پەیجی سێبەر، دەنگی ڕاستەقینە و ئاوێنەی ڕوونی نەستی خاوەنەکەیەتی.. کارا فاتیح

دیاردەی پەیجی سێبەر و سەکۆی ناڕەسمی لە دنیای سیاسەت و میدیای ئەمڕۆ و سۆسیالمیدیای کوردیش دا بووەتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ گوزارشتکردن لەو بۆچوون و پەیامانەی، لە چوارچێوەی فەرمی و میدیای یاسایی و پەیج و ئەکاونتی ڕاستەقینە دا ناگوترێن و بڵاو ناکرێنەوە، هەر بۆیە زۆر جار کاتێک حیزب یان لایەن و کەسایەتییەک، سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەم پەیجانە ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبنەوە، زۆر بەئاسانی و بێکێشە خۆیان لێ بێبەری دەکەن و بەوە خۆیان دەپەڕێننەوە، گوایە ئەمە گوزارشت لە بۆچوونی فەرمیی ئەوان ناکات و نازانرێت کێین ئەوانە، یان دەڵێن ئەوانە تەنها هەوڵێکی خۆبەخشانە یان ناڕەسمیین، بەڵام حەقیقەتەکە ئەوەیە، ئەم پەیجانە وێنەیەکی یەکجار ڕاستگۆتر و ڕوونتری ناوەوەی ئەو لایەنانە دەنوێنن، چونکە لە پشت پەردەی بێناوییەوە کار دەکەن و هیچ کۆتوبەندێکی دیپلۆماسی یان سیاسی یان هەستڕاگرتنی بەرانبەر نایانوەستێنێت. ئەم جۆرە میدیایە دەتوانرێت وەک ئاوێنەی حەقیقیی نەستی لایەنەکان سەیر بکرێت، چونکە لێرە دا چیتر پێویست بە ڕەچاوکردنی ڕێکەوتنە سیاسییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و دڵنەواییی لایەنی بەرانبەر ناکات، بەڵکوو ئەوەی لە قووڵاییی بیرکردنەوە و ستراتیژی ڕاستەقینەی لایەنی خاوەن ئەو میدیا دا هەیە بە بێ سانسۆر و بەوپەڕی ئازادییەوە بڵاو دەکرێتەوە، وەک دەڵێن ئەو پەیجانە قسەی دڵی ئەوان دەکەن و ئارەزوەکانیان تێر دەکەن و دڵیان بە قسە و ناوزڕاندن و حەیابردنی نەیارانیان ئاو دەخواتەوە. ئەم پەیجانە هیچ حیسابێک بۆ لێکەوتە یاسایییەکان یان تێکچوونی پێوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و تەنانەت زیانی تیرۆری مەعنەوی و فیزیکییش ناکەن، لەبەر ئەوە دەبنە زمانحاڵێکی ڕاستەقینە، هەموو ئەو ڕقوکینە یان جێنیو و بوختان و پلان و نیەتە شاراوانە هەڵدەڕێژن، کە میدیای فەرمی بە هۆی “ئیتیتکێتی سیاسی و ڕۆژنامەوانی” یان ترسی بەرپرسیارێتیی یاسایی، یان بۆ خۆپاراستن لە هێرشی پێچەوانە و هاوشێوە ناتوانێت دەستیان بۆ ببات، هەر بۆیە سڵنەکردنەوە لە دروستکردنی کێشە و شکاندنی سنوورەکان تا دەگات بە تیرۆر و تێکدانی ئاساییشی کۆمەڵایەتی و دەروونی و سیاسی، لەم پەیجانە دا باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی، ئەوەی دەگوترێت تەنها ڕایەکی شەخسی یان بۆچوونی کۆمەڵێک نەخۆشی بێئیلتیزامی نابەرپرس نییە، بەڵکوو گوزارشتێکی ڕاست و وردە لەو ئاراستە فیکری و دەروونییەی، کە لایەنەکان لە ژوورە تاریکەکان دا باسی دەکەن و لێرە دا بە بێ ماسک دەردەکەوێت و خۆی کەشف دەکات.
ئەم پەیجە سێبەرانە کاتێک بە ئازادیی ڕەها و بەوپەڕی موڕتاحی پەخش دەکەن، چیتر تەنها لە چوارچێوەی گەیاندنی پەیامی سیاسی و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی دا ناوەستن و حساب بۆ یاسا ناکەن، بەڵکوو پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی نزمترین ئاستی زمان و بڵاوکردنەوەی جنێوی بازاڕی و هەڵبەستنی بوختانی بێبنەما و حەیابەرە بۆ هەر کەس و لایەنێک کە بەدڵیان نەبێ و پێچەوانەی ویستی ئەوان بیر بکاتەوە. ئەوان بێ هیچ سڵەمینەوەیەک و بەوپەڕی بێباکییەوە دەست بۆ شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەکان و تەنانەت تێکدانی ناوبانگی خێزانەکان و تۆمەتی ئەخلاقییش دەبەن، چونکە دەزانن لە پشت پەردەی بێناوییەوە پارێزراون و هیچ بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی یان یاسایییان ناکەوێتە ئەستۆ. ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن کە پڕە لە ناوزڕاندن و تانەدان لە شەرەف و کەرامەتی کەسایەتییەکان، دەری دەخات کە ئامانجی سەرەکییان تەنها گەیاندنی بیرۆکەیەک نییە، بەڵکوو تیرۆری مەعنەویی بەرانبەرە بە هەر نرخێک بێت. سڵنەکردنەوە لەم جۆرە کارە نزم و ناشرینانە و بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و بوختان، لە ڕاستی دا ڕەنگدانەوەی ئەو عەقڵیەت و پانتایییە تاریکەیە، کە لە ناخی خاوەنەکانیان دا هەیە و لە ڕێی ئەم سەکۆیانەوە هەموو ئەو گرێ دەروونی و بوغز و ڕقە شاراوانە بەتاڵ دەکەنەوە، کە ناتوانن لە ڕێی میدیایەکی یاسایی و فەرمییەوە دەری ببڕن، بەمەیش دەبنە مەترسیدارترین ئامراز بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و لەناوبردنی کەسێتی.
لەم پەیج و ئەکاونتە سێبەرانە دا، ئاستی ئازادیی دەربڕین دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە بێسەروبەریی ڕەها، کە تێیدا هەموو سنوورە ئەخلاقی و مرۆیییەکان دەبەزێنرێن، بە جۆرێک جنێودان و بەکارهێنانی وشەی ناشرین دەبێتە ئامرازێکی ئاسایی بۆ هێرشکردنە سەر نەیارەکان و ناوزڕاندنیان. سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە فەرمییەکان، دەبێ ئەو ڕاستییە تاڵە بگوترێت، بێدەنگی یان تەنها لێدوانێکی شەرمنانە بۆ بێبەریبوونیان لەم پەیجە سێبەرانە، چیتر لە بەردەم ویژدانی گشتی و لۆژیکی سیاسی دا جێگەی نابێتەوە. ناکرێت حیزب و کەسایەتییەکان تەنها بە گوتنی “ئەمە هیی ئێمە نییە” خۆیان لە ژێر باری ئەو هەموو جنێو و ناوزڕاندن و بوختانە بدزنەوە، چونکە ئەگەر بەڕاستی ئەم سەکۆیانە تەعبیر لە ئەخلاقی سیاسی و ناواخنی ئەوان ناکەن، ئەوا دەبێت بکەونە شەڕێکی ڕاستەقینە و بێوچان لەگەڵیان دا، جگە لە سەرکۆنە و ڕەخنەگرتن لێیان، هەوڵی دۆزینەوە و سزادانیان بدەن. بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و یاسایی لایەنەکان لەوە دا کورت دەبێتەوە، ئەگەر دژی ئەو بێسەروبەرییە میدیاییەن، بفەرموون بە ئاشکرا دژایەتییان بکەن، هەوڵی دۆزینەوەی سەرچاوەکانیان بدەن و ڕێگری لەو پاشاگەردانییە بگرن کە هەموو پێوەر و بەها و پیرۆزییەکان دەبەزێنێت. پێویستە ئەم لایەنانە بەردەوام و بێپسانەوە لە میدیا فەرمییەکانیانەوە جەخت بکەنەوە، ئەم زمانە نزمە و ئەم بوختانانە نەک هەر گوزارشت لەوان ناکات، بەڵکوو بە کردەوەیش هەوڵی کۆتاییپێهێنانی بدەن، چونکە ئەگەر ئەمڕۆ ئەم پەیجانە کەرامەتی نەیارەکانیان پێ دەشکێنن و دڵخۆشییان دەکەن، دەبێت ئەوە باش بزانن کە ئەم ئاگرە لە کۆتایی دا هەموو کایەکان دەسووتێنێت و هیچ کەس لە مەترسییەکانی پارێزراو نابێت. بێدەنگیی سیاسی لە ئاست ئەم پەتایە، جۆرێکە لە ڕەزامەندیی شاراوە، ئەگەر لایەنێک بە ڕاستگۆیی دەیەوێت بیسەلمێنێت، کە ئاستی بیرکردنەوەی لە ئاستی ئەو پەیجانە دا نییە، دەبێت ئەوە ڕابگەیەنێت کە کاری ئەم سێبەرە تاریکانە نەک هەر خزمەت بەوان ناکات، بەڵکوو تیرۆرکردنی ئاساییشی دەروونیی کۆمەڵگەیە و مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی هەموان، چونکە کاتێک ژینگەی سیاسی دەبێتە مەیدانی بوختان و جنێو، چیتر هیچ ڕێکەوتن و بەهایەک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی پشتی پێ ببەسترێت.
تا کەی لایەنە سیاسییەکان ئامادە نیین بەڕاستی دەستبەرداری ئەم “سوپا سێبەرە” ببن؟ کە نابن، هەر ئەمەیشە ناهێڵێت کایەی سیاسی و میدیایی لەم دۆخە نالەبارە ڕزگاری بێت، چونکە کاتێک بەرژەوەندییە کاتییەکان دەخرێنە پێش بەها ئەخلاقییەکان، “پەیجی سێبەر” لە قێزەونییەوە بۆیان دەبێتە پێویستییەکی ستراتیژی. لایەنەکان ئامادە نین دەستبەرداری ئەم چەکە ببن، چونکە پەیجی سێبەر کارێک بۆ حیزب دەکات، کە میدیای فەرمی ناتوانێت بیکات؛ ئەویش تێکشکاندنی کەسایەتیی نەیارەکانە بێ ئەوەی حیزبەکە هیچ باجێکی سیاسی یان یاسایی بدات. ئەمە جۆرێکە لە تیرۆر، کە تێیدا لایەنەکان لە پشت ماسکی بێدەنگییەوە چێژ لەو سووکایەتییانە دەبینن، کە ئاڕاستەی بەرانبەر دەکرێت، لە کاتێک دا لە کۆبوونەوە فەرمییەکان دا بە ڕووخسارێکی دیپلۆماسییەوە باس لە پێکەوەژیان و پێویستیی جیاوازی و ئازادیی بیروڕا دەکەن.
ئەم دووڕوویییە نیشانەی ئەوەیە، لایەنەکان نەک هەر نایانەوێت ئەو پەیجانە دابخەن، بەڵکوو زۆر جار بە بودجەی گەورە و سوپایەکی ئەلیکترۆنیی ڕێکخراو پەرەیان پێ دەدەن، چونکە لای ئەوان سەرکەوتن بە سەر نەیار دا، لە پاراستنی ئاستی فیکری و ئەخلاقیی کۆمەڵگە گرنگترە. کاتێک لایەنێک ئامادە نییە بە ڕاستی شەڕی ئەو زمانە نزمە بکات، واتای ئەوەیە کە ئەو زمانە بەشێکە لە ستراتیژی مانەوەی خۆی، ئەمەیش مەترسیدارترین جۆری داڕمانە، چونکە کاتێک سیاسەت لە ململانێی فیکرییەوە دەبێتە ململانێی بوختان و جنێو، ئیتر چاوەڕوانی چاکسازی و گۆڕانکاری لە عەقڵیەتێکی وا دا تەنها خەیاڵە. لایەنەکان بەم کارەیان ژینگەیەکی وایان خوڵقاندوە، ئەوەی دەمرێ ڕاستگۆیییە و ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها جەنگێکی دەروونیی بەردەوامە، کە تێیدا هەموان دۆڕاون، چونکە لە کۆتایی دا ئەو کینە و بوختانانەی دەچێنرێن، دەبنە میراتێکی ژەهراوی بۆ نەوەکانی داهاتوو و هیچ دیوارێکی پارێزبەندی بۆ کەرامەتی مرۆڤەکان ناهێڵنەوە.

کارا فاتیح




ناساندێکی کورتی کتێبی (تۆفانی چاو)

پەندێکی کۆنی میسری هەیە دەڵێت: (گرفتێکی زۆر گەورەیە، لە ناخەوە باوەڕت وا بێت، هەموو ئەوەی بە سەرت دێن، بە هۆی چاوی پیسەوەیە، بەڵام هەرگیز نەزانی کە کەرێتیی خۆت سەبەبکارە.) ئەم پەندەی میسرییەکان جەخت لە گرینگیی فەلسەفەی بەرپرسیارێتی دەکاتەوە. ئەوەی گرینگە بۆ مرۆڤ ئەوەیە کە پێویستە لە ئاست کارەکانی دا بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت، بە شێوەیەکی عەقڵانی شکستەکان بۆ هۆکارەکان بگەڕێنێتەوە و هەرگیز خۆی وەک هۆکاری سەرەکی یان بەشێک لە هۆکارەکان نەدزێتەوە، هەمیشە مرۆڤێکی بەپاساو نەبێت بۆ هەموو کەوتنێک، یان خێرا بیانووی حازربەدەستی پێ نەبێت بۆ هەموو ئەنجامێکی خراپ و نەخوازراو و بەمە بەرپرسیارێتی لە شانی خۆی نەتەکێنێت، هەمیشە خەڵکی تر نەکاتە هۆکاری دۆڕان و سەرنەکەوتنی، چونکە تا مرۆڤ بەو شێوەیە بیر بکاتەوە، گۆڕانکاریی ئەرێنی لە ژیانی دا ڕوو نادات و نایەوێت ڕوو بدات.
(تۆفانی چاو) ناونیشانی کتێبێکی سێ بەرگییە، کە بریتییە لە توێژینەوەیەكی فرەڕەهەند لە سەر ئاماژە و نیگا جیاجیاكانی چاو. ئەمەی ئێستا چاپ بووە بریتییە لە بەرگی یەکەم لە ژێر ناوی (مرۆڤ و چاوپیسی) کە بە سەر چەند ناونیشانێکی جیاواز، بەڵام پەیوەست بە یەک لە حەوت بەش دا دەکرێینەوە، تێکڕای ناونیشانەکان دەیانەوێ بە دەوری ئەو بابەتە دا بسووڕێنەوە، کە ئاخۆ مرۆڤ چی لە چاوپیسی داوە و چۆن ئەمەی داهێناوە و باوەڕی پێ هێناوە، یاخود ئەم بابەتە بۆچی و چۆن سەری هەڵداوە و بڵاو بووەتەوە و درێژ بووەتەوە و چیرۆکەکانی بەردەوام بوون و لە مێژەوە تا ئەم سەردەمە هاتوون و پێ دەچێت بەردەوامیش بن.
کورتەی پلانی کتێبەکە
بە کورتی لە بەشی یەکەم دا، پرسیاری چاوە پیسەكان بۆ؟ بەشێنەیی دەمانخاتە بەر هۆی هەڵبژاردنی ئەم بابەتە و دەروازەیەكمان بۆ ئەو مەبەستە کردوەتەوە، لەم دەروازەیە دا ڕەخنە لەو ناوەندە ڕۆشنبیرییە گیراوە كە ئەم جۆرە باسانەی خستوەتە پەراوێزەوە و ئەو هۆكارانە ڕوون كراوەتەوە كە بۆچی نووسەران و توێژەرانی كورد بە شێوەیەكی جیدی و ئەكادیمی و زانستی بایەخ بەم جۆرە توێژینەوانە نادەن و خۆیان لە قەرەی باسكردن لەم جۆرە دیاردانە نەداوە و نادەن.
لە بەشی دوەم دا گێڕانەوەیەکی مێژوویی دەخەینە ڕوو، لەم گێڕانەوەیە دا ئاماژە بە بۆچوونی پەیامبەرێک و فەیلەسووفێک دەکەین، بە گەڕانەوە بۆ بۆچوونی ئەم دوانە هەوڵ دراوە ئاشنایەتییەک بە بۆچوونی ئایینی و فەلسەفی لە سەر دیاردەی چاوپیسی دروست بکرێت.
لە بەشی سێیەمیش دا ئاماژە بە تێڕوانینى خەڵكى ئەمڕۆ دەکەین لە بارەی ئەم دیاردەیە و تێی دا سێ کۆمەڵەمان جیا کردوەتەوە.
لە بەشی چوارەم دا لە ژێر ناوی چاوپیسى و دیدگاى ڕۆشنبیران، باسمان لە تێڕوانین و هەڵوێستی ڕۆشنبیران و خوێندەواران کردوە لە بارەی چاوپیسییەوە، لەم بەشە دا ڕەخنە لەو دیدگا نازانستی و سەرپێییانە گیراوە كە هەندێ لە ڕۆشنبیران و نووسەران لە چیرۆك و سەرگوزەشتە و نووسینە ڕۆژنامەیییە جۆراوجۆرەكانیان باسیان لە دیاردەی چاوپیسی كردوە.
لە بەشی پێنجەم دا چاوپیسى و دەرکەوتنی وەک باوەڕێک لە ئەدەبی کوردی دا بووەتە بابەتی توێژینەوەکە و چەندین تێکستمان لە ئەدەبی کوردی دا هەڵداوەتەوە و بوونی ئەم باوەڕەمان دۆزیوەتەوە.
لە بەشی شەشەمیش دا باسمان لە چاوپیسى و لێكدانەوەكانى خەڵكانى ئاسایی کردوە و ئەو تێڕوانینە سادە و ساكار و نازانستییانەی خەڵكی ئاسایی لە سەر دیاردەی چاوپیسی هەیانە، خراوەتە ڕوو، دواتر لێكدانەوە بۆ هۆكاری سەرهەڵدانیان كراوە، بۆ بەشی حەوتەمیش وەکوو دوایین بەشی ئەم بەرگەی کتێبەکە، دواین قسە و کۆمەڵێک پرسیارمان لە سەر ئەم بابەتە خستووەتە ڕوو، بە چەند پرسیارێك هەوڵ دراوە پێوەندییەك لە نێوان ئەم بەشە و بەشەكانی داهاتوو دا ببەسترێت، ئەویش بۆ تیشك خستنە سەر لایەنە ناڕوون و نادیارەكانی ئەم بەشە لە سەر دیاردەی چاوپیسی. پاش ئەویش پوختە و ئەنجامی بەرهەمهاتووی ئەم بەرگەمان نووسیوە و ئینجا سەرچاوەكانمان داناوە.

گرینگیی توێژینەوەکە

ئەم بابەتە کەموزۆر و بە پێی دۆخی ژیان و ئەو دەورووبەرەی مرۆڤ تێی دا دەژی، گرینگیی خۆی هەیە و لای خەڵکێکی زۆر بە هەند وەرگیراوە، ئەگەر پێشتر چیرۆکەکانی لە ناو میللەتان دا دەماودەمیان دەکرد و بڵاو دەبوونەوە و بەبایەخەوە وەردەگیران، ئەمڕۆ لەوەیش زێدەتر تێ پەڕیوە و ئەو شەپۆلە هۆشیارییەی لە پشتییەوە ڕێنماییکارانی گەشەپێدانی مرۆیی بە کتێب و نامیلکە و هۆکارەکانی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو خۆراکی پێ دەدەن، لە سۆسیالمیدیا و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێت، بەردەوام بابەتی ئامۆژگاریی ئەوە پەخش و بڵاو دەکەنەوە: هەموو کات دوعا بکە، نهێنیی خۆشەبەختیت بە چواردەورت مەڵێ، باسی پارە و سامانت مەکە، وێنەی منداڵەکەت و خۆشگوزەرانیت مەخەرە بەر چاو، با کەس نەزانێت چۆن دەژیت و …هتد.
نووسەری مەغریبی (ئەلئەخ ڕەشید) ئامارێکی بڵاو کردوەتەوە و دەڵێت:
(سەنتەری بیۆ بۆ توێژینەوە، ئامارێكی سەبارەت بە باوەڕبوون بە جادوو لە وڵاتانی ئیسلامیی بڵاو کردوەتەوە، لە توونس لە سەدا هەشتاونۆی بەشداربوانی ئامارەکە باوەڕیان پێی بووە، لە مەغریبیش لە سەدا حەفتاوهەشت بووە، بۆ پرسی بڕوابوون بە چاوپیسی و ئێرەیی لە توونس لە سەدا نەوەت بوو، مەغریبیەكان لە سەدا هەشتا بڕوایان بە چاوی پیس هەبووە.) هەروەها نووسەر جارێکی تر لەو کتێبە دەڵێت (لە جیهانی ئیسلام دا باوەڕبوون بە چاوی پیس و جادوو كێشەیەكە لای خەڵكی و بووەتە هۆی نەمانی متمانەی نێوانیان، خەڵکێکی زۆر بڕوای وایە دراوسێكانیان هۆكاری ئەوەن کە ژنیان بۆ نایەت و ئەوان جادوویان لێ كردوون، بەشێکی زۆر كچان دەڵێن جادوو هۆكاری شوونەكردن و شكستیانە لە پێوەندیی ژن و مێردایەتی یان سۆزدارییان.) ئەمانەمان تەنها وەک خاڵێکی گرینگ خستە ڕوو، دەنا لە توێژینەوەکە دا ئاماژە بە چەند خاڵێکی تری گرینگ کراوە.

هێڵە فکرییەکانی کتێبەکە لە چەند بۆچوونێکی خێرا دا
١- ئەگەر هیچ زانیارییەکمان لە بارەی شتێکەوە نەبێ، بە دڵنیایی زۆر زەحمەتە ئەوەی دەیڵێین ڕاستی بپێکێت یان بتوانین خۆمان لە هەڵە لا بدەین، بۆیە بەر لە هەر شتێک پێویستە ئەوە ڕابگەین کە زانیاریمان لە سەر ئەو بابەتە نییە، ئینجا هەوڵ بدەین تەندروستانە بیر لە بابەتەکە بکەینەوە، بۆ ئەوەی بابەتەکە لە کەشێکی ناڕەخنەیی و وەک ڕاستیی ڕەها دەرنەکەوێت، ئێمە کە تەنها بە زانیارییە پێشینەیییەکان و بڕیاری پێشوەخت لە شتەکان دەدوێین، دەبێ بزانین ئەوە تەنها هەستکردنەوە بە بوونی ئەو دیاردانە نەک بیرکردنەوە لێیان.
٢- ئەوە ئێمە نیین تەنها کە سەیری دیاردەکان دەکەین و دەخوازین بیریان لێ بکەینەوە و بڕیاریان لە بارەوە بدەین، بەڵکوو ئێمە خۆیشمان لە ناو دیاردەکان داین، بۆیە بیرکردنەوە لێیان، واتە بیرکردنەوە لە خۆیشمان. بیرکردنەوەیش لە خۆمان ئیمکانی گۆڕینی جیهان باشتر دەکات. ئەو دیاردەیەی لێرە دا لێی دەدوێین تەنها بابەتێک نییە بۆ بیرکردنەوە و گۆڕینی سەنگ و فۆڕمەکەی، بەڵکوو بەر لەوە ئەو بابەتە خۆی کاریگەریی لە سەرمان هەبووە و نیگای گۆڕیوین. ئەوە تەنها ئێمە نیین بایەخ بە دیاردەکان دەدەین، بەڵكوو ئەوە ئەوانیش فیشار لە بینین و ڕوانینمان دەکەن.
٣- ڕەنگە هۆکاری ئەوەی کە ناتوانین تەندروستانە و جیدی بیر لە دیاردەیەک بکەینەوە، ئەوە بێت کە هێندە لەو دیاردەیەوە نزیکین کە ئێمە لە ناوی دا تواوینەتەوە، یان هێندە نزیکین کە ئیتر هەستی پێ ناکەین، ئەم هەستپێنەکردنە هەستی ئاشنایەتیی تەواوەتییە کە کردوویەتی بە بەشێک لە خۆمان و ئیتر بۆ ئێمە شتێکی نامۆ نییە، کە نامۆ نییە واتە سەرساممان ناکات و شتێکی تێ دا نییە تووشی شۆکمان بکات و ڕامان بچەڵکێنێت، کە ئەوەیش نەبوو ئەوا ئەو بابەتە بەتەواوی بۆمان جێگەی بایەخ و گرینگیدان نابێت و پرسیاری لە بارەوە ناکەین، هەر وەک چۆن مرۆڤ پرسیار لە بارەی زۆر ئاشناکانی خۆیەوە ناکات.

کتێبی (تۆفانی چاو) توێژینەوەیەكی فرەڕەهەند لە سەر ئاماژە و نیگا جیاجیاكانی چاو، زنجیرەی ١٠٥ی کتێبە چاپکراوەکانی ناوەندنی کولتوورە بۆ چالاکیی ئەدەبیی و فەرهەنگی لە شاری هەولێر و بەپشتیوانیی د.هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی، ساڵی ٢٠٢٥ کە دووتوێی ٣٢٧ لاپەڕەی قەبارە مامناوەند دا چاپ کراوە.




جاران … کارا فاتح

ئەگەر نۆستالیژیا (nostalgia) حەسرەت و ئاه بێت بۆ ڕابردوو، بیرکردن و سۆزگەرمی بێت بۆ شوێن و کاتی تێپەڕیو و جێهێڵراو و یادی کەسانێک و شێوە ژیانێک بێت کە لەگەڵیاندا بووین و ئێستا بە جێمان هێشتبن، ئەی دەبێت یاد و بیرکردن و سۆزگەرمی و حەسرەت، کە ببێتە بڕیاری موتڵەق و حوکمی ڕەهای هەموو سەردەمەکان و دووبارەکردنەوەی هەمان شێوە بیرکردنەوە لە هەموو سەردەمەکاندا ناو بنێین چی، ئایا دەکرێت ئەمەیش هەر نۆستالیژیا بێت؟
شەوێکی ساڵی ١٩٨٤ یان ١٩٨٥ـە، بە کۆمەڵ دانیشتووین بە دیار یەکێ لە تەمسیلییەکانی حاجی مەکییەوە، ئەکتەرێکی تێدایە، ناوی شێخ سمایلە، وەک ناڕەزایییەک لە بەرانبەر کچە وریا و سەرکێشەکەی، حیوارێکی هەیە دەڵێ: (جا ئەولای ئەم زەمانە کوا حساب بۆ باوک دەکەن.) ئەکتەرێکی تریشی تێدایە پێم وایە (سەڵاح مەجید)ـی هونەرمەندی گۆرانیبێژە، دەوری کوڕێکی هەژاری هەیە، ناڕەزایی لە دەست ئەو بارودۆخە دەردەبڕێ، کە لەبەر ئەوەی کوڕی پیاوێکی هەژارە، ناتوانێت وەک کوڕێکی ئاسایی، خۆشەویستی بکات و کچێکی دڵخوازی خۆی هەڵببژێرێت، لەم ڕۆژانەیشدا ئەکاونتێکی فەیسبوک (هونەری عەرەبی- Hwnari Arabi) حیوارێکی فیلمی (الهروب) دەهێنێتەوە یادمان، کە بەرهەمی ساڵی ١٩٨٨ـە و (ئەحمەد زەکی) ڕۆڵی سەرەکیی تێدا دەبینێت، حیوارەکە ئەمەیە: )دنیا گۆڕاوە مونتەسیر، ئێستا پارە هەموو شتێکە.( لە سەرەتای ساڵانی نەوەت و تا ئەم چەند ساڵەی دوایییش، کە بەشێکی زۆری شیعری کلاسیکی کورد (نالی و مەحوی و…)ـم، خوێندەوە، تا شاعیرانی نەوەکانی دواتر و تا سەر شێرکۆ بێکەس و هاوشان خوێندینەوەی بەشێکی زۆری شیعر و ئەدەبیاتی عیرفانی بە تایبەت (مەولانا و حافز) لە ناو ئەم ئەدەبیاتەدا ئەوە دەبینی، ئەوەی جاران هەبوو ئێستا نەماوە و ئەوەی پێشتر جوان بوو، ئێستا جوانیی نەماوە، ئێستا هیچ شتێ بەهای نییە، تەنانەت خواداناسییش وەک جاران نەماوە و حوجرە و خانەقاکان گەرموگوڕیی پێشتریان لە دەست داوە و وەک ئەوسا ئاوەدان نیین…
سەرنج دەدەم تەمسیلێکی حاجی مەکی کە ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوو بەرهەم هاتوە، من لە ساڵانی هەشتادا بینیومە، باس لەوە دەکات هیچ شتێک بەهای نەماوە و هەموو شت بوە بە پارە، فیلمێکی میسرییش کە لە کۆتاییی ساڵانی هەشتا بەرهەم هاتوە، دەڵی هەموو شت بوە بە پارە، لە ساڵانی نەوەتی دوای ڕاپەڕینیش کە خوێندکاری ئامادەیی بووم، بیرم ماوە مامۆستایەک دەیگوت، هەموو شتێك ئازادی نییە، ساڵانی هەشتا ئەوەی گرینگ بوو، ئەوە بوو کە ئەخلاق و دۆستایەتی و وەفا هەبوون، بەڵام ئێستا نەماون، لە دوای ساڵانی دووهەزاریش بە هەمان شێوە جەخت لەوە دەکرێتەوە، کە ساڵانی نەوەت، ئەخلاق و دۆستایەتی و وەفا هەبوون، بەڵام ئێستا نەماون. بە کورتی بەهادارکردنی زەمەنێک لە کاتێکدا کە تێیدا ژیاوین، نەک ئەو بەهایەی نەبوە، بگرە بێ بەهایش کراوە، کەچی لە زەمەنێکی تردا دێت بەهای پێ دەداتەوە و ئەم جارە ناشرینییەکانی لە یاد دەکات و دەیکاتە سەرچاوەی جوانی، ئەم دید و بیرکردنەوەیە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا زۆر بەربڵاوە، زۆرن ئەوانەی پێیان وایە پێوەندیی کۆمەڵایەتیی جاران و هەموو مەراسیم و بۆنەکان تامۆبۆی تایبەت و خۆشیان هەبوو، لەززەت و نەشئەیان بە مرۆڤ دەبەخشی، تاکەکانی کۆمەڵ ڕێزیان لە یەک دەگرت و لە ئاست یەکدا فیداکارییان دەنواند، ڕۆحی لێبوردەیی و بەتەنگەوەهاتن و پەرۆشی بۆ یەک و گیانی هاوکاریی لای خەڵك جێگەی ستاییش بوو، ئەم شێوە ڕوانینە درێژ دەبێتەوە و لە هۆشیاریی نووسەر و هونەرمەندانیشدا ڕەنگ دەداتەوە، سەردەمی زێڕینی شانۆی کوردی، قۆناغی درەوشانەوەی ئەدەبی کوردی، مێژووی گەشاوەی گۆرانیی ڕەسەن، سەردەمی زێڕینی چالاکیی خوێندنەوە و کۆڕ و سیمینار، ئەو کۆمەڵە دەستەواژە و دروشمانەن کە هونەرمەندان و نووسەران بێتوانایی و لاوازیی خۆیانیان لە ئێستادا پێ دادەپۆشن.
گومانی تێدا نییە کە سەردەم و شێوەی ژیان و ئەو کەرەستانەی مرۆڤ بە کاریان دەهێنێت، گۆڕاون و تەنانەت زۆر لە پیشە و سەرچاوەکانی داهاتی مرۆڤیش یان وەک خۆیان نەماون، یان هەر نەماون و هیی نوێ پەیدا بوون، بەڵام ئەوەی کە گۆڕانی ئەوتۆی بە سەردا نەهاتوە، ئەو شێوە ڕوانینەی مرۆڤ بە تایبەت مرۆڤی کوردە، گەر چی مێژوو دەخوێنێتەوە یان دەبیستێ پڕ لە جەنگ و شەڕی جۆراوجۆر، بەڵام ئەو سەردەمانە بە ئارام و ئێستا بە ئاشووب و ئاژاوە ناو دەبا، گەر چی لانی کەم دەزانێ ئایینەکەی نەفرەت لە درۆ و دزی و دووڕووی و فتنەیی و ستەم دەکات، ئەوەیش بەڵگەی بوونی هەموو ئەو شتانەیە، کەچی مرۆڤی سەردەمانی پێشتر بە پاک و هیی ئێستا بە ناشیرین و قێزەون دەزانێ، ئەحمەد هەردی زیاتر لە نیو سەدەیە دەڵێ، دڵداری بۆ کوڕی خاوەن تەلار و عانەیە، تەمسیلییەک حاجی مەکییش پێش زیاتر لە ٤٠ ساڵ هەمان پەیامی دەدات، کەچی ئێستا هەزار جار دەبیستین، ئەمڕۆ خۆشەویستیی ڕاستەقینە نەماوە و جاران هەبوو.
دەکرێت کێشەی ئەم جۆرە ڕوانینە بە سەر چەند خاڵێکدا دابەش دەکەین، ئەگەر چی لە ڕاستیدا هەموویان لە یەک خاڵیدا چڕ دەکرێنەوە:

١- ئەم شێوە ڕوانینە تەواو عاتیفییە، بە ئەندازەیەک عاتیفییە کە چوەتە سنووری ناواقیعی و ناعەقڵانیبوونەوە.
٢- هێزی بینینی کورت و لێڵ و ناڕۆشنە، توانای بینینی هەموو ڕەهەندەکانی ڕابردووی نییە و ناتوانێت وەک خۆی کاری لەگەڵدا بکات.
٣- ئەم شێوە ڕوانینە مێژوو وەک هێڵێکی ڕاست کە لە ڕابردوەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ئێستا و دواتر داهاتوو بەرهەم دەهێنێت، هەرگیز نابینێت.
٤- کێشەی ئەم دیدە ئەوەیە، گەر بیەوێ سەیری داهاتوو بکات، تەنها مەرگی خۆی دێتە بەرچاو، چونکە هیچ پلان و خەون و ستراتیژێکی نییە، بۆیە ناچارە بەردەوام ئاوڕ بۆ ڕابردوو بداتەوە، ئەویش نەک ئاوڕ بە مانای خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن و بینینی ڕەهەندەکانی ئەو زمەنە، بەڵکوو ئاوڕێک کە هەمووی فرمێسک بێت بۆ زەمەنێک کە لە دەست چوە، بۆ ساتێک کە هەمووی شیرین بوە.
مرۆڤی سەردەم و کوردیش وەک ئەو، گرێدراوە بە کۆمەڵێک کێشەی نوێ و گەمارۆ دراو بە ئامێر و تەکنەلۆژیا، هاوکات تەماع و پێشبڕکێکانی سەرمایەداری تەوقی ئەم مرۆڤەیان داوە، کە بۆ بیرکردنەوە و تێگەییشتن لێی پێویستمان بە فیکر و فەلسەفەی نوێ و مۆدێرن هەیە، ئەوەی کە نامانگەیەنێتە هیچ و دەمانخاتەوە سەر کوێرەڕێیەک، ئاوڕدانەوەی سۆزاوی و فرمێسکاوییە بۆ ئەوەی شوێنەی کە پێی دەڵێن: جاران.




هەواڵی ناڕاستی مردن، وەک بەڵگەی زیندوێتی … کارا فاتیح

لەم ماوەیەدا بەخێرایی هەواڵ مردنی (کەمال مەزهەر،
عەبدولڵا پەشێو، ئیسماعیل خورماڵی و عومەری کەریم ئاغا… هتد) بڵاو بوەوە، خەڵکێکی
زۆر بە دوایدا کەوتنە سەرەخۆشی و ناردنی پرسەنامە، بە ماوەیەکی کەم دواتر، ناڕاستیی
هەواڵەکان سەلمێنرا و بە درۆ خرانەوە، بێ گومان ئەمە یەکەم جار نییە ئەم جۆرە هەواڵانە
بڵاو دەکرێنەوە و پێشتر چەندین جار هەواڵی مردنی کەریم کابان، پێش ئەوەی کۆچی دوایی
بکات، بڵاو کرایەوە…

زوو زوو لە پانتاییی کۆمەڵایەتی و لە سەر ڕووبەری
سۆشیال میدیا و میدیا ڕەسمییەکانیش، هەواڵی مەرگی کەسێک بڵاو دەکرێتەوە، بێ ئەوەی هیچ
بنەمایەکی هەبێت، یان لە سەرچاوەیەکی ڕاستەوە ئەو هەواڵە گەییشتبێت، کەچی زۆر خێرا
بڵاو دەبێتەوە و کەسانێک هێندە تامەزرۆی ئەم جۆرە هەواڵانەن، کە خێرا هەستی خۆیان دەردەبڕن
و دەکەونە ناردنی پرسەنامە و داڕشتنی پەخشانی غەمگین… لە ماوەی ڕابردوویشدا یەک بە
دوای یەک هەواڵی مەرگی چەندین نووسەر و کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هونەرمەند و…
هتد بڵاو کرایەوە، کە پاش بڵاوبوونەوەی بە خێرایی، ئینجا بە ڕوونکردنەوە ناڕاستی و
بێبنەماییی ئەم هەواڵانە ڕاگەیەنرا و هەوڵی ڕەواندنەوەی کاریگەریی ئەو هەواڵانە درا
و یەک یەک ئەوانەی ئەم هەواڵانەیان بڵاو کردبوەوە، پۆزشی خۆیان ڕاگەیاند و لەگەڵیدا
خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ناڕاستیی هەواڵەکە و نەمردنی کەسەکە دەربڕی.

