گوێگرتن لە بێدەنگی … کامەران چروستانی

بە چاوێکی غەمناکەوە دایکەکە تەماشایەکی کوڕەکەی خۆی کرد، کوڕەکەش نیگایەکی کرد و هیچ قسەیەکی نەکرد. دایکەکە بەبێ دەنگ چەند فرمێسکێکی ڕژاند هەرچەندە ئەیویست غەمناکیی سەر دەموچاوی بشارێتەوە. کوڕەکە پرسی: دایە گیان بۆچی خۆت غەمناک ئەکەیت، بڕوا بکە هێورم و خەم لەو باسە ناخۆم و ئەوەتا بۆ خۆم بێدەنگ دانیشتووم. دایک لە وەڵامدا وتی: کوڕم، ئەگەر هیچ شتێک نەتوانم، ئەوا ئەتوانم بێدەنگیی کوڕەکەم بخوێنمەوە.
ئایا مرۆڤ دەتوانێت بێدەنگی بخوێنێتەوە؟ ئایا دەتوانرێت گوێ لە بێدەنگی بگرین؟
ئەمە وتەی ئافرەتێکم بەبیر دەهێنێتەوە، کە دەیوت لە ئاخ و هاواری مندا، مێژووی هەموو ئازارەکانی من و ئافرەتانی جیهان نووسراوەتەوە. بە هەمان شێوەش گەلێک جار بێدەنگی پەیامی خۆی ڕەوانە دەکات کە لەوانەیە بە دەربڕینێکی ئاسایی نەتوانرێت بگەیەنرێت، کاتێک لەناو ئەو بێدەنگییەدا کۆمەڵێک هەست و بیرۆکە و دەربڕینی دەموچاو کۆدەبنەوە.

دووبارە هەمان پرسیار: ئایا دەتوانین گوێ لە بێدەنگی بگرین؟
چەند ناوازەیە کاتێک مرۆڤ گوێ لە بێدەنگیی خۆی دەگرێت، چاوەکانی بەئارامی لێک بنێت، گەشتێک بۆ بێدەنگییەکەی ناو ناخ و هەست و سۆز و هزری خۆی دەکات، گوێ لە دەنگە نەبیستراوەکانی تان و پۆی ناو ناخی بگرێت، جارێک بە دەشت و چیا و دۆڵەکانی هەست و سۆزیدا بێت و بڕوات، جارێکی دیکەش بەناو ڕووبەڕووبوونەوەی بیرۆکە و بۆچوونەکانی هزردا بچێتەوە، ئاوڕێک لە ڕابردوو بداتەوە و نیگایەکیش بخاتە سەر ئایندەی. لەناو ئەم گەشتانەدا هەمیشە بوار دەگوزەرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت پارچە موزیکێکی جوانی ژیان بەدی بکەین یان دابڕێژین. خۆ ئەگەر بەسەر پاشماوەی شارێکی ڕووخاوی ناو ناخیشماندا تێپەڕێن، ئەوا بەلایەنی کەمەوە ئەبێت بە ئەزموونێک و گەلێک جاریش پاڵنەرێک بۆ ئەوەی لە بەردەکانی ئەو شارە ڕووخاوەدا، خانۆچکەیەکی نوێ، گەڕەکێکی نوێ و شارێکی نوێ یان بەلایەنی کەمەوە باخچەیەکی ڕەنگاوڕەنگی لێ بنیات بنێینەوە.
گوێگرتن لە بێدەنگی جیهانێکی نەردین و تایبەتە، تەنیا ئەو کەسەر چێژ و سوودی لێ وەردەگرێت، کە دەتوانێت بەرجەستەی بکات، کە بچێتە ناو ئەو جیهانە بێدەنگەوە، نەک تەنیا جیهانە بێدەنگەکەی ناخی خۆی، بەڵکوو
لەناو ئەم جیهانە جەنجاڵەی سەردەمدا گوێگرتن لە بێدەنگیی کەسێک، چوونەناو پەیام و گفتوگۆی پشت زەردەخەنەیەک، گۆشەنیگایەکی چاوەکان، لێوێکی خەمبار، ناوچەوانێکی گرژ گەلێک جار دەتباتە ناو ئەو جیهانەی کە لەوانەیە بە وشە و دەربڕینێکی ئاسایی نەتوانرێت بەرجەستە بکرێت. جیهانی بێدەنگی و هێماکان جیهانێکی پڕ وشە و دەربڕینە، پڕ هەست و سۆزە، ئەو جیهانەیە کە دەتوانێت ناخی دوو مرۆڤ تێکەڵ بە یەکتر بگات و بچنە ناو قوڵایی ڕۆحی یەکترەوە، ئەگەرچی لە یەکتر دووریش بن.
دەڵێن: ئەگەر بەردەوام بیرت لە کەسێک کردەوە، ئەوا بێگومان بەر لەوەی کە ئەو کەسەش بە هەمان شێوە بەبەردەوامی خەیاڵی لەلای تۆیە.
ئەمە ئەو جیهانە بچووکە بێدەنگەیە کە دوو هەست، دوو ڕۆح، دوو هزر و دوو کەسایەتی پێکەوە دەبەستێتەوە.
ئایا ئێستا دەتوانین گوێ لە بێدەنگیی ناخی خۆمان و کەسانی دیکەش بگرین؟




کوردبوون و کوردنەبوون لە گشتپرسیدا کامەران چروستانی

ئەنجامدانی گشتپرسییەک لەبەر دەرگای هەرێمی کوردستاندایە، هاووڵاتی سادە و لایەنە ناوەکی و دەرەکییەکان بە بایەخەوە بەدوای گۆڕانکاری و ڕووداوەکانی هەرێمەوەن، ئەگەرەکان ڕۆژانە لە گۆڕاندایە، بیروبۆچوونەکان جیاوازن و هەندێکیان دژ بە یەکترن، کاردانەوەی حیزبەکانی ناو وڵات لەنێوان قبوڵکردن و ڕەتکردنەوە و دژایەتیکردندا یاری دەکات، وڵاتانی دراوسێ، ناوچەکە و زلهێزەکانیش بە هەمان شێوە.
شەقامی کوردیش دابەش بووە بەسەر (بەڵێ)کان و (نەخێر)ەکاندا بە پلەی جیاواز، کە هەر یەکەیان بۆچوون و پاساو و تێڕوانینی خۆی هەیە و ئەمەش هەتا ڕادەیەکی زۆر ڕوویەکی ئەرێنی کۆمەڵگاکە پێشان دەدات لە پرسە جیاوازەکاندا، کە هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە و هەر لایەنێکی سیاسی بۆی هەیە خاوەنی بۆچوون و تێڕوانین و بڕیاری خۆی بێت.

هەتا ئەم سنوورە هەموو شتەکان کاریان بەخێرە و کێشەمان لەگەڵیاندا نییە.
وەلێ لەگەڵ دەستنیشانکردنی وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و بەرزبوونەوەی دەنگە جیاوازەکان سەبارەت بەو پرسە، لە هەردوو بەرەی بەڵێ یان نەخێر هەندێک کەس و لایەن هەڵوێستێکی زیاتر لە ڕەقیان لەم پرسەدا گرتۆتە بەر بەوەی لەنێوان دەنگدان و دەنگنەدان، پشتگیریکردن و ڕەتکردنەوەدا کوردبوون و کوردنەبوونی هاووڵاتی دەخەنە ژێر پرسیارەوە. بگرە پشتگیریکردنی ئەم بەرە یان ئەو بەرە بە کۆیلە، خیانەتکار، بەکرێگیراو و نەزان یەکتر ناوزەند دەکەن.

گشتپرسی یان ڕیفراندۆم لە خۆیدا مانا و ناوەڕۆکی خۆی نمایش دەکات، کە ئەویش بریتییە لە وەرگرتنی ڕا و بۆچوونە جیاوازەکانی کۆمەڵە خەڵکێک سەبارەت بە پرسێکی تایبەت. بێگومان هەموو پرسێکی ناو کۆمەڵگا ڕووبەڕووی هەردوو بەرەی پشتگیریکردن و ڕەتکردنەوە دەبێتەوە، چونکە ناتوانرێت بەدوای کۆمەڵگایەکی نموونەییدا بگەڕێین، کە سەرجەمیان هەمان ئاراستە و بۆچوونیان هەبێت سەبارەت بەو پرسیارە یان پرسیارانەی کە لە ڕیفراندۆمەکەدا ڕووبەڕووی کۆمەڵگا دەکرێتەوە.
کوردبوونمان وەک بەشێک لە مرۆڤبوونمان بە چەند مەرج و خەسڵەتێکی تایبەتییەوە بەستراوە کە قبوڵکردنی یەکتر و ڕا جیاوازەکان یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکان و هەر ئەوەشە دەبێتە یەکێک لە سیماکانی بەرەوپێشچوونمان و جێگیرکردنی ڕۆحی دیموکراسی لە ناخی تاک و کۆمەڵگادا. دابەشکردنی کۆمەڵگا بۆ دوو بەرەی جیاوازی ڕەش و سپی، دۆست و دوژمن، نیشتمانپەروەر و خیانەتکار لەسەر بنەمای دەنگدان بەم بەرە یان بەو بەرە هەڵەیەکی کوشندەیە و هەر هاندانێکی ڕێکخراو لەلایەن هەر حیزب و لایەنێکی سیاسییەوە بەو ئاراستەیەدا بریتییە لە خیانەتێکی گەورە کە لە تاکی کورد دەکرێت، چونکە هەر ئەو هاندانەیە چەکەرەی قبوڵنەکردن و تۆمەتبارکردنی لەناو کۆمەڵگادا دەڕوێنێت.

بەر لەوەی یەکتر تۆمەتبار بکەین، پێویستە ئەوەمان لەلا ڕوون و ئاشکرا بێت کە هەر یەکێک لەو دوو بەرە جیاوازە و بە پلە جیاوازەکانیانەوە پاساو و تێڕوانین و بۆچوونی خۆی هەیە سەبارەت بە هەڵوێستی خۆی لەمەڕ ڕیفراندۆم و هەر یەکەشیان لە ڕوانگەی خۆیەوە خۆی بە ڕاستتر دەبینێت، بەڵام خاڵی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە ڕای بەرامبەر ئەگەر بە دروستیشی نەزانین، ئەوا نەخرێتە ناو قاڵبی کوردنەبوون و خیانەتکاری و کۆیلایەتی.

هەر لەو گۆشەنیگایەوە پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشمان کە هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە پێویستە وەڵامی خۆی پێ بێت: سەرباری هەموو کەموکورتییەکان، گەندەڵی و قۆرخکارییەکان، بردنی سامانی گشتی و نەبوونی دادپەروەریی ئایا منی هاووڵاتی پشتگیری لە دروستبوونی دەوڵەتێک بکەم و پاشان لەناو دەوڵەتەکەی خۆمدا چارەسەری کێشەکان بکەم یاخود نەخێر؛ دەوڵەتێک لەسەر بنەمایەکی نادروست بنیات بنرێت هەر نادروست دەبێت و بەر لەوەی دەنگ بۆ ڕیفراندۆم بدەم پێویستە ماڵی کوردی یەک بخرێت و ڕێک بخرێت.
ئەگەر چاوێک بە ڕابردوودا بخشێنین و لە خۆمان بپرسین: چی ڕووی داوە و هۆکار چی بوو لە ماوەی دوانزە ساڵدا ڕێژەی دەنگدەرانی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠٠٥ لە (٩٨%)ەوە ڕکابەرێکی وەها توندی لە بەرەی (نەخێر) یان دەنگنەدان بۆ دروست ببێت؟ بێگومان زیادبوونی ئەو ڕێژەیە بەر لە هەموو شتێک کاردانەوەیەکە بەرامبەر بیست و شەش ساڵ قۆرخکاری و گەندەڵی، کە وەهای کردووە ڕێژەیەکی بەرچاو لە کۆمەڵگای کوردی متمانەی بە ئێستا و ئایندەی دەوڵەتێک نەبێت، کە لە ژێر دەستی ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستادا دروست دەبێت. بە واتایەکی تر: دەسەڵات خۆی متمانەی لەخۆی لەلای بەشێکی کۆمەڵگا سەندۆتەوە، نەک بە پێچەوانەوە.

لێرەدا ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە، کە سەرجەم بەرە و ڕا جیاوازەکان لەگەڵ سەربەوخۆیی کوردستاندان، لەگەڵ دەوڵەتێکی ئازادن بەڵام ئەو پرسیارانەی ڕووبەڕووی خۆیان دەکەنەوە ئەوەیە: ئایا کەی و چۆن؟ لەبەر ئەوە پێوەری کوردبوونمان بە ڕا و بۆچوونە جیاوازەکان سەبارەت بە ڕیفراندۆمەوە نەبەستراوە بەڵکوو بە پێچەوانەوە قبوڵکردنی یەکتری بە هەموو ڕوانگە و بۆچوونە جیاوازەکانەوە قوڵیی ڕەگی کوردبوونمان دەسەلمێنێت.




دەسەڵاتی مافیا و مافیای دەسەڵات … کامەران چروستانی

مافیا لە کوێوە سەری هەڵداوە؟

ڕەگی گروپەکانی مافیا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەهەم کاتێک لە ناوچەی سقڵیەی وڵاتی ئیتالیا هەندێک خێزان و خێڵی دەسەڵاتدار باندی تایبەت بەخۆیان پێکەوە دەنا و لە ڕێگەی هەڕەشە و فشار و کوشتن و توندوتیژییەوە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر جومگە سەرەکییەکانی بازرگانی و بازاڕی شار و شارۆچکەکانی ئەو ناوچەیەدا دەگرت. یەکێک لە بەهێزترین و دڕندەترین مافیاکانی ئەو ناوچەیە بە کۆسا نۆسترا (Cosa Nostra) ناسراوە، کە هەتا ئێستاش ئەم گروپە مافیایە لە ناوچەکەدا خاوەنی دەسەڵاتی خۆیەتی و لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو حکومەتی ئیتالیا ڕووبەڕووبوونەوە و کێشەی گەورەی لەگەڵ ئەم باندەی مافیایە هەبوو.

مافیا لە دوو تەوەرەی سەرەکیدا کار دەکات: کۆنترۆڵکردنی جومگە سەرەکییەکانی ئابووری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بە شێوەیەک چالاکییە ئابوورییەکانی سەرەکی و بەهێزەکانی ناوچەکە دەبێت لەژێر کۆنترۆڵی خۆیان بێت یاخود پشکی سەرەکییان هەبێت. تەوەری دووەمی کارکردنیان لەسەر بنەمای (هەر دەریایەک لە دڵۆپە ئاو پێک دێت)، کە هەڵدەستن لەژێر کاریگەریی هەڕەشە و فشاری توندوتژیدا بڕێک پارە لە خاوەن بازرگانییە بچوک، ناوەند و گەورەکان دەسەنن لەژێر پاساوی پاراستنیان، کە ئەمە خاوەن فرۆشگا و چێشتخانە و کافتریا و هەموو بوارێکی دیکەی بازرگانی دەگرێتەوە.
مافیای ئیتالی سنووری وڵاتەکەی خۆی بەزاند و لە ئەمریکا لەناو ئەو گەڕەکانەوە، کە خێزانە ئیتالییەکان زۆرینەی نیشتەجێبووانیان پێک دەهێنا، دەستیان کرد بە چالاکییەکانی خۆیان و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا توانا داراییەکانیان بەهێزتر دەبوون و کۆنترۆڵی گەلێک بازرگانی گەورەی وەکو کحول، جگەرە، شەکر، قومارخانە و بازرگانیی لەشفرۆشییان کرد. لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە و لەگەڵ کرانەوەی ئابووری چین بە ڕووی جیهاندا مافیای چینی و پێش ئەوەش مافیای ژاپۆنی بە هەمان شێوە سەریان هەڵدا، کە ڕکابەرێکی ڕاستەقینەی مافیای ئیتالی بوون.

