خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕۆمانی(هه‌ڵاتنی كچه‌كان).. کاروان حەسەن سلێمان

ژانر : ڕۆمان
نووسەر: گۆران سەباح
ناوەندی بڵاوکەرەوە: کولتوور
ساڵی چاپ: ۲۰۲٥
ژمارەی لاپەڕە: ۲۲٤

ئەدەب ڕەنگدانەوەی کارەسات و ئێش و ژان و نەهامەتییەکانی ژیانە، هەموو ئەو ڕووداوانەی لەناو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کە ڕوودەدەن دەبنە بابەت و کەرەستەی ئەدەبیات، میللەتێکی وەک کورد لەوەتەی هەیە دوچاری دەرد و ئێش و نەهامەتی بووەتەوە، لەیەکەم چیڕۆکی کوردییەوە کە (لەخەوما)ی نوسەر(جەمیل سائیب)ـە، یان یەکەم ڕۆمانی کوردی (شڤانێ کورد)ی عەرەبی شەمۆ، ئێش و ژان و تاوان و کارەساتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییەکان ڕەنگیان داوەتەوە و بوونەتە کەرەستەی خاوی ئەو چیڕۆک و ڕۆمانانە، لە ڕۆمانی(هەڵاتنی کچەکان)یش دا، ناساندن و پیشاندانی تاوانەکانی گرووپە تیرۆریستییە توندڕەوەکان بەتایبەتی (داعش) پەردەی لەسەر هەڵدراوەتەوە و ئەو زوڵم و زۆرداری و تاوانانەی کردوویانە خراونەتە بەرباس. ئەو گرووپە توندڕەو و دوور لەهەموو بەها مرۆییەکان هەموو شت دەکەن لە پێناو مانەوە و سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان، کەچی ئەوان هیچ قیەم و دابێکی ئاینی و ئەخلاقییان نییە، وەک لە لاپەڕە (۲۱)ی ڕۆمانەکەدا لە گفتوگۆی نێوان(دڵکێش و باتیا)دا هاتووە:(ئەوانە ئایین دەفرۆشن و دەسەڵاتی پێدەکڕن، بێ خوا و بێ ئەخلاق و بێ شەڕەفن)
ڕۆمانی “هەڵاتنی کچەکان” تیشک دەخاتە سەر دۆزێکی هەستیار و جەرگبڕ لە مێژووی هاوچەرخی ناوچەکەدا. ئەم ڕۆمانە بە زمانێکی ڕەوان و کاریگەر، چیرۆکی ئەو کچە کورد و جوله‌كه‌ و عەرەبانە دەگێڕێتەوە کە لەژێر دەستی داعش و گرووپە توندڕەوەکانی تردا کەوتوونەتە بەر دڕندەترین شێوازی توندوتیژی و چەوساندنەوە.
نووسەر لەم بەرهەمەدا بە وێناکردنی وردەکارییەکان، پەردە لەسەر ئەو تاوانە قێزەونانە هەڵدەماڵێت کە بەرامبەر بە ژنان و منداڵان ئەنجام دراوە. هاوکات، ڕۆمانەکە دەرخەری ئازایەتی و خۆڕاگری ئەو کچانەیە کە سەرەڕای هەموو سەختی و مەترسییەکان، بڕیاری هەڵاتن و خۆدەربازکردن دەدەن
ڕۆمانی “هەڵاتنی کچەکان” تەنها چیرۆکی ئازار و چەوساندنەوە نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی ئەدەبییە بۆ مرۆڤدۆستی، ئازایەتی و بەرگری لە بەرامبەر توندوتیژی. گۆران سەباح توانیویەتی لە ڕێگەی ئەم بەرهەمەوە، دەنگی ئەو قوربانیانە بگەیەنێتە جیهان و ئاگاداری لەسەر کارەساتی تاوانەکانی داعش زیاد بکات.
ئەم ڕۆمانە بە تێکەڵکردنی ڕاستی و جوانی ئەدەبی، خوێنەر بەرەو بیرکردنەوەی قووڵ لەسەر مافەکانی مرۆڤ و گرنگی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ بەتایبەت لە کاتی شەڕ و ململانێدا دەبات.
هەڵاتنی کچەکان تەنها هەڵاتن نییە لەو زیندانەی ڕووداوێکی سیاسی و توندڕەوی کۆمەڵێک چەکداری ناحاڵی لە ئایین و تیرۆریست ئەوانی خستبووە ناوی، بەڵکوو هەڵاتنە لە داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و باوک سالاری و کۆمەڵێک کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی
وەک لە لاپەڕە(60)دا باوکی دڵکێش بەدڵکێش دەڵێ:(دایمە شەرمەزارم دەکەی، مۆنی مۆن چاوت حیزە، ڕۆژەک دێ ئەو عائیلەی سەرشۆڕ دەکەی، شەڕەفمان دەبەی) لێره‌دا دڵكێش بێ گوناحه‌ و هیچ تاوانی نییه‌ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كچه‌ و ڕه‌گه‌زی مێیه‌، بووه‌ته‌ قوربانی لای هه‌ندێك تێنه‌گه‌یشتوو له‌ ئایین و كۆنه‌ په‌رست و بیرته‌سك.
کارەکتەری سەرەکی لەو ڕۆمانەدا کە (دڵکێش و باتیا)ن، کە هەردووکیان هاوسەنگانە لەڕووداوەکاندا ڕۆڵیان هەیە و هەموو ڕووداوەکان پەیوەندییان بە ژیانی ئەوانەوە هەیە، لەپاڵ ئەوەشدا چیڕۆکی تر هەن و ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لەڕۆمانەکەدا، ئەم ڕۆمانە لەسەر ڕێبازی ڕیالیزمی ڕەخنەگرانە نوسراوە و ڕەخنە لەهەموو ئەو داب و نەریت و خووە دواکەوتوانە دەگرێ کە خێل و کۆمەڵگە دەیخەنە بەردەستی تاکەکان و بەتایبەتیش ڕەگەزی مێ، کە چۆن بژیت و چی بکات و چی نەکات. توانج و پلاریش لە هەموو ئەو ناشیرینیانەی ژیان دەدات کە کۆمەڵگە دایهێناون و ژیانی تاکەکانی پێ سنوردار کردووە.
ڕۆمانەکە لە سێ بەشی سه‌ره‌كی پێکهاتووە: (کامپ ، پێش کامپەکە، دوای کامپەکە)شەڕێ نێوان بەرەی گوفەک و مرۆڤایەتییە،بەرەی گوفەک ئیشیان(شەڕ، کوشتن، بڕین، ئەتک کردن، تێرکردنی شەهوەتیان، پارە ، کڕین و فرۆشتن بە مرۆڤ، هتد…. ) بەناوی ئایین و لەژێر پەردەی ئاییندا مرۆڤایه‌تی ده‌خه‌نه‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ی توندڕه‌وی و كوشتن و بڕینه‌وه‌.
ئامانجی گشتی و په‌یامی ڕۆمانه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤایه‌تی له‌سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌ و توندڕه‌وی هه‌رچه‌نده‌ زۆریش بێت و به‌هێزبن له‌ كۆتاییدا ده‌كه‌وێت، وه‌ك به‌ره‌ی گوفه‌ك كه‌ له‌و ڕۆمانه‌دا پانتاییه‌كی زۆر ده‌خه‌نه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌ڵام له‌دواجاردا به‌ره‌ی مرۆڤایه‌تی سه‌رده‌كه‌وێ و سه‌ركه‌وتن بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌بێت به‌و مه‌رجه‌ی یه‌كگر و یه‌كگرتووبن.
ده‌ستخۆشی بۆ نووسه‌ر و ڕۆماننوس گۆران سه‌باح كه‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ی خسته‌ نێو كتێبخانه‌ی كوردییه‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا چه‌ند ڕسته‌یه‌كی جوان و سه‌رنج ڕاكێش لە نێو ڕۆمانەکە ده‌كه‌مه‌ دیاری بۆ ئێوه‌ی ئازیز.

۱ـ ئێمە لەجەنگدا دژی دوژمن ناجەنگین، دژی ترس دەجەنگین. ل ۲۳

۲ـ نابێ قه‌ت لۆمه‌ی دڕنده‌ بكه‌ین، چونكه‌ مرۆڤ گه‌لێك له‌ دڕندە خراتره‌. ل ۹۷

۳ـ مردن غه‌دداره‌ لۆ خۆشه‌ویستانت، به‌س شته‌كی گه‌له‌ك باشه‌ لۆ وانه‌ی سه‌رئێشه‌ن
له‌ ژیانت. ل ۱۰٥

٤ـ خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ بۆ چێژوه‌رگرتن له‌شه‌ڕ له‌دایك ده‌بن. ل ۱۰٦

٥ـ كه‌سی ئازا له‌ شكستیش ناترسێت. ل ۱۱۳

✍️ کاروان حەسەن سلێمان.




دەق لە نێوان دەردە دڵ و شیعریەت دا.. کاروان حەسەن

زۆرمان قسە لەسەر شیعرکردووە و بەردەوامیشین، هەتاکوو دەقى باش و خراپ هەبێت لێکۆڵینەوە و وتار بەردەوامیان دەبێت لەسەر شیعر، من خۆم ڕۆژانە خوێنەرى شیعرم و بەردەوامیشم، ئەوە حەز و خولیایەکە و بۆ شیعر هەمە، بۆیە کە جارجار قسەیەک لەمەڕ شیعر دەکەین بەو مانایە نییە کە خۆم پێ زانا و ئەو بوارە بێت بەڵکوو زیاتر وەک خوێنەرێک ئەو سەرنج و بۆچوونانەم دەخەمە ڕوو. لێرەوە با تۆزێک لەگەڵ ئەو دەقانەى دەیخەمە ڕوو ئاوێزان بین و بزانین ئەو دەقانە کامانەیان شیعرن و کامانەیان شیعر نین و تەنیا وشە ڕیز کردنن و هیچ مانا و چێژێکى شیعرییان نییە و بنووسى ئەو چەند وشانە تەنیا خۆى خاڵیکردۆتەوە و ئەو وشانەى خستووەتە پاڵ یەکتر و ناوى ناون شیعر!
بەهار هات و
زستان بارگەى پێچایەوە
زەوى کاڵاى سەوزى پۆشى
نێرگز و بەیبوون ڕوایەوە
چیا مەندیلى سپى فڕێدا
جۆگە و کانى ژیایەوە.(1)
ئەم دەقەى سەرەوە بەر لە هەموو شتێک خاڵییە لە هەرچى شیعریەتە، چەند وشەیەکى ئاساییە و نووسەر وەک هەواڵێک ڕایگەیاندووە، وەک داڕشتنێکى قوتابییانى قۆناغى بنەڕەتى وایە و هیچى تر.
ئەسپەکەم بووکى بەهارم
ئاى کە جوانى لەبەرچاوم
هەچەن جارێ لێت ئەڕوانم
ئەبیە هەوێنى خەیاڵم
نییە وەک تۆ لەبەرچاوم
بڵێى ئەسپى ئەرخەوانم
بەڵام سووربى یار ئەرخەوان
هەچەن جوانبى لەبەرچاوان (2)
لەو دەقەیاندا ئەگەر سەرواکان لابدەین کە (بەهارم، چاوم، ئەڕوانم ، خەیاڵم، چاوم ، ئەرخەوانم، چاوان، ئەرخەوان) تەنیا چەند قسەیەکەمان گوێ لێدەبێت و هیچى تر، ئەوەى تۆزێک ترپە و ئاوازى داوەتە شیعرەکە ئەو سەروایانەن، ئەویش تەنیا وەک خوێندنەوە ئەگەرنا هیچ چێژ و جوانى و شیعریەتێک نابینیت.
کەتۆم خۆش ویست
هەرچى گلۆپى
سەرتەلى شەقامە
ئیرەییان دەبرد
بەو عیشقە ساوا زۆر بەتامە. (3)
ئەو چەند ڕستەیە لە بەندى بەندبێژان دەچێت و پەیوەندى بە شیعرەوە نییە. لە هەرچى جوانى و شیعریەت و ئێستاتیکایە خاڵییە. دەقى شیعرى ئەبێ خاسیەت و تایبەتمەندى خۆى هەبێ و چێژ و مانا و جوانى پەخش بکات.
ئەى کچەکەى ڕووبارى بەفر
خەڵوەتگاکانى ئەم بەهارە
دەروێشەکانى بەفر
تەونەکانى ئاوریشم
شوێن هەڵگرانى ماچ
هەموویان دەڵێن
عەشق
لەدووکەڵى جگەرە دایە
ناونیشانى خۆڵەمێشە.(4)
ئەم وشانەى سەرەوە هیچ شیعریەت و چێژێک نابەخشن و بەهیچ جۆرێک ناکەونە سنوورى شیعرەوە.
لەم سەردەمەدا وشە ڕیزکردن لەفۆڕمى شیعر (یان شیعرى وشە ڕیزکردن) بۆتە دیاریدەیەکى سەردەم.(5)
بەداخەوە ئەو جۆرە وشە ڕیزکردن و ئەو ڕستە بێ سەروبەرانە وایان کردووە شیعر لەبەرچاوان بکەوێ و خوێنەرى شیعر لە شیعر بتۆرێ بەهۆى ئەو بێ سەر و بەرى و بێ سانسۆرییەى لەبوارى چاپکردن بۆ شیعر هەیە.
بەپێى قسە و بۆچوونى ڕیچارد هێڕبێت ئەو دەقانەى سەرەوە هەرگیز بەلاى شیعردا ناچن، بەڵکوو زۆر دووریشن لە شیعر چونکە ئەو پێى وایە و دەڵێ: ( شیعر هونەرێکە مەبەستى ئەنجامدانى گەورەترین چێژبەخشینە بە گوێگر))(6) کەواتا ئەو دەقانەى سەرەوە کە خاڵین لە چێژ ، لە وشە ڕێزکردن زیاتر هیچى تر نین. چونکە هەڵگرى هیچ یەکێک لەخەسڵەت و تایبەتمەندییەکانى شیعر نین.
زۆربەى لێکۆڵەر و نووسەرانى بوارى شیعر لەسەر ئەوە کۆکن کە شیعر دەبێ چەند تایبەتمەندییەکى هەبێت بۆ ئەوەى بچێتەسنوورى شیعر و لەبازنەى شیعربووندا جێگاى خۆى بکاتەوە، یەکەمین خاسیەت و تایبەتمەندیش بریتییە لە زمان، بەڵام چەندى دیقەت دەدەم و لێى ورد دەبمەوە لەو دەقانەى سەرەوە بەهیچ شێوەیەک کار لەسەر زمان نەکراوە بەڵکوو بەزمانێکى زۆر سادە و ئاسان چەند وشەیەک لەدواى یەک ڕیزکراون و خراونەتە پاڵ یەکتر و ناویان ناون شیعر!
حوسێن لەتیف لە کتێبى عەقڵى شیعریدا دەڵێ:(شیعرى نوێ لەڕێگەى تەم و مژەوە لە ڕێگەى بەپەنهانى گوتنى شتەکانەوە دەیەوێت ڕێگرى لە گشتیبونەوەى خۆى بکات. وەکو چۆن فەلسەفە بە زمانى ئاسان ناوترێتەوە شیعریش بە زمانى سادە و ڕوون نانووسرێت).(7)
ئێستا با سەیرى دەقێکى تر بکەین و بزانین چۆنە؟
توامەوە وەک مۆم
لەبەردەمى خۆم
ڕێ بەدى ناکەم
نە بۆ لاى چەپ و
نە بە ڕاستەوە
بەدەست هەستەوە
ئەقڵم وەستاوە
بەدیار گزنگى
بەیانى چاو مەستەوە
سێبوریم نایە
بەم هەڵبەستەوە.(8)
شیعریەت و ئێستاتیکاو چێژى ئەم چەند وشە بە دواى یەک هاتووە لەکوێییە؟
درەنگ هاتى نامیلکەیەکى ترى یەکێک لەو بەناو شاعیرانەیە کە پڕیەتى لە هەڵەى ڕێنووس و مانا و ڕستەسازى، نووسەرى ئەو نامیلکەیە نەدەبوایە هەرگیز ئەو وشە سواو و سادانە چاپ بکات بەڵکو دەبوایە بوەستێ و زیاتر بخوێنێتەوە و ئینجا بەقوڵى بچێتەنێو دونیاى شیعر، چونکە ئەو نووسەرەى لە شیعر تێ نەگات و نەزانێ خاسیەت و تایبەتمەندییەکانى شیعر چۆنن ناتوانێ ببێتە شاعیرێکى سەرکەوتوو، بەڵکوو وەک نووسەرى چەند وشەیەکى سادە و بێ مانا و سواو و بێ چێژ دەناسرێ.
سەیرى ئەم دەقە بکەن و خۆتان بریارى کۆتایى لەسەر بدەن.
لەو ڕۆژەى منت تەنیا کردوە
برواکە خۆشیم بەچاوان نەدیوە
وەک عاشقان جێژوانم نەبینیوە
لەبەر کۆمەڵگا لەدوورەوە تۆم بینیوە
بریار دەدەم دواى تۆ چاو و دڵم کوێر بکەم
تا قیمەت دڵ بەکەس خۆش نەکەم .(9)
ئەو دەقە جگە لەوەى بێ چێژ و جوانییە، پڕ لە هەڵەى ڕێنووسیشە، شیعر بە بچوکترین هەڵەى رێنووس مانا و واتاى وشەکان دەگۆڕێ بەڵام ئەم برادەرە لەو نامیلکەیەدا یەک دەقى نەنووسیوە بەبێ هەڵە.
ئەم جۆرە دەقە و دەیان و سەدانى ترى وەک ئەمە پێیان ناوترێ شیعر بەڵکوو چەند وشەیەکى لەدواى یەک هاتووى بەجۆرێک لەسەروا بەستراونەتەوە، ئەویش بەبێ ڕیتمێکى خۆش و چێژ.
(مەرجى شیعریەتى هەر دەقێک دەربرینى ناباو، وێنەى ناباو ، تێماى ناباو ، گوتنى بە تەم و مژە، کاتێک بەر تێکستێکى شیعرى دەکەوین کە هیچ کام لەمانەى تێدا نییە، ئەوا جۆرێک لە نائومێدى سەرهەڵدەدات)(10) لەلاى خوێنەر بەرامبەر بە شیعر.
ئەگەرچى شیعر لەسەردەمى ئێستادا زۆر و بۆرە و بەرهەمى کرچ و کاڵ زۆرە و لەبەرامبەریشدا بەرهەمى جوان و باش و پڕ چێژ و جوانى هەن و ئەوە ناگەیەنێ کە بەرهەمە جوانەکان پشت گوێ بخەین و وەلایان بنێین، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ بەرهەمێک لاى من جوان بێت بەلام تۆ پێت باش نەبێت و هیچ چێژى لێ نەبینیت بەڵام ئەمەش ڕێژەییە و زۆربەى شیعرى باش و پڕ چێژ و جوان خوێنەر بۆ لاى خۆى ڕادەکێشێت. کەواتا ئەو شیعرەى چێژ و تامێکى تایبەت دەبەخشێت لە خوێندنەوەدا ئەوەیان خوێنەر گۆش دەکات و مەیلى خوێنەر بۆخۆى دەبات، وەبە پێچەوانەوەش بۆ شیعرى خراپ و بێ چێژ و مانا. بۆیە لەم بارەیەوە نووسەر و لێکۆڵەرى بوارى شیعر ئارام سدیق دەڵێت: دەکرێت ئاماژە بەوە بدەین کە هەموو دەقێکى شیعریى وەکوو یەک بەر خوێنەر ناکەوێت. هەر دەقێک بەجۆرێک بەر خوێنەر دەکەوێت، چونکە نهێنییەک لە زمان و وێنە و تەکنیک و ئایدیاى دەقەکەدا هەیە.(11)
کەواتا هەموو لێکۆڵەر و شیعر ناس و شیعر دۆستان لەسەر ئەو ڕایەن کە تایبەتمەندى سەرەکى و بنەماى شیعرى باش زمانێکى باش و پڕ وردەکارى و کارکردنە لە بۆتەى زماندا لەناو شیعردا هەروەک پۆل ڤالێرى دەلێت: (شیعر زمانە لەڕێگاى زمانەوە)(12) ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە شیعر بە زمانێکى پوخت و پڕ لە هونەر و تەکنیک و کارکردنێکى ورد لەسەر زمان دەبێتە شیعر .
لەگەڵمانبن و با سەیرى نموونەیەکى تر بکەین لەو دەردە دڵانەى کە قسە هەڵدەگرێت و نابێت پێى بوترێت شیعر بەڵکو دەقێکە خاڵى لە چێژ و تەکنیک و جوانى. ئەوەتا نووسەر دەڵێت:
ئەى خواکانى جوانى
هەواڵێ بنێرن
بۆ ئەو دڵارامە
کەوا ئارامى نەهێشتم
چ بەشە و چ بە ڕۆژ
کە لەو نامۆیە جێ ى هێشتم
ئەى خواکانى جوانى
دەزانن ووڵاتم
ئەو شوێنەیە یەکەمین جار کە هەناسە و ماچى پێ بەخشیم
ئەى خواکانى جوانى
من ڕازى دەبم بەشوانى
زۆر پەرۆشە دەردى دوورى
چی بکەم لەدەست مەجبوورى(13)
وەک خوێنەرێک چى چێژ و خۆشى و جوانییەکت لەو دەقە بینى؟
ڕاستە شیعرى نوێ پەیوەست نییە بە کێش و سەرواوە، بەڵام ئەبێ پەیوەست بێ بە زمانێکى قوڵى پڕ لە جوانى و وردەکارى زمانى و ڕەوانبێژى و تەکنیک.
لورانس پیرین دەڵێت : (شیعر گوشراوترین و چڕترین شێوەى ئەدەبە کە زۆرترین شت بە کەمترین وشەدا دەردەبڕێت).(14) کەواتا ئەبێ لە شیعردا زمان لە خزمەت واتادا بێت بەو مانایەى چرکردنەوەى زمان ببێتە هۆى دەربڕینى زۆرترین مانا بە کەمترین وشە، ئەمەش ماناى ئەوەیە ئەبێ شاعیر خۆى لە قوڵى و چڕکردنەوەى زماندا ببینێتەوە و دەقەکەى نووسیویەتى سنورى دەقێکى ئاسایی ببڕێت و بچێتە خانەى شیعریەت و شیعر بوون.
ئەوە نموونەیەکى تر دێنینەوە لەسەر ئەو قسانەى سەرەوەمان و بزانین ئەو دەقە بێ کێش و سەروایە چ چێژ و جوانییەکمان دەداتێ.
چ ڕێگایەک ؟
نەمئەزانى بۆ کوێم ئەبات !
بەناچارى گرتمە بەر
پێشبڕکێ بوو لەنێوان دڵ و
قاچە لەرزیوەکان و سەر
ڕێگایەکى دوورم بڕى
بینیم ئەوا ڕێنیشاندەرێک وێستاوە
دەڵێى بۆ چاوەڕوانى منە
لەو جێگەدا دانراوە
بەهێواشى لێى چوومە پێشەوە وتم:
من زۆر ماندووم
زۆر شەکەتم
زۆر ئەترسم ؟
فەرمووى لەچى؟
وتم : لە جڕ و جانەوەر .(15)
من نازانم ئەم دەقە چیرۆکە یان شیعر ؟
چونکە هیچ هەستێکى شیعرییەت و چێژێکى تێدانییە کە بیخاتە قاڵبى شیعرییەت، ئەم جۆرە دەقانە بە زۆر خراونەتە ناو سنوورى شیعرەوە و نووسەرى ئەو جۆرە دەقانە نازانم چۆن ڕێگا بەخۆیان دەدەن ئەو جۆرە وشە ڕێزکراوانە چاپ بکەن و شانازى پێوە بکەن!
یەکێک خۆى بەشاعیر بزانێ و بەرهەم چاپ بکات نابێ هێندە بێ ئەزموون بێت و هەر وشەیەکى کەوتە بەر زار بیان خاتە پاڵ یەکتر و ناویان بنێت شیعر، ئەمە خۆى کارەساتێکە لە شیعردا، ڕیزکردنى چەند وشەیەکى سادە و ڕەوان لە شێوەى چیڕۆک و بەسەرهاتێک نابێتە شیعر بەڵکو دەردەدڵێکە و نووسەرى ئەو دەقە لەگەڵ خۆیدا دەیکات، خوێنەر بەداخە بۆ ئەو کارەست و بەسەرهاتەى کە بەسەر ئەو برازایەى نووسەر هاتووە، بەڵام ناکرێ ئەو دەقە سادە و ساویلکە و خاڵى لە شیعریەت و چێژە بە شیعر ناوزەد بکەین. ئەوەتا خەرمان بەگزادە لە نامیلکەى (لەگەڵ ئازارەکانم)دا لە دەقێکى سەیر و چیرۆک ئاسادا دەڵێ:
شەوێ لە شەوانم
خەونێ ناخۆش بوە مێوانم
لەناکاو چاوم هەڵهێنا
بینیم بەیانییە
ووتم ئۆخەى، ئەمە خەونە
ڕاست نیە
کەچى نەمزانى لە پڕێکا
زەنگى تلفۆن لێ درا
ووتیان سنوور زۆر
سووتاوە
ئاگر لەگیانى دا بەربووە …
کە بیستم ئەم هەواڵە
خەریک بوو سەکتە بگرم
بەوەالڵە
دوورى وولات نەیدا
مرازەکەم
تا تیمارى کەم برینى
برازاکەم
بۆ ماوەى سێ چوار ڕۆژ
نزام دەکرد بەشەو
بەڕۆژ
تا یەزدانى گەورە
لێمان نەستێنێ ئەو گوڵە…
فرمێسک ڕژان و دوعاکانمان
نەیدا مرازى هیچ
لایەکمان
ئاخ ، داخى گران لەبەر
برینى قوڵ
ماڵئاواى کرد لێمان
سنوورى گوڵ (16)
لەکۆتایى ئەم بەشەدا ئەو دێڕە شیعرەى یەکێک لەو بنووسانەتان بۆ دەگوازمەوە کە خۆشى نازانێ چى نووسیووە و باسى چى دەکات!
خۆ شاعیر نابێ وەک مریشک بێ
تەنیا چەند پارچە شیعرێکى پێ بێ. (17)
تێبینى : لەو دەقانەدا هەڵەى ڕێزمانى و ڕێنووس زۆر هەیە بەڵام من وەک خۆیانم نووسینەوە بۆ ئەوەى خوێنەر بزانێ نووسەرى ئەم دەقانە چى خستووەتە بازاڕەوە.

