کفری وەک نیشتمانی یەکەمینی مەقامبێژیی.. جواد خەلیل

یادهێنانەوەی پێنج کۆڵەکەی مەقامات لە سەدەی نۆزەدهەم

مەقامات بەشێکی گرنگە لە هونەری دەنگخۆشیی خۆرهەڵات، پەیوەستبوونێکی گەورەی بە ڕۆحی ئینسانی ئەم ناوچەیەوە هەیە و ڕیشەکەی بە مێژووی هەرە دێریندا چووەتە خوار، کەس لاری لەوەدا نیە خۆرهەڵات کانگای هەست و سۆزە قووڵ و وجودییەکانی مرۆڤە و لێیەوە هونەری بەرز، بە بارتەقایی واتای وشەکە خۆی، هاتۆتە بوون. لە نێو خۆرهەڵاتیشدا، دۆڵی دوو ئاوان و دامێنی زاگرۆس، نیشتمانی یەکەمینی هونەرە باڵاکانی مێژووه. لێرەوە، لەم خاکە پڕ پیت و پڕ ژیانەوە، هونەر بە چەشنێک تیشکی دایەوە، کە بۆ زۆرێک لە ناوچەکانی دیکەی جیهان ببێتە ئاسۆیەکی ڕوون.
لە کوردستانیش ناوچەی کەرکوک و گەرمیان، بەو پێیەی مێژووەکەی کارتێکراو و ئافرێنراوی نێوان دوو ژیارە، ژیاری دۆڵی دووئاوان و ژیاری زاگرۆسنشینانی دێرین، بۆیە لە هونەرەکەیدا جۆرێک تێکەڵی زمانیی و کلتوریی و ژینگەیی دەبینرێت، ئێمە لەم وتارەدا ناچینەوە بۆ مێژووی دێرینتر، بۆ شێوە جیاوازەکانی هونەر لەم ناوچەیە، بەڵکو تەنها دەمانەوێت هەندێک زانیاری مێژوویی سەبارەت بە ڕۆحی هونەرییانەی ئێرە بکەین لە سەدەی نۆزدەهەمی زایینی، سەدەیەک کە تێیدا دەنگە ئاسمانییەکانی ئەم خاکە هێندە بەرز و زوڵاڵ بوونەوە تا بەوپەڕی جوانییەوە لە کفرییەوە، لە کەرکوکەوە بگەنە ئەوپەڕی خۆرهەڵات، لێرەوە بەغدا و شاره هونەرییەکانی دیکە بە خۆیان سەرسام بکەن و ببنە قوتابخانەیەک بۆ هونەرمەند و مەقامبێژانی سەدەی نۆزدەهەم و سەدەی بیست. ئەم نووسینە، پێنج کۆڵەکەی گەورەی مەقامات لەو سەدەیەدا دێنێتەوە یاد، کە هەریەکە دەکرێت لە ئایندەدا وردتر و تایبەتتر کاریان لەسەر بکرێت و زیاتر بناسێنرێن.
مەقامات ناونیشانی ئەم قۆناغە گرنگەیە، کە لە مەلا وەلییەوە دەست پێدەکات و بە ڕیستێکی گەورە لە مەقامبێژانی ناودار کۆتایی دێت. مەلا عەبدولڕەحمان وەلی ( 1742_1830) لە کفری لە دایکبووە و یەکەمین ناوێکی گەورەی مەقاماتە، قوتابخانەیەکە لێیەوە دەیان قوتابی فێری مەقامبێژی بوون، ئەم پیاوە مامۆستای (شەڵتاغ) بووە و ِدەنگێکی ئەفسووناویی هەبووە، ئەمە جگە لە شارەزاییەکی زۆر لە شێوازەکانی مەقام و جیاکردنەوەی جۆرەکانی لەیەکتر.
ڕەحمەتوڵا شەڵتاغ ( 1793_1871)ز لە کفری دایکبووە و لە بەغدا کۆچی دوایی کردووە، ناوی هەرە دیاری مەقاماتی عێراقییە و داهێنەری مەقامی تەفلیسە، یەکەمین کەسێکە لە مێژووی خۆرهەڵاتدا لە پێناوی هونەرەکەی مردبێت! تا کۆتایی ژیانی له یەکێک لە بەناوبانگترین قاوەخانەکانی بەغدا لە کەناری ڕووباری دیجلە مەقامی گوتووە، بە یاوەری گروپی چاڵغی بەغدادی کە دیارترین میوزیکژەنانی جووی بەغدای تێدا بوو. شەڵتاغ جگە لە داهێنانی مەقامی تەفلیس کە بە بەیتێکی شیعری دەست پێدەکا و بە ئەمانەڵا یاحەی کۆتایی پێ دەهێنێت، چەندین داهێنانی تری هەبووە، لەوانە: ( یەکەمین کەسە مەقامی ئیبراهیمی لە دووگا خوێندووه، یەکەمین کەسە مەقامی مۆجێلای لە کفری و کەرکوکەوە گواستۆتەوە بۆ بەغدا و لەوێ بە ناوی مدمی خوێندراوه، پارچەی سیەڕەنگی بۆ مەقامی ڕەست زیادکردووە و زۆری تریش). زۆرینەی مەقامبێژانی بەغدا خۆیان بە قوتابی شەڵتاغ زانیوە، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییە شەش ساڵ دوای مردنی شەڵتاغ ئامێری تۆمارکردنی دەنگ دادەهێنرێت، هەموو قوتابیەکانی شەڵتاغ دەنگی خۆیان تۆمار دەکەن، بەڵام بۆ ئەبەد دەنگی شەڵتاغ دەچێتە ژێر خاک و ناگاتە گوێی ئێمە، تەنها بە دەماودەم لەڕێی هونەرمەند و مەقامبێژانی دواترەوە باسی دەنگخۆشی و گەورەیی ئەم پیاوە دەکەن و وەک ئەفسانەی مێژووی مەقامات چیرۆکی لێدەگێڕنەوە.
محەمەد جەلبەوین، لە ساڵی ( 1798) لە کفری لەدایکبووه و ساڵی ( 1869) کۆچی دوایی کردووە، بە مامۆستای بەشێک لە مەقامبێژانی کەرکوک دانراوە و داهێنەری مەقامی ( جەلبەوین بووه و به تەواوی شارەزای بنەما سەرەکییەکانی مەقامبێژی بووه.
مەوجی والی خونزر، یەکێکی ترە لە ناودارترین مەقامبێژانی عێراق، لە ساڵی (1802) لە کفری لەدایکبووە و لە ساڵی ( 1881) لە کەرکوک کۆچی دوایی کردووە، بەهۆی کاریگەربوونی بە دەنگی شەڵتاغ هاتۆتە نێو دونیای مەقامبێژییەوە، ‌زۆرێک لە مەقامەتەکانی خوێندووە، لەوانە: ( بەیات، ڕەست، حیجاز، ئیبراهیمی، ‌سێگا، پێنجگا، ناری، تەفلیس)، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو خۆی داهێنەری جۆرێکی گرنگە لە مەقامات، کە ئەویش مەقامی مۆجێلایە، کە دواتر لەڕێی شەڵتاغەوە ئەم مەقامە دەبرێتە بەغدا و لای مەقامبێژانی عەرەب بەناوی ( مەقامی مدمی) دەناسرێت. هەڵبەت لە پشتی داهێنانی ئەم مەقامەوە، چەندین گێڕانەوەی ئەفسانەیی جۆراوجۆر هەن، دیارترینیان ئەوەیە کە ئەم مەقامبێژە فەرمانی سەرپەڕاندنی بۆ دەرکراوە و لە کاتی جێبەجێکردنیدا داوای لە جەلادەکان کردووە ڕێگەی بدەن مەقامێک بڵێتەوە کە تا ئەو دەمە کەس نەیبستبێ و لەبەرامبەردا ئازادی بکەن، بەم چەشنە مەقامی مۆجێلا دەڵێتەوە و بە دەنگە ئەفسووناوییەکی جەلادەکەی مەست دەکات. مۆجێلا جۆرێک لە تێهەڵکێشی نێوان مەقاماتی کەرکوک و بەغدایه و پێیەکی بە قووڵی لە مێژووی هونەری ناوچەی گەرمیاندا ڕۆچووە و غەمگینیەکی گەورەی پێوە دیاره.
محەمەد عەرەب زەبتییە، لە ساڵی 1833 لە کفری لە دایکبووه و ساڵی 1897 کۆچی دوایی کردووه، لەسەر دەستی محەمەد جەلبەوین فێری مەقامات بووه، ئاشنای زۆرێک لە شێوازەکانی مەقامات بووه و داهێنەری مەقامی ( زەبتییە) یە، زۆرێک لە مەقامبێژانی موسڵ و کەرکوک بە ڕێچکەی ئەم مەقامبێژەدا چوون و لەوەوە فێری مەقامات بوون.
ئەم بناغە پتەوە بۆ مەقامبێژی، کفری کردۆتە خاوەنی زەخیرەیەکی گەورەی هونەری بۆ مەقامبێژان، بۆیە ئەم زەخیرەیە دەبێتە بنەمای کارکردنی مەقامبێژانی دواتر، بەتایبەتی ڕابەرانی مەقاماتی عێراقی و کوردی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە تاوەکو ئێستا. ناسینی پێنج کۆڵەکەی گەورەی مەقامات، کە هەریەکە و خودان ڕێچکە و شێواز تایبەتی خۆیانن، یارمەتی مێژوونووس و لێکۆڵەرانی هونەری ئەم ناوچەیە دەدات، زیاتر لە پتەوی بناغە کلتوریی و فەرهەنگییەکانی کورد تێبگەن و گرێیبدەنە مێژووی لەبیربراو و تۆمارنەکراوی ئەم گەلە ژێردەستەیەوە.

