هێشوویه‌ك‌ هایكۆ.. موكه‌ڕه‌م ڕه‌شید تاڵه‌بانی

خەونم دەبینی
سواری ئەسپێكی باڵداربووم
بە هەورازو نشێوەكاندا
ڕووەو هەتاو دەچووم


خوڕەی جۆگەكەی بەر ماڵمان
لە گوێمدا دەزرنگایەوە
هەركە تینووم لێ بشكاندایە
لەبەر پێمدا هەڵدەستایەوە


تریفەی مانگ بووەتە هاوڕێم
گەر لە شەوە تاریكەكانیشدا
بێزار بم
مەسجی خۆی هەر دەنێرێت


باران بە لێزمە دەبارێت
چاو چاو نابینێت
لە دووڕیانی چاوەڕوانیدا دۆش داماوم
ئەم تەمتومانییە
كەی بڕەوێتەوە


دوژمن لە هەڕەشەی خۆی ناكەوێت
شەووڕۆژ پیلان دەگێڕێت
منیش توێشووی خۆمم لە پشت توندكردووە
لە تاریكەشەوێكدا
بەسەریدا بدەم


نە لە تۆپ و نە لە مووشەك دەترسم
هەموو بستێكی ئەم خاكەم بووەتە‌ سەنگەر
درۆنیش هەڵبدەن
بە بڕنەوی ورە دەیخەمە خوارەوە


لە هاش و هووشی دوژمن زەندەقم ناچێت
ئەوە نیشانەی بێ دەستەڵاتییە
كاتێك گوللـە نێوچاوانی دیواودەر دەكات
هات و هاواری
كپ دەبێتەوە


لەناو دەریادا به‌له‌مێكم دۆزییەوە
چەتە دەریاییەكان
بۆ چەتەیی بەكاریان هێنابوو
بۆ سەوڵەكانی گەڕام
بزربووبوون


ڕۆژ بەرەو ئاوابوون دەچوو
تیشكی ڕەنگاوڕەنگ ئەو ناوەی تەنیبووەوە
پاش تاوێكی دی
تاریكی دادێت و
ئەستێرەكان دەدرەوشێنەوە


سینگی دوو سێوی لاسوورەی گرتووە
شەرم دەكات
لە هەموو كەسێك دەیانشارێتەوە


بە ڕێگە پێچاوپێچەكان و
بە هەوارز و نشێوەكان و
بە كووچەباخەكانیشدا بێت
هەر دەچم بۆ لای یار


ئەم زستانە پاڵتۆ ئەستوورەكەم دەپۆشم
بەفر تا ئەژنۆ دێت و
زەلامان ڕەق دەبنەوە


‌لە وێستگەی چاوەڕوانیدا
چاوەڕوان بووم
ئاوی قاچم داهات
هێشتە چاوەڕوانی نەهات


ئەم جارەیان باوتۆز هەڵیكرد
دەرگەی دەوارەكە دادەخەم
تەپ و تۆز
چاوی هیوا كوێر ناكات


لەمێژە ئەم چۆمە
بە بەردەم گونددا گوزەر دەكات
هیچ ڕۆژێك نەمبیستووە
گۆرانی نەچڕێت و
هەڵهەڵە لێ نەدات


ئەو چیایەم كردووەتە دۆستی خۆم
پەنا بۆ سێبەرەكەی دەبەم
بەسەرهاتی بۆ دەگێڕمەوە
دڵنیام بە ئەمەكەو
لە پشتەوە بەر خەنجەرم نادات


برسێتی شێرێكی دڕندەیە
بۆسەی مەرگە
ڕۆژگارێك دێت
بە چاوەقووڵە زەلامان ڕادەماڵێت


لە سێبەری درەختەكانی باڵاتدا
ڕادەكشێم
لە بن باڵی ئەوینتدا
خۆم لە وەیشوومەی پەژارەو غەم
دەپارێزم
پەنا بۆ‌ زوڵفی سۆزت دەبەم
لەشی سەرمابردەم
بە تارای حەزەكانت دادەپۆشم
زاری ئارەزوو دەكەمەوە
دەم بۆهەنگوینترین بەروبوومەكانت
دەبەم


من بیر لەو شتە دەكەمەوە
تۆ بیری لێ دەكەیتەوە
تۆ بیر لەو شتە دەكەیتەوە
من بیری لێ دەكەمەوە
هەر یەكەمان بیر لەوە دەكەینەوە
ئەو شتە بكەین
بیری لێ دەكەینەوە
تۆیش بیر لەوە دەكەیتەوە
ئەو شتە بكەیت كە بیری لێ دەكە‌ینەوە؟؟


ئەم كاغەزانە نیشتمانی منن
بە ئارەزووی خۆم بە پێ دەشت و
چیا و دۆڵ و هەورازەكانیدا
تەڕاتێن دەكەم
تا چاوبڕكات بیر لە قووڵایی ئاسمان دەكەمەوە
تا پێ بتوانێت
بە كۆڵان و شەقامەكانی سۆزیدا
پیاسە دەكەم
جوانترین وێنەی خەونیان
تێدا دەڕازێنمەوە
ئەگەر ماندوویش بم
لەناو ڕستەیەكدا ڕادەكشێم و
سەرخەوێكی ئاسوودەیی دەشكێنم


بەو هەورازەدا دەڕۆیشتم
جانتایەكم دۆزییەوە
زرێزەكەم هەڵپچڕاند كەروێشكێكی تێدا بوو
بە دوو گومبەتانێ لەچاو ون بوو
سەیرم كرد سەدان سیدی لەژێریدا بوو
سروودی ئەی ڕەقیبیان
تێدا تۆماركرابوو


ئەوەند لە وێنەكەم ڕوانی
چاوم ئه‌بڵه‌ق بوو
ڕەشكەوپێشكەی كرد
ڕەنگەكان تێكەڵ بوون
بەرەو تەڵخی چوون
هەردوو پێڵووم نووقاند
وێنەكەم لەناو دڵدا ڕواند


لەناو بەلەمێكدا بووین
بۆ كەناری ئەوبەر دەچووین
ماسییەك پەیدا بوو
بواری پێ پێشان داین
ئەژدیهایەك لەو خوارەوە بوو
باج و سەرانەی دەستاند


ئەم كورسییە لاقێكی شكاوە
ئەو سێ لاقەكەی سكاڵایانە
بەرگەی قورسایی‌ ئەو زەلامە ناگرن
ئەوەندەی ورچێك زل بێت


شەقامەكان جمەیان دێت
پاركەكان جمەیان دێت
كوڵانەكان جمەیان دێت
بەردەم ماركتەكان جمەیان دێت
بەردەم ماڵەكان جمەیان دێت
لە ئۆتۆمۆبیل
بۆ كوێ هەڵێین
لەبەر ئۆتۆمۆبیل؟؟


چاویلكەكەم بانگی كردم
ئەو وشە وردانەی پێ پێشان بدەم
لە دوایەمین ڕستەی چامەكەوە
گرمۆلە بوونەو
شەرم دەكەن
خۆیان پێشانی یار بدەن


ئەم بەیانییە
چەند جارێك سەرپێپلكەكان كەوتم
گڵۆپەكان نووستبوون
نەمهێشت ترپەی پێم
خەوزڕیان بكات


ئەمڕۆ پشوومەو
كەمێك لە باخچەكە پاڵ دەدەمەوە
تا درەخت و گوڵەكان
هەواڵی بۆنخۆشم
بە لووتدا بدەن


پاییز جانتاكەی بە شانەوەیەو
خەریكە سەفەر دەكات
چاوەڕێی لێزمەیەك بارانە
شۆستەكان بشواتەوە


ئەمڕۆ هەتاو میوانەو
لەسەر هەیوانەكەوە
تیشك دەبەشێتەوە


ئەستێرەكان
بە ئاسمانی هیواوە جریوەیان دێت
بەرەبەیان
بە ڕۆژی ڕادەگەیەنن


بەم ڕەشەباوە دیارە
ئەم زستانە تووش بێت
بەفرو كڕیوە
لەگەڵ خۆی بێنێت
چی كۆرپەی بەخت هەن
لە سەرماندا ڕەق ببنەوە


لە دەرگەی چامەیەك
چوومە ژوورەوە
لە پەنجەرەی كێشەوە
سەیری كۆڵانی واتام كرد
سەروایەك
هەڵدەپەڕی و گۆرانی زاری دەچڕی


ئەو ناوونیشانەم پێ جوانە
لە دوو وشەدا خۆی دەخەمڵێنێت
ئەو ڕێنووسەم پێ ناشیرینە
هەموو یایەك دەكات بە جووت
ئەو ڕەفتارەم پێ پەسن ناكرێت
پێڵاو پێڵاوە،
ئەو دیكات بە پووت


بۆ فێرگە دەچووم
وانەی نیشتمانی بڵێمەوە
چەند چەكدارێكی دەم پێچراو
دەستگیریان كردم
وێنەی پێشمەرگەیەك لە باخەڵم بوو
ئاڵایەكی چوار ڕەنگیم بڵنددەكردەوە
هەتاوێكی تێدا بوو
پرشنگی دەدایەوە


چایخانەكە لەسەر پێپلكانەیە
شیرینت بوێت بۆت دێنن
تاڵت بوێت بۆت دێنن
نازانیت
كامیان بە كەوچك تێك بدەیت


