“کۆنگرەی ئازادی ئێران” کۆمیدیایەک لە مێژوو!.. کامل احمد

ڕۆژی شەممە ٢٨ ی مارسی ٢٠٢٦ کۆنگرەیەک لە لەندەن بۆ ئەو مۆزاییکەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی سازکرا. ئەم کۆنگرەیە لە پێش هاتوهاوارەکانی ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی یان گۆڕینی کۆماری ئیسلامی و ڕتووشکردنی یەوە دێت لەسەر دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل و شەڕی زیاتر لە یەک مانگیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا. ئەم کۆنگرەی ئازادی ئێرانە لە لەندەن دەبەسترێت هاوشێوەی ئەو کۆنگرەیەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی کە لە ١٤ و ١٥ ی دەیسێمبەری ٢٠٠٢ لە هەمان لەندەن دا بەسترا و خۆیان ئامادەدەکرد بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات دوای لاوازبوون یان ڕووخانی ڕژێمی بەعس. ئەم دوو کۆنگرەیە و لێکچوونەکانی زۆرن کە گرنگترینیان ئەوەیە کە هەردووکیان لە لەندەن بەڕێوە چوون، هەردووکیان هەرچی ئەحزابی بورژوازی نەتەوەپەرست و شۆڤێنی وگەجەروگوجەری کۆمەڵگا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی هەیە تیایدا کۆبوونەتەوە.
خاڵێکی ڕیشەیی کە ئەم کۆنگرەیە لەوەی عێراق جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەو کات دەستپێشکەرییەکە ئەمریکی بوو وە هەموو ئەوروپاشی بە دوای خۆیدا کێش کردبوو بە بەریاتنیاشەوە، بەڵام ئەم دەستپێشکەرییەیان بەریتانی یە و بەشێکە لە سیاسەتی بەریتانیا بۆ ئەوەی لە ئاییندەی ئێراندا و لە هەر ئاڵوگۆڕێک کە ئەگەر ئەمریکا توانی بەدەستیبهێنێت جێگایەکی هەبێت. کەواتە جیاوازییەکی بنەڕەتی تر ئەو لێکترازان و لێکدابڕانەی ئەمریکا و ئەوەروپایە کە چەندین ساڵە دەستیپێکردووە و قڵشتی نێوانیان تا دێت گەورەتر دەبێت، ئەگەر چی هێشتا نەگەیشتوون بە جیابوونەوەی هێجگاری. کەواتە بەریتانیا دەیەوێت کارێک بکات کە دەست بەتاڵ دەرنەچێت لە ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا و لە ڕێگای ئەم دەستەجاتە نەتەوەپەرست و تائیفییانەوە.
شیڕە و نەعرەتەی ئەحزابی بەشداربوو بۆ فرە نەتەوەیی و فرە کەلتووری و فرە دینی و فرە زمانی و فرە ڕەهەندی هیچی تر نەبوو جگە لەوەی کە دەیانوویست مۆدێلێکی هاوشێوەی عێراق بێننە دەرەوە کە هەموویان لە دزینی سەروەت و سامانی کۆمەڵگادا بەشداربن و هەرکەس بە پێی قوورسی خۆی. ئەوان زیندووکردنەوەی ئەم دابوونەریتە کۆنەپەرستانەیە و بردنە پێشەوەی ئەم جۆرە لە سیاسەت بە فرەکلتووری و بە بەشداری هەمووان لە کایەی سیاسیدا بە خەڵک دەفڕۆشن. پرسیارەکە ئەوەیە کام بەشداری لە کایەی سیاسی کۆمەڵگادا لە کاتێکدا برسیانی کۆمەڵگا برسیتر دەکرێن و دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکانیشی دەوڵەمەندتردەبن و تەنها ڕەنگ و ڕەواڵیان دەگۆڕدرێت. باسەکە باسی گواستنەوەی دەسەڵات و دەرهێنانی نییە لە چنگی کۆمەڵێک سەرمایەداری عەمامە بەسەر وڕادەستکرنی بە کۆمەڵێکی فرە ڕەهەند و نەتەوە و دین و تائیفە وەک کۆنگەری ئازادی لەندەن و بەشداربووانی بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو باسی بورژوازی و سیستەمەکەیەتی بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیانەوە. بەشداربووانی کۆنگەری لەندەن و دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران دوو دیوی هەمان دراون و هەردوولایان سەر بە سەرمایەن و خوێنی هەژاران و برسییەکان دەمژن. باسی سەرەکی ئەم کۆنگرەیە لەتووپەتکردنی کۆمەڵگای ئێران بوو لە ژێر ناوی دین و نەتەوە و سکولاریزم و مافی کەمایەتییەکان و ….. ئەوەی بەشداربووانی ئەم کۆنگەرەیە جێگای باس و خواسیان نەبوو باشترکردنی ژیانی خەڵک و بەرزکردنەوەی ئاستی گووزەرانیان بوو. ئەوان تەنانەت باسێکیان نەبوو لەسەر ئەوەی کە چۆن بەردەگرن بە هەرزانفڕۆشکردنی گاز و نەوت و کارەبای ئەو وڵاتە و چۆن بەردەگرن بە چوونە سەرەوەی نرخی وزە لەو وڵاتەدا کە ئێستا بە شێوەیەکی زۆر هەرزان فەراهەم کراوە. بە کورتییەکەی ئەوان بێجگە لە پەیامی وێرانکردن و داڕمانێکی زیاتری کۆمەڵگا شتێکیان لە هەگبەکەیاندا بۆ بنیاتنانەوە و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا پێ نەبوو. ئەمە پەیامی درووست و تەواوی ئەوانە و ناتوانرێت شتێکی لەمە زیاتر نە لە هێز و ئەحزابی بەشداربووی ناو کۆنگرەکە و نە کۆنگرەی لەم چەشنەش چاوەڕوان بکرێت.
تۆ سەیری ئەم مۆزاییەکە بکەن، لە کۆمۆنیزمە قەومییەکەی جەنابی تەقوایی و حزبەکەیەوە تا دەگات بە گرووپی “دەوڵەت بۆ ئێران”، تا حزبی دیموکراتی ئازەرباینجانی و ئێرانییە کۆمارییەکان و سەڵتەنەت تەڵەبەکان و تا دەگات بە حزبی هاوپشتی دیموکراتی ئەحواز و تا نوێنەرانی ئەحزابی بەلوچ و عەرەب و کورد و ئەوانی دیکەی تێیدایە. هەر لە ئێستاوە نەعرەتەی فیدڕالێ و جیابوونەوە و بەشبەشکردنی ئێران لێدەدرێت و دەیانەوێت کۆمەڵگای ئێران بەسەر هەموو ئەو نەتەوە و زمانە جۆراوجۆرانەدا بەشبکەن بۆ پچڕینی بەشی خۆیان لە دەسەڵات و سەرمایەگوزاری.
