”چۆن ناگوێڕایەڵی شارستانی، ئازادی دەپارێزێت و ڕێگری لە ستەمکاری دەکات”.. وەرگیڕانی: سیڤەر محەمەد، کامۆ ئاراز

”دێوەکان بوونیان هەیە بەڵام ژمارەیان زۆر کەمە هەتا ترسناکبن ، ترسناکترین دێوەکان ئەو پیاو و ژنانەن کە ئامادەن باوەڕ بکەن وگوێڕایەڵبن بەبێ ئەوەی هەرگیز لە هۆکاری باوەڕ و گوێڕایەڵیان بپرسن.”
_پریمۆ لێڤی، ئاگربەستەکە.

ئایا کۆمەڵگەیەکی گەشاوە و پڕ ئاشتی ئەو کۆمەڵگەیەیە کە لەسەر بنەمای گوێڕایەڵی تەواوەتی یاساکان و فەرمانەکانی دەوڵەت دامەزراوە؟ ئایا دەنگدان تاکە ڕێگەیە بۆ پیشاندانی ناڕەزایی بەرامبەر سیاسەتمەداران و فەرمانڕەوایان؟ لە کاتێکدا سیستەمی قوتابخانەکان و میدیا مێشکمان دەشۆنەوە تاوەکو ئەقڵیەتێکی گوێڕایەڵیانەمان بۆ بکەنە خەڵات، ئەمەش لە کاتێکدا سیاسەتڤانان ئارەزووی گوێڕایەڵیەکی تەواو کوێرانە دەکەن لە هاوڵاتیەکان، بەڵام مێژوو چیرۆکێکی تەواو جیاوازمان پێ دەڵێت سەبارەت بە بەهای گوێڕایەڵبوونی هەموو ئەو شتانەی پێمان دەگوترێت بیکەین. لەم وتارەدا ڕوونی دەکەینەوە ئەوە گوێڕایەڵیکردنە، نەک گوێڕایەڵینەکردن، کە دەبێتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر مرۆڤایەتی، لە هەمان کاتیشدا تاوتوێی ئەوە دەکەین کە چۆن ناگوێڕایەڵی شارستانیانە کۆمەڵگا بە ئازادی دەهێڵێتەوە.

هۆوارد زێن لە پەڕتووکی ‘گوێڕایەڵی شارستانی کێشەکەیە’ دەڵێت:
”کێشەکە ناگوێڕایەڵیکردن نییە بەڵکو گوێڕایەكیکردنە.”

ویلهێڵم ڕایچیش دەڵێت:
”پرسیارە بنچینەییەکە ئەوە نییە کە بۆچی خەڵک یاخی دەبن، بەڵکو پرسیارەکە دەبێت ئەوە بێت کە بۆ کۆمەڵگا یاخی نابێت؟”

خوشکانی گریمک، کە ناسراون بۆ چالاکییەکانیان لەگەڵ بزووتنەوەکانی دژە کۆیلایەتی و دژایەتی ئازارچەشتنی ژنان لە سەدەی نۆزدەهەمدا بەم شێوەیە باسەکە دەخەنە ڕوو:

“باوەڕگەی [دۆکترین] گوێرایەڵی کوێرانە و شوێنکەتنی نابەجێی هەموو جۆرە دەسەڵاتێکی مرۆڤ ، بە کۆمەڵایەتی و ئایینیەوە ، ئەوە دۆکترینێکی زۆرداریگەریانەیە [دیسپۆتیزم.]”
_سارا گریمک، ئەنجێلینا گریمک. پەڕتووکی: ”دەربارەی کۆیلایەتی و ئەبۆلۆسیۆنیزم: وتار و نامەکان.”

سەدەی بیستەم هەڵچنرانی ملیۆنان لاشە لەسەر یەکتری بەخۆوە بینی لە وڵاتە فاشیست و سۆسیالستەکاندا، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ببینن کە گوێڕایەڵی دەتوانێت کوشتاری بکات. لە یەکێتی سۆڤیەت، کەمبۆدیا، ئەڵمانیای نازی، کۆریای باکوور، چین، ئەوە ڕاپەڕین و بەرهەڵستی نەبوو کە ملیۆنان کەسی پێشکەش بە مەرگ کرد، بەڵکو گوێڕایەڵی زیاد لە پێویستی خەڵک بوو بۆ دەسەڵات. گوێڕایەڵی ئەو یاسایانەیان دەکرد کە نائاکاریانەبوون و ئەو فەرمانانەی سیاسەتمەدارانیان جێبەجێ دەکرد کە کۆمەڵگای لەناو دەبرد. ئەم ئەزموونە تۆقێنەرەی ئەو وڵاتانە وانەیەکی گرنگی فێرکردین، بەڵام سەد ئەفسووس زوو لە یادمان کرد: ئەوە گوێڕایەڵییە نەک گوێڕایەڵینەکردن کە تاوانە ڕاستەقینەکەیە. هەروەکو پیتەر یوستینۆڤ لە ڕۆژنامەی نیویۆرکەردا لە ساڵی ١٩٦٧ ئەم وتەیە بە پێنووسەکەی دەنەخشێنێت:
”بۆ چەندین سەدە،مرۆڤەکان سزا دەداران بۆ گوێڕایەڵینەکردن. لە [دادگایکردنی نازییەکانی] نۆرمبێرگ، بۆ یەکەمینجار، مرۆڤەکان لە پای گوێڕایەڵیکردن سزا دران، دەرئەنجامەکانی ئەم دۆسیە کۆنە ئێستا وا هەستیان پێدەکرێت.”
_پیتەر یوستینۆج، ڕۆژنامەی نویۆڕکەر.

سەرەڕای ئەوەی دەبێت ئەو یاسایانەی کە دەبنە هۆی ئیش و ئازار بۆ مرۆڤە بێتاوانەکان وکۆمەڵگا ڕەتبکرێنەوە و گوێڕایەڵیان نەکرێت، بەڵام پەیڕەوکردنی ئەم خاڵە گەلێک ئەستەم دەبێت بەتایبەتی لە وڵاتێکدا کە تۆتالیتاریزم [دەسەڵاتێکی داپڵۆسێنەر] ڕۆچوو بێتە ناو قوڵایی کۆمەڵگاوە. لەگەڵ حوکمی زۆرداریشدا دانیشتوانی وڵاتەکە بەکۆیلە دەکرێن. سەرەتا لە ریگەی پڕوپاگەندەی بەردەوام مێشکی خەڵکی بەکۆیلە دەکرێت، دواتریش کۆیلەکردنی فیزیکی لە رێی چاودێریکردنێکی بێوچان، هێزەکانی پۆلیس و سیستەمی دادوەری کاری سەرەکیان دەبێتە هیشتنەوەی خەڵک لەژێر ڕکیفی دەسەڵات. لەژێر ئەم ڕەوشە سەرکوتکاریانەی حوکمەتێکی سەنتڕاڵی دەسەڵاتی ڕەهاخوازدا، ناگوێڕایەڵبوون وەکو کردارێکی پاڵەوانیانە دەبێت کە دەکرێت پاڵەوانەکە ڕاستەوخۆ بە ژیانی باجەکەی بدات. ئەویە وا دەکات گوێڕایەڵینەکردن سەختتر بێت لە ژیر دەسەڵاتێکی زۆرداردا بریتییە لەو کاتەی کە هەموو بوارەکانی دارایی خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی.، هەر بۆیەشە ئابووری دێتە نزمترین ئاست. لەمەشەوە پێداویستییە گرنگەکانی بەڕێکردنی ژیان کورت دەهێنن، وە کاتێک کەسێک برسییە دۆزینەوەی خواردنە نەک یاخیبوون لە ستەمکار کە لە پێشەوەی مێشکیدا هاتوچۆ دەکات. تیۆدۆر داڵریمپڵ ڕوونی دەکاتەوە:

”لە دەسەلاتی زۆرداریدا [تۆتالیتاریانیزم] کورتهێنانی کاڵاکان، بە پێداویستییە سەرەتاییەکانیشەوە، نەک شکست بگرە خاڵێکی باش بووە بۆ باڵادەستەکان. ئەم کەمایەسیانە بریتی نەبوون لە ڕێکەوتێکی ئەو تۆقاندنەی ئەوان، بەلکو یەکێکە لە کەرەستە هەرە باشەکانیان. نەک تەنها کەمی ئەم پێداویستیانە سنووری میشکی خەڵک لەسەر گۆشت و نان دەهێڵنەوە، بەڵکو وزە و ئاگاهیان ئاڕاستە دەکات بەشێوەیەک کە کات نەمێنێت بۆ یاخیبوون و هەڵگەڕانەوە. هەر ئەم نەبوونییە وا دەکای کە خەڵکی زۆر بە ئاسانی و هەرزانی سیخوڕی بەسەر یەکدیدا بکەن و بەرامبەر بەیەکیش سڵ لە ناپاکی نەکەنەوە…”
_تیۆدۆر داڵرمپڵ، کەنارە بەرینەکانی ماڕکس: گەشتەکانی وڵاتێک کە بزر دەبێت.

سا کەواتە گوێڕایەڵینەکردن بریتی نییە لە دەرمانی پڕەپێستی زۆردارێکی تەواو گەشەکردوو. بەڵکو ناگوێڕایەڵی بریتییە لە ڕێگری و خۆپارێزی لە بەرەو پیری ستەمکاری و دیکتاتۆری ڕۆیشتن. بەڵام بۆ ئەوەی بە سەرکەوتووانە ئازادی بگەڕێندرێتەو بۆ کۆمەڵگایەک کە مەترسی لە دەستدانیان هەیە، ناگوێڕایەڵی پێویستی بە پشتگیرییەکی تەواو بەرفراوان هەیە. بە واتایەکی تر گوێڕایەڵینەکردن دەبێت فۆڕمێکی شارستانیانە وەربگرێت. کاتێک تاکێک ناگوێڕایەڵە بە تەنیا، ئەمە وەکوو ڕەتکردنەوە، سەرپێچی و ناکۆکیەکی کەسییە. هەرچی ناگوێڕایەڵبوونی شارستانیانەیە، لە سەرێکی ترەوە، بریتییە لەوەی کاتێک خەڵکی بەشیوەیەکی ئاشکرا و گشتی گوێڕایەڵنابن. ئەم گردبوونەوە ناگوێڕایەڵیانە ناردنی پەیامێکە بۆ دەسەڵاتداران کە هیچ دەسەڵاتدارێک نییە بیەوێ بیبیستێت: خەڵکی چیدیتر لێیان ناترسێت، چیتر ڕێزیان لێناگرێت، و چیدیکە ئامادەنین گوێڕایەڵیان بن. پەیامێکە بەوەی چیدیکە ئەم شیوازە لە حوکمرانی مایەی پەسەندکردن نییە. گەر خۆپیشاندنا بریتی بێت لە داواکردنی ئازادی، گوێڕایەڵنەبوون بریتییە لە بەدەستهێنانەوەی ئازادی، هەروەکو جۆن مورای ڕۆتبارت دەڵێت:
”بەرگری جەماوەری ناتوندوتیژیانە وەک ئامرازێک بۆ لابردنی ستەمکار، ڕاستەوخۆ لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ڕەوایەتی هەر هێز و دەسەڵاتێک بەندە بە پەسەندی خەڵکەوە، هەر بۆیە ئەگەر دەسەڵاتێکی ستەمکار لەسەر پەسەندی جەماوەر بینا کرابێت، ئەوا لێسەندنەوەی ئەو متمانە و پەسەندییە دەبێتە لادانی ستەمکارییەکە. هێز و کێشی دەسەڵاتی ستەمکار لە رێگەی ئەم جۆرە شۆڕشە ناتوندوتیژانەیەوە دادەڕووخێت.”
_جۆن مورای ڕۆتبارت، سەرەتایەک بۆ ڕامیاری ناگوێڕایەڵی.

بەڵام چۆن کەسانی پێویست بەخەبەر بهێنرێنەوە بۆ ئەوەی گرنگی گوێڕایەڵینەکردنی ئەو یاسایانەی کۆمەڵگا تەفروتونا دەکەن ببینن؟ بە واتایەکی دیکە، چی دەبێتە هۆی ئەوەی ناگوێڕایەڵیکردنێکی شارستانیانە درووست ببێت تاوەکو ستەمکارێک لەناو ببات؟ یەکێک لە تاکتیکەکان دەشێت بەکار‌هێنانی ئەقڵ، لۆژیک و ئاڕگیومێنتاسیۆنە تاوەکو خەڵکی گشتی هۆشیار بن دژی فریوخواردن، هەڵخەڵەتاندن و درۆ کە بەکار دەبردرێن تاوەکو بیانکەنە مێگەل بۆ دەسەڵاتە تۆتالیتارییەکەیان. ئەم ڕێگایە دامەزراوە لەسەر ئەو بیرۆکەیەی ئەگەر ڕاستیەکان بخرێنە ڕوو و پڕوپاگەندەکان هەڵبوەشێنرێنەوە، ئەوا خەڵکی زیاتر بەرهەڵستی دەکەن و زنجیرەکانیان تێکدەشکێنن.

وەلێ پشتبەستن بە ئەقڵ و بەڵگە خستنەڕوو تەنها کار لە میشکە کراو و وەرگرەکان دەکات، و کاتێک ستەمکاری لە ەگشەسەندندایە مێشکانێکی لەم شێوەیە زۆر کەم دەبنەوە. لەبری ئەوە ترس، توڕەیی، نادڵنیایی، سەرلێشێوان وئەم سۆزانە بە توندی پەرەدەستێنن و هێزی هزر سنووردار دەکەن.

”زۆرینە ئەو تێگەیشتن و ڕەگنگدانەوانەی ناخی تاک تێکدەشکێنن کە هێشتا ئەگەری بوونیان هەیە، ئاڕگیومێنت و بەڵگەهێنانەوەی ئەقڵی و لۆژیکی تەنها کاتێک چاوەڕێی سەرکەوتنی لیدەکرێت. گەر ئاستی هەست و سۆزی کەسەکان پلەیەکی بەرزتریان تێنەپەڕاندبێت. ئەگەر پلەی گەرمی سۆز و هەستی کەسەکان بەرزتر بێتەوە، ئەوا ئەگەری بیرکردنەوەی لۆژیکی ژاریگەری نامێنێت و لەبری ئەو دروشم و ویستی فانتازیای ناڕاست شوێنیان دەگرێتەوە. وەکو بڵێیت دەسەربەسەرداگرتنێکی کۆمەڵێ دەروونی جەماوەری دێتە کایەوە کە دەکرێت زۆر بەخێرایی بگۆڕێت بۆ پەتایەکی دەروونی جەماوەی.”
_کاڕڵ یونگ، شارستانیەت لە گۆڕاندا.

