کازیوەیەک لە خوێنی ئاڵ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

( ١)
بە بینینی دەریاچەی خوێنینی کازیوە
خۆم لە بیرکرد
چی بێئۆقرەیەک دڵم ئەبات
بە درێژایی کەنارێک لە چۆڵیا
تێر گریام، لە دوورەوە
زرنگە زرنگی کڵێساکان
کۆترە تەنیا بێ جێگەکانی تەرە کرد
مانگ هێشتا
فرمێێسکێکی زیویی بە چاوەوە بوو
زانیم دەبێ زۆرتر بڕۆم
بەرەو بریسکەی ئەو پلیکانەی، دەگەنە
چرا درەوشاوەکانی ئەو هەورانەی
بە رۆشتنی پەریەک دڵی شکا
(٢)
ترسم لە نەهاتنی پایزێکی ترە..و
لە نێو گیا سەوزە تەڕەکانا
گیانم دەرچێ
لێویشم هێشتا پڕ بێ
لە چرۆی ئاڵی شیعر

(٣)
غەمناکە شەقام ، ئێستا، سەرم
بەرزئەکەمەوە، دەشێ
پەرژینی درێژکراوەی
کەنار دەریا بە تەلیسمی
سەوز و
پەمەیی دەورە درابن، ئەوانە
پەرژینی فرمێسکی
نامۆییمن، کێلگە دوورەکانی غوربەت، کە هەر
نایگەمێ و دڵ دەڵێ
هەر هەنگاو بنێ
هەر دەیگەیتێ

(٤)

لە خۆم دەپرسم، چەند جاری تر دەتوانی
بە سەمەرەیی
بە کۆڵانە تاریکە خەوتوەکانا تێپەڕی
بێ ترسی کەوتنە نێو زەلکاوی
بیرەوەری ژەهرینی شارێک نغرۆ
دەرکپێکردن بەوەی
کە هەرگیز لێرە نامێنم، خۆشبەختیشە
بەوەی کە کاتیە بوون
جێگاکانیش ، دەربەندی پڕ حەسرەتن
هاتن و چونیش
یاریەکی غەمگینە
لە نێوان کابووسی گەورەبوون و
هەڵهاتنی کەم تەمەنی
خۆری منداڵیەکی رەوشەن




چی ئەفسونێکە.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

کەسێک کوا باکی بە نەفرەتی هەتا هەتاییە
گەر بۆ ساتێکیش ،
هەستی بە خۆشبەختیەکی ئەبەدی کردبێ
چارلس بۆدلێر

شیعر/ کاوە عوسمان عومەر
(1)
چی ئەفسونێکە
چرا کزەکانی
ئەو ئەستێرانەی
پێت دەڵێن
بمێنە ئەمشەو لێرە
لە نزیک مێرگێکی تەنیا
جێیەک، لە تەمتومانی
بێدەنگی فەنا

(2)
بیرتە
دەچوینە کەناری غەمگین
تاوەکوئەندێشەیەک، تاوێک
شەپۆل ، جەستە بەرێ
کاتێک شەوێکی پرچ درەوشاوە
هێدی هێدی
لە تەمێکی فرمێسکهەڵچنا
کەشتیە ئاڵتونیەکانی
پایزی ئە هێنا
(٣)
سەدەی وونبوون
لە جەستەی پەرەندەی
پەرتبووی یەکتر
سەدەی شەکەنجەی گومڕابون
لەناسینەوەی ئاوێنەی ڵێڵی
ڕوخساری یەکتر
سەدەی کوژانەوەی
مۆمی درەوشاوەی دڵی یەکتر
سەدەی دەستبەرداربوون
لە پرووشە شنەبردوەکانی
ئەڤینی لەدەستچووی یەکتر
(٤)
تەنیا ، و بێدەنگ
گیتارژەنی با
بێ دوا چرپە
لە تۆفانی گریانێکا
سەری خۆی هەڵگرت
ئەو چرا کزانەش
لە شەوە بێڕەنگ و
تەزیوەکانا
کوژانەوە
بەندۆلی ئەو کاژێرە لمینانەی
لە جوڵە وەستان
ئەو چرپەو ووشانەش
لە تەنیایی سەرابێکا
ویستم پێتی بڵێم
لە دڵا بەند ما
(٥)

دوور تا چاو بڕکا
گۆمەزەیەک
لە هەوری گڕ گرتوا
ئەبریسكێتەوە
چی جوانیەکی جەرگبڕە
بزەی لێوی ڕەوشەنی
خوار هەورە پەمەییەکان
چی هەستێکی
سامناکی خۆش
کە دەڤەرێک لە خۆرئاوابوون
بەرەو فەرامۆشبوونت ئەبا
بە تەنیایی،
زیندویت، تۆ ئەی کۆچەر
لەئەبەدیەتی چەند ساتێکا
نەسیمێکی قەشەنگی جادوگەر
وەک پێت بڵێ
ئەی پیادەڕەوی مەست
بە قەشەنگی زەردەپەڕ
ئاشنا بە، میهرەبانی
ئەم ساتەوەختەی فەناییت پیرۆز
تاکە ڕاستی
لە نامۆییدا
مەشخەڵی ڕۆحە
ئەدرەوشێتەوە
بە دەروازەی
پرشنگداری حەقیقەت




بێهودەییەکی قەشەنگ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

هەر زۆر زیاتر
لەوەی خواوەندەکان خوازیاری بون
من فرمێسکم وەراند
ئارسەر ڕامبۆ ( وەرزێک لە دۆزەخا)

بێهودەییەکی قەشەنگ

دەشێ ئەمڕۆش
شنەبایەک تۆ بهێنێ
دەشێ مەی لێوی
گوڵە هەڵالە کێویە دورەکان
لە نیگای ئەو، ڕۆح بەرێ
تا ئەو پەڕی لوتکەی
ئازادی ڕەهابوون
دەشێ حیکمەتی ژیان وەرگرم
لە کاسێ ژەهری شیرینی خۆکوشتن
هیچ شتێک هەڵە نیە
لە سەحەرێکی مۆری نغرۆی شیعرا
ژێر بارانی بێهودەییەکی قەشەنگ
کە تۆ دەڕۆیت بێ ماڵئاوا
کە تۆ خەندەکان ئەکەیتە
پەپولەی بریقاوی دوێنێ تێپەڕیوەکان
من پەرتئەبمەوە
گەرچی درۆزنن ئەو گوڵە ئاویانەی
لە لاوێتیا
پەیمانی پیرۆزی ئەڤینێکی ئەبەدیان دا
هەموو ئەو شتانەم بیرە
شوێنە قورمزیە نهێنیەکانی ئەوسا
یان گۆشەیەکی غەمگینی مەیخانەیەک
پر لە ئەڤینی ئاوارەکانی دنیا
ئەی ئەهریمەنی گەردونێ
لە ئەفسوون
ئافرەتە خواوەندیەکان
چیان لێهات
کوان هاوڕێ بوهەیمیەکان
بە چرایەکەوە
بە پلیکانی ئەستێرە بزێوە درەوشاوەکان هەڵکشان
بەرەو قەڵای عیشقێکی قەشەنگی کوژەر
بەڵام ئە فسووس
بازێکی ئاڵتونی وێڵ و دێوانەیە دڵ
بۆیە دەشتایی سپی تەنیاییم هەڵبژارد
لە ژێر نمەدا نوسیمنەوە
مێژووی ئەو کازیوانەی تێر بۆ جوانیەکەی گریام
ئای ژین! چی مەیخانەیەکی سەمەرەیت
هەراجی هەستی عاشقانەو
لەسەرووی هەر بەردەڵانێکی بوون
کەس ناگاتە کەسی تر
کەس نابێتە فریادڕەس
لە گەلە گورگی بەردی ڕەشی مەرگ
لە نەمانی پەرستگەی بێگەردی خۆر
دورخەیەکم کردە
دوا مەنزڵگەی دڵ
قومێک لە سیحری شەوێکی
بەدنەفرەتی قەشەنگم پێویستە
تا لەگەڵ سازی ئەفیوونی
ئەم ئێوارە پاکیزەیەدا یەکانگیر بم
تا هێزم تیا بێ ئەدرەوشێمەوە
ئەو ساتە پوچانەشم بەدڵە
کە بە پەنجە ووشکبوەکانم
جامی شەرابی بێهودەیی بنۆشم
پڕ بە بۆگوڵاوی گوڵە خەشخاش و
لەیلەکی مۆری شەیتانی
ئەو کە لە دارستانی باران نەما
چەند جار پێتم ووت
تکامە مەڕۆ، مەڕۆ
کاتێ من هێندەی زەریا مەستبووم
بۆ دەرکەوتەی ڕەنگاڵە هەورێ لە ئەڤینێکت
تازە سەرنج دان لە پۆلە مراویە
ڕەشەکانی تیپەربووی عیشقت چی سودی هەیە
کە چیتر نابینی پروشە ئاگری وەنەوشە شێتانەکانی
ژێر نەسیمێکی بەیانی
هەر ئەسوتێم
و ڕەوشەنبوونمە
لە ژێر بێدەنگیەکی هێمنی
ئەم دەروازە کراوەیە
بەرەو نووری سەرخۆشی
عەدەمێکی بیرچونەوەی خۆش و قەشەنگ




شانۆ\ وێستگەی کۆچەران.. نوسینی: کاوە عوسمان

دیمەنەکە کەنار دەریایەکە کە وەک دوا ویستگەی کۆچی کۆچبەرانە . شوێنی سەرەکی بەرزترە لە چواردەوری کەوەک
دەروازەیەکی کراوەیە و ئەڕوانێ بەسەر زەریاکەی بەردەما. چەند دارێکی پەل و پۆ شکاو لەگەڵ چەند پارچە جل و
بەرگێکی شڕ و کۆن کە هەندێکی بەسەر چل و لقی دارە وشکەکانا هەڵواسراون. لەسەر زەمیینیش چەند پارچە شت
و مەکێکی فڕێدراویش کە لەالیەن کۆچبەرەرەوە جێماون ، هەروەها پارچە بەلەمێکی شکاوو پارچە چوپێکی دڕاویش
بەسەر دارێکی شکاوەوە ئەبینرێت.
دوو کارەکتەر لە بەشی دواوە ی شانۆ دێنە ژورەوە هەروەک ئەوەی لە ڕێگەی دوورەوە هاتبن و هەردوکیان یەک
جۆر جل و بەرگیان لەبەردایە، هەروەها بەهەمان شێوەش شێواز قژێکی درێژو شێواو هەروەها روخساریان
ماندوودیارە….

بۆ خوێندنەوەی شانۆنامە کلیکی ئێرەبکەن…




بەلەمێکە خەیاڵ.. شیعر/کاوە عوسمان عومەر

(١)
شەپۆل ئەدات
ئەو هەورانەی بە خوێنی چاوی
ووڵات ئەرخەوانین
(٢)
بەلەمێکە خەیاڵ
تا کەنارێک،
هێندەی نیگایەکت
لە نیشتمان دوور
(٣)
بە فڵچەی ڕۆح
کێشام
شێوەت،
لە گەلەری خەوێکا، دوور
دوورتر
لە وون بوون و ئاوارەبوون..و..
نامۆبوون
(٤)
باهۆزی کات
کڵاوی لەسەر تەمەن برد
پیاوێک لە دوورەوە
بێهودانە
بەدوایدا ڕائەکات
(٥)
چیاکان، بە باڵی
پەپولە دۆزەخیەکانەوە لکان
مەلێک نیشتمانی
بە باڵەکانیا برد،
نیگایەک
تا چاو بڕ کات
پڕە لەفرمێسکی تەنیایی تۆ
(٦)
پەیماندایتێ
لە چنگما
چەپکێ ڕوناکیت
پێببەخشم،
شەو هات و ڕۆژ ڕۆیشت
ڕوناکیەکانی ڕۆح
کوژانەوە
چنگی حەزیش..
بوە سوتوو
(٧)
کانیەک پڕە لە بەهار
بەڵام هەر زۆر دەمێکە
ووشک بوو
ئافرەتێک تەرمی مانگی پێیە
دارستانە درەوشاوەکان
یەک بە دوای یەک ئەگەڕێ
شوێنێ شک نابات
تەرمی بێگەرد و کریستاڵی مانگ
وەک دڵ من و تۆی
تیابنێژێ
(٨)
لە بەردەڵانی وەرزەکانا
خۆشم ویستی
لە قامیشەڵانی
ووشەکانی شیعرا
سەرخۆش ئەبووم
خەوم لێئەکەوت
تا کەشتی پەمەیی زەردەپەڕ
تێنەپەڕیایە
لە خەوخۆشی تۆ
بەخەبەر نەئەهاتم
(٩)
هەمیشە دڵم لای زەریایە
ئەویش چەند بە میهرەبانی
بە پەنجەی شەپۆلەکانی
پێڵوی وشەکانم
دائەخات
(١٠)
بەردو مەرجانی ژێر ئۆقیانوسە
ئەو هەناسانەی نەماندرکاند
(١١)
پایز ئەم ئێوارە
ئاڵتونیەش
بە داسەوە
لاسقە ناسکەکانی
ئەو گوڵە گەنمانەی
بیرەوەریە بیرنەچوەکان
ئەبڕێت




سەمفۆنیای بێدەنگی.. شیعر/کاوە عوسمان عومەر

تنۆکە مرواریەکان، تنۆکە قەشەنگەکان
چەند هەستبزوێنن لە نێو تیشکە ئاڵتونیە بریقەدارەکان
(یەسینین/ شیعری تنۆکەکان)

دەرگای ئاسمان داخرا
ئافرەتەکان پیکەنینە وشکبوەکانیان
بردەوە ژورە تاریکەکان،
…………………….
دڵی شەقام هێشتا ترپەیەتی
درەنگانێک،
دوای وشکە نمەیەکی سارد،
کە پیاوە تەنیاکان
سێبەرەکانیان تێپەڕئەبێ
ترپەکانیش
ئەمرێ
…………………….
تابلۆیەکە خۆر، ڕەنگی
لێئەتکێ، پەنجەی
سەحەرێکی وێنەکێش
…………………….
نیگای ئەو بەردەڕوخسارەی
بەردەم چیای بێهودەییا
وەستاو،
…………………….
بە هێواشی لێژئەبێتەوە
هەنگاوە هێمنەکان
بەرەو پردی سەمەرەی
شەوێکی تر لە فرمێسک..
…………………….
پاشماوەی کەسێک ،
لە بێکەسیا،
سێبەرێکی ڕاخست،
لە نێو درەختە تەڕەکان خەوت
…………………….
سەگەکان لە برسا چاویان لێکنا،
هەژارەکان ، باخچەکانیان
کردە ماڵ،
…………………….
بێدەنگی پاش باران ،
ئەڤینێکی مردووە
…………………….
تەنیایی بوە هاوڕێی
ئەو شتانەشی سوتاند
کە جارێکی تر
نایەوێت بیناسێتەوە
…………………….
ئەو لەگەڵ کازیوەیەکا
کە خوێنی قورمزی لێئەتکا،
ڕۆحی گریا،،
…………………….
وەک ئەوسا
نەسیمی بیرەوەریەکی
بەدوای سەرگەردانی خۆیا
ڕاکێشا!
…………………….
خانوەکان
لە ژێر تاریکیا بچووک ئەبنەوە
ئاماژەیە
ڕۆژێکی ئاسایی ترتێپەڕی،
……………………

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
Holger Feulner
بە سوپاسەوە لە پەیجی خۆی وەرگیراوە




ئاوابونێکی ئاڵتونی.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

لە شەوە بەهەشتیەکانەوە با جرپەکان وەڵام بدەنەوە
تاجی درەوشاوە، نێونیگای عیشقێکی تیژڕەوی بەسەرچوو !
مالارمێ / شیعری (گوڵەکان)
ئەم ئەفسوونەیە
نوری ڕژاوی سەرکەنار
ڕۆحم ڕزگار دەکا

گەڕاوەتەوە، جوانیەکی
دڕندە، لەوسەری کەل
کاتێک هەورە بوهەیمیەکان
خۆیان تێکەڵی شەپۆلی ڕوخساری ئەوێکی وون
تێکەڵ بە شنەبای بێهودەییم ئەکەن

با نەفرەتلێکراوبم، بە بێدەنگی
زیوینی سەحەرێک،
ئەفسووس! گەر…
سەمفۆنیای تێپەربووی
بێستانێکی پرچ سەوزی تەڕ
منداڵیەکی سرک بهێننەوە!

چۆن ببمەوە بە دڵۆپە ئاورینگی
خۆشبەختی، چۆن ئەم پەیژە
ئەفسونیە بەرەو کازیوەیەک
لە کڵپەدا هەڵکێشم؟؟؟،

ئەی کەشتی گومڕای ڕۆح،
بەرەو گۆرانی دووری ئەبەدی،
پێت ناڵێم ماڵئاوا، هێشتا
ئەدرەوشێمەوە بۆ گەیشتنی
چارۆکەی بریقەدارت ،
لە کەنار…

تۆیەک لەچرکە ساتێک
بوویتە تەمتومان،
با هەبێت، بیرەوەریت..
با هەبێت، خەندەی سەرهەڵگرتنت
تا ئەوپەڕی لوتکەی کۆشکی
کریستاڵی وێڵبووووووون
با هەبێت، زەنگەکانی
ئێوارەیەک لە ئەڤینی ناسک
وەک پەڕی ئەو گوڵە
ئاویانەی
گالیسکە هەورە پرتەقاڵیەکانی
خەون ئەفراندیان

تۆ تەنها
سەما بکە،
لە گۆمی درەوشاوەی شیعر،
ئەوێک..
فریشتەی
نێو تەمی سپێدە،
بە گوێما چرپاندی
هیچی تر مەڵێ!

چەماونەتەوە کەوانی ئەو پردانەی
هاوشێوەی دوا نیگای ئەو

پێش ڕۆچونی دڵ،
سەرفرازیە
چاوەڕێکەم ، تا گۆشەیەک
بەدەر لە شەڕانگێزی چرکە مسینەکانی
ڕۆتینی مرۆڤە بەندەکانی ماشین

ڕاستیەکەی، من پەیامم
بۆت نارد، لە وەرزێکا
کەس بەتەنگی شەن و کەوی
خونچە مۆرەکانی
عیشقی وەحشتناکی سەفەر نیە!

شیعر،
شمشاڵێکی
ئەفسوناویە
بێ لێو، سۆزی
خەمگینی ئاوابونێکی ئاڵتونی ئەچڕێ!