ئەم کۆنگرانە دەیانەوێت دیموکراتییەک کە هەم دەسەڵاتدارنی ئەمریکا خۆیان شەقیانتێهەڵداوەو بەسەرچووەو بەدەردیان ناخوات، بۆ ئێران بهێنن بەسەر پشتی تانک و فڕۆکە و پاپۆڕە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ بردنی کۆمەڵگا بۆ ئاستی پێکدادانی نەتەوەیی و ئیتنیکی لە ژێر ناوی ئازادیدا. ئەگەرچی کۆنگرەی ئەمجارەشیان لە لەندەن بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەم جارە ئەوروپا خۆی خوێنی لێدەچۆڕیت و لەت لەتە و یەکدەنگ نییە و ئەمریکاو ئیسرائیل دەیانەوێت بە تەنها ئەم کارە بکەن، بەڵام ئەوانیش لە هەوڵی زامنکردنی بەشی خۆیانن لە ئایندەدا لە ڕێگای ئەم جۆرە کۆنگرانەوە.
ئەوەی لە کۆنگرەکەدا دەگوزەرا ڕیک ئەو دەستەواژەیەیە کە دەڵێت “هەر کەس بۆ لەیلاکەی خۆی دەگری” هەموویان کۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەو کۆمەڵگا ملیۆنییە پارچە پارچە بکرێت و هەویەتی بەلوچی و فارس و عەرەب و کورد و سوننی و شیعی و هەموو ئەوانی تر زیندووبکرێتەوە. ئەم بەڕێزانە بە دڵنیاییەوە نە کوێرن و نە بیریان چووە چ نەهامەتییەک بەسەر خەڵکی عێرقدا هاتووە و چۆن دوای سێ دەیە کۆمەڵگا لە ناو هەمان زەلکاوی بەشبوونی ئیتنی و نەتەوەیی و گوێ لە مشتی هێزە دەرەکییەکاندا دەناڵێنێت و چۆن سەدان و هەزاران ملیاردێر و کۆمپانیا هەڵتۆقیون بۆ سەرمایەگوزاری و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و هێشتنەوەی خەڵک لە برسێتیدا. بەڵام ئەوان بەرژەوەندییەکانیان لەوە گەورەترە کە ئەمە ببین. ئەوان هێزی بورژوازی کۆمەڵگان و دەیانەوێت بەشێک بن لەو سەرمایەگوزارییە. حەتمەن ئەوان ئەمە وەک دەستکەوتیش باس لێ دەکەن و دەیانەوێت ئەم تەجروبە تاڵەی عێراق بەسەر سەری خەڵکی ئێراندا بسەپێنن و کۆمەڵگایەکی ٩٠ ملیۆنی ئەوەندەی تر نووقمی کۆنەپەرستی و هەڵاواردن و برسێتی بکەن.
ئەم جڕوجانەوەرانە دەیانەوێت لەسەر حسابی ماڵوێرانی خەڵکی ئێران و برسێتی و لەناوچوونیان بگەنە ترۆپکی دەسەڵات. ئەگەر ئەم سیناریۆیە لە لایەن پڕۆلیتاریای ئیرانەوە بەری پێنەگیرێت و نەخرێتە زبڵدانی مێژووەوە ئەوا چارەنووسی ئێران دەبێتە عێراقێکی تر و ئەفغانستانێکی تر و سوریایەکی تر. ئەوەی کە ئەمریکا بە ئاشکرا و بێ پەردە هەمیشە باسی دەکات ئەوەیە کە ئەو بۆی گرنگ نییە کێ ئیران دەبات بەڕێوە، ئایا توندڕەوتر یان میانڕەوتر دێتە سەر عەرشی دەسەڵات گرنگ نییە، بەڵکو گرنگ سەرمایگوزاری خۆی و چاڵەنەوتەکان و ڕێگا ئاوییەکانە.
لە بەرێکی تری ئەم ڕووداوانە و لە هەمان ڕۆژی ٢٨ مانگ دا ئێمە شاهیدی خۆپیشاندانی دەیان ملیۆنی خەڵکی ئەمریکا بووین دژ بە ترەمپ و سیاسەتە شەڕخوازانەکانی و دژی هەژاری و گرانی و بۆ وەستانی شەڕ، لە کاتێکدا ئەم بەڕێزانە بە پلان و سیاسەتی بەریتانیا و خۆرئاوا خەریکی گڵاوترین پلانی خۆیان بوون بۆ وێرانکردنی کۆمەڵگای ئێران. ئەگەرچی ئەم هاتنە مەیدانانەش هەر چەند گەورەبن ناتوانێت بە جێگایەک بگات مەگەر پڕۆلیتاریا بتوانێت دژ بە بورژوازی ناوخۆی خۆی چ لە ئەمریکا و چ لە وڵاتانی دیکەدا بێتە مەیدان و ڕاپەڕێت و بەرهەم هێنان ڕابگرێت و پێچی کۆمپانیاکان دابخات و ڕیزی خۆی لە ئەحزابە بورژوازییەکان بە هەموو ڕەنگەکیانەوە جیابکاتەوە.
پڕۆلیتاریای ئێران ئەگەر لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەدا نەیەتە مەیدان و پشت بە هاوخەباتی و هاوڕیزی پڕۆلیتاری جیهان نەبەستێت بۆ وەلانانی ئەم جۆرە گۆڕانکارییە ئەوە کۆمەڵگای ئێران نووقمی خوێن دەبێت و ئەوەی کە لەعێراق ڕوویداوەو ڕوودەدات هیج نابێت لە چاویدا و دەبێت بڵێین هەزار ڕەحمەت لە کفن دز.
باسی ئەوان باسی مەدەنییەت و سکولاریزم و مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەکان و کەمە نەتەوەییەکانە وەک بانگەشەی بۆ دەکەن، لە بەرامبەر باسی ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتی ئیسلامیی دا. ئەمانە هەمووی ئاڵا و درووشمی بورژوازییە، وێڕای ئەوەی باویشیان نەماوە، و دەیانەوێت لە سایەیدا خەڵک وڕ و بێ ئاگا بکەن. باسە بنەڕەتییەکە باسی نەبەردێکی چینایەتییە کە هیچ یەکێک لەو درووشمە بورژوازییانە نەک هیچ لە نەهامەتیەکانی پڕۆلیتاریای ئێران کەم ناکاتەوە، بەڵکو قڵشتەکانی نێوانی فراوانتر و گەورەتر دەکات و یەکڕیزییەکەی بە هۆی ئەم سیاسەتانەوە زەربە دەخوات. بۆیە تەنها ڕێگایەک ڕووخاندن و وەلانانی هەموو ئەمانەیە بە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتەوە و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یەکسانە لە ڕێگای ئەو هاوپشتییە چینایەتییەی هەر ئێستا بە شێوازێکی سەرەتایی لە مەیداندایە.