ئەم تێڕامانەی کە خەڵک بۆیان هەیە ببنە بەرهەڵستکاری لۆژیک و بیرکردنەوە لەلایەن نووسەر ‘ئێلی ویزڵەوە’ ئاماژەی پێدراوە کاتێک سەردانی سۆڤیتی یەکگرتوو دەکات ئەمە دەنووسێت:
”لۆژیک لێرە هیچ کۆمەکێکت ناکات. تۆ لۆژیکی خاوەنی لۆژیکی خۆتیت و ئەوانیش هی خۆیان، و ئەو مەودایەی لە نێوانتاندا هەیە پردی وشە نایانگەیەنێت بە یەکتری.”
_ئێلی ویزڵ

ئەوەی لە وشە و ئاڕگیومێنت پێویستترە بریتییە لەو تاکە جوداخوازانەی کە چالاکییەکانیان دەبێتە نموونەی پاڵپێوەنەر بۆ دامەزراندنی بزوتنەوەی گەورەتری گوێڕایەڵینەکردنی شارستانیانە. هێزی هەبوونی نموونەیەک کە چاوی لێبکرێت هەمیشە باڵادەستە لەوەی لە توانایدایە کاریگەری درووست بکات. کاتێک خەڵکی دەبینن کەسێک ئامادەیە ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە لە پێناو پارێزگاریکردن لە بیروباوەڕی، و وشە و کردارەکانیان بە یەک دژوێژ نین، ئەوا متمانە و ڕەوایەتی زیاتر دەدەن بە پێگەکەیان. هەرچەندە بۆی هەیە نموونەی جوداخواز و بەرهەڵستکار نەبێتە بە خەبەرهێنانەوەی ئەو کەسانەی کە خراپ کوێراییان داهاتووە بەهۆی ئەو کۆت و بەندانەی زیندانیان کردوون، وەلێ کاریگەریەکی بەهێز دەخاتە سەر زۆرینەی ئەو کەسانەی کە لەسەر قەراغی بەرژینەکەن و بیردەکەنەوە لەوەی چی بکەن. بەڵام بە نەبوونی ژمارەیەکی کەم لەو چاونەترسانەی کە ئامادەن ببنە نموونە بۆ ئەوانی تر، ئەم دیلێمای زیندانییە هەر لە بووندا دەبێت: کەس ئامادە نابێت کە ببێتە یەکەمین کەس بۆ ئەوەی گویڕایەڵ نەبێت، هەر بۆیەشە هەمووان بێ هیچ جوڵە و ئامانجێک دادەنیشن و هیوای ئەوە دەخوازن کە ئەوانی دیکە کۆمەڵگایان بۆ ڕزگار دەکات:

”زۆرێک لەوانی تر لە من باشترن، بە توانا و کاریگەرترن وەک لە من. ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی ڕۆح-بەرز هەڵدەبەزنە سەر ئاستی ئاسۆ،. ئامادەن بۆ شۆڕش، تاوەکو بتوانم بە ئاسانی پشەکشە بکەم: کەسێکی دیکە هەیە کە لە باتی من چالاکی بکات،. بگرە لە من باشتر.”
_ فرێدریک گرۆس. گوێڕایەڵینەکردن.

بەڵام ئەو پرسیارەی کە یەکەمین بزوێنەری بوون بە نموونە بەرکەوتنی لەگەڵی دەبێت بریتییە لەمە: چ کاتێک گونجاوە بۆ گوێڕایەڵینەکردن؟ خۆی ئاسانە بۆ گوێڕایەڵینەکرد کاتێک بزووتنەوەیەکی گوێڕایەڵنەبووی شارستانی هاتۆتە کایەوە و ڕێڕەوی خۆی وەرگرتووە، بەڵام ئەو بەرهەڵستکارانەی لە دەستپێکدا بوونیان هەبوو توشی ئاستەنگی سەخت دەبن. ئایە گوێڕایەڵنەبوون شایەنی ئەوەیە لە پێناویدا ڕووبەڕووی مەترسی ببیتەوە؟ ئایە کرداری گوێڕایەڵنەبوون گەیشتۆتە ئەو ئەندازە نامۆڕاڵیەی کە ڕازیبوونت پێی بریتی بێت لە تێوەگلان لە کاولکردنی کۆمەلگا و ئازاردانی ژیانی بێتاوانەکان؟ هەر کەسێک دەبێت بۆ خۆی وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە، وەلێ زۆرجار وەڵامی ئەم پرسیارانە لە ناخمانەوە هەڵدەقوڵێن، وەک فەرمانێک لە ویژدانەوە:
” ڕیشەی وشەی ”ویژدان” پێمان دەڵێت کە وشەکە بریتییە لە فۆڕمێکی ”زانین”… خەسڵەتی ”ویژدان” بریتییە لە زانینی ئەو، یان دڵنیابوون لەو، بەهای سۆزی ئەو ئایدیانەی هەمانن سەبارەت بە هۆکاری ئەو کردارانەی کە دەیکەین.”
_کاڕڵ یونگ، کۆمەڵگا لە گۆڕاندا.

ویژدان دۆخێکی هەستییە، فۆڕمێکی زانینی غەریزیانەیە بۆ پەیبردن بە دروستی و نادروستی کردارێک. یەکێک لە بەناوبانگترین نموونەکان کە تێیدا کەسێک پشت ببەستێت بە ویژدانی تاوەکو کرداری گوێڕایەڵنەبوون بەجێبگەهێنێت، سۆکراتە. سۆکرات لەلایەن ٣٠ ستەمکارەوە فەرمانی پێکرا کە پیاوێکی بێتاوان دەستگیر بکەن و پەلکێشی مەرگی بکەن. وەلێ سۆکرات بە کوێرانە بە گوێی ئەو ستەمکارانەی نەکرد، لە کاتێکدا کە ئەوان دەسەڵاتی ژین و مەرگی ئەویان لە ژێر دەستتدا بوو. لە باتی سەر بۆ ئەوان بلەقێنێت، سۆکرات گوێی لە ویژدانی گرت:
”سۆکرات گوتی ‘ئەو سی دەسەڵاتدارە پێیان ڕاگەیاندم و فەرمانیان پێکردم کە لیۆنی سەلەمانیا دەستگیر بکەم و ڕاپێچی مەرگی بکەم …. کەچی من دووپاتمکردەوە لە ڕێگەی کردارەوە نەک تەنها وشە کە مەرگم لەلا گرنگ نییە … بەڵکو تا سەر ئێسقان ئەوەم لەلا گرنگە کە هیچ شتێکی نادادپەروەرانە و ناپیرۆز بە ئەنجام نەگەیەنم… ئەو حوکمەتە بەو هەموو هێزەیەوە من ناترسێنێت تا وەکو شتێکی نادادپەرەوەرانە بکەم… بەسادەیی ڕێی ماڵەوەم گرت.”
_ئەفڵاتوون، پۆزش.

دەسپێکی هەر ڕۆژ-بە-ڕۆژێکی ژیانمان، ویژدانمان وا ئارەزوو دەکات کە بەهێمنی بدوێت و زۆربەی جارەکانیش ئەو پەیامانەی دەینێرێت ناڕونن. بەڵام ئەمە بە سوودی ئەو کەسەدا دەشکێتەوە کە دەیەوێت بڕیار بدات لەوەی ئایە گوێڕایەڵنەبوون بووەتە هەڵبژاردە درووستەکە. هەروەکو ئەوەی یونگ ئاماژەی پێدەدات، لە کاتێکدا زۆرێک لە دیلێما مۆڕاڵییەکانی ژیان تەنها چرپەیەک لە ویژدانەوە بەدەست دەهێنن، لێ هەندێک کاتیش هەن کە ویژدان بەڕوونی و بە بڵندی دێتە گۆ، تەنانەت وا دەردەکەوێت کە دەنگی خودا بێت یان هەروەکو یونگ لە ‘شارستانیەت لە گۆڕاندا’ نووسیویەتی:
”لە سەردەمانێکی لەمێژینە خەڵکی ویژدان بە پڕۆسەیەکی دەروونی تێنەگەیشتبوون، بەڵکو ئەوان بە دەستتێوەردانێکی خودایانە دەیانبینی؛ هەر بەڕاستی پەیڤەکانی ویژدانیان… بە دەنگی خودا دادەنا. ئەم بۆچوونەش ئەوەمان پێشان دەدات کە بەها و مانا لە ڕابردوو و ئێستاشدا وابەستەی ویژدانن… ویژدان… فەرمان بە مرۆڤ دەکات کە گوێڕایەڵی ئەو دەنگی ناخی بێت تەنانەت ئەگەر زیانیشی پێبگەیەنێت.”
_کاڕڵ یونگ، شارستانیەت لە گۆڕاندا.

گەر ویژدان فەرمانمان پێبکات لە گوێڕایەڵیکردنی یاسا نادادپەروەرەکان بوەستین و گەر هەر کاتێک گوێڕایەڵبووین کەچی توشی هەستکردن بە قێز و تاوان هاتین، ئەوا ڕووبەڕووی هەڵبژاردەیەکی قورس دەبینەوە: یان گوێڕایەڵی ویژدانمان دەبین و یاخی دەبین، یان گوێڕایەڵی ستەمکاران دەبین و ناپاکی بەرامبەر بە خۆمان دەکەین. ئەو ژن و پیاوانەی کە ناخیان بڵند دێتە گۆ دژ بە پەیدابوونی ستەم، ئەگەری زۆرە وەکو یاخی و بەرهەڵستکار هەنگاو بۆ پێشەوە بنێن و ئەمە ئەو کاتەیە کە لەرەی هاوبەشی ویژدان پەرش و بڵاو دەبێتەوە بەناو کۆمەڵگادا و ئەگەری هاتنە کایەی گوێڕایەڵنەبوونی سڤیلانە بەرز دەبێتەوە. سەرەتا بانگی ویژدان لەلایەن ژمارەیەکی کەمەوە وەڵام دەدرێتەوە، وەلی ئەم کەمینەیە دەبنە نموونە بۆ ئەوانی دیکە. ئەگەری ئەوەی ژمارەیەکی پێویست لە خەڵکی دوای ئەمانە بکەون و بەردی بناغەی بزووتنەوەیەکی گوێڕایەڵنەبوونی شارستانیانە دابنێن دەکەوێتە سەر ئەوەی تا چەند خەڵکی تامەزرۆی ئازادین بەراورد بەوەی تا چەند سایکۆلۆژیانە لە ڕێگەی ترس، ڕق و شڵەژانەوە کە چنراوی دەستی ستەمکارانن دەستەمۆکراون. هەرچۆنێک بێت، ئەگەر لەو کۆمەڵگایەی تێیدا دەژین، ستەم بێت و لە دەرگا بدات، ئینجا ویژدانمان فەرمان دەربکات لەوەی بوەستین لەوەی سەر بلەقێنین بۆ تاوانی گوێڕایەڵبوون ئەوا پێویستە ئەم وتەیەی ‘هێنری دەیڤد تۆرۆ’ لەبەر چاو بگرین:
”گوێڕایەڵنەبوون بناغە درووستەکەی ئازادییە. گوێڕایەڵەکان کۆیلەن.”
_هێنری دەیڤد تۆرۆ، گوێڕایەڵنەبوونی شارستانیانە.

وەرگیڕانی: سیڤەر محەمەد، کامۆ ئاراز

https://academyofideas.com/2020/12/how-civil-disobedience-safeguards-freedom-and-prevents-tyranny

سەرچاوە:




” ئەزموونم لەگەڵ شاعیرە بێ مەعریفەکانی کورد: ئالان شێرکۆ، بە نموونە” … کامۆ ئاراز

ئێستای وێژەیی کوردی:

وابزانم کاتی مردنی خودای هۆنراوە ئەپۆڵۆ گەلێ لێمان نزیک بۆتەوە بە ئەندازەی تاڵە مویەک. لەسەر هەمان ترادسیۆنی نیچە، پێم وایە بەم نزیکانە بیرمەندێک پەیدا دەبێت کە بڵێ: ئەپۆڵۆ مردووە، و ئێمە کوشتمان. کوردیش خاسیەتێکی سەیری هەیە تا کار لە کار نەترازێت، لە پای ئارێشەکاندا تەقەی سەری دێت. کاتێکیش تیر لە کەوان دەردەچێت و دەیپێکێت، ئینجا دەست دەکات بە نوزە نوز و ڕۆندک ڕشتن. هەڵبەتە ئەم ئاژاوەی شیعرە بە تەنها کوردی نەگرتۆتەوە، بگرە زۆرینەی زۆری ئەو هۆنراوانەشی لە ئێستاییدا بە زمانی ئینگلیزی دەنووسرێن بێ بەهاترین و نزمترین ئاستی وێژەییان هەیە و ساتێک دوای خوێندنەوەیان لە یاد دەکرێن. زۆرینەی زۆری هۆنراوە نوێیەکان لە بە فیڕۆدانی مەرەکەب و پەڕ زیاتر نین، تاکە سوودێک هەیان بێت، بریتییە لە بەکارهێنانی پەڕەکان بۆ گوڵەبەڕۆژە و پاقڵە.

هۆیەک لەو هۆیانەی کە بەم ڕۆژە تاریکە گەشتووین پێموایە ئەوەیە کە مرۆڤی پۆست-مۆدێرنە تاکێکە حەزی لە بیرکردنەوە نییە، بۆیە چی بە زمانیدا گاگۆڵکە بکات نایگەڕێنێتەوە، و دەینووسێت. خوێنەریش لەم کەساستر کە لە ژیانیدا تامی دێڕێک هۆنراوەی جوانی وێژە بڵندی نەکردووە، بە دەقەکە سەرسام دەبێت. بە کورتیەکەی هاوکێشەکە ئەمەیە، نووسەرێکی نابیرکار دڵی خوێنەرێکی نابیرکار خۆش دەکات بەوەی دەقێکی پێشکەشکردووە، خوێنەریش دەبێتە هەواداری و وەهمی مەزنی بە نووسەر دەبەخشێت. پەیوەندی نێوان بەشێکی زۆر لە نووسەران و خوێنەرانیان لەم سەردەمەی ئێستا زۆر لە بیرۆکەی هاوگوزەرانی دەچێت لە زانستی بایۆلۆژیا. سیمبۆسس یاخود بە زمانی کوردی هاوگوزەرانی بریتییە لە کارلێککردنی دوو جۆری جیاوازی زیندەوەر بۆ سوودگەیاندن بە یەکدی تاوەکو لە ژیاندا بمێننەوە، هەر بۆیەشە پێوەندی نێوان بەشێکی زۆری نووسەرانی کورد و خوێنەرەکانیان وەکو پێوەندی نێوان دار و چەشنێکی کەڕوو بە ناوی (مایکۆڕایزایە).