کاروان حەسەن ـ هەولێر
(17-5-2023)


سەرچاوە و پەراوێز.
(1)رازى دڵ، بەختیار صادق پیرداود، چاپى یەکەم 2007، چاپخانەى رۆشنبیرى، ل 32.
(2)تحسین شێخ محمد، ڕێگا مەدەن، چاپخانەى شەهاب، 2011 ، ل 27.
(3)ئەیوب کوردى، تابلۆیەک ، چاپخانەى شەهاب ، 2105، ل 49.
(4) جیهانگیر حەمید بەرزنجى، ئێوارەیەک شیعرەکانم ناگەرێنەوە، 2021 ، ل 150.
(5)محسین ئەحمەد عومەر، مرۆڤێکى تر ، چاپخانەى شەهاب، چاپى یەکەم ـ 2011، ل 37.
(6) دەروازەى شیعر ناسین، جەمال حەبیب الله(بێدار) ، چاپى یەکەم ـ 2013، لەبڵاوکراوەکانى (نارین)، ل 18.
(7) حسێن لەتیف، عەقڵى شیعرى ، چاپى یەکەم ، 2021، چاپخانەى سەردەم ـ سلێمانى ، ل 34.
(8) باڵا و بەیسا ، ئاکۆ شارۆشى، چاپى یەکەم، 2020ـ سلێمانى ، ل 32 .
(9) درەنگ هاتى ، کاربین سەلام ، 2020، چاپى یەکەم ـ سلێمانى، چاپخانەى دیلان ، ل 48.
(10) حسێن لەتیف، عەقڵى شیعرى ، چاپى یەکەم ، 2021، چاپخانەى سەردەم ـ سلێمانى ، ل 25.
(11) ئارام سدیق، زمان و شیعریەت ، کارکردن لەسەر ئەزموونى شیعریى یازدە شاعیرى دواى ڕاپەرین. چاپخانە ئەندێشە، چاپى یەکەم ـ 2017 ، ل 8.
(12) لادان لە شیعرى لەتیف هەڵمەت دا ، ناز ئەحمەد حەمە سەعید ، سلێمانى ـ 2013 ، چاپخانەى بینایى ، ل 39.
(13)مۆفەق عەبدولواحد پیرداود، جارێکى تر ژانى غوربەت، چاپى یەکەم ـ 2015، چاپخانەى دارا ، ل 47
(14)شیعر و ئازادى ، هەڤپەیڤینى شاخەوان سدیق لەگەڵ ڕێبوار سیوەیلى، ساڵى چاپ 2020، لەبڵاوکراوەکانى ڕێکخراوى زەریاب. ل 34.
(15) فریاد ڕەسەکەى ڕوحى من، کوێستان (غەمسار) چاپى یەکەم ـ 2011، چاپخانەى ڕۆژهەڵات، ل 14 .
(16)لەگەڵ ئازارەکانم، خەرمان بەگزادە، چاپى یەکەم ـ 2015، کوردستان ـ هەولێر ، ل 25، 26.
(17)تحسین شێخ محمد، ڕێگا مەدەن، چاپخانەى شەهاب، 2011 ، ل 72.




گوزەرێک بە کوچە و کۆڵانەکانى فانۆسى شکاودا.. کاروان حەسەن

فانۆسى شکاو بەرهەمێکى شیعرى شاعیرى لاو ( هیواى مەلا ئادەم)ـە. لەدووتوێى (500)لاپەڕەدا، بەتیراژى (1000)دانە چاپخانەى مێخەک لە ساڵى (2020)چاپى یەکەم چاپ و بلاوى کردووەتەوە.

بەر لەهەموو شتێک زۆر جار ئەو پرسیارە دەکرێ، ئەو هەموو شیعرە چییە دەنووسرێ؟ ئەو هەموو شاعیرە چییە پەیدا بوون؟
بۆ وەڵامى ئەو دوو پرسیارە، ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ ڕا و بیر و بۆچوونى زانایان و شیعر ناس و شیعر دۆستان. بەڵام ئەوەى جێى سەرنج و باسە هەموو ئەو نووسەر و ڕەخنەگر و شیعر دۆستانەى قسە لەبارەى شیعرەوە دەکەن، لەسەر ئەوە کۆکن کە چەند خاسیەت و تایبەتمەندییەک هەیە بۆ ئەوەى شیعرى باش و خراپ لەیەکترى جیا بکەینەوە یان چەند پێوەرێک دەبنە خاڵى جیاکردنەوەى شیعرى باش لە دەقى خراپ ى بەناو شیعر. وەک: (زمان، ڕەوانبێژی، وشەسازی، ڕێساکانی جوانکاری، وێنەی شیعری، ڕیتم، ئاوازی ناوەوە و دەرەوەی شیعر) هەموو ئەمانە ڕۆڵیان هەیە لە چێژ و خۆشی ئەو شیعرەدا.
کەواتا خوێنەری باش و بەسەلیقە و ورد چۆن دەقی باش و خراپ لێک جیادەکاتەوە، ئەمە چێژ و باڵابوونی دەقە وادەکات خوێنەر سنووری نێوان ئەو دەقانە دیاری بکات، هەروەک ڕیچارد هێڕد دەڵێ: (شیعر هونەرێکە مەبەستی ئەنجامدانی گەورەترین چێژ بەخشینە بە گوێگر) هەر لەڕێگەی چێژی خوێندنەوەى دەقە خوێنەر دەزانێ کام شیعر باشە و کامەى خراپە.
خۆشبەختانە کاک (هیواى مەلا ئادەم) یەکێکە لەو شاعیرە گەنجانەى ئێستا، کە بە هەستێکى جوان و سەلیقەیەکى وردەوە خۆکردانە شیعر دەنووسێ (فانۆسى شکاو)یش باشترین بەڵگەى شاعیربوونى کاک هیوا دەسەلمێنن، ئەگەرچى هەموو دەقێک لەوانەیە وەک یەک چێژبەخش و جوان نەبن بەڵام بەشى هەرە زۆرى دەقەکانى فانۆسى چێژى تایبەت و بەهەست و سۆزێکى پڕ ئیحساسەوە نووسراون. فانۆسى شکاو لەدوو بەش پێکهاتووە( بەشى بوغز ، بەشى ئەوین).
لێرەوە گوزەرێک بەناو کوچە و کۆڵانە پڕ لە ڕەنگاو ڕەنگ و چێژى ئەدەبى دەکەین و چەند نموونەیەک دێنینەوە و لەگەڵمانبن.
دەیان ساڵە
بە بەلەمى کون تێبووى دیرۆکیانەوە
بەسەر ڕووبارى سوورى خوێن، دێن و دەچن !
دەیانەوێ بەزەبرى چەک
فراوان بن وەکو دەریا، بۆ کەناران شەپۆل بدەن
لێ مخابن !
ئاور نادەنە دواوە
لە مێژوویان ناڕوانن
درک ناکەن ، لەوەتەى هەن .
سەوڵ لەسەر لم لێدەدەن!
لەم شیعرەدا بەناوى (خەبات) سەرکۆنەى دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە دەکات و ڕەخنەیان لێدەگرێ، پەشێو ئاسا پێنووسەکەى خستۆتە گەڕ بۆ دەربڕینى ناڕەحەتى و هەستە پەنگ خواردووەکانى ناخى و لەنووکى پێنووسەکەیەوە بیان ڕێژێ و هەڵوێستى خۆى نیشان بدات.
لە شیعرێکى تردا بەناوى (دەوڵەتى کوردى) وریاتر و جوانتر و بەهەڵوێستتر دەنووسێ و دەڵێ:
تا مافیا حوکمى گەل بکا
تا شاعیران تۆق لەمل و شێتى ژن بن
دەوڵەتى کوردى، خەونێکە وەدى نایە!
مەرەزەیە و زەرد کراوە و دە دێمدایە !
کەرکوکى کەنیشکەى دڵتەڕ
بووکى کوردە و
لەسەر چارپاى خەوى شیرین
نیوە ڕووتە و
لەناو کۆشى بەغا دایە!
نووکى پێنووسى هیوا پڕ هیوایە، وەلێ جار جار بێ ئومێدیش لەدڵیدایە، ئەو دژى زوڵم و زۆردارى و نادادى و ناعەدالەتى وشە دەکاتە هەڵوێست و دەنگ هەڵدەبڕێ لەبارەى کوردایەتى و دڵسۆزى و خەباتى دوێنێى باوکى و ئارەق ڕشتنى کەسانى دڵسۆز و بەوەفا، بەڵام جووتە حزب لەم هەرێمە، چى دڵسۆز و خەباتگێڕ و مناڵە شەهید بوو وەلایان نان، بۆیە لەشیعرى (تەسکیەى بزن)دا دەڵێ:
هەرهەموومان لەم ڕێیەدا
زەنگۆڵ ، زەنگۆڵ، ئارەقمان ڕشت !
کەچى لەولا بەچکە جاشێ
بزنێکى دابوویە پێش خۆى!
وەک بڵێى کوڕە شەهید بێ
ڕێزى گیرا و دەرگاشى بۆ خرا سەرپشت!
دەنگى شاعیر دەنگى گەلە، دەنگى زوڵم و چەوساوە و هەژارەکانە، شاعیر هەمیشە شتە پەنگخواردووەکانى ناخى دەردەبڕێ و ئەوەى لەمرۆڤى ئاسایی جیاى دەکاتەوە ئەوەیە شاعیر ئەو شتانەى دەیبینێ بە شیعر بەیانیان دەکات و خەڵک و خوێنەریش ئەو وشە و دەق و شیعرانە دەبینن بەڵام شاعیر وردتتر لە شتەکان دەڕوانێ و دەیانخاتە قالبى شیعر و بە ئاوى ناخ ئاویان دەدا و چرۆ دەکەن وشەکانى و دەقێکى جوان دەهێتە بوون.
لەشیعرى (تابلۆ فرۆش) دا دیمەنى تابلۆ فرۆشێکمان پیشان دەدات کە بەدیار تابلۆکانییەوە وەستاوە و هیچ کریارى نییە و لەخۆى بێزارە و هاوار دەکات .
هەڕاج ! هەڕاج !
خۆیان و بزەى سەر لێویان
خۆیان و ددانى گریان
کەس بە فلسێ نایانکرێ !

لە شیعرى (بەخشش)دا دەنگى هیوا کە دەنگى چەوساوە هەژارانە دێتە گۆ و پڕ بە قورگى سوپاسى خودا دەکات کە چوار شتى پێداوە و بەهۆى ئەو چوار شتەوە لە ژیان بەردەوامە و ئومێدى بەوانەوە بەندە ئەوەتا دەڵێ:
گەر ئەو چوار ئازیزە نەبان
بێشک غەمى جاشقەڵەم و ڕیشى درۆ
پیاوى گەلحۆ و میرى دزان
من پیر دەکەن ، من دەکوژن !
سوپاس بۆتۆ خوداى من
کە داوتە پێم :
کۆتر و باران
کتێب و ژن !

هیواى دڵ پر لە حەسرەت و خەمخۆر هەر بەوە نەوەستاوە کە ڕەخنە لە سیاسەت و سیاسەتمەداران و ناعەدالەتى بگرێ، ئەو لەکوێ هەژارێک هەبێ دەنگى زوڵاڵى هەڵدێنێ و پڕ بە گەرووى هاواردەکات، بۆ هەژاران دەبێتە چەتر و سێبەریان. نووکى پێنووسى دەنگى مناڵە شەهید و ئەنفالە، دەنگى زایەڵەى شەهید و گیانفیدایانى کوردستانە.
لەشیعرى (لە وڵاتى مارە بەجاش دا) دژى ئەو کەسانە دەدوێ کە سەنگەریان دەگوازنەوە لەم حزب بۆ ئەو حیزب هەر ڕۆژە و لەسەر پەتێک یارى دەکەن، شاعیر لێیان دێتە قسە و وشە و پێنووسى دێنە گۆ و دەڵێ:
کە پایز دێ
دار گێڵاسى حەوشەکەمان
ناوێرێ زەرد بکاتە بەر
ئاخر لێرە سەوز دۆستان دەیبڕنەوە
لە زستانیش گەر بیەوێ
تاراى زیوینى بپۆشێ:
زەرد خوازەکان مارەى دەکەن
سەوز دۆستان دەیکڕنەوە!

لە شیعرى (لەمپەر) دا ڕەخنە لە عەقڵى کۆمەڵگا و کەسانى خاوەن بیرى تاریک و نەزان و گەمژە دەکات و دەنگى خۆى هەڵدەبڕێ و پێیان دەڵێ:
با شارەکان هەر ڕووناک بن
پاڕکەکانمان :
وەک لمى کەنار نیان و
شەقامەکان وەک پەلکە زێڕینە جوانبن !
کەڵکى چییە؟
لێرە عەقڵەکان تاریکن !
شەقامى چى و پیاسەى چى؟
وەختى عەقڵەکان ئیفلیج بن !

ئەو نموونانەى سەرەوە بەڵگە و سەلمێنەرى ئەو ڕاستییەن کە (هیواى مەلا ئادەم) دەستێکى باڵا و ڕەنگینى هەیە و وشە و واژەى جوان و پڕ چێژى لە دەقدا کۆکردونەتەوە کە پێیان بوترێ شیعر.

بەشى یەکەم کاروان حەسەن ـ هەولێر




وردبوونەوەیەک لە شیعری(لە پرسەی خۆمدا)ی ستیڤان شەمزینی.. کاروان حەسەن

. لەپرسەی خۆمدا شیعرێکی شاعیر (ستیڤان شەمزینی)یە، لە بەرهەمی (بە ئەوینت ڕابردووم بسڕەوە)دا هەیە، کە لە ساڵی (٢٠٢١) لەچاپخانەی کارۆ لە سلێمانی چاپکراوە. (بە ئەوینت رابردووم بسڕەوە)ئەم کتێبە بریتییە لە کۆمەڵە شیعرێکی نووسەر لە نێوان ساڵەکانی (٢٠١٥-٢٠٢٠)لە دوو توێی (١٥٨) لاپەڕەدا.لێرەوە چاوێک بەشیعری (لە پرسەی خۆمدا)دەگێڕین و هەندێ لەو ڕووداوانە ورددەبینەوە کە لە پرسەکەدا ڕوودەدەن، ستیڤان شەمزینی ئەم شیعرەی لە نەخۆشخانە نووسیوە، شاعیر دەیەوێ لەڕێگای شیعرەوە پرسەکەیمان پیشانبدات کە خۆی ئێستا لە ژیاندایە و نەمردووە، بەڵام چەند حەقیقەتێکی پرسەمان بۆ دەخاتە ڕوو، کاتێک مرۆڤەکان لە ژیانن سڵاوێک لەیەک ناکەن و یەکتر نادوێنن، کەچی لەدوای مردنی گوڵی بۆ دەبەنە سەر گۆڕەکەی و کۆڕ و مەجلیسی بۆ دادەنێن و فرمێسکی تیمساحی بۆ دەڕێژن. ئەو پرسەکەی خۆی دەبینێ و حەقیقەتی ئەو پرسەیەمان بۆ باس دەکات و ڕاستی ڕووداوەکان پێش مردنی دەبینێ و لەڕێگەی شیعرەوە پەیامەکە دەگەیەنێته خوێنەر و دەورووبەری. شاعیر بە خەیاڵ یان وردتر تارماییەکەی لەپرسەکە ئامادەیە و یەک یەک تەماشای ئامادەبووان و ماتەمگێڕان دەکات. ڕووی ڕاستەقینە و ڕووە دزێوەکەیان دەبینێ، ستیڤان لەم دەقە شیعرییەدا دەیان و هەزاران قسەی پێییە و دڵی پڕە لە حەسرەتی ئەو مرۆڤانەی لە ژیاندا نەیان دەدواند و دژایەتیان دەکرد، کەچی لە پرسەکەیدا لەپێش هەموویانەوە هاتوون و خۆیان بەدرۆ غەمبار کردووە و لەژێرەوە حەسوودی بە مردنەکەشی دەبەن، ئەمانە و دەیان شتی تر دەخاتە بەرباس و لەنووکی پێنووسەکەیەوە دەتکێنە سەر لاپەڕەی بەردەستی و دەقێکی جوانی لێ بەرهەم هێناوە، ئەو تانە لەو کەسانە دەدات کە لەپرسەکەیدا کۆبوونەتەوە، لەپرسەکەدا زۆر شتی ئاڵۆز هەیە، زۆر شت دژی یەکە و لەوێدا کۆبوونەتەوە لەپرسەکەدا ئەمانە دەبینێ(دۆست و دوژمن، ئاهەنگ و پرسە،بزە و ماتەم) چاوبازەکانیش لەپرسەکەدا بوونیان هەیە و لەچاوگێڕان نەکەوتوون و بەردەوامن لەسەر ئەو ڕێگایەی خۆیان کە بەخوار و خێچ و ناشیرینی گرتوویانەتە بەر. لەلایەکی تر درۆ و ڕووە ناشیرینەکانی ماتەمگێڕان دەخاتە ڕوو، ڕووی ڕاستەقینەیان دەخاتە ژێر دەیان پرسیارەوە، پرسەکەی زۆر سارد و چۆلە، هەموو ئەمانە ستیڤانیان خستووەتە گومانێکی سەد لەسەدەوە کە هیچیان بۆ خۆشەویستی و ڕاستی ناخیان نەهاتوونەتە ئەو پرسەیە، بەڵکو هەریەکەی بۆ مەرام و مەبەستێکی خۆیەوە هاتووە. دەکرێ ئەم دەقە لەزۆر لایەنی تر لێی بکۆڵرێتەوە و شڕۆڤەی وردتر و باشتری بۆ بکرێ، تایبەت لایەنی دەروونی. شاعیر لەم دەقەدا قسەکانی ناخی دەڕێژێ و بەڕاشکاوی ڕۆژی پرسەکەی دەخاتە ڕوو، پەردە لەسەر هەموو ئەو ماسک و دووڕووانە هەڵدەداتەوە کە لەپرسەکەدا ئامادەن.
. لێرەوە سەرنجتان بۆ دەقی شیعرەکە ڕادەکێشم و فەرموون خوێنەری بن
لە پرسەى خۆمدا
پرسەکەم زۆرتر لە ئاهەنگێکى خنجیلانە دەچێ
دۆست و دوژمن لە ژێر تابووتى مەرگما کۆدەبنەوە
تارماییەکەم لە پرسەکەدا ئامادەیە
لەو ماتەمگێڕانەدا ورد دەبێتەوە حزووریان هەیە
زۆر دەم و چاوى نامۆ دەبینم
هاوڕێ دێرینەکانم چاو دەکەم
وەک ئەوەى نمایش بکەن
خۆیان خەفەتبار نیشان دەدەن
ناتوانن بزە خۆڕسکەکانیان بشارنەوە
بەتەریقییەوە لە پێش چاوى ئامادەبووان دەڵێن
بیرەوەرییەکى خۆشى ڕەحمەتیمان بیرهاتەوە!
سیخوڕەکان هەر هەموویان لەوێن
یەکێکیان سەراپا ڕەشى پۆشیوە
یەکێکى تریان شانى لەسەر کێلى گۆڕەکەم داداوە
لەدەم و چاوى ماتەمگێڕان ورد دەبنەوە
هاتوون تا دڵنیابنەوە لە مردنم
دڵتەنگیش بۆ خۆیان
ئەو پارووە چەورەیان لەکیس چوو
دەیانگوشییە چەلاوى ڕاپۆرتە ڕەشەکانیانەوە
بۆ کۆشکى سوڵتانى خوێن و خیانەتیان دەنارد
هەندێ لە هاوڕێ نووسەرەکانم لەوێن
چاویان لەسەر ژنانە
نازانن لاى کێى تر ناوم بزڕێنن !
سەرژمێرى ئامادەبووان دەکەن
دڵخۆشن بەو پرسە سارد و چۆڵە
دەنا لەئیرەییدا دەمرن
ئەوان لە ئەزەلەوە کۆمەلێک کرمى حەسوودن
بەغیلى بە جۆرى مردنەکەشم دەبەن
ئەوان لەوێن
تا بزانن چى ژنێکى نەناس لەوێ هەیە
هێشتا ژەهرى بوختانیان نەکردۆتە مێشکییەوە
نەیاران لەپێش هەمووانەوە ئامادەن
لەژێرەوەڕا تۆمەت بۆ مردنم هەڵدەبەستن و
بەسەرتاسەرى شاردا بڵاوى دەکەنەوە
مردنەکەم وەک گزییەکى شەیتان دەبینن
دڵنیان لەوەى بەشۆخییەوە مردووم
زەلکاوى بیرکردنەوەیان پڕە لە گومان
باوەڕ ناکەن من مردبم
پێیانوایە نێردراوم ببمە یاساوڵى گۆڕستان
تا چاودێرى سکونى مردووان بکەم
حیکمەتى بێدەنگى قەبرستان
بەهەڵەداوان بگەیەنمەوە بارەگاى ئەهریمەن
ژنەکان
ئەوانەى لەژێر بارانى شیعرەکانما ئەخووسانەوە
مینا ئەوەى نەیانناسیبم
کەس کەسیان لەوێ نابینم
ئەوانەى شەڕیان بوو
لەسەر بەدەستهێنانى دڵم
لەو بۆنەدا ئاشت بوونەتەوە
وەک دەستە خوشکى ناو حیکایەتەکان
تاڵەموویەکیش بەنێوانیاندا ناچێت
ئەمێستا کڵافەى هزرم ئاڵۆزکاوە
نازانم چ ژنێک لەپرسەکەمدا
بەکوڵ بۆم دەگریێ
مۆمێک بەیادى من هەڵدەکات
ئەگەر ژنێک وا هەیە
بەزووترین کات ئاگادارم بکات
تا دوو دێڕى تر بۆ ئەم تێکستە
زیاد بکەم
ئەگەریش نییە
پرسەکە چۆڵ بکەن
با هەر خۆشم بڵێم
ئەلفاتیحا !