کامل احمد
1ی نیسانی 2026




جەنگی ئەوان، شۆڕشی پڕۆلیتاریا.. کامل احمد

ئەگەر گریمانکەش ئەوە بێت کە ئەم جارەش جەنگینێوان ئەمریکا-ئیسرائیلو ئێران ڕابگیرێت، ئەوا ئەم ڕاگرتنە نامانگەیەنێت بە کۆتایی جەنگ، بەڵکو دەتوانرێت وەک پشوویەکی کاتی بۆ بەردەوامبوونی جەنگ چاولێبکرێت. بە دڵنیاییەوە ڕاگرتنی شەڕلە ئێستادا بە قازانجی خەڵکی ئێران و ئیسرائیلە، چونکە دەرفەتێک دەدات بە خەڵک کەمێک پشووبدەن و لە ئاسەوارە ڕاستەوخۆکانی جەنگ کەمتر زیان ببینن؛ ئەو ئاسەوارانەی کە لە ماڵوێرانی و وێرانکردنی شوێنی کار و ژیان دەستپێدەکەن و هەتا بە لە دەستدانی گیانی ڕۆڵەکانیان دەگات.
بەڵام ئەم ڕاگرتنە بە هیچ شێوەیەک کۆتایی جەنگە ماڵوێرانکەرەکان و قوڵدری زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان و چاوچنۆکی و قازانجپەرستی سەرمایە نییە. بە پێچەوانەوە، ئەمە تەنها پشوویەکی کورتە بۆ جەنگێکی دواتر و ماڵوێرانکەرتر؛ ئەگەر پڕۆلیتاریا نەیەتە مەیدان و بۆ هەتا هەتایە کۆتایی بە خۆیان و بە سیستەمی کاری بەکرێ و نەهێنێت.
هەر ئێستا لە ٦٠ بۆ ٧٠ ناوچەی جیاجیای جیهان شەڕ و پێکدادانی نێوان بەرژەوەندییەکانی ئەم زلهێزە جیهانییانە لە ئارادایە کە ئاگرەکەی تەڕ و شک پێکەوە دەسووتێنێت بۆ کەڵەکەی زێدەبایی زیاتر و پچڕینی بەشی زیاتر لە کێکەکە. ئەم جەنگانە لە بنەڕەتدا جەنگی ئابووری و ملشکاندنی نێوان بلۆک و جەمسەرە سەرمایەدارییە گەورەکانن و لەگەڵ قووڵبوونەوەی ئەزمەی ئابووری سەرمایە، ئەم جەنگانەش پەرەدەستێنن و فراوانتردەبن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی جیهان.
جەنگی ئەم جارە، زۆر بە ئاشکراتر ئەو هاتووهاوارانەی پێشووی پووچ کردەوە کە بە ناوی دیموکراسی، مافی مرۆڤ، یان پاراستنی مافی کەمایەتییە نەتەوەیی و دینییەکان دەکرا. هەر لە ناوەندەکانی خۆیانەوە و لە لایەن خۆیانەوە شەقی تێهەڵدرا و پەردە لەسەر پووچی یان لادرا. ئەم جارە زلهێزەکان بە ئاشکرا دەڵێن کە کێشەیان نە عەمامە بەسەر و نە چاکەت و پانتۆڵ لەپێ و نە شیعی و نە سوننی و نە مەسیحی و هیچ باوەڕێکی ئایینی تر نییە، بەڵکو تەنها بەرژەوەندی و قازانجیان گرنگە، وەک پێشتریش هەروا بووە.
بۆیە ترەمپ بێ پەردە ئەمەی ئاشکرا کردوو هیچ قسەیەکی بۆ زوڕنا ژەنان و ژوڕناڵیستەکانی بورژوازی نەهێشتەوە. ئەو دەڵێت “ئەوەی هەمە هی منە و ئەوەی تۆش دەخۆم”، بەڵام لەم نێوەدا ڕێگری بۆ دروستدەکرێت و ناتوانێت ئەم قازانجانە بە تەنهابخوات، چونکە هەردەم ڕێگری و پێکدادان لە نێوان زلهێزەکان و بەرژەوەندییە جیاوازەکانیان خۆی دەردەخات.
ئەزمەی ئابووری سەرمایە ئەوەندە قووڵە کە تەنانەت ڕاگرتنی کاتی جەنگیش ناتوانێت هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی بدات. دوای هەر جەنگ و پێکدادانێک، هەڵئاوسان بەرز دەبێتەوە و نرخی کاڵاو و سووتەمەنی بە ڕادەیەک بەرز دەبێتەوە کە تواناى کڕینی خەڵک دادەبەزێت و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی بەرز دەبێتەوە.
ئێمە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هەم لە ناو خودی ئەمریکا و هەم لە بەلجیکا و لە ناو دڵی ئەوروپادا شاهیدی هاتنە مەیدانی دەیان هەزار کەس بووین دژ بە گرانی ودژ بە جەنگ و ئاکامەکانی. فراوانبوونەوە و جیهانی بوونەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە دەتوانێت ببێتە هێزێک بۆ گۆڕانکاری گەورە.
بەڵام ئەو گۆڕانکارییە تەنها کاتێک دەکرێت بگات بە قازانجی کۆمەڵگای بەشەری کە پڕۆلیتاریا هاتە مەیدان و بە ئاگایی و ڕێکخستن، کۆتایی بە ئەم سیستەمە بهێنێت. تەنها لەو کاتەدا دەتوانرێت لەسەر وێرانەکانی ئەم جیهانە جیهانێکی کۆمۆنی و یەکسان دامەزرێندرێت.

کامل احمد
15.03.2026




گوندی لاجان، غەزەیەکی بچووک!.. کامل احمد

ناسیۆنالیزم هەر ڕەنگ و ناوێکی هەبێت دژ بە بەرژەوەندییەکانی هەژاران و کرێکارانە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە لایەن هێزەکانی پارتی و پارێزەرانی کۆمپانیا و پاڵاوگەی لاناز دژ بە خەڵکی گوندی لاجان دەکرێت لە گەمارۆدانی گوندەکەیان و بەزۆر ڕاگواستنیان، هیچی کەمتر نییە لەو جینۆساید و گەمارۆدان و ڕاگواستنە زۆرەملیانەی ئیسرائیل لە غەزە. ئەم ڕووداوانەی گوندی لاجان باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە نەتەوەپەرستی و بەرژەوەندییەکانی سەرمایە هیچ جیاوازییەک ناکات کاتێک بەرژەوەندییەکانی دەکەوێتە مەترسییەوە. جا ئەو دەستدرێژی و گەمارۆدانە خانەخۆیی و خۆماڵی بێت وەک ئەوەی لە لاجان ڕوودەدات یان لە ژێر ناوی زمان و نەتەوەیەکی ترەوە بەڕێوەبچێت و دەرەکی بێت وەک ئەوەی ئیسرائیل لە غەزە پیادەی دەکات. پارتی و ئیسرائیل هەردوولایان هەمان دەسەڵاتی سەرمایەداران و پارێزەرانی بەرژەوەندییەکانی سەرمایە و کۆمپانیا بازرگانییەکانیانن و ئامادەن خەڵکی خانەخوێ و دەرەکیش لە خوێن هەڵکیشن و بێ خانەولانەیان بکەن.
ئەمە دەرسێکی ڕوون و ئاشکرایە کە ناسیونالیزمی کورد دوژمنی سەرسەختی کرێکاران و هەژارانی کوردستانە و هیچ بەرژەوەندییەکی هاوبەش لە نێوان سەرمایەدارن و هەژاراندا نییە و وەهمی نەتەوەیی پووچە. هەموو پشتیوانییەک بۆ خەڵکی گوندی لاجان و کرێکارانی کۆمپانیای لازار لەم بەرەنگاربوونەوەیاندا. گرنگترین کارێکیش ئەوەیە کە کرێکاران و هەژارانی گوندی لاجان بەو هەوڵە فریوکاریانەی هەردوو زۆنی سەوز و زەرد هەڵنەخەڵەتێن ونەبنە بەشیك لەم شەڕەی نێوان ئەوان لە نێوان قازانچپەرستە هەرکییەکان لە هەردوو زۆنەکەدا.