پاش ڕووخانی دیواری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و گۆڕانکاریی لە سیستمی کۆمینیزمدا ئەو ناوچەیەدا و هەروەها لێکهەڵوەشاندنی یەکێتی سۆڤیەت جۆرێکی دیکە لە مافیا لەو ناوچەیەدا سەری هەڵدا، کە نە لە شێوازەی پێکهاتن، نە لە شێوازی کارکردن و سەرچاوەیاندا لە مافیاکانی ئیتالی و چینی و ژاپۆنی دەکرد.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ یەکێک لە پسپۆرەکانی تۆڕەکانی مافیا بۆ پێناسەکردنی هەردوو جۆری مافیاکە بەم شێوەیە باسی لێوە کردن: مافیای ئیتالی لە ناو شەقامەوە سەری هەڵدا و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا خۆی خزانە ناو دەسەڵات، بەڵام مافیای ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لە دەسەڵاتەوە سەری هەڵدا و چووە ناو شەقامەوە.

ئەگەر چاوێک بە مێژووی زۆرینەی گروپە مافیاکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا بخشێنین، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بەشی زۆرینەی کەسانی خاوەن دەسەڵاتی ئەو گروپانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە لوتکەکانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە هەبووە بەر لەوەی گروپە مافیاکانی خۆیان پێک بهێنن. لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی حوکم ئەو وڵاتانە کەوتنە ناو بۆشاییەکی سیاسی، یاسایی، سەروەریی یاسا و ئابووریش کە ئەمەش ژینگەیەکی لەبار بوو بۆ ئەوەی کەسانێک بتوانن لە بەرژەوەندی خۆیاندا ئەو بارە لاواز و نائاساییەی وڵات بەکار بهێنن. ئەوەیش بە:

– بەکارهێنانی سەرچاوەی زانیارییەکان لە بواری ئاسایش، یاسا و دادگا، ئابووری، بازرگانی و بەڕێوەبردن لە بەرژەوەندی خۆیاندا ئەویش بەهۆی ئەو پەیوەندییانەی، کە لەناو جومگەکانی دەسەڵاتدا لە ڕابردوودا هەیانبووە.
– قۆرخکردنی ڕەگە سەرەکییەکانی ئابووریی ناوچەکە لە بەرژوەندی خۆیاندا، بە شێوەیەک لە هەندێک بواردا پاکتاوی هەر کەس و لایەنێکیان دەکرد کاتێک هەستیان بە سەرهەڵدانی ڕکابەر کردووە.
– بەکارهێنان و داتاشینی یاسا، ڕێکاری بەڕێوەبردن و شێوازی حوکم لە بەرژوەندی ئەو گروپانەدا، کە هەندێک جار دەگەیشتە ئەوەی دەسەڵات چاوەکانی خۆی بنوقێنێت لە پێشێلکارییە یاساییەکانی ئەم گروپانە.
– بەرەنگاربوونەوەی مێدیای ئازاد بە هەموو شێوەیەکی توندوتیژییەوە کاتێک هەستیان بە مەترسیی ئاشکراکردنی زانیارییەکی نهێنی یاخود چالاکیی بنکەیەکی مێدیا یان مێدیاکارێک لە دژیان. بەرامبەر بەمەش دامەزراندنی چەندین بنکەی مێدیای (سێبەر) بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و چەواشەکردنی کۆمەڵگا لە ڕاستییەکانی ئەم گروپانە.
– بەیاسایکردنی پارەی ڕەش و شتنەوەی ئەو پارانە لە ڕێگەی چەندین پرۆژەی زەبەلاح لەو وڵاتانەدا لەژێر ناونیشان و خاوەندارێتی ناوی دیکەدا، کە نەتوانرێت بەدواداچوونەوەی یاسایی بۆ ئەو کەس و سەرچاوە داراییانە ئەنجام بدرێت.
– تێکەڵاوبوونی جومگەکانی لایەنی چاودێریکردن، جێبەجێکار، یاسادانان، بازرگان و دادگاکان لەناو پێکهاتەیەکی ئاڵۆزدا، کە بەرژەوەندی هەموویان لەناو ئەم تۆڕە داراییە زەبەلاحەدا پێکەوە بەستراوە و هەر لایەنێکیان ناچار بوون داکۆکی لە ئەوی دیکەیان بکات.
– ناچارکردنی شەقام بە پێدانی جۆرێک لە باج، جۆرێک لە پارە لەژێر پەردەی پاراستن، ڕێگەپێدان، مۆڵەت، هەندێک یاسای تایبەت و چەندین کۆمپانیای جیاوازی دڵنیاکردنەوە (Insurance).

ئەم دوو پێکهاتە جیاوازە دوو شێوازی جیاواز لە مافیا نمایش دەکات، کە یەکەمیان ڕەگەکەی لە شەقامدا داکوتاوە، بەڵام دووەمیان لەناو دەسەڵاتدا. بۆ کۆمەڵگا کێشەکان لە جۆری دووەمیان زۆر زیاترە چونکە لە جۆری یەکەمدا بە هەر شێوازێک و لە هەر کاتێکدا بێت یاسا و دەسەڵات دەتوانێت بەرەنگاریان ببێتەوە و بەلایەنی کەمەوە سنوورێکیان بۆ دابنێت. وەلێ لە جۆری دووەمیاندا کێشەکە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە نەک تەنها سەروەری یاسا بوونی نابێت و حوکم لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی فرەلایەنەی مافیادا کار دەکات، بەڵکوو گەندەڵیی دامودەزگاکانی حوکمەت وەها دەکات، کە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت لەناویشیاندا ئاسایش و پۆلیس و هێزە چەکدارەکانیش لە بەرژەوەندی ئەو گروپانەدا کار بکەن.
بەم شێوەیە دەسەڵات لە لوتکەوە دەبێت بە بەشێک لە مافیا و مافیا دەبێت بە بەشێک لە دەسەڵات و تاکی کۆمەڵگاش ناتوانێت سنوورێکی جیاکەرەوە بۆ ئەو دوو پێکهاتەیە دەستنیشان بکات.

لە سەردەمی بۆریس ئێلسنی سەرۆکی ڕووسیای پێشوو دەسەڵات و تواناکانی مافیا گەیشبووە ترۆپک بە شێوەیەک نەک تەنها دەمارە سەرەکییەکانی ئابووری ئەو وڵاتەیان لەژێر دەستدا بوو، نەک تەنها کۆنترۆڵی بازرگانی نەوت و گازیان کردبوو، بەڵکوو کۆنترۆڵی بازرگانییە بچکۆلەکانی (دڵۆپە ئاوەکان)ی ناو وڵاتەکەشیان کردبوو. ئەمەش وەهای کردبوو، کە هەموو هاووڵاتییەکی ڕووس لە هەر ساتێکدا چاوەڕوانی باجێک یان ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دەکرد لەلایەن مافیای وڵاتەکەیەوە. لە وڵاتێکی دیکەی وەک بولگاریاشدا لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا بواری گەشتوگوزار بە تایبەتی سەر کەنارەکانی دەریای ڕەش بە هەمان شێوە گروپە مافیاکان لەنێوان خۆیاندا بەپێی ناوچەی دەسەڵات دابەشیان کردبوو، کە لەو سەردەمەدا بە شێوەیەک لەلایەن دەسەڵاتەوە داڵدە دەدران و پشتگیرییان لێ دەکرا.

ئەرکی دەسەڵات بریتییە لە پاراستنی ژیان و بەرژەوەندییە جیاوازەکانی تاک، خێزان و کۆمەڵگا، دابینکردنی ژیانێکی ئازاد و ئاسوودە، چەسپاندنی سەروەریی یاسا و دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ پێشکەوتن، دادپەوەری و ڕەخساندنی بوار بۆ ئەوەی هەر تاکێکی کۆمەڵگا بەپێی توانا و هەوڵی خۆی ببێت بە خاوەنی بەشێک لە سامانی ئەو وڵاتە. وەلێ کاتێک مافیا لەناو دەسەڵاتەوە هەڵدەقوڵێت و جومگە گەورە و بچوکەکانی کۆمەڵگا لە بەرژەوەندی خۆیدا قۆرخ دەکات، ئیتر سەرجەم ئەم خاڵانەی سەرەوە دەبن بە کەرەستەیەک کە لە بەرژەوەندی ئاوێتەی (مافیا-دەسەڵات)دا کاری لەسەر دەکرێت.
پرسیارەکە ئەوەیە: ئەگەر لە وڵاتێکی وەک ئیتالیاوە مافیا لەناو شەقام دروست بووبێت و خۆی خزانبێتە ناو دەسەڵات، ئەی لەم سەردەمەدا و لە هەموو جیهاندا چەند دەسەڵات هەن، کە بوون بە بەشێک لەو مافیایەی کە وڵاتەکە با یاسایی و نایاسایی بە هەردوولایان بەڕێوە دەبەن؟




پێش ڕیفراندۆم و پاش ڕیفراندۆم … کامەران چروستانی

لە ئێستادا پرسی ڕیفراندۆم یەکێک لە گەرمترین باسەکانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی و وەها چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ ئەو پرۆسەی دەنگدانە ئەنجام بدرێت. هاوکات هەروەک هەموو پرسێکی دیکە شەقامی کوردی بووە بە چەند ئاراستە و بۆچوون و لێکدانەوەیەکی جیاواز، کە ئەمەش دیاردەیەکی ئاساییە و بگرە بەشێکە لە ڕۆحە دیموکراسییەکەی کۆمەڵگای کوردیمان.

هەرچۆنێک تەفسیر و ڕوونکردنەوە بۆ ئەو پرسە دابنرێت، ڕاستییەک هەیە کە ئەویش ئەوەیە: ئاسانترین هەنگاو بریتییە لە جێبەجێکردنی خودی دەنگدانی ڕیفراندۆمەکە، بەڵام ئەوەی کە لە ئەنجامدانی ئەو ئەو پرۆسەیە گرانتر و ئاڵۆزترە بریتییە لە قۆناغی پێش ڕیفراندۆم و قۆناغی پاش ڕیفراندۆم، هەروەها ئەو پرسیار و پرس و بۆچوونانەی ڕووبەڕووی هەردوو قۆناغەکە دەبنەوە.

وەک واقیعێک لە ئێستادا کۆمەڵگای کوردی بە یەکێک لە قورسترین قۆناغەکانی خۆیدا تێدەپەڕێت، کە جگە لە هەڕەشەی داعش، کە هەڕەشەیەکە بۆ سەرجەم ناوچەکە، بەڵام قەیرانی ئابووری بارێکی گرانی دیکەیە بەسەر شانی کۆمەڵگاوە و لەگەڵ خۆیدا کێشەی دیکەی بۆ سەرجەم سوچ و کایەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵگای هانیوە. هەتا ئێستاش هیچ تروسکاییەک بەدی ناکرێت، ئایا لە ئایندەیەکی دوور یان نزیکدا ئەو قەیرانە بە شێوەیەک لە شێوەکان چارەسەر دەکرێت یان نا.

جگە لەمەش پەکخستنی پەرلەمان، دوورخستنەوەی هەندێک وەزیر لە پۆستەکانیان، سێبەری کێشەی سیاسیی ناوخۆیی نێوان حیزبەکان باڵی بەسەر ژیانی سیاسیی کوردستاندا کێشاوە، نەبوونی هیوایەک بۆ ڕێککەوتن و یەکبوونی دەنگی کورد هۆکارێکی دیکەیە، کە تاکی کورد دۆخی سیاسیی ئێستای کوردستان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکی حیزبی و خزمەتکردنی ئەجیندای دەوڵەتانی دراوسێدا ببینێت، جگە لە دابەشبوونی دەسەڵات بەسەر دوو ناوچەی سەوز و زەرد هەمیشە مرۆڤی کورد دەگەڕێنێتەوە بۆ یادەوەرییە ناخۆشەکانی شەڕی براکوژی ساڵانی نەوەدەکان.
بە کورتی و بە کوردی: نە کۆمەڵگا متمانەی بە دەسەڵات و حیزبەکان هەیە، نە حیزبەکانیش لەنێوان خۆیاندا متمانەیان هەیە و ئارەزوویەکی ڕاستەقینە بۆ ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ئارادا بوونی نییە.

لەناو هەموو ئەم قەیران و کێشە ناوخۆییانەدا بەلایەنی کەمەوە پێویستە کەشێکی گونجاو بۆ تاکی کورد دەستەبەر بکرێت، بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بۆ بەشداربوون و دەنگدان لە گشتپرسییەکەدا هان بدرێت، نەوەک “تاکی کورد” بکرێت بە ئامرازێک بۆ دەنگدانی پرۆسەکە: واتە ئامانجی پرۆسەکە دەبێت تاکی کورد بێت، نەک کەرەستەی پرۆسەکە. ئەمەش بێگومان کاتێک ڕوو دەدات ئەگەر بێتوو لە قۆناغی پێش ڕیفراندۆمدا سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان “بەئامانجکردنی تاکی کورد” بخەنە سەر زەمینەی واقیع، ئەویش لە ڕێگای چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی، کە باری ژیان و ناخی تاکی کوردیان قورس کردووە. کاراکردنەوەی پەرلەمان، ڕێککەوتنی حیزبەکان، یەکخستنی شەقامی کوردی سەرباری جیاوازیی بۆچوونەکان، یەکدەنگیی سەرکردایەتی کوردی، بە نیشتمانیکردنی پرسی ڕیفراندۆم بەشێکن لەو هەنگاوانەی کە پێویستە دەسەڵاتداران، سەرکردە و حیزبەکانی کورد پێش ئەنجامدانی گشتپرسییەکە، چونکە ئەو گێژاوە فرەلایەنییەی کۆمەڵگای کوردی تیایدا دەژی، تەنها تروسکاییەکیش نابەخشێت بە ناخی تاکی کورد بۆ ئایندەیەکی باشتر جا ئەگەر لەناو سنووری دەوڵەتی عێراقیدا بمێنینەوە یاخود ببین بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ.

جا ئایا ئەم ڕیفراندۆمە دەکرێت بە پرسێکی نیشتمانی و سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکان یەکڕیز بەشداری تێدا دەکەن یان نا؟ ئایا لایەنە سیاسییەکان بە چ ئامانج و مەبەستێکەوە لەو پرۆسەیە دەڕوانن؟ ئایا کوردستان دەبێت بە یەکەم ناوچە لە هەموو جیهاندا، کە ڕیفراندۆم بەبێ بوونی پەرلەمان ئەنجام بدات و لەژێر پەردەی رێکەوتنی چەند حیزبێکدا ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدرێت؟
ئەگەرەکانی پاش قۆناغی گشتپرسی گەلێکن، چونکە بەر لە هەموو شتێک ناوچەکە بە قۆناغی گۆڕانکارییەکی گەورەی بالانسی هێز و نەخشەی جیۆپۆلیتیکدا دەڕوات. هەر ئەمەش وای کردووە، کە دەرگای هەموو گۆڕانکارییەکان واڵا بێت. بێگومان ئایندەی کورد لە عێراق و سوریاش دەکەونە بەر شاڵاوی ئەگەری ئەم گۆڕانکارییانە. هەموو ئەم ئەگەرانە و هەروەها باری واقیعی سیاسی ئێستای کوردستان چەندین پرسیاری بێ وەڵام لە ناخی تاکی کورددا دروست دەکات.