کاروان حەسەن / هەولێر




هیچ لەشیعرەکانی ئێستا ناگەم!.. کاروان حەسەن سلێمان

ئەم ناونیشانەی سەرەوە دەمانباتە بەردەم دەیان پرسیاری جددی و ڕاشکاوانە، ئەمە قسە و بۆچوونی دەیان خوێنەری شیعرە.
ڕەنگە و دەشێ بۆچوونەکەیان لەشوێنی خۆی بێت و ڕاستبێت، بەو مانایەی شیعر زۆر بووە و ئاستی شیعریش لەم سەردەمەدا دابەزیوە بەهۆی بوونی کەم و کوڕی و بێ مانابوونی دەق و ئاست نزمی هەندێ بەناو شیعر، بەڵام مانای ئەوە نییە کە شاعیری باشمان نییە و دەقی باش کەمبێ، ڕۆژانە دەیان و سەدان دەقی جوان و پڕ مانا و پڕ ئێستاتیکا و ڕەوانبێژی و پڕ چێژمان بەرچاو دەکەوێ و دەیانخوێنینەوە، لەبەرانبەریشدا پێچەوانەکەی هەر ڕاستە، کۆمەڵێ دەقی بێ چێژ و بێ جوانیناسی و بێ هونەرەکانی ڕەوانبێژی دەبینین و هیچ چێژێکیان لێ نابینین و بەڵکو کاتیشمان دەکوژن، لە دنیای ئەدەبدا دەیان قوتابخانە و ڕێبازی شیعری جیهانی هەن، هەر یەکەیان پشت بە میتۆد و ڕێبازێک دەبەستن و هەریەکەی ڕێچکەی تایبەت بە خۆی هەیە. هەر ڕێبازێکی شیعری پشت بە جۆرێک لەبیر و ڕا و جیاوازی دەبەستێت، لەنێو ئەو جۆرە ڕێباز و قوتابخانە شیعریانەدا دەیان کۆد و ڕەمز و نهێنی لەپشت وشەکانەوە خۆیان حەشار داوە، ئەو پەیامەی شیعر هەڵی گرتووە زۆر جار فەلسەفە توانای دەربڕینی ئەو پەیامەی نەبووە، بۆیە خوێنەری شیعر ئەبێ وردتر و باشتر لە شیعر وردبێتەوە و جوانتر پەیامەکان وەرگرێ، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین بڵێین شیعری بێمانا نییە، بەڵکو دەتوانین بڵێین زۆریشە و ڕۆژانە بە دەیان دەق دێنە بوون و هیچ مانایەکی شیعری هەڵناگرن و خاڵین لەمانا و جوانیدا.
یەکێک لەخاڵە بنەڕەتی و تەکنیکییەکانی شیعری ئێستا لادان و تێکشکانی زمان و کارکردن لەناو زمان و کورتکردنەوەی زمانە لەناو مانادا، لادانی زمانی و بەکار نەهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندی ڕێزمانی و چڕکردنەوەی زمانە لە دەقدا کە لە شیعرەکانی زۆرێک لەشاعیرانی ئێستادا هەیە.
کلینت بڕوکس دەڵێ: زمانی شاعیر زمانێکە کە تێیدا ڕۆڵی مانا شاراوەکان بە ئەندازەی مانا ئاشکراکان گرینگە. (١)
ئەمانە و دەیان نهێنی تر لە شیعردا بوونیان هەیە، کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەن کە وادەکەن شیعرەکە جوان و چێژبەخش و پڕ مانا بێت، لەوانە هونەرەکانی ڕەوانبێژی و وێنەی شیعری و ڕیتم و ئاوازی ناوەوە و دەرەوە و هەندێکجاریش سەروا و کێشی شیعرەکە ڕۆڵیان هەیە لە جوانی ئەو دەقە شیعرییە، هەندێکجاریش وشە و واتا و پێک بەستنەوەی وشەکان جوانییەکی تر دەبەخشنە دەقەکە.
تەیب قادر پێی وایە زۆر جار گرفت لەشیعر نییە کاتێک تێنەگەیشتن ڕوودەدات، گرفت لەڕۆشنبیری شیعرییە، بۆ ئەوەی دەقێکی شیعری بخوێنینەوە دەبێت باکگراوندێکی شیعریت هەبێت. (٢) ئەمەش خاڵێکی گرنگە بۆ ئەوەی لەشیعر تێبگەین، بەڵام خوێنەرێکی ئاسایی بەزەحمەتتر و ئاستەمتر لە بەشێک لە شیعرەکانی ئێستا تێدەگات، گرفتەکەش هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوەبوون کە باسییان لێوەکرا.
کەواتا هەر دەقێک خاڵی بوو لەو تایبەتمەندییانەی سەرەوە خاڵییە لە شیعر و ئەشێ دەقێک بێت، بەڵام شیعر نا.
ماهییەتی شیعر (تەکنیک، خەیاڵ، زمانی شیعری) هاوتەریبی یەکن و بەدوای یەکدا مانا دەبەخشنە دەقەکە و خوێنەر چێژی زیاتری لێدەبینێت.
شیعر کەهەستی ڕاستەقینەی شاعیر بوو جوانی دروست دەکات.
لەلایەکی تر (شیعر دەمووچاوی ئەو وێنانەیە کە نابینرێن، ناتوانرێت بە زمان بخرێن، شیعر دەتوانێت لە ڕۆحی شیعر زمانی وێنە نەبیندراوەکان دروست بکات).(٣)
شیعر ئەو شتانە دەردەخات کە لەنێو زمانی ئاساییدا شاردراونەتەوە.(٤)
لۆران پیرین دەڵێ: شیعر گوشراوترین و چڕترین شێوەی ئەدەبە کە زۆرترین شت لە کەمترین وشەدا دەردەبڕێت.(٥)

(١)شیعر و نائومێدی، شاخەوان سدیق ، لاپەڕە (٧)
(٢) تەیب قادر ، بیرکردنەوە لە شیعر ، لاپەڕە (٤٤)
(٣)تەیب قادر، بیرکردنەوە لە شیعر، پڕۆژەی سەد نامیلکەی فکری و ڕەخنەیی، چاپی یەکەم -٢٠٢١
(٤)لادان لەشیعری لەتیف هەڵمەت ، ناز ئەحمەد سەعید ، لاپەڕە(٢٣)
(٥)شیعر و ئازادی، شاخەوان سدیق، لاپەڕە (٣٤)

✍کاروان حەسەن سلێمان
٢٠٢٢/١٠/٢٢




خوێندنەوەیەک بۆ بەرهەمە شیعرى(عەورەتى نیشتمان)ى موحسین شوانى… کاروان حەسەن سلێمان

(عەورەتى نیشتمان) نوێترین بەرهەمى شیعرى مامۆستا (موحسین شوانى)یە. کە لەساڵى (2022)دا چاپ و بڵاو بوەتەوە، لەچاپخانەى(چوارچرا) (500)دانەى لێ چاپکراوە. لەدوو توێى (74) لاپەڕە، چاپى یەکەم، کورتەیەک لەژیانى شاعیر و بەرهەمەکانى ترى شاعیر لەکۆتا لاپەڕەدا ئاماژەیان بۆ کراوە.
ئەم بەرهەمە لەدوو بەش پێکهاتووە:
بەشى یەکەم: لە (43)دەقى نیشتمانى پێکهاتووە.
بەشى دووەم: لە (21) دەق پێکهاتووە کە خواناسى و باسى خۆشەویستى دایک دەکەن.
هەوڵدەدەین لەسەر ئەم بەرهەمەدا شتێک بنووسین و بڵێین.
چاوى شاعیر وردتر و باشتر شتەکان دەبینێ لە مرۆڤى ئاسایى بۆیە ئەوەى شاعیر دەرى دەبڕێ دەکرێ لاى مرۆڤێکى ئاسایش هەبێ بەڵام ئەو مرۆڤە ئاساییە بەهەندى وەرناگرێ یان ناتوانێ بیخاتە دووتوێى دەقێک و شیعرێکى لێ دروست بکات.
بەواتایەکى تر شاعیر تاڵى و سوێرى و ژەهراوى ژیان دەمژێ و لەدەقێکى شیعرى بەیانیان دەکات و بەرهەمێکى لێ دروست دەکات. ئەمە جیاوازى نێوان شاعیر و مرۆڤێکى ئاساییە.
شیعر ڕەنگدانەوەى شتە هەڵچووەکانى ژوورەوەى شاعیرە، شاعیر بەچاوى دڵەوە ئەو ئێش و ئازار و مەینەتیانە دەبینێ لەڕێگەى وشەوە دەیانکاتە دەق و شیعریان لێ دروست دەکات، واتا شاعیر لەجیاتى ئێمەش دێتە گۆ و قسەدەکات و ئێش و ئازار و مەینەتییەکان دەخاتە ڕوو.
لێرەوە دەچینە باغە ڕازاوەکەى (عەورەتى نیشتمان).
ئەم بەرهەمە لەدوو بەش پێکهاتووە، لەبەشى یەکەمدا شاعیر یاخییە، دڵپڕە، بێزارە، بێئومێدە ئەمانە و دەیان ماکى ترى نێو حەقیقەتى ژیانى ڕۆژانەى ئەم هەرێمە وایان کردووە مامۆستا موحسین شوانى دەست بداتە قەڵەم و لەڕێى وشە و ڕستەوە دەقێک دروست بکات و شیعرێکى چێژبەخشى لێ بەرهەم بێنێ. چێژ و ئێستاتیکا و بابەت ئەو ڕەگەزانەن کە شیعرى باشیان لێ بەرهەم دێت، ئەمەش وا دەکات کە خوێنەر چێژیان لێوەرگرێ و هەزمیان بکات.
شاعیر هەموو ئەو نائومێدى و بێهیوایەى لە بەرپرس و کاربەدەستانى وڵات هەیەتى دەیانخاتە دووتوێى چەند ڕستەیەک و دەقێکى شیعرى جوانى لێپێکدێنێ. ئەوەتا لە شیعرى(مارنج)دا دەڵێ:
گەر دەمتوانى وەک خۆڵ و کا
تێکەڵتان کەم
وەک قوڕە سوور
لە قالبى خشتتان بدەم
لە قولینچى دیوارى ماڵە هەژارێک
هەموو ساڵێک لە پێنجى سێ
بە مارنجى کوردەوارى
سواغتان بدەم .

شاعیر هەمیشە شتە پەنگخواردووەکانى ناخى دەردەبڕێ و ئەوەى لەمرۆڤى ئاسایی جیاى دەکاتەوە ئەوەیە شاعیر ئەو شتانەى دەیبینێ بە شیعر بەیانیان دەکات و خەڵک و خوێنەریش ئەو وشە و دەق و شیعرانە دەبینن بۆیە شاعیر وردتتر لە شتەکان دەڕوانێ. وشەى (جاش) بووەتە باس و خواسێکى شاعیر لە شیعرێکدا و مامۆستا موحسین شوانى لەوێوە حەقیقەتى ئەو ڕۆژگارە تاڵ و تفتەى بەدەستى جاش، میللەت چەشتوویەتى بەڵام ئێستاش جاش ڕۆڵ و پێگە و قسەیان هەیە و دەستیان دەڕوات کەجێگەى داخ و ئەسەفە! تەنانەت هەندێکیان بەرپرسیشن شاعیر شیعرێکى بەناوى (جاش)ەوە داناوە و زۆر بەڕوونى و بە ئاشکرایی دەڵێ:
من دوێنێم بیرچۆتەوە
کەسیش ناناسمەوە، نەخراپ نەباش
تەنها دەزانم هەردوولا
ڕیشدار و چڵکن و دەست بە تفەنگ و
ڕانکو چۆغە لەبەربوون
پێیان دەگووتن (پێشمەرگە)
پێیان دەگووتن (جاش)
ئێستا هەردووک ئاوێتە بوون
لەنێو حەفتا و لەناو هەشتاش!

ئیدارەنەدانى باش و خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات لەلایەن کاربەدەستان و هەندێ بەرپرسى نابەرپرس و گەندەڵ، کە نەیانتوانیوە بەباشى و بەچاکى خزمەتى گەل و نیشتمان بکەن، بێزارى شاعیر و ڕق هەستانى بەرامبەر ئەو جۆرە کاربەدەستانە گەیشتووتە ئەوەى کە شیعرێک لەدایک ببێ بەناوى (عەورەتى نیشتمان) کە ناوى بەرهەمەکەش لەو شیعرەوە سەرچاوەى گرتووە.
نیشتمان جێگەى ژیان و گوزەران وئازادى و کارکردنى تیا نەماوە هۆکاریش بۆ ئەمە زۆرن، ئەوەتا شاعیر لە شیعرى (هەرێم) هەندێ لەو هۆکارانە دەخاتە ڕوو کە لەناو وشەکاندا خۆیان حەشار داوە، ئەو نیشتمانە جێگاى ئازار و مەینەتییە و ژیان تێیدا ئیفلیج بووە و چى خەم و ئازار هەیە بۆتە بەشى هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە، شاعیر دێتە گۆ و دەڵێ:
بڕۆ لێرە
ئیتر ئێرە
نە هەناسەى عەشق و جوانى
نە گوڵ نەپەپولەى لێیە
سەر هەڵگرە
مەملەکەتى خەم و ئازار جێ بهێڵە
بەسەردانیش
هەرگیز مەگەڕێوە ئێرە
چونکە لێرە
نە نەمامى خۆشەویستى لێ شین دەبێت
نە بەرهەمى برایەتى لێدەڕوێت
نە پیاو لێرە بوێرە
نە ئافرەت لێرە زێڕە !

لەشیعرى (بەراورد)دا مامۆستا شوانى بەراوردێک لەنێوان خەباتى ئێستا و پێشتر دەکات و زۆر بەڕوونى ئەوە دەڵێ کە پێشان خەبات و سیاسەت باشتربوو کە لەپێناو نیشتمان و میللەت و ئازادى دا بوو بەڵام ئێستا حزب و بەرپرس و کاربەدەست هەر بۆ کورسى و دەسەڵات کاردەکەن و میللەتیان لەبیر نەماوە. ئەوەتا دەڵێ:
نیشتمان ئەوسا خۆشبوو
لە ڕق و ترسى دوژمن
لەسەر دیوارى گەڕەک و قوتابخانە
دەماننووسى(بژى پێشمەرگە، بروخێ بەعسى)
بەڵام ئێستا
لەترس و ڕقى دەسەڵاتى کوردى
لەسەر دیوارى ئاو دەسخانەکان دەنووسین:
(بڕوخێ حزب و سەرکردە و کورسى)

لە شیعرى (دەسەڵات)دا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کەوا تەمەن و جوانى و گەنجى دەیان ڕۆڵەى کورد تاڵ کراوە و ژەهرى پێچەشتراوە، بەداخەوە دەسەڵاتى کوردى نەیتوانیوە گەنج بۆ لاى خۆى کێش بکات و بتوانێ لە ئێش و ئازاریان کەمکاتەوە و کێشە و ئاریشەکانیان چارەسەربکات و دەستى باوکایەتییان بەسەردا بێنێ و بیان خاتە ژێرباڵى خۆى. ئەوەتا دەڵێ:
هەرچى جوانى و پاکى هەبوو لێتان سەندم
دونیایەک ناشیرینیتان بۆ جێهێشتم
شیرینى تەمەنم
پێشکەش کردن
ژەهرى ڕۆژگارتان پێ چەشتم

نیشتمان لەلاى شاعیر خۆشەویستە و ئەو خۆشەویستییەش وەک خۆشەویستى دایک وایە، بۆیە شاعیر شانازى بەوەوە دەکات و لە شیعرى(نیشتمان)دا بە ڕوونى ئەوە دەڵێ کە وەک دایک خۆشەویستە و وەک ڕێزگرتن لەباوکى رێز لەنیشتمان دەگرێ و دەنووسێ:
ئەى نیشتمان
بەقەد دایکم خۆشم دەوێى
بەقەد باوکم ڕێزت دەگرم
هەتا ماوم
لەگلێنەى چاوى خۆمدا
هەڵتدەگرم
ڕۆژێ سەدجار
لەپێناوت دەژیم، دەمرم.

لە شیعرى(کۆچ)دا بە دەربڕینى ئاخ و ئۆفى دەیان گەنج و لاوى ئەم نیشتمانە پڕ خەم و ئازارە دێتە گۆ، کە هەزاران گەنج سەرى خۆیان هەڵگرتووە و ڕوویان لەغەریبى و دوور وڵاتى و کەس و کار کردووە کەچى لە دەریاى ئیجە خنکاون و لەپێناو خۆشگوزەرانى ژیان ڕووە و مەرگ هەنگاویان نا.
شاعیر بۆ ئاسوودەیى دەروون و دامرکاندنەوەى گڕ و تینى ناخى قسەدەکات، ئەو قسە لەگەڵ دار و بەرد ڕووبار و دەریا ئاو و ئاگر و شاخ و چیا دەکات و ئەمانە دەدوێنێ و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات. ئەمەش لە شیعرى (ئیجە)دا بەڕوونى دیارە، ئەو دەریایەى هەزاران گەنجى وڵاتى نقوم کرد و کردنییە خۆراکى ماسى، شاعیر بە ئارامى و وەک پاڕانەوەیەک لە ئیجە داوا دەکات کە ئارامبێ و نەیخنکێنێ ئەوەتا دەڵێ:
ئیجە
بەهێواشى بەسەرتدا گوزەر دەکەم
مەمخنکێنە
نیشتمانم لەدەستداوە
بەدواى بستێ خاکدا وێڵم
شەپۆڵ مەدە
هەر ئەمجارە و نایێمەوە
نامۆم لێرە
ناخت مەکە بەگۆڕستان
توڕە مەبە
بە ئارامى
ببە پردى پەڕینەوە.
شاعیر لە گەورە بوون و ڕۆژگارى ئەمڕۆ بێزارە، دەیەوێ بگەڕێتەوە منداڵى و لەهەموو ئەو ماک و پیسى و درۆ و خۆپەرستى و مونافیقی سیاسیە بێزارکەرە کە ئێستا تووشى هاتووە پاک ببێتەوە. ئەوەتا لە شیعرى (گەڕانەوە)دا دەڵێ:
بمبەنەوە بۆ منداڵى
بەرائەتى ئەو سەردەمەم بدەنەوە
بمبەنەوە بۆ مناڵى
چڵکى حیزب و
مونافیقى سیاسەتم لێکەنەوە
لە کۆڵ پیسى و درۆى ڕۆژگارى
خۆپەرستیم بکەنەوە
لەنێو بەندى ژینى ساختە و
مۆدێرنى تەکنەلۆژیا ڕزگارم کەن
بمبەنەوە بەخۆڵ و گڵى پاکى
کۆڵانەکانى گەڕەک بمشۆنەوە
لەهەموو گوناهەکانى تەمەن پاکمکەنەوە.

بەداخەوە دواى زیاتر لە سى و پێنج ساڵ هەتا ئێستاشى لەگەڵدابێت حکوومەتى هەرێم نەیتوانیوە بەباشى و بەڕێکى ئاگادارى ژیانى کەس و کارەکانى ئەنفال بێت و ئاورێکى جددى و باشیان لێبداتەوە، شاعیر لە سۆنگەى خەمخۆرى و نیشاندانى سۆز و خۆشەویستى بۆ خانەوادەى ئەنفالەکان لەشیعرى (ڕووفات)دا ئەو بەرپرس و کاربەدەستانە ڕیسوا دەکات کە تا ئێستا کەس و کارى ئەنفالەکان ناناسن و ئاگادارى ژیانیان نین، مامۆستا شوانى بەزمانێکى سادە و ساکار لێیان دێتە گۆ و دەڵێ:
ئەم کاتژمێرە
ئەم جووتە پێڵاوە
بکەنە مەدالیاى ناپاکى
لە بەرۆکى جاش و ئەنفالچییەکان هەڵیواسن
یان بیکەنە هێماى ریسوایى
بیدەن لە ڕوخسارى
ئەو بەرپرسانەى
کە خانەوادەى ئەنفال ناناسن.
لە هەردوو شیعرى (کۆچ) و (ئومێد)دا کە دوو شیعرى دژبەیەکن لە واتادا شاعیر لە شیعرى (کۆچ)دا بێزارە، نائومێدە.بەڵام لەشیعرى (ئومێد)دا حاڵەتەکە پێچەوانە دەبێتەوە ئەوەتا لە شیعرى (کۆچ)دا دەڵێ:
ئەى نیشتمان !
زوویر مەبە
بەناچارى بەجێت دێڵم
ڕێگەى مەرگى هەندەران و
سەختى غەریبى دەپێوم
کەچى لە شیعرى (ئومێد) دا شاعیر پەشیمان دەبێتەوە بەو مانایەى خۆى دەخاتەوە سەر دۆخى بە ئاگایى و ئومێدێک لەدڵدا بەدى دەکات و لە وشە و ڕستەکانى پێشووى دێتە وەڵام و دەڵێ:
لێرە نارۆم
ئەم هەوارە جێناهێڵم
کەى توانیتان تیشکى خۆر و ڕووناکى مانگ
بشارنەوە
ئەوسا دەڕۆم
بەڕێکەوتیش
سەر لەو خاکە پڕ گەندەڵە نادەمەوە.

