوبەشی و هاوڕێیەتی نزیک، پێویستی بە متمانە و ئامادەیی هەیە بۆ کرانەوە. ترس لە ئازاردان دەتوانێت ببێتە هۆی گۆشەگیری.

٧. بنیادنان بەرامبەر چەقبەستویی (قۆناغی تەمەنی مامناوەند): دۆزینەوەی مانا لە ڕێگەی چاودێریکردن، ڕاهێنەرایەتیکردن، دایک و باوکایەتی، یان دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان. بەبێ ئەم خاڵە ئاراستەکردنە، وەستان لە بری گەشە دەتوانێت ڕووبدات.
٨. دەستپاکی بەرامبەر بە نائومێدی (قۆناغی تەمەنی پێگەیشتوو): ئاوڕدانەوە لە ژیانی مرۆڤ، قبوڵکردنی سنووردارکردن و هەستکردن بە دۆزینەوەی مانا. شکست یان ئامانجە بەدینەهاتووەکان دەتوانن بێهیوایی لێبکەوێتەوە؛ بیرکردنەوەیەکی سەرکەوتوو پەروەردەی پڕلە حیکمەت دروست دەکات.

چۆن ئێریکسن یارمەتیدەرە لە ژیانی ڕۆژانەدا
لە سیستمی پەروەردەدا دەتوانرێت سود لەو تیۆرە وەربگیرێت و مۆدێلەکە بەکاربهێنرێت بۆ داڕشتنی مەنهەجەکان کە وابەستەیی پێشوەختە، سەربەخۆیی، هاوکاری و ئەزموونی یەکگرتوو لە ڕۆڵدا چالاک بکات. لە پەروەردەکردنی منداڵدا ئەمە بە واتای قبوڵکردنی هەڵەکانە وەک پرۆسەیەکی فێربوون و شانسی گەشە؛ ستایشکردن دەبێت جەخت لەسەر پرۆسەکە بکاتەوە نەک ئاراستەکردنی دەرئەنجامەکان بۆ بەهێزکردنی خۆکارایی. لە ڕاوێژکاری و کاری کۆمەڵایەتیدا، ڕێبازی ئێریکسن پشتگیری لە بونیادی ناسنامە دەکات لە کاتی هەرزەکاریدا و پەرەپێدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەی خێزاندا. لە ڕووی کلینیکیەوە(چارەسەرییەوە)، دەتوانرێت تێڕوانینەکانی بۆ تەواوی چارەسەریەکان پشتی پێببەسترێت. ئەو، دەستێوەردانەکانی دەوروبەر، ڕێڕەوی ژیانی جۆراوجۆر، جیاوازییە کولتوورییەکان و کارلێکی سەرچاوە تاکەکەسییەکان لەگەڵ هۆکارە ژینگەییەکان لەبەرچاو دەگرێتوو جەختیان لەسەر دەکاتەوە.

ڕەخنە و کۆنتێکستەکان
پرسی گشتگیری کولتووری قۆناغەکان و مۆڕاڵە باڵاکان خاڵێکی سەرەکی گفتوگۆی ڕەخنەگرانە. ڕێزبەندی هێڵی قۆناغەکان ناتوانێت بە شێوەیەکی گونجاو نوێنەرایەتی ڕێڕەوی ژیانی مرۆڤەکان بکات، بە تایبەتی لە حاڵەتەکانی بیۆگرافیای پەیوەست بە کۆچکردن(میگراسیۆن)، چەندین ناسنامە، یان ڕێڕەوی ژیانی ناتەقلیدی. لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە جەخت لەسەر گرنگی فرە ناسنامە و لێکدانەوەی نەرم و نیان و وابەستە بە چوارچێوە بۆ قەیرانەکان دەکەنەوە. بۆیە بەکارهێنانی هاوچەرخ پێویستی بە هەستیاری کولتووری و گونجاندن لەگەڵ لێکدانەوە شانۆییەکان و ڕەچاوکردنی ڕێڕەوی ژیانی تاکەکەسی هەیە.
مۆدێلی ئێریکسن گەشەسەندنی کەسیی بە نزیکییەوە بە زەمینە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبەستێتەوە و خاڵە کۆنکرێتییەکانی لەنگەر بۆ پەروەردە، پەروەردەکردن و ڕاوێژکاری دابین دەکات. ڕوانگەی تەواوی بۆ ژیانێکی تەندروست، پشتگیری لە پراکتیکێکی گشتگیر دەکات، بەڵام دەبێت زیاتر ڕەچاوی جۆراوجۆری کولتووری و ڕێڕەوی ژیانی تاکەکەسی بکات. توێژینەوەکانی داهاتوو دەتوانن جەختێکی زیاتر لەسەر گونجانی فرە کولتوری، ئەزموونی کۆچکردن و ڕێڕەوی ژیانی گشتگیر بکەنەوە و بەپێی ئەو ئامرازە کردارەکان زیاتر پەرەپێبدەن.

جوتیار




لۆڕێنس کۆلبێرگ و تیۆری گەشەپێدانی مۆڕاڵ.. جوتیار

پێشەکی
توانای حوکمدانی ئەخلاقی و تێگەیشتن لە بنەما ئەخلاقییەکان تایبەتمەندییەکی سێنترالی ئیسدلالکردنی مرۆڤە. بۆ باشتر تێگەیشتن لە پرۆسەی گەشەسەندنی ئەم ئیستدلالە ئەخلاقییە، دەروونناسەکان تیۆری جۆراوجۆریان پەرەپێداوە. یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین ڕێبازەکان لە (لۆڕێنس کۆلبێرگ)ەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو تیۆرە، باس لەوە دەکات کە چۆن حوکمدانی ئەخلاقی لە قۆناغە یەک لە دوا یەکەکاندا بە درێژایی ژیان گەشە دەکات، مۆدێلی کۆلبێرگ نەک هەر تێڕوانینێکی قووڵ لە پێگەیشتنی مەعریفی مرۆڤ پێشکەش دەکات بەڵکو کاریگەریی پراکتیکی لەسەر پەروەردە و نۆرمە کۆمەڵایەتیەکانیش هەیە.ئەو ئەوە نیشان دەدات کە مۆڕاڵ دۆخێکی ئیستاتیک نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی دینامیکییە کە ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکان و گەشەسەندنی مەعریفی لێیەوە فۆڕم دەگرێت.
پرسیاری چۆنیەتی حوکمدانی مۆڕاڵی مرۆڤەکان و پەرەپێدانی بیروباوەڕی مۆڕاڵی خۆیان، بۆ چەندین سەدە، فەیلەسوف و دەروونناس و پەروەردەکارانی سەرقاڵ کردووە. لۆڕێنس کۆلبێرگ بەشدارییەکی بەرچاوی لە دەروونناسی مۆدێرن کرد بە تیۆری گەشەسەندنی مؤڕاڵی بە دابەشکردنی پرۆسەی گەشەکردن بەسەر قۆناغە ڕوون و پێکهاتەدارەکاندا. کارەکانی لەسەر تیۆرییە مەعریفیەکانی( ژان پیاژێت) بنیات دەنرێت، بەڵام بە پشکنینی وردی پێکهاتنی حوکمدانی ئەخلاقی لە ماوەی ڕەوتی ژیانیدا فراوانیان دەکات. تێگەیشتن لەم تیۆرییە نەک تەنها بۆ زانست بەڵکو بۆ داڕشتنی مێتۆدە پەروەردەییەکان و شێواز و نۆرمە کۆمەڵایەتیەکانیش پەیوەندیدارە.

پاشخان و کەسێتی
لۆڕێنس کۆلبێرگ (١٩٢٧-١٩٨٧) دەروونناسێکی ئەمریکی بوو کە لە زانکۆی هارڤارد توێژینەوەکانی ئەنجامدا و دواتر لە زانکۆی شیکاگۆ وەکوو وانەبێژ لە ئەرکدا بوو. بەرژەوەندی و خولیای سەرەکی ئەو پەیوەندی نێوان گەشەسەندنی مەعریفی و حوکمدانی مۆڕاڵی بوو. کۆلبێرگ لەسەر بنەمای کارەکانی (ژان پیاژێت)، بەتایبەتی تیۆری گەشەکردنی مەعریفی لە منداڵاندا، تیۆری تایبەتی خۆی پەرەپێدا کە پرۆسەی ئیستدلالکردنی مۆڕاڵ (ئەخلاق) بەسەر قۆناغەکاندا دابەش دەکات.
میتۆدۆلۆژیای کۆڵبێرگ بریتی بوو لە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن و گفتوگۆ لەگەڵ هەرزەکار و گەورەکان کە تێیدا داوایان لێکرابوو دیلێماکانی (دووڕیانەکانی ) دووفاقیەتی بیرکردنەوەی ئەخلاقی چارەسەر بکەن، کە ناسراوترینیان ئەو نمونەیە کە پێی دەوترێت (دووڕیانی هاینز)* کە پەیوەندی بەو پرسیارەوە هەیە کە ئایا (مرۆڤێک دەکرێت دەرمانێک لە دەرمانخانەیەک بدزێت کە ژیانی کەسێک لە مەرگ ڕزگار دەکات)؟ . بە شیکردنەوەی هۆکارو ئەو دەرئەنجامانەی کە لە ڕێگای گفتوگۆو چاوپێکەوتنەکاندا بە دەستی هێنان ، کۆلبێرگ توانی دەرەنجامەکان سەبارەت بە قۆناغەکانی گەشەکردنی هەریەکەیان دەستبهێنێت.

گریمانە بنەڕەتییەکانی تیۆری مۆڕاڵ
مۆدێلی کۆلبێرگ لەسەر چەند گریمانەیەکی سێنتڕاڵ دامەزراوە کە بریتین لەوانە:
بنەمای پێکهاتەی قۆناغەکان: ئیستدلالکردنی ئەخلاقی لە قۆناغە جیاوازەکاندا گەشە دەکات، هەر قۆناغێک لە ڕووی چۆنایەتییەوە جیاوازە لە قۆناغی پێشووتری.
ڕەوایەتی گشتگیر: قۆناغەکان لە بنەڕەتدا هەموو مرۆڤەکان دەگرێتەوە بەبێ گوێدانە کولتوور یان پاشخانی کۆمەڵایەتی.
گەشەسەندنی پێشکەوتنخوازانە: مرۆڤەکان بە ڕیزبەندییەکی جێگیردا بە قۆناغەکاندا دەڕۆن؛ پاشەکشە تێیایدا دەگمەنە.
گۆڕانکارییە پاڵنەرەکان: پاڵنەرەکانی پشت کردەوەی ئەخلاقی لەگەڵ زیادبوونی پێگەیشتن دەگۆڕێت، لە بەرژەوەندی خۆتەوە بۆ بنەما گشتگیرەکان.

ئاست و قۆناغەکانی گەشەکردنی مۆڕاڵ لە دیدگای کؤڵبێرگەوە
ئاستی بەر لە نەریتەکان (قۆناغەکانی 1 و 2) -Pre-conventional Level .1
ئەم ئاستە تایبەتە بۆ منداڵان تا تەمەنی نزیکەی ٩ ساڵ، بەڵام دەتوانێت لە گەورەکانیشدا لە هەندێک بارودۆخدا ڕووبدات.
قۆناغی یەکەم: گوێڕایەڵی و سزادان
ڕەفتار لە ترسی سزادان خۆی دەنوێنێت، منداڵ دان بە ‌هەڵسوکەوتەکانیدا دەگرێت و وا بەرخورد دەکات بۆ ئەوەی سزا نەدرێت. حوکمدانی ئەخلاقی لەسەر بنەمای دەرئەنجامە دەستبەجێیەکان دامەزراوە.( من دزی ناکەم، چونکە دەزانم ئاکامەکەی سزادانە)
قۆناغی دووەم: بەرژەوەندی خود
لێرەدا بەدواداچوون یان بیرکردنەوە بۆ سوودی کەسی لە پێش هەموو شتێکەوەیە، بڕیارەکان بۆ بەدەستهێنانی قازانجی کەسی “چی تێدایە بۆ من؟”). هێشتا تێگەیشتنێک لە ڕێسا کۆمەڵایەتی و دادپەروەرییەکاندا نییە.
ئاستی ئاسایی (قۆناغەکانی 3 و 4) -Conventional Level .2
ئەم ئاستە زۆرجار لە هەرزەکاراندا ڕوودەدات بەڵام دەتوانێت لە گەورەکانیشدا بەردەوام بێت.

قۆناغی سێیەم: ناساندنی کۆمەڵایەتی

ڕەفتاری ئەخلاقی بەهۆی ئارەزووی حەزکردن یان ڕێزگرتن لەلایەن کەسانی دیکەوە پاڵنەرە (“قۆناغی کوڕی باش/کچی باش”). گرنگی بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خواستی قبوڵکردن دەدرێت.

قۆناغی چوارەم: یاسا و ڕێسا
مرۆڤەکان ئاشنان بە گرنگیی نەزمە کۆمەڵایەتیەکان. ڕەفتاری ئەخلاقی پێکدێت لە پابەندبوون بە یاساکان و جێبەجێکردنی ئەرکەکان. لێرەدا سیستەمی یاسایی وەک بناغەی دادپەروەری سەیر دەکرێت
ئاستی دوای نەریتەکان (قۆناغەکانی 5 و 6) -Post-conventional Level .3
ئەم ئاستە بە شێوە گشتیەکەی هەموو کەسێک ناتوانێت پیی بگات؛ پێویستی بە ئاستێکی بەرزی پێگەیشتنی مەعریفی هەیە.

قۆناغی پێنجەم: گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان
لێرەوە دەستپێدەکات کە تێگەیشتن لەوەی یاساکان بنیاتێکی کۆمەڵایەتین کە دەتوانرێت بگۆڕدرێن. ئەخلاق لەسەر بنەماکانی وەک دادپەروەری و یەکسانی دامەزراوە؛ مافەکانی تاک لە پێش یاسا توندو دژوارەکانەوەن .

قۆناغی شەشەم: بنەما ئەخلاقییە گشتگیرەکان
ڕەفتاری ئەخلاقی بە بنەما ئەبستراکتەکانی وەک کەرامەتی مرۆڤ، دادپەروەری و یەکسانی ڕێنمایی دەکرێت. ئەم بنەمایانە دەتوانن یاساکان تێپەڕێنن؛ بڕیارەکان لەسەر بنەمای بیروباوەڕی ناوەوە و بەها گشتگیرەکانن.
مۆدێلی کۆلبێرگو کاریگەریە دوورمەوداکانی لەسەر پەروەردەو کۆمەڵگا:
جەخت لەسەر گرنگی پێگەیشتنی مەعریفی دەکاتەوە بۆ فێربوونی مۆڕاڵ و ئەوە پیشان دەدات کە دەتوانرێت پەروەردەی ئەخلاقی لە ڕێگەی گفتوگۆکردن سەبارەت بە دیلێماکان (دووڕیانەکان)ەوە بەرەوپێش بچێت و کاریگەری لەسەر چەمکە پێداگۆژییەکانی وەک “فێربوونی بونیادی” لە وانەکانی مۆڕاڵدا هەبێت.
مۆدێلی گەشەسەندنی ئەخلاقی کۆلبێرگ کاریگەرییەکی دوور مەودای لەسەر پراکتیکی پەروەردەیی و تێگەیشتنی کۆمەڵگا لە مۆڕاڵ هەیە. جەخت لەسەر ڕۆڵی ناوەندی پێگەیشتنی مەعریفی لە حوکمدانی مۆڕاڵیدا دەکاتەوە و پێشنیاری ئەوە دەکات کە فێربوونی ئەخلاقی دەتوانرێت لە ڕێگەی گفتوگۆی بەمەبەست سەبارەت بە دیلێماکان (دووڕیانەکان)وە بەرەوپێش بچێت. ئەم تێڕوانینە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پەرەپێدانی وانەکانی پەیوەست بە مۆڕاڵ هەبووە، بەتایبەتی لەناو ڕێبازی فێربوونی بونیادگەراییدا، کە هانی خوێندکاران دەدات لە ڕێگەی بەشداریکردنی چالاکانە لەگەڵ پرسیارە ئەخلاقییەکان پەرە بە حوکمدانەکانیان بدەن.
ئەمەش بە کردەوە بەو مانایەیە کە چەمکە پەروەردەییەکان دەبێ ئامانجیان بەرەوپێشبردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و ڕەنگدانەوەی ئەخلاقی بێت. باسکردنی دیلێماکان ( دووڕیانەکان ) ڕێگە بە فێرخوازان دەدات فێری دیدگای جیاواز بن و بەهاکانی خۆیان بخەنە ژێر پرسیارەوە، جگە لەوەش ڕێبازی کۆلبێرگ گرنگی پەروەردەی ئەخلاقی لە دامەزراوەکانی وەک خوێندنگاو و زانکۆ و پەروەردەی گەورەساڵاندا خستۆتە ڕوو.

لایەنی ڕەخنەیی و مشتومڕەکان
سەرەڕای بەشدارییە بەرچاوەکانی، بەڵام تیۆری کۆلبێرگ بێ ڕەخنە نەبووە، ناڕەزایەتییە سەرەکییەکان پەیوەندییان بە لایەنگری کولتووری، تایبەتمەندی ڕەگەزی و پشتگوێخستنی هۆکارە سۆزدارییەکانەوە هەیە.

لایەنگری کولتووری
ڕەخنەگران دەڵێن مۆدێلی کۆلبێرگ بە پلەی یەکەم ڕەنگدانەوەی بەها ڕۆژئاواییەکان و(ئیندیڤدوالیزم) تاکگەراییە. لەسەرگریمانەیەکی گشتگیر دامەزراوە کە هەموو مرۆڤەکان لە قۆناغەکانی گەشەکردنی مۆڕاڵیدا بە شێوەیەکی هاوشێوە پێشدەکەون. بەڵام ئەو کولتوورانەی کە بەهای بەکۆمەڵگەرایییان هەیە، بۆ نموونە لە ئاسیا یان ئەفریقا، ڕەنگە ڕێڕەوی گەشەسەندنی جیاواز پیشان بدەن، کە تێیدا هاوئاهەنگی کۆمەڵایەتی و ئاراستەکردنی کۆمەڵایەتی بەهێزتر لە بنەما تاکەکەسییەکانی دادپەروەری جەختیان لەسەر دەکرێتەوە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە لەم جۆرە کولتوورانەدا زۆرجار حوکمەکانی مۆڕاڵ زیاتر لەسەر بنەمای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کەمتر لەسەر بنەمای ئەبستراکت دامەزراون.

تایبەتمەندی ڕەگەز
کارۆل گیلیان دەروونناس و پەروەردەکاری ئەمریکی بە توندی ڕەخنەی لە مۆدێلی کۆلبێرگ گرت کە لایەنگری دیدگای پیاوسالاریە. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە ژنان مەیلیان هەیە ئاراستەیەکی زیندووی پەروەردەکردن پیشان بدەن، لە کاتێکدا گرنگیدانی کۆلبێرگ لەسەر دادپەروەریە کەچی بنەماکانی دادپەروەری لەگەڵ چەمکە ئەخلاقییەکانی مێینەدا نایەکانگیرە. گیلیان جەختی لەسەر گرنگی پەروەردەکردن و پەیوەندییە کەسییەکان کردەوە وەک توخمە سێنتڕاڵیەکانی گەشەسەندنی ئەخلاقی، لایەنگەلێک کە لە تیۆری قۆناغی کۆلبێرگدا بە شێوەیەکی ناتەواو باسیان لێدەکرێت.