ئایا ئامانجی ڕاستەقینەی پرۆسەی ڕیفراندۆم چییە؟ ڕاستە لە سیاسەتدا هەموو شتێک بە ئاشکرا ناوترێت و باسی لێوە ناکرێت، بەڵام ئامانجەکانی گشتپرسییەکە هەرچییەک بن، ئەگەرەکان دووانن: دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی یاخود ڕیفراندۆمەکە وەک کارتێکی فشار لەسەر بەغدا بەکار بهێنرێت. لە ئەگەری یەکەمدا تاکی کورد واقیعی ناتەبایی سیاسیی کوردی، نەبوونی سەروەریی یاسا و کارکردنی حیزبەکانی دەسەڵات لە بەرژەوەندی خۆیاندا دەبینێت. ئەمەش وێناکردنی قۆناغی پاش “دامەزراندنی دەوڵەی کوردی”یان لەلا دروست دەکات، کە جگە لە ئەگەری بەرەو دیکتاتۆربوونی دەسەڵات، ئەگەری سەرهەڵدانی کەشێکی نائارام و ناجێگیر لە کوردستاندا هیچ شتێکی دیکە بەدی نەکەن، ئەگەر بێتوو حیزبە کوردییەکان بە هەمان شێوازە بیرکردنەوە دەسەڵاتی دەوڵەتی کوردی بەڕێوە بەرن. بەڵام ئایا هۆکار و هاندەر چییە بۆ ئەوەی شێوازی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردن بگۆڕن، لە کاتێکدا لە ساڵی ١٩٩١ هەتا ئێستا هەمان کەسایەتییەکان پەتە سەرەکییەکانی یارییە سیاسییەکانی کوردستانیان لە دەستدایە. ئایا ئەگەری ئەوە هەیە وەکو باشووری سودانمان لێ ڕوو بدات، کە لایەنە ناتەباکانی ئەو کۆمارە نوێیە هەندێک جار پەنا دەبەنە بەر بەرپرسانی سودان بۆ ئەوەی نێوەندگیرییان بۆ بکەن و چارەسەری کێشەکانی نێوانیان بکەن؟
هاوکات تاکی کورد چ ئاسۆیەکی ڕووناک لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردیدا بەدی بکات، لە کاتێکدا ئێمە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقیدا و لە نەبوونی وەزارەتی بەرگری و دەرەوەدا (لە هەموو دەوڵەتێکدا ئەو دوو وەزارەتە بڕێکی پارەی زۆر لە بوجە ڕادەکێشن) بەڵام حکومەت ناتوانێت نە نیوە موچە و نە چارەکە موچە و نە پارەی خانەنشینان بە شێوەیەکی دروست بدات، ئەی ئەگەر ببین بە دەوڵەت؟ ئەگەر لە ئێستادا بەشێک لە موچەی ئەم بەشە و ئەو بەشەی دامودەزگاکانی حکومەتی کوردی لە بەغدادەوە بێت و ئەگەر پشتیگرییەکی دارایی لە حکومەتی ناوەندییەوە بۆ دابین بکرێت، ئەی دوای دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بارودۆخی ئابووریمان بەرەو کوێ دەڕوات؟ لە کاتێکدا لە بەردەوامبوونی ئەم قەیرانە ئابوورییەدا هەناردەکردنی ژێربەژێری تەنکەرە نەوتەکانی بەرپرسان و دەسەڵاتداران هەتا ئەم ساتەش هەر بەردەوامە. لەو گۆشەنیگایەوە تاکی کورد مافی خۆیەتی کە ڕەشبین و بێ هیوا بێت بەرامبەر بە ئایندەی ئابووریی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ.

کۆمەڵگای کوردی لە ئێستادا لە قەیرانێکی فرەلایەنەدا دەژی لەژێر سەرکردایەتییەک، کە ٢٦ ساڵە ئەم هەرێمە بەڕێوە دەبات، بەرهەمی ڕێباز و سیاسەت و پلان و پرۆژەی ئەم سەرکردانە لەو قەیرانانەدا بەدی دەکرێت، کە کۆمەڵگای کوردی تیایاندا دەژی. پرسیارەکە ئەوەیە: لە هەمان ئەم کەسایەتییانە و لە هەمان بیروبۆچوون و ڕێبازی ئەم بەڕێزانە تاکی کورد هیوای بە چ باشتربوون و چاکسازییەک هەبێت، کە لە ڕاستیدا هەر خۆیانن هۆکاری سەرجەم قەیران و ئەو گەندەڵییانەی کە سەرتاپای هەرێمی گرتۆتەوە؟

خۆ ئەگەر پرۆسەی ڕیفراندۆم تەنها کارتێکی فشار بێت لەسەر بەغدا، ئەوا لێرەشدا هەندێک پرسیار و سەرنج دێنە ئاراوە: ئایا ئەو فشارە لە بەرژەوەندی حیزبیدا بەکار دەهێنرێت یاخود لە بەرژەوەندی نیشتمانیدا؟ سەردانی ئەم دوواییەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا پەیامێک بوو بۆ سەرجەم لایەنەکان، کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو لایەنەیە کە هەموو کاتێک دەتوانێت تاکلایەنانە گفتوگۆ لەگەڵ هەر لایەنێکدا بکات و هەر ئەویشە خاوەنی ئەو پرۆسەیە و ئەنجام و کاریگەرییەکانێتی،ئەگینا بە لایەنی کەمەوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدادا سەبارەت بەو پرسە نیشتمانییە دەبووایە ئەندامانی یەکێتییان لەگەڵدا بووایە ئەگەر بێتوو ئەو پرسە لە ڕوانگەی ئەوانەوە “نیشتمانی” بێت. سەرهەڵدانی ئەم گومانەش لە مێژووی نوێنەرایەتی و چالاکیی حیزبە کوردییەکانەوە لە بەغدا سەرچاوە دەگرێت، کاتێک ناتەباییەکەی سیاسەتی ناوخۆی کوردستانیان دەگواستەوە ناو بەغدا، جگە لەوەش هەندێک جار حیزبە کوردییەکان لەپێناوی ئەوەی بەشێکی زۆرتر لە شیرینیی کێکەکەی بەغدایان دەست بکەوێت هەنگاوێکی تاکلایەنەیان ناوە، ئەگەرچی لە بەرژەوەندی ڕاستەقینەی کورددا نەبووبێت.

دامەزراندن و بەڕێوەبردنی دەوڵەتێک زانستە بەر لەوەی دروشمی بریقەدار بێت، جێبەجێکردنی هەنگاوەکانە بەر لەوەی بازدانێک بێت، پرۆسەیەکە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگای لە ژێرسایەی خۆیدا کۆدەکاتەوە نەک موڵکی لایەنێکی دیاریکراو بێت، هەر بۆیە دەسەڵاتی کوردی، سەرکردە، بەرپرسان و لایەنە کوردییەکان گەلێک ئەرکی نیشتمانییان لەسەر شانە بۆ ئەوەی ئەم پرسە لەناو چوارچێوەیەکی نیشتمانیدا پێناسە بکەن. ئەگینا تاکی کورد لەناو گێژاوی ژینگەیەکی نالەباردا دەخرێتە ناو پرۆسەیەکەوە، کە ئایندەیەکی نادیار و بێهیوا چاوەڕوانی دەکات.




پاشخانە ڕەشەکانی هەرێم … کامەران چروستانی

زۆرینەی ئەوانەی سەردانی کوردستان دەکەن و بەتایبەتی لە ناوەڕست و بوشووری عێراقەوە، سەریان لە ئاسایش و دڵنیایی ژیانی تاکی ناو هەرێم دەسوڕمێت، نەک تەنها لە بواری ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتی و هەبوونی متمانە لەنێوان خەڵکەکەدا، بەڵکوو ئەو ئاسایشەی کە دامودەزگا فەرمییەکانیش دەستەبەریان کردووە.

وەلێ ئەوەی لە پاشخانی ژیانی تاکدا ڕوودەدات زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەوەی بە ڕووکەش دەبینرێت.
ئەوەی لە ناو شاری هەولێردا بەرامبەر بە د. فەرهاد پیرباڵ کرا تەنها مشتێکە لە خەرمانێکی ئەو ڕووداوە نادیار و ئاڵۆز و تەمومژاوییانەی، کە لە سەرجەم شارەکانی کوردستان ڕوویان داوە بە درێژایی مێژووی ٢٦ ساڵی پاش ئازادبوونمان. ئەگەر زۆریش نەگەڕێینەوە بۆ مێژوویەکی دوور، ئەوا لە ماوەی ئەم پێنج ساڵی ڕابردوودا چەندین کەسایەتی بەناوبانگ و دیاری ناوچەکە بە شێوەیەک لەناوبراون، کوژراون، ئازار دراون یاخود توندوتیژییان بە هەموو شێوازەکانەوە بەرامبەر کراوە. ئەم کەسایەتییانەش تیایانە نووسەرە، ڕۆژنامەنووسە، قایمقامە، ئەفسەرە، مامۆستای ئاینییە بگرە هەتا دەگاتە پاسەوانی کەسایەتییە سیاسیی و دەسەڵاتدارەکانی هەرێم.

ئەوەی شایەنی سەرنجدانە بریتین لە:
– هەرە زۆرینەی ئەم کەسایەتییانە پێگەیەکی پتەوی خۆیان هەیە لە بوارێکی ناو کۆمەڵگادا: سیاسی، ڕۆشنبیری، بڵاوکردنەوە و ڕۆژنامەوانی، نزیکی لە لوتکەکانی دەسەڵات. لەناو لیستی ئەو قوربانییانەدا هاووڵاتییەکی سادە نابینیەوە کە مرۆڤ گومانی بۆ کێشەیەکی دارایی، کۆمەڵایەتی یان کینەیەکی تاکەکەسی بڕوات. هاوکات مرۆڤ ناشتوانێت کۆبوونەوەی هەموو ئەم جۆرە کەسایەتییە بەهێزانە لەناو سنوورێکی ڕێکەوتدا قەتیس بکات، چونکە هەروەک دەڵێن هەر کاتێک ڕێکەوت دووجار زیاتر دووبارە بووەوە، ئەوا لە ڕێکەوت دەردەچێت و دەبێت بە ڕووداو جا ئەگەر ڕووداوەکە پلاندانراو بێت یان نا.

– لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی هەرە زۆری ئەم کەیسانە بە دوا خاڵی کۆتایی نەگەیشتوون و بە شێوەیەک لە شێوەکان شاردراوەتەوە، کۆتایی پێ هێنراوە، ون کراوە، خەفەخان کراوە و . . . هتد. کە ئەمەش لە خۆیدا نیشانەیەکی پرسیاری دیکە دروست دەکات، نەک تەنها لەسەر هۆکار و هاندەری ڕووداوەکە، بەڵکوو لە توانا و پسپۆریی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە و دەرخستنی ڕاستی و گرتنی تاوانبارەکان. بە شێوەیەک دەتوانین بپرسین: ئایا دامودەزگا فەرمییەکان تایبەت بە لێکۆڵینەوەی ئەو بابەتانە هێندە لاوازن کە هەموو ئەم کەیسانە بەبێ کۆتا بهێلنەوە و نەتوانن کەسانی تاوانبار دەستگیر بکەن یان نەتوانن ئەنجامێکی ڕاست و ڕەوان بۆ خودی قوربانی (ئەگەر لە ژیاندا مابێت) ڕای گشتی و خێزانی قوربانییەکان دابین بکەن؟ یاخود لەبەر بەرژەوەندی هەندێک لایەن لەوانەیە وەها باشتر بێت کە ئەو بابەتە هەر بە کراوەیی و بەبێ ئەنجام بهێڵرێتەوە؟ ئەگەر نا، بۆچی هەتا ئێستا لێپرسینەوە و بەدواداچوون نەکراوە سەبارەت بە هۆی دەرنەخستنی ڕاستیی ئەو کەیسانە یاخود بەدواداچون بۆ توانا و پسپۆریی دامودەزگا میرییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ؟
ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە، ئایا ئەوەی بەرامبەر بە دکتۆر فەرهاد پیرباڵ کراوە، ئەگەر بەرامبەر بە کەسێکی دیکەی ئاسایی بکرایە، چی ڕووی دەدا؟ ئایا حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەهاتنە دەنگ؟ ئایا کێ داکۆکی لە هاووڵاتییەکی سادە بکات بەرامبەر بە کەسێکی چەکدار کە هەمیشە دەتوانێت وەک (خاوەن یاسایەک) لەناو شەقامی کوردی خۆی نمایش بکات؟ ئەی ڕۆژانە چەند جار سوکایەتی بە (فەرهاد پیرباڵ)ەکانی دیکە ناو کۆمەڵگا دەکرێت و کەسیش ناتوانێت قسەی لێوە بکات؟
پرسیارێکیان لە پسپۆرێکی گروپە مافیاکان کرد لەبارەی جیاوازی نێوان مافیای ئیتالی و مافیای ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا. ئەویش لە وەڵامدا وتی: مافیای ئیتالیا لەناو شەقامەوە سەری هەڵدا و چووە ناو دەسەڵات و حوکمەوە، بەڵام مافیای وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لەناو حوکم و دەسەڵاتەوە دروست بوو، پاشان ڕژایە ناو شەقامەکانەوە.

هەموو ئەو ڕووداوانەی ناو شەقامی کوردی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دوو ئەگەر دەکاتەوە: یەکەمیان مافیایەکی بەهێز لەناو هەرێمدا بوونی هەیە، کە لەبەر بەرژەوەندی خۆی بەو شێوەیە پاکتاوی ئەو کەسایەتییانە دەکات، بەڵام مافیا زیاتر بەدوای بەرژەوەندی دارایی و ئابووری و دەسەڵاتەکانی خۆیدا دەڕوات نەک بەدوای ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی، ڕۆشنبیری، ئایدیۆلۆجی، کلتوری و ئاینی هەروەک لە مردنی چەندین ڕۆژنامەنووس و ئەفسەر و کەسانی ئاینی ڕووی داوە. دووەمیان: ئەگەری ئەوەیە کە ئەم ڕووداوانە لەژێر سێبەری دەزگایەکی فەرمیدا ڕوو بدەن و هەر ئەمانەش دەمانخاتە ناو ئەگەرێکی دیکە سەبارەت بە پاساو لە ڕووننەکردنەوە و کۆتاینەهێنان بە ئەنجامی ئەو کەیسانە لەناو دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەت سەر بە وەزارەتی ناوخۆ.
مێژووی مرۆڤایەتی لەم تەوەرەدا یەک خاڵی سەلماندووە: لەوانەیە دەسەڵاتێک هەوڵ بدات کە گۆشەنیگای کۆمەڵگایەک بەرەو ئاراستەیەکی تایبەت بەرێت بۆ ئەوەی بەپێی خواستی دەسەڵات لە شتەکان بڕوانن، هەر بەو خواستەش شتەکان ببینن، لەوانەشە هەتا ڕادەیەک لەژێر فشاری دەمە بەستراوەکاندا سەرکەوتوو بێت، لەوانەیە و لەوانەیە، بەڵام هەرچەندێکیش چاوەکان لاواز بن، وەلێ ئەوە ڕێگر نابێت بۆ ئەوەی ببینن و بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لە شتەکان بڕوانن.