کامل احمد
٠١،١٢،٢٠٢٥




شەڕی کەرکوک و کێشەکانی، شەڕی بەرژەوەندییە جیاوازەکانە!.. کامل ئەحمەد

ماوەیەکە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناو شاری کەرکوک دەستیان پێکردۆتەوە و بە داخەوە کە قوربانیشی لێکەوتۆتەوە و بۆتە هۆی نا ئارامکردن و تێکدانی ئاسایش و ئەمنیەتی دانیشتووانی شارەکە. شارێک وێڕای ئەو هەموو سەروەت و سامانە زەبەلاحەی، دانیشتووانەکەی لە خراپترین باری گوزەراندا دەژین و زۆر شوێنی شارەکە دەڵیی کەلاوەیە. شارێک کە هێزە بورژوازی و سەرمایەدارییە گەورە و بچکۆلەکانی عێراق و کوردستان هەر ناو بە ناوێك لە ژێر ئاڵاو دروشمی هەڵخەڵەتینەرانەدا و بۆ سەرمایەگوزاری خۆیان و لە جیاتی و بە هاوکاری هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان دەکەونە بەرامبەر یەک و ژیانی دانیشتوانەکەی بە بارمتەدەگرن لە پێناو بەرژەوەندییەکانیاندا.
بەڵام ئەوەی کە بە ئاشکرا دیارە و هەموو پێشهاتە و ڕووداوەکانیش دەیسلەمێنن ئەوەیە کە بورژوازی عێراقی بە هەموو باڵەکانییەوە لەبەرامبەر چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا زەبوونە و چارەسەری پێ نییە. هەموو لێدووانە ڕۆژنامەوانییەکانیان لەسەر ماددەی ١٤٠ و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و بابەتەکانی تری پەیوەست بەم شارە، گەواهی لەسەر ئەمە دەدەن. هەر بۆیە کێشەی کەرکوک کێشەی خەڵکەکەی نییە و پەیوەندە بە ململانێ و کێشەی نێوان هێزە سیاسییە بورژوازییەکان. تا ئەو کاتەشی کۆی چارەسەری کێشەکان و وەڵامی هێزە بورژوازییەکانیش بەمە لە ئێستادا دیار نییە، هەر بۆیە کەرکوک و کێشەکانیشی لەم چوارچێوە نادیارەدا مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دەستەواژەکانی “کەرکوک دڵ و قودسی کوردستانە” هەر زوو وەکو بڵقی سەرئاوی لێهاتووە لە لایەن نەک تەنها دانیشتوانی کوردنشینی ئەو شارەوە، بەڵکو لە لایەن تەوای خەڵکی کوردستانەوە. ئەوان دەزانن کە سەرانی بورژوا ناسیۆنالیستی هاوکار و برابەشی هیزە جیهانی و ناوچەییەکان ئامادەن هەر ڕۆژە ٣١ی ئابێک و ١٦ ی ئۆکتۆبەرێک و بەڵایەکی وەک ڕیفراندۆمیان بەسەردا بێنن بۆ ئەوەی لە هاوسەنگی هێز و لەبردنی بەشی زیاتر لە شیلە و ژیانی پڕۆلیتاریای کوردستان و لە کەمنەهێنانی کۆمپانیاکانیاندا براوەبن.
ئێستا ئیتر لە رۆژی ڕووناک ڕوناکترە کە کێشەی کوردستان و تەنانەت هاوسەنگی هێز و شەڕی نەبڕاوەی پارتی و یەکێتی چ لە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە عێراق و چ لە نێو خۆیاندا هاوشانی ئەو ناکۆکی و پێکدادانە جیهانییانە دەچێتە پێشەوە کە لە تەواوی جیهاندا هەیە. هەر بۆیە چارەسەری ئەم کێشەیە لە ئێستادا لە توانای دەسەڵاتی بورژوازی عێراق دا نییە و ناتوانێت بیکات و لە بەرامبەریش دا دەوڵەتانی سەرمایەداری خۆرئاوا و ئەمریکا چارەسەریێکیان نییە لە ئەجێنداکانیاندا و مێژووی پەنجا ساڵی ڕابردووش ئەمە دەسەلمێنێت.