جەختکردنەوە لەسەر لایەنە مەعریفیەکان
دیدگایەکی دیکەی ڕەخنەیی پەیوەندی بە گرنگیدانی بەهێزی پرۆسەی مەعریفی لە گەشەسەندنی ئەخلاقیدا هەیە. زۆرێک لە زانایان پێیان وایە کە هۆکارە سۆزدارییەکانی وەک هاوسۆزی، بەزەیی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بە هەمان شێوە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ڕەفتاری ئەخلاقیدا. ئەم پێکهاتە سۆزداریانە لە مۆدێلی کۆلبێرگدا بەزەحمەت لەبەرچاو دەگیرێن؛ بەڵکو وا گریمان دەکرێت کە حوکمدانی ئەخلاقی بە پلەی یەکەم بەهۆی ڕەچاوکردنی عەقڵانییەوە لە قاڵب دەدرێت.

پاشەکشە و قۆناغە هاوکاتەکان
هەرچەندە مۆدێلەکە پێشکەوتووانە دەردەکەوێت، بەڵام بەڵگە ئەزموونییەکان نیشان دەدەن کە مرۆڤەکان دەتوانن لە هەندێک بارودۆخدا پاشەکشە بکەن یان لە یەک کاتدا قۆناغی جیاواز پیشان بدەن. بۆ نموونە، کەسێک دەتوانێت لە ئاستێکی بەرزدا حوکم بدات بەڵام لە ئاستێکی نزمتردا لە بارودۆخە تایبەتەکاندا مامەڵە بکات، ڕەنگە لە ترسی دەرئەنجامەکان یان بەهۆی کاریگەرییەکانی بارودۆخەکەوە بێت.

گەشە و پێشهاتە درێژمەوداکان
توێژینەوە مۆدێرنەکان تەواوکەری ڕێبازی کۆلبێرگن بە تێکەڵکردنی پرۆسەی سۆزداری وەک هاوسۆزی، هەروەها جیاوازییە کولتوورییەکان و کاریگەری بارودۆخە ژینگەیی وسروشتیەکان، بۆ نموونە مۆدێلەکانی ئەم دواییە جەخت لەسەر گرنگی هەستە کۆمەڵایەتییەکان دەکەنەوە بۆ گەشەپێدان و بەکارهێنان و هەڵسوکەوتی مۆڕاڵی. هەروەها ململانێ فەرهەنگیەکان بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدەن کە ئیستدلالکردنی ئەخلاقی بە توندی لە ژێر کاریگەری کۆنتێکستی کولتووریدایە.
هەروەها بەشێکی ئەو ڕێبازانە پەرەیان پێدراوە بۆ دەستنیشانکردنی کاریگەری و هۆکارە بارودۆخییەکان، ڕەفتاری ئەخلاقی تەنیا دەرئەنجامی پرۆسەیەکی گەشەسەندنی هەنگاو بەهەنگاو نییە، بەڵکو پەیوەستە بە بارودۆخە تایبەتەکانی وەک فشارو هۆکاری دەرهاوێشتە جیاوازیەکانی کۆمەڵگاو نۆرمە کۆمەڵایەتیەکان.

پڕاکتیزەکردنی تیۆری مۆراڵ لە ناو چەمکە جیاوازەکاندا:
پەروەردەی ئەخلاقی: پێشخستنی ڕەنگدانەوەی ڕەخنەگرانە لەسەر دیلێماکان( دووڕیانەکان)ی ئەخلاقی لە پۆل و خوێندنگاکاندا.
ئاگایی و تێگەیشتن: تێگەیشتن لەوەی بۆچی خەڵک بە شێوەیەکی جیاواز حوکم دەدەن، بۆ نموونە لە ڕێوشوێنی دادگادا.
کاری کۆمەڵایەتی: پشتگیریکردن لە پەرەپێدانی لێهاتووییی و توانا مۆڕاڵیەکان لە چوارچێوەی فرە کولتوریدا.
ئەو چەمکانە بەهای تیۆرەکەی کۆڵبێرگ بۆ پرسە پراکتیکییەکانی کۆمەڵگا و سیستەمی پەروەردەیی نیشان دەدەن.
تیۆری گەشەسەندنی ئەخلاقی کۆلبێرگ بە چەمکسازیکردنی پێشکەوتنی ئەخلاقی وەک پرۆسەیەکی مەعریفی هانگاو بە هانگاو، بڕگەیەکی بەرچاو لە تێگەیشتن لە ئەخلاقی مرۆڤدا دیاری دەکات. ئەوە پیشان دەدات کە حوکمدانی ئەخلاقی تەنیا کاردانەوەیەکی ناهۆشمەندانەی مرۆیی یان سۆزداری نییە، بەڵکو دەرئەنجامی بەڵگەدارکردنێکی عەقڵانی و گەشەسەندووە سەبارەت بە بنەما و دادپەروەری. بەم مانایە، تیۆرەکە ڕەنگدانەوەی وەشانێکی مۆدێرنە لە بەرزبوونەوەی نەریت لە “دۆخی سروشت”ەوە بۆ “کایەی باڵاتر”ی هۆشیاری ئەخلاقی، بیرۆکەیەک کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە نەریتی فەلسەفیدا هەیە.
بەڵام هەر جەختکردنەوە لەسەر عەقڵانیەت گرژییەکی فەلسەفی سێنتڕاڵ ئاشکرا دەکات، ئایا مۆڕاڵ تەنیا لە ڕێگەی پێگەیشتنی مەعریفیەوە بەدەست دێت؟ یان لایەنە سۆزداری و پەیوەندیە کەسییەکان بە شیوەیەکی یەکسان و دادگەری بنەڕەتین بۆ کردەی مۆڕاڵی مرۆڤ؟ لێرەدایە کە ڕەخنە لە مۆدێلەکەی کۆلبێرگ دێتە پێشەوە، ئەو مەیلی ئەوەی هەیە مرۆڤەکان لە توانای حوکمدانی عەقڵانیدا بچووک بکاتەوە، گرنگی هاوسۆزی و خەمخۆری و هۆشیاری سۆزداری پشتگوێ دەخات. ئەو ڕەخنەیە جیاوازی نێوان ئەخلاقی کانتی – لەسەر بنەمای ئیمپەراتیڤی کاتگۆری (پێویستی قۆناغ) و ئەخلاقی فەزیلەتێکی زیاتر ئەرستۆییانەی بیردەخاتەوە کە کۆی مرۆڤەکان لەبەرچاو دەگرێت.
لە ڕوانگەیەکی فەلسەفیەوە ئەمە پرسیارێک لەبارەی سروشتی ژیانی شایستەوە دەوروژێنێت، ئایا تەنها لە ڕێگەی پابەندبوون بە بنەما گشتگیرەکانەوە دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت یان باشتر بڵێین لە ڕێگەی پەرەپێدانی هەڵوێستێکی هاوسۆزی بەرامبەر بە ئەوانی دیکە؟ دەتوانرێت ڕێبازی کۆلبێرگ وەک هەوڵێک بۆ یاوەریکردنی مرۆڤەکان لە ڕێگای خۆیان بۆ ئۆتۆنۆمی مۆڕاڵی سەیر بکرێت، ئۆتۆنۆمییەک (سەربەخۆیی)کە لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی عەقڵانییە. بەڵام ئەم ڕوانگەیە شکست دەهێنێت لەوەی کە ئەخلاقی ڕاستەقینە لە پرۆسەیەکی دیالۆگیشەوە سەرهەڵدەدات کە تێیدا پەیوەندی سۆزداری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە هەمان شێوە ڕۆڵێکی سێنتڕاڵ دەگێڕن.
لە کۆمەڵگای فرەیی ئەمڕۆدا ئەم باسە تەحەدامان دەکات، چۆن دەتوانین پەروەردەیەکی مۆڕاڵی دابڕێژین کە هەم پێگەیشتنی مەعریفی بەرەوپێش ببات و هەم هەستیاری سۆزداری بەهێزتر بکات؟ پەرەسەندنی زیاتری تیۆرییە مۆدێرنەکان ئەوە نیشان دەدات کە تێگەیشتنێکی گشتگیر لە مۆڕاڵ تەنیا کاتێک دەکرێت کە هەردوو ڕەهەندەکە، قەناعەتی عەقڵانی و پەیوەندی سۆزداری تێکەڵ بکەین. ئەمەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ئەخلاق دۆخێکی ئیستاتیک نییە یان تەنیا دەرئەنجامی گەشەسەندنی مەعریفی نییە؛ بەڵکو پرۆسەیەکی زیندووە لە فێربوون و گەشەکردنی بەردەوام لە گفتوگۆ لەگەڵ خود و ئەوانی تردا.
لە کۆتاییدا، لە کاتێکدا مۆدێلەکەی کۆلبێرگ زانیارییەکی بەنرخ بۆ پراکتیکی پەروەردەیی دابین دەکات و تێگەیشتنمان لە گەشەسەندنی ئەخلاقی دەوڵەمەندتر کردووە، بەڵام لە ژێر ڕۆشنایی ڕەنگدانەوەی فەلسەفیدا پێویستە زیاتر پەرەی پێبدرێت بۆ ئەوەی دادپەروەری لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ئەخلاقی مرۆڤدا بنیاد بنێین. لە کۆتاییدا ئەخلاق تەنیا بابەتی پێشکەوتن یان لێکدانەوە عەقڵانیەکان نییە؛ دەربڕینی مرۆڤایەتی ئێمەیە بە هەموو هەمەچەشنییەکەیەوە، کە بەهۆی عەقڵ و هەست و پەیوەندییەکانەوە لە فۆڕم دراوە.

نووسینی: جوتیار
————————————–

*(دووڕیانی هاینز) باس لە پیاوێک دەکات بە ناوی هاینز کە هەوڵ دەدات دەرمانێک لە پێناو رزگارکردنی ژیانی هاوسەرە نەخۆشەکەی بدزێت کە لەسەرە مەرگە، چونکە دەرمانەکە زۆر گرانەو توانای دارایی نییە بۆی دابین بکات. دووڕیانەکە مرۆڤ دەخاتە بەردەم بیرکردنەوەو دەپرسێت، ئایا لە ڕووی ئەخلاقییەوە دزینی دەرمانەکە کارێکی دروستە یان هەڵەیە؟ ئەو دووڕیانە خزمەت بە شیکردنەوەی حوکمدان و قۆناغەکانی پێگەیشتنی ئەخلاقی لە مرۆڤەکاندا دەکات.

من سودم لە سەرچاوەکان بە زمانی ئاڵمانی وەرگرتوە لە رێگای لێکسیۆنەکانی خوێندنەوە، بەڵام ئەوانەی خوارەوە سەرچاوە ئۆرجیناڵەکانن بە زمانی ئینگلیزی.
– Kohlberg, L. (1981). Essays on Moral Development. Harper & Row.
– Turiel, E. (2002). The Development of Social Knowledge: Morality. Cambridge University Press.
– Gilligan, C. (1982). In a Different Voice : Psychological Theory and Women’s Development. Harvard University Press.
– Rest J.R., & Narvaez D. (1998). Moral Development in the Professions. Psychology Press.
– Crain W.C. (2011). Theories of Development: Concepts and Applications. Pearson Education.
– Walker L.J., & Frimer J.A., et al., (2012). “Moral development and education.” In Handbook of Moral Behavior and Development, Volume I.




کارل ڕۆجەرز، تیۆر و دیدگاکانی.. جوتیار

پێشەکی..

کارڵ ڕۆجەرز کێیە:
کارل ڕۆجەرز (١٩٠٢-١٩٨٧) دەروونناسێکی گرنگ و چارەسەرکاری دەروونی ئەمریکی بوو. ئەو بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی (دەروونناسی مرۆیی) هیومانیستی دادەنرێت، کە بە “هێزی سێیەم” لە دەروونناسیدا ناسراوە. ڕۆجەرز لە شاری ئۆک پارک لە ویلایەتی ئیلینۆیس لەدایکبووە و بۆ یەکەمجار پێش ئەوەی ڕوو لە دەروونناسی بکات، کشتوکاڵی خوێندووە. ئەو چارەسەری (کەسی- سەنتەر) بۆ نەخۆشەکانی پەرەپێدا، کە تیایدا گرنگی بە پەیوەندیی پێزانین و هاوسۆزی نێوان چارەسەرکەرو کەسی نەخۆش دەدرێت. کارەکانی جەختیان لەسەر گرنگی خۆوەدیهێنان و گەشەکردنی کەسی کردەوە. تیۆرییەکانی ڕۆجەرز کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر چارەسەری دە روونی و پێداگۆگی(پەروەردە) و ئامۆژگاری هەبووە. هەروەها مامۆستای زانکۆی شیکاگۆ و زانکۆی ویسکۆنسێن بووە.
کارل ڕۆجەرز یەکێک بوو لە دەروونناسە کاریگەرەکانی سەدەی بیستەم و پێشەنگێکی دەروونناسی مرۆڤدۆستی بوو. کارەکانی لە بنەڕەتدا شێوازی تێگەیشتنمانی لە ڕەفتاری مرۆڤ و تەندروستی دەروونی گۆڕیوە. لەم بابەتەدا بەدواداچوون بۆهەندێک لە چەمکە سەرەکییەکانی تیۆرییەکانی دەکەین بە شێوەیەکی کورت و تیشک دەخەینە سەر گرنگییەکانیان بۆ دەروونناسی مۆدێرن.

چارەسەری کەسی- سەنتەر
ڕۆجەرز بە پەرەپێدانی چارەسەری (کەسی – سەنتەر) ناسراوە، کە بە چارەسەری کەسی- سەنتەر بۆ نەخۆشەکان ناسراوە. ئەم شێوازە چارەسەرییە بۆ نەخۆشەکانی لە ناوەندی پرۆسەی چارەسەرکردندا دادەنێت. بە پێچەوانەی ئەو ڕێبازە باوانەی کە چارەسەرکەر وەک شارەزایەک مامەڵە دەکات، چارەسەری (کەسی سەنتەر)ی نەخۆش وەک شارەزا لە ژیانی خۆیدا دەبینێت.

بنەما سەرەکییەکانی چارەسەری کەسی – سەنتەر

قەدرپێدانی ئەرێنی بێ مەرج: چارەسەرکەر بەبێ حوکمدان یان مەرجەکان نەخۆشەکە قبوڵدەکات. ئەم قبوڵکردنە ژینگەیەکی تەندروست بنیاد دەنێت کە تێیدا کەسی نەخۆش بتوانێت بە ئازادی خۆی دەرببڕێت و قسە لەسەر گرفتەکانی خۆی بکات.
هاوسۆزی: چارەسەرکەر هەوڵدەدات بە قووڵی لە هەست و دیدگای کەسەکە تێبگات. ئەم هەڵوێستە هاوسۆزییە متمانە و کراوەیی لە پرۆسەی چارەسەرکردندا بەرەوپێش دەبات.
یەکدەنگی / ڕەسەنایەتی : ڕەسەنایەتی لەلایەن چارەسەرکەرەوە زۆر گرنگە. چارەسەرکەری هاوسەنگ لە کارلێکەکانی لەگەڵ نەخۆشەکانی ڕاستگۆ و شەفافە.

چەمکی خود و خۆبەدیهێنان
توخمێکی سێنتراڵی تیۆری ڕۆجەرز چەمکی خودە. ئەو پێیوابوو کە هەموو مرۆڤێک پێویستییەکی زگماکی هەیە بۆ خۆڕاستکردنەوە، ئارەزووی گەیشتن بە توانا تەواوەکانی. چەمکی خود پێکدێت لە خودی ڕاستەقینە (چۆن لە ڕاستیدا خۆمان دەبینین) و خودی ئایدیاڵ (پێمان خۆشە چۆن بین). ناتەبایی نێوان ئەم دووانە دەتوانێت ببێتە هۆی ناڕازیبوون و کێشەی دەروونی.

گرنگی ئەزموونەکان
ڕۆجەرز جەختی لە گرنگی ئەزموونە کەسییەکان کردەوە لە پرۆسەی گەشەکردنی تاکدا. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە مرۆڤەکان دەتوانن لە ڕێگەی ئەزموونە ڕاستەوخۆکانەوە فێربن و گەشە بکەن کاتێک لە ژینگەیەکی پشتیوانیکەردان و هەلیان بۆ دەرەخسێندرێت.
کاریگەری لەسەر پەروەردە و بوارەکانی تر
جگە لە چارەسەری دەروونی، کارەکانی ڕۆجەرز کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بوارەکانی دیکەی وەک پەروەردە و چارەسەرکردنی ناکۆکی هەبووە. لە بواری پەروەردەدا داکۆکی لە ژینگەیەکی (فێرکردنی – سەنتەر) کرد کە تێیدا خوێندکاران چالاکانە بەشداری پرۆسەی فێربوونیان بکەن.

ڕەخنە لە تیۆرییەکانی ڕۆجەرز
هەرچەندە ڕێبازەکانی ڕۆجەرز تاڕادەیەکی زۆر بە شێوەیەکی ئەرێنی وەرگیراون، بەڵام هەندێک خاڵی ڕەخنەیش هەن لەسەر بۆچونەکانی. هەندێک لە ڕەخنەگران دەڵێن کە شێوازەکانی زۆر بێ پێکهاتەن یان بە شێوەیەکی گونجاو چارەسەری نەخۆشییە دەروونییە قورسەکان ناکەن.