جواد خەلیل




مردن لە پێناوی هونەردا.. جواد خەلیل

ڕەحمەتوڵا شەڵتاغ سوڵتان ئاغا خەلیل، ناسراو بە (مەلا شەڵتاغ) کە بە دامەزرێنەر و ڕابەری ڕاستەقینەی مەقاماتی عێراقی دادەنرێت، لە ساڵی ( 1793) لە کفری لەدایک بووە. خوێندکاری (مەلا وەلی) بووە و هەر لەسەردەستی ئەویش فێری مەقامات بووە، دوای ئەوەی دووان لە مامەکانی دەبنە قائیمقام، یەکیان قائیمقامی کازمییە لە بەغدا و ئەوی تریان قائیمقامی بەعقوبە، باری دارایی ئەمانیش باشتر دەبێت و وەک هاوکارێکی مامەی، لەگەڵ باوکی دەچنە بەغدا و لەوێ نیشتەجێدەبن. لێرەوە هەلی ئەوەی بۆ دەڕەخسێ لەیەکێک لە قاوەخانەکانی بەغدا دەست بکات بە مەقامبێژی، هەڵبەتە ئەمەش بە هاوکاری گروپێکی مۆسیقی ئەو سەردەمە، کە میوزیکژەنی ناسراوی جوولەکە ( حەسقیل شمولی عەزرە) ڕابەرایەتی دەکرد و پێکەوە چەندین کاری گرنگیان ئەنجامدا.
بەڵام لەبەرئەوەی هیچ ئامێرێکی تۆمارکردن نەبوو، هەموو ئەو بەرهەمە گرنکانەیان لەناوچوون. مەلا شەڵتاغ وەک کوردێک لە بەغدای دوو سەدە لەمەوپێشەوە، تەواوی خەڵکی بەغدای عاشقی دەنگی خۆی کرد، مێژوونوسان و شارەزایانی مەقامی عێراقی هاوڕان لەوەدا کە لە سەردەمی مەلا شەڵتاغ، هیچ مەقامبێژێکی تر نەبووە هێندەی ئەو بەناوبانگ و خۆشەویست بێ لە لای خەڵکی عێراق. ئەو باشترین و ناسراوترین مەقامبێژی عێراق بووە. لە گرنگترین ئەو مەقامبێژانەی کاریگەربوون بە شێوازەکەی، لە کوردستان (عەلی مەردان و حوسێن عەلی و مشکۆ) و لە عێراقیش( ئەحمەد زێدان و محەمەد قوبانجی و نازم غەزالی).
بە پێی چەند سەرچاوەیەکی مێژوویی، مەلا شەڵتاغ لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا نەخۆش دەکەوێت و پزیشکەکان پێی ڕادەگەیەنن کە نابێت چیدی مەقام بڵێت و ئەگەر جارێکی تر بچێتەوە لای گۆرانیگوتن، ئەوا بێ هیچ گومانێک دەمرێت. بەڵام ئەو گوێی نەداوەتە ئامۆژگاری پزیشکەکان، بۆیە دەچێتەوە بۆ قاوەخانەی ( الشط) و مەقامی تەفلیس دەڵێتەوە و دەنگی زۆر بەرز دەکاتەوە، بەمەش تەندروستی بە تەواوی تێکدەچێت و بەو هۆیەوە گیان لەدەست دەدات.