کاروان حەسەن سلێمان – هەولێر




پرسى مرۆڤ و مرۆڤ بوون لە قەسیدەى (مرۆڤ)ى تەیب قادردا… کاروان حەسەن

مرۆڤ قەسیدەیەکى شاعیر (تەیب قادر)ە. ئەم قەسیدەیە لە بەرهەمى (مرۆڤێک لە نزیکمانە)دا هەیە، چاپکراوى ماڵى وەفاییە و لەساڵى (2017)چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
ئەم قەسیدەیە زۆر بەوردى و قوڵى نووسراوە و دەکرێ دەیان جۆر لێکدانەوە و پشکنین و لێکۆڵینەوەى بۆ بکرێ، لەزۆر بابەت و کێشەى بنەڕەتى مرۆڤ دواوە و باسى کردوون و لە نێو دێرەشیعرەکان دەیان کێشە و گرفت و هەژارى و چەرمەسەرى و دەرد و ئێش و ئازارى مرۆڤ خۆیان حەشار داوە.
شاعیر هاتووە زۆر وریایانە مامەڵەى لەگەڵ ئەو کێشە و گرفت و ئاریشە کۆمەڵایەتى و دەرد و مەینەتییە ئاڵۆزانەى نێوان مرۆڤەکان کردووە. لەزۆر شت دواوە وەک:(مرۆڤبوون، ژینگە پارێزى، ئاکارى جوان، برایەتى، دایک، ئەمانەت پارێزى، ویژدان، دڵشکان، خوێن، کوشتن، بڕوابوون، ..هتد) ئیتر شاعیر بەلاى هەموو ئەو کێشە و گرفتانەدا گەڕاوە کە مرۆڤەکان لەگەڵ یەکترى هەیانە و بوونەتە لەمپەر لەبەردەم مرۆڤبوون و کۆمەڵگایەکى باڵاى مرۆڤایەتى، شاعیر لەجیاتى هەمووان قسەدەکات، دەدوێ، دەکۆشێ بۆ ئەوەى مرۆڤبوون بگەڕێنێتەوە بارى سەنگینى خۆیى و مرۆڤ لەو دەردە پیس و ناشیرینە ڕزگاربکات و ڕاستەڕێى مرۆڤایەتى بگرن و وەک برا لەگەڵ یەک بژین. چونکە بەلاى شاعیرەوە مرۆڤایەتى لەسەرووى هەموو شتێکەوەیە. هەروەها(پەیامى هزرمەندان و پەیامبەرانیش بۆ خەڵک یەک ڕستە بووە، ببن بەمرۆیى واتە ببن بە مرۆڤ)(1)
لەیەکەم دەستپێکەوە شاعیر دەڵێ:
مرۆڤ بوومایە
هەموو بەیانییەک زەویم گەسک دەدا
ئەمە لەو پەڕى هەست بە بەرپرسیارییەتییەوە هاتووە و شاعیر دەبینێ پیسى و ناشیرینى دەورووبەرى مرۆڤایەتى تەنیووە ئیتر بێزارە لەو کەشە نامەعریفییە، ئەو دەیەوێ بەمرۆڤایەتى بلێ خۆتان ڕزگاربکەن لەو پیسى و ئاڵۆزى و ناشیرینییەى گرتووتانە بەر.
مرۆڤبوون بەلاى شاعیرەوە سەرووى هەوو شتەکانە ئەوەتا بانگەوازى مرۆڤبوون دەکات و لەناخى دڵەوە هاوارى مرۆڤایەتى دەکات و دەڵێ:
هەمووتان برا و خوشکمن
تکایە فەرموون با بەیەکەوە بژین
ئەم بانگەوازەى شاعیر مرۆڤانەیە و لەپێناو مرۆڤایەتى و بەرژەوەندى گشتى مایەى قسە و هەڵوەستەیە.
ویژدان سەرچاوەى بوون و ژیانى مرۆڤایەتییە، ئەگەر ویژدان زیندوو بوو بێگومان دڵەکان و هەموو کایەکانى مرۆڤایەتى زیندووە. شاعیر لێرەدا مرۆڤایەتى لەو بێ ویژدانى و قۆڵبڕین و فرت و فێڵانە ئاگادار دەکاتەوە و پێیان دەڵێ وامەکەن و بەسە. ئیتر مرۆڤانە بجولێنەوە و هەڵس و کەوت بکەن. شاعیر لەپێناو یەک وشەدا دەنووسێ و دەکۆشێ و خەباتى وشەى دەست پێکردووە، ئەویش (مرۆڤ)ە. ئەوەتا لەناخەوە بەدڵێکى پاکەوە دەڵێ:
مرۆڤ بوومایە
بە گەورەیى، زۆر گەورە، دەمنووسى : سڵاو
سڵاو لە ڕووناکى و پشوو و شیرینى و
هەناسەى گەرم و شتى تریش…
کتێبێکى قەبەم دەنووسى
یەک وشەم بەکاردەهێنا
مرۆڤ، مرۆڤ، مرۆڤ
شاعیر دەنگى هەژار و لێقەوماو و ئازاربەخشانى سەر زەوییە، هەموو نەهامەتى و بێ ئومێدى و ڕەشبینى و ئازارێک لە مرۆڤ بوونەوە دەبینێتەوە و ئەبێ مرۆڤ بین بۆ ئەوەى یەک نەشکێنین و ئازار بەدیارى نەبەخشینەوە و خەم و خەفەت و مەینەتى بۆیەک جێ نەهێڵین. ئەوەتا ڕووى شیعر و دەمى مرۆڤ دۆستانەى دەکاتە مرۆڤ و پێیان دەڵێ:
مرۆڤ بوومایە، ئاخ من بۆ مرۆڤ نەبووم؟
بەردى کەترەم لەسەر ڕێگاکان بژار دەکرد
بەردەم دوکانەکانم بەهەقیقەت قەرەباڵغ دەکرد
دکتۆر عەلى شەریعەتى دەڵێ: (مرۆڤ خاوەنى ئیرادەیە هەر ئەمەش گەورەیى و مەزنى پێ بەخشیوە. تەنانەت بەهۆى ئەم ئیرادەوە جیاوازترە لە فریشتەکان و لەسەرووى ئەوانیشەوەیە.)(2)
شاعیریش لەسەر پەیامە مرۆڤ دۆستى و مرۆڤ پەروەرییەکەى بەردەوامە و لەهەمبەر گەورەیى و مەزنى مرۆڤەوە دەڵێ:
مرۆڤ لە چەقۆ و خانوو و گوڵ گەورەترە
مرۆڤ لە ئاسمان و قەبر و خواردن گەورەترە
مرۆڤ ژیانى لەنێو دڵدایە، ڕێک نێو دڵى.
خواى گەورە دەفەرمووێ: (لقد خلقنا الانسان فى احسن تقویم)(3) کەواتا خواى گەورە مرۆڤى بەجوانترین شێوە دروست کردووە، بەو مانایەى عەقڵى پێ بەخشیوە و هیچ مەخلوقێک لەمرۆڤ باشتر و کاملتر نییە، بەڵام ئەوە مرۆڤە خۆى بەناشیرینترین شێوە پیشان دەدات و یەکتر دەکوژن و دەبڕن و ژان و ئێش و ئازار بۆیەک دەبەخشنەوە و یەکتر دەتۆرێنن. شاعیر لێرەدا بەردەوامە لە پەیامى مرۆڤبوون و بڵاوکردنەوەى هۆشیارى لە بارەى مرۆڤبوونەوە ئەوەتا دیسان ڕوویان تێدەکات و پێیان دەڵێ واز لەشەڕ بێنن و شەڕ ماڵوێرانى و کاولکارى و تێکدانى شیرازەى کۆمەڵى بەدواوەیە و دەڵێ:
مرۆڤ بوومایە
شەڕم نەدەکرد گەمەیەکى بەتام
شەڕم لەپەنایەکدا
دەخستە ژێر چەنگێک لمەوە و دەمگووت
وسبە
شەڕ خانووەکان پڕ لەبۆشایى دەکات
شەڕ منداڵەکان بێ منداڵى دەکات
شەڕ ئۆتۆمبێلەکان دەکاتە ماڵى کوشتن
مارکۆس ئۆریلیۆس دەڵێ: (ئەوەى پێویستە مرۆڤ لێى بترسێت مردن نییە، بەڵکو پێویستە مرۆڤ لەوە بترسێت هەرگیز دەست بە ژیان نەکات)(4)
شاعیریش پەیامى ژیان بەگوێى مرۆڤەکانەوە دەچرپێنێ و پێیان دەڵێ لەجیاتى کوشتن و ڕق و کینە خستنەدڵى یەکترەوە وەک برا بژین. هەموو مەبەست و مەرامیشى لەیەک ڕستەکۆدەکاتەوە و دەڵێ:
تکایە فەرموون با بەیەکەوە بژین.
خۆشەویستى شاعیر بۆ مرۆڤ لەناخى دڵ و حەقیقەتى ژیانەوە سەرچاوەى گرتووە و ئەو کارەسات و ڕووداو و نەهامەتیانەى لەژیان دیویەتى کە مرۆڤەکان ئەنجامیان داوە شاعیرى بۆ لاى ئەو قەسیدە پڕ لە خەم و ناسۆر و حەسرەت کێشانە بردووە. ئەوەتا لە پەیامەکەى دیسان ڕوومان تێدەکات و دەڵێ:
مرۆڤم خۆشدەوێت هێندەى دڵى ڕاستەم،
دڵم چەپان نییە
مرۆڤم خۆشدەوێت. بەنهێنى گریان ناخەمە چاویەوە
لاورین لەم بارەیەوە دەڵێ: (ئەگەر کەسێکت خۆشبوێت، ئەوا دەبێ تەنیا ئاواتى ئەوە بخوازى کە دڵخۆش بێت. هەتا ئەگەر لەگەڵ تۆش نەبێت)(5).
هەموو مرۆڤەکان بەیەک زمان پێدەکەنن، کەواتا بۆ نابێ هەموو مرۆڤەکانیش لەژیان کردن و مرۆڤبووندا هاوبەش بن. شاعیر لەوبارەیەوە پەیامى تایبەتى خۆى هەیە،کە مرۆڤبوون و پێکەوە ژیانە، ئەو پێى وایە ئەبێ لەبازنەیەکى برایەتیدا کۆببنەوە و پێکەوە بژین و لەسەر یەک سفرەى نان خواردندا دابنیشن بەئاشتى و تەبایى بەیەکەوە بژین، ئەوەتا ڕووى پەیامى بەیان دەکات و دەڵێ:
فەرموون ئاشتى ئامادەیە
دڵ بە ئاقڵى لەسەر سفرە دانیشتووە
تکایە فەرموون، با بەیەکەوە بژین
لەگەڵ ئەو پەیامە مرۆڤ دۆستانە و ئەو وشە لەبڕێژانە لەخۆشەویستى و تژى لە عەترى مرۆڤبوون شاعیر ئەوە ناشارێتەوە کەوا مرۆڤ ناتوانێ ئەو پەیامانەى ئەو جێبەجێ بکات و بیان کاتە ڕابەر و ڕێنمایى بۆ ژیانى، چونکە ڕۆژانە مرۆڤەکان یەک دەکوژن، یەک بریندار دەکەن، دڵى یەکتر ئازار دەدەن، دلڕەقى و کەلـلـە ڕەقى مرۆڤى تووشى پەتاى ڕق و کینە کردووە، هەروەک لە پەندى پێشینانى کوردیشدا هاتووە.(مرۆڤ بەکەلـلـە ڕەقى هیچى بۆ ناچێتەسەر)(6)
شاعیر ئاراستەى قسەکانى بەقوڵى بەناخى ئەوانەدا شۆڕ دەکاتەوە و دەڵێ:
مرۆڤ بوومایە
ئۆیی مرۆڤ بۆ وادەکات
بۆچى قۆرت
قۆرتى زل زل لەسەر ڕێگەکاندا هەڵدەکەنێت
بۆچى ددان دەچەقێنێتە لەشى یەکترى و
خوێن لەگەڵ نان، لەگەڵ پشوو،
لەگەڵ نیوەڕۆکانیان، لەگەڵ ئێوارەکانیاندا دەخۆنەوە؟
خوێن، خوێن، خوێن، باغەڵم پڕ بووە
پڕپڕ لەخوێن بووە،
لەخوێن دەترسم.
شاعیر بەردەوامە لە پەیامە جوان و مرۆڤ دۆستانەکەى و ئەمجارە ڕووى مرۆڤانەى لە منداڵان دەنێت و پێیان دەڵێت:
مرۆڤ بوومایە
منداڵەکانم دەخستە پێشەوەى ژیان و
پێم دەگووتن: ژیان گەورەترە لەمردن
پێکەنین باشترە لەگریان
بەئارەزووى خۆتان ئاسوودەیى بەکاربهێنن
بەئاسوودەیى بەختەوەرى بخۆن
بەبەختەوەرى تەمەنتان لەو شوێنانە دابنێن
کە پێتان خۆشە
بەدڵى خۆتان، زۆر بەهێواشى
قیچ قیچ، گەورەبن و
ژیان ململانێیە، خەم بۆ یەکترى هەڵمەگرن
ئازار ناکرێتە دیارى.
لەم قەسیدەیەدا دەیان پرس قسەیان لێوەکراوە و هەمووشیان لەچواچێوەى پەیامى مرۆڤانە و ئەداکردنى مرۆڤبوونەوەیە لەلایەن تاکەکانى کۆمەڵگاو شاعیر مەبەستى ئەوەیە مرۆڤانە بیربکەینەوە و بژین و بڕوانین، ئەوەتا باس لە ماکێکى پیسى نێو کۆمەڵ دەکات و ئەویش خۆهەڵقورتاندن لەکاروبارى خەڵک و چوونە ناو باسێک کە پەیوەندى بەوانەوە نییە، شاعیر دەڵێت:
نقورچەم لەخەمى هیچ کەسێک نەدەدا
تەنیاییم لەپێش ماڵى هیچ کەسێک نەدەڕژاند
ناوقەدى هیچ کەسم نەدەنووشتاندەوە و
دڵى هیچ کەسێکم نەدەدڕاند.
مرۆڤبوون بەلاى شاعیرەوە جوانترین ڕەوشت و خووى مرۆڤە، بۆیە هەمیشە ئەوەى لەلا حەسرەتە کەبۆچى مرۆڤ نەبین(مرۆڤ بوون بەمانا ڕاستى و قوڵ و فەلسەفیەکەى)نەوەک بەڕووکەشى، شاعیر ئەو پارووە نانەى هەیەتى لەڕێگەى حەقیقەتى مرۆڤبوونەوە هاوبەشى پێدەکات لەگەڵ نەدار و هەژارانى دەوروبەر و چواردەورى. ئەوەتا دەڵێ:
مرۆڤ بوومایە
بەکەرتە گوێزێکى گەنج ڕازى دەبووم و
ئەم هەموو خۆراکانەم بۆ سکە بەتاڵەکان دەنارد
دەستى قۆخەکانم دەگرت و
بە یەک دەنکە ترێ
لەسەر دەستى خۆشبەختى لەگوڵە گەنمەکانم مارە دەکردن

هاوڕێیەتى پرسێکى ترى ناو قەسیدەى (مرۆڤ)ە و شاعیر لەوە تێگەیشتووە کە زەمانەیەک تێیکەوتووین هیچ شتێک لەسەر ڕێچکە و ڕێباز و بنەڕەتى خۆى ناڕوات و ژیان ئاڵۆز و زەحمەت و پڕ کێشمە کێشە. بۆیە هاورێیەتیش لەم سەردەمەدا وەک خۆى نەماوە و گۆڕاوە، شاعیر دەیەوێ ئەو کەلێن و بۆشایى و خەوشە ناشیرین و نا مرۆڤانە بسرێتەوە و هاورێیەتى بگەرێنێتەوە دۆخى جوانى و ڕێکى خۆیەوە. ئەوەتا دەڵێ:
کورسى بەتاڵم لەبەینى هاورێیەکان نەدەهێشت و
پڕم لەخۆشبەختى و ئەمان دەکرد.
متمانە وەک چەمکێک خاڵێکى بنەڕەتى نێوان مرۆڤەکانە. بەڵام لەڕۆژگارى ئەمڕۆدا متمانە کەم بووە یان دەتوانین بڵێین وەک سەردەمى پێشوو نەماوە و ڕۆژانە کێشە و گرفتى متمانە نەبوون لەلایەن مرۆڤەکان سەرهەڵدەدات و بەدەیان کەسى لێک کردووە، شاعیر دەڵێ پێویستە مرۆڤ بین بۆ ئەوەى متمانەمان بەیەک هەبێت و لەگەل یەک بە ڕاستى بژین، بۆیە گرنگە مرۆڤ بین و بەمرۆڤانە بژین.
ئەگەر مرۆڤ بوومایە
کاتێک تەنیا دەبووم، دەبوومە قاسەى متمانە
بۆ ئەو کەسانەى
چوار قسەى گەچراوى خۆیانیان بۆ باس کردووە
نەدەبوومە چڵکاو
چڵکاو شمەکى دەور و بەر پیس دەکات
نەدەبوومە دوکەڵ
دووکەڵ قوڕگى مرۆڤەکان دەخوسێنێت
نەدەبوومە دەمانچە
پێمخۆشە برین بێ کڕیار بێت.
هەمیشە گفتوگۆى ئارام و دانیشتن بەیەکەوە لەسەر کێشەکان ئەنجامى باشى لێکەوتۆتەوە و باشتر بووە لە لێکتێنەگەیشتن و زمانى هەڕەشە و شەڕکردن، بۆیە ئەگەر لێکتێگەیشتن هاتە ئاراوە ئەو هەموو کوشتن و بڕین و ئاڵۆزیەى مرۆڤ دروستى کردووە بەو شێوەیە نەدەبوو، شاعیر دلنیایە لەوەى ئەگەر مرۆڤ بایە ئەوا :
خۆکوشتن و ئەویتر کوشتنم دەکردە مۆدیلێکى کۆن
هەر زۆر زۆر کۆن
بەدوو قسەى خۆش
داڵەکانم دەکردنە کۆتر و
لەماڵى پەپوولەخانمم دوور دەخستنەوە و
ماڵى خۆییم لە ڕۆخ قومە ئاوێکى قەنداویى
بۆ دروست دەکرد.

لەکۆتاییدا وەرن با پێکەوە وەک مرۆڤ بژین.

کاروان حەسەن / هەولێر
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوە و پەراوێزەکان :
(1)محەمەد جەودەت، هونەرى مرۆڤبوون، سایتى هەولێر.
(2) مرۆڤ، دکتۆر عەلى شەریعەتى، وەرگێڕانى: موسعەب ئەدهەم، چاپى سێیەم، 2014 سلێمانى
(3) قورئانى پیرۆز، سوڕەتى (تین) ئایەتى (4).
(4)جوانترین وتە ئامادەکردن و وەرگێڕانى: کارزان نوورى عوسمان، چاپى دەیەم ، 2013 هەولێر.
(5) جوانترین وتە ئامادەکردن و وەرگێڕانى: کارزان نوورى عوسمان، چاپى دەیەم ، 2013 هەولێر.
(6) پەندى پێشینان، کۆکردنەوەى : کاروان عوسمان چاپى یەکەم ، لەبڵاوکراوەکانى دەزگاى چاپ و پەخشى ڕێنما، ل 345
(7)مرۆڤێک لەنزیکمانە، شیعر ، تەیب قادر، چاپى یەکەم 2017




خۆتان لە ڕۆژی درۆدا بپارێزن… کاروان حەسەن سلێمان

درۆ: وشەیەکە لە ڕووی ڕێزمانییەوە(ناوی واتاییە) کە لە چوارپیت پێکهاتووە (د، بزرۆکە، ر ، ۆ ) هەروەها لە دوو بڕگە پێکدێت (د/رۆ) بە بچووکی خۆی دەتوانێ گەورەترین کێشە دروست بکات.
درۆ ماکێکی پیسی کۆمەڵایەتییە هەندێ کەس خویان پێوەگرتووە و نانی پێوەدەخۆن ، درۆ دەتوانێت برا لە برا بکات ،خۆشەویستان لە یەکتر داببڕێنێ، یەک درۆ دەتوانێ ماڵوێرانی لەدوای خۆیدا بێنێ ئەگەر وریا نەبین و نەتوانین بەجوانی و بەباشی مامەڵەی لەگەڵ بکەین، تەنانەت هەندێ کەس شانازیشی پێوەدەکەن و ڕۆژێکیشیان بۆ درۆ داناوە کە(١) ی مانگی نیسانی هەموو ساڵێکە، کە هیچ ئەسڵ و بنیادێکی نییە لە ڕاستیدا. کەچی هەندێ کەس لەم ڕۆژەدا هەڵدەستن بەدرۆ کردن و زۆرجار کێشەی کۆمەڵایەتی لێ کەوتووەتەوە و دەیان گرفت و ئاڵۆزی دروست کردووە.
لەم سەردەمەی ئێستادا هەندێک نانی درۆکردن دەخۆن و تەنانەت مووچەشی پێ وەردەگرن و ڕێز و سوپاسیش دەکرێن!
لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەکانی پێغەمبەر درودی خوای لێبێت دەیان ئایەت و فەرمایشت هەیەلەبارەی درۆ وە.
لە زووەوە پێشینان و زانایان لە درۆیان کۆڵیوەتەوە و بەشتێکی ناشیرین و نەگونجاو و ناحەزیان زانیوە و چەندین پەند و وانەیان لەسەر درۆکردن نیشان داوین، ئەوەتا ئەرەستۆ فەیلەسوفی یۆنانی دەڵێ: مردن بەڕاستگۆییەوە زۆر باشترە لە ژیان لەگەڵ درۆدا.
هەروەها دکتۆرعەلی شەریعەتی لەبارەی درۆکردنەوە دەڵێ: ئەگەر درۆ ڕەنگی هەبووایە، زمانمان سەدەها پەلکە زێڕینەی دەگرت.
کەچی زۆرجار نەتوانراوە سوود لەو پەند و وتە و دێڕە شیعرانە وەرگرین و بە بایەخەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین، لە ئەدەبی کوردیشدا شاعیران توانیویانە ئەو دەردە کۆمەڵایەتییە و ئەو وشەیە لەبەرچاوی خەڵک لابدەن و لێی نزیک نەکەونەوە و خۆیانی لێ بەدوور بگرن بەشێک لە شاعیران وەک ماکێکی کۆمەڵایەتی لە ناواخنی شیعرەکانیان لێی دواون، هەروەها پیرەمێردی شاعیریش لەچەند پەندێکدا باسی لە درۆ کردووە و لە پەندێکدا دەڵێ:

ئاگری درۆزن ساتێك ئەگــڕێ
بەڕە هەر لە لای تەنكی ئەدڕێ

لەپەندێکی تردا دەڵێ:
درۆزن زانی درۆی سەرئەگـرێ
پێی ڕادێ ، ئیتر شەرم نایگرێ

لەپەندی پێشینانیشدا ئەو ڕاستییە هەیە و بەپێی کات و سەردەم قسەی لێکراوە و پەندی جوان و ناوازە وپڕچێژی بۆ دروست کراوە بۆ وانە و سوودبینین، لێرەوە چەند پەندێکی پێشینان دەخەمەڕوو بەڵکوو سوودێکی هەبێ و توانیبێتم تێنوێتیت بشکێنم لەوبابەتە.

