گوڵشەن بە دەردەی گوڵخەنی دۆزەخ چوو.. نووسەر: لەتیف بێوار

هەنووكە لە زەمەنی سادەگەرایی هزر و ڕووکەشپۆشیدا دەژین، نەك تەنیا لە جل و بەرگ و شێوازی ژیان و بیروبۆچوون و کەمی شارەزایی و مەعریفەت و ڕۆشنبیرێتی تاکەکاندا، بەڵکو لە بوارە باڵاکانی وێژەو فەلسەفەو هونەر و ئاستی زانکۆکان و بگرە زۆر سەکۆو جومگەی ئەدەبی و هونەری و ڕۆشنبیری و مەعریفی وا هەن، کە لەبەر دەستی سەرە نەزانەکاندان و هیچ شارەزاییەکی ئەوتۆیان نییە لەو بوارانەی کە خۆیان کردووەتە دەم ڕاست تێیدا، ئەوانە زۆرجار تەنیا لەوێدا لەگەڵ جەماوەردا بەرکەوتنیان دەبێت (بۆ ئەوەی ڕای خەڵك سەبارەت خۆیان بزانن) لە شوینە سەرپێیەکانی وەك تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەیسبوکدا، لەوێشدا نووسینی کۆمێنتیان بۆ بێجگە لە هاوڕێکانی خۆیان بلۆك کردووە، واتا هێندە لە ڕەخنە دەسڵەمنەوە، چونکە لە ناواخندا دەزانن لە ناو قەوارەیەکی بۆشدا بانگەوازی کاری گەورە کردن شتێکی ئاسان نییە تا بەسەر هەموو کەسێکدا تێپەڕێت. ئەوان نەك شارەزایی ئەکادیمی و زانستییان لە بوارەکانی خۆیاندا نییە، نەك هیچ زمانێك جگە لە زمانی کوردی نازانن و لەسەر بناغەی فەرهەنگێکی کۆڵەواری پر جنێو و وشەی بازاڕیی کۆشکی داهێنانی خۆیان بنیات ناوە، بەڵکو ناتوانن وتارێکی ڕەوان و پوخت بە کوردی بنووسن، کاتێك بشینووسن پڕ لە هەڵەو ناتەواوی دەبێت و تەنانەت پەڕتووکەکانیش گەر چاپی بکەن دەیدەن بە هەڵەبڕی زمانەوانی تا پێداچوونەوەی بۆ بکەن.
کێشەی ئەوانە ئەوەیە کاتێك دەسەڵات و بازنەیەکی خەیاڵی لە دەوروبەری خۆیان بكێشن، وا دەزانن بەو بەڵێ بۆ کردنەی کەسانی کەم ئاستی دەوروبەری خۆیان، ئەوا دەبنە شاکارنووس و بیردۆز داڕێژ، بەڵام تەنیا بە دوور کەوتنەوەیان لە گرتنە دەستی ئەو بنکەو سەکۆو دەزگاو چاپەمەنییانە، قەوارەیان دەگەڕیتەوە ئاستی سروشتی خۆی و کەس حسابی نووسەرێکی ئاساییان بۆ ناکات و وردە وردە ناوی قەبەو ڕەونەقداریان بەرەو پوکانەوە دەچێت، کە لە وێنە بڵاوکراوەکانیان لە فەیسبوك و سۆشیال میدیاو و سەکۆو بڵاوکراوەکانیاندا بۆ خۆیان کێشاوە، لەو بارەوە زۆرمان بینی…. بۆ وێنە، کاتێك ئەدیبێك سکرتێری ڕۆژنامەیەکی وێژەیی بوو یەك بە دوای یەکدا لێکۆڵینەوە لەسەر بەرهەمەکانی دەنووسران، بەڵام دوای ئەوەی لەو شوێنگەیەدا نەما ئیدی کەس باسی نەکرد و لە کولەکەی تەڕیشدا ناوی نەما.
ئەوانە نەك خۆیان هیچ داهێنان و بەرهەمێکی نوێی شایستەی خوێندنەوەیان لە هەگبەدا نییە، بەڵکو کاتێك دەنگێكی ڕەسەن لە دەرەوەی بازنەی خۆیان ببیستن، خێرا هەوڵ دەدەن بە جۆرەها شێوە پلاری تێ بگرن و سوکی بکەن و گومانی بۆ بدۆزنەوە، هەرچەندە ڕەنگە ئاستی تێگەشتنیان نەگاتە ئەو ڕادەیەی لەگەڵ ئەو بەرهەمانەدا سەرودەر بکەن، بەڵام چونکە لەوێدایە کە هەست بە بەتاڵیی دەکەن؛ کاتێك بەرهەم و تێگەشتنی خۆیان لە ئاست ئەو بەرهەمانەدا دادەنێن و بۆیان دەردەکەوێت کە تا چەند کۆڵەوارن و حەقیقەتی خۆیان جارێکی تر بۆ ئاشکرا دەبێت، کاتێك پەردە هەڵخەڵەتێنەکانی سەر بەشە تاریکەکەی دەروونیان لا دەدرێت و ڕووبەڕوو دەبنەوە لەگەڵ ئەو پرسیارە گرنگەی: کە ئایا بە ڕاستی من چیم پێشکەش کردووەو چیم لە ئارادایە؟ جگە لە لاف و گەزاف و کۆکردنەوەی جەماعەتی ئەشهەدوو…. لە دەوری خۆم، لە هەمان کاتیشدا ئەو بابەت و بەرهەمانەی کەسانی دی، کە لەبەر ناوی خاوەنەکانیان سوکایەتیان پێ دەکەن و ڕەفزی دەکەن، ئەگەر ناوی خانمێکی بخرێتە سەر ئەوا نەك بڵاوی دەکەنەوە، بەڵکو دەکەونە پیاهەڵدان و ستایش کردنی.
ئەوە قسەمان لەوانە نییە کە لە ژێر پەردەی ڕۆشنبیریدا بە دوای پلەو پایەو پیس خۆری خۆیاندا دەگەڕێن و پەنا بۆ دەرگاو جومگەو کەسایەتییە حیزبییەکان دەبەن و بە دوای شوێن پێ خۆشکردندا دەگەڕێن تا لەو شوێنگەیەوە خۆیان بکەنە چەق و ئەوانەی لە دەرەوەی بازنە تایبەتەکانی خۆیاندان بیانهاڕن و ئەوانەش کە ڕووپاماییان بۆ دەکەن سوپاسنامەو خەڵاتیان بکەن.
مرۆڤ تا زیاتر ورد بێتەوە لەو سێکتەرە هەستەوەرە فیکری و ئەدەبییانەی لەو واقیعە خواروێچەدا هەن و پەیدابوون، هەر ئەوەی پێ دەکرێ گۆشەگیریی هەڵبژێرێت و دوور بکەوێتەوە لەو هەموو بۆگەناوە، لەهەمان کاتیشدا دانایی ئەو ئەدیب و هونەرمەندە ڕەسەنانەی بۆ دەردەکەوێ کە ئەو ڕێگەیان هەڵبژاردووەو تەنانەت بەرهەمەکانیان بڵاوناکەنەوەو نایخەنە بەر چاوی ئەو ناخ بەتاڵانەی کە گوڵشەن بە دەردەی گوڵخەنی دۆزەخ دەبەن و هەڕ لە بڕ ناکەنەوە. ئیدی جار جار وەك چاودێرێك لە خۆم دەپرسم: دەبێت ئەو دۆخە بە کوێ بگات، لەکاتێکدا یەك یەك نووسەرە ڕەسەنەکان کۆچ دەکەن و هیچ جێگرەوەیەکی هاوشێوەی ئەوان ئەو بۆشاییانە پڕ ناکاتەوە؟ کە بە کۆچکردنیان لە دوای خۆیان جێی دەهێڵن، ئەوە لەو لا بووەستێت و لێرەدا هەر وتوێژی ناکەم کە داهێنان و بەرهەمی ڕاستەقینەی ئەدیب و هونەرمەندی داهێنەر چەند سەریەشە بۆ خاوەنەکەی دروست دەکات؟ هەر لە ڕق و کینەی هاو ڕشتەکەیانەوە بیگرە تا نەیاران و تەنانەت ئەو سیستەمە تەسك و تروسکانەی داهێنانەکان جێیان نابێتەوە لە چوارچێوەکانیاندا و توشی دەردەسەریی دەبن بە هۆیەوە.
بەڵێ ئەمە سەردەمی نامۆ بوونی ڕەسەنایەتی و دەنگی ڕەسەنەو هەر ئەو ڕۆژەیە کە پێشینان گوتویانە، تێیدا شێر لە برساندا دەمرێ و ڕێوی لە کەلاکەکەی دەخوات و دەبێتە پاشای دارستان.
دواجار دەبێت ئەو ڕاستییە باس بکەم کە چۆن لە جیهانیشدا زۆر بلیمەت و بەهرەو دەنگی ڕەسەن هەبوون تا لە ژیاندا بوون فەرامۆشکرابوون و دوای مردنیان جارێکی تر سەریان هەڵدایەوەو تا ئێستاش باس دەکرێن، ئەم سیناریۆیەش تا زۆرانبازی ژیان بەردەوام بێت هەر دەمێنێت.
بۆ نموونە ئێمیلی دیکنسن١٨٣٠–١٨٨٦شاعیر، جان کیتس١٧٩٥–١٨٢١ شاعیر، فرانتس کافکا١٨٨٣–١٩٢٤نووسەر و ڕۆماننووس، ئارتور رامبۆ١٨٥٤–١٨٩١ شاعیر، سۆرین کیرکێگۆر١٨١٣–١٨٥٥ فەیلەسوف و بیرمەند، ڤینسێنت ڤان گۆخ ١٨٥٣–١٨٩٠ هونەرمەند و وێنەکێش، ویلیام بلیک ١٧٥٧–١٨٢٧ شاعیر و هونەرمەند، هێلما ئەف کلینت ١٨٦٢–١٩٤٤ هونەرمەند و وێنەکێش، ژێرار دو نێرڤال ١٨٠٨–١٨٥٥ شاعیر و نووسەر، نیکۆڵای گۆگۆڵ١٨٠٩–١٨٥٢نووسەر و ڕۆماننووس، نیکۆس کازانتزاکیس١٨٨٣–١٩٥٧ نووسەر و فەیلەسوف، ئۆسکار وایڵد١٨٥٤–١٩٠٠ نووسەر و شاعیر، والتەر بنیامین١٨٩٢–١٩٤٠ فەیلەسوف و ڕەخنەگر….تاد.
لەبەر ئەوەی ئەم وتارە کورتە، بواری ئەوەم پێ نادات چیرۆکی هەر یەکەیان لێرەدا باس بکەم، بەڵام خوێنەری بەڕێز گەر ویستی لێ بێت، ئەوا دەتوانێت بە وردی بەدواداچوون بۆ ژیان و بەرهەمی هەر یەکێك لەمانەو سەدان نموونەی تر بکات و ئەو ڕاستییە تاڵانەی باسكران زیاتر بۆی ڕوون بێتەوە.

لەتیف بێوار




زەخمی (فایەق بێکەس) و (بەندی) لە هەمبەر کەوڵەکۆن.. لەتیف بێوار

دەمێکە شاری پڕشۆری مەحەببەت مات و خامۆشـــــــــە
بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم چ بکەم؟
مەحوی ١٨٣٠- ١٩٠٦

کاتێک ستەم دەبێتە یاسا، ئەوا یاخی بوون دەبێتە ئەرك، مەحوی ئاسا بە قانونی تەجەنون لازمی شۆڕشێکە، نەك وەك ئەوەی ئەوان کردیان، بە چوونە گوندێکەوەو ڕووخاندنی پردێک و تەقاندنی چەند گولـلەیەک و پاشتر سەگی هاریان بەردەدایە خەڵكی سڤیل و ڕەنجبەری ناوچەکان، گوللـە تۆپی پاسداریان دەگەیاندە چاڵە نەوتەکان و لەلاوە سەرجەم گوندەکان دەدرانە بەر شەپۆلی سوتاندن و کاولکردن، لە حەسمی جەنگی کەنداوی یەک و گرتنەوەی فاو لە دوای دوو ساڵ جەنگی سەخت، لەملاوە هەڵەبجەیان وەکو هێلکەیەکی پاکراو بە خاك و خەڵکەوەو هەر بە ناوی شۆڕشەوە دایە دەستی جمهوری سێدارەو بوونە هۆکاری کیمیاباران و شەهیدکردنی زیاد لە ٥ هەزار پەپوولە، ئەڵقەو مستیلەو بازن و پەنجەو گوێ بڕدراوەکانی کەنیزەکەکانی ئەوێ شاهیدن. وای ڕەفیقان چەند کەساس و بێدەرەتان و گەمژەین!
مستەفا سەلیمی، زیندانیی سیاسیی کورد، پاش ئەوەی لە 27ی ئاداری 2020 لەگەڵ دەیان زیندانی تر لە گرتووخانەی سەقز هەڵات، ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد بە ئومێدی هەڵمژینی هەوای ئازادی. هەر زوو لە نزیک پێنجوێن دەستگیرکرا و لەلایەن کۆیلەکانەوە ڕادەستی کۆماری سێدارە کرایەوە، دواجار لە بەرەبەیانی 11ی نیسانی 2020 لە زیندانی سەقز لەسێدارە درا. ئەگەر ئەمە لوتکەی خیانەتی مەزن نەبێت ئەی دەبێت چی بێت؟
ئەو گەنجەی هێشتا برنجە سوورەکە لە گەدەیدا هەرس نەبوو بوو لە شەڕی کەوە دۆڕاوەکاندا، بە دەستڕێژی گوللـەی ڕاوچییە نالەبارەکانی ژێر چادری شۆڕش چاوەکانی بە دوو دڵۆپ ئەسرینی ناکامیی لێکنا و برنجە سوورەکان هەڵڕژان و بوونە خۆراکی چۆلەکە و شینەشاهۆکان، ڕاستە ویژدان لە دوای تاوانی کوشتنی یەکەمەوە ئیدی دەبێت بە پارچە بەردێکی ڕەق و تەق، ئیدی کوشتنی بە کۆمەڵ کەی ئادەمیزادی وا ڕادەچڵەکێنێت؟ ئاوها لەو ساتەدا کە جەنڕاڵە دۆڕاوەکان(شێرەکانی ناوخۆو چەقەڵە گەڕەکانی دەرەوە) لاوەکەیان دەبرد بۆ گۆڕەپانی لەنیوبردن، لە دڵی خۆیدا هەر ئەم دێڕەی دەگوتەوە:
بریا کورد نەبووایەم یاران، ملکەچترین مەخلوقه ئەو..!
بەچی ئەچێ لەو زێرابە ، گەر زۆرترین تەمەنت بوو ؟
ئەو ژنەی بێتاوان ڕایدەکردو عەباکەشی لەناو حەشاماتەکدا لە دوای دەخشا، بە تاوانی خیانەت پەپولەی گیانی هەڵفڕی، بەڵام لە ڕاستیدا هەر بۆ ئەوەی نهێنی سمبێڵبابڕی مەنسول ئاشکرا نەبێت، ئای چ تاوانێکی مەزنە و هەموو بێدەنگ بوون لە حەنایدا! ئێستاش هەژارەکانی بەر قاپی عەلی بۆسکانی دەست لەسەر سنگ ڕاوەستاون لە سەرەدا، تا قووتێك سکی برسییان تێر بکات، نازانن ئیدی ئەویش بەر سزای شۆڕش کەوت و چیدی ناگەڕێتەوە، تەور بە دەستەکانی جەستەی برینداری کوردایەتی دەیانویست بە تەور شکۆی کێوە ڕەش وردو خاش بکەن پێش ئەوەی خۆیان ببنە پەندی زەمانە! ئەی ئەو چوار کۆمنیستەی بێدەنگ لەبارەگای خۆیاندا دانیشتبوون؟ بە ڕۆژی ڕووناك و نامەردانە لە ناوەندی شاری خامۆشدا وەکو داستانەکانی قەرناقێ و پشتئاشان و هەکاری و…. نامەردانە خەڵتانی خوێنکران؟ ئەمانە بوون دەسکەوتی کوردایەتی! ئێستاش یەکەم دڵۆپە خوێنی ناو دەمی بەکر عەلی لەم نووسینە دەتكێ کە لە پشت باخی گشتییەوە بووە نێرگزەجاڕو تا شیعرو کورد مابێت مۆری ڕسوایی دەنێت بە نێو چاوی هەموو ئەوانەی بە پێڵاوی لاستیکەوە هاتنەوەو نەوەکانیان کە سەیریان کرد وەها میللەت لە ماوەی ٢ ڕۆژداو بە پشگیری بڕیاری دژە فڕینی زۆنی ٣٣-٣٦ ی هاوپەیمانەکان، کۆشکی ستەمی بەعسی ڕووخان و مەلەفە زۆرو زەبەندەکانی مەنسوولە ناپاکەکان لە لایەن میللەتەوە دەستی بەسەردا گیراو دواتر زۆربەی لە لایەن پێڵاو لاستیک لەپێکانەوە کۆ کرانەوەو سوتێنران، ئەوانەی خەباتکارە ئازاو دڵسافەکانی شاخیان هاندەدا بچنە ناو شارەکان بۆ چالاکی ئەنجامدان و لەولاشەوە ڕژێمیان لێ ئاگادار دەکردنەوەو زۆر بە خێرایی دەپێکران و کۆچیان کرد، وەکو سرووەی بەهار تێپەڕین و کەس باسی نەکردن، ئەمڕۆش میراتگرەکانیان پارەی میللەت بە ناوی خوێنی ئەوانەوە دەخۆن، سەیری ئەم هەموو پارادۆکسانە بکەن ڕەفیقان و سەری لێدەربکەن! لە مێژووی چ عیللەتێکدا بووە قەساب و قوربانی هەر یەك بن؟ گورگ و پەز هەر یەك بن؟
ئەمڕۆ ئەوەی لەسەر کورسی دۆلار دانیشتووەو لە راپەڕینیشدا هەوڵی کۆکردنەوەی ٥٠ هەزار دیناری سویسری دەداو تا بچێتەوە ئێران، هەرگیز بیریان بۆ ئەم سەڵتەنەتە نە دەچوو، ئەوە مەسینەهەڵگرەکان بوون تەقدیسیان کردن. ئێستاش تێر نابن و هەر دەدزن خۆیان بۆ ڕۆژێك هەڵگرتووە تیایدا وەکو ئەسەد دەست و دایەرەکەیان جێبهێڵن و بە فڕۆکە سامان و فەردە دۆلارەکانیان لەگەڵ خۆ ببەن بۆ لای ماڵ و سامانە دزراوەکان لەو وڵاتانەی کە دورگەکانیان پێکڕیون. ڕەنگە ئەمەش هەر خەونێکی شاعیرانە بێت مادام وا هەریەکە دەستی بە كڵاوەقووچەکەی خۆیەوە گرتووە تا با نەیبات!
کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد ، نۆکەری بێگانەیە
دوو دڵن ، پیسن لەگەڵ یەک ، بۆیە وا بێ لانەیە
میللەتێکن ، بۆ نەمانی یەکتر هەر هەوڵدەدەن
داخەکەم ! ورد و درشتی شێت و شەیدای عانەیە
فایەق بێکەس ١٩٤٨-١٩٠٥
بێکەسی باوك نەك کوڕ! زیاد لە ٨٠ ساڵ پێش ئێستا وای فەرمووەو هێشتا هەر هەڵمی تازەی لێ هەڵدەستێ و ئەو مەرەکەبە سوورەی ئەم قەسیدەیەی پێ نووسراوە هێشتا هەر تەڕەو بریقەی دێت، غاندی دەبێژێت: گەورەیی نەتەوەکان بەوەدا دەردەکەوێت کە چۆن مامەڵە لەگەڵ لاوازەکانیاندا دەکەن. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بەر شەق دەدرێت و توورەکەی لەسەر دەنرێت هەر ئەو برسییە بێلانەیەیە کە دوێنێ ماڵەکەی لە گوندە دوورە دەستەکاندا دیوەخانی ئەو سمبێڵ بابڕانە بوو!
مارتن لۆسەر کینگیش دەبێژێت: ستەم ڕووداوێکی دابراو نییە، بەڵکو پەتایەکی کوشندەیە، کاتێك بێ لەمپەر ڕێی پێدەدرێت بە تەشەنەکردن ، بەهای بێدەنگبوونمان: لە دەستدانی مرۆڤایەتی و تێکدانی قیبلەنوومای ویژدانمان دەبێت، هەروەها بەو بێدەنگییە خیانەت لە هەموو قوربانییانی ڕێی دادپەروەیش دەکەین.
هەر وابووە گەورەم! گەورە ئاو دەڕێژێت و بچووك پێی تێدەنێت، ئەمڕۆ ئەوان دارن و میللەتیش سێبەرەکەیانە، مەگەر ئەوانەی شێلگیرانە دەجەنگن لەو زەلکاوەدا تا خۆیان نەدۆڕێنن، ئەگینا سرووشتی کۆی ناخەکان هێند سەقەت بووە، بە هەر وڵاتێکی ئەم سەر زەمینەدا پەرت دەبن لە کردەوە خواروخێچ و عاجبایەتیەکانیان مۆری ئەوانی لەسەرەو لە دووورەو دەیانناسیتەوە کە ئەمە بەرهەمی ٣٥ ساڵ گەندەڵدارییە لە هەرێمێکی بێ ناسنامەدا، بە هەموو جۆرە تازەو کۆن و ئاشکراو شاردراوەکانییەوەو هەر ئەمانەشن گۆشکراوی تەبع و پەروەردەی قوتابخانەی ئەو جووت بنەماڵەیە!
کاتێك بە زریپۆشەوە چواردەوری گردەکە دراو بە مەتریلۆز لێیدەدرا، هەر هەمان سیناریۆی زریپۆشەکانی گردەکەی سەرچنار بوو، ئەویش هەر هەمان چیرۆکەکانی پشتئاشان بوو دەگێڕدرانەوەو خۆیان دووبارە دەکردەوە.. کوا خوێنی ژیلوانەکان ئەی باوکی هەژاران؟ کوا تاپۆی گردەکە ئەی سەرقافڵەی دڵڕەقی و کورد کوشتن؟ هەروایە؛ ئەو مێژووەی ئەمڕۆ سەراوقووچ دەنووسرێتەوە لە ژێر سایەی هێزەکانی هاوشێوەی دژەتیرۆری توورەکە بەدەست، سبەی دەبێتە تۆماری ڕەشی مێژووی مرۆڤایەتی و نەوەیەکی هوشیاری تازە چرۆکردوو سزای مێژوو دەدا بەسەر ئەوانەی بوونە هۆی قوربانیدان بە هەڵەبجەو خەڵکەکەی و پاشان ئازادکردنی فڕۆکەوانی ئەنجامدەری ئەو تاوانەش وەکو بەرزەکی بانان! ئەمەیە خەباتی عەیارە ٢٤ی کوردایەتی، نەخێر ئیوە تێناگەن ئەمەیە سیاسەتی حەکیمانەی خاوەن پاتە لاستیکەکان کە ئێستا لە ڕیزی ملیاردێرەکانی جیهاندان!
هۆزی کورد تاکەی بە غەفڵەت، تا بەکەی مەستن لە خەو
تا بەکەی خۆخواردن و دوژمن بە یەک، وەک هۆزی کەو
ڕۆژی ڕووناکت لەبەر چی تاریکە وەکو نیوە شــەو
گاهێ چاوەڕوانی ئەم بی و تاوێ خزمەتکاری ئەو
ئەی وەتەن تۆڵەت بە ئەستۆی فیتنە و دووزوانمە

  • ١٨٩٨١٩٦٥ قانیع
    لە ئاماری ڕێكخراوە نافەرمیەکاندا هاتووە لە ژێر سایەی حوکمی تاریکستانی ٣٥ ساڵی هەرێمی تۆقاندن و خیانەتداو لە دوو زۆنی دوو بنەماڵەدا، هەر یانزە هاوڵاتی هەرێم سیخووڕێکیان بەر دەکەوێت، ئێستاش لە ژێر بناغەی بیینای زیندانە نوێکانی ئەشکەنجەدانی ئازادیخوازاندا تەرمی دەستڕێژلێکراوانی جەنگی ناوخۆ بێناز چاوەروانی دەستێکن دەریان بێننەوەو بە دەستووری کوردەواری کفن و دفن بکرێن و بنێژرێن، نەك گۆڕ بزر ببن، نازانن ئێستاش لەسەر سنگیان هاوارو ناڵەی ئەشکەنجە دیتە گوێ! باڵەخانەی گەورەی زیندان کردنی ئازادیی بنیات دەنرێت.. ئای.. لەو هەموو بڕیارە قەرەقۆشیانەی بە خولەکێك بە ناوی دادگای شۆڕشەوە دەدران و لە چاو تروکانێکدا وەکو بەختی کوردان، چاوی ئەو پاکنەژادانە پێڵوەکانی لێکدەنرا، کە لە شەوە نووتەکەکان و لە ئاقارە چۆڵەکاندا فڕێ دەدران و کەس خۆی نەدەکرد بە خاوەنیان، ئێستاش سەردەشت لە کەلاوەیەکی مووسڵەوە دەنگی دێتە گوێ و دەڵێت کێ نوقتەیەك بۆ ئەو ڕستەیە دادەنێت کە پێڕانەگەشتم تەواوی بکەم؟ بچنەوە سەری دێرو ئەم سەرگوزشتە سەقەتەمان بنووسنەوە، گەورەم ئەمڕۆ هەر بچووکەو پێ دەخاتە ناو ئەو ئاوەی بۆیان ڕژێنراوەو لەو زێرابەیان خواردووەتەوە کە لە چڵکاوی خیانەت و خوێنی ئاڵی بە ناحەق ڕژاوی گەنجانی بێتاوانی وەکو تۆو ویدات و کاوە تێکەڵ بووە، ئەوەش ئەمڕۆ لە ژێر ئەو کەپرە پڕ دوکەڵ و ئاهو نزولەیەدا جوزەلە بۆ ئەو قوڕباقانە لێدەدات و موچەی قەڵەمفرۆشیی هەڵدەقوڕێنێت و خۆشی بە داهێنەر دەزانێت، سەد جار ئەو چاوە تووشی شەوکێوێریی بێت کە بەرهەمی ئەوانە دەخوێنیتەوەو چەپڵەیان بۆ لێدەدات.
    … بڕوا بکە گەندەڵ وتی وەرنەدەرێ ، دەنا ، قورسە
    بەرخۆدان ناکەی ئەگەر تۆ، گەندەخۆریی مەتعەمت بوو
    کوردایەتیی قسەیش نییە ، بایەکە جار جار لێدەدرێ ..
    شوکری خوا بکە تاراوگە وەکو ماڵی ئەڕقەمت بوو …
    بەڵی ئەو هێلکە و ڕۆنە بۆگەنەو ئەو کییویە بڵە ڕزیوە هەموومانی توشی ئینتەلا کرد، هەمووانی تووشی مردنی لە ناکاو کرد، لە جیاتی خوێن.. میکرۆب بە شادەمارەکانماندا هاتوچۆ دەکات، نەخۆشەکان لە جیاتی دەرمان ژەهرخوارد دەبن، ساغەکان کە بەلای گۆڕستانەکاندا دەڕۆن بە دروشمی سەر کێلەکان مەست دەبن، نازانن سەرگوزشتەی نووستووەکانی ژێرخاك چییە؟ شەقامەکان دەبنە زوڵفی شەوێکی کپ کە چاوەڕوانی تەقینەوەیەك دەکەن، کە هەرگیز نایەت، هەرگیز ڕوونادات، وردەوردە نادانەکان زیاتر بەرگی کوردایەتی دەکەنە بەری تاوانەکانیان، مۆنۆمێنتی ئەنفالەکانیش دەکەنە شەرعیدان بە کردەوەکانیان، ملیارو پاڵاس و دەستەوتاقمەکانیان دەکەنە پاداشتی ئارەق ڕشتنی خەباتی کاولکاریی، لێرەدایە داناکان بوێرانە ئەم کەوڵەکۆنە وەلادەنێن و پیرۆزی ئەوانی دەکەن، ئەوانن کە هەموو بۆنە نیشتیمانییە کون و نوێکان لەسەر خۆیان تاپۆ دەکەن، ئەوانن کە ئەرزو ئاو و هەواو خەڵك و خاكی ئەو کاولستانە بە تاپۆی خۆیان دەزانن، ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر ئازادیەکان بەرتەسكتر دەبنەوەو دەچنەوەیەك، ئیدی چۆن بوێریی نەبێت؟ حاشا لە بوونێکی ساختەی خۆم نەکەم وەك بەندێکی دیوەخانی قاقای ناجۆری کوردایەتی، کە هەر بە قرخەقرخی ڕشانەوەی دەردەدارێکی سیل دەکات، کاتێك سەراپا بوونی سیس دەبێت وەکو دار بەڕوویەکی سووتاوی ڕووتەڵەی ژێر تۆپ بارانی شۆڕش.. چیدی توانای دەربڕینی نامێنێت و ڕۆژ دوای ڕۆژ پووچ و لاوازو سیس و سیستر دەبێت، تا ئاکام بەسەرخۆیدا دەنوشتێتەوەو وەکو قاڵبێك سەهۆڵی لێڵ دەتوێتەوەو خاکیش لەخۆی ناگرێت و دەینێرێت بۆ ناو مەنهۆڵی زێرابەکان.
    چەقەڵ دەک خەجاڵەت بی کە وا ئەم عالەمەت فەوتان
    لەبەر نەفعی خسووسی خۆت سەراسەر عالەمت خنکان
    ئەگەر بڕوا دەستی (بەندی) بەسەرتا سەرزلی ملپان
    ئەبێ ســمێڵت لەبن ببڕێ و ببیتە عیبرەتـــی دەوران
    عەداوەتی من لەگەڵ تــــــۆ، ڕقی ساڵانی پێشـــــینـمە
    *



دەرهەق ئەم مەزڵەمستانە، هەتە شەوقی فەنەری دڵ.. لەتیف بێوار

نابەکاری وەکــوو ئەم جووتە لەعینە لێرە
نەبووە قەت ئەمە موددێکی مەدید و دێرە

شێخ ڕەزای تاڵەبانی

سەرتان سووڕ نەمێنێت ئەگەر لای هەندێك خەڵك: ئاشتی جەنگ بێت، کۆیلایەتی ئازادی و نەزانین هێز بێت.. هەرکاتێك ئەم بۆچوون و تەبعە ناجۆرەش پەرەی سەند، ئەوا دەبێت وەك فینگشتاین دەڵێت بڵێین: ئەوەی مرۆڤ ناتوانێت باسی بکات، با لێی بێدەنگ بێت.
هەر لەم دەلاقەیەوە کاکی شاعیرو نووسەر (بەندی) درکی بەو قەیرانە خەستە کردووە کە ئاستی ڕۆشنبیرێتی و میدیای لوشداوەو دەنووسێت:
“لە زۆربەی ڕاگەیاندنەکانی کوردیی ئەمڕۆدا، تەنها ئەو نوسینانەت بۆ هەیە بیاننووسیت کە کاکی سەرنووسەر بە دڵێتیی و زمانحاڵی حیزب و ئایدیۆلۆژیاکەیەتی، واتا ئەوە ڕۆژنامە نییە، بەڵکو دیوەخانی حیزبێکی بنەماڵەییە، یان هەڵپەڕکێییەکی خزمانە بە یەك ئاڕاستە و یەك ڕیتمە و .. ئەوەی وا نەبێ، ئەبێ دەست بەربدات”.
کەواتە هەر لە بنەڕەترین پرسیارەوە کە لەفەلسەفەی دەکەین بەوەی لەم گەردوونە مەزنەدا بۆچی شتانێك هەن لەبری هیچ؟ کە وەڵام دەمی گۆ ناکات بۆ بەرسڤ، تا ئەوەی لە یەکێك دەپرسیت نیوەڕۆ چیت خواردووە؟ هەموو ئەمانە بنەمای هۆشیاریی و تێگەیشتن و مەعریفییان هەیە کە لەسەریان بنیاتنراون، پەیوەست بە ئاستی خەمەکانی پرسیارکار.. ئەی ئایا ئەگەر کەسێك دوژمنی خۆی بێت چۆن چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت ببێتە هاوڕێیەکی سەرڕاستی ئەوانی تر؟ بە چەشنی ئەو باڵندەیەی کە هەر لە قەفەزدا ژیا بێت، چۆن لە مانای ئازادی و باڵگرتن و هەڵفرین تێدەگات؟ هەر شۆڕشێکیش لەسەر بنەمای مەوزوعی و دروست دانەکوترابێت، ئەوا میللەت لە ستەمەوە بۆ تاریکایی دەگوێزێتەوە، ئیدی وەك گوتراوە: نەهامەتییەکە لە ستەمی ستەمکاراندا ڕاناوەستێت، بەڵکو لە بێدەنگی هەق ویستاندا زیاتر جەرگبڕە.
جان جاك ڕۆسۆ ئاسا بە بینینی ئەو هەموو ستەمە، دەبێت دڵی خۆمان بە بوونی دۆزەخ بدەینەوە بۆ ستەمکاران.
ئەم هەڵویست و ئەزموونانە زۆریان دەربارە گوتراوەو نابێت لێرەدا زیاتر دووبارەیان بکەینەوە، جگە لە بەرکەوتنی ئەو ئاکامەی بۆناپارت کە دەڵێت:”ئەوەی خیانەت لە نیشتیمانەکەی دەکات و دەیفرۆشێت، وەك ئەو کەسە وایە پارەی باوکی بدزێت و بیدات بە خواردن بۆ دزان، ئیتر نە باوکی لێی خۆش دەبێت و نە دزەکان پاداشتی دەدەنەوە”.
ئەمانە ڕاستی مێژوویین وئەوەی بەسەر ئێمەدا هاتووە لە جۆرێکی جیاوازەو جگە لە ئێمە نەبێ، وەك خۆتان لە کۆپلەیەکدا نووسیوتانە کێ ئەزموونی کردووەو تەحەمولی کردووە؟
بە بێ نان و ئاو هەر نامرێ..
سێ چوار مانگ موچەی نەدەیتێ ،
بێ خەمە و دڵی گەرد ناگرێ..
زاریشی هەیە و ناقڕێ
باڵیشی هەیە و نافڕێ
کاکە بەندی! سەیر نەبێت بەلاتانەوە ئەگەر هەرماڵپەرێکت بەدەستەوە مابێت تیایدا بنووسیت، کە لە عەقڵییەتی حیزب و خێڵ و خێزان ڕزگاری بووبێت، مەگەر نازانیت ئێستا دەزگا ڕۆشنبیرییەکانی کورد کارمەندیی موچەخۆری دەوڵەتیی بەڕێوەیان دەبات، جا ئایا موچەکەی دەگۆڕێتەوە بە وتارێکی تۆ؟ لە کاتێکدا تۆ داوای هیچ پاداشتێکیش ناکەیت، کات و هەوڵ و ئەزموون و فەرهەنگی خۆت دەکەیتە قوربانی پاشەڕۆژی ئەو میللەتە و نەك نرخیشی نازانرێت بەڵکو دەرگایان لەسەر دادەخرێت، چونکە سیاسەتی بڵاوکردنەوە چووەتە ناو سیستەم و پرۆژەی دەسەڵاتەوەو بۆ وێنە بیست ساڵ پێش ئێستا ئازادی نووسین و ڕا دەربڕین و مافەکانی مرۆڤ باشتر بوون.
مەگەر هەمیشە هزرڤانە ڕاستەقینەکان بەو جۆرە نەبوون و هەقیقەت هیچ کەسێکی لەدەوریان نەهێشتبوو؟ بەڵام لەسەر ڕێ لایان نەداو خۆیان نەچەماندەوە بۆ ئەو تەوژمە تاریکەی هەموو زەبرو زەنگێکی بەکاردەهێنا لە پێناوی سەرکوتکردنی هەقیقەت و ڕاستی دا و گرتنی بەری خۆر بە بێژنگ
مەگەر نازانیت خوێنەرانێکی زۆری بێدەنگ هەن باش دەزانن، کە تۆ و ئەو کەسەی بابەتەکەی تۆی دەچێتە بەردەست تا بڵاوی بکاتەوە زەمین و ئاسمانتان بەینە، تۆ کە ئازادی و بێ بەرانبەر دەنووسیت، کێ دەڵێت تەنانەت لە لایەنی وێژە و ڕۆشنبیریشەوە ئەو دەگاتە ئاستی ئەفراندنی خامەکەی ئێوە؟ چ جای ئەوەی جورئە بکات بڵاوی بکاتەوە؟ تۆ سی و پێنج ساڵە دەناڵێنیت لە دەرەوەی زمەن و مێژوو و جیهان و یاسا، ئەوان دەڵێن: ئێمە نەبین ئێوە نابن، خۆیان کردووە بە لازم و مەلزومی گەلی کورد، زۆریش بدوێیت بە مەنیقی شۆڕش و قەیسەر کەلەپاچەت دەکەن، هەر خۆت لەسەر زاریانەوە ئاوها لە کۆپلەیەکدا دەنووسیت : –

ئێمە لە پشت وێنەی کتێبخانەکانەوە،
نەخوێندەواریی خۆمان ئەشارینەوە..
لە پشت تابلۆی ڤان کوخ و پیکاسۆوە ،
بێ هونەریی خۆمان ئەشارینەوە..
وەکو چۆن براکوژییمان لە پێشمەرگایەتیدا چاند..
وەک چۆن لەسەر پارەی گومرک ،
خوێنی هەزارانمان ڕژاند
*
ئێمە کۆمەڵکوژیی و کۆمەڵدزیی و کۆمەڵکۆیلەییمان،
لە پشت وشەیەکی سەقەتی
پڕ لە هەڵەی چاپ و لۆژیکی
دیموکراسیدا مات داوە..
*
ئێمه کوردکوژییمان لە پشت ناوی
کوردایەتیی و ئەی ڕەقیبا، حەشارداوە

بەداخەوە ئەمڕۆ نەك بوڕکانی خرۆشان و پەرۆشینی گەل و چینی ڕۆشنبیران بۆ دادو ڕاستی کپ بووەتەوە، نەك نووسین و خوێندەواری و هەقیقەت ڕەواجی نەماوە، نەك هێندە دەنووسرێت و کەس نایخوێنێتەوەو هەڵوێست وەرناگیرێت، بەڵکو ئەم هەقیقەتانە لای خۆشیان ڕوونە و ئەوان بە حوکمی پارەی قاچاخی خوێن و نەوتی تۆ سوپایەك لە کۆیلەو بندیوارو سیخووڕ دەلەوەڕێنن و پاشەڕۆژیان پێوە گرێداون، سوپایەك لە گزیرو چەقۆ وەشێنی دوور لە هەست و سۆزی مرۆڤایەتی و کوردایەتی، نازانن ئەم شەپۆلە لە کۆتاییدا هەمووان بەرەو خنکان دەبات، وەکو ئەو سەرنشینەی لە کەشتییەکدایەو جێگەکەی خۆی کون دەکات و دەڵێت ئەوە کاری ئێوە نیە من جێگای خۆم کون دەکەم. وردە وردەو ڕۆژ بە ڕۆژیش خەڵك زیاتر زیندانی دەکرێت لە ژینگەیەکی گەورەدا کە دارو دیواری بێ تام، بووەتە کامێرای سیخووڕی و لایەنە ڕەسمییەکانیش نازانن کێ سەیریان دەکات و سەنتەرەکەی لە کوێدایە؟ وەکو ئەوەی هەموو میللەت دوژمنیان بێت، بە بیانووی پاراستنی ئاسایس لە کاتێکدا ئەوە میللەتە ئاسایسی پاراستووە. خەڵك لە ئاپارتمانە بێ بەرنامە بڵندەکاندا دەخزێنرێن و وەکو جوجەڵە دەرگایان لەسەر کڵۆم دەدرێت، هەزاران خانەوادە موچەی خوێنی ڕۆڵە کوژراوەکانیان لە جەنگەکانی ناوخۆدا وەردەگرن و مانەوەی خۆیان بە مانەوەی ئەوانەوە گرێ دەدەن. ئەوەش کە نووزەیەکی لێوە دێت تا ئەوپەڕی سنوور تەنیا داکۆکی لە مووچەو مافە داراییەکانی خۆی دەکات، وەك ئەوەی ئەوە بنەڕەت بێت و شتەکانی تر لاوەکی بن، مەگەر ئەو مووچە پاشەکەوتکردنە هەر بەرەنجامێکی بۆگەنبوونی سەری ماسییەکە نییەو ئیدی سەرجەم لاشەکەش بە دوایدا بۆگەن دەبێت؟ ئەو کەڵەکە بەردە ڕۆژێك هەر دەڕمێت بەسەرمانداو تۆش کاکە بەندی و نموونەی تۆ سەربەرزن کە خامەکەتان نەفرۆشتووە، ویژدانت زیندوو و ئاسوودەیە، ئەگەر هەر بۆ خۆشت نووسیبێتت کۆڵت نەداوە، بەڵام دڵنیابە کۆمەڵێکی زۆر لە چینی فلیقاوە هەن بە دزییەوە بابەتەکانی تۆ دەخوێننەوەو وەکو موفەڕك هەڵیدەگرن و بزەی شادی دایاندەگرێت، دڵنیابە ئەم زەمەنەش دەبوورێت و دواجارهەلهەلەی مەخلوق دەگۆڕێت بۆ وەلوەلە لە دەوری نەعشی هەموو پۆپۆلیزمێکی ستەمکاردا، دڵنیابە دەسەڵات ناکەوێتە دەستی تۆو هاوبیرەکانت چونکە بڕوات بە ستەم نییە، مانەوەی سەر ئەو کورسیەش ئەوە دەخوازێت، چونکە ئەو ڕەشوڕووتەی قوربانیان بۆ دەدەیت دواجار دەڵێن: غەشیم بوو بۆ کێی کرد؟ تا هەڵوێست و تێگەشتنی زۆرینە ئاوها بمێنێتەوە هەر دەبێت بڵێین سەد رەحمەت لە کفن دزی پێشو،پێشینان جوانیان گوتووە: مەنجەڵ سەرقاپی خۆی دەدۆزێتەوە. کەواتە گۆڕانکاری ڕاستەقینە ئا لێرەوە سەرهەڵئەدات، لە ناخەکاندا، لە بیرو هزرو دڵەکاندا جێگیر دەبێت و ئاکام هیچ بومەلەرزەیەك نایلەقێنێت.
کۆتا وشە؛ سوپاسی هەڵوێستی ئێوە لێرەدا بەیان دەکەم و خوازیارین هەموو خامە بەدەست و بەهرەمەندەکان ئەو ڕێچکەیان بگرتبایەو سەرفرازی ناوی خۆیان لەو لیستە بێنازەدا تۆمار بکردایە، کە هەر دەمێنێتەوەو دواجار دەبێتە جێی ئاماژەو شانازی.. دەبێت دوای ٣٥ ساڵ لە پاشکەوتن چی بنووسیت؟ کە محەمەد ماغووت لە ٢٠ساڵی جەوردا هەڵبەستی (خەمباری لە تیشکی مانگ)دا دەنووسێت کە لە کۆپلەیەکیدا دەبێژێت:

