ڕۆمانی قاوغ… نووسینی: مصطفى خليفة

قاوغ
ڕۆمان
مصطفى خليفة

نەجات عەزیز
له‌عەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی

بەرگ: دەنگەکان
 چاپ: یەکەم- ٢٠١٩
 چاپخانە: کەنەدا
 تیراژ:
 نرخ:
 بڵاوکار: ناوەندی دەنگەکان- بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

بۆخوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە کلیکی ئێرەبکەن …..




داستانی دایکێکی ئازا – ..هاوارێکی کاسکەر دژ بە جەنگ… ئێمە لە کوێیداین !


نووسینی: عەبدوڵا حبە
لە عەرەبیەوە / نەجات عەزیز
….

گۆڤاری “تیاتر”ی ڕوسی نمایشکردنی شانۆگەری “دایکە کۆراژ و کوڕەکانی” لەسەر هۆڵی شانۆی دۆیچە تیاتر لە بەرلین بە یەکێ لەو دە شانۆگەریانەی کە جیهانیان هەژاند داناوە. وادیارە ئەم داستانە مرۆڤایەتیە وێناکردنێکی زیندویانەی جەنگە، تەنانەت لە جیهانی عەربی خۆیشماندا لەم دەیانەی دواییدا کە ئاگری کۆمەڵێک جەنگ کەوتۆتەوە کە هیچ بەرژەوەندیەکی دانیشتوانی ناوچەکەی تێدا نیە جگە لە تیاچوون و ماڵوێرانی و کاولکاری بۆ ناوچەکە.

برتۆڵت برێخت (١٨٩٨-١٩٥٦) ئەم شانۆگەریەی لە سوید نوسیوە کاتێک هەڵهاتبوو لە ئەڵمانیای نازی لەگەڵ ڕۆشنبیرانی تری ئەڵمان، دوای ئەوەی هتلەر دەستی بە کتێب سوتاندن کرد لە گۆڕەپانە گشتێکاندا وکەوتە ڕاوەدونانی هەموو ئەوانەی دژ بە ڕژێمە فاشێکەی بوون. برێخت وای دانابوو شانۆگەرێکەی کە هاوارێکی هەورە گرمە ئاسای دژ بە جەنگە، کەسێک ئەدۆزێتەوە بیباتە سەر تەختەی شانۆکانی ئەوروپا و میللەتانی ئەوروپا وەئاگا ئەهێنێ لە مەترسی چارەسەرکردنی ناکۆکێکانیان بە جەنگ. بەڵام برێخت دواکەوت لە بڵاوکردنەوی شانۆگەرێیەکەی. کاتێك بۆ یەکەم جار نمایشکرا لە ساڵی ١٩٤١ لە سویسرا کار لە کار ترازابوو جەنگی جیهانی دووەم دەستی پێکردبوو کە بە ملێۆنەها قوربانی و وێرانبوونی سەدەها شار و هەزاران گوند و لادێی لێکەوتەوە. بۆیە، کەس نەبوو لە ئەوروپییەکان گوێی لە ئاگادارکردنەوەکەی بگرێت سویسرێکان نەبێت، کە خۆشیان زوتر شەری سی ساڵەیان کردبوو بەڵام دەرئەنجامەکەی دامەزراندنی سویسرای فیدراڵ بوو.

بەم شێوەیە بڕێخت نەیتوانی بینەری ئەوروپی بۆ شانۆگەرییەکەی بدۆزێتەوە هەتا ساڵی ١٩٤٨ کاتێك داوای لێکرا هەستێ بە دەرهێنانی کارەکەی لەهۆڵی شانۆیی “دۆیچە تیاتر” دوای جەنگی جیهانی دووەم. ئەویش ڕازی بوو بە دەرهێنانی شانۆگەریەکەی و یەکەم نمایشی لە ساڵی ١٩٤٩ کرا. لەسەر شانۆ، جلە کۆن و شڕەکانی ئەکتەرەکان، کە لە سەدەی حەڤدەهەمدا ژیابوون لە جلی خەڵکی ئەڵمانیای ئەوکاتە ئەچوو. بینەرانی شانۆ بەتەواوی ئاوێتەی ڕووداوەکانی شانۆگەرییەکەی بوون و بەدەمەوەچوونێکی تەواویان هەبوو لەگەڵ دایکە ئازاکە-(کوراژ)- کە هێلینا ڤایگل هاوسەری برێخت ڕۆڵەکەی بینیبوو. چونکە واقعی خۆیانی بیر ئەخستنەوە.

برێخت تەنها چاوەڕێی دەربڕینی هاوسۆزی نەئەکرد لە جەماوەرەکە لەگەڵ پاڵەوانی شانۆگەریەکە، بەڵکومەبەستی تێگەیشتنیان بوو لە مانا شاراوەکانی بیرۆکەی شانۆگەرییەکە. واتە وەستانەوە دژ بە جەنگ و بەهانەکانی هەڵگیرساندنی. بۆیە دەستکاری کرد لە هەندێك بەش لە تێکستەکە و هەندێک داهێنانیشی کرد لە کاری دەرهێنانەکەی. ڤایگل ڕۆڵێکی یارمەتیدەرانەی زۆری هەبوو لە گەیاندنی مەبەستی نوسەرلە ڕێی بەرجەستەکردنی ڕۆڵەکەی بە شێوەیەکی وشك و دوور لە هەڵچوون بەشێوەیەک کە هیچ بوارێکی بۆ بینەر نەهێشتەوە جگە لە هاوسۆزی لەگەڵ دایکە کۆراژ. بیرۆکەی داوای ئاشتی بەتەواوی دەستی بەسەر نمایشکردنی شانۆگەرییەکەدا لە ساڵی ١٩٤٩ دا کێشابوو، دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو لای جەماوەر لە سەردەمی هەڵکشانی مەترسی شەڕی سارد. هەروەها بە ڕوونی پاڵنەرە ئابوریەکانی جەنگی ئاشکرا کرد و پێویستی ئاشکراکردنی تاوانەکانی شەڕ پەیوەست بە ئایدێۆلۆژیای دوژمنکارانە و پاڵنەرە داراییەکان بۆ هەڵگیرساندی جەنگ. ئاشکراکردنی ئەوەی کە بزنس لە پشت هەموو شەڕکانەوەیە لەم سەردەمەماندا.