…………………………………………………………
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری پۆڵەندی
Tomasz Marciniak

بە سوپاسەوە لە پەیجی خۆی وەرگیراوە




تەرزەی خۆشبەختیەک.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

زەنگەکان خوێنیان لێئەتکێ
پەنجەکانی خواوەندیش بریندار
مەرگ لەدەرگای منداڵێکی
چنگ بەستوو تەزیو ئەدا
ماڵێک لە گڵ
دەرگای شکاو

لە شەقامی شارێک تاریک
تارمایی پیادەکان دێن و دەڕۆن
ئاسمان تۆفانە گڕی بریسکەو تریشقە
دڵی تەنیاکان
بۆ چەند ساتێکی کەم
ڕەوشەن ئەکا

ئەمڕۆش ڕۆیی،
کەس لەوێ نیە،
لە دیدەگا، شتەکان
وون، زەریام دی
شەپۆلەکانی خۆی کۆکردەوە
نەورەسم دی بە دڵشکاوی
لە شەقەی باڵیدا

چونکە مەرگ
لەهەر سوچێکی کۆڵانی ژیانم
چاوە گورگانەی
بریسکەی دێ
بۆیە پێت ناڵێم
خۆشم ئەویت

ئەوسا،
خەندەکانی شیعرم
بۆت ئەکردە قردێلەی سەرت
ئێستا
کلۆی بەفری لێوم
پروشەی وەرزێکی هەناسسەساردی
ڕۆحمی پێیە

ئارەزووی دڕانی
وێنەکانی ئەو ڕۆژانەم
چاوەڕوانی وەک شانەی هەنگ
بوونی جێماوی تۆی
شیرینتر ئەکرد

لە هەموو گوناحە جوانەکانی
بەردو گیاو ڕوبار و سنەوبەرە
تەڕەکانی سەر ڕێگای سەفەرێکی دوور
خۆش ئەبم
دوای ماڵئاوایت

ئارەزووی شکۆی
جێهێشتنێکم
کە لێو هێشتا پڕ لە شکۆفەی شیعرە
چی شکۆمەندیەکە مەرگ
کە دوا گولە
بیپچرینێ بیرێکی مەست
بە ئەزەلی عیشق،
تا ژوورپڕکا،
لە پەڕەی گوڵ..و…پەڕەی شیعری ..
تەواو نەکراو…و..خوێنی ڕەشی…ڕۆحی
دەربازبوو

ئیترجارێکی تر..
سەرهەڵگرتن،
چارە نەما
کە ژورەکان هەر وەک کفن
زەردو ڕزیو
تاریکی تەنیابوون
وەک دەمی نەهەنگ
هیواهەڵچنین
بە سبەینێیەکی ئاسوودەتر
ئەبێتە تابووت

سەرلەبەیانی
هێشتا خەواڵوو
خۆم ئەدەمە دەست
شنەبایەکی مەست
بڵێی چەند قادرمە
بەرەو مانگێک
هێشتا جەستەی زیوینی
وەک چاوە تەڕەکانی
شکۆفەی لقی دار چنارە تەڕەکان
ئەبریسکێنێتەوە

بە چیمەنی دڕندە
ووشە بکە سەمفۆنیا،
و کام ئێوارەش
وەحشتەنتاک
گوڵە لازوردی نامۆیی
لە دڵی پڕ تۆفان و گێژەنەی سەفەر
بچێنە

زەمین بۆنوبەرامی
تەرزەیەکی
خۆشبەختی دێ
ئامێز ئەکاتەوە
دارستانێ
دوای هاوینێکی ووشک و
بیابان
جۆگەلەی گرت
خەرەندی ووشک
ئاوی سازگار
لێوی تەڕبوو
بە شەپۆلی ساتەوەختی
باخچە هەڵواسراوەکانی
بیرەوەری
شارێکی بزربوو!

…………………………………………………………
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئیسپانی
Enrique .Lorca ( ELG21)
بە سوپاسەوە لە پەیجی خۆی وەرگیراوە




بمنەخشێنە بە ئەبەدیەت.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

هەموو بێدەنگیەکان و شەوەکانم کردە ووشە
ئەوەی نەوترا ، من نوسیمەوە …

(ئارسەر ڕامبۆ / وەرزێک لە دۆزەخا)

پەراوێزم کە ، تۆفانی
ساتەکان، تازە گوێنادەمێ
بگەڕێمەوە نزرگە پیرۆزەگانی خەمگینی!
هەموو شتەکان خەیال دەرچوون
چەند ئاسان پەپولەکانی جوانی
لە پەنجەکانەوە فڕین! ئای لاوێتی!
خۆشیە جوانە درۆزنەکان، گریمانەی
ئەبەدیەت لە تەمی عیشقێک
کە زوو ڕەویەوە، چەند ئاسان بوو
فێربوونی ژمارەو پیتی
سروودی بوون و نەبوون!
بینیم ئاسمان ڕەنگی ئاڵتونی،و ڕەشی
خوێنی!، هاوڕێکەم ووتی..
با لە پەنجەرەی شەمەندەفەری کاتەوە
مەملەکەتی بریسکاوەی خۆری سپی ببینین
لە پشتەوە ئەسپسوارەکانی دۆزەخ قاقایان بوو!
دەشێ جارێکی تر لە ڕۆحی ترا
یەک ببینینەوە، ئەوی نازدار پێی ووتم،
هیشتا هەنگوین و شەکری
گوڵە هەڵاڵەکان بۆ ماچێکی ژەهرین
لەسەر لێوی بوو!
هەموو ڕەنگێکم ئەوێتەوە کە لە لاوێتی
بێستان و دەشت و دیواری قوتابخانەکانمان پێ بۆیە ئەکرد
وەک جاران زەردەم بێت
بە قووڵایی ئەو چاڵانەی
ژیان لە گەشتە بوهەیمیەکان
بۆی دانابووم، ئەو دەڵێ:
چی سودێکی هەیە دواکەوتن
یان زوو گەیشتن
گەر هەموو ڕێگاکان ئەچنەوە تاریکی مەرگ
چۆن بتوانم جارێکی تر
کازیوەت بم
ئەی فریشتەی ڕۆح قەقنەزی
یاخی لە عەرشی میهرەبانی
تا بە بەخشندەیی
لەگەڵ پەرتبوونی رۆحم بدوێم
چەشنی سۆناتای ئێوارەیەکی وەنەوشەیی
ژیانم بەردەوامە
وەڵامم دایەوە، زەنگێک لە کلێسای
شیعردایە، زرنگەی چرکەکانی تێپەڕینمە
بە نێو پیادەرەوەکانی سەردەمێکی فەنا
ئەمانەی ئەیبینی کۆچەری سەرهەڵگرتوون
دوپاتکردنەوەی هەمان سەفەری ئادەمە
بەرەو نەفرەت! بەرەو گەڕان بۆ مانا
کە خواوەندەکان لێیان سەندەوە
سەرباری ئەوەش،
هاژەی زەریای دڵمە
دەریاچەی بێهودەیی زیندوو ئەکاتەوە!

…………………………
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری نەمساوی
Thomas Muhl
بەسوپاسەوە لە بەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




کوخێک لە تەما.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

(١)
لە سپێدەیەک لە نورا..
بۆت گەڕام،
خەونی بوونیش..
بێ تۆ، نەبوونە!
(٢)
لە دوبارەبونەوەی ڕۆژەکان..
بێبەریم، دەشێ..
ئەبەدیەت دوێنێ بوبێ!
(٣)
لەدەستمان چوو، ئێستا..
ساتە خۆڵەمێشیەکان ..
دوا ئاسەواری گێژەنەی نێو بیابانە!
(٤)
چی جادویەکە ، زەردەپەڕ،،
دەوەنی ڕەوشەن، پشویەکی..
هەتا هەتا، ڕەهایی …
جوانی گوڵەزەردە خەوتوەکان
(٥)
کوخێک هەیە لە تەما،،
زەریاو مانگ و گەڵاو گوڵە هەڵاڵە..و..
سرووتی ئەفسونی جەستەیەک مەست..
بە فەرامۆشکردنی خەمە جوانەکانی ئەو،
سەکسیفۆنژەنی نادیاری ئێوارەیەکیش..
وون لە زەلکاوی ڕەنگینی پشت دارستانە ..
شەبەنگپۆشئامێزو..
گەنجینە شیعری بوهەیمی!
(٦)
بێداری دەریا..
بەدیار سەماکەرە ماسکدارەکانی گزنگ..
مانگێک بەدەفەوە حاڵی گرتوە..
گەلاوێژی جەستە تەڕ بە بارانی جوانی..
فرمێسکی زومردی ئەکاتە گڕی ژوان!
(٧)
بە فرمێسک و هەڵاڵەو ئاورینگی..
شەوێکی پەمەیی ، دەگەمە..
پردی خەیاڵ، کە پاشماوەی باڵی ئاویینی ..
فریشتە خەمگینەکانی دوای کۆچی تۆی لێجێما
(٨)
بە زەنگۆڵەی ئەستێرە خۆکوژەکان ،
سوێندبێ، هەمیشە تەمەنم بۆت ..
پایزە گەڵا خەزانی عیشقت بێ،،
(٩)
ئای زەریا! من کۆیلەو..
دێوانەی..
شەپۆلە بەخوڕە درەوشاوەکانتم
(١٠)
بەهرەیەکم پێویستە
ئەی ئەهریمەنی شیعری یاخی..
تا لە خونچە ڕەشەکانی داری زڕی مەرگ
خەرەندی ئەم ڕێگا تەمتومانەی ..
درەوازەی خۆری ئاوابووی چاوی ئەو،،
بکەمە فوارەی تەقیوی نێو هاژەی خودی ڕەها




گومڕاییبوون.. شیعر/ کاوە عوسمان

گومڕاییە بوون،،
لە گەڕانێ،،،
بەدوای سۆراختا..
شوێن بوەتە گەلەری شتە گیاندەرچوەکان
شنەباش بۆنی تەنیایی لێدێ،،
هەورەکان دڵی تەڕیان ئەوەرێنێ
دارەکان لە فرمێسکا ئەدرەوشێنەوە
کەسێ نیە لە شەقامە چۆڵ و بێ چرپەکان
تەنها جەستەی من نەبێ..
لە ژێر نوری زیوینی مانگێکی تەمهەڵجنا..
وەک تارماییەکی غەمگین دێ و دەچێ،،
مۆمێک لە کوخێکا
لە دورەوە ، بریشکەیەتی ..
بڵێی تروسکەی ئەوینێ بێ،،
گیانی دەرچێ؟
پەنا دەبەم سنەوبەرێک دەستم بگرێ
بروسکەیەک رۆحم بەرێ
تارمایەک بە هەنای..
ڕۆحێکی شەکەتا بچێ
دەمەوێت پشوو بدەم
لە گەڕان ماندووم،
هەمووجێیەک ئەمشەو..
بۆنی تەنیایی و نامۆیی لیدێ،،
هەر سووچێک و پەناگەیەک یادێ دێنێ ،
لەپڕتاو، لە خەیاڵی گومڕاییدا..
نێو زوقم و تەمتومانی نامۆییدا،،
تارماییەک بە باڵای ئەو..
لە باخێکی چۆڵی غەمگینا دەرئەکەوێ ،،
بڵێی ئەو بێ..
لەم خەزانی دڵوەرینە …
فریادڕەسی مەرگەساتی نامۆییم بێ ؟
گۆمڕاییبوونە،
تاڵی ڕەنگینی زوڵفی ئەستێرەکان..
لە یەک ئاڵاون و..
دەربازیان نابێ،،
چرۆ درەوشاوەکانیش،،
چاوەڕێی تیشکی سپێدەیەکن..
هەر ناگاتەجێ،
گۆمڕاییبوونە،
بە نێوپەلی زەردی ئەو درەختە..
پیرانەی بەلادا کەوتوون،،
هێشتا بێهەودا دەشنێنەوە…
بۆ سۆراخت،،
هەموو شتێک بۆنی تەنیایی لیدێ،
ئەو پردەی ڕوبارێکی ووشک جێی دێڵێ،،
ئەو هەورانەی نیگای عیشقیان…
لە فرمێسک و خوێنا تێزاوە
لە زیندانی ئاسمانێکی…
چوارمێخەکە کێشراوا…
دەروازەیەکیان نابێ ،
ئەو گوڵانەی بێ ویستی خۆیان..
لە ژێر نەشتەری ڕەشەبادا،،
ئەمشەو پەرت پەرت ئەبێ،،
ڕزگاربونیان نابێ،،
ئەمشەو جەستە بە نێو..
کەناری نوقم لە تەما..
یەخسیر ئەبێ، ،،
کەنار دەریا چۆڵ ،،
ڕۆح لە ئافاتی بوونا..
گومڕا ئەبێ،،
دڵ بێهەودا و نائارام ..
مەستی زایەڵەی تەنیایی شنەبای ..
نێو کێڵگە غەمگینەکان ئەبێ،
سەیرە پێکە ژەهری …
ڕژاوی رەشی ئەمشەو،،
تەواو نابێ
دنیا تا ئەبەد ڕوناک نابێ
دەرۆم و چیتر..
باوەڕم بە گەڕانەوەی..
پەڕەسێلکە پەمەیەکانی…
فیردەوسی مناڵی نابێ…
دەڕۆم و چیتر ،،
باکم بە تیغی پڕئازاری…
شنەبای زەریا تەمهەڵچنەکان..و..
بریسکەی نیگای ..
مانگێکی نغرۆ لە خەما نابێ.

……………………………………………………

تێبینی/ وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەر
Arcaion
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




لە نەهاتنتا.. شیعر/ کاوە عوسمان

کە بڕیارتدا
بە خەمگینی سەرهەڵگری
دوور ڕێگەگری
کۆتا چرپەشت نەدرکێنی
بە تەنیایی
بە نێو یادەوەریە با بردوەکانا
ڕۆژانی عیشق تێپەڕێنی،،
ئیتر خۆر
لە ئاوابوونی هەتاوی نیگاتا،
لە غەریبیم بە ڕێگەی نەهاتنتا
دڵی شکا،
درەنگ هەڵهات
پرژەی ڕەنگاڵەی
بارانیش تۆرا
پاشگەز بوەوە
لە ماچی شکۆفەی
سەر رێگەی دوورتا ،
تۆیەک بێ ئاگا
بە بڕیاری سەفەری دورتا
لە بێدەنگی گیتاری چرپەتا
دارستانی رۆحێک سوتا
پەریەکانی ژوان
مات و مەلوول
لە خەمگینی نەهاتنتا
سەما ناکا
وەک گەڵای بێ گیان
لەبەردەم پەیکەری رەشی
خواوەندی تەنیاییتدا
وەرین
باڵیان شکا
تۆ پێنازانی
لە جەنگەڵستانی
سەفەری بێ ناونیشان
بێدەنگیشت بوەتە تاوان
دوور تەماشاکە
لە دوای سەفەرتا
لە نەهاتنتا
لە بێ دەنگیتا
شاعیرێک،
لە زەریای هەڵچووی خەما
لە نێو زوقم و تەما
وێڵ و سەرگەردان ئە ما
بە فرمێسک و خوێنی شیعرا
لە سەر شەپۆلی زەریای نامۆییدا
دوا شیعری ماڵئاوایی نوسرا




فرمێسکی فریشتەیەک.. شیعر/ کاوە عوسمان

تۆ لە سەرابا تێپەرەو،،

منیش پریاسکەیەک..

 لە ئەستێرە فرمێسک..و..

زەنگۆڵە خوێنی ئەو وشە شیعرانەی..

بۆنی جەستەی کوژراوی ..

گوڵە سەوسەنی غوربەتی لێدێ،،

ئەکەمە ملوانکەی خەمت،،

گوێت  لەدەنگمە،،

تۆ ئەی فریشتە،،

لەم وێڵبونە تاریکەی..

دنیایەک لە ئازار و برین،،

ئەی فریشتەی کۆچی خەم،،

تۆ گوێت لە هەنسکی..

 شەوە نشێوە ماندوەکانی سەفەرمیت،،

ئەم ڕێگایە..

چی دژوارە، چی جەنگەڵیە،

مانەوەش ، لە ژێر..

 تەرزە لمی تەنیایی،،

توانەوەیە ، پەرتبوونە،،

چی ئەستەمە هەڵبژاردن

لە نێوان گیای شینی ..

هەڵپروسکاوی یادەوەری و..

تیغی خەنجەری غوربەت،،

چی تەمتومانێکە..

شاری کاتژمێرە شکاوەکانی نەهات،،

لەم وشکە تەمەنی زڕ بە هاتنت،،

چی بارانێکی شینت بۆ بهێنم،،

تا گوڵە لێو خوێناویەکانی..

 لێوت بپوشکێ،،

چی ڕوبارێکت ،،

لە تەمی بەسەرچوی ڕابردودا،،

 سەر لەنوێ،،

بۆ زیندوکەمەوە،،

تا زەمینی وشکبوی…

 دڵت ئاوترین  بێ،

هەر کات لە ژێر کڕێوەی وشە شیعری..

سەرمابوردەی ڕێگە بەردەڵەکەکانا،،

کە دەنگت نەدەهات،،

بە هەورم ئەوت،،

تێکە جامی دڵ ..

لە بارانی خوێن،،

ببروسکێنە قەڵای جەستەی قەقنەز،،

لە نێو گڕکانە سیحری وێڵبوون،،

سەرکێشەییم ئەی فریشتەی وون،،

 بۆ هێنانی تیشکی چاوت بوو،،

ماندوویم، بۆ هێنانی ئاگری..

 نێو خەڵوەتی سۆفیەکانی عیشقت بوو،،

تا کۆسارانی سەوزی ڕۆحت،،

ئە گاتەوە ترۆپکی ..

زەردەخەنەی زەردەپەڕێک،،

من بۆ خواوەندی فرمێسکێکت بە چۆکا دێم،،

ئیتر با شەرابی تەمەنیش هەربڕژێ،،

کە سەر پەنجەکانم،،

بۆ نوسینی شیعرت بدرەوشێنەوە،،

ئەبێت لە ڕۆحما چی بگوزەرێت،،

گەر تا بەیان..

کۆچی قازو قوڵنگی ڕەشی بەدبەختی،،

بە گوڵبارانی نێو سیحری نەبونتا دەنگ بداتەوە،،

گەر تۆش ڕێژنە نمەت،،

کێڵگە ی زەربووی دڵێک سەوزنەکاتەوە،،

وەک مانگە شەوی ئەفسونبەخشی..

