نه‌ريتسالارى … کوردستان عومەر

نه‌ريتسالارى کۆمەڵێ یاسا و ڕێسا و دابونەریتە مرۆڤەکان بە درێژایی کات لە کۆمەڵگە بۆ ڕەواییدان بە دیاردەیەك پێڕەوی لێدەکەن. لەکۆمەڵگە دواکەوتووەکان بەتایبەتی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی دەیان دیاردەمان هەیە، وەکو نەریتێك بەسەر خەڵکی کۆمەڵگەدا سەپێندراوە، بەتایبەتی ژن. ژن ناچار دەکرێت بۆ چوونه‌ ژێر بارى كۆمه‌ڵێك دابوونه‌ريت و ياسا و ڕێساى كۆن و باو بۆ جێبه‌جێ كردن و ئه‌نجامدانى كۆمه‌ڵێك ئه‌رك و هه‌ڵسوكه‌وت و عاده‌ت و لاسايیکردنه‌وه‌ كه‌ له‌ پڕۆسه‌يه‌كى دورودرێژى ڕابردوودا ماونه‌ته‌وه‌. چەندفاکتەرێکی وەکو ئایین، بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتی، ئابووریی و ناهووشیاریی تاکەکانی کۆمەڵگە ڕۆڵیان لە چەسپاندن و بەرهەمهێنانی ئەو نەریتانەدا هەیە. زۆربەی ئەو نەریتانەی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا هەن، لە بەرژوەندی پیاودایە و دژ بە ژنە. هەر ئەو نەریت و یاسایانەی کۆمەڵگەیە دەسەلات و هێزی بە پیاو بەخشیوە و هەمیشە ژن وەکو خزمەتکار و کۆیلە سەیکراوە. واتە پیاو بێ پشتیوانی ئەو نەریت و ئایین و ڕێسایانەی ناو کۆمەڵگە ناتوانێ رەفتاری وەها بەرنابەر ژن بکات. بەڵگەیشمان بۆ ئەوە هەموو پیاوانی دنیا لەرووی جەستە و پێکهاتەی فیزیکییەوە وەکو یەك لە دایك دەبن وەکو ڕەگەزی نێر، بەلام ئەوە نەریت و ئایین و پەروەردەی ئەو کۆمەڵگایەیە ڕۆڵی لە پێکهاتەی بیرکردنەوە و عەقڵی ئەو پیاوە دەگێڕێ و ئاراستەی دەکات. هەر ئەم نەریتانەن ڕۆڵێان لە ئاراستەکردنی باوک و برا و مێردی ژنان و کچانی کورد هەیە، دەبینین چۆن ژنان و کچان دەبنە قوربانی ئەو نەریتانەی کۆمەڵگەی کوردی بەرهەمی هێناون. نەریتسالارییە چۆن دەسەڵاتی بەسەر عەقڵی پیاوی کورددا هەیە و زۆر بە ئاسانی پیاوی کورد بڕیار دەدا، خوشکی، ژنی، کچی بکوژێ یان سزای بدات.