هەرچەندە دەسەڵاتی داگیرکەری ئەو دەمەی سۆڤێت خۆشحاڵ بوو بە نمایشکردنی شانۆگەرێیکە بەوەی کە دژ بە بیرۆکەی جەنگە و کۆمەکی برێخت و شانۆکەشی ئەکرد ئەکرد، بەڵام هەندێک لە رەخنەگرانی سۆڤێت پێیان وابوو شانۆی داستانییانەی برێختی ناگونجێت لەگەڵ یاساکانی ڕیالیزمی سۆسیالیستی. ئەمەش دواتر بو بە هۆی ساردی هەڵوێستی وڵاتانی بلۆکی سۆسیالیست لە کارەکانی برێخت بەشێوەیەکی گشتی. بەڵام برێخت سەرکەوتنێکی گەورەی لەلای جەماوەری پێشکەوتنخوازی دژبەجەنگی ئەوروپای خۆرئاوا بەدەست هێنا پاش نمایشکردنی شانۆگەریەکانی لەلایەن تیپە شانۆیەکەیەوە-برلینەر ئنسابل- لە پاریس ١٩٥٤ و لەلەندەن لە ١٩٥٦.

برێختی شانۆنووس، دەرهێنەر، شاعیر و ڕەخنەگر، لەسەرەتای تەمەنی لاوێیتیدا خۆی بۆ خوێندنی پزیشکی ئامادەکرد بوو بەڵام بەرەو ئەدەب وەرچەرخایەوە، عەوداڵی ئەدەبی یۆنانی کۆن بوو، درامای داستانی یۆنانی زۆر کاری تێکرد. گەلێک شانۆگەری نوسی لەوانە: “کردەوە” و “تەپڵ لە شەودا” و “ئەم سەربازە چیە و ئەویتریان چیە” ئۆپێرای سێ پێنی” و “ترس و ڕەشبینی لە ڕایخی سێیەم” و “پیشەی ارتۆرۆ وی” و “دایکە کۆراژ و کوڕەکانی” و بازنەی تەباشیری کەوکازی” و “ژیانی گالیلۆ” و بڕێکی تر. بەڕاستی هەموو کارەکانی داستانی ئەدەبی شانۆیی سەردەمن.
ڕوداوەکانی شانۆگەری “دایکە کۆڕاژ و کوڕەکانی” ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگە ئایینێکانی ئەوروپا، بەتایبەتی بەهاری ١٦٢٤ کاتێک سوپای شای سوید خۆی ئامادە کردبوو بۆ داگیرکردنی پۆڵەندا، شارەزایانی سوپا کە شەڕ بە تاکە ڕێگا دائەنێن بۆ سەپاندنی ” سیستەم و شارستانیەت”، هەڵئەستن بە کاری سەربازگیری گەنجان و ئامادەکردنیان بۆئەرکەکانی داهاتوو. بەڕای سوپا، بەبێ شەڕ و توند و تیژی هیچ ڕەوشتێك نابێت- بەبۆچونی ئەوان ئەگەر سیستەمی سەربازی باڵادەست نەبێ ئەوا تاک بە گوێرەی حەزی خۆی ئەسوڕێتەوە و بەکەیفی خۆی هەموو شتێک ئەڵێت و بەئارەزوی خۆی ئەخوات. کەواتە ئەمە چ سیستەمێکی دەوڵەتە کە بەبێ فەرمان و بێ بەشکردنی ئازوقە و لێپرسینەوە بەڕێوە ئەڕوات!.

شانۆگەری دایکی ئازا

لە شانۆگەرێەکە، دوو گەنج عەرەبانەکەی دایکە ئانا ڤیرلینگ ڕائەکێشن کە فرۆشیارێکی گەڕۆکە ( بە ڕەچەڵەك خەڵکی باڤاریای ئەڵمانیایە) و نازناوی “کۆڕاژ” واتا ئازای لێنراوە، چونکە لە بۆردمانی تۆپەکان و گزەی گولە نائەترسا. بەعەرەبانەکەیەوە کە هەردوو کوڕەکانی ڕایان ئەکێشا لەگەڵ کەتیبەی فنلەندی دووی سوپاسی سویدیدا ئەسوڕایەوە و شتی پێ ئەفرۆشتن. هەردوو کوڕە گەنجەکەی و کچە ڵاڵەکەی نازناوی جیاجیان هەبوو چونکە کەس بە دەقیقی نەیئەزانی باوکەکانیان کێیە، سەربازی سوپای جۆراوجۆر بوون و لەوانەیە لێشیان کوژا بێ یان بێ سەروشوێن بووبێ. هەر لەو کاتانەدا فەرماندەی کەتیبەکە کوڕە گەورەکەی، ئیلیف، ئەباتە ڕیزەکانی کەتیبەکەوە و لەیەکێک لە شەڕەکاندا ئەکوژرێ. بەو شێوەیە دایکە یەکێک لە کوڕەکانی لە دەست ئەدات. دوای تێپەر بوونی سێ ساڵ لە شەڕ، دایکە دیل ئەکرێ لەلایەن سوپای دوژمنانەوە بەڵام بە گۆڕینی ئاڵای سەر عارەبانەکەی کە ئاڵای لوسەرێکان بوو و دانانی ئاڵای کاتۆلیکەکان و خۆی لە مەترسی ڕزگار ئەکات. کاتێك سوپای دوژمن داوا لە کوڕە بچوکەکەی، شڤیتسەرکاش، ئەکەن شوێنی گەنجینەی کەتیبەکەیان پیشان بدات و ئەویش ڕەتی ئەکاتەوە تەقەی لێ ئەکەن ئەیکوژن. لاشەکەی پێشان دایکە ئەدەن نکولی لە ناسینی ئەکات بۆ ئەوەی عەرەبانەکە و شتومەکەکانی لەدەست نەچێت. بەو شێوەیە شەڕ جەند ساڵێک بەردەوام بوو دایکەش بە وڵاتانی پۆڵەندا و مۆراڤیا و باڤاریادا سوڕایەوە. لەکۆتایشدا سەربازەکان بەزۆر لاقەی کچەکەیان کرد و دەمچاویشیان شێواند بەڵام دایکەی ئازا دانی بەخۆدا گرت بەتایبەتیش پاش ئەوەی کە لەو کاتانەدا لە تروپکی سەرکەوتنی بازرگانێکەیدا بوو.