 سەرکەناری ئەوسا،،

بۆ حزورم نەدرەوشێیتەوە،،

ڕەنگە ئیدی منیش بە کوچەکانی..

 بیرەوەریتا تێپەڕنەکەم،،

بە تاڤگەی خۆرا نەتوێمەوە،،

بۆ چنگە کازیوەی بریسکاوەی..

سپێدەیەک لە نوورت،،

چیترنە بریسکێمەوە،،

شوێن لای من،،

ئۆقیانوسی برینی تۆیە،،

لە سەر ڕێگای هەر شارێک

لە یادگاریت،،

بێ سڵەمینەوە ، خۆم..

هەزاران جار ووندەکەمەوە!

وەک مەشخەڵیک،،

وەک دوو هەتاوی چاوت،،

ئەبمە گڕکان،،

لە ئاگرو کڵپەی خوێنا ،،

ئەگەشێمەوە،،

هەندێک جاریش،،

دەستم ئەچیتەوە ڕۆحی خۆم،،

بە پرچی ئەستێرە دڵشکاوەکان..

جەستەی دڵم،،

 هەڵئکێشمە خاچی داخان،،

سەدان جار لە خاچ ئەدرێم..و..

و بە دیمەنی دۆزەخی …

ڕۆحێکی ووردو خاشبوو،،

زیندوو ئەبمەوە،،

و هەزاران جار ئەمرمەوە!

با ڕەنگی مەرگ لە سیمام بلکێ،،

چی باکم بە ڕەوە قەڵە رەشی ..

خۆشبەختی درۆی سەردەمێکە،،

لە مەملەکەتی تەرمی هەزاران دڵی لەخاچدراو،،

گەر تۆ دەنگی منت نەگاتێ،،

ترپەی دڵی خونچەکانیش..

لە من بێ بەری بێ،،

……………………………………………………………….

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی

Stefan Keller

بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




تۆیەک لە نوور.. شیعر/ کاوە عوسمان

لەم شەوە زەنگە ئەنگوستەچاوە
تۆیەک لە نوور،،
برینەکانت کۆکەرەوە ئازیز
کێ ئاگای لە پریشکەی چاوی تەڕی تۆیە
کێ ئاگای لە ڕوخساری سەرمابرودی ..
نێو ئاوێنەی ڕۆژە سەرابیەکانتە،
برینەکانت کۆکەرەوە ئازیز،،
تۆ نازانێت کە ڕێبوارێک..
لە خەزانی خەمی دورتا،،
دڵی شەختەو ماندووی بە کۆڵاداوە
تۆ نازانییت،،
لە پشت پەردە ڕەشەکانی..
دوڕگەیەک لە مەنفادا،،
چی ڕۆحێک یەخسیری هەڵهاتنی..
پررشنگی خۆری چاوتە،،
برینەکانت کۆکەرەوە ئازیز،،
کوا شەوەکان..
باکیان بە فرمێسکە ڕژاوەکانی..
عاشقە جەستە شەقار شەقارەکانی..
ئەو وەرزە دڕندانەن،،
نەک هەر پووش و پەڵاشی ئەڤینێکی،،
دووریان سوتان،،
ئەوەتا گەردەلوولی نامۆیی و
و کەشتیگەلی وێڵ و،،
سەرگەردانیی پشت کەنارەکان،،
خەریکە ڕەشایی چاوەکانیش ئەفڕێنێ،،
برینەکانی ڕۆحت کۆکەرەوە ئازیز،
تۆ گەرهێندە دودڵی لە ناعیشقی موسافرێک،،
کە گوڵە نێگزە شینەکانی ڕۆحی بۆت کردە،،
تاجە پرشنگداری سەر نێوچەوانت،،
هەر ئەو موسافرە بێدارەی..
ژێر مانگە شەوە زیوینەکانە،
لە نوری شیعر و..
لە سوتماکی..
کازیوەی شەونخونی و ،،
لە پرژە بیرەوەریە ..
بەسەرچوە نەگەڕاوەکان،،
شاکاری عەشقی بۆت نوسیوە ،،
برینەکانت کۆکەرەوە ئازیز،،
بزانە هەر تۆی لە ئەندێشەی ..
گەڕیدەیەکا،،
شازادەی هەموو فریشتەکان،،
هەر تۆی فەرمانڕەوای ..
قەڵای نێوان مەرگ و ژیان،،
هەرتۆی مەشخەڵی داگیرساوی..
نێو تاریکی گومان

………………………………………………………………………..
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەر
Jordan -Singh
کە بەسوپاسەوە لەە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




خەڵوەتێ لە دۆزەخا.. شیعر/ کاوە عوسمان

لە ئەبەدیەتەوە وەرە،،
تابگەیتە هەموو شوێنێ
(ئارسەر ڕامبۆ)

ئەوە خۆرە
لە خوێنمایە
پووش و پەڵاشی
بێستانی شەوە زەردەکانی مەرگ
و غوربەت ئەسوتێنێ..
مەنفایەکم لە دۆزەخا هەڵبژاردوە،،
نیگای توڕەبوونم،،
لە بەدبەختی لەو مرۆڤانەی
بە تانەی مەرگ و تەنیایی و پیرکەوتوون کەوتن
مەنفایەکم لە دۆزەخا گرتوە،
دیدەم لەو شەقامانەی پڕ
لە ئێسک و پروسکی
منداڵە وێڵەکانی سەر زەمینەکانی هە موو جێگاکانە،،
نیگای غەمگینم لە دیمەنی..
شوشە ڕەشی گوڵەژاکاوەکانە،،
لە نەهاتنی پۆلە مەلی شینی خۆشبەختیا،،
ژەنگیان گرتوە،
ئێرە وەرزی تێکشکانی کەشتیەگەلی پایزە
هەر پەنجەرەیەکی قەقنەزیشە،
تابلۆی ژنێکی تیاڕاماوە،
بە چنگی ڕەشی کات دڵهەڵپچراوە،..
خۆر لە خوێنمایە،
هێشتا شەپۆلەکانی بوونم ئەبینم
لە ژێر کازیوەی ژەهرینا،،
بە تەڵاشەبەردی نەگریسی زەمەنا هەڵئەزەنێ،،
ساتەکانی فەنابوون بەڕێئەچێ!
ئەبم هێشتا،
لەسەر ڕوباری مۆری ڕۆژە بابردوەکانا،
پاآش هەزاران مەرگ
بوونم هەر ماوە!
و شتەکان ئەبن هێشتا !!
دوای جەنگە ئەفسوناویەکان،
بونیان هەر ماوە!
باخچە سپیەکانی ئەفوینە،،
لە بڵێسەی چاوەکانما،،
کڵپەیان گرتوە!!،،،
ئای بوون چی بیابانێکی سەختە….
ئەی کازیوە لەدەستچوەکەی دوێنێیەکی بوهەیمیش چی لێهات؟!
چی لە سەرگوزشتەی لمینی کۆچا نەنوسرا،؟!
کوا ڕۆخی گەلە کەشتی
بەرەو قەڵای زەردەپەڕێک لە خوێنا خنکاو
ئەو بەلەمە نەگریسانەش
هەزاران تەرمی کۆچەری ڕۆحبۆشی هەڵگرتوە؟؟!
ئەی ئەو شەوە ژەهرینە پرتەقاڵیانەی
کە تێپەڕیم بە دارستانێ
ڕەشەبای تەڵخی تەمەن تیائاوێزانبوو
بیرمە ، تۆی تەمێکی نامۆییبردوو پرسیت،
ئێرە کوێبوو، ؟!
گەرچی ئەو هەموو گیاندەرچونانەشم،
هەردەم خەڵوەتێ لە دۆزەخا ،،
چی گەنجینەیەکی ئاسوودەبەخشبوو!
دڵم پڕ خۆر بوو!
دەرچەم ناسیبوەوە،،
لە لەنگەری کەشتی نێو هاژە گەردەلولی گەنجێتیەکی
یاخی لە خواوەندە دڕندەکانا ،،
چی خۆشبەختیەک بوو،
مەرگێکی ئامێز بە گڕەوە،،
وەک پەپولەیەک باوەش بە کڵپەدا کا،،
وەک دەروێشێکی مەست
بە شیعری یاساغ
سەمای یاخیبونێتی..
لە نێو ئاسەواری پەیکەری تێکشکاوو
وێرانەی پەرستگا ڕزیوەکانا

………………………………
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەر
Jlu juro ( jlujuro)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




لە نەبوونتا.. شیعر/ کاوە عوسمان

بیرم بێ، ژیانم …
پارچە شیعرێکی نامۆیی بوو،
زۆر بێهودانە ،
ویستم بۆتی بنوسم،
بەڵام ئەفسووس ،
هاژەی وەیشوومی…
ڕۆژە نامۆکانی سەفەر،
نەیهێشت بینوسم،
گەر جارێکی تر،،
چڕپەی لێوتم،،،
لەدارستانی بیرەوەریما..
لێ وونبوو،،
گەر گوڵە لەیلەکی..
مۆری عیشقم،،
لە بیابانی نەهاتنتا ،،
وشک و سیسبوو،،
گەر بەنەمانی فرمێسکی …
مرواریئاسای شەوانەتا،،
برینی قووڵی ڕێگای دوورم،،
بێ تیماربوو،،
گەر لە شەوەزەنگی تاریکیدا ،،،
زرنگە زەنگی ئەستێرە پرشنگدارەکانی..
نێو نیگاتم لێ بزربوو،،
بزانە ئێستاش،،
لە خامۆشیی کوژەری..
سەر کەناری کۆچی ئەبەدیتا،،
هەر چاوەڕێیی چارۆکەی..
کەشتی وێڵی بوونتم،،،
بێباک لەمەرگم،
لە دورخەی نامۆییما،،
هەزاران شوشە نامەی..
حەسرەتی سەفەرت بۆ ئەنوسم
هەربۆت ئەنوسم

…………………………………………………………………………………………………………………………..

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەر (سروشت .م.ن )، بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




درۆیەکم بە، ئەمشەو.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

نزرگەیەکە لە گڕ ،
دڵ ئەمشەو…
لە یادی تۆ، گەرچی…
تۆ لە ژوری تەنیایی پڕ حەسرەتا
چی باکت، بە ڕێبوارێکی،،
بێ لانەو بێ ئامێزی شەوانەتە
ببینە ڕۆح، چۆن..
گەڵای زەردی لێئەبارێ،،
با بەس بوەرم..
بڵێ وشەیەک،،
لەسەر زاری پاک،،
بڵێ چرپەیەک،،
با ئەم چەند ساتەی ماوە،،
چیتر بەسەر نەچێ،،
بڵێ وشەیەک ، هەستێک،
بڵێ درۆیەک،،
تەنها درۆیەک ،،
با بەس بوەرم،
با چیتر نەوەرم،،
ئەمشەو درۆیەکی لێوتم…
پێویستە،ئازیز..
تۆ تێناگەی ، لە ئازار ،
لە وونبوون،،
لە پەرتبوون،،
تۆ تێناگەی،،
کە ببیتە پایز،
وەک لێوی مۆری گوڵێکی خۆکوژ
ژێر نەشتەری خۆرێکی دڵرەقبی
لە وەرزی ووشک و مردووی تەنیاییدا
نمە وشەی شیعرێکی دڵشکاو بی،،…
دڵۆپ دڵۆپ..
ببیتە خوێنی ئەرخەوانی..و …
بەرسەر گەڵای ووشکی دابڕانا، بوەری،،
تۆ تێناگەی ئازیز..
کە ڕۆح ببێتە پایز،
ئەمشەو ، ئازیز،
درۆیەکی زارتم پێویستە،،
تۆ تێناگەی،،
کە ببیتە پایز،،
ببیتە شیعرپژان،،
ببیتە ڕۆحپژان،،
وەک هەورێکی تەنیای بیابانێکی ووشک،،
بەسەر کەناری ڕۆحی خۆتا
بوە…ر…ی
و
بوە…ر..ی
ئەمشەو ، ئازیز،
درۆیەکی زارتم پێویستە،،
تۆ تێناگەی..
کە ببیتە پایز،،
ببیتە شیعرپژان،،
ببیتە ڕۆحپژان،،
بوونت ببێتە …
کلۆ کلۆ ی شەختە بەفری غوربەت
لە ژێر دارستانی ئەرخەوانی تەنییایدا
لە حەسرەتا بوەری
…………………………
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئیسپانی
Antonio Lopez
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




گەر زەریامان لەدەستدا.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

هەزاران خەو، لە ڕۆحی منایە ئەسوتێ،،
دڵی منە، زۆرجار وەک دارسنەوبەرێ،،
خوێنی ڕژاوی وەک گەوهەر ئەبێ،،
کە قەدێکی ناسکی لێ ئەبڕێ..
(ئارسەر ڕامبۆ)

گەر زەریامان لەدەستدا
شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

حەسرەتی لەدەستدانی زەریا، وەرینی…
قژی سپی هەورو، خەڵوزی…
ناو چاوی کچی پایز، ڕەشپۆش…
بە دەروازەکانی وشە و…
کانە مەرگ و..
دوکەڵی تەنیایی..و..
و خوێنی ڕەشی غوربەت

کەواتە شەو، ئێمەی ناوێ،
کەواتە زەمین بە ئێمە نامۆ!
چەندە گڕێکی پڕوکێنەرە،
بیرکردنی شکۆفە سپیەکانی ڕابردوو،
ئەوانەی کە ئەیانووت، مەرگ،،
چەند بەرزەخێک دوورە،
ئەوانەی ئەیانووت،
گۆرانی فریشتەکان،
لە بەیانیە ئاڵتونیەکانا چەند خەمگینە،،
ئەوانەی لەسەربانەکانا…
چاویان بۆ نەورەسە خۆکوژەکان ئەگێڕا

هیچ پاساوێک نیە بۆ ئازاری ڕۆح..و هیچ قفڵێک…
باخچەکانی دڵ کۆت ناکا،
هیچ پاساوێک نیە،،
بۆ تێکشکانی ئێسک و پروسکی تاوسەکانی…
ئاوێنەی خۆڵەمێشی عەدەم،
هیچیش لە ئەشکەنجەی ئەمساتەوەختەمان کەم ناکاتەوە..
سروودی ئیبلیسانەی…
منداڵیەکی لەدەستچوو،
چی کڵپەیەکم، لەبەردەم خۆری سپی..
عیشقتا کە نییت…
چی زیندانێکم بۆ چرپەی نەوتراوت.. و ..
چی زیندانێکی…
بۆ شەوە مۆرە شیعریەکانی من

دەروێشی نێو گوڵزاری نەفرەتین!
ئەو پیاوەدڵشکاوانەی…
لە فەنای ڕۆحیانا، سوتان،،،،
هیچ سودێکی نیە،،،
مۆمی کەمتەمەنی ڕۆح…
هیچ سودێکی نیە، گەڕانەوە…
بۆ خاڵە سەرەتاییەکانی بوون، با بخەوین…
لە مێرگی ڕابردویەکی خۆشا،،
تۆش ئازیز بەدەردی بوونەوە ،،
لەنێو قامیشەلانی زەمەنی ئەفسوونا تێپەڕە، ،،
پرچە زیویەکانت…
بهۆنەوە بۆ سوارچاكێکی ڕەشپۆشی عاشق ،
کە هەرگیز ناگاتە جێ..

زستانێکی سەختە گەر بڕیاربێ …
شەختە جەستەکانی ڕۆژەکانمان بهێنەوە !
مراویە شەیتانیەکانی پەرتوکی جەنگیش،،،
با تێپەڕی بەسەرمانا،،
چی باکمان بە کوشتنە زۆرەکانی ڕۆحمانە.
چەرخ لێئەدەم،تابڵێسەیەک…
پەڕەی قاوەیی یاداشتەکانت بسوتێنێ،،
چی کارم بە گەنجێتیەکە،،
لە گەڕان..
بە کەنارە ئاڵتونیە ساردە تەنیاکانا..
بەسەرمبرد،،
هەموو لیرە ئاڵتونیەکانی خۆشبەختی…
لە چرکە خەوێکی کورتا،،
ڕشتمانە کەلەسەری بۆشی زەمەن،،
چی سودێکی هەیە…
کلێسای مانگ،،
گەر قەشەکان، لە دێرەکانا،،،،
لە بێزاری نەهاتنی خواوەندا،،
خۆیان هەڵواسی،
مزگەوتی وێرانە، چی ئەبەخشێ،،
بە پەریە منداڵە باڵکراوەکان..
جگە لە خەونی تاڵی سوتان و ڕۆحکێشان؟

چەند سەمەرەم دێ..
بەو شەهیدەی ،،،
لە شەڕی ئەستێرەو سپێدەدا،،،
گیانی سپارد،،
چەند ڕوناکە دڵی تۆ،،،
ئەی ماسسی گری پیری خۆشبەخت،،
چەند مەستن، بێستانەوانە سپیپۆشەکانی..
دوای خوێنپژانی پەمەیی کازیوە!

لە سپێتی هەور،،
دروستبوە، دڵی شیعر، نیگا ڵێڵ ئەکا..
هەڵمی سووری گڕکانی نیازی گەڕانەوە،،
بۆ نیشتمانێ لە حەسرەت،،
خەڵوزە، دەرگا داخراوەکانی تەمەن،،
لەوانەیە، شمشاڵژەنی دوێنێشمان بیرکردبێت..
کە گەیشتینە…
دوا ویستگەکانی جوانی،
سارد و نشیو و ئاڵۆزیش بوو..
ننیوەشەوێک،،،
چاوی لەسەر هەنگاوە کانی کۆڕەوەی …
خێڵەکانی مێژووی سڕاوە بوو،
پێستی رزیوی…
نوێژکەرەکانی ئێوارەی گیاندەرچوون، ،،
کە پەیامبەر هەرنەهات،،
من سەرم، لێ وونە،،
لە تونێلە زۆرەکانی هەزاران هەسارە،،،
سەرم لێشێواوە،
لە حەسرەتی مرۆڤە بێ لانەکانی دنیا.