بەدڵنیایییەوە، پێش دەرکەوتنی سۆشیال میدیا و تەنانەت
دەرکەوتنی بەربڵاوی ڕاگەیاندنیش، لە پانتاییی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کۆمەڵگای کوردیدا،
ئەم جۆرە دەنگۆ ناڕاستانە وەک بروسکە بڵاو بوونەوە و هەواڵی ناڕاست و درۆ و بەتایبەت
هەواڵی مردنی ئەموئەو تا ڕادەیەک هەبوە و تا ئاستێکیش بەربڵاو بوە، بەڵام ئەمڕۆ بە
هۆی بەربڵاویی سۆشیال میدیا و ئاسانبوونی هۆیەکانی پێوەندی، ئەم جۆرە هەواڵانە خێراتر
بڵاو دەبنەوە و لە چەند چرکەیەکدا دەگەنە هەموو شوێنێک و هەموو سنوورێک دەبڕن. ئەوەی
گرینگە لێرەدا بیکەینە پرسیار:

١- ئەم جۆرە هەواڵانە
لە چ سەرچاوەیەکەوە دێن، ئەو سەرچاوانە کە دەزانن هەواڵەکانیان بێ بنەمان، چۆن دەتوانن
خۆیان وەک سەرچاوە و کانگەی هەواڵ بهێڵنەوە و باکیان لەوە نەبێت، هەواڵی مەرگی خەڵک
بە درۆوە بڵاو دەکەنەوە.

٢- ئەو سەرچاوانە
لەبەر چی ئەو کارانە دەکەن و چ قازانجێک لەم پڕوپاگەندانە دەکەن و برەویان پێ دەدەن؟

٣- خەڵکانێک کە هیچ
نازانن دەربارەی ڕاستی و دروستیی هەواڵەکە و بێ ئاگان لە سەرچاوەکەی، بۆ ئەوەندە بە
پەرۆشن و خێرا ئەو جۆرە هەواڵانە بڵاو بکەنەوە؟

٣- ئەو پەرۆشی و مەیلە
لە چییەوە هاتوە کەسانێک، زۆر بەزوویی ئامادەی سەرخۆشی و ناردنی پرسەنامە و ماتەمگێڕین
و بێ ئەوەی لە ڕاستیی هەواڵەکە دڵنیا بن، شیوەن و دەگێڕن و خێرا پەخشان و داڕشتنی غەمگین
و شینگێڕانیان بۆ دێ و پەخشی دەکەن؟

بە پێویستی نازانین یەک یەک وەڵامی ئەم پرسیارانە
بدەینەوە، یان هەوڵ بدەین شرۆڤەیان بکەین و لە هۆکاری سەرهەڵدانیان بکۆڵێنەوە، ئەگەر
چی گرینگە، بەڵام بە پێویست نازانینەکەی ئێمە لێرە بۆ کەمیی دەرفەت دەگەڕێتەوە، بۆیە
هەوڵ دەدەین بە گشتی شرۆڤەی کورتی حاڵەتەکە بکەین و لە ناو ئەو شرۆڤە کورتەوە بۆ وەڵامەکان
بگەڕێین.

ڕاگەیاندنی هەواڵی مەرگی کەسێک، تەنها هەواڵی مەرگی
ئەو کەسە نییە، بەڵکوو لەگەڵیدا ڕستەیەکی نەگوتراو هەیە کە دەڵێت، ئەو مردوە، بەڵام
من و تۆ ئەوانی تر زیندووین، کە دەڵێن ئەو مردوە، ناڕاستەوخۆ دەڵێن ئێمە نەمردوون و
زیندووین، بۆیە تامەزۆییی مرۆڤی کورد بۆ ڕاگەیاندنی ئەم جۆرە هەواڵانە، ئەگەر چی جەرگیشی
ئازار بدەن و بە غەمگینییەوە ڕای بگەیەنێت، لەوێوە دێت کە بە شێوەیەک لە شێوەکان جەخت
لە زیندوێتیی خۆی بکاتەوە و بڵێت من نەمردووم.

لە سەر ئاستی نەتەوەیش، کورد ساڵانێکە لەو وەهمەدا
دەژی، کە هەڕەشەی لەناوچوونی لە سەرە، دوژمنەکانی دەیانەوێت لە ناوی ببەن و وەک نەتەوە
بیتوێننەوە، بۆیە هەموو هەوڵ و هێزێکی لە سەر ئاستی سیاسی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی بۆ
ئەوەیە، کە بیسەلمێنێت کورد و زیندوە و نامرێت و هەوڵی دوژمنانی بۆ لەناوبردنی بێهوودەیە،
بڕوانە سروودە نیشتمانییەکەی کورد (کەس نەڵێی کورد مردوە، کورد زیندوە…) هەموو هەوڵێکی
کورد بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە زیندوە و نەتواوەتەوە، لە ڕاستیدا ئەم دۆخە، کورد دەخاتە
پێش مێژوو، ئەم نەتەوەیە هێشتا لە ناو میژوودا نییە، توانای خۆسەلماندنی نییە، لە هاوکێشە
سیاسییەکانی دونیادا، دەستی نییە و تەنها بە کار دەهێنرێت، لە پانتیاییی شارستانیەت
و زانست و پێشکەوتنیشدا، هیچ پێگە و قورسایییەکی نییە و جێی باس نییە، چونکە ئەو هێشتا
لە قۆناغی سەلماندنی بوونی خۆی وەک نەتەوەیەک دایە، کە نەمردوە و زیندوە، هەوڵی کورد
بۆ سەلماندنی ژیانە، نەک پرۆسەی ژیان خۆی و داهێنان و کێبەرکێ لەو پرۆسەیەدا.

زۆربەی شتەکان پێناسەی خۆیان لە دژەکەیانەوە وەردەگرن:
سارد، گەرم… ڕووناک، تاریک…. غەمگین، دڵخۆش، مردن، ژیان… بۆ ئەوەی بە باشی لە
جەمسەرێکی ئەو شتانە تێ بگەین، لە بەرانبەر جەمسەرەکەی تر ڕای دەگرین و جۆرێک تێگەییشتنی
پێ دروست دەکەین، بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاستی مردنی کەسێک لەوێوە دێت، تا هەواڵگەیێن
بەڵگەی زیندوێتیی خۆی بسلەمێنێت و بڵێ کە من نەمردووم… بەڵام هەواڵی ناڕاستی مردن،
بەڵگەی بەهێزی زیندوێتی نییە و هەواڵنێر و بڵاوکار و پەخشکار نەکاتە کەس یان دەزگا
و ئۆرگانێکی زیندووی چالاکی و بەڕاستیی سیفەتی مردووی تێدا نەبێت، بەڵکوو بەڵگەیە لە
سەر مردنی واتاییی خۆی، مردنێک بە مانای ئەوەی کە هیچ ڕۆڵێکی ئەکتیڤ و دا‌هێنەرانەیان
لە ژیاندا نییە و هەموو ئەو کەس و دەزگا و ئۆرگانانە مردوون، لێرەوە بۆ تۆڵە و حەسوودی
لەوەی کە نەڵێن خۆی مردوە، هەواڵی مردنی ئەوانە بڵاو دەکاتەوە، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان
یان لە بوارێک لە بوارەکاندا چالاکن و ناودارن و دەنگیان هەیە، بێ هۆ نییە هەموو ئەوانەی
هەواڵی ناڕاستی مەرگیان بڵاو دەکرێتەوە، کەسانی خاوەن پێگەیەکی هونەری یان ئەدەبی یان
سیاسی یان ڕۆشنبیری یان کایەکی تری دیارن.

پەیج و سایتێکی مردوو، بۆ ئەوەی ئینکاری لە مردوویی
خۆی بکات، دێت هەواڵی ناڕاستی مەرگی کەسێک بڵاو دەکاتەوە، هونەرمەندێک یان نووسەر و
سیاسییەک بۆ ئەوەی باوەڕ بەوە نەهێنێت، کە خۆی وەک هونەرمەند و ڕۆشنبیر و سیاسی…هتد،
نەک مردوە، بگرە هەرگیز زیندوویش نەبوە، خێرا بە پرسەنامەی پڕ ڕیا و غەمگینیی ساختە
هەواڵی مردنی یەکێک بڵاو دەکاتەوە، کە هیچ بنەمایەکی نییە… هەموو ئەوانەی مەستی ڕاگەیاندنی
هەواڵی مەرگی ئەوی ترن، هەرگیز نایانەوێت، یان خۆیان گێل دەکەن لەوەی، کە دەمێکە کاس
بوو بە بۆنی کەلاکی خۆیان و لە مردوویەک زیاتر هیچی تر نیین.




سوێندخواردنی بەرپرسان … کارا فاتح

کە نیەت دەبێتە ڕێوڕەسم، ئیتر سوێند نابێتە هێزی مەعنەوی

سوێند هێزێکی مەعنەوییە لە نێوان کەسی سوێندخۆر و کەس یان بابەتی سوێندپێخورادا، ئەم هێزە مەعنەوییە وا دەکات ئەو شتەی ئەو دوو لایەنە لە سەری ڕێکەوتوون، یان ڕاستتر کە لایەنی یەکەم پەیمانی لە سەر دەدات، پارێزراو بێت و کەسی سوێندخۆر لێی لا نەدا: خودا، پەیامی ئایینەکان، نیشتمان، هەر بابەتێکی تری پیرۆز دەکرێت ببێتە بابەتی سوێندپێخوراو، لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتییش سەر و چاوی گەورە و ئازیزان و گۆڕی مردوان و تەڵاق و شەرەف ونامووس و هتد، بوونەتە بابەتی سوێندپێخواردن..

سوێندخواردنی بەرپرسان لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدایە؟ سوێندخواردنی بەرپرسان بۆ ڕازیکردنی دڵی زۆرترین کەس، هەم بە خودایە و هەم بە نیشتمان، هەر لە یەکەم لەحزەوە ئەم سوێندە لەو باوەڕە ئایینییە هەڵدەگەڕێتەوە، کە پەیامبەری موسوڵمان گوتوویەتی [مَنْ حَلَفَ بِغَيرِ اللهِ فَقَدْ كَفَرَ أو أشْرَكَ… رواه الترمذي.واتە: هەر كەسێك سوێند بە جگە لە خوا بخوات، ئەوا بەدڵنيايییەوە كوفرى كردوە، یان هاوبەشى بۆ خودا داناوە.] هەروەها ئەو ڕایەڵەی بەرپرسی سوێندخۆر بە نیشتمان و خاک و میللەت و هەر بابەتێکی تری ناسیۆنالیستییەوە دەبەستێتەوە، توانای دروستکردنی ئەو هێزە مەعنەوییەی نییە، چونکە بەرپرس لێرە، پرس و بابەتگەلی نیشتمان و خاک و میللەت و ئاو و ئاڵا و ئەم شتانە نەیهێناون و تێكۆشان لە پێناو ئەمانەدا، ئەم بەرپرسانەی دروست نەکردوە، تا وەفا و پەیمان و چاکەدانەوە و هەر شتێكی تری لەم بابەتانە وجوودی هەبێت، ئاڵوگۆڕێکی ئیقلیمی و جیهانی ئەم بەرپرسانەی هێناوە، بۆیە هیچ پێوەندییەکی مەعنەوییان بە خاک و میللەت و نیشتمان.. هتد، ییەوە نییە.

سوێندخواردن پەیامێکە بڕێکی زۆر نهێنیی هەڵگرتوە، ئەم نهێنییەیش لە نیەتدا چەسپاوە، واتە ئەوە نیەتە ئەم نهێنییە دەپارێزێ و هەڵی دەگرێ و دەیگەیەنێتە جێ، بەڵام کە سوێندخواردن بوو بە ڕێوڕەسم، هەموو سیفەتێکی نهێنیی خۆی دەدۆڕێنێت، هەر لەم ڕێوڕەسمەیشەوە نیەت دەبێتە عەرز و نماییش، کە سوێندخواردن بوو بە ڕێوڕەسم، ڕێگەکانی پەیمانبردنەسەر و پەیمانشکاندن، وەفا و بێوەفایی، درۆ و ڕاستگۆیی تێکەڵ و شوێنگۆڕکێ دەکەن، ئەوەی تۆ بە خراپەی دەزانیت، ئەو بە چاکەی دەزانێت، ئەوەی لای ئەو ڕاستگۆیییە لا زۆری تر بێبەڵێنییە، دین خۆیشی ئەم مەسەلەیە نەرم دەکاتەوە، بۆ بەرپرس و کاربەدەست و دەستڕۆیشتووی ئەمڕۆ سزاکە شتێکی ئەوتۆ نییە و لە حاڵەتی پابەند نەبوون بە سوێندەوە هێندە سزای بۆ دانەنراوە، لە قورئاندا هاتوە: { فَكَفَّارَتُهُ إِطْعَامُ عَشَرَةِ مَسَاكِينَ مِنْ أَوْسَطِ مَا تُطْعِمُونَ أَهْلِيكُمْ أَوْ كِسْوَتُهُمْ أَوْ تَحْرِيرُ رَقَبَةٍ فَمَن لَّمْ يَجِدْ فَصِيَامُ ثَلاَثَةِ أَيَّامٍ ذَلِكَ كَفَّارَةُ أَيْمَانِكُمْ إِذَا حَلَفْتُمْ وَاحْفَظُواْ أَيْمَانَكُمْ كَذَلِكَ يُبَيِّنُ اللّهُ لَكُمْ آيَاتِهِ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ [المائد:89.] واتا: که‌فاره‌تی ئه‌و جۆره‌ سوێندانه،‌ نان و خۆراکدانه‌ به‌ ١٠ که‌سی هه‌ژار به‌ شێوه‌یەکی مام ناوه‌ندی، که‌ بۆ منداڵ خێزانتان سه‌رفی ده‌که‌ن، یاخود پۆشته‌کردنیان یاخود ئازادکردنی به‌نده‌یه‌ک، ئه‌گه‌ر توانای ئه‌ویشتان نه‌بوو، با سێ ڕۆژ به‌ڕۆژوو بێت، ئه‌مه‌ که‌فاره‌تی سوێنده‌کانتانه‌ کاتێک سوێند ده‌خۆن و نایبه‌نه‌ سه‌ر، جا ده‌توانن سوێنده‌کانتان ببپارێزن و نه‌یانشکێنن، ئا به‌و شێوه‌یە خودا ئایه‌ته‌کانی خۆیتان بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سوپاسگوزاری بکه‌ن .

سوێند کە ڕەهەندێکی دینیی هەیە، بۆ بەرپرس و دەسەڵاتدار هێندە قورس نییە:
١- تێرکردنی ١٠ هه‌ژار له‌ خواردنێکی ئاسایی که‌ منداڵ و خێزانی خۆتی پێ تێر دەکەیت هێندە گران نییە، نەک دە هەژار بەڵکوو ئەو وا دەزانێت هەموو وڵات لە سایەی ئەمەوە سکیان تێر دەکەن.
٢- پۆشته‌کردنی ١٠ هه‌ژار، بە جلوبه‌رگێکی ئاسایی هێندە زۆری تێ ناچێ بۆ ئەو، مەگەر ئەو نییە بە دەوری خۆیەوە سەدان و بگرە هەزاران خزمەتی دەکەن، ئەویش نان و ئاو و بەرگیان بۆ دابین دەکات.
٣- ئازادکردنی به‌نده‌یه‌ک، مەگەر ئەو نییە خۆی بە خاوەنی ئازادکردنی کوردستان و پاراستنی دەزانێت؟
٤- خۆ ئەگەر هیچ یەک لەم خاڵانە نەکرا، ئەوا کەفالەتی سوێند دەکرێت سێ ڕۆژ بەڕۆژووبوون بێت.
دین زیاتر ئەم بابەتە نەرم دەکاتەوە، پەیامبەری موسوڵمان ئەم جارە دەڵێت: [من حلف على يمين فرأى غيرها خيراً منها، فليكفر عن يمينه، وليأت الذي هو خير.” رواه مسلم.] واته، هه‌ر که‌سێک له ‌ئێوه‌ سوێندی خوارد و پاشان زانیی که‌ خێرتر هه‌یه‌ له‌وه‌ی که‌ سوێندی له ‌سه‌ر خواردوه‌، ئه‌وا با ڕوو بکاته‌ ئه‌وه‌ی که‌ خێره‌ و که‌فاره‌تی سوێنده‌که‌ی بدات.

لەمەوە تێ دەگەین، شکاندنی سوێند، نەک بۆ نێچیرڤان بەرزانی و مەسروور و قوباد و یووسف و هەڤاڵ و عەلی حەمەساڵح… هتد، هێندە گرنگ و جێی باس نییە، بەڵکوو مەلا عوزێر و حاجی کاروان و عەبدوللـەتیف سەلەفی و عەلی باپیر و سۆران عومەر… هتد، دەتوانن وەک ئاو و دۆ سوێند بخۆن و پابەندیش نەبن، دەتوانن دەست بە قورئانیشدا بدەن و گەڕیش نەبن، ئەوە تەنها لە نەستی عەوامی موسوڵماندا هەیە، لەبەر ئەوەی تەڵاقێک کەوتوەتە سەر زاری، لە ژنەکەی جیا دەکەنەوە، وا دەزانێ ئەوەی سوێندێکی خوارد و درۆی کرد، سوێند دەیگرێ و تۆڵەی لێ دەسەنرێ…

ئەم باسە بۆ ئەوە نییە تا بە لامانەوە ئاسایی بێت، سوێند بخۆین و پابەند نەبین، بەڵکوو بۆ ئەوەیە لەو توڕەهاتە تێ بگەین کە ناوی مەراسیمی سوێندخواردنی بەرپرسانە.
سوێند کاتێ هێزێکی مەعنەوی دروست دەکات، کە دەبێتە نیەت، نیەتیش پێویستە لە پشتییەوە ئیرادە هەبێت بۆ جێبەجێکردنی، ئیرادە بۆ ئەوان هێزی یاسایە لە سەروویانەوە، کە ئێستا ئەو هێزەی یاسا نییە، بۆ ئێمەیش ئیرادە، هێز و هۆشیارییە، ئەوە هێزی ئیرادە و هۆشیارییە کە دەتوانێت پابەندمان بکات بە سوێندەوە…
نەبوونی یاسا لە سەروو بەرپرس و دەسەڵاتدارانەوە، نەبوونی هێزی ئیرادە و هۆشیارییش بۆ ئێمە، هەمیشە سوێند دەکاتە ڕۆتین و بابەتێک کە پێشێلکردن و بەدرۆخواردنی کارێکی ئاسایی و سادە بێت.




ئاخ! لە فایەق بێكەسەوە تا سەر جەلال تاڵەبانی … کارا فاتیح

نەوشیروان مستەفا لە یەكێك لە نووسینەكانیدا دەڵێت: (لەو سەردەمەدا كە ئێمە بە دڵی شــكاو و دەروونی بــریندارەوە بـاسی ئەوەمان ئــەكرد، چـــۆن هەوڵی ئــازادكردنی هەڵەبجە، بـوو بە كارەساتێكی ئینسانی، ئــاغای تاڵەبانی بێ هیچ سڵەمینەوەیەك ئــەیـــوت: كیمیابارانی هەڵەبجە مەسەلەی كوردی بــردە ناو مەیــدانی نێودەوڵەتییەوە… ئــــــاخ! بـــــۆ دوو سێ هەڵەبجەی تـــر.)
بێگومان (ئاخ! بـــــۆ دوو سێ هەڵەبجەی تـــر!) خۆزگەخواستنە بۆ ڕوودانی كارەساتێكی تر لە شێوەی كیمیاییبارانی هەڵەبجە، ئەمەیش لەو بڕوایەوە بوە كە بە هۆی كیمیاییبارانی هەڵەبجەوە، كێشەی كورد بە دونیا ناسراوە و ئەمیش وەك نوێنەری ئەم كێشەیە دەناسرێت و مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و حسابی بۆ دەكرێت.
لە لایەكی ترەوە و لە سەردەمێكی تردا، گۆرانی شاعیر كاتێك قەسیدەیەك بۆ مەرگی هیوای كوڕی دەنووسێت و ئەم قەسیدەیە پیشانی فایەق بێكەسی شاعیر دەدات، بێكەس هێندەی بە لاوە جوان دەبێت و دەكەوێتە ژێر كاریگەریی ئەو شیعرەوە، كە دەمودەست و بێ سڵەمینەوە بە گۆران دەڵێت، خۆزگە كوڕەكەی تریشت دەمرد تا قەسیدەیەكی تری ئا وا جوان و نایاب بنووسیت.
ئەم دیدەی تاڵەبانی و بێكەس، بە جیاوازیی سیاقی هەر دووكیان و بە جیاوازیی قوربانییەكانی، دوو دیدی نزیك یەك و تەنانەت لە جەوهەردا كۆپیی یەكترن، ئەو لە سیاسەتدا دەیەوێت كاراكتەری سیاسیی خۆی بە هۆی كیمیاییبارانی هەڵەبجە بەهێز بكات و لە هاوكێشە سیاسییەكانی پەیوەست بە كورد ڕۆڵی هەبێت یان بخوێنرێتەوە، ئەوی تریشیان لە ئەدەبدا دەیەوێت كاریگەریی مەرگی ڕۆڵەكەی بكاتە هەوێنی شیعری غەمگین و كاریگەر و توانایی و لێهاتوویی خۆی لە شیعردا بسەلمێنێت و خوێنەرانی بە هەست و وێنەی شیعری و دەربڕینەكانی سەرسام و داگیر بكات.

ئەم دوو دیدە لە سیاسەت و لە ئەدەبدا، لە ڕواڵەتدا كەمێك جیاواز دەردەكەون، بەڵام لە ناوەڕۆكدا نزیكن لە یەكەوە، لێرەدا خاڵە لەیەكچوەكان دیاری دەكەین، ئەو خاڵانەیش كە وەك جیاوازیی دەردەكەون هەر دەخەینە بەرچاو و پیشانی دەدەین كە ئەوانیش سەرەنجام دەچنەوە سەر یەك كۆتایی:

١- بەزەیی: سیاسەتمەدار لە كاتی كاركردن لە پرسە تراژیدییەكان و تاوانە گەورەكاندا لە سەر ئاستی دەرەوە بۆ ڕاكێشانی سۆز و بەزەیی ئەوانی تر كار دەكات، بەمەیش تاوان لە كارێكی سیاسییەوە بۆ مرۆیی دەگۆڕن، زۆر جار بە ناوی كاری مرۆیی و خێرخوازی و گۆڕینی پرسی قوربانییان بۆ بابەتی داواكاریی ڕزگاركردن و ژیانی شاییستە، پرسی تاوان و كۆمەڵكوژی لە سیاسەت دەخرێت، لە سیاسەتخستنی هەر شتێك خۆی لە خۆیدا سیاسەتێكی ئەو سیاسییانەیە كە خۆیان لە بەرپرسیارێتیی دەدزنەوە و ئەستۆی خۆیان لە هەموو گوناه و تاوانێك پاك دەكەنەوە و پرسەكە بە لاڕێدا دەبەن و هەندێ جاریش بازرگانیی پێوە دەكەن و دۆخێك دروست دەكەن، كە كەس ئارەزوو و ئومێدی بە كاركردن نەبێت تێیدا.
ئەدیبیش لە بەردەم كارەساتە شەخسییەكانیدا كە ئامانجی بە پلەی یەكەم جوڵاندنی هەستوسۆز و، دروستكردنی بەزەیی بوو لای ئەوانی تر، ئیتر ئەم كارە بە كەوتنی ڕۆڵی فیكر و هۆشیاری تەواو دەبێت، شكستی عەقڵ لە بەردەم سۆزدا لە پێناو زۆرترین كاریگەری و مسۆگەركردنی زۆرترین ڕێژەی وەرگردایە.

٢- هێشتنەوەی ئازار: كاركردنی ساسەتمەداری لە سەر كارەسات و كۆمەڵكوژی و تراژیدیاكان، هەمیشە بۆ هێشتنەوەی ئەو زامانەی ڕووداوەكان و ناسۆری كارەساتەكانە تا بۆ هەمیشە و بۆ مەودایەكی دوور، ئامانجە تایبەتەكانیان بەم هۆیەوە وەك خۆی بمێنێتەوە، ئەم سیاسەتەیش بە ئاراستەی چەقین و خولانەوە و كۆتایی نەهاتنی كارەساتەكان كار دەكات و باكی بە كولانەوەی هەمیشەیی زامەكان و ساڕێژنەكردنیان نییە، هەر بۆیە دەبینین پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سی ساڵ، هێشتا كورد بە تایبەت ناوچە كارەساتبارەكانی ئەنفال و هەڵەبجە و كۆمەڵكوژیییەكانی تر، دۆخ و كاریگەرییەكانی ئەو كارەساتانەیان تێنەپەڕاندوە و بەو برینانەوە دەژین، ئەدیب و شاعیری كوردیش بەو شیوەن و ماتەمەی بە ڕێی دەكات، نیازی هەیە بۆ هەمیشە بە خوێندنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەكەی، دۆخی پرسەداری و ماتەمینیی تازە ببێتەوە و كۆتایی نەیەت، ئەو جۆرە سیاسەتە بە ئاراستەی باشتركردنی ژیانی قوربانییانی زیندوو و نەوە و كەسوكاریان نەبووە و بە ئاستەم هەلومەرجی ژیانیانی لە ترس و چاوەڕوانی و كێشەی دەروونی و یاسایی و ئابووری گۆڕیوە، ئەو جۆرە نیگا ئەدەبییەیش، دید و هۆشیاریی مرۆڤی بۆ مەرگ و شیوەن و لەدەستدانی ئازیزێك نەگۆڕیوە، لە بریی پرسیار و گومان لە ژیان و مردن، هەستی خۆخواردنەوە و گۆشەگیریی بەهێز كردوە.

٣- تووڕەیی: هەندێ جار سیاسەتمەدار و خەڵكی تریش لە بەرانبەر كارەسات و ئەو ڕووداوانەی وەك زوڵم و تاوانی گەورە دەردەكەون، جۆرێك پەرچەكرداری خێرا لە وێنەی تووڕەیی دەنوێنن، بە هەمان شێوە لە ڕووداوی مەرگ و لەدەستدانی ئازیزێك، ماتەمگێڕ و كۆستكەوتوو لە ناو شیوەندا، هەستی تووڕەییی پەنگی خواردوەتەوە و بە گریان و لاڵانەوە دەری دەبڕێت، بۆ سیاسەتمەدار، تووڕەیی سیاسەتێكی كاتی و تێپەڕ و زووهەڵچوو دەخوڵقێنێت، تەنها كینە لە ئاست ئەوانی تر و ڕق پیشان دەدات، نەك كاركردن بۆ پرسەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان و كارەساتەكە، تووڕەیی لە سیاسەتدا، واتە بیرنەكردنەوە و قووڵا كار نەكردن لە ناو پرسەكەدا، كە سەرئەنجام بۆ ماوەیەكی زۆر وەك خۆی یان خراپتر لە دۆخی خۆی دەیهێڵێتەوە، بە هەمان شێوە تووڕەیی بۆ ئەدیبێك لە ئاست مەرگ و لەدەستداندا، واتە بیرنەكردنەوە لە مەرگ و نزیكنەبوونەوە لە پرسیاری فەلسەفی و ئەنتۆلۆژی.

٤- دیدی میتافیزیكی و عیرفانی: سیاسەتی كوردی لە ئاشت تراژیدیاكانیدا، جۆرە سیاسەتێك بوە، كە ڕەنگە بشێت (گەر ناونانەكە هەڵە نەبێت) بە سیاسەتێكی عیرفانی و میتافیزیكی ناوی ببەین، بەردەوام خۆی بە مەزڵووم زانیوە، بە بێكەس و بێپشتوپەنا و غەدرلێكراو خۆی ناساندوە، هەر چاری نەبووبێت، پەنایەكی لە وێنەی خودا و چیاكان یان دۆستی وەهمی دۆزیوەتەوە، زۆرینەی ئەدیب و شاعیرانی كوردیش، میتافیزیكی و عیرفانییانە لە مەرگ و شیوەن و كارەساتەكان دەڕوانن، بەزۆریی گلەییی لە چارەنووسی خۆیان دەكەن و فرمێسك بۆ واقیعی حاڵ هەڵدەژێژن، سكاڵا لە گەردوون دەكەن، هاوار دەبەن و دەستی نزا هەڵدەبڕن، هەندێك جار گلەیی و ڕاز بۆ خودا بەیان دەكەن، خاوەنی ئەم ڕوانینە بۆ مەرگ و شیوەن، هەمیشە بریندارە و لە گیانەلڵادایە، دوا جار بە ڕاژەنینی ئازارەكانی و جوانكردنی برینەكانی و چیرۆكی وەهمی، بە شێوەیەكی ساختە دەیەوێت زامەكانی خۆی ساڕێژ بكات.
سیمای ئەم ئەدەبە سیمایەكی عیرفانییە، بۆیە بەردەوام لە ئاست تراژیدیا و تەنانەت زۆر كێشە و ئازاری بچوكی تایبەتیشدا سیفەتی تاك و بێكەسی دەدات بە خۆی و لەم ڕێیەوە تایبەتمەندی و تاكێتیی خودامان بیر دەخاتەوە.

٥- مەنەلۆج و دایەلۆگ: زمانی شیعری شاعیری كورد لە دۆخی گوزارشتكردن لە مەرگدا بە سەر خۆیدا دادەخرێت، ئەوەی قسە دەكات خۆی دەدوێنێت، واقیعی حاڵی خۆی دەردەخات، ئەمەیش تەنها مەنەلۆجە و لە سەر ئەو بنەمایە داڕێژراوە، كە بریتییە لە شكست و كەوتنی وجودی و سیاسی و ڕۆحی، ئەم بنەمایە پانتایییەكی زۆری مێژووی گرتوە، مەنەلۆجی شاعیر و ئەدیبی كورد تەعبیر بوە لە شكست و ئەركی گۆڕینی واقیع نەبینیوە، سیاسەتمەداری كوردیش لە كاتی سیاسەتكردن بە كارەسات و تراژیدیاكانەوە، دایەلۆگی لەگەڵ دەرەوە بە هەمان سیفەتی ئەو مەنەلۆجە بوە، بەڵام سیاسەتمەدار هاواری بۆ خۆی گەڕاوەتەوە، لە سەر هەمان پایەی شكست و كەوتن لە بەرانبەر دەرەوەدا ڕاوەستاوە، تەنها خۆی بانگەوازی خۆی بیستوەتەوە و هەوڵی دایەلۆگی سیاسەتمەدار لەگەڵ دەرەوە لەم ئاستەدا هەر بە وێنە یان نزیك لە مەنەلۆجی شاعیر بوە و كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەبوە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییە مرۆیییەكانی تراژیدیاكان.

٦- بەسروشتیكردنی تراژیدیا: سیاسەتمەداری كورد هەوڵی ڕازاندنەوەی تراژیدیاكانی كوردی داوە، خۆی وەك مەزڵومێكی تەواو نیشان داوە، بەردەوام جەختی لە زۆریی ژمارەی قوربانییەكان و ژمارەی ئاوارە و شاری خاپوور و گوندی وێران كردوەتەوە، كاتێك هیچی ئەوتۆی لە سیاسەتەكانی نەچنیوەتەوە و نەیتوانیوە ئەم پەیامە بگەیەنێت، چارەنووسی كوردی وەك قەدەر زانیوە، شاعیر و ئەدیبی كوردیش وەك بەرهەمهێنەری ئیستاتیكا پێی وایە بە فۆڕم و ڕیتم و خەیاڵ و وێنەی شیعرییەوە بەرگری لە جوانی دەكات، شیعرەكەی بریتییە لە ناسكی و دڵڕفێنی و هەستبزوێنی، بەڵام كە بەم هەست و میكانیزمە باس لە تراژیدیا و ڕووداوە ناخۆش و دڵتەزێنەكان دەكات، بێ هۆشیاری و فیكرێكی قووڵ تەنها بیری لای جوانییە، بە دەرەنجامێكی تەواو پێچەوانە گەییشتوە، چونكە تراژیدیا و ڕووداوە ناخۆش و دڵتەزێنەكان، لە ڕووداوی مێژووییەوە دەكرێن بە ڕووداوی سروشتی، لە تراژیدیاوە دەكرێن بە كارەسات و لە زوڵمێكی سیاسی و دەستدرێژی بۆ سەر مافی مرۆڤەوە دەكرێن بە ڕووداوگەلێك كە لە چارەنووسی ئەو خەڵكانەی تووشی بوون نووسراوە، هەموو ئەوانەیش بەوە دەكرێن كە شاعیر لە ناو وەسفێكی درێژ و سەرنجڕاكێش و وشەی هەستبزوێن و كاریگەردا، ئەو ڕووداوانە جوان دەكات و كاراكتەر و بەرپرسانیشی دەكاتە پاڵەوان.
ئەم جۆرە شیوەن و تەعبیركردنە لە تراژیدیا، شێوەیەكی عیرفانیی هەیە و هەوڵ و تەقەلایە بۆ جوانكردنی ئازار و مەینەتی كە بە سەر مرۆڤ دێت، وشەی وەسفی و وێنەی شیعری و دەستەواژەی هونەری كۆششێكی زۆر دەكەن، تا شین و ئازاری مرۆڤ بۆ هەمان مرۆڤ خۆی بكەنە بابەتی چێژ و لاواندنەوە، هەموو شتێك دەكەن تا مرۆڤ بە سەر خۆیدا دابخەن و بە دەست خەم و ئازارەكانییەوە بەردەوام و هەموو كات بتلێتەوە و چێژ لە خەم و فوغان ببینێت، ئەمەیش كارەسات لە ڕووداوێكی مێژوییەوە هەڵدەكەنێت و مۆركێكی سروشتیی پێ دەدات.

٧- ئازار و خەم: شاعیر و ئەدیبیی كورد بە خەم و دڵتەنگی گوزارشت لە ناخۆشی و كارەساتەكانی دەكات، بێ گومان خەم و دڵتەنگی هەستێكی ئاسایی و سادەی مرۆڤن و ڕووبەڕوویی هەموو تاكێك دەبنەوە و زۆر جار هۆكارێكی ڕوون و ئاشكرایشیان نییە، دەكرێت هەموو مرۆڤێك بە شێوەی جۆراوجۆر تووشی خەم و دڵتەنگی ببێت، كە بێگومان هەندێ جار سەرچاوەكەی ڕەنگە شت و هۆكاری زۆر سادە و ناگرنگ و بێنرخیش بن، بەڵام تراژیدیا بریتییە لە ڕووداوی ناخۆش تا ئاستی مەرگەسات و كارەسات و ماڵوێرانیی سروشتی و دەستكردی مرۆڤ، ئەوەی بە جێی دەهێڵێت ئازارێكی قووڵە لە جەستەی ئەوانەی بە سەریاندا دێت یان دەكەونە ژێر كاریگەریی ئەو ڕووداوەوە، بێگومان شاعیر و ئەدیب پێویستە تەعبیر لەم ئازارە بكەن نەك تەنها خەم بەرهەم بهێنن، چونكە خەم و دڵتەنگی تەنها پیشووخواردنەوە و خۆخواردنەوە و سەرگەرمی و مەستبوونە بە گریان و ماتەم و شیوەن، بەڵام گوزارشتكردن لە ئازار هەوڵێكە بۆ دەرچوون لێی، ئەوەی هەست بە ئازار دەكات، ئەو هەستە دەیخاتە جووڵە بۆ نەهێشتن یان كەمكردنەوەی سەرچاوە یان سەرچاوەگەلی ئازار، بەڵام خەم و دڵتەنگی وا نیین، مرۆڤی غەمگین و دڵتەنگ، مرۆڤی بێ دەسەڵاتە و تەنانەت چێژ لە غەمگینی و دڵتەنگیی خۆی وەردەگرێت.
ئەو هونەرەی تەنها خەم بەرهەم دەهێنێت و دەیەوێت بە چیرۆكی دڵتەزێن ئەوانی تر دڵتەنگ بكات، تەنها خۆی نماییش دەكات و ئامانجی سەرگەرمكردنی ئەوانی ترە، بەڵام ئەو هونەرەی گوزارشت لە ئازار دەكات، جۆرێك لە هۆشیاری دروست دەكات بۆ دەرچوون لەو ئازارە، سیاسەتمەداری كوردیش بە هەمان شێوە بۆ دەرەوەی خۆی تەنها ویستوویەتی كاریگەرییەكی ویژدانی دروست بكات، ئەوەی كردوویەتی بۆ جووڵاندنی هەستوسۆزی ئەوانی تر بوە، بۆیە ئەگەر ئەم كاریگەرییەیشی دروست كردبێت، هیشتا نەیتوانوە هیچ لە واقیعی تراژیدیاكان بگۆڕێت، چونكە ئەم واقیعە پێوەندیی بە كاریگەریی عەقڵی و بڕیاری سیاسی دەبێت نەك بە كاریگەریی ویژدان.