١-درۆزن دوژمنی خوایە.
٢-درۆ بێ دەسەڵاتە هەموو کەس پێی دەوێرێ.
٣-درۆ هێشتا دەرنەچووە لۆقە دەکات.
٤-درۆ نەفەرزە،نەسوننەتە.
٥-درۆزنە خۆی لێ ونە.
٦-درۆکانی بەباڵ دەفڕن.

هەروەها چەند وتە و پەندێک لە بارەی درۆوە بزانیت خراپ نییە.
١-درۆ سک تێر ئەکات و سەر زەلیل.
٢- باجی درۆ کۆمەڵگا دەیدات.
٣-درۆ قوربانی دەستی بەرژەوەندییە.
٤-لە ئێستادا خەریکن لەناو زانستی تردا(ڕێکلام) جێگا بۆ درۆ دەکەنەوە و شەرعیەتی پێ دەدەن.
٥-درۆی کۆمەڵایەتی ترسناکە ، بەڵام درۆی سیاسی کارەسات هێنەرە.
٦- لە ئێستادا درۆ ڕۆڵی هەیە لە دروستکردنی دەسەڵات و سەرمایەداری دا.
٧-ڕەنگە بتوانی به درۆ دونيا ڕەنگ بكەی بەڵام
يەك باران بەسه بۆ دەركەوتنی ڕاستيەكان.
٨-درۆزن ئاگر لەماڵی بەربێت کەس بڕوای پێناکات.
٩-درۆ بنی قوڵە، بەڵام سەری تەنکە.
١٠-درۆ هەر درۆیە کە بیکەیت.

کاروان حەسەن سلێمان .
٢٠٢٢/٣/٢٩




چێژی شیعری.. کاروان حەسەن سلێمان

نووسینی شیعر لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بووەتە شتێکی ڕۆژانە و ئاسایی، ڕۆژانە بەدەیان کەس دەنووسن، دەیان کەس خۆیان بەشاعیر دادەنێن، دەیان کەس نامیلکە بڵاو دەکەنەوە، دەیان کەس شاعیربوونی خۆیان ڕادەگەیەنن، هەموو ئەمانە ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە.
لەگەڵ ئەمەشدا زۆربەی ئەو بەرهەم و نامیلکە و شیعر و نووسراوانەی ناویان ناون شیعر، دوورن لەچێژی خوێندنەوە و شیعربوون، چونکە چێژیان نییە و خوێنەر تامەزرۆیان ناکا و ئەو نووسینانە ناتوانن بچنە دڵەوە، هۆکاریش زۆرن، (نەشارەزایی لەزمان، ڕەوانبێژی، وشەسازی، ڕێساکانی جوانکاری، وێنەی شیعری، ڕیتم، ئاوازی ناوەوە و دەرەوەی شیعر) هەموو ئەمانە ڕۆڵیان هەیە لە چێژ و خۆشی ئەو شیعرەدا.
ئەو دەقانەی شیعریەت بەرهەم ناهێنن دەکرێ بەشیعری سپی پۆلین بکرێن، شیعری سپی شیعرێکە زیاتر مۆرکی هەواڵی بەسەرەوەیە. واتا ڕاگەیاندنی شتێک یان دەربڕینی ئازارێک لەچەند وشەیەکدا، ئەوەی ڕۆژانەش دێتەبەر گوێمان و دەیبیستین و دەیخوێنینەوە لەشیعر بەشی زۆریان خاڵین لەشیعربوون و شیعریەت، چونکە زۆر لەو دەقانە تەنیا قسەکردنن، وتارن، گلەیی و گازاندەی ڕۆژانەن، هیچ پەیوەندیان بەشیعرەوە نییە، شیعر خۆی چێژبەخشین و هەست بزواندن و ختوکە دانی خوێنەرە، بەڵام لەم بەرهەمانەدا زۆرجار دەق خاڵییە لەهەست و سۆز، تەنیا ڕیزکردنی وشەیە.
زمان خاڵی یەکەمی بوونی دەقێکە بەشیعر، چونکە زمان جەوهەر و کڕۆکی شیعرە، بۆیە پێویستە لەو بەرهەمانەدا زمان ئیشی باشتر و وردتر و چڕتری بۆ بکرێ لەناو شیعردا، ڕه‌سوڵ حه‌مزه‌تۆڤ دەڵێ:
(كه‌سێك بوێرێ شیعر بنووسێ و زمانیش نه‌زانێ، وه‌ك شێتێك وایه‌ مه‌له‌وانی نه‌زانێ و خۆی فڕێ بداته‌ ڕووبارێكی هه‌ڵچووه‌وه‌). کەواتا خاڵی بوونی دەق لەشیعریەت هیچ مانایەکی شیعری هەڵناگرێ لە ڕستەیەکی ڕاگەیاندن یان ڕیزکردنی چەند وشەیەکی ئاسایی زیاتر.
لەسەر نووسەر و شاعیر و دەق نووس پێویستە وردتر، جوانتر، باشتر وردببنەوە و جوانتر کار لەسەر شیعر بکەن تایبەت زمان، وەک وتمان زمان کڕۆکی جوانی و باشی شیعرە. هەروەک وتراوە.(زمان بۆ خۆی جەوهەر بەخشە و شیعریش جەوهەری خۆی لەزمانەوە وەردەگرێت) بەو پێییەی شیعریەت بوونی دەق زیاتر پەیووەستە بەزمانەوە هەموو جوڵە و جوانی و ڕیتم و ئاواز و ئێستاتیکای شیعری خۆی لەزمان دەبینێتەوە، کەواتا خوێنەری باش و بەسەلیقە و ورد چۆن دەقی باش و خراپ لێک جیادەکاتەوە، ئەمە چێژ و باڵابوونی دەقە وادەکات خوێنەر سنووری نێوان ئەو دەقانە دیاری بکات، هەروەک ڕیچارد هێڕد دەڵێ: (شیعر هونەرێکە مەبەستی ئەنجامدانی گەورەترین چێژ بەخشینە بە گوێگر) هەر لەڕێگەی چێژی خوێندنەوەی دەقە خوێنەر دەزانێ کام دەق باشە و کامەی خراپە.

کاروان حەسەن سلێمان
٢٠٢٢/٢/٢١




ڕەزا حەمە بولبولێکى خۆشخوان لە گوڵزارى شیعرى گۆرانییدا.. کاروان حەسەن

شیعرى گۆرانى یەکێکە لە جۆرەکانى شیعرى کوردى و هاوشانى شیعرى دڵدارى و شیعرى فێرکردن و هتد..
ئەم جۆرە شیعرە زمانى ویژدانە و شان بەشانى گۆرانى ڕۆیشتووە، دیارە گۆرانى لەلاى هەموو نەتەوەیەک باوە و کەس لێى بێبەش نییە،
شیعرى گۆرانى واتا ئەو شیعرەى بۆ گۆرانى هەڵدەبژێردرێت و ئەگەرچى خۆى هونەرمەندەکە دێت و شیعرەکە هەڵدەبژێرێت، ئەوە ناگەیەنێ کە شاعیر بێت شیعر بۆ گۆرانى بڵێت بەڵکو ئەوە هونەرمەندە شیعرەکە هەڵدەبژێرێت و دەیکات بە گۆرانى، زۆرتر شیعرى لیریک ئاوازیان بۆ دادەنرێت و دەکرێن بە گۆرانى بەکاردێن و بەئاسانى و بەجوانى و خۆشتر ئەچنە دڵەوە و جۆرێک لە ئاواز و مۆسیقى و ڕیتمى ناوەوە و دەرەوەى هێندە چێژبەخشە زیاتر بۆ گۆرانى دەبێ و لەبارتر و جوانترە بۆ وتن. واتا جۆرێک لەشیعر هەیە و هونەرمەند هەڵیدەبژێرێ و جۆرێک لە ئاوازى بۆ دادەنێ و دەیچڕێ.
ڕەزاحەمە یەکێکە لەو شاعیرە جواننووس و پڕ ئەزموونانەى ئەدەبى کوردى. ئەو چل ساڵێکە دەنووسێ و ژیانى خۆى ئاوێتەى شیعر کردووە، یان شیعرى ئاوێتەى ژیانى خۆى کردووە. ئەو لەڕووى نووسینەوە کەم دەنووسێ بەڵام زۆر قوڵ و پڕ مانا و چێژبەخش دەنووسێ، شیعرەکانى تام و چێژى تایبەت و ڕیتم و ئاوازى پڕ جۆش و خرۆشیان تێدایە. وەک بەرهەم ڕەزا حەمە تەنیا نامیلکەیەکى بچکۆڵە بڵاو کردۆتەوە بەناوى (مەڵبەندەکەى لەمەڕ ئێمە)جگە لەم نامیلکەیە هیچ دیوان و بەرهەمێکى ترى چاپ نەکردووە.
زمانى شیعرى و شێوەى نووسینى ڕەزاحەمەى شاعیر جۆرێک لە ژیانى پڕ لەخەم و کەسەر و سۆز و غەریبى و نیشان دەدەن، خۆشەویستى و پەیوەست بوون بەنیشتمان و گەلەوە دەبەستێتەوە. سۆز و دەربرین و هاوخەمى بۆ خەڵک و گەلى خۆى بۆتە جۆرێک لە زمان و سۆزدارى بۆ میللەت و نەتەوە،ڕەزا حەمە لەڕێى شیعرەوە سۆز و هەستى ناخى دەردەبڕێ و دەیگەیەنێ و هەموو ئەو وشە پەنگ خواردووانەى ناخى ئەو مرۆڤانەى کەتواناى دەربڕینیان نییە بەهەر هۆکارێکەوە بێت ئەم لەجیاتى ئەوانەوە دەریان دەبرێ. یان وەک ڕەزا حەمە خۆى دەڵێ: ( مرۆڤ خۆى لەخۆیدا شیعرێکى جوانە. بەڵام ئەفسوس هەموو مرۆڤێک ناتوانێ خۆى بنووسێتەوە).
هەرلەکۆنەوە گوتراوە کە (زمان گۆرانى بووە، یان زمان شیعر بووە).
واتا زمان و گۆرانى و شیعر هەر لەکۆنەوە پەیوەندى پتەویان لەنێواندا هەبووە. نەزمان بێ شیعر دەبێ نەشیعریش بێ زمان دەبێ،
واتە (گۆرانى و شیعر و مۆسیقا هەر لە سەرەتاى مرۆڤى سەرەتاییەوە سەریان هەڵداوە و پەیوەندییەکى لێک دانەبڕاو لە نێوانیاندا هەیە. بەواتایەکى تر شیعر هەرلەبنەچەیەوە مەزموونێکى ئاوازدارە).
بە وردبوونەوە لە چەند نموونەیەک لەشیعرەکانى ڕەزا حەمەى شاعیر باشتر و جوانتر لێیان تێبگەین.

کەس نییە لە ئێمە لەڕابردوودا و تا ڕۆژى ئەمرۆش گوێبیستى شیعرەکانى ڕەزا حەمە نەبووبێ . یان چەند نموونەیەک لە شیعرەکانى دەخەمە ڕوو.
کەم هەیە لە ئێمە چ لە ئێستا و چ لە ڕابردوودا گوێى لە دەنگە بەسۆزەکەى مامۆستا ئیبراهیم خەیات نەبووبێ و لەگەڵ گۆرانى (ئێمە گیانێکین لەدوو جەستەدا) هەست و سۆزى نەخرۆشابێ. دەقى ئەم شیعرە یەکێکە لە شیعرە جوان و پڕ سۆز و بەچێژەکانى ڕەزا حەمە. کە لەدوا دێڕى شیعرەکەیدا زۆر هونەریانە و وەستایانە ئاماژەى بەناوەکەى خۆى (ڕەزا) کردووە. ئەم گۆرانییە لە ساڵى (1983) تەلەفزیۆنى کەرکووک تۆمارى کردووە. ئەمەش دەقى شیعرەکەیە بەناوى (پەیمان)
ئـێمە گیانێکیـن لـــە دوو جـــەستەدا
وەک شـیعر و ئاواز لەیەک بەســتەدا
دنیا نـــاتوانێ لێـکـمـــان کــــاتــــەوە
مـــەگــــەرخوا بــۆخـــۆی بمانباتـــەوە
ئێمە پەروەردەی یـەک خــۆڵ و ئـاوین
بۆ یــەک مەبەســت و بۆیەک پێناوین
لــــە نــــاو یــــەکــتردا تـوواویـنـەوە
ڕێبواری یـــەک ڕێین جیـانـــابیـــنەوە
پـــەیمانمــانداوە تـــا لـــە ژینـــا بین
بۆتــەنها ســــاتێ بێ یــــەکتر نابین
ئـــەگــەر لـــەودنیاش زیندوو بینەوە
هــەر وەکو ئێســتا یــەک ئـەگرینەوە
یــەک بۆیــەکتری خۆراکی گــیــانین
لــــە تــــەنــگــانەدا بۆیەک قوربانین
عەشــقی پیرۆزی ئێـمـە وەهــایـــە
هه‌تــــا خواوندیش لێمان(ڕه‌زا)یه

هەر هەمان کات و هەمان ساڵ هەمان هونەرمەند گۆرانى (گەردوونى) تۆمارکرد، کە دەقى شیعرەکە ئەمەیە .
ئەگەر گەردوون درۆ ناکا، بائەفسانەى خۆى بنوێنێ
جـوانێکى تر لــە وێـنـەى تۆ لـە دنیادا بـخـولـقێـنێ

هونەرمەندى دەنگ خۆش (بەهجەت یەحیا) شیعرێکى پڕ ئاوازى (ڕەزا حەمە)ى شاعیرى کردۆتە گۆرانى و لە ئاواز و ڕیتمێکى پڕ جۆش و خرۆشدا بەدەنگە نەرمەکەى خۆى بۆمانى چڕیوە، ئەمەش شیعرکەیە.
من ڕۆژانم مشتێ خەمە
شەوانەم چەپکێ ئازارە
چاوم وەکو چاوى نالى
لە دووریتا دوو ڕووبارە
تەنیایى بۆتە دایەنى
کۆرپەى حەز و خەونەکانم
کەس گوێ ناگرێ لە ئاوازى
هەنسک و کوڵى گریانم
لەگەڵ کام ڕووباردا بڕۆم
بەرەو کام ئاسمان هەڵفڕم
کە پابەندى غەریبى بم
شوێن پێى کام خۆزگە هەڵگرم
تێبینى هونەرمەند بەهجەت یەحیا دوو سێ کۆپڵە شیعرى خوالێخۆشبوو (شێرکۆ بێکەسى) تێهەڵکێش بە گۆرانییەکە کردووە.بەڵام شیعرەکەى شێرکۆ بێکەسى کردووە بە مقامێک لەکۆتایى گۆرانییەکەدا.
هونەرمەند خالید ڕەشید چەند شیعرێکى ڕەزا حەمە کردۆتە گۆرانى و خەمەکانى غوربەتمان بۆ هەڵدەڕێژێ،ئەمەش دەقى شیعرى غوربەت:
بێ ڕەنگ و بۆیە، جیهانی غوربەت
پڕە لە تاسە و هەنسک و حەسرەت
کــە مــن ڕۆحــەکەم لە کوردستانە
بە من چی خۆشی ئەم هەندەرانە
بێ ناز و بێ کەس، بێ دۆست و هاودەم
بوومەتە هاوڕێی گیانی گیانی خەم
هێندەم نۆشیوە تاڵى جودایی
بوومەتە پاشای دنیای تەنیایی
بێ کۆڕ و دەستە و ماڵ میوانم
بە بێ هاوخوان و بێ دیوەخانم
مەڵێن هاوارم بەسەر زاریە
بوونم وابەستەی کوردەواریە
من خۆشی ژیان نەیخەڵەتاندم
دەستی زۆرداری دەری پەڕاندم
بێ داڵدە و چارەم، نیمە دەرەتان
لەوێ ڕۆح کێشان، لێرە ڕۆح سووتان

هونەرمەند خالید ڕەشید ئاوازێکى پڕ لە سۆزى بۆ شیعرێکى ڕۆمانسى ڕەزاحەمە داناوە و هەرخۆشى چریویەتى بەناوى (بووکى ئێوارە) ئەمەش دەقى ئەو شیعرەیە و چێژێکى تایبەتى هەیە.
بەرامەی پاش بارانی کەم
لە لاملی جوانت ئەدەم
دەتکەم بە بووکی ئێوارە و
زەردەپەڕت لەبەرئەکەم
شەو جێی شیعرت بۆ ڕادەخەم
تریفەی مانـگـت پیـادەدەم
ئەستێرە بۆت بجریوێنێ
فریشتەی خەو بتنوێنێ
نەرمە با شەپۆلی قژت
بەسەر ڕووتا ببا و بێنێ
خۆشەویستیم بێتە خەوت و
سپێدە بەئاگات بێنێ
ئەگەر ئەم دنیا گوڵێک بێ
تۆی ئافرەت ڕەنگ و بۆیەتی
هەرکەسێکیش تۆی خۆشنەوێ
دیارە ڕقی لە خۆیەتی

دیسان هونەرمەند خالید ڕەشید شیعرێکى ترى ڕەزا حەمە دەکاتە گۆرانى بەناوى (سۆفى) دا بەدەنگە پڕ سۆزەکەى خۆى چریوە و بە پەیڤە سەنگین و ناسک و جوانەکانى ڕەزا حەمە ئاشنامان دەکات. ئەمەش دەقى شیعرەکەیە.

هەى بەسۆفى مەزهەبى دوو چاوت بم
وەى بە شێخى تەریقەى دوو لێوت بم
سوتانى ڕۆحەکەم، لەسینەم وەدەربێ
گڕى عەشق لەباڵاى ئەم دنیا بەردەبێ
خۆشەویستیم پەیامێکى ئاسمانییە
بۆ تۆ سووتان شەهادەت و قوربانییە
من نە مەمم نە فەرهادم نە دێوانەم
پێغەمبەرى خۆشەویستى ئەم زەمانەم
لەدڵدارى سەردەم ناچێ ئەم عەشقەى من
ئەفسانەیە، داستانێکە گەورە و مەزن

هونەرمەند کاوە حەمە ساڵح دەقێکى شیعرى ڕەزا حەمەى کردۆتە گۆرانى و لە ناخێکى پڕ هەست و سۆزى غوربەت و دوورى لە گەل و نیشتمان بە دەنگە زوڵاڵەکەى بۆمانى چڕیوە. ئەمەش دەقەکەیە بەناوى (غەریبى)
گه‌ر غه‌ریبی چاوم بوایه‌
له‌مێژبوو ده‌رمـهێنابوو
هیوای ئاینده‌م نه‌بایه‌
ئێستا ئێسكیشم نه‌ما بوو
غه‌ریبی ژانه‌، خورپه‌یه‌
سووتانێكى بێ كڵپه‌یه‌
خه‌زانی توشیى و نه‌هاته‌
وشكه‌ گریان، مه‌رگه‌ساته‌
گێژاوی گۆمێكی مه‌نگه‌
تونێلی تاریكی و مه‌رگه‌
زامێكه‌ تابڵێی به‌سوێ
هاوارێكه‌ ناگه‌ته‌ جێ

هەر هونەرمەند کاوە حەمە ساڵح بەدەنگە خۆش و پڕ لە حەماسەکەى دەقێکى ترى وەرگرتووە و بە ئاوازێکى پڕ جۆش و خرۆش بەدەنگە خۆشەکەى بۆمان دەچڕێ و کارەساتى ئەنفالمان بۆ دەگێڕێتەوە. ئەمەش دەقەکەیەتى:

ئه‌گه‌ر وتیان هه‌واری كاروانی ئێوه‌ بۆچی دووره‌
ئه‌گه‌ر وتیان داروبه‌ردی وڵاته‌كه‌ی له‌مه‌ڕ ئێوه‌ بۆچی سووره‌
هه‌موو هاواركه‌ن به‌جارێ
بڵێن، چونكه:‌
له‌ئاسمانی مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ی له‌مه‌ڕ ئێمه‌
له‌جێی باران خوێن ده‌بارێ، خوێن ده‌بارێ
خوێن دەبارى

جگە لەم بەرهەمانەى سەرەوە کەباس کران هونەرمەندى تریش شیعرى ڕەزا حەمەیان کردووەتە گۆرانى و چڕیویانە وەک ( ناسڕى ڕەزازى) شیعرى (هۆ هۆزەکەم دەنگى زوڵاڵى تۆ نەبێ) و زاهی جەلال و جیهان ئیبراهیم خەیات و کیژان ئیبراهیم خەیات و هى تر.