گەورە بورژوازی جیهانی وێڕای تێکەڵاوبوون و ئاوێزانبوونێکی بێ ئەندازە لە بەرژەوەندییەکانیاندا، وەک پارێزەرانی سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداری لە زۆر شوێن و کاتدا هاودەست و هاودەنگ دێنە دەنگ دژ بە پڕۆلیتاری جیهان و هاتنەمەیدانەکانیان، بەڵام ئەوەش شاراوە نییە کە هەریەکەیان دەیەوێت ملی ئەوی دیکەیان بشکێنێت و خۆی گەورە هێز بێت و جیهان بەڕێوەبەرێت. کاریگەری ئەم ناکۆکییە جیهانییەی نێوان چین و ڕوسیا لە لایەک و ئەمریکا و ئەوروپا هاوپەمانەکانیان لە لایەکەی ترەوە لە سەر تەوای جیهان دەبینین و کوردستانیش لەمە بەدەر نییە و بەشێکە لەو کێشە و ئەجێندا جیهانییانە. هەر ئێستا دەبینین لە ئەفریکا چۆن ئەم بەرژەوەندییە دژ بە یەکانە بەرامبەر یەکیان گرتووە و تا دوا هەناسەی خۆیان شەڕ دەکەن بۆ لەدەستنەدانی بەشیان. ئەمە با شەڕی ڕوسیا و ئەمریکا و ناتۆش لە ئۆکرانیا لەولاوە بوەستێت. هەر بۆیە هیزە بورژوازییەکانی کوردستانیش ئەوەندەی هاتنەسەرختی ئۆردوگان و ڕەئیسی و بایدن و سودانی و …. پێ گرنگە و تەباهیی پێوەدەکەن، بە قەدەر نووکە دەرزییەک لایان گرنگ نییە لە کەرکوک چی دەگوزەرێت و چ شتێک چاوەڕوانی خەڵکی ئەم شارە دەکات جگە لە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیان.
لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە کە تۆ بێیت و داوای زەمانەتی ئاشتی و ئارامی لەم هێزە هار و دڕندە و چاوچنۆکانەی سەرمایە بکەیت کە خۆیان و نیزام و سیستەمەکەیان سەرچاوەی هەموو ئەو نەهامەتییانەن کە بەسەر خەڵکەوەیە. ئەوان بۆ سەرمایەگوزاری خۆیان پێویستیان بە ئاشتی و ئارامی بێت، ئاشتی دەکەن و فەزڵفڕۆشیش بەسەر خەڵکدا دەکەن، بەڵام کە پاراستنی بەرژەوەندیییە دژ بەیەکانیشیان شەڕی وویست ئەوا ئامادەن کۆمەلگا نووقمی خوێن بکەن. گرنگ ئەوەیە، ئەوان و جەمسەرە چیانەیەتییەکانیان، کۆمپانیاکانیان بچەرخێت و زۆرترین قازانج بەدەستبهێنن.
پڕۆلیتاریای کوردستان و عێراق و شاری کەرکویش ئەگەر لەم ڕاستییە نەگەن و هۆشیارنەبن بەوەی کە ئەوەی لە شارەکەیاندا دەگوزەرێت بەشێکە لەو کێشە و ناکۆکییە جیهانی و ناوچەییانەی کە بەرۆکی بە جیهان گرتووە لەم قۆناغە ڕاگوزەری ئێستای دا، کە هەم جیهانی یەک قوتبی خۆری بەرەوە ئاوابوونە و هەم جیهانێکی دوو جەمسەری، یان فرەجەمسەری، جێگەی نەگرتۆتەوە، ئەوا قوربانیانی یەکەمی ئەم کێشانە دەبن. جیهانێک کە لە باری مۆلەقەییدایە و بۆ جێگیرکردنی بورژوازی بە ناچاری پێویستی بە شەڕر و پشێوی و پێکدادان هەیە بۆ ساغکردنەوەی. بۆیە سەیرکردنی کێشەکان لەو چوارچێوە جیهانییەدا دەتوانێت تیژبینییەکی زیاتر بدات بە پڕۆلیتاریای شاری کەرکوک و دەتوانێت بە دووری بگرێت لەو شەڕ و نەعرەتە ئەتنیکی وتائیفییەی کە بانگەشەی بۆ دەکرێت. هەموو دانیشتوانی شار دەتوانن یەکڕیز و یەکدەنگبن لە بەرامبەر تەوای هێزەکاندا ئەگەر لەم ئاستە لە هۆشیاری بەهرەمەندبن و دەتوان هاوکێشەکە بەسەریاندا قڵپبکەنەوە.
شەڕی کەرکوک شەڕی خەڵک و دانیشتوانەکەی نییە، بەڵکو شەڕی هەموو ئەو هێزە بورژوازییانەیە کە بەدەر لە ویست و ئیرادەی ئەوان لەو شارەدا کۆکراونەتەوە و بوونەتە بەڵا بەسەریانەوە. کێشەی کەرکوک کێشەی بەرژەوەندییە جیاوازەکانی هێزە بورژوازیەکانە بە کورد و عەرەب و تورکمان و لە پشتیانەوە جەمەسەرە جیهانی و ناوچەییەکان. بورژوازی هیچ چارەسەرێک نە دەکات وە نەدەتواێت پیادەی بکات. چارەسەری ئەم کێشانە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە دەسەڵاتی پڕۆلیتاریاوە. بەڵام لە ێستادا بەو ئاستەی خەڵک، وە بەتایبەت پڕۆلیتاریای کەرکوک، دووردەکەونەوە لە ئەحزابی بورژوازی، بەهەمان ئاست دەتوانن لە ئاشتی و ئەمنیەتێکی نسبیدا بژین.
کامل احمد
١٢ ی ئەیلولی ٢٠٢٣




هەڵبژاردن.. کامل ئەحمەد

هەڵبژاردنێک بوونی نیە، مەگەر سەکۆیەک بێت بۆ ڕسواکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی عێراق و کوردستان!