٨- بۆچوونی باو: بە دەر لە لایەنە ئیستاتیكییەكان و خەیاڵ و وێنە شیعرییەكان، ئەو ئایدیا و بۆچوونانەی شاعیر و ئەدەبی كورد لە سەر مەرگ و لەدەستدانی ئازیزێك بەیانی كردوون هەمان بۆچوونی با و تێڕوانینی سادەی خەڵكین، ئەو هەوڵانەی شەعیر و ئەدیبی كورد بە گشتی لەم لایەنەوە ئەو سنوورەیان تێنەپەڕاندوە لەو تێكستانەیشدا بە هەندێ ئارایشتی ئەدەبییانەوە هەمان دیدگا بەرهەم هاتوونەتەوە، واتە ئەوەی لەو جۆرە تێكستانەدا دەیانخوێنینەوە، هەر چەقین و گیرخواردنە لە ناو ئەو تێگەییشتنە باوەی خەڵك بۆ مەرگ و دۆخی ماتەمینی هەیەتی، ڕاستە ئەوانە باس لە ئازار و كۆژان و مەینەتییەكانی مرۆڤ دەكەن، بەڵام نەك بە هەمان تێگەییشتنی باو و ئاساییی عەوامییانە بۆ ئازار و كۆژان و مەینەتیی مرۆڤ، بەڵكوو پێویستە ئەو بابەتە بە شێوەیەك بەرهەم بهێنرێتەوە، كە لە ناو خۆیدا بەرەنگاری و دژایەتی ئەو سیستم و زەمینەیە بكەن كە بوونەتە هۆی ئەو ئازار و مەینەتییانە بۆ مرۆڤ، سیاسەتمەداری كورد هەمان دیدی باو و ئاسایی بۆ ڕووداو و كارەسات و كۆمەڵكوژییەكان هەیە نەك بە زانستی سیاسەت و خوێندنەوەی عەقڵانی و دیدی نوێ.

٩- سادەیی: زاڵكردنی زمانی سادە لە هونەر و هەر بوارێكی تردا بۆ گوزارشتكردن لە تراژیدیا و ڕووداوی تریش، خۆی لە خۆیدا تەنها ئیفلیجكردنی زمانە، ئەویش بەوەی نەهێڵێت لە ئاستێكی بەرز و قووڵدا كار بكات و گەوهەری داهێنانی خۆی بەرجەستە بكات.
لەقاڵبدانی زمان بەوەی كە هەر دەبێت زمانێكی سادە بێت و بە ناوی ئەوەی كە دەبێت بۆ زۆرینە و تەنانەت بۆ هەموو خەڵك بێت، لە ڕاستیدا خنكاندنی ئەركە ڕاستەقینەكەی زمانە، كە بەشێكی گوزارشتكردنە لە پانتاییی بەرفراوانی نەست و بەشە چەپێنراوەكەی مرۆڤ، گوێنەدان و خۆگێلكردنە لەو حەقیقەتەی كە گۆڕینی دۆخی تراژیدیا و هێوركردنەوەی مەرگەساتەكان و ئاساییكردنەوەی دۆخی ژیانی قوربانییانی زیندوو، لە گۆڕینی هۆشیاریی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت، نەك تەنها كاركردن لە سەر هەست و ئیحساسی مرۆڤ و بزواندنی هەستی بەزەیی و شیوەن و گریان، گۆڕینی هۆشیاریی مرۆڤیش بەشێكی لە گۆڕینی زمان و بیركردنەوەوە دێت كە لە ڕێگە تێكستی ئەدەبییەوە بۆی ئاراستە دەكرێت، نەك تەنها هەمان زمان و بیركردنەوەی لە ڕێگەی كاری هونەرییەوە بە كەمێك ئاراییشت و جوانكارییەوە پێ بدرێتەوە، تێڕوانین و میتۆد و كاركردنی سیاسەتمەداری بۆ تراژیدیاكان بە هەمان شێوە سادە لە بیركردنەوە و سەرپێیی لە ڕوانیندا بوە.

١٠- تاكڕەهەندی: تێكستی ئەدەبی لە بەردەم مەرگدا بە ئاراستەی غەمگینكردن كار دەكات، دەیەوێت پەیامێكی خەماوی بگەیەنن. ڕاستە مەرگ ڕووداوی دڵتەزێن و ناخۆش و ئازاربەخشە، تراژیدیا و كۆمەڵكوژییەكانیش بریتین لە زوڵم و تاوان و كوشتن و ئەشكەنجەدان لە ئاستێكی بەرز و دڵڕەقانەدا، هەردووكیان پڕن لە چیرۆكی غەمگین و مەرگەسات و جەرگبڕ، بەڵام گەر سیاسەت و ئەدەب، تەواوی ڕەهەندەكانی ئەم ڕووداوانە لە یەك ئاراستە و فۆڕمێكی خەمناكدا كورت بكەنەوە و تەنها بیكەنە هەوێنی غەمگینی و شیوەن و گریان و سیاسەتی بەزەیی پێداهاتنەوە، سەرەنجام ئەوە دەبێتە هۆی بچوككردنەوەی ڕووداوەكە و تیشكخستنەسەر تەنها یەك دیوی ئەو مەرگ و تراژیدیا گەورەیە و بەجێهێشتنی ڕووبەرێكی زۆری ڕووداو و كاریگەرییەكانی لە تاریكیدا، كە بێ گومان مەرگ و تراژیدیا لە یەك ئاراستەدا كورت ناكرێتەوە، هەڵەیە وەها سەیری ئەو ڕووداوانە بكرێت و لە ڕێگەی سیاسەت و ئەدەبەوە وەها مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت كە ئەو ڕووداوانە تەنها شیوەن و خەمناكیی بۆ بە جێ هێشتووین، كاری ئەدەب و سیاسەت ئەوەیە یان پێویستە هەر ئەوە بێت، بەردەوام ئەم دڵتەنگی و حوزن و ماتەمە بەرهەم بهێنێتەوە و بیری هەموانی بخاتەوە و یادكردنەوە و هێنانەوەئارای هەر بریتی بێت لە شیوەن و ناڵە و گریان، بێ گومان ئەم كورتكردنەوەیەی ڕووداوی مەرگ و تراژیدیاكان بۆ یەك ئاراستە، جگە لە كورتبینی و هەوڵ نەدان بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دیدگای ئەدەب و سیاسەت و خۆپێناسەكردنەوە لە هەمبەریان و خۆدزینەوەی لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی سیاسی و ئەخلاقی و ئەدەبی و مرۆیی و پڕكردنەوەی ئەو بەرپرسیارێتییە بە جۆرێكی تر و بە شتی تر، لە هەمان كاتدا ئەو جۆرە كاركردنە زوو دەیەوێت و بێوچان تێ دەكۆشێت تا كار بكات و لە ڕێی كاریگەری و هەژاندنی لایەنی سۆز و دەروونییەوە بەوەی بیانخاتە ژێر باری جووڵاندنی هەستی بەزەیی و خەم و شیوەن و خێرا بینەر و وەرگرێكی زۆر بۆ خۆی پەیدا بكات.
لەم ڕوانگەیەیشەوە كە ئەم جۆرە كاركردنە و بەو دیدگایە كە مەرگ و تراژیدیاكان تەنها بەو ئاراستەیەدا دەبات و دەیكاتە كەرەستەی بەرهەمهێنانی خەم و ماتەم و جووڵاندنی سۆز، بۆیە دوا جار لە ئەدەبدا ئەم دیدگایە بەو پێیەی زۆرترین هەوڵ و زۆرترین پێشبڕكێی بۆ ئەوەیە خەم و دڵتەنگی بەرهەم بهێنێت و زۆرترین خوێنەر خەمناك بكات و لە ئاستێكی زۆر و بەرزیییشدا ئەم خەم و ماتەم و شیوەنە بهەژێنێت، بۆیە ئەم دیدە بۆ مەرگ و تراژیدیا لە ئەدەب و سیاسەتدا لە چۆنێتیی ڕوودانەوە بۆ چەندێتیی ڕوودان دەگۆڕێت، لەوەی كە چۆن ئەو زوڵمە دروست بووە بەشێنەیی دەپەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە چەند زوڵم دروست بووە، بۆی گرینگ نییە چۆن ئازار بەرهەم هاتوە، بەڵكوو بە لایەوە تەنها گرنگ ئەوەیە چەند ئازار بەرهەم هاتوە، ئەم جۆرە كاركردنە ڕووناكی ناخاتە سەر ئەوەی چۆن مرۆڤ ئەشكەنجە دراوە و كوژراوە و چیرۆكەكانی تاوان و دەستدرێژیكردن چۆن بوون، بەڵكوو تەنها یاخود بەزۆری تیشك دەخاتە سەر ئەوەی چەند مرۆڤ ئەشكەنجە دراوە و كوژراوە، چەند گوند و شار ڕووخاوە، چەند كەس دیار نەماوە و نەگەڕاوەتەوە.
دیدی یەك ئاراستەیی، دیدێكی هەڵە و ناتەواوە و قەبارەی تراژیدیا بچوك و ڕەهەندە جیاجیاكانی كاڵ دەكاتەوە و تەنها لە سەر سۆزی وەرگر و بینەر كار دەكات و دەیەوێت بە هۆی تراژیدیاكەوە زۆرترین وەرگر بۆ خۆی كۆ بكاتەوە.

دوای ئەم خاڵانە پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بكەین، ئاخ و داخ و حەسرەت خواستن بۆ ڕوودان و زۆربوونی مەرگ و تراژیدیا لە پێناو كردنیان بە كەیس و بەكارهێنانیان بۆ ئامانجی تایبەت یان كردنیان بە كاری هونەری و ئەدەبی، لە پاڵ هەرەسە مۆراڵی و سیفەتە نامرۆییەكەی جۆرێكە لە مەستبوون بوون بە مەرگ تا ڕادەی بەهێزكردنی پایەكانی كەلتووری، ئەوەی بەختیار عەلی ناوی ناوە (مەرگدۆستی) ئەم كەلتوورە لە هەموو كایەكاندا بەهێزە و بێكەس لە ئەدەبدا بەیانی كردوە و تا سەر جەلال تاڵەبانی لە سیاسەتدا هاتوە، بگرە پێشتر و دواتریش هەبوە و هەیە.




جەژنی شکاندنی منداڵ … کارا فاتیح

بۆ کاروان کاکەسوور…
کە بەشێکی پارچە شکاوەکانی منداڵیم لە چیرۆکەکانی ئەودا بینییەوە

———————————————

دیدی تەقلیدی و نوستالۆژیی کوردی هەمیشە پێی وایە جەژنی جاران و مەراسیم و بۆنەکانی ئەوسا تامۆبۆی تریان هەبوو، لەززەت و خۆشییان تێدا بوو، هەستکردن بوون بە خۆشیی حەقیقی، لە سەر ئەم بنەمایە بە باڵای پێوەندیی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتنی نێوان تاکەکان و ڕۆحی لێبوردەیی و بەتەنگەوەهاتن و پەرۆشیی بۆ یەک و گیانی هاوکاریی لای خەڵك هەڵدەدات و فرمێسکیان بۆ هەڵدەڕێژێت، ئەم دیدە کە بێتوانایە لە بینینی ئێستای خۆیدا و لە بێ پلانی و بێ خەونی و بێ ستراتیژیی خۆیشیدا گەر سەیری داهاتوو بکات، جگە لە مەرگی خۆی هیچی تر نابینێت، بۆیە بەردەوام ئاوڕ بۆ ڕابردوو دەداتەوە، بەڵام نەک ئاوڕ بە مانای خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن و بینینی هەموو گۆشەکانی، بەڵکوو ئاوڕ بۆ ڕابردوو وەک زەمەنی لەدەستچوو، زەمەنی لەدەستچوویش وەک ساتە هەرە شیرینەکان. هەژموونی ئەم دیدە تەقلیدییە بە شێوەیەک بەهێزە، کە کایە ڕۆشنبیرییەکانیشی گرتوەتەوە، لێرەوە زۆر هونەرمەند و نووسەر ناوی سەیرسەیر بۆ هەندێ لەو زەمەنانە دادەتاشن، یەکێک ماوەیەک بە سەردەمی زێڕینی شانۆی کوردی، یەکێك سەردەمێک بە مێژووی گەشاوەی گۆرانیی کوردی و یەکێکی تر زەمەنێکی تر بە سەردەمی ئاڵتوونیی چالاکیی ڕووناکبیری و خوێندنەوە و نووسین ناو دەبات و لە پاڵ ئا‌‌هـ و حەسرەت بۆ ڕۆیشتنی ئەو سەردەمانە، تێر شانازیشیان پێوە دەکات… ئەم دیدە بە دەلیلی ئەوەی کە توانای بینینی هەموو ڕەهەندەکانی ڕابردووی نییە و وەک مێژوویەکی نەپچڕاو ڕابردوو بە ئێستاوە گرێ نادات و لە سەر ئەم بنەمایەیش بۆ داهاتوو ناڕوانێت، بۆیە دەتوانین بڵێین دیدێکی تەواو ناواقیعی و عاتیفی و ناعەقڵانییە، هێزی بینینی کورت و لێڵ و ناڕۆشنە.

لێرەدا تەنها لە سەر ئەو خاڵە بە کورتی قسە دەکەم، کە لە پانتاییی کۆمەڵایەتیدا جەخت لەوە دەکرێتەوە، جەژنی جاران خۆشییەکی تری دەبەخشی، هەروەها بەتایبەت دەمەوێت، پەردە لە سەر ئەو درۆ گەورەیە لا بدەم، گوایە جەژن بۆ منداڵ خۆشە و ڕۆژانێکە کە دەتوانن لە کەیف و شادیدا بن، خاوەنانی ئەم دیدەیش بۆ ئەوە باسی شادییەکانی سەردەمی منداڵیی خۆیان لە جەژندا دەکەن، کە چەندە بێ وێنە و وەسفنەکراو بوە. ئەم ئاوڕدانەوەیە بۆ منداڵی جگە لە سۆز و فرمێسک بۆ سەردەمی لەدەستچوو، بارگاوییە بە درۆ و شاردنەوەی زۆر سیمای ئەو ساتانە…
جەژنە تەقلیدی و دینییەکان جگە لەوەی هەوڵێکی دین و ئایدیۆلۆژیاکانن بۆ یەکخستنەوەی کۆمەڵگا لە سەر هەمان ستایلە کۆن و تەقلیدییەکەی و چالاکی و تایبەتمەندیی جەژنەکان، تەقەلایەکن بۆ شاردنەوەی پێوەندییە پچڕاوەکانی توێژەکانی کۆمەڵ و بەزۆر دروستکردنەوەی کۆمەڵگا لە سەر فۆڕمە دێرین و دینیییەکەی، ئەم پێوەندییە کۆمەڵایەتییەیش خۆی لە سەردانیکردن و تەوقە و ئەملاولا ماچکردن و گەردنئازادی و… هتد، دا دەبینێتەوە، تەوقەکردن سیمای دیاری ئەو سەردانانەیە کە لەم بۆنانەدا دەکرێن، دەستی مرۆڤ لە ئەرکێک کە تایبەتمەندییەکی ئەخلاقیی هەیە چالاکە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت، بکەری ئەم چالاکییە، گەورەکانن و منداڵان هیچ پێگەیەکی ئەوتۆیان نییە، بەتایبەت لەو ڕابردوەی بە سەردەمێکی زێڕێن دادەنرا، منداڵ خاوەنی ئەو دەستە نییە کە بۆ تەوقەکردن دەشێت، زۆر جار لە ناو ڕیزی تەوقەکەراندا منداڵ دەست دەهێنێت بۆ تەوقەکردن، بەڵام بێ دەستخستنە ناو دەستێکی تر دەگەڕێتەوە، واتە بە تەریقی و شەرمەزاری دەست دەهێنێتەوە دواوە، وەک منداڵ هەست بە بوونی مرۆڤانەی ناکرێت، تا شایەنی تەوقەکردن بێت، کەم منداڵی ئەو سەردەمە زێڕێنانە، کە بە بەهەشتی منداڵ وەسف دەکرێت، بەم شێوەیە نەشکێنراوە، گەر تەوقەکردن چالاکییەکی ئەخلاقی بێت، منداڵ لێی بێ بەش کراوە، گەر هەوڵی مرۆڤ بێت بۆ دروستکردنی بارودۆخێکی هاوبەشی مرۆیی، ئەوا منداڵ بە هۆی ئەوەی دەستی تەوقەکردنی بۆ درێژ ناکرێت، لەم هەوڵ و بارودۆخە دەهێنرێتە دەر، وەک کاراکتەرێكی پارچەپارچە و زیادە تەماشا دەکرێت، کەسێتیی منداڵ وەک بوونێکی مرۆڤانە و خاوەن مافی گەردوونی و ئازاد لە بەر چاو ناگیررێت، ئیتر جلی تازەی جەژن و یاریکردن و سەرگەرمکردن بە کۆبوونەوە و قەرەباڵغی و سەردانی ئەم شوێن و ئەو شوێن، تەنها شاردنەوەی ئەو کەسێتییە تێک شکاوە و دڵخۆشکردنێکی هەڵخەڵەتێنەرانەیە…

دیدی تەقلیدی و نوستالۆژیی کوردی ئەوە بە زەقی و ڕوونی دەبینێت و فرمێسک و حەسرەتی بۆ هەڵ دەکێشێت، کە بە منداڵی جەژنان جل و پێڵاوی جوان و خواردنی خۆش هەبوو، بەڵام ئەوە نابینێت، کە ئەو دڵخۆشییە زۆرە نیشانەی بێىەشیی چەندین ڕۆژ بوو لە جل و پێڵاوی جوان و خواردنی خۆش، دیدی تەقلیدی و نوستالۆژیی کوردی تەنها ئەوە دەبینێت کە جەژنان بە منداڵی یاریی خۆش خۆشیان دەکرد، ئەوە نابینێت، بێ لە جەژن ڕۆژانی تر لەو یارییانە نەبوو بیکەن…

کۆمەڵگایەک نەتوانێت منداڵ وەک کارەکتەرێکی کۆمەڵایەتی، کە خاوەنی بوونێکی مرۆڤانە و مافی گەردوونی و کەسێتییەکی ئازادە، ببینێت و تەنها وەک هۆکارێکی خۆشیبەخش یان مەبەستی تایبەتی خۆی دانی پێ دا بنێت، نەزانێت منداڵانیش وەک گەورەکان و بگرە زیاتریش دەکرێت ببنە سەرچاوە ئەزموون و فێرکردن، ئەویش لەوەدا گەورە وەک منداڵ خۆی بە شاییستەی خۆشحاڵبوون بزانێت، پێکەنین و شادی بە سامان و ئارەزوو و هەر ئامانجێکی ترەوە نەبەسترێتەرەوە و سروشتێکی بێ هۆی مرۆڤ بێت، هەروەها دەکرێت گەورەکان لە مندڵانەوە فێر بن هەمیشە خولیایەکیان هەبێت، هەمیشە بۆ خەونێک بژین و ئامانجێک لە سەریاندا بێت، ئەمە جگە لەوەی منداڵان وانەیەکی باشن بۆ گەورەکان، ئەوەی دەیانەوێت بتوانن دەری ببڕن.
کۆمەڵگایەک منداڵەکانی بە پارچەپارچەیی گەورە بکات، بە گەورەیییش وەک ئێستای ئێمە، لە جیاتیی بینینی ئێستا و خەونی ئاییندە، فرمێسك بۆ ڕابردوو هەڵدەڕێژێت…

جەژنی شکاندنی منداڵ … کارا فاتیح




ڕەهەندی سکیۆلاری دوعا … کارا فاتیح

پاڕانەوە و دوعای جۆراوجۆر لە کاتی جیاجیا و بۆ فرە مەبەست، لە ڕەهەندی و خورافی و ئایینەوە، بە هۆی بەهێزییان لە نەستی کۆدا لە پاڵ ئەم دوو ڕەهەندە دێرینە ڕەهەندێکی کەلتوورییشیان وەرگرتوە و بوونەتە بەکارهێنانێکی گشتی بۆ حاڵەت و بۆنەی دیاریکراو و تایبەت و هەمەجۆر و بەشێکی گەورە لە کەلتووری زارەکی و قسەکردن پێک دەهێنن. پاڕانەوە و دوعاکردن لە پانتایییەکی بەرفراوان بە کار دەهێنرێن و بۆ زۆربەی خەون و هیوا و خۆزگە و چاوەڕێکردن و پێشبینیکردن بۆ ئاییندە و… هتد،ـەکانی مرۆڤ پەنا بۆ دوعاکردن و پاڕانەوە براوە و ئێستایش وەک دیاردە و ڕاهاتن لە سەر زاری زۆرینەی زۆر (گەر نەڵێین هەموو) مرۆڤێکە.

پاڕانەوە و دوعاکردن لە پاڵ دیوە ئایینییەکەدا، لە ڕووی دەروونییەوە دەکرێت وەک هەوڵی مرۆڤ بۆ نەرمکردنەوەی زبریییەکانی ڕێگەی ژیانی بێت و هەست بکات بە ژێر تیشکێکی میهرەباندا ڕێ دەکات و ئەوەی دەیبینێ و دێتە ڕێی مانادار و بەهادارتر بێت، بەم هۆیانەیشەوە مرۆڤ ئەزموونی ئیرادەی خۆی بەهێز بکات، بەڵام کە پاڕانەوە و دوعاکردن دەکرێنە عادەت، وەک نەریت و موجامەلە و پڕکردنەوەی ناکاراییی زمان لە تەعبیر لە فیکر و بیرکردنەوە بە کار دەهێنرێن، ئیتر دوعا و پاڕانەوە ئەو ڕەهەندە لە دەست دەدەن کە لە پشت دەروونێکی پتەوەوە دەوەستن و ئیرادەی مرۆڤ بە هێز دەکەن، بۆیە پاڕانەوە دوعاکان دەبن بە:

1- گۆڕینی کار بۆ نیەت، ڕاستە دەکرێت هەموو کارێک سەرەتا نیەت بێت، سەرەتا بیرێک، مرۆڤ بۆ ئەنجامدانی کارێك دەجووڵێنێت، بەڵام نیەتی بێ کردار، بوونی ئومێدێک بێ جووڵە و هەوڵ، خەونێک بێ گەشت و سەرکێشی بریتییە لە نیەتێکی پاسیڤ و خەونێکی مردوو و ئومێدێکی بێ گیان، هەموو ئەمانیش لەو دوعا و پاڕانەوانەدا بە تەواوی بەرجەستەن کە وەک عادەت بە سەر زاراوەن: خوایە، ئەم زوڵمە قەبووڵ نەکەیت. خودایە زاڵمان لە ناو بەریت. خودایە بۆ خاتری ناوە جوانەکانی خۆت ئەم دز و مافیایانەمان لە کۆڵ بکەیتەوە… هتد.

2- دوعا و پاڕانەوەکان وەک جۆرێک ڕێز بە کار دێن، بەڵام ڕێزێکی حەقیقی نا لە مرۆڤ، بەڵکوو تەنها نماییشێکی پێویست یان ناچاری یان ئامانجدار بۆ خۆناساندن وەک کەسێکی مرۆڤدۆست و ئیجابی و چاکەخواز. ڕێزی ڕاستەقینە ڕێزە لە مرۆڤێکی خاوەن بەها و مافی گەردوونی، ڕێزگرتن لە مرۆڤ داننانە بە مافی هەنووکەیی مرۆڤ و وەلانانی هەر بەربەستێک لە بەردەم ئازادی و ژیانی. لەحزەیەکی ئێستایییە و کار و جووڵەی ڕووبەڕوو و دەمودەست پێشکەش دەکات، بەڵام ڕێزی ناو دوعا و پاڕانەوەکان ڕەوانەکردنی کۆمەڵێک وشەی بێ کردارن بۆ داهاتوو، قسەن و نابنە چالاکی، ڕێزن بەڵام ڕێزێکی پاسیڤ کە هیچ ئەکتێک لە خۆ ناگرن و تەنها بە نماییشی دەمێننەوە: لە خودا داواکارم تەمەندرێژ و سەرکەوتوو بیت. خودا ڕەحمەت پێ بکات و شیفای دەردت بنێرێت… هتد.

3- پاڕانەوە و دوعا بە زمانێکی دینی تەنها داوا دەکات، داواکاریش سیفەتێكی ناچالاكی هەیە، ئەوەی داوا دەكات، تەنها دەخوازێت و دەپاڕێتەوە بەڵام كاریان بۆ ناكات یان زەحمەتە هەوڵیان بۆ بدات، بۆیە داواكاران لێرەدا بكەر نین، پاسیڤ و لەكارداماڵراون، داواکاریی بێ هەوڵ دەبنە جۆرێک لە دروشم، دروشمیش پەیامێكی بێ قورسایی و ناوەرۆكە، یان ناوەرۆکێکی پوچی هەیە، چونكە دروشم هەمیشە پەیام لە ئاستی زارەکی و قسەدا دەهێڵێتەوە و نایگۆڕێت بۆ كردار: خودایە ستەملێکراوان بە سەر ستەمکاراندا سەر بخەیت. خودا لەگەڵ هەژارانە…. هتد.

4- پاڕانەوە و دوعاکردن، هەمیشە یان بەزۆری زمانێکی دینیی هەیە، هەمیشە بە شێوەیەکی میکانیکی زمان و بیركردنەوەی مرۆڤ دەخاتەوە باوەشی دیدی میتافیزیکی و ئایینی و خەون و ئامانج و کارەسات و ئاییندەی مرۆڤ دەخاتە ناو دەستێکی دوور و نەبینراو، ئەمەیش وەک عەڵقەیەکی بەهێزی ئەو پرەنسیپە تۆتالیتارییە کار دەکات کە خەونی تاک لە ناو کۆبیرکردنەوە و گشتخوازیدا دەتوێنێتەوە و دەسەڵاتی گۆڕانکاری کوێر یان لاواز دەکات.

5- لە هەموو ئەم خاڵانە گرینگتر پاڕانەوە و دوعاکردن، مرۆڤ لە سەر ئەوە ڕادەهێنێت کە ڕووداوە سیاسی و مێژووییەکان وەک ڕووداوگەلی سروشتی ببینێت، وەک ئەوەی هێزی بانسروشتی لە پشت ئەو ڕووداوانەوە بن و خوڵقاندبنی، ئەمەیش خۆبەخۆ لە خزمەت بکەرانی ڕاستەقینەی ئەو ڕووداوانەن و هاوکات دەستی مرۆڤ کورت و بێهێز دەکات لە ئاست بەرگرتن بەو ڕووداوانە و گۆڕینی ئاراستەکانیان و کۆتاییهێنان بە کارەسات و سزادانی بکەر و تاوانباران.

پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ناکرێت پاڕانەوە و دوعا ڕەهەندێکی سکیۆلار و دونیایییش وەربگرن؟ وەڵام بەم پرسیارە هەر (بەڵێ)یە، چونکە پاڕانەوە و دوعاکردن مادام بەشێکی پتەو بن لە کەلتووری زارەکی و بەپتەوی لە نەستدا جێگیر بوووبن و بە‌هێزەوە و زووزوو لە ئاخاوتن و ڕووبەڕووبوونەوەکاندا بێنە سەر زار، بۆیە پێویستە ئەم نەریتە زارەکییە ڕەهەندێکی سکیۆلاری تێدا بەهێز بکرێت، ئەویش بە ئاراستەی پێچەوانەی ئەو خاڵە نێگەتیڤییانەی ئاماژەیان بۆ کرا، پاڕانەوە و دوعاکردن بکڕێنە پاڵنەر بۆ بەهێزکردنی ئەزموونی ئیرادە، بکرێنە خۆراکی ئەو عەشقە دونیایییەی دەیەوێت مانا بە جیهان بدات و لە ڕەنگڕێژکردنی چارەنووس ڕۆڵی هەبێت.




كێن ئەوانەی کەوتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە مەترسی دەزانن؟ … کارا فاتیح

نزیکەی ٢٧ساڵە بە هۆی معادەلەیەکی نێودەوڵەتی و لە بەرژەوەندیی زلهێزانی دونیا قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست کراوە، کە هەر زوو لە ژێر پەردەی هەڵبژاردنێکی گاڵتەجاڕانەدا، کرا بە خاوەنی پەرلەمان و حکوومەت، لەو کاتەوە تا ئێستا ئەکتەر و بەرپرسانی وایان لە خەڵک دەگەیاند و بە زۆر دەیانخستە مێشکی هەموانەوە، کە ئەو حکوومەتە خەونی لە مێژینەی کوردە و ڕووبارێک قوربانی و خوێنی بۆ دراوە، ئەوەیش ئەگەر شتێک لە ڕاستیی تێدا بێت، ئەوا شتێکی تریان وەک حەقیقەتێکی ڕەها لە ناخی هەموو تاکێکدا دەچەسپاند، گوایە دەوڵەتانی داگیرکەری کورد، بە تایبەت ئێران و تورکیا دژی ئەم ئەزموونەن و نایانەوێ کورد خاوەنی هیچ شتێک بێت، لە هەر دوو بانگەشەکەدا خۆیان و خەڵکیان بە تەواوکەری یەک دادەنا و بۆ چەواشەکاری ئەو قەناعەتەیان دەچەسپاند، گوایە ئەمە حکوومەت و پەرلەمانی خەڵکە.

ئەمانە کە سەرەتا بە تاڵانی و فەرهوود و ئاودیوکردنی کەلوپەلی ئەم وڵاتە دەستیان پێ کرد و پاشان بە ژنکوژ خۆیان ناساند، دواتر شەڕەپەڕۆ و شەڕی ناوخۆیان کرد بە قەدەری ئەم خەڵکە، لە کوشتن و دەرکردن و دەستدرێژیکردن و ئاوارەکردنی خەڵک ژمارەی پێوانەیییان تۆمار کرد، سەرەڕای دوو زۆنی و حکومی دوو بنەماڵەیی و دوو ئیدارەیی لە هەموو بستێکی ئەم وڵاتەدا، کەوتنە تاڵانکردنی سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی و دەرەنجام بە دۆخێک گەییشتین سەرەتاییترن سیمای ژیانی شارستانی کە خوێندن و تەندروستییە لەم وڵاتەدا لە ژێر سایەی ئەم حکوومەت و پەرلەمانەدا تەفروتوونا بوو، هیچ بەهایەک بۆ مرۆڤ و ژیان لە سایەیاندا نەما، کەچی ناوبەناو گوێمان لەوە دەبێت، کە دەبێت سەرەڕای ئەو ئەزموونە تاڵە بێهاوتا و نموونەیە لە مێژوودا، قەوارەی هەرێم و حکوومەت بپارێزرێت و هەر وەک دەستکەوتێک چاوی لێ بکرێت… پێویستە لە سەر ئەو قسانەی سەرەوە ئەم پرسیارانە بکرێت:

1- لە چ زەمەنێکی مێژوو و لە ژێر سایەی کامە حکوم و لە چ سەردەمێکدا کەرتی خوێندن و تەندروستی و هەموو جووڵە و کار و کاسپیی خەڵک بەو شێوەیە پەکی کەوتوە؟

2- لە چ زەمەنێکی مێژوو و لە ژێر سایەی کامە حکوم و لە چ سەردەمێکدا دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بە تایبەت ئێران و تورکیا وەک ئێستا توانیویانە سیاسەت و پیلان و خەونی خۆیان لەو ناوچەیەی کە بە قەوارەی هەرێمی کوردستان ناو دەبرێت، جێبەجێ بکەن؟

3- لە چ زەمەنێکی مێژوو و لە ژێر سایەی کامە حکوم و لە چ سەردەمێکدا مرۆڤی کوردی ناو ئەم چوارچێوەیە هێندەی ئێستا هەستی بە بێبەهایی، بێ هیوایی و داڕمانی خەون و ئومێد کردوە؟

دوای وەڵامی ئەم سێ پرسیارە، ئاسانە ئەو دوو موتڵەقەی سەرەوە وەک چەواشەکارییەکی ٢٧ ساڵە ناو بەرین، کە خەڵکی ئەم هەرێمەی پێ لە خشتە دەبرێت و بە هۆیەوە هەموو ستەم و نادادپەروەرییەک لە سەری تاقی دەکرێتەوە، کەواتە:

1- ڕاست نییە داگیرکەرانی کورد بە تایبەت تورکیا و ئێران دوژمنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بن، چونکە وەک گوتمان لە هیچ سەردەمێک هێندەی ئێستا نەیانتوانیوە سیاسەت و خەونەکانیان لەم شوێنەی پێی دەڵێن هەرێمی کوردستان بهێننە دی، بەدڵنیایی دەیانەوێت ئەم قەوارەیە هەر بمێنێ، بۆ ئەوەی هەر تێیدا دەست ئاوەڵا بن و نایانەوێ دەسەڵاتی حکومی ناوەندیی بۆ بگەڕێتەوە.

2- ئەوە بە واقیعی و پراکتیکی بینرا کە قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەوە نەبوە، یان ئەگەر ئەوەیش بێت ئەوەی نەدەهێنا ڕووبارێک خوێن و قوربانیی بۆ بدرێت و خەونی کورد بێت، چونکە وا دەبینین خۆی هەموو خەونەکانی تاکی کورد هەڵ دەتەکێنێت…
ئەوەی گرینگە لەم شیکارییە ئاسانە هەڵبگیرێتەوە، ئەوەیە:

1- لە کاتی هەر خۆپیشاندان و ناڕەزایییەک دژ بەو دەسەڵاتە ملهوڕ و گەندەڵ و نادادپەروەرەی ئەو ڕۆژە ڕەشەی کردوەتە چارەنووسی خەڵک، پێویستە ئەو وەهمە وەلا بنرێت، گوایە بە کەوتنی قەوارەی هەرێم دڵی داگیرکەرانی کورد خۆش دەبێت و خەونی ئەوان دێتە دی، نەخێر بەپێچەوانەوە ئەوان دەیانەوێت ئەم قەوارەیە بەم حکومڕانانەیەوە تا ئەبەد بمێنێ، بۆ ئەوەی چۆنیان پێ خۆش بێت وا بە کاری بهێنن، کە ئەمەیان هیچ کاتێک بۆ نەکراوە.

2- بوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان تەنانەت دژ بە خەونی نەتەوەییی کوردیشە، چونکە: ‌أ- ئەم قەوارەیە نزیکە ٢٧ ساڵە تەنها تەعبیر لە کەمتر لە نیوەی خاکی کوردستان لە دەوڵەتی عێراقدا دەکات، حکومڕانانی ٢٧ ساڵی هەرێم نە بە سیاسەت و دیبلۆماسیەت، نە بە هێز و شەڕ، نە بە یاسا و دەستوور، نەیانتوانیوە ئەو ناوچانە بگەڕێننەوە سەر هەرێمی کوردستان، ئەوەیش مەترسیی تەعریب و سڕینەوەی یەکجارییان لە نەخشەی کوردستان لە سەر زیاد دەکات، بوونی قەوارەیەک بە ناوی هەرێمی کوردستان ئومێدی گەڕانەوەی ئەم ناوچانە نادات، بەڵکوو دابڕینی یەکجارییان مسۆگەر دەکات، بۆیە لە حاڵەتی وادا، کەوتنی قەوارەی هەرێم و بە ناچاری گەڕانەوەی ئەو نیوەیە بۆ لای نیوە دابڕاوەکەی، خەباتێکی واقیعیتر دژ بە ستەمی میللی و تەعریب و سڕینەوە دەستەبەر دەکات و ڕیزەکانی تێکۆشان و هاوپشتی پتەوتر دەکات. ب- بە واقیعی و پراکتیکی قەوارەی هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی نەک پتەو تەنانەت لەرزۆکی نەتەوەیییش نییە، لە زێڕینترین و گەشاوەترین و بەهێزترین ساتی ئەم ٢٧ساڵەیدا هەر بریتی بوە لە دوو ئیدارە و حکومی دوو بنەماڵە و دۆخی دوو ئەمارەتی بە سەریدا زاڵ بوە و گۆڕستانی خەونی نەتەوەیییش بوە.