هەر ئەم بەکارنەهێنانەی ژیرییە، لە گەلەرییەکانی هونەردا مۆزێک دەبینین بە تێپێکەوە بە دیواردا چەسپێنراوە و نرخەکەی خەیاڵییە، هەر ئەمە وای کردووە کە هۆنراوە بە ئەندازەی هەوا کێشی سووک بکرێت تاوەکو کێ بیەوێ هەڵی بمژێت و دوانەئۆکسیدی کاربۆن بداتەوە، وەک لەوەی هۆنەر دەبێت دار بێت و چی پیسی هەیە لە هەوادا بکاتە ئۆکسجین. بەهەرحاڵ، هەر ئەم لە کار کەوتنەی ژیراندنی مرۆڤی ئەم سەردەمەیە کە بە ناو هەموو کایەکانی دیکەدا ڕۆچووە ژوانژی: میوزیک، وێنەکێشان، سینەما، ڕۆماننووسین، هتد. تەنانەت لە ڕاپیشدا کۆمەڵێک ڕاپەر پەیدابوون کە لیریکی ڕاپەکانیان هیچ نرخێکی هونەری نییە و لە ئازاردانی مێژووی جوانی ڕاپ هیچی دیکە نییە. وەلێ بێگومان لەگەڵ ئەوەی ئەم خەوشیانەش هەن، چەندان کەسانی بڵند لە بوارەکانیاندا هەوڵی ئەوە دەدەن ئەم مرۆڤی پۆست-مۆدێرنە زۆمبی-ئاسایانە بە هۆش خۆیاندا بهێننەوە و مولولەکانی خوێنیان وەگەڕبخەنەوە تاوەکو خوێن بگاتەوە مێشک. لە بەرامبەر مۆزە بە تێپ چەسپاوەکەی ماوریزۆ کاتێلان، بانکسی هونەرمەندی سەرشەقامی شۆڕشگێڕ هەیە، بەرامبەر لیل زان کە لە ڕاپدا وەکو منداڵ کغە کغەیەتی، ئێمێنێم و ڤینی پاز و ئیمۆڕتاڵ تێکنیک هەن، لە بەرامبەر هۆنەران ڕوپی کۆڕ و هۆنەرە خراپەکانی ئینستگرام، لانگ لیاڤ و ڕ هـ سین هەن.

شتێکی دیکە کە تێبینیم کردووە بریتییە لە تۆقینی نووسەرە نوێیەکانی کورد لە هەمبەر ڕەخنەی ئەدەبی، ئاخر ئەمە هێمایە بۆ بەکارنەخستنی ئەقڵ، وە ئەو وەهمەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆیان درووست بووە، ئاخر بڵندی دەقێکی وێژەیی بە لایک و سەب نییە. هەرچۆنێک بێت، مرۆڤ دەبێت پێش هەمووان خۆڕەخنەوان بێت و ترسی خۆی بشکێنێ لە ڕەخنە، لەبەر ئەوەی ڕەخنە درووستکەرانەیە، بێ ململانێ ژیان واتایەکی نییە و پێشکەوتن نایەتە ئاراوە. نووسەر و هۆنەرە نوێیەکانی کورد لە دەست خۆشی زیاتر شتێکی دیکەیان لە لا پەسەند نییە، ئاخر ئەمە زیان دەگەیەنێت بە وێژەی کوردی. تۆ بنواڕە گوڵێک گەشە ناکات گەر خۆر و باوبۆران پێکەوە کاریگەری نەخەنە سەری، جا زۆرێک لەم نووسەرە نوێیانە پەژموردەن وەک لەوەی گوڵی گەشاوە بن، بۆیە گەر ئامادە نەبیت گوێ لە ڕەخنەکان بگریت کە هاوکاریت دەکەن ببیت بە باشتر ئەوا هەردەم لە شانشینی وەهمدا تەراتێنت دەبێت.

نووسەرە نوێیەکان دەترسن لەوەی ڕەخنەکان بڵاو بکرێنەوە و بخرێنە بەر باس، دەیانەوێ هەردەم لە پشت مێسنجەر و پەردەکانەوە ڕەخنەکان یەکلایی بکەنەوە و جۆرە سوڵحێکی عەشایەری-وێژەییانە بکەن. گومان لەوەدا نییە ئەمە هەڵەیە، چون تۆ پاثۆلۆژیەکی کۆمەڵایەتی دێنیە ناو وێژە لە کاتیکدا دەبوو وێژە چارەسەری ئەو دەردەی کردبا، ئاخر گەر تۆ هەڵەیەکی وێژەیت کردووە، بە بڵاوکردنەوەی هەڵەکەت سوود بە دەیانی دیکەش دەگەیەنرێت، دەبێت دڵخۆش بیت بەوەی کە کەسانێک هەن گرنگی دەدەن بەوەی نووسەریکی چاکت لێ دەربچێت، تەنانەت گەر ڕەخنەکان رووخێنەریش بن، تۆ دەتوانیت بە نووسینێکی جوانتر لە دەقە رەخنەییەکە ناپەسندی خۆت دووپاتبکەیتەوە، ئەوکات توانستی نووسین و زانیاریت دەبێتە سەنگی مەحەک. لە ساڵی ١٩٥٧ سکینەری سایکۆلۆژستی بەناوبانگی ئەمەریکی کتێبێکی بڵاوکردەوە لە ژێر ناوی ‘کردارە زارەکییەکان’ لە بەرامبەریدا چۆمسکی دژی تیۆرەکانی ئەو بوو بۆیە ئەویش ڕیڤیویەکی بۆ کتێبەکە نووسی و دواتریش کتێبێکی دیکەی لە هەمان ساڵدا دژی ئەو بڵاوکردەوە. ئەگەر ئەم کێشمەکێشە بە نووسین نەبوایە و بە ئاشکرا، ئەوا زانستی زمانەوانی و سیکۆلۆژی بە هیچ شێوەیەک گەشەی نەدەکر یاخود کاتێکی زیاتری دەخایاند تا بگەین بەوەی ئێستا بەدەستمان هێناوە لەو بوارانەدا.

ڕەخنەی ئەدەبی چییە؟

ڕەخنەی ئەدەبی: بریتییە لە توێژینەوە، هەڵسەنگاندن و شلۆڤە کردنی دەقی ویژەیی و خستنە بەرباسی تێما و ماناکانی بەرهەمێکی ئەدەبی. ڕەخنەی ئەدەبی دەکرێت لە شێوەی وتارێکدا بێت یانیش کتێب. دەتوانین بڵێین لەو کاتەوەی وێژە هەبووە ڕەخنەی ئەدەبیش لە پاڵیدا بوونی هەبووە، هەر یەکەیان ڕووی لایەکی دراوێکن. ڕەخنە و باسەکانی سەبارەت بە کایەکانی وێژە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمێکی لە مێژینە. ئەڕەستۆ پەڕتووکی “هونەری هۆنراوە poetics”ـــــی نووسیوە کە پەڕتووکێکە لەمەڕ تیۆریی وێژە، لە بەرانبەریشیدا ئەفڵاتوون بەگژ شعریەتدا چۆتەوە. بەهەرحاڵ سنووری نێوان ڕەخنەی ئەدەبی و تیۆری ئەدەب ڕوون نین و مشتومڕ هەیە لەوەی جودان یانیش هاوشانن.

ئەگەر ڕەخنە نەبێت ئەوا پێشکەوتنی ئەدەبی نایەتە کایەوە. ڕەخنە چ درووستکەر بێت یاخود لەناوبەر سوودی خۆی هەیە، بێگومان پێویستە مرۆڤەکان ڕەخنەی ئەکادیمی و دوور لە میزاجی تایبەتی خۆیان بگرن وەلێ ناتوانیت چاوەڕوانی ئەوە نەبیت کە ڕەخنەی لەناوبەر و لەکەدارکەریش دەگیردرێت، هەرچۆنێک بێت نووسەری باش لە نیوان ددانەکانی ئەم ڕەخنانە دەتوانێت دەرچە بدۆزێتەوە و نەبێتە پارو، و مەعریفەی بەم ڕەخنانە دەوڵەمەندتر بکات. نووسەر دەبێت گوێ لە هەموو ڕەخنەیەک بگرێت، مەرج نییە هەموو ڕەخنەیەکش لە جێی خۆیدابێ، نووسەر مەرج نییە هەموو ڕەخنەیەکی لەلا پەسەند بێت، بەڵام پەسەند نەبوونی ڕەخنەیەک واتای ئەوە نییە نووسەر هەڵبشاخێت و وەکوو منداڵ مینگە مینگ بکات، بەڵکو نووسەر دەتوانێت بە ئاڕگیومێنتی جوانتر و باشتر، ئاڕگیومێنتەکانی ڕەخنەگرەکان بشکێنێت، یاخود بەرچاوڕوونی زیاتر بدات دەربارەی بەرهەمەکەی گەر هەڵە تێگەیشتنێک هەبوو.

بێگومان چوونە بەردڵی دەقێک بە تەواوی دەکەوێتە سەر خوێنەر، واتە جوانی سەبژێکتیڤە و تۆ حەزت بە قاوەیە لێ من حەز بە چای سەوز دەکەم، جوانی و چێژ دەکەونە سەر تاکەکان، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا ناتوانین ئەوە ڕەتبکەینەوە کە کۆمەڵێک کاری وێژەیی و هونەری لە هەندێکی دیکە باشترن. ئەوە ئەرکی ڕەخنەگرە لێهاتووەکانە بە گوێرەی ئەزموونیان لەگەڵ زەریایەک لە دەقە ئەدەبییەکان هەڵسەنگاندن بکەن بۆ ئەوەی بزانرێت لە دەقەکان کامانە باشن و کامانەش باش نین، وە لەبەر چ هۆکارێک یان هۆگەلێک مۆری بەرهەمی باش لە مۆری بەرهەمی خراپ جیا دەکرێتەوە. بە میتۆدی جیاواز جیاواز دەتوانین شیکاری بکەین بۆ دەقە وێژەییەکان، چەندان قوتابخانە و مێتۆدی هەمەچەشن هەیە بۆ ئەوەی لە رێگەیانەوە پرسیار و مشتومڕ لەسەر بەرهەمێکی ئەدەبی بجوڵێنین لەوانە: تیۆری ئاڕکەتایپەکان، دەروونشیکاری، مێلاگیری، پۆست-کۆڵیۆنیاڵیزم، هتد.

مەرج نییە بە ڕووت و قووتی یەک تاکە رێگە بەکاربهێنیت و وەکو پۆشاک بیکەیتە بەر دەقێکی ئەدەبی. هەر بۆ وێنە ڕۆمانی وێژەی ئەمەریکی ”گاتسبی مەزن”ی ف. سکۆت فیتزجێراڵد، مەحاڵە تەواوی ڕۆمانەکە تەنها لە ڕووانگەیەکی فێمنستیەوە یاخود ئابووری پۆست-کۆڵیۆنیاڵستیەوە لێی بڕوانین، دەتوانیت بە تێکەڵکردنی ئەم شیکارییە وێژەییە جیاوازانە و دواتریش باسی تەکنیک و هێماگەرییەکان دەتوانین خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەمان بۆ تەواوی ڕۆمانەکە هەبێت. بە کورتی جگە لەوەی ڕەهندێکی فێنمنستی زاڵە لە ڕۆمانەکە مەرج نییە هەرچ تێکستێکی باس لە فێمێنیزم نەکات وەدەری بنێین لە هاوێنەی خوێندنەوە ڕەخنەییەکەمان، یانیش مەرج نییە یەک لایەنی مێژوویی فێمنستی تێدا بخرێتە ژێر هەلسەنگاندن، بۆ نموونە دەتوانرێت ڕاڤەی سایکۆلۆژیانەی فێمنستی بۆ بکرێت.

زمانی شعری و زمانی ئاسایی:
زمانی ڕۆژانە جودایە لە زمانی هۆنراوە و هەردووکیشیان جیاوازن لەو زمانەی کە پەخشانی وێژەیی یاخود پەخشانی ناوێژەیی پێ دەنووسرێت. ناشتوانین بڵێین زمانی شعر پاشکۆ یانیش سەر بە زمانی ستانداردە، بەڵکو هەردووکیان دوو فۆڕمی جودان لە یەکتر، زمانی شعری ڕێزمان و لێکسیکۆن و زمانەوانی تایبەت بەخۆی هەیە، لە هەمووی بەرچاوتر ئەوەیە ئەرکی ئەم دوو فۆڕمە بۆ مەبەستی جیاواز بەکاردەهێنرێن.

ئاخر درووست نییە بە هەمووان بڵێین هۆنەر ئەگەر هێلێکی جیاکەرەوە بوونی نەبووایە لە نێوان زمانی هۆنینەوەی هۆنراوە و ئەو زمانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەردەوام قسەی پێدەکەین. زمانی ئاسایی زمانێکی سادەیە، و لە کۆمەڵگادا بەکاردەهێنرێت بۆ گەیاندنی نامەیەک، قسەکەران تا پێیان دەکرێت دەیانەوێت ڕوون بدوێن لە خەمی گەیاندنی مەبەستەکەیان بۆیەشە زمانەکە خاڵییە لە فۆڕمی تایبەت و کەرەستە ڕەوانبێژییەکان. هەرچی زمانی شعرییە، زمانێکە تێکەڵ بە مێتافۆر و کەرەستە ئەدەبییەکانی دیکە و بە گوێرەی کۆنتێکست و نووسەر سینتاکس یاری پێدەکرێت و هاوشێوەی ڕێزمان و سینتاکسی زمانی ڕۆژانە نییە.

خاڵێکی دیکە لە دیسکۆرسی شعری بریتییە لە فۆڕم. هۆنەرە نوێیەکانی ئێستای کورد یاخود بەزۆرخۆ-کردووە هۆنەرە کوردەکانی وێژەی ئێستایی کوردی قێز لە فۆڕم دەکەنەوە، نازانم ئەمە بۆ وایە، لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بێت کە وا تێبگەن شیعری نوێگەری بە واتای کاولکردنی هەموو جۆرە فۆڕم و کەرەستەیەکی هۆنراوە دێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتنیان لە شیعر. بەهەرحاڵ، فۆڕم لە وشەی لاتینی فۆڕماوە هاتووە، کە مانای جوانی دەگەیەنێت. ت. س. ئیلیۆتی هۆنەر و فەیلەسوفی ئەمەریکی دەڵێت: ”هیچ بەستەیەک ئازاد نییە، بۆ کەسێک کە دەیەوێت کارێکی باش بکات.” سایکۆلۆژی تاکی کورد وەهایە کە تەنها لە ناو بڕوانێت و ناواخن فەرامۆش بکات، ئاخر دەستەواژەی ‘شعری ئازاد’ واتای ئەوە نییە هیچ جۆرە فۆڕمێک نابێت بوونی هەبێت. لادانی هەموو جۆرە فۆڕمێک بە واتای خۆبوون و ئازادی و نوێگەری نایەت، با تاقیکردنەوەیەکی هزری بکەین: خودی زمان بە تەواوی دابماڵە لە هەموو ڕێسا و یاسایەک، ئەوەی دەمێنێتەوە لە گەڕەلاوژە زیاتر نییە.