لە ئاستی جیهاندا دەهۆڵێکی زۆر دەکوترێت بۆ بە پیرۆزکردنی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان و پڕۆسەی هەڵبژاردن وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی دیموکراسی و پارەوپولێکی لە ڕادەبەدەری بۆ تەرخاندەکرێت، بەڵام بە ڕۆشنیش دەبینینین کە ئەم پڕۆسە دیموکراتیە لە ناو زۆرینەی خەڵک و چینی پرۆلیتاریادا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ متمانەی خۆی لە دەستدەدات و ڕادەی بەشداربووان لەم گەمە درۆیینەیەی بورژوازیدا، بۆ دەسەتاودەستپێکردنی دەسەڵات لە نێوان خۆیاندا و بۆ پاراستنی بەرژوەندیە چینایەتیەکانیان، دێتە خوارەوە. ئامارەکانی ڕێژەی کەمی بەشداربووان و بێ ئومێدی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان لە زاری میدیا و سەرانی بورژوازی خۆیانەوە و هەڵڕشتنی فرمێسکی تیمساحاوی بۆ ئەم پڕۆسە جوانەی دیموکراسی و بەرەوهەڵدێر چوونی، وێردی سەرزمانیانە و هەمووان لە هەوڵی ئەوەدان کە بیهێڵنەوە. ئەمە بە جیا لەوەی کە ئەگەر هەڵبژاردنێک بوونی هەبووایە ئەوا هەموو ئەم زوڕناژەنانەی بورژوازی و هەموو دەزگا سەرکوتگەر و داپڵۆسێنەرەکانیان دەکەوتنە گیانی خەڵک بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەکەن. بەڵام تا ئەو کاتەی کە هەڵبژاردن لە نێوان هێزە بورژوازیەکاندایە و هەموویان لەسەر هێشتنەوە و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی سەرمایە کۆکن، هانی خەڵک دەدەن بۆ بەشداریکردن لە پێناو درێژەدان بە سیستمە چینایەتیەکەی خۆیان و کەڵەکەی زیاتری سەرمایە لە ڕێگای بەکارهێنانی ئەم دەزگایەوە. ئەگەر نا دیموکراسی و هەڵبژاردنی پەرلەمانیش وەک ئەلگۆیەک تواناییەکانی خۆی لە دەستداوە بۆ گێلکردنی پڕۆلیتاریا و ئەمە بە ڕۆشنی لە لانکەی دیموکراسیشدا، لە خۆرئاوا دا، دەبینین. هەڵبژاردن لە عێراق خەڵکەکەی توشی بێ ئومێدی کردووە و دیموکراسیشی کردۆتە دیاردە و پڕۆسەیەکی گاڵتەجاڕانە.
خاڵێکی سەەرکی و پایەیی تر ئەوەیە کە ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراق دەبێت وەک بەشێک لە ململانێی نێوان هێزە جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییەکان چاویلێبکرێت. ئەم پڕۆسەی هەڵبژاردنە و بڕیاردان لەسەر بەڕێوەچوونی پێشوەختی پێودانگی هاوسەنگی هێزی نێوان ئەمریکا و ئێرانە و بۆ لێدان و بەهێزکردنی لاینەگرانی خۆیانە لەم پرۆسەیەدا. ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ بڕیارێکی ئەمریکی بوو، وە هەوڵێکە بۆ ئەوەی کە حکومەتەکەی کازمی لەسەر پێی خۆی ڕابگرێت. ئاڕاستە و سیاسەتێک کە لە پشتیەوەیەتی بریتی یە لە لاوزاکردن و کەمکردنەوەی پێگەی هەموو ئەو هێز و گرووپ و حزبانەی کە سەر بە میحوەری ئێرانن لە نێو خودی پەرلەمان و کۆی پڕۆسەی یاسادانانی عێراقدا. ئەمریکا لە ڕێگای ئەو هێزانەوە کە نوێنەرایەتی دەکەن ئەم پڕۆسەیەی بەڕێخست، گوایە هەڵبژاردنی پێشوەختە خواستی ناڕەزایەتی و ڕاپەریەنەکانی ئۆکتۆبەرە. هەر بۆیە لەم گەمەیەدا هەندێک لە هێزەکانی ناو خودی پڕۆسەی دەسەڵاتداری و یاسادانانی عێراقی کە سەدرە هەڕەشەی بەشدارینەکردنی دەکرد تا بتوانێت تەرازووی ئەم گەمەیە بە لای خۆیدا هاوسەنگ بکات. هاوکاتیش ئێمە شاهیدی چەندین هاوپەیمانی نوێ و تووندبوونەوەی ئەم کێشە ناوخۆییانەین بە پێی ئەم ئاڕاستە دژ بەیەکانەی بورژوازی لە نێوان نەیاران و دۆستەکانی دوێنێدا و دابەشبوونیان بەسەر ئەم دوو ئاڕاستە جیاوازەدا. ئەوەی کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چۆن دەبێت و چ لایەنێکیان براوەی ئەسڵی ئەم گەمەیە دەبن، گریمانەیەکی کراوە و نەبڕاوەیە و ئەگەری گۆڕانی تێدایە لەم هەلومەرجەدا.
ئەگەر سەرنجی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بدەین، جگە لەوەی لەم ناوەرۆکە بورژوازیەش داتەکاوە و ئەم پرەنسیپە گشتیەی هەڵبژاردنیش نایگرێتەوە، دەتوانین بە ئاشکرا بیبینین کە شتێک بە ناوی هەڵبژاردنەوە لە ئارادانیە. ئەوەی هەیە کۆمەڵێک ئەحزابی میلیشیایی ئەندامان و لایەنگران وچەکداران و مووچەخۆرەکانی خۆیان دەبەنە بەردەم سندوقەکانی هەڵبژاردن و لەم کێبەڕکێیەی نێوان خۆیاندا دەنگیان لێوەردەگرن. ڕاگەیاندنە ڕۆژنامەگەریەکان و دانپێدانانەکانی سەرانی ئەحزابی میلیشیایی بوارژوازی لە عێراق و کوردستان دا گەواهی لەسەر ئەم ڕاستیە دەدەن. ئەوان هەریەکەیان بۆ تاوانبارکردنی ئەوی تریان گەواهی دەدەن کە خەڵک بەزۆر دەبرێتە بەردەم سندوقەکانی هەڵبژاردن، هەڕەشەی بڕینی مووچە و قووتی مناڵەکانیان لێدەکرێت و لە پێش هەڵبژاردنەکانیشدا دەکەونە بەخشینەوەی پارەوپول و تەخشان و پەخشانکردنی سەروەت و داهاتی کۆمەڵگا لەم پێناوەدا و هەڵکوتانە سەریەکتر و میلیتاریزەکردنی فەزای شارەکان و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و تەسفیەی یەکتریش یەکێکی ترە لە پەردەکانی ئەم شانۆییە.
هەڵبژاردن و پەرلەمان و تەنانەت دەسەڵات و ئەو قەوارە پووچەشی کە ناویان ناوە حکومەت جگە لە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی دەستی ئەحزابە سیاسیە بورژوایەکان و پارێزەران و جوانکەرانی ڕووی کۆمپانیە گەورەکانی دەستی ئەحزابە میلیشیایی و دینی و ناسیۆنالیستیەکان ناتوانێت شتێکی تر بێت. ئەوان دەیانەوێت بەم پەرلەمان و شێوازی یاسادان و حکومەتداریە برەو بە سەرمایەگوزاریەکانی خۆیان بدەن و ئەم پەرلەمان و حکومەتەش خزمەتکاری چوونەپێشەوەی بەرژەوەندیەکانیان بێت.
خەڵکی عێراق و کوردستان دەمێکە متمانەی خۆیان بەم هێزانە لە دەستداوە و ئومێدێکیان بەوە نیە کە کەمترین چاکسازیش لە ژیان و گوزەرانی ئەواندا بکەن و بتوانن لانی کەم پێداویستی و خزمەتگوزاریە سەرەکیەکانی ژیانی ڕۆژانەشیان بۆ دابین بکەن. ئەوە با ڕێژەی بێکاری لەولاوە بوەستێت کە بە ٤٠ ٪ مەزەندە دەکرێت لە ناو گەنجاندا و برسیەتیش بڕشتی لەبەر خەڵک بڕیوە و ڕێژەی هەژاریش گەشتۆتە ٤٠ ٪ . ئەمەش قڵشتێکی چیانیەتی گەورەی زۆری دروستکردووە و ناڕەزایەتی فراوانیش هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەم خواستانە کە بورژوازی دەیەوێت لە ڕێگای بردنیان بۆ بەردەم سندوقەکانی هەڵبژاردن بە لاڕێیدا بەرێت و کپی بکاتەوە. هەر بۆیە دەبینین بێ متمانەیی بە هەڵبژاردن و تەنانەت بایکۆتکردنیش بژاردەیەکە کە خەڵک پەنای بۆ دەبەن. بەڵام ئێمە وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا کاتێک هەڵبژاردنێک بوونی نەبێت ئەوا بەشدارینەکردن و بایکۆتیش دەبێتە شتێکی سیمبوڵی و زیاتر لە گوێ نەدان و بێ ئومێدیەوە سەرچاوەی گرتووە و ناتوانێت کارساز بێت کاتێک هۆشیاری هەڵوەشاندنەوەی سەرتاپای ئەم سیستەمە چیانەیەتیەی لەگەڵدا نەبێت و ئاگایی سۆشیالیستی لەبرەودا نەبێت لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بۆخستنەوە سەرپێی ئەم دنیا ئاوەژووەی سەرمایە. ئەم بژاردەیەش، کە بە داخەوە لە ئێستادا زۆر لاوزە و یان دەتوانین بڵێین لە ئاستی نەبووندایە، کاریگەری خۆی دەبێت لە ڕۆڵبینین لە هەر ناڕەزایەتیەکیشدا کە هەبێت چونکە لە نەبوونی یەکگرتوویی چینایەتی و ئاگایی سۆشیالیستی و هێزێکی پڕۆلیتێری لە کۆمەڵگەدا کە بتوانێت لە دەوارنی هەڵبژاردندا سیاسەت و تاکتیکی دروست بگرێتە بەر لە مانگرتن و ناڕەزایەتی نیشاندان و هاتنە سەرجادەوە و شکاندنەوەی بارەکە بە قازانجی پرۆلیتاریادا ڕۆڵبگێڕێت، وەک سیاسەتێکی کۆمۆنیستی قۆناغێکی دیاریکراو، ئەگەر نا ئیتر بایکۆت مانای نیە. دەمەوێت تەئکیدیش لەوە بکەمە کە ئەمەش تەنها سیاسەتێکی کۆمۆنیستیە نەک ئەڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی چونکە تەنها یەک بژاردە و ئەڵتەرناتیڤ لەبەردەم پڕۆلیتاریادا هەیە ئەویش ڕووخاندنی نیزامی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگای سۆشیالیستیە.
لە بارودۆخێکی ئاوهادا ئەرکی ئێمە کۆمۆنیستەکان ئەوەیە کە هەر جۆرە جووڵانەوەیەکی سلبی بگۆڕین بە ئاگایی سۆشیالیستی و جووڵانەوەیەکی پۆزەتیڤ بە قازانجی هێنانە پێشەوەی کەشێک کە پڕۆلیتاریا بتوانێت هەم ئاگایی خۆی برەو پێبدات و هەم ڕێکخراوبوونی خۆشی گەشەپێبدات. ئەگەر نا هەرجۆرە بایکۆت و بەشدارینەکردنێک سیمبوڵی دەمێنێتەوە و ناتوانێت هەنگاوێک نزیکمان بکاتەوە لە نەبەردە چینایەتیەکانمان.