هاوین مەشخەڵێكی بەدەستەوەیەو
گەڵاڕێزانی پاییز ڕاودەنێت
گەڵاڕێزانی پاییز
گەردەلوولێكی بە دەستەوەیەو
سەرمای زستان ڕاودەنێت
سەرمای زستان كڕێوەیەكی بە دەستەوەیەو
فێنكیی بەهار ڕاودەنێت
فێنكیی بەهار
هێور هێور بەناو سەوزایی سروشتدا
گۆرانیی نەورۆز دەچڕێت
ئارەزوو ناكات
هاوین لەخۆی زیزبكات


لە باكوور هەر ڕۆڵەی من
لەناو ستەمی ڕاسیزمدا جوانەمەرگ دەبێت
لە ڕۆژهەڵات هەر كیژی من
لەناو جبەی ئاخونددا خوێنی دەڕژێت
لە باشوور هەر لاوی من
بە ئاواتەوە سەر دەنێتەوە
لە ڕۆژئاوا هەر گەنجی من
لەناو قوڕگی فاشیزمدا دەتلێتەوە
خوایە كەی ئەم ستەمە لە سەر من و
جگەرگۆشەكانم هەڵدەگریت


چەندەی غەمم بێت
چەندەیش دڵی هیوام تەنگ بێت
چەندەیش ئاسمانی ژیانم لێ دابخرێت
چەندەیش دوژمن
تەنگم لێ هەڵبچنێت
قوڕقۆشمم بەسەردا ببارێنێت
پڕ بە گەرووم گۆرانی دەچڕم
پڕ بە گەرووم هاوار دەكەم
سەر و مێشك و دڵ و جەرگی دەبەم


بەرەو چیایەك هەڵدەزنام
بە تەنیشت جۆگەیەڵەیەكدا تێپەڕیم
لەو لاوە تەپۆڵكەیەك سەیری دەكردم
ئاوڕم دایەوە
چەمەكەی پشتم دەگریا


ئەم بەیانییە زوو لە ماڵ هاتمە دەرەوە
كۆڵان كپ و مات بوو
درەختەكان نووستبوون
هوزارێك بە ئاگەبوو
سروودی بێزاری دەگوتەوە


سەرم بە مووبەقدا كرد
بەدوای شتێكدا دەگەڕام
برسێتی پێ بكوژم
هەموو خواردنەكان لە ترساندا
خۆیان شاردبووەوە


كۆلارەیەكم بەرەو ئاسمان هەڵدا
لەگەڵ تیشكی هەتاو بوو بە شەڕیان
لە دادگە سكاڵایان كرد
ئاسمان هی كامیانە
تا تەڕاتێنێی تێدا بكەن!!


چامەیەك دەیقیژاند
خوێنەرەكان لێی نەدەگەیشتن
ئەوەند هاواری كرد
تا گەرووی نووسا


ڕووبارێك بەلای باخێكدا تێدەپەڕی
درەختەكان سڵاویان لێ دەكرد
ڕووبار هاژەی دەهات و
كش و مات دەڕۆیشت
درەختەكان تووڕەبوون
بەروبووەمەكانیان لەبارچوو!!


چوومە سەر كەناری دەریا
سروەیەك خۆی پێ ناساندم
هەواڵێكی ناخۆشی پێ بوو
بەستەڵەكی باكوور دەتوێتەوە!!!


ئەو كتێبە نوێیەی بە دەستمەوە بوو
خەریك بووم دەمخوێندەوە
لەپڕ پرسیارێكی سەیری لێ كردم
ـ بۆچی دەمخوێنیتەوە؟

  • تا بزانم نووسەر چی نووسیوە؟
    ـ بەو درۆیانەی نووسەر باوەڕ دەكەیت؟؟

دوو ڕۆژە پشیلەكە بزربووە
سەربان و دیوارەكان پرسەیانە
گوێیان لە میاو میاوی نییە
كاتێك بەویدا تێدەپەڕی!!


ئەو بەستەزمانەیان لەبەر ئەو هەتاوە گەرمەدا
داناوە
دەستی ناوەتە بناگوێی
گوایە مۆبایلی پێیەو
تەلەفۆن بۆ یار دەكات!!


ئۆتۆمۆبیلی لێ دەخوڕی
زەنگی مۆبایلەكەی لێی دا
بە پەلە لای دایە لای دە‌ستەڕاست و
ڕایگرت
بە گوێوەی ناو دەنگێگ گوتی:
كەی دوكان دەكەیتەوە؟
ـ نمرەكە هەڵەیە!!


پێش چەند ساڵێك
لە بازگەیەكی دوژمن دەستگیریان كردم
بێ لێكۆڵینەوە لە بەندیخانەیەكی بۆگەنیان توندكردم
نە خواردنیان پێ دام
نە ئاویان بۆ هێنام
ئێوارە پاسەوانەكان بە بەرچاومەوە
برنج و شلەو گۆشتیان خوارد
پاش كاتژمێرێك هەموویان بوورانەوە
تمەز ژەهراوی بوونە
بە هەلم زانی و خۆم كۆكردەوەو‌ تێمتەقاند
بە هەناسەبڕكێ خۆم گەیاندە لای شۆڕشگێڕەكان


سەرم بە سوپەرماركتێكدا كرد
چاوم بە نرخەكاندا گێڕا
نرخی گۆشت و خواردەمەنی
هەموویان چاویان زەق كردەوەو
زمانیان لێ دەرهێنام
زەندەقم چوو
پاشەوپاش گەڕامەوە
خۆم لەو ناوە گوم كرد


قامكەكانم كۆڵەوارن
ناتوانم سواری ئەسپ ببم
دەست بە زینەوە بگرم و
جڵەو ڕاكێشم
بێچووە چۆلەكەیەكیان پێ تیمار بكەم
منداڵە وردكی گەڕەك
بە تیروكەوان برینداریان كردووە


لەناو دێڕێكی چامەیەكمدا
كوتە نانێك و چەند قاژە تەماتەیەكم
دۆزییەوە
پاڵم لێ دایەوەو
ئەو ڕۆژە نەچووم بازاڕ بكەم


دەمەوێت بە ئارەزووی خۆم
سروود بڵێم
لە هەراو هوریا هەڵێم
دەست لە گەردنی پەلكەزێڕینە بكەم
مژدەی ماچ
بۆ ئاسۆی هەتاو ببەم


بە ناو قامیشەڵاندا دەڕۆم
هەر دەڕۆم
سەرم بە چۆمدا دەتەقێتەوە
هاژەی ئاو سەرسامم دەكات
بەو هاژەیە
زستانم بیردەخاتەوە


بەرەو ئاقاری ئەودیوی چیا
دڕكەزێ لە پێم دەچەقێ
پەیكوڵ لەگەڵ پەیكوڵ
لەسەر پاژنەم شەڕ دەكەن
كامیان لە كامیان ئێشی زۆرتر بێت


ئەو زارە
چی لە بارە
ڕۆژ دەبێتەوە تا ئێوارە
بەلەپیتكەی لەسەر درۆ سوارە


چاو دەقووچێنێت
لێو دەقرپێنێت
گوێ ڕادەدێرێت
قووتێكی بۆ دەخواتەوە


ئەو ئاوە تینوو ناشكێنێت
ئەو ناوە
ناو نازڕێنێت
ئەو پیاوە
پەتێكیش ناپسێنێت


خامە گەنجەو پیر نابێت
لەناو هزرو بیردا
دەخەمڵێت
پیت پیت وشە دەڕوێنێت
چامەی لێ بەرهەم دێنێت
بە ئاواز دەیڵێتەوە
تا چاو بیخوێنێتەوە


هەنگاوەكانم
ئاشنای ئەم ڕێگە بوونە
ئەم ڕێگە
ئاشنای هەنگاوەكانم بووە
بە تاریكیش بەوێدا تێپەڕم
هەنگاوەكانم دەناسێتەوە
پێشوازییان لێ دەكات


لەبەردەم ئاوێنەكەدا ڕاوەستابووم
چامەی (دەریا)م دەخوێندەوە
وێنەی ناو ئاوێنەكە من نەبووم
هەر چامەكەی دەخوێندەوە
بێزار بووم
چوومە دەرەوە
ئیوارە گەڕامەوە
وێنەی ناو ئاوێنەكە هەر چامەكە‌ی دەخوێندەوە


بتێك لە ماڵماندایە
بەیانیان قاوەڵتیم بۆ ئامادە دەكات
ئێواران شیوم بۆ لێ دەنێت
قەرەوێڵەكەی لە تەنیشت قەرەوێڵەكەمەوەیە
كاتێك ڕادەكشێم
شەو تا بەرەبەیان مۆبایلێكی بە دەستەوەیە
لە یوتوبەوە
گوێ لە وتارەكانی وتاربێژەكەی
مزگەوتەكەی گەڕەك دەگرێت


بەم بەیانییە
گوێم لە خوڕەی ئاوی بۆڕییەكەیە
بێچووە پشیلەیەك
لە كۆڵان دەمیاوێنێت
قیژەی ئەمبولانیش لە شەقامەكە
بەرگوێ دەكەوێت
هیلیكۆپتەرێكیش بەسەر سەرماندا
تێدەپەڕێت
لە تەلەڤزیۆنەكەیشەوە
شارێك بە مووشەكی دوورمەودا
بۆردومان دەكرێت


هەموو خەڵكی شار
ڕژاونەتە شەقامەكان
دروشمی ئازادی بەرز دەكەنەوە
بە بەردو دار
بە ورەی بەرزی بەسرپێرار
بەرەو ڕووی دارودەستەو
خۆفرۆشان و ماتۆڕسكل سوارو
مێزەربەسەرەكان دەبنەوە