کێ کوردستان بەڕێوە دەبات؟ … کامەران چروستانی

لە ساتێکدا کە لەناو مێدیا جیاوازەکانی کوردستاندا بە گەلێک تێڕوانینی جیاوازەوە تێزی دروستبوونی دەوڵەتی کورد وروژێنراوە، لە کاتێکدا کە پێگەی کورد لە جەنگی دژ بە ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکە و لە جیهاندا بە ئاشکرا دیارە و گەلێک وڵات ئامادەیی خۆی بۆ یارمەتی هەمەڕەنگە و کاری پێکەوەیی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەدا پێشان داوە، هاوکات سەرجەم ناوچەکە لە ئێستادا وەک باروتێکی ئامادەکراو وایە، کە لە هەر ساتێکدا بێت بتەقێتەوە و گۆڕانکاری بنچینەیی بەسەردا بێت، کە لەوانەیە ئەو گۆڕانکارییە سنوورەکانی هەنووکەیی ناوچەکەش بگرێتەوە؛ هەمووئەمانە کورد ڕووبەڕووی گەلێک پرسیاری چارەنووسساز دەکاتەوە، کە پێویستە زۆر بە ئاگاوە هەنگاوەکان بنێین و هێندەی کار لەسەر فاکتەرە نێودەوڵەتییەکان بکەین، بە هەمان شێوە کار لەسەر فاکتەرە ناوخۆییەکان بکەین.
وەلێ لەم چەند ڕۆژەی دواییدا دوو هەواڵ سەرنجی منیان ڕاکێشا: دروستکردنی هێزێکی چەکدار لە ناحیەی خەلیفان، کە لەلایەن حکومەتی بەغداوە پشتگیری لێ دەکرێت، دووەمیان تۆمارکردنی ناو و دروستکردنی هێزی حەشدی شەعبییە لە هەندێک ناوچەی وەک شارەزوور و گەرمیان.

لێرە دەپرسین: ئایا کێ هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبات؟
لە کاتێکدا هەندێک لە لایەنە حیزبییەکان خۆیان لەم هەڵمەتە بێدەنگ کردووە، هەندێکی دیکەیان دروستکردنی ئەم هێزانە قبوڵ ناکەن و بە هەموو شێوەیەک دامەزراندنی ئەمیان یان ئەویان ڕەت دەکەنەوە. لەناو هەموو ئەو ڕووداوانەشدا هێزەکانی سەر بە پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی لەسەر بنەمای پلانی حیزبی جوڵەیان بۆ ناوچە جیاوازەکانی کوردستان پێ دەکرێت، هەردوو ئاسایشی ئەو دوو حیزبە بە جیا لە شاری کەرکووک چالاکی و ئەرکەکانی خۆیان بەجێ دەهێنن. هەموو ئەمانە لەناو چوارچێوەیەکی تەسکی حیزبیدا بەرجەستە دەکرێن و ئەوەی لەو ناوەدا بوونی نەبێت بەرجەستەبوونی دەسەڵاتی حکومەتی کوردستانە.

سەرباری هەموو ئەو بارە هەستیارانەی، کە لە سەرەتادا ئاماژەیان پێ کرا، بەڵام مەخابن پێکهێنانی ئەم گروپە چەکدارییانە وەک واقیعێک بوونیان هەیە بەبێ ئەوەی هەڵوێستێکی ئاشکرای حکومەتی کوردی بوونی هەبێت، کە لەسەر بنەمایەکی یاسایی هەڵوێستێکی ڕاست و ڕەوان ئاشکرا بکات بە مەبەستی ئەوەی ئەم هەڵمەتە لەژێر حوکمی یاسادا پشتگیری لێ بکرێت یاخود ڕابگیرێت. بە واتایەکی دیکە: وا دەردەکەوێت هەتا ئێستا لەناو هەرێمی کوردستاندا یاسا ئەم بابەتەی یەکلا نەکردۆتەوە ئایا دەسەڵاتی پێکهێنانی هێزی چەکداری لە سنووری دەسەڵات و بەرپرسیارێتی کێدایە. خۆ ئەگەر یاسایەک بۆ ئەم پرسیارە هەبێت ئەوا ئەم هەڵمەتەی دوایی ئەوە دەگەێنێت، کە پێکهێنانی ئەم هێزە چەکدارانە لەژێر پارێزگاری حیزب و لایەنە جیاوازەکاندا ئەنجام دەدرێت لەگەڵ پێشێلکاریی یاسادا.

واتە: لە سەرتاپای ناوچە کوردستانییەکاندا هیچ لایەنێکی حیزبی ناتوانێت چالاکییەکی هاوشێوە ئەنجام بدات، ئەگەر بێتوو پشتگیریی لایەنێکی حیزبی دەسەڵاتداری لەگەڵدا نەبێت. ئەزموونەکانی ڕابردوو لە ڕێخۆشکردن یاخد ڕێگرتن گەلێکن نەک تەنها لە بواری چالاکییە سەربازییەکاندا بەڵکوو لە چالاکییە حیزبی و مەدەنییەکانیشدا. هەر بۆیە دەبێت بپرسین: ئایا کێ کوردستان بەڕێوە دەبات؟ ئایا مەتەڵی دروستکردنی ئەم هێزە چەکدارانە چییە؟ ئایا کێ لە پشت پێکهێنانی ئەم هێانەوە دەوەستن؟ چ لایەنێک بڕیاردەری سەرەکییە؟ بە چ ئامانجێک ئەم هێزانە پێک دەهێنرێت؟
ئەوەی لە هزری هەموو تاکێکی کورددا جێگیرە ئەوەیە، کە هیوادار بین ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو هێزانە دژ بە خودی خۆمان بەکار نەهێنرێت و لەلایەن هێزە ناوخۆییەکان یان دەرەکییەکان نەکرێت بە کەرەستەیەک بۆ هەندێک ئامانجی دژ بە کورد لە هیچ پارچەیەکی کوردستاندا.




چارەسەری گەندەڵیی: ژمارەیەک و چەند پرسیارێک … کامەران چروستانی

گەندەڵیی لەناو هەرێمی کوردستان و عێراقدا بووە بە دیاردەیەکی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی حوکم. لە ئێستادا حکومەتی هەرێم بڕیاری داوە، کە بە ڕاستی و چڕی کار لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بکات، بەڵام سەرکەوتن و ڕەوتی ئەو پرۆسەیە گەلێک پرسیار لەخۆ دەگرێت.
بەپێی ڕیزبەندی پەیمانگە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە توێژینەوە و بەدواداچوونی گەندەڵیی لە دەوڵەتە جیاوازەکانی جیهاندا عێراق لە ڕیزی هەشتەمی ئەو دەوڵەتانەیە کە زۆرترین دیاردەی گەندەڵیی تێدا بەدی دەکرێت. بێگومان ئەم ڕادە زۆرەی دیاردەی گەندەڵیی سەرجەم عێراقی گرتۆتەوە لە زاخۆ هەتا بەسرە، هەرێمی کوردستانیش بەش بە حاڵی خۆی ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات کە گەندەڵیی، بەفیڕۆدان و بردنی سامانی نیشتمانی، خراپی بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی کەسیی و تێکەڵاوبوونی دەسەڵات و بازرگانی لەناو پێکهاتەیەکی ئۆلیگارخیدا لە چوارچێوەی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی هەرێمدا بوونی هەیە.

بەپێی توێژینەوەکان یەکێک لە خەسڵەتەکانی دیاردەی گەندەڵی ئەوەیە، کە ڕەگەکانی خۆی پێش هەموو شوێنێک لەناو دامودەزگا حکومەتییەکندا دادەکوتێت و وەک ڤایرۆسێک بۆ سەرجەم لق و پۆپەکانی کۆمەڵگا تەشەنە دەسێنێت. جگە لەوەش بنکەکانی توێژینەوە جەخت لەوە دەکەنەوە، کە لە هەموو وڵاتێکدا دیاردەی گەندەڵیی پێش هەموو شتێک بواری تەندروستی دەگرێتەوە و بەوەش دەگەینە ئەو ئەنجامەی: هەر کۆمەڵگایەک گەندەڵی لە بواری تەندروستیدا بەدی کرا، ئەوا دەتوانین بڵێین لە بوارەکانی دیکەشدا ئەو کۆمەڵگایە تووشی دەردی گەندەڵی بووەتەوە.
وەلێ هەموو ئەو خەسڵەتە و ڕوونکردنەوانەی لە چەند دێری سەرەوەدا باسمان لێوە کردوون، لەناو هەرێمی کوردستاندا بەدی دەکێن و هەن، باسکردنی دیاردەی گەندەڵیی بووە بە باسێکی ڕۆژانە لەلای هاووڵاتییە سادەکە بەر لەوەی دەسەڵاتداران، مێدیا و دامودەزگا بەرپرسیارەکان باسی لێوە بکەن.
لێرەدا ئەو هەڵمەتی چاکسازییە ڕووبەڕووی هەندێک پرسیاری هەستیار دەبێتەوە، کە وەڵامەکانیان پێشبینی ئەوە دەخاتە ڕوو، ئایا ئەو پرۆسەیە سەرکەوتوو دەبێت یان بەر لە دایکبوونی حوکمی مردنی بەسەردا دەدرێت.

ئایا کێ ئەو پرۆسەیە ئەنجامی دەدات؟ ئایا کەسانی بڕیاردەر و ئەنجامدەرانی ئەو پرۆسەیە چ دەسەڵاتێکیان هەیە؟ من گومانم هەیە لەوەی، کە بتوانرێت لەناو هەرێمدا یاسا سەروەر بێت لە کاتێکدا دەیان و سەدان بەڵگە هەن سەبارەت بە نەبوونی سەروەریی لە دادگا و بەجێهێنانی یاساکاندا. بڕیاری تاکەکەس و حیزبییەکان لە زۆر کات و شوێندا زۆر لەسەروو یاسا و جێبەجێکردنەکانیانەوەن. هاوکات: ئایا هەمان ئەو کەسانەی کە بەرپرسی گەورەی حیزبین و پێگەی خۆیان لەناو لوتکەی دەسەڵاتەکەدا هەیە، بەشێک نەبوون لە گەندەڵییەکانی ناو هەرێم و بەهەدەردانی سامانی گشتی و بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ مەرامی کەسیی خۆیان؟ ئەی چ چاوەڕوانییەکم هەبێت بۆ ئەوەی هەمان ئەو کەسەی، کە هەتا دوێنێ سامان و پارەی ئەم کوردستانەی دەبرد، ئێستا پارێزگاری لە سامانی وڵاتەکەم بکات؟ بە واتایەکی تر: ئایا ئاساییە گەندەڵکارێک لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا ببێت بە پارێزەری یاسا و سامانی میللەت و دڵسۆزی ئەم خاک و نیشتمانە؟ ئایا حکومەت دەتوانێت ڕووبەڕووی گەندەڵکارییەکانی ئەو کەسانە بوەستنەوە، کە لە لوتکەی مەیدانی حیزبی (هەموو لایەنەکان) و لوتکەی دەسەڵاتدا پێگەی بەهێزی خۆیان هەیە؟
ڕیزبەندییەکەی هەشتەمی عێراق لەسەر ئاستی جیهان هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و بەو پێیە حکومەتی کوردی پێش ئەوەی هیچ هەنگاوێک بنێت، ئەوا پێویستە بەر لە هەموو شتێک لوتکەی دەسەڵات لە گەندەڵکاران پاک بکاتەوە و ئەو کەسانە دەستنیشان بکات، کە لەناو دەسەڵاتدا بەشدارییان لە گەندەڵیدا کردووە، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی کوردی لەسەر ئەرزی واقیع ئەوە بسەلمێنێت، کە یاسا لە سەروو هەموو کەسێک و هەموو شتێکەوەیە. لێ بەبێ پاکژکردنەوە و پاکتاوکردنی لوتکەی دەسەڵات لە گەندەڵکاران قسەکردن لەسەر هەر پرۆسەیەکی چاکسازیی لەو بوارەدا تەنها لمە و دەکرێتە چاوەکانی تاکی کۆمەڵگا.




سیستمی تەندروستی داهێنانێکە و پزیشکەکانمان سوپەرمان … کامەران چروستانی

بەڕێوبەری نەخۆشخانەیەکی منداڵبوونی حکومی لەناو نەخۆشخانەیەکی منداڵبوونی کەرتی تایبەتدا گیان لەدەست دەدات و دەمرێت.
بۆ وەزارەتی تەندروستی ئەگەر واقیعییانە ئەم ڕووداوە هەڵبسەنگێنێت بڕوا ناکەم کارەساتی گەورەتر هەبێت.
بەبێ ئەوەی خۆمان بخەینە ناو دەریای بەراوردکردن لەگەڵ وڵاتانی هەژار یان پێشکەوتووی دیکە، ئەگەر تەنها بە وردبینییەوە تەماشایەکی سیستمی تەندروستی بکەین، ئەوا قەیرانەکانی ئەو سیستمە ڕوون و ئاشکرا دەردەکەون بەبێ ئەوەی پێویست بکات لەو بوارەدا یان بوارێکی دیکەدا مرۆڤ پسپۆر بێت. سکاڵا و ڕەخنە و نەبوونی متمانەی هاووڵاتی بەو سیستمە باشترین بەڵگەن.

پێش هەموو شتێک ئەگەر ئاوڕێک لە بنەما زانستییەکان بدەینەوە سەبارەت بە توانا جەستەیی و هزرییەکانی مرۆڤ، ئەوا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە شێوازی کارکردنی زۆرینەی پزیشکەکان و ئەو کاتەی لە ماوەی بیست و چوار کاژێردا لە کار بەسەری دەبەن لە دەری ئەو سنوورانەیە کە خودی (زانستی پزیشکی) بۆ سنوورەکانی توانای مرۆڤ دەستنیشانی کردووە بۆ ئەوەی مرۆڤ لەو سنوورەدا بتوانێت ئەرێنیانە (کارێکی بەرهەمهێنەر) ئەنجام بدات. سەرجەم ڕێکخراوە جیهانییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە کاتیێکی ئاسایی بۆ مرۆڤ لەنێوان هەشت بۆ نۆ کاتژمێرە لە ڕۆژێکدا، بەڵام پزیشکێک کە بتوانێت لە کاتژمێری هەشتی بەیانییەوە هەتا کاتژمێری دووی پاشنیوەڕۆ کار بکات ئەوا شەش کاتژمێری لەو هەشتە بەجێ هێناوە. وەلێ سەیرەکە لەوەدایە کە زۆرینەی پزیشکەکانمان پاش ئەوە دەچنە کلینیکەکانی خۆیان بۆ ئەوەی پێنج شەش کاتژمێری دیکەش کار بکەن. کەواتە پێویستە پزیشکەکانمان سوپەرمان بن بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژێک بتوانن دە بۆ دوانزە کاتژمێر کار بکەن یاخود سەرجەم بنەمای ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی و بنەما زانستییەکانی دیکە سەبارەت بە کارکردنی هەشت کاتژمێر بە هەڵە هەڵبسەنگێنین.

بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە: ئایا وەزارەتی (تەندروستی) بێ ئاگایە لە دروستی و نادروستیی شێوازی کارکردنی پزیشکەکانی ناو وەزارەتەکەی خۆی یاخود ئەو ئاشی ئەو وەزارەتەش هەر خوا ئەیگێڕێت؟
هاوکات زۆرینەی پزیشکەکان ڕۆژانە چاویان بە زیاتر لە پەنجا نەخۆش دەکەوێت جگە لەو نەخۆشانەی کە جارێکی دیکە ئەنجامی هەندێک پشکنین بۆ لای هەمان پزیشک دەهێننەوە. جا ئەگەر بۆ هەموو نەخۆشێک تەنها دە خولەک تەرخان بکرێت، ئەوا زیاتر لە هەشت کاژمێری دیکە دەکات. بەڕێکردنی هەموو ئەو نەخۆشانە لە ماوەیەکی کەمدا نیشانەی نەبوونی کات و بێ بایەخی پزیشکەکانە بەو نەخۆشانە و بوونی خەسڵەتێکی بازرگانیکردن لە مامەڵەی نێوان پزیشک و نەخۆشدا، کە تیایدا نەخۆش دەبێت بە قوربانی قازانجە داراییەکانی پزیشک. بگرە هەندێک جار زیاتر لە نەخۆشێک لە ژووری پزیشکەکەدا ئامادەن و هەر یەکەیان لەبەردەمی ئەوی دیکەدا باس لە نەخۆشییەکەی خۆی دەکات. ئەم دیاردەیە لە گەندەڵترین و هەژارترین وڵاتەکانی جیهاندا ڕوو نادات.

