هۆکارەکانی دابڕانی کورد لە مێژوو -بەشی یەکەم- .. مەحمود چاوەش

ئایا چی لە مێژووی ڕوداوەکانەوە فێربووین؟

بەشی یەکەم

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین، کە مرۆڤ پەند و ڕوداوە مێژووییەکان زوو وەبیر خۆی دەهێنێتەوە، بەڵام زۆر بە هێواشی لێیانەوە فێر دەبێت، یان باشتر بڵێین زۆر بە سستی کاریان تێدا دەکات. تەکنەلۆژیا، دەوڵەت و ئایدۆلۆژیاکان دەگۆڕدرێن، بەڵام شێوازە بنچینەییەکانی ئەم ئەزمونە مێژووییانە زۆر جار لەجێی خۆیاندا دەمێننەوە. بۆچی ئێمە ئەزموونەکانی مێژوومان لەبیردەچنەوە؟ ئەوە کاتێک مێژووی کورد پڕاوپڕ ئەزموونی چەوساندنەوە و بەکۆمەڵکوژی بووە؟ دیارە هۆکارەکانی ئەم گرێ مێژووییە گەلێکن و پێوستیان بە دواچونی فاکتە مێژووییەکانە. ئەگەر بەوردی بەدوای هەندێ ڕوداوی سەدەی ڕابردووی کوردستاندا بگەڕێین و لێکۆڵینەوەی زانستیانەی لەسەر بکەین، زۆرێك کەندوکۆسپ و ئاستەنگ دێنە ڕێگەمان. نەبوونی فاکت و دۆکومێت، فلیم و وێنە، یان نووسینی مێژوویی لەسەریان زۆر بەدەگمەن بۆ نەوەکانی دواتر بەجێهێڵراون، یان لە لایەن هەندێك لایەنی دژەکوردەوە نەهێڵراوە بکرێنە دۆکومێنتی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان (مێژووی دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دوای یەکەمین جەنگی جیهانی نموونەیەکی ڕوونی ئەم مێژووەن، لێ فەرمانبەرانی ئەو دەمە نەیانهێشتووە هیچ دۆکومێنتێك، نووسینێك لەسەر ئەم ڕووداوانە بەئەنجام بگەیەنرێت، کە دژی دەسەڵاتی ئەوکاتە بووبێت. دەوڵەتی ئێستای تورکیش هەر بە هەمان شێواز و سیستێم کار لەم جۆرە ڕووداوانەدا دەکات. تا ئەم ڕۆژگارەش تورکەکان بە شێوەیەکی فەرمی و دەڵەتی دان بەم تاوانەدا نانێن، کە بە یەکێك لە ڕەشترین و شەرمەزارترین مێژووی ئیمپڕاتۆریەتی عسمانی و دەوڵەتی تازە دامەزراوی تورکی لە دوای یەکەم جەنگی جیهانیدا دەژمێردرێت. بارودۆخی کورد لەو وڵاتەدا ڕاستییەکی ئاشکرای تری ئەم فاکتەیە).
ئەم فاکتە مێژووییە لێواولێو (تەواو) بۆ مێژووی ئەم دەڤەرەی ئێمە دەگونجێت، ئاخر زۆرینەی دۆکومێنت و فاکتە مێژووییەکان لەناوبراون یان نەکراون بە دۆکومێنت. گەلەك سەیرئامێزە، کە مرۆڤ بوونەوەرێکی هێندە لاوازە، تەنانەت فاکتە مێژووییەکان بە شێوەیەکی هەڵگەڕاوەیی و ساختە بهۆنێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتووی. چی لەو مێژووانە فێربووین و فێرکراین؟ هەر گروپ و دامودەستگەیەك بە بەرژەوەندی و هەندێجار بە مەزاجی خۆی باس لە تاڵترین ڕووداوەکانی مێژوومان بۆ دەگێڕنەوە. وەچەکانی دوای خۆیان چ عیبرەتێك لەم مێژووە فێردەبن، لە نووسین و گێڕانەوەی درۆ؟ ئایا ئێمە دەتوانین ڕۆژگار و پاشەڕۆژێکی باشتر بۆ نەوەکانی دوای خۆمان بەم درۆ و دەلەسەیە دەستنیشان بکەین؟ بێگومان نەخێر. کەواتە دەبێت بیرکردنەوەمان ئاڕاستەی فاکتە زانستییەکانی مێژوو بکەین، بۆ ئەوەی وێنەیەکی ڕوون و بێلەکە بدەینە دەست نەوەکانی دوای خۆمان.

بە بیروڕای من ئەم خاڵانەی خوارەوە هەندێك هۆکاری ترن بۆ ئەم گرفتە مێژووییە.
ـ ڕەنگە فشار و ترس لە دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوە مێژووییانە هۆکارێکی تری ئەم دیاردەیە ڕونبکەنەوە، کە گەلی کورد لە ژێر دەسەڵاتی چەوسێنەری ئەو دەوڵەتانە بوون و هەر خۆشیان تاوانباربوون لە چەوساندنەوەی گەلی کوردا. تاکی کورد لە تەواوی مێژوودا هەوڵی ئەوەی داوە، لەسەر ژیان بمێنێتەوە و ترسی باسکردنی ئەم ئەزموونە مێژووییانەی بۆ نەوەکانی داهاتوی هەبووە، کە بەشێوەیەکی سیستماتیك بۆ ئەوانەی دوای خۆیان ماوەتەوە. کەرتبوون و پارچەکردنی کورد هۆیەکی زۆر گرنگە لەم میانەیەدا، کاتێكیش کوردیان چەوسانۆتەوە، خۆیان توانیویانە ڕووداوەکان لە چوارچێوە و ئارەزۆکانی خۆیان بهۆننەوە. کورد لە تەواوی مێژوودا برینێکی زۆر گەورەی بۆ ئێمە بەجێهێشتووە. ئەگەر بڕوانینە لایەنە سایکۆلۆژیەکەی ئەم دیاردە مێژووییە، ئەوا ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە ئەم چەوساندنەوەیە جۆرێك لە تراومای بۆ تاکی کورد پێکهێناوە و بەرەوڕوی تراومایەکی دەستەجەمعی کردۆتەوە (لە کۆتایدا باسی ئەم دیاردەیەش دەکرێت). بێگومان ئەم کاریگەریانە لە مێژووی جیهاندا، بە دیاریکراوی لە وڵاتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پارچەکانی دیکەشدا، ڕوویانداوە. لە مێژووی کوردیشدا بە شێوەی جیاواز دەربڕاوە. یەکێك لە گرنگترینیان کارکردن بووە لە سڕینەوەی ناسنامەی کورددا، کە تا ئەم ڕۆژگارەش کاری تێدا دەکرێت، ئاخر پەستانی ئەو چەوساندەوەیە زۆرجار بۆتە هۆکاری شکاندنی کەرامەت و ناسنامەی مرۆڤ. کاتێك مرۆڤ وەك “موڵك” یان “کاڵا” سەیردەکرێت یان دەنرخێندرێت، ئەوا هەست بە بێبەهایەتی و لاوازی هزری خۆی دەکات. بەکۆیلەکردنی مێردمناڵ و کچە یەزیدییەکان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە نمونەیەکی زیندوی ئەم ڕاستیەن، کەتاکو ئەم ڕۆژگارەش کچانی فڕێنراو و بەکۆیلەکراو لەبارێکی دەوونی سەخت و تڕاومایەکی کەسی و دەستەجەمعیدا بژین.
ئەمەش کوردی خستۆتە ڕەوشێکی دەرونی سەختەوە، ڕەنگە هەندێ تاکی کوردی ئالودەی فرەکەسایەتی (لە ناوەوە و لە دەرونیدا کوردە و لە دەرەوەدا ناچارە ناسنامەی خۆی بگۆڕێت) کردبێت. ئەم دیاردەیە کەسایەتی تاکی کوردی خستۆتە پەژارەوە و لە هەمانکاتدا جۆرێك لە هۆشیاری و خۆڕاگری لە مێژوودا پێبەخشیوە.
ـ کورد تاکو ئێستا خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نەبووە، لێ ئەو نەتەوانەی خاوەنی دەوڵەتن مێژووی دەڤەری خۆیان لە فێرگەکاندا دەڵێنەوە، بۆ ئەوەی نەوەی داهاتویان هەمان هەڵەی باوانیان دووبارە نەکەنەوە. لە مۆزەخانەکان و بە شێوەی فلیم یادگارییە مێژووییەکانیان بە شێوەیەکی یاسایی دەپارێزن. کورد زۆر جار ئەم دەرفەتانەی لەبەر دەستدا نەبووە.
ـ تاوانە مێژووییەکان بەرامبەر کورد بە شێوەیەکی دەستوری و یاسایی نەخراونەتە بەردەمی دادگاو، بەردەمی یاسای جیهانی بۆ مافی مرۆڤ و بەردەم ویژدانی مرۆڤەکان لە تەواوی جیهاندا. جوەکان زۆر بە وردی کاریان لەم مەیدانەدا کردووە، تاوانبارەکانی ئەم ڕوداوە مێژووییانەشیان هەندێجار بە سزا داوە (نمونەی ئادۆڵف ئایشمانی نازی، کە لە دوای دووەمین جەنگی جیهانی بەرەو ئەرجەنتین هەڵهات، لەپاش ئۆپەڕاتسیۆنێکی نهێنی توانرا ئایشمان بهێنرێتەوە بۆ ئیسڕائیل و ساڵی ١٩٦١ درایە بەر دادگای ئیسڕائیل. لەساڵی ١٩٦٢ دا لەسێدارە درا.) ئادۆڵف ئایشمان ئەندازیاری توانەوەی یان کۆمەڵکوژی جوەکان بوو، مێژووی ویژدانی گەلێك بوو، کە تاوانیان بەرامبەر کرابوو، بەرەو نەمانییان هەڵدێرن. ئەی ئێمەی کورد بە هەمان مێژوودا ڕۆنەچووین، هەمان کۆمەڵکوژی و کۆچی بە کۆمەڵ و برینی مێژوویمان نییە؟ کوان ئەو دادگایانەی تاوانبارانی رژێمی بەعسیان هاوردە بەر دادگا و بە پێوانە یاساییەکانی جیهانی و لۆکالی ئەمانەیان بەتاوانی کۆمەڵکوژی تاوانبارکرد. ئایا سەرانی کوردایەتی پاڵهێزنەبوون بۆ زۆر تاوان؟ بێگومان. ئەی ئێمەی کورد چەند لە تاوانبارانی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆریمان خستە بەردەم دادگا و بە شێوەیەکی یاسایی سزادران؟ ئێمە داوای هاوپشتیوانی و هاوسۆزی لە میلەتانی جیهان دەکەین، لەکاتێکدا خۆمان کارمان لە مێژووکەی خۆماندا بە ڕاستگۆیی و ئەمانەتەوە نەکردووە. ئەمە چ پەڕەدۆکسێکی مێژوویی دەڤەری ئێمەیە؟ ئایشمانەکان لە مێژووی ئەڵمانیاندا بۆنەتە سیمبۆلی شەرمەزاری بۆ نەوەکانی داهاتووی دووهەم جەنگی جیهانی، ئاخر جووەکان توانیان ئایشمان لە کوچە و کۆڵانە تاریکەکانی ئەرجەنتینەوە بەرەو دادگای ئیسڕائیل بفڕێنن. خۆ ئێمە تاوانبارەکانی جەنگی دژە کورد و کۆمەڵکوژەکانیان لەبەر دەمی خۆماندا بوون، ئەدی ئامادەکاری ئێمەی کورد چی بوو، بۆ بە مافی یاسایی خۆیانمان نەگەیاندان؟ ڕەنگە سەرانی بەرپرسی بەناو کوردایەتی بەرامبەر ئەم هەڵوێستە نانیشتمانیانە شەرمەزاربن بەرووی مێژوودا. لێرەدا تەنها دەبێژم، با نمونەیەک لە مێژووی جوەکان بۆ خومان دابڕێژین و پەندیان لێوە وەربگرین.

ـ لەبیرچونەوە هەمیشە نیشانەی لاوازی نییە، زۆرجار میکانیزمی خۆپاراستنە لە ئازار. کاتێك ئازار زۆر قوڵ دەبێت، مێشك خۆی لێ دووردەخاتەوە، بۆ ئەوەی ژیان بتوانێت بەردەوام بێت. (ئەمە ڕەنگە لایەنە سایکۆلۆژیەکەی ئەم دیاردەیە بێت)
ـ زۆرێك لەم ڕووداوە مێژووییانە بە شێوەی چیرۆك نەگواستراونەتەوە بۆ وەچەکانی داهاتو، بەڵکو بە شێوەی ئەدەبی (وەك لەنێو کوردا بە هۆنراوە بەرجەستە کراون )، یان بە شێوەی زارەکی (دەماودەم)، کە زیاتر سۆزدارانە نەك ڕیالیستیانە بەجێهێڵراون. کاتێك نەوەی نوێ لەم بارەوە زانیاری وەردەگرێت، تەنها وەك ئاژمارێك هەڵیان دەسەنگێنێت (یان مامەڵەیان لەتەکدا دەکات) و بە قوڵی هەست بە تاوانەکان ناکات. ئەمەش گرفتی ئەو پەیوەندیە لاوازانەیە، کە لەنێوان نەوەکاندا بەرجەستە بووە. پەروەردەی نەوەی داهاتوو لە ئەستۆی ئێمەدایە، خۆمان لەدەست ڕەگەزپەرست و فاشیزمی ئیسلامی تورك و عەرەب و فارس ڕزگار نەکردوو و بەهەمان مێتۆد نەوەی داهاتوش وەك خۆمانی لێدەکەین. ئەمە مەترسیەکی زۆر گەورەیە. تاکو ئەو کاتەی ئێمە خۆمان لەو سیستەمە فاشی و ڕەگەزپەرستە نەپارێزین و بەرەنگاری نەبینەوە، نەوە بەدوای نەوەکانی تردا بەهەمان خەڕەکی مێژوویی ئێمەدا دەچنەوە.

ـ بەزۆرەملێکردنی کورد بۆ ئایینی ئیسلام نەوەیەکی موسوڵمانی لە کورد دروستکردووە، کە لە کۆن و نوێشدا بەهۆی بیروباوەڕەکەیانەوە دژی گەلی خۆیان وەستاونەتەوە و لە بەرژەوەندی گەلەکانی عەرەب و تورك و فارسدا کاریان کردووە(لێرەدا دەبێت بێگومان موسڵمانی میللی و تەسەوفی لە ئیخوانی و سەلەفی جودابکرێنەوە، چونکە ئیخوانی و سەلەفی نۆکەری بێگانانن، دوانەکەی دی بەزۆریی کوردستانین). ئەم دیاردەیەش بەردەوام زیانێکی مەزنی لە ئێمە داوە. (ئاخر ئێمەی کورد دڵپاک و بەڕەحمین، زۆر بەزەییمان بەکەسانی لێقەوماو و بێپەنادا دێتەوە)، هەر بەم جۆرە بیرکردنەوە و هەڵوێستانە دوژمنانی کورد توانیویانە میللەتی کورد هەمیشە لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا هەڵبخەڵەتێنن و لە پشتەوە بە خەنجەری ژەهراوی لێیان بدەن.

ـ کورد مێژووی ڕووداوەکانی دەڤەری خۆی خۆویستانە لەبیر خۆی ناباتەوە، بەڵکو میکانیزمێکی سایکۆلۆژی ئەوتۆی بۆ خۆی و نەوەکانی چنیوە (ڕستووە)، کە لە پلەی یەکەمدا پارێزگاری لە مانەوەی خۆی بکات. ئەم دیاردەیە لە هەمان کاتدا زیانێکی گەلەك مەزنی لە خودی گەلی کورد داوە. زەبروزەنگی دوژمنانی کورد و چەوساندنەوەی ئەم میللەتە هێندە سەخت و پڕ ئازارە و جەرگبڕ بووە، کە باوانمان بە ترسێکی پڕژانەوە باسیان لە ڕووداوە کارەساتلەخۆگرەکان کردووە. وە بیرمدێت باوکم باسی ڕوداوەکانی حوزەیرانی ساڵی١٩٦٣ بۆ دەکردین، هەمیشە چاوەکانی پڕ فرمێسك بوون. ئێمە منداڵ بووین و لە هۆکارەکانی ئەم ڕووداوانە تێنەدەگەیشتین. باوکم دەگریا و لەناوەوە وەکو کورەی ئاگر دەسوتا و دەترسا دەنگی بەرز بکاتەوە، بۆ ئەوەی دەورودراوسێ گوێیان لە سکاڵاکانی نەبێت و نەگاتە دەست دەسەڵاتدارانی ڕژێمی بەعس. هەموو جارێك بە ئێمەی دەگوت بێدەنگبن و لەدەرەوە باسی نەکەن، خوا ڕۆژێك دێت حەقیان لێبکاتەوە. بەڵام ئەم یادەوەریانە لەسەر هزر و دەرونی مرۆڤی کوردا، لەژێر خاك و لە نێو خێزان و لە هۆنراوە و گۆرانیدا تۆمارکراون.

تراومای دەستەجەمعی

کاتێك چەوساندنەوە و وێرانکردنی کۆمەڵگەیەك بە شێوەیەکی سیستماتیکی بەرجەستە دەکرێت، ناکرێت بەتەنها باس لە تڕاومای تاک بکرێت، بەڵکو ڕوودەنێتە تڕاوماکی دەستەجەمعی. ئەم تڕاومایە لە زۆرینەیەکی ئەو کۆچبەرانەدا دەستنیشان دەکرێن، کە بەهۆکاری جەنگەکانەوە ڕوویان لە هەندەران کردووە و داوای پەناهەندەییان لەم وڵاتانە کردووە، کوردیش ژمارەیەکی زۆری ئەم پەناهەندانەن. کاتێك کۆمەڵکوژی و چەوساندنەوە بەسەر نەوەیەكدا دێت، تەنها ئەو نەوەیە، کە ڕووداوەکانی بەچاوی خۆی بینیوە، توشی ئازار و تراوما ناکات، بەڵکو ئەم تراومایە دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتووش، جا ئەگەر ئەوان ڕاستەوخۆ ئەم بەسەرهاتانەشیان نەبینیبێت. نەوەکانی داهاتووش لەنێو ترسێکدا پەروەردە دەبن، کە ڕاستەوخۆ نەیانبینیوە، بۆیە هۆکارەکانی ترسەکەیان ڕوون نین و هەست بە نائاسایشی هەمیشەیی دەکەن. ڕەنگە هەندێجار هەست بە شەرم و تاوانباری خۆیان بکەن، بێ ئەوەی هۆکارەکان لایان ڕوونبن. زۆرجار باوانی ئێمە منداڵەکانیان بەوە پاراستووە، کە ڕوداوە دڵتەزێنەکانی مێژوویان بۆ باس نەکەن و دوبارەیان نەکەنەوە یان بە شێوەیەکی هێورتر بۆیان باسکردوون، بەڵام منداڵ هەست بەو ترسە دەستەجەمعییە دەکات و ناتوانێت بە وشە دەریان ببڕێت
(لێرەدا مەبەست لەوەیە، کە ناتوانێت گوزارشتیان لێبکات). کاتێك باوانمان وشەیەکیان لەسەر ڕودارێك بەڕوونی دەرنەبڕیوە، مانای ئەوە نییە، کە مناڵەکە هەستی بەو بێدەنگیە نەکردووە، ئاخر تڕاوما بە هەست دەگوازرێتەوە نەك تەنها بە وشە. کەواتە ئەم نەوەیە هەست بە شتێك دەکات، بەڵام نازانێت بە تەواوی هۆکارەکانی چییە.
وەبیرم دێ، کاتێك باوکم باسی ڕوداوەکانی “حامیەی شاری سلەیمانی، کە بە ٩ ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٣ ناسراوە و بۆ تۆقاندنی کورد بووە”، بۆ دەکردین، ئێمەی منداڵان پێکڕا دەکەوتینە بارودۆخێکی دەروونی زۆر سەختەوە، بەبێ ئەوەی بزانین لە ڕاستیدا چی و چۆن ڕویداوە، هۆکارەکانی چی بوون. ئەوەی باس دەکرێت لە ساڵی ١٩٦٣ دا بە یەکێك لە تاڵترین بیرەوەریەکانی شارەکانی کوردستانی باشور دەژمێردرێت و ناسراوە بە کۆمەڵکوژی لە سەرتاسەری کوردستاندا. عەشایەری عەرەبی ئێراق بەناوی (حەرەس قەومی) بە هاندانی بەعسییەکان لە کەرکوك و دەوروبەری ، لە کۆیە و سلەیمانی و هەولێر سەدان هەزار هاوڵاتی سیڤیلیان بەبێ هیچ دادگا و لێپرسینەوەیەك زیندانی کرد و زۆرێکیان لەوان کۆمەڵکوژ کرد. هەزاران ماڵ و موڵکی بێتاوانیان فەرهود کرد. کۆمەڵکوژی نێو حامیە و یاریگای شاری سلەیمانی لە دیمەنە ترسناك و خوێنڕێژییە بەناوبانگەکانن. ئەم ڕووداوە مێژووییە بە هێندەی قەوارەی تاوانەکان دۆکومێنت نەکراوە، ئەمەش بەهۆی نەبوونی فلیمی ڤیدیۆ و نەبوونی ڕۆژنامەوانی لەو سەردەمەدا. ئەم بیرەوەریانە بە شێوەیەکی زارەکی (دەماودەم) لەلایەن چەند کەسانێکەوە یان چەند خێزانێکەوە باسکراون. ئەم کارەساتە مێژووییە لە بیرەوەری هەندێك خێزاندا ماوەتەوە و لە هەندێک نووسراوی مێژووییدا تۆمارکراوە، لێ بە شێوەیەکی فاکتی مێژوویی ئەرشیڤ نەکراوە. لەناو حامیەشدا کۆمەڵێکی زۆر لە گەنجانی شارەکە ڕەمی کران (سەرپێیی و پڕکێش). لەم بارەوە هیچ ئامارێکی فەڕمی ڕوون بڵاونەکراوەتەوە. حکومەتی بەعس هەوڵی داوە ڕوداوەکان بشارێتەوە و بەهۆکاری ناڕاستانە خراونەتە بەر دەست. جگە لەوەش خێزانە کوردەکانیان ترساندووە و قسەکردنیان لەم بارەوە لێ قەدەغە کراوە. زۆرێك لەم خێزانانە تا دوا ساڵەکانیش نەیاندەزانی چی بەسەر کەسوکارە کوژراوەکانیاندا هاتووە. حامیە بووە ڕەمز و هێمای تاوانەکانی دەوڵەتی بەعس، بەبێ ئەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو کرابن بە دۆکومێنت. ئەم نەوانەی ئێستا دۆکومێنتێکی ئەوتۆی ئەم ڕوداوانەیان لەبەر دەستتدا نییە، تاکو بە شێوەیەکی مێژووناسانە لێی بتوێژنەوە. ئەمە گرفتێکی گەلەك ئاڵۆز و لە هەمان کاتدا پێویستە لایەنە فەرمییەکانی کورد، بەتایبەتی زانکۆکان، بۆ گەشەپێدانی ئاگایی نەتەوەیی کوردی فرە لایەن لێی بتوێژنەوە.
گرفتەکەش لەوەدایە، کە تیمی کوردی خۆماڵی بۆ کۆڵینەوە لەم کارەساتانە دروست نەکراون. ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت، ئەگەر بگوترێت زۆرینەی لاوان و ئەم نەوە تازەیە ئاگاداری ئەم ڕوداوانە نەبن و تەنانەت بەر گوێشیان نەکەوتبن. ئەگەر ئەم ڕووداوانە بخرێنە سیستەمی فێرکارییەوە لە خوێندنگەکاندا، بە تایبەتی لە وانەکانی مێژوودا، ڕەنگە ڕویەکی تر بدرێتە وەبیرهێنانەوەی ئەم ڕووداوانە.
هەندێجار هۆکارەکانی ئەم دیاردەی دووبارەبوونەوەیە ئەوەیە، کە مرۆڤ ئارەزوی بۆ دەسەڵات هەیە، ئەوجا گەر بەو دەسەڵاتە گەیشتبێت ترسی لەدەستدانی دەسەڵاتەکەی هەبووە. زۆرینەی کۆمەڵگەکان وا بیر دەکەنەوە، کە ئەوان لە کۆمەڵگەکانی تر مۆدێرنتر و زیرەکتر و بەئەخلاقترن، کۆمەڵگەکانی تورك و فارس و عەرەب نموونەیەکی زیندوی ئەم ڕاستیەن، کە ئەوان هەمیشە کولتوورەکانی خۆیان لە کولتووری کوردی بەرزتر نرخاندووە، کە ئەمەش پێچەوانەکەی ڕاستە.
ئەوان هەمیشە لە گۆشەنیگای دەسەڵاتەوە ڕەچاویان کردووە، نەك لە گۆشەنیگای شیکاری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە.
ئەم باوەڕە دەبێتە هۆکاری ئەوەی، کە ئێمە هۆشداری و ئەزموونەکانی مێژوومان پشتگوێ بخەین. لێرەدا مێژوو وەك ئەزموون و پەندێك نابینین، بەڵکو وەك چیرۆکێك، کە پەیوەندی بە ئێستاوە نەبێت، جا ئەگەر چی ئەزمونە تاڵەکان لە مێژوودا زۆرجار دووبارە بوونەتەوە، جا ئەگەر تەنانەت گۆڕانە مێژووییەکان لەدەساڵاتدارییەکی پاشایەتی، دیکتاتۆری یان بەناو دیموکراسیدا بووبێتن. سەرباری ئەوەی ئەزموونەکان بەردەوام دووبارە دەبنەوە، بەرامبەریان نایەکسانی و نادادپەروەری پتر پەرە دەسێنن، چینە دەسەڵاتدارەکان لە ژیانی رۆژانەی ئەوانی تر دوور دەکەونەوە، باوەڕ بە دامەزراوەکان کەم دەبێتەوە و لەپاڵ ئەمانەشدا پۆپۆلیستەکان بەڵێن بۆ چارەسەری سادەی گرفتەکان دەدەن، بەبێ ئەوەی ڕۆبچنە ناوەڕۆکی گرفت و تەنگژەکانی کۆمەڵگەوە.
هەندێ جار پرسیار لە خۆمان دەکەین، بۆچی مێژوو دووبارە دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی مێژووی دەڤەری ئێمە لێواولێو پڕە لە کارەساتی پڕ ئازای مرۆڤی و سروشتی.
لە ساڵەکانی سەدەی ڕابووردوودا، ڕەنگە کۆتایی شەستەکانی سەدەی بیست بووبێت، پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان لەو دەڤەرەی ئێمە لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا بوو. گرفت لەوەدا نەبوو، مرۆڤەکان بە چ ئاڕاستەیەکدا دەڕوانن و خۆ لە چ پڕۆسەیەکدا دەبیننەوە، بەڵکو لەوەدا بوو، چۆن وەکو ماشێن ئالودە و ئاڕاستەی دەستەجەمعییەکان بکرێن، نەك وابەستەی بیروڕاکانی تاکەکەسیەکانی خودی خۆیانبن. گرفتەکان لەوەدا نەبوون، کە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری بونیاد و ئاڕاستەکانی مرۆڤی کوردی ئیفلیج کردبوو، بەڵکو لەوەدا بوو کە زۆرینەیەك لە مرۆڤەکان بەرەو دەستەجەمعییەتێک ڕاپێچ دەکران، تا لەنێو خۆیاندا چاودێر و ملشکێنی یەکدیبن .
کەواتە کۆمەڵگەی ئێمە زۆرجار هەوڵدەدات، ئەزموونە مێژووییەکان پشتگوێ بخات نەك ڕووبەروویان بوەستێتەوە. ئێمە هەمیشە هانا بۆ دەرەوە دەبەین، لەتەك ئەوەشدا، کە ئێمە زۆر ڕێسۆرسی مرۆڤی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیمان هەیە. زۆرینەی جار ڕۆڵی قوربانی و تاوانباری تێکەڵی یەکتر دەکرێن. ئێمە لێرەوە دەتوانین پێشبینی بکەین “تڕاومای چارەسەرنەکراوی ئەزموونە مێژووییەکان” بەدوی خۆیدا تڕاوماکی نوێتر و توندوتیژتر بهێنێت. ئاخر مێژوو تەنها بۆ فێربوون نییە، بەڵکو بۆ بەکارهێنانیشە، نەك ببێتە چەکێك، بەڵکو ببێت بە کتێبێکی فێرکاری. فێربوونیش ئارامیی گەرەکە، ئاخر ئەگەر مرۆڤ بکەوێتە تەنگژەوە، ئارامی لەدەست دەدات، تەنانەت پەنا دەباتە بەر شێوازێکی دی، ئەگەر زیانبەخشیش بێت، ئەویش چونکە ترس بەچەشنێك مرۆڤی نێو تەننگژە دەتەنێت، کە ڕابردوو وەبیر خۆی نەهێنێتەوە. بۆ ئەوەی مێژوو نەبێت بە چیرۆکی هۆنراوە، گومانی تێدا نییە هەندێك خاڵ دەشێت وەك ڕێگر ڕەچاو بکرێن، وەك فێرخوازی، پەروەردەکردن لەسەر مێژوویەکی ڕاستگۆیانە نەك شکۆدارکردنی، تەوازوع بەرامبەر هەڵەکانمان و وەبیرهێنانەوەی ئەزموونە مێژووییەکان، کە ئۆرگانەکانە زانستییەکانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ڕێکخراو ئەنجامی دەدەن.
جا سەرنجێك لە مێژوومان رەنگە ڕامانبچلەکێنێ و ڕوبەڕووی گەلەك پرۆسەی تاڵمان بکاتەوە. ئەم دووبارەبوونەوەیە لەو ڕۆژگارانەدا، کە ڕژێمی بەعس لە عێراقدا دەسەڵاتی یەکەم بوو، جاشایەتی و کارکردن لەتەك ئەم ڕژێمەدا هەمان خەڕەکی دووبارەبوونەوەی مێژووی کورد بوو. هەمئێستاش ئەم دووبارە و سێبارەبوونەوەیە بەردەوامە و ئەنجام و بەروبوومەکەی ئێستا لە هەرێمی خۆماندا دەچنینەوە.