3- ئەگەری نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان، هەڵەیە وا تەفسیر بکرێت گوایە کوژاندنەوەی دوا ئومێدی تاکی کوردە و وەک تیاچوون وێنا بکرێت، بەڵکوو ئەم هەرێمە ئەگەر وەک بالةخانە بچوێنرێت کە بەهای مرۆڤ و ئەخلاق و هونەر و زانست و توانایییە مەعنەوییەکانی سفر و ژێر سفر بێت، بۆیە ڕووخاندنی ڕەنگە ئومێدبەخش بێت تا کارەسات، چونکە هاتنەوە سەر خاڵی سفر، سفر بۆ دامەزراندنی بنەمایەکی بەهێز، زۆر باشترە لە باڵەخانەیەکی لار کە بنەمای فشۆڵی هەبێت و نەتوانیت و کاری نەکردە بێت ڕاست بکرێتەوە و نەزانیت دەست بۆ کوێی بەریت تا چاکی بکەیت…

کەواتە پرسیاری ناونیشان دەکەینەوە: كێن ئەوانەی کەوتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە مەترسی دەزانن؟
وەڵام: هەر کەس دەبێت با ببێت، گرینگ ئەوەیە ئێمە بە مەترسیی نەزانین و مەزاییدەی ئەو پەرلەمانتارانەی بەغدایش لامان پولێکی قەڵب بێت، کە دەڵێن شەڕی مانەوەی قەوارەی هەرێم دەکەین..




ڕێزمان و ئەدەبی کوردی … کارا فاتیح


نـــاونـــیـــشـــانـــێـــکـــی بـــەتـــاڵ

(ڕێزمان و ئەدەبی کوردی) ناونیشانێکی نامۆ نییە و تایتڵی سەرەکیی ئەو کتێبەی پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکانی قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی و پیشەیییە، کە سەرەتاکەی کۆمەڵێک بابەتی ڕێزمان لە خۆ دەگرێت و بە نموونە و ڕاڤە و پێناسەوە ڕوون دەکرێنەوە و پاشان بە ڕاهێنان، تاقیکردنەوەیان لە سەر دەکرێت، بەشێكی تریشی بە بابەتی ئەدەبی: شیعر، پەخشان و باسی قوتابخانە ئەدەبییەکان و…هتد لەگەڵ ژیاننامەی ئەدیبان و کۆمەڵێک بابەت بۆ خوێندنەوە پڕ کراوەتەوە… پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی بابەتێکی پرۆگرامی خوێندن، بریتییە لە تێکهەڵکێشکردنی دوو بابەتی جودای وەک: ڕێزمان و ئەدەب؟ بۆچی هەر کەسێک مامۆستا ئەدەبی کوردی بێت، دەبێت مامۆستای ڕێزمانی کوردییش بێ؟ بۆچی بەدرێژاییی خوێندنی کوردی لە قوتابخانە، ئەم دوو بابەتە کراون بە یەک مادەی خوێندن و کەسێک نەهات بپرسێت، ئەم دوو بابەتە چییان بە سەر یەکەوە هەیە و بۆچی لە یەک کتێبدا ترنجاون و یەک کەسیش دەتوانێت لە هەر دوو بابەتەکەدا پسپۆڕ بێت؟ لە کاتێکدا نەک هەر دوو بابەتەکە، دوو پسپۆڕیی جودان، تەنانەت لە ناو هەر یەکێکیاندا بە وردبوونەوە لێیان، چەندین پسپۆڕی جیا دەکرێنەوە؟

وەڵامێکی تەقلیدیمان بۆ ئەم پرسیارانە بیستوە کە پێ دەچێت زۆر ڕووکەش لە پرسیارەکە گەییشتبێت، کە پێی وایە، لە بەشی ڕێزماندا ئاشنابوون بە یاسا و ڕێساکانی زمان و چۆنێتیی قسەکردن و نووسین بە ڕێگەیەکی زانستی دێتە کایەوە، لە بەشی ئەدەبیشدا جگە لە ئاگاداربوون لە ئاست و مێژووی ئەدەبی کوردی و تواناییی بەهرەمەندەکانی، توانایی دەربڕینی ئەدەبی و قسە و نووسینی کاریگەر و سەرنجڕاکێش و بەکارهێنانی وشە و دەستەواژە و ڕستەی جوان و ناسک و بە‌هێز دەباتە سەرەوە، پێکیشەوە، واتە ڕیزمان و ئەدەب بەهاوبەشی دەبنە هۆی ئەوەی قوتابی جۆرە نووسینێک فێر بێت، کە بە وشە و ڕستە و پەرەگرافی تۆکمە و زانستی چنرا بێت، یاساکانی ڕێزمانی تێدا جێبەجێ کرابێت و پڕیش بێت لە دەربڕینی کاریگەر و بەهێز و سەرنجڕاکێش کە جیاوازە لە قسەکردنی ڕۆتینی، بە شێوەیەکی کردارییش نووسینی پارچە داڕشتنێک کە توانیییانەی قوتابیی تێیدا تاقی دەکرێنەوە، کراوە بە ئەركێکی ئەو وانەیە.

بە سەرنجدان لە دۆخی نووسینی کوردی و ئاستی ڕێزمانی و فۆڕمی ڕێنووسی بە تایبەت نووسینی ئەو نووسەرانەی لە دونیای ڕۆژنامەوانییەوە دەرکەوتوون و ئەمڕۆ خێراخێرا کتێبەکانیان لە چاپ دێنە دەر، بەتەواوی دڵنیا دەبین کە ئامانجێک نییە ئەو کتێبە (ڕێزمان و ئەدەبی کوردی) پێکابێتی و بەرهەمێکی هەبووبێت، کێشەی ئەو کتێبە یان ئەو پرۆگرامەی خوێندن لە ناو خۆیدایە، ڕاستتر وایە بڵێم ڕێزمان و ئەدەب ناکرێت بکرێنە یەک مادە و بخرێنە ناو یەک کتێبەوە، چونکە ئەوەی ڕێزمان بە یاسای زانستیی نووسینی دەزانێت و فۆڕمێکی نووسین و ڕێنووس بە ڕاست دادەنێت، ئەدەب و ئەدیبانی کورد بە تایبەت ئەوانەی لە کتێبی قۆناغەکانی خوێندندا هاتوون، کە بەشێکی زۆریان هیی سەدەکانی ڕابردوون، مەرج نییە پابەندی ئەو یاسا و ڕێسا زمانییانە بووبن و لە بنچینەدا ئەم یاسایانەیان هەر لە بەر دەست نەبوە و زۆریان لێیان ئاگادار نەبوون تا لە نووسینەکانیاندا پێڕەوییان لێ بکەن، ئەوە جگە لەو گۆڕانکارییانەی بە سەر زمانی قسەکردن و نووسیندا هاتوون، بۆیە ئەستەمە بنەمایەکی ڕێزمانیی پتەو لە بەشە ئەدەبییەکەی ئەو کتێبەدا (ڕێزمان و ئەدەبی کوردی) ببینینەوە و ڕێنووسێکی زانستیمان بەر چاو بکەوێت کە پشتی بە بەشەکەی ڕێزمان بەستبێت و نووسەر و خوێنەری کورد لێوەی فێر بن، بۆیە ئەم کتێبە ئەوەی دەیدات بە قوتابی هەر خۆی بەر لەوەی لە بەرگی دواوە لێوەی تێپەڕ ببێت لێی دەسەنێتەوە، ئەوەی لە شوێنێکدا و لە وانەیەکدا وەک یاسای ڕێزمانی پێشکەشی دەکات، لە شوێن و وانەیەکی تردا پێشێلی دەکات و هەڵی دەوەشێنێتەوە.

پێویستە وەک هەنگاوی یەکەم ئەم دوو بەشە (ڕێزمان و ئەدەب) لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی مامۆستا و قوتابی و خوێنەر و نووسەری کورددا بترازێن، ئینجا ئەوانەی خۆیان بە ئەکادیمییان و پسپۆڕانی ئەو بوارە دەزانن دەبێت بزانن، ئەدەب و ڕێزمان ڕاستە دوو کایەی تەواو دابڕاو نیین، بەڵام هێندەیش نزیک نیین بکرێنە یەک مادەی خوێندن و بەدرێژاییی چەند ساڵێک لە ناو یەک کتێببدا جێ بکرێنەوە و یەک مامۆستا ببێتە پسپۆڕ لە هەر دوو بوارەکەدا، پێویستە بزانن ڕێزمان باس لەو یاسا و ڕێسایانە دەکات کە زمانی لە سەر بونیاد نراوە و هەر ئەو یاسایانە شێوەیەکی تۆکمە و زانستییانەتر لە نووسیندا پێڕەو دەکەن، مەبەستیش لە نووسین هەموو کایەکانی نووسینە نەک ئەدەب بە تەنها، بۆیە ئەو پێوەندییەی لە نێوان ڕێزمان و بابەتێکی ئەدەبیدا هەیە، هەمان ئەو پێوەندییە کە لە نێوان ڕێزمان و بابەتێکی دەروونی، ئایینی، فیزیکی، جوگرافی و مێژوویی…هتد، دا هەیە، چونکە کە ڕێزمان باس لە یاساکانی نووسین و ڕێنووسێکی زانستی دەکات، بۆ نووسین بە گشیی باس دەکات نەک تەنها بۆ بابەتی ئەدەبی، لە ڕاستییشدا بابەتی ئەدەبی لەو بابەتانەیە کە زۆرترین پێشێلکاریی یاساکانی ڕێزمانی تێدا دەکرێت، ئەویش بە هۆی ئەوەی بەشێکی ئەو بابەتانە تێکستی ئەدەبین و سەردەمانێکی پێشتر نووسراون و دەستکاریکردنیان ڕێپێدراو نیین و هەندێ جاریش بە هۆی زاڵبوونی دەنگی کاراکتەر و قسەکەرەکان لە ناو تێکستەکاندا، نووسین دەچێتە سەر شێوازێکی زارەکی و شێوەیەکی هەڕەمەکی و ناسیستماتیکی تێدا بە دی دەکرێت، واتە کە نووسینێکی ئەدەبی دەخوێنینەوە، وەک ئەوەی گوێمان لە قسەکردن بێت وایە، تا ئەوەی تێکستێک بخوێنینەوە.

(ڕێزمان و ئەدەبی کوردی) ناونیشانێکی بەتاڵە بۆ کتێبێکی قۆناغەکانی خوێندن، چونکە هەر خۆی لە خۆیدا ئەو ئامانجانە دەمرێنێ کە بەیانی دەکات، ئەوەی دەیکات بە یاسا خۆی لە باری دەبات، ئەوەی تۆکمەیی بێت فشەڵی دەکاتەوە، دەبێت هەموان بزانن، گەر ئەدەب و ڕێزمان دابڕاویش نەبن لە یەک، بەشێک نیین لە یەک و ‌هێندە لە نزیک یەکەوە دانانرێن و پسپۆڕییەکەیان تێکەڵ ناکرێن، دەکرێت ئەمەیش بە سەرەتای ئەو خەمساردییە بزانین کە ئەمڕۆ نووسەری کورد دیدێکی ستراتیژیی بۆ نووسین نییە، هەر کەس و هەر ناوەند و دەزگایەکی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری بە میزاجی خۆی پێڕەوی لە ڕێنووسێک دەکات و بێ ئەوەی سەرەتاییترین هۆشیارییان لە بارەی ڕێزمان و ڕێنووسەوە هەبێت، بڕیار لە شێوەیەکی نووسین دەدەن و لە ناوەند و دەزگاکانی خۆیشیانەوە پێڕەو دەکرێن.




بــەکــۆمــەڵایــەتــیــکــردنــی ســیــاســەت … کارا فاتیح


سەرنجێک لە سەر وشەکانی
)مام\مامە، کاک\کاکە، مامۆستا، دکتۆر، شێخ، مەلا و…هتد(
بۆ کارەکتەرە سیاسییەکان

—————————————–

سەردەمانێك لە ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا، ڕەخنەی ئەوە دەگیررا کە سیاسەت هەموو کایەکانی تری ژیان و کۆمەڵگای داگیر کردوە و ناهێڵێت سەربەخۆ کاری خۆیان بکەن، ئەم بۆچوونەیش زیاتر سیاسەتی لە کاری حیزبایەتیدا کورت کردبوەوە، بە سەرنجدان لە واقیعی کاری دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگا، تێدەگەییشتین کە ئەم بۆچوونە بڕێکی زۆر حەقیقەتی هەڵگرتبوو، بەشێکی توانایییەکانی ڕۆشنبیرانی گۆڤاری ڕەهەندیش بۆ سەلماندن و ڕەخنەگرتن بوو لەم پرۆسەیە، بەڵام ئەوەی ڕۆشناییی نەخراوەتە سەر و لانی کەم لە ژێر هەژموونی ئەو بۆچوونەدا بزر کراوە، پرۆسەیەکی پێچەوانەیە، کە ئەویش بەکۆمەڵایەتیکردنی سیاسەتە لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵێک وشە و هاوەڵناو بۆ کارەکتەرە سیاسییەکانی کورد لە وێنەی: شێخ، مەلا، مام\مامە، کاک\کاکە، مامۆستا، دکتۆر و…هتد. دیارە تا ئێستایش ئەم بەکارهێنانە وەک پرۆسەیەکی ئاسایی ڕۆیشتوە و سەرنج لە لایەنە مەترسیدارەکانی نەدراوە.
مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، بۆ ئەوەیش وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی قبوڵ بکرێت و ژیانی بەکۆمەڵی دروست بکرێت، لە پێناو وەڵامدانەوە و تێرکردنی ئەو غەریزە و ئەو ئارەزوانەی کە سروشتین، یاسای کۆمەڵایەتی دانراوە و بە یاسا ئەم غەریزە و ئارەزوانە وەڵام دەدرێنەوە و لە چوارچێوە دراون، هەر وەک چۆن یاسا (نووسراو یان نەنووسراو) بۆ هەموو پێوەندییەک و ڕێکخستنی پێکەوەژیان دانراوە، ئەم پرۆسەیەیش کۆمەڵگا پەسەندی دەکات و ژیانی بەکۆمەڵی مرۆڤ مەیسەر دەکات، لەمەیشەوە پێوەندیی خوێن، خزمایەتی، بنەماڵەیی، ئایینی و نەتەوەیی…هتد سەری هەڵداوە.

لە کەشی بەکۆمەڵایەتیبووندا، تاکەکانی کۆمەڵگا بە یەک دەگەن و بەرژەوەندیی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە، هاوکات ململانێ و ناکۆکی و جیاوازییەکان دەردەکەون و گەشە دەکەن، بۆ ئەوەی هاوشانی ئەمانە پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوون لە بەردەوامیدا بێت، فەزایەکی گشتی ئامادەیە کە بریتییە لە شوێنی چالاکیی عەقڵانی و وتووێژ و هەوڵی ڕێکخستن و گۆڕینی ژیان، ئەم فەزایەیش سیاسییە، واتە ڕێکخستنی ژیان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بۆ خۆی پرۆسەیەکی سیاسییە، سیاسەتیش بە چەندین دیودا دەتوانێت کار بکات، هەم بە ئاراستەی خۆشگوزەرانیی تاکەکانی کۆمەڵگا و هەم بە ئاراستەی زوڵم و ستەم و چەوساندنەوە، ئەوەی کە هەوڵی گۆڕانی ژیان و ڕزگاربوون لە زوڵم و ستەم دەدات، کارێکی سیاسییە و ئەوەیش هەوڵی مانەوەی واقیعی باو و لە دەسەڵاتدا مانەوە و جێگیربوونی کۆمەڵێک سیاسی دەدات دیسان هەر کارێکی سیاسییە، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی ڕێکخستنی ژیان و هەرەمی دەسەڵات و بەهرەمەندبوونی تاکەکانی کۆمەڵگا بە دیوی چاک و خراپیانەوە تێکڕا پرۆسەی سیاسیین، دژوەستانەوە و سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازییش بە هەر دوو باردا سیاسەتن، بۆیە بەشێکی زۆری لێپرسراوێتیی ژیانی خەڵک و کۆمەڵگا لە ئەستۆی ئەو کارەکتەرانەیە کە لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتدان، پێویستیشە هزر و بیرکردنەوە بە ئاراستەی هەموو جووڵە و ڕەفتار و بڕیارێکیان لە کاردا بێت و ڕەخنەی چاونەترسانە بە میتۆدی عەقڵانی لە دەرکەوتن و گەشەدا بێت.

ئەوەی تێبینی دەکرێت بەشێکی زۆری کارەکتەرە سیاسییەکانی کورد بە تایبەت ئەوانەی بەرپرسی یەکەمن لە حزب و دەسەڵاتدا بە کۆمەڵێک هاوەڵناوی زمانی لە وێنەی (شێخ، مەلا، مام، کاک، مامۆستا و دکتۆر…هتد) داپۆشراون، کە هەر یەک لەو هاوەڵناوانە دەیەوێت ئەو کارەکتەرە سیاسییانە لە سیاسەت داببڕێت و بەرگێکی کۆمەڵایەتییان بە بەردا بکات و بە پێوەندیی خوێن و خزمایەتی و دین و بنەماڵە، سۆز و ڕێز و موحیبەتی هەر ئەو خەڵکە بۆ خۆی دەستەبەر بکات، کە ئەگەر چی لە دەستیان دادوبێدادیەتی و ژیانێکی بێ ماف و نایەکسانی هەیە، ئەمەیش بۆ خۆی پرۆسەیەکی سیاسی و ئامانجدارە و هەوڵ دەدات لەم ڕێگەیەوە ئەو کارەکتەرانە لە ئەکتی سیاسیی ڕادیکاڵ بپارێزێ و لە پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیکردندا بە زەقکردنەوەی کەلتووری ڕێز و خزمایەتی و پێوەندیی خوێن، ڕووی میهرەبان و بەشێک لە خۆمان و ئاساییبوونی هەموو نادادییەک نیشان بدرێت.

دروست نەبوونی تاکێکی خاوەن ئیرادە و ئەکتی سیاسیی ڕادیکاڵ، ڕیشەی وا لە زەمینەیەکی کەلتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، ئەم زەمینەیە هەمیشە لە ژێر پەردەی ڕێز و پاراستنی بەها بەرزەکانی کۆمەڵگا و بەکارهێنانی هاوەڵناوەکانی: باوک، مام و کاک، بۆ ئەم مەبەستە و ڕێزگرتن لە پلە و مەقامی دینی و خێڵەکی بە هاوەڵناوەکانی شێخ، مەلا، میزا، حاجی و…، هەروەها خۆجیاکرنەوەی بڕێک کەسایەتی و دروستکرنی جۆرێک لە جیاوازیی چینایەتی و خۆجیاکرنەوە لە مرۆڤی ئاسایی و ڕەنجدەر و ماندوو بە پاساوی زیرەکی و عەقڵی حەکیمانە و خزمەتکردنی زمان بەم جیاوازییە بە هۆی وشەگەلی وەک: مامۆستا و دکتۆر، تێکڕا ئەم کەلتورە زمانەوانییە لە ژێر پەردەی بەئەدەبدۆستی و ڕێزگرتن وەک نەریت و بەهای مرۆیی، ئەو زەمینە کەلتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەی دروست کردوە، کە بوە بە شوێنی ناشتنی تاکێکی خاوەن ئیرادە و ئەکتی سیاسیی ڕادیکاڵ.

ئەگەر سەردەمێک لە ژێر ستەم و دیکتاتۆریەتی داگیرکەردا، خەڵک ناتوانێت چ بە نووسین و چ بە قسەکردن ناوی ستەمکارێکی وەک سەدام حسێن و داگیرکەرانی تر بهێنێت و ڕەخنەیان لێ بگرێت، ئەمڕۆ هەمان شت دووبارە دەبێتەوە و کارەکتەرە سیاسییەکان بە کۆمەڵێک هاوەڵناوی کۆمەڵایەتی گەمارۆ دەدرێن و لە ژێر پەردەی ڕێز و کەلتووری بەئەدەب قسەکردنەوە هەمان قەڵغان کە بۆ سەدام حسێن بە ترس و تۆقاندن دروست دەکرا، ئەمڕۆ بە بیانووی ئیحترام و پێوەندیی کۆمەڵایەتی و هاوخوێنییەوە و بەو ژەهرە کوشندەیەی کە گوایە ئەوان باوک و مام و کاک و براگەورە و مامۆستا و دکتۆر و زانامانن بۆ کارەکتەرەکانی: جەلال تاڵەبانی، مەسعوود بەرزانی، نەوشیروان مستەفا، عەلی باپیر، سەڵاحەدین بەهادین، بەرهەم ساڵح و ئەوانی تر هەمان شت دروست دەکرێت. ئەگەر سەردەمێک لە ژێر ترس و تۆقاندندا بە ڕێزەوە ناوی سەدام حسین دەهات و شیعر و شانامە بە باڵایدا دەهۆنرایەوە، ئەمڕۆ بە هەمان ڕێزەوە بەڵام ڕێزێک کە ئیلهام لە پێوەندی و خوێن و خزمایەتی وەردەگرێ و جادووی ئەتمۆسفێرێکی کۆمەڵایەتی لە وێنەی شیعر و شانامەکانی زوو بە پاڵپشتی هاوەڵناوەکانی: باوک، مام، کاک، مامۆستا، شێخ، مەلا و دکتۆر یەک سەرکردە بە زانا، ئەوی تر بە حەکیم، ئەوی تر بە خواناس، ئەوی تر بە خەمخۆر و دونیادیدە و ئەوی تر بە پەناگەی هەژاران ناو دەبرێن.

لەمڕۆی سەردەمی دەسەڵات و هەژموونی لیبرالیەت لە جیهاندا، دروشمی زاڵ و داسەپاو و پەسەندکراو بریتییە لە تاكگەرایی و فەردانيەت، تاكگەرایی و فەردانيەتێک، کە ئاسوودەیی بە سیستمەکە بەخشیوە و کۆسپێکی وەهای لە بەردەم نەماوە، بە تایبەت لەم پەراوێز و تاقیگەیەی سیستمی جیهانی و شوێنی پراکتیکردنی خەون و تەماحی بۆرژوازیەت و ئیمپریالیزمی جیهانی و تایبەتتر ئەم پارچەزەوییەی کورد لە سەری دەژی، فەردانیەتێک ڕەواجێکی پێ دەدرێت، لە بریی تاک شوێن خەون و خەیاڵەکانی بکەوێت، دەستبەرداریان دەبێت و لێیان ڕادەکات، لە بەردەم فەردێکی وەها سەرگەردان و داماڵراو لە ئەکتی سیاسی، ئاسانتر کارەکتەری سیاسی دەتوانێت لە پاڵ تەماع و هاتنەدی خەون و بەرژەوەندییەکانی، هاوکات خۆی وەک: باوک، کاک، مام، مامۆستا و دکتۆر و مەلا و… هتد، بزانێ و لەگەڵ تاقیکردنەوە و سەپاندنی دەسەڵاتی ڕەق و فاشییانە و تاڵانچییانەدا، لە ڕێگەی ئەم هاوەڵناوە فریودەرانە و خێڵەکییانە سیمایەکی کۆمەڵایەتییانە بە کاراکتەری خۆی ببەخشێت و سیاسەتە دژەبەشەرییەکانی بە پەردەیەکی جادوویی کۆمەڵایەتی بشارێتەوە و پێوەندیی درۆزنانەی خوێن و خزمایەتی لەگەڵ ئەوانەی دەیانچەوسێنێتەوە دروست بکات، تا دیوێکی میهرەبان و سایەی هەژاران و پەناگایەک بۆ هەموان بە خۆی بدات و بینوێنێتەوە، هاوکات ئەو قەناعەتە دروست بکات، وەک چۆن باوک و براگەورە و مام و مامۆستای حەقیقی و بایۆلۆجی، بەرپرسیارێتییان وایان لێ دەکات میهرەبان و بە سۆز بن، هەر ئەو بەرپرسیارێتییەیان وایان لێ دەکات وەک پێویستی ڕەق و بە زەبر و توند بن، کارەکتەرە سیاسییەکانیش بە هۆی خۆشاردنەوەیان لە ژێر ئەم هاوەڵناوانەدا دەیانەوێت و هەمان دۆخی ئاسایی و سروشتی و پێویستی بۆ ڕەقی و توندوتیژی و سیاسەتە دژە بەشەرییەکانیان دروست بکەن، لەگەڵیشیدا وێنەی فریودەرانەی میهرەبان و بەشێکبوون لە خەڵك و بەرپرسیار لە ژیانیان لە بەر چاو لا نەچێت و وەک موتڵەقێک بیخەنە ڕوو.

نووسەر و هونەرمەندی کورد، لە بریی ئەوەی ڕەخنە لەو کەلتوورە زمانەوانییە بگرێت، کە لە ڕێگەی نەریتی ڕێز و بەئەدەبئاخاوتنی ساختەوە، سیاسەت دەکاتە کایەیەکی کۆمەڵایەتی و پێوەندیی خێل و خزمایەتی و خوێن دەدات بە سەر لێپرسراوێتیی سیاسەتمەداراندا، هەر چەند ئەوەی دەیکەن دژ بە هەموان و ژیان و خەونی نەوەکانی ئاییندەیش بێت، بەڵام ئەوان هەر مام و کاک و سەردار و مامۆستا و دکتۆرمان بن، کەچی بەشێکی زۆر لەو نووسەر و هونەرمەندانە لە دواوە ڕێچکەی ئەم نوخبە سسیاسییانەیان هەڵگرتوە، گەرچی ناتوانن: کاک، مام و مامۆستا… هتد لە پێشەوە وەربگرن، لە دواوە ڕووبەری باوکی بایۆلۆجی فراوان دەکەن، لە جیاتیی ڕەخنەگرتن لە کەلتووری باوکسالاری و نێرسەنتەری، بە ڕەگێکی خێڵەکی و ناوچەگەرێتیدا ڕۆچوە و بنجی داکوتاوە و پاشناو و نازناوەکانی (قەرەداخی، سیوەیلی، پێنجوێنی، ئاکرەیی، چۆمانی، هەولێری، زاخۆیی، سنەیی، بانەیی، هەورامی، بەرزنجی، شارباژێڕی و سێوکانی… هتد)ی خستەوەتە دوای خۆی.

نووسەر و هونەرمەندی کورد، لە بریی ئەوەی ئەو کەلتوورە زمانەوانییە تێک بشکینێت کە ناهێڵێت مام جالال ببێتە بە جەلال تاڵەبانی و کاک مەسعوود و کاک نەوشیروان و کاکە حەمە ببنەوە بە مەسعوود بەرزانی و نەوشیروان مستەفا و محەمەدی حاجی مەحموود، مامۆستا عەلی باپیر و مامۆستا سەڵاحەدین ببەنەوە بە عەلی باپیر و سەڵاحەدین بەهادین و دکتۆر بەرهەم ببێتەوە بەرهەم ساڵح، دێت پاشگری (ی) دەخاتە سەر ناوی شوێنەکانی (قەرەداخ، سیوەیل، پێنجوێن، ئاکرێ، بەرزنجە، چۆمان، هەولێر، زاخۆ، سنە، بانە، هەورامان، شارباژێڕ و سێوکان… هتد) لە ناوێکی بەرجەستەی شوێنەکانەوە دەیانکاتە، ناوی واتایی و ڕەمزی و ڕوویەکی ئایدیۆلۆژییان پێ دەدا، بێ ئاگا لەوەی ئەم ناوچەگەریی و خێڵپەرستییە، ئەگەر چی هەڵبژاردنێکی هەر بۆخۆشی یان ڕێکەوت یان وەک خۆیان دەڵێن سۆز و وەفایەکی پاک بێت بۆ ئەو شوێنانە، بەڵام لە خەیاڵ و نەستیاندا ڕووبەر و هێزی ئەو کەلتوورە نێرسەنتەری و باوکسالارییە بەهێز دەکات، کە نایەوێت باوکی بایۆلۆجی وەک شوناسێکی ئاسایی کە دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نەبێت بە سەر هونەر و نووسین و بیرکردنەوەی ئەو نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانەوە لە جێی خۆی بمێنێت و یان تەنها باوک بێت، بۆیە لە ڕێگەی چیرۆکی تا ڕادەیەک عونسووری بۆ جوانی و مەڵبەندی زیرەکی و ئازایی و چاکی.. هتد بۆ ئەو شوێن و ناوچانە، ڕووبەری باوک و خۆدانەپاڵ سایەی باوکی ڕەمزی و ئایدیۆلۆژی زیاد و هەژموونی زاڵ دەکات، ئیتر چۆن چاوەڕێ دەکرێت بە جیهانبینییەکی ئازاد و ڕاقی و هزرێکی ڕادیکاڵەوە ڕێگە لە بەکۆمەڵایەتیکردنی سیاسەت بگرێت و کارەکتەرە سیاسییەکان بە فیکرێکی سیاسییانە هەڵبسەنگێنێت و نەهێڵێت لە ڕێگەی پێوەندیی بنەماڵەیی و خێڵ و تێکەڵاویی خزمایەتی و خوێن، ئەو هەموو مەرام و پاوەنخوازی و دەسەڵاتی توند و ستەمکارانەیان بۆ سەر بچێت.

وەستانەوە دژ بەو جۆرە هاوەڵناوانە و لێکردنەوەیان لە ناوەکان، لێدانە لە جۆرێک لە سایکۆلۆژیا کە خۆهەڵكێشان و سیفەتی باڵا و گەورەیی و پلەیەکی بەرزتری بە خاوەنناوەکان بەخشیوە و بۆ خەڵکیش بچوکی و ئیرەیی و کەمی ماوەتەوە.
وەستانەوە دژ بەو جۆرە هاوەڵناوانە و لێکردنەوەیان لە ناوەکان، لێدانە لە جیاوازیی ڕەگەزی و ئایینی و بۆرژوازی و … هتد، کردنەوەی ئەو کارەکتەرە سیاسییانەیە بە مرۆڤی ئاسایی تا بە هۆی ئەو جیاوازییانەوە لە ناو ڕووبەری لێپرسینەوە و ڕەخنەلێگرتن و دادگاییکردنیان دەرنەکرێن.
وەستانەوە دژ بەو جۆرە هاوەڵناوانە و لێکردنەوەیان لە ناوەکان، لێدانە لە بنەما خێڵەکی و بنەماڵەیی و ئایینی و عەتفە کۆمەڵایەتییەی، سیاسەت بۆ قایمکردنی ‌ژێرپێ و بنەمای خۆی سوودی لێ دەبینێت و درێژە بە تەمەنی واقیعی باو و کارەکتەکانی دەدات.

وەستانەوە دژ بەو جۆرە هاوەڵناوانە و لێکردنەوەیان لە ناوەکان، لێدانە لەو پێوەندییەی مرۆڤ بە شێوەیەکی ستوونی دابەش دەکات و هێڵی یەکسان تێک دەشکێنێت، بە پێوەری خێڵەکی و دینی و بۆرژوازی یەک لەوانی تر بە زاناتر و یەکێکی تر لە ناو کۆیەکدا بە لێهاتووتر و خانەدارتر و سەروەرتر و تەنانەت پیرۆزتر سەیر دەکات.
وەستانەوە دژ بەو جۆرە هاوەڵناوانە و لێکردنەوەیان لە ناوەکان، لێدانە لەو ئایدیۆلۆژیایەی لە سەرێکەوە بۆ سەپاندنی هێز و دەسەڵاتی بە سەر کۆمەڵگادا کارەکتەری سیاسی باڵا و جیا دەکاتەوە، لە سەرێکیشەوە بۆ بەهێزکردنی ڕیشە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو دەسەڵاتە، بە بیانووی پێوەندیی خوێن و ئایین و نەتەوە و هتد، کارەکتەرە سیاسییەکان دەکاتەوە بە بەشێک لە خەڵک و هەرەمی دەسەڵات وەک موتڵەقێک دەناسێنێت.
وەستانەوە دژ بەو جۆرە هاوەڵناوانە و لێکردوەنەوەیان لە ناوەکان، لێدانە لەو حەماقەتەی بە ناوی ڕێزەوە، دەسەڵاتێکی شاراوە بە خەڵکانێک دەبەخشێت و کەلتووری بەئەدەبی دەخاتە خزمەت سەروەرکردنی چەند کەسایەتییەکی سیاسی




بیركردنەوە لە مەستی … کارا فاتیح

بۆ هاوڕێم: ڕێباز مەحموود

بەپێچەوانەی دیدی تەقلیدی و دینییەوە، مەستبوون جۆرێك نییە لە بێئاگایی بەڵكوو جۆرێكە لە بەئاگابوون، بەڵام بەئاگابوون بەرانبەر بەشە تاریك و عاسییەكانی جەستە و ڕۆح، ڕووناككردنەوەی پانتاییی تر كە لە ساتی نامەستیدا بەو شێوەیە ڕۆشن نیین. مەستبوون بەئاگابوونە بە دیوی ناوەوەی جەستە و ڕۆح نەك جیهانی دەرەوە، بەڵام ئەو بەئاگابوونەوەیە تیشكدانەوەی بۆ سەر جیهانی دەرەوە دەبێت و ڕیتم و ڕۆتینی تێك دەدات، یان دەبێتە مەترسی بۆی.

كاتێك دین مەی حەرام دەكات، یان سیستم یاسا و ڕێسای مەرجی تەمەن و كات و شوێن و…هتد، ـی بۆ دادەنێت، پاساوگەلی وەك زیانی بۆ تەندروستیی بەكارهێنەر و باری ئاساییی خەڵكی تر و…هتد دەهێننەوە، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە بەم حەرامكردنە شەریعەت و یاسا دەیانەوێت، مرۆڤ لە مەستی و جیهانی مەستان و لەوێیشەوە لەو هۆشیارییە تایبەتە داببڕن كە لە ساتی ئاساییدا زەحمەتە هەیبێت، هۆشیارییەك گومان و پرسیاری ترسناك بەرەو ڕووی بیركردنەوەی ئاسایی دەكاتەوە، دەنا دەزانن خواردن و خواردنەوە زۆرن كە وەك مەی و بگرە زۆرتریش بۆ تەندروستی مەترسیدارن و زۆربەی تاوان و دەستدرێژیی مرۆڤ بۆ سەر ئەوانی تریش لە دۆخی نامەستیدا دەكرێن.

مەستبوون چالاككردنەوەی نەست و هێنانە پێشەوەیەتی، نەستیش لەگەڵ سیستم و جیهان و بیركردنەوەی باودا ڕێك نییە، چەپاندن و بیركردنەوەی داخراو و حەرامەكانی دین و یاسا دیار و نادیارەكانی سیستم، نەستیان كردوە بە شوێنی شاردنەوە و ناشتنی ئەو ئایدیا و بیركردنەوە و ئارەزوو و غەریزانەی لە ناو ئەو جیهان و سیستمەدا قبوڵكراو یان ئاسایی نیین و لە باشترین حاڵەتدا ئاراییشتكردن و یاسا و نەرمكردنەوە و خۆگۆڕینیان پێویستە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی بێ زیان جارجار بێنە دەر.

كە مەستبوون ئەم ڕووبەرە چالاك دەكات و ڕۆشناییی دەخاتە سەر، ئەم ڕووبەرە هێندە بەرتەسك نییە، تا تەنها بە وڕێنە، جنێو، پیسوچەپەڵی، شەڕ و خۆئازاردان و زیان لە خەڵك و خۆ، گوزارشتی لێ بكرێت، بەڵكوو تەنها عەقڵی دینی و سیستم ئەم جۆرە شوناسە بە مەستی و چالاككردنەوەی ڕووبەری نەست دەبەخشێت، هەر خۆیشی ڕەواج و ئیعتبار بۆ ئەم جۆرە مەستییە دادەنێن، بۆ ئەوەی ڕەهەندی قووڵی ئەو ئاگایییە ترسناكەی لە مەستییدا هەیە و دەبێتە لانكی پرسیار و گومان بۆ سەر سیستم و دین بێ بەها بكات و بە تەواوی كاڵی بكاتەوە و لە مەستی بیكاتە دەر.