ئایا وەزارەتی تەندروستی ئاگاداری ئەم ڕاستییە تاڵانەی قەیرانی سیستمی (تەندروستی)یە، خۆ ئەگەر بێئاگایی خۆی پێشان بدات ئەوا (عوزر لە قەباعەت خراپتر). کارەساتەکان لێرەدا تەواو نابن، بەڵکوو سیندیکا و ڕێکخراوەکانی پزیشکان باس لەوە دەکەن کە ئەوان کاریان بە نەخۆشخانە حکومییەکان نییە، بەڵکوو کار تەنها لەسەر ڕێکخستنی کاری کلینیکەکان دەکەن، بەڵام نازانرێت لە بەرژەوەندی کێدا: پزیشک، تاقیگەکان، دەرمانخانە یان نەخۆش یان هەموویان؟ ئایا ئەو ڕێکخراوانەش بێ ئاگان لە پێکەوە کارکردنی دەرمانخانە و تاقیگە و پزیشک و خاوەن تەلارەکان؟ بێ ئاگان لەوەی کە هەندێک پزیشک ئەنجامی تاقیگەیەکی دیاریکراو نەبێت هیچ ئەنجامی پشکنینی تاقیگەیەکی دیکە قبوڵ ناکات؟ ئایا ئەو سندیکا و ڕێکخراوانەش بەشێکن لەو ئاشەی خوا دەیگێڕێت؟

دەڵێن: لە هەر شوێنێک گەندەڵی لە دامودەزگاکانی وڵاتدا هەبێت، ئەوا پێش هەموو شتێک کەرتی تەندروستی دەگرێتەوە. ئەم وتەیە ڕاستییەکە و هاووڵاتی لەسەر ئەرزی واقیع ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. گەندەڵی و (نامرۆیی) سیستمی تەندروستی گەیشتۆتە ئاستێک کە بەڕێوبەری نەخۆشخانەیەکی منداڵبوون ڕوو بکاتە نەخۆشخانەیەکی دیکە و بە داخەوە لەوێش گیان لەدەست بدات. لە ڕاستیدا ئەمە لەلایەک ئەوە دەردەخات کە نەخۆشخانە حکومییەکان لە گەلێک لایەنەوە کەموکورتی و کێشەیەکی گەورەی تیادایە، لەلایەکی دیکە ئەوە دەردەخات کە مرۆڤ ئەگەر بیەوێت ڕێگەچارەیەکی دروست بۆ چارەسەری کێشە تەندروستییەکانی خۆی بدۆزێتەوە ئەوا باشترە ڕوو لە نەخۆشخانە تایبەتییەکان بکات، هەرچەندە لەوێش هیچ گەرەنتییەک نییە.

پزیشکەکان لەم هەرێمەدا کەسانێکی بەختەوەرن، چونکە کەوتونەتە ناو سیستمێکەوە کە کەس نییە لێیان بپرسێتەوە چۆن کار دەکەن نە کەسیش ئاوڕێکی ڕاستەقینە لە داهاتی راستەقینەی پزیشکەکان، شێوازی کارکردنیان، گونجاندنی لەگەڵ شەرەفی پسپۆریی کاری پزیشکی و . . . هتد دەداتەوە، هەر بۆیە جەستە و تەندروستی مرۆڤ لەم هەرێمەدا بوون بە کاڵایەک لەنێوان سێ کوچکەی (پزیشک و تاقیگە و دەرمانخانەکان) بازرگانی پێوە دەکرێت. بێگومان سیستمێکی تەندروستیش کە پڕ بێت لە داهێنانی قەیراناوی، ئەوا پزیشکەکانی هەر دەبێت سوپەرمان بن.




حکومەتێکی بیست ئەمپێری … کامەران چروستانی


حەزرەتی نالی ئەفەرموێت: بێ بەرگییە عیلەت کە هەتیو مەیلی هەتاوە.

لەگەڵ ڕووداوەکانی هەرێمی کوردستاندا هەموو ڕۆژێک زیاتر دڵنیا دەبمەوە, کە سەرجەم قەیران و کێشەکانی ئێستای کوردستان لە ساڵی (١٩٩١)ەوە دەستیان پێ کردووە نەک ئەنجامی ڕووداوەکانی دوو سێ ساڵەی ڕابردوو بن. بێگومان هەڵەی دەسەڵاتداران لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای کوردی لەلایەن یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات و سەرجەم ئەو سەرکردانەی ئێستای گۆڕان و حیزبەکانی دیکەش, کە لە ڕابردوودا لە بەرەیەکی دیکە بوون و کە لە گەمە سیاسیی و بڕیارە گەورەکاندا بەشدار بوون هۆکارن بۆ ئەوەی تاکی کورد لە ئێستادا ژیانی ڕۆژانەی لەناو کۆمەڵێک قەیران و گرفتدا بەسەر بەرێت.

پاێزگای سلێمانی بڕیاری ئەوەی داوە بۆ هەر ماڵێک تەنها بڕی بیست ئەمپێر کارەبا دابین بکات. هەر ئەم بڕیارەش بوو شیعرەکەی حەزرەتی نالی بەبیرم هێنایەوە, کە هۆکاری کێشەی چارەسەرنەکراوی کارەبا حکومەتی خۆجێی سلێمانی ناچار کرد بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە بدات. بەڵام ئەم بڕیارە چ پەیوەندییەکی هەیە بە مێژووی بیست و پێنج ساڵی دەسەڵاتی کوردییەوە؟

گەورەکردنی نائاسایی شارەکان و هاندانی کۆچکردن لە دێوە بۆ شار لە ماوەی ئەم بیست و پێنج ساڵەدا بەبێ ئەوەی بیر لە سیستمی خزمەتگوزاری هاووڵاتیان بکرێتەوە و پلانی “زانستی و واقیعی” بۆ ئەو خزمەتگوزارییانە دابڕێژرێت، جگە لەوەش توێژینەوە بۆ توانا و سنوورە ئابوورییەکانی ئەم شارانە ئەنجام بدرێت هۆکارێکی ڕاستەوخۆ بوون بۆ ئەوەی هاووڵاتی و حکومەت لە ئێستادا بکەونە ناو گێژاوێکی قەیرانی فرەلایەنەوە, کە قەیرانی کارەبا تەنها یەکێکیانە. خۆ ئەگەر ئەم هەڵە گەورەیە ئەنجام نەدرایە هەروەک چۆن دامەزراندنی نزیکەی ملیۆن و نیوێک لە کۆی کەمتر لە پێنج ملیۆن دانیشتوانی هەرێم، ئەگەر حکومەتی کوردی هەمان ڕەوتی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی بگرتایەتە بەر بە هاندانی کۆمەڵگا بۆ نیشتەجێبوون لە دێهات و شارۆچکەکان لەوانەیە هۆکارێک بوونایە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی کوردی بیتوانیایە بە میکانیزمێکی جیاواز کێشەی کارەبایان چارەسەر بکردایە بە ڕەچاوکردنی کەمیی ژمارەی دانیشتووانی دێهات و شارۆچکەکان.

هاوکات ئەم بڕیارە گەلێک پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت:

• ئایا پلانی درێژخایەنی حکومەتی کوردی چییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە؟ ئایا بڕیارێکی وەها نیشانەیەک نییە بۆ ئەوەی کە حکومەتی کوردی لە ئایندەیەکی کورتدا بیرۆکەی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای نییە و هەرێمی کوردستان دەبێت بەردەوام بێت لەناو چەندین هەزار موەلیدەی کارەبادا بمینێتەوە؟
• پاش پاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەران ئایا دەسەڵاتی کوردی گەیشتە ئەو ئاستەی کارەباشمان بۆ پاشەکەوت بکات, لە کاتێکدا هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک هەمان پلان لە بەرنامەیاندایە؟
• ئایا خانووی بەرپرس و خواوەندەکانی دەسەڵاتی کوردیش هەمان بڕیار دەیانگرێتەوە یاخود تەنها بۆ ڕەش و ڕووتەکەی کۆمەڵگایە؟
• ئایا ئەم بڕیارە دەستپێکێک نییە بۆ گەڕانەوەی سۆپای نەوت و غاز, عەلادین و بگرە زۆپای دار و نەوتیش؟
• ئایا بیر لەوە کراوەتەوە ئەم بڕیارە چەند کێشەی کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟

لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر بریتییە لە جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە: لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە, هەرچەندە بەڕێوبەرایەتی کارەبا خۆی خاوەنی هەزاران کارمەندی هونەری و ئەندازیار وپسپۆرە بە پاساوی ئەوەی، کە بەهۆی نەبوونی موچە گەلێک لە کارمەندەکان کار ناکەن، بەڵام خۆ دەتوانن ئەو پارەیەی بۆ بەجێهێنانی ئەم پرۆژەیە ت بۆ کۆمپانیا تایبەتییەکە تەرخان دەکرێت، بدرێت بە موچە و پاداشت بۆ موچەخۆرانی بەڕێوبەرایەتیی کارەبای شارەکان.

بە هەر حاڵ یاریزانە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای کوردی لە ساڵی ١٩٩١ هەتا ئێستا هەمان یاریزانن, ئەگەر باس لە بار و دۆخی پێش ساڵی ٢٠٠٣ نەکەین، ئەوا حکومەتە کوردییەکانی پاش ساڵی ٢٠٠٥ جگە لە شکستهێنان شتێکی وەهایان بۆ کورد نەهێناوە, ئەگەر (زانستییانە) لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و پلانەکان بکۆڵینەوە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە پەتە سەرەکییەکانی هەموو حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی کوردستان لەناو چوارچێوەی چەند کەسایەتییەکدا سنووردار کراون. هەر ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی سەرباری گۆڕینی حکومەتەکان بەڵام کۆمەڵگا هەر هێندەی ٢٠ ئەمپێرەکە خزمەتی لە حکومەتەوە پێ گەیشتبێت.
هەموو ئەو بارودۆخە نەگونجاوەی، کە هەنووکە کۆمەڵگای کوردی تیایدا دەژی هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە سەرکردەکانی کورد بوارێک ببەخشن بۆ ئەوەی هزرێکی نوێ بە بیرۆکەیەکی نوێوە شکست و قەیرانەکانی دەسەڵاتدارانی ئێستا چارەسەر بکات.




ئایا کورد لە ئێستادا هەلی دروستکردنی دەوڵەتی هەیە؟ … کامەران چروستانی

دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی ئاواتی هەموو تاکێکی کوردە لە ئێستادا هەروەک لە ڕابردووشماندا، ئاواتێکە لە ناخی هەموو کوردێکدا هەیە و بەردەوامیش بوونی دەبێت هەتا ئەو ساتەی بەرجەستە دەبێت. کۆماری مەهاباد و سەرجەم شۆڕشەکانی کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان باشترین بەڵگەن بۆ ئەوەی کورد هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە ناسنامە و پێگەی نەتەوایەتیی خۆی جێگیر بکات، وەک هەموو میللەتێکی دیکە خاوەنی ئاڵا و بوونی خۆی بێت و بێگومان کۆتایی گەشتی ئەو ناسنامەش بە دروستبوون و بنیاتنانی دەوڵەتێک کۆتایی دێت، لەپاش دروستبوونی دەوڵەتیش جۆرێکی دیکە لە گەشتی گەشە و پتەوکردنی ناسنامەی دەوڵەت دێتە کایەوە.

لە ئێستادا زۆر باس لە دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی دەکرێت و ئەو بابەتە دەوروژێنرێت، بە شێوەیەک مێدیاکانی جیهان و هەندێک کەسایەتی بەناوبانگی جیهانی ڕۆژئاوا بە ئاشکرا پشتگیری لەم دەوڵەتەی ئایندەی کوردی دەکەن، سەرکردەکانی کوردیش ئەگەر هەتا ئێستا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باسیان لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی کردبێت، ئەوا ئێستا ڕاستەوخۆ و بە ئاشکرا باسی لێوە دەکەن، هەروەها باس لە گەلێک پەیمانی دەوڵەتان و پشتگیریی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی جیهان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی کوردی دەکەن. بێگومان ناجێگیریی و باری شڵۆقی عێراق و کەرتبوونی بۆ چەند ناوچەیەکی مەزهەبی شیعی و سوننی فاکتەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی کورد ئەم لاوازییە بقۆزێتەوە و داوای دەربازبوون بکات لە زەلکاوێکی عێراقێک، کە گەلێک ئاستەمە بزانرێت ئایندەکەی بەرەو کوێوە دەڕوات.

بەڵام با پرسیاری ئەوە لە خۆمان بکەین: ئایا لە ئێستادا و لەم بارودۆخەی هەرێمی کوردستان پێیدا تێ دەپەڕێت کورد هەلی دروستکردنی دەوڵەتی هەیە؟ ئەگەر بەڵێ، ئایا چەندە؟
ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە کە هەموو هەنگاوێک بەرەو دروستکردنی دەوڵەتی کوردی جگە لە پشتگیریی زلهێزەکانی جیهان پێویستی بە پشتگیریی بەلایەنی کەمەوە “هەندێک” لە دەوڵەتانی ناوچەکە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە هەموو کاردانەوەیەکی چاوەڕواننەکراودا هاریکاریی ئەم دەوڵەتە تازەپێگەیشتووە بکرێت، وەلێ لە کۆی باری ناوخۆیی و دەرەکی و نێودەوڵەتی پێویستە سەرنج لەم خاڵانەی خوارەوە بدەین:

1. کورد پێویستە ئەوەی لەلا ڕوون و ئاشکرا بێت، کە سەرجەم نەتەوەکانی دەوروبەر (عەرەب، تورک و فارس) دۆستی کوردن، هەتا ئەو ساتەی کورد “برا بچکۆلەیە” و داوای مافی سەربەخۆبوون و جیابوونەوە ناکات. هاوکات هزری دیموکراسی و ئازادیی مافی چارەنووس لەناو گەلانی ناوچەکەدا نەگەیشتۆتە ئاستێک، کە ئەو پرۆسەیە لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بە گفتوگۆ و ڕێکەوتنی ئاشتییانە سەربگرێت هەروەک ئەوەی کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە کۆماری چیکۆسلۆڤاکیادا ڕووی دا و لە ڕێگای ڕیفراندۆمێکەوە بوون بە دوو دەوڵەتی چیک و سڵۆڤاکیا. دەوڵەتان و گەلانی دراوسێ لەنێوان خۆیاندا لەسەر هیچ کۆک نەبن، ئەوا لە ڕووبەڕووبوونەوەی پلانێکی وەها لەلایەن کوردەوە کۆکن، هەمان شتیش لەناو عێراقدا سەبارەت بە شیعە و سوننە دەگوزەرێت، کە لە ئێستادا هەرچەندێک شیر لە یەک دەسوون، بەڵام سەبارەت بە پرسی کورد یەک دەنگ و یەکگرتوو بوون و دەبن.

2. دروستبوونی هەر دەوڵەتێکی کوردی واتە گۆڕانکاریی نەخشەی سیاسیی هەموو ناوچەکە. ئەم گۆڕانکارییەش ئەوە دەخوازێت بەرژەوەندیی زلهێزەکانی جیهان لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لە تێکدانی نەخشەی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە زۆر بەهێزتر بێت: تورکیا بە درێژایی مێژووی پاش جەنگی جیهانی یەکەم پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و ناتۆی کردووە، ئێران دەوڵەتێکی بەهێزە و یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی وزە بۆ جیهان، عێراق و سوریا پشتگیرییان لەلایەن سەرجەم دەوڵەتە عەرەبییەکانەوە بە دەست دەهێنن لە هەموو هەوڵێکدا بۆ گۆڕانکاریی سنوورەکانیان. دەرهاویشتەکانی نەخشەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە زۆر زۆرتر بێت، لەوەی کە لە ئێستادا چاوەڕوانی لێوە دەکرێت.