هه‌ميشه‌ ژن قوربانى ده‌ستى ئه‌و چه‌مكه‌ قێزه‌ونه‌ بووه‌ يا به‌ مانايه‌كى تر ژن قوربانى ده‌ستى پياو بووه‌ به‌هۆى سه‌رشۆڕكردنيان بۆ نه‌ريتسالارى, له‌ناو كۆمه‌ڵگەى كورديدا هه‌ميشه‌ ژن قوربانى يه‌كه‌م بووه‌ بۆ نموونه‌ كاتێك كێشه‌يه‌كى كۆمه‌ڵايه‌تى له‌نێوان دوو كه‌س يا دوو هۆز يا دوو گوند دروست بووه‌ دواجار ژنێك كراوه‌ به‌ قوربانى و له‌سه‌ر حيسابى سنگى ژنێك باوه‌شێكى پياوانه‌يان كردوه‌ به‌يه‌كدا، بێ ئه‌وه‌ى بچووكترين حيساب بۆ هه‌ست و نه‌ستى ئه‌و ژنه‌ داماوه‌ بكرێت. ئه‌م جۆره‌ نه‌ريتپارێزيه‌ يا نه‌ريتسالاريه‌ تا ئه‌و ده‌قه‌ى ئێستاش به‌رده‌وامه‌ ئه‌گه‌رچى تاڕاده‌يه‌كى كه‌م كه‌مى كردوه‌ به‌ڵام هێشتا ماوه‌. هێشتا لاى زۆر پياو پێناسه‌ى ژن بريتيه‌ له‌و مرۆڤه‌ى كه‌ پێويسته‌ له‌ ماڵه‌وه‌ بێت و كارى ته‌نها ده‌رپه‌ڕاندنى منداڵ و خزمه‌ت كردنى مێرد و گه‌رمكردنى ديوه‌خانى پياوه‌كانه‌, هێشتا زۆرێك به‌ نه‌نگى ده‌زانن ژن فه‌رمانبه‌ر بێت, چالاكوان بێت, نووسه‌ر بێت و له‌ كۆڕ و كۆبونه‌وه ‌و سيميناره‌كاندا به‌شدار بێت. لێرەوە شەڕی ژنانی چالاکوان و ژنانی هوشیار لە کۆمەڵگەدا بە پلەی یەکەم بەرانبەر ئەو نەریتسالارییەیە، چونکە تاکوو ئەو عەقڵیەتە نە گۆڕێت، ناتوانی عەقڵی پیاوی کوردیش بگۆڕیت، ئەو نەریت و پەروەردە کۆنانەیش بەشێوەیەکی زۆر قووڵ ڕەگی لە هەست و عەقڵی پیاوی کورد داکوتاوە، لە ڕەگەوە هەڵکێشانی شۆڕش و خەباتێکی مەدنیانەی زۆری دەوێت، چونکە دەبێ لەسەر ئاستی پەروەردە و هووشیارکردنەوەی تاك کار بکرێت. سێ پایەی زۆر گرینگی ژیان کە ئایین و نەریت و دەسەڵاتن، هەر سێکیان پاڵپشتی لە پیاو و هێزی نێر دەکەن. لەم ساڵانەی دوایییدا حکوومەت زۆر شەرمنانە باسی یاسای توندوتیژی دژ بە ژنان دەکات، بەڵام هەر ئەو کەسانەی یاساکانیان داناوە و دەریدەکەن لە کابینەی حکوومەت ژن و کچەکانی خۆیان کردووە بە کۆیلە و لە چواردیواری ماڵیان داناون، لەلایەکی دیکە هەر ئەو کەسانە شەوەکانیان بە ژن و کچ دەڕازێننەوە، ژن و کچ بۆ تێکردنی حەز و ئارەزووە سێکسییە لەبن نەهاتووەکانیان بە کار دەهێنن. هەروەک لە وتارێکی پێشوومدا باسم کرد ڕێکخراوەکانی ژنانیش پاشکۆی حیزبن و حیزب ئاراستەیان دەکات. هەر ئەو ژنانەی لەو ڕێکخراوانەی بەناو ژنان کار دەکەن، سەرۆکەکەیان، کە پیاوە بە پیرۆزی دەزانن. زۆربەی ئەو ژنانەیشی لەو ڕێکخراوە بەناو داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان لە حیزبەکان بوونەتە قوربانی و بۆ تێکردنی حەزی سێکسی و کاری حیزبی وەکو کۆیلە بە کاردێن. ئیدی ژنێک لە ڕێکخراوێکی وەهادا چۆن دێت باسی مافەکانی ژن دەکا؟ چۆن خۆی بە داکۆیکردن لە مافەکانی ژنان دەزانێ؟ کە خۆی هێشتا لەژێر کاریگەری نەریت و پرۆگرامی حیزب و سەرۆکدا بێت.