لەم سەردەمەدا زمانی شعری بە جۆرێک سادە کراوەتەوە کە هیچ جیاوازییەکی نەبێت لەگەڵ زمانی ئاسایی، بگرە تەنانەت زمانی ئاسایی ئێستاتیکیانە جوانترە لەو تێکستانەی بە مەبەستی ئەدەبی دەنووسرێن. با چەند نموونەیەکی شعری ئێستا وەربگرین:
تۆ بێهۆش کەریت،
منیش ئاڵودەت
بوون و نەبونت دەمکوژێ!.
_ئالان شێرکۆ

ئەم دەقەی سەرەوە کارەساتە، جگە لەوەی زمانەکەی زمانێکی ویژەیی نییە، تەنانەت بە زمانێکی ئاساییش نابێت پەسەند بکرێت. دەستپێکی دەقەکە ‘بێهۆش کەریت’ هەڵەیە ‘بێهۆشکەریت’ ڕاستە، ئاخر گەر بە گوێرەی ئالان شێرکۆ بێت ‘تۆ’ی شعرەکە بێهۆشانە کەرە! لەباتی دەربڕینی تاقە وشەی بێهۆشکەر کردوویەتی بە هەردوو وشەی (بێهۆش و کەر). لە ڕووی خاڵبەندیشەوە هەرگیز خاڵ لە پاڵ نیشانەی سەرسوڕمان نایەت، ئەو دووانە دانویان پێکەوە ناکوڵێت، لە بیرمە ئەم نەگوزەرانەی خاڵی کۆتایی و نیشانەی سەرسوڕمان لە پۆلی سێی سەرەتاییەوە خوێندومە لە خوێندنگا.

هەرچەندە لە شعردا ئاساییە ئەگەر هۆنەر یاری بە خاڵبەندی بکات، زمانی شعری بە دووی هیچ یاسایەکی زمانی ڕۆژانە ناکەوێت خاڵبەندیش لەمە بەدەر نییە، بەڵام بە جۆرێک بەکار دەهێنرێن کە مەبەستێک و جوانیەکی زیاتر بە هۆنراوەکە ببەخشێت، بەڵام لەم دەقەدا تەنها هێمایە بۆ نەزانی و کەم توانایی و بێ مەعریفەیی هۆنەر.

وا بڵاوکراوەتەوە:
چەند ڕۆژێک لەمەوپێش؛
قافڵەیەک ،
ڕێی کەوتۆتە وڵاتی بێتاقەتی.
پرسیاریان،
لە پەناهەندەکانی بێتاقەتی کردوە.
کێ لەئێوە،
دەچێتە وڵاتی خۆشبەختی؟
پاساریەکانی بێتاقەتیی،
هاوڕێی قافڵەکەن!
منیش،
خۆم کۆکردۆتەوەو لەگەڵ قافڵەی مەرگ دەڕۆم.
بەرەو وڵاتی خۆش بەختی،
بەم زوانە!

_ئالان شێرکۆ

ئالان لەم دەقەدا چەند وشەیەکی ئەتک کردووە لەوانە: بەم زوانە وشەیەکی بێ مانایە و بەمزووانە درووستە. هەرچۆنێک بێت، ئەوەی دەمەوێت سەرنجی بخەمە سەر ئەوەیە ئەمە لە پەخشانێک زیاتر نییە کەچی وەکو هۆنراوە مامەڵەی لەگەڵ کردووە! چەندان جار کەرەستەی line breakی بەکارهێناوە واتا هێڵێکی بۆ هێڵێکی دیکە شکاندووە بەبێ هیچ هۆیەک تەنها لەبەر ئەوەی ویستویەتی وەکو تێکستێکی هۆنراوە نیشانی بدات، وەلێ ئەمە شیعر نییە، میعرە. ماوەیەکی زۆر نابێت بۆ ئەم هۆنەرانەی وەها دەنووسن، کە بەبێ هیچ هۆیەک و بە هەڕەمەکیانە لە هێڵێکەوە باز دەدەنە هێڵێکی دیکە تەنها لە پێناوی ئەوەی دڵی خۆیان خۆش بکەن هۆنراوە دەنووسن، نووسیبووم:
کاتێک شعر دەنووسی
با ئەوە نەبێ
تەنها قسەکانت لە
هێڵێکەوە بۆ
هێڵێکی دیکە پەرتەوازە
بکەیت و
ناویشی لێ بنێی هۆنراوە
_ س و ص.

ئەم تەنگەژەیەی خراپ نووسیە تەنها کوردی نەگرتۆتەوە، هۆنەرە نوێیەکانی ئێستا زیاتر بازرگان و ماڕکێتەرن و بەرهەمەکانیان بە کاڵا دەکەن وەک لەوەی لە پێناوی وێژەدا بنووسن. تەنانەت لە وێژەی ئینگلیزی نوێش هۆنەرەکانی ئینستاگرام خراپترین دەقی وێژە پێشکەش دەکەن، لێ داخەکەم هۆنەرەکانی کورد بەمان سەرسامن و دەیانەوێت لاسایی ئەمان بکەنەوە.

ئەو هۆنەرەی نازانێت بنووسێت، وە نازانێت بۆچی دەنووسێت:
بەشێکی بەرچاو لە هۆنەرە نوێیەکان هیچ ئاستێکی مەعریفیان نییە لە هیچ بوارێک بەتایبەتی بوارەکەی خۆیان. لەوانەیە ناوەکانی ئەپۆڵینێر و وۆردسۆرس لە دەستەواژەی ئەبرەکەدابرا و افتح یا سم سم زیاتر نەبن بۆیان، هێشتا فێری ئەوە نەبوون ڕەخنە قبوڵ بکەن، لە دەمێکدا دەژین وەڵامی ئەم شاعیرە بێ مەعریفانە بریتییە لە سوکایەتیکردن بە کەسێتی و نزم نیشاندانی توانای رەخنەگر. نموونەی ئەم شاعیرە نوێیانە لە ناو کورد زۆر زۆرن، لێ لای من بێمەعریفەترینیان و ئەوەی ترسوکاییەک هیوای تیا نییە ڕۆژێک لە ڕۆژان ببێتە نووسەر و هۆنەر (ئالان شێرکۆ)یە.

لە یەکێک لە گرووپە مەعریفییەکاندا ئەم ڕەخنەیەم لە پۆستێکی کرد بوو لە ماڵپەڕی فەیسبووک:
کاتێک لایک و سەب بوونە پێوانە بۆ دەقی ئەدەبی، ئەوە ئەو وەختەیە کە ماڵئاوایی لە جوانی بکەین.
ئالان شێرکۆ لە نووسینی ئەم دەقەدا:

کۆرۆنا هاوشێوەی شەیتانە
لە ڕەمەزاندا بەسترابۆوە
لە جەژندا کارا دەبێتەوە
وەزارەتی ئەوقاف

لای وایە ساتیرنووسێکە بە ئەندازەی سێرڤانتسی خاوەنی شاکاری دۆنکیخۆت، لێ نازانێ کە خودی دەقەکەی گاڵتەجاڕانەیە نەک سێرڤانتس بێت و وەکوو هەنگ هەنگوین بەرهەم بهێنێت، هەڵبەتە ئەم دەقە دۆنکیخۆتیی ئەو دەردەخات نەک توانای ساتیری ئەو. ئاخر کوێی دەقەکە هۆنراوەیە یاخود ساتیرێکە هزر بجوڵێنێت، چی پێشکەش کردووە؟ سەدان دەقی وەهای بێ سوود بەرهەم دێت، هەر بۆ نموونە:

تڕەمپی سپی کۆشکی سپی
فەرمانی دا بە پۆمپەیۆ
ئێران تویت باران بکەن
پنتاگۆن

ئەم ڕەخنەیەم دەربارەی ئەم دەقە بێ ئاستەی کە لە یەكێک لە گرووپەکاندا بڵاو کردبۆوە، لە باتی ئەوەی بێت بە گفتوگۆ و ئاڕگیومێنتی ئەکادیمی وەڵامی من بداتەوە، زۆر بەرگریکارانە دەدوا، پێی گوتم کە ئەو دەقەی ئەو بە مەبەستی ئەدەبی نەینووسیوە بۆیەشە ناوی خۆی لەگەڵ دەقەکەدا دانەناوە لە کۆتایی، ئەرێ خوێنەری بەڕێز لەم پەڕلەیە تێدەگەن؟!!

هەرچۆنێک بێت، بۆم ڕوونکردەوە ئەگەر بە مەبەستی وێژەیی نەینووسیوە، بۆچی پێویست بەوە دەکات هێلەکان وا تێکبشکێنیت و line break بەکاربهێنیت، ئەگەر مەبەستت پێدانی فۆڕمێکی شعری نەبوو بێت، لە باتی وەڵامدانەوەی ئەم کاونتەر-ئاڕگیومێنتە ‘شاعیر’ دەست دەبات بۆ بابەتە کەسێتییەکان و باس لەوە دەکات کە من پیشتر ڕەخنەم لە هاوچەشنێکی گرتووە و ئەو تەنها ڕەخنە لە کەسانی شارەزا پەسەند دەکات، وەک بڵێی خۆی دۆناودۆنی نالی و شەیکسپیرە!

بەهەرحاڵ ویستم پێشنیاری کۆرسێکی زانکۆی یەیڵی بۆ بکەم کە نووسەر و شارەزای بەناوبانگی بواری وێژە پڕۆفیسۆر (پۆڵ هـ. فرای) لە زانکۆی یەیڵ پیشکەشی کردووە سەبارەت بە ڕەخنەی ئەدەبی و تیۆری وێژە، لێ لە وەڵامی بۆم بریتیی بوو لە ”دەریا بەدەمی سەگ پیس نابێت” و ”خۆت پێویستت بە کۆرسێکە، تۆ ڕەخنە لە هەموو کەس دەگریت، ئەمە لە زمانی فەلسەفەدا پێی دەگوترێت دەروون نەخۆش.” سەرەتا دەروون نەخۆشیە، دەروون نەخۆش بۆ کەس بەکاردێت. دواتریش ئەم ‘هۆنەرە’ نازانێ جیاکاری بکات لە نێوان فەلسەفە و سایکۆلۆژیا، تەنها دەستەواژەکانی دەروون نەخۆشی و فەلسەفە هاتوون بە گوێیدا و بێ بیر لێکردنەوە بە زمانیدا دەردەپەڕن.

ئالان شێرکۆ هیچ دەربارەی ساتیر نازانێت، کەچی دەیگووت دەقەکەی وەک ساتیرێک نووسیوە دژی حوکمەت، ئاخر زۆر سەیرە لە ساتیر تێنەگەیت و بینووسیت! ئەمە بۆ خۆی گاڵتەجاڕیییە. چەند مانگێک لەمەو پیش ڕەخنەم لە هاوچەشنێکی(پەروێز هوما) گرت کە ئەویش هۆنەرێکی خراپە لێ کەمە ترووسکاییەکی تێدا دەبینم کە لە داهاتوودا بتوانێت شتێک بە شتێک بکات. پەروێز هوما کارەکتەرێکی شعری هەیە بە ناوی ‘یاسەمین’ ئەم کارەکتەرە لە کۆمەڵێک شعری ئاست نزمی وێژەییدا دەردەکەوێت، دەقەکانی هێندە ئاست نزمن، دۆخێکی تراژیکۆمیدیا لە ناخی تاکی کورد درووست دەکەن، ئەمانە کۆمەڵێکن لە دەقەکانی کە کارەکتەری یاسەمینی تێدا بەکار هێناون:

لە مێژووی مندا،
یاسەمین باڵوێزی ئاشتیی جەنگەکانە و
کۆتایی بە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم هێنا.
هەر ئەو بوو بیردۆزی ڕێژەیی کەشف کرد.
**
لە مێژووی مندا،
یاسەمین زوحاکی کوشتووە و
هەر ئەویش ئەمریکای دۆزیەوە!

**
یاسەمین هەموو ئەو شتانەیە،
کە ئێمە پێمانوایە نیە!
**
گەر یاسەمین نەبوایە،
کەس گوڵی نەدەناسی و
کەس نەیدەزانی چارەنووسی نەورەسەکان بە چی دەگات.

ئەم دەقانە بە شێوەیەک ئاست نزمن کە تەنانەت ناتوانیت هەڵیانبسەنگێنیت! ئاخر هەڵسەنگاندن بۆ تێکستێک دەکرێت کە ئەگەر هەر هیچ نەبێت کەمێک مانا و جوانیەکی لێ بچۆڕێ تەنانەت ئەگەر دڵۆپەیەکیش بێت. بەهەرحاڵ، ساتیرە شعرێکم نووسی لە ژیر ناوی ‘یاسەمیننامە’ کە تێیدا لەسەر هەمان ستایلی پەروێز هوما کارەکتەری یاسەمینم بەکارهێنا بوو، بۆ ڕۆناهی خستنە سەر ئەوەی ئەم دەقانەی ئەم هیچ بایەخێکی وێژەییان نییە و پووچن و سەدان دەقی بێ واتای هاوشێوە دێنە بەرهەم، ئەمەی خوارەوە هۆنراوەکە بوو:

”یاسەمیننامە”
(١)
چراکان عاجزن و داناگیرسێن، لەبەر ئەوەیە یاسەمین سوتەمەنی نەماوە
(٢)
دەرەجەم نەهێنا لە وزاری چونکە یاسەمین موڕاقیب نەبوو
(٣)
لە تاو شانازیکرد بە یاسەمین افتح یا سم سم ئەکەم بە افتح یا یاسمین
(٤)
ژیان تامی نەماوە چونکە یاسمین چێشت لێنانێت چیتر
(٥)
یاسەمین چۆنی؟ وەڵامی نەدایەوە بۆیە زمانەوانی دەخوێنم
(٦)
سەیری تیڤی ناکەم چیتر، چونکە ئەو درامایەی یاسەمین بەدڵی بوو گەشتە ئەڵقەی کۆتایی بەڵام بە ئەڵقەی هاوسەرگیریمان درامای ئێمە دەست پێدەکات.