ئاگری شۆڕش هەڵگیرساوە
كپ نابێتەوە
ترسیش نەماوە
تۆقین ڕەوی كرد
ڕۆژگار ڕۆژگاری گەلەو
تاریكی گوزەشت ناگەڕێتەوە
هەر كوێیەك بچیت
خۆر هەڵاتووەو تیشكی هەتاوە


لەبەردەم ئاوێنەكە
ڕدێنم دەتراشی
لە ئاوێنەكەوە ئاخوندێك زمانی لێ دەردێنام
لچی هەڵدەقورتاند
مستەكۆڵەیەكم تێ سرەواند
ئاوێنەكەم‌ وردو خاش كرد
ئاوڕم دایەوە
ئاخوندێك لە بەرپێمدا
لەناو خوێندا گەوزیوه‌


تاریكی دەڕەوێتەوە
وەرزی بەهاریش دێتەوە
بەفرو سەهۆڵبەندانی دووریش
دەتوێتەوە
هەر یارەو بە یار
شاددەبێتەوە


گوێم لە دەنگی گریانە
گوێم لە هاژەی زریانە
گوێم لە زەبری ستەمی نامەردانە
كیژانی ئازادیخواز
بە قژ ڕادەپێچن
بۆ بەندیخانە


ناتوانن ئەم شۆڕشە دامركێنن
ناتوانن ئەم ورەیە بڕووخێنن
ناتوانن چڵكاوخۆر
لە دەرەوە بێنن
شۆڕشگێڕان
لەناو خوێندا بگەوزێنن


تا ئێستە دوژمن نەیزانیوە
پەت و گوریس
هەموو شتێك لە لاوازییەوە
دەپچڕێت
تەنیا ستەم نەبێت
چەند ئەستوور ببێت
پووچ دەبێتەوەو
دەپسێت


كاتژمێر دێت و دەچێت
زەبر هەڵدەنووتێت و
گەردنی وردو خاش دەبێت
ستەم ئاوادەبێت
ڕۆژ دەبێتەوەو
خۆری سەرفرازی هەڵدێت


گوێم لێیە
دوژمن زەندەقی چووە
گوێم لێیە
دوژمن ورەی بەرداوە
گوێم لێیە
دوژمن ئەژنۆی شكاوە
سادەی ورەبەرزان
بۆ گەیشتنە سەر لووتكە
تەنیا پیچێكی ‌ماوە

                                  تشرینی یه‌كه‌م 2022



چیرۆک\ ئه‌وه‌ی لە (سه‌بته‌) گەڕاوەته‌وە.. ن: محه‌مه‌د محزار.. وەرگێڕانی: موكه‌ڕه‌م ڕه‌شید تاڵه‌بانی