ژن و ڕۆڵی ڕێکخراوە حیزبییەکانی ژنان … کوردستان عومەر

ئاشکرایە تاکی کورد بە ژن و پیاوەوە هەیمەنەی حیزب بەسەریاندا تەواو ڕەنگیداوەتەوە. هەموو حیزبەکانی کوردستانیش لە پەیڕە و پرۆگرامی حیزبدا جێی هەموو چینەکانی ناو کۆمەڵگەیان کردۆتەوە. ئەمەیش بۆ ئەوەیە ڕەوایەتی بە کاری حیزبی خۆیان بدەن. بە واتایەکی دیکە لەو ڕێگەیەوە دەیانەوێ پیشانی بدەن کە حیزبێکی مۆدێڕن و پێشکەوتوون. تەنانەت کاتێك حکوومەت پێك دەهێنن بۆ چاوبەستنی خەڵک و دنیای دەرەوە یەك دوو ژن وەکو خوێ بۆ تامدارکردنی چێشت دەخەنە ناو کابینەکە. بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەك پێوەندی بە ڕۆڵی ژنەوە نابێت لەناو حکوومەت، بۆ؟ چونکە وەزارەتێکی وەهای پێدەدەن کە پیوەندی بە کاری ڕێکخراوەیی و داکۆکیکردن لە مافی ژنانەوە نییە، بەڵکو ئەوەی ئەو ئەرکە دەبینێت پیاوە. ڕێکخراوەکانی ژنانیش لە هەموو حیزبەکان ناتوانن دەنگیان بەرز بکەنەوە.
کاری ڕێکخراوەیی ژنان لە باشووری کوردستان لە دوای ڕاپەڕینەوە دەست پێدەکات. پرسی ژن وەکو پرسێکی مرۆیی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە دێتە ناوەوە. کێشەکە لیرەدایە دروستیکردنی ئەو ڕێکخراوانە کارێکی باش بوو، بەڵام ئەوەی بڕیاری دروستکردنی ئەو ڕیکخراوانەی دا، پیاوەکانی کورد بوون، هەمان ئەو پیاوانەی ئێستا حوکمی کورد دەکەن و خەڵکیان بە ئەنجامە گەیاندووە. ململانێی نیوان حیزبەکان و تەنانەت شەڕی ناوەخۆش کاریگەری و ڕەنگدانەوەی تەواوی لەسەر کاری ڕێکخراوەیی ژنان هەبوە. ژنەکانیش لە شەڕدا بوون، بەو واتایەی ژنانەکانیش بە گوێرەی پەیامی حیزبەکەیان بەیاننامەیان دەردەکرد. حیزبی کوردی بە شێوەیەك کاری ڕێکخراوەیی ژنانی قۆرخ کرد و کردووە، تا ڕدەی ئیفلیجبوون. بۆ نموونە تەنیا لەسەر ناوی ڕێکخراوەکەیان چەندین ناویان هەیە، کە رەنگدانەوەی بیرکردنەوە و پرۆگرامی حیزب و لەناو حیزبیشدا سەرکردەیە. ڕێکخراوی پارتی ناوی ئافرەت، هی یەکێتیی ژنان، هی یەکگرتوو خوشکان…تاد دەبینین تێروانینی حیزب بۆ ناوەکە چییە ئەو ناوەیان لە خۆیان ناوە. ژنان لەم ڕێکخراوانەدا هێندەی کۆیلەی حیزب و بیرکردنەوەی سەرکردەن، هێندە لە خەمی مافی ژنان و ئازادی ژناندا نین. تەنانەت ئاستی بیرکردنەوەیان لە چوارچێوەی حیزبەکەیان بۆ کاری ڕێکخراوەیی دەرناچێت، تەنانەت زۆربەیان لەلایەن دەسەڵاتدار و بەرپرسانی حیزبەکان بۆ کاری رابواردن بە کار دێن، بۆیەیش دەبینین یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان دەرچوو، بەڵام جێبەجێ نەکرا. دەیان نموونەمان هەن، ژنان لەناو ئەو پەناگەی دایانناوە بۆ پاراستنی ژنان دەردەهێندرێن و دەکوژرێن، تەنانەت زۆربەیان هەر لەوێ لەلایەن پاسەوانەکان ڕووبەڕووی دەستدرێژی و لاقەکردن دەبنەوە.