تەنانەت ئەوەی ڕێژەی زیرەکییەکەی لە خوار ئاستی ئاساییشەوە بێت پەی دەبات کە ئەم دەقە ساتیرە و وێژەیەکی گاڵتەجاڕی و توانجە بۆ دەرخستنی کەمایەسییەکانی نووسەری ناوبراو. وەلێ ئالان شێرکۆ بێ ئەوەی هیچ تێگەیشتنێکی هەبێت دەیویست بەهەر نرخێک بوو بێت ڕەخنە بگرێت لێم و ئەم گفتوگۆیە ڕوویدا لە ژێر پۆستەکە:

ئالان شێرکۆ: ئەوە لەکەیەوەیاسەمین بۆتە موڵکی تۆ
من: وا تێگەیشتووی لە پۆستەکە کە کردوومە بە موڵکی خۆم؟
ئالان شێرکۆ: کەرەستە یان ناوێک بەکار هێنا لە شیعردا دەبێتە موڵکی تۆ
من: ئەزیزەکەم تۆ ئەزانی ئەدەبی باڵای ساتیر چییە؟
ئالان شێرکۆ: بەڵێ دهزانین
من: ئەگەر بتزانیایە ئەم پرسیارەت نەدەکرد، چونکە ئەمە بە ئاشکرا دیارە کە پارچەیەکە لە ساتیر، وە ساتیر نە موڵکی تۆ نە موڵکی ئەو کەسە نییە کە باسی دەکەیت. ڕێز و سڵاو.
ئالان شێرکۆ: پێویست ناکات ڕوون کرنەوە بۆتۆ بکەملەسەر حسابی کەس خۆت مەکە بەناو ئەزیزم
من: ڕەخنەکەت پارچەیەکە لە هەڵەی لۆژیکی، گەر ناتوانی ڕەخنە لە ساتیرەکەم بگری، باسی ناوبانگی مەکە، لەلای من ناوبانگی پولێکی قەڵب ناهێنێت. وە دیکتاتۆری لە تۆش قبوڵناکەم ڕێنوێنیم بکا چی بنووسم یان نە نووسم.
ئالان شێرکۆ: ئەتوانی بە زمانێکی شیرین تر قسە بکەی نەک هێندە فەلسەفیانەتۆ ئەتوانی داهێنان بکەی نەک ساتێرەکەو یان تەنزەکەو بەناوێکی دوبارەوە بلکێنی
من: ئەزیزم تۆ لە سەرەتاوە هاتوی بە نەزانانە دەتەوێ ڕەخنە بگری، تۆم خستۆتە سەر چاوم، هیچی توندم پێنەوتوویت، بەڵام گەر تۆ کەمێ بەقەد تۆزقاڵێکیش بزانی شعری پارۆدی و ساتیر چییە یەکەمین کۆمێنتت نە دەکرد. دیارە ڕق لە دڵی یان چی بەو شێوەیە لەگەڵم دەدوێیم دەنا من هێچ ڕقێکم بەرامبەر بە تۆ نییەم ڕەخنەی درووستکەرانە و درووستیشم قبوڵە. بەڵام ڕەخنەی بێ ئامانجی وەکو ئەتەوێت خۆت بەناوبانگ بکەی یان ئەوە موڵکی نازانم کێ یە ئەمە هەر ڕەخنە نین. ڕێز و سڵاو.
ئالان: یەکەم جارمە دەت بینم و کۆمێنتیشت بۆ دەکەم ئیتر ڕق ی چیم لێت بێباشە چاوەکەم من هیچ نازانم و تۆ فەیلەسوفبە باشە ئەزیزم، سەرچاووم
من: ئەوەی تۆ پێی دەدووێیت زمانێکی ژیرانە نییە. هیوام خۆشبەختیتە، کاتێکی خۆش.

پێش ئەوەی شیکارییەک بۆ ئەم گفتوگۆیەی نێوانمان بکەم لە کۆمێنتی ماڵپەڕی فەیسبووکدا کە تێیدا ئالان شێرکۆ وەکوو خانە بە خانەی پێپلیکانەیەک تێیدا بەر دەبێتەوە، دەمەوێت سەرنج بخەمە سەر ئەوەی کە ئالان شێرکۆ بە هیچ شێوەیەک ڕەخنە قبوڵ ناکات تەنانەت ئەم پەسند نەکردنەی ڕەخنە بۆ هاوچەشنەکەی(پەروێز هوما)ـــــش دەکات، ئێمە هاوڕێی فەیسبووک نین بەڵام بە بیستنی ئەوەی ڕەخنە لە پەروێز هوما گیراوە لە کۆمێنتەکاندا خۆی لە من قووت کردبۆوە، ئەوەی سەیرە ئەوەیە لەم ماوەیەدا چآوپێکەوتنێکی لەگەڵدا کراوە لە ڕۆژنامەیەک کە تێیدا باسی بارودۆخی گەنجان دەکات و ڕەخنە لە حوکوومەت دەگرێت، ئاخر گەلێ دیمەنێکی کۆمیدییە، تۆ هیچ ڕەخنەیەکت قبوڵ نییە و نازانیت چۆن گفووگۆیەکی ئەکادیمیانە بەڕێوە ببەیت چۆناهی ڕەخنەی کۆمەڵایەتی دەگریت؟ پەرچەکرداری بەرامبەر بە ڕەخنەکان زۆر منداڵانەیە و ورک دەگرێت و هەتسیانە مامەڵە دەکات و وەکو دیکتاتۆرێک هەڵدەچێت لە ئاست ڕەخنە، سا تۆ هیچ جیاوازییەکت لەگەڵ ئەو حوکمەتەدا نییە کە لە چاوپێکەوتنەکە ڕەخنەبارانت کردووە. ئەوەی لە هەمووی سەیرترە بریتییە لەوەی کە ئەم چاوپیکەوتنەی خۆی بە شانازییەوە ڕۆژێک لە دوای ئەوە بڵاوکردۆتەوە کە پێمی وت: تۆ ڕەخنە دەگریت کەواتە تۆ دەروون نەخۆشیت، من تەنها ڕەخنە لە شارەزاکان قبوڵ دەکەم، پێم بڵێ کورد کەی ڕەخنەگری هەیە، هتد.

ئالان شێرکۆ، لە ئەلف تا دوایین پیت لە ساتیر بێخەبەرە دەنا نەیدەپرسی ‘لە کەیەوە یاسەمین بۆتە موڵکی تۆ؟’ ئەو ناژیرانە وا دەزانێت من سەرسام بووم بە دەق و کارەکتەری پەروێز هوما بۆیە بەکارم هێناوە، هەر دیار بوو زۆر بە شپرزەیی هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەمی دۆزی بووەوە تاوەکوو لە کۆمێنتەکاندا من بوروژێنێت قسەی پێبڵیم، لێ نازانێت مرۆڤی بێ مەعریفە دەستەوانەی ئاویان لە دەستە و ڕوون دیارە لە ناو دەستیاندا چیان حەشارداوە. گەر من دزی ئەدەبی باما و سەرسامی یاسەمینی هوما بام ئەوا لە هۆنراوەیەکی جواندا بەکارمدەهێنا نەک توانجی لێ بدەم، ئاخر کەس هەیە تینەگات ئەم ڕستەیە ” دەرەجەم نەهێنا لە وزاری چونکە یاسەمین موڕاقیب نەبوو” لە پاڵ ئەوانی دی تەنها بۆ هێنانە کایەی ستینی تراجیکۆمیدیا نووسراوە؟

دواتر لە وەڵامدا پێم دەڵێت ”لەسەر حسابی کەس خۆت مەکە بە ناو” ئەم ڕستەیە تەواو پیناسەی مایەپووچی مەعریفی ئالان دەکات. ئەمە پارچەیەکە لە هەڵەی لۆژیکی، لە لۆژیکی نافۆڕماڵدا بەمە دەگوترێت: “ad hominem attack” کە کەسی دواو دەست دەبات بۆ بابەتە کەسییەکان وەک لەوەی دەست ببات بۆ ئەو ئاڕگیومینتەی کە هێناومەتە کایەوە، مەبەستی ئالان لەم هەڵە لۆژیکییە ئەوەیە کە ئیستفزازم بکات و لە بەرامبەردا بابەتەکە بکەم بە بابەتی کەسی، دەیەوێت لە کۆمێنتدا ناشرینم بکات، لێ نازانێت کە من دەمێکە دەستبەرداری ئیگۆ بووم و بەزەییم بە مرۆڤی وەها دێتەوە کە لە بێ مەعریفەییدا وەکو ئەو حوکمەتەی ڕەخنەی لی دەگرێت دەیەوێت مەلەفی شەخصی درووست بکات بۆ ڕەخنەگر وەک لەوەی بێت بە ئاڕگیومینتێکی جوانتر چۆک بە ڕەخنەگردا دابدات. کاتێک وەڵامم دایەوە بە ” ڕەخنەکەت پارچەیەکە لە هەڵەی لۆژیکی، گەر ناتوانی ڕەخنە لە ساتیرەکەم بگری، باسی ناوبانگی مەکە، لەلای من ناوبانگی پولێکی قەڵب ناهێنێت. وە دیکتاتۆری لە تۆش قبوڵناکەم ڕێنوێنیم بکا چی بنووسم یان نە نووسم.” ئەوەی کە مایەی پێکەنینێکی خۆشکراو بە تراژیدیا بوو وەلامی ئەو بوو ” ئەتوانی بە زمانێکی شیرین تر قسە بکەی نەک هێندە فەلسەفیانەتۆ ئەتوانی داهێنان بکەی نەک ساتێرەکەو یان تەنزەکەو بەناوێکی دوبارەوە بلکێنی” . لێرەدا دیسان دەردەکەوێتەوە کە ناوبراو هیچ لە ساتیر نازانێت تەنها دەستەواژەکە بەکار دەهێنێت، وە دواتر من بە زمانێکی سادەی ڕۆژانە دەدوێم بەڵام لەبەر ئەوەی ئاستی مەعریفی هێندە کەمە (کە لە راستیدا گومانم هەیە جۆرێکی ئۆتیزمی هەبێت) وشەکانی: ساتیر، دیکتاتۆری، پولی قەڵب و هەڵەی لۆژیکی بە وشەی تەکنیکی فەلسەفی لە قەڵەم دەدات! ئەمە وەکوو ئەوە وەهایە جالجاڵۆکەیەک نەزانێت ماڵە تۆڕینەکەی درووست بکات.

هەڵبەتە ئالان شیرکۆ و نووسەرانی هاوشێوەی ژەهرن بۆ وێژەی کوردی، لە باتی ئەوەی شەڕی ئەکادیمیانە و هزری بکەن شەڕی ئەلکترۆنی دەرهەق بە خوێنەران و ڕەخنەگرانی دەقەکانیان دەکەن. لە جیهاندا هۆنەرەکان مرۆڤی زۆر تایبەتن و کانیاوی جوانیان لی دەڕژێ و وا لە مرۆڤ دەکەن بیربکەنەوە و ڕەخنەش قبوڵ دەکەن، لە کوردستانیشدا هۆنەرەکان ئەوەندە شارەزای هاک و کۆمپیوتەرن و هێرشی ئەلیکترۆنی دەکەنە سەر ڕەخنەگرەکانیان، بەو ئەندازەیە خۆیان پەروەردە بکردایە ئێستا هۆنەر بوون! بەڕاستی هەندێک جار وا هەست دەکەم کە ئەم هۆنەرانەی کورد هەراسانکردن و هەڵبژاردە ئەلکترۆنییەکان بە کەرەستەی وێژەیی تێبگەن، بۆیە ماوەیەک پێش ئێستا کە بیستم هاوڕێیەکم لە بەر گرتنی ڕەخنە لە پەیجێکی هۆنەرێکدا بلۆک کراوە تەنها لەبەر ئەوەی ڕێنووس ،و خاڵبەندی بۆ ڕاست کردۆتەوە، ئەم پارچە ساتیرەم نووسی:
مامۆستای ویژە: ئەو تەکنیکانە چییە کە فڵان شاعیر بەکاری هێناوە بۆ ئەوەی هۆنراوەکانی گوێگری زۆر بێ و دڵی ڕەخنەکارانیش بەرامبەری نەرم بکات؟
قوتابی جیلی نوێ: ڕەوانبێژی و بەکارهێنانی میتافۆر و وێنەی شعری و بلۆک کردنی ڕەخنەگران و باند کردنیان لە پەیجەکەتا و بە کرێ گرتنی هاککەرێک تاوەکووو هاکیان بکات.

دوایین وتە:
هەڵبەتە من وەکو خوێنەرێک کێشە و ڕەخنەی ئەدەبیم تێکەڵ ناکەم بە ژیانی تایبەتی نووسەران، بۆیەشە من جەنگ بەرامبەر دەقێک بەرپا دەکەم وەلێ دەکرێ لەگەڵ نووسەرەکەی لە قاوەخانەیەک بە خواردنەوەی قاوەیەکەوە قسەی خۆش بکەین و نوکتە بۆ یەکتری بگێڕینەوە، نووسەر دەبێت فێر ببێت کە خوێندنەوەی دەقەکەی بە چاوێک کە چاویلکەی ڕەخنەی لە چاوە کە تاکێکی ڕەخنە و ئەوەی دیکەشی توانج و ساتیرە، نەشڵەژێ.

کاردانەوەی نووسەر بەرامبەر ڕەخنە پێش هەموو شتێک دەبێت هاوڕێیانە بێت و نابێت بە دژیەتیەکی کەسی بیبینێت، دوای ئەوەی ئەمە بەدیهات، مەرج نییە نووسەر بە ڕەخنە قایل بێت بۆیە دەتوانێت بە مەعریفە و توانای لە کاونەتەر-ئاڕگیومێنتەکانی بە لێهاتوویانە وەڵامی ڕەخنەگر بداتەوە نەک بە بازاڕی و منداڵ-ئاسایانە. ئەگەریش بۆی دەرکەوت ڕەخنەکان کە جێی خۆیاندان، دەبێت سوپاسگوزاری ڕەخنەگر بێت و بە نووسینەکانیدا بچێتەوە.

خودی خۆم کە ڕەخنە دەگرم لە کەسێک مەبەستم شکاندنی خاوەنی دەق نییە بەڵکو مەبەستمە دەقەکە بپاڵێوم و خەوشییەکانی لێ بچۆڕم. وەلێ گەر ڕەخنەلێگیراو پەرچەکردارێکی ناهەمووار و خۆکردنە بەزمی هەبوو و هێڵی ڕێز و ئەکادیمیا ببەزێنێت ئەوا ساتیرم لە دژی تیژتر دەبێت و چاوی پێنووسەکەمی لێ سوورتر دەکەمەوە، هەڵبەتە واتای ئەوە نییە لە گفتوگۆی ئەکادیمی بچێتە دەر، کەس نابێت هێڵی بابەتیانە ببەزێنێت. کاتێک “ئەرستۆفانیس” شانۆگەرییە کۆمیدیەکەی نمایش دەکات سیاسەتمەدارێک بە ناوی “کلیۆن” دەیداتە دادگا بەو تاوانەی کە گاڵتەی کردووە بە خەڵکی ئەسینا لە کاتێکدا ئامادەبووانێکیشی لێ بووە خەڵکی ئەسینا نەبوون. هەرچۆنێک بێت، دوو ساڵ دوای ئەو ڕووداوە ئەریستۆفانیسی شانۆنووسی کۆمیدیا نووکی پێنووسەکەی تیژتر دەکات و لە شانۆگەریەکەی کلیۆن دەکاتە پەندی زەمانە.

بەداخەوە لە سەردەمێکی وێژەی کوردی دەژیێین کە دەبێت ڕەخنەکانمان توندتر بن، دەنا وا بڕوات وێژەی کوردی گیان دەدات و لەسەر پێخەفی مەرگ دەیبینینەوە. مەرج نییە هەمووتان رەخنەگر بن لێ ڕەخنەییانە لە دەقەکانی ئەو نووسەر و هۆنەرانە بڕوانن گەر بەڕاستی خۆشتان دەوێن.