خانمێک لە (سەردەمی داڕووخانی نائومێدییه‌وه‌) گوتی: هیچ شتێکی نوێ لەئارادا نییە؛ خەڵکی قیبلەنومایان لێ ون بووە و، هەرکەسەو بۆ خۆی دەخوێنێت. ئامانج و ئاواتیان گەیشتنە بە باخەکانی عەدن کە لە پشت دەریای ناوەڕاستەوەن، بەڵام ئەمە پێویستی بەوه‌ بوو لە خاکە داگیرکراوەکە تێپەڕن؛ ئەو خاکەی کە بێگانە داگیرکەرەکان تێیدا نیشتەجێ بوونه‌، ئەوانەی پێش سەدان ساڵ، هەزاران مۆریسکۆیییان دەرکرد بۆ ئەوەی خۆیان لە سەلا، ڕیبات، تێتوان و فاس جێگیر ببن. ئەوانە هەر خۆیان بوون کە بۆمبی کیمیایییان بەسەر ئەمازیغەکانی لادێدا باراند و، فەرەنسییەکانیش هاوکارییان کردن، لەبەر ئەوە خەتابییان دوورخستەوە و، سزای شێرپەنجەیان بەسەردا سەپاندن کە تا ئەمڕۆش شوێنەوارەکانی ماون.
بە دەنگێکی توڕەوە پێم گوت: خانمەکەم، مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوەو سەردەمی خەڵەتاندنی بینین و بیستن لە ناوچەکانی ئێمەدا نیشتەجێ بووە. خانمەکەم کارەساتی ئێمە ئەوەیە کە کەسانێک لە نێوانماندا هەن تووشی (سیندرۆمی ستۆکهۆڵم) بوونه‌.
ئەویش لە کاتێکدا بە چاوێکی سووک و توڕەوە لێی دەڕوانیم، گوتی: ئەمە سەردەمی پاشەکشە و کەوتنە ناو خۆشەویستی ئەو کەسەیە کە بە ڕاسته‌ سنوورەکانی سەر نەخشەکانی کێشا و، جیایی لەنێوان کەسوکار و خۆشه‌ویستاندا دروست کرد و، ئەم به‌دگۆڕانەی بەرهەمهێنا کە دەیبینین. بێگانه‌ داگیركه‌رەکان هەر بە بێگانه‌ی داگیركه‌ر دەمێننەوە؛ ئه‌وسا دادگه‌کانی پشکنینی بیروباوەڕیان دامەزراندو، پەنایان بەر سووتاندن و، قازووخ و تێکشاندنی ئێسکی مۆریسکۆیییەکان و جووەکان برد و ئەوەته‌ ئەمڕۆیش هەمان کار دژ به‌ خاوەندەکانی ئەم خاکە دووبارە دەکەنەوە.
ئەم قسانەی کرد و پاشان پشتی تێکردم و ڕۆیشت.
هاوارم کرد و بانگم کرد: خانمەکەم ڕاوه‌سته‌! ڕاوه‌ستە، قسەکانت دوڕ و گەوهەرن!
بەڵام لەپڕ وەک تەمێک ون بوو، بوو بە تراویلکە.
سەیری دەوروبەرم کرد؛ گەشتیارەکان لەسەر لمە زێڕینەکان ڕاکشابوون، چێژیان لە تیشکی خۆرە گەرمەکە وەردەگرت و منیش لەسەر کورسییەکی ئاسنین کە بە په‌ڕۆیه‌کی ئه‌ستوور داپۆشرابوو دانیشتبووم و قاچەکانم لە ناو لمی گەرمدا نوقم بووبوون. ژنەکەیشم لە تەنیشتمه‌وه‌ لەسەر کورسییەکی هاوشێوە پاڵ كه‌وتبوو، ئەویش بەدوای گەرمییەکدا دەگەڕا کە ژیان بۆ جەستەی بگەڕێنێتەوە؛ ئێمە چێژمان لە جوانی دەریای ناوەڕاست وەردەگرت لە کەناری (كۆشكه‌ بچووكه‌كه‌). بە ژنەکەمم گوت کە چل ساڵ لەمەوبەر سەردانی ئەم هاوینەهەوارەم کردووە، ئەو کاتە دەسەڵاتداران ڕێگەیان دەدا چادرەکان ڕاستەوخۆ لە بەردەم کەناراوەکەدا هەڵبدرێن و، منیش لە سەرەتای ژیانی پیشەییمدا بووم، لەگەڵ سێ هاوڕێ لە شارە جیاوازەکانی مەغریبەوە.
ژنەکەم گوتی: وێنەکانت لەو سەردانەدا گه‌واهی ئەوە دەدەن کە تۆ گەنجێکی یاخی و سەرکێش بوویت، هیچ شوێنێکت لە باکووری شانشینەکەدا نەهێشتووە کە سەردانت نەکردبێت، تەنانەت شارە داگیرکراوەکەش (سه‌بته‌) له‌وه‌ دوا نەکەوتوویت خۆتی پێ بگه‌یه‌نیت.
منیش بە ناخۆشییەوە پێکەنیم و بە تێڕامانەوە سەیرم کرد و گوتم: مەبەستت سه‌بته‌یە! ئەو کاتە ته‌نیا بە پاسپۆرت چوومە ناو ئەو شارە، لەگەڵ ساڵح عەزامی هاوڕێم؛ یەک ڕۆژمان لەوێ بەسەر برد و پیاسەمان لە نێوان دوکانەکانیدا دەکرد کە کەلوپەلیان بە نرخی هەرزان دەفرۆشت، شوکولاتە، قووتووه‌ پەنیر و، ئامێری تۆمارکردنی دەنگی جؤری (سۆنی) و شتی دیكه‌یشمان کڕی.
لەپڕ دەرکەوتەکانی ئەو ڕۆژەم لە مێشکدا گەشایەوە. لە بەیانییەکی هاوینی مانگی ئابی سەدەی ڕابوردوودا لە ڕێگەی دەروازەی سنووری وەهمییەوە چوومە ناو سه‌بته‌. لە تەمەنی بیست و سێ ساڵیدا بووم، لە لووتکەی گەنجی و هێزدا، چاوەڕوانی خۆشییەکانی ژیانم دەکرد و له‌و بڕوایه‌دا بووم کە ژیان لەسەر تا بنی پێی هی خۆمە. ئۆتۆمۆبیلە کۆنەکەم لە (کاستیخۆ) جێهێشت (كاتێك کڕیم، دایکم بازنێکی زێڕی عەیار 18ی جۆری سەویری فرۆشت و یارمەتیی دام)، لەگەڵ هاوڕێکه‌مدا سواری تەکسییەکی گەورە بووین بەرەو دەروازەکە ڕۆیشتین. دوای ماندووبوونێکی زۆر پاسپۆرتم بەدەست هێنابوو. کاتێک ژنانی كۆڵهەڵگری قاچاخی کەلوپەلم دەبینی، بە هاوڕێكه‌م گوت: ئەوانە کارەساتێکی گەڕۆکن و خەنجەرێکن لە پشتی وڵات درابێت. هاوڕێکەم بە دەنگێکی ناڕازییەوە قسەکەی پێ بڕیم و گوتی: ئەی دانای سەردەم، واز لە فەلسەفە بهێنە! قسەکەی دڵم نه‌دركاندو چوومە ناو سه‌بته‌وه‌‌، لە کاتێکدا نەفرەتم لە ئیزابێلا و فێرناندۆ و پاشای پورتوگالی جۆنی یەکەم دەکرد، لە هەمان کاتدا داخم بۆ بێهێزی بەنی مەزیه‌ن و بێ توانایی میری غەرناتە ئەبوو عەبدوڵڵا محەمەدی دوازدەم (ناسراو بە زه‌غبی) دەخواردو لەبەر خۆمەوە گوتم: خۆزگە سوڵتان مەولای ئیسماعیل گەمارۆکەی لەسەر کوڕانی ئەبوو ڕەقعە درێژ بکردایەتەوە.
بۆ ماوەیەک بێئومێدییە مێژووییەکانم فەرامۆش کرد و، لەگەڵ هاوڕێکه‌مدا بە شەقامەکانی ئەو شارەدا پیاسەمان کرد کە قازی عیاز، شەریف ئیدریسی و، ئەبوو عەباسی سه‌بتی لێ لەدایک بووبوون. سەردانی بازاڕەکانی هیندییەکانمان کرد و دوو ئامێری کاسێتی جۆری (سۆنی) و کاتژمێری (کاسیۆ)مان کڕی، سەردانی (مێرکادۆ هادۆ)یشمان کرد و تۆپی پەنیر، جلی وەرزشی (ئەدیداس) و پێڵاوی (پۆما)مان کڕی؛ شێتی بازاڕکردن دایگرتین و، وای کرد گرنگی بە شوێنەوارەکانی شارە داگیرکراوەکە نەدەین و، لە کۆتاییدا ته‌نیا بە پیاسەیەک لە گۆڕەپانی ئەفریقیا وازمان هێنا و وێنەی یادگاریمان گرت و، سەردانەکەمان بە خواردنی ژەمێک ماسی برژاو و ژمێك (بایلا) به‌ بەرهەمەکانی دەریا کۆتایی پێ هێنا. ئێوارەكه‌ی شارەکەمان بەجێ هێشت و بە بارێک کەلوپەل و خواردەمەنییەوە، بۆ شاری فنێدق و پاشان بۆ چادرەکەمان لە ناوچه‌ی كۆشكه‌ بچووكه‌كه‌ گەڕاینەوە.
ژنەکەم لەو بیركردنه‌وه‌ به‌ئاگه‌ی هێنامەوە و، داوای لێ کردم به‌ کەنار دەریاکەدا پیاسه‌یه‌ك بكه‌ین؛ گوتی پێویستمان بەوەیە چێژ لە شەپۆلەکان وەربگرین و قاچمان تەڕبکەین، ئەگەر پێویستیشی کرد جەستەیشمان تەڕبکەین. چونکە هیچ شتێک ڕێگری ئه‌وه‌مان لێ ناکات دڵ و مێشكمان نوێ بكه‌ینه‌وه‌و، لە پشت ڕۆتین و خۆڕاده‌‌ستكردنی کێشە کۆنەکان و ململانێی هه‌میشه‌یی لەپێناو خزمەت و په‌روه‌رده‌کردنی خێزان و منداڵەکاندا ڕێز بۆ کاتەکانمان بگێڕینه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش زەردەخەنەیەکی دەگمەنی بۆ كردو گوتی: پێویستە بۆ ماوەیەکی کاتی لەو تاشەبەردەی سیزێف کە قورسایی خستووەتە سەر پشتمان ڕزگارمان ببێت و، تێکەڵی یاریی ئەو شادییە ببین کە لە ناخی ناخۆشییەکانەوە هه‌ڵقۆزراوە؛ چونکە ساڵانی ماوەی تەمەن (تەنانەت ئەگەرچی تەمەنیش بە دەستی خودایه‌) پێویست بەوە ده‌كات سەرنجی خۆمان بدەین و، لەگەڵ نزیکترین کەسەکانماندا چێژ لە چرکە بە چرکەی کاتەکانمان وەربگرین.
داوامان لە ژن و مێردێکی گەنج کرد، کە لەگەڵ کچە بچووکەکەیاندا دانیشتبوون، چاویان لە کەلوپەلەکانمان بێت و، بەرەو دەریاکە ڕۆیشتین لە کاتێکدا ئەو ساڵانەمان بەجێ هێشت کە قورساییان خستبووە سەر شانمان. هەنگاوەکانمان دەژمارد و پێشوازیمان لە سروه‌ی فێنکی دەریا دەکرد؛ زۆر پیاسەمان کرد و یادەوەرییەکانی ژیانی ڕابوردوومان بیردەهێنایەوە، ئەو ساتانەی کە جێگه‌کەمان بە جگەرگۆشەکانمان ڕازابووەوه‌ و، ئەو ناخۆشییانەی لەپێناو پەروەردەکردنیاندا چەشتمان تا توانییان خۆیان پێ بگه‌یه‌نن و بەسەر هەموو سەختی و کۆسپەکاندا سەرکەون.
لەپڕ لە بەردەم دەریادا وەستاین؛ شەپۆلەکان لەژێر پێماندا دەشکانەوە و، شینیی ئاوەکە هەستێکی جوانیخوازی گەشەسه‌ندووی لە ناخماندا دەبزواند. لەوێشەوە، لە کۆتایی مەودای بینیندا، چیای تاریق لە بەری ئەودیوه‌وه‌ دەرکەوت؛ چیایەک کە گه‌واهی ئه‌وه‌ دەدات پیاوێک بە ناوی تاریق، له‌گه‌ڵ گرووپێک لە هاوزمانە ئەمازیغەکانی و، دەستەیەک لە عەرەبە فاتیحەکان، ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە هەمان ئەو شوێنەدا وەستابن کە ئێمە ئێسته‌ لێی وەستاوین، لە کاتێکدا ئامادەکارییان دەکرد بۆ پەڕینەوە بەرەو بەری ئەودیو، ڕوویان لەڕێی ئەندەلوس دەکرد و چاویان لە فەرمانەکانی مووسای کوڕی نوسەیر، والی ئەفریقیا دەپۆشی، کە دواتر سولەیمانی کوڕی عەبدولمەلیک لێی تووڕه‌ بوو؛ چونکە ئەو بە دەستکەوت و دیلەکانەوە چووە ناو شاری دیمەشقه‌وه‌ لە کاتێکدا خەلیفە وەلید لە گیانه‌ڵادا بوو، بێ ئەوەی گوێ بداتە ویستی سولەیمان کە داوای لێکردبوو لە چوونە ناو شاره‌كه‌ پەلە نەکات، تا فەتح و سەرکەوتنی سەربازی بە ناوی سەردەمە نوێیەکەی ئەوەوە تۆمار بکرێت. تفوو لە پله‌ نزمیی فەرمانڕەوایان و چاوچنۆكییە تەسکەکانیان کە باجێکی قورسیان لە جه‌نگاوه‌ره‌کان سەند؛ لەبری ئه‌وه‌ی ڕێزیان لێ بنێن، ئاكام تاریقی کوڕی زیاد بە فەرامۆشکراوی لە کۆڵانەکانی دیمەشقدا ده‌سووڕایەوە، مووسای کوڕی نوسەیریش دوورخرایه‌وه‌و گۆشه‌گیركرا، بۆ ئەوەی تاشەبەردەکە وەک شایەتێکی هه‌میشه‌یی بمێنێتەوە کە گەلان خۆیان مێژوو دروست دەکەن، لە کاتێکدا زۆربەی جاران فەرمانڕەوایان بەرهەمەکانی تێکدەدەن.