کامل احمد
kamil.ahmed.f@gmail.com

06.09.2021




ئەم جارەیان نۆرەی شۆرتی کارەبایە! … کامل احمد

من لە دوو ووتاری تردا سەبارەت بە “چاکسازیەکانی” ئەحزابی دەسەڵاتداری کوردستان کە لە ژێر خێمەی “حکومەتی هەرێم” دا دەیانەوێت بیبەنە پێشەوە سەرنج و پێشنیارەکانی خۆم خستۆتە ڕوو. لە کۆتایی ئەم ووتارەدا، لینکی هەر دوو ووتارەکە دادەنێمەوە تا خوێنەر بتوانێت بە شێوازێکی ڕۆشنتر و لە گۆشەنیگایەکی چینایەتیەوە پەی بەو ڕاستیە بەرێت کە چۆن ئەم “چاکسازیانەی” بورژوازی دەسەڵاتداری کورد نەک هیچ پەیوەندیەکی بە باشبوونی بار و گوزەرانی ئەوانەوە نیە، بەڵکو بۆ برسیکردن و هەژارکردن و ڕاگرتنیانە لەبەرامبەر برسێتیەکی سک هەڵگوشینەردا و پێشبڕکێیەکە بۆ ئەوەی لە دەستە خوشکەکانیان دانەبڕێن لە ئاستی جیهانیدا و بتوانن وەڵامگۆی بورژوازی جیهانی بن کە ناوچەیەکی ڕادەستی ئەوانکردووە بۆ بەڕێوەبردن و بردنەپێشەوەی سیاسەتەکانیان.
بەپێی هەواڵێک کە لە تۆڕی میدیایی ڕووداو دا بڵاوکراوەتەوە، وا بڕیارە کە “حکومەتی هەرێم” لە مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠٢٠ دا پڕۆژەی دابەشکردنی کارەبا بداتە کەرتی تایبەت. بە پێی گووتەی ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، کە بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندووە، “کۆمپانیاکان لە ناوە و دەرەوە هەن. کۆمپانیای ئەوروپی هەیە و کۆمپانیای ناوخۆش. هەڵبەتە ئەو کۆمپانیایانە دەبێت تێگەیشتنی باشیان بۆ داواکاریی وەزارەتی کارەبا هەبێت و بەشێوەی مونافسە” دەبێت و کێ توانیی زۆرترین مەرجەکانی ئێمە قبووڵ بکات، بەو سیقەیە کە باسم کرد، بەو دەدرێت.
هاوکات لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە کە ئامانجەکانی وەزارەت بریتین لە: گراننەکردنی نرخی كارەبا، كۆنترۆڵكردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی كارەبا، كەمكردنەوە و نەهێشتنی سەرپێچیەكان، رێگری لە بەفیڕۆدانی کارەبا و کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆی سەر تۆڕەکان.
بەر لەوەی سەرنجەکانم لەسەر ئەم خاڵانە و ناوەرۆکی سیاسی ئەم هەنگاوە بدەم، پێم باشە کەمێک بگەڕێینەوە دواوە بۆ ئەو کاتەی کە نێچیرەوان بارزانی سەرۆکی “حکومەتی هەرێم” ی ئێستاو “سەرۆک وەزیرانی ئەو کات لە داوایەکی دا بۆ دکتۆر جیم کیم یۆنغ سەرۆکی کۆمەڵەی بانکی نێودەوڵەتی لە مانگی شوباتی ٢٠١٦ دا، داوای هاوکاری لەم دەزگایە دەکات لە پێناو گەشەو بەرەوپێشچوون و وەستانەوە بەرامبەر ئاستەنگیە ئابوری و گەشەپێدراوەکاندا. ئەوانیش لەبەرامبەر ئەم داوایەدا ڕاپۆرتێک ئامادە دەکەن و پێشنیارەکانی خۆیان دەخەنەڕوو کە کورتکراوەکەی لە ٢٧ خاڵ پێکهاتووە و بەشێکی زۆر لە گرتنەبەری ئەم پڕۆسانەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەدەچێت و لە لایەن ئەحزابی دەسەڵاتدارەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە لەوێدا هاتووە. ڕاپۆرتەکە، هەروەک ئەوەی دەسەڵاتدارانی کوردستان دەیکەن، وا خراوەتە ڕوو کە ئەمە کۆمەکێکە بە چین وتوێژە مەحرومەکانی کۆمەڵگا و بە مەبەستی پاراستنیانە لە کاریگەریە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی ئەم قەیرانەی کە “حکومەتی” تێدایە. هەر لە هەمان ڕاپۆرتدا هاتووە کە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم دەیەوێت تا ساڵی ٢٠٢٠ ئەم چاکسازیانە بکات. ئەم ڕاپۆرتەش وەک هەنگاوی یەکەمی ئەو یارمەتیانە نووسراوە کە بانکی نێودەوڵەتی دەتوانێت پێشەکەشی بکات بۆ بردنەبەرەوەی ئەو چاکسازیانەی کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕواندەکرێت. لە هەنگاوی دووەمیشدا لە باری تەکنیکیەوە یارمەتی حکومەتی هەرێم دەدەن کە چۆن جێبەجێیان بکات.
هەموو ئەوهێرشانەی کە “حکومەتی هەرێم” دەیکاتە سەر سفرەی خاڵی پڕۆلیتاریای کوردستان و هەموو توێژە وەتەنگهاتووەکانی تری کۆمەڵگا، لە کورتەی ئەم ڕاپۆرتەدا خراونەتە بەردەست ئەحزابی دەسەڵاتداری کوردستان بە مەبەستی جێبەجێکردنیان و داماڵینی شانی خۆیان لە بچووکترین بەرپرسیاریەت لە ئاست کۆمەڵگادا. ئەمانە ئەو سیاسەت و چاکسازیانەن کە دەسەڵاتداران، هەنگاو بە هەنگاو و یەک لە دوای یەک دەیبەنە پێشەوە بۆ ئەوەی مەرامەکانی بانکی نێودەوڵەتی و جێبەجێبکەن و لە ماراسۆنەکە دوانەکەون. هەنگاو بە هەنگاو ئەم بە تایبەتیکردنە (پرایڤەتایزەیشن)ە هەموو ئەو کەرت و سێکتەرانەی تریش دەگرێتەوە کە تا ئێستا بە ناو لە ژێر سایە و دەسەڵاتی کەرتی گشتیدان، وا ئەم جارەیان نۆرەی کارەبایە.