مەحمود چاوەش
هانۆڤەر
09.03.2026




ئاڵوگۆڕی کولتووری لە چ پنتێکدا بەئەنجام دەگەیەنرێ.. مەحمود چاوەش

کولتوور بەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتیانە دەناسرێتەوە، کە ئەندامانی گروپێك (یان هۆز و عەشیرەتێك)، نەتەوەیەك لەنێو خۆیاندا پێکیانەوە دەبەستێتەوە. داب و نەریتیش بەشێکی دانەبڕاوی خەسڵەتەکانی کولتوورن. ئەمە ڕەنگە پێناسەیەکی کۆنی کولتوور بێت، لێ جیهانگیری ئەمڕۆ تێکەڵەیەکی کولتووری ئەوتۆی پێکهێناوە، کە گروپ و ئێتنی و تەنانەت گەلەکانیشی پێکەوە گرێداوە. دیارە مەبەست و داخوازییە سیاسی و ئابورییەکان سنوری گەلەك کولتووریان بەزاندووە و جیهانیان بچوکتر (گلۆبال) کردۆتەوە. ئەمەش بە بەشێکی دانەبڕاوی ئەو ئاڵوگۆڕە کولتووریانە دەنرخێندرێت و هەمیشە بەشێکی دانەبڕاویش بووە لە مێژوودا. هێرش و جەنگەکان و داگیرکردنی خاك و گەلانی تر مەودای زیاتری بۆ ئەم ئاڵوگۆڕە کولتووریانە ڕەخساندووە، کە هەمیشە کولتوورێك (کولتووری داگیرکەر و هێرشبەر) بەسەر ئەوی تردا (کولتووری داگیرکراو و هێرشبراوەسە زاڵبووە و کولتووری خۆی بەسەردا سەپاندووە. هێرشەکانی مەغۆل، ڕۆمانەکان، عوسمانیەکان، بە فتوحاتی ئیسلامیشەوە نمونەی زیندوی ئەم ڕاستییە مێژووییەن. لە هەندێك نووسینی پێشومدا باسی ئەم ئاڵوگۆڕە کولتووریانەم کردووە و بە “سەپاندنی کولتووری” پێناسەکراون. ئەگەر مێژووی تازەی دەڤەری ئێمە، بەتایبەتی کوردستان لە ڕوانگەی ئەم ئاڵوگۆڕە کولتوریانەوە بسەنگێنین، لەوە حاڵی دەبین، کە هەمیشە ساویلکانە ڕوانیومانەتە کولتوورەکانی دەوروبەرمان. ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت، ئەگەر بڵێین، کولتوورەکانی دەوروبەرمان هەمیشە توانیویانە داب و نەریتی خۆیان بەسەرماندا بسەپێنن و لە بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا سودی لێوەربگرن. هەمیشە کولتووری ئێمەیان مانیپولە (بەشێوەیەکی نێگەتیڤ دەستکاری) کردووە، نەك لەب واری سیاسی و ئابوریەوە، بەڵکو لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و دیانەتەکانیشەوە. دەتوانین بڵێین ئاڵوگۆڕەکە تاکو ئەم ڕۆژگارەش یەکلایەنە و ناتەریبی ناهاوسەنگ بووە. ئەگەر لە ڕابردوودا بە زەبری شمشێر و سوپاکانیان کولتوورەکانیان بەسەرماندا سەپاندبێت، هەمێستا لەتەك زمانی شیرین و بە زەبری سەرمایە و پلەوپایەدا، بە توندوتیژی و پالاماردانیشەوە کولتوورەکانی خۆیان بەسەر کولتووری کوردا سەپاندووە. نمونەی هێرشەکانی بەناو سوپای سوری، کە بە پاڵپشتی ئیسلامی عەرەبی و هاوپەیمانەکانیانەوە بەئەنجام دەگەیەنرێن، شایەدحاڵی ئەم ڕاستیەن. ئەو پرسیارەی لێرەدا بەرەو ڕومان دەبێتەوە ئەوەیە، کە ئێمە لە مێژووی خۆمانەوە چی فێربووین، چ ئەزمونێکمان لەم مێژووە وەرگرتووە؟
ئایا ئێمە کۆیلەی مۆدێرمان لە تاکی کورد دروستکردۆتەوە، یان هەر بەکۆیلەیی لەدایكبووین؟ لێ ئێمە لێرەدا باس لە مێژووی کۆیلایەتی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا ناکەین، کە لە هاوردنیانەوە بۆ ئەمریکا تاکو ئێستاش بەکۆیلە دەکرێن، بەڵکو لە کۆیلەیەك، کە زۆرجار بەدەستی خۆی لەنێو بازنەی کۆیلایەتییەوە دەخولێتەوە. تاکی کورد هێندە خۆشباوەڕ و ساویلکە پەروەردە کراوە، کە پێی وایە خۆی لە ڕابردوو ڕزگار کردووە، بەڵام کاتێك بەئاگا دێتەوە، خۆی لەنێو هەمان مێژووی باوانیدا دەبینێتەوە. ئەم ڕاستییە ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە، کە ئێمەی کورد لە مانای ئەم ئاڵوگۆڕە کولتووریانە تێنەگەیشتووین و هەمیشە کولتوورەکانی ترمان لەبەرکردووە. نمونەیەکی زیندو، کە نووسەران و دڵسۆزان زۆرجار باسیان لێوە کردووە بوونی کەسانی عەرەبە لە باشوری کوردستان. گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە بەڕاستی شۆککەرە، دیمانەی ژنێکی ڕۆژنامەوانی کوردە لەتەک گەنجێکی عەرەبی باشوردا کە بەڕێکەوت لە بازاڕدا پرسیاری لێدەکات. لەپاش ئەوەی گەنجە عەرەبەکە نازانێت بە کوردی وەڵامی ئەم ڕۆژنامەوانە بداتەوە، پێی دەڵێت پرسیارەکە با بە زمانی عەرەبی لێبکات، لێ ئەو فێری زمانی کوردی نەبووە. کاتێك ڕۆژنامەوانە ژنەکە پرسیاری ئەوەی لێدەکات، چەند ساڵە ئەو لە کوردستان دەژی، دەڵێت ١٠ ساڵە.
پاشان لەبریی ئەوەی گەنجە عەرەبەکە داوای لێبوردن بکات، ڕۆژنامەوانە ژنەکە داوای لێبوردن لەو دەکات! ئەگەر شیکارێکی زۆر ساکارانە بۆ ئەم گرتەیە بکەین، مێژوویەکی زۆر درێژخایەن شایەتحاڵێتی ئەم (باگراوند)ەیە. کورد هەمیشە خۆی بە نزمتر و بێنرختر لە گەلانی ئەو دەڤەرە دەبینێتەوە و ئەوانیش برا گەورە و خاوەنی بڕیاردانن. دیارە ئێمەی کورد لەژێر کۆمپلێکسی “خۆبەکامزانی”دا دەناڵێنین، ئاخر لە چ کولتوور و ساتەوەختێکی مێژوودا بێگانەیەك زمانی خۆی بەسەر خانەخوێدا سەپاندووە، ئەگەر ئەمە بە سەپاندنی کولتووری پێناسە نەکرێت؟ ئایا لێرەدا دەتوانین لە ئاڵوگۆڕی کولتووری بدوێین؟ ئەگەر عەرەبێك لە کوردستان بژی و زمانی کوردی نەزانێت، دیارە کێشە و هەڵەیەکی مێژوویی لە ئێمەی کوردا هەیە، عەرەبەکەش کەسێکی نەفام و جاهیلە، خۆبەزلزانە و بۆی لواوە بە زمانی خانەخوێی ناوچەکە نەدوێت. ئەگەر وردتر بڕوانینە ئەم دیاردەیە ئەوە دەتوانین باسی کۆمپلێکسی (گرێی) مێژوویی لەنێو کورداندا بکەین، کە لە هەموو کولتوورەکانی عەرەبی و فارسی و تورکیشدا هەمان سیستەم پیادە دەکرێت. من و چەندەها کەسانی دیکە باسیان لەم دیاردەی (خۆبەکەمزانینە) کردووە، وەلی ئێمەی کورد خۆمان کارمان لەم گرێکوێرە مێژووییەدا نەکردووە. دیارە کاریگەری دیانەتی ئیسلام لەسەر کوردان، بەتایبەتی لە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێکی دانەبڕاوی ئەم گرێکوێرەیە دەخوڵقێنێت، کە قورئان بە زمانی عەرەبی هاتۆتە خوارەوە! ئەی کوردانی ڕۆژهەڵات و باکور چی؟ ئەمان بە هۆکاری چیەوە دەناڵێنن؟
ئەگەر باس لە شۆڤینیستی عەرەبی و فارسی و تورکی بکەین لەم پنتەدا، ڕەنگە ئەمەش هۆکارێکی مێژوویی دی بێت، چونکە لەم پەیوەستیەدا دەکرێت باس لە “لەدەستدانی ناسنامەی کولتووری”، ناکۆکی نێوان نەوەکان، وە باس لە نادادپەروەری کۆمەڵایەتی بکەین. ئاڵوگۆڕی کولتووری پڕۆسەیەکی مێژووییە، کە گۆڕانە کولتوورییەکان بە ناچاری دەبات. ئەم پڕۆسەیە لە هەر شوێنێکدا بە شێوەیەکی جیاواز ڕوودەدات و بە بارودۆخی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە بەستراوە. لێرەدا زۆر گرنگە باس لە ڕێز و پاراستنی فرەڕەنگی و فرەکولتووری و جیاواریەکانیان بکرێت. بەداخەوە ئەم ڕێزنانە بۆ کولتووری کوردی لەو دەڤەرەی ئێمەدا لەلایەن گەلانی ناوچەکەوە نەکراوە (دانەنراوە). ئەگەر لە ڕوانگەی ئاڵوگۆڕەوە بڕوانین، دەبێت هەموو ئەو کولتوورانە بەیەکسانی ئەم پرۆسەیە لە بەرچاو بگرن و ڕێزی دوولایەنە بە کردەوە نیشان بدەین، کە ئەم پڕۆسەیەش لە دەڤەری ئێمەدا زۆر بەکەمی ڕویداوە. گرنگە لێرەدا باس لە دەستدانی ناسنامەی کولتووری بکەین، لێ بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانەوە جێگای سەرسوڕمان نییە، ئەگەر کولتوورێك بە هۆی هێزە دەرەکیەکانەوە یان فشاری کۆمەڵایەتییەوە بەشێك لە تایبەتمەندییەکانی لەدەست بدات، وەك زمان، نەریت، باوەڕ، شێوازی ژیان و تەنانەت پەیوەندییە کۆمەڵایەتیاکانیش لەتەکیاندا. ڕاستە بەجیهانکردن کولتوورە گەورەکان زاڵ دەکات بەسەر کولتوورە بچکۆلەکاندا، میدیا و تەکنەلۆژیاش لەپاڵ ئەم فشارانەدا دەبنە فشاری سیاسی و ئابووری، تا دەگاتە قەدەغەکردنی زمانیش، کە ڕۆژانە لە تورکیا بەکار دەهێنرێت.
ئەمانەش دەبنە لاوازبوونی زمان و نەریتەکانی کۆمەڵگەیەك، بەتایبەتی لەنێوان گەنجەکاندا تا دەگاتە ناهاوسەنگی کۆمەڵایەتی. ئەگەر کوردان لەم ساتە مێژووییەدا ئاگاداری ئەم ئاڵوگۆڕە کولتووریانە نەبن و مامەڵەی هاوسەنگی و هاونرخی کولتووری نەسەپێنن، ڕەنگە لە پاشەڕۆژێکی نزیکدا ڕەگەکانی کولتووری دەڤەری ئێمە لە ڕیشەوە هەڵبماڵدرێن و کولتوورەکانی دی لە جێگەیاندا سەقامگیربن.
چارەسەریش پەروەردەی نەوەیەکی باوەڕبەخۆبوو و زانخوازی (فزوڵی) بۆ فێرکردن و فێرخوازینی زمان و مێژووی خۆماڵی، پاراستنی هونەر، فۆلکلۆر و نەریتەکان، بەکارهێنانی میدیا بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری خۆیی، ئەوەش بە پشتگیری یاسا و فەرمی بۆ پاراستنی کولتوور بەئەنجام دەگەیەنرێت.

مەحمود چاوەش
هانۆڤەر 11.01.2026




چەند سەرنجێك لەسەر کتێبی “گۆشتەکەی بۆ ئێوە، ئێسقانەکەی بۆ من”ی شێرزاد حەسەن.. مەحمود چاوش

پەروەردە، دووجەمسەرە و بێکۆتاییە
ئەزموونی پەنجا ساڵ لەنێو سیستەمی پەروەردەی ئەو دەڤەرەدا، بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە، غەمباری و توڕەبوونێکی هەمیشەیی لای نووسەری ئەم کتێبە پێکهێناوە. ئەو زۆر بە وردی و سیستماتیك، لە هەمان کاتدا بوێر و جوامێرانە، باس لە وێرانبوونی پاشەڕۆژی چەند نەوەیەک لە کچان و کوڕانی کوردستان دەکات، کە تا ئەم ڕۆژگارەش چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ تەنگژە دەروونییەکانیان نەکراوە و لە داڕوخانێکی مۆڕاڵی و کۆمەڵایەتیی بەردەوامدان. پەروەردە وەك بەشێکی گرنگ لە سۆسیالیزەکردن، تاكەکانی کۆمەڵگەیەك بەرهەمدێنێت، کە کەسانی پڕ باوەڕبەخۆبوو، هەستیار و بەڕێز بەرامبەر کەسانی دی، سروشتپارێز و چوست و چالاك لە ئەرکەکانیاندا بەرامبەر کۆمەڵگە و دەوروبەریاندا بەرەنگاردەبنەوە. نووسەر باس لە شێواندن و داڕمانی ئەم سوسیالیزەکردنەی تاکی کورد و زۆرینەی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، کە بە هەرسێ “خەڕەکەی” خێزان و قوتابخانە و کۆمەڵگەدا سەرگەردان کراون و دەکرێن، مایە پوچ و مرۆڤی تەمبەڵ، لە هەمان کاتدا کاڵفام بەرهەم دەهێنێن. هۆکارەکانیش زۆر ئاشکرا و ڕوونن: فەرمان و سزادان، خەساندنی ئارەزو و هیواکانی تاك، مراندنی گیانی ئازادی و بەهرەمەندیە. کاتێك پەروەردە و فێربوون خرانە چوارچێوەی سزادان و فەرماندان، بۆشایی نامێنێتەوە بۆ بەهرەمەندی و تازەخوازی، بۆ ڕێزی تاکەکانی تر و چوست و چالاك بۆ کۆمەڵگە. ئەمەش دەبێتە بەرهەمهێنانی نەوەیەک، کە لە هەموو هەلێکی تازەگەری و توانای هزری بێبەر دەبن و هەندێ جاریش لە ئەنجامی ئەو سیستەمە داڕوخاوەدا ئەم بەهرەمەندییەیان لێسەندراوەتەوە. لای ئەوان ڕێزداری و خۆشەویستی بۆ دەورووبەرەکەیان تەنها وشەی نامۆیە، ئازادی تاکی خۆیان و لە هەمان کاتدا ئازادی تاکەکانی تری کۆمەڵگە وەك سیستەم بەهەند وەرناگرن. بێگومان ئەمەش تەنها کەمتەرخەمی خۆیان نییە، بەڵکو پەروەردەیەکیان بەسەردا سەپێنراوە، کە ئەمان بەرهەمبهێنێت. کاتێك تاکەکانی کۆمەڵگەیەك ئازاد نەبن و مافەکانی مرۆڤ تیاندا پێشێل کرابێتن، ناتوانین باس لە کۆمەڵگەیەکی پڕ تەندروست بکەین، لێ بە ئامادەیی مافەکانی مرۆڤ کۆمەڵگەیەکی تەندروست بەئەنجام دەگەیەنرێت.
نەبونی تاکی ئازاد لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بۆتە گرفتێکی کڕۆکیانە و نەوە دوای نەوە بە شێوەیەکی وەراسی بۆیان ماوەتەوە، کۆمپلێکسێکە، کە ئازادی تاکەکانی تر پێشێل دەکات، لێ خودی ئەم تاکانە ئازادییان نەچێشتووە. دەستەجەمعی و مێگەلی هەموو جۆرێك لە ئازادی تاکیان سستکردووە. مرۆڤ کاتێک دەتوانێت باس لە ئازادی بکات، کە خودی خۆی ئازادی چێشتبێت.
ئەوەی زیاتر جێگای سەرجڕاکێشانە لەم نووسینەدا کەمی باس لە مێتۆدەکانی وانەگوتنەوە و سیستەمی پەروەردەییە، کە تاکو ئێستاش چارەسەرێکی ئەوتۆیان تێدا نەدۆزراوەتەوە، بۆ نموونە بە چ شێوازێكی سیستەمی پەروەردەیی دەتوانرێت کارێکی پۆزەتیڤ و گەشەسەندوو لە پەروەردەی ئەو دەڤەرەدا بکرێت. نووسەر چەند پێشنیازێکی بۆ چارەسەری ئەم گرفتەش خستۆتە بەردەم خوێنەران، کە وەك سیستەمی پەروەردەیی دەبێت لەو دەڤەرەدا کاری سیستماتیکی تێدا بکرێت، کە تاکو ئێستاش نەکراوە.

خاڵێکی گرنگی دیش لەم نووسینەدا، کە بە کورتی باسی لێکراوە، پەروەردەی ئێستای ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەوروپایە (1). لە ڕۆژئاواش گرفتی پەروەردەیی گەلەك هەنە، کە ڕۆژانە دایك و باوکان پێوەیان سەرقاڵن. بۆ نمونە زۆری ئازادی تاك گەلەك گرفتی بۆ کۆمەڵگەکانی ئەم دەڤەرەش بەرهەمهێناوە. خودپەرەستی و نارسیزم جۆرێك لە نەوەی خۆڵقاندووە، کە زۆرینەی باوانی ئەم کۆمەڵگانەش دووچاری گرفتی ئاڵۆز کردووە. پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان لە رۆژئاواش، کە پەروەردەش بەشێکی گرنگە ئەم پێکهاتەیە، بەرەو ئاڵۆزی و کۆمپلێکس هەنگاو دەنێن. لاوانی ئەوروپاش دووچاری گەلەك گرفتی کەسی و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە، کە لە ڕۆژهەڵات ئاگاداری نین. زۆرینەی لاوان توشی تەنیاییەکی کۆشندە بوون، کە ئەمەش جارێکی تر بەستراوەتەوە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانەوە. ڕاستە سیستەمی پەروەردە و فێرکاری لە ئەوروپادا لە پێشەنگی جیهاندایە، وەلی لاوانی ئێرەش لە قەیرانێکی بەردەوامدان، کە ڕوو لە تەنیایی و هەندێ جاریش ڕوو لە خۆبەکەمزانی دەنێت. ئەم دیاردەیەش دەتوانرێت بە “دووجەمسەری پەڕەدۆکس لە پەروەردە” دا بنرخێنین. لەقاڵبدانی خوێندکار لەهەردوو کولتوورەکەدا بەرجەستەیە، هەرچەندە پەستانی لەقاڵبدانەکە لە ڕۆژئاوادا کەمترە. کەواتە لە هەردوو سیستەمە پەروەردەییەکەدا لایەنی نەرێنی و ئەرێنی خۆیان هەیە. غەمساردی باوانیش لە ئەوروپا بەرامبەر مناڵەکانیان جۆرێك لە دوورەپەرێزی لەنێوان هەردوو نەوەکەدا بەرهەمهێناوە، کە زۆرینەی مناڵان لە دوای تەمەنی هەرزەکارییەوە باوانیان بەجێدەهێڵن و پەیوەندییەکان تەنها لە چەند پنتێکدا دەمێننەوە و بەرەو ساردی ڕوودەنێن.
ئەوڕۆ سیستەمی فێربوون و پەروەردە لە تەواوی جیهاندا خۆی لە قەیرانێکی بەردەوامدا دەبینێتەوە، جا لە ڕۆژهەڵات یان لە ڕۆژئاوا. بێگومان دەبێت جیاوازی فەرهەنگی و کولتوورییەکان ڕەچاو بکرێن، کە لێرەدا باس لە دوو کولتوور و کۆمەڵگای زۆر جیاواز دەکەین (ئەمەش خۆی جێگەی باسێکی درێژخایەنترە).

لە زۆر شوێنی نووسینەکەدا باس لە سیاسەت کراوە، کە هەندێجار لە ناوەڕۆکی بابەتەکە، کە پەروەردەیە دووردەکەوێتەوە. ڕاستە سیاسەتی ئەو دەڤەرە کاریگەییەکی نەرێنی لەسەر پەروەردە هەیە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، باسنەکردنی کۆنکرێتی جۆری وانەوتنەوە و سیستەمی ئەڵتەرناتیڤی پەروەردەییە، کە سیاسەتمەدارانی ئەو دەڤەرەش بیری زیاتری لێبکەنەوە. بریا زیاتر باس لەوە بکرایە، کە مامۆستاکان لە فێرگەدا بە چ شێواز و بەرنامەیەك وانە ئامادە بکەن و ماستەرپلانی ئەم سیستەمەش لە پەروەردەدا چ گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی لەسەر لاوان دەنێت.

لە نووسینەکەدا باس لە ڕێفۆرمی پەروەردە کراوە، بەتایبەتی بزوتنەوەی هزری لە ئەوروپادا، بەڵام جۆرەکانی ڕێفۆرم باس نەکراوان، لێ شێوازەکانی ڕێفۆرمی پەروەردە ڕووبەرێکی زۆر فراوان لەخۆدەگرێت، بۆ نمونە فێرکار و خوێندکار چۆن بتوانن پەستانی دەروونی لە گەیشتن بە دەرەجە و ئاستی بەرز کەمبکەنەوە، توانا و کارامەیی خوێندکاران بە شێوەیەکی کەسی ڕەچاو بکرێت، تواناکان و بەرەوپێشچوونی کەسایەتی تاك بخرێتە چەقی هەوڵە پەروەردەییەکانەوە، یان ئامانجەکانی وانە و فێربوون و پەروەردە دەبێت بە چ مەبەستێك بن، کە جۆرێك لە سەربەخۆیی بۆ خوێندکار و مناڵان گەشە پێبدات و چێژ لە پڕۆسەی خوێندن بکرێت. بە کورتی ڕۆڵی فێرکار و پەروەردەناس دەبێت بە شێوەیەکی نوێ پێناسە بکرێتەوە. هەموو دەستپێکێکی پێداگۆگی ڕێفۆرمکراو مۆرکی تایبەتی خۆی هەیە، کۆنسێپتی پەروەردەی زۆرەملێ دەبێت بگۆڕدرێت بە پەروەردەیەکی لیبڕاڵ و دیموکرات و نەخشەیەکی تایبەتی و ئاڕاستەکراوی ئەوتۆ لە سیستەمەکەدا بچەسپێندرێت، کە پەستانی فێربوون لەسەر فێرخوازان کەمبکرێتەوە. بێگومان دەزگاکانی دەوڵەتی و پەروەردەیی ڕۆڵێکی زۆر گرنگ لەم بارەوە دەبینن.

نووسەر باس لە ڕۆح و سروشتخوازی دەکات، ڕەنگە لە هەندێك جێگەدا وشەی ڕۆح لە شوێنی خۆیدا بەکار نەهێنرابێت و لە جێگەی ئەو وشەی “هزرمەندی / هزرمەندێتی” شایستە بوایە. ٢

نووسەر لە بەکارهێنانی تێگەی یان چەمکی “نامۆبون”ی تاکی کورد بەرامبەر کۆمەڵگەکەی وردبین و تیژبینانە بۆ ئەم دیاردەیە چووە و ناوی گەلەك نووسەر و زانستەوان و دروونناسانی بە نمونە هێناوەتەوە، کە بابەتەکەی دەوڵەمەندتر کردووە. ڕەنگە ئەگەر نووسەر لەم گۆشەنیگایەدا باسی لە جان جاك ڕوسۆ بکردایە، باسەکە چڕتر و بەپێزتر بوایە، چونکە ڕۆسۆ بەڕێگەنیشاندەری تیۆری مۆدێرنی “ناموۆبوون” دادەنرێت، ئەو بە پێچەوانەی دەقەکانی پێشوتر، هۆکارەکانی نامۆبوونی لەسەر بنەمای ئارگومێنتی لاهوتییەکان (دیانەتەکان بەتایبەتی دیانەتی مەسیحی) شیکار نەکردووە، بەڵکو هۆکارەکانی نامۆبوونی بە گۆڕانکارییەکانی نێو کۆمەڵگەوە بەستۆتەوە بە “بەکۆمەڵایەتیبوون”ەوە (Vergesellschaftung)، کە ئەویش کۆمەڵگەیەکە، کە نایەکسانی کۆمەڵایەتی لەنێویدا دەخوڵقێت. ئەزمونی جەنگ و هەژاری و کوشتارەکانی پڕۆسەی مێژوو بونەتە هۆکاری نامۆبوونی تاك. ڕۆشنگەراییش لە سەدەکانی پێشوتردا زیادەتر بۆ مرۆڤی ڕوونکردەوە، کە بەدوای هۆکارەکانی نامۆبووندا بگەڕێت، کە ئەویش لە نێو چەقی کۆمەڵگەدایە، نەك بەهۆی ئەو گوناهکاریانەی بەسەر مرۆڤدا سەپێنراوە، وەك لە دیانەتەکاندا ڕونکراونەتەوە. ڕوسۆ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لە سروشت و ئاوێتەبوونی لەنێو کۆمەڵگە خۆیدا نامۆبوونی ئەوی خۆڵقاندووە. دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لە سروشت ئەو هۆکارەیە، کە موفتەلای کردووە بەنامۆبوونی هەمیشەیی لە خۆی، ئەمەش جیاوازە لەو ئارگومێنتانەی، کە کەنیسە و مزگەوت و پیاوانی ئایینی پێناسەیان کردووە. ڕوسۆ لە کتێبی (دەربارەی نایەکسانی / دیسکۆرسی نایەکسانی) (3) بەڕوونی باس لەم دیاردەیە دەکات. و ڕکهاتنەوەی ئەوە دژی نایەکسانی و خاوەندارێتییە.

نووسەر هەندێك چارەسەری کۆنکرێتی بۆ گرفتە پەروەردەییەکان داناوە و هەوڵدەدات، بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ باسیان لێوە بکات، کە ڕەنگە بۆ ئەو دەڤەرە چارەسەرێکی هەمئێستایی بێت و بەرەو پاشەڕۆژێکی ڕوونتر هەنگاو بنێت. (4)
ئەو جارێکیتر باس لە نامۆبوون دەکات: “نامۆبوونی ئێمە ڕەگوڕیشەیەکی قوولی هەیە …” بەداخەوە ئەم ڕەگوڕیشە لایەنە مێژووییەکەی ڕووننەکراوەتەوە، کە ئایا پەیوەندی تەنها بەوەوە هەیە، کە مرۆڤی کورد لە ژێر چەوساندنەوە و کوشتار و جەنگەکاندا ئالودەی ئەم نامۆبوونە بووە، یان هۆکاری تری هەن، ئایا ئەم دیاردەیە، بەتایبەتی لە دەڤەری ئێمەدا لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی تریان هەیە، تاکی کورد تەنها بەڕووی خۆیدا نامۆ بووە یان بەرامبەر کۆمەڵگەکەشی؟ خاڵێکی تر لەم پنتەدا، کە گرنگە، ئایا ئەم نامۆبوونەی تاکی کورد تەنها پەیوەستە بە سیستەمی پەروەردەوە لەو دەڤەرەدا. ڕەنگە گەلەك پرسیاری تر هەبن، کە پەیوەندییان بە هەمان دیاردەوە هەبێت. ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە، کە ئەم هۆکارانە بونەتە تڕاومایەکی هەمیشەیی و تاکو هەنوکەش پێوەی دەناڵێنێت.
ئەگەر لە ڕوانگەی چەمکی نامۆبوونەوە لای ڕوسۆ شیکاری ئەم دیاردەیە بکەین، ئەوا هۆکارەکەی دوورکەوتنەوەی مرۆڤی کورد لە سروشت نییە، ئاخر کورد لە بنەڕەتەوە پەیوەندییەکی نزیکی بە سروشتەوە هەبووە. لێرەدا جێگەی خۆیەتی نامۆبوونی هەنوکەیی تاکی کورد بەرامبەر بە خۆی و کۆمەڵگەکەی بخەینە ژێر شیکارەوە، کە ڕەنگە ئەمانە هۆکارە سەرەکییەکانی بن:

کۆمەڵگەی کوردەواری بە پڕۆسەیەکی مێژووییدا هەنگاوی بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری نەناوە و ئەو چینە بۆرجوازییە ئیحتکارییەی، کە ئێستا لە کوردستاندا هەن بە پڕۆسەیەکی مێژووییدا تێنەپەڕیوە، بەڵکو بەهۆی زیادبوونی خێرایی سەرمایەوەیە لەو دەڤەرەدا بەئەنجام گەیشتووە (Akkumulation / هەڵئاوسانی سەرمایە). واتە ئەم پڕۆسەیە بە سەرخان و ژێرخانێکی مێژووییدا وەك ئەوروپادا تێنەپەڕی، کە لەتەك گۆڕانە مێژووییەکەی ئەو دەڤەرەدا هاوسەنگی و ڕەوتی مێژووییەکەیدا بگونجێت. پرۆسەکە چینێکی ئەڕۆستۆکراتی لە کوردستان و ناوچەکەدا دروست کردووە، کە بۆتە مۆتەکە و زۆردار. زیادبوونی ژمارەی سەرمایەداران لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەو خێراییە، کە پێشتر خاوەنی تەنها زەویەکیش نەبوون، ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت.

نەبونی چینێك، کە لە مێژوودا بە پرۆلیتاریا ناوبێژکراوە، لە پڕۆسەی مێژوویی ئەو دەڤەرەدا زۆر بەکەمی سەریهەڵداوە. ئەمەش کۆمەڵگەیەکی دەستەجەمعی/مێگەلی توندتر کردۆتەوە و درێژەی پێداوە، کە تاکی کوردی لەژێر پەستانێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری ئەوتۆدا حەسار داوە، کە باری دەروونی شێواندووە و ڕایپێچاوە بۆ نێو نامۆبوونی ئەو بەرامبەر بە خۆیی و کۆمەڵگەکەی. کەمی ئازادی تاکی کوردیش بێگومان هۆکارێکی تری ئەم نامۆبوونەیە، کە پەستانی دەستەجەمعیش بەردەوام کاری نێگەتیڤی لەسەر ئەم تاکە کردووە. گومانی تێدا نییە کە ئەم پڕۆسەیە کاریگەری نەرێنی کردۆتە سەر ساردبوونەوەیەکی زۆر خێرای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و نامۆبوونی تاكیش.
بێگومان ئەم باسانە لە زۆرێك دەرگای زانست و پرۆسەی مێژوویی دەدات، کە ڕەنگە نووسین و شیکاری زۆرتر لەخۆ بگرن. ئەوەی لەم کۆنتێکستەدا گرنگە و جێگای باسە، ئەوەیە، کە نووسەری ئەم باسە ئەزمونێکی گەلەك بەنرخی کەسی خۆی دەخاتە بەردەمی خوێنەرانی، کە ڕێنیشاندەرێکە بۆ نەوەکانی داهاتو بە لاوان و فێرخوازان و فێرکارانەوە. دەستخۆشی لە نووسەر دەکەم بۆ ئەم هەوڵدانەی لەم بوارەدا.