بزانە ئەی پیاوکوژ، ئێرەش
وەک ئەوێیە، دۆزەخە، دۆزەخ،،،
هیچ شتێک ناگۆڕێ،،
گەر تۆ ڕۆحێ بکێشیت یان نا،،
بزانە دز، چنگی پڕ گەوهەری مریەم،،
بەهای نیە، گەر دڵ ببێتە چنگێ لمی پیر،،،
بزانە ئەی قەشە، پەتای هەستیریای…
ڕۆحە ئەشکەنجەدراوەکان،،
بە تەرتیلە ی کۆن و بۆشەکانت چارە ناکرێ،
ئاینزادەیەکی نزرگەی پیرۆز، کوا…
لە پاکژبوونی ڕۆح تێئەکا،
لەنێو ڕاموسانی…
مانگ و زەریا !




پایزێکی لەخاچدراو.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

لە دەروازەی ئاڵتونیا،،
بە حەسرەتەوە ،،،
بەهانای ئەچم…
پایزێکی ووشک..و تینوو..
هەورێکی هەناو خوێنقەتران،،
سەری قرتاوی گوڵە سەوسەن،،
نێو زەلکاوی وەستاو..و..
ڕزیوی بەشەر،،
قەدی داری ووشک،،
دەورەی داوە ،،
ئاگری هاوینێکی هەتاهەتا،،
تا ترۆپکەی چرۆ،،
زەمینی بێ وەنەوشە،،
نیە ڕوخسار،،،
پایزی دڵبەحەسرەت،،،
جەستە لە خاچدراو،،
تەنیویەتی،،،
ژەهری ماشینی سەردەم،،
تەمتومانی لمە ،،
خەوی لەدەستچووی نیشتمان،،
نیگایان لێڵە ،،،
بە خۆڵ..و..تۆز،،
مردوەزیندوەکانی شار،،
ئای، چی حەسرەتە،،
پایز وونە، بێسۆراخە،،
عەترڕژێنی کا،،،
دارستانی درەوشاوی ژێر کازیوە،،
لەخاچدرا،،
خەندەی گەڵا،
کۆچیان کرد،،
گوڵەسەوسەن..و..
شۆڕەبی ڕێگا،،
ئەی ئەسرینی خاکەلێو کوژراو،،
کوا سیحری کەنار..و..
چیمەنی ئەرخەوانی جاران،
لە ئەتوونی دۆزەخا،،
ئاهی دۆڵ و شاخی قەقنەزە ،،
مەنجەنیقی نیگای خۆڵەمێشبووی هەورەکانە،،،
گیاندەرچونی پۆلە کوکوختی خۆکوژە،،،
چەقانی چەقۆی تەنیاییە،،
لە دڵی کچی ئەندێشەدا،،
ئەی مەیگێڕە سەماکەرەکانی ئاسمان ،،
کوا وەرزی جوانی باران ،
کوا پایزی جەستە ئاڵتوون،،،
کوا بەیانیانی شەرابیی زوو،،
گیانم دەرچوو ،،
بۆ سپێدەی قەشەنگی تەزیو،،
سەرم تەڕکا ،،
بە گەڵاوو نمەو مۆسیقای شیعری جاران؟
چی کێڵگەیەکی ڕەشی وێرانە ئێرە ،،
گوڵە گەنمی ڕەشە،،،
تەنیویەتی ..
جێپێی پیاسەی ئێوارانی خەمگین،،،
خاکی بەدفەڕە ئێرە ئێستا،،
تەنها مەلێکی وێڵە،،
بە کۆڵانەکانی مەرگا،،
دوا باڵەفڕەی دا..
تاسەی ساردی..
کۆچی دوا زەردەپەڕبوو،،
بە نێو چۆڵەوانی وەرزی فەنا،
گێژەنەی زەمەنی ڕۆحبردوە،،
تابلۆی سوتاوی …
زەرخەنە ئەرخەوانیەکانی گەڵآی وەریو.
نەما نمە،،،،
نەما باهۆزی فێنکی چەم،
هەر تاشە دڵەو..ئەوەرێتە..
گڕکانی وونبوو،،،
نە ڕووخساری هەوری پرچ تەڕ..
نەسۆراخی هەواری جارانی یار،،
چەند بەسۆیە،
هەموو ئێوارەیەکی پشتکۆماوی خەمگین..
کە تارماییەکانی شار،،
کفنێک دێنن،،،
جەستەی زەرد و مەلوولی پایز ، ،
بێ هەناسە ،،،
بێ تروسکەی چآو،
قژ هەڵپزرکاو،
ئیتر نە خوڕەی دێ،،
کانی کوژراو،،
نە بریقەی لێوی ڕووبار،
نە باڵەفڕێی پۆلە مەلی زەردەپەڕ..
نە تریقەی پێکەنینی…
فریشتە خەیاڵیەکانی…
نێو کۆساران،
تەنها دەنگی قیڕەی..
قەلە ڕەشيکی نەخۆش،،
پڕ چۆڵەوانی…
کۆڵانە چۆڵکراوەکانی خەڵكانی شآر،،
هاوارئەکا،،
ئەی خەوتوە کۆچەریەکان،،
پایزیش چوو ،،
لە خاچ درا..
بێئاگابوون،،
بەمەرگی خونچەکانی…
وشە ی عیشقیپرژان..
پەرتبوونی..
هەناوی سوتاوی دواهەمین دار.

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەمریکی Connie Tescar
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




شیعر/ بەفری ڕەش .. کاوە عوسمان عومەر

( 1)
شیعر ، تیکتێکی چوون..و
هاتنەوەیە،
نێوان مەرگ ..و.
ژیان ، نێوان دۆزەخ و..
پەرادیس، نێوان، عیشق و…
ناعیشق،،،
نێوان خۆکوشتن
…و.
بەردەوامی..لە..
گەمەی بێهودەیی ژیان

( ٢)
کە هەر ئەمرین،،،
باوەک جەنگاوەرێکی سەرسەخت،،
تا دوادڵۆپە خوێن، ،،
بەرامبەردڕندەیی مەرگ،،
ڕاوەستین ،،
بە پێوە بجەنگین..
بە پێوە گیان بسپێرین
( 3)
شتێکی تازە نیە،
ئازار ، باپیرانیشمان پێشتر،
هەمان ژەهری تاڵیان چێشتوە،
ئەوەی تازەیە،،
پڕ بەدڵی خۆمان،
بە ئازارەکانمان پێبکەنین
(٤)
تەمەن،،،
نیگارکێشێکی سەرکێشە
هەموو ساڵێ،
بێ بانگردن،
خۆی دەکاتە ژورێ،،
بێ سڵاوێ،
بێ لوتفی قسەو باسێ،،
بە فڵچەی ڕەقی نەشتەرئاسای،،
چەند هێڵێکی ..
ناڕێک و خەمگین،،
و ترسناک…
بە ڕوخسارا، دێنێ…
( ٥)
کۆترەکان، لە بالکۆنەکەدا..
هێلانەکانیان دانا،
هیوایەک هەیە،،
بۆ بەردەوامی،
بەهارێک دێت،،
پاش ڕەوە داڵاشی..
شەوی سووری سەربڕاوی شار
( ٦)
بیرم نایەت
دواهەمین جار ،
بەفرێکی بێگەرد، وەک..
منداڵیەک ، لە هەور سپیتر،
سەری خەڵکە هەژارەکەی ..
شاری سپی کردبێ،
بەڵام ئەلبومی وێنە کۆنەکان
هێشتا ڕژاوە،
هەر وەک بیری تێکپژاوی خەڵکە کەی،،
هیچ دەموچاوێ ،
ئەوی تر ناناسێتەوە،
ئاوێنەی ڕۆژەکان،،
بونەتە هەزاران پارچەی ووردو خاشبوو،
وەک ئەوسا،
ئەلبومی وێنە کۆنەکان،،
جێ سەرنجی نیگای..
مردوە زیندوەکان،.. و ..
زیندوەمردوەکان نین،،
وێنەی دیجیتال ئاسان ترو..
کتوپڕ دێنە دەست،،
ئەو وای ووت،
من سەری هاوڕابوونم ،،
بۆ ڕاوەشاند ،،
گەرچی ڕوخساری..
خەڵکانی نێو وێنە کۆنەکان،،
و ..تازەکان،
لەیەک ئەکات،
بەڵام خەندەکانی مرۆڤەکانی ڕابردوو ،،
ڕەوشەنتر، و..
باوەشکردنی…
جەستە پێکەنیناویەکان،
قەشەنگتر.
( ٧)
تا سەحەر گریا،
کەناریەک،،
کە تۆ لێرە نەبوی،،
( ٨)
لاپەڕەی نوێی ڕۆژی تر،،
لە ئەفسونی..
کتێبی بوون،
بەفرێکی خامۆش،،
..و.ڕەش و..خەمگین
بەسەر خەڵکی نوستووی شارا،
شانۆی مرۆڤە سەرقاڵەکان..
بە یاری بێهودەیی،
ڕۆڵەکان هەمان ڕۆڵەکانی دوێنێکان،
هەژارەکان هەژارتر،
ئازارەکان ..
هەمان ئازار،
چەتەکانی شەویش،،
هەروەک ئەوسا،
بنی پێڵاوە مەزنەکانیان،
لەسەر سەری منداڵە بێ ناز..و..
چاو پڕفرمێسکە کانی..
شارێکی سەربڕاو، دانا.

…………………………………………………….

وێنەکە کارێکی ناوازەی فۆتۆگرافەر ( سروشت محمد ) ، بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




گوڵە مۆرەکانی کۆچ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

خوڕەی نمەی ئێوارەیەکی درەنگ،،
چۆڵ لە تۆ،
هەر سەمایەک،
لە گەڵا پەرتبوەکان،
دوای ڕۆشتنی تۆ،
پاسەوانی پایز،،،
دەرگای باخچەکەی داخست،
ئێوارەیەکی سارد لە دەرەوە،،
پەلکێشی بێهودەیمان ئەکا،،
هاوڕێ، دەرگای خۆر،،
بە کراوەیی جێ بهێڵە، پاش..
هەر گیأنەڵە بارانێکی دورە نیشتمان،،
بە مەستیەوە،،،
نیگای کەشتیە کۆچەریەکەی..
کەنارێک،،،،
پڕ لە موسافیرە هەڵهاتوەکانی ،،
وێرانە پەرادیسێ دەکەم،،
بە فرمێسکی وەریوی..
هەورە قورمزیەکانا هەڵئەشاخم،
وەک پەڕی خونچە مۆرەکانی کۆچ..
هێدی هێدی، ئەوەرم، ،
بگەرە فریام تابلۆی کێڵگە..
فڕیوەکانی نێو ڕیتمێک،،
لە بەرائەتی ڕابردوو،،
لە وڵاتێ خاپوور، ڕامان…
وەک ئەندێشەی مەلێک،،
بە نێو سارانشین،،
گرتنی تاجە ئەستێرەیەک،،
پێش بەخۆڵەمێش بوون ،
ئیتر چارەنوسێکە،،
هەر خۆت بە، تا گەیشتن،،،،
بە مرواریە شاراوەکانی خەون،
ئیتر چارەنوسێکە،،،
هەر خۆت بە،،،
لە ئێوارەیەک لە زومردا،
ئیتر چارەنوسێکە ،
تێپەڕبە، بە نێو ڕەشەبایەک..
لە نامۆیی،،،
ڕۆح دەربازنابێ ،،
لە گێژەنە قامیشەڵانی قەدەر،،
گەرچی هێشتا گیا مۆرەکانی کۆچ ،
بریقەیان دێ ،
گەمەیەکی تراژیدیکۆمیدیایە،،
خۆشاردنەوە، لە دارستانێ..
نێو شەستەخۆڵی تاریکی ژیان،،
هەڵدێین، لە تۆفانە زەمەن
پەیکەری ڕژاوی لمینی جەستەمان،،
پەلکێشی ئەفسانەی کۆچێکی تر ئەکەین،،
وشکە ڕوباری ئازار،،
دڵ شەقار شەقار ئەکا،،
ساتەکانی پەراوێزبوونی مێژووی بەرد،،
فێری کردین، ،،
تا بە چاوکراوەیی ..
لەژێر کلۆبەفری ڕەشی بێهودەیی بمرین،،
لەسەردەمێک،،
لە دوکەڵ دوکەڵترو لە ژەهریش ژەهرتر!
لە چرۆش چرۆترن…
پەڕی لێوە ئەرخەوانیە وەریوەکانی..
ئەوێک لە نمە نمەتر!
لە کانیش بە خوڕتر،،
عیشقی کوکوختیە جێماوەکانی..
سنەوبەرە وشکبوەکان،،
لە زەمینێک،،،
بوەتە زەلکاوە ژەهر،،
کەی بتدۆزمەوە،
لە نێو بەردەڵانی دۆزەخی ڕۆژە مسینەکان،؟؟!،
دەستم بگرە ئەی شنەبای تەنیایی،،
لەم تەمتومانە خؤلەمێشیەی وونبون،،
ئەی سەمەرەی گەردوونێ ، لە فەنا،،،
تۆبڵێی فرمێسکی ئەستێرە پرشنگدارەکان ،
هەر بڕژێ، دوای نەمانم؟؟!
گەرچی پێش پەرتبوونی،،
گوڵە مۆرەکانی کۆچ،،
ئارەزووم،،،
لە قومێ ئاوی سازگاری..
کانیەکە لە خەیاڵی سرک،
لە گرتنی شیری بروسکەیەکی تێکشكاو،
بەسەر لوتکەی چیای کارەسات،،
………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی فەڕەنسی
Claude Monet / Lilac irises.




ژوانێک لە جەنگا.. شیعر/ کاوە عوسمان عومه‌ر

(١)
بڕیارم دا لە ژوانێک لە جەنگا..
سۆراخی وونبونەکانت بکەمەوە..
بۆیە لە سەر کەشتی سپی شەو،
وەک هارمۆنیکای خەمگینی مانگێک..
سۆناتاکانی جوانی وەریوتم،،،
خستوەتە لەپی تەزیومەوە…

(٢)
هەمیشە دیرۆکی ڕۆحسوتانم..
پەرتووکی سۆراخکردنە،،
بۆمانگە مەستەکانی تۆ،،،،

(٣)
دوای جودایی لێوی گوڵ و،،
میهرەبانی پەنجەی هەورینی با،
پەناگەمان…
لە ژوانێک لە جەنگێکی ترا دۆزیەوە،
لە فەنابوونی زەریاشدا،،
هەڵۆیەکی سرکی ..
ئاوێنەی خەیاڵت بووم،
هیچ باکم نەبوو بەو جەستانەی،،
نەخشەی سەر نێوچاوانیان..
کۆدی مەرگی …
نەورەسەکانیان لەسەر کێشرابوو،

(٤)
دارستانم بە پایزێکا بۆ هێناوی،،
هەناو تەزیوو کڕێوەیە،،
وەک دەروازەیەکی فیردەوسیانەش…
لە گڕکانی گەڕانی بێهودەی سەرزەریا،،
لە فەنابوونی کۆتا..
لە ئەشکەنجەی نێوان بوون و نەبوونا ،،
بە گوڵاوی بوونت
خۆم پڕ گەوهەری بەرائەت کردوە..

(٥)
ئەو کاتە لمینەی تۆ بە زویربوونی،،
خونچە شەرابیەکانی..
خاکێکی زەڕکەفت ڕۆشتی،،
لە کۆڵانە بیرچوەکانی چاوەڕوانیشا،،
تەنها چرپە یەکی جێماوتم،،
لە گوێچکە ماسیەکی..
شۆراوی لافاوێکا بەرگوێکەوتەوە،

(٦)
لە شەوێکی ئەنگوستەچاو بە تەم…
لە سەر بەردێک بە باران نوسیم..
ژوانەکەی جەنگت بییر نەچێ،
ئەی کچە سەرابیەکەی..
ئەوسای ڕۆژە پەمەییەکانم..
لە بیرت بێ…
کە بەشنەبا لەگەڵم ئەدوای،،
گیا ئاویەکانی دڵێکی مەستیش..
نێرگزی خوێنینی بۆتئەپشکوت،،
تۆ هەر نەگەیشتییە مەملەکەتی نابڕیارم،
بە چرپە جێماوەکانی کۆچیش..
برینی نێوان چوون و هاتنیشم
بۆت تیمار کرد،،
تۆ هەر تەلسەمی ئەشقی نەمریت ..
نەکردە ملوانکە مرواری….
ئەستێرەبارانم،

(٧)
کە ساڵە بەرگ بەڵەک و خاکیەکان،،
دڵمانی کردە زەرنیخ و بارووت،،
هاتم بۆ ژوانت لە جەنگا،
بڵێسەی چاوەکانم ئێستاش…
هەر درەوشاوەن بە دارستانە سرکەکانت،،
لە بێ چرۆی لێوە پایزیەکەت ،،
بە شەوە مۆرەکانتا هەڵزەنیم ..
هەر ئەو کاتەش بوو..
خۆریش لە سوتانی بێهودەیی خۆی..
پەتی لە سێدارەدانی خۆی هەڵواسیبوو،

(٨)
ڕوخساری تۆ،،
چەند شەکەتە….
لە دیدەنی …
دارە زەڕکەفتەکانی..
شاری ڕۆحپچڕان،
چی مەرگەساتێکیشە…
لە نێو دوکەڵی سیانیدی تەنیاییدا،،،
چاوت بریوەتە،،
ئە و فارگۆنانەی…
تاو تاو..
تارمایەکان لە ئازار دێنێ..

(٩)
سەربازە گومڕاکان، شارێکی
سپی لە خاچدراویان..
لە چاو وونکرد..
تەنها پێڕاگەیشتم،
یاداشتە قەدەغه کراوەکان…
فرمێسکی باخچە …
سزادراوەکانت بنوسمەوە…

(١٠)
ڕەنگە لە زەردەپەڕێکی ترا..
لە دەریاچەی ئەرخەوانی..
تەمەنێکی ترا،،
یەکتر ببینینەوە،
هییچ نەبێت من ئەوکاتە..
نە یاداشتەکانی جەنگم..
لە پریاسەکە بێ،،
نەتۆش باڵە فریشتەئاساکانت،
لە بەرزەخێکی وەک ئێستا..
هەپروون هەپروون بێ..

(١١)
بۆ گەیشتن بۆ ژوانێکت لە جەنگا…
هەنگاو بە هەنگاو،،
شە قامی شارە بەستوەکانم..
بە شەمەندەفەرە سەرابیەکان بەستەوە،،
چەند سرک بووم بە ووشە ماشینیەکانی…
خاکی بێگیانی ڕۆژئاوابوونیش،،
ئەو وڵاتە تەمتومانستانەی …
زۆر دڵرەقانە…
ئێمەی بێ زەریا و بێ نشینگەی…
بە تاوێک تەرزەی بێهودەیی،،
هێدی هێدی ئە توا….نە…..وە.