مەرگی زمان … کامۆ ئاراز

زمان، هاوشێوەی مرۆڤ، سوڕی ژیانی هەیە. بە بەردەوامی زمانەکان لە دایک دەبن و گەشە دەکەن و سەریش دەنێنەوە. لە ئێستادا هەسارەی زەوی خاوەنی ٧٠٠٠ بۆ ٨٠٠٠ زمانە، ئەم ڕێژەیە دەکرێت زۆر زیاتر بێت ئەگەر شێوەزارەکانیش هەژمار بکەین، دەتوانین ئەم زارانە پۆڵێن بکەین لە ١٣٠-١٤٠ خێزانە زمان. بەپێی کۆمەڵێک داتا، تا ساڵی ٢١٠٠ی زایینی لە نێوان ٪٥٠ تا ٪٩٠ی ئەم زمانانە قڕ دەبن و مەرگ دەبێتە میوانیان.

لە زانستی زمانەوانیدا ‘زمانە مردووەکان’ بریتیین لەو زمانانەی کە چی دیکە قسەکەری ڕەسەنیان نەماوە، وەلێ بۆی هەیە بەشێوەی جیا جیا بەکار بهێنرێن. بۆ نموونە زمانی لاتینی زمانێکی مردووە، وەلێ زمانی فەرمی وڵاتی ڤاتیکانە لە پاڵ ئیتاڵیدا، بۆ مەبەستی ئاینی بەکاردەهێنرێت نەوەک وەکو زمانێکی ڕۆژانە، هەتا ئێستاکەش لە زۆربەی قوتابخانەکانی وڵاتانی ئەوروپا دەخوێندرێت. بەهەرحاڵ، گرنگی دانێکی بەم شێوەیە بە زمانی لاتینی نایکات بە زمانێکی ڕۆح لەبەر.

لە پاڵ زمانە مردووەکانیشدا ‘زمانە قڕبووەکان’یش هەن، ئەم زمانانەش زمانی مردوون وەلێ هیچ کەسێک نەماوە وەکو زمانی دایک یاخود زمانی دووەم بەکاریبهێنن، هەندێک کەس لەوانەیە کەم تاز زۆر شارەزای زمانەکە بن. بۆ وێنە زمانی سۆمەری دایکە زاری هیچ کەسێکی مرۆڤی ئەم سەردەمە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سۆمەرناسەکان بۆ مەبەستی توێژینەوە دەتوانن بە زمانی سۆمەری بئاخڤێن، تەنانەت پیتەر پرینگڵ* کە میوزیسیانێکی هۆگری ئامێرە میوزیکییە لەمێژینەکانە گۆرانییەکی بە زمانی سۆمەری چڕیوە کە تێکستەکەی لە دەقی گلگامشەوە وەرگرتووە. نموونەیەکی دیکە بۆ زمانە قڕبووەکان دەکرێت زمانە ڕەسەنەکانی ئەمەریکا بن وەکو زمانەکانی: ئۆساگێ، سێرانۆ، ئونامی، هتد.

زۆر هۆکار هەن کە دەبنە فریشتەی مەرگ بۆ زمان. یەکێک لە هۆکارەکان بریتییە لە پیشاڤتنی کولتووری cultural assimilation، ئەمەش ڕوودەدات کاتێک گەلێک هەڵدەستێت بە هەڵوشان وقووتدانی گەلێی دیکە کە زۆرجار گەلە قووتدراوەکە کەمینەن، زۆر نموونە هەن بۆ ئەم جۆرە کوشتنەی زمان، یەکێک لەوانە بریتییە لە زمانی برێتۆنەکان؛ بریتانی هەرێمێکی فەڕەنسایە کە نیشتەجێی باکوری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەن، زمانەکەیان زمانێکی بریتۆنیکە و دوور تا نزیک پەیوەندی بە زمانە کێلتەکییەکانی هاوشێوەی وێلش و کۆرنشەوە هەیە، وەلێ ئەم زمانە زۆر قەڵاچۆی پێکراوە و ئێستاکە لە هەرێمی برێتۆن فەڕەنسی زمانی سەرەکییە، هەرچەندە زۆرێک لە برێتۆنەکان هەستی ئیتنیکی جیاوازیان هەیە و زۆرجاران خۆیان لە فەڕەنسی نەتەوە جیادەکەنەوە، بەڵام ئاخاڤتنیان بە زمانی فەڕەنسی وایان لێدەکات لە چەند دەیەیەکی داهاتوو بۆیهەیە هەستی جوداخوازی بەتەواوەتی کاڵ ببێتەوە.

سەبارەت بە زمانە گچکەکانیش، مەترسیەکی زۆریان لەسەرە بەهۆی ئیکۆنۆمی و لینگوا فرانکاوە*. فلیپین وەربگرە وەک نموونە، بە گوێرەی ئاماری جودا جودا ١٢٥ تا ١٧٥ زمانێک بوونیان هەیە، بەڵام دوو زمان هەژمار کراون وەک زمانی فەرمی: تەگالۆگ و ئینگلیزی. تەگالۆگ زمانی خەڵکی تەگالۆکەکان بوو لە وڵاتی فلیپین، وەلێ لە درووستبوونی دەوڵەتەکەوە زمانی فەرمیەو و بۆتە زمانی لینگوا فرانکای فلیپین، زۆرینەی زۆری دانیشتوان و نەتەوەکانی ئەو دەوڵەتە دەتوانن بەم زمانە قسە بکەن، حاڵی حازر زمانەکانی تر کە قسەکەریان کەمە لە زمانەکانیان لە ژێر مەترسی لە ناوچوندان، دۆخی ئابووری وا دەخوازێت خەڵک بە لینگوا فڕانکا و زمانی ئینگلیزی بدوێن، بۆ ئەوەی بتوانن بارودۆخی ئابووریان بێ ئارێشە بێت، وەلێ ئەمە دەبێتە هەنگاونانی زمانی دایکیان بەرەو پیری مردن.

لە کۆتاییدا، هۆکارگەلێکی زۆر هەن بۆ هەراسانکاردنی زمانەکان تا کاتی مردن وو تەنانەت جینۆساید کردنیشیان. وەلێ بە شیوەن و ڕۆڕۆی ئێمە نییە زمانەکان توانستی ئەوەیان هەبێت لە بووندا بمێنن، مەرگی زمانەکان شتێکە دەسەڵاتی ئێمەی بەسەردا ناشکێت، هەرچەندە دەتوانین بە هەوڵدانێکی زۆر ڕۆح بە بەری هەندێک زماندا بکەینەوە، بەڵام هێشتاکە گۆڕانکارییەکان ڕوو لە زمان دەکەن و زمانێکی نوێتر دەخوڵقێنن بە گوێرەی کات. لەگەڵ ئەوەی ناتوانین ڕێگری بکەین لە مەرگ و کۆچی هەتایی زمانەکان، با تا دەکرێت هەوڵی پاراستن یاخود تۆمار کردنیان بدەین، بەهۆی کەمتەرخەمیمان لە تۆمارکردن، بیربکەوە لەوەی چەندنین دەنگی ناوازەمان بە درێژایی مێژوو لەدەستداوە.

——————————————–

پاشکۆ:
*گۆرانیە سۆمەرییەکەی پیتەر پرینگڵ:
https://www.youtube.com/watch?v=QUcTsFe1PVs

  • لینگوا فرانکا lingua franca ئەو زمانەیە کە لە هەڵبژێردراوە تاوەکو زمانێکی هاوبەش بەکاربهێنرێت لە نێوان کۆمەڵە مرۆڤێک کە خاوەنی زمانی جیاوازن.



ئایە زمان کردارە؟ … کامۆ ئاراز ئەحمەد

زمان تایبەتمەندیەکی گەلێ سەیری مرۆڤە، هەموو مرۆڤێکی ئاسایی ڕۆژانە بە لایەنی کەمەوە حەوت هەزار وشە دەردەبڕێت*، هەسارەکەشمان لە ئێستادا ماڵی حەوت بلیۆن و نیو مرۆڤە، ئەگەر هەر تاکێک (بێ جیاکردنەوەی ئەو منداڵانەی کە هێشتاکە توانای قسەکردنیان نییە) ڕۆژانە بە ئاسایی بدوێت ئەوا خۆت بیریکاریانە هەژماری بکە کە ڕۆژانە چەند وشە بە زمان دەردەبڕدرێن، وەلێ هێشتا دەسەوەسانین لەوەی بە تەواوی بزانین زمان چییە.

کاتێک لە مرۆڤیک دەپرسیت زمان چییە؟ ئەوا لە وەڵامدا دەبێژن ‘زمان ئامرازی پەیوەندییە’. بێگومان ئەوە ڕاستە بەڵام ئەمە ئەرکی سەرەکی زمان نییە. بەلای منیشەوە ئەوە گەلێ سەیر بوو کە وردە وردە لە چۆمسکی* ورد دەبوومەوە، هەرگیز کۆمیوکانیسیۆنم بەسەرەکی نەدەبینی. تەنانەت فێردیناند دێ سێسۆر دەڵێت ‘بە بێ زمان، هزر تەمەئەستێرەیەکی لێڵ و ناڕێکوپێکە’. ئاخر زمان تەنها بریتیی نییە لە کۆمەڵە دەربڕێنێک زانیاری دەدەن دەربارەی شتەکان یاخود وەسفیان دەکەن، بەڵکو لە هەمان کاتیشدا کردار بە ئەنجام دەگەینن وەک لەوەی پێمان بڵێن چی دەگوزەرێت لە چواردەورمان.

ئەم هزرەی زمان ئاکسیۆنە تیۆرێکە کە لقێکە لە مەبەستناسی پێی دەگوترێت ‘تیۆری کردارە گوفتارییەکان’ speech acts theory. کاتێک دادوەرێک لە دادگا بە تاوانبارێک دەڵێت ‘بەڕێز فڵان، سزای مەرگت بەسەردا دەسەپێنم’ ئەم ڕستەیە لە پێدانی زانیاری گەلێ زیاتری هەڵگرتووە، ئەم دەربڕینە بە جێگەیاندنی کارێکە کە دونیای دەوروبەر و سایکۆلۆژیمان دەگۆڕێت. هەروەکو چۆن ماسولکەکانمان دەجولێنین بۆ هەڵسان بە کردنی ئاکتێک، بەهەمان شێوەش دەربڕینێکی هاوشێوەی ‘بەڵێن بێت دەتکوژم’ کردارە.

ئەم تیۆرە دەگەڕێتەوە بۆ کارە فەلسەفییەکانی جۆن لانگشاو ئۆستن*، لە ساڵی ١٩٦٢ کتێبێکی کۆکراوەی وانەکانی زانکۆی بڵاوکرایەوە دوای مردنی لە ژێر ناویhow to do things with words. ئەم کتێبە زۆر گرنگ بوو بۆ بنیادنانی تیۆرەکە وە لە هەمان کاتتدا وای لە فەیلەسوفەکان و زمانەوانەکانی دوای خۆی کرد کە گرنگی بە لایەنەکانی دیکەی زمانیش بدەن نەک تەنها زمان وەکو ڕستەگەلێکی ڕاگەیاندنکاریانە ببینن. بە شێوەیەکی دیکە دەتوانین بڵێین، زمان تەنها کۆمەڵێک گفت نییە ڕاست یان هەڵە بن، بەڵکو کۆمەڵێک ڕستە ئەرک بە ئەنجام دەگەیەنن وەک لەوەی تەنها ڕاست بن یان هەڵە. کاتێک دادوەرەکە بە تۆو خۆشەویستەکەت دەڵیت ‘ئێستا ڕایدەگەیەنم ئێوە هاوسەری یەکترین’ دونیای سایکۆلۆژی و فیزیکی تۆ بەم کردارە دەگۆڕدرێت. یانیش کاتێ وڵاتێک لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت ‘ ئێمە جەنگ بەرامبەر بە وڵاتی x ڕادەگەیەنین’ ئەمە تەنها وەسفکردنی ڕووداوەکە نییە، بەڵکو کردارێکە کە دەرئەنجامێکی خوێناوی لێدەکەوێتەوە.

ئەکتە گوتەییەکان دەکرێت لە سێ ئاستدا شیکارییان بۆ بکرێت:
١.ئاکتی دەربڕین locutionary act ئەم ئاستە بریتییە لە کرداری دەربڕینی ڕستەکە لە پاڵ مانا و دەربڕین و پڕۆنانسیاسیۆنەکەی.
٢.ئاکتی نا-دەربڕین illlocutioanry act ئەم ئاستەش بریتییە لە هێزی دەربڕینەکە، بە واتایەکی دیکە لەم ئاستەدا ڕستەکە کردارە و هاوشانی بە ئەنجامگەیاندنی شتێکە وەکو بەڵێندان، بڕیاردان، داخوازیکردن، هتد.
٣.ئاکتی پەیبردن pre-locutionary act ئەم ئاستە کاریگەرییەکانی ئاستی دووەم و یەکەم لەسەر قسە لەگەڵ کراودا دەردەخات کە وای لێدەکەیت پەی بەشتێک بەرێت یاخود وای لێدەکەیت ئەرکێک بە ئەنجام بگەیەنێت.

بەهەرحاڵ، مابەستناسی و لقەکەی تیۆری ئاکتە گوفتارییەکان بابەتێکی قووڵی فەلسەفەی زمانە، بۆیە لە وتارێکی پێناساندن کاریدا ناتوانرێت زۆر لێی قوڵببینەوە. هەرچۆنێک بێت، جیا لەوەی زمان خودی خۆی سەرنجڕاکێشە هەمیشەش سەرنجڕاکێشترە کاتێک لە گۆشەی جیاوازەوە لێی دەڕوانین. ئیتر کاتێک بەڕێوبەرەکەت خۆی مۆن دەکات و بە تۆنێکی دەنگی زیاد لە پێویست پێت دەڵێت ‘تۆ دەرکرایت!’ خەم لەوە مەخۆ دەرکراویت، خەمبخۆ ئەگەر نەزانی ئەوە نموونەیەکە بۆ ئاکتی گوفتاری speech act.

پاشکۆ:
*مرۆڤ ڕۆژانە بە لایەنی کەمەوە ٧٠٠٠ وشە دەردەبڕێت: https://learning.linkedin.com/blog/advancing-your-career/you-speak–at-least–7-000-words-a-day–here-s-how-to-make-them-
*نۆوام چۆمسکی، باوکی زمانەوانی مۆدێرنە و فەیلەسوفێک و زمانەوانێکی بەناوبانگە.
*فێردینان دێسێسور توێژەر و زانایەکی سویسری بوو کە بە باوکی زمانەوانی ناسراوە.
*جۆن لانگشاو ئۆستن John L. Austin فەیلەسوفێکی بەڕیتانییە، کارەکانی گرنگ بوون بۆ مەبەستناسی.