ئەو هەموو ڕێکخراوانەی بەناو داکۆکی لە مافی ژنان دەکەن لە کوردستان بە دەیان هەزار دۆلاریان خرا بەر دەست بەلام تا ئێستا نەیانتوانی تەنانەت لە بواری بڵاوکردنەوەی هووشیارییدا ڕۆڵیان هەبێت، دەبینین کێشەکانی ژنان ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندایە، نەیاتوانیوە تەنانەت لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا ڕۆڵێکی ئەکتیڤیان هەبێت. هۆکاری ئەمە هەیمەنەی حیزب و دەسەڵاتی سەرکردەی پیرۆزە. بۆیەیش دەبینین هەموو ڕێکخراوە حیزبییەکانی ژنان لە کوردستان کاتێك ژنێکی سەر بەو ڕێکخراوانە قسە لەبارەی مافی ژنانەوە دەکات، چەندین جار پەناو وتەی سەرکردەی حیزبەکەی دەبات، هەمیشە دەڵێ: سەرۆك وەهای فەرموو، جەنابی فڵان وەها دەڵێت…تاد ئەم ژنانە ڕاستەوخۆ سەرۆکەکەیان ،کە پیاوە پیرۆز دەکەن و خۆیان دەکەن بە پاشکۆ و کۆیلەی ئەو سەرۆکە، لەلایەکی دیکە ئەم شێوازە قسەکردنە ئەوەمان پێدەلێت، ژن لە ڕێی سەرۆکەوە بیر دەکاتەوە، بەبی سەرۆک و جەناب و هەڤاڵ ناتوانێ بیر بکاتەوە. کەواتە ئەو ژانەنی لەناو ڕێکخراوە حیزبییەکای ژنان کار دەکەن ڕاستەوخۆ کۆیلەن، ئەوان لەناو دەزگایەكدا کاردەکەن، نموونەن بۆ کۆیلایەتی و چەپاندنی ژنان.
لێرەدا دەبێ ژنان خۆیان لەناو ئەو ڕیخراوە حیزبیانە دەربێنن، بەرنامە و پرۆژەی تازەیان بۆ بواری ژنان پی بێت. دەبێ بەپێی میکانیزم و گوتارێکی ڕۆشنبیریی و هووشیارکردنەوەی ژنان کار بکەن. هاوکات بوونی باوەڕ و ئیرادەی ژنان بۆ کاری ڕێکخراوەیی بەبی ئەوەی ببنە پاشكۆ بۆ هیچ حیزب و دەزگایەك، چونکە ئەوەی بیر دەکاتەوە دەبێ خودی ژن بێت، نابێت لەبەر سێبەری هیچ حیزبێکدا بیربکاتەوە، چونکە حیزب بۆ مەرامی خۆی، کە مەرامی پیاوە ژنان دەکاتە ئامرازێک بۆ هێنانەدی مەرامەکانی. لە هەموو ئەمانەدا دەبینین تا ئێستا فێمینیزم نەیتوانیوە لە کوردستان گەشە بکات، ئەو ڕیکخراوە حیزبیانەی ژنان ناتوان گوتارێکی ژنانە و فێمینیستی لەناو کۆمەڵگەدا دروست بکەن. کاری هیچ یەکێک لەو ڕێکخراوانە بۆ بواری ژنان بەگۆڕاوە، ئەمەیش بۆ نەگۆڕانی پرۆگرام و کاری حیزب دەگەڕێتەوە. حیزبەکان وا دەبن بە کۆمپانیای گەورە و کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری دروست دەبێت، لەم کۆمەڵگایانەش بەها و نۆرمە مرۆڤییەکان و پێکەوەژیانی تاکەکان کاڵ دەبێتەوە. لەلایەکی تاوانەکن دژ بە ژن ڕۆژ بە ڕۆژ لە زۆربووندان.
