بۆچی ده‌نووسین؟.. د. موحه‌ممه‌د گه‌ڵاڵه‌یی

هه‌موو نووسینێك په‌یامێكی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ئامانجێكی دیاریكراو بۆ خزمه‌تی گشتیی و هه‌ندێجاریش بۆ ئامانجێكی تایبه‌تی كه‌سی به‌ده‌ر نییه‌، ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر هه‌قیقه‌ت غه‌در له‌ شاعیره‌كانیش كراوه‌، كه‌ به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێكی شاراوه‌ و نه‌زانراو پێیان ده‌وترێت:‌ (المعنی في قلب الشاعر)، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌سته‌واژیێكی وه‌ك (الغایة في قلب الكاتب)یش هه‌بوایه‌ ئه‌وا هاوكێشه‌كه‌ هاوسه‌نگتر ده‌بوویه‌وه‌‌‌، خۆ هه‌ندێجاریش ڕێكده‌كه‌وێ، كه‌وا‌ شاعیرێك نووسه‌رێكی به ‌ناوبانگ بێت به‌ تایبه‌تیی له‌ ژانره‌كانی نووسینی ڕۆمان و چیرۆك..هتد دا.
جا بۆیه‌؛ با بێینه‌ سه‌ر كرۆكی نووسینه‌كه‌مان، كه‌ هه‌ندێجار ده‌گوترێ: نابێت نووسین له‌ پێناو نووسین بێت!، به‌ڵێ؛ نابێت نووسین هه‌ر بۆ كه‌ڵه‌كردنی ووتاری دووباره‌، سواو و دزراو بێت..!
ئه‌ی كه‌واته نووسین له‌ پێناوی چ ئامانجێك دابێت و بۆچی پیته‌كان ده‌خه‌ینه‌ پاڵ یه‌كتری و وه‌ك نووسینێك بڵاویان ده‌كه‌ینه‌وه‌؟
به‌ڵێ؛ گونجاوه‌ نووسین هه‌ندێك له‌م ئامانجانه‌ی خواره‌وه‌ی‌‌ هه‌بێت:
بۆ زیادكردنی كۆمه‌ڵێك مه‌عریفه‌ و زانینی نوێ و نه‌بیستراو بێت بۆ خوێنه‌ران.
بۆ ده‌رخستنی كۆمه‌ڵێك ڕاستی و نه‌زانراوی سه‌رده‌می خۆی بێت.
بۆ خستنه‌ڕووی كێشه‌یێكی ڕه‌وا و چاره‌سه‌ریێكی ڕوون و ڕه‌وان ‌بێت.
بۆ هێناكایه‌ی گفتوگۆیێكی سه‌رده‌میانه‌ و ڕه‌خنه‌یی پڕ به‌رهه‌م و به‌ جووڵه‌ بێت.
بۆ به‌رگریكردن له‌ هه‌ق و ڕاستی مافخوراوان بێت.
بۆ فراوانكردنی په‌ڕاوێزی ئازادی بیر و ڕا گۆڕینه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌گرتن بێت.
بۆ هه‌ڵڕشتنی ڕق و بڵاوكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ و ئاژاوه‌ نه‌بێت.
بۆ خۆ ده‌رخستن، هه‌ڕاجكردن، هه‌رزانكردن بیروبۆچوون و نرخی نووسین نه‌بێت.
بۆ ستایشی زاڵم و سته‌مكار نه‌بێت، كه‌ ڕه‌وایه‌تیی به‌ هه‌موو نا دادیێه‌ك و زوڵمێك بدات.
له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌: بۆ سه‌لماندنی كۆیله‌ بوونی نووسه‌ر نه‌بێت.
هه‌ر بۆیه‌ نووسین به‌رپرسیاریه‌تییه‌، پێش ئه‌وه‌ی خاوه‌ندارییه‌تی له‌و ووشانه‌ بكرێت، كه‌ به‌ قه‌ڵه‌می نووسه‌رێك یان هه‌ر كه‌سێكی تره‌وه‌ ده‌نووسرێن‌، به‌ڵكوو به‌رپرساریه‌تیێكی ئه‌خڵاقی ویژدانییه‌ ئینجا ئاینیی، نیشتمایی و مرۆڤدۆستییه‌، چونكه‌ نووسین له‌ ناخی ویژدان و ئه‌خڵاقی نووسه‌ر وه‌ك مرۆڤێكی ڕیزلێگیراو سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و نووسینه‌ی كه‌ له‌ ئه‌خڵاق، كه‌ڕامه‌ت و ویژدانێكی زیندووه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێت ئه‌وا بۆ سه‌دان و هه‌زاران ساڵ ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بێت ئه‌وا دیاره‌ له‌چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌‌؟ و سه‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌ ده‌بێت‌، كه‌ له‌ مێژوودا ته‌نها شه‌رمه‌زاری بۆ نووسه‌ره‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه، نموونه‌ی زۆر زیندووش له‌ ئێستا و ڕابردوودا هه‌ن و بۆ داهاتووش هه‌ر ده‌بن. كه‌وا وه‌ك: نووسه‌رانی ده‌رباری پادشا و سوڵتانه‌كان له مێژووی‌ مرۆڤایه‌تییدا هه‌ژمار ده‌كرێن.




هێنانه‌كایه‌ی ڕوانینێكی نیشتمانی بۆ جینۆسایدی گه‌لی كورد(ئه‌نفال).. موحه‌ممه‌د گه‌ڵاڵه‌یی*