ئەڵمانیا
23.12.2024

پەراوێز
١ شرزاد حەسەن: گۆشتەکەی بۆ ئێوە و ئێسقانەکانی بۆ من، سەدەیەك لە شکستی سیستمی پەروەردە، لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەسەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکرنەوە، زنجیرەی کتێب ٣٦٢، چاپی یەکەم ساڵی ٢٠٢٢، لاپەڕە ١٠.
٢ هەمان سەرچاوە لاپەڕە ١١٠ بەدوارە
٣. Diskurs über die Ungleichheit ، گفوگۆ لەسەر نایەکسانی، 1755 لە ڕاستیدا تێزەکەی ڕوسۆ لە ساڵی 1750دا بەجارێك ناوبانگی دەرکرد و لەم ڕستەیەدا ڕووندەکرێتەوە: “پێشکەوتنی کولتووری ئەم جیهانەی مرۆڤدۆستانەتر نەکردووە، بەڵکو جیهانێکی نامرۆڤدۆستانەی بەرهەمهێناوە. سەرنجی ڕۆسۆ لەسەر مرۆڤ ئەرێنییە و بارە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لای ئەو پۆزەتیڤە، جوڵێنەری مرۆڤ بەرەو ئەو بارودۆخەی، کە بەرەو نەرێنی ڕاکێشاوە (نامۆبوون)، لە سێ خاڵدان:
1 خودئەڤینی، مرۆڤ بەردەوام هەوڵدەدات، لەژیاندا بمێنێتەوە.
2 هاودەردی یان بەزەیی، مرۆڤ حەزناکات مرۆڤەکانی تر بە زەلیلی ببینێت، لە بنچینەدا ئەو هاوجنسەکانی خۆی بە مەترسی و هەڕەشە نانرخێنێت.
3 خۆکامڵکردن، مرۆڤ دەتوانێت خۆی بەرەو پێشکەوتن بەرێت و هەوڵی خۆکامڵبوون بدات.
• * لە دیسکۆرسی نایەکسانیدا ڕۆسۆ دەبێژێت: یەکەم کەس، کە پارچەیەك زەوی بۆخۆی پەرژیندارکرد و گۆتی ئەمە مۆڵکی منە و کەسانی ساویلکە و نەفامی دۆزییەوە، کە بڕوا بەو بکەن، ئەو کەسە بنیادنەری ڕاستەقینەی ژیاریە (تسیڤیلیزاتسیۆن/ Zivilisation).

  1. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٢٢٣ بەدواوە.
    5 هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٢٧٥ بەدواوە.



گرفتەکانی مێژووناسی و مێژوونووسینی ڕووداوەکان-2-.. مەحمود چاوش

بەشی دووهەم

تێڕامانێک لەسەر نوسینەکەی یۆهانس لێپسیۆس

ئازار تایبەتمەندییەکی کەسییە، هەر مرۆڤێک بە شێوەیەکی خۆیی (ئیندیڤیدوێڵ) ئازارەکانی هەستپێدەکات. ئازار جۆری زۆرە، هەندێکیان تەندی / فیزیکی و هەندێکی تریان دەروونین. دیارە ئاژالەکانیش بێبەشنین لە ئازارەکان. ئازار ستونی تین و سەختێتی خۆی هەیە، هەندێجار بە هەمیشەیی لە تەنماندا دەمێننەوە و بەدرێژایی ژیانمان هاوڕێگامانن.
هەندێک ئازار هەن، کە لە چوارچێوە و سنورەکانی کەسی تێدەپەڕن و شێوەی گەلەکی (دەستەجەمعی) لەخۆدەگرن، ئازارێکن کە وابەستەی ئێستاو هەندێجار ڕابردووشمانن. ئازارەکانی ڕابردووش ڕەنگە بە “ئازاری مێژوو”یی ناوزەدبکرێن، لێ بەسەرهاتێکن، کە گروپێک، بیروبارەڕێک، دیانەتێک یان گەلێک بەشێوەی کۆلێکتیڤ لەخۆیانی دەگرن. مەبەستی ئەم نووسینەش جۆری ئازارەکانی بەدەنی نین، زیاتر باس لە ئازاری هەندێک لە ڕووداوە مێژووییەکان دەکەن، کە دەستەجەمعین و بوونەتە ئازارێکی کڕۆنی (هەمیشەلەخۆگر). لێرەدا جێی خۆیەتی ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین، داخۆ ئازار لەتەک مێژوودا لە چ پیوەندییەکدا بێت. مێژوو هەندێجار ئازارلەخۆگرە، ڕووداوەکانی جەرگبڕن، هۆکارەکانی نادیارو فاکتەکانی سەرەوژووکراون. پێداچونەوەی هەندێ ڕووداوی مێژوویی ئازارێکی دەروونی و تەزوویەکی ساردە، کە بەجەستەماندا تێدەپەڕن. بۆیە گرنگە بەشوێن فاکتە زانستییەکانیاندا بگەڕێین. ڕەنگە گەر ئەم دیاردەیە بە “ئازاری مێژوویی” بناسێنین، لەشوێنی خۆیدابێت. هەموو ڕوودارێکی مێژوویی هۆکاری خۆی هەیە، پێشبینییەکانی / باکڕاوندەکانی هەندێجار دیار و هەندێجار شاراوەن، شوێنەوار و پاشماوەکانیان لەناوبراون. ئەم خەسڵەتەش دەبێتە هۆی ئەوەی، نەتوانین لەچاوگەکانیان شێوەیەک لە فاکتی زانستی هەڵهێنجین، لێ فاکتەکانیان دزراون، ڕاستییەکانیان ئاوەژووکراون.
لەم بەشەدا تەنها باس لەڕوودا و ساتە پڕئازار و سەختەکانی مێژوو ناکەین، بەڵکە لەخۆهەڵبەستی (ئیدعا) و بێفاکتی زانستییانەی ڕووداوەکان دەکەین، کە لەلایەن بەناو “مێژووناس”انەوە هەڵبەستراو و ئاوەژووکراونەتەوە، لێ هەڵگێڕانەوەی ڕووی ڕاستی ڕووداوەکان
لەخۆیاندا پڕئازارن، مەبەست لە ئازاری مێژووە. بەهانەی جەنگ و تەنگژە جۆراوجۆرەکانی ڕابووردوو بەڵگەیەکی زیندون لەبێویژدانی بەناو نووسەران / مێژوونووسانی ئەم ڕووداوانە. نموونەیەکی زیندوو و لەبیرنەکراوی ڕوداوەکانی یەکەم جەنگی جیهانی و کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان دەکرێتە جێی باس و هەوڵدەدرێت لە ڕوانگەی مێژوونوس و قەشەی ئەڵمانی “یۆهانس لێپسیوس”1 ەوە شیکاربکرێت. لەبەر گرنگی ئەو کتێبەی2، کە لەسەر ئەم ڕووداوە مێژووییە نوسیویەتی، جێگای سەرنجە لەناوەڕۆکی شیکارەکەی قوڵتر بڕوانین. ئەم باسەش، کە تەنها پەیوەندی بە ڕووداوەکانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییە مەسیحییەکانی دەورانی یەکەم جەنگی جیهانییەوە هەیە، ئاوێنەیەکی هەموو ئەو ڕووداوە مێژووییە پڕ ئازارانەن، کە ئێمەی کوردیش لە کارەساتە پڕ ئازارەکانی مێژودا چێشتومانن. ئەم نووسینە توێژینەوەیەکی زانستی ڕووداوە مێژووییەکە نیە، بەڵکو هەڵهێنجانی بیروڕاکانی نووسەری کتێبەکەیە و بەو شێوەیەی کە نووسەر باسیان دەکات دەخرێتە بەردەم خۆێنەرانی کوردزمان. گرنگی کتێبەکەی لێپسیۆس لەوەدا نییە، کە تەنها باس لە ڕوداوەکانی ئەو کارەساتە دەکات، بەڵکو زیاتر لەوەدایە، کە نووسەر خۆی لە کات و شوێنی هەندێک لە ڕووداوەکاندا ئامادە بووە و لە هەندێکیانیشی زۆر لە نزیکەوە ئاگادار بووە. ئەمەش جۆرێک لە نرخی مێژوویی دەداتە ئەم کتێبە. بێگومان هەندێک لە بیروڕاو شیکارەکانی لێپسیۆس بۆ ئەم ڕووداوانە و باس لە دەوری هەنێک لایەنی بەشداربوو لەم چوارچێوەیەدا بابەتیانە نین و بێبەرن لە فاکتی مێژوویی.
مەبەست لەم نووسینە ئەو ڕوونکردنەوەیەیە، کە نووسینەوەی بەشێک لە مێژووی کورد، جا گەر لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسە ئەوروپییەکانەوە یان لەلایەن مێژوونووسانی ئیسلامەوە ڕاڤەکرابێتن، مەرج نییە لە خانەی توێژینەوە و شیکاری زانستیانەدا کاتێگۆری بکرێن. زۆرێک لەم مێژوونووسانە، بە ئەرەبی ئیسلامی، یان فارس و تورکە ئیسلامیەکانیشەوە، بێ چاوگی زانستیانە لەسەر بابەتی مێژووی کورد و ڕووداوەکانی شیکاریان کردووە. گەلێک هۆکاریان بە ئارەزومەندانە پەڕاندووە، ڕق و کینە و مەرامی سیاسیان پێوە لکاندووە. ئەم کتێبەش لەهەندێ جێگەدا بێبەر نیە لە بەرهەمی جۆرێک لە ڕق و کینەش دەربارەی نووسینەوەی مێژووی ئەو دەمەی ڕووداوەکان.

جێگای خۆیەتی لەڕوانگەی ئەم کتێبەوە پێناسەیەکی “کوشتار” بکەین، کە تەواوی ڕووداوەکاندا باس دەکرێن. کوشتار یان کۆـکوژی، کوشتنی بەدەستەجەمعی، لەناوبردن و سڕینەوەی گروپێک، ئێتنیەک، یان هەڵگرانی باوەڕێک، لەلایەن دەستەیەکی دەسەڵاتدارەوە، کە سنوورەکانی دادپەروەری و مرۆڤپەروەری دەبەزێنێنن. یەکێک لە خەسڵەتەکانی کوشتار، کۆـکوژی، ئەوەیە، کە لە هاوکێشەیەکی نایەکسان و پێچەوانەییدایە، زۆرکوشتن ـ زووکوشتن، بەواتای زۆر بکوژە ـ زوو بیکوژە. ئەم هاوکێشەیە لێوانلێو بۆ “کۆمەڵکوژی” ئەرمەنە مەسیحییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی عەسمانی دەگونجێت. خەسڵەتێکی تری کۆـکوژی سڕینەوەی زۆرینەی شوێنەوارەکانی ئەم ڕووداوانە و بەزوو ئەنجامدانیان بووە. مێژووی قەتڵوعامەکانی هێرشی “فتوحاتی ئیسلامی” (بەرفراوانکردن/بەرفراوانبوون) و داگیرکردنی بەشێکی زۆری وڵاتان و خاکی غەیرە ئیسلام نموونەیەکی زیندوی ئەم ڕوونکردنەوەیەن.
لەکاتێکدا نووسینەکانی لێپسیۆس دەخۆنێنینەوە، زۆر بەئاشکرا بۆمان ڕوندەبێتەوە، کەئەم مێژوونوسە لەکاتی نووسینی ڕووداوەکانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان ئازارێکی کەسی بەرجەستە بووە، ئاخر یۆهانس لێپسیوس باس لە بێویژدانترین و دڵڕەقترین سیستەمێک دەکات، کە ڕووداوەکان بە ئارەزوو و بەرژەوەندییاکانی خۆی و بەدرۆ و ئاوەژوکراو دەهۆنێتەوە، باس لە ڕۆڵی دووڕوییانە و بەرژەوەندلەخۆگری وڵاتانی ئەوروپی مەسیحی دەکاتەوە، کەلەپێش چاویاندا ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی و کەمایەتیەکانی سەر بە ئیمپڕاتۆرییەتی عەسمانی و دوای ئەوانیش کۆمەڵکوژکراون. کاربەدەستانی ئەوکاتەی ئیمپڕاتۆری عوسمانی و دام و دەزگای سوڵتان عەبدولحەمیدی ٢ ، لەپاشدا مێژوونوسان و نووسەرانی تورک ڕاستی ڕووداوەکان بە هەڵگێڕانەوەیی و نادیار و تەنها لە بەرژەوەندی سوڵتاندا تۆماریان کردوون، کە لێپسیوس بە فڕوفیشاڵ و درۆ و بێبنەمای زانستی ناویان دەبات. لێپسیوس لەم بارەوە دەنووسێت: “بکەرانی کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن فەرمانبەرانی سوپاو سیڤیلەوە (مەبەست لە دانیشتوانی ئەوکاتەی تورک خۆیەتی، وەرگێڕ) جێبەجێکراون/ بەئەنجامگەیەندراون، کەدەستیان زیاتر بەسەر هەشت فەرمانداریدا درێژەی کێشابوو. بەڕادەیەکی زۆر لەکاولکردن و ڕاووڕووت / غارەتگەری، لەپالیشیاندا بەزۆره ملێهێنان بۆ سەر ئایینی ئیسلامی گەلێکی ئەرمەنی مەسیحی بەئەنجام گەیەندران. گەر مرۆڤ بیرتیژانە بڕوانێت باس لە جەنگێکی کراوە (ڕووبەڕوو) ناکرێت، بەڵکو باس لە جێبەجێکردنی بکوژوببڕی و ڕاو و ڕووت، کە پەلاماردانەکانی بەنهێنی بمێنێتەوە و شوێنپەنجەیان بەزوترین کات لەسەر شوێنی ڕووداوەکان بسڕدرێنەوە، کارێک بەئەندازەیەکی باڵا لە تێکشکاندن و دوواوەبینی / وریایی و کارامەیی لە ڕێکخستندا دەخوازێت. ئەمە جیاوازە لە بزواندنی جەنگێک (جەنگێکی کراوە و ڕووبەڕوو). مرۆڤ دەبێت ئەوەش بدرکێنێت، کە بکەران و بەرهەمهێنەرانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بێشەک (بێگومان) بەڵگەیەکی ڕەونەقدار و بریسکەدار لە تواناکانیان دەخەنە بەر دەستمان، بەڵگەیەک، کە تەنانەت لە مێژووی ئیمپڕاتۆری تورکی خۆشیدا بەدەگمەن ئەو دێوەزمە بەدو نەگریسەی تێدا بەکارهێنراوە.”3 ئەمە ڕاستیەکی مێژووییە بۆ ئەو ڕووداوانەی پێش 126 ساڵ بەر لە ئێستا نوسراونەتەوە. جێگای سەرسوڕمان نییە، کە لەم تێکستەدا باس لە لەناوبردنی شوێنەواری ڕووداوەکان دەکرێت، کە لە سەرجەم مێژووی ئیسلام و ئیمپڕاتۆریەتەکانیدا شوێنەواری ڕووداوەکان بە شێوەیەکی زۆر خێرا بەلاوەبراون و بۆ هەمیشە سڕدراونەتەوە. ئەم تایبەتمەندێتییە لە هەناوی سەرجەم مێژووی ئەو دەڤەرەی ئێمە، بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە، بونەتە هۆکاری ئەوەی مێژووی ئەو ناوچانە بێبەربن لە بنەما زانستییەکان و فاکتە مێژووییەکان، ئاخر چۆن بتوانین لە ڕاستییەکانی ئەو ڕوداوانە تێبگەیەن، گەر شوێنەوارەکانیشیان سڕدرابووبێتنەوە یان پاش چەند مانگێک بە تەزویر باسکرابێتن. لێپسیۆس باس لەساختەبازی و تەزویری ڕووداوەکان لەلایەن مێدیاکانی تورکەوە دەکات و بەتەوسەوە دەنوسێت: “بەڵێ، سوپاسگوزاری بۆ کاریگەری مێدیاکان لە ساختەبازی (تەزویر) بۆ نێو بیروڕا فەرمیەکاندا بوونە هۆکاری ئەوەی، ڕاستییەکان (ڕاستی ڕووداوەکان، وەرگێڕ) پاش چەند مانگێک ئاشکرا بکرێن”4. واتە بەدوای کوشتارەکاندا بە چەند مانگێک. ئەمە گرفت و لەهەمانکاتدا ئازارەکانی مێژووی ڕووداوەکانە. لەبەر نەبوونی فاکتە مێژووییەکان ڕەنگە تەواوی بەرفراوانکردنی/بەرفراوانبوونی ئیسلام لە هێرشەکانی بەناوی “فتوحاتی ئیسلامی”یەوە هەمان دیاردەی لە سڕێنەوەی شوێنەوارەکانیان لەخۆگرتبێت.

بکەرانی ڕووداوەکانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان
خاڵێکی پڕگرفت و گرنگی تر لەم باسەدا بکەرەکانی ڕووداوەکانن، کە لەلایەن کاربەدەستانی ئەو کاتەوە بەهۆکاری جیاواز و نادیار ئاوەژوو باسکراون. لێپسیۆس باس لە ترسی کاربەدەستانی ئەوکاتەی دەوڵەتی عوسمانی لەسەر سنوورەکانی ڕوسیادا دەکات، کە زۆرینەی دانیشتوانەکانیان ئەرمەنی بوون، وە بەوە تاوانبار کراون، کە هەمئاهەنگیان لەگەڵ ڕوسیادا کردبێت، بەڵام وەڵامی کۆکوژی ملیۆن و نیوێک لە دانیشتوانی سیڤیڵی ئەرمەنی لەو ناوچانەدا ناداتەوە.
بکەرانی ڕاستەقینەی کۆمەڵکوژییەکان بەپلەی یەکەم بەفەرمانی سوتانی عەسمانی، سوڵتان عەبدولحەمیدی ٢، بەئەنجام گەیەندراون، دانیشتوانی سیڤیلی تورکیش، کە پڕ ڕکینە بوون بەرامبەر ئەرمەنییە مەسیحییەکان، بەشداری ڕاوستەوخۆی کۆمەڵکوژییەکەیان کردووە. مەلا بەنێو دیندارەکانی ئەو دەمەش لە منارەی مزگەوتەکانەوە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانە مەسیحییەکانیان حەڵال کردووە و هاندەری زۆرینەی کۆمەڵکوژییەکان بوون. یۆهانس لێپسیۆس لەم کتێبەدا بە وردی باس لەم بەشداربوونە دەکات. کە مەخابن کوردەکانیش بە فڕوفێڵی سوڵتان و فەرمانبەرانی ئیمپڕاتۆرییەتی عەسمانی و بەرژەوەندییە کەسییەکانیان هەڵخەڵەتێنراون و لە هەندێ ناوچەدا بەشداری کۆمەڵکوژییەکەیان کردووە.
لێپسیۆس دەنووسێت: “کارێکی زۆر ڕون و ئاشکرایە، فەرمەنبەرانی جەنگی و سیڤیڵیش لەئامادەکردن و بەرپابوون و جێبەجێکردنی ئەم کۆمەڵکوژییەدا سەرجەمی کارەکانیان بەدەستەوە بووە.ئەو هەموو تاوان و ڕیسواکردن و شوورەیی و ئەتککردنە (نووسەر مەبەستی لە لاقەکرنیشە) بەتەنها لەلایەن دانیشتوان سیڤئڵەوە بەئەنجام نەدەگەیەنران، بێ فەرمان و فریودانی خەڵکەکە بۆ ئەم تاوانانە و زانیاریپێدانیان، ئەمانەن بوونەتە هۆکاری ئەو سزادانانەی لە پاشدا ڕوویاندا. ئەمە ئاشکرایە بۆ هەموو کەسێک، کە چاوێک بە ڕاستیەکاندا بخشێنێت”4
لێپسیۆس زۆر بەڕونی و ئاشکرا لە لاپەڕە 45 دا باس لە بەئیسلامکردنی زۆرەملێیی مەسیحیە ئەرمەناکان لە لایەن فەرمانبەرانی تورکەوە دەکات. ئەرمەنیەکان لەژێر کاریگەری ئەشکەنجە و زۆرەملێ کراونەتە موسوڵمان، ئەو ئەرمەنیانەی نەچونەتە سەر ئایینی ئیسلام، لەشوێنی خۆیاندا کوژراون یان بەندکراون، بەزۆر واژویان پێکراوە، هێرشیان کراوەتەسەر، ئەم هەموو تاوانە بەرامبەر گەلێکی مەسیحی ئاشتیخواز لە چوارچێوەی ئیمپڕاتپریەتی عوسمانیدا بوونەتە ئازارێکی بێوێنەی ویژدانی نوسەرێکی وەک لێپسیۆس، کە لە لاپەڕەی 92 دا بە ڕونی و بە شێوازێکی تەوسەوە دەریدەبڕێت، کە نیوملیۆن ئەرمەنی بێبەشکران لە سامان، لە خانوبەرەیان، لە دانەوێڵە وئەمبارەکانیان، لە جلوبەرگ و سەرجێگە و بژێوی ڕۆژانەیان، نێردران بۆ برسێتی و مردن، ئەم کارەساتانە بێبەربوون لە بەزەیی و ویژدانێک، کە لەلایەن کاربەدەستانەوە نەجوڵاوە، ئەو هەموو مرۆڤە ڕەوانەی مردن و کۆکوژی بکرێت؟ ئەمە پرسیارەکەی لێپسیۆسە، کە ئاڕاستەی وڵاتانی مەسیحی ئەوروپای دەکات و جارجار بە شێوازی سەرزەنشت و هەندێجار بە توڕەبوون و هەیەجانێکی دەروونییەوە سكاڵای قوربانییەکانی ئەرمەن دەخاتە بەردەمیان.
لێپسیۆس جارێکی تر بەڕوونی باسی بکەرانی کۆمەڵکوژیەکە دەکات: “هەرکەسێک بابەتی ئێمەی بە هۆشیاری/هۆشمەندی خوێندبێتەوە، زۆر بەخێرا بەو دەرئەنجامە دەگات، کە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان جگە لە ڕێنمایێکی کارگێڕی، کە لەلایەن سوڵتان و دەوڵەتی ناوەندییەوە فەرمانی پێدرابوو، بەئەنجام گەیەندراوە. ناچارییە لێرەدا بەڵگەکان بۆ هەموو ئەو کەسانەی جێگای باوەڕپێکراون هەنارد بکەین، کە زۆر ئاسانە لە ڕاستییەکان تێبگەن.”5
دیارە لێپسیۆس ڕەخنەکانی لەدژی وڵاتە ئەوروپیە مەسیحییەکان و پەرچدانەوەکانیان بەرامبەر ڕووداوەکان لە نووسینەکەدا بە ئاشکرا ڕوندەکاتەوە:”موسوڵمانێک دەڵێت، ئیمەی موسڵمانە محەمەدییەکان دەبینە لم (چقڵ) لەچاوی جیهاندا. سوڵتان ڕێگەدەدات، هەموو ئەرمەنەکان کۆکوژبکرێن، ئەوروپاش جورئەتی ئەوەی نیە، تەنانەت پەنجەیەکیش هەڵبڕت.”6
لە کەپیتڵی 10دا لەژێر ناونیشانی “ئەنجامەکانی ئەم بەسەرهاتە بەدوای خۆیدا چیدێنێ” لێپسیۆس باس لە کاریگەرییەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە بۆ دانیشتوانی تورکی دێهاتنشینەکان و تەنانەت هەرێمەکانی تری ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی عەسمانی دەکات و دەنوسێت:”لە گوندەکاندا جوتیارەکان سکاڵای ئەوەیان دەکرد، ئەو شمەکانەی کە پێشتر لە بازرگانە ئەرمەنییەکانەوە بە نرخێکی هەرزان دەکڕی، کە بە ناوچەکەدا گەشتیان دەکرد. ئێستا بە ئەرک و ماندوبوونێکی زۆر و بە نرخێکی سێ یان چوار هەند بەدەست دێنن. ئەمەش دەرئەنجامەکانی ئەو سیستەمە ئابوریە دەڕوخاوەی ئەو ساتەمان بۆ ڕوندەکاتەوە.7
لێپسیۆس ئەمە بە “دەرەنجامی بەرەڵایی ئابوری” ناوزەد دەکات.

خوێنڕێژیەکان لە ڕوانگەی هەواڵنامەی (ڕاپۆرتی) دیپلۆماتە ئەوروپییەکانەوە
هەر لەهەمان کتێبدا باس هەندێک ڕاپۆرتی لەدیپلۆماتە ئەوروپییەکان وەک خۆیان نووسراونەتەوە و وەک نمونە خراونەتە بەر دەم خوێنەر، لەهەمان کاتدا ئەم ڕاپۆرتانە بۆ کاربەدەستانی وڵاتەکانیان هەنارد کردووە. یەکێک لەو هەواڵنامانە لە لایەن “گێرهارد هێنری فیتزماوریس”8ی بەریتانیەوە، جێگری کۆنسوڵی ئەوکاتە بووە لە تورکیا و باس لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە شاری عورفە دەکات، کە لە 16.03.1896 دا نوسیویەتی:”ڕون و ئاشکرایە، کەهەموو پلانی کۆمەڵکوژیەکەی عورفە لە سەنتەری فەرماندارێتی حکومەتی سوڵتانەوە فەرمانی پێدراوە”.هەروەها دەنوسێت:” ئاشکراکردن و فاکتەکانی ئەم ڕاپۆرتە لەسەر کۆمەڵکوژییەکەی عورفە ئامادەکراون، بەشێوەیەکی گەلەک سەخت قورسایی دەخاتە سەر حکومەتی عوسمانی، وە منیش بەرپرسیاریەتێکی تاوانلەخۆگر دەخەمە ئەستۆم ئەم کارە لە ڕاپۆرتێکی فەرمیدا یاداشت بکەم (تۆماربکەم). هەرچەندە ئەو سیستەمە فریودەر و تۆقێندەرەی، کە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی تورکەوە بەکاردەهێنرێت، فاکتەکان بەڕوونی و ئاشکرا بخەنە بەردەست، هەروەک لەلایەن دادگای باڵای ئەوروپیەوە دەخوازرێت. من توانیم لە پاش هەوڵێکی زۆر زانیاریەکانم وردبین و کارامە لە بێژەنگ بدەم. بەشێکی زۆریانم لە چاوگە محەمەدییەکانەوە هەڵهێنجاوە(بەدەستگەیشتووە) یان لەلایەن دەسەڵاتدارەکانیانەوە دانیان پێدانراوە.9 لێپسیۆس باسی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەلایەن سەربازانی سوڵتان و دانیشتوانی ناوچەی زێڵێ Zileh دەکات، کەلەپاش هێرشکردنە سەر ئەرمەنەکان و کوشتنیان بەکۆمەڵ، تەواوی سامان و شمەکی دوکانەکانیان لەلایەن دانیشتوانە تورکەکان و سەربازەکانەوە تاڵان دەکرێن، بەبەهانەی ئەوەی، کە سەروەت و سامانیان موڵکی سوڵتانە. بەم شێوەیە هەنگاو بە هەنگاو ناوچەکانی تورکیا لە ئەرمەنەکان چۆڵدەکەن و سامانیشیان بەتاڵان دەبرێن. جێگای باسە، کە بەشدارنی ئەم تاڵان و کۆمەڵکوژییە لەلایەن موسوڵمانە تورکەکانی ناوچەکەوە بەئەنجام گەیەندراون، لێ خوێنی ئەرمەنی و مەسیحی و سامانیان حەڵاڵی ئەمانن. لە زۆرینەی هێرشەکاندا ژنە تورکەکان بە هەلهەلە هاوشانی مێردو کوڕەکانیان بەشداریان کردووە و مەلای مزگەوتەکانیش پێشتر خۆێنی ئەرمەنەکانیان لە منارەی مزگەوتەکانەوە حەڵاڵ کردووە. لەهەمان ڕاپۆرتدا بەم شێوەیە باس لە بکەرانی تاوانەکان دەکات:”لەدوای ئەنجامدانی ئەم هەموو وەحشەتگەرییە، فەرمانداری شارەکە بەدەنگی بەرز بە بکەرانی ڕووداوەکە دەڵێت، چالاک و بەکاربن، دەست لە کوشتار و تاڵان و دوعاکردن بۆ سوڵتان هەڵمەگرن.”10
جێگری قونسوڵی بەریتانی دەنوسێت:”ئەرمەنەکان بەکەسانی لەیاسالادراو دەبینرێن، تەنانەت لە ڕوانگەی محەمدییەکانەوە لەو سنورەش تێدەپەڕێت، کە ئەرمەنبوون جۆرێکە لە تاوانکاری سەرمایە.”11
لە لاپەڕەکانی 207 و 227 دا باس لەو ڕاپۆرتانە دەکرێت، کە بەچاودیتوەکان (شایەد عەیانەکان) بەچاوی خۆیان ڕووداوەکانیان دیتووە و هەندێکجار بەشداری ڕووداوەکانیش بوون ڕاپۆرتەکان بەزۆری لەسەر ئەم بابەتانەن:
ـ بەزۆرکردنە ئیسلامی ئەرمەنەکان، بەتایبەتی قەشەکانیان بۆ سەر ئایینی ئیسلام
ـ وێرانکردنی سەدەها کەنیسەی شار و دێهاتەکان و کردنیان بە مزگەوت
ـ لاقەکردن و سوکایەتی بە ژن و کچی خیزانە ئەرمەنییەکان
ـ تاڵانکردنی سامان و زەوی و دوکان و ماڵی زۆرینەی ئەرمەنەکان
ـ کوشتنی هەزاران مرۆڤی بێتاوان و بێبەشداربوو لەم هێرشە یەکلایەنەدا، بەتایبەتی منداڵ و ژنان و کەسانی بەساڵداچوودا
ـ بێدادگا تاوانباردردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوان و بەشدارنەبوو، زیندانکردنیان بەتۆمەتی جیاوازەوە.
ئەمەش بەو مانایە دێت، لە سیاسەتی تورکی عوسمانی و لاوە تورکەکانیش سڕینەوەی تەواوی میلەتێکی مەسیحی ئاشتیخواز بووە لەسەر زەوی باوانیان.
لەکۆتایدا دەنوسێت:”ئەمە ئەو بابەتانەن، کە ئێمە دەبێت مۆڕالانە بەرپرسیاریان بینەوە، پەنا بە خودا کە هێزە (دەسەڵاتە) ئەوروپییەکان لەداهاتویەکی نزیکدا ڕێگەچارەیەرێک بدۆزنەوە، سەرەڕای هەموو گیروگرفتەکان، کارەساتی ئەرمەنەکان بەزوویی کۆتایی پێبهێنن.”12
مەخابن کوردەکانیش بە فڕوفێڵی سوڵتان و فەرمانبەرانی ئیمپڕاتۆرییەتی عەسمانی و بەرژەوەندییە کەسییەکانیان هەڵخەڵەتێنراون و لە هەندێ ناوچەدا بەشداری کۆمەڵکوژییەکەیان کردووە. بۆ ئەوەی ویژدانمان بەرامبەر مێژوو هەمیشە زیندو بهێڵینەوە، دەبێت فاکتە مێژووییەکان وەک خۆیان بخەینە بەردەستی نەوەکانی داهاتوومان، کەئەوەش بەشداربوونی هەندێک لە خێڵ و عەشیرەتە کوردەکانی ئەو کاتە و بەشداری “سوارەکانی حەمیدی” بوون لەم کۆمەڵکوژییەدا، کە دەبنە بەشێک لە مێژووی گەلەکەمان.
ڕەنگە لێچواندنی ئەم باسانە لەگەلێک ڕووداوەکانی مێژووی کورددا پێکبێننەوە و هەمان ئازاری دەستەجەمعی هەردوو گەلی ئەرمەن و کوردا ئاوێتەبن . مەخابن مێژوونووسانی ڕووداوەکانی ئێمەی کوردیش لە زۆرینەی سەرچاوەکانەوە، بەتایبەتی فارسی و ئەرەبی، تورکی، تەنانەت بیانیەکانیشەوە گەلەک جار بە نادیار و ئاوەژووکراوە وەسف کراون.
بەداخەوە لە ڕوانگەی ئەم کتێبەشەوە ناتوانین بەڵگەکانی ئەم نووسەرەش لە خانەی مێژووناساندا کاتێگۆری بکەین، لێ ئەم کتێبەش جۆرێک لە لایەندارێتی و نابابەتیانەی پێوەدیارە، بەتایبەتی لە باسی بەشداری کوردەکان و قەرگیسیەکان لەم کۆمەڵکوژییەدا، کە بە شیوەیەکی گشتی تاوان دەخاتە سەر کوردەکان، نەک لەسەر سوارەکانی حەمیدی، کەلەژێر فەرمانی سوڵتاندا هەندێ کوشتاریان ئەنجام داوە.پەیڤ و کڕۆکی نووسینەکە گەلەک کەلێنی زانستی و فاکتی مێژوویی لەخۆگرتووە، بەتایبەتی لایەندارێتی بۆ مەسیحیەکان. کەمایەتی و گەلەکانی نێو دەوڵەتی عوسمانی هەندێجار بەشێوەیەکی زۆر نێگەتیڤ باسکراون، کە ئەوان فەرماندارێتی و بکەرانی سەرەکی کۆمەڵکوژییەکە نەبوون. ئەمەش بێبەرە لە لێچون و وەرگرتنی بیروڕاکانی لایەنەکانی تر، کە بەداخەوە لە نرخی کتێبەکە دادەبەزێنێت. ڕاستە ڕووداوەکان وەک کارەسات و واقعێکی تاڵلەخۆگری گەلی مەسیحی ئەرمەن باسدەکرێن، بەتایبەتی خەڵکی بێتاوانی سیڤیل و مناڵ و ژن و پیرساڵان، بەڵام هۆکاری سەرەکی و بەشداربوونی وڵاتە ئەوروپیەکان و ڕۆڵی ئەوان لەم کارەساتەدا بە شێوەیەکی ڕوون باسناکرێن. بەشێوەیەکی بابەتی و فاکتی زانستیانە بەکارنەهێنراوە، ئاوڕدانەوەیەک لە ڕۆڵی ڕوسیا لەسەر ئەو سنورانەی، کە ئەرمەنەکان نیشتەجێی بوون. کورد بەشێوەیەکی گشتی تاوانبار دەکات، کە لەهەمان کاتدا، کوردەکان ژیانی زۆرێک لە ئەرمەنەکان ڕزگار دەکەن و هەردوو گەل هاوکار و هاوڕەنجی چەوساندنەوەی دەوڵەتی عەسمانی بوون. ڕەنگە هۆکاری ئەم لایەندارێتیەی نووسەر بۆ کاروفەرمانی نووسەو بگەڕێتەوە وەک قەشەیەک و مژدەبەرێکی ئەڵمانی. دیارە لێپسیۆس ڕووداوەکانی بە چاویلگەی مەسیحیانە، نەک زانستیانە و ڕەخنەلەخۆگرانە هەڵسەنگاندووە. لایەن و بیروڕاکانی تری بەلاوە خستووە، جەختی تەنها لەسەر ئەوە لایەنە کردووە، کەخۆی باوەڕی پێیبووە یان بۆیان باسکردووە یان بەنووسین بۆیان ناردووە.