3. لەم جیهانە نوێیەدا و لە گۆرانکارییە سیاسییەکاندا گەلێک باسی ئازادی و مافی مرۆڤ دەکرێت، بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی و چەندین دەستەواژەی سەرنجڕاکێشی دیکە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی ڕۆڵی گەورە لە گۆڕانکاری و هەڵوێستە سیاسییەکانی جیهان ببینێت بریتییە لە بەرژەوەندی زلهێزەکانی جیهان و هەر ئەو بەرژوەندییانەش سەنگی مەحەکن. ئەوەی لەم ساتەوەختەشدا لە سوریادا دەگوزەرێت باشترین نموونەیە، کاتێک زیاتر لە نیو ملیۆن مرۆڤ بوون بە قوربانیی جەنگە شاراوەکەی زلهێزەکانی جیهان و ناوچەکە لەناو خاکی سوریادا. هەر لە هەمان ڕوانگەوە ئەگەر کورد بەزەیی بە مێژووی تێکۆشانی خۆیدا بێتەوە کە گەورەترین نەتەوەی ناوچەکەیە و کە هەتا ئێستا خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆی نییە، ئەوا هیچ شتێکی نوێ ناخاتە سەر واقیعەکە تاڵەکە چونکە دەوڵەتانی جیهان مێژووی تێکۆشانی کورد باش دەزانن و زانیاری تەواوەتیشیان لەبارەی قەبارە و پێگەی کورد لە هەموو پارچەکاندا هەیە. کەواتە کورد و نەخشە نوێکەی دەوڵەتی کوردی بەرامبەر بە گۆڕانکاریی نەخشەی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و تێکشکاندنی هەموو بەرژەوەندییەکانی ئەم دەوڵەتانەی ئێستا دەتوانێت چی پێشکەش بکات؟

4. کەواتە کورد پێویستە شتێک پێشکەش بکات بۆ ئەوەی شتێکی پێشکەش بکرێت، شتێک ببەخشێت بۆ ئەوەی شتێک بەدەست بهێنێت. ئەگەر باس تەنها لە نەوت و سەرچاوەی وزە بکرێت، هەرچەندە فاکتەرێکی یەکجار گەورە بێت، بەڵام ئەو سەرچاوانە بە هەر شێوەیەک بێت هەروەک هەنووکە پێویستە دەربهێنرێن، بخرێنە بازاڕەوە و ڕوو لە بازاڕی جیهانی بکەن، بفرۆشرێن و لە خزمەتی وڵاتانی هەموو جیهاندا بن. ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت جا ئەگەر دەوڵەتی کوردی دابمەزرێت یان دانەمەزرێت. کەواتە ئەگەر بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیش بدرێت پێویستە فاکتەری پاراستن و دڵنیابوون لە (سەرچاوەکانی وزە لە ناوچەکەوە) بۆ سەرتاپای جیهان یەکێک بێت لە فاکتەرە گەورەکانی ئەو بڕیارە. یاخود کام جەمسەرەی جیهان پشتگیریی لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی دەکات، بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەکانی سەرچاوەی وزەی خۆی بکات و ئایا لە ئێستادا ئەو بەرژەوەندییانە پارێزراو یان دڵنیا نین؟ جگە لەوەش ئایا کورد لەو بوارەدا هەتا ئێستا چی بەدەست هێناوە؟

5. سەرچاوەی نەوت و گاز: لە چەند ساڵی ڕابردوودا کوردستان بووە بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی نەوت و گاز بۆ بازاڕی جیهان و ئەمەش وای کرد کە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان لە ئەمریکا، ڕووسیا، فەرەنسا و بەریتانیا و چەندین وڵاتی دیکەوە ڕوو بکەنە هەرێم بۆ دەرهێنانی نەوت و وەدەستهێنانی گرێبەست لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا. جگە لەوەش گازی سروشتیش بە هەمان شێوە یەکێکە لە سامانە سروشتییەکانی هەرێم، کە دەتوانێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت بۆ دابینکردنی گاز لە بازاری جیهانیدا. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە: بێگومان گەلێک جار ئەو کۆمپانیا زەبەلاحانە لە پشت پەردەکانەوە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە داڕشتنی سیاسەتی جیهانی و ئامانجی هاتنیان بۆ ناو هەرێمی کوردستان بریتییە لە وەدەستکەوتنی بەشیک لەو سامانە سروشتییەی، کە ئەم هەرێمە هەیەتی: لەگەڵ بنیاتنانی دەوڵەتێکی کوردی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەرە ئەرێنی و نەرێنییەکان ئایا بەرژەوەندییەکانی ئەم کۆمپانیایانە ناکەونە ژێر مەترسییەکی نادیارەوە یاخود سیاسەتی جیهانی پلانێکی وەها دادەڕێژێت، کە ئاسایشی دەوڵەتە نوێکە و بەرژەوەندی ئەو کۆمپانیایانە هاوکات پارێزراو بن؟

6. “پێشمەرگە” ئەو وشەیەیە، کە خۆی بە سەرتاپای جیهان ناساندووە، ئەو هێزەیە کە دژ بە دڕندەترین هێزی تێرۆری جیهان وەستاوەتەوە و پێگەی خۆی لەناو بەهێزترین سوپاکانی جیهاندا سەلماندووە. هاوکات وشەی پێشمەرگە پەیامێکی دیکەی بە هەموو جیهان گەیاند، کە لە کوردستاندا هێزێکی وەها هەیە، کە بتوانێت پارێزگاری لە خاک و ئەم میللەتە بکات. واتە کێشەش لە هەبوونی هێزێکی پارێزەردا نییە، کە لە ئایندەدا بتوانێت سنوورەکانی ئەو دەوڵەتە نوێیە بپارێزێت، بەڵکوو لەگەل پێکهاتەی ئەو هێزە و پێکهاتەی سیاسیی ئەو هێزەیە. ئەوەی یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی کورد دەدات بە دەستەوە (سەرباری بەهێزیی و بەتوانایی پێشمەرگە) ئەوەیە، کە بەشێکی گەورەی هێزی پێشمەرگە هەتا ئەم ساتە وەختەش لە چوارچێوەی حیزب و لەژێر فەرماندەیی دەسەڵاتدار و سەرکردەکانی کورددا کار دەکەن، بەبێ ئەوەی لەژێر چەترێکی نیشتمانی یەکگرتوودا کۆکرابێتەوە و “بەشێوەیەکی پراکتیکی” لەناو وەزارەتێکی حکومەتدا مامەڵەی لەگەڵدا بکارێت، هەرچەندە لە ئێستادا زۆرینەی هێزەکانی پێشمەرگە “لەژێر ناوی وەزارەتی پێشمەرگەدا” بەشداری جەنگی دژ بە داعش بوون، بەڵام واقیعی هێزەکان ئەوەیە کە بەشێکی زۆری ئەم هێزانە ڕاستەوخۆ سەر بە یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتن. ئەم واقیعەش هەروەک نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو هەمیشە ڕووبەڕووی ئەگەری ئەوەمان دەکاتەوە، کە لەوانەیە ئەم هێزانەی پێشمەرگە سەرلەنوێ بکەونەوە جەنگێکی براکوژی تازەوە، بە تایبەتی کاتێک دەوڵەتانی دراوسێ (ئێران، عێراق، تورکیا، سوریا) بیانەوێت ڕەوشی ناوەوەی دەوڵەتە نوێکە تێک بدەن بە ئامانجی شکستهێنانی پرۆسەی دەوڵەتەکە یاخود بەرژەوەندی ئەو حیزبانە بکەوێتە مەترسییەوە، کە خاوەن هێزێکی چەکدارن.

7. هەرێمێکی ناجێگیر و شڵۆق لەلایەنی سیاسیی و بەڕێوەبردنی ناوچەکەوە: ئەوەیش کە خاڵی پێنجەم پشتڕاست دەکاتەوە بریتییە لە مێژووی سیاسیی ناوچەکە لە چارەکە سەدەی ڕابردوودا، کە حیزبە کوردییەکان زۆر بە گرانی توانیویانە کەشێکی هێوری سیاسی، گونجاندن و تێگەیشتن لەنێوان خۆیاندا دروست بکەن، بەڵکوو بە شێوەیەژکی گشتی سەرجەم لەیەکگەشتن و ڕێککەوتنەکانیان بە شێوەیەکی کاتی بووە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی حیزبایەتی بووە: قەیرانی سیاسیی هەمیشە یان لەنێوان حیزبەکاندا هەبووە و هەندێک جاریش گەیشتۆتە ئاستی بەکارهێنانی هێز کە ئەمەش ئاسەواری خۆی لە دروستبوونی کێشە لەنێوان دەسەڵات و حیزبەکان لەلایەک، داواکارییەکانی کۆمەڵگا لەلایەکی دیکە دروست کردووە. ئەمەش لە خۆیدا دوورکەوتنەوەی حیزب و دەسەڵات لە کۆمەڵگا دەسەلمێنێت. ئەمەش ئەو وێنەیە دەگوێزێتەوە، کە کۆنەبوونەی هێزە کوردییەکان لەژێر چەترێکی نیشتمانیدا و نەبوونی یەکدەنگییان لەناو خۆیاندا ئەگەرێکی دیکە دەخاتە ڕوو بۆ تەقینەوەی ئەو ناکۆکییە لە هەر ساتێکدا بێت و پاشان بەکارهێنانی هێز (خاڵی شەشەم) بەرامبەر بە یەکتر، کە ئەمەش ئەگەرێکی مەترسیدار دەخاتە بەردەم پێشهاتەکان کە کەمترینیان بریتی دەبێت لە شڵۆقیی سەرجەم ناوچەکە و ئەگەری دروستبوونی کێشەی گەورەتر، جگە لە شکستهێنانی بەردەوامبوونی دەوڵەتە دامەزراوەکە.

8. سەرجەم سەرکردە کوردەکان کاتێک لەگەڵ لایەنێک یان کەسایەتییەک باسیان لە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی کردووە یاخود باسیان لە بارودۆخی کورد کردووە، بە بەشێوەی بەزەیی باسی کورد کراوە: باس لە قوربانییەکان، وێرانکارییەکان، مێژووە ڕەشەکەمان و . . . هتد کراوە، کە هەموو جارێک بە ئامانجی ڕاکێشانی سۆزی ئەو لایەنانە ئەم وتانەمان دووبارە کردۆتەوە، بەڵام زلهێزەکانی جیهان مامەڵە لەگەڵ “بەهێز”دا دەکەن، لەگەڵ هێزێک، کە “بوون و هەبوون”ی خۆی بسەلمێنێت، ئەوە پێشان بدات، کە هەیەتی و کە پێی گەیشتووە، کە دەتوانێت پێی بگات و بیخاتە سەر زەمینەی واقیع.
بۆ نموونە: پێش چەند ساڵێک بارودۆخی ژیانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق یەکجار خراپ بوو، جەنگی نێوان سوننە و شیعە بەرەو ئاقارێکی خراپ دەڕۆیشت، هاوکات کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقدا گەلێک ئارامتر و جێگیرتر بوو، کێشەی سیاسیی نێوان حیزبە کوردییەکانیش بەو شێوەیەی ئێستا نەبوو، کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لە بارێکی “ئارامتری سیاسییدا” دەژیا. لەو ماوەیەدا گەلێک جار مێدیای جیهانی باسی لە پێشکەوتنی لایەنە جیاوازەکانی ژیانیان لە کوردستان دەکرد، باسیان لە پێشکەوتنی پرۆسەی دیموکراسی و ئازادی تاک دەکرد، جگە لە پێشکەوتنی باری ئابووری هەرێم، بەڵام لە ئێستادا نەک تەنها مێدیا بەڵکوو بە دەگمەن کەسایەتییەک یان لایەنێکی فەرمیش بە شان و باڵی ئەو بارودۆخە شڵەژاوەی ژیانی سیاسیی ئێستای کوردستاندا هەڵ بدات، بەڵکوو ئەوەی لەسەر زمان بێت و بووبێت بە سومبولێک بۆ کوردستان تەنها وشەی “پێشمەرگە”یە کە هەموو جیهان باسی دەکات، سیاسەتمەدار و کەسایەتییە بەناوبانگەکانی جیهانیش باس لە توانا و بەهێزیی پێشمەرگە دەکەن. ئەوەی کێشە بێت لەم خاڵەدا ئەوەیە، کە حیزبە سیاسییەکان و سەرکردەکانیان هەتا ئێستا سەلماندوویانە کە ئەوان ناتوانن لەناو چوارچێوەی هزرێکی نیشتمانپەروەریدا کۆ و هاوڕا بن، مەخابن ڕێکەوتنەکانیان (هەروەک ڕێکەوتن و ڕێکەوتننامەکانی دیکە) ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، ئەوا هەمیشە لەژێر ئەگەری کاریگەریی لێکپچڕاندا دەبێت. ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی هارێتسی ئیسرائیلی لەژێر ناونیشانی (Instead of Uniting, Kurds Are Busy Fighting Each Other – کوردەکان لەبری یەکگرتنیان سەرقاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی یەکترین) تەنها نموونەیەکە لە چەندین نموونەی ڕاپۆرت و هەواڵ کە لە مێدیا جیهانییەکان سەبارەت بە باری شڵۆقی سیاسیی کوردستان بڵاو دەبێتەوە، سەرباری ئەوەی کە لە خودی ئیسرائیلەوە لێرە و لەوێ لەوانەیە دەنگێک بەرزبێتەوە، کە کورد پێویستە ببێت بە خاوەنی دەوڵەتی خۆی.

9. ئایا پاش چارەکە سەدەیەک چیمان بۆ پێکهێنانی دەوڵەت پێک هێناوە؟ بێگومان هەرێمی کوردستان لە ماوەی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی یەکجار گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام جیاوازییەکی گەلێک گەورە هەیە لەنێوان گۆڕانکاری و گەشەسەندن، چونکە مەرج نییە گۆڕانکارییە گەورەکان گەشەی گەورە لە ژێرخانی بناغەی ژیانی کۆمەڵگا لەگەڵ خۆیاندا بهێنن. کێشەکانی هەرێم لەبواری ئابووری، پلاندانان، بواری کار، تەندروستی، ئاستی پەروەردە و خوێندنی باڵا، کشتوکاڵ و گەلێک بواری دیکە بواری ئەو پاساوانە ناهێڵنەوە، کە هەندێک لایەنی کوردی بۆ فاکتەری بابەتی و بارودۆخی ناوچەکە بگەڕێننەوە. هەموو ئەم کێشانە وتەیەکی هاوڕێیەکی جولەکەم وەبیر دەهێنێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ پێی وتم: ئەوەی ئێوی کورد لە ماوەی ١٧ ساڵدا (١٩٩١-٢٠٠٨) بەجێتان نەهێناوە، ئێمە لە شەش مانگی پێش ساڵی ١٩٤٨ بەر لە دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل جێبەجێمان کرد.