ژنه‌کەم بە تۆنێکی تانەئامێزه‌وه‌ گوتی: پێده‌چێت گوتارە بەناوبانگەکەی تاریق (ئەی خەڵکینە، بۆ کوێ ڕادەکەن؟ دەریا لە پشتتانەوه‌یه‌و دوژمنیش لە پێشتانە…) لای ئەمەوییەکان هیچ دادی نه‌دابێت!
منیش بە دەنگێک کە گومانی له‌خۆده‌گرت گوتم: تاریقی ئەمازیغی دڵپاک هیچ پێوەندییەکی بەو دەقە هەڵبەستراو و دەستکردەوە نییە، کە ته‌نیا لە کتێبی ‘نَفْحُ الطِّيب’ی مەقڕیدا ناوی هێنراوە، کە کتێبێکە لە سەدەی یازدەی کۆچیدا نووسراوە.
پاشان بەردەوام بووم و گوتم: محەمەد کوڕی تاویت، ڕەحمەتی خوای لێبێت، ئەو گوتارەی ته‌نیا بە داڕشتنێکی ئەدەبیی دره‌نگترداناوە کە مێژوونووسان لە سەردەمە ئیسلامییەکانی دواتردا وەک جۆرێک لە ڕازاندنەوەی دراماتیکی بۆ ئەو شەڕانە دایانناوە کە سوپاکەی تاریقی ئەمازیغی كردوونی، کە له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ لایه‌نگری عەرەبەکان بوو.
کوڕەکەم تاریق هات و لە کۆکردنەوەی کەلوپەلەکانمان یارمەتی داین؛ گوتی ئەمڕۆ کەشوهەوا گەرمە و پێویستە شلەمەنی زیاتر بخۆینەوە. زۆر دڵخۆش دیار بوو، لە کاتێکدا کەوتە نێوانمان و کەناری دەریاکەمان بەجێ دەهێشت و بەرەو ئەو ئۆتۆمۆبیلە دەڕۆیشتین کە لە شوێنی وەستانەکە ڕاگیرابوو. گوتی ئێمە به‌لای ئەوه‌وه‌ گەورەترین خۆشی و دەرکەوتنی جوانین، درێژه‌ی دایه‌و گوتی: لەم ڕۆژانەدا كه‌ ئێوه‌م لەگەڵن ئه‌وه‌ له‌ داستانی خۆشەویستییەکی هه‌ڵقوڵاو و، كانیی بەختەوەرییەکی هاوئاهەنگ ده‌چێت، هیچ شتێک لەلای من ناگاته‌ ڕەزامەندیی ئێوە ته‌نیا مه‌گه‌ر ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ نه‌بێت كه‌ خۆشم ده‌وێن.
کاتێک لەناو ئۆتۆمۆبیلەکەدا جێگیربووین و تاریق لە پشتی ستێرنەکەوە دانیشت، زەردەخەنەیەکی بۆ کردین و گوتی بۆ خواردنی ژەمە ماسییەکی خۆش لە چێشتخانەی ناوخۆ بانگهێشتتان دەکه‌م کە لای گەشتیاران زۆر به‌ناوبانگە. بێ دوودڵی نواندن پێمان خۆش بوو؛ سلفێكی لێ دا و پێی بە بەنزیندا نا، ئۆتۆمۆبیلەکە بە ڕێگه‌ کەناراوییەکەدا ڕۆیشت و سروه‌ بایه‌كی شێدار بەر دەموچاومان که‌وت و، هەستێکی بەختەوەری لە ناخماندا دروستکرد، کەشی گشتی بۆ ساتێکی ئاهەنگگێڕانی سیحرئامێز گۆڕی کە پڕ لەشادی بوو، لەوێ شەپۆلە فێنکەکانی دەریا تێکەڵ بە ئاوازه‌ میوزیكه‌ هێمنەکان ده‌بوون لە ناو ئۆتۆمۆبیلەکەدا لەو کاته‌ی بە ڕێگه‌وه‌ به‌ره‌و چێشتخانەکە ده‌چووین.
کاتێک گەیشتینە چێشتخانەكه‌ تاریق ئۆتۆمۆبیلەکەی ڕاگرت، پاشان چووینە ژوورەوە و مێزێکمان هەڵبژارد کە ڕووی لە کەنار دەریاکە بوو، ڕاستەوخۆ دەیڕوانییە شینایی دەریاکە؛ ئاوە شینە لازۆردییەکە بە لێشاوێکی خۆشەویستییەوە پێشوازی لێکردین و بە گەرمییەکەی خۆی دایپۆشین. گارسۆنەکە لیستی خواردنەکانی پێشکەش کردین، دوای گفتوگۆیەکی کورت لە نێوان خۆماندا، داوای ژەمە ماسییەکی برژاو لەسەر خەڵووز و مەنجەڵێک (بایلا)مان کرد. ژنه‌کەم لە بارەی دوایین هەواڵەکانی قەیرانی شاری (سه‌بته‌)ی داگیرکراو له‌ تاریقی پرسی، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: ئەو مەغریبییانەی کە خەڵەتێنرابوون، بۆ خاکی نیشتمان گەڕانەوە، دوای ئەوەی قەبارەی ئەو ناخۆشییەی ئەوێ و ڕەگەزپەرستی ئیسپانییەکانیان بۆ دەرکەوت، مەغریبیش ڕەتیکردەوە پیاوانی ئەفریقیا و عەرەبەکانی باکووری ئەفریقیا و ئاسیا وەربگرێتەوە.
منیش بە تۆنێکی تووڕەوە گوتم: بەداخێکی زۆرەوە، مێردمنداڵان و گەنجان بۆ یاریپێکردنی لاپەڕە دەرەکییەکان و گرووپەکانی (واتسئاپ) به‌جێ هێڵران کە لە وڵاتێکی دوژمنەوە چالاکن، لە کاتێکدا پێویست بوو كه‌ له‌ قاووغی خۆیاندا چوارچێوه‌ بکرێن؛ چونکە ئێمە لەگەڵ باندە دڕندەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە جەنگێکی سایبێریداین.
ژنەکەم له‌باره‌ی قسەکانی منه‌وه‌ گوتی: خەریکە ڕۆڵی خێزان بە تەواوی نامێنێت، سەبارەت بە کۆمەڵەکان و پارتە سیاسییەکانیش، کارەکانیان وەرزییەو ڕۆڵیان لە ڕێنوێنیکردن و هۆشیارکردنەوەدا بە تەواوی نه‌ماوه‌.
ته‌نیا سەیریم کرد و سەرم بە نیشانەی ڕەزامەندی ڕاوەشاند؛ هەستم کرد کە زۆر قسەکردن لە باره‌ی ئه‌م بابەتەوه‌ بێسوودە، چونکە ئێستە سەردەمی کردارە و لە کۆتاییدا زۆربڵێیی ته‌نیا ژاوەژاوێکە به‌ شێوه‌یه‌ك خاڵە لاوازەکان لە بەردەم دوژمناندا دەردەخات. سەردەمەکە بە لای منەوە نەخۆشە و ئەو مێگەلەی کە دوای خه‌یاڵ پڵاوی کەوت، بێ بیرکردنەوە ڕەفتاری کرد و بە خێرایی خۆی ڕاده‌ستی کەمپینە دیجیتاڵییەکان كرد، بێ ئەوەی لە ڕاستی، یان ناوەرۆکی ڕاستەقینە بکۆڵێتەوە؛ ئەمەش هەمان ڕەفتاری مێگەله‌، وەک دیاردەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی کە تێیدا تاکەکان دوای کردار، یان ڕای کۆمەڵەکە دەکەون بێ بیرکردنەوەی قووڵ، یان شیکردنەوەی سەربەخۆ، گۆستاڤ لۆبۆن بڵاوبوونەوەی بیرۆکە و هەستەکان لەناو جەماوەر و خه‌ڵكدا بە بڵاوبوونەوەی پەتا و مایکرۆب چواندووه‌.
دەنگی ژنەکەم بەئاگه‌ی هێنامەوە کاتێک گوتی: دەتبینم نوقمی بیرکردنەوە بوویت، بۆچی بیرۆکەکانت لەگەڵ ئێمەدا بەش ناکەیت؟
منیش بە جۆش و خرۆشەوە گوتم: (ڕەفتاری مێگەل)ی گۆستاڤ لۆبۆنم بیرکەوتەوەو لە کتێبەکەیدا (سايكۆلۆجيای جه‌ماوه‌ر) ئەو شیکردنەوە به‌پێزەی باس كردووه‌.
تاریق هاتە ناو باسەکەوە و گوتی: لۆبۆن زۆر لێهاتوو بوو لە جەختکردنەوەی لەسەر ئەوەی کە ئەو تاکەی تێکەڵی جەماوەر دەبێت، دەکەوێتە دۆخێکەوە کە لە بێ هۆشیی موگناتیسی دەچێت؛ چونکە هێزە عەقڵییەکانی دەکەونە ژێر کاریگەریی هاندەر، یان سەرکردەکەوە.
گارسۆنەکە هات و داواکارییەکانی هێنا؛ بۆنی ماسییە تازه‌ برژاوەکە لە قاپەکانەوە دەهات و زۆرتر ئارەزووی دەکردینەوە تا بیخۆین. دەستەواژەی سەرسامبوونمان بە تامە خۆشەکەی گۆڕییەوە و چاومان بەرز دەکردەوە بۆ ئەوەی چێژ لە دیمەنی شەپۆلەکان لەسەر کەنار دەریاکە وەربگرین، بەمەش چێژی خواردنەکە تێکەڵ بە جوانی دیمەنەکە ده‌بوو.
هەندێک لە ئارامی و هێمنی خۆمم بەدەست هێنایەوەو بۆ ماوەیەکیش لە مەینەتی (هۆشیاریی بەدبەخت) ڕزگارم بوو؛ بڕیارم دا خەم و تووڕەیی خۆم لە گفتوگۆیەکی تانەئامێزدا لەگەڵ ژنه‌كه‌م و کۆڕەکەمدا بشارەمەوە، لە کاتێکدا دوای ئەو ژەمە خواردنە بەچێژە، بە شێوازی باکوور خەریکی خواردنەوەی پەرداخە گەورەکانی چای نەعنا بووین. بە گاڵتەجاڕییەوە لە تاریقم پرسی: چۆن سەیری دۆخی ئێسته‌ دەکەیت ئەی ئەو تاریقەی کە ئەندەلوسی داگیرنەکرد؟ (له‌گه‌ڵ داوای لێبوردن لە نووسەری کۆچکردوو مستەفا مەسناوی بۆ ئه‌وه‌ی ناوونیشانی کۆمەڵە چیرۆکەکەیم لێ خواست).
تاریق هێندە پێکەنی تا ددانەکانی دەرکەوتن، لە کاتێکدا بە ڕوخسارێکی پڕ لە سوپاسگوزارییەوە سەیری من و دایکی دەکرد، گوتی: بە پێچەوانەوە، من (ئەندەلوسم داگیرکرد) بە پێچەوانەی پاڵەوانەکەی مەسناوییه‌وه‌ کە باڵاپۆشی داگیركاریی پۆشیوە، بەڵام لەبری ئەوەی بە گەرووه‌كه‌دا بپەڕێتەوە و ڕووبەڕووی سوپای (داگیركاران) ببێتەوە، لە گۆشەیەکی خانووە تەنەکەیینەکەیدا کەنەفت دەبێت بۆ ئەوەی سەربازە ئه‌ندێشه‌ییەکانی کە لە ناوکە خورما و پاشماوەی جگەرە دروستی کردوون ڕیزبکات! من داگیرم کرد چونکە دایک و باوکێکم هەیە کە لە تەندروستی و هێزی خۆیان بەخشی تا من بخوێنم، بۆیە لە ئەندەلوس تێپەڕیم و لەو شوێنەدا نەوەستام کە غافقی لێی وەستا، چوومە ناو خاکی فەرەنسییەکان و بەشی خۆم لە زانست وەرگرت، ئەوانیش پاسپۆرتە سوورەکەی خۆیانیان پێ بەخشیم و پێشوازییان لێ کردم، ئەمەیش نەک لەبەر چاوە ڕەشەکانم، بەڵکه‌ لەبەر پێویستییەک بوو کە لە ناخیاندایە.