بیست ساڵە ئێمە دەرگایەکی ئاسنین دەكوتین
باران بەسەر پۆشاك و مناڵەکانماندا دەبارێ
هەناسەسوار، ڕەنگ پەڕیو بە کۆکە ڕەشە
خەمگین وەکو ماڵئاوایی، زەرد وەکو سیل
ڕەشەبای دەشتودەری ماڵوێرانکەر
گریەو ناڵەمان دەگەیەنێ
بە کۆڵان و نانەواخانەو سیخووڕەکان
ئێمەش وەکو ئەسپی کێوی لەسەر لاپەڕەکانی مێژوو
دەگرین و هەر هەڵدەلەرزین




(من پیاوێکی رۆژهەڵاتیم) لەدەرەوەی زمانی شیعر.. لەتیف بێوار

رەخنە

زمانی شیعر زمانێکی شەپۆلدارە، چونکە زمانی شیعر تەنانەت لە هی پەخشانیش جیاوازترە، لە نێوان ئەم دوو زمانەدا جیاوازیەکی گەورە هەیەو تەنانەت خوێنەری ئاساییش بە ئاسانی درکی پێدەکات، زمان لە شیعردا بەیەکداچووە، هێماو ئاماژەدارە، چڕ و سرك و ئاوازدارە، بە پێجەوانەی پەخشانەوە کە روون و ڕاستەوخۆیەو وشەی ئاوێتە بە ڕووی مەتیقییدا ئاراستەوەردەگرێ.
(جۆن کۆهین) وای دەبینێت کە زمانی شیعر لادانە لە زمانی پەخشان، چونکە ئەو زمانی پەخشان دادەنێت بە زمانی سفری نووسین. ئەم لادانەش زمان دەگوێزیتەوە بۆ حاڵەتی ناباو، یان کەم بەکارهێنراو.
کەواتە زمانی شیعر دادەنرێت بە دەرچوون لە زمانی ئاسایی، وێرانکردنی زمانی باو و بنیاتنانەوەوی زمانیێکی نوێ لە شوێنیدا، لە شیعردا وشە زیاد لە مانایەك هەلدەگرێ، ئەدۆنیسیش وای دەبینێت کە زمانی شیعر بەوە لە ژانرەکانی تر جیادەکریتەوە کە زمانێکی ئاماژەدارەو هەروەها دەرچوونە لە مانای ئاسایی بەکارهێنانی ڕۆژانە و فەرهەنگییەکەی، بەو مانایەی زمانی شیعر ئەوە دەڵێت کە ڕانەهاتووین رۆژانە بیڵێین.کەواتە زمانی شیعر دیاردەیەکی شێوازگەریی زمانە و ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە شیوازێك بۆ نووسینی شیعر لای شاعیر. کۆی ئەم ڕەگەزانەش بەشداردەبن لە دروستکردنی ئەو شێوازی زمانە شیعرییەداو دەبێتە سیماو پێی جیادەکرێتەوە: وێنە، ئەندێشە، سۆز، مۆسیقا، خوازە…
لە کۆتاییدا وەکو مالارمێ دەڵێت: شیعر بەرەنجامێکی حەتمی هەموو ئەو هەوڵانەیە کە شاعیر بەکاری دەهێنێت لە پێناو باشکردن و بە هونەرکردنی شێوازدا..
گەر سەرنج بدەین لە تێکستی (من پیاوێکی رۆژهەڵاتیم) کە لە پاشكۆی ئەدەب و هونەری رۆژنامەی کوردستانی نوێی زۆنی سەوزدا لە بەرواری ٢٢/٥/٢٠٢٥دا بڵاوکرابووەوە، تووشی نائومێدییەکی زۆر دەبین لەو بەرئەنجامەی زمانی شیعری ئەمڕۆی کوردی گەیشتوێتێ، لەلایەکی ترەوە قەیرانی بڵاوکراوەی ئەدەبی و هونەری کوردیمان بۆ دەردەکەوێت کە چۆن بابەتی وا لاواز بڵاودەکەنەوە؟ دەگەینە ئەوەی بپرسین: چ ئاستێکی نزمە هەمووانی گەیشتوونێ؟
وەکو زانراوە زەحمەترین پنت لە شیعردا دەرگای چوونە ناوەوەیەتی، لە سەر ڕۆشنایی دێڕەکانی سەرەتاو ناونیشانەوە شاعیر سەرجەم کۆپلەکانی تر ڕیزدەکات و دەهۆنێتەوەو بەو هەناسەیەوە ڕەوت دەکات، تا دەگاتە دوادڵۆپی چۆڕانەوەی ئیلهامەکەی و تەواوبوونی کەرەسە و بیرۆکەی شیعرەکەی.
بەداخەوە هەندێك نووسین بە ناوی شیعرەوە لێرەو لەوێ دەنووسرێن دەبنە هۆی تۆرانی خوێنەران لە شیعر، باش و خراپ تێکەڵ دەکرێت و ئیتر هەمووان بەپێوەری ئەو ناشیعرانە دەپیورێن، یەکێک لەو ئەزموونە چەقگرتووانە لە (من پیاوێکی رۆژهەڵاتیم)دا بەرچاودەکەوێت و لێرەدا وەکو نموونەیەك باسی لێوەدەکەین.
بە پێچەوانەی دەقی پتەو و تۆکمەو فرە ڕەهەندەوە، شاعیر زۆر زاتییانە ناونیشان و یەکەم دێڕی تێکستەکەی دادەڕێژێت و دێڕەکانی تری دواتر هەمووی دووپاتکردنەوەی ئەم شەلوشۆقییەی زمانە. لەهەمووی گرنگتر، وەك چۆن زمانەکەی شیعریی نییە، هەرواش بابەتەکەی زۆر سواو وبێ جوڵەیە:
(چەندان شەوم بەتەنهایی بەسەربردووە)
‏‎دەبێ منی خوێنەر چ ڕاچەنینێکم لەو دێڕەدا لا دروست بێت؟ چەند پەیوەندی بە منەوە هەیە؟ دانەرەکەی باسی خەمێکی خۆی دەکات بە زمانی گێڕانەوە، ئایا هەر تۆیت شەو بەتەنیایی بەسەر دەبەیت؟ گەر حاڵەتێکی دەگمەن بووایە حەپەسان و سەرسوڕمانی لا دروست دەکردم.
هەرچەند دێڕێکیش دوای ئەمە دەنوسێت:
‏‎(لەغوربەتدا چەندان کات)
بێ ئەوەی دیقەتی ئەوە بدات کە دووبارەکردنەوەی وشەی (چەندان) کە لای دانەرەکەی ڕەنگە زۆر بە وشەیەکی ناوازەی شیعریی دابنێت، بەهیچ جۆرێك لە دەقی شیعریدا جێی بایەخ نابێت، چونکە ئەو وشەیە وشەی گوتارو پەخشانە، نەك شیعریی بەڵکو هی ڕاڤەو روونکردنەوەیە، کە ئەمەش لە بازنەی ئەفراندنی شیعرەوە زۆر دوورە.
‏‎پاشتر دێینە سەر چەند دێڕێکی تری بێگیان و بێ مۆسیقاو بێ ئەوەی هیچ مانایەکی تر لە دووتوێدا لەخۆ بگرێت، دەنووسێت:
‏‎(زۆرجار لەدەریا راماوم
‏‎تا هێزێکی لێ وەربگرم،
‏‎ورەم باتێ)
ئێستا دەتوانین هەمان ٣ دێڕ بە تەنیشت یەکەوە بنووسین و ئەوجا بیخوێنینەوەو بزانین ئایا دەگاتە ئاستی پەخشانیش یان هەر لە دارشتنێکی ڕۆژانەی یاداشتەکان پتر نییە، بەم جۆرە:
(زۆرجار لەدەریا راماوم تا هێزێکی لێ وەربگرم، ورەم باتێ)
جا کاتێك زمان هێندە ناهونەریی و سادە بێتەوە ئەوا هیچ ئیستاتیك و جوانییەك بە ناوەڕۆکیش نابەخشێت، بۆیە ئەو جێیەی کە بەختیار عەلی دەنووسێت هەمووان بەچوار پەل لێی هەڵدێن، ئەوا دانەری تێکست سەیر نییە بێزوی پێوەبکات تا سواری پشتی نەوڕەسێکی بەدبەخت بێت و خۆی لە چەقی بلاوبوونەوەی شێرپەنجە و شێرپەنجەخولقەکاندا ببینیتەوە، ئەمە دیدگای تایبەتی دانەر خۆیەتی و هیچ کارمان پێوەنەداوە، بەڵام ئەوەی جێی داخە ئەو زمان و بابەتە سواوەیە کە ڕۆژانە لە پشتی عەرەبەکان وەکو دروشمی دڵداری و بێوەفایی و جیهێشتن و بۆمن نەبووی بۆ گڵ بیت..دەیخوێنینەوە، بگرە رەنگە هەندێكجار ئەو دروشمانەی سەر دیوارەکان بەهێزتربن وەك ئەوەی کاکی دانەر، بەنوونە لەسەر دیوارێك یەکێك نووسیبووی(دڵی من کەرکوك بوو،،دڵی تۆ کوردێکی خاکفرۆش).
لیرەدا گەر دیقەت بدەن دەردەدڵی دانەر چ جیاوازییەك دروست دەکات کە هەرچی وەسفی ناشرین هەیە دەیخاتە پاڵ بەرامبەرەکەی و داخی دڵی خۆی هەڵدەڕێژێت، ئەمە لە کوێ و گەڕان بە دوای ئیستاتیک و درەوشانەوەی زاراوە بە هەناسەی شیعر لە کوێ؟
‏‎(وەلێ تۆ . .. تۆی راهاتوو
‏‎بەسەدان تۆڕ و داوی درۆ،
تۆی سەراپا لە ژیانی ماددیی نغرۆ،
‏‎تۆیەک تەنها هەر ئەوەندە
خەم ‏‎هەڵدەگری
‏‎تا وەک پەڵەهەوری دووکەڵ
‏‎لە نێرگەلەکەی بەردەمتا
بە بای بدەی)
ئەم زمانە کۆڵەوارە لە هی کەسێك دەکات تازە دەستی قەڵەمی گرتبێت و گڕوگاڵی نووسین بکات، بەکارهێنانی نێرگەلەش لێرەدا هەر وێنەیەکی بازاڕیی وەرگرتووە، بێ ئەوەی هێندە کاتی بۆ تەرخان کردبێت تابتوانێت وێنەیەکی هونەری مانابەخش و میتافۆڕبەخشی نوێی لێ دروست بکات.
‏‎گەر جوان لەم چەند دێڕەی داهاتوو وردبینەوە، دەبینین نەك تەنیا زمانەکەی هی شیعر نییە، بەڵکو پڕە لە هەڵەی ڕێزمانیی، دوو (تۆ)ی لە جێی هەڵەدا وەکو قافیە بەکارهێناوە وەك ئەوەی بیەوێت بەوە شیعرەکە هەڵسێنێتەوە، یان دوو قافیەی بەکارهاتووی گۆران : مەستم ، مەبەستم، جگە لەمە لە لایەنی ماناشەوە هەڵەیە، کە لەشوێنێکدا کەسی بەرامبەر بە پەیکەر دەشوبهێنێت، لەجێیەکی تریشدا مەستی دەکات وەکو پێکی خۆشەویستی، تەنانەت وەکو ئەوەی گاڵتە بە خوێنەرانی شیعر بکات هەر زوو قسەکانی پێشوو لەیاد دەکات ولەهەموو قسەکانی پێشتری پەشیمان دەبێتەوەو هێندە بەرزی دەکاتەوە دەیکاتە تاکە ڕێگاو مەبەستی ژیانی.
‏‎(قەدەر بەبێ خواستی منی نامۆ
‏‎هێنایە سەر رێگام
‏‎لەساتێکدا، پەیکەری تۆ
‏‎بووەتە جێگا سەرنجی
هەستی مەستم
تۆ ‏‎بوویتە پێکی خۆشەویستی و
‏‎تاکە رێگا و مەبەستم)
هەروەها ئەم کۆپلەیەی خوارەوەش هەر درێژکردنەوەی ئەو ڕەکیکییەی پێشووەو نازانین چۆن یەکەم دێڕ بخوێنینەوە (شیعرێکی زۆر وشەی هەمەجۆر/ بۆم نووسیت ..) لەبری ئەوەی بۆ وێنە بنووسێت ( وشەی هەمەجۆری شیعرم بۆت هۆنییەوە) چونکە زۆرو هەمەجۆر یەك مانان، پاشان نووسین بۆ وتار دەبێت هۆنینەوە بۆ شیعر، بەڵام دانەر خۆشی دەزانێت کە شیعری نەهۆنیوەتەوە بۆیە وشەی (نووسین)ی بەکارهێناوە، جگەلەمەش نە خاڵبەندی بەکارهێناوە، نە واوی پێکەوبەستنی بەکارهێناوە، وەکو کەسێک تازە فێری زمانی کوردی بووبێت.. ئیتر دەست دەکات بە پاکانەکردن بۆ خۆی و دەردەدڵ بەباکردن و خۆ موقەدەسکردن و بەرامبەر شکاندن، کە خوێنەر بێزی لە خۆی دەبێتەوە کە بەئاگا بێتەوە چی دەخوێنێتەوەو چی دەرخوارد دەدرێت بە ناوی شیعرەوە؟
‏‎(شیعرێکی زۆر وشەی هەمەجۆر
‏‎بۆم نووسیت و
‏‎ئەوەندەی مەودای تێفکرین
رێم پێبدات
‏‎جڵەوی حەزم بۆ شل کردی.)
‏‎محەمەد عومەر عوسمان نەك زۆر شاعیر بوو، بەڵکو زۆر شیعردۆستیش بوو، ئەو راستییەی زانی بوو کە ئەگەر هیچی تازەی پێ نییە بۆ نووسینی شیعر، ئەوا با بێدەنگ بێت باشترە وەك لەوەی شتێك بنووسێت بەرهەمەکانی پێشووتریشی پێ داببەزێنێت، بۆیە لە ساڵەکانی دوایی تەمەنیدا هیچ شیعرێکی بڵاوکراوەی نەبینرا.
ببین لەم چەند دێرانەی دواییدا چەند راستەوخۆ دانەری تێکست بە زمانی قسەکردن و وشەی ناشیعریی بەردەوام دەبێت و چاکەکانی خۆی ڕیز دەکات و منەت بەسەر کەسی بەرامبەردا دەکاتەوەوتاوای بچوك دەکاتەوە هەمووان هەستی بەزەییان بۆ کاکی دانەر بجوڵێت و بڵێن وای چەند جوامێرە؟
(لە زۆر قۆرت و بەندا بوومە لەمپەر
‏‎بۆ رێگەنەدان بە مردنت)
باوکردنەوەی ئەم شتانە نیشانەی ئەوەیە ئەو بڵاوکراوانەی ئەم جۆرە دەقانە بڵاودەکەنەوە بە هیچ جۆرێک لە بەرخاتری شیعر بڵاوی ناکەنەوە، چونکە ئەم سەرەقەڵەمانەی لێرەدا ئاماژەمان پێیان کرد نەك لای شیعردۆستان، بەڵکو لای خوێنەرانی ئاسایی ڕوونە کە هیچی بەسەرشیعرەوە نەداوەو بگرە دەبێتە پەڵەیەك بەسەر سەلیقەو دیدگاو شەفافییەت و ئاراستەی کارکردنی ئەوانەی لەسەر ئەو دامەزراوە بە ناو ئەدەبی و هونەریانە کاردەکەن، بگرە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە ئەو پاشکۆیە جاران زۆر باشتربوو، گەر دەمیش بکەیتەوە دەڵێن: خۆ هەر ئێمە وانین، ئیتر مرۆڤ هیچ قسەیەکی بۆ نامێنێتەوە.

لەتیف بێوار




ئێگۆو لەیلاو هیچ .. سێکوچکەی بوونیاتی شیعری تاباك.. لەتیف بێوار

دنیایەکی سەیرە گوڵم، رۆژانە سەدان و هەزاران شیعرو میعری کوردی بە بەربووك دەچن و لەبەرامبەردا سەدان وهەزاران لایك و دەستخۆشییان بۆ دەچێت، بێ ئەوەی رەوانهزرێكی جوامێر دەرکەوێت و بڵێت: تکایە ئیستێك بکەن و راوەستن، ئەوانە شیعر نین و ئەوانەش کە دەیخوێننەوە خوێنەری راستەقینەی شیعر نین. هەندێک تێدەگەن و دەزانن کە زەمەنی رەسەنایەتی بەسەرچوو و ئێستا تێوەگلاوین لە دەورانێکی ناقۆڵادا، تەپوتۆزی کاڵفامی کون و قوژبنی ژیانی تەنیوەو ئەوانەی راست و رەوانن و دروست دەبینن و دەنواڕن و دەبیژن نامۆن و دەرکراون لە بازنە پوچەکانی شاعیرو نووسەرە دەربارو ساختەکان، کە هەر کۆمەڵێکیان بە قەتارێکی بەرژەوەندیەوە خۆیان هەڵواسیوەو ڕێ دەکەن، بێ ئەوەی خۆیان خاوەنی رێچکەو ئامانجی خۆیان بن، رەنگە هەندێك زوویر بن کە بڵێم پوخڵترین چین زۆرینەی ئەو شاعیرانەن کە هیچ بارێکیان نییەو لەگەڵ بای بەرژەوەندیدا شەن دەکەن و گوتەیان لە شوێنێکەو رەفتاریان لە شوێنێکی دی، هیچ دەربارەی تازەگەری نازانن و زۆر حەزیان لە پیاهەڵدان و موجامەلەی یەکدی هەیە، مێروولەی نووسینیان دەکەنە چیایەکی سەختی بێهامتا لە داهێنان و ئەفراندن، دڵ و دەروون بۆگەنی و دوور لە پاکی و هەستناسکی و راستگۆیی و وەفا، ئیتر کەی خوێنەر بە درۆی شاخدار فریو دەخوات، کە هەژارترین شت وشەیەو هەمووان پێی دەوێرن، زۆرێك لەو شاعیرانە دەردە دڵ بە شیعر دادەنێن و هەندێکی تریشیان بە مەبەستی مەراقکوژتن دەنووسن و بێ ئەوەی هیچیشیان نەگوتراوێك یان تازەگەرییەك پێشکەش بکات، لە بازنەیەکی داخراودا خەریکی یەکتر گووتنەوەن، بەڵام لە رووکەشدا خۆیان وا دەردەخەن خەمی ئەم جیهانە لەسەر شانیان کەڵەکە بووەو لە نێو دوکەڵی جگارەدا سێڵفێکانیان دەکەنە باگراوندی کۆپلە سواوەکانیان، کە نازانم وەکو کلیپی گۆرانیەکانی ئێستا زیاتر نومایشی پۆرترێتی خودە یان بەرهەم و دەق پێشکەشکردن؟ نازانم چۆن تاقەتیان هەیە ئەو هەموو سێلفیە خەمبارو شاعیراویانەو پڕ دوکەڵه هەر رۆژە پۆست بکەن؟ کە لە باشترین باردا هەر واقیع دەڵینەوەو دەیخەنە سەر کاغەز بە وشە. ئەمەش رەنگە هۆیەکەی بۆ لە دەستدانی شیعر بگەڕیتەوە بۆ چەق و ناوەندبوون، چونکە کە (سانسۆری کوالیتی) لە لایەن دەستەبژێرو دەسەتە جەمعەوە نەماو تێزە رەخنەییەکان غائیب بوون و لە بەرامبەریشدا سەکۆ کۆمەڵایەتییەکان و پێگەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جێی بە بڵاوکراوە کاغەزییەکان لەقکرد ئیتر ئەو گەڕەلاوژەیە دێتە دی و پەرە دەستێنێ.
لە لایەکی تریشەوە ئەمڕۆ سۆشیال میدیا کۆمەڵێك بە ناو شاعیری قووتکردووەتەوە کە ئەوەی دەرخواردی خوێنەران و موتابەعەکارانی ئەو تۆڕانەیان دەدەن بریتییە لە وتەی سادەی ڕیزکراوی بێ گیان و بێ هوونەر، وەکو هەر کەلوپەلێکی تری بەکارهێنانی رۆژانە خێرا دەخوێندرێتەوەو خێراش تووڕ دەدرێت، لیرەدا یەکێك لەو ئەزموونانە دەخەینە ژێر تیشکی باسەکەمانەوەو خاسیەتی شیعرەکان دابەشی سێ پایە دەکەین، کە شاعیرەکەی خانووچکەی شیعری لەسەر دامەزراندووە:
یەکەم/ ئیگۆ:
ی پزیشکی دەروونی سیگمۆند فرۆید؛structural theoryباشتر وایە پێشباس تیشکێك بخەینە سەر ئیگۆ بە پێی بیردۆزی
ئیگۆ خودی راستەقینەو نەوی کەسەکانە، بەو مانایەی پەردەپۆشی تۆی راستەقینەیە، لە ڕێی درککردنەوە کە پەیوەستە بە دنیای دەرەوە، وەڵامدانەوەو مامەڵەی بۆ دنیای دەرەوە دەبێت، بە پێی شیتەڵکاریی دەرونی سیگمۆند فرۆید ئاوەزی مرۆڤ دەکاتە دوو بەشی: ئاگاو نائاگا؛ لە بەشی نائاگادا هەر سێ لە (من) کە لە نێوان (ئەو) و (منی باڵا)دایە (ئەمیان پێکهاتەی ئاکاریی مرۆڤە) لە وەسفی فرۆید بۆ دینامیکی دەروونی مرۆڤ، کە هەریەکەیان بە ڕێژەیەك پشکیان لە ئاگاییدا هەیە بە شێوەیەکی رێژەیی. مرۆڤ کاتێك لە ئیگۆ دەربازی ببێت دەبێتە کەسێکی ئازاد و هەست بە ئاسوودەیی دەکات، لە مرۆڤێکەوە تا مرۆڤێك ئەم پشکانە دەگۆڕدرێت بە پێی ئەمزموون و مەعریفەو تێگەشتن و دنیابینی…
شیعریش ئەو بوارەیە کە زۆر لە دنیا راستەقینەکانی شاعیر ئاشکرا دەکات، چونکە لە نەستەوە هەڵدەقوڵێت کە زۆر لە ژێر هەست و هۆشەوەیە، ئەمەش بە هۆی رەخنەو شیكاری راڤەکارانەوە زیاتر درکی پێ دەکرێت، تەنانەت شاعیرەکەشی لەدەرەوەی ئەم درك پێکردنەدایە.
ئیگۆ کە ناخی تەنی ئەوسا داوای دەسەڵات دەکات و بەرەو خۆ زەقکردنەوەو مەزنکردن هەوڵ دەدات، ئەمەش پێچەوانەی گیانی گشتگەرایی و بینینی ئەوانی ترە، ئێستا گەر بێین و ئەمە لە سەر بەرهەم و دیدگا شیعریەکانی تاباك دابەزێنین، سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین جارانێك ئێمە لە ڕێگەی بەرکەوتنی هەستەوە مامەڵە لەگەڵ دەقەکاندا دەکەین و قووڵ نابینەوە بۆ دنیای نەست، بۆیە وەکو کۆی سادەو گشتی سەر بۆ ئەو دەقە دەلەقێنین و چەپڵەی بۆ دەنێرین، بەڵام کاتێك زیاتر خستمانە ژێر تیشکی تێڕامان و وردکردنەوەوە ئەوجا بۆمان دەردەکەوێت کە هەڵە بووین و بڕیاری خێرامان داوە، بۆ نموونە خودپەرستی کە حاڵەتێکی زۆر نەوی و قێزەونی دەردی دەروونییە لەم کۆپلەیەدا زەق کراوەتەوەو نەك بەشێوەی سیمبوڵ و ناڕاستەوخۆ دەربڕینی لێ کرابێت، بەڵکو شاعیر راستەوخۆ بانگەوازی بۆ دەکات و دەبێتە جێی شانازیی، کە پێویست بە لێدوانی زیاتر ناکات، چونکە وەك زۆربەی فەیسبوکە – کورتە شیعرەکانی دی جێی وردبوونەوە نین و رامان ناخولقێنن و هیچ پەیامێکی بەسوودی لێ نافامرێتەوە:
کەنگێ
وەک منت پێدەکرێ
خوت
بپەرەستی؟
*
نموونەی دووەم/
وەک شانۆکارێکی بە ئەزموون
چوومە سەر سێن
قاقام لێدا
گریام
مردم
پاشان
لە سەر کورسیی بینەرەکان
هەستامە سەر پێ
بە گریانەوە
چەپڵەم بۆ خۆم لێدەدا
نموونەی دووم بۆ زیاتر روونکردنەوەی ئەم مەبەستە، ئەم کۆپلە کورتەی سەرەوەیە کە دوو ئاماژەی تێدایە و جێی لەسەر وەستانە؛ یەکەمیان (خۆ دانان بە شانۆکاری بە ئەزموون) دووەمیان (چەپڵە بۆ خۆلێدان) کە لە کۆتایی کۆپلەکەدا هاتووە، کە ئەگەر زیاتر وردبینەوە هەر زوو ئەو راستیەمان بۆ دەردەکەوێت کە نمایشکار لە رۆڵ بینێك زیاتر هیچی تر نییە، بە پێی ئەو مەنەلۆگ و رۆڵەی بۆی نووسراوەتەوەو بۆی دەنووسرێتەوە، ئەمەش لە دەقەکانی تردا ئەم راستیە دەردەخات، کە زۆر جار خلۆرمان دەکاتەوە بۆ رۆڵە بەدو تەنانەت زۆر بەدەکانیش وەك لەم کۆپلەیەدا شاعیر زۆر راستگۆیانەتر دەری دەبڕێت و ناتوانێت وەی شارێت کاتێك دەڵێت:
کاتی هەڕاجی ئێواران
هاوار دەکەم
من
خۆ
فرۆ
شم
تەنانەت لە کاتی خوێندنەوەی ئەم کۆپلە سادەدا دەمویست بروا بە خۆ بکەم کە شاعیر ئەمەی نەنووسیوەو رەنگە من بە هەڵە پێشچاوم بکەوێت و بیخوێنمەوە، چونکە کەم جار شاعیران ئاوها راستیە پەنهانەکانی خود ئاشکرا دەکەن، بەڵام مەخابن لێکدانەوە عوزرخواهیەکانی من هەڵە دەردەچوون و مەتنی دەقەکە ناچاری دەکردم لەو لێکدانەوەی خۆی زیاتر هیچ ئەگەرێکی تری بۆ نەدۆزمەوە.


دووەم/ لەیلا:
سەرەتا دەبێت پێش خوێنەران ئەوە بڵێم کە بۆچی ناونیشانی ئەم خاڵەم نەکرد بە رۆمانسی و لەیلام بۆ دانا؟ بەکورتی چونکە دەستەواژەی رۆمانسی یان رۆمانتیکی زۆر بەرفراوانترو قووڵترە لە زەقکردنەوەی کۆیلەبوون بۆ تاکێك، کە تەنانەت بگاتە حاڵەتی پەرستن، بێ ئەوەی هیچ هونەرێكی شیعریی و وێنەی ئیستاتیکی لە خۆ بگرێت.
چونکە رۆمانسی یان رۆمانتیکی جوڵانەوەیەکی ئەدەبی و هونەری بوو لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٨ لە ئەوروپا سەری هەڵدا وەك پەرچە کردارێک دژی شۆڕشی پیشەسازی، لەم ڕێبازەدا جەخت لەسەر هێزی هەست و سۆزو ئەندێشە دەکرێتەوە وەك سەرچاوەی راستەقینەی بەهای جوانیناسی. بەڵام ئەوەی لەم کۆپلانەدا بەرچاو دەکەون فێرکردن و خەستبوونەوەی زیاتری کۆیلایەتی و زەلیلی خوێنەرە نەك بەرکەوتن لەگەڵ دەقێکی داهێنەرو ئیستاتیکیدا ومەزندا. ئەمەش بەداخەوە مانەوەیە لە چەقی کولتورێکی دواکەوتوودا کە لە شێوازی سڵاوکردنیشدا رەنگ دەداتەوە کاتێك سڵاوکاران بەیەکتر دەڵێن (نۆکەرتم)! دیارە ئەمەش رەگ و ریشەیەکی مێژوویی و سایکۆلۆژی هەیە.

سەرەتا پێش ئەوەی نموونەی کۆپلەکانی تاباك بهێنینەوە با کەمێك لە سەرەتای کۆپلەی شیعرێکی شاعیر ئەندرێ بریتۆن ١٨٩٦-١٩٦٦ وردبینەوە کە پێش سەد ساڵ نووسیویەتی بزانین چۆن ئەفرێنەرانە لە دنیای خانمەکەی دەدوێ و دەیشیعرێنێ، ئەوجا با بەراوردی بکەین بە هەمان پۆل و جۆری ناونراوی شیعر و بزانین بۆچی هەر کاوێژێکی سادەی یەکتری دەکەینەوەو هیچ تازەگەریی و داهێنان و خزمەتێکمان بە دنیای شیعر نەکردووەو بەڵکو بەهای شیعر دادەبەزێنین:
ناونیشانی شیعرەکەی بریتۆن (راموسانێکی ئازاد)ـه، تیایدا ئاوها دەست پیدەکات:
خانمەکەم خاوەن پرچی ئاگری رەژوو
هزرەکانی لە تروسکەی تریشقەن
قەدی وەك کاژێری لمین
قەدی خانمەکەم وەك هی ڕێوی ئاوە لە نیوان ددانی پڵنگدا…تا کۆتایی
ئەمەش نموونەی کۆپلەکانی تاباکە کە تیایدا جگە لە (حەیران بوون، سووتان، کۆڵکێشان، پەرستن، بەخودا دانان…) هیچی تر شك نابات بە خانمەکەی بڵێ. کە ئەمانەش دوو ئاماژە دەدەن: یەکەمیان بێ بەهرەیی شاعیر کە نەیتوانیوە لەیلاکەی بە شیعر بکات و خاڵی شیعربوونی تیدا بدۆزێتەوەو بەهرەی لێ ببا، دووەمیان دنیابینییەکی پووچ کە تەنیا بوونی خۆی لە کۆیلایەتیدا بۆ ئەو دەبینێتەوە تا بوونی خودی راستەقینەی بێتە دی و درك پێ بکات. من زۆر لەسەر نموونەکان ناوەستم چونکە هیچ هونەرێکی رەوانبێژی و ڕەمزو میتافۆرێکیان تێدا نییە تا پێویست بە شیکردنەوە بکەن و داوای لێبووردنیش لە خوێنەران دەکەم کە رەنگە نیگەران بن بە خوێندنەوەی ناوەڕۆکی هەندێك ئەو کۆپلانە، بەڵام ئەوە تەنیا بۆ پشتڕاستکردنەوەی راڤەکەمانەم تەنیا قسەی خاوەنەکەیەتی:
بڕوام
بە گەورەیی نییە
کە دەتبینم
دەڵێم
خودام
چۆنی؟
*
هیچ
ڕێگایەک نەما بوو
بۆت
بمرم
*
لەو تەمەنەش دا
دەتوانم بتپەرەستم
نیگەرانم
خوا
گلەیی
بکا
*
بڕوام
بە گەورەیی نییە
کە دەتبینم
دەڵێم
خودام
چۆنی؟

*
حەیرانتم
کە دەمڵێنەوە
دەگریم
*
دارستانیش بی
بۆت
دەسووتێم
*
دەرگای ماڵەکەت
بە کۆڵ دەکێشم
ماندوو بم
دێمە
ژوورەوە
*
هێندەم نەماوە
بتپەرەستم
ڕۆهەڵاتی ناوینە
بیدرکێنم
هەموو
لە خوداکانیان
وەردەگەڕێن
*
کوتم
دێمە سەر
دینت
وتی
بێ دینم
*
لەت کردنی دەریا و
مار کردنی گۆچان
گرینگ نییە
مۆعجیزە یانی
ژن
بپەرەستی
*
ئەو تەنانەت لەیلا دەکاتە هەموو شتێك، لەوانەش نیشتیمان؛ بەڵام ئەو پرسیارەمان لە خۆ نەکردووە بۆچی؟ ئەوە شیعرە کە وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە؛ کە لێرەدا نەك هیچ وەڵامێك نییە، بەڵکو هۆکارەکان فەرامۆشکراون و بەرەنجام خراونەتە روو بێ زانینی مەبەست؟ یەکێکیش لە لێکدانەوەکان ئەوەیە کە شاعیر نەیتوانیوە درك بە هەقیقەتی شیعر بکات، جگە لە چڕکردنەوەی فەرهەنگی کۆیلایەتی. چونکە بۆ نموونە کۆیلەبوون بەرەنجامە دەبێت هۆکارێکی لە پێش بێت کە ئێمە هیچی لەبارەوە نازانین.
ئەو تەنانەت بە دوو جۆری جیاواز و لە دوو بەرواری جیاوازدا جەخت لەسەر ئەم بە نیشتیمانبوونەی لەیلا دەکاتەوە، ئاسانیشە نیشتیمان وا بچووك بکرێتەوە بەڵکو لای هەندێکی تریش بشفرۆشێت یان بکرێتە شتی نەویتر، بۆ نموونە ئەو ئاوها بۆی دەنووسێت:

لەوەتی نیشتمانمی
باڵندە
کۆچ
ناکەن
١١/١٢/٢٠٢٣……………………
لەوەتی نیشتمانمی
باڵندەکانیش
نافڕن
١٩/١١/٢٠٢٣………………….
سێیەم/ هیچ
کە دەڵێین هیچ، تا خوێنەر بە هەڵە تێنەگات مەبەستمان لە هیچگەرایی (نیهیلیسم) نییە، چونکە هیچگەرایی لەخودی خۆیدا جۆرێکە لە فەلسەفە یان کۆمەڵێك بۆچوونی فەلسەفییە کە لایەنە گشتییەکانی ژیان و بوونی مرۆڤایەتی رەفز دەکاتەوە، وەکو راستی مەوزوعی و مەعریفەو ئاکارو مانا، لایان وایە بەها مرۆییەکان هیچ بنەمایەکیان نییەو ژیان پووچ و بێ مانایە و مەعریفەت شتێکی مەحاڵە، هەندێکیش وای بۆ دەچن هیچگەرایی لەسەر رەوتە فەلسەفییەکانی پێش خۆی وەك گومانگەرایی و رەشبینی بنیات نراوەو سەری هەڵداوە. تەنانەت (جان يودریار) قۆناغی پاش پۆستمۆدێرن و شێوازەکانی بیرکردنەوەی بەشێك لە کایە ئەدەبییەکان وا وەسف دەکات و ناو دەبات.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە بریتییە لە (هیچ) لە تێڕوانینی شیعرەوە، واتا خاڵیی لە شیعربوون و بوتیقا، بێگومان هەردوو (قسەی ئاسایی و شیعر) لە وشە پێکدێن، بۆیە ئاسان نییە بۆ هەموو خوێنەران لێکیان جیا بکەنەوە بە تایبەتی کە دەقەکە ناوی شیعری لێ بنرێت و بە شێوازی دێڕە شیعر نووسرابێت، بەڵام لە ڕاستیدا جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نیوان ئەو دووانەدا، چونکە شیعر خاوەنی چەند بنەماو مەرجێکی زمانەوانی و داڕشتن و هەڵبژاردن و دەربڕینە،؛ ئەگەر وا نەبووایە ئەوا هەموو کەسێك قسە دەکات و دەتوانێت بنووسێت، جا گەر هەموو نووسینێك گەر ویستمان لێ بوو ناوی شیعری لێ بنیین ئەوا گەڕەلاوژەو فەوزا لە دنیای شیعرو ئەدەبیاتدا دروست دەبێت، وەك چۆن لەم زەمەنەدا هەندێك کەس تووشی هاتوون.
بۆ زیاتر روونکردنەوەی ئەم مەبەستە با بنواڕین لەم کۆپلەیە:
وەسیەتنامە:
گەر
مردم
بە کەواو
پانتۆڵەکێوە
بە خاکم
بسپێرن
هەندێك دەپرسن گەر ئەم وشانەی پێشوو گەر بە شێوەی رستەی ئاسایی بنووسین پەسەندتر نییە؟ چونکە لەو بڕگە بڕگەکردن و دێڕ دێڕکردنی وشانەدا نە هونەرێکی تێدایە نە کێش وسەرواو ئیقاع دەدات بە دەستەواژەکە، تا مۆرکی شیعری لێ بنیشێت. بۆ نموونە مرۆڤەکان وەسێتی جۆراوجۆر دەکەن لە ژیانیاندا، لە پیرەژنی نەخوێندەوارم بیستووە کە لە نەوەکانی تووڕە بووە گوتویەتی وەسێت بێت کە مردم دەمەونخون بمنێژن. کە لێیان پرسیوە بۆچی؟ گوتوویەتی بۆ ئەوەی لەوێ خەم و زووخاوتان لە گەرووم بیتەدەر، لێرەدا دەکرێ بڵێین ئەو پیرێژنەش شاعیر بووە؟ کە ماناو داڕشتنەکەشی زۆر لە وەسێتنامەکەی شاعیرەکەمان بەهێزترە کە تیایدا دەڵێت: (گەر مردم بە کەواو پانتۆڵێکەوە بە خاکم بسپێرن).
یان لەشوێنێکی تردا روو دەکاتە کچەکەی و دەڵێت گەر مەولەوی رۆمیش سەما بکات دەیکوژن. ئەمە نە سۆناتەیەو نە بروسکە شیعرو نە هایکو، بەڵکو ئامۆژگاریەکی ئاسایی ئاخاوتنی رۆژانەیەو نازانم چ سیفەتێکی دەچێتەوە سەر شیعر؟ لەناو کۆمەڵگا کلاسیکییەکانی رۆژهەلاتدا نەك سەما بەڵکو زۆر شتی تر قەدەغەو بڤەیە ئیتر ئەوە شتانێکی زانراو و بەڵگەنەویستەو چ هونەرێکی تێدایە دووبارەکردنەوەی واقیع و ناونانی بە شیعر نازانم! ئایا شیعر هەر خەم ڕیزکردن و کەڵەکە کردنی حاڵەتی نەرێنی و شکستە، یان داهێنان و ئیستاتیکاو هونەرەکانی زمان زۆر دیوی تر دەبەخشن بە تێکست کە هەرگیز خوێنەر لە مەدلول و چەشەی خوێندنەوەیان تێر نابێت. لە راستیدا ئەم داهێنان و تازەگەرییەش گیانە، دەبێت شاعیر خاوەنی ئەو گیانە داهێنەرو تازەگەرە بێت و بێزی لەو وتە کاڵوکرچانەوە بێتەوە کە دەدرێنە پاڵ شیعر بە ناوی شیعرەوە، سەرەنجام ئەو حاڵەتە نوێگەریانەش دەگمەنن و دووبارە نین، بەڵکو ئەوە رەشۆك و عامەی شاعیرۆکەکانە کە ئەوانەی پێش خۆیان کۆپی دەکەنەوە شتێکی لێ زیادو کەم دەکەن و دەیاننوسنەوەو ناوی شیعری لێ دەنێن.
لەمە زیاتر نامەوێت کات بۆ ئەم بابەتە تەرخان بکەین و بە چەند نموونەیەکی تر کۆتایی بەم باسە دەهێنین، بەڵام ئەمجارە من وەك نیگاکردنی خۆم بۆ ئەو کۆپلانە بە شێوازی ڕستەی ئاسایی دەیانوسم نەك پڕگەبڕگە و دێڕ دێڕ چونکە جگە لە رستەی خەبەری نێگەتیڤ و رۆژانە زیاتر هیچی تریان تێدا نابینم و خاڵیین لە فەنتازیاو میتافۆڕو ئیستاتیك :
١- بە مستەوە لەدایك دەبین باوەڕناکەن پەیامنێرەکان دەزانن.
٢- لە ساردخانەدا مرگم هەلدەلەرزێ بە خاکم بسپێرن.
٣- جودابوونەوە من و درەخت.
٤- سارد سارد بوویەوە دەستم بۆت ناچی.