له‌ پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد له‌ باشووری كوردستان دا، (ئه‌نفال) له‌ شوبات تا ئه‌یلولی 1988دا، پرۆسه‌یه‌ك كه‌ كاریگه‌رییه‌كانی تا ئه‌مرۆ له‌ ئارادان و بۆ دواڕۆژێكی دووریش له‌ هزر و بیری مرۆڤی كورد دا ده‌مێنێته‌وه‌، كه‌ به‌تێكڕایی له‌ هه‌شت قۆناغی قڕكردنی گه‌لی كورد له‌ گه‌رمه‌سێر بۆ زۆزانه‌كانی بادینان چڕكرایه‌وه‌ و نزیكه‌ی (182000) هه‌زار كه‌س له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵی كورده‌واری ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌وتنه‌ به‌ر پرۆسه‌كانی ئه‌نفال له‌ بیابانه‌كانی باشووری عێراق دا زینده‌ به‌ چاڵ كران، ئه‌م پرۆسه‌(ئه‌نفال) دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی ئه‌مه‌ دووه‌مین جار بوو كورد بكه‌وێته‌ به‌ر پرۆسه‌یه‌كی داپڵۆسێنه‌ر له‌ ڕاگواستن تا كوشتن به‌تایبه‌تی له‌ڕووی قه‌باره‌ی وێرانكاری و كوشتنی كورد، چونكه‌ له‌ ماوه‌ی 1914-1918 له‌ كوردستانی سه‌رده‌می عوسمانی دا نزیكه‌ی (700000) هه‌زار كورد له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیتحاد و ته‌ره‌قی له‌ ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی دا به‌ ڕاگواستنی زۆره‌ ملێ، به‌سه‌ربازكردنی زۆره‌ملێ و جینۆسایدكردن قڕكران، ئه‌مه‌ دووه‌مین پرۆسه‌ی قڕكه‌ری كورد بوو له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا.
شایانی باسه‌؛ له‌م ساڵانه‌ی ڕابردوودا له‌لایه‌ن چه‌ند توێژه‌رێكی به‌توانا پرۆسه‌كانی ئه‌نفال لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی له‌سه‌ر كراوه‌، یه‌ك له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ زانستیه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن(مامۆستا جه‌مال مه‌جید فه‌ره‌ج)ئه‌نجامدراوه‌، به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمی حكومه‌تی به‌عسی ڕووخاو(1968-2003) سه‌لماندوویه‌تیی كه‌ پرۆسه‌كانی ئه‌نفال ته‌نها هه‌شت پرۆسه‌ نه‌بوونه‌، به‌ڵكو نۆ پرۆسه‌ی قڕكه‌ر بوونه‌، كه‌ پرۆسه‌ی نۆیه‌م ناوچه‌ی سێ گۆشه‌ی سنووری له‌نێوان ئاب-ئه‌یلولی 1988دا گرتۆته‌وه‌، بۆیه‌ وێڕایی ده‌ستخۆشیم بۆ ئه‌م توێژه‌ره‌‌، خۆشبه‌ختانه‌ له‌ به‌شی مێژووی فاكه‌ڵتیی ئاداب له‌ زانكۆی سۆران، له‌ ڕۆژی 19ی كانوونی یه‌كه‌می 2022 سه‌مینارێكی سه‌رهێڵی(ئۆنلاین)ی بۆ ناوبراو ڕێكخرا و به‌شێوه‌یه‌كی زانستی به‌ڵگه‌ و ئه‌رگیۆمێنته‌كانی بۆ ئاماده‌بووان خسته‌ڕوو، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ نۆ پرۆسه‌ی ئه‌نفال به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی مێژوویی سه‌لمێندراوه‌، به‌ڵام جێگه‌ی خۆیه‌تی ئاوڕێكیش له‌ پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردن له‌ماوه‌ی 1988-1991 بدرێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی حكومه‌تی به‌عسی ڕووخاو له‌ كۆتایی ئاداری 1991 بۆ شاره‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی هه‌ولێر، كه‌ركوك، سلێمانی و دهۆك، كه‌ خه‌ڵكێكی زۆری جینۆسایدكرد‌، كه‌ تا ئه‌مرۆ چاره‌نووسی ئه‌م كه‌سانه‌ یه‌كلاینه‌كراوه‌ته‌وه‌ و نه‌خراونه‌ته‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌كانی جینۆساید كردنی كورد له‌ كوردستان دا.
له‌ماوه‌ی ئه‌م سی و پێنج ساڵه‌ی ڕابردوودا، كه‌ یادی پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی كورد(ئه‌نفال) كراوه‌ته‌وه‌، زیاتر له‌ ڕوانینێكی سۆزداری و بیرهێنانه‌وه‌ی قوربانیان و به‌ڵێن پێدان به‌ كه‌سوكاری قوربانیان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری، ئه‌مه‌ تا ئێره‌ نواندنی بچووكترین وه‌فا و خزمه‌تگوزارییه‌ بۆ قوربانیه‌كانی پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد(ئه‌نفال) له‌ باشووری كوردستان دا، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌م كاره‌ساته‌ له‌ ڕشتنی فرمێسكی خه‌ماوی بۆ هیوابوون و بنیاتنانه‌وه‌ی ئاینده‌ له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا هه‌نگاو بهاوێت..بۆیه‌ گرینگه‌ له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا یادی ئه‌نفال له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌ربهێنرێت، چونكه‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفال له‌ بنه‌ڕه‌تدا پڕۆسه‌ی قڕكردنی گه‌لی كورد به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو، كه‌ ئایدۆلۆژیای به‌عسی عروبی، ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی به‌شدارییه‌كی كارای ئه‌م پرۆسه‌یه‌ بوون، كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد له‌ باشووری كوردستان بوو.
له‌م قۆناغه‌ مێژووییه‌دا، پێویسته‌ پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد(ئه‌نفال) له‌و چوارچێوه‌یه‌ مرۆیی و سۆزدارییه‌ی دانراوه‌، به‌هاوته‌ریب پرۆسه‌یه‌كی نیشتمانی سه‌رانسه‌ر له‌ باشووری كوردستان ده‌ستپێبكات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كردن، تۆماركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ژیانی قوربانییه‌كان به‌ زمانه‌ زیندووه‌كانی جیهان، دروستكردنی مۆزه‌خانه‌ی دیجیتاڵی به‌زمانه‌ زیندووه‌كان له‌شاره‌كانی كوردستان، ناچاركردنی كۆمپانیاكانی گه‌شتوگوزاری له‌ناوخۆی كوردستان له‌ ڕێبه‌ری و به‌رنامه‌كانیان دا باسی ئه‌م پڕۆسه‌ بكه‌ن و مه‌رجێك بێت له‌ مه‌رجه‌كانی مۆڵه‌تپێدان و نوێكردنه‌وه‌ی ساڵانه‌یان، دروستكردنی دراما، فیلمی سینه‌مایی و ڤیدیۆی ئه‌نیمه‌یش له‌ سه‌ر تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیی بۆ هه‌موو ئاسته‌كانی ته‌مه‌ن، نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌ی چیرۆك و ڕۆمان به‌ زمانی كوردی و زمانه‌ زیندووه‌كانی جیهان بۆ هه‌موو ئاسته‌كانی ته‌مه‌ن، كردنه‌وه‌ی به‌شی زانستی و ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت له‌سه‌رجه‌م سه‌نته‌ره‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ زانكۆكانی كوردستان دا تایبه‌ت به‌ (جینۆساید)، ڕاگه‌یاندنی یارمه‌تی دارایی(فه‌ند) بۆ توێژه‌ران له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ كوردستان دا، ئه‌نجامدانی كۆنفرانسی هاوبه‌شی ساڵانه‌ی زانكۆكان له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد..به‌ ئه‌نجامدانی و به‌جێهێنانی ئه‌م ڕاسپارده‌ زانستی، هونه‌ری، ئه‌ده‌بی و گه‌شتوگوزاری، ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته‌ خزمه‌تی سیاسیه‌ت و دیپلۆماتییه‌تی كورد له‌ ناوه‌نده‌ كاریگه‌ره‌كانی جیهان دا، ده‌بێت ئه‌و هه‌ست و سۆزه‌ی ناو ناخی خۆمان(وه‌ك كورد) بگوێزینه‌وه‌ بۆ هه‌ست و ناخی ئه‌وانی دیكه‌(غه‌یری كورد له‌ جیهان)دا، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ چه‌ترێكی مرۆیی و دیپلۆماتیی بۆ كورد، كورد ده‌توانێت ئه‌مه‌ بكاته‌ پرۆسه‌یه‌ك له‌ ناوه‌نده‌ كاریگه‌ره‌كانی جیهان به‌ناونیشانی(دیپلۆماتییه‌تی جینۆساید).
بۆیه‌ هیوادارم له‌ نووسینی ئه‌م چه‌مك و زاراوه‌یه‌دا (دیپلۆماتییه‌تی جینۆساید) سه‌ركه‌وتووبووم و بۆ جاری یه‌كه‌مینه‌ له‌ نووسینێكی وادا به‌كاریده‌هێنم، بۆیه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی له‌ دایكبوونی ڕوانینێكی‌ نیشتمانیی بۆ پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد به‌تایبه‌تی(ئه‌نفال)، كه‌ پاڵپشتیكراو ده‌بێت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی ناوه‌نده‌كانی زانستیی و به‌رهه‌مه‌ به‌رز و باڵاكانی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی كوردی و جیهانی، چونكه‌ ته‌نها قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی مه‌عنه‌وی و ماددی بۆ قوربانیانی ‌ئه‌نفال بڕیاری كۆتایی نییه‌، به‌ڵكو قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی مێژوویی بۆ گه‌لی كورد(دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێك به‌ناوی كوردستان)، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئیعتباری ئینسانی و یه‌كسانی وه‌ك گه‌لانی تری جیهان، پارێزگاریكردن له‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد و دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی پرۆسه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد له‌وانه‌(ئه‌نفال) له‌ جیهانی نوێ دا، چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی و پێدانی گه‌ره‌نتییه له‌سه‌ر گۆی زه‌وی بۆ گه‌لێكی مه‌زن كه‌ تا ئێستا ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی نییه‌ و پێشی ڕه‌وا نابینرێت..!‌

*مامۆستا له‌ به‌شی مێژووی فاكه‌ڵتیی ئاداب له‌ زانكۆی سۆران.