وەڵامە بەهێزەکەی تاریق منی بێدەنگ کردو زۆرلە مەترسییەکانی ڕەواندمەوە و ئه‌وه‌ی بیر هێنامەوە کە گەنجانێک هەن بە ئەقڵ و زانستی خۆیان وڵاتی فەرەنگییەکان داگیر دەکەن و لە نێوانیاندا دەژین، وێڕای مەینەتی کۆچەری، وەک کەسێکی کاریگەر، نەک وەک کۆیلەیەک کە تاشەبەردی سیزێف لەسەر پشتی بێت.
لە ناخی خۆمدا بیرم کردەوە: چەندە جیاوازی لە نێوان خه‌یاڵ پڵاویی ئەو مێگەلە هه‌یه‌، کە دوای ئەو هاندانە سیستماتیکە کەوتووە کە سكرینه‌كانی مۆبایل و تابلێتەکان بڵاوی دەکەنەوە و لە نێوان ئاواتی ئەو گەنجانەی کە بە کارامەییەکانی زانستگه‌لی پێشبڕکێکارانە چەکدارن، ئه‌وه‌ی لە کەوتنە ناو تەڵەی کۆیلایەتی هاوچەرخەوە دەیانپارێزێت؛ چونکە سیستمی سەرمایەداری ڕۆژئاوایی لە ڕێگەی (بەهای زیادکراو)ی مرۆڤەوە لە بازاڕدا سەیر دەکات، بەبێ زانست، ڕۆشنبیری، و پیشەییبوونی باڵا، ئەم سیستمە کۆچەر لە مرۆڤایەتییەکەی دادەماڵێت و بۆ ته‌نیا هێزێکی کاری ڕووت دەیگۆڕێت. چەکی زانست ئەو شتەیە کە کۆچەر لە پەنابەرێکی ئابوورییەوە بۆ هاوبه‌شێکی مەعریفەیی دەگۆڕێت.
کات تێپه‌ڕی و ئاگه‌مان له‌ هاتنی کاتی ئاوابوونی خۆر و خلیسکانی بەرەو ئاسۆ نەبوو، کە شوێنی خۆی بۆ سوورایی ده‌مه‌و ئێواره‌ جێهێشت تا ئاسمان سوور بکات و مژدەی هاتنی ئێوارە بدات. چێشتخانەکەمان بەرەو تەنجە به‌جێ هێشت، کە لەوێ لە یەکێک لە هۆتێلەکانی گەڕەکی (مەرشان) دابه‌زیبووین.
خانمێک لە (سەردەمی تێکهەڵچوونی دەزووەکان و گەڕانەوەی سەرچاوە و چەمکەکان) گوتی:
ئەی ئەو سوارچاکەی لە سەردەمی مانگەوە دێیت
تەمومژ پەیوەندی بە تۆوە نییە
ئەی ئەو باڵندەیەی لە فراوانی شادیدا دەفڕیت
خەم لە تۆ نایەتەوە
ئەی ئەو سوارچاکەی لە خۆڵەمێشی نەبوونەوە زیندوو بوویتەتەوە
خۆشەویستی هیچ مێژوویەکی نییەو
پاشەکشەکردن لە جەنگیش نه‌كه‌رده‌نییە…
شەڕی خۆشەویستی بەردەوامە.. تا ژیان بەردەوام بێت و
زمانی شانازیش کز نابێت.. چونکە کات فێری کردم کە خۆشەویستی بەردەوامییە
لە وەڵامدانەوە په‌له‌م نه‌كرد، پاشان بە تۆنێکی هێمن گوتم:
لە نێوان واقیع و ڕۆمانسییەتدا دەزوویەکی تەنک هەیە و ئێمە هەمیشە پێویستمان بە قووڵاییەکی ویژدانی و خەیاڵێکی سەرکێشە بۆ گەیشتن بەوەی دەمانەوێت؛ چونکە هەموو پرۆژە مرۆییەکان بە بیرۆکە و تێڕوانینێکی دیاریکراو دەست پێ دەکەن و پێویستمان بە زانست و توانای دۆزینەوەی ڕێبازێکی ڕێکخراو هەیە، تا ئەنجامێکی جێی ڕەزامەندی بەدەست بهێنین.
لە بالکۆنی ئەو جێگه‌یە دانیشتبووم کە لە هۆتێلەکە گرتبوومان؛ کەشوهەوا مامناوەند بوو، مانگی تەواو بە ئاسمانی تەنجەوه‌ دەدرەوشایەوە. (مریەم)ی ژنم و (تاریق)ی كوڕم لە هۆڵە بچووکەکە دانیشتبوون و لە کەناڵە بیانییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ دوایین گۆڕانکارییەکانی ڕووداوەکانی سه‌بته‌ی داگیرکراو دەکرد. دەمزانی ئەوان شتێک نابیسن کە دڵخۆشیان بکات، بەڵام ئەو شتە دڵنیاییەی کە ئەم کەناڵانە ناتوانن بە ئاسانی بەسەریدا تێپەڕن، ئەوەیە کە جیهان بۆی دەرکەوتووە ئیسپانیا تا ئێسته‌یش لە سەردەمی جیهانگیری و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤدا، دوو شاری مەغریبی و بیست و سێ دوورگەی داگیرکردووە.
بڕوایه‌کم هەبوو لە کاتێکدا فنجانە قاوەکەم دەخواردەوە و لە نێوان پەنجەکانمدا جگەرەیەک دەسووتا، کە کەموکوڕییەک لە ڕەگ و ڕەسەنایەتی وڵاتدا هەیە. (سەرەڕای ئەوەی پێش چل ساڵ وازم لە جگەرەکێشان هێنابوو؛ بەڵام داوای لێبوردنم لە ژنه‌كه‌م و کوڕەکەم کرد و دوو جگەرەم بە قست کڕی؛ چونکە هەستم بە تووڕەیی دەکرد و پێویستم بە هۆکارێک بوو بۆ دەرکردنی ئەو وزە و گوشارە گەورەیەی کە لە ناخمدا دەکوڵا).
خانمەکە کە لە سەردەمی (هۆشیاریی بەدبەخت)ـەوە هاتبوو، گوتی: نەوەی کەمتیارەکان قیبلەنومایان لێ ون بووە و لە ناو تەمومژی کۆچەریه‌تی و دابڕاندا هێندە قووڵ بوونەتەوە، کە هەندێکیان لە بەردەم میدیاکانی فەرەنگیدا قسەی خراپ دژ بە وڵاتەکەیان دەڵێن و وادەزانن کە ئه‌وانه‌ هاوسۆزییان لەگەڵدا دەنوێنن. ئەوەی جێی پێکەنینە ئەوەیە کە میدیاکانیان و تەواوی هاووڵاتیانیان بۆ دەفتەرەکانی مێژوو گەڕاونەتەوەو بە ناو ڕووداوەکاندا دەگەڕێن و وەسیەتەکانی ئازابێلای دایکیان دووبارە دەکەنەوە. وادیارە نەوەی کەمتیارەکان مێژووی وڵاتەکەی خۆیان نەخوێندووەتەوە و شەڕی (وادی لەبەن)یان لە ناوچەی تیسە فەرامۆش کردووە، کە سوپاکانی سوڵتان سەعدی ئەبوو محەمەد عەبدوڵڵا ئەلغالیب، وەڵامی سوپاکەی حەسەن پاشای کوڕی خەیرەدین بەربەرۆسی عوسمانی والی جەزائیریان دایەوە، کە وای دەزانی دوای تیرۆرکردنی محەمەد شێخی سەعدی مەغریب بووە بە پاروویەکی ئاسان و له‌ وانەو په‌ندی (وادی مەخازن) نەگەیشتن کە لەسەر کەناراوەکانیدا خه‌یاڵه‌کانی ئیمپراتۆریەتی پورتوگال لەژێر سمەکانی ئەسپەکانی مەنسووری زێڕیندا هه‌پروون به‌ هه‌پروون بوون. ئەم نەوەیەی کە لە ڕەگوڕیشه‌ی خۆی دابڕاوە، ئەوەی فەرامۆش کردووە کە چۆن یووسفی کوڕی تاشەفین لەگەڵ سوارچاکەکانیدا هات تا لە شەڕی (زەلاقە) تەختی قەشتالە بله‌رزێنێت و کەوتنی ئەندەلوسی بۆ چەندان سەدە دوابخات و چۆن یەعقووب مەنسووری موەحیدی لە شەڕی هەمیشەیی (ئەرک)دا لووتبەرزیی ئەلفۆنسۆی هەشتەمی لەناوبرد و هێزی داگیرکەرانی لە ناو ماڵی خۆیاندا تێکشکاند. ئەوانە ئیدی ئه‌وه‌یان بیر نایه‌ته‌وه‌ چۆن مۆریسکۆ دەرکراوەکان بە سەرکردایەتی (خانمی ئازاد) وێرانکاریی تێتوانیایان بۆ قەڵایەکی خه‌باتی دەریایی گۆڕی کە کەشتیگەلە ڕۆژئاواییەکان لە گەرووی جەبەل تاریق لێیان ده‌ترسان و دەلەرزین و ئه‌وه‌شیان بیر نییه‌ چۆن چیاکانی لادێكان به‌هۆی غازە کیمیاییەکان و جەنگە پیسەکانیانه‌وه‌ بوون به‌ گۆڕستان. ئه‌وه‌یان له‌بیر نییه‌ کە ئەم نیشتمانە داوای هاوسۆزی لە پایتەختە فەرەنگییەكان ناکات، بەڵکه‌ شکۆمەندییەکەی بە هۆی خوێنی شەهیدان و ئیرادەی سوارچاکە ئازادەکان و خۆڕاگریی نەتەوەیەک دروست بووە کە لە بەرەبەیانی مێژووەوە چەمانەوە ڕەت دەکاتەوە.
گوتارەکەی خانمی (هۆشیاریی بەدبەخت) مێشکی گێژكردم و هەستی ناخی ورووژاندم و ویستی شتێک بكه‌م، یان چەندان شتی دروست کرد تا گوتارە بەهێز و قووڵەکەی بڵاوببێته‌وه‌. لەپڕ پرسیارێکی کوتوپڕ هێرشی بۆ هێنام: دەبێت کێ بێت ئەم خانمی سەردەمی هۆشیارییە بەدبەختە کە قسەکانی لە گوللـە تۆپ دەچێت بۆ بەئاگاهێنانەوەی ئەوانەی لەناو هەنگویندا نوستوون؟ ئایه‌ ئەو خانمه‌ ئازاده‌ هاوسەری مەنزەرییە، یان زەینەبی نەفزاوییەی هاوسەری کوڕی تاشەفینە، یان خەناسەی کچی بەکار ژنی مەولای ئیسماعیلە، یان ڕەنگە فاتیمەی فێهری، یان کەنزەی ئەورابی بێت، یان ڕەنگە سورەییا شەویش بێت؟
ناتوانم وەڵام بده‌مه‌وه‌، بەڵام دەڵێم: ئەو هەموو ئەم ژنە مەزنانەیە، مەزنییش ته‌نیا بۆ خوای تاك و ته‌نیا و بەدەسەڵاتە! هەستم بە ورووژمی گەرمییەکی سەیر لەناخمدا کرد، گوتە بەناوبانگەکەی غەزالیم بیركه‌وته‌وه‌: ناتوانرێت لەوە جوانتر دابهێنرێت کە داهێنراوە، لەبەر خۆمەوە گوتم: ئەمە واقیعێکە ناتوانین هیچی له‌گه‌ڵ بكه‌ین ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ ئاشتەوایی له‌گه‌ڵ بكه‌ین و بە ئەنجامەکانی قایل بین.
بەڵام زۆری نەخایاند دەنگێکم بیست کە لە سەرەتاوه‌ پێم وابوو ناخۆشە، بەڵام تا ده‌هات به‌رزتر ده‌بووه‌وه‌؛ سەرچاوەکەی دیار نه‌بوو، دەیگوت: ئەی ئەوانەی لەسەر سنگمان دانیشتوون، ئەی ئەوانەی زەردەخەنەتان لەسەر لێوارەکانمان تیرۆر کرد و ڕێگه‌کانتان پڕ لە مین و بزماری تیژ كردین، ئەی ئەوانەی تۆوی شکانتان لە دڵماندا چاند و ئاواتەکانتان مۆمیا کردین، ئەی دزەکانی شادی، چی شتێکتان ماوه‌ لەسەرمان تاقیتان نه‌كردبێته‌وه‌؟ چیتان ماوه‌ به‌رانبه‌ر به‌ ئێمه‌ نەتانکردبێت؟ ئێمە چه‌ندان جۆرە سته‌مگه‌لی ئێوه‌مان چەشت، چه‌ندان شێوازی جۆراوجۆری ئەشکەنجەدانی ئێوەمان بینی؛ دەمتان بەستین، سزای بێدەنگی هه‌میشه‌ییتان بەسەر زمانەکاندا سەپاند. ئەی ئەوانەی لەسەر سنگمان دانیشتوون، ئێمە ئەمڕۆ هەوای گۆڕانکاری و چاره‌سه‌ر هەڵدەمژین، چونکە جەستە گەورە بووە و کراسەکە تەسک بووەتەوە و ئارامگرتنیش ئیدی نەبووە بە کلیل بۆ ڕزگاربوون؛ چونکە ڕزگار