هەموو ئەمانەی باسمان کرد ڕۆڵیان هەبوو لە دواکەوتنی ئیشکردن لە بواری ژناندا، زاڵبوونی ئەجێندای پیاوسالارانەی حیزبەکانی کوردی وایکرد پرسی ژنان بەرەو دواوە بگەڕێتەوە. ئەو حیزبانەیش بۆ زیادکردنی دەنگ و نفوزی خۆیان پەنایان بۆ خێڵ و سەرۆك عەشیرەتەکان برد، چەکی پێدان و دیوەخانی بۆ کردنەوە و پاڵپشتی دارایی کردن، لە هەموو ئەمانەدا ئەوەی گرینگ نەبووبێ بابەتی مافی ژنان و کاری ڕێکخراوەیی ژنان بووە. بۆ ئەوەی پیشانی بدات ئەویش بڕوای بە کەیسی ژنان و مافی ژن هەیە، چەند ژنێکی کۆیلەی حیزب دەهێنێت لەناو ڕیکخراوێك کە بە بیرکردنەوەی پیاوان بیر دەکاتەوە کاریان پێدەکات. تەنانەت ئەو خاوەن دیوەخان و چەك بە دەستانە لە زۆر کەیسدا ژنانیان کوشتووە و تاوانیان کردووە، بەبێ ئەوەی ڕیکخراوەکەی تایبەت بە ژن لە هەمان حیزب دەنگی لێوە بێت. تەنانەت حیزبەکان هێندێک یاسایان بۆ بواری ژنان دەکرد، بەڵام بەبێ ئەوەی جێبەجێی بکەن. دەسەڵاتی کوردی سەرچاوەیەك بووە بۆ برەودان و مانەوەی هەمان یاسا کە ژنان پلە دوو دەکات، پشتیوانی لە کوشتەکانی ژنان دەکات. هەرئەوەی جێگای بکوژانی ژنان لە زیندانەکاندا بەتاڵە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە. دەرکردنی یاسای لێبووردنی گشتی و تایبەتی و دەستتێوەردانی حزبەکان لە ناو دادگاکاندا سەبارەت دۆسیەکانی ژنان، کە چەندین نموونەی بەرچاوی کە دۆسیەکان ناسراون ( بۆ نموونە شادی و شۆخان ، ساکار ، جوان و مهاباد، دونیا، رەعنا) دەرکەوتێکی تری ئەم ڕاستیەیە. هەزاران ژن لە م هەرێمە کوژراون کەس هەر ناشزانێت کێ بکوژیانە و زۆرینەیان داڵدە دراون و لە سزا پارێزراون.
هەموو ئەم تاوانانە ڕکخراوە حیزبییەکانی ژنان لێی بێدەنگن، ئەگەر دەنگیان هەبووبێ بە بەیاننامەیەکی شەرمنانە بووە، بەبێ ئەوەی دەسەڵات و قسەیان بەسەر خەرۆک و جەناب و هەڤاڵدا بڕوات. بەبی ئەوەی تاکوو ئێستا یەك کەیسیان لە بەرژەوەندی ژناندا بردبێتەوە. یان ژنێکیان لە هەوڵی کوشتن ڕزگار کردبێت. کەواتە ئم ڕێکخراوانە لەسەر حیسابی ژنان بۆ بەرژەوەندی حیزب و سەرکردە و خۆیان کاریان کردووە، نەك بۆ بەرژەوەندی ژنانی کۆمەڵگە. لێرەدا من دەگەمە ئەو بۆچوونەی هیچ یەکێک لەو ڕێکخراوە حیزبیانەی بەناو ژنان بۆ ژنانی کۆمەلگەی کوردی پیویست نین، بەڵکو کاریگەری خەراپیشیان لەسەر چاڵاکی و کارکردن لە بواری ژناندا هەبووە.