ئەنفالی بارزانییەکان… موحەممەد گەڵاڵەیی*

بارزانییەکانیش کوردن و برای ئێمەن و ئێمەیش برای ئەوانین، بۆ بەندە بەشێک لە خوێندکارەکانم دانیشتوی ناوچەی بارزانن و یان خەڵکی ئەو ناوچەیەن کەسی بەرێز و بەتوانان، ھاوپۆلەکانم لە قۆناغی سەرەتایی، ناوەندی، ئامادەیی و زانکۆدا بەشێکیان بارزانی بون تا ئێستایش ھەندێک لەو ھاوپۆلانە بەردەوام لە پەیوەندیداین چ وەک ھاوڕێی جاران و مامۆستایەتیی لە زانکۆ، ھەندێک لە ھاوپیشەکانم لە قۆناغی مامۆستایەتیی ئامادەیی و ئێستای زانکۆدا بارزانین، دراوسێ و دۆستی بارزانیمان ھەبوە و ھەیە کەسی بەوەفا و قەدرگرانن، نایشارمەوە خۆشی و ناخۆشیشان پێکەوە ھەبوە.
لە سەرەتای ھەڵایسانی شۆڕشی ئەیلولدا و بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٦٣ بارزانییەکان ھاتنە ناوچەی باڵەکایەتیی و گەڵاڵە، لە ئەنفالی بارزانییەکاندا لە ئۆردوگای دیانا لە ١٩٨٣ مام حاجی شەفیعی ماوانێ سێ بارزانی ھێنابونە ماڵی باوکم (حاجی ئەحمەد ئاغای گەڵاڵێ) لە کۆمەڵگای گەڵاڵە و چەند ڕۆژێک مابونەوە و دواتر مامی کۆچکردوومان ھەزار ڕەحمەتی لێبێ (مام مارف) چەند قاتە جلوبەرگی خۆی پێدابون و گەیاندبونییە دەستی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەک دەگێڕنەوە کارەساتێکی گەورە بوە، چونکە خەڵکی کۆمەڵگاکانی گەڵاڵە و دیانا کە لە خەڵکی گەڵاڵە، دۆڵی ڕوستێ وبارزانییەکان و موھاجیرەکان و برادۆستیەکان پێکھاتبو، مەزەندەی ئەوەیان کردبو کە دوای بارزانییەکان، نۆبەتی ئەوانیش دێت، بۆیە ئەوەی لە توانایان دابوە لە رزگارکردنی بارزانییەکان(بەتایبەتی پیاوەکانیان)لەدەستی گاردی کۆماری کردوویانە، دواتریش وەک کەسوکاری خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ کەسوکاری ئەنفالکراوان کردوە، خەڵکی باڵەکایەتیی بەگشتی لە ئۆردوگاکانی دیانا، حەریر، قوشتەپە و سێبیران ھاوسۆز و ھاوکاری کەسوکاری ئەنفالکراوان بونە.
ھەقە لێرەیش، دوو ھەڵوێستی جوامێرانەی جەنابی مام جەلال تاڵەبانی و کاک نەوشێروان موستەفا ئەمین، بیری خەڵکی کوردستان و برا بارزانییەکان بخەینەوە کە لەو کارەساتەدا چ ھەڵوێستێکی نیشتمانیان ھەبوە:

یەکەم: مام جەلال لە کتێبی دیداری تەمەن؛ باسی یارمەتیدانی خێزانەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوانی بارزانی ئەکات لەڕووی مالییەوە لە دوای ساڵی ١٩٨٣ و دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی سەرکردایەتیی بەرەی ی.ن.ک. ھەروەھا لە وتاری سوورداش و گفتوگۆکانی ی.ن.ک لەگەڵ حکومەتی بەعس دا جەنابی مام جەلال لە پێش ھەزاران کەس داوای ئازادی و چارەنووسی بێسەروشوێنکراوانی بارزانی کرد، لەوکاتیشدا ھیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان حزبەکانی کوردستان دا نەبو و کە ی.ن.ک چوبوە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق لە ژێر فشارێکی گەورەی ھێزە دژبەرەکانی ناوخۆی کوردستان دابو.
دووەم: کاک مەسعود عەبدولخالق ئەگێڕێتەوە، کە دوای گەیشتنی زانیاری بە کاک نەوشێروان موستەفا ئەمین کە سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانیش بوە لە ناو بەرەی ی.ن.ک دا کە سەرۆک جاشێک لە ئۆردوگای قوشتەپە ئەیەوێت زوڵم لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی بارزانیەکان بکات، ڕاستەوخۆ فەرمان دەرئەکات بەناردنی مەفرەزەیەک بۆ دەشتی ھەولێر بە سەرکردایەتیی شەھید شەوکەتی حاجی موشیر ومەسعود عەبدولخالق، بۆ تەمبێکردنی ئەو سەرۆک جاشە و چاودێریکردنی ڕەوشی ئۆردوگای قوشتەپە و کەسوکاری ئەنفالکراوان.
بۆیە ڕووم لەخەڵکی کوردستان، دۆستان، خزمان و ھاوڕێیانە، کە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان ھەر چۆنێک بێت، دواجار ئەوان لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ و بەرژەوەندییەکان کێکەکە لە نێوان خۆیان بەش ئەکەن و پێک دێن جا بە ڕێگەی شەڕ یان ئاشتی بێت، بەڵام ئەوەی گرنگە خەڵکی کورد، برایەتیی و ھاونەتەوەیی و ھاوسۆزییان لەکاتی لێقەومان و کارەساتە نیشتمانییەکان و بۆنە و یادە تراژیدیەکانی وەک ئەنفال و کیمیاباران ببپارێزن.
لەلای بەندە؛ ئەنفالی فەیلەییەکان، بارزانییەکان، گەرمیانیەکان، بادینان، کیمیاباران، ڕاگواستن و سووتماککردنی خاکی کوردستان، تاوانی تەعریب و کاولکردنی کوردستان، لە سێدارە دراوەکان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە دێرینەکان و شەھیدەکان و کەمئەندامانی سەنگەر، ئەمانە ھەمویان ئیعتبارێکی مێژوویی و نیشتمانی مەزنیان لەلای من ھەیە، لەسەرووی ھەمو ئیعتبارێکی سیاسی و شەخصی دان.
خوای گەورە ڕۆحی ھەمو ئەنفالکراوانی کوردستان لەبەھەشی پڕ نووری خۆیدا جێگەداریان بکات، سەبووری و دڵنەوایی کەسوکارەکانیان بکات.
*مامۆستا له‌به‌شی مێژووی فاكه‌ڵتیی ئاداب له‌ زانكۆی سۆران.




دۆخى توێژینەوەى زانستى لە زانکۆکانى کوردستان.. موحەممەد گەڵاڵەیی

لەپەڕاوێزى نوێترین ریزبەندى وێبۆمەترێکسى ئیسپانى دا

لە مانگەکانى کانوونى دووەم و تەمموزى هەمو ساڵێکدا ناوەندى وێبۆمەترێکسی ئیسپانى ریزبەندى زانکۆکانى جیهان بڵاودەکاتەوە, کە کۆمەڵێک پێوەرى زانستى هەمە لایەنەى هەیە, بەهەرحاڵ لە پاڵ ئەمەشدا؛ پۆلینکردنى ترى جیهانى بەناوبانگتر وەک: تایم و شەنگەهاى بۆ زانکۆکانى جیهان هەیە.

قەصدى ئێمە لەم بابەتەدا؛ تیشک خستنە سەر ئاستى زانکۆکانى کوردستان نییە لە ئاستى نیشتمانى و هەرێمى و نێودەوڵەتیدا, کە ئەم هەڵسەنگاندنە بۆ ئاستى زانکۆکان کارى دامەزراوەى زانستى قازانج نەویستى بێ لایەنە, لەهەمانکاتیشدا پرۆسەیەکى ئاڵۆز و وردە کە بۆ هەموو ئەو پێوەرانەى دادەنرێن بۆ ریزبەندى زانکۆکان. کە بۆ تاکە کەسێک زۆر زەحمەتە حوکم لەسەر ئاستى زانکۆیەک یان هەموویان بەتێکڕایی بدات, کە ئەمە پێویستى بەداتایەکى زۆر هەیە و لێکۆڵینەوەى لەسەر بکرێت, کە ئەمە لەبارتەقاى هیچ کەسێک دا نییە پێی ئەنجامبدرێت, بەڵام هەندێک وردە سەرنج هەن, گرنگە لەبارەیانەوە گفتوگۆیەکى زانستى, ڕاست و ڕەوان لەبارەیانە ئەنجامبدرێت, بەبێ هەڵچون و داچونى میزاجى هەر یەکێکمان..