لە ساڵی ١٦٣٢ پاشای سوید، گۆستاڤ ئەدۆلف ئەکوژرێت و ئاگربەست ڕائەگەێنرێت، بازرگانێکەی دایکەی ئازاش هەڕەشەی مایەپووچی دێتە سەر. ئەو پێوێستی بە ئاشتی نەبوو، شەر سەرچاوەی سەرەکی بژێوی بوو، خۆزگەی هەڵگیرسانی شەڕی ئەخواست. شەڕی نێوان کاتۆلیکەکان و پرۆتستانتەکان ١٦ ساڵی خایاند، نیوەی خەڵکی ئەڵمانیا تیاچوو، وێرانی و برسێتی هەموو لایەکی گرتبوەوە، لەکۆتایی شانۆگەریەکەدا سەربازەکان کاترینی کچی ئەکوژن چونکە خەڵکی گوندی وەئاگا هێنا لە هاتنی سەربازەکان بە لێدانی تەپڵ بە مەبەستی ڕزگار کردنیان لە کوشتار. بەم شێوەیە جەنگ هەموو مناڵەکانی دایکە کۆڕاژی قووتدا بەڵام ئەو هێشتا بەردەوامە لە ڕاکێشانی عەرەبانەکەی بەتەنیا و سەربازەکان بەلایدا تیئەپەڕن و ئەویش هاواریان لێ ئەکات: ” بمبەن لەگەڵ خۆتان”

بڕێخت لە شانۆی داستانییدا فایلەسوف و شانۆنوسیشە لە هەمانکاتدا؛ چونکە کارەکانی پێناسە ناسراوەکانی شانۆ تێئەپەڕێنێ. لە نوسینی شانۆگەریەکانیدا زۆری لە کارە درامیە یۆنانیە کۆنەکان وەرگرتوە بەتایبەتی لە شانۆگەریەکانی سۆفۆکلیس کە زۆر پێیان سەرسام بوو. ئەم نوسەرە هەڵکەوتووە گرنگی زۆری بە ڕوداوە مێژوییە مەزنەکان ئەدا، ئەم گرنگیپێدانەش مەودایەکی کۆمەڵایەتی و ڕەخنەگری بە کارەکانی ئەبەخشێت. کۆمەڵێک پێکهاتە کارەکانی جیا ئەکاتەوە، لەوانە گەیشتن بە تروپکی ڕوداوە درامێکان چەند جارێك و چارەکردنیان و جیاکردنەوەی سەردەمی ڕوداوە درامێکە و سەردەمی نوسەر. بە شێوەیەک کە نووسەر لەسەر تەختەی شانۆ گێڕانەوەیەکی بەسەرهاتەکان پێشکەش ئەکات بەڵام کۆتاییەکەی زانراوە. بەبۆچونی برێخت ژیان لە شانۆی ئاساییدا بینراوە، بەڵام ڕوون نیە. بۆیە لە شانۆگەریەکانیدا کەسایەتی گێڕەڕەوەی داهێناوە. واتە ئەکتەرێك کە کۆمێنت لەسەر ڕوداوەکان ئەدات بەبێ ئەوەی یەکێک بێت لە پاڵەوانەکای شانۆگەرێکە و ئەکتەرەکان لە نمایشەکانیدا پێویستیان بە بنینی ڕۆل نیە.

شانۆی عەرەبی ئەمڕۆ پێویستی بە داهێنانی برێخت و بلیمەتانی تری جیهانی شانۆییە بۆ سود وەرگرتن لە شارەزاییان لەپێناو دەرچوون لە دۆخی چەقبەستوو لەم سەردەمی پاشەکشەکردنە ڕۆشنبیریەی کە جیهانی عەرەبی گرتۆتەوە بەگشتی. ئەمڕۆ ڕۆشنبیرانی عەرەب خۆیان دان بە خراپبوونی کاری داهێناندا ئەنێن لەناویشیاندا داهێنان لە بواری شانۆ، وەکو بڵێی ئەم وڵاتانە کەسایەتی بەهرەمەند و داهێنەری وەکو نجیب مەحفوز و مهدی جەواهری و غایب گعمە فەرمان وجواد سەلیم و محمود سەبری و دەیانی تری وەکو ئەمانی بەخۆوە نەدیبێ. سەبارەت بە عێراق، ئەتوانین بڵێین وڵاتەکە پاش ئەو هەموو شەڕەی توشی میللەتەکەی بوو، سینەما و شانۆ و هونەری تەشکیلی و میوزیک و هونەری فۆلکلۆری، تەنانەت شیعر و چیرۆک و ڕۆمانیش لەئاستێکدا نیە کە بەرزی بکاتەوە بۆ ئەو پایەیەی کە شایانی بێت. نەک تەنها لەسەر ئاستی جیهانی، بەڵکو لەسەر ئاستی ناوچەیی و ئاستی وڵاتانی جیهانی سێیەمیش بە شێوەیەکی گشتی.