مەلا شەڵتاغ وەک چۆن ژیان و بوونی خۆی بەتەواوی بۆ هونەر تەرخانکردبوو، ئاوهایش ئامادەبوو لە پێناوی هونەرەکەیدا بمرێت، ئەو نەیتوانی بە بێ هونەر بژی، بەمەش بوو بە یەکەمین هونەرمەند لە مێژووی عێراق و کوردستاندا، کە ئامادەبێت گیانی خۆی بکاتە قوربانی بۆ هونەرەکەی. مەلا شەڵتاغ لە ساڵی 1871 لە بەغدا کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی شێخ عومەر دەنێژرێت.
ئەوەی جێی سەرنجە، دوای ماوەیەکی کەم لە مردنی، ئامێری دەنگ تۆمارکردن لە لایەن ئەدیسۆنەوە داهێنرا و زۆرێک لە قوتابیەکانی مەقامەکانی خۆیان تۆمارکرد، بەڵام دەنگی مامۆستاکەیان بۆ ئەبەد بە نەبیستراوی مایەوە!

لە گرنگترین داهێنانەکانی لە بواری هونەری مەقامبێژیدا:

  1. داهێنانی مەقامی تەفلیس، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین شێوازەکانی مەقام و بۆ یەکەم جار مەلا شەڵتاغ دایهێناوە و شیعرەکەشی کە بە زمانی تورکییە، هەر هی خۆیەتی.
  2. یەکەمین کەسە پارچەی (سیەڕەنگ)ی لە مەقامی (ڕەست)داناوە و وتویەتییەوە.
  3. یەکەمین کەسە مەقامی ( ئیبراهیمی) لە ( دووگا) وتۆتەوە، کە بە یەکێک لە قورسترین جۆرەکانی مەقامات دادەنرێت.
  4. زۆربەی وشە تایبەتییەکانی نێو( سێگا و دووگا و ڕەست و ئیبراهیمی) لە لایەن ئەوەوە دانراون و بوون بە یاسایەک بۆ زۆرینەی مەقامبێژان.

دوای زیاتر لە سەدە و نیوێک لە مەرگی ئەم هونەرمەندە مەزنە، نەک هەر هەوڵ نەدراوە دیراسەی قووڵ و ئەکادیمی باشێ لەبارەوە ئەنجام بدرێت و داهێنانەکانی بخرێتە بەرباس، بەڵکو خانووەکەی مەلا شەڵتاغ لە کفری و هەموو ئەو شتانەی پەیوەستن پێیەوە، لە ئێستادا هەموویان بوون بە کەلاوە و بەرەو لەناوچوون دەچن. ئەمە لە هەر شوێنێکی دیکەی دونیادا بووایە، دڵنیام دەکرا بە مۆزەخانەیەکی هونەری و مێژوویی گرنگ و بە باشی دەپارێزرا، بەڵام دیارە لە ناو قەومی بەسیتا، قەدری سینعەتکار، وەکو عەکسی قەمەر وایە لە ناو حەوزێکی لیخندا.

جواد خەلیل




ڕۆشنبیری مشەخۆر، ڕۆشنبیری ئازاد.. جواد خەلیل

( لەبارەی وەزیفەی ڕاستەقینەی ڕۆشنبیرەوە)

لە سەردەمی حامورابیەوە تا ئێستا دادوەرەکان لە ڕووی داراییەوە ژیانیان زامنکراوە، ئەمە لەبەرچی؟ بۆ ئەوەی ڕای خۆیان و بڕیارەکانیان ئازادانە دەربکەن و بێ منەت بن لە پارەدا. کەواتە هەمیشە پەیوەندییەکی توندۆڵ هەبووە و هەیە لە نێوان ئازادی و پارەدا. کەسی بێ پارە زۆر بە ئاسانی ئەگەری ئەوەی هەیە ئازادی خۆی لە دەست بدات، بە پێچەوانەشەوە کەسی پارەدار خاوەنی ئازادی تەواوەتی خۆیەتی.

بەسەرهاتی دادوەر و پارە بەسەرهاتێکی لەمێژینەیە، لێ تەژییە لە پەند و عیبرەتی گرنگ، بە تایبەتی بۆ چینی ڕۆشنبیر و ئەوانەی خوازیارن هەمیشە ئازاد بن. کەواتە ڕۆشنبیری سەربەخۆ و ئازاد و ملکەچ نەبوو چۆن دەخوڵقێنرێت؟ بۆ وەڵامی ئەمە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ناپلیۆن هێل، باوکی زانستی دارایی ئەمریکی و داڕێژەری تیۆریای تایبەت بە ئازادی مرۆیی. ناپلیۆن هێل پێی وایە ئینسان بۆ ئەوەی ئازاد و سەربەخۆ بژێت دەبێ لە ڕووی داراییەوە ئازاد و سەربەخۆ بێت. واتا ناکرێ کەسێکی ڕۆشنبیر بانگەشەی ئازادی فیکر و ئازادی لە بڕیاراندا بکات بە بێ هەبوونی پارەیەکی زۆر و ژیانێکی بێ منەتانە بۆ خۆی. بۆیە دەشێت بڵێین وەزیفەیەکی دیکەی ڕۆشنبیر، بەدەستهێنانی سەربەخۆیی داراییە بۆ خۆی و هاندانی تاکەکانی تری کۆمەڵە بۆ گەیشتن بەو سەربەخۆییە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە لە سەربەخۆیی دارایی گرنگتر، چۆنێتی گەیشتن و ڕێگاکانی گەیشتنە پێی، مەرجە ڕۆشنبیر لە هیچ کام لەو ڕێگایانەدا ساختەکاری و ملکەچبوون بەکار نەهێنێ و لە ڕێگای ناشەرعییەوە نەگاتە ئەو سەربەخۆییە!