پێداچوونەوەیەك بە شیعری “توولەڕێکانی پاییز” دای ئیلهام موڕادی

پێداچوونەوە: لەتیف بێوار


لەگەڵ یادت قامکەکانم لەسەر لاپەڕەی ڕۆژژمێرەکەم بەجێما
وانەکانی دڵداریم لێ ون بوو
ونبوو ڕۆژژمێری تەمەن
قامکەکانی خەیاڵم لەنێو بۆتەی ڕۆحێکدا دەئافرێن و
چاوەکانم وێنەی پڕۆفایلەکەتی لە قاپگرتووە
بۆیە لەهەر چاوترووکانێکدا
دووپات ئەبی لە شاشەی مێشکمدا
خەو خەیاڵێکە لەکەناری هەر خەزانێکا
شارێک ئەخولقێندرێ
حەز نیشتمانێکە لە ئۆغر
ڕوو لە نشێوییە گەڵاڕێژەکانی خەزان
لە غەمگینییە قەدگرتووەکانی تەمەن
توولەڕێیەکان حەز دەبەنەوە سەر دوا نشینگەی هەناسە
لێوم بە هەناسەکانتەوە
سەرگەردانە و
چاوم مۆمی هیوا کز کز ئەسووتێنێ
لە شوێنکی ئەم چیرۆکەدا
شەو بڕیاری لەسەر قەدەغەیە
پیاسە تیسکە
شەقام لەخۆ بایی.


کوردانی رۆژهەڵات پارچەیەکن لە جەرگمان، بوونیان بوونمانەو نەبوونیان نەبوونمانە؛ هەر پارچەو بە جۆرێك دەردەوە دەناڵێنێت کە هی هیچیان لە هیچی ناچێت، لە رووی فەرهەنگیشەوە وەک چۆن نزیکییەك هەیە لە نیوان هەردوو زمانی کوردی و فارسیدا، لە هەمان کاتیشدا شتێك لە دووریی هەیە، بۆیە ئەو ئەدیبە کوردەی رۆژهەڵات کە لە ژێر هەیمەنەی زوبانی فارسیدا رزگاری بوو بێت و کاریگەریی لە ڕێزمانی کوردی و وشەسازییەکانی نەکرد بێت من ئەوە بە یەکەم قۆناغی سەرکەوتن لێك دەدەمەوە.
ئەنجا دێینە سەر لێدوان لە خودی دەقەکە وەکو دەقێکی ئەدەبی کوردی و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین و بیروبۆجوونی خۆمانی دەربارە دەردەبڕین؛ بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بڵێین ئایا بەس دەقی باش شایستەی لێدوان و لەسەر وەستانە؟ یان هەموو دەقێك بە باش و خراپەوە دەتوانین چەقی لێدوانی تێدا بدۆزینەوەو لەسەری بوەستین؟ من رام لەگەڵ دووەمدایەو وای دەبینم هەموو دەقێك بایی هێندە رەهەندی باش و خراپ لە خۆ دەگرێت تا بیخەینە ژێر کارکردنی رەخنەییەوەو ئەم ڕێژەیەش لە دەقێکەوە بۆ دەقێکی تر کەم تا زۆر فەرق دەکات، هەر یەکەو خاڵی بەهێزی و لاوازی خۆشی هەیە.
ئەگەر بمانەوێت قسەش لە دەقی شیعریی (توولەڕێکانی پاییز.. ئیلهام موڕادی)ی بکەین دەبێت هەمان پێودانگ بەکاربهێنین و بە چاوێکی ئینسافەوە تەماشای چەند خاڵێکی گرنگ بکەین وەك هەر شیعرێکی تر؛ لەوانە:
١- ئاستی زمان و زاراوەسازیی تاچەند پەتی و شیعرییە و لایەنی ڕێزمان تیایدا بەهێند گیراوە؟
٢- وێنە شیعرییەکان تا چەند نوێن و ئافراندنیان تێداکراوە؟
٣- زنجیرەی پێکەوەبەستن یان (یەکێتی بابەت) تیایدا بەدی هاتووە و گونجاوە؟
٤- تییمەی شیعرەکە شتێکی نوێ دەڵێت ، و ئایا رامان و وەرچەرخانێك دەسازێنێت؟


ناونیشانی شیعرەکە ناونیشانێکی شیعریی جوانەو وەرزی پاییزیش وەرزێکە زۆر جێی ئاماژەو ئیلهامی مرۆڤە، جا لێکدانی توولە ڕێ کە دەمانباتەوە نێو سروشت و کەژو کۆو لکاندنی بە پاییزەوە ئەوە دوو جار هێز دەبەخشێت بە ناونیشانەکە، بەڵام ئایا تا چەند ئەم ناونیشانە پەیوندی بە ناوەڕۆکەکەوەو هەیە؟
ئەوەی لێرەدا لام مەبەستە لەم کورتە شرۆڤەکاریەدا وێنەکانی بخەینە ژێر تیشکی رەخنەوە، جونکە زۆر وێنەی لە خۆ گرتووەو هەندێکی پێکاویەتی و هەندێکیشی پێویستی دەسکاریکردنێك هەیە، راستە مانا وال ە دڵی شاعیردا، بەلام هەندێكجاریش شاعیر دەیەوێت شتێك بڵێت و ئاراستەی شیعرەکە یان نزیکمان دەخاتەوە لە مەبەست یان دوور، یان پڕاوپڕ دەیپێکێت.
کۆپلەی یەکەم:
من وەك چێژبینێکی شیعر دەمەوێت وردببمەوە لە پێچ و پەناکانی هەر وشەیەك لەم کۆپلەداو بزانم ئایا چەشە دەبەخشێت؟ ئایا دەتوانم لە بۆتەقەی خەیاڵدانمدا هەرسی بکەم، ئایا دەمخاتە کەشێکی تایبەتی دونیای شاعیرەوە؟
لەگەڵ یادت قامکەکانم لەسەر لاپەڕەی ڕۆژژمێرەکەم بەجێما
وانەکانی دڵداریم لێ ون بوو
ونبوو ڕۆژژمێری تەمەن
قامکەکانی خەیاڵم لەنێو بۆتەی ڕۆحێکدا دەئافرێن
١- لەرووی ماناوە مرۆڤ هەر کات دەتوانێت یادی کەسانی دی بکاتەوە چونکە ئەمە حاڵەتێکی دەگمەن نییە، بەڵام کۆچکردن یان دابڕان رەنگە ئەو حاڵەتە بێت کە زۆر دووبارە نابێتەوەو کاریگەری خۆی لە دڵی یادگاریەکاندا جێ دەهێڵێت، بۆیە رەنگە پەسەندتر بووایە گەر وشەی (کۆچ یان دابران) لە جیاتی (یاد) بەکاربهێنرایە، چونکە وەك لە دەقەکەشدا دیارە باسی دوورکەوتنەوەو نەبینیەوەو دابڕان دەکات، هەروەها دەتوانرا لەبری قامك هاومانای وشەی شیعریی تر بەکاربهاتایە تا زیاتر نازکی و ئیقاع بە رستەکە ببەخشێ بۆنموونە وەك پەنجە، ئەنگوست، تل….تاد پاشتر شیعرانەتر دەبوو گەر بەس راناوی (م)ی لە گەڵ قامکەکانم بە کاربهێنایەو بۆ رۆژمێرەکەی دانەنایەوەو نەیبووایە. ئاوها:
لەگەڵ کۆچت قامکەکانم لەسەر لاپەرەی رۆژمێرەکە بەجێما
أ- وانە ون نابێت، ئەوەی ون دەبێت فیزیکە وەکو خودی شیعربۆگوتراو، بەڵکو وانە یاد دەچێتەوە یان لەمرۆڤ دەئاڵۆسکێ و تێکدەچێت.
ب- گەر دیقەت بدەن دەبینین لە دێڕی سێهەمدا وشەی ونبوون و رۆژمێر دووبارە بەکارهاتووەتەوە!
ج- دێڕی چوار زۆر وێنەیەکی شیعریی گونجاوە، چونکە هەم قامکی خەیاڵ مەجازەو هەم بۆتەی رۆح دنیای میتافیزیکە.
کۆپلەی دوو:
چاوەکانم وێنەی پڕۆفایلەکەتی لە قاپگرتووە
بۆیە لەهەر چاوترووکانێکدا
دووپات ئەبی لە شاشەی مێشکمدا
خەو خەیاڵێکە لەکەناری هەر خەزانێکا
شارێک ئەخولقێندرێ
لای من دێڕی یەکەمی ئەم کۆپلەیە زیاتر قسەی رۆژانەیە نەك شیعر، بەلام شاعیر ئەوەی شك بردووە تا دەربڕین لەو هەستی دوورکەوتنەوەیە بکات، دێڕی دواتریش دەتوانرا زۆر شاعیرانەتر بهۆنرایەتەوە بۆ نموونە لە بری (بۆیە لەهەر چاوترووکانێکدا
دووپات ئەبی لە شاشەی مێشکمدا) بنووسرایە: لەهەر چاوتروکانێکما…ئامادەی لەناو هەستمدا یان ئەندێشە یان هزر….)
پاشان لە دێڕی چواردا وشەی خەو وخەیاڵ کە نزیك مانای یەکن هەردووکیان نادیدەو نابەرجەستەن و ناون، دەبوو وشەیەکی تر لە بری خەو دابنرایە تا زیاتر شیعرانەتر دەربکەوتایە، بۆ نموونە ژووان یان هیوا یان بینینەوە، پاشان لابردنی ئەو وشە زیادانەی وەك (هەر) لەم رستەیەدا شیعرەکە تۆکەتر دەکات، لە دوایشدا دێڕی کۆتای ئەم کۆپلەیە رەنگە گەر لاشببردرێت هیچ لە ماناو سیاقی شیعرەکە نەگۆڕدرێت بەڵکو جوانتری بکات.
کۆپلەی سێ:
حەز نیشتمانێکە لە ئۆغر
ڕوو لە نشێوییە گەڵاڕێژەکانی خەزان
لە غەمگینییە قەدگرتووەکانی تەمەن
توولەڕێیەکان حەز دەبەنەوە سەر دوا نشینگەی هەناسە
لێوم بە هەناسەکانتەوە
سەرگەردانە
١- حەز نیشتمانێکە لە ئۆغر زۆر دەستەواژەیەکی شیعری جوانەو وەسفێکی شاعیرانەیە لە وەسفی شاعیر بۆ مەبەستی دەربڕینەکەی.
٢- گەلاڕێژەکانی خەزان دەوەرێن ، ئیتر چ لە وەرین نشێویی زیاترە، بەڵام بە کارهێنانی وشەی (نشێو) بۆ (گەڵا) دەستاندات و نایەتەوە، بۆ نموونە نشێو بۆ ڕێگای مادی و مەجازی بەکاردێت نەك گەڵا.
٣- لە غەمگینییە قەدگرتووەکانی تەمەن، رەنگە ئەم دێڕە لاببرایە باشتر بووایە بۆ شیعرەکە، بەڵام دێڕی دواتر(توولەڕێیەکان حەز دەبەنەوە سەر دوا نشینگەی هەناسە) دەستەواژەیەکی شیعریی و هەستێکی رۆمانسی جوانە، بەڵام نازانم بۆچی لەم کۆپلەیەشدا دوو جار وشەی (هەناسەو حەز) بەکارهاتووەتەوە، مەگەر زۆر دووپاتکردنەوەی یەك جۆر وشە زیان بە بەهای شیعر ناگەیەنێت؟ رەنگە هەندێك خوێنەر بڵێت بۆچی بەس ئەو وشە زۆر بەکارهاتوو و دووبارانە لە هەمبانەی شیعریی شاعیردا هەن؟
دوا کۆپلە:
چاوم مۆمی هیوا کز کز ئەسووتێنێ
لە شوێنکی ئەم چیرۆکەدا
شەو بڕیاری لەسەر قەدەغەیە
پیاسە تیسکە
شەقام لەخۆ بایی.
١- لە رووی ماناوە چاو مۆم ناسوتێنێ بەڵکو لە رووی رەوانبێژییەوە تەشبیهـ و لێكچوون هەیە لە نێوان مانای چاو و مۆمدا بەوەی خاڵی تروسکاییان تێدایە و هاوبەشن لەو خاڵەدا، بۆیە شیعرانەتر بوو بۆ نموونە گەر بنووسرایە: چاو مۆمی هیوایە و کز ئەسووتێ.
٢- من لە دوو دێری کۆتاییدا کەمێك سەرم بە گێژ هات، ئایا ئەمە چیرۆکە یان شیعر؟ یان چیرۆکە شیعر؟ باشە بابڵێین یەکێکیانە؛ بەڵام بڕیاری چی لەسەر شەو قەدەغەیە؟ یان بڕیاری پیاسەی شەوانە قەدەغەیە؟ دواتر لە خۆبایی بوونی شەقام کە پێکهاتەیەکی لێکدراوی شیعرییەو هەوڵێکی جوانە، بەڵام وا هەست ناکەن کە دوورن لە مانای سەراپای کۆپلەو دێرەکانی تری شیعرەکەوە؟ شەقام ئاماژەی چییە لێرەدا گەر وەك سیمبوڵیش بەکارهاتبێ چ پەیوەستێکی هەیە بە قەدەغەی بڕیاری شەوەوە؟
دوماهی:
لە کۆتاییدا ئەمە لێکدانەوەو چەشەی من بوو بۆ ئەم شیعرە، پاش ماندووبوونێکی زۆر و بێ هیچ بەرامبەرێك بەم خوێندنەوەیە هەستام، بەس خۆزگە شاعیرەکان خۆیان پێش بلاوکردنەوەی دەقەکانیان نیشانی چەند کەسێکی شارەزایان بدایەو سوودیان لە ڕێنموونیەکانیان وەربگرتایە، وێڕای ئەوەی من دەستخۆشی لە شاعیر دەکەم و هیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی بۆ دەخوازم بە تایبەتی کە ئەو هەناسەیەکی شیعر لە گیانیدایەو بەس کارکردنی گەرەکە تا لە کۆتا نوسخەیدا بە شێوەیەکی پوختەو بوتیقایانە بەردیدەی خوێنەران بکەوێت.




مرواریەکانی شیعر یان قەزوانە پووچەکانی پەخشان؟.. لەتیف بێوار

رەخنە

من نە شاعیرم نە هیچ بەرژەوەندییەکم لەگەڵ شیعرو شاعیراندا هەیە، بەڵام خوێنەرێکی سەرسەختی شیعرم وحەز دەکەم شیعر هەردەم لە برەودا بێت، چێژ دەبەم لە خوێندنەوەو ڕامانی دەقی جوان لە ناو واقیعی ناشرینی ئەمڕۆماندا کە هەموو شتەکان تەنیا رووکەشیان لێ ماوەتەوەو بارگاوی بوون بە دەستی بۆرو جێ پەنجەی گەندەڵی و سیاسەت و نادادپەروەریی، کەسانی ناشایستە جڵەوی کاروباری بە ناو ڕۆشنبیریی و ئەدەبی و هونەریی و فەرهەنگییان گرتوەتە دەست کە هیچ لە بوارەکە نازانن و زۆریان بە تەزکیەی حیزبی دانراون.
لە لایەکی تریشەوە وێڕای بوونی ئەو هەموو سەکۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییانە و بڵاوکردنەوەی بە لێشاوی شیعرە جۆراوجۆرە، بەڵام هێشتا بوارە هەمەچەشنەکانی راگەیاندن و بڵاوکردنەوە هۆکارێکی باشی پەرەپێدانی دنیای شیعرن و وەك فاکتەری هاندان و پێشبڕكێی دەقی جوان دەتوانن زەمینە بڕەخسێنن بۆ درەوشانەوەی شیعر، بە پێچەوانەشەوە دەکرێت ئەو سەکۆ ئەدەبی و هونەری و بڵاوکراوەو چالاکییە هەمەچەشنانە تەبیعەتی خوێنەران تێك بدەن و دووریان بخەنەوە لە موتابەعەو خۆمژیلکرن بەو کەناڵانەوەو تەنانەت بە خوێندنەوەی ئەو جۆرە شیعرانەشەوە.
بە ڕای من پاشکۆی مرواریەکانی شیعر کە بە شەش مانگ جارێك لە چوار لاپەڕەدا دەردەچێت، یەکێکە لەو قۆرتانەی دنیای شیعر کە شاعیران و خوێنەران توشی هێڵنج دەکات و دەنکی قەزوانە پووچەکانی بەهارمان دەهێنێتەوە یاد کە لەبەر هەتاودا زەردو بۆش و قەرپۆك دەردەچن، هەر هیچ نەبێت گەر کەمێك دەست بە شیعرەوە ناگرن، ڕێزی پایەی ئەدەبی پاشکۆکە بگرن، هەروەها شیعرە بێ تام و دڵداریەکانی رۆژنامەی هەولێریش هەر بەهەمان شێوەن، گەر ئەوانەی سەرپەرشتی دەکەن هیچ زائیقەیەکی ئەدەبییان نەبێ، ئەوا با تەسلیمی تایبەتمەندانی بوارەکەی بکەن و کەسانی شارەزای دەرەوەی خۆیان رابسپێرن بۆ هەڵبژاردنی شیعرەکان، یان رەنگە عوزریشیان هەبێت و لە ژێر فشاری ئەملاولادا بڵاوبکەنەوە، یان هەر ئەو دەقانەیان بۆ بچێت. هەروەها بێئاگاییان دەردەخات لەمەڕ شیعری پۆستمۆدێرن و رەوتی شیعری جیهانی.
پاشکۆی مرواریەکان هەرچەندە وا پێدەچێت زیاتر بۆ خانمان تەرخان کراوەو لەگەڵ دانانی وێنەی گەورەدا یادی پروپاگەندەی سینەماییمان دەهێنێتەوە بیر، ئیتر بێ رەچاوکردنی دنیای ناوەوەی شیعرەکان و هونەرەکانی شیعرو تازەگەریی و بوونی خاڵی وەرچەرخاندن لە دەقە بڵاوکراوەکاندا، ئەمەش بەس دادەنرێت بە لە کۆڵ خۆ کردنەوە، ئەگینا لە هەمان کاتدا هەر خۆیان پاشکۆی هەفتانەی بەردەوامیان هەیە وەك کەشتی نوح و ستادیۆم و هەڵبژاردن و دۆسیەو چەندان بابەتی بێ سوود و دووبارەو بێ خوێنەری تر کە گرنگی پێدان و خۆماندووکردنێکی زۆریان پیوە دیارە، ئەمە خۆی لە خۆیدا دەدەنرێت بە گاڵتەکردن بە شیعرو خوێنەرەکانیشی، رەنگە واشی لێك بدەنەوەو پاساوی بۆ بهێننەوە کە دنیای شیعری کوردی هەر ئەمەیەو بۆیە هەرکەسێك هەڵدەستێت دەبێت بە شاعیر.
لە ٢/١١/٢٠٢٣داو دوای شەش مانگ بە ژمارەی ٩٠٣٨(ساڵی سی و دوو) دوا ژمارەی ئەم پاشکۆیە کۆمەڵێك شیعری هەرزەکارانەو دڵداری لە خۆ گرتووە کە خوێنەر هەست بەفیڕۆدانی کاتەکەی دەکات لە کۆتایی هەڵدانەوەی دوا لاپەڕەدا و پەشیمان دەبێتەوە بۆ ئەم ناوی زل و دێی وێرانە.
ئێستا بە پێکەوە تێپەڕینێکی خێرا بکەین بە خانووە روخاوەکانی ئەو خەراباتەدا، لە یەکەم شیعردا وێڕای کۆنێتی زاراوەی خۆرو ئەوانی تری نێو شیعرەکە، سەبارەت شێوازی شیعرەکە زاتییە، بابەتی شیعرەکە حاڵەتی تەمەنی بێهیوابوونی شاعیر(سن اليأس) باس دەکات لەگەڵ نەناسینەوەی شارو جێهێشتنیدا، سەبارەت زمان تیایدا زۆر دەستەواژەی ناشیعریی تێدا بەکارهاتووەو زیاتر هی قسەکردنە، لە لایەکی ترەوە خوێنەر وا گومان دەبات شاعیرەکەی تازە فێری زمانی کوردی بووە، ئەمەش چەند نموونەیەکە لەو بارەیەوە:
١/ لە جیاتی ئەوەی شاعیر بنووسێت: (کچێکی خوێن ئاڵە)یان (کچی خوێن ئاڵە) دیقەت بدەن چی دەڵێت:
ئەم شارە
کچی خوێنێکی ئاڵە
هەورێک بەسەر سەریەوە وەستاوە
*
٢/ ناتەبایی مانا لەم دەستەواژەدا ئەو کات دەردەکەوێت کە ئەو باسی شار دەکات کە لە خۆی بێبەری دەکات ، کەچی ئەو بە شار دەڵێت پێویستم پێت نەماوە، وێڕای ناشیعرێتی کۆپلەکەو دووبارە بەکارهێنانی وشەی (کەچی) کە یەکێکیان زیادەیە:
کەچی لە خۆت بێبەریم دەکەیت
پێویستم پێت نەماوە
کەچی گۆڕێکت لە کۆشتا بۆ هەڵکەنیوم
*
٣/ کورد دەڵێت: گشت پارچەکانی، کەچی شاعیر دەنووسێت:
گشتی پارچەکانی تری جەستەم.
٤/ لە رووی تەبایی و یەکانگیری ماناوە، شاعیر شەمەندەفەرو هەڵفڕین بۆ یەك مەبەست کۆ دەکاتەوە کە لەگەڵ یەکدا نایەنەوەو دەبوو هەر یەکێکیان بەکاربهێنێت، شەمەندەفەر بەسەر زەویدا دەڕوات و باڵندە لە ئاسماندا هەڵدەفڕێت، وێڕای ئەوەی هەردووك هێمای ماڵئاوایین، بەڵام سەبارەت پێکەوبەستنەوەی رایەڵەی واقیع؛ ئەوا هێڵی شەمەندەفەر لەو شارەدا نییە کە شاعیر لێوەی دەدوێت:
خۆم لەناو شەمەندەفەرێکدا دۆزیەوە
لە پەنجەرەکەوە سڵاوێكم لێ کردو
بەدەم گۆرانی وتنەوە هەڵفڕیم
پێویست ناکات من ڕێنمایی شاعیر بکەم کە دەبێت بزانێت دەسمایەی شاعیر وشەیە، بۆیە تا بتوانێت وشەی شیعریی دەگمەن و ئیقاعدارو کاریگەر بەکاربهێنێت مەودای لێکدانەوەو بەهای دەقەکەی بەرزتر دەبێتەوە، بەڵام کە هەندێك شیعر دەخوینیتەوە وا دەزانیت شاعیرەکەی هەر ویستوویەتی تەواوی بکات بێ گوێدانە لایەنی رەسەنایەتی و دەگمەنی.
شیعری دووەم: شۆڕشی مەستێك لە سووچێكی زەوی:
شیعرێکی پەخشان ئاسای ویژدانییە، باس لە مەست بوونی خۆی دەکات و رەفزی ناڕێکییەکانی ئەوانی تر دەکاتەوە، گاڵتەیان پێ دەکات کەچی لە کۆتاییدا دەڵێت: دەپرسم بۆ ئەوەندە گەورەیە مرۆڤبوون. لە لایەکی ترەوە ئەو بۆ كشان نوكتە دەكات، ئیتر نازانم گەر مەبەستی لە کشانی ئەستێرەکان بێت چ حەوجێی نوکتەیە، ئەو رایەڵە لەقە لە زنجیرەی لێکدانی وێنەکان تاسە بە رۆشتنی خوێنەر دەبەخشن لە کۆڵانەکانی ئەو شیعرەدا. پاشان رەنگە خوێنەرێک بپرسێت خۆ مەستکردن چ چارەیەك بە گرفتەکان دەبەخشێت، وێرای ئەوەی ئەم کەرەسەی مەستییە لە پێش خەیامیشەوە بەکارهێنراوەو چەندبارەیە، ئەو دەڵێت:

  • بەیانییەكەی لە سوچێكی ئەم زەوییە پڕ ژاوەژاوە
    قاپێك ئارەقی مەستەكی
    دەخۆمەوە
    نامەوێ گوێ لە چرپەچرپی ئێوە بگرم
    *
    سێیەم/ بۆیاخی نەبم
    من وام زانی مەبەستی شاعیر بۆیاخە! چونکە سپەیسی لە نێوان بۆ + یاخی دانەناوەو هەر بەیەك وشە نووسیونی، سەبارەت لایەنی فۆرم وەك شیعرەکانی تر فەرامۆشی زمانی شیعری کردووەو هونەرەکانی وەلا خستووەو بیری لە ئستاتیکای فۆرم نەکردووەتەوە ، سەبارەت ناوەڕۆکیش ئەمیش وەسفی خۆی دەکات و یاخی بوون لەشەقدان لە سەرپۆش و کەلتوردا دەبینێتەوە، واتا بەس شێوەی یاخی بوون دەنەخشێنێت، لە کاتێکدا یاخی بوون چەمکێکی مەعریفی ناوەکییە، ئەو دەڵێت:
    من لە كچێنیەوە یاخیم
    وەكو دایكم نزام نەدەكرد
    وەكو خوشكەكانم
    سەرپۆشم نەدەپۆشی
    یاخیبوون
    هەڵاتنە لە شتە باوەكان
    *
    یاخیبوون..
    وەستانەوەیە بەرامبەر كەلتور،
    شەق هەڵدانە لە شتە باوەكان
    چوار/ ئەستێرەناس : شیعرێکی تری پەرەی دووە، شیعرێكی رۆمانسییە، زمانێکی رۆژانەی تیا بەکارهاتووە، زمانێکی شلۆق، وەك شاعیرەکانی پێشتر بواری پێداچوونەوەیان بە خۆ نەداوە، خۆ شیعری سەربەست ئەوە نییە یەکجار لە کێش و سەروا دایبماڵین؛ بۆ نموونە ئەو دەیتوانی ئەم کۆپلەیە بگۆڕێت و دەسکاری بکات تا پاراوی پێ ببەخشێ لە جیاتی رەکیکی و ناڕێکی:
    گەر رۆژگارەکانی ساڵ
    ھەمووی ھەناسە سوار بم

باسی ناکەم،

گەر هەموو رۆژەکانی ساڵ
هەناسەسوار….
*
کۆتایی هێنانی شیعر وەك سەرەتای گرنگە، نازانم بۆ زۆربەی شاعیرەکان لە کۆتاییدا زمانەکەیان وا سادە دەبێتەوەو وەك بیانەوێ لە کۆڵ خۆیانی بکەنەوە:
ئەڵێم ھەق نییە
ھێندە بیرت بکەم
بەڵام لەکوێی دونیادا ھەق ماوە.
*
پێنج/ دڵم بۆنی یەکەم بارانی بەهاری گرتووە:
هەندێك جار لەبەر رەکیکی لێکدانی وێنە شیعریەکان ئاستەم دەبێت لە خەیاڵداندا وێنەو کۆپلەو مەبەستەکان بخەمڵێنیت، چونکە کاتێك دوو شت تێکەڵ دەکەیت یەکیان واقیع و ئەوی تر خەیاڵ، دەبێت زنجیرەی پێکەوەبەستن و خاڵی هاوبەشیان هەبێت تا وێنەیەکی نوێ و جوانی شیعری لێ دەرچێت؛ لەم کۆپلەیە رابمێنن:
ڕێگاکان،
لەخۆیاندا وون دەبن،
ناتوانن ئاوڕێک لەڕابردوو بدەنەوە،
راوەستانێکە ،کە ئەژنۆ دەشکێنێ!!
هەنگاوەکان خۆیان،خۆیان دەبژێرن و سێبەری
دارسنەوبەرەکان
لەخوارو خێچییان رازی دەبن،

  • لێرەدا تێکەڵ و پێکەڵیی و ئاڵۆسکانێکی تێدا دەبینرێتەوە کە خوێنەر نازانێت رێگا بۆ ئەو شوێنە لەو رستەیەدا دروستە؟ ئایا شاعیر گەر خوازەی تری بەکاربهێنایە تا ماناکانی بگەیاندایە جوانتر نەدەبوو؟ وێڕای ئەوەی ئەمیش وەك شیعرەکانی تر شیعرەکەی پڕ لە ڕاناوی (م)ی منی شاعیر کردووە، ئیتر نازانم ئەم جۆرە لە شیعر دەچێتە چ خانەیەکی شیعرەوە؟
    لێرەدا جێی خۆیەتی پرسیاری ئەوە بکەین: دەبێت لەم رستەیەدا چ قووڵییەك هەبێت وا شاعیر دەخنکێنێت؟
    چەند خۆشم دەوێیت!!!
    قووڵی ئەم رستەیە دەم خنکێنێت
    پاشتر ئەو وەسفی بێ سنووریی خۆشەویستی بە سێوی ئادەم کردووە کە من زۆر بیرم هێناو برد، نەمزانی رووی لێكچوونی ئەو دووە چییە؟ ئەو دەنووسێت:
    دڵم بۆنی یەکەم بارانی بەهاری گرتووە
    شێتانە پێم دەڵێ: خۆشەویستی هیچ سنوورێکی نییە!!!
    سێوی ئادەمێکی یاخی بووە،
    بەڵام ئەم دەستەواژانە کە دواتر جۆری بیرکردنەوەو دنیای شاعرەکان دەردەخەن پێکهاتەی خودی شاعیرەکانن و لەو سۆنگەیەوە دەتوانین زۆر رەهەندی جۆراوجۆری تایبەتی و گشتی شاعیرو دەوروبەرەکەی و ئاستی رۆشنبیریی شیعریی و زانیاری و تێگەشتنی گشتی تێبگەین، باشترە شاعیرەکان شاعیرانی پێشووی خۆمان و گەلانی دراوسێ و جیهان بخوێننەوە تا زیاتر ئاشنای شێوازو بونیاتنانی شیعرو مامەڵە لەگەڵ بابەت و هەڵبژاردنی وێنەدا بکەن.
    شەش/ وەرینی دواین گەڵا و دوو شەمس
    ئەم دوو شیعرە چونکە پێشکەش کراوە بە دوو مرۆڤ، من لەسەریان نادوێم. مرۆڤ لە ژیانیداو لەپاش مردنی بوونەوەرێکی ڕێزدارو بە بەهایە، ئاواتەخوازم خاوەنی شیعرەکانی تریش زویر نەبن، کە ڕای خۆمانیان سەبارەت دەنووسین، ئێمە قسەمان لەسەر خودی تێکستەکانە نەك شاعیرەکان، ئەم دوو پێودانگە دوو شتی لێک جیاوازن. لە کاتێکدا ئەوان رەنگە لە داهاتودا زمانیان زۆر پوخت و کۆ بکەنەوەو شاعیری ناوداریان لی دەرچێت، بەڵام قسە لەسەر ئەو بەرهەمە شیعریانەیە کە دەیانخوێنینەوەو هەمووان دەتوانن رای خۆیان دەرببڕن و شاعیرەکانیش وەڵام بدەنەوە.
    حەوت/ تووڕەبوون لە ئاو …. نزایەک بۆ ژن
    ئەمیش شیعری خانمێکە وەکو یەکەم شیعر وێنەیەکی گەورەی لەگەڵدا دانراوە، کە ئەمە بە رەوا نەزانراوە بۆ شاعیرە پیاوەکان و لەهەمانکاتیشدا فاکتی پیاوسالاری لێ دەخوێنرێتەوە، شیعرەکەش لە خولگەی ململانێی فێمینیزمی و پیاوسالاریدا دەخوڵیتەوەو هێشتا ئەو زۆرانبازییە تەقلیدیانەی جێ نەهێشتووە، هەر وەك ئەو چۆن رەچەڵەکی پیاو دەباتەوە سەر سمێڵ و هەر وەك بەهایەكی پیاوەتی کە لەو کۆمەڵگایانەدا تەماشای دەکەن مامەڵەی لەگەڵ کردووەو جۆرێك لە ساتیری تێدایە:
    بەدوای میهرەبانی ژنبوونمدا
    هەموو دەربەندەکانی سمێڵ دەگەڕێم
    بۆ خوێنی هاوڕێکانم
    حاشا لە خەنجەری بەر بەرۆکی ئەو پیاوانە دەکەم
    کە وشەیان لە ئاو و دڵیان لە ئاسنە
    چاویان لە خوێن و قاقایان لە مسە
    وای دەبینم دەبوو بۆ تەبایی و گونجانی مانا کە سیفەتێکی ئەرێنی و نەرێنی لە پێش دواکۆپلەدا هێناوە(ئاو/ئاسن) دەبوو لەبری خوێن بۆ نموونە ئەسرینی دانایە نەك (خوێن و قاقای مس) کە هەردووکیان نەرێنین. جگە لەمەش دژبەرییەك هەیە لە نێوان ئاوی ناونیشانەکەو کە توڕەبوونە لێی و ئاوی ناو دەقەکە کە سەرچاوەی دادوەری و پێکهاتەی بەژنی ژنە وەك دەڵێت: لە باران باڵای ژنێک دروست دەکەم
    بە ویژدانەوە دەبێت ئەوە بڵێین کە زمانی ئەم شیعرە لە هەموو ئەوانی تر تۆکمە ترو وێنەکانی شیعریترن، هەرچەندە هیچ دەقێك بێ کەموکورتی نابێت بەڵام ئێمە بە بەراورد بەوانی تر باسی لێ دەکەین.
    لێرەدا رقێکی پەنگخواردووی کۆنینە بە پیاو دەرێژرێت و بێئاگا لەوەی کە پیاویش خۆی بە جۆرێکی تر کۆیلەو قوربانییە لە کۆمەڵگا کەنەفت و یەخسیرەکاندا، تا دەگاتە ئەوەی خۆی وەکو سیمبوڵی هەموو ژنێك و پاکیزەیی بە بلوور بچوێنێت و سمێڵیش بە ڕەژوو و لە گۆڕی بنێ:
    هەر جارەو دەبم بە گیاندارێک
    دەبمە نەوڕەس
    حیکایەتی خۆر بۆ گوڵەبەڕۆژە دەگێرمەوە
    تووڕەبوونی شەپۆلەکان
    دەبەمە بەردەم دادگای ئاو
    لە سپێتی خۆم کفنێک بۆ سمێڵ دەدورم
    *
    خاڵێکی تری جیاوازی ئەم شیعرە لەوانی تر سوود وەرگرتنە لە رەمزەکانی ناو ئەفسانەکانی گریك و ئەدەبی گەلان و کلاسیكی کوردی و بەکارهێنانەوەیەتی وەکو کەرەسەیەکی شیعریی کە ئەمەش بە ئاگایی شاعیر دەردەخات لەو جیهانەدا، ئیتر ئایا تۆ لەگەڵ پەیامی شیعرەکەیدا هاوتای یان نا ئەوە بابەتێکی ترە، چونکە ئەمە ئەزموون و ئایدیاو تێڕوانینی شاعیرە:
    بە دواکۆپلەی ئەم شیعرە کۆتایی بەم کورتە نووسینە دەهێنین و خۆزیار بووین شاعیر لە پەراوێزدا روونکردنەوەی بە ئاماژەی (قەیسدە) بدایە!
    دواجار دەبمەوە بەخۆم
    بە قەیسدە دەڵێم
    بڕۆ حاشا بکە لەو درەختانەی مانفێستی گەڵا دەسووتێنن
    حاشا بکە لەو چۆلەکانەی گۆرانی جریوە زیندە بەچاڵ دەکەن
    حاشا بکە لەو دۆلفینانەی ئاو دەکەن بە قوربانی ئاگر
    حاشا بکە لەو ئاسکانەی پەیمانی ئاشتەوایی لەگەڵ پڵنگەکان
    دەبەستن
    حاشا بکە لەو نەوڕەسانەی بە دەم گریانەوە فرمێسکی مردن
    دەنووسنەوە
    بە خۆم دەڵیم ببە بە ئافرودەیت
    زیویس بهێنە سەر بەرماڵەکەی دەروێش عەبدوڵڵا
    ئەپۆلۆ بکە بە ئاسەوار و لە سەیوان دایشارە



عیشق لەنەوزاد بەندییەوە تا شۆپنهاوەر.. لەتیف بێوار


لەناو عەرەبدا شاعیر محەمەد ماغوت ئەو واقیعە ئازاراویەی کە مرۆڤی کۆمەڵگاکەی تیایدا دەژی دەشیعرێنێت و بۆ هەتاهەتایە لە تۆماری مێژوودا وەك گەواهیدانێك دەیهێڵێتەوە، ئەوەتا لە قەسیدەی (فلسفة الحرمان)دا باسی فەرمانڕەواکانی کۆمەڵگاکانی خۆی دەکات و دیوە راستەقینە نەگوتراوەکەیان کەشف دەکات و نەبوونی ئازادی و ژیانی راستەقینە بە بەکارهێنانی هەموو ئەم دەستەواژەو زاراوانە بزر دەکات و وەك ئەوەی هەڵیانخەڵەتانبین بە سێبەی شتەکان و شتەکانیان لێ قەدەگەکردبین، ئەو ئاوها دەهۆنێتەوە:

لقد أعطونا الساعات وأخذوا الزمن ،،
أعطونا الأحذية واخذوا الطرقات ،،
أعطونا البرلمانات وأخذوا الحرية ،،
أعطونا العطر والخواتم وأخذوا الحب ،،
أعطونا الأراجيح وأخذوا الأعياد،،
أعطونا الحليب المجفف واخذوا الطفولة ،،
أعطونا السماد الكيماوي واخذوا الربيع ،،
أعطونا الجوامع والكنائس وأخذوا الإيمان ،،
أعطونا الحراس والأاقفال وأخذوا الأمان ،،
أعطونا الثوار وأخذوا الثورة ..

لەناو کوردیشدا شاعیر نەوزاد بەندی تەنانەت پێ ڕاناگات بە دوای رەوانبێژیدا بگەڕێت تا جوانکاری زیاتر بە دیوی هونەریی کارە وێژەییەکانی ببەخشێت، هێندی لە بەهرەو توانایدا بێت بە وتارو چیرۆك و شیعرو نووسین.. دەربڕین لەو نامۆبوونەی گیانی دەکات لەناو ئەو واقیعەدا کە هەرگیز بە بەری ئەو ناخۆن وەکو مرۆڤ، نەك تەنیا رەخنەو ساتیرەکانی رووەو دەسەڵاتە ، بەڵکو خواروخێچی وپێچو پەناکانی ناو کۆمەڵگاکەی وەکو کەسێکی تیمارکار دەخاتە روو و رووبەرووی هەموو چەوتییەکانیان دەکاتەوە بوونەتە هۆی ئەم هەموو قەیرانە قووڵانە، هەرچەندە لە کۆتاییدا دەزانێت کە کەس چیدی گوێ لە وشە ناگرن و رەنگە هەر فشاری خوێنی خۆی پێ بەرز بێتەوە! بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە بە کەناڵێك و دەرچەیەك دەبینێت بۆ خۆ خاڵیی کردنەوە لە هەموو مەراقە گەورەو گچکەکان، بێ ئەوەی بیر لە لەدەستدانی بەرژەوەندییەکان یان زوویر بوونی ئەم و ئەو بکاتەوە، ئەو ئاوها دەنووسێت:

بێزار نابن ،
ملیۆنێ ساڵی تریش ،
لە تێکدانی گوزەران و
ئەدەب و هونەر و جوانی..
تێرنابن و ..بێزارنابن ..لە وێرانکردنی ئاوەدانیی..
تێر نابن و بێزار نابن ،
لە سەرهەڵگرتنی سەدان هەزار گەنجی خەمبار و دڵشکاو..
لە خنکانی سەدەهایان.. له خۆ کوشتنی سەدان لاو..
٭ ٭ ٭
بەڵام ئێمە زۆر بێزار بووین..
بێزار بووین لە زاراوەکانی دەسەڵات ..دەستە ..ئەنجومەن ..کۆمپانیا .. حیزب .. تاوەری چۆڵ و هۆڵ..
شانە ..خانە .. بزووتنەوە..
ڕێکخەر ..ڕابەر..
بێزار بووین لە ناوەکانی حوکمەت ..کابینە .. بودجە .. سروود ..پڕۆژە..
هەواڵی قۆڕی بە پەلە..
لە ناوی سەرۆک..
لە پێشگری فەخامەت..
لە پاشگری خوا بیهێڵێ..
لە کادر و .. لە ئەندام و..
چالاکوان و پەرلەمانتار..
لە کەناڵ و بێژەر و ڕاگەیاندن..
لە گومرک و لە نەوت..لە غاز

ئەم شاعیرە هەست ناکە دڵشکاوە بە عەشقێکی ناکام، ئێستاش ئەو هەستەی یەکەم خۆسەویستی هەر لە ناخیدا زیندووەو تێپەڕینی رۆژگارە سەخت و ئەمزموونە جیاوازەکان لە یادەوەریدا نەیسڕیوەتەوە، هەر ئەو عەسقەیە داینەمۆی جولەکانی ئەو و بەرهەمەکانی، ئەو عەسقەشە لە کۆمەڵگای ئادەمیزاد دابڕێنراوەو جەنگ و کوشتار شوێنی گرتووەتەوەو بە بەدیدەی جیهانەوە کۆرپەی ساوای بێتاوان دەکوژرێت و ئیمپیالیزمی جیهانییش ئاهەنگی خۆشی بۆ دەگێڕێت.
ئەو لە ژمارە ٧٣ی ئاداری ١٩٨٩ی گۆڤاری (کاروان)دا شاعیر لە ژێر ناونیسانی (هۆزانی خۆشەویستیدا) لەگەڵ دڵدارەکەیدا دێتە گۆو وەکو هەموو عەشقیکی ناکام دوای لێکدابران کە چیدی یەکدی نابیننەوە، دڵی هەواڵی ونبون و گورگ و خەزانی پێ دەدات و بۆی دەنوسێت؛ دڵدارەکەم ئەم ژووانە- دوا ژووانە- دواگفتووگۆو دوابینینە.. تۆش یادی من بکەوە وەك چۆن من هەمیشە تۆم لەیادە، تەنیا ئەو عەشقە مەعنەویەش بەسە تا پێی قوتار بین لە زوڵمەتی دونیا، من یاد کەوە لە هەموو نەهامەتی و تۆفانەکاندا چونکە ئەوەبوو ئاوێنەی راستەقینەی ژیانمان:

هەر کاتێك خەزان دەرکەوت و
گەڵای دارەکان هەڵوەرین
ئەو کاتە یادم کەرەوە..!!
هەر کاتێ گورگی ڕەشەبا،
هەڵمەتی بۆ ژوورەکەت برد،
ئەو کاتە یادم کەرەوە..!!