کاروان حەسەن / هەولێر
(1/1/2022)




کورد وەک میللەتێکی دیل و کۆیلە.. کاروان حەسەن

لەمابەینی کڵاو سوور و کڵاو ڕەش
پەرێشان و دیارن میسلی گای بەش

‌ ‌ حاجی قادری کۆیی

کورد میللەتێکی دیل و کۆیلەی ژێردەستی دوژمن، لەوەتەی هەیە ژێر دەست بووە و هەمیشە گوێڕایەڵی بێگانە و دوژمن و ناحەزان بووە، ئەگەرچی جارجار توانیویەتی لەسنوری میرنشین، هەرێم، حکوومەت چەند ناوچەیەک بەڕێوە ببات. بەڵام دواجار بەویستی بێگانە و لەژێر فشاری حکوومەتە سنورییەکانی دەورووبەری و دەستی ڕەشی پیسی ناوەخۆ بەرەو هەڵدێر چووەو هاتۆتەوە خاڵی سفر. لەدێر زەمانەوە دوژمن توانیویەتی ئەو دەستەڕەشە پیسەی ناوەخۆ بکڕێ و دەستەمۆی بکا بۆ مەرام و نیازە گڵاوەکانی خۆی هەرکاتێکیش کورد بەرەو بەهێز بوون چوبێ و بەنیازی بەدیهێنانی مافەکانی بووبێ ئەوا دەستی لەرزۆکی ناوەخۆ زۆر بێ بەزەییانە و دوور لەبەها مرۆڤایەتییەکان لەخزمەت دوژمن وەستاوە بۆ نەهاتنەدی ئامانج و مافەکانی میللەتی کورد ئەگەرچی ئەمانە بەڕەچەڵەک کوردیشن ! بەڵام لەئەرک و ئەخلاق و بنەما نەتەوەییەکانی خۆیان لایانداوە و لەپێناو چەند پاداشتێکی کاتی میللەت و گەل و نەتەوە و خاکی خۆیان هەڕاجی دەستی دوژمن کردووە.
لێرەوە دێینە سەرباسی هەندێ شیعری شاعیران لەبارەی ئەو دەستە ڕەشە چڵکنە ناوخۆییە و بە چاوخشاندنێک شتێکی لێ هەڵدەکڕێنین، بەهیوای سوود وەرگرتن .
حاجی قادری کۆیی (۱۸۱۷- ١٨٩٧) لە دیوانەکەیدا کە پڕیەتی لە پەند و ئامۆژگاری و وانە، لەچەند شوێنێک باس لەیەکڕیزی و ناتەبایی و بێ دەوڵەتی و دەستی پیسی ناوخۆ دەکات و لەهەموو ئەو دێڕانەشدا ئامۆژگاریمان دەکات کە خزمەتی وڵات، نیشتمان، نەتەوە بکەین و بەیەکڕیزی و یەکگرتووی دەتوانین مافەکانمان بەدەست بێنین ئەوەتا دەڵێ:

هەتا وەک ئاگری بن کان لەگەڵ یەک
ئەگەر تۆفان بێ لەشکرتان بەپووشەک

لەدوو دێڕی تردا حاجی زۆر بەڕاستی دەدوێ و ئەوەمان پێ دەڵێ ئەگەر یەکگر و تەبا ویەکگرتوو بین، دەتوانین جیهان بگرن و ببن بە خاوەنی دەوڵەت، هەروەک دەڵێ:

کوردی ئێمە نەزان و پاشکەوتن
پێکەوە پووش و ئاگر و نەوتن
بێ ئەگەر دەستی یەکتری بگرن
وەک سکەندەر جیهان هەموو دەگرن

حاجی ناوەستێ و دەڵێ دەستی میللەت دەگرم تاکو ڕێگای ڕاست دەدۆزنەوە .بەڵام مخابن حاجی ئەوە (١٢٤) ساڵە مردووە هێشتا قسەکانمان بەهەند وەرنەگرتووە مخابن.
لەدێڕێکی تردا دەڵێ:

تاڕێک نەکەون قەبیلی ئەکراد
هەروا دەبنە خەراپە ئاباد

حاجی قادری کۆیی باش لەوەگەیشتبوو کەکورد خۆخۆر و دەست خەرۆی بێگانەن و هەریەکەیان بەلایەکدا ڕۆیشتوون و هەرلایەنێک لەدژی ئەوی تر بوونەتە دارە دەستە و دەسکەلای بێگانە، دوژمن چۆنی بوێ وای لێدەخۆڕێ لەدژی براکانی تری مەبەست کورد بەکورد کوشتن و شەڕی براکانە کەئامانجی دوژمن ئەوەیە کورد بەکورد بکوژێ و لەدژی یەک هاریان بکات ئەوەتا تاکو ئێستاشی لەگەڵدابێ کوردی نەگبەت هەر لایەنێک لەدژی ئەوی تر پاڵپشت و مەیتەری دەوڵەتێکە لەدەوڵەتانی هاوسنور .حاجی قادر زۆر جوان وتوویەتی :

لەمابەینی کڵاو سوور و کڵاو ڕەش
پەرێشان و دیارن میسلی گای بەش

کەلێرەدا حاجی مەبەستی لەکڵاو سوور تورکە عوسمانییەکانە چونکە فێسی سووریان لەسەربوو ، کڵاو ڕەشیش مەبەستی لەئێرانییە قاجارییەکان بوو کەفێسی ڕەشیان لەسەربوو..

کاروان حەسەن ٢٠٢١/١٢/٢
هەولێر




شاعیر لە نێوان ڕەخنە و غرووریدا.. کاروان حەسەن

هەموومان کە گوێمان لە وشەى ڕەخنە دەبێ لەدڵەوە نائومێد و دڵمان پێی توند دەبێت، چونکە بونیادی مرۆڤ وایە بەکەمترین وشەی دژ هەڵدەچێ و میزاج و سەروسیمای ئاڵۆزدەبێ و تووشی داڕمانی دەروونی دەبێ کە ئەمە گەورەترین هەڵەو تێگەیشنە لەواقیعی کارەکە، چونکە مەرج نییە ئەو ڕەخنەیە ڕوخێنەربێ، ئەشێ بنیات نەر بێت و بەرەو کاری دروستتر و باشتر و جوانترت بەرێ.
ڕاستە تاڕاددەیەک تۆ بەکارێک ماندووبوویت و یەکێک بێت سەرتاپای کارەکەت بەهیچ بزانێ مافی خۆتە پێت ناخۆشبێ و لێی زویر بیت و دڵت بڕەنجێ بەڵام کە دوو وشە و ڕەخنەی بنیات نەر لەبەرهەم و کارەکەت گیرا ئەبێ سوپاسگوزاربیت و دڵت خۆشبێ نەوەک ناحاڵیبوون و غرووری و زویر بیت، ئەوەی لێرە ئامانجی سەرەکییە زۆر جار تووشی ئەو جۆرە ڕوو بەڕووبوونەوانە دەبین و لەجیاتی دەستخۆشی و دڵخۆشی بەرامبەر تووڕەیی و ناحاڵی بوون دێتەکایەوە، ئەبێ تۆ بزانی و لێکی بکەیەوە کە بیروڕای کەسی ئەکادیمی و لێزان و شارەزا لەو کار و بەرهەم و ئەو بابەتانەی مەبەستە، جیایە لەگەڵ کەسێکی تر کەهەرخۆی پێ ڕاستە و ڕا و بۆچوونی بەرامبەر وەرناگرێ و پێی وایە تۆ هەڵەی، کڕۆکى مەبەست لەم نووسینە ئەوەیە هەندێ شاعیر بە ڕەخنە گرتن زوویر دەبن و ناتوانن خوێنەرەکانیان قەناعەت پێبهێنن و مەبەستى سەرەکى و ماناى وردى شیعرەکانیان بۆ خوێنەر بخەنە ڕوو، تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە ئێستا زیاتر گفتو گۆ و باس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، بۆیە ئەبێ هەم خوێنەرى شیعر وردبینتر بێت و هەم شاعیریش بەدلێکى فراوانەوە ڕەخنەکانى قبوڵ بێت.

(جان ری)ی نووسەر، زۆر جوان وتوویەتی:
کەسێک بەدیقەتەوە گوێ بۆ ڕەخنە لێگرەکانی بگرێت، ئەو کەسە خوازیاری پێشکەوتنە.(١) بۆیە زۆر جار لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیس بووک کە شیعرێک دادەنرێ و بڵاو دەکرێتەوە، زۆربەی خوێنەران هەر دەستخۆشی دەکەن و دەنووسن(جوانە، بژیت، دەست خۆش) کەلەوانەیە دەقەکەی نەشخوێندبێتەوە و هێچیشی لێ حاڵی نەبووبێت، کەچی خوێنەرێکی بەسەلیقە و ورد کاتێک ڕەخنەیەک لەدەقەکە دەگرێ، یان ڕاو و بۆچوونی جیایە یاخود سەرنجێکی هەیە، خاوەن دەق پێی توڕە دەبێ و هەڵدەچێ و دەبێتە گفتوگۆیەکی ناشیرین و لێک حاڵی نەبوون ڕوودەدات. زۆر جار دەچێتە ئەو دۆخەی کە ناوزڕاندن و وشەی نەشیاوی لێبکەوێتەوە، کە ئەمەش لە خوڕەوشت و ئەدای شاعیر و نووسەران ناوەشێتەوە و ئاکارێکى جوان نییە.
خوێنەری بەسەلیقە و ورد دەیەوێت باشتر حاڵی بێت و لەدەقەکە تێبگات، بۆیە جاری وا هەیە پرسیارێکی بۆ دروست دەبێت مافی خۆیەتی تێی بگات و لێی ورد بێتەوە، شاعیریش پێویستە بەدڵێکی فراوانەوە چی ڕەخنە و سەرنج و تێبینی هەیە وەریان بگرێ و سوودیان لێ ببینێ، نەوەک پێی ناخۆش بێت و تووشی شلەژان و هەڵچوونی دەروونى بکات.
ئەوە جوانی و تێگەیشتوویی شاعیرە ئەگەر قبوڵی هەموو ڕایەکان بکات،لەم سەردەمەدا شیعر هێندە ئاڵۆز بووە، جاری وا هەیە خودی شاعیریش خۆی نازانێ چۆن شیکردنەوەی بۆ بکات و بزانێ جوانترین مانا و مەبەست کامەیە؟ بۆیە ئەبێ وردتر، جوانتر، باشتر لەڕەخنە تێبگەین و لێی بڕوانین، ئەوە ڕەخنەیە نووسەر، شاعیر بەرەو پێشەوە دەبات، ئەوە خوێنەری کارا و وردبین و بەسەرنجە شاعیر دەخاتە ڕێزی باشترینەکان و پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە، زۆرجار دەستخۆشی و چەپڵە لێدان شاعیر و نووسەر دەخەنە دۆخی مەغرووری و لەخۆبایی بوونەوە
تۆ سەیری (گۆران) ی شاعیر بکە، ئەو ڕابەر و نوێکەرەوەی شیعری کوردی بوو هێندە ورد و جواننووس بوو، کەچی دەڵێ:
(من کە دەکەومە سەر شیعر نووسین، نەک هەر بێهێز دەبم، بەڵکو نەخۆشیش دەبم، نەخۆشیەکی زۆر قورسیش، هەست بەئازارێکی زۆر دەکەم و ئاگام لەدەوور و بەری خۆم نامێنێ، تا لەشیعر دانانەکە دەبمەوە، ئینجا وردە وردە، بەخۆ دێمەوە و دوای ماوەیەک دەبمەوە مرۆڤێکی ئاسایی)(٢) کەچی شاعیر هەیە بە نامیلکەیەک بەچەند دەقێک لەخۆی بایی دەبێت و وەڵامی خوێنەر ناداتەوە بەبیانووی ئەوەی خوێنەر لەدەقەکانی ئەو تێناگات و نەگەیشتۆتە ئاستی وشەکانی ئەو، ئەمە جۆرێکە لەغرروریەتی شاعیر و بەهەند وەرنەگرتنی سەرنج و ڕەخنەی خوێنەرە.


(١)من و ئێمە ،بەرگی یەکەم ،ئەمیر ڕەزا ئارمیوون، چاپی یەکەم ٢٠١٩ ل١١١
(٢) گۆران لە یادەوەری هاوچەرخەکانیدا، مامۆستا جەعفەر، ڕێبوار حەمە تۆفیق،چاپى یەکەم- سلێمانى 2007 ل ٤١٧




بۆچی گەنجان زۆربەیان شاعیرن!.. کاروان حەسەن

لەسەردەمی ئێستادا، شیعر پانتاییەکی زۆری دنیای ئەدەبی داگیر کردووە، تایبەت لەئەدەبی کوردییەوە کە باسەکەی ئێمە پەیوەندی بە وەوە هەیە، لێرەوە سەرنجتان بۆ چەند هۆکارێک ڕادەکێشین کە بوونەتە هۆکاری سەرەکی و بنچینەیی لە بەشاعیر بوونی گەنجان و نووسینی شیعر یان پەخشان یاخود هەر دەربڕینێکی تر کە بۆ خۆ خاڵی کردنەوەی ناخییەتی و ڕزگار بوونە لەو دەردو کوڵە پڕ ژانەی لەسینەی هەریەکێکیاندا پەنگی خواردووەتەوە و وەک گڕکانێک دەیڕژێتە دەرەوەی ناخی و خۆی لەو ئێش و ژانە ڕزگار دەکات، کە ئەمەش بێگومان هەمووی ناچێتە چوارچێوەی شیعر و پەخشانی جوان و ڕاست و بەماناوە، بەڵکو زۆرجار دەردە دڵێکە و کەسی نووسەر خۆی پێیەوە مژووڵ دەکات و دەیەوێ لەڕێی نووسین، کوڵ و ژانی دڵی بەو نووسینە خاڵی بکاتەوە، چونکە پڕۆسەی نووسین لەیەکەم ئامانجدا بەتاڵکردنەوە و خاڵی بوونی ناخە لەو ئازار و ژانەی لەدڵی مرۆڤەکان پەنگی خواردووەتەوە، هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتی بریتییە لە بێکاری و زەحمەتی ژیان و بێ پارەیی و ئێش و ئازار و مەینەتی ڕۆژگار، کە هەموو ئەمانە وایان کردووە، گەنجانێک دەست بدەنە پێنووس و خەم و مەینەتی ڕۆژگار لەدڵ دەرکەن و بیخەنە دوو توێی لاپەڕەکان و بەناوی نامیلکە و دیوان و بەرهەمی شیعری بڵاوی بکەنەوە، لەلایەکی تر خیانەت و نەگونجان و ڕاڕایی و تاڵی و سوێری و داوای زۆری ڕەگەزی مێ لە بەرامبەر شووکردن و ماڵ و حاڵی دوا ڕۆژیدا بوونەتە ڕێگری ئەو بەیەک گەیشتن و بەیەک شادبوونە، بۆیە زۆرێک لەو کەسانە کە تووشی ئەو جۆرە بارودۆخە بووینە خۆیان لەناو شیعردا دەدۆزنەوە و ڕوو دەکەنە شیعر نووسین و شیعر دەکەنە پاڵنەری دەربڕینی ئێش و ژان و ئازارەکانیان. ئەمە جگە لەوەی ئەو شوێن و نەتەوە و وڵاتانەی کێشە و گرفت و شەڕ و شۆڕیان تێدایە شاعیریان زیاترە و زیاتر بەشیعرەوە سەرقاڵن، هەروەک (ئیبن سەلام) دەڵێ:
ئەو نەتەوانەی شەڕیان تێدایە زیاتر شیعر دەنووسن و شاعیریان زیاترە، کەواتا هۆکار زۆرن بۆ بوونە شاعیر یان شیعر نووس، چونکە وەک لەسەرەتاوە وتمان ئەمانە هەمووی ناچنە خانەی شاعیر و شیعرەوە، بەڵکو دیوارێکی ئاسنین هەیە کەوەک سنوور لەنێوان ئەو دوانەدا، ئەمەش بەرهەمی باش و جوان دەتوانێ ئەو سنورە لێک جیا بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا شیعری ئەمڕۆی کوردی خاوەن شاعیری جواننووس و باشە، ڕۆژانە بەرهەمی جوان و باش دەبینین و لەبەرامبەریشدا بەرهەمی کرچ و کاڵ و خراپ زۆر زیاترە و ڕۆژانەش ژمارەی بنووس لەزیاد بووندایە، ئەوەی جێی داخە زۆرێک لەو شاعیرە جواننووسانە نەناسێنراون و زۆرێکیش لەو وشە ڕێزکەر و بنووسانە زیاد لە مافی خۆیان مافیان دراوەتێ و بەشان و باڵیاندا هەڵدراوە و گەورە کراون، تەنانەت هەندێکیان وەک بازرگان کەوتونەتە گیانی شیعر و ڕۆژانە دەیان شیعر دەنووسن، لەکاتێکدا مەرج نییە هەموو ڕۆژێک شیعر بنووسرێ و هەموو مانگێک نامیلکەیەک یان بەرهەمێک بخەیتە بازاڕەوە.

خاڵی بوونی هەندێ دەق لەهەست و سۆز و ئاواز و ڕیتمی شیعری وای کردووە بەرهەمەکە هەموو شت بێت تەنیا شیعر نەبێ، کەواتا زۆر گرنگە شیعر هەست و سۆز و دەربڕینێکی جوان و باش بێت و خاڵی نەبێ لە واتای شیعر، بەدیوێکی تر ناکرێ شیعر تەنیا چەند وشەیەکی ڕووت و بێ مانا و سادە بێت، شیعر تەنیا دەربڕین نییە، شیعر تەنیا وشە ڕیزکردن نییە، شیعر تەنیا پڕکردنەوەى لاپەڕە سپییەکان نییە بە وشەى سواو و بێ مان و دووبارە، ماکس فرێش دەڵێ:(نووسەر بۆ ئەوە دەنووسێ تا باشتر بەرگەى نەهامەتییەکانى ژیان بگرێت)(1).کەواتا ئەبێ نووسەر ژیان بنووسێتەوە و ئێش و ئازارەکان ببنە کارەکتەر و ژانى ژیان نیشان بدەن و ئازارەکانى مرۆڤ بخەنە ڕوو یان شیعر هەر بۆ ئەوە نییە شاعیر بۆ خودى خۆى بینووسێت و تەنیا خودى خۆى ماناى بکاتەوە، ئەبێ خوێنەریش لەو واتا مەجازى و نهێنییانە بگات و بیان دۆزێتەوە کە شاعیر بەهۆى کۆد و ڕەمز و فەلسەفەوە لەناو بۆتەى شیعر دەیان شارێتەوە، لەلایەکى تر شیعر ئەگەر چێژى پێ نەبەخشى و نەیتوانى دەروونت بخاتە ئارامی و چێژێک نەخاتە دڵتەوە شیعر بوونى لە چیدایە؟

ڕیچارد هێرد دەڵێ:(شیعر هونەرێکە مەبەستى ئەنجامدانى گەورەترین چێژ بەخشینە بە گوێگر).(2)

لەلایەکى تر زۆر بوونى شیعر پەیوەندى بەو بێ سانسۆرى و نەبوونى فلتەرێکى چاک و باش لە کەسانى شارەزا و لێزان لەچاپخانە و وەزارەتى رۆشنبیرى واى کردووە هەرچى بێ، بەبێ خوێندنەوە و جیاکردنەوەى باش و خراپ لەچاپ بدرێ و بکرێتە کتێب و ناوى بنرێ(نامیلکە، دیوان، بەرهەم) لێرەوە تەنیا باس لەو زۆرى و بۆرییەى شیعر کراوە و دەکرێ ئەگەرنا بێینە سەر خالى تر و تایبەتمەندى ترى شیعر لەزۆربەى بەرهەم و دیوان و نامیلکە شیعرییەکان بێبەش دەبن لە ناوى شیعر و تەنیا چەند وشە ڕیزکردنێک لەخۆیان دەگرن، چونکە زمان گرنگترین شتە لە شیعردا کەچى لە شیعرى ئەمرۆدا زۆر بەکەمى ئەو خاڵە بنەڕەتییەى شیعر هەست پێدەکەین و دەیبینین. چونکە (بەبێ زمانێک کە هەڵگرى هەردوو ڕەگەزى ئێستاتیکا و بابەت بێت، ئەستەمە دەقێک ببێ بەشیعر)(3)

کاروان حەسەن ـ هەولێر

—————————–

سەرچاوە:

(1)ئەنتەرنێت.

(2) دەروازەى شیعر ناسین، جەمال حەبیب الله (بێدار)، لەبڵاوکراوەکانى دەزگاى نارین، 2012 ل18

(3) گه‌ڕان به‌دوای جیهانێكی دیكه‌دا ، سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی ،له‌بلاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی فیكری و ئه‌ده‌بی نما ، چاپی یه‌كه‌م . هه‌ولێر 2011 ل 5




لە یادى ڕۆژنامەى کوردستاندا.. کاروان حەسەن سلێمان

پێناسەی ڕۆژنامە
ڕۆژنامە: بریتی یە لە چەند لاپەڕەیەكی نووسراوی پڕ زانیاری تایبەت بە ژیان و گوزەرانی خەڵك و لەهەمان كاتیشدا چەند زانیاری دیكەی بوون لەخۆ دەگرێ‌، كە بەشێوازێكی زۆر تایبەت نوسراوە و پتر لە قەڵەمێك بەبێ‌ جیاوازی بەشداری تێدا دەكەن بەجۆرێك ڕۆژنامە ببێتە پردێك لەنێوان خەڵك و ئەو دەسەڵاتەی كە فەرمانڕەوایی ئەو شوێنە دەكات كە ڕۆژنامەكەی تێدا لەدایك دەبێت . یان بە واتایەكی تر(ڕۆژنامە: زمانی عەقڵ و مەعریفە و ڕوخساری گەش و پڕشنگداری وەرچەرخانی چەرخ و پڕوشكە تیشكی مژدەبەخشی نێو شەوە زەنگی جەهالەت و مینبەر و بڵندگۆی دەنگ زوڵاڵ و بزوێنەری كاریگەری بیر وهۆشە) كەواتە ڕۆژنامە: سەكۆی بەرینی ئازادی جۆش و خرۆشدانی هزر و بانگ بێژی و حەق بێژی ڕابوون و مەیدانی ڕمبازی سوارچاكانی ئازادی خواز و هزرڤانە.
ڕۆژنامە لە کورتترین پێناسەدا بریتییە لە گواستنەوەى ڕووداو ، بەڵام وەک چۆن ڕووداو بە شێکە لە جوڵەى کۆمەڵگا، بەهەمان شێوە ئەو جوڵەیە لەگەڵ چرکە و واقیعى هەست پێکراودا ڕوو بەڕووى گۆڕانکارى دەبێتەوە.
کەواتا رۆژنامە واتا(هەواڵ ، پیشەسازى، تۆمارکردنى ڕووداوى ڕۆژانە، قوتابخانەى فێرکردن و پەروەردەیى ،سیاسى ، کۆمەڵایەتى، ڕەوشت، هونەرى ، هتد….
وتەی زانایان دەربارەی ڕۆژنامە.
مەهاتما گاندى دەڵێت: هەر خوێندەوارێک لە ڕۆژدا ڕۆژنامەیەک نەخوێنێتەوە ئێمە بە نەزانى ناوى دەبەین.
ڤۆڵتێر دەڵێ‌: ڕۆژنامەنووسی دەزگایە كە بەكەس ناشكێندرێ‌، بەڵام ئەو جیهانی كۆن دەڕوخێنێ‌،بۆ ئەوەی جیهانی نوێ‌ پێكبێنێ‌.
ناپلیۆن پۆناپارت دەڵێ‌: هێندە ترسم لە زمانی ڕۆژنامەنووس یان لە وتارێكی ڕۆژنامە هەیە ، هێندە ترسم لەهەزار تۆپ و هەزار سەرباز نییە.
جیفرسۆن دەڵێ: پێم خۆشە لە وڵاتێکدا بژیم کە ڕۆژنامەى هەبێ ئەگەر یاساش نەبێت ، بەڵام پێم خۆش نییە لە وڵاتێک بژیم یاساى هەبێ و ڕۆژنامەى نەبێ.