کێشەی گەورەی ڕۆشنبیرانی دونیای ئێمە، مشەخۆری و بێ تواناییانە لە کاردا و هاوکات بێ ئاگاییەکی قووڵیش لە زانستی دارایی . زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی کورد لەبەر بژێوی ژیانیان و نەبوونی هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی سەربەخۆی دیکە، ناچاربوون دەستبەرداری ئازادی خۆیان بن و ملکەچ و گوێڕایەڵی خۆیان بەهۆی مووچەیەکی شەرمهێنەرەوە بۆ ئەم حیزب و ئەو حیزب دووپاتبکەنەوە. ئەوان زۆرتر وەک مشەخۆرێک دەردەکەون چونکە لە بنەڕەتەوە کەسانی تەمبەڵن و کارخوڵقێن و خۆژێن نین. ئەوان نازانن کە جگە لەو ڕێگای ملکەچییە، سەدان ڕێگای شکۆدارانە هەن بۆ بەدەستهێنانی پارە و زامنکردنی بژێوی ژیان. دەسەڵاتیش کە دەبینێ سروشتی ئەم ڕۆشنبیرانە مشەخۆرییە، لەبەرژەوەندی خۆی بەکاریان دەهێنێ و ژیانێکی شایستە بەڵام پڕ لە ملکەچییان بۆ فەراهەم دەکات. بە پێچەوانەشەوە ڕۆشنبیری خۆژێن و کارخوڵقێن لەبەری ڕەنجی خۆی دەخوا و کەس ناتوانێت ملکەچی بکات.
هەر لەبەر ئەمەشە دەبێ ڕۆشنبیر پێش ئازادی فیکر، بیر لە ئازادی و سەربەخۆیی دارایی خۆی بکاتەوە، چونکە تەنها بەم ڕێگایە لە کۆیلایەتی و ژێردەستەیی حیزب و ئەوانی دی ڕزگاری دەبێت و دەتوانێت بە ئازادانە بنووسێت و ئازادانەیش بیربکاتەوە.

ڕەنگە بوترێت ڕۆشنبیر نابێ بچێتە نێو بازاڕی کار و ئەو دەبێ لە جیهانی ڕاستەقینەی خۆیدا کە جیهانی کتێبە بژی و بنووسێت، ئەم بۆچوونە ڕەنگە بۆ ئەو ڕۆشنبیرانەی دونیا ڕاستبێ کە داهاتی خۆیان لە ڕێی فرۆشتنی کتێب و نووسراوەکانیانەوە وەردەگرن ( کە ئەمە باشترین شێوازی خۆژێنی ڕۆشنبیری ئازادە) بەڵام بۆ کوردستان و وڵاتانی جیهانی سێ، ئەمە جگە لە وڕێنە و خەونێک هیچی دی نیە!
ڕۆشنبیری کورد دەبێ خۆی فێری کارکردن بکا و بچێتە نێو بازاڕی کارەوە، ئەو دەبێ ئاگایی دارایی خۆی بباتە سەر و بایی ئەوە کۆبکاتەوە کە پێویستی بە پارەی هیچ هێز و دەسەڵاتێک نەبێت. نەبوونی ئەم توانا داراییە بەهێزەیە وای لە سەدان و بگرە هەزاران (مامۆستا و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و میدیاکار و هونەرمەند وشاعیر و چیرۆکنووس و مێژوونووس) کردووە کە لە پێناوی بژێوی ژیانیاندا خۆیان بدەنە پاڵ حیزب و دەسەڵات و لە ئاستی کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگا و نیشتمانەکەیان بێدەنگ بن و هیچ هەڵوێستێکی ئاشکرا و بوێرانەیان نەبێت.

جواد خەلیل




كوردی دەستخەڕۆکراو..!.. جواد خەلیل

(کتێبێک دەربارەی شکستی ڕیفراندۆم و کاریگەرییەکانی لەسەر کورد)

“فوئاد مەتەر” ڕۆژنامەنوس و نوسەرێکی ناوداری لوبنان و جیهانی عەرەبییە. لە ساڵی 1962 ەوە تا ئێستا بەردەوامە لە نووسین. ئەو جگە لە کاری ڕۆژنامەنوسی، چەندین کتێبی گرنگیشی بە تایبەتی لە بواری سیاسیدا نووسیوە. کەسێکی لیبراڵە و لەگەڵ ئەوەشدا بە تەواوەتی پەیوەستە بە باوەڕی نیشتمانی گەورەی عەرەب.

دوایین کتێبی ئەم نوسەرە ( الكردي المخذول، رواية الدولة السراب في الوطن المستحيل) تایبەت کراوە بە پرسی کورد و ڕیفراندۆم، کە زۆر بە وردی و لێهاتوییەوە هەموو ڕووداوە گرنگەکانی ئەو سەردەمەی تیا تۆمارکراوە. ئەوەی جێی سەرنجە فوئاد مطر بە بەراورد بە نووسینەکانی پێشووی، تەنانەت بە بەراورد بە نووسەرەکانی دیکەی دونیای عەرەبیش زۆر بابەتیانەتر و واقیعبینانەتر لە بارەی کورد و خەونی سەربەخۆیبوون و ڕیفراندۆمەکەیەوە نووسیویەتی.

ڕەنگە ڕاشکاوی نوسەر لە درکاندنی هەندێک ڕاستی و حەقیقەتی تاڵدا، زۆر خوێنەری کورد بێزار و تووڕە بکات، بەڵام دواجار هەر دەبێ بزانرێت هۆکاری ئەم هەموو نسکۆ  و شکستە مێژووییانە چین!

ئەم کتێبە باسی چی دەکا؟

کتێبەکە 256 لاپەڕەیە و لە 13 بەش پێک دێت و هەربەشێکی تەرخانکراوە بۆ بابەتێکی کاریگەر و جێ بایەخ. لە دەستپێکدا نوسەر دەمانباتەوە بۆ مێژووییەکی دوور، مێژووی شکست و نادادی و چەوساندنەوە و خەباتی دوورودرێژی کورد لە پێناوی ئازادیدا، دواتر دێتەوە بۆ سەردەمی نوێ و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بڕیاری بارزانی بۆ ڕیفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە هەمبەر ڕیفراندۆم و دۆخی نێوخۆی کورد و حساب نەکردنی بارزانی بۆ ڕای وڵاتە زلهێزەکان.

لە بەشێکی کتێبەکەدا نوسەر باس لە شکست و نسکۆ گەورەکەی دوای ڕیفراندۆم دەکا و هۆکارەکانی ئەم شکستهێنانە دەخاتە ڕوو. بە بڕوای وی زیانە ماددیەکانی ڕیفراندۆم بەو ڕادەیە زۆر نەبوون، بەڵام ئەوە زیانە مەعنەوییەکانێتی کە ئەوەندە زۆربوون لە هەژمار نایەن و قەرەبوو ناکرێنەوە. نوسەر پێی وایە کورد لە دوای ڕیفراندۆمەوە شکۆ و باوەڕبەخۆبوونی شکێنراوە و هاوشێوەی دۆڕاوێکی جەنگ لە لایەن ئێران و تورکیا و عێراقەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. دراوسێکانی کورد لەمەدا سەرکەوتن و کوردیان دەستخەڕۆ کردەوە، بەڵام ئەمجارەیان وەک دەستخەڕۆیەکی بێ خەون، جەنگاوەرێکی بەزیو و ژێردەستەیەکی سەرکز.