مەستی جۆرێكە لە هۆشیاربوونەوە بەرانبەر ئەو ملكەچییەی مرۆڤی كردوەتە كۆیلەی هێزی بانسروشتی و كەلتووری بازاڕ، كە لە سایەیدا ژیانی بوەتە چەند فۆڕم و هیوایەت و خەونێكی سادە و تەنها بۆ بەدەستهێنانی كۆمەڵێك پێداویستی و ئاییندەی ساکار یان پاداشتی ئەو دونیا بژی، كە هەر خودی سەرمایەداری كردوونیەتە پێداویستی و ژیانی مرۆڤیان لە ناو ئەم بازاڕەدا ون كردوە و لە ڕەهەندی گەردوونیی داماڵیوە، مرۆڤی ئێستا كەمتر لەو سەرەداو و ڕایەڵانە دەگرێت، كە بەرەو ڕەهەندە ڕازئامێز و نهێنی و نادیار و قووڵەكانی ناخی خۆی دەیانبات، بەڵام مەستی دەتوانێت و دەشێت ئەم كارە بكات، بۆ ئەوەیش نەیكات، بازاڕ و سەرمایە، مەی و مەیخانەكان سەرتاپا لە ڕەهەندێكی مادی و سەرمایەگوزاری هەڵدەكێشن و پێشبڕكێی نرخ و خزمەتگوزاری دەخەنە سەر جۆرەكانی مەیی و مەیخانەكان و كوالیتییان، دیدی تەقلیدی و دینییش مەی دەكەنە سەرچاوەی ئاشووب و زیان و مەیخانەكانە دەكەنە مەڵبەندی بڵابوونەوەی تاوان و ناپاكی، هەر ئەم دوو جۆرە ڕێگری و حەرامكردنەیشە مەی و مەیخانەكان شیرین دەكەن تا لە ڕەهەندی مەستیی حەقیقی دایبماڵن، مەیخواردنەوە وەك جۆرێك لە تاقیكردنەوەی حەرام یان بێگوێیی دینی سەیر بكرێت، یان وەك جۆرێك لە نماییشی ژیانی تایبەت سەرنج بدرێت و مەستی بكرێتە خۆنماییشكردن و ڕۆتین و كاتبەسەربردن و پێویستیی پڕكردنەوەی هەندێ بۆنە و دانیشتن و تێكەڵكردنی بە ڕابواردن و فەوزا و ڕشانەوە و كردنی بە بابەتێك بۆ باسكردن و خۆهەڵكێشان و مۆدێل و چاولێكەری، بەمەیش بەتەواوی مەستی لە ڕەهەندی ئاگاییی قووڵ بە جیهانی پەنهانی ڕۆح و جەستە بەتاڵ دەكرێتەوە، مەستی دەكرێتە حاڵەتێك بۆ خۆنماییشكردن و ئەوەی لێی دەمێنێتەوە تەنها پاشەرۆ و پیسی بێت، ئەمڕۆ سیستم تەنها ئەو شتە بە دیوی پەنهان و نائاشكرای مرۆڤ دەزانێت كە سایكۆلۆژیای باو و تەقلیدی ناو لێ دەنێت نەست و تەنها لەوەدا سادە و كورتی دەكاتەوە كە دەبێتە پاڵنەری كاری خراپ و دزێو و دۆزینەوەی هۆكاری هەندێك یان زۆربەی یان هەموو ڕەفتارەكانی مرۆڤ.

ئاشكرایە ڕەخنەگرتن لە سیستم و هەوڵی لەقاندن و خستنی پایەكان، تەنها بە خۆپیشاندن و هێرش و بەركەوتنی فیزیكی ناكرێت، بەڵكوو سەرەتا كرانەوەی سنوری بیركردنەوە و ئەندێشە و خەیاڵ ڕۆڵ دەگێڕن، مەستییش دەلاقە و ئاسۆیەكە بۆ ئەو كردنەوەیە و شكاندنی بەربەستەكانی بەردەم بیركردنەوە، شكاندنی بەربەستێك كە لای سارتەر بە بیركردنەوە لە ئازادیی وجوودیی مرۆڤ بەرجەستە بوە و لای بیریاران و فیلۆسووفانی تر بە چەشنی تر.

ئەوەی دین حەرامی دەكات، بە بیانووی زیانی بۆ تەقوا و خواپەرستی و ئاشووبنانەوە لە نێو موسوڵماناندا… هتد، هەر خودی ئەم حەرامكردنە مەی لە قوڵاییی بیركردنەوەی موسوڵماندا شیرین دەكات و بەوەی جارێك بە تاقیكردنەوە حەرام و جارێك بە نەشئەی دووبارە گەڕانەوەی بۆ بەر قاپی خودا و وازهێنان لە مەیخواردنەوە، دەیەوێت بایەخی مەستی بهێنێتە خوار و تەنها وەك كارێك كە پیسوچەڵی و گێلی و بێئاگایی و زەرەری مادی و دەهێنێت، ئەمەیش وا دەكات مەیخۆر تەنها وەك جۆرێك لە ناگوێڕایەڵی و دەستبردن بۆ حەرامێك مەی تاقی بكاتەوە و هەندێ جار بگاتە ئاستی زیادەڕەوی و بەدمەستی و تاقیكردنەوەی هەموو ئەو پێشبینییانەی دین بۆ حەرامكردنەكە باسی دەكات، بەمەیش دین دەیەوێت بە فیعلی مەستی بكاتە حاڵەتی بێئاگایی مرۆڤ بەرانبەر بە ناوەوە خۆی و دەركەوتنی ئەو ڕووبەرانەی نەست كە ڕووی بێزراو و ناشیرنییان لە دیدی كۆمەڵەوە هەیە.

مەستی نانووسرێتەوە، ئەوانەی مەستی دەنووسنەوە خۆیان مەست نین، یان مەست بوون و ئێستا بەری داون دوای مەستی لە ژێر كاریگەریی ئەو چێژەی لە مەستی وەریان گرتوە، باسی مەستی دەكەن، ئەوان باسی ئەو جیهانە دەكەن كە خۆیان ئەو كات دروستیان كردوە، نەك خودی مەستی خۆی، بۆیە باسكردنی مەستی وەك باسكردنی عەشق و خەم درۆیەكی گەورەیە، شاعیران وەك چۆن بە باسی عەشق دەیانەوێت گرێیەكی غەریزی بشارنەوە و ڕەهەندێكی قووڵ و پرسێكی گەورە و پیرۆز بە زۆروتنەكانیان ببەخشن، بە باسی خەمیش ڕەهەندێكی مرۆیی و كاریگەر و ئیستاتیكیی ساختە دروست دەكەن، بە باسكردنی مەستییش خودی مەستی لەكەدار و بێ بەها دەكەن و دەیكەنە بەهانەی دروستكردنی دۆخێك بۆ بە باكردنی خەیاڵ و حەز و دونیای وەهمییان.

ئەم باسە پێشەكییەكە و درێژەی هەیە…




بارەگا… بارێ گا …. کارا فاتیح

بارەگا: بوون بە بار بە سەر كۆمەڵگاوە
بارەگا لە خەیاڵدانی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا شوێنە، شوێنی ئەندامەكانی پارت، ڕێكخراو، كۆمەڵە و سەندیكای جۆراوجۆرە… شوێنی كاری میر، پاشا، سەرۆك، بەرپرس و…هتد، ـەكانە، ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگر هەیە، لە كوردستان پارت، ڕێكخراو، كۆمەڵە و سەندیكاكان ئاوێنەی خەڵك و ئەو توێژانەی خەڵك نیین كە بە زۆر خۆیان كردوون بە نوێنەریان، سەرۆك و بەرپرس و لێپرسراوی یەكەم و دوەم و سێیەم …هتد،ـی شار و شارۆچكەكان، هێندە دوورن لە ژیانی ئاساییی خەڵكەوە، كە قسە دەكەن، وەك لە هەسارەی جووداوە هاتبن بەو شێوەیە دەدوێن، لەم ڕاستییە سادەیەوە بارەگاكان دەبن بە دومەڵی دڵی شار و شارۆچكەكان، دەبنە سیخوڕخانە و گەندەڵخانە و تەمەڵخانە و شوێنی ئینسانی زیادە و بێكەڵك، شوێنی ئەو كەسانەی جگە لە بوون بە عەبد و دۆزینەوەی ڕێچكەی دزێو بۆ پارە و دەسەڵات و مفتەخۆری و چڵێسی، هیچ سەنعەتێك، بەهرەیەك، خولیا و بیركردنەوەیەكی تریان نییە، لێرەوە لە خەیاڵدانی خەڵكدا بارەگا چیتر شوێنێكی ئاسایی نییە.

بارەگا ئێستا لە خواست و ئارەزووی خەڵكدا بە تایبەت خەڵكانی خۆپیشاندەر، وەك بینا پێویستە دابخرێت، بسووتێنرێت، چۆڵ بكرێت، ئاڵا و تابلۆكەی بخرێتە ژێر پێوە، وشەكەیش لە بیركردنەوەی خەڵكدا وەك وشەیەكی پتەو كە مانای خۆی بدا نەماوە، خۆبەخۆ بە بێ ئەوەی بە ئەنقەست بێت، وشەكە هەڵدەوەشێت: بار+ە+گا… [بار] لە زمانی كوردیدا مانای زۆرە و دەیشچێتە پێكهاتەی زۆر وشەی ترەوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا خەیاڵ بۆی دەڕوا دوو مانایە: 1-بارستایی، قورسیایی، ئەندازەیەك لە شتێك (كەلوپەل و خۆراك) وەك: بارەترێ، بارەدار. 2-مزاحم، بارستێكی ناقۆڵا كە ڕێ لە ڕیتمی ئاساییی شتەكان و ئیشوكار دەگرێت، وەك: ئەو كەلوپەلانەم لێ بوون بە بار نازانم چییان لێ بكەم. دوو مانای [گا]یش زەق دەكەینەوە: 1-نێرەی ڕەشەوڵاخ. 2-وەك پاشگری ئەو ناوانەی كە دەبنە ناوی شوێن [اسمی مەكان] وەك: یاریگا، خەڵوەتگا…. ئێستا لەم مانایانەوە، بارەگا دەبێتە بارێك لە گا. بار وەك گوتمان بڕ یان ئەندازەیەكە لە شتێك، [گا]یش ئەگەر چی ناوی ئاژەڵێكە، بەڵام بە هۆی سروشتی ئەم ئاژەڵەوە لە بەر دیدی كورددا، جووڵەی خاو، قەڵەوی، دەنگی ناساز، پیسوپۆخڵی، ئەگەر چی مرۆڤدۆستی و ئاژەڵدۆستیی مرۆڤی كورد دەخەنە ژێر پرسیارەوە، بەڵام وەك جنێو بە كەسانی تەمەڵ و گێل و پیسخۆر و چەنەباز و دەنگ ناساز بە كاردێت، كەواتە ئێستا بارەگا شوێنی كەسانی تەمەڵ و گێل و پیسخۆر و چەنەباز و دەنگ ناساز و هەموو سیفەتێكی نزیك لەم بابەتانەیە. لە مانای دوەمیشیدا بارەگا، شوێنی ئەو كەسانەیە كە بارن بە سەر كۆمەڵگاوە، كۆسپن لە بەردەم ژیانێكی باش، ڕێگە لە پێشكەوتنی وڵات دەگرن، لەمپەرن لە سەر ڕێی داهێنان و خۆشگوزەرانی و دۆخی شاییستە بە مرۆڤ.

دەمێنێتەوە سەر ئەوەی كامە بارەگا ئەو مانایانەی بە سەردا دەچەسپێت، ڕەنگە لە خەیاڵی زۆربەماندا كە ئەم ڕۆژانە بارەگاكانی حزب كەوتنە بەر پەلاماری خۆپیشاندەران و هەندێكیان سووتێنران، وا بزانین ئەوە تەنها ئەو بارەگایانە وان، بەڵام ئەگەر وردتر بڕوانین، دەبینین ئەوەی بارە بە سەر كۆمەڵگا و ئەوەی شوێنی خەڵكانی بێ كار و پرۆژەیە و بوەتە شوێنی كۆیلە و پارەپەرست و چڵیس و پیسخۆر و لە سیخوڕخانە و گەندەڵخانە و تەمەڵخانەیەك زیاتر نیین تەنها بارەگاكانی حیزب نیین، بەڵكو بارەگاگانی: دوكتۆران، یاساناسان، تەلەبە، مامۆستایان، هونەرمەندان، نووسەران، ئەندازیاران، ژنان، لاوان، كرێكاران، كەمئەندامان و هەموو ئەوانی تر بێ جیاوازی هەمان سیمایان لە كۆمەڵگای كوردیدا هەیە.




جێگر یان شەریک … کارا فاتح

کە دەوڵەت لە فۆڕمە مەدەنییەکەیدا لە عەقڵی ئەمانەدا جێگر نەبووبێت، لە بەڕێوەبردنەوە بووبێتە خۆسەپاندن، لێپرسراوێتی لە خزمەتکردنەوە بووبێتە هەموو شت بۆ خزمەتی خۆت، ئیتر نەک چەمکە ئەکادیمی، یاسایی، سیاسی و کارگێڕییەکان، بگرە چەمکە زۆر ئاشناکانیش لە بیرکردنەوە و دەماغی تەماعکارانەی ئەمانەدا دەبن بە مەخسەرە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتە، هەموو کەسێکی خوێندەوار یان نەخوێندەوار، یان هەر کەسێک لە هەر ئاستێکی هۆشیاریدا بێت دەزانێ جێگر مانای چی: ١- لە غیابی بەڕێوەبەر/سەرۆکدا وەک بەڕێوەبەر/سەرۆک کار دەکات و هەموو کارەکان ڕادەپەڕێنێت. ٢- لە ئامادەبوونی بەڕێوەبەر/سەرۆکیشدا فشاری سەر بەڕێوەبەر/سەرۆک کەم دەکاتەوە و بە پێی ڕێکاری یاسایی لێپرسراوێتیی هەندێ کاری دەگرێتە ئەستۆ. ٣- لە کاتی مردن یان دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەر/سەرۆکدا بە شێوەیەکی کاتی ئەرکەکانی ڕادەپەڕێنێت…
کارکردنی قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکی حکوومەت لە کوێی ئەم تێگەییشتنە سادەیەدایە بۆ جێگر: لە زۆربەی سەفەرەکاندا هاوشانی سەرۆکە، لە واژۆکردنی زۆربەی گرێبەستەکاندا ئامادەیە، ڕەنگە هەندێ بڕیاری سەرۆک، بە بێ ڕێکەوتن لەگەڵ جێگر و وەرگرتنی بۆچوونی دەرنەچێت، هەموو ئەمانەیش مانای جێگر بۆ ئەم پۆستە بەتاڵ دەکەنەوە و دەیکەنە شەریک… شەریک چییە؟ پشکپشکێنەیە، پشک لە خێروبێری دەستبەسەرداگرتنی پۆستدا، دابەشکارییە لە سامانی بەردەست و بەدەستهێنان یان دەستدرێژیکردنە سەر سامانی ئەوانی تر… بە کورتی سەرۆک و جێگر دەکرێت بە عەقڵی دامەزراوەیی و ئیداری کار بکەن و خزمەت بکەن، بەڵام دوو شەریک تەنها بە عەقڵی بەرژەوەندیخوازی و زۆرترین بردنەوە و قازانج… دوو شەریک هەمیشە کاری یەک تەواو ناکەن، بەڵکو یەک کار دەکەن و هەر یەک چاوی لە پشکی خۆیەتی… دوو شەریک لە دوو ڕێگاوە دەچنە سەر یەک غەزنە و هەرچییەک بێت، چ قازانج یان دەستکەوت یان تاڵانی بە پێی مەنتیقی هێز بەشی دەکەن، دوو شەریک لە کاتی دەستکەوت و قازانجدا کۆک و تەبان، لە شکستیشدا بەرپرسیارێتیی هەڵناگرن و لەناو کەشی شەراکەت و یەکتر تۆمەتبارکردن و بارودۆخدا ونی دەکەن.

نێچیرڤان بەرزانی لە هەر کوێ بێت، قوباد تاڵەبانییش لەوێیە، کەواتە کێ کاری هەبوە و بۆ کێی بە جێ هێشتوە؟ وەڵام کەسیان کاریان نییە تا بۆ ئەوی تریان بە جێی بهڵێت… ئەوان کار ناکەن، ئەوان تەنها خاوەنداری دەکەن… ئەوان خۆیان بە خاوەنی هەموو شت دەزانن بۆ خزمەتی خۆیان، نەک بۆ لێپرسراوێتی، ئەم لۆژیکە بۆ لێپرسراو و بەڕێوەبەری بچوکترین بەشی دائیرەی حکوومەتەکەیان دێتە خوارەوە، ئەوەی دەبێتە مودیر، خۆی ساحێب ماڵە، ئۆتۆمبێل و هەموو شتێکی دائیرە بۆ بەرژەوەندیی بە کار دەهێنێت، وەك ماڵی خۆی دەچێتە سەر کورسی و كێی بوێت دەری دەکات و كێی ویست دەیهێنێتە لای خۆی.




بزووتنەوەی گۆڕان … کارا فاتح

گۆڕان كردار نییە، لە دۆخی (كار)دا نییە بۆ دروستكردنی ڕووداو، بەڵكوو دۆخی (چاوگ)ـە… چاوگ چییە؟ چاوگ سروشتێكی وەستاوی هەیە: نووستن، خواردن، گۆڕان، مردن، ڕۆشتن، دانیشتن… لەم دۆخەدا هیچ ڕوو نادات و هەموو شتێك لە جووڵە خراوە، چاوگ ناوێكە لە هەموو ڕێژەكانی تری (كار) دەنرێت، ناكەوێتە ناو كاتەوە، پێوەندیی بە هیچ یەك لە كەسەكانەوە نییە و بە بێ (بكەر) خۆی نماییش دەكات، نماییشێك بە بێ دروستكردنی ڕووداو… دۆخی كردارەكانی (گۆڕان) بریتیین لە: گۆڕیم، گۆڕاوە، دەیگۆڕێت، گۆڕرا…هتد، واتە گۆڕان ناوێكە بۆ ئەم دۆخانە، بەڵام خۆی وەستاوە و فۆڕمێكی بێ جووڵەی هەیە.

لە ڕێزماندا هاتوە كە هەموو ڕێژەكانی كار لە چاوگەوە دروست دەكرێن، بە یاسای جۆراوجۆر كاری ڕانەبردوو و ڕێژەكانی كاری ڕابردوو لە چاوگەوە دەردەهێنرێن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع هاوكێشەكە تا ڕادەیەك پێچەوانەیە، ئەوە چاوگی (گۆڕان) نییە ڕێژەكانی كار دروست دەكات، بەڵكوو ڕێژەكانی كار بەرەو ئەوە دەڕۆن ببنەوە چاوگی گۆڕان، یاخود لە ناو چاوگی گۆڕاندا بتوێنەوە و لە دەفری ئەو پێكهاتەیەدا لە جووڵە بخرێن، كارەكان خۆیان هەن و ڕوو دەدەن، بەڵام دەچنەوە سەر سەرچاوەیەكی ساختە و لەوێدا كوێر دەبنەوە.

ئەگەرچی ئەم پێكهاتەیە هەر لە سەرەتاوە ناوی (بزووتنەوە) لە خۆی دەنێت، بەڵام ئەم ناوە ڕێك بەم ئاراستەیەیە و ئەم ئامانجەی (گۆڕان) ئەكتیڤ دەكات، نەوەكوو پرۆسەكە بخاتەوە سەر ڕیتمی خۆی، بزووتنەوە هێزی زیاتر بە گۆڕان دەدات بۆ لە جووڵەخستنی ڕووداوەكانی ناو كۆمەڵگا، بۆیە بێ هۆ نییە هەر دەنگێكی ناڕازی، هەر جووڵەیەكی بەرەنگاری دژ بە دەسەڵاتی ملهوڕی یەكێتی و پارتی، هەر زوو تۆمەتی (گۆڕانبوون)ی دەخرێتە پاڵ و هەر زوو بە ئەنقەست و بەوریایییەوە دەسەڵاتداران مۆری ئەوەی لێ دەدەن كە گۆڕان لە پشت ئەو دەنگ و جووڵانەوانەیە، هەندێ جاریش دەگاتە ئەوەی خێرا بارەگا و نووسینگەكانی ئەو بزوتنەوەیە لە هەندێ شوێن دەپێچرێنەوە یان دەسووتێنرێن و لایەنگرانی بەر شاڵاوی گرتن و تەنانەت ئەشكەنجەیش دەكەون، بەڵام وەك گوتمان دەسەڵاتداران چاك لەم بزووتنەوەیە تێ گەییشتوون، دەزانن هەر دەنگ و وەستانەوەیەكی كۆمەڵگا لە دژیان لە ناو عەقڵی دۆگما و كۆنەپەرستی جفات و خانەی ڕاپەڕاندنی ئەو بزووتنەوەیەدا خێرا خۆی دەمرێت و دەبێتە كەرەستەیەكی باش بۆ گفتوگۆ و ڕێكەوتن و باشیش دەزانن زۆرینەی ئەو دەنگە ناڕازییانە پێوەندییان بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە نییە.

سودفەیەكی سەیرە، قەدی چاوگ واتە ئەو بەشە بەهێز و دیارەی وشە، كە بە تەنها دەتوانێت خۆی ڕابگرێت و كار دروست بكات و هەموو بەشەكانی وشە هەڵبگرێت، بۆ چاوگی (گۆڕان) بریتییە لە (گۆڕا)… ئەوانەی لاشەی ئەو بزووتنەوەیەیان هەڵگرت و بوونە سیمای دیاری، هەر ئەوانە بوون كە بە گردەكەوە نووسان و لە ڕاگەیاندنەوە خۆیان بردە پێشەوە و هەڵپەی پۆست و پارە و ناوبانگیان بوو، واتە هەر ئەوانەی ناو (گۆڕان) بوون كە (گۆڕا…ن- قەد+جێناوی بكەر) بەڵام ڕەگی چاوگی گۆڕان، ڕەگ واتە ئەو بەشە بنچینەیییەی كە لە پێكهاتەی هەموو فۆڕمەكانی وشەدا هەیە، بەڵام بە تەنها نابینرێت و سەربەخۆ خۆی دەرناخات، بریتییە لە (گۆڕ)… ڕەگ بەزۆریی چالاكی و هێزی لە دروستكردنی كرداری ڕانەبردوودایە، واتە لە دروستكردنی داهاتوودا ڕۆڵی هەیە، بەڵام ئەم ڕەگەی گۆڕان، كە لە سەر ئەرزی واقیع خەڵك بوو، لە ڕێزماندا (گۆڕ)ـە، جەماوەری گۆڕان ئێستا لە گۆڕدان، یان مردوون و لە گۆڕ نراون.

دەتوانین ئەم لەم هێڵكارییەدا زیاتر ڕوون بكەینەوە:
قەدی گۆڕان = گۆڕا = كۆمەڵێكی پۆسپەرستی لوتبەرزی سەر شاشە و ڕاگەیاندنەكان گۆڕان، كە جگە لە كەللەیەكی پووت، ڕۆحی فاشستی وای لێ كردن، هەموو مەعریفە و بیركردنەوەیەكی ڕەخنەیی لایان ببێتە جنێو و تەخوین.
ڕەگی گۆڕان= گۆڕ= جەماوەرێكی بێ هیوا، كە خەون و ئومێدی دایە دەست كۆمەڵێكی بازرگان كە ساتوسەودا بە نان و خوێن و ئاییندەیەوە بكات.




پەیامی تاریكی … کارا فاتیح

سەرنجێكی شێواو بۆ دەربڕینی: دەست بە كارەباوە بگرن
واتای ئاسایی ئەم ڕستەیە (دەست بە كارەباوە بگرن.) ئاسانە و تێگەییشتنی جیا و قووڵبوونەوە هەڵ ناگرێت، بەڵام لێرەدا بە ئەنقەست واتای (دەست) كە لەم ڕستەیەدا مەعنەوییە دەخەینەوە جێی خۆی و دەیكەینەوە بە بەرجەستە، واتا ئەو دەستەی كە بەم پەنجانە ئەم پیتانە پێ دێتە سەر شاشەی كۆمپیوتەر.

دەست لە بیردۆزی پەرەسەندندا جێگەی خۆی هەیە، ئەو زیندەوەرەی دەستی خۆی بە كار دەهێنێت، قەد و لقی درەخت دەگرێت، پەلامار دەدات، بەرگریی بۆ لەش دروست دەكات و پێی لە زەوی دەچەسپێنێت، دەمێنێتەوە، دەست پێویستییەكانی ژیان دابین دەكات و یارمەتیی گۆڕان و پەرەسەندن دەدات و قۆناغی مرۆڤبوون دەهێنێتە پێشەوە (بیركردنەوەیەكی بچووك و كورتمان لە بیردۆزی پەرەسەندن گواستوەتەوە و كارمان بە وردەكاری و لایەنەكانی تری نییە.) دواتر هەر بەو دەستانە پەلاماری سروشت دەدات و هەموو شت لە ژێر فەرمانی عەقڵ، بۆ خۆی و لە خزمەت بە كار دەهێنێت، ئەم زیندەوەرە مرۆڤە، كە سەنتەری بڕیاری لە دەستەكانەوە بۆ عەقڵ گواستوەتەوە، ئەوە هۆشیارییە دەستەكان ئاراستە دەكات، دەست بە بەرنامەی عەقڵ دەجووڵێتەوە. ئەی لە ڕستەی (دەست بە كارەباوە بگرن) چی؟ دەست لێرەدا دیسان عەقڵ و جەستە دەكاتەوە بە پاشكۆی خۆی، مرۆڤ دیسان وەك قۆناغەكانی پێشتر دەبێت چاوی لە دەستییەوە بێت بیپارێزێت و ببێتە هۆی بەردەوامی لە ژیان، دەست وەك دەستەكانی مرۆڤی نێو ئەشكەوت دەیەوێت ڕێنوێنی مرۆڤ بكات، چونكە دەزانێت كە كارەبا دەكوژێتەوە ماڵ دەبێتەوە بە فۆڕمێكی تری ئەشكەوت.

دەست بە كارەباوە بگرن، هەر خەریكی هەڵكردنەوەی جۆزەكان بن، زوو زوو بە دەستەكان ژمارەی گڵۆپە داگیرساوەكان كەم بكەنەوە، بۆیلەر و سپلیت و هیتەر و ئامێرەكانی تر بكوژێنەوە و بە چەشنێك لە كارەبای داببڕن، ئیتر وەك زیادە و ئامێری ناپێویست سەیری بكەن، هەمیشە با پەنجەكان لە سەر سویچپلاكەكان بن، ئیتر بە وێنەی مرۆڤی نێو ئەشكەوت چۆن بە دەستەكان دیوارەكان دەپشكنێت و دەبێتە سەرچاوەیەك بۆ بیر و زانیاری بۆ مێشك، دەبێت لە ژێر سایەی حكوومەتی هەرێمیشدا، دەستەكان بەردەوام كار بكەن و فریا بكەون و كارەبای بەكارهاتوو كەم بكەنەوە تا مێشك لەو بیرە غافڵ نەبێت، كە ئەوەی لە ناویدا دەژی، خانوو نییە بەڵكو ئەشكەوتێكی مۆدێرنە… ڕەنگە دڵمان بە وەسفی (مۆدێرن) بۆ ئەو ئەشكەوتەی تێیدا دەژین خۆش بێت، بەڵام خاڵی جیاواز و ترسناك و تراژیدی ئەوەیە مرۆڤ یان زیندەوەری ناو ئەشكەوت لە پەرەسەندن و گۆڕاندایە بەرەو پێشەوە و بەرەو مانەوە و جێگیربوون، بەرەو بەكارهێنانی سروشت و دابینكردنی پێداویستییەكانی، بەڵام مرۆڤی ناو ئەشكەوتی مۆدێرنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە گەشە و گۆڕاندایە بەرەو دواوە، بەرەو دەستبەرداربوون لە خزمەتگوزارییەكانی ژیان و شكانەوە و خۆخواردنەوە بەسەر بێهێزی و بێ دەسەڵاتیی خۆیدا، ئەم لە بێهێزەكانە و بە هۆی بێ ئیرادەیییەوە شیاوی ژیان نییە، بەڵام وەك ئەوەی مردنی حەقیقی چارەنووسی زیندەوەرە بێهێزەكانە لە پێش مێژوودا، ئێستا مردنی حەقیقی ڕوو نادات و وەچەی ئەم بێهزانە دوایی نایەت، بەڵام هەموو سات و ڕۆژێك بە هۆی ژیان لە ژێر سیستمی خاوەنی (دەست بە كارەباوە بگرن.) دەبێتە مردن و مرۆڤی ئەشكەوتی مۆدێرن بەردەوام مومارەسەی مردن دەكات: مردنێكی ڕەمزی.




لە بیرت ناكەین هەمیشە لە دڵماندایت … کارا فاتیح

كە دەڵێیت لە بیرت ناكەین، یان بە كەسێك دەڵێیت بیرت دەكەم، ئەو كاتە بیرت دێتەوە بۆ ئەوەی بیری بكەیت، یان بیرت دێتەوە بە كۆ بیری بكەین، بیركردنی كەسێك بۆ ئەوە نییە ڕا بگەیەنرێت، بكرێتە هەرا، بۆ ئەوانی تر جاڕ بدرێت، بیركردن دوای جەبری دابڕان دێتە ئارا، لەوەوپاش بەهێزیی سونبولەكانی یاد لە نەستی مرۆڤدا كاریگەریی خۆیان لە ئاگایی مرۆڤ دادەنێن و لە ڕێی هەستەكانەوە دەبنە بەشێك لە كاراكتەری ئەو كەسە، كردار گوزارشت لە بیركردن دەكات، نەك بیرۆكە… بە بۆچوونی فرۆید بیرۆكە لە پانتاییی ئاگایی (الشعور)دا سیفەتێكی كاتیی هەیە و ناتواتێت هەمیشەیی بێت، لەحزەیەك دەردەكەوێت و دواتر ون دەبێت، دەیشكرێت هەمدیس بێتەوە بەڵام خەسڵەتێكی هەمیشەییی نییە و بەشێك نییە یان بەشێكی سەرەكی نییە لە كاراكتەر و كەسێتی.

پرۆفایلێكی زۆر لە فەیسبوك وێنەی سەركردەیەكە و لێ نووسراوە لە بیرت ناكەین، هەمیشە لە دڵماندایت… لە بیرت ناكەین واتە بیرت دەكەین، لێرەدا بیرت دەكەین كردارێكە بەردەوام ڕوو نادات، بەڵكو بەردەوام ڕادەگەیەنرێت، كارێكە لە ناو هۆشیاریدا نییە و لە دەرەوەی هۆشیاریدا دێت و ئامانجی تر دەیسەپێنێت، چونكە ماهیەتی (كردن) تێیدا زاڵە تا (بوون)، ماهیەتی (كردن) پرۆسەی لەبیربوون، كە پرۆسەیەكە سەرەتا لە نەستدا ڕوو دەدات، لە ماهیەتی (بوون) دادەماڵێت و لە ناو هۆشیارییەوە دەهێنێتە دەرەوە و دەكاتە پرۆسەیەكی داسەپاو و وەك دەمامكێك لە دەرەوە بەسەر هۆشیارییدا دەدات، بۆیە كە دەڵێیت لە بیرت ناكەیت، لە ڕاستیدا خەریكی لەبیركردن و لەبیرنەكردن نییت، بەڵكو خواستێكی دەرەكی یان نواندنێك هەیە، ئیتر موجامەلە و وەڵائـ و خۆبردنەپێش بێت، یان هەر جۆرێك لە گەمژەیی، ئەم ڕاگەیاندنە بە سەر هۆشیاریدا دەدات و دەكەوێتە جاڕدان. پرۆسیسەكانی (بوون) خۆبەخۆن و لە ناوەوە بەرەو دەرەوە دێن و جووڵە و ڕوودانیان لە ناو هۆشیاریدایە (لەبیربوون یەكێكە لەوان) دواتر هەر خۆی لە كەناڵ و ڕێی جۆراوجۆرەوە خۆی ڕادەگەیەنێت، بێ ئەوەی خۆی قسە لە ڕوودانی خۆی بكات و پێویست بكات جاڕی بۆ بدات.

بە شێوەیەكی تر دەتوانین بڵێت دەستەواژەی (لە بیرت ناكەیت، هەمیشە لە دڵماندایت) بە سیفەتی دەمامكە درۆزنانە و نواندنئامێزەكانی، پرۆسەیەكە لە وێنەی پەرچەكردار نەك كردار، هەر خۆی بۆ خۆی دەبێتە پەرچەكرداری (بیركردن و لەدڵدابوون) واتە مانای حەقیقیی ئەم دەستەواژەیە (لە بیرت ناكەیت، هەمیشە لە دڵماندایت) بە تەواوی ئەوەیە كە (لەبیرمان كردوویت و لە دڵماندا نیت) بەڵام نامەوێت بیری خۆم ئازاد بكەم و دڵی خۆم بۆ دونیا بكەمەوە، لێرەوە كاری ڕاگەیاندن و جاڕدانی (لە بیرت ناكەیت، هەمیشە لە دڵماندایت) تەنینەوەی پرۆفایلی زۆرێك، بۆ ڕاكردن و بە واقیعی وەرنەگرتنی (لەبیركردن و لە دڵدا نەبوونە) بەڵام بەو پێیەی بیركردنەوەی هزرێك كە هەر بە شوێن خۆبەكەمزانین و كۆیلەیەتی و پاشكۆییی عەقڵەوەیە، گەر هیچیشی دەست نەكەوێت، بەردەوام لە ڕێی دەستەواژەگەلی وەك (لە بیرت ناكەیت، هەمیشە لە دڵماندایت) ئەم هەستانەی خۆی دەمەزەد دەكاتەوە و بە بیانووی ڕێز بۆ سەركردە و شتی تر، بیر و دڵی خۆی دەخاتە ژێر پێوە.




ئایا مەسعوود بەرزانی پێشمەرگەیە؟ … کارا فاتیح

زۆر جار و لە بۆنەی جیاجیادا مەسعوود بەرزانی دەڵێت من پێشمەرگەم و هەمیشە جەخت لەوە دەكاتەوە كە خۆی بە پێشمەرگە دەزانێت، ئەمەیش زۆر كەس وەك سیاسەتێكی دیماگۆجی تێی دەگەن، كە دەیەوێت لە ڕێی فریودان و جووڵاندنی هەستوسۆزی خەڵكییەوە، هێزی ئیقناع و ڕەزامەندی و خۆشەویستی لە پانتایییەكی زۆر و لە ئاستێكی میللیدا بۆ خۆی ڕابكێشێ و بەهێز و مسۆگەری بكات، هاوكات دڵی ئەو ئینسانەیش خۆش و بۆ ڕێگەكەی كە پێشمەرگایەتییە بەجۆشتر بكات كە سەرۆكەكەی وەلائـ و هەستی شانازیكردنی وا بە لای ئەوەوە، بەڵام پێی وایە ئەرك و لێپرسراوێتی و هەوڵ و خزمەتە زۆرەكانی بواری پێ نادەن شەو لەگەڵ ئەم لە سەنگەردا ڕۆژ بكاتەوە و، گەرماوسەرما بچێژێت و پاسەوان بێت و شەڕ بكات، دەنا كردوونی و دەیانكات.

ئەم وتە هەمیشەیییەی سەر زاری مەسعوود بەرزانی (من پێشمەرگەم و هەر پێشمەرگە بووم و هەتا مردن هەر پێشمەرگە دەبم.) لەوێوە وەك سیاسەتێكی دیماگۆجی لێی دەڕوانرێت، كە زۆر كەس بە حەقیقەتی نازانێت و، جیاوازیی بەرزانی و پێشمەرگە وا لێك دەدەنەوە، پێشمەرگە ژیانی خۆی دەكات بە قوربانی، بەڵام بەرزانی هەموو شتێك دەكات بە قوربانیی خۆی، پێشمەرگە بە هۆی پێشمەرگایەتییەوە بەشێكی زۆر یان هەموو خۆشیی ژیانی لێ حەرام بوە، بەڵام بەرزانی كە دەڵێ پێشمەرگەم، هەموو خۆشییەكی ژیانیشی بۆ حەڵاڵە.
گەر پشتی ئەم وتەیەی مەسعوود بەرزانی (من پێشمەرگەم و هەر پێشمەرگە بووم و هەتا مردن هەر پێشمەرگە دەبم.) بپشكنین، تێ دەگەیین كە هێندەیش فریودەرانە نییە و بڕێك حەقیقەتی تێدایە، واتە بەڵێ ڕاستە بەرزانی پێشمەرگەیە، ئەویش بە بەڵگەگەلی وەك:

1- ئایدیۆلۆژیا: مەسعوود بەرزانی و پێشمەرگە خاوەنی ئایدیۆلۆژیایەكن بە قەولی ماركس بریتییە لە هۆشیارییەكی هەڵە، ماركس لێرەدا میتافۆڕی ئاوەژووكردنەوەی ئایدیاكانی دەوروبەر بە كار دەهێنێت، بە پێی ئەم تەفسیرە ئەوەی لە دونیادا ڕوو دەدات لە ڕێی هەڵسەنگاندن و تەسەورێكی خەیاڵییەوە دەشێوێنرێن بە خراپی و هەڵە دەدرێنەوە بە دەرەوە، واتە ئایدیۆلۆژیای بەرزانی و پێشمەرگە، هێزی مسۆگەركردنی ڕەزامەندیی كۆمەڵایەتیی نییە بۆ ڕێكخستنی تاك و پتەوكردنی پایەكانی سیاسەت و كۆمەڵگا و بەهێزكردنی مەعنەویەتی نەتەوە.

2- فیكر: مەسعوود بەرزانی و پێشمەرگە مرۆڤگەلێكی سیاسیی بێ فیكرن، فیكر لای ئەمان لە كایەی سیاسەت كراوەتە دەرەوە یان هەر ئامادە نەبوە، بۆیە دەبینین تا ئێستا هیچ تێز و هزرێكی سیاسییان نییە و ناتوانین بڵێین ئەمانە كە سیاسین لە سەر ئەم فیكرە كار دەكەن و وەك زانستێك كاریان لەگەڵ سیاسەتدا كردوە، بۆیە لە مێژووی دوورودرێژی كار و بەرزكردنەوەی دروشمی جیاجیادا لە بارەی كوردایەتی و ناسیۆنالیزم و هەوڵدان بۆ ئازادكردنی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، دەبینین شتێكی ئەوتۆیان نەكردوە و لە ناو بازنەیەكدا خولاونەتەوە، ئەوەیشی بە دەستیان هێناوە، هەموو ساتێك ئەگەری هاتنەوەیان بۆ سەر خاڵی سفر هەبوە و هەیە.