دوا وشە: سیاسەتی سەرکەوتوو گەمەی یاریزانە بەهێزەکانە، مەرج نییە ڕکابەری زلهێزەکانی جیهان بکرێت، بەڵام گرنگە ئەگەر هەنگاوەکان هەرچەندێک کورت و بچوکیش بن، بەڵام دروست بن. مەخابن نەتوانین و شکستهێنانی گەلێک هەنگاوی دەسەڵاتداران لە مەیدانی سیاسیی کوردستاندا لە ماوەی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا، کارکردن لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە حیزبییەکان و نەبوونی هەوڵ بۆ تێپەڕاندنی ئەو سنوورە حیزبییە و بەرفراوانکردنی ئەو سنوورەیان بەرەو نیشتمانێک، زنجیرەی کێشە سیاسییەکانی هەرێم و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز، جێگیرنەبوونی هەرێم لە دروستکردنی سیاسەتێکی دەرەوەی یەکگرتووی پتەودا و دابەشبوونی هێزەکان بەسەر جەمسەری ئێران و تورکیادا هەموو ئەمانە خەسڵەتێکی نەرێنین لە پێکهاتەی سیاسیی هەرێمدا. هاوکات ناوچەکە لە گۆڕاندایە، داعش و جەنگی ناو سوریا و گۆڕانکارییە چاوەڕواننەکراوەکانی ناو تورکیا بەبێ گۆڕانکاری بەسەر ناوچەکەدا تێناپەڕێت، کە ئەمەش لەوانەیە لەم نەخشە نوێیەی خۆرهەڵاتدا کوردستانیش بگرێتەوە. ئامادەبوونی هەموو ئەم نوێنەرانەی دەوڵەتەجیاوازەکانی جیهان لە کوردستاندا ڕوویەکی تری ئەرێنی پێگەی کوردستان پێشان دەدەن، کە ئەم ناوچەیە شوێن بایەخی گەلێک دەوڵەتی خاوەن بڕیارن لەناو مەیدانی سیاسەتی جیهانیدا. وەلێ لەناو هەموو ئەم خاڵە ئەرێنی و نەرێنییانە کام ئاراستەیان سەرکەوتوو دەبێت، کام جەمسەرەی جیهان پاڵپشتی کورد دەکات و کامیان ئامادەیی ڕووبەڕووبوونەوەی سەرجەم مەترسییەکانی دەبێت، ئایا سەرکردەکانی کوردیش لەگەڵ “پێداویستی قۆناغە مێژووییەکە” شێوازی تێڕوانین و یەکگرتویی خۆیان دەگۆڕن، ئایا حکومەتی بەغداد بە چ کاردانەوەیەک ڕووی خۆی لە بڕیارێکی وەهای سەرکردایەتی کورددا پێشان دەدات: هەموو ئەمانە کۆمەڵێک هاوکێشەی قورسن، کە ئان و ساتی سیاسیی وەڵامیان دەداتەوە.




وەڵامێک بۆ نووسەری ئەسحابی کەهف – ڕێبوار کەریم وەلی … کامەران چروستانی

لە ماڵپەڕی ڕووداو ڕۆژنامەنووس ڕێبوار کەریم بابەتێکی بەناوی (قسەیەكیش بۆ ئەسحابی كەهف (پەكەكە)) سەبارەت بە سیاسەتی ئەسحابی کەهف (پەکەکە) و هەدەپەی تورکیا بڵاو کردۆتەوە، کە تیایدا ڕەخنەی لە سیاسەتی عەسکەرتاری پەکەکە گرتووە، لاوازبوونی پێگەی هەدەپەی خستۆتە ڕوو و جگە لەوەش ئەو پرسیارەی خستۆتە بەردەم کورد، کە کورد لە باکوری کوردستان چ قازانجێک دەکەن، ئەگەر بێتوو ئەردۆغان لە دەسەڵات لاببرێت.

خاڵێکی ئەرێنییە ئەگەر هەر تاکێکی کورد تەماشای ڕابردووی کورد لە دیدێکی شیکارانەوە ئەنجام بدات و یادگەی مێژوویمان درێژخایەن بێت، چونکە ئەگەر تەماشای مێژووی سی ساڵەی ڕابردووی باشووری کوردستان بکەین و بگەڕێینەوە بۆ دوورتر بەرەو مێژووی شۆڕشەکەی شێخ مەحمود و قازی محەمەد و ئەگەر چاوێک بەو بارودۆخەی ئەو سەردەمەدا بخشێنین، ئەوا دەتوانین ئەو پرسیارە ڕووبەڕووی خۆمان بکەینەوە: بە چ ئامانج و هیوایەک شۆڕشی کوردی لە سەرەتای سەردەی ڕابردوودا داگیرسا، پاشان بە چ ئامانجێک قازی محەمەد کۆماری مەهابادی دامەزراند و پاشتر لە ساڵی هەفتاکاندا شۆڕش هەڵگیرسا و بۆچی ئەو سەرکردانەی ئێستای هەرێمی کوردستان لە هەشتاکاندا بەردەوامییان دا بە شۆڕشەکە. ئایا ئەو سەردەمە سەرکردەکانی کورد پرسیاری ئەوەیان لە خۆیان دەکرد، ئەگەر ڕژێمەکەی سەدام بکەوێت ئایا چ گەرەنتییەک هەیە کە بارودۆخی کورد بەرەو باشتر بڕوات؟ ئەی بەڕێزی نووسەر دەتوانێت شیکارییەک ئەنجام بدات سەبارەت بە ئەگەری هێرشنەکردنی سەدام بۆ سەر کوێت و هەڵنەگیرساندنی جەنگی کەنداوی دووەم، چ ئاسەوارێکی لەسەر شۆڕشی کوردی دەبوو؟
بێگومان کاکەی نووسەر لە یەکێک لە باڵەخانە ئارامەکانی شاری هەولێرەوە و لە تێڕوانینی بۆ ژیانی هەنووکەیی هەرێم ئەو بابەتەی نووسیوە، ئەوەشی لەیاد کردووە کە هەموو شۆڕشێک بریتییە لە هەوڵدان و تێکۆشانێک بۆ گەیاندنی کۆمەڵگا بە کۆمەڵێک ئامانج لەگەڵ ڕەچاوکردنی ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەرەکان. بەڵام ئەوەی ڕەوتی ئەو سیاسەتە دیاری دەکات ئامانجە سەرەکییەکانە، نەک تەنها هەژمارکردنی دەستکەوت و زیانەکان. وەک وەبیرهێنانەوەیەک بۆ کاکەی نووسەر: هەر ئەو بنەما شۆڕشگێرییە بوو بۆ ئەوەی شۆڕشی کوردی بەردەوامی هەبێت سەرباری گواستنەوەی سەرجەم شار و شارۆچکە و دێکانی سەر ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، چونکە سەرجەم هەوڵەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ ڕژێمەکەی سەددامدا، هاوشێوەی ڕژێمەکەی ئەردۆغان، جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی و چەکداری هیچ بوارێکی دیکە بۆ کورد نامەبۆوە.

یەکێک لە خەسڵەتەکانی پەکەکە بریتییە لە بەردەوامبوون لە نوێکردنەوە و بەشدارکردنی نەوە نوێکە لە سەرجەم چالاکییەکانی پارتەکە. خۆ ئەگەر کەسێکیش سەردانی قەندیلی نەکردبێت، ئەوا وێنە و ڤیدیۆکانی ئەو پارتە باشترین بەڵگەن لەسەر ئەو بۆچوونەم. جا نازانم بە چ پێوەرێک و بنەمایەکی ژمێریاری کاکەی نووسەر باس لەوە دەکات، کە (بەشێكی زۆری ئەوانەی ئێستا پەكەكە ئاراستە دەكەن، لە ساڵی 1980 وە كە توركیایان جێهێشتووە، جارێكی دیكە پێیان لە خاكی كوردستانی باكوور نەناوەتەوە! و كەمترین زانیارییان لە بارەی گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی كوردستانی باكوور هەیە) یاخود لەوانەیە نووسەر مەبەستی لەوە بێت کە ئەو گەریلایانە لە هەشتاکاندا لە قەندیل لەدایک بوون یان هەر لەوێ فێری قسە بووبن و پێیان گرتبێت؟ یاخود دایک و باوکیان لەوێ هاوسەرگیریان کردبێت؟
کاکەی نووسەر دەبووایە بەر لە نووسینی ئەو بابەتە دوو خەسڵەتی گرنگی ڕووداوەکانی تورکیا لە یاد نەکات: یەکەمیان بریتییە لە ڕۆحی ڕەگەزپەرستی لە هەرە زۆرینەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی تورکیادا، کە هەمیشە هەڕەشەیەکن بۆ پێگە و هەبوونی نەک تەنها کورد بەڵکوو سەرجەم هەر پێکهاتەیەکی دیکەی جگە لە ڕەگەزی تورک لەناو تورکیادا. هەر ئەو ڕۆحە ڕەگەزپەرستییەشە وای کردووە، کە نەک مافە نەتەوایەتییەکان، بەڵکوو هیچ پێکهاتەیەکی کۆمەڵگای تورکی جگە لە تورک خاوەنی ئازادییە کلتورییەکانیش نین. دووەمیان بریتییە لەو هزرەی کە تێکۆشانی چەکداری-سیاسیی پەکەکە بەڕێوە دەبات، کە هەمان حکومەتی کەمالیزمەکەی تورکیای ناچار کرد ئەگەرچی کەمێکیش بێت بەڵام دان بە هەبوونی کورد وەک نەتەوەیەکدا بنێت لە تورکیا، هەروەها ئەو دەسەڵاتەی ناچار کرد کە لەگەڵ گەریلا (تێرۆریستەکانی) پەکەکەدا دابنیشێت و داوای ڕێکەوتن بکات، ئەگەرچی شکستیشی هێنا.

بێگومان کاکە ڕێبوار لە بەندە باشتر دەزانێت، کە تەقینەوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن و ڕووداوەکانی ئەم دواییەی گرتنی سیاسەتمەدارانی کورد و هەڵگرتنی پارێزبەندی لە ئەندام پەرلەمانەکان لەلایەک هەمان ڕۆحی ڕەگەزپەرستی تورکییە و سەرلەنوێ سەری هەڵداوەتەوە بە ئامانجی سنووردارکردنی گەشەی تێزی کورد لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. لە لایەکی دیکەش گوزارشت لە تینیوێتی ئەردۆغان دەکات بۆ دەسەڵاتێکی تاکڕەوییانە، کە بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت بە لێدانی کورد هەست و سۆزی لایەنە سیاسییە ڕەگەزپەرستەکان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، ئەگەرچی هیچ خاڵێکی هاوبەشی ئایدیۆلۆجییان لەگەڵ ئاکەپەدا نەبێت تەنها ئەوە نەبێت، کە لە سەر ڕەوتی لێدانی کورد کۆک بن.
هەروەک هەموو پارت و لایەنێکی سیاسی هەرچەند بڕیارێکی هەدەپە دروست نەبووبێت، بەڵام پێگەی ئەو حیزبە و سووربوونی جەماوەرەکەی لاواز نەبووە، بگرە هەڵەکانی ئەردۆغانە وای کردووە، کە هەر یەکێک لەو بەندکراوانە ببن بە ئۆجەلانێکی نوێ، تاکی کوردیش لە تورکیادا ئاستەمە جارێکی دیکە سەر بۆ دەسەڵاتی سوڵتانی ئەردۆغانی دانەوێنێت. ئایندەش ئاشکرای دەکات، کە ڕەوتی سیاسەت لە تورکیادا لە بەرژەوەندی کورد دەبێت، هەرچەندە لەوانەیە قوربانییەکان زۆرتر بن لەوەی کە چاوەڕێی دەکەین، بەڵام لەلایەن ئێمەی کوردستانیانی باشوور ئەمەش شتێکی نامۆ نییە و زۆر باش پێی ئاشناین، چونکە ئەگەر خاوەنی هیچ قوربانییەک نەبین، ئەوا خاوەنی هەڵەبجە و ئەنفالین.