ئەنجامگیری
کارل ڕۆجەرز کاریگەرییەکی درێژخایەنی بەجێهێشتووە بە ڕێبازە مرۆڤدۆستانەکەی لە دەروونناسیدا. جەختکردنەوەکانی لەسەر هاوسۆزی و قبوڵکردن و ڕەسەنایەتی نەک هەر شۆڕشێکی لە پراکتیکی چارەسەری دەروونیدا کرد بەڵکو تێگەیشتنمانی فراوانتر کرد کە مرۆڤبوون لە پەیوەست بە بەرخوردکردن لەگەڵ کەسی نەخۆش یان چارەسەروەگرمانای چییە.
تیۆر و دیدگاکانی کارل ڕۆجەرز کاریگەرییەکی درێژخایەنیان لەسەر دەروونناسی وپەروەردەو دیسیپلینەکانی پەیوەندیدار هەبووە. چارەسەری سەنتەری – کەس، پچڕانێکی ڕیشەیی بوو لەگەڵ ڕێبازە باوەکانی ئەوکاتە و زۆرجار تاکڕەوانەی شیکاری دەروونی و ڕەفتارگەرایی. بەڵکو ڕۆجەرز سەرنجی لەسەر تاک و ئەزموونەکانی و بەدواداچوونی گەشەکردنی کەسی بوو. ئەو بڕوای تەواوی بەو شتە هەبوو کە هەموو کەسێک توانای چاکبوونەوە و پەرەپێدانی خۆی هەیە، بە مەرجێک ژینگەیەکی پشتیوان و پێزان بدۆزێتەوە.
جەختکردنەوەی ڕۆجەرز لەسەر هاوسۆزی، ڕەچاوکردنی ئەرێنی بێ مەرج و یەکگرتوویی نەک هەر شۆڕشێکی لە پەیوەندییە چارەسەرییەکاندا کرد بەڵکو تێگەیشتنمان لە پەیوەندییە نێوان کەسییەکان بە گشتی قووڵتر کردەوە. ئەم بنەمایانە ئێستا تەنها لە چارەسەری دەروونیدا ستاندارد نین، بەڵکو لە بواری پەروەردە و کاری کۆمەڵایەتی و ڕاوێژکاری و تەنانەت بەڕێوەبردنیشدا بەکاردەهێنرێن. ئەو بیرۆکەیەی کە( مرۆڤەکان کاتێک هەست بە قبوڵکردن و تێگەیشتن دەکەن، باشترین فێربوون و گەشەکردنە)، بووەتە بنەمایەکی ڕێنماییکەری چەمکە پەروەردەیی و سەرکردایەتییە مۆدێرنەکان.
بەشدارییەکی گرنگی دیکەی ڕۆجەرز چەمکی خۆڕاستکردنەوەیەتی. لە سەردەمێکدا کە زۆرجار تەندروستی دەروونی لە نەبوونی نەخۆشیدا کورت دەکرایەوە، جەختی لەسەر توانای هەر تاکێک دەکردەوە بۆ پەرەپێدانی خودێکی ڕەسەن. ئەم بەدواداچوونە بۆ ڕەسەنایەتی و گەشەپێدانی کەسی ئەمڕۆ لە جاران زیاتر پەیوەندیدارە، بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی تەحەددای کۆمەڵایەتی وەک فشار بۆ ئەنجامدان، پرسەکانی ئایدینتیتێت و گۆشەگیری کۆمەڵایەتی.
بێگومان دەبێت سنوورداربوونی ڕێبازەکانیشی لەبەرچاو بگیرێت. ڕەخنەگران ناوبەناو گلەیی لە نەبوونی پێکهاتەی شێوازەکانی یان کاریگەری سنووردارکردنەکانی دەکەن لە ڕەوشی تێکچوونی دەروونی تونددا. سەرەڕای ئەوەش، هێشتا جێگەی مشتومڕ نییە. ڕۆجەرز بە ڕێبازە مرۆڤدۆستەکەی دەستی بە گۆڕینی پارادایم کرد. ئەو نیشانی داوە کە گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە پەیوەندییەکی ڕێزدارەوە سەرچاوە دەگرێت، پەیوەندییەک کە تێیدا مرۆڤەکان هەست بە پارێزراوی دەکەن بۆ دەربڕینی هەستی ڕاستەقینەی خۆیان.
لە کۆتاییدا، میراتی کارل ڕۆجەرز بەردەوامە لە هەموو دانیشتنێکی چارەسەرییدا، لە هەموو گفتوگۆیەکی هاوسۆزیدا، و لە هەر شوێنێکدا خەڵک بە کراوەیی و پێزانینەوە یەکتر ببینن. دیدگای ئەو بۆ دەروونناسییەکی مرۆییتر ئەوەمان بیردەخاتەوە کە چاکبوونەوە و گەشەکردن هەمیشە لەو شوێنە دەست پێدەکات کە ڕاستگۆیی خۆمان و ئەوانی دیکە بەیەکەوە گرێمان دەدات.

جوتیار




سیاسەت ئەو کاولسازیەیە ئیتر ..! … جوتیار

بۆچونێک هەیە کە پێی وایە ئەوەی دەستەڵات بخوازێت، دەبێت درۆزنێکی لێزان بێت، چونکە دەستەڵات دوا قۆناغی گەیشتنە بە ئامانجی سیاسی، ئەگەر تۆ درۆسازێکی باش بیت لە ناو جیهانی سیاسەتدا و توانای گەمژاندنی دەوروبەرت هەبێت، ئەوا دەتوانیت خێراتر نیشانەکەت بپێکی و زووتر دەستت بگات بە مەرام و خەونەکانت .
سیاسەت لە ناو ئەو قۆناغە قەیراناویەی (ئابوری سەرمایەداری)دا ئەوەندە ئاڵۆزە، کە پڕ بووه لە ئەنگیزە و تەوژمی دژبەیەک، پڕبووه لە پاڕادۆکسیزمی فیکر و ئیدۆلۆژیا، تێکەڵەیەکە لەو تەوژمانەی کە توانای زیهنیی مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسانی لێکیان جیابکاتەوە.
هەندێ جار مرۆڤ ناچار دەبێت لە ناو هەندێ پێشهاتەو شەرایتی جاوەڕواننەکراودا درۆ بکات، بەڵام کەسی سیاسی و بازرگان دەبێ بەردەوام درۆ بەرهەم بێنن تا شەرایتی ئامانج و مانەوەی خۆیان مسۆگەر بکەن، لای کەسی سیاسی هەندێ جار ئیدۆلۆژیا، فیکر یان فەلسفە بونیادی ئەو بەرهەمهێنانەی چەمکی درۆن، لای کارەکتەری بازرگانیش ، بە بازاڕکردن و کاڵاو و سەرمایە دەبن بە بنەمای بەرهەمهێنانی ئەو چەمکە، کەسی بازرگان ئامانجی پارەو دەسکەوتی زیاترە، کەسی سیاسیش دەستەڵات و پارە، ئەو دوو کاراکتەرە هەمیشەو بە بەردەوامی خەریکی درۆن، چونکە بوونی ئەوان وابەستەیە بە دەرکەوتنی حەقیقەت، ئەگەر ئەوان ڕۆژێک قسەیان لەسەر حەقیقەت کرد ، ئیتر مرۆڤ دەبێت بڕوا بەوە بکات کە حەقیقەتیش درۆیەکی مەزنە.
چەمکی درۆ ئەگەر وەک (فەرمانێکی خودی) زاتی ببیندرێت کەواتە ئەوکەسەی کە بەرهەمی دێنێت دەتوانێت وەکوو (حەقیقەتێکی بابەتی) مەوزوعی کە لە (لاشعوری) خۆیدا بڕوای پێیەتی پێچەوانەی بکاتەوە بۆ ناو زیهنیەت و تێڕوانینی کۆمەڵگا، ئەو کاتیش کە ئەوە بوو بە ئەقلیەتێکی سەرتاپاگەر و کۆمەڵگا کەوتە ژێر کاریگەریەکانی ئەو چەمکە، ئیتر ئومێدێک نامێنێتەوە بۆ دەرکەوتنی ئەو (حەقیقەت)ڕاستیەی کە مرۆڤ تێیدا تاکە ئامانجە.
لە ناو دنیابینی ئەو دوو بونەوەرەدا (سیاسی و بازرگان) هیچ روئیایەکی تر ئامادەیی نییە، جگە لە گەمژاندنی ئەقلی و کاولسازی دەرونی کۆمەڵگا، تۆ سەیربکە کاتێک بازرگانێک بە ماڵی گشتی و بە هەڵخەڵەتاندنی یاساو کۆمەڵگاو هەموو پیاوماقوڵانی دەوڵەت، نانی خەڵک دەبات و دەشیەوێت بڕوامان پێ بهێنێت کە ئەو (موسا)یەو لە بەرامبەر دەستەڵاتدا دێت و بە عەسا سیحریەکەی دەریای سورمان بۆ دەکات بە وشکایی و خەڵکی لەدەست جینۆسایدی فیرعەون ڕزگار دەکات!!، چ مەهزەلەیەکە ئەو دنیای سیاسەتە بە دەست ئەم فیگورە سەیروسەمەرانەوە، ئاخر کەسێک بە درۆ بوبێت بە بازرگان چۆن دەتوانێت لە ناو ئەو هەموو ناڕاستیە حەشاردراوەی سیاسەتدا بڕوای پێبکرێت؟!، (بێرناردشۆ) پێیوایە بۆ کەسی سیاسی زۆر کارێکی سامناکە ڕاستی بڵێت، جونکە ترسی هەیە کە خەڵکی ڕەغبەتی ئەوەیان لا دروست ببێت بە گوێگرتن لەگەڵ حەقیقەتدا ڕابێن، ڕەهەندو واتا قوڵەکانی ئەو قسەیە ئەوەمان پێدەڵێت کە چەندە کۆمەڵگاش بەو بێدەنگیەی لەبەرامبەر گەمژاندنن و ئەوکاولسازیە ئەقلی و دەرونیەی خۆیدا تاوانبارە.
کە نوسەر و سیمینارستێکی ئەڵمانییە لە یەکێک لە وتارەکانیدا باس لە گفتوگۆی نێوان Robert bertz
باوک و کوڕە بچوکەکەی دەکات کە لە پرسیارێکەوە دەست پێدەکات, کە منداڵەکە ئاراستەی باوکی دەکات(ئەرێ بەڕاست باوکە سیاسەت چییه؟) ئەویش بەو جۆرە بۆ کوڕە بچوکەکەی ڕووندەکاتەوە، کوڕی خۆم ئەم بابەتە زۆر ئاسانە، تەماشابکە من پارە ئەهێنمەوە بۆ ماڵەوە، کەواتە من (سەرمایەداریم)، دایکت پارەکە بەکارئەبات، کەواتە ئەو (دەوڵەتە)، باپیرت سەرقاڵی ئەوەیە کە هەموو شتێک لە جێگای خۆی بێت و ڕێکخراو بێت، کەواتە ئەو (سەندیکایە)، ئەو کارگوزارە کچەی کە لەماڵمان ئیش دەکات (چینی کرێکارە)، ئێمە هەموومان یەک شت سەرقاڵی کردوین ئەویش خۆشگوزەرانی تۆیە، کە واتە تۆ (کۆمەڵگای)، برا بچکۆلەکەت کە هێشتا لە ناو حەفازەدا دەخەوێت ئەو (ئایندەیە).. ئایا هیچ تێگەیشتیت کوڕم؟، کوڕەکە بە تەماشاکردنێکی قوڵەوە داوا لە باوکی دەکات کەمێک کاتی پێدات و بیر بکاتەوە..کوڕەکە لە نیوە شەودا لە گەرمەی خەودا بەئاگادێت؛ چونکە برا بچوکەکەی پیسایی کردوە بەخۆیداو حەفازەکەی پڕکردووه و یەک بە دەنگی دەگرێت و هاوار دەکات.. لەبەر ئەوەی ئەو نازانێت چۆن لەگەڵ ئەو ڕوداوە بەرخورد بکات؛ ڕوودەکاتە ژوری خەوی دایک و باوکی، بەڵام کاتێک دەبینێت بەتەنها دایکی لەسەر جێگاکە راکشاوەو و هەستدەکات کە لە خەوێکی زۆر قوڵدایە و هیوای بەخەبەرهاتنی نییە، ڕوودەکاتە ژوری خزمەتگوزارە کچەکەو دەبینێت کە باوکی لەگەڵ ئەودا خەریکی رابواردن و کاتبەسەربردنە، دەڕوات و ئەوانیش جێدێڵێت، دەچێت بۆ ژورەکەی باپیری ، تەماشا دەکات باپیریشی زۆر بە تێڕامانەوە دیقەت لە نێوانی پەنجەرەی ژورەکەی دەدات و کپ و مات دانیشتوە.. کوڕەکەش بیردەکاتەوە کە دەبینێت هەمویان ئاوا سەرگەرمن بە شتێکەوە؛ دەگەرێتەوە ژوری نوستنەکەی و خۆی دەخاتەوە سەر جێگاکەی و بڕیار دەدات دووبارە بخەوێتەوە.. بۆ ڕۆژی دوواتر کە هەموویان لە خەو هەڵساون، باوکەکە لە کوڕەکەی پرسیار دەکاتەوە کە ئایا دەتوانێت ئێستا بە چەند ووشەیەک پێم بڵێی سیاسەت چییە؟، کوڕەکەش دەڵێت بەڵێ باوکە زۆر ئاسانە،
( سەرمایەداری) بەدکرداری بەرامبەر ( چینی کرێکار ) دەکات ، (سەندیکاش) تەماشا دەکات لەو کاتەدا کە (دەوڵەت) خەوی لێکەوتووه، (کۆمەڵگاش) پشتگوێخراوەو هەروەها (ئایندەش) لە ناو گودا کەوتووە.. ئا ئەوە سیاسەتە باوکە گیان.

جوتیار




مەرگی خاتوو(مهاباد) و دوو قسەی تریش! … جوتیار

مەرگ لە وێنا و بیرکردنەوەی ئێمەی مرۆڤدا بەشێکە لە نەهامەتی و خەمباری، مەرگ هەمیشە وەکوو ڕووداوێکی فیزیکی بەشێکە لە بوون و دوا دەلالاتەکانی چەمکی ژیان، بەشێکە لە دوا ئاکتیڤیتێتی جەستەیی و بزاوتە ئۆرگانیەکانی مرۆڤ، مەرگ ڕوداوێکە کە هەمیشە مرۆڤ دەخاتە ناو ڕامانێکی دیالێکتیکی و تاکوو ئێستاش هیچ شتێک ناتوانێت مادییانە ئەو ڕووداوە ببەستێتەوە بە مێژووی ململانێکانی نێوان سروشت و ئینسانەوە وەکوو شتێكی هەستپێکراو، کە دەڵێم مادییانە، بەو واتایەی کە تاکوو ئێستا هیچ زانست و تیۆرێک ناتوانێت پێمان بڵێت کە ئایا مەرگ واقیعەن کۆتایی بوونە، یاخود ئەوەش هەر بەشێکە لە ووجوود و وەکوو دواهەمین تراژیدیا دەچێتە ناو پێناس و بوونی کۆمەڵایەتی مرۆڤەوە.
( سیگمۆند فرۆید ) زانای دەرونناسی مەزن دەڵێت ، هیچ مرۆڤێک ناتوانێت وێنای مەرگی خۆی بکات ، چونکە ئێمە هەموومان لە ناووشیاری(لاوعی) خۆماندا بروامان بە ژیانی ئەبەدی(خلود) هەیە.
مەرگ لە ڕوانگەی زانستی فیسیولۆجی، کۆتاییهاتنی ئەو ئەنێرژیەیە کە جەستەی مرۆڤ هەڵدەسوڕێنێت و لە دەرەنجامدا دەبێتە هۆکاری وەستان و لەکارکەوتنی هەموو ئەو داینامیکەی کە جوڵەی بایۆلۆژی مرۆڤی لەسەر بونیاد دەندرێت.
هەر یەکێک لە ئێمە ئەگەر مەرگ ئازیزێکمان لێبسێنێت، دەکرێت ببێتە هۆکار بۆ خەمۆکیەکی درێژخایەن، جا ئەگەر ئەو کەسە تەنها گیانلەبەرێک بێت و مرۆڤیش نەبێت، دەکرێت باڵندەیەک بێت، گوێدرێژێک یان پشیلەیەک، یان سەگێک، چونکە دەربڕینی هەست و خۆشەویستی لە ناو پەیوەندیەکانماندا بە تەنها پێویستی بە زمانێکی بوێژ (ناطق) نییە، بەڵکو پێویستی بەو هەستە هەیە کە لە رێگایەوە ڕایەڵەی ئەو ئاوێزانبوونە ئینسانیەی لێ بەرهەم دێت.
لە وتارەکەی پێشوترمدا باسم لە گەمەکردنی حیزبی کوردی کردبوو لە پەیوەند بە دروستکردنی جۆرێک لە ئەقڵگەرایی لە ناو زیهنی تاکی کوردیدا کە بۆتە هۆکاری دەرکەوتنی (بەدبینی کولتوری) و ڕۆحی شەڕانگێزی و نابووتکردنی كۆمەڵگا لە ڕێگای ڕوئیاو ئیدۆلۆژیە سیاسیە ناباوەکانیانەوە، بەڵام مەرگی خاتوو (مهاباد قەراداغی) بە داخێکی زۆرەوەکە زۆر ناوادەبوو، رێکاوڕێک جەختکردنەوە بوو لەو بۆچونەی من لە پەیوەست بە چاندن و ڕەگداکوتانی ئەو کولتورە دزێوە لە هەناوی داقرچاوی کۆمەڵگای کوردیدا، لە بیرکردنەوەو تێڕوانینیاندا، لە هەڵسوکەوتوو نمایشە کۆمەڵایەتیەکانیاندا، لە ناو کارو چالاکیەکانی ڕۆژانەیاندا، لە ماڵەکانیاندا ، لە جۆڕناڵ و سۆشیالمیدیایاندا، ئەو کولتوری تێکشکاندنەی مرۆڤ و شکاندنی ماهیەت و بەهاکانی، کە بەشێکە لە ستراتیژیەتی حیزبی سیاسی کوردی بە هەموو گرروپ و تایفەکانیەوە، بەڕاستی دیاردەیەکی ترسناک و ناسیڤیل و دەرکەوتنی تراژیدیایەکی ترە کە دەمانخاتە بەردەم بیرکردنەوەو گومانێکی قوڵی ئینسانی.
مرۆڤی پێگەیشتوو و وشیار ناتوانێت بە هیچ مەرگێک خۆشحاڵ بێت تا ئەو ئاستەی کە پەیوەستە بە مەرگی خۆشیەوە، مرۆڤی کارلێکراو بە تێڕوانینە ئینسانیەکان ناتوانێت بە مەرگی کەسێکیتر وێنای بەختەوەریەکانی خۆی دروستبکات، ناتوانێت هەستەکانی تەسلیم بە دوا ساتەکانی هیچ گیانسپاردنێک بکات، من هێشتاش بیرمە ئەو ساتانەی کە (سەدام) لە سێدارە درا، نەمتوانی بەسەر هەستەکانمدا زاڵبم لە بەرامبەر گیانسپاردنی ئەودا، دڵم پڕ بوو لە بەرامبەر ئەو بێدەستەڵاتەیەدا کە مەرگ بەسەریدا سەپاندبوو لەو جرکەیەدا ، خۆ هەموومان دەزانین کە ئەو وێنەی نەبوو لە دڕەندەیی، ئەو هیچ کاتێک مەرگی مرۆڤی وەکوو تراژیدیا نەدەبینی، بەڵکوو لای ئەو مەرگی ملیۆنان مرۆڤ لە ڕۆژێکدا تەنها بەشێک بوو لە (Statistik)سەرژمێری *.
ئەوەی کە من ناتوانم تێی بگەم لە پەیوەست بە مەرگی خاتوو (مهاباد) ئەو هەموو باهۆزە شەڕانگێزە میدیایەیە کە پڕیەتی لە ناشیرینکردنی وێنەی کەسێتی ئەو خاتوونە، جا هەریەکە و بە جۆرێک، خاتوو (مهاباد) چ قسەیەک یاخود چ تاوانێکی کردووە تا ڕوداوی مەرگی ئەو خاتوونە بەو جۆرە لە لایەن کۆمەڵێک مێشک پووتی خورافگەراوە و هەندێک لە نوسەری بوکەڵە بکرێت بە مەنەلۆجی ناو سۆشیالمیدیاو میدیای ئاستنزمی حیزبی کوردی، خاتوو (مهاباد) وەکوو زۆربەی نوسەرو رۆشنبیرە بوێروو ئازادیخوازەکانی ئەو کۆمەڵگایە پراوپڕ بوو لە ئیرادەی ژنێتی و تا دوا هەناسەشی لە جەنگاندابوو بۆ هاوتاکردنی مافی ژنان وەکوو فیمینستێکی چالاک لە ناو کۆمەڵگادا لە بەرامبەر کۆنەبەرستی و خورافاتدا.
مێژووی ئەو بەرخوردکردنە بە ئەنقەستەی بەشێک لە نوسەران و میدیای کوردی لە بەرامبەر ئەو جۆرە مرۆڤانەدا تازە نییە و بەشێکە لەو ململانێیە پڕ بۆگەناوەی کە حیزبی سیاسی کوردی لە ناو کۆمەڵگادا خوڵقاندویەتی و خەریکە دەبێتە کولتورێکی میراتیی و درێژماوە، ئەوەی کە ئێستا بەسەر خاتوو (مهاباد) دا دێت ، بەشێکە لە درێژکردنەوەی ئەو مێژووەی کەنوسەرو رۆشنبیرانی وەکوو (عبدلخالق معروف ) و (هەژار موکریانی ) و ( فەلەکەدین کاکەیی) و(شێرکۆ بێکەس) تیایدا بوونە قوربانی بێ ئەوەی خۆیان هەستی پێبکەن.
ئەو کولتورە کە هەڵگری بونیادێکە پڕاو پڕ لە حیقدی سیاسی و ئیدۆلۆژی، خەریکە بە شێوەیەکی گشتگیر باڵدەکێشێت بە سەر دنیابینی تاک و خێزان و کۆمەڵگادا، مرۆڤ وایلێهاتوە بە هۆی ئەو فەزایەوە کە ئەو کولتورەی بەرهەمهێناوە گومان بکات سبەی کە دەمرێت، دایک وباوک و براو خوشکەکانی ، هاورێ و دۆست و خزمانی نەک لە پرسەکەیدا بەشدار نەبن ، بەڵکوو بە مەسجێکیش خەمباری خۆیان نیشان نەدەن.