3- زمان: كە فیكر نەبوو یان لاواز بوو، بێ گومان زمانیش توانای تەعبیری نامێنێت، زمان دەتوانێت لە سەر بنەمای فیكرێكی پتەو، لە واقیعدا ڕەنگدانەوەی هەبێت، گەر تێبینی بكەین مەسعوود بەرزانی كەم قسە دەكات، كە قسەیش دەكات، هیچی گرینگ ناڵێت و لە سەر ئاستی زمان توانای فەنتازیا و ئیستاتیكای نییە و ئەوەیشی دەیڵێت تەعبیر نییە لە فیكرێكی قووڵ، بۆیە قسەكانی جیا لە گوتنێكی بێ بەرهەم، زۆر جار لە ئاستی موخاتەبەدا خەریكی موجامەلەیە، بۆ نموونە لە کاتی بۆنە نیشتیمانییەكان و كەسوكاری شەهیداندا، لە ئاستی دەرەوەیشدا سەرقاڵی سازشە و بۆ داواكارییە ڕەواكانی خەڵك بە بەڵێنی ناڕاست و چەواشەكاری و بۆ نەیارانیشی بە هەڕەشە دێتە گۆ، هەموو ئەمانەیش تێكڕا بەكارهێنانی زمانن لە سەر بنەمایەك كە فیكر تێیدا ئامادە نییە، بە هەمان شێوە پێشمەرگەیش توانای تەعبیر لە موعانات، بەرنامە و خەون و كاری خۆی نییە، زمان بۆ پێشمەرگە هەندێك جار لە ئاستی كارەساتدا دەبێتە گریان و لە خۆشییشدا دەبێتە تەقەی خۆشی، لە دەربڕینی داواكاری و مافەكانیشدا بە هۆی بەكارهێنانی زمانەوە بەهای مرۆیی ڕێزی كەسێتیی خۆی بە بادا دەدات، لە سەر تەلەفزیۆن دەست دەكات بە گیرفانیدا و دەڵێت هیچ پارەم پێ نییە و منداڵەكانیشم لە سەر جادەن.

4- تەقدیسكردن و بوون بە باوك: مەسعوود بەرزانی لە ڕِێی بوونی بە سەرۆكێكی نێری بێ بەدیلەوە بە هۆی ئەو خەرمانەی تەقدیسكردنەی بەدەوریدا دەكێشرێت، دەبێت هەڵگری سیفەتی باوك وەك بەها و شوناس بە تایبەت بۆ شوێنكەوتوانی، پێشمەرگەیش وەك چەكدارێكی شۆڕشگێڕی نێر، بە هۆی كوشتنی خەسڵەتی شۆڕشگێڕی لە ناو توێژە مەدەنییەكانی تری كۆمەڵگا و تواندنەوەی لە ناو خۆیدا، دیسان لە ڕووی بنەما و شوناسەوە سیفەتی باوكێكی پارێزگار بۆ كۆی توێژەكان وەردەگرێت، ئەو توێژانە هەموو ئەكتێكی شۆڕشگێڕییان لە هەر ساتێكدا وەك ڕەفتارێكی پێشمەرگانە لێك دەدرێتەوە، شۆڕشگێڕی و نەبەزیی پێشمەرگە، بەهایەكی بۆ شۆڕشگێڕیی گەنجان و خەباتی مەدەنیی قوتابییان و فیمینیستان و كرێكاران و…هتد نەهێشتوەتەوە، هەر وەك چۆن عەقڵ و بڕیاری مەسعوود بەرزانییش هیچ بەهایەكی بۆ بیركردنەوەی ئەوانی تر لە سەركردایەتیی سیاسیی كورد نەهێشتوەتەوە، بەڵام ئەم باوكانە (بەرزانی و پێشمەرگە) باوكی وەهمی و ساختەن، پێوەندیی سونبولی و ڕۆحی و مەعنەوییان بە ڕایەڵێكی فشەڵ و كوێرانە بەوانی ترەوە بەستوونیەتییەوە و بەها و شوناسیان ناجێگیرن، بۆیە بڕیاری بەرزانی و شەڕەكانی پێشمەرگە، خۆشگوزەرانی و ئازادیی هەمیشەیی ناهێنن و لە بازنەی شكست و دۆڕان و قوربانیداندا دەخولێنەوە.

5- مەعریفە: پێشمەرگە شتێكی ئەوتۆ لەبارەی تەكنیكە نوێیەكانی شەڕ و ئاستی پێشكەوتنی پیشەسازیی جەنگ و توانا و گەشەی چەكە نوێیەكان و بەكارهێنانیان نازانێت، ئەمە جگە لەوەی توانای داهێنانی چەكە هەرە سەرەتایییەكانیشی نییە، بۆیە لە سەردەمێك و شوێنێكی ترەوە هاتوە و تووشی واقیعێكی تازە بوە، ئێستایش بە هۆی پێداهەڵگوتن و ئەفسانەسازی و باوەشكردن بە مێژوەكەیدا كە وەهمییە، نایەوێت مەیدانەكە چۆڵ بكات، ئەگەر چی دەزانێت بەو پلانانەی فێری بوە و فێر دەكرێت، بەو تەكنیكەی هەیەتی و ئەو تەكنەلۆژیایەی لە بەر دەستییەتی، مۆدیلی ئەو شەڕانە بە سەر چوە كە بەنیازە بیانكات، مەسعوود بەرزانییش هەرگیز پێوەندییە دیبلۆماسییەكان و تێگەییشتن لە واقیعی دەرەوە لە بەر ڕۆشنایی زانستی سیاسی ناخوێنێتەوە و، ئاڵۆزییەكانی جیهانی هاوچەرخ بە دونیابینییە سادەكانی خۆی لێك دەداتەوە، بۆیە لێرەدا بەرزانی و پێشمەرگە لە جۆرێك لە نەزانی بۆ سیاسەت و جەنگ لە ڕووی مەعریفییەوە هاوبەشن.

6- نەخوێندەواری: لای ڕۆشنبیر و ئەكادیمی و نووسەر و ڕۆژنامەنووسان نەخوێندەواری وەك جنێوێك بۆ لێدان لە ئاستی نزمی مەعریفی و دونیابینی و تێگەییشتنی كەسێك بە كار دەهێنرێت، بەڵام بۆ مەسعوود بەرزانی و پێشمەرگە نەخوێندەواری ئێجگار هێندە سیفەتێكی خراپ و نزم نییە. نەخوێندەوارانی كۆمەڵگا، ئەوانەی هەرگیز بە ڕاستی نەخراونەتە بەردەم دەزگاكانی فێربوونی خوێندن پەراوێز خراون، بەڵام بەرزانی و پێشمەرگە نەك پەراوێز نەخراون، بەڵكو لە لوتكەی هەرەمی گرینگیپێداندان، كە بەرزانی و پێشمەرگە بە پلەی دەزگاكانی دەوڵەتدا بۆ خوێندن سەر ناكەون، ئەوا بەم هۆیەوە بە كوێر حساب ناكرێن، وەك كۆمەڵگا بە خەڵكانی تری نەخوێندەواری دەڵێت، بەڵكو ئەو توانست و بەهرە و بەها ڕۆحییانەی هەر بە سروشتی لە مرۆڤدا هەن، لای ئەمان دەتەقنەوە و ناكەونە بەر دەستاڕی دەزگاكانی خوێندن، بۆیە هەر دووكیان وێڕای نەخوێندەوارییان دەبنە سەرچاوەی حیكمەت، توانست و بەهرەی خۆڕسكی ئەوان دەبنە هەوێنی سوپەرمان، نەخوێندەواری لای ئەمان ئەو قەناعەتە هەڵدەوەشێنێتەوە كە عەقڵ تەنها لە ناو ڕووبەری خوێندەواریدا كار دەكات، هەر بۆیە ئەوانەی دەچنە ڕیزەكانی پێشمەرگەوە ئەوانەن كە هەرگیز نەخراونەتە بەردەم خوێندن، یاخود تاکتاک و دەستەدەستە قوتابخانەكان بە جێ دەهێڵن.

7- كاریزما: بە هۆی ئەفسانەسازی و تەقدیسكردنەوە لە زەینی تاكی كورددا، هەر دووكیان (مەسعوود بەرزانی و پێشمەرگە) جۆرێك لە كاریزمایان بۆ دروست كراوە، ئەو زیادەڕەوییانەی بۆ قودرەتی كاریان كراوە نەك توانای بیركردنەوە و هزراندنیان، ئەو كاریزمایەی پێی بەخشیون، كە كاریزمایەكی پراكتیكی بوە، نەك كاریزمایەكی تیۆری، بۆیە بە هۆی بێبنەمایی و ناپتەوییەوە لە هەندێ دۆخدا ئەم کاریزمایە دەكەوێت و ناتوانێت ببێتە فریادڕەس بۆ ئەوانەی ئومێدیان پێی هەیە، هەر وەك چۆن مەسعوود بەرزانی زۆر جار دەكەوێتە بەر لێشاوی جنێو و سووكایەتیپێكردنەوە، پێشمەرگە وەك پیشەیەك هەندێ جار لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە لە خوار زۆر پیشەی وەك دكتۆری، ئەندازیاری، بازرگان … هتد حسابی بۆ دەكرێت و تەنانەت زۆر جار دەبنە سەرچاوەی نوكتە.

8- وەلائی خێڵەكی: ئەگەرچی ئەمیان (مەسعوود بەرزانی) بانگەشەی سەرۆكێكی نەتەوەیی و ئەویان (پێشمەرگە) بانگەشەی فیداكار و قارەمانێكی نەتەوەیییان كردوە، بەڵام هەردووكیان بە ڕەفتار خێڵەكین، سەرۆك سەرۆكی پارتێكە و لەوێیشەوە هەر لە ناوەكەیەوە وەلائی بۆ خێڵێ خۆی هەیە، پێشمەرگەیش پێشمەرگەی حیزبە، حیزبیش وێڕای ئەوەی كورد وەك ڕێكخراوێكی مۆدێرن بە كاری نەهێناوە، هاوكات لە ناو حزبیشدا پێشمەرگە بۆ چەند دەستە و تاقم و شەخسیەتێك بە شێوەیەكی هەڕەمەكی خۆی ڕێك خستوە، بۆیە دونیابینی و سیاسەتەكانی سەرۆك هەرگیز لە ئاستێكی نەتەوەییدا مژدە و خۆشگوزەرانییان پێ نەبوە و خوێنی ڕژاو و فیداكارییەكانی پێشمەرگەیش لە ئاست خەونی نەتەوەدا بە فیڕۆ چوە، زۆر جار پێچەوانەی عەقیدە و پرەنسیپەكانی خۆیان كاریان كردوە، كە بە وتەی خۆیان كە لایەكیان ئەوی تریانی پێ تۆمەتبار دەكات، لە خیانەتدا بەرجەستە بوە.

9- مێژووی ڕاستەقینە: پێشمەرگە و مەسعوود بەرزانی هەر دووكیان لە مێژووی ڕاستەقینە بێ بەشن، چونكە هیچیان خاوەنی تۆمارێكی ساف و بێگەرد نیین، هەر دووكیان ئەوەی هەیانە و ئەوەی لێیانەوە باس دەكرێت، سیخناخە بە زیادەڕەوی و پڕپڕ لە موبالەغە، بۆیە ئەوەی هەیانە لە ئەفسانەوە نزیكە نەك مێژوویەكی ڕاستەقینە كە ببێتە ئاوێنە بۆ لەخۆڕوانین، ئیتر دەبینین هەمیشە لەگەڵ قۆرغكردنی سیفەتەكانی دانا بۆ بەرزانی و ئازا بۆ پێشمەرگە، پیاوی پڕ حیكمەت بۆ بەرزانی و نەبەرد و چەلەنگ و تێكۆشەر بۆ پێشمەرگە، دڵسۆز بۆ بەرزانی و سەربەرز بۆ پێشمەرگە، هەمیشە ئەو سیفەتانەیان بە هێڵی سوور تەنیوە كە هەرگیز نەك قابیلی ڕەخنە نەبێت، بەڵكو قابیلی بیر لێ كردنەوەیش نەبێت و وەك حەقیقەتێكی ئەزەلی و ئەبەدی سەیری بكرێت، بۆیە هەر كات لە ڕووی پراكتیكییشەوە لە ژیانی خۆماندا بە پێچەوانەی سەدلەسەدی ئەم سیفەتانەوە لەگەڵ پێشمەرگە و بەرزانی ژیاین، هیچ كار لە پێگە و كەسایەتییان لە زەینی تاكی كورددا نەكات، چونكە ئەوە كار و كردەوەی ئەوان لە ناو مێژووی ڕاستەقینەدا نییە ئەو هێزەی بۆ دروست كردبن، بەڵكو بەپێچەوانەوە هێزێكی وەهمی و ئەفسانەیی كۆمەڵێك كردار و سیفەتی ئایدیاڵی بۆ جێگیر و لە زەینی تاكەكان پتەو كردوە، واتە لێرەدا كردار سەرچاوەی هێز نییە، بەڵكو هێزێكی وەهمی بوەتە بنەمای كردار.

10- خاكێتی و لێبوردەیی: سیفەتگەلێكی مرۆیی ئەگەر وەك بنەما و پرەنسیپ لە ناوەوەی مرۆڤدا جێگیر نەبووبن و نەبووبنە بەشێك لە خەیاڵ و بیركردنەوە و لە ناوی نەستی ئینساندا پتەو نەبووبن و دواتر لە كارەكتەر و كەسێتیدا ڕەنگ نەدەنەوە، ئەو سیفەتگەلە مرۆیییە تەنها دەبنە كۆمەڵێك دروشم و لە واقیعدا بە شێوەی سلبی هەڵدەگەڕێنەوە، بۆ نموونە خاكێتی و لێبوردەیی لای پێشمەرگە دەبنە سیفەگەلێكی ناچاری و لای بەرزانی دەبنە نموونە بۆ مرۆڤێك كە ژیان و مردنی خەڵكانی تری بە دەستە، بۆ پێشمەرگە دەبنە واقیعێكی داسەپاو و بۆ بەرزانییش هۆكارێك بۆ فریودان و سیاسەتی دیماگۆجی، ئەمەیش تەنانەت نەك لە پێوەندیی كۆمەڵایەتی، بۆ نموونە سەردانی پرسە و ماڵە شەهیدەكان، تەنانەت لە جللەبەركردن (جلی كوردی و جامانە) ڕەنگ دەدەنەوە.
دەكرێت سیفەتەكانی لەیەكچوون و تەنانەت جیاوازییش درێژ بكرێنەوە و چەندین خاڵی تریش ڕێز بكرێن، بەڵام وەك بنەما قەناعەتم وایە ئەو وتەیەی مەسعوود بەرزانی (من پێشمەرگەم و هەر پێشمەرگە بووم و هەتا مردن هەر پێشمەرگە دەبم.) بڕێكی زۆر حەقیقەتی هەڵگرتوە و ڕاستگۆیە، بڕ نا زۆریش.




پرسە و ماتەمینی دەرفەتێك بۆ ڕیاكاریی كۆمەڵایەتی ‌و وەلائی كۆیلایەتی … کارا فاتیح

لە كۆمەڵگای ئێمەدا، پرسە و ماتەمینی دەسەڵاتێكی ئیستاتیكییان هەیە بۆ گەرمكردنەوە و توندكردنەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، تیشكی بەهێزی ئەو جوانییە فریودەرەی ئەم دەسەڵاتەیش مرۆڤ لە ئاست ناشیرینییەكانی پرۆسەكەدا كوێر دەكات.
پرسە لە ڕێگەی بەردەوام خۆدووبارەكردنەوە و بەرهەمهێنانەوەی ڕابردوەوە بەو دەسەڵاتە ئیستاتیكییە مرۆیییە خەڵەتێنەرەی هەیەتی، لە كۆنەستی مرۆڤەكاندا جۆرێك لە ئایدیۆلۆژیا بەرهەم دەهێنێن، ئایدیۆلۆژیای ڕێكخستنەوەی كۆمەڵگا لە سەر فۆڕمی تەقلیدی و دینی، كە دەسەڵاتێكی شاراوەی هەیە لە كۆبوونەوە و گەرمكردنەوە و بەئاسانی گەیاندنی بۆچوون و پەیامە دینییەكان، ئایدیۆلۆژیایەك مرۆڤ بە هۆی نەریتپارێزی و خۆلادان لە ڕەخنە و گلەیی، بەشێكی زۆر لە تاكێتیی خۆی لە بەردەم گشتدا لە دەست دەدات، لەم كۆبوونەوە كۆمەڵایەتییەدا كە لە ژێر خواستی گشتیدا بەڕێوە دەچێت نەك تاك، ئایدیۆلۆژیای دینی و خواستی دڵخوازی كۆمەڵایەتی دەخرێنە گەڕ و جێگەی هەر بزوتنەوەیەكی جەماوەری، كە پاڵنەرەكەی ئازادیی تاك و خواستی دادگەریی كۆمەڵایەتیی بێت دەگرنەوە، یان تا ڕادەیەك دەیبەنە دواوە و، چالاكیی مرۆڤ دەبێتە جۆشوخرۆشێك كە هاوشانی خەم و نیگەرانی بۆ كۆچكردوو یان بڵندتریش، چێژ بەرهەم دەهێنێت، لێرەدا بەرهەمهێنانی چێژیش بە شێوەیەك مەرگ دەكاتە كەرەستە و كاڵا و هەندێ جار ئەو مەرگە دەبێتە شوێنی گاڵتەجاڕی.

گاڵتەجاڕی لەوەدایە، بەشدارانی پرسە، شوێنی پرسە و هۆكاری پرسە دەكەنە بیانوو بۆ خۆنماییشكردن و موجامەلەی یەكتر و داپۆشینی ڕق و ناكۆكییەكانیان، لەویش گاڵتەجاڕیتر ئەوەیە، لە سەر ئاستی سیاسی و ڕووناكبیری، مەرگی كەسێك بە تایبەت كاراكتەرێكی دیار، دەبێتە مۆدێلێك بۆ چالاكی و خۆدەرخستن و قسەكردن، ئەوەیش كە وای كردوە پرسی مەرگ هەمیشە وەك پرسێكی كۆمەڵایەتی سەیر بكرێت و نەبێتە دیاردەیەكی تایبەت، ئامادەبوونی قورسی پرسە و ماتەمینییە لە كۆمەڵگادا، كە سنورێكی گەورەی لە نێوان ژیان و مردندا كێشاوە و مەرگی وەك بەشێك لە ژیان دابڕیوە و لەم نێوەدا مرۆڤ دیدێكی كراوە و سكۆلاری بۆ مردن نەبوە و هەمیشە سەبووریی بە گوتاری ئایینی هاتوە، كە مرۆڤ ئامادە دەكاتەوە بۆ مردن و ژیانی دوای مردن، نەك گەشەدان بە ڕۆحی خۆشەویستیی مرۆڤ و ژیاندۆستی و سەرهەڵدانی پرسیاری ئەنتۆلۆژی.
پرسە هۆكارێكە بۆ ئەوەی دۆستایەتیی ناكۆكەكان بێتەوە سەرەوە و پەردەی سەر دژە ڕووكەشەكان هەڵبدرێتەوە، ئەوان دەستلەناودەست بە هەمان دیدی میتافیزیكی و ئایینی بۆ كێشەكان دەڕوانن، وەك چۆن مەرگ لە ڕێگەی پرسەوە ئەو پەیامە بە مرۆڤەكان دەدات: بەردەوام بن لەو ژیانە تەقلیدییە و شوكرانەبژێر بن، سیاسییەكان و ناكۆكەكانیش بانگی خۆزگە و ئاواتێكی وەهمی و فریودەرانە دەدەن: با مەرگی فڵان كەس هۆكارێك بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و وەلاخستنی ناكۆكییەكان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا.

ئەوە ڕوونە، ئەگەر تەبایییەك هەبێت لە نێوان بازرگانانی كێبەركێكار، سیاسەتوانانی ناكۆك، یان دەسەڵاتداراندا، كە بێگومان هەیە و بەهێزیشە، تەنها بەرژەوەندی و دۆخێكە تا ئەو گەمەیە بە باشی بەرێتە پێشەوە و بەردەوام بێت، نەك تەبایییەك بۆ بەرژەوەندیی گشتی و باشكردنی ژیانی هەموان، لێرەدا پرسە هۆكارێكە بۆ پیشاندانی ئەم تەبایییە ساختەیە، یان ئاواتخواستن بۆ دروستكردنی و چەكەرەكردنی ئومێدێكی وەهمی لای خەڵك.
– خودا لێی خۆش بێت… خودا لێی خۆش بێت.
– بە خێر بێن… بە خێر بێن، خودا پاداشتتان بداتەوە.

گوزارەی (خودا لێی خۆش بێت) لە پاڵ سیما تەقلیدی و ڕیاكاری و ڕۆتینییەكەی، سیمایەكی تریشی هەیە، كە زمان و بیركردنەوە بە شێوەیەكی خۆبەخۆ و ئاسایی و بۆ هەمیشە دەخاتە خزمەت دیدی میتافیزیكی و گوتاری ئایینییەوە و مردن بە قورسی لە ڕووبەری كۆمەڵایەتیدا ئامادە دەكات و ڕێگر دەبێت لەوەی وەك پرسێكی تاك سەیری بكرێت و مرۆڤ بە دیدێكی كراوەوە لێی بڕوانێت، هەروەها ئەم گوزارەیە (خودا لێی خۆش بێت) ئەوەیش دەگەیەنێت: ئەوا من هاتم، دونیا هەر مردنە، هیچ شتێك ئەوە ناهێنێت بە قورسی بیگرین، خودا لێی خۆش بێت، گوزارەی (خودا لێی خۆش بێت) لە پاڵ سیما تەقلیدی و ڕیاكاری و ڕۆتینییەكەی، سیمایەكی تریشی هەیە، كە زمان و بیركردنەوە بە شێوەیەكی خۆبەخۆ و ئاسایی و بۆ هەمیشە دەخاتە خزمەت دیدی میتافیزیكی و گوتاری ئایینییەوە و مردن بە قورسی لە ڕووبەری كۆمەڵایەتیدا ئامادە دەكات و ڕێگر دەبێت لەوەی وەك پرسێكی تاك سەیری بكرێت و مرۆڤ بە دیدێكی كراوەوە لێی بڕوانێت، هەروەها ئەم گوزارەیە (خودا لێی خۆش بێت) ئەوەیش دەگەیەنێت: ئەوا من هاتم، دونیا هەر مردنە، هیچ شتێك ئەوە ناهێنێت بە قورسی بیگرین، خودا لێی خۆش بێت، خودایش بەخشندەترینە، دە تۆیش گوناهەكانی ئەم دونیای من بە قورس مەگرە، ئەویش دەڵێت (خودا پاداشتتان بداتەوە) واتە چاكتان كرد هاتن، زۆریشم پێ خۆش بوو، هێندەم پێ خۆش بوو، دڵم لە ئاست لارییەكانتاندا نەرم دەبێت، منیش بۆ پرسەكانی ئێوە دێمەوە. بەم شێوەیە ژیانی كۆمەڵایەتی لە بازنەی لارییەكان، ڕیاكاری و دیدی تەقلیدی و میتافیزیكی بۆ كێشەكان دەخولێتەوە، پرسی مەرگ لای مرۆڤ هیچ شتێكی ڕاچڵەكێنەر دروست ناكات، دەبێتە جۆرە كەلتوورێك و لە هەموو كردەیەكی ڕادیكاڵ ڕووت دەكرێتەوە.

بۆ سیاسی و دەسەڵاتدارانیش، پرسە ئەو دەرفەتەیە كە لە پاڵ بەهێزكردنی گوتاری دینی و بێنرخكردنی ژیان و هەژموونی مەرگ بە سەر ژیانەوە، بە هۆی دۆخی غەمگینی و ماتەمی هەندێ جار ساختە و زاڵبوونی كەشی هاوخەمییەوە، سۆزی خەڵك بە لای خۆیاندا ڕادەكێشنەوە، پرسە زەمینەیەكی ساز و گونجاویش دەبێت بۆ ئەو حیزبی و ڕاگەیاندنكارانەی، كە تەنها بەهرەیان سیخوڕی و ماستاوكردنە، تا وەلائی كۆیلایەتیی خۆیان تازە بكەنەوە، ئێستایش بۆ زیندووڕاگرتن و بەهێزكردنی ئەم گەمەیە، فەزای مەجازی (فەیسبوك) بوەتە ڕاگەیاندنی هەواڵی و پرسە و ناردنی سەرەخۆشی.




قوتابخانەی دزپەروەران … کارا فاتیح


كاتێك دزینەكردن لە شتێكی ئاسایییەوە دەبێتە سیفەتێكی ئایدیاڵ

ئەم ڕۆژانە كە مەرگی سەركردەیەكی باشووری كوردستان-نەوشیروان مستەفا-مان بینی، هاوكات و بە دوایدا چیرۆك و گێڕانەوەكانمان لە سەر ئەم كەسایەتییە بیست و هیی تریش دەبیستین، ئەوەی لە بەشێكی زۆری ئەم چیرۆكانەدا جەختی لێ دەكرێتەوە، دەستپاكیی ئەم پیاوەیە و زۆربەی گێڕەرەوەكان شایەتیی ئەوە دەدەن، لەو هەموو تاڵانی و داگیركاری و ڕاوڕووتەی لە زەمەنی نەوشیروان مستەفادا هەبوە، بچوكترین لەكە بەر ئەم نەكەوتوە. ئەم خاڵە لەم كەسێتییەدا زۆر لەوە زیاتر قووڵ و خەست دەكرێتەوە و هەندێكیان دەیكەنە یەكێك لە بنەماكانی بەكاریزمابوونی (دیارە ئێمە لێرەدا خۆمان لە دەقیقی و نادەقیقیی ئەم بۆچوونە لا دەدەین و كارمان بەوە نییە كاریزما چییە.)
پرسیارێك پێویستە بەجیدی وەربگیررێت ئەوەیە، بۆچی دزی نەكردن كە تایبەتمەندییەكی ئاسایییە و لە هەر كەسێكدا بێت، نە بە ئازایی نە بە زیرەكی و نە بە حاڵەتێكی سەرسوڕهێنەر حیساب دەكرێت، كەچی بۆ ئەم كەسێتییە دەبێتە سیفەتێكی ئایدیاڵ و بنەمایەكی بەكاریزمابوونی؟

دەگوترێ نەوشیروان مستەفا، دەیتوانی وەك بەرپرسانی تر و زیاتریش ببێتە خاوەنی سەرمایەیەكی مادیی زۆر بەڵام نەیویست، دەیتوانی وەك ئەوانی تر ملیۆنان دۆلار لە بانكەكانی دەرەوە بشارێتەوە بەڵام نەیكرد، بیویستایە ئێستا ئەویش ڕیزە شوقە و ڤێلە و كۆشك و نادی و…هتد لە ناوەوەی وڵات و دەرەوە دەبوو، بەڵام هیچیانی نییە، دەیتوانی بیرە نەوتی هەبێت و نییەتی… هتد، دیسان پێویستە بپرسینەوە، بۆچی سەیر و سەرسوڕهێنەرە كە ئەم شتانەی نییە یان نەیكردوە؟ بەدڵنیایییەوە بە بیركردنەوەیەكی زۆر سادە دەزانین، سەرسوڕهێنەریی ئەم خاڵە لە نەوشیروان مستەفادا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ئەو لە ناو ئەو نوخبە سیاسی و دەسەڵاتدار و بەرپرسەی سەردەمی خۆیدا لەم خاڵەدا جیا دەبێتەوە، واتە ئەوانی هاوشان و هاوخەبات و خاوەن دەسەڵات و بەرپرس، پێچەوانەن، ئەمان دز و دەستپیس و تاڵانچی و خاوەنی سەرمایەیەكی مادیی خەیاڵیی ناشەرعیی زۆرن، بۆیە ئەم لە ناویاندا شازە، دەنا هەرگیز و لە هیچ سەردەمێكدا سیفەتی دەستپاكی و دزی نەكردن هێندە ئەفسووناوی و سەیر نییە، كە بۆ هیچ كەسێك ببێتە سەرمایەیەكی ڕەمزی تا لای نەوشیروان مستەفا، سەرەڕای ئەوەی زۆر هەن سیفەتی نێگەتیڤیی وەك: ڕەقی و زبری و وشكیی لە پێوەندیی كۆمەڵایەتی و ساردیی لە وەفای هاوڕێیەتی و تاكڕەو و توندوتیژ و هەندێ جار خوێنڕێژیشی دەدەنە پاڵ، کەچی ئەم خاڵە (دزینەكردن) لە كەسێتیی ئەم پیاوەدا دەدرەوشێتەوە.

ئەم نوخبە سیاسییە دەسەڵاتدارەی ئێستا و چارەكەسەدەی ڕابردووی باشووری كوردستان لە دوای بەرەبەیانێكەوە پێی خستە سەر كورسیی حوكم و بە زۆرەملێ و بە یاسا و جارێ بە ناوی هەڵبژاردن و جارێ بە لوولەی چەك و خۆسەپاندن، مومارەسەی فەرمانڕەوایەتی و بەڕێوەبردن دەكات، كە چركەساتی ڕاپەڕین بوو، لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991 دا، لە پاڵ گیانی شۆڕشگێڕی و خەونی ئازادی و یاخیبوون و خۆبەختكردن لە پێناو كۆمەڵێك بەهای مرۆڤایەتی و نەتەوەییدا، ڕۆحی دزی و تاڵانی و فەرهودچێتی لەوپەڕی گەشەسەندن و بەجەستەبوونی خۆیدا بوو، ئەو ڕۆژانەی ڕاپەڕین ڕاوڕووت و تاڵانی بە ئاستێك گەییشتن، كە دزیی لە كارێكی نهێنی و دوور لە چاوی خەڵك كرد بە كارێكی ئاشكرا و نۆرمەڵ و نماییشێكی بەرچاو، فەرهودی زەمەنی ڕاپەڕین، دزیی لە كارێكی تایبەت و تاكەكەسییەوە كردە كارێكی گشتی و بە كۆمەڵ، ئەو ڕۆژانە بە ڕۆحیەتێكی شۆڕشگێڕانەوە دەست بۆ دزینی هەموو شت برا، هەر لە ئۆتۆمبێلی دەوڵەتەوە بۆ پانكە و سویچپلاكی فەرمانگەكان، لە عەمبار و كارگەكانەوە بۆ سۆپای قوتابخانەی سەرەتایی و قەرەوێڵەی خەستەخانەكان، ئەمەیش كاری یەك كەس و دوان نەبوو، بەڵكو كاری بەشێكی زۆری خەڵكی چەكدار و مەدەنی بوو و ئەوانەیشی بەشدار نەبوون، تاڵانی و دزییان لە موڵكی گشتییان لا قێزەون و دزێو نەبوو، بەڵكو وەك كارێكی ئاسایی سەیریان دەكرد و تێكەڵ بە ڕۆحیەتی بەرەنگاری و دژوەستانەوە بەڕووی بەعس و ستەمكاریان دەكردەوە، لێرەیشەوە دزی و تاڵانكاری ڕوویەكی پۆزەتیڤ و لانی كەم ئاساییی وەرگرت و بە هۆی ئەو بۆشایییە یاسایی و ئیدارییەی هەبوو نەك ڕێگەی لێ نەگیرا، بەڵكو لە ناو هۆشیاریی كۆیشدا نەكەوتە بەر نەفرەت و وەك دیاردەیەكی ناشیرین وەرنەگرا، دزان و تاڵانچییان وەك نەتەوەیەكی موسوڵمانیش لە غیابی فەرمانڕەوایەكی ئایینی یان هەر هۆكارێكی تر، گوێی خۆیان لەو فەرمانە ئایینییەیش خەواند كە قورئان پێیان دەڵێت، وَالسَّارِقُ وَالسَّارِقَةُ فَاقْطَعُوا أَيْدِيَهُمَا جَزَاءً بِمَا كَسَبَا نَكَالاً مِنَ اللَّهِ (المائدە: 38) واته‌، هه‌ر كه‌سێكی دزی بكات، چ نێر بێت یان مێ‌‌، له‌ سزای دزیكردنی‌ ده‌بێ‌ هه‌ر دوو ده‌ستی ببڕن، كه‌ ئه‌مه‌ ته‌نبێكردنه‌ له‌ خواوەیە‌. هەروەها پێغەمبەریشیان پێیان دەڵێت: تُقْطَعُ يَدُ السَّارِقِ فِى رُبْعِ دينارٍ فصاعداً. واتە: دەستی دز دەبڕرێت لە سەر دزینی چارەکە دیناری زێر بە سەرەوە .

لە گزنگی ڕاپەڕینی 1991ـەوە لە بریی خۆری ئازادی، خۆری دزی و تاڵانیی دەركەوت، بەرپرس و میلیشیاكان بە تاڵانییەوە نەوەستان و بینا و شوێنە حكومی و گشتییەكانیان داگیر كرد و حیزبەكانیان كردە قوتابخانەی دزپەروەردەكردن و لە ماوەیەكی كەمدا تەلی كارەبا و پەرژینی كێڵگەكانی مین و ئامێرەكانی چاككردنی ڕێگاوبان و كەلوپەلی پڕۆژە و سەدەكان و هەر چییەك خۆیان سودیان لێ نەبینی، ئاودیوی وڵاتانی دراوسێیان كرد، ئیتر كەلتووری دزی و تاڵانی جێگەی خۆی گرت بوە قوتابخانە بۆ پەروەردەكردنی دز بۆ بەڕێوەبردنی كۆمەڵگا، لەمەوە دەبێت بۆچی سەیر بێت كارەبا، هەرێمی بچكۆڵە بە داهات و بودجەیەكی گەورەوە بە چارەكەسەدەیەك دابین نەكرێ‌ و كەسیش شەرمەزار نەبێت، لە پەنای ئەو هەرێمەیشدا، شارێكی وەك كۆبانێ وێڕای خاپووربوونی و هەژاری، لە ماوەی چەند مانگێكدا كێشەیەكی لەو جۆرەی نەمێنێت.

كەلتووری دزیكردن جێگەی گرت و سەركەوت، بێ ئەوەی هەستی شەرمەزاریی كۆمەڵایەتیی دروست بكات و گیانی بەرەنگاری تەنانەت لە ناوی توێژی ڕۆشنبیر و گەنجان و خەڵكانی ئەكادیمی و زانستی بڕسكێنێت، بۆیە دیسان هیچ سەیر نییە لەم كەلتوورەدا دەیان و سەدان جار دوای ئاشكرابوونی دزیی گەورە لە لایەن بەرپرسانەوە، كەچی پۆست و پلەی هەر ئەو بەرپرسانە بەرز كراوەتەوە، یان بواری بازرگانی پڕە لە دزینی بیرۆكە و باس لە دزینی گۆرانی و ئاوازێكی زۆر لە لایەن هونەرمەندانەوە دەكرێت، بەشێكی زۆری كارنامەی دەرچوونی زانكۆكان كۆپی و دزین و كایەی نووسین و ئەدەبیش لە ژێر ناوی جیاجیا بیرۆكە و خەیاڵ و وێنەی هونەریی ئەدەبیاتی گەلانی تری بە لێشاو تێدایە و كایەكانی تریش هەر وا. ئەوەی زیاتر ئەم کەلتووری دزیکردنەی هێنایە سەر ئاستێکی زۆر ئاسایی و تەنانەت یاسا و دەستووریش چوونە خزمەتی، جێگرتنەوەی چەمکێکی ناو فەرهەنگی سیاسیی جیهانی بوو بۆ دزکردن، کە ئەویش چەمکی گەندەڵی بوو، گەندەڵی هەرچەند چەمکێکی بەرفراوانتریش بوو لە دزی، بەڵام بەرپرس و دەسەڵاتداری هەرێم سوودی لەم چەمکە وەرگرت و بە هۆی ئەوەی لە ئاستێکی بەربڵاوتردا بە کار هات، هەر لە کەمتەرخەمییەکی بچوک لە کار و کەمێک دواکەوتن لە دەوام هەتا گەورەترین تاوانی تاڵانکاریی وڵات هەمووی وەک یەک ناونرا گەندەڵی، بەرپرس و دەسەڵاتدارانیش کەیفیان پێ هات کە هەموو کۆمەڵگا وەک ئەوان بەر ناووناتۆرەی بی لێپێچینەوە کەوتوە، ئەوانیش زۆر بە ئاسانی و بێ شەرمەزاری و بەئیسراحەت دزیی خۆیان بکەن، بۆیە بۆ هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەم ئارامییەی بەرپرسان و دەسەڵاتداران گرینگە وشەی دزی بهێرێتەوە ناو زمانی ڕاگەیاندن و ڕەخنە.