شانۆگەری “دایکە ئازاکە”، گرنگیەکی تایبەتی هەیە بۆ ئەمڕۆی ناوچەی عەرەبی کە جارێك بە چەندەها جۆر شەڕی تایفەگەری و جارێکی تر بە شەڕی دەستێوەردانی دەرەکی بەبیانوی بەرگری لە دیموکراسیەتدا تێئەپەڕێ. چین و توێژانێکی دیاریکراو لە کۆمەڵگا هەڵکەوتون هیچ لاریەک نابینن لە بەکوشتدانی ڕۆڵەکانی لەپێناو سەروەت و ساماندا. کە هیچ بەهایەکی نیە لەپاش تیاچونی ئەو ڕۆڵانە. لەم ڕۆژانەدا بەها مرۆڤایەتیەکان وون ئەبن و چەمکانێکی وەک نیشتمان، ئازادی، شکۆی مرۆڤایەتی، مانای خۆیان لەدەست ئەدەن.

لە عەرەبیەوە / نەجات عەزیز -١/٧/٢٠١٧
————————————————-
سەرچێ‌وە:
الحوار المتمدن -ژمارە 3881-١٥/١٠/٢٠١٢

لە ژمارە 3ی گۆڤاری هانا بڵاو بۆەوە




مارکس لەدیدی (جێسکا کاسل)ەوە …. لە وەڵام بە پرسیاری دەنگەکان

ئەم چاوپێکەوتنە درێژەی مەلەفێکە سەبارەت بە کارڵ مارکس لە 2010وە درێژەی هەیە….
دەنگەکان

جێسیکا کاسڵ، هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بواری کاری کۆمەڵایەتی لە زانکۆی رایەرسن لە تۆرنتۆ-کەنەدا. لەبواری نیشتەجێبوون، تەندروستی دەروونی، ئالودەبوون، دادی کۆمەڵایەتی، توندو تیژی خێزانی، کاری کردووە. لە حەوت ساڵی رابوردوودا بەگوڕ و تینێکی زۆرەوە تێکەڵ بەخەبات بووە لە پێناو سۆسیالیزمدا و ئێستا ئەندامێتی تەواوی بۆردی ڕێکخەرو نووسەری ئۆرگانی Fightback ی (Marxist.ca)یە (هەوادارانی مارکسی جیهانی) لقی کەنەدایە کە بوونیان هەیە لە زیاتر لە سی وڵاتی جیهاندا.
جێسیکا وەکوو مارکسستێك، گرنگیەکی تایبەتی داوە بە دۆزی ژنان و گەنجان و بەستوویەتیەوە بەخەباتی چینایەتیەوە و بە جەنگ دژی سیستەمی سەرمایەداری.

دەنگەکان:
1) گەلێک ڕۆشنبیربانگەشەی بەسەرچوونی مارکسیزم وەکو فەلسەفەیەک بۆ گۆڕینی جیهان ئەکەن. لەبەرامبەریشدا کەسانی تر هەن باوەڕیان وایە کەوا مارکسیزم توانای گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە لە ڕژێمی سەرمایەداری لە جیهانی ئەمڕۆماندا. بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەم دوو ڕا دژبەیەکە چۆنە؟

وەڵام: ئێمە پێویستە لە خۆمان بپرسین، ئەگەر مارکسیزم پەیوەندی بە جیهانی ئەمرۆمانەوە نیە، بۆچی میدیای بۆرژوا و ئەکادیمێکانیان بەردەوام هێرشی بۆ دێنن؟ ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، کەواتە هێرشەکانیان وەکو لێدانی ئەسپێکی مردوو وایە. لێرەدا هۆ هەیە وامان لێ دەکات گوێ نەگرین لە بوختان و پەلامارەکانی مۆدێلی چەقێتی گۆی زەوی لە گەردوون (باوەڕی باو و باڵادەست تا سەدەی شانزە کە گۆی زەوی بە چەقی گەردوون دائەنا و ئەستێرەکانیشی بەدەوردا ئەخولانەوە)- ئەمە لەبەر ئەوەیە کەوا لە زووەوە نەسەلمێنراوە و چیتر پێویست بەوە ناکات گفتوگۆی لەسەر بکرێت!
هۆی هەوڵی بەردەوامی بۆرژوا بۆ پوچەڵ کردنەوەی مارکسیزم بەدەقیقی ئەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە مارکسیزم نەک تەنها پەیوەندیدارە بەڵکو ئاشکراکەری ڕاستییەکانیشە لەو سیستەمە کۆمەڵایەتی و ئابوریەی کە ئەوان خوازیاری پاراستنین. بیرۆکەکانی مارکس و ئنگڵز، کە لە مانیفێستی کۆمۆنیست بەرجەستە کراوە و لە کارەکانی دواتریش پەرەیان پێ دراوە، پێشبینی و شرۆڤەی دیاردەکانی جیهانگیری و قەیرانی زیا بەرهەمی جیهانی ( کە ئابوریناسە بۆرژواکان بە خواربەکارهێنراو” under consumption” ئاماژەەی پێ ئەکەن لە هەوڵی شاردنەوەی دەم و چاوی ڕاستی پرۆسەکە)، چڕبونەوەی سامان لە دەستانێکی کەمتر و کەمتردا، پەرەسەندنی کۆمپانیا نێودەوڵەتێکان و مۆنۆپۆڵێکان، جەنگ و قنیات کردن. مارکسیزم تەنها شیکرەدنەوەی بۆ پرۆسە ئابورێکە نەکردووە بەڵکو شیکردنەوەی بۆ بنچینەکانی چەوساندنەوەی ژن کردوە و بناغەشی بۆ تێگەیشتن بۆ جۆرەکانی تری چەوساندنەوە و جیاڕەگەزی لە 150 ساڵی رابوردودا دانا. پەوەیست بوونی بیری مارکسیزم بەژیانەوە لەمە زیاتر ئەبێ چۆن بێت کە ڕووداوە جیهانیەکان بە بەردەوامی سەلماندوویانە.

لەهەمان کاتدا، فەیلەسوفان و ئابوریناسانی بۆرژوا نەیانتوانیوە هیچ کام لە کێشە بنچینەییەکانی ئابوری سیستەمی سەرمایەداری چارەسەر بکەن. پێیان وتین گوایە ئەمە گونجاوترین سیستەمی ئابوریە و لەبەرزترین ئاستی مرۆڤایەتی، کەچی هێشتا بە ملیۆنەها کەس بێکارن، بێ جێگاو ڕێگان، بێبەشن لە خزمەت گوزاری تەندروستی، لە خوێندن، لە خواردن و لە ئاو. ئێستا کە من ئەمە ئەنووسم، تەنها لە شەش مانگی داهاتوودا بیست ملێۆن کەس ڕوبەڕوی مەرگ ئەبێتەوە لە برساندا، هەرچەندە بڕی خواردنی بەرهەم هێنراو لەسەر ئەم ئەستێرەیە بەشی دە ملیار کەسە. ئەمە چۆن سستمێکی لەبارە؟!
لە ڕاستیدا ئەوە تێۆری ئابوریناسانی بۆرژوا و فەیلەسوفە سیاسیەکانیانە کە زۆر بە ئاشکرا شکستی هێناوەومەحاڵە لەسەر ئەرزی واقیع بسەلمێنرێ. لەدوای قەیرانە جیهانێکەی 2008، کێ ئەتوانێ قسە لەسەر تیێۆری “دەستی نادیار” بکات کە گوایە بازار خۆی ڕێک ئەخاتەوە و هاوسەنگ ئەبێتەوە؟ لە2008 ەوە قەرزی جیهانی بە ملیارەها دۆلار زیای کردووە و هەندێ وڵات بەئاستەم بەشە قەرزەکانیان لەوادەی خۆیدا پێ پەیدا ئەکرێ بەوێنەی یۆنان. 2008 تەنها نۆبەرەی قەیرانێکی گەلێک قوڵتر و کێشە هەژێنترە. ئەم قەرزانەی دەوڵەت ئەگوێزرێتەوە و ئەکەوێتە سەر شانی کرێکاران و گەنجان لە ڕێی بەتایبەت کردنی کەرتی گشتی، قنیات کردن، کەمکردنەوەی کرێ دەست و دەستکەوتەکانی تر. لەگەڵ زیادبوونی ناجێگیری ئابووری، سەرەتای هەڵکشانی خەباتی چینایەتی ئەبینین لە هەموو جیهاندا. ئابوریناسان و دەستەی بیرمەندانی سەر بە سەرمایەداری خۆشیان هۆشداری ئەدەن لە ئەگەری یاخیبوون و هەڵگیرسانی شۆڕش، ئەگەر ڕەوشەکە بەردەوام بێت. لەگەڵ ئەوەشدا چارەیەک بەدی ناکەن بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان.

تەنها مارکسیزم شیکردنەوەی بۆ ئەم قەیرانە گشتگیرەی ئێستا هەیە و ئەتوانێت ئەلتەرناتیڤەکەشی پێشکەش بکات. ئەوە ڕاستیەکی بابەتیانەیە کەوا بەشی هەمووان و بەزیادیشەوە سەرچاوەی بژێوی وسامان هەیە کە بەستاندەرێکی شیاو هەموو بژین، (بەتایبەتی کە بزانین دەوڵەمەنترین هەشت کەسی دونیا سامانەکانیان بەقەدەر سامانی 50٪ سامانی چینی خوارەوەی خەڵکی سەر گۆی زەویە). تەنها بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕ بۆ دەسکەوتتی تایبەت ڕێگرە لە دەستەبەر کردنی پێداویستی زۆرینەی دانیشتوانی سەرزەوی. سۆشیالیزم تەنها ڕێگایە بۆ بەرەوپێش چوون!

دەنگەکان:
هەوڵگەلێك هەیە کەوا مارکس تەنها وەك فەیلەسوفێك بخوێنرێت لە بواری ئەکادیمیدا، لەلایەکی تریشەوە گروپ و پارتە مارکسیستەکان مارکس وەکوو کیانێکی ئادێۆلۆجی پێشکەش ئەکەن. دیدی ئێوە بۆ مارکس لەنێوان فەلسەفە و ئایدێۆلۆجیدا چۆنە؟

وەڵام: مارکسیزم بریتیە لە چۆنیەتی تێڕوانین و تێگەیشتنمان لە دنیای دەوروبەرمان. لەم هەستپێکردنەوە، مارکسیزم ئایدێۆلۆجیا و فەلسەفەشە لەهەمان کاتدا. لەڕاستیدا من هیچ جیاوازیەکی ڕوون لە نێوانیاندا نابینم، ئەتوانین بڵێین هەموو بۆچونێکی ئایدیۆلۆجی بنەمایەکی فالسەفی هەیە. بۆ مارکسیزم، فەلسەفەی ماتیریالیزمی دیالیکتیك بنەما و ڕێگایەك بوو کە لێیەوە هەموو سیستەمی بیرکردنەوەی مارکسییانە پەیدا بوو. ئاگادار بین یان نا، سەیرکردنی جیهان بەبێ چاویلکەیەکی ئایدیۆلۆجی یان فەلسەفی یان چوارچێوەیەکی بیرکردنەوە کارێکی مەحاڵە. بەڵام ئەگەر فەلسەفەیەکی بەکردەیی سەرکەوتووشت نەبێ؛ ئەوە ئەگەری دواکەوتنت لە دنیابینی باوی مێژوویی و ئابوری – کۆمەڵایەتی سەردەمەکەی خۆتدا هەیە. مارکس ئەوەی ڕوون کردەوە کە دیدی باوی کۆمەڵگا دیدی دەسەڵاتە، کەوا زەمینەیەکی ئیدیاڵ بۆ فۆرمی بەڕێوەبردنەکەیان لە چەوساندنەوەو دەستبەسەراگرتن دەستەبەر ئەکات. بۆیە زۆر گرنگە کەوا چینی چەوساوە و ژێردەست فەلسەفەی تایبەت بە خۆیان هەبێت.

مارکس دەستنیشانی کردوەو کە کاری فەلسەفە تەنها تێگەیشتن نیە لە دنیا، بەڵکو گۆڕاندنیشیەتی. هەروەها ماتریالیزمی دیالیکتیك بە دەقیقی فەلسەفەی گۆڕانە و چۆن هەموو گۆڕانکارێکانیش دەرئەنجامی هێزە دژەیەکەکانە. لە سروشتدا بێت یان لە ژیانی کۆمەڵایەتی. زیاتر بڵێن، گۆڕانکارێکان پلە بە پلە ڕوو نادات بەڵکو زۆر بەخێرایی و تەقینەوە ئاسا ئەبێت. پەیوەست بەم مێژووەوە ئەبینین چۆن خەباتی چینایەتی دژبەیەکی چەوساوەکان و چەوسێنەرەوەکان مێژووی بەرەو پێش جولاندوەو بوەتە هۆی ناو بە ناو تەقینەوەی شۆڕشگێریانە و گۆرانکاری لە کۆمەڵگادا کردووە. ئەمەش پێشبینیەکی ترسناکە بۆ چینی سەرمایەداری کە سیستەمەکەیان و بەهاکانی بە شیاوترین و سروشتیترین سیستەمی بەڕێوەبردن دائەنێن بۆ مرۆڤایەتی.

کێشە لە پرۆسەی فێرکردنی فەلسەفەی مارکسیزم بەشێوەیەکی سادە بە بێ بەستنەوەی بە مێژوو و ئابوورییەوە، ئەوەیە کە ئامانجە شۆڕشگێڕیەکەی لەدەست ئەدات. تەنها ئەبێتە فەلسەفە لەپێناو فەلسەفە نەك وەك ڕێنیشاندەرێك لە پێناو خەباتی چینایەتی و گۆڕنکاری کۆمەڵایەتی بەمەبەستی ئازادکردنی جەماوەری چەوساوە. مارکسیزم ئەگەر وەکو ڕەخنەیەکیش لە سیستەمتی سەرمایەداری لە دەزگا ئەکادیمێکاندا بخوێنرێت، بەبەردەوامی و بەڕادەیەکی زۆر دەرئەنجامە شۆڕشگێریەکەی بۆ لەناوبردنی ڕژێمی سەرمایەداری لە دانوسان و گفتوگۆ دوور ئەخرێتەوە. ئەمەش شتێکی چاوەڕوان کراوە چونکە دەزگا ئەکادیمێکان بەزۆری لەژێر کاریگەری کۆمپانیاکاندان و سەرچاوەی دارایشیان لە دەوڵەتەوەیە کە لەکۆتاییدا هەر بەرگریکەری ڕژێمی سەرمایەداریە. هەروەها ئەمە باڵادەستی تێۆرەکانی پۆست مارکسیی وەکو پۆست-مۆدرینزم و پۆست-سترەکچەرڵزم ڕوون ئەکاتەوە، کە بە شێوەیەکی کارا لە بنەما سیستەماتێکەکانی چەوساندنەوە و دەستبەسەراگرتن کەم ئەکاتەوە (تەماوی ئەکات). ئەو بیرۆکانەی کە لە ئنستتیوتە ئەکادیمێکانی سەر بە دەزگا ئابورێکان ئەوترێتەوە، لەژێر کاریگەری و بیروباوەر و بۆچونی ئەو دەزگا ئابوورەییانەدان.

مەخابن لەدەرەوەی ئەکادیمیاکانیش تەنانەت لە نێو گەلێ لەو ڕێکخراوانەی کە ناوی خۆیان ناوە ڕێکخراوی مارکسی، زیاتر مارکسیزم بە شێوەیەکی دۆگمایانە وەرگیراوە. بەڵام مارکسیزم دۆگما نیە، تۆ ناتوانی ئاماژە بە وتەیەکی مارکس یان لینین لە دەرەوەی کۆنتێکست (سیاق<کۆی راستی و بیروبۆچونەکانی پەیوەست بە ڕووداوێك>) بکەی بەتەنها بۆ بەکارهێنان لەسەر هەر دۆخێکی ئەمڕۆدا. واتە ئەبێ لە ڕەوشە کۆنکڕێتیە بابەتیەکاننەوە دەست پێ بکەین بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی نێوان هێزە دژبەیەکەکان بۆ تێگەیشتن لە هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ئاڵۆز و دڵنیایی لە سەر ئەنجامە ئەگەرییەکان- ئەمە شێوە دیالیکتیکی مارکسیزمە (dialectic method of Marxism)، نەک دۆگمایەکی مردووی چەقبەستوو.

دەنگەکان:
ڕاپرسی و ژمارەکان وای پیشان ئەدەن کەوا مارکس بوونێکی بەرچاوی هەیە لە نێو لاوان وچالاکوانانی نەوەی نوێ، ئەم هەبوونەی مارکس لە بیر و چالاکی لاوانی ئەمڕۆدا چۆن لێك ئەدەیتەوە ؟

وەڵام-) زۆر سەختە ئەگەر سەیری هەموو جیهان بکەین لەمڕۆدا و بەو ئەنجامە نەگەین کەوا شتێکی بەڕاستی هەڵە دەگوزەرێ. سیستەمی سەرمایەداری جیهانی زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانی سەر گۆی زەوی خستۆتە نێو ترسناکترین و ڕوخێنەرترین دەرئەنجامەکانی سیستەمەکەیەوە. لە بیرەوەری گەنجاندا هیچ سەردەمێكیان نەبینیوە کە تیایدا سەرمایەداری توانیبێتی ژیان بە ستاندەرێکی ئابڕوومەندانە دەستەبەر بکات. ئەوان لە سەرمایەداری تەنها قەیران و داڕوخانیان دیوە. هەروەها ئەوان بەشێك نین لە ورەبەردەرانی نەوەکانی پێشتر کە بەهۆی داڕوخانی یەکێتی سۆڤێت و خیانەتی دەیەهان ساڵەی سەرکردە کارەکان و پارتە سۆشیاڵ دیموکراتەکان و پارتە “کۆمۆنیستیە” ستالینێکان لە هەموو جیهان. لە کۆتایشدا، لاوان بە شێوەیەکی زۆر تایبەت هەستیارن لە بەرامبەر قەیرانەکانی سەرمایەداری. ئەمانە لە سەردەمێکدا خوێندن تەواو ئەکەن کە قەرزی خوێندن و ڕادەی بێکاری و دڵەڕاوکێی کاری کاتی وهەڵکشانی ڕۆکێت ئاسای تێچووی ژیان و داڕوخانی ژێرخانی دام و دەزگا کۆمەڵایەتێکان لەڕادە دەرچووە. سەرمایەداری تەنها داهاتوویەکی ڕەشیان پێشکەش ئەکات بۆیە بەدوای جێگرەوەیەکدا ئەگەڕێن. گەنجانێکی زۆر بێزراون لە ڕەگەز پەرستی و وەحشیگەری پۆلیس، لە جیاکاری لەسەر بنەمای سێکس جێندەر و جۆرەکانی تری زوڵم لێکردن و جیاکاری. بۆیە بەدوای ڕێگایەکدا ئەگەڕێن لە پێناو ڕزگارکردنی کۆمەڵگا لەم کارەساتانە.

گەنجانێکی زۆریش توندڕەو بوون بەهۆی ڕووداوگەلێك کە لە هەندێک وڵاتدا دەگوزەرێ وەکو بەهاری عەرەبی، بزووتنەوەی کرێکاران و گەنجان لە وڵاتی یۆنان و ئیسپانیا، شەڕی دانێشتوانی هەندێ وڵات لە دژی سەدەها ساڵ لە داگیرکاری و ژێردەستی، خراپتر کردنی ڕەوشەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەفریقا نموونەی قەیرانی پەنابەران و دەیانی تریش . جا بۆیە گەنجان لە دەرئەنجامی هەموو ئەم کێشانە ئەگەنە ئەنجامی پێویستی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانە. کەسانی وەکو بێرنی ساندەرز لە ئەمەریکا و جێرمی کۆربن لە بریتانیا ڕۆڵیان هەبووە لە بە میللیتر کردنی (زیاتر قبوڵ کردنی) سۆشیالیزم، بەڵام پێویستە کەوا گەنجان و کرێکاران بەخۆیان فێربن لە بری ئەم جۆرە مارکانەی سۆسیالزم، کە بەڕاستی پینەکردنی سیستەمە سەرمایەدارێکەیە. کە لە کۆتایشدا بە سەلامەتی ئەیهێڵێتەوە. ئەوەی بەڕاستی پێویستە گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگایە. ئەگەر تۆ ئارەزوی شکاندنی لۆژیکی سەرمایەداریت نەبێت ئەوە ئەبێ بەزۆر ملکەچی بیت. وەکوخیانەتەکەی الیکسیس تسیبراس لە یۆنان، کە بەتەواوی پاوان کرا لەلاێەن سندوقی دراوی جیهانی و بانکی ئەوروپیەوە. ڕووداوی لەم جۆرانە سنوورداری ریفۆرمکردنی سیستەمەکە دەرئەخەن و ملێۆنەها گەنج ئەخاتە سەر ئەو باوەڕەی کەوا سۆشیالیزم تەنها وەڵام و ڕێگە چارەیە و ڕوخاندنی شۆڕشگێڕانەی سەرمایەداری تەنها ڕێگەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.


لە ئنگلیزیەوە/ نەجات عزيز / 18-05-2017




تراژیدیای مه‌کسیم گۆرکی… “ئایکۆنی” پرۆلیتاریا … نووسینی: عبدوڵا حبه‌-مۆسکۆ … وەرگێڕانی: نەجات عەزیز

زۆرێک له‌ رۆشنبیرانی نه‌وه‌کانی ساڵانی چله‌کان وپه‌نجاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌ژێر کاریگه‌ری ئه‌ده‌بی گه‌وره‌ نوسه‌ری ڕوسی مه‌کسیم گۆرگیدابوون. کاره‌کانی وه‌رگێڕاندرانه‌ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی وزۆر که‌سیش به‌ هێمای خه‌باتی چینی هه‌ژار و”ئه‌و بونه‌وه‌رانه‌ی که‌ به‌ مرۆڤ ئه‌ژمێردران” دائه‌نا، هێزه‌ چه‌په‌ عێراقیه‌کان ڕۆمانی “دایک”یان به‌ نموونه‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی کرێکاران دانابوو به‌رامبه‌ر زوڵم ومافه‌ زه‌وتکراوه‌کانیان. ئه‌م بۆچونه‌ی رۆشنبیرانی چه‌پی عیراقی هه‌مان بۆچونی یه‌کێتی سۆڤێت بوو له‌سه‌ر گۆرکی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌کێتی سۆڤێت له‌ ساڵی ۱۹۹۱ڕویدا، لیبراڵه‌ ڕوسه‌کان به‌ڕابه‌ری کۆنه‌ کۆمه‌نیست بۆریس یلتسین که‌ لایه‌نگرانی ڕۆژئاوا بوون، هه‌موو تواناو چالاکێکانیان ڕووه‌و له‌ناوبردنی هه‌موو هێماکانی سۆڤێتی کۆن خسته ‌گه‌ڕ بۆ له‌ناوبردنی هه‌موو هێماکانی ده‌وڵه‌تی یه‌کێتی سۆڤێتی کۆن. بۆ نموونه‌، شاری لینیگراند ناوی گۆڕا بۆ سانت- بترسبۆرگ، په‌یکه‌ری سه‌رکرده‌ کۆمه‌نیسته‌کانی وه‌کو لینین ودیزرجنسکی وسه‌فردلۆڤ وزۆری تر له‌ سه‌رکرده‌ به‌لشه‌فێکان لابران له‌ هه‌موو شاره‌کانی ڕوسیا. ئه‌م هه‌ڵمه‌تی لابردنه‌ گه‌وره‌ نوسه‌ری ڕوسی مه‌کسیم گۆرکی (۱۸٦۸ -۱۹۳٦) شی گرته‌وه؛ شاری گۆرکی ناوی گۆڕدرا بۆ نیجنی-نۆفگۆرود هه‌روه‌ها ناوی وێسته‌گه‌ی میترۆکانی مۆسکۆ وسانتپیترسبۆرگ وقازان هه‌موو گۆڕدران. ناوی جاده‌ی گۆرکی سه‌ره‌کی له‌ مۆسکۆ گۆڕدرا بۆ تفیرسکایا په‌یکه‌ره‌که‌شی له‌ به‌رامبه‌ر وێستگه‌ی شه‌مه‌نه‌فه‌ری بیلوروسکی لابرا (به‌ شێوه‌یه‌کی کاتی وه‌کو وترا). هه‌روه‌ها ستۆدێۆی سینه‌مایی، شانۆ، پارک، جاده‌، په‌یمانگای ئه‌ده‌ب له‌ مۆسکۆ وگه‌لێ زانکۆ وکتێبخانه‌ له‌ شاره‌کانی ڕوسیا که‌ به‌ناوی گۆرکیه‌وه‌ ناونرا بوون ناوه‌کانیان گۆڕدرا بۆ ناوی تر، به‌ڵام ئه‌سته‌مه‌ ناوی گۆرکی له‌ مێژووی رۆشنبیری ڕوسی وجیهانی ڕەشبکرێتەوە سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵی لیبراڵه‌کان، چونکه‌ گۆرکی (کێوێکە) له‌ جیهانی ئه‌ده‌ب. بۆیه‌ ده‌زگای بڵاوکردنه‌وه‌کان به‌رده‌وامن له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی ولێکۆلینه‌وه‌کان له‌ باره‌ی ڕۆلی له‌ ئه‌ده‌بی ڕوسی. له‌سه‌ر شانۆی هه‌موو شاره‌کانی ڕوسیاش نمایشکردنی به‌رهه‌مه‌ شانۆییه‌کانی به‌رده‌وامیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانی پۆشکین وگۆگۆل وتۆلستۆی وچیخۆف.

له‌ ڕاستیدا به‌لشه‌فێکان له‌ مه‌کسیم گۆرکی (ئه‌مه‌ ناوێکی خوازراوه‌ به‌ڕوسی مانای “تاڵ” دێت) “ئایکۆنێک” یان دروست کرد خه‌ڵکی وەکو نەزرگا سەردانیان لێ ده‌کرد وه‌کو لاشه‌ مۆمیاکراوه‌که‌ی لینین له‌ گۆڕه‌پانی سوور. دوای ئه‌وه‌ی (الحاد) یان وه‌کو ئایدیۆلۆجیای فۆرماڵی ده‌وڵه‌ت ناساند. هه‌ر ئه‌و هەڕەشەی شۆرشە بوو که‌ مژده‌ی هه‌ڵکردنی گه‌رده‌لولی شۆڕشی دا، هه‌ر ئه‌و نوسه‌ره‌ پرۆلیتاریه‌ مه‌زنه‌ که‌ دامه‌زرێنه‌ری “ریالیزمی سۆسیالیستی” ئه‌ده‌ب وهونه‌ری ده‌وڵه‌تی ڕوسیه‌یە. خه‌رمانه‌ی مه‌زنییان به‌ده‌وردا کێشا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوڕێی ڤلادیمێر لینین وستالینه‌ ونزیکه‌ له‌ سه‌رکرده‌کنی تری حزب وده‌وڵه‌ت. لایه‌نگیری بەلشه‌فێکان بوو به‌رله‌ شۆڕش وقه‌ڵه‌مه‌که‌ی خستبوه‌ خزمه‌ت شۆڕش وپاڵپشتی هێڵی سیاسیان. ته‌نانه‌ت کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی هێرش بکاته‌ سەر شانۆی هونه‌ری مۆسکۆ، به‌هۆی پێشکه‌شکردنی ڕۆمانی “ده‌ستلێوه‌شێنراوه‌کان”ی دیستۆفسکی که‌ سه‌رکۆنه‌ی تیرۆری خه‌باتی سیاسی ده‌کات. ئه‌و ڕۆمانه‌ی لینین به‌ (سخافات) ناوی برد و وتی کاتم نیه‌ بیخوێنمه‌وه‌