لە وتەیەکی (ستالین) وەرگیراوە*

جوتیار




دەستەڵات و بنیادی بەدبینی کولتوری … جوتیار

تاوانکاری وەک چەمکێکی سایکۆ-سۆسیۆلۆژی کاتێک دەگاتە چڵەپۆپە لە کۆمەڵگادا، ئەوکاتەی (Legitimation) مەشروعیەتی دەستەڵات و حیزبی سیاسی دەچێتە ناو بیرکردنەوەی تاک و لە ناو هەموو وەتەرەکانی ووشیاری و هەڵچونە فیکری و ڕۆحیەکانماندا جێگیر دەبێت، ئەوکاتەی حیزب و دەستەڵات دەبێت بە بەشێک لە بەهاو تێکەڵ بە ڕیتواڵە کۆمەڵایەتیەکانمان دەکرێت.
ژن سوتاندن، پیاوکوشتن ، تۆقاندن، دەستدرێژی ، ڕفاندن و سەربڕین، تازەترینیشیان جنێودان و سوکایەتیکردن، کەوتنە سەرئەژنۆ و گریان و پاڕانەوەو خۆ بچوککردنەوە و دەرچون لە جوغزی ڕاستەقینەی مرۆڤبوون، خەریکە ببێتە خەسڵەت و دیاردەیەکی گشتگیر لە کۆمەڵگای کوردستاندا، کە دەکرێت وەک دیاردەیەکی زۆر نا کولتوری پێناسە بکرێت، ئەو شەرایتە کۆمەڵایەتیە کاتێک دێتە ئارا کە دەستەڵات و هێزەکەی وە هەروەها ئۆپۆزیسیۆن و میدیاکەی بە ئاگایەوە سیستێمێک بۆ بە سێنتڕالیزەکردنی دنیابینی خۆیان بنیاد دەنێن و لە ڕێگایەوە خەڵکی تێکەڵ بە ئاریشەیەکی هەرزانی دیدگا سیاسی و ئیدۆلۆژیکیەکانیان دەکەن و وپەکیان دەخەن لە هەر جوڵەو گەشەیەکی سروشتی و کۆمەڵایەتی خۆیان.
فاکتە بونیادەکانی تاکێکی ئیرادەگەرو ئینسانی ؛ پێویستە بەر لە هەر شتێک کولتورێکی ئیرادەئامێزو جیهانبینیەکی ئینسانی بۆ دەستەبەربکرێت، پێویستە دەوڵەت ئەگەر هەبێت، ڕایەڵەکانی (کولتوری سێنتڕال) وەکوو چەمکێکی پەروەردەو بونیادی بۆ کۆمەڵگاو تاکەکانی بەرهەمبێنێت، (کولتوری سێنتراڵ) وەکوو جێگرەوەی ڕەوایەتی قودرەت و دەستەڵات، دەتوانێت ڕۆڵبگێڕێت لە پێگەیاندن و سەرپێخستنی نەوەیەکی کاراو کۆمەڵگایەکی کراوەو بێ توندوتیژی و دنیابین.
با ئێمە باسی کولتور لە ڕوانگە تەقلیدی و شاراوەکەیەوە نەکەین ، با ئەو پرسانە ئاراستە بکەین کە کولتور وەکوو چەمکێکی زیندوو و ئامادە دەتوانێت چ ڕۆڵێک دروستبکات لە بونیادی مرۆڤێکی هۆشیار؛ ئیرادەگەر و وابەستە بە بونیەویەتی خۆی و کۆمەڵگاکەیەوە.
پرسیارکردن لەسەر جەوهەری کولتور هەمیشە وایە کە ئەوەی پەیوەندی بە کولتورەوە هەیە مرۆڤ ناتوانێت وەکوو خۆی نیشانی بدات، چونکە کۆمەڵگا خۆی کولتور بەرهەم دێنێت و وەکوو دیاردەیەک دەیخاتە دەرەوەی خۆی و نمایشی دەکات، ئەوەی کە ئێستا لە کوردوستان ڕوودەدات ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت ئەوەی دەگوزەرێت لە پەیوەست بە ژیانی خەڵکەوە بریتییە لە نمایشی راستەقینەی خراپترین جۆری بەها کولتوریەکان.
کولتور وەکوو میکانیزمێکی کاراو بەرجەستە، وەکوو بەشێک لە مێژوو و سۆسیۆلۆژیای مرۆڤ لە جوڵەو گەشەکردندایە، ئەوەش لەژێر هەژموونی بەرخوردو جوڵە ئەقلیەکانی مرۆڤ وەکوو هەر چەمکێکی تری کۆمەڵایەتی .
کولتور تەنها باسی مرۆڤ و هەڵسوکەوتەکانی نییە، بەلکوو دەرەنجامێکی نەبڕاوەی بەرهەمە کۆمەڵایەتیەکانی ئینسان و سروشتە بۆ بونیادو دروستکردنی ئیرادەی کۆمەڵگا، دکرێت ئەوانەی دەوڵەت و دەزگاکانی بنیاد دەنێن، ئەوانەی ڕایەڵەی یاساو ڕێساکان ڕێکدەخەن؛ کولتورێکی هیومانیستی سەرتاپاگیر بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی پڕ ئیرادەو ناتوندوتیژو ئارام فەراهەم بکەن.
بیرکردنەوە .. ئەقڵ و مۆڕاڵ.. دین و ئیلاهیەت،.. هزرگەرایی و فەلسەفە،.. ئەوانە هەموویان بەرهەمی تێکەڵەی ئاوزگەرایی مرۆڤن، بۆیە ناکرێت مرۆڤ وەکوو دەرهاوێشتەی کولتور سەیر بکرێت، بەڵکو تەواو پێچەوانەکەی دروستە کە کولتور بە هەموو دیاردەکانیەوە مرۆڤ بەرهەمی دێنێت و ئاوێتەی دیدگا فیکری و ئیدۆلۆژیکیەکانی خۆی دەکات.
ئەو پرسیارە هەندێکجار ڕوبەڕوی خەڵکانی پەنابەرو کۆچەری دەکرێتەوە لەو کۆمەڵگایانەی کە دەبێت بە ووڵاتی دووەمیان و تێیدا نەشتەجێدەبن، نمونەی ووڵاتانی ئۆروپای ڕۆژئاوا ، کاتێک لێت دەپرسن (تۆ سەر بە کام کولتوریت)!؟، بونیادی هێز و ڕەهەندی پرسیارەکە ئەوە نییە، بەڵکو ئەوان مەبستیانە بزانن ( تۆ چی کولتورێک پێشکەش دەکەی یاخود چی مۆڕاڵێک دەبەخشیت)!!
Oliver Scott کە زانایەکی ئینسرۆپلۆژی بەریتانییە دەڵێت،
لە سەرتاسەری جیهاندا خەڵکی بەشدارن لە بونیادی سیمبوڵێکی مۆڕاڵی هاوبەش، کەواتە گەیشتن بە کولتورو ئیرادەیەکی دادگەرا بۆچی دەبێت قورس بێت و کەی دروست دەبێت)، تێکەڵکردنی مۆڕاڵ بە بەها کولتوریەکان، دەمانگەیەنێت بە فەهمێکی باڵای مرۆیی و لەڕێگایەوە دەتواندرێت ستراکچەری بوونێکی مرۆییانە بۆ کۆمەڵگا دەستەبەربکات، هەروەکوو ئەوەی کە لە کۆمەڵگا پێشکەوتوو و لیبڕالەکاندا بەدیدەکرێت و بەردەوامیش هەوڵ دەدرێت لە ڕێگای دەزگا مرۆیی و مەدەنیەکانەوە ئەو چەمکە بکرێت بە بەهایەکی جیهانی و سەرتاپاگیر.
کولتوری ئیرادەو مرۆیی کە دەتوانێت هاوسەنگی لە ناو هەموو چینە جیاوازەکاندا بخولقێنێت، لە فەلسەفەی دووانەی (دەوڵەت و سیاسەتدا) لە کۆمەڵگای کوردستاندا لە سایەی دەستەڵاتە تۆتالیتاریستەکانیدا تەنها بەشێکە لە جوانکاری هەیکەلی حیزب و موقەدەساتەکانی ، کە ناتوانێت لە کولتوری تاوانکاری و ڕوخان و بێ ئیرادەکردنی مرۆڤ زیاتر شتێکیتر پێشکەش و نمایش بکات کە کۆمەڵگا بە دەستیەوە کەوتۆتە قەیرانێکی قوڵی کولتوری-مرۆیی گەورەوە، دەرەنجامی ئەوەش خەریکە تاوانکاری و توندوتیژی لە ناو هەموو یەکەکانی کۆمەڵگاو پەیوەندی و هەلسوکەوتە کۆمەڵایەتیەکانی ئێمەدا ڕنگدەداتەوە، پەیوەندیەکانمان نەک بە جەستەو فیزیک و هەست و تێڕوانین ، بەڵکو تەنانەت لە ناو سۆشیال میدیاشدا هەڵگری شوناسێکی تاوانکارانەن، لە تێکشاندنی یەکتر و بێقیمەتکردنی بەهاو دیاردە كولتوری و ئینسانیەکان، من پێموایە ئەوە (بەدبینی کولتوری) و دیپرۆسیۆن و تێکشکانێکی سەرتاپاگیری کۆمەڵایەتی و سیاسیە کە ئەو کۆمەڵگایە بە گەورەو بچوکەوە بە هۆی کولتوری دەستەڵات و حیزبگەراییەوە ڕووبەڕوی بۆتەوە.




قوربانیه‌ك له‌ ناو چێژی به‌ كۆمه‌ڵدا .!! … جوتیار

ماوه‌یه‌كه له‌ ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ، به‌ڵكوو به‌ شێوه‌یه‌كی گشتیش له‌ ناو خه‌ڵكی كوردستاندا دیارده‌یه‌كی ناوازه‌ بۆته‌ جێگه‌ی سه‌رنج بۆ كات به‌سه‌ربردن و به‌شێكی زۆری له‌ خه‌ڵكی سه‌رقاڵ و توشی ئه‌نگیزه‌ كردووه‌ به‌ خۆیه‌وه‌، تا ئاستێك كه‌ مرۆڤ ناتوانێت له‌ نێوان حه‌قیقه‌ت و گاڵته‌جاڕیدا لێكی جیا بكاته‌وه‌، دیارده‌یه‌ك كه‌ بۆ به‌شێكمان پڕاوپڕه‌ له‌ پرسیاری مۆڕاڵی و تا ئاستێك له حه‌ژمه‌تی نا دنیابینیه‌كی ڕه‌ش و نا ئینسانی له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و چه‌مكه‌ خودنه‌فره‌تیانه‌ی كه‌ ماهیه‌تی كۆمه‌ڵگا ده‌خه‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ ، ئه‌ویش ده‌ركه‌وتنی گه‌نجێكی نادیده‌ له‌ ژیان و تێكشكاو له‌ ڕووی ده‌روونی و نا ته‌ندروست له‌ ڕووی بایۆلۆجیشه‌وه‌، چیرۆكی ئه‌و گه‌نجه‌ به‌ندبێژه‌ی كه‌ به‌ ناوی (خدر بێگه‌ڵاسی) ناسراوه،‌ تا ئه‌و ئاسته‌ كاریگه‌ره‌ كه‌ من ناتوانم ته‌نها جارێك به‌ دیار قسه‌كانیشی دابنیشم و گوێی لێ ڕابگرم، چونكه‌ مرۆڤی ته‌ندروست بۆ جارێك هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ چه‌نده‌ بێتاوان له‌ ژێر چه‌قۆی ده‌ستی كۆمه‌ڵگایه‌كی دڵڕه‌قی ناته‌ندروستدا بۆته‌ قوربانیه‌كی گه‌وره‌ی ده‌ستی نا ووشیاری و بێویژدانی مرۆڤه‌ نه‌خۆش و سه‌رگه‌ردانه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌.

من زۆر جار له‌ بۆچونه‌كانمدا ئه‌وه‌م باس كردووه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای كوردی چه‌نده‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی بێ بونیادو كه‌مهێنه‌ له‌ ئاستی چه‌مكه‌ گشتگیره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و فه‌لسه‌فه‌ی مۆڕاڵی مرۆیی، لای ئێمه‌ (مۆڕاڵ) ڕه‌وشت ته‌نها له‌ جوغزه‌ ئیرۆتیكیه‌كه‌یدا قه‌تیسكراوه‌و زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵك ته‌نها ئه‌و بۆچونه‌ باوه‌ ڕیتواڵیه‌ به‌ ‌ بنه‌ما وه‌رده‌گرن بۆ قسه‌كردن و هه‌ڵسه‌نگاندن له‌سه‌ر چه‌مكی مۆڕاڵ.

ئێمه‌‌ ناتوانین دیارده‌یه‌كی مۆڕاڵی بخوڵقێنین له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا و وه‌ك نمونه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ بیخه‌ینه‌ ڕوو وه‌ك فاكت و بونیاد؛ ناتوانین تێڕوانین و خوێندنه‌وه‌یه‌كی مرۆیشمان بۆ دیارده‌ مۆڕاڵیه‌كان هه‌بێت، كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ پڕیه‌تی له‌ دیارده‌ و شته‌ ناكۆكه‌كان به‌یه‌كتری، پڕیه‌تی له‌ فیگور و كاراكته‌ری سه‌یرو سه‌رنج ڕاكێش كه‌ ته‌نها له‌ ڕووی شێوه‌وه‌ جیاوزن، به‌ڵام هه‌موو شتێكیان وه‌ك یه‌كه‌و له‌یه‌ك ده‌چێت، له‌ سروشت و بیركردنه‌وه‌ و سه‌لیقه‌و تێڕوانیندا، له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی ڕۆژانه‌یاندا و له‌ گریان و پێكه‌نیندا، من به‌لامه‌وه‌ زۆر سه‌یره‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك بتوانێت له‌سه‌ر قوربانیدان به‌ تاكه‌كانی خۆی كۆمێدیا بخوڵقێنێت و چێژو ئاسوده‌یی لێ وه‌ربگرێت، به‌لامه‌وه‌ زۆر سه‌یره‌ له‌زه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای تێكشكان و وێرانبوونی باری ده‌روونی مرۆڤێكی نه‌خۆش و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت به‌رهه‌مبێنێت و ئاسوده‌یی له‌سه‌ر ده‌سته‌به‌ر بكات، كۆمه‌ڵگایه‌ك بتوانێت ته‌نها له‌ پێناو پێكه‌نینێكدا قوربانی به‌ تاكه‌كانی خۆی بدات ، ده‌بێت به‌ڕاستی بمانخاته‌ به‌رده‌م تێڕامان و هه‌ڵوێستێكی قوڵی مرۆیانه‌وه‌.
منیش بروای زۆرم به‌ به‌سه‌ربردنی كات و ساتی چێژبه‌خش هه‌یه‌ بۆ ژیانی هه‌ركه‌سێك، چونكه‌ چێژوه‌رگرتن ده‌توانێت به‌شێك له‌ خۆشبه‌ختی له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا به‌رهه‌مبێنێت و به‌شێكه‌ له‌ بنما سه‌ره‌كیه‌كانی ئیرۆسیه‌ت و بوونێكی به‌خته‌وه‌ر و ته‌ندروست بۆ تاكه‌كان.

موسیك وه‌ك هه‌ر ڕه‌گه‌زێكی تری ستاتیك له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا پێویستیه‌كی سه‌ره‌كیه‌ بۆ بوژاندنه‌وه‌ی لایه‌نی ڕۆحیمان و هه‌ندێك جاریش له‌ جیاتی هه‌موو ژه‌مه‌ ناته‌ندروسته‌كانمان پێویسته‌ له‌سه‌ر مێزه‌كانمان گوێچكه‌كانمان تێربكات و و ساڕێژی هه‌موو ئه‌و برینانه‌مان بكات كه‌ ده‌روون و زیهنمان به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت ، موسیك پێویسته‌ له‌ هه‌موو شوێنكدا وه‌ك به‌شێك له‌ هۆشیاری مرۆڤه‌كان ببیندرێت و ببێت به‌ به‌شێك له‌ به‌رخوردو هه‌ڵسوكەوت به‌ مه‌رجێك مرۆڤ بتوانێت وه‌ك كولتورێكی ئینسانی پێشكه‌ش به‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بكات،
ئێمه‌ خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگاكه‌ی ( ئیبن ڕوژد) ین وه‌ك كۆمه‌ڵگایه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتی، كه‌ ئه‌و به‌شێكی زۆری ژیانی له‌گه‌ڵ میوانداریكردن به‌ قه‌رجه ‌میوسیكژه‌نه‌كانی ئه‌نده‌لوس به‌سه‌ر برد، ئه‌و هه‌رده‌م پێی وابوو كه‌ میوسیك شتێكی جیاكراوه‌ نییه‌ له‌ فیكرو فه‌لسه‌فه‌ و پێی وابوو دوو چه‌مكن كه‌ به‌ بێ یه‌كتری هیچ مانایه‌كیان نییه‌.

ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ ناتوانینن فێری ببین ته‌نها نه‌بینینی مرۆڤه‌ وه‌ك خۆی، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ ڕێزو كه‌رامه‌تی مرۆیی پێ ببه‌خشرێت له‌ ئاستی وجوده‌ سروشتیه‌كه‌ی خۆیدا ، مرۆڤێكی ناكامڵ و نا ته‌ندروست كه‌ پێویسته‌ له‌ لایه‌ن دام و ده‌زگا په‌یوه‌ندداره‌كان و كۆمه‌ڵگا‌وه‌ چاودێری و سه‌رپه‌رشتی بكرێت ئێمه‌ بێین و بۆ ساته‌ بێكه‌ڵكه‌كانی خۆمان كۆمێدیای لێ به‌رهه‌م بێنین و بیكه‌ین به‌ مه‌هزه‌له‌ی سۆشیال میدیاو واش نیشانی بده‌ین و بڕوا به‌ویش بهێنین كه‌ ئه‌و نمونه‌ی باڵای میوسیكی كوردیه‌، به‌ڕاستی من پێم وایه‌ ئه‌وه جۆرێكه ‌ له‌و ‌‌ depression) ) گۆشه‌گیریه‌ی كه‌ خه‌ڵكی به شێوه‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵ له‌ ئه‌نجامی بێ به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگادا و نه‌بوونی په‌روه‌رده‌یه‌كی سیستماتیك توشی ده‌بێت.