………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی فەڕەنسی
Claude Monet
“Sena banks in Vetheuil”




ونبە،.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

ونبە، کە شارەکان…
لە کتێبی شیعرێکتا،،
خۆی حەشار ئەدا، وونبە،،
کاتێ شەمەندەفەرێکی سپی..
دڵت ئەبا، وونبە،،
کاتێ کچە ڕەشپۆشی..
پاشماوەی جەنگ،،
قژی سپیان،،
لە ڕوباری خەمی بێ ژوانا،،
شانە ئەکا، وونبە،،
کە پێڵوی هەورەکان ،
لە فرمێسک ڕژانی..
دوای نیوەشەوی خوێنا…
ووشک ئەکا، وونبە، ،،،
کاتێ بەندەری مەنفا..
گیتاری ڕۆحت ،،
لە بێستانی مۆری خۆشبەختی..
لەدەستچوو ئەبا، وونبە،،،
لە سەفەرێکا،،
بە نێو خەرابستانا!
بە نێو ئافاتە قەشەنگە..
یەک لەدوای یەکەکانا!،،
وونبە، کە ووشەکانت،،
لە سپێدەیەکی قورمزی هەناو خوێنا!
تەرە ئەبن، سەربەست ئەبن،،
ئەبنە پۆلە نەورەسی شین ،
بە ئاسمانێکی ناکۆتاو بێسنورا،،
وونبە،،
نامۆبە، شاعیربە،
نیگاکە، لە گوڵە شەڕانگێزە…
سرکەکان،،
لە نزرگە ئاسنینەکانا!
وونبە، با گڕکانی دڵت،،
شەوەئەنگوستەچاوی بەیداخی ڕەش،،
هەنجڕ هەنجڕ کا،،
وونبە، لە کەنار دەریا..
وەک شەپۆلێ ،،
وەک ئاوازێ،،
ئێستا تەواو ئەبێ،
گرنگ نیە،،
لە ساتێکی تر،
پریشکەی دڵ،،
خامۆش ببێ،
وەک هارمۆنیکا،
ئێستا ئاوازێک بە،
وەک هەور، ،،
جەستەی خۆی ببارێنێ،
تۆ وونبە،،
نمەیەکی…
کەم تەمەن بە،،،
باکت نەبێ ،
کام گوڵە لەیلەکی عاشق،،
بە مەی ڕژاوی ڕۆحت،،
سەرخۆش ئەبێ!

………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی هؤڵەندی
Vincent van Gogh




ئاسەواری پایز.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

بایەکی بێهودە،
ڕایماڵی جەستەی شەکەت و..
پەرتبووی گەڵاکان،
دروستنابنەوە،،،
شکۆفە مردوەکان،
بەرزنابنەوە، لقی بوغرای..
دارچناری هەناو پیربوو!
هەموو خۆڵ و خاشاکی باخێکی جێماو،
ئاسەواری ژوانێکی لەبیرچوو،
کاتژمێری بونێکی تێکشکاو،،
ئای لە چی کۆشکی لازوردا،،،
خۆشبەختیمان جێهێشت،،،؟؟!
وەک بڵێی دوا کۆتری فڕیوی..
ئاسمانێکی زەردو و تۆزاوی،،
بە باڵە فڕییەک ، پەیامی بۆ ناردین،،
ڕەگی هەورە نەخۆشەکان،،،
لە سیمای ڕێبوارە خنکاوەکان…
بۆ چۆڕێ ئاوی عیشق، تۆش..
ئەی ئازیزی نێو ژورە تاریکەکان،،
هەر مەلی دڵشکاوی یادەوەری بەڕێکە،،،
گالیسکەیەک..
لە گوڵە ئەرخەوانیە ڕۆحدەرچوەکان بەڕێوەیە،،،
ئیتر تاکەی بەردەوامی،،
لە ژێر بارانی نەهاتنتا،؟؟
ئیتر تاکەی تیشکێک…
لە چاوانتەوە،،،
دەروازە شاراوەکانی پەردادیسێکی تر،
ڕەوشەن نەکا؟؟؟
لە نیو گێژەنەی ڕەشەبای زەمەنی ڕۆچوو،
کاتێ جەستەی بێ گیانی گەڵاکان ،
لە بێستانی سپی تەمەنما ئەنێژم،
ئاسەواری کەشتی زەردی شکاوی پایز،
دەمباتەوە لای ئەو تارماییانەی،،،
لە بازنەیەکا دەخولێنەوە،،،
ئەو مرۆڤانەی، لە ژێر چارۆکەی دڕاوی…
کەشتی ئاڵتونی پایزا، سەرقاڵن،،،
بە ناشتنی دڵی پیربویان!~
چی قورسە، قوربانی دان،،،
بە ساتە مرواریەکانی ئەڤینمان،
چی نەهامەتیە،،، ئازیز..
مانەوە لە ژێر شیعربارانی…
غوربەتا،،،؟؟؟




چرائەرخەوانیەکانی زەردەپەڕ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

با ببریسکێتەوە،،،
چرا گڕینەکانی زەردەپەڕ،
هەزاران بازووی مەشخەڵی سوور،
شکانی شەختەی مێژوی سیخناخ..
بە نائۆمێدی و مەرگ ،،
با ببریسکێتەوە،،،
چرای درەوشاوەی زەردەپەڕ،،،
ژێربەیداخی خوێن،
هەزاران بازووی مەشخەڵی سوور،
بڵند هەڵیکا،،
چارۆکەی ئەفسوناوی کەشتی هیوای دوور..
خۆر دابگرن،
بێلانەکان،،،
کۆیلەکانی ماشین و سکرین ،،
چەرخێکی نوێ،،
با کڵپەبگرێ ،
جارێکی تر…
جیهانێکی مۆمیاکراو،،
تروسکەی چاو ،،
بڵند سەیرکا، وەک..
هەڵکشانی ئەستێرەیەک،،
بازووی ئاڵتون،
خۆر دابگرن،
چەرخێکی نوێ،،
بینوسنەوە سرودی یاخیبونێکی مەزن..
لە ماشین وداتای ژەهر،،
لە بۆرسەی دڵ ،،
با کڵپەبگرێ ،
مەشخەڵێکی تر،،
با بدرەوشێتەوە،
چرای مەزنی زەردەپەڕ،،
هەزاران بازووی مەشخەڵی سوور.

شیعر/ کاوە عوسمان عومەر
………………………………………………………………..
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەر
(Mabel Amber )
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




چیای زەریا.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

لە نیوە شەوا،،
کوپێک قاوەیە،،
خوێنی ڕەشی شیعر،
سەرهەڵگرتنی من،
لە نیشتمانێ، ،،
دەرگاکانیم بیرچوەتەوە،
یان ئەو، سنورەکانی لێداخستووم،،
خەیاڵ ئەکەم، لە ئۆقیانوسی وشە، کاتێ..
سروەی گڕەی مەرگێکی قەشەنگ بردوومی!
کە جەستەم ئێستا هەورە،
سڵاوم لەو پۆلە ڕیشۆڵە بەدنەفرەتیانەی ئاسمانی خەمگینیە!
کێڵگەی زەمەن ڕێگاکانیم وونکردوە!
تارمایی ئەو ئافرەتەی، لە کتێبێ…
لە بارانی شەستە سەفەر!
هەزار مانگی بوهەیمی پێشکەش کردم!،
سەر لەبەیانی کۆچێکی پرتەقاڵی..
وەک باڵی تاوسی حەسرەت،،،
وەک ئاوازی..
نامۆیی بەم زیندەگی تەنیاییە،،
جێمان دێڵێ،،
هەرلەهەمان ڕێگە ی دووری کازیوەوە، ئازیز..
چاوەڕێم کە،
لە ژێر گلۆپە تەڕەکانا،
با بلەرزم، و تەزیوبم،،
لە ژێر پیانۆی نەرمی نمەکانی بیرەوەریت،،
کەسێ بە مەی جوانی کازیوە مەست بێ،،
کوا گوێ ئەداتە زوقم و تەمو مژی تەنیایی؟!
لێوم پڕە لە ژەهری غوربەت،،،
تازە دەبێ هەمووی نۆش کەم،،،
دادەچۆڕێتە دڵ..
ئەو ووردە لمە زبرانەی بیرەوەریت!
ئەسوتێ بەهارێ،،،
لە ڕوباری ئەندێشە ی کوژراوەکانی ڕۆژەکانی غوبار!
هەڵدوەشێتەوە، بیناسازی پەیکەرتاشی ..
کۆشکی بڕیار،
کاتێ هارمۆنیکای مەرگ لەبەردەم دەرگایە..
لەوێندەرێ،
خۆم بە نیگرۆ درەوشاوەکانی..
خۆرێکی نیوەشەوی پەمەیی ئەشۆم،،
لەوێ، کتێبی ئاو ئەخوێنمەوە، تاوەکو…
لە تاقیکردنەوەی کچی فلوتژەنی..
سەر کانی موحیبەت دەرچم!
بیرۆکەی خۆکوشتنی ساتە ئاڵتونیەکانی ئێستاش،
هەر بە هەڵواسراوی،،
بە زنجیری بنمیچی دۆزەخی ڕۆح خۆیەوە قەشەنگە!
ئەرێ دەشتایی سپێدە،،
لە کوێوە دەست پێدەکات…؟!
کام هەنگاو لە قیبلەنمای ڕوناکیەوە دەستپێکەین؟
من هەر خۆم،
پێش چونە دارستانی جێهێشتنەوە،
ناوی خۆم لەسەر بەردەکانی مێژووی شەوێکی زامدار..
ئەنوسم، بەردەوام لە نامیهرەبانیەکانی دنیا،
هەڵدێم و دێم و دەچم،،
لە نێو بێستانی چنارە بڕاوەکانی کتێبەوە،
وێڵ و سەرگەردان ئەبم،،
با بە شێوەیەکی ترا داڕشتنی ژیان بنوسینەوە!
بە شێوەیەکی تر،،
لە خۆڵەمێێشی بونا،،
شکۆفەی نیگامان گزنگکەن!
بەلەمێ، لە گوناحی مانەوە،
کە شەپۆلە زیویەکانی تەمەن ،
تا پەنجەرەی دورخەی شادومانیمان هاتوە!،،
زۆر جار پێویستە بەخشندە بین،،
لەگەڵ نەمانی ئەو ساتانەی،،
هیچ مانایەکی نیە!
تەماشای شانۆی ژیان دەکەم،
لە ڕوناکی درۆی لێو!،لە بزەی..
پێش فەنابوون، لە سۆراخی ..
مرواریە نەدۆزراوەکانی خۆشبەختی،،،
هەر هیچ مانایەکی نیە!..
بونمان ، هەر خۆی،،
هاتنی کاغەزی سوتاوی نامەیەکی بێ ناونیشان بوو،
لە دانایی چاوەڕوانیش..
سەر دەرناکەم،
هەر چۆلەکەیەکی ڕەشی گومڕایی..
لە پەنجەرە هەڵەکانی دوێنێوە بەدی کەم،،
وا خەیاڵ ئەکەم نەبوبم،،
لە خەوێکی قووڵی بێئاگایی ئەم دنیایەم،،
ناشتوانم، هەنجیرە مۆرەکانی منداڵی،،،
بچنمەوە جارێکی تر،
ناشتوانم ، بە دوای سیمرخی..
گڕگرتووی تەما نەچم،
پروشەکانی یادەوەریتم بۆ ناگیرێ!!،
ئەی ئەوەی توشی تەنگەژەی ..
چوون و نەچوونی کردم!
هەرگیز، ڕستە ئەرخەوانیەکانی..
جوانی تۆم بۆ نانوسرێتەوە،،،
لەسەر کەناری یەکانگیر بە تاڵایی جودایی..
ببینە، لە سیحری پایزێکی..
جەستە فرمێسک و سەراب،،
خۆم بەخشیوەتە،،
شەبەنگی شارێ..
بەرەو ئاسۆی شکستی مرۆڤەکان،
سەری خۆی هەڵگرت،
مردوەکانیشی سەری خۆیان هەڵگرت،
پیرەمێردە نیشتەجێکانی چیاو خۆڵیش،
بە شکۆوە ،
کەلە سەری خۆیان،،،
لە پشت داری ڕوناکیەوە شاردەوە،،
زێوانیش پێشبینی لەوە نەئەکرد،،
ژن و پیاوەکان…
لە قاپی لمینا،
هە نگوینی ڕۆژە تاڵەکانیان بەش کەن، ،،
لە پایتەختی تارماییشەوە،،
کوڕە بێ دڵەکان و کچە بێ ڕۆحەکان،،
بەسانایی، ڕەهێڵە مۆسیقای فەنا…
ئەوانیشی هێنا،
دەمێکە، چوەتە دەریاچەی خەفەتەوە،،،
گوڵە سپیە سیسەکانی تەمەن،
ئۆرکۆدیۆنی ناخ ئەشکەنجەگرتووی شوێنیش،،،
بەردەوامە لە ژەنینی حەسرەتی نامۆبوون ،،،
کاتێ هەموو سەرهەڵگرتوەکان،
لە فارگۆنی شەمەندەفەرەکانی بیرچونا،
دێن و دەچن،،،
لای من ئاماژەکانی زەردەپەڕی ئەڤین،،
هیچ مانایەکی تری نەماوە،،
چونکە بروسکەی ژیان خۆی،،
کورت خایەنە،،،
تۆ ئەی زەریاوان..
ببینە، رؤحم لە هەڵزنەی ..
چیای زەریایە،
سەرسەختە دڵ،
مەوداکانی نێوان ئاسمان و شەپۆلم،،
بەزاندوە،،،
ئەم نیوە شەوە..
لەسەر لوتکەی بەرزی چیای زەریا ،،
دوا مەشخەڵی عیشقێکی درەوشاوەم داگیرساندوە!
………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی نەرویجی
Peder Balke – Seascape.




پەیکەرێک لە سەراب.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

( ١ )
زیاتر لە دوری با،
زیاتر لەگەیشتنی باڵە ڕەشەکانی..
پەلەوەرەکانی مەرگ،،،
زیاتر لە نا ڕۆشنی..
تابلۆی پرسیارەکان،
زیاتر لە کوژانەوەی مۆمی فرمێسک..
زیاتر لە سەرەتای شەو،،
بیرت ئەکەم،

( ٢ )
ژیان پشویەکی پێشوەختە،
دوای ماندوبوونی ڕۆح..
بە عیشقی زڕ،،
نیشانەگرتنی…
تیرە قوڕقوشمیەکانی بارانە،
لە ئاوێنەی ڕەشی درزبووی زەمەن،،
( ٣ )
فرمێسکێکی درەختکی تینوو..
بۆ درەنگە وەرزی وشکەساڵی عیشق،،
بۆم بخەرە نامەبەری…
پایزێکی سەرابپۆش،،،،
دڵنیابە، لەگەڵ وەرینی..
پروشەکانی یادەوەریت،،
ئەگاتە نێو دەستی شەختەی..
پەیکەری غوربەت
( ٤ )
لە بۆشایی چوون و نەچوون،،
بوون و نەبوون،
ئەمێنمەوە، تا ئەبەد،،،
چی بەندەرێ ، جێم هێشتوە،،،
ئەگاتە تۆ؟
چی کێڵگە ڕەوشەنی..
بێستانی سپی شەوە ،،
بۆت نابێتە دارستانێ،،
لە شیعرە چرۆ؟
( ٥ )
نە زوو ، نە درەنگ،
کەسی تر ناگات،
بۆ دروێنەوەی..
گوڵە گەنمەکانی مانا ،
دەرگا داخە..
لە تارمایەکانی دوای شنەبای..
تەنیایی خۆت،،،
دڵنیابە ، نە سبەینێ،
نە سەدان سبەی..
کەس ناگاتە جێ..
گوڵدانێکە،
چاوەڕوانی،،
پڕ لە خونچەی ئەرخەوانی فرمێسک،،
دڵۆپە خوێنی شیعرە،،
لە دڵەوە بۆی ئەڕژێ

( ٦ )
پوشو پەڵاشی ئارامی دڵی هاتوەکانی سوتان
ئاگرستانی پرسیاری ئەزەل،،
لە ژێر مۆمی خۆرئاوابوونێک،،
وەک چاوی ڕەشی مەرگ،،
ڕەهایی ئەو شتانەی ،،
لە کەشتی خودی خۆمانا باریان ئەکەین،،
بۆ ئەودیو قەراخ ڕوباری ..
ئێسک و پروسکی ڕۆژە بابردوەکان.
( ٧ )
شاریش دەبرێ،
گوزەرکردوانی،،
نێو تەپ و تۆز… و…
بێ دەنگی دوای جەنگ،
هەژارەکان، خۆڵەمێشی …
خاکی هەزار شەوە خوێن،،
لێوان لێو بە بە بەردی کات،
خاچی ڕەشی جەستەی خۆیان،،
لە کوڵناوە،،
بەرەو دەروازە تەمتومانی ..
نیشتمان..و..
نانیشتمان،،،
( ٨ )
لە نەگەڕانەوەی زەریا،،
بۆ بیابانی جەستە..
لە بیرچوونی دیواری ڕابردوو،،
بۆ ترپەی دڵی کاتژمێر،،
وشەیەکیش ناڵێم، تەنها..
تابلۆی پەیکەرێک،،،
لە سەراب ئەبم بۆت.