بەڵێ؛ هەر چەندە تێڕوانینى بەندە لۆکاڵى نییە, بەڵام زانکۆ یەکێ لە کارەکانى قووڵکردنەوەى کار و بەرهەمەکانیەتى لە نیشتیمانێکى دیاریکراودا, جا هەر لەکوێیەکى ئەم جیهانەدا بێت, کە بەگشتى ئێمە لە دەیەى دووەمى سەدەى بیست و یەک دا, بەتەواوى چووینەتە ناو گوندە بچووکەکەى جیهان, بەتایبەتى لە ئاستى پێشکەوتنى زانستى و داهێنانە بێکۆتاکانى زانستى سەردەم کە هەمو شتێک بە پێوەرى زیرەک(سمارت) هەژمار دەکرێت..واتە دەبێت پێیەکانمان لەناو نیشتمان دابێت و دەستەکانمان لەناو ئەو گوندە جیهانیە زانستییەدا بێت بەبەردەوامى کار بکەن, کە خەریکە هەمو شتێک لەگەڵ خۆى ڕاپێچ دەکات, کە سەرئەنجام بە قازانجى دەوڵەتە زلهێز و پێشکەوتوەکان دەکەوێتەوە..بەتایبەتى لە دەسکەوتن و بردنى سەرمایەى مرۆیی(توێژەرە ئاست بەرزەکان) و سەرمایەى ماددى(پارە) کە هەردووکیان بۆ زانکۆکانى کوردستان وەک لیرەى زێڕ وان..کە پێویستە وەک گلێنەى چاوەکان ئەم دوو سەرمایەى خەڵک و خاکەکەمان بپارێزرێن..!

زانکۆکان لەجیهاندا سێ کاری سەرەکى دەکەن؛ یەکەم: کردنەوەى خوێندنى زانکۆیی(بەکالۆریۆس و هاوشێوەکانى), دووەم: ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى, سێیەم: بەبازاڕکردنى توێژینەوەى زانستى, لە وڵاتانى جیهانى پێشکەوتودا کارى یەکەم و دووەمى زانکۆکان بەسەرکەوتوویی تەواو بوە, کە کارى سێیەم بەبازاڕکردنى توێژینەوەى زانستییە ماوەتەوە و زۆر بە چڕى لەلایەن زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان کارى لەسەر دەکرێت..بەبازاڕکردنى توێژینەوەى زانستى وەک پەرەدانە بەسەرمایەى زانستى و مرۆیی زانکۆکان, لەهەمانکاتیشدا دەسکەوتنى داهاتێکى گەورەى مادییە کە دەبێتە بانقێکى پارە پەیداکردن بۆ پێشخستنى زانکۆکان, بەتایبەتى لەڕووى دابینکردنى سەربەخۆیی کارى زانستى, کارگێڕى و دارایی, کە سێ بنەماى سەرەکیین بۆ ئەوەى زانکۆ لە رەحمەت و بەرەکەتى حکومەتەکان دەربازى بێت, بەتایبەتى ئەم کارە لە جیهانى سێیەمدا بۆ زانکۆکان ئەگەر کارى لەسەر بکرێت ئەوا بە شۆڕشێکى زانستى, کارگێرى و رزگار بون لەو شێوە کارکردنە دواکەتوەى حکومەتەکان هەژمار دەکرێت, چونکە ئەو حکومەتانەى جیهانى سێیەم لەڕووى عەقڵیەتى سیاسی و روئیاى سیاسی دواکەوتون, چ جاى ئەوەى لەڕووى پێشکەوتنى حکومەتدارى, سیاسەتى خوێندن و توێژینەوەى زانستى پێشکەوتو بن, کە لە حاڵى ئێستادا ئەو حکومەتانە وەک منداڵێکى سەرپێ کەوتو بۆ هەمیشە دەبێت لەلایەن دامەزراوە جیهانییەکان بەتایبەتى لەڕووى داراییەوە دەستگیرۆیی بکرێن و یارمەتى بدرێن, جا دەبێ ئەو حکومەتانەش چ جۆرە بەخشندەییەکى ماددى بەرانبەر زانکۆکان بنوێنن..!

بەکورتى؛ توێژینەوەى زانستى لە کوردستان لە بارودۆخێکى زۆر خراپ دایە, لەبەرئەوەى توێژینەوە وەک کارى دووەمى زانکۆکان نەبۆتە کولتوور لەلایەن خوێندکاران و مامۆستایانى زانکۆ, ئەو مامۆستایانەى لە بەشە زانستیەکان توێژینەوەى زانستى ئەنجامدەدەن لە هەر بەشێکى زانستى دا لە پەنجەکانى یەک دەست تێپەڕ ناکەن, ئەمە ئۆباڵەکەى بەتەواوى ناکەوێتە ئەستۆى کارگێڕى و ستافى بەڕێوەبردنى زانکۆکانى کوردستان, بەڵکو ئۆباڵى ئەمە دەکەوێتە ئەستۆى ئەو سیستەمەى زانکۆکانى لەڕووى دارایی, کارگێڕى و زانستى بەناوەندى وەزارەتێکى دیاریکراو بەستۆتەوە..کە لە زۆر وڵاتى پێشکەوتو و گەشەسەندودا ئەو جۆرە سیستەمە نەماوە..!

ئەمە بێجگەلەوەى بابەتى بە بازاڕکردنى توێژینەوەى زانستى لە ئاستى ناوخۆیی نیشتمانى و هەرێمى و جیهانى دا زۆر بەکەمى بەرەو پێشچوە, بۆیە پێویستى بە پاڵپشتى دارایی و هاندانى بەردەوامە بۆ ناردنى توێژەرانى سەرکەوتو بۆ ناوەندەکانى توێژینەوەى زانستى لەجیهاندا, کە ئەمە دەبێتە دەرفەتێکى گەورە بۆ بەستنەوەى تەواوى زانکۆکانى کوردستان بە ناوەندەکانى پێشکەوتوى زانستى, کە لەم بەرنامەیەدا گرنگە زانکۆکان زۆر بەوردى کار بکەن, بەجیاواز لەگەڵ بەرنامەى تواناسازى کە هەڵەکانى ئەو بەرنامەیە دووبارە نەبێتەوە و نەگەڕێینەوە چوار گۆشەى یەکەمى ئەمرۆ.

بۆیە پێشنیازى من ئەوەیە بۆ زانکۆکانى کوردستان؛ قۆڵى زانستى لێهەڵماڵن کە ئەو مامۆستایانەى کە تەنها کار بۆ توێژینەوەى زانستى دەکەن و لەگەڵ ئەو مامۆستایانەى کە تەنها کار بۆ گوتنەوەى وانە لە بەکالۆریۆس دەکەن, هیچ قورسییەکى تێدانیە لەیەکتریان جیا بکەنەوە, ئەو توێژەرە سەرکەوتوانە لەسەنتەرەکانى لێکۆڵینەوەى ناو زانکۆکان دابنرێن و لەڕووى پاڵپشتى هەمەلایەنەوە یارمەتى بدرێن, هەروەها ئەو مامۆستایانەى تەنها وانە گوتنەوەیان هەڵبژاردوە لە بەشە زانستییەکان بهێڵدرێنەوە و ساڵانەش یەک تا دوو توێژینەوە ئەنجامبدەن, ئەم پرۆسەیە ساڵانە پێداچوونەوەى پێدا بکرێت, کە دەبێتە سەرەتایەکى ڕێگە خۆشکەر بۆ دامەزراندنى سەنتەرەکانى توێژینەوەى زانستى بەهێز کە پشت ئەستوور دەبن بە توێژەرى سەرکەوتو, لەهەمانکاتیشدا پرۆسەى بەبازاڕکردنى توێژینەوەى زانستى ئاست بەرز بۆ ناوەندە جۆراجۆرەکانى جیهان سەرپێدەکەوێ, بەتایبەتى کە داواکاری لەسەرتوێژینەوەکانى زانکۆکانى کوردستان زیاد دەبێت بەرەو پێشچوونێکى گەورە بەخۆیەوە دەبینێت..