ئێستا ڕەنگە لەو پرسیارەی سەرەتا تێ بگەین، بۆچی تایبەتمەندیی دزی نەكردن لای نەوشیروان مستەفا كە تایبەتمەندییەكی ئاسایییە و لە هەر كەسێكدا بێت، نە بە ئازایی نە بە زیرەكی و نە بە حاڵەتێكی سەرسوڕهێنەر دادەنرێت، كەچی بۆ ئەم دەبێتە سیفەتێكی ئایدیاڵ و بنەمایەكی بەكاریزمابوونی؟ چونکە لە ناو ئەو نوخبە سیاسی و بەرپرس و دەسەڵاتدارەدا ئەو تاک و تەنهایە.




پرسەنامە … کارا فاتح

گەر ئەو دیوی پرسەنامە بخوێنینەوە، دەتوانین جگە لە ڕووکارە تەشریفاتی و موجامەلەیییەکەی، ئەم خەسڵەتانەی تری ببینین:

١- غەم و نیگەرانی

پرسەنامەكان دەربڕینی غەم و نیگەرانین بۆ كۆچكردوو، بەڵام ئایا غەم و نیگەرانی لە پرسەنامەدا دەتوانێت تەعبیر لە خۆی بكات؟ غەم لە دەروون\دڵ دایە، دەروونناسی دەڵێت، بۆ ئەوەی غەم لە دەرووندا زۆر پەنگ نەخواتەوە و مرۆڤ بەرگەی بگرێت، پەنا بۆ گریان دەبات، گریان نەفەسێكە بۆ سوككردنی غەمی ناو دەروون، ئەدەب و هونەریش بە ڕێگەی خۆیان غەمی ناو دڵ دەگۆڕن بۆ بەرهەم. پرسەنامە نە گریانی مرۆڤێكی ئاسایییە، نە بەرهەمێكی هونەری و ئەدەبییە، بۆیە ئەو غەم و نیگەرانییەی بەیانی دەكات، تەنها نماییشییە، نماییشێك جارێك دەبێتە چالاكییەك بۆ خاوەن پرسەنامە و بوونی نماییشیی خۆی تێدا دەردەخات، جارێكیش كە غەم و نیگەرانیی نماییش دەكات، دڵتەنگی لە ڕەهەندی ئەنتۆلۆجی بەتاڵ دەكاتەوە و دەیكاتە كاڵا، كاڵای ڕاگەیاندن و بۆنەكان، كە غەم بوو بە كاڵا فڕێ دەدرێت و بیر دەچێتەوە، بۆیە غەم و نیگەرانیی ناو پرسەنامەكان، دروستكراو و درۆ زیاتر نیین.

٢- سڵاو:

پرسەنامەكان سڵاو دەنێرن بۆ گیانی مردوو، سڵاو چییە؟ مردوو یان گیانی مردوو چ پێویستی بە سڵاوە؟ سڵاو بۆ ئەوەیە بە ڕوویەكی خۆش و كراوە و سیمایەكی ئاشتیخوازانەوە بە ئەوی تر بگەیت، كە مردن پێوەندیی كەسێك بە ژیانەوە دەپچڕێنێت، چۆن دەتوانین بە سڵاوكردن لێی كراوەیی و ئاشتیخوازیی خۆمانی بۆ دەربخەین. سڵاوكردن نامۆیی و زبریی پێوەندیی نێوان سڵاوكەر و سڵاولێكراو هێور دەكاتەوە، بەڵام پێوەندیی ئێمە و مردوو پچڕاوە، ئیتر سڵاوكردن بۆ چییە؟ بۆیە سڵاوی ناو پرسەنامەكان وەك وشەیەكی بێ ناوەرۆك و بێ مانایە و ناگاتە جێ‌، هەر هیچ نەبێت سڵاو ڕەقی و ناخۆشیی ناو پێوەندییەك كەمێك نەرم و سازگار دەكاتەوە، ئەی سڵاو بۆ مردوو چی دەكات؟

٣- ڕێز:

پرسەنامەكان بە دەنگی بڵند ڕێز لە مردوو دەنێن، بەڵام ئایا دەربڕینی ڕێز بۆ مردوو، مرۆڤدۆستی دەگەیەنێت؟ ڕێزگرتن لە مردوو، گەر مجالەمە و ساختەكاریش نەبێت، لە بریی ڕەوشتێك بۆ دەرەوە و ئەوانی تر، بۆ ناوەوەی مرۆڤ ئاراستەی دەكرێت، واتە ڕێزگر تەنها دەروونی خۆی پێ ئاسوودە دەكات و دەیەوێت ویژدانی ئازار نەچێژێت، بۆیە ئەمە مەرج نییە مرۆڤدۆستی بگەیەنێت، بەڵكوو زۆر جار ڕێزگرتن دەگۆڕێت بۆ دروشم، دروشمیش پەیامێكی بێ ناوەرۆكە، یاخود بێنرخكردنی ناوەرۆكە، چونكە دروشم هەوڵ دەدات، پەیام لە ئاستی قسەدا بهێڵێتەوە و نەگۆڕێت بۆ كردار، دروشم پەرۆشی و ڕۆحی جیدیەت دەكوژێت، بۆیە یەكێك لە ئامانجەكانی پرسەنامە بە دروشمكردنی پەیامەكانە لە ژێر ناوی ڕێزلێگرتندا.

٤- داواكاری:

پرسەنامەكان هەمیشە داواكارییان تێدایە، جارێك بە زمانی دینی داوا دەكرێت كۆچكردوو جێگەی بەهەشتی خودا بێت، جارێكی بە زمانی سیاسی و كۆمەڵایەتی داوا دەكرێت و ڕێچكە و ڕێبازەكەی بەرنەدرێت و سوور بن لە سەر بەرنامە و خەباتەكەی.
داواكاری بە زمانی دینی و ئایدیۆلۆژی زۆر جار، سیفەتێكی ناچالاكی هەیە، ئەوەی داوا دەكات، تەنها دەخوازێت، تەنها دوعا دەكات، نەك كار بۆ ئەو داوایانە بكات، بۆیە داواكاران لێرەدا بكەر نین، پاسیڤ و لەكارداماڵراون، لەبریی ئەوەی بیر لە مردن بكەنەوە، خواست بۆ مردوو هەڵدەڕێژن، لە بریی ئەوەی ڕەهەندی بیركردنەوەی دونیایی بەهێز بكەن، ڕەهەندی میتافیزیكی و بێدەسەڵاتیی مرۆڤ تۆخ دەكەنەوە.
ئەمانە هەندێك بوون لە دیوە نەبینراوەكانی پرسەنامەكان، كەواتە ئای لە گەوجیی ئەوانەی حیسابی گەورە و ئومێدیی مەزنیان بە درێژی و كورتی، یان گەرمی و ساردیی پرسەنامەكان هەیە!




نەوەی مەلزەمە … کارا فاتیح

مەلزەمە لە ڕواڵەتدا كورتكردنەوەی مەنهەجی خوێندنە، چڕكردنەوەی پێناسە و ڕاڤە و باسە دوورودرێژەكان و بەرتەسككردنەوەی شەرحی بابەتەكانە لە چەند خاڵێكی هەڵپڕووكاودا، بەڵام جێكەوتنی مەلزەمە و بەردەستبوونی بەو قورسییە لە پرۆسەی خوێندندا بە تایبەت لە زانكۆ و پەیمانگاكان، جۆرێك لە ئایدیۆلۆژیا بەرهەم دەهێنێت، ئایدیۆلۆژیا بە مانا ماركسییەكەی كە بریتییە لە هۆشیارییەكی هەڵە، ئەو نەوەیەیش بە هۆی ئەم مەلزەمانەوە فێر دەبن، دەبنە خاوەنی هۆشیارییەكی هەڵە، كە لێرەدا لە چەند خاڵێكدا ڕوونی دەكەمەوە:

1- مەلزەمە، كورتكردنەوەیە، كورتكردنەوەی چی؟ هی كتێب، كتێبەكانی مەنهەج… چ شتێك لە كورتكردنەوەی كتێبەكان مەترسیدارترە، كتێبەكانی مەنهەج بۆ ئەوە نیین كورت بكرێنەوە، بەڵكو بۆ ئەوەن بكرێنە دەروازە بۆ چوونە ناو كتێبخانە و پێگە ئەلكترۆنییەكانی كتێبەوە. كتێبەكانی مەنهەج نابێت كورت بكرێنەوە، دەبێت ڕێگەی دووردرێژ بۆ زانست و ئایدیاكانی ناوی بكەنەوە. مەلزەمە، كە كتێبەكان كورت دەكاتەوە، هەموو ڕێگەكان كوێَر دەكاتەوە، ڕێگەی چوونە كتێبخانە و پێگە ئەلكترۆنییەكانی كتێب بە یەكجاری قەپات دەكات.

2- كورتكردنەوە كە مەلزەمە دەیكات، لە ڕواڵەتدا بۆ ئاسانكردنی تێگەییشتنە، بەڵام ڕاستییەكەی گوزارشتە لە بەبنبەستگەییشتنی پرۆسەی تێگەییشتن، كە شتەكان كورت دەكەینەوە، واتە وەك خۆیان تێیان ناگەیین، نامانەوێت گەشە بە هزر و بیركردنەوەمان بدەین بەهۆی ئەم كتێبانەوە، بەڵكو ئەوان بە قیاسی مێشك و بیركردنەوەی خۆمان كورت دەكەینەوە، ئایدیاكان لە ناوەڕۆك دەخەین، تەنها فۆڕمێكی دروستكراویان دەهێڵینەوە، جەوهەری زانستەكان دەكوژین، تەنها بە قاوغەكانیانەوە دەگیرسێنەوە، لەم نێوەدا ئەوەی مەلزەمە دەیكات تێگەییشتنێكی ساختەیە، یان بەیانكردنی تێنەگەییشتنە.

3- مەلزەمە كاری كتێب ناكات، بەڵكو كاری كتێب كۆتاییی پێ دەهێنێت، ئەگەر لە ڕێی كتێبەوە جیهان بناسرێت، لە ڕێی مەلزەمەوە تەواو چاو لە بینینی جیهان دادەخرێت، ئەگەر لە ڕێگەی كتێبەوە فیكرمان لە پێناو گۆڕینی واقیع بگۆڕین، ئەوا بە هۆی مەلزەمەوە فیكرمان لە پێناو هێشتنەوەی دۆخی واقیع وەك خۆی جام دەكەین. ئەگەر كتێبەكان ئایدیا و زانست ‌و فیكرەكانت بخەنە بەردەست، مەلزەمەكان، لاشەی ئەو ئایدیا و زانست ‌و فیكرانەت پێ دەدەن، مەلزەمە جێگرەوەی كتێب نییە، بەڵكو ئەتككەری كتێبە.

4- مەلزمە واتە زیاتر سادەكردنەوەی تیۆر و ئایدیاكانی خوێندن، بەڵام ئیشی سادەكردنەوە، كە زۆر كەس بە باشی دەزانێت مەترسیدارە، سادەكردنەوە وای كردوە ڕووبەرێكی زۆر لەم جیهانە بە فەرامۆشكراوی و نەبینراوی بمێنێتەوە، سادەكردنەوە لەوەوە سەرچاوەی گرتوە كە وێنەیەكی ساختە و درۆیینەی ئەم جیهانە لە زەینی خۆماندا دروست دەكەین و وا لە خۆمان و ئەوانی تر دەگەیەنین جیهان هەر ئەمەیە، لەوەیشەوە بە ئاسانی بڕیار لە سەر زانست و دونیا دەدرێت، یەكێك دەڵێت قەومی كورد لە هەموو قەومێكی سەرزەمین عاقڵترە، یەكێكی دینییش دەڵێت، هەموو زانستی دونیا لە قورئاندا باس كراوە. سادەكردنەوە لە ڕێگەی مەلزەمە و هەر شتێكی ترەوە، واتە ناتەوێ ئەو جیهانەی كە ئاڵۆزە، بیبینیت و دەیسڕیتەوە، ئەو زانست و تیۆر و ئایدیایەی كە درككردن پێی ناوێرێ لە بەر چاوت لای دەبەی، هەموو ئەو شتانەی بە ئاسانی دەرك ناكرێن بەو شێوەیەیان لێ دەكرێ، تا بە ئاسانی بچنە ژێر ڕكێفی بڕیار و بیركردنەوە خێرا و سادەكانەوە.

نەوەی ڕازی بە مەلزەمە، نەوەی هۆشیاریی ساختەیە، نەوەیەكە كرۆكی زانست و تیۆرەكان نابینێت و تەنها دڵی بە قاوغەكانی زانست و تیۆر خۆش دەكات، نەوەیەكە لە جێی كرانەوە بەڕووی دونیادا، زیاتر خۆی دادەخات و گۆشەگیر دەبێت.
نەوەی مەلزەمە… نەوەیەكی نەك بێئومێد، بگرە نەوەیەكی ئومێد پێ نەكراو.




ناوی کتێب: لە دوای ئەنفالەوە نووسین: كارا فاتیح

دیزاینی بەرگ و ناوەرۆک: ئومێد محەمەد
قەبارە: ٣٧٦ لاپەڕەی نیوA4
ساڵی چاپ: ٢٠١٥
شوێنی چاپ: سلێمانی
چاپخانە: پیرەمێرد
لە بڵاوکراوەکانی دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان
پرۆژەی ٢٧یادی تاوانی ئەنفال

————————
لەبریی ڕانان
پێشەكیی كتێبی لە دوای ئەنفالەوە
نووسینی كارا فاتیح

پێشەكیی كتێب بۆ زۆر ئامانج و مەبەست دا نراوە و دەنووسرێت، هەندێ جار وەك پێویستییەكی نووسینی ئەكادیمی سەیری دەكرێت و بە دانەنانی، توێژینەوەكان بە نوقسان و بوونی كەلێنێكی زانستیی تێیان دا دێنە هەژمار و هەندێ جاریش وەك خوو یان نەریتێكی نووسین، نووسەران لە كتێب و نووسینی توێژینەوەكانیان دا، تەنانەت هەندێ جاریش لە دیوانی شیعر و ڕۆمان و چیرۆك… هتد، گرنگیی پێ دەدەن و دەینووسن.
لە پێشەكی دا ناونیشانی كتێب یان توێژینەوە ڕوون و ورد دەكرێتەوە و پێشەكیی كتێب دەبێتە ڕایەڵی نێوان ناونیشان و ناوەڕۆك و، ئاماژە بۆ هۆكاری هەڵبژاردنی ناونیشان دەكرێت، لەوێیشەوە وردەوردە هۆكاری هەڵبژاردنی بابەت ئاشكرا دەكرێت و لە چەند خاڵێك دا هێمای بۆ دەكرێت، گیروگرفت و كۆسپی بەر دەم دەناسێنرێ و پاشان نووسەر لە گرنگیی باسەكە دەدوێ و ئەو بوار و سنوورە دەست نیشان دەكات، كە وەك ڕووبەری كاركردن هەڵی بژاردوە و ڕێباز و میتۆدەكانی كاركردنیشی بە خوێنەرانی خۆی ئاشنا دەكات، پاشان پرسیار و گریمانەكانی توێژەر و هەندێ جاریش بە شێوەیەكی سەرپێیی، مەبەست و هەوڵی كاركردن لە بەش و پارەكان دا دەخاتە بەر چاو، ئەوجا هەواڵی بوونی ئامانجی كارەكەیمان لە كۆتایی دا، پێ دەدا. ئەمانە بە شێوەیەكی گشتی ناسنامەی پێشەكی بوون لە بواری ئەكادیمی دا و توێژەران و ئەكادیمیستان لە بەر ئەم هۆیانە پێشەكی بە گرینگ دەزانن، هەروەها لە كتێب و توێژینەوە نائەكادیمییەكانیشدا هەندێ جار، هەمان ئەو ئامانج و مەبەستانە بۆ نووسینی پێشەكی دەر دەكەونەوە و دیسان نووسەر بە شێوەیەكی مولتەزیم، بەو یاسا و ڕێسایانەوە پەیوەست دەبێت، بەڵام هەموو جارێكیش وەها نییە و مەرجیش نییە وا بێت، هەندێ نووسەر خۆیان لە نووسینی پێشەكی لا دەدەن، یاخود لە نووسینی دا، پەیڕەوی لەو خاڵانە ناكەن و بە شێوەیەكی سەربەستانە ئەم بوارە بە كار دەهێنن، بە شێوەیەك لای هەندێكیان وەك سڵاو و ڕۆژباشێكە و دەروازەیەكە بۆ دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ خوێنەر و كردنی بە ئەڵقەیەك لە نێوان خوێنەر و ناوەرۆكی كتێبەكە.
درێژكردنەوەی ئەم سەرەتایە لەوە زیاتر بە پێویست نازانم و، دوای ئەم بەهانانە بۆ پێویستبوونی پێشەكی، لێرە دا دەمەوێت زوو بگەمە مەبەستی خۆم، واتە ئەم سەرەتای پێشەكییە تەنها بەهانەیەكە بۆ ئەوەی، كە ئاشكرا بێت من چیم لەم پێشەكییەی خۆم دەوێت. پێش هەموو شتێك دەگەڕێینەوە بۆ ناونیشان (لە دوای ئەنفالەوە) دواتریش كە دێین بۆ پێڕستی بابەتەكان، كە بۆ سێ بەش پۆلێن كراون و لە لێكۆڵینەوە و وتار و گفتوگۆ پێك هاتوون، ئەوەی دەیبینین جگە لە لێكۆڵینەوەیەك بە ناوی (ئەنفال و بەكارهێنانەكانی) ناونیشانی هیچ بابەت (لێكۆڵینەوە، وتار، گفتوگۆ) ێكی تری تێدا نییە ئاماژە بێت بۆ ئەنفال و باس لە ئەنفال بكات.
وەك تێبینیی ناونیشانی زۆربەی ئەو كتێبەكانە دەكەین كە بەم شێوەیەیە پۆلێن كراون، بە زۆری لە دوو حاڵەت بە دەر نیین، ئەویش یان ناوەرۆكی هەموو بابەتی تێكڕای بەشەكان دەچنە ژێر چەتری ئەو ناونیشانەی كتێبەكەوە، یاخود تەنها یەكێك لە بابەتەكان وەك دڵخوازی نووسەر و وەك ئەوەی ڕەنگە لە ڕووی ئیستاتیكی و سەرنجڕاكێشی و هێزی گەیاندنی بە خوێنەر لە ناونیشانی بابەتەكانی تر پەسەندتر بن، بۆیە لە ناونیشانی بابەتێكەوە هەڵدەكشێن و بەرز دەكرێنەوە و دەكرێنە ناونیشانی كتێبەكە، لە كاتێك دا ڕەنگە ناوەڕۆكی بابەتەكانی تری كتێبەكە، هیچ پەیوەندییەكان بەم ناونیشانەیشەوە نەبێت.
وەك بە ڕواڵەت دەیبینین، ناونیشانی ئەم كتێبە (لە دوای ئەنفالەوە) هیچ یەك لەم دوو تایبەتمەندییەی تێدا نییە، واتە نە هەموو بابەتەكان دەچنە ژێر سایەی ئەم ناونیشانەوە و هێڵێكی ڕوون و ئاشكرا پێیانەوە دەبەستێتەوە، نە ئەو ناونیشانە خۆیشی بریتییە لە ناونیشانی یەكێك لە بابەتەكان، بەڵام لە ڕاستی دا من وەهای نابینم و پێم وا نییە بابەتەكان هیچ پەیوەندییەكان بە ناونیشانی كتێبەكەوە نەبێت، بە تایبەت كاتێك ناونیشانی كتێبێك بریتی بێت لە ئەنفال، بە مەرجی نازانم ناوەڕۆكی بابەتەكان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ، باس لە كارەساتی ئەنفال بكەن و، لە ناو ئەو ڕووداوە دا بێن و بچن و هەوڵ بدەن مێژوەكەی بنووسنەوە، یاخود باس لە كاریگەریی دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئابووری … هتد، ی بكرێت و لە ڕەهەندی زمانی و ئەخلاقی و یاسایی و سیاسی و… هتد، ـەوە بخوێنرێتەوە و شی بكرێتەوە و بكرێت بە كەرەستەی توێژینەوە و كاركردن و گفتوگۆ، چونكە (دەكرێت دەیەها تێكست بنووسرێت و ناوی ئەنفالیشی بخرێتە سەر، بەڵام لە ڕاستی دا هیچ یەك لەو تێكستانە جگە لە پەیوەندییەكی ڕووكار و سادە لەگەڵ ئەنفال دا، هیچی دیكەیان نەبێت، بەڵام دەكرێت تێكستێك بنووسرێت بێ ئەوەی باس لە ئەنفال بكات توانای دەرخستنەوەی كاریگەریی ئەنفالی هەبێت، لە سەر ژیان و جیهانبینیمان.) مەرج نییە ئەركی نووسین، لە هەمبەر ئەنفال دا تەنها ڕاوەستان و و چەقین بێت لە ناو ڕووداوەكە دا، چونكە كارێكی وەها مەرج نییە هەمیشە خزمەت بەو دۆزە بكات ‌و، گوزارشت بێت لە هەستكردن بە لێپرسراوێتی و ئاسوودەییی ویژدان.

بە دڵنیایییەوە كارەساتی ئەنفال هێندە تراژیدییە، زەحمەتە زمان بتوانێت بە ئاسانی تەعبیری لێ بكات، یان لە ڕاستی دا زەحمەت هێزی ئەو تەعبیرە لای زمان بێت، بۆیە پێویستە زمان لە ئاست گەورەییی ئەم كارەساتە دا، واز لەو وەهمە بهێنێت، كە بە كەرەستەكانی خۆی هەر دەبێت لە ناو چەقی ئەم ڕووداوە دا بێت ئینجا دەتوانێت، لێپرسراوێتیی خۆی بەرامبەر بە ئەنفال بسەلمێنێت، چونكە لە دوای ئەنفالەوە، ئەركی ئەخلاقی و هەستی لێپرسراوێتیی گەورە ئەوەیە، جارێكی تر و بە چەشنێكی تر ژیان ببینین و دید و ڕوانین و جیهانبینیمان بۆ سەرجەم كێشەكان بە جۆرێكی تریان لێ بێت و لە دوای ئەنفالەوە زمان ئەو ئەركە بە خۆی بدات، كە جیاواز بێت لەو ئەركەی پێش ئەنفال هەیبوە، بۆیە لەو بابەتانەی ئەم كتێبە (لێكۆڵینەوە، وتار، گفتوگۆ) دا، كە لە سەر ئەنفال نەنووسراون و بە هیچ شێوەیەك ناوی ئەنفالیان تێدا نەهێنراوە، مەرج نییە خاڵی بن لە هەستی لێپرسراوێتیی بەرامبەر ئەنفال، چونكە پێمان وایە مەرج نییە زمان ڕاستەوخۆ لەو كارەساتە بدوێ، بەڵكو زمان لە ژێر كاریگەریی ئەنفال دا، جەوهەر و ئەرك و ئاراستەی تر وەر دەگرێت و بە قسەكردن و توێژینەوە لە چەندین پرس و قەیران و گرفتی تری بۆ نموونە وەك پرسگەلی (ژن، گەنج، كۆچ، ڕۆشنبیری، ڕۆژنامەگەری، كتێب خوێندنەوە، دیموكراسی… هتد) زمان كاریگەریی ئەنفالی بە سەرەوە بێت، ئەركی ئەخلاقی و هەستی لێپرسراوێتیی بە جێ گەیاندبێت، بۆیە وا هەست دەكەم، لە هەموو ئەو بابەتانەی باسی ئەنفال ناكەن، ئەگەر جیدیبوون و مۆرالی نووسین و هەستی لێپرسراوێتییان تێدا بێت، ئەوا كاریگەریی ئەنفالیان بە سەرەوەیە، كاریگەرییەك كە وا دەكات، یان توانای ئەوەی هەیە، زمانی تەعبیر لە ئاست هەموو گۆشەیەكی ژیان دا دروست بكرێتەوە و سەر لە نوێ مرۆڤ بە دیدێكی ترەوە تەماشای شتەكان بكات.

بابەتەكان (لێكۆڵینەوە، وتار، گفتوگۆ) كۆكراوەی ئەو بابەتانەن، كە لە (15) ساڵی ڕابردوو دا (1999-2013) نووسراون و لە ڕۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكانی كوردستانی باشوور بڵاو كراونەتەوە، كردنیان بە كتێب لە ڕاستی دا لەو بڕوایەوە، كە مەرج نییە ئەو بابەتەی ڕۆژێ لە ڕۆژان بۆ گۆڤارێك یان ڕۆژنامەیەك دەنووسرێت، ئیتر ماڵی ڕاستەقینەی ئەو ڕۆژنامە یان گۆڤارە بێت و، بۆ كتێب نەگوێزرێتەوە، ڕاستە زۆر بابەت بۆ هەتاهەتایە پێویست دەكات هەر لە نێو ڕۆژنامە و گۆڤارەكان بمێننەوە و نەكرێن بە كتێب، بە تایبەت ئەوانەیان كە هێز و تەمەنیان تەنها لە خوێندنەوە و كاركردن لە سەر بابەتێكی ڕۆژە، ئەو زمانەی پێی دەدوێن، تەنها زمانی ئەو ڕۆژە بێت و ئیتر بەكەڵك نەیات، بەڵام پێمان وایە، ئەو بابەتانەی ئێرە تەنها دەرفەتی چاو هەڵهێنانیان لە ڕۆژنامە یان گۆڤار دا بوە، ئەگینا لە ڕاستی دا قسەكردن نەبوون لە سەر پرس و گرفتی هەنووكەییی ڕۆژ و خۆ ئەگەر لەو بابەتانەیشیان تێدا بێت، ئەوا ئەو كەرەستەی تێگەییشتن و دونیابینی و شیكارییەیان تێدا دەبینین، كە بۆ سەردەم و كات و كێشە و گرفتی تر دەست بدەن. پاشان كردنیان بە كتێب لێرە دا، لەو گۆشەنیگایەوەیە، كە هەر لە بنەڕەت دا ڕۆحی كتێب و سیمای كتێب بە بابەتەكانەوە هەیە و دیارە، ئەگەرچی هەندێكیان وتاری كورتیشن، چونكە هەندێ جار وشە و دەربڕین لە وتاری كورتیش دا، سیحری خۆیان لە دەست نادەن و، دەكرێت هێزی مانەوەیان وەك ئەوانی تر بێت، هەرگیزیش پێمان وا نییە دۆخی ڕۆژنامەنووسی لێرە دا بە سەر ڕۆشنبیریی كتێب نووسینەوە دیار بێت، یاخود كتێب پاشكۆی ڕۆژنامەگەرێتی بێت.
لێرەیشدا بە كورتی بە سەر یەكەیەكەی ئەو بابەتانە دا دەچین، كە لە چوارچێوەی (لێكۆلێنەوە، یان وتار، یان گفتوگۆ) دا كار مان لە سەر كردوون.
لەو بابەتە دا كە لە سەر ئەنفال نووسراوە، لە ڕاستی دا باس لە ئەنفال خۆی ناكات، بەڵكو بە هۆی ڕەخنەگرتنەوە پەیوەندییەكی مرۆڤدۆستی و ئاڵوگۆڕ لەگەڵ كۆمەڵێك بۆچوونی دیكە دا دەبەستێ‌، تا لە ڕێگای ئەم پەیوەندییەیشەوە، دیدگاكان زیاتر و بۆچوونەكان قووڵتربن لە سەر كارەساتی ئەنفال، كارەساتێك بە تێگەییشتنی قووڵ لێی، دەشێت بە سەرجەم پێكهاتەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەخلاقیی خۆمان دا بچینەوە و ئێستا و پاشەڕۆژی خۆمان بە جۆرێكی دیكە ببینین، تێگەییشتنی قووڵیش لە كارەساتی ئەنفال بەوە دەست پێ دەكات، كە بتوانین ئەنفال لە وشەیەكی ئاسان بەكارهاتوو و سادەوە بكەین بە بابەت و كەرەستەیەكی فیكری و مەعریفی و هەموو میتۆدەكانی خوێندنەوە و ڕەهەندەكانی بینینی بۆ بخەینە گەڕ.

لە لێكۆڵینەوەی (تێكستی پیرۆز و ترسی وەرگێڕان) هەوڵمان داوە هۆكارەكانی وەرنەگێڕان، یان ترس لە وەرگێڕانی تێكستی پیرۆزی لە زۆر سرووت و نەریتی ئایینی دا بۆ سەر زمانی كوردی دەست نیشان بكەین و لەم پێناوەیش دا باس لەوە دەكەین، كە بۆچی تێكستی ئایینی، كاتێك بە كورد دەگات، هەر چەند كورد بە زمانی ئەو تێكستە ئایینییە قسە ناكات، كەچی هەر بە زمانی یەكەم كاری لەگەڵ دا دەكات و ئەو تێكستە ئایینییەیش هەر بە زمانی خۆی كار لە لایەنگر و هەوادارانی دەكات. لەم باسە دا ئەوە ڕوون دەكرێتەوە كە بۆچی ماوەیەكی زۆر و بە درێژاییی چەندین سەدە، پرۆسەی وەرگێڕانی قورئان لای كورد ئەنجام نەدراوە، سەرەڕای وەرگێڕانی ئەم تێكستە پیرۆزە، بەڵام تا ئێستا هەموو مامەڵە و پەیوەندییەكی موسوڵمان لەگەڵ ئەم تێكستە دا، هەر بە زمانی یەكەمە، خوێندنی قورئان لە هەموو بۆنە و مەراسیمە جۆراوجۆرەكان دا، هەر بە زمانی عەرەبییە و بانگ و نوێژ و شایەتومان و هەندێ جۆر دووعا، بە هەمان شێوە هەر وەر نەگێڕراون و وەر ناگێڕرێن، لەمەیشەوە ئەوەی شوێنی جەختكردنەوەی زیاترە ئەوەیە، كە ئایا وەرگێڕانی تێكستی پیرۆز چۆنە؟ ئەم تێكستە پیرۆزە دوای وەرگێڕان چی بە سەر دێ و توانای وەرگێڕ لەم كارە دا چەندە و…هتد، هەروەها باس لەو دۆخە دەروونییە دەكرێت، كە خوێندنەوەی قورئان بە زمانی یەكەم دروستی دەكا و لە زمانی دوەم دا، ئەو سیحرەی نامێنێت.

لە بابەتی (چەمك و شووناس) دا هەوڵمان داوە چەمكەكانی (بیر، بۆچوون، باوەڕ، ئایین، مەزهەب، ئایدیۆلۆژیا) وەك چەمكگەلێك لە چەمكە ئاڵۆزەكان، لە ڕێگەی بەروارد و جیاكاری و جیاوازیی سەرهەڵدان لە نێوانیان دا، بكەوینە شیكردنەوە و ناساندن و لێكدانەوەیان و، بە شووناسێك ئەگەر ناجیگیریش بێت، بگەین، چونكە وەك لەم باسە دا گوتوومانە ( هەر یەك لەم چەمكانە، لە بەكارهێنان و تێگەییشتنیان دا، زەحمەتە بە ئاسانی لە چوارچێوەی پێناسەیەكی دیاریكراو دا ئارام بگرن، یان ئەو چوارچێوانەی بۆیان دا دەنرێن، یان پێشنیار دەكرێن، مەنزڵێكی ڕاستەقینە و بێخەوشی خۆیان بن.)
لە (ئاوارە بوونی عەقڵ) دا ویستوومانە خوێندنەوەیەك بۆ چەمكی سۆفییزم بكەین، لە بابەتی (بەرگرینامە) یشدا باس لە ڕێكخراوێك دەكەین، كاتێك وەك وەك پەرچەكردار دروست دەكرێت، بە شێوەیەك كە جیاوازە لە دروستكردن وەك كردار، لەمەیشەوە كۆمەڵێك كار و چالاكیی ئەو جۆرە ڕێكخراوانەمان بەر ڕەخنە داوە.
لە وتاری (تراژیدیای ئامێرە تەكنەلۆژییەكان) باس لە هۆشیاریی مرۆڤی كورد دەكەین لە بەكارهێنانی هەر یەكێك لە ئامێرەكانی (كامێرا، ڕادیۆ، تەسجیل، تەلەفزیۆن، ڤیدیۆ، ماشێن، سینەما، تەلەفۆن و سەتەلایت…هتد) و وەڵام بە پرسێكی وەها دەدەینەوە، ئاخۆ ئەم ئامێرانە لە ژینگەی تەندروستی خۆیان دا، چ كارێك دەكەن و داهێنەرانی هەر یەك لەم ئامێرانە، سەرەتا بە چ نیازێك و بۆ بەدەستهێنانی چۆن دەستكەوتێك ئەم ئامێرانیان دا هێناوە. پاشان لە وتاری (ڕِۆشنبیریی كوردی و كوشتنی بیركردنەوە) دا بە شێوەیەكی تیۆری باس لەو بەهەدەردانەی توانای ڕِۆشنبیری دەكەین، لە پانتاییی نا پێویست دا و خۆلادان و نەبینینی ڕووبەری هەستیار و گرینگ و كە پێویستیان بە بینین و خوێندنەوە و شیكردنەوە هەیە.

لە هەر یەك لە وتارەكانی (خوێنەران و ڕۆژنامەكان، مردنی هەواڵەكان، شووناسی ڕۆژنامەنووس، فێستیڤاڵەكان) كە بۆ یادی ڕۆژنامەگەریی كوردی نووسراون، باس لە پەیوەندیی بێ هێزی نێوان خوێنەران و ڕۆژنامەكان دەكەین، لە بایەخی هەواڵەكان دەدوێین، كە پێویستە بە كەرەستەی نوێی شیكردنەوە و میتۆدێكی وردبینانەوە پاشخان و دەرەنجامەكانی ئەو هەواڵانە لێك بدرێنەوە و هەڵ بسەنگێنرێن و ئەم لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنانەیش تەعبیر لە هۆشیاریی خۆمان و كاراكتەری فیكریی خۆمان بكەن و بە زمانی ڕۆژنامەگەرییانە دەر ببڕرێن، گرینگیدان بە شیكردنەوەی سەرجەم لایەنە دیار و نادیارەكانی هەواڵەكان بناغەیەكی پتەوە بۆ داڕشتنی سیاسەتە دوور و نزیكەكانی خۆیشمان و بایەخێكی زۆری هەیە لە چارەسەركردنی ئەو كێشە و قەیرانانەی كە واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و… هتد، ی ئێمە بە دەستیانەوە گیرۆدەیە. هەروەها باس لە شووناسی ڕاستەقینەی ڕۆژنامەنووس كراوە و، بۆ فێستیڤاڵەكانیش ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، فێستیڤاڵ میتۆد و پرەنسیپ كەرەستەی مەعریفیی خۆی هەیە و خۆی ئەركێكە بە هیچ جۆرێك ناخرێتە شوێن و بری هیچ ئەركێكی دیكە، كەچی لای ئێمە لەپێناو سەر لە نوێ ئامادەكردنەوەی جیهانی فیكریی ئەو بابەتە و ڕامان و قووڵبوونەوە و پرسیاركردن لێی نییە، بەڵكو هۆكارێكە بۆ خۆنماییشكردن.

لە وتاری (وێنە و بە دادگاكردنی كۆمەڵگا) دا باس لەوە دەكەین كە چۆن بەعس دەیەوێت لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی وێنەی دیكتاتۆرەوە، وڵاتێك بكاتە دادگا، لەو دادگایە دا هەر ڕەفتارێك بە بۆچوونی ئەو و لە دیدی ئەوەوە شیاو نەبوو، ئەوا تاوانە و دواتریش تاوانبار دەبێت سزا بدرێت.
پاشان لە وتاری (چاودێركردن لە نێوان دیموكراسی و دیكتاتۆری دا) دا قسەمان لەسەر ئەو خاڵە جیاوازانە كردوە، لە دەزگای چاودێریكردن لە نێوان هەر دوو سیستمی دیموكراسی و دیكتاتۆری دا هەن. دواتر لە ژێر ناوی (لە كوێوە دیموكراسی دەست پێ دەكات..؟) بەو شێوەیە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە گەڕاوین، كە دیموكراسی لەوێوە دەست پێ دەكات، پەیوەندیی ناعەقڵانی و پەراوێزیی تاك بە كۆمەڵەوە هەڵ بوەشێنرێتەوە و پەیوەندییەكی عەقڵانی و سەربەخۆ بونیاد بنرێت، كە تاكێكی سەربەخۆی بە بەها و بە ئیرادە و خاوەن چالاكیی سیاسی و كۆمەڵایەتی… هتد، لە دایك ببێت.