………………………………………………………………..
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئێرلەندی
(Brands Amon )
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




نیشتمانێ لە ڕابردوو.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

نیشتمانێ،،
لە چنگە لمێ،
لە پەنجەکان وەری،،
کۆشکە کانی غوربەت، جێمانە،
تا کۆتا، دڵم…
لای شەپۆلی ئەو کەنارانەی..
لە چاوی تۆدان،،
وەک داری ئازار،
شکۆفەی خونچەکانی خۆرم چنیوەتەوە،
هەر نەهاتی، پرسیت..
چی ڕوی نەدا، لە ژێر
تەرزەی تەنیایی نیشتمانێ،،
فڕۆشرا، و ماڵێکیش..
بۆ کوکوختیە سپیەکانی شیعر نەمان،،
شەقامەکان پڕن ..
لە پیاوی تەنیا،،
سپێدە زەردە نەخۆشەکانیش..
پڕن لە کۆچی ژنە ڕەشپۆشەکانی..
جەنگە بێ پەرواکان،
گیتاری پڕغەمی..
شەوە سەربڕاوەکان،
لە خەوی تاڵی نەگەڕانەوە..
سەریان نایە سەر،،
بەردی جەستەی یەکتر،
خەمی بێنیشتمانی کۆچەرەکان،
بێدار بوون ، لە خاکی پڕ پرسیار..
عاشقبوون ،،،
لە ساتەوەختی ڕۆچوو،،
خەڵووزی گڕی گومان..
لە وڵاتێ ، بەسەر باڵی شکاوی ..
پەروانەی قەدەرەوە، شەکەتی..
ئەو تارماییانەی،
پەیامبەرێکیشیان نەبوو،،
ئەو بێ لانانەی..
لە ژێر پردە جێ ماوەکانی…
بەهەشتێکی وێرانەدا،
نە بیر لە مردن ئەکەنەوە ،،
زوڵفی تەڕی فریشتەکانی شیعریش،
لە ئامێزی شەختەیان ، نائاڵی،،
ماندوو شەکەت،
تارماییەکانی شەوی غوربەت،،
بێ بروسکەی دەربازبوون،
خۆڵبارینی بێمانایی،
ئابڵۆقەی دان،،
مەنجەنیقی بێ حەقیقەت ،
لە زەمینێک ،
هەنگاو بە هەنگاو،،
لە خاچدرا،،
خەیاڵ دەکەم،،،
لە شەپۆلێکی سرکی تر ،،
دروستبونەوەی تاڤگەیەکی تر،،
کێڵگەیەکی سەربەستی شاراوەی تر،
چرایەکی ڕەوشەنی تر.
سروودی ئەبەدیەتیەکی تر.

………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی فەرەنسی
Claude Oscar Monet / Evenining at Argenteuil




شەوە درەوشاوەکانی سەفەر.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

ئای لەو ڕۆژانەی ، لە دوورەوە،،
نیگامان ئەکرد،،
بە ئاستەم ، کەشتیەک..
لە نێو چنگی شەپۆل،
ڕزگاری ئەبوو!
لە دۆخی نێوان مەرگ و نامەرگ،،
عیشق و ناعیشق،،
چوون و نەچوون، پرسیت..
تا کەی ژیان ؟!،
گەر باڵەکانمان…
بە خاچی خواوەندە خەیاڵبردوەکان بەسترابێتەوە؟!
تۆ کتێبەکانی ئاو بخوێنەرەوە،،
من لە ژێر چیای خۆرێکی کۆچەرا،،
لە چنینەوەی پرچی ئالتونی پایزێکی ترام،،
ئای! ئەشکەنجەی ئەو شەوانەی…
لە کوپە زێڕی خۆرێکی سەرخۆش،،
بە مەی شیعری بوهەیمی سەرخۆش ئەبوم!،،،
گەشتی مەستبوون،،
بە لاوێتیەکی دڕندە،
واتە، دیدەنی پرچی ڕەشی سپێدەیەک ،
واتە، دڵنەوایی خاکێکی نەخۆش،،
وەک چرپایەکی ڕاخراو..
لە ژێر دنیایەکی تێکەڵ و ئاڵۆسکاو ..
لە تێپەڕینی پەنجەرەی شەمەندەفەرێ ،
لە سەرابی ڕۆژە گەنجەکانا !..
گەرچی لە یادی بینینەوەت،
هەرهەمویم لەدەستچوو!
ئێرە، ئەم هەموو نیگەرانیەی..
بێ شار و بێ زەریاو بێ کەشتی دڵێکی سرکە!،
ئەو دەروازە خەونیانەش ،
چەند نامۆن، بە هاتمان،،
ئازیزن، دوای تۆ،،
دارستانە بیرچوەکانی ڕۆژانی ڕۆشتن،
ئازیزن، هارمۆنیکای هاتنت و تێپەڕبونت ..
وونبوونیش، مانای هەیە ..
بە نێو بێستانی پەروانە ئاڵتونیەکانی نیگات!
کاتی گوزارشتە لە مەرگی خود ،ئازیز،
کاتێ جیهان بەرە هەڵدێری بۆ پێشەوە سەرەنێ!
توانەوەی ڕۆحە،،،
لە ژێر لێزمە بارانی سوور.. و..
سپی کارگەکانی دۆزەخ،
بەڵام، تازە فێری ڕۆحسوتان بووین..
بە کوشتنێ ، دوان،سیان، هەر نامرین!

ئیتر ماڵئاوا،،،
ئەی گوڵە سەوسەنە لێو قورمزیەکانی ..
سەر گۆڕی هاوڕێ کوژراوەکانی،
ئەو سەنگەرانەی…
ئاڵا شەکاوەکانیان ، تەنها ئاورینگ …و..
نیگای مانگێکی ئەرخەوانی بوو،،
پێم ئەڵێی ، بۆ جارێکی تر ،
کتێبەکانی ئاو ناخوێنیتەوە؟؟
بەڵام من هەرگیز پرسیار،.
لە سەرەتاو کۆتای..
نمایشی کۆمیدیاشانۆی ڕۆژەسەرابیەکان ناکەم،
کاتێ کوژەری ڕۆح و فریادڕەسی ڕۆح ،،،
هەر خۆم بم!
گومبوون ، واتە بێ تۆیی،
لە بیابانی کیشوەرێک لە تەنیایی!
گەر تەماشای خۆرئاوابونێکی زیویش نەبێ ،
لەم غوربەتە دا،،،
متمانە بە هیچ فرمێسکێکی گەرمی تری..
فریشتە دڵشکاوەکانی کازیوەیەکی پەمەیی ناکەم،
نە ڕوخساری تەمتومانی تۆ ،
ئەبینمەوە، نە هاواری تۆ، ،،
لەم کۆ ئەشکەوتە شوشەییە، ئەمگاتێ..
ئێرە پەرتەوازەبوونی هەستەکانە، دڕانی..
نەخشەی قەدەغەکراوی فیردەوسێکی سوتاوە،،
مامندووبوونی مەلە تەرەکراوەکانی وڵاتێکی سەربڕاوە..
لە دۆزینەوەی دوا بەندەری تیشکی ڕەها،،
چی جادووییەکی قەشەنگیشە ،
وونبوون لە تۆ،
کە شیعر ئەبێتە..
کەنار زەریا،
چی ئەفسوونێکیشە،،،
لە دڕندەیی شنەبایەکی تەنیایدا،،
نمە بارانێکی خەندەیەکت ئەبارێ،،
پەڕەی ڕێگا پەرش و بڵاوەکان،
با لە ئاسمانی مسینی چارۆکەی کەشتی وونا تێپەڕن،،
پردێکم لە ئازارە داگیرساوەکانی..
دڵی کچە تەنیاکانی شار دۆزیوەتەوە ،،،
بەختەوەریم، لە خەرابستانی باخچە سوتاوەکانی..
جەنگە ئەفسانەیەکان بینیوەتە وە،،
سەوزەڵانێک هێمن..و..خامۆش..و..سەرخۆش،،
بە زەردەپەڕی منداڵێم ،،
لەم بیابانە مرۆڤە پێویستە، سپێدەش..
بێ نیگات نەخۆشە،،،
خۆڵبارینی بێ تۆیی،،
چی نەفرەتێکی پۆڵاینی هەناو گڕکانە،
ئازیز، نابینی…
لە بنبەستی لێو..
لە قفڵدانی دڵ..
زنجیرکردنی جەستەی زەریا،
چوارمێخەکێشآنی کەنار..
کۆچ بوەتە تەرتیلە ی گوڵە زەنگلێدەرەکانی ..
شەوە درەوشآوەکانی دارستانی سەفەر




ئێوارەیەک لە خۆڵەمێش.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

با هاژە سیمفۆنیای شۆڕشێکی تر،
کەلاوەخاکی جیهان بهاژێنێ،،
پێدەشتی خۆر، سوور،،،
بە خوێنی کاتی لەدەستچوو،
نامرم، تا تۆ گەردوون،
لە چاوتا زیندانی بێ،،
پەرتبوونی جەستەی ئێوارەیەکیش، لە خۆڵەمێش،
هێندەی شەکەتبوونی مەلە تەرەکانی دووریتە،،
هێشتا گژو گیای مۆری….
ژێر نەشتەری بروسکە، ،،
مەستە، بە زرنگە بەندۆلی کاژێری نامۆیی ،،
پرسیت، بۆ ترپەی دڵی نمە،
هەڵاڵەکانی شەوێکی مۆر ناژاکێنێ؟!
شەتڵی نێرگزی قەترانی یاخیبوونم ڕواند ..
تا ئەو سنورەی،،
ڕۆحی چوارمێخە کێشراوی هەردوکمانی تیا تەلبەندە،،،
پێش هەورسوتان،،،
پەپولەو گوڵی بابردووی چوونتم سۆراخکرد ،،
تاوەکو شکۆفەی ووشە بیرچوەکان،،
لە بەردەم کانی بەخوڕی جوانیت زیندووکەمەوە،
ئای لە سوتماکی خاکێ…
چەتەکانی شەو جێیان هێشت،،
گەیشتنی سمکۆڵانی ئەسپی سوور،
هەروەک هەتاوی دەربازبوون،،،
تابلۆیەکە هێشتا ڵێڵ و تەواو نەبوو،،
جریوەیەک لە چۆلەکەی مسینی بێهودەیی،
لە تاوێرە بەردی مێژویەک سیخناخە،،
بە خوێنی نوسراو لەسەر تەوێڵی مێژونوسی دوێنێ ،
ئەو ڕوبارە سەرکێشەی ساڵە خؤلەمێشیەکانی بردین،
کاتێ هەموو پەریە باڵسوتاوەکان لە کۆڕەوی..
ژێر گابەردی خلۆربووی نیشتمانا بوون ،،
ئەستێرەوانی سەرکەلی بێهودەیی مرۆڤ ،
بە پەنجە وەریوەکانی سەر ڕۆژمێری خۆڵ ..
پەیامە نەگیشتوەکانی فیردەوسێکی لە سەراب خوێندەوە،
دارەکان ڕوبارەکان کۆئەکەنەوە،،
کۆتەرەری وشەکانیش ،
لە سۆراخی پایزێکی سەرو ڕوخسار سپی،
بڵێسەی گرت ، مەلێک…
لە نێوان زیندانی ..
خۆشبەختی..و…
بەدبەختی..
وەک هەورازێ لە حەسرەت،،
قەتیس ماوە، گەرچی مەنفا تەنها…
لە هەوارگەی ئێوارەیەکی خۆڵەمێشی،،
ڕۆخی ئاڵتونینی زەریای جێماوی نیگاتە،،،
دوای ڕەهێڵە ئێوارەیەک لەخۆڵەمێش،
بە نێوڕەزی ووشک و سوتاوی بێدەنگی،،
ساڵانی زڕی تێپەربوو، تێئەپەڕم،
شەبەنگی ڕەشی غوربەت،،،
پێش هاتنیشمان..
شنەبایەکی ئاوزەنگبووە ،،
بە چیرۆکی نەمانی ئەم هەوارە لەسوتماک،
پێش نەمانیشمان،،
بەفری ڕەشی تەنیایی دایپۆشی، ،،
بێستانی شەختەگرتووی دڵی ژنانی جەنگ،،
پێم ووت، ئاو لە ڕۆحی تۆیە، یان..
ڕەنگی بیابان،،
هەمان خاکی خؤڵەمێشبووی ڕوخسارتە؟،
بۆ گلێنەی هەورێ ووشکترە،،
لە کانیە کوژراوەکانی بەهەشت؟
بە دەوەنێک لە ڕابردوو، هەڵزەنی…
کەناریەک لە خۆڵەمێش..
کچە زەریاپۆشەکان،
یادەوەریە پەرشوبڵاوەکانی شاریان، لە سەفەرا..
بردەوە سندوقی ڕەشی ئۆقیانوسی بیرچوون،،
سەرگوزشتەی ئەندێشەنوسەکان،،
لە دوتوێی ئەفسانەی کەنارا هەڵگیرا،،
هەر وشەیەکی بای غوربەت،،
تەمەنێ ئەگوزەرێنێ،
تارمایی من و تۆ،
وەک دوو پەڕی ڕۆژنامەی..
بابردووی لێهات،
کڵاوی پیاوی بێهودەیی..
لە شەقامەکانی دوێنێدا،،
بای نیشتمانێکی دزراو بردی،،
زەریاش لەگەڵ شەو دەستی تێکەڵاو..
تا گلێنەی چاوی هەورەکان ،،
دڵۆپە تەنیایی تۆ ببارێ..
ژیان، تابلۆیەکی تەواونەکراوی مرۆڤ،
لەبەردەم پەنجەرەیەکی پۆڵاینی ژەنگنی واڵا
بەسەر شانۆی وێرانەجیهان،
پروشە لمی ساتەکان،،
مێژوی ڕۆشتویەکی…
بێ شوناس ئەنوسێتەوە،،،
وەرزی ..و…ە..ر..ی…ن..ی..
هەموانە،،..
لە ئاوێزانی تیشکێ،،
شەکەت و بێزار،
لە نەهاتنی بەهارێک،
پڕ لە تۆ.

………………..
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری پۆڵەندی /
Maria .Bochina
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




کاتژمێر بیست و پێنج.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

گەڵایەک،،
هێواش دەکەوێتە خوار ،
چاوی ئەو دوور ڕوانی،،
ئاخۆ، چەند ڕۆژی ووشک و سیس،،
لە داری ڕۆحی وەری بێ؟!
………………..
ئۆقیانوسە جەستە،،
شەپۆلەکانیش، ئەو ساڵانەن..
مرواری ووشە جێماوەکانی بیرەوەری،،
لەگەڵ خۆی برد.
………………..
تا کەی چاوەڕوانی ،؟
شنەبایەکی هەناسە سارد..
لە گوێچکە ماسی گەردوونی چۆڵدا،،،
دەنگی دایەوە..
………………..
هیچ ئارامیەک نیە،،
لە کۆچی بێ ئامانج،
کتێبێکی بێ سەرەتاو کۆتایە،،
ڕێگا، یادەوەریەکانیشت..
چاپتەرێ ،،،
لە وەرزێ لە ئەشکەنجە.
………………..
ڕۆشتنت، هەم وونبوون..
هەم دەربازبوون ،،،
بەرەو نەبوون!
………………..
شمشالژەنێکی نادیارە ،
ووشە نەوتراوەکانی تۆ،
لە شەوانێکی سپی،،
ژێر کڕێوە بەفری تەنیایی!
………………..
بە ڕۆحێکی تەزیوا،،
تێئەپەڕمە…
سەرکەنارێکی چۆڵ،
بەڵام پڕ، لە تارماییت.
………………..
خۆرئائوابوون،
چی شیعرێکە،،
چنگەکانی پڕ خوێنی جوانی..
ئەو خونچە ئەرخەوانیانەی،،
تۆ، بە شپۆلەکانی…
سەفەرت سپارد.
………………..
بێ تۆ، کاسێک لە…
شەرابی ڕەشی شەو،
جگەرەیەک ،،
لە تەمەن، شیعرێ…
لە ژەهری ڕۆشتنت
………………..
نێوان وێڵبوون ،،
لە نێو دارستانی تەمهەڵچنی..
نیگات، و ڕاکشانێ…
لە نێو گیای تەڕی…
ژێر بارانی سەفەرت، مەستم.
………………..

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئیسپانی /
Xavia Andrew
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە.




سۆناتای لەخاچدان.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

داهۆڵی جەستە خوێن لێتکاوەکان،
هێنرایەوە ژێر خۆرێکی قەترانی،،،
ئێمەین هەزاران جار لە خاچ ئەدرێین ونامرین ..
بە پروشەی مەرگەساتی نوێ ،،
زیندوو ئەبینەوە،،
فڕۆکەجەنگیە مۆدێرنەکان،،
وەک واشەی دەنووک بە لاشەی چڕاوی ژنی..
تابووت، منداڵی خەڵوز و پیاوی شکست،،
بەشەو دێن و..
وەک گورگی سپی هار،،
کەڵبەی نەشتەریانە..
لە جەستەی شەقار شەقاری خاکێکی سوتماک،،
شاریش هێشتا لە ژێر لولەی تفەنگی دۆڕاوی..
دزو جەردەی براکانە،
فڕۆکە نوێکانیش..
جارێکی تر بە بەرچاوی فریشتە باڵسوتاوەکان…
ڕاوی ئەستێرە و مانگ و گزنگە،،
دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێش،،
ڕۆحی دزراومانیان لە خاچداینەوە،،
هۆلاکۆیەک جارێکی تر لە بەرگی ئیبلیسدایە،،
دەڵی منم فریادڕەس ،،و،، دوامکەون،،
بۆ مەملەکەتی خۆرێکی درۆ،،
پەیامبەرێکی ساختەش ،،،
چرایەکی کزی هێناوە،،
هەزاران موریدی خەولێکەوتووی ..
ڕاکێشاوەتە تەمتومانی بێئاگایی مێژویەک،،
سوور بە گریانی هەوری ئاوس بە تێکشکان،،
پاڵەوانێکی بەزیویش سپێدە نیە،،
نەیەتە دەرگای نزرگە ئەرخەوانیەکەی کازیوەمان،،
باڵەخانەیەک لە خەیاڵ و ئەفسانە.. و..
دوکەڵمان بۆ هەڵئەچنێ،،
جەنگیزخانێکی نوێ ،،
هەموو ڕیشۆڵە سپیەکانی بەرائەتی..
لە قەتماخەی خوێنمانا گەوزاند،،
باکمان نیە چیتر ،،
وەک پەیکەرێک لە سۆناتای مەرگی ناوەختە،،
بە بارتەقای سوتماکی سووری ..
مێژووی داری زەڕی بوون،،
خۆڵی جەستەمان بکەنە زەریای چوارمێخەکراو،،
ئاهەنگی مەرگەساتی ئێمەیە،،
جیهانێک بێ زمان و چاو و هەست،،
لە سەرابا نامان بینێ،
پۆلە تارماییەکین،،،
دێین و ئەچین،،
سەرمان لەلاشەمان جیائەکەنەوە ،،
هەر بە تراژیدیای دۆڕانی خۆمان زەردەخەنەمانە،،
تیر لە ڕۆحمان ئەچەقێنن،
لە خاچمان ئەدەن،،
هەزار جار ئەمرین و..
هەزارجار زیندوو،،
جەلادەکانمان دێن و ئەڕۆن،
بە ماسکی جیاواز،،،
بە ئاڵای ڕەش و سپی و زەردو و مۆرو سەوزو پرتەقاڵی ،،
دێنە بەردەم نشینگەی فیردەوسی سوتاومان،،
ئێمە هەر شایی و لۆغانی..
سرووتی چوارمێخەکەی ڕۆحی خۆمانە،،
بمبینە ئەی فریشتەی باڵسوتاوی …
جەنگەکانی دوێنێ و ئەمڕۆو سبەینێ..
لە سۆناتای لە خاچدانمان..
من لەسەر خاچی خۆم،،
بە لێوی بەردبووی پڕ کلۆ خوێنمەوە،،
ڕوو ئەکەمە تۆ..
ئەی هاوڕۆحی لە خاچ دراو،،
ئای چەند تەنیاین،،،
لە ژێر باهۆزی لمی دەوار ڕەشەکان..
تۆش بە چرپەیەکی نیوە ڕۆحت ،،
پێت وتم، ئای چەند نامۆین،،
لە ژێر نەشتەری دەنووکی ..
واشە ی سوڵتان تەور بەدەستەکان،،
کوژێنەری تروسکەی چاوی کچانی برسی و..
فڕێنەری مەشخەڵی دەستی یاخیەکان، تۆبڵێێ…
بوونی پڕ ئەشکەنجەمان ،،
تەرزە مەرگی کتوپڕ هێنابی،،
یان زریانی ژەهر ،،؟!
ساڵە نەزۆکەکانی تەمەنیش ئەژمێرین ،،
تاوەکو تۆفانی ڕۆحکێشانی ئێمە تێپەڕکات….
وەک بڵیی بە تەنزەوە..
خواوەندی ئاسمانێکی زەردی ژەهرین ..
پێمان بڵێ، ئای چەند تەنیان….
بێ نشینگەکانی خاکێک زەڕ،،
هەی تانەلێدراوانی فیردەوسێکی سوتاو..
لە ژەهروتیر و ئازار.
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
Joe-jplenio
بەسوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