زانکۆکان دەتوانن ببنە خاوەنى سەرمایەکى نەبڕاوە, بۆ ئەنجامدانى چەندین پرۆژە و داهێنانى زانستى, کە ئەنجامدانى ئەو کارە تەنها هەنگاوى یەکەمى پێویستە کە گەڕانەوە بۆ دواوەى تێدا نەبێت..گرنگ ئەوەیە ناوى خواى لێبهێندرێت و دواخستنى پرۆسەکە لە قازانجى ئەم دامەزراوە زانستیەکانى نیشتمانى ئێمەدا نییە..چونکە خێرایی پێشکەوتنەکانى جیهان لە دەستى ئیمەدا نییە, خەریکە بەجێمان دەهێڵێ..بەڵام ئەو دەرفەتە زێڕینە بۆ زانکۆ نوێیەکان کە لەماوەى ١٠ ساڵى ڕابردوو دامەزراون, کارەکانیان سەلمێندراوە کە ئەو جورئەتە لەزانکۆ نوێیەکان دەبیندرێت و سەرکەوتووتر دەبن, چونکە ئارەزو و ویستێکى بەرزیان بۆ توێژینەوەى زانستى هەیە, بەتایبەتى لەلایەن توێژەر و مامۆستا ئاست بەرزەکانیانەوە.

موحەممەد گەڵاڵەیی




ئاڵا یان ئالاى.. موحەممەد گەڵاڵەیی*

لە ڕۆژى ١٨ى کانوونى یەکەمى ٢٠٢٠ دا، لێکۆڵەرى کورد و خەمخۆرى ئەرشیف و بەڵگەنامەى کوردستان، مامۆستا نەوزاد عەلى ئەحمەد، لە هەژمارى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک دا، پرسیارێکى گرنگى لەسەر وشەى (میر ئاڵاى) کە لە کۆتایی پێشەکییەکەى کتێبی(ئەنجومەنى ئەدیبانى کورد) کە لەلایەن(ئەمین فەیزى)یەوە نوسراوە لە ساڵى ١٩٢٠ لە ئیستانبوڵ چاپ و بڵاوکراوەتەوە وروژاندبو، پرسیارەکەى ناوبراو ئەمە بو: دەپرسم ئەرێ گەلۆ وشەی ئاڵای ئێمە لە چییەوە هاتووە..؟
بۆیە لەڕووى ڕەهەندى مێژوویی بۆ وشەى ئاڵا، خوێنەرانى هێژا ئەم ڕوونکردنەوەیەى خوارەوە، وەک کۆلکە خوێندەوارێکى ناو کوردان دەنوسم و سوپاسگوزارم کە لێمى قەبوڵ بکەن، (میر ئاڵاى: بەڵام بەخۆى میر آلاى یان میر ئالاى) یە، ناونیشانى پێشوى کارەکەى ئەمین فەیزى بوە: میر ئالاى موتەقاعید: ئەمین فەیزى.
واتە: عەقیدى خانەنشین بو: ئەمین فەیزى.

مامۆستا نەوزاد عەلى ئەحمەد، مەغزاکانى ناو پرسیارەکەى ئەمە بێت کە ئایا وشەى ئاڵا لەم میر ئاڵایەوە(میر ئالاى)یەوە هاتوە بۆ فەرهەنگى نووسینى کوردى یان نا..؟ سەرچاوەى پرسیارە وروژێندراوەکەى مامۆستاى ناوبراو لە چاپى کاکە فەلاحە لە ١٩٨٢ وەک خۆى نوسیویەتى، کۆڕى زانیارى کوردی لە ساڵى ١٩٨٣ کتێبى (ئەنجومەنى ئەدیبانى کورد) بەڕێنووسێکى نوێ بۆ جارێکى تر چاپکردۆتەوە.
شایانى باسە؛ کتێبیى ئەنجومەنى ئەدیبانى کورد، کە لە ئەرشیفى بەندە هەیە، لەلایەن کتێبخانەى شارەوانى مەزنى ئیستانبوڵ وێنەى دیجیتاڵى لەبەرگیراوتەوە بۆ خوێنەران جارێکى تر دانراوەتەوە، ئەم کتێبە لە مانگى ربیع الاول ى ١٣٣٩ى کۆچى، کە بەرانبەر بە مانگى تەشرینى دووەم و کانوونى یەکەمى ١٩٢٠ دەکات چاپکراوە، یەکەم ڕۆژى مانگى ربیع الاول ى ١٣٣٩, ڕۆژى ١٣ى تەشرینى دووەمى ١٩٢٠بوە.

لێرەدا گرنگە هەندێ زانیارى تر بخەینە ڕوو، لە کتێبیى (ئەنجومەنى ئەدیبانى کورد) لە کۆتایی پێشەکییەکەدا لە لاپەڕە ١٠ دا, نوسراوە: میر آلاى متقاعد: امین فیضى، واتە: عەقیدى خانەنشین بو: ئەمین فەیزى، وشەى (آلاى) کە هێنراوەتە سەر ڕێنووسی کوردى ئێستامان لە ساڵانى هەشتاکان, ئەم دوو هەڵەى تێکەوتوە.
یەکەم: لە عوسمانى چۆن گۆدەکرێت وشەکە وەک خۆى بە ڕێنووسى کوردى نەنوسراوەتەوە، دووەم: لەهەر ئەگەرێکى زانراو و نەزنراو دابێت وشەى (آلاى بە ئاڵاى) نوسراوەتەوە, کە هەر ئەم هەڵەیەش تەواوکەرى هەڵەى یەکەمە و پێکەوە هەڵەکە تەواو دەکەن..بەڵام من هەرگیز ڕێگە بەخۆم نادەم، کە رەخنە لە مامۆستایان و بیرمەندانى وەک شوکر موستەفا و مەلا جەمیل ڕۆژبەیانى بگرم، کە زمانزانى گەورەى ناو کۆڕى زانیارى کورد بونە، چۆن ئەمەیان بەسەردا تێپەڕیوە..!؟ هەڵبەتە هەمومان مرۆڤین و ئاساییە هەڵە بکەین، تا مرۆش کارێک نەکات هەڵە ناکات، کەماڵى ڕەهاش هەر بۆ خواى گەورەیە..