——————————————

  1. یۆهانس لێپسیۆس لە 15.12.1858 لەدایک بووە، لە 03.02.1926 دا کۆچی دوایی کردووە. تیۆلۆگێکی پڕۆتێستانت و ڕۆژهەڵاتناسێکی (ئۆرێنتالیست)ی باش بووە، بەتایبەتی لەسەر مێژووی گەلی ئەرمەنی. لە ساڵی 1880 دا دوکتۆرای لەبەشی فەلسەفەدا بەدەستهێناوە و لەکۆتاییدا سەرقاڵی دراساتی تیۆلۆگی (زانستی خوداناسی) بووە. ئەندامی دامەزرێنەری “پەیامبەرانی مەسیحی ڕۆژهەڵاتناسانی ئەڵمانیا” بووە. لە نزیکەوە و بە شێوەیەکی زانستی توێژینەوەی لەسەر جێنۆسایدی ئەرمەنەکان لە تورکیادا کردووە.
  2. Lepsius J.: Armenien und Europa. Eine Anklage-Schrift wider die christlichen Großmächte und ein Aufruf an das christliche Deutschland Berlin Westend 1896. ئەرمێنیا و ئەوروپا. سکاڵانامەیەک دژی وڵاتە زلهێزە مەسیحییەکان و بانگەوازێک (جاڕنامەیەک) ئاڕاستەی ئەڵمانیای مەسیحی.
  3. Lepsius J.: Armenien und Europa. Eine Anklage-Schrift wider die christlichen Großmächte und ein Aufruf an das christliche Deutschland Berlin Westend 1896. ئەرمێنیا و ئەوروپا. سکاڵانامەیەک دژی وڵاتە زلهێزە مەسیحییەکان و بانگەوازێک (جاڕنامەیەک) ئاڕاستەی ئەڵمانیای مەسیحی.، لاپەڕە 45،46
  4. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 124
  5. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 46
  6. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 96
  7. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 122
  8. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 122-124
  9. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 150-151
  10. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 147
  11. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 207
  12. هەمان سەرچاوە لاپەڕە 207



منداڵ لە چەقی کۆمەڵگەدا.. مەحمود چاوش

مرۆڤایەتی گەلەک دیمەنی غەمگین و پڕشەرمی لە میدیاکانی جیهانی ئەم سەردەمەدا لەمەڕ بارودۆخی منداڵان و مافەکانیان لە چەقی کۆمەڵگەکاندا بینیوە، ئەمەش بەبێ هیچ جیاوازییەکی جێندەری. منداڵان لەکاتی لەدایکبوونیانەوە تاکو تەمەنی هەرزەکارییان ئەو جیاوازییە جێندەریانە، کە لە کۆمەڵگەکاندا بەسەریاندا دەسەپێنرێن، بە شێوەیەکی ناهۆشەکی وەردەگرن و توانای بەرهەڵستی ڕاستەوخۆیان دژی ئەم دیاردانەیان نییە. ئەوان بەپێی سروشتی ساکار و بێگەردی خۆیان مامەڵە لەتەک دەوروبەریاندا دەکەن، ئەوان هەستیارن، دەوروبەر و سروشتی خۆیان بەسادەیی و بێگەردی وێنادەکەن و بێمەبەست دەڕواننە دەوروبەرەکەیان. کۆمپلێکسی (گرێی) گەورەکان لە هزر و ناخیاندا چەکەرەی نەکردووە، هەندێجار غەمگین و جارجار سینەیان پڕە لە حەز و ئارەزوی جوڵان و یاریکردن. ئەوان جیهانیان پاکژە و دوورن لە بیرۆکەی قێزەونئاسا و شەڕخواز.

بەکارهێنانی منداڵ لە لایەن گەورەکانەوە، هەر لە درۆکردنەوە تا سنوری بەکارهێنانی ئەو منداڵانەی دەکرێنە سەرباز و مەشقی مرۆڤکوژییان پێدەکەن، سەرتاپای مێژووی تەنیوە. منداڵان کە لە بوونیانەوە پاک و ڕاستبێژن، دەکرێنە دەروێش بۆ مەبەستە دینی و عەقیدەییەکان، بەکاردەهێنرێن و دەبنە مرۆڤکوژەکانی پاشەڕۆژ، لە حوجرە و مەدرەسەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەکرێنە شاگرد و فەقێی مەلاکان و ڕەوانەی بەرەی جەنگیان دەکەن، یان وەک لە جەنگی ئێران-ئێراقدا دەبنە خۆکوژو و خۆتەقێنەری بەرەکانی جەنگ.
ڕادیکالە سەلەفی و وەهابییەکان شەرح و تەفسیری قورئان و ئایەتەکانیان بە جیهانبینی ئیسلامی سیاسی خۆیانەوە دەهاوێژنە هزریانەوە، کلیلی بەهەشت دەکەنە ملیان، بۆ ئەوەی خوداوەندی ئەودیوی سروشت لە گوناهەکانیان خۆشبێت، هەروەک ئەوان لەسەر بێشکەوە تاوانباربن. منداڵان لەسەر شەقامەکانی تایلاند و وڵاتە هەژارەکاندا دەخرێنە بەر بێڕەحمی لەشفرۆشی و بۆ چەند دۆلارێک کۆرپە ناسک و پڕئازارەکەیان لەسەر خوانی بێویژدانی گەورەکاندا نمایش دەکەن، لە دارکنێت (Darknet)1 دا وەکو کاڵاکان بۆ هێورکردنەوە و رەحەتبوونی ئارەزووە سێکسوالییەکانی گەورە نەخۆشە پێدۆفیلی (Pädophilie)2 یەکان بەکاریاندەهێنن و فیلمی پۆڕنۆگرافییان پێ بەرهەمدەهێنن. لەو تەمەنەدا منداڵەکان لە مەبەستە قێزەونەکانی گەورەکان تێناگەن، ئەوجا کاتێک خۆیان گەورە دەبن، گرفتاری چەندین نەخۆشی دەروونی دەبن و تەواوی ژیانیان لە ئازارێکی بەردەوامدا دەسوڕێت، وەک نەخۆشیە دەروونییەکانی تراوما و غەمۆکی.

منداڵان لەلایەن گەورەکانەوە مانیپولاسیون دەکرێن (هەڵدەخڵەتێنرێن)، تەنانەت لەلایەن باوانیشیانەوە دووچاری گەلەک تەنگەژەی ژیان دەکرێن. ساڵانە چەندین ملوێن منداڵ لەبەر بژێوی خێزانەکانیان و بارودۆخی سەختی ئابوری وڵاتەکەیانەوە بەرەنگاری برسێتی و بەم هۆیەوە ڕوبەڕوی مردنێکی لەسەرخۆ دەبنەوە. زۆربەی بەشە دەوڵەمەندەکەی تری جیهان لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆنەکانیاوە ئەزموونی دەکەن کە چۆن ئەم منداڵانە گیانیان لەدەست دەدەن، لێ ئەوان هاوکات خۆشیان بەشدارن لە هۆکارەکانی ئەم کارەساتەدا. کڕیارانی بەرهەمەکانی کاری منداڵان لەتەواوی جیهاندا بەزۆری هاوردەی وڵاتە پیشەسازی و دەوڵەمەندەکان دەکرێن، کارگە و فیرما گەورەکانی جیهان زۆرترین سوود لە بەرهەمی ئەم کارانە وەردەگرن.

منداڵان لە تەواوی جیهاندا دەخرێنە بەر کاری سەخت و بە بڕێک پارەی کەم لەشە بچوکەکەیان دەخەنە ژێر توندترین پەستانی کارەوە، کە مرۆڤە گەورەکانیش هەندێجار ناتوانن ئەنجامی بدەن. 170 ملیۆن منداڵ لە تەواوی جیهاندا ڕۆژانە دەخرێنە ژێر کاری سەختەوە.3
لە هیندستان ڕۆژانە زیاد لە ملیۆنێک منداڵ دەخزێنە کارگەکانی بەرهەمهێنانی بەردی بەنرخ و فەرش، بازنی دەست و مور و ملوانکە، زۆرجار 16 سەئات لە ڕۆژێکدا کاریانپێدەکەن، هەندێجار بەبێ پشودان. سەیر لەوەدایە لە وڵاتێکی وەک هیندستان، بەتایبەتی لای هیندوسییەکان، ئەو دیاردەیە بەئاسایی و وەک بەشێک لە کولتوری هیندوئیزم دەنرخێندرێت، چونکە ئەو منداڵانە لە خێزانە هەژار و بێکاستەکانەوە (kastenlos)* هاتونەتە دنیاوە و هیچ مافێکی ئەندامبوونیان لە کاستەکانی ئەو وڵاتەدا نییە. دیاردەی کارکردن بە منداڵان لەو کارگانەدا تاکو ئەم ساتەوەختە بەردەوامە، چونکە خاوەن کارگەکان لەگەڵ سیستەمێکی گەندەڵ و فەرمانبەرانی ملهوڕدا دەستیان تێکەڵە. ئەو کارانە کە بە منداڵان ئەنجام دەدرێن، کاری چەوسێنەر و لەشپڕوکێنن، ناتەندروست و دژی هەموو مۆراڵەکانی مرۆڤایەتین. بێنیامین پیوتەر، نووسەری کتێبی “دەستی خنجیلە و دەستکەوتی گەورە”، کە 35 ساڵی ژیانی لە پێناوی بەلاوەنان و نەهێشتنی کاری منداڵاندا بێپشوودان بەسەربرد و بەردەوام سەردانی هیندستان و پاکستان و تبتی کردووە، بەشێکی ژیانی لەدژی کاری منداڵان لەو وڵاتانەدا بەسەربردووە و باس لەم سیستەمە نابەرانبەرییە دەکات. ئەو بەهۆی کولتوری گەندەڵ و سیستەمی غەمساردی ئەو وڵاتانەوە لەمەر کاری منداڵان، زۆرجار ژیانی کەوتۆتە مەترسیەوە، بەتایبەتی لەلایەن خاوەن کارگە و دەسەڵاتداران و فەرمانبەرانیانەوە. بێنیامین پیوتەر لە کتێبەکەیدا پەنجە دەهاوێژێتە سەر برینێکی گەلەک قوڵ و شەرملەخۆگری بێوێنە لە چەوساندنەوەی منداڵان لە تەواوی جیهاندا. پیوتەر دەبێژێت: “50 ملیۆن منداڵ لە ساڵی 2016 دا لە هیندستان لە بوارە جیاوازەکانی ئابوریدا کاریان کردوە. گەرچی ئێمە هەندێجار باوەڕ بەو ژمارەیە ناکەین و جێگای بڕوامان نییە، لێ 10 ساڵ پێش ئەو بەروارە ژمارەی ئەو منداڵانە لە 100 ملیۆندا بووە، واتە دوو هێندە.”4
پیوتەر ڕەخنە لە وڵاتە ئەوروپییەکان، بەتایبەت لە ئاڵمانیا دەگرێت، چونکە زۆرینەی بەرهەمهێنانی دەستی منداڵان لەم وڵاتانە بە نرخێکی هەرزان لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن.

منداڵ وەک قوربانیی جەنگ
لە گەلەک وڵاتانی جیهاندا تاکو ئەم سەردەمەش منداڵان دەکرێنە سوتەمەنی ئەو گڕدانەی، کە ئاگری جەنگەکانیان پێ گەرم دەکەن، بۆ نموونە لە هەندێک وڵاتی ئەفریقیدا ئەم منداڵانە هەڵدەخڵەتێنرێن و بەتایبەتی لەژێر کاریگەری مادەی هۆشبەرەکاندا چەکداریان دەکەن. بەگوێرەی ئامارە جیهانییەکان لەم ساتەوەختەدا 250 بۆ 300 هەزار منداڵ و مێردمنداڵ لە بەرەکانی جەنگ و ناکۆکیەکاندا چەکدارکراون و دەجەنگێن. تەمەنی هەندێک لەم منداڵانە لە 10 ساڵ تێناپەڕن. گەورەکان ئەم منداڵانە دەکەنە دێوەزمە و تەنانەت هاوڕێ و باوانیشیان پێدەکوژن. تەمەنی کامڵبوون لە هەندێک لەم وڵاتانەدا لە خوار 18 ساڵەوەیە، هەر ئەمەش دەکرێتە ئەرگومێنتی ئەوەی کە لە سەرو 10 ساڵەوە بەگەورە دەنرخێندرێن. لە جەنگی وێرانکاری ئێراق و ئێراندا گەلەک منداڵ و مێردمنداڵ ڕەوانەی بەرەی هەرەپێشەوەی جەنگەکانیان دەکران و ڕژێمی ئیسلامی ئێران تەنانەی کلیلی بەهەشتی دەکردە ملیان، بۆ ئەوەی پاش مردنیان بە بەهەشتی بەرین شادمان بن. ساکاری و کاڵفامێتی ئەم مێردمنداڵانەیان دەقواستەوە بۆ مەبەستە قێزەونەکانیان و مرۆڤیان پێدەکوشتن. لە ڕاستیدا ئەم جۆرە کارانە دژی مافی مرۆڤ و هەمانکات مافی منداڵانە و بە بەشێکی سەرەکی تاوانەکانی جەنگ دەنرخێندرێن.

ڕێککەوتننامەی مافی منداڵان
لە ساڵی 1989 دا ئەم ڕێککەوتننامەیە لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکاندا لەمەر مافی منداڵانەوە و لە لایەن 193 دەوڵەتەوە واژوکراوە. لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە پەیماننامەیەکی بەندکارە و ئەو وڵاتانە لەسەری پێکهاتوون (ڕێککەوتون). چاوگی (بنەمای) ئەم پەیماننامەیە لە ڕاڤەکردنی گشتیی مافی مرۆڤەوە لە 10.12.1948 ەوە هەڵهێنجراوە (بنچینەڕێژکراوە) 5. تایبەتمەندیی ئەم پەیماننامەیە لەوەدایە، کە منداڵان نەکرێنە ئۆبژەکتی (Objekt) یان مەرام و مەبەستی بازرگانیکردن پێیانەوە. گەورەکان تەنها بڕیاردەری ئەوان نەبن، گەورەکان دەبێت ڕێز لە داواکاریەکانی منداڵان بگرن، تێگەیشتنیان بۆ منداڵێتییان هەبێت، هاوتەک و هاودەمی ڕێگەی گەشەبوون و گەورەبوونیان بن، بەتایبەتی لە بواری تەنساغی و گەشەی هزری و بزواندنیانەوە / جووڵەی لەشەکییانەوە (Motorik). ئەم مەرجانە دەبنە هۆکاری ئەوەی، کە منداڵان جیهانی خۆیان بەلێهاتویی خۆیان وێنابکێشن و گەورەکانیش ئازادییەکی ئەوتۆیان بدەنێ، کە ئەو جیهانەی تێدا بدۆزنەوە، کە بە جیهانی منداڵان ناسراوە. منداڵان گەلەک ئارەزو و خواستی پڕڕەنگیان (ڕەنگلەخۆگریان) هەیە، گەورەکان دەبێت لە بەئەنجامگەیاندنی ئەم ئارەزوانەدا هاوکاریان بن نەک ڕێگر. کاتێک باس لە مافەکانی منداڵان دەکرێت، زۆر گرنگە بزانین، کە منداڵان نابێت کاڵافرۆش بکرێن، نەخرێنە بەر لەشفرۆشی، لاقە نەکرێن و فیلمی پۆڕنۆگرافیان پێئەنجام نەدرێت، کاری سەخت و درێژخایەنیان پێنەکرێت. دەبێت مرۆڤایەتی لەو ڕاستیە تێبگات، کە منداڵ کەسایەتییەکی سەربەخۆ و چوست و چالاکە، پڕئەندێشە و هەستناسکە، پڕحەز و ئارەزوور، نەترس و ڕاستگۆیە، بێغیرە و دڵپاکە. منداڵان لەو زبڵخانەیە کە مرۆڤایەتی بۆ ئەوانی جێهێشتوە، بێئاگان تا ئەو کاتە کە لووتیان بەر نەهامەتی ڕۆژگار دەکەوێت.

دیاردەی کاری منداڵان لە کوردستانیش زۆر بڵاوە، کاری منداڵان زۆر بەئاشکرا لەسەر شەقامەکان دەبینرێن، لە عەلاگە فرۆشەوە بۆ بۆیاخچییەکان، لە چێشتخانەکانەوە بۆ کاری سەربەخۆی ناوبازاڕەکانەوە، لە سواڵکردنەوە بۆ کاری دزی و ناهەمواری تر، لە هەموو بوارەکاندا منداڵان کاریان پێدەکرێت. لەبەر نەبوونی سەرچاوە لەمەر کاری منداڵان لە کوردستان، زانیاری گەلەک کەمە، بەتایبەتی لەسەر ڕێژەی ئەو منداڵانە و جۆری کارەکانیان، کە شیکارێکی/لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی زۆری پێویستە. لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا زۆر کاری ناهەموار بەرانبەر منداڵان دەکرێت، کە لە نێوان خێزانەکاندا دەشاردرێتەوە و ناخرێتە دەرەوەی ئەم بازنەیە خێزانییە، ڕەنگە هۆکارەکانی ئەم شاردنەوەیەش نووسینی تایبەتی و زانستیانەی پێویستبێت، کە لە چوارچێوەی ئەم نووسینە دەردەچێت.
بێنیامین پیوتەر دەبێژێت: “مرۆڤی ئەم ڕۆژگارە بێنرخ و بێفەڕکراوە، کەسێکی ترە لەو مرۆڤانەی سەردەمانی ڕابردوو. لەم ڕۆژگارەدا کە باس لە کارپێکردن و کۆیلایەتی منداڵان دەکەین، بیروڕاکانی کۆمەڵناسی ئەڵمانی زیگمونت باومانم دێتەوە یاد، کە ئەم دیاردەیە بەڕوونی باس دەکات.”6 زیگمونت باومان لەمبارەوە دەبێژێت: “لەم رۆژگارەدا کە باس لە کارپێکردن بە منداڵ دەکەین، هەمانکات باس لە مرۆڤی بەپاشەڕۆ و زبڵکراو دەکەین. منداڵان وەکو کاڵا دەکڕدرێن و دەکرێنە بەندی خاوەن کارگەکانی فەرش و بەردی بەنرخ، لاقە دەکرێن، توڕدەدرێنە ژووری تاریک و کاری سەختیان پێدەکرێت، هەندێجار دەیانکوژن و فڕێدەدرێنە ژێر خاکەوە. مرۆڤ بۆتە کاڵایەکی هەرزانکراوی گەمەی ملیاردە دۆلارەکان، بازرگانانی منداڵکڕینیش منداڵانی تر دەکڕنەوە و دەیانهاوێژنە هەمان بازنەی شەیتانییەوە.7

سەرچاوەکان

  1. Darknet داڕکنێت ئەو ملپەڕە نهێنیانەیە، کە لە ناویاندا کەسانی پێدۆفیل پەیوەندی ئینتەرنێتی بە شێوەیەکی نایاسایی لەگەڵ یەکتی دەگۆڕنەوە، بۆ نمایشی فیلمی پۆڕنۆگرافی لەگەڵ منداڵاندا. ئینتەرپۆڵ هەموو ساڵیک لە تەواوی جیهاندا بە شوێن ئەم کەسە تاوانبارانەدا دەگەڕێت و نهێنیەکانیان ئاشکرا دەکات و تاوانبارانیش دەدرێنە بەر دادگاکان.
  2. Pädophilie پێدۆفیلی بەواتای ئارەزوی جوتبوون لەگەڵ منداڵ و مێردمنداڵدا
  3. Benjamin Pütter: Kleine Hände – Große Profit, Kinderarbeit welches ungeahnte Leid sich in unserer Warenwelt verbirgt, Wilhelm Heyne Verlag München, 06/2017, S. 9
    (بێنیامین پیوتەر، دەستی خنجیلە و دەستکەوتی گەورە: کارکردن بە منداڵان، چ ناڵاندنێکی نەزانراو لەژێر پەردەی کاڵا جیهانیەکاندا خۆیان حەشارداوە).
  • کاست بە مانای ڕەچەڵەکگەرا یان گروپێکی سنووردارکراو لە لایەن هەمان هاوبیر یان هاوڕەچەڵەکەکانیانەوە. ڕەچەڵەک لە کاستەوە (Kaste) وەرگیراوە، کە واژەیەکی پۆرتوگالیە و بۆ گروپێکی سنووردارکراو لەنێو کۆمەڵدا بەکاردەهێنرێت. کاستەکانی هیندوسەکان لە هیندوستان و پاکستان، ئێزیدیاکانیش بەهەمان سیستەمی کاست مامەڵەی کۆمەڵایەتی دەکەن، ئەم سیستەمە بە کۆمەڵەی ڕەچەڵەکگەرا ناودەبرێن. بۆ نمونە لە دینی ئێزیدی کاستەکان بە مورید، شێخ، میر بە شێوەیەکی هەڕەمی دابشکراون.
    4 هەمان سەرچاوە لاپەرە 88
    5 هەمان سەرچاوە لا 120
    6 هەمان سەرچاوە لا 121
  1. هەمان سەرچاوە لا 121، پیوتەر ئەم چەند ڕستەیەی لە کتێبی کۆمەڵناسی ئەڵمانی باومانەوە وەرگرتووە بەناونیشانی
    Zygmunt Bauman: Verworfenes Leben. Die Ausgegrenzten der Moderne, Hamburg (Hamburger Edition),2005.



تێگەی نامۆبوونی منداڵ لە دایک و باوک …مەحمود چاوش

کاتێک منداڵ دایک یان باوکی لێ نامۆ دەبێت، گرژترین و ئاڵۆزترین گرێ (کۆمپلێکس)ی لە ژیاندا بۆ پێکدێت. ئەم دیاردەیە بە سیندرۆم (لێسەرهەڵدانی نیشانەکانی نەخۆشییەک) ی نامۆبوونی منداڵ لە دایک و باوک، کە بۆ یەکەمین جار لە لایەن دکتۆرێکی دەروونناسی ئەمەریکییەوە بەناوی ڕیچارد ئێلن گاردنەر (1) ئاماژەی پێدراوە. بیروڕا و نوسراوەکانی ئەم دەروونناسە گیروگرفتێکی زۆری هێنایە مەیدانی کارکردن لەگەڵ منداڵ و توێژینەوەی نامۆبوونی منداڵ لە دایک و باوک. گاردنەر لەو باوەڕەدایە، کە ئەشکەنجەدان و بەدکرداری و لاقەکردنی منداڵ دیاردەیەکی نوێ و مۆرکی کۆمەڵگەی مۆدێرن نییە، بەڵکو ئەم کردارە قێزەوەنانە لە سەرجەم مێژوودا ئەنجام دراون. گاردنەر لە ساڵانی 1980 بەدواوە بایەخێکی زۆری بە لاقەکردنی منداڵ دا و توێژینەوەی زۆری لەسەر کرد. ئەو پێیوابوو، کە لاقەکردنی منداڵ لەلایەن گەورەکانەوە زۆر لەوە بەربڵاوترە کە باسی لێوەدەکرێت، لە بنەڕەتدا نەک تەنیا بەدکاری و چەوساندنەوەی منداڵان داب و نەریتیکی کۆنە و هەر بەردەوامیشە، بەڵکو لاقەکردنیش لە هەموو کولتوورەکاندا کردەیەکی لاوەکی نییە. ڕێگە و مێتۆدەکانی گاردنەر بۆ پاراستنی منداڵ لەم بەدکارییە بەرەنگاری گەلێک گیروگرفتی تیۆری و پراکتیک لەم مەیدانەدا بۆوە.

لە ڕاستیدا منداڵ بە درێژایی مێژوو قوربانیی گەورەکان بووە. کاتێک دایکان و باوکان دەخزێنە تەنگژەی هاوسەرێتییەوە و ناتوانن درێژە بە ژیانی پێکەوەیی بدەن، ئەوجا بەرەو ڕووی جیابوونەوە دەبن، ئیدی منداڵەکانیان دەبن بە قوربانیی ئەو بڕیارەی ئەوان. لەم بارەدا یەکێک لە دایک و باوک یان هەردووکیان لە منداڵەکانیان نامۆ دەبن، لەم کێشەیەشدا زۆر جار نامۆبوونەکە لایەنی باوک دەگرێتەوە، چونکە منداڵی کەمتەمەن بەزۆری لای دایک دەمێنێتەوە. ئەمە بە سەرەتای نامۆبوونی منداڵ لە باوانی ناوزەد دەکرێت. ئەم دۆخە / هەڵکەوتە خێزانییە (Familien-Konstellation) منداڵ پەرتەوازە دەکات و بە شێوەیەکی شاقوڵی / ستوونی دەیکات بە دوو بەشەوە، ئاخر منداڵ لە ڕووی دەروونی دەبێت بە دوو بەشەوە و ناتوانێت بڕیار بدات لای کام بەشەیان (دایک یان باوک) بمێنێتەوە. منداڵ لێرەدا دەبێت بە قوربانی دوو کەس، کە نەیانتوانیوە چارەسەرێکی ناوازانە بۆ گیروگرفتەکانی هاوسەرێتیان بدۆزنەوە، بەڵکو ئەویان لە ئەنجامی جیابوونەوەی خۆیان سەرگەردان کردووە. کاتێک منداڵ خۆی لەم نابەرانبەرییە خێزانیەدا دەبینێتەوە، دایکی یان باوکی لێ نامۆ دەبێت و هەستی ئەوەی لا نامێنێت، کە ئەو خۆی بەشێکی دانەبڕاوە لەوان. گەر وردتر لەم تێگەیە بڕوانین، دەگەین بەو دەرئەنجامە، کە نامۆبوونی منداڵ تەنیا لە دایک و باوکانی لێکجیابۆوە نییە، ئاخر لە خێزانی پێکەوەیشدا ئەم دیاردەی نامۆبوونە هەیە، هۆکانیشی دەگەڕێنەوە بۆ شەڕ و ناکۆکی بەردەوامی دایک و باوک و بەدکرداری بەرانبەر منداڵ. ڕەنگە ئەم بابەتە لە سنوری ئەم نوسینە دەربچێت و توێژینەوەی تایبەتی گەرەک بێت، لێرەدا دەتوانین ئەوەندە ئاماژەی بۆ بدەین، کە لە پرۆسەی نامۆبووندا و لە هەر بارێکیاندا (جیابوونەوە یان پێکەوەییەکی پڕ ئاستەنگ و ئاژەوە) منداڵ گرنگترین کەسی پەیوەندیدار بە خۆیەوە لەدەستدەدات، جا ئەوە بە شێوەی فیزیکی یان دەروونی (physisch / psychisch) بێت.