چوار تیۆر دەربارەی چارەنووسی نێوان هزر و زار … کامۆ ئاراز ئەحمەد

بیرکردنەوە یەکێکە لەو چالاکییە هزریانەی کە تاک بە تاکی مرۆڤەکان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا هەژموونی دەکەن. جگە لەم فرە بەکارهێنانەی هزر، هێشتاکە هیچ پێناسەیەک نییە کە تاک بە تاکی توێژەران بە ئاسوودەیی قبوڵی بکەن، ئەمەش زۆر سەیرە، ئاخر بنواڕە کە بیرکردنەوە بەهایەکی بێ ئەندازە بایەخدارە بۆ پێناسەکردنی مرۆڤ و جیاکردنەوەی لە بوونەوەرانی تر، تەنانەت ڕێنیە دێکارت کێشەی بوون و نەبوونی مرۆڤی بە دەرئەناجمی پرێمسی Cogito, ergo sum (بیردەکەمەوە، کەواتە هەم) چارەسەرکرد، کەچی ئـێمەی سەیپیەنس بە دێکارتیشەوە هێشتاکە ڕەزامەندیمان نییە بۆ پێناسەیەکی یەکگرتوو بۆ هزر. هزر دەکرێت وا پێناسە بکرێت کە بریتییە لە کۆمەڵە چالاکییەکی ئەقڵ، کە جودیث گرین لە کتێبەکەی Memory, Thinking and Language بەم شێوازە لیستی هەندێک لە چالاکییەکانمان بۆ ڕیز دەکات: داڵغە دان، ئاواتەکان، گریمانەکردنی فەلسەفیانە، هەبوونی بیروبۆچوون، شیکارکردنی کێشە، بڕیاردان، هتد. ئەمانە گشتیان جموجۆڵی هزریین لە مرۆڤدا.
هەرچۆنێک بێت هزر ڕێکخەری ‘زانین’ە لە مرۆڤدا و دواتریش خاسیەتە سایکۆلۆژییەکانی تری وەکو ئارێشە چارەسەرکردن و بڕیاردان. جێگەی ڕۆناهی خستنەسەرە کە ئەو پرسیارە بوروژێنین: زمان دەکەوێتە کوێی هزرەوە؟ یاخود هزر دەکەوێتە کوێی زمانەوە؟

زمانەوانی سویسرایی فێردیناند دێسێسور دەڵێت ‘بە بێ زمان، هزر تەمەئەستێرەیەکی نادیار و ڕێکنەخراوە’. وەلێ، زمانەوانانی دیکە دەکرێت هاوڕانەبن و لە هەمان کەشتی دێسێسور هەمسەفەر نەبن، هەندێک لە زمانەوان تەواو پێچەوانەی ئەو لە زمان دەڕوانن و هزر بە سەرەکیتر و زمان بە دووەمی لە قەڵەم دەدەن؛ سەرەڕای ئەم ناکۆکیانە گومان لەوە نییە کە هزر و زمان پێکەوەبەندن، هەرچەندە بیروڕای زمانەوانان لەسەر چۆنیەتی بوونی ئەم دووانە دژبەیەکبن. کەچی لە بنەمادا ئەم دووانە بانێک و دووهەوان.

لقی سایکۆلینگویستیکس لە زانستی زمانەوانی کە تێکەڵەیەکە لە هەردوو دسپڵنی زانستی زمانەوانی و سایکۆلۆژیا دەکۆڵێتەوە لەوەی کە زمان و سایکۆلۆژیا لە کوێدا بە یەکدی دەگەن. بۆیە سایکۆلینگویستەکان گەلێ کونجکۆڵن بۆ توێژینەوە لە پردی نێوان هزر و زمان. وەلێ هێشتاکە توانستی ئەوەمان نییە پەیوەندی نێوان هزر و زمان بە تەواوی گرێدراوی سایکۆلینگویستیکس بکەین، چونکە گەر بڕوانین، وەک ڕۆژی ڕووناک بۆمان دەردەکەوێت بابەتەکە بەدەر لە زمانەوانی سایکۆلۆژیاش پەل دەهاوێژێت، بۆ وێنە بە توێژینەوە لە کلتوریش بەندە، یاخود کاتێک دەمانەوێت بکۆڵینەوە لەوەی چ بەشێکی فیزیکی مێشک بەرهەمهێنەری هزرە، لێرەدا بەدەر لە سایکۆلینگویستیکس خۆمان دەلکێنین بە نیورۆلینگویستیکسیشەوە، کە لقێکی زانستە دەکۆڵێتەوە لە پەیوەندی نێوان مێشک و زمان.

هەرچۆنێک بێت چوار دیدی سەرەکی هەیە کە دەکرێت مۆدێلی پەیوەندی هزر و زمان چۆن چۆنی بن:
1. LRH: ئەم سێ پیتە کە کورتکراوەی ‘Language Relativity Hypothesis’ن بە زمانی کوردی واتە ‘گریمانەی ڕێژەیی زمان’. ئەم دیدە بینینە بۆ هزر و زمان زۆرجار دەبەسترێتەوە بە زمانەوانی ئەنترۆپۆلۆژی ‘ئێدوارد ساپیر’، بەڵام لە هەمانکاتیشدا زمانەوان ‘بێنجامین لی وۆرف’یش دەستێکی باڵی لە گریمانەکردنیدا هەبووە بۆیە ئەم گریمانەیە زۆر جار بە گریمانەی ساپێر-وۆرف دەناسرێت. ئەم گریمانەیە لەسەر ئەو تێمایە دامەزراوە کە زمان دەبێتە هۆی دیاریکردنی هزر و پێرسێپسیۆن (هەستپێکردن)، ئەوە بۆیەشە جیاوازی بەرچاو لە نێوان وشەگەل و ستراکتۆری ڕێزمانیی زمانەکاندا دەبینین. ئەم دوو زمانەوانە هەردووکیان لێکۆڵینەوەیان کردووە لە زمانی ئەمەریکییە ڕەسەنەکان، کە دواتر لەڕێگەی توێژینەوەکانیانەوە باوەڕیان بەوە هات کە زمان دەبێتە هۆی دیاریکردن و کاریگەریخستنە سەر هزر. بۆ نموونە وۆڕف پێماندەڵێت کە ‘ئینویت’ەکان (کە گەلێکی ڕەسەنی کیشوەری ئەمەریکان’ وشەی جیاواز جیاواز بەکاردەهێنن بۆ بەفر، وەلێ هەر یەک لەو وشانە شتێکی جیاوازیان وەسف دەکرد دەربارەی، ئەمە لە کاتێکدا لە زمانی ئینگلیزی یەک وشە هەیە بۆ ‘بەفر’ بگەڕێتەوە، ئەویش بریتییە لە ‘snow’.

ئەم گریمانەیە دەکرێت بە دووجۆری دیکەوە:
A. جۆری بەهێزی LRH : بە پێی ئەم جۆرەیان زمان دەبێتە هۆی دیاریکردن و میکانیزمی هزر.
B. جۆری لاوازی LRH: بە گوێرەی ئەم جۆرەشیان زمان کاریگەری دەخاتە سەر هزر.
هەرچەندە وۆڕف و ساپیر توێژینەوەیان کرد و هەندێک ئاڕگیومێنتیان وەکو بەڵگە خستە بەردەست بەڵام ئەم گریمانەیە ڕەخنەی لێگیراوە. ڕاستە وۆڕف لە لێکۆڵینەوەکانیدا ئەوەی خستە بەردەست کە ئینویتەکان چەندەها وشە بۆ بەفر بەکاردەهێنن بەڵام ئینگلیزی قسەکەرەکان تەنها یەک، وەلێ ئەو وا لێکیدایەوە کە قسەکەرە ئینگلیزیەکان و ئینویتەکان بە جیاواز جیهان دەبینن. زمانەوانە ڕەخنە گرەکان ئەم پرێمسەی وۆڕفیان بە نادرووست لەقەڵەمدا، ئەوان دەڵێن ڕاستە کە چەند وشەیەک لە ئینویتدا بوونیان هەیە بۆ بەفر بەڵام ئەوە جیاوازی جیهان بینین دەرناخات، بەڵکو ئەوە بەهۆی جیاوازی ژینگەکەیانەوەیە، کە وایان لێدەکات چەند دەستەواژەیەک زیاتر دابهێنن تاوەکو باشتر خۆیان لەگەڵ ژینگەکەیاندا بگونجێنن.

2. ئەم گریمانەیەشیان پێچەوانەی ئەوەی یەکەمە، ئەم گریمانەیان پێی وایە کە هزر زمان دیاریدەکات و کاریگەری دەخاتە سەر؛ ئەم ڕایەش پەیوەستە بە دەروونناسی سویسرایی ‘ژان پیاژێ’. ئەو باوەڕی وەها بوو کە منداڵان بە کۆمەڵێک پڕۆسەی گەشەسەندنی درکپێکردندا (cognition) دەڕۆن، وە لە هەر قۆناغێکی گەشەسەندنەکەدا توانایەکی درک پێکردنی دیاریکراو بەدەستدەهێنن و منداڵەکە سکێماکانی* نوێدەکاتەوە. لەبەر ئەم هۆکارەش، ئەو پێی وابوو کە هزر کاریگەری دخاتە سەر زمان نەک بە پێچەوانەوە، بە واتایەکی دیکە ئەو هزرەی کە منداڵەکە هەیەتی بنچینەییە بۆ شێوەدان بە زمان. پیاژێت ڕوونیکردەوە کە لە یەکێک لە قۆناغەکان، منداڵان وشە بەکاردەهێنن بەڵام واتاکنیان بەتاڵە. بۆیە پێی وابوو کە دەبێت منداڵان سەرەتا کۆمەڵە چەمک و ئایدیایەک پەرەپێبدەن تاوەکو دواتر بە درووستی بدوێن. هەرچەندە پەیوەندیەکی بەرچاو هەیە لە نێوان درک پێکردن (cognition) و زمان بەڵام لە هەمان کاتتدا هەندێک لە توێژەران پەسەندی ڕاکانی پیاژێت ناکەن. بۆ نموونە لە کەیسی ‘لاورا’* زمانەوانێک بە ئەنجامی ئەوە گەیشتبوو کە هەرچەندە لاورا ئاستی زیرەکیەکی (IQ) گەلێ کەمی هەیە و کێشەی زۆری لەگەڵ توانستە درکپێکردنییەکانیدا هەبوو کەچی لە تاسکە سەربەکێشە زمانەوانییەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. ئەمەش زەنگی ئەوەی لێدا کە زمان و هزر دوو چەمکی جیاوازن لە یەکتر.

3. دیدێکی دیکە بۆ ڕوانین لە چارەنووسی نێوان هزر و زمان ئەوەیە کە لەلایەن زمانەوانی ڕووسی ‘لێڤ ڤیگتۆسکیەوە’ پێشکەشکراوە. ئەو باوەڕی وەها بوو کە هزر و زمان پێبەستوون بە یەکدیەوە ‘interdependent’، ڤیگتۆسکی لەوە وردبۆوە کە لە قۆناغەکانی سەرەتای وەدەستهێنانی زمان لە منداڵدا، هزر و زمان لە ڕەگی جیا دێن و سەربەخۆن، ئەو لای وا بوو کە هزری منداڵان سەرەتا لەشێوەی وێنەی ئەقڵیدایە و بیریان نازارەکیانەیە ‘non-Verbal’، وەلێ لە تەمەنی دوو ساڵیەوە، هزر و زمانی منداڵان دەست دەکەن بە پشتبەستن بە یەکتری هەتاکو تەمەنی حەوت ساڵان، لەو قۆناغەدا هەر یەکێکیان زیاتر پشت بەوەی تر دەبەستێت. ئەم تیۆرەی ڤیگتۆسکی چەند پاڵپشتیەکی زانستیانەی هەیە، وەک ئەوەی زمان یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ پەرەپێدانی توانستە کۆگنتڤییەکانی. بەڵام گەورەترین کێشەی ئەم تیۆرە ئەوەیە کە گەلێ سەختە مێتۆدەکانی ڤیگتۆسکی پێوانە بکەین، بە هۆکاری ئەوەی ئەم تیۆرە ڕووەو تەمومژی هەنگاو دەنێ دەربارەی ئەوەی ئایە ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی ‘social interaction’* چۆن چۆنی کار دەکاتە سەر وەدەستهێنانی زمانی یەکەم First language acquisition.
4. ئەم ڕوانگەیەشیان وابەستەیە بە تێزی زمانەوانی ئەمەریکی نۆوام چۆمسکییەوە. هزر و زمان لەلایە چۆمسکی دوو چارەنووسی جیاوازیان هەیە و لە بنەماوە بەیەکدی بەند نین، بەڵکو خاوەنی دوو ناسنامە و بوونی جودان. تیۆری چۆمسکی وا لە ئەقڵی مرۆڤ دەڕوانێ کە کۆمەڵە فاکەڵتییەکی مەعریفەیی هەیە، ئەم توانا مەعریفیانەش ڕەگێکی بایۆلۆژیانەیان هەیە. تێزەکەی چۆمسکی وەها بوو کە ئەم فاکەڵتیانە تەواو سەربەخۆن، بەڵام ئەوە نەبێ کە بەرامبەر بەیەکدی مات بن و لەگەڵ یەکدیدا کارلێک نەکەن. وە پێی وابوو کە کۆمەڵە ئەزموونێکی دیاریکراو، کاریگەری بەسەر فاکەڵتیەکی دیاریکراوەوە دەکەن، بە واتایەکی دیکە ئەو ئەزموونانەی کار لە فاکەڵتی زمان دەکەن مەرج نییە کار لە فاکەڵتی بیر بکەن. هەرچەندە تێزەکانی چۆمسکی لە کایەکانی زمانەوانیدا خۆی سەلماندووە و زمانەوانان بە بەردەوامی گوێی بۆ ڕادەگرن بەڵام لە بابەتی هزر و زماندا، زمانناسان تیۆریەکەی ڤیگتۆسکیان لەلا پەسندترە وەک لە هزری چۆمسکی بۆ چارەنووسی هزر لەگەڵ زار.

کامۆ ئاراز ئەحمەد

———————————-

پاشکۆ:
*سکێما (کۆ:سکێماتا) schema لە سایکۆلۆژی و زانستی درک پێکردن بریتییە لەو هزرەی یان ئەو کردارەی کە زانیارییەکان بە کەتێگۆری دەکات.

  • لاورا، کە ئاستی IQ نزیکەی 40 بوو ئەم کتێبەی لەسەر نووسراوە بۆ توێژینەوە لەسەر توانا زمانەوانی و کۆگنتڤییەکانی: https://mitpress.mit.edu/books/laura
    *Social interaction theory ئاوێتەبوونی کۆمەڵیەتی بریتییە لە تیۆرەکەیی لێڤ ڤیگتۆسکی.
    *فاکەڵتی faculty لە زمانەوانیدا توانستێکی ئەقڵی، ئێپێستێمیکە، وە فاکەڵتی زمان language faculty یاخود language moduleیشی پێدەگووترێت، ستراکتۆرێکی گریمانەبۆکراوە لە ئەقڵ و سیستەمی کۆگنتڤی مرۆڤ.