بەکورتییەکەى دەبوایە لە چاپی کتێبی(ئەنجومەنى ئەدیبانى کورد) نووسرابایەوە: عەقیدى خانەنشین بو(میرى ئالاى): ئەمین فەیزى.. نەک وەک ئەوەى نوسراوە(میر ئاڵاى موتەقاعید: ئەمین فەیزى) کە هەڵەیەکە کراوە و تا ئەمرۆش ڕاست نەکراوەتەوە، چونکە خوێنەران دەیانزانى مەبەستى وشەى میرى ئالاى عوسمانى واتەى عەقید یان کۆڵۆنێڵ دەگەیەنێت. کەواتە: وشەى میر آلاى یان میر ئالاى, هیچ پەیوەندییەکى بە وشەى (ئاڵا)ەوە نییە لەڕووى پەرەسەندنى مێژووی وشەى ئاڵاوە بۆ ناو فەرهەنگى کوردى، بۆیە لەڕووى زاراوەى سەربازى مێژوویی و زمانى عوسمانییەوە لەخوارەوە چەند ڕوونکردنەوەیەک لە بارەى وشەى (میر ئالاى) یەوە دەنووسین.
سەبارەت بە وشەى میر آلاى کە لە کتێبەکەى ئەمین فەیزى بەکارهێنراوە، بەپێی ئەو زانیارییە سادانەى هەمە لە مێژووى عوسمانى و زمانەکەى، دەتوانین ئەم کورتە زانیاریانەى خوارەوە بنووسین:
وشەى میر آلاى لە فەرهەنگەکانى زمانى عوسمانى دا بەم مانایانە هاتوە: میر، واتە: سەرۆک، فەرماندە، بەگ، میر، فەرماندار، لە تورکى نوێ دا بەمشێوەیە دەنووسرێت وشەى میر و هاوماناکانى(Mir=Amir:Baş:Bey)
شایانى باسە وشەى میر آلاى(Miralay) کە بەزمانى عوسمانى بەمشێوەیە دەنووسرێت: میر آلاى، بە تورکى نوێ(Miralay) واتە: فەرماندەى چوار تابوورى عەسکەرى عوسمانى، لە زمانى سەربازى ئەمرۆدا وشەى (میر آلاى) بەرانبەر بە وشەى (عەقیدە) بە تورکى نوێ(Albay)دادەنرێت يان بەکاردەهێنرێت، هەروەها لە زمانى ئینگلیزى دا بەرانبەر بە وشەى(کۆڵۆنێل) دادەنرێت.
ئەم وشەى (میر آلای)یە؛ لە ناو سیستەمى سەربازى عوسمانى لە ساڵى ١٩٠٩ تا هەڵوەشاندنەوەى دەوڵەتەکە لە ٣ى ئادارى ١٩٢٤ بەکارهێنراوە، هەروەها دواتر لەسەردەمى کۆمارى نوێی تورکیا تا ساڵى ١٩٣٤ بەکارهێنراوە، بەڵام لە ٢٦ى ١١ى ١٩٣٤ بەپێی یاساى ژمارە ٢٥٩٠ کە لە پارلەمانى تورکیا دەرچوە، کە تایبەت بو بە (یاساى نازناو و بێ ناونیشانەکان), ئەم وشەیە (میر آلاى) لەناو سیستەمى سەربازى تورکیا سڕدرایەوە، لە شوێنى (میر آلاى=Miralay) وشە(Albay) دانرا، کە هەر لە بەرانبەرى دا ماناى(عەقید) دەگەیەنێت، شایانى بیرهێنانەوەیە کە بەپێی سیستەمى سەربازى دەوڵەتان دەگۆڕدرێت، وەک لە دەوڵەتى عوسمانى: نیشانەى دەوڵەتى عوسمانى کە وەک مۆرێکى بچووکى تەنراوى زێڕباو بە نوسین بوە لەگەڵ دوو ئەستێرە، لە وڵاتى خۆشماندا هەر تانجێک و دوو ئەستێرەیە..!
وشەى آلاى (Alay) لە (معجم صفصافی) کە فەرهەنگێکى گەورەى زمانى عوسمانییە، بەم مانایانەیش دێت؛
یەکەم: فەوج، گردبونەوە، ڕێڕۆیشتن، گردبونەوەى بێ شومار.
دووەم: چوار تابوورى سوپایی-سەربازى. سێیەم: نمایشى سەربازى، مەراسیم.
هەروەها لە فەرهەنگى زمانى تورکی نوێ دا، وشەى (Alay)، بێجگە لەم مانایانەى لە سەرەوەدا ئاماژەمان پێکردن، ماناکانى: گاڵتەپێکردن و تاقم و دەستەش دەبەخشێت.

وشەى دیکەیش هەن، وەک:
میر لوا: واتە: میرى لیوا یان فەرماندەى لیوا.
میر میران: واتەکەى هەر میرى میران یان فەرماندەى فەرماندەکان.
بۆ زانیارى خوێنەران: زمانى عوسمانى زمانێکى دروستکراوى پێکهاتبوە لە زمانى توركى كۆن و کۆمەڵێک زمانى زیندوو هەر لە خۆرهەڵاتى ئاسیا تا خۆرئاواى ئەوروپا و باکوورى ئەفەریقا..لەوانە زمانەکانى کوردى، عەرەبی و فارسی هەر ئەم سێ زمانەى ئاماژەمان پێکردوون بە وشەکانیان لەناو فەرهەنگى عوسمانى کۆن و تورکی نوێ دا، فەرهەنگێکى گەورە پێکدەهێنن، بەڵام هەندێ لە وشەکانى ئەم زمانەى ئاماژەمان پێکردوون لە زمانى عوسمانى و تورکییە نوێ دا مانا دەستەواژەیەکانیان دەگۆڕدرێن یان گۆڕدراون..مەرج نییە وشەیەک کە لە بنەڕەتەوە عەرەبی، فارسی یان کوردى بێت، لەلاى ئەوانیش(عوسمانییە کۆنەکان-تورکە نوێیەکان) بەکارهاتبێت هەمان ماناى دەستەواژەى وشەکە بداتەوە، چونکە دەستوورى زمانى عوسمانى و تورکی نوێ جیاوازن لە زمانەکانى تر جیاوازن کە ئاماژەمان پێکردن..!
هەروەها زمانى تورکی عوسمانى سێ قۆناغى پەرەسەندنى مێژوویی تێپەڕاندوە، کە ئەمانەن: زمانى عوسمانى کۆن لەسەدەى سیانزەهەم بۆ سەدەى پانزەهەم، زمانى عوسمانى کلاسیک لە سەدەى شانزەهەم بۆ سەدەى نۆزدەهەم، زمانى عوسمانى نوێ لە سەدەى نۆزدەهەم بۆ سەدەى بیستەم.

————————————————————-

سەرچاوەکان:
یەکەم: (کتێب بەزمانى):
١-اکمل الددین احسان اوغلى(اشراف و تقديم): الدولة العثمانیة تاریخ و حضارة, ترجمة: صالح سعداوي، مجلد٢، مرکز الأبحاث للتاريخ والفنون والثقافة الإسلامية باستانبول, ١٩٩٩، ص٧.
٢-امین فیضى: انجمن ادیبان کرد, مطبعە ترجمان حقیقت, استانبول, ١٣٣٩ [1920]. ل١٠.

دووەم: (فەرهەنگ):
١-أ.د. الصفصافی احمد القطورى: المعجم الترکی-العربی المعاصر، ط٨, بدون مکان الطبع، القاهرة، ١٤٣٣هـ-٢٠١٣م، ص١٨.
٢-أ.د. الصفصافی احمد القطورى: القاموس عثمانی-ترکی-عربی(معجم صفصافی٢)، مراجعة: عبدالله تومساک، ط٢, بدون مکان الطبع، القاهرة، ١٤٣٣هـ-٢٠١٢م. ص ص ٢٧، ٦٥٦-٦٥٧.
*مامۆستا لە بەشى مێژووى فاکەڵتیی ئاداب-زانکۆى سۆران.