تیرۆر…. مرۆڤ و كاڵا !! ….. جوتیار

یه‌كێك پڕ له ئه‌نگیزه‌ترین‌ بابه‌ته‌كانی ئێستاو ‌ له‌ پانتایی میدیا و دیبلۆماسیه‌تی جیهانیدا بابه‌تی تیرۆری (جمال خاشقچی) یه، ئه‌و كه‌یسه‌ پێویستی به‌ ئیستێكی ڕامانگیر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ بتوانێت له‌ شێوه‌‌ كه‌تواریه‌كه‌ی ‌ خۆیدا خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروست و فره‌ ڕه‌هه‌ندی بۆی هه‌بێت.!!
خاشقچی ئه‌گه‌رچی له‌ ڕامان و تێڕوانینیدا خۆی په‌روه‌رده‌ی خوێندنگه‌‌یه‌كی هزریی كۆنه‌پارێز و پانئیسلامییه‌‌ كه‌ به‌شێكه‌ له‌ پشتیوانی تیرۆرو پاكتاوی سیاسی، به‌ڵام ئه‌وه‌ نابێته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م ئازادیخواز و ڕۆشنبیران كه‌ هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ر جۆری تیرۆر و پاكتاوی جه‌سه‌دی ئه‌و ڕژنامه‌نوسه‌ بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌و وه‌ك ڕۆژنامه‌نوسێكی ڕه‌خنه‌گر به‌ ده‌سته‌ڵات، بوو به‌ قوربانی و ناچار به‌ ڕاكردنكرا له‌ عه‌ره‌بستانی سعودیه‌وه‌ بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌گرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاو له‌ دوایشدا له‌ كونسوڵخانه‌ی سعودیه‌ له‌ ئیستانبوڵ پارچه‌پارچه‌ كرا و به‌ هه‌مه‌جیترین شیوازی پاكتاوكردن تیرۆركرا‌، ئه‌و شێوازه‌ له‌ تیرۆر كه‌ خاشقچی وه‌ك دژبه‌رو ڕۆژنامه‌نوسێك رووبه‌ڕوی بویه‌وه‌و ژیانی له‌سه‌ر دانا ، ده‌چێته‌ سه‌ر په‌ڕه‌گرافی مێژووی ( تیرۆری سیاسی ده‌وڵه‌تیی) به‌ جۆرێكی نامرۆڤانه‌و نا هاوتا له دڕنده‌یی ده‌سته‌ڵات و ‌ به‌ پلان و به‌رنامه‌یه‌كی ئاماده‌بۆكراو به‌ ئاگاداری دادپه‌روه‌رانی دیموكراسیه‌تی ڕژئاواو سیسته‌می ئابوری چاوچنۆكانه‌ی نیولیبڕالیزمی سه‌رمایه‌داری به‌ ڕابه‌رایه‌تی (ترامپ) و هاوشێوه‌كانی.
من خۆم له‌و باسه‌ ناده‌م كه‌ بۆچی خاشقچی به‌و شێوه‌یه‌ تیرۆركرا، چونكه‌ خه‌ڵكانی شاره‌زاتر هه‌ن كه‌ ده‌توانن ئه‌م باسه‌ بكه‌ن به‌ بابه‌تی ڕۆژو ووتوێژو‌
به‌دواداچوونی میدیایی.

ئه‌وه‌ی كه‌ من مه‌به‌ستمه‌ له‌و چه‌ند كۆپله‌ نوسینه‌دا بیڵێم، گه‌رمبوونی ئه‌و هه‌موو ژماره‌ی ملیاردانه‌یه‌ كه‌ له‌ نێوان زلهێزه‌كاندا له‌ په‌یوه‌ست به‌و كه‌یسه‌وه‌ قسه‌ی لێده‌كرێت، به‌شێكی زۆری سه‌رچاوه‌ مێدیایه‌كان ئه‌وه‌ پشتراست ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌سته‌ڵاتدارانی ئه‌ره‌بستانی سعودیه‌ به‌خششێكی هێجگار هێجگار مه‌زن و قه‌به‌ی خستوه‌ته‌ به‌رده‌م (ترامپ و ئۆردوگان) بۆ داپۆشین و به‌ لاڕێدابردنی كه‌یسی (خاشقچی) و ڕه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و گومان و فۆكه‌سانه‌ی له‌سه‌ر شازاده‌ موحه‌مه‌ده‌ له‌ بابه‌تی ئه‌و تیرۆره‌دا!، چونكه‌ بۆ ده‌سته‌ڵاتدارانی سعودیه‌ش ئه‌وه‌ ڕوونبۆته‌وه‌ كه‌ ئیتر شازاده‌ موحه‌مه‌د ناتواندرێت له‌وه‌ پتر په‌نابدرێت له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه‌ خه‌جاڵه‌تئامێزه‌ی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیی له‌ په‌یوه‌ست به‌ كه‌یسی (خاشقچی)دا، ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر جێگای سه‌رنجه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاته لیبڕاڵ\دیموكراته‌كانی ڕۆژئاوا بایی خۆی كۆشش ده‌كات پشكێكی ئه‌گه‌ر بچوكیش بێت له‌و كێكه‌ چه‌ورو شیرنه‌ی كه‌ له‌ بازاری تیرۆری (خاشقچی)دا له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتدارانی سعودیه‌وه‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر مێز بۆ خۆی ببات، وه‌ك له‌سه‌ر زاری سیاسه‌تمه‌داره‌ ئاڵمانیه‌كان ڕوون ده‌رده‌كه‌وێ و‌ ده‌یانه‌وێ له‌ دوو وێستگه‌ی جیاوازدا له‌ به‌ بازاربوونی ئه‌و مژاره‌‌دا سودێكی ئابورییان پێبگا.

ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمان، یه‌كێك له‌و بازاره‌ گه‌رمو گوڕانه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ چاوچنۆكی خۆی به‌ ناوی ئه‌فسونی دیموكراسی له‌ به‌رامبه‌ر وڵاتانی هه‌ژار و جیهانی سێیه‌مدا له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتدارانیان فراوان كردۆته‌وه‌و هه‌رده‌م په‌یره‌و‌ی سیاسه‌تێكی كۆنه‌پارێزی و ناكۆكیان له‌ هه‌ڵسوكه‌وتیاندا په‌یڕه‌وكردووه‌ ، ئه‌وان بۆنی چه‌وری و قه‌ڵه‌وی ئه‌و كێكه‌ی كه‌ سعودیه‌كان بۆ بێده‌نگكردنی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌به‌رامبه‌ر كه‌یسی (خاشقچی)دا له‌سه‌ر مێزی دیموكراسیه‌ت دایان ناوه به‌ باشی‌ كردوه‌، وه‌ ده‌زانن هه‌ڵوێسته‌كانیان ده‌توانێت شتكیان بۆ به‌ده‌ست بخات ئه‌گه‌ر فشاره سیناریۆئامێزه‌كانیان له‌ ڕوی سیاسیه‌وه‌ كه‌مێك گه‌رمتر بكه‌ن له به‌رامبه‌ر سعودیه‌دا، كاتێك له‌ ڕاگه‌یاندنه‌ ‌فه‌رمیه‌كانیاندا داوای ڕوونكردنه‌وه‌ی بڕواپێكراوی پتر و هۆكاری لۆژیكیانه‌تر ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و جۆری كوشتاره‌ كه‌ له‌ ده‌زگه‌یه‌كی فه‌رمی دیبلۆماسیی ده‌وڵه‌تدا په‌رپاكراوه‌ به‌ جۆرێكیش كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی پاوانخوازی ده‌وڵه‌ته‌ تیرۆریسته‌كه‌یه‌. ‌

هه‌ڵوێستی ئه‌ڵمانیه‌كان له‌ بابه‌تی جۆراوجۆردا جێگای سه‌رنجه‌، هه‌روه‌كو چۆن له‌ كه‌یسی ڕۆژنامه‌نوس(عادل یگیت) له‌ به‌رامبه‌ر توركیاو ئۆردوگاندا نیشانیاندا، ئه‌و به‌رخورده‌ بۆ ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك و ئه‌ڵمانیا كه‌‌ له‌ دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانیه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی سه‌رتۆپی بۆ دیموكراسیه‌ت و ئازادی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كات، جێگای پرسیار و تێڕامانێكی ورده‌.

ئه‌وه‌ی كه‌ جێگای سه‌رنجێكی قوڵه‌ له‌ بابه‌تی ئه‌و كه‌یسه‌ی (خاشقچی) دا تاكه‌ فشار له‌ لایه‌ن وڵاتانی ڕۆژئاواوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ سعودیه‌ كه‌ ڕوو به‌ مێدیا ده‌رده‌كه‌وێت ته‌نها گوێبیستی ئه‌وه‌ ده‌بین كه‌ ئیتر چه‌ك به‌ سعودیه‌ نافرۆشن، وه‌ك ئه‌وه‌ی (خاشقچی) په‌ڕاوی ئه‌و به‌ڵنده‌رییه‌ بێت كه‌ بۆ فرۆشتنی چه‌ك له‌ نێوان وڵاتانی ڕۆژئاواو سعودیه‌دا واژوو كرابێت و ئێستاش دڕێندرابێت!!، ئه‌رێ به‌ڕاست هه‌موو هه‌ڵوێسته‌ به‌هێزه‌كه‌ی وڵاتانی ڕۆئاوا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی شازاده‌كان بكه‌ن به‌ نه‌فرۆشتنی چه‌ك؟!

چ بێ ڕه‌وشتیه‌كه‌ ‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌و ڕۆژگاره‌دا ڕووبه‌ڕوی مرۆڤ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڕاست پێویسته‌ چه‌ند ڕۆژنامه‌نوس و نوسه‌ر و چالاكوانی تر كه‌له‌پاجه‌ بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژئاوای باوكی دیموكراسیه‌ت و دایكی مافه‌كانی مرۆڤ هه‌نارده‌كردنی ماست و په‌نیر بۆ وڵاتانی دیكتاتۆر و سه‌ركوتگه‌ر ڕابگرێ؟! ، چ گه‌ڕه‌لاوژه‌یه‌كی بێزه‌وه‌ره‌ سیاسه‌تكردن له‌و جیهانه‌ی سه‌رمایه‌داریدا !!، لێره‌وه‌‌ درك به‌وه‌ ‌ده‌كه‌ین كه‌ چه‌نده‌ كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی پێویستی به‌ ماركس و تێڕوانینه‌كانیه‌تی تا چیتر ئینسان له‌به‌رامبه‌ر( كاڵاو شومه‌ك)دا مامه‌ڵه‌ی پێوه‌نه‌كرێ و بێنرختر نه‌كرێ.




جادوگه‌ری سیاسی … جوتیار

سیاسه‌تكردن ئه‌و جیهانه‌ ئاڵۆزوو بێ مه‌ودایه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ هه‌ندێكجار ده‌خاته‌ ناو تێڕامان و ڕه‌هه‌ندی ئاڵۆزه‌وه‌، هه‌ندێكجار وات لێده‌كات بیركردنه‌وه‌ت، تێڕوانین و گومانه‌كانت، نایه‌كانگیربن له‌گه‌ڵ پێشهات و خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانت، سیاسه‌ت وه‌ك چه‌مكێكی سیحری ده‌كرێت خۆی بخزێنێته‌ ناو هه‌موو درزو قڵشه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ و تا ئه‌به‌د بتوانێت له‌ ژێر كاریگه‌ری ئێنێرژی و ئاكتیڤیتێتی بێهاوتای خۆیدا یاری به‌ چاره‌نوسی مرۆڤ بكات له‌ نێوان دوو ئۆپشنی دۆڕان و سه‌ركه‌وتندا!!
له‌ كۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵاتیدا مرۆڤ له‌ ژێر كاریگه‌ری ته‌وژمه‌‌ مه‌عنه‌ویه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت و خۆی ده‌نوێنێت، بۆیه‌ ناتوانێت وه‌ك تاكێكی ئاماده و دروستكراو‌ خۆی نیشان بدات، به‌ پێچه‌وانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ئیندوستریاڵ و پێگه‌یشتوه‌كان كه‌ هه‌میشه‌ مرۆڤ تێیدا بوونه‌وره‌ێكی ماتریالی و له‌ ژێر كاریگه‌ری چه‌مك و توانا هزریه‌ فه‌رزكراوه‌كاندا نیشان ده‌درێت.

كۆمه‌ڵگه‌ كاتێك بێ بزاوت و هه‌نگاو ده‌بێت كه‌ تاكه‌كانی به‌ خولیا مه‌عنه‌ویه‌كان ڕاده‌هێندرێن، كاتێك خامۆش و ده‌سته‌مۆده‌بێت كه‌ بیركردنه‌وه‌ ته‌نها تا سنوری نان و برسیه‌تی بڕبكات نه‌ك تا سنوری ئیراده‌و قوربانیدان، هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پڕه‌نسیب و مۆڕالێكی تۆكمه‌ی مرۆیی بنیاد نه‌ندرێت ئه‌وه‌ ناتواندرێت پشتی پێببه‌سترێت و ناوبندرێت كۆمه‌ڵگای ته‌ندروست. كه‌ كۆمه‌ڵگاش ته‌ندروست نه‌بێت بیركردنه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروستیش بوونی نابێت. كه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروستیش له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا نه‌هاته‌ ئارا ئیتر ناتواندرێت تاكێكی ئیراده‌ئامێز و ووشیار به‌رهه‌م بێت.
ئه‌و باسه‌ قسه‌یه‌كم بیر ده‌خاته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت (هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك به‌ فیكرو فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ئینسانی ڕوناك نه‌بوبێته‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌ دڵنیایه‌وه‌ له‌ ژێر تاریكی جادوگه‌ره‌كاندا‌ داده‌پۆشرێت) نازانم ئه‌م قسه‌یه‌ كێ كردویه‌تی، به‌ڵام له‌ ئێستادا پڕاوپڕ به‌ باڵای كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كه‌ناركه‌وتوو و دابڕاوی وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه‌، هه‌ر حیزب و سیاسه‌تبازێك كه‌ بیه‌وێت توانای ته‌لیسمه‌كانی خۆی ببینێت، دێت له‌ ناو ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی ئێمه‌ ئه‌زموونیده‌كات، هیچ شتێك بارته‌قای ده‌سخه‌ڕۆكردنی كۆمه‌ڵگای كوردی ئاسان نیه‌ له‌ دیدی حیزب و سیاسه‌تبازه‌كانه‌وه‌، خاڵی لاوازی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ بریتییه‌ له‌ نه‌بوونی پڕه‌نسیپێكی مرۆیی و نه‌بوونی ڕۆحی قوربانیدان.

سیاسه‌ت له‌ لای ‌ئێمه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ مێژووی ڕۆژهه‌ڵات هه‌میشه‌ له‌ ده‌ستی جادووگه‌رانی سیاسیدا وه‌ك ته‌لیسم به‌رخوردی له‌گه‌ڵكراوه‌ ڕوو به‌ خه‌ڵك تا ئه‌وه‌ی وه‌ك چه‌مكێكی ئه‌قلی په‌یوه‌ست به‌ كۆمه‌ڵگا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كرابێت. كۆمه‌ڵگا ڕۆژهه‌ڵاتیه‌كان به‌ درێژایی مێژژووی خۆیان گیرۆده‌ و قوربانی ده‌ستی كاره‌كته‌ره‌‌ سیاسیه‌كانیانن، ئه‌و سیاسیانه‌ی كه‌ له‌ جادوگه‌ره‌كانی سه‌رده‌می سه‌ره‌تای لاهوتیه‌ت ده‌چن تا ئه‌وه‌ی له‌ پیاوی سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ت، من پێم وایه‌ سیاسیه‌كانی سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی سۆمه‌ر و بابل زۆر كارامه‌و توانادارتر بووبن له‌ ئه‌ركی سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌تدا به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ هی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی خۆمان. كاری سه‌ره‌كی حیزب و سیاسه‌توان به‌ درێژایی سه‌د ساڵ له‌و جیوگرافیایه‌دا ته‌نها برتیبووه‌ له‌ وێرانكردنی زیهنیه‌تی تاك و داروخاندن و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و به‌ شێوه‌ زاریه‌كه‌ی گه‌مژاندنی.

زوو زوو هه‌ر جاره‌و به‌ هۆكارێك ئه‌و سیاسییه‌ ده‌موچاوو سواوانه‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌ی ئێمه‌ ده‌بنه‌وه‌‌ (Face)ی ئاكتوێلی بێ (book)و كۆمه‌ڵگاش به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك ‌ بێت ناچار ده‌كرێت نیگایان بكات و ڕه‌زایان به‌ ناچاری قبوڵبكات، هه‌ندێك جار قورسترین بڕیار بۆ مرۆڤ ئه‌وه‌یه‌ به‌ ناچاری گوێ له‌ مرۆڤگه‌لێك بگریت كه‌ سور بزانیت درۆت بۆ ده‌كه‌ن و هه‌ڵتده‌خه‌ڵه‌تێنن، قورسترین كات ئه‌و كاتانه‌یه‌ كه‌ به‌ ناچاری پێبكه‌نیت و به‌ ناچاریش (به‌ڵێ)یه‌كت پێ بدركێنن هاوشێوه‌ی ئه‌و شادوومانه‌ی ‌ كه‌ جه‌لاده‌كانی‌ ئیسلام به‌ كه‌سێك ده‌یده‌ن له‌ پێناو مه‌رگ و قوربانی خۆیدا.




‌ له ناو‌ كۆمێدیای‌ سیاسه‌تدا ‌‌!! … جوتیار

به‌ درێژایی سه‌دان ساڵ یاری به‌ چاره‌نوسمان ده‌كرێت و ده‌كه‌ین؛ وه‌ك ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ مرۆڤه‌ی‌ كه‌ مێژوو ناوی لێناوین كورد، سه‌دان ساڵ له‌ ژیانی سیاسیمان تێده‌په‌ڕێت و كه‌چی ئێمه‌ نه‌مانتوانی شوێنێك بۆ جێپێیه‌كانی خۆمان وه‌ك مرۆڤ بدۆزینه‌وه‌، سه‌دان ساڵ شاره‌كانمان داگیر ده‌كرێن و ده‌سوتێندرێن، ماڵه‌كانمان ده‌ڕوخێندرێن، شوێنی نیشته‌جێبونمان ده‌كرێت به‌ ئاسه‌وار و وێرانه‌، گه‌نجه‌كانمان ده‌بنه‌ قوربانی و كچه‌كانمان ده‌كرێن به‌ كه‌نیزه‌ك و سه‌بایا، دایكانمان عومریان له‌گه‌ل هه‌ناسه‌ ساردی و فرمێسكه‌كانیان ژێر گڵ ده‌نێن، سه‌دان ساڵه‌ منداڵه‌كانمان له‌ خراپترین ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیدا په‌روه‌رده‌ ده‌بن، ژێرخانی ئابوری و سه‌روه‌ مرۆیه‌كانمان به‌تاڵان ده‌بردرێن، شتێك نییه‌ به‌ ناوی شارستانیه‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ و شتێك نییه‌ به‌ ناوی كولتور، كه‌چی هێشتاش دڵمان خۆشه‌و پێمان وایه‌ كه‌ مرۆڤگه‌لێكی زۆر سه‌ركه‌وتوو ئامانجگیرین. كه‌ چی له‌ ڕاستیدا دۆڕاوترین و تێكشكاوترین ئینسانی سه‌ر ئه‌و زه‌مینه‌ین.