” فوئاد مطر” دۆخی “مەسعود بارزانی” لە دوای ڕیفراندۆم بەراورد دەکا بە دۆخی “جەمال عەبدولناسر” دوای شکستی لە جەنگی دژ بە ئیسرائیل و چۆنێتی پەراوێزخستنی هەردووکیشیان دەخاتە ڕوو. هاوکات پێی وایە دۆخی گەلی کوردیش هاوشێوەی دۆخی گەلی فەڵەستینە و لە زۆر باردا لەیەک دەچن. ئەم دوو گەلە هەردووک باجی جوگرافیا و نەبوونی سەرکردەی بەتوانا دەدەن، ئەوان لە نێو خاکێکدا دەژین کە خاکی ڕکابەرییە، مەیدانی بەرژەوەندی و چاوتێبڕینی زلهێزەکانی جیهانە، سەرباری هەموو ئەمانەش ناکۆکی ناوخۆیی و دەستێوەردانی دەرەکی و خۆخۆری هێندەی تر  لاواز و سەرکزی کردوون.

ئەم کتێبە دەشێت لە زۆر ڕووەوە ڕەخنەی لێ بگیرێ، بەڵام هێشتاش وەک بابەتیانەترین کتێبێک دەمێنێتەوە کە تا ئێستا لە سەر ڕیفراندۆم نووسرابێ و بێ لایەنانە شرۆڤەی شکست و کاڵبوونەوەی خەونی سەربەخۆیی کوردی کردبێت. ئەم کتێبە نە لەگەڵدایە و نە دژ، بەڵکو گێڕانەوەی مێژووییەکە بە ئاگایی و ئەمانەتەوە و تا ڕادەیەکیش وەک خۆی.

جواد خەلیل




کۆشکی مەجید پاشای بابان.. جواد خەلیل


(چیرۆکی سەردارانی کۆشک، بەسەرهاتی هەستانەوە و داڕمان)

   لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا (مەجید پاشای بابان) کە بە سێ پشت دەچێتەوە سەر دامەزرێنەری سلێمانی (ئیبراهیم پاشای بابان)، بەهۆی لە ناوچوونی یەکجارەکیی میرنشینی بابانەوە، بڕیار دەدات خۆی و بنەماڵەکەی لە کفری نیشتەجێ ببن.

بۆ ئەم مەبەستەش کۆشکێکی گەورەی لە کفری بنیاتنا و بەیارمەتی تورکە عوسمانیەکان دەستی بەسەر زەوی زارێکی زۆردا گرت. کفری کە پێشتر جیاوازی چینایەتی تێدا نەبوو، بەهۆی (مەجید پاشا)وە ئەم جیاوازییانە زۆر بە ڕوونی تێیدا دەرکەوت.

(مەجید پاشای بابان) یەکەمین کەس بوو شێوە ژیانی ئەرستۆکراتییانەی هێنایە نێو (کفری)یەوە، کتێبخانەیەکی گەورەی لە ماڵەکەیدا دروستکرد و دانیشتنی شەوانەی بۆ هونەرمەندان و دەنگخۆشانی کوردو تورکمان و عەرەب ڕێک دەخست و هەوڵی پێگەیاندنی نەوەیەکی سیاسی و خوێنەواری نێو بنەماڵەکەی دەدا و تێکەڵی خەڵکی ڕەش و ڕووتی نەدەکردن.

گۆرانییە بە ناوبانگەکەی (عەلی مەردان) کە بە نێوی  (باخی پاشا)ەوە تۆمارکراوە، لە نێو ئەم ماڵەدا و بەسەر ئەم کۆشکەدا وتراوە ، هەر لە نێو ئەم کۆشکەدا و بەهۆی جەمیل پاشاوە “عەلی مەردان” و “قەمەر بەگلەر” یەکدییان ناسیوە و پێکەوە سەرمەست بە باخی پاشا و جوانییە شاهانەکەی، شیعرەکەیان نوسیوە و گۆرانیەکەیان گوتۆتەوە:

هەستە با بڕۆین بکەین تەماشا
لە مێرگوزار و لای باخچەیی پاشا

مەجید پاشای بابان لە ساڵی (۱۹۰٥) کۆچی دوایی دەکا و لە گۆڕستانێکی تایبەت بە بابانەکان لەتەنیشت گۆڕی ( قادر پاشا)ی باوکییەوە  لە شاری بەغداد بە خاک دەسپێردرێت.

  دوای مردنی مەجید پاشا، کوڕەکەی واتا جەمیل پاشا “۱۸۸٤-۱۹٤٦” بوو بە سەرداری کۆشک، کە ئەویش هەر لە نێو ئەم کۆشکەوە هاتبووە دونیا، زیرەکییەکی بێ هاوتای هەبوو بە تایبەتی لە بواری هونەری ئیدارەدان و کارگێڕییدا. بەو پێیەی زمانەکانی ( کوردی، تورکی، عەرەبی، فارسی) بە باشی دەزانی و کەسایەتیەکی ناسراوی سەردەمەکەی خۆی بوو، کرا بە نوێنەری ویلایەتی موسڵ لە پەرلەمانی عوسمانی لە ئەستەنبوڵ. دوای ڕووخانی عوسمانیەکان و دامەزراندنی  دەوڵەتی عێراق ماوەیەک بوو بە نوێنەری کەرکوک لە پەرلەمانی عێراق. ژمارەیەکی بەرچاو کتێبی عەرەبی و تورکی لە ئەستەنبوڵ و بەغدادەوە هێنایەوە بۆ کتێبخانەی نێو کۆشکەکەی لە کفری.

لە نێو کوڕانی جەمیل پاشادا، مەحمود پاشا “۱۹۲۰-۱۹۹۷” لە هەموویان زیرەکتر و لێهاتوتر بوو، کە دواتر بۆ ماوەیەکی زۆر کرا بە وەزیری تەندروستی عێراق. مەحمود بە هەمان شێوەی باوکی هەر لە نێو ئەم کۆشکەدا گەورە بوو، لە کفری خوێندنی دەستپێکرد و دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچێتە بەیروت و بەغداد،  تێکەڵی کاری سیاسی دەبێت و لە سێ کابینەی جیادا سێ جار دەگاتە پلەی وەزیر، چەند جارێکیش دەکرێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران.لە دوای ڕووخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتی،  ڕوودەکاتە ئوردن و ماوەیەک لەوێ دەمێنێتەوە. دواتر دەچێتە سعودیە و دەبێتە ڕاوێژکاری (میر فەهد بن عەبدولعەزیز) و ماوەیەکیش لەوێ دەژی، تا لە کۆتایی حەفتاکاندا ئەوێش بە جێدەهێڵێ و دەچێتە لەندەن، ساڵی 1997 کۆچی دوایی دەکات و دەیبەنەوە بۆ ئوردن و لەوێ بەخاک دەسپێردرێت. مەحمود پاشا  زمانەکانی (کوردی و عەرەبی و تورکی و ئینگلیزی) بە باشی دەزانی و متمانەپێکراوی پاشای عێراق بوو.