ئەم عەشقەی هەڕەتی لاوی و بە ناکام گەیشتن، ئێستاشی لەگەڵدا بێت زیاتر درەوشاندنەوە دەدات بە هەوێن و توخمە ستاتیکییەکانی ناو دەقەکانی و وا لەم دواییەدا باسی ئەو عەشقەی زانکۆ دەکات و دوای کۆشێ منداڵ و دووچاربوونی نەخۆشیەکی زۆر هێشتا دڵی لە ترپەو لێداندایە بۆی، بگرەئەو هەستە رەنگە هۆکارێکی ئیجابی بێت لە مانەوە لە ژیانداو یادەوەرییەکانی ئێستاش ئاسوودەهێن بن بۆی، بۆ نا؟ مەگەر مرۆڤ هەمیشە چاوی لەدووی ئەو شتانە نییە کە نییەتی و هەوڵی وەدەستهێنانیان دەدات؟ عەشقی راست و پاك ئاوهایە، کە متمانەو تێگەشتن تەنانەت تاك و خانەوادەکان دەگەیەنێتە ترۆپکی سەرکەوتن کە هەمیشە میهرو خۆشەویستی بە رەنگینترین و رازاوەترین سیما دەیڕازێنێتەوە، ئەو لێرەدا گەر لەگەڵ کەسێکی تریشدا بدوێ و تیری مەبەستی ئاراستە بکات ، بەڵام هێشتا ئەوی غائیب لە ناو کانگای ئەندێشەو داهێنانیدا کەسەرەسەیەکە کە نابێت ناوی نەهێنرێت و فەرامۆش بکرێت، وەکو ئەو هەڵماتانەی منداڵی کۆیکردوونەتەوەو پاراستوونی، ئەمەش هەر وا بەشێك لە بوون و تەمەن و یادەوەری شاعیری داگیرکردووە، هەرچەندە لە تۆشدا بێت هەر بیری ئەوی دەکەوێتەوە:

فرمێسک ئیش کا بە تکاویی..
پیریی تا بێ ، تیری زیاتر با لەلاویی..
زانکۆ تا بێ دوورتر کەوێتەوە
جارێ له جارێکیان…
بە جۆرێ مەحاڵ بێ چاوم
بکەوێتەوە بە چاوی..
گرنگ نییە هیچ کامێکیان..
گرنگ ئەوەیه تۆ ماوی…

ئەم حاڵەتە لە شیعری (بریدا) شدا دووبارە خۆی دوپات دەکاتەوە، ئەوی شاعیر هەمیشە شتێکی بزرکردووە لە شوێنگەلێك، هەمیشە دوێنیشی خۆشترە لەمڕۆ، بۆیە بە حەسرەتەوە ئەمڕۆ لەیاد دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رۆژە جوانانە، هەرچەندە ئەمجارە ژینگەکە تاراوگە بێت، بەڵام دیارە هەر ئەو ساتانە خۆشتربوون ئەگینا مەلی خەیاڵی شاعیر هەڵنافڕێت بۆ ئەو دووراییانەو ئێرە لەیاد بکات، بەو مانایەی لاشە لێرەو گیان لەوێ، بۆشاییەکیش لە مندا هەمیشە چاوەڕوانی پڕبوونەوەیە..

بریدا..
ناوی تۆ تاوە بارانێک ، لە باشووری هۆڵنداوە ،
ئەخاتە ناو زەرفێکەوە و
بۆم ئەنێرێ ..و ناگاتە من..
جەردەکانی کوردایەتی ،
ئەیکەنەوە ، بۆ دۆلار و نەوت ئەگەڕێن
*
دوای تەواو بوون
ناخم پڕە لەو کەسانەی
هیوادار بووم یەک قسەیان لەگەڵ بکەم ،
بوار نەبوو..
هیواداربووم یەک پیاسەیان لەگەڵ بکەم..
یەک چا..
یەک قاوەیان لەگەڵ بخۆمەوە و..
کاتم نەبوو..
کاتیان نەبوو
وەک پەڕی باڵندەیەکی نەناسراو ،
زریانی ڕۆژگار بردنی..
زریانی ڕۆژگار بردمی..

خۆشەویستی مرۆڤ بۆ هەر شتێك بێت و لە هەر قۆناغێکی ژیانیدا بێت ئەوا خۆشەوستی پاك و باڵا دادەنرێت بە پاڵنەرێك بۆ سەرکەوتن و داهێنان ، وەك چۆن بیردۆزی <فيدروس> یش هەروابوو بۆ سوپایەك کە ئەگەرعەشقیان بۆ ئامانجەکانیان هەبێت و خۆشەویستی لە نێوانینادا بوونی هەبێت ئەوا هەر سەردەکەون، هەر خۆشەویستیشە کە وا لە مرۆڤ دەکات خودی راستەقینەی دەربخات، وەك چۆن زانستی دەروونناسی دەریخستووە کە جارانێك تێكچوونی مامەڵەو رەفتاری مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ شکست و نەبوون و یان لەدەستدانی ئەو خۆشەویستییە ، چونکە پێداویستیەکی گیانلەبەرانە کە مانای ژیانی پێ دێتە دی، رەنگە ئەمەش بێت وا لە هاشم سەراج بکات لییا و فریباو ئەوانی تر بە کراسێکی شینی تەنکی ئاودامانەوە لە شەودا ببینێت لەگەڵ یەکێ لە فەیلەسوفەکاندا لەگەڵی بدوێن و سەراپای تژی جوانی و حەز بکەن، ئەمەیە ئەوەی نیمانە. بۆیە سوقرات وایدەبینێت ئەو عەشقەی نامێنێ و بەسەرچێ ئەوە راستەقینە نەبووە، خۆشەویستی بۆ ئەوانەیە نەمانبووەو یان لە دەستمانداوە، ئەو بەختەوەری لە جوانی و چاکەدا کۆ دەکاتەوە، هەرچەندە فەیلەسوفی رەشبینی ئەڵمانی (شۆپنهاوەر) وایدەبینێت کە خۆشەویستی پەردەیەکە بۆ حەزەکانمان و وامان لێدەکات بەدیهێنانی بەختەوەریمان لە کەسی بەرانبەردا ببینینەوە، ئەمەش فێڵێكی سروشتە بۆ وەچەخستنەوەو بەردەوام بوونی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەسەر گۆی زەوی.
فەلسەفەی شاعیری بە ئەزموونیش نەوازاد بەندی بەجۆرێکە کە مادام هەموو شتە ماتریالیستەکان هەر دواییان دێت با عەشقکەمان بگوێزینەوە بۆ مەیدانی ئایدیالیست و دنیای خولیاو ئەندێشەو شیعر، ئەوسا لەگەڵ یەکدا بە نەمری دەمێنینەوە، ئەمەیە عەشقی مەجازی و پاکیزەی عاریفانی وەک خواجە حافیزی شیرازی و مەولانای رۆمی و بێخودو …تاد
ڕۆژێک کە نامەوێ بڕوا … ئەو شیعرەی نەوزاد بەندییە کە دڵی تیا بەندبووەو دەیەوێت کات ڕاگیربکات، ئەو لێرەدا بە رونی جەخت لەسەر ئەو راستییەی سەرەوە دەکاتەوە و دەنووسێت:

ئەو ڕۆژەیشی کە من و تۆ
پێکەوە پیاسەیەک ئەکەین ،
وەک ڕۆژەکانی تر ئەڕوا..
با ئەو پیاسەیه هەر نەکەین ،
ئەو ڕۆژە خۆشە ، با نەڕوا..
ئەو کاتەی کە سەفەر ئەکەین..
لە کەناری دەریایەکا
لەگەڵ ئێوارە ، نان ئەخۆین…
ئەویش ئەڕوا..
کە ڕۆیشتیش ،
قەت ناپرسین کوا..
دە با ئەو سەفەرە نەکەین
ئەو نان و کەنار دەریایە..
ئەو ئێوارەیە ، با نەڕوا ؟
٭ ٭ ٭
تەنها له شیعرا دەرکەوە..
گەر بۆت لوا

هەر هۆی ئەم دیدگایەشە، کە شاعیر خۆشەویستییەکەی بە توخمەکانی گەردوونەوە دەبەستێتەوەو دەیانکاتە ملوانکەیەك بۆ گەردنی مەعشوقەکەی و گەر رۆژێك لە رۆژان بە یەکگەیشتن پێیدەبەخشێت، ئەو لە هەموو جوانی و دانەبڕان و ئەندێشەیەکدا (ئەو) دەبینێتەوە کە تەواوکەری بەشەکەی تری (من)ی شاعیرە، وشەو وێنەکان زۆر ئاڵۆز نین بەڵام هەموویان پێکەوە میهرەجانێکی ئاڵ و واڵایان سازاندووە کە شاعیر ئەوەی زەینی پەی پێ بردووە کردوویەتییە قوربانیی ڕێی جوانترین شێوازی دەربڕینی ئەو بۆ خستنە رووی هەست و سۆزو فام و دنیابینی خۆی.

کە باران هات پێی ئەڵێم ،
هەرچی کردووە ،
لەگەڵ خۆی بمبا..
دڵنیام لە ڕێ ، ئەتبینم..
کە بەفر هات پێی ئەڵێم ،
هەرچی کردووە ،
لە حەوشەکەمان خێمەیەک هەڵبا ،
دڵنیام لەوێ ، ئەتبینم..
تۆ..
لەناو باران و
بەفر و
درەخت و
شەقامە پاک و
ماکیاجکراوەکانای
تۆ..
لەناو شیعر و
چیرۆک و
فیلم و
دراما هەست بزوێن و
پڕ لە دابڕانەکانای





ستار ئەحمەد مانفێستی مەرگی خۆی رادەگەیەنێت!.. لەتیف بێوار

ده‌ڕۆم چۆن باران
ئه‌مساڵی تۆران و
تووڕه‌یه‌ له‌خاك
فرمێسكێك بۆ دارێك ناڕژێنێ‌
روومه‌تی مناڵێك گرینۆك ناشواته‌وه‌
به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ڕۆم
له‌خۆم ده‌رباز ده‌بم
له‌تۆدا ده‌بمه‌ ئاڵای گشتگیری
باوه‌ش به‌خاكا ده‌كه‌م

ستار ئەحمەد بەس شاعیری ئەمڕۆ نییە، بەڵکو ئەو لە زەمەنە جوانەکانی پێش راپەرینەوە دەست لەملانی شیعرە، هەر کونج و کەلەبەرێك شك ببات دەیگرێت و خەڵاتێکی خۆی بۆ دەنێرێ و دەیڕازێنێتەوە بە وشەی سازگارو وێنەی شیعریی جوان، بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی دەنووسێت، ئەو شیعرانە تەعبیر لە دیدگاو ئەندێشەی ئەم مرۆڤە دەکەن کە لە هەناوی باوەگوڕگوڕەوە لە مێژە خەمەکانی کڵپەیان سەندووە.
هەیە دەڵێت زۆربەی شیعرەکانی ئەم شاعیرە لە خولگەی رۆمانسییەتدا دەخولێتەوەو وشەکانی سادەو روونن، بەڵام لەلایەکی ترەوە هەموو دەقێك هەڵگری چەندان سیماو دەلالەتن و هیچ دەقێك بێ لێدوان بەسەرماندا تێناپەڕێت، مەگەر چەق و خاڵی لێ وردبوونەوە لە خۆ دەگرن، هەرواش لەم شیعرەدا گەر بە چاوێکی سادەوە بیخوێنینەوە دەبنین شاعیر باسی جێژووان و ژاڵەی بەر ماڵ و دیدار دەکات.. لای خوێنەرێکی سادە وا دەردەکەوێت ئەمە شیعری غەزەلە، بەس گەر زیاتر بیخوێنینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم شیعرە باسی نیشتیمان و لادانی شۆڕشگێڕانەو خەمە وجودییەکانی کەسانی هۆشیارو هەست ناسکی وەك شاعیر دەکەن، بەڵام ئافەرین شاعری بەئەزموون هەرگیز ماناکەت راستەوخۆ نادرکێنیت،ئەمەشە کە شیعر لە قسەی رۆژانە جیا دەکاتەوە، ئەوەتا لێرەدا شاعیر مانیفێستی مەرگی خۆی رادەگەیەنێت- بەس وەك شاعیرانی تر! بۆ نموونە ئەو ناڵێ بە گولـلەیەك کۆتایی بە ژیانی خۆم دێنم، وەك لە کۆپلەکەی سەرەوەدا دیارە، بەڵکو دەڵێت (باوەش بە خاکا دەکەم). ئەمەش بەرەنجامێکی مەعنەوییە بۆ ئەو هەموو نسکۆو کڵۆڵیانەی دووچاری خۆی و نەتەوەو نیشتیمانەکەی بووەتەوە، بەدەستی دەرەکی و ناوخۆ، تا دەیگەیەننە ترۆپکی بێ هیوابوون و مەرگی ماددی و مەعنەوی، ئەوەتا ئەو ژیان بە شەڕگە ناسدەکات و دەڵێت:

له‌كام شه‌ڕگه‌دا
پریاسكه‌ی تاسه‌ بكه‌مه‌وه‌
تازه‌ رابوورد
ئه‌و كاتانه‌ی به‌دوو ده‌ست
لوتكه‌مان ده‌گووشی و
خاكمان ماچ ده‌كرد
ئه‌و ده‌مانه‌
زه‌مه‌نی عه‌شق بوون

زەمەنی عەشق لەگەڵ پاکی و دڵسۆزی و خەبات و نیشتیمانپەروەرییدا، بەڵام ئەفسوس هەموویان تاڵان کردو گەورەترین زیان لێی کەوتەوە سڕینەوەی هەستی ئینتیماو سەربەخۆیی و کوردایەتی بوو، لێرەوە دەرکەوت تەنیا جیاوازی شەڕکەرەکان ئەوەیە ئەوان پۆستاڵیان لەپێدابوو، ئەمان کڵاش، بەڵام بەرەنجامەکە هەر یەکە ئەویش : (ستەم).
جا ستەم ڕەشێك بیکات یان سپیەك، کوردێك یان نا کوردێک هەر وەك یەکە، چونکە ستار شاعیرو نیشتیمانی مرۆڤایەتییە بە هەموو پاکی و راستگۆیی و مەسەلە رەواکانیان، چونکە ئەو دەزانێت هەستکردن بە ئازار چۆنە کە خۆی چەشتوویەتی، ئیتر تەواوبوو شیعرو هەستی تەقدیسکردنی بتەکانی کوردایەتی کە زیاتر لە داگیرکاران زیانیان بە بوون و مەسەلەی نەتەوەکەیان گەیاند.
تەنانەت ئەوی هەست پەپوولە هەر بە وشەی نەرمونیان پێشوازی لە نەهامەتییەکان و مەرگ دەکات وەك چۆن سەرەتای شیعرەکەی پێ دەکاتەوە: (به‌ده‌م خه‌نده‌ی گوڵه‌وه- شنه‌ی با ده‌خۆمه‌وه)..هەر لە باوەشی ئەوانیشدا جاوانی لێكدەنێت.
لەم دەستەواژەیەوە بۆمان روون دەبێتەوە کە کەسی زیندوو شنەی با ناخواتەوە مەگەر بە دەرچوون نەبێت لە سیستەمی زیندەگی ماتریال و رواڵەت نەبێت و فڕینی گیان نەبێت لە مردنێکی سەرمەدیانەدا، وێڕای ئەمەو ئاماژەکەی تری لەیەکەم کۆپلەدا باسمان لێوەکرد، بۆ ئەو خوێنەرانەی کە ورد نابنەوەو زۆر رۆناچن بە قوڵایی وشەکاندا ئاماژەیەکی پێداون کە ئەو لەم شیعرەدا لە بازنەی مەرگ دەخولێتەوەو عەشقەکەشی گشتگیرەو بۆ لێوی ئاڵ و کەزی و پرچی خەزاڵ نییە، ئەوەتا دەڵێت:

‌ هه‌ر كه‌رتێكم له‌ تۆدا
خۆی ده‌كاته‌ هاوه‌ڵی مردن
به‌ره‌و كوێ‌ ته‌رمم هه‌ڵده‌گرن
له‌پاڵ كام داردا ده‌مشۆنه‌وه‌
چۆن ته‌لقینم ده‌خوێنن
من خۆم داره‌مه‌یتێكم

رەنگە خوێنەرێك بڵێت کێ دەڵێت شاعیر ئەم مەبەستانەی لە پشت دەقەکەیەوە بە ئامانج گرتووە؟
وەڵامی ئەم پرسیارەش زۆر ئاسانە تەنیا بەوەی: زمان سیستەمی دەلالەتەکانە، بەسە کە بڵێین هەموو دەقێك شایستەی لەسەر وەستانەو هەڵگری چەند پەیام و لێکدانەوەو ئاماژەیەکە، بەڵام مەخابن وەك چۆن پاشاگەردانی ژینگەی سیاسی لە واقیعی ئێستای باشووری کوردستان وەکو خۆر ئاشکرایەو جێی ئاماژە پێدان نییە، هەر بەم جۆرەش هەموو مەیدانەکانی تری ژیان بەشێك لەم بۆگەن بوون و کرمۆڵ بوونەی پێوە دیارەو تیایدا رەنگی داوەتەوە، ئەوەتا هەر دەزگایەکی ئەدەبی چەند مشەخۆرێکی لە خۆی کۆکردووەتوەو جگە لە خۆیان و تاقمەکەیان کەسی تر نابینن و ناخوێننەوە، کە هەرگیز نەدەبوو ئەمە لە مەیدانی رۆشنبیرییدا بوونی هەبووایە، چونکە ئەمە تاریکییەو بیری رۆشن رەفزی دەکاتەوەو بگرە لە دژی دەکۆشێت. من جگە لەوەی هەست بە چێژ دەکەم لە خوێندنەوەی پێچ وپەنای ئەم شیعرەی شاعیر ستار ئەحمەد دا، لە هەمان کاتیشدا سەرنجم بۆ ئەو لێکۆڵینەوە رەخنەییان دەچێت کە جاروبار لێرەو لەوێ بڵاودەبنەوەو کە دەچمە بنج و بنەوانیان بۆم دەردەکەوێت هەردووك لە (دەق نوو س) و (رەخنەگر) جۆرێك پەتی پەیوەندی لە نێوانیاندا هەیە، هەر وایەو ئەمەش راستە بۆ ڤیستیڤاڵە ئەدەبیەکان و بڵاوکراوە ئەدەبییەکان، کە لە راستیدا بابەتێکی شەرمهێن و قێزەونە.
ئەم شیعرە هەرچەندە لە رووکەشدا پڕە لە هەستی گەرموگوڕی خۆشەویستی و ژیان و بینینەوە، بەڵام لە ناواخندا پڕە لە ئاماژەی مەرگ، مەگەر بەرد لەم دێرەدا گەڕانەوەیەك نییە بۆ نەبزاوتن و دابڕانی هەتاهەتایی و مردن؟

دابڕان به‌چاره‌نووسی به‌ردم ده‌سپێرێ
‌
هەر ئەم جیهانبینی و پێشبینە پاكڕەوانییەی شاعیرە لە هەموو شتێکدا مەرگێکی (کۆ) دەبینێتەوەو ئیزافەی دەکاتە سەر مەرگ و کۆتایی تراژیدیەکانی خۆی، ئەو لە سروشت و ژینگە ورد دەبێتەوەو ئامرازە شیعرییەکانی لێهەڵدەهێنجێت و پێکدەهێنێت، بۆ وێنە ئایا بێ بارانیی بە غەزەبی ئاسمان دەزانێت یان بە ملهوڕیی مرۆڤی چاوچنۆك و پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی مرۆڤ کە بونەتە گۆڕینی کەش و هەواو نەبارینی باران و هیچ حساب نەکردنێك بۆ پاراستنی ژینگەی گۆی زەوی؟ لە هەردوو حاڵەتەکە ساعیر ئەو راستییە دەزانێت کە ئەمە نەهامەتییەکەو لە پێشمانە، وەك ئەوەی بڵێت: منیش وەك باران بێزارم لە ستەمەکانی سەر خاك، لە کوشتارو کاولکاریی و ناقۆڵلاییەکانی مرۆڤ، منیش وەك ئاو سەرچاوەی ژیانم بەڵام کە ئاو نەما هەموو شتێك رەنگی مەرگی لێ دەنشێ و ئیتر هیچ حەزناکەم بژیم بۆ نووسینەوەی تراژیدیاو ناسۆرییەکان و مەرگەکان،ئێمە زیندوو کوژی مردوو پەرستین، ئەمەیە شاعیری دڵی بابەگوڕگوڕ جاڕی مەرگ دەدات و کەس راناچڵەکێنێت، بەڵێ لە دوای ئەم هەموو قەیرانانە هێشتا زۆری ترمان لە پێشە، بەڵام هەرگیز لێوی وشکی منداڵە تینووەکان لە بیر ناکەم کە لەم شیعرەدا جێیان نەکەمەوە.

ده‌ڕۆم چۆن باران
ئه‌مساڵی تۆران و
تووڕه‌یه‌ له‌خاك
فرمێسكێك بۆ دارێك ناڕژێنێ‌
روومه‌تی مناڵێك گرینۆك ناشواته‌وه‌




شیعری (حەز)ی دڵکەش قادرم خوێندەوە.. لەتیف بێوار

ئەدیسۆن هەر وشەیەك بوو کردی بە دۆزەرەوەی ئەلیکتریك و رووناکی، کاتێك دایکی نامەی قوتابخانەی ۆ خوێندەوە کە لەبەر زیرەکی جێی نابێتەوەو نابێت چیتر بچێتەوە، لەکاتێکدا کە گەورە بوو دوای داهێنانەکەی راستی نامەکەی بۆ دەرکەوت کە لەبەر تەمەڵی بووە!.
کەواتە وشە زۆر کاریگەرو گرنگە بۆ سەر پرۆسەی داهێنان و گۆڕانکاری، وەک نموونەی ئەو مامۆستایەی لەناو قوتابییە منداڵەکاندا ئاوات بەوە دەخوازێت بۆ نموونە مێژووی کەسایەتییەكی گرنگ ببینێتەوە لە داهاتوودا بە تێرو تەسەلی و دروستی لە دووتوێی پەرتووکێکدا نووسرابێتەوە، بێئاگا لەوەی دوای دەیان ساڵ قوتابییەك لەوانە بەو کارە هەڵدەستێت و مامۆستاش وەفاتی کردووەو ئاگای لە بەرەنجامی ئەو وتەیە نییە کە جارێك لە جاران لە پۆلدا درکاندوویەتی.
دوا دەرکەوتنی فەرهاد پیرباڵ لە ڤیدیۆیەدایە کە لەناو حەشاماتێکدا کتێبە چاپکراوە تازەکەی دەکێشێت بە زەوی داو دەڵێت: دوازدە هەزار دیناری تێچووەو کەس بە هەشت هەزار لێم ناکڕێتەوە! لای هەندێك ئەمە مردنی مەعریفە دەگەیەنێت و لای هەندێکی تریش کۆمیدیای واقیعی کوردییە.
بێگومان لە هەر دەورو زەماێکدا وشە کاریگریی خۆی هەر هەیە، بۆ نموونە من لە چاوخشاندنم بە باتەکانی رۆژی ٢٠/١٠/٢٠٢٣ی ماڵپەڕی دەنگەکان زۆر شادمان بووم کە دەقی ((حەز))ی دڵکەش قادرم خوێندەوە، وێڕای ئەوەی چەند رەهەندێکی لە خۆ گرتووە، نیشانەی ئەوەشە کە هێشتا هەست و وشەو جوانی گیانی تیا ماوەو بەیەکجاریی نەکراوەتە کاڵای دنیای سەرمایەداری و بزنس و ماهییەتی خۆی لە دەست نەداوە، هەرچەندە کەم تا زۆر دنیا بەرەو جەهل و نەخوێندنەوەو نامۆڕاڵی دەچێت، بەڵام دڵکەش بێ ئەوەی هیچ موکافەئەیەکی ماددی چنگ بکەوێت لە ماڵپەڕی (دەنگەکان)دا ئەو هەوڵەی خۆی خستوەتە بەر دیدی خوێنەران، لە لایەکی تریشەوە دەبێت ئەوە بزانین کە هەموو وشەیەك دەخوێندرێتەوەو سەنگ و بەهای خۆی پێ دەدرێت و کەسانێکی ورد بین و عەوداڵی دنیای گیان و هونەرو ئیستاتیکا و ئەفراندن هەر دەمێنن و هیچ وشەیەك تێناپڕێت بەسەریاندا کە خوێندنەوەی لە دەست بدەن.

((حەز))
تۆ ئاوازێکی غەمگینی بەسەر دوا هەنسکمەوە
هەنسکی من
ئاوازێکە لە میلۆدی بەفربارینەوە بەربۆتەوە
نێو دوا دێڕی شیعرێکی شەرمنەوە
شەرمنی تۆ
دوا نیگای دەنگی ژیانەوەی سلێمانیی و
ترۆپکی حەزێکی شێتانە
ئای یادی بەخێر
من و تۆ خوێنی هوەیدا
کەوتۆتە سەر نینۆکی پەنجەتووتەمان.
حەوشەی پشتەوەمان
کۆڵانێکی غەمگینە و دەمانباتەوە سەر خوانێکی حەزێکی شێتانە
شێتانە وەک توانە لە ترۆپکی چێژ لە نیوەی شەودا.
سلێمانیی
دڵکەش قادر


*بایۆگرافی دەق:
گرنگی دەق لە درێژی و کورتیدا نیە، بەڵکو دڵکەش هەوڵدەدات لە دەقێکی کورتی ١٣ دێڕیدا زۆر رەهەندی جیاواز کۆبکاتەوە، راستە لە رووکەشدا سیمای قوتابخانەی رۆمانسی پێوەدیارە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانین شتانێكی تری لێ بفامینەوە، بگرە خوێندنەوەی واقیعی شاعیریشی تێدا بەرجەستە دەبێت، چ وەك تاکێکی تایبەت یان وەك تاکێکی گشتگیراو.
*
*کاکتەرەکانی ناو دەق:
چوار بوونەوەر دەجوڵێن لەم دەقەدا، شاعیر ناچارمان دەکات وەرچرخانێك بکەین بەلایاندا و مانایان پێ ببەخشین، یان بەدوایاندا بچین، ئەوانیش هەر یەك لە:
١- من: خودی هۆنەر.
٢- تۆ: کەسی دوێندراو.
٣- هوەیدا. کەسایەتی خوێناوی ناو دەق.
٤: سلێمانی، گەشە دەکاتەوە دیارە گەشەش دوای سیس بوون دێت- رەهەندی جیۆپۆلەتیکی.
*
*کۆدی نەست(حەوشەی پشتەوەمان):
یان دەتوانم بڵێم دنیای تاکی کوردی، بە دەسەڵاتدارو بێدەسەلاتەوە، رەنگە بێدەسەڵات بیکاتە رێگای ئاودیوبون و گەشتن بە مەبەستەکانی ئەودیوی ژیانی رۆژانەو رووکەش، دەسەڵاتداریش بیکاتە پانتاییەك بۆ شتنەوەی پارەو ئەنجامدانی تاوانەکان. ئەم پنتە جێی زۆر رامان و لەسەر وەستانەو جێگەی خۆی لە ئیعرابدا گرتووە لە ژیانی هەر یەك لە ئێمەداو هەر یەك بە جۆرێک لە یادەوەری و نەستماندا ماناو وێنەیەك دەبەخشێت و زیاتر رۆچوونی دەلالەت لێرەدا بۆ خوێنەران جێ دەهێڵرێت، هەرچەندە لەم دەقەدا خەمەکانی تاکی مێینە بە شێوەیەکی گشتی بەرجەستە دەبن و خوێندنەوەیەکیشە بۆ باری سۆسیۆلۆژی و کەلتوورو جۆری بیرکردنەوەی تاکەکان و ژیانکردن لە واقیعی شاعیرداو بەربەستە کۆمەڵایەتیەکان.
*
*وێنەی شیعریی:
شاعیر توانیویەتی چەند وێنەیەك لە دنیای ئەندێشەدا دەربهێنێت و دەقەکەی پێ رووپۆش بکات، وەك ئەو کانزایانەی بە ئاوی زێڕ رووپۆش دەکرێن، بۆچی نا، خۆ مەگەر ئەمە بە گرنگترین پێکهاتە شیعریەکان دانانرێت؟
لەو وێنە پر ناسۆرە وردببنەوە کە شاعیر دەرگای شیعرەکەی پێ واڵا دەکات:
(تۆ ئاوازێکی غەمگینی بەسەر دوا هەنسکمەوە)
ئەگەر هەنسك بە تەنێك یان جەستەیەك لێك بدەینەوە کە خۆی لە خۆیدا بەرەنجامی گریانەو گریانیش نیشانەی ناسۆرو نەهامەتی و خەمگینییە، کە زۆربەی تاکی کوردو بەتایبەتی رەگەزی مێ لەگەڵ رووبەرربوونەوەی ویست و حەزەکانیان بە واقیع دوچاری دێن، دیارە کە لیرەدا (ئەوە) کە دەبێتە ئەم ئاوازە خەمبارە بەسەر دوا هەنسکی شاعیرەوە، کە وێنەیەکی جوان و گونجاوە لە هەردوو رووی مەجازو واقیعەوە.
بەڵام بە پێچەوانەی وێنەکەی ناو دێڕە شیعری(دوا نیگای دەنگی ژیانەوەی سلێمانیی) ێت، کە لیرەدا نەنگییەك هەیە لە خولقاندنی ئەم وێنەیەو گونجاندنی (نیگا ی دەنگ) پێکەوە، چونکە دەنگ لە خەیاڵیشدا جێی نابێتەوە کە بدرێتە پاڵ نیگا و بەرجەسەی مانایەکی مەجازی بکات، لام وابێ بەم جۆرە ەواوتر دەبوو:
(دوا نیگای ژیانەوەی سلێمانی)
*
*وشەسازیی:
شاعیر لەم ١٣ دێڕەدا چەند زاراوەیەکی دوووبارە کردووەتەوە وەك:
(هەنسك، شەرمن، حەزێکی شێتانە، شێتانە) بەڵام ئەوەی جیی باسە ئایا ئەم شیعرە کە بە شێوەەکی سروشتی لە ناخی دانەرەکەیەوە هەڵقوڵیوە لە بەهای شیعرەکە کەم دەکاتەوە؟ یان جەختکردنەوەی شاعیر دەنوێنێت لەسەر ئەوەی کە خوێنەر زیاتر لێیان رابمینێت؟
وێڕای ئەوەی لێرەدا (دەمانباتەوە سەر خوانێکی حەزێکی شێتانە)بەر هەڵەیەکی ڕێزمانی دەکەوین، کە دەبوو بەس حەز/ پاشگری (ێکی)ببوایە چونکە (خوانێکی)شی هەر دەگەڕێتەوە سەر حەزەکە، کەواتە دەبوو ئاوهای لێبهاتایە:
(دەمانباتەوە سەر خوانی حەزێکی شێتانە).
*
خاڵبەندی و ڕێنووس:
وەك چۆن لە تاقیکردنەوە رەسمییەکانی خوێندنگاو زانکۆکاندا %١٠ی نمرە لەسەر خاڵبەندی و ڕێنووس دادەنرێت، هەرواش لە شیعردا ئاسانکاری بۆ خوێنەر دەکات لە تێگەشتنی ماناو نەرمی بە زنجیرەبەستی کۆپلەکان دەدات.
بۆ نموونە ئەم دێڕە(ئاوازێکە لە میلۆدی بەفربارینەوە بەربۆتەوە) پەیوەستە بە دێڕی دوای خۆی(نێو دوا دێڕی شیعرێکی شەرمنەوە)بۆیە داشێك دوای وشەی شەرمنەوە- ببوایە باشترو رەوانتر دەبوو لە رووی (بەیان)ـەوە.
پەلەپەلکردنی شاعیرو پێدانەچوونەوەی دەق دوای یەکەم رەشنووس کێشەیەکە زۆر شاعیر پێوەی گیرۆدەیە، ئەم دێڕەش (شێتانە وەک توانە لە ترۆپکی چێژ لە نیوەی شەودا) زەحمەت لای خوێنەر دەسازێنێت تا لەهەڵە ڕێنووسیەکە تێبگات و وشەی (توانە) راست بکاتەوە و بیکات بە (توانەوە)، جگە لەمەش دانانی خاڵ پێش ئەم دوو رستەیە بۆ کێشەی تەکنیکی کۆپی و پەست دەگێڕمەوەو هەڵەی شاعیر نەبێت:
کەوتۆتە سەر نینۆکی پەنجەتووتەمان.

.شێتانە وەک توانە لە ترۆپکی چێژ لە نیوەی شەودا
*
دواپەیام:
هیوای سەرکەوتن و بەردەوام بوون بۆ شاعیر دەخوازم و دەتوانم بڵێم هەموو کۆشش و کارێکیش ماددەی لە پشتەوە نییە وەك هەندێك کەسی چاوچنۆك دنیا هەر لەو سۆنگەیەوە دەبینن، بەڵکو ئەم گەردوونە زۆر لەوە بەرفراوانترە لە بەرژەوەندی ئابووریدا لە تیغ و چواچێوەی بدەین، لەکاتێکدا کەسانێك توشی هەڵدیرو تاوان بوون بە هۆی پارەوە لە ژیانداو نەرێنیانە بیر دەکەنەوەو دەجوڵێن، بەڵام لە لایەکی ترەوە نموونەی پرشنگداری وەك شاعیر هەن کە بایەخی دنیای گیان و ئەدەب و هەست و نەست و دەربڕین و وشە لایان هەر داینەمۆیەکە کە دەیانجوڵێنێت لە ژیانداو بیدەنگ دۆش دانامینن بەرانبەر سەختییەکان و لە دوتوێی وشەو زاراوەکاندا خۆیان دەدۆزنەوە و هەوڵی داهێنان دەدەن، ئەمش جۆرێکە لە هۆشیارییو مەعریفەت و رۆشنبیریی، کە سەرقاڵ بوونی تاکەکان دووریان دەخاتەوە لە بۆشبوون و بوونە سووتەمەنی جەهل و درێژەپێدەری قەیرانە جۆراوجۆرەکان کە وادەزانین هەر کەسانی نێو دەسەڵات لێی بەرپرسیارە، بەڵام لە راستیدا مەنجەڵ سەرقاپی خۆی دەدۆزیتەوە، هیچ میللەتێکی هۆشیاریش بوونی نییە فەرمانڕەای گەلۆر بیبات بەڕیوە.




(تك، تك تێڕامان)ی رۆژ هەڵەبجەیی و لادانی ئاماژەیی شیعر… لەتیف بێوار

لێکۆڵینەوەی شیعریی

(جان کۆهین) وای دەبینێت کە کرداری وەبەرهێنانی شیعر کردەیەکی دوو لایەنەیە؛ ئەوانیش لادان و نەفییە، واتا شکاندنی بونیات و پاشان بونیاتنانەوەی نوێ تا شیعرییەت بێتەدی، لەسەرەتادا دەلالەتی ئەو لادانە بزرەو لەپاش تێڕامان خوێنەری زیرەك دەیدۆزێتەوە. کەواتە زمانی داهێنەرانە لە شیعردا لادانە لە یاساکانی زمان و بەرەنجام دوو ئاستی جیاوازی مانا دێتە ئاراوە، کاتێك وشە لە ئەرکە بنەڕەتییەکەی لا دەدات بۆ هێنانەدی مانایەکی تری نوێ.
کۆهین وای دەبینێت شاعیران بەم کرداری لادانە هەڵدەستن بە تێكشکاندنی زمانی ئاسایی و پاشانیش بە جۆرێکی تر بنیاتی دەنێنەوە، بە ئاستێکی بەرزتر و رەنگێکی جیاوازتر. هەر ئەمەشە زمانی شیعر لە زمانی رۆژانە جیا دەکاتەوە.
بۆ نموونە گەر ئەم لادانە بگوێزینەوە بۆ ژیانی واقیع ئەوا بە سێنایی دەتوانین بەراوردی بکەین بە نموونەی ئەو کەسەی لە ڕێگایەکی سەرەکی لادەدات بەمەبەستی گەشتنە شوێنی مەبەست، هەرچەندە ئەو لادانە عاەتی و بەربڵاو نییە بەڵام هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی ڕێگای تر، لەم بارەشدا یان کورتبڕانەو جیاواز دەمانگەیەنێتە شوێنی مەبەست، یان دوورمان دەخاتەوەو شکست دەهێنین، بەڵام لە هەردوو باردا ئاشنا دەبین بە شوێنگەلێکی نوێ.