هه‌موو ئه‌وانه‌ داگیركه‌رو ئیمپرزالیزم و فاشیزم و راسیزم و ئه‌و مه‌فاهیمه‌ سیاسی و ده‌سته‌واژه‌ باوانه‌ ‌ به‌ ته‌نها به‌رپرسیار نین بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ تێكشكانی مرۆیی/ ئه‌قلی خۆمانیان بخه‌ینه‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵكو فاكته هه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كه به‌ر له‌ هه‌رشتێك نه‌بوونی په‌یمانی یه‌كانگیریه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ بۆشایی و نا كاریگه‌ربوونی فیكر و ئیدیایه‌كی مرۆیی؛ كه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای ئیراده‌و و به‌ها ڕاسته‌قینه‌كانی مرۆڤ ئیندیڤدواڵێك بونیاد و په‌روه‌رده‌ بكات.

ئێمه‌ به‌ هه‌موو مێژووی سیاسیمانه‌وه‌ نه‌مانتوانی وا له‌ به‌رامبه‌ره‌كانمان بكه‌ین كه‌ وه‌ك مرۆڤی ژیر و ته‌ندروست بمانبین و هه‌ڵسوكه‌وتمان له‌گه‌ڵ بكرێت، ئه‌وه‌ قه‌ده‌ر نییه‌ و هیچ په‌یوه‌ندیشی به‌ ڕه‌شی نێوچاوانه‌وه‌ نییه‌، ئێمه‌ نێوچاوانمان نا؛ به‌ڵكو زیهن و بیركردنه‌وه‌و تێڕوانینمان ڕه‌شه‌، له‌وانه‌یه‌ بونه‌وه‌ری كورد خراپترین جۆری پێكهاته‌كانی ئه‌و كائینه‌ی به‌ركه‌وتبێت‌ كه‌ له‌ سه‌ر زه‌وی پێی ده‌ڵێن مرۆڤ.

زۆر ئه‌سته‌مه‌ له‌و زه‌مه‌نه‌دا كورد بیتو پێتوابێت به‌شێكی له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی، پێتوابێ وه‌ك كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندروست و وه‌ك ژیارێكی وابه‌سته‌ به‌ مرۆڤایه‌تی سه‌یر ده‌كرێیت، پێتوابێ وه‌ك كۆلۆنیه‌كی مۆدێرن و و خاوه‌ن شارستانی ته‌ماشا ده‌كرێیت، پێتوابێ تۆ زۆر مه‌زنی و بوونت له‌ ناو ئه‌م هه‌ساره‌یه‌دا زه‌روره‌ته‌، پێتوابێ تۆ به‌ڕاستی شایسته‌ی ‌ خه‌ڵاتكردن و ستایشكردنی، پێتوابێت تۆ بونه‌وه‌رێكی غه‌ریب و ناوا‌زه‌ی و قابیل به هه‌موو ئه‌و جیاوازیانه‌ی وه‌ك هه‌ڵبژارده‌یه‌كی سۆسیۆ/ بیۆلۆژی.. چ كاره‌ساتێكه‌ ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌، كاره‌سات نا به‌ڵكو گه‌مژه‌یه‌كی زۆر مه‌زن و له‌ ڕاده‌به‌ده‌ره‌ چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ هیچ مرۆڤێك بارته‌قای مرۆڤی كورد هه‌ستی كه‌مایه‌تی تیادا نه‌بێت‌، هیچ مرۆڤێك بارته‌قای مرۆڤی كورد دووڕوو نه‌بێت‌، هیچ مرۆڤێك بارته‌قای مرۆڤی كورد درۆزن نه‌بێت‌، مرۆڤی كورد به‌ هیچ پێوانه‌یه‌كی فیكری و ئیدۆلۆژی ناتواندرێت ده‌ستنیشانی پانتایی و توانا ئه‌قلیه‌كانی بكه‌یت، ناتوانیت وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌ك بیناسیت و بیدۆزیته‌وه‌و فیگورێكی مۆڕالی و مرۆیی لێدروست بكه‌یت،له‌ وانه‌یه‌ هیچ مرۆڤێك بارته‌قای مرۆڤی كورد حه‌ز به‌ تێكشكانی خۆی و دۆسته‌كانی نه‌كات، هیچ مرۆڤێك بارته‌قای مرۆڤی كورد له‌وانه‌یه‌ خۆپه‌رست و خۆسه‌پێن نه‌بێت‌، له‌وانه‌یه‌ هیچ كۆمه‌ڵگایه‌كیش وه‌ك كۆمه‌ڵگای كوردی ئامه‌ده‌ی تسلیم بوون و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان نه‌بێت‌، جا به‌ دۆست یان به‌ دوژمن، هیچ ئینسانێك وه‌ك ئه‌و ئینسانه‌ لاواز و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێندراو نییه‌، له‌وانه‌یه‌ هیج بونه‌وه‌رێك وه‌ك ئه‌و بونه‌وه‌ره‌ی به‌ ناوی كورده‌وه‌‌ قه‌ده‌ر فڕه‌یداوه‌ته‌ سه‌ر زه‌وه‌ی مه‌راییكه‌رو بێ ئاراسته‌ نه‌بێت.

ئیتر به‌و هه‌موو خه‌سڵته‌ نامرۆیانه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت ببین به‌ چی و چیمان لێدروست ببێت؟! ده‌مانه‌وێت نمونه‌ی حیزب و ده‌زگاو ده‌سته‌ڵاتی كوردی چۆن بێت؟! ده‌مانه‌وێت سیاسه‌تمان چۆن و ستراتیژمان چی بێت؟! ده‌مانه‌وێت چی تێبگه‌ین له‌و كه‌ونه ئاڵۆزو ناسه‌قامگیره‌‌ ‌ كه‌ هێشتا له بوونی‌ خۆشمان تێنه‌گه‌یشتووین!! ئیتر تۆ هه‌موو ئه‌و شته‌ ناوازانه‌ت له ناوه‌وه‌ی ‌خۆتدا كۆكردبێته‌وه‌ ده‌ته‌وێت چی پێشانی ده‌ره‌وه‌ت بده‌یت؟!
ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت چی تێبگه‌ین له‌و چه‌مك و سیستێمه‌ سیاسی وئابوریه‌ی كه‌ له‌سه‌ر كوشتنی (Agent) سیخوڕێك خه‌ریكه‌ شه‌ڕی جیهانی سێیه‌م هه‌ڵگیرسێنێت و له‌سه‌ر قڕكردنی ملیۆنان مرۆڤی بێتاوانی تریش خه‌ریكه‌ دونیا له‌ بێده‌نگیدا بخنكێنێت!!..
‌‌




ڕامانێك له‌ مارسدا…. جوتیار

دیمه‌نی ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی رابردودا له ‌( هه‌ولێر) له‌ ناو ئه‌و ماڵه‌ تاریكه‌دا وێنه‌كانیان له‌ ڕ‌ێگای گرته‌یه‌كه‌وه‌ خرایه‌ ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ، ئه‌وه‌نده‌ ناخ هه‌ژێنه‌ كه‌ مرۆڤ ناتوانێت پێناسه‌ی ئازاره‌كه‌ی بكات، مرۆڤ ناتوانێت بڕوا به‌ وه‌ بهێنت كه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ هه‌موو به‌ها ئینسانی و مۆڕاڵیه‌كانی له‌ خۆی داماڵیبێت و ‌ ڕووت بوبێته‌وه، مه‌به‌ستم ڕوتبوونه‌وه‌ی جه‌سته‌یی نیه‌، به‌ڵكو ئه‌و ڕوتبوونه‌وه‌یه‌ی كه‌ ئیتر هیچ مانایه‌ك بۆ مه‌وجودیه‌تی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌و ڕیتواڵ و ڕێسایانه‌ ناهێڵێته‌وه‌ كه‌ شارستانیه‌ته‌كان وه‌ك ژێرخانێك بۆكولتوری مرۆڤایه‌تی بنیادی ناوون.

له‌ ناو ئه‌و وێنانه‌دا ‌من هیچ ژنێكم تیادا نه‌بینی كه‌ شێوه‌ی له‌ تاوانبارێك بچێت ، من هیچ یه‌كێك له‌و شێوه‌ ڕوخسارانه‌م نه‌هاته‌ به‌رچاو كه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌ بێت خۆی داپۆشێت و حه‌شار بدات تاكوو ئێمه‌ نه‌یبینین و نه‌یناسینه‌وه‌.. ئێمه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌ناسین ، ده‌زانین ئه‌وان له‌ كوێ ژیان ده‌كه‌ن، هه‌موویان ناسیاو و نزیكی ئێمه‌ن، ئه‌وان كه‌سه‌ هه‌ره‌ وابه‌سته‌كانی ژیانێكن له‌ ناو ئه‌و گه‌ڕه‌لاوژه‌یه‌دا كه نایانه‌وێت له‌سه‌ر ژیان و خوێنی خه‌ڵكانی تر بنیادی بنێن، ئه‌وان كه‌سانێكن كه‌ شه‌ره‌فیان لێ ده‌چۆڕێت، چونكه‌ ده‌یانه‌وێت نانێك بۆ مانه‌وه‌ی منداله‌كانیان له‌ ناو ئه‌و نا دادپه‌وریه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریه‌دا به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌وان له‌سه‌ر بێشه‌ره‌فكردن و شكاندنی كه‌رامه‌تی هیچ كه‌سێكیتر ژیان قبوڵ ناكه‌ن تا وێنه‌كانیان بڵاو بكرێته‌وه‌ ، ئه‌وان له‌سه‌ر دزین و به‌ تاڵانبردنی ماڵی خه‌ڵكو سامانی هه‌ژاران گره‌و ناكه‌ن تا وێنه‌كانیان بڵاو بكرێته‌وه‌، ئه‌وان سیاسه‌تمه‌داری بازرگان نین تا بناسرێنه‌وه‌ ، ئه‌وان پله‌دارو به‌رپرپرسی خاوه‌ن بیری نه‌وت و پارله‌مانتاری به‌ ٤ ملیۆن دینار خانه‌نشینكراو نین بۆ وێنه‌كانیان بڵاو بكرێته‌وه‌؟!! ئه‌وان خاوه‌نی بانك و شوێنی گه‌شتیاری نین بۆچی خه‌ڵك بیانناسێت؟!! ئه‌وان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و فه‌رمانده‌ی هێزی چه‌كدار نین و مامه‌ڵه‌یان ‌ به‌ فرۆشتنی خاك و هیچ شارو لادێیه‌ك‌ نه‌كردووه‌، له‌ پێناو چیدا بناسرێنه‌وه‌؟! ئه‌وان ته‌نهاو ته‌نها له‌پێناو ئه‌و نانه‌دا كه‌ ده‌سته‌ڵاتی مافیا و چه‌ته‌كانی سیاسه‌ت له‌ناو هه‌موو گۆشه‌یه‌كی ئه‌و وڵاته‌دا لێی زه‌وتكردوون ده‌یانه‌وێت له‌ ناو ئه‌و ماڵه‌ تاریكه‌دا به‌ده‌ستی بهێنن له ‌پێناو مانه‌وه‌یاندا له‌و دنیا سه‌خیف و نا ئامانه‌دا.

من پێم وایه‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك به‌و جۆره‌ حه‌ز به‌ تێكشكاندنی مرۆڤبوونی تاكه‌كانی بكات پێویسته‌ گومان و هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بكرێت، گومانێك كه‌ تا ئه‌وپه‌ڕی ڕۆچوونمان ده‌بات له‌ په‌یوه‌ست به‌ بوون و كردارمان.
ئیتر ٨ مارس ئه‌گه‌ر بۆ گێڕانه‌وه‌ی شكۆو و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌ نه‌بێت له‌ پێناو مرۆڤبوونی ژندا بۆچییه‌ ؟! سیاسیه‌كان شه‌رم ناكه‌ن له‌سه‌ر ‌ تیڤی و له‌ ناو سۆشیاڵ میدادا بۆ ٨ ی مارس په‌خشان ده‌هۆننه‌وه‌‌.. حكومه‌تی هه‌رێم دانارزێت كه‌ به‌یاننامه‌ له‌ ٨ی مارسدا بڵاو ده‌كاته‌وه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌و ڕوداوه‌ی كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی پیاوانی ئاسایشپارێزی ئه‌و وڵاته‌دا ڕویدا ‌ بۆ مێژووی سته‌مكاری له‌سه‌ر ژن هیچی كه‌متر نیه‌ له‌ ڕوداوی ٨ مارس .

ئێوه‌ به‌ر له‌وه‌ی قسه‌ له‌و بۆنه‌یه‌دا بكه‌ن بڕۆن بیر له‌ یاسایه‌كی ئینسانی بكه‌نه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ست به‌و‌ هه‌مه‌جیه‌ته‌ی تا ئێستا به‌رامبه‌ر به‌ ژنان و مێژووه‌كه‌یانتان كردووه‌…




له نێوان مێژووی چڵه‌ زه‌یتونه‌كه‌ی (نوح) و (ئۆردوگان)دا …. جوتیار

1
قوربانیدان وه‌ك چه‌مكێكی كرداری هه‌میشه‌ هاوته‌ریب بووه‌ له‌ گه‌ڵ مێژووی
كاره‌ساته‌كانی مرۆڤ، هه‌ر له‌ سروشت و فیزیكه‌وه‌ تا ئیلاهیه‌ت و سیاسه‌ت، به‌ڵام‌ هیچ یه‌كێك هاوتای كاره‌ساته‌ سیاسیه‌كان كاریگه‌ری نه‌بووه‌ له سه‌ر له‌ناوبردن و به‌قوربانیكردنی مرۆڤایه‌تی، وێرانی ئابوری و مێژووی جه‌نگ و كوشتارگه‌كان ، تا ئاستێك تێكچون و ناباڵانسبوونی ژینگه‌و كاره‌ساته‌ سروشتیه‌كانیش هه‌ر په‌یوه‌ندی به‌و‌ چه‌مكه‌وه‌ هه‌یه‌؛ سیاسه‌ت یه‌كێك له‌ كابوساویترین ئه‌و ده‌لالاتانه‌یه‌ له‌ یادوه‌ری ئێمه‌ی مرۆڤدا به‌ تایبه‌تی مرۆڤی كورددا كه‌ ناتواندرێت ئاسان له‌ دیدو زیهنماندا بسڕێته‌وه‌.
2
پێغه‌مبه‌ر نوح به‌ پێی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كان بانگه‌وازی بۆ ڕزگاركردنی زه‌وی كرد له‌ ده‌ست پیسیه‌تی و دڕنده‌یی مرۆڤ، خودا له‌ سه‌ر داوای ئه‌و له‌ ڕێگای زریان و باوبۆرانه‌وه‌ زه‌وی ژێر ئاو خست، به‌ڵام بۆ گێڕانه‌وه‌ی ژیان له‌ سه‌ر زه‌وی داوای له‌ خودا نه‌كرد، به‌ڵكو چڵه‌ زه‌یتونێك بوو كه‌ له‌ ده‌نوكی كۆترێكه‌وه‌ كه‌وته‌ سه‌ر كه‌شتیه‌كه‌ی و بڕوای به‌وه‌ هێنا كه‌ ئیتر مرۆڤ ده‌توانێت جاركیتر له‌ سه‌ر زه‌وی ژیان ده‌ستپێبكاته‌وه‌.
په‌یامه‌كه‌ی حه‌زره‌تی نوح كه‌ ویستی له‌ ڕێگای چڵه‌ زه‌یتونێكه‌وه‌ به‌ مرۆڤایه‌تی بدات بۆ
دووباره‌ بنیادنانه‌وه‌ی ژیان و جوانیه‌كانی بوون، ئه‌و چیرۆكه‌ ده‌كرێت ‌ وه‌ك به‌شێك له‌ ستاتیكای مێژوو سه‌یری بكرێت.

3
ئۆردوگان گووتی له‌ قورئاندا ناوی چڵه‌ زه‌یتون هاتووه، هه‌ر بۆیه‌ش په‌لاماره‌كه‌ی سه‌ر عه‌فرینی به‌ ناوی ئه‌وه‌وه‌ كرد..! من هیچ تێنه‌گه‌یشتم ئه‌و ئه‌هریمه‌نه‌ كه‌ هاوشێوه‌ی مرۆڤ هاتۆته‌ سه‌ر زه‌وی ویستی چیمان پێبڵێت له‌ ڕێگای ئه‌و چڵه‌ زه‌یتونه‌وه‌ !؟ تۆ بڵێی ئه‌و بیه‌و‌ێ پێمان بڵێت كه‌ هاوشێوه‌ی نوح جارێكیتر زه‌وی له‌ پیسی پاك ده‌كاته‌وه‌‌‌.
ئۆردوگان تۆ نوح نیت.. تۆ جه‌نگاوه‌ری ئیمانێكی فاشیستی پڕ له‌ حیقدو بڕوایه‌كی پڕاوپڕ له‌ نا ئینسانی، كه‌شتیه‌كه‌ی تۆ دانه‌یه‌ك نییه‌، به‌ڵكو سه‌دان وهه‌زاران كه‌شتی ئاسنینن، به‌ڵام نه‌ بۆ په‌نادان و ڕزگاركردن؛ به‌ڵكو بۆ مه‌رگ و وێرانكردن.. ئۆردوگان تۆ پێغه‌مبه‌ر نیت به‌ڵكو هاوشێوه‌ی سوڵتانه‌كانی به‌ر له‌ خۆت خوێنمژێكی ڕووتی، جانه‌وه‌رێكی ئه‌وه‌نده‌ ترسناكی كه‌ بڕووام وایه‌ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رده‌می لافاوه‌كه‌ی نوحیشدا بوونت هه‌بوایه‌ ڕێگه‌یان نه‌ده‌دا پێیه‌كانت بخه‌یته‌ ناو كه‌شتیه‌كه‌وه و پیسی بكه‌یت‌.. ئۆردوگان تۆ ده‌ته‌وێت ببیت به‌ كێ؟ به‌ عوسمان یان به‌ حه‌مید یاخود به‌ شێخ محمودی گه‌زنه‌وی، یا خود به‌ خه‌لیفه‌ هیتله‌ر، یا خود له‌ كۆتایه‌كه‌یدا دێیت و ده‌ڵێیت كه‌ محه‌مدی مه‌هدیت!؟

ئۆردوگان تۆ بۆ ئه‌و جینۆسایده‌ت ناونا چڵه‌زه‌یتون!؟ تۆ بۆ ئه‌و یادوه‌ریه‌ ئومێدبه‌خشه‌ی ئینسانت كرد به‌ چیرۆكێكی خه‌مبار و ناشیرین.. ناشیرین وه‌ك خۆت، ناشیرین وه‌ك كاته‌كانی سوژده‌بردنت بۆ خودا.. ناشیرین وه‌ك ساتی سڕینی فرمێسكه‌ دروستكراوه‌كانت بۆ موسوڵمانه‌كانی بۆرماو فه‌ڵه‌ستین..ناشیرین وه‌ك ئه‌و چركانه‌ی كه‌ تیایدا بانگ ده‌بێژی و به‌ چیرۆكه‌كانی قورئان ختوكه‌ی ئیمانداران ده‌ده‌ی… ناشیرین وه‌ك ئه‌و كاته‌ی كه‌ په‌نجه‌ی شادومانه‌كه‌ت ڕاده‌وه‌شێنی و خه‌ریكه ده‌یكه‌یت به‌ قونی شه‌یتاندا.. تۆ ده‌ته‌وێت له‌ ڕێگای ده‌نوكی زرێپۆشه‌كانته‌وه‌‌ چی بهێنیته‌وه‌ بۆ ناو كه‌شتیه‌كانت، دارستانی گڕگرتووی‌ زیتونه‌كان یاخود گۆڕستانێك ‌ پڕ له‌ لاشه‌ی به‌ خه‌ڵوزكراوی منداڵ؟!!
ئه‌و چیرۆكه‌ی تۆش ‌ ده‌كرێت وه‌ك به‌شێك له‌ سه‌روه‌ری فه‌تح وغه‌زوه‌كان له‌ مێژوودا سه‌یر بكرێت وه‌ك هه‌موو سه‌روه‌ریه‌كانیتر ئه‌ی موجاهیده‌ خه‌مخۆر و ماندوه‌كه‌ی ئیسلام‌ ..