(عەفیفە خاتوون)ی کچی (جەمیل پاشا) یەکێکی ترە لە ناودارانی نێو ئەم کۆشکە مەزنە، کە ئەویش هەر لە نێو ئەم کۆشکەوە هاتبووە دونیا و گەورە ببوو، هاوسەرگیری لەگەڵ (ئەحمەد موختار بابان) دا کرد، ئەحمەد بابان جگە لەوەی یەکێک بوو لە دیارترین سیاسیەکانی مێژووی نوێی عێراق، هاوکات دوایین سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بوو لە سەردەمی پاشایەتیدا.

دوای ڕووخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری قاسم، پیاوەکانی نێو ئەم کۆشکەیش سەرجەمیان بێ دەسەڵاتکران و خرانە زیندانەوە. دواتریش نەک تەنها لە نێوەندە سیاسیەکە، بەڵکو بەتەواوی لە سەر شانۆی سیاسی عێراق دوورخرانەوە، هەندێکیان ڕوویانکردە ئوردن و بەشێکیشان چوونە ئەوروپا. ئەو کۆشکەی سەردەمانێک باپیرە گەورەیان بنیاتینابوو، لێی تەرینەوە و ئیدی نەهاتنەوە بەلایدا و لە وڵات و خاکی تردا ژیان و مردن.

ئێستا و دوای نیو سەدە لە چۆڵکردنی، کۆشکەکە بۆتە کەلاوە، هەرچەندە تا دەیەی یەکەمی دوو هەزار، وەکو خۆی مابووەوە و دەتوانرا بە تێچوویەکی کەم نۆژەنبکرێتەوە، بەڵام نەکرا. بۆچی نەکرا؟ خۆ زیاتر لە جارێک پارەی بۆ تەرخانکرا! ئاخر هەموو جارێک بڕە پارەی تەرخانکراو دوای برابەشکردنی لە نێوان بەرپرسە دیارەکانی حیزب و حکومەتدا، شتێکی وای لێ نەدەمایەوە بخرێتە خزمەتی کۆشکەوە!

دواجار ئەم کۆشکە بەشێکی زۆری داڕما و بوو بەکەلاوە، کەلاوەیەک هەرچەند لێی بڕوانیت بیماری عەقڵی ئیدارەدانی کورد و بێ ئاگاییەکەییت بۆ دەردەکەوێت، لە هەستکردنیدا بە گرنگی شوێنەوار و سەنگە مێژووییەکەی ئاسار! ئەم کۆشکە چاوەڕێی لێزمه بارانێکە، تا بۆ هەمیشە ببێتەوە خاکێکی ڕووتەڵ، وەک ئەوەی کە هەرگیز نەبووبێت.

جواد خەلیل




کاتێک خوێن دەبێتە ئاو.. جواد خەلیل


(عیبرەتەن لیئولەل ئەلباب، ئەگەر ئەلبابێک مابێ!)

چوار سەدە لەمەوپێش (میر ئەبداڵی یەکەم) کە کوڕی (میر شەمسەدین) ی میری بۆتان بوو، لە باوکی یاخی دەبێت و پەنا دەباتە بەر شای سەفەویەکان، ئەوانیش چونکە دژی عوسمانیەکان و میرنشینی بۆتان بوون، بۆیە پاڵپشتی میر ئەبداڵ دەکەن و دەیکەنە سەرداری ناوچەیەکی فراوانی موکریان  و هانی دەدەن تاکو دژی میری بۆتان بوەستێتەوە و لە سەر حسابی میرنشینەکەی باوکی دەسەڵاتی خۆی فراوان بکات.

دوای ماوەیەک (ئەبداڵ خان) کە هەواڵی مەرگی باوکی دەبیستێ، بێ پرسی شای ئێران دەچێتەوە بۆتان و دەبێتە میری ئەوێ، هەردوو کوڕەکەی ( کاکە شێخ و کاکە میر)یش دەکاتە فەرمانڕەوای پشدەر و مەرگە. بەڵام ئەم جووتئاغاییە هەتا سەر نابێ و (کاکە میر)ی برا بچووک بە فیتی ئێران هەڵدەدا لە برایێ خۆی، تەنها بۆ ئەوەی خۆی ببێتە تاکە سەرداری ناوچەکە (کاکە شێخ)ی برا گەورەی دەکوژێت.

هاوسەری (کاکە شێخ)ی کوژراو، بە خۆی و کوڕەکەیەوە هەڵدێ و دەچێتە دێی (خدران) و لەوێ خۆی دەشارێتەوە ، دوای ساڵانێک کوڕەی گەورە دەبێ و بە دنەدان و پاڵپشتی تورکان بە دووی تۆڵەدا دەگەڕێ. هەر لەو سەروەختەدا (کاکە میر) کۆچی دوایی دەکا و کوڕانی دێنە پێشەوە، کوڕانی کاکە میر پێکەوە ناسازێن و لەسەر ئەوەی کامیان ببێتە سەردار، پێک هەڵدەشاخێن و لە نێو یەکدیدا دەبێتە شەڕیان.

کوڕی (کاکە شێخ)ی کوژراو کە دواتر بە ( فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە)ناوبانگ دەردەکا، ئەم هەلە دەقۆزێتەوەو بۆ تۆڵەکردنەوەی خوێنی باوکی پەلاماری ئامۆزاکانی دەدا و چ ماڵ و موڵکی دەستبەسەراگیراوی باوکی هەیە، دەیگەڕێنێتەوە ژێر دەستی خۆی و دەبێتە تاکە سەرداری بێ ڕکابەری ناوچەکە.  فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە (١٦١٠-١٦٦٠) میرنشینی(بابان)دادەمەزرێنێ و لە دوای خۆی جێگرەوەکانی سلێمانی دەکەنە پایتەخت.