ئێستا با چەند کۆپلەیەك وەك نموونە لە شیعری- تك تك تێڕامان- ی شاعیر نوێخواز رۆژ هەڵەبجەیی وەربگرین و هەردوو دیوەکەی زمانی ئاسایی و زمانی لادانی دەلالی تێدا بدۆزینەوە، پاشان وەکو نموونەی پراکتیکی دایبەزێنین بەسەر ناوەڕۆکی باسەکەماندا:
١- لادانی دەلالی(ئاماژەیی):
له ئه ندێشه ی ئاوا،
داربی هه یه سێبه ر هه ڕاج دەكا!
لە زمانی ئاساییدا درەخت رووەکێکە ناتوانایە لە هەستان بە کردارەکانی مرۆڤ، بەڵام لێرەدا ئەندێشە دەکات و سێبەر هەڕاج دەکات، ئەمەش دادەنرێت بە لادان لە ڕێسای زمان و بەکارهێنانی ئاسایی و رۆژانە، پێش ئەوەی لە پانتایی هزرو لێکدانەوەدا مانایەك وەربگرێت کە سەرەتا دادەنرێت بە نەفیکردن و داماڵینی مانا لەسیاقە گشتییەکەی، بەڵام کاتێك ئەو ئەڵقە بزرە دەدۆزینەوە بە هۆی هونەرەکانی رەوانبێژییەوە وەکو میتافۆڕ و خوازە کە دەمانگەیەنێتەوە مانایەکی نوێ، ئەوسا بڕیار بەسەر ئەوەدا دەدەین کە مەبەست لەم لادانە ئاماژەییە گەیاندنی مەبەستێك بووە کە شاعیر بە هۆیەوە خۆی بواردووە لە بەکارهێنانی شێوازی دەربڕینی راستەوخۆ تا لە ئاستی شیعرییەتی دەقەکە کەم نەبێتەوە.
هەروەها شاعیر لە نموونەیەکی تردا دەنووسێت:
له بیره و ه ری دارچنارا،
قه وز ه هه بووه، گیرفانه كانی
ته ژی كردووه له ئیره یی!
بەهەمان شێوە لە بارە واقیعیەکەی ژیان و دیوی دەرەوەی زماندا ئەمە بە حاڵەتێکی ناگونجاو و مەحاڵ دەژمێردرێت، گوایا کەی چنار بیرەوەریی هەیەو نە قەوزەش گیرفان و ئیرەیی، بەڵکو ئەم لادانە دەمانگەیەنێتەوە ئاستێکی تری باڵای مانا کە ئەوەی لێ دەفامینەوە شاعیر بەم شێوازی دەربڕینی مانادارو دەلالییە توانیویەتی ئەو پەیامە شیعرییە بگەیەنێت کە حاڵەتە بەرزو نزمەکانی مرۆڤ چۆن بەیەك بەراورد بکەین و ئەوە چییە کە دەبێتە هۆی سەرکەشی و یاخود بە پێچەوانەوە کە نەوی بوون و پاشکەفتنە کە (ئیرەیی)ـە.
٢- وێنەی لانەدانی دەلالی شیعر:
وەزیفەی پێنووس لێرەدا ئەوە بووە هەر وێنەی واقیع بگوازێتەوە سەر کاغەز بێ ئەوەی هەستێت بە هیچ گۆڕانکاری و لادانێك لە دۆخە سروشتییەکەی کەرەسەکان خۆیاندا، واتا مەجازو خوازە لێرەدا ناکارا کراوە، ئەوەش بۆ گەیاندنی مانایەکی هاوبەشی نێوان مرۆڤ و باڵندەیە کە لە واقیعدا چۆنە لە خەیاڵدانی شاعیریشدا هەر وایە، کە قەفەزو بەندینخانە هەردووك خاڵی هاوبەشی بەندییە لە نێوان باڵندەو مرۆڤدا کاتێك شاعیر دەڵێت:
كۆیله بوونی باڵنده قه فه سه،
هی مرۆڤیش
به ندیخانه
…..
لە نموونەیەکی تری ئەم دەربڕینە واقیعیەدا کە شێوازێكی ئینتیباعی ریالیزمی لە خۆگرتووە، شاعیر (شاخ) و (بەڕوو) بە هاوکۆلکەو بابەتی نزیکی یەکتری دەهێنێتەوە، کە لە زمانی گشتی و واقیعی جوگرافیشدا هەر وایە، هەروەها (لم) و (بیابان)یش وەك دووانەیەکی هاوپۆل، لێرەدا دەپرسین ئایا ئەمە دیوی دووەمی ( تك) ی ناونیشانەکەیە (تك تك تێڕامان) کە پێچەوانەی ( تك) ی یەکەمەو پێشتر کەمێك لەسەری وەستاین؟ ئەویان بە زمانێکی ناراستەوخۆو ئەمیشیان بە زمانێکی تارادەیەك راشکاو و بێ دەسکاری، بەڵام کاتێك کۆکردنەوەی ئەم نموونانە پێکەوە مانایەکی بەهێز بەرجەستە بکات ئەوە خۆی لە خۆیدا دەچێتە نێو پانتایی داناپەروەریەوەو کار لەسەر دەوڵەمەدند کردنی مەعریفەو یادخستنەوەی وەرگر دەکات، شاعیر دەڵێت:
له ناوشانی شاخدا داربه ڕوو ده ڕوێ،
له هه ناسه ی بیابانیشدا،
لم
تا ئێرە ئەمە کەمێك لێدوان بوو لەسەر هەوڵەکانی خانمە شاعیر رۆژ هەڵەبجەیی کە ناکرێت بەراورد بکرێت بە زۆر دەقی سادەی رۆژانە کە هیچ نوێبوونەوەو مەجازێك لە زمانەکەیاندا نابینرێتەوە، چ جای ئەوەی پەیام و ئایدیای شیعرەکەش ددوبارە بێت و یان بە زەوقی گشتی نەخوات، وەك ئەوەی شاعیرێك لە شیعری – لە نهۆمی سەرەوە-دا دەڵێت:
لە نهۆمی سەرەوە
پیاوێك، پێی دەوترێت: قامچی
یاخود تێڵاو هەندێک جار فیشەک
عەبدوڵڵایە یان محەمەد هەندێک جار ئیبراهیم
زۆر جاریش زۆرینەی پیاوان
ئەم دیدە کۆنە بۆ پیاوسالاریی دەبێت چ نوێبوونەوەو تازەگەریی و داهێنانێكی شیعریی لە خۆ بگرێت؟ لەکاتێکدا وتاری رۆژانەی فیمینستەکان و بەشێك لە دەزگاکانی راگەیاندنە، کە دەکرا شاعیر بە زمانێکی شیعریی پڕ ئیستاتیك و مەجاز ئەو تییمایە ئاڵووێر بکات، وەك ئەو خانمەی لەشیعرێکدا ناونیشانەکەی یەکسان دەکاتەوە بە کۆی ئەم شیعرە کە دەڵێت: ‘کەوتنی جەمەدانی بەرووەکان’.
یاخود ئەوەتا شاعیرێکی تر راستەخۆ باس لە جێهێشتن دەکات بە زمانە دووبارەکەو هیچ ئیزافەیەکی شیعریی ناخاتە سەرو لە دەقی – رۆیشتنی چەقیو-دا دەنووسێت:
ئەوەتا ئەو
درەخت و گوڵانە
بەجێدە هێڵێ و سەفەر دەکات
کە چاندوونی !
ئەو منداڵانە لە ماڵەوە
بەجێدە هێڵێت کە بوونی !
ئەو ژنە بەتەنیا بەجێدە هێڵێت
کە بە هاوبەشی ئەبەدیی
ژیانی هەڵیدەبژێرێت !

پەراوێز:
ئەم شیعرەی خاتوو رۆژ هەڵەبجەیی لەگەڵ هی ئەو دوو خانمەی تردا کە لێرەدا بە نموونە هێنراونەتەوە، لە پاشکۆی (مرواریەکانی شیعر)ی رۆژی شەممە ٢/٧/٢٠٢٢دا بڵاوکراونەتەوە، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ دیوانی (دێڕێك داستان و تاڵێك چۆلەکە)ی رۆژ هەڵەبجەییدا ئەوا دەبینین ئەو ١٤ کۆپلەیە بە دوو شیعری جیاواز بڵاوکراونەتەوەو لێرەدا لەیەك دراون، بۆ ئەم مەبەستە سەیری لاپەڕە ٧٧ و ١٦٣ بکە لە دیوانەکە.
شایانی باسە شاعیر ناونیشانی دیوانی(دێڕێك داستان و تاڵێك چۆلەکە)ی لە ناوەڕۆکی کۆپلەیەکەوە وەرگرتووە لە شیعری (رەنگاورەنگ)ی لاپەڕە ٧٣ دا کە تیایدا دەڵێت:
١٣
لەناو دێڕی دارستاندا مەلە دەکا
شەپۆل دەداتە درەخت
تاڵێك چۆلەکە


ئەوە ماوە بڵێین؛ ئەم دیوانە ساڵی ٢٠٢١ لە چاپخانەی کارۆ – سێمانی چاپ بووە بە هاوکاری بەڕێوبەرایەتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی لەسەر بودجەی پایتەختی رۆشنبیری..




نەوزاد بەندیی… ڕقێکی پیرۆز.. لەتیف بێوار

خوێندنەوەیەك بۆ شیعری ” کۆمیدیای مناڵ بازاڕ”


زیکزیکەیەکم بینی ، پەنجا تەنکەر
نەفت و .. هەزاران مەترەسێ جا ، گازی دابوو بە شانیا و ئەیکرد بەو دیوا ..
بمرێ زیکزیکە ..
بڕوخێ زیکزیکە ..
کۆمیدیای مناڵ بازاڕی شاعیر نەوزاد بەندی کە سێ و چوار لاپەڕەی ئەی فۆڕە کەچی نەوزاد خۆی سەرەتا دەنووسێت: ــ بە سێ چوار خولەک ئەم کۆمیدیایەم نوسی و ڕامکردەوە بۆ ماڵەوە ـــ هەر خۆی لەم ئاماژەیەدا تەنزێکی گورچکبڕی تێدایە بۆ هەموو ئەوانەی ئەلفێکیان بەسە، یان ئایا ئەم دەستەواژەیە هەر فۆرمێکی دەربڕینی دیاردەی سوکایەتیکردنی دەسەڵاتی کوردییە بە مرۆڤی کورد، چونکە ئەوان تەنانەت دوو سێ خولەك بە زۆر دەزانن خەریکی کاروباری هاوڵاتییان بن و گوێیان لێبگرن.
نەوزاد بەندی وەکو تێکۆشەرێکی بوێرو دەنگێکی بەرەنگاریی نەك بەس لەم شیعرەیدا بەڵکو لە زۆر لە شیعرەکانیدا رێبازی ریالیزمی شۆڕشگێڕانە دەگرێتەبەرو لە پێناوی ئامانجێکدا پێنووس وەگەڕدەخات، جا چ ئامانجێك لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی گرنگترە؟ سەرخۆهاتنەوەی مرۆڤەکان و ڕاچەنینیان بە رووی جەورو ستەمدا گرنگترە؟ ئەم ڕێبازە کەم شاعیری تری وەك وەك عەبدوڵڵا پەشێو و هەندێکی تر هەن کە بوێرانە چاوەڕوانی بەرەنجامەکانی دەکەن و ئامادەن ئەو خوێنەی بەقەد چۆلەکەیەك لە جەستەیاندایە لە پێناوی مەسەلەیەکی رەاوای مرۆڤدا بەختی بکەن، هەرچەندە ئەمڕۆ گەندەڵان کە وەکو فەخامەتی سەرۆکی پێشوو دەیگوت: دەریا بە دەمی سەگ پیس نابێت… هیچ ئەرزشێك بۆ هەست و دەنگی ناڕازی دانانێن، چونکە لەوسەرەوە دەزانن کە چیتر وشە هیچ بومەلەرزەیەك لە ناخی مرۆڤەکاندا بەرپا ناکات، لەولاشەوە دزەکانیش شەرمیان تکاوەو پێداگریشیان لە خوو دابی دزێتی کردووە، جاران دز بە شەو و لە بێئاگایی خاوەن ماڵدا دزیی دەکرد، کەچی ئێستا ئەمانە بە رۆژی رووناك و لەبەرچاوی خەڵکەوە هەموو شتێك دەدزن و سەرانە دەسەنن و کەس هیچ نابێژێت، خۆی لە خۆیدا بێدەنگیش نیشانەی ڕازی بوونە.
بەڕاستی مناڵگەلێکی عەجولین ..
ئازاکانمان ئەوانەن کە ئەگرین
ئای چەند هەژار و پەرپووتە کەسایەتی مرۆڤی کوردیی لە کوردستانی باشوور، کە بەدەست بەکرێگیراوی ژمارە دووەوە دەچەوسێنەوە، چونکە ئەمان وەکیلی تورکیاو ئێرانن، ئەوانیش ناراستەوخۆ وان لە ژێر هەیمەنەتی ئەمەریکاو رووسیادا، ئیتر ئەی گەلی بە مەڕ بوو تۆ سوور دەزانیت گورگ شوانتەو چەپڵەی بۆ لێدەدەیت و بۆی دەباعێنیت، بۆچی گازندە لە حاڵت دەکەیت و سواری کەشتیەکەیان بوویت و چاوەڕوانی وشکانیی نەجاتیش دەکەیت! تۆ ئەوەندە مرۆڤیت بەس ئەو رێژەیەی دەسەڵات کارەباو ئاو و موچەت دەداتێ، ئەو دەسەڵاتە لە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیدا هیچ دانێکی پێدا نەنراوەو وەکو مافیا تەماشایان دەکەن، کەچی وا هاتووە پۆز بەسەر تۆی بەعسشکێندا لێدەدات و تۆش چاوت زیتەی دێت، ئەمەیە خەمی شاعیری هۆشەنگ و شۆڕشگێڕی وەك نەوزاد بەندی، کاتێك خەڵك لەسەرمادا رەق دەبێتەوەو یان لە سەرەی موچەدا وەفات دەکات پێیان دەڵێت وەرن با کەرامەت و ئینسانییەتی بەهەدەرچوومان وەرگرینەوەو قبوڵی ئەم هەموو سوکایەتییە نەکەین، ئێوە وا ٣١ ساڵە بە دوکەڵ و فڕەفڕی موەلیدە توشی نەخۆشی شێرپەنجەو دەروونیی بوون مەگەر نازانن ئایدیای موەلیدە هەر بۆ سەفرەیەکی کورتخایەن بەکاردێت، یان بۆ ئەو گوندە دوورە دەستانەی هیچ شەپۆلێکی شارستانی رووگەی نەدۆزیونەتەوە، ئیتر چۆنە وا ئێوە ٣١ ساڵە لەگەڵ هەڵدانەوەی جۆزەدا گوزەران بەسەر دەبەن، وێڕای ئەو پارە زۆرەی دەیدەنە ئەو خاوەن موەلیدانە کە لە وڵاتانی دونیادا ئەو رێژە زۆرەی دانی پسولەی پارە بۆ کارەبای نیشتمانیش بوونی نییە، چ جای ئەوەی ئێوە دوو جار پارەی کارەبا بدەن و کارەباشتان هێشتا وەك پێویست نەبێت؟ ئەمە چ زەلیلیەکە ئێوە قبوڵی دەکەن؟
ئەوانەی دوێنێ ئەنگوستی خانمانی بەرکەوتووی کیمیاییان دەبڕیوە بۆ مستیلەکەی و گوێیان هەڵدەتلیشان بۆ گوارەکەی ئەمڕۆ حوکمتان دەکەن، ئیتر چ دۆخێکە کە قەد ئیرەیی پێ نابردرێ! ئیتر چ فیزێکم بەسەردا لێدەدەیت کە دەمڕاستەکانت نەویترین و بێ مۆڕاڵترین مەخلوقی دنیان، بەڵێ شاعیری راستگۆ ئەوەیە دان بە هەقیقەتدا بنێت گەر ئازاری دەروونی خۆشی بدات.
لە هەموو کەمتەرخەمی و کولەمەرگییەک ، ئەبوورین ..
وەک مناڵ ڕا ئەکەین بە دوای دەبەیەک نەوتا ..
ئاساییە مانگ بترازێ لە چل و هەفتە بکشێ لە هەشت و حەوتا ..
بتڵێ غاز ڕامانئەکێشێ ..
بە بینینی تەنکەر حاڵمان لێ دێ و
دوای ئەکەوین وەک دەروێشێ ..
لەسەرەی بەنزینی شەش سەد و پەنجاییدا ، چوار سەعات ئەوەستین ..
تەمەنمان لەو شتانەدا ئەڕوا و
بێ دەربەستین ..
لەم شیعرەی مامۆستای تێکۆشەر نەوزاد بەندییدا پەنجە بۆ سەر کرۆکی دەردەکان بردراوەو وەکو گوێز بۆ هەموو خوینەرانی کەم ئاست و ئاستبڵند پاك کراوە (هەرچەندە زۆربەش دەزانن و خۆیانی لێ دەبوێرن) گەر بیانەوێت دوای ڕاستی بکەون و دانی پێدا بنێن و مافی راستەقینەی هاوڵاتی بوون و مرۆڤبوون بەدەست بهێننەوە،
راستی کێشەکە ئەوەیە نەخێر مکوڕییەکە لە خۆماندایە کە قبوڵی ئەو جانەوەرانە دەکەین وەکو ڤایرۆس ناخمان هەڵبکۆڵن، ئەو قەڵەمبەدەستە ویژدان فرۆشانەش بۆ مشتێ موچە قوڕوقەپیان لێکردووەو بەڵکو بە شانازییەوە سێڵفی لەگەڵ ئەو میکرۆبانەدا دەگرن، ئیتر من چ دڵێكم بەو خوێنەرانە خۆش بێت کە چەپڵە بۆ ئەم قەڵەمبەدەستە ناخ پوچانە لێبدەن؟
کەواتە دەردەکەوێت ئەم پەتایە وەکو پارچەیەك شەوی تار ئاسمانی دڵانی داگیرکردووەو زۆربەی خەڵکی لە دەردوبەڵاکانی ئەو دۆخە نەزۆکەوە گلاندووە، هەر یەك بە جۆرێك تیایدا زیانمەند بووە هەر یەکە فێڵ لەوی تر دەکات و قۆڵی ئەوی تر بە جۆرێکی جیاواز دەبڕێت، هەر یەکە دەڵێت: ئاگرە سوورە لە من دوورە.
حەزمان لە دڵتەقاندنی یەکترییە ..
حەزمان لەنانبڕینی یەکترییە ..
تەماشای دەریایەک نەوت و ئاسمانێ غازی سروشتی ئەکەین و ..
ڕائەکەینەوە بۆ ناو چوار دیواری سارد و سڕ ..
لێی هەڵئەنیشین وەک مریشکی کڕ
مامۆستا نەوزاد پەنجە دەخاتە سەر دەردەکان و ڕێگاچارەشیان بۆ دادەنێت ، بە توندی ڕادەچەنێت و وریامان دەکاتەوە لە پێشهاتە مەترسیدارەکان، راستییەکان دەبینێت و خۆی لێ نابوێرێت ،وێنەکان وەکو خۆیان دەبینێت بێ هیچ چاوبەست و هەڵخەڵەتاندنێك، وەکو کەسێك لەسەر کێوێکی بەرزەوە تەماشای خوارەوە بکات، نەك وەك هەندێك کەس کە ئەو ژیانەیان لێ بووە بە ڕۆتین و دەقیان پێوە گرتووەو وا دەزانن مرۆڤ دەبێت هەر وا بژی ، کەچی کە قسەشیان لەگەڵ دەکەیت باسی پێشکەوتووترین داهێنراو و تەکنەلۆژی جیهانییت بۆ دەکات بەڵام تەممەڵی و گەندەڵی و بێ ورەیی ئێسکەکانیانی خورادووە، شاعیر زۆر جوان باسی چاولێکەریی و گرنگیدانمان بە رووکەش بۆ راڤە دەکات و بە زمانی حاڵ پێمان دەڵێت: گرنگی مرۆڤ ناخ و جەوهەرو بەرهەمییەتی نەك تەقلیدو چاولێکەریی و فشەو درۆ، مەگەر زۆربەمان نازانین شەقاممان هەیە ناوی پۆزە ..بە هۆی نەشتەرگەری جوانکاریشەوە هەموومان لووتمان یەک تۆزە ..ئیتر خەریکی چاولێکەرین
بەمجۆرە..
شاعیر لەم شیعرەدا سێ پۆلێن دەکات بۆ مرڤگەلی ژینگەکەی:
١- ئەوانەی دەسەڵات و پارەیان لەبەردەستەو فەخفەخە لێدەدەن بەسەر رەش و ڕووتەکاندا و منەتیان بەکەس نییە، چونکە بێ باكن لە ئیرادەو رقی جەماوەر و بە پارەی داهاتی گەل ئەوەی بیانەوێ دەمکوتی دەکەن ودەیكڕن.
٢- ئەوانەی وەکو منداڵ خۆیان مەشغوڵ دەکەن بە ماڵەبەجێنەوەو سەرسامی خۆیان دەردەبڕن بۆ ئەو ژیانی لۆکسەریەی ئەو مافیایانە بەسەری دەبەن کە نرخی شمەك لەسەر گیرفانی ئەوان بۆ بازاڕ دادەنرێت. (ئەمانە مەخابن زۆرینەن) ئەوانەی وان لەناو مەنزومەی گەندەڵی ئەو جانەوەرانەداو بەردێکی نەگریسی بینای ئەو کۆشکەی ستەمن و کەچی بەدەم ناڕازین و ئاخ و ئۆف هەڵدەکێشن.
٣- ئەو کەمە زۆر کەمەی کە هێشتا هەناسەی مرۆڤبوون بە سییەکانیدا هاتووچۆ دەکات و مەراق دەیانکوژێت و کەس گوێیان لێناگرێت و کەس لەگەڵیاندا هەوڵ نادات مافەکان بسێنن ، ئەمانە هیچ بەرژەوەندییەکیان نییە تا بکەوێتە مەترسیەوەو دەزانن ماف نادرێت بەڵکو دەسێنرێت، ئەمانە ئەوانەن هێشتا خۆیان نەدۆڕاندووە کە ڕێژەیەکی زۆر کەمن، چونکە بە داخەوە لە هەر قۆناغێکی بەڵاو سیناریۆکانی ئەم مافیا قەزەمانەدا بەشێك لە گەل ئینسانییەتی داماڵرا… هەر لە گەمارۆی ئابووریەوە بیگرە تا شەڕی براکوژی و پاشان باڵ باڵێنی حزبایەتی و تەقریرلێدان و پاشان بازرگانی کۆمپانیاو لەشفرۆش و چاڵە نەوتەکان ..
بەڵام وادیارە شاعیر هەر تەنیایی دەیقۆزێتەوەو مەراق لولی دەدات و کەس گوێی لێناگرێت، کەس لەگەڵیدا ڕاناچڵەکێت بۆ داکۆکیکردن لە مرۆڤبوونیان، بۆیە لە کۆتاییدا بێهوایی یەخەی پێ دەگرێت و ناچار (م)ی میللەت بگۆڕێت بۆ (ع) و دەڵێت:
تا هەژار و ڕیسواتر بن
زیاتر دوو گیان ئەبن و ..
بە هەلهەلە و گریانەوە ..
بە بەنج و سیزریانەوە ،
خەستەخانەی ئەهلی جمەی دێ ..
ویس چەن جوانە ئەم میللەتە ..
ئەم عیللەتە .

لەتیف بێوار




گۆڕانی راستەقینە ئاوها دەکرێت … لەتیف بێوار

خوێندنەوەیەك بۆ روئیای شیعریی ‘چراکە تەماوی ترە’
………..
لەتیف بێوار
……….

چراکە تەماوی ترە
لەوەی پشت گوێ بخرێ
شەوە یەلدا لە موی نیوان باریکترە
گەر ملی یەک بە یەکیان بە پەتا نەکرێ

یەکێتی و پارتی و ئەوانەی راستەوخۆو ناراستەوخۆ لەدەرەوەو ناوەوە ئیدامەدەری ئەو دەسەلەتە مافیاییەن، کە سی ساڵ پێش ئێستا و دوای راپەڕینی جەماوەریی و سەرتاسەری خەڵکی کوردستان گەڕانەوە وەکو دوو مافیای ئەزمووندار خۆیان کرد بە ناو شارو شارۆچکە ئازادەکانی باشووری کوردستاندا، یەکسەر دەستیان کرد بە بڕینی بانقەکان و پاشان ئاودیوکردنی بنخانی کوردستان؛ هەر لە سەددی بێخمەوە بیگرە تا شۆفڵ و وایەری مس و فافۆن و عەمودی کارەبا، لە شاخ هەر خەریکی خیانەت و بازرگانی بە خوێنی رۆڵەی کوردەوە بوون و لە شاریش لەگەڵ بەشەکەی تردا یەکیان گرتەوە کە ئەمن و بەعسی و کۆنە موستەشارەکان بوون، بۆ درێژەدان و پەرەدان بەو تاوانانەی کە ڕژێمی بەعسیش پەی پێ نەبردوون و نەیکردبوون، زوو هەموو مەلەفەکانیان دەست بەسەردا گرتوو سوتاندنیان، لە شاخیش سەر بەرزاییەکانیان گرتبوو نەیاندەهێشت هیچ هاوڵاتییەك پێش هاتنی سەعاتی سفر رابکات و خۆی و ماڵ و مناڵی رزگار بکات ، کەچی خۆیان سەعاتێ پێش کاتی دیاریکراو بە فەردە پارەکانەوە وەکو سەگی دز دیار نەمان تا ئەو کاتەی رژێمی بەعس کیمیابارانی کرد بەسەر خەڵکدا.
ئەوانە هەر مۆڵگەی گەندەڵی و خیانەت و یاساشکێنی و ستەمن، تا بوونیان مابێ دەبێت کورد هەر کۆیلەی ژمارە ٣ بێت، دەردەکە لەوێدا خەست دەبێتەوە کە ئەو قەڵەمبەدەستانەی خۆیان بە هزرمەندو نووسەرو ئەدیب دەزانن پارچەیەکی پیسن لەو مەنزومەی دەسەڵاتە مافیاییەدا، یان لە رۆژنامەو میدیایەکی سێبەری دەسەڵاتدا کاردەکەن و چەند موچەیەك وەردەگرن، یان لە دەزگایەکی بە ناو رۆشنبیری و چاپەمەنی و بنکەو ڕێکخراوە بەناو مەدەنییەکاندا کار دەکەن و دەست بە سنگیانەوە دەگرن بۆ مەسئولە دزو تاوانبارەکان وخۆ دەچەمێننەوە بۆ سیمبوڵە بۆگەنەکانیان، کەچی لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و بەرهەمکانیاندا خۆیان بە قوربانیی دەستی ئەو دەسەڵاتە دەزانن، ئەمەیە دوو فاقیی و دووڕوویی زۆرینەی ئەوانەی وەکو حیزبە ناڕازییەکان کە دروشمی گۆڕان هەڵدەگرن و داوای موچەو مۆڵەت لەو دەسەڵاتە مافیاییە دەکەن، ئیتر بەسە تا کەی خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵك، هەرچەندە خەڵك زۆر لەوە هۆشیارتن و ئەو راستیانە دەزانن.

خوازیاری ڕاپسکانێکی تریشقانەم
درەختی ڕیشەکوتراوی بێ بەر ڕاتەکێنێ
ڕێژنەی یەکلاکەرەوە رێکبخا
لافاو ،
بە پلیکانێی چەما ، سەرخا
چی تەپۆڵک و
زۆڵە کۆ لوتکەیە.. بیانسڕێتەوە
شتەکان هەر هەمو
وەک خۆ
بخاتە روو
ئەو مانگرتنە پچڕ پجڕانەی ئیرە و ئەوێ
سەرانسەریی یەکخا
بوێرێ بەو بەرنامە بێ پایە و
ناوەڕۆکە کرچ و کاڵانەیان بڵێ:
هیچوپوچ و
پوکن..
پوک ، پوک
گۆڕانی راستەقینە لە دیدی شاعیرەوە بە راستگۆیی و دڵسۆزیی و بڕوابوون بە دۆزی رەوای میللەتی چەوساوەی کورد دێتە دی، کە خۆی ڕابپسکێنێت لە هەموو ئەو رەگانەی دەچنەوە سەر ئەو دوو بنەماڵە کوردفۆش و دزە، کە ئامادەبن ژیان و مردن وەك یەك تەماشا بکەن لە پێناوی گەشتنە ئەو ئاواتە بەرزو بڵندە کە هیچ کەس و حیزبێك نەیتوانی پێی هەستێت، سەیر ئەوەیە حیزبەکانی بەرهەڵستکار بە دروشمی نەمانی دەسەڵاتی گەندەڵ خەڵکیان فریو دا کەچی دوایی خۆیان سەریان لە بنی بەڕەی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵەوە دەرچوو، لێرەدا شاعیرو نموونەی شاعیر دەتوانن ئەو گۆڕانە بکەن بە هیممەت و هەوڵی بێ پسانەوە، خۆ ئەو رەنگە هەر ١٠ ساڵی تر تەمەن بواری بدات، چەند شانازییە ناوی بچێتە لیستی پیاوە مەزنەکانی جیهانەوە کە گەلەکانیان رزگارکرد لە قۆناغی قۆراخکارییەوە بۆ دادپەروەریی راستەقینە، نەك بۆ مشتی پارەی لە کاغەز دروستکراو خۆیان و سومعەی خۆیان بۆ هەتایە ناشرین بکەن، چ هیواو ئامانجێك لەوە مەزنترە میللەتێك رزگار بکرێت لەو دوو میکرۆب و پەتایەی ٣٠ ساڵە گەورەو بچووك پێوەی دەناڵێنێ، موساوەمە لەگەڵ دزدا ناکرێت، راپەڕین و یەکگرتن و جورئەت و تێکۆشان پێویستە بۆ لەناوبردنی ئەو دومەڵە پیسانەی هیچ چارەسەرێکیان نییە جگە لە هەڵکێشانیان نەبێت، کاتیان زۆر نزیک بووەتوە تا لەگەڵ کرۆنادا قەلاچۆبکرێن، لە هەرشوێنێك بینیتانن وەکو چاوچیسکۆ دادگای گەلییان بۆ دابنێن و بە تانک و زریپۆشەکانی خۆیان لەناویان بەرن، لەسەر ئەو ئەو ئەپارتمانە٣٠ قاتانەی بە پارووی دزراوی بێوەژن و هەژاران دروستکراوە فڕێیان بدەنە خوراوە، کەس ناتوانێت بەرەنگاری رقی پەنگخواردووی میللەت بێت، گۆڕانی راستەقینە ئاوها دەکرێت کە موساوەمە نەکرێت بە کێشەی جارەنوسسازی گەل بەرامبەر پارەو کورسی، چی ماوە کاولی نەکەن و بۆگەنی نەکەن؟ ژیان و تەمەنی دوو نەوەیان کاول کرد، عالەمیان توشی دەردی دەروونی کرد، داروبەردو سەرخان و بنخان و ئاوو هەوای کوردستانیان بە عالەمی ئاشکرا دزی و جورئەتێك نییە دەستیان ببڕێ تا ئەو کاتەی هێزی راستەقینەی گۆڕانکاری گەل دێتە بوون و لە ڕیشەوە داری ژەقنەبووتیان هەڵدەکێشێت.
بە وتەی پێشینان: لە بنی هەمانەکە با
یا لەناویان دەبا
یان تیا ئەچین !!
ئازارکێشانی ئەم درم و دەردە
لە خودی (بار)ی سەخت و
قورسترە
لە قوڵایی شەوگارەوە
دەیان خێڵ و
خانەوادە..
لە جامە ڕەشەکانەوە
وەک قەلەڕەش دەڕشێنە سەر جادە
هەر ئەڵێی مێردەزمەی ناو مەتەڵ و
ئاژەڵە درندەی ناو جەنگەڵن
بڕینی (ساتر)
خەمی گەورەی چەقۆیە
داڕێشتنی نەخشە و
داگیرسانی هەر کڵپەیەک
سوێێ مژدەیە
ژیان و تەمەن چەند سات و چرکەیەکی خێران و دووبارەبوونەوەیان مەحاڵە، کەواتە کاتییەتی ئەوانەش کە لە بەتانی ئەو دوو تاقمەوە پێچراون و یان خۆیان پێچاوە بیر لە پاشەڕۆژی نەوەکان بکەنەوە، ئەم کۆشکە بێ بناغەی یەکێتی و پارتی لەسەر ئێشکو پروسکی کوژراوانی شەڕی ناوخۆو بێ سەروشوێنان دروستکراوە درەنگ بێت یان زوو هەر دەڕوخێت و ماڵی هەمووان کاول دەکات، کەواتە با بە شێوەیەکی ئەندازیارانە خۆمان بیڕوخێنین و کۆشکی دادپەروەریی و مافی مرۆڤی لە شوێندا دروست بکەین، ئێسکو پروسکی ئەو بێ تاوانانەش دەربکەینەوەو بیکەین بە جاوی جەللادو بکوژەکانیاندا، ئەمە راچەنینی جەماوەریی دەوێت، ئەمە خۆ داماڵین لە نێرگزییەت و مەسڵەحەتی پێویستە، ٣٠ ساڵە هەموو شتێکمان بینی ئیتر بەسە، لە گەورەو بچوک، شێتو ئاقڵ راستی روونەو بەکەس ناشاردرێتەوە، ئەوانە لە دوژمنی دەرەکی زیاتر بە زیان بوون بۆ میللەت و خاکی کوردستان، ئەو عەوام و رەشۆکانەی نازانێت بۆ چەپڵەیان لێدەدات پێویستە دەست بکەن بە گریان و بزانن ئەوانیش لەگەڵ دەسەڵاتدا تاوانبارن، هاوبەشن لە هەموو ئەو تاوانە گەورەو بچووکانەی رۆژانە پێی هەڵدەستن، هەروا ئەوانەش بە بەڵێیەك دەنگیان پێ دەدەن و بەرگرییان لێ دەکەن با بزانن هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ ئەو سەرە بکوژانەی سەدان تاوانیان دەرهەق خەڵك کردووە هەر لە شاخەو تا شار، هەر لە سەردەمی راو و رووت و سەرانەو تا سەردەمی گرێبەستە نەوتییو نهێنییەکان کە گەل هیچ داهاتێکی نەوت و ناوخۆ نابینێت جگە لەو دزیانەش کە لە موچەی نێرداراوی حوکمەتی ناوەندی دەکەن. ئەوانە نابێت بە زمانی ڕێزو دبلۆماسییەت لەگەڵیان بدوێی چونکە نە سیاسین نە دبلۆماسی، بەڵکو شەلاتییەکی دزن و خۆیان کردووە بە دەمراستی گەل، ئەوانە هیچ ڕێزو بوون و قەوارەیەکی دەولەتییان نییەو وەکو مافیایەکی سوك مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و تەماشا دەکرێن، جا تۆی خوێنەری بە ئەمەك و تێگەشتووی کورد دەبێت ئەو راستییە بزانیت هەرگیز نابیتە خاوەنی کەسایەتیەکی مرۆڤئاسا تا ئەو کەڵبەی ئەو گورگانە لە جەستەمان دەرنەکەین و بە سزای تاوانەکانی خۆیان نەگەن، ئەوسا ئێمەش لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان داوای مافی راستەقینەی گەلی خۆمان دەکەین، نەك بە هەلیکۆپتەر دۆلارمان بۆ بێنن وەک لە ساڵی ٢٠٠٥دا سەرانی یەکێتی و پارتی داوایان لە بریمەر کرد، دەبێت رۆژێك بێت خوێنی بە ناحەقڕژاوی هەموو مامە ڕیشەکان لەو جەللادو تاوانبارانە وەربگرینەوەو سەرتاسەری تاوانەکانیان ئاشکرابکرێت، سەرجەم ئەو موڵك و زەوی و باخ و ڤێللاو هاوینەهەوارو پارەو زێڕو پشك و کۆمپانیاو …..یان لەسەر زگی میللەت قوتیان کردوونەتەوەو دزیوە لێیان بسەنرێتەوەو بە دادپەروەریی بەسەر رەش و رووتی گەلدا دابەش بکرێت، دەبێت دڵنیان بین لەوەی تا ئەوانە مابن کەس خۆشی لە خۆی نابینێت..
لەم قەیرانە جەنجاڵەدا
دز و پاڵەوان لێک ناکرێنەوە

شتەکان هەر هەمو
وەک خۆ
بخەنە روو
بە وتەی پێشینان :
لە بنی هەمانەکە بەن
یا تیا ئەچن ، یا تیا ئەچین
بەسە ئیتر !!