دیموكراسیه‌ت‌.. برینێك له‌ زیهنی ڕۆژهه‌ڵاتیه‌كاندا ! … جوتیار

له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی گیرۆده‌بودا به‌ فه‌رهه‌نگه‌ (پریمیتیڤ)كان و ترادیسیۆنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و لاهوتیه‌كان؛ مرۆڤ پێویستی به‌ دیموكراسیه‌تێكی باڵانسگیر هه‌یه‌ تا ببێته‌ بنه‌ما بۆ دروستبوونی تێگه‌یشتنێكی گشتگیر له‌ چه‌مكه‌كانی ئازادی و مافه‌ گشتیه‌كانی ئینسان، له‌ودیدگایه‌وه‌ی كه‌ دیموكراسی كراسێك نییه‌ بیپۆشین، پێویسته‌ له‌و‌ كۆمه‌ڵگایه‌نه‌دا‌ بارته‌قای ئه‌و بۆچونه‌ شیكردنه‌وه‌و ووردكردنه‌وه‌مان بۆ ئه‌و چه‌مكه‌ گلۆباڵه‌ هه‌بێت كه‌ نه‌یتوانیوه‌ ئیدێنتیتێی خۆی وه‌ك چه‌مكێكی فه‌لسه‌فی\ سیاسی به‌سه‌ر ئه‌قلیه‌ت و دیدگای تاكی ڕۆژهه‌ڵاتیدا بگونجێنێت.
بۆ ئه‌وه‌ی دیموكراسیه‌ت وه‌ك ماته‌ریاڵ و كاڵا له‌ لایه‌ن سه‌رمایه‌داریه‌وه‌ به‌ ماركێتینگ نه‌كرێت، یاخود به سه‌ر ‌ كۆمه‌ڵگا داخراو و گیرۆده‌كاندا بازرگانی سیاسی پێوه‌نه‌كرێت، پێویسته‌ ده‌ریچه‌كی ئه‌قلی فراوانتری بۆ بدۆزرێته‌وه‌ تا ڕێگاكانی تێگه‌یشتن له‌و چه‌مكه له‌ په‌یوه‌ست به‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ كراوه‌تر ببێت.

دیموكراسیه‌ت ئه‌گه‌ر به خه‌سڵه‌ته‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌یخۆی وه‌ك چه‌مكێكی زیهنی به‌رخوردی له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت ئه‌وه‌ ناتواندرێت بكرێته‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی پراكتیكی له‌ دنیای واقیعدا.
قسه‌كردن له‌سه‌ر دیموكراسی له‌ كۆمه‌ڵگا ڕۆژهه‌ڵاتیه‌كاندا تا ئاستی بنبه‌ست ته‌وه‌رێكی قورسه‌، چونكه‌ شتێك نییه‌ بتوانێت له‌و شوێنه‌دا دیموكراسیه‌ت به‌رهه‌م بهێنێت، دیموكراسیه‌ت به‌رهه‌می ئه‌قلێكی سیاسی ته‌ندروست و وشیاریه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی پگه‌یشتووه‌، به‌رهه‌می تواناو پێگه‌یشتنی سیستێمێكی په‌روه‌رده‌ی مه‌عریفی و ژیرگه‌رایه‌، دیموكراسیه‌ت له‌ مانا كورتكراوه‌كه‌یدا یانی به‌رخوردێكی یه‌كانگیرو ته‌ندروست له‌ نێوان ده‌سته‌ڵاتوو كۆمه‌ڵگادا؛ ‌ كه‌واته‌ دیموكراسیه‌ت ته‌نها ده‌توانێت به‌رهه‌می به‌یه‌كه‌وه‌ مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌و دوو چه‌مكه‌ بێت، ئه‌گه‌ر نا نه‌ ده‌سته‌ڵات ده‌توانێت ببێته‌ خاوه‌ن پاڕادایمی سیستمێكی سیاسی\ئابوری سه‌ركه‌وتوو نه‌ كۆمه‌ڵگاش ده‌توانێت له‌ فه‌زایه‌كی فه‌راهه‌مكراوی دیموكراسیدا گوزه‌رانبكات،( فرانك ڤاڵته‌ر شتاینمایه‌ر) سیاسه‌توان و ڕۆشنبیری ئه‌لمانی له‌ وتارێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ (دیموكراسی ته‌نها گوزارشت نیه‌ له‌و شته‌ی كه‌ خۆت ده‌یخوازی، به‌ڵكو هه‌ندێك جار سازشوو باڵانسه‌).
خه‌ریكه‌ به‌ هۆی ئه‌و هه‌موو مانا پێدانه‌یه‌وه‌ ‌ دیموكراسی ببێت به‌ خراپترین فۆرمی حوكمڕانی به‌ ده‌ست مرۆڤه‌وه‌، به‌ ده‌ست ئه‌و هه‌موو ده‌لالات و ڕه‌هه‌نده‌ جیاوازه‌نه‌وه‌، له‌و په‌ڕی دینگه‌را تا ئه‌وپه‌ری مولحید قسه ‌ له‌سه‌ر دیموكراسی ده‌كات و هه‌ر یه‌كێك ده‌یه‌وێت له‌دیدگای ‌خۆیه‌وه‌ پێناسه‌یه‌كی جیاوازی پێبدات.

ئێمه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كێشه‌مان له‌گه‌ڵ دیموكراسی ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێمان وایه‌ ئه‌و چه‌مكه‌ ته‌نها ده‌بێت ده‌سته‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن به‌رخوردی له‌گه‌ڵدا بكات، پێمان وانییه‌ كه‌ تاك به‌ تاكی كۆمه‌ڵگا ده‌توانێت به‌شداربێت له داڕشتن و بونیادی ئه‌و سیستێمه‌دا؛ خه‌ڵكی كه‌ نه‌تواندرێت فێربكرێت به‌ وه‌ی وه‌ك هاوڵاتیه‌ك ئه‌رك و مافه‌كانی بناسێت له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا ئیتر دیموكراسی ده‌توانێت له‌ ناو ئه‌و هه‌موو مه‌دلولاتانه‌دا چیبكات؟!، ده‌توانێت چی كاریگه‌ریه‌كی هه‌بێت له‌ یه‌كانگیركردنی په‌یوه‌ندیه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا، ئێمه‌ تاكو ئێستا‌ تێگه‌یشتنمان بۆ ئه‌و چه‌مكه‌ له‌ (هه‌ڵبژاردن) تێپه‌ڕی نه‌كردووه‌، ئه‌ویش زۆر به‌ ناته‌ندروستی و جیاواز له‌ هه‌موو بونیادو یاسا نێونه‌ته‌وه‌یه‌كان كه‌ بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌ستنیشان یان فۆرمۆله‌كراوه‌، له‌وه‌شدا نازانین كێ له‌ كۆتایه‌كه‌یدا بڕیار ده‌دات (باشه‌كان) یان(زۆرینه‌كان)!؟، كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ی دیموكراسی لای ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت زۆرینه‌ له‌ كۆتایه‌كه‌یدا قسه‌ بكات نه‌وه‌ك ئه‌قلێكی پگه‌یشتوو و ته‌ندروست، وشیاری ده‌توانێت لێره‌دا ڕۆڵ و كاریگه‌ری خۆی بسه‌پێنێت كاتێك زۆرینه‌یه‌كی سیاسی گه‌مژه‌ ده‌بێت به‌ خاوه‌ن ماڵی ده‌سته‌ڵات و له‌ وێوه‌ دێت پێناسه‌ی دیموكراسیه‌تێكی مه‌زاجیمان بۆده‌كات، له‌ كۆمه‌ڵگا رۆژهه‌ڵاتیه‌كاندا ئه‌و چه‌مكه واته‌ دیموكراسی ‌ به‌ شێوه‌ ئه‌قلانی و ماتریالیستیه‌كه‌ی پێناسه‌ی بۆ نه‌كراوه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ی تاكی ڕۆژهه‌ڵاتیدا ته‌نها (دیموكراسیه‌تی زۆرینه)‌یه‌‌ كه ئه‌وه‌ش ‌ ناتوانێت تۆسقاڵێك ئه‌و چه‌مكه‌ وه‌ك خۆی ببینێت و بیناسێنێت، زۆر جارخواستی زۆرینه ئه‌گه‌ر هه‌ڵگری تێزو ئاوه‌زێكی سیاسی كامڵ نه‌بێت‌ ده‌توانێت ڕێكاره‌كانی دیموكراسی به‌و ئاراستانه‌دا ببات كه‌ بیركردنه‌وه‌ی خۆی ده‌یخوازێت نه‌وه‌ك و كۆمه‌ڵگاو بنه‌ماكانی سیستێمێكی ته‌ندروستی سیاسی، هه‌روه‌ك و ئه‌وه‌ی نمونه‌مان زۆره‌ له‌ مێژووی سیاسی كۆمه‌ڵگاكاندا.

ئێمه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كه‌ نه‌توانین ماچی ئازادانه‌ی كچ و كوڕێك له‌ سه‌رشه‌قام قبوڵ بكه‌ین، كه‌ نه‌توانین ده‌ستگرتنی دوو گه‌نج له‌ ناو باخه‌كاندا به‌ ئاسایی وه‌ربگرین ئیتر بۆ ئه‌وه‌نده‌ درۆزنانه‌ ڕۆمانسیه‌ت له‌گه‌ڵ دیموكراسیدا ده‌كه‌ین، چۆن ده‌كرێت له‌ ژێر سێبه‌ری ئه‌و هه‌موو قه‌هرو په‌نگخواردویه‌دا كه‌ به‌ درێژایی مێژوو تیایدا ده‌ژین ئێستا بڵێین ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت دیموكراسی بین!!‌، ڕاستیه‌كه‌ی دیموكراسیه‌ت ناتوانێت ببێته‌ سارێژی هه‌موو ئه‌و برینه‌ هه‌لاهه‌لایانه‌ی ناو ده‌روون و ڕوانینمان، دیموكراسیه‌ت ناتوانێت كه‌لاوه‌ وێرانه‌كانی‌ ‌ ناو زیهن و ئه‌قڵمان بنیاد بنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ درێژایی بوونمان لێمان ده‌ڕوخێندرێن .
ئیتر وا باشتره‌ سه‌رمایه‌داری ئه‌و چه‌مكه‌ له‌ بازاره‌كانی خۆیدا بكێشێته‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا قه‌ره‌بوی قوربانیه‌كانی كاڵای دیموكراسی ‌ بكاته‌وه‌ كه‌ بۆ ئازادی مرۆڤ له‌ به‌رامبه‌ر گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتدا جه‌نگێكی وێرانكه‌ر و بێئامانی به‌رپاكردووه‌ ‌.




دیموكراسیه‌تێك به‌ هه‌وای ئیمام …!! … جوتیار

ئه‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ ناتوانێت بڕوای پێبكات ئه‌و چیرۆكه‌ خه‌مباره‌یه‌ ‌كه‌ ئه‌مریكا و ڕۆژئاوایه‌كان له‌ دوای ڕوخانی ده‌سه‌ته‌ڵاتی سه‌دامه‌وه‌ به‌ ناوی دیموكراسی و ئاڵگۆری ته‌وژمه‌ نوێكانی بنیادنانه‌وه‌ی سیاسی بۆ كۆمه‌ڵگای عێڕاقیان هێنا؛‌ ئه‌و چیرۆكه‌ كه‌مێك به‌ چیرۆكه‌ خه‌یاڵیه‌كه‌ی (سانده‌رێلا) ده‌چێت كاتێك ژنه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ ده‌یه‌ویست پێڵاوه‌كه‌ی (سانده‌رێلا) به‌ زۆری زۆرداری به‌ پێی كچه‌كه‌ی خۆیدا بكات و بۆ شازاده‌ بیسه‌لێنێت كه‌ كچه‌كه‌ی ئه‌و خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و پڵاوه‌ سیحریه‌یه‌.. ‌دیموكراسیه‌تیش بۆ كۆمه‌ڵگای ئێراقی له‌ سایه‌ی ئه‌و حوكمه‌ هه‌زه‌لیه‌دا له‌ ئه‌قلی پاكتاوكراوی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێستای كۆمه‌ڵگای عێڕاقیدا له‌ وانه‌یه‌ بۆ ئه‌مریكیه‌كان و خودی خه‌ڵكی عێڕاقیش له‌ خه‌ونێك بچێت تا ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌لته‌رناتیڤێكی واقیع و جێگیر، كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ بۆ خه‌ڵكی عێڕاق له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ به‌ درێژایی هه‌بوونیان له‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ جیۆگرافیایه‌ی زه‌ویدا هیچ كات وه‌كوو ئێستا غه‌رقی ئه‌و وێرانیه كۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌هله‌ سیاسییه‌ ‌نه‌بونه‌ته‌وه‌؛ من پێم وایه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ له‌ ئێستادا له‌ سایه‌ی ئه‌و كه‌شه‌ سیۆكراسی و ناچاركراوه‌ به‌ سونه‌ت و ده‌لالاته‌ مه‌زهه‌بیه‌كان خراپترین و تاریكترین ڕۆژه‌كانی مێژوو و بوونی خۆی تێده‌په‌ڕێنێت و به‌ به‌رچاوی هه‌موو دنیاوه‌ له‌ ژێڕ سێبه‌ری یاسا مرۆیی و نێونه‌ته‌وه‌یه‌كانه‌وه‌‌‌ لاقه‌ ده‌كرێت.

ئه‌و ڕه‌وشه‌ دراماتیكییه‌ و ناسه‌قامگیره‌ی‌ سه‌پێندراوه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی‌ عێراق دا له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و ووڵاتانی ئاڵوده‌ به‌ نه‌وتی ڕه‌ش؛ دیدگایه‌كی بۆ ئه‌وه‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ بتوانێت لێیه‌وه‌ له‌ نزیكمه‌ودادا چاوه‌ڕوانی هیوایه‌ك بێت، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا به‌ ناوی دیموكراسیه‌تی ڕۆژئاوا له‌ هه‌ناوی ده‌سته‌ڵاتی سیاسی ئێراقیدا خۆی ده‌نوێنێت پێمان ده‌ڵێت ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ گه‌مه‌كردنێكی نایه‌كانگیری سیاسی ناڕه‌وا زیاتر مه‌دلولاتێكی تری نییه‌.

ڕادیكالیزمی ئیسلامی گه‌یشتۆته‌ ئاستێك خه‌ریكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ بوون و ناسنامه‌ی مرۆڤبوونی خه‌ڵكی عراق ده‌كات، خه‌ریكه‌ ده‌ستكه‌وته‌ جوان و پڕ به‌هاكانی شارستانیه‌تی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌سڕێته‌وه‌، ڕۆژك به‌ ناوی خوداو ڕۆژێك به‌ ناوی پێغه‌مبه‌ر؛ ڕۆژێك به‌ ناوی محمدو ڕۆژێك به‌ ناوی علی، ڕۆژێك به‌غدادی و ڕۆژێك سیستانی، تازه‌ترینیشیان یاساو بنه‌ماكانی جه‌عفری كه‌ له‌ ڕیگایه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌یتر ژن ده‌خرێته‌ ناو بازنه‌ی ده‌‌ستدرێژیه‌ به‌ یاساكراوه‌كان و ئه‌وه‌نده‌یتر سوك و هه‌زیل ده‌كرێت ، كه‌ له‌ فه‌رزكردنی واقیعێكی له‌و جۆره‌دا له‌ لایه‌ن نوێنه‌رانی حه‌وزه‌و حوسه‌ینیه‌كانه‌وه‌ له‌ ‌ناو په‌رله‌مانی ئێراقدا ئیتر هیچ كه‌سێك له‌ ته‌ماشاكا‌رێك زیاتر ناتوانێث ده‌ورێكیتر ببینێت و با هیچ ژنێكیش له‌وه‌ زیاتر تێنه‌گات كه‌ ئیسلام له‌و یاسایه‌ زیاتر شتێكیتر نییه‌ بۆ ئه‌و.

یاساكانی خوداو پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ( قورئان و شریعه‌) له‌ ڕژێمه‌ ئیسلامیه‌كاندا یاسای جێگیرن، ئێمه‌ كاتێك ده‌ڵێین قورئان و شریعه‌ واتا كه‌لامی خودا، كه‌واته‌ ئیتر ئه‌وه‌ بڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ تۆ بیر له‌ گۆڕین و هه‌مواركردنی بكه‌یته‌وه‌، كه‌لامی خودا ناتواندرێت ده‌ستكاری بكرێت چونكه‌ ئه‌وان له‌ سیسته‌مدا ده‌بن به‌ یاسا ، بنه‌ماكانی قوڕئان ناتواندرێن بگۆڕدرێن و به‌سه‌رده‌م بكرێن چونكه‌ ئه‌وان ده‌بن به‌ ڕ‌ێسای په‌یوه‌ندیه‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌ تایبه‌تیش له‌ ژێر سایه‌ی سیستێمی فیقهی ئیسلامی و شیعه‌گه‌رادا ، ئه‌وه‌ی باس له‌ ڕیفۆرم و ئینتێگراسیۆنی ئیسلام و سه‌وابته‌كانی بكات له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و ژیانی مۆدێرن ئه‌وه‌ درۆیه‌كی زۆرگه‌وره‌ له‌گه‌ڵ به‌ها ئینسانیه‌كان ده‌كات، ده‌سته‌ڵاتێك چۆن ده‌توانێت به‌و هه‌موو یاسا ره‌هاو بیڕوباوه‌ڕو ئیدۆلۆژیا شمولیه‌وه‌‌ كه‌ ده‌یه‌وێت تێكه‌ڵ به‌ سه‌رتاپای ژیانی ئینسان ببێت له‌ گه‌ڵ بنه‌ما دیموكراسیه‌كانی لیبڕاڵیزمی ڕۆژئاوایی هاوته‌ریب بكرێت و بگونجێندرێت ؛ مه‌گه‌ر مۆدێلێكی له‌و جۆره‌ی دیموكراسی ته‌نها له‌ ستراتیژ و سه‌وابته‌كانی دنیای سه‌رمایه‌داری و سیاسه‌تی پێنتاگۆندا جێكه‌وته‌ ببن.

ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا جێگای تێڕامان و ئیست له‌سه‌ركردنه‌؛ ئایا ته‌وژمی چه‌پ و ئازادیخوازی له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا ده‌توانێت چی بكات؟! ده‌توانێت ئیراده‌ی ئه‌لته‌رناتیڤێكی ڕاسته‌قینه‌و ئینسانی بكاته‌‌ ڕۆژه‌ڤ ، ئایا ئه‌وه‌ به‌ڕاستی بۆ چه‌پ و ئازادیخوازه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ تاكو ئێستا بۆته‌ ئه‌و پرسیاره‌ واقیعی و ڕ‌یشه‌یه‌یه‌ی كه‌ له‌ نێوان سه‌ركه‌وتن و دۆڕانێكی سیاسی درێژخایه‌ندا ده‌توانن چی هه‌ڵبژێرن؟! ، من ئه‌و پرسیاره‌ جێ ده‌هێڵم بۆ ئه‌و مه‌ودایه‌ی كه‌ شانسێك بۆ گشت لا‌یه‌ك ده‌خوڵقێنێت تا ئیراده‌ی خۆی تێدا تاقیبكاته‌وه‌ به‌ر له‌ ڕودانی ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ ترسناكه‌ی كه هیچ كه‌سێك‌ نازانێ كێ تیایدا به‌ دۆڕاو و كێ تیایدا به‌ براوه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌.‌ ‌




‌ میدیایه‌كی سه‌یره‌ گوڵم…!!! … جوتیار

بۆچونێك هه‌یه پێی وایه كه‌ نه‌وه‌ی پێش ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌كان ده‌بوایه خۆی له‌ گه‌ڵ میدیاو هه‌ژموونه‌كه‌یدا بگونجاندبایه، به‌ڵام له‌ زه‌مه‌نی ئێستاماندا ڕێك پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته‌؛ پێویسته‌ میدیا خۆی له‌گه‌ڵ هه‌ژموونی گێنێراسیۆنی (IT) هونه‌ری زانیاری و نه‌وه‌ی نوێدا بگونجێنێت ، هه‌رچه‌نده‌ له‌ كوردستاندا ئاستی پێگه‌یشتنی ئاراسته‌ی میدیایی و فه‌زای سه‌ربه‌خۆبوون و گه‌شه‌كردنی؛ په‌یوه‌سته به‌ خۆ دابڕاندن له‌ هێڵه‌ سیاسیه‌كان و ئاراسته‌ی ده‌سته‌ڵاتی باو ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ میدیا و ڕۆشنبیری كوردی ناتوانێت لێی ده‌رباز بێت ئه‌و ئاسته‌ دۆگماو به‌جێماوه‌یه‌‌ كه‌ له‌ پانتایی هێڵه‌كانی ئیدۆلۆژیا و كاریگه‌ری ئه‌ودیو تێڕوانینه‌ سیاسیه‌كاندا جێده‌گرێت، ئه‌و بونیاده‌ی كه‌ ڕۆڵ ده‌دات به‌ میدیا و ڕۆشنبیر بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به‌ ئالیه‌تی دروستكه‌ری ڕایگشتی و باوه‌ڕپێكراو له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا ته‌نها پرۆفێشیناڵبوون له‌ ڕوی تێكنیكه‌وه ‌نییه‌ یاخود گووتار نوسین و قسه‌كردن نییه‌، به‌ڵكو خۆ ساخكردنه‌وه‌و ده‌ربازبوونه‌ له‌ناو هه‌موو ئه‌و پارادۆكسیزمه‌ ئاڵۆزه‌ (پۆلیسۆسیاڵ)ه‌دا

1. ئه‌و ڕه‌وشه‌‌ سیاسی و له‌ناكاوه‌ی كوردستانی باشور له‌ دوای 16.10 وه‌ ده‌رخه‌ری ناواخنی ڕاسته‌قینه‌ی تێگه‌یشتن و توانای ئه‌قلی میدیاكارو ڕۆشنبیرانه‌ كه‌ نه‌یانتوانی تێگه‌یشتنیان بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ سه‌رتاپاگیره‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای كوردستان ڕووبه‌روی بۆته‌وه‌ بسه‌لمێنن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕۆشنبیران و میدیاكاران ‌ به‌ دیاریكراوی‌ دوای ئه‌و پێشهاته‌ ئاڵۆزه‌ وه‌ك هه‌ر تاكێكی توڕه‌و بێزار له‌ ناكامبوونی ئه‌و قۆناخه‌؛ هاتنه‌ ناو ڕۆژنامه‌و به‌رده‌م مایكه‌كان و ناو تۆڕه‌كانی سۆشیالمیدیا بۆ خۆ خاڵیكردنه‌وه‌و دامركانه‌وه‌ی ڕقه‌ هه‌ڵاوساو و په‌نگخواردوه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌ سیاسی و ڕكبه‌ره‌كانیان و خراپترین جۆری خو‌ێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ دۆخه‌كه‌ هه‌بوو، كه‌ به‌ ڕای من كاریگه‌ریه‌كی زۆر نێگاتیڤیان خسته‌ سه‌ر قه‌یرانه‌كه‌ و تا ئاستی داخستن و بێهه‌ناسه‌ییان برد ، من ناچمه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شێكی ڕۆژنامه‌و كه‌ناڵ و په‌یجه‌ ئینته‌رنتیه‌كان تا ژێرزه‌وی توشی هه‌ره‌س و داڕمانی ده‌روونی هاتن و له‌ بێ پلانی و بێ ره‌هه‌ندی خۆیاندا بوون به‌ به‌شێك له‌و ململانێیه‌ تازه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ناوی شكست و خیانه‌تێكی سیاسی كوشنده‌دا له‌ دایك بوو و وه‌كوو هه‌ر قۆناخێكی تری تێكشكانی بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردی فه‌رزكرا به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاو خه‌ڵكی كوردستاندا . ‌

‌ ئه‌ركی ڕۆشنبیر یاخود میدیای ئازاد ده‌بێت به‌ر له‌هه‌ر شتێك ئه‌ركێكی ویژدانی و ڕاستگۆیانه‌ بێت‌؛ هه‌ڵگری په‌یام و ڕه‌هه‌ندێكی ڕۆشنبێت كه‌ ئه‌ویش بونیادنانی ئیراده‌و دروستكردنی ووشیاری سیاسی و ‌ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی سته‌مكار و گه‌نده‌ڵ ؛ هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ڕه‌وشه‌ ئاوارته‌و قه‌یراناویه‌كان به‌بێ مه‌یلگه‌رایی سیاسی نه‌وه‌كوو ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یبینین قوڵكردنه‌وه‌و شێواندن و به‌ هه‌ستیاریكردنی په‌یوه‌ندیه‌ سیاسی و‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ نێوان چینه‌ جیاوازه‌كاندا ، میدیاكانی لای ئێمه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ سه‌رلشێواو و بێ ئامانجن كه‌ ئاماده‌ن بۆ گه‌رمكردنی بازاڕی به‌ناو پڕۆفێشیناڵبوون و به‌ناو سه‌ربه‌خۆبونیان ده‌ستی هه‌موو كه‌سێك بگرن، په‌نا بۆ هه‌ر جیهه‌تێك ببه‌ن ‌ كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر دژه‌كه‌یدا خیتابی حه‌ماسی و هه‌جوی ئیستیفزازكه‌ر بدات.

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای فه‌لسه‌فه‌ی جه‌ده‌لیه‌تی میدیای كوردی بكه‌یت زۆر ئاسان ده‌بینی چه‌نده‌ بێ بونیادو بێ مه‌عریفه‌ی ململانێ باڵاكانی كولتورین ؛چه‌نده‌ هه‌موارن به‌ عه‌قلیه‌تی یه‌كترشكاندن و ڕكاوڕێك نمونه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی بزوتنه‌وه‌ سیاسیه‌كه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردین.
له‌و ڕه‌وشه‌ بێئامانه‌ سیاسیه‌دا به‌شێكیان باسی پلانه‌ نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تیه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ چۆن دیسان كورد خه‌نجه‌ری خیانه‌تی لێدرا وده‌یانه‌وێت پاكانه‌و ئه‌ستۆپاكی بۆ ‌ بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی بكه‌ن ؛ به‌شێكیشی وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ ئاڵوگۆڕێك نه‌بوبێت و ڕوینه‌دابێت بۆمان باسی هاورده‌كردنی خه‌یارو ته‌ماته‌ی ئیندۆنۆسی ده‌كه‌ن؛ باسی به‌رهه‌می ماسی و سوده‌كانی ده‌كه‌ن؛ یاخود باسی ڕۆنالدۆ و یاریه‌كانی به‌رشه‌و ڕیاڵ؛ ئاخر ئه‌وه‌ چ ‌ په‌رتبوون و چ وێرانه‌یه‌كه‌ كه‌ میدیاو رۆژنامه‌نوسان و ڕۆشنبیرانی كوردستان تیایدا گوزه‌ر ده‌كه‌ن؛ میدیا و ڕۆشنبیران ئه‌وه‌ی كه‌ ناتوانن دركی پێبكه‌ن ته‌نها حه‌قیقه‌ته‌و هیچیتر؛ ته‌نها ‌خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروستوو لۆژیكیانه‌یه‌ بۆ ڕوداوه‌كان؛ ئه‌ركی هه‌ستكردن به‌ حه‌قیقه‌ت ته‌نها له‌وه‌دا خۆی نابینێته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ قسه‌ بكات، به‌ڵكو ده‌بێت مرۆڤ ڕاستیه‌كان به‌ قسه‌ بێنێ ؛ قسه‌ی نوسه‌رێكی ئه‌ڵمانی هه‌یه‌ ده‌ڵێت( هه‌ندێك كه‌س خۆر ته‌نها له‌و كاته‌دا ده‌بینن كه‌ له‌ ژێر سێبه‌ر‌ێكدا داده‌نیشن و پشووده‌ده‌ن ) ئه‌وه‌ ئه‌و وێنه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ كه‌ كوردستان نیشانمان ده‌دات له‌سه‌ر ده‌ستی پلاتفۆرم و پارادایمه‌ شێواوه‌كه‌ی میدیای كوردی ؛ ئه‌و وێنه‌یه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ ڕۆحیه‌ت و دیدگای میدیایی له‌ كوردستان پڕیه‌تی له‌ ‌ده‌مارگیری سیاسی و ده‌رنه‌چوون له‌ لۆكاڵیزمی حیزبی و ئیراده‌یه‌ك‌ كه‌ ناتوانێت بگات به‌ سێبه‌ری قه‌یده‌ جیهانیه‌كانیش نه‌وه‌كوو ئه‌وه‌ی بتوانێت تێیانبپه‌ڕێنێت.

2 . سۆشیال میدیاش كه‌ ده‌توانم وه‌كو گروپی هێرشبه‌ری میدیایی له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستاندا پناسه‌ی بكه‌م، ‌ له‌ ئێستادا ده‌توانین بڵێین یه‌كێك له‌ كاریگه‌رترین و خێراترین هۆكاره‌ خۆسه‌پێنه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیای میدیاییه‌ به‌ سه‌ر زیهنیه‌تی تاك و تا ئاستێك كۆی گشتی خه‌ڵكدا؛ خه‌ریكه به‌‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ‌ چێگایه‌ك بۆ میدیا بیستراو و بیندراوه‌كان له‌و پانتایه‌دا ناهێڵێته‌وه، به‌ڵام ئه‌ویش به‌ شێوه‌ هه‌ره سكانداڵ و‌ شێواوه‌كه‌ی له‌ ناو ئه‌و فه‌زا ئانارخیست و ناجێگیره‌ی كه‌ حیزب و سیاسی و ڕۆششنبیره‌كان خوڵقاندویانه‌ .

كراوه‌یی و به‌رفراوانی ئه‌و تۆڕه‌ جاڵجاڵوكه‌یانه‌ تا ئاستێك وای له‌ خه‌ڵك كردوه پێویستیان به‌ میدیا ئاراسته‌كراوه‌كان كه‌متر ببێت و وه‌ك سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی زانیاریش پشت ببه‌ستن پێی ئه‌ویش به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كه‌ خێراو به‌رده‌ست و فراوان و كراوه‌تره‌ ،
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و به‌شه‌ش له‌ میدیا به‌ شوه‌یه‌كی گشتی وای له‌ مرۆڤ كردوه‌ به‌ به‌هانه‌ی ئازادی و كراوه‌یی سنوره‌كه‌ی ‌خۆی گۆشه‌گیرو زیندانیبكات، وای كردوه‌ كه‌ مرۆڤ هه‌ست بكات له‌ نێو په‌یوه‌ندیه‌كی به‌رفراوان و به‌ هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری دایه‌ كه‌چی له‌ ڕاستیدا ته‌نهایه‌و له‌ ناو فه‌زایه‌كی دابراو و ده‌ستبه‌سه‌ركراودایه‌، ‌ ئه‌و ته‌وژمه‌ ‌ كه‌ نه‌یتوانی به‌شێك له‌ مرۆڤه‌كان به‌ شێوه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا ڕابێنێت؛ به‌ قورسایی خۆی و به‌ هه‌ژمونێكی شاره‌وه توانی مرۆڤ له‌ گروپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ وابه‌سته‌كانه‌وه‌‌ بگه‌یه‌نێت به‌ ترۆپكی خودگه‌رایی(indivdual) ێكی كوشنده به‌ بێ ئه‌وه‌ی‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروست و ته‌ندروستی بۆ ئه‌و ئامرازه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا هه‌بێت ، كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش به‌شێكی هه‌ره‌ ناوازه‌ی ئه‌و ‌پارادۆكسیه‌ته‌یه‌ له تێكنۆلۆژیای‌ میدیایی كه له‌ژێر هه‌ژمونی سیستێمی ‌به‌ جیهانیكردن ڕوبه‌ڕوی كراوه‌ته‌وه‌، ‌به‌ڵام به‌ ستایله‌ هه‌ره‌ خراپه‌كه‌ی و به‌ لیبڕاڵیزمێكی پاشڤه‌ڕۆ و دۆنكیشۆتانه‌؛ كه‌ به‌ كه‌مترین تێچوو له‌ ڕێگایه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر سه‌رتاپای بیركردنه‌وه‌و ئاكتیڤیتێتی تاكه‌كانیدا گرتووه‌.

‌ له‌و ڕۆژگاره‌دا مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بوونی كۆیله‌یه‌ك پێناسه‌ بكات پێویستی به‌وه‌ نییه‌ خاوه‌ندارێتیه‌ بیۆلۆژی و جه‌سته‌یه‌كه‌ی ببینێت ؛ بۆ ناسینه‌وه‌ی كۆیله‌یه‌ك له‌ ئێستادا پێویستیمان به‌وه‌ نیه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ یادوه‌ری په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی سیستێم و قۆناخی كۆیلایه‌تی ، چونكه‌ له‌ ئێستادا سه‌رمایه‌داری سیستێم و تێكنۆلۆژیایه‌كی په‌یوه‌ندی وه‌ها گیرۆده‌ی بۆ به‌رهه‌م هێناوین كه‌ هه‌موومان له‌ ژێر كاریگه‌ریه‌كه‌یدا بووین به‌ پێشكه‌ووتوترین و گوێڕایه‌ڵترین كۆیله‌ تا ئه‌و ئاسته‌ی هه‌ست به‌ بوونی كه‌سوكارو هاوڕێكانیشمان نه‌كه‌ین له‌ ده‌ورمان و دنیای واقیعدا.




‌ مێژوو شتێكی زۆر مه‌زنه‌‌ ئه‌گه‌ر ته‌نها ڕاستی بێت..* … جوتیار

ڕایه‌كی كورت…

‌به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی باسی مژوو باسێكی هه‌میشه‌یی و نه‌پچڕاوی نێوان مرۆڤ و ڕابردوه‌كه‌یه‌تی یاخود بۆچونێكی دروست له سه‌ر مێژوو كه ‌هه‌بێت ته‌نها مێژوو خۆیه‌تی، چونكه‌ ئه‌و له‌كرداردا نییه.

‌ده‌كرێت هه‌ركه‌س پێناسه‌یه‌كی جیاوز بدات به‌ مێژوو، هه‌ركه‌سه‌و له‌ تێڕوانینی خۆیه‌وه بۆ بونیادی (بوون)، یاخود له‌سه‌ر بونیادی‌ پاشخانه فه‌رهه‌نگی و سۆسیۆلۆژیه‌كانی ئینسان، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ش ته‌نها به‌شێكن له ئه‌بستاركتیزمی زیهنیه‌تی مرۆڤ، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ بڵێم ئێمه‌ی مرۆڤ هه‌میشه له بێهوده‌یدا مێژوو دروست ده‌كه‌ین، ده‌مانه‌وێت خۆمان ببین به‌ كردار، بۆیه‌ په‌نا ده‌به‌ینه‌وه‌ به‌ر ثه‌و فاكتانه‌ی كه ئێستامان بۆ بسه‌لمێنێت.. ئێستامان نیشان بدات، من پێم وایه‌ مرۆڤ به‌دوا یادوه‌ریه‌كانی خۆیدا سه‌رگه‌ردان نییه‌ ، به‌ڵكو مرۆڤ سه‌رگه‌ردانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نازانێت ئێستای چییه‌ .. خۆ ثه‌گه‌ر مۆڕاڵیترین بۆچونیش له‌سه‌ر مێژوو بڕوا پێبكه‌ین ئه‌وه‌ له‌وه‌ زیاتر نییه‌ كه‌ پێی وایه‌ شه‌ڕی چینه جیاوازه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی شكۆمه‌ندی له‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتریدا.

خراپترین جۆری مێژژوو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ دوباره‌ ببێته‌وه‌، بۆ ؟ چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ ده‌رهاویشته‌ی خه‌له‌له‌ فیكری و ئه‌قلیه‌كانه‌، ئه‌مه‌ قسه‌ی من نییه‌ به‌ڵكو (جۆرج لۆكاش ) وا پێناسه‌‌ی كردووه‌؛ ئه‌و جۆره‌ له‌ مێژژو ‌ هه‌میشه‌ گیرۆده‌ی جوڵه‌یه‌كی‌ له‌ ده‌ست ده‌رچووی ده‌ره‌وه‌ی كاریگه‌ری ئه‌قڵه‌ كه‌ ناتوانێت له ناو بازنه‌ی‌ خانه‌ جێگیرو به‌ سیسته‌مكراوه‌كانی زیهندا پێناسه‌و شێوه‌یه‌ك به‌ خۆی بدات؛ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت باشتر له‌و شیكردنه‌وه‌یه‌‌ تێبگه‌ین پێویستمان به‌وه‌یه‌ پزیشكێك بهێنین و باس و ئه‌نالیزه‌ له‌سه‌ر خانه‌ شێرپه‌نجه‌یه‌كانی له‌شی مرۆڤ بكات؛ تاكو له‌ ڕێیه‌وه‌ بزانین خانه‌ شێرپه‌نجه‌یه‌كان كاتێك له‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌نزیمه‌یی ده‌رده‌چن چی رۆڵێك ده‌گێڕن له‌ ناو جه‌سته‌ی كه‌سێكی بارگاوی به‌و ئافاته‌.

هه‌ر له‌ زاده‌ی ئه‌و ڕوئیایه‌وه‌ پێویسته‌ به‌ر له‌وه‌ی بگه‌رێینه‌وه‌ بۆ ڕه‌گه‌ سۆسیۆلۆژیه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ واتا مێژوویه‌كه‌ی پێویسته‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ پێكهاته‌ی جه‌سته‌یی(anatomic)ی سیاسی‌ مێژژووی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی و ڕه‌هه‌ندو ئیدۆلۆژیا نه‌خۆش و تكشكاوه‌كه‌ی؛ ئه‌وسا به‌ باشترین شێوه‌ ئه‌و جه‌سته و‌ ئه‌قڵه‌ هه‌لا هه‌لایه‌ ده‌بینی كه‌ به‌ درێژایی سه‌دان ساڵ وێرانترین و بێ ئیراده‌ترین بونه‌وه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت به‌ سیاسی و ڕۆشنبیرو تاجیر و سه‌ركرده‌ و جه‌نگاوه‌رته‌وه‌.
ئێمه‌ ده‌بێ ئێستا باش ئه‌وه‌ درك بكه‌ین كه‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاوترین‌ كۆمه‌ڵگای ناو ئه‌و تێزه‌ین كه‌ پێی ده‌ڵێن مێژوو..

* تۆڵستۆی