لەو سەردەمەوە تا کۆتایی هاتنی حوکمی بابانەکان، میرانی جێگرەوە هەر جارەو ئامۆزا و برایەکیان لێ هەڵدەگەڕێتەوە و بەردەبنە گیانی یەکتری. زۆرجاریش ناچار بوون بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکانیان، پەنا ببەنە بەر سەفەوی و عوسمانیەکان.  بەمجۆرە زۆر بە ئاسانی لە نێوان بەرداشی ڕۆم و عەجەمدا، فەرمانڕەوایانی سلێمانی کە خزمی نزیکی یەکتر بوون، هەموویان یەک لەدوای یەک بێهێز کران و  لەناوچوون. دوایین میری بابانەکان نەبێ (ئەحمەد پاشای بابان) کە لە بەرامبەر پێدانی پۆست و پلەوپایەیەکی بەرزتردا و کردنی  بە والی (یەمەن) دەستبەرداری سلێمانی و فەرمانڕەوایەتیەکەی بوو، بەیەکجاری فرۆشتیە سوڵتانی عوسمانیەکان.

هەڵبەت (ئەحمەد پاشای بابان) لەمەدا ناهەقیشی نەبوو، چونکە (عەبدوڵا)ی برای لەگەڵ تورکەکان ڕێککەوتبوو هێرش بکاتە سەر براکەی و لە ناویبدات، بۆیە ناچاربوو خۆی بە ڕێگایەکی ئاشتیانە پایتەختەکەی ڕادەست بکات و داهاتووی خۆیشی لە شکست بپارێزێ! هەم گەشتی فەرەنسا و ئەستەنبوڵ بکا و هەمیش بکرێتە والی یەمەن!

جواد خەلیل




خوێنەری خێرا، نەوەی فاست فوود..!.. جواد خەلیل

ئینسان کاتێک بیەوێ هۆشیاری و ئاگایی خۆی بباتە سەرێ، دوو ڕێگای گرنگی دێنە پێش، خوێندنەوە یان گەشت کردن. زۆرینەی کورد لەبەر بێ پارەیی و نەبوونی و هەندێک هۆکاری دیکە، گەشت و گەڕانی وڵاتانی لێ سەنراوەتەوە، بۆیە ئەوەی ماوەتەوە بۆی، تەنها و تەنها کتێب و خوێندنەوەیە.

ئایا کورد بە گشتی گەلێکی خوێنەرە؟ بێگومان نەخێر، کورد تا ئێستایش لە ڕیزی ئەو کۆمەڵگایانەدایە کە لە ڕووی ڕۆشنبیری و خوێندەوارییەوە خاوەن فەرهەنگێکی ئێجگار هەژارن و بە دەگمەن نەبێت ناخوێننەوە. ئەگەر تۆ کەسێک بیت توانای گەشتکردنت نەبێت و نەشتوانی بخوێنیتەوە، کەواتە چۆن ئاگاییت دەبەیتە سەر؟ جێگرەوە و سەرچاوەی زانیاری ئەم گەلە نەخوێندەوارە چیە؟

ئێستا تەلەفزیۆن و فەیسبوک و تۆڕە کۆمەلایەتیەکانی تر بە گشتی، خۆیان وەک جێگرەوەی کتێب و گەشتکردن بە ئینسانی کورد ناساندووە. لە دونیای دیجیتاڵیشدا، ئینسان کەمترین کاتی هەیە، هەمیشە بە پەلەیە و وزەی وردبوونەوەی نیە، هەر پۆستێک کە دەیبینێ، هەر گرتەیەک کە دێتە پێش چاوی، دەبێ بۆ چەند چرکەیەک بێ و زۆر لەسەری نەڕوا و لە کورتی بیبڕێتەوە. بەواتایەکی تر سەردەمی خوێندنەوەی خێرا و خوێنەری بەپەلە و نووسینە کورتەکانە، ئەمە یانی چی؟ یانی ئیتر خوێنەری ڕووکەشبین و تێپەڕ، نووسینی سەتحی و لاواز زۆر دەبن، قووڵبوونەوە و تێڕامان و بیرکردنەوە بە مانا فەلسەفییە گەورەکەی غائیب دەبێت. ئاخۆ دەرئەنجامی ئەم خۆبەریکردنە لە بیرکردنەوە و خوێندەواری دەمانباتە کوێ؟ بۆ هیچ کوێمان نابات، هەر لێرە دەمانهێڵێتەوە، چونکە ئێمە لە دەرئەنجامداین. دەبێ ئەمجارە بپرسین: چی بکەین بۆ ڕزگاربوون لەم دەرئەنجامە خراپە؟ هەوڵدان بۆ دروستکردنی نەوەیەکی نوێ، کە خوێنەرێکی چەند دێڕی و دونیابینێکی سادە نەبێت؛ بەڵکو خوێنەری دەقە مەزن و گەورەکانی بەشەرییەت بێت؛ باشترین ڕێگای دەربازبوونە لەم دەرئەنجامە خراپە.

“ئەلبێرتۆ مانگوێل” پێی وایە بوونی کتێبخانە لە ماڵدا وادەکا مرۆڤ هەر لە منداڵییەوە عاشقی خوێندنەوە و کتێب بێت، چونکە دواجار کتێبخانەکە و کتێبەکانی نێویشی دەبنە بەشێکی گرنگ لە یادەوەری خێزان، هەر شتێکیش لەیادەوەری منداڵی و خێزانییەوە سەرچاوە بگرێت لای مرۆڤ دەبێتە جێی ڕێز و خۆشویستن.
ئەوە بۆیە ئینسانی کورد بە گشتی نە دەخوێنێتەوە و نە حەزی لەو کەسانەشە کە باسی کتێب دەکەن و خوێنەرن،چونکە ئەو لە یادەوەری خێزانی و منداڵانەی خۆیدا هیچ شتێک نایگەڕێنێتەوە بۆ کتێب! چواردەورەکەی و ئەو ژینگەیەشی کە تێیدا گەورە بووە، دوژمنی سەرسەختی کتێب و زانینن. واتا ئەو تاکی کۆمەڵگایەکی حازر ویست و پەلەکار و فاستفوودییە، کۆمەڵگایەک تاقەتی هەموو شتێکیان هەیە، جگە لە بیرکردنەوە و تێگەیشتنی قووڵ.

جواد خەلیل




کورد و شوێنەوار.. جواد خەلیل

( دەربارەی شوێنەوارناسیی لای کورد و ئەزموونی تەها باقر)

هەموو ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ شوێنەوار و مێژوودا هەیە، بەتایبەتی مێژووی کۆنی جیهان و شارستانیە دێرینەکانی دۆڵی دووئاوان و نیل، ئاشنایەتیان لەگەڵ ناوی ( تەها باقر)دا هەیە و دەزانن لە هەمبەر چ گەوهەرێکی درەوشاوە و بەنرخی جیهانی شوێنەواردا وەستاون.