راپەڕینی شیعریی کەنعان مەدحەت … لەتیف بێوار

دواهەمین شیعری شاعیری بە توانا کەنعان مەدحەت لە یادی راپەڕیندا هاتە بەرچاوانی خوێنەران، لەو شیعرەدا شاعیر زۆر کارامانە بە دوای زمانێکی تردا دەگەڕێ بەدەر لەوەی رۆژانە قسەی پێ دەکەین تاکو شیعرەکەی بخاتە خانەی نەمرییەوە، ئەو شیعرە هەرچەندە تایبەت نەکراوە بە جێگەو زەمەنێکی دەستنیشانکراوەوە، لەبەرئەوە دەتوانرێت بۆ هەموو ژینگەو زەمانێك بەکاربێت- مادام ئەو سیمایانەی لەو شیعرەدا دەدرەوشێنەوە لە واقیعی کۆمەڵگاو مرۆڤەکاندا بوونی هەبێت، کەم شاعیریش هەن ئەو پەتە باریکە بدۆزنەوەو رایەڵەی بابەتەکانی پێ بهۆننەوە، لەو شێوازە جادووییە شارەزابن کە نهێنی ئەو دەقانە لە خۆیانی دەگرن، ئەمەشە کە لە کۆتاییدا فرەواتایی دەبەخشێتە دەقەکان.
شیعرەکەی شاعیری بە توانا کەنعان مەدحەت ناونیشانی ڕاپەڕینی لە خۆ گرتووە، لەمەوە دەردەکەوێت کە نزیك لە یادی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١دا شاعیر دەیەوێت روانین و دیدگای شیعریی خۆی لەو فۆرمەدا پێشکەش بکات، بێ ئەوەی کەس داوای نووسینی ئەو شیعرەکەی لێکردبێت یان لەبەرامبەردا خەلات و شاباشی بکەن، نووسینی ئەم شیعرە تەنیا لەبەر ئەوەیە کە ویژدانی زیندوو و ئەزموونی دەوڵەمەندو مرۆڤدۆستانەی شاعیر داوای ئەو هەڵوێستەی لێدەکەن، شاعیر وەك چۆن شیعرەکەی دابەشی ٣ کۆپلە کردووە، هەرواش هەر کۆپلەیەك دەربڕین لە زەمەنێکی دیاریکراو دەکات، بەم شێوەیەی خوارەوە:
١- زەمەنی رابردوو/ کۆپلەی یەکەم
٢- زەمەنی ئێستا / کۆپلەی دووهەم
٣- زەمەنی داهاتوو/ کۆپلەی سێهەم
شاعیر لەسەرەتادا زۆر شاعیرانە و بە شێوازێکی شیعریی دەستپێکی شیعرەکەی بەو هەموو چیرۆکە مەرگەساتانەی رابردوو دەست پێدەکات کە ئەو دوو حیزبە نابووتەی لەمەڕ خۆمان کە ماوەی ٣٠ ساڵە بە ناوی میللەتەوە قۆرخی دەسەلاتیان کردووە و دەکوژن و دەبڕن و دەدزن پاڵەوانی سەرەکین تیایداو شان بەشانی ئەو چیرۆکە جەرگهەژێنانەی پێشتر کە رژێمێکی دیکتاتۆری عەرەب ئەکتەرەکەی بوو بەسەر خەڵکی سڤیلی نەتەوەکەمانیان هێنا و بەداخەوە ئێستاشی لەگەڵدابێت بەردەوامی هەیە، کەواتە کاتێك چیرۆکێك بوونی دەبێت کە بەسەرهاتێك هەبێت و شایستەی گێڕانەوە بێت، لەبەر ئەمەیە شاعیری شۆڕشگێڕو مرۆڤدۆستی کورد کەنعان مەدحەت زۆر سەرنجڕاکێشانە خوێنەر دەخاتە ناو ململانێی ئەم دەقە پڕ هێماو کۆدەوە، بەوەی کە بائاگادار بین ئێستاش خۆمان بەشێکین لەو چیرۆکانە، چونکە چیرۆکەکان تەواو نەبوون و کارەسات و قەیران یەك لە دوای یەك دروست دەکەن دەیانکەن بە یەخەی میللەتەوە، کەواتە شاعیر زۆر جیهانبینانە لە دودندێکی بڵندەوە دەڕوانێت و دەڵێت ستەم هەر ستەمە جا گەر فارسێك یان عەرەبێك یان تورکێك یان کوردێك بیکات، تەم هەر تەمە، تاریکایی هەر تاریکاییە، چ یەکێتی و پارتی رووناکیمان لەسەر بکوژێننەوە یان بەعس و جەندرمەو ئیتلاعات، بەڵام ئەم چیرۆکەی کەنعان دووبەرەکی یەکێتی وپارتی لە خۆ دەگرێت کە دیمەنەکان زۆر ئاڵۆزتر دەکات و دۆخەکە زۆر نالەبارتر دەکات، ئەو دوو حیزبە مافیاییە وەکو دوو تەوەرەی گۆی زەوی وان، هەرچەندە دەست لەناو دەست دەنێن و بەیەکەوە نەوتی هاونیشتیمانانی ئەو پارچە زەویە دەدزن، بەڵام لە ژێرەوە چاڵ بۆ یەکتر هەڵدەکەنن و هەمیشەش هەر میللەتی تێدەکەوێت، هەر وەك بچوکترین نموونە گەر لەوێ کەسێکی یەکیتی تەعین بێت لێرەش دەبێت یەکێکی پارتی تەعین بێت، ئیتر با دەرچووی زانکۆی گیرفان خاڵییش لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە مافیاییەدا سیربخوات و زوڕنا لێبدات، ئەم دوو بەرەکییە گەر رۆژگارێك گەشتبێتە ئەو رادەیەی ئەسیری جەنگی یەکترییان گوللـەباران کردبێت کە دژی هەموو پرەنسیپە جیهانییەکانی کاتەکانی جەنگ و ئاشتییە، ئەمەش وەك شاعیر دەڵێت بەشە ئاگرینییەکانی چیرۆکەکە بوون، ئەوا ئێستا بە عەبادی شوێنەجێناکۆکەکان تەسلیمی ئاغای شەمخانی دەکرێت، گەر شۆڕشگێرەکانی پەکەکە لە ڕێی ئیبراهیم خەلیلەوە تەسلیمی جەندەرمە بکرێن، ئەوا خەباتکارانی رۆژهەڵات لەسەر شەقامەکانی پێنجوێن و سلێمانیدا بە رۆژی رووناك تیرۆر دەکرێن و لە باشماخەوە یارمەتییە لۆجستیکیەکانیان دەگاتە سیخوڕەکان. لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە ئەو فڕۆکەوانەی بەشداری لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا کرد رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێت!
چیرۆکەکان.. تەواوبوونیان نییە
تەمێکی ڕانەماڵ
دووبەرەکییەکی یەکسان..
لە نیوان بەشە ئاگرینییەکاندا
هەمیشە
بە کوڵە
لە کۆپلەی ژمارە دوودا باری ئێستا دەکەوێتە بەر تیشکی ئەفراندنی شیعرییەوەو ئەو هەموو تاوان و کوشتارو ستەم و تالانییەی لە رابردوودا ویژدانی بەشێکی زۆری مرۆڤەکانی کوشت، لێرەدا پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوەو دەبێتە ئارەزووی رەنگاورەنگ لای بەشێکی تری ئەو هاوڵاتییانەی چاویان لە گۆڕانکاری و خەبات و فرە ڕەنگییەوەیەو دەیانەوێت لە ئاڵای سەوزو زەرد ڕزگاریان بێت، لە ئازاری ١٩٩١دا راپەڕینیان کردو کەچی مافیاکان بەرەکەیان خوارد، لە شوباتی ٢٠١١دا خۆپیشاندانیان کردو بە هێزی ئاگرو ئاسن کپ کرایەوەو سڵاو لە شەهیدەکانی ئازادی، ئیتر لێرەدا شێوازی خەبات دەگۆڕدرێت و شۆڕشگێرەکان دەست دەکەن بە مانگرتنی سەرانسەری، بایکۆتی هەموو ئەندام و بڕیارو ئۆرگانە حیزبییەکان دەکەن و دوکانەکانیان دادەخەن، ناچن بۆ فەرمانگەکان، جوڵەی ژیان دەوەستێنن تا کاتی پاکبوونەوەی ژینگەی کوردستان لەو ڤایرۆس و بەکتریا زیانبەخشانە، دروشمیان ئەوە دەبێت کە بەیەك دەنگ دەڵێن: ئیتر بەسە میللەت دەیەوێت بە دادپەروەریی بژی، گەل دەیەوێت بەری رەنجی راپەرین بخوات.. هاتنی ئەم زەمەنە حەتمییەو یاسای سروشتیش وایە زوڵم دەتوانێت هەر هێندە درێژە بکێشێت، قەزافی و زەینولعابدین بن عەلی نموونەیەکی دیارن کە جامی رقی میللەتیان بەسەردا ڕژا، شاعیر دەڵێت میللەتی مافخوراو لە ژێر دەسەڵاتی سێکوچکەییدا مان دەگرێت، لێرەدا وەستانێك وەردەگرین و دەڵێین سێکوچکە راڤەی زۆرە؛ ئایا دەسەلاتی کوڕو باوک و کوڕەزایە؟ یان پارەو کورسی و خیانەتە، یاخود نومایندەکردنی هەر سێ حوکمەتە فاشیستەکەی ئێران و سوریاو عێراقە کە ئەو دوو حیزبە هیچ سێ و دوویەك ناکەن و زۆرجاریش بێ شەرمانە بۆ تەسفییەکردنی یەکتر پەنایان بۆ دەبەن وەك چۆن لە ئابی ١٩٩٦دا پارتی پەنای بۆ حوکمەتی بەعس بردو یەکێتیش بۆ ئیتلاعات و پاسداران.
بە خوڕینی
یادەوەرییە تۆقێنەرەکان
کۆمەڵە ئارەزوویەکی هەمەڕەنگ
لە ژێرخانی سێ کوچکەدا..
مان دەگرن
شاعیری شۆڕشگێڕی کوردو ئەفرێنەر کەنعان مەدحەت لە کۆپلەی سێدا قەڵەمبازێکی جوان دەدات و خوێنەر دەخاتە کەشێکی پڕ هیواو ئومێدەوە، خەیاڵێك پڕ لە گوڵی رەنگاوڕەنگ، خۆشییەك تەمی سەر خەرەند برەوێنێتەوەو سەری هەمووان سوك بکات لەو مەراق و خۆخواردنەوانەی یەخەی گەورەو بچووکی گەلی کوردی گرتووە، دەبێت شۆڕش و راپەڕین بەسەر ئەو گەندەڵانەدا بکرێت، تا ئەوانە دەمڕاست بن نەگبەتی بەرمان نادات، ئەوانە ئێکسپایەر بوون و زەمەنیان بەسەرچووە، دەبێت خەباتی سوراچاکان سەرلەنوێ بدرەوشێتەوەو خۆشی و زەردەخەنە بۆ هەموو مافخوراوان بگێڕدرێتەوە، داوای خوێنی ١٢ هەزار کوژراوو بێ سەروشوێنی شەڕەکانی ناوخۆ لەسەرانی ئەو دوو خێڵە بکرێت، خوێنی سەردەشت و کاوەکان بزر نابن، دەبێت میللەت بە قوڕ دەرگاو پەنجەرەی مەکۆو مەڵبەندو لقەکان سواغ بدات و بۆ هەتا هەتایە ئەو پەڕە رەشەی سەرچاوەی دواکەوتن و نەگبەتی و کارەسات و قەیرانەکان بوو هەڵبداتەوەو توڕی بداتە ناو زبڵدانی مێژووەوە، میللەت دەبێت دڵی بە تیشکی ئەستێرەیەك خۆش نەبێت، ئەوانە گرگن و بچوکن و هەمووان تیشك لە مانگ و خۆرەوە وەردەگرن، ئەی بۆچی خۆمان راستەوخۆ لە خۆری راستەقینەی سەربەستی و یەکسانی و دادپەروەریی بەهرەدار نەبین؟ لەبری ئەوەی چاوەڕوانی موچەو نیوکیلۆی برنجی ئێکسپایەری بایعی بین وەکو سەدەقە پێمان بدەن با بەدەستی خۆمان بیسێنین و داهاتەکان بە یەکسانی دابەش بکرێت و بنخانی ولاتی پێ بونیات بنێین، ببینە خاوەنی ئیرادەی پۆڵایی و یەکڕیزیی لەسەر بنەمای دڵسۆزیی بهێنینە دی نەك ئینتیمای حیزبیی، با بێکاری و چەوسانەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی قەڵاچۆ بکەین، چی لەوە خۆشترە دەست بە خەبات بکەین و هیوای گۆڕانکاری و لە گۆڕنانی گەندەڵیی و عەقڵییەتی فاشیستی حیزبی قەڵاچۆ بکەین کە کۆنترۆڵی هەموو گەردیلەیەکی ژیانیان کردووە لە کوردستانی باشوور لە پێناوی بەرژەوەندی دوو بنەماڵەدا، کوا پێشکەوتن و گۆڕانکاری لە عەقڵدا؟ کوا خوێندەواریی و پەروەردە؟ کوا دڵسۆزیی و داهێنان و گەشەپێدان؟ ئەمانە هەموو لە لایەن مەڵبەندو لق و مەکۆوە تاسێندراون و گۆڕ بزرن، لە ژوورە ئینفیرادەکانیاندا رۆژانە ئەشکەنجە دەردرێن، با لە گەڵ شاعیردا خەباتی مرۆڤدۆستی و نیشتمانپەروەریی دەست پێبکەین و دزەکان وەدەرنێین، ئەوانە نایانەوێت کەس تێبگات و هەناسەی راستەقینەی ئازادی و مافەکان بدات، ئیتر بەسە با ئەو تەمەنە کورتەی ژیان بەس بە ڕەزالەتەوە بەسەر بەرین، لە پیناوی چیدا وامان لێ دەکەن ئەی جانەوەرە سەوزو زەردەکانی رۆژە شوومەکان! ئیتر میللەت دەبێتە خاوەنی بڕیارو بەدەستی خۆی مافە زەوتکراوەکانی دەسێنێت..
چی لەوە خۆشتر
سەرلەنوێ
سوار بە هەورازا سەرکەوێ
لە جێی مەکۆ و
مەڵبەند..
سەنگەر هەڵبژێرێ
ئەستێرەکان راماڵی و
خوو ،
بە مانگەوە بگرێ




کۆرۆنا…یان جەنگی بایولۆژی؟ … لەتیف بێوار

وابزانم زۆرێك لە ئێمە فیلم کارتۆنی دۆناڵد ترامپی بینیوە کە لە سەدەی رابردوودا نیشان دەدراو بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٩٨٧دا لە لایەن (دوونسبێریی)ەوە بەرهەمهێنرا، کە لەو کارتونەدا ترامپ رۆڵی سەرۆك وەزیرانی ئەمریکا دەگێڕێت. و ئەوانەش لەو کاتەدا منداڵ بوون ئێستا گەورەن و بەو سەرۆکە لە مێژە ئاشنان و هیچ موفاجەئەیەکی تێدا نییە.

ئێمە باسمان لەو پێشبینییە نییە کە چۆن بەرهەمهێنراو بە ج مەبەستێك بوو، بەڵام ئەم بیرۆکەیە دەمانگەیەنیتە راستی بیرۆکەیەکی تر سەبارە ت نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەویش رۆمانی نووسەری ئەمریکی (دین کۆنتز)ه بە ناونیشانی (چاوی تاریکیەکان)، کە لەساڵی ١٩٨١دا بڵاوی کردەوە .

ئەم رۆمانەش بە هەمان شێوەی کارتۆنەکە پێشبینی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە پێش ٣٩ ساڵەوە کردووە. بەلام لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم ڤایرۆسەداو دوای ٣٩ ساڵ لا بەلای ئەم رۆمانەدا کرایەوەو زیاتر ناسراو چەندان جار چاپکرایەوە، ئەو رۆمانە باس لەوە دەکات کە لە ناوچەی (وۆهان)ی چاینەدا ڤایرۆسێك بڵاودەبیتەوەو کۆنترۆڵکردنی لەدەست دەردەچێت، کاتێك زاناکان لە تاقیگەکانی سەربازگەیەکی چاینەدا وەکو هەوڵی پەرەدان بە چەکی بایۆلۆژی کار لەسەر پەرەدان بەو ڤایرۆسە دەکەن، بەڵام هەر زوو کۆنترۆڵیان لەدەست دەردەچێت، رۆمان نووس ناوی (وۆهان -٤٠٠)ی لێ دەنێت، پاڵەوانی ئەم رۆمانە دایکێکی جەرگ سوتاوە کاتێك پێش ساڵێك کورەکەی سەفەری چاینە دەکات و بێ سەروشوێن دەبێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە چەند نامەیەکی بەدەست دەگات کە هێشتا کوڕەکەی لە ژیاندا ماوەو نەمردووە بڕیار دەدات بچێت سەردانی چاینە بکات و سۆراخی کورەکەی بکات، بەهەمان جۆر کاتێك دەگاتە سەرەداوی شوێنی کوڕەکەی، بۆی دەدەکەوێت کە دەستبەسەرە لە سەربازگەیەکی تاقیگەی چاینەداو بەهەڵە توشی ئەو ڤایرۆسە بووە.

رۆمان نووس لەو رۆماندا باس لەوەش دەکات کە تاقیگەکە دەکەوێتە دەرەوەی شاری (وۆهان) کە لەراستیدا هەر واشە کاتێك ساڵی ٢٠١٧ ئەو تاقیگەیەی بە ناوی(پەیمانگای وۆهان بۆ لێکۆڵینەوەی ڤایرۆسەکان) دامەزراو تاکە تاقیگەیەکی بایۆلۆژی پلە چواری سەلامەتییە لەو ناوچەیە کە دەکەوێتە ٢٧ کیلۆمەتر لە دەرەوەی شاری (وۆهان)دا.
لە کاتێکدا ئەم ڤایرۆسە هەر زوو لە چاینەدا تەشەنەی کردو هەزاران کەس توشیان بوو و بە سەدانیان کۆچی دواییان کرد، وا بڵاوبۆتەوە لە ئێستا کە زاناکان دەڵێن ئەم ڤایرۆسە لە مارەوە دروست دەبێت و شەمشەمەکوێرە دەیگوێزێتەوە، راستە ئەو دوو گیانەوەرە خۆراکی بەشێك لە چاینەییەکانە، بەڵام ئەو بەیەکگەیشتنەی ڤایرۆس لەو دوو توخمە جیاوازەی گیانەوەران و پاشان ڕێتێچوونی بۆ گواستنەوەی بۆ مرۆڤ هێشتا جێی پرسیاری زانایانی جیهانە، هەندێکیش دەپرسن بۆچی لەم کاتەدا بە دیاریکراوی؟
گەر ئێمە واز لە بیرۆکەی پێشوەختەی موئامەرە بهێنین، بەڵام ئەم باسە جیی لێکۆڵینەوەیەکی وردەو هەروا ناتوانرێت سەرپێیانە بڕیاری بەسەردا بدرێت.

لە لایەکی ترەوە هەر زوو لە ڕێگای ئێرانەوە تەشەنەی کرد بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ترسێکی گەورەی خستە ناو دڵی دانیشتووانی سەرانسەر سەر گۆی زەوی، ئێمەی کورد کە زۆرجار کارتێکراو و وەرگر بووین لەبری ئەوەی کارتێکەری دەوروبەرو رووداوەکان بین و سەرچاوەی وەرچەرخانەکان بین، هێشتاش لە ژێر دەسەڵاتێکی دەرەوەی یاسادا دەژین و بەلاڕیدا دەبرێین دەکەوینە ژێر پلان و بیرکردنەوەی دەسەلاتی مافیاییەوە لەڕێی موتابەعەکردنی کەناڵەکانیان و بڕواپێکردنیان و چەپڵە بۆلێدانیان، ئەو دەسەلاتەی کە لە هیچ کلۆجێکی دنیادا حسابی نە دەوڵەت نە حوکمەت نە قەوارەی سیاسی بۆ ناکرێت، بەڵکو وەکو باندێکی مافیایی تەماشا دەکرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، لەبەر ئەمەش هاوڵاتیانی کوردان لە شوێنە جیاوازەکانی تری دنیادا لە رووی مامەڵەی فەرمییەوە هەر بەچاوی ئەو دەسەڵاتە نایاساییە تەماشا دەکرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت کە سوکایەتی و بێڕێزییە. کاتی ئەوەیە تا زووە خۆمان داتەکێنین لە نەفرەتی ئەو دوو بنەماڵەیەو بسمیلی بە مرۆڤ بوون دەربکەین و چیدی چاوەڕوانی روبعە موچەی خێرو سەدەقە نەبین لەلایەن ئەو دزانەوە.

  • – – – – –
    ١-Doonesbury
    ٢-The Eyes of Darkness



نەوزاد بەندی و شۆڕشی مەعریفەت … لەتیف بێوار

لە چەند رۆژی رابردوودا شیعری ‘ئیتر وای لێھات’ ی شاعیرو نووسەر نەوزاد بەندی لە ماڵپەڕی دەنگەکانەوە بە دیداری خوێنەرانی تامەزرۆی گەیشت، راستە ئەو زۆر شیعر دەنووسێت و دادەبەزێنێت و زۆربەیان بە زمانێکی سادەیەو باسی کێشە رامیارییەکانی گەل و نیشتیمانەکەی و هەروا باری دواکەوتووی گەلەکەی دەکات، بێ ئەوەی زۆر فەنتازیاو هونەرەکانی رازانەوەی شیعریی و زانستەکانی زمان لە خۆ بگرێت، کە لەم حاڵەتانەدا رێژەیەکی زۆر کەمی ئەو جۆرە شیعرانە بە زیندوویی دەمێننەوەو پەسەندی شارەزایانی شیعر دەکرێت، ئەویش تەنیا لە یەك حاڵەتدا: کە دەبێت ئەو دیمەنە رۆژانەیە هێندە شیعریی بێت کە پێویست بە هیچ دەسکارییەك نەکات تاکو بەرگی شیعر لەبەر بکات، وەکو شیعرەکەی گۆران ‘جادە چۆڵ و سێبەر بوو’ کە ئەو لەو شیعرەدا زۆر بە سادەیی گێڕانەوەی دیمەنی بەیانییەکی خۆی باس دەکات، بەڵام ئەو دیمەنە خۆی لە خۆیدا شیعرە.

نەوازاد بەندی هەر لە وێنەکەیەوە کە لەگەڵ شیعرەكەدا دانراوە دەردەکەوێت و وا دیارە کە پێدەکەنێت بە هەموو دەسەڵاتە فاشیست و پۆپۆلیزمەکان و هەموو جۆرێکی دواکەوتنی تاك و کۆمەڵ، هەروەها لەسەر دەریاییەکیش وەستاوە کە هێندە دڵفراوانی و ئارامی ئەو دەنوێنێت، هێندە دەرخستنی وێنەی پۆرترێتی خۆی نییە، بەڵام ئەو شیعرە هێندە سەرنجی راکێشام کە دەمخواست شاعیر بیتوانیایە لەسەر هەناسەی دوو کۆپلەی یەکەم بەردەوامی بدایە بە شیعرەکەو تەواوی بکردایە.

وەکو بەهرەی شیعریی زۆر جوان دەستی پێکردووەو بابەتێکی زۆر گرنگ و سەرنجڕاکێش دەکاتە دەستپێك، سیمبوڵی تیا بەکارهێناوەو ئایدیایەکی زۆر جوانی لە پشتەوەیە، ئەگەر دایك بە سیمبوڵی نیشتیمانی فەرهودکراو لێكبدەینەوەو هەروەها داریش بە حیزب، ئەوا دەگەینە ئەو بەرەنجامەی کە چۆن قەوارەو دەسەڵاتێکی حیزبی و سیاسی هەوڵ دەدات هەموو شتێك قۆرخی خۆی بکات و هەمووان بکاتە خزمەتکار و دەستەو دایەرەی خۆی، هەر لە تاکێکەوە بیگرە تا داهاتی سەرخان و بنخانی وڵات و هەموو دروشم و مارشە نەتەوەییەکان، هەموو ئەو رەمزو کارەساتە مێژووییانەی میللەت تیایدا یەکەم و دواهەم قوربانی بوو، کەواتە لێرەدا دەبێت لەگەڵ شاعیردا رووبکەینە تێزی مرۆڤایەتی و دروشمە سەراپاگیرییەکەی، چونکە کێشەی ئێمە کێشەی مرۆڤ و مافەکانییەتی، ئەوانەی بە ناوی نەتەوەوە خەباتیان کرد ناپاك و میللەتفرۆش بوون و کێشە چارەنوس سازەکانیان هەراجکرد بۆ بەرژەوەندی گیرفان و کورسیەکانی خۆیان. ٢٩ ساڵە جەهەنمێکیان بۆ دانیشتوانی سەر ئەو بستە زەوییە خولقاندووە کە بەکەس ناکوژێتەوە، رۆژ بە رۆژ و بە نرخێکی سوك و هەرزان زیاتر ویژدانی مردووی قەڵەمبەدەستەکان دەکڕن و دەستەمۆیان دەکەن، تا هیچ هیوایەك نەمێنێتەوە کەس دڵی پێ خۆش بکات، تا هیچ تروسکەی شۆڕشێك نەمێنێتەوە لاپەرەی مێژووی رووزەردی حوسنی موبارەکەکان بۆ هەتاهەتایە دابخات، بەڵێ نەوازاد بەندی وەکو هەر رۆشنبیرێكی بە ئەمەك و بە بڕوا بە تێزی گۆڕانکاری میللەت و رزگاری؛ هەمیشە لەو سەنگەرە پڕ جۆش و خرۆش وشۆڕشەدایە کە خۆی بە یەکەم رووناکی پریشکی ئاگری ئازادی و گۆڕانکاری دادەنێت، دژی حوکمی دواکەوتووی خێڵەکی و مافیایی و چاوەڕوانی میللەت دەکات لەم هەوڵەیدا شوێنپێی هەڵگرن، دوای ئەوەی هەموو حیزب و سیاسەتێك لە کوردستاندا فەشەلی هێنا، درۆزن بوون و ماسکەکانیان لادا بازرگان دەرچوون، هەمیشەش هەروا بووە؛ رۆشنبیرە راستەقینەکان سەرچاوەی گۆڕانکاری و خەباتی راستەقینە بوون، چونکە ئەوان بەرچاویان روونە و ناکەونە ژێر هەژمونی دەوڵەتانی ناوچەییەوە، بەڵکو دڵسۆزانە و پڕ بڕوا چاویان بڕیوەتە هەرەسهێنانی ئەو بەستەڵەکە رەشەی دەرگای ژیانی لەسەر مرۆڤ و ئاو و خاکی کوردستان داخستووەو ئەوانەش کە دەستیان لەو زوڵمەدا بووە ئەمجارە بە پۆستاڵی رەشی سەربازییەوە نەهێنراون، بەڵکو بە کڵاشەوە هاتوون و وەکو شەقاوەیەکی نەگریس حساب بۆ هیچ پیرۆزییەك ناکەن و هەموو شتێکیان کردووەتە جێی مامەڵەو بازرگانی، ئەوە بەس نەوت نییە رۆژانە بەبەرچاوی خەڵکەوە دەدزرێت، بەڵکو نەوەکانی ئەو دەعەجانیانەن کە بازرگانی بە دەرمانی ئێکسپایەرەوە دەکەن و گیرفانی نەخۆشی بێ دەسەڵات رووت دەکەنەوەو دەشیانکوژن بە پێدانی چارەسەرو دەرمانی خراپ و ئێکسپایەر.
شاعیر زۆر جوان لە دووکۆپلەی یەکەمدا ئەو بەرەواژووەمان بۆ نیگار دەکات و دوو پارادۆکسی زۆر جوان بەکاردێنێت، دایکێکی بێ رەحم و بێ ویژدان و درەختێکی گەوجێنەر: ئەمەیە بەرەندەو ئەولەویاتی رۆشنبیری راستەقینە لە دۆخێکی نالەباری ئاوهادا، ئەمەیە رۆڵی راستەقینەی مرۆڤی هەستیارو بەئەمەك و دادپەوەر، پێش ئەوەی مەرگی مادی و مەعنەوی هەمووان ببینێت دەیهەوێت لەو خنکانە رزگارمان بکات.

من دایکێ ئەناسم
ئەبێ ھەمووان بۆی بمرن و
بۆ کەس نامرێ ..
من دارێ ئەناسم
ئەبێ ھەمووان بەر و سێبەر بن بۆی و
بەر و سێبەر بۆ کەس ناگرێ..

بەڵام لێرە بە دواوە شاعیر وادیارە چیتر خۆی ماندوو نەکردووە تا بە تەواوکردنی ئەو کۆپلەیە بەهەمان هەناسەی داهێنەرانەوە درێژە بە نووسینەوەی شیعرەکەی بدات، لەبەرئەمەیە دەبینین ئیتر گوتاری شیعر سادە دەبێتەوەو رەمزیشی تێدا نابینرێتەوە، یەکسەر مەبەستی خۆی دەردەخات و دێتە سەر شارو هەر وەك ئەوەی بۆ نموونە لە دیوەخانێکدا یان لە چایخانەیەکدا دانیشتبێت و قسە لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بکات؛ زۆر راستییەکی سادەو حاشا هەڵنەگری پێدەڵێت کە هەمووان هەر لە گچکەوە تا گەورە، خوێندەوار تا نەخوێندەوار… ئەو راستیە دەزانن، ئەویش ئەوەیە (شار کەس بە کەسە)، ئەم راستییە لەو کاتەوە دەزانرێت کە ساڵی ١٩٩١ چۆن خەڵک سنگی خۆی خستە بەر گولـلەو راپەڕینی دژی دەسەلاتێکی دیکتاتۆریی کردو کەچی لەولاوە دوو حیزبی مێژوو رەش هاتن و خۆیان کرد بە ساحيبی هەموو شت و چەندان دیکتاتۆری بچووکیان قوتکردەوە، هەموو مەلەفداریی وشەڕی براکوژی و دزیی وتاڵان و کوشتن و زوڵمەکانیان بەخەبات نووسیەوە بەو مەبەستەی پشتاوپشتی میللەتی کورد قەرزارباربکەن و شەرعییەت بە دزی و تاڵانی و کوشتن و ستەمەکانیان بدەن و بە ملیارەها دۆلار بدزن و بە داگیرکردنی هەموو سەر زەمین و بن زەمینەکانی کوردستان رازی نابن و دەڵێن تا هەتایە دەبێت ئێمە ئاغاتان بین و ئێوەش خزمەتکار، هەموو هۆکارەکانی راگەیاندن و داهاتەکان بۆ ئەو دروشمەیان تەرخان دەکەن و ئامادەن بێ شەرمانە درۆبکەن- درۆبکەن- درۆبکەن تا میللەت بگەوجێندرێت و بینایی لە دەست بدات، ئەو دۆخە تەنیا بەو شۆڕشە دەگۆڕدرێت و نەوەکانی داهاتوو وەکو مرۆڤ دەتوانن بژین، کاتێك دوای نەوازاد بەندییەکان بکەوین و نەفرەت لە کوردکوژانی ناوخۆ بکەین، ئەوانەی هۆکاری راستەقینەی کاولکاریی و کارەساتە یەك لە دوای یەکەکانی گەلەکەمان بوون، شاعیر دەیەوێت ئەو خەڵکە لە خەوی بێئاگایی هۆشیار بکاتەوە، دەیەوێت هەمووان بە دادپەروەریی و یەکسانی وەکو میللەتێکی زیندوو بژین.

دووبارە بۆ گەڕانەوە سەبارەت زمانە شیعرییە بەکارهاتووەکە لێرەوە شاعیر ئارامی لەبەر دەبڕدرێت و راستەوخۆ دەست دەکات بە تەواکردنی شیعرەکە، رەنگە هۆکارە دەروونییەکەی ئەو خەم و زوڵمە پەنگخواردووەی ناخی بێت، داخۆ چەندان ستەم و مەحرومکردن و سوکایەتی لە دەوروبەری خۆیدا بینیبێت و چەشتبێت تا ئاوها ناخی پەنگی رقی پیرۆز بخواتەوە؟
پاشتر و لە خاڵێکی گرنگدا ئەو تێبینییە دەردەبڕین کە ئەو بەو دوو کۆپلە جوانە وەکو سەرەتاو کردنەوەی شیعرەکە دەستی پێکرد، هەرچەندە کۆپلەکانی دواتر کەمتر شیعرین، بەڵام ئەمانە هەمووی وەکو (موبتەدا)یەك بوون، بۆمان هەیە بپرسین: ئەی کوا (خەبەر)ەکەیان ، وەك ئەوەی بڵێت: من دەڕۆم.. ئیتر بێ ئەوەی بزانین بۆ کوێ دەڕوات و دواتر چی لێ بەسەر دێت، پاشان بەکارهێنانی مارو کەروێشك دوو خوازەی نا هاوتان، بۆ نموونە گەر بیگوتایە من جرجێک ئەناسم ئەوا لەگەڵ کەروێشکدا دەهاتەوە، بەڵام مارو کەروێشك مەحاڵە لە شێوەدا نزیکییەك هەبێت لە نێوانیاندا، پاشان تێخوڕین بۆ گاگەل گونجاوەو بەکاردێ نەك بۆ مار، بەڵکو مار دەبێت سەری پان بکرێتەوە، ئەگەرنا ئەوا گەر نیوەی بقرتێنیت سەر لەنوێ دروست دەبێتەوە مادام سەری وەکو خۆی زیندووە… دەستەواژەی (کەس لە گوڵ کاڵتری پێ ناڵێ) بەڵێ بێ هەڵوێستیی میللەت دەنوێنێت بەڵام بە هەمان شێوەی (شار کەس بە کەسە) تەماشا دەکرێت لە رووی بەهای ئەدەبییەوەو هەردووکیان وتەو قسەکردنی رۆژانەن، باشە ئەی شاعیری گرانقەدر من وەك خوێنەرێك بۆم هەیە بپرسم و بڵێم: گەر تۆ دڕندەی تر زۆر دەناسیت زۆر گونجاوتربوو لێرەدا ماناو ئاکارە چەوت و چەوێڵەکانیان بکەیتە خوازەی شیعریی و بە رووی مەجازدا وەکو پێشنیارێك (بۆ نموونە) کۆتایی بەسەرهاتەکەت تەواوکردایە، یان هەڵوێستی تۆی رۆشنفکرت بکردایە بە قوفڵی تراژیدیەکان و خوێنەرت لەو خاڵەدا رابگرتایە تا بیری لێبکردایەتەوە، هەرچەندە بە داخەوە لەمڕۆژگارەدا و پاش ئەوەی لە ماوەی ٢٩ ساڵی حوكمی جەهالەت و قەرەقوشدا هەوڵدراوەو هەوڵدەدرێت زۆربەی خەڵك نەفام بکرێت و لەمحاڵەدا زۆر ئەستەمە شیعرێك رایانچڵەکێنێت، زۆر زەحمەتە ئەو قڵیشە کۆمەڵایەتییەو لادانانە بە شیعرێك راست بکرێتەوە، ئەوان گیانی نیشتیمانپەروەرییان لەناو دڵی تاکەکاندا کوشت…شاعیر بەس پینووسەکەی بەدەستە، ئیتر هیچ دەزگایەکی زەبەلاحی ئیعلامی نییە کە ملیۆنەها دۆلاری دزراوی هاوڵاتی تیا سەرف دەکرێت مانگانە و نەك بەس بێ سوودن بەڵکو خەڵك گەوج دەکەن، ئیتر شاعیر دەڵێت: تاکەی بەسە.. با ببینین کە چۆن نەوزادەکان دڵی هەموو لێوبەبارەکان و ئەو خاوەن هەڵوێست و خامە بەدەستانە خۆش دەکەن کە هەموویان خەمناكانە گۆشەگیربوون یان گۆشەگیرکراون و هەر خۆیان دەخۆنەوە، شۆڕشی مەعریفەت، شۆڕشی ئینسان، شۆڕشی دادپەروەریمان پێویستە…

من شارێ ئەناسم
کەس بە کەس نییە و
ھەر کەسەی بە میزاجی خۆی
ڕەوڕەوەی مێژوو لێ ئەخوڕێ ..
من مارێ ئەناسم ،
سەد ساڵە ڕۆڵی کەروێشک ئەبینێ و
لە گوڵ کاڵتری پێ ناڵێن
ھیچ کەسێ تێی ناخوڕێ ..
دڕندەی تر زۆر ئەناسم
کە لێرەدا ناوترێ ..




راگوزەر لەنێو دوکەڵدا دەیانڵێمەوە … لەتیف بێوار

هەستێکی خۆشە جاروبار لێرەو لەوێ دەقێکی شیعریی دڵت دەگرێت و بە خۆت دەڵێیت بێ ئینسافییە هەروا دەستبەرداریی ببم، هەرچەندە رەنگە کەس گوێ لەم بۆ چوون و خوێندنەوانەش نەگرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە دەروونی تۆی خوێنەر لەم کاتەدا ئاسوودە دەبێت، ماڵپەڕی دەنگەکانیش هەروایە، ناوبەناو چەند شاعیرێکی بێدەنگ شیعرێکی تێدا فڕێ دەدەن و دوایی نابیندرێنەوە، جیاوازی ماڵپەڕیش لەگەڵ رۆژنامەو گۆڤاری کاغەزییدا ئەوەیە کە هیچ مەحسووبییەتێکی تێدا نییە و بەرژەوەندی ماددی لێ ناکەوێتەوە، ئەوەی خەمی راستەقینەی شیعری بێت لیرەدا هەوڵەکەی جێدەهێڵێت و دەڕوات، بێ چاوەڕوانکردنی هیچ دەسخۆشی و دەسکەوتێکی ماددی.

شیعرەکەی شەماڵ ڕەشید وەکو بابەت لەمەڕ تــوانەوەی بەستەڵەکەکانی باکوورو باشووری گۆی زەوی هەوڵدانێکی شاعیرە بۆ نووسینەوەی واقیع لە دنیابینی و بە ئامرازە شیعرییەکانی خۆی، ئەم کارەسات و توانەوەیەی بەستەڵەکەکان نەك بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوەیە، بەڵکو بە هوی ئەو شەڕە جهیانییەی لە چەند ساڵی داهاتوودا لە نزیکمان روودەدات و شاعیر پێشبینیی کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر هەسارەی زەوی بۆ دەکات، هەرچەندە زاراوەی (زەوی)وەکو بابەتیی شیعریی زۆر بەکارهاتووەو هەروەها ناونیشانی کتێبیشی لە خۆ گرتووە، بەڵام لێرەدا شوبهاندنی بە کچێکی نەخۆش گەڕانێکی جوانە لە دنیای مەجازدا، کەدیوێکی رەوانبێزیی ودیوێکی واقیعییە ، دواتریش وێناندنی خەمی زەوی وەکو هێمای دایك و کارەساتە ژینگەییەکانی سەر گوی و ناخی پەیوەست دەبێت بە گیانی مرۆڤی بە ئاگاو ویژدان زیندووەوە کە شاعیر دەڵێت:
ئێمە بێ باکانە سەیری توانەوەی ڕۆحمان دەکەین
سەیری توانەوەی دایکمان دەکەین
بەڵام هەرچی شیعرەکەی دانا عەسکەرە کە بە زمانێکی دەروونبزوێنی شیعریی لە فیراق و گیان و ماددە دەدوێت، تێکەڵی دەکات بە فلاش باك و ناسۆرەکانی ناو بەشی نائاگایی تاکی کورد، کە هەرگیز لە بیری ناکات و جارانێك سێبەری ترسی هەنگاونانی پێ دەبەخشن، جارانێکیش نیگەرانیی و مەراق و خۆخواردنەوە، بەڵام ئایا دەکرێت ئێمە ئەو قۆناغە بەسەرکەوتوویی جێبهێڵین و ببێتە وانەیەکی دووبارەنەبوونەوە بەوەی کەلێنەکانی نێوانمان نەهێڵین تا دوژمن نەتوانێت جارێکی تر دزەی لێوە بکات؟ ئەمەیە بە ڕای من گەورەترین وانەی مەرگەساتەکانی وەکو نوگرەسەلمان، نەك بەکارهێنانی لە لایەن هەندێك میدیاوە وەکو کولانەوەی زامەکان و موزایەدەی سیاسی و پەیداکردنی هەواداری زۆرترو خۆکردن بە خاوەنی هەموو ئەو قوربانیانەی کە خودی قوربانییە راستەقینەکانیان بە جۆرەها تراژیدیای بێدەنگ چاویان لێكناو کەس پێی نەزانین، کە بەدڵنیاییەوە بەکارهێنانی شاعیر لێرەدا هۆکاری دەروونی و شیعریی و دڵسۆزیی خۆی هەیە و جیاوازە لە بەکارهێنانیدا وەکو تاکەکەسی داهێنەر لە دەزگایەکی سیاسی، جا گەر بگەڕێینەوە بۆ شیعری (ماتریاڵ)ی شاعیر دانا عەسکەر ئەوا دەتوانین بڵێین هەوڵێکی جوانی شیعرییە و ستایلێکی قەشەنگی ویژدانیی تیا بەکارهێناوەو بە چەند روویەك و لەسەر چەند تەوەرێك دەجوڵێت و کار دەکات:
١/دووبارەکردنەوەی دەستەواژە شیعریی:
بەیانییەک دێت کەسمان لێرە نین ..
٦ جار لە شیعرێکی ٢٥ دێڕیدا یەکسەر دەبێتە خاڵی بایەخ لای خوێنەر، کە ئاماژەیرکی ئیستاتیکی و سەرەتای رۆژە (بەیانی)، بەڵام بە غیاب و نەبوونی ئێمە کە (مەرگ)ـە، کەواتە کۆکردنەوەی ئەم دوو دژە لە سەرەتاو دوا دێڕدا زۆرانی ناو دەقەکەمان بۆ کەشف دەکات، بەیانییەك کە (ماتریاڵزم)ـه، وەك بە رووە فیزیایی و گەردوونییەکەیدا دەیبینین بریتییە لە بەشداریی کردنی چەندان توخم و کردار لە هەڵهاتن و ئاوابوون و شەو و ڕۆژ و گەرماو سەرما و گەشەی سەرجەم رووەک و گیانەوەران، هەروەها رووە (میتافیایك)یەکەی کە بریتییە لە کۆچی گیانمان و چیتر لەو قاڵبەدا نادرەوشیتەوە کە ناو نراوە بە (لەش)، ئەم دووبارەکردنەوەش لە رەوانبێژیدا ناونراوە بە جەختکردنەوە..وێڕای بەکارهێنانی وەك سازاندنی رەزم و ئیقاعی شیعرەکەش.
٢/ بەکارهێنانی وێنە شیعرییە نوێکان:
کاتێك لە واقیع و خەیاڵ وێنەیەكی گونجاو دروست دەکەیت دەبێتە وێنەی شیعریی، کە جیاوازە لە واقیع و تەنیاش ئەندێشە نییە، بەڵکو بەو بەشەی واقیع کە بەکارهاتووە وێنەکە نزیك دەکرێتەوە لە تێگەشتنی خوێنەر، بۆ نموونە لێرەدا شاعیر میزاجی بۆ با بەکارهێناوە، یان پیاسەی بۆ رۆشتنی ئاو بەکارهێناوە، یان هەڵواسینی روانین بە عەلاگەی جلەوە، کە لە راستیدا ئەوە دەمانگەیەنێتە پلەی بێڕوانین واتە مەرگ، چونکە لە دۆخی رۆژانەو ئاساییدا جل دەکرێت بە عەلاگەوە، کەواتە ئەمە ئەو رووبەرەیە کە شاعیران توانای داهێنانی خۆیانی تیا دەردەخەن، لە ڕاستیدا بەشیکی گرنگی شیعر داگیردەکات و زمانی شیعر دەڕازێنێتەوەو دووری دەخاتەوە لە بەکارهێنانی شێوازی داڕشتنی راستەوخۆی قسەی رۆژانە، کە زۆرێك لە شیعری خێرای ئەم سەردەمەی پێ دەنووسرێت،
بەیانییەک دێت کەسمان لێرە نین ..
هەموومان دەگەڕێینەوە سەر میزاجی با ..
بە پیاسەیەکی ئاودا رۆدەچین ..
یادەوەرییەکانمان لەسەر مێزی نانخواردن بەجێدێڵین ..
روانینمان بەعەلاگەی جلەکانەوە هەڵدەواسین ..
٣/ دنیابینی شیعریی:
ئەو زاراوەو ئامرازو وێنە شیعریانەی لەم شیعرەدا بەکارهاتوون یەك تۆسقاڵ درەوشانەوەو تروسکەیان تیا بەدی ناکرێت، ئەمەش رەخنە نییە لە دەقەکە، بەڵکو پێویستی بە دیراسەیەکی سایکۆ-سۆسۆلۆژی ژیان و ژینگەی شاعیر هەیە، تا هۆکارەکانی دەستنیشان بکەین، ئەمەش سیمایەکە بە گشتی شیعری شاعیرانی کوردی پێ دەناسرێتەوە بە هۆی ئەو دۆخە نالەبارانەی تاك و کۆ لەو کۆمەڵگایەدا پێیدا تێپەڕیون، وێڕای تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵانەش بۆ نموونە بەسەر کارەساتە جەرگهەژێنەکانی وەکو کیمیایی و راگواستن و ئەنفال، بەڵام زەمەن لە ناخی زۆرێك لە خودنائاگای تاکی کورد و شاعیرانیشیدا هەر لەو ساتەدا وەستاوە، ئەی بۆ نەمانتوانیوە لەو سێ دەیەی رابردوودا بە توانا هەمەجۆرەکانمان ساڕێژی بکەین، ئەی بۆ نەمانتوانیوە ئاواتەکان بنیاتبنێین تا ئاسۆی تێروانینمان بتەنن و گەشبینانە تەماشای داهاتوو بکەین؟ کەواتە بێگومان دەبێت هەڵەیەك لە شوێنگەلێکدا هەبن، مرۆڤ لەبارە گشتی و جیهانی و سروشتییەکەیدا برینەکانی ساڕێژ دەبن و پاشتر دەبێتەوە کەسێکی کاراو تێکۆشەر، لە خۆڵەمێشەکەی خۆیەوە هەڵدەستێتەوەو ژیان بنیات دەنێت، بەڵام ئێمە هیچ ئاسۆیەکی هیواو رووناکیمان لە دەقەکاندا بۆ ئێستا و داهاتوو نییە، هەرچەندە شیعر هەرگیز ملکەچی هیچ فەرمان و مەبەست و ئاراستەکردنێك نابێت و هیچ یاسایەك نایگرێتەوە جگە لە (شیعربوون) کە دەبێتە زمانێکی راستەقینەی گیانی تاک و دڵ و هزرو ویژدانی خوێنەرانی پێ دەدوێندرێت. ئەم دەقانەش واقیعێکن و ناتوانرێت خۆمانی لێ هەلاوێرین.
بەیانییەک دێت کەسمان لێرە نین ..
ئاو لەبری ئێمە قژ دادەهێنێ ..
با لەبری ئێمە پیاسە دەکات ..
هەور لەبری ئێمە وێنە دەگرێت ..
خۆر لەبری ئێمە ژوان دەگرێت ..
بەیانییەک دێت کەسمان لێرە نین ..
پارچەی شکاوی روحمان و ..
دوکەڵی رەشی هەناسەمان نەبێت ..
بەیانییەک دێت کەسمان لێرە نین .