ڕۆژنامەى کوردستان بۆچى؟
دەرچوونى ڕۆژنامەى کوردستان ، پەیوەندییەکى بەهێزى بە چەند هۆیێکى گرنگ هەیە، کە هەندێکیان دەگەڕێنەوە بۆ بارى ڕۆشنبیرى و سیاسى کۆمەڵى کوردەوارى و هەندێکیشیان پەیوەندییان بە بار و ئاستى ڕۆشنبیرێتى سیاسى جووڵانەوەى ئازادیخوازانەى گەلانى دراوسێى کوردەوە هەیە. دەرچوونى ڕۆژنامەى کوردستان نیشانەى سەرەتاى قۆناغێکى نوێ بوو لە خەباتى ڕزگارى خوازانەى نەتەوەیى و نیشتمانى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان.
22ى نیسانى 1898 ى زاینى لە قاهیرە وەرچەرخانێکى گەورەى لە مێژووى نەتەوەى کورد و بزاڤە ڕزگاریخوازەکەیدا هەبووە، دەرچوونى ئەم ڕۆژنامەیە لە لایەن نیشتمانپەروەرى نەمر میقداد مەدحەت بەدرخانەوە بایەخێکى مەزنى هەبووە، بەوەى ئەو خانەوادە شکۆمەندە دەستێکى باڵایان هەبوو لە بوژاندنەوەى هەستى نەتەوەیى کورد و بەرەنگاربوونەوەى ژێر دەستى و بانگهێشت کردن بۆ برایەتیى نەتەوەیى لە نێوان گەلى کورد و گەلانى دراوسێ.
ڕۆژنامەگەری بەوەی چەكێكی فكری و ئایدۆلۆژییە كەلەتوانای دایە پەنگ بەناحەزانی گەل و دوژمنە دیار و نادیارەكانی بدا، پێویستە سەنگەری پێشەوەی خەبات بگرێ.‌
دەرچوونى یەکەم رۆژنامەى کوردى لە کاتى خۆى دا بەزمانى کوردى وە بەناوى (کوردستان) دەنگ و ڕەنگ و سەدایەکى یەکجار گەورە و مانایەکى فرەى لە مێژووى ڕەوتى ڕۆژنامەنووسى کوردیدا هەبووە.
ئەو هۆکارانەى وایان کرد ڕۆژنامەى کوردستان لە قاهیرە دەربچێ.
سەبارەت بە دەرچوونى رۆژنامەى کوردستان لە وڵاتى میسر، وا دیارە بارودۆخ تێیدا لەبار بووە، کە نەک هەر تەنیا دانانى چاپخانە لە وڵاتى عوسمانیدا پێویستى بە مۆڵەت وەرگرتن هەبووە، بەڵکو مافى لە چاپدانى کاغەز و کتێبیش هەر پێویستى بە مۆڵەت هەبووە.
ڕووناکبیرانى کورد ماوەیەکى دوور و درێژ بەوەوە خەریک بوون کە بتوانن لە ئەستەنبۆڵ یەکەم ڕۆژنامەى کوردى دەربکەن، بەڵام بە هیچ جۆرێک بەهۆى سیاسەتى دواکەوتووى شۆڤێنیانەى سوڵتان(عەبدولحەمید) ەوە دەرکردنى ئەو ڕۆژنامەیە یا ئەو پڕۆژەیە سەرى نەگرت بۆیە ناچار بوون لە(قاهیرە)ى پایتەختى وڵاتى میسر لە چاپخانەى (هلال) ئەو ڕۆژنامەیە دەربکەن.
دەرچوون و بڵاو بوونەوەى یەکەم ڕۆژنامەى کوردى وەرچەرخانێکى گەورەى لە مێژووى نەتەوەى کورد و بزاڤە ڕزگاریخوازەکەیدا هەبووە، دەرچوونى ئەم ڕۆژنامەیە لە لایەن نیشتمان پەروەر و پێشمەرگەى شۆڕشى ڕۆژنامەگەرى کوردى(میقداد مەدحەت بەدرخان) بایەخێکى مەزنى هەبووە لە بوژاندنەوەى هەستى نەتەوایەتى و بەرەنگاربوونەوەى ژێر دەستى، بۆیە کە لەقاهیرەى پایتەختى وڵاتى میسر دەرچوو کۆمەڵێک هۆکار پاڵپشت بوون کە لە دوور وڵاتى و دوور لە نیشتمانى کوردان دەربچێت گرنگترین ئەو هۆکارانەش ئەمانە بوون:
1ـ جولانەوەیەکى بەهێزى چاپەمەنى لە(قاهیرە)دا هەبوو.
2ـ بوونى ئازادى بیر و ڕاى سیاسى و چالاکى تر لە قاهیرە وەک لە وڵاتانى تر.
3ـ شارى قاهیرە شوێن و مەڵبەندێکى گرنگ و چالاکى هەبوو بۆ بڵاوکردنەوەى ڕۆژنامە و گەیاندنى ژمارەکانى بە وڵاتانى ئەوڕوپا و کوردستان.
4ـ بوونى لایەن و دۆست لە قاهیرە لە ڕووى ماددى و مەعنەوییەوە بۆ بنەمالەى بەدرخانییەکان.
5ـ میسر وڵاتێکى شارستانى و ڕۆشنبیرى بووە تا ساڵى(1896) نزیکەى (224)ڕۆژنامەى لێ چاپکراوە و بڵاو کراوەتەوە بەڵام لە وڵاتێکى وەک ئێران(20) ڕۆژنامە بڵاو کراوەتەوە و لە عێڕاقیش(3) ڕۆژنامە بڵاو کراونەتەوە لەو کاتەدا، بۆیە لە قاهیرەى پایتەختى وڵاتى میسر بزاڤى ڕۆژنامەگەرى بایەخ و ئامانجى باشتر بووە لە وڵاتانى تر.

بۆ ناوى لێنرا کوردستان
یەکەم ڕۆژنامەى کوردى لە دوور وڵات و دوور لە دانیشتوانى نەتەوەى کورد چاپ و بڵاو بوەوە کە کۆمەڵێ هۆکار و ئامانجى لە پشتەوە بوو کە لە لایەن سەردەستەى ڕۆژنامە نووسانى کورد (میقداد مەدحەت بەدرخان) ناوى لێنرا (کوردستان) کە هۆمارەکانیش ئەمانە بوون .
1ـ بۆ ئەوەى (کوردستان) بە دونیا بناسێنێ.
2ـ بۆ ئەووى ناوى (کوردستان) بە زیندوویى بمێنێتەوە.
3ـ وەک ڕوو بە ڕوو بونەوەیەک بەرامبەر بە دەسەڵاتى عوسمانییەکان ، چونکە چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین و بزوتنەوەى کوردییان دامرکاندبۆوە.
4ـ میقداد مەدحەت بەدرخان بەدواى کێشەى میللەتێکدا دەگەڕا کە ئەم میللەتە لە نیشتمانێکدا دەژین ئەویش (کوردستان)ــە.
تەنگ و چەڵەمەکانى بەردەم ڕۆژنامەى کوردستان :
دەرچوونى ڕۆژنامەى (کوردستان) لە بارو دۆخێکى تایبەتى خۆیدا سەرەتاییەکى پڕشنگدار بووە بۆ چوونە ناو ژیانى هۆشیارى نەتەوەیى و پتر پەرەپێدان و خزمەتکردنى زمان و ئەدەب و ڕۆشنبیرى کوردى، هەر ئەوەش بۆتە فاکتەرێکى کلتورى ڕەسەن.
بۆیە ئەم ڕۆژنامەیە بەهۆى ئەو هەڵ و مەرجە سیاسییەى کە نەتەوەى کورد هەمیشە تووشى بووە. ڕۆژنامەى (کوردستان) نەیتوانیوە بە شێوەیەکى ئاسایى بڵاو ببێتەوە لەبەر ئەم هۆیە و بە پێى هەڵ و مەرجى ئەو سەردەمە بەڕێوەبەرانى ئەم ڕۆژنامەیە کە ناچار بوون لە چەند وڵاتێک ڕۆژنامەکە دەربکەن و بڵاوى بکەنەوە بە هۆى گوشارى دەوڵەتى عوسمانى و نەیارانى کورد ،ڕۆژنامەى کوردستان وێنەى چەوسانەوە و کوێرەوەرى میللەتى کوردە، ئیتر ئەو ڕۆژنامەیە لە ماوەى چوار ساڵ تەمەنیدا کۆمەڵێک کێشە و تەنگ و چەڵەمەیان بۆ دروستکردووە و تا پێیان کرابێ دوژمنایەتى و دژى وەستاون. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ڕۆژنامەکە سنورى خەباتى سیاسى و چەکدارى کوردستانى فراوانتر کرد، بەوەى خەباتى ڕۆشنبیرى و خوێندەوارى تێکەڵ بە یەکترى کرد و هێنایە ناوەوە.

22 ى نیسان ڕۆژى ڕۆژنامەگەرى کوردى
ده‌رچوونی یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی كوردی به‌ناوی (كوردستان ) و به‌زمانی كوردی له‌كاتی خۆی دا بۆ ئه‌مرۆی كوردیش بگره‌ تا دوا ڕۆژیشی له‌گه‌ڵدابێت به‌ ڕۆژێكی مێژوویی و پڕشنگدار و هه‌میشه‌ دیار و پیرۆز له‌ ڕه‌وتی مێژوویی ڕۆژنامه نووسی كوردی داده‌نرێت چونكی ده‌نگ و ڕه‌نگ و سه‌دایه‌كی فره‌ گه‌وره‌ و مانایه‌كی گرنگی مێژووی كاروانی ڕۆژنامه‌ نووسی كوردی دا هه‌بووه‌ .
ڕۆژنامه‌ی كوردستان نۆبه‌ره‌ و یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ى كوردی، ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ له‌ڕێكه‌وتی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ 9 ی نیسانی ساڵی 1314 ی ڕۆمی به‌رانبه‌ر به‌ 22 ی نیسانی ساڵی 1898 ی زاینی له‌شاری قاهیره‌ له‌لایه‌ن (میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان) بڵاو بووه‌وه‌ .فەرهاد شاکەڵى لە نوسینێکدا ئەوە دووپات دەکاتەوە و دەیسەلمێنێ کە ڕۆژى(21/4/1898) یەکەم ڕۆژنامەى کوردى دەرچووە، نەوەک (22)ى نیسان .
123ساڵ به‌ر له‌ ئێستا له‌ قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر بناغه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی له‌ لایه‌ن میقداد میدحه‌ت به‌درخان له‌ قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر دانرا. بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانیه‌كان دوای ئه‌وه‌ی له‌ لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه‌ بۆ قاهیره‌ دوورخرانه‌وه‌، ده‌ستیان له‌ تێكۆشانی به‌دیهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كورد به‌رنه‌دا. میقداد میدحه‌ت به‌درخان له‌ ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ ڕۆژنامه‌یه‌كی به‌ ناوی «كوردستان» ده‌ركرد و ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ بوو به‌ یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی كوردی. به‌و هۆیه‌وه‌ش ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ به‌ ڕۆژی ده‌ستپێكردنی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی ده‌ستنیشانكراوه‌ و ساڵانه‌ یادی ده‌كرێته‌وه‌.
له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌ی كه‌ ڕۆژنامه‌ی كوردستان داینا، ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر به‌هێز ده‌بێت و تا ئێستا له‌و چوارچێوه‌یه‌دا خه‌باتی به‌رچاو كراوه‌. ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی و ڕۆژنامه‌وانانی كورد له‌ ماوه‌ی 123 ساڵی ڕابردوو تا ئێستا زه‌حمه‌تی زۆریان كێشاوه‌. زۆر جار ڕۆژنامه‌كان له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ر قه‌ده‌غه‌ كراون و زۆر جاریش ڕۆژنامه‌وانانی كورد كوژراون یان خراونه‌ته‌ زیندانه‌كان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مێدیای ئازاد به‌رده‌وامه‌ و ئێستا سه‌دان ڕۆژنامه‌، ته‌له‌فزیۆن، گۆڤار و ڕادیۆی كوردی به‌رده‌وامن له‌ وه‌شانی خۆیان.

ڕۆژنامەی (كوردستان) نۆبەرەی ڕۆژنامەگەری كوردی
سەدوبیست و سێ ساڵ لەمەوبەر ڕووناكبیر و نیشتمان پەروەری گەورەی كورد ویەكەم تێكۆشەری مەیدانی ڕۆژنامەنووسی كوردی میقداد مەدحەت بەدرخان بە بڵاوكردنەوەی (كوردستان) یەكەم ڕۆژنامەی كوردی بەردی بناغەی ڕۆژنامەنووسی كوردی دانا .سەدەیەك زیاترە نەتەوەی كوردیش قۆناغێكی نوێی لەژیانی خۆیدا دەست پێكردووە و خاوەنی ڕۆژنامەنووسی بەزمانی خۆیەتی . دەرچوونی (كوردستان) لە(22ی نیسانی 1898) لەقاهیرە بەیەكێك لە گرنگترین ڕووداوەكانی مێژووی نەتەوەی كورد دادەنرێ‌ ، چونكە جگە لەوەی بۆ یەكەم جار بوو كورد ڕۆژنامەی بەزمانی خۆی دەبوو ، لایەنێكی تازە لەتێكۆشانی سیاسی و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتیش هاتە نێو ژیانی گەلی كورد
ڕۆژنامەی كوردستان سەرداری ڕۆژنامەگەری نەتەوەی كورد لەڕۆژی پێنج شەممە(22) نیسانی (1898) لەقاهیرەی پایتەختی میسر بەهیممەتی پێشەوایانی ڕۆژنامەنووسی كورد، بنەماڵەی بەدرخانیان ،چاوی پشكووت ، لەماوەی چوار ساڵی تەمەنی دا چەندین جار بەناچاری لێرەو لەوێ‌ ڕەوی پێ‌ دەكراو لەگەڵ گۆڕانكارییە سیاسیەكاندا ، ژیانی پڕسەروەری گوزەراند . ئەوەتا ژمارەكانی ڕۆژنامە كە لەچەند شوێنێك دەرچوون كە سەرجەمیان (31) ژمارە بوون و لەماوەی چوار ساڵدا دەرچوون .
ئەم ڕۆژنامەیە لەسەرەتادا مدحت بەگی بەدرخان ئەركی سەرنووسەری و بەڕێوەبەری لەئەستۆدا بوو ، دواتر ناچار بوو بەهۆی نەخۆشیەوە بە عەبدولڕەحمان بەگی برای بسپێرێ‌ .
ڕۆژنامەى کوردستان نۆبەرەى رۆژنامەگەرى کوردى، ئەم ڕۆژنامەیە لە ڕێکەوتى ڕۆژى پێنج شەممە(9)ى نیسانى ساڵى(1314)ى ڕۆمى بەرانبەر بە (22ى نیسانى 1898)ى زاینى لە شارى قاهیرەى پایتەختى میسر لە لایەن (میقداد مەدحەت بەدرخان) بڵاوکراوەتەوە.
دەرچوونى یەکەم رۆژنامەى کوردى لەکاتى خۆى دا بەزمانى کوردى وە بەناوى (کوردستان) دەنگ و ڕەنگ و سەدایەکى یەکجار گەورە و مانایەکى فرەى لە مێژووى ڕەوتى رۆژنامەنووسى کوردى دا هەبووە.

شكۆداربێ‌ (123) ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردی
لە(22)ی نیسانی هەموو ساڵێكدا ڕۆژنامەنووسان و قەڵەم بەدەستان بەشكۆدارییەوە جەژنی ڕۆژنامەگەری و وشەی ڕەسەنی كوردی پیرۆز دەكەن ، چونكە لەوڕۆژەدا و (123) ساڵ بەر لەئەمڕۆ لەساڵی (1898) ی زاینی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی بەناوی (كوردستان) لەسەردەستی(میقداد مەدحەت بەدرخان ) لەقاهیرەی پایتەختی میسردا چاوەكانی هەڵهێناو لەدایكبوو ، ئیدی كاروانی ڕۆژنامەگەری كوردی و وشەی ڕەسەنی كوردی لەو ڕۆژەوە دەستی پێكردووە و بەگەلێ‌ قۆناغی جیاجیادا تێپەڕیوە ، تابەقۆناغی زێڕین و گەشی ئەمڕۆدا گەیشتووە .
دەركردنی ڕۆژنامەیەكی وەك (كوردستان) لەبارودۆخێكی تایبەتی خۆیدا سەرەتایەكی پڕشنگدار بووە بۆ چونە نێو ژیانی هۆشیاری نەتەوەیی و پتر پەرەپێدان و خزمەتكردنی زمان و ئەدەب و ڕۆشنبیری و كلتوری ڕەسەنی كوردی ، هەرئەوەش بۆتە فاكتەرێكی كاریگەر بۆ ڕۆژنامەنوسانی كورد كەوا ڕۆژی چاو هەڵهێنانی ڕۆژنامەی (كوردستان) بەڕۆژێكی مێژوویی لەقەڵەم بدەن و سیمینارو مێزگرد و كۆڕو كۆبوونەوەی چڕ و پڕو هەمەلایەنەی لەسەر ببەستن . چونكە ڕۆژنامەی (كوردستان) بەردی بناغەی ڕۆژنامەنووسی كوردی داناو بوو بە ڕێبەر و ڕێنیشاندەری ڕۆژنامەو گۆڤارەكانی دوای خۆی . ڕۆژنامەگەری لەپاڵ هەرسێ‌ دەسەڵاتەكەی تردا ـ یاسادانان و دادوەری و جێبەجێكردن ، بەدەسەڵاتی چوارەم ناسراوە . ڕۆژنامە هۆیەكە بۆ گواستنەوەی ئەو زانیاری و زانستانەی كەهەیە و لەڕێگەیەوە دەگاتە ناو خەڵك و سودیان پێدەگەیەنێ‌ و ڕێ نیشاندەریشە لەزۆربەی بوارەكانی ژیان . گومان لەوەشدا نییە كە یەكێك لەئەرك و پەیامە هەرە مەزن و پیرۆزەكانی ڕۆژنامە ئەوەیە كەبتوانێ‌ بەسانایی بچێتە دڵی خەڵكەوە و لەهەمان كاتیشدا بتوانێ‌ لەئاست ویست و خواست و داواكاریی خوێنەردابێت . دیارە هەرڕۆژنامەیەكیش خوێنەری نەبێت یان لەماوەی دەرچونیدا نەیتوانی خوێنەربۆخۆی ڕابكێشێ‌ ، یان خوێنەربۆخۆی دروست بكات ئەوانابێتە خاوەن سەنگێكی ئەوتۆ . چونكە سەنگ ومانەوەی ڕۆژنامە پەیوەستە بە خوێنەرانەوە .

سه‌د و بیست و سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌رڕوناكبیر و نیشتمانپه‌روه‌ری گه‌وره‌ی كورد یه‌كه‌م تێكۆشه‌ری مه‌یدانی ڕۆژنامه‌نووسی كوردی (میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان ) به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی (كوردستان) یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی كوردی ، به‌ردی بناغه‌ی ڕۆژنامه‌ نووسی كوردی دانا .سه‌ده‌یه‌ك زیاتره‌ نه‌ته‌وه‌ی كوردیش قۆناغێكی نوێی له‌ژیانی خۆی دا ده‌ست پێكردووه‌ و خاوه‌نی ڕۆژنامه‌ نووسی به‌زمانی خۆیه‌تی.
ده‌رچوونی (كوردستان) له‌ (22ی نیسانی 1898) له‌قاهیره‌دا، به‌یه‌كێك له‌گرنگترین ڕووداوه‌كانی مێژووی نه‌ته‌وه‌ی كورد داده‌نرێ . چونكه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بۆیه‌كه‌مجار بوو كورد ڕۆژنامه‌ی به‌زمانی خۆی ده‌بوو، لایه‌نێكی تازه‌ له‌تێكۆشانی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تیش هاته‌ نێو ژیانی گه‌لی كورد.

ژمارەکانى ڕۆژنامەى کوردستان:
ڕۆژنامە پێوەرێکى ڕاستەقینەى گەشەسەندن و بەرەو پێشەوە چوونى هەر کۆمەڵگایەکە بە تایبەتیش ڕۆژنامە گەرى سەربەخۆ و خاوەن هەلوێست، ڕۆژنامەى کوردستان بوو بەچەکى کاریگەرى دەستى خەباتگێڕانى کوردستان و کەوتە خزمەتى کوردستان بۆ گەشەپێدان و پەرەپێدانى هەستى نەتەوایەتى و زمان و ئەدەبیات و فەرهەنگى کوردى، ڕۆژنامەى کوردستان لە ماوەى چوار ساڵى تەمەنیدا(1898ــ1902) (31) ژمارەى لە چوار وڵات دا لێدەرچوو، ئەگەرچى ئەم ڕۆژنامەیە بە ماوەى جیا جیا و شوێن و وڵاتى جیادا دەرچووە و بڵاو بۆتەوە بەڵام بۆ سەردەمى ئەو کات ڕۆڵ و دەورى کاریگەرى زۆرى بەسەر ئەو بارودۆخەى ئەو ڕۆژگارەدا هەبووە. ئەوەتا هەرجارەى لە شوێنێک دەرچووە و بڵاە بۆتەوە بەم شێوەیە.

یه‌كه‌م پێنج ژماره‌ی واته‌ (1ــ 5) له‌قاهیره‌ له‌چاپخانه‌ی (الهلال) چاپ كراوه‌ و له‌(6ــ 19) له‌جنێف و له‌ (20 ــ 23) دیسان له‌قاهیره‌ و ژماره‌ (24) له‌ له‌نده‌ن و (25ـــ 29) له‌فۆلكستۆن و ژماره‌ (30 و 31) دووباره‌ له‌جنێف ده‌رچوون .
ڕۆژی (22 ی نیسانی ساڵی 1898) یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ به‌زمانی كوردی ڕووناكی دیوه‌ و له‌لایه‌ن (میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان ) له‌شاری قاهیره‌ی پایه‌ختی وڵاتی میسر دوو هه‌فته‌ جارێك ده‌رده‌چوو.
ڕۆژنامه‌یه‌كی سیاسی وێژه‌یی گشتی بووه‌ و سێ هه‌زار دانه‌ی لێ چاپ ده‌كرا هه‌زار دانه‌شی پێش كه‌ش ده‌كرا له‌كوردستان پاشكۆیه‌كیشی به‌زمانی فه‌ڕه‌نسی هه‌بووه‌ .

ژماره‌كانی ڕۆژنامه‌ی كوردستان له‌(1ـــ 31) جگه‌ له‌ ژماره‌ی (10 ،12، 17 ، 18 ، 19) له‌كتێبخانه‌ی حكوومی له‌شاری (ماربورك ) له‌ئه‌ڵمانیای ڕۆژئاوا پارێزراون و دکتۆر کەمال فوئاد لە ساڵى 1972 ئەو ژمارانەى ڕۆژنامەى کوردستان کە لە ئەرشیفى کتێبخانەى ماربۆرکى ئەلمانیا پارێزراون وەک کتێبێک بە ناوى (کوردستان یەکەمین رۆژنامەى کوردى) لە چاپى داوە.
ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ به‌كوردی پاراوشێوه‌ی كرمانجی ژووروو شێوه‌ی جزیره‌ و بۆتان نوسراوه‌ و به‌چوار لاپه‌ڕه‌ ده‌رده‌چوو به‌قه‌باره‌ی (50،25 سم × 32،50سم ) و پیتی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر نه‌سه‌قی فارسی و به‌كاغه‌زو چاپێكی دڵگیرله‌چاپ دراوه‌ .
میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌نووس و دامه‌زرێنه‌ری بزاڤی‌ كوردییه‌، چاپخانه‌یه‌كیشی‌ به‌ ناوی‌ “چاپخانه‌ی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ كوردستان» له‌ قاھیره‌ دامه‌زراندووه‌ كه‌ به‌ یه‌كه‌مین چاپخانه‌ی‌ كوردی‌ هه‌ژمار ده‌كرێت.