ڕوویەکی ترسناکی ئەم دیاردەیە کێشە دەروونیەکانی دایکان یان باوکانی لێکجیابۆوەن، کە منداڵیش دەخەنە نێو باری دەروونیی سەختەوە و پێوەیان دەناڵێنێت. هەندێجار باری دەروونی منداڵ بەرەو ئاستەنگێکی ئەوتۆ دەبات، کە بە نەخۆشییە دەروونیەکانی تراوما و غەمۆکی کۆتاییان دێت. یەکێک لە هۆکانی ئەم بارە سەختە ئەوەیە، کە دایکان و باوکان کە لای منداڵەکانیان بە شێوەیەکی نێگەتیڤ باسی یەکتر دەکەن، ئەو ڕەفتارەیان کۆمپلێکسی/گرێی دەروونی لای منداڵ بەئەنجامدێنێت. ئەمەش نەک لە سوودی منداڵدا نیە، بەڵکو زیانێکی زۆری لێدەدات. هەڵئاوسانی گرفتەکان لای منداڵ لەوەدا بەرجەستە دەبێت، کاتێک منداڵ ناچار بێت لە نێوان دایک و باوکدا وەفاداری و مەیل بۆ یەکێکیان دەرببڕێت و پەیوەندی بەرانبەر یەکێکیان نەرێنی بکات (بە شێوەیەکی نێگەتیڤ بڕوانێتە یەکێک لە دایک یان باوکی، ئەم بارەش بەزۆریی بەسەر باوکاندا دەشکێتەوە). ئەمەش جۆرێک لە تاوانبارکردن لای منداڵ بەرانبەر باوانی دروستدەکات، چونکە منداڵ پێیوایە کە باوک بووە بە هۆکاری کێشە و ئاستەنگە هاوسەرییەکانی (نێوان دایک و باوکی / نێو خانەوادەکەیان). لەم ڕەوشەدا دایک و باوک منداڵەکانیان بۆ مەبەستی تایبەتی و کەسی خۆیان بەکاردەهێنن، ئەمەش بە جۆرێک لە بەپڕۆگرامکردنی نامۆبوون لای منداڵ دادەنرێت. دایک و باوک خۆیان وێنەیەکی نێگەتیڤی ئەوتۆ بە منداڵ دەگەیەنن، کە ئەویش بڕیاری ئاڕاستەدانی پێکەوەژیان بۆ یەکێکیان بدات. ئەم پنتە سەرەتای نەمۆبوونی منداڵە لە باوانی و نیشانەی (Symptom) ی نەخۆشیە دەروونیەکانیش لای منداڵ بەڕوونی سەرهەڵدەدەن. ڕێچکەی نیشانەکانی نەخۆشیە دەروونیەکان بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەسەختی دیاردەکەون. ئەمەش بە پڕۆسەیەکی گەلەک هێواش و پڕئازاردا دەگوزەرێت، بە تایبەتی لای مناڵان. لە هەمووی سەمەرەتر ئەوەیە، کە دایکان و باوکان هەست بەوە ناکەن، کە ئەمان خۆیان بوون بە هۆکاری ئەم ئاستەنگە خێزانییە. هەندێجار دایکان و باوکان خۆیان بە قوربانیی ئەم باروجۆخە دەزانن و یەکتری بە شێوەیەکی ئاشکرا و نەویست نەفرین / ڕەفز دەکەن.

گەلێک لە پسپۆڕان و دکتۆر و چارەسازانی دەروونی (Therapeut)، کە لەم پڕۆسەیەدا بەشدار و پەیوەندیدارن، لە دیاریکردنی (دەستنیشانکردنی) نەخۆشیەکاندا بەرەنگاری سەختی و ئاڵۆزیی نەخۆشییە دەروونیەکانی دایکان و باوکان یان منداڵان دەبنەوە، ئاخر لە سەرەتادا ئەم نەخۆشیانە زۆر دژوار و نادیارن، تەنانەت دایکان و باوکانیش نازانن، کە دوچاری خۆشی دەروونی بوون. لەم بارەدا نەک هەر منداڵ، بەڵکو دایک و باوکانیش دەبێت چارەسەری دەروونی بکرێن (3).

نیشانەکانی کۆمپلێکسی نامۆبوون لە منداڵدا

لە سەرەتادا دەبێت ئەوە بوترێت، کە منداڵ پێیخۆشە بە خۆشەویستی دایک و باوک و لە باوەشی ئەواندا پەروەردە و گەورە بکرێت. لێ کاتێک دایک و باوک بەبێ پرس و ڕای منداڵ لە یەکتر جیادەبنەوە، ئەویش دەبێت بێئارەزوومەندانەی خۆی بەلای یەکێکیاندا بچەمێتەوە، واتە دەبێت بەناچاری بڕیار بۆ لایەنێکیان بدات). منداڵ چ لە ڕووی جەستەیی (physisch) و بە چ دەروونییەوە (psychisch) دەکرێت بە دوو بەشەوە بەبێ ئەوەی خۆی لە هۆکارەکانی تێبگات. ئاخر منداڵ ناتوانێت لەو تەمەنەدا بڕیارەکانی بە شێوەیەکی ناوازە بدات، بۆیە دەکەوێتە نێوەندێکی قەدەرئاساوە و سەرگەردان دەبێت. تا تەمەنی هەرزەکاری و گەنجێتی ئەم بارە دەروونییە دەبێت بە بەشێکی نەپچڕاوی ژیانی ڕۆژانەی ئەو و پێوەیان دەناڵێنێت، لێ منداڵ هاوکات نزیکترین و گرنگترین کەسە پەیوەندیدارەکانی ژیانی لێ نامۆ بوون. نیشانەکانی ئەمەش لە هەڵسوکەوتی منداڵەکەدا، جا لە فێرگەدا بێت یان لە کۆمەڵگەدا، دەردەکەون. زۆرجار ئەم منداڵە دوورەپەرێز دەبێت و ناخوازێت پەیوەندیی بە کەسانی دەووروبەریەوە هەبێت. هەندێک منداڵ ئەم بارە دەروونییە بە شەڕانگێزی و جۆرێک لە ئەگرەسیڤێتی (هەڵمەتبەری) دەردەبڕن.

کاتێک هەندێک کولتوور بەتایبەتی یان هاوکات چارەسەری نەریتی، بۆ نموونە سوڵحی خانەوادەیی و عەشایەری، لە کێشەی یان ئەگەری جیابوونەوەی دایک و باوکدا بەگەڕدەخەن تا ڕێ لە گۆڕانکاریی نالەبار بۆ خێزان و منداڵان بگرن، ئەوا زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی وڵاتانی خۆرئاوا، جیابوونەوەی فەرمی هاوسەرایەتی بە پڕۆسەی یاسایی، واتە لە دادگاکانی باری کەسی و خێزانیدا و بە هاوتەکی پسپۆڕانی تایبەتی خیزان بەئەنجام دەگەیەنن. ئەم پسپۆڕانە ڕاپۆرت و شیکاری تایبەتی لەسەر بارودۆخی خێزانی و لایەنە دەروونییەکانی منداڵانی نامۆبوو بە دایک و باوکانیان ئاڕاستەی دادگاو دادوەران دەکەن و لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتانە بڕیار و دوائەنجامی دادگایی لەسەریان دەدەن. لە دادگای مۆدێرندا پرس بەمنداڵ و و بیروڕای ئەویش وەردەگیرێت، لەڕابردوودا ئەمە پراکسیس نەکراوە. دادوەر لەپاش ئەوەی بەرودۆخی خێزانی هەڵدەسەنگێنێت، دوابڕیاری خۆی بەتاکی یان بەکۆ لەگەڵ دادوەرانی تردا بەشێوەی فەرمی لەسەر دابەشکردنی بەرپرسیارێتی و سەرپەرشتی منداڵ بۆ دایک و باوکان ئاشکرا دەکات پسپۆڕانی ئەم بوارە (تایبەتیی بۆ کاروباری خێزان) سورن لەسەر ئەوەی، کە بیروڕای منداڵیش لەم پڕۆسەیەدا (لە پرۆسە دادوەرییەکانی جیابوونەوەی دایکان و باوکاندا) وەربگیرێت و سەنگێکی زۆریشی بۆ دابنێت، ئاخر زۆر منداڵ لە لایەن یەکێک لە دایکان و باوانیانەوە بە شێوەیەکی نێگەتیڤ چەواشە دەکرێت و بەلایەنی یەکێکیاندا ڕووکێش دەکرێت. تەنانەت لە زۆرینەی دادگەکاندا دایک و باوکان دەکەونە درۆکردن و ڕاستییەکان لە دادگە یان دادوەر دەشارنەوە. لەم بارەدا بڕیاردانی دادگە و دادوەران و سەرپەرشتی بۆ منداڵانیش دەکەوێتە گێژاوێکی سەختتر، ئاخر لە سەرئەنجامی ئاڵۆزی ئەم بڕیاردانەدا دادگەکان دایکان و باوکانی جیابۆوە دەنێرنە لای پسپۆڕانی دەروونی بۆ چارەسەری دەروونی (Therapie). ئەم لایەنی چارەسەرکردنە ناودەنرێت پسیخۆتێڕاپی (Psychotherapie)، واتا چارەسەی ژیانی ناخەکی / دەروونی. پسپۆڕانی ئەم بوارە لەسەر ئەوە کۆکن، کە هەردوو لایەن (دایکان و باوکان) چارەسەری دەروونی بکرێن، بە منداڵەکانیشیانەوە، ئاخر هەموو لایەنە بەشدارەکانی ئەم پڕۆسەیە لەژێر بارێکی دەروونی سەختدا دەژین و پێویستیان بە چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتی هەیە. منداڵی نامۆبووش دەبێت بە زووترین کات لە لایەن پسپۆڕانی ئەم بوارەوە چارەسەر بکرێت، لێ کاریگەری زۆری لە تەواوی ژیانیدا دەبێت و جێماوەی دەروونی ساڵانێکی زۆر دوای جیابوونەوە بە کاراکتەر و هەڵسوکەوتیەوە دەبینرێت (لە سەرەتادا باس لە نەخۆشیەکانی تراوما و شیزۆفرێنی کراوە).

منداڵانی کەمتەمەن دەبێت ڕاستەوخۆ لە دوای جیابوونەوەی باوانیانەوە تێڕاپی دەروونی بکرێن، ئاخر ئەوان بە نەبوونی ئەم چارەسەرە لە تەواوی ژیانیاندا بە ئازاری سەختی ئەم دیاردەیەوە دەناڵێنن. ڕەنگە هەندێک وا بیربکەنەوە، کە بە گەورەبوونی منداڵ و پڕۆسەی ژیانی ئەم تراومایە کەم ببێتەوە و تەنانەت نەمێنێت، لێ ئەم بیرکردنەوەیە نەئاوێزانە و خەیاڵێکە. ڕەنگە ئەم نامۆبوونە لە هەندێک منداڵدا بەو شێوە سەختییە ڕوونەدات و بارە دەروونیەکانیشی هێورتر بن لە منداڵێکی تر، بەڵام ڕاوێژ و چارەسەر دەبێت لە هەموو بارەکاندا بەئەنجام بگەیەنرێت. یەکێک لە پنتی کێشەکانی نێوان کەسانی یاسایی و پسپۆڕانی دەروونناسی ئەوەیە، کە ئایا منداڵی لێکجیابۆوە و نامۆبوو لە باوانی سەردانی هەردوولا بە یەکسانی بکات یان تەنانەت لە لای هەردوولا بەیەکسانی بژی. ئەم پرسیارە تاکو ئەمڕۆ پنتی ناکۆکی و دەمەقاڵێیە.

دەبێت ئەوەش بوترێت، کە لە پڕۆسەی جیابوونەوە و تەنگژە هاوسەرییەکاندا هەندێک دایک و باوک گۆڕانێکی خۆویست یان خۆنەویستی ئەوتۆ بەسەر باری دەروونییاندا دێت، کە لە کۆتایدا، بە زمانی میتۆلۆژی ببێژین، دەبن بە جۆرێک لە دێو و درنج (Monster)ی ئەوتۆ، کە هەندێک جار کاردانەوەی دڕندانە و تۆقێنەر بەرانبەر یەکتر، تەنانەت بەرانبەر منداڵیش، دەنوێنن. گەرچێ دەشێت دایک و باوک بەزۆری لە کۆتایی ناکۆکییەکانیاندا جیابوونەوە قبووڵ بکەن، تەنانەت لەو لایەنەشدا کۆک بن کە بۆ نموونە باوک بەپێی کاتی خۆی منداڵەکانی ببینێت، سەرەڕای ئەوە دەشێت ڕووبدات کە باوکی جیابۆوە ژنی خۆی لەناوببات تەنانەت هەندێک جار دەستی بچێتە منداڵەکانییەوە. یان ڕوودەدات کە دایکان لەو بارە سەختە دەروونییەدا منداڵی خۆیان دەکوژن و هەندێک جار کێشەکە بە لەناوبردنی خۆشیان کۆتایی دێت. ئەم دیاردانە لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و زۆرینەی وڵاتانی جیهاندا ڕوودەدەن. دیارە هۆکارەکانی جیابوونەوەی هاوسەری ژن و مێرد زۆرن و لە بازنەی ئەم نووسینە دەردەچن. ئەوەی بەڕوونی دیارە، کۆمپلێکسە کۆمەڵایەتییەکان، ئاڵۆزی ژیانی مۆدێرن، ئیندیڤیدوالیزم (تاکگەرایەتی) و نەبوونی تۆلێرانس (چاولێپۆشتن و بەخشندەیی بەرانبەر کەسانی تر، بەتایبەتی لە هاوسەرایەتیدا) هەندێکن لە هۆکارەکانی جیابوونەوەی دوو مرۆڤ، کە لە سەرەتای هاوسەرێتیاندا بڕیاری پێکەوەژیان و پێکەوەنانی خێزانێکی بەختەوەریان خواستووە. لە ڕاستیدا کۆمەڵگەی مۆدێرن گەلێک ئاستەنگ و گرفتی کۆمەڵایەتی لە هەناوی خۆیدا بەرهەمدێنێت، کە یەکێک لە دیاردە هەرە دیارەکانی سنوری ئەم ئاستەنگە داپچڕانی پەیوەندییە خێزانیەکانە (جیابونەوەی هاوسەرێتی) و لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و گەلێک گرفتی تری ئەم کۆمەڵگانەن. ئێمە دەتوانین کۆمپلێکسی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و بە ئیندیڤیدوالیستبوونی مرۆڤەکان و نەبوونی تۆلێرانس بە هۆکارەکانی جیابونەوەی هاوسەرێتی ناوزەدبکەین. خۆپەرستی و خۆپەسەندی و نارسیسزم (Narzissmus) پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان سنوردار دەکەن و دابڕان و گەلەک ئاستەنگ و گرفتی کۆمەڵایەتی بەرامبار کۆمەڵگە دەخەنەوە. لە کۆتایدا پێم باشە چەند ئامۆژگاریەکی ئینگرید یۆپە (2) لە کتێبی (منداڵانی بە کارەکتەر)دا لە ئەڵمانیەوە وەرگێڕمە سەر زمانی کوردی و وەک سیتان وەربگرم. یۆپ دەنووسێت: “منداڵان خاوەنی هەستیاریەکی گەلەک بەهێزن و پێوستیشیان بەم هەستیارییە هەیە، بۆ ئەوەی بە کارەکتەرێکی بەتوانا و بەهێزەوە ببن بە کەسێکی گەورەی / کامڵی بەختەوەر”. لە پرۆسەی جیابوونەوەی دایکان و باوکاندا منداڵان ئەو هەستیارییە سروشتییەی خۆی لەدەستدەدەن و لە زۆرینەی کاتەکاندا دەبن بە کەسێکی گەورە / کامڵ بە کارەکتەرێکی لاواز و پڕگومانەوە.

—————————–
پەراوێز
1) ڕیچارد ئێلن گاردنەر Richard Alan Gardner لە 28.04.1931دا لە نیویۆرک-سیتی لەدایکبووە و لە 25.05.2003 دا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ناوبراو کۆلێژی پزیشکی و دەروونناسیی خوێندووە و لە دوا ساڵانی 1963 وە پڕۆفیسۆری دەروونناسی بووە لە خەستەخانەی دەروونیی کۆڵۆمبیا. کۆنترۆفێرس / ناتەبایی و گفتوگۆیەکی پڕ گیروگرفتی زۆر هەیە لەسەر تێز و تیۆرییەکانی ئەو لەمەڕ کێشەکانی منداڵ دوای جیابوونەوەی دایک و باوک. تاکو ئێستاش ئامۆژگارییەکانی لە بڕیاردانی یاسایی لەمەڕ منداڵی نامۆبوو بەرانبەر دایک یان باوک سەنگێکی یاسایی نەشیاوی لێدەستبەرنەدراون unverzichtbar لە زۆربەی دادگەکانی باری کەسی و خێزانیدا.
نووسینەکانی گاردنەر بەزۆری لەسەر تەنگژەی جیابوونەوەی هاوسەری دایک و باوکان بووە، لە کاتێکدا کە لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەم دیاردەیە بە شێوەیەکی زۆر ڕوویانداوە. ناوبانگی گاردنەر بە پێناساندنی مۆدێلی PAS (parental Alienation Syndrom)، واتە سیندرۆمی نامۆبوونی مندال لە دایک و باوک دەستیپێکرد، کە لە ساڵی 1985 دا بە شێوەی فەرمی بڵاویکردەوە. پاش ناساندنی ئەم مۆدێلە زانکۆی کۆلۆمبیا گاردنەری لە زانکۆ دوورخستەوە و پاشان لە زانکۆی نیویۆرک وەک و مامۆستایەک و پسپۆڕێک دەستی بە کار کرد. 40 کتێب و زیاتر لە 250 وتار و بابەتی جیاوازی لەم بارەیەوە نووسیوە. لە ساڵەکەنی 1980 بەدواوە گاردنەر تەرکیزی کردۆتە سەر بابەتی لاقەکردنی منداڵ لە لایەن دایک و باوکانیانەوە، کە بە لەدایکبوونی هیستریایەکی نەتەوەیی ناوزەدی کرد. گاردنەر لەو باوەڕەدابوو کە لاقەکردنی منداڵ لە لایەن گەورەکانەوە بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاوە، بەتایبەتی لە ناو خێزان خۆیدا و بە دیاردەیەکی پێدۆفیلی Pädophilie یان جووتبوون لەگەڵ خزم و کەسدا Inzest ناوزەد دەکرێت.
لە کتێبی بەرەنگاربوونەوەی کچان و کوڕان بەرامبەر جیابوونەوە Boys and Girls Book About Divorce، کە لە ساڵی 1970دا بڵاوی کردەوە، ئامۆژگاری و ڕاوێژی منداڵان دەکات، کە بە کام شێوە مامەڵە لەگەڵ سترێس (شەکەیتی دەروونی / ناڕەحەتی دەروونی) و هەڵسوکەوت لەگەڵ باوانیاندا بکەن.
2) Ingrid Jope: Charakter-Kinder, so fördern Sie die emotionale Entwicklung Ihres Kindes, Brunnen Verlag Giessen.Basel, 2011.
3) دیارە ئامانجی ئەم نووسینە توێژینەوەی لایەنی چارەسەرە دەروونیەکانی منداڵ و دایک و باوکان بەئەنجام ناگەیەنێت، زیاتر لەڕوانگەی سۆسیۆلۆژیەوە پەی بە هەندێک لایەنی ئاستەنگی کەسی (ئیندئڤیدوێل) و گەلەکی (کۆلێکتیڤ)ی ئەم دیاردەیە دەستنیشان دەکات).




باوک و دایکانی چالاک لە پەروەردەی منداڵەکانیاندا … وەرگێڕان و ئامادەکردنی: مەحمود حەمە چاوەش

دامەزراوەی پێستالۆتسی (Pestalozzi Stiftung) بۆ یارمەتی لاوان و منداڵان و کەمئەندامان لە هەرێمی نیدەرزاکسن ی ئەڵمانیا کۆرسێکی ڕاهێنانی پەروەردەیی ئامادە کردبوو، کە تێیدا دایکان و باوکان مەشقیان لەسەر پەروەردەیەکی ڕاستەقینە و سەلمێندراو پێ دەکرا. خاڵەکانی ئەو بەرنامەیە بۆ ڕاهێنانپێکردنی دایکان و باوکان لەسەر ئەو جۆرە پەروەردەیە کە پسپۆڕانی تایبەتی لەو کۆرسەدا ئەنجامی دەدەن، بریتین لە:
0. ئەرکی دایک و باوکان وەک مەشقکەرێک
1. چۆن دایک و باوکان دەوری مەشقکەرێک دەبینن
2. پلان و هەڵسوڕانی سیستەمی خێزان و بەڕێوەبردنی، ستراتێجی بۆ پلانی ئەرکەکانی ڕۆژانەی خێزان
3. تواناکانی منداڵان و پشتیوانی کردنیان لە ئەرکەکانی ناو ماڵدا. ئایا منداڵەکەم ئەتوانێت چ کارێک بە باشی بە ئەنجام بگەیەنێت؟
4. دروستکردنی هێمای پیوەندییەکان لە ڕێگای چاوەوە، واتە پەیوەندی بە شێوازی نیگاکردن،. گوێلەیەکتر گرتن و لەیەکتر دواندن
5. باو و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، چەند پێویستن و چەند پێویستمان پێیانە؟
6. سنووردانان لە نێوان جەختکردن و سزادانی منداڵدا، چۆن مامەڵە لەگەڵ لادان لە یاساو و بەندەکانی خێزاندا ئەکەین
7. ماندووبوون و کۆنتڕۆڵی سترێس “فشار” و بەلاوەنانی ئەو ماندوبوونە
8. ئەرکەکانی قوتابخانە دەبێتە هۆکاری پلەی یەکەمی ماندوبوونی ناو خێزان
9. دایک و باوکان دەبێ چی بکەن، ئەگەر ….
10. هەندێک سەرچاوە لەسەر ئەم بابەتانە

پێشەکی

“ئەو کەسانە کە پێیان وایە پەروەردەیەکی بێ هەڵەو بێ گیروگرفت بوونی هەیە، لە خەیاڵێکی قوڵدا دەژین”.
ئامانجی سەرەکی ئەم بابەتە ڕوونکردنەوەی سیستەمێکی پەروەردەییە، کە تێیدا دایک و باوک لە قۆناغی جیاوازی ژیانی خێزانیدا توشی ئەرک و ماندوبوونێکی کەمتر لەگەڵ منداڵەکانیاندا دەبن. هەڵبەتە دەکرێت ئەم سیستەمە پەروەردەییە لە ڕێگەی گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیر و ڕاکانەوە ڕوونتر بکەینەوە، کە چۆن دایک و باوک لە ڕێگەی پەروەردەیەکی ڕاستەقینەوە هێز و توانای خۆیان و منداڵەکانیشیان پتەو بکەن و ڕێگەکانی لەیەکترتێگەیشتن ئاسانتر بەکەن.

ئامانجەکانی ئەم جۆرە پەروەردەیە بەم شێوەیە ڕووندەکرێنەوە:

  • بەهێزکردنی ڕێگەکانی لەیەکترتێگەیشتن لە نێوان دایک و باوک و منداڵەکانیاندا
  • توانای پەروەردەیی دایک و باوک زیاد بکرێت و پشتگیریی لێبکرێت.
  • جۆری بەلاوەنان و چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان لە نێوان ئەم دوو نەوەیەدا
  • کەمکردنەوەی سترێس، واتە ماندوبوون و هیلاکیی دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکانیاندا

چۆن دایک و باوک دەتوانن بە پەروەردەیەکی ڕاستەقینە و مێتۆدی تایبەتی منداڵەکانیان زانستیانە پەروەردە بکەن و بەهۆیەوە ئەرکی ڕۆژانەیان ئاسانتر بکەن.

چۆن دایک و باوک ڕۆڵی خۆیان وەک مەشقکەرێک لە پەروەردەی منداڵەکانیاندا دەبینن؟

دەبێت سەرەتا ئەوە بڵێین، کە هیچ پەروەردەیەک بەبێ ئەرک و زەحمەتکێشان نایەتە ئەنجام و باوەڕکردن بەوە کە گەورەکردنی منداڵان کارێکی ئاسانە، تەنیا خەون و خەیاڵێکی گەورەیە. لێرەدا مەبەستمان لە پەروەردەی توندوتیژی، ئۆتۆرێتی، نەرمونیان و دژە ئۆتۆرێتییە. دایک و باوک زۆر جار دەکەونە ژێر فشاری دەروونییەوە، ئەویش بەهۆی کاریگەری میدیاکان لەسەر بیروڕایان. ئەمە وا دەکات، کە ئەوان بەهەڵەی گەورەدا بچن و خاوەنی بیروڕاکانی خۆیان نەبن. هۆکارەکەشی ئەوەیە، کە ئەم دایک و باوکانە لەو بڕوایەدان، بە پڕاکتیزەکردن و گەیاندنی زانیاریی میدیاکان بە منداڵەکانیان کارێکی باش لەگەڵ منداڵەکانیاندا بەئەنجام دەگەیەنن و ڕێگای ڕاستەقینەیان پێشان دەدەن. هەندێک جار ئەوان دەکەونە هەڵەی گەورەتر و لەژێر ئەم کاریگەرییەدا خۆیان بە هاوڕێی منداڵەکانیان لەقەڵەم دەدەن. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە مێتۆدێکی پەروەردەیی هەڵەیە، چونکە دایک و باوک ناتوانن ببنە هاوڕێی منداڵەکانیان، بەڵکو دەتوانن هەوڵ بدەن ببنە ڕێنیشاندەر و نموونەیی بۆیان. ئاخر ئێمە نە لە تەمەنی منداڵەکانمانداین و نە دەتوانین وەک هاوڕێیەک لەگەڵ منداڵەکانماندا ڕەفتار بنوێنین و مامەڵە بکەین، چونکە بەم جۆرە ڕەفتارە سەریان لێ دەشێوێنین و ڕێگەی ڕاستەقینەی خۆیان لە ژیانیاندا سەختتر دەکەین، کە دەشێت زۆر جار توشی هەڵەی گەورە لە کۆمەڵگەدا ببن.
کەواتە دایک و باوک دەبێت هەمیشە نموونە و ڕێگەنیشاندەربن. بە پێچەوانەی ئەم هاوکێشەیە ئەوان ڕۆڵی خۆیان وەک پەروەردکار بزر دەکەن و منداڵەکانیشیان ڕێگەی ڕاستەقینەی خۆیان لەدەستدەدەن. بۆ نموونە هەندێک دایک و باوک لە لایەن منداڵەکانیانەوە بە ناوی خۆیانەوە بانگ دەکرێن، ئەمە کارێکی ڕاست نییە. منداڵ دەبێت هەست بەوە بکات، کە لە خێزانەکەیدا دایک و باوک خاوەنی بڕیاردانن، نەک منداڵ، ئەگەر نا، ئەوسا ئەو منداڵە سەری لێ دەشێوێت. بێگومان ئەم تێڕوانینە دژی ئەو بیروڕایە ناوەستێتەوە، کە منداڵ حەز و ئارەزووەکانی خۆی دەرنەبڕێت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە، کە دایک و باوک ڕۆڵی خۆیان وەکو مەشقکەرێکی (Coach) دووگۆڵی (تۆپێن) ببینن.
مەشقکەری تۆپێنێ دەبێت بە مەشق یاریزانەکانی ڕابهێنێت و ڕێگەکانی یاریزانییان پێشان بدات، هەروەها بۆیان ڕوونبکاتەوە، کە چۆن ئەوان لە مەیدانی تۆپێنێدا سەرکەوتوو بن. کەواتە دایک و باوک دەبێت چە لە بواری پسپۆری (پرۆفیشیۆنالێتی) و چە لە بواری سۆزداری (عاتیفی)دا ڕێنیشاندەر و یارمەتیدەر بن، ئاخر ئەوان دەبێت پلانی خێزانی دابنێن و کاروباری پەروەردەی منداڵەکانیان لەئەستۆ بگرن، هەروەها بەرپرسیارێتی خێزان وەک ئەرکێکی سەرشانیان ببینن. ئەمە وادەکات، کە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان دایک و باوک و منداڵەکانیاندا دروست ببێت.

پەیوەندییەکە لەسەر بناغەی ئەم چوار خاڵە پتەوتر و بەهێزتر دەبێت:

  • هەموو ئەندامێکی خێزان دەبێت بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ڕێزی یەکتریگرتن پەیوەندییەکان بەهێز دەکات،
  • کاتی خۆش لەگەڵ منداڵدا ببرێتە سەر، بەتایبەتی لە کاتی پشودا کاتی خۆش بردنەسەر لای منداڵ بڕوابەیەکتریکردن بەهێز دەکات،
  • ئەمەش توانای بڕوابەخۆبوون لە منداڵدا بەهێز دەکات، هاندانی منداڵ بۆ زیاتر بڕوابەخۆبوون لە تەمەنی منداڵیەوە دەست پێ دەکات
  • هەموو منداڵێک کە هەست بە خۆشەویستی لەلایەن دایک و باوکییەوە دەکات، ئارامی دەروونی و جۆرێک لە پشتیوانی دەچێژێت.
    خۆشەویستی دەبێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پێشانی منداڵ بدرێت.