سێکس و ژن …. کوردستان عومەر

لە کۆمەڵگا نەریتییەکان، بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیڤین لەبارەی هەندێ چەمك شتێکی بڤەیە. لەناو هەموو کۆمەلگایەك تاك بەو ڕۆڵەی دەیگێڕێت مانا پەیدا دەکات. ئەم مانا پەیداکردنە دەبێتە ناسنامەی ئەو کەسە. لێرەدا ئەو تاکە تا چەند لە پراکتیککردنی ڕۆڵەکەی ئازادە، واتە بەستراوەتەوە بە سەربەستی بڕیار لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا. ژنیش وەکو تاکێك بە درێژایی مێژوو هەوڵی خۆ سەلماندنی داوە، بەڵام لە کۆمەڵگا نەریتییەکاندا ئەم ڕۆڵەی ژنان لە چەند شتێکدا کورت دەکرێتەوە. واتە ئەوە کۆمەڵگا و بیروباوەڕەکانە ئەم ڕۆڵە سنووردار دەکەن. بە تێڕامانمان لە دیاردەی ژنکوشتن، خەتەنەکردن، سنووردارکردنی ئازادییە تاکەکەسییەکان هەموو گەواهی ئەوەن کۆمەڵگای ئێمە و پیاوان هێشتا لەو بیرکردنەوە دواکەوتووانە دەرنەچوونە. هێشتا دابونەریت، ئاییین هەژموونی بەسەر عەقڵی تاکەکاندا ماوە. هێشتا باوەڕ و نەریتە خولقاوەکان لە کلتووری توندوتیژی و زەبر و زەنگ تێنەپەڕیوە. ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا وەکو بوونێکی پەراوێز تەماشا دەکرێن. ئەو باوەڕ هێشتا ماوە، کە ژن ناتوانێ هەموو کارێک بکات، نەڵکو ڕۆڵەکەی تەنیا لە چواردیواری ماڵدا قەتیس کراوە.
سێکس وەکو بەشێک لە ژیانی هەموو تاکێك، ڕۆڵی گەورەی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و دەروونیدا هەیە. دەروونناسێکی وەکو (فرۆید) ڕۆڵی سێکس لە ژیانی مرۆڤدا بەشێوەیەك وێنا دەکات، کە جەنگی یەکەمی جیهانی لە ئەنجامی چەپاندنی سێکسەوە بووە. هەمیشە لە کۆمەلگا نەریتییەکاندا سێکس وەکو غەریزە تەماشا کراوە. زۆربەی پیاوی کوردیش بۆیە سێکس دەکات تاکو غەریزەی سێکسی خۆی دامرکێنێتەوە. بەڵام لە کۆمەڵگا مۆدێڕنەکاندا سێکس وەکو بەشێک لە مرۆڤ تەماشا دەکرێت، چونکە ئەوە تەنیا ئاژەڵە سێکس وەکو غەریزە ئەنجام دەدات. تەنانەت تێڕوانینی پیاوی کورد بەرانبەر چەمکی سێکس، تێروانینێکی چەندێتییە، کامە پیاو شەوانە، یان هەفتانە سێکس زۆر یەنجام بدات ئەوە نیشانەی بەهێزی و پیاوەتییەتی. لێرەوە دەگەینە ئەو بۆچوونەی پیاوی کورد تەنیا وەکو ئامێرێکی سێکس، یان بووکەڵەی سێکس لە ژن دەڕوانیت. بەبێ ئەوەی باری دەروونی و کەسیی و تاکێتی ژنی لەبەر چاو بێت. بەبێ ئەوەی بزانێ سێکس بریتییە لە چۆنییەتی، نەك ژن ئامێری دامرکاندنەوەی غەریزە و هەوەسی پیاو بێت. تەنانەت پیاوی کورد هەمیشە ئەو قسەیەی لەسەر زارە، کە سێکسی کردووە، واتە تەنیا ڕۆڵی خۆی دەبینێ، بەبێ ئەوەی هەست و کەسێتی و مافی ژنەکەی لەبەرچاو بێت. ئەم تێڕوانینە بەرانبەر ژنی کورد، هەوڵێکە بۆ دانانی ژن لە پلەی کۆیلایەتی. ئێستا لە ئەورووپا بوکەڵەی سێکس هەیە، ئەو پیااوانەی حەزیان بە ژیانی تەنیاییە ئەم بوکەڵانە دەکڕن و لە ماڵەوە هەوەستی خۆیان خاڵیدەکەن. هەمان ڕۆڵ بە ژنانی کورد لەلایەن پیاوەوە دراوە.