یه‌کێتی و پارتی…سه‌رچاوه‌ی ره‌شبینییه‌کانی ئه‌دیبانن … له‌تیف بێوار

سروشتی مرۆڤ به‌ جۆرێکه‌ حه‌ز له‌ ژیان ده‌کات، هه‌رچه‌نده‌ وه‌ك پێویست هیواکانی نه‌هاتبێتنه‌ دی به‌ڵام کاتێك بۆ وێنه‌ مه‌ترسییه‌ك به‌ لایدا تێپه‌ڕبێت یان ده‌نگێکی گه‌وره‌ ببیستێت به‌ شێوه‌یه‌کی لائیرادیی راده‌چڵه‌کێ و به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌کان خۆی گرمۆڵه‌ ده‌کات یان خۆی لاده‌دا، ئه‌م غه‌ریزه‌یه‌ش نه‌ك به‌س له‌ مرۆڤ به‌ڵکو له‌ زینده‌وه‌رو گیانه‌وه‌ره‌کانی تریشدا هه‌یه، گه‌ر له‌ بیرتان مابێت هه‌ندێکجار له‌ ته‌مه‌نی‌ منداڵیشدا وه‌ك شۆخییكردنێك به‌یه‌کترمان ده‌گوت ده‌ست به‌ره‌و رووی ده‌موچاوت به‌رز ده‌که‌مه‌وه‌ گه‌ر ئازای چاو مه‌تروکێنه‌، ئه‌مه‌ کاردانه‌وه‌یه‌کی سروشتی و فه‌سله‌جی پێکهاته‌ی بوونی مرۆڤه‌، به‌ڵام ناکرێت بڵێین مرۆڤ له‌ ژیانیدا نیگه‌ران نابێت و خه‌مبار نابێت، به‌ڵکو ژیان به‌ هه‌ردوو دیوه‌که‌یدا ته‌واوکاری یه‌ك مانای راسته‌قینه‌ی واقیعی ژینه‌، به‌ڵام گه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر (خه‌مۆکیی) و باره‌ نائاساییه‌که‌ی خه‌مباری بکه‌ین ئه‌وا ئه‌مه‌ ده‌ستنیشانکردنی حاڵه‌تێکی نه‌خۆشی ده‌روونییه‌ که‌ له‌ ئاکامی زۆر هۆکاری جۆراوجۆری ناوه‌کی و ده‌ره‌کییه‌وه‌ دروست ده‌بێت که‌ له‌م گوتاره‌دا جێی نابێته‌وه‌ باسی بکه‌ین و کرۆکی مه‌سه‌له‌که‌ی ئێمه‌ش ئه‌وه‌ نییه‌.
خۆ ئه‌مه‌ راسته‌ که‌ مردن ئه‌سڵه‌ له‌ ژیانی مرۆڤدا نه‌ك ژیان چونکه‌ ژیان زۆر خێرا ده‌بڕێته‌وهو هه‌ر وه‌ك خه‌ون و خه‌یاڵێک وایه‌ له‌ سه‌رجه‌میدا‌، هه‌یه‌ نه‌ك ناگاته‌ ته‌مه‌نی پیریی به‌ڵکو له‌ ته‌مه‌نێکی زۆر لاویدا یان له‌ منداڵیدا ده‌مرێت، به‌ زمانی دنیایی ئـێمه ئه‌مه‌ به‌ خه‌ساره‌ت و له‌ده‌ستدانێکی گه‌وره‌ داده‌نێین به‌ڵام ئایا که‌سه‌که‌ش هه‌ر وایه‌و دۆخی له‌و ناله‌باریه‌دایه‌ ‌‌که‌ ئێمه‌ به‌و شێوه‌یه‌ شینی بۆ ده‌که‌ین، به‌ڵێ ژیانی (گیان) بڕانه‌وه‌ی بۆ نییه‌و ناشزانین له‌ کوێوه‌ هاتووه‌، ئه‌مه‌ نهێنییه‌که‌ که‌ زانست تا ئێستا به‌ ته‌واوی په‌ی پێ نه‌بردووه‌و ره‌نگه‌ له‌ توانای هه‌زمکردنی تێگه‌شتنی ئێمه‌ی مرۆڤدا نه‌بێت له‌م دۆخه‌ی ئێستادا‌، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بوونی نییه‌، به‌ڵکو له‌به‌ر سنووردراویی تواناو لێکدانه‌وه‌و په‌ی پێبردنی لاوازی ئێمه‌ وه‌ك مرۆڤ له‌م گه‌ردوونه‌ فراوان و پڕ نهێنییه‌دا که‌ پڕه‌ له‌ هه‌ساره‌و ئه‌ستێره‌و کۆمه‌ڵه‌ خۆری ترو بوونه‌وه‌رانی جۆراوجۆری دی.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا باسی لێوه‌ ده‌که‌ین دیارده‌ی ره‌شبینی ئه‌دیب و شاعیرو نووسه‌رانی کورده‌و گه‌ر به‌ وردی سه‌رنجی نووسین و به‌رهه‌مه‌کانی زۆریان بده‌ین ده‌بینین نه‌ك ئه‌و جۆره‌ له‌ نووسین هیچ داهێنانێکی ئه‌ده‌بی تیا نییه‌ به‌ڵکو دژی پره‌نسیپه‌کانی مرۆڤایه‌تی ده‌وه‌ستێته‌وه‌ که‌ جوڵاندنی هه‌ستی خوێنه‌ره‌ تا بیر له‌ خۆکوشتن بکاته‌وه‌، جا ده‌کرێت لێره‌دا بپرسین ئایا چ جیاوازییه‌ك هه‌یه‌ له‌ نێوان کوشتنی که‌سێك و کوشتنی خوددا، ئایا هه‌ردووکیان هه‌ر تاوانی کوشتن نین؟ ئه‌گه‌ر بۆ نموونه‌ ئه‌و نووسه‌رانه‌ش خۆیان به‌ شوێنکه‌وته‌ی هزرو فه‌لسه‌فه‌ی وجودی دابنێن ئه‌وا کاتێك مێژووی ژیانی (ئه‌لبێر کامۆ) ده‌خوێنینه‌وه‌و ده‌بینین خۆی نه‌کوشت، به‌ڵکو له‌ 4/1/1960 دا به‌ کاره‌ساتی ئوتومبێل له‌ ته‌مه‌نی 46 ساڵیدا له‌ نزیك گوندی (ڤیلیبلیڤن)کۆچی دوایی کرد.

ئه‌گه‌ر له‌ وڵاتێکی وه‌ك فینلاند ڕێژه‌ی خۆکوشتن زۆر بێت ره‌نگه‌ باری پتر به‌وه‌ راڤه‌ بکرێت که‌ نه‌بوونی تیشکی خۆری پێویست داده‌نرێت به‌‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی کاریگه‌ر به‌ تووش بوون به‌ خه‌مۆکی، یان له‌ هه‌ندێك وڵاتی سه‌رمایه‌داریدا به‌ هۆی بۆشایی گیانیی لێکبدرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ی ئایا ئه‌و پرسیاره‌مان کردووه‌ هۆی ته‌شه‌نه‌کردنی ئه‌م دیارده‌یه‌و به‌کارهێنانی له‌ لایه‌ن زۆر له‌ ئه‌دیب و شاعیرانی کورده‌وه‌ به‌ تایبه‌تی (نه‌وه‌ی نوێ)ی نووسه‌ران ده‌بێت هۆکه‌ی چی بێت؟ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی که‌ چاویان کردووه‌ته‌وه‌ هه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یان بینیوه‌، یان له‌ خودی ئه‌و زه‌مه‌نی ده‌سه‌لاته‌دا له‌ دایك بوون.. ئایا هۆکه‌ی نه‌زانینه‌؟ یان چاولێکه‌ریی؟ یاخود نه‌خێر هه‌ر له‌ واقیعدا زه‌مینه‌ی ئه‌و ره‌شبینییه‌ له‌ ئارادایه‌و هۆکارێکی زۆر کاریگه‌ره‌ بۆ بێهیوابوون و بن به‌ستبوونی حه‌زی ژیان لای مرۆڤه‌کان و ئاواتخواستن به‌ مردن و تاووتوێ کردنی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ نووسینه‌کانیاندا، له‌و بڕوایه‌دام مرۆڤی داهێنه‌ر بیر له‌م خاڵه‌ ناکاته‌وه‌ چونکه‌ زۆریان ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێیانه‌ بیبه‌خشن و داهێنانی تێدا بکه‌نه‌وه،‌ که‌واته‌ وه‌ختی زیاتریان پێویسته‌ بۆ ژیانکردن نه‌ك کۆتایی پێهێنانی ژیانیان له‌ لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ به‌ ده‌ستی خۆیان!.

راسته‌ من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام به‌شێك له‌وانه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ باڵ ده‌کێشێت به‌سه‌ر نووسینه‌کانیاندا هۆکاره‌که‌ی چاولێکه‌رییه‌، ئیتر کارمان به‌وه‌ نییه‌ له‌ ژیانی رۆژانه‌یاندا ئاوهان یان نا، به‌شێکی تریشیان سه‌رچاوه‌که‌ی نه‌زانین و جه‌هله‌ چونکه‌ ئێستا زۆربه‌ی شته‌کان بوونه‌ته‌ رووکه‌ش و ئه‌وانه‌ی تێگه‌شتوو بوون و نووسه‌ری باش بوون به‌شێکیان کۆچی دواییان کرد و که‌س نییه‌ شوێنیان پڕ بکاته‌وه‌، له‌ولاشه‌وه ‌گه‌ر دیقه‌ت له‌ واقیعی ژیانی تاکه‌کانی کورد بده‌ین له‌ کوردستانی باشوور ده‌بینین هیچ فه‌زایه‌کی ژیانکردنی سروشتیی بۆ مرۆڤه‌کان فه‌راهه‌م نه‌هێنراوه‌و به‌ڵکو سته‌م و نه‌بوونی یاساو ڕیزنه‌گرتن له‌ بوون و مافه‌کانی تاك له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ له‌ ماوه‌ی 29 ساڵی حوکمی مافیاییاندا بووه‌ته‌ دیارده‌یه‌کی ئاسایی رۆژانه‌و خه‌ڵك راهاتوون له‌سه‌ر ئه‌و حوکمه‌ قه‌ره‌قوشییه‌ سه‌رمایه‌داری و بازرگانییه‌ی به‌ناوی سیاسه‌ته‌وه‌ جێبه‌جێی ده‌که‌ن و به‌ زۆر خۆیان سه‌پاندووه‌ به‌سه‌ر سنگی میلله‌تدا، به‌ڵام کاتێك تاکی کوردی باشوور ده‌چێته‌ بچووکترین گوندی وڵاتانی دراوسێ ده‌بینێت له‌وێ 24 سه‌عات ئاو و کاره‌باو غازو خزمه‌تگوزاریی ڕێگاوبان و ته‌له‌فۆن فه‌راهه‌م کراوه‌، له‌ولاشه‌وه‌ کارمه‌ندانی فه‌رمانگه‌کان هه‌موو مانگێك له‌کاتی خۆیدا موچه‌ وه‌رده‌گرن و به‌هۆیه‌وه‌ سه‌قامگیریی بازاڕو گوزه‌رانی خه‌ڵك و یاسا دێته‌ دی هه‌رچه‌نده‌ گه‌مارۆی ئابووریش له‌سه‌ریان جێبه‌جێکراوه‌، که‌چی لای خۆمان دوو حیزبی ده‌سه‌ڵات ماوه‌ی 6 ساڵه‌ مه‌سه‌له‌ی قه‌یرانی داراییان قۆسته‌وه‌و ده‌ستیان له‌ بینی میلله‌ت گیرکردوه‌، زۆرینه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ش رازی بووه‌ به‌و واقیعه‌ ناله‌باره‌، ببینن چ سوکایه‌تییه‌ك به‌ تاکی کورد ده‌که‌ن؛ ناوچه‌ی وا هه‌یه‌ چه‌ند سه‌د مه‌ترێك له‌ دووریانه‌وه‌ نه‌وتی ژێرخاكی باوباپیرانییان ده‌رده‌هێنرێت و ره‌وانه‌ی بازاڕه‌کانی جیهان ده‌کرێت و هه‌ر به‌رمیلێك به‌ 60 دۆلار ده‌فرۆشرێت، که‌چی هاوڵاتی داماوی بێ موچه‌و بێکار ده‌بێت له‌ بازاڕی شاره‌که‌ی خۆیدا به‌ 120 دۆلار بیکڕێت! که‌چی مه‌سئوله‌ حیزبییه‌کان ئاماده‌ن خانوویه‌ك له‌ ولاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بۆ ئه‌ندامێکی پله‌ 2ی خێزانه‌که‌یان به‌ 40ملێۆن دۆلار بکڕن، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و خانووه‌ چۆڵیش بێت و که‌سی تیا ناژی بۆمان هه‌یه‌ بپرسین به‌ پاره‌ی کێ کڕدرا! ئه‌م نموونانه‌و هه‌موو نموونه‌ هاوشێوه‌کانی ئه‌م حوکمه‌ عه‌شایه‌رییه‌ وای له‌ زۆربه‌ی نووسه‌رانی کورد کردووه‌ -وه‌کو تاکێك له‌و کۆمه‌ڵگایه‌داو قوربانییه‌کی ئه‌و زوڵمه‌- هیچ هیوایه‌کیان به‌ گۆڕانکاریی و پێشکه‌وتن و رزگاربوون نه‌بێت، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین هۆیه‌ بۆ ره‌شبینی نووسه‌رانی کورد، له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ ئه‌و به‌شه‌ی له‌ خه‌ڵك که‌ ئاستی تێگه‌شتنی لاوازه‌ ره‌نگه‌ مێش میوانی نه‌بێت، ئه‌وانه‌ش که‌ قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستن به‌شێکی باشیان به‌ هۆی موچه‌و مه‌سڵه‌حه‌ته‌که‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و 2 خێڵه‌دا قڕوقه‌پیان لێکردووه‌و له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا ده‌بنه‌ مقاش و بگره‌ چه‌په‌رێکی به‌دره‌فتاری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ مافیایه‌ بۆ پاکتاوکردنی هزرمه‌ندان و چالاکوانان و خاوه‌نانی بیری جیاواز به‌ قێزه‌ونترین و سادییترین شێوه‌ی پاکتاوکردن.
ئه‌وه‌ی له‌ کوردستانی باشوور له‌ بێ یاسایی و که‌ربازاڕیی ده‌گوزه‌رێت ئه‌وا له‌ هیچ شوێنێکی دواکه‌وتووی دنیادا ناگوزه‌رێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ بێت پایه‌و حه‌قمان له‌ ئه‌نجامی ئه‌و هه‌موو زوڵم و زۆرو فێڵ و قوڵبڕین و چاڵانه‌ی بۆیه‌کتری هه‌ڵده‌که‌نین و ملی یه‌کتری ده‌شکێنین.

‌ئیتر هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆکارێکه‌ وا له‌شاعیرێکی ئه‌و دۆخه‌ بکات که‌ هێنده‌ی چاوی کردووه‌ته‌وه‌ هه‌ر ئه‌و ده‌موچاوانه‌ی سه‌رکورسی بینیوه‌و تاڵاوی ئه‌زموونی سه‌قه‌تی ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ی چه‌شتووه‌ که‌ قه‌سیده‌یه‌کی مه‌رگئامێزی وا بنووسێت هیچ جێگه‌ی لێکدانه‌وه‌ی تیا نه‌بێته‌وه‌ جگه‌ له‌و راڤه‌یه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ پێماندا، سێ پارچه‌ی ئه‌و شیعره‌مان وه‌رگرت له‌سه‌ره‌تاو له‌ ناوه‌ڕاست و له‌ کۆتاییدا که‌ هه‌رسێکیان ئاماژه‌ی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ تاڵه‌مان بۆ ده‌که‌ن بێ ئه‌وه‌ی خوێنه‌رێك یان نووسه‌رێك هه‌ستابێت به‌ شیکردنه‌وه‌و لێدوان له‌سه‌ر ئه‌و هه‌سته‌ چڕه‌ی خۆکوشتن که‌ له‌م شیعره‌دایه‌ و چ هۆکارێک له‌ پشته‌وه‌یه‌تی:
‌‌ 1- خۆت بۆ كوشتنى سه‌رى بڵندم ئه‌زيه‌ت مه‌ده‌
هيچ كه‌سێك به‌ مردنى منه‌وه‌ سه‌رقاڵ مه‌كه‌
.
2- من پياوێكى ترسنۆك نيم!
غيره‌تى ئه‌وه‌م هه‌يه‌:
گوللـه‌يه‌ك له‌ دڵمدا بچه‌قێنم
تا چرۆى خوێن ده‌ر بكات
.
3- گوللـه‌ى خۆم،
يه‌كسانه‌ به‌ مه‌رگى خۆم!


ته‌نانه‌ت ئه‌و شیعرو ئه‌ده‌بیاته‌ی تاوتوێی ئه‌و مه‌سه‌له‌ی خۆکوشتنه‌ ده‌که‌ن زۆر راشکاوانه‌ قوربانی ده‌ده‌ن به‌ باره‌کانی ئیستاتیکاو لا‌یه‌نه‌ هونه‌ریه‌کانی رشته‌ ئه‌ده‌بییه‌کانیان‌ له‌ پێناوی گه‌یاندنی خاڵی مه‌به‌ستدا، چونکه‌ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌بێت روون بێت و هه‌موو خوێنه‌ران لێی تێبگه‌ن، وابزانم پێویست به‌ هێنانه‌وه‌ی نموونه‌ی زۆر ناکات؛ ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ وێنه‌یه‌کی تر بهێنینه‌وه‌ و ببینین که‌ چۆن شاعیر راسته‌وخۆ جۆری مردن بۆ خوێنه‌ران دیاری ده‌کات که‌ ده‌بێت خۆیان بکوژن تا له‌دایك ببن، خۆ گه‌ر ئه‌و وشه‌ی مردنی به‌کاربهێنایه له‌ جیگای خۆکوشتندا ئه‌وا زۆر ماناکه‌ به‌رفراوانتر و گشتگیرترو ره‌نگه‌ راستتریش ده‌ربچووایه‌ کاتێك له‌ قه‌سیده‌ی (پێویسته‌ خۆت بکوژیت)دا ده‌ڵێت: ‌
بۆ ئه‌وه‌ی له‌دایك بیت…
ئه‌وانه‌ی خۆیان نه‌کوشتووه‌ هێشتا له‌دایك نه‌بوون….
با به‌ پرسیارێکی ویژدانیی کۆتایی به‌م نووسینه‌ بهێنین و ئاراسته‌ی هه‌مووانی بکه‌ین که‌ گه‌ر خوێنده‌واری ماندووی ده‌ستی چه‌وساندنه‌وه‌ جۆراوجۆره‌کانی ده‌سه‌ڵاتێکی خێڵه‌کی و فاشیل و دواکه‌وتووی ئاوها، به‌رهه‌مێکی له‌م جۆره‌ له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی بێ سه‌روبه‌ره‌دا بخوێنێته‌وه‌ له‌ ئاکامدا چی لێ سه‌وز ده‌بێت؟!
……………………………




دنیایه‌کی سه‌یری شیعره‌ گوڵم! … له‌تیف بێوار

باسم له‌و شاعیرانه‌ نییه‌ که‌ هێنده‌ی نمایشکارن و وێنه‌ی خۆیان به‌ جۆره‌ها شێوه‌ بڵاوده‌که‌نه‌وه‌و له‌ په‌یجه‌کاندا داده‌به‌زێنن و هیچی تازه‌یه‌ن پێ نییه‌، یان ئه‌و مشه‌خۆرانه‌ی مۆنۆپۆڵی ده‌زگاو چاپه‌مه‌نی و رۆژنامه‌و که‌ناڵه‌ ئه‌ده‌بییه‌کانیان کردووه‌، به‌ڵکو باسی ئه‌و شاعیرانه‌ ده‌که‌م که‌ ده‌قێکی جوان ده‌نووسن و دوایی هه‌وڵی ئاوهامان پێشچاو ناکه‌وێت، وه‌ك چۆن بۆ نموونه‌ یه‌که‌م شیعری بڵاوکراوه‌ی ناو ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کان له‌ لایه‌ن که‌نعان مه‌دحه‌ت یان زانا سامان سه‌رنجی راکێشاین و دواتر هه‌موو شیعره‌کانیان گلۆربوونه‌وه‌ بوو بۆ ئاسته‌ نزمه‌کانی ده‌ربڕین و وێنه‌ی شیعری لاوازو نه‌بوونی دیدگای شیعریی قووڵ و تازه‌بوونه‌وه‌، هه‌ر به‌م جۆره‌ش یه‌که‌م شیعری ئازاد ئه‌سوه‌د سه‌ررنجی خوێنه‌ری راکێشاو ستایلێکی که‌م به‌کارهاتووی خسته‌ ناو شیعره‌که‌یه‌وه‌، به‌ڵام شیعره‌که‌ی دواتری زۆر بێزارکار و دووباره‌و درێژه‌دادڕی بێ سه‌لیقه‌و چه‌شه‌ بوو، خۆ به‌کارهێنانی دوو وشه‌ی بیانی له‌ناو شیعردا ئاستی به‌رز ناکاته‌وه‌، یان خستنه‌ ناوه‌وه‌ی ناوی شوێنی جیاوازی دنیا له‌ شیعردا ئاستی به‌رز ناکاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ پێوه‌ر بووایه‌ ئه‌وا زۆر پێش ئه‌و فه‌رهاد پیرباڵ و به‌ختیار عه‌لی ئه‌و هه‌وڵه‌یان داوه‌، که‌واته‌ بابپرسین هۆی چییه‌ جوانی نووسینی شیعر لای شاعیره‌کان ده‌گمه‌نه‌و زۆر دووباره نابێته‌وه‌؟

پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌و راستییه‌ بڵێین که‌ نزیکه‌ی %90ی شاعیران به‌س له‌ قۆناغێکی دیاریکراوی ژیاندا ده‌توانن شیعری سه‌رنجڕاکێش بنووسن، هه‌ر هێنده‌ی هۆکارو زه‌مینه‌کانی شاعیرێتی نه‌ماو گۆڕدرا ئیتر سیحری ده‌قه‌کان پوچ ده‌بنه‌وه‌و زمانی شیعرییان ده‌بێته‌ بارو خوێنه‌ر بێزار ده‌کات، ته‌نیا رێژه‌یه‌کی که‌م له‌ شاعیر به‌ شاعیرێتی ده‌مێننه‌وه‌ تا مردن.
پاشان یه‌کێکی تر له‌ هۆ سه‌ره‌کییه‌کانی لاوازی ئاستی شیعر: ره‌کیکی زمان و لاوازیی هه‌موو پێکهاته‌ ئیستاتیکییه‌کانی شیعره، که‌ زۆربه‌ی زۆری شاعیران یان یه‌کتر ده‌جوونه‌وه‌، یان خۆیان دووباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌، یان ته‌نیا به‌ وته‌ خۆیان به‌ شاعیری جواننووس له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و واقیع و هاوڕێیانی زۆری بێ سه‌لیقه‌ی شیعریی له‌ ده‌وریان کۆ ده‌بێته‌وه‌و چه‌پڵه‌یان بۆ لێده‌دات، به‌ڵام له‌ راستیدا هیچ تازه‌گه‌رێتی و جیاوازیی له‌ هه‌وڵه‌کانیاندا نابینرێته‌وه‌، ئه‌م قسه‌یه‌ دیاره‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی ده‌رده‌بڕین چونکه‌ ئه‌مڕۆ هۆکاره‌کانی بڵاوکراوکردنه‌وه‌ی شیعر زۆر بوون و ته‌نیا له‌ چاپه‌مه‌نییه‌ کاغه‌زییه‌کاندا سنووردار نه‌کراون، که‌واته‌ هێنه‌ی ئمه‌ی خوێنه‌ر ئاگاداری ئه‌و شیعره‌ بڵاوکراوه‌ کوردیانه‌ بین ئه‌م قسانه‌ راستن سه‌باره‌ت زۆرینه‌ی هه‌وڵه‌ شیعره‌ییه‌کان.

ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ولاوه‌ بوه‌ستێت که‌ له‌ هه‌وڵی تاکه‌که‌سی شاعیره‌که‌دا ده‌گیرسێنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ولاشه‌وه‌ گه‌ر ته‌ماشای بارودۆخی سیاسی کوردستانی باشوور بکه‌ین ده‌بینین ده‌سه‌ڵاتی سیاسی زۆر گه‌نده‌ڵ و عه‌شایه‌ره‌و هیچ به‌ره‌نده‌ییه‌کی به‌ وێژه‌و شیعر نه‌داوه‌، به‌ڵکو نه‌ك شیعر، ته‌نانه‌ت شاعیره‌کانیش به‌ هێند وه‌رناگرێت و سوکایه‌تییان پێ ده‌کات و بێ مافیان ده‌کات و له‌ هه‌ندێك باریشدا ده‌یانکوژێت، جگه‌ له‌وه‌ی له‌ هه‌موو بواره‌ ژیاریی و زاستییه‌کاندا کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و دواوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌ی بایه‌خی پێ ده‌درێت هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵات به‌ بایه‌خدار ده‌یبینن و میلله‌تیش له‌م حاڵه‌ته‌دا مێشکی له‌ چاویدا ده‌بینێته‌وه‌و ئه‌وه‌ی چاوی به‌ جوان و مۆدیل تازه‌و سه‌رنجڕاکێشی دانا ئه‌وا هه‌وڵی ته‌واویان بۆ ده‌دات بۆ ده‌ستخستنیان، ئه‌مڕۆش به‌ داخه‌وه‌ جڵه‌وی پاره‌ ته‌نانه‌ت هه‌سته‌ مرۆڤایه‌تیه‌کانیشیان تێدا کوشتووین، ئیتر چاوروانی چ تازه‌گه‌رییه‌ك له‌ شاعیر بکه‌ین که‌ ده‌یان ئامانج و به‌رنامه‌ی تری له‌ هزردایه‌و دواهه‌مین خاڵ که‌ بیری لێ بکاته‌وه‌ وشه‌یه‌، ئه‌ویش به‌ داخه‌وه‌ زۆر جار بۆ به‌ده‌ستهێنانی پله‌وپایه‌و راکێشانی ره‌گه‌زی به‌رانبه‌رو به‌ده‌ستهێنای خه‌ڵاته‌و کارکردنه‌ بۆ بژێوی ژیان، که‌هه‌رئه‌مه‌شه‌ هه‌ندێك شاعیری وا لێکردووه‌ ببنه‌ قه‌ڵه‌می ئۆرگانه‌کانی مه‌سئولێکی حیزبیی، ئیتر لات سه‌یر نه‌بێت گوڵم گه‌ر که‌س له‌ خه‌می راسته‌قینه‌ی وێرانبوونی شیعری کوردی ئه‌مڕۆدا نه‌بێت و ئه‌وه‌ی ناشرین و بێ سه‌لیقه‌ییه‌ به‌ ناوی شیعره‌وه‌ ده‌رخواردی خوێنه‌ری ئاست نزم و ناشاره‌زا ده‌درێت و خاوه‌نه‌که‌شی به‌ سه‌رقافڵه‌ی شیعری جواننووس و تازه‌گه‌رو ده‌سته‌بژێر له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت… ئایا ئه‌مه‌یه‌ ده‌رهاویشته‌ی پێشکه‌وتنی ماددی مرۆڤ؟ یان ئه‌م زۆرانبازییه‌ له‌ مێژه‌ ره‌نگی داڕتووه‌و پێشتر گه‌ر له‌ شێوه‌یه‌کی نادیارو په‌نهاندا بووبێت ئه‌وا ئه‌مڕۆ شێوه‌یه‌کی ئاشکراو راسته‌وخۆ له‌ خۆ ده‌گرێت..




وه‌ڵامێك له‌ په‌رێزی شیعردا … له‌تیف بێوار

له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا و له‌ نووسینێکی سێ به‌شیدا به‌ ناوی (بیروڕاو باری سه‌رنج سه‌باره‌ت شیعرو دنیای شیعر) له‌ لایه‌ن عه‌بدوڵڵا عه‌باسه‌وه‌ نووسینێك بڵاوکرایه‌وه‌ که‌ نزمی ئاستی ئه‌و وتاره‌ بووه‌ جێی نیگه‌رانی منی خوێنه‌ر، بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم لێره‌دا چه‌ند سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێك له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ئاماژه‌ پێ بده‌م و کاکی نووسه‌ر ئه‌پبده‌یت بکه‌ینه‌وه‌ تا بزانێت ئه‌مێستا له‌ چ زه‌مه‌نێکدا ده‌ژین و شیعریش له‌کوێی ئه‌و زه‌مه‌نه‌دایه‌.
به‌ کورتی جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌و وتاره‌ هه‌ر کای کۆن به‌ باکردنه‌و هیچ خاڵێکی نوێی تیا نییه‌و هه‌ر خولانه‌وه‌یه‌ له‌ ئه‌زموونی ساڵانی حه‌فتاکاندا، چه‌ند بابه‌تێکی پێچه‌وانه‌و پڕ له‌ هه‌ڵه‌و په‌ڵه‌شی له‌ خۆ گرتووه‌، له‌وانه‌:
1- ئه‌و ده‌نووسێت (باوه‌ڕم به‌ دیراسه‌ی‌ ئه‌كادیمی‌ نیه‌ ده‌رباره‌ی‌ شیعر) ئه‌مه‌ ئه‌و بێئاگاییه‌ی بنووس ده‌رده‌خات له‌وه‌ی‌ ره‌وتی ئه‌ده‌بیاتی جیهانی پۆستمۆدێرن و ره‌خنه‌ی هاوچه‌رخ به‌ کوێ گه‌شتووه‌و کارلێکه‌ریی پێشکه‌وتنه‌ جیاوازه‌کانی ژیان چ په‌یوه‌ندییه‌کیان به‌ خوێندنه‌وه‌و تێگه‌شتن و نووسینی شیعره‌وه‌ هه‌یه‌ ؟ به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ هه‌موو تیۆرو ئه‌زموونه‌ مرۆییه‌کان له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا که‌ له‌ کۆتاییدا به‌ره‌نجامه‌ به‌ سووده‌کانی بۆ هه‌موو کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ساده‌یی بیرو پاشخانی مه‌عریفی شیعریی کاکی بنووس ده‌نوێنێت. به‌ روونیش ئه‌م راستییه‌ له‌و قسه‌یه‌ی نووسه‌ردا ده‌رده‌که‌وێت که‌ ده‌ڵێت: (سه‌رچاوه‌ی‌ هه‌موو قسه‌كانم ، تاقیكردنه‌وه‌ و ڕوانین و تێكه‌ڵیمه‌ له‌ گه‌ڵ كۆڕ و كۆمه‌ڵی‌ شیعر و شاعیراندا)، مه‌گه‌ر تێکه‌ڵی هه‌ر ئه‌و شاعیرانه‌ی وه‌ك خۆی ده‌نواڕن بکات و نوێبوونه‌وه‌و موتابه‌عه‌کردن و ‌خوێندنه‌وه‌شی ته‌واو بێ ئه‌رزش کردووه‌و هیچ باسێکی نه‌کردووه‌.
2- ئه‌و له‌ لایه‌ك ده‌ڵێت (وه‌ك شاعیر قسه‌ ناكه‌م ، به‌ڵام وه‌ك شیعر دۆست) که‌ چی له‌ لایه‌کی تر بێ دوودڵیی باس له‌ کتێبه‌کانی خۆی ده‌کات وه‌ك ده‌نووسێت [ له‌ پێشه‌كی‌ ( بێ‌ ده‌نگی‌ گه‌وره‌ ) و هه‌ندێك نووسینی‌ دی ‘ كه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ نووسیومن، تا دوا باری‌ سه‌رنج كه‌ له‌ دیوانی‌ ( هه‌ڵوێست ) دا ده‌رم بڕیون]… که‌واته‌ هه‌ر ئه‌مه‌ به‌سه‌ بۆ لێفامینه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ خۆی وه‌کو مه‌رجه‌عی شاعیران و هه‌ڵسه‌نگاندنی شیعر له‌ قه‌ڵه‌م بدات به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ کتێبه‌کانی ئه‌و، که‌ له‌ ڕاستیدا له‌ هیچ کلۆجێکی دنیای شیعری نوێی کوردیه‌وه‌ ناو و بوونی نیه.‌
3- سه‌یر له‌وه‌دایه‌ که‌سێك هێنده‌ بێئاگا بێت له‌ نووسینی خێرای دنیای دیجیتاڵ و ته‌کنه‌لۆژیای نوێ و سه‌دان ناو و ئه‌زموونی جیاوازی نوێ که‌ ده‌رده‌که‌ون، که‌ چی بنووسێت: (تاكو ئێستا شیعری‌ كوردی‌ له‌و باس و هه‌ڵوێسته‌ی‌ ده‌رم بڕیون تازه‌تر نه‌هاتۆته‌ گۆڕێ) ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زۆر بێئینسافییه‌، له‌ هه‌مان کاتیشدا بێئاگاییه‌کی مه‌ترسیدار ده‌رده‌خات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستاش هه‌ر له‌سه‌رده‌می ته‌قیانووسدا بژی!
4- جگه‌ له‌وه‌ی هه‌موو که‌ره‌سه‌کانی بوون سه‌رچاوه‌ی ئیلهامی شاعیری باشن، که‌چی به‌ جۆرێک سوکایه‌تی به‌ شیعری ئێستای کوردی ده‌کات وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موو شاعیره‌کان له‌ گوێی گادا نووستبن و په‌نا بۆ خشت و بلۆک و چیمه‌نتو به‌رن ده‌ڵێت:
[قسه‌كانیان ئه‌وه‌نده‌ گرێ‌ گرێ‌ یه‌ ، په‌یوه‌ندی‌ به‌ ( خشت ) و ( چیمه‌نتۆ ) و … (هه‌ندێك ئاله‌تی‌ ئۆتۆمۆبێل)] سه‌ره‌تا ده‌شێت بڵێین خوێنه‌ر ئه‌م رایه‌ سه‌رپێیانه‌ وه‌رناگرێت و باشتر وابوو بۆ بنووس نموونه‌ شیعریه‌کانی بهێنایه‌ته‌وه‌و راڤه‌و لێکدانه‌وه‌کانیشی له‌گه‌ڵدا بخوێندایه‌وه‌و دابنایه‌ ئینجا هه‌مووی زه‌ربی سفر بکردایه‌ته‌وه‌.
4- بنووس هه‌ر به‌وه‌وه‌ ناوه‌ستێت به‌ شیعری نوێی کوردیدا بێته‌ خواره‌وه‌ به‌ڵکو دوو په‌ره‌گرافی له‌ ره‌خنه‌ی شیعره‌وه‌ هێناوه‌و به‌ سه‌ره‌و‌بن لێکی داونه‌ته‌وه‌و یان ره‌نگه‌ هه‌ر هێنده‌ له‌ شیعر و ره‌خنه‌ تێگه‌شتبێت‌، له‌ یه‌کێکیاندا ده‌ڵێت: [(ڕاسته‌ – مه‌سته‌ره‌ ) تان هێناوه‌ و هه‌ردوو لایه‌نی‌ – بوعدی – نێوان زه‌مان و مه‌كانتان پێواوه]….
ده‌بوو بنووس هێنده‌ به‌سه‌رپێیی له‌ پێکهاته‌ی (زه‌مه‌ن و شوێن)ی گه‌ردوونیی و ناو ده‌قه‌کان تێنه‌گه‌شتبایه‌ که‌ رووبه‌ری %80ی شیعره‌کان داگیر ده‌کات و قسه‌وباسێکی زۆری له‌سه‌رکراوه‌و له‌سه‌ر ده‌کرێت.
دووم خاڵ که‌ په‌ره‌گرافێکی تری سه‌ره‌وبنکردووه‌ یان سه‌ره‌وبن لێی تێگه‌شتووه‌ هێناوه‌ته‌وه‌و له‌وه‌ حاڵی نییه‌ که‌ سروشت به‌رهه‌م هێنه‌ری شیعر نییه‌ به‌ڵکو بزوێنه‌ری شاعیره‌ بۆ به‌رهه‌مهێنان و هه‌ڵهێنجانی که‌ره‌سه‌کانی لێوه‌ی، که‌چی ئه‌و به‌ حه‌په‌سانه‌وه‌ ده‌پرسێت و ‌ره‌خنه‌ له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ ده‌گرێت که‌ نازانرێت له‌ لایه‌ن کێ و که‌ی نووسراوه‌ ده‌ڵێت: [ سروشت توانستی‌ بزوتنه‌ … ی‌ نیه‌ !! … دوایی به‌ڵكو سروشت مه‌كینه‌یه‌ !! په‌یوه‌ندیه‌كی‌ به‌ داهێنانی‌ گه‌وره‌ی‌ شیعره‌وه‌ هه‌یه]‌
5- زمانی ئاخافتنی ئه‌و بنووسه‌ هێشتا له‌ جوێن و سوکایه‌تی پاك نه‌بووه‌ته‌وه‌، بزانن چۆن به‌های ئه‌قڵ نزم ده‌کاته‌وه‌ بۆ ئاستی (که‌ر) که‌ ده‌ڵێت: [خۆ ئه‌گه‌ر شاعیر عاقڵ بوو … به‌س!! ئه‌وا هه‌موو كه‌سێك تێیده‌گات … هه‌تا كه‌ر – یش] ئیتر هه‌قمانه‌ بپرسین به‌ چ پێوه‌رێك بابه‌تێکی ئاوها ده‌خرێته‌ به‌ردیدی شاعیران و شیعردۆستان و خوێنه‌رانی رۆشنبیریی و ئه‌ده‌بی، مه‌گه‌ر هزر چمکێك له‌ دونیای ئه‌فراندنی شیعر نییه‌؟
6- په‌ره‌گرافێکی تر که‌ بێئاگایی بنووس ده‌رده‌خات له‌وێدایه‌ که‌ ده‌ڵێت: [هه‌موتان ده‌زانن و ده‌بیستن و ده‌خوێننه‌وه‌ چ قسه‌ و باس و چ ( فه‌رته‌نه‌یه‌ك!! ) له‌ ئارادایه‌، ده‌رباره‌ی‌ ده‌ست پێكردنی‌ قۆناغی (سێ‌ یه‌م)]
ئه‌م قۆناغه‌ مه‌گه‌ر هه‌ر له‌ خه‌یاڵدانی بنووسدا بوونی هه‌بێت و سێبه‌ره‌کان یان تراویلکه‌کان ئه‌و فه‌رته‌نه‌یان به‌رپاکردبێت که‌ بنووس باسی ده‌کات، ئه‌گینا له‌ واقیعی دنیای ئه‌ده‌بیاتی کوردیدا زاراوه‌یه‌ك نییه‌ به‌و ناونیشانه‌، تا ئه‌و جێیه‌ی له‌ کۆتایی به‌شی سێیه‌مدا ده‌نووسێت: [ له‌ به‌غدا…. ئێواری‌ 23 ئازاری 2005 به‌ئاماده‌بوونی‌ ژماره‌یه‌ك رۆشنبیرو رۆژانه‌مه‌نووس پێكه‌شمكرد] ئه‌وجا خوێنه‌ر ده‌زانێت که‌ ئه‌م نووسینه‌ چه‌ند له‌ مێژه‌ له‌گه‌ڵ وشکبوونه‌وه‌ی مره‌که‌به‌که‌یدا ئێکسپایه‌ر بووه کاتێك له‌ کۆڕێکی مردوودا 15 ساڵ پێش ئێستا خوێندراوه‌ته‌وه‌‌..
له‌ کۆتاییدا ده‌بێت هه‌مووان ئه‌و ڕاستییه‌ بزانن که‌ سیاسه‌تی گڵۆبالیزه‌یشن شیعری ته‌ڵاق دا، زۆربه‌ی خوێنه‌ران و ده‌زگاکانی چاپیش، شاعیره‌ باشه‌کانیش روو له‌ که‌م بوونه‌وه‌ن و زیاتر بۆ خستنه‌ڕووی کاره‌کانیان په‌نا بۆ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و تۆڕی جاڵجاڵۆکه‌یی جیهانیی ده‌به‌ن، که‌ ره‌نگه‌ بنووس هیچ ئاگایه‌کی ئه‌و جیهانه‌ی نه‌بیت، ئیتر چ پێویست ده‌کات به‌م جۆره‌ نووسینه‌ لابه‌لایانه‌ خوێنه‌رو میدیا به‌ لاڕێدا ببردرێت؟ خوینه‌ری ئه‌مڕۆ هێنده‌ چاوکراوه‌یه‌ پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م قسانه‌ بخوێنێته‌وه‌و هه‌ڵبسه‌نگێنێت سه‌یر ده‌کات و ده‌پرسێت گوایا بنووس خاوه‌نی چ داهێنان و ده‌نگێکی تایبه‌تی شیعرییه‌ تا گوێ له‌ گێڕانه‌وه‌ی خه‌ونه‌کانی بگیردرێت؟!