گێژەنەی ڕۆحپژانێ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

( )

ئەفسوون بە ئەسرینی ئەو ئەستێرانەی بونەتە کڵپەو،،
و دوای نەمانیشم ئەپریشکێنەوە،،
من خۆم سەرخۆشم بە مەرگی خۆم،،
چی بکەم گەر پوشو پەڵاشی زەردەیەک،
بە باڕەشی مۆری تەمەن هەڵپروسکا،
تازە دەروازەیەکی جەهەنەمی قەشەنگی ترنابینمەوە ،
دەبا ڕێی قامیشەڵانی وونبونێکی ترم نیشاندەی،،
ئەی پەریە خۆشبەختەکەی دۆزەخم،،
بۆ دورخەی سەرابی منداڵیەکی تر نادۆزمەوە؟!،،
کاتێ مرۆڤەکان پەرێشانی گەڕانی چۆڕاوگەی،
کانی لیخنی حەقیقەتن،،
لە کوێوە دەست پێبکەم،
شار ڕوخساری تۆیە،،،
لە کوێوە دەستپێکەم ،
شارێک لە نغرۆیی تۆیە،
هەر پرسیاری ئەزەلەو لە نشینگەکانی ئاوەوە هڵئەقوڵێ،
هەر پرسیارەو لە نشینگەکانی هەوری دڕندەوە ئەتەقێ،
هەر پرسیارەو……..،
لە ئاسودەیی عیشقی تۆوە!
ئەبێتە خونچەی ڕەشی برین!
چی کوشندەیەکە کاتژمێری هاتن و نەهاتنت،،
چی کوشندەیە سپێدەی تاریکی نەمانت..
چ مەلەوانێکی سەرخۆشم!
لە دارستانی ڵێڵی چاوانی فەلەکا،
لەووشە خۆکوژەکان ووردئەبمەوە..
تا گەیشتن بەو دەریاچە مۆرەی یاخیبوون،،
کە لە دڵی زەرنیخا هەڵتۆقێ،
ئەی شاعیری نێو گەردەلولی فەنا،،
لە م پەرەدایسی وێرانەدا،
تۆ جێت نابێتەوە،
گەرنوێژێک لە سەر گەڵا نەکەی،!
تۆفانی حەزەو بۆ لات هاتوە،،
چی سیمفۆنیایەکە شنەبات،
بەم ئێوارە ئەرخەوانیە،،
بۆگوڵاوی تۆی ڕشت..و..
چی ئۆقیانوسێکی بێ ئۆقرەیە چاوت،،
چی تاوانکاریەکە،
هاتنت بە بێ من!،
چی تاوانبارێکە،،
تەرزە ئەستیرەی ڕووت ،
کە دائەکا درەنگانی شەوێ لە بەهاری لم!
شار، ئەی ئەو برینەی لە نێو ئاسمانی وەنەوشەیی منداڵیا، ،
هەر ئە گە..شی..تەوە!
پژاوە ، ڕۆح تا ئەندازەی ڕۆحکێشانی…
گوڵە لەیلەکی دارستانێ لە تەمتومان،
چنگی ناسکی خانمێک کە چەپکە وەرزی ساردی غەریبی هێنا،
ئەی گیاکانی غوربەت، ،،
ئەم سەفەرە دوورەی دوزەخە،،
تاچەند شەوێکی تری ڕۆحپژان…
لە ژێر ئەم شەختە شیعرەدا دامئەپۆشن؟!
تازە مەرگ ڕەوایەتی نادات بە مانەوەم،،
لە ژێر چنگە دڕکینەکانی شیعرا،
هەرگیز دەربازبوون نیە، دەبا تۆش….
لەژێر هەورەگرمەی تەنیاییتا..
دوای نەمانم هەر بگەڕێی..
بە دوای وێنە سوتاوەکانا..!
تازە ڕابردوو گوریسی چڵکنی بەدنەفرەتیە ،،
لە ملی ئەسپە سەرکێشەکانی قەدەری شیعرا،
مەگەر لە سەحەری جەنگێکی پرتەقاڵی ترا..
ئاوێنەکانی گەڕان و وونبوون بدۆزینەوە،،
لە چۆڕاوگەی خوێنی مانگێکی سەربڕاوا،
ڕوخسارمان بکەینەوە بە نووری خودێکی یاخی،،،
بیرکردنی ئەو وەرزانەش..
لە دەرگای تەمەنا بونە سەراب،،
ئەو پەلکە ڕۆژانەش…
لە ئاگرەوە دروستبوون،،
لە هەتاوی نەورەسەکانا دەرکەوتن ..و..
بونە زوقمی کاتژمێرە خۆڵەکان،،
باران خوێنی ڕژاوە،
و گیاش وشەی لێوی بەردینی تۆ،،
نمەی زمان، گیتاری هەور، بای هەموو ئەو قسانەی…
لەسەر کەناری عیشقا بەیەکمان ووت..و..
گەڵای دارە زەردەکانی دارستانی پایزی ڕۆحی هەڵپروکان..
ئەتەوێ ئازیز،
خوێنی شەرابیی خۆمت بۆ بڕێژم؟
ئەتەوێ…
لەبەردەم کۆشکی بێهودەیی بوونا،،،
قاقام بە کۆشکی زومردی خواوەندە بەردەکان بێ!؟
ئەو هەتاوەی تا ئەژنۆی نێرگزی پەشیمانیە،،
بیری ئەکەم!
ئەو شارەی تا نیو قەدی خوێنی خۆشبەختیە،،
عاشقیم!
ئەی مرواریە بریسکاویەکانی ڕۆح…
لەکام ڕوباری کاتی بەسەرچوا بتدۆزمەوە؟!
ئەی ئەسپە قەترانیە نەفرەتیەکانی دڵ،
کە شار لە گێژەنەی ڕۆحپژانە،،
کێ دەربازی کات..
تاوسە پەمەییە زیندانیکراوەکانی ئازادی؟؟؟؟؟

……………………………………………………………………………………………………….
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی فەڕەنسی/
Claude Monet.”Hay in Vetoea”




گەشتێک بە ئەندێشەتا.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

تەنها تیشکێک لە تۆ،
بەسە تا تاریکی گەردوون…
بکاتە خۆرستان!
………….
ڕەنگاڵە هەور،
مزگێنی لە پڕی هاتنێکە،،
پردێک، لە شەونمی مەست،
ڕێی ئەفسوونمە ..
بەرەو ئەو شارانەی..
نێوان خەونێک .. و..
ئەستێرەیەک لێت دوورن!..
………….
مەیخانەیەکئی بڵندی عاشقتە!
دارستانە مەستەکان..
بە خەیاڵی سیمایەکی تێپەڕبووت~!
چی کەنارێک ، ئەمشەو …
دڵ ئەگرێتە خۆی،،!؟
چی ڕێگەیەک لە تەم،،
ڕوخساری وونت بکاتە نوور!؟
………….
باخێک جگە لە مەلێک،
هییچی تر شک نابا…
پەیامە کانی جوانی ساتە وەختێکی..
لەدەستچووی پێبنێرێ،،
داستانی خەیاڵی شوێنێک،،،
جگە لە ڕێبوارێکیش، لە لم ،،
ناینوسێتەوە، فەرهەنگێ،،،
لەشیعری نمە!
………….
لە شوێنێکا،،،
بەردێک وەک نیازەکان،،
زۆردەمێکە، ناگاتە جێ!
کورسیەک لە نێوان هاتن…و..
و نەهاتنی ئە وا،،
تا نەمری..
لە بێدەنگیدا، جێ ماوە!
………….
چاوەڕێتم!
هەر وەک پرسیارێک،
لە پەرداخێک وەڵاما،
قەتیسمابێ،،،!
………….
هەموو بڕیارەکان ..
لە نێوان چوون و نەچوونا،
خۆشبەختیەکی ڕەها…
نێوان مەرگێکی وویستراو..
..و..
مەستبوون بە عیشقێکی تر! ،،
…………
لە باخچەیەک لە سەرابا،،
وەک برینەکانی جەستەی با،
بەزامن ، دەنگی زەنگی ..
گوڵە هەڵاڵە خوێناویەکانی لێوت!
………….
هەموو ئەو هیوایانەش،،
لەسەر هاتنی بەلەمێک،،
بە گوڵ و کازیوە و گێلاسی پەمەیی ئەڤینێکی کەمتەمەن،،،
هەڵمان چنی ، هەر نەگەیشتەجێ..
بەڵام ، با پێکێ شەرابی ..
نەمریەکی تر، لە سەمایەکا، ،،
لە ژێر پروشە ئەڤینی پایزێکی درەنگ!
یان ڕۆحسوتانێکی خۆشبەخت،،
وەک سەمای کچی ئاگر،،
لەسەر کەناری ئەرخەوانی ئەندێشەیەکی تر!
………….

………………………………………………………………..
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەر
( Jilan. K.O. )
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




یاداشتەکانی تەمەوانێ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

( 1)
مرۆڤەکان، ،
ڕۆژمێری دڕاوی ساڵ..
پەڕەکانی ڕۆژی لەدەستچوو،،
چیرۆکەکانی..
گەڕیدەیی ژنێ لە خەم،،
گەڕانەوەی پیاوێ ، لە تەم!

( ٢)
چرکەکان، لە زیوە بارانی..
مانگەوە ،ئەژمێرم،
هەناسەی گوڵێ..
بە چرپەی شنەبایەک،،
ئەنوسمەوە،
گەر تۆ لە نیگای ئێوارەیەک..
وونبی.!

( ٣)
زۆر جار، ووتنی شتەکان..
بۆ چرپەی با جێبهێڵین..
بۆ سەمای وەرینی گەڵایەکی ..
پرتەقاڵی کۆتا ئێوارە،
بۆ شەپۆلی ڕوبارێ ،
لە بیرەوەریە لە دەستچوەکان

( ٤)
چیای چاوەڕوانی ،
سەر سپی، بە بەفری بێزاری،،
تا پێڵووی ڕەشی شەو،
دایئەپۆشێ،،
شیعری نەوتراو،
سیمفۆنیام بە،بە جازی..
ئەم ئێوارە شەرابیە..
تا دەرکات، لەسەر پەنجە زومردیەکانت،
شکۆفەی گوڵە مەرگێکی قەشەنگ!

( ٥)
بیرەوەری ، تەمە،،
گەر تەمەوانێکی باش نەبی،
دوور، زۆر دوور، ئەتبا!

( ٦)
پێوانەی ماوەی نێوان شوێنەکان،،
نەک بە چاو،
بەڵکو بە ماوەی نێوان بەلەمی..
باهۆزهەڵگرتووی..
دڵە تەنیاکان

( ٧)
گەیشتن، بە هەر شوێنێ،
گرنگ نیە، گەر بوونت ..
لە هیچ کوێ نەبێ،
ڕۆحیش لە هیچ شوێنێ!
( ٨)
هەورەکان، بە باڵی..
کۆترەکانەوە، ماڵەکان هەڵگیراونەتە..
بەلەمی شینی نێو چاو،،،
ڕێگایەک، تا وەکو..
کێڵگە ئاڵتونیە نەدۆزراوەکانی دڵ!

………………………………………………………………..
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
(Felix-Mittermeier.de )
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




ژەهری بیرچوون.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

زۆر جار، بیرچوونت…..
خواردنەوەی شیرینترین ژەهرە،،
لە نێو سەدان پەرداخە ژەهری..
کوژەری تر،،،
زۆر جار، دابڕان لێت،،،
غەمگینترین نۆتایە،،،
لە نێو سەدان سیمفۆنیای…
عەشقی بێئاکامی تر…
با هەنگاوە وێڵەکانت ، چیتر ئازیز..
لە سۆراخی گەڕانەوەی…
تارماییەکی کۆچەر نەبێ،،،
نیگای چاوە گەشەکانت،،
لەسەر دەرگای…
نیوە کراوەی ژوری چؤڵ نەبێ،،
چرای ژوانت، با چیتر،،،
لەسەر کەناری تەمهەڵچنی پایزێ..
بڵێسەی نەبێ،،
شاعیرێ گەر بڕیاری دا،،،
بە نێو بیابانی سەختی…
شیعرەکانی خۆیدا ،،
سەرهەڵگرێ،،،
چیتر مەشخەڵی عیشق،،،
لەسەر لوتکەی چیای..
ئەڤینێکی دوور..
هەستی شەکەت و ماندووی نابزوێنێ،،
هەروەک مەرگی دوا کڵپەی خۆر ،،
ڕۆژانێ دێ،
بڵێسەی چاوی عیشقیش..
کز بێ و خامۆش ئەبێ،،
بێتە سوتماک،،،
ساردو تەزیو،،
وەک شەختە بێ

………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی ڕوسی
Mikhail Germashev -Winter Twilight




با شەپۆلێ تۆ بێنێ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

ڕێژنە زیخەبای بێهودەیە،
بێدەنگیت ، تۆفانە..
مۆسیقای بەڵای ئێستایە، نەهاتنت،،
ڕێژنە مەرگی دابڕانێ بوو،
گوڵدانی سوتماکی دڵی پڕ کرد،
قوڵپی خوێنی سەفەرە،
چی بکەم، ئەی دڵ،
مانگ لەسەر شانم گریا،
بانگەوازی گیا..
بۆ سپێدەیەک لە چراڕژان!،
لەم گەشتنامەی ناچاریە،
لەم بەردەڵانی وڵاتی سەرابستانە،
تا ئێستاش، نەغمەی..
فلووتی خۆکوشتنی هاوڕێ شاعیرەکان،
لە گوێما ئەزرنگێ، گەرچی..
دوای کۆڕەوی پەپولەکانی نەسیم ،
لە کاروانی لە ئامێزگرتنت، دواکەوتم..
هێشتا لە نوسینەوەی پڕ بەئەشکەنجەی ..
گۆرانی غوربەتی بەکۆمەڵی..
مەلە مرۆڤەکان بەردەوامم،
ئەم لێشاوی مرۆڤە تەمە،
سیمفۆنیای داشکان و دابڕان و پەرتبوونە،
لەم کەناری مێژوە ،حۆریەکانیان،
بە پرچی خۆیان لە خاچدا،،
پیاوەکانی ڕەگەزی خۆریشیان،،
لەبەردەم ئەشکەوتی پیرۆزی ئاڤێستادا،،
چوارمێخە کێشا،،،
ئەم کۆڕەوە شیعری پرچ درێژە،،،
هاواری ئاوی سوتاوە،،
قرچانی کچانی مانگە،،،
سوتماکبوونی دێڕە شیعرەکانی..
سەفەری هاوڕیکانی شەوە،
با ئیتر دروستبینەوە،
لە دڵۆپە کازیوەی نوێ،
بەرزەخێکمان لە گڕی پیرۆز پێویستە،
نیشانێکم پیشاندە ،،،
ئەی کازیوەی سەحەری ..
نێشتمانێکی سەرتاپا ،،
دوکەڵ و خوێن و گازو ژەهر،،
نیشانێکم پیشاندە،،،
ئەی گوڵە لاولاوی..
دەستی قەرەجە خۆشبەختەکانی..
سەفەرێکی پڕ ئەشکەنجەی خۆش!!!
گەر لەم ڕەشکوژیەی..
شیعری سرک.. و ..
نیگای سزادراو.. و ..
پەرستنی مەشخەڵی پیرۆزیش..
ڕزگارمان بێ،
با شەپۆلێ..
تۆم بۆ بێنێ

………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی سویدی
Olof Krumlinde – Troubled Sea