گۆڕینی ئەم عەقڵیەتە، هەوڵی زۆری دەوێت، چونکە ئەم عەقڵیەتە ڕیشەی کۆنی هەیە، هەزاران ساڵە ڕیشەی لەناو عەقڵ و دەروونی پیاوی کورددا داکوتاوە. بۆ گۆڕینیشی نابێ تەنیا داوا لە پیاوان بکرێ تکایە وەها سەیرمان مەکەن، بەڵکو سەرەتا دەبێ دەنگ لەلایەن ژنانی کوردەوە بێتەدەر، دەبێ قوڕگی ژنی کورد دەنگ و هاواری نەخێر و نا بێت. ئەو هوشیارییە لای ژنی کورد دروست بکەین، کە ئەویش سەرەتا وەکو مرۆڤ، وەکو تاك تەماشا بکرێت. واتە تێکۆشانەکە سەرەتا لەلایەن ژنەوە بێت. چیتر وەکو قوربانی سەریری خۆمان نەکەین. کەواتە ڕزگاری ژنان لە کۆی ئەم باو و یاسا و دابونەریت و عەقڵیەتە خێڵەکییە سەرەتا بە خەباتی ژنانەوە بەستراوەتەوە. سەرەتا ژن دەبێ خۆی وەکو تاك بسەلمێنێ، بە بەڵگەی زانستی و عەقڵیی ڕووبەڕووی ئەم عەقڵیەتە خێڵەکییە ببێتەوە، بۆ ئەوەی بەرەیەکی یەکگرتوو دروست بکات. یەکێك لە گرفتەکانی بەردەم خەباتی ژنانی کورد، زاڵبوونی عەقڵیەتی حیزبییە بەسەر چالاکی و خەباتی فێمینیستی ژنانی کورد. پیاوی کورد لەم سەردەمەدا ئەوەی بۆ ڕوون بۆتەوە ناتوانێ چیتر ژانی کورد دەستەمۆ بکات، بۆیە پەنا بۆ شتی دیکە دەبات. ئەویش دەیەوێ لە ڕێی دروستردنی ڕێکخراوی ژنان، گوایە داکۆکی لە ژنان دەکەن هەوڵی درێژەدان بەو عەقڵیەتەی خۆی بدات. لەو ڕێکخراوانەدا هەر چالاکییەکی ژنان ئەنجام بدرێت دەبێ ڕەنگدانەوەی پێرەوی حیزبکەکە بێت، پێڕە و پرۆگرامی حیزبیش عەقڵی پیاو دایڕشتووە، عەقڵی پیاوی کوردیش لەژێر هەژموونی دابونەریت و ئایین و کۆتوبەندی کۆمەڵایەتیدایە. بۆیەیش ئەو ژنانەی لە کایە حیزبییەکان کار دەکەن، هەمیشە پیاوەکانی ناو حیزب وەکو کەرەسە و ئامێری بەتاڵکردنەوەی غەریزە سەیریان دەکەن. تەنانەت ئەو ژنانەی بە هاوکاری حیزب گەیشتوونەتە پلەیەکی حکوومی یان حیزبی، هیچ ڕۆڵیان لە بەرەوپیشبردنی کێشە و کەیسەکانی ژنان نەبووە، چونکە بیرکردنەوەیان ئازاد نییە، بەڵکو لەژیر هەژموونی حیزبدا و لە پێناوی حیزبدا کاردەکات. بۆ نموونە ئەگەر ژنێك لە حیزبێکی ئیسلامییدا کار بکات، ناچارە باوەڕی بە فرەژنی هەبێت، ئەگەر پەرلەمانتاریش بێت، ناچارە دەنگ بۆ پڕۆژەکە بدات. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێ ژنانی ناو حیزب تا چەند کاریگەری حیزبیان بەسەرەوەیە. ئەم کاریگەرییە، کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی ئەوان دەبێت.