شکستهێنان بە تەفسیری سەرکەوتن … کامەران چروستانی

هەموو تاکێکی کورد دەزانێت بە درێژایی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوو لە کوردستاندا چی گوزەراوە و باڵادەستترین دوو هێزی سیاسیی کێ بوون، کە لە سەرجەم جومگەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا هەتا ئەم ساتە وەختەش دوو هێزی بڕیاردەر و بەهێزی هەریمن. جگە لەوەی هێزی سەربازی و دارایی ئەو دوو حیزبە بە هێزی هیچ لایەنێکی دیکەی کوردستان بەراورد ناکرێت، بە تایبەت دوای ئەوەی پاش ڕێککەوتنە ستراتیجییەکە کوردستان و سەرجەم جومگە سەرەکییەکانی ئابووری و دەسەڵاتیان وەک برا لەنێوان خۆیاندا فیفتی فیفتی دابەش کرد.
سەباری هەموو ئەم ڕاستییە تاڵانەی ئێستای کۆمەڵگا و پاش بەڕێکردنی تەمەنی نەوەیەک ئەگەر کۆی وتەکانی سەرکردەی هەردوو لایەنی یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات سەبارەت بە هەڵسەنگاندنیان بۆ باری ئێستای کوردستان کۆبکەینەوە، ئەگەر لە ڕستەی ئەم سەرکردە و بۆچوونی ئەو پسپۆر و هەڵسەنگاندنی بەرپرسێی دیکە بکۆڵینەوە، ئەگەر ورتەورتی ئەم ئەندامی سەرکردایەتی سەبارەت بە گەندەڵی و چرپەچرپی ئەوی دیکەیان سەبارەت بە دانانی پلانی هەڵەی ئابووری، لەولاوە حساباتی کۆتایی وەزارەتی سەرچاوە مرۆییەکان کۆبکەینەوە، ئنجا ئەگەر توێژینەوەیەک بۆ بواری تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا و پلانی بازاڕی کار ئەنجام بدەین و لە کۆتاییدا هەموو ئەمانە کۆبکەینەوە و دەسەڵاتی کوردی بخەینە ژێر هەڵسەنگاندنی تاقیکردنەوەی تەمەنی ئەم بیست و پێنج ساڵە، ئایا چ ئەنجامێکمان دەست دەکەوێت؟
بێگومان هیچ کەسێکی ژیر نکوڵی لەوە ناکات کە کوردستان نەگۆڕاوە، پێشکەوتنی بەخۆیەوە نەبینیوە کاتێک باس لە (گۆڕانکاری) بکەین، بەڵام ئەگەر سەرکردایەتی کوردی تەنها باس لە (گۆڕانکاری) بکات، ئەوا بە بێگومانەوە پێویستە ئەوەمان لەلا ڕوون و ئاشکرا بێت کە کۆمەڵێک لاوی تازەپێگەیشتووی بەتوانا بەو هەموو سەرچاوەی داراییەی کە لەژێر دەستی دەسەڵاتدارانی کورددا هەبووە و بە تایبەت پاش ساڵی ٢٠٠٣ ئەگەر لەوە زیاتریان نەکردایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە لەوە کەمتریان ئەنجام نەدەدا. خۆ ئەگەر تەنها باس لە (گۆڕانکاری) بکەین، ئەوا ئەگەر چاوێک بە (گۆڕانکارییەکانی) دوانزە ساڵی پێشووی هەر وڵاتێکی هەژاریشدا بخشێنین ئەوا (گۆڕانکاری) هەر ڕووی داوە، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە: ئایا گۆڕانکارییەکان لە چ بوارێکی ژیانی تاک – خێزان – کۆمەڵگادا کاریگەریی خۆی هەبووە و ئەرێنییانە ئەنجام و دەرهاویشتەکانی درک پێ دەکرێن؟
کاتێک باس لە بار و دۆخی ئێستا و شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی کوردی دەکرێت خودی ئەوانەیش کە لە ساڵی ١٩٩١ هەتا ئێستا لەناو مەیدانی سیاسەتی کوردیدا یاریزانێکی گەورە و کاریگەر بوون یاخود لە ئێستادا لە لوتکەی دەسەڵاتدا پەتەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕادەکێشن، خاوەنی سکاڵا و ڕەخنەیەکی زۆرن و دان بەوەدا دەنێن، کە دەسەڵاتی کوردی بەردەوام بە هەمان کێشەوە دەناڵێنێت، کە چەندین ساڵە پێوەی ناڵاندوە. واتە هەر خودی ئەو یاریزانانەن دان بە (سەرنەکەوتنی) بەڕێوەبردن و پلان و ئەرکەکاندا دەنێن و باس لەوە دەکەن، کە پێویست وا بوو لەم بوارەدا یان ئەو بوارەدا کۆمەڵگا لە ئێستادا لە ئاستێکی دیکەدا بووایە. واتە هەمان کۆمەڵە کەس، هەمان جۆرە بیکردنەوە، هەمان بۆچوون و هەمان ئاستی زانستی، هەمان ڕەوتی ئابووری و هەمان سیاسەت کە بە درێژایی بیست و پێنج ساڵە ئەم هەرێمە (بەڕێوە دەبەن) و هەتا ئەم ساتە وەختەش هەر باس لە (خزمەتکردن و بەڕێوەبردنی) کۆمەڵگا دەکرێت و شانازیی بە (سەرکردایەتی) هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت! بەڵام ئایا جگە لە پیاهەڵدانێکی شاعیرانە چ ڕۆژێک بە داتا و زانیارییەکی ورد باسی لە پێشکەوتنی جۆری و چەندیی بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردی کراوە، ئایا ڕێژەی بێکاری واقیعی باسی لێوە دەکرێت؟ ئایا باس لە ڕیزبەندیی زانکۆکانی کوردستاندەکرێت لەناو لیستی زانکۆ جیهانییەکاندا؟ ئایا باس لە گەندەڵی سیستمی تەندروستی و بازرگانییەکانی ئەو بوارە دەکرێت؟
لە هەمووی گرنگتر ئایا کەس هەیە باس لە کرۆکی پرۆسەی گۆڕانکاری دەسەڵاتی وڵاتە دیموکراسییەکان بکات: کە ئامانجی گۆڕانکاری هەموو چەند ساڵەی هەر حکومەتێکی لەم جیهانەدا بریتییە لە هێنانی هزرێکی نوێی بەڕێوەبردن بۆ ئەوەی تەوژمێکی نوێ بدرێت بە ژیانی کۆمەڵگا نەک تەنها مەبەست گۆڕانکاری دەموچاو و کەسایەتییەکان بێت، بەڵام لەلای ئێمە بیست و پێنج ساڵە ئەو (هزری بەڕێوەبردنە) لەنێوان کۆمەڵێک کەسایەتیدا قەتیس ماوە، گۆڕانکارییەکان لەنێوان خۆیاندا دەکەن، بەڵام خودی خۆیان گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە.
دەگەڕێمەوە بۆ هەمان پرسیاری پێشووم: لە هەموو ئەم خاڵانەدا وەک تاقیکردنەوەیەک چ ئەنجامێکمان دەست دەکەوێت؟
کاتێک خودی سەرکردەکانی کورد بە نەرێنی باس لە ئاستی شادەمارەکانی ژیانی ئێستای کۆمەڵگا بکەن، کاتێک دان بەوەدا بنێن، کە لە سەرەتاوە پلانە ئابوورییەکان و پرۆسەی دامەزراندنی بەلێشاوی هاووڵاتیان هەڵە بووبن، کاتێک بواری تەندروستی و پەروەردە لەناو گێژاوێژی چەقبەستوودا خۆی بەدی بکات، لەولاشەوە بەرهەمی ماشێنی خوێندنی باڵا بەم هەموو بڕوانامە بەدەستەوە بازاڕێکی کار بەدی نەکەن، کاتێک بەرپرسان بە بەردەوامی گلەیی و گازندە لە گەندەڵی بکەن و خۆزگە بخوازن بەوەی کە بریا ئەوە نەکرایە و ئەوە نەوترایە، ئەی ئایا کەی ئەو بوێرییە لە ناخی سەرکردایەتی کورددا دەتەقێتەوە کە دان بە (شکستهێنانی) بەڕێوەبردنی ئەم کۆمەڵگایەدا بنێن؟ پاش بیست و پێنج ساڵ ڕۆحی تەبایی و نیشتمانپەروەریی بەرەو داڕۆچوون ڕۆیشتووە و دەیان هەزار لاوی وڵات لەبەر نەبوونی ئاواتێک بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی لەبار وڵاتیان بەجێ هێشت. ئەگەر نەتوانرێت هەموو ئەو هەڵە و قەیران و کێشانەی لە ژیانی (تاک-خێزان-کۆمەڵگا) و زۆرینەی دامودەزگاکانی حکومەتدا بوونیان هەیە، لەناو دەستەواژەی (شکستهێننان)دا کۆبکرێنەوە، ئایا لە فەرهەنگی بەڕێوەبردندا چ جیاوازییەک دەبێت لەنێوان (شکست و سەرکەوتندا)؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە جیاوازی لەنێوان (گۆڕانکاری و پێشکەوتن)دا بکەین؟ دەستنیشانکردنی پێناسەی ئەو دەستەواژانە ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییانەمان دەکەنەوە، کە سەرباری هەموو گۆڕانکارییەکان، سەرباری ئەو پێشکەوتن و بەرەو پێشچوون لەم بوار یان لەو بوارەدا بەدی بکرێت، بەڵام کاتێک شادەماری کۆمەڵگاکەمان ئابووری، پەروەردە و تەندروستی لەناو کێشە و قەیرانێکی قوڵدا بژین، ئایا جگە لە شکستهێنان چ دەستەواژەیەکی دیکەی گونجاو بتوانرێت بۆ ڕەوتی ئەم دەسەڵاتە بەدی بکرێت؟




هەلور بلور تەکامە زەرد و سور و شەمامە …

کاتێک منداڵ بووین بۆ ئەوەی لەنێوان هەندێک هەڵبژاردەدا یەکێکیان دەستنیشان بکەین، یارییەکمان دەکرد کە لەگەڵ وتنەوەی ئەم وشانەدا دوا دانەمان هەڵبژاردەکە دەبوو:
هەلور بلور تەکامە زەرد و سور و شەمامە
ئاوە زەرێ پێ لابەرێ
مێخم کوتا مێخ هەڵبەزی
تیکەی ڕاستی ئەوەی گەزی

ئێستاش سەرجەم ناوچەکە لە بەرمیلێکی باروت دەچێت، کە هیچ کەسێک ناتوانێت دەستنیشانی ئەوە بکات ئایا لەگەڵ تەقینەوەی ئەو بەرمیلە باروتەدا چی ڕوودەدات. سەرباری هەموو ئەو بارودۆخە ناسکەی ناوچەکە و سەرباری ئەو قەیران و کێشانەی ڕووبەڕووی سەرتاپای کۆمەڵگا دەبێتەوە تاکی کورد لەناو کێبڕکێ و جەنگێکی دەروونی قێزەونی ناو حیزب و لایەن و باڵە جیاوازەکانی کوردستاندا دەژی، کە هۆکارێکە بۆ ئەوەی تاکی کورد گاڵتەجاڕی بە سیاسەتی ناسیاسییانەی پەیڕەوکراوی لایەنەکان بێت، جگە لەوەی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باوەڕبوون بە دڵسۆزی و نیشتمانپەروەریی لایەنەکان کەم بێتەوە.
جا لەناو ئەم گەمە سیاسییانەی کوردستاندا بۆ دەستکەوتنی وەڵامێک بۆ پرسە سەرەکییەکان لەوانەیە هیچ شتیک نەمابێتەوە بۆمان تەنها جێبەجێکردنی یاریی کاتی منداڵیمان نەبێت.

ئایا سوپاسی تورکیا لەسەر داوای سەرۆکی هەرێم هاتۆتە ناو خاکی عێراقەوە؟
با دەست پێ بکەین: هەلور بلور تەکامە . . . زەرد و سور و شەمامە . . . . . ئەوەی گەزی:
وتەبێژی حکومەتی هەرێم: حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ئاگایان لەو باسە نەبووە.
حکومەتی تورکیا: ئێمە سوپای تورکیامان لەسەر داواکاری هەرێمی کوردستان ناردووە بۆ مەشقکردنی هێزەکانیان بۆ هێرشەکەی موسڵ.
دەنگێک لەو لاوە: سەرۆکی هەرێمیش و عبادیش ئاگاداری ئەو پرۆسەیە بوون و بە ڕەزامەندی هەردوولایان سوپای تورکی هاتووە.
نوزەیەکی دیکە: ئەمریکا و حکومەتی عێراقی و دەسەڵاتدارانی کوردستان پێشوەخت ئاگادار بوون لە هاتنە ناوەوەی سوپای تورکی.

ئایا موچەی فەرمانبەران هەیە یان نییە؟

دەست پێ بکەینەوە: هەلور بلور تەکامە . . . زەرد و سور و شەمامە . . . .. ئەوەی گەزی:
حکومەتی هەرێم: بەم داهاتەی ئێستامانەوە ناتوانین موچەی تەواوەتی دابین بکەین و هیچ پەیمانێک بدەین بۆ دابینکردنی و سیستمی موچەش هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە.
نوزەیەکی حکومەت: بەڕێز قباد تاڵەبانی ئاگای لە هەموو گرێبەستە نەوتییەکان هەیە و دەزانێت داهاتی حکومەت چەندە و ئایا بەشی موچە دەکات یان نا.
بزوتنەوەی گۆڕان: حکومەت نەک بە فرۆشتنی نەوت بەڵکوو بە پاشەکەوتکردنی داهاتی ناوخۆ و کەمێک لە فرۆشتنی نەوت بەبێ هیچ کێشەیەک موچە کۆنەکانیش دەتوانین دابین بکات.
یەکێتی نیشتمانی: ڕاستە ئێمە لە حکومەتداین و جێگری سەرۆک وەزیران ئاگای لە هەموو شتێکە بەڵام بە ڕاستی شتەکان ناشەفافن و پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاترە بۆ ئەوەی قسە لەسەر مەسەلەی موچە بکەین.
یەکگرتوو و کۆمەڵ: ئەمەی ڕوو دەدات شتێکی قبوڵکراو نییە و پێویستە شتەکان بخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ.

ئایا بەردەوامبوونی سەرۆکی هەرێم لە پۆستەکەیدا یاساییە؟

یەڵڵا دەست پێ بکەین: هەلور بلور تەکامە . . زەرد و سور و شەمامە .. . . . . ئەوەی گەزی:
پارتی دیموکرات: بێگومان یاساییە و ئەوەتا ئەنجومەنی شوراش شایەتی داوە و جەختی لەوە کردۆتەوە کە یاساییە.
گۆڕان: بە هیچ پێوەرێکی یاسایی مانەوەی سەرۆک لە پۆستەکەیدا یاسایی نییە.
یەکێتی: ئەمە شوێنی مشتومڕە و هەندیک لایەنی نایاسایی تێدایە و بەڵام دەبێت بە ڕێکەوتنی سیاسیی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت (بەڵام سەیر لەوەدایە کە جێگری سەرۆک هەتا ئێستا شان بە شانی سەرۆکی هەرێم لە پۆستەکەیدا هەر بەردەوامە سەرباری ئەو نایاساییەی یەکێتی باسی لێوە دەکات)
یەکگرتوو: نایاساییە و دەبووایە پێشوەخت بە یاسا یان بە ڕێکەوتنی یاسایی ئەم کێشەیە چارەسەر بکرایە. (کەچی لەگەڵ سەرۆکدا دەچن بۆ بەغداد)

ئایا ڕێگرتن لە سەرۆکی پەرلەمان و پەکخستنی پەرلەمان ئاسای و یاساییە؟

هەلور بلور تەکامە . . . زەرد و سور و شەمامە . . . . .. ئەوەی گەزی:
پارتی دیموکرات: بێگومان یاساییە، چونکە ئێمە ڕێکەوتنێکمان هەبوو لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و هەڵمانوەشاندەوە و دکتۆر یوسفیش دەتوانێت تەنها وەک پەرلەمانتارێکی ئاسایی بێتە ناو هەولێر (بەڵام لەخۆیان ناپرسن ئایا بۆ دانانی سەرۆک پەرلەمانێکی نوی پرۆسە یاساییەکە چۆنە، چونکە ئەگەر بۆ خولەکێکیش بێت سەرۆکی پەرلەمان هەر دەبێت ئەو کۆبوونەوەیە بەڕێوە بەرێت و دوایی دەست لە کار بکێشێتەوە)
گۆڕان: بێگومان نایاساییە و دکتۆر یوسف هەتا ئێستا پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی بە یاسایی هەیە.
یەکێتی: خۆی ڕاستە برادەرانی گۆڕان لەوانە یە هەندێک هەڵەیان لە بەڕێوەبردنی پەرلەمان و دانیشتنەکاندا هەبووبێت بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە پارتی دیموکرات بەو کردارە هەڵبستایە و پەرلەمانی پەک بخستایە، چونکە ئەمە ڕێکاری یاسایی دەوێت بۆ ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان بگۆڕدرێت.
دەنگێکی تری یەکێتی: پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هی خۆمان بوو بەڵام پارتی دای بە بزوتنەوەی گۆڕان، ئێستاش ئاساییە و مافی خۆمانە داوای بکەینەوە.
کۆمەڵە: بە هەموو شێوەیەک پشتگیری دکتۆر یوسف دەکەین، ڕێگریی و پەکخستنەکە هیچیان یاسایی و گونجاو نین بۆ ئەو بارودۆخەی کوردستان تیایدا دەژی.

ئایا کێ زۆرترین گەندەڵی و بردنی سامانی میللەت ئەنجام دەدات؟

هەلور بلور تەکامە . . . زەرد و سور و شەمامە . . . . ئەوەی گەزی:
یەکێتی: پرۆسەی فرۆشتنی نەوت و گریبەستەکان لەژێر دەستی پارتیدایە و ئێمە ئاگامان لە هیچ نییە. لە زۆنی زەرددا زۆرترین گەندەڵی ئەنجام دەدرێت.
پارتی: یەکێتی و سەرانی گۆڕان بێ بەش نین لەو گەندەڵییەی لە هەرێمدا ئەنجام دەدرێت، ئەوان کۆنترۆڵی هەموو سوچێکی ئابووری و دارایی ناموچەکای خۆیان کردووە و گەورەترین گەندەڵی ئەنجام دەدەن.
نوزەی مێدیایەک: هەرچەندە ڕۆژ هەتا ئێوارە باس لە گەندەڵی بەرەکەی ئەو بەر دەکات بەڵام ئەوەتا حافتا و پێنج هەزار مەتر دوجای لەسەر هاوسەرەکەی تاپۆ کردووە.
دەرپەڕینی هەواڵێک: بەڵگەنامەیەک بڵاو بۆتەوە کە ……… کە سەر بە لایەنی ………….. بڕی …… ملیۆن دۆلاری بردووە و کەچی هەتا ئێستا پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر فرمانی دەستگیرکردنی هەتا ئێستا بە ئازادی دەگەڕێت چونکە ……….. دیفاعی لێ دەکات و هێزەکانی پۆلیس ناوێرن توخنی بکەون.
دەنگی هاووڵاتیان:هەمووتان ڕاست دەکەن، هەموو ڕاستییەکانی یەکتر دەزانن، هەمووتان شەریکن، هەمووتان شەریکەن نەک حیزبن، هەموو گەندەڵن، بەڵام ڕووی بابی سیاسەت ڕەش بێت، کە ئێوەی لە سیاسییەوە کرد بە بازرگان بەسەر ئێمەوە و کەچی سواری کۆڵی سیاسەتەکەش بوون و وازی لێ ناهێنن.