شەڕە وەرگێڕان … موحەممەد گەڵاڵەیی

لە کوردستان و لەماوەی کەمتر لە سێ مانگ دا، کتێبەکەی (جۆن بۆڵتن: ژووری ڕووداوەکان) ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لەلایەن سێ وەرگێڕ یان سێ گروپ لە وەرگێڕان بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراوە، ھەڵبەتە جێگەی دەستخۆشییە، بەڵام لە رەخنەگرتنێکی بەویژدانانە بۆ ئەم پرۆسەی وەرگێڕانی یەک کتێب لەلایەن سێ دامەزراوە یان دەزگای چاپ و پەخش دەربازی نابێت.
لەسەرەتادا؛ دەمەوێت ئەوە بڵێم: ھەر کەسێک و دامەزراوەیەک ئازادە چ کارێک بکات و چۆن بیر دەکاتەوە و چ نووسینێک لە زمانەکانی تر وەردەگێڕێ..؟ بەتایبەتی لە وەرگێڕانی یەک کتێب بۆ دوو تا سێ جار لەلایەن سێ دامەزراوەی جیاوە.
بەڵام بۆ ئەم بارودۆخەی ئێمەی کورد قسەی جیاوازتری دەوێت و ھەڵیشدەگرێت لەسەری بوەستین، بۆیە ئەم زیانانەی ھەیە.
یەکەم: بەھەدەرانی کات.
دووەم: بەھەدەرانی سەرمایە(پارە).
سێیەم: بەھەدەردانی توانست و توانای وەرگێڕان.
چوارەم: ھەڵاوساندنی بازاڕ بە یەک کتێب لەلای سێ وەرگێڕی جیاواز یان سێ گروپ لە وەرگێڕانی ئازیز.
بۆیە دەکرا ئەم ھەمو توانستە بۆ کتێبی زانستی یان لێکۆڵینەوەی جددی لە زمانەکانی تر خرابایە مەیدانی کارکردنەوە، باشتر جێگەی دەگرت، وا باشترە دامەزراوەکانی چاپ و پەخشکردن پەیوەندییەکی دۆستانەیان ھەبێت، کاری جددی و ھاوبەش بکەن.
بۆ زانیاری خوێنەران؛ ھەر ئەم کتێبەی جۆن بۆڵتن لە وڵاتی لوبنان بۆ سەر زمانی عەرەبی وەرگێڕدراوە بۆ ٢٢ دەوڵەتی عەرەبی و ئەوانەی بە عەرەبی دەخوێننەوە، لەلایەن (شرکة المطبوعات للتوزیع و النشر). تا ئێستا ئەمەیە، جا دواتر نازانم چ دامەزراوەیەکی تر بۆ زمانی عەرەبی وەریدەگێڕێ، بەڵام دامەزراوەی المطبوعات لەناوی جیھانی عەرەب دا، جێگەیەکی سەنگین و دیاری ھەیە بۆ ڕووماڵکردن و بڵاوکردنەوەی کتێب لە جیھانی عەرەب دا زۆر بەھێزە، قازانجێکی زۆر دەکات.
بەڵام براینە ئەم سێ کتێبە کە بۆ زمانی کوردی کرمانجی ناوەڕاست وەرگێڕدراوە، تەنھا لە شارەکانی: ھەولێر، سلێمانی، ھەڵەبجە، کەلار، سۆران، ڕانییە و بەشێک لە بادینان دەخوێندرێتەوە، ئەگەریش ڕێگەی پێ بدرێت بۆ خۆرھەڵاتی کوردستان بنێردرێت ئەوا لە شارەکانی: مەھاباد، سنە، سەقز، مەریوان دەخوێندرێتەوە.
وا باش بو ئەم کتێبە وەرگێڕدرابا بۆ سێ دیالێکتی سەرەکی لەناو کورد دا، کە زۆرترین سوود و دەنگدانەوەی دەبو، ئەو دەزگایانەی بەم کارەش ھەستاون سوودمەندی سەرمایەی زیاتر دەبون.
یەکەم: بۆ کرمانجی ناوەڕاست.
دووەم: بۆ کرمانجی ژووروو بەپیتی لاتینی یان عەرەبی.
سێییەم: بۆ زازاکی یان لوڕی.
بەڵام گرنگە ئەمە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری بکرێتە مەرجی پێشوەختە بۆ دەزگاکانی چاپ و پەخش، کە وەرگێڕانی یەک کتێب لەلایەن چەندین دامەزراوەی چاپ و پەخش قەدەغە نییە، بەڵام ھەر یەکێکیان بۆ دیالێکتێک وەربگێڕێت و پاڵپشتی مادی و مەعنەویان بکات..
ئەمەش چەند سوودێکی ھەیە:
یەکەم: زمانی کوردی بەھێزتر دەکات و خوێنەری زیاتر دەبن.
دووەم: سەرمایە لە پارچەکانی تری کوردستان بەگەڕ دەخرێ لە ڕووی مرۆییی(وەرگێڕەکان) و ھەمیش لەڕووی ماددی و قازانج بۆ دامەزراوەکانی چاپ و پەخش زیاتر دەبێت نەک کەمتر.
سێیەم: کتێبی کوردی بەو واقیعەی ھەیە کە بەسەر کوردستان دا فەرزکراوە، خوێنەری زۆر کەمە، بەڵام ئەگەر کتێبێک بەسێ دیالێکت بێت یان وەربگێڕدرێت خوێنەری زیاتر دەبێت.
چوارەم: کتێبی کوردی لە قەیرانی کەمی خوێنەر رزگاری دەبێت.
پێنجەم: ئێمە میللەتێکی پەنچا ملیۆنین، توخوا شەرم نییە، تیراژی کتێبەکانمان ٥٠٠-١٠٠٠ دانە بێت، ئەویش ھەمو نافرۆشێت و وەرگێڕ و نووسەرەکانمان لە ھەژارترین نووسەران و وەرگێڕەکانی دونیان. لەبەرئەوەی کتێب لەھەر پارچەیەکی کوردستان بە یەک دیالێکت چاپ و بڵاودەکرێتەوە.
ئەگەر بۆ سێ دیالێکتی سەرەکی بێت بازاڕگەرێکی باشی ھەبێت، نوسەر و وەرگێڕەکان باشتر داھێنان دەکەن و سەرمایەکی باشیان دەبێت، ژیانێکی شایستەیان دەبێت.
لەکۆتایشدا من لەم شەڕی وەرگێڕانە زەرەرمەندبوم، ئەو کتێبەی کە لە شاری سلێمانی چاپ کرا، لەڕووی چاپ و کوالێتی کە بەرھەمی خۆماڵییە زۆر چاک و نایابە دەستخۆشی لەخاوەنی چاپخانەکە دەکەم، بەڵام زمانی وەرگێڕان و دارشتنەوەی لە ڕووی زمانەوانی زۆر رەکیک و خراپە، بەداخەوە کەوەک سەبقی تەرجەمەکردن ھەڵڵایەکی گەورەی نایەوە، پاش ئەوەی دوو بەشم لێی خوێندەوە کتێبەکەم بەلاوە نا و لێیگەڕام، چونکە بەڕاستی خوڵقی خوێندنەوەی تێکدام..!
منیش ١٠،٠٠٠ ھەزارەکەم لێ ڕۆیشت..! نازانم قانونێک ھەیە بۆ پارێزگاریکردن لە مافی خوێنەر وەک قانونەکانی مافی بەکاربەر و نەخۆش..
بەخوای گەورەتان دەسپێرم و بەھیوای کاری ناوازەتر.




ناوچەى باڵەکایەتی لەنێوان ھۆلاکۆ و کۆرۆنادا … موحەممەد گەڵاڵەیی*

باڵەکایەتیی؛ ناوچەیەکی خاوەن تایبەتمەندی ھەمەلایەنەی ژیاری، ئابووری، کۆمەڵایەتی و خوێندەوارییە لە مێژووی تۆمارکراوی کورد دا، بەڵام لە چاوی داگیرکەرانی کوردستاندا، ناوچەیەکە گرنگی جیۆستراتیژی سەربازی ھەیە..!
ھێرشی مەغۆلەکان بەسەرکردایەتی جەنگیزخان(١١٦٥-١٢٢٧) و دواتر نەوەکەی ھۆلاکۆ (١٢١٧-١٢٦٥) لە سەرەتای سەدەی سیانزەھەم ١٢٠٠ زائینی دا بۆ سەر خۆرھەڵاتی ئیسلامی کە لە جێۆگرافیای ئێستادا بە باشووری خۆرئاوای کیشوەری ئاسیا ناسراوە دەستی پێکرد، بۆ ساڵی ١٢٥٨ زائینی بەسەرکرادیەتی ھۆلاکۆ گەیشتنە شاری بەغداد و کۆتاییان بە خەلافەتی عەباسی ھێنا..!
مێژوونووس و پسپۆری خۆرھەڵاتی کەونار خوالێخۆشبوو: پرۆفیسۆر دکتۆر جەمال رەشید، لە چاوپێكه‌وتنێكی گۆڤاری كوێستان دا له‌ ژماره‌(25-26)ی ئایار-حوزەیرانی 2010 ی لاپه‌ڕه‌كانی 10 و 11 دا، بەمشێوەیە باسی ھاتنی مەغۆلەکان بۆ سەر ناوچەی خانێ خۆرھەڵاتی کوردستان و حاجی ئۆمەرانی باڵەکایەتی لەباشووری کوردستان دەکات:(لەبەرئەوەی ئێرە[مەبەستى باڵەکایەتییە] ناوچەیەکی ستراتیژییە، زۆر خەڵک ویستویەتی داگیری بکات..چ لەسەردەمی مەغۆل، بۆ نمونە مەغۆلەکان کە ھاتن ھەر لە دەرگای ناوچەی خانە و حاجی ئۆمەران شەش ساڵ مانەوە و نەیانتوانی بەھۆی سەختی شوێنەکە بپەڕنەوە و ھەتا چوونەوە خوارتر لە ناوچەی خانەقینەوە چوون بەغدایان داگیرکرد)، بۆماوەی شەش ساڵ سەربازگەی مەغۆلەکان لە حاجی ئۆمەران و خانێ دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی ناوچەی باڵەکایەتی داگیر بکەن و دواتر بە ڕێگەی دەشتی دیانا-ھەریر-ھەولێر دواتر بۆ دەشتى کەرکوک-موصڵ گەیشتن بە شارى بەغداد، بەڵام دوای شەش ساڵ واتە لە ١٢٥٢-١٢٥٨، پرۆژەی مەغۆلەکان شکست دەھێنێت و ڕوو لەناوچەى کرمانشاه لە باشووری رۆژئاوای ئێران دەکەن، بەناوچەی خانەقین لە خۆرھەڵاتی بەغداد دا دەگەنە ناو دڵی دەسەڵاتی خەلافەتی عەباسی، کە مەغۆلەکان توانیان بە دوانزە ڕۆژ بەغداد بگرن، ئەمەریکیەکان لە ٢٠٠٣ بەم ھەمو تەکنەلۆجیایە پێشکەوتوە شاری بەغدادیان بە ٢١ ڕۆژ لە چنگی حکومەتى بەعس(١٩٦٨-٢٠٠٣) رزگارکرد.