کتێب\ چیرۆکی مناڵان.. خەونەکەی دارا.. وەرگێڕانی: موکەڕەم رەشید تاڵەبانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




کتێب\ غەریب شەیدا.. نووسینی: لیر مەنتۆف.. وەرگێرانی: د. عەدنان حەقی و موکەرەم رەشید تاڵەبانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




کتێب\ رەهێڵ.. کۆبەرهەمی شیعری موکەڕەم رەشید تاڵەبانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




کتێب\ دەستووری شیکردنەوە لە زمانی کوردیدا.. موکەڕەم ڕەشید تاڵەبانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبەکلیکی ئێرەبکەن..




له‌دایكبوون و مردنی عائیشه‌.. شیعری: عه‌بدولوه‌هاب به‌یاتی- و: موكه‌ڕه‌م ڕه‌شید تاڵه‌بانی

له‌ باره‌ی سرووت و ڕێوڕه‌سمی ئه‌فسوونگه‌ری كه‌ به‌ نووسینی بزماری له‌سه‌ر تابلۆكانی نه‌ینه‌واو نه‌خشێنراون
شیعری: عه‌بدولوه‌هاب به‌یاتی
موكه‌ڕه‌م ڕه‌شید تاڵه‌بانی
كردوویه‌تی به‌ كوردی