لە وتاری (كۆچی ئەم جارە چییە؟) دا شەپۆلی كۆچ و بەجێهێشتنی وڵاتمان بە بێئومێدییەكی ترسناك لە ژیان بە هەموو مانایەك لە وڵاتە دا بەستوەتەوە، بێئومێدییەك كە تەنانەت كۆچەران بۆ ئاییندەیەكی دووریش هیچ تروسكەیەك لەم وڵاتە و دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە بەدی نەكەن، بێئومێدییەك كە خودی بێئومێدیی لە وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی و بێكاریی ئەوروپایش لەم كۆچە ساردیان ناكاتەوە. (نەمزامی چۆن هەفتەیەك، مانگ، یان ساڵیك بە سەر ئەو شتە دا تێ پەڕی… باشە كوێڕا شەممە هاتەوە… فڵان شت پێنج ساڵی بە سەر دا ڕۆیی و وام زانی دوێنێ‌ بوو… نەمزانی ئەمساڵا چۆن ڕۆیی… هتد) ئەمانەیش ئەو پرسیارانەن كە لە وتاری (تەمەن لە كوردستان) دا قسەمان لە سەر كردوون. ئینجا لە وتاری (خەتای ئەوانە) دا، باس لەو دۆخە دەكەین، كە چ مرۆڤ و چ حكوومەت و، یان هەر دامەزراوەیەكی تر بێت، كاتێك شكستێك دەخۆن، دەكەونە پاساو و بیانووهێنانەوە، لەم وتارە دا دەمانەوێت بڵێین (ئەم لۆژیكە، ئەوە دەگەیەنێت، ئەوانەی هەر خەریكی بیانووهێنانەوە، لە بناغەوە شایەنی لێپرسراوێتی نیین و هەرگیزیش بۆ ئاییندەی نزیك و دووریش بە تەما نیین بە سەر ئەو شكستانە دا سەر بكەون، چونكە سەرەتای چارەكردنی هەر كێشەیەك، مەرجە دان بە هەڵە و ناتەواوییەكان دا بنرێت…هتد)

لە گفتوگۆكان دا لەگەڵ چەند نووسەر و ڕووناكبیرێك دا، ویستوومانە باس لە كتێب و كتێب خوێندنەوە بكەین و لە ڕێگەی كۆمەڵێك پرسیارەوە بەها و هەیبەتی كتێب، هۆكاری هەڵكشان و داكشانی كتێب، كەمبوونەوەیەی خوێنەر و پەیوەندیی بە بێهێزی و بێ ئامانجی و بێهزریی نووسینی كوردی، یان دونیای تەكنیك و دیجیتاڵ و ئەنتەرنێتەوە. هەروەها لە ئاستی كتێبی كوردی لە ڕووی تەكنیك و نەخشەسازی و هونەرەكانی دەرهێنانی بەرگ و ناوەڕۆكی كتێب دەدوێین، لەگەڵ گەڕان بە دوای ئەوەی، بۆچی كتێبی كوردی كەوتوەتە ژێر كاریگەریی ڕۆژنامەوانیی كوردییەوە، بەتایبەت لە ڕووی نەفەسی نووسین و زمان و چوارچێوەی دەربڕینەوە، لەگەڵ گفتوگۆكردن لە سەر پرسی سانسۆر و چەند لایەنێكی تر پەیوەست بە كتێب و كتێب خوێندنەوەوە.
هیوادارین سەرجەم بابەتەكان بە ڕۆحی جیدی و هەستی لێپرسراوێتی و مۆراڵی كاركردن لە ژێر كاریگەریی ئەنفال دا نووسرابن.




چەند سەرنجێك سەبارەت بە خۆپیشاندان … کارا فاتیح

یەكەم: خۆپیشاندانی مەدەنییانە یان نامەدەنییانە

بەو پێوەر و تێگەییشتنەی دەسەڵاتدار و دارودەستە و (ڕۆشنبیر!)انی چواردەوریان، بۆ مەدەنیەت و مەدەنیبوون هەیانە و وشەكەیشان خستوەتە سەر زاری خەڵكی تر و كردوویانەتە دەمامكی كەستێتییەكی عاقڵ و ڕۆشنبیر و خاوەن ڕەفتاری شارستانییانە و دوور لە هەڵچوون و توندوتیژی، هێشتا هەموو ڕەفتار و سیاسەت و پلان و ڕووبەڕووبوونەوەكانی دەسەڵاتداران و یاسا و بنەماكانی فەرمانڕەواییان نامەدەنییانەیه‌، (بێ گومان وەك گوتمانبە پێوەری خۆیان بۆ مەدەنیەت، دەنا دەزانین ئەم بۆچوونە دەقیق نییە) لەوێشەوە بە شۆِربوونەوەی بۆ ژیانی تاكەكان، لە ئاستی ڕێزگرتن لە منداڵ، پیر، ژن، باڵندە، ئاژەڵ، زانست، زەوی، ئاو، كارەبا، هاتوچۆ و خاوێنی و هەموو مافێكی تاك و گشتی نوقمی ژیانێكی نامەدەنین، كەچی دەسەڵاتدار و ڕۆشنبیرانی چواردەوری لە سەروەختی خۆپیشاندان، داوای خۆپیشاندانی مەدەنییانە دەكەن، ئەم ئاوازەیشیان خستوەتە سەر زاری هەموو هێزە بەناو ئۆپۆزسیۆن و خوێندەوار و بە ناو ڕۆشنبیرەكان و گێل و گەمژەكەی خوارەوەی كۆمەڵگایش بێ ئاگا لەوەی دەسەڵاتداران بۆ چ مەبەستێك ئەم ژەهرە بڵاو دەكەنه‌وە، دەیڵێنەوە و دەیڵێنەوە و لە واقیعیشدا پراكتیكی دەكەن، كەسێك ناپرسێت، ئەی دەسەڵاتداران كە ژیان لە ژێر سایەی ئێوەدا هەموو چركەیەكی نامەدەنی و تەنانەت وەحشیگەری بێـت و هەرچی گیاندار و بێ گیانە لە ڕێز و بەها خاڵی كرابنەوە، ئیتر بۆچی تەنها دەتانەوێت، خۆپیشاندان مەدەنی بێت، كە دیارە كاتێك دەڵێن با خۆپیشاندان مەدەنییانە بێت، مەبەستیان ئەوەیە شتێك بە ناوی خۆپیشاندان بێ هیچ مەترسییەك و تەنانەت بێ هیچ وەڵامدانەوە و حسابكردنێك بۆ داواكاریی خۆپیشاندەران بەڕێوە بچێت و دۆخی باڵادەست وەك خۆی بمێنێتەوە، دەنا خۆ دیارە سەدان جار هیچ شتێكی وەك تەقەكردن و سوتاندن و توندوتیژی و پەلاماردانیش ڕووی نەداوە، بەڵام دەسەڵاتداران بەردەوامن لە ڕفراندن و تیرۆر و ئەشكەنجە و تۆقاندن و دەركردن.
بۆیە پێویستە لە ئاستی تیۆری و پراكتیكدا ڕووبەڕووی دەستەواژەی خۆپیشاندانی مەدەنییانە ببینەوە و نەهێڵێن و لە ژێر ئەم ماسكەدا تەنها ئومێد، كە خۆپیشاندانە لە بار ببرێت و خۆپیشاندەران ببنە گاڵتەجار و مەزەی حاكیمان و هیچ شتێك لە دۆخەكە نەگۆڕێت.
بەڵێ دەبێت خۆپیشاندان نامەدەنییانە بێت، بۆ ئەوەی كۆتایی بە هەموو سیمای نامەدەنی و وەحشیگەریی دەسەڵاتداران بهێنێت و ژیانی مەدەنی بۆ هەموو كۆمەڵگا و زیندەوەر و بێگیانان بگێڕێتەوە.




مردن بە بێ وەسێت چەند وشەیەک بۆ مەرگی (تەها و ئومێد و هاوڕێ) … کارا فاتیح

وەسێت دوا پەیڤی مرۆڤە بۆ ژیان، بەڵام ئەم مەرگە دوا پەیڤمان ناداتێ، نەك تەنها بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە بڕوا بە ڕوودانی نەكەین، بۆ ئەوەیش هەمیشە گوێیەك هەبێت لە ژیاندا دەنگی ئەوان ببیستێت.
وەسێت پێچانەوەی بارگەوبنەیە لە ژیان و بە ناچاری ڕۆیشتنە بەرەو پیری مەرگ، بەڵام ئەمان بارگەوبنە ناپێچنەوە و بێ وەسێت دەڕۆن، چونكە نایانەوێت سینەما و ئەكادیمیا بە جێ بهێڵن و لە داهێنان و تۆماركردنی چركەكانی ژیان بوەستن.

وەسێت ناكەن و دەڕۆن، چونكە ناتوانرێت خاڵی كۆتایی بۆ ژیانی ئەمان دابنرێت، ئەمان لە ناو هونەر و داهێنان و سەركێشییەكاندا دەژین، نەك لە ناو تەقلیدیەت و ڕۆتینی كۆمەڵایەتی و بەهای باو.
وەسێت ناكەن و دەڕۆن، نایانەوێت وەك دیاردەیەكی بایۆلۆجی و فیزیكی مانا وەربگرن، بەڵكو وەك فیكر و ئەندیشە و بیركردنەوە ڕەنگ دەگرن.

وەسێت ناكەن و دەڕۆن، چونكە ناخوازن داوایەكیان لەوانەی دوای خۆیان هەبێت بۆ ئەوەی شتێك بكەن یان ڕێچكەیەك بگرن، چونكە باوەڕیان بەوە نییە ئەو ڕووبەرە جێ بهێڵن كە تێیدا كار دەكەن و سێبەری داهێنانیان بە سەر ئەو ڕووبەرانەوە هەر دەم دەمێنێت.

دوا جار ئەوە ئێمەین كە دیسان نابێت وەسێتیان بۆ دروست بكەین.




ئاسیاسێڵ كۆمان دەكاتەوە …. كارا فاتيح

ئاسیاسێڵ كۆمان دەكاتەوە… چۆن كۆمان دەكاتەوە، یان بۆ دەبێت، ئاسیاسێڵ كۆمان بكاتەوە، لە كاتێكدا خۆمان (ناتوانین، نامانەوێت، نازانین، ناهێڵن، سەرناپەرژێین یان بواریان بۆ نەهێشتووین) كۆ ببینەوە، كەواتە ئاسیاسێڵ لە ئاستێكی شاراوەدا دەڵێت، دوور بكەونەوە، هەر زۆر دوور بكەونەوە، بێ خەم بن لە ڕێگەی تۆڕەكەی منەوە پێك دەگەنەوە.
بەڵام چۆن پێك دەگەینەوە، (دەقیقەیەك بە 60 دینار) لێرەوە هەموو پەیوەندییەك بە جیا لەوەی لە ئاستێكی مەعنەوییەوە دێتە سەر ئاستێكی مادی، هاوكات هەموو پەیوەندییە زیندوەكانی مرۆڤبوون بۆ كۆمەڵێك تەلەفۆنی پێویست و هەواڵپرسی و هەواڵزانین كورت دەكاتەوە، قورسایی هەستكردن بە بایەخی مەعنەویی مرۆڤ دەهێنێتە سەر كورتەنامەیەك یان خەبەر و مەوعیدێك (بێ گومان ئەوەش لە ئاستێكی زۆر كەم و سنوورداردا، بە هۆی ئەوە هەموو چركەیەك نرخێكی مادیی هەیە)
بۆیە مژدەكەی ئاسیاسێڵ (ئاسیاسێڵ كۆمان دەكاتەوە) ڕاستییەكەی تاڵی تێدایە، ئێمە هێندە دوور كەوتووینەتەوە، لە خەسڵەتێكی (هاودەردی، بەهاناوەچوون، تەگبیركردن، ڕاوێژكردن، پێویستی، كەیف و سەرگەرمی…هتد) شۆراوینەتەوە، ئەوەش بەڵێنی بەیەكگەیشتمان پێدەدا، بە نرخێكی مادیی زۆر و لە ئاستێكی سنووردار و لە چوارچێوەی خەبەر و پێویستییەكی ناچاریدا ئەوەمان بۆ دەكات.

ئاسیاسێڵ كۆمان دەكاتەوە، واتە خۆمان با هەر دوور بین، زیاتریش دوور بكەوینەوە، بۆ ئەوەی بە تەواوی لە خەسڵەتی مرۆڤبوون بكەوین، ئیتر بە كەڵكی توندوتۆڵیی كۆمەڵایەتی و ڕێكخستنی سیاسی نەیەین، نەبینە مەترسیی بۆ سەر فەرمانڕەوایان ئەوانەی نرخ لە بچووكترین پەیوەندیی مرۆڤایەتیی دادەنێت…
ئاسیاسێڵ كۆمان دەكاتەوە…
وشەیەك لەم ڕیكلامەدا پەڕیوە: پارە (ئاسیاسێڵ پارەكانمان كۆ دەكاتەوە)، بەڵام نەك لەبەر ئەوەی بیریان چووبێت، بەڵكو هێندە ئامانجێكی مەزنە، بە نەنووسینیشی هەر بە زەقی دەبینرێت…(بێ گومان ئاسیاسێڵ تەنها وەك نموونە و بۆ كۆمپانیاكانی تریش هەمان قسە)




چۆلەكەكانی بەهەشت بۆ ئەوەندە ناشیرینن … كارا فاتيح

دەڵێن منداڵان بەو پێیەی گوناهیان نییە، تاوانێكیان نەكردوە، ئەوان دەبنە چۆلەكەی بەهەشت و لە سەر لقی درەختەكانی فیردەوس چڵاوچڵ دەكەن، ئەم بۆچوونە لە سەر منداڵ، تا سەر ئێسك نامرۆیی و دژ بە منداڵە و ئەخلاقی مرۆڤانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەویش بەوەی وێنەی مردنی منداڵ ناشیرین دەكات، لە لایەك شیوەنێك بەرپا دەكات، كە ئەو سەری دیار نەبێت لەبەر هەڵوێستی ڕووتی سۆزگەرا و پەرچەكرداری ڕۆمانسییانە، تا دەگاتە هەرەس و هەڵچوونی ناعەقڵانی و دەروونی، لە لایەكی تر لافاوی شین و فووغان بەوە دادەمركێنێتەوە و سەبووریی بە دڵ دا دەهێنێت، كە ئەوان دەبنە چۆلەكەی بەهەشت، لە سەر خونچەی گوڵ و گوڵزاری باخی ئیرەم دەنیشنەوە، ئەوە ناخی بەكوڵ و جەرگی داغبوو تەسكین دەدات، كە ئەوان بۆ هەمیشە لە میوەی ئەفسانەییی بەهەشت دەخۆن، لە ئاوی حەیات دەنۆشن.

نامرۆیی و ناعەقڵانیی ئەم بۆچوونە لەوە دایە، مردن وەك مەزنترین ڕووداوی ژیان دەكاتە پرۆسەیەكی هێندە پاسیف و نابەرهەمهێن، كە تەنها چەند هەڵوێستێكی عاتیفی و دەربڕینی ڕۆمانسییانەی لێ سەوز بێت. ئەكتیڤیی ڕووداوی مردن ئەوەیە، كە كاریگەرییەكانی تەنها پەرچەكرداری لە وێنەی هۆنهۆن گریان و شیعری خەمناك و گۆرانیی شیوەنئاسا و ئەدەبی ماتەمینی نەبێت، بەڵكو ئەو كاریگەرییانە لە سەر ویژدان و خەون و دونیابینی شوێنیان هەبێت. ئەوانەی مردن پاسیف دەكەن، ناڕاستەوخۆ پەیامێك دەنێرن، با ئەم مردنە بەردەوام بێت، با بۆمبەكانی كیمیایی بەربدرێنەوە، با ئەنفال دوایی نەیەت، با قوڕی مەرگەساتی كۆچ و ئاوارەیی خەستتر ببێتەوە، با ئالان بخنكێت، گرینگ ئەوەیە من مەستی شین و فووغانی خۆم، پیاوی هەڵوێستی ڕۆمانسی بم، ئیلهامی شیعرم نوێ ببێتەوە، گۆرانیم بەسۆزتر، سوێ بخەمە هەناوی ئەوانی ترەوە، ئەمەیش هیچ نییە جگە لە بەشدارییەك لەو تاوانە دا، ئەمە كۆرسێكە لە بكوژ و تاوانبار، كە لە پشت بەرپرسی یەكەمی تاوانە وەستاوە و دەیەوێت كارەكەی بۆ تەواو بكات… ئەمانیش بە شێوەیەكی تر بكوژن.

منداڵێك لە غەریبی دەمرێت، وێنەكەی جیهان دەهەژێنێت، بیر لە پێداچوونەوە بە ویژدان و ئەخلاق دا ناكرێتەوە و دەستكاریی هەستی ئیستاتیكی ناكرێت و لەم وێنەیەوە جۆرێك تر لە، بۆ نموونە (تـریفـەی مـانـگ، پرشنگی هـەتـاو، نەشئەی شەوان، نەسیمی دەریا، شەپۆلی دڵفڕێن… هتد) ناڕوانرێت، ئەوانەی لای ئێمە ئەم وێنەیە دەبینن، ناتوانن قەشەنگیی بیرەوەرییەكان تێك بدەنەوە، شاجوانی یادەوەرییەكان بهێننە خوار و فریشتەی خەیاڵەكان ئاسایی بكەینەوە. سەر لە نوێ وێنەی ئالان دەبێتە هۆی ڕەنگكردن و زیندووكردنەوە و چالاككردنەوەی هەموو ئەو وێنانە و جارێكی لە پانتاییی هونەر و ئەدەب و هەڵوێستی مرۆیی و ویژدانی دا ڕۆڵ دەبیننەوە، جارێك وێنەی ئالان كڵپە دەدا بە گڕی خامۆشی سۆز و هەڵوێستی عاتیفی توند دەكاتەوە، جارێكی تر بە بیانووی بێگووناهی و ئاوەڵاییی دەروازەی بەهەشت بۆ ئالان و ئەوانی تر، ئەم ڕووداوە و ئەم كاراكتەرە گرینگە، قورستر و تراژیدیتر لە ڕووداوی خنكان، بە مەرگ دەسپێررێت و خەون و پرسیاری ئالان، كە دەبوو لە ویژدانی هەموومان دا تا ئەبەد بژین، بەم ڕۆمانسیەتە لە هەڵوێست و غەیبانیەتە لە بیركردنەوە دەكوژرێ و هەرگیز بە جیدی دەنگی ئالان لە ناخ و گەرووی ئێمەوە بەرز نابێتەوە بڵێ (خودایە، جەنگاوەرەكانت بۆ وا دەكەن؟)




بیری ماركس دەكەم … كارا فاتيح

1- ماركس دەیگووت: لە بنچینە دا پەیوەندییە مەتریالییەكانی ناو كۆمەڵگا، شێوەی بیركردنەوەمان دیاری دەكەن، ئەو پێی وا بوو ئەو پەیوەندییە مەتریالییانەش ڕۆڵی سەرەكییان لە گەشەكردنی مێژوو دا هەیە.

ئێستا دەبینم پەیوەندییە ماتەریالییەكانی كۆمەڵگای كوردی، خۆرسك نیین، چالاكیی ناوەكییان سستە، ئاراستەكراون، دواكەوتوون، لە بەر ئەوە بیركردنەوەمان، لە پاش، كۆڵ، وێرانە و، لە ئاست واقیعە جیاجیاكاندا بەزیوە.
2- ماركس دەیگووت: گۆڕانكارییە ماتەریالییەكان، پەیوەندییە ڕۆحییەكان بەرەو دۆخی تر و ئاستی تر دەبەن.

ئێستا دەبینین لە بەر ئەوەی گۆڕانكارییە ماتەریالییەكانی ئێمە، ناتەندرووست، ساختە، نازانستی و نامرۆیی بوون، بۆیە پەیوەندییە ڕۆحییەكانمان، بیمار، ماندوو، بەرەو ئەو دەچن هەپروون بە هەپروون بن.

3- ماركس دەیگووت: سەرخانی كۆمەڵگا، ڕەنگدانەوەی ژێرخانەكەیەتی. ئەو بە پەیوەندییە مەتریالی و ئابوورییەكانی دەگووت ژێرخانی كۆمەڵگا، جۆری بیركردنەوەی مرۆڤی لە یاسا و ئایین و مۆراڵ و هونەر و فەلسەفە و زانست.. هتد بە سەرخانی كۆمەڵگای دانا بوو، ماركس پێی وابوو پەیوەندییە مەتریالییەكان بیركردنەوەی كۆمەڵگایان لە سەر بونیاد نراوە.

ئێستا سەرخانی ئێمەی كورد، لە وێنە ئایین، هونەر، فەلسەفە، زانست، مۆراڵ، ئەدەب… هتد، شەل و ئیفلیج و نابینایە، بڵێی ماركس ڕاست نەكات، ئەویش بۆ ئەو ژێرخانە ئیفلیج و نابینایە نەگەڕێتەوە كە گوزارشتە لە پەیوەندییە مەتریالی و ئابوورییەكانی ئێمە.

4- ماركس دەیگووت: شێوازی بەرهەمهێنانی كۆمەڵگا، شێوەی بیركردنەوەی سیاسی ئایدیۆلۆژیی ئەو كۆمەڵگایە دیاری دەكات.

ناهەق نییە بیركردنەوەی سیاسی و ئایدۆلۆژیی ئێمە هێندە دەردەدارە، باشە كوا شێوازی بەرهەمهێنان لە كۆمەڵگای ئێمەدا.

5- ماركس دەیگووت: بەزۆریی چینی دەسەڵاتداری كۆمەڵگا پێوەرەكانی مۆراڵ دەستنیشان دەكات، چونكە پێكهاتەی مێژوو ململانێی چینەكانە، لەم مێژوە دا دەسەڵاتدار خاوەنی ئامێری بەرهەمهێنانە.

باشە ئەوە نییە هەموومان حەزمان لە شێوەی ژیان و حەزی دەركەوتن و گەندەڵی و زوو دەوڵەمەندبوون و قسەكردن و خۆگۆڕین و ڤێللا و سەیارەكانی چینی دەسەڵاتدارانە.

6- ماركس دەیگووت: شێوەی كار لە سەر ئاگایی كاریگەریی هەیە و ئاگاییش ڕەنگدانەوەی خۆی لە سەر شێوەی كار هەیە.
بەڵام ئەوەتا ئێمە بە پێوەری سەعاتی دەوامكردنەكانمان نا، بەڵكو بە پێوەری بەرهەم تەواو تەواو بێكارین، بێكاریین بۆیە ئاگاییمان وڕ و تەمبەڵ بوە. ماركس ئەوەی لە هیگڵەوە وەرگرتبوو، كە كاركردن بە هەموو نایەكسانییەكانییشەوە هەر پۆزەتیڤە، چونكە بوونی مرۆڤی لە سەر بەندە، ئەوەتا ئێمەیش لەم بێكارییە (بێ بەرهەمییە) دا دوور نییە بڵێین بوونمان وەك مرۆڤ لە قەیران\ مەترسییدایە.

7- ماركس دەیگووت: لە كۆمەڵگای سەرمایەداریدا كرێكار بۆ خۆی كار ناكات، واتە كارەكەی دەبێتە شتێك كە لە دەرەوەی حەز و ویست و خەون و ئامانجی خۆی، ئەمەیشی بە تەعبیری هیگڵی بە نامۆبوون لە كار تەفسیر دەكرد، كە دەبوە هۆی نامۆبوونی كرێكار لە خۆیشی و هەقیقەتی مرۆڤ بوونی خۆی دەكەوتە ژێر پرسیارەوە.
ئەوا دەبینین ئێمەیش بۆ خۆمان كار\دەوام ناكەین، حەز و ویست و خەون و ئامانجمان لە پرۆسیسی كار\دەوام دا ناخەینە گەڕ، ئێمەیش بە فێربوون لە ماركس و بە تەعبیری هیگڵی بە كار\دەوام نامۆین و ئەم نامۆبوونەیش لە خۆمان نامۆمان دەكات و لەوێوەیشەوە ئێستا هەقیقەتی مرۆڤ بوونیشمان لە ژێر پرسیاردایە…




قەیرانی دارایی، یان بازی گەورە بۆ دووركەوتنەی چینەكان … كارا فاتیح

زۆر جار دەیانەوێت، وەك موتڵەقێك ئەوە بخەنە مێشكی هەموامانەوە، گوایە ئەوەی ئێستا هەیە، قەیرانی دارایییە، لە ڕاستییدا ئەگەر شتێك هەبێت ناوی قەیرانی دارایی بێت، لەم دوو ساڵەوە دەست پێ ناكات، بەڵكو سەرتاپای تەمەنی ئەم حاكمانەی ئێستا، هەمووی هەر قەیرانی دارایی بوە، لە هەموو ساڵ و سەردەمە زێڕینەكانی ئەم دەسەڵاتەدا، هیچ كات كاری شاییستە بە ئاسانی دەست نەكەوتوە، هیچ كات دامەزراندن ئاسان نەبوە، هیچ كات هیچ خێزانێك بە تەنها مووچە و تەنانەت دوانیش ژیانێكی شاییستە نەژیاوە و، هیچ كات هۆكارەكانی خۆشگووزەرانی و سەفەر و چارەسەری نەخۆشی و … ئاسان و بەردەست و نەبوون ‌و، بۆ ئەوەی نانبڕاو نەبیت، دەبێت سەركز كاری خۆت بكەیت، گوێ بەو هەموو نادادییەی ئەو شوێنە نەدەیت كە كاری تێدا دەكەیت و هتد…، بۆیە ئەوەی وامان تێدەگەیەنێت قەیرانی دارایی هەر ئەم دوو ساڵە هەبوە و دەستی پێ كردوە و پێشتر خەڵك وەزعی باش بوە، لە ڕاستیدا یان درۆ دەكات، یان زەینی كوێرە و هیچ نابینێ و هیچی بیر نایەت.

ئەگەر تەنها حاكمان بڵێن قەیرانەكە دوو ساڵە دەستی پێ كردوە، ئەوە كێشە نییە و وەك هەموو قسەكانی تریان دەیانەوێت بە پاساو و درۆ و پینە و هەڵخەڵەتاندن كاری خۆیان بەڕێ بكەن، بەڵام ئەگەر خەڵك و قوربانییانی ئەم دۆخە وا بڵێن، ئەمەیان كێشەیە، چونكە مایەی داخە، كە ئەوان نەك هێندە چاوكز بەڵكو دیدەكوێرن، نابینن هێشتا لەم دۆخەدا دەسەڵاتداران بازرگانیی خۆیان هەر گەرمە و ئیشوكار و خۆشگووزەرانییان هەر لە حاڵەتی ئاسایی خۆیدایە، كەناڵی ئاسمانی بە كوالیتیی بەرز دەكەنەوە، لای ئەوان هەر وەك جاران هیچ خەبەر نییە و سۆپەرماركێت و باڵەخانەی قەشەنگ دەكرێتەوە و كاركردن لە پرۆژەكانیان بە چركەیش ڕاناوەستێت، لە ئاستی سیاسییشدا، لە مامەڵەی شەیتانی نەكەوتوون و قومار لە سەر چارەنووسی خەڵك دەكەن و ڕق و شەڕی ڕاگەیاندن و سیاسەتی ناعەقڵانی و تەنانەت كۆمیدییش بەڕێوە دەبەن، بۆیە بێ ئەوەی پێوست بكات بڵێین، كێ و بۆچی ئەم دۆخەی خوڵقاندوە، بێ دوودڵی پێویستە، وا لەم قۆناغە تێ بگەین، كە جیا لە قەیرانە هەمیشەیییەكەی دارایی ئەوەی هەیە، بازی گەورەیە بۆ دووركەوتنەی چینەكان، بۆ هەڵتەكاندنی ئەو چینەی كە هەر هەژار بوو، بەڵام بە درۆ خۆی ناو نابوو چینی ناوەڕاست، هەر دەستكورت و نەبوو بوو، بەڵام بە سەیارەیەك و كۆمەڵێك مۆدێلاتی ناوماڵ و شوققە و خانوویەكی كۆمپانیاكان خۆی هەڵخەڵەتاندوبوو، بێ ئاگا لەوەی كە ئەو كۆمەڵگا نماییشییەی سەرمایەداریی دروستی كردوە و هەموو تاكێكی كۆمەڵگای تەنها لە سەر گۆڕینی مۆدێلات ڕاهێناوە، كۆمەڵگایەكی مێگەلییە و بۆ قازانجی خۆی درووستی كردوە، ئەوەی ئەمڕۆ هەیە بیرخستنەوەیەكی بەرپرسانی سەرمایەدارە بۆ ئەو چینەی بە حیسابی خۆی بە كار و مووچەیەكەوە خۆش دەژی و خانووی هەیە و سەیارەی پێیە و سەفەری وڵاتان دەكات و جلی جوان دەكاتە بەر منداڵەكانی و لە خواردنی خۆش كەمی نییە، ئەوە زەنگێكی سەرمایەدارییە بۆ ئەوان، كە پێیان بڵێن، ئێمە بۆ مونافەسە و قازانجی كۆمپانیاكانمان سەیارەمان بەسەردا ساغ كردیتەوە‌و، بۆ هەمیشە كردمانیت بە خزمەتكاری خۆمان، نەك وا هەست بكەیت سەیارە خزمەتت دەكات و پێت وابێت بە ئاسانی بەنزینت دەست دەكەوێت و بە ئاسوودەیی لێی دەخوڕیت، سەرمایەداران دەڵێن، ئێمە تەنها خانوو یان شووقەیەكی پەڕپووت و ناجائیزت بە بازووی خۆت و بە ڕەنج و عارەقی هەموو تەمەنت پێ ڕەوا دەبینین، نەكەی بیر لەوە بكەیتەوە، پێی گڵاوی خۆت بخەیتە گوندی ئەڵمانی و ئیتالی و ئینگلیزی و خەیاڵی ئەوە بكەیت، دەبیتە خاوەنی ڤێللا و باخی وەك ئەوانەی ئێمە، ئێمە وەك مێگەل و بۆ قازانجی كۆمپانیاكانی خۆمان، بۆ ئەوەی هەمیشە و زوو زوو گیرفانت سفربێتەوە، بۆ یۆنان و دوبەی و قوبرس و بەیرووت و توركیا و جۆرجیا و… هتد، مان ڕەوانە كردیت و چەند دیمەنێكی ئەو وڵاتانەمان پیشان دایت، نەكەیت بە گەمژەیییەكەی خۆت وا بزانی، گەشت و گەڕانت كردوە و لەززەتی بینینی دونیات تاقی كردوەتەوە، ئێمە تەنها بۆ قازانج و جوانكردنی سیستمەكەی خۆمان، قوتابخانە و خەستەخانەمان داناوە، نەكەی تۆی پوسوپۆخڵ، توخنی قوتابخانە و خەستەخانە تایبەتەكانی ئێمە بكەویت…هتد، بە كورتی ئەوان بە چینی بەناو ناوەڕاست دەڵێن، ئەوەندە لە خۆت بگۆڕێ و ئەوەندە خۆت مەناسەرەوە، تا تەنها خزمەتكاری سیستم و تەماحەكانی ئێمە بیت، لەوەو دوا ستوپ.
ئەم دۆخەی ئێستا هەیە قەیرانی دارایی نییە، قەیرانی دارایی لە ژێر سایەی ئەم بەرپرسە تازەپیاكەتە و سەرمایەدارانە ئەزەلی و لەگەڵ تەمەنیاندا ئەبەدییە، ئەم دۆخە تەنها بازێكی گەورەیە بۆ دووركەوتنەوەی چینەكان، فەقیركەوتنی هەژارەكان تا سنووری خۆكوشتن و لە برسا مردن، دەوڵەمەندبوونی سەرمایەداران تا سنووری بوون بە خاوەنی چەكە جیهانییەكان.




ئایا ناكرێت ڕاپەڕین وەك مێژوویەكی دزێو نیشان بدەین؟ … کارا فاتیح

دەسەڵاتی كوردی هاوشێوەی هەر دەسەڵاتێكی ستەمگەر، كۆمەڵێك ئەفسانەی موقەدەسی هەیە كە لە سەری دەژی: خوێنی شەهید، جەنگ و ڕاپەڕین، بۆنەی دینی و نەتەوەیی و ڕێكخراوەیی و هتد، كە زوو زوو دەیانهێنێتەوە سەر شانۆی كۆمەڵایەتی و دەیانكاتە ماسكێك بۆ جوان نواندنی خۆی و درێژكردنەوەی تەمەنی، كاری جیدی و كاریگەر بۆ لێدان لە دەسەڵات، لێدانە لە موقەدەساتی، نەك نواندنی دڵسۆزیی فرەتر لە دەسەڵاتداران بۆ ئەو موقەدەساتە، تێگەییشتن لە هۆیەكەش زۆر ساكارە، چونكە ئەو ڕاپەڕین وەك دەلاقەیەك بۆ ڕزگاری پێناس دەكات و ئەوەمان بیر دەباتەوە، كە ئێستا لە چ كۆیلەیەتییەكدا دەژین، وەهمی ئەوەی ڕاپەڕین ڕۆژێكی پرشنگداری مێژوومانە، نایەوێت قەناعەت بەوە بهێنین، كە ئێمە ئێستا لە چ شەوەزەنگێكدا دەژین، ئەوانەی دەڵێن ڕاپەڕین خاڵی وەرچەخان بوو، دەیانەوێن ڕێ لەوە بگرن، ئەم دۆخەی ئێستا وەرچەخێت، ڕاپەڕین نە دەلاقەیەك بوو بۆ ڕزگاری و نە ڕۆژێكی پرشنگداری مێژوومانە و نە خاڵی وەرچەرخان، ڕاستە خەونێكی گەورەی جەماوەری بوو بۆ ئازادی، بەڵام هەر لە سەرەتای سەرەتاكانەوە ئەم خەونە جەماوەرییە لە گۆڕ نرا، ئەوەیش بەوەی تەنها سیمای كۆمەڵێك ستەمگەر گۆڕرا، نەك تەواوی سیستمەكە، ڕۆژگاری دوای ڕاپەڕین هەر بە زووی دەروازەكانی خۆشگوزەرانی لە سەر خەڵك داخست و تەنها دەرگای قاچاخەڕێ و مەرگ و سەفەری بۆ خستنە سەر پشت، دونیای تازەی دوای ڕاپەڕین بە زوویی ئالوودەی ژن كوشتن بوو، سەرهەڵدانی ئیسلامیی توندەڕەو، هەڵبژاردنی تڕۆهات و ساختە، هەڵتەكاندنی كشتوكاڵ، بە مێگەلكردنی خەڵك و چاولەدەستیی حیزب بۆ مووچە و ئیمتیاز، بێ بەهاكردنی خوێندن و تاقەی گەنج و نەوەی نوێ، شەڕی ناوخۆ و بە میلیشیاكردنی كۆمەڵگا و هێنانی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت و ئاوارەكردنی سەدان هەزار كەس لە دەست و دیارییەكانی سەردەمی دوای ڕاپەڕین بوون، كەچی دەسەڵات و خەڵكانی بێ ئاگا هێشتا سوورن لە سەر ئەوەی بڵێن ڕاپەڕین دەلاقەی ڕزگاری بوو بۆ كورد.
كە هیچ خەونێكی خەڵك لە دوای ڕاپەڕین نەهاتبێتە دی، كە دونیای دوای ڕاپەڕین پڕبوو بێت لە وەحشیگەری و ژنكوشتن و دەرپەڕاندنی سەدان هەزار گەنج و هەڵتەكاندنی بنەمای ئابووری و شەڕ و ژیانی ناشایستە، لەم لایشەوە كۆمەڵێك مافیا و چەتە هەر لە سەرەتاكانەوە كەوتبێتنە تاڵانی و خۆدەوڵەمەندكردنی نائاسایی و گەیاندنی زوڵم و نادادپەروەری و بە ئاستی ترسناك و ئێجگار بەرز، ئیتر پێویستە سڵ لەوە نەكەینەوە بڵێین، كە ڕاپەڕین نەك هەر لە ڕۆژە پیرۆزەكانی مێژوومان نییە، بەڵكو لە ڕۆژە دزێوەكانە و تێیدا بە ناهۆشیاری لێشاوێك خوێنمان بە فیڕۆ دا بۆ لابردنی كۆمەڵێك ستەمگەر بە كۆمەڵێكی تر، كە بە هەموو ئامار و پێوانەیەك، ئەگەر زوڵم و نادادییەكانی ئەمانی دوای ڕاپەڕین زۆرتر نەبن لەوانەی پێش ڕاپەڕین، ئەوا كەمتر نیین، هێندە نەبێت ئەو حیزبی بەعس بوو، ئەو مافیای كوردی.
دەبێت ڕاپەِڕین لە پیرۆزی بخرێت، بۆ ئەوەی دونیای دوای ڕاپەڕین هێندە درێژە نەكێشێت و ڕاپەڕینی تر ڕوو بدات، دەبێت بزانین ڕاپەڕین ڕۆژێكی پرشنگدار نەبوو، بۆ ئەوەی هۆشیار بین لەوەی ئێمە لە چ شەوەزەنگێكدا دەژین، پێویستمان بە پرشنگی ڕاپەڕینی تر هەیە، لێدان لە دەسەڵاتی ستەمگەری ئێستا، بە دەستبردن بۆ كۆڵەكەكانی دەبێت، كە یەك لەوان ڕاپەڕینە و تا ئێستا بەهۆیەوە شەرعیەت بە خۆی دەدات و تەمەنی خۆی درێژ دەكاتەوە.