ھۆکاری سەرەکی شکستی مەغۆلەکان کە نەیانتوانی باڵەکایەتیی داگیر بکەن بۆ رووخاندنی بەغداد، کە ھەرچەندە ئەوان لەوڵاتی چین و ماچینەوە ھاتبون و وڵاتان و خاکێکی زۆریان داگیرکردبو، بەڵام دوای ناردنی چەند گروپێکی سەربازی تایبەت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر تەواوی ناوچەکە، بەتایبەتی لە ڕووی جێۆگرافی و سەربازی و پێکھاتەی دانیشتوانەکەی، بڕیاڕی پاشەکشە دەدەن، چونکە بونی شاخی بەرز بەرز کە بەسەر ڕێگەکانی دەڕوانی و زۆر بەئاسانی لە دۆڵە سەختەکانی باڵەکایەتیی دەرباز نابون، نەیاندەویست ھەمان شکستی گەورەی یۆنانیەکان کە بەھێزی دە ھەزارەکە لە مێژووی کۆندا ناسراوە، کە لە ساڵى ٤٠١ى پێش زائینى لە شەڕگەى (کۆناکسا: لەخواروى شارى مەدائین) کە تێیدا کۆرشى بچوک کوژرا، کە لەهەمانکاتدا دە هەزار سەربازى یۆنانى پشتیوانیان دەکرد بۆ لادانى براکەى ئەردەشێرى دووەم، کە ئیمپراتۆرى ئەخمینى بو، کە کۆرشى بچوک داواى عەرشى ئیمپراتۆریەتى دەکرد، هێزەکانى یۆنانى کە بە دە هەزارەکە لە مێژوودا بەناوبانگن بەخاکى کوردستان بەسەرکردایەتى گەزنەفۆن(٤٣٠-٣٥٤ پێش زائین) تێپەڕبون، بەڵام لەسەر دەستی کاردۆخییەکان توشی نەھامەتیەکی زۆر ھاتن هەتا گەیشتن بەسەر دەریاى ڕەش لە شوباتى ساڵى ٤٠٠ پێش زائین، هەڵمەتەکە پێنج مانگى خایاندوە، بۆ زانیارى خوێنەران دواتر گەزنەفۆن مێژووى ئەم شەڕ و بەسەرهاتانەى لە کتێبب بەناونیشانى(ئاناباسیس) نووسیى، واتە: ( ڕێڕۆیشتنى سەربازى یان کشان بەناو وڵاتێک دا)، کە لە ساڵى ٢٠١٣ ئەم کتێبە لە زمانى یۆنانى کراوەتە کوردى، لێرەدا مەغۆلەکان نەیاندەویست تووشى هەمان چەرمەسەرى و پێکدادان ببن، چونکە لە باڵەکایەتى هۆزى زەرزاییەکان نیشتەجێ بونە، لە دامێنى شاخى مامەڕووت شارێکى گەورەى زەرزاییەکان هەبوە، ئەو هۆزە بە شەڕکەر و ئازا ناسراون، بۆیە مەغۆلەکان ڕێگەی باشووری خۆرائاوای ئێرانی ئێستایان بۆ گەیشتن بەشاری بەغداد ھەڵبژارد، چونکە دواى هێرشى مەغۆلەکان بۆ سەر وڵاتانى خۆرهەڵات و ناوەڕاستى ئەوروپا، لەوانەیە ئەو سەرچاوانەى باسیان لە ڕێڕۆیشتنى هێزى دە هەزارەکەى یۆنانى کردوە، یان کتێبی دە هەزارەکەیان چنگ کەوتبێت و لەڕووى زانستى سەربازى ئەوکاتەوە تەتەڵەیەکى باشیان بۆ ئەنجامدابێت، بە کورتى نەیانویستبێت هەڵە سەربازییەکان دووبارە بکەنەوە..!
ئەم تۆمارە مێژووییە خۆڕاگری خەڵکی باڵەکایەتیی و قایمی ناوچەکە و چیاسەرکەشەکانی دەردەخات، کە شکستی بە ئامانجی داگیرکاری مەغۆلەکان ھێناوە، لەھەمانکاتیشدا بۆتە بەربەستێک لە ڕوودانی کارەساتی کوشتار و تاڵانکاری مەغۆلەکان، کە پێش ئەوەی مەغۆلەکان بگەنە باڵەکایەتیی لە شاری دیاربەکر و باکووری کوردستان کوشتار و تاڵانییەکی زۆریان ئەنجامدابو.. ھەروەھا باڵەکایەتیی لە مێژوودا ئەوەی پێبڕاوە کە داگیرکردنی زۆر ئاسان نییە، بەتایبەتی ئیمپراتۆریەتی مەغۆلی بەم ھەمو ھێزەی ھەیبو چۆکی لەبەر داد، کەواتە؛ ھەر شاری ھەولێر ھۆلاکۆ بەزێن نییە، بەڵکو باڵەکایەتیش ھۆلاکۆ بەزێنە، بەپێی ئەم تۆمارە مێژووییەی لەسەرەوە نووسیمان.
ئەمرۆژانە دیسان پەتای کۆرۆنا بە مەملەکەتی باڵەکایەتی دا بڵاوبۆتەوە، کە سەرچاوەی ئەم پەتایە وڵاتی باب و باپیرانی مەغۆلەکانە یان ئەو وڵاتەی مەغۆلەکان لێیوەی ھاتن بۆ ئەوەی باڵەکایەتی داگیر بکەن، ئەوان نەیانتوانی باڵەکایەتیی داگیر بکەن، بەڵام کۆرۆنا باڵەکایەتی خستە نێو بازنەی پەتاکە، بەڵام ھەروەک ئەو سەدانەی پێشوو باسمان کرد، کە چۆن باڵەکایەتی بۆماوەی شەش ساڵ خۆی لەبەردەم ھێرشی بەربەریترین ھێزی دونیا گرت، لەھەمان سەردەم دا بەغداد کە ناوەندی خەلافەتی عەبباسی و دەسەڵات بو، بە دوانزە ڕۆژ کۆتایی ھات، خەڵکی ئێمە لە ناوچەی باڵەکایەتیی بەورەییەکی بەرزی سەربەرزی و نەمری وەک لە مێژوودا تۆمارکراوە، ئەم ناخۆشییە تێدەپەڕێنێت، چۆک بەو پەتا جیھانیە دەدات بە پشتیوانی خودا و خۆراگری خەڵک وەک بەفری سەرچیا سەرکەشەکانی دەیتوێنێتەوە و دەیکات بە تۆمارێکی زیندووی تێکۆشان لە دژی پەتایەکی جیھانی دا.

*مامۆستا لەبەشی مێژووی فاکەڵتیی ئاداب لە زانکۆی سۆران.