تۆی ئەفسوونپۆش.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

دائەبڕێم لە شاخی زەمەنی تۆ، لە هاواری..
بەردی بێدەنگی تۆ،
پیانۆی ئاو، گیای خوێن، فریشتەی..
گریانی قەشەنگ، سەمای گوڵبەخشینی سۆمای ئەستێرە!!،
تروسکەی چاوە داگیرساوەکانی شەوی شار، عەداڵ..
لە کاتێکا ڕێبوارێ
پڕ بە باوەش ،،
لاسکە گیای شادومانی هێنا،
شماشالی تریفەی زەریا،
کەوانی مانگ،
حەزی خۆکوشتنێکی خۆش..
لە لایەن دەریاوانێ،
کاتێ گوێی لە فیکەی سوێسکەی سەحەرە!
گەڕانەوە بۆ زومردە ڕژاوەکانی..
بەردەم میحرابی مانگ،،،
نزرگەیەکم بەرێ، ئازیز…
خاوەنەکەی هیچ خواوەندێ نەبێ، !
تەنها خۆت نەبێ..
تۆ لە کۆشکی بارانی خۆتا، مەست بە،،،
من بە باڵە گڕینە بەدنەفرەتەکانمەوە،
تەماشای مەملەکەتە گومڕاکانی مێژوو ئەکەم،
پەنجەرەی ڕەنگاوڕەنگی ئیبلیسەکان ،
چەند زۆرن، چەند قەشەنگیشن!، دڵ نیە..
لە خشتەی نەبەن،،،
لەم ساماڵی مۆری بێهودەییدا!!
چێژ لە گوناح و سزا، چێژ..
لە سێدارەدانی دڵ،،،
لە ژوانی دوور، دابڕان..
لە تەمتومانی ڕوخساری تۆ،
هەوڵەکانم ، لەم مەرگنشینە دوورترە..
لەم هەسارەی دەرچوو لە پنتی ڕۆحە..
بۆ گەیشتنە بە هەورە ئەرخەوانیەکانی دەنگی سازت!
هەرەوەزی نمەیە،،
ئەمڕۆی زومردیمان، ئازیز..
هەرەوەزی وشەی پیرۆزی خۆسوتانە،..
لە تەرزەی فەنا!
چی هاوینێکی بەستەڵەکە،
کە تۆ لەکەنارێکی تری..
چی باهۆزێکی ئەستێراوی توڕەیە..
کە منیش لە دورخەیەکی تری ئەسرینم!
لە تەنیایی دڵا،
چی سەمفۆنیایەکی گڕگرتوە،
ووشە خەونیە ئەرخەوانیەکان،و،،
وو شە گەردونیەکان،،،
ئاهە و ناڵەی ئە و فریشتەباڵسوتاوانەش،
حەسرەتیان بۆ داخستنی دەرگای پۆڵاینی تەمەنە!
پلیکانەیەک ، ئەی دەرگاوانە خۆرپۆشەکەی..
ڕۆژانی ئاڵتوونی سەفەر،
پلیکانەیەک، ئەی سۆفی سەر بەردی حەقیقەت،،،
چەند ناوازەیە زوقمی وەنەوشەیی سەر پەنجەرەی بیرەوەریت،،
چەند عەوداڵە ،،،
نیگایەکی نامۆی دوورە ووڵات،،
وونبێ لە نێو گۆمی جاوت، !
لە نا میهرەبانی کانی بوون،
سەرکەوتن بەسەر چیای…
گەردەلولی خەمی ئەزەل،
گەیشتن بە ترۆپکی قەڵای ..
گەڵا مۆرەکانی بێهودەیی، دڕانی..
بەیداخی ترس،
لە ئاوازێکی نەبیستراوی ..
ئەهریمەنی سەفەرا،،
لە پیتە قەدەغەکراوەکانی ..
نیوە شەوی شیعرێکی چنگ بەخوێنی ڕەشا!
باخەوانی گزنگ،
لەبەردەم هێرشی سوپای ئەستێرە، و..
ڕەوە ئاسکی میحبەت بێتەوە!
مەستبە ، ئازیز، مەستبە شاعیر،
مەست بە هاوڕیی وەریوم،،،
وەک پەلو پۆی ئەو دارسنەوبەرەی..
هاوڕێ شۆڕشگێرەکانی تیا تیرباران کران،،،
بە سەر پێی پیانۆی نمەدا ،،،
سەرئەکەومە باڵەخانەی تۆ لە فرمێسک،
ئەی ئەفسوونپۆش…
کەلەبچەکانی تیشک،
لە چاوانتان،،،
. لەکەلەپچەکا نی سۆزی تۆ ،
ڕزگاری نابێ دڵ..
لە زەریای لێوتا، نەبێ ،نامبینی،،
کۆچێکی تر..
تەنها بۆ بەندەری تەمتومانی ئەڤینت ،،،
شەونخوونی شمشالی ژوانی دوورم..
تەواو نغرۆی کردوە،،،
مەملەکەتی شیعر، زوڵفی تۆ،
لە بازووی غوربەت ئاڵاوە!
گوڵە هەڵاڵەی نەسیمی تۆ!
شیعڕێکی چنگ بە ئازاری میهرەبانە،،
شەن و کەوکردنی گوڵەکانی ڕوناکی،
کاتێ باخەوانی غەزەل ،،
خونچەیەکت لە پروشە نیگا بۆ دێنێ!
سەبەتەیەک لە مۆسیقای نەمری!
ڕژاوەتە زەردەی کەنار،
لە زەردەپەڕی غوربەتا..
وەک هەور، پاکژ بومەتەوە!
زەردەی ڕۆژگارێک،
کەکۆچی دووزەریا بوو..
دوو جەستەی ئاوێزان بە تەم ،
ئەی زەریاوان..
تۆبڵێ فرمێسکی دایکە ڕۆح سوتماکەکان ..
بڕەوێنێتەوە ،،
تێپەڕینی نێو گزنگی پرتەقاڵی ..
ڕەوە سوێسکەکانی بیرەوەری؟ ..
لە چەرخانی فەلەکی ئێستا دەرئەچم
و لە نەیزەکی چاوتا،،،
شەونمەخۆر ئەڕوێنم،،،
ئیتر هەردەم عاشق بە..
تۆ ، ئەی ئەفسوونپۆش..
تا ڕادەی ڕۆحپژان..

………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی بەریتانی
John Moore of Ipswich – Moonlit Landscape




جەستەی پەرتبووی ڕۆژەکان.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

بە شەرمەوە خۆر،،
پەردەی ڕەشی پەنجەرەی شەوی لابرد،
زیندوەکان پێش مردوەکان،
چارەنوسی خۆیان،،
بە لێواری شوشەی شکاوی مرۆڤبوونەوە تکا،
کام لمە زەمەنە ،،،
کە نانوسێ وشەی عیشق ؟ ،
کام ئافرەتی ڕەنگ هەڵبزرکاوی…
جەستە وەریوە ..و.. ،
لەسەر ڕۆخی فشەڵی ڕۆح،،
ئەو وشە لمانە کۆناکاتەوە؟

سوتماکی ڕژاوی ڕۆژەکان…
ئەکەمە گۆزەی بەردینی بیرەوەری تۆ،
پەڕەسێلکە خۆڵەمێشیەکانی سەر کەلاکی نیوەڕۆ،،
بەرەو تونێلە تاریکەکانی هەتاو ڕێکەوتن،
پەروانە دڵ،،،
لە مێرگی تەنیاییدا خنکا،
سەربەست نین فریشتەکنی ئەندێشە، لە کاتێکا..
گڕکانی حەز بۆ نەمری ،
خا..م…ۆ….ش ،

شار ژێراوژێری زریانی …
جەستەی پەرتبووی ڕۆژەکانە ،
بای بێهودەیی،
گەڕیدە بێ ڕوخسارەکانی…
نێو تەمتومان دێنێ..
خانوە بیرچوەکانی سەر هەورازی…
گۆڕستانی مرۆڤ، هەڵئەچنێتە..
دارستانی نیوە ڕەش… و..
نیوە ژەهری ئاسمان

جەستەی ڕۆژەکان، کەڵە کەبوو…
لە ئەشکەوتی مێشکی خەوتوەکان،
کەلاوەیە ئەڤیننشینێک …
بۆ ئەو سەربازانەی…
ڕۆحیان لە خاچی درۆ درا !

جادووی بوون، تەونی جاڵجاڵۆکەی..
لە ملی خەوتوەکانی دوێنێدایە ،،،
سۆمای ئەو تەنیایانەش …
لە بریسکەی مەشخەڵی درۆی..
نزرگە خەیاڵیەکان، ڕاماون..
تا بڵێسە بەهارێ،
نێرگزە پەیماندراوەکانی…
خۆشبەختی ڕەها ،
شەختەی سەر دڵیان،،
بتوێنێتەوە،،،
بەڵام هەردی چۆڵی کاکی بە کاکیە،
بیابانی سوتاوە،، ،
ئەودیو دارستانی سپی خەیاڵ،
نە بەهەشتە ئەودیو خەون،….
جگە لە شەپۆڵی پیربووی…
جەستەی ڕۆژەکان،
فیردەوس کوانێ؟!
………………………………………………………………..
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
( Sussan Mielke )
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




دوا باران.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

سەرەتا ، هەموو شتێک..
لە دڵۆپە باران ،،
لە خەم،،
دەستی پێکرد،،
داسی تروسکە،
لەسەر ملی دارستان،
ماڵئاوایی گیای سەوز،
لە شنەبا، دوا دڵۆپە فرمێسک..
لەگەڵ خۆڵا،،
دوا دەستلەملانی کرد،
ڕەگی دارەکان، تینوو..
بە دوا فرمێسک،
ئاسمان گێژەنە لمە، تووڕی دا،،،
چارۆکەی ڕەش و…
دڕاوی کەشتی هەور،،
دڵیان مەلی بێلانە،
پیاوە بێ ماڵەکان،،
ژنە بێ شوناسەکان،،،
لە ژیر دوا لێزمە ی بێهودەیی…
شەقامەکانیان چۆڵ کرد،،
دواهەمین بارانی..
ڵێل و لیخنی تینوە،
وەک فرمێسکی سوێرو تاڵ،،
بەسەر پەیکەری ساڵی عیشقی قاتو قڕ،،
منداڵێکی برسی، بێ ئاگا،،
لە وەرزە تەمەنێکی تفتی بێباران،،
جانتاکەی، پڕ لە فرمێسکی هەور،،
تەنیاکان، هەژارەکان..
نیە دەرچوون، لە ئەندێشەی..
پڕ ئەشکەنجەی شار،،
لە چاوەڕوانی ، بە دوای بەلەم ،
لە ئەفسانە ی درۆی خۆشبەختی،
چوونە ژێر گریانی ووشکی هەور،،
دوا فرمێسکی گەرمی..
بەهارێکی ووشک ،،،
وەک وێرانە بیابان، داچۆڕا،،،
بە قووڵایی کانی ڕۆحیان،،
وەک مەلی تەڕ ،،
لەو سەری کۆڵان،،
تارماییەک پێ هەڵئەگرێ،،
دوا چرپەیەک، لە ووشکە با،
دوا هەنگاوێ،،،
بەلای پەنجەرەیەک،،
لە تەم و مژ،،
نیگایەکی خێرا..
لە ڕوخساری تەڕی ئەو،،
بە دوا فرمێسکی گەرمی بەهار

………………………………………………………………..
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری برازیلی
(Guilherme Gomes)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




زەنگی چاوەڕوانیت.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

با دوای نەمانیشم،
زەنگی چاوەڕوانیت،..
لە نزرگە سپیەکانی تەنیایی،
با هەر بزرنگێتەوە،
پێدەشتی وتەیەک ، کە نەوترا..
سووربە خوێنی چرپەیەک،،
لەگەڵ خۆتا بردت،،
هەموو مانگێک…
بە ئاوێنە سەماکەرەکانی،،
خۆیەوە قەشەنگە،،،
گەرچی وێنەکانی تۆ،،
تیایانا، هەڵخەڵەتێنەرە،،
تازە باکم بەو پەنجەرەی..
عیشقەش نیە،،
لە کۆشکی پەمەیی گزنگا،،
نیوەی بۆ سەرابی،،،
ڕوخسار تەمنشینت گرتوەتەوە،،
بۆگوڵاوی ماچی بارانیش،،،
جارێکی تر،،
بە لێوی گەڵا مۆرەکانی..
شیعری ژوانێکی،،،
سەر زەریاتا نایەت،،
نیگای شەرمنی ئەوخۆرە ڕەشەش،،،
لە ترسی نەهاتنت،
لە پشت پرچی ئاڵو واڵای…
دار چنارە سەرهەڵگرتوەکان،
خۆی حەشاردا،،،
قۆخی ژەهرینی کۆچ..
جارێکی تر،،بە ناچاری ،،
لەسەر زارم تام ئەکەم،،،
دەبینم لەسەر تەوێڵی …
هەر سۆفیگەرێکی..
ڕێی حەجی حەقیقەت،،
خاڵێکی قەترانی هەیە،،،
ئەوە پنتی بێهودەییە،،،
ئەی کۆچەری هاورێ..
هیچ شوێنێ کانی ئەبەدی..
لێنیە، هاوڕێ!،،
چی سمفۆنیایەکی خەمگینە،،،
لەم دەشتی چۆڵی کاتژمێرە پۆڵاییانە،،
بە دیار گیانەڵەی فریشتە ..
ئیبلیسیە قەشەنگەکانی جوانی،،
لمی تەمەنی وەریومان ،،
بە بێژەنگی جەنگە..
ڕەنگ خۆڵەمێشیەکانا،،
ببێژینەوە!
لە بیابانستانی مرۆڤ،،،
خۆم و کتێبێک،،
لە شیعری ئاو،
ئەچمەوە خەڵوەتی سەرەتاکانی بوون،،
ڕۆژژمێری ڕابردوو ..
داهاتوو ، پەرشو بڵاوی …
تێپەڕبوونی پەپولە شینە تێپەڕبوەکانی..
شارێ لە تەمتومان ئەکەم،،
ئەبێ چەند پەپولەی شینی باڵقرتێنراو..
بە پرچی ئاوریشمی خۆی..
ڕۆحی خۆی سپاردبێتە..
زەریای ژینێکی هیچ؟!
پریاسکەی وشە سەرهەڵگرتوەکان،
هەڵئەگرم و..
لە خاڵێکی تری کۆچەوە دەگەڕێمەوە،،
بەندەرە دڕندەکانی منداڵی،،،
ئای چەند خوێنی قەترانیمان،،
لە شەوە ئەفسونیە یاخیەکانا …
ڕژان، هاوڕێ!،،
بەڵام ئێستاش داڵەشەکان..
لە سەر جەستی پاکیزەی شارا،،
دەنوکیان لە دەمارەکانی…
کانی ئەندێشە گیرکردوە،،
تێزابی کوژەری چاو،
کاتێ تۆ پێکانت، بەرەو،،،
ویستگە دوورەکانی گومان هەڵگرتوە،
بەڵام شوێنەکان…
لەم جەستە بەزیوەی بەردەم،،
باهۆزی مەرگەوە،
سنووری وڵاتێ،،
لە گزنگی پرتەقاڵی،،
ئەبڕن و…
هەر جەستەی درزبردوە،،
بە لافاوی خەفەت..
جەستەی هاوتەریبی..
وەک خۆی نامۆ ئەکا،،
مادام هەر ئەمرین،،،
ئیتر چی کارمان،
بە گابەردی مێژوە!؟
مادام چاو لەسەر چۆلەکە..
ئاڵتونیەکانی منداڵی دائەخەین،
چی باکمان بە بارانی..
لێخن و قوڕاویەکەی تەمەنە؟!
ئیترتۆش ئەی ئەو تەمەی ..
کە هەم هەیت..و…
و هەم نیشیت،،
لەپیاسەی سەرابی خۆتابە، منیش..
بە دیار تەرمی بێدەنگیەوە،
چاو بڕوانمە،،،
سۆفی مانگی ماتەمگێڕ،،
زەریاش لەگەڵ شەو،،
دەستی تێکەڵاوە،،
لە پلانڕێژی هەپروونبوونی ..
پەپولە شینەکانی ئەڤین،،
ڕەنگی سوتماکی چاوەڕوانی،
برینی دیواری نشینگەی دڵ،،
ئەتەنێتەوە،،
هانای پەنجەرەیەک،،،
بۆ ئاوێزانی تیشکێ..
لە نیگای دیدەنیت،،
گەرچی شەپۆلەکانی دەرچوون،
لە ئافاتی بوون ،
شەکەت و بێزار

………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی فەڕەنسی
Paul Cézanne – Clearing




زەردەپەڕت پیرۆز!.. شیعر/کاوە عوسمان عومەر

وشەی منە، ئاسمانی..
بۆت کردوەتە ڕەنگاڵە ئێوارە،،
چی خەیاڵێکی قەشەنگە،
ڕوخساری ئاوییت،
لە ژێر نمە ئاورینگێ،
شەپۆلەکانی کەناربهێنێ و بیبا..،
لە نەگەیشتنت،،
بۆ سەفەری تا هەتاهەتام،،
نۆتای پەنجەی فریشتە نەبیراوەکان،
لەسەر لێوی تەڕی گیای خەوتووی..
ژێر پرچی پرتەقاڵی ئێوارەیەک،،
بانگت ئەکات،
بۆ ژێر سەمای گەردەلولێ..
لە گەڵای پایزانە،
هەناسەی شیعر بوو،،
تۆی نوسیەوە،
لە پەرتوکێ،،
لە ئاوازی غوربەت،،
کەناردەریا، ئێستا پۆشاکی..
لە ڕەنگی لێوت پۆشیوە،
ئای! سەرگەردانیی بەم ئێوارانی..
ئەفسوناوی سەرکەنارە،،
چی سەمەرەیەکی بەچێژە!،،
با باران ڕۆح بشوات،،
لە ئەشکەنجە و ئازاری مرۆڤە گومڕاکان،،،
من لە ژێر پێڵوی هەورە بوهەیمیەکان،،
جەستەم پڕ نمەی پیرۆزی یاخیبوونە!
هەر تنۆکە ئاورینگێ ،
چرایەکە ،،،
لەسەر ڕێگام بەرەو زەرپەڕ.
هەر نیگایەکت،
ئاسمانێکی ئەفسوونیە،
بۆ هەزاران خۆری داگیرساو ،
زەردەپەڕت پیرۆز !، ئازیز…
گەڵا پەمەیەکانی پایز ،
لە نەبونیشتا ، چرپاندیان،،
زەردەپەڕت پیرۆز،
هاتنت،
خەیاڵە،
بوونی هەردوکمان،
ژێر ئەم زەردەپەڕە، خەیاڵە..
چارەنوس، با وازلێبێنین،،
ساتە وەختێکی سیحرە، ئێستا،
دوو پەروانەی خەیاڵ بین، ئێستا..
شنەبایەک،
بە جوانیەکی شەرابی هەورەکانا….
بمانهێنێ و بمانبا…
با خەیاڵم بیت، با خەیاڵت بم..
لە ژێر ئەم ساتەوەختی زەردەپەڕە ،،
زەردەپەڕت پیرۆز، ئازیز..
پیرۆزت بێ، زەردەپەڕ !..

………………………………………………………………….
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئیسپانی
(Latya Prunkova)
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە