کۆمۆنیزم دەبێ ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی سۆشیالیستی و پڕۆلیتاری بە عەمەلی بخاتە بەردەم کۆمەڵگە.. نادر عەبدولحەمید

  1. هەرێم لە پڕۆسەیەکی مێژوویی جیهانیدا
    لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە (١٩٩١) کۆمەڵگەی کوردستان وەک بەشێک لە عێڕاق و لە ڕێگەی کێشمەکێشێکی جیۆ-سیاسی و جیۆ-سەربازی زلهێزە ئیمپریالیستەکانی جیهانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئاڵوگۆڕێکی هەمە لایەنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە بینیووە، و وەک باقی وڵاتان و کۆمەڵگەکانی تری جیهان، لەو کاتەوە چووەتە ناو جیهانێکی تازەی یەک جەمسەری ئیمپریالیستی و تێکەڵبوون بە بازاڕی سەرمایەداری جیهانی و باڵادەستی نیولیبرالیزم لە هەموو بوارێکی ئابووری، سیاسی، فکری و کلتووری و مۆڕاڵیی و ….هتد.
    ئەم ڕەوەندە، ڕەوەندێکی جیهانییە و لە هەر وڵاتە و هەر کۆمەڵگەیەکدا پڕۆسەیەکی تایبەت و دیاریکراوی بەڕێکردووە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا کرۆکی ئالوگۆڕە مێژووییە جیهانییەیەکەی ئەو سەردەمەی لە خۆیدا ڕەنگ پێ داوەتەوە.
    ئەڵبەتە ئەم پڕۆسە مێژووییە جیهانییە لە باڵادەستی نیولیبرالیزم لە بنبەستدایە، و جەمسەری تری ئابووری و سیاسی و سەربازی ئیمپریالیستی دەرکەوتوون لە جیهانی ئەمڕۆدا، بەڵام هێشتا نیولیبرالیزم و بلۆکی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا، بەتایبەت هەژموونی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لەگەڵ پاشەکشەی بەردەوامیدا باڵادەستی خۆی لەدەست نەداوە، سەردەمی ئێستا قۆناغێکی ڕاگوزەرە وەک قۆناغی نێوان جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم (١٩٢٠-١٩٤٠).
    هەرێمی کوردستانی عێڕاق، لەو ڕەوەندە مێژووییە جیهانییە باڵادەستییەی نیولیبرالیزمدا، پڕۆسەیەکی تایبەت و دیاریکراوی خۆی هەبووە و بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیووە کە هەر قۆناغە تایبەتمەندی خۆی هەبووە و دابەش بووە بەسەر چەند قۆناغی بچووکتردا. لەوانە قۆناغی (١٩٩١-٢٠٠٣) لە ڕاپەڕینەوە تا ڕووخانی ڕژێمی (بەعس)ی فاشیست و لە وێشەوە تا ڕاگەیاندنی (سیاسەتی سەربەخۆیی ئابووری کوردستان) واتا ساڵانی (٢٠٠٣-٢٠١٤) و لەو کاتەشەوە تا ئێستا (٢٠١٥-٢٠٢٦).
    وتارەکە چوونە ناو باسی ئەو قۆناغبەندییانە نییە، بەڵکو ئاماژەدانە پێیان بۆ خستنەبەرچاوی تابلۆ گشتییەکە، کە چۆنچۆنی بورژوا ناسیونالیستی دەسەڵاتداری هەرێمەکە، بە فشار و گوڕ و تینێکی بەهێزەوە پاڵی ناوە بە کۆمەڵگەی کوردستانەوە بۆ ناو جەرگەی ئەو پڕۆسە جیهانیـیە و چارەنوسی ملیۆنەها ئینسانی زەحمەتکێشی هەرێمەکەی گرێداوە، بە بەرژەوەندیـیە سیاسی و ئابووریـیەکانی خۆی و برابەشەکانی لە بورژوازی دەوڵەتانی ناوچەکە و وڵاتانی ئیمپریالیستی. ئەم بارودۆخەی کە ئێستا لە ئارادایە بەرهەمی ئەو پڕۆسە مێژوویـیەیە.
  2. خەباتی جەماوەری زەحمەتکێش و مێژووی هەرێمەکە
    لەم پڕۆسەیەدا، سەرمایەداری لە کوردستان گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کۆمەڵگەی کوردستانی دابەش کردووە (وەک هەموو کۆمەڵگەکانی جیهانی ئەمڕۆ لە ئاسیا، ئەفریکا، ئەوروپا و ئەمریکا)، بەسەر چین و توێژی کۆمەڵایەتی جیاجیادا و لە بنچینەشدا بەسەر دوو چینی زۆرایەتی جەماوەرێکی زەحمەتکێش و کەمایەتییەکی مشەخۆری سەرمایەدار.
    تەواوی کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیـیەکانی هەرێمی کوردستان و ناڕەزایەتیـیە جەماوەریـیەکانی کۆمەڵگەکەی، وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تری جیهان، تەنها لە شکڵ و فۆڕم و شێوازی دەرکەوتن و پەرەسەندنیاندا تایبەتمەندی خۆیان هەیە و لە ناوەڕۆکدا کێشەی کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری و دەسەڵاتی چینە باڵادەستەکەی بورژوا-ناسیونالیستیـیە.
    بەدرێژایی ماوەی سی و پێنج ساڵی ڕابردوو، جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستانی عێڕاق بە توێژە جیاجیاکانی مووچەخۆران، فەرمانبەران و مامۆستایان و توێژە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران، کوڕان و کچانی خوێندکار و بێکار، ژنان و ئازادیخوازان بەردەوام لە دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان و ڕاپەڕیندا بوون دژ بە دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە.
    ئەم ناڕەزایەتیـیانە چەندین جار لە پەرەسەندنی خۆیاندا بوونەتە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری نەک هەر بە خواستە پیشەیی و ئابووریـیەکانیاننەوە، بەڵکو بەرزیش بوونەتەوە بۆ ئاست شەپۆلێکی سیاسیش بە دژی حکومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکانی و نەک هەر بە زەبروزەنگ سەرکوت کراون، بەڵکو زۆرجاریش شەڵاڵی خوێن کراون، ئەمە جگە لە تیرۆر و گرتن و شکەنجەدان و ڕاوەدوونانی چالاکوانان.
    بەم شێوەیە مێژووی ئەم هەرێمە مێژووی کێشمەکێش و خەباتێکی جەماوەری زەحمەتکێشە بەرامبەر ئۆڕگانێکی ڕێکخراوی دەسەڵات کە خاوەن میلیشیای حزبی و ئاسایش و پاراستن و دادگا و زیندان و میدیایەکی زەبەلاحە و بە پیادەکردنی سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزمیش تەواوی سەروەت و سامان و دارایـیەکانی کۆمەڵگەی قۆرخکردووە بۆ کەمایەتیـیەک کە خۆیان لە سەنتەری ئەو کەمایەتیـیەدان، و بێکاری و هەژاری و بێ خزمەتگوزاریشیان سەپاندووە بەسەر زۆرینەی هەرەزۆری جەماوەری هەرێمەکەدا.
  3. بارودۆخی تازە
    ئەوەی شایەنی باسە ئەم کێشمەکێشە چینایەتیـیە لە ئێستادا لە بارودۆخێکی تەواو جیاواز لە ئارادایە لەچاو بارودۆخی دە – پانزە ساڵ لێرەو پێش. بەشێکی پێکهێنەری ئەم بارودۆخە تازەیە جێگەوڕێگەی ناسیونالیزمی دەسەڵاتدارە لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی عێڕاق و هاوکێشە هەرێمییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە تا دێت بەرەو لاوازی دەچێت، ئەمە جگە لە ناکۆکی ڕیزەکانی ناوخۆی و نەتوانینی لە پێکهێنانی کابینەی دەیەم لە حکومەتی هاوبەش. ئەمە و پڕۆسەی سازانی ڕەوتی ئۆجەلانیش لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی شەرع لە سوریا، ئەو چاوەڕوانییەی کە ناسیونالیزمی چەپی کورد هەیبوو لەم ڕەوتە توشی نیگەرانی و جۆرێک لە نائومێدی سیاسی کردووە.
    لێرەدا نامانەوێت؛ نە بچینە ناو باسی جێگەوڕێگەی ڕوو لە لاوازی ناسیونالیزمی دەسەڵاتدار، وە نە بچینە ناو باسی ڕەوتی ئۆجەلانی و نائومێدی سیاسی ناسیونالیزمی چەپ لە کوردستاندا، بەڵکو ئەوەی مەبەستی ئێمەیە ئەوەیە کە هاوڕای ئەم دوو ئاڵوگۆڕە و لەم کەشە فکری و سیاسییەدا کە ناسیونالیزمی کوردی تێکەوتووە، دوو تایبەتمەندی کۆنەپەرستانەی ناسیونالیستی لەناو کۆمەڵگەدا پەرەیان سەندووە، کە ئەویش لایەک پشتیوانی کردنە لە دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و فاشیستی ئیسڕائیل، و لاکەی تریشی پەرەسەندنی ڕاسیزمێکی ئاشکرا و بێ پەردەیە.
    دیارە ئەمەش دیاردەیەکی تەنها کوردستانی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی جیهانییە و بەشێکە لە قەیرانی سەرمایەداری جیهانی و دەسەڵاتە بورژوازییەکانی. ئەوەتا لە جەرگەی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا لە ئەوروپا و ئەمریکادا ڕەوتە فاشیست و ڕاسیستەکان ڕۆژبەڕۆژ لە پەرەسەندندان وەک ئاڵتەرناتیڤێکی بورژوازی.
    هێشتا ئەم تایبەتمەندییە فاشیستی و ڕەگەزپەرستییە لە کوردستاندا دوورە لەوەی وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و بەرجەستە خۆی بنوێنێ، بەڵام هاوکاتی بنبەستی دەستەڵاتی هەرێمەکە و نائومێدی ناسیونالیزمی چەپ، کاریگەری خۆی بەجۆرێک دادەنێت لەسەر کێشمەکێشی چینایەتی ناو کۆمەڵگە و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری، بۆیە خوێندنەوەی ئەم دیاردانە و لەبەرچاوگرتنیان پێویستن لەلایەن هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە جەماوەرییەکان و کرێکارانی ڕابەڕ و سۆشیالیستەکانەوە.
  4. ئاڵوگۆڕەکانی ناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی
    خاڵێکی تر لەم کەش و هەوا تازەیە ئەو گۆڕانکاریـیانەن کە لەناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاقدا هاتوونەتە ئاراوە لە سێ چوار ساڵی ڕابردوودا.
    بینیمان ڕێکخراوی (یەکێتی کۆمۆنیستەکان لە عێڕاق) پاش پڕۆسەیەکی خۆ یەکلا کردنەوەی چەندین ساڵە لە (٢٧-٩-٢٠٢٥) لە ڕێگەی بەیاننامەیەک خۆیان هەڵوەشاندەوە کە تێیدا خوازیاری هەمان ئەو ئەلگۆیە بوون بۆ عێڕاق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پێشتر لە کوردستانی سوریا لە ئارادا بوو، کە ئێستا تێکەڵ بۆتەوە لەگەڵ دامودەزگای حکومەتی ئەحمەد شەرع.
    لە لایەکی تریشەوە مەیلی ڕیفۆڕمیستی لەناو بزووتنەوەی چەپدا لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێ بە پێ ڕووخساری خۆی کامڵتر و بەرجەستەتر کردۆتەوە لە ڕێگەی خزانە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و هاوئاهەنگی کردن لەگەڵ حزبی شیوعی (کوردستان و عێڕاق) و ئومێد بەستن بە هەڵمەتی “دژە گەندەڵی” سەرەک وەزیرانی عێڕاق.
    بەم شێوەیە لەناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیشدا جەمسەرگیرییەکان ڕۆشنتر بوونەتەوە، بەشێک پەیوەست بوون بە ئەلگۆی ناسیونالیزمی چەپ و بەشێک بەڕێوەن بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ سیاسەتەکانی حزبی شیوعی کوردستان و لەو نێوەشدا (بەدیلی کۆمۆنیستی) لەسەر خەتی مارکسیزمی ڕادیکاڵ و ئینەتەرناسیوناڵی خۆی بەردەوامە.
  5. دەربازبوونی مارکسیزم لە بازنەی ڕۆشنگەری
    جیا لەوەی ئاماژەی پێکرا، چەندین مەحفەل و گرووپ و ڕێکخراوی تریش لەناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاقدا هەن لەوانە (ئاڵتەناتیڤی سۆشیالیستی) و (سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان) کە چالاکی ئەو مەحفەل و گرووپ و ڕێکخراوانە لایەک برەودانە بە باسە تیۆرییەکانی مارکسیسزم بەشێوەیەکی گشتی و لایەک پڕوپاگەندەیە دژی سەرمایەداری و ئیمپریالیزم و قەیرانە لەچارنەهاتووەکانی و دەسەڵاتی بەڕبەڕی بورژوازی، لەگەڵ پڕوپاگەندەکردن بۆ سۆشیالیزم و یەکسانی و ئازادی. ئەوەش جێی دەستخۆشانەیە و کارێکی پایەیی کۆمۆنیستیـیە و بەردەوام دەبێ ئەنجام بدرێت، بەڵام چالاکی کۆمۆنیستی نابێت تەنها لەم بازنەیەدا بمێنێتەوە، چوونکە ئامانجی چالاکی کۆمۆنیستی گۆڕینی جیهانە بە عەمەلی، ئەمەش بە پڕاتیکێکی شۆڕشگێڕانەی ڕێکخراو کە تیۆری شۆڕشگێڕانە زاڵە بەسەریدا دێتە دی، نەک تەنها بە پڕوپاگەندە و ڕۆشنگەری فکری و سیاسی.
    ڕاستە قەیرانی سەرمایەداری لە ئارادایە، ناتوانایی دەسەڵاتی بورژوازیش هەیە کە چارەسەری پێ ناکرێت جگە لە سەرکوتی ناوخۆیی و شەڕ و پێکدادانی دەرەکی، هەروەها ناڕەزایەتییش هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی کۆتایی بەسەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی بهێندرێت و کرێکار و زەحمەتکێش بتوانن دەسەڵاتێک دابمەزرێنن کە ئیرادەی خۆیان بێت و پایەکانی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی دابمەزرێت، پێویستە ئەو ناڕەزایەتیـیە کۆمەڵایەتی و جەماوەریـیانە بەرزبکرێنەوە بۆ ئاستی بزووتنەوەیەکی چینایەتی سیاسی ڕێکخراو و یەکگرتوو بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی ئینتەرناسیوناڵیـیەوە. مێژووی هەموو کۆمەڵگە سەرمایەدارییەکان لەوانەش لە عێڕاق و هەرێمی کوردستانەکەیدا لێرەدا گیری کردووە و ئەمە گرێوگۆڵە سەرەکییەکەی خەباتی چینایەتییە لەمڕۆدا.
    هەرچەندە، کاری ڕۆشنگەری دژی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بوورژوازی کارێکی پایـیە و بەردەوام دەبێت ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەوەی ئەسڵە لێرەدا، ئەوەیە کە دەبێ یەک خەتی سیاسی مارکسیستی و کۆمۆنیستی شۆڕشگێری ئینتەرناسیوناڵ و سەراسەری لە عێڕاقدا بخرێتەڕوو بۆ کار و چالاکی کۆمۆنیستی کە هەرێمی کوردستان بەشێکی لێکهەڵپێکراوی بێت، وەک ئەوەی کە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) پێی هەڵدەستێت. لە ئێستادا ئەرکی کۆمۆنیستەکان ئەوەیە بە موشەخخەسی.
    هەر ئەم خەباتە سیاسییە کۆمۆنیستییەشە کە سەربەخۆیی چینایەتی و ڕیزی سەربەخۆی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان دەپارێزێت لە ئەجیندای ڕەوتە فکری و سیاسیـیەکانی بورژوا ئۆپۆزسیۆنی قەومی-ئیسلامی، و ڕێگریش دەکات لە تەشەنەکردنی ڕاسیزم و فاشیزم بۆ ناو ژینگەی جەماوەری زەحمەتکێش و ئاڕاستەکردنی توڕەیی و بێزاریـیان لە سیستەمەکە و لە دەسەڵاتی بورژوازی بۆ دژایەتی کردنی بەشێکی تری کرێکار و زەحمەتکێش بەناوی نەتەوە و ئایین و … هتد.
    کۆمۆنیزم دەبێ ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی سۆشیالیستی و پڕۆلیتاری بە عەمەلی بخاتە بەردەم کۆمەڵگە لەبەرامبەر گشت ئاڵتەرناتیڤە ڕەنگاوڕەنگەکانی بورژوا ناسیونالیست و لیبڕاڵ – ڕیفۆڕمیست و ئیسلامی سیاسی و ڕەوتە فاشیستەکاندا، ئەمەش کارێکە واوەترە لە ڕۆشنگەری سۆشیالیستی و پڕوپاگەندەی دژە سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی.

    ١٨ ئەیلولی ٢٠٢٦




هەرێمی کوردستان لە جیۆئابووری و جیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.. نادر عەبدولحەمید


(سەبارەت بە سەردانی سەرەک وەزیرانی هەرێم بۆ واشنتن)

سەرەک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق (مەسرور بارزانی) لەسەر بانگهێشتی حکومەتی ئەمریکا، هاوڕای شاندیێک پێکهاتوو لە وەزیری پێشمەرگە، وەزیری كارەبا و سامانە سروشتییەکان، لە (١٧-٥-٢٠٢٥)، سەردانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد. بەر لە گەشتەکەی بۆ ئەمریکا سەرەک وەزیران هەم سەردانی (کونسوڵخانەی ئەمریکا)ی کرد لە هەولێر و هەم (مارکۆ ڕۆبیۆ)ش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەنجام دابوو.
وێڕای کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی حکومی ئەمریکی، لەوانە وەزیری دەرەوە و بریکاری وەزیری گەنجینە (مالیە)، هاوکات لەگەڵ بزنێسمانەکان؛ وەبەرهێنەران و خاوەنکار و کۆمپیانیاکانی ئەمەریکیش دیدار و گفتوگۆی ئەنجامدا لەبارەی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی و پەرەپێدانی کەرتی گاز و نەوت و وزە. هەر لەو پەیوەندەشدا بەشداری لە کۆڕبەندێکدا کرد بەناونیشانی “داهاتووی وزە لە هەرێمی کوردستان” لە (١٨-٥-٢٠٢٥) لە واشنتن، بۆ گتووگۆکردن لەبارەی برەوپێدانی کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان. دواجار دوو گرێبەستی سەبارەت بە وەبەرهێنان لە کەرتی وزە بە بەهای زیاتر لەسەد ملیار واژۆکرد.
سەردانەکەی سەرەک وەزیران لە کاتێکدا بوو کە هەر هەمان ڕۆژی (١٧)ی ئایاری (٢٠٢٥) سەرۆکی هەرێمیش (نێچیرڤان بارزانی)، بە بانگهێشتی فەڕمی، سەردانی ئێرانی کرد بۆ بەشداریکردن لە (کۆربەندی گفتوگۆی تاران) و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتەش چەندین دیداری ئەنجامداوە.
هەرێم وەک بەشێک لە کێشمەکێشی جیۆپۆلۆتیک و جیۆئابووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ئەم سەردانە فەڕمیـیانە، ئاماژەن بۆ جێگەوڕێگەیەکی گرینگ و بایەخداری هەرێمی کوردستان و بورژوا ناسیونال دەسەڵاتدارەکەی کە هەیەتی لە هاوکێشە هەرێمییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە کێشمەکێشە جیۆپۆلیتیک و جیۆئابوورییەکاندا، لەنێوان زلهێزە ئیمپریالستەکان و هێزە ناوچەییەکاندا.
ئەوەتا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە دیدارەکەیدا لەگەڵ (مەسرور) وێڕای تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، ڕایگەیاند: ئەمەریکا پابەندە بە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا و ئەمە بەشێکی بنەڕەتی و ستراتیژی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا بە ڕێبەرایەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ. هەروەها ڕاشیگەیاند ئەمریکا ئامادەیە بۆ پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا.
نەک هەر ئەوە، بەڵکو بانگهێشتنی فەڕمی سەرەک وەزیرانی هەرێم لە لایەن ئیدارەی سیاسی ئەمریکا و ئەنجامدانی گرێبەستی زیاتر لە سەد ملیار دۆلاری لە کەرتی وزە لە کوردستاندا، لە پشت سەری حکومەتی ناوەندی و دەوڵەتی عێڕاقەوە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ جێگەوڕێگەی هەرێمەکە لە هاوکێشە و کێشمەکێشەکانی ناوچەکەدا.
بە ڕاستەوخۆیی دەوڵەتی ئیمپریالیستی ئەمریکا و هەردوو هێزی ناوچەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ تورکیا و ئێران، چوارچێوەی گشتی ئەو کێشمەکێش و هاوکێشانە دیاری دەکەن، کە هەر یەکەیان لەپێناو گرتنەبەری ڕێڕەوە ئابووری و ستڕاتیژە سیاسی و ئەمنی و سەربازییەکانی خۆیاندا لە هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەرێمەکە، بۆ دەستەمۆکردنی حکومەتی هەرێم و بۆ هاوخەتکردنی حزب و هێزە بورژوا ناسیونالیستە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمەکە بەپێی ئەو ستڕاتیژ و ڕێڕەوانە.
بەدرێژایی تەمەنی بورژوا ناسیونالیستی کورد لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا، بەتایبەت دوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی) و (یەکێتی) نەک هەر خۆیان لەناو ئەو هاوکێشە و کێشمەکێشانەدا بینیوەتەوە وەک شتێکی ناچاری مێژوویی، بەڵکو بە پێی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیشیان هەمیشە بەشێکی چالاک بوون تیا و ئەو کەناڵ و ئامڕازەش بوون کە لە ڕێگەیانەوە ستڕاتیژە سیاسی و ئابووری و سەربازی و ئەمنیەکانی هێزە ناوچەییەکان و زلهێزە ئیمپریالیستەکانی جیهان، پیادەکراوە لەم هەرێمەدا.
ئەوەی لە ئێستادا تایبەتمەندی بەو ڕۆڵەی ئەوان دەبەخشێت ئەو بارودۆخە تازەیە لە تەرازووی هێزی ناوچەکەدا هاتۆتەئاراوە لە نێوان زلهێزە ئیمپریالیستەکانی ڕووسیا و چین لە لایەک، و ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە لایەکی ترەوە، لەگەڵ تەرازووی هێز لە نێوان هەردوو هێزی ناوچەیی تورکیا و ئێران، ئەویش بەداوی هێرشی تیرۆریستانەی (حەماس) لە (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) و جەنگی جینۆسایدکردنی فەلەستینیـیەکان لەلایەن ئیسڕائیل و شکستپێهانانی (حزبوڵڵای لوبنان) و ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا.
هاوڕایی دوو وەزیری پێشمەرگە و سامانە سروشتییەکان لەگەڵ سەرەک وەزیران لەم سەردانەدا هێمایەکی سمبولیکی هەیە بۆ ئەوەی کە لە هەردوو ڕووی؛ سیاسی-سەربازی و ئابوورییەوە حکومەتی هەرێم و ناسیونالیزمی دەسەڵاتداری هەرێمەکە مانەوەی دەسەڵات خۆیان لە هاوخەتی و بوون بە ئامڕازی چالاکی جێبەجێکاری ستڕاتیژە ئابووری و سیاسییە ئیمپریالیستییەکانی ئەمریکادا دەبیننەوە. ئەم ڕاستییە لە زمان وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، (پێشەوا هەورامانی) بەم شێوەیە لە (٢٣-٥-٢٠٢٥) گوزارشی لێکراوە: “لەم قۆناغە تازەیەدا؛ وەبەرهێنان و ئابوری و وزە لەسەر مێزی گفتوگۆی جەنابی سەرۆک وەزیرانن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، … ئێستاش بابەتی وزەو وەبەرهێنان لە وزە، مەنەفێستی هەموو پەیوەندییەکان دەکاتەوە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا”.
گرێبەستی سەد ملیاری، تەواوکەری گرێبەستەکانی تڕامپی وڵاتانی کەنداو
(مەسرور بارزانی) لەمیانەی سەردانەکەیدا، سەرپەرشتیی واژۆکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگیشی کردووە بە بەهای (١١٠) ملیار دۆلار بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، دیارە دیدارەکەشی لەگەڵ جێگری وەزیری مالییەی ئەمریکی لە پەیوەند بە قەرز و دابینکردنی پوڵ و سەرمایە (تەمویل-financing) بووە بۆ ئەو پڕۆژەیە.
لێرەدا ناچینە ناو باسی کێشەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند لە پەیوەند بە یاسایی و ناسایی گرێبەستەکانەوە، هەروەک وەزیری نەوتی عێڕاق (حيان عبد الغني) ڕایگەیاند کە حکومەتی عێڕاق لەگەڵ ئەم گرێبەستانەی وزەدا نییە و “گرێبەستی لەو چەشنە و لەو ڕێکەوتنانە تەنها دەبێ لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە بێت، چونکە دۆسیەی بەڕێوەبردنی سەروەت و سامانی نەوت لەدەستی ئەودایە”.
بەڵام بەدڵنییاییەوە ئەم گرێبەستانە دەبنە خاڵێکی بەهێزی حکومەتی هەرێم، چونکە وەکو گرێبەستەکانی پێشووتر نین کە تەنها لەنێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی نەوت و گازدا مۆرکرا بێت، بەڵکو لە پشتی ئەم گرێبەستانەوە حکومەتی تڕامپ وەستاوە.
لە ڕاستیدا ئەم گرێبەستە تازانە بەشێکی تەواوکەری ئەو گرێبەستە ئابوورییە سەدان ملیار دۆلارییانەن کە تڕامپ لە سەردانەکەیدا بۆ وڵاتانی سعودیە و کەنداو ئەنجامی داوە، بەم پێیەش پێگەی هەرێمی کوردستان لە ستڕاتیژی درێژماوەی سیاسی و ئابووری ئیمپریالیزمی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزتر دەکات بەگشتی و بەتایبەتیش لەبەرامبەر حکومەتی ناوەندیدا.

گرێبەستی سەد ملیاری و هەژاری و بێکاری خەڵکی هەرێم
دوای ئەنجامدانی گرێبەستەکان، سەرەک وەزیران (مەسرور بارزانی) لە پلاتفۆڕمی خۆی لە (ئێکس) نوسیوویەتی: “ئەم هەفتەیە ڕێکەوتننامەی گرنگی وزە واژۆ کران، گفتوگۆمان لەبارەی پەرەپێدانی بازرگانی لەگەڵ هاوبەشە ئەمریکییەکانمان و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان و هەموو عێراق کرد”.
لەسەر ئاستی جیهان زۆرێک لەو وڵاتانەی دەوڵەمەندن بە سامانی سروشتی وەک نەوت و گاز و زێڕ و ئەو کانزا دەگمەنانە کە لە پیشەسازی ئەلیکترۆنی هاوچەرخدا بەکاردەهێنرێن و کۆمپانیا زەبەلاح و مڵتی-ناشناڵەکان تیادا وەبەرهێنانیان کردووە، جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئەو وڵاتانە لە خراپترین بارودۆخی گوزەرانی ژیان و لەژێر سەرکوتی سیاسیدان، لە کاتێکدا کۆمپانیاکان بەهرەمەند بوون لە ملیارەها دۆلار وەک قازانج و کەڵەکەی سەرمایە، ئەمەش لەبناغەدا پەیوەستە بە گرتنەبەری ئەو سیستمە ئابووری-سیاسییەوە کە چینی دارا و دەسەڵاتداری ئەو ڵاتانە گرتوویانەتەبەر، بەتایبەتیش لە گرتنەبەری نیولیبرالیزمی ئابووریدا، کە سیستمێکە پێویستی بە دەستی کاری هەرزان و کرێکاری خامۆش و سەرکوتکراو هەیە.
هەرێمی کوردستان نمونەیەکی بەرجەستەی ئەو بارودۆخەیە، بەڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ و بە بازاڕکردنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، لە (٢٠١٤)ی کابینەی هەشتەوە تا ئێستای کۆتایی تەمەنی کابینەی نۆ (ئایاری ٢٠٢٥) و بەر لە پێکهێنانی کابینەی دەیەم، قەرزەکانی حکومەتی هەرێم بە (٣٣) ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، کە زیاتر لە (١٠) ملیار دۆلاری موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.
بەم پێیە ئەم وەبەرهێنانە تازەیەش بە پێچەوانەی بانگەشەی میدیاکانی سەر بە حزبی دەسەڵات و حکومەتی هەرێم، نەک هەر خۆشگوزەرانی ناهێنێت، بەڵکو دەبێ نەوەکانی داهاتوو چاوەڕێی دانەوەی چەند ملیارێکی تریش لە قەرزی حکومەت بن. ئەمەش واتا کەم بوونەوەی خزمەتگوزارییەکان و داسەپاندنی باجی زۆرتر بەسەر هاوڵاتیان و پاڵنانی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆ لێواری بێکاری و هەژاری و برسیەتی.
خۆشگوزەرانی نەک هەر لە ڕێگەی وەبەرهێنانی ئەم ملیارەها دۆلارانە و بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی گشتی کۆمەڵگە لە لایەن کۆمپانیاکانی ناوخۆ و دەرەکیـیەوە نایەتەدی، بەڵکو دروست بە وەلانان و هەڵپێچانی ئەو سیستمە ئابووری چینایەتییە دێتەدی کە دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیست و ئیسلامی سیاسی و تائیفی لە عێڕاق و لە کوردستانەکەیدا دایان سەپاندووە بە سەر جەماوەی کرێکار و زەحمەتکێشدا.
ئەمەش تەنها بە ڕێکخراوبوونی ئەو چینە زەحمەتکێشە دەبێت بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی شۆڕشگێرانەوە، کە لەگەڵ چوونەپێشی هەر هەنگاوێک لە خەبات و ناڕەزایەتییەکانی دەتوانێت پاشەکشە داسەپێنێت بەسەر دەسەڵات و بەسەر کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتدا بۆ بەدەستهێانی خۆشگوزەرانی، تا ئەو سنورەی لە ئاڵوگۆڕێکی تەرازووی هێزی چینایەتیدا توانای بەرپاکردنی شۆڕشی سۆشیالیستی و گرتنەدەستی دەسەڵاتی دەبێت.

نادر عەبدولحەمید
کۆتایی ئایاری ٢٠٢٥




لە دەروازەی پەیامەکەی ئۆجەلانەوە.. نادر عەبدولحەمید

پێشەکی
پەیامەکەی (عەبدوڵا ئۆجەلان) کە (٢٧-٢-٢٠٢٥) لە میدیاکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جیهاندا بڵاوکرایەوە، چوار مانگ بەدوای دەستپێشکەرییەکەی (دەوڵەت باخچەلی)دا دێت، کە سەرۆکی (حزبی بزووتنەوەی نەتەوەیی -مەهەپە)یە لە تورکیا و لە مانگی ئۆکتۆبەری (٢٠٢٤)دا ڕایگەیاند با (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) “بێتە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت”.
دیارە لەم چوار مانگەدا ژێربەژێر گفتوگۆ و دانوسان لەئارادا بووە و ئەم پەیامەی (ئۆجەلان) ئەنجامی ئەوەیە لە چوارچێوە گشتیـیەکەیدا هاوڕایـیەک هاتۆتەدی لەنێوان ڕەوتێکی دەسەڵاتدار لە تورکیا؛ پێکهاتوو لە دوو حزبی (ئاک پارتی ئۆردوگان و مەهەپەی باخچەلی) لەگەڵ ڕەوتی ئۆپۆزسیۆنی نەتەوەیی کورد لە تورکیا؛ (دەم پارتی) بە ڕاستەوخۆیی کە حزبێکی ناو پەرلەمانی تورکیایە و بە ناڕاستەوخۆییش لەگەڵ (پەکەکە)دا.
ئەم پڕۆسەیە لە دانوسان و گفتوگۆ لەنێوان ئەم دوو لایەنەدا، دەشێ تەمەنی لە چوار مانگ زیاتر بێت و خودی لێدوانەکەی (باخچەلی)یش، وەک دەستپێشکەری بۆ ڕاگەیاندنی پڕۆسەکە بۆ ڕای گشتی، ئاکامی لێک تێگەیشتنێکی ژێربەژێری پێشووتر بێت.
کۆمەڵگەی دیموکراتی ئۆجەلان و پەرەپێدانی سەرکوتی ئۆردوگانی
ئایە ئەم دانوسان و گفتوگۆیە ئاکامی گرتنەبەری سیاسەت و ستڕاتیژی پەرپێدانی ئازادی و دیموکراسیـیە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی هەردوو حزبی فەرمانڕەوا (ئاک پارتی و مەهەپە)؟ ئایە ئاکامی پەرەسەندنی هەرچی زیاتری دیموکراسیـیە لە ناوخۆی تورکیا؟
بۆ زانینی ئەوەی کە ئایە ئەم پڕۆسەی دانوسان و گفتوگۆیە بەشێکە لە پڕۆسەیەکی گشتی تری دیموکراتیزە بوونی دەسەڵات و دامەزراوە فەرمانڕەوایـیەکانی تورکیا، وەیا ئایە بەشێکە لە سیاسەت و ستڕاتیژێک بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی؟ پێویست ناکات بگەڕێینەوە سەر مێژووی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردووی دەسەڵاتی ئۆردوگان و ڕەوتەکەی کە چۆن تا هاتووە سەرکوت و کۆنەپەرستیی سیاسی و ناوەندییەتی دەسەڵات و هەتا تیرۆری دەوڵەتی و میلیتاریزەکردنی پەرەپێداوە، بەڵکو هەر لە ئێستاشدا دەبینین کە چۆن لە کاتی ئەم دانوسانەدا ڕۆژانە خەیکە شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی سەر بەخودی (دەم پارتی)ش لادەخات و (قەیـیوم) لە شوێنیان دادەنێت، تا ئەوەی لەم ڕۆژانەدا (١٩-٣-٢٠٢٥) دۆسیەی گەندەڵی و تیرۆر سازکرا بۆ سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ (ئیمام ئۆغلۆ) کە کاندیدێکی بەهێزی (حزبی جمهوری)ـیە بۆ ڕکەبەرایەتی ئۆردوگان لە هەڵبژاردنی داهاتوو، بەو تۆمەتانەوە گرتیان و خستیانە کونجی زیندانەوە، هەروەک پێشووتریش لە (٢٠١٦)ەوە (سەلاح دەمیرتاش)یان خستۆتە زیندانەوە. ئەمە جگە لەوەی ڕۆژانەش بۆردوومانی کوردستانی عێڕاق دژ بە (پەکەکە) و سوریا دژ بە (پەیەدە) دەکات و پاڵپشتی سەربازی زەمینی و هەوایی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان دەکات بۆ هێرشکردن بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی (پەیەدە).
بەم شێوەیە زۆر سادە و ڕوون و ئاشکرا دیارە ئەم گفتوگۆ و دانوسانە نەک هەر هیچ پەیوەندییەکی بە دیموکراتیزەکردنی ئەم وڵاتە و دامودەزگا فەرمانڕەوایەتییەکەیەوە نیـیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، کێشکردن و بەشداری پێ کردنی ناڕاستەوخۆی بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە کە بۆرژوا ناسیونالیستی کوردە لە فۆڕمی ڕەوتی ئۆجەلانیزمدا بۆ ناو پڕۆسەی قایمکردنی جێ پێی ئۆردوگانیزم، تا بتوانێت ئۆپۆزسیۆنی سەراسەری پاشەکشە پێ بکات، قەیرانەکانی ناوخۆ سنوردار بکاتەوە و سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ ئۆردوگان و ڕەوتە سیاسیـیەکەی مسۆگەر بکاتەوە.
گەشە و پەرەسەندنی سەرمایەداری لە تورکیا وەک هی تەواوی وڵاتان؛ لەوانە لە ئەوروپا و لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش پێویستی نەک هەر بە دیموکراسی نەماوە کە بالۆرەی پێوە لێ بدات، بەڵکو پێویستی بە مەیداندارکردنی ڕەوتە نیو-نازیـیەکانی وڵاتانی ئەوروپی و فاشیزمی ترامپ و ئۆردوگان-باخچەلی هەیە، کە ڕەوندێکی جیهانیـیە لە گەندیدەگی سیستمی سەرمایەداری و بەڕبەڕیەتی دەسەڵاتی بورژوازی.
ڕەوتی ئۆجەلانیزمی ناوخۆی تورکیا، بە (دەم پارتی) و هەموو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کلتووری سەر بەو ڕەوتەوە، وە هەموو ئینسانێکی سادەی کۆمەڵگە لە کوردستانی تورکیا، بە ئێسک و پێستی خۆیانەوە، ڕۆژانە هەست بە تەنگەبەرکردنەوەی ئازادییەکان و سەرکوت و شۆفێنیزمی نەتەوەپەرستیی تورکی و ڕەفتاری فاشیستانەی سوپا و پۆلیس دەکەن، ئەمە لە لایەک، لە لایەکی تریشەوە تیۆری و تێزەکانی (ئۆجەلان) پێدادەگرێت لەسەر خەبات بۆ هێنانەدی “کۆمەڵگەی دیموکراتی” کە تیایدا مافە نەتەوەیـیەکانی میللەتان و ئایـینەکان و …هتد دابین دەبن و یەکێتی و برایەتی گەلان و ئایین و مەزهەبەکان دێتەدی. نە (ئۆجەلان) و نە هیچ کەسێکی سەر بە ڕەوتی ئۆجەلانیزم ئەم ملهوڕییەی دەسەڵاتی سیاسی ئۆردوگان-باخچەلی بە دەسەڵاتێکی دیموکراسی دانانێن، هەتا پەیامەکەی (ئۆجەلان) جۆرێک ڕووبە ناسیونالیزمی تورک و بە دەسەڵاتی سیاسی ئێستای تورکیا، دەڵێت: کۆماری تورکیا دوای سەد ساڵ، ئەگەر بیەوێت لە سەدەی دووەمیدا ببێتە خاوەن یەکێتییەکی بەردەوام و هەمیشەیی، ئەوا تەنها لە ڕێگەی تاجدارکردنی دیموکراسییەوە دێتەدی. جا پرسیارەکە ئەوەیە ئایە (ئۆجەلان) و ڕەوتەکەی ئەم دانوسان و گفتوگۆیە دادەنێن بە پڕۆسەیەک بۆ هێنانەدی ئەگەر نەشڵێین ئەو دیموکراسییەی کە جێگە مەبەست و ئامانجیانە، ئەوا لانی کەم دیموکراسییەک بێت کە تورکیا بە یەکگرتووی بهێڵێتەوە لەبەرامبەر دووژمنەکانیدا کە هێزە هیژموونگەراکانی “مۆدێرنیتەی سەرمایەداری”ن و لە سەد ساڵی ڕابردوودا یەکێتی نێوان کورد و تورک و میللەتانی تری ناو کۆماری تورکیایان تێکداوە؟
(ئۆجەلان)، بە پێچەوانەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و نەخشمەندی ئابووری لەسەرەوە بۆ خوارەوە، ئەو تیۆریزەی بە دیموکراتیکردنی کۆمەڵگە و ڕێکخراوکردنی ئابووری و سیاسی لە خوارەوە دەکات، بەبێ ئەوەی بانگەوازی شۆڕشێک بکات لەسەرەوە دژ بە دەسەڵاتی سیاسی کۆنەپەرست و دژە ئازادی و دژە دیموکراسی فەرمانڕەوا لەناو دەوڵەتی تورکیا (ئەڵبەتە هەمان شتیش بۆ جمهوری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی عێڕاق و سوریا و وڵاتانی تری جیهانیش …)، دەکرێ ئەمە وەک بنەمای فکری ئەم سازانە لەگەڵ دەسەڵاتی فەرمانڕەوای ئۆردوگان-باخچەلی و سازانی (پەیەدە) لەگەڵ دەوڵەتی تازە دەستبەکاربووی (دەستەی ڕزگاری شام) و دوو ڕۆژی تریش سازانی (پژاک) لەگەڵ (جمهوری ئیسلامی ئێران) دابنرێت.
دیارە بیرکردنەوەیەکی زۆر قوڵی ناوێت تا بزانرێت لەژێر سایەی ڕژێمە بورژوا قەومی و ئیسلامیـیەکانی تورکیا و جمهوری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی تازە دەست بەکار بووی (دەستەی ڕزگاری شام) لە سوریا، ناتوانرێت لە ژێرەوە کۆمەڵگای ئەو وڵاتانە دیموکراتیزە بکرێن. پێش مەرجی هاتنەدی وەها ئاڵوگۆڕێک، ڕووخان و وەلانانی ئەم ڕژێمە سیاسی و دەسەڵاتە چینایەتییانەی بورژوازییە لە میانەی خەباتێکی چینایەتی شۆڕشگێرانەوە، یا لانی کەم لاچوونی کاتی دەسەڵاتیانە لە گۆشەیەکی وڵاتەکەدا، وەک کوردستانی سوریای دوای (٢٠١١)، یان پێشووتری هەرێمی کوردستانی عێراق لە (١٩٩١)، کە بۆشاییەکی سیاسی دەسەڵاتدارەتی دێتەدی و بوار دەڕەخسێنێت تا بزووتنەوە و هێزە کۆمەڵایەتییە سیاسییەکان لەو گۆشە لەوڵاتەکەدا ئەجیندای خۆیان پیادە بکەن.
دەشێ لای (ئۆجەلان) و ڕەوتەکەیەوە بەڵگە و ئارگومێنت بهێندرێتەوە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئەم دانوسان و گفتوگۆیە کێشمەکێشێکە و تیایدا بوار هەیە ڕێکخراوکردنی دیموکراسیانەی کۆمەڵگە لە خوارەوە بەسەر ئەم دەسەڵاتانەدا و بەدژی ئیرادەیان بسەپێندرێت، بەڵام نهێنی ئەم پڕۆسەی گفتوگۆ و دانوسان و دەست تێکەڵاو کردنە لەگەڵ دەسەڵاتدا لە ئێستای تورکیا و سوریا و دوو ڕۆژی تر لە ئێراندا، لە لێکدانەوە و شیکاری فکری و ئایدیۆلۆژیدا نییە، بەڵکو لە جەوهەرێکی واقعی عەمەلیدایە کە ئەویش ناوەڕۆکی چینایەتی و ناسیونالیست بوونی ئەم ڕەوتەیە کە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی نەتەوەیی لە شکڵ و فۆڕمی مافی فەرهەنگی و کلتووریدا ئامادەیە ببێت بە بەشێک لە پڕۆسەی بەهێزکردن و پارسەنگ ڕاگرتن بۆ ڕەوتی ئۆردوگان-باخچەلی کە ڕۆژانە خەریکی هەڵپێچانی دیموکراسی و داسەپاندنی سەرکوتی سیاسی و چەوسانەوەی چینایەتین لە سەراسەری تورکیادا. ئەڵبەتە بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی (ئەحمەد ئەلشەرع) لە سوریا و (جمهوری ئیسلامی ئێران)یش ئامادەن.
گفتوگۆ و دانوسانێک کە دەریچەیەک دەکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی مافە دیموکراتییە نەتەوەییەکان، لای خەڵکانێک لە کوردستانی تورکیا کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا نەوە لەدوای نەوە لەژێر نکۆڵیکردن لە بوون و زمان و فەرهەنگ و لەژێر زەبروزەنگ و چەوسانەوەیەکی ڕەگەزپەرستانەی نەتەوەییدا بوون، دیارە مایەی خۆشحاڵی و مایەی هەستکردنیانە بە ئازادی، و لەم ڕۆژانەدا و بە بۆنەی ئاهەنگەکانی نەورۆزەوە، ئەم هەستکردنە بە سەرفرازی و ئاسۆیەک بۆ ڕزگاربوون لە زوڵم تەواو دەبینرێت، بەڵام لە درێژماوەدا، بە قایمکردنی پایەکانی ئیستیبداد و کۆنەپەرستیی دەوڵەتی بۆرژوا ناسیونالیستی تورکیا، باجی ئەم خۆشحاڵی و هەستکردن بە ئازادییە کاتییەی ئێستا دەبێتە کۆت و بەندێکی سەختتر بۆ سەر ژیان و چارەنوسی زووربەی هەرەزۆری خەڵکە زەحمەتکێش و ڕەنجدەرەکەی لە ئایندەدا، هەروەک لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا ئەزموونی دەکەین.

واوەتر لە ئاڵوگۆڕی جیهانی و قەیرانی فەرمانڕەوایەتی
پرسیارە سەرەکیـیەکە ئەوەیە کە چ شتێک هۆکاری بابەتی هاتنەئارا و سەرهەڵدانی ئەم پڕۆسەیەیە لە گفتوگۆ و دانوسان و ڕاگەیاندنی بۆ ڕای گشتی لە ئێستادا؟
زۆرێک لە نوسەران لە لێکۆڵینەوە و شیکاریدا، باس لەو دوو هۆکاری ئاڵوگۆڕی جیهانی و بنبەست و قەیرانی فەرمانڕەوایەتی دەکەن، وەک بنەمای ئەم دانوسان و گفتۆیە. بەدڵنییاییەوە ئەم هۆکارانە ڕۆڵیان هەبووە و هەیە کە دواتر ئاماژەیان پێدەدەم، بەڵام پڕۆسەیەکی مێژوویی و ڕیشەیی تر لە ژێرەوە ئەمەی کردۆتە پێویستیـیەکی لەچار نەهاتوو، بەر لەم ئاڵوگۆڕ و قەیرانانە، کە ڕۆڵی خۆیانی تێدا دەببینن.
ئەم پڕۆسەیەی گفتوگۆ و دانوسانە بەر لەوەی ئاکامی ترس و نیگەرانی دەوڵەتی تورکیا بێت لە ئاڵوگۆڕە جیهانی و ناوچەیـیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەر لەوەی ئاکامی قەیرانی فەرمانڕەوایەتی و مانەوەی دەسەڵاتی ئۆردوگان و هەوڵ و تەقەلا بێت بۆ دەربازبوون لێـیان، بەرهەمی پەرەسەندنی سەرمایەداری تورکیایە بۆ ئاستێک کە کردوویەتیـیە زلهێزێکی ئابووری سەربازی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دەرفەتی بۆ ڕەخساندووە تا سیاسەتی فراوانخوازی و میلیتاریستی و داگیرکاری پیادە بکات.
ڕیفۆڕمە ئابوورییەکانی تورکیا لە دەیەی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی بیست، بە ڕووهێنان بۆ سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزم، بنەمایەکی ڕەخساند بۆ پەرەسەندنی ئابووری و هاتنەئارای بورژوازییەک کە وێڵی پەیداکردنی بازاڕی دەرەکی بێت؛ بۆ ساغ کردنەوەی بەرهەمەکان و دابینکردنی سەرچاوەکانی کەرەستەی خاو و هەناردەکردنی سەرمایە واتا وەبەرهێنان لە دەرەوەی وڵاتدا. دامەزراندنی چەندین بنکەی سەربازی لە دەرەوەی تورکیا لە وڵاتانی ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵدان بۆ ئەندمەتی (یەکێتی ئەوروپا) و پێکهێنانی جۆرەها پەیوەندی و دامەزراوەی ئابووری و فەرهەنگی و سیاسی نێوان وڵاتانی تورکی-زمان بە دەستپێشکەری دەوڵەتی تورکیا، وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و لە عێڕاق و پڕکردنی بازاڕەکانیان بە کاڵای بەرهەمهاتووی تورکیا، … بەشێک لە دیاردە و ڕواڵەتەکانی ئەو واقعە مێژوویـیەن.
ئەم پڕۆسەیە دەبوو لە ئاستی فکری و ئایدیۆلۆژیشەوە ناسیونالیزمی تورکی عەلمانی لە قاڵب و لە چوارچێوەی بەرتەسکی سنورەکانی دەوڵەتی تورکیا دەرباز بکات و پشت ئەستووری بکات بە ئایدیۆلۆژیایەک کە لە سنورەکانی تورکیا واوەتر بڕوات. بەم پێیە زیندووکردنەوەی کەلەپوری ئیمپراتۆڕیی عوسمانی و گەشەی ئیسلامی سیاسی و بە دەسەڵات گەیشتنی ئەو ڕەوتە، زەرورەتێکی ئەو پەرەسەندنە ئابوورییە بوو، وە ئەگەر ناسیونالیزمی تورکی ئەم نوێبوونەوە و وەرچەرخان (شیفت)ەی لەخۆیدا ڕوونەدابا نەیدەتوانی نوێنەری بەرژەوەندیـیەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی بورژوازی بێت، بەمانایەک ڤێرژنی تازەی ناسیونالیزمی تورکی، واتا ناسیونالیزمی (نیو-عوسمانیزم) زەرورەتێکی پەرەسەندنی سەرمایەداری تورکیا و پەلهاویشتنیەتی بۆ دەرەوەی سنورەکانی خۆی، نەک گەڕانەوە بۆ دواوە بۆ سەردەمی عوسمانی.
جا پێ بە پێی ئەو پەرەسەندنە ئابوورییە، کێشمەکێشی فکری و سیاسی و حکومی لەنێوان ڕەوتە ناسیونالیستە جۆراوجۆرەکانی تورکی ناو تورکیا و دامەزراوەی سەربازی و سیخوڕی ئەو وڵاتە پەرەی سەند و لە دوا ئاکامدا ئیسلامی سیاسی توانی وەک ڤێرژنی تازەی ناسیونالیزمی تورکی و نوێنەری ئەو گرایش و مەیل (ترێند)ەی سەرمایەداری و نیولیبرالیزم باڵادەست بێت، وە لە پڕۆسەیەک لە کێشمەکێشی جۆرەها گرایش و مەیلی ناکۆک و دژ بەیەکی ناوخۆی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و هەتا ناوخۆی حزبی (ئاک پارتی)ش، ئۆردوگانیزم توانی سەرکەوتوو بێت و ببێتە ڕەوتی زاڵ و نوێنەری ستڕاتیژی ئابووری و سیاسی و میلتاریزمی دەوڵەتی تورکیا.
لە بارودۆخێکی جیهانیدا کە باڵادەستی لیبرالیزمی بورژوازی جیهانی و پاشەکشەی کرێکار و چەپ و سۆشیالیزم بوو، ئەم پەرەسەندنی سەرمایەداریـیە لە تورکیا، لە بەشی کوردستانەکەیدا؛ هاوڕای پەرەپێدانی شارنشینی و فراوانبوون و بەهێزبوونی بنکەی ئابووری سەرمایەدارانی کوردی، نەوەیەکی نوێی خوێندەوار و دەستڕاگەیشتووش بە میدیا و سەرچاوەی ڕۆشنیری جیهانی هاتەئاراوە، کە بوونە پایە و بنکەی کۆمەڵایەتی هێزگرتنی ناسیونالیزمی کورد، وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی بەرفراوان و بەهێز لەناوخۆی شارە گەورەکانی تورکیادا، نەک هەر لە بەشی کوردنشینەکەیدا، بەڵکو لە شارێکی سەروو پانزە ملیۆنی وەک ئستەنبوڵیشدا.
بزووتنەوەی چەکداری (پەکەکە) سی چل ساڵ لێرەوپێش خۆی چەقی قورسایی و نوێنەری ناسیونالیزمی کورد بوو لە تورکیا، بەڵام بەو ئەندازەیەی کە توانی میکانیزمێک بێت بۆ گەشەپێدانی ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ناسیونالیستییەی کورد لەناو شارە گەورەکانی تورکیادا و وەک (ڕووی دووەمی دراو)ی خۆی لێ بکات، ئیتر خۆی ئەو ڕۆڵەی جارانی نەماوە و بگرە دەستوپێگیری بزووتنەوە ناوخۆییەکەی شارە گەورەکانیشە. ئەمەش بەدروستی لە پەیامەکەی (ئۆجەلان)دا هاتووە کە (پەکەکە) سەردەمی بەسەرچووە و پەیامە مێژووییەکەی خۆی هێناوەتەدی و پێویستە خۆی هەڵوەشێنێتەوە.
کێشەی ئەسڵی دەسەڵاتی دەوڵەت و ڕژێمە سیاسیـیەکەی تورکیا، (پەکەکە) نیـیە، بەڵکو (پەکەکە) بەکاردەهێنێت تا لەژێر پەردەی بەرنگاربوونەوەی تیرۆردا هەوڵبدات لەمپەر بخاتەبەردەم ئەو بزووتنەوە ناسیونالییستیـیە کوردیـیە بەهێزەی ناوخۆی شارە گەورەکانی تورکیا و لە پەرەسەندنی بخات، لە قاڵبی بدات و پاشەکشەی بەسەردا بسەپێنێت و بیکاتە پاشکۆی ستڕاتیژی خۆی.
پەرەسەندن و گەشەی سەرمایەداری لە تورکیا، وەک پڕۆسەیەکی مێژوویی و ناکۆک لە هەناوی خۆیدا، خوڵقێنەری ئەم ناکۆکیـیە کۆمەڵایەتیـیە سیاسیـیەی نێوان ئەم دوو ڕەوتە بورژوا ناسیونالیستەی تورکی و کوردیـیە. دیارە کێشمەکێش و ململانێی ئەو دوو ڕەوتە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست، بەڵام لە کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا ڕووبەڕووی ئاسێکی تر و حاڵەتێکی جۆرایەتی تر لەو کێشمەکێش و ناکۆکیـیەین، کە پەرەسەندنی سەرمایەداری نیولیبرالیزم لەو وڵاتە هێناویەتە ئاراوە، وە دیسان هەر ئەم پەرەسەندن و گەشەی سەرمایەدارییەشە کە ئەم دوو ڕەوتە کێش دەکات بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم ناکۆکیـیە بە گفتوگۆ و دانوسان، بۆ هێنانەدی ئاسایشی کۆمەڵایەتی سیاسی ناوخۆ و سەقامگیریی ڕژێمی سیاسی تا هەرچی زیاتر بردنەپێشەوەی ئەم ڕەوەندە لە پەلهاویشتن و فراوانخوازی سەرمایەداری تورکیا پەرە پێ بدات.
بەمانایەک بەرەوپێشچوونی هەرچی زیاتری سەرمایەداری تورکیا و پەلهاویشتنی بۆ دەرەوەی وڵات و فراوانخوازییەکەی، بە هەموو قەیرانەکانییەوە، بنچینەیی ترین خاڵ و زەرورەتی دانوسان و گفتوگۆی نێوان ئەم دوو ڕەوتە ناسیونالیستەیە لەناو دەوڵەتی تورکیادا. هەردوو لا لە پڕۆسەیەکی مێژوویی کێشمەکێش و بەئامادەبوونی زەمینە مادیـیەکانی گفتوگۆ، لە ئێستادا ئامادەییان هەیە بۆ دانوسان، و پاکانەی فکری و ئایدیۆلۆژی خۆشیان هەیە بۆی.
(ئۆجەلان) باس لە هاوپەیمانەتی و (پەیوەندی نێوان کورد و تورک؛ به درێژایی زیاتر له هەزار ساڵ) دەکات کە هێزە هیژموونگەراکانی “مۆدێرنیتەی سەرمایەداری” وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا بەدرێژایی دوو سەد ساڵی ڕابردوو ئامانجیان تێکدانی ئەم هاوپەیمانەتییە بووە. وەباس لەو گۆڕانکاریـیە جیهانیانە دەکات دوای ڕووخانی (بلۆکی ڕۆژهەڵات- سۆڤیەت) کە ئەویش پەرەسەندنی ئازادی بیروڕایە لەناو تورکیا و کاڵبوونەوە و چوونەدواوەی نکۆڵی کردنە لە شوناسی نەتەوەیی کورد لە تورکیا، بۆیە زەمینە لەبار بووە و ئێستا کاتی ئەوەیە کە یەکێتی میللەتانی ناو کۆماری تورکیا لە دژی هێزەکانی هیژمونگەرای “مۆدێرنیتەی سەرمایەداری”، بە زیندووکردنەوەی هاوپەیمانەتی و پەیوەندی هەزار ساڵەی تورک و کورد پتەو بکرێت.

واوەتر لە تاکتیکی سیاسی
لە دەیەکانی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ ئاڵوگۆڕە جیهانی و ناوچەیـیـیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەوڵدانی دەوڵەتی تورکیا لە ئارادا بووە بۆ گفتوگۆ و دانوسان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی نەتەوەیی کورد لە تورکیا لە ژێرناوی کۆتاییهێنان بە تیرۆر و بە کێشەی چەکداری (پەکەکە).
بەدرێژایی ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی بیست ژێربەژێر گفتوگۆ لەئارادا بووە و (پەکەکە) چەند جارێک یەک-لایەنەش شەڕی ڕاگرتووە، تا ئەوەی بەدوای شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقیا، گفتوگۆیەک لە (٢٠١٣)دا هاتەئاراوە و ڕای گشتی لێ ئاگادارکرایەوە، بەڵام ڕژێمە سیاسیـیە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا، لەوانەش ڕژێمی (ئاک پارتی)ی ئۆردوگان لە چوارچێوەیەکی تاکتیکی سیاسیدا مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری ئاڵوگۆڕە دەرەکییەکان لەسەر تورکیا و وەڵامدانەوە بە قەیران و کێشەناوخۆیـیەکانی دەسەڵات.
بەڵام لە ئێستادا، وێڕای ئەو بنەمایە لە پەرەسەندنی سەرمایەداری بۆ هێنانەئارای ناکۆکیـیەکە و بۆ فشاردانان لەسەر هەردوو ڕەوتی ناسیونالیستی کوردی و تورکی بۆ چارەسەرکردنی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە، بەڵێ وێڕای ئەم بنەمایە، ئاڵوگۆڕە جیهانی و ناوچەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش زۆر ڕیشەییتر، قوڵتر و بەرفراوانترن لەوەی کە لە دەیەکانی ڕابردوودا لە ئارادا بوون، وە چوارچێوەیەکی گشتی جیۆپۆلەتیکی تازەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێناوەتە ئاراوە کە لە ئێستادا ئەم پڕۆسەی دانوسان و گفتوگۆیەی ناوخۆی تورکیا لەناویدا لە ئارادایە، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتی ئەو پڕۆسە ئابوورییەی کە زەرورەتی چارەسەکردنی ناکۆکییەکەی پێویست کردووە، بۆیە لە ئێستادا ئەم ئاڵوگۆڕانە وادەکات کە دانوسان و گفتوگۆ بێتەسەر مامەڵەکردنێکی جدی تری کێشەکە و واوەتر بڕوات لە مەسەلەیەکی تەنها تاکتیکی، بەتایبەت دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا، کە نەک هەر بووە پێشڕەوی هیژموونی تورکیا لە ناوچەکە، بەڵکو سنووری هیژموونییەکەشی نزیک کردەوە لە سنووری هیژموونی دەوڵەتێکی فراوانخوازی ڕەگەزپەرست و فاشیستی ئایینی وەک (ئیسڕائیل)، کە مایەی بەریەککەوتنی هەرچی زیاتری بەرژەوەندییەکان و ستڕاتیژی سیاسی و سەربازی ئەو دوو زلهێزەیە لە ئایندەدا؛ نەک هەر لەناوخۆی سوریادا، بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، کە تیایدا (ئسڕائیل) دەتوانێت کارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بەکاربهێنێت لە کێشمەکێشدا دژی ڕکابەرە ناوچەییەکانی وەک تورکیا، کە دیارە ئەمەش هەستیاری و نیگەرانی بۆ دەسەڵاتی شۆفێنیستی لە تورکیا دێنێتەئاراوە.

یەکانگیربوونی دوو فاکتۆر
لایەک ئەوە پەرەسەندنی سەرمایەداری تورکیایە کە زەمینەی مادی هێناوەتەئاراوە بۆ فراوانخوازی و پەلهاویشتن و ڕۆڵبینینێکی چالاکانەی سیاسی و سەربازی لە ئاڵوگۆڕە ناوچەییـیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لایەکیش ئاڵوگۆڕەکان چۆن لەناوخۆی ئەم وڵاتەدا ڕەنگدانەوەیان دەبێت و پێویستە چ بکرێت تا بەربەستێک بهێندرێتەئاراوە لەبەردەم نیگەرانی و مەترسیـیەکاندا. لێرەوە هەردوو بزووتنەوە بۆرژوا ناسیونالیستە تورکیی و کوردیـیەکە، وە حزب و ڕەوتە سیاسیـیەکانیان، (ئاک پارتی و مەهەپە) لە لایەک و (دەم پارتی و پەکەکە)ش لەلایەکی ترەوە دەکەونە پڕۆسەیەکی دانوسان بۆ پاشەکشەکردن بەیەکتری بۆ جێگە و شوێنێک کە بتوانن سازش لەگەڵ یەکتر بکەن و بەیەک بگەن، پاشان پێکەوە ئەم پڕۆسەی گەشەی سەرمایەداری نیولیبرالیزم و سیاسەتی ئیمپریالیستانەی دەوڵەتی تورکیا و فراوانخوازییەکەی بەرنەپێشەوە و ناسیونالیزمی کوردیش پشک و بەشی خۆی لێ وەرگرێت.
بەدڵنیاییەوە لە حاڵەتی بەیەک گەیشتن و لێک تێ گەیشین و بەمانایەک سەرکەوتنی ئەوەی پێی دەڵێن “پڕۆسەی ئاشتی” کێشمەکێشی ئەو دوو ڕەوتە ناسیونالیستە هەر بەردەوام دەبێت، بەڵام لە چوارچێوەیەکی سیاسی مێژوویی تر و لە ئاستێکی تردا، هەروەک چۆن لە عێڕاقدا هەردوو ڕەوتی بۆرژوا ناسیونالیستی کوردی و عەرەبی؛ بە سووننی و شیعیەکەیەوە، بەیەک گەیشتوون و لە دەسەڵاتدا هاوپشکن و پرۆسەیەکی هاوبەش بەدژی کرێکار و زەحمەتکێشی سەراسەری عێڕاق بەڕێوە دەبەن، بەڵام هەموو ڕۆژێکیش لە کێشمەکێش و دانوساندان لەسەر پچڕینی بەش و پشکی ئابووری و سیاسی زیاتر بۆ هەر لایەکیان، وە کرێکار و زەحمەتکێشی کورد و عەرەب و شیعە و سوننەش دەکەنەوە بەگژیەکدا بۆ ئەو مەبەستە. بەهەمان شێوەش لەوانەیە لە تورکیا (وە دوو ڕۆژی تریش لە سوریا و لە ئێران) ئەم سیناریۆیە بەڕێوە بچێت.
بەڵام لە ئێستادا ناسیونالیزمی تورکی زۆر لە دەسەڵاتی ناوەندی بەغدای دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس (٢٠٠٣) و ئێستای دەسەڵاتی ناوەند لە (دیمەشق)، بەهێزترە و چاوەڕوانی پێدانی ئیمتیازی بەشداری دەوڵەت بۆ ناسیونالیزمی کورد لە تورکیا لە شوێنی خۆیدا نییە، چوونکە لە لایەنی هەردوو حزبی دەسەڵاتەوە بە فەڕمی شتێک لە ئارادا نییە بەناوی گفتوگۆ و دانوسان، بەڵکو داوایەکی ئەوان لە ئارادایە بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆر و چالاکی سەربازی (پەکەکە) و هەڵوەشاندنەوەی. دیارە ژێربەژێر لە دانیشت و یەکتربینینەکانی شاندی (دەم پارتی) لەگەڵ هەردوو حزبی دەسەڵات (ئاک پارتی و مەهەپە) وادە و پەیمانێک لە ئارادایە، بەڵام لانی کەم لە هەنگاوی یەکەمیدا ئەم وادە و بەڵێنانە لە کرانەوە بەڕووی هەندێ مافی فەرهەنگی و کلتووری نەتەوەیی، و ئازادکردنی (ئۆجەلان) لە زیندان زیاتر تێ ناپەڕێت، کە پێ دەچێت ڕەوتی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد لە کودستانی تورکیا وەک هەنگاوی یەکەم پێی ڕازی بێت و لە پێناویدا ببێتە بەشێک لە پڕۆسەیەکی درێژەدان بە دەسەڵاتی ڕەوتی ئۆردوگانیزم بۆ پاراستن و پێشخستنی سەرمایەداری نیولیبرالیزمی تورکیا بە سیاسەتی فراوانخوازی ئیمپریالیستانەیەوە. … ماویەتی …
کۆتایی مارسی ٢٠٢٥




چەند خاڵێک سەبارەت بە ئاڵوگۆڕەکانی سوریا.. نادر عەبدولحەمید

ئەوەی ڕوویدا لە سوریا، بە پێشڕەوییە سەربازییەکانی (دەستەی ڕزگاری شام) و ڕووخانی خێرای ڕژێمی (بەشار ئەسەد) لە (٨-١٢-٢٠٢٤)دا، ئاکامی پڕۆسەیەکی مێژوویی لانی کەمی سێ دەیەی ڕابردووە (١٩٩٠-٢٠٢٤) کە ئەم وڵاتە و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیا تێپەڕیوە.
ئەم پڕۆسەیە دوو ڕەوندی ناوخۆیی و دەرەکی؛ جیهانی و ناوچەیی تیایدا بەشدارن.
کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بەسەر ئابووری ئەم وڵاتە و لەژێر ناوی سۆشیالیزمی عەرەبی (بەعسی)دا، لە میانەی سێ دەیەی ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیست، ژێرخانی ئابووری سەرمایەداری ئەم وڵاتەی پەرەپێدا و ئەم سەرمایەدارییە دەوڵەتییە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی تا ئەوەی لە دەیەی نەوەتەکاندا، پڕۆسەی ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بۆ دەستی کەرتی تایبەت دەستی پێکرد.
هەرچەندە لە دەیەکانی ڕابردوو کەرتی تایبەت هاوکاری و دەستگرۆیی کرابوو لەلایەن دەوڵەتەوە، بەڵام ئەوەی کە لە دەیەی نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە لەسەر دەمی (حافز ئەسەد) وەڕێخرا و پاشان لە سەرەتای هەزارەی دووەمەوە لەسەر دەستی کوڕەکەی (بەشار ئەسەد) گوڕێکی خێرای پێدرا پڕۆسەی گواستنەوەی کەرتی گشتی بۆ کەرتی تایبەت و شیفتی سەرمایەداری دەوڵەتی بوو بۆ سەرمایەداری نیولیبرالیزم.
داڕمانی بلۆکی ڕۆژهەڵات، بلۆکی سەرمایەداری دەوڵەتی سۆڤیەت لەبەرامبەر بلۆکی ڕۆژاوای سەرمایەداری بازاڕی ئازاد و نیولیبرالیزمدا، گوڕ و خێرایی بەخشی بەم پڕۆسەیەی شیفتی سەرمایەداری دەوڵەتی بۆ سەرمایەداری نیولیبرالیزم لە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەوانە: لە تورکیا، میسر، عێراق و سوریەدا کە مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتییان پیادە کردبوو.
تا ئەو شوێنەی کە پەیوەستە بە سوریاوە، ئاکامە کۆمەڵایەتیـیەکانی پیادەکردنی ئەم سیاسەتە ئابوورییەی نیولیبرالیزم لە ماوەی دوو دەیە (٢٠ ساڵ)دا، واتا لە دەیەی نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە تا دەیەی یەکەمی دوو هەزارەکان (١٩٩٠-٢٠١٠) بووە هۆی هەڵتۆقینی جۆرەها کۆمپانیا و پڕۆژەی ئابووری و قۆرخکردنی بازاڕ و بازرگانی لەلایەن سەرمایەداران و بازرگانانێک کە نزیک لە ئەڵقەی دەسەڵات و بنەماڵەی ئەسەد بوون و لەبەرامبەریشدا هەژاری و بێکاری و پەراوێزنشینی جەماوەری زەحمەتکێش لە دەوروبەری شارەگەورەکان و گەڕەکە فەقیر نشینەکاندا پەرەیان سەند.
بەم شێوەیە کۆمەڵگە هەرچی زیاتر بەرەو قوتبی بوونەوەی چینایەتی چوو، لایەک کەمایەتییەکی خاوەن سەروەت و سامان و قۆرخکاری بازار و قوتی جەماوەر کە دەسەڵاتی سیاسی بەپشتیانەوەیە، لایەکیش جەماوەرێکی بەرین لە کرێکار و زەحمەتکێش و توێژگەلێکی فەقیر و بێدەرەتان لە کۆمەڵگەدا، کە بۆ هەر بێزاری و ناڕەزایەتییەک کە لەو ژیانەی هەیانە دەبوونە جێگەی چاودێری و بەدواداچوونی دەزگاکانی ئاسایش و پیاوانی ڕژێم و تەنگپێهەڵچنینان و ڕاوەدوونان و گرتن و شکەنجەیان.
ئەوەش لەیاد نەکەین کە ئیستیبدادی دەوڵەتی و دامودەزگای سەرکوتگەر هەر جۆرە نەفەسێکی ئازادانەی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی لە هاوڵاتیان بڕیبوو. لێرەوە زەمینە خۆش بوو تا ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و چینایەتی تێکەڵ بە ناڕەزایەتی فکری و سیاسی ڕۆشنبیران و ڕەوتە فکری و سیاسییەکان ببێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە (بەرەی نیشتیمانی پێشکەوتووخواز) کە حزبی بەعس لە سوریا دامەزرێنەری بووە لە (١٩٧٢) و ڕابەرایەتی دەکرد تا هەڵوەشانەوەی لە (٢٩-١-٢٠٢٥) دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، ئەم بەرەیە لە دە (١٠) حزب و دوو یەکێتی سەندیکای کرێکاران و جوتیاران پێکهاتبوو، کە ناوی زووربەی حزبەکانیش وشەی سۆشیالیستی یا کۆمۆنیستی تێدابوو. ئەم بەرەیە لە ڕووکەشدا دیموکراسیەتی فرە حزبی نیشان دەدا، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بۆ شەرعییەتدان بوو بە دەسەڵاتی ئیستیبدادی دەوڵەت کە ناسیونالیزمێکی سێکیولار ئەگەر بە ڕواڵەتیش بێت دژە ئیمپریالی و زایۆنیستی بوو.
جابۆیە سەیر نییە ئەو ڕەوتە سیاسیانەی کە بوونە ئۆپۆزیسیۆن و دژ بەو جۆرە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی بوون لە سوریا بریتی بوون لە ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی کە دژە سێکیولار و دژە سۆشیالیست و دژە کۆمۆنیست و دژە ئازادی ژن و هەرجۆرە پێشکەوتووخوازییەک بوون و توانیان ببنە ڕەوتی زاڵی فکری و سیاسی بەسەر ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی جەماوەردا، هەر بۆیەش کاتێک لەگەڵ شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقیا، جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز لە سوریا لە (٢٠١١) دەستیان کرد بە جموجوڵێکی شۆڕشگێرانە و لە چەند شارێک ڕاپەڕین، بە خێرایی لە لایەن ئەو ڕەوتانەوە قۆزرایەوە و کرا بە جەنگێکی کۆنەپەرستانەی خوێناوی و ماڵوێرانکەر لە سوریا، کە ئەو وڵاتەی کردە مەیدانێک بۆ کێشمەکێشی جیۆپۆلتیکی نێوان زلهێزە ئیمپریالیستە جیهانی و ناوچەییەکانی وەک وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا و ڕووسیا و جمهوری ئیسلامی ئێران و تورکیا و سعودیە و وڵاتانی کەنداو و بەناڕاستەوخۆش چین.
ئاکامی جەنگی ناوخۆ و کێشمەکێشی جیۆپۆلیتی زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان لە ئازاری (٢٠١١) وە تا دێسمبەری (٢٠٢٤) بووە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و بەدەسەڵات گەیشتنی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی بە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا و موبارەکبادی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا و دۆڕانی زلهێزەکانی وەک ڕووسیا و ئێران.
شایەنی باسە کە میدیاکانی بورژوا لیبراڵی ئیمپریالیستی و بورژوا کۆنەپەرستی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئۆپۆزسیۆن و دەوڵەتیـیانەوە، تەنها ڕواڵەتی ئیستبداد و نەبوونی دیموکراسی سیاسی و سەرکورتی ڕژێمی سوریا و دەستێوەردانی دەرەکیی بەرجەستەدەکەنەوە، وەک ئەوەی کە کێشەکە تەنها لەنێوان ئیستیبدادی سیاسی ڕژێمێک بە ستەمی میللی و تائیفییەوە لەبەرامبەر جەماوەری ناڕازی بە خواستی دیموکراسیدا بێت! وە ئاگاهانە پەردەپۆشی سیستمی ئابووری و ناکۆکیـیە کۆمەڵایەتیـیەکان و چەوسانەوەی چینایەتی دەکەن لە باسکردنیاندا بۆ ئاڵوگۆڕ و ڕووداوەکانی ئەو وڵاتە.
خاڵێکی گرینگ کە پێویستە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەین، ئەوەیە کە تێکشکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی شۆرشگێرانەی جەماوەری سوریا و باڵادەستی ڕەوتە دژە شۆڕشییەکانی ئیسلامی سیاسی، ئەو زەمینەی لەباربرد کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ناوچە کورد نشینەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، واتا لە کوردستانی سوریا یا ئەوەی کە ناسراوە بە (ڕۆژاڤا) و هەروەها جەماوەری کرێکار زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ئەو ناوچانەی کە تائیفەی (درووز) تێیدا نیشتەجێن لە خوارووی ئەو وڵاتە، ببنە بەشێک لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی سەراسەری شۆڕشگێڕانە دژ بە دەسەڵاتی ناوەندی و چارەنوسیان پەیوەست بێت بە چارەنوسی جەماوەری شۆڕشگێڕ و ڕاپەیوو لەسەراسەری وڵاتەکەدا.
لێرەوە لەبارودۆخی لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەند و لە غیابی شکڵگیری ئەو بزووتنەوە سەراسەریـیەدا و لەترسی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی بەگشتی و بەتایبەتیش ڕەوتە فاشیستەکانی چەشنی (داعش)ی، هێزە ڕێکخراوە سیاسیـیەکانی ئەو لۆکاڵانە؛ چ سەر بە ڕەوتی چەپی بۆرژوا-ناسیونالیستی کوردی (پەیەدە) وەیا بۆرژوا-تائیفی دورزی (حزب اللواء السوري) توانیان جەماوەر لەو ناوچانە ڕێکخراو بکەن هێزی چەکدار و میلیشیا دروست بکەن بۆ بەرگری ئەو ناوچانە و ڕێگرتن لەوەی بکەونە دەستی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و قەوارەی سیاسی-ئیداری خۆشیان (ئیدارەی خۆسەری ڕۆژاڤا) و ئیدارەی ناوچەکانی دروزنشین لە خواری سوریا شکڵ پێبدەن، لەبەرامبەر دژە شۆڕشی ڕەوتە میلیشیاییەکانی ئیسلامی سیاسی و لەبەرامبەر دەوڵەتی مەرکەزی (بەشار ئەسەد) و ئێستای (ئەحمەد شەرع)دا.
دیارە ئەم دوو هێزە لۆکاڵییە لە سوریا هەم لە ناوەڕۆکی فکری و سیاسیاندا و هەم لە شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچەکانیاندا زۆر لێک جیاوازن و باسەکەی ئێمە لێرەدا ناچێتە ئەو بوارەوە. ئەوەی جێگە مەبەستمانە ئاماژەی پێ بدەین، ئەوەیە کە هەردوو ئەم ڕەوتە بەحوکمی ناوەڕۆکی چینایەتی و پێکهاتەی سیاسی قەومی و سیاسی تائیفییان، ئەو هێزە نەبوون و ناشتوانن ببن بە بەشێکی ئۆڕگانیک لە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی سەراسەری وڵاتەکە. لێرەوە چارەنوسی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستانی سوریا و ناوچە دروزنشینەکان پەیوەستەبووە بە سەوداومامەڵەی هەردوو ڕەوتی بۆرژوا ناسیونالیستی چەپی کورد و بۆرژوا تائیفی دروز لەگەڵ دەسەڵاتی تازە هاتووەسەرکاری سوریا.
لە کۆتاییشدا ئەوە بڵێین کە پڕۆسەی دەستێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستەکانی جیهان و ناوچەکە بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەروازەیەکی بەرفراوانتری بۆ کراوەتەوە، ئەمەش واتا لە کێشمەکێشە جیۆپۆلیتیکەکاندا هێزە ئیمپیریالسیتەکانی ڕۆژاوا بەتایبەت ئەمریکا و فەڕەنسا، وە زلهێزی ناوچەیییەکان بۆ هێنانەدی بەرژەوەندییەکانیان پێویستیان بە هاوکاری ئەم هێزە لۆکاڵی و ئەم قەوارە سیاسیانە هەیە جا چ کاتی بێت یان ستڕاتیژی، بەم پێیە مانەوەی ئەم هێزانە و مانەوەی قەوارە سیاسی و ئیدارییەکانیان بەشێکە لە کێشمەکێشێکی بەرفراوانتری ئیقلیمی و جیهانی و پەیوەستیشە بە سەقامگیری بارودۆخی دەسەڵاتی سیاسی ناوەندەوە.
ئەوەی لەو نێوەدا لە کێشمەکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سوریادا بزرە هێزی ڕێکخراوی کۆمۆنیزم و کارگەرە، کە لە فرسەتێکی تردا دێینەسەری.
سەرەتای شوباتی ٢٠٢٥




ئاکامەکانی هەڵبژاردن، لێکدانەوەی ماتریالیستی و هەڵوێستی کۆمۆنیستی.. نادر عەبدولحەمید

بەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی (پەرلەمانی هەرێمی کوردستان)، لە (٢٠-١٠-٢٠٢٤)دا، (کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێڕاق) ڕایگەیاند لەسەدا حەفتا و دوو (٧٢%) بەشداریان کردووە. ئەم ڕێژەیە قابیلی مشتومڕە (جەدەلە) و لەواقعدا زۆر لەوە کەمترە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا ڕێژەی بەشدار بووانی ئەم خولە لەچاو دوو خولی پێش خۆی نکۆڵی لێ ناکرێت کە زیاترە، سەرەتای ئەم باسەشمان لێکدانەوەیەکە لە ڕوانگەیەکی ماتریالیستیانەی چینایەتییەوە بۆ بەرزی ڕێژەی دەنگدان لەم خولەدا.
بەدڵنییاییەوە، هەم فشارەکانی هەردوو حزبی دەسەڵات و ئیمتیاز پێدان و کڕینی دەنگ، وە هەم هەڵمەتی ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن ڕۆڵی خۆی بینیوە لە ڕێژەی زۆری بەشداربووندا، بەڵام هێشتا وەڵامی ئەو پرسیارە ناداتەوە کە بۆچی جەماوەری ئەم هەرێمە لەگەڵ ئەم فاکتانەشدا لە دوو هەڵبژاردنی پێشووتردا (٢٠١٨ و ٢٠٢١) بایکۆتیان کرد، کەچی لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری؟ کەواتە دەبێ بەدوای ئەو هاندەرە دیاریکراوە بابەتییەدا بگەڕێین بۆ ڕووهێنانی جەماوەر لەم هەڵبژاردنەدا بۆ سندوقەکانی دەنگدان.

خاڵی هەرەسەرەکی ئەم هەڵبژاردنە
ئەگەر وەک کۆمەڵناسێک لە ڕوانگەی ماتریالیستی مێژووییەوە سەیر کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان بکەین دەبین لە دە (١٠) ساڵی ڕابردوودا، لە (٢٠١٤) بەدواوە، دوای قەیرانی مالی حکومەت و قەیرانی ئابووری گشت کۆمەڵگە، خۆپێشاندان و مانگرتنەکان وەک بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی لە ڕووی ناوەڕۆکی چینایەتی و خواستەکانیانەوە گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی تەواوی بەسەردا هاتووە، و جیاواز بووە لە بزووتنەوەکەی (سەردەشت عوسمان ٢٠١٠) و بزووتنەوەکەی (١٧ شوباتی ٢٠١١) و ئەوانەی پێشووتریش.
ئەم بزووتنەوە چینایەتییە تازەیەی دە (١٠) ساڵی ڕابردوو، پێ بە پێ و قۆناغ بە قۆناغ لە شەپۆلی خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری (٢٠١٥) و سێپتێمبەری (٢٠١٦) و دێسێمبەری (٢٠١٧ – تا مارسی ٢٠١٨)دا بە خێرایی گەشەی کردووە و خۆشباوەڕی نەماوە بەو چاکسازییانەی کە هەردوو حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی قەومی و ئیسلامی (گۆڕان و حزبە ئیسلامییەکان لەو کاتەدا) بانگەشەیان بۆدەکرد، ئەمەش لە هەڵبژاردنی (٢٠١٨ و ٢٠٢١)دا بە ئاشکرا خۆی لە بایکۆتێکی بەرفراوانی جەماوەری و ڕێژەیەکی کەم لە بەشداری دەنگدان نیشاندا، بەڵام بۆچی ئەم تەوژمە چینایەتییە دژ بە دەسەڵاتی بورژوازی لۆکاڵ لە هەرێمی کوردستان، نەیتوانی لە بایکۆت زیاتر واوەتر بڕوات و لێرەدا وەستا؟ ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ لە ئارادا نەبوونی حزبێکی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی خاوەن ئیتۆریتە و چەکدار بە ئاسۆیەکی کۆمۆنیستی ڕادیکاڵ و ئینتەرناسیوناڵ. با ئەوە بێنینە بەرچاوی خۆمان ئەگەر حزبی بەلشەفی لە (١٩١٧)دا لە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئەو کاتەی ڕووسیادا لە ئارادا نەبوایە، هەموو گیانفیداکاری چینی کرێکار و شوراکانیان نەیدەتوانی شۆڕشێکی سەرکەوتووی سیاسی-کۆمەڵایەتی وەک (شۆڕشی ئۆکتۆبەر) ئەنجام بدات.
جا لەم هەلە زێڕینە مێژووییە لە هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی (٢٠١٨-٢٠٢١) کە هاوکاتی (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)ی بەغدا و شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێڕاقیش بوو، ئەو تەوژمە لە خەباتی چینایەتی توێژە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار، لە سەراسەری عێڕاقدا بە هەرێمی کوردستانەکەشیەوە کە وەک لافاوێک ڕووەو ڕاماڵینی دەسەڵاتی بورژوازی ناوەندی بەغدا و دەسەڵاتدارەتی لە هەرێمی کوردستانەکەیدا سەری هەڵدابوو، وە ئیمکانی گرێدانەوەیان هەبوو بەیەکترییەوە بۆ ئەنجامدانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان، بەڵام لە غیابی حزبێکی پێشڕەوی لینینیدا ئەم ئیمکانییەتە نەهاتەدی و بورژوازی عێڕاق توانی بە هەڵبژاردنی (٢٠٢١) خۆی قوتار بکات و لە هەرێمی کوردستانیشدا لە (٢٠٢١) بەدواوە ئەم لافاوە لە توڕەیی و بێزاری جەماوەری زەحمەتکێش هەوڵیداوە دەریچەیەک بۆ ڕزگاربوون لەم پەنگخواردووییە پەیدا بکات، کە ئەم دەریچەیەی لەم هەڵبژاردنەدا بینییەوە!
لە خولی پێنجەمی (٢٠١٨)ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمەوە، تا خولی شەشەمی هەڵبژاردنی (٢٠٢٤) جەماوەری زەحمەتکێش، ژنانی ستەملێکراو، ئەو کچ و کوڕانەی کە زۆرێکیان خوێندنیان تەواو کردووە و بێکاری و هەژارییان بەسەردا سەپێنراوە و لە بێ خزمەتگوزاریدا ڕاگیراون و پەڕاوێز خراون، هەرگیز خۆشباوەڕیان نەگەڕاندۆتەوە بۆ ئەم ڕژێم و دەسەڵاتە و حزبە فەرمانڕەواکانی، تا ئەمە نهێنی بەشدار بوونە زۆرەکەیان بێت، بە پێچەوانەوە ئەو جەماوەرە لەو باوەڕەدا بوو کە ئەمجارە لەم هەڵبژاردنەدا ئیمکانی ئاڵوگۆڕێک هەیە، هەر بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا کەمتر خواست و داواکاری خستەڕوو، وە چاوەڕێی ئەوە بوو کە گۆڕانەکە بێتەدی، ئەمەش لە بەرنامە و کەمپینی هەڵبژاردنی لیستە جیاوازەکانیشدا ڕەنگدانەوەی خۆی هەبوو کە کەمترین وادە و بەڵێن دەدرا و پێداگری بوو لەسەر “دەیگۆڕین” و “وەلای دەنێین”، “ڕێڕەوی دەسەڵات ڕاست دەکەینەوە” و “خۆسەپێنییەکەی ناهێڵین”، … هتد.
دۆڕاوی ئۆپۆزسیۆن بە هێنانی دەنگی زۆرەوە
جگە لە (پارتی دیموکراتی کوردستان) هەر هەموو حزبەکان هەتا بە (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان)یشەوە وەک ئۆپۆزسیۆنی ئەم حزبە بەشداریان لەم شانۆگەرییەی هەڵبژاردندا کرد بە ئامانجی شکاندنی قۆرخکاری (پارتی) بۆ جومگەکانی دەسەڵاتدارەتی لەم هەرێمە. [(یەکێتی) لە (١٩٩١)ەوە بە واقعی یەکێک لە دوو حزبی دەسەڵات بووە و لە کاتی هەڵبژاردن و لە ئێستای دوای هەڵبژاردنیشدا هەر ئەوەیە، بەڵام لەسەر شانۆی هەڵبژاردنەکە ڕۆڵی ئەکتەرێکی ئۆپۆزسیۆنی دەبینی بۆ گردکردنەوەی جەماوەر بەدەوری خۆیدا]، ئەمەش تەشخیسێکی دروست بوو بۆ مەزاجی جەماوەر. تەنانەت (گۆڕان)یش تەنها پێنج ڕۆژ پێش ئەوەی ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەسەر بچێت لە کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێم کشایەوە و خۆ وەک ئۆپۆزسیۆن ڕاگەیاند.
وە ئاکامەکانیش ئەوە نیشان دەدەن، کە زۆرینەی جەماوەر دەنگیان بەو “بەرە”یە داوە لە ئۆپۆزسیۆنێکی نایەکگرتوو دژی حزبی ئۆکتۆپووسی (Octopus-ئەختەبووتی) دەسەڵات کە (پارتی)یە. ئەگەر پێنج (٥) کورسی کۆتای پێکهاتەکان هەژمار نەکەین ئەوا لە کۆی (٩٥) کورسیی پەرلەمان؛ پارتی (٣٩) و هەموو حزبەکانی تر لە لایەکی ترەوە وەک ئۆپۆزسیۆنی نەیار بەو حزبە (بەجیا لە نایەکگرتوویی و ناکۆکی ناوخۆیان)، (٥٦) کورسیان بەدەستهێناوە.
ئەگەر هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان وەک هەڵبژاردنی (وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) لە نێوان دوو جەمسەردا بووایە، کە هەرجەمسەرە بۆخۆی لە جۆرەها فراکسیۆنی جیاواز و ڕەنگاوڕەنگی ناکۆک بەیەک پێکهاتووە کە وەک بەرەیەکی یەکگرتوو وایە نەک وەک حزبێێکی سەنتڕاڵ، ئەوا جەمسەری ئۆپۆزسیۆنەکە لەم هەڵبژاردنەدا لە هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی لە دەست (پارتی) دەرهێنابوو. جەماوەر دەنگی داوە بە ئۆپۆزسیۆنی دژ بە حزبی قۆرخکاری دەسەڵات لە هەرێمەکە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن یەکگرتوو نییە و ناشتوانێت یەکگرتوو بێت تا دەسەڵات لە دەستی (پارتی) دەربهێنێ.
ئەم حاڵەتەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم ڕێک لە حاڵەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بریتانیا دەچێت کە لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا (٢٠٢٤) بەڕێوە چوو. کۆی ئەو دەنگانەی کە هەردوو (حزبی پارێزگاران) و (حزبی ڕیفۆڕم) بە دەستیان هێنا لە (٣٨%) بوو، وە (٤%)ی زیاتر بوو لە دەنگی (حزبی کرێکاران) کە لە (٣٤%)ی بەدەستهێنا بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەوە کە ئەو دوو حزبە هاوپەیمانی یەکتری نەبوون، بۆیە (حزبی کرێکاران) بەڕێژەیەکی کەمتر لە کۆی ڕێژەکەی ئەوان، وەک براوەی یەکەم حکومەتی بریتانیای گرتە دەست.
(پارتی)ش لە هەرێم وەک حزبی کەمایەتی واقعی، (نەک هەر کەمایەتی لە ڕێژەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵکو هەتا کەمایەتی لەو ڕێژەیەش کە دەنگیداوە) جارێکی تر لەڕێگەی ئەم شانۆیەوە شەرعییەت بە فەرمانڕەوایەتی خۆی دەداتەوە و دەسەڵاتی خۆی قایم دەکاتەوە بەسەر جومگەکانی حوکمڕانی و بەسەر چارەنوسی چەند ملیۆن ئینسان لەم هەرێمەدا، وە لافی ئەوەش لێدەدات کە خەڵکی کوردستان هەڵیبژاردووە!
هەڵبژاردنی سەراسەری (٢٠٢١)ی عێڕاق کە تیایدا (ڕەوتی سەدر) لیستی براوەی هەڵبژاردنەکە بوو، بەدوای قەیرانی پێکهێنانی حکومەتدا خۆی کشاندەوە لە پەرلەمان و (چوارچێوەی هەماهەنگی) کە لیستی کەمینە بوو، دەسەڵاتی گرتەدەست وەک دژە شۆڕشێکی دژە (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)، (ڕەوتی سەدر)یش بەو شێوازە خزمەتە چینایەتییەکانی خۆی بەدژی ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشە ئەنجامدا. ئەمەی لە کوردستانیش دەگوزرێت لەم هەڵبژاردنەدا لە ناوەڕۆکدا هەمان مەسەلەیە، بەڵام لە شکڵ و میکانیزمەکانی هاتنەدیدا جیاوازن، (پارتی) وەک کەمینەکەی (چوارچێوەی هەماهەنگی) دەسەڵات دەگرێتەدەست و ئۆپۆزسیۆنی بورژوا قەومی و ئیسلامی کوردستانیش دروست وەک (ڕەوتی سەدر) خزمەتکارییە چینایەتییەکانی خۆی دژی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ئەنجامدا.
زەمینە ماددییەکانی خۆشباوەڕی جەماوەر بە گۆڕانکاری پەرلەمانی
بەر لەوەی بڵێین جەماوەر خۆشباوەڕ بووە بە ئۆپۆزسیۆنی بورژوا قەومی و ئیسلامی، پێویستە سەرەتا ئاماژە بەو زەمینە مادییە سیاسیـیانە بکەین کە بە موشەخخەسی وایان کردووە جەماوەرێک ئاسۆی ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی لە خەیاڵیاندا ببێتە ڕێگەیەکی عەمەلی و واقعی بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخە ناهەموارەی ژیانیان؟
شکستی یەک لە دوای یەکی پڕۆژە سیاسی و ئابوورییەکانی حکومەت (ی پارتی)، وەک شکستی ئابووری سەربەخۆ و ڕیفڕاندۆم، نەتوانینی دابینکردنی مووچە، تێکچوونی پەیوەندی هەردوو حزبی دەسەڵات، سەرباری ئەوانەش لە ڕێگەی (دادگای باڵا)وە دۆسیەی نەوتی لێ سەندرایەوە، پەرلەمانەکەی هەڵوەشێندرایەوە و پابەند کرا بە پێدانی موچە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، جا کۆی ئەمانە نەک هەر جێگەوڕێگەی هەرێمە فیدڕاڵییەکە و حکومەتی هەرێم و حزبە فەرمانڕەواکانی لە بەرامبەر حکومەت و دەسەڵاتی ناوەندی عێڕاقدا بچووک کردەوە، بەڵکو لەبەرچاوی جەماوەری خەڵکی هەرێمەکەشی خستن.
پێ بە پێ لە ماوەی ئەم دە (١٠) ساڵەی ڕابردوودا ئەم حکومەت و دەسەڵاتە هیچ شکۆیەک و پیرۆزییەکی نەما لای جەماوەر و ئەو هێز و دەسەڵاتەی جارانیشی نەما، وە لەناوخۆشیدا یەک دەست و یەکگرتوو نەمایەوە (جێگری سەرەک وەزیران شەش مانگ بایکۆتی حکومەتی کرد)، بەم پێیە پارسەنگی هێز لە نێوان دەسەڵاتدارەتی هەرێم و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی توێژە جیاجیاکانی چینی کرێکار گۆڕانکاری بەسەردا هات، جا ئەم باروودۆخە مێژووییە سیاسییە زەمینەی ئەو خۆشباوەڕییانەی ڕەخساند کە دەسەڵاتێکی ئاوا ڕیسوا کە نەک هەر کێشەکانی هەرێم و ناوەندی پێ چارەسەر نەکراوە، بەڵکو خۆی بۆتە گەورەترین کێشەی ژیان و گوزەرانی خەڵکی، وە لە ئێستاشدا ناکۆکە لەناوخۆیدا و لە بێهێزترین و بێ سومعەترین قۆناغی خۆیدایە، ئیتر ئیمکان هەیە لەم هەلەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا گۆشەگیر بکرێت و چۆکی پێ دابدرێت و دەسەڵاتیش لە دەستی دەربهێنرێت.

بوون بە پارسەنگ و ڕۆڵی بورژوا ئۆپۆزسیۆن
لە کاتێکدا لەناو کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا زەمینەی مادی و بابەتی فەراهەم هاتووە بۆ ئاڵوگۆڕێکی سیاسی کۆمەڵایەتی، وە جەماوەریش ئامادەی دەخالەتی سیاسییە، ئامادەبوونی بەدیلێکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ لە چرکە ساتێکی ئاوادا و لە مەیدانەکەدا، بۆی هەبوو ئاڵوگۆڕی سیاسی لە هەرێمەکەدا، زۆر واوەتر بەرێت لە ئاڵوگۆڕێکی شکڵی و سەرەوەیی و دەستاودەست پێکردنی دەسەڵات.
بەڵام لە غیابی ئەو بەدیلەدا جەماوەر ناچاربوو فشارەکانی خۆی چڕ بکاتەوە و کاریگەری دابنێ لەسەر کێشمەکێشی دووبەرەی بورژوازی دژ بەیەک؛ تا کێشمەکێشی نێوانیان توندوتیژتر بێتەوە بەو هیوایەوە کە لەم کێشمەکێشەدا ناچار بن سازش لەسەر دابینکردنی هەندێ خواست و پێداویستییە سەرەتاییەکانی بکەن، بە کورتی ڕیفۆڕمێک لە بەرژەوەندی ئەو (جەماوەر) بەدەستبێت. بەم پێییە جەماوەر “گەمژەی سیاسی” نییە و فریووی نەخواردووە و هەڵنەخەڵەتاوە، بەڵکو لە غیابی بژاردەیەکی کۆمۆنیستیدا، جوڵەیەکی سیاسیی بە هوشیارییەکی دیاریکاراوەوە ئەنجام داوە. جا لێرەوەیە کە ئەو جەماوەرە دەبێتە پارسەنگ بۆ ڕەوت و هێز و لایەنە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی تا دەستاودەستی دەسەڵات لەنێوانیاندا ئەنجام بدرێت.
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بارودۆخەکە زۆر لەباربوو بۆ بانگەشە و هاتوهاواری ئۆپۆزسیۆن، چونکە جەماوەر ئەزموونی بایکۆتی کردبوو پێشووتر (لە ٢٠١٨ و ٢٠٢١) و هیچی لە ژیانی نەگۆڕی بوو، وە لە ئێستاشدا دەبینێ دەسەڵاتی هەرێمەکە لەوپەری ڕیسوایی و بێ تواناییدایە و ئەگەر ئەمجارە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ئەزموون بکات، ئەگەرێک هەیە گۆڕانێک لە ژیانیدا بێتەدی!، جا لەم ئاووهەوا لەبارەدا و لە حاڵەتێکیشدا کە جەماوەر بژاردەیەکی تری لەبەردەستدا نییە لەدەرەوەی ئەو بژاردە جۆراوجۆر و ڕەنگاوڕەنگانەی قەومی و ئیسلامی، ئەم ئۆپۆزسیۆنە لەم بارودۆخە لەبارەدایە کە ڕۆڵی کارای خۆی دەگێڕێ بۆ کێشکردنی هەرچی زیاتری جەماوەری ناڕازی بۆ بەشداری ئەم شانۆسازییە.
بەم شێوەیە جارێکی تر ئەم ئۆپۆزسیۆنە لە (٢٠٢٤)دا، هەمان ڕۆڵی (٢٠٠٩ و ٢٠١٣)ی ئۆپۆزسیۆنی (بزووتنەوەی گۆڕان) و حزبە ئیسلامییەکانیان بە جەماوەرێکی ناڕازی دووبارە کردەوە، کە ئەویش شەرعیەتدانەوە بوو بە هەمان دەسەڵات و وەک (نەوشیرەوان مستەفا) ئاوێکی ساردیشیان کرد بەسەر سەری خەڵکێکدا کە بەگەرموگوڕی هاتبوونە مەیدان بۆ گۆڕانکاری، کە ئەمەش بەدوای خۆیدا بێ ئومێدی و دیپرێشن و بە نەعلەتکردنی سیاسەت و تەسلیم بوون بە ئەمری واقع دێنێتە ئاراوە، و کاری شۆڕشگێڕانە و چالاکی کۆمۆنیستی و ڕێکخستنی سیاسی خەبات و ناڕەزایەتییەکان قورستر دەکات بۆ هەڵسوڕاوانی کرێکاری و کۆمۆنسیتی. ئەمە ڕۆڵی چینایەتی بورژوا ئۆپۆزسیۆنە لە خەباتی چینایەتی دژ بە چینی کرێکاردا.
وە ئەمە جەوهەری هاوکێشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانییە لە هەموو جیهاندا کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، ژنانی چەوساوە و توێژە بێ بەش و پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە لە بارودۆخێکی سیاسی دیاریکراودا، هاوڕای هاشوهوشی کەمپینی هەڵبژاردن دێنە مەیدانی کێشمەکێشی نێوان ڕەوت و لایەنە بورژوازییە جۆراوجۆرەکان لەسەر ئاڵوگۆڕییەکی سیاسی شکڵی و دەستاودەست پێکردنی دەسەڵات، بەو هیوایەی کە بارودۆخی سەختی ژیانیان سوک بێت، بەڵام لەوسەرەوە بەدەستی بەتاڵەوە دەنێردرێنە ماڵەوە.
بەڵێ لە غیابی حزبێکی پێشڕەوی کۆمۆنیستی ڕادیکاڵدا کە لە کێشمەکێشە سیاسی و فکرییەکانی کۆمەڵگەدا وەک ڕکەبەرێکی جدی بە دژی تەواوی بەرەی بورژوازی هاتبێتە مەیدانی جەنگ لە پێناو دەسەڵاتدا، ئەو جەماوەرە بژاردەیەکی تریان لەبەردەمدا نییە جگە لە بایکۆت یان بەشداری، بۆیە هەر چوار ساڵ جارێک یان بایکۆت تاقی دەکەنەوە یان بەشداریکردن، کە لە ڕێگەی بەشداریکردنیشەوە دەبنە پارسەنگی ئەم لایەن و ئەو ڕەوتی بورژوازی بۆ ئاڵوگۆڕییەکی ڕووکەشی سیاسی، کە لە واقعدا جگە لەوەی بەگشتی سیستمە سیاسییەکەی چینی بورژوازی شەرعییەتی پێوەر دەگرێتەوە، لە زۆر حاڵەتیشدا هەمان دەسەڵاتی فەرمانڕەوا شەرعییەت بەخۆی دەداتەوە، هەروەک لەم هەڵبژاردنەی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمدا دەیبینین.
بۆیە هەردوو ئەم ئەکتە سیاسییەی بایکۆت یا بەشداری هیچ لە جەوهەری مەسەلەکە ناگۆڕێت، وە ئەمە تەنگەنایەکی (مەئزەقە) مێژوویی و گرێ کوێرەکەیە و کۆمۆنیزم ڕووبەڕووی بۆتەوە لە جیهانی ئەمڕۆدا، نەک هەر لە هەرێمی کوردستان و عێڕاقدا، بەڵکو لە تەواوی کۆمەڵگە سەرمایەدارییەکان لەسەراسەری جیهان و لە ژێر دەسەڵاتدارەتی بورژوازیدا.

ئەڵقەی داخراوی بایکۆت یا بەشداری
هەزار و یەک بەڵگە لە ئارادایە، زووربەشیان ڕاست و دروستن، کە ئەم هەڵبژاردنەی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت بەپێی ستانداردە جیهانییەکانی بورژوازی هەڵبژاردنێکی کارتۆنیـیە، واقعی و دادپەروەرانە نییە.
ئەم بەڵگانە لەگەڵ هەموو ڕاستی و دروستییەکیشیاندا هێشتا لە ڕوانگەیەکی کۆمۆنیستییەوە پاکانە نیین بۆ بەشداری نەکردن، چونکە بنەمای بایکۆت کردنی کۆمۆنیستەکان لەسەر بێ خەوشی و پاکی هەڵبژاردنەکە نەوەستاوە، بەڵکو لەسەر ئەوە وەستاوە ئایە بەشداری یان بایکۆت وەک تاکتیکێکی موشەخخەس لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا کامیان کۆمەگ بە بردنەپێشەوەی خەباتی چینایەتی بەگشتی و بە تایبەتیش یارمەتی پەرەپێدانی چالاکی پڕۆلیتاریای سۆشیالیست دەدات لە دەرونی چینەکەی خۆیدا.
بەڵام ئەمە هێشتا هەر قسەیەکی گشتیی و تیۆرییە، پێویستە بە موشەخخەسی بزانین ئەو فاکتە چییە کە پێویستە هەڵوێستی بایکۆت یا بەشداری لەسەر دیاری بکرێت لەم هەلومەرجە دیاریکراوە سیاسییەی ئێستای هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا و لەم هەڵبژاردنەی خولی شەشەمی (٢٠٢٤)ەدا؟
پێشتر لەژێر ناونیشانی (خاڵی هەرە سەرەکی ئەم هەڵبژاردنە)دا باسمان لە بزووتنەوەیەکی چینایەتی کرد لە دە (١٠) ساڵی ڕابردووا، کە چۆن لە پرۆسەیەکی خەباتکارانەی ڕۆژانەدا، وە بە ئەزموونی خۆی، خۆی جیاکردۆتەوە نەک هەر لە حزبەکانی دەسەڵات، بەڵکو لە ئۆپۆزسیۆنەکەشی و ئەمەش لە بایکۆتی جەماوەری بەرفراوانی هەردوو هەڵبژاردنی (٢٠١٨)ی هەرێم و (٢٠٢١)ی سەراسەری عێڕاقدا خۆی نیشاندا، وەک ڕەتکردنەوەی تەواوی ئەو سیستمە بە دەسەڵاتدار و بە بەدیلی ئۆپۆزسیۆنەکەیەوە، جا مەسەلەی ئەسڵی ئەوەیە کە دەبێ ڕێگە بگیرێت لەوەی کە ئەو ئاگاهییە بەرزە سیاسی و چینایەتییەی کەتا ساڵی (٢٠٢١) بەدەستهاتووە لەدوای ئەو ساڵە نەهێتەخوارەوە، بەڵکو پەرەدار بکرێ و بەرز بکرێتەوە بۆ ئەو ئاستە کە بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستیەوە بێتەمەیدان و وەک هەنگاوی یەکەم نەک هەر ئەم حکومەت و دەسەڵاتە دیاریکراوەی هەرێم، بەڵکو سیستمە سیاسییە کۆمەڵایەتییەکەشی تێکبشکێنێ و خۆی لێکهەڵبپێکێت بە بزووتنەوەی هاوچینەکانی لە گشت عێڕاقدا، وە کوردستان بکاتە مەڵبەندێک بۆ گەشەی خەباتی چینایەتی لەسەراسەری عێڕاقدا دژی دەسەڵاتی بورژوازی لە ناوەند و بۆ بەدیهێنانی شۆڕشێکی سۆشیالیستی سەراسەری و هەمە لایەنە.
واتا دەخالەتکردنێکی کۆمۆنیستی جدی فکری و سیاسی بۆ ڕێگری لەو هەوڵ و کۆششە فکری و سیاسییانەی کە ئەنجام دەدرا لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی قەومی ئیسلامی و ڕیفۆڕمخوازانی دەرونی سیستمە سیاسییەکە، بۆ کێشکردنی ئەم جەماوەرە و هێنانەخوارەوەی لەو ئاستە بەرزە لە هەڵوێستی سیاسی ڕەتکردنەوەی سەراپای سیستمە سیاسییەکە (بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیەوە) بۆ ئاستێکی نزم کە ببێتە بەشێک لە کێشمەکێشەکانیان و پارسەنگی ئەم یان ئەو حزب و ڕەوت و لایەنی بورژوازی لە هەڵبژاردندا.
جا ئەگەر بایکۆتەکە ئاکامی نەک هەر لێکدانەوەیەکی ماتریالیستی ئاوا، بەڵکو ئاکامی کارێکی کۆمۆنیستی پایەیی لەو چەشنە و پێشوەختی بەر لە هەڵبژاردنەکە نەبووبێت، ئەوا دەبێتە بایکۆتێک لە ڕووانگەی ڕادیکاڵیزمەی سەرووچینایەتی وردە بورژوازییەوە، کە لەڕووی عەمەلییەوە؛ یا ڕاگرتنی چینی کرێکارە لەو ئاستە لە هۆشیاریی ڕەتکردنەوەی سیستمەکە، کە ئەمەش مەحاڵە چونکە ناتوانێت لەشوێنی خۆیدا بمێنێتەوە بە وەستاوی، بۆیە جارێکی تر دێتە خوارەوە و لێرەوە ئەرکی ئەم ڕادیکالیزمە وردە بورژوازیە ئەوە دەبێت کە هەوڵبدات هەمدیسان بەرزی بکاتەوە تا دەوریەکی تر، بەم شێوەیە لە ئەڵقەیەکی بۆشدا دەسوڕێتەوە.
ئەگەری دووەم ئەوەیە کە ڕادیکالیزمەی وردەبورژوازی پاڵدەنێت بەو جەماوەرەوە و هانیان دەدات بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش بەبێ ئەوەی کە ئاسۆی سۆشیالیستی و ڕێکخراوبوونی ڕیزەکانی بەو ئاسۆیەوە بە ئەندازەی کافی لەئارادا بێت، کە لەوسەرەوە چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش هەرچەندە گورزیش لە پەیکەرەی دەسەڵاتدارەتی بورژوازی بدەن و تێکیبشکێنن، بەڵام ناتوانن دەسەڵاتدارەتی چینایەتی خۆیان (واتا دکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا ئەو تەعبیرەی کە بورژوازی دزێوی کردووە و زەندەقی لێ چووە) دابمەزرێنن و جارێکی تر حزب و ڕەوتگەلێکی تری بورژوازی سەروسامان دەدەنەوە بە دەسەڵات و ئەڵقە داخراوەکە بۆ ڕادیکالیزمەی سەروو چینایەتی وردەبورژوازی سەرلەنوێ دەست پێدەکاتەوە.
بۆیە لە غیابی کارێکی پایەیی کۆمۆنیستیدا بەشداری یا بایکۆت بۆ چینی کرێکار و زەحمەتکێش و توێژە بێ بەش و پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە گۆڕانکارییەکی مانابەخش ناهێنێتەدی.

کۆمۆنیزمی جەماوەری
لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا و لەناو ئەو بزووتنەوەیەی کە ناسراوە بە (بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق) ئەم ناوەڕۆکی ڕادیکالیزمە سەروو چینایەتییە بەناوی کۆمۆنیزم و کرێکارەوە ڕەواجی پێدەدرێت. کێشەکە ئەوە نییە کە هەڵوێستی بایکۆت و دژایەتی سەراپای سیستمە سیاسیـیەکە بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەکەیەوە شتێکی باش نەبێت، کە دیارە ئەمە شتێکی باش و ئەرێنی (ئیجابی)یە، کێشەکە لەوەدایە کە پێشوەخت، پێش هەڵبژاردن ناوەڕۆکی کۆمۆنیزمەکەی ئەو ڕەوت و حزبانە، ئەم ڕادیکالیزمە جەماوەریـیەیە و لەم هەڵبژاردنەشدا هەر ئەمە ڕەنگ پێ دەدەنەوە.
لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا، چەند ساڵێکە تەوەرە و ستڕاتیژی سەربەخۆیی کوردستان، وەک ئاسۆیەک بۆ دەرچوون لە بارودۆخی “گێژاوی سیاسی” کوردستان، بێ ئەوەی بە دۆکیومێنتی ڕەسمی ڕەتکرابێتەوە، لە لایەن ئەو حزبەوە کە هەڵگریەتی بێدەنگەی لێکراوە، گەرچی هەندێ جار وەک نیگەرانی (لکاندنی هەرێم بە حکومەتی عێراقەوە کارەساتە!) گوزارشێک لە خۆی دەکات، بەڵام چەقی قورسایی خستنەڕووی ئاسۆی دەرچوون لەم دۆخەی هەرێم، لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا و بەتایبەت لە ڕێگەی ئەم حزبەوە، شفتی کردووە و چۆتەسەر شکڵپێدان و وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی سەروو چینایەتی ڕادیکاڵ و پۆپۆلیستی بۆ بەدەستهێانی “ئازادی” و “گۆڕانکاری”، لە ڕێگەی کۆکردنەوەی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی توێژە جیاجیاکانی زەحمەتکێشان و چینی کرێکار، وە لەم دواییانەدا ڕێکخراوی (کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری- مٶتمر الحرية والتغيير) پێکهێناوە بۆی، وەک پڕۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ حزبی دەستەخوشکی لەسەر ئاستی عێڕاق، تا بزووتنەوەیەکی سەروو چینایەتی ڕادیکاڵ و پۆپۆلیستی لە هەرێمی کوردستاندا لە پەیوەندیدا بە هاوشێوەیەکی لەم چەشنە لە عێڕاقدا شکڵ پێبگرن.
ئەم دوو حزبە لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەی (کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری)یەوە، ناڕەزایەتیی توێژە جیاجیاکانی چینی کرێکار و بەشە (فئة) ستەملێکراو و پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە کۆدەکەنەوە دژی حکومەت و دەسەڵات، هەوڵدەدەن ڕێکخراو و ڕابەرایەتییان بکەن و ئاسۆیەکی ڕادیکاڵیان پێ ببەخشن لە بزووتنەوەیەکی جەماوەری عموم خەڵکیدا. وە لە ئەدەبیاتی نوسراو و بیستراو و بینراویشیاندا باس لە بورژوازی و کرێکار و شۆڕش و کۆمۆنیزم دەکەن، وەک پەردەیەکی ڕازاوە بەسەر ئەو پڕاتیکە سیاسی و عەمەلی و واقعیـیە عموم خەڵکیـیەدا.
ئەم ڕەوتە لەم هەڵبژاردنەشدا هەر ئەو ناوەڕۆکە دیموکراتخوازە لە ڕادیکالیزمەی پۆپۆلیستی ڕەنگ پێدەداتەوە، بە زمان و چەمک و وشەی ڕادیکاڵ و سۆشیالیستی. واتا لەم هەڵبژاردنەدا هەر ئەم کۆمۆنیزمە جەماوەریـیەی ڕەنگپێداوەتەوە کە پێش هەڵبژاردنەکە خەریکی پیادەکردنی بووە.
هەروەها لەناو ئەم بزووتنەوە چەپ و کۆمۆنیستییەی هەرێمەکە، هەشە کە ناوی (کۆمۆنیست)ی هەر پێوە ماوە، بەڵام هیچ بانگەشەیەکی (ئیدیعایەکی) کۆمۆنیستی و کرێکاری نیـیە، و ڕەواج پێدەری هەمان ڕادیکالیزمەی سەرووچینایەتی پۆپۆلیستانەیە، دوور لە بەکارهێنانی چەمک و زاراوەی چینایەتی و سۆشیالیستی، وە بە ناوەڕۆکێکی ڕووتوقوتی دیموکراتخوازی و تاموبۆیەکی ناسیونالیزمی چەپ، وە هەر ئەوەشی ڕەنگ پێداوەتەوە لەم هەڵبژاردنەدا.
لەم نێوەدا (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)، لە چەند ساڵی ڕابردوویدا لە هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیاندن و ئەدەبیاتەکانیدا پێچەوانەی ئەو ڕەوتانەی، کە کار لەسەر کۆکردنەوەی و ڕێکخستن و ڕابەرایەتی ناڕەزایەتی گشتی دەکەن، بۆ شکڵپێدان و وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیستی جەماوەری و ئۆڕگانسازی بۆ دەکەن لە شکڵی “کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری”دا، بەڵێ بەپێچەوانەی ئەوەوە (بەدیلی کۆمۆنیستی) خەتێکی فکری سیاسی کۆمۆنیستی ڕادیکاڵی خستۆتەڕوو، کە کاری پایەیی کۆمۆنیستی و ڕێکخراوکردنی خەباتی چینایەتی پڕۆلیتاریای خستۆتە دەستوری کاری خۆیەوە.
وە دژی هەرجۆرە ڕوانگە و لێکدانەوەیەکی سەرووچینایەتی وەستاوەتەوە بۆ “ئازادی” و “گۆڕانکاری” و نەک هەر پێداگری فکری کردووە لەسەر پەیوەستەگی واقعی ئەم دوو چەمکە بە خەباتی پڕۆلیتاریا و شۆڕشی سۆشیالیستییەوە، بەڵکو لە پڕتیکی ڕۆژانەشدا ئەو پەیوەستەگییەی بەرجەستەکردۆتەوە و بەدەستهێنانی هەرجۆرە (ئازادی) و (گۆڕانکاری)ێکی لە هەرێم و لەسەراسەری عێڕاقدا بە بردنەپێشەوەی ئەو کارە کۆمۆنیستیـیە و بە پێشڕەوی خەباتی پڕۆلیتاریاوە گرێداوە، وە دژی هەرجۆرە خۆشباوەڕییەک بە دیموکراتیزم و ناسیونالیزم وەک دوو ڕێگەچارە وەستاوەتەوە جا لەژێر هەر پەردە و پاکانەکەیدا بووبێت، وە لەم هەڵبژاردنەشدا هەر ئەوەی ڕەنگ پێداوەتەوە.

خەسڵەتی چینایەتی ئەم هەڵبژاردنە
فەلسەفەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوەیە کە وای نیشان بدات کۆمەڵگە لە تاکە کەسی ئازاد و خاوەن دەنگ پێکهاتووە و لە هەڵبژاردندا ئازادانە بەشداری دەکات و نوێنەری خۆی چ ئەندام پەرلەمان بێت یان حزبێکی سیاسی هەڵدەبژێرێت، وە ئەو ئەندام پەرلەمانە یا ئەو حزبە نوێنەری ئەم جەماوەرەیە کە هەڵی بژاردووە، بەمەش سەرپۆشی ناوەڕۆکی چینایەتی حزبەکان و دەسەڵات و هەروەها سەرپۆشی ناوەڕۆکی چینایەتی کۆمەڵگە و ستەم و چەوسانەوەی چینایەتیش دەکات لەناو کۆمەڵگەدا.
لەم هەڵبژاردنەی هەرێمی کوردستانیشدا ئەم وێنەیە ڕەواجی پێدراوە لە لایەن میدیای بورژوازییەوە، جا چ لەناو بازنەی حزبەکانی دەسەڵات و پەراوێزیدا بن یان لەناو بازنەی ئۆپۆزسیۆندا بن وەیا سەربەخۆ و بێلایەن بن. کێشەی ئۆپۆزسیۆن زیاتر ئەوەیە کە دەڵێ پڕۆسەی هەڵبژاردن دیزاینکراوە یان دەنگەکان ساختەکاریـیان تێدا ئەنجام دراوە، یان حزبەکانی دەسەڵات ڕێگر بوون لە هەلی یەکسان لە هەڵبژاردندا، …هتد، وە ئەمە لێکدانەوەیەتی بۆ دۆڕان و کەم بەدەستهێنانی ژمارەی دەنگ و کورسی ئۆپۆزسیۆن و بردنەوەی حزبەکانی دەسەڵات و بەدەستهێنانی دەنگ و کورسی زۆرتریان!
ئەگەر بە چاوێکی واقعی سەیری کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانی عێڕاق بکەین، دەبینین یەکانگیربوونێکی ئۆڕگانیک هەیە لەنێوان سیاسەت و ئابووری نەک هەر لای حزبەکانی دەسەڵات، بەڵکو لای حزبە ئۆپۆزسیۆنە قەومی و ئیسلامییەکانیش.
هەردوو حزبی دەسەڵات خاوەن کۆمپانیا و پڕۆژە هەرە زەبەلاحەکان و گروپی کۆمپانیا و خاوەن بانکە تایبەتەکانن، بازگانی دەرەکیان قۆرخکردووە، دەستیان داگرتووە بەسەر ڕووبەرێکی بەرفراوانی زەویە نایابەکانی دەوروبەری هەموو شارەکان و بە مفتی ئەم موڵکە گشتییەی کۆمەڵگەیان خستۆتە ژێر دەستی کۆمپانیاکانی کەرتی تەلارسازی و دروستکردنی گوندە هاوچەرخەکان، جگە لە دەست داگرتن بەسەر گومرگی خاڵە سنوریەکان و باج و دەرامەتی ناوخۆش، سەروەتەکانیان ملیارەها دۆلارە، وە تەواوی گەورە بازرگان و سەرمایەدار و پوڵدارانی خاوەن بزنێس لەم هەرێمە بە هەزار و یەک ڕایەڵە و پەیوەندی، بەم حزبانە و بە حکومەتی هەرێمەوە بەستراونەتەوە و بەرژەوەندییەکانیان پارێزراوە.
ئەمە جگە لە هێزێکی میلیشیایی زۆر و دامودەزگای بیرۆکراتی ئیداری دەوڵەتی و میدیایی زەبەلاح، کە توێژگەلێکی لە مشەخۆری ئەفسەر و پلەدار، بەرپرس و کارمەندی پلەباڵای تێوەگلاو لە گەندەڵییەکانی دەسەڵات، ڕۆشنبیری زوڕنا لێدەر بۆ دەسەڵات … بەم دوو حزبەی دەسەڵاتەوە بەستراونەتەوە و لەگەندەڵییەکانیان بەهرەمەندن.
بەواقعی ئەم دوو حزبە (پارتی) و (یەکێتی) و حکومەتەکەیان نوێنەرایەتی سەرمایەی گەورە، سەرمایەی نیشتمانی و سەرمایەی مۆنۆپۆل دەکەن، سەرمایەیەک کە مۆنۆپۆڵی (قۆرخی) تەواوی جومگە سەرەکییەکانی ئابووری هەرێمەکەی کردووە و بەرژەوەندی سەرمایەی ناوەنجی و بچووکی بەخۆیەوە بەستۆتەوە، وە لە هەموو ڕوویەکەوە لە دژایەتیدایە لەگەڵ بەرژەوەندی و ماف و ئازادییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و لاوانی کچ و کوڕی سەربە خانەوادە کرێکاریـیەکان. ئەم حزبانە هیچ پایەیەکی مادی و کۆمەڵایەتییان لەناو جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی هەرێمەکەدا نییە.
ناسیونالیزم بەگشتی و کوردایەتیش وەک بزووتنەوەی ناسیونالیستی کورد نوێنەری جوڵە و کەڵەکەی سەرمایەیە، ئەگەر ئەم خسڵەتە لە کوردستانی ئێران و کوردستانی تورکیا و کوردستانی سوریا لە ئێستادا بەرجەستە و دەرکەوتوو نەبێت، ئەوا لەم هەرێمەی کوردستانی عێڕاقدا زۆر بەڕۆشنی وەک ڕۆژی ڕوناک دەبینرێت.
هەرچی ئۆپۆزسیۆنی بورژوا قەومی و ئیسلامییە، هیچ کێشەیەکی جەوهەری لەسەر سیاسەتە ئابوورییە نیولیبرالەکانی حکومەت و هەردوو حزبی دەسەڵات نییە لە ڕادەستکردنی کەرتی گشتی و سامانی کۆمەڵگە بۆ دەستی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان، بەڵکو شەڕی لەسەر کێبڕکێی ئازادانەی ناو بازاڕە و دژی مۆنۆپۆلە (قۆرخکاریی) تا پشک و بەشی زیاتر بەر بەشێکی تری سەرمایەداران بکەوێت کە خۆیان بە مەغدور دەزانن لە چنینەوەی نیعمەتەکان لەناو بازاڕێکدا کە قۆرخکراوە.
لێرەوە بەڕوون و بەئاشکرا دەبینرێت هەردوو بەرەی دژ بەیەک (دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن) دوو جەمسەری یەک چینی کۆمەڵایەتین و لە کێشمەکێشی نێوان خۆیاندا بە جۆرەها میکانیزم، لەوانە خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار، وەگەرخستنی دەزگای زەبەلاحی میدیایی، سود وەرگرتن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و لە ژێریشەوە بەکارهێنانی دەزگای سیخوڕی و هێزی میلیشیایی و (ئاسایش) بۆ تۆقاندنی جەماوەر و کڕینی دەنگ و ئیمتیاز بەخشینەوە، …هتد، بەڵێ لەڕێگەی ئیمکاناتی مادی و میدیاییەوە مانیپیولەکردنی بیروڕای گشتی جەماوەرێک دەکەن (manipulate people’s minds)، کە چەوساوەی سیستمی ئابووری و ڕژێمە سیاسییەکەیانە و هانیان دەدەن بۆ بەشداری لە یاریێکدا کە بورژوازی چوارچێوە و یاساکانی دیاریکردووە، تا بـبـنە پارسەنگ چ بۆ شەرعیەتدان بە دەستاودەست پێکردنی دەسەڵات لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە، یان ئیمتیاز وەرگرتن لە یەکتری لە کێشمەکێشە ناوخۆییەکانیاندا. ئەمە ناوەڕۆکی چینایەتی و واقعی ئەم هەڵبژاردنە و کێشمەکێشی ڕەوت و حزب و لایەنە قەومی و ئیسلامییەکان بوو لەم هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەی هەرێمی کوردستاندا.
خسڵەتە چینایەتییەکانی ئەم هەڵبژاردنە هەتا لەڕووی شکڵیشەوە زۆر لە هەڵبژاردنێکی مۆدێرنی دەوڵەتە بورژوا ئارام و خاوەن دامەزراوە دەوڵەتییەکان دەچوو، گەرچی هەرێمەکە خاوەن دامەزراوەی دەوڵەتیش نییە.

لیستی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان
ئەم هاوپەیمانەتییە لە سێ حزبی (شیوعی کوردستان-عێڕاق)، (سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان) و (زەحمەتکێشانی کوردستان) پێکهاتبوو کە یەک کورسی لە بازنەی سلێمانی بۆ (حزبی سۆشیالیست) بەدەستهێنا.
ئەم لیستە لانی کەم لە شکڵدا جیاوازییەکی لە لیست و لایەنە بورژوا قەومی و ئیسلامییەکانی تر هەبوو، ئەویش ئەوەبوو لە ڕێگەی کاندیدەکانی (حزبی شیوعی کوردستان)ەوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەدا دژی سیاسەتی ئابووری نیولیبرالی حکومەتی هەرێم لە ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بۆ دەستی کەرتی تایبەتی دەدوان و پێداگرییان لەسەر بەرژەوەندی خەڵکی زەحمەتکێش و هەوڵدان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانیان دەکردەوە.
ئەوەی مەبەستی ئێمەیە لێرەدا ئەوەیە کە بزانین جێگەوڕێگەی ئەم لیستە چییە بە بەراورد بە لیست و لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆنی بورژوا قەومی و ئیسلامی، وە جیاوازییەکەیان لەو ئۆپۆزیسیۆنە لە کوێدایە؟
سەرەتا ئەوە بڵێین کە ئەم سێ حزبە هەر لەسەرەتای پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لە نەوەتەکانەوە لە زووربەی کابینەکاندا بەشداریان کردووە، یان سەرۆکی حزب و ئەندامانی مەکتەب سیاسی و کۆمیتە ناوەندیـیەکانیان ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم و سەرەک وەزیران بوون. واتا نەک هەر بەشێک بوون لە سیستمی سیاسی و دەسەڵاتدارەتی لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەژێر سایەی حزبی یەکەمی دەسەڵات (پارتی)یشدا بوون و ئەندامانی پلە باڵایان بەهرەمەند بوون لە ئیمتیاز و گەندەڵییەکانی حکومەتی هەرێم.
(حزبی شیوعی کوردستان-عێڕاق) لە ڕاگەینراوی كۆبونەوەی (كۆمیتەی ناوەندی) لە (١٢ نۆڤێمبەری ٢٠١٨) بەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی خوولی پێنجەمی ئەو کاتەدا کە توانی ببێتە خاوەنی یەک کورسی پەرلەمان، ڕایگەیاند کە (کۆمیتەی ناوەندی بڕیاری دا بەشداری کابینەی تازەی نەکاتن و دەنگی پێ‌ نەدات بەهۆی جیاوازی دیدمان دژ بە پەیرەوکردنی سیاسەتی نیولیبرالیزمی سەرمایەداری هێزە براوەکان، …. خۆمان وەک حزبێکی بەرهەڵستکار ڕادەگەیەنین، بەڵام بەرهەڵستکارێک لە ڕوانگەی بەرنامەیەکی چەپی نیشتمانی دیمەکراتیخواز). سەرەڕای ئەم ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن بوونە، بەڵام ڕاوێژکاری چەند ئەندامێکی کۆمیتە ناوەندییەکەی هەر بەردەوام بووە بۆ سەرۆکی هەرێم و سەرەک وەزیرانن! کە دیارە هەردوو ئەم پۆستەش لە دەستی (پارتی)دان. لەوە دەچێت ئۆپۆزسیۆن بوونی (چەپی نیشتمانی دیموکراتیخواز) پێچەوانەی ڕاوێژکاری حکومەتی هەرێم نەبێت.
مەبەستمان لەم فاکتانە دەرخستنی جێگەوڕێگەکەیەتی کە ئەویش حزبێکی ڕیفۆڕمخوازی ناو سیستمی سیاسیی هەرێمی کوردستانە، جا چ بەشدار بێت لە حکومەت یان ئۆپۆزسیۆن بێت. ئەم ڕیفۆڕمخوازیی ناو سیستەمیـیەش هەرگیز بەو مانایە نایەت کە حزبێکی ڕیفۆڕمیست بێت، و لەناو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا خەریکی ڕێکخستن و بەگژاچوونەوەی دەسەڵات بێت و لە ڕێگەی فشاری بزووتنەوە جەماوەرییەکانەوە ڕیفۆڕم داسەپێنێت بەسەر دەسەڵاتی بورژوازیدا، بەڵکو لە ڕێگەی ڕاوێژکاری دەسەڵاتەوە خوازیاری چاکسازی و ڕیفۆڕمە لەناو خودی سیستمی سیاسی و ئابووری (دژی نیولیبرالیزم) و وەک (چەپی نیشتمانی دیموکراتیخواز) ئامۆژگاری پێشکەش دەکات بە دەسەڵات و هوشداری پێ دەدات کە “ئەزموونی بەنرخی کوردستان” و “بەها نیشتمانی و نەتەوەیەکان و ئەو دەسکەوتانەی کە بەدەست هاتوون” ناشیرین نەکات و لەدەستیان نەدا!
پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە بەشێک لە کادر و چالاکوانانی ئەو حزبە ساڵەهایە ناڕازین بەو ڕێبازەی کە حزبەکەیان هەیەتی لە نزیکایەتی حزبی دەسەڵاتداری یەکەمی هەرێمەکە (پارتی) و لەگەڵ ئەوەشدا کە (کۆمیتە ناوەند)ی بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونی داوە، بەڵام پەیوەندیـیە واقعیـیەکە بەو حزبەی دەسەڵاتەوە هەر لە شوێنی خۆیدا ماوەتەوە.
ئەم هاوڕێ ناڕازیـیانەی ناو حزب لە زۆرێک لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا دژی دەسەڵات چالاک بوون و باجی ئەم خەباتەشیان داوە و جێگەی پشتیوانی و دەستخۆشانە بوون، بەڵام نەیانتوانی خۆیان کۆبکەنەوە وەک فڕاکسیۆنێک، خەتێکی جیاواز و ڕێبازێکی فکری و سیاسی جیاواز لە سەرکردایەتی حزبەکەیان بخەنە بەردەم ئەندام و هەوادارانی حزب و خەباتێکی جدی بکەن دژی خەتی ڕاستڕەوانەی حزبەکە، بە پێچەوانەوە لە یەک ساڵی ڕابردوودا و لە پڕۆسەی ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییەدا ڕەخنە و گلەوگازەندەکانیشیان هەرچی هاتووە کاڵتر بۆتەوە و بوون بە بەشێک لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی خەتی ڕەسمی حزبەکەیان.
ناوەڕۆکی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەم هاوپەیمانەتییە هەرە باشەکەیان هەڵمەتی (حزبی شیوعی کوردستان) بووە، کە ئەوەی سەرەوەیە و باسمان کردووە، و داوای لە جەماوەری زەحمەتکێش و خەڵکی ئازادیخواز و عەلمانی و مۆدێرن کردووە تا دەنگیان پێبدەن و بچنە پەرلەمانەوە، بۆ ئەوەی لەناو پەرلەمانەوە هەم بەرگری لە بەرژەوەندییەکانیان بکەن و هەم پڕۆژە لەبەرژەوەندیان پێشکەش بە دەسەڵات بکەن، وە لە ڕێگەی چاودێری حکومەت و دامەزراوەکانی دەسەڵات و یاساوە هەوڵبدەن بەربگرن بەو سیاسەتانەی کە دژی جەماوەرە و لەبەرامبەردا پڕۆژەی ڕیفۆم بۆ خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن.
ئەمەش هەروەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا ڕیفۆڕمی دەرون ڕژێمی یان دەرون سیستمیـیە. وە بە درێژایی تەمەنی ئەم حزبە شیوعییەش ئەوە ڕۆڵی بووە، بەشێک بووە لە سیستمی سیاسی هەرێمەکە و تا ئێستا چوار بەش لە پێنج بەشی ژیانی لە کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی هەرێمدا بەشدار بووە، هەتا لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا دوای (٣١-ئابی ١٩٩٦) کە (پارتی) بە هاوکاری سوپای عێڕاق هەولێری گرتەوە، ئەم حزبە بەشداری لە حکومەتەکەی هەولێری (١٩٩٦)ی (پارتی)دا کرد بە دوو وەزیر، هەروەها کاتێکیش لە (١٧ شوباتی ٢٠١١) لە شەپۆلی خۆپێشاندانەکاندا چەندین لاوی خوێنگەرم شەڵاڵی خوێن کران لەبەردەم بارەگای (پارتی) لە سلێمانی، بەڵێ لەو کاتەدا ئەندامێکی مەکتەب سیاسی ئەو حزبە (وەزیری ڕۆشنبیری) و (قسەکەری فەڕمی) حکومەتی هەرێم بوو.
بەڵام هێشتا بزووتنەوەکەی (١٧ی شوبات) تەواو سەرکوت نەکرابوو کە تا (٢٠-٤-٢٠١١) خایاندی، بە بۆنەی یەکی ئایاری (٢٠١١)ەوە ئەم حزبە یاداشتێکی پێشکەش بە حکومەت کرد کە کۆمەڵێک خواست و داواکاری کرێکارانی تێدا بوو. جا ئەمە نمونەیەکی بەرجەستەی ڕیفۆمیستی ناو سیستەمەکەیە. حزبی دەسەڵاتداری حکومەت جەماوەری ناڕازی و خۆپێشاندەر دەداتەبەر دەستڕێژی گولـلە، (حشک)یش خاوەن وەزیرە و پڕۆژەی ڕیفۆڕم بۆ کرێکاران پێشکەش بەو حکومەتە دەکات! لە (٢٠١٨)شەوە هەمان ڕۆڵ دەبینێت، بەڵام لە دەرەوەی کابینە و خۆی وەک ئۆپۆزسیۆن دەناسێنێت، بەداخیشەوە کە شانسی نەبوو هیچ ئەندام پەرلەمانێکی دەرنەچوو تا وەک ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان هەمان ڕۆڵی ڕیفۆڕمیستی ناو سیستم ببینێتەوە.
هەرچی حزبی (سۆشیالیست) و (زەحمەتکێشان)ە کە (سەرۆکەکانیان لە ماوەی جیاجیادا ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم بوون) لەوانەیە ئەم دوو حزبە خۆشیان پێیان سەریر و سەمەرە بێت ئەگەر وەک ئۆپۆزسیۆن حسابیان بۆ بکەیت! بەڵام هەرچۆنێک بێت کێشەیەکی ئەو تۆیان نییە لەگەڵ پلاتفۆڕمەکەی حزبی شیوعی.
ئەم سێ حزبە هەریەکەیان تایبەتمەندی جیاوازی فکری و مێژووی خۆی هەیە، بەڵام لە ناوەڕۆکی سیاسیاندا وەک دەڵێن مناڵی یەک خانەوادەن، واتا لە ڕووی فکری و شکڵگیری مێژووییانەوە جیاوازن لە یەکتری و ناتوانن تێکەڵ بەیەک بن و ببنە یەک حزب، بەڵام ڕێبازی سیاسیـیان زۆر نزیکە لە یەکەوە، ئەمەش بنەمای نەک هەر ئەم هاوپەیمانەتییەیان بووە کە وەک یەک حزبی سیاسی ڕۆڵیان گێڕاوە، بەڵکو هەموو مێژووی سیاسیشیان وەک یەکە لەناو سیستمی حوکمڕانی و سیاسی هەرێمەکە.

سێ خاڵ بۆ کۆتایی وتارەکە
لە وتارێکی پێشووترمدا بەر لە هەڵبژاردنەکە نوسیبووم کە ئەم هەڵبژاردنە دەروازەیەکە بۆ خەستبوونەوەی هەرچی زیاتری قەیرانەکان.
یەکەم. ئاکامەکانی ئەم هەڵبژاردنە، هەرێم دەخاتە ناو قەیرانێکی پێکهێنانی حکومەتییەوە، ئەمەش زۆر کێشە نییە، چونکە کاتێک ئەمە کێشەیەکی جدی دەبوو کە دوو حزبی دەسەڵات ببونایە کەمینەیەکی لاکەوتە و حزبە ئۆپۆزسیۆنە قەومی و ئیسلامییەکانی تر بەرپرس بکرانایە لە پێکهێنانی حکومەت، کە لەم حاڵەتەدا ئەستەم بوو (پارتی) و (یەکێتی) دامودەزگای فەرمانڕەوایتیـیان ڕادەست بکەن، یان یەکێک لە حزبەکانی دەسەڵات بۆ نمونە (یەکێتی) دەنگ و کورسی زۆر کەمی بهێنایە لە چاو (پارتی) و ئەو حزبەش بیویستایە بەبێ (یەکێتی) حکومەت پێکبهێنێت، کە لەم حاڵەتەشدا (یەکێتی) دامودەزگای فەرمانڕەوایەتی زۆنی سەوزی ڕادەست نەدەکرد، جا قەیرانێک کە لە ئێستادا بۆ پێکهێانی حکومەت دێتەئاراوە، وەک هی هەر وڵاتێکی تر لەسەر پۆست و پلە و بەشی هەردوو حزبە، لە زۆر وڵاتدا ئەمە پێش دێت، وەک نمونەی فەرەنسای ئەمساڵ.
کێشەکە ئەوەیە کە ناسیونالیزمی کورد وەک بزووتنەوەیەکی چینایەتی سیاسی تا ئێستا بە درێژایی زیاتر لە سێ دەیە سەرکەوتوو نەبووە لەوەی کە ئۆڕگانێکی دەسەڵاتدارەتی بورژوازی خاوەن دامەزراوەی دەوڵەتی دروست بکات کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەستاودەستی پێ بکرێت، هەرێمی کوردستان گەرچی یەک هەرێمی فیدڕاڵیـیە لەناو عێڕاقدا، بەڵام بەواقعی دوو هەرێمی کۆنفیدڕاڵیـیە لەناوخۆیدا لەژێر دەسەڵاتی دوو هێزی میلیشیاییدا، جا ئاکامەکانی ئەم هەڵبژاردنە هیچ شتێک لەو واقعە ناگۆڕێت و درێژکراوەی ئەو مێژووە دەبێت و ناپایەداری سیاسی و نادیاری ئایندەی هەرێمەکە و مانەوەی وەک گۆڕەپانێکی مانۆڕی سیاسی و میلتاریستیی تورکیا و ئێران و ئەمریکا هەر درێژە دەکێشێت.
دووەم قەیرانی ئابووری و بێکاری و ناڕەزایەتی درێژە دەکێشێت. حکومەتی ئایندە درەنگ یان زوو پێک دەهێنرێت و لەسەر هەمان ڕێباز دەڕوات لە پیادەکردنی سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی نیولیبرالیزم و ڕێنماییەکانی (بانکی نێودەوڵەتی) و (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) کە لە (٢٠١٦)ەوە لە کۆنفراسی هاوبەشی (بانکی نێودەوڵەتی) و (حکومەتی هەرێم) بە بەشداری (نەتەوە یەکگرتووەکان) بەسترا و نەخشەکەی دانرا لە کابینەی هەشتەمدا، کابینەی نۆهەم بە هەنگاوی خێرا بردییە پێشەوە، کابینەی دەیەمی داهاتووش ئەگەر هەنگاوەکانی خێراتر نەکاتەوە ئەوا هێواشتری ناکاتەوە.
ئەمەش واتا درێژەدان بە کەڵەکەی سەرمایە و کۆکردنەوەی هەرچی زیاتری سەروەت و سامان و نیعمەتەکانی کۆمەڵگە لە دەستی کەمایەتییەک و ڕاگرتنی زووربەی هەرە زۆری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشیش لە هەژاری و بێکاری و پەراوێزخراوییدا.
کۆمەڵگەیەکیش کە دەرگیری هەژاری و بێکاری و جۆرەها تڕاژیدیا بێت، زەمینەیەکی بابەتی فەراهەم دێنێ بۆ پەرەسەندی کۆنەپەرستی و خکاندنی ئاوات و ئارەزووی لاوانی کچ و کوڕ بۆ ئازادی و پێشکەوتن، وە زەمینەی ژیانەوە و گەشەی داب و نەریتی پیاوسالارییش دەخوڵقێنێت و ستەم لەسەر ژنان توندوتیژتر دەبێتەوە و جێگەوڕێگەیان لە هەرێمەکە لەوەی کە هەیە زۆر خراپتری لێ دێت، بەڵام لە بەرامبەر ئەم بارودۆخەدا ناڕەزایەتی سەرهەڵدەدات و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێکاران و لاوانی کچ و کوڕ و ژنانی ئازادیخواز دێنەمەیدان، وە ئەمجارە لەبارودۆخێکیشدا کە سەرمایەداری زیاتر کۆمەڵگە لەڕووی چینایەتییەوە قوتبی و دوو کەرت دەکات و دەسەڵاتیش زیاتر ڕووی ڕاستەقینەی بۆ جەماوەر دەردەخات.
سێیەم. دەبێ چ بکرێ و خۆئامادەکردن. شەپۆلێکی نوێ لە خەباتی چینایەتی بەڕێوەیە، ئەم خەباتە بەبێ دەخالەتی کۆمۆنیزم ناگات بە هیچ شوێنێک چونکە ئەوە کۆمۆنیزمە کە خەباتی توێژ و بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار و گروپە ستەم لێکراو و پەراوێزخراوەکان لە بزووتنەوەیەکی یەکگرتووی چینایەتیدا شکڵ پێدەدات و چینی کرێکار لە چینێکەوە کە بابەتی چەوسانەوەیە دەگۆڕێت بۆ چینێکی خەباتکار لە پێناو بەرژەوەندی چینایەتی خۆیدا، وە ئەوە کۆمۆنیزمە کە ڕابەرایەتی دەکات و دەیهێنێتەمەیدان بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتە چینایەتییەکەی. هەر ئەم ڕێگە واقعییەشە کە یەکێتی چینی کرێکار لە هەرێمەکەدا بەرجەستە دەکاتەوە و کۆتایی بەدوو ئیدارەیی و دوو زۆنی دەهێنێ، ئەمە ڕێگەی واقعی پڕۆلیتاریانە و کۆمۆنیستییە بۆ یەکگرتووکردنەوەی کوردستان و گرێدانەوەی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان بە خەباتی هاوچینەکانیان لە سەراسەری عێڕاقدا.
شکڵپێدان و وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ لە دەرونی چینی کرێکار و خەبات و ناڕەزایەتییەکانیدا، وە یەکگرتووکردنی کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕ و مارکسیستەکان لەو پڕۆسەیدا، لە ئەرکە هەرە لە پێشەکانمانە.
کۆمۆنیست و مارکسیستەکانی هەرێمی کوردستان لەناو هەر حزب و ڕێکخراوێک و ئەڵقە و دەستەجاتێکدا بن پێویستە بەشێک بن لەم وەڕێخستن و شکڵپێدانە بەم بزووتنەوە چینایەتییە مەزنە، وە سنوربەندییەکی ڕۆشن و لێبڕاوانە لەگەڵ هەرجۆرە ئاسۆ و ئەجندایەکی ڕادیکالیزمەی سەروو چینایەتی و ناسیونالیستیدا بکەن لەناو ناڕەزایەتییەکاندا. ئەم باسە لە داهاتوود درێژە پێدەدەین.

کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤
نادر عەبدولحەمید




هەڵبژاردنی خولی شەشەم، دەروازەیەک بۆ خەستبوونەوەی هەرچی زیاتری قەیرانەکان.. نادر عەبدولحەمید

دوای ئەوەی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە (٦-١١-٢٠٢٢) کۆتایی هات، هەردوو حزبی دەسەڵات (پارتی) و (یەکێتی) نەیانتوانی بگەنە ڕێککەوتنێک کە خولی شەشەمی تێدا بەڕێوەبەرن، و ماوەی پەرلەمانیان درێژکردەوە، بەڵام (دادگای باڵای فیدڕاڵی عێڕاق) ئەمەی بەنادەستوری دانا و (پەرلەمانی هەرێمی کوردستان)ی هەڵوەشاندنەوە و (سەرۆکی هەرێم) و (حکومەتی هەرێم)ی پابەندکرد بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لە ڕێگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێڕاقەوە.
ئەم خولەی شەشەمە کە بڕیارە لە (٢٠-١٠-٢٠٢٤) ئەنجام بدرێت، بەدوای پەرەسەندن و تاوسەندنی ناکۆکی هەردوو حزبدا دێت؛ نەک هەر لەناوخۆی هەرێمەکە لەسەر ڕاوڕووتی سەروەت و سامان و کەڵەکەی سەرمایە، نەک هەر لەسەر پێشبڕکێ لە جێبەجێکردنی سیاسەتە میلیتاریستیـیەکانی هەردوو ڕژێمی بوژوا کۆنەپەرستی (جمهوری ئیسلامی ئیران) و شۆفێنستی (تورکیا) و بەرژەوەندیـیەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لەناو خودی هەرێم و هەریەکە لە زۆنی ژێر دەسەڵاتدارەتی خۆیدا، بەڵکو لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی هەرێمیش ناکۆکییەکانیان تەقیوەتەوە لەسەر پۆستی (سەرۆک کۆماری عێڕاق) و پۆستی (پارێزگاری کەرکووک).
ئەوەی کە لە هەڵمەتەکانی ئەم هەڵبژاردنەدا هەموو کەوتوونەتە پەلاماردان و ناوزڕاندنی سیاسی و تۆمەتبارکردنی یەکتری، بەتایبەتیش هەردوو حزبی دەسەڵاتدار و میلیشیایی هەرێمەکە، زۆر واوەترە لە هاشوهوش و هەرای کەمپێنی هەڵبژاردن و لە بنچینەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئیفلاسێکی سیاسی تەمام عەیاری نەک هەر ئەم دوو حزبە، بەڵکو تەواوی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی سیاسی کوردایەتی و پوچەڵ بوونی قەوارەی هەرێم، دوای سێ دەیە لە فەرمانڕەوایەتی ناسیونالیزمی کورد بەسەر چارەنوسی جەماوەری زەحمەتکێشی ئەم هەرێمەدا.
لە سی (٣٠) ساڵی ڕابردوودا، ناسیونالیزمی کورد نەیتوانی هەرێمێکی یەکگرتوو لەناو دەوڵەتی ناوەندی عێڕاقدا پێک بهێنێت، کە حزبە بورژوا ناسیونالیستەکانی کورد بتوانن لە ڕێگەی کایەی سیاسی هەڵبژاردنەوە دەستاودەستی دەسەڵاتی تێدا ئەنجام بدەن و هەر چوار ساڵ جارێک حزبێک فەرمانڕەوا بێت، ئەوەی ڕۆشنبیرانی بورژوا لیبڕاڵ پێی دەڵێن دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەکان، کە بەناوهێنانی لیک بەدەمیاندا دێتەخوارێ.
ئەوەی لە واقعدا لە ئارادایە دەستبەسەراگرتنی دوو حزبی میلیشیاییە بەسەر دوو ناوچەی هەرێمەکەدا، کە دەستیان داگرتووە بەسەر سەروەت و سامانی سروشتی و بوون بە خاوەن کۆمپانیا هەرە زەبەلاحەکان لەسەر ئاستی هەموو عێڕاق و قۆرخی هەموو چەشنە بزنێسێکیا کردووە لە بازرگانی و پیشەسازی و عەقارات و زەویوزار و گومرگی سەرسنورەکان … هەر یەکە لە زۆنی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا.
بەم پێیە ناسیونالیزمی کورد وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی و فکری، نەیتوانیوە چینی بورژوازی کورد لەم هەرێمەدا یەکگرتوو بکات و بیکات بە خاوەن ئۆڕگانێکی یەکگرتووی دەسەڵات.
لێرەوە لەم ڕوانگەوە هیچ مانایەک نامێنێتەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ دەستاودەست پێکردنی دەسەڵات، چونکە ئەسڵەن ئەو ئۆڕگانە یەکگرتووە نەهاتۆتەئاراوە و لە ئارادا نییە تا دەستاودەستی دەسەڵاتی پێ بکرێت!
بەدڵنیاییەوە ناوەڕۆکی دەسەڵات لە هەر زۆنێکدا بورژوازیـیە و پەیوەندیـیە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندییەکی سەرمایەدارانەی چینایەتیی چەوسێنەرانە و زاڵمانەیە، وە سەرمایەدارانیش بەهرەمەندن لە کۆی سیستمی سەرمایەداری و ئابووری نیولیبرالیزم و بەرژەوەندییەکانیان پارێزراوە لەلایەن دەسەڵاتەوە لەهەر زۆنە بەجیا، و بە زەبری سەرەنێزەی میلیشیای حزبی.
حکومەتی هەرێم، هەر وەزارەتێکی بگری لە ناوەڕۆکدا دوو وەزارەتە، بەتایبەت وەزارەتەکانی (پێشمەرگە،دارایی،داد)، حکومەتی هەرێم یەک سەرباز و یەک پێشمەرگەی نیـیە، ئەوەی هەیە میلیشیای (پارتی) و (یەکێتی)ە، ئەم حکومەتە یەک کەناڵی میدیایی تەلەفزیۆنی نییە، بەڵام هەریەکێک لەو حزبانەی دەسەڵات دەیانیان هەیە. بودجە و داهات و خەرجی هەر زۆرنێک جیایە، دادگا و یاسا لە هەر زۆنێک بەجۆرێک جێبەجێ دەکرێت.
جا ئەگەر وەک گریمانەیەک وادابنێین کە لیستە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دەرەوەی هەردوو حزبی دەسەڵات زۆرینەی کورسیـیەکان بەدەست بهێنن، ئەوا لە باشترین حاڵەتدا دەبنە خاوەنی حکومەتێکی کارتۆنی کە هیچ شتێکی نیـیە، و ئەوەی هەیە بەدەست هەردوو حزبی میلیشیایـیەوەیە. ئەگەر نەشڵێین ئەستەمە، ئەوا زۆر سەختە ئەم دوو حزبە دامودەزگای ئاسایش و دارایی و دادگا و … هتد ڕادەستی ئەو لایەن و حزبانە بکەن کە لە ئێستادا ئۆپۆزسیۆن واتا نەیار و ناحەزیانن.
بەپێی بانگەشەی بورژوازی بێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی و دەستاودەستپێکردنی دەسەڵات بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانە، لەم حاڵەتە دیاریکراوەی هەرێمی کوردستاندا بە بردنەوەی ئۆپۆزسیۆن نەک هەر گرفتەکان چارەسەر نابن، بەڵکو قەیرانی پێکهێنانی حکومەتیش دێتە ئاراوە کە چۆنچۆنی حکومەت پێکبهێندرێت لەنێو ئەم هەموو لیست و قەوارانە و ئەم دوو حزبەی کە ئامادە نین دەسەڵات و داراییەکانیان ڕادەست بکەن؟
بەم پێیە هەڵبژاردنی ئەم جارە نەک هەر هیچ ئومێد بەخش نابێت، بەڵکو دەروازەیەکە بۆ خەستبوونەوەی هەرچی زیاتری قەیرانەکان، و شکاندنەوەی لەسەری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و توێژە بێبەش و پەراوێزخراوەکانی وەک لاوان و ژنان.
سەرمایەداری و دەسەڵاتە بورژوازیـیەکەی لە هەرێم و لە عێڕاقدا گەیشتۆتە بن بەست، ئۆپۆزسیۆنی قەومی و ئیسلامی و نیو-لیبڕاڵ ئاگا بن بەم واقعیەتە یان نا، ئەرکی چینایەتییانە کە خۆشباوەڕی و فریوکاری پەرەپێبدەن تا خەڵکی کێش بکەن بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان و لە ڕێگەی شانۆگەری هەڵبژاردنەوە دەریچەیەک پەیدا بکەن بۆ ڕزگارکردنی سیستم و جیهانەکەیان لەو قەیرانەی کە تێیکەوتووە.
ئەوە ڕێکخراونەبوون و یەکگرتوونەبوونی چینی کرێکار و زاڵ نەبوونی ئاسۆی سۆشیالیستی ڕزگاریخوازانەیە کە تەواوی دەردی سەری و نەهامەتیـیەکانی ئەم قەیرانەی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی، وە لەگەڵیشیا شانۆگەری هەڵبژاردن درێژە دەکێشێت و دووبارە و چەندبارە دەبنەوە.
ئەمڕۆ نەک هەر لە عێڕاق و لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە زووربەی وڵاتانی سەرمایەداری قەیرانگرتوودا، بژاردەیەکی تری سیاسی لە دەرەوەی ئەم شانۆگەریـیەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئارادایە، بەڵام بەرجەستەکردنەوەی ئەم بژاردەیە پەیوەستە بە پەرەدارکردنی ئاگاهی چینایەتی و تەحەززووبی کۆمۆنیزم لە دەرونی چینی کرێکار و هەژموونی پەیداکردنی ئاسۆی سۆشیالیستی وەک ئاڵتەرناتیڤێک بەسەر کۆمەڵگەدا. ئەمەش ئەرکی کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی پێشڕەوی سۆشیالیستە.

١٧-١٠-٢٠٢٤




ڕیشەکانی فاشیزمی نوێ لە ئیسرائیل.. نادر عەبدولحەمید

  1. پەرچەکردار یان پاکتاوسازی
    ئەم وەحشی گەڕی و کوشتوبڕییەی کە (ناتانیاهۆ) دەستی داوەتێ دژ بە هاوڵاتیانی فەلەستینی لە (کەرتی غەززە)، ناتوانرێت بەو شێوەیە لێکبدرێتەوە کە ئەوە پەرچەکردارێکە بەڕووی کردە تیرۆریستانەکەی (حەماس) لە (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)دا، و تەنها بۆ “بنەبڕکردنی حەماس و تیرۆر” بێت، چونکە کوشتنی هەڕەمەکی دانیشتوان و کاولکاری شارەکان و وێرانکردنی کێڵگە کشتوکاڵیـیەکان و ڕێگاوبانەکان و هەڵتەکاندنی ژێرخانی شارستانی لە (کەرتی غەززە) واوەترە لە پەرچەکردار، ئیتر ئەمە پیادەکردنی سیاسەتێکی فاشیستی ڕەگەزپەرستانەی پاکتاوسازی قەومیـیە [ethnic cleansing policy] بەشێوەیەکی پلان بۆداڕێژراو و ڕێکخراو و ئاگاهانە لە لایەن (ناتانیاهۆ) و باڵی ڕاستڕەو و فاشیستی سەهیۆنیزمەوە، بە مەبەستی ناچارکردنی فەلەستینیەکان بە کۆچی زۆرەملێ و دەستبەسەراگرتنی سوپای داگیرکەری ئیسرائیل بەسەر ئەم کەرتە و پاشان تەواوی خاکی فەلەستیندا.
    ئەمە و وەک بەشێک لەو سیاسەتە لە (کەنارەی ڕۆژاوا)ی فەلەستینیش کەوتۆتە ڕەشەکوژی و دەستی سوپا و چەکدارانی تاقمە جووە شۆفێنیستەکانی ئاوەڵاکردۆتەوە بۆ دەستدرێژی و ئەنجامدانی تاوان دەرحەق بە دانیشتوانی فەلەستینی و پەرەپێدانی سیاسەتی دەستبەسەراگرتنی هەرچی زۆرتری زەویوزاری فەلەستینیەکان و دامەزراندنی شارۆچکەی جوولەکەنیشین (الإستيطان) لەسەریان، بەڕاددەیەک کە لەسەدا چل و دوو (٤٢%) خاکی فەلەستینی گرتۆتەوە و وای کردووە (کەنارەی ڕۆژاوا) بۆتە چەند پارچە زەوییەکی لێک دابڕاو لە ڕێگەی ئەو شارۆچکە جوونشینانەوە کە لەملاولایەوە دامەزرێندراون، بەمەش هەلی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی لەڕووی عەمەلییەوە لەباربردووە.
    ئەوەی کە پەرلەمانی ئیسرائیل (ناسراو بە کەنیسەی ئیسرائیلی) لە (١٨-٧-٢٠٢٤)دا، بە پڕۆژە یاسایەک بڕیاریدا هەرگیز دان نانێت بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینیدا! ئەمە خۆی گوزارش لەوە دەدکات کە بەکردەوە و لەسەر زەوی ئەم هەلەی لەباربردووە، ئینجا دێت لە ڕووی یاساییشەوە لەناو پەرلەماندا مۆرێکی لێ دەدات.
  2. پاکتاوسازی لە دوو قۆناغی مێژوویی جیاوازدا
    فەلەستینیـیەکان لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، کەوتنەبەر پەلاماری پاکتاوسازی و کۆچاندنی زۆرەمێلێیی و دەرپەڕاندن لە نیشتیمانی خۆیان، هەروەک دەبینین ئەمڕۆکە لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمیشدا هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە.
    بەڵام ئەو دوو پاکتاوسازی و زوڵم و زۆرییە دەرحەق بە خەڵکی فەلەستین، لەڕووی بنەمای مادیـیانەوە جیاوازن لە یەکتری.
    A. ناوەڕۆکی پاکتاوسازی یەکەم
    ئەو حاڵەتەی سەرەتای سەدەی بیستەم ڕێک لەو حاڵەتە دەچێت کە سەرمایەداری لە ئەوروپا لە سەرهەڵدان و پەرەسەندی خۆیدا لە سەدەکانی (١٦ و١٧ و ١٨) بگرە تا (١٩)ش کەوتە قەلاچۆکردنی دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمریکای باکور و ئەمریکای لاتینی و ئوسترالیا و چەند شوێنێکی ئەفریقیا و خۆیان تیایدا نیشتەجێ بوون و ئاوەدانیان کردەوە و شارستانی سەرمایەداری و دەوڵەتی دیموکراتی جینۆسایدکەریان تێدا دامەزراند، جا ئەم قەلاچۆکاریی و دەرپەڕاندنە زۆرە ملێیەی خەڵکی فەلەستینی کە لەسەرەتای سەدەی بیستەوە دەستی پێکرد و لە (١٩٤٨)دا گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی کە بە (نەکبە) ناسراوە، دروست وەک قەلاچۆکردنی دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمریکا و ئوسترالیا وابوو، کە لە ڕێگەی جینۆسایدکردن و دەرپەڕاندنی فەلەستینیەکانەوە دەوڵەتێکی سەرمایەداری ئیسرائیلی لەسەر خاکەکەیان دروستکرا کە بە دیموکراسیانە و هەڵبژاردنی ئازادانەی پەرلەمانییەوە بەڕێوەدەچێت و بەشێوەیەکی دیموکراسیانە قەلاچۆی فەلەستینیەکان دەکات، ئەمە خۆی بەشێکیش بوو لە سیاسەتی ئیمپریالیستی بریتانیا لە جەنگی جیهانی یەکەمدا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ دابین کردنی بەرژەوەندییە ئیمپریالیستییەکانی خۆی.
    B. ناوەڕۆکی پاکتاوسازی دووەم
    بەڵام بە کۆتایی هاتنی سەردەمی (جەنگی سارد) و سەرکەوتنی لیبرالیزمی نوێ و بێ بەهاکردنی ئایدیا و ئاسۆ یەکسانیخواز و پێشکەوتووخوازەکان و چوونەدواوەی بزووتنەوە چەپەکان لەسەر ئاستی جیهانی، و تێکشکانی ناسیونالیزمی عەرەبی و هاتنەئارای ئیسلامی سیاسی، هاوکاتی ئەمانەش گەشە و پەرەسەندنێکی بەرچاوی سەرمایەداری لە ئیسرائیل، زەمینەیان خۆشکرد بۆ پەرەسەندنی ڕاستڕەوی لە کایەی سیاسی ناو ئیسرائیل و سەرهەڵدانی فاشیزمێکی نوێ لە کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەکی ئەو دەوڵەتەدا.
    ئەم ڕاستڕەوییە لە پەرەسەندنی خۆیدا دەسەڵاتی گرتەدەست و کەوتە پیادەکردنی پلان و نەخشە فاشیستەکانی، جا ئەوەی کە ئەمڕۆ ئەم جینۆسایدە و ئەو وەحشیگەرییەی کە دەینینی دەرحەق بە خەڵکی فەلەستین دەکرێت بەرهەمی ئەم ڕاستڕەوی و فاشیزمە نوێیەی ئیسرائیلە کە پایەکانی لەسەر زەمینەیەکی مێژوویی وەرچەرخانی ڕاستڕەوانەی جیهان لەسەردەستی نیولیبرالیزم و پەرەسەندن و گەشەێکی گەورەی سەرمایەداری ئیسرائیل وەستاوە.
    بەدڵنیاییەوە دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل، ئایدیۆلۆژیای زایۆنیزم و چیرۆکە مێژوویی و ئایینیە پڕوپوچەکانیش وەک سەرپۆشێک بەکار دەهێنێت بۆ پاکانەی تاوانەکانی خۆی و پەرەپێدانی هەرچی زیاتریش بەو تاوانانە، بەڵام ئەمە ڕواڵەتی بابەتەکەیە. ئەم قەوارەیە چۆن و لە چ پڕۆسەیەکی مێژووییدا دروستکرابێت و کرابێت بە دەوڵەتی ئیسرائیل، ئێستا پاش تێپەڕینی زیاتر لە نیو سەدە لەسەر قاچەکانی خۆی وەستاوە و بەپێی میکانیزم و یاسا ئابوورییەکانی خۆی، خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە، بۆیە لە ناوەڕۆکدا ئەوە گەشە و پەرەسەندنی سەرمایەیە کە پاڵ دەنێت بە دەوڵەتی ئیسرائیلەوە بۆ گرتنەبەری سیاسەتی ئیمپریالیستییانە و فراوانخوازیانەی داگیرکارییانە (ئیستیعمارییانە) و پیادەکردنی تاوانی پاکتاوسازی و کوشتوبڕی وەحشیگەرییانە بۆ دەستبەسەراگرتنی تەواوی خاکی فەلەستین لە کەشوهەوایەکی ڕاستڕەوانەی نیولیبرالیزمی خنکێنەری فکری و سیاسی جیهانیدا.
  3. پایەی دووەمی نیو-فاشیزم لە ئیسرائیل
    پایەیەکی تری ئەم نیو-فاشیزمە لە ئیسرائیل کە تەواوکەری پایەکەی تریەتی لە پاکتاوسازی و دەرپەڕاندن و فراوانخوازی ئیمپریالیستانە، بریتیـیە لە پاشەکشەپێکردنی چەپی ناو ئیسرائیل و چینی کرێکار و ڕێکخراوە کرێکاری و جەماوەرییەکان، و ئاوەڵاکردنەوەی دەستی کۆمەڵە و ڕێکخراوە ئایینییە توندڕەوکانی جوو لەناو کۆمەڵگەدا و ئیمتیاز پێدانیان، جا بەبێ داسەپاندنی ئەم پاشەکشەیە بەسەر چەپ و کرێکاردا لەناو ئیسرائیل، ئەستەم بوو ئەم هەموو وەحشیگەری و تاوانە دەرحەق بە ئینسانیەت ئاوا بێ پەردە بەربەرچاوی کۆمەڵگەی جیهانەوە پیادە بکرێت.
    بەم پێیە، گەرچی کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و سەرکەوتنی نیولیبرالیزم بووە هۆی کۆتاییهاتنی زۆرێک لە کێشە و گرێوگۆڵە لەچارنەهاتووەکانی جیهان، لەوانە چارەسەری ئیمپریالیستانە بۆ کۆتایی پێهێنانی ڕەگەزپەرستی لە وڵاتی (ئەفریقای باشوور)، بەڵام ئەم سەرکەوتنە جیهانییەی نیولیبرالیزم نەک هەر کۆتایی نەهێنا بە کێشەی فەلەستین لە ڕێگەی چارەسەری ئیمپریالیستانەی (پەیمانی ئۆسلۆ ١٩٩٢)ەوە، بەڵکو بووە هێندەی تر توندوتوتیژکردنەوەی ئەو کێشەیە و داخستنی دەریچەی چارەسەری نێودەوڵەتیی بورژوازیانەش بەپێی بڕیارنامەی “نەتەوە یەکگرتووەکان” کە چارەسەری دابەشکردنی خاکی فەلەستین بوو بۆ دامەزراندنی دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل.
  4. پێچەوانەبوونەوەی هاوکێشەی پاکتاوسازی جوولەکە بۆ پاکتاوسازی فەلەستینی
    بزووتنەوەی ناسیونالیزمی عەرەبی لەسەرەتای سەرەی بیستەوە تا ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات و کۆتاییهاتنی جەنگی سەرد؛ لەناو فەلەستین و لەناو وڵاتە عەرەبییەکاندا، بە چەپ و ڕاستیانەوە، بە ئیسلامی و عەلمانیانەوە، لەسەر ئەوە کۆک بوون کە هەبوونی (دەوڵەتی ئیسرائیل)، بە چەمکی ئەوان (قەوارەی زایۆنیستی-الكيان الصهيوني) لەسەر خاکی فەلەستین ڕەت بکەنەوە.
    باڵی ڕاستڕەوی کۆنەپەرست و شۆفێنیست و ڕەگەزپەرستی ناسیونالیزمی عەرەب بانگەوازی دامەزراندنی دەوڵەتێکی قەومی عەرەبی دەکرد لە فەلەستین کە هەڵسێت بە پاکتاوسازی و گەسک لێدانی (جوو)ەکان و دەرپەڕاندنیان، بەتایبەت ئەوانەی کە لە ڕێگەی کۆچەوە لەسەرەتای سەدەی بیستەوە هاتبوون و نیشتەجێکرابوون لە فەلەستین.
    هەرچی باڵی چەپ و عەلمانی ناسیونالیزمی عەرەب بوو لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتێکی قەومی عەرەبیدا بوو کە مافی (جوو)ەکان وەک هاوڵاتی لەناو ئەو دەوڵەتە عەرەبییەدا بەپێی یاسا بپارێزێت.
    ئەم ڕێبازەی دوایی نزیکایەتییەکی هەبوو لە ڕێبازێک کە خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکراتی بوو لەسەر بنەمای هاوڵاتی (بەمانایەک غەیرە قەومی و غەیرە دینی) بۆ هەموو ئەو هاوڵاتیانەی کە لەسەر ئەو خاکە (فەلەستین) دەژین. ئەو سەردەمانە لە نێوان هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دەووەم (حزبی شیوعی لە فەلەستین) و ڕێکخراوەی تری سۆشیالیستی و مارکسیستی پێکهاتوو لە کەسانی چەپی جوولەکە کە لە ئەوروپاوە هاتبوون بۆ فەلەستین و لەگەڵ ئەم چارەسەرەدا بوون.
    کێشمەکێشی ناسیونالیزمی عەرەب و زایۆنیزم (وەک ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوەی ناسیونالیستی جوولەکە و قەوارەکەی لەسەر خاکی فەلەستین واتا دەوڵەتی ئیسڕائیل) لە ڕەوەندێکی مێژووییدا لەبەرژەوەندی ناسیونالیزمی جوولەکە و بەزیانی ناسیونالیزمی عەرەب تەواو بوو.
    لەو فاکتانەی کە ڕۆڵیان هەبوو لەو مەیدانەدا؛ ڕووبەڕوو بوونەوەی بۆرژوا ناسیونالیستی عەرەبی بوو لەگەڵ قەیرانەکانی پەرەسەندنی سەرمایەداری ناوخۆی ئەو وڵاتانەی کە تێیدا دەسەڵاتدار بوو، لەگەڵ بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ناوخۆ و دۆڕان لە چەند جەنگێکدا دژ بە ئیسڕائیل، و گەشەی ئیسلامی سیاسی بە پشتیوانی ئیمپریالیزم، و باروودۆخی ئاڵوگۆڕە جیهانییەکان کە سەری کێشا بۆ کۆتایی جەنگی سارد و داڕمانی بلۆکی سۆڤیەت کە پشتیوانی ناسیونالیزمی عەرەب و دەوڵەتەکانی بوو، بەڵێ گشت ئەم فاکتانە ڕۆڵیان گێڕا لە گۆڕینی تەرازووی هێز لەبەرژەوەندی باڵادەستی ئیسڕائیل، و ناسیونالیزمی عەرەبیش ناچار هەموو هەوڵ و تەقەلای هاتەسەر ئەوەی کە ئیسرائیل ڕازی بکات بە بڕیاری (نەتەوە یەکگرتووەکان) بۆ چارەسەری (دوو دەوڵەتی) لەسەر خاکی فەلەستین و دەستهەڵگرێت لە پاکتاوسازی فەلەستینیەکان. ئەمەش بەپلەی یەکەم لەترسی ئەوەی کە مەسەلەی فەلەستین بۆتە بەشێک لە ویژدانی جەماوەری ئازادیخواز و ئینساندۆست، نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵکو لەسەراسەری جیهانیشدا، بۆیە بورژوا فەرمانڕەوای هەر وڵاتێک ناچارە بە ڕواڵەتیش بێت خۆی بەلایەنگری دۆسیەی فەلەستین دابنێت.
    ئەوەی کە ناسیونالیزمی عەرەبی، بەتایبەت باڵی شۆفێنیست و ڕەگەزپەرستەکەی، بەتەمای پاکتاوسازی جوولەکە بوو، لە ئێستادا پێچەوانە بۆتەوە بۆ هەوڵدانێک کە هەرچۆنێک بێت بەربگیرێت بە پاکتاوسازی فەلەستینیەکان لە لایەن ناسیونالیزمی نیو-فاشیزمی ئیسڕائیلیـیەوە.
  5. چارەسەری ڕیشەیی
    بەر لە باسکردن لە هەر جۆرە چارەسەرییەک، پێویستە دەستبەجێ ئەم شەڕەی (ناتانیاهۆ) و نیو-فاشیزمی ئیسرائیل دژ بە خەڵکی فەلەستین بووەستێندرێت، ئەمە جەنگی نێوان گروپێکی تیرۆریست و دەوڵەتی ئیسڕائیل نییە، ئەمە جەنگی دەوڵەتێکی تیرۆریستە دژ بەگەلێک بەبیانووی دژایەتی گروپێکی چەکداری تیرۆریستی ئیسلامی وەک (حەماس)، کە وجودی ئەم گرووپە و چەندین گرووپی تیرۆریستی تریش بەرهەمی خودی ئەو دەوڵەتە تیرۆریست و ڕەگەزپەرستەی ئیسڕائیلن.
    ئەگەر بڕیارە کۆتایی بهێندرێت بە گرووپە تیرۆریستەکان و بە کاری تیرۆریستی دژ بە خەڵکی سیڤلی ناو ئیسڕائیل، و ئەم خەڵکە بە ئاشتی و ئارامی بژین، ئەوا پێویستە سەرچاوەی سەرهەڵدانی تیرۆر و ئەم گرووپە تیرۆریستانە بنەبڕ بکرێت، کە ئەویش بنەبڕکردنی ڕەگەزپەرستی ئایینی و نیو-فاشیزمی قەومییە لە پەیکەرە و پێکهاتەی (ستڕاکچەری) دەوڵەتی ئیسڕائیلدا.
    دەوڵەتێک ئامێری جەنگ و پاکتاوسازی و ئاگربەردانە ماڵ و گیانی خەڵکی فەلەستینی بێت بەدڵنیاییەوە پڕیشکی ئاگری تیرۆریزمیش لێرەولەوێ بەر خەڵكی سیڤل و بێ تاوانی ناو ئیسڕائیلیش دەکەوێت و ئەم خەڵکە هەرگیز ناتوانێ بە ئارامی و بەئاشتی بژیت. ئەمڕۆ ئەم خەڵکە بە پلەی یەکەم گیرۆدەی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و نیوفاشیستی ئیسڕائیلن، کە هەتا ئامادەیە بۆ پیادەکردنی سیاسەتە فاشیستەکانی تەواوی ئەو کەسانەی کە هاوڵاتی ئیسڕائیلین و بە بارمتە گیراون لەلایەن (حەماس)ەوە لە هەڵمەتی تیرۆریستانەی (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)دا، بیانکاتە قوربانی و نایەوێت سازش و دانوسان بکات بۆ بەردانیان.
    ڕواڵەتی مەسەلەکە لایەک وا دێتەبەرچاو کە ئەوە خەڵکی ئیسڕائیلە گیریانخواردووە بەدەست تیرۆریزمی (حەماس) و ڕەوتە تیرۆریستەکانی تری ئیسلامی سیاسییەوە و دەوڵەتی ئیسرائیل دەیانپارێزێت!، وە لەلایەکەی تریشەوە وا دێتەبەرچاو کە ئەوە (حەماس)ە خەبات دەکات بۆ ڕزگاری فەلەستین و بەرگری لە ماف و ئازادی خەڵکی فەلەستین، بەڵام لە جەوهەردا پێچەوانەی هەردوو ئەو هاوکێشە دروستە.
    بە واقعی خەڵکی ئیسڕائیل گیرۆدەی دەستی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و نیوفاشیستەکەی خۆیەتی کە بۆتە سەرچاوەی دروستبوون و سەرهەڵدان و گەشەی ڕەوت و گرووپە تیرۆریستەکان تا بکەونە گیان خەڵکی سیڤلی ئیسڕائیل، وە ئەوە خەڵکی فەلەستینیشە کە گیریخواردووە هەم بەدەست ڕێگەچارەی ئیمپریالیستانەی (ئۆسلۆی ١٩٩٢)ی بە بنبەستگەیشتووی (فەتح -ڕێکخراوی ڕزگاری فەلەستین) و هەم ڕێگەچارەی ئیسلامی سیاسی تیرۆریست و فاشیست لە چەشنی (حەماس) و (جیهادی ئیسلامی) و بە پشتیشیانەوە جمهوری ئیسلامی ئێران و دارودەستەکانی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
    ئەمڕۆ هەتا بۆ گرتنەبەری ڕێگە چارەیەکی عەمەلی بۆرژوازیانەی نێودەوڵەتی کە بیەوێت بەپێی بڕیاری (نەتەوە یەکگرتووەکان) ئەم کێشەیە کۆتایی پێ بهێنێت و دوو دەوڵەت لەسەر خاکی فەلەستین دابمەزرێت و هەردوو لا دان بە یەکتریدا بنێن و وەک دوو دەوڵەتی دراوسێ بە ئاشتی پێکەوە بژین، هەتا بۆ ئەم ڕێگە چارەش پێویست دەکات کە هاوسەنگی هێز هەم لەناوخۆی ئیسرائیل و هەم لەناوخۆی خەڵکی فەلەستیندا لە دژی ڕاستڕەوی و فاشیزمی قەومی و دینی هەردوولای ئیسرائیلی و فەلەستینی و لەبەرژەوەندی ڕەوتی ئازادیخوازی و ئینساندۆستی هەردوولا بگۆڕدرێت.
    ئەمەش کارێک نییە بە تەنهایی لەناوخۆی ئیسڕائیل و لەناوخۆی خەڵکی فەلەستیندا ئەنجام بدرێت، چونکە کێشەی فەلەستین کێشەیەکی نەتەوەیی ناوخۆی دەوڵەتێک نییە، و کێشەیەکی نەک هەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بگرە جیهانیشە و یەکێکە لە گرێوگۆڵەکانی سیاسەتی جیهانی.
    بۆیە هەروەک چۆن کێشمەکێشەکانی جیهانی دوو قوتبی لایەک کۆمەگی کرد بە زیندووکردنەوە و پەرەپێدانی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆمۆنیزم و ناسیونالیزمی عەرەبی ناکۆک بە بەرژەوەندیی وڵاتە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژاوا، وە ڕووخانی بلۆکی سۆڤیەت و سەرکەوتنی نیولیبرالیزمیش بووە زەمینەخۆشکەر بۆ مەیدانداری ڕەوتی ڕاستڕەو گەشەی نیوفاشیزم لەناو ئیسڕائیلدا، ئاواش هەر گۆڕانکارییەکی جیهانی لە تەرازووی هێزی نێوان بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرامبەر بزووتنەوە و ڕەوتە کۆنەپەرست و ڕاستڕەوە فاشیستەکانی قەومی و دینی، وە بەگشتی گۆڕانی هاوسەنگی هێزی نێوان چینی کرێکار و دەسەڵاتە بورژواکان، کۆمەگی دەکات بە گۆڕینی تەرازووی هێز هەم لەناوخۆی ئیسرائیل و هەم لەناوخۆی خەڵکی فەلەستیندا.
    بەم پێیە ڕێگەی ڕزگاری هەردوو گەلی فەلەستین و ئیسڕائیل، ڕێگەی کۆتاییهێنان بە وەحشیگەری نیوفاشیزمی ئیسڕائیلی و تیرۆری ئیسلامی سیاسی و چارەسەری کێشەی فەلەستین بەشێوەیەکی ڕیشەیی، هەمان ڕێگەی ئەنجامدانی ئەو ئەرکە بنەڕەتیانەیە کە لە دەستوری کاری کۆمۆنیزمدایە بەتایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەوانە لەناو ئیسڕائیل و فەلەستیندا، لە عێڕاق و کوردستانەکەیدا، کە ئەویش ڕێگەی ڕێکخراوکردنی چینی کرێکار و حزبیەت بەخشینە بە کۆمۆنیزم لە دەرونی ئەو چینە و هێنانەمەیدانی بزووتنەوەیەکی کۆمۆنیستی کرێکاری بەهێز و هەنگاونانە بۆ هێنانەدی ئینتەرناسیونالیزمی پڕۆلیتاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
    بەڵام دەستبەکاربوون بۆ گوڕبەخشین بە سەروساماندانی ئەم ئەرکە نەک هەر دەستوپێگیر نییە بۆ بەشداری کۆمۆنیستەکان و ڕێکخراوە جەماوەری و کرێکارییەکان لەناو هەر کەمپین و چالاکییەکدا کە لە ئێستادا لەئارادایە بۆ دژایەتی کردن و پوچەڵکردنەوەی سیاسەتەکانی (ناتانیاهۆ) و فاشیزمی ئیسڕائیلی بۆ درێژەدانیان بەم جەنگە و پیادەکردنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و پاکتاوکردنی فەلەستینیەکان، بەڵکو پێویستە دەستپێشکەر و ڕابەرییش بن لەو خەباتە ڕۆژانەییانەدا.

    سێپتێمبەری 2024




ستڕاتیژە سیاسییەکانی ناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێڕاق.. نادر عەبدولحەمەید

  1. ڕاست و چەپی ناسیونالیزم، دەستاودەستی دەسەڵات
    هاوڕای ئاڵوگۆڕە سیاسی و ئابووریـیەکان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتیـیە کۆمەڵایەتیـیەکان لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا، نەک هەر ئۆپۆزیسیۆنی قەومی لیبڕاڵ و ئیسلامی سیاسی وەک فشار بەسەر حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتدارەوە هاتوونەتە مەیدان، بەڵکو ناسیونالیزمێکی چەپی سەر بە ئایدیاکانی ئۆجەلان و ئەزموونی کوردستانی سوریا و تورکیای ئەو ڕەوتەش، گەشەیەکی کردووە لەبەرمبەر ناسیونالیزمی ڕاستڕەوانەی زاڵ لەناو کۆمەڵگەی کوردستانی عێڕاقدا، بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنیەوە.
    گەرچی لە ئێستادا ئەم ناسیونالیزمە چەپە وەک ئۆپۆزسیۆنێکی بەرجەستەی سیاسی و عەلەنی خۆی نەخستۆتەڕوو، بەڵام هێزێکی یەدەک و حەشاردراوی بزووتنەوەی ناسیونالیستیـیە بۆ جێگرتنەوەی دەسەڵاتی ناسیونالیستی ڕاستڕەو، لە کاتی هاتنەئارای قەیرانی دەسەڵات و لە توندپێچە مێژووییەکاندا، بەمانایەک دەستاو دەست پێکردنی دەسەڵات، لە نێوان ڕاست و چەپی یەک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی، کە ئەویش بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کوردە لە هەرێمەکەدا، بەڵام بەشکڵ و شێوازێکی جیاوازتر لەوەی کە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەوی لیبڕاڵ قەومی (نەوەی نوێ) و لایەنی تر، وەیا ئیسلامی سیاسی کۆنەپەرست لە ئێستادا لە هەوڵدان بۆی.
  2. سنوری ئەم وتارە
    لەم وتارەدا ناچمە ناو باسی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەکەی، ناچمە ناو باسی ناسیونالیزمی چەپ و ڕاست لە هەرێم، بەڵکو دەمەوێت تیشکێک بخەمەسەر بارودۆخی ئێستای بزووتنەوەیەکی چەپی دەرەوەی ڕەوتی ناسیونالیزمی چەپ، واتا ئەوەی کە ناسراوە بە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق. ئەمەش بە مەبەستی دەرخستن و بەرجەستەکردنەوەی ستڕاتیژە سیاسیـیەکانی ناو ئەم بزووتنەوەیە کە لە بەرامبەر گشت ئەم بارودۆخە سیاسی کۆمەڵایەتی و ئابووریەی هەرێمدا خراونەتەڕوو. وە لێرەشدا ناچمە ناو هەڵسەنگاندنی خەتە فکرییەکانەوە، بەڵکو باسەکەم پەیوەستە بە خەتی سیاسی و ستڕاتیژی سیاسیـیەوە. ئەوەش کە تا چەند خۆشباوەڕی (تەوەهومات) لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا هەیە بەرامبەر بە ناسیونالیزمی چەپ، یان کاریگەری ناسیونالیزمی چەپ لەسەر ئەم بزووتنەوە چەپ و کۆمۆنیستییە چەندە و چۆنە؟ ئەمەش باسێکی ترە و لێرەدا ناچمە ناویەوە.
  3. ئایە (حزبی شیوعی کوردستان) بەشێکە لە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستان؟
    بۆ ئەوەی ڕۆشن بێتەوە کە مەبەستمان لە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق چییە، پێویستە بزانین ئایە ئەم حزبە بەشێکە لەو بزووتنەوەیە یان نا؟
    (حشک)، نە لە مێژووی ڕاستەقینەی خۆیدا و نە لە ڕێبازە سیاسییەکەیدا، سەر بە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێراق نیـیە، لە ڕووی مێژوویـیەوە درێژکراوەی (ڕێکخراوی کوردستانی حزبی شیوعی عێراقی)یە، کە ئەو حزبە عێڕاقییە هەمیشە سازشکار و هاوکاری حزبە ناسیونالیستە کۆنەپەرست و سەرکوتگەرەکانی کورد بووە، بەتایبەتیش باڵی عەشایەر و هەرە کۆنەپەرست و دواکەوتووەکەی (پارتی)، چ لە ساڵانی شەستەکان و چ لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە بزووتنەوەی چەکداری ناو شاخەکانی سەرسنوردا، کاتێکیش (لە ١٩٩٣دا) ئەم ڕێکخراوی کوردستانە دەبێتە (حزبی شیوعی کوردستان) بەردەوامی بەهەمان خەت و ڕێبازی سیاسی دەدات لە نەوەتەکان سەدەی بیستەوە هەتا ئێستا.
    سەیرکەن لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا و لە (٣١ی ئابی ١٩٩٦) کە (پارتی) بەهاوکاری سوپای (بەعس) هەولێر دەگرێتەوە، (حشک) خاوەنی وەزیر بووە لەو حکومەتەی کە (پارتی) پێکیهێناوە لە هەولێر! سەیرکەن لە کاتێکدا لە (١٧ی شوباتی ٢٠١١)دا خەڵک ڕاپەڕیووە و (١٠) خۆپێشاندەر کوژراون، وەزیری ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێم و قسەکەری حکومەتی هەرێم ئەندامێکی مەکتەب سیاسی ئەو حزبە بووە! گەرچی لە کۆنگرەی حەوتەم (٢٠٢١)ەوە بڕیاردرا کە ببێتە حزبێکی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئۆپۆزسیۆنێک کە هەندێک لە ئەندامانی کۆمیتە ناوەندی و مەکتەب سیاسییەکەی ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم و ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتن! سەرەتای کۆنگرەکەشیان بە (سرودی ئەی ڕەقیب) کە سرودێکی قەومی ڕەگەزی (ئیسنیتکی) کوردە، نەک سرودێکی نیشتمانی کوردستانی، دەستپێکرد، سرودی ئینتەرناسیوناڵیان خستەناو تەنەکەی خۆڵەوە!
    (حشک) هەتا حزبێکی ڕیفۆڕمیستیش نەبووە و نیە، بەڵکو بەشێک بووە و ئێستاشی لەگەڵ بێت بەشێکە لە بزووتنەوەی کوردایەتی، هەتا لەناو کوردایەتیشدا باڵی چەپ نەبووە و نیە، ئەم حزبە بە چەمکی سیاسی لە ئەوروپای ڕۆژاوا، پێی دەڵێن حزبێکی ڕاستڕەوی مامناوەندی قەومی (یمین الوسط القومی)، لە کاتێکدا یەکێک لە تایبەتمەندیـیە گرنگەکانی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراقدا، هەستیاری و دوژمنایەتییە سیاسییەکەیەتی بەرامبەر بە حیزبە نەتەوەییەکان، کەچی مێژووی (حزبی شیوعی کوردستان) مێژووی پاشکۆیەتییە بۆ ناسیونالیزمی کورد و حزبە فەرمانڕەواکان، هەروەک حزبی دایکی خۆی (حزبی شیوعی عێڕاق) کە پاشکۆی ناسیونالیزمی عەرەب و ڕژێمە سەرکوتگەرەکانی وەک (بەعس) بوو. بۆیە ئەم حزبە نەک هەر کۆمۆنیست نیە، بەڵکو چەپێکی بورژوازی ناو کۆمەڵگەش نیە.
  4. چوارچێوەی گشتی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی
    بزووتنەوەی چەپ لە کوردستانی عێڕاق، دەرئەنجامی جیابوونەوەی ڕۆشنبیرانی مارکسیستە لە حزب و ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان لە ناوەڕاستی حەفتاکان بەدواوە تا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو. لە سەرەتای نەوەتەکاندا خۆی لە (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق)دا کۆکردۆتەوە، پاشان بە جیابوونەوەی بەشێکی بەرچاوی کادرەکان و بە هەڵمەتی سەرکوتگەرانەی حزبە ناسیونالیستەکان و ترۆری کادر و ئەندامانی و بنبەست و شکستی سیاسی، نەک هەر حزبەکە، بەڵکو گشت بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی بردە دواوە و پەرتەوازە بوو، هەڵسوڕاوان و کادر و ئەندامانێکی زۆر دەستیان لەکار کێشایەوە و کۆچیان بەرەو دەرەوەی وڵات کرد.
    دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەک (٢٠٠٠-٢٠١٠)، دەیەی پوکانەوە و پاشەکشەیەکی بەرچاوی ئەم بزووتنەوەیە بوو، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و وەڕێکەوتنی بزووتنەوەی بەرگری لە ئازادییە سیاسییەکان دژ بە ترۆری ڕۆژنامەنوس (سەردەشت عوسمان) لە (٢٠١٠) و پاشان (١٧ی شوباتی ٢٠١١) کە هاوکاتی شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقیا (تونس) و (میسر) بوو، ڕەوەندێکی ڕوو لە گەشە و چوونەپێشی بەخۆیەوە بینی، و نەوەیەکی تازەش بە ئەڵقە و کۆڕوکۆمەڵی مارکسیستیـیەوە هاتە مەیدان لە (٢٠١٣) بەدواوە.
    لە دە ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٤-٢٠٢٤)، بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێڕاقدا گۆڕانکاریـیەکی بەخۆوە بینیوە، وێڕای ڕووهێنانی نەوەیەکی تازە بۆ مارکسیزم، ئەو حزب و ڕێکخراوانەش کە پێشتر لەئارادابوون (حزبی کۆمۆنسیتی کرێکاری) و (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە، دەستەجاتی تازەی وەک (ئاڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی) و (ڕەوتی سۆسیالیستە شۆڕشگێرەکان-کوردستان) هاتوونە ئاراوە و ڕێکخراوی وەک (بەدیلی کۆمۆنیستی) هاتۆتە مەیدان.
    دیارە کە چەند ئەڵقە و دەستەجاتی تریش لە ناو سۆشیال میدیادا هەن، کە کاری پڕوپاگەندەی سۆشیالیستی ئەنجام دەدەن، یان بەکارێکی دیاریکراوی وەک وەرگێڕانی بەرهەمە فکری و سیاسییەکانی کەلەپوری مارکسیزمەوە مەشغوڵن. ئەمە جگە لە ژمارەیەکی زۆروزەوەند لە هەڵسوڕاوانی چەپ و کۆمۆنیست کە پێشووتر ئەندامی کارا و چالاکی حزب و ڕێکخراوەکان بوون و ئێستا لەبەرخۆیانەوە بە فەردی یان لەناو ڕێکخراوەیەکی جەماوەریدا، چالاکی ئەنجام دەدەن و مەیلی ڕێکخراو بوونی کۆمۆنیستانە (تەحزەووبی کۆمۆنیستی) و چالاکی ڕێکخراوەیی کۆمۆنیستیان زۆر لاوازە، لە ئەوروپا بۆ ئەو جۆرە کۆمۆنیستانە چەمکی “کۆمۆنیستی بێ خانەولانە-Homeless Communists” بەکار دەبرێت.
    تێبینی: (ئەڵقە) و (کۆڕوکۆمەڵ) وەک گردبوونەوەیەکی سەرەتایی، و (دەستە) وەک ئاستێکی بەرزتری گردبوونەوە بەکاردەهێنم. (حزب) (گرووپ)، (ڕێکخراو)، بۆ ئەو گردبوونەوانە بەکاردەبەم کە کارێکی سیاسی ڕێکخراو بەپێی ستڕاتیژێک ئەنجام دەدەن.
  5. بەراوردێک
    بە پێچەوانەی ساڵانی هەشتاکان و نەوەتەکانی سەدەی بیست، کە کێشمەکێش (جەدەل)ی فکری و سیاسی لە نێوان ئەڵقە و گروپ و ڕێکخروەکاندا تاوی سەندبوو، لەم دەورەیە لە ژیانی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق زۆر کەمتر ئەو خەباتە فکری و سیاسییە ناوخۆییەی نێوان حزب و ڕێکخراوەکان و گرووپ و ئەڵقەکان لە ئارادایە و هەر لایە سوورە لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەوانی تر و سەرگەرمی دنیای خۆیەتی. ئەڵبەتە ڕەخنە وەک دەستپێشەکەری کەسەکان لە سیاسەت و خەتی فکری ئەم یان ئەو حزب و ڕێکخراو لەئارادا بووە، ئەوەی مەبەستی منە ئەوەیە ئەو کارە وەک سیاسەتێکی دیاریکراو لە لایەن خودی حزب و گروپ و ڕێکخروەکانەوە بەرامبەر یەکتری نەگیراوەتەبەر.
    گەرچی ئەم کارە بۆی هەیە ببێتە گرژی و ئاڵۆزی پەیوەندیـیە ناوخۆییەکانی ئەو بزووتنەوەیە زیاتر لەوەی کە ئێستا لە ئارادایە، بەڵام مارکسیزم و کۆمۆنیزم نەک هەر لە ڕێگەی کێشمەکێشە فکری و سیاسییەکانەوە، دژی ڕەوتە زاڵ و سەرەکییەکانی فکری بورژوازی دێتە مەیدان و خۆی ئەزموون دەکات، بەڵکو دژی ئەو ڕەوت و مەیلە فکری و سیاسیانەش کە ڕەنگدانەوە و سێبەری ڕەوتە ئەسڵییەکانی بورژوازین لەناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیدا، خۆی مشتوماڵ دەکاتەوە، پێشڕەوی دەکات و کاربوردەکەی واتا شیاوی بەکارهێنانی مارکسیزم لەسەر کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئەزموون دەکرێت و وەک مێسۆد و جیهانبینییەکی گشتی لێکهەڵدەپێکرێت بە تایبەتمەندی جوگرافیایەکی دیاریکراوەوە.
  6. ئێستای بزووتنەوەکە
    – لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەشێک لە کەسان و لە ئەڵقە و کۆڕوکۆمەڵە مارکسیستەکانی نەوەی تازە کە ڕوویان هێنابوو بۆ مارکسیزم، ئێستا یا دەستبەرداری مارکسیزم بوون، یا خاوبوونەتەوە و نەیان توانیووە گەشە بکەن و بەرزببنەوە بۆ ئاستی خۆ ڕێکخراوکردن و هاتنەمەیدانی کاری سیاسی جدی، و وەک ئەڵقەی تاوتوێ کردنی باسە فکرییەکانی مارکسیزم درێژە بە خۆیان دەدەن.
    شکستی پڕۆژەی ڕۆشنبیرانی ناسیوناڵ لیبڕاڵ کە سوپایەک لە قەڵەم بەدەستان و میدیاکارانیان هەڵخراند بوو (بەسیج و تەحشید کردبوو) بۆ هەڵهەلە لێدانی هێنانەدی “دەوڵەتی یاسا” بە دەستاودەستپێکردنی دەسەڵات لە ڕێگەی پەرلەمانەوە و چووبوونە پشت (بزووتنەوەی گۆڕان)ی ئەو کاتە، بەڵێ شکستی ئەم پڕۆژەیە بەشێک لە ڕۆشبیران و نوسەرانی تازە لاوی ناو ئەو سوپایە و دەرەوەی ئەم سوپایەی توشی هەڵوێستە و تێڕامان کرد و ڕوویان هێنا بۆ مارکسیزم. ئێستا جێگەی داخە پاش تێپەڕبوونی لانی کەم دەهەێک (دە ساڵ) بەسەر هاتنەئارای ئەم نەوە تازەیەی مارکسیزمدا، نەیتوانی بگاتە ئەو ئاستە لە گەشە و پێشڕەوی کە چاوەڕوانی لێ دەکرا ببێتە “خوێنێکی تازە” بۆ ناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق.

    – دەستەی (ئاڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی)ی ڕۆژنامەکەیان (ڕێچار) دوو ساڵ زیاترە وەستاوە، ماوەیەکیشە ماڵپەڕی سەرەکی ئەم دەستەیە و ماڵپەڕی ڕۆژنامەکەشیان لەکار کەوتووە. ئەمە جگە لەوەی کە ئەم دەستەیە پێشتریش هەر لە ساڵی شکڵگیرییەکەوە (ئەیلولی ٢٠١٦) تا ئێستا (کە نزیک بە هەشت ساڵە)، پەنای نەبردۆتە بەر خستنەڕووی ستڕاتیژێک بۆ کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی، و دەرکردنی بەیاننامە و هەڵوێست نواندن، وە زیاتر مەشغوڵی پڕوپاگەندەی سۆشیالیستی بووە دژی سەرمایەداری و بورژوازی بە شێوەیەکی گشتی. لە باشترین حاڵەتدا دەکرێ بڵیین ئەم پڕوپاگەندەیە ستڕاتیژیان بووە لە هەشت ساڵی ڕابردوودا، و نەیانتوانیوە لەو ئەلقە سەرەتاییە واوەتر بڕۆن و بێنەدەرەوە بۆ ناو جیهانی مارکسیزمی پڕاتیک و چالاکی سیاسی و ڕێکخراوەیی کۆمۆنیستی، لە شوێنی خۆیان گیریان کردووە و هیچ دۆکیومێنتێکی ڕەسمیشیان ڕانەگەیاندووە کە بۆچی ڕۆژنامەکەیان وەستاوە؟ بۆچی ماڵپەڕەکانیان وەستاوە؟ بۆچی هیچ شتێک بەناوی دەستەکەوە لە ئارادا نەماوە؟

    – دەستەی (ڕەوتی سۆسیالیستە شۆڕشگێرەکان-کوردستان)، سەربە سوننەتێکی فکری و سیاسی دیاریکراون، کە ئەویش هێڵی فکری تڕۆتسکی – تۆنی کلیف و (حزبی کرێکارانی سۆشیالیست-بریتانیا)یە، و چالاکن لە سۆشیال میدیا و پڕوپاگەندەی سۆشیالیستی و ڕەواجدان بە بەرهەمەکانی ئەو خەتە فکریە و بەگشتیش بە بەرهەمە مارکسیستی و سۆشیالیستیـیەکان. ئەم دەستەیە هەنگاوی هەڵێناوەتەوە بۆ دیاریکردنی هێڵی بەرنامەیی و سیاسی خۆی لە ئاستێکی زۆر گشتیدا، لە دۆکیومێنتێکدا بەناوی (هێڵی گشتی سیاسەتەکانی …)، بەڵام هێشتا ستڕاتیژی کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی؛ ئەوەی کە لە کوردستاندا دەیەوێت چی بکات و چۆن ئەنجامی بدات و بۆی هەڵسوڕاو بێت، بە دیاریکراوی نەیخستۆتەڕوو، هەر بۆیە ئەمیش هەڵوێست نواندنی سیاسی نییە، وەک دەرکردنی بەیاننامە بەناوی گرووپەکە خۆیەوە، لەسەر بارودۆخی سیاسی و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و خۆپێشاندانەکان لە هەرێمی کوردستان، وەیا بۆنەکانی هەشتی مارس و یەکی ئایار. لە نێوان هاوڕێیانی ئەم دەستەیە و هاوڕێیانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)دا، پەیوەندییەکی هاوڕێیانە بۆ دیالۆگ و بیروڕا گۆڕینەوە، ناوەناوە لە ئارادایە، بەڵام پەیوەندیەکی فەڕمی و ئامانجدار بە مەبەستێکی دیاریکراو نییە، وەک ئەوەی کە پێشتر لە نێوان (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) و (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)دا هەبوو.

    – ڕێکخراوی (یەکێتی کۆمۆنیستەکان لە عێڕاق)، دوای چەند دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق) لە کۆتایی تشرینی دووەم (نۆڤێمبەر)ی (٢٠١٨) بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد، کە تیایدا هاتووە […. مەبەستی سەرەکی ئەم دانیشتن و گفتوگۆیانە واوەتر بوو لە کاری هاوبەش و هاوکاری نێوان دوو ڕێکخراوی سیاسی، و لە بنچینەدا ئامانج لێی پێکهێنانی هاوفکری و هاوڕایی سیاسی و بەرنامەیی و چونەناو پڕۆسەیەکی سیاسی عەمەلیـیە بۆ یەکگرتوویی و هەنگاونان بەرەو هێنانەدی حزبێکی کۆمەڵایەتی مارکسیستی شوڕشگێر]، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەوە کە هاوڕێیانی (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) مەیلیان بەلای ئەزموونی سیاسی (پەیەدە -پارتی یەکێتی دیموکرات) لە کوردستانی سوریا و ئایدیا و ئایدیۆلۆژیای پشتی ئەم ئەزموونە پەیدا کرد، بە عەمەلی کشانەوە لەم پەیوەندیـیە و لەم پڕۆسەیەی کە بڕیاربوو بچنەناویەوە لەگەڵ (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)دا.
    ئێستا (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) نزیک بە دوو ساڵە، هیچ چالاکییەکی عەمەلی و عەلەنی ئەنجام نەداوە بەناوی ڕێکخراوەکەوە، هیچ بەیاننامەیەکی دەرنەکردووە لەسەر ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و خۆپێشاندانەکان و بۆنەکانی وەک هەشتی مارس و یەکی ئایار، کە ساڵانی پێشووتر ئەو کارەی دەکرد. وە هیچ ڕاگەیاندنێکیشان دەرنەکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو “ڕێکخراوە” و کۆتایی هاتنی.

    – هەرچی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق)ە لەلایەن (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان)ەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێڕاق) و (ئاڕاستەی مارکسستی هاوچەرخ)، تا ئێستا نەک هەر لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی هەرێم و لەناو ناڕەزایەتییەکاندا، بەڵکو لەناو خودی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیشدا، چالاکییەکی سیاسی ئەوتۆیان نییە لە کوردستانی عێڕاق.

  7. سێ ستڕاتیژ لەناو بزووتنەوەکەدا
    سەرەتا ئەوە بڵێم کە ناوەڕۆک و جەوهەری هەر ڕەوتێک، هەر حزب و ڕێکخراوێک، ئەو پڕاتیکە سیاسییەتی کە لە جیهانی واقعیدا پیادەی دەکات، نەک ئەوەی سەر بە چ خەتێکی فکریـیە و بانگەوازی چ فکر و ئایدیۆلۆژیایەک دەکات.
    پڕاتیکی سیاسی هەر حزب و ڕێکخراوێکیش بەدەوری تەوەرەێک (چەقێک،ناوەندێک،میحوەرێک)دا دەسوڕێتەوە. واتە کێشەیەک، گرفتێک، یا مەسەلەیەک دادەنرێت بە گرێ و کێشەی سەرەکی و جەوهەری کە کۆمەڵگە گیریخواردووە بەدەستیەوە، جا لێرەوە چالاکی و کاری سیاسی ئەنجام دەدرێت بۆ چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی ئەو کێشە و گرفتە و مەسەلە ئەسڵی و جەوهەرییە.
    ئەوەی پێی دەوترێت ستڕاتیژ بریتییە لە کۆیەکی ئۆڕگانیکی تەوەرە و پڕاتیکەکە وەک یەکەیەکی لێکهەڵپێکراو، واتا بریتییە لە یەکەیەکی پێکهاتووی ئۆڕگانیک لەو ناوەندە کە بەدەوریا پڕاتیک ئەنجام دەدرێت، ئەمە بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەتیش تاکتیک دەگیرێتەبەر لە قۆناغە جیاوازەکان و لە هاوسەنگی هێزی جیاواز و لە ئاستە جیاوازەکانی خەباتدا بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕاتیکە، بەم پێیە تاکتیک بەشێکە لە ستڕاتیژ و پێکهێنەریەتی و لێی جیانابێتەوە.
    تا ئەو شوێنەی کە پەیوەست دەبێتەوە بە ستڕاتیژی کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی لەناو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی ئەمڕۆی کوردستانی عێڕاقدا ڕووبەڕووی دوو هێڵ و ڕێبازی سیاسی جیاواز بە یەکترین. کە یەکێکیان ستڕاتیژی (حکک کوردستان)ە و ئەوی تر هی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)یە.
    پێشتر ستڕاتیژێکی تر کە (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) لەسەری دەڕۆیشتن لە ئارادا بوو، بەڵام ئێستا بەو پێیەی کە ئەم ڕێکخراوە هیچ جۆرە چالاکییەک لە خۆی نیشان نادات و هاوڕێیانی ئەو ڕێکخراوەش ڕوویان هێناوە بۆ ستڕاتیژ و بەرنامە و ئایدیایەکی تر کەسەر بە ئەزموونی کوردستانی سوریایە، بۆیە خودی ستڕاتیژەکە لە مەیداندا نەماوە، بەڵام ئێمە لە کۆتاییدا بۆ بەرجەستەکردنەوەی هەرچی زیاتری ستڕاتیژی کۆمۆنیستی و جیاوازی لە ستڕاتیژەکانی تر باسی لێوە دەکەین وەک ستڕاتیژی سێیەم.

    – ستڕاتیژی سەربەخۆیی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان.
    ئەم ستراتیژە لە بەڵگەنامەکانی دامەزراندنی ئەم حزبەدا لە (٢٠٠٨) و لە بەرنامە و چەندین بەیاننامە و ڕاگەیاندنی پلینۆمەکانی کۆمیتەناوەندی و بڕیارنامە و پەسندکراوەکانی حزبیدا هاتووە، وە لە ڕووی کردەی سیاسیشەوە، ئەم حزبە نەک هەر چووە پشتی “ڕیفراندۆم” لە ئەیلولی (٢٠١٧)دا، بەڵکو بە بەشداری کۆڕ و سمیناریش لەلایەن کادرەکانی ڕابەری حزبەوە چالاکانە بۆی هەڵسوڕاو بوو. ئەمە و سەربەخۆیی کوردستان و ڕیفڕاندۆمەکە جێگەی پشتیوانی حزبە کۆمۆنیستییە کرێکارییەکانی تری وەک (حکک عێڕاق) و (حکک چەپی عێڕاق) و حزبە کۆمۆنیستە کرێکارییەکانی ئێرانیشە.
    (حکک کوردستان) بۆ ماوەی دە ساڵ (٢٠٠٨-٢٠١٨) پافشارییەکی یەکجار زۆر زەقی لەسەر سەربەخۆیی کوردستان کردۆتەوە، بەڵام شکستی ناسیونالیزمی کورد بەدوای “ڕیفڕاندۆم”ەکەدا ئەوانەشی توشی داماوی کرد کە لە لای چەپیەوە وەستابوون، بۆیە هێواش هێواش مەسەلەی پێداگرتن و باسکردنی سەربەخۆیی کوردستان لای حزب، ساڵ لەدوای ساڵ کاڵ و کاڵتر دەبێتەوە لە بەیاننامە و ڕاگەیاندنی پلینۆمەکان و بڕیارنامەکاندا تا دەگات بە دوایین کۆنگرە (کۆنگرەی شەش/ مارسی ٢٠٢٤)، کە لە جیاتی پێداگری لەسەر سەربەخۆی لە ڕاگەیاندنی کۆتایی کۆنگرەکەدا هاتووە [پێویستی بەرجەستەبوونی حزب وەک حزبێکی ئۆزسیۆنی سەرەکی … و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی گەندەڵ و … دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆراکانی خەڵک. … پێداگری لەسەر بردنەسەری یەکدەستی زیاتری هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق و کوردستان]. وە لە بڕیارنامەی بارودۆخی سیاسی و سەرخەتی سیاسەتەکانی حزب پەسندکراوی کۆنگرەکەدا هاتووە [چارەسەری مەسەلەی کورد لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵکی کوردستان بۆ بڕیاردان لەسەر مانەوە لە چوارچێوەی عێڕاقدا،… یا جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ] تا ئێستا هیچ دۆکیومێنتێک لە ئارادا نییە کە بڵێت ستڕاتیژی سەربەخۆیی وەلانراوە و ستڕاتیژێکی تر خراوەتە جێگەی. دواتر باس لەم بێدەنگیـیە دەکەین.
    کاتێک شەپۆلێک لە خۆپێشاندان سەریهەڵدا لە تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر)ی (٢٠١٥)دا و جەماوەری توڕە و ناڕازی بارەگای زۆرێک لە حزبەکان نەک هەر ئەوانەی دەسەڵات، بەڵکو بارەگای (بزووتنەوەی گۆڕان) و حزبە ئیسلامییەکان و (حزبی شیوعی کوردستان) و (حزبی سۆشیالیستی کوردستان)یشان سوتاند، وە کەوتنەبەر هێرش و پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵات و چەند لاوێکیش تیا کوژران، ئا لەو بارودۆخەدا، سەیرکەن (حکک کوردستان) بەیاننامەیەکی دەرکرد لە (٣٠-١٠-٢٠١٥)دا بە ناونیشانی (دەسەڵاتی بورژوا-ناسیونالیستی کورد مایەپوچ بوو، ڕێگاچارە پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیە). من هەر ئەو کاتە بە زنجیرە وتارێک بەناوی (دوو بەڵگەنامە. ئاناتۆمی کۆمۆنیزمی کرێکاری کوردستان) ڕەخنەم هەم لەم بەیاننامە و هەم بەیاننامەی (١٥-١٠-٢٠١٥)ی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێڕاق) گرتووە کە ئەویش هەمان ستڕاتیژی خستبۆ ڕوو.
    پێنج مانگ بەر لەو بەیاننامەیەش، لە (٣٠/٥/٢٠١٥) لە ڕاگەیاندنی پلینۆمی (١٨) هەژدەهەمی حزب باس لە (زەرورەتی خەباتی لێبڕاوانەی بۆ پاکردنەوەی داعش) دەکات کە (بەربەستێکە لەسەر ڕێگا گەیشتنی کۆمەڵگای کوردستان بەدەوڵەتێکی سەربەخۆی ئازاد و سکولار و بەدیهێنانی ئازادی‌ …). بەم پێیە تاکتیکی خەباتی لێبڕاوانە دژی داعش سەرچاوەکەی لە ستڕاتیژی (گەیشتنی کۆمەڵگای کوردستان بەدەوڵەتێکی سەربەخۆی ئازاد و سکولار) دایە.

  8. بیست و یەک ڕۆژ دوای پلینۆمەکەش لە (٢٠-٦-٢٠١٥)دا بەیاننامەیەک بە هەمان تام و چێزی پڕ لە ترش و خوێی ڕاگەیاندنی پلینۆمەکە دەرچووە بەناوی [سەبارەت بە: بارودۆخی سیاسی کوردستان ‌و ئاراستەی ڕووداوەکان!] و دەڵێت: [حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بڕوای وایە کە کۆتاییهێنان بە تاڵان ‌و بڕۆی قوتی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە بەبیانوی شەڕی داعش‌‌ و نەناردنی بودجە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، بڕینی بیانوەکان ‌و دەرهێنانی کوردستان لەو گێژاو و بنبەستە سیاسی ‌و ئابورییەی تێی کەوتوە و هەروەها ڕزگارکردنی خەڵک لە هەڵواسران لەنێوان ململانێ ‌و کێشمەکێشی دەسەڵاتێکی بێ ئاسۆی بۆرژوازی کورد و حکومەتی ناوەندی، و ئەو هەموو گرفت ‌و کارەساتەی ڕوبەرووی خەڵکی کوردستان دەکرێتەوە، زەرورەتی دەستبەجێی جیابوونەوەی کوردستان‌ و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کردۆتە ئەولەویەتی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان. لەم پێناوەدا حیزب لێبڕاوانە کاردەکات‌ بۆ ئامادەکردنی تواناییەکان ‌و ڕێکخستنی ڕیزەکانی جەماوەری خەڵکی کوردستان بۆ کۆتایی هێنان بەم بارودۆخە و شکاندنی تەوقی گریدانەوەی ئاسایش ‌و ئارامی و ژیان ‌و ئایندەیان بەدیار ڕێگاچارەکانی ئەحزابی بۆرژوازی کورد و دەوڵەتانی ناوچەکە و وڵاتانی ئیمریالیستیەوە. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان تێدەکۆشێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە کوردستان.]

ماویەتی … لە بەشی داهاتوودا دێینەسەر:
– لە گێژاوی سیاسی کوردستانەوە بۆ گێژاوی خەتی ستڕاتیژ لەناو حکک کوردستاندا.
– ناوەڕۆکی ستڕاتیژەکەی ئەم حزبە چ جۆرە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمێکە؟
تەمموزی ٢٠٢٤




تیشکێک بۆسەر پێکهاتەی چین و توێژەکان و خەباتی چینایەتی لە هەرێمی کوردستاندا.. نادر عەبدولحەمید

دوو چەمکی سیاسی

“هەرێمی کوردستان” و “حکومەتی هەرێم”، لە فەرهەنگی ناسیونالیزمی کوردا، وەک بەرهەمی بزووتنەوەی چەکداری و زیندانی چالاکوانانی سیاسی و لەسێدارەدانیان بۆ لابردنی ستەمی نەتەوایەتی و سەربەخۆیی کوردستان لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، بەڵام لە واقعدا ئەم “هەرێم” و “حکومەت”ە، وەک چەمکێکی سیاسی و واقعیەتیێکی مێژوویی، بەرهەمی ئاڵوگۆڕە مێژووییەکانی کۆتایی سەدەی بیستە، لە داڕمانی یەکێتی سۆڤییەت، کۆتایی جەنگی سارد، و خۆداسەپاندنی میلیتاریستانەی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دەروازەی عێڕاقەوە وەک پۆلیسی جیهانی یەک قوتبی، وە بە دیاریکراوی بەرهەمی جەنگی کەنداوی (١٩٩١) و داسەپاندنی ناوچەی دژە فڕینی فڕۆکە (No Fly Zone) و پاشان ڕووخاندنی (ڕژێمی بەعس) بوو لە (٢٠٠٣)دا.
ستڕاتیژی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لەو کاتەدا، بۆ پیادەکردن و جێگیرکردنی، پێویستی بە چالاک کردنی ئۆپۆزیسیۆنی قەومی و مەزهەبی عێڕاق بەگشتی و ناسیونالیزمی کورد هەبوو بەتایبەتی. لێرەوە حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی خۆیان هاوئاهەنگ و هاوخەتی ستڕاتیژی ئیمپریالیستی ئەمریکی و ئەو ئاڵوگۆڕە جیهانی و ناوچەییانە کرد. بۆیە “هەرێمی کوردستان”ی عێڕاق و “حکومەتی هەرێم” بەرهەمی یەکانگیربوونی ستڕاتیژی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوخەتبوون و چالاکبوونی ناسیونالیزمی کوردە، وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی چەکدار لەناو ئەو ستڕاتیژ و سیاسەتە ئیمپریالیستیـیەدا.
سنوری پانوپۆڕی و بەرتەسکی ئەم “هەرێم”ە و دەستڕۆیشتوویی “حکومەت”ەکەی، و جێگەوڕێگە و بەهایەکیش کە هەیبووە، بۆ دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتانی بۆرژوا کۆنەپەرستی ناوچەکە و بۆ سەرمایەدارانی کوردستان، لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا هەمیشە لە گۆڕاندا بووە، دیارە کە لەم حاڵەتەی ئێستاشدا نامێنـێـتەوە. هەتا ڕوانگەی جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستانیش بەرامبەر بە “هەرێم” و “حکومەت”ەکەی ئاڵوگۆڕی زۆر جدی و ڕیشەیی بەسەردا هاتووە.
ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵاتدارەتی لە هەرێم
ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵات لەو هەرێمە، لە سێ قۆناغدا و بە شکڵ و شێوازی تایبەت لەهەر قۆناغێکدا خۆی دەرخستووە.
قۆناغی یەکەم. لە دوازدە (١٢) ساڵی یەکەمدا (١٩٩١-٢٠٠٣)، بەو هۆیەوە کە لەو سەردەمەدا، شیرازەی کۆمەڵگە لە سەراسەری عێڕاق و لە کوردستانیشدا لە گرێژنەچوو بوو، نەداری و برسیەتی بەهۆی گەمارۆی ئابووری (نەتەوە یەکگرتووەکان)ەوە لەسەر عێڕاق لە ئارادابوو، جەنگی ناوخۆیی نێوان دوو زلهێزی چەکداری بزووتنەوەی کوردایەتی (پارتی و یەکێتی) کۆمەڵگەی لولدابوو،… بەڵێ لەم بارودۆخەدا ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵاتدارەتی لەم هەرێمەدا لە شکڵی داسەپاندنی زەبروزەنگی هێزی میلیشیایی پێشمەرگایەتییەوە بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی ئازادانە و سەربەخۆی جەماوەر لەو فەزا ئاوەڵە سیاسیـیە و لەو بۆشایـیە سیاسیـیەدا کە هاتبۆ ئاراوە بە ئاشکرا خۆی نیشان دەدا، [بۆ نمونە هەر لەسەرەتاوە کەوتنە گرتنەخۆی هەموو سەرکۆک جاشەکان و پێدانی پلەوپایە پێیان، پەلاماری بزووتنەوەی شۆرایی و (یەکێتی بێکاران)یاندا، دەستیانکرد بە ڕەشەکوژی ژنان، کەوتنە پیادەکردنی سەرکوت و تیرۆری سیاسی و ڕێگری لە ڕێکخراوبوونی ئازادانە و هاوکاری هەردوو ڕژێمی کۆنەپەرستی جمهوری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی تورکیای شۆفێنیست بۆ تیرۆری ئۆپۆزیسیۆنی ئەو دوو وڵاتە و هێرش بۆسەریان]. ئەمە و لە لایەکی ترەوە ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵاتدارەتییەکە لەوەدا خۆی نیشان دەدات کە قۆرخکردنی ئەو کۆمەگییە ئینساندۆستیانە بوو کە دەهات بۆ کوردستان. بەپێی لێدوانی بەرپرسێکی پلە یەکی حزبێکی دەسەڵات؛ داهاتی هەرێمەکە لە کۆمەگ و لە گومرگی ناوخۆ، کراوە بە سێ بەشەوە؛ (%٣٠)ی بۆ (پارتی)، (%٣٠)ی بۆ (یەکێتی)، و باقییەکەشی بۆ چەند ملیۆن کەس لە جەماوەری بێکار و هەژار و ئاوارە و برسی. ئەمە جگە لە ڕاووڕووت و بەتاڵانبردنی هەر شتێک کە هی کەرتی گشتی و موڵکی کۆمەڵگە بووبێت، لە لایەن ئەو دوو حزبەوە، هەر لە کەلوپەلەکانی (بەنداوی بێخمە)وە بیگرە تا کۆکردنەوەی تەل و سیمی عمودی کارەبا و مس و فافۆن و فرۆشتنی بە بازرگانانی ئێران و تورکیا.
قۆناغی دووەم. دوای ڕووخاندنی (ڕژێمی بەعس ٢٠٠٣) باروودۆخەکە تەواو گۆڕا، ناوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵاتدارەتی هەرێم و حکومەتەکەشی، لەم قۆناغی دووەمەدا بە شکڵ و شێوازێکی کامڵتر و ڕوونتر گوزارشی لە خۆی کرد. لە (٢٠٠٣) بەدواوە مۆتەکەی بەعس ڕەویەوە لەبەرچاوان، ئارامی و دڵنییای سیاسی هاتەئاراوە، لە هەمانکاتیشدا پوڵ و پارەیەکی زۆر لە خەزێنەی گشتی عێراقەوە هات بۆ کوردستان، ئەم سەردەمە بە سەردەمی تەخشان و پەخشانی دۆلار و دروستکردنی گەڕەکانی “فیرعەوناوا” لە شارەکاندا ناسراوە، کە تیایدا گەندەڵکاری بە یاسا کراوی لە ڕاددەبەدەری هەردوو حزبی دەسەڵات سەراپای کۆمەڵگەی داپۆشی.
لەم قۆناغەدا پەیوەندی نێوان سەرمایەداران و دەسەڵات زۆر توندوتۆڵتر بوو، ئەڵقەیەکی بەرفراوان لە گەورە بازرگان و بەڵێندەر و خاوەن پڕۆژە و کۆمپانیاکان، لە گەورە بەرپرسانی حکومی و حزبی و پلەدارانی هێزی پێشمەرگە و ئەندام پەرلەمانان و توێژی سەرەوە لە کەسایەتی ناو دامەزراوە ئایینییەکان و بنەماڵە شێخ و عەشایەرەکان و سەرۆک جاشەکانی پێشوو، هەروەها بەڕێوەبەران و هەڵسوڕێنەرانی دامودەزگای زەبەلاحی میدیایی حزبەکان و توێژێک ئەگەرچی بچوکیش لەسەرمایەدارانێکی دەرەوەی کوردستان کە هاتوون بۆ ئەم هەرێمە و سەرقاڵی وەبەرهێنان و خاوەن پشکن وەیا پڕۆژەی ئابوورییان هەیە، هەر هەموو ئەم توێژانە بەدەوری هەردوو حزبی دەسەڵات و (حکومەتی هەرێم)دا کەمەریان بەست و هەر هەمووشیان لە گەندەڵی و مشەخۆی بەهرەمەندبوون وەک توێژی جۆراوجۆری چینی سەرمایەدار و پایە و بنکەی دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیست لە کوردستانی عێڕاقدا.
یەکگرتوویی ئەم توێژە جۆراوجۆرانە لەسەر سفرەخوانی گەندەڵکاری هەر دوو حزبی دەسەڵات، یەکێک لە بنەماکانی یەکگرتنەوەی هەردوو “ئیدارەی هەولێر” و “ئیدارەی سلێمانی” بوو لە حکومەتێکی هاوبەشدا بەناوی (حکومەتی هەرێم)، وە بنەمایەکیش بوو بۆ “هاوپەیمانەتی ستڕاتیژی ٢٠٠٧”ی نێوان (یەکێتی و پارتی).
ئەمە لە کاتێکدا بوو کە خەڵکی بەدەست نەبوونی ئاو و کارەبا و جادە و ڕێگاوبان و نەبوونی باڵەخانە بۆ قوتابخانەکان و کەمی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پەروەردەوە دەیانناڵاند و ڕۆژانە توێژە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان ناڕەزایەتیان دەردەبڕی تا ئەوەی لە ئاب/ئۆگۆستی (٢٠٠٦)دا بووە تەقینەوەیەکی جەماوەری و بەدوای ئەویشدا بە کوشتنی (سەردەشت عوسمان، لە ئایاری ٢٠١٠)، بزووتنەوەی دژبە بەرتەسکردنەوەی ئازادییە سیاسی و فکرییەکان سەریهەڵدا، ئەمە و کردەوەکانی ئەم دەسەڵاتە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان سەریکێشا بۆ چوونەپێشەوەی ئاگاهی سیاسی جەماوەر و بۆ ڕاپەڕینی (١٧ی شوباتی ٢٠١١) کە هاوکات بوو لەگەڵ شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقا لە تونس و میسر و جەماوەر خوازیاری هەڵپێچان و گۆڕینی دەسەڵات بوون.
ئەمە یەکەم جار بوو لە مێژووی ئەم هەرێمەدا، جەماوەر بەئاگا بێتەوە لەو قەڵشتە گەورەی نێوان خۆی و دەسەڵات و بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بەرفراوان بەڕێبخات بۆ هەڵپێچانی دەسەڵاتی خۆماڵی. ئەڵبەتە حزب و ڕێکخراوەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی هەمیشە خوازیاری ئەوە بوون، بەڵام ئەمە جیاوازە لەوەی کە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی خۆی ئەو خواستە بخاتەڕوو.
قۆناغی سێیەم. هەرچی ناوەڕۆکی چینایەتی ئەو دەسەڵاتدارەتی و حکومەتەیە لە دە (١٠) ساڵی سێـیەمدا (٢٠١٤-٢٠٢٤) زۆر کامڵتر، و بەرجەستەتر بووە پێـبەپـێی کەڵەکەی سەرمایە و پەرەسەندنی سەرمایەداری لە هەرێمەکە و ئینتگرەبوونی بە سەرمایە و سەرمایەداری وڵاتانی دراوسێ و کۆمپانیا جیهانییەکانەوە.
لە هەرێمی کوردستاندا حکومەتێکی تەکنۆکراتمان نیـیە لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و بەڕێوەبەر کە موچەخۆری سەرمایەداران بن و خزمەت بە بەرژەوەندیـیەکانی ئەوان بکەن، بە قسەی مارکس و ئنگڵز بڵێین ئەوانە نوێنەری حکومی و سیاسی سەرمایەدارانن و ئیدارەی دەوڵەتیان بۆ دەکەن و موچەیەکی مفتیش وەردەگرن، بەڵکو خودی ئەوانەی کە خاوەنی گروپە کۆمپانیا و پڕۆژە هەر گەورەکانن، خاوەن بانکەکان و ملیاردێری دۆلار و قۆرخکاری سامانی سروشتی نەوت و گاز و کەرتی بازرگانی و زەویوزار (عەقارات)ن، بە بەمانایەک هەر خودی ئەوانەی کە نەهەنگ (حوت) و قرشی سەرمایەدارین و خاوەن سەرمایەی مۆنۆپۆلن لە کوردستاندا، هەر ئەوانەشن کە بەڕێوەبەری حکومەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانن و خاوەن میدیایەکی زەبەلاح و میلیشیا و ڕایەڵەی سیخوڕی و دامودەزگای دژە تیرۆر و دابینکردنی “ئاسایش”ی سەرمایەن لەبەرامبەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵکیدا.
ئەمڕۆ لە کوردستانی عێڕاقدا سەرمایە و سیاسەت و حزبایەتی حزبەکانی دەسەڵاتدار یەکەیەکی تۆکمە و لێکهەڵپێکراوی لەیەک جیانەکراوە پێکدەهێنن و خاوەن بەرژەوەندی ستڕاتیژیین لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وەبەرهێنان و بازرگانی سەربە وڵاتانی زلهێزی ئیمپریالیستی ئەمریکی و ئەوروپی و چینی و ڕوسی … وێڕای گرێدراوی بەرژەوەندە ئابووری و سیاسی و ئەمنیـیەکانیان لەگەڵ بورژوازی وڵاتانی ناوچەکە و میرنشینەکانی کەنداو.

داسەپاندنی سیاسەتی نیولیبرالیزم
هەر لە سەرەتای خۆداسەپاندنی میلیشیانەی (بەرەی کوردستانی)، لە (١٩٩١)ەوە، سیاسەتی بازاڕی ئازدیان گرتۆتەبەر و کۆمپانیا حزبی و بنەماڵەییەکانیان وەگەڕ خستووە، چ لە بواری بەرهەمهێناندا بێت یان بازرگانی و خزمەتگوزاری، بۆ قۆرخکردنی سەروەت و سامانی گشتی و کەڵەکەی سەرمایە، تا ئەوەی کە بارودۆخ گونجاو بوو بۆ دەرکردنی (یاسای وەبەرهێنان) لە (٢٠٠٦)دا.
کە بەپێی ئەو یاسایە نەک هەر کۆمپانیاکانی ناوخۆیی، بەڵکو کۆمپانیا بیانییەکانیش وێڕای ئەوەی لە باجی داهات و گومرگی کەلوپەلی هاوردە دەبەخشرێن، زەویوزاریشیان پێ دەدرێت و هەزار و یەک کۆمەگی و دەستگرۆییشیان دەکرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. ئەمەش لە کاتێدکدا کە هیچ جۆرە قسەیەک لە مافی کرێکار و یاسای کار و دەستبەرکردنی بیمە کۆمەڵایەتییەکانی کار ناکرێت، وە لە کاتێکیش دابوو کە قەیرانی خانووبەرە و کرێنشینی لە ئارادابوو، وە خەڵکی بەدەست کەمی خزمەتگوزارییەکانەوە دەیان ناڵاند، حکومەت و حزبەکانی دەسەڵات وەڵامی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەریشیان نە دەدایەوە، لێرەوە ناوەڕۆکی چینایەتی ئەو سیاسەتە ئابووریانە تەواو ڕۆشنە کە چۆن دژە جەماوەرن و لەبەرژەوەندی توێژە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەداران بووە.
بەڵام بەدوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە (٢٠١٤) بەهۆی گرتنەبەری سیاسەتی (سەربەخۆیی ئابووری) لە لایەن حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی دەسەڵاتەوە، تەواوی ئەو یاسایانەی کە دەرکراون لەگەڵ ئەو ڕێنمایی و ڕێکارانەی کە گیراونەتەبەر لە کابینەی هەشتەم و دوای ئەویش کابینەی نۆیەم هەر هەموویان ناوەڕۆکێکی چینایەتی دژ بە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و کەم دەرامەت و هەژاری کوردستان بووە.
ئەم دوو کابینەیە بەردەوام خەریکی بڕینی مووچە بوون سەرەتا لە کابینەی هەشتەمدا بەناوی “پاشەکەوتی موچە”ەوە و دواتریش لە کابینەی نۆیەم بەرپرسیارەتی “پاشەکەوت”ی لەسەر شانی خۆی لابرد و ڕایگەیاند هەر کاتێک حکومەت داهاتی هەبوو بڕی مووچەش بەپێی ئەو داهاتە دەدات، ئەمە جگە لە پشتگوێ خستنی کەرتە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا بوو کە نەوتی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهاندا فرۆشراوە و کۆمپانیاکان بە ملیۆنەها و ملیارەها دۆلاریان پاشەکەوت کردووە.
خاڵێکی جەوهەری کە پێویستە ئاماژەی پێ بدەم سەبارەت بە سیاسەتی ئابووری ئەم ڕژێمە لە هەرێمی کوردستاندا، ئەویش ئەو کۆنفراسەیە کە لەسەر داوای (حکومەتی هەرێم) لە (٣٠-٥-٢٠١٦) لە لایەن (بانکی نێودەوڵەتی) و بە میوانداری (نەتەوە یەکگرتووەکان) لە هەولێری پایتەخت بەڕێوە دەچێت لەژێر ناوی (ڕیفۆرم لە ئابووری هەرێمی کوردستاندا)، کە ستڕاتیژێکی سێ ساڵە و پلانی ڕیفۆرمی ئابووری هەرێمی کوردستانی تیادا ڕاگەێندرا. کە لە ناوەڕۆکدا پیادەکردنی سیاسەتی خەسخەسە و داسەپاندنی سیاسەتەکانی نیو لیبرالیزم بووە.
ناوەڕۆکی ئەو پلان و ڕیفۆڕمە؛ شانخاڵی کردنەوەی حکومەتی هەرێم بووە، هەرچی زووتر و خێراتر، لە خەرجیە گشتییەکان، وەستاندنی دامەزراندن و کارپێدان لە کەرتی گشتی و کەمکردنەوەی ژمارەی کرێکار و کارمەندەکانی، ڕادەستکردنی خزمەتگوزاریەکان و پێشکەشکردنیان بە هاوڵاتیان لە ڕێگەی کۆمپانیاکانەوە کە هەریەکەیان بەجۆرێک سەر بە حزبەکانی دەسەڵاتن. کابینەی نۆهەمیش کە بە دروشمی چاکسازیەوە لە تەمموزی (٢٠١٩)دا دەستبەکار بوو، ئەم ڕەوەندەی بە هەنگاوی گەورەتر و خێراتر بەناوی چاکسازییەوە بردۆتەپێش.
ئاکامی ئەم داسەپاندنی نیولیبرالیزمە بە ئاگاهانە و نەخشەمەندانە و بەپێی ڕێنماییەکانی (بانکی نێودەوڵەتی) لایەک بەربڵاوبوونێکی لەڕاددەبەدەری بێکاری لە نێو لاوانی کوڕ و کچی کوردستاندا هێنایە ئاراوە، سەیرکەن ساڵانە نزیک بە پانزە (١٥) هەزار لاوی کچ و کوڕ خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکانیان تەواوکردووە کە لە دە (١٠) ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٤-٢٠٢٤)، ئەم ژمارەیە لەگەڵ ژمارەی ئەوانەی کە لە دەرەوەی پڕۆسەی خوێندن بوون و تەمەنیان بووەتە هەژدە (١٨) ساڵ واتا نزیک بە چارەکە ملیۆنێک لە هێزی کاری ئامادە بەکار و خوێندەوار هاتۆتە بازاڕی کارەوە کە حکومەتی هەرێم دەرگای دامەزراندنی داخستووە و هەلی کاریش لە کەرتی تایبەتیدا وەک ئەوە وایە پەرداخێک ئاو لە دەریایەکی بێکاری دەربهێنی کە دیارە هیچی لێ کەم نابێتەوە. ئەمەش بووە هۆی کۆچ و ڕەوێکی بەکۆمەڵی بەرفراوانی لاوان بۆ دەرەوەی وڵات.
لە لایەکی ترەوە ئەم داسەپاندنەی سیاسەتی نیولیبرالیزمە نەک هەر بۆتە پەرەدار بوونی کاری گرێبەستی کاتی کە کرێکار و کارمەند لە هەر مافێکی بیمە و پاراستنێکی یاسایی بێ بەش دەکات، بەڵکو بۆتە بەربڵاوبوونی کاری خۆبەشی بێ بەرامبەر لەژێر ناوی پڕاتیک و وەرگرتنی ئەزمووندا، نەک هەر لە ناوەندەکانی کاری کەرتی تایبەتدا، بەڵکو هەتا لە ناوەندەکانی کەرتی گشتیشدا لە خەستەخانە و لە خوێندگاکانیشدا ئەم خۆبەشیەی کارکردن بەربڵاوە.
ئەمە جگە لە دیاردەی دەستفرۆشی مناڵانی سەر جادە و پیا و ژنی بەتەمەن کە بەدیار کاڵای جۆراوجۆرەوە بۆ پەیداکردنی چەند هەزار دینارێکی کەم لە ڕۆژێکدا کە بەشی ژەمە خواردنێکیش ناکات لەسەر جادە و شەقامەکان ڕۆژ تا ئێوارە دەوەستن.
ئەم بارودۆخە جەهەننەمییەی کە حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات بەسەر ئەم کۆمەڵگەیە و بەسەر جەماوەردا دایان سەپاندووە، بارودۆخی سەرمایەدارییەکی بێ هەوساری وەحشیگەرییە، بە پێچەوانەی لێکدانەوەی فکری و سیاسی لیبرالەکانی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی بورژوا قەومی لیبرال و ئیسلامی، ئاکامی لێنەهاتوویی و نەشارەزایی چەند سیاسەتمەدار و ڕابەڕێکی حزبی و حکومی نییە، بەڵکو ئاکامی کارێکی ئاگاهانەی هاوبەش و هاوئاهەنگی دەسەڵاتی بورژوا لۆکاڵی (خۆماڵی) کوردی و دامەزراوە بورژوا ئیمپریالیستیەکانی جیهانە پێکەوە، کە ئەویش داسەپاندنی سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزمە بەسەر جەماوەردا، کوردستان دەمێکە بۆتە بەشێک لە بازاڕی سەرمایەداری جیهانی و دەسەڵاتەکەشی هاوئاهەنگ و لێکهەڵپێکراوە لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەتانی بورژوا کۆنەپەرستی ناوچەکە و لەگەڵ ستڕاتیژ و پلانی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا بەتایبەت ئیمپریالیزمی ئەمریکی.
پێکهاتەی چین و توێژەکان، خەباتی چینایەتی لە هەرێمی کوردستاندا
چینەکان تەنانەت لە کۆمەڵگەی کۆلایەتی و دەرەبەگایەتیشدا وەستاو نەبوون و لە حاڵەتێکی گۆڕانی هێواش هێواشدا بوون، بە بەراورد بە چینەکان لە کۆمەڵگە و سیستمی سەرمایەداریدا، کە خێرایی گۆڕانکاری تێیاندا زۆر بەگوڕە، بە هۆکاری ئەوەی کە سەرمایەداری وەک سیستمێکی کۆمەڵایەتی بەرهەمهێنان ناتوانێت چرکەیەکیش بووەستێت لە داهێنان و پەرەپێدانی تەنکلۆژیا، وەک مارکس لە (مانیفێستی کۆمۆنیستی)دا باسی لێوە کردووە، ئەمەش وا دەکات بەردەوام ڕشتە و لقی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری تازە بێتەئاراوە، هی کۆن بپوکێنەوە و مایەپوچ بن یان ببنە پاشکۆ بۆ ڕشتەی تازەی بەرهەمهێنان، بەمەش کاردابەشکردنی کۆمەڵایەتی دەستخۆشی گۆڕان و خۆنوێکردنەوەیەکی بەردەوام دەبێت و توێژی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر سەربە چینە ئەسڵییەکانی کۆمەڵگە دێنەئاراوە یان دەپوکێنەوە وەیا جێگەوڕێگەی چینایەتیان دەگۆڕێت. ئەمە وەک سەرەتایەکی گشتی.
تا ئەو شوێنەی کە پەیوەستە بە هەرێمەوە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی هەفتاکان و هەشتاکان و نەوەتەکان، واتا سی (٣٠) ساڵی کۆتایی سەدەی بیست، دەبینین کە سەرمایەدارانی کوردستانی ئەو کاتە پێکهاتەی توێژە کۆمەڵایەتییەکان و جۆری پەیوەندییان بەسەرمایەداری سەراسەری عێڕاقەوە، زۆر جیاواز بووە لە پێکهاتەی توێژەکانی ئێستا و جۆری پەیوەندییان بە چینی سەرمایەداری عێڕاقەوە، ئەمە بۆ توێژە کۆمەڵایەتییەکانی چینی کرێکار و جۆری پەیوەندیشیان بە چینی کرێکاری عێڕاقەوە هەر دروستە.
پێکهاتەی چینی بورژوازی لە کوردستانی عێڕاقدا لەو توێژە جۆراوجۆرانەی کە ناومان بردوون بە تەعبرە بازاڕییەکەی لە چێشتی مجێور دەچێت، هەندێک لەو توێژانە مێژووییەکی نوێیان هەیە و وەک قارچی بەرهار هەڵتۆقیون و بوون بە ملیۆنێر و ملیاردێر وەک (بەرپرسانی حکومی و حزبی و پلەدارانی هێزی پێشمەرگە و ئەندام پەرلەمانانەکان و بەڕێوەبەران و هەڵسوڕێنەرانی دامودەزگای زەبەلاحی میدیایی سەربە حزبەکان و گەورە بازرگان و بەڵێندەر و خاوەن پڕۆژە و کۆمپانیاکان،…)، لە حاڵەتێکدا توێژەکانی وەک (کەسایەتی ناو دامەزراوە ئایینییەکان و بنەماڵە شێخ و عەشایەرەکان، و سەرۆک جاش و دەرەبەگەکانی پێشوو) سەر بە جیهانێکی کۆنن و تێکەڵ بوون بە بارودۆخی سەرمایەداری و بوون بە بەشێک لە چینی بورژوازی و بەتایبەتیش مناڵەکانیان کە گەوەرە بوون یا بەڕێوەن گەورە بن مۆدێلێکی بەجۆرێک “شارستانی” و “سەردەمیانە”ی ئەو توێژە پێکدەهێنن و دەبنە دەروازەیەکی گونجاوتر بۆ ئینتیگرەبوون (بوون بە بەشێکی ئۆڕگانیکتر) لە چینی بورژوازی.
دیارە ناکۆکی لەسەر بەرژەوەندی ئابووری لەنێوان توێژە جۆراوجۆرەکان و هەروەها کێشمکێش لەسەر بازاڕ و قۆرخکاری و دەستبەسەراگرتنی سود و قازانج لە نێوان سەرمایەدارانی یەک توێژیشدا هەیە، جگە لەمەش سەرمایەدارانی کوردستان لەهەر زۆنێکیشدا بەپێی بەرژەوەندییە مادییەکانیان دابەش بوون بەسەر ڕەوتی فکری و سیاسی و حزبی جۆراوجۆردا، هەر لە ناسیونالیستی دواکەوتووەوە بیگرە تا کۆنەپەرستی ئیسلامی و تا لیبراڵی دووڕوو لە بەهای کۆمەڵایەتیدا، لە شکڵا مۆدێرن و لە ناوەڕۆکدا کۆنەپەرست. ئەم جۆراوجۆریەتیەش بەشێکە لە ناکۆکییەکانی دەرونی ئەو چینە.
بەڵام ئەم هەڵیتوپەڵیتە چینایەتییەی بورژوازی لە کوردستاندا بەو هۆیەوە کە ئۆڕگانێکی ڕێکخەر و ڕابەریان هەیە کە پێکهاتووە لە حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات و میدیایەکی زەبەلاحی گەوجاندن و هێزی میلیشای پێشمەرگە و دامودەزگای سەرکوت، وە بەو هۆیەشەوە کە بوون بە بەشێک لە هاوکێشەی پاراستنی ئاسایشی سەرمایە و ئەجیندای سیاسی و ئەمنی دەوڵەتانی ناوچەکە، لێرەوە لە پشتیوانی و هاوکاری دەوڵەتانی بورژوا کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران و شۆفێنیستی تورکیاش بەهرەمەندن، وێڕای پشتیوانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی وەک بەشێک لە ئەجیندای خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەڵێ ئەم چینە بەهەموو ناکۆکی و ناتەبایی و شەپڕێوییەکی ناوخۆییەوە توانیویەتی بەم شێوەیە دەستدابگرێت بەسەر چارەنوسی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم هەرێمە و بشکەوێتە کێشمەکێش (تێنوسان و دانوسان) لەگەڵ ڕەوتە قەومی و تائیفەگەرییەکانی حکومەتی ناوەندی لەسەر پشک و بەش لە سەرمایە و داهاتی سەراسەری عێڕاق.
سەبارەت بە چینی کرێکاریش پێکهاتەکەی تەواو دەستخۆشی گۆڕان هاتووە، لە ڕابردوودا (شەستەکان و هەفتاکان و هەشتاکان) پەرەداربوون و بەرفراوانبوونی داوێنی ئەم چینە لەسەر بنەمای کۆچی جوتیارانی لادێ بوو بۆ شارەکان بۆ کرێکاری بە پلەیەکی بەرز و بەشێوەیەکی سەرەکی، وە لەڕێگەی وەچە خستنەوەی مناڵ لەناو خانەوادە کرێکارییەکانەوە بە پلەی دووەم. ئەم پڕۆسەیە لە کۆتایی هەشتاکانەوە لە کوردستاندا کۆتاییهات بەتایبەت بەهۆی ڕاگواستن و وێرانکردنی زووربەی گوند و دێهاتەکان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوەی چەکداری لە کوردستان.
لە ئێستادا زانکۆ و پەیمانگا و خوێندگا جۆراوجۆرەکان شوێنی لادێ و گوندەکانیان گرتۆتەوە لە ڕەوانەکردنی دەستی کار بۆ بازاڕی کار، هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێداوە ساڵانە نزیک بە پانزە (١٥) هەزار لە خوێندکارانی کچ و کوڕ خوێندن تەواو دەکەن و دێنەبازاڕی کارەوە، جگە لەوانەی کە دەگەنە تەمەنی کارکردن و لەو ڕەنجدەرانەش کە ژیان و گوزەرانیان بە کاروکەسابەتی شەخسی و فامیلیی دابین دەکەن و لە قەیرانەکان و لە کێبڕکێی سەرمایەی گەورە و مام ناوەندیدا مایەپوچ دەبن و وەک بێکار دێنەبازاڕی کارەوە. هەرەوەها ژنان لەمڕۆی کوردستاندا بە بەرفراوانی لە بازاڕای کاردان و بەشێکی ئۆڕگانیکی ئەو چینە پێکدەهێنن، ئەمە و ئەمڕۆ توێژێکی بەربڵاو لە کرێکارانی هاتوو بۆ هەرێم یان هێنراو لەلایەن کۆمپانیاکانەوە، چ لە دەرەوەی وڵاتەوە بێت یان لە بەشەکانی تری ناوخۆی عێڕاقەوە، بەشێک لە چینی کرێکاری کوردستان پێک دەهێنن.
لە ڕابردوودا کێشەی ڕێکخەرانی سەندیکایی و کرێکارانی ڕابەری سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان ڕووبەڕووبوونەوەی زهنیەت و فەرهەنگی ئەو کرێکارانەی کە پێشتر جوتیار و نامۆن بوون بە زهنیەت و فەرهەنگی کرێکاری شاری، ئەوا لە ئێستادا کێشەکە بۆتە ڕووبەڕووبوونەوەی فەرهەنگ و زهنیەتی ناسیونالیستی و لیبڕاڵ قەومی و ئیسلامی سیاسی و فەردگەرایی بورژوازیی کە ئەو کرێکارەی تازە پەیوەست بووە بە چینی کرێکارەوە هەڵگریەتی، چونکە تا دوێنێ وەک خوێندکار کەرەستەیەکی خاو بووە بۆ ئایدیۆلۆژیا جۆراوجۆرەکانی بورژوازی و هەڵگری ئەو شێوە بیرکردنەوانەن کە ڕێگرن لە هۆشیاری چینایەتی و هێنانەدی یەکێتی و یەکگرتوویی چینی کرێکار. دیارە میدیای جیهانی (وێڕای میدیای لۆکاڵی دەسەڵاتەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی) ڕۆڵێکی بەرجەستەیان هەیەلە پەرەپێدانی ئەو زهنیەت و فەرهەنگە جۆراوجۆرانەی بورژوازی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینتەرنێتی و کەناڵە تەلەفزیۆنیەکانی ماهوارەیییەوە. سەرباری ئەمانە، چەند کێشەی تر ڕووبەڕووی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری و کرێکارانی پێشڕەو بۆتەوە، کە ئەویش چۆنیەتی ڕێکخراوکردنی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و هەڵاواردن و جیاکاریانە لەگەڵ جۆرێک لە ڕاسیزم دژبە کرێکارانێکی هاتوو، یا هێنراو لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بۆ هەرێم.
دوا وشە لەو پەیوەندە کە پێویستە ئاماژەی پێ بکەین، پەرەسەندنی تەرکیبی ئۆڕگانیکی سەرمایەیە کە تادێت، بڕی ئەو سەرمایەی کە تەرخان دەکرێت بۆ بەکارهێنانی ئامێر و تەکنۆلۆژیای سەردەم و ڕۆبۆت و هۆشی دەستکرد لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا زیاتر و زیاتر دەبێت و بڕی ئەو سەرمایەیەی کە تەرخان دەکرێت بۆ هێزی کار واتا بۆ چینی کرێکار کەم و کەمتر دەبێتە و ئەمەش تا دێت ژیان و گوزەرانی ئەو چینە بەرەو بێکاری و هەژاری و پەراوێزخستن دەبات. وە لەلایەکی تریشەوە تا دێت کەرتەکانی خزمەتگوزاری پەرە دەستێنن و کرێکاری کەرتی پیشەسازی ڕێژەکەی لە چاو ڕێژەی کرێکاری کەرتی خزمەتگوزارییەکان کەمتر دەبێتەوە. ئەمەش لە سەردەمێکی مێژووییدا کە سەرمایەداری بە واقعی جیهانی کردووە بە شارۆچکەیەک لە ڕایەلەی پەیوەندی هەمەچەشنە و ئاڵۆز و سنوری نێوان دەوڵەتان تا دێت کاڵ و کاڵتر دەبێتەوە لەبەرامبەر سەرمایەدا و هەر چەند وڵاتێک لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا لە هەولدان پڕۆژەیەکی زەبەلاحی ستراتیژی و ئابووری وەڕێبخەن و لەگەڵ یەکێک لە زلهێز و قوتبە جیهانییەکانی ئیمپیریالیستیدا پڕۆژە ستڕاتیژەکانیان بەرنەپێشەوە. بەم پێیە سەرمایەداری وەک چۆن زەمینەی بلۆکبەندی و قوتبەندی بورژوازی لە ناوچە جوگرافیا جۆراوجۆرەکاندا دێنێتە ئاراوە ئاواش زەمینەی مادی ئینتەرناسیونالیزمی پڕۆلیتاری لەو ناوچە جوگرافیایانەدا فەراهەم دەکات، ئەمڕۆ لەهەر کات زیاتر هاوپشتی و یەکێتییەکی ئینتەرناسیوناڵی پڕۆلیتاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زەمینەی مادی فەراهەم بووە.
ئەوەی لەو نێوەدا ڕێگرە لە چوونەپێشەوەی خەباتی چینایەتی لەگەڵ ئەم هەموو پەرەسەندنە لە زەمینە مادییەکانیدا، وە لەبەرامبەر دەسەلاتی بورژوازییەکی هەڵیتوپەڵیت و دواکەوتوو لە هەرێمی کوردستاندا، یەکێتی و یەکگرتوویی کرێکاران و توێژە جۆراوجۆرەکانە لە چینێکدا کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بجەنگێت، نەک هەر بۆ ژێرەوژوورکردنی سیستمی سەرمایەداری و ڕژێمە جۆراوجۆرە سیاسییەکانی دەسەڵاتی بورژوازی، بەڵکو هەتا بۆ پاشەکشە پێکرددنی بورژوازی و داسەپاندنی ڕیفۆڕمیش بەسەر دەسەڵاتەکان و بەسەر توێژە جۆراوجۆرەکانی بورژوازیدا، ڕێکخراوبوون و ئاگاهی چینایەتی و ئاسۆی سۆشیالیستی شتێکە کرێکاری هوشیار و ڕابەر و سۆشیالیست ناتوانێت دەستبەرداری بێت.

ماویەتی …

سەرەتای حوزەیرانی ٢٠٢٤




بنبەستی دەسەڵات و بێتوانایی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی.. نادر عەبدولحەمید

لە ئێستادا یەک کۆکتێل لە بنبەستی دەسەڵاتی سیاسی و بێتوانایی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، بارودۆخی گشتی؛ سیاسی-ئابووری و کۆمەڵایەتی-کلتوری هەرێمی کوردستانی عێڕاقی پێکهێناوە بە هەموو ئاڵۆزیـیەکانیـیەوە.
هەر لە دەیان کێشەی لەچارنەهاتووی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەندەوە بیگرە تا لە گرێژنەچوونی یەکڕیزی حزبە قەومیـیەکان، تا لەشکرکێشی و موشەکبارانی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، تا قەیرانی ئابووری؛ لە مایەپووچی زیاتر لە سێ هەزار پڕۆژە و کۆمپانیای سەرمایەداران و بێ مووچەیی و بێکاری و هەژاری کرێکاران و زەحمەتکێشان، تا پەرەسەندنی ئایدیا و نەریتە دواکەوتووەکان و پاشەکشەی فەرهەنگی مۆدێرنیتە و بەها جیهانییەکانی ئینسان و هاتنەخوارەوەی پلەی ئینسانی ژن لە کۆمەڵگە و بێ ئاسۆیی لاوانی کچ و کوڕ و کۆچ و ڕەوی بەکۆمەڵیان بەرەو هەندەران بۆ دەرباز بوون لەم بارودۆخە دۆزەخیـیەی کە دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کورد کۆمەڵگەی کوردستانی عێڕاقی پێ شکڵداوە.
ئەم باروودۆخە لە ئێستادا، ئەگەر سەرپێی سەیری بکەین، وێنەیەکی فۆتۆگرافی وەستاو (ئیستاتیکی) دێتەبەرچاومان، بەڵام ئەمە خۆی وێنەی چرکە ساتێکی مێژوویی دیاریکراوە کە لەسەر پڕۆسەیەکی دینامیکی زیندوو لە کێشمەکێشێکی کۆمەڵایەتی چینایەتی دوو ڕەوەندی مێژوویی هاتۆتەئاراوە لەم هەرێمەدا، کە هەلومەرجێکی بابەتی شۆڕشگێڕانەی هێناوەتە ئاراوە، بەڵام نەگەیشتۆتە ئەوەی ببێتە قەیرانێکی شۆڕشگێڕانە بۆ ڕاماڵینی دەسەڵات لە هەرێمەکە.
دووبارە بەرهەمهاتنەوەی ئابووری و دەسەڵاتی هەرێمەکە
یەکێک لەو دوو ڕەوەندانەی ئەم بارودۆخەی هێناوەتە ئاراوە، پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی سەرمایەداریـیە، لە کەڵەکە و ئینتیگرەبوونی سەرمایە و سەرمایەداران و بورژوازی هەرێمی کوردستان و دەسەڵات و حکومەتەکەی لەگەڵ سەرمایە و سەرمایەداری و بورژوازی ناوچەکە (تورکیا، ئێران و وڵاتانی کەنداو) و لێکهەڵپێکان بە بازاڕ و سەرمایەی جیهانی و بە بورژوا ئیمپریالیستی جیهانیـیەوە. ئەمڕۆ ئەم هەرێمە بۆتە بەشێکی لێکهەڵپێکراوی جیهانی سەرمایەداری هاوچەرخ و ملکەچی هەمان یاسا و ڕێساکانی ئەو سیستەمە سەرمایەداریـیە هاوچەرخەیە وەک پێکهاتەیەکی ئابوری کۆمەڵایەتی و سیاسی. لێکدانەوە بۆ بارودۆخی کوردستانی عێراق و ئاکامگیری لێی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییانە، ناتوانێت واقعی و دروست بێت.
ناسیونالیزمی کورد، وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی (کوردایەتی) بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنیەوە، بەباڵی ڕاست و چەپـیەوە، وە بە هاوکاری و هاوپەیمانەتی ئیسلامی سیاسی ئەم ڕەوەندەیان بردۆتەپێش، بەهەموو ڕوانگەیەکی جیاواز و کێشمەکێش لەسەر جیهەتگیریـیە ئیقلیمی و بلۆکبەندیـیە جیهانیـیەکان.
لە (کۆڕبەندی جیهانی وزە) لە (٢٧ و ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٢) لە (دووبەی) پایتەختی (ئیمراتی عەرەبی یەکگرتوو)، هەروەها لە (لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان) هەر لەو شارە بەدوای کۆڕبەندەکەدا لە (٢٩ و ٣٠ی ئازار)، سەرۆکی حکومەتی هەرێم (مەسرور بارزانی) لە وتەکانیدا ڕایگەیاند کە ئامادەیە بەشداری بکات لە پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانی بازاڕی نەوت و گاز و وزەی جیهان، بەتایبەت دوای جەنگ لە ئۆکرانیا، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەموو ساڵێک جەماوەری هەرێمەکە هەر لە پایزەوە بەر لە زستان خەریکی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینن دژ بە نەبوونی نەوت و گاز لە هەرێمەکە بۆ پێداویستی ڕۆژانەیان هەتا بە نرخێکی گرانتریش لە بازاڕی جیهانی. ئەمەش واتا سیستمی ئابووری هەرێم وەک بەشێکی ئۆڕگانیکی بازاڕی جیهانی، ئاڕاستەی دابین کردنی پێداویستییەکانی سەرمایە و سەرمایەداری جیهانیـیە، نەک دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی هاوڵاتیانی ناوخۆ.
نەک هەر ئەوەش بەڵکو مانەوە و ئاسیشی سیستمی سیاسی و حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتداری، هەرچی زیاتر گرێی خواردووە بە بەرژەوەندی زلهێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیـیە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژاواوە، بەتایبەت بەرژەوەندە ستڕاتیژەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەمڕۆ جگە لە شەپۆلی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەر کە خوازی ڕزگاربوونن لەدەست دەسەڵاتدارەتی هەرێمەکە، هەتا بەپێی ستانداردەکانی بورژوازیش، ئەم دەسەڵاتە هیچ شەرعییەتێکی نەماوە؛ ئەمە نەک هەر لە بایکۆتی زووربەی هەرە زۆری جەماوەر لە هەڵبژاردنەکاندا دەبینرێت، بەڵکو لە مامەڵەی حزبەکانی دەسەڵات و حکومەتی هەرێمیشدا لەگەڵ دامەزراوەی پەرلەمان بەئاشکرا دیارە کە ئۆڕگانێکی ڕوکەش و پوچ و گەندەڵە لە چەشنی حکومەتە گەنەدەڵەکەی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات.
بەم پێیە هەم ئابووری هەرێمەکە و هەم دەسەڵاتدارەتییەکەی لەسەر بنەمای بەرژوەندیـیە ئابووری و ستڕاتیژە سیاسی و سەربازی و ئاساییشیـیەکانی زلهێزە ئیقلیمی و ئیمپریالیستییەکانی جیهان دووبارە بەرهەم دێنەوە، بەردەوام دەبن و لە کێشمەکێشی جیۆ-پۆلیتیکی ناوچەکەدا درێژە بەمانەوەی خۆیان دەدەن.
 نەخشەمەندی و پلانی ئاگاهانەی نیولیبرالیزم
دەسەڵاتدارەتی ناسیونالیزمی کورد لە (١٩٩١)ەوە تا ڕووخانی ڕژێمی بەعس (٢٠٠٣)، گەرچی درێغی نەکردووە لە گرتنەبەری ئەجندای بازاڕی ئازاد و برەودان بە کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان، بۆ بەتاڵانبردنی سامانی گشتی کۆمەڵگە، بەڵام بەهۆی جەنگی ناوخۆ و هەڵواسراوی بارودۆخی سیاسی کوردستانی عێڕاق لەو کاتەدا، نەیپڕژاوەتە سەر ئەوەی کە بە پلان و نەخشە، سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزم و تایبەتاندنی کەرتی گشتی (خەسخەسە) پیادە بکات، بۆیە دوای (٢٠٠٣) نەخشمەندانە پیادەی کردووە.
پەسندکردنی (یاسای نەوت و گاز) لە (٢٠٠٦)دا ئەڵقەیەکی پتەوی ئەو نەخشەیە بوو، تا ئەوەی کە کێشەی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەندی بووە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە (٢٠١٤)دا و سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی کابینەی هەشتەم (نێچیرڤان بارزانی) داوای لە (بانکی نێودەوڵەتی) و (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) کرد کە کۆمەگیان بکەن، ئەوەبوو لە (٢٠١٦)دا کۆنفراسیێکیان لە هەولێر بەست بە شداری (نەتەوە یەکگرتووەکان) بۆ دانانی نەخشەیەک بۆ ئابووری هەرێمەکە.
ناوەڕۆکی ئەم نەخشەیە، لایەک بریتی بوو لە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت؛ بە ڕادەستکردنی کەرتی گشتی هەرچی زووتر و خێراتر بۆ دەستی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان، و شانخاڵی کردنەوەی حکومەتی هەرێم لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، وە لە لایەکی ترەوە زۆرکردنی داهاتی حکومەت بە دانانی باج و سەرانە بەسەر هاوڵاتیاندا.
ئەم باروودۆخەی ئێستا لە سەرەتای (٢٠٢٤)دا کە وەک وێنەیەکی وەستاو دەیبینین لە بێ مووچەیی، پەرەسەندنی بێکاری و هەژاری لە ڕادەبەدەر، نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و وێرانبوونی کەرتی تەندروستی و خوێندن و …هتد، هەمووی ئاکامی پڕۆسەیەکی چەندین دەیەیە لە گرتنەبەری ئەم سیاسەتە چینایەتییە نیولیبرالیزمە ئابووریـیە کە تەواوی سەروەت و سامانی کۆمەڵگەی بە ملیارەها دۆلار لە دەستی کۆمپانیا زەبەلاحەکاندا کۆکردۆتەوە.
بەم پێیە، بێ مووچەیی هەژاری و برسییەتی و نەخۆشی و کەمی خزمەتگوزاری گشتی، … ئاکامی نەبوونی سەروەت و سامان نییە لە هەرێمەکەدا، تا چاوەڕێی دەستی حکومەتی ناوەند بێت بودجە بنێرێت، بەڵکو بە دیاریکراوی ئاکامی دەستبەسەراگرتن و مۆنۆپۆڵکردنی ئەو سامانە گشتییەیە کە دەسەڵاتی سیاسی هەرێمەکە بە حکومەت و حزبە قەومی و ئیسلامی و پەرلەمان و هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و دادگا و میدیایەکی زەبەلاحەوە پارێزگاری لێ دەکەن. ئەمە واقعییەتێکی چینایەتی سیاسی دەردناک و ئاکامی پەرەسەندنی سەرمایەدارییە، کە کۆمەڵگەی دووکەرت کردووە لە نێوان کەمایەتییەکی خاوەن دەسەڵات و پشتیوانەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و مۆنۆپۆلکەری سەروەت و سامان و زۆرایەتییەکی بێبەش کە ژیانێکی کولەمەرگی بەسەردا سەپاوە.
نمونەی بەرچاوی ئەم واقعیەتە ئەوەیە کە دوای ئەو هەموو ساڵە لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و گاز لە بازاڕی جیهاندا، لەوسەرەوە حکومەتی هەرێم زیاتر لە (٣٢) ملیار دۆلار قەرزارە، لەوە دەچێت داهاتی دەرهێنان و فرۆشتنی ئەم سامانە سروشتییە هەر بۆ کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکان بووبێت و ئەم حکومەتەش تەنها بە گرتنە ئەستۆی خەرجییەکان بەشداری کردبێت! و بە لێ بڕینی مووچەی مامۆستا و کارمەندان، بە داسەپاندنی باج و سەرانە بەسەر هاوڵاتیان و بەبڕینی خزمەتگوزارییەکان قەرزەکانی بداتەوە.
 بزووتنەوەی ناڕەزایەتی، قۆناغەکان و تایبەتمەندییەکانی
جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز وەنەبێ لەبەرامبەر ئەم بارودۆخەدا بێ دەنگ بووبن، هەمیشە خەریکی مانگرتن و خۆپێشاندان وەڕێخستنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بوون، کە لەهەر قۆناغێک لە سێ قۆناغی (١٩٩١-٢٠٠٣) و قۆناغی (٢٠٠٣-٢٠١٣) و قۆناغی (٢٠١٣-٢٠٢٣) تایبەتمەندی خۆی هەبووە. لێرەدا ناچینە ناو خودی ئەم باسەوە، بەڵکو ئەوەی شوێنی مەبەستمانە ئەوەیە کە لە قۆناغی دووەمدا داهاتێکی زۆر لە بودجەی سەراسەری عێڕاق و داهاتی ناوخۆ کەوتە بەردەست حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات و سفرەخوانی بازرگانان و بەڵێندەران و خاوەن پڕۆژە ئابووری و کۆمپانیاکانی پێ ڕازێنرایەوە، ئەم قۆناغە بە تەخشان و پەخشانی دۆلار و دابەشکردنی زەوی و دروستبوونی گەڕەکەکانی فیرعەوناوا ناسراوە، لەبەرامبەر ئەم هەموو ناز و نیعمەتەی توێژە جۆراوجۆرەکانی سەرمایەداران، جەماوەری زەحمەتکێش و هاوڵاتیان بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، و ئازادیخوازان و ڕۆشنبیرانیش بەدەست سەرکوتی فکری و سیاسییەوە دەیانناڵاد و لێرەو و لەوێ ناڕەزایەتییان دەنواند، تا ئەوەی لە (ئۆگۆستی ٢٠٠٦)دا بووە شەپۆلێکی خۆپێشاندان و پاشان ناڕەزایەتییەکانی دژ بەسەرکوت و ترۆری ڕۆژنامەنوسان بەدوای ترۆری (سەردەشت عوسمان)دا لە (ئایاری ٢٠١٠)دا سەری هەڵدا و لە (١٧ی شوباتی ٢٠١١)دا ناڕەزایەتییەکانی ئەم قۆناغە گەیشتە چڵەپۆپەی خۆی، بە ئاکام نەگەیشت، سەرکوتکرا و ئەم قۆناغە کۆتایی هات.
ئەوەی شایانی باسە ڕۆشنبیرانی لیبڕاڵ قەومیی کوردستان، کە لە هەوڵدا بوون (کوردایەتی) موتوربە بکەن بە لیبرالیزمی جیهانییەوە، لەم قۆناغەدا و لەناو ناڕەزایەتییەکاندا زۆر چالاکبوون ئەمەش لە ناو بزووتنەوەکەی (سەردەشت عوسمان) و بەتایبەتیش لە (١٧ی شوبات)دا دەرکەوت، بەڵام دوای بنبەستی هەوڵەکانی (بزووتنەوەی گۆڕان) بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری هەتا ئەگەر شکڵیش بێت لە ڕێگەی پەرلەمانەوە، ئاوێکی سارد کرا بەسەر ئەم لیبڕاڵ قەومیـیانەدا.
جگە لەوە بارودۆخی قەیرانی ئابووری و دارایی لە دوای ساڵی (٢٠١٣)وە، تا هاتووە چڕتر بۆتەوە و لەسەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا شکاوەتەوە و بەم پێیەش خسڵەتی چینایەتی ئەم ناڕەزایەتیانە زیاتر بەرجەستە بۆتەوە و ناڕەزایەتی توێژی ڕۆشنبیران و میدیکارانی دژ بە تەنگەبەرکردنەوەی ماف و ئازادیی خستۆتە ژێر سێبەری خۆیەوە، کە ئەمانە تێکڕا بوونەتە پاڵنانی هەرچی زیاتری ئەم لیبڕاڵ قەومییانە بۆ پەراوێزی ئەو بزووتنەوانە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو پێشبینی ڕاپەڕینی جەماوەریش وای لێ کردوون بەچاوێکی دوودڵییەوە بڕاواننە بزووتنەوەکان و بەناوی دژایەتی کردنی “توندوتیژی” هەرچی زیاتر خۆیان کەنارگیر بگرن لێیان.
ئەمە و لە پڕۆسەیەکیشدا، وە بە ئەزموونێکی خۆبەخۆییانە، ئەم ناڕەزایەتییانە نەک هەر هیچ خۆشباوەڕییەکیان بە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات نەماوە، بەڵکو هەرچی زیاتر سەربەخۆیی خۆشیان لە ڕەوت و حزبە قەومی و ئیسلامییەکان بەرجەستە کردۆتەوە، ئەڵبەتە ئەمە نەفی ئەوە ناکاتەوە کە ئەم ڕەوت و حزبانە نفوز و جێ پێیان هەبێت لەناویاندا، بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوانە وەک یەکەیەکی گشتی لە ژێر هەژموون و ئیتۆریتەی سیاسی ئەمانە و لیبڕاڵ قەومییەکانی کوردستاندا نەماون، بەڵام ئەم دابڕانە سیاسیـیەی ئەم بزووتنەوانە هێشتا نەگەیشتۆتە ئاست دابڕان لە ئاسۆ و ئامانجی ڕەوتە بورژوا قەومییە لیبڕاڵ و ئیسلامییەکان، کە ئەمە ناکۆکییەکی کوشندەی ئەم بزووتنەوانەیە و دواتر دێینەسەری.
بەکورتی، لەبەرامبەر بنبەستی ئابووری و سیاسی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتدا، کە توانای هیچ جۆرە چاکسازییەکی هەتا شکڵی و بێ ناوەڕۆکیشیان نییە، چەندین بزووتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان، کارمەندانی تەندروستی و بەگشتی مووچەخۆران و مانگرتنی دەستەجەمعی شارەکانی وەک دەربەندیخان، پێنجوێن، هەڵەبجە و کفری، دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و بێکاری لاوان و هەژاری و بێدەرەتانی وەستاوە، ئەمە جگە لە مانگرتن و ناڕەزایەتی هەر ماوە نا ماوەیەکی کرێکارانی ژینگەپارێز و جەماوەری گەڕەکە فەقیر نشینەکان و شوفێرانی پاس و تاکسییەکان، … وە هەموو ئەم بزووە ناڕەزایەتیـیانە لە دەرەوەی هەژموونی سیاسی و ئەجیندای ڕەوت و حزبە ئۆپۆزیسیۆنە قەومی و ئیسلامییەکان لە ئارادان، بەڵام نەیانتوانیووە پاشەکشەیەکی مانادار بە حکومەت و حزبەکانی دەسەڵات بکەن، بۆ ماوەیەک بە گووڕ سەردەردێنن و بە بێ بەدەستهێنانی خواستەکانیان پاش ماوەیەک و بەزۆری لە ڕێگەی سەرکوتەوە دادەمرکێنەوە و دووبارە لە کاتێکی تردا سەردەردەهێننەوە و لەناو بازنەیەکی داخراودا دەسوڕێنەوە.
بە دڵنییاییەوە بەرجەستە نەبووبەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە لە ناوچەی (زەرد)ی ژێر دەسەڵاتی (پارتی) بەهۆی سەرکوتێکی تووندەوە و یەکگرتوونەبوونی ئەم بزووتنەوە جیاجیایانەی ئەم توێژ و بەشە کۆمەڵایەتییانە لە بزووتنەوەیەکی سەراسەریدا لە ئاست هەرێمی کوردستانی عێڕاق، خاڵێکی لاوازی بنچینەیی ئەم بزووتنەوانەیە لە بەرامبەر حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتدا کە زۆر بێباکن لە ئاست ئەو هەموو نەهامەتی و کارەساتەی کە دایان سەپاندووە بەسەر جەماوەری ئەم هەرێمەدا، نمونەی ئەمە خۆی لە پەککەوتنی سیستمی خوێندن لە (زۆن)ی سەوزدا دەبینێتەوە بەهۆی بایکۆتی زیاتر لە چوار مانگی مامۆستایانەوە، کە نەبۆتە مەسەلەیەکی جددی نەک هەر بۆ حکومەت، بەڵکو بۆ ئەجیندای وەزارەتی پەروەردە و خوێندنیش.
 پرسیاری ئەسڵی ئەوەیە کە چ بکرێت؟
بەدڵنیاییەوە هەر هەوڵێک بۆ بەرجەستەکردنەوەی ناڕەزایەتیـیە پەنگخواردووەکانی جەماوەر لە (زۆنی زەر) و هەوڵدان بۆ یەکخستنی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و هێنانەدی فیدراسۆنێکی سەراسەری ئەو بزووتنەوانە هەنگاوێکی پێشڕەوی جیدی دەبێت، بەڵام دیسان ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبینەوە کە چۆن و لە کوێوە دەستبەکار دەبین بۆی؟
خاڵی یەکەم و سەرەتا ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوانە، هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستن، وە بە دیاریکراویش بەرهەمی داسەپاندنی سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزمی حکومەت و حزبەکانی دەسەڵاتە بەسەر جەماوەری زەحمەتکێشی ئەم هەرێمەدا، ئەمە لە لایەک وە لە لایەکی ترەوە ئەم بزووتنەوانە هی توێژە زەحمەتکێش و ڕەنجدەرەکانی ئەم کۆمەڵگەیەن و ڕووبەڕووی دەسەڵاتێک بوونەتەوە کە زووربەی هەرە زۆری کۆمپانیا و پڕۆژە ئابوورییەکانی ئەم هەرێمە یان هی ئەفراد و بنەماڵە و حزبەکانی دەسەڵاتن یان هاوبەشی پشک و خاوەن جۆرێک لە پەیوەندیـین کە ئەم حکومەت و دەسەڵاتە بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزێت و ئەوانیش بەپێی ئەجینداکانی ئەم حکومەت و دەسەڵاتە کاردەکەن.
بۆیە دەسپێکی عەمەلی ئەوەیە کە دەبێ هەوڵبدرێت ئەم بزووتنەوانە هەڵگری ئەم ئاسۆیە بن لە بەگژاچوونەوەی سەرچاوەی ئەم نەهامەتیانەیان کە سیاسەتێکی چینایەتی ئابووریە و حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات ئاگاهانە و نەخشەمەندانە پیادەی دەکەن، و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی جیهانی ئیمپریالیزم لە (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) و (بانکی نێودەوڵەتی) و (نەتەوە یەکگرتووەکان) و (یەکێتی ئەوروپا) بە پشتییەوەن، کە ئەویش پیادەکردن و داسەپاندی ئەم نیولیبرالیزمەیە لە کوردستان.
گەرچی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان وەک ئاماژەمان پێداوە لە ژێر هەژموون و ئەجیندای سیاسی لیبڕاڵ قەومییەکان و ڕەوت و حزبە قەومی و ئیسلامییەکان هاتوونەتەدەرەوە و هیچ خۆشباوەڕییەکیشیان بە چاکسازی دەسەڵات نییە، بەڵام ئاسۆ و ئامانجی ئەو ڕەوتانە زاڵە لەناو ئەم بزووتنەوانەدا و ڕێگرە لەوەی نوکی ڕمەکانیان ئاڕاستەی ئەو شوێنە بکەن کە جەوهەری و سەرەکییە لە پێشڕەوی و بەدەستهێانی سەرکەوتنیاندا.
بەمانایەک دەبێ هەوڵبدرێت بزووتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران، بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان، بزووتنەوەی لاوانی شۆڕشگێر، بزووتنەوەی بێکاری و بزووتنەوەی توێژە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران …. هەموویان یەکگرتوو بن بۆ بەگژاچوونەوەی سیاسەتی نیولیبرالیزم کە حکومەتی هەرێم پیادەی دەکات. دەبێ نەک هەر حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات وەک هۆکاری سەرەکی ئەم نەهامەتیانەی خەڵکی بناسرێنرێن، بەڵکو دەبێ لەگەڵیشیاندا (یەکێتی ئەوروپا) و (ئەمریکا) دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش وەک دووژمنی خەڵکی کوردستان بناسرێنرێن، و لە هەوڵی ڕێکخراوکردنی ئەو جەماوەرەدا بن بەم ئاسۆیەوە بۆ بەگژاچوونەوەی ئەم بەرە یەکگرتووەی حکومەتی هەرێم و پشتیوانە نێو دەوڵەتییەکانی.
ئەمەش کارێک نییە تەنها بە پڕوپاگەندەی فکری و سیاسی ئەجام بدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەمە بەشێکی بایەخداریەتی، بەڵکو دەستبەکاربوونە لەناو خودی ئەم بزووتنەوانەدا و پەیوەندی گرتنە بە ڕابەران و هەڵسوڕاوانیان و پێکهێنانی کۆڕ و کۆمەڵ و ئەڵقەی خەباتکارانە و پێکەوە گرێدانی بزووتنەوە جیاجیاکانی توێژە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانە لە ڕێگەیانەوە، بەشێوەیەک کە بتوانێت بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری دژ بە هەڵپێچان و ڕادەستکردنی کەرتی کشتی بۆ دەستی کەرتی تاتبەت و قۆرخکاری کۆمپانیاکان بۆ سەروەت و سامانی ئەم هەرێمە بووە ستنەوە و لە پەرەسەندنیشیاندا دەست بەسەر سەرمایەکانیاندا بگرن و بیگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی و بخرێتە خزمەت خۆشگوزەرانی جەماوەرەوە.
ئەمەش کارێک نییە کە بەجیا ئەنجام بدرێت لە وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی کرێکاری سۆشیالیست و ئینتەرناسیونالیست، کە لە جەرگەیدا کۆمۆنیستەکان و مارکسیستەکان یەکگرتوو بکات. بەو ئەندازەیەی کە بزووتنەوەیەکی بەهێز و بەرفراوانی حزبی و سۆشیالیستی لە دەرونی ئەم کۆمەڵگەیەدا سەروسامانی پێ دەدرێت، بەو ئەندازەیە یەکگرتووکردنی ناڕەزایەتییە جۆراوجۆرەکانی توێژ و بەشە کۆمەڵایەتییە جیاجیان بنەمایەکی مادی پتەو پەیدا دەکات و لە خولانەوە لەناو بازنەیەکی بۆش دێنە دەرەوە و گرێ دەدرێنەوە بە بزووتنەوەی هاوچینەکانیان لە سەراسەری عێڕاقدا بۆ جەنگێکی یەکلاکەرەوە لە دەژی دەسەڵاتی چینایەتی بورژوازی.

کۆتایی مانگی یەکی ٢٠٢٤




هەرێمی کوردستان، شکستی دەسەڵات و دوو بەدیلی واقعی و عەمەلی.. نادر عەبدولحەميد

شکستی تەمام عەیار و هەمەلایەنەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەباری ئابووری و سیاسی و کارگێڕی و …هتدەوە، بانگەشەیەکی خەڵکی ناڕازی وەیا ناوزڕاندنی دەسەڵات نیـیە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی لیبڕاڵ قەومی و ئیسلامییەوە، بەڵکو واقعێکی دەردناک و تڕاژیدیایەکە کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی هەرێمەکە تیایدا دەژین، هەتا حزبەکانی دەسەڵاتداریش ناتوانن نکۆڵی لێبکەن و بەجۆرێک دانی پێدا دەنێن و بڕوبیانوو دەهێننەوە بۆ پینەوپەڕۆکردنی و چۆنییەتی هاتنەدەرەوە لێی.

یەکەم: شکستی سیاسی
ئەمەی ئەمڕۆ پێی دەوترێت (حکومەتی هەرێمی کوردستان) لە ڕاستیدا قاوغێکی بەتاڵە، چونکە گوزارش ناکات لە دەسەڵاتێکی ناوەندی یەکگرتوو لە هەرێمەکەدا کە یاسا و دادگای سەربەخۆی هەبێت لە حزبە فەرمانڕەواکانی. لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا کە ئەم هەرێمە لەژێر فەرمانڕەوایەتیی حزبەکانی دەسەڵاتدا بووە، نەیانتوانی حکومەت و کارگێڕیەکی دەوڵەتییانەی تۆکمە و یەکگرتووی بورژوازی خاوەن دامەزراوەی سیاسی و مەدەنی بهێننەدی. بەدرێژایی زیاتر چارەکە سەدەیەک ئەم هەرێمە وەک دوو زۆنی لە یەک دابڕاوی کارگێڕی و سیاسی “زەرد”ی هەولێر و دهۆکی (پارتی) و “سەوز”ی سلێمانی و هەڵەبجەی (یەکێتی) لە ڕێگەی میلیشیا و دامودەزگای ئەمنی حزبی سەرکوتگەرانەوە بەڕێوە دەبرێت.
نەک هەر ئەم شکستە سیاسیـیە گەورە و ستڕاتیژیـیەی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد (کوردایەتی)، بەڵکو ئەو ڕێککەوتن و هاوپەیمانیەتیـیە ستڕاتیژەی کە لە نێون دوو حزبی سەرەکی ئەم بزووتنەوەیەدا لە ساڵی (٢٠٠٧) مۆرکرابوو مرد، و ئێستا هەر حزبە، نەک ژێربەژێر بەڵکو بەئاشکرا، لە هەوڵی هێنانەدی هاوپەیمانەتی دایە بەدژی ئەوی تر لەگەڵ لایەنە دینی و قەومیـیەکانی دەسەڵاتی مەرکەزی و واژۆکردنی گرێبەستی یەک لایەنە لەگەڵ حکومەتی بەغدا.
ئەمە و هیچ شتێکیشیان پێ نەماوە بۆ جەماوەری زەحمەتکێشی هەرێمەکە جگە لە سەرکوتی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی بەردەوامی ڕۆژانەیان و ڕاوەدوونان و گرتنی هەڵسوڕاوان و چالاکوانانیان. ئەم جەماوەرە دەمێکە خوازیاری ڕزگاربوونن لەدەستیان و ئەمەش نەک هەر لە خۆپێشاندان و ڕاپەڕینەکانیاندا، بەڵکو هەتا لەو ڕێژە زۆر کەمەی بەشداریان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیشدا دەردەکەوێت، کە تیایدا ئەو حزبانە لە ڕێگەی تەزویر و ساختەکاریـیەوە خۆیان بە “سەرکەوتوو”ی هەڵبژاردن ڕادەگەێنن.

دووەم: ئیفلاسی ئابووری
لە بودجەی ناوەندی عێڕاق، لە یەکەمین دە (١٠) ساڵی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس (٢٠٠٤-٢٠١٤)، وێڕای داهاتی ناوخۆ، پشکی هەرێم لەە بودجەیە لە (%١٧) بووە، کە کۆی گشتی بەپێی ئامارە فەڕمیـیەکان لەو ماوەیەدا (٤٢) ملیار دۆلار پشکی هەرێم بووە (بڕوانە جەدوەلی ئامارەکە). جا لەگەڵ ئەم هەموو دارایـیە زەبەلاحەدا ژێرخانێکی ئابووری سەردەمیانەیان دانەمەزراند، بەڵکو بەپێچەوانەوە زوربەی هەرە زۆری ئەو دارایـیە بەتاڵان برا و وەک کەڵەکەی سەرمایە گردبۆوە لای کۆمپانیانیاکانی سەر بە هەردوو حزبی دەسەڵات و بەرپرسانی حزبی و حکومی پلەباڵا کە مۆنۆپۆلی بازرگانی و زەویوزارە پڕبەهاکانی دەوروبەری شارەکان و سامانە سروشتیـیەکانیان کردووە. هەر بۆیەش لە ماوەیەکی زۆر کەمدا هەزاران ملیۆنلێر و سەدان ملیاردێری دۆلار لە کوردستانی عێڕاقدا، لە داوێنی حزبەکانی دەسەڵاتدا، وەک قارچکی بەهار هەڵتۆقین و پەرەیاندا بە گەندەڵیـیەکی لەڕاددەبەدەر کە جەستەی کۆمەڵگەکەی داڕزاندووە.
هەروەها گرتنەبەری ستڕاتیژی سەربەخۆیی ئابووری هەرێم لە (٢٠١٤)دا لە بواری بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی نەوت و گازەوە لە ڕێگەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و تورکیاوە، بووە هۆی بڕینی پشکی هەرێم لەو ساڵە بەدواوە لە لایەن حکومەتی ناوەندییەوە، کە ئەمەش بەدەوری خۆی حکومەتی هەرێمی ئیفلیج کرد، کە نەک هەر نەیتوانی شایستە دارایـیەکانی کۆمپانیاکان دابین بکات، بەڵکو هەتا مەجبوور بوو دەستبخاتە قورگی کارمەندان و کرێکارانی کەرتی گشتیش و موچەکانیان بە نیوەناچڵی و بە بڕینی بەشێکەوە پێ بدات، لەگەڵ پێنەدانی چەند موچەیەک لە ساڵێکدا بەناوی پاشەکەوتەوە، کە بەگشتی بازاڕی پوکاندنەوە و زیاتر لە (٣٠٠٠) کۆمپانیا مایەپوچیان ڕاگەیاند و بووە هۆی پانوپۆڕکردنەوەی داوێنی بێکاری لە کوردستان بەشێوەیەکی سەرسامئاوەر، کە کۆچ و ڕەوی لاوان و خانەوادەکانیانی بەدوای خۆیدا هێنا بۆ دەرەوەی وڵات.
نەک هەر ئەوە بەڵکو دوای ئەم هەموو هاشووشە بۆ سەربەخۆیی ئابووری، بەناچاری دۆسیەی نەوت و گازیان ڕادەستی حکومەتی ناوەندی کردەوە و حکومەتی هەرێمیش زیاتر لە (٣٢) ملیار دۆلار قەرزارە. ئەمە چ ئیفلاسیـیەکی گاڵتەجاڕیـیە! نەوت و گاز بۆ ماوەی هەشت – نۆ ساڵ لە بازاڕەکانی جیهاندا بفرۆشیت و لەوسەریشەوە حکومەتەکەت ئەو هەموو ملیارە قەرزار بیت؟ خۆ بڕیاریش نیـیە کە ئەم قەرزانە کۆمپانیاکانیان و سەرمایەدارانی ملیۆنلێر و ملیاردێر بیدەنەوە، بەڵکو هەر لەسەرەتاوە حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات وەک بڕینی خزمەتگوزاریی شارەکان و کەرتەکانی تەندروستی و پەروەردە و دانەمەزراندن لە کەرتی گشتیدا، کردوویانەتە باجی سەرشانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و مناڵەکانیان و نەوەکانی داهاتووشیان.

سێیەم: چاکسازی هیچ مانایەکی بۆ نەماوەتەوە لەناو دەسەڵاتدا
ساڵانێک هەردوو حزبی (پارتی) و (یەکێتی) و حکومەتی هاوبەشیان بە دەنگی بەرز باسیان لە چاکسازی دەکرد، هەتا سەرەک وەزیرانی ئێستا (مەسرور بارزانی) لە پێکهێنانی کابینەی نۆهەمی خۆیدا لە (٢٠١٩)، ناوی حکومەتەکەی خۆی نا (کابینەی چاکسازی)، بەڵام حکومەتەکەی ئەو زیاتر لەوانەی پێش خۆی هەژاری و نەداری بەسەر جەماوەردا داسەپاند، لێرەوە لە میانەی ئەزموونێکی سیاسی ڕۆژانەدا جەماوەر بۆیان دەرکەوتووە و پەیان بەو ڕاستیـیە بردووە کە هیچ مانایەک نەماوەتەوە بۆ چاکسازی لەناو ئەم حکومەتە و لە ڕێگەی ئەم حزبانەی دەسەڵاتەوە، جا مەسەلەکە لە ئێستادا بۆ ئەو جەماوەرە بۆتە ئەوەی چۆن چۆنی ڕزگاریان بێت لەدەستیان.

چوارەم: ڕەوتە کۆمەڵایەتـیە سیاسیـیەکان و بەدیلە جیاوازەکان
لێرەوە، لە ئیفلاسی سیاسی و ئابووری و داخرانی دەرگای هەرجۆرە چاکسازیـیەک لەناوخۆی خودی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتدا، چوار ڕەوتی کۆمەڵایەتی سیاسی؛ قەومیـیە لیبڕاڵەکان و ئیسلامی سیاسی و شۆڕشگێرانی پۆپۆلیست و سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان کەوتوونەتە کێشمەکێش لە نێوخۆیاندا، لە پێناو زاڵکردنی ئاسۆی خۆیان بەسەر کۆمەڵگە و هەڵخڕاندنی (حەشدی) جەماوەر بەپێی ئەجیندا سیاسیـیەکانی خۆیان و پاڵێوەنانیان ڕووەو هێنانەدی ئەو ئامانجانەی کە تایبەتن بە بزووتنەوەکەی خۆیانەوە، هەر هەمووشیان لە ژێر پەردەی ئەوەدا کە هەوڵدەدەن وەڵام بە خواستەکانی جەماوەری ستەمدیدە بدەنەوە.
کێشمەکێشی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیـیە سیاسیانە، نەک هەر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆی دژایەتی حزب و ڕێکخراوەی بزووتنەوەیەک بۆ حزب و ڕێکخراوەی بزوتنەوەکانی تر، بەڵکو لەڕێگەی ڕکابەری نێوخۆیی و ململانێی “خێزانی” لە نێوان حیزب و ڕێکخراوە جیاوازەکانی بزووتنەوەکەی خۆشیانەوە و دەڕواتە ڕێوە. هاوپەیمانەتی دوو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی سیاسیش بۆ باڵادەستی خۆیان و دژایەتی و پاشەکشەپێکردنی بزووتنەوەکانی تر هەر بە هەمان شێوە دەڕواتە ڕێووە. لێرەوە جۆرەها ئەجیندای سیاسی و بەدیلی جۆراوجۆر دەخرێنەڕوو لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، بە ئامانجی لەقاڵبدانی ناڕەزایەتیـیە جەماوەریـیەکان و کۆنترۆڵکردنیان و ئاراستەکردنیان بەرەو بەدیهێنانی ئەجێندای دیاریکراو.
سەرەڕای ئەو هەموو ژمارە زۆرە لە ڕەوت و ڕێکخراوە و حزب و بلۆک و قەوارەی سیاسی، وە سەرەڕای ئەو هەموو ئەجیندا و بەدیلانەی کە دەخرێنەڕوو، بەڵام هەر هەموویان لەناو چوارچێوەی دوو بەرەی چینایەتیی گەورەی ناکۆک بەیەکدا ڕیز دەبەستن و لە قاڵبی دوو ئەڵتەرناتیڤی نەوعی دژ بەیەکدا جێ دەکەون، کە ئەویش؛ یا چاکسازیی بورژوازیـیە لەناو هەمان ڕژێمی سیاسی ئابووریدا، یان ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی و هەڵتەکاندنی ئەم ڕژێمە سیاسی ئابووریـیەیە لە ڕوانگەی کرێکاری کۆمۆنیستەوە، بەمانەک تەواوی ئەو حزب و ڕەوت و ڕێکخراوە جۆراوجۆرانە و ئەو بەدیلە ڕەنگاوڕەنگانە پۆلێن دەکرێن بەسەر دوو پۆلدا؛ بەدیلی ڕیفۆرمیستی بۆرژوا نیولیبراڵی ناسیۆنالیست و ئیسلامی لەلایەک و بەدیلی شۆڕشگێڕانەی سۆسیالیستی کرێکاری لە لایەکەی تریدا.

بەدیلی ناسیونالیستە لیبڕاڵەکان
ناسیۆنالیستە لیبراڵەکانی کوردستان سەرەتا لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی و فشاری پەرلەمانی خستنە سەر حیزبەکانی دەسەڵات (پارتی) و (یەکێتی) و چاکسازیـیەکانی پەرلەمانیـیەوە، دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەیی لە کوردستاندا بێتەدی. ئێستا پاش تێپەڕینی چەندین خولی پەرلەمانی، ئەم لیبڕاڵ ناسیونالیستانە بێ ئومێد بوون لەوەی کە لە ڕێگەی خودی ئەم حزبانەی دەسەڵاتەوە ئەم ئامانجەیان بێتەدی، بۆیە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خودی ئەو حزبانەی دەسەڵات ڕێگرن لە بەردەم هاتنەدی دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەیی و خوازیاری لاچوون و لابردنی ئەو حزبانە و دەسەڵاتیانن، بەڵام ترسیان هەیە ئەمە لە ڕێگەی ڕاپەڕین و شۆڕشی جەماوەریـیەوە ئەنجام بدرێت، لێرەوە لە هەوڵدان تا ئەم حزبانەی دەسەڵات لە ڕێگەی فشاری وڵاتانی ڕۆژاوایی وەلا بنرێن ئەویش بە ناچارکردنیان بە هەڵبژاردنێکی “پاک و بێخەوش”ی دوور لە ساختەکاری و لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا.
حزبی (نەوەی نوێ) سەر بەم بەدیلە نیولیبراڵەیە کە دەیەوێت لە ڕێگەی پەرلەمانەوە دەسەڵاتدا بگرێتە دەست و حکومەتێکی نوێ پێکبهێنێت بە بەشداریی چەند لایەنێکی قەومی و ئیسلامی، وە لە هەمان کاتدا پارێزگاری لەو دامەزراوانەی حوکمڕانی بکات کە لە لایەن دوو حزبی دەسەڵاتداری تا ئێستاوە دروستکراون، واتە هێنانەکایەی ئاڵوگۆڕێکی سیاسیی شکڵی، لەسەرەوەی کۆمەڵگەدا ئەویش بە لابردنی تەنها سەروپۆتەڵاکی دەوڵەت و هێشتنەوەی هەمان قەوارەی دەوڵەت و هەمان دامەزراوەکانی حوکمڕانی. هەرچی وڵاتانی دیموکراسی ڕۆژئاوایی و ئیمپریالیزمی ئەمریکیـیە، پشتیوانی ئەم گۆڕانکاریـیە شکڵی و ڕووکەش و فەڕمیـیە دەکەن، بۆ ڕزگارکردنی دۆخەکە و ڕێگری کردن لەوەی لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەرچێت، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی و ئەجێندا جیۆپۆلەتیکیەکانیان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەدیلی ئیسلامی سیاسی
ئیسلامی سیاسی هێزێکی ڕێکخراوە، حزبەکانی لە پەرلەمانی کوردستان خاوەن کورسین و لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و دادگاکانیشدا کاریگەرییان هەیە، وە بە هاوکاری حزبەکانی دەسەڵات پەنا دەبەنەبەر داسەپاندنی یاسای کۆنەپەرستانە، بەتایبەتی دژی ژنان و گەنجانی تینووی ئازادی، بۆ ڕێگری لە ئازادیـیە مەدەنیـیەکان و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی پێشکەوتنخواز، و لە قاڵبدان و بەرتەسک کردنەوەی ململانێی چینایەتی لە کۆمەڵگادا. زووتر ئەم حزبە ئیسلامیـیانە هاوبەشی (یەکێتی) و (پارتی) بوون لە کابینە جۆراوجۆرەکانی حکومەتی هەرێمدا، لە ئێستاشدا دەرفەتی ئەوەیان هەیە کە هاوبەشی داهاتووی حکومەتی حزبی (نەوەی نوێ) بن، یان بەشێک بن لە هاوپەیمانەتیـیەکی حکومەتی نێوان چەند حزبێکی قەومی و ئیسلامی، بەڵام ئەوەی کە ئیسلامی سیاسی ببێتە بەدیلێکی سەربەخۆ بۆ دۆخی ئێستای کوردستان دوورە لە واقعەوە.
ناوەڕۆکی ئابووری بەدیلی هەموو حزبە ئیسلامیـیەکان هەمان بەدیلی نیولیبڕاڵی ناسیونالیستەکانە بەکەمێک خێروخێراتی ئیسلامیـیەوە، ئەمەش لە نمونەکانی جمهوری ئیسلامی ئێران و ئەفگانستان و تورکیا و سعودیە… شدا، ڕوون و ئاشکرا دیارە کە هەمان سەرمایەداری نیولیبرالیزمە، بەڵام ئەوەی جیایان دەکاتەوە لە ناسیونالیستە لیبڕاڵەکان، دەخالەتکردنەناو کاروباری شەخسی تاکەکەسی و داسەپاندنی کۆنەپەرستیـیەتی ئایینی بەسەر کۆمەڵگە و سەرکوتی ئازادی بێ پەردەیە، کە لە مەشیاندا ناسیونالیستەکان لە بەرژەوەندیانە نەک هەر سازشکار بن لە بەرامبەریدا، بەڵکو بەئاشکراش دەست تێکەوڵاو بکەن لەگەڵیاندا، بۆ بەرگرتن بە ڕەوتی شۆڕشگێرانە و سۆشیالیستی ناو کۆمەڵگە، هەر ئەمەش بنەمای هاوبەشیانە لە حکومەتدا پێکەوە و بەدیلێک لە کۆکتێلی قەومی ئیسلامی پێکدەهێنن بۆ دەسەڵاتی بورژوازی.

بەدیلی شۆڕشگێرانەی جەماوەری
جگە لە ناڕەزایەتیی ڕۆژانە، توڕەیی و پەستی جەماوەریش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کەڵەکە دەبێت و جارجاریش سەردەکێشێ بۆ تەقینەوەیەکی بەکۆمەڵ و گروپە چەپەکان و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە ناڕەزایەتیـیەکان تیایدا چالاک دەبن، کە وەک هەمیشەش داوا دەکەن خەڵک بێنە مەیدانی خۆپیشاندان و ڕاپەڕین ئەنجام بدەن تا دەسەڵات بڕوخێنن و لە ڕێگەی پێکهێنانی شورا و کۆمۆن و کانتۆنەکانەوە دەسەڵاتی خۆیان دادەمەزرێنن، هەموو ئەمانەش بەبێ ئەوەی هاوسەنگی هێز و ئاستی ڕێکخراوبوونی جەماوەر لەبەرچاو بگیرێت.
ڕوانگەی ئەم شۆڕشگێرە جەماوەریـیانە، جەماوەر وەک بەرەیەکی یەکپارچە و یەکگرتوو لەدژی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی دوو حیزبی خاوەن میلیشیا و دامودەزگای سەرکوتگەر دەبینێت، چینەکان و ڕەوتە کۆمەڵایەتییە سیاسییەکان و خەباتی چینایەتی لەناو جەماوەردا نابینێت، لە ڕوانگەی ئەوانەوە کێشمەکێشی ڕەوتە فکری و سیاسیـیە حزبیـیەکان لەناو بزووتنەوەی جەماوەریدا ناکۆکی دروست دەکات و دەبێتە هۆی لاوازبوونی ڕیزەکانی خەباتی جەماوەری، بۆیە لای ئەوان خەباتی فیکری وەک یەکێک لە پایەکانی خەباتی چینایەتی کەم بەهایە و یەکێتی گەل و هەمووبەهەموو دوژمنایەتی کردنی دەستەجەمعییانەی ڕژێم بەرز دەنرخێنن.
پۆپۆلیزمی شۆڕشگێڕانە ڕەوتێکی ناتەبا و ناڕێکخراوە، چالاک و بزێوە لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و ڕووداوە سیاسییەکاندا، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئاسۆی سەروو چینایەتییەکەی لە کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداریدا، ڕێگرە لەوەی ببێتە بەدیلێکی واقعی بۆ چینە ڕەسەنەکانی کۆمەڵگا، چ بورژوازی و چ کرێکار، بەڵام بۆی هەیە لە دۆخێکی مێژوویی دیاریکراو و قەیراناویدا، ببێتە پردەبازێکی ڕاگوزەر و کاتی بۆ پەڕینەوەی یەکێک لە بەدیلی چینە ئەسڵییەکانی کۆمەڵگە.

بەدیلی سۆشیالیستی
ئەم بدیلە لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە کە خەڵکی کوردستان لە کۆمەڵگەیەکی چینایەتی-سەرمایەداریدا دەژین، وەک بەشێک لە سیستەمێکی ئابووری و سیاسیی جیهانی، کە تێیدا بۆرژوازی کورد بەهرەمەندە لە پەیوەندیـیەکی ئابووری و سیاسی و تەنانەت ئەمنی و سەربازی ستراتیژیانەی پتەو لەگەڵ بۆرژوازی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی ئیمپریالیزمی ئەمریکا. دیاردە و ڕواڵەتی دواکەوتووانەی پێش سەرمایەداری خێڵەکیـیانە و بنەماڵەیی و عەشایەری کە هاوڕای دەسەڵاتی ئەو دوو حیزبەیە، لە جەوهەری چینایەتی بۆرژوازیـیانەی ئەم حیزبانە و حکومەتی هەرێم ناگۆڕێت.
لە ئێستادا ئەم دەسەڵاتە کەوتۆتە ناو قەیرانێکی قوڵەوە، لە ئاکامی ئەوەی کە حزبەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد ڕێباز و سیاسەتێکی ئابووری چینایەتی ڕوون و ئاشکرایان گرتۆتەبەر کە نیولیبرالیزمە و پەیڕەوی دەکات لە ڕێنماییی دامەزراوەکانی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا لە چەشنی (بانکی نێودەوڵەتی) و (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی)، کە جەخت دەکەنەوە لەسەر بە تایبەتکردنی کەرتی گشتی، و شانخاڵی کردنەوەی دەوڵەت لە بەرپرسیارێتی دابینکردنی خزمەتگوزاریـیە کۆمەڵایەتیـیەکان، دانەمەزراندن لە کەرتی گشتیدا.
مانەوەی ئەم سیستەمە سەرمایەداریـیە و دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، ئێستا لە دوژمنایەتیـیەکی ئاشکرا و ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی جەماوەری زەحمەتکێش. ئەوەی کە ڕێگرە لە گۆڕینی ئەم بارودۆخە قەیراناوییەی سەرمایە و دەسەڵاتی بۆرژوازی و تراژیدیای ژیانی خەڵک، بۆ قەیرانێکی شۆڕشگێڕانە و شۆڕشێکی سۆسیالیستی کرێکاران و ڕەنجدەران و دامەزراندنی دەسەڵاتی چینایەتی خۆیان، نەبوونی ڕێکخستن و چەکداربوونیانە بە ئاسۆیەکی سۆسیالیستی نێونەتەوەیی و دابڕانی بزووتنەوەکەیانە لە بزووتنەوەی سەرتاسەری چینی کرێکار لە عێراقدا. ئێمە وەک کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕەکان لە کوردستانی عێراق ڕووبەڕووی ئەم تەحەدا مێژوویـیە بووینەتەوە.

بەکورتی
لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانێکی قوڵی کۆمەڵگای سەرمایەداری و دەسەڵاتی بۆرژوایی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، تەنها دوو بەدیلی ڕاستەقینە و عەمەلی لە ئارادایە، یان چاکسازی نیولیبراڵی بودەڵە و بۆش بە گۆڕانکارییەکی شکڵی و ڕووکەشیانەوە کە لیبڕاڵ قەومییەکان و ئیسلامییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، یان شۆڕشی جەماوەری زەحمەتکێش کە خۆی لێکهەڵپێکابێت بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە و سۆشیالیستی چینی کرێکارەوە لە سەرانسەری عێراقدا و لە هەوڵی دامەزراندنی حکومەتێکی کرێکاریدا بێت لە هەرێمەکەدا بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتدارەتی شۆرایی و چینایەتی کرێکار بەسەر کۆمەڵگادا.

کۆتایی ئەیلول/سێپتێمبەری ٢٠٢٣




ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی، چالاکیـیەکان و جیاوازیـیەکانی.. نەوزاد بابان و نادر عەبدولحەمید

ئەمەی خوارەوە دەربارەی بەشێک لە کار و چالاکیـیەکانی ئەو ڕێکخراوەیە لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق و هەروەها دەرخستنی جیاوازیـیە فکری و سیاسی و ستڕاتیژیـیەکانی ڕێکخراوەکە لەگەڵ حزب و گروپ و ڕێکخراوەکانی تری بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێڕاق.
ئەم چاوپێکەوتنە لە لایەن ڕۆژنامەی (الغد الإشتراكي)ەوە ئەنجامدراوە، بە بۆنەی یادی پێنج ساڵەی دامەزراندنی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق).
ئەلغەد ئەل-ئیشتراکی: هاوڕێ نەوزاد، (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لە هەرێمی کوردستاندا کار و چالاکی و کاریگەری سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی هەیە، ئەگەر بکرێ لەوبارەوە ئاگادارمان بکەنەوە لە کار و چالاکییەکانتان؟
نوزاد بابان: هەم وەک کادری (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) و هەم وەک هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و کرێکاری لە کوردستان، ڕۆڵمان بینیووە لە زۆربەی بزووتنەوە ناڕەزایەتیـیەکان و مانگرتنی شارەکان لە دژی نەبوونی خزمەتگوزاریـیە سەرەتایـیەکان و بێکاری و هەژاری و دواکەوتنی موچە.
هەر لەم مانگەدا (تەممووزی ۲۰۲۳)، لەنێو ئەو خەڵکەدا ئامادە بووین کە مانیان گرتبوو لە شاری (کفری) و چادریان هەڵدابوو، لەوێ وتارێکمان پێشکەش کرد و چەندین چاوپێکەوتنمان لەگەڵ خۆپیشاندەران ئەنجامدا بۆ ڕۆژنامەکەمان (ڕەوت)، بەتایبەتی لەگەڵ گەنجانی بێکار و ئێستاش لە پەیوەندیداین لەگەڵیاندا بۆ هێنانەدی ڕێکخراوێکی تایبەت بە بێکاران لە شارەکەدا. هەروەها لە مانگەکانی (شوبات و ئازاری ۲۰۲۳) لەناو ناڕەزایەتی و مانگرتنی شاری دەربەندیخان و شاری هەڵەبجەدا ئامادە بووین، و هەمان ئەو چالاکییانەی وەک چالاکییەکانی شاری کفریمان ئەنجامداوە.
ئەمە و لە ساڵانی پێشوودا، ڕۆڵمان هەبووە لە بەشداری کردن و ڕێکخستنی شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکان لە خۆپیشاندانی کرێکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان دژی حکومەتی هەرێم، بەهۆی نەدانی مووچە، وەیا دواخستن و بڕینی بەشێک لێی، وەستاندنی دەرماڵەکان و پلەبەرزکردنەوەکان.
هەروەها لەنێو مانگرتنی کرێکارانی ژینگەپارێزی شارۆچکەی (تەکیە) ئامادە بووین کە لە مانگی شوباتی (۲۰۲۲) مانگرتنیان ئەنجامدا، لەگەڵ ئامادەبوونمان لە خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی زانکۆ و بەشە ناوخۆییەکانی سلێمانی، کە لەوێ فڕێندرام (لە سەرەتای کانوونی یەکەمی ۲۰۲۱) لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە و بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک لە زیندانەکانیان دەستگیرکرام.
ئەلغەد ئەل-ئیشتراکی: هاوڕێ نادر جیاوازی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لەگەڵ باقی هێز و لایەنە کۆمۆنیستەکانی ناو هەرێم چیـیە؟
نادر عەبدولحەميد: بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراق، لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی بیستەوە تا ئێستا، چەندین ڕێباز و خەتی فکری و ستراتیژی سیاسی و نەریتی خەباتکارانە و ڕێکخراوەیی جیاوازی بەرهەم هێناوە، لە مامەڵەیدا لەگەڵ بارودۆخی سیاسی کوردستانی عێڕاق.
لە ئێستادا ڕێبازی فکری و سیاسی “کۆمۆنیزمی کرێکاری” لەلایەن (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان)ەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، کە ڕێبازێکی کامڵ و هاوئاهەنگە لەناوخۆیدا لەڕووی فکری و سیاسیـیەوە. ڕێباز و خەتی دووەم، کە یەکێتی کۆمۆنیستەکان سەر بەو خەتەیە، لەژێر کاریگەری ئەزموونی سیاسی کوردستانی سوریا و بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالاندایە. ئەم ڕێبازە لە ڕووی سیاسیـیەوە مەیلی هەیە بۆ (پەیەدە -پارتی یەکێتی دیموکرات)ی کوردستانی سوریا و (پ.ک.ک)ە و هاوشێوەکانیان لە کوردستانی عێراق.
جگە لەم دوو ڕێبازە فکری و سیاسیـیە، چەند گرووپ و کۆڕوکۆمەڵی فکری و سیاسی ڕۆشنبیرانی مارکسیست هەیە، وەک (ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی) و (وەرچەرخان) و (سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان) کە ئەمەی دواییان سەربە فکری تڕۆتسکیـیە. ئەم گروپ و کۆڕوکۆمەڵە فکری و سیاسییانە، هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە ڕێبازێکی سیاسی هەمەلایەنەی یەکگرتوو و تۆکمە بخەنەڕوو بۆ چالاکی سیاسی، کار و چالاکی بەردەوامیان بریتیـیە لە بڵاوکردنەوەی بیری مارکسیزم و پڕوپاگەندەی سۆسیالیستی بەدژی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی.
ڕێبازی فکری و سیاسی سێـیەم هی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)ە کە مارکسیزم و ئینتەرناسیۆنالیزمی وەک ڕێبازێکی فکری سیاسی یەکگرتوو بەرجەستەکردۆتەوە، ئەمەش لە بەیاننامەی دامەزراندنەکەی و مامەڵەکردنی لەگەڵ (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) و چەندین بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بە بارودۆخی سیاسی عێراق بە گشتی و بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هەیە بەرجەستەبۆتەوە. ئەمە جیاوازییەکان بوو لەڕووی ڕێبازی فکری و سیاسییەوە.
هەرچی جیاوازییەکانیشە لەڕووی ستڕاتیژەوە، ئەوا چەپ لە کوردستانی عێراقدا دابەشبووە بەسەر سێ ستراتیژی سیاسیدا: یەکەمیان ستراتیژی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان)ە، کە لە گۆنگرەی دامەزراندنیدا لە (٢٠٠٨) و لە بەرنامەکەیدا، سەربەخۆیی کوردستانی پەسند کردووە، هەروەها پاڵپشتی (ڕیفراندۆمی بارزانی)یش بووە لە (٢٠١٧)دا. ئەم حزبە پێی وایە سەربەخۆیی کوردستان، ڕێگەی بەهێزبوونی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و ڕێگەی ڕزگاری جەماوەری زەحمەتکێشە؛ هەم لە ستەمی نەتەوەیی و هەم لە زوڵم و زۆری حیزبە قەومییە کوردییەکانی فەرمانڕەوا. ئەم حیزبە داوای کۆتاییهێنان و ڕووخاندنی دەسەڵاتی حیزبە میلیشیا ناسیونالیستەکان دەکات لە هەرێم، لە ڕێگەی ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانە و دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرا جەماوەرییەکانەوە، بەڵام ئەم سیاسەتە بەشێکە لە ستراتیژەکەی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بە واتایەکی تر؛ وەلانانی دەسەڵاتی حزبە بورژوا ناسیونالیستەکانی کورد، بە ڕاپەڕین و شۆڕش و دامەزراندنی دەسەڵاتدارەتی شۆرا جەماوەرییەکان، ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە ستراتیژی ئەو حزبە کە سەربەخۆیی کوردستانە.
ستراتیجی دووەم داوای سەربەخۆیی ناکات، بەڵکو داوای خۆبەڕێوەبردنی خۆجێی (الإدارة الذاتية المحلية) جەماوەر لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، هاوشێوەی ئەوانەی لە کانتۆنەکانی ئەو ناوچانەدا هەن کە لەژێر دەسەڵاتی “پەیەدە” (پارتی یەکێتی دیموکرات) لە باکوری سوریادا دەبینرێن، واتە کانتۆنەکانی جزیرە و کۆبانێ و عەفرین (پێش داگیرکردنی لەلایەن تورکیاوە). هەروەها ئەم ستراتیژە خوازیاری نەمانی دەسەڵاتی حزبە فەرمانڕەواکانە بۆ ئەوەی جەماوەر ئازاد بێت و خۆبەڕێوەبردنێکی خۆجێی دابمەزرێنن.
سەبارەت بە ستراتیجی سێیەمیش جەخت لەسەر هاوبەرژەوەندیی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەملێکراو و گەنجانی شۆڕشگێڕی هەرێمی کوردستان دەکات لەگەڵ هی سەرتاسەری عێراق، و کار دەکات بۆ لێکهەڵپێکان و یەکخستنی تێکۆشانەکانیان لە سەرتاسەری عێراقدا بۆ هێنانەدی بزووتنەوەیەکی چینایەتی هۆشیارانەی خاوەن ئاسۆیەکی سۆسیالیستی، دژ بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە-سیاسییەکانی بۆرژوازی، لە ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم و ڕیفۆرمخوازی لیبڕاڵ، و پوچەڵکردنەوەی ڕۆڵ و کاریگەریی فکری و سیاسییان، وە دژ بە سەراپای ڕژێمە سیاسیـیەکەیان و فەرمانڕەوایەتی حزبە بۆرژواکانیان لە ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی تائیفی و قەومی هەم لە ناوەند (بەغدا) و هەم لە هەرێم (هەولێر).
بێ گومان ئەمەش پێویستی بە بەرجەستەکردنەوە و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی سیاسی چینی کرێکار هەیە، لەڕێگەی خەباتێکی ماندوونەناسانەی فیکری و سیاسییەوە، لەدژی مەیل و گرایشە بۆرژوا قەومی و ئایینی و لیبراڵییەکان، و هەروەها لەدژی ئەو ستراتیژانەی ناو بزووتنەوەی چەپی کوردستانیش کە لەگەڵ بەرژەوەندی چینی کرێکاردا ناکۆکن، ئەمەش بۆ یەکخستنی ڕیزی کۆمۆنیستەکان و مارکسیستەکان لە پێناو ئامادەکردنی چینی کرێکار بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی لە عێراقدا و دامەزراندنی حکومەتی کرێکاری خۆی، ئەمە ئەو ستڕاتیژەیە کە ئێمە لە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) گرتوومانەتەبەر و جیامان دەکاتەوە لە ستڕاتیژی لایەنەکانی تری ناو بزووتنەوەی چەپی کوردستان.
جیاوازیـیەکانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لەگەڵ باقی حزب و ڕێکخراو و لایەنەکانی ناو بزووتنەوەی چەپ لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا تەنها سنوردار نابێتەوە بە جیاوازی لە ڕێبازی فیکری – سیاسی و ستراتیژ، بەڵکو ئەو جیاوازیانە درێژیش دەبێتەوە بۆ مەیدانی تاکتیکی و خەباتی کردەیی ڕۆژانەش.
بۆ نموونە، کۆمەڵێک چالاکوانی سەربەخۆی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و کرێکاری، لەگەڵ هەڵسوڕاوان و ئەندامانێکی (حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان) و (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) و (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)، هەر هەموو ئەو چالاکوان و هەڵسوڕاوانە لە سەرەتای نیسانی (۲۰۲۲) لە بارەگای (حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان) لە سلێمانی کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی یادکردنەوەی یەکی ئایار بەیەکەوە لەو شارە، بەڵام هەفتەیەک دوای ئەم کۆبوونەوەیە، بە دەعوەتنامەی (حزبی شیوعی کوردستان) بۆ هەردوو حزبی (کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان) و (یەکێتی کۆمۆنیستەکان)، ئەندامان و چالاکوانانی ئەو دوو حیزبە بە “دەستخۆشانە”ی حیزبەکانیان، پشتیان لە هاوڕێکانیان لە (ڕێکخراوی بەدیل) و کۆمەڵێک چالاکوانی سەربەخۆ کرد و چوون بەدەم داوەتنامەکەی (حزبی شیوعی کوردستان)ەوە بۆ بەرپاکردنی ئاهەنگێک بە بۆنەی یەکی ئایار لەگەڵ (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران) بە ڕابەرایەتی (عەبدوڵای موهتەدی)، کە ڕەوتێکی ناسیونالیستە و مێژووەکەی پڕە لە دژاەیتییەکی ڕاشکاوانە و ئاشکرای کۆمۆنیزم و بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران و هاوکاری (ڕەزا پەهلەوی) کوڕی شای ئێرانە بۆ دەست بەسەراگرتنی ڕاپەڕینی ژنان و خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ئێران، بەدوای کوشتنی (ژینا ئەمینی)یەوە. لەبەر ئەوە ئێمە و چالاکوانە سەربەخۆکان خۆمان بەدوور گرت لە بەشداریکردن لەم ئاهەنگەدا چونکە هێزێکی ناسیونالیستی دژە کۆمۆنیست و دژە کرێکاری لەو چەشنەی ڕەوتەکەی (عەبدوڵای موهتەدی) بەشێکە لە ڕێکخستن و بەرپاکردنی وەها مەراسیمێک.
هەرچی (حزبی شیوعی کوردستان)ە، نە لە مێژووی ڕاستەقینەی خۆیدا و نە لە ڕێبازە سیاسیـیەکەیدا، سەر بە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێراق نیـیە. لە ڕووی مێژوویـیەوە درێژکراوەی (ڕێکخراوی کوردستانی حزبی شیوعی عێراقی)یە، کە سازشکار و هاوکاری بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و حزبە کۆنەپەرست و سەرکوتگەرەکانی بووە، لە کاتێکدا یەکێک لە تایبەتمەندیـیە گرنگەکانی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراقدا، هەستیاری و دوژمنایەتییە سیاسییەکەیەتی بەرامبەر بە حیزبە نەتەوەیـیەکان. مێژووی بزووتنەوەی چەپ دەرئەنجامی جیابوونەوەی ڕۆشنبیرانی مارکسیستە لە حزب و ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان لە ناوەڕاستی حەفتاکان تا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، بەڵام مێژووی (حزبی شیوعی کوردستان) مێژووی پاشکۆیەتیـیە بۆ ناسیونالیزمی کورد و حزبە فەرمانڕەواکانی.




چۆنییەتی بەرنگاربوونەوە و کۆتاییهێنان بە تیرۆر لە کوردستان.. نادر عەبدولحەمید

ترۆری هونەرمەندی لاو (خواناس وریا) لە چەمچەماڵ لە ئێوارەی (٢١-٦-٢٠٢٣)، باسگەلێکی گەرمی بەدوای خۆیدا هێنا بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبوک و میدیای ئینتەرنێتی جۆراوجۆر.
بەو پێیەی کە بکوژ دوای دەستگیرکردنی ڕایگەیاندبوو کە ئەو کارەی بۆیە ئەنجامداوە چونکە جیاوازی بیروڕایان هەبووە لەسەر ئایین و ئیسلام، لێرەوە لە لایەن کەسانی سەربە ئیسلامی سیاسی و کۆنەپەرست و دژە ئازادی بیروڕا، ئەم تاوانە جێگەی دەستخۆشانە و لە لایەن کەسانی ئازادیخواز و ئاتەئیست و کۆمۆنیست و سێکیولار و ئینساندۆستەوە جێگەی نەفرەت و سەرکۆنەکردن بووە.
یەکەمین پەرچەکردارێک، کە بینرا بریتی بوو لە ڕیسواکاری ئەم تاوانە و لایەنگرانی تاوانەکە، و ئەو فکر و جیهانبینیی و ئەو بانگەوازخوازە ئایینیانەی کە بزوێنەر و هاندەری بکوژ بوون بۆ ئەنجامدانی.
ئەم هەڵمەتە فکری و فەرهەنگی و میدیایی و سیاسییە بەجیا لە ڕوانگە جۆراوجۆرەکانی، بۆ سەرکۆنەکردن و پاشەکشەپێکردنی بەرەی کۆنەپەرستی و دژە ئازادی و ئیسلامی سیاسی، نەک هەر کارێکی پێویست بوو، بەڵكو بەردەوامبوونیشی هەر پێویستە، بەڵام ئەم چوونە جەنگی فکری و میدیایی و فەرهەنگیـیە، کە بەزۆری ئاتەئیست و سێکیولارەکان پێی هەڵدەستن، بەتەنها کافی نیـیە.
دیارە زۆرێکیش چوونەتەسەر بواری یاسا، نەک هەر بۆ سزادانی ئەم تاوانکارە، بەڵکو بۆ بەرگریکردن لە ئازادی بیروڕا لەسەر ئاستی کۆمەڵگە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە ئازادی بیروڕا دەربڕینیان دەستەبەر کردووە، لەگەڵ دانانی یاسای پێشڕەوتر کە هەم ئازادییەکی بەرفراوانتر بگرێتەخۆی بۆ هاوڵاتیان، وە هەم سنورداری دەستدرێژیـیەکانی بانگەوازخوازان و ئیسلامی سیاسیش بکات.
ئەمەش سەری کێشاوە بۆ ڕەخنە لە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی هەردوو زۆنی زەرد و سەوزی هەرێمەکە، کە بۆچی ئەو یاسایانە تەنها مەرەکەبی سەر کاغەزن؟ بۆچی بەپێی هەمان ئەو یاسانەی کە لە ئارادان، سنورێک بۆ دەستدرێژییەکانی ئەم بەرە کۆنەپەرستیـیەی ئیسلامی سیاسی و بانگەوازخوازانی ئایینی دانانرێت، کە ڕۆژانە و بە ئاشکرا جگە لە سوکایەتی بە کەرامەتی ژنان و ئازادیخوازان و ئەوانەی پێچەوانەی ئەوان بیردەکەنەوە، بانگەوازی توندوتیژی و کوشتوبڕیش دەکەن بەدژیان؟
لێرەوە هاوبەرژەوەندی حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە، بەم بەرە کۆنەپەرستیـیەوە خراوەتەڕوو، وە ئومێد بە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران خراوەتەلاوە بۆ سنوردارکردنەوە و کۆتاییهێنان بە دەستدرێژی بۆسەر ئازادیـیەکان و تیرۆری ئازادیخوازان و دژبەرانی ئیسلامی سیاسی، و ئەو ئاکامگیریـیە هاتۆتەپێش کە ئەوە ڕێکخراو بوون و یەکگرتنە، بە هێنانەدی بەرەیەکی بەرگریکاری جەماوەریی، لە کەسانی ئازادیخواز و ڕێکخراوە سیاسی و جەماوەریی و پیشەییەکان کە دەتوانێ بەڕووی ئەم بەرە کۆنەپەرستییەدا بووەستێتەوە، و دەستکۆتای بکات لە دەستدرێژی و ئەنجامدانی تیرۆر، وە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی هەردوو زۆنەکەش ناچار بە پەیڕەوی کردن لە یاسا بکات.

بابزانین لە ڕوانگەیەکی ماتریالیستییەوە ڕێگا چارەی کۆتاییهێنان بە تیرۆر، چییە؟
ئەنجامدانی تیرۆری جەستەیی وەیا مەعنەوی لە کۆمەڵگەدا، هەم دەتوانرێت لە ڕێگەی ڕێکخراوە سیاسیـیەکان و دامودەزگای سیخوڕی و ئاسایشی سەربە دەسەڵاتێکەوە ئەنجام بدرێت، وە هەم لە ڕێگەی تاکە کەسێکەوە کە سەربە هیچ حزب و ڕێکخراوێک نەبێت، و بۆ هیچ دەزگا و حزب و دەسەڵاتێکیش ئەم کارەی ئەنجام نەدابێت، بەڵکو لای وابێت کە ئەم کردەیە وەفاداربوونە بە بەها و بیروباوەکانی خۆی، وەک لەم تیرۆرەی چەمچەماڵدا وا دەردەکەوێت.
ئەمەش بەو مانایە نییە کە ئەمە کردەیەکی تاکە کەسیی دابڕاوە، بەڵکو لەم حاڵەتەشەدا هەر کردەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسییە و لە ڕێگەی ئەم تاکە کەسەوە جێبەجێ کراوە، تاکە کەس لێرەدا نوێنەرایەتی شتێکی ماددی و بابەتی کۆمەڵایەتیـیانە دەکات، بێ ئەوەی خۆی هۆشیار بێت بەم نوێنەرایەتییە، یان لە دەرەوەی ئیرادەی خۆی کراوە بەنوێنەر، ئەمە ئەو شتەیە کە پاڵنەر و بزوێنەریەتی بۆ ئەنجامدانی ئەم کردەیە، کە تاوانە و خۆشی تیایدا دەبێتە قوربانی.

پەیوەستکردنەوەی ئەم دیاردەیە و سنوردارکردنی تەنها بە لێکدانەوەی کێشەی دەرونی و شەخسیـیەتی، یان پەروەردەیی ژینگەیەکی بەرتەسکی وەک خانەوادە و گەڕانەوە بۆ گرێوگۆڵەکانی تافی مناڵی و لاوێتیی تاکە کەس، ناتوانێت جەوهەری ئەم دیاردەیە بە تەواوی دەرخات، گەرچی دەشێ ئەمانەش بەشێک بن، بەڵام کرۆک و ناوەڕۆکی دیاردەکە پێک ناهێنن.
تیرۆر بەرهەمی دیدگا و جیهان بینیـیەکە کە زاڵە بەسەر کۆمەڵگەدا، جا چ جیهانبینیـیەکی فەلسەفی، نەتەوەیی وەیا ئایینی بێت، کە ئینسان لە منداڵیـیەوە تا گەورە و باڵغ دەبێت پێی هۆقن دەکرێت، و دەکرێتە بەها و پیرۆزیـیەکانی، کە دەبێ خۆی و کەسانی تریش لە پێناویدا بکاتە قوربانی.
تیرۆر هەڵقوڵاوی ڕێبازێکی فکری و سیاسییە، وەک چۆن جەنگ بەردوامی سیاسەتە بەشێوەیەکی توندوتیژ، تیرۆریش بەهەمانشێوە بەردەوامی سیاسەت و ڕێبازێکی سیاسیـیە، شێوازێکی عەمەلیـیە تا ئەو جۆرە لە فکر و سیاسەت باڵادەست و زاڵ بێت بەسەر کۆمەڵگەدا، یان ئەگەر زاڵبوونەکەی لە ژێر مەترسیدا بێت، بەم کردە تیرۆریـیە هەوڵبدرێت باڵادەستیـیەکەی وەلانەخرێت.
منداڵێک کە لە سێ دەیەی ڕابردووی کۆمەڵگەی کوردستاندا چاوی بەجیهان هەڵێناوە، لە بارودۆخێکدا گەورە بووە کە ڕۆژانە نەک هەر لە ماڵەوە دەمکوتکردن و سەرکوتکردنی بینیوە، بەڵکو لەدەرەوەی چواردیواری ماڵەوەش بینیویەتی توندوتیژی و دەستبردن بۆ چەک بۆ یەکلاکردنەوەی هەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی، تیرۆری سیاسی و کوشتنی دیلەکانی شەڕ لە جەنگی ناوخۆدا، … نەریتێکی ئاسایی و بەربڵاوی حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی و بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی بووە، هەروەها بەردوامیش گوێبستی وتاری نوێژی جومعە و بانگەوازخوازان بووە کە چۆن دنەی موسوڵمانانیان داوە کە نابێت هیچ ڕەخنە و قسەیەک لەسەر ئیسلام قبوڵ بکرێت و دەبێ زۆر بەتوندی دژایەتی بکەن و ڕێی لێبگرن و نەهێڵن دووبارە ببێتەوە، ئیتر ئەو کەسە بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت، دەبێتە هەڵگری هەمان ئەو نەریتە ڕیشەدارە، کەسانی تر دەکاتە قوربانی و خۆشی دەبێتە یەکێک لە قوربانیانی.
بەڵام بۆچی وەک زۆر نەریتی ڕیشەدارتر کە ئێستا لە ئارادا نەماون، ئەم نەریتە کۆن و بێ کەڵک نابێ و ناپوکێتەوە؟ لەسەرەوە ئاماژەمان بەوە داوە کە چۆن بەرژەوەندی حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە لەگەڵ بەرەی کۆنەپەرستی و سەرکوتی ئازادی و دەمکوتکردنی هەر دەنگێکی ناڕازیدایە، نەک هەر ئەوەش، بەڵکو خۆی دامودەزگایەکی ڕێکخراوە لە ئاسایش و میلیشیای پێشمەرگەیی و دەزگای سیخوڕی، بۆ توندوتیژی نواندن بەدژی جەماوەری ئازادیخواز و زەحمەتکێشی هەرێمەکە.
سەیرکەن، نەک هەر، هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، کێبڕکێیانە لەسەر کێشکردنی فڵان سەلەفی و بانگەوازخواز و شێخ و خاوەن تەکیە و مەلای مزگەوت، و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەم و ئەو حزبی ئیسلامی، بەڵکو حزبی ئۆپۆزیسیۆنی لیبڕاڵ قەومیی (نەوەی نوێ)ش لەم مەیدانەدا، زۆر لەو حزبانەی دەسەڵاتدار جددیتر خەریکی ئەم کێبڕکێیەیە و کەناڵی ئاسمانیشی بۆ کردوونەتەوە! ئەمەش لە دوا ئەنجامدا گەشە پێدەری ئەو ژینگە کۆنەپەرستیـیەیە کە سوکایەتی کردن بە کەرامەتی ئازادیخوازان و ژنان و فتوای توندوتیژی بەدژیان لە مینبەر و میدیاکانیانەوە پەرە پێدەدات و ڕەشەکوژی ژنان و دەستبردن بۆ تیرۆری ئازادیخوازان و دژبەرانی فکری و سیاسی لەناو کۆمەڵگەدا دەکاتە کارێکی ئاسایی.
لێرەدا پرسیارێکی تریش دێتە ئاراوە کە بۆچی ئەو حزبانە، بە دەسەڵاتدار و بە ئۆپۆزیسیۆنیانەوە، ئەم ڕێگەیان گرتۆتەبەر و نایانەوێت ڕێگەی لایەنگری لە بەرەی ئازادیخواز و جەماوەری زەحمەتکێش بگرنەبەر دژی ئەو بەرە کۆنەپەرستیـیەی کە ئێستا هاوبەرژەوەند و هاوپەیمانیانن؟ دەوترێ کە بەرپرسانی حزبی و حکومی، عەقڵیـیەتێکی دواکەوتووی شاخ و عەشایەری و بنەماڵەیی و ئایینیان هەیە.
ئەمە ئەگەر بە ڕواڵەت بۆ حزبەکانی دەسەڵات مەعقول بێتە پێش چاو، بەڵام ناتوانێت لێکدانەوەیەک بێت بۆ ئۆپۆزیسیۆنێکی ناسیوناڵ لیبڕاڵ، کە مێژووی شاخ و عەشایەر و بنەماڵەی نیـیە، کەچی ناشیەوێت وەک ئۆپۆزیسیۆنێک ئەمە بکاتە خاڵێکی لاوازی دەسەڵات لە دژایەتی کردنیدا بۆی، بەپێچەوانەوە، وەک ئاماژەمان پێداوە کێبڕکێش دەکات بۆ کێشکردنی ئەم بەرە کۆنەپەرستیـیە ئیسلامیـیە بۆلای خۆی.
بۆیە ئەمە سیاسەت و ڕێبازێکی ئاگاهانە و هەڵقوڵاوی بەرژەوەندی چینایەتی؛ ئابووری و سیاسی واقعیـیە، کە لە لایەن حزبەکانی دەسەڵاتەوە هەم بە دامودەزگای داپڵۆسێنەر و سەرکوتگەر بەرگری لێ دەکەن، هەم بە هاوپەیمانەتی و سازشکاریان لەگەڵ بەرەی کۆنەپەرستی ئیسلامی، و هەم بە “عەقڵیەتی شاخ” و هێزی حزبی و بنەماڵەیی و عەشایەرییش، وە لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی لیبراڵییشەوە بە عەقڵیەتی مۆدێرنی بورژوازیانەی شاری.
ئەم واقعیەتە کاتێک بەڕوونی دەردەکەوێت کە سەرنج بدەینە کۆمەڵگەی کوردستان، دەبینین دوو کەرت بووە. لایەکی ئەم کۆمەڵگەیە کەمینەیەکی دەسەڵاتداری خاوەن حکومەتی هەرێم و خاوەن پشک لە حکومەتی ناوەندیـیە، خاوەن ملیشیا و دادگا و ئاسایش و دەزگای سیخوڕی و میدیایەکی زەبەلاح و مۆنۆپۆلکەری بازرگانی و زەویوزار و پڕۆژە ئابووریـیەکان و خاوەن ملیار و ملیۆنەها دۆلارە، خاوەن هاوبەرژەوەندیـیە لەگەڵ دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا و ئەمریکا.
لایەکیش زوربەی هەرە زۆری جەماوەری خەڵکی کوردستانی عێڕاقە، کە بێکاری و هەژاری داسەپاوە بەسەریاندا و بەدەست کەمی خزمەتگوزاریـیە سەرەتایـیەکانی ژیانی وەک ئاو و کارەبا، داودەرمان و خەستەخانە، خوێندن و خوێندنگا و خراپی ڕێگاوبانەکانەوە دەناڵێنن، و نەک موچە کلکوگوێ بڕاوەکانیان دوادەکەوێت و ساڵانە چەند موچەیەکیان لێ دەبڕدرێت، بەڵکو مناڵەکانیشیان دەبێ خۆیان ئامادە بکەن تا ئەو (٣٢) ملیار دۆلارەی کە حکومەتی هەرێم قەرزدارە، وەک باجی سەر ژیان و ئایندەیان تەحەمولی بکەن، کە ساڵ بە ساڵیش قەرزەکە بە سود و فایدە و زیاتر و زیاتر دەبێت.
لەبەرامبەر ئەم بارودۆخەشدا وەنەبێ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازان بێدەنگ و دەستەوستان بووبن، بەڵکو هەمیشە لە ناڕەزایەتی دەربڕین و مانگرتن و خۆپێشاندان و ڕاپەڕیندا بوون، و نەک هەر وەڵامی خواستەکانیشیان نەدراوەتەوە، بەڵکو بە ئاگر و ئاسنیش ناڕەزایەتیـیەکانیان سەرکوتکراوە، هەڵسوڕاوان و چالاکوانیشیان لێ دەسگیرکراوە، بە ڕۆژنامەنوسان و نوسەرانی ئازادیخوازیشەوە.
لێرەوە بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕۆژنامەگەری و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان و میدیاکاران بەشێکی ئەم کێشمەکێشە چینایەتیـیەیە کە دەسەڵاتی بورژوا قەومی فەرمانڕەوا لە ڕێگەیەوە دەیەوێت لە قاڵبی بدات و بە سەرکوتکراوی ڕایبگرێت و نەهێڵێ بتەقێتەوە بەڕوویدا وەک ڕاپەڕین و شۆڕش.
نەک هەر ئەمەش بەڵکو کێشمەکێشی حزبەکانی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و ئۆپۆزیسیۆنی ناسیوناڵی لیبڕاڵ بەڕوویاندا، لە لایەنێکیدا لەسەر چۆنیـیەتی بەهرەبەرداری و دەستبەسەراگرتنی ناڕەزایەتیـیە کۆمەڵایەتیـیەکان و شەپۆلی خۆپێشاندان و ڕاپەڕینی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و لاوانی کچ و کوڕی بێکار و بێ ئایندەکراوە، تا بەجۆرێک ئاڕاستەبکرێت کە لایەک دوور بخرێتەوە لەوەی گشت ئەم سیستمە ئابووری – کۆمەڵایەتیـیە و دامەزراوە سیاسییەکەی لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بپارێزێت لە لافاوی نەفرەتی جەماوەری ڕاپەڕیوو، وە لە لایەکی تریشەوە لە ڕێگەی سواربوونی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانەوە بتوانن نەک هەر وەک “بزووتنەوەی گۆڕان” پشکێشیان بەرکەوێت لە دەسەڵاتدا، بەڵکو بەنیازن تەواوی دامودەزگای سەروو ئیرادەی ئەم جەماوەرە، لە پەرلەمان و حکومەت بگرنە دەست خۆیان.
بەڵێ پایەی مادی و کۆمەڵایەتی ئەم داسەپاویـیەی کۆنەپەرستی و سەرکوتگەریـیە بەسەر ئەم هەرێمەدا، ئەم کەرتبوون و ناکۆکییە چینایەتییەیە. مانەوەی فکر و ئایدیا و نەریتی دواکەوتوانەی سەدەکانی ڕابڕدوو، پایەێکی مادی کۆمەڵایەتی؛ دەرەبەگایەتی و کۆیلایەتی و عەشایەری ئەوتۆی نەماوە کە لەسەری بوەستێت و دووبارە بەرهەمی بهێنێتەوە، ئەمانە بۆیە ماونەتەوە، چونکە بەرژەوەندی چینی دارای کوردستان، مانەوەی دەسەڵاتە بورژوا قەومییە ئیسلامییەکەی لەم هەرێمە، و هاوئاهەنگییەکەشی لەگەڵ ستڕاتیژی بورژوا ئیمپیریالی جیهانی و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، پێویستی پێیانە کە بەردەوام دووبارە بەرهەم بهێندرێنەوە.
بەم پێیە ئەو ژینگەیەی کە تیرۆر دەتوانێت تیایدا درێژە بەخۆی بدات ئەم واقعە چینایەتیـیە سیاسیـیەیە لە کوردستان، بۆیە لە ڕوانگەی مارکسیزم و بەرژەوەندی چینی کرێکارەوە، خەبات بۆ سنوردارکردن و کۆتاییهێنان بە تیرۆر و توندوتیژی، وەک پرێنسیپ و ستڕاتیژ، بەستراوەتەوە بە نەهێشتنی ئەو ژینگەیە کە سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوا قەومیـیە.
واتا گرێیخواردووە بە سەروساماندان بە خەباتی چینی کرێکار و زەحمەتکێش دژ بە چینی بورژوازی و دەسەڵاتەکەی، گرێیخواردووە بە ئاسۆدارکردنی ئەم خەباتە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و دامەزراندنی حکومەتی کرێکاری، کە ئەمەش بە دەوری خۆی وەڕێخستن، بەهێزکردن و ڕێکخراوکردنی بزووتنەوەیەکی سۆشیالیستی بەهێز دەخوازێت لە دەرونی ئەم کۆمەڵگە سەرمایەداریـیەی کوردستان، کە لێکهەڵپێکراو بێت بە چینی کرێکار و ڕێکخراوە و سەندیکا و یەکێتیـیە کرێکاریـیەکان و ڕێکخراوەی فێمێنیستی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و لاوان و گەنجانی سۆشیالیست و یەکانگیریش بێتەوە لەگەڵ هەمان بزووتنەوە لە سەراسەری عێڕاقدا.
گرتنەبەری ئەم ستڕاتیژە کۆمۆنیستیـیەیە، کە دەبێتە پاشەکشەکردن بە نفوز و هەژموونی فکری و سیاسی و عەملی بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی بورژوازی؛ چ ئیسلامی سیاسی کۆنەپەرست و تیرۆریزمەکەی، چ ناسیونالیزمی دەسەڵاتدار و سەرکوتگەرییەکەی، چ لیبرالیزمی قەومی ئۆپۆزیسیۆن و ڕیفۆڕمە پوچەکەی. وە بەگشتی بارودۆخێک لە کۆمەڵگەدا دێتە ئاراوە کە ئەو بزووتنەوە بورژوازیانە و حکومەت و دەسەڵات و حزب و گروپ و دەستەجاتەکانیان پەلبەستوو دەکات، تا نەتوانن دەستدرێژی بکەنەسەر ماف و کەرامەتی خەڵک و تیرۆر ئەنجام بدەن.

کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٣




خوێندکاران، مامۆستایانی وانەبێژ و کرێکارانی ژینگەپارێز.. نادر عەبدولحەمید

(لە قوربانیانی سیاسەتی ئابووری نەخشەمەندانە و ئاگاهانەی حکومەتی هەرێم)

دەستپێک

بەدوای دەستپێکردنەوەی وەرزی خوێندنی (٢٠٢٢-٢٠٢٣)، ناڕەزایەتی خوێندکاران، دەستی پێکردەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی کە مۆڵەتێکیان دیاریکرد بۆ حکومەتی هەرێم، کە ئەگەر وەڵام بە خواستەکانیان نەداتەوە جارێکی تر دێنەوە مەیدان، بۆیە لە مانگی یانزەوە خوێندکارانی کۆلێژە جیاجیاکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان لە (زۆنی سەوز)ی ژێر دەسەڵاتی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان)دا، هەر لە (کەلار)ەوە بیگرە تا (چەمچەماڵ) و (کۆیە) و (سلێمانی) و (هەڵەبجە) و (ڕانیە) و (قەڵادزێ) دەستیان داوەتە مانگرتن و خۆپێشاندان و داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن لە پێدانی دەرماڵە و بەڕەسمی ناساندن و بەیاسایی کردنی لە لایەن حکومەتی هەرێم و باشکردنی خزمەتگوزاری بەشە ناوخۆییەکان و کەمکردنەوەی خەرجی خوێندنی پەرالێڵ.

پاشخانی مێژوویی
ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە، بە بڕیارێک دەرماڵەی مانگانەی خوێندکارانی سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی وەستاندووە. وە لەوکاتەوە خوێندکاران بەردەوام ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانیان ئەنجامداوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو مافەی خۆیان، و ساڵی پار (٢٠٢١)، بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین، گەرچی بە بەهای گرتن و شکەنجە و ڕاوەدوونانیان، بەڵام توانیان حکومەتی هەرێم ناچار بکەین کە بۆ چەند مانگێک دەرماڵەیان بۆ خەرج بکات.
ئەمساڵیش (٢٠٢٢) بە هەمان شێوەی ساڵانی ڕابردوو خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەستیان کردۆتەوە بە ناڕەزایەتی دەربڕین، بە شێوازی مانگرتن، ڕێپێوان و خۆپێشاندان، وە لە جیاتی ئەوەی حکومەتی هەرێم وەڵام بە داوا ڕەواکانیان بداتەوە، کەوتوونەتەبەر پەلامار و هێرشی هێزەکانی (ئاسایش) و (پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان)ی سەربە (یەکێتی)، کە ویستوویانە، بەبێ ڕێزگرتن لە شکۆی (حەرەمی) زانکۆ، بە گازی فرمێسکڕێژ و بریندارکردن بە گولـلەی پلاستیکی و شەق وەشاندن و فڕاندن و شکەنجەدان و زیندانیکردنی دەیان خوێندکاری ناڕازی، کۆتایی بهێنن بە خۆپێشاندان و مانگرتن و ڕێپێوانەکانیان.
لە (زۆنی زەرد)ی ژێر دەسەڵاتی (پارتی دیموکراتی کوردستان)یشدا، خوێندکاران هەمان کێشەی دەرماڵە و خراپی خزمەتگوزارییەکانی بەشی ناوخۆیی و بارگرانی تێچوونی خوێندنیان هەیە و ناڕەزایەتییەکی زۆر پیشی خواردۆتەوە، بەڵام بەهۆی سەرکوتێکی پۆلیسی و سیخوڕیانەی سیستماتیکی توندەوە، دژی هەرجۆرە ناڕەزایەتییەک، کە لە نمونەی دادگایی و زیندانی کردنی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی دەڤەرەکەدا بینیومانە، لە ئێستادا ئەم ناڕەزایەتییانەی خوێندکارانی ئەم دەڤەرە ڕێگە لە خۆدەرخستن و تەقیوەتەوەکەی گیراوە بەڕووی دەسەڵاتدارانی (زۆنی زەرد) و حکومەتی هەرێمدا. هەوڵ و کۆششی سەرکوتگەرانەی هێزە چەکدارەکانی (یەکێتی)، ئاکامی سیاسەتێکی نەخشەمەندی سەرانی ئەم حزبەیە تا لەم ڕێگەیەوە لە (زۆنی سەوز)یشدا وەک (زۆنی زەرد) بە زەبری سەرکوتی پۆلیسیانە بەر بگرن بە ناڕەزایەتییەکان و خواستە ڕەواکانی جەماوەر. بەم شێوەیە هەردوو حزبی فەرمانڕەوا مانەوەی خۆیان تەنها لە ملهوڕی و سەرکوتی جەماوەر و بێ مافکردنیدا دەبیننەوە، پاش ئەوەی کە بێکاری و برسییەتی و پەراوێزیان بەسەردا سەپاندوون.
حکومەتی هەرێم لە ساڵی (٢٠١٤)دا، دەستی کردووە بە بڕینی دەرماڵەی خوێندکاران و کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی بەشە ناوخۆییەکان، هاوڕای زۆر بڕیاری تر بۆ کەمکردنەوەی بڕی موچە و بڕینی دەرماڵەی کرێکاران و کارمەندانی کەرتی گشتی و وەستاندنی پلە بەرزکردنەوەیان، بە بیانووی قەیرانی دارایی و کەمی دەرامەت بەهۆی بڕینی بەشە بودجە لە لایەن حکومەتی ناوەندیـیەوە، لە ئێستادا ئەو بیانووە لە ئارادا نیـیە و بگرە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گومرگی سەرسنورەکان و داسەپاندنی باج و خەراجێکی زۆر بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمەکەدا، داهاتەکانی حکومەتی هەرێم چەندین بەرامبەر زیادی کردووە.
پێنەدانی دەرماڵە بە خوێندکاران، پێشکەش نەکردنی خزمەتگوازی شیاو لە بەشە ناوخۆییەکان، گرانکردنی باری ژیانی خانەوادەکان بە بردنەسەری تێچووی خوێندن، لە کاتێکدایە کە خوێندکاران دوای تەواوکردنی خوێندنیان و ئامادەبوونیان لە بازاڕی کاردا، نە هەلی کار ڕەخسێندراوە بۆیان و نە هیچ ئاسۆیەکیش لە ئارادایە بۆ دامەزراندنیان، جا چ لە کەرتی گشتی بێت وە یا لە کەرتی تایبەت، بۆیە دوای تەواوکردنی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە، زوربەی هەرە زۆریان پەیوەست دەبن بە ئۆردووی بێ ئەژماری کرێکارانی بێکارەوە لە کوردستان.

سیاسەتی ئابووری نەخشەمەندانە و ئاگاهانەی حکومەتی هەرێم
ئەم بارودۆخە داسەپاوە، بە پێچەوانەی بیروڕای زاڵ و بۆچوونی فکری – سیاسی بیرمەندانی نیولیبڕاڵی پڕۆ-ڕۆژاوایی و حزبە قەومی و ئیسلامیـیەکان، وەنەبێ بەرهەمی نەشیاوی، نەشارەزایی، لێ نەهاتوویی و بێ پلانی بەرپرسان و سەرانی حزبە فەرمانڕەواکان بێت، بەڵکو بەرهەمی ڕێباز (نەهج) و سیاسەتێکی ئابووری ئاگاهانە و پلان بۆداڕێژراوی سەرتاسەرییە لە عێڕاقدا کە حکومەتی ناوەندی بەناوی (پەڕەی سپی – الورقة البيضاء) و حکومەتی هەرێمیش بەناوی (چاکسازی لە ئابووری هەرێمی کوردستان)دا گرتوویانەتەبەر، ئەویش بە پشتیوانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی و وڵاتانی تری ئیمپریالیستی ڕۆژاوا و دامەزراوە بانکی و دراوی (مالی)یە نێودەوڵەتیـیەکانیان، هەروەک لە هەولێر لە (٣٠-٥-٢٠١٦)دا لە کۆنفڕاسی هاوبەشی (حکومەتی هەرێم) و (بانکی نێودەوڵەتی)دا، وەک ئامانجێکی ئاگاهانە، پلان و نەخشەی بۆ داڕێژراوە و حکومەتی هەرێم لێبڕاوانە پیادەی دەکات.

ئاکامەکانی نیولیبڕاڵیزم
ئەمە سیاسەتی نیولیبرالیزمی سەرمایەداری هاوچەرخە، کە بە هاندان و پشتیوانی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان دەبرێتەڕێوە، و خۆی لە وەستاندنی دامەزراندن لە کەرتی گشتی دەوڵەتی و کەمکردنەوەی کرێکار و کارمەندەکانی ئەو کەرتە و ڕادەستکردنیدا دەبینێتەوە بۆ دەستی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان کە هەریەکەشیان بەجۆرێک سەریان بەندە بە یەکێک لە حزبەکانی دەسەڵاتەوە. ئەم سیاسەتە ئابووریـیە، لە ناوەڕۆکدا تاڵانکردنی سامانی گشتی کۆمەڵگە و پەرەپێدانی گەندەڵی و شانخاڵی کردنی حکومەتی هەرێمە لە خزمەتگوزاریـیە بنەڕەتیـیەکانی وەک تەندروستی و خوێندن و کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ و پاکوخاوێنی شارەکان و داسەپاندنی بێکار و هەژاری و باج و خەراجێکی زۆر بەسەر هاوڵاتیاندا، کە ئاسۆ و ئەجیندای ئابووری هەر سێ حزبی (پارتی، یەکێتی و گۆڕان)ی پێکهێنەری حکومەتی هەرێمە، و حزب و ڕەوتە قەومی و ئیسلامییەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش، لە چەشنی (نەوەی نوێ) و (یەکگرتووی ئیسلامی) و (کۆمەڵی دادگەری) لەم ئاسۆ و ئەجیندا ئابووریـیەدا هاوبەشن.

گرفتی ئەسڵی نەبوونی ئاگاهییە بەم سیاسەتە نیولیبڕالیزمیـیە
خوێندکارانی کچ و کوڕ، بەشێکن لە قوربانیانی ئەم ڕێبازە نیولیبرالیزمەیەی سەرمایەداری کە دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کورد لە حکومەتی هەرێمدا، ئاگاهانە و نەخشەمەندانە پیادەی دەکات. لە بەرامبەریشدا بارودۆخەکە لە ناڕەزایەتی و هاتنەمەیدان و خۆپێشاندانی خوێندکاران و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تری سەر بە چینی کرێکاری کەم نیـیە، ئەوەی لەم نێوەدا کەمبودە (نوقسانە) و ئامادە نیـیە (غائیبە) ئاگاهیـیە بەم ڕێبازە (نەهج) ئابووریـیە نیولیبرالیزمەی حکومەتی هەرێم لەنێو خوێندکاران و جەماوەری زەحمەتکێشدا بەگشتی، وە لێرەشەوە خۆ ڕێکخراوکردنە بۆ بەرنگاربوونەوە و پوچەڵکردنەوەی.
هاوکاتی ئەم ناڕەزایەتییانەی خوێندکاران، لەم ڕۆژانەشدا مامۆستایانی وانەبێژیش، لە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکاندا، بە مانگرتن و خۆپێشاندان هاتوونەتە مەیدان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە گرێبەستی کاتی و دانەمەزراندنی هەمیشەیی و بێبەشی لە دەرماڵەکان، بەشێکی بەرچاویشیان زیاتر لە (١٠) ساڵە بە گرێبەستی کاتی وانەبێژن. ئەمە جگە لە مانگرتن و ناڕەزایەتی لێرەو لەوێی بەردەوامی کرێکارانی ژینگەپارێز و خانەنشینان و مامۆستایان دژ بە دواکەوتنی چەند مانگەی موچەکانیان. لەمڕۆی هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا، هیچ توێژ و بەشێکی چینی کرێکار و زەحمەتکێش نەماوە کە فشاری ئەم سیاسەتە نیولیبڕاڵیـیەی حکومەتی هەرێم لەسەریا نەشکابێتەوە و ژیان و گوزەرانی ناهەموار نەکردبێت.

ڕێکخراوبوونی پیشەیی و یەکگرتووی لە فیدراسۆنێکی سەراسەریدا
بەو ئەندازەیەی ئاگاهی بە جەوهەری سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزمی حکومەتی هەرێم پەرە دەستێنێت لەناو ڕیزەکانی خوێندکاران و مامۆستایانی وانەبێژ و کرێکارانی ژینگەپارێز و ژنانی زەحمەتکێش و لاوانی کچ و کوڕی خانەوادە کرێکاریـیەکان و تەواوی توێژ و بەشە (فیئە) کۆمەڵایەتیـیەکانی تر، وە خۆیان ڕێکخراو دەکەن بەو ئاگاهییەوە لە ڕشتە و پیشەکانی خۆیاندا و سەرکەوتوو دەبن لە هێنانەدی یەکێتیـیەک یا فیدراسۆنێکی سەراسەری لە ڕێکخراوە سەربەخۆکانی خۆیان، وە هەر توێژە و بەشێکیش دێتەمەیدان بۆ پشتیوانی لە خواست و ناڕەزایەتی توێژ و بەشەکانی تری هاوچینەکەی خۆی، و وەک بزووتنەوەیەکی گشتی و سەراسەی چینایەتی خۆی دەردەخات، بەڵێ بە هەمان ئەندازە ئیرادەی ئەو جەماوەرە ڕێکخراوە بەرجەستە دەبێتەوە لە بەرامبەر ئیرادەی سەرکوتگەرانەی بورژوازی ڕێکخراو لە حکومەتی هەرێمدا، و توانایان دەبێت نەک هەر پاشەکشە بەسەریدا بسەپێنن و ناچاری بکەن خواستە دەستبەجێکانیان بسەلمێنێت، بەڵکو هەنگاویش هەڵبهێننەوە بۆ ڕزگاری یەکجاری لەم دەسەڵاتە و لە بنەما ئابووریـیە سەرمایەداریـیە نیولیبرالیزمەکەشی.

وەدەرنانی خۆشباوەڕی و بەرزبوونەوە بۆ ئاست بزووتنەوەیەکی ئاسۆدار
هێنانەدەرەوەی ناڕەزایەتیـیە پچڕپچڕ و کاتی و وەرزیـیەکانی خوێندکاران، مامۆستایان، کرێکارانی ژینگەپارێز و خانەنیشنان و … لە پێناو ماف و خواستە ڕەواکانیاندا، لە هەرجۆرە خۆشباوەڕییەک بە چاکسازیی کلک و گوێ بڕاوی حکومەتی هەرێم و وادە و بەڵێنی پوچی حزبەکانی دەسەڵات، هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو ناڕەزایەتیـیانە بۆ ئاست بزووتنەوەیەکی شکڵگرتووی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستاندا، لەمڕۆدا و بەر لە هەر شتێک، گرێی خواردووە بە جێگیرکردن و پەرەدارکردن و باڵادەستکردنی ئاسۆیەکی سۆشیالیستیانەی شۆڕشگێڕەوە دژ بە سەرمایەداری و فۆڕمە سەردەمیـیەکەی لە نیولیبرالیزمی ئابووری کە دەسەڵاتدارانی بورژوا ناسیونالیستی کورد زۆر لێبڕاوانە خەریکی داسەپاندنین بەسەر ژیان و چارەنوسی جەماوەری زەحمەتکێشی ئەم هەرێمەی کوردستانی عێڕاقدا، لەوانەش داسەپاندنی بەسەر لاوانی کچ و کوڕی خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکاندا.

ئەرکی خوێندکارانی پێشڕەو
ئەرکی دەستبەجێی خوێندکارانی ڕابەر و بەئاگا و پێشڕەو، هەر لەو کاتەدا کە خەریکی ڕێکخستن و وەڕێخستن و ڕابەریکردنی گردبوونەوە و ڕێپێوان و مانگرتن و خۆپێشاندانەکانی جەماوەری خوێندکارانن، لە هەمانکاتیشدا دەبێ خۆیان لە دەوری یەکتری گردبنەوە و لە هەوڵی پێکهێنانی کۆڕوکۆمەڵ و ئەڵقە و کۆمیتەی خەباتکاردا بن، وەک ناوکۆکەیەکی پێشڕەو لە پێناو هێنانەدی ڕێکخراوی بەرفراوانی جەماوەری و سەربەخۆ لە حکومەت و حزبەکانی دەسەڵات و هەروەها سەربەخۆش لە ئۆپۆزیسیۆنێکی قەومی و ئیسلامی کە هاوئاسۆیە لەگەڵ ئەجیندای ئابووری نیولیبرالیزمی دەسەڵاتی هەرێمەکەدا.

ئەرکی هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیست
ئەرکی هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیستی لەم نێوەدا ئاسۆدارکردنی ناڕەزایەتی توێژە کۆمەڵایەتیـیە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکارە بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی شۆڕشگێڕانە و هەوڵدان و کۆمەگیکردنە بە هێنانەدی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی خوێندکاران، مامۆستایان بەگشتی و وانەبێژانی گرێبەستی کاتی بەتایبەتی، خانەنشینان و کرێکارانی ژینگەپارێز و …. بەم ئاسۆیەوە. ئەمە و گرێدانەوە و لێکهەڵپێکانی ئەم ناڕەزایەتی و ڕێکخراوانەیە بە ناڕەزایەتی و ڕێکخراوە جەماوەریـیە سەربەخۆکان لەسەراسەری عێڕاقدا لەپێناو بەرجەستەکردنەوەی یەک بزووتنەوەی چینایەتی شۆڕشگێڕدا کە توانای هاتنەمەیدانی هەبێت بۆ جەنگی دەسەڵات دژ بە دەسەڵاتی بورژوا قەومی و ئیسلامی.
هەر لەو کاتەدا ئەو ئەڵقە و گروپ و حزب و ڕێکخراوە کۆمۆنیستییانەی کە لەو ڕاستایەی سەرەوەدا، لێبڕاوانە توانا و وزەی خۆیان دەخەنەگەڕ و هاوئاهەنگی دەکەن لە چالاکییەکانیاندا، خەباتێکی فکری و سیاسیشیان پێویستە بۆ وەدەرنانی بیروڕا و سوننەتە نا کرێکاری و نا شۆڕشگێڕی و نا کۆمۆنیستییەکان لە پێناو یەکخستن و هاوئاهەنگکردنی هەوڵ و تەقەلای مارکسیست و سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان و ڕابەرانی کرێکاری و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە جەماوەرییەکان لە حزبێکی شۆڕشگێڕی پڕۆلیتاریدا.

دێسێمبەری ٢٠٢٢




ناسیونالیزمی کورد و جێگەوڕێگەی ئیسلامی سیاسی.. نادر عەبدولحەمید

ئیسلامی سیاسی بەرەیەکی کۆنەپەرستی ڕێکخراوی سیاسییە لە کوردستانی عێڕاقدا، بەربەستی بەردەم پێشکەوتووخوازیە لە کۆمەڵگەدا، ئەویش لە هاوپەیمانەتیاندا لەگەڵ ڕەوتی کۆمەڵایەتی سیاسی ناسیونالیزم بە هەردوو باڵی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆنیەوە.
حزب و ڕێکخراوە ئیسلامیـیەکان لە پەراوێزی کۆنەپەرستیـیەت و ئیستیبدادی ناسیونالیزمی کورددا درێژە بەژیانی خۆیان دەدەن و تەواوکەرینی، ئەوەی کە ناسیونالیزم ڕاستەوخۆ بۆی نالوێت دایسەپێنێت بەسەر کۆمەڵگەدا، بوار دەڕەخسێنێت تا لە ڕێگەی ئیسلامی سیاسیـیەوە داسەپێت.
بەدرێژایی دوو دەیەی ڕابردوو ئیسلامی سیاسی لە زوربەی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی (حکومەتی هەرێم)دا تەواوکەری ناسیونالیزمی دەسەڵاتدار و جارجارەش لەگەڵ حزبە قەومیـیە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا تەواوکەری ئۆپۆزیسیۆنی قەومی نیولیبرالی بووە.
ئیسلامی سیاسی گەرچی هێزێکی واقعی ڕێکخراوی کۆنەپەرست و مەترسیدارە، بەڵام دوورە لەوەی بورژوازی کورد و کۆمەڵگەی کوردستان نەک هەر ئەو چانسەی پێبدا ببێتە ڕەوتێکی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوا، بەڵکو هەتا ئەو چانسەشی پێنادات ببێتە ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی و پلە یەک، وەک لە شەپۆلی ڕاپەڕینەکانی دەیەی ڕابردوودا دەبینرا لە چەند وڵاتێکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقادا، هەربۆیە ئۆپۆزیسیۆن بوونی ئیسلامی سیاسی لە کوردستانی عێڕاقدا هەمیشە پاشکۆ و تەواکەری ئۆپۆزیسیۆنی ناسیونالیزمی کورد بووە.
ئەوەی کە لە ئێستادا ئیسلامی سیاسی توانای کێشکردنی گەنجان و لاوانی هەیە بۆ کونجی مزگەوتەکان، وە توانی سازدانی نمایشی باڵاپۆشکردن و لچک دابەشکردنی هەیە بەسەر کچاندا، هۆکارەکەی بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارودۆخە فکری و سیاسییە ڕەشبینییەی کە لەم ساڵانەی دواییادا هاتۆتەئاراوە، ئەویش دوای ئەوەی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی کرێکاران و کارمەندانی کەرتە جۆراوجۆرەکانی وەک پەروەردە و خوێندن و تەندروستی و ژینگەپارێزی و لاوانی کچ و کوڕی بێکار و ئامادە بۆ کارکردن دوای تەواوکردنی خوێندگاکان، لە شکڵی مانگرتن و خۆپێشاندانە پیشەییەکانیاندا نەیتوانی فشارێکی کاریگەر بخەنەسەر حکومەت و دەسەڵاتی هەرێمەکە و ناچاریان بکات بە وەڵامدانەوەی خواستەکانیان، بۆیە ئەو ناڕەزایەتییانە لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە بەرەو هەڵکشان چوون، جەماوەر هاتنەمەیدان بە شەپۆلی خۆپێشاندانی گەورە و سەراسەری شۆڕشگێڕانەوە کە هەڵپێچانی دەسەڵاتی هەرێمەکەی کردبووە ئامانج، بەڵام دەسەڵات شەڵاڵی خوێنی کردن جگە لە گرتنی هەڵسوڕاوان و ڕاوەدوونانیان.
بەم پێیە ئاشکرابوو کە جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز بەم هاوسەنگی هێزەی ئێستاوە دەرەقەتی ئەم دەسەڵاتە نایەت، ئەمەش شەپۆلێک لە کۆچ و ڕەوی بەکۆمەڵی بەدوای خۆیدا هێنا ڕووەو دەرەوەی وڵات و ئەو کەشوهەوا فکری و سیاسییە ڕەشبینیەیەشی هێنایەئاراوە کە ڕەوتە ئیسلامییەکان بتوانن گەنجان و لاوانی کوڕ و کچ کێشی کونجی مزگەوتەکان بکەن و شانۆسازی بۆ باڵاپۆشکردن و لچک کردنەسەری کچان ئەنجام بدەن.
هەربۆیە هەوڵدان بۆ هەڵساندنەوە و وەڕێخستنی بزوتنەوەی جەماوەری زەحمەتکێش و ڕێکخراوکردن و ڕابەرایەتی کردنیان بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی شۆڕشگێرانەی ئینتەرناسیونالیستییەوە کە پاشەکشە بە باڵادەستی فکری و سیاسی ناسیونالیزمی کورد و حکومەت و دەسەڵاتەکەی بکات لەم هەرێمەی کوردستانی عێڕاقدا، بەهێزترین گورزێک دەبێت کە دەسرەوێندرێتە ئیسلامی سیاسی.
ئەم لێکدانەوەیە بە کەمگرتنی بایەخ و گرینگی خەباتی فکری و ڕۆشنگەری سێکیولارەکانی کوردستان نییە، بەڵکو خستنەناو چوارچێوەی واقعی خۆیەتی ئەگەر بڕیار بێت سێکیولاریزم لەم سەردەمەی ئەمڕۆدا ڕۆڵێک ببینێت لە بەرژەوەندی جەماوەری ئازادیخواز و کرێکاران و زەحمەتکێشان.
تێبینی: ئەمە بەشێکە لە وتاری (جەنگی ئەسڵی لە کوردستاندا، جەنگی نێوان ناسیونالیزم و سۆشیالیزمە). بۆ خوێندنەوەی تەواوی ئەم وتارە دەتوانن کلیک لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکەن:
https://www.albadeel-alsheoi.org/ar/?p=5849




دوو بەرەی جیاواز، لە پێشوازی یەکی ئایاری سلێمانیدا-1-… نادر عەبدولحەمید

بەشی یەکەم

دەسپێک
لە یادکردنەوەی یەکی ئایاری (٢٠٢٢)ی شاری سلێمانیدا، ناکۆکی کەوتە نێوان هەڵسوڕاوانی کرێکاری و جەماوەری لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە کەوتە نێوان لایەنە سیاسی و ڕێکخراوەیـیەکانی سەر بە بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێڕاقدا.
بۆ بەشێک لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری و ناڕەزایەتیـیە جەماوەریـیەکان، و بۆ کەسانی چەپ و کۆمۆنیست، وە بەجۆرێک بۆ تەواوی بزوتنەوەکەیان هێشتا چۆنیەتی هاتنەپێشەوەی ئەم کێشەیە، ناوەڕۆکەکەی و هەڵوێستیان بەرامبەری وەک پێویست ڕوون نیـیە، بەتایبەت مەراسیمێکیش بەو ناوەوە بەرێوەچوو، وە بەشێک لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری و جەماوەری و کەسانی چەپ و کۆمۆنیست و لایەنی سیاسی و رێکخراوەیی بەشداریان تێدا کرد و بەشێکی تریان بەشداریان تێدا نەکرد، کە ئەمە خۆی جێگەی پرسیار و لێکدانەوە و بەدواداگەڕانی وەڵامە.
هەرچەندە دوو ڕونکردنەوە لەو بوارەدا هەیە (دواتر ئاماژەیان پێ دەکەین)، کە دیالۆگێکی کۆمێنتی لە فەیسبوک خوڵقاند، بەڵام ئەوە تێرایی بابەتەکە ناکات و بەس نیـیە، وە پێویست بە خستنە بەرچاوی وێنەیەکی گشتگیر و هەمەلایەنە دەکات.
باس کردن لەم ناکۆکیـیە پێویستە نەک هەر بەگشتی بۆ ڕۆشنکردنەوەی کێشەیەک و ئەزمون وەرگرتن لێی، بەڵکو بەتایبەتیش بۆ هێنانەدی و بەهێزکردنی ڕیزێکی یەکگرتووی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و ناڕەزایەتیـیە جەماوەریـیەکان و بەرچاوڕوونیان لە هەڵوێستی چینایەتی کرێکارییاندا ئەمە لە لایەک، وە لە لایەکی تریشەوە، ئەم باسە لەو ڕوانگەوە پێویستە، کە دیالێکتیکی چوونەپێش و پەرەسەندنی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە ڕێگەی دەستبردن بۆ یەکاڵاکردنەوەی ناکۆکییە دەرونیـیەکانیـیەوەیەتی.
ئەم وتارە هیوادارە ڕۆشنگەریەک لەو مەیدانەدا بهێنێتە ئاراوە، و کۆمەگی بکات بە دەستنیشان کردنی هەڵوێستی کۆمۆنیستی و کرێکاری لەم کێشە و ناکۆکیـیەی کە هاتۆتەپێش لە ڕێگەی ڕەخنەی مارکسیستیـیەوە، ئەمەش لە پێناو بەرجەستەکردنەوەی خەتێکی فکری سیاسی و حزبی مارکسیستی ڕادیکاڵ، و بەرگرتن بە تەشەنەکردنی ناسیونالیزمی ناو ڕیزەکانی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق و ڕێگری لە باڵادەستی بەسەریدا، وە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی چینایەتی بزوتنەوەی کرێکاری و بەدوورگرتنی لە ئاسۆ و ئەجیندای ناسیونالیزم و ناسیونال-ڕیفۆڕمیزمی (حزبی شیوعی کوردستان – حشک)ی پەڕاوێزی (پارتی) و دەسەڵاتی بورژوازی و حکومەکەتە هەرێمیەکەی.
سەرهەڵدانی ناکۆکیـیەکە
ئەم ناکۆکیـیە کاتێک سەریهەڵدا، کە هێشتا بڕیار و نەخشە و پلانێکی دیاریکراو بەدەست نەهاتبوو لە کۆبوونەوەی هەڵسوڕاوانێکی شاری سلێمانی (وە بەپشتیشیانەوە حزب و ڕێکخراوەکانیان)، کە لە مانگی سێ (مارس/ئازار)ەوە دانیشتنی هەفتانەیان هەبوو لە ئۆفیسی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان – حککک)؛ بەگشتی بۆ هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش پێکەوە، وە بەتایبەتیش، لە دوو هەفتەی سەرەتای مانگی نیساندا، بۆ یادکردنەوەی یەکی ئایار لە شارەکەدا.
ناکۆکیـیەکە بەوە دەستی پێکرد کاتێک کۆمیتە محەللی (حشک) کە بەشێک نەبووە لەو کۆڕوکۆبوونەوانەی ئۆفیسی (حککک)، لە ناوەڕاستی مانگی چوار (نیسان/ئەپریل)ەوە دەستپێشکەریـیەکی کرد، چەند حزب، ڕەوت و ڕێکخراوی سیاسی ناسیونالیستی کوردی کۆکردەوە، وێڕای بانگهێشتکردنی (حککک) بۆ کۆبوونەوەیەک لە بارەگای خۆی، بۆ چۆنیەتی یادکردنەوە و بەرپاکردنی مەراسیمێک بۆ یەکی ئایاری ئەمساڵ لە شارەکەدا. لێرەوە هاوڕێیانی (حککک) هەڵسوڕاوانی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی ئۆفیسی خۆیان ئاگادارکردەوە و ئەوانیان هاندا بۆ پەیوەست بوون بەم پڕۆژەیەی (حشک)ەوە.
بەڵگەکان
لاپەڕەی فەیسبوکی ( ئازادی سلێمانییە – Azadi Sulaymaniyah) کە چالاکی و هەواڵ و ڕاگەیاندنەکانی (حشک) بڵاودەکاتەوە، ڤیدیۆ-کلیپێکی لە (١٧ ئەپریلی ٢٠٢٢) بڵاوکردەوە، بەناوی (ئامادەکاری بۆ یادکردنەوەی ڕۆژی قوربانیانی کار و یەکی ئایار) کە تیایدا کەسان و هەڵسوڕاوانی سەر بە چەند حزب و ڕەوت و ڕێکخراوی کوردستانی عێڕاق و ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ئێران ئامادەن، لەوانە چەند هاوڕێیەکی کۆبوونە هاوبەشەکانی ئۆفیسی (حککک).
ئەم ڤیدیۆ-کلیپە دوای هاوبەشکردنی (شێر) لە فەیسبوک لە لایەن چەند کەسێکەوە، لە (٢١ ئەپریلی ٢٠٢٢) کۆمێنتی فەیسبوکی جۆراوجۆری؛ چ ڕەخنەگرانە و چ لایەنگرانەی بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەم ناکۆکییە کاتێک بەڵگەدار (بە دۆکیومێنت)کرا کە (نەوزاد بابان) لە (٢١-٤-٢٠٢٢)دا ڕوونکردنەوەیەکی نوسی لەسەر هەڵوێستی خۆی و بەر لە بڵاوکردنەوەی خستیە بەردەست هاوڕێیانی (حککک) و هەڵسوراوانی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی ئۆفیسی ئەو حزبە، لەوانە هاوڕێیەکی (یەکێتی کۆمۆنیستەکان – یک) کە لە ڤیدیۆ کلیپەکەدا دەرکەوتووە، وە لە پەیوەندی خۆشیدا بە هەموو ئەو هاوڕێیانەوە، هاندەریان بوو بۆ نەچوونە ناو ئەو پڕۆژەیە و کشانەوە لێی و هەوڵدان بۆ یادکردنەوە و بەرپاکردنی مەراسیم لە لایەن هەڵسوڕاوانی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی ئۆفیسی (حککک)، وە پێی ڕاگەیاندن کە ئەم ڕونکردنەوەیە کاتێک بڵاودەکاتەوە کە نەگەنە بڕیارێکی هاوبەش.
ڕۆژی دواتر لە (٢٢-٤-٢٠٢٢)دا، (سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی حککک) ڕونکردنەوەی خۆی لەسەر ڤیدیۆ-کلیپەکەی (١٧-٤-٢٠٢٢) بڵاوکردەوە و (نەوزاد)یش دوای ئەوە ڕونکردنەوەکەی خۆی (هی ٢١-٤-٢٠٢٢) بڵاوکردەوە.
بەم شێوەیە دوو ئاڕاستەی جیاواز و پێچەوانەی یەکتری دەربارەی یەکی ئایار و یادکردنەوەکەی لە شاری سلێمانی شکڵی گرت و بەرجەستە بۆوە بە دۆکیومێنتی نوسراو و ڤیدیۆ-کلیپەوە. ئەم وتارەیە هەوڵدانە بۆ تیشک خستنەسەر بۆچوونی فکری سیاسی و هەڵوێستی چینایەتی جیاواز و دژ بەیەک لە پشت ئەم دوو ئاڕاستە سیاسیـیەوە بۆ یەکی ئایاری سلێمانی.
جەوهەری ناکۆکیـیەکە
کاتێک پەیوەندی کرا بە هاوڕێ (نەوزاد بابان)ەوە بۆ بەشداری لەو کۆبوونەوانەدا، هەڵوێستەیەک کرا بەرامبەر ئەوەی کە بۆچی لەو ڕەوت و ڕێکخراوانەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ئێران، وە بەدیاریکراوی لە چوار ڕێکخراو کە لەژێر ناوی (کۆمەڵە)دا کار دەکەن، [دوانیان وەک ڕێکخراوی سەربەخۆ و دوانەکەی تریشیان، هەر یەکەیان وەک بەشی کوردستانی (حزبی کۆمۆنیستی ئێران – حکا) خۆیان دەناسێنن] تەنها سێ لەو (کۆمەڵە)یانە بەڕابەرایەتی (عەبدوڵای موهتەدی – عومەری ئێلخانیزادە – ئیبراهیمی عەلیزادە) بانگهێشت (دەعوەت) کراون، وە بۆچی ئەوی تر بانگهێشت نەکراوە؟ ئەم پرسیارە وەک ڕەخنە لە سیاسەتی هەڵاواردن و جیاکاری ناکۆمۆنیستی و ناکرێکاری، ڕووبەڕووی نەک هەر خانەخوێ، واتا بەرپرسی کۆمیتە محەللی (حشک)، بەڵکو ڕووبەڕووی هاوڕێیانی (حککک) و (یک)یش کرایەوە.
وە بەو پێیەش کە دوو لەو ڕەوتانەی (کۆمەڵە) کە وەک ڕێکخراوی سەربەخۆ کاردەکەن بەڕابەرایەتی (موهتەدی – ئێلخانیزاد)ە، ڕابردوویەکیان هەیە لە دژایەتی کۆمۆنیزم و ئامانجەکانی ڕزگاری چینی کرێکار و هیچ کاتێکیش هاوسۆزی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەری زەحمەتکێش نەبوون لەبەرامبەر حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کورد، نەک هەر ئەوەش بەڵکو وەک لە ڕونکردنەوەکەی (حککک)دا هاتووە [دۆست و لایەنگری ئەو دەسەڵاتە ستەمکارەی ئێستای کوردستانن]، هەروەها بەدرێژایی چەندین ساڵی ڕابردووی بارەگاکانیان لە دەوروبەری شارەکە هیچ کاتێک لە بۆنە کرێکارییەکانی ئەو شارەدا بەشدار نەبوون و هیچ سەرەداوێک پەیوەستیان ناکاتەوە بە بزوتنەوەی کرێکاری و یەکی ئایارەوە، هەر بۆیە بەشداریان وەک ڕێکخەر و بەڕێوەبەر و پلانداڕێژەر و بڕیاردەر لە کۆمیتەیەکدا بەناوی (کۆمیتەی یەکی ئایار)، شێواندنی سەربەخۆیی چینایەتی و پێدانی ئیعتیبار (کریدیت)ە بە ناسیونالیزم لەناو بزوتنەوەی کرێکاریدا بەگشتی، و بەهرەبەرداری ناسیونالیزمێکی قێزەوەنیشە لەو بۆنە و مەراسیمە کرێکاری و چەپ و ئازادیخوازەدا.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەو ڕێکخراوەی تری (کۆمەڵە) کە بانگهێشت نەکراوە، وەیا خەتی سور دانراوە بۆ بەشدار نەبوونی، لانی کەم لە پڕۆسەی جیابوونەوەی لەو ڕێکخراوەی تری (کۆمەڵە) بەڕابەرایەتی (ئیبراهیمی عەلیزادە) کە تا مانگی یەکی (٢٠٢٢) لە چوارچێوەی یەک ڕێکخراو و یەک حزبدا بوون، بەڵێ ئەو ڕێکخراوی (کۆمەڵە)یە کە خەتی سور دانراوە بۆ بەشدار نەبوونی، لانی کەم بانگەشەی (ئیدیعای) ئەوەی کردووە کە (کۆمەڵە)ی ژێر ڕابەرایەتی (ئیبراهیمی عەلیزادە)، بەلای ناسیونالیزمی کورد بەگشتی و بەلای ئەو دوو ڕەوتە ناسیونالیستە دژە کۆمۆنیستی و دژە کرێکاریەی ژێر ڕابەرایەتی (موهتەدی – ئێلخانیزادە)دا وەرچەرخاوە و دوورکەوتنەوەیەکی ئاگاهانەی هەڵبژادووە لە چەپ و کۆمۆنیستەکانی ئێران و ڕێکخراوەکانیان.
بەم شێوەیە هەڵوێستە (حەزەر)کردنی سەرەتایی (نەوزاد بابان) بەرامبەر دانانی خەتی سور دژ بە تەنها یەکێک لە (کۆمەڵە)کان، سەری کێشا بۆئەوەی کە ئەمە نەک هەر تەنها گرتنەبەری سیاسەتی جیاکاری و هەڵاواردن نیـیە، لەبەر خاتری لایەک و لەدژی لایەکی تر، بەڵکو ئەمە ئیختیارێکی سیاسیی چینایەتی لەخۆ گرتووە و بەشێکە لە ئەجیندا و ستڕاتیژی سیاسی (حشک) بۆ کۆکردنەوەی ئەو ڕەوتە ناسیونالیستانە و تەریکخستنەوەی (عەزلی) ئەو ڕەوتانەی لانی کەم بانگەشەی دژە ناسیونالیست بوون دەکەن. وێڕای هەوڵدانی عەمەلی بۆ تەریکخستنەوەی هەڵسوڕاوانی کرێکاری ڕادیکاڵ و چالاکوانانی جەماوەری چەپ و کۆمۆنیستی شارەکە کە بەشێکن لە ڕوخساری یەکی ئایارەکانی سلێمانی (دواتر باس لەم خاڵە دەکەین). بەم شێوەیە کێشەکە هەر تەنها لەسەر بانگردن و بانگ نەکردنی ڕێکخراوێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ئێران نیە.
لە سێ خاڵی ڕەخنەی جدی ڕونکردنەوەکەی (٢١-٤-٢٠٢٢)ی (نەوزاد بابان)، خاڵێکیان دەربارەی ئیعتیباردانە بەم ڕەوتە ناسیونالیستە قێزەوەنانە و هاوڕێیانی کۆبوونەوەکانی ئۆفیسی (حککک)یشی لێ ئاگادارکردۆتەوە کە ئەمە نەک هەر لەسەر حزب و ڕێکخراوەکانی ئێوە، بەڵکو لەسەر گشت چەپ و کۆمۆنیزمی کوردستانی عێڕاقیش دەکەوێت، وە باشتر وایە لەو پڕۆژەیەی (حشک)دا بەئامادە بوونی ئەو دوو ڕەوتە ئاشکرا دژە کۆمۆنیست و دژە کرێکاریـیەی (موهتەدی-ئێلخانیزادە) [وە بە تایبەتیش تا ئەو جێیەی پەیوەستە بە (حککک)ەوە، ئەو دوو ڕەوتە دژە (کۆمۆنیزمی کرێکاری) و دژە شەخسی مەنسوری حیکمەتیشن) بەشداری نەکەن و هەڵسوڕاوانی کرێکاری و جەماوەری و ڕێکخراوەکانیان و لایەنە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستانی عێڕاق خۆیان لە هەوڵدابن بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو ڕۆژە، هەتا ئەگەر بە قەوارەیەکی بچوک و سمبۆلیکیشەوە بێت.
بەرپرسیارەتی لە بێ متمانەیی
زاڵکردنی بێ متمانەیی و لەبەریەکترازاندنی ئەو کۆدەنگی و یەکڕیزیـیەی کە هاتبۆدی بەر لە مانگی نیسانی (٢٠٢٢) بۆ کاری هاوبەش لە نێوان هەڵسوڕاوانی کرێکاری و چالاکوانانی ناڕەزایەتییە جەماوەریەکانی سلێمانی و بە پشتیشیانەوە ڕێکخراوە سیاسیـیەکانیان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هاوڕێیانی (حککک) و (یک) هەر زوو، لە کۆبوونەوەی بەرایی (١٧ی ئەپریل)ی بارەگای (حشک)دا، خۆیان ساغکردبۆوە کە بەشداری دەکەن، ئەویش بەدانانی ئەو مەرجانەی خۆیان کە لە ڕونکردنەوەکەی (سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی حککک)دا هاتووە، بەبێ گەڕانەوە و پابەند بوون بە کۆبوونەوە هاوبەشەکانی هەڵسوڕاوان لە ئۆفیسی ئەو حزبە، بۆیە ئاگادارکردنەوەی هاوڕێیانی کۆبوونەوە هاوبەشەکەی ئۆفیسی (حککک) لە لایەن ئەو حزبەوە، تەنها مەبەست هاندان و پاڵپێوەنانیان بوو بۆ بەشداری و پەیوەست بوون بەو پڕۆژە سیاسیـیەی (حشک)ەوە، نەک بۆ گفتووگۆکردن دەربارەی، وە ساغبوونەوەی دەستەجەمعی و یەک هەڵوێستی بەرامبەر ئەم پڕۆژەیە، جا یا هەموو هاوڕا دەبوون یان بە ئاکامگیرییەکی تر دەگەیشتن، کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا، ئەو کۆدەنگی و متمانەیەی دوای ساڵانێک توانرا بوو بهێنرێتەدی پارێزگاری لێ دەکرا و دەپارێزرا.
بەم شێوەیە یەکەمین ئەزموونی عەمەلی کە هاتەپێشەوە بۆ کاری هاوبەشی هەڵسوڕاوانی شارەکە هەر لەسەرەتاوە لەباربرا، بەرپرسیارەتییەکەش لە ئەستۆی ئەوانەدایە کە چوون بە دەم بانگەوازی (حشک)ەوە بێ لەبەرچاوگرتنی کۆدەنگی هەڵسوڕاوان.
بەجیا لە ناوەڕۆکی چینایەتی و ئەجیندای سیاسی پڕۆژەکەی (حشک)یش، هەتا لەباری تاکتیکی و سیاسیشەوە، هاوڕێیانی (حککک) و (یک) زۆر سادەکارانە و هەرزان بە چەند مەرجێکی شکڵییەوە، وە هەر لە سەرەتاوە پێوەی پەیوەست بوون و نەخشە و پلانی چۆنیەتی بەڕێوەبردن و خەرجی مەراسیمەکەیان دیاریکردوە و لەنێوان خۆیاندا دابەشیان کردبوو، ئەمە لە حاڵێکدایە کە (حشک) ناچار دەبوو ئیعتیبارێکی تر هەم بۆ ئەوان، وەک دوو حزب و ڕێکخراو [(حککک) و (یک)] لەبەرچاو بگرێت، وە هەم بۆ ئۆڕگانێکی تازە شکڵگرتوو، وە پێکهاتوو لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری و جەماوەری شارەکە، ئەگەر ئەو هاوڕێیانە ڕایانبگەیاندایە تەنها نین و پابەندن بە کۆڕوکۆمەڵێکەوە و (حشک)یان ناچار بکردایە دوو ڕۆژ چاوەڕوانی بکات تا وەڵامێکی دەستەجەمی ئەم کۆڕوکۆمەڵە هاوبەشەی ئۆفیسی (حککک) دەدرێتەوە پێیان.
ئەڵبەتە (حشک) ڕێز دادەنێت و تەقدیری ئەوە دەکات کە هاوڕێیانی [(حککک) و (یک)] چوون بەدەم پڕۆژەکەیەوە و لێرەوە ئیعتیبارێکی زۆر و گەورەیان بۆ دادەنێت، بەڵام لەناوەڕۆکدا ئیعتیبارێکی تەواو جیاوازە لەو ئیعتیبارە سیاسییەی کە لەسەرەوە باسمان لێوەکردووە، و بە دڵنییاییشەوە، ئەم ئیعتیبارەی ئێستای (حشک) بۆ ئەوان لانی کەم بەشێک لە ئەندام و هەواداران و هاوڕیانی ئەو دوو حزب و ڕێکخراوە نیگەران دەکات.
لەوانە بوو بەرپرسی کۆمیتە محەللی (حشک) بڵێ چاوەڕوان نابین و ئێمە ئێوە [واتا (حککک) و (یک)]مان بانگهێشت کردووە، ئێوە دەڵێن چی؟ لە حاڵەتی کشانەوەدا لەو پڕۆژەیە، ناوەڕۆکی چینایەتی و ئەجینداکەی بێ ڕووتوش و بێ پەردە دەردەکەوت، بەڵام ئێستا ڕاستیـیەکە بەو جۆرەی لێهاتووە کە هاوئاهەنگی دەستبەجێی هاوڕێیانی (حککک) و (یک) لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەی (حشک) بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆدەنگییەکە، ئەوانی (واتا ئەم دوو حزب و ڕێکخراوەی) کردە ئامڕازی فشاری (حشک) بەسەر گشت ئەو هەڵسوڕاوانەی ئۆفیسەکە و (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی – بەدیل)ەوە کە هەڵوێستی بەشداری نەکردنیان هەڵبژارد بوو، تا ناچار بکرێن یا ئەوانیش پەیوەست بن بە پڕۆژە و ئەجیندای سیاسی (حشک) و پەردەپۆشکردنی، یا ڕیزی کۆدەنگی و متمانەکەی (ئۆفیس) لەبەریەک هەڵوەشێتەوە.
چەند شێواندنێک
یەکەم: هەوڵدراوە، لە پڕوپاگەندەی سیاسیدا، هەڵوێست بەرامبەر بەشداری نەکردنی (نەوزاد و ڕێکخراوی بەدیل) تەنها سنوردار بکرێتەوە بەوەوە کە ڕێکخراوێک، واتا یەکێک لە (کۆمەڵە)ەکان ڕێگری لێکراوە بە دانانی خەتی سور و مەرج کە نابێت بەشدار بێت، وە ئەگەر ئەو خەتی سور و مەرجە لاببرایە بۆ بەشداری ئەو لایەنە، ئەوا ئەمانیش (واتا نەوزاد و بەدیل) بەشدار دەبوون.
ئەوە ڕاستە لە سەرەتای پەیوەندی تەلەفۆنی بەرپرسی کۆمیتە محەللی (حشک)دا، وەک یەکەمین موشاهەدە و دانانی هێمای پرسیارێکی گوماناوی لەسەر ئەو کۆبوونەیە لەم خاڵەوە دەستی پێکرد و هەڵوێستەیەک کرا بۆ نەچوون و بەشداری نەکردن، واتا ئەمە سەرەتا و دەستپێکی هەڵوێست وەرگرتنەکە بوو، بەڵام هەر بەوەوە نەوەستایەوە، هەڵوێست وەرگرتنی جدی و جەوهەری هەر زوو ڕون و ئاشکرا لە نامەکەی (٢١-٤-٢٠٢٢)ی (نەوزاد)دا خراوەتەڕوو کە سێ ڕەخنەی جدیـیە، وە بەر لە بڵاوکردنەوەی دراوە بە زوربەی هاوڕێیانی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی ئۆفیسی (حککک) و لە کۆبوونەوەش لەگەڵ دوو لە هاوڕێیانی ئەو حزبە لەسەر داوای خۆیان، ڕاشکاوانە پێیان ڕاگەێندرا کە بەشداریتان بە ئامادەبوونی ئەو دوو ڕەوتە دژە کۆمۆنیست و دژە کرێکارییەی (موهتەدی-ئێلخانیزادە) لە ڕێکخستنی ئەو مەراسیمەدا لەسەر حزبتان و گشت بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق دەکەوێت، وە پێشنیاری ئێمە ئەوەیە کە لەو پڕۆژەیە بێنەدەرەوە.
بۆیە ئەوە چەواشەکاریە کە حەساسبوونی چینایەتی و مارکسیستانەی (نەوزاد و ڕێکخراوی بەدیل) بەو دوو ڕەوتە دژە کۆمۆنیست و دژە کرێکاریە و پڕۆژەکەی (حشک) پەردەپۆش بکرێت و هەڵوێستی بەشداری نەکردنیان تەنها و تەنها بەوە لێکبدرێتەوە کە گوایە کردویانەتە مەرج کە دەبێ ڕێکخراوەکەی تری (کۆمەڵە) بەشدار بێت. ئەمە جگە لەو بایەخەی کە (نەوزاد و بەدیل) لەبەرچاویان گرتووە بۆ کۆدەنگی و یەکڕیزی هەڵسوڕاوانی شارەکە و وەک بەشێک لەو چەواشەکاریە بێدەنگە دەکرێت لە ئاستیدا.
دووەم: دەوترێت ئەگەر (نەوزاد و بەدیل) هەر لە سەرەتاوە لە لایەن بەرپرسی کۆمیتە محەللی (حشک)ەوە بانگهێشت کرابان، وەک چۆن (حککک) هەر لە سەرەتاوە بانگهێشت کرابوو، ئەوا ئەوان ئەو ڕەخنانەیان نەدەبوو کە ئێستا هەیانە.
سەرەتا ئەوە بڵێین خودی بانگهێشت نەکردنەکە مانای سیاسی خۆی هەیە، لانی کەم هەستونەست (حس) و غەریزەی چینایەتی (حشک) لە پشتیەوە وەستاوە، کاتێک مشتێک لە ڕەوتی ناسیونالیستی دژە کۆمۆنیست و دژە کرێکاری، بە قەولی ڕوونکردنەوەکەی (حککک) [دۆست و لایەنگری دەسەڵات] بانگهێشت دەکا و (نەوزاد و بەدیل) و ئەڵبەتە بەشێکی تریش لە هەڵسوڕاونی چ کرێکاری و چ ناڕەزایەتییە جەماوەریەکانی شارەکە بانگهێشت ناکا، وە ئەمە خۆی بژاردە (ئیختیار)ێکی سیاسی ئاگاهانەی لانی کەم بەرپرسی کۆمیتە محەللی (حشک)ە ئەگەر نەشڵێین هی گشت حزبەکەیەتی، وە بەشێکە لەو خەتی سور و مەرجەی کە کێ و چ لایەنێک ئەو یادە بکەنەوە و مەراسیمەکە بەڕێبخەن.
وە ئەمە پاساوێکی چەواشەکارانەیە کە دەوترێت؛ بۆ کۆبوونەوەی بەرایی ناکرێ هەموو هەڵسوڕاوان و لایەنە سیاسی و ڕێکخراوەکان بانگهێشت بکرێن! وەناچار تەنها ژمارەیەکی کەم لەوانە سەرەتا و لە کۆبوونەوەی بەراییدا بانگێهشت دەکرێن و پاشان پەیوەندی دەکرێت بەهەموانەوە.
ڕوون و ئاشکرا دیارە کە بەرپرسی کۆمیتە محەللی (حشک) لە سلێمانی، ئەوەی بیرنەچووە کە دوو ڕەوتی دژە کۆمۆنیست و دژە کرێکاری سەر بە بزوتنەوەی کوردایەتی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بانگهێشت بکات بۆ کۆبوونەوەی بەرایی، کە بەدرێژایی بیست و یەک ساڵ لە بوونی ئۆردوگاکانیان لە دەوروبەری سلێمانی، لە هیچ بۆنەیەکی کرێکاری و چەپ و ئازادیخوازیدا بەشداریان نەکردووە، بەڵێ ئەوەی بیرنەچووە بانگێشتی ئەوانە بکات و بەشداریان پێ بکات لە کۆبوونەوەی بەرایی بۆ پرس و ڕاو تەگبیرکردن، بەڵام هەڵسوڕاوانی ناسراوی یەکی ئایارەکانی خودی شارەکەی بە پێویست نەزانیوە بۆ کۆبوونەوە بەراییەکە بانگهێشتیان بکات! وە دوای پرس و ڕا و تەگبیر و بڕانەوە لەسەر پلان و نەخشەی مەراسیمەکە لەگەڵ ئەو ڕەوتە ناسیونالیستە قێزەوەنانە، ئینجا بانگهێشتیان بکات، یان لە ڕاستیدا ئاگاداریان بکاتەوە لەو پلان و نەخشەی کە ئامادە دەکرێت لە لایەن ئەوانەوە!!!
ئەو سێ ڕێکخراوەی (کۆمەڵە) ڕاشکاوانە و ڕاستگۆیانە وتوویانە نابێ ئەو (کۆمەڵە)ی تر بەشدار بێت و ئەوە خەتی سورە، لێرەشدا (واتا لە بانگهێشت نەکردنی نەوزاد و بەدیل و هەڵسوڕاوانی تر) هەمان ئەو خەتە سورە بە عەمەلی و بەواقعی دانراوە لە لایەن بەرپرسی کۆمیتە محەللییەکەی (حشک) بۆ بەشداری پێنەکردنیان، بەڵام ڕاشکاوانە و ڕاستگۆیانە ڕانەگەێندراوە و فێڵبازانە هەوڵدراوە بە بەشداری پێکردنی (حککک) و (یک) پەردەپۆش بکرێت.
ئەگەر گریمان (نەوزاد و بەدیل و هەڵسوڕاوانی تر)یش هەر لەسەرەتاوە بانگهێشت بکرابانایە و ئامادەی کۆبوونەوە بەرایـیەکە ببونایە، بەجیا لەوەی کە لە ئامادەبوونێکی ئاوادا هەڵوێستی ئەوانە چی دەبوو، بەڕای شەخسی من (نادر) بەشداری هەر کەس و هەڵسوڕاوێکی تری شارەکە وەیا لایەنێکی سیاسی ڕێکخراوەیی تری وەک (بەدیل)، لە ناوەڕۆکی چینایەتی ئەو پڕۆژەیەی (حشک) و ئەجیندا سیاسییەکەی نەدەگۆڕی، تەنها لەباری چەندایەتیـیەوە قەرەباڵغتری دەکرد. وە دەبووە خاڵێکی لاوازی زۆر گەورەتری چەپ و کۆمۆنیزمی کوردستانی عێڕاق، لەوەی کە ئێستا بە بەشداری (حککک) و (یک) و چەند هەڵسوڕاوێکی شارەکە هاتۆتە ئاراوە.
بۆیە بەشدار نەبوونی (بەدیل و نەوازاد) وە لەگەڵیشیاندا بەشدار نەبوونی کۆمەڵێکی تر لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری و چالاکوانانی ناڕەزایەتیـیە جەماوەریەکان، مەسەلەیەکی سیاسی و نیشاندانی حەساسیەت و غەریزەی چینایەتیـیە بەرامبەر پڕۆژەیەک و ئەجیندایەکی سیاسی کە مشتێک لە ئەحزابی ناسیونالیستی قێزەوەنی [دۆست و لایەنگری ئەو دەسەڵاتە ستەمکارەی ئێستای کوردستان]ی کۆکردۆتەوە.
واوەتر لە هەلپەرستی
حەساس نەبوون و بێ هەڵوێستی (حککک) و (یک)، و هەڵسوڕاوانێکی کرێکاری و جەماوەری بەشداربووی کۆبوونەوەکانی بارەگای (حشک) و مەراسیمەکە، بەرامبەر پەراوێز خستنی (کۆمەڵە)کەی تر، لە باشترین حاڵەتدا چاوپۆشی کردن و بێدەنگە هەڵبژاردنە لە پێناو دەستکەوتی بەشداری کردنەکەدا، ئەمەش بە زمانی سیاسی و بە مانایەک دەچێتە خانەی هەلپەرستیـیەوە، بەڵام حەساس نەبوونی چینایەتی و بێ هەڵوێستی سیاسیـیان بەرامبەر دوو ڕەوتی لۆمپنی سیاسی دژە کۆمۆنیست و دژە کرێکاری مەسەلەیەکی زۆر واوەتر و گەورەترە لە هەلپەرستیی سیاسی.
تاکتیکێکی سەرکەوتوانە
لەواقعدا پڕۆژەکەی (حشک) تاکتیکێکی زۆر سەرکەوتوو بوو (جا چ ئاگاهانە بووبێت یان لە بێ ئاگاییەوە لەمەسەلەکە ناگۆڕێت) کە توانی ڕیزی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و جەماوەری دەرەوەی هیژمونی فکری و سیاسی خۆی لە شاری سلێمانی دوو کەرت بکات، بێ متمانەیی زاڵ بکات لە نێوانیاندا، بەشێکیان بەشدار بن لە یاد و مەراسیمەکەدا و بەشێکیشیان بەشدارنەبوون هەڵبژێرن. نەک هەر ئەوەش بەڵکو تاکتیکێکی زۆر سەرکەوتوو بوو لەو ڕووەوە کە کۆدەنگی و متمانەی ناو ڕیزەکانی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیشی لەبەریەک ترازاند، و خۆشی لەو نێوەدا لافی پێشەوایەتی “بزوتنەوەی چەپ” لێبدات و بیکاتە دەستمایەی پڕۆژەی خۆی بۆ بەشداریکردن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی (پەرلەمانی کوردستان)ی عێڕاق کە بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا بەڕێوە بچێت.
سێهەم شێواندن: دەوترێت کە نابێت خۆمان هەڵقورتێنین لە کێشە ناوخۆییەکانی ناو ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ئێران لەوانە (کۆمەڵە)، و بۆ دەبێ (نەوزاد و بەدیل) پێداگری بکەن لەسەر بەشداری کردنی ڕێکخراوێکی دیاریکراو؟
چەواشەکارییەکە لەوەدایە کە قبوڵکردنی مەرج و خەتی سور لە سێ ڕێکخراوی (کۆمەڵە)ی (موهتەدی.ئێلخانیزادە.عەلیزادە) بۆ ڕێگری لە (کۆمەڵە)یەکی تر دانانرێت بە خۆهەڵقورتاندن و دەستێوەردان لە کێشە ناوخۆییەکانی ئەو ڕێکخراوانە، بەڵام دژایەتی ئەو مەرج و خەتی سورە، دادەنرێت بە دەستێوەردان لە بەرژەوەندی ڕێکخراوێک دژ بە سێ ڕێکخراوی تر. وە لە ڕاستیدا هەڵوێستی (حشک) واوەترە لەوەی کە بڵێین ئەو مەرج و خەتی سورەی قبوڵکردووە، چونکە خۆشی هاوڕا و هاوهەڵوێست و خاوەن ئەو خەتی سورەیە و بەواقعی لایەنگریـیەکی فکری و سیاسی ئاگاهانە دەکات لەو سێ لایەنە دژی لایەنەکەی تر.
چوارەم شێواندن. تێکەڵوپێکەڵ کردنی دوو حاڵەتی تەواو جیاواز لە بەشداری و ئامادەبوون لە بۆنە و مەراسیمێکی وەک یەکی ئایاردا، لە لایەن کەسانی ناسیونالیست و مەزهەبی لەگەڵ بەشداری و ئامادەبوونی حزب و ڕەوتی سیاسی ئایینی و ناسیونالیست لەو بۆنە و مەراسیمەدا وەک ڕێکخەر و پلانداڕێژەر و بڕیاردەر و بەڕێوەبەر.
نەک هەر هیچ گرفتێک لەوەدا نیە کە خەڵکی ناسیونالیست یان مەزهەبی وەک فەرد و کەسێک بەشداری ئەو یادکردنەوە و مەراسیمە بن، بەڵکو لە واقعدا ئەمە لایەنی جەماوەری بوونی دەردەخات، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە تۆ بچیت لەگەڵ بۆ نمونە بانگەوازخوازێکی ئایینی لە لیژنەیەکدا هاوئاهەنگی بکەیت، پلان و نەخشە دابڕێژیت و بڕیار بدەیت و خەرجی مەراسیمەکەش لەگەڵیدا دابەش بکەیت و بانگەوازخوانەش لە مزگەوتەکەی خۆیدا بڵێت “ئەی موسلمانان خوا خێرتان بۆ دەنوسێت” ئەگەر بچن بۆ ئەو مەراسیمە.
جا دانیشتن لە لیژنەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی ئەو دوو ڕەوتە ناسیونالیسستە دژە کۆمۆنیست و دژە کرێکارییەی (کۆمەڵە)دا وەک ئەو نمونەی سەرەوە وایە. ئەمە ئیعتیبار دانانە بۆ ڕێکخراوگەلێکی لۆمپنی سیاسی و ناسیونالیستی دەستەڕاستی لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، وە دزەپێکردنی ئاسۆ و ئەجیندای ناسیونالیزمی کوردە بەگشتی بۆ ناو ڕیزەکانی بزوتنەوەی کرێکاری (نەک هەر بۆ ناو مەراسیمەکە کە لەوانەیە لەڕووی شکڵییەوە پێوەی دیار نەبێت و چەند سەعاتێکە و کۆتایی دێت)، بۆیە دەڵێین چ وەڵامێکتان هەیە بۆ کرێکارێکی سۆشیالیست لەهەر گۆشەیەکی دنیا کە بڵێ بۆچی ئیعتیبار دەدەن بە ڕەوتگەلێکی لەو چەشنە لەناو بزوتنەوەکەماندا، وە هەل دەڕەخسێنن بۆ جێکەوتنی ئاسۆ و ئەجیندای ناسیونالیستی تیایدا؟
پێنجەم شێواندن. وێنەیەک نیشاندەدرێت کە ئەوە تەنها و تەنها (نەوزاد بابان) (و بە پشتیشیەوە ڕێکخراوی بەدیل) بووە کە بەشدار نەبووە لە یادکردنەوەی یەکی ئایار و مەراسیمەکەیدا، لە حاڵێکدا ڕیزی هەڵسوڕاوانی کۆدەنگی ئۆفیسی (حککک) دوو کەرت بووە، وە نزیک بە نیوەی هەڵسوڕاوانەکەی بەشدار نەبوون. ئەوەی کە ناوی (نەوزاد) لە ئارادایە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو ڕوونکردنەوەی خۆی لە (٢١-٤-٢٠٢٢)دا نوسیووە و خستویەتییە بەردەست هەموان و وەک پێشەنگی ئاڕاستەیەکی جیاواز چالاک بووە دژ بە ئاڕاستەکەی تر کە بژاردەی بەشداریکردنی هەڵبژاردووە.
کێشەی ڕاستگۆیی
لە ڕونکردنەوەکەی (سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی حککک)دا هاتووە: [ڕۆژی ١٩/٤/٢٠٢٢ لەسەر بانگهێشتی حزبی شیوعی کوردستان کۆبوونەوەیەک لە بارەگای حزبی شیوعی بەرپاکرا]، لە حاڵێکدا دوو ڕۆژ زووتر واتا لە ڕۆژی (١٧-٤-٢٠٢٢)دا لاپەڕەی فەیسبوکی ( ئازادی سلێمانییە – Azadi Sulaymaniyah) کە چالاکی و هەواڵ و ڕاگەیاندنەکانی (حشک) بڵاودەکاتەوە، ئەو ڤیدیۆ-کلیپەکەی بڵاوکردۆتەوە کە ڕونکردنەوەکەی (سکرتاریەت ….) باسی دەکات، وە هەر هەمان ڕۆژی (١٧-٤-٢٠٢٢) لە لایەن کەسانێکیشەوە لە لاپەڕەی فەیسبوکی خۆیاندا هاوبەش (شێر)کراوە کە ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە بوون.
پرسیار ئەوەیە ئایە ئەمە هەڵەیەکی تەکنیکیـیە کە ڕونکردنەوەکەی (سکرتاریەت) بەسەریدا تێپەڕیوە لە جیاتی ڕۆژی (١٧)ی مانگ ڕۆژی (١٩)ی مانگی یاداشتکردوە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە لە ناوەڕۆکی ڕونکردنەوەدا دەردەکەوێت کە ئاگاهانە ئەو (١٩)ی مانگە دیاریکراوە، ئەویش بۆ ئەوەی وا نیشان بدرێت کە شاندی (هەیئەتی) بەشداربووی (حککک) لەو کۆبوونەوەدا، پێشتر پرسیاریان نەکردوە لە خانەخوێ (بەرپرسی کۆمیتە محەللی حشک) کە کێ و چ لایەنگەلێکی تریان بانگهێشت کردوە بۆ ئامادە بوون لەگەڵ (حککک)دا، کە ئەمە خۆی ڕێی تێناچێت (حککک) ئەو پرسیارەی نەکردبێت، بۆیە نوسەران و ئامادەکارانی ڕونکردنەوەکەی (سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی) خاڵێکی ساوێلکەیی سیاسییان بۆ حزبەکەی خۆیان (حککک) لەو ڕونکردنەوەیەدا تۆمارکردووە، کە ئەمە شوێنی مەبەستی ئێمە نیە لێرەدا، بەڵکو مەبەستمان ئەوەیە بڵێین کە ڕونکردنەوەکەی (سکرتاریەت …) دەیەوێت پێمان بڵێ پێشوەخت ئاگاداری ئامادە بوونی ئەو دوو ڕەوتە نەبوون و تەنها لە کۆبوونەوەکەدا ڕووبەڕووی ئەم واقعەتە بوونەتەوە، بۆیە وەک ئەمری واقع مامەڵەیان کردووە، وە هەر تەنها یەک کۆبوونەوە بووە و بەو پێیەش مەرجەکانیان پەسند کراوە هاوڕابوون لە کۆبوونەوەکەدا بۆ یادکردنەوەی ئایار و مەراسیم بەرپاکردن لە شارەکەدا، لەگەڵ ئەوانەی ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، کە ئەمە دورە لە ڕاستییەوە و ناڕاستگۆیی و ناشەفافیەتی سیاسی تێدایە.
ڕاستە ئەو کۆبوونەوەی ڕونکردنەوەکەی (سکرتاریەت) باسی دەکات ئەنجامدراوە و هەر لە سەعاتی یەکەمیشدا هەموو پلان و بەرنامەڕێژی و مەزەندەکردنی خەرجی و دیاریکردنی بڕی پارەی بەشدار بووانی هەر یەک لەو حزب و ڕەوت و ڕێکخراوانە دیاریکراوە، وەک پێشتر باسمان کرد بەبێ ئەوەی ئەو هاوڕێیانە بیرێک لە ڕیزی کۆدەنگی و متمانەی ئۆفیسی حزبەکەی خۆشیان بکەنەوە، بەڵام ئەمە گشت وێنەکە نیە، بەشێکی تری وێنەکە چەند ڕۆژێکی کەمی دوای ئەو کۆبوونەوەیە کە کێشمەکێشێکی خەست و چڕی نێوان هەڵسوڕاوان هاتۆتەئاراوە، لەسەر بەشداری ئەو ڕەوتە ناسیونالیستانە و پێشنیاری ئەوە خراوەتە بەردەستی هاوڕێیانی (حککک) کە بکشێنەوە و بەیەکەوە هەتا ئەگەر بەژمارەیەکی کەمی سمبولیکیشەوە بێت یادەکە بکەینەوە باشترە لەوەی ڕیزی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و چەپ و کۆمۆنیزمی کوردستان بکەینە پاشکۆ بۆ ئەجیندایەکی ناسیونالیستی و ڕیفۆڕمیستی دەوروبەری دەسەڵات.
کشانەوەی هاوڕێیانی (حککک) و (یک) دەبووە خاڵێکی پۆزێتیڤ بۆ چەپ و کۆمۆنیزمی کوردستانی عێڕاق کە ڕیزەکانی خۆی لانی کەم لە بەرامبەر ناسیونالیزمێکی لۆمپنیدا بە سەربەخۆیی ڕادەگرێت و ڕیزی کۆدەنگی و متمانەی نێوان هەڵسوڕاوانی کرێکاری و جەماوەری شارەکە دەپارێزرێت.
دووەم، ڕونکردنەوەکەی (سکراتاریەت) هەوڵیداوە پەردەپۆشی ئەوە بکات کە هاوڕێیانی بڕیار بەدەستی (حککک) لەسەر ئەم یادکردنەوەیە و مەراسیمە ڕووبەڕووی هیچ کێشە و ناکۆکی و ڕەخنە و پێشنیار خستنەبەردەست نەبوونەتەوە لانی کەم لە لایەن (نەوزاد بابان)ەوە، وەک ئەوەی کە لە نامەکەی (٢١)ی ئەپریلی (نەوزاد) و سەرەتای ئەم وتارەشدا ڕوونکردنەوەی لەبارە دراوە. واتا وێنەیەکی ساختە پێشانی کۆمەڵگە دراوە کە ناڕاستگۆیی و ناشەفافیەتی سیاسی تێدایە.
وێنە واقعییەکە ئەوەیە کە کێشمەکێشێک هاتبۆ ئاراوە لەسەر بەشداری کردن و نەکردنی ئەو هەڵسوڕاوانەی کە کۆدەنگی و یەکڕیزیان هەبوو لە ئۆفیسی (حککک)، یەکێک لە ئەگەرەکانی هەر کێشمەکێشێکیش ئەوەیە کە جەمسەرگیری (قوتبی بوونەوە) بێتە ئاراوە و ڕیزی هاوبەش و کۆدەنگی دوو کەرت ببێت و متمانە لەبەین بچێت.
لە پڕۆسەی کێشمەکێشێکی فکری و سیاسی چڕ و خەستی چەند ڕۆژێکی کەمدا ئەم قوتبی بوون (پۆڵەڕایز) و لەبەریەکترازانی ڕیزی کۆدەنگی هەڵسوڕاوانی شارەکە بەئاکام گەیشت، بەتایبەت کاتێک ڕونکردنەوەکەی (سکرتاریەت) بڵاوکرایەوە، هەتا بەدوای بڵاوبوونەوەی هەردوو ڕونکردنەوەکەی (سکرتاریەت) و (نەوزاد)یشدا هاوڕێیانێکی هەڵسوڕاوی کرێکاری و جەماوەری کە هێشتا هەڵوێستی یەکلاکەرەوەیان نەبوو، وە دوودڵ بوون لە پەیوەست بوون بە یەکێک لە جەمسەرەکانەوە کەوتنە بەردەم ساغکردنەوەی هەڵوێستی خۆیان و تیایاندا هەبوو کە سەرەتا هەڵوێستی بەشداری نەکردنی هەڵبژاردبوو دواتر بەر لە بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە بەشدار بوو، وە لە مەراسیمەکەدا ڕۆڵی خوێندنەوەی بەیاننامەشی پێدار، بە پێچەوانەوە هاوڕێ هەبوو ئەرکی بۆ دیاریکرابوو وەک ئەندامی یەکێک لەو لیژنانەی کە پێکهاتبوو بۆ مەراسیمەکە، بەڵام کشایەوە و بەشدارنەبوونی هەڵبژارد. شایەنی باسە کە هاوڕێیانێکی تری هەڵسوڕاو هەر لەسەرەتاوە زۆر ڕاشکاوانە و ڕادیکاڵانە ڕایانگەیاند کە بە هیچ کلۆجێک نابێت بچین بەدەم پڕۆژەکەی (حشک)ەوە.
ماویەتی ….
لە بەشی دووەمدا:
ناوەڕۆکی کۆمیتەی یەکی ئایار و بەڕێوەچوونی مەراسیم و هەڵوێست بەرامبەری.
ئەم کێشەیە وەک خاڵێکی وەرچەخان لە ناو بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیدا
سەرەتای ئایاری ٢٠٢٢




ژیانەوەی ئیسلام و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی.. نادر عەبدولحەمید

1– سەرەتایەک

ئیسلامی سیاسی چ وەک بزووتنەوەیەک و چ وەک چەمک و زاراوەیەکی فکری-سیاسییش لە هەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیست بەدواوە برەوێکی زۆری پەیداکرد و بوو بە جێگەی باسوخواس و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر و تا ئێستاش هەر بەردەوامە. چوار دەیەی ڕابردوو (١٩٨٠-٢٠٢٠)، دەیەکانی خرۆشان و خۆداسەپاندن و بەجۆرێک باڵادەستی ئیسلامی سیاسی و گفتومان (خیتاب)ەکەی بووە لەناو هاوکێشە سیاسیەکانی نەک هەر لە ڕووبەرێکی ناوچەیی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیشدا.
دواین بەختێک کە یاوەری ئەم بزوتنەوەیە بوو، سواربوونی شەپۆلی ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقیا لە (تونس) و (میسر)ی (٢٠١١)دا بوو. لەوە بەدوا، ئاسۆ و ئاواتی بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، ڕاپەین و شۆڕشەکان، جێگەی بۆ هەژمون و دەستبەسەراگرتنی ئەم بزوتنەوەیە بەسەریاندا تەنگەبەر کردۆتەوە، نمونەی ئەوەش لە بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی جەماوەری (جەزائیر) و (سودان) و (لوبنان)ی (٢٠١٨ و ٢٠١٩ و ٢٠٢٠)دا بەدی دەکرێت کە ئەو سەردەمەیان تێپەڕاند بزوتنەوە ئیسلامیەکان و حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانیان بێ ڕکەبەر وەیا بە ئاسانی بەسەر ئەو بزوتنەوە جەماوەریانەدا زاڵ بن.
هەرچی ئیسلامی سیاسییە لە عێڕاقدا، نەک لە ڕێگەی بزوتنەوەیەکی جەماوەریەوە، بەڵکو هاوڕای دەبابەکانی ئەمریکی و داگیرکردنی عێراق و وەک بەشێک لە پڕۆژەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەستیان لە دەسەڵات گیربوو. هێشتا تەواو دەسەڵاتیان سەقامگیر نەبوو بوو کە ڕووبەڕووی شەپۆلی خۆپێشاندانی بەرفراوانی جەماوەری بوونەوە، هەر لە (٢٠١١ و ٢٠١٥ و ٢٠١٨) وە تا بەرزبوونەوەی بۆ ڕاپەڕینی (٢٠١٩) و شەقوشڕکردنی تەختوتاراجی دەسەڵاتیان.
لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقیشدا، گروپ و ڕێکخراوەکانی ئیسلامی سیاسی، دوای پێکهەڵپڕژانێکی چەکدارانەیان لەگەڵ هێزەکانی ناسیونالیزمی کوردیدا لە دەیەی نەوەتەکانی سەدەی بیست تا هەڵمەتی سەربازی ئەمریکی بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس لە (٢٠٠٣)دا، بەجۆرێک سازان لەگەڵ ناسیونالیزمی دەسەڵاتداری کوردستان و بوون بە بەشێک لەو دەسەڵاتە و لە ئۆپۆزیسیۆنەکەی، بەجۆرێک کە هەمیشە قاچێکیان لەناو دەسەڵات و قاچێکیان لەناو ئۆپۆزیسیۆنی ناسیونال لیبڕاڵی کوردستاندایە.
گەرچی هاوڕای (بزوتنەوەی گۆڕان)، وەک بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی لە ساڵەکانی (٢٠١١ تا ٢٠١٤) لەناو بزوتنەوەی ناڕەزایەتیدا نفوزێکیان پەیدا کرد، بەڵام دوای ئەوە، بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان و شەپۆلە بەرفراوانەکانی خۆپێشاندان، ئیسلامیەکان و خودی (گۆڕان) و ئۆپۆزیسیۆنی ناسیوناڵ لیبڕاڵیشی بەجێهێشتووە. ئەوەی کە بۆچی چەپ و کۆمۆنیزمی کوردستان نەیتوانیوە لەم بۆشاییە سیاسییەدا نفوز پەیدا بکات لە ناو ناڕەزایەتیەکاندا و جڵەوبگرێت و ڕابەر بێت، باسێکی ترە و بۆ کاتێکی تری بەجێدێڵین.

2- بۆچوون و لێکدانەوەکان لەسەر بوژانەوە و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی

*- بەشێک لە بۆچون و لێکدانەوەکان پێیان لەسەر ئەوە داگرتووە کە وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا بەتایبەت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هاوکاری وڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر پەردەی دژایەتی کۆمۆنیزم، بۆ بەرگرتن بە نفوز و هەژموونی ڕوو لە زیاد بووی (یەکیەتی سۆڤیەت)ی ئەوکاتە و دژایەتی ئەو ڕژێمانەی کە هاوپەیمانەتی دەکەن لەگەڵیا، هەڵساون نەک هەر بە پاڵپشتی ئەو گروپ و ڕێکخراو و کۆمەڵە ئیسلامیانە، بەڵکو بەجۆرێک دەستیشیان هەبووە لە شڵگیری و وەڕێخستن و بەکارهێنانیان وەک چەکێک لە کێشمەکێش و جەنگیان بەدژی (بلۆکی ڕۆژهەڵات)، نمونەکانیشیان لە هاوکاری ڕژێمی سعودیە بۆ (برایانی موسڵمان – إخوان المسلمین) لە وڵاتانی عەرەبی و چەکدارکردن و گیرفانپڕکردن (تەمویل)ی گروپە ئیسلامیەکان لەزوربەی وڵاتانی ناوچەکەدا، بەتایبەتیش لە ئەفغانستان.

**- بەشێکی تر پێیان لەسەر ئەوە داگرتووە، شکستهاتنی پڕۆژەی ناسیونالیزمی میلیتانتی عەرەبی لە هێنانەدی یەکپارچەگی (وەحدەی) جیهانی عەرەبی و تێکشکانی لە جەنگەکانی (١٩٤٨)، (١٩٦٧) و (١٩٧٣)ی نێوان وڵاتە عەرەبیەکان و ئیسڕائیلدا، ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لەبەرامبەر ناسیونالیزمدا وەک ئاڵتەرناتیڤێکی بورژوازی هێناوەتەمەیدان.

***- بەشێکی تر لەو ڕوانگەوە بۆی چوون کە گەشەی سەرمایەداری لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەیرانە ئابووریەکانی و سەرهەڵدانی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان، هاوڕای ئیستیبدادی ڕژێمە پۆلیسی و فاشیستەکان بەتایبەت بەدژی ڕەوت و ڕێکخراوە و حزبە چەپ و سۆشیالیستەکانی ئەو سەردەمە و ڕاوەدونان و گرتن و شکەنجەی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و ڕێگەنەدان بە ڕێخکراوەی سەربەخۆ و سەندیکای ئازاد لە دەوڵەت و دەسەڵات، مەیدانی ئاوەڵاکردۆتەوە بۆ ڕەوتە ئیسلامیەکان، بەتایبەت خودی ئەم ئەرکەی دەوڵەتی بورژوازی لە سەرکوتی بزوتنەوەی کرێکاری و چەپ و “سۆشیالیستی” ئەو کاتە، پێویستی بە ڕەواجدان بە فکر و نەریتی کۆنەپەرستانەی ئایینی هەبووە و مەیدانی لانی کەم لەسەرەتادا بۆ پەرەسەندن و باڵادەستی فکری ئیسلامی ڕەخساندوە.
بەم پێیە سەرکوتی سیاسی بزوتنەوەی چەپ و بزوتنەوەی کرێکاری و ئەو جۆرە لە کۆمۆنیزمی لەئارادابووی ئەوکاتە، لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لەبەرامبەر ناسیونالیزمدا وەک ئاڵتەرناتیڤێکی بورژوا کۆنەپەرستی دژە سێکیولار و دژە ژن و دژە ئازادیخواز بەرجەستەکردۆتەوە، تا سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان و ڕاپەڕین و شۆڕشەکان ببن و ڕۆڵی دژە شۆڕشی بگێرن بۆ لەباربردن و سەرکوتکردنیان، لە ڕێگەی وەلانانی دەسەڵاتە ناسیونالیستەکانەوە. نمونەی ئەمەش ڕۆڵی بەرچاوی ئەو ڕەوتە ئیسلامییانەیە لە میسر و سودان و جەزائیری دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیست، لەگەڵ ڕۆڵی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی وەک دژە شۆڕشێک لە شۆڕشی ئێرانی (١٩٧٩)دا، ئەمە جگە لە ڕۆڵی دژە شۆڕشانەیان لە شۆڕشەکانی تونس و میسری (٢٠١١)دا.

3- واوەتر لەم ڕاستیانە

بۆچوون و لێکدانەوەکان زۆرن و ئێمە لێرەدا لەوە زیاتر بەدوای خستنەڕووی ئەو ڕوانگانەوە نین، بەڵکو ئەوەی مەبەستمانە ئەوەیە کە هەر یەکێک لەو ڕوانگە و بۆچوونانە ڕاستی و واقعیەتێکی تێدایە، بەڵام واقعیەتی ئەم ڕەوتە کۆمەڵایەتیە سیاسیە فراوانترە لە هەر یەکێک لەو ڕاستیانە و لە کۆی گشتیشیان.
ئیسلامی سیاسی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی و فکری مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە. پەیوەستە بە داڕمان و لەبەریەک هەڵوەشانەوەی دەرەبەگایەتی و سیستمە ئابوریە کۆمەڵایەتیەکانی بەر لە سەرمایەداری و سەرهەڵدان و گەشەی سەرمایەداری، کە ئەمەش واتا پوکانەوە و نەمانی چینە کۆنەکانی ئەو کۆمەڵگا پێش سەرمایەداریانە و دەرکەوتن و شکڵگیری چین و توێژی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆری تازە، پێ بە پێی سەرهەڵدان و گەشەی سەرمایەداری.
بوژانەوەی ئیسلام و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی دیاردەیەکە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە هاوڕای ئەو پڕۆسەی سەرهەڵدان و گەشەی سەرمایەداریە و ئاڵوگۆڕەکانیەتی لە پێکهاتەی چینایەتی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
(جەمالەدینی ئەفغانی) و (محمد عەبدە) لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا، بەشێک بوون لە بانگەوازخوازانی پێشکەوتن و وەرگرتنی زانست و مەعریفەی سەردەم و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگاکانی ئەو ناوچەیە و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دژ بە داگیرکاری ئیستیعماری ئینگلیزی و ئەوروپی، وە بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵدان بۆ شکڵپێدان و داڕشتنی فکر و ئایدیۆلۆژیایەک کە هاوڕای ئەو جوڵە مێژووییە بێت کە کۆمەڵگەی داگرتووە. ئەوان لە دۆستانی نزیکی (خدێوی ئیسماعیل پاشا) فەرمانڕەوای میسر بوون کە هەڵساوە بە چاکسازی ئیداری، یاسایی و دادگا، ئابوری و پیشەسازی و تەندروستی … (ئیسماعیل پاشا) دادەنرێت بە دووەم دامەزرێنەری میسری هاوچەرخ دوای باپیرەگەورەی خۆی (محەمەد عەلی پاشا) وەک دامەزرێنەری یەکەم.
بەم پێیە بوژانەوەی ئیسلام و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی لەسەرەتاکانیدا نەک پڕۆژەیەک بووبێت بۆ گەڕانەوە بۆ دواوە، بەڵکو بۆ هاوڕایی و هەروەها ئاڕاستەپێدانی ئەو جیهانە تازە و پێشکەوتووە بووە کە خەریکە سەردەردێنێ، لەسەر داڕمان و هەڵوەشانەوەی جیهانی کۆن. وە ئەمەش بە ئاشکرا لە هەوڵ و کۆششە فکری و سیاسیەکانی (جەمالەدینی ئەفغانی) و (محمد عەبدە)ی میسڕیدا دەردەکەوێت.
هەروەک چۆن بورژوازی تازە پێگەیشتووی ئەوروپی لە کۆتایی چاخەکانی ناوەڕاست و سەردەمی شۆڕشە بورژوازیەکاندا پەنای بردەبەر زیندووکردنەوەی بیرۆکەی کۆماری (جمهوریەتی) یۆنانی کۆن و سوننەتە سیاسیەکانی ئەو کاتە، ئاواش بورژوازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ داڕشتن و شکڵپدانی ئایدیۆلۆژیەکی خۆی دەگەڕێتەوە سەر بیرۆکە کۆنەکان و داڕشتنەوەیان و گونجاندنیان لەگەڵ سەردەمی تازە و بەرژەوەندی چین و توێژە تازە شکڵگرتووەکاندا.
بەدیوێکی تردا ئیسلام وەک چۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە ناو ئیمپڕاتۆریە جۆراوجۆرەکانی سەردەمی دەرەبەگایەتیدا ئایدیۆلۆژیای ڕێکخەری ژیانی کۆمەڵایەتی بووە لە بەرژەوەندی دەرەبەگەکان و چین و توێژە دارا و دەسەڵاتدارەکانی ئەو سەردەمانە، ئێستا بە بەسەرچوونی ئەو بارودۆخە کۆنە، خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ سەردەمی تازە و بەرژەوەندی چین و توێژە دارا و دەسەڵاتدارەکانی سەرمایەداریدا تا ببێتە ئایدیۆلۆژیای ڕێکخەری کۆمەڵگەی سەرمایەداری.
بەدڵنیاییەوە ڕەوت و مەیلی تری بورژوزایش هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئارادابوون کە پەنایان نەبردۆتەبەر گەرانەوە بۆ ئەو ئەمبار (مەخزون) و پاشخانە فکری و کڵتوریە، بەڵکو لە پەیوەند بە فکری سەردەمی ئەو کات و ئێستاوە هەوڵیانداوە و هەوڵدەدەن بۆ داڕشتن و شکڵپدانی ئایدیۆلۆژی بۆ چین و توێژەکانی بورژوازی چ لەسەردەمی سەرهەڵدان و پڕۆسەی بەسەرمایەداری بوونی کۆمەڵگە و بەدەسەڵات گەیشتنی بورژوازیدا، وەچ لەسەردەمی گەشە و قەیرانەکانیشیدا. ئیسلامی سیاسی یەکێک لەو ڕوەوتانەیە و باسەکەی ئێمە لێرە تایبەتە بەو.
ئەوەی کە بورژوازی ئەوروپی لە دەرەوەی ئایینی مەسیحی ئەلگۆ فکری و سیاسیەکانی خۆی پەیدا کردوە بە گەڕانەوەی بۆ فەرهەنگ و کڵتور و سوننەتی چینە باڵادەستەکانی یۆنان و ڕۆمای کۆن، بورژوازی تازە سەرهەڵداویش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، گەڕاوەتەوەسەر ئەمبار و پاشەکەوتی فکری و سوننەتی چینە دارا و باڵادەستەکان کە لە مێژووی ناوچەکەدا لەبەردەستدا بووە.

4- دوو ئیسلامی سیاسی جیاواز
ئەگەر سەرەتاکانی بوژانەوەی ئیسلام و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدەدا ڕوخساری سەرمایەداریەکی تازە سەرهەڵداوی ڕوو لەگەشە و پێشکەوتن و زانستخوازی مۆدێرنی لەخۆیدا ڕەنگپێدابێتەوە، ئەوا سەدەیەک دواتر لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستدا، ڕوخسار و ڕۆڵی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی پێچەوانەی سەرەتاکانیەتی. ئەم چارەنوسەش لە پڕۆسەیەکدا لە میانەی سەدەی بیستەمدا پێ بە پێی گەشە و کامڵبوونی سەرمایەداری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی قەیرانە ئابووری و سیاسیەکان، وە هاوڕای کامڵبوونی شکڵگیری و هاتنەمەیدانی ئەو چینە چەوساوەی کە هەڕەشەیە بۆسەر ئەو سیتمە، ڕۆڵ و نەخشی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی و ڕوخسارەکەی ئەو ئەرکە مێژووییە دیاریدەکات کە سەرمایەداری بۆ مانەوەی خۆی خوازیاریەتی لێی و دەبێتە بەشێک لە جوڵانەوەیەکی دژە ئازادیەکانی ناو کۆمەڵگە، دژە مۆدێرنیزم، دژە ژن، و دژە کۆمۆنیزم و دژە بزوتنەوەی کرێکار و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی. بەمانایەک دژی هەموو ئەو شتانە کە مەیدان ئاوەڵادەکات بۆ گەشە و بەرەوپێشچوونی بزوتنەوەی سۆشیالیستی چینی کرێکار. ئەمەش زۆر ڕون و ئاشکرا ڕۆڵ و نەخشی دژە شۆڕشیە کە لە پێناو پاراستن و هێشتنەوەی هەم سیستمەکە و هەم دەسەڵاتی بورژوازی لەو هەڕەشەیەی کە بوونیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەم بزوتنەوەیە لە چەند وڵاتێک گەیشتۆتە دەسەڵات (ئێران، تورکیا، تونس، سودانی پێش ٢٠٢٠، ئەفغانستان، میسریش بۆ ماوەیەکی کەم)، کرێکار و زەحمەتکێش، ژنان و ئازادیخوازان، هەڵسوڕاوانی مافەکانی مرۆڤ، ڕۆژنامەنوسان، هەڵگرانی ئایین و مەزهەبی جیا لە ئایین و مەزهەبی ڕەسمی دەوڵەت، نەتەوە ژێردەستەکانی ناو ئەوڵاتانە، … ئەزمونێکی تاڵ و پڕ لە چەوسانەوە و بەرگرییان بەڕێکردوە لەسەر دەستی ڕژێمەکانی ئەو وڵاتانە. ئەمە وێڕای وەحشیگەریەکانی (تاڵەبان) و (ئەلقاعدە) و (داعش) و (بۆکۆ حەرامی) و … گروپە ترۆریستەکانی تریان. ئەوەی کە پێشووتر بەناوی (ئیسلام چارەسەرە) دەخرایەڕوو، لە ژیانی واقعی ملیۆنان ئینساندا بە بەهای سەرکوت و کوشتار و وەحشیگەری تەواوبوو.
ئیسلامی سیاسی لەمڕۆدا نەک هەر نامۆ بووە بە بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، بەڵکو بەکارهێنانیشی وەک ئامڕازێک لەلایەن بورژوازیەوە لە ئیعتیبار کەوتووە.
لە هەردوو سەردەمەکەدا چ لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و چ لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستدا، یەکێک لە خسڵەتەکانی ئیسلامی سیاسی گەڕانەوەیە بۆ سەرەتاکانی ئیسلام و سوننەت و کڵتورەکەی، بەڵام بۆ دوو مەبەستی جیاوازی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە لە هەردوو حاڵەتەکەشدا ڕێک هاتوونەتەوە چ لەگەڵ پێداویستیەکانی گەشە و سەرهەڵدانی سەرمایەداریدا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا وە چ لەگەڵ پێداویستیەکانی قۆناغی گەندیدەگی سەرمایەداری و قەیرانە ئابوری و سیاسی و فکریەکانی لە ئێستادا.

5- ئاکامگیری
ئسلامی سیاسی دیاردەیەکی ڕێکەوت نیە، دەستکردی ئیمپریالیزم نیە، تەنها پەیوەست نیە بەسەردەمی کۆتایی سەدەی بیست و ئێستاوە، بەڵکو بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسیە، ڕەگەکان و مێژووەکەی تێکەڵ بەسەرهەڵدان و گەشەی سەرمایەداریە، پڕۆسەیەکی لە ژیانی خۆی بڕیوە، چۆتە قۆناغی گەندیدەگی و داڕزانەوە، جۆرەها لق و پۆپ و ئاڕاستەی دژ بەیەکی لێ دەرهاتووە، بەم پێیەش دژایەتی ئەم بزوتنەوەیە پەیوەستە بە دژایەتی خودی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازیەوە، بەواتایەکی تر ڕەخنەکردن و دژایەتی ئەم بزوتنەوە کۆنەپەرستە پێویستە بکرێتە دەروازەی ڕەخنە لە سەرمایەداری و بورژوازی و دەسەڵاتەکەی، وە لێرەوەیە کە ڕۆڵی کۆنەپەرستانە و دژە شۆڕشیانەی دەتوانرێت لە مەنگەنەی شۆڕشگێڕانە بدرێت.

سەرەتای تەمموزی ٢٠٢١




ئازادی و فەزای ئاوەڵای سیاسی لە کوردستان.. نادر عەبدولحەمید

سەرکوتگەری هێزەکانی پێکهێنەری دەسەڵات و ڕێکخراو لە ناو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لە ڕەوەندێکی هەڵکشاندایە، نەک هەر لە چەند مانگ و چەند ساڵی ڕابردوودا، بەڵکو بەدرێژایی دەسەڵاتدارەتی هەردوو حزبی قەومی “پارتی” و “یەکیەتی” و ئیدارەی جیای هەولێر و سلێمانی و حکومەتی هاوبەش و بنکەفراوانیشیان بەبەشداری حزبە قەومی و ئیسلامیەکانی تریش.
ئەم ڕەوەندە لە ساڵانی نەوەتەکاندا نەک هەر بە شەڕی ناوخۆ و کوشتوکوشتاری ڕەپاوڕوو لە هێزەکانی یەکتر و هێنانی سوپای پاسدارانی ئێرانی لە (ناوەڕاستی ئابی ١٩٩٦) و سوپای ڕژێمی بەعس لە (٣١ ئابی ١٩٩٦) و سوپای تورکیا لە (ناوەڕاستی ئایاری ١٩٩٧)ەوە بۆ کوردستان دەستی پێکرد، بەڵکو بەرلەوەش هەر لە (١٩٩٢) بەدواوەوە بە ترۆری بێپەردەی هەڵسوڕاوانی سیاسی دەستی پێکردبوو (لە: حزبی شیوعی عێڕاقی، زەحمەتکێشان، ڕێکخراوی تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستان، ڕەوتی کۆمۆنیست، حزبی کار، پەکەکە، …) و تێکشکاندنی ئەو ڕێکخراوە جەماوەریانەی کە لەسەرەتای شکڵگیریدا بوون لە نەوەتەکانی سەدەی بیستدا.
هەریەک لەو دوو حزبە سەرەتا کەوتبوونە پاکتاوکردنی سیاسی ناوچەی “زەرد” و”سەوز”ی ژێر نفوزی خۆیان، دوای ئەنجامدانی ئەم “ئەرکە”یان ئینجا دواتر کەوتنە گیانی یەکتری بە بوون بە سورەی بەرلەشکری وڵاتە فاشیست و دیکتاتۆرەکانی ناوچە.
بەجیا لەوەی کە بەینبەینە شل و نەرمیەک هاوڕای ئەو سەرکوتگەریە بووبێ، بەتایبەت لە چەند ساڵێکی کەمی دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە (٢٠٠٣) بەدواوە، بەڵام لە ئۆگۆستی (٢٠٠٦)وە بە سەرکوتی خۆپێشاندانەکانی سلێمانی و شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری هاتەوە ڕەواڵی نۆڕماڵی پڕ زەبروزەنگی خۆی و خوێنڕشتنەکانیان دەستی پێکردەوە (لە: ١٧ شوباتی ٢٠١١، ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ و دێسەمبەری ٢٠١٨)دا.
گەرچی سەرکوت و تەنگپێهەڵچنین و ترۆری ڕۆژنامەنوسان و میدیاکاران بەدرێژایی ئەم دەسەڵاتە هەربەردەوام بووە بۆ ڕێگرتن لە ئاشکراکردنی گەندەڵی و تاڵانیەکانی دەسەڵات، بەڵام لە دوای (٢٠٠٦)ەوە تا ئێستا بۆتە دیاردەیەکی بەرچاو، بەڕاددەیەک ئەگەر لە ژێرەوە ترۆر نەکرێن وەک (سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، ویداد و …) ئەوا بەئاشکرا بەناوی دادگا و یاساوە دەستگیر دەکرێن و حوکمی سەنگینیان بەسەردا دەسەپێنن، وەک لە ئێستا لە کێسی گیراوەکانی دەڤەری بادینان و بەناو دادگاکردنیاندا دەردەکەوێت.
ئەم ڕەوەندە لە هەڵکشانی سەرکوتگەری و خوێنڕێژی و دەمکوتکردن، هاوڕای پەرەسەندنێکی زۆر خێرای سەرمایەداری بووە لە کوردستاندا، کە توێژگەلێکی سەرمایەدار؛ لە ملیاردێر و ملیۆنێر، لە بازرگانانی دەرەکی و بەڵێندەران و خاوەن کۆمپانیا و پڕۆژە ئابوریەکان، … بەرژوەندیەکانیان لێکئاڵاوە لەگەڵ بەرژەوەندی ئۆردویەک لە بەرپرسانی حکومی و حزبی و پەرلەمانتاران و خاوەنانی پۆست و پلەی باڵا لە پیاوانی ئایینی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و ئەو بانگەوازخوازە دینیانەی بەهرەمەندن لە گەندەڵیەکانی دەسەڵات.
ڕۆڵی مەکتەب سیاسی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆڕگانەکانی سەرکردایەتییان و بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکانی ناویان، بریتیە لە هاوئاهەنگکردنی بەرژوەندیە ئابوری و ستڕاتیژیەکانی ئەو چینە سەرمایەداریە لە کوردستاندا، ئەمە جگە لەوەی کە خودی ئەو ئۆڕگانە سیاسیانە و ئەو بنەماڵانە خۆشیان لە ملیاردێرەکانی کوردستان و خاوەنانی پڕۆژە هەر گەورە و زەبەلاحەکانن بەتایبەت لە بواری نەوت و گاز و پاڵاوگەکانی بەنزین و خانوبەرەسازی و بازرگانی دەرەکی و قاچاخی خاڵە گومرگیەکاندا، وە زوربەی ئەو بوارانەیان بۆ خۆیان قۆرخ کردوە.
بەم پێیە ئەمە سەرمایەی مۆنۆپۆلە کە هەم دەسەڵاتدارە و هەم سەرمایەداری کوردستان، پەیوەندی بەشە جواروجۆرەکانی سەرمایە و توێژە جۆراوجۆرەکانی بورژوازی بەپێی بەرژوەندیەکانی خۆی کۆنتڕۆڵ دەکات و بەڕێوەیدەبات. دیارە ئەمەش ناڕەزایەتی بەشێک لە سەرمایەدارانی هێناوەتەئاراوە کە لەو ئازادیە بە مانایەک موتڵەقەی توێژی مۆنۆپۆڵ بەهرەمەند نین لە وەبەرهێنان و کەڵەکەی سەرمایەدا.
پەیوەندی ئەم سەرکوتگەریە زۆر ڕون و ئاشکرا دیارە بە بنەمای ئابوری سەرمایەدارانەی هەرێمەکە و ناوەڕۆکی چینایەتی بوژوازیانەی ئەم دەسەڵاتەوە کە لەئارادایە. ئەمە پێداویستی ئەم سیتمە ئابوریە نیولیبڕالیزمە و سەقامگیرکردنی ئەم دەسەڵاتە چینایەتیە و مسۆگەرکردنی ئیمتیازاتە ئابوری و سیاسیەکانیەتی کە ئەم دەمکوتکردن و سەرکوتگەری و خوێنڕێژیەی کردۆتە دیاردەیەکی ئاسایی ئەم کۆمەڵگەیە.
بەدواداچوون و شیکاری بۆ ئەم مەسەلەیە شوێنی باسی ئێستامان نیە، ئەوەی جێگە مەبەستمانە لێرەدا، ئەوەیە کە ئەم هەڵکشانی سەرکوتگەریە بەو مانایە نییە هەرێمی کوردستانی عێڕاق کۆمەڵگەیەکی دامەزراوەیی یاسایی بووبێت لە ماوەی نزیک بە سی (٣٠) ساڵی ڕابردوودا و دەسەڵاتەکەی خەریکی وەلانانی دامەزراوە یاساییەکان و هەڵپێچانی ماف و ئازادیەکانی هاوڵاتیان بێت.
ئەو بڕە ئازادی و مافانەی کە خەڵکی کوردستانی عێڕاق لێی بەهرەمەند بوون بەدوای ڕاپەڕینی ساڵی (١٩٩١) و کشانەوەی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێمی بەعس، ئاکامی بۆشایی سیاسی و ئەو فەزا ئاوەڵا سیاسیە بووە کە کوردستان بەخۆیەوە بینیوە. مێژووی سیاسی هێز و حزبە جۆراوجۆرەکانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی و بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی، مێژووی بەرتەسکردنەوە و هەڵپێچانی هەرچی خێراتر و زوتری ئەم فەزا ئاوەڵا سیاسیە بووە کە ئازادیەکانی خەڵکی تیا هاتۆتەئاراوە.
چ لە ڕێگەی شەڕ و پێکدادانی چەکداری نێوان حزبەکانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی و ئیسلامی سیاسیەوە، وە چ لەڕێگەی حکومەتی هاوبەش و بنکەفراوانیانەوە بووبێت ئەم ڕەوەندە لە تەنگەبەرکردنەوە و هەڵپێچانی فەزای ئاوەڵای سیاسی بەرەو پێش براوە.
ئەگەر ناسیونالیزمی کورد، وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بورژوازی، لەسەردەستی “پارتی” یا “یەکیەتی”، بیتوانیایە لە کوردستانی عێڕاقدا کۆتایی بە ناتەبایی ڕیزەکانی بێنێت و هەرێمەکە بکاتە ئیدارەیەکی سیاسی یەکگرتوو، ئەوا ئەو نمونەیە لە خەفەقان و سەرکوت کە ئەمڕۆ لە شار و شارۆچکەکانی دەڤەری بادینان دەیبینین لە هەموو گۆشە و کەنارێکی ئەم هەرێمەدا پیادە دەکرا.
ناسەقامگیری دەسەڵاتی سیاسی بورژوا ناسیونالیستی کورد، وەک فاکتێک بەدەوری خۆی، ڕێگەی نەداوە ئەو فەزا ئاوەڵا سیاسیە لەگەڵ هەموو بەرتەسککردنەوەیەکیشدا، بەزوویی و بەخێرایی هەڵپێچرێت، دەنا خودی ناوەڕۆکی سیاسی ئەو بزوتنەوەیە لەڕووی فاکتی مێژووییەوە سەرکوتی سیاسی و فکری هەر جۆرە موخالیفێک هەتا لەناو ڕیزەکانی خۆیشدا بووە. ئەم ناوەڕۆک و ئەم مێژووە “درەخشانە”ش لە سەرکوتی سیاسی زۆر هاوئاهەنگ و لەبارە و ڕێکدێتەوە لەگەڵ پێداویستیەکانی کەڵەکەی سەرمایە و بەرژەوەندیەکانی بورژوازی لە کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری وەکو کوردستاندا.
ڕەخنەی بورژوا ناسیونالیستی لیبڕاڵ لە دەسەڵاتی ئێستای هەرێمەکە، لەناو خودی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و لەسەر هەمان بنەمای ئابوری و سیستمی نیولیبرالیەوە دەستپێدەکات و خۆی وا نیشاندەدات کە لە هەوڵدایە بەدیلێکی سیاسی شکڵ پێبدات ئازادی و مافەکان و خۆشبژێوی ئابوری بۆ هاوڵاتیانی کوردستانی عێڕاق دەستەبەر بکات. ئەمەش دووجار ئەستەمە، چونکە نە بزوتنەوەکە ئەوەی لەباردایە و نە پیداویستیەکانی کەڵەی سەرمایە و بەرژوەندیەکانی بورژوازیش ئەوە دەخوازێت، بە پێچەوانەوە داسەپاندنی بێبەشی و برسیەتیەکی هەرچی زیاتر و بێمافیەکی هەرچی زۆرتر دەخوازێت، کە ئەمەش واتا سەرکوتی سیاسی و فکری و ڕەواجدان بە خوڕافاتی دینی و دەمارگیری قەومی.
ئەوە شکڵگرتن و پەرەداربوونی بزوتنەوەیەکی سۆشیالیستی کرێکاری و حزبی بەهێزە لە دەرونی کۆمەڵگەی کوردستانی عێڕاقدا کە لە هەنگاوی یەکەمیدا دەتوانێ ئەو بڕە ئازادی و مافانەی کە لە فەزای ئاوەڵای سیاسیەوە پاشەکەوت بوون، پەرەیان پێبدات و دایانسەپێنێت بەسەر دەسەڵاتی بورژوازیدا، وە لە پەرەسەندنی خودی ئەو بزوتنەوەیەشدا، وەک بزوتنەوەیەکی سەراسەری کە سنوری هەردوو زۆنی “زەرد” و “سەوز” دەبڕێت، دەتوانێت پاشەکشەیەکی جدی بە بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد و ئیسلامی سیاسی بکات لە هەرێمەکەدا و کۆتایی بەدەسەڵاتیان بهێنێ و کۆمەڵگەیەکی یەکگرتووی دابەشنەبوو بەسەر چەند زۆنی ڕەنگاوڕەنگدا و لە ژێر دەسەڵاتی جەماوەری ڕێکخراو لە شۆراکاندا شکڵپێبدات.
هەر ئەم پڕۆسەیەشە کە لەناوەڕۆک و لە سیاسەتە عەمەلیەکانیدا، وە هەر لە هەنگاوە سەرەتاییەکانیەوە، خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ئازادیخوازانی کوردستان گرێدەداتەوە بە خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ئازادیخوازانی عێڕاق و بەشدار دەبێت لە وەرێخستنی بزوتنەوەیەکی سۆشیالیستی و حزبی بەهێز لە سەراسەری عێڕاقدا بۆ جەنگ دژی دەسەڵاتی بورژوازی ناوەند.
١٦-٥-٢٠٢١
تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە ١٢ی ڕۆژنامەی (ڕەوت) مانگی ئایاری ٢٠٢١، چاپی وەرەق لە کوردستان بڵاوبۆتەوە.




مەسەلەی ژنان لە عێڕاقدا، ئازادی و سۆشیالیزم.. نادر عەبدولحەمید

1- بەراوردێک
سەرهەڵدانی سەرمایەداری و پوکانەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی دەرەبەگایەتی، وەک پڕۆسەیەکی هێواش و ئارام لە کۆتایی سەدەی هەژدەدا، لە هەرسێ ولایەتی بەسڕە و بەغدا و موسڵی ژێردەسەڵاتی ئیمپڕاتۆڕیەتی عوسمانی لە ئارادابوو، بەڵام هاتنی ئیمپریالیزمی بریتانیا بۆ کەنداوی عەرەبی لە جەنگی جیهانی یەکەم و دەرکێشانی ئەو سێ ویلایەتە بە شەڕێکی خوێناوی لەژێر دەستیدا و شکڵپێدانی دەوڵەتێک لە (١٩٢١)دا لە ژێر ئینتیدابی خۆیدا بە ناوی دەوڵەتی عێڕاقەوە، گوڕ و تەوژمێکی خێرای بەخشی بەو ڕەوەندە لە سەرهەڵدانی سەرمایەداری، و کۆمەڵگەی ناو ئەو چوارچێوە سیاسیە تازەیەشی خستە ناو تونێلی ئاڵوگۆڕێکی یەکجار زۆر خێراوە.
ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنێکی خێرای بازرگانی و پێکهێنانی دامەزراوە دەوڵەتیەکانی وەک سوپای عێڕاق، کردنەوەی خوێندگا و خەستەخانەکان، دروستکردنی ڕێگاوبان و بەنداوەکان، دامەزراندنی پیشەسازی مۆدێرن و بەکارهێنانی ئامێری تەکنۆلۆژیای تازە لە کشتوکاڵدا، هەروەها بەرهەمهێنانی نەوت و کۆچی دێهاتیەکان بۆ شارەکان.
بەم شێوەیە کۆمەڵگەی عێڕاق قەڵەمبازێکی زۆر گەورە دەهاوێت ڕووەو بوون بە کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری، وە لە سێ دەیەی ساڵانی سیەکان، چلەکان و پەنجاکانی سەدەی بیستدا پڕۆسەکە کامڵ و بەئاکامی خۆی دەگات، هەر لەم سی (٣٠) ساڵەدا (١٩٣٠-١٩٦٠) ئاڵوگۆڕێکی گەورەش لە فکر و فەرهەنگ و کلتور و دابونەریتەکاندا دێتەدی؛ چەندین بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و فکری تازە لە دەرونی ئەو کۆمەڵگەیەدا سەرهەڵدەدەن، حزبە سیاسیە مۆدێرنەکان شکڵدەگرن، کێشمەکێشی سیاسی و فکری بەهێز لە نێوان ئەو ڕەوتانەدا دێتەدی، کە هەر یەکەیان دەیەوێت بە ئاقارێکی دیاریکراودا، ئەو پەرەسەندنە ئابووریە سەرمایەداریە، ئەو ڕەوەندە مێژووییە ڕوو لە گەشە و پێشکەوتن و هاتنەئارای جیهانێکی نوێ ئاڕاستە بکەن و نوێنەرایەتی فکری و سیاسی بکەن، ئەویش لە ڕێگەی گرتنەدەستی دەسەڵاتی دەوڵەت و کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵگە لە ڕێگەیەوە.

بەڕوخانی ڕژێمی پاشایەتی (١٩٥٨) و لە میانەی کێشمەکێشێکی خوێناوی ساڵانی شەستەکاندا، دەسەڵاتی سیاسی چینی بورژوازی بەیەکجاری بەسەر کۆمەڵگەدا جێگیر دەبێت. ڕەوتی میلیتانت و فاشیستی ناسیونالیستی عەرەبی (حزبی بەعسی عەرەبی سۆشیالیستی) لە کۆتایی ئەو دەیەدا (١٩٦٨) دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرێ، و بە وەدەرنانی هەموو ڕکەبەرەکانی خۆی لە ڕەوتە ناسیونالیست و ڕیفۆڕمیستە ناسیونالەکانی تر، وە بە قەلاچۆکردنی (قیادە مەرکەزی) باڵی چەپی – حزبی شیوعی عێڕاقی لە (١٩٦٩) و ئیمتیازدان بە باڵی ڕاستی (لیژنە مەرکەزی) ئەو حزبە وەک ڕەوتێکی بورژوا ڕیفۆڕمیست و پێکهێنانی بەرە لەگەڵیدا لە حەفتاکانی سەدەی بیستدا، (هاوڕای ڕێککەوتنامەی ١١ ئازاری ١٩٧٠ و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان)، توانی دەسەڵاتی حزبی خۆی و چینی بورژوازی سەقامگیر بکات و گوڕێکی زۆر خێراتر، لە ساڵانی حەفتاکاندا، ببەخشی بە گەشە و پەرەسەندی سەرمایەداری عێڕاق، تا سەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیست.

ئەوەی جێگە مەبەستی ئێمەیە لێرەدا، لە پەیوەند بە مەسەلەی ژنانەوە، ئاماژەدانە بەوەی کە یەکێک لە پێداویستیەکانی ئەم ڕەوەندە لە پەرەسەندن و گەشەی سەرمایەداری چ لە باری ئابوری – کۆمەڵایەتیەوە و چ لە باری فکری – سیاسی و کلتوریەوە، بریتی بووە لە هاتنەدەرەوەی کچان و ژنان لە ماڵ بۆ پەیوەست بوون بە خوێندگا و دامەزراوە دەوڵەتیەکان و هاتنەناو بازاڕی کار و بوون بە بەشێک لە ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتی و سیاسیەیەکانی ئەو کۆمەڵگەیە، کە پێویست بوون بۆ کەڵەکەی سەرمایە و شکڵگیری دەوڵەتی بورژوازی و دەسەڵاتەکەی.
بەم شێوەیە، شەش دەیە لە پەرەسەندنی سەرمایەداری عێڕاق (١٩٢٠-١٩٨٠)، تا ئەو جێیەی پەیوەستە بە مەسەلەی ژنانەوە، قۆناغی بەجێهێشتنی جێگەوڕێگەی کۆیلایەتی، بێمافی و چەوسانەوەی ناو سیستمی دەرەبەگایەتی – عەشیرەتگەری پیاوسالارانە و پێشا سەرمایەداری بووە، ڕووە و بەدەستهێنانی جێگەوڕێگەیەکی کۆمەڵایەتی تازە و بڕێک لە ماف و ئازادیەکان لە کۆمەڵگەیەکی شارنشینیدا. ئەم ڕەوەندە، سەراسەری و عێڕاقیانە بووە بە کوردستانی عێڕاقیشەوە کە دواتر تایبەتی تر باسی دەکەین.
ئێرە جێگەی هەڵسەنگاندنی ئەو قۆناغە دیاریکراوە نیە، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە گەرچی ژنان جێگەوڕێگەیەکی تازەیان بەدەستهێنا لە ناو کۆمەڵگەدا، بەڵام لەڕووی یاسایی و دەستوریەوە، ڕیفۆڕمێکی ڕیشەیی ئەنجام نەدرا؛ جیایی دین لە دەوڵەت ڕانەگەێندرا و یەکسانی یاسایی ژن و پیاویش لە دەستور و لە یاساکان و لە دادگاکاندا بە شێوەیەک دەخرانەڕوو وە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا کە لە ناوەڕۆکدا ناکۆک نەبن لەگەڵ شەریعەتی ئیسلام، بگرە یاساکانی کوشتنی ژنانیش بەدەست پیاوانی خانەوادە و عەشیرەت بەناوی پارێزگاری لە ناموس پاکانەی بۆکراوە. ئەمە جگە لەوەی ڕەوتە ناسیونالیست و ڕیفۆڕمیستەکانیش، مەسەلەی ژنان و ڕێکخراوە و بزوتنەوەکەیان خستۆتە خزمەت ئەجەندای سیاسی بورژوازیانە و بەرژوەندە حزبیەکانیانەوە.

گەرچی هەر لەو ماوەیە (لە گەشە و پەرەسەندنی ئابوری سەرمایەداری عێڕاق)، بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی، چوارچێوەیەکی زۆر بەرتەسک بوو بۆ وەڵامدانەوە بە خواست و گەشەی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی وەک بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان، بزوتنەوەی خوێندکاران و لاوانی شۆڕشگێڕ، بزوتنەوەی کرێکاری و جوتیارانی زەحمەتکێش، بەڵام لە نەبوونی حزبێکی پێشڕەوی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕدا کە چەکداریان بکات بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی، وە وزەی شۆڕشگێڕانەی ئەو بزوتنەوانە وەگەربخات (لەمیانەی شۆڕشێکی بێوچاندا) بەرەو سۆشیالیزم، بۆرژوازی توانی کۆنترۆڵیان بکات، دایانبمرکێنێتەوە و بیانخاتە خزمەت بەرژەوەندیەکانی خۆیەوە، هەم لەڕێگەی ڕەوتە ڕیفۆڕمیستەکان و هەم لەڕێگەی سەرکوتی ڕێکخراوەکانیان و گرتن و ڕاوەدوونانی ڕابەران و ترۆریانەوە.
دوای ئەوەش کە ڕەوەندی پەرەسەندنی سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە حەفتاکانی سەدەی بیستدا، سەرەتا لە وڵاتانی میسر و تورکیا و ئێران بە ئاکامی خۆی دەگات و ئەو سێ وڵاتە توشی قەیران و ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکان و ڕاپەڕین و شۆڕشە ناوخۆییەکانی خۆیان دەبنەوە، لە عێڕاقیشدا ئەم ڕەوەندە لە پەرەسەندنی سەرمایەداری، هاوڕای شەڕێکی ماڵوێرانکەری عێڕاق-ئێران لە هەشتاکاندا لە گوڕ و تەوژمی خۆی دەکەوێت، بە وەستانی زۆرێک لە کارگە و پڕۆژە ئابوریەکان و وێرانبوونیان و فرۆشتنیان بە کەرتی تایبەت.
داگیرکردنی کوێت، جەنگی کەنداوی یەکەم (١٩٩٠)، گەمارۆی ئابووری لەسەر عێراق، تێکڕای ئەم ڕووداو و ئاڵوگۆڕانە؛ بێکاری و برسیەتی و گەندەڵی پەرەپێدەدات، مەیدان ئاوەڵا دەکات بۆ سەرهەڵدان و گەشەی ڕەوتە ئیسلامیەکان و مەدەنیەت پاشەکشە پێدەکات و ڕەشەکوژی ژنان (بەتایبەت لە کوردستاندا) دەکاتە دیاردەیەکی بەرچاو.

ڕوخاندنی ڕژێمەکە (٢٠٠٣)، و لەگەڵیشیا داڕمانی دەوڵەتی عێڕاق و وەڕێخستنی “پڕۆسەی سیاسی” ئەمریکی بۆ شکڵپێدانەوەی لەڕێگەی هێزە میلیشییە قەومی و ئیسلامیە کۆنەپەرست و تائیفەگەراکانەوە، ئەم ڕەوەندە لە بێکاری و برسیەتی، لە گەندەڵی و تاڵانی سامانی گشتی کۆمەڵگە، لە پاشەکشەپێکردنی مەدەنیەت و ژێردەستەیی ژنان، دەباتە شوێنێکی زۆر سامناکتر کە لە مێژووی ئەم وڵاتە لەئارادا نەبووە و لە جیهانیشدا وێنەی کەمە.
زیندوکردنەوەی کۆیلایەتی ڕاستەوخۆی ژنانی ئێزیدی و بازاڕی کڕین و فرۆشتنیان لە لایەن ڕێکخراوی داعش و دەسەڵاتێکی ترۆریستی ئیسلامیەوە، تەنها ئەکتێکی دابڕاو لە بارودۆخی گشتی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبوو، بەڵکو بەشێکی ئۆڕگانیکی ئەو بارودۆخە گشتیە بوو کە سەرمایەداری ناوچەکە لە کۆتایی سەردەمی (جەنگی سارد) و چڕبوونەوەی کێشمەکێشە بەرژەوەندە جیۆ-سیاسیەکانی ئیمپریالیستی ئەمریکی و هێزە ئیقلیمیەکان، بووە هۆی چالاکبوونی ڕەوتە میلیشیە قەومی و ئیسلامیە کۆنەپەرستەکان لە تەواوی ناوچەکەدا.
ئەگەر بەراوردێک لە نێوان ئەو دوو ماوە مێژووییەدا بکەین لە عێڕاقدا، واتا ماوەی شەش دەیە (١٩٢٠-١٩٨٠) لە ڕەوەندی ڕوو لە پەرەسەندن و گەشەی سەرمایەداری، لەگەڵ ماوەی چوار دەیە (١٩٨٠-٢٠٢٠) لە ڕەوەندی گێژاوی سیاسی و قەیرانە ئابوری و کێشمەکێشە سیاسیەکان کە ئێستاش بەردەوامیان هەیە، دەبینین دوو ڕەهەندی پێچەوانەی ئاڕاستە لە بارودۆخی ژنان لە ئارادان، وە ئەوەمان نیشاندەدات پلەی سەربەستی و ماف و ئازدیەکانی ژن، یا پلەی ژێردەستەیی و ستەمی پیاوسالاری بەسەریاندا، زۆر بە توندی شەتەکدراوە بە بارودۆخی گشتی کۆمەڵگە و ڕەوەندی پەرەسەندن و گەشەی سەرمایەداری یان ڕەوەندی قەیران و باڵادەستی ڕەوتە بورژوا کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان لە کۆمەڵگەدا.

ئەوە سەیر دێتەبەرچاو کە ساڵانی پەنجاکان، شێستەکان و حەفتاکان، نە ئینتەرنێت لە ئارادا بوو، نە کەناڵە ئاسمانیەکانی تەلەفزیۆن، نە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەک فەیسبوک و یوتیوب، وە نە تەلەفۆنی شەخسی مۆبایل … وە نەزانستە سروشتی و کۆمەڵایەتیەکان و تەکنۆلۆژیا ئەوەندەی ئێستا پێشکەوتوو بوون، وە نە زۆری بەرهەم و بوونی جۆرەها نیعمەت و مەلەزات لەئارادا بوو، بەمانایەک شارستانیەت ئەوەندەی ئێستا پێشکەوتوو نەبوو کە جیهانی ئەمڕۆ لێی بەهرەمەندە، کەچی لەگەڵ هەموو ئەم پێشکەوتنانەی کۆمەڵگەدا، لە ئێستادا بارودۆخی ژنان و ماف و ئازادیەکانیان، هەڵاواردنی ڕەگەزی بەدژیان و خستنەژێر فشاری ژنان بۆ “بەها” کۆنەپەرستە دینی و قەومیەکان، زۆر زیاترە لە چاو ئەو ساڵانە لە پەرەسەندنی سەرمایەداری کە ئاماژەمان پێداوە، ئەوەش زۆر بەسادەیی دەگەڕێتەوە بۆ باڵادەستی ڕەوتە سیاسیە کۆمەڵایەتیە کۆنەپەرستەکان، کە قەیرانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری مەیدانی گەشە و پەرەسەندنیان بۆ دەخوڵقێنێت و دەستیان ئاوەڵا دەکات، تا هەڵمەتبردنە سەر ئازادی و کەرامەتی ژنان و کچان بکەنە ئامڕازی سەرکوتی هەر بزوتنەوەیەکی ئازادیخواز و داسەپاندنی ئیستیبداد و خەفەقانی فکری و سیاسی بەسەر گشت کۆمەڵگەدا. وە لەدوا شیکردنەوەدا لە پێناو تەنگەبەرکردنەوەی هەلومەرجی گەشە و پەرەسەندن، وە چوونەپێشی بزوتنەوەی سۆشیالیستی لە دەرونی کۆمەڵگەدا، کە ئاڕاستەکەی ڕووەو تێکشاندنی دەسەڵاتی سیاسی گەندەڵ و زاڵمانەی بورژوازی، و تێکدانی سیستمی چەوسێنەرانەی سەرمایەداریە کە بنەمای قەیران و کارەساتەکانی کۆمەڵگەن.

ئەمەش ئەوە دەگەێنێت کە مەسەلەی ئازادی و ڕزگاری ژنان لە ستەم و بێڕێزی و پلەدوویی، یەک مەسەلەی کۆمەڵایەتی سیاسی کۆمەڵگەیە، پەیوەندیەکی توندوتۆڵی هەیە بە سیستم و بناغەی ئابوری کۆمەڵگە و ڕەوت و حزبە سیاسیەکان و دەسەڵاتی دەوڵەت و حکومەتەکانەوە، وە ناتوانرێ داببڕێندرێت لە کێشەی ڕزگاری گشت کۆمەڵگە لەدەست ڕەوتە فکری و سیاسیە کۆنەپەرست و فاشیستە مەزهەبی و قەومیەکان. ناکرێ، مەسەلەی ژنان، تەنها وەک کێشەی بەشێک لە کۆمەڵ کە دەرگیری کلتور و دابونەریتێکی دواکەوتووی پیاوسالارانەیە وێنا بکرێت و چارەسەرەکەشی بدرێتە دەست کار و چالاکی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ و ڕیفۆڕمی یاسایی.

2- جێگەوڕێگەی چینایەتی کچان و ژنان
پەرەسەندنی سەرمایەداری عێڕاق و قەیرانەکانی، گەشەی تەکنۆلۆژیا و بەکارهێنانی لە هەردوو بواری بەرهەمهێنان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکاندا، لەگەڵ گرتنەبەری سیاسەتی نیولیبراڵی ئابووری لەلایەن هەردوو حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە ڕاگرتنی دامەزراندن و کارپێنەدان لە کەرتی گشتیدا، هەروەها کەمکردنەوەی بودجەی خزمەتگوزاریەکان و ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بەکەرتی تایبەتی، گشت ئەمانە، (بەتایبەتیش لە بیست ساڵی ڕابردوودا) بوونەهۆی هەڵوەرینی بەشێکی بەرفراوان لە توێژە مامناوەند و وردەبورژوازیەکان بۆناو ڕیزەکانی پڕۆلیتاریای عێڕاق و کوردستان، و باڵکێشانی بێکاری و برسیەتیەکی لە ئەندازەبەدەر بەسەر کۆمەڵگەدا. ئەمەش نەک هەر ڕەهەندێکی عێڕاقی و کوردستانی، بەڵکو ڕەهەندێکی سەرمایەداری جیهانیشە.
ئەوەی مەبەستمانە لێرەدا، ئەوەیە، ئەو ئەجەندایانەی کە بورژوازی گرتوویەتیەبەر لەبواری ئابووری سیاسیدا، وە ئەو ئاڵوگۆڕە ئابووری و کۆمەڵاتیانە کە هاتوونەدی بەدوایدا، جێگەوڕێگەی کچان و ژنانی لە کۆمەڵگەدا گۆڕیووە و زووربەی هەرەزۆریانی پاڵناوە بەرەو ڕێزەکانی پڕۆلیتاریا چ لەسەر ئاستی سەراسەری عێڕاق و چ لەسەر ئاستی کوردستاندا، نەک هەر ئەوەش بەڵکو ئەو توێژەش لە پڕۆلیتاریا پێکدەهێنێت کە زۆرترین نەهامەتیەکانی بێکاری و برسیەتی و فشاری ڕەوتە کۆنەپەرستەکان و جەنگ و دەستدرێژی دەکەوێتەسەر.

لە حاڵێکدا لە دروستبوونی دەوڵەتی عێڕاقەوە (١٩٢١) تا هەشتاکانی سەدەی بیست، قۆناغێک بوو لە پەرەسەندن و گەشەی سەرمایەداری، کە ئەجەندای سیاسەتی ئابووری لای بورژوازی، پەرەپێدانی کەرتی گشتی، ئابووری بەپلان و نەخشە، و شکڵدان بوو بە سەرمایەداری دەوڵەتی، ئەمەش دەرگای جیهانێکی باشتر و پەیوەست بوون بە چینی مام ناوەند و ژیانێکی بەجۆرێک خۆشگوزەرانی بەڕووی کچان و ژناندا ئاواڵا دەکردەوە. هەتا ئەگەر کچان و ژنان خۆشیان هەلی خوێندن و کاریان لەبەردەمدا نەبوایە لە ڕێگەی شووکردنەوە بە ئەفرادی توێژە مامناوەند و وردەبورژوای خۆشگوزەرانەوە ژیانێکی باشتر چاوەڕێی دەکردن.
ئەم دەرگایە لە هەشتاکانەوە هەنگاو بەهەنگاو بەرەو داخستن دەچێت و لە ئێستاشدا بەتەواوی کڵۆمکراوە لەسەر دەستی ڕەوت و هێزە کۆنەپەرستەکانی ئیسلامی سیاسی لە عێڕاق، وە لە کوردستانیشدا لەسەر دەستی ڕەوت و حزبە ناسیونالیستە گەندەڵ و تاڵانکەرەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەڵبەتە بە بەشداری و هاوکاری ڕەوتە ئیسلامیەکانی کوردستانیشەوە، کە تێکڕای ئەو هێز و ڕەوتە قەومی و ئیسلامیە عێڕاقی و کوردستانیانە، چ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان و چ ئەوانەی لە ئۆپۆزیسیۆنیدان، ئەجەندای نیو-لیبرالیزمی ئابووریان هەیە، بەم شێوەیە تەواوی ڕەوتەکانی بورژوازی لە سیاسەتی ئابووری و چینایەتیدا یەکگرتوون بەدژی چینی کرێکار و توێژە زەحمەتکێش و چەوساوەکانی کۆمەڵگە لەوانە ژنان، کە پەیوەستە بە باسەکەمانەوە لێرەدا.

بەم پێیە کاتێک باس لە مەسەلەی ژن، ئازادی و ماف و بزوتنەوە ڕزگاریخوازانەکەی دەکرێت، دەبێ لەسەردەمی مێژوویی خۆیدا باس بکرێت، ناکرێ بەهەمان پێوانە، بەهەمان ڕوانگە و هەڵسەنگاندنی سەردەمی گەشەی ئابووری و ئەجەندای شکڵدان بە سەرمایەداری دەوڵەتیەوە لە ساڵانی (١٩٢٠ تا ١٩٨٠) بێین مامەڵە لەگەڵ مەسەلەی ژندا بکەین لە ئێستادا (بەتایبەت لە بیست ساڵی ڕابردوودا) کە سەردەمی قەیران و ئەجەندای نیولیبرالیزمە.
لە ئێستادا نەک هەر وەک بابەتێکی تیۆریانە، سیستمی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی، بەرژەوەندیی هەیە لە بێکاری ژنان و ڕەتاندنیان بەرەو کونجی ماڵ و خزمەتی مناڵ و پیاو، نەک هەر بەرژەوەندی هەیە لە نایەکسانی و بێمافی ژنان و چەوسانەوەیان، بەڵکو بە واقعی و عەمەلیش زوربەی هەرەزۆری کچان و ژنان ئەو توێژ و بەشە لە چینی کرێکار پێکدەهێنن کە وێڕای وەحشیانەترین چەوسانەوە، قەیرانەکانی سەرمایەداریش زۆرترین قوربانی لە ڕیزەکانیان دەگرێت.

لە سەردەمی زێڕینی پەرەسەندن و گەشەی سەرمایەداری عێڕاقدا، کێشەی سەرەکی و بنەڕەتی بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان چۆنیەتی بەجێهێشتنی کۆیلایەتی و پیاوسالاری عەشیرەتگەری دەرەبەگایەتی و بەدەستهێنانی ڕیفۆڕمی هەرچی زیاتر بوو لە مافە مەدەنیەکان و دەسکەوتە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان، کە چوارچێوەی خودی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی سنورداری دەکردنەوە و نەیدەهێشت لە ئەندازەیەک واوەتر بچن، بەڵام لەسەردەمی قەیرانە ئابووری و سیاسیەکانی سەرمایەداری عێڕاقدا کێشە سەرەکی و بنەڕەتیەکەی ئەم بزوتنەوەیە، (هەروەها بزوتنەوەی لاوان و خوێندکارانیش) تەواو شیفتی کردووە و گۆڕاوە و بەدەوری تەوەرە، سەنتەر و چەقێکی تردا پێناسەکەی مانای ڕزگاریخوازانەی خۆی وەردەگرێت.
لەمڕۆدا مانای واقعی دوو چەمکی؛ (١) یەکسانی ژن و پیاو، (٢) ڕزگاری ژن لەدەست ستەم، گرێیان خواردووە بە ڕزگاری گشت کۆمەڵگە لەدەست ڕەوتە کۆنەپەرست و فاشیستە مەزهەبی و قەومیەکانی بورژوازی.
ئەمەش واتا بزوتنەوەی ڕزگاری ژنان و خەبات لە پێناو هێنانەدی یەکسانیدا، هەتا بەدەستهێنانی ڕیفۆڕمێکی ڕیشەییش، لەڕووی بابەتیەوە، بۆتە بەشێکی جیانەکراوەی بزوتنەوەی سۆشیالیستی چینی کرێکار بەدژی سەرمایەدری، ڕووەو هەڵتەکاندنی دەسەڵاتی بورژوازی و ژێڕەوژورکردنی بناغەی سیستمە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکەی.

نەک هەر مێژووی فێمنیزمی لیبڕاڵ و ڕیفۆڕمیستی جیهان، بەڵکو کار و چالاکی ڕێکخراوەکانی هاوشێوەشیان لە عێڕاق و کوردستاندا ئەوەی سەلماندوە کە هەتا هێنانەدی سادەترین ڕیفۆڕم و بەدەستهێنانی کەمێک ئازادی و گۆڕینی یاسایەک، کە مەرەکەبی سەرکاغەز نەبێت، پەیوەستە بە پەرەسەندن و بەهێزبوونی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە ڕزگاریخواز و پێشڕەوەکانی کۆمەڵگە و بوونی بزوتنەوەیەکی کرێکاری بەهێزی خاوەن ئاسۆیەکی سۆشیالیستی کە توانای داسەپاندنی پاشەکشەی هەبێت بەسەر ڕەوتە کۆنەپەرستەکانی بورژوازی و بتوانێ سنور دابنێ بۆ دەستدرێژی و سەرکوتی دەسەڵات و حکومەتەکەیان.

ماویەتی …

ناوەڕاستی مارسی ٢٠٢١
-.-.-.-.-.
ئەم وتارە لە ژمارە یانزەی مانگی مارسی ٢٠٢١دا لە ڕۆژنامەی (ڕەوت) چاپی وەرەقی لە کوردستان بڵاوکراوەتەوە.




لە پیرۆزی نەورۆزدا.. نادر عەبدولحەمید

نەورۆز یەکێک لەو جەژنە دێرینانەیە کە هاوڕای هاتنی ساڵی تازە و وەرزی بەهار، شادی و مژدەی جیهانێکی بەختەوەری بەخشیوە بە خەڵکی.
لەگەڵ هەموو مۆڕە و خێسەیەکی ئیسلامی سیاسیدا کە چاویان هەڵنایەت خەڵکی لە سەما و هەڵپەڕین و کەیف و شادیدا ببینن، بەڵام خەڵکی کوردستانی عێڕاق هاوڕای زۆرێک لە خەڵکی وڵاتانی تر لە ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەر لە کیرگستانەوە بیگرە تا تاجیکستان و ئەفگانستان و ئازەربایجان و ئێران و کوردستانیانی تورکیا و سوریا، هەموو ساڵێک یادی جەژنی نەورۆز بە ئاهەنگ و مۆسیقای شادی و سەیران و هەڵپەڕکێ دەکەنەوە.
لە زوربەی ئەو وڵاتانەدا کە جەژنی نەورۆزی تیا بەرپا دەکرێت، بزوتنەوە ناسیونالیستیەکان لە بەرژەوەندی چینی باڵادەست و دەسەڵاتەکەیان جۆرەها داستانیان لە پاڵەوانبازی میللەتەکەی خۆیان لێ هەڵبەستووە و جادووسازیان لێوەڕێخستووە و کردویانەتە بەشێک لە فەرهەنگی نەتەوەپەرستی خۆیان. ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەزاران ساڵ لێرەوەپێش، کاتێک نەورۆز هاتۆتەئاراوە میللەتان و نەتەوەکان بەمەفهومی سەردەم هێشتا شکڵیان نەگرتووە.
ئەم جەژنە لە بنەڕەتدا بەرهەمی ڕاپەڕین و شۆڕشی چینە چەوساوەکانی ئەو مێژووە دێرینە بووە، لە کۆیلە و جوتیاران و پیشەگەرانی ژێردەستە، دژ بە دەسەڵاتی چینەدارا و خاوەن کۆیلەکان، کە لەسەر ڕەنجی شان و چەوساندنەوەی ئەوان و زوڵملێکردنیان دەوڵەتان و ئیمپڕاتۆرەتەکانیان بەرپا کردوە. هەر بەم بۆنەشەوەیە کە نەورۆز ڕەگێکی قوڵی داکوتاوە لەناو دڵ و دەرونی خەڵکی سادەی کۆمەڵگەدا.
ناسیونالیزمی کوردیش لەڕێگەی بەهرەبەرداری ستەمێکی نەتەوەیی کە لەناوچەکەدا لە ئارادابووە و لەئارادایە دژ بە خەڵکی کوردستان، توانیویەتی نەورۆز بکاتە کراسێکی جادوویی بۆ داستانی نەتەوەسازی خۆی، تا خۆڵ بکاتە چاوی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان و بەتایبەتیش لە کوردستانی عێڕاقدا دەسەڵاتی گەندەڵی بۆرژوازیانە و زوڵموزۆری زوحاکیانەی خۆی پێ دابپۆشێت لە خزمەت سەرمایەداران و خاوەنانی کۆمپانیا و خاوەنانی دۆلارەکان بە ملیۆن و ملیارەها، و خەڵکی زەحمەتکێشیش لە برسیەتی و بێکاری و بێموچەییدا ڕاگرێت.
گەرچی پەتای کوڕۆنا، پارساڵ و ئەمساڵیش ڕێگر و بەربەستێکی بەرپاکردنی جەژن و سەیران و کۆڕ و کۆبونەوەکانی نەورۆز بووە، بەڵام بەربەست و ڕێگری سەرەکی بەردەم شادی و بەختەوەری جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستان ئەم دەسەڵاتەیە، بۆیە نەورۆزی ڕاستەقینەیان ئەو کاتەیە کە سایەی ئەم دەسەڵاتە نەگریسە لەسەر ژیان و چارەنوسی خۆیان وەلا دەنێن.
بەهیوای ئەو ڕۆژە کە سەرکەوتنی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ستمەدیدەکان نەورۆزێکی شادتر و گەورەتر دێنێتەدی.

٢٠-٣-٢٠٢١




بەرجەستەکردنەوەی سۆشیالیزم وەک بەدیلێکی واقعی بۆ ئەم هەرێمە ئەرکی هەر ئێستامانە … نادر عبدالحمید

ئەو ناڕەزایەتیانەی کە لە کوردستانی عێڕاقدا لە ئارادایە و هەر ماوە نا ماوەیەک لە شکڵی مانگرتن و خۆپێشاندا سەرهەڵدەدات بەشێکی دانەبڕاوە لە قەیرانێکی هەمەگیری سەرمایەداری و بنبەستی دەسەڵاتە بورژواکانی ئەمڕۆ لە سەراسەری جیهاندا.
وڵاتانی هەردوو ئەمریکای باکور و لاتینی، وڵاتانی ئەوروپا و ئەفریقیا و ئاسیا، زوربەیان نوقمی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان و ڕاپەڕینی جەماوەری بەرینی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەشانن، لەوانەش وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست، لە تارانەوە بیگرە تا بەیروت و بەغدا، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
سەرمایەداری لە جیهانی ئەمڕۆدا لەگەڵ کۆمەڵگەی بەشەریدا کەوتۆتە دژایەتیەتیەوە؛ مەودای بێکاری، هەژاری و برسیەتی هێجگار بەرفراون بۆتەوە، جەنگ و پەتای نەخۆشی و پیسبوونی ژینگە لەو مەترسیانەی سەرمایەدارین کە هەڕەشە لە ژیانی گشت مرۆڤایەتی دەکەن. دەسەڵاتە بورژواکانیش جگە لە جەنگ و کێشمەکێشی نیوانیان و ترۆر و توندوتیژی دژ بە جەماوەری ناڕازی و هەڵسوڕاوانی مانگرتن و خۆپێشاندان و ڕاپەڕینەکان، ئاسۆیەکی تر شکنابەن بۆ بەرگری لە مانەوەی خۆیان، ئەم سیستمە و ئەم دەسەڵاتە، بەتایبەت لە کوردستانی عێڕاقدا بۆ ڕزگارکردنی خۆی خەریکە کۆمەڵگە دەکاتە قوربانی.
هەرێمی کوردستانی عێڕاق وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری ئەم وڵاتە بە تایبەتمەندیەکانی خۆیەوە، گەیشتۆتە چرکەساتێکی هەستیاری مێژوویی لە قەیرانێکی هەمەلایەنەی ئابوری-سیاسی و کۆمەڵایەتی-فکری کە تیایدا لەڕووی بابەتیەوە کۆمۆنیزمەکەی وەک هەر بزوتنەوەیەکی سۆشیالیستی شۆڕشگێڕ و پڕۆلیتاری لە وڵاتێکی سەرمایەداری قەیرانگرتوودا، ڕووبەڕووی ئەرکی بەرجەستەکردنەوەی سۆشیالیزم بۆتەوە وەک بەدیلێکی واقعی بۆ ئەم هەرێمە، ئەویش لە ڕێگەی ڕێکخراوکردن و چەکدارکردنی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بێبەشان بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی ئینتەرناسیوناڵ.
ئەم قەیرانە هەمەلایەنە ئاکامی سیستمێک و ڕژێمێکە کە لە ماوەی بیست و نۆ ساڵی ڕابردوودا وایکردوە کەمایەتیەکی کەم سەرمایەیەکی ئەستور کەڵەکە بکات بە ملیارەها دۆلار، لە ڕێگەی دەستگرتن بەسەر سامانی سروشی و بازرگانی دەرەکی و هەموو شادەمارێکی ئابوری ئەم هەرێمە، هەر ئەم کەمایەتیەی کە ملیاردێرە هەرە گەورەکانی هەرێم و خاوەنداری کۆمپانیا هەرە زەبەلاحەکان و پشکدارن لە حکومەتی ناوەندی بەغا، هەر خۆشیان خاوەن دەسەڵات و میلیشیا و حکومەتی هەرێمەکەن، بەم پێیە ئەوە بەرژەوەندی بورژوازی گەورە و سەرمایەی مۆنۆپۆلە کە ئابوری و سیاسەتی لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا کۆنتڕۆڵکردوە و ئاڕاستە دەکات و بەم ڕۆژەی گەیاندووە.
ئەوەش کە گوڕی بەم ڕەوەندە بەخشیوە بەتایبەت لە شەش حەوت ساڵی ڕابردوودا پیادەکردنی ڕێنماییەکانی (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) و (بانکی جیهانی) بووە بە خێراییەکی زۆرەوە لە دەستبەردار بوونی حکومەتی هەرێم لە کەرتی گشتی و دانەمەزراندن و بەتایبەتی کردنی (خەسخەسەی) کەرتی تەندروستی و خوێندن و خزمەتگوزاریەکان، کە لایەک شەرعیەتێکی قانونی داوە بە تاڵانی سەروەتی گشتی کۆمەڵگە لەلایەن کەرتی تایبەت و لایەکیش کارەساتێکی ئینسانی بەدوای خۆیدا هێناوە کە خانەوادە زەحمەتکێشەکان نەتوانن خەرجی خوێندن، نەخۆشکەوتن، کرێخانوو و پێداویستیەکانی ژیان دابین بکەن.
ئەم سیاسەتی برسی کردنەی دەسەڵات و حکومەتی هەرێم لەم سەردەمەی کڕۆنادا بە ئاشکرا دەردەکەوێت، کە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمەکەی کردۆتە بارمتەی کێشمەکێشەکانی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و نەک هەر دەست نابات بۆ ملیارەها دۆلاری کەڵەکە بوو لای کۆمپانیاکانیان بۆ دابینکردنی بودجەی تەندروستی و کۆمەگی بێکاران و خانەوادە کەم دەرامەتەکان، بەڵکو ئەو هەلەشی قۆزتۆتەوە بۆ فەرامۆشکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکانی وەک خەستەخانە و گوێنادات بە ناڕەزایەتی و مانگرتنی پزیشکان و کارمەندانی کەرتی تەندروستی دژ بە دوا کەوتنی موچەکانیان، تا ببێتە هۆکارێک بۆ وازهێنانی پزیشکان و کارمەندن لەو کەرتە و داخستنی خەستەخانە گشتیەکان و سپاردنی بە کەرتی تایبەت بۆ داتەکاندنی هەرچی زیاتری گیرفانی هاوڵاتیان.
ڕەخنەی لیبراڵانە سەرچاوەی ئەم بارودۆخە قەیراناویە و ئەم تڕاژیدیایەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەگەڕێنێتەوە بۆ لێنەهاتوویی، نەزانینی ئیدارەکردنی وڵات، عەشائیریەت و باڵادەستی بنەماڵە بەسەر حزبەکانی دەسەڵات، سوڵتانیزم و ساختەکاریان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بۆ ڕێگری لە دەستاودەسپێکردنی دیموکراتیانەی دەسەڵات. بەمەش پەردەپۆشی هۆکارە بنچینەیی و سەرەکیەکەی دەکات کە سیستمی سەرمایەداری و نیولیبرالیزم و ناوەڕۆکی چینایەتی ئەم دەسەڵاتەی هەرێمەکەیە.
بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی نەک نوێنەری عەشائیریەت و دواکەوتوویی بەڵکو دوو تاقمی مافیای ناو ئەو توێژە لە بورژوازین کە جومگە سەرەکیەکانی ئابوری هەرێمەکەیان مۆنۆپۆل کردوە و لە بواری نەوت و بازرگانیدا کاردەکەن و بەهەزار و یەک سەرەداو لە بەرژەوەندی ئابوری، سیاسی، عەسکەری و سیخوڕی بەستراونەتەوە بە دەوڵەتە بورژواکانی ناوچەکە و ئیمپریالیستەکان و کۆمپانیا جیهانیەکانەوە. هیچ مانگێک تێناپەڕێت کە چەند بەرپرس و شاندی وڵاتە ئیمپریالیستەکان میوانی هەولێر نەبن، وەیا شاندی حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی (پارتی) و (یەکیەتی) میوانی پایتەخەکانی وڵاتانی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرسی ناوچەکە نەبن، ئەمە بەڵگەی “لێنەهاتوویی و نەزانینی ئیدارەکردنی وڵات و عەشائیریەت و سوڵتانیزم” نیە، ئەمە بەڵگەی نوێنەرایەتیکردنی بورژوازی کورد و لێکهەڵپێکانی بەرژوەندیە ستراتیژیەکانیەتی بە بورژوازی ناوچەکە و جیهانەوە.
لە ڕاستیدا بەرژەوەندی ئەو توێژەیە کە حزبەکانی دەسەڵات و بنەماڵەکانیان و عەشایەریەت و هێزی زێرەڤانی سەرکوتگەر و دژە ترۆری دەمامکدار و خوڕافاتی قەومی و دینی و عەشایەری بەکاردێنێ تا ئاسایش و ئارامی دابین بکات بۆ کەڵەکەی سەرمایە و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی لەسەر حیسابی تێکدانی ئاسایش و ئارامی ژیانی خەڵكی زەحمەتکێش و ئایندەی نەوەکانی داهاتوو.
بەڵام کاتێک برسی کردن و تێکدانی ئارامی ژیانی خەڵک سەردەکێشێ بۆ ناڕەزایەتی، مانگرتن و خۆپێشاندان و ڕاپەڕین، ئەو کاتە ئەو توێژانەی تری بورژوازی کە بەرژەوەندیان هەیە لە وەلانانی قۆرغکاری ئابوری و سیاسی وڵات و خوازیارن و لە هەوڵی بەرفراوانکردنی بنکەی فەرمانڕوایەتی بورژوازیدان، ڕەوتگەلێکی سیاسی بە ئەجەندای ئاڵوگۆڕێکی ڕوکەش و فۆڕماڵی سیاسی لە دامەزراوەی حکومڕانی و دەسەڵاتدا دێننە مەیدان تا سیستمی سەرمایەداری و کەڵەکەی سەرمایە پارێزراو بێت لە مەترسی شۆڕشی کرێکاران و زەحمەتکێشانێک کە برسی کراون و هەژاری و بێکاری داسەپاوە بەسەریاندا.
ئەوە ئەو ئاڵوگۆڕە فۆڕماڵە شکڵیە سیاسیەیە لە دامەزراوەی حوکمڕانیدا کە لە ئێستادا (نەوەی نوێ) و ئۆپۆزیسیۆنی قەومی ئیسلامی بانگەوازی بۆ دەکەن، تا پاشەکشە بکەن بە (پارتی) و (یەکیەتی)، وە ناچاریان بکەن بە پێکهێنانی (حکومەتێکی کاتی تەکنۆکرات) لە کەسانی لێهاتوو، پسپۆڕ و شارەزا و بیرۆکرات کە (هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی) لە ماوەی شەش مانگدا ئەنجامبدات، تا حزبە ئۆپۆزیسیۆنە قەومی و ئیسلامیەکان بتوانن حکومەتی هەرێم بگرنەدەست لە ڕێگەی بەدەستهێنانی زۆرینە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا. (ئەمە تا چەند خەیاڵی و ناعەمەلیە باسی ئێرە نیە، بەڵام) ئەمە ئەجەندای سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوا قەومی و ئیسلامیە بە پاڵپشتی ڕۆشنبیرە لیبراڵەکانی کوردستان بۆ ئاڕاستەکردن و لە قاڵبدانی ناڕەزایەتیەکان و بەرگرتن بە پەرەسەندنیان و بەرزبوونەوەیان بۆ ئاستێک کە بەرژوەندیەکانی گشت بورژوازی و کەڵەکەی سەرمایە بخاتە مەترسیەوە.
سەرمایەداری ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستانی عێڕاق زۆر لە سەرمایەداری سەردەمی کۆمۆنەی پاریس (١٨٧١ی فەرەنسا) و شۆڕشی ئۆکتۆبەر (١٩١٧ی ڕوسیا) گەشەکردوترە، لە قەیرانێکی هەمەگیردایە و لەگەڵ ژیانی ئاسایی جەماوەری زەحمەتکێشدا کەوتۆتە ناکۆکی کوشندەوە و دەسەڵاتە بورژوازیەکەشی گەیشتۆتە بنبەست و ڕوبەڕووی ناڕەزایەتیەکی هەمەلایەنەی جەماوەری بۆتەوە و تەنها بەحوکمی میلیشیا و سەرەنێزە خۆی هێشتۆتەوە.
ئەم بارودۆخە سێ ئەگەر دەخاتەڕوو، یەکەم مانەوە و درێژەدانی دەسەڵات لە ڕێگەی سەرکوت و ئەو چاکسازیە پوچ و بێناوەڕۆکەی کە بەرنامەی حکومەتی هەرێمە، دووەم ناچار بوونی دەسەڵات بە پاشەکشە و ملدانی بە ئەجەندای ئۆپۆزیسیۆن لە هەڵبژاردنی پێشوەختە و ئاڵوگۆڕێکی شکلی سیاسی، سێهەم ڕاپەڕین و هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە کە ئایندەکەشی ڕون نیە بەرەو کوێ دەڕوات.
ئەمانە فاکتۆرە مادیەکانی هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانەن کە لە ئێستادا لە ئارادایە، بەڵام ئەوەی کە ڕێگرە ئەم بارودۆخە شۆڕشگێڕانەیە بگۆڕێت بۆ قەیرانێکی شۆڕشگێڕانە و دەسەڵاتی بورژوازی و سیستمی سەرمایەداری بخاتە ژێر پرسیارەوە؛ لە ئارادانەبوونی فاکتۆری خودیە، بەرجەستەنەبوونەوەی ئاسۆی سۆشیالیزم و هەمەگیرنەبوونی جەماوەریانەیەتی، ڕێکخراونەبوونی جەماوەرە، لە سەندیکا و یەکیەتیە کرێکاریە سەربەخۆکان و لە شۆرا و کۆمۆنە و کۆمەڵە هەرەوەزیەکان و کۆمیتە شۆڕشگێڕیەکاندا بەو ئاسۆیەوە، ئامادە نەبوونی حزبێکی پێشڕەوی خاوەن دەستپێشکەری کۆمۆنیستیانەی شۆڕشگێڕە لە مەیدانەکەدا کە هەموو ئەوانە لە یەکەیەکی لێکهەڵپێکراودا بەیەکەوە شەتەک بدات و ڕۆڵی ڕابەری هەم لۆکاڵی و هەم سەراسەری ببینێت لەناو جەرگەی ئەم خرۆشان و ئاڵوگۆڕانەدا، وە ئەڵقەی پەیوەندی بێت بە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان و ڕاپەڕینی جەماوەری سەراسەری کرێکاران و زەحمەتکێشانی عێڕاق دژ بەدەسەڵاتی ناوەندی بورژوازی.
ئەوە هەر لەئارادانەبوونی ئەم فاکتۆرەشە کاتێک دەسەڵاتێکی بورژوازی دەڕوخێت، ڕەوتگەلێکی تری بورژوازی جارێکی تر لە بۆشایی سیاسی دەسەڵاتدا سەروسامان دەدەنەوە بەدەسەڵاتی بورژوازی، وە سیستمی سەرمایەداری و کەڵەکەی سەرمایە بە دەستلێنەدراوی دەهێڵدرێتەوە. هەروەک لە شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقا و ڕاپەڕینەکانی لوبنان و عێڕاق و گەلێک لە وڵاتانی تردا بینیمان. شکڵپێدانی ئەم فاکتۆرە خودیە، ئەم بەدیلە سۆشیالیستیە لەناو دەرونی کۆمەڵگە و لەناو جەرگەی ئەم ئاڵوگۆڕ و کێشمەکێشە سیاسیانەدا دێتەدی، نەک لەدەرەوەیدا، وە ئەم شکڵپێدانە نەک هەر مەسەلەیەکی سیاسی-عەمەلی بەڵکو فکری و تیۆریشە.
ڕێنمایی و ڕێکخستن و ڕابەرایەتی کردنی جەنگی جەماوەری زەحمەتکێش دژ بە دەسەڵاتی بورژاوزی، هەروەها چونە جەنگی دژ بە ئەجەندا جۆراوجۆرەکانی بورژوا ئۆپۆزیسیۆن و دژەشۆڕش و هەوڵوکۆششی لیبراڵانە بۆ بەرتەسک کردنەوە و لە قاڵبدانی ئاسۆی ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیانەی کە لەئارادان لە چوارچێوەی ڕیفۆڕمێکی ڕوکەشی سیاسیدا، بەڵێ ئەم جەنگانە ئەستەمە بەبێ خەباتێکی فکری سیاسی کۆمۆنیستانە بۆ زاڵکردنی ئاسۆیەکی ئینتەرناسیونالیستی دژە سەرمایەداری و دژە ناسیونالیستی. بەو ئەندازەیەی کە ئەم ئاسۆیە بەهێز و پەرەدار دەبێ، بەو ئەندازەیەش کۆمۆنیزم لە کوردستاندا توانا پەیدا دەکات بۆ ڕێکخراوکردن و ڕابەرایەتی جەماوەری ناڕازی، وە بۆ پوچەڵکردنەوەی باڵادەستی ئاسۆ و ئەجەندای سیاسی ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی بورژوازی.
کۆمۆنیزمی کوردستان ناتوانێت بچێتە جەنگی ئەجەندا سیاسیەکانی بورژوا ئۆپۆزیسیۆن، و خۆی لێکهەڵپێکێت بە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشەوە و ئەو جەماوەرە ئاسۆدار و ڕێکخراو بکات بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵات، ئەگەر بە ئاسۆیەکی مارکسیستی ڕادیکاڵ و ئینتەرناسیوناڵەوە نەێتەمەیدان.
مەسەلەی هەرە سەرەکی کۆمۆنیزم؛ وەڕێخستن، بەهێزکردن و پەرەدارکردنی بزوتنەوەی سۆشیالیستیە، هەم لەدەرونی چینی کرێکار و هەم لەسەر ئاستی کۆمەڵگە وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی، وە لەسەر ئەو بنەمایەشەوە خەباتی سیاسیەتی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا، ئەوە ئەو ئاسۆیەیە کە زاڵە بەسەر هەموو چالاکی و هەڵسوڕانێکی ئاژیتاسیۆنی و ڕێکخراوەییدا لە ناو بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکاندا بۆ بەدەستهێنانی ماف و خواستە ڕەواکانیان.
بەبێ ئەم ئاسۆیە کۆمۆنیزم ناتوانێت سنوری خۆی لە سەندیکالیزم و ڕیفۆڕمیزم و ئیکۆنۆمیزم جیا بکاتەوە، بەتایبەتیش لەمڕۆدا کە ناڕەزایەتی توێژە جۆراوجۆرەکان دژی دواکەوتنی موچە و دانەمەزراندن و بێکاری و برسیەتی و بێمافی و سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێم لە مامەڵەی لەگەڵ پەتای کوڕۆنادا، … لەوە دەرچووە کە هەر تەنها بزوتنەوەی خواستە دیاریکراوەکانی ئەو توێژانەبن و تەنها لەو ئاستەدا مامەڵە بکرێن کە بەدەستهێنانی خواستەکان بێت، بەڵکو بووە بە بزووتنەوەیەکی سیاسی جەماوەری گشتی کە خوازیاری وەلانان و هەڵپێچانی دەسەڵات و حکومەتی هەرێمەکەیە. هێشتا بەشێکی ناو بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستان بە مێسۆدێکی ئیکۆنۆمیستانە مامەڵەی ناڕەزایەتیەکان دەکات، تەک تەکی توێژە ناڕازیەکان و خواستەکان دەبینێ و هەوڵی چالاکی دەدات لەو پەیوەندەدا، بەڵام هەتا ئەگەر بزوتنەوە گشتیەکەش ببینێ مێسۆدەکەی ڕێگەی پێنادات سیاسەتێکی گشتی و سەراسەری کۆمۆنیستانەی هەبێت بۆ بزوتنەوە جەماوەریەکە کە خوازیاری هەڵپێچان و وەلانانی دەسەڵاتە.
ئەمە و بەشێکیش لەسەرەتاوە بە چاوێکی دوودڵی و نیگەرانیەوە دەیانڕاوانیە ئەم شەپۆلە لە خۆپێشاندانی سەرەتای حوزەیران و ناوەڕاستی ئۆگۆستی ٢٠٢٠ و دەستەوستان لە دورەوە بۆیان دەڕوانی، لەبەرئەوەی حزبێکی بورژوا قەومی ئۆپۆزیسیۆنی وەک (نەوەی نوێ) بانگەوازی بۆ کردوە. ئەمەش مامەڵەکردنی ئەم شەپۆلەیە لە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان وەک شتێکی سەربەخۆ و دەستکردی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوا قەومی و دابڕینیەتی لە ڕەگوڕیشە مێژووییەکەی و نەبینینیەتی وەک بەشێک لە بزوتنەوەیەکی مادی چەند ساڵەی ناو ئەم کۆمەڵگەیە کە لەم قۆناغە لە تەمەنیدا و لە ئێستادا لەم ڕێگەیە و لەم هەلەوە کە بۆی ڕەخساوە خۆی دەرخستووە، هەروەک لە ساڵانی ڕابردوودا و بە بۆنەی جۆراوجۆر و لە کەناڵی جۆراوجۆرەوە خۆی دەرخستووە، وەک (ئۆکتۆبەری ٢٠١٥)، (سێپتێمبەری ٢٠١٦)، (١٨ دێسەمبەری ٢٠١٧). بەڵێ ئەوە بزوتنەوەیەکی سیاسی جەماوەریە کە هەڵقوڵاوی ناکۆکیەکانی دەرونی کۆمەڵگەی کوردستانی عێراق و بێزاری و ناڕەزایەتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بێبەشان و پەراوێزخراوانی کۆمەڵگەیە و خوازی هەڵپێچان و وەلانانی دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی میلیشیایی و حکومەتەکەیەتی لە کوردستاندا و هەر ماوە نا ماوەیەک بە بۆنە و بەهانەیەکەوە و لە ڕێگەیەکەوە خۆی دەردەخات.
گرەوی کۆمۆنیزم لەمڕۆدا لە کوردستانی عێڕاقدا لەوەدایە تا چەند دەتوانێ ئەم بزوتنەوەیە بەرجەستە بکاتەوە وەک بەدیلێکی سۆشیالیستی بۆ کۆمەڵگەی کوردستان، و پەیوەستی بکاتەوە بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کرێکاران و زەحمەتکێشانی عێراقەوە بۆ هەڵپێچانی دەسەڵاتی بورژوازی لەسەراسەری وڵاتدا.
کۆتایی ئۆگۆستی 2020




بارودۆخی سیاسی کوردستان و چوار بەدیلی سیاسی … نادرعەبدولحەمید

هەرێمی کوردستانی عێڕاق لە لێواری لێکترازان و هەڵوەشانەوە نزیک بۆتەوە، نەک هەر لە قەیرانی مالی و ئابوریدا گیریکردوە، بەڵکو مایەپوچی (ئیفلاس)یشی لە زمانی سەرۆک وەزیرانەوە ڕاگەێندراوە، ئەوەتا دوای چەند ساڵێکی کەم (دە تا پانزە ساڵ) لە بەرهەمهێنانی (واقعیتر ئەوەیە بڵێن لە تاڵانی) نەوت و گازی سروشتی هەرێم، (٢٧) ملیار دۆلار قەرزیان وەک “پاشەکەوت”کردن لاخستووە بۆ ئەم نەوەیەی ئێستا، کە لە ژێرباریا ناێتەدەرەوە و دەبێ نەوەی داهاتووش لەگەڵیا باجەکەی بدات. ئەمە وەک حیکمەتی سەربەخۆیی ئابووری کوردستان و دامەزراندنی ژێرخانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە ئایندەدا!
لە باری سیاسیشەوە نەک هەر بۆشایی نێوان جەماوەری زەحمەتکێش و دەسەڵات ئەوەندە بەرفراوان بووە کە تازە هیچ پینەوپەڕۆ و تەقەڵسازی چاکسازیەک بەیەکیەوە نادروێتەوە، بەڵکو پەیوەندی نێوان هەموو حزبە قەومی و ئیسلامیەکانیش درز و کەلێنێکی وای تێکەوتووە کە ئەو تەبایی و کۆکبونەی جاران هەیانبوو لە “ماڵی کورد”دا، ئێستا ئەو ماڵەیان لێ شێواوە، نەک هەر لە هۆڵی پەرلەمانی هەولێر ناکۆک و ناتەبان، بەڵکو لە بەغداش لەبەرامبەر “قەوم” و “تائیفە”کانی تردا بۆ بەدەستهێنانی پشکێکی زۆرتر بۆ “میللەتەکەیان” لەسەر پۆست و پلەوپایە و بەرژەوەندی حزبییان بەئاشکرا دەمەقاڵێیانە، یەکدەنگ و یەکدەست نەماون و خەریکن ڕەسمیەتێکی قانونیش دەدەنەوە بە دوو ئیدارەییەکەیان بەناوی لامەرکەزیەتەوە.
کارتی سەربەخۆیی کوردستانیش، وەک لە ڕیفڕاندۆمەکەی (٢٠١٧)دا توانی هەموو حزبە قەومی و ئیسلامیەکانی کوردستان لە بەرەیەکی یەکگرتووی نەتەوەییدا کۆبکاتەوە و بەشێک لە چەپیش بەداوێنی خۆیەوە پەیوەست بکات، لە ئێستادا کارتێکی سوتاوە بەدەست دەسەڵاتەوە و وەک جاران ناتوانێ قەومی و ئیسلامی و لیبراڵ و چەپ لە ناو بەرەیەکی یەکگرتووی نەتەوەییدا کۆبکاتەوە. ئەم بارودۆخە کە سەربەخۆیی کوردستانی بێبازاڕ کردوە و ڕمێن و کڕیاری کەمکردۆتەوە، ئەو بەشە لە چەپیشی ناچارکردوە کە کە بەدوای ستراتیژێکی تازە و بەدیلێکی سۆشیالیستیدا بگەڕێ بۆ ئەم دەسەڵاتە، کە پێشتر لە دوانزە ساڵی تەمەنیدا، تەوەرەی کار و ستڕاتیژەکەی بۆ گەیشتن بە سۆشیالیزم بەدەوری سەربەخۆیی کوردستاندا پێناسە کردبوو، ئەم “گێڕگۆڕینە” بە خشکەیی و بەبێ وەلانانی ستڕاتیژی ڕابردوو ئەنجام دەدرێ ئەویش لەبەرئەوەی نەکا سبەی ڕۆژ بازاڕی سەربەخۆیی کوردستان جارێکی تر ببوژێتەوە و کڕیاری هەبێت.
بارودۆخی سیاسی کوردستانی عێڕاق لە هەموو لایەکەوە شێواو و تێکچڕژاوە. ناڕەزایەتیەکی جەماوەری بەرفراوان؛ هی چەند چین و چەند توێژگەلێکی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر ڕووبەڕووی حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بۆتەوە:
لایەک ڕۆژانە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، نەدار و هەژار، بێکار و ئازادیخواز، موچەخۆر و کامەند، ماندەگرن و خۆپێشاندان دەکەن، بە شکڵ و شێوازی جۆراوجۆر ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەبەرامبەر دواکەوتنی موچە و بڕینی، لەبەرامبەر بێکاری و دانەمەزراندن، هەژاری و برسیەتی، بێمافی و نەبونی خزمەتگوزاریدا، … وە لە جیاتی وەڵامدانەوە بە خواستەکانیان، دەکەونە بەر زەبروزەنگی میلیشیا و هێزە سەرکوتگەرەکانی دەسەڵاتی جوتە حزبی ناو حکومەتی هەرێم و سەرکوت دەکرێن، ڕاودەنرێن، دەستبەسەردەکرێن، دەگیرێن و لە کونجی زیندانەکان دەئاخنرێن.
لە لایەکی تریشەوە مایەپوچی حکومەتی هەرێم و نەتوانینی پێدانی شایستە داراییەکانی بەڵێندەران و بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکان، کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا گرێبەستیان هەبووە، بۆتەهۆی ڕاوەستان و لەکارکەوتنی بەشێکی بەرچاو لە پڕۆژەکان و پوکانەوەی کەسابەت و بێبازاڕی، کە پرتەوبۆڵەی سەرمایەداران و گلەوگازندەی وردەبورژوای ئەهلی کەسەبە و بازاڕی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەمەش خۆی لە ڕەخنەی لیبڕاڵانەی ناسیونالیستە ڕیفۆڕمیستەکانی کوردستان بەگشتی و حزبە قەومی و ئیسلامیە ئۆپۆزیسیۆن و نیوە-ئۆپۆزیسیۆنەکاندا دەبینێتەوە، کە بە پەرچەمی چاکسازی و کاراکردنی پەرلەمانەوە هاتوونەتە مەیدانی فشارهێنان بۆ حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی دەسەڵاتدار.
ئەوەی کە ناڕەزایەتیەکانی ئەم قۆناغەی ئێستای کوردستان جیا دەکاتەوە لەوانەی پێشوو ئەوەیە کە جەماوەر بە پڕۆسەیەکی عەمەلی و لە ئەزمونێکی واقعیدا گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە ڕێگەی پەرلەمان و چاکسازی ڕێگەیەکی بنبەست و داخراوە، حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی ئەم دوو حزبە هیچ جۆرە چاکسازیەک هەڵناگرن، بۆیە ئەمجارە ئۆپۆزیسیۆنی قەومی و ئیسلامی بە ئاسانی ناتوانن سواری شەپۆلی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر ببن، وەک لە پێشوودا بۆیان لوابوو بەتایبەت لە بزوتنەوەی “١٧ شوبات”ی (٢٠١١)دا.
بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە ئەم ناڕەزایەتیانە، ئەم مانگرتن و خۆپێشاندانانە، وە لە پەرەسەندنیشیاندا بۆ ڕاپەڕین و شۆڕشێک پارێزراو بن لە ڕەوت و گروپ و حزبی قەومی و ئیسلامی، چ ڕیفۆڕمخواز و سازشکار و لیبڕاڵ، وە چ ڕادیکاڵ لە دژە شۆڕشی قەومی ڕەگەزپەرست و ئیسلامی فاشیست، ئەویش بەسادەیی چونکە ئاسۆی فکری و سیاسی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا ئاسۆیەکی قەومی و ئیسلامیە، نەک بە هۆی مێژوویەکی دورودرێژ لە کلتوری قەومی و ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگەکەدا، بەڵکو بە هۆی زاڵی پەیوەندی سەرمایە و باڵادەستی چینی بورژوا و خاوەنداریەتیەکەی بۆ هۆکانی بەرهەمهێنان و دامودەزگای سەرکوتگەر و میدیایەکی زەبەلاح بۆ هەندەسەکاری بیروڕای گشتی کۆمەڵگە بەدژی هەر جۆرە بزوتنەوە و ئاسۆیەکی ئازادیخواز و یەکسانخوازی ئینسانی وەک سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم.
جا گەرچی حزبە بورژوا قەومی و ئیسلامیەکان بەتایبەت ئەوانەی ناو دەسەڵات ڕیسوا بوون و کەوتونەتەبەر نەفرەت و نەعلەتی جەماوەر و ئەوانەش ئۆپۆزیسیۆنن جێگەی متمانەی جەماوەر نین، بەڵام هەر ئەوە کە ئاسۆی ڕەوتەکانیان زاڵە لە کۆمەڵگەدا، ئەوا لە شکڵ و بەرگێکی تازەدا ڕەوت و گروپ و حزبی تریان چانسی ئەوەیان هەیە بێنە مەیدان و هەوڵدەن جڵەو بگرنە دەست و سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان بن.
بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، نەک هەر لە کوردستان و عێڕاقدا، بەڵکو لە هەموو وڵاتانی جیهاندا لە کەش و هەوایەکی خنکێنەری باڵادەستی ئاسۆی فکری و سیاسی ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی بورژوایدا (کە زاڵن بەسەر کۆمەڵگە سەرمایەداریەکاندا) درێژە بە بوونی خۆیان دەدەن وەک بونێکی ناکۆک؛ بناغە و ژێرخانی ئەو بزوتنەوانە ناڕەزایەتی و هاتنەمەیدانی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشە دژ بە دەسەڵاتی بورژوازی و بارودۆخی سەرمایەداری ژیان، بەڵام سەرخانە فکری و سیاسیەکەیان، خواستیان بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی، گیرۆدەی هەژمون و باڵادەستی ئەلگۆی قەومی و ئیسلامی و ڕێفۆڕمخوازی لیبڕاڵیە.
نەک هەر ئەوە بەڵکو لە نەبوونی هێزێکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ و پڕ نفوزی جەماوەری و بەرجەستەکردنەوەی بەدیلێکی سۆشیالیستی بۆ دەرچون لەم بنبەستەی هەرێمی کوردستانی عێڕاقی تێکەوتووە بەدەست حزبە بورژوا ناسیونالیستەکانەوە، وە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکیەی کە لە وجودی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و ناڕەزایەتەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا هەیە، بەڵێ لە نەبوونی بەدیلێکی ئاوادا جەماوەر لەڕووی سیاسیەوە لایەک پاسفیست و تەسلیم بە قەدەر و خوڕافات دەبێت، لایەکیش پەنا دەبات بۆ “شەیتان” و هەر شتێکیش کە بتوانێ تۆڵە بێت لەم دەسەڵاتە، کە لە ئایندە و درێژماوەدا لەسەری جەماوەر خۆشیا دەشکێتەوە.
تابلۆی سیاسی کوردستان بە تێڕوانینێکی سەرپێی، زۆر سادە دێتەبەرچاو کە وێنەیەکە لە دوو بەرەی دژ بەیەک؛ لایەک زوربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستانە کە جەماوەری زەحمەتکێش و ناڕازین و لاکەی تریشی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی هەردوو حزبی خاوەن میلیشیا و دامودەزگای ئەمنی و داپڵۆسێنەرن. گەرچی ئەمە بەشێکە لە واقعیاتەکە بەڵام ڕوکەشی واقعیاتەکەیە، ئەم تێڕوانینە بەرهەمی ڕادیکالیزمەیەکی جەماوەری وردەبورژوازی سەروچینایەتیە، خەباتی چینایەتی و پلمیک (جەدەل) و کێشمەکێشی ڕەوتە فکری و سیاسیەکان نابینێت، وەیا پێیان هەراسان دەبێت و پێیوایە ئێستا وەختی ئەوە نیە جیاوازی و جیاکاری بخەیتە ناو بەرەی خەباتی جەماوەرەوە دژ بە دەسەڵات! لێرەوە سنوری دابڕاو نیە لەگەڵ ناسیونالیزم بەتایبەت باڵە چەپەکەی.
لەواقعدا چوار ڕەوتی کۆمەڵایەتی سیاسی لەمڕۆدا لە کێشمەکێشدان و دەیانەوێت دەستبگرن بەسەر ناڕەزایەتیەکان و بزوتنەوە جەماوەریەکاندا و لە چوارچێوەی ئاسۆ و ئەجەندای سیاسی خۆیاندا لە قاڵبیان بدەن و ڕووەو ئامانجێک کە خۆیان هەیانە ئاڕاستەیان بکەن، ئەڵبەتە جگە لە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی میلیشیای دوو حزبەکە کە ناچارن ڕێگەی سەرکوت و داپڵۆسین و لەباربردنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بگرنەبەر:
یەکەم. ڕەوتی چاکسازی نەتەوەیی یا ناسیوناڵ ڕیفۆڕمیست، وێڕای ڕۆشنبیرانی لیبراڵی ناو هەردوو حزبی دەسەڵات، حزبی (گۆڕان)ی ناو حکومەتی هەرێم و ئەو حزبانەش دەگرێتەوە کە لەدەرەوەی حکومەتن و نایەنەوێت وەک (گۆڕان) سازش بکەن و خوازیاری وەلانانی یەکجاری دەسەڵاتی هەردوو حزبن لە حکومەتی هەرێمدا لە ڕێگەی پەرلەمان و دەستاودەستپێکردنی دەسەڵاتەوە، ئەم بەشە ئۆپۆزیسیۆنە لەم ڕەوتە، بەرنامە و پەرچەمە سیاسیەکەی شۆڕش و ڕاپەڕین نیە، بەڵام هەوڵدەدات باڵادەستی پەیدابکات لەناو بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان و ڕاپەڕین و خۆپێشاندانەکاندا تا ئەگەر دەسەڵات لەم ڕێگەیەوە هەڵپێچرا بۆشایی فەرمانڕەوایی دروست نەبێت و خۆیان وەک فەرمانڕەوا و دەسەڵات ڕاگەێنن بەسەرسەری جەماوەرەوە. هەرچەندە فۆڕمی ئاڵوگۆڕ و دەستاودەستی دەسەڵاتەکە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە جیاوازە لە ڕێگەی ناڕەزایەتی جەماوەری، بەڵام لە ناوەڕۆکدا یەکشتە، چونکە دوا ئامانجی ئەم ڕەوتە لەوە تێناپەڕێت کە چاکسازی و گۆڕانکاری بێت لە سەرخانی سیاسی و لە شکڵ و فۆڕمی حکومڕانی و دەست نابات نەک هەر بۆ ئاڵوگۆڕ لە سیستمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، بەڵکو ستراتیژی نیولیبرالیزم و بازاڕی ئازاد و خەسخەسەش بە دەست لێنەدراوی دەهێڵێتەوە، وە وێنەیەکی وا دەخاتە بەرچاوی جەماوەر کە بەم گۆڕانکاریە سیاسیە ئیتر سەرمایەداری کوردستان و نیولیبرالیزم و خەسخەسە و بازاڕای ئازاد، خۆشگوزەرانی و هەلی کار و ئازادی دابین دەکەن بۆ هەموان. شایەنی باسە ئەم ڕەوتە چەندین مەڵبەندی ڕۆشنبیری لیبراڵ و توێژەر و نوسەر و قەڵەم بەدەستی لێهاتووی لیبراڵیش دەگرێتەخۆی.
دووەم. ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و حزبەکانی، کە یەدەکێکی کۆنەپەرستی پاشەکەوتکراون لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، و لەسەر دوو پەت یاری دەکەن. قاچێکیان لەناو پەرلەمان و حکومەتدایە تا وەک بەربەستێک ڕێگەبگرن لە هەر جۆرە یاسایەک کە ئازادی فەردی و مەدەنیەت و شارستانیەت و علمانیەت و یەکسانی ژن و پیاو بگرێتەخۆی، وە لە حاڵەتێکدا ئەگەر حزبە ناسیونالیستەکان لە ژێر فشاری جەماوەری ئازادیخوازدا بچنە ژێرباری ڕازی بون بە یاساگەلێکی لەو چەشنە، ئەویش وەک مەرەکەبی سەرکاغەز و خۆڵکردنە چاوی جەماوەر نەک بۆ جێبەجێکردن، ئەوا ڕێگە لەوەش بگرن بەناوی پاراستنی “پیرۆزیە” ئاینیەکانەوە. قاچەکەی تریشیان لە ناو ئۆپۆزیسیۆن و نیوە ئۆپۆزیسیۆنیدایە بۆ سود وەرگرتن لە ناڕەزایەتی و نەفرەتی جەماوەر لە دەسەڵات و خۆخستنەڕوو بۆ چینی بورژوازی وەک ئۆڕگانێکی دژە شۆڕش کە ئەگەر حزبە ناسیونالیستەکانی دەسەڵات نەیانتوانی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕین و شۆڕش سەرکوت بکەن، لەباریبەرن و دایبمرکێننەوە، ئەمان بتوانن بە ناوی ڕاپەڕین و شۆرشەوە چینی بورژوازی و سەرمایەداری کوردستان لە هێرش و هەڵمەتی جەماوەری زەحمەتکێش و کۆمۆنیست و ئازادیخواز بپارێزن.
ڕەوتی ئیسلامی سیاسی هەمان ناوەڕۆکی ڕەوتی چاکسازی نەتەوەیی هەیە بە تایبەتمەندیەتی کۆنەپەرستانەی ئایینیەوە. هەروەک لە سەرەوە ئاماژەی پێدراوە بەشێکی بەرچاوی سەرمایەداران و وردەبورژوازی ئەهلی کەسەبە و بازاڕیش لەم دەسەڵاتە وەتەنگ هاتوون و ناڕەزایەتیەکانی ئەوان نەک هەر لە ناوەڕۆکی خواستەکانیاندا، بەڵکو لە ئامڕازی هێنانەدی و شێوازی ناڕەزایەتی دەربڕینیشیاندا لە هی جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخوازانی کوردستان جیاوازن، و حزبە قەومی و ئیسلامیەکانی ئۆپۆزیسیۆن ئەم ناڕەزایەتیانە لە قاڵبی چاکسازی و لەڕێگەی ئامڕازی پەرلەمان و هەڵبژاردنەوە دەکەنە ئاسۆیەکی سیاسی بۆ لەقاڵبدانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان لە چوارچێوەی پاراستنی سیستمی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی وەک چینێک، بە هێنانەدی ئاڵوگۆڕێکی سەرخانی و شکڵی سیاسیەوە.
سێهەم. لە کوردستاندا ڕەوتێکی بەربڵاو و هەمە چەشنەی ڕادیکاڵ لە ئارادایە، کە باڵ و لق و پەلوپۆی جۆراوجۆری هەیە و پێکدێت لە پۆپۆلیزمێکی ڕادیکاڵ و ناسیونالیزمێکی چەپ. ئەم ڕەوتەیە چالاک و هەڵسوڕاوی ناڕەزایەتیەکان و خۆپێشاندانەکانە، ئاڕاستەی سیاسی و چالاکی و هەڵسوڕانی ڕووەو هەڵپێچان و ڕوخاندنی ئەم دەسەڵاتەیە و لە خەمی ئەوەدایە کە ڕیزی جەماوەر تێکنەچێت و خەبات و تێکۆشان تەنها لە دژایەتی دەسەڵاتدا دەبینێتەوە نەک لە خەباتێکی کۆمەڵایەتی سیاسی و فکری بەرفراوانی چینایەتی بە دژی چینی بورژوازی و ڕەوتە فکری و سیاسیە کۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرەکان و دەسەڵاتە سیاسیەکەی. بەگشتیش نمونەی خۆبەڕێوەبەری لە کوردستانی سوریا بەدیلی سیاسی و ئەلگۆکەیەتی.
ئەوەی کە جێی ئاماژەیە ئەو بەشە لەم ڕەوتە کە ڕاستەوخۆ و لەڕووی ڕێکخراوەییەوە سەر بە سوننەتی (پەکەکە)یە، لە بەرنامەی سیاسی و پەرچەمی سیاسیدا بانگەوازی ڕوخاندنی دەسەڵاتی دوو حزبەکە و حکومەتی هەرێم ناکات و بەپێی بەرژەوەندیەکانی (پەکەکە) و پەیوەندی بە حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتەوە لە کوردستانی عێڕاقدا هەڵوێستی توند وەیا نەرمونیانی خۆی دیاری دەکات بەرامبەریان.
لە غیابی بەدیلێکی سۆشیالیستیدا، وە لە ڕیسوابوونی ئۆپۆزیسیۆنی ڕیفۆڕمیست و داڕوخانی دامودەزگای سەرکوتگەری دەسەڵاتدا، ئەم ڕەوتە بەتایبەت باڵی ناسیونالیزمی چەپ و سەر بە سوننەتی (پەکەکە) کە ئەزمونێکی سیاسی دەوڵەمەندیان هەیە، ئامادەی مەیدانە کە بۆشایی دەسەڵاتەکە پڕبکاتەوە و دەسەڵات لە ناسیونالیزمی ڕاستڕەو وەربگرێت یان بەشداری دەسەڵاتەکەی بکات. بەرژەوەندی (پارتی) و (یەکیەتی) لەگەڵ ڕژێمی تورکیا و ڕژێمی جمهوری ئیسلامی ئێڕان نەک هەر ڕێگرە لەوەی ڕەوتی پەکەکەیی لە کوردستانی عێڕاقدا ببێتە هاوبەشی دەسەڵاتیان وەک (گۆڕان)، بەڵکو بەرژەوەندیەکانی ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارە بەو دوو وڵاتەی دراوسێوە وا دەخوازێت کە ڕەوتی پەکەکەیی بخەنە ژێر فشار و مەنگەنەوە و نەهێڵن وەکو ئۆپۆزیسیۆنی ڕەسمی و قانونیش خۆیان دەرخەن، بۆیە بەناچار پاڵپێوەنراوە بۆ ناو بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی جەماوەری ڕادیکاڵ.
چوارەم. لە دوو سێ دەیەی ڕابرادوودا سەرمایەداری و کەڵەکەی سەرمایە لە کوردستانی عێڕاقدا گەشە و پەرەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کوردستان بۆتە بەشێک لە بازاڕی سەرمایەداری جیهانی چ لە ڕووی وەبەرهێنانی نەوت و گاز و چ ئەوەش کە کوردستان بۆتە بەشێک لە ساغبونەوەی کاڵا و بەرهەمەکانی بازاڕی جیهانی، هەر بەم پێیەش بورژوازی لە کوردستاندا پەیوەندیەکی توندوتۆڵ و شەتەکدراوی ئابوری و سیاسی و فکری پەیداکردوە بە بورژوازی ناوچەکە و جیهانەوە. گەرچی شکڵ و فۆڕمی فەرمانڕەوایی هێشتا ڕوخساری بنەماڵەیی و عەشایەری فڕێنەداوە، بەڵام ئەوە هیچ لە ناوەڕۆک و جەوهەری بورژوازیانەی دەسەڵاتەکە کەم ناکاتەوە.
ئەم کۆمەڵگە سەرمایەداریە لە ئێستادا بەخۆی و دەسەڵاتە سیاسیە بورژوازیەکەیەوە ڕۆچۆتە ناو قەیرانێکی کوشندە و مانەوەی سەرمایەداری و پاراستنی کەڵەکەی سەرمایە و دەسەڵاتی بورژوازی کورد لە ئێستادا کەوتۆتە دژایەتیەکی ڕاستەوخۆ و بێپەردەوە لەگەڵ قوتی ژیان و بژێوی ڕۆژانەی جەماوەری زەحمەتکێشی ئەم وڵاتە، کە سنوری بێکاری و هەژاری و برسیەتی تێپەڕاندوە. لەلایەکی تریشتەوە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بەتایبەت لە دەساڵی ڕابردوودا ئەو ئەزمونەیان بەدەستهێناوە کە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی هەردوو حزب چاکسازی هەڵناگرن و ڕێگەی پەرلەمان و چاکسازی ڕێگەیەکی داخراو و بنبەستە. بەم پێیە بارودۆخی بابەتی ئەم کۆمەڵگە سەرمایەداریە لەپڕۆسەیەکی مێژوویی خەباتی چینایەتیدا، ڕوخاندنی دەسەڵاتی بورژوازی کردوە بە مەسەلەیەکی هەر ئێستایی و خستویەتیە دەستوری کاری سیاسیەوە. ڕوخانی دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کورد نەک هەر بڕگەیەکی بەرنامەیی و ستڕاتیژی کۆمۆنیستەکانە، بەڵکو لە ئێستادا بەحکومی خواستی جەماوەر بۆ ڕزگاربوون لەم دەسەڵاتە بۆتە ئەرکێکی عەمەلی هەرئێسایی.
وەلانانی ئاسۆی ناسیونالیستی و ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگەی کوردستان و چارەنوسی جەماوەرە زەحمەتکێشەکەیەوە مەسەلەیەکی ئەکادیمی و پەروەردەی فکری نیە، بەڵکو مەسەلەیەکی سیاسیە و تێکشکانی ئەم دەسەڵاتە ئەڵقە هەرە جەوهەریەکەیەتی.
ئەوەی کە ڕێگرە تا ئەم بارودۆخە لە بنبەستی سەرمایە و دەسەڵاتی بورژوازی و تڕاژیدیای جەماوەر ببێتە قەیرانێکی شۆڕشگێڕانە و شۆڕشێکی سۆشیالیستی کرێکاران و زەحمەتکێشان و دامەزراندنی دەسەڵاتیان، ناڕێکخراوبوونیانە بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی ڕادیکاڵ و ڕابەرایەتیەکی شۆڕشگێڕی کۆمۆنیستیەوە. ڕەوتی کۆمۆنیزمی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێر لەمڕۆی کوردستانی عێڕاقدا لەبەردەم ئەو ئەرکە مێژووییەدایە، کە ئەڵبەتە دابڕاو نیە و بەشێکی ئۆڕگانیکی ئەو ئەرکە مێژووییەیە کە ڕزگاربوونی کرێکار و زەحمەتکێشی سەراسەری عێڕاقە.

١٠-٧-٢٠٢٠




لە یادی نۆهەمین ساڵەی (بزوتنەوەی سەردەشت عوسمان بۆ بەرگری لە ئازادی) نادر عبدالحمید …

ئەوەی جێگە مەبەستی ئێمەیە لێرەدا باس کردن نیە لە خودی کەسایەتی سەردەشت عوسمان، بەرهەمەکانی و ترۆرەکەی وەک ترۆری سیاسی نوسەر و ڕۆژنامەنوسێک لە کوردستان، بەڵکو باسکردنە لە بزوتنەوەیەکی دیاریکراو کە بەکەسایەتی و ناوی ئەوەوە ناسراوە و چەند مانگێک درێژەی کێشاوە لە کوردستانی عێڕاقدا. ئەویش شەپۆلی ئەو خۆپێشاندانانە بوو کە بەدوای ترۆری ئەو لە سەرەتای مانگی ئایاری (٢٠١٠)دا سەری هەڵدا و تا کۆتایی ئەو ساڵە و بەدیاریکراوی تا سەرهەڵدانی بزوتنەوەکەی (١٧ی شوباتی ٢٠١١) درێژەی کێشا.

ئاسۆ و ئامانج و تواناکانی خستە ناو بزوتنەوەی (١٧ شوبات) و لەگەڵیا یەکی گرت وەیا بە دەربڕینێکی تر لە فۆڕم و شکڵی ئەو بزوتنەوە تازەیەدا درێژەی بەخۆیدا کە ئەویش دوو مانگی خایاند و سەرکوت کراو و پاشان کرایە دەستمایەی سات و سەودای ئۆپۆزیسیۆنی قەومی ئیسلامی ئەو کاتەی پێکهاتوو لە هەرسێ حزبی (گۆڕان.کۆمەڵ.یەکگرتوو) بۆ وەرگرتنی چەند ئیمتیازێک لە حکومەتی بنکەفراوانی هاوبەش لەگەڵ (پارتی) و (یەکیەتی).

گەرچی ناکرێ ئەم دوو لایەنەی کەسایەتی و بزوتنەوەکە لێکداببڕدرێن بەڵام ناشکرێ جیاوازی ئەو دوو بەش و پێکهاتە لە کێسی سەردەشت عوسمان پەردەپۆش بکرێن. خودی سەردەشت تا ئەوکاتەی لە ژیاندا بوو، دەستی نەبوو لە وەڕێخستن و شکڵپێدانی بزوتنەوەیەک کە بەناوی خۆیەوە ناسرا، بەڵکو خۆی وەک نوسین و بەرهەمە فکریەکانی ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵی بەرجەستە دەکردەوە لە دەسەڵات، بەو مانایە خودی خۆی سەر بە بزوتنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بوو لە دەسەڵات.

“پارتی” بەهاوکاری “یەکیەتی” لە حکومەتی هاوبەش و پەیمانی ستراتیژی نێوانیاندا، وە بەپشتیوانی ئیسلامی سیاسی و مەلای مزگەوتەکان لە بەرەیەکی کۆنەپەرستی ڕانەگەێندراودا کۆببونەوە و درێغیان نەدەکرد لە تەنگپێهەڵچنینی ڕۆژنامەکان، ڕاوەدوونانی نوسەران و دەنگی ئازادیخواز، گرتن و دادگایی کردن، وەستاندنی چەند زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنی، فتوادان دژی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و ڕاگرتنی هەندێکیان بەناوی لادان لەخەتی سوری “پیرۆزیە ئاینی و نەتەوەییەکان”، گرتن و شکەنجەدانی هەڵسوڕاوانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٦، تیرۆری نوسەران و ڕۆژنامەنوسانی وەک (عەبدولسەتار تاهیر شەریف)، (سۆرانی مامە حەمە) و (سەردەشت عوسمان) و دواتریش (کاوە گەرمیانی).

سەرباری گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، کارەبا خەستەخانە و داودەرمان، ترس و تۆقاندن و هەڕەشە ئامادە بوو لەهەر ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنوسێک کە بابەتێک لە دژی “پیرۆزیە نەتەوەییەکان” بڵاوبکاتەوە، هەروەک ڕۆژنامەی “خەبات” ئۆرگانی “پارتی” لە ژماره‌ (٣٥٤٢) هەڕەشەنامەیەکی بەناوی (گه‌نجانی داکۆکیکار له‌ سه‌روه‌ریی و پیرۆزییه‌کانی کوردستان) بڵاوکردەوە کە بەئاشکرا نوسیبوی دەست دەدەینە کوشتوبڕی لەبەرامبەر ڕەخنە لە “پیرۆزیە نەتەوەییەکان”. بەمپێیە بەرەی دەسەڵاتدار و کۆنەپەرستی پێکهاتوو لە هێز و حزبە بورژوا قەومی و ئیسلامیەکان، توانیبویان فەزای ئاوەڵای سیاسی لە کوردستان لە مەنگەنەی بدەن و بەرتەسکی بکەنەوە، تا ئەو ڕادەیە کە پەیامی خۆیان ڕاشکاوانە و بوێرانە ڕاگەێنن و بەهەر کەسێکی ناڕازی بڵێن دەمتان دادەخەین، تیرۆرتان دەکەین و بە تیرۆریستیشتان لەقەڵەم دەدەین.

ئەمە ئەو هەلومەرجە بابەتیە بوو کە بەرەیەکی ڕانەگەێندراوی خۆبەخۆیی لە بەرامبەریا وەک بزوتنەوەیەکی هەموو بەهەمووی چین و توێژی جۆراوجۆر و ڕەوت و مەیلی فکری و سیاسی و حزبی جۆراوجۆر شکڵی گرت هەر لە چەپ و ڕادیکاڵەوە بیگرە تا نوسەر و ڕۆشنبیری لیبڕاڵ و ناسیونالیستی ناڕازی، تا حزب و هێزی قەومی و ئیسلامی دەرەوەی دەسەڵات کە بەدوای دۆزینەوەی جێگەپێیەوە بوون لە ناو دەسەڵاتدا.

بەڵێ هەموو ئەمانە تەنها لە ڕەخنە لە دەسەڵات و بەرپەرچدانەوەی تەنگپێهەڵچنینەکانی و دانانی لەمپەرێک لەبەردەم دەست درێژی زیاتریدا بۆ سەر ئازادیەکان، خاڵی هاوبەشیان هەبوو، لەوە بترازایە هەر لایە و ئاسۆ و ئامانج و شێوازی خەباتی جیابوو لەوانی دی. ترۆری سەردەشت عوسمان بوو بە هەوێنی شکڵگیری ئەو ناڕەزایەتیە گشتیە هەمەلایەنە جەماوەریە لە بزوتنەوەیەکدا، خودی ترۆری سەردەشت عوسمان و بەدوای ئەو ترۆرەشدا شکڵگیری بزوتنەوەیەک بۆ بەرگری لە ئازادی بەناوی سەردەشت عوسمانەوە بەرهەمی بارودۆخێکی مێژوویی بوو لە خەباتی فکری و سیاسی لە کوردستان بۆیە هەم ترۆرەکە و هەم بزوتنەوەکەی دیاردەیەک بوون کە بەچڕوپڕی دەربڕی ئەو چرکە ساتە مێژووییەی کوردستان بوون. ئەم بزوتنەوەیە لە هەناوی خۆیدا هەڵگری چەندین ئاسۆی فکری و سیاسی و سوننەتی خەباتکارانەی جیا و دژ بەیەک بوو، لەناوەڕۆکدا ناڕەزایەتیەکی دیموکراتیک و ئازادیخواز، پێکهاتەکەشی لێکهەڵپێکراوی دیموکراسی شۆڕشگێر و دیموکراسی لیبراڵ بوو لەناو یەکەیەکدا کە بزوتنەوەکە بوو.

کۆتایی نیسانی ٢٠١٩

تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە یەکی ڕۆژنامەی (ڕەوت) کە بە چاپی وەرەقی لە کوردستانی عێڕاق دەردەچێت، لە ١-٥-٢٠١٩دا بڵاوکراوەتەوە.




هەڵدانەوەی لاپەڕەیەک لە مێژووی حککع ساڵی 2000 … نادر عبدالحمید

ڕونکردنەوە.

بەدوای هاتنەدەرەوەی بەشێک لە هاوڕێیانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق (حککع) لە مانگی پێنجی ئەمساڵ (2018)دا، وە بەدوای ئەویشدا ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی “ئاڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی لە عێڕاق”، چەند باسوخواسێکی هێناوەتە ئاراوە، یەکەم: سەبارەت بە کێشە ناو خۆییەکانی ئەو حزبە و دیگای جیاواز بۆ هەڵسەنگاندیان و دووەمیش: گەڕانەوە بۆ مێژووی ئەو حزبە و هەڵسەنگاندنی.

بەهاری ساڵی 2000 کێشەیەک لە ڕێکخراوی دەرەوەی ئەو حزبەدا سەری هەڵدا و زۆرێک لە ئەندامان و کادرەکان بە ئیمەیل و نامە بەشداریان تێدا کردوە و نەزەر و بۆچونی خۆیان لەبارەیەوە خستۆتەڕوو. من وەک ئەرشیف نامە و وتار و بابەتی بیست ویەک (21) لەو هاوڕێیانە و هەروەها هی بەرپرسی (ڕێکخراوی دەرەوەی وڵات) و (نوێنەری مەکتەب سیاسی لەدەرەوەی وڵات)ی ئەوکاتەم هەڵگرتوە.
ئەمەی کە لێرەدا دەیخەمە بەردەست یەکێک لەو بابەتانەی ناو ئەو ئەرشیفە، هی 30/06/2000. ئەویش بەمەبەستی ڕۆشنکردنەوەی ناکۆکی و ئیختیلافاتێک کە هەر ئێستا لە لاپەڕەی فەیسبوکی مندا لە ئارادایە لەسەر ئەو مەسەلەیە.

-*-*-*-*-

نامەیەکى کراوە، بۆ: پلینۆمى11 هەمى کۆمیتەى ناوەندى حزبی کۆمۆنیستى کرێکارى عێڕاق
نادر عبدالحمید
30/06/2000
هاوڕێیانى کۆمیتەى ناوەندى
سڵاو

پێشەکى:

حەتمەن ئاگادارى ڕووداوەکانى ئەم دواییانەى ڕێکخراوى دەرەوەى ووڵات (ڕ.د.و) هەن، و هەرلێرشەوە ئەبێ ئاگاداربن لە بۆچوون و دیدگا و هەڵوێستى جیاجیاى ناو ئەم ڕووداوانە. من لەم نامەیەدا هەوڵ ئەدەم دیدگا و بۆچوونەکان و هەروەها هەڵوێست گیرییەکانى خۆم لەسەر ئەم ڕووداوانە بەتایبەتى و لەسەر وەزعى حزبیش بەگشتى بەشێوەیەکى ڕەسمى بخەمە بەردەست پلینۆم. بەو هیوایەى کە سودێکیان هەبێ کاتێک کە باسەکانتان بچێتە سەر ئەم ڕووداوانە یان سەر هەڵسەنگاندنى حزب بەگشتى.

هەر لێرشدا پێویستە ئەوەبڵێم کە بەدواى ((هەڵبژاردنەکانى شارەوانى)) کوردستان -ئەو بەشەى ژێر کۆنتڕۆڵى (ى.ن.ک)- نامەیەکم لە 17/2/2000 دا بۆ مەکتەب سیاسى (م.س) ناردووە لەسەر شێوازى مامەڵە لەگەڵ ئەم ئەزموونەدا، تیایدا ڕامگەیاندووە کە من بۆچوونێکى تەواو جیاوازم هەیە لە هەڵسەنگاندى ئەم ئەزموونە و شێوەى بەرخورد پێوەى لەوەى حزب بەڕەسمى ڕایگەیاندووە، وە پێشنیاریشم کردووە بۆ مەکتەب سیاسی (م.س) کە فرسەت و ئیمکانیەت بخوڵقێنێت بۆ باس و دیالۆگێکى ناوخۆ کە کادرەکانى حزب بەشدارى تیا بکەن. من تا ئێستا هیچ وەڵامێکم لە (م.س) وەرنەگرتووە لەو بارەوە. ئەم نامەیەى (م.س) لێرەدا کراوەتە پاشکۆى ئەم نامەیەى پلینۆم.

تەقینەوەى ڕووداوەکانى ناو ڕێکخراوى دەرەوەى ووڵات (ڕ.د.و) ئەو فرسەتەى بۆ ئێمەش هێنایە پێشەوە کە ڕاستەوخۆ تیترى هەندێ لە بۆچوون و هەڵوێستەکانى خۆمان بخەینە بەردەست کادر و ئەندامانى دەرەوەى ووڵات لە ڕێگەى ئەدرێسی (گروپ ئیمەیل)ەکانى هاوڕێیانەوە، بەتایبەت بەر لە ئێمە لانى کەم 3 سێ کەس لە کادرەکانى حزب هەر لەسەر ئەم ڕووداوانە ئەم کەناڵەیان گرتبۆ بەر بۆ خستنەڕوى بۆچوونەکانیان. ئیتر بۆ ئێمەش ئاسایى بوو کە هەمان کەناڵ بەکاربهێنین بۆ خستنەڕووى بۆچوونەکانمان.

1- ڕیشەى دیاردەکان

کۆمەڵێک دیاردە، لەم دوواییانەدا، لە ڕێکخراوى دەرەوەى ووڵاتدا سەریان هەڵداوە، جێگەى سەرنج دان و لێ وورد بوونەوەن. لەوانە ئیستیقالەى ئەندامێکى کۆمیتەى دەرەوەى ووڵات، کە ئۆرگانێکى ڕابەرییە. بەبێ ئەوەى ((کۆمیتە)) هیچ ڕوونکردنەوە و تەعمیمێک بات بە ڕێکخراوەى دەرەوەى ووڵات، لەسەرى. ئیستیقالەى کادرانێک کە هێشتا قەیتانى پۆستاڵەکانیان شل نەکردبۆوە لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ (ى.ن.ک)، ئیستیقالەى ئەو کادرانەى کە ڕەمزى ڕووبەڕوو بوونەوەى حزب بوون لەگەڵ (ى.ن.ک) لە ستۆکهۆڵم و لەندن. بەرزبوونەوەى دەنگى ئیعتیرازى چەند کادرێک بەدژى (لانى کەم بەشێک) لەو قانوون و قەراراتانەى کە لێپرسراوى ((کۆمیتە)) تەعمیمى کردووە بەسەر رێکخراوەى دەرەوەى ووڵاتدا. وە سەرەنجام سەر مۆرکردنى ئەم دیاردانە بە ئینزار کردنى 24 سەعاتە و قەرارى دەرکردنى، نادر عبد الحمید و سوورەیا، لە حزب.
لێرەدا بەدوواى کۆکردنەوەى دیاردەکانەوە نین. بەدڵنیاییەوە گەلێک دیاردەى تریش هەن لە ڕێکخراوى دەرەوەدا. هەروەها مەبەست لێرەدا هێنانەوە و خستنە ڕووى نمونەى لەو جۆرە دیاردانە نییە لەسەر ئاستى گشت حزب و ئۆرگانە جۆرا و جۆرەکانى. ئەمانەى سەرەوە مشتێکن لە خەراوێکى حزب و دەکرێ وەک سەکۆیەک لێیانەوە هەڵسین و ئاورێک بەینەوە لە جیهانى ناوخۆى حزب (پەیوەندیە تەشکیلاتییەکان) و لە مەوقعیەتى حزب لە جیهانى دەرەوەیدا. بەڵێ مەبەست لێرەدا سەرنج ڕاکێشانى پلینۆمە بۆ خالێکى جەوهەرى کە ئەویش ئەوەیە: ئەم دیاردانە بەرهەمى چ ڕەوەندێکى مێژووى ناو حزبن، ئاکامى چ پرۆسەیەکن لە ژیانى ناوخۆى حزب، ڕەنگدانەوە و کاریگەرى و فشارى چ واقعیاتێکى ئیجتیماعى و سیاسى دەرەوەى حزبن، لەسەر ئەم حزبە؟. تەوەرەبەستنى باس و لێکۆڵینەوەکانى پلینۆم لەدەورى ئەم دیاردانەى سەرەوە، بەبێ چوونە سەر ئەو ڕەوەند و پرۆسە مێژووییانەى کەئەم دیاردانەى بەهەم هیێناوە، بەبێ چوونە سەر مەوقیعیەتى ئیجتیماعى و سیاسى ئەم حزبە لەناو کۆمەڵگە و لە تەئریخى سیاسى ئەمرۆى کوردستان (و عێڕاق) دا. بەڕاى ئێمە باسەکان هەتا بە ڕادیکاڵترین ئیجرائاتى تەشکیلاتیشەوە لە ڕێکخراوەى دەرەوەى ووڵاتدا، ناتوانن وەڵام دەرەوەى گیروگرفتە ڕیشەیى و ئەسڵیەکانی ئەم ئۆرگانەى حزب (و ئەڵبەتە گشت حزب) بن. پێویستە لێرەدا ئەوە بڵێم کە پلینۆم بەبێ شۆڕبوونەوە بۆ سەر ڕیشە و بناغەى ئەم مەسەلانە، ناتوانێت بە ئاکامێکى درووست بگات لە هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لە سەر ئەم دیاردانەى سەرەوە.

2- ڕەخنە لە سوننەتەکان ئەڵقەى ئەسڵى نییە

سوننەت بەشێکە لە وجودێکى ئیجتماعى: جارێکى تریش لەم کێشمەکێشەدا، بەرەکانى دەرگیرى جەنگێکى سیاسى-تەشکیلاتى، لە ڕێکخراوى دەرەوەى ووڵاتدا، شمشێرى ڕەخنە لە سوونەتەکانیان دەرکێشا بەڕووى یەکتریدا، و هەر لایەک خۆى دەکردە نوێنەرى ڕاستەقینەى سوونەتە کۆمۆنیستى و کرێکارییەکان و ئەوى ترى لەو ڕوانگەوە ئەدایە بەر ڕەخنە کە هەڵگرى سوونەتێکى ترى غەیرى ئەمانەیە.

لە نامەکانى نادر عبد الحمید و سوورەیادا، زۆر ڕوون و ئاشکرا دیارە کە ئێمە بەم چەکەوە نەهاتووینەتە مەیدان. وە بەنەزەرى ئێمە بە مەسەلەى سووننەتەکان ناتوانرێت واقعیاتى دیاردەکان و جەوهەرى ئەو کێشمەکێشە بەیان بکرێت کە لە ڕێکخراوەى دەرەوەى ووڵاتدا سەریان هەڵدا. لە نامەیەکى مندا 3-6-2000 (سەبارەت بە ئیستیقالە کردنەکەى هاوڕێ عبدالله ساڵح- بەشى دووەم: جەوهەرى کێشمەکێشەکە، هاتووە -بەڵام جەوهەرى کێشمەکێشەکە واقعیەتێکى مادى و هەڵقوڵاوى پرۆسەیەکى مێژوویى ژیانى حزبە و لە دەرەوەى ئیدیعاى بەرەکانى دەرگیرى ئەم کێشمەکێشە وەستاوە.) ڕەخنەى ئێمە هەروەک لە نامەکاندا گەڵاڵە کراوە، ڕەخنەیە لە وجودى ئیجتیماعى- سیاسى حزب، لەلایەک و لەلایەکى تریشەوە، وەک ئەڵقەى تەواوکەرى ئەم وجودە ماددییەى ژێرەوە، ڕەخنەیە لە زهنیەت و عەقلیەتێکى سیاسى (و تەشکیلاتى)، کە هاو ئاهەنگە لەگەڵیا و بەیەکەوە کوولیەتێکیان پێک هێناوە لە ئۆرگانێکى سیاسى موتەشەکیل کە پێى دەلێن حزبی کۆمۆنیستى کرێکارى عێڕاق (حککع). سوونەتەکانى ناو ئەم حزبە بەشێکى جیانەکراوەى ئەو وجودە ئیجیتیماعى- سیاسىیە موتەشەکیلەیەن بەمانا فراوانەکەى.

هەر لە سەرەتاى پێکهاتنى ئەم حزبەوە {بەر لە پێکهاتنى ئەویش لە کێشمەکێشى نێوان ڕێکخراوە چەپەکانیشدا کە ماتریاڵى ئینسانى و فکرى و سیاسى ئەم حزبەیان پێک هێنابوو} ئەم شمشێرەى سووننەتانە، لە چەرخ و هەسان دەدرێ و تیژ دەکرێتەوە و بە هەق و بە ناهەق لە ملى زۆرێک لە کادرەکانیش دەدرێت. وە چەندین جار وەک ئەڵقەى ئەسڵی بەدەستەوە گیراوە بۆ ئاڵوگۆڕى ڕیشەیى ئەم حزبە و ئیجتیماعى بوونەوەى. دووایین پرۆژە لەم مەیدانەدا تەڕحێکى هاورێ (ڕەحمانى حسێن زادە) بوو بەر لە 3 سێ (یان چوار- بەدەقیقى نازانم کەى بوو) ساڵ لەمەوبەر. هەریەک لەو هەوڵ و تەقەلایانە گەرچى دەورى خۆیان بینیوە لە ئیسڵاح کردن و پرکردنەوەى کەموکوڕییەک لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانى کار و هەڵسوڕانى حزبدا، بەڵام ئاڵ و گۆرى ڕیشەییان لە تەفەکور و عەقڵیەتى سیاسى، لە مەوقعیەت و لە وجوودى ئیجتیماعى ئەو حزبەدا بەدى نەهێناوە.

ئەم حزبە ئەمرۆ وەک یەکیەتى گروپە چەپەکان بەبێ ئەوەى لەگەڵ دروست بوونى حزب یان لە پڕۆسەى حەوت (7) ساڵى ڕابردووى ژیانیدا ئەم ئاڵوگۆڕەى بەسەرا هاتبێ لە مەیداندا ماوەتەوە. لە ڕەخنە لە حزب دەبێ دەست بگیرێت بە ئەڵقەیەکى ئەسڵى تر و سەرەکى ترەوە کە ئەویش ڕەخنەیە لە وجودى ئیجتیماعى و سیاسى ئەم حزبە، ڕەخنەیە لە مەوقعیەتێکى ئیجتیماعى و سیاسى کە ئەم حزبە هەیەتى لەناو کۆمەڵگەدا. ڕەخنەیە لە زهنییەت و عەقلىیەتێکى سیاسى کە تەمجیدى ئەم حزبە بەم وەزعىیەتەیەوە ئەکات و تەنگ بە بوارى ڕەخنەگرتن هەڵئەچنێت لەم حزبە. ئەمە ڕەخنە نییە لە بەرنامە و لەو ڕوانگەیەى کەبەرنامەى ئەم حزبەى لەسەر وەستاوە -کۆمۆنیزمى کرێکارى-. ڕەخنەیە لەو تەناقوز و تەزاددەیەى (التناقض و التضاد) نێوان ئەم بەرنامە و ڕوانگەیە لەلایەک ئەو واقعە ئیجتیماعى و سیاسیەى ئەم حزبە لەلایەکیترەوە. ڕەخنە لە سوونەتەکان دەتوانێت بەشێک و تەنها بەشێکى کاریگەر بێت لەم ئەڵقە ئەسڵیە نەک وەک خودى ئەڵقەى ئەسڵی بەدەستەوە بگیرێت.

ئەم حزبە ئەتوانێت حزبی هەبوون و مانەوە بێت، وەک هەندێک لە حزبەکان چەندین دەیە و بگرە سەدەیەکیش لەتەمەن بەسەر بەرێت، لەگەڵ بڕینى چەندین قەیران و زەڕبەخواردنى سەنگینیشدا. ئەتوانێت حزبی لۆکال (لە عێڕاقدا کوردستانى و لە کۆردستانیشدا سۆرانى) بێت. ئەتوانێت حزبی پارسەنگ و گروپى فشار بێت بەسەر حزبە دەسەڵات بەدەستەکانى کوردى و کەم تا کورتێکیش بەسەر ڕەوتە مەزهەبییەکانەوە. ئەتوانێت حزبی چەپرەوى مناڵانە، نەک حزبێکى ڕادیکاڵى ئیجتماعى بێت. حزبێک کە لە ڕوانگەى نەرجسیەتى سیاسى و تەشکیلاتى خۆیەوە (نەک لە ڕەخنەى مارکسەوە) تەحقیرى جیهانى دەرەوەى خۆى بکات و پیا هەڵشاخێتەوە. درووست وەک کۆڕێکى (کۆمەڵێکی) دەروێشان کە هەر ئەندامێکى ئەو کۆڕە سەرە واوێک جیاواز بیر بکاتەوە، لەناو ئەو کۆڕە موقەدەسەیەدا جێگەى نابێتەوە و دەبێ بکرێتە دەرەوەى جیهانى بەلەعنەت کراو. بەڵێ ئەم حزبە ئەتوانێت زۆر شتیتری لەم بابەتانە بێت بەڵام بەبێ ڕەخنەیەکى ڕیشەیى ناتوانێت حزبی سەراسەرى، حزبی پرنفوزى ئیجتماعى و لە هەمان کاتدا ڕادیکاڵ، حزبی بزووتنەوەى سۆشیالیستى کرێکارى و حزبی شۆرش و دەسەڵات بێت.
3- ئیجرائاتى تەشکیلاتى یان ئاڵوگۆڕى لە مەوقعیەتى کادرەکاندا
پلینۆمى حزب ئەمڕۆ ڕووبەڕووى گیروگرفتێک بۆتەوە (لانى کەم لە رێکخراوى دەرەوەى ووڵاتدا). ئیمکان هەیە دەست بەرێت بۆ هەندێ ئیجرائاتى ئیدارى و تەشکیلاتى، بۆ “چارەسەر”ى ئەم گیروگرفتانە. ئەم ئیجرائاتانە لەوانەیە کەمێک جدى و هەندێک بەرفراوان بن یان نیوەناچڵ و سەرپێیى و کەم داوێن بن. ئەم ئیجرائاتانە دەکرێ هەر لەم ڕوانگەوە جێگەى لایەنگرى یان ڕەخنەگرتنى کادرەکان بن. بەڵام مەسەلەى ئەسڵی ئەوەیە کە ئەم گیروگرفتانە بە ئیجرائاتى ئیدارى و تەشکیلاتى وەڵامى ڕیشەیى وەرناگرنەوە.

بەڵکو ئەم ئیجرائاتە ئیدارى و تەشکیلاتییانە ئەگەر پشت بەستوو نەبن بە ڕەخنەیەکى ڕیشەیى لە وجودى ئیجتیماعى و سیاسى حزب و مەوقیعیەتى لەناو کۆمەڵگەدا، ئەوا تەنها ئاڵ و گۆرێکى ئیسڵاحیانە ئەبن بۆ خاو کردنەوەى تەشەننوجاتێکى تەشکیلاتى کە بەهۆى تەقینەوەى ئەو گیرو گرفتانە هاتوونەتەدى.

پێکهاتى ڕابەرایەتى ئەم حزبە و پۆستى تەشکیلاتى کادرەکان گەرچى لە ڕووى تەئریخىیەوە زادەى هەلومەرجێکى تایبەت بەشێوازى پێک هاتنى ئەم حزبەیە، بەڵام لەمڕۆدا بەتایبەت دواى کۆنگرەى یەکەم، ئینعیکاسى وجودى ئیجتیماعى حزب و بەرهەمى تەوازنێکى دیارى کراوى تەیفى جۆراو جۆرى ئەم وجودە ئیجتیماعییەیە. ئەگەر قەرار بێت ئاڵ و گۆرێکى ئیجتیماعى و سیاسى بەسەر ئەم حزبەدا بێت، ئەوا حەتمەن ئاڵوگۆریش لە ڕابەرایەتى و مەوقعیەتى کادرەکان و پۆستى تەشکیلاتییاندا بەوجود ئەهێنێت. ئەمە نە ئینزار و تەڕدە. نە ئیجرائاتە و نە موحاسەبە و عقوبەدانى هەندیک و نە تاج لەسەر نانى هەندێکیتر لە کادرەکانە. ئەمە پرۆسەیەکە تیاىدا حزب (ى تازە) کادر گەلێک لە ئیتۆریتەى کۆمەڵایەتى-سیاسى خۆى دێنێتە پێشەوە و دەیان کاتە مەیداندار و ساحێبی قەرار لە حزبی تازەدا.

4- جەوهەرى موشکیلاتەکانى ڕێکخراوى دەرەوەى ووڵات

لێرەدا بەشێک لە نامەیەکى خۆمان (من و سورەیا) هى 15/6/2000 ئەهێنمەوە کە لە وەڵامى نامەیەکى (امجد غفور)دا نوسراوە: {ئێمە ئەڵێین مەسەلەکەى ئێمە (وەک بەشێک و لەبەردەوامى ئیستیقالەکەى هاورێ عبدالله ساڵح دا) تەعبیرە لە ئەزمەیەکى ڕێکخراوەیى، کە خۆى هەڵقووڵاوى وەزعى بنبەستى کۆمەڵایەتى و سیاسى حزبە لە کوردستان و عێڕاقدا. وە بە موشەخخەسى ئینعیکاسى ئەو تەناقووزەیە کە لە نێوان ئەم بنبەستە کۆمەڵایەتى-سیاسییەى حزب و زهنیەتی سیاسى زاڵ بەسەر حزب دا هەیە. وە تا ئەم تەناقووزە چارەسەر نەکرێت ئەم حزبەیە ناتوانێت بەدەورى پلاتفۆرمێکى ترى سیاسى دا بۆ دەربازبوون لەم بنبەستە هەڵخڕێندرێت. لەوانەیە پلینۆم یان (مەکتەب سیاسى) بە چەند ئیجرائاتێکى ئیدارى و تەشکیلاتى موشکیلاتەکان چارەسەر بکات کە لە هەنگاوى یەکەمى تەقینەوەى ئەم تەناقووزەدا سەریان هەڵداوە. بەڵام جەوهەرى موشکیلەکە (بوڕکانەکەى ژێرەوە) لە شوێنى خۆى باقى ئەمێنێتەوە. ئێمە ئەڵێین ڕادیکاڵترین ئیجرائاتى تەشکیلاتى بەرامبەر لێپرسراوانى حزب، نەک هەر ئەمەش بەڵکو لەگەڵیشیا هەتا ئەگەر سووکانى حەرەکەتى ئەم حزبە بدەنە دەست ئێمە و کادرگەلێکى وەک ئێمە، ئەگەر بوونیەى ژێرەوەى (البنیە التحتیە) تەفەکور و عەقلیەتى سیاسى حزب نەگۆڕێت، ئەوا مەسەلەکە تەنها گۆڕینى دەم و چاو دەر ئەچێت. ئێمە ئامادەنین بەبێ ئەم ئاڵوگۆڕە لە عەقڵیەت و زهنییەتى زاڵ بەسەر حزبدا دەم و چاوى خۆمان بدەین لە هیچ ئۆرگانێکى ئەم حزبە. موشکیلەکەى ئێمە شەڕ فرۆشتن و دەرپەڕاندى کەسانێک نییە لە سەرووى ئەم حزبەوە، کە ئەزانین ئەوانیش وەک هەموو یەکێک لە ئێمە تەمەن و ژیانى خۆیان و خانەوادەیشیان لە ناو ئەم بزووتنەوەیە و ئەم حزبەدا داناوە. ئێمە وویستمان بە ووروژاندى فکرى هاورێیان لە ڕێکخراوەى دەرەوەى ووڵاتدا لەسەر وەزعى حزب و چارەنووسى، فرسەتى ئەوە بخوڵقێت کە دیالۆگ و باسێکى دەروونى بەرپابێت و کادرەکان بتوانن نەزەرى خۆیان بدەن و دەخالەتگەر بن لە چارەنووسى حزبدا و لەم رێگەیەوە زهنییەت وعەقڵىیەتى سیاسى زاڵ بەسەر حزبدا بکەوێتە سەنگى مەحەکەوە و بگۆرێت و پلاتفۆرمێکى تر بۆ حەرەکەتى حزب بەدەست بهێنرێت. ئێمە نەک هەر موشکیلەمان لەگەڵ مارکسیزم و کۆمۆنیزمى کرێکاریدا نییە، بەڵکو ئەم حزبە بە ئامراز و ماتریاڵێکى لەبار و گونجاوى (موناسیبى) کۆمەڵایەتى ئەو حەرەکەتە نابینین بەم وەزعىیەتەى ئێستایەوە.}

5- تڕاژیدیا یان مەهزەلە

دەشێ پلینۆمى کۆمیتەى ناوەندى حزب لەسەر ئینزارى 24 سەعاتە و قەرارى دەرکردنى نادر عبد الحمید و سوورەیا، باسێکى نەبێت.{هەروەک لە سەرەتاوە پێیان ڕاگەیاندوین کە مەکتەب سیاسى حزب باسێکى لەو بارەوە نابێت.‍!} بەڵام ئێمە ناچارین قسەیەکى لەسەر بکەین ڕووبە پلینۆم، بەو هیوایەى نەک هەر نەوەکانى دواى خۆمان بەڵکو کادرەکانیش لە ئێستادا، باسێکیان لەوبارەوە هەبێت و بەهەموان دەرسێکى لێوەربگرین.

ئێمە ڕامانگەیاندووە کە بە خواستى خۆمان نەچووینە دەرەوە، ناچار بە ئیستیقالەش نەکراوین، بەڵکو بەقەرارێکى فەوقى کە هیچ شەرعىیەتێکى تەنزیمى لەپشت نییە کراوینەتەدەرەوە. ئەم قەرارە نەک هەر قەرارى (ڕێکخراوەى دەرەوەى ووڵات) نییە کە کادرگەلێک چ بە عەلەنى و چ هەندێکیشیان لە کەناڵى ڕەسمى حزبی خۆیانەوە بە نامە بۆ مەکتەب سیاسى، بە دەرەجاتى جیاجیا ناڕەزایەتىیان دەربڕیوە بەرامبەرى. بەڵکو ئەم قەرارە هى (کۆمیتەى دەرەوەى ووڵات)یش نییە، ئەندامانێکى ناو ئەم کۆمیتەیەش ئامادە نین ئیمزاى شەخسى خۆیان بدەن لەژێرى. ئیدانە کردنى ئەم قەرارە و هەڵوەشاندنەوەى لە لایەن پلینۆمەوە، نەک هەر وەک وەڵامێکى پێوست بۆ ئیعتڕازى کادرەکان زەروورە بەڵکو بۆپاراستنى ئیعتیبارى سیاسى ئەم حزبەش زەروورە. ئێمە نە لەسەر ئیختیلافاتى شەخسى وەدەرنراوین و نە لەسەر شەرى کورسى دەسەڵات. ئێمە قوربانى زهنیەت و عەقلیەتێکى سیاسى-تەشکیلاتین کە زاڵە بەسەر ئەم حزبەدا. ئایدیاڵێک بەسەر ئەم حزبەدا زاڵ کراوە کە لە هەر گیروگرفتێکى تەشکیلاتى و کێشمەکێشێکى سیاسى-تەشکیلاتییدا، دەست بردنە بۆ ئیجرائاتى تەشکیلاتى، عقوبەدان و موحاسەبەکردن لە هەنگاوى یەکەمدا (نمونەش زۆرە ئەگەر پێویست بکات بۆ هێنانەوە)، ئەم گرایشە بەدواى تەسفیەى (( فراکسیۆن)) و بە تایبەت دواى کۆنگرە -بەداخەوە- بزمارەکانى خۆى لە مۆخ و ئێسقانەکانى حزب کوتاوە. دەرکردنى 3 سێ تەعمیم بۆ وەستاندنى نامەکانى هاوڕێیان لە ڕێگەى ئینتەرنێتەوە و هاوکات لەگەڵیشیا ڕاگەیاندنى ئەوەى کە (مەکتەب سیاسى) باسێکى لەو بارەوە -مەبەست ئیزارى 24 سەعاتە و قەرارى تەڕدى ئێمەیە- نابێت. نەک هەر پێداگرتنەوەیە لەسەر عقوبەدانەکە (بەبێ حەقى ئیستیئناف!) بەڵکو زەوت کردنى مافێکى ئاسایى کادرەکانیشە.

ئێمە لەگەڵ هەر جیاوازییەکى بیروڕا خوازیارى ئەوە نەبووین کە لە هەنگاوى یەکەمدا بچینە دەرەوەى ئەم چوار چێوەیەى (حزب) کە بەشى زۆرى ئەو ماتریاڵە ئینسانییەى تیا گرد بۆتەوە، کە لە دوو سێ دەیەى ڕابروودا بەرهەم هاتووە بۆ حەرەکەتێکى ڕادیکاڵ لە ناو کۆمەڵ داو ئیمکان هەیە (بەڵێ تەنها ئیمکان هەیە نەک ئەوەیە لە ئێستادا) حەڕەکەتى ئیعتیرازى کرێکار و زەحمەتکێش بیکاتە ئامرازى خۆڕێکخستن و بەرگرى، ئامرازى خەبات و هێرش بۆ دەسەڵاتى سیاسى.

نەک هەر ئیدانەکردن و هەڵوەشانەوەى بێ قەید و شەرتى ئەم قەرارە، بەڵکو نامەى مەعزەرەتیش بۆ ئێمە ناتوانێت کەفالەتى ئەوە بکات کە ئەم زهنیەت و عەقلیەتە (تەشکیلات گەرییە) جارێکى تر، دواى گەڕانەوەمان بۆ ناو ئەم چوارچێوەیە، ئێمە (و کادرانى تر) نەکاتە دەرەوە. مێژووى ئێمە لەم حزبەدا بە تراژیدیا کۆتایى هات، ئێمە نامانەوێت جارێکى تر بەدەستى خۆمان لە شکڵى مەهزەلەدا دووبارەى بکەینەوە. ئەو شتەى کە ئەتوانێت ئێمە و کادر گەلێک -کە چوونە دەرەوەى ئەم چوار چێوەیە یان کراونەتە دەرەوە، یان بەهەر حاڵ بەجۆرێک لەدەرەوەى ئەم چوار چێوەیە وەستاون- دڵخۆش بکات بۆ گەڕانەوە و هاتنە ناویەوە. سەرهەڵدان و شکل گیرى پرۆسەیەکە لە ڕەخنەیەکى ڕیشەیى کە نەهێڵێت ئەو چوارچێوەیە (ئەم حزبە) ئەم ماتریاڵە ئینسانییە لە قاڵب بدات و ئیمکانى پەرەسەندن و گەشەى لێبستێنێ. ئەم پرۆسەیە دەشێ هەر لەم پلینۆمەوە سەر هەڵبدات، یان ئیمکان هەیە لە دەرەوەى پلینۆم و ڕابەرى حزب بە دەست پێشکەرى کادرەکان شکڵ بگرێت. ئێمە تا ئەم چاوەڕوانییە دەبێتە واقع لە دەرەوەى ئەم چوارچێوەیە درێژە بە حەرەکەتى خۆمان ئەدەین. بەشێک لەو حەرەکەتە هەوڵدانە بۆ دیالۆگێکى زیندوو لەگەڵ ئەو ماتریاڵە ئینسانییە-مێژووییە جا لەهەر چوارچێوەیەکا بێت، یان لە دەرەوەى چوار چێوەکاندا بێت.

*** *** ***

پاشکۆ:

بۆ / مەکتەبى سیاسى (حککع). لە رێگەى ڕێکخراوى دەرەوەى ووڵات
بابەت:/ ئاکامەکانى هەڵبژاردنى شارەوانى
بڕیاری بەشدارى حزب لە هەڵبژاردنى شارەوانى شارەکانى کوردستان (ئەو بەشەى ژێر کۆنتڕۆڵى ى.ن.ک )، بڕیارێکى ئازایانە و هەروەها هەنگاوێکى عەمەلى و جددى بوو ڕوەو جەماوەر و بەجەماوەرى بوونى حزب. وە وەکو ئەزمونێکى سیاسى بەنرخ لە ژیانى حزبماندا ڕۆڵى ئیجابى خۆى ئەبێت، جیا لەو ئاکامانەى کە ئێستا حزب ڕووبەڕووى بۆتەوە.
خۆ ئامادەکردنەکانى حزب هەر لە سەرەتاوە بۆ ئەم هەڵبژاردنە نیشاندەرى ئەوەبوون کە ئەم مەسەلەیە بەجددى وەرگیراوە لەلایەن حزبەوە، و هێز و ئمکاناتى بۆ دانراوە.
ڕاگەیاندنى لیژنەى چاودێرى حزب بەسەر هەڵبژاردنەکەدا، بەروارى 5/2/2000 پەنجەى ڕاکێشاوە بۆ چەند نمونەیەک لە پێشێلکارى و دەست تێوەردان و ساختەکارییەکانى ( ى.ن.ک) و ئیسلامىیەکان لە کاتى هەڵبژاردنەکاندا، ناوەرۆکى ڕاگەیاندنەکە ئەوە دەگەێنێت کە بۆیە حزبمان نەک هەر نەیتوانیوە سەرۆکى شارەوانى هیچ شارێک بەدەست بهێنێت، بەڵکو هیچ کاندیدێکیشى لە هیچ بازنەیەکى هەڵبژاردندا دەرنەچێت، چونکە ئەم پێشێلکارییانە ڕوویانداوە. جگە لەم ڕاگەیاندنە تائێستا هیچ لێکدانەوەیکى ڕەسمى حزب (چ ناوخۆیى و چ ڕووبەدەرەوە) لەسەر ئەم مەسەلەیە بەدەستمان نەگەیشتووە، تەنها نامەیەکى خەبەرى ڕێکخراوى دەرەوەى ووڵات نەبێ کە تیا هاتوە هاورێ (سامان کریم) چاوپێکەوتنێکى یەک سەعاتى لەگەڵ ڕادیۆى (شەبەنگ)ى کوردى زمانى ستۆکهۆڵم (سوێد) ئەنجامداوە و تیایدا پێى لەسەر هەمان ناوەڕۆکى ڕاگەیاندنەکە داگرتووە.

ئەوە ڕاستە ئەم پێشێلکارییانە ڕوویانداوە، هەروەها کاریگەرى خۆشیان هەبووە لەسەر ڕێژەى سەدى (%) ئەو دەنگانەى کە بۆ حزب هاتوون، و بەگشتى کاریگەرییەکى دیاریکراویان هەبووە لە سەر دەرنەچوونى کاندیدەکانى حزب، بەڵام ئەمە ناتوانێت وەڵامدەرەوەى ئەوەبێت کە بۆچى هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی حزب دەرنەچوون؟!. هۆکارێکى جەوهەریتر هەیە لە پشت شکست خواردنى حزب لەم ئەزموونەدا. لێکدانەوەکانى ئەم ڕاگەیاندنە نەک هەر جەماوەر بەڵکو کادر و هاورێیانى حزبیش قەناعەت پێناکات.
مەبەست لەم نامەیە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنى ئەو هۆکارانە نییە، بەڵکو شێوازى مامەڵەیە لەگەڵ ئەم ئەزموونەدا، کە دەمەوێت سەرنجى هاورێیانى بۆڕاکێشم. ئەگەر قەراربێت لە بەرامبەر ئەم ئەزموونەدا بێدەنگە بکرێت و هەرکاتێکیش ناچاربووین قسەى لەسەر بکەین بەهەمان مەنتیقى ڕاگەیاندنەکەى لیژنەى چاودێر بەرخورد بکرێت پێیەوە، کە بییەوێت هەموو زوعفەکانى حزب بە پێشێلکارى و دەست تێوەردانەکانى (ى.ن.ک) و ئیسلامىیەکان دابپۆشێ، ئەوا بە بۆچوونى من نەک هەر ڕابەرى سیقە و ئیعتیبارى خۆى لاى تەشکیلات لەدەست ئەدات، بەڵکو حزبیش سیقە و ئیعتیبارى خۆى لاى جەماوەر ئەدۆڕێنێت.
بەڵام ئەگەر قەراربێت حزب دەرسێکى جددى لەم ئەزموونە وەرگرێت و بیکاتە دەست مایەى چالاکىیەکانى بۆ جەماوەرى بوونەوەى و هێز گرتنى لە کۆمەڵگەى کوردستان (و عێڕاق) دا، ئەوا زەرورە کە:

1. دیالۆگێکى ناوخۆیى لەناو حزب دا لەسەرى بەرپابێت، کە کادرەکان و هاورێیانى خاوەن نەزەر بەشدارى بکەن لە هەڵسەنگاندنى ئەم ئەزموونەدا. ئەم ئەزموونە ساتێکى حەسساسە لە ژیانى حزب و دەبێ بکرێتە نوقتە وەرچەرخانێکى جددى لەمێژووى حزبدا. دەست پێشکەرى بۆ شکڵگرتنى پرۆسەیەکى ئاوا لەدەست ڕابەرایەتى حزب دایە، کە دەبێت فرسەت و ئیمکاناتى بۆبڕەخسێنێت. {لە چەشنى: کۆر و سمینار، بڵاوکراوەى ناخۆیى وەرەقەیى، بڵاوکراوەى ناخۆیى ئینتەرنێتى، تۆمارکردنى کاسێتى دەنگ و ڤیدیۆ، …..هتد}.

2. ڕووى دووەمى ئەم مەسەلەیە، ڕاستگۆیى بوونى حزبە لەبەرامبەر جیهانى دەرەوەى خۆى. عەلەنى کردنى ئەم باسانەیە لەناو جەماوەردا، ئاگادارکردنەوەى ئەو جەماوەرەیە لە کرێکاران و ئازادى خوازان بە نوقاتى زوعف و قووەتى ئەو حزبەى کەقەراە ڕێکخەر و ڕابەر و دیفاع کەریان بێت، بە مەبەستى بەشدارییان لە هەڵسەنگاندنى ئەم ئەزموونەدا، بۆ دەخالەت کردنى جددى ئەو جەماوەرە لە چارەنوسى ئەم حزبەدا. ئەم مەسەلەیە نابێت بە (وەرگرتنى تیۆرى لە جەماوەر) لێک بدرێتەوە. بەڵکو ئەمە مەسەلەیەکى پەروەردەکردن و بارهێنانى سیاسى هەم حزب و هەم جەماوەرە.

نادر عبد الحمید
17/2/2000




سکتاریزم لە یەکی ئایاری 2018 دا …. نادر عبدالحمید

پێشەکی

بۆ ئامادەکاریەکانی یادکردنەوەی ڕۆژی یەکی ئایار، کۆبونەوەیەک لە شاری سلێمانی و لە ناوەڕاستی مانگی ئەپریلی 2018دا ئەنجامدرا و تیایدا (کۆمیتەی یەکی ئایار) پێکهێنرا. ئەمەش دوای ئەوە هات کە لەسەرەتای ئەپریلدا، (نەوزاد بابان) هەڵسوڕاوی کرێکاری ڕادیکاڵ و سۆشیالیست، و یەکێک لە دامەزرێنەرانی (ڕێکخراوی سەربەخۆی کارەبا) نامەی نوسی بۆ کۆمەڵێک لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری تا کۆبونەوەیەک ئەنجام بدەن.

لەو کۆبونەوەیەدا هەڵسوراوانی بزوتنەوەی کرێکاری و هەڵسوڕاوانی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی (کارەبا و خەستەخانەکان و بیناسازی) و هەروەها هەڵسوڕاوانێک لە سەید سایەق و دەڤەری پشدەر و بیتوێن بەشداریان تێدا کردبوو، پاشانیش دوای سەردانی هاوڕێیان (عومەر چاوشین) و (نەوزاد بابان) بۆ شاری هەولێر، هەڵسوڕاوانێکی ئەو شارەش هاتنە ناو کۆمیتەکەوە، ئەمە جگە لەوەی کە چەند هەڵسوڕاوێکیش لە کفری و کەلار لە پەیوەندیدان بەو (کۆمیتەی یەکی ئایار)ەوە. وە کۆمیتەکەش بەرنامەی هەیە کە سەردانی زوربەی شار و شارۆچکەکان بکات تا ئەو یادە بەجۆرێک لە جۆرەکان تیایاندا بکرێتەوە.
ئەم هەوڵ و کۆششانە لەو پێناوەدایە کە بتوانرێت لە زوربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستانی عێڕاقدا، لەژێر ئیتۆریتەی یەک ناوی هاوبەشدا، وەک سمبولێک بۆ پاراستنی یەکیەتی و یەکڕیزی بزوتنەوەی کرێکاری، یادکردنەوەکە و مەراسیم بکرێت.

ئەڵبەتە بە پشتی ئەم هەڵسوڕاوانە و ئەم چالاکیەوە بۆ یەکی ئایار، حزب و ڕێکخراوە سیاسی و ڕەوتەکانی چەپ و کۆمۆنیزمی کوردستان وەستاون (لەوانە: یەکیەتی کۆمۆنیستەکان. حکک کوردستان. ناوەندی خەبات، بەرەنگاری و …)، هەروەها بەشێوەیەک لە شێوەکان لە هەولێر (حشک) و (زەحمەتکێشان)یش بەپشتی ئەو چالاکیانەوەن. ئەمە جگە لەوەی کە هاوڕێیانێکی هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی کرێکاری سەر بە (حشک) لە سلێمانی بە سفەتی شەخسی خۆیان لە ناو (کۆمیتەی یەکی ئایار)دان.
لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم حزب و گروپ و ڕەوتە سیاسیانە بە پشت ئەم کۆمیتەیە و ئەم چالاکیانەی یەکی ئایارەوەن، بەڵام (کۆمیتەی یەکی ئایار) لە کۆبونەوەی ئەوان و ڕێکەوتنامەیەکی نێوانیان پێک نەهاتووە، بەڵکو لەڕووی واقعی و مێژووییەوە، وەکو لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پەیوەندی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاریەوە پێکهاتووە، و ئەم حزب و ڕێکخراوانەش (بەهەر مەبەستێکەوە کە خۆیان هەیان بێت) چونەتە پشتیان. جگەلەمەش (کۆمەڵە-ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران) ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ بەشداریکردن لە کار و چالاکیەکانی یەکی ئایار لەڕێگەی ئەو کۆمیتەیەوە.

خستنەڕووی ئەو ڕاستیە کە ئەمە خودی هەڵسوڕاوانی عەمەلی و مەیدانی بزوتنەوەی کرێکاری و هەڵسوڕاوانی ڕێکخراوە سەربەخۆکان بوون کە ئەم (کۆمیتەی یەکی ئایار)ەیان دروست کردوە، (کە وەکو شەخس ناسراون و لە لاپەڕەی فەیسبوکی کۆمیتەکەشدا وێنەی کۆبونەوەکانیان دانراوە)، بۆ ئەوە نیە کە بڵێین ئەگەر حزب و گروپ و لایەنە چەپ و کۆمۆنیستەکان کۆمیتەیەک بۆیەکی ئایار پێکبهێنن شتێکی خراپە، بەڵکو مەبەستمان لە ئاماژە بەو فاکتە، کە ئەوە خودی هەڵسوڕاوانی کرێکارین ئەو کۆمیتەیان پێکهێناوە و ئەو چالاکیانە بەڕێدەخەن، بۆ ئەوەیە تا پڕوپاگەندەی ئەوانە ڕەت بکەینەوە، کە دەڵێن ئەم حزب و گروپ و لایەنە سیاسیانەی سەرەوە، هەڵساون بە دروستکردنی ئەم کۆمیتەیە، تا بڕوبیانویەک دابتاشن بۆ بەشدار نەبوونیان لە کۆمیتەکەدا، کە گوایە هەڵوێستیان هەیە بەرامبەریان و بە کۆمۆنیست و کرێکارییان دانانێن و تێکەڵاویان نابن، چونکە خۆیان عەیارە بیستوچواری کرێکاری و کۆمۆنیستین!

مەبەستی من ڕاشکاوانە لێردا، ئەوەیە کە (نەوزاد بابان) هەمان نامە کە بۆ هەڵسوڕاوانی کرێکاری ناردوە، بۆ چەند هاوڕێیەکیشی ناردوە کە دواتر دەستەی (بەرەو یەکی ئایار) یان ڕاگەیاندوە، وێڕای تەلەفۆن کردنیش لەگەڵیاندا، تا بێن بۆ ئەو کۆبونەوەیە، بۆ دانانی نەخشە و پلانێکی هاوبەش بۆ یەکی ئایار، بەڵام ئەو هاوڕێیانە نەیانویستوە بەشداری کۆبونەوەکە ببن. دوای ئەوەش کە کۆبونەوەکە ئەنجام دراوە و (کۆمیتەی یەکی ئایار) پێکهاتووە، لە هەستکردن بە بەرپرسیارەتی بۆ پاراستنی یەکڕیزی بزوتنەوەی کرێکاری، کۆمیتەکە لە بەرواری (21-4-2018)دا هەڵساوە بە ناردنی نامەیەکی ڕەسمی بۆ دەستەی (بەرەو یەکی ئایار)، و داوای لێکردون کە بێن بۆ دانیشتنێک، تا لەگەڵ (کۆمیتەی یەکی ئایار)دا کار و چالاکیەکانیان هاوئاهەنگ بکەن. بەڵام ئەوان نەهاتوون بۆ دانیشتنەکە و بڕیاریان داوە سەربەخۆ چالاکیەکانی خۆیان ئەنجام بدەن.

وێنەیەکی فۆتۆگرافی لە دوو ئۆبجێکت

بەم شێوەیە لەبەردەم وێنەیەکداین کە زوربەی هەڵسوڕاوانی بەرجەستە و ناسراوی بزوتنەوەی کرێکاری و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاران و کارمەندانی خەستەخانەکان و کارەبا و بیناسازی، وە بە پشتیشیانەوە حزب و گروپ و ڕێکخراوە و لایەنە سیاسیەکانی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق لە (کۆمیتەی یەکی ئایار)دا لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە دەستەی (بەرەو یەکی ئایار) و بە پشتیەوە (ئاڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی) و چەند مەحفەلێکی تر وەستاون.

ئەم خۆ جیا کردنەوەیە بۆ؟

هەرکەسێک ئاگاداری ئەو ڕاستیانەی سەرەوە بێت، پرسیارێکی سادەی لا دروست دەبێت، کە بۆچی دەستەی (بەرەو یەکی ئایار) و بە پشتیەوە (ئاڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی) نەیانویستوە هاوئاهەنگی کار و چالاکیەکانیان بکەن لەگەڵ (کۆمیتەی یەکی ئایار)دا؟.
ڕاستیەکەی ئەو (دەستە)یە و پشتیوانەکەشی بەرپرسن لەبەرامبەر بزوتنەوەی کرێکاریدا کە وەڵامێک بەو پرسیارەی سەرەوە بدەنەوە. بەڵام تا ئەو کاتەی ئەوان ئەو وەڵامەی خۆیان ئامادە دەکەن، من دەمەوێت تیشکێک بخەمە سەرشێوازی کارکردن و هەڵوێست گیریەکەیان.

دەستەی (بەرەو یەکی ئایار) لیستێکیان ڕاگەیاندوە بۆ چالاکی، بەڵام ئەوەی کە ئەم چالاکیانە چ کاریگەریەکی ئیجابی یان سلیبی لەسەر کۆی بزوتنەوەی کرێکاری و یەکڕیزیەکەی بەجێ دەهێڵێت، تەنها پەیوەست نیە بە خودی ئەو چالاکیانەوە، بەڵکو پەیوەستیشە بە شێوازی کارکردنی دەستەی (بەرەو یەکی ئایار) و هەروەها پەیوەستیشە بەو بارودۆخەی بزوتنەوەی کرێکاریەوە لە ئێستادا کە ئەم چالاکیەی تیا ئەنجام دەدرێت.

سێ فاکتۆری گرینگ

لە ئێستادا سێ فاکتۆر هەن کە چوارچێوە و بارودۆخێکن، بزوتنەوەی کرێکاری لە کوردستانی عێڕاقدا گەشەی تیادا دەکات:
یەکەم، ناڕەزایەتیە بەرفراوانەکان، خۆشباوەڕی بە دەسەڵاتی ئێستای ناسیونالیزمی کورد و ئیسلامی سیاسی ڕەواندۆتەوە، بەمەش زەمینەیەکی بابەتی خوڵقاوە بۆ گەشەی ڕایکاڵیزم و سۆشیالیزم لە دەرونی چینی کرێکار و لە ناو بزوتنەوەی کرێکاریدا.

دووەم، بزوتنەوەی ناڕەزایەتیەکان لە پەرەسەندنی خۆیدا مەسەلەی ڕێکخراوبوونی سەربەخۆی کرێکاران و کارمەندانی هێناوەتە ئاراوە لە کەرتە جۆراوجۆرەکانی خزمەتگوزاریە دەوڵەتیەکان و ئابوری وڵاتدا. ئەم ڕەوەندە هێشتا هەر لەسەرەتای کاریدایە.
سێهەم، بونی هەڵسوڕاوان و ڕابەرانێکی عەمەلی و مەیدانی ڕادیکاڵ و سۆشیالیست کە تۆڕێک لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و هاوڕێیەتی و پلەیەک لە نزیکایەتی فکری و سیاسی کۆی کردونەتەوە. وە لە بنچینەدا ئەو توێژە و تۆڕی پەیوەندیەکانی، کلیلی ڕێکخراوکردنی چینی کرێکار و هێنانەدی ڕێکخراوە سەربەخۆکان و ئاسۆدارکردنی بزوتنەوەی کرێکاریە، بە ئاسۆیەکی ڕادیکاڵی سۆشیالیستی. گەرچی ئەم تۆرە هێشتا خۆبەخۆییە و لەسەر بنەمای ناسیاوی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و هاوڕێیەتی ڕابردوو دامەزاراوە و هێشتا بەرز نەبۆتەوە بۆ ئاستی تۆڕێک کە بە ئاگاهی فکری و سیاسی و بە پلان و بەرنامەوە دامەزرا بێت، بەڵام هەر لەم ئاستەشدا ڕۆڵێکی پڕ بایەخ دەبینێت لەناو بزوتنەوەی کرێکاری و بە واقعی و بەعەمەلی ئەم (کۆمیتەی یەکی ئایار)ە و ئەو ڕێکخراوە سەربەخۆیانەی کە لە ئارادان یان لە حاڵەتی شکڵگیریدان، بەرهەمی ئەو هەڵسوڕاوانە و ئەو تۆڕەیەن لە ئێستادا.

چاندنی تۆوی دوبەرەکایەتی

پەیبردن بەو سێ فاکتۆرەی سەرەوە، هەستکردن بە بەرپرسیارەتی لای هەر کۆمۆنیست و هەر هەڵسوڕاوێکی کرێکاری و هەر خەمخۆرێکی بزوتنەوەی کرێکاری دەخوڵقێنێت، کە دەبێت لەو ڕاستایەدا کار و چالاکیەکانی ئەنجامبدات کە ببێتە مایەی هەرچی زیاتر توندوتۆڵ کردنی ئەو تۆڕە لە پەیوەندی ئەو توێژە لە کرێکارانی ڕادیکاڵ و سۆشیالیست و بەرفراوانتر کردن و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕێکخراوبوونی کە ئەوە خۆی وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە کلیلی هێنانەدی ڕێکخراوە سەربەخۆکان و ئاسۆدار کردنی بزوتنەوەی کرێکاری و ڕێکخراوکردنی چینی کرێکارە.

دەستەی (بەرەو یەکی ئایار) زۆر دورن لەوەی پەیان بردبێت بەو ڕاستیە، کە خودی (کۆمیتەی یەکی ئایار) بەرهەمی ئەو توێژە و ئەو تۆڕەیە لە پەیوەندی هەڵسوڕاوانی مەیدانی ڕادیکاڵ و سۆشیالیستی ناو بزوتنەوەی کرێکاری لە کوردستانی عێڕاقدا (بەجیا لە تەعەلوقی فکری و سیاسی و حزبی هەر هەڵسوڕاوێک).
وە زۆر دورن لەوەی کە پەیش ببەن بەوەی، خودی شکڵگیری ئەم کۆمیتەیەش بە دەوری خۆی ڕۆڵێکی پڕ بایەخ دەبینێت بۆ توندوتۆڵ کردنی پەیوەندی و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگاهی ئەو توێژە لە ڕابەرانی ڕادیکاڵ و سۆشیالیست بە جێگەوڕێگەی خۆیان و بە بەرپرسیارەتیەک کە لەسەر شانیانە، کە کۆمەگ دەکات بە بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندیەکانیان لە خۆبەخۆییەوە بۆ ئاستێکی دامەزراو لەسەر پلان و بەرنامە بۆ کاری ئایندە.

دەستەی (بەرەو یەکی ئایار) و پشتیوانەکەی نەک هەر پەیان نەبردوە بە زەرورەتی پتەوکردنی جێگەوڕێگەی ئەو توێژه و ئەو گرایشە لەناو بزوتنەوەی کرێکاری و کارکردن لە ڕاستایەکدا کە کۆمەگ بکات پێیان، بەڵکو لەوە ناچێت وەکو توێژێک و گرایشێکیش بیان بینن. ئەوان کەسە هەڵسوڕاوەکان دەبینن وە تەعەلوقی فکری و سیاسی و حزبیشیان دەبینن، لێرەوە وەک کەس و فەردی هەڵسوڕاو لەسەر ئەو تەعەلوقە فکری و سیاسیە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، نەک وەک گرایشێک و توێژێک کە ئەفرادەکانیان تەعەلوقاتی فکری-سیاسی و حزبی جیاجیان هەیە، بەڵام وەک گرایش و توێژێک ڕۆڵێکی هاوبەشیان هەیە لەناو دەرونی بزوتنەوەی کرێکاریدا، وە پێویستە چ بکرێت تا ئەو ئەرکە هاوبەشە بەرەو پێش ببرێت. بەمانایەک بزوتنەوەیی کارکردن، نەک کێش کردنی ئەفرادی هەڵسوڕاو بۆ ناو فرقەکەی خۆت و بە جیاکارکردن لەوانی دی کە تەعەلوقی فکری و تەشکیلاتیان لەگەڵ فرقەکەتدا نیە.
ئەم دەستەی (بەرەو یەکی ئایار)ە لەبریتی ئەوەی بێت یەکڕیزی ئەو گرایش و توێژە لە هەڵسوڕاوانی ڕادیکاڵ و سۆشیالیست بپارێزێت، لە بریتی ئەوەی بێت تواناکانی خۆی و کار و چالاکیەکانی لەگەل تواناکانی (کۆمیتەی یەکی ئایار) و کار و چالاکیەکانیدا بکات بەیەک، بەتایبەتیش کە داواشیان لێکردون بە نامەی ڕەسمی، دەیەوێت وەک سکت (گروپ.فرقە)ێک، بەجیا خۆی مەراسیم بگێڕێ و دێت تۆوی دوبەرەکایەتی دەچێنێت. ئەوە ئەو مۆد و شێوازەیە کە کار و چالاکیەکانی پێدەکەن.
لە پشتی لیستێکی دورودرێژی ڕیزکراوی چالاکیەوە ئەو شێوەکارە سکتاریستی (فرقەگەرایی)ە وەستاوە. لێرەوە ئەم چالاکیانە بە هەموو هاشوهوشوێکی “کرێکاری” و “پڕۆلیتاری”ەوە کە بۆی دەکرێت و بەڕواڵەت وا دەردەکەوێت لە خزمەت بزوتنەوەی کرێکاریدایە، بەڵام لە پشتەوە تۆوی فرقەگەرایی دەچێنێت.

لە حاڵەتێکدا کە ئەو (دەستە)یە و ئەو (کۆمیتە)یە لە دوو شاری جیادا ئاگایان لە یەکتری نەبوایە و ئەو چالاکیانەی خۆیان هەر لایەنە سەربەخۆ لەوی تر ئەنجامی بدایە، ئەوەی دەردەخست کە بزوتنەوەکە لە پرشوبڵاویدایە و هیچ جۆرە فرقەگەراییەکی پێوە دیار نەدەبوو، بەڵام ئەوەی کە ئەم (دەستە)یە و ئەم (کۆمیتە)یە لە جوگرافیایەکدا کاردەکەن کە ئاگاداری کار و چالاکیەکانی یەکترین کە بڕیارە لەسەر یەک بابەتی دیاریکراو کە یەکی ئایارە ئەنجام بدرێت، بۆ دەبێت بۆ پاراستنی یەکڕیزی بزوتنەوەی کرێکاری بەیەکەوە ئەنجام نەدرێت؟ ئەو (دەستە)یەی کە نایەوێت هاوئاهەنگی کارەکانی بکات لەگەڵ ئەوانی تری ناو (کۆمیتە)کە، ئەگەر ئەمە بە فرقەگەرایی دانانێت با بفەرموێت وەڵامێک بخاتەڕوو کە بۆچی ناچن بەدەم بانگەوازی “کۆمیتەی یەکی ئایار”ەوە و نایانەوێت هاوئاهەنگی کار و چالاکیەکانیان بکەن.

نەریتی نوێ

ئەم هاوڕێیانە لە ڕونکردنەوەیەکدا لە لاپەڕەی فەیسبوکی تایبەت بە (بەرەو یەکی ئایار) نوسیویانە:
(ئەوەی لەم ئایارەدا ئەنجامی دەدەین دەرهاویشتەی دونیابینی و تێگەیشتنێكی نوێیە لە دونیای ئەمڕۆ و سیستەمی سەرمایەداری و پێگەی پڕۆلیتاریا و خەباتی چینایەتی …. ناشوەستین تاكو ئەم نەریتە نوێیەی خەباتی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی پشت بەستوو بەم نەریتە نوێیە، سەرپێ دەخەین ….).
لە پشتی ئەو وشە ئاڵوواڵا گشتیانەوە، نە ناسینی تایبەتمەندیەکانی بزوتنەوەی کرێکاری لە کوردستانی عێراق و نە ناسینی پێداویستیە حەیاتی و ئەولەویاتە هەنوکەییەکانی وەستاوە. ئەمە نامۆبونی ڕۆشنفکرانەی ئەو دەستەیە و پشتیوانەکەیانە نامۆبونی خۆیان لە بزوتنەوەیەکی موشەخخەسی کرێکاری لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا بە مەنتقیاتی گشتی پەردەپۆش دەکەن. ناوەڕۆکی ئەو “نەریتە نوێ”یەش کە باسی لێوە دەکەن شتێک نیە جگە لە خۆ دابڕان لە یەکڕیزی بزوتنەوەی کرێکاری و خۆ جیاکردنەوە، وەک فرقەیەک لە ریزی یەکگرتووی کرێکارانی ڕادیکاڵ و سۆشیالیست کە دەستیان خستۆتە ناو دەستی یەک، تواناکانی خۆیان یەکخستوە تا پێکەوە یادی یەکی ئایار بکەنەوە.

27-4-2018




کۆمۆنیزمی کوردستان لە بۆشایی سیاسی ئەمرۆدا … نادر عبدالحمید

لەم بارودۆخەی ئێستادا، بە ڕادەستکردنەوەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەنان لەلایەن “یەکیەتی” و “پارتی”ەوە، لیبڕاڵەکانی کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنی قەومی ئیسلامی (لەوانە “گۆڕان”، و “نەوەی نوێ”) داوای هەڵوەشانەوەی “حکومەتی هەرێم” و دەست لەکارکێشانەوەی بارزانی دەکەن. داوای پێکهێنانی حکومەتێکی ڕزگاری نیشتیمانی دەکەن.
لە ڕوانگەی کرێکاری سۆشیالیستەوە دەبێ داوای دادگایی کردنیان بکەین و بیکەینە دەروازەیەک بۆ گۆڕینی بارودۆخەکە لە داڕوخانی مەعنەویاتی خەڵك و میحنە و تێکشکانی شکۆ و کەرامەتی خەڵكی کوردستانەوە، بۆ چەکدار کردنیان بە ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانە ڕوەو ڕاپەڕین، هێرش بردنە سەریان و شۆڕش، ئەم چرکە ساتە یەکێکە لەو هەلە مێژووییانە.

ئەڵبەتە دیارە کە ئەمە پێداویستی سیاسی و ڕێکخراوەیی و ئامادەکاری و زۆر شتی تری دەوێت، بەڵام مێژوو ناوەستێت لەسەر ئەوە خەریکی ئامادەکاری بیت و ئەوسا بێیتە مەیدان، دەبێ سەرەتا لە مەیدانەکەدا خۆت ڕاگەێنیت و دەستبەکاری ئامادەکاریەکان بیت.
یەک خاڵ زۆر گرینگە ئەویش ڕابەرێکی مەیدانیە لەناو خەڵکدا کە ئەو سیاسەتە بە عەلەنی ڕاگەێنێت و کاری بۆ بکات و لێرەوە پڕۆسەی دابینکردنی پێداویستەکان دەکەونە سەر ڕەواڵی خۆیان.
(لینین) نمونەی ئەو ڕابەرەیە، کە لە مانگی ئەپریلی 1917 دا دەگەڕێتەوە ناو ڕوسیا، دەبینێ ڕابەرایەتی ناوخۆ (ستالین و کامنیف) سیاسەتی پشتیوانیکردنیان گرتۆتە پێش لە “حکومەتی کاتی” ئەوکاتە کە بەدوای “شۆڕشی شوبات”دا پێکهاتبوو، لینین بە سیاسەتە ڕادیکاڵ و عەمەلیەکانی دژی “حکومەتی کاتی” نەهەر توانی کادرەکانی حزبەکەی خۆی کێشبکات بەڵكو توانی هێزیش بگرێت لەناو شۆراکان و نوێنەرانیان و لەناو مەنشەفیەکانیشدا، ڕووداو و ئاڵوگۆڕە سیاسی و سەربازیەکانیش زیاتر و زیاتر ڕاستی و دروستی سیاسەتەکانی سەلماند و هێزی هەرچی زیاتری گرت تا گەیاندیە شۆڕشی ئۆکتۆبەر.

لەمڕۆدا ستڕاتیژی بەشێک لە کۆمۆنیستەکان، کە لایەنگری ڕیفڕاندۆم بوون و بەدوای سەربەخۆیی کوردستانەوەن، ئەو ستڕاتیژەی لینین نیە. هەموو باس کردن و کارکردنێکیان بۆ خۆڕێکخستنی جەماوەر لە شۆراکان و خۆ چەکدار کردن، بۆ سۆشیالیزمێکە کە لە ڕێگەی سەربەخۆ کردنی کوردستانەوە دێتەدی کە سەرەتا سێکیولاری غەیرە قەومی دەبێ.
واتا بەپێی ستڕاتیژی ئەو بەشە لە کۆمۆنیزم، کرێکاران و زەحمەتکێشان لە شۆراکاندا ڕێکخراو بن لە شوێنی کار و ژیانیان وە خۆیان چەکدار بکەن بۆ بەرگری لە ماف و دەسکەوت و دەستدرێژیەکانی سوپا و “حەشدی شەعبی” لە پێناو سەربەخۆیی کوردستاندا، جا وەلانانی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد لەم پەیوەندەدا مانا پەیدا دەکات.

ئەو بەشە لە کۆمۆنیزم بە کادرە سیاسی و هەڵسوڕاوە مەیدانیەکانیەوە ئەو هێزە نیە کە لە مەیدانەکەدا وەک لینین ئاڵای هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە و گرتن و دادگایی کردنی سەرانی دەسەڵاتداری ناسیونالیزمی کوردی ڕاستەوخۆ لەمەیدانەکەدا ڕاگەیاندبێت، سیاسەتی دامەزراندنی دەسەڵاتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانی بەڕاستەوخۆیی بەبێ پەیوەستکردنەوەی مەجدارانە بەسەربەخۆیی کوردستانەوە گرتبێتەبەر.

بەشێکی تری کۆمۆنیزم ڕۆڵی خۆی هەمیشە لە جێگەوڕێگەی ئۆپۆزیسیۆنیدا دەبینێتەوە، ئەویش ئۆپۆزیسیۆنێکی تەبلیغاتی (پڕوپاگەندەی فکری و سیاسی) و خسڵەتی پڕاتیکی شۆڕشگێرانە لە کۆمۆنیزمدا نابینێت.
بەشی سێهەم لە کۆمۆنیستەکان چالاکن لە مەیدانەکەدا بەڵام ئاسۆی سیاسیان هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە کە ڕوخاندنی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد و گرتنەدەستی دەسەڵات لەم هەرێمەدا بخەنە دەستوری کاریانەوە و بیکەنە سەکۆی پەرەپێدانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کرێکار و زەحمەتکێشی سەرتاسەری عێڕاق بۆ ڕوخانی دەسەڵاتی بورژوازی لە دەوڵەتی ناوەندی و هێنانەدی عێڕاقێکی سۆشیالیست کە کوردستان وەک جمهوریەتێکی شۆرایی لەخۆبگرێت.

کۆمۆنیزمی ئەمڕۆی کوردستانی عێڕاق لە بۆشاییەکی سیاسی ناوکۆمەڵگە و لە غیابی رابەری مەیدانی لینینیانەدا دەژی. بارودۆخی بابەتی فاکتۆری گرینگە بەڵام بە پلەی یەکەم ئەوە ئاگاهی و دەستپێشکەری ڕابەرانێکی سیاسیە عەمەلیە، بەتایبەت لە وەرچەرخانە مێژووییەکاندا کە فاکتۆری یەکلاکەرەوەیە لە چارەنوسی کۆمۆنیزم و کرێکار و کۆمەڵگەدا.

18-10-2017




سێ ستراتیژ و ڕیفڕاندۆم …. نادر عبدالحمید

سەرەتا

تا ئێستا لە ڕوانگە و گۆشەی جۆراوجۆرەوە باس لە ڕیفڕاندۆم و هەڵوێستی چەپ و کۆمۆنیزمی کوردستانی عێراق کراوە. ئەم وتارە لە ڕوانگەی ستراتیژە جیاوازەکانی ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کوردستان و عێڕاقەوە، ئەم مەسەلەیە دەخاتە بەر دیدی خوێنەران. هەڵوێستە جیاوازەکان (چ هاوڕابوونی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم و پێشوازیکردن لێی وە چ هاوڕانەبوون و ڕەتکردنەوەی) لە پەیوەند بە سێ (3) ستڕاتیژی جیاوازەوە لە ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کوردستان و عێراقدا باس دەکات.
هەڵوێست بەرامبەر ئەم ڕیفڕاندۆمە دیاریکراوەی کوردستانی عێڕاق کە بڕیارە لە (25)ی سێپتێمبەری (2017) دا بەڕێوە بچێت، مەسەلەیەکی تاکتیکیە. هەموو تاکتیکێکیش ئسوڵێکی ستڕاتیژی و بەرنامەیی بەسەریا زاڵە، هەروەها جیهانبینیەکی فکری سیاسی (و فەلسەفی)ش لەپشتیەوە وەستاوە. تاکتیک جگە لەوەی کە هەڵوێست ڕاگەیاندنە، مادییەت بەخشین، بەرجەستەکردنەوە و بەعەمەلی دەرهێنانی ستڕاتیژیشە لە شکڵ و شێوازێکی کۆنکرێتدا.

پێویستە ئەوەش بڵێم کە دیوارێکی ئاسنین سنوری نێوان تاکتیک و ستڕاتیژ لێک جیا ناکاتەوە، ئەوەی کە بۆ حزبێکی سەراسەری عێڕاقی تاکتیکە لە چۆنیەتی مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخی سیاسی کوردستانی عێڕاقدا، بۆ ڕێکخراوی کوردستانی هەر ئەو حزبە ستڕاتیژێکە. ئێمە کە لێرەدا باس لە بارودۆخی سیاسی کوردستانی عێڕاق و خەباتی چینایەتی و کێشەی کورد دەکەین، لەم پەیوەندەدا مەبەستمان مامەڵەیەکی ستڕاتیژیە، و ئەو مەسەلە و بابەتانەش کە لەناو ئەو چوارچێوەیەدا پێویستیان بە هەڵوێست گیری سیاسی عەمەلیە بە تاکتیک ناوزەد دەکەین لەوانە ئەم ڕیفڕاندۆمە دیاریکراوەی ئێستا.

سێ ستڕاتیژ

لە پەیوەند بە کوردستانی عێڕاق و کێشەی کورد لە عێڕاقدا، کۆمۆنیستەکانی کوردستان و عێڕاق، چ بە ئاگاییەوە بێت یان لە بێ ئاگایی واتا بە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، لەناو چوارچێوەی سێ (3) ستڕاتیژی سیاسی جیاوازدا، هەم خەریکی لێکدانەوە و شیکاری فکری و سیاسیین و هەم کار و چالاکی سیاسی عەمەلی خۆشیان ئەنجام دەدەن.
وەک پرێنسیپ و ئامانجە بەرنامەییەکان، هەموو کۆمۆنیستەکانی کوردستان و عێڕاق (ئەم پێناسەیە “حزبی شیوعی کوردستان-حشک” و “حزبی شیوعی عێڕاق-حشع” ناگرێتەوە) پێ دادەگرن لەسەر ڕوخاندنی دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کورد و هێنانەدی سۆشیالیزم لە کوردستاندا. ئەوەی جیایان دەکاتەوە، چۆنچۆنی ئەمە دێتەدی؟ چ ڕێگەیەک دەگرنەبەر بۆ هێنانەدیەکەی؟ واتا ئەوەی جیایان دەکاتەوە ئەو ستڕاتیژانەیە کە لەو پێناوەدا دەیگرنە بەر.
1- ستڕاتیژی یەکەم: “ستڕاتیژی سەربەخۆیی کوردستان”، پێدادەگرێت لەسەر چەند خاڵێک، لەوانە:
A. مەسەلەی کورد لە عێڕاقدا کێشەیەکی چارەسەر نەکراوە، بیانووە بە دەستی بورژوا ناسیونالیستی کوردەوە تا هۆکاری هەموو گرفت و قەیرانەکان ببەستێتەوە بە ستەمی میللی و کێشەی نەتەوەیی کورد و هەڕەشە و مەترسیەکانی دەوڵەتی ناوەندی لەسەر کوردستان. کۆسپێکی سەر ڕێگای خەباتی خەباتی چینایەتی و سۆشیالیزمە. جگە لەوەش هەرێمی کوردستان لە چارەکە سەدەی ڕابردوودا پەرەسەندنێکی سەربەخۆ لە عێڕاقی بەخۆیەوە بینیوە و بۆشایی و کەلێنێکی فراوان هاتۆتەئاراوە لە نێوان کۆمەڵگەی کوردستان و بەشەکانی تری عێڕاقدا.
B. لە ڕوانگەی ئەو ستڕاتیژەوە، دەوڵەت-بوونی کوردستان چوارچێوەیەکی زەرورە بۆ ئەوەی خەباتی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانە بتوانێت؛ سەروەری یاسا، سێکیولار بوون و غەیرە قەومی بوون، مۆدێرنیەت و یەکسانی نێوان هەموو دانیشتوانی کوردستان بهێنێتەدی جیا لە ژن بوون و پیاو بوونیان، جیا لە ئایین و نەتەوەیان …هتد.
C. هەرەوەها دەوڵەت-بوون چوارچێوەیەکی یاسایی زەرورە تا کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان بە ڕابەریەتی کۆمۆنیستەکان دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کورد بڕوخێنن و دەسەڵات بگرنە دەست و سۆشیالیزم بهێننەدی.
2- ستڕاتیژی دووەم “ستڕاتیژی یەکیەتی خەباتی چینایەتی و نێونەتەوەیی”، پێدادەگرێتەوە لەسەر چەند خاڵێک لەوانە:
A. پەرەسەندنی سەرمایەداری و ڕۆشنبوونەوەی هەرچی زیاتی ڕیزبەندی چینایەتی لە کوردستانی عێڕاق و گەشەی ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان بەڕووی دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کورددا.
B. نەمانی زوڵمی نەتەوەیی دوایی (2003)، و بەوپێەش نەمانی بنەمای سەرهەڵدانی بزوتنەوەیەکی جەماوەری کە چین و توێژی جیاجیا کۆبکاتەوە لەیەک بزوتنەوەی وەستانەوە بەڕووی ستەمی میللیدا.
C. ستڕاتیژی کۆمۆنیستی لە کوردستاندا، بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی دەبێت نەک لە نزیکایەتی لەگەڵ بورژوا ناسیونالیستی کورد، بەڵکو لە دژایەتی ئەو و لە پەیوەند بە هاوپشتی چینایەتی و نێونەتەوەیی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان لەگەڵ هی تەواوی عێڕاقدا دابڕێژرێت.
D. وە تا ئەو شوێنەی کە پەیوەستە بە سیاسەت و ستڕاتیژی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیەوە بۆ ڕابەرایەتی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان دەبێ لە هەوڵی ڕووبەڕووبونەوە و بەکژاچوونەوەی دەسەڵاتی بورژواناسیونالیستدا بێت لە کوردستاندا بۆ پاشەکشە پێکردنی ئەو دەسەڵاتە و زەمینە خۆشکردنی خەباتی گشت چینی کرێکار لەسەراسەری عێڕاقدا بۆ ڕوخاندنی دەسەڵاتی بورژوازی لە دەوڵەتی ناوەند، کە خۆی بنەمای هەڵپێچان و وەلانانی دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کوردیشە لە هەرێمی کوردستاندا. ئەمە ڕێگەی ئەم ستڕاتیژەیە بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد لە عێڕاق و هەروەها بۆ تێکشکاندنی دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کورد و هێنانەدی سۆشیالیزم لە کوردستان (وەک بەشێک لە هێنانەدی سۆشیالیزم لە عێڕاقدا).
3- ستڕاتیژی سێهەم: “ستڕاتیژی گرتنەدەستی دەسەڵات” لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا.
A. تەواوی بنەماکانی ستڕاتیژی دووەم دەگرێتەخۆی و تەنها لە خاڵێکدا جیاوازە (نەک ناکۆک).
B. ئەویش لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی تایبەتی کوردستانە بۆ خەباتی کۆمۆنیستی. ئەم ستڕاتیژە نەک وەکو ستڕاتیژی دووەم دامەزرابێت لەسەر “پاشەکشە پێکردنی دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کورد”، و پەیوەستکردنەوەی ڕوخانی ئەم دەسەڵاتە لە هەرێمەکەدا بە سەرکەوتنی خەباتی کرێکاران و زەحمەتێکشانی تەواوی عێڕاقەوە بۆ ڕوخاندنی دەسەڵاتی بورژوازی لە دەوڵەتی ناوەندیدا، بەڵکو دامەزراوە لەسەر بنەمای هەوڵدان بۆ تێکشاکاندن و ڕوخاندنی دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیست لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە و کردنی هەرێمەکە بە پایەگای پەرەپێدانی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی عێڕاق و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی عێڕاق دژی دەسەڵاتی بورژوازی لە دەوڵەتی ناوەندیدا.
C. ئەم ڕوانگەیە هێنانەدی هاوپشتی چینایەتی و نێونەتەوەیی، هەروەها چارەسەری کێشەی نەتەوەیی پەیوەست دەکاتەوە بە هەوڵدانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیەوە بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا. واتا ئەمە پەیوەست ناکاتەوە بە بونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە کوردستاندا (وەك ستڕاتیژی یەکەم) وە پەیوەستیشی ناکاتەوە بەوەی کە پێشوەخت وەیا هاوکات پێویستی بە تێکشکاندن و ڕوخاندنی دەسەڵاتی بورژوازیەوە هەبێت لە دەوڵەتی ناوەندیدا (وەک ستڕاتیژی دووەم)، بەڵکو دەیەوێت کوردستان بکاتە پایەگایەک بۆ ئەو مەبەستە. هەروەک چۆن بورژوا ناسیونالیستی کورد دەستی باڵای هەبوو لە شکڵدانەوە بە دەوڵەتی بورژوازی عێڕاق لە (2003) بەدواوە، بەهەمان شێوە کرێکار و زەحمەتکێش لە هەرێمی کوردستاندا بە ڕابەرایەتیەکی کۆمۆنیستیەوە دەتوانن هەم لە تێکشکاندنی ئەو دەوڵەتە بورژوازیەی عێڕاق و هەم لە شکڵدان بە دەوڵەتێکی شۆرایی و هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستیدا ڕۆڵێکی بەرجەستەیان هەبێت.

ئەوەش بڵێین کە ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی کوردستان، جێگەی ناکۆکی نین لەنێوان هەر سێ ستڕاتیژەکەدا وەک مافێکی گشتی دیموکراتیک. واتا کێشە لەسەر ئەوە نیە، ئایە خەڵکی کوردستان ئەو مافەیان هەیە یان نا وەیا ڕیفڕاندۆم باشە یان خراپە؟ کێشەکە لە هەڵسەنگاندنی جیاوازدایە بۆ بارودۆخێکی سیاسی و مێژوویی کە ئەم ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییەی کوردستانی تیادا بەڕێوە دەچێت.
ئایە لە بەرژەوەندی چارەسەری مەسەلەی کوردە یان نا؟ فۆڕمۆڵەیەکی ناسیونالیستانەیە و کێشەکە ئەوەش نیە، بەڵکو کێشە لەسەر ئەوەیە کە ئایە ڕیفڕاندۆمێکی دیاریکراو لە بارودۆخێکی سیاسی و مێژوویی دیاریکراودا لە بەرژەوەندی کرێکار و زەحمەتکێش و خەباتی سۆشیالیستیە یان نا؟ لێرەوە لە پەیوەند بە چونە پێشەوەی خەباتی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە کوردستان و عێڕاقدا هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی جیاواز و بەوپێیەش هەڵوێستی سیاسی وەیا تاکتیکی جیاجیا دەگردرێتەبەر لە لایەن ئەو ستڕاتیژانەوە. لە کاتێکدا کە ستڕاتیژی یەکەم هاوڕای ئەم ڕیفڕاندۆمە دیاریکراوەیە، ستڕاتیژی دووەم و ستڕاتیژی سێهەم هاوڕا نین لەگەڵ ئەم ڕیفڕاندۆمە و هەڵوێستێکی ڕەخنەگرانە و نەیارانەیان هەیە بەرامبەری.

ئاوڕدانەوەیەک لە مێژوو، ستڕاتیژ لە دەورانی شکڵگیریماندا

بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق کە مێژووی شکڵگیریەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی بیست، (“کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان” لەناو ئەو مێژووەدا نیە، بەڵكو لەناو مێژووی ناسیونالیزمدایە) بە درێژایی بیست ساڵ لە تەمەنی خۆی (لە 1975ەوە تا ساڵی 1995) پێداگری دەکرد لەسەر پەیوەستکردنەوەی چارەسەری مەسەلەی کورد بە خەباتی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانەی دیموکراتی سەراسەری گەلی عێڕاقەوە بۆ ڕوخاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەند و هێنانەدی یەکیەتی خەباتی چینایەتی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ باقی هاوچینەکانیان لە عێڕاق و لەسەر ئەو بنەمایەش هێنانەدی یەکیەتی کۆمۆنیستەکانی کوردستان لەگەڵ کۆمۆنیستەکانی تەواوی عێڕاقدا لە حزبێکی کۆمۆنیستدا.
ئەم ستڕاتیژەی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی تا جنگی کەنداوی یەکەم (1991)، بە هەر کەموکوڕیەکەوە کە هەیبووبێت (کە خۆشی گوزارش لە ناوەڕۆکی ئەو بزوتنەوەیە دەکات لەو سەردەمەدا)، ستڕاتیژێکی کلاسیکی کۆمۆنیستەکانی جیهان بووە لەڕووی مێژووییەوە و لە ئێستاداشدا هەر پەیڕەوی دەکرێت لە وڵاتانێکدا کە ستەم و کێشەی نەتەوایەتی تیێدایە.

ئەم ستڕاتیژە لە دژایەتیەکی تەواودا بوو لەگەڵ ستڕاتیژی ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی، بەناوی (دیموکراتیەت بۆ عێڕاق و حوکمی زاتی بۆ کوردستان) کە دامەزرابوو لەسەر بنەمای ئەڵقەی داخراوی “جەنگ – گفتوگۆ” لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی، کە ماوەیەک جەنگی پێشمەرگایەتی شاخ و پاشان گفتوگۆ و دانوسان بوو بۆ بەدەستهێنانی حوکمی زاتی و سوکەڵە کردنی ستەمی نەتەوایەتی و بەدەستهێنانی چەند ئیمتیازێکی نەتەوەیی، کڵتوری و سیاسی و حزبی لە دەوڵەتی ناوەندی.

هەڵواسراوی کوردستان و سەربەخۆیی

بەدوای جەنگی کەنداوی (1991)دا بارودۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری تازە دێتەئاراوە لە کوردستانی عێڕاقدا، کە دەبێتە ئۆردوگایەکی بێ ناسنامە و هەڵواسراو کە نە بەشێکە لە وڵاتێک و نە وڵاتێکی سەربەخۆشە، وە ژیان و چارەنوسی ئینسانەکانی ئەو کۆمەڵگەیەش دەکرێنە بارمتەی دەستی ئیمپریالیزمی ئەمریکی و هاوپەیمانانی، بۆ لەقاڵبدان و دەست کۆتاکردنی ڕژێمی بەعس تا ئامانجە ستڕاتیژەکانی خۆیان بەرنە پێشەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەمە و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کوردستانیش پێی نابووە ناو قۆناغێکی تر لە تەمەنی سیاسیەوە. پەرەدارببوو، هەڵسوڕاوان و ڕێکخراوەکانی توانیبوویان ببنە ڕێخەر و ڕابەری بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی وەک: شۆراکان، ژنان، بێکاران و ئاوارەکان و لە هەوڵی دروستکردنی بازوویەکی چەکداریشدا بوو (هێزی چەکداری “ڕەوتی کۆمۆنیست” و هەروەها لە هەندێ لە شۆراکانیشدا) … دواتریش خۆی کۆکردبۆوە لە حزبێکدا بەناوی “حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق- حککع”.

ئیتر ئەو ستڕاتیژە کلاسیکیەی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق (لە ساڵی 1975 وە تا ئەوکاتە)، کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە و “حککع”یش لە هەناوی خۆیدا هەڵگری بوو (بە جیاوازیەکەوە لە ناوەڕۆکی ستڕاتیژەکەدا کە پێداگریەکی زیاتر لەسەر خەباتی کۆمۆنیستی و کرێکاری بۆ تێکشکاندن و ڕوخاندنی دەسەڵاتی بورژوازی لە دەوڵەتی ناوەندیدا دەکرد، نەک خەباتی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانە و دیموکراتیانەی سەراسەری گەلی عێڕاق بۆ ڕوخانی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەند)، بەڵێ ئەم ستڕاتیژە کلاسیکیە نەیدەتوانی وەڵامدەرەوەی ئەم بارودۆخە تازەیەی کوردستان بێت بەتایبەت لە پەیوەند بە چارەسەری زوڵمێکی نەتەوایەتی و تڕاژیدیایەک کە ئەو کۆمەڵگایەی تیا ڕاگیرابوو.

ستڕاتیژێک لە بارودۆخی تازەی کوردستانی دوای جەنگی کەنداوی یەکەم (1991) دەیتوانی ببێتە ئامڕازی هێزگرتنی کۆمۆنیزم و پەرەسەندنی؛ کە ئاڕاستەی هێنانەدەرەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بوایە، لەو بارودۆخە تڕاژیدیایە و لە بارمتەییەی دەستی ئیمپریالیزم، وە ناسنامەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی پێدابا، بۆ ئاسایی کردنەوەی ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتی، بۆ کێشمەکێشە سیاسیەکانی ناوخۆیی و ڕووبەڕووبوونەوەی چینەکان، نەک ئۆردوگایەک بێت لەسەر کۆمەگیە نێودەوڵەتیەکان ژیان و گوزەرانی دانیشتوانەکەی ببرێت بەڕێوە و پاسەوانیەکەشی بسپێردرێت بە حزبە ناسیونالیستەکان.
هاوڕێ مەنسوری حیکمەت لە ساڵی (1995)دا و لە باسێکدا بەناوی “بەرگریکردن لە سەربەخۆیی کوردستان” بنەما فکری و سیاسیەکانی ئەو ستڕاتیژە تازەیەی گەڵاڵە کرد و ئەوکاتە وەک تاکتیکی (حککع) و ستڕاتیژی (کۆمیتەی کوردستان)ی ئەو حزبە پەسەند کرا. ئەوەی کە بۆچی ئەو حزبە نەیتوانی بەم تاکتیک و ستڕتیژە، کۆمۆنیزم لە کوردستاندا پەرەدار بکات و هێزی پێبگرێت، وە چارەنوسی کوردستانیش یەکلابکاتەوە و بیکاتە سەکۆی ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، باسێکی سەربەخۆیە و پەیوەست نیە بەم وتارەوە. ئەوەی لێرەدا جێگەی پێداگرتنە ئەوەیە کە ئەمە تاکتیک و ستراتیژێکی کۆمۆنیستی دروست بوو لەو کاتە مێژووییەدا و یەکێک بووە لە شاکارە سیاسیەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری.

بارودۆخی تازەی دوای (2003)

بەدوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس و داگیرکرنی عێڕاق لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە لە ساڵی (2003) بەدواوە، عێڕاق و کورستان چونەتە ناو بارودۆخێکی زۆر تازەترەوە. تا ئەو شوێنەی پەیوەستە بە کوردستانەوە لەڕووی یاسایی و سیاسیەوە هەڵواسراویەکەی وەک هەرێمێک و ناسنامەکەی لە دەستوری عێڕاقدا یەکلا کرایەوە و بەو پێەش چ لەسەر ئاستی ناوخۆی عێڕاق و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ڕەسمیەتێکی خۆی وەک هەرێمێکی فیداڕاڵ بەدەستهێنا.
حزبە بورژوا ناسیونالیستەکان نەک هەر لە هەرێمی کوردستاندا دەسەڵاتی لەرزۆکیان سەقامگیر بوو، بەڵکو لە دەوڵەتی ناوەندی عێڕاقیشدا بوون بە خاوەن پشکی دەسەڵات. ستەمی نەتەوەیی بەگشتی (چ بە واقعی و چ بە ڕەسمی) کۆتایی هات.

لەڕووی ئابوریشەوە کوردستان قەڵمبازێکی گەورەی هاویشت لە پەرەسەندنی سەرمایەداری و کەڵەکەی سەرمایە و هەڵتۆقینی ملیۆنلەر و ملیاردێرەکان وەک قارچکی بەهار و بوونی کوردستان بە بەشێک لە بازاڕی جیهانی سەرمایەداری و پیادەکردنی سیاسەتەکانی لیبرالیزمی نوێ تیایدا.
لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە کۆتایی یەکجارەکی هات بە پاشماوەکانی دەرەبەگایەتی و مەسەلەی جوتیاران و داماڵینی زوربەی هەرەزۆری دانیشتوانی کوردستان لە خاوەنداریەتی هۆکانی بەرهەمهێنان و ئامادەکردنیان بۆ بازاڕی کار. وە بەهۆی پەرەنەسەندوویی و هەروەها نەگرتنەبەری سیاسەتی بە پیشەسازی کردن و دامەزاراندنی ژێرخانی ئابووری لە کوردستاندا و گرتنە بەری سیاسەتی بازاڕی ئازاد لەجێگەی، زوربەی ئەو هێزی کارە، یا ڕاستەوخۆ بێکارن و لەسەر دەرامەتی خانەوادەکان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان دەژین بەبێ هیچ زەمانەتێکی کۆمەڵایەتی دەوڵەت، وەیا وەک بێکاریەکی داپۆشراو لە شکڵی موچەخۆری بندیواردان (کە حزبەکانی دەسەڵات سوئی ئیستیفادەی سیاسی لێدەکەن).

شەپۆلی کۆچ و ڕەوی گەنجان و لاوان ڕووەو دەرەوەی وڵات ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەی لە کوردستاندا ناتوانێت ژیان و ئایندەی نەوەکانی ئەم کۆمەڵگەیە دابین بکات و کەوتۆتە دژایەتیەکی ئاشکراوە لەگەڵ چارەنوس و بەختەوەریاندا. لە هەمانکاتیشدا ئاماژەیە بۆ غیابی ئاڵتەرناتیڤێکی کۆمۆنیستی کە لەباتی ئاسۆی کۆچ و ڕەو بۆ هەندەران بەرەو ژیانێکی بەختەوەر، ڕوخان و هەڵپێچانی ئەم دەسەڵاتە بکاتە ئاسۆی گەڕان بەدوای بەختەوەریدا.

لەوحەی چینەکان

کەمایەتێک بۆتە خاوەن سەروەت و سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی و کۆمپانیا و پڕۆژە ئابوریەکان و خاوەن دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەنگ و ڕەنگ و نوسینن لە چەشنی ڕادیۆکان و تەلەفزیۆنەکان و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و خاوەن میلیشیا و دەسەڵات و حکومەت و پەرلەمان. مێژووی سیاسی فەرمانڕەوایەتیەکەشی لایەک سەرکوتی ئازادی و ناڕەزایەتیەکان و ملهوڕی و ترۆر تۆقاندن بووە، لایەکی تریش تا بۆی کرا بێت یاسای کۆنەپەرستانەیان داسەپاندوە دژی ئازادی و یەکسانی ژن و پیاو، دژی ڕێکخراوبونی کرێکاران لەهەر جۆرە ڕێکخراوێکی سەندیکایی وەیا شۆراییدا.
لە بەرامبەر ئەمەدا زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی کوردستان داماڵراون لە خاوەنداریەتی هۆکانی بەرهەم هێنان و هەڵڕژێندراونەتە بازاڕێکەوە کە کار تیایدا دەگەمەنە. خاڵی جەوهەری لە پێناسەی کرێکاردا نەک ئەو کەسەیە کە لە کارگە یان شوێنێکی کار کاردەکات، بەڵکو ئەو کەسەیە کە داماڵراوە لە هۆکانی بەرهەمهێنان و مەجبورە بۆ ژیانکردن ئامادە بێت بۆ کارکردن بۆ کەسانێکی تری خاوەن پڕۆژەی ئابوری و کارخانەکان، جا ئەگەر کار نەبێت ئەوا کرێکارێکی بێکارە. بەم پێیە سەرمایە پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتیی چەوسێنەرانەیە لەسەر بنەمای خاوەنداریەتی تایبەتی کەمایەتیەک بۆ هۆکانی بەرهەمهێنان و زوربەیەکی داماڵڕاو لێیان و ئامادە بۆ کارکردن و ژیان لە هەلومەرجێکدا کە ئەو کەمایەتیە دیاری دەکەن.
وێڕای ئەو قوتبیبونە چینایەتیەی سەرەوە، توێژێکی بەرفراوانی وردە بورژوازیش چ لە دام و دەزگای ئیداری دەوڵەت و چ ئەهلی کەسابەت لە پەراوێزی بازاڕ و پڕۆژە ئابوریەکاندا خەریکن بە چەرمەسەریەوە بژێوی خۆیان بەڕێوە دەبەن.

ئاڵوگۆڕە سیاسیە چینایەتیەکان

ئەم ئاڵوگۆڕە ئابوری و کۆمەڵایەتیانە ڕەنگدانەوەی خۆشی لە ئاستی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە سیاسیەکاندا هێناوەتە ئاراوە لەناو چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگەدا. لەناو دەرونی بورژوازیدا ڕەوتێکی ناسیوناڵ لیبڕاڵ کە سوپایەک لە قەڵەم بەدەست و میدیاکاری بەرهەمهێناوە، هوشیاری دەداتە دەسەڵات کە فەرمانڕەوایی بەم شکڵە و بەم شێوازە ئایندەکەی دەکەوێتە بەر مەترسی ڕاپەڕین و شوڕشی کرێکاران و زەحمەتکێشان، بۆیە خوازیاری دەوڵەتی دامەزراوەییە ئیداریەکان، سەروەری یاسا، دەستاودەست پێکردنی دەسەڵات و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیای حزبەکانە لەناو سوپایەکی نیشتیمانی غەیرە حزبیدا.
لیبرالیزم لە کوردستاندا لە غیابی ئەوەی کە توانیبێتی حزبی سیاسی تایبەت بەخۆی بهێنێتەدی، چاوی بڕیبۆ “بزوتنەوەی گۆڕان” لە (2009) بەدواوە تا وەک ئامڕازێکی سیاسی بۆ بردنەوەی پێشەوەی ئامانج و ستڕاتیژی خۆیان کەڵکی لێوەرگرن و چ باشتر کە بشبێتە حزبی خوازیاری ئەوانیش. بەڵام پڕۆسەی پەرەسەندنی ئەم حزبە زۆر دڵخۆشکەر نەبوو بۆیان. گرفتی لیبراڵەکانی کوردستان لەگەڵ حزبی “گۆڕان”دا، لایەک بنکەیەکی جەماوەری ڕادیکاڵە کە “گۆڕان” لەناو شەپۆلی ناڕەزایەتیەکانی کوردستاندا لە (2009) تا (2013) توانی بیانکێشێتە ژێر باڵی خۆیەوە، کە نەک هەر سەرکردایەتیەکەی هەراسان کردوە، بەڵکو نیگەرانیشی لای لیبرالەکان هێناوەتە ئاراوە. وێڕای ئەم نیگەرانیە، لیبڕاڵەکان لە ئێستادا نیگەرانی داخزانی ڕۆژ بەڕۆژی سەرکردایەتی ئەو حزبەن ڕووە و ڕەگوڕیشە ئەسڵیەکانی خۆی و پەیوەستبوونەوەی بە جۆباری ناسیونالیزمە کلاسیکەکەی “ی.ن.ک” و “پارتی”ەوە.

لەناو بەرەی کرێکار و زەحمەکێشیشدا، ئەگەر چاوێک بە مێژووی چارەکە سەدەی ڕابردووی کوردستاندا بخشێنینەوە، دەبینین ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانیان ڕاستەوخۆ دژی دەسەڵاتی حزبە قەومیەکانی کوردستانە بووە و یەخەی ئەوانی گرتووە. وەک تەقینەوەی جەماوەری توڕە و ناڕازی بەڕووی ئەم دەسەڵاتە لە ئۆگۆستی (2006)، خۆپێشاندانە بەرفراوانەکانی بزوتنەوەی سەردەشت عوسمان (2010) و بزوتنەوەکەی (17)ی شوباتی (2011) و بەدوای ئەوانەشدا جارێکی تر تەقینەوەی جەماوەر بەڕووی ئەم دەسەڵاتەدا لە ئۆگۆستی (2015) و دوایینیان زنجیرەی خۆپێشاندانە بەرفراوانەکانی کۆتایی سێپتێمبەری (2016) تا کانونی دووەمی (2017)، ئەڵبەتە جگە لەو چرکەساتانەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێداون، ڕۆژانەش بەدرێژایی ئەو چارەکە سەدەیە، ناڕەزایەتیەکان وەک زنجیرەیەکی بەردەوام و نەپساوە لە ئارادا بوون بەدژی ئەم دەسەڵاتە.

جاران لەسەردەمی ڕژێمی (بەعس)دا، هەر بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی و هەر خۆپێشاندانێک کە لە کوردستاندا سەری هەڵبدابایە، بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبە قەومیەکانیش هەم تیا مەوجود بوون و هەم بەشێک بوون لە ڕێکخستن و ڕابەرایەتیشی، بەڕاددەیەک کە ئەو ناڕەزایەتیانەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەدژی دەوڵەتی ناوەندی بەغدا لە چوارچێوەی ئاسۆ و ئامانجەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبە قەومیەکاندا لە قاڵب درابوون، بۆیە لەو سەردەمەدا ئەستەم بوو جیاوازی بکرێت لە نێوان بزوتنەوەی کوردایەتی و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان دژی دەوڵەتی ناوەندی.
بەڵام لە (1991) و بەتایبەت لە (2003) بەدواوە، کە پەرەسەندنی سەرمایەداری و وجودی کرێکار و زەحمەتکێش لەناو کۆمەڵگەدا کێشێکی قورسی پەیدا کردوە و حزبە ناسیونالیستەکانی کوردستانیش پەیوەندیەکی توندوتۆڵتر و ڕاستەوخۆتریان بە سەرمایەدارانی کوردستان و بە هاوپشتانی نێونەتەوەیی بورژوازیەوە پەیدا کردوە، دەبینین بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان و شەپۆلی خۆپێشاندانە یەک لەدوای یەکەکان، ڕاستەوخۆ دژی دەسەڵاتی ئەم حزبە ناسیونالیستانەیە کە نوێنەری سەرمایەی ناوخۆ و بەرژەوەندیەکانی ئیمپریالیزمە. لێرەوە ئەو یەکانگیر بوونەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بزوتنەوەی ناسیونالیزم لە کوردستاندا لەناو بزوتنەوەیەکی یەکگرتوودا دەمێکە کۆتایی هاتووە، بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان و خۆپێشاندانەکان لەلایەک و بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبە قەومیەکانیش لەلایەکی ترەوە بوون بە دوو قوتبی دژ بەیەک. ڕیزی کرێکار و زەحمەتکێش بە واقعی و بە عەمەلی نزیک بە چارەکە سەدەیەکە جیابۆتەوە لە بورژوازی هەرێمەکە.

بەڵام ئەوەی کە تا چ ڕاددەیەک ئەم جیابوونەوە مادیە (واقعی و عەمەلیە) سەری کێشاوە بۆ جیابوونەوە لە ئاسۆی فکری-سیاسی بورژوا ناسیونالیست و بەتایبەت ناسیونالیزمی لیبراڵ لە کوردستاندا مەسەلەیەکی ترە کە دواتر دێینەسەری. وە خودی ئەم ڕیفڕاندۆمەی ئێستاش خاڵێکە لەو کێشمەکێشە لە مەیدانی خۆجیاکردنەوەی ئاسۆی فکری و سیاسی کۆمۆنیزمێکی ڕادیکاڵی کرێکاری لە ئاسۆی بورژوا ناسیونالیست و ناسیونالیزمی لیبراڵ و “لیبرالیزمێکی چەپ”ی ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق.

ماویەتی ……

nadr1506@yahoo.com
2017-08-11