زمانی گەردوونی ئێسپێرانتۆ: کورتەیەک لە مێژوو و هزر … نووسینی: کامۆ ئاراز ئەحمەد

زمان خاسیەتێکی بایۆلۆژی ئاڵۆزی مرۆڤە. بە شێوەیەکی کلاسیکی و گشتی زمان وەکو کەرەستەیەکی پەیوەندی پێناسەکراوە، بەڵام باوکی زمانەوانی مۆدێرن ‘نۆوام چۆمسکی’ دیدەمانی بە تەواوەتی دەربارەی زمان سەراوژێرکرد، کاتێک مەبەستی پەیوەندی زمانی بە سەرەکی دانەنا، چونکە لای چۆمسکی ئەرکی سەرەکی زار بریتییە لە ڕێکخستنی هزری مرۆڤ، ئەمە واتای ئەوە نییە پەیوەندی کەم بایەخ بێت.

کۆمەڵە تایبەتمەندییەکی توانستی ئاخافتن کە لە ئاژەڵانمان جیادەکاتەوە، ڕێگەی پێداوین باشتر ژیانمان ڕابپەڕێنین. ئاژەڵان زیاتر لە ئێستاییدا پەیوەندی دەکەن، بۆ وێنە کاتێک ئاژەڵێک وا هەستدەکات مەترسی هێرشبردنی بۆ سەر هەیە، ئاماژەیەکی دڕندانە بەدیاردەخات، جا بە پێی جۆری ئاژەڵەکە، نینۆک یاخود ددانە تیژەکانی وەک ئاماژەی بەرگری و هێرشبردن نیشان دەدات، یانیش دەنگێكی ئاگادارکەرەوە لێی دەنگ دەداتەوە. بەڵام بە پێچەوانەی ئاژەڵانەوە، ئێمەی هۆمۆ سەیپیەنس دەتوانین باسی شتانێک بکەین کە ماوەیەکی دوورودرێژە ڕووی داوە، یاخود هێشتاکە ڕووینەداوە و لە داهاتوودا ڕوودەدات، یانیش لە تواناماندایە باسی شتانێك بکەین کە هەر بوونیان نییە لە جیهانی ڕاستیدا.

ئەو ڕۆڵانەی زمان بۆ ڕێکخستنی هزری مرۆڤ و بەتایبەتیش بەستنی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان بۆتێگەیشتنی هزری یەکتری، کەچی هەندێک جار تووشی کێشەی لێکتێنەگەیشتن دەبین بەهۆی بوونی چەندەها زمانی جیاواز، ئەوەش حاشاهەڵنەگرە کە زمان هەردەم لە گۆڕاندایە و بە پێی کات زمانەکان دەمرن، نۆژەن دەبنەوە و تەنانەت زمانی نوێ چاو بە دنیا هەڵدەهێنن. ئەم کارلێکە زمانەوانییە سرووشتیانە نابنە هۆی بەیەکگەیاندنی ژمارەیەکی بەرچاوی دانیشتوانی زەوی.

لە ساڵی ١٨٨٧ پزیشکێکی جوی پۆڵەندی بە ناوی ‘لودڤیک لایزە زامێنهۆف’ هەستا بە دانانی زمانێکی دەستکردی مرۆڤ بە ناوی ‘ئێسپێرانتۆ’ و داهێنانەکەی لە دووتوێی کتێبێک بە ناوی unua libro بە کوردی واتە ‘یەکەمین کتێب’ بڵاوکردەوە، نووسەر لەسەر کتێبەکە ناوی خۆی لە ژێر نازناوی ‘دکتۆر ئێسپێرانتۆ’ داتاشی، جێگەی سەرنجپێدانە کە وشەی ‘ئێسپێرانتۆ’ بە واتای ‘هیواخواز’ یان ‘هیوادار’ دێت. زامنهۆف چەند هۆکارێکی هەبوو بۆ درووستکردنی ئەو زمانە، ئامانجی سەرەکی ئەو بریتیبوو بۆ ئاشتی گەردوونی.

دکتۆر زامنهۆف پێیوابوو یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی ئاشتی لە نێوان نەتەوە جیاوازەکاندا بریتییە لە نەبوونی زمانێکی هاوبەش، یاخود لە یەکتر تێنەگەیشتن؛ کەرەستەیەکی سەرەکی لە پەیبردن بە هزری یەکتر و ئەوەی لە ناو کەلەسەرماندا هاتووچۆیەتی، زمانە.

زامنهۆف ویستی زمانێک بونیادبنێت کە ئاسان بێت و مرۆڤ بە خێرایی و بێ کێشەی بەرچاوی زمانەوانی فێریببێت. چونکە بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەراربکەیت لە نێوان ئەو ژمارە زۆرەی مرۆڤ، پێویستە دڵنیابیت کە زمانەکە دەگات بە زۆرترین کەس لە چینی جیاواز لە تەواوی جیهان.

زمانی ئێسپێرانتۆ هەندێکجار پێشی دەگوترێت auxiliary language واتە زمانی یاریدەدەر، چونکە زمانی ئێسپێرانتۆ جیا بۆ مەبەستی ئاشتی، زمانێکی گەلێ سوودبەخشیشە بۆ ئابووری، بڵاوکردنەوەی زانیاری، و لێکتێگەیشتنی نێوان تاکە جیاوازەکان. زامنهۆف لە ‘یەکەمین کتێب’ەکەیدا سێ ئامانجی سەرەکی بۆ زمانی ئێسپێرانتۆ نووسیبوو، بەڵام دواتر بۆ حەوت خاڵ درێژدەکردرێتەوە لەلایەن بزووتنەوەی ئێسپێرانتۆ لە مانفێستۆی پراگی ئێسپێرانتۆ. بەهەرحاڵ، سێ نیازەکەی زامنهۆف بۆ زمانەکەی بریتیبوون لە:

1. ئاسانکردنی فێربوونی زمان بە ڕادەیەک کە فێرخواز بۆی وەکو یاریەکی بێ ماندووبوون بێت.
2. پێدانی توانای بەژداریپێکردنی زانیاری فێرخواز لەگەڵ تاکی هەر نەتەوەیەک؛ بێگوێدانە ئەوەی زمانەکە لەسەر ئاستی گەردوونی پەسند کراوبێت. بە واتایەکی دیکە، ئێسپێرانتۆ ئامرازێکی ئاڵوگۆڕی دووانی جیهانییە.
3. دۆزینەوە و خێرا ڕەتکردنەوەی ئەو کەمترخەمییە سرووشتیانەی مرۆڤایەتی. وە بەکارهێنانەی زمانەکە بەشێوەیەکی بەرفراوان وەکو زمانێکی زیندوو.

مەبەست لە خوڵقاندنی ئێسپێرانتۆ جێگە لەقکردن نەبوو بۆ زمانەکانی دیکە، بەڵکو مەبەستی سەرەکی زامنهۆف وابوو کە زمانەکەی ببێتە زمانی دووەمی هەر تاکێکی سەر ڕووی زەوی، چونکە پێیوابوو کە زۆربەی کێشەکانی مرۆڤایەتی چارەسەر دەکات، لە گیروگرفتە گەورەکانی مرۆڤایەتییەوە، کێشەی ڕەگەزپەرستی و نەتەوەیی وەک نموونە، بۆ کێشە خوددیەکان، بۆ وێنە بڕوا بەخۆنەبوون لە فێربوونی زمانی دووەم. زمانەکەی زامنهۆف بۆ بڵاوکردنەوەی زانست و مەعریفە و ئاسانکاری ئابووریش گرنگە.

لە ساڵی ١٩٩٦ لە شاری پڕاگی کۆماری چیک، ڕەشنووسی مانیفێستۆی بزووتنەوەی ئێسپێرانتۆ خرایە ڕوو، کە خۆی لە حەوت بنەمای سەرەکی دەبینیەوە، بنەماکان بریتیبوون لەم خاڵانە:

1. دیموکراسیەت: لەم خاڵە بزووتنەوەکە پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە نایەکسانیبوونی زمان کۆمۆنیکاسیۆنێکی نایەکسان بەرهەم دەهێنێت لە هەموو ئاستەکان، تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش. بۆیە ئەمان خۆیان بە بزوتنەوەیەک ناوزەند کرد کە گرنگی بە دیموکراتیزەکردنی پەیوەندی دەدەن.
2. پەروەردەی جیهانی: لەم خاڵە ڕایانگەیاند کە زمانی هەر نەژادێک بەندە بە کلتور و لایەنەکانی دیکەی وەک جیۆگرافی و ڕامیاری و، هتد. بۆیە بزووتنەوەی ئێسپێرانتۆ خۆی بە بەستنەوەی نەژاد و ئیتنیکێکی دیاریکراوەوە بێبەری کرد و ئاستی جیهانبینیان بە نێودەوڵەتیبوون ناساند.
3. پێداگۆگی چالاک: بزووتنەوەکە پێی وایە کە تەنها ژمارەیەکی کەم لە فێرخوازانی زمانی دووەم دەتوانن بگەنە ئاستێکی باڵا، بەڵام خوێندنی ئێسپێرانتۆ ئاسانە کە هەموو کەسێک دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا دەسەڵاتی زمانەوانی زاڵبێت بەسەر زمانەکە، بۆیەش بزووتنەوەکە پێداگربوو کە زمانی ئێسپێرانتۆ کارایە بۆ بەرەوپێشبردنی توانای پەروەردەیی فێرخوازانی زمانی دووەم.
4. مەڵتایلینگواڵیزم (فرەزمانخوازی): زۆرینەی قسەکەرانی زمانی ئێسپێرانتۆ خاوەنی دووزمان یان زیاترن، بەمەش ئێسپێرانتۆ بە نزیکەیی تاکە کۆمەڵەی جیهانە کە تاکەکانی هۆگری زیاد لە زمانێک بن و فرەزمانخوازبن. بزووتنەوەکە پێی وایە پێویستە قسەکەرانی هەر زمانێک هەلی ئەویان بۆ بڕەخسێندرێ کە فێری زمانی دووەم ببن تاوەکو ئاستێکی ئاڵوگۆڕی گفتوگۆی باڵا.
5. مافە زمانەوانییەکان: بزووتنەوەی زمانی ئێسپێرانتۆ پێداگرە لە پاراستنی هەر زمانێک، چ قسەکەرانی زۆر بن یاوخود کەم، چ زمانی فەرمی بن یاخود بە پێچەوانەوە. ئامانجیان بریتییە لە پاراستنی مافی زمانەوانی زمانەکان و دژی پێشێلکاری نەژادین دژی زمانێکی دیاریکراو.
6. هەمەجۆری زمانەوانی: ئیدانەی هەموو سیاسەتێکی لەناوبردنی زمانێکی دیاریکراویان کرد، چونکە ئەمان لایان وایە پاراستنی هەمەجۆری زمان دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی مرۆڤایەتی و جیهانییە. بۆیە لایان وایە کە هەموو زمانێک دەبێت جێگەی ڕێز، داکۆکی و پشتگیریکردن بێت.
7. ڕزگارکردنی مرۆڤ: ئێسپێرانتیستەکان لە مانفێستۆیەکەیاندا پێیان وابوو کە زمان پاردۆکسێکە لە نێوان ئازادکردن و بەدیلگرتنی بەکارهێنەرانیدا، بۆ نموونە کاتێک تۆ بە زمانێکی دیاریکراو قسە دەکەیت هێزێکی زۆرت پێدەبەخشێت لە پەیوەندیکردن بە تاکەکانی تری ناو کۆمەڵگاکەت، بەڵام لە هەمان کاتتدا وەکو زیندانیکردنێک وایە ئەو دەمەی قسەکەری زمانێک دەیەوێت کارلێک لەگەڵ قسەکەری زمانێکی دیکەدا بکات؛ کۆمۆنیکاسیۆن پەکیدەکەوێت.

بۆیە ئیسپیرانتیستەکان خۆیان بە ڕزگارکەران لە قەڵەم دەدەن، زمانەکەیان بەشێوەیەک دیزاینکراوە کە بەربەستەکانی پەیوەندی نەهێڵێت، ڕەگیش دابوکتێت لە کلتوری ناوچەیەکی دیاریکراو بەڵام نەبێتە بەندەی نەژادەکە، بەم شێوازە مرۆڤایەتی چتر وابەستەی سنوورە دیاریکراوە زمانییەکان نابێت.

لە مانیفێستۆکەدا بە چڕی دیارە کە ئێسپێرانتۆ ئایدیۆلۆژیایەک نییە زمانێک وەکو زارێکی پیرۆز بسەپێنێت، وەکو ڕۆمانی جۆرج ئۆروێڵ نییە، زمانی Newspeak تاکە زمان و کەرەستەی ڕێکخستنی هزری ئۆسیانیا بێت و بۆ سوودی لایەنێکی دیاریکراو بەگەڕبخرێت. زمانەکەی زامنهۆف دەرە-ئایدیۆلۆژیایە، وە زمانێکە پێویستی بەوە نییە خزمەتیبکرێت و پیرۆزەبکرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوەیە زمانێکە بۆ خزمەتکردنی مرۆڤایەتییە و هەوڵێکە بۆ ڕزگارکردنی هۆمۆ سەیپییەنسەکان لەو تەنگەژانەی لە سەر هەسارەی زەوی درووستیانکردووە.

زمانی ئێسپێرانتۆ بە سەرکەوتووترین زمانی درووستکراو دادەنرێت، زمانەکە دوو ملیۆن قسەکەری هەیە، لەگەڵ هەزار بۆ دوو هەزار کەس کە زمانەکە ئاخافتنی ڕەسەنیانە، واتە لە منداڵیەوە وەکو زمانی سەرەکی فێریبوون. لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە ئێسپێرانتۆ یەکێکە لە زمانە فەرمییەکان لە پاڵ زمانە سرووشتییەکانی ترەوە.
زمانی ئێسپێرانتۆ بە ڕادەیەک تەشەنەی سەند، کە ئێستا ئێسپێرانتیستەکان خاوەنی جۆرە کلتورێکی جیهانین، خاوەنی وێژەی ڕەسەنن. چەندان پەڕتووک و ڕۆمان هەیە لەسەرەتاوە بە زمانەکە نووسراون، زمانێکە دەتوانرێت هۆنراوە و ڕۆمان و شانۆگەی پێبنووسرێت. زمانێکە گۆرانی پێدەوترێت. واتە زمانێکە لە ئاستی زمانە سرووشتییەکاندا، تەنها ئەوەنەبێ زمانێکە زۆر ئاسانە بۆ فێربوون، وە سوودی گەلێ زیاتر بۆ گەیشتن بە خەونی مرۆڤگەرایی گەردوونی.

بەداخەوە ئەو خاڵانەی ئێسپێرانتۆ وەکو ئەوەی زامنهۆف و بزووتنەوەکە لە سەرەتای درووستبوونی زمانەکەوە هیوایان بۆ دەخواست نەهاتەجێ بە تەواوی. وەلێ، هێشتاکە ساڵانە کۆنفرانسی ئێسپێرانتۆ دەبەسترێت و تاکی زیاتریش هەوڵی فێربوونی دەدەن، جا تەنها لەبەر ئەوەی حەزیان لە فێربوونی زمانێکی نوێ و سەرنجڕاکێشە، یاخود هۆگری ئاشتی و لێکتێگەیشتنی گەردوونین.