پێنج ستراتیژی زۆر گرنگ لە پەروەردەدا:

1- پەیوەندی توندوتۆڵ لەگەڵ منداڵدا دروست بکرێت، بەڵام ئەو پەیوەندییە لە یەک ئاستدا ناوەستێت، واتە هاوسەنگ نیە. دایک و باوک هەڵگری بەرپرسیارین و منداڵانیش دەبێت هەست بە ماف و ئەرکەکانی ناو خێزان بکەن.
-2 کات پێکەوەبەسەربردن، بە تایبەتی لەگەڵ منداڵی بچووکدا.
-3 لەگەڵ منداڵ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بێ “پێچوپەنا” گفتوگۆ بکرێت، “درۆ باش نییە لەگەڵ منداڵ”. منداڵ پێویستی بە سیستەمێکی پەروەردەیی ئەوتۆ هەیە، کە بە پلان بەڕێوە ببرێت و ڕێگەی پێشان بدات.
-4 ئەرکەکانی منداڵ لەناو خێزاندا بەڕوونی دیاری بکرێن، کە چۆن بتوانن ئەرکەکانی ڕۆژانەی خێزان ئەنجام بدەن. نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت، کە دەستخۆشی و ستایشکردن تواناکانی منداڵ بەهێز دەکەن.
-5 بە شێوەیەکی کۆنکرێتی لەگەڵ منداڵدا هەڵسوکەوت بکرێت. ئەگەر ئێمە بەڵێنێکمان پێیان دا، دەبێت بەجێی بهێنین و لێی پەشیمان نەبینەوە.
دایک و باوکیش مافی ئەوەیان هەیە کاتێکی دیاریکراو بۆ ئارەزووەکانیان تەرخان بکەن. دایک و باوک پێویستیان بە پشوی خۆیان و کاتی خۆشی خۆیان هەیە و نابێت هەموو ژیانیان بۆ منداڵەکانیان تەرخان بکەن.
پلان و ڕێکخستنی سیستەمی خێزان و بەڕێوەبردنی
دابەشکردنی ئەرک و ڕێکخستنی کاتەکانی ناو خێزان
“بڕۆ … دەی … تۆزێک خێراکە، دەی … خێراکە، کاتمان بەدەستەوە نەماوە”. ئەم ڕستەیە ڕۆژانە لە لایەن چەندین دایک و باوکەوە دەبیسترێت، نزیکەی هەموو کەسێک ئەم ڕستەیەی بەرگوێ کەوتووە. لە ڕاستیدا کارەکانی ڕۆژانەی خێزان بە شێوەیەکی زۆر خێرا بەئەنجام دەگەیەنرێن و ماوەی بیرکردنەوەش بۆیان کەمە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی، کە پەستانێکی زۆر بخەینە سەر منداڵەکانمان. ئەم پەستانەش دروستکراوی دەستی گەورەکانە، چە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا و چە لەکاتی ئیشکردنیاندا. ئەم دیاردەیەش لە زۆر خێزاندا دووبارە دەبێتەوە. کار و سەقاڵی خێزانەکان هێندە زۆرن، کە تەنانەت 24 کاتژمێرەکەی ڕۆژ بەشیان ناکات. سەرەڕای ئەوە زۆربەی خێزانەکان لە نێوان کاری بەدەستهێنانی خەرجی ڕۆژانە و خێزانەکانیاندا دەکەونە ژێر پەستانێکی دەروونی ئاڵۆز و گرژیی ئەوتۆوە، کە تەنانەت کاتەکانی حەوانە و خۆشبردنەسەری خێزانیش دەبنە سترێس.
بۆیە لەم بارودۆخەدا دابەشکردن و ڕێکخستنی کارەکانی رۆژانەی خێزان دەبنە ئەرکێکی گرنگ و وامان لێدەکات، بیر لە پلان و سیستەمێکی تر بۆ خێزانەکەمان بکەینەوە. مەبەستیش لێرەدا ئەوەیە، کە خێزان کاتی زۆرتر بۆ بەئەنجامگەیاندنی کارە گرنگەکانی خێزان تەرخان بکات و بە شێوەیەکی هوشیارانەتر پلانی بۆ دابنێت. بەڵام ئەم واژەیە کەمێک سەرسامیمان لا پەیدا دەکات، چونکە کات شتێکی دۆزراوە و دەستکردی مرۆڤ خۆیەتی و ناتوانێت کاتەکان بە ویستی خۆی ڕێکبخات و دابەش بکات، بەڵکو مرۆڤ کاتی وەک پێوەرێک دروستکردووە بۆ ئەوەی کارەکانی پێ ڕێکبخات و جێبەجێیان بکات. بە واتایەکی تر ئێمە خۆمان کاتەکانمان درووستکردووە، نەک کاتەکان ئێمە. لەم باروودۆخەدا خێزان ئەبێت چاوەدێری ئەوە بکات و بیر لەوە بکاتەوە، کە ئەم دیاردەیە لە لایەن خودی مرۆڤەوە بەئەنجام گەیەندراوە و بە کاتژمێری ناوەوەی خۆیان دەیپێون.

چۆن منداڵ دەتوانێت لە کاتەکانی ڕۆژانەی خۆی بڕوانێت و هەستیان پێبکات

بۆ منداڵ زۆر سەختە، سیستەمی کاری ڕۆژانەی بە پێوەری دابەشکردنی کاتەکانی هەڵسەنگێنێت و مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. هۆی ئەمە لەوەدایە، کە لە تەمەنی منداڵیدا هەست بە دابەشکردنی کاتەکان ناکەین و بە سەربردنیان بەلامانەوە گرنگ نییە.

  • تا منداڵ نەگاتە قۆناغی چوونە قوتابخانە، هەست بەوە ناکات کە ڕووداوەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ئەوان ڕوودەدەن. بۆ نموونە پاسی قوتابخانە چاوەڕوانی منداڵان ناکات، ئەگەر هاتوو ئەوان لەکاتی خۆیاندا نەگەنە وێستگەی پاسەکە. واتە جارێ لەم تەمەنەدا ئاگایی منداڵ بۆ دابەشکردنی کاتەکان کامڵ نەبووە، کە ئیتر لەوە بائاگا بێت ئەو پێویستە لەکاتی گونجاودا لە جێگەی گونجاودا بووەستێت و چاوەڕێ بکات .
  • بە شێوەیەکی زانستی سەلمێندراوە، کە منداڵ لە سەرو تەمەنی 10 ساڵییەوە دەتوانێت پێوانەی خێرایی هەڵسەنگێنێت، بۆیە دەبێت زۆر بەوریاییەوە منداڵەکانمان ئاگاداری سیستەمی هاتووچۆی خۆیان بکەین و ڕەچاوی ئەوەش بکەین، کە توشی هەڵە نەبن.

پلانی ڕۆژانە وەکو ئاسانکارییەک و یارمەیدەرێکی خێزان

ئەگەر دایک و باوک نەوەکانیان، واتە لاوان و منداڵان، لە ڕێکخستنی کات و پلانی ڕۆژانەی خێزاندا ڕەچاو بکەن و جەختیان لێ بکەن، ئەوە دەبێت بە یارمەتیدانێکی باش بۆ خێزانەکە. ڕاستە کە پلان و سیستەمی بەڕێوەبردنی کارەکان هەموو پێداویستییەکانی خێزان بەئەنجام ناگەیەنن، بەڵام ئاسانکارییان تێدا دەکەن. بۆ نموونە:

-1 ئاسانکاری لە کاری ڕۆژانە و دووبارەبووەکانی خێزاندا، بەتایبەتی پاککردنەوە، شوشتن و پاککردنەوەی ناو ماڵ، کڕینی بژێوی ژیان، ئامادەکردنی خواردن و ئەو کارانە کە ڕۆژانە لە خێزاندا بەئەنجام دەگەیەنرێت.

-2 ئەو کارە جیاوازانە، کە لە خێزاندا بەئەنجام دەگەیەنرێن، بەیەکەوە بییانبەستینەوە، واتە بەپێی توانای ئەندامەکانی خێزان کارەکان دابەش بکەین. لێرەدا گرنگە، کە کارەکان بەگوێرەی تەمەنی ئەندامانی خێزانەکە دابەش بکەین.

-3 کاتی پشودانی خێزان و بەسەربردنی کاتە خۆشەکان ڕێکبخەین، وەک سەیران و چوونەدەرەوە لەگەڵ هاوڕێکاندا، ئاهەنگەکانی وەک جەژنی لەدایکبوون و زەماوەند و زۆر ئاهەنگی تریش.

کاری ڕۆژانە:
بۆ منداڵی بچوك (کەم تەمەن)

  • لەخەوهەڵسان
  • خواردنی بەیانیان، کە زۆر دایک و باوک کەمتەرخەمن لە دانی خواردنی بەیانیان بە منداڵەکانیان، ئەمەش بۆیان دەبێتە هۆی گیروگفتی زۆر لە فێرگە و قوتابخانەدا
  • قوتابخانە
  • خواردنی نیوەڕۆ و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی قوتابخانە، پاشان کاتی پشوو و حەوانەوە.
  • یاریکردن و کاتی پشوو
  • خواردنی ئێوارە
  • بردنی منداڵ بۆ جێگای خەوتن
    هەموو خێزانێک بۆ ئەوەی تووشی ناڕەحەتی و ستڕێس نەبێت، پێویستی بە پلانێکی ڕۆژانە هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش هەندێک ئامێر و سیستەمی تایبەتی هەن، کە یارمەتی خێزان دەدەن بۆ ئەوەی نەکەونە ئەو بارە ناڕەحەتییەوە، وەک:
  • ڕۆژمێر بۆ ئاسانکاری پلانی ڕۆژانە
  • خشتەیەک بۆ تۆمارکردنی تێبینیەکانی ڕۆژانە “Pin board”
  • دابەشکردنی کارەکانی ڕۆژانە بەسەر ئەندامانی خێزاندا
  • ئێوارەی پێشتر پلانی کارەکانی ڕۆژی داهاتوو دادەنرێت

ئایا لە چەند ساڵییەوە منداڵ دەتوانێت ئەرک و کاروبارەکانی ناو ماڵ و خێزان بگرێتە ئەستۆ؟

1 منداڵی باخچەی ساوایان و کەم تەمەن

  • خاڵیکردنەوەی سەتڵی کاغەزی کۆن
  • یارییەکانی خۆی لە پاش بەکارهێنانیان لە ژوورەکانیاندا کۆبکاتەوە
  • یارمەتی بۆ کۆکردنەوەی هەندێک شتی وردی ناو ماڵ

٢ منداڵی قوتابخانەی سەرەتایی

  • شتن و پاککردنەوەی قاپ و ئامێرەکانی خواردن
  • ژوورەکەی خۆی کۆبکاتەوە
  • جێگای خەوتنی ڕێکبخات
  • یارمەتی کۆکردنەوەی قاپەکان لە دوای نانخواردن بدات
  • بە گسکی کارەبا تەپ و تۆزی ناو ماڵ لابەرێت
  • یارمەتی کۆکردنەوەی حاجەتەکان لە چێشتخانە بدات

٣ لاوان و گەنجان

  • خواردنی سوک و ئاسان ئامادە بکەن، یان دروستکردن و ئامادەکردنی کێک
  • کەل و پەلی خواردەمەنی بکڕن
  • پۆشاکی خۆیان بشۆن و ئوتوی بکەن
  • کۆکردنەوەی کەل و پەلی چێشتخانە
    ئێمە دەبێت بۆ منداڵەکانمان ڕوونبکەینەوە، کە بۆچی یارمەتیدانی دایک و باوک لە کارەکانی ڕۆژانەی خێزاندا کارێکی گرنگ و پێداویستیەکی بەنرخە.

یارمەتی و کارکردن دەبێت لەگەڵ تەمەنی منداڵ و لاواندا بگونجێن و ئێمەش بیریان بخەینەوە، کە کارەکانیان ئەنجام بدەن. نابێت ستایش و دەستخۆشیمان لەبیربچێت. بەم پڕۆژەیە دەگوترێت “بوون بە مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی” یان “بەکۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤ”

پێداویستییە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی منداڵان و لاوان

بۆ ئەوەی منداڵەکانمان بە شێوەیەکی باش و بە سیستەمێکی پەروەردەیی ڕاست پێبگەیەنین، دەبێت ئێمەی دایک و باوک هەندێک پێداویستی سەرەتایی بۆ منداڵەکانمان دابین بکەین. لەپاڵ خۆشەویستی و پاراستن و ڕاگرتنی باری تەندروستییاندا، دەبێت دایک و باوک لەم بوارەدا ڕەچاوی ئەم خاڵانەی تریش بکەن:

  • هەست بە خۆشەویستیکردن و پاراستنیان لە ئەگەری مەترسییەکانی دەوروبەریان
  • دان بە کارە چاکەکانیاندا بنێن و ستایشیان بکەین
  • یارییان بۆ ئامادە بکەن و ئەزموونی یاریان لەگەڵدا بکەن
  • بڕوابەخۆکردن و هەستی بەرپرسیاری بخەنە سەر شانی خۆیان (Verantwortung übernehmen)
  • بواری ئەوەیان بدەنێ، خۆیان سەربەخۆ کار بکەن و چالاکییەکانی خۆیان بەئەنجام بگەیەنن
  • پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵان توندوتۆڵ بکەن و ئاسانکاریان لەم بوارەدا بۆ بکەن.
  • کاتی تایبەتی بۆ سەرقاڵی و کاتبردنەسەر هەڵبژێرن تاکو ئەوان چالاکی خۆیانی تێدا بکەن

سنوور لە نێوان جەختکردن و سزادانی منداڵدا

جەختکردن لەسەر بڕیارەکانت، بەڵام چۆن؟

منداڵ پێویستی بە ڕێگەپیشاندان و ئامۆژگاری هەیە، بۆیە ئەرکی دایک و باوکە، کە بەرپرسیاری بەرامبەر بەم شێوازە لە پەروەردەی منداڵەکانیان لەئەستۆ بگرن. بۆ نموونە کاتێک منداڵێک داوای شتێک دەکات، چۆن هەڵوێستە بەرامبەر ئەم پێداویستییە دەکەین؟ بۆ نموونە
منداڵەکە پرسیار لە تۆ دەکات و دەڵێت: “من دەمەوێت ئەمڕۆ بچم سەردانی هاوڕێکەم بکەم و تاکو کاتژمێری هەشتی ئێوارە لەوێ دەمێنمەوە”
ئایا دەبێت هەڵوێستی دایک و باوک لەم بارەیەوە چی بێت ئەگەر ئەم پێشنیارەیان پێ باش نەبێت؟

جۆری یەکەم سزادانی منداڵەکەتە

“تۆ ناتوانیت یان بۆت نییە سەردانی هاوڕێکەت بکەیت”. ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت، کە ئێمە هیچ ئەلتەڕناتیڤێک بۆ منداڵەکەمان ناڕەخسێنین و مەودای گفتوگۆ و دیالۆگ پشتگوێ دەخەین.

ئەگەر و پێشنیار

  • بە داوای لێبوردنەوە خۆمان میوانمان دێت و پێویستمان بە تۆیە
  • لەبەر ئەوەی خۆمان دەچینە دەرەوەی شار

یان: دەتوانیت بڕۆیت، بەڵام تکایە کاتژمێری چوار لە ماڵەوە ئامادە بە، لەبەر ئەوەی زستانە و دنیا ساردە.

بەم شێوەیە دەتوانین منداڵان و لاوان لەسەر سیستەمێکی پەروەردەیی ڕاست و تەندروست ڕابهێنین و ئامادەیان بکەین، کە سەربەخۆیی و بڕیاردانی ئەوانیشی تێدایە و یارمەتییان دەدات، زیاتر باوەڕ بە خۆیان بکەن.

لەکاتی گفتوگۆشدا باش دەبێت ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت:

-1 بەهێواشی لەگەڵ منداڵدا گفتوگۆ بکرێت
-2 گوێ لە بیروڕاکانی ئەوانیش بگیرێت، چونکە گفتوگۆ نیوەی تێگەیشتنە لە لایەن هەردوو لاوە.
-3 پێش ئەوەی دایک و باوک بڕیار بدەن و جەخت لە بڕیارەکەیان بکەن، باش دەبێت لەسەرخۆ بیر لە کێشەکە بکەنەوە، ئەوجا بڕیار بدەن، چونکە پەشیمانبوونەوە منداڵەکانیان دەخاتە گومانەوە و ڕێگە ڕاستەکانیان لێ دەشێوێنێت. بەم شێوەیەش منداڵەکان ڕێنمایی پەروەردەی ڕاستەقینە گوم دەکەن.

“منداڵ پێویستی بە سنوورپێشاندان هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی دادپەروەرانە”
هەندێک دایک و باوک سنوورێکی تایبەتی بۆ نەوەکانیان (چە منداڵ و چە لاو) دیاری ناکەن و پەیڕەوی ئەم جۆرە پەروەردەیە ناکەن، بۆیە کاتێک نەوەکانیان گەورە ئەبن، ڕێزی کەسانی تر ناگرن و سەرکەش و لاسار دەردەچن. ئەم جۆرە لە پەروەردەی منداڵ بە تێڕوانینێکی پەروەردەیی ڕاست نییە و ڕێنمای منداڵەکەنمان گوم دەکەن.

ئەگەر منداڵ لە وشەی “مەکە و نەء” تێنەگات، ئەوسا لە وشەی “ئەرێ و بکە” تێناگات.

لەم ڕەوشەدا دایک و باوک دەبنە کۆیلەی منداڵەکانیان. نابێت ئەوەش لە یاد بکەین، کە دایک و باوکیش دەبێت بە شێوەیەکی نەرم و نیان و پڕ بەرپرسیارێتی لەگەڵ منداڵەکانیاندا هەڵسوکەوت بکەن، چونکە شێوازی ڕەق کارەکتەری منداڵەکە بریندار ئەکات و فێری ترس و بێباوەڕیی دەکات.

دایک و باوک دەتوانن چی بکەن، ئەگەر:

لە پەروەردەی منداڵەکانیاندا کەمتر سەرکەوتن بەدەست بهێنن؟ لە خوارەوە چەند ڕێگایەکی پەروەردەیی یان سیستەمی پەروەردەیی پێشان دەدەین، کە ئاسانکاری بۆ دایک و باوک لە پەروەردەی منداڵەکانیاندا دەکەن:

-1 کاری پێکەوەیی یان هەرەوەزی لە نێوان ئەو کەسانەی کە لە منداڵەکانەوە نزیکن و بەرپرسیارن لە پەروەردەکردنیان، بۆ نموونە دایک و باوک، مامۆستایان، پەروەردەکاران، باپیر و داپیرە و کەسانی تری خێزان. ئەم کەسانە دەبێت پێکڕا کار بکەن بۆ ئەوەی بیروڕاکانیان لەبارەی پەروەردەی منداڵەکان بگۆڕنەوە و زیاتر بە هەرەوەزی کار لەم بوارەدا بکەن.

-2 ئەگەر دایک و باوک پێویستیان بە دەوروبەریان هەبوو، با شەرم نەکەن و یارمەتی لەو کەسانە وەربگرن کە جێگەی متمانەیانن، بەتایبەتی لە بواری پەروەردەدا. لێرەدا گۆڕینەوەی بیروڕاکان زۆر پێویستە و کاریگەریی پۆزەتیڤ لەسەر منداڵەکان دەنوێنێت.

-3 دایک و باوک پێویستیان بە کاتی تایبەتی خۆیان هەیە، کە دوور لە منداڵەکانیان بەسەری بەرن و تێیدا بحەوێنەوە، وەکو چوونە دەرەوە پێکەوە، ئەوە بە مەرجێک منداڵەکان لەژێر چاوەدێری کەسێکی جێ متمانەدا جێبهێڵن. لێرەدا گرنگ ئەوە نییە کە ئێمە چەند کات لەگەڵ منداڵەکانماندا بەسەر دەبەین، بەڵکو ئەوە گرنگە، ئێمە چەند چڕوپڕ (Intensiv) و چەند بەخۆشی کات لەگەڵیاندا بەسەر دەبەین.

-4 گیروگرفتی خێزان و بەگژیەکداچوون لە بەردەمی منداڵدا باش نییە، با دایک و باوک بە تەنیا و لە کاتی تایبەتیدا باسی ئەو گرفتانە بکەن

-5 وازهێنان لە شتی ئایدیا و کامیلێتی (پێرفێکسیۆنیزم)
دایک و باوکیش توشی هەڵەی پەروەردەیی دەبن و دەبێت بەو قۆناغەدا بڕۆن، چونکە کەس بێ کەم و کوڕی نییە.

-6 دایک و باوک هەوڵ بدەن پەیوەندییەکی باش و توند لەگەڵ منداڵاکانیاندا دروست بکەن، ئەمەش کارێکی ئاسان نییە. ئەگەر گیروگرفتی خێزانی دروستبوو، دەبێت بەڕێگەی دیالۆگ (گفتوگۆ) و بڕواهێنان بە یەکتر چارەسەر بکرێت.

دایک و باوکان چی بکەن، ئەگەر گیروگرفتەکان لە دەستیان دەرچوون؟

لە هەموو خێزانێکدا، تەنانەت لە باشترین خێزانیشدا، گیروگرفت و گرژیی ڕوو دەدەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بارەدا بکەین. ئایا گیروگرفتەکان بە جۆرێکی ئەوتۆ تەشەنە دەکەن، کە مەیدانەکە ببێتە جێگەی زۆرانبازی و کێبڕکێی ئەوە کە داخۆ “کێ بەهێزترە”، یان بیروڕا جیاوازەکان لە چوارچێوەی دیالۆگ و بە هێمنی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. لێرەدا گرنگ ئەوەیە بیروڕای بەرامبەرەکەمان، ئەگەر منداڵیش بێت، قبوڵبکەین و ڕێگەیان پێبدەین. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بە لێبووردن، دانبەخۆداگرتنی زۆر هەیە. لێرەشدا مەبەست ئەوەیە، کە لە کۆتایی ئەم بارە دژوارەدا هەموو لایەنەکان بەپێی توانا مافەکانی یەکتر بپارێزن و چارەسەرێکی ڕاست بۆ ئەم قەیرانە بدۆزنەوە.

ئەم خاڵانەی خوارەوەش بۆ ئەم بوارە زۆر گرنگن و دەبێت ڕەچاویان بکەین:

  • بەباشی گوێ لەیەکتر بگرین. لێرەدا مەبەست ئەوەیە، کە بزانین بەرامبەرەکەمان دەیەوێت چی بڵێت و بیروڕاکانی چین. (گوێگرتن نیوەی تێگەیشتنە)
  • بارودۆخی کەسایەتی خۆت و بیروڕاکانت بەباشی دەرببڕە و دەستنیشانیان بکە.
  • نابێت گەر شتێک لە ڕابردوودا ڕووی دابێت، جارێکی تر باسی بکەینەوە و ببێتە مایەی دژواری. هەوەکو دەڵێن: “گۆڕی کۆن هەڵمەدەرەوە”. هەوڵ بدرێت لەسەر گیروگرفتی هەنووکەیی تۆێژینەوە بکرێت.
  • هەموو لایانەکان بە شێوەیەکی کەسیی (خۆیی / individuell) باسی گیروگرفت و بیروڕاکانیان بکەن، بەبێ ئەوەی بەهەڵە یان بەڕاست بنرخێندرێن.
  • سەرزەنشتکردنی یەکتر باش نییە و بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات. نابێت بەرامبەرەکەت بریندار بکەیت، تەنیا لەبەر ئەوەی بیروڕایەکی تری هەیە. با لەبریی ئەوە چارەسەرێکی باش بدۆزرێتەوە.
  • بە شێوەیەکی لەسەرخۆ و نەرم هەڵسوکەوت بکرێت
  • هەموو لایەنەکان بەرپرسیاری بۆ ئەو کارە لەئەستۆ بگرن کە کردوویانە. دەبێت چە دایک و باوک و چە منداڵەکان تەنیا باس لە گیروگرفتەکان بکەن.
    تەمەنی منداڵەکە لەم بارودۆخەدا دەبێت بە شێوەیەکی دیار ڕەچاو بکرێت. ئەگەر منداڵەکە سنووری خۆی زانی و ئەوە جێبەجێ بکات کە بڕیاری لەسەر دراوە، دەبێت دەستخۆشی لێبکرێت و پاداشتیش بدرێتەوە.

منداڵ و لاوان و بوارەکانی میدیا

لەم بەشەدا باس لەوە دەکەین، کە چۆن منداڵەکانمان لە کاریگەریە نێگەتیڤەکانی میدیای وەک تەلەڤیزیۆن، ئینتەرنێت، یاری کۆمپیوتەری و بوارەکانی تری میدیا بپارێزین.

نابێت تەلەڤیزیۆن و کۆمپیوتەر لە ژووری منداڵدا بەکاربهێنرێن، بۆ نموونە قوتابی سەرەتایی پێویستی بە تەلەڤیزیۆنی خۆی نییە و نابێت لە ژوورەکەیدا بەکار بهێنرێت، چونکە چەندین گیروگرفتی جیاواز بۆ منداڵان لەم تەمەنەدا دروست دەکات. هەروەها کۆمپیوتەریش. هۆی ئەمە لەوەدایە، کە ڕەنگە منداڵان و لاوان فیلمی نەگونجاو بە تەمەنی خۆیان ببینن، و تووشی باری دەروونی و کۆمەڵایەتی نێگەتیڤیان بکەن. هەروەها لاوانیش بەتایبەتی توشی جۆرێک لە خووگرتن بە یاریەکانی کۆمپیوتەرەوە دەبن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی چەندین جۆر گیروگرفتی کۆمەڵایەتی و دەروونی. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، بە چ ڕێگایەکی تەندروست دەتوانین منداڵان و لاوانمان لەم گیروگرفتە بپارێزین؟ ئێمە دەتوانین ئەم ڕێگانەی خوارەوە بگرینە بەر:

  • کاتی تایبەتی بۆ سەیرکردنی تەلەڤیزیۆن و بەکارهێنانی کۆمپیوتەر بۆ منداڵەکانمان دیاری بکەین. بۆ نموونە منداڵی پۆلەکانی 3 و 4 ی سەرەتایی کەمتر لە کاتژمێرێک.
  • منداڵانی پۆلەکانی سەرەتایی نابێت لە نیو کاتژمێر زیاتر یاری کۆمپیوتەر بکەن، چونکە ئەو یاریانە لە مێشکیاندا دەمێننەوە و زیانیان لە بواری خوێندن و قوتابخانەدا پێدەگەیەنن. ئەمە جگە لەوەی، کە بەکارهێنانی تەلەڤیزیۆن و کۆمپیوتەر تەرکیزی لاوان و منداڵان لاواز دەکەن.
  • دایک و باوک پلان بۆ سەیرکردنی بەرنامەکانی تەلەڤیزیۆن بۆ منداڵان دابنێن، تەنانەت ئەو فلیمانە کە سەیر دەکرێن، پێشوەخت زانیارییان لەسەر وەربگیرێت
  • تەمەنی منداڵەکە بۆ بەکارهێنانی تەلەڤیزیۆن و یاری کۆمپیوتەر فاکتەرێکی زۆر گرنگە و بۆیە پێویستە بەتایبەتی ڕەجاو بکرێت.

کاریگەرییەکانی یارییەکانی کۆمپیوتەر لەسەر مێشکی منداڵان و لاوان

چ دایک و باوک و چ پسپۆڕەکانی بواری پەروەردە و چ زاناکانی ئەم بوارەش خۆیان بە کاریگەرییەکانی یاری کۆمپیوتەر لەسەر مێشکی منداڵان و لاوان سەرقاڵ کردووە. زانایانی ئەم بوارە بە شێوەیەکی چڕ کاریگەرییەکانی یاریی کۆمپیوتەریان لەسەر مێشکی منداڵان و لاوان شیکار کردووە، ئەو کاریگەریانەش دەتوانرێت لەم چەند خاڵانەدا ڕوونبکرێنەوە:

-1 بەرزبونەوەی ئاستی شەڕانگێزی (Aggression)

-2 بەرزبونەوەی ئاستی سترێس (Stress) و هەستکردن بە هیلاکی و ماندوبوون

-3 ڕژاندنی هۆڕمۆنی دۆپامین (Dopamin) کە مێشک بە ڕێژەیەکی زۆر دەیڕێژێنێتە ناو خوێنەوە. لە بارودۆخی ئەوتۆدا دکتۆر دەرمانی وەک (Giludop) یان (Generikum) بۆ نەخۆش دەنووسێت، بۆ ئەوەی هۆڕمۆنی کامەرانی و خۆشحاڵی، واتە (Adrenalin) بڕژێنێتە خوێنەوە.

[تێبینی وەرگێڕ “ئەم دیاردەیە ئێستا لە ووڵاتە ئەوروپیەکاندا بۆتە جێگای گیروگرفتی زۆر و چەندەها مرۆڤ لە ژێر ئەم بارە دەرونیەدا ئەناڵێنێت]

-4 ئەوەش کارێکی نێگەتیڤ دەکاتە سەر فێربوونی منداڵ و لاوان لە بواری قوتابخانەدا. لەکاتی یاریی کۆمپیوتەردا زۆرینەی خانەکانی مێشک بەم یارییەوە بەند دەبن و زۆرینەی خانەکانی یادەوەری (Gedächtnis) پڕ دەکەنەوە.
[ئەم پرۆسەیە بەپێی زانیارییە دەروونیەکان زۆر ئاڵۆزە و ڕوونکردنەوەی وردتری لەم بابەتەدا جێگەی نابێتەوە]

بەجێهێنانی ئەرکەکانی قوتابخانە لە ماڵەوە (هۆکاری سەرەکی و یەکەمی فشار لەسەر دایک و باوک)

منداڵان و لاوان زۆر گرنگی بە ئەرکەکانی قوتابخانە لە ماڵەوە نادەن و دایک و باوکیش بەو هۆیەوە توشی باری دەروونیی ناهەموار و سترێس دەبن. هەموو و دایک و باوکێک تووشی ئەم بارو دۆخە بووە و گیروگرفتی لەم بارەیەوە هەبووە. هۆکەشی ئەوەیە، کە منداڵان و لاوان ئارەزووی بەجێهێنانی ئەرکەکانی قوتانخانە لە ماڵەوە ناکەن و زیاتر حەزیان لە یاریکردنە. لێرەدا چە دایک و باوک چە منداڵەکانیشیان توشی دەنگدەنگ و شەڕ و ئاژاوە دەبن.
هەمووشمان ئەزانین، ئەگەر منداڵان و لاوان ئەرکەکانی قوتابخانە لە ماڵەوە جێبەجی نەکەن، هەردوولایان توشی گیروگرفتی گەورەتر دەبن. لەبەر ئەوە کۆنترۆڵکردن و یارمەتیدانی منداڵ لە هەمان کاتدا زۆر گرنگن و دەبێت پیادە بکرێن، ئەم ئەرکانەش بە ئاسانی بەئەنجام ناگەیەندرێن. کاتێک منداڵ هەستی بەجێبەجێکردنی ئەرکەکانی ناوماڵ کرد، خۆی وردە وردە بەرەو ئەو بارە دەچێت، کە ئەم ئەرکانە بەجێبهێنێت. بۆیە لێرەدا دەبێت ڕەچاوی هەندێک شت بکەین، بۆ ئەوەی ئەم ئەرکانە لای منداڵ ببنە کارێکی ڕۆژانە و ڕۆتینی و ئەرکەکان بەباشی ڕێکبخەین (ئۆرگانیزە بکەین) و ڕابپەڕێنین.

جێگەی خوێندنی منداڵ لەماڵەوە دەبێت چۆن بێت، بۆ نموونە سەر مێزی فێربوون

-1 کەرەسەکانی نووسین وەکو پێنووس، لاستیک، ڕاستە، قەڵەمدایەن و زۆر ماتریاڵی تر پێویستە لەسەر مێزی فێربوون ئامادەبن.

-2 نابێت کەرەسەی یاریکردن لەسەر مێزی فێربوون دابنرێت

-3 ئەو کەرەسانەی منداڵ بۆ فێربوون پێویستی پێیانە، دەبێت پێش جێبەجێکردنی ئەرکەکانی قوتابخانە لەسەر مێزی فێربوون ئامادە کرابن و پاشان کۆیان بکاتەوە و بیانخاتەوە جێگەی تایبەتیی خۆیان.

-4 پلانی هەفتانەی قوتابخانە لە نزیک مێزی فێربوون ئامادەبێت، بۆ ئەوەی منداڵەکان بزانن ئەرکی هەفتانەیان چییە.