که‌نعان مه‌دحه‌ت… له‌ شیعردا خه‌ونه‌کانی دێته دی .. … له‌تیف بێوار

وابزانم ئێمه‌ش به‌ ده‌ردی ئه‌و په‌نده‌ چووین که‌ ده‌ڵێت(ئه‌وه‌ی له‌به‌ر چاوانه‌ له‌ به‌ر دڵانه‌)، شاعیر که‌نعان مه‌دحه‌تی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان به‌ هۆی دوورکه‌وتنه‌وه‌و ژیانی غوربه‌تیه‌وه‌ له‌ یادمان چوو، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و جوانیش بنووسێت، که‌ ئه‌مه‌ جێی داخ و ئه‌سه‌فه‌.
یه‌که‌م دیوانی شیعری ئه‌م شاعیره‌ له‌ ساڵی 1988 له‌ چاپخانه‌ی ئارارات له‌ وڵاتی سوید چاپکرا به‌ ناوی (گه‌ڕان به‌ دوای به‌هجه‌ت حیکمه‌ت)، پاش ئه‌ویش دیوانێکی تری خۆی له‌ چاپخانه‌ی روسینکور له‌ شاری مالمۆی سوید به‌ چاپگه‌یاند به‌ ناوی (چله‌ی شۆڕش و زیندووکردنه‌وه‌ی سه‌رده‌می ئیماره‌ته‌کان) که‌ 28 قه‌سیده‌ له‌ خۆ ده‌گرێت.
ئه‌م کورته‌ باسه‌ی سه‌ره‌و‌ه‌ به‌س ده‌رروازه‌یه‌که‌ بۆ چوونه‌ ناو بابه‌ته‌ سه‌ره‌کییه‌که‌، که‌ لێدوانه‌ له‌ دوا شیعری که‌ له‌ ماڵپه‌ری (ده‌نگه‌کان) بڵاوی کردبووه‌وه‌ و به‌رواری نووسینی ساڵی 2015ی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌.
وێڕای ئه‌وه‌ی له‌و شیعره‌دا چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌کی ڕێزمانی تێدایه‌ که‌ ئه‌ویش ره‌نگه‌ هۆکه‌ی دابڕانی شاعیر بێت له‌ مه‌یدانی ئه‌ده‌بی کوردی به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ، به‌ڵام ئه‌مه‌ زۆر گرنگ نییه‌، چونکه‌ ئه‌و ده‌قه‌ گه‌ر جوان بێت منی خوێنه‌ر له‌ زیهنمدا وشه‌کان به‌ پێکهاته‌ی دروستی رێزمانییه‌وه‌ داده‌ڕێژمه‌وه‌و پاشان لێی راده‌مێنم.
با سه‌ره‌تا شیعره‌که‌ لێره‌دا دابنێینه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی نووسینی شاعیره‌که‌ی :

سەرهەڵگرتن …. هۆنراوەی کەنعان مودحەت
..
راپەڕی و
لە دەرگای دەرەوە خزایە نادیارییە دڕەکەدا
بێ ئەوەی – بە پێویستییەکانا بچێتەوە و –
بزانێ،
ئایە تەباخە داگیرساوەکەی کوژاند
یان بۆڕی ئاوی گەرماوەکەی بەست
یان نا
نە گەڕایەوە
لایە لە دەرگا ڕزاوەکەی بکا
بزانێ ئایە دایخست
یان هەر بە کراوەیی
ڕادەستی با و
خواستەکانی ڕۆژگاری کرد
بە تەنیشت سەگە بێ لانەوازەکەیدا
تێپەڕی
نە ماڵئاویی و
نە دەستێکی بەزەیی
زۆر مات
سەگە، پێچەوانەی هەر جارێ
هەر وەڕی و
زۆریش وەڕی
ئەو بە نادیارییا
هێدی هێدی و
قووڵ و قووڵتر شۆڕدەبووە
تا پێڵاوە کۆنەکانی
ئەوانەی لە مێژەوە پێیان دەگوشی
بە هەنگاوەکانیا نەوێران
ڕایگرن
چۆن تاوێرێکی لە دوند بەربوو
گرمۆڵەی دەهات و
هەر خوار دەبو و
هەر خوار
سەرهەڵگری تەریک
وای نەدەزانی زۆر دوور دەکەوێتەوە
ساڵێ
مانگێ
ڕەنگە لە کاژمێری کەمتر
هەر زۆر زو و
زووتر دەگەڕێتەوە
سەگە بێ لانەوازەکەی لە ئامێز دەگرێ و
ماڵە چۆڵەکەی…. سەرلەنوی
ئاوەدان دەکاتەوە

هۆنراوەی کەنعان مودحەت
نۆڤەمبەری ٢٠١٥
کفری
………………………………………………………………………
لێره‌دا دوای پێداچوونه‌وه‌ی زمانه‌وانی ده‌قه‌که‌ ده‌نووسینه‌وه‌ تا زیاتر ره‌ونه‌قه‌که‌ی به‌ده‌ستبێنێته‌وه‌و سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕابکێشێت:

سەرهەڵگرتن …. هۆنراوەی کەنعان مودحەت
……..

راپەڕی و
لە دەرگای دەرەوە خزایە نادیارییە دڕەکە
بێ ئەوەی – بە پێویستییەکانا بچێتەوە و –
بزانێ،
ئایە تەباخە داگیرساوەکەی کوژاندووه‌ته‌وه؟‌
یان بۆڕی ئاوی گەرماوەکەی بەستووه‌؟
یان نا!
نە گەڕایەوە
سه‌یری دەرگا ڕزیوەکەی بکا
بزانێ ئایا دایخستووه‌؟
یان هەر بە کراوەیی
ڕادەستی با و
خواستەکانی ڕۆژگاری کردووه‌؟
بە تەنیشت سەگە لانەوازەکەیدا
تێپەڕی
نە ماڵئاویی و
نە دەستێکی بەزەیی…..
*
زۆر مات
سەگە، پێچەوانەی هەر جارێ
هەر وەڕی و
زۆریش وەڕی
ئەو بە نادیارییا
هێدی هێدی و
قووڵ و قووڵتر شۆڕدەبووەوه‌
ته‌نانه‌ت پێڵاوە کۆنەکانی
که‌ لە مێژە پێیان دەگوشی
بە هەنگاوەکانی نەوێران
که‌ ڕایبگرن
وه‌ك تاوێرێکی لە دوند بەربووی
گرمۆڵە بوو
هەر خوار ده‌بوو
هەر خوار
*
سەرهەڵگری تەریک
وای نەدەزانی زۆر دوور دەکەوێتەوە
ساڵێ
مانگێ
ڕەنگە لە کاژمێرێ کەمتر
هەر زۆر زوو
زووتر بگەڕێتەوە
سەگە لانەوازەکەی لە ئامێز دەگرێ و
ماڵە چۆڵەکەی…. سەرلەنوێ
ئاوەدان دەکاتەوە

هۆنراوەی کەنعان مودحەت
نۆڤەمبەری ٢٠١٥
کفری
…………………
ئه‌م شیعره‌ نه‌فه‌سێکی مرۆڤی جیهانیی ده‌دات، ئه‌و مرۆڤه‌ی له‌ نێو بزربوونه‌کاندا خۆشی لێ ون ده‌بێت، ناسنامه‌کان تێکه‌ڵاو ده‌کات و بڕوای به‌ خۆشی نییه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ره‌سه‌نایه‌تی خودو سه‌رچاوه‌ی ئیلهام و ژینگه‌ی منداڵیی و یاده‌وه‌رییه‌کانی، ته‌نانه‌ت به‌ جۆرێك باری ده‌روونی تێکده‌چێت تا ئه‌و راده‌یه‌ی دڵنیا نابێت که‌ ده‌ڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌رگاکانی داخستبێت، بۆیه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌و جارێکی تر ته‌ماشایان بکات تا دڵنیا بێت، ئه‌مه‌یه‌ لوتکه‌ی نادڵنیایی و گومان، ئه‌مه‌یه‌ رۆچوون به‌ ناخی خودداو توشبوونی دۆخی نائارامی ده‌روونیی و دابڕین له‌ واقیی ده‌ره‌وه‌، ئه‌و هه‌میشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ باری ئاسایی خودی راسته‌قینه‌ی خۆی، خه‌یاڵێك له‌ هزریدا ئاماده‌یه‌ که‌ شوێنگه‌ی له‌ دایكبوونیه‌تی، به‌ڵام ئیغراکردنه‌کانی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگای مۆدێرن وابه‌سته‌ی ده‌که‌ن به‌و ژینگه‌یه‌ی لاشه‌ی تیایدا ئاسووده‌یه‌و هیچ که‌موکوڕییه‌کی مادی نییه‌، به‌ڵام بۆشاییه‌ گیانییه‌کان زۆر به‌ربڵاون له‌و ژینگه‌ی تاوگه‌و ئێگزایڵه‌دا، به‌ڵام هه‌میشه‌ خه‌یاڵێك له‌ بوونیدا هه‌یه‌ که‌ خه‌یاڵی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ یاده‌وه‌رییه‌ بزره‌کان و خودی یه‌که‌مین.
زمانی ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ زمانێکی جوان و باڵایه‌و ئه‌و دالانه‌ش به‌کاریهێناون هی خودی شاعیرن و که‌م شاعیری تر به‌کاریهێناون وه‌ك (ته‌باخی داگیرساو، ده‌رگای ڕزیو، سه‌گی لانه‌واز…) پاشان ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ هه‌ر له‌یه‌که‌م دێڕیه‌وه‌ دیاره‌ هه‌ڵقوڵاوی سروشتی ناخی شاعیره‌و هیچ چاولێکه‌ریی شاعیرانی تری پێوه‌ دیار نییه‌.
به‌م شێوازه‌ زۆر کارامه‌یه‌‌ تێکه‌ڵاوی دوو دنیای جیاوازی کردووه‌، خه‌یاڵ و واقیع، وڵات و ئاواره‌یی، ناموۆیی و ئاشنایی…. به‌لام له‌ کۆتاییدا شاعیر له‌گه‌ڵ پرسیاره‌کانی خۆیدا جێماندێڵێت و ناگه‌ینه‌ که‌ناری ئارامیی و وه‌ڵامی پرسیاره‌ بێ وه‌ڵامه‌کان، خوێنه‌ر خۆی ده‌بێت کۆتاییه‌کان بنووسێته‌وه‌و به‌ مه‌یلی خۆی به‌ره‌نجامی بنووسێته‌وه‌، ئه‌و جیهانه‌ وێرانه‌ لانه‌وازه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ جوانه‌و له‌ ناوه‌وه‌وش خاپوور، پڕ له‌سه‌دای ده‌روونێك له ته‌نیاییه‌کاندا له‌‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌دوێ.
ئاوها قه‌شه‌نگ به‌ (راچڵه‌کین) ده‌ست پێده‌کات، به‌و مانایه‌ی له‌ خه‌یاڵ و خه‌وندا له‌ نیو خۆی و یاده‌وه‌رییه‌کاندا بووه‌.. به‌ (گه‌ڕانه‌وه‌و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌)ش کۆتایی پێ دێنێت، به‌لام چ جۆرو له‌ کوێ؟ ئه‌مه‌یه‌ پرسیاره‌ ئاسته‌م و بێ وه‌ڵامه‌که‌.‌




وا شاعیڕێك له‌ زه‌مه‌نه‌ پاکه‌کانه‌وه‌ هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت … له‌تیف بێوار

چه‌ند جوانن ئه‌و مرۆڤانه‌ی راستگۆیانه‌ ئاوێته‌ی نووسینه‌کانیان ده‌بن، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ رۆح ده‌کات به‌ به‌ری ئه‌و ده‌قانه‌ی که‌ ده‌ینووسن، ئاوهاشه‌ شیعره‌کانی رامبۆ سه‌رنجمان ڕاده‌کێشن، ئه‌و شیعرانه‌ی‌ به‌س هۆنینه‌وه‌ی هونه‌ریی نین، به‌ڵکو زمانێکی موعاناته‌کانن و له‌ ناخی خوێنه‌ریشدا ئیکۆ ده‌داته‌وه‌، چه‌ند جوانن ئه‌و مرۆڤانه‌ی عاشقن، چه‌ند به‌ هیواوه‌ هه‌موو ئان و ساته‌کانیان به‌ڕێ ده‌که‌ن پێش له‌ده‌ستدانی کات؟ هه‌میشه‌ هیوایه‌ك هه‌یه‌ نائومێدیی و ره‌شبینینیه‌کانیان ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌و رووه‌ شیرینه‌کانی ژیانی پێ ده‌بینن. هه‌ر ئه‌و عه‌شقه‌شه‌ قوربانی دروست ده‌کات و ئاده‌میزاد ده‌گه‌یه‌نێته‌ ترۆپکی هه‌ڵسانه‌وه‌و به‌رخۆدان و تێکۆشان، له‌ کاتێکدا زۆر له‌ مرۆڤه‌کان و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیش له‌سه‌ر لێواری رووخان و وێرانه‌و ناشرینیه‌کان هه‌ناسه‌ ده‌دات.
سیخناخم له‌بۆشایی‌ و
مه‌ودایه‌ك
شك نابه‌م بۆ ته‌قه‌ڵی‌ هه‌نگاوه‌كانم..
—
له‌ زه‌مه‌نی هه‌ره‌سه‌کاندا، زه‌مه‌نی قه‌یرانی مرۆڤبوون : شاعیرانێك ماون هیوا به‌ خوێنه‌ران ده‌به‌خشن و له‌ پێچ و نشێوه‌کانی ژیان و شکسته‌کانی سه‌ر ڕێدا ، له‌ بیابانه‌ چۆڵ و دوورو درێژه‌کاندا ده‌بنه‌ ده‌ستێکی میهره‌بان و ڕێبوارانی نامۆ هه‌ڵده‌ستێننه‌وه‌و ئومێدو متمانه‌ی پێ ده‌به‌خشنه‌وه‌. ئه‌وانه‌ن عاشقه‌ راسته‌قینه‌کان، ئه‌وانه‌ن مرۆڤه‌ راستگۆکان، ئه‌و شاعیرانه‌ی به‌ بێ عیشق ناتوانن بژین، عیشقێکی پاك و راستگۆیانه‌ که‌ له‌ زه‌مه‌نی خێرای ته‌کنه‌لۆژیادا عیشق لای زۆرینه‌ش بووه‌ته‌ ماده‌یه‌کی بازرگانی و یه‌کێك له‌ پێداویستیه‌ خێراکانی مرۆڤی بێ گیان و بێ هه‌ست، ژیان چه‌ند بێ ئه‌ندێشه‌یه‌ به‌ بێ بوونی عاشق و هاورازی راسته‌قینه‌ی سه‌ر ڕێگا دوورو چۆڵه‌کانی ژیان!‌ له‌ کاتیكدا مرۆڤه‌کان چه‌ند گوناحن و چه‌ند کورت ده‌ژین و زوو کۆچ ده‌که‌ن و ئیتر که‌س ناویان ناهێنێت، ئیتر هیچ چۆله‌که‌یه‌ك له‌ هێلانه‌ پایزانییه‌کاندا نانیشێته‌وه‌و به‌یانیان بۆیان ناجریوێنن.
ئه‌م ئه‌ندێشه‌یه‌م چه‌ند ڕووخاوه‌،
گه‌ر پردی‌ عیشق نه‌بێ له‌م سه‌حرایه‌ چۆن تێپه‌ڕ بم؟؟
——–
باگمه‌ی‌ كۆتره‌كان نه‌شكێنم…
عیشق كه‌ی‌ شایه‌نی‌ مه‌نتیقه‌؟
باماڵی‌ جاڵجاڵۆكه‌كان شپرزه‌ نه‌كه‌م..
عیشق كه‌ی‌ شایه‌نی‌ ترسه‌ ؟
با ده‌نگی‌ سیسركه‌كان قاقڕ نه‌كه‌م..
ئه‌م سه‌حرایه‌ چه‌ند بچووكه‌ بۆ هزرم،
……..
وه‌رچه‌رخان لای شاعیری داهێنه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ مه‌ودایه‌ك شك ببات تا مانایه‌کی تر بدۆزێته‌وه‌ بۆ زاراوه‌کان و ڕێگایه‌کی تر بۆ ده‌ربڕین، له‌ ناواخنی تاریکاییدا سێبه‌ری شه‌و ببینێت و له‌ ژێر تیشکی رۆحدا مرواریه‌ رژاوه‌کانی ژیان کۆبکاته‌وه‌، ئه‌مه‌یه‌ شێوازێکی تر بۆ بینین و خوێندنه‌وه‌و نووسینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر باڵ لای خه‌ڵکانێك ته‌فسیری فڕین بێت، ئه‌وا لای شاعیر زۆر هۆکاری تر هه‌ن له‌م دنیا پڕ جوغزو نهێنییه‌دا بۆ فڕین، بگره‌ فڕینه‌کانیش جۆریان زۆره‌، ئه‌وه‌ کێیه‌ له‌و جیهانه‌ قووڵ و پڕ نهێنیانه‌دا ورد ده‌بێته‌وه‌و حه‌قیقه‌تی تیا ده‌بینێت؟ که‌ره‌سه‌گه‌لێکی نوێ ده‌دۆزێته‌وه‌ و به‌کاریان ده‌هێنێت بۆ وردبوونه‌وه‌و دۆزینه‌وه‌و ژیانکردنی شاعیرانه‌، چه‌ند جوانن ئه‌و خامانه‌ی هێشتا بێهومێدی ته‌واو باڵی به‌سه‌ر چادره‌کانیدا نه‌کێشاوه‌و ره‌شه‌باو گێژه‌ڵوکه‌ی موعاناته‌کان له‌ بیابانی بووندا بزری نه‌کردوون..پێش ئه‌وه‌ی وه‌کو نالی بۆ هه‌تایه‌ له‌ نه‌سیم و هه‌وای خاك و خۆڵ ببێت و به‌ره‌و بزر بوون هه‌نگاوه‌کانی کۆ بکاته‌وه‌. ئائه‌مه‌یه‌ وا له‌ شاعیر ده‌کات پێمان بڵێت:
چونكه‌ هه‌ر باڵ فه‌لسه‌فه‌ی‌ فڕین نییه‌!!

له‌م شیعره‌دا ته‌واو به‌ر ئه‌و زمانه‌ی ویژدان ده‌که‌وین، که‌ شاعیر چۆن هۆشیارانه‌ ده‌ربڕین له‌ ماناکان ده‌کات و ته‌نانه‌ت له‌م پێناوه‌شدا فه‌نتازیاو رازاندنه‌وه‌ زمانییه‌کان واز لێدینێت و ئه‌وانیش ده‌کاته‌ قوربانی ئه‌و عه‌شقه‌ی سه‌رچاوه‌ی ژیان و داهێنانه‌، کانییه‌کی هه‌میشه‌ هه‌ڵقولاوه‌ له‌ سه‌حرای ژیاندا و خواردنه‌وه‌ی قومێ ئاوی سازگاره‌ به‌ ده‌ستی مه‌عشوق، ئه‌و مه‌عشوقه‌ی له‌ زمانی موعاناته‌کانی شاعیر تێده‌گات، ئاوها شاعیر له‌م شیعره‌دا ده‌مانخاته‌ ناو که‌شێکی سیحراوی وشه‌ راستگۆکانی گیان و دره‌وشاوه‌کانه‌وه‌، ئاوها ره‌سه‌نایه‌تی بوونی ره‌گه‌زی مێ ده‌هۆنێته‌وه‌و ده‌یکاته‌ سیمبوڵی راستگۆیی و ته‌واوکاریی مانای بوون، که‌ لای زۆرێك ئه‌م هارمۆنییه‌ته‌ ته‌واو لاسه‌نگ بووه‌ و به‌ره‌نجام په‌یوه‌ندییه‌کانیش تێکشکاون، دیاره‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ش بنه‌ڕه‌تێکی هزریی و ئه‌زموونی هه‌یه‌ لای ئه‌م جۆره‌ که‌سانه‌. ئه‌مه‌شه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی شاعیر مرۆڤدۆستانه‌ له‌ شیعره‌کانی تریشدا هه‌وڵی گێرانه‌وه‌ی ئه‌و گیانه‌ مردووه‌ بۆ مرۆڤ بدات و له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بێت ژیان ڕه‌وتی راسته‌قینه‌ی خۆی ببینێته‌وه‌.




ئاوڕدانەوەیەك لە دیدگا شیعریەکانی رۆژ هەڵەبجەیی …. لەتیف بێوار

دەربارەی شیعری باش گوتراوە نیشانەگەلێکە بۆ کەسانی تر تا هەوڵی هەستکردن بە جیهان بدەن، بەڵکو ئەو ئایدیایانەیە کە ناتوانرێت لە پەخشاندا جێی بکرێتەوە کە پێویستی بە وێنەگەلێکی بەهێزە.
ئەگەر وای دابنێین قەسیدەی (تكایه‌ بوه‌سته‌ ژیان له‌وسه‌ری‌ ونبونه‌وه‌ دێمه‌وه‌!!) ڕۆحی پەپولەی کارەساتبار بە وێنەی شیعریی نوێی تێکەڵ لە مەجازو حەقیقەت بمانگەیەنێتە لوتکەی داهێنانەکانی، لەناو کێشە حەقیقییەکانی ژیاندا خەمە ئەنتۆلۆژییەکان حزورێك بە مردنی نائامادە بدەن، لەبەردەم ئەو دەقەدا قووڵ ڕادەمێنین لە دنیایەك تراژیدیاو حەزو نائومێدیی، لە وێنەی تازەو موفرەداتی پنتە بەربڵاوەکانی سروشت و مەلەکان و رووەکەکان و کەرەستەکان و کردارە شەڕخوازەکانی دەستی مرۆڤ و خەونە یەعقوبییە عیرفانیەکان، بەڵام لە دواتردا هەموویان لە باوەشی مەرگ و ژیاندا دەبنە سەرگوزشتەیەك و شاعیر گیانی مرۆڤی ساکاوی پێ ژیر دەکاتەوە، مرۆڤێك واقی وڕما بێت بەرانبەر هەموو ئەو ئەشکەنجەو ناسۆرو کاڵفامیی و ناتەباییانە، گەر زیاتر رۆچین ئەوا رەنگە خودی شاعیریش بە کاڵی لەودیو سێبەری کۆپلەو وێنەکانەوە ببینینەوە لە بەرجەستەکردنی ئازارەکانی خودێکی مێینە لە کۆمەڵگایەکی پڕ ئاشوب و ناتەبا و نادادپەروەردا، کە مانایەكی تێدا نەماوە بۆ عیشق:

مردن چه‌ند جوانتره‌،
له‌درزی‌ فرمێسكی‌ ئه‌و كچانه‌ی‌
ماڵه‌ شوشه‌ییه‌كانیان،
كۆپی‌ كران له‌هه‌ناسه‌ بڕكێی‌ خوێن..

هەرچەندە مردن لە هەموو ناشیرینیەکانی ژیان جوانتر بێت، ئەوا (ئاو)ه کە سەراپا ئاگرەکانی ناو دەقەکە خامۆش دەکات.. هەموو توخمەکان دەخاتە ژێر رکێفی ئەو زمانە ناڕاستەوخۆیەوە کە دوور دەمانبات و لە کۆتاییدا نزیك لە خۆمان یەخسیریی دنیابینی و بابەتیان دەکات، تا سەرەنجام بەر هەوڵی داهێنانەکانی شاعیر دەکەوین.
ئەو راست دەکات کاتێك دەڵێت: “نووسين نەك هيوايەتو حەز و ئارەزوو ، بەڵکو نووسين بەخۆڕسكى پەيامى منە”…
ئەم ئەزموونی ژیانکردنەیە لەگەڵ شیعردا وای لێدەکات بگاتە ئەو بڕوایەی کە بەڵێ ” ناكرێ شيعر وەك گۆمێكى ليخنى لێ بێت.. نەك شيعر ، هەموو شتێك لە پێشكەوتندايە، ژيان سەرمەشقى گۆڕان و پێشكەوتنە…” سەرەنجامیش بگاتە ئەو بڕیارەی بڵێت:
” شيعرى ئازاد و سەردەم لە چاوەكانم خۆشتر دەوێ”
بەڵام رۆژەکان زۆرن و شەوگارەکانیش درێژ، دەبێت شتێکی جیاواز هەبێت بۆ گوتن، تا بتوانین لە ناو ئەو سەدان دەنگە شیعرییەدا مۆرك و جێ پەنجەی خودی شاعیر بەسەر دەق و رەوتە شیعرییەکەدا ببینینەوە، گەر وەك زۆرینە بنووسین ئەوا نەفەسێکی گشتی شیعر هەیە کە بە سەر زۆر دەقەوە هەناسە دەدات و پێناسەی شیعر بەو دەقانە دەبەخشێت، بەڵام وەك دیارە شاعیر هەر بە وەندەوە ناوەستێت بە دەقەکان بگوترێن شیعر، بەڵکو دەیەوێت سیمایەکی جودا لە ناو ئەو هەموو دەقانەوە بە وشە پێناسە بکات و بڵێت ئەمەیە شێوازی شیعرو داهێنانەکانی رۆژ.
ئەو خوێنەرەی ورد دیقەتی هەوڵەکانی ئەم دواییەی شاعیر بدات، دەبینێت چۆن کەشفی هەوڵئاوێزانی شێوازی سوریالی دەکات لەناو دەقەکاندا، ئەمەیە جیاوازی بەو دەبەخشێت.
لە دواهەمین هەوڵەکانی شاعیردا چەند پۆستەرە شیعرو کۆپلەیەمان بۆ دەکاتە دیاریی تا بەرکەوتنمان هەبێت بۆ هەوڵی ئەو لەم بارەدا و زیاتر و زیاتر لێی نزیکبینەوەو پێی ئاشنابین، هەر لە ناونیشانەکەوە (چارەسەر) ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم شیعرانە هەوڵێکی نییان و کاران لە بەرچاوروونکردنەوەی هەندێك لەو دەردو کێشانەی مرۆڤ دووچاری دەبێت، ناکرێت بڵێین دەقگەلی تەندروستیی و پزیشکیی پاڵفتە، بەڵکو چارەسەری شیعرئامێز.
یەك/
گەر رستەیەك لەسەر ژیانی واقیع دابڕێژم سەبارەت نووستن ئەوا دەتوانم بڵێـم: ” ئەو لە ژوورەکەمدا نانوێت، نەخۆشە بە سەرماخوردەگی، پێویستی بە هێمنی و پشووە” بەڵام شیعر دەرچوونە لە داڕشتنی رۆژانە، دەبابزانین شاعیر چی لێکردووە تا شتێکی جیاوازی لێ بخولقینێت:

(1)
ژووره‌كه‌م نانوێ،
نه‌خۆشه‌ به‌گڤه‌ی‌ ڕه‌شه‌با،
ده‌بێت سه‌ری‌ بشێلم به‌شنه‌با..!!
…………………

هەڵێنجان(الاستنباط):

لە هەردوو دەستەواژەی ئاسایی و نائاسایی سەرەوە، دوو جۆر مانا تێدەگەین، مەعقول و نامەعقول، بەڵام ئەگەر جێگۆڕکێ بەنامەعقولەکە بکەین ئەوا واتای سێهەمی لێ هەڵدەگۆزین کە لە سەیرکردنی هیچ کام لەو دوو داڕشتنە سەرەوەدا نییە، بەم جۆرە:
گڤەی ڕەشەبا …. پێچەوانەی….شنەبایە
دەکرێت گڤەی رەشەبا هێما بێت بۆ توندو تیژیی، دڵڕەقیی…هتد، بەڵام چەرخوفەلەکی ئەم دەڤەرە کە بە ژوور چوێنراوە پێویستی بە هیمن بوونەوەیە تا شتەکان ڕێڕەوی خۆیان بدۆزنەوەو مانایەك هەبێت بۆ شەو و ڕۆژ یان خەوتن و هەستان…
…………………….

دوو:
لە ڕستەیەکی سادەدا دەڵێم: ” مرۆڤ پێویستە وەرزش بکات، تا دڵتەنگ نەبێت”
بەڵام شاعیر لە دیمەنێکی سوریالیدا ناڕەزایی خۆیمان بۆ دەردەبڕێت تا ڕاستییەکانمان پێ بڵێت بەم جۆرە:
(2)
جاده‌ پێویسته‌ وه‌رزش بكا،
تاقاچه‌كانی‌ هێڵنج نه‌دا
له‌دڵته‌نگییا..!!
………………

هەڵهێنجان:

وەرزش چ گیانیی بێت یان فیزیکی، دەمانپارێزێت لە هەردوو دەردەکە:
١-دەردەداریی فیزیکیی: هێما …. لەکارکەوتنی قاچ
٢-دەروونیی: کە پلەیەکی باڵا لە خەمۆکی مرۆڤ هەست بە دڵتێکەڵبوون ڕشانەوە دەکات، کەواتە ئەمە بەس دەربڕینێکی فەنتازی شاعیر نەبوو، بەڵکو ڕێگەچارەکانیش دەستی خوێنەری بەئاگا دەگرێت، ئاوها شاعیر بابەتی شیعر رزگار دەکات لە بابەت و مامەڵەو قاڵبە کلاسیکییەکەی.
…………………………
سێ: ڕستەیەکی سادەی ناوێژەیی رۆژانە: ” تەنگە نەفەس بووم پێویستم بە هەوای پاك هەیە”، بەڵام شاعیر دەڵێت:
(3)
كتێبه‌كانم قورس بوون به‌ته‌پوتۆز،
ده‌بێت چاره‌سه‌ریان بكه‌م،
به‌چه‌پكێك ئۆكسجین..!!!
……………

هەڵێنجان:

رەمزی بەکارهاتوو:
کتێب= رۆشنبیریی و پێشکەوتن
واژەی دژیەك: تەپوتۆز…….ئۆکسجین
لەمانای سێهەمدا دەگەینە ئەو ڕاستیەی بە پەیامی دەق بگەین و راستییەکی تاڵی کۆمەڵایەتی درك بکەین کە تەنگەنەفەسیی کۆمەڵگایە لە غیابی مەعریفەدا کە لە کتێبدا هێمای بۆ کراوە، چارەسەری رزگاربوون لەو ژینگە پیسەی ژیانی تێدا دەکەین: هۆشیاری و بەرپرسیارێتی تاکەکانە.
……………
چوارەم:
رستەی سادە: ” گۆمەکان لێڵ بوون دەبێت پاك بکرێنەوە بە بەردانەوەی ئاوی زوڵاڵی جۆگەکان”، بەڵام شاعیر ئاوها دەهۆنێتەوەو زمانی شیعرییەت بە ماناکان دەدات :
(4)
ئاوی‌ گۆمه‌كان به‌قیڕه‌ی‌ بۆقه‌كان ،
لیخن بوون،
ده‌بێت ملپێچی‌ جۆگه‌كان له‌ملكه‌ن…!!!
………………

هەڵێنجان:

زاراوە سەرەکیەکان (گۆم …قیڕە….لیخن….جۆگە)
باشە، ئەوەی ئێمە لەسەری راهاتووین ئەوەیە کە لیخن بوون بەرەنجامی ماتریاڵی پیسە، نەك دەنگی نەسازی قیڕە، بەڵام شاعیر ئەو راستیەمان بۆ دەردەخات کە قیڕە چ درۆ بێت یان چەواشەکاریی، یان راگەیاندنی ساختەو ئاوازەکانی شەڕو حیزبایەتی و شەخسپەرستی، ئەوا هەمان کاردەکاتە سەر تێکچوونی ژینگە، فەوزاو هاتوهاوارەو هیچی کەمتر نییە لە نەسازیی قیڕەی قوڕباقەکان، ئەی بۆچی قوڕباقەکانیش ئەو مرۆڤە بۆشانە نەبن! با بگەڕێینەوە بۆ سازگاریی و سەفای پاکێتی بوون و خیلقەتی مرۆڤ.
……………………………

پێنج:
رستەی سادە: ” ئەو ئاگرە باوەشێن بکە تا دەبێتە ڕەژوو”، بەڵام شاعیر واناڵێت، بەڵکو بەجۆرێکی تر مرۆڤ دەردەکات لەو هاوکێشەیە هەرچەندە مەبەستیش لێی مرۆڤ بێت، بەڵام ئەی بۆ بەهایەك نەدات بە شیعرەکەو رزگاری بکات لە دەربڕینی راستەوخۆ ، بۆیە ئەویش پەنا بۆ رەگەزی ئاگرو خۆڵەمیش دەبات و دەڵێت:
(5)
ئاگر ده‌بێت ده‌سته‌كانی‌ بپژمێ،
تاخه‌و نه‌بینێ خۆڵه‌مێش باوه‌شێنی‌ بكا..!!
…………..

هەڵێنجان:

ئاگر دەستی نییە و ناشپژمێت، بەڵام بۆ ئەوەی دانەمرکێتەوەو نەبێتە مەخسەرەی ڕێوی و لەناوبچێت ئەوا دەبێت ئەو لە زۆرانی ژیاندا (بەدەست) باوەشێنی خەڵوز بکات تا خۆی نەبێتە خۆڵەمێش و هەر گەش و کڵپەدار بێت، لەمەشدا لۆژیك هەیە بۆ رەگەزی ئادەمیزاد چۆن خۆیان رزگاربکەن لە پاشقولگرتنی هاوشێوەکانیان.

شەشەم:
رستەی سادە:”کۆڵانێك زەلالەتییەتی بە دەست منداڵی هاروهاجەوە” هەروەها:
” لەو دارتاشە گۆچانێك دروست بکە وەك هی شارلی شاپل”
بەڵام شاعیر دەڵێت:
(6)
كۆڵانێك به‌هاروهاجی‌ منداڵان كه‌وتۆته‌ پیری‌،
ده‌بێت دارتاشێك گۆچانێكی‌ بۆ چێكا،
پڕ له‌پێكه‌نینی‌ شارلی‌ شاپلن…!!
…………….

هەڵێنجان:

بە خوێندنەوەیەکی بە دیقەت لەم کۆپلەیە تێدەگەین چەند زاراوەیەکی سەرەکی تێدایە وەك (کۆڵان، پیریی، گۆچان، پێکەنین)، بەڵام کۆڵان پیر نابێت، ئەی گۆچان چ پەیوەندییەکی هەیە بە پێکەنین؟ با ئەم پرسیارانە لە خۆمان بکەین پێش ئەوەی ئەو ڕاستیە تاڵیە هەرس بکەین هەموو ئەم ئاماژانە ناراستەوخۆ دەربارەی مرۆڤی خاەن هۆشن، کە وەك کەسایەتی شاپلن با ناسۆرەکانمان لە یادبکەین هەرچەندە پیرمان بکات، با دڵی کەسانی تر خۆش بکەین و بشزانین لە پیریش مانای دڵتەنگی نییەو دەشێت شادمان بین، هەندێك شت بە گوێنەدان چارەسەر دەبێت گەر دەسەڵاتمان بەسەریدا نەشکێت، هەندێکیش بە گۆچان…. بۆ وەشاندن نا بەڵکو وەك لاقێکی یارمەتیدەر.
………………

نابێت ئەو وتە بەناوبانگە لە یاد بکەین کە دەڵێت ” مانا لە دڵی شاعیردایە” بەس ئەم نووسینەی من هەوڵدانێکی لە خۆبووردوانەی خوێنەرێکی تامەزرۆی شیعرە بۆ تێگەشتن و گەشتنە ڕێگای سێهەم، رەنگە دیدی کەسی (ب) و (ج)ش لە ماناکانی ناو دڵی شاعیر و ئەم هەڵێنجانانە جیاوازتر بێت… ئەمەیە جوانی شیعری هونەرکار، شاعیر دادەبڕێت لە دەق و خۆی کاری ڕاڤەو تێگەشتنی لەسەر دەکات بە پشت بەستن بە ڕێژەیەك لە پێداویستیەکانی تێگەشتن لەدق وەك پێودانگی زانستی و بابەتییبوون.


لەتیف بێوار




کاتێك زمانی شیعر لەگۆ دەکەوێت … لەتیف بێوار

(باشو) مامۆستای یەکەمی هایکۆ بوو لە یابان لە سەدەی حەڤدەدا گرنگی بەم تەرزە لە شیعر دا، کە خاوەنی ڕێساو تایبەتمەندی خۆیەتی.
شاعیر لەم جۆرە لە شیعردا هەوڵ دەدات بە وشەی سادە تەعبیرو دەربڕین لە هەستی هەڵچوو و قوڵ بکات، کە لە یەك دەستەواژە پێکدێت و بەسەر ٣ دێڕە شیعردا دابەش دەبێت، کە کۆی هەمووی ١٧ بڕگە دەبێت.
ڕزگار جەباری ئەو شاعیرە بێدەنگەی کوردە کە پراوپڕ هایکۆکانی لە شوێنی خۆیاندان و هەر بەو هەناسەیەش کۆپلەی شیعرەکانی تری دەنووسێت، لە جەند کۆپلەیەکی سێبەر سوك پێکدێن و بە جوانی و تازەبوونەوەو سادەیی خۆیان نمایش دەکەن، بۆ نموونە ئەو لە هایکۆیەکدا دەڵێت:
(١)
پەنجەرەیە،
بۆ روانین-
ماڵی جالجالۆکە.
(٢)
چیرۆکی دڵی دەریا،
بۆ کەنارەکان دەگێڕێتەوە-
گوێچکەماسی

دەبینین کە چۆن جەباری لە ٣ دێڕدا یەك دەستەواژە بە ١٧ بڕگە دەهۆنێتەوەو لە ناوەڕۆکیشدا سەرەتا بە سادەیی مانا دەستپیدەکات و پاشان بە وەڵامێکی قورس کۆتایی دێت کە کلیلی شیعرەکەیەو وەڵامی دوو دێڕەکەی پێسووە. بیرێکی قوڵ بە وشەگەلێکی ئاسان، هەمووان هەست بە رۆحسوکی ئەو هایکۆیانە دەکەین و رەنگە تێڕوانین و تێگەشتنی جیاوازیش لای هەر یەکەمان دروست بکات، وێڕای بەکارهێنانی زمانی هونەریی شیعریی کە دەربڕینەکان ناڕاستەوخۆو جوانتر دەکات، ئەو وێنانەی مەجازین و خاوەنی چەند روویەکن و زۆر بیرمان بۆیان ناچێت، گەر هەستی شاعیرانەی شاعیر بەم هایکۆیانە نەمانبات بۆ قوڵایی ئەو جیهانانە.
کەچی دەبینین شاعیرێکی تر دێت لە ژیر کاریگەری هایکۆکانی رزگاردا دەنووسێت بەڵام دوورتر لە خاڵی مەبەست و چەقی شیعریی هایکۆیی.
بۆ نموونە ئەو لە(چەپکێك هایکۆ) دا ئاوها دەنووسێت:
(1)
باران به‌ڕقه‌وه‌ ده‌بارێ،
چه‌تره‌كه‌م له‌پێكه‌نینا،
هاڕه‌ی كرد…!
یان لە پارچەیەکی تر لە یەکێك لە (وێنەڕژاوەکان) دا دەڵێت:
کەمەری بە لێزمەی گیا دەبەسێت
سەرپۆشی سەری بە چریکەی مەلەکان
وەرزی بەهار

وێڕای ئەوەی لە رووی فۆرمەوە ئەم کۆپلانە هایکۆ نین، هەروەها لە رووی ناوڕۆکیشەوە ناتەبایی تێدایە، بە تایبەتی گر سەرنج بدەین لە یەکەم نموونە؛ نەك هەر شێوازێکی راستەوخۆی دەربڕینە، بەڵکو بەکارهێنانی کەرەسەو زاراوەکان ناتەبا و ناگونجاون.
لە کۆپلەی دووەمیشدا وێنەیەکی ناتەواوی وەرزی بەهارە بێ بوونی دیوی دووم بۆ لێکدانەوەکان، بەڵکو وەسفێکی راستەوخۆی لەقە، لە رووی خوازەی شیعرییەوە (سەرپۆش و چریکەو بەهار) ناگونجاوەو بەو هۆیەشەوە وێنەکەی تێکداوە، مەگەر رەنگ و شت دەبێتە دەنگ و پاشان وەرز؟!
ئەم شاعیرە ئێستاش هەر لە خەیاڵی شیعری لیریکی و رۆمانسیدا دەژی و بیر دەکاتەوە، بۆیە لای ئەو ئێستاش لە دوای سەردەمی پۆستمۆدێرنی شیعرەوە وەزن و قافیە مەرجێکی سەرەکی شیعری باشە، لەم بارەوە دەربارەی شاعیرێك دەڵێت:

“بۆ نموونە دەقێکی شیعری داخراو دەنووسێت هەر وشە و ڕستە ریز دەکات و لەگەڵ قافیەی سواو و وەزنی تێك شکاو ناوی لێ دەنێت شیعر، خۆشی بە شاعیر ناوزەد دەکات”. جا گەر ئەمە خوێندنەوەو تێگەشتنی شاعیرێك بێت بۆ شیعری باش دەبێت چاوەڕوانی چی لە خوێنەرێکی سادەی شیعر بکرێت؟
من زۆر هەوڵمدا لەناو شیعرەکانی ئەم شاعیرەدا شیعرێك بخەمە ژێر تیشکی لێدوانەوەو مەرجەکانی باڵادەستی شیعرییان تێدا بدۆزمەوە، بەڵام ئەوەی سەرنجمدا تەنیا دوو شیعری جوانم دیتەوە، کە بە شێوەیەکی شاعیرانە دەستی پێکردو شایستەی لەسەر وەستان بوو، بەڵام هەر ئەوەندەی گەیشتمە ناوەندی دەقەکە بینیم زۆر جیاوازەو بە بارێکی تردا شکانەوەو بۆم دەرکەوت هەناسەی شیعریی ئەو شاعیرە هەر ئەوەندە کورت بڕ دەکات و ناتوانێت بە هەمان زمان و پتەویی داڕشتنەوە شیعرەکان تەواو بکات هەتا کۆتایی، رەنگە هۆی ئەمەش بێت زیاتر لەمدواییەدا خۆی بە کۆپلە شیعری کورتەوە سەرقاڵ دەکات.