تەها باقر (۱۹۱۲-۱۹۸٤) بە گەورەترین و تایبەتترین شوێنەوارناس و مێژوونوس دادەنرێت لە مێژووی عێراقدا، ئاخر دەستکەوت و دۆزینەوەکانی ئەو ئەمەندە زۆرن، لە ژماردن نایەن! ئەو جگە لەوەی شوێنەوارناس و مێژونوس بوو، توانایەکی سەرسوڕهێنەریشی هەبوو لە فێربوونی زمانانی کۆن و نوێی جیهاندا، لەوانە: ئینگلیزی و فەرەنسی و ئەڵمانی و ئەکەدی و ئارامی و سۆمەری.

لە بابل گەورەببوو، لە فەڵەستین و لوبنان و ئەمریکا خوێندبووی، ئەوەندە بەباشی زمانی شارستانیەتە کۆنەکان فێرببوو، کاتێک “داستانی گلگامێش”ی لە ئەکەدییەوە کرد بە عەرەبی، زۆرێک پێیان وابوو مەحاڵی ئەنجامداوە! ئەو هەر بەمەوە نەوەستا و کنەو پشکنینی بۆ زۆرێک لە شوێنەوارە دێرینەکانی عێراق کرد و دەرئەنجام یاسای ئەشنونای دۆزییەوە، ئەمە بێجگە لە کردنەوەی کۆدی تابلۆ بابلییەکان و دۆزینەوەی شاری شادوبومی سۆمەری و وەرگێڕانی کتێبە دانسقەکانی مێژوو لە زمانی یەکەمەوە !

تەها باقر هیچ بابەتێکی دەربارەی مێژووی کۆن نەدەنووسی، ئەگەر بەڵگە و پاڵپشتی دروستی مێژوویی لەگەڵدا نەبووایە.
بۆ نموونە یەکێک لە کتێبەکانی: ( پێشەکیەک دەربارەی مێژووی شارستانیەتە کۆنەکان) هێندە تەژی لە بەڵگە و زانستییانە نووسیوە، کە زۆرینەی مێژونوسان و شوێنەوارناسان، جگە لەوەی بە گرنگترین کتێبی بواری مێژووی شارستانیەتە کۆنەکانی دادەنێن، لەو بڕوایەشدان هیچ کتێبێکی دیکە نیە لەو بوارەدا، گەیشتبێتە ئاستی ئەو!

شوێنەوارناسیی لایکورد

ئەو شوێنەی ئەمڕۆ ئێمەی کوردی لەسەر دەژین، پێش چەند هەزار ساڵێک شارستانیەتی گەورەی تێدا دەرکەوتووە و پەیوەندییەکی پتەویشی بە شارستانیەتی دۆڵی دووئاوانەوە هەبووە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی ئێمە لە چەند ڕاڤە و زانیارییەکی سەرەتایی زیاتر، هیچی ئەوتۆ لەبارەی ئەو شارستانیەتانەوە نازانین؟! وەڵامی ئەمە ئەگەر چەند هۆکارێکیش بێت، بێگومان گرنگترین و یەکەمین هۆکاریان نەبوونی شوێنەوارناسێکی پسپۆڕ و زمانزانی وەک تەها باقرە لە نێو کورد-دا، شوێنەوارناسەکانی ئێمە زیاتر لە مێژوونوسەوە نزیکن وەک لە شوێنەوارناس! زۆرجار کە کتێبی شوێنەوارناسانی کورد دەخوێنمەوە، وای دادەنێم مێژونوسێک نووسیبێتی، چون ئەوانیش هەروەک مێژونوس هێندەی پشت بە سەرچاوەی نووسراو دەبەستن، نیو هێندە کنە و پشکنینی ڕاستەقینە ئەنجام نادەن و ئەوەی دەیکەن زیاتر شێواندنی حەقیقەتە مێژووییەکانە. ئاخر کنە و پشکنین ئەگەر پشتئەستور نەبێ بە پاشخانێکی مەعریفی فراوان و زەخیرەیەکی گەورەی زمانیی و پاڵپشتییەکی بەهێزی دەوڵەت، هەرچەندە بە ڕووکەش دڵسۆزانە دیاربێ، دواجار هەر دەبێتە کارێکی سەتحی و لاواز و زیان بە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی دۆزینەوەکانیش دەگەیەنێت.

کێشەیەکی دیکە کە بەرۆکی “شوێنەوارناسیی کوردیی” گرتووە، پێدانی پۆست و بەرپرسیارێتی شوێنەوارییە بە کەسانێک کە هیچ لە بارەی ئەلفوبێی شوێنەوارەوە نازانن. زۆرینەی ئەوانەی کراونەتە بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیەکانی شوێنەوار، نەک هەر وەکو تەها باقر زمانانی دێرین نازانن، نەک هیچ لە کنە و پشکنین و ڕێکارەکانی نۆژەنکردنەوەی شوێنەوار نازانن، نەک جگە لە کوردی هیچ زمانێکی تر نازانن، بەڵکو زۆریان هەر ناشزانن شوێنەوار چیە و بۆچی گرنگە و ئیشی شوێنەوارناس چییە! بەڕێوەبەرایەتیەکانی شوێنەوار تەنها بۆ ئەوە هەن حیزبی کوردی وەک دیارییەک و پاداشتێک بیداتە کادیر و ئەندامە هیچ نەزانەکانی خۆی، تا گلەیی ئەوە نەکەن کە خەباتی شاخیان بەفیڕۆ چووە و پاداشت نەکراون. حیزب بە کادیرە ماندووەکانی خۆی دەڵێت:( خەباتت کردووە ئازیزم؟ پێشمەرگە بووی بەو شاخ و داخەوە؟ دەی پیرۆزت بێ پلە نوێیەکەت، ئەوە کرای به بەرپرسی شوێنەوار).

ئێمە ئاوها حکومڕانیی دەکەین، ئا بەم شێوەیە لە هونەری ئیدارەدان گەیشتووین. ئەوە بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ وێرانتر دەبین، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لە شارستانیەت دادەبڕێین. ئێمە بەم عەقڵییەتی ئیدارەدانەوە، بەم ئەزموونە شکستخواردووەوە، نەک تەنها ئێستا و دواڕۆژی نەتەوەیەک ناشرین و وێران دەکەین، بەڵکو ڕابردوویشی دەسڕینەوە و یەک بە یەکی شوێنەوارەکان لە سەر دەستی کادیر و ئەندامە خۆبەشتزانەکانی حیزب، دەکەین بە کەلاوە!

جواد خەلیل