-5 بەکارهێنانی ڕەنگی تایبەتی بۆ ئەو وانانە، کە منداڵەکان لە قوتابخانە دەیخوێنن، هەر وانەیەک و ڕەنگی تایبەتی خۆی بدرێتێ، بۆ نموونە وانەی ماتماتیک ڕەنگی سوور، فیزیک شین، بایەلۆجی سەوز، مێژوو زەرد …

-6 جێگەی فێربوونی منداڵ بەردەوام پاک و خاوێن ڕابگیرێت، چونکە زۆربەی منداڵان بایەخ بەو دیاردەیە نادەن و دەبێت دایک و باوکان یارمەتیان بدەن.

-7 منداڵان پێویستیان بە هەفتەنامە، واتە “دەفتەرێکی تێبینی” هەیە، بۆ ئەوەی ئەرکەکانی ڕۆژانەی قوتانخانەیان تێدا بنووسنەوە و لەیادیان نەچێت. مەبەستیش لێرەدا ئەوەیە، کە منداڵان ئەرکەکانی هەفتانە و ڕۆژانەی قوتابخانە بەردەوام جێبەجێ بکەن.

لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم، کە ڕستەیەکی مامۆستای کۆرسەکە زۆر بەلامەوە جێگەی سەرنج بوو و چەند جارێک دووبارەی دەکردەوە کە بریتی بوو لە: “ئەگەر پێتوایە منداڵەکەت لە دوای 10 ساڵییەوە پەروەردەیەکی ڕاست و گونجاوی پێویستە، دیارە زۆر درەنگ بیرت لە پەروەردەیەکی لەو جۆرە کردۆتەوە.”

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: مەحمود حەمە چاوەش




چەند سەرنجێک لەسەر کتێبی “کارگەکانی تابووت”ی شێرزاد حەسەن -2- … مەحمود چاوەش

بەشی دووەم

تێگەی (مفهوم)ی نامۆبوون

تێگەی نامۆبوون لە کتێبی “کارگەکانی تابووت”دا زیاتر تێگەیەکی سۆسیۆ-کولتووریی و گەلەکییە(کۆلێکتیڤییە)، لێ هەندێک جار هەنگاو دەنێتە نێو بواری دەروونناسی (پسیکۆلۆژی)یەوە. نووسەر زۆر بەڕوونی لەم بازنەیەی نامۆبوونی گەلەکیدا دەمێنێتەوە و شرۆڤەی دەکات، یان بە قەولی خۆی بە شیزۆفرینیا و هیستریایەکی دەستەجەمعی و ڕۆحی ناوزەدی دەکات. وەک ئەو خۆی دەنووسێت: “خودی ئەم لەتوکوتکردنە لە باری ڕامیارییەوە بووەتە مایەی شیزۆفرینا و هیستریایەکی دەستەجەمعی و ڕۆحی هەر یەک لە ئێمەی داغان کردووە و …” (لاپەڕە ٤٥). دیارە نووسەر هۆشداری و ئاگاداری نەوەکانی داهاتووی کۆمەڵگەی کوردەواری دەکاتەوە و دەیەوێت ڕایانبچڵەکێنێت، کە کولتوورە زاڵەکانی هەزار ساڵەی ئەرەبی و تورکی و فارسی کارەکتەری مرۆڤی کوردی و کولتوورەکەی ئەویان بەرەو ئاستەنگێکی مێژوویی و دەروونی بردووە و دەبات، کە بە نامۆبوونێێکی گەلەکی (کۆلێکتیڤی) و تاکەکەسی (ئیندیڤیدوێل) کۆتاییان دێت. پێش ئەوەی بچینە ناوەڕۆکی ئەم باسەوە، پێمباشە ئاوڕێکی مێژوویی لە تێگەی نامۆبوون لە بوارەکانی فەلسەفە (فیلۆسۆفی) و کۆمەڵناسی (سۆسیۆلوژی) و کەمێک دەروونناسی (پسیکۆلۆژی) بدەینەوە.
زۆرێک لە توێژەر و فەیلەسوف و کۆمەڵناس و گەلناسەکان (ئێتنۆلۆژەکان)ی جیهان شیکار و توێژینەوەی جیاوازیان لەسەر تێگەی نامۆبوون کردووە، لەوانە: ئەرستۆتێلیس، ژان ژاک ڕۆسۆ (1)، هێگڵ و مارکس، جگە لەوە زۆرێک لە فەلەسوفەکانی قوتابخانەی فڕنکفۆرت، تا دەگات بە هزرمەندانی لێرەبوونگەرا و نیهیلستی (عەبەسیی)، وەک ژان پۆل سارتەر، سیمۆن دی بوڤوا، ئەلبێرت کامۆ و زۆرێکی تری ناوبانگدارە جیهانییەکان لەم بوارەدا توێژینەوەیان کردووە. ڕۆسۆ بۆ نموونە بەڕوونی باسی دەکات و دەڵێت کاتێک مرۆڤ لە سروشت جیادەبێتەوە، ئیتر لە خۆی نامۆ دەبێت، لەم بارەشدا خۆپەرستی زاڵ دەبێت بەسەر خۆخۆشویشتندا. واتە کاتێک مرۆڤ لە سروشت جیا دەبێتەوە، کە باوەشی پڕسۆز و خۆشەویستی دایکانەی ئەوە، پرۆسەی نامۆبوون دەستپێدەکات.
لەوە زیاتر ڕوونکردنەوەی تێزەکانی ڕوسۆ، بەڵام هەروەها هێنانی هێگل بۆ بەر باس، لە چوارچێوەی شیکاری ئەم نووسینە دەردەچن، ئاخر هەر یەک لە ئەوان توێژینەوەی تایبەت بە خۆی گەرەکە.

تێگەی نامۆبوون بە مانا کۆلێکتیڤەکەی (گەلەکییەکەی)

کارل مارکس کێشەی نامۆبوون لە پڕۆسەی کار و بەرهەمهێناندا بە شێوە گەلەکییەکەی (کۆلێکتیڤ)یەکەی ئاوەڵا دەکات. ئەو لە دەستنووسە “فەلسەفی-ئابوری”یەکەیدا نامۆبوون بە خۆدەردان(2) ناوزەد دەکات. مارکس ئەم تێزەی لە تێزە فەلسەفی-ئایدیالیستییەکەی هێگلەوە وەرگرتووە و ماتەریالیستیانە دایڕشتۆتەوە. مارکس پێیوایە نامۆبوون لە پڕۆسەی کار و بەرهەمهێناندا دێتەگۆڕێ. لە پڕۆسەی کاردا بەرهەمی کرێکار (مارکس بە پڕۆلیتاریا ناوزەدیان دەکات) بە ئەو خۆی نامۆیە، چونکە خاوەنداری بەرهەمەکەی خودی خۆی نییە، بەڵکو سامانی کەسێکی ترە، کە بە خودی ئەم نامۆیە. کرێکار لەم پڕۆسەیەدا تەنانەت لە خودی خۆی نامۆ دەبێت یان وا هەستدەکات بووە بە بەشێک لە ماشێنەکانی بەردەستی. مارکس ئەم نامۆبوونە بە تێگەیەکی گەلەکی (کۆلێکتیڤ / دەستەجەمعی) شیکار دەکات. لەم ڕوانگەیەوە خاوەنداریی تایبەتی هۆکاری نامۆبوونی کرێکارە، لێ سوودی کار و بەرهەمی کارەکەی دەچێتە دەستی کەسێکی ترەوە، کە مارکس بە سەرمایەدار / کەپیتالیست ناوزەدی دەکات. مارکس پرۆسەی کار بە سەرچاوە و پنتی سەرەکی سەرهەڵدانی دیاردەی نامۆبوون لە تەواوی مێژوودا دەناسێنێت، بە هەموو فۆرم و سیستەمە کۆمەڵایەتیەکانەوە، ئەوە هەر لە پەیوەندییە جڤاکییەکانی کۆیلە و خاوەنکۆیلەدا، لە کۆمەڵگەی فیۆداڵی سەدەکانی ناوەنددا (دەرەبەگایەتی) تا دەگات بە سەرهەڵدانی سیستەمی سەرمایەداری و فاشیزم و سۆسیالیزمیش، کە نووسەر باسیان لێدەکات. گەر بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە بڕوانینە تێزەکەی مارکس لەمەر تێگەی نامۆبوون، دەبینین، کە لە فۆرم و سیستەمی سەرمایەداریدا هەر تەنیا کرێکار نییە کە نامۆیە بەرامبەر بەرهەمی کارەکەی و بە خۆیشی، بەڵکو پەیوەندییە کۆمەڵاییەتیەکان لەم سیستەمەدا لە ئاستەنگێکی تاکەکەسی و گەلەکی ئەوتۆدان، کە تەواوی مرۆڤایەتی بە نێوان و نامۆبوونێکی ئەبەدیدا تێدەپەڕێنێت. کەواتە تێگەی نامۆبوون مۆرکی تەنیای کۆمەڵگەی مۆدێرن نییە، بەڵکو لە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتیدا، هەروەها لە فۆرم و سیستەمە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە مارکس بە ڕێکخەرە کۆمەڵایەتیەکان ناوزەدیان دەکات، بەرجەستە بووە و دەبێت. تاکو ئەمڕۆش سیستەمی سەرمایەداری ناتوانێت یان نایەوێت چارەسەرێکی مرۆڤدۆستی بۆ دیاردەی نامۆبوون بە شێوەیەکی گشتی بدۆزێتەوە یان بەرەنگاری بێتەوە، چونکە بەرەنگاربوونەوەی ئەم پڕۆسەیە لە توانا و هێزە سروشتی و مادییەکانی ئەم سیستەمەشدا نەماون. مرۆڤەکانی ئەوروپا و زۆربەی شوینەکانی تری جیهان بە سیستەمێکی ئەوتۆوە وابەستکراون، کە بە ئارەزووەکانی ئەم سیستەمە سەرمایەدارییە / کاپیتالیستییە هەڵسوکەوت دەکات. ڕەنگە گەلێک تیۆری باس لە هێورکردنەوەی نامۆبوون لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا بکات، لێ دەروویەکی تایبەتی تاکو ئێستا بۆ ئەم دەردە کۆمەڵایەتییە نەدۆزراوەتەوە و ناشدۆزرێتەوە.

تێگەی نامۆبوون لە سۆسیۆلۆژیدا (کۆمەڵناسیدا)

کۆمەڵناسی فەڕنسی ئێمیل دورکهایم (3) لەو باوەڕەدایە، کە نامۆبوون بە لەدەستدانی ترادیسیۆنە (سونەگەراییە) جڤاکیەکان و دینییەکان بەرجەستە دەبێت. بۆ زۆر سۆسیۆلۆژی (کۆمەڵناسی) ئەوروپی لە سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠ دا تێگەی نامۆبوون جێگەی سەرنج و توێژینەوەکانیان بوو، بەو مانایەی، کە نامۆبوونی مرۆڤ لە ئەنجامی پرۆسەی تاکگەراییەوە و دابڕانی، بۆ نموونە خێزانەوە، سەریهەڵداوە و گیرۆدەی بووە. کەواتە نامۆبوون لە تێگەی کۆمەڵناسیدا بەو مانایە دێت، کە مرۆڤ لە دەرئەنجامی پرۆسەی بەتاکبووندا (ئیندیڤیدوالیزاسیۆن) پەیوەستییە سەرەتایی و بنەڕەتییەکەی خۆی بەرامبەر خێزان لەدەستدەدات. هاوسەنگییەکە ڕوونە، نامۆبوون لە ئەنجامی پڕۆسەی بەشارستانیبوون (لایەنە سۆسیۆلۆژییەکە)، نامۆبوون لە پڕۆسەی پێداویستیی بەرهەمهێنانی تەکنیک لە پڕۆسەی کاردا و دابڕانی لە سروشت (لایەنە فەلسەفەیی و ئابورییەکەی). لە ڕوانگەی سۆسیۆلۆژییەوە مرۆڤ خۆی وەک نامۆیەک هەنگاو دەنێتە ناو کۆمەڵگەوە، ئاخر تاک لە کۆمەڵگەدا لە پاڕادۆکسێکدا دەوران دەخوات و لەم پڕۆسەیەشدا ئاوارە و سەرگەردان دەمێنێتەوە (بە هۆکاری کۆمپلێکسەکانی / ئاڵۆزییەکانی ناو کۆمەڵگە). وابەستەیی و میکانیزمە کۆمەڵایەتییەکان لە تێگەی نامۆبووندا زۆر بەچڕی هەڵسەنگێنراون. فەیلەسوفانی ئەڵمانی ئادۆڕنۆ و هۆرکهایمەر(4) لە تێزەکانی “دیالێکتیکی ڕۆشنایی”دا تێگەی نامۆبوون لە بواری سۆسیۆلۆژیدا ڕووندەکەنەوە، کە دەستبەسەراگرتن و زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر سروشت لە بەشارستانیبووندا (ڕەنگە مەبەستی ئادۆڕنۆ و هۆرکهایمەر لە پڕۆسەی بەشارستانیبووندا بووبێت) نرخەکەی بە نامۆبوون کۆتایی دێت. هاتنەدەرەوە (دەرچونی سنووردارکراو) لەم نامۆبوونە بە تەرکیزکردنە سەر هزر (هۆشمەندی) و کولتوور بەئەنجام دەگەیەنرێت.

تێگەی نامۆبوون بەمانا مۆدێرنەکەی (نامۆبوونی ئیندیڤیدوێل/ تاکڕەوایی)

پرسیاری گرنگ لەم پنتەدا ئەوەیە، کە ئایا نامۆبوونی سەدەکانی ناوەند و پێشتریان لە چەند ڕووەوە بە نامۆبوونی مرۆڤ لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا جیاوازن. ڕەنگە ئەم جیاوازیانە لە چوارچێوەی ئەم نووسینە دەربچن. ئەوەی لە تەواوی مێژوودا ڕوونە، ئەوەیە کە مرۆڤ لە پرۆسەی کار و بەرهەمهێناندا بەردەوام لە نامۆبوونێکی ئیندیڤیدوێلی (تاکڕەوایی / تاکەکەسی) و کۆلێکتیڤیدا ژیاوە و بەردەوامیشە لەم پرۆسەیەدا. دیارە یەکێک لە هێماکانی کۆمەڵگەی مۆدێرن دیاردەی سەرهەڵدانی ئیندیڤیدوالیزمە بە هەموو ماناکانیەوە. مرۆڤەکانی دەڤەری ئەوروپا بە پرۆسەیەکی تاکگەرایی ئەوتۆدا تێپەڕیون، کە تاک لە زۆربەی بوارەکانی ژیانیدا ئازادانە “زۆربەی” بڕیارەکانی ژیانی خۆی دەدات (ئەمە جیا لە پڕۆسەی کار و بەرهەمهێنان، کە تاکو ئێستاش ڕێگری یەکەمی ئازادییە تاکگەراییەکانە). لوتکەی پڕۆسەی تاکگەرایی لە ئەوروپادا، بۆ نموونە لە ئەڵمانیادا، جوڵانەوەکانی ساڵانی شەستەکان بوو، کە لاوان ڕژانە سەر شەقامەکان و ئازادی تاکەکەسییان لە پێشەوەی داواکانیاندا بەرزڕاگرت. ئەمەش بە بەشێکی سەرەکی لە درزاندنی پەیوەندییەکانی تاک بە کۆمەڵەوە دەژمێردرێت. ئازادی تاک بۆتە پنتێکی چەقگر لە کۆمەڵگەی مۆدێرن و بەشێکی نەبڕاوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
پرسیاری گرنگ لەم ئاستەنگەدا ئەوەیە، کە ئایا نامۆبوونی سەدەکانی پێشتر جیاوازییان لە نامۆبوونی جیهانی مۆدێرن چییە؟ لەدوای بەرپابوونی ڕێنێسانس لە ئەوروپا و بەرەوپێشچونی پیشەسازی و پێکهاتنی کۆمەڵگەی مۆدێرن لە کولتوورەکانی ڕۆژئاوادا، تاکڕەوایەتی زیاتر بەرجەستە و جێگیربوو. نامۆبوون بوو بە مۆرکێکی لێکنەبڕاوە. ئاڵۆزییەکانی ژیان و ئاڵۆزی (کۆمپلێکسی) پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تاکەکەسی زیاتر بەرەنگاری پشێویی دەروونی و نامۆبوون بە خۆ و سروشت و دەووروبەرەکەی کردەوە. نەخۆشییە دەروونییەکان بوون بە بەشێکی بەردەوام و نەبڕاوەی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ و پرۆسەی نامۆبوونی. تاکەکەسی کۆمەڵگەی مۆدێرن نامۆکراوە بە خۆی و سروشت و تەنانەت بە مرۆڤەکانی دەوری، پەیوەندییە سەرەتایی و سروشتییەکانی خۆی لێسەندراوەتەوە. سەرقاڵی ژیان خۆی بووە بە میکانیزمێک، کە داپچڕانی مرۆڤ بە سروشتەوە پرۆگرامکراوە. ئەمەش نامۆبوونە، چونکە مرۆڤ ژینگەکەی و سروشتی بە نامۆ دێتە بەرچاو. سەدەکانی پێشووتر مرۆڤەکانی زیاتر بە کۆلێکتیڤی (گەلەکییانە) نامۆکردووە، مۆدێرنە بەشێوەیەکی ئیندئڤیدوێڵ، بەڵام هەردوو نامۆبوونەکە دەبنە مۆرکی پڕۆسەیەکی بەردوام لە سەردەمی مۆدێرندا.
لە ڕووی دەروونناسییەوە / پسیکۆلۆژییەوە ناوزەدکردنی نەخۆشییە دەروونیەکانی کۆمەڵگەی مۆدێرن سەلماندنی ئەم ڕاستییەیە، نەخۆشییە دەروونیەکانی وەک تراوما (خورپەی / برینداربوونی دەروونی)، شیزۆفرینیا (جوتڕەوشتی)، هیستریا (پشێوی دەمارگیری یان هەستەدەمار)، دیمێنس (خەڵەفاوی لە پیریدا)، دێپرێسیۆن (غەمۆکی)، کۆمپلێکسی / گرێی خۆبەکەمزانی، ترس و دڵەڕاوکێ، کەمهۆشمەندی (أ.د.هه.س)، لەدەستدانی واقع (پسیشۆزە)، تێکچوونی باری کەسایەتی، لەدەستدانی مەیلی خواردن و چەندەها نەخۆشی دەروونی کۆمەڵگە مۆدێرنەکان. بوونی دیاردەی ئەم نەخۆشیانەش بێگومان لە کوردستانیش هەیە و بە شێوەیەکی بەربڵاو تەشەنەیان کردووە.

نامۆبوونی کولتوری (سۆسیۆ-کولتوری)

ڕەنگە ئەم نامۆبوونە زیاتر لە تێزەکانی نووسەری “کارگەکانی تابووت” نزیکبێتەوە، واتا بە کۆمەڵگەیەکی کوردی ژەهراویکراو و تێگلاو بە سوننەگەرایی (داب و نەریتی) کولتوری ئەرەبی-ئیسلامی. نووسەر باسی ئازارە دەروونییەکانی تاکی کورد لە ڕوانگەیەکی پسیکۆلۆژیەوە دەکات، بەڵام ئازارەکان لە چوارچێوەیەکی گەلەکیدا (کۆلێکتیڤدا) قاڵبڕێژکراوە. تاکی کورد سەرگەردان و نامۆی ئەو کاریگەرییە هەزارساڵییەی کولتوورێکە، کە لە کولتووری خێڵەکی ئەرەبی-ئیسلامی، کە سەرچاوەکەی دورگەی ئەرەبییە، سەریانهەڵداوە. نووسەر لە لاپەڕەی ٣٢٦ دا ئەم تێکەڵە کولتوورییە بەزۆر سەپێنراوە بەڕوونی هەڵدەسەنگێنێت: “ئەم کولتوورە تاریکپەرست و ڕەش و هەڵزڕاوە ناتوانێت بەرهەمی جوانتری لە داعش هەبێت… ئەم ئاشە هەر دەگەڕێت و دەگەڕێت و بارشەکەیشی خوێن و فرمێسکی ملیلیۆنەهایە!”. یان لە لاپەڕەی ٣٤٤ دا دەنووسێت: “نامۆیی بۆ خۆی چارەنووسی ئێمەیە، چونکە بە تەواوی لە دۆخێکی هیستریادا دەژین کە بە جیهانی ناوەوەمان نامۆ و بێگانەیە، ئێمە هەر هەموومان بە خۆمان بێگانەین، هەر لەبەر ئەوەیشە کە بێگانەین بە یەگدی”. لێرەدا تێکەڵەی ئەو دوو جۆرە لە نامۆبوون هەیە، کە لە سەرێکەوە تاکەکەسی (ئیندیڤیدوێل) و لە سەرێکی ترەوە نامۆبوونێکی کولتووریە. ئەم تێزە لێوانلێو بە نامۆبوونی گەلانی ژێردەستەی سەدەکانی کۆلۆنیالیستی دەچوێنرێت، کە کولتوری سەردەستە و تێکەڵەیەکی ژەهراوی بووە بۆ گەلانی بندەستەی کۆلۆنیالەکان و نامۆبوونیش بەرهەمێکی پرۆگراماتیکی ئەم تێکەڵە کولتورییە بووە.
گەر ئاوڕێک لە مێژووی کۆلۆنیالیزم و تێکشکان و شێواندنی کولتورە ژێردەستەکان و کۆلۆنیالیزەکردنی بەشێکی زۆر لە جیهاندا بدەینەوە، زبڵخانەیەکی قێزەوەنئاسا دەبینین، کە تێیدا نامۆبوونی کولتووری زۆر بەڕوونی لە شێوە کۆلێکتیڤەکەیدا دەبینرێت. مێژووی ٢٠٠ ساڵەی ئینگلیز لە هیندوستان و بندەستەیی و وابەستەیی کیشوەری ئەفریقا بە کۆلۆنیالیستەکانەوە، دابەشکردنی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوین لە نێوان کۆلۆنیالیستە ئینگلیز و فەرەنسییەکاندا نمونەی نامۆبوونی کۆلێکتیڤی مۆدێرنن بە هەموو ڕووەکانییەوە. کولتووری سەپێنراوی ئینگلیزی بەسەر گەلان و دیانەتەکانی هیندوستاندا بە نامۆبوونێکی کولتووری/ کۆلێکتیڤی دەژمێردرێت، کە بە تێکەڵەیەکی دوو کولتووری زۆر جیاواز و نامۆ بە یەکتر دەناسرێت، لێکدەدەن و دەیکەنە تێکەڵەیەکی ئەوتۆ، کە تاکو ئەم ڕۆژگارەش هاوسەنگی یەکتر نابن. کۆلۆنیالیزم یان داگیرکەر، کە بە ئیمپریالیزمیش ناوزەد دەکرێت، هەوڵی جۆرێک لە سڕینەوەی کولتووری ئەو گەلانەی بندەستی خۆی داوە، هەر وەک فرانس فانۆن”(5) ڕونیدەکاتەوە، کاتێک کۆلۆنیالیستەکان ئەم گەلانە بەجێدەهێڵن، کولتوورەکانیان بە تەختەی ڕەشی بەتاڵی قوتابخانەکان دەچوێنرێن. گەلانی ئەو دەڤەرە تاکو ئەمڕۆش وابەستەی ئابووری و سیاسی کولتووری سەپێنراوی خۆیان کردووە. ڕەنگە ئەم ڕاڤەیەی فانۆن زیاتر نزیکبێتەوە لە بیروڕاکانی شێرزاد حەسەن. کتێبەکەی فانۆن بە ناونیشانی “کڵۆڵەکانی ئەم سەرزەمینە” بووە بە ئایدیایەکی کاریگەر و گرنگ دژی کۆلۆنیالیستەکانی جیهان، کە لە دوای مردنی فانۆن خۆی بڵاوکرایەوە و سارتریش پێشەکی بۆ نووسی. لە کتێبی “پێستی ڕەش و دەمامکی سپی”دا فانۆن بەڕوونی باس لە نامۆبوونی مرۆڤە ڕەشپێستەکان لە کۆمەڵگەیەکدا دەکات، کە لەژێر دەستی کۆلۆنیالیستەکاندا دەناڵێنن. فانۆن لەم پەیوەندییەدا ڕوودەکاتە توندڕەویی بەرامبەر ڕەشپێستەکانی ئەفریقا لە لایەن کۆلۆنیالیستە فەڕەنسیەکانەوە، کە کولتورەکانیان تووشی نامۆبوون و نەخۆشی کراون. فانۆن وەک دکتۆرێکی دەروونناس چارەسەری گەلێک نەخۆشی دەروونیی ڕەشپێستەکانی کردووە و لە ئازارەکانی ناخیان تێگەیشتووە.
کوردستانیش وەک لێچونێک بە دەورانی کۆلۆنیالی هەمیشە لەژێر ئەم تێکەڵە کولتورییەدا ناڵاندوویەتی و بەشێکی زۆری نامۆبوونە کولتوری (سۆسیۆ-کولتورییەکە)ی تاکی کوردیشی لە دەورانێکی دەروونی هەمیشەییدا خەمڵاندووە. شێرزاد حەسەن زۆر بەئاشکراو ئازایانە لە لاپەڕە ٣١٨ دا دەبێژێت: “کوردستان نموونەیەکە لەو نموونە زۆر خراپانەی میراتی فیکری عەرەبی، کە بەدرێژایی سەدەکانی لەسەر ناعەقلانیەت بەند بووە، کە بڕوای بە هیچ گومان و پرسیارێک نییە. پەروەردەی منداڵانی کورد بە فیکری ترسناکی وەهابییەکان لە هەموو شار و گوندێکی باشووری کوردستان دەدۆزینەوە.” لەم ڕوانگەیەوە دروستکردنی منداڵێکی نوێ، وەچەیەکی پڕهزر و نوێخواز، کەسانی مۆدێرن و ئیندیڤیدوێل لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا زۆر سەختە. ڕەنگە پلورالیزم تەنیا چارەیەک یان خەونێک بێت، کە نەوەکانی داهاتوو لە پاشەڕۆژێکی دوورتردا بیبینن، چونکە پلورالیزم و هەمەڕنگی و پێکەوەژیانی گەلانی ئەو دەڤەرە تەنها چارەیەکی ئەو گرفتە کۆمەڵایەتیانەیە و حەتمیەتێکی مێژووییە.

دووفاقەیی نامۆبوون لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا

لەم نێوەندەدا گەلێک سەختە هێڵێکی دیاریکراوی ئەم فرە نامۆبوونە و بەتایبەتی کۆمپلێکسی نامۆبوون لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا دەستنیشان بکەین، هاوکات ئەم دیاردەیە دووفاقەیە. لە نێوەندێکیاندا نامۆبوون ئیندیڤیدوێلە (تاکگەرایە)، واتا نامۆبوونی تاکی کوردە بە خۆی و دەوروبەرەکەی (ئاخر نەخۆشییە دەروونییەکان کە لە کوردستانیش گەلەک هەن و چارەسەریان بۆ نادۆزرێتەوە، یان پشتگۆییەکی کۆمەڵایەتی وەک مۆتەکە بەسەریاندا سەپێنراوە، بە شێوەیەکی پەنهانی و نهێنی بەربڵاون). لایەنێکی تری ئەم نامۆبوونە بە پڕۆسەیەکی کۆلێکتیڤ (گەلەکی / دەستەجەمعی)دا تێپەڕیوە و نامۆبوونی کولتووری (سۆسیۆ-کولتووری) بەرهەمهێناوە و بەردەوامیشە لەم پرۆسەیەدا.
دووفاقەیەتی تێگەی نامۆبوون لە کتێبی “کارگەکانی تابووت”دا لە سەرێکییەوە کۆلێکتیڤە. ئەم نامۆبوونە زادەی ئەتککردنی کولتووری کوردییە لە لایەن کولتووری ئەرەبی ئیسلامییەوە، کە بە زۆرەملێ لە چوارچێوەی کولتووری سەردەستدا نامۆبوونی بۆ کولتوری کوردی خەمڵاندووە و بۆتە بەشیکی سەرەکی لە کولتووری نامۆبوونی تاک و کۆی کورد. کورد خۆیشی بە بەشیکی گەورەی ئەم بەنامۆبوونە ڕازی بووە و پڕاکتیزەی کردووە. کولتووری یەکتریپەسەندکردن لەو دەڤەرەدا کارێکی زۆر سەختە و دەبێت بە پڕۆسەیەکی مێژوویی و ڕێنیسانسێکی ڕۆژهەڵاتیدا تێپەڕێت، کە ئەمەش لەم ساتە مێژووییەدا گەلەک سەختە.
نووسەر لەو باوەڕەدایە، کە سەرچاوەی نامۆبوونە تاکەکەسییەکە / ئیندیڤیدوێلەکە لە نائاگایی تاکی کورد خۆیەوە بەرجەستەبووە و سەرچاوەی گرتووە. لە لاپەرەی ٤٩ دا نووسەر ئەم نامۆبوونە باشتر فۆرمولە دەکات: “ئێمە نە خاوەنی ئەو ڕۆح و عەقڵەین کە دەرک بە نەخۆشییەکانی خۆمان بکەین، نە ئەوەندە بەهێز و ئازاین کە زات بکەین لە بەردەمی خۆمان و خەڵکیدا دانی پێدا بنێین…”
تێزەکەی نووسەر تێکەڵەیەکی مێژوویی-کولتوورییە لەسەر تێگەی نامۆبوون، دەستپێکێکی ئاڵۆزی کولتووری ڕەشۆکی-بیاباناوی بەدەویی ئەربی-ئیسلامییە کە بە کولتورێکی نامۆ بە کولتوورەکانی غەیرە ئەرەب ناوزەد دەکرێت. تەلیسماویکردنی، بە قەولی نووسەر ژەهراویکردنی کولتوورەکانی ئەو ناوچانە بوون. ئەم کولتوورە ئەرەبی-ئیسلامییە توانیویەتی لە ئەنجامی پڕۆسەیەکی مێژووییدا هزر و عەقڵییەتی گەلانی ئەو دەڤەرە بەخۆوە ببەستێتەوە. نامۆبوون لێرەدا دەبێتە زادەی تێکەڵەیەکی نامۆلەخۆگری کولتووری، کە کولتوورە سەردەستەکە (ئەرەبی-ئیسلامی) بەبێ گوێپێدان و رەچاوکردنی تایبەتمەندییەکانی کولتوورەکەی تر (کولتووری ژێردەستە یان بندەست)، بە زۆرەملێ کولتوورەکەی خۆی بەسەر چاوگی کولتوورەکانی ئەو دەڤەرەدا سەپاندووە. خاڵێکی گرنگی پەیوەندیدار بەم نامۆبوونەوە ئەوەیە، ئایا مێتۆدێکی دیاریکراو بۆ سستکردنی (هێورکردنی) ئەم نامۆبوونە لەسەر تاکی کورد یان لە پڕۆسەی بەکۆلێکتیڤکردن بە ئاڕاستەیەکی پۆزەتیڤدا هەیە، بەواتایەکی تر ئایا واڵابوون (ڕزگاربوون)ی مەرجداری تاکی کورد لەم ئاستەنگەدا لە ئەڵقەکانی کەلەپچەی بەندەیبوونی ئەم کولتورە نامۆیە ئەگەری هەیە؟ ڕەنگە ئەمە پڕۆگنۆزێکی (لەپێشچاوگرتنێکی) نەگونجاوبێت. بەهەر توێژینەوەیەک، گەر فەلسەفی، سۆسیۆلۆژی، سۆسیۆ-کولتوری بێت، نامۆبوون نەک هەر لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە پرۆسە ئیندیڤیدوێل و کۆلێکتیڤەکەیدا تێدەپەڕێت و دەمێنێتەوە، بەڵکو لە تەواوی کولتورەکانی جیهاندا لە ئاستەنگێکی کۆسمۆپۆلیتیکدا دەمێنێتەوە و بۆتە دیاردەیەکی نەبڕاوە لە مۆرکی کۆمەڵگەی مۆدێرندا. گەر بابەتیانە بڕوانینە کۆمەڵگەی کوردەواری، نامۆبوون خۆی بە کۆمپلێکسێکی سۆسیۆ-کولتوری ئەوتۆدا تێپەڕیوە، یان ڕوونتر بڵێین نامۆبوون بەهۆی سەردەستەیی و بەسەرداسەپاندنی کولتوری ئەرەبی-ئیسلامییەوە بەسەر کولتوری کوردیدا، هێندە لە جومگەکانی پەیوەندییە جڤاکییەکانی ئاڵاوە، کە ئازادبوون لەم وەبایە زۆر زەحمەتە. ئاخر کولتورێک، کە سەرچاوەی میکانیزمی پێکهاتە کولتورییەکانی لە کولتورێکی بێگانە هەڵ-هێنجراوە، بە خۆنامۆبوونێک لەو جۆرەی نووسەر باسیان لێوە دەکات، کارێکی حەتمییە. ڕەنگە مێتۆدەکانی نەشونماکردنی پڕۆسەی ئیندیڤیدوالیزم بە لەدایکبوونی سیستەمێکی پەروەردەیی تەندروست (یان پەروەردەیەکی یەکسانبەیەکتر) و هاتنەگۆڕێی نەوەیەکی نوێ بتوانێت بەرەنگاری ئەم نامۆبوونە ببێتەوە. ئەمەش نەک هەر لە کوردستاندا، بەڵکو لە تەواوی کولتورەکانی ئەو دەڤەرەدا. پێموایە ئەم بەرەنگاربوونەوەیە بە هیچکام لەم مێتۆدانە بەئەنجام ناگەیەنرێت، بەڵکو تێکەڵەیەکن لە هەموویان (فەلسەفی، سۆسیۆلۆژی، سۆسیۆ-کولتوری و …). دەبێت لەم پنتەدا ئەوە بهێنرێتە جێگەی گفتوگۆ، کە سەردەستەیی کولتوری ئەرەبی-ئیسلامی تەنها کۆمەڵگەی کوردەواری توشی وەبای نامۆبوون نەکردووە، بەڵکو کۆمەڵگەکانی جیهانی بەم وەبا کۆلێکتیڤە ساریکردووە. ساڕێژی ئەم نەخۆشییە (لایەنە دینی و عەقیدەییەکانی ئەم دیاردەیە) لەم کاتە و لە ئێستادا کارێکی مەحاڵە، چونکە ئەم دیاردەیە هەموو مرۆڤایەتی گرتوەتەوە.