(1)
ئاشوور پانیپاڵ خۆشی ویستم
بۆ ئه‌و ئه‌وینه‌یشم شارێكی دروست كردو شووره‌ی له‌ چوار ده‌وری كێشا
هه‌تاوی كۆت و زنجیر كردو
ئاگرو كۆیله‌و دیل و فوراتی ڕووباری به‌هه‌شت
هه‌مووی له‌ پێش خۆی دان بۆ لای شار
خۆشی ویستم و نیوه‌ی دڵی
له‌ بنه‌وه‌ی بیری جیهانی جادوو لێ كراو
دیل بوو
سه‌رگه‌ڕه‌كان ده‌یخۆن
گه‌رده‌لوولێك و پاچێك بوو به‌ ده‌ستی چاره‌نووسه‌وه‌
به‌سه‌ر كه‌للـه‌سه‌ری پاشاگه‌ل و
قه‌ڵا و شاره‌كانیدا ده‌كێشا
خۆشی ویستم به‌ڵام ئاخ من
ئه‌وم خۆش نه‌ده‌ویست بۆیه‌ دره‌خته‌كان مردن
فوراتی ڕووباری به‌هه‌شتیش وشكی كرد
شاره‌كه‌و
ئاگرو ڕێوڕه‌سمه‌ جادوو لێ كراوه‌كان
بزربوون و
كه‌ڵه‌بابێكی له‌به‌رد دروستكراو شوێنی گرتنه‌وه‌
كاتێك شۆڕه‌سواری ئاسن به‌سه‌ر پشتی ئه‌سپی باوبۆرانه‌وه‌
له‌ وڵاتی مه‌رگ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌
كه‌ڵه‌بابه‌كه‌ ده‌یقووقاند
له‌ شاره‌كانی جادوویی و
له‌ ته‌لیسمه‌كانی قه‌شه‌كان
له‌ په‌رستگه‌كانی ئه‌وین
به‌ دوای ڕوخسارو كه‌زییه‌كانمدا ده‌گه‌ڕا
چاوه‌ڕێی ده‌كرد
له‌ بنه‌وه‌ی بیری جیهانی جادوو لێ كراو
له‌ دایك بم
مامزێك بم دوای گالیسكه‌كانی دوورخراوی بكه‌وم له‌ ئاشوور
(2)
ده‌ڵال له‌ بازاڕی كۆیله‌ ده‌مفرۆشێت و منیش تووشی نه‌خۆشیی ئه‌وینم
خه‌ون به‌ مێخه‌كی سووری باخچه‌كانی فوراته‌وه‌ ده‌بینم
جه‌سته‌ی پڕ له‌ مه‌رگ و ژیانی داپۆشیوم
قیژه‌ی باڵنده‌یه‌كی دڕنده‌ له‌ قووڵاییدا ده‌مرێت
خۆی ده‌كوژێت و ده‌نووكی له‌ جه‌سته‌ی شته‌كان ده‌چه‌قێنێت
(3)
جادووگه‌ر و شاعیر و جه‌نگاوه‌ر خۆشیان ویستم‌
قوربانیی پێشكه‌ش كرد… په‌یكه‌ربه‌ندییه‌كی دروست كرد
نزاكانی خۆی و
جووڵه‌كانی با و ئه‌ستێره‌كان و
بۆنی خۆشی
تێدا تۆماركرد
ناوی گوڵه‌كانی وڵاته‌ دووره‌كه‌می تێدا تۆماركرد
له‌سه‌ر گڵكۆم گریا و خوینی منداڵێكی هه‌رزه‌كاری سه‌ربڕاوی به‌سه‌ردا پرژاندم
ماچی كردم منیش به‌ بازوویه‌وه‌ ڕووت بووم و ده‌مقیژاند
هه‌ردوو چاویان ده‌رهێنا
ئاشوور پانیپال
له‌ هۆڵی ئاوێنه‌كان چاوه‌ڕێی ده‌كردن
ڕدێنی شانه‌ ده‌كردو نغرۆی ڕووناكی بووبوو
(4)
كه‌نیزه‌یه‌ك بووم له‌ بازاڕاندا ده‌فرۆشرام
له‌ شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵات كه‌ گه‌رده‌لوول ڕووی تێ كردوون
چاوه‌ڕێی به‌ره‌ژان ده‌كه‌م
(5)
بۆ گالیسكه‌كانی دوورخرانه‌وه‌ له‌ ئاشوور
بۆ شای جیهان، بۆ هه‌تاو و بۆ گوڵه‌ گه‌نمه‌ سه‌وزه‌كان
بۆ باڵنده‌ پیرۆزه‌ به‌ندكراوه‌كه‌
له‌ جیهانی ژێره‌وه‌ له‌ ژێر بنه‌وه‌ی ئه‌م چیا جادوو لێ كراوه‌
بۆ ئاگرو بۆ سرووته‌كان
بۆ جه‌سته‌ی زه‌وی كه‌ له‌ژێر ماچه‌كانی هاویندا زیندوو ده‌بێته‌وه‌
بۆ فورات
شوێنه‌واری قامچیی كۆیلایه‌تی
له‌ وڵاتی خواوه‌ندو
له‌ وڵاتی مرۆڤ
هه‌ڵده‌گرم
له‌ چامه‌كانی شیعر و له‌ تابلۆكاندا
به‌ دوای (ته‌ممووز)دا ده‌گه‌ڕێم
له‌ ئاواره‌ییمدا
چه‌پكێك له‌ مێخه‌كی سوور ده‌به‌ستم
تریفه‌ی مانگی سوور له‌ ئاشوور ڕوخسار و هه‌ردوو ده‌ستم ڕه‌نگ ده‌كات و كڵكۆكه‌یش داده‌پۆشێت
كوڵمم سوور هه‌ڵگه‌ڕاو خوێن له‌ ده‌ماره‌كانمدا كه‌وته‌ ڕێ
به‌ وشه‌گه‌لی جادوویی ڕه‌شی جه‌سته‌ی مردووی سروشتی و ڕه‌گه‌كانی زیندوو كرده‌وه‌و
هه‌ورگه‌ل و برووسكه‌كانی ته‌قانده‌وه‌
ئاسمانی شه‌وی جیهان گرماندی و برووسكه‌ی داو گوڵی باراند
ده‌ستی با پرچی شانه‌كردم و پاسارییه‌كی برسی به‌ ده‌وری هه‌ردوو مه‌مكمدا خولایه‌وه‌
له‌ سه‌ر جه‌سته‌ی تۆقیوم نیشته‌وه‌
له‌ناو باخچه‌ی خه‌ون بینیندا به‌دوای یاقووت و
ئاگرو كانیدا ده‌گه‌ڕا
گوتی،
خه‌ریك بووم
پاسارییه‌كه‌م
له‌خۆم و له‌ كه‌زییه‌كانم دوورده‌خسته‌وه‌
ئه‌ی دره‌ختی سه‌روه‌كه‌
ئه‌ی عشتار
خواوه‌ندی دایك و كه‌شی ساماڵ و باران
ئه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ خوێنی زه‌مین و
له‌ گریانی (ته‌ممووز)
له‌سه‌ر فورات له‌دایك بوویت
با ئه‌م شه‌و جلی شوانان له‌به‌ر بكه‌ین و
به‌ناو ئه‌م چیایانه‌دا هه‌ڵێین
به‌ڵام قسه‌كانی ته‌واو نه‌كرد
چونكه‌ سه‌ربازه‌كان
خۆی و سه‌ری بڕاویان
پێشیل كرد
له‌ناو گوێچكه‌ ماسییه‌كدا له‌گه‌ڵ زیخ و چه‌وو ڕووناكی و
ماسیی زیوین و گژوگیادا
له‌ بنه‌وه‌ی ڕووباری ئه‌ستێره‌یه‌كی چۆڵدا ده‌نووم
له‌ ناو تابلۆكاندا
پێشبینییه‌ك تۆمارده‌كه‌م مه‌ته‌ڵی گه‌وهه‌ری مه‌رگ و هیولا به‌زێن
هه‌ڵده‌هێنێت
تۆقێنه‌ر و جوان له‌ ‌ئامێزده‌گرم
له‌سه‌ر كه‌نار
بازێك ده‌بینم به‌سه‌ر ئاسكێكه‌وه‌یه‌
ئاشوور پانیپال ده‌بینم
له‌ناو نێزه‌كه‌یدا هه‌تاوی ئاوابوون ده‌وه‌شێنێت
دیله‌كان به‌ سێداره‌كانه‌وه‌ن
به‌ تاریكایی ده‌مه‌وئێواره‌ی تۆقێنه‌ره‌وه‌ هه‌ڵواسراون
قه‌شه‌یه‌كیش نوێژ ده‌خوێنێت:
خوای سه‌ربازه‌كان
ئه‌رمیای پێغه‌مبه‌ر ـ گوتی
به‌م شێوه‌یه‌ ڕێ به‌ فه‌رمانده‌گه‌ل و
میره‌كان ده‌ده‌م سه‌رخۆش ببن و تا هه‌تایه‌ بنوون
خوای سه‌ربازه‌كان واده‌ڵێت
من بۆ مه‌رگم چی بڵێم له‌ كاتێكدا خۆم دیل و كۆیله‌م؟
ئه‌ی چاره‌نووس چی شاردووه‌ته‌وه‌؟
ئه‌م شه‌و له‌ژێر پێی ئه‌و دڕنده‌یه‌دا
كه‌ له‌ ده‌روازه‌ی نه‌زانراودا ڕاكشاوه‌

سه‌رچاوه‌:
عبدالوهاب البیاتی ـ اڵاعمال الشعریه‌ ـ 2، ل 264-268 .




بەرسیلە… زەکەریا تامر… و: موکەڕەم ڕەشید تاڵەبانی

چیرۆکی مناڵان….

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ……




شیعر – دوایه‌مین په‌یڤی مانگ – موكه‌ڕه‌م ڕه‌شید تاڵه‌بانی

دوایه‌مین په‌یڤی مانگ

  • موكه‌ڕه‌م ڕه‌شید تاله‌َبانی
  • بابه‌ت: شیعر به‌ )كوردی عه‌ره‌بی( –
  • تیراژ: ) 055 ( دانه‌
  • نرخ: ) 0555 ( دینار
  • چاپخانه‌ی شه‌هاب هه‌ولێر –
    9506 هه‌ولێر هه‌رێمی كوردستان. – / * ژماره‌ی سپاردن 956

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ……




چۆن به‌ پێنج ڕۆژ ده‌بیت به‌ كورد؟ … مه‌روان عه‌لی… و: موكه‌ڕه‌م ڕه‌شید تاڵه‌بانی

چۆن به‌ پێنج ڕۆژ ده‌بیت به‌ كورد؟
نووسیین: مه‌روان عه‌یل
و: موكه‌ڕه‌م ڕه‌شید تاڵه‌بانی

بۆخوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….




دیوانی: گێڕانه‌وه‌ی تاك نووسینی: موئه‌ییه‌د ڕاوی و: موكه‌ڕه‌م ڕه‌شید تاڵه‌بانی

بۆخوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ….




خەمنامەی ساڵی ئێراق … خەزعەل ماجدی …. و: موکەڕەم ڕەشید تاڵەبانی

دیوانی خەمنامەی ساڵ…
شیعری: خەزعەل ماجدی
و: موکەڕەم ڕەشید تاڵەبانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن……




ڕۆمان – چاوەزار …. موکەڕەم ڕەشید تاڵەبانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە کلیکی ئێرەبکەن…..چاوەزار




ڕۆمان: پردەکەی سەر ڕووباری درینا … ئیڤۆ ئاندریج…. وەرگێڕانی موکەڕەم ڕەشید تاڵەبانی


ئەم نووسەرە لە ١٩٦١ خەڵآتی (نۆبڵی)ی لەوێژەدا وەرگرتووە…..
——————-

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..پردەکەی درینا




ڕەهێڵ … کۆبەرهەمی شیعری موکەڕەم ڕەشید تاڵەبانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن …..ڕەهێڵ