به‌درخان جگه‌ له‌ زمانی‌ زگماكی‌ خۆی و توركی‌ و عه‌ره‌بی،‌ زمانی‌ فڕه‌نسیشی‌ به‌ باشی‌ زانیوه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌مین ژماره‌ی‌ رۆژنامه‌ی‌ كوردستاندا كارتێكی‌ به‌ زمانی‌ فڕه‌نسی‌ بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ شارستانیبوونی‌ عه‌قڵی‌ میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان نیشان ده‌دات.
بەھۆی دژایەتی لایەنی عوسمانی، ئەوا ڕۆژنامەکە ژمارەکانی لە چەند شارێکی جیا چاپکران، لەدوای قاھیرە ئەوا لە شارەکانی ژنێف، لەندەن و فۆلکستۆن چاپکران، ڕۆژنامەکە لەناوخۆی دەوڵەتی عوسمانی قەدەغەکرابوو، بەڵام بەشێوەی قاچاغ دابەشدەکرا. بەگوێرەی نامەیەکی سەرنووسەرەکەیەوە، ئەوا ڕۆژنامەکە لە شارەکانی ئامەد، مێردین، ئەدەنا و دیمەشق خوێنەری ھەبووە. لە ژمارەی شەشی ڕۆژنامەکەوە، ئەوا کاری چاپکردن و سەرنووسەری کەوتە دەست عەبدولڕەحمان بەدرخان، کە برا بچووکی میقداد بوو.
لە ساڵی ١٩٩١، لێکۆڵەر ئەمین بۆز ئەرسەلان ئەو چاپانەی ڕۆژنامەی کوردستان کە لەبەردەستیدابوون وەریگێڕایە سەر زمانی تورکی ئەمڕۆ، ئەم رۆژنامەى لە ماوەى تەمەنیدا 3 سەرنووسەرى بووە، میقداد مەدحەت بەدرخان، عەبدولڕەحمان بەدرخان و سورەیا بەدەرخان. هەروەها لە ژمارە 4-5 ى ئەم رۆژنامەیەدا هاتووە کە ئەم ڕۆژنامە لە لایەن چاپخانەیەکەوە بە ناو چاپخانەى ڕۆژنامەى کوردستان دەردەچێت کە لە قاهیرە دامەزراوە و ئەمە دەرخەرى ئەو ڕاستییەیە کە ئەم چاپخانە یەکەم چاپخانەى کوردییە کە لە لایەن مێقداد مەدحەت بەدرخانەوە دامەزراوە. بە هەر حاڵ ڕۆژنامەى کوردستان لە لایەن کەسانێکەوە دامەزراوە کە بە تەواوى ئاگادارى بیرى نوێی جیهانى بوون و هەر سێ سەرنووسەرى ئەم بڵاوکراوەیە کەسانێک بوون کە زمانە رۆژئاواییەکان و بە تایبەت زمانى فەرانسەو ئینگلیزییان زانیوەو بەم شێوەیە هەوڵیانداوە بەوەى بتوانن کاریگەرییان هەبێت لە سەر کۆمەڵگاى خۆیان، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەرچوونى ڕۆژنامە بە زمانى کوردى لەو سەردەمەدا لە کوردستان کارێک بوو کە ئیزنى پێنەدەدرا هەر بۆیە لەخۆڕا نییە یەکەم رۆژنامەى کوردى، لە تاراوگە دەردەچێت، ئەویش هەمان ترسی دەسەڵاتدارانە لە بڵاوبوونەوەى کولتوورى کوردى، لە بەر ئەوەى ئەوان بە هەموو شێوەیەک دژ بەوە بوون کە بەشێک لە دانیشتوانى ناو هەرێمى دەسەڵاتدارییەکەیان (کە ئەو کات بە هەرێمى گەورەى ئیسلامى _عوسمانى) دەزانرا لە بارى نەتەوەییەوە خۆى لەوان جیا بکاتەوە. لێرەدا بە شێوەیەک ئەم ململانێیەى نێوان دەسەڵات و رۆژنامە هەر لە دەرچوونى یەکەم ژمارەى رۆژنامەى کوردستانەوە دەبیندرا و ئەم ململانێیە بەرامبەر لە نێوان ڕۆژنامەى کوردى و دەسەڵاتدا هەر بوونى بووە و ئێستاش هەر هەیە.
میقداد میدحه‌ت به‌درخان بیرۆكه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه‌ ڕۆژنامه‌ی كوردستان ١٥ ڕۆژ جارێك بڵاوبكرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی زه‌حمه‌تییه‌كان ڕۆژنامه‌كه‌ به‌ ڕێكوپێكی چاپ و بڵاونه‌كرایه‌وه‌. له‌ دوای ده‌ركردنی ژماره‌ی یه‌كه‌می ڕۆژنامه‌كه‌، ده‌وڵه‌تی عوسمانی ڕۆژنامه‌كه‌ی قه‌ده‌غه‌ كرد و نه‌یهێشت له‌ لایه‌ن گه‌ل بخوێنرێته‌وه‌. به‌هۆی زه‌خت و زۆرداری عوسمانییه‌كان له‌سه‌ر میسر، میقداد میدحه‌ت ناچاربوو ڕۆژنامه‌كه‌ له‌ شوێنی جیاواز ده‌ربكات. میقداد میدحه‌ت به‌درخان تا ژماره‌ ٦ ڕۆژنامه‌كه‌ی ده‌ركرد، دواتر عه‌بدولڕه‌حمان به‌درخانی برای ئه‌ركی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌كه‌ی گرته‌ئه‌ستۆ. (3) ژماره‌ی سه‌ره‌تا به‌گشتی كوردی بوون
ڕۆژنامەى کوردستان ڕۆژنامەیەکى سیاسى وێژەیى گشتى بوو سێ هەزار دانەى لێ چاپ دەکرا و هەزار دانەشى پێش کەش دەکرا لە کوردستان و پاشکۆیەکیشى هەبوو بەزمانى فەڕەنسى.

زمانى ڕۆژنامەى کوردستان :
ڕۆژنامەى کوردستان کە یەکەمین ڕۆژنامەى کوردییە و کاروانى ڕۆژنامەگەرى وشەى ڕەسەنى کوردى لەو ڕۆژەوە دەستى پێکردووە و بە گەلێ قۆناغى جیاجیادا تێپەڕیووە تا بە قۆناغى زێرین و گەیشتووەتە ئیمڕۆ ، زمان لە ڕۆژنامەى کوردستاندا کوردییەکى پەتى نەبووە بەڵکو پر لە وشە و زاراوەى زمانى عەرەبى بووە و زمانێکى تێکەڵاو بووە و بەشێکى ئەم ڕۆژنامەیە بە زمانى عەرەبى بووە و تاکو کاربەدەستانى دەوڵەتى عوسمانى لە داوا ڕەواکانى گەلى کورد بگەن. ئەم ڕۆژنامەیە بە زمانى کوردى و دیالێکتى کرمانجى ژووروو (زاراوەى جەزیر و بۆتان) بووە.

ڕۆژنامەى کوردستان بایەخى بەچى دەدا؟
لە کۆتایی سەدەى نۆزدەهەم و لەگەڵ بەرە و پێشەوە چوونى کۆمەڵگا جیاجیاکان بە کۆمەڵگەى کوردیشەوە لە زۆربەى بوارەکانى ژیان، ڕۆژنامەى (کوردستان) وەک پێداویستییەکى هەرە گرنگى سەردەم هاتە کایەوە و بە هۆیەوە گوزارشت لە مەسەلە بنچینەییەکانى ژیانى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابوورى و ڕۆشنبیرى و دەستنیشانکردنى پێگە و ڕێ و شوێن بۆ داهاتوو دەکرا. ڕۆژنامەگەرى ڕێگایەک بوو بۆ وروژاندنى زۆرێک لەو کێشانەى کە ڕووبەرووى کۆمەڵگەى کوردى دەبوونەوە زۆرجاریش ڕێگەى چارەى کێشەکانى دەست نیشان دەکرد. بۆیە ڕۆژنامەى (کوردستان) هەر لەو ڕۆژەى چاوى هەڵهێناوە و کەوتۆتە پەخشکردنى زانست و ئەدەب و مەعریفە بۆ بەرەو پێش بردنى چین و توێژەکانى میللەتەکەمان، ئەگەرچى لە سەرەتاوە گەورەترین ئەرکى کارکردن بووە لەسەر بەدەستهێنانى مافە سیاسیە زەوتکراوەکانى میللەتەکەمان و وشیارکردنەوەى تاکەکانى گەل، لەم ڕوەوە لە نەتەوە هاوسێکانیان وەکو عەرەب و تورک و فارس دوا نەمێنن و کار بۆ دروستکردنى قەوارە و ئەو دام و دەزگایە بکەن کە مافە نەتەوەییەکانیان تیادا بەرجەستە دەبێت. لەگەڵ ئەمانەشدا ڕۆژنامەکە بایەخێکى زۆرى بە بوارى ئەدەب و مێژوو و خوێندن و خوێندەوارى داوە و هەروەها هەوڵى داوە کە میللەتى کورد هۆشیار بکاتەوە و بیرى نەتەوایەتى لە مێشکى تاکى کورددا بچەسپێنێت و داواى بەرهەڵستى زوڵم و زۆردارى کردووە.

هەروەها ڕۆلێکى سەرەکى لە خەباتى کورد بۆ سەربەخۆیى گێڕاوە، سەرهەڵدانى ڕۆژنامەگەرى کوردى لە کۆتایى سەدەى نۆزدەهەم شۆڕشێکى ئەدەبى و فیکرى و ڕۆشنبیرى و کلتورى و سیاسى بەرپاکرد دژ بە داگیرکەرانى نیشتمانى کورد ، بۆیە (22)ى نیسان لە مێژووى کلتورى و فەرهەنگیمان شوێنى تایبەتى خۆى هەیە بە وەى بۆ یەکەمجار دوور لە کوردستان یەکەم چریکەى ڕۆژنامەى کوردى هەڵکرا. هەر لە ڕۆژنامەى کوردستاندا وتارى سیاسى و چیرۆکى شیعرى و شیعر و پەخشان بڵاو دەکرانەوە (کوردستان) پێشەنگى کاروانى ڕۆژنامەنووسى کوردی یە کە بە مەبەستى ڕاچەنین و هۆشیارى بیرى نەتەوەیى دەرچووە.
ڕۆژنامەى کوردستان لە میانى بابەتەکانیدا هەوڵیداوە ڕایەڵەکانى پاراستنى کولتور و ئەدەبیات و هونەر و زمان بپارێزێت و ئەو پەیامەش ئاراستەى ڕۆڵەکانى نەتەوەکەى بکات. و بایەخێکى تایبەتى بە شیعرى هەردوو شاعیرى نەتەوەیى کوردستان (خانى و حاجى قادرى کۆیى)داوە و بە وردى سەروتارى ڕۆژنامەکەى نووسیووە.

بابەتەکانى ڕۆژنامەى کوردستان سەرچاوەیەکى گرنگ و ڕەسەنە بۆ تێگەیشتنى زۆر لایەنى ژیانى و سیاسى و ڕوناکبیرى کورد لە کۆتایى سەدەى نۆزدەم و سەرەتاى سەدەى بیستەم. زانیارییەکانى ناو (کوردستان) یاریدەدەرى مێژوو نووس دەدەن لە پەیوەندى نێوان کورد و ئەرمەن و چالاکیى نیشتمانپەروەرانى کورد لە ڕێزى ئیتیحادییەکان و شوێنى سوارەى حەمیدى لە مێژووى نوێى کورددا.
لەبابەتەكانیشیدا بابەتی هەمەڕەنگ بووە وەك { ڕامیاری ، مێژوویی ، كۆمەڵایەتی ، وێژەیی ، بەتایبەتی شیعر بڵاوكراوەتەوە } كەواتە (22) ی نیسان وەرچەرخانێكی گەورە بوو لەمێژووی نەتەوەی كورد و بزاڤە ڕزگاریخوازەكەیدا ، چونكە دەرچوونی ڕۆژنامەی كوردستان لەسەر دەستی نیشتمانپەروەری كورد (میقداد مەدحەت بەدرخان) بایەخێكی مەزنی هەبوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ژێر دەستی و بانگهێشت كردن بۆ برایەتی نەتەوەیی لەنێوان گەلی كورد و گەلانی دراوسێی .

له‌ژێر ناوی ڕۆژنامه‌كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌زمانی توركی تیا نووسراوه‌ (( له‌پێناو ڕاپه‌ڕینی كورد و هاندانیان بۆ هونه‌ر ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ به‌زمانی كوردی هه‌ر پانزه‌ ڕۆژ جارێ بڵاو ده‌بێته‌وه‌ )) هه‌روه‌ها له‌لای ڕاستی ڕۆژنامه‌كه‌ نووسراوه‌ ( له‌هه‌ر ژماره‌یه‌ك من دوو هه‌زار دانه‌ به‌به‌لاش بۆ كوردستان ده‌نێرم تابدرێ به‌ڕۆڵه‌كانی گه‌ل ) ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج ڕاكێشانه‌ رۆژنامه‌ی كوردستان سێ هه‌زار دانه‌ی لێ چاپ ده‌كرا و له‌كوردستان به‌به‌لاش و له‌ده‌ره‌وه‌ش به‌ئابونه‌ی ساڵانه‌ی 80 قروش بووه‌ .

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە .
1ـ ژانرەكانی ڕۆژنامەوانی و مێژووی چاپخانە (1450ـ 1500) د.مەغدید سەپان هەولێرــ 2005 لەچاپكراوەكانی كۆڕی زانیاری كوردستان .
2ـ چەند بابەتێكی ڕۆژنامەوانی . محەمەد سەعید كوردە، هەولێرــ 2004، چاپی یەكەم چاپخانەی بەڕێوەبەرایەتی چاپخانەی ڕۆشنبیری هەولێر .
3ـ كاروانی ڕۆژنامەگەری كوردی . وریا جاف ،هەولێرــ 1998 چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری .
4ـ ڕۆژنامەگەری لەسەرەتای سەرهەڵدانەوە تاچەرخی نوێكاری، برایمی مەلا ، هەولێرــ 1998 ، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری.
5ـ ڕۆژنامەگەری كوردی لەعێراق بەراییەكان (1914 ـ 1939) فاروق عەلی عومەر چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە ،هەولێر چاپی یەكەم 2001
6ـ دیدارى ڕۆشنبیرى و ڕۆژنامەگەرى کوردى ، ئازاد هیدایەت دەلۆ ، چاپى یەکەم ـ 1999.
7ـ کوردستان ، ئامادەکردن و پێشەکى نووسین:قادر وریا،هەولێر ـ 1998.
8ـ ڕۆژنامە لە کتێبدا ، نەوزاد عەلى ئەحمەد ، بەرگى سێیەم ، چاپى یەکەم ـ 2013
9ـ مستەفا شەوقى و پەیژە ، ساغکردنەوە و لێکۆلینەوەى : مومتاز حەیدەرى ، هەولێرــ 1985.
10ـ لە یادى رۆژنامەنووسى کوردیدا ، نووسین و ئامادەکردنى: پ.د.عومەر پەتى ، هەولێر ـ 2012چاپخانەى ماردین.
11ـ ڕۆژنامەگەرى کوردى ، چەند سەرە قەڵەمێک لەبارەى تەکنیک و هونەرەکانى، چاپى دووەم ـ 2006 ، چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە.
12ـ سایتى وشە ، هیدایەت جان ، 2017
13ـ فەرهاد شاکەڵى، باس نیوز، 12/4/2021




شیعری کوردی لەخراپترین قۆناغی تەمەنیدا !… کاروان حەسەن سلێمان

لەسەرەتای سەرهەڵدان و دەستپێکردنی شیعرەوە لە ئەدەبی کوردیدا، کە لە باباتاهیری هەمەدانی یەوە(٩٣٧-١٠١٠)ی زاینییەوە ژیاوە، شیعری کوردی دەست پێدەکات تاکو ئەمڕۆ، واتا تەمەنی شیعری کوردی زیاتر لە(١٠٠٠) ساڵە و لەوماوە درێژەدا شیعری کوردی بەدەیان قوتابخانە و ڕێڕەو و وێستگە و قۆناغدا تێپەڕیوە، بەڵام هیچ کات لەو قۆناغ و سەردەم و کاتانەدا وەک ئێستا بێ بایەخ و خراپ و بێ ناز نەبووە! ئەوەتا ڕۆژانەشیعر لە خاچ دەدرێ زیندەبەچاڵ دەکرێ ڕێسوا دەکرێ بە وشە و ڕستە و بەرهەمی کرچ و کاڵ، ڕۆژ نییە بەناوی شیعرەوە بابەتگەلێکی سواو بێ مانا بێ سەروبەر لەمیدیاکان لەڕۆژنامە و گۆڤارەکان لە کتێبە بەناو دیوانەکان چاپ و بڵاو نەکرێنەوە. ئاخرشیعر ئەوەنییە دوو وشەو ڕستەی سەروادار ڕیزبکەیت و ناوی بنێی شیعر، ئاخر لەهەزار ساڵەی تەمەنی شیعرەوە شیعرنەبووە بێ ئیحساس و واتا و خاڵی لەهەست و سۆز، ئەی کەواتا ئەوهەموو بێ سەروبەرییەی شیعر بۆ؟ زۆربەی ئەوبەناوشاعیرانەی ئێستادەنووسن بێ ئاگان لەیاسا و دەستوور و بنەماکانی
شیعر(عەرووز،کێش،سەروا،ڕیتمی ناوەوە،جوڵەئێستاتیکیەکانی شیعر،هونەرەکانی ڕەوانبێژی،هاو واتایی و هتد…)

ئەگەرباسی شیعری کلاسیک بێ خۆ بۆ شیعری ئازادیش چەندین یاسا و دەستور و بنەما هەیە(ئاوازی ناوەوە،جوانیناسی،مانای قوڵ ،دەربڕینی زۆرترین مانابەکەمترین وشە، ڕەوانبێژی وهونەرەکانی، ڕیتم و سەروای گونجاو لەشوێنی خۆی،جۆری بڕگە و چۆنییەتی دابەشکردنیان)بەڵام لەقۆناغی ئێستای شیعری کوردی زۆربەکەمی و بەحاڵ ئەویاسا و دەستور و کارانە لەشیعردا بەرجەستەدەبێ و دەبینرێن کەچی زۆری و بۆری و بێ سەروبەرییەکان لەشیعری کوردی لەقۆناغی ئێستادا هەروا زیاد دەبن و ڕۆژانە دووبارە و دەبارە دەبنەوە، ئاخر ناکرێ تۆ شارەزاییەکی سەرپێیێت هەبێ و دەست بکەیتەقەڵە و بەوشە بڕشێیتەوە و بەخۆت بڵێی شاعیر و وشە بێ مانا و کرچ و کاڵەکانیش بەشیعر هەژمار بکەی، ناکرێ پاشخانێکی قوڵت نەبێ لەناسین و خویندنەوەی شیعری شاعیرانی کلاسیک و نوێبوونەوەی شیعری کوردی و نەناسینی (باباتاهیر و مەلای پەرێشان و مەلای جەزیری و نالی)بەخۆشت بڵێی شاعیرئاخر ئەوچوارە شۆڕەسواری شیعری کوردین و بناغەدانەر و بنیاتی شیعری کوردی لەدەست ئەمانەبووە و گەیشتووەتە ئەمڕۆ ، ئیترچۆن خۆت دەخەیتە ژێر ئەوبارە قورسە و وشە و ڕستە و کۆمەڵێک شتی بێ واتا دەڕژێنییە سەرکاغەز و پێشیدەڵێی شیعر و خۆشت بەشاعیر دەناسێنی. لەلایەکی تر نازانم چۆن وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێگادەدا ئەوهەموو بێ سەروبەریە لەبواری شیعر دا چاپ و بڵاوبکاتەوە؟ ئاخرشیعر هەر وشەڕیزکردن و دروست کردنی سەروایێک نییە بۆ ڕازاندنەوەو ڕێک کردنی ڕوخساری شیعرەکە؟

شیعرئەبێ ئیحساس بێ بتجوڵێنێ ناخت ئاودا، بیروهزرت بجوڵێنێ و وابەستەی خۆت بکات لەمانا و زانیاری و چێژ و لەززەتدا، ناڵێین هیچ بەرهەمێک باش نییە و هەمووی زەربی سفر بکەین بەڵکو گەنجی وامان هەیە بەجوانی و سەلیقەی باش و ڕۆشنبیری چاک لەخزمەت شیعرەبەکلاسیک و شیعری ئازادەوە، بەڵام بڕواتانبێ بەشی هەرەزۆری بەناو شیعرەکانی قۆناغی ئێستای شیعری کوردی بریتییە لە دەردەدڵ و هیچ پەیوەندی بەشیعرەوە نییە. ئەوەتا(وشەڕیزکردن لەفۆڕمی شیعریان شیعری وشەڕیزکردن بۆتەدیاریدەیەکی هاوچەرخ)(١)لەئەدەبی کوردی. لەلایەكی تر شیعر پێویستە چێژببەخشێ ئاخر جیاوازی نێوان قسەی ئاسایی و شیعر چییە ئەگەر چێژی نەبەخشی ؟ ئەو وشانەی کەتۆ پێیان دەڵێی شیعر هەروەک ڕیچار دهێڕئەڵێ: شیعر هونەرێکە مەبەستی ئەنجامدانی گەورەترین چێژبەخشینەبەگوێگر(٢) کەواتا هەمووئەو بەناو شیعر و بەرهەمانەی دوورن لەچێژ و مانا و واتا خاڵین لەشیعر و دەردەدڵێکی ئاسایین و ناچنە چوارچێوەی بەرهەمی شیعرییەوە. ئەوەتا ڕۆژانە دەبینین کەهەندێ جار چەند دێڕێکی بێ مانا و بێ مەبەست بێ واتا دەبینین بێ ئەوەی هەڵگری هیچ ئامانجێک بێ هەندێ جاریش چەند ڕستەیەکی بێ کڕۆک.کەوابێ چۆن شیعری باش و چاک لەیەک جیادەکرێتەوە ئەبێ هانا بۆ ئەو وتەیەی (نیڵس هاو )ببەین کەدەڵێ:شیعری باش تەمەنی درێژە و لەژیانی کەسانێکداچەند وشەیەکی پیرۆزی لەدڵداهەڵگرتووە(٣) بۆشیعری خراپیش پێچەوانەکەی ڕاستە.

کاروان حەسەن سلێمان ـ هەولێر

——————————————————————–

ــ (١)مرۆڤێکی تر،د.موحسین ئەحمەدعومەر، چاپی یەکەم٢٠١١ لاپەڕە(٣٧)
(٢)دەروازەی شیعرناسین،جمال حبیب الله،چاپی یەکەم ٢٠١٣لاپەڕە(١٨)
(٣)نیڵس هاو،شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە،ئامادەکردن و وەرگێڕان:ئالان پەری،چاپی یەکەم ٢٠١٦لاپەڕە(٦١)