——————————————–

پەراوێزەکان

(1 ڕوسۆ لە 28.06.1712 لە ژنێڤ لەدایکبووە و لە 02.07.1778 لە پاریس کۆچی دوایی کردووە. فەیلەسوف و نووسەر و پەروەردەناس و توێژەر بووە. کاریگەری زۆری لەسەر پەروەردەناسی (پێداگۆگی) و تیۆرییە سیاسیەکانی سەدەی 18 و 19 و 20یش لە تەواوی ئەوروپادا هەبووە، هەروەها یەکێک بوو لە ڕێخۆشکەرانی شۆڕشی فەڕەنسی.
2) مارکس لە تێزی پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکاندا دوو تێگەی نامۆبوون و خۆدەردان (Entfremdung und Entäußerung) ، یان نامۆبوون لە خودی خۆ، بەکاردێنێت.
3) گەلناس (ئێتنۆلۆژ) و کۆمەڵناسی (سۆسیۆلۆژی) فەڕەنسی لە 05.04.1858 دا لە فەڕەنسا لەدایکبووە، لە 15.11.1917 لە پاریس کۆچی دوایی کردووە. ئەمڕۆ بە یەکێک لە کلاسیکەکانی سۆسیۆلۆژی دەژمێردرێت، کە هەوڵیدا کۆلێژی کۆمەڵناسی وەکو بەشێکی سەربەخۆ لە بەرنامەی توێژینەوە و زانستەکاندا سەقامگیر بکات. لێکۆڵینەوە ئەزمونگەراییەکانی بوون بە نموونەیەکی مەیدانی کۆمەڵناسی.
4) تیۆدۆر ڤ. ئادۆڕنۆ، فەیلەسوفی ئەڵمانی و یەکێک لە فەیلەسوفانی تیۆریی ڕەخنەیی ناسراو بە قوتانخانەی فرانکفۆرت. لە 11.09.1903 دا لە فڕنکفۆرت لەدایکبووە و لە 06.08.1969 دا لە سویسرا کۆچی دوایی کردووە. هەروەها (ماکس هۆرکهایمەر، فەیلەسوف و کۆمەڵناسی ئەڵمانی و ئەندامی چالاکی قوتانخانەی فرانکفۆرت. لە 14.02.1895 دا لە شتوتگارت لەدایکبووە و لە 07.07.1973 دا لە نیورنبێرگ کۆچی دوایی کردووە.
5(Franz Fanon: Die Verdammten dieser Erde, Rowohlt Taschenbuch Verlag GmbH, Hamburg Mai 1969.
فرانس فانۆن لە 20.07.1925 لە فۆرت دێفرانس لە مارتینیک لەدایک بووە، لە 06.12.1961 لە ماریلاند کۆچی دوایە کردووە. نووسەر و سیاسەتمەدار و دوکتۆری دەروونناس بووە. لە شۆڕشی جەزائیردا بەشداری کردووە و لە بەرەی شۆڕسەکەدا بەرەنگاری دژی کۆلۆنی فەرەنسی کردووە. چارەسەری گەلێک لە نەخۆشییە دەروونییەکانی ڕەشپێستەکەنی کردووە و تۆێژینەوەی لە بارەیانەوە بڵاوکردۆتەوە. فانۆن خۆی کەسێکی ڕەشپێست بووە و لە نزیکەوە ئاگاداری ئازاری دەروونی ڕەشپێستەکان بووە.




چەند سەرنجێک لەسەر کتێبی “کارگەکانی تابووت”ی شێرزاد حەسەن … مەحمود چاوەش

کتێبی “کارگەکانی تابووت”، کە ڕەنج و کاری هزری چەندین ساڵەی نووسەر شێرزاد حەسەنە، سەرنجدانێکی قووڵ و ناوەڕۆکێکی ڕۆحی بەرفراوانە لەسەر کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەتی و کۆمەڵگەکانی تری جیهان بەگشتی. بابەتەکە ئازاری دەروونی و پیشخواردنەوەی نووسەرە لەمەر دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمەڵگەیەک، کە تیایدا ساکارترین مافە سروشتییەکانی مرۆڤ خراونەتە زبڵدانی مێژویەکی دووبارەبووەوە و بە قەولی خۆی خەڕەکئاسا. نووسەر توڕە و دڵشکاو و نائومێدە لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، کە مرۆڤی مەرگدۆست و کۆیلە و خەسێندراو بەرهەمدێنن. کتێبەکە هەوڵیداوە لە ڕوانگەیەکی سۆسیۆ-پسیکۆلۆژییەوە شیکارێکی ئەو کۆمەڵگانە بکات، کە تیایاندا مرۆڤەکانیان بەو شێوەیە تێکشکێنراو و لاوازکراون. بەڵام تێڕوانینەکانی نووسەر هەندێجار بابەتیانە هەڵنەهێنجراون، هۆی ئەمەش زۆرجار نەگەڕانە بە دوای سەرچاوە زانستییەکان و کەمی زانیاری لەمەڕ هەبوونی ئەو سەرچاوانەوە.
نووسەر هەندێ لایەنی دەروونی تاکەکان دەبەستێتەوە بە تێزەکانی سیگمۆند فرۆید دەربارەی شعور و ناشعور\هەستی (نەستی) دەرەوە و ناوەوە، هەروەها بە “بەرزە-من”ەوە، کە ئارەزووەکانی مرۆڤیان تێدا بەرجەستە ئەکرێت. بەلام تەنیا یەک سەرچاوەی ئەم بەڵگانە لە کتێبەکەدا دەستنیشان نەکراون، کە کارێکی گەلەک پڕ هیلاکی و بێزارهێنەرن. ئەمە بەمانای ئەوە نایەت، کە نووسەر بەشوێن برینەکانی ئەو کۆمەڵگایانادا نەگەڕاوە و دەستنیشانی نەکردوون، بەڵکو ئەڵتەرناتیڤێکی بۆ چارەسەری برینەکانی دانەناوە. ڕەنگە ئەو تەنیا بییەوێت کێشەکان ڕەخنەییانە فەزح بکات. نووسەر باسی کۆمەڵگەیەکی مەرگدۆست و کۆلێکتیڤئاسا دەکات، تێزی نوسینەکەش بەمەرگئاسایی و بەو میانەدا هەنگاو دەنێت و ئەلتەڕناتیڤێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە. بۆ زیاتر ڕوونبونەوەی ستایلی نوسینەکە پێم باشە بەم شێوەیەی خوارەوە شیکار بکرێن.

بەشی یەکەم

لە نێوان ستایلی ئەدەبی و زانستیدا:

“مرۆڤ ئەو گیاندارەی کە نازانێت بژی”، ئەمە تێڕوانینی شێرزاد حەسەنە لەسەر مرۆڤ، ئیتر لە هەرشوێنێکی ئەم جیهانەدا بێت. نووسەر هەوڵیداوە ئەو جیاوازییە سۆسیۆکولتورییانەی، کە لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا بەرجەستەن، وەکو فاکتێکی مێژوویی و کولتوری دەستنیشانیان بکات. هەوڵیداوە ڕوونیبکاتەوە، کە بۆچی مرۆڤەکانی ئەوروپا ئازادترن، تاکڕەوایەتی وەکو مافێکی سروشتی خۆیان دەبینن و لای ئێمەش مێگەلپەرست و مەرگدۆست و ئازادییەکانی تاک بەهایان نییە. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەماناش نووسەر هەوڵیداوە ئەم دیاردەیە بە پێوەری چەند بنەمایەکی مێژویی، سۆسیۆکولتوری و دەروونناسی شیکار بکات. بە بیروڕای من لێرەدا نووسەر هەنگاو دەنێتە لایەنە زانستییەکانەوە، زانستی کۆمەڵایەتی (سۆسیۆلۆجی)، دەروونناسی (پسیشۆلۆگی)، پەروەردەناسی (پێداگۆگی)، هەروەک ڕامیاریناسی (پۆلیتۆلۆگی). ئەمەش کاری نوسینی کتێبێکی لەم جۆرە ئاسان ناکات، لێ بۆ هەر ئارگومێنتێکی زانستی نووسەر پێویستی بە بنەما و سەرچاوە زانستییەکان دەبێت. لە تەواوی ئارگومێنتەکاندا بنەما و سەرچاوە زانستییەکان بەدیناکەین، یان زۆر بەکەمی دەستنیشانکراون، کە بەداخەوە لە نرخاندنە زانستییەکەی ئەم کتێبە کەمدەکاتەوە.
کتێبی “کارگەی تابووتەکان” سەرنجێکی ڕەخنەگرانەی کۆمەڵایەتییە بە پلەی یەکەم دژی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە نووسەر بە تاریکهەڵاتی ناوەڕاست یان ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست ناوزەندی دەکات. لەکاتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێت، کە نووسەر زیاتر تێکستێکی ئەدەبی و بە ستایلێکی چیرۆکنووسی یان ڕۆماننووسی بەکارهێناوە، نەک ستایلێکی زانستی، کە لە هەندێ بەڵگە زانستییەکاندا بنەمای زانستی دەخوازێت. نووسەر هەوڵیداوە بنەما زانستییەکان ڕوونبکاتەوە، بەڵام سەرچاوە زانستییەکان لە زۆربەی تێکستەکاندا دیاری نەکراون. کارەکە زیاتر بابەتێکی سۆسیۆکولتورییە، لەسەر بنەمای زانستەکانی تر، کە لێرەدا ناویانهێنراوە. بێگومان مامۆستا شێرزاد زیاتر چیرۆکنووس و ڕۆماننووسە و چەندەها کاری ئەدەبی و ڕۆمان و کوورتەچیرۆکی نوسیوە، دیارە ئەو پەنچە و پێنووسەی لە نووسینەوەی ئەم کارەیدا بەکاری هێناوە، بەڕوونی دەست و پەنجەی ڕۆماننووس یان چیرۆکنووسێکە. ئەمەش مافێکی سروشتی نووسەر خۆیەتی. نووسەر هەوڵیداوە هاوسەنگییەک (بەڵانسێک) لە نێوان تێکستە ئەدەبی و شیکارە زانستییەکاندا بکات، بەڵام بە بیروڕای من ستایلەکە تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان.

خاڵبەندی:
ڕەنگە لە ستایلی نوسینەوەی چیرۆک یان ڕۆمان یان زۆر بەرهەمی ئەدەبیدا خاڵبەندی دەورێکی ئەوتۆ نەبینێت، ئاخر فەنتازتای بیر و هەستی ناوەوەی نووسەر بێسنوور دەمێننەوە. بەڵام کاتێک باس لە نووسینەوەی بابەتێکی زانستی دەکەین، دەبێت گەلەک ئاگاداری لایەنی خاڵبەندی بین. بەرهەمە ئەدەبییەکان جۆرێک لە فەنتازیا و تەوس و لێکچونی جیاجیا لە خۆ دەگرن، کە خاڵبەندی دەوری زۆر گرنگیان تێدا نابینن. خاڵبەندی لە کارێکی زانستیدا دەستنیشانکەری پنتی ئارگومێنتەکانن، هەر لەبەر ئەوەشە دانانی خاڵ لە ڕستەکاندا زۆر گرنگن. خاڵبەندی پێمان دەڵێت سەرەتا و کۆتایی ڕستەیەک چیمان ئاڕاستە دەکات، بەڵام لە ستایلی نووسینی ئەم کتێبەدا خاڵبەندی زۆر بەلاوە نراوە. نووسەر لە لاپەڕە ٧٢ی کتێبەکەدا بەم شێوەیە دانوستانی کاری خاڵبەندی ئەکات:”مەحاڵە بتوانم ڕێز لە خاڵبەندی بگرم، ئەو داڕسکان و داڕژران و داڕووخانە وەها کوشندەیە کە من گەمارۆ دەدات لە قۆناغی هاوار و زریکەدا بژیم و فریای خاڵبەندییەکی باو و ئەکادیمییانە نەکەوم، چونکە خوێن و فرمێسک و ئارەقە بۆ خۆیان زمانن”. بەڵام بە ڕای من خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا تووشی جۆرێک هیلاکی دەبێت، چونکە ماناکان شاراوە دەبن و خوێنەریش نازانێت مەبەستی نووسەر چییە. نووسینێک، کە باس لە زانستەکان بکات و بەڵگەی زانستی بخوازێت، دەبێ ڕستەکانی زۆر شەفاف و ڕوون بن. ئەرکی کاری زانستی ئاسانکارییە نەک گرانکاری. نووسەر لە شیکاری بابەتەکاندا وشەی “تێڕمان” بۆ سەرنجەکانی ئەم کتێبە بەکاردەهێنێت. ئەگەر وشەکە بەو مانایە بەکارهێنراوە، کە لە دەرگای زانستەکانی تر بدات، ئەوە بێگومان خاڵبەندی زۆر گرنگە.

دوبارەبوونەوە:
سیستەمێکی پەروەردەیی داڕماو و کۆن و خەڕەکئاسا بوونەتە هۆکاری داڕمانێکی ئەخلاقی و کەسی، کە کۆمەڵگاکانی ئێمەی تووشی چەندەها کارەسات و داڕمانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەخلاقی کردووە. مرۆڤی تێکشکاو و مەرگدۆست و مێگەلپەرست کاڵای ئەو کارگانەن، کە لە لەدایکبوونیانەوە تاکو مردن خۆ لەنێو تابوتەکانیان دەنێن و دەمێننەوە. سەرئەنجامی کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە لە پێداگۆگی دەبنە ئەنجامگەیاندنی جەنگەکان و بەکارهێنانی زەبروزەنگ. ئەمە جەوهەر و ناوەڕۆکی بەشە سەرەتاییەکانی ئەم کتێبەن. نووسەر ئەم تێزە لە زۆر شوێن و بەشەکانی کتێبەکەدا دووبارە دەکاتەوە. ڕەنگە نووسەر هێندە داخلەدڵ و برینداری ئەو هەموو دیاردە ناشرینانەی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی و بەتایبەتی کوردی بێت، کە ڕستەکان دووبارە و چەندبارە بکاتەوە. بەڵام ئەم دووبارەبوونەوەیەش خوێنەر هیلاک دەکات و لە کۆنتێکست و فۆرمی کاری زانستی بێبەرییان بکات. ڕستەی درێژ و پنتی بێکۆتایی لە ستایلی زۆر نووسینی تازەدا، بە تایبەتی زانستییەکاندا، بەسەرچووە. ڕەنگە دیاردەی دووبارە و سێبارە بوونەوە تەرز و شێوازێکی کۆمۆنیکاسیۆن بێت لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا.

دەستنیشانکردنی سەرچاوەکانی کارەکە:
ب
ەداخەوە لە ناوهێنانی کەسەکانی ناو بابەتەکاندا سەرچاوە و زانیارییەکان ونن، بۆ نموونە کاتێک نووسەر باسی میشێل فۆکوی فەیلەسوف و کۆمەڵناس دەکات، ئەوا دەستنیشانی هیچ سەرچاوەیەکی ئەم فەیلەسوفە فەڕەنسیە ناکات. لەم بارەیەوە خوێنەر دەبێت خۆی بەشوێن سەرچاوەکاندا بگەڕێ. ڕەنگە هەندێجار خوێنەر پێویست بکات یان ئازابێت، خۆی بەشوێن هەندێ سەرچاوەدا بگەڕێت، بەڵام نەک بەشوێن هەموو سەرچاوەیەکدا. گەلێک لە نووسەران و فەیلەسوفەکان و زانستوانەکانی جیهان لەم کتێبەدا باسکراون، بەبێ ئەوەی سەرچاوە زانستییەکان ناوزەند بکرێن. دیارە لە نووسینێکی ئەوهادا کە باس لە زانستەکان دەکرێت، سەرچاوە زانستییەکان نابێت بێبەش بن لە نووسینەکەدا، بەتایبەتی خوێنەوارانی کورد لە وڵات، کە ڕەنگە زۆر شارەزایی و زانیاریان لەسەر تێکست و سەرچاوە ئەوروپییەکان بەزمانی ئەوروپی نەبێت.

جیاوازییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا:
نووسەر وەک باسکرا ڕۆژهەڵات بە تاریکستان و تاریکهەڵات، مرۆڤەکانی بە مەرگدۆست و مێگەلپەرست، دەزگاکانی بە خەڕەکەشکاو و ئامێرئاسا، پەروەردەکەی بە خەڕەکەی ئاش و بەسەرچو و کۆنەپاتاڵ ناودەبات. بۆیە کۆمەڵگەیەکی پڕتاریکی و قەدەرهێنەرانە بەئەنجام دەهێنێت. زانیارییەکانی دووبارە و سێبارەن تاکو دەگاتە بەرزترین جێگەی زانستی کە زانکۆکانە. سیاسییەکانی ملهوڕ و گەندەڵ، نادیموکرات و خۆبەرەپێش و شاگردەکانیشیان ماستاوچی و گوێڕایەڵی گەورەکانیانن. لە کۆمەڵگەیەکی ئەوتۆدا مرۆڤی بێهێز و کەمئیلهام دروست دەبێت.
ڕۆژئاوا خاوەنی ڕێنیسانس و شۆڕشی تەکنەلۆجیایە، مرۆڤەکانی ئازادتر و ئازادی تاکەکەس (ئیندیڤیدوالێتی / ئیندیڤیدوالیزم) پارێزراوە. سیاسەت شەفاف و دەزگاکانی دەوڵەت دابەشکراون، ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەشدارن، پەروەردەش جێگەی دانوستان و لە پەرەسەندندایە. لێرەش مرۆڤی گوێرایەل و ملهوڕ هەنە، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتدا.
ئەم لێچواندنانە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بە ڕای من بەوردی دەستنیشان نەکراون، چونکە زۆر لایەن و بواری تر هەن، کە دەبێت قووڵتر و زانستیانەتر شیکاریان بکەین. دیارە لە هەردوو جیهانەکەدا دیاردەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەسی هەن، کە سەرنجی ڕەخنە و تێبینین. سەرەڕای ئەوە نووسەر زۆر بە وردی و کارامە باسی ئەو کەسانە دەکات، کە لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتدا بە مرۆڤی نائاسایی و سەرکێش و ڕەخنەگر ناو دەبرێن، ئەمانەش بریتین لە نووسەر و ڕۆژنامەوان و فەیلەسوف و هونەرمەندان و رۆشنبیران. بە داخەوە ئەم بارە تاکو ئێستاش ڕاستیەکی ڕوون و ئاشکرایە، “ڕۆژهەڵات بیر و هزر کوژە”. دیارە کۆمەڵگەکانی ئەوروپاش بە چەندەها قەیران و تەنگهەڵچنین و ئاڵۆزی مێژوویی جۆراوجۆردا تێپەڕیون و تێدەپەڕن، ئەو هەموو نووسین و کۆمێنتە ڕەخنەییانەی لە لایەن نووسەرە ئەوروپیەکانەوە لە سەدەکانی ڕابردوودا بەڵگەن بۆ ناهەمواریی باری کۆمەڵایەتی و کەسیی مرۆڤی ئەوروپی.

لایەنی ڕۆحی و ناخ لە نوسینەکەدا

ئازاری دەروونیی نووسەر بە پەنچەی دەستەکانییەوە دیارن، تووڕە و ماندووی ڕێگەیەکی پڕ دڕکاوین، پەستە لە کۆمەڵگەیەکی دژەمۆدێرن، مرۆڤەکانی لە دووبارەبوونەوەیەکی بەردەوامدان. ئەمە هەستی نووسەری گەلێک بریندارکردووە. ئەم لایەنە ڕۆحییە، هەژانی دەروونە، بارێکی سایکۆلۆژی سەخت دێنێتە گۆڕێ، بۆیە نووسەر لە تەواوی نووسینەکەیدا تووڕە و ماندوبوونی ناوەوەی ڕۆحی پەخشاندەکات، ئازارەکانی کۆمەڵگەیەک، کە نووسەر ڕۆژانە بە هەستێکی مرۆڤدۆستانەوە دەیاننۆشێت و ئازاری ناوەوەی دەدەن. دیارە نووسەرێکی هۆشمەند و هەستیار و بەرپرسیاری وەک شێرزاد حەسەنیش بێبەرینابێت لەم ئازارانە.

ژیاندۆستی و مەرگدۆستی

بابەتی ژیان و مەرگ لە زۆرینەی ئەدەبیاتی جیهاندا ئاوێتەکراون، بە جۆراوجۆر توێژێنراون و مامەڵەیان لەمەڕدا کراوە. مەرگ وەکو کۆتایی، کە دەبێتە سەرەتایەک بۆ زیندەوەرانی تر. لە تەواوی کتێبی “کارگەکانی تابووت”دا هەست بە جۆرێک مەیل و لادانێکی ڕۆشن بەئاڕاستەی مەرگدۆستیدا دەکەین. نووسەر لەو باوەڕەدایە، کە لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتدا مرۆڤ لە مردنێکی ئەبەدیدایە، هەر لە لەدایکبوونەوە تاکو کۆتایی ژیانی. هەڵبەتە ئەم ئاڕاستەیە لە بیرکردنەوە لە ناوەڕۆکی کۆمەڵگەکان خۆیانەوە هەڵهێنجراون، کە ڕۆژانە لە جەنگێکی بەردەوام و نامرۆڤدۆستانەدا نوقمکراون. نووسەر پێیوایە، کە مناڵ دوای لەدایکبوونی بە تونێلێکی ڕەشدا دەبرێت و لە کۆتایی تونێلەکەشدا تابووتێک چاوەڕوانێتی، واتە مناڵەکان هەر لەدوای لەدایکبوونیانەوە دەبنە کۆیلە و قوربانی ترادیسیۆنێک، کە لەنێو خانەکانی کۆماڵگەدا لەقاڵب دەدرێن. دیارە ئەم لەقاڵبدانە لە زۆربەی کۆماڵگەکاندا، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، بەسەر سیستەمی پێداگۆگیدا زاڵە. ئەم جۆرە دید و تێڕوانینە لەدایکبوون و سەرهەڵدانی عەبەسییەتێکە، کە سەرهەڵدانی ماتەمینیە لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا.
سەرهەڵدانی فەلسەفەی عەبەسییەت لە ئەوروپا لە سەدەی پێشودا، بەتایبەتی لە فەرەنسا، کە ژان پۆل سارتر، ئەلبێرت کامۆ، سیمۆن دیبڤوا و گابرێل مارسێل هەڵگر و باوەڕپێهێنراوی بوون، نموونەی دژەکاردانەوەی ئەو جەنگە وێرانکاریانە بوون، کە لە ئەوروپا بەرپاکراون. هەڵبەتە دەتوانرێت نووسەری ئەم کتێبەش بە هەندێک لەم نووسەرانە بچوێنرێت، کە ئاوێنەی ڕۆژهەڵاتمان، بە قەولی خۆی بە ڕەشهەڵاتی پێشان دەدات. نووسەر هیلاکی و ماندووبوونێکی یەکجار زۆری پێوە دیارە، نوکی پێنووسەکەی دەلەرزێت، کاتێک باسی ئەو دەڤەرەمان بۆ دەگێڕێتەوە، چوون تاڵی و زەخنەخ بە قوڕگیدا کراوە. لێ پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، کە ئایا ژیان بە مانای مردنە؟ یان ژیان ڕاستەوخۆ دەچوێنرێت بە مەرگ؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە نموونەی مێژویی زۆرن، کە لێرەدا دەستنیشانی بیر و هزری هانا ئاڕێنت* دەهێنمەوە بە نموونە.
ئەم ژنە فەیلەسوفە ئەڵمانی ـ ئەمەریکیە، کە خۆی زیاتر بە توێژەرەوەناسێک دەبینێت، سەرەڕای کارەساتەکانی جەنگی جیهانی دووهەم و خۆیشی وەک ژنێکی یەهودی، گەشبین سەیری ژیانی کردووە، سەرەڕای ئەو هەموو تاڵییەی لە ژیانی وەکو ژنە یەهودییەک بەسەر بردووە. لە هەموو نووسینەکانیدا دژی فاشیستی و هۆڵۆکۆست و ڕژێمەکەی هێتلەر وەستاوەتەوە، بەڵام سیستەمی پلوڕالیستی بە تەنیا جێگر و ئەڵتەرناتیڤێک دەزانێت بۆ ژیانێکی هەمەلایەنی و جۆرەکان. ئاڕێنت کەسێکی ژیندۆست مایەوە، سەرەڕای ئەو هەموو کارەساتانەی، کە بەسەر یەهودییەکاندا هاتوون، بۆیە دژی هەموو جۆرێکی تۆتالیتاریزم بووە لە جیهاندا. ئەو مرۆ هەر لە لەدایکبوونییەوە بە کەسێکی جیاواز و داهێنەر پێناسە دەکات، بۆیە دژی تاکی ئەبستراکت (مجرد) بووە. بیرکردنەوەکانی لەسەر بناغەی لەدایکبوونەوە، نەک لەسەر مردنەوە هەڵهێنجراون. ئەو هەر پێیوابووە، کە بەتەنیا ژیانی پێکەوەیی لەگەڵ مرڤەکانی تردا کۆمەڵگەیەکی پلوڕال و هەمەجۆر بەرهەم دێنێت، کە بەهۆیەوە سەرەتایەک، کە بە سەرەتای دەستپێکردنەوەیەکی نوێ ناوزەد دەکات، لەم پەیوەندییەدا مەرجداری دەکات بە چالاکییەکانی مرۆڤ خۆیەوە. ئاڕنێت ئەم کۆمپلێکسە دەبەستێتەوە بە کارکردن، بەرهەمهێنان و مامەڵەکردنەوە لەتەک یەکتردا. کۆمەڵگەکانی ئێمەش هەر لە ئەنجامدا دەبێت بە سەرەتایەکی ئاڕنێتیدا بڕوات، کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، کە عەقلانییەتی کۆمەڵایەتی سەروەرە و ئەنجومەنەکانی شارەوانی بە شێوەیەکی دیموکراتی ناهەڕەمی لە لایەن نوێنەرانی خەڵکەوە دابەشکرابێتن. دیارە من لێرەدا نامەوێت شێرزاد حەسەن بە هانا ئارێنت بچوێنم، بەڵکو دوو تێڕوانینی جیاواز بۆ دیاردەکانی کۆمەڵ دیاری دەکەم. شێرزاد حەسەن ڕووناکییەک نابینێت، کە لە ئێستا و لەم دەڤەرەی ئێمەدا ڕوناکییەک ببەخشێت و هیوایەک، ئەگەر کەمیش بێت، بداتە نەوەکانی داهاتومان.
لە کۆتایی ئەم بەشەدا گرنگە دەستنیشانی ئەوە بکرێت، کە نووسەری ئەم کتێبە نەترسانە برینی کۆمەڵگەیەکمان بۆ هەڵدەداتەوە، کە لێوانلێو بریندارە بەهۆی سیستەمێکی هەڕەمی سەپێنراو، پەروەردەیەکی کۆن و پاتاڵ، نوقوم بوو لە بەناو دینداری سیاسیی ڕادیکال، باوک و دایکانێک، کە کۆپی مناڵ و وەچەکانیان دەکەن. کۆمەڵگەی ئێمە زیاتر پێویستی بەم جۆرە ڕەخنە و بیر و بۆچونە هزریانە هەیە، وەک پەندێکی کوردی دەبێژێت: “ئەو کەسەی دەتهێنێتە گریان، دڵسۆزتە.”

21.05.2020
ئەڵمانیا، هانۆڤەر / مەحمود چاوەش

—————————————————–

  • هانا ئارێنت توێژەرەوەناس/فەیلەسوف و کۆمەڵناسی ئەڵمانی، ساڵی ١٩٠٦ لە شاری هانۆڤەر لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٧٥ لە شاری نیۆرک کۆچی دوایی کردووە.