خەڵکی کوردستان ٣٠ ساڵە بە دەست نەبوونی کارەباوە دەناڵێنن. پرسیارێکی گرنگ کە پێویستە لە خۆمانی بکەین ئەوەیە کە ئایا ئەم ٣٠ ساڵە کارەبا بۆ دواکەوت؟! ئەم کارەبایە بۆ پیشتر نەهات؟! بۆچی ئێستا دێت و دەیانەوێت کوردستان ڕووناک بکەنەوە و بیکەن بە چراخان؟! ئاشکرایە کە مەسەلەی سەرەکییان ئەم بە پرایڤەتکردنەبووە و وا ئێستا کاتی هاتووە و “کوڵاوە”. ئەوان ژیان و قازانجیان بۆ خۆیان و چینەکەی خۆیان دەوێت وبە بێ سوودی خۆیان و کۆمپانیاکانیان ئامادەنین ڕوناکی بدەن بە خەڵکی کوردستان. هەموو کۆمپانیاکان یان هی خۆیانە و یان شەریکن و بەشیان هەیە تیایدا. بۆیە ئەم هەنگاوەیان دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوونی زیاتریان و قۆرخکردنی سەرمایە لە دەستی کۆمپانیاکانی خۆیاندا.
بە تایبەتکردنی هەر یەکێک لەم کەرتانە، بە مانای خستنەڕوویانە لە بازاڕدا بۆ فڕۆشتن. واتە کارەباش وەک هەر کاڵایەکی تر دەخرێتە بازاڕاوە بۆ ئەوەی بکڕدرێت. بە مانایەکی تر ئەوەی توانای کڕینی هەبێت دەتوانێت لە کارەبا بەهرەمەند بێت و ئەوەشی توانای کڕینی ئەم خزمەتگوزاریەی نیە و ناتوانێت بە دانی پارەی کارەبادا ڕابگات، دەبێت لێی بەهرەمەند نەبێت. کەسێک کە نانی شێوی نەبوو بیخوات ئەو کات ناشتوانێت کارەبا بکڕێت. بۆیە بانگەشەکانی یەکسان بەهرەمەندبوون لە کارەبا وەک بەهرەمەندبوون لە هەر پێداویستیەکی تری ژیان و کۆمەڵگا درۆیەکی ئاشکرایە. ئەگەر ئێستا هاووڵاتیان لەبەر نەبوونی مووچە و بێدەربەستی “حکومەت” دا، دەتوانن گوێی خۆیان لە دانی پارەی کارەبا بخەوێنن و ئەوانیش ناتوانن فشاریان بۆ بێنن، ئەوا ئیتر دەستی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت ئاواڵەدەبێت بۆ ئەم کارە و دەسەڵاتدارانیش شانیان خاڵیە و وەڵامیان دەبێت بەوەی کە کارەبا لای ئەوان نیە.
هەر بۆیە وەک پێشتریش ووتم هەموو ئەمانە چاکسازی بورژوازین و “حکومەتی هەرێم” یش بەرنامەڕێزی بۆ کردووە بە هاوکاری بانکی نێودەوڵەتی و هەر جارەی چەپکێکیان پێشکەشدەکات. وا ئەم جارەیان نۆرەی کارەبا بوو. حەتمەن وێڕای ئەوەی نەخۆشخانە و قوتابخانەکان نیواونیو بەڕێوەدەبرێن، بەڵام ئەمانیش دوور نیە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە تەواوەتی ڕادەستی کەرتی تایبەت نەکرێن. هەر ئێستا پاکوخاوێنی و فڕێدانی زبڵ و خاشاکی شارەکانیش لەدەست کۆمپانیا تایبەتەکاندایە و ئەگەر چینی پڕۆلیتاریای کوردستان نەتوانێت پارەکەی بدات ئەوا شارەکان زبڵ و پیسی دەیانخوات.
خاڵێک کە پێویستە زۆر ڕۆشنبێت ئەوەیە کە مەسەلەی پڕۆلیتاریا، حکومەت و پرایڤەتکردن نیە، کەرتی تایبەت و دەوڵەتی یان گشتی نیە. پڕۆلیتاریا وەک چینێک پێویستە لە بەرانبەر چینی بورژوازی و سەرمایەداری دا ڕابوەستێت و بە هیچ کەرتێکیان خۆشخەیاڵ نەبێت. هەر بۆیە چاکسازی ڕیشەیی لە کۆمەڵگادا تەنها بە خاوەنانی ئەسڵی کۆمەڵگا دەکرێت کە ئەویش پڕۆلیتاریایە. پڕۆلیتاریە دەبێت بەهێزی ڕێکخراوی خۆی و بە هەموو شێوازێکی لەبەردەستدای ڕێکخراوبوون خۆی ڕێکخراوبکات تا بتوانێت ئەم چاسکازیانەی بورژوازی بە کەرتی تایبەت و گشتی یەوە توڕهەڵدا و لە جێیان چاکسازی و دەسەڵاتی خۆی پیادەبکات کە هەم هەنگاوێک بێت بۆ باشتربوونی ژیانی و هەم ببێتە خشتە سەرەکیەکانی گۆڕێنی کۆمەڵگا و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستی کە هەموان تیایدا بە پێی توانای خۆیان کاربکەن و بەپێی پێویستی خۆیان لە سامان و بەرووبوومی کۆمەڵگا بەهرەمەندبن. هەنگاوی سەرەکیش لەم ڕاستایەدا و لە ئێستادا ئەوەیە کە پڕۆلیتاریا هۆشیارانە لە مەیداندابێت بۆ بەدەستهێنانی موچەی تەواو و مانگانە لە کاتی خۆیدا و هاوکات خەبات بکات بۆ زیادکردنی مووچە و بەدستهێنانی بژێویەکی باشتر. بۆیە خواستی کارەبای ٢٤ سەعاتە بە ئەمپێری تەواوەوە و بە نرخی گونجاوەوە، کە نرخەکەی ئەگەر لە هی ئێستا هەرزانتر نەبێت ئەوا نابێت بە هیچ شێوەیەک گرانتربێت، بە شێوەیەک کە هاوڵاتیان توانای کڕینیان هەبێت، خواستێکی هەر ئێستا و دەستبەجێیە لە پاڵ خواستی دانی مووچەی تەواودا لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن.

کامل احمد

13.10.2020
kamil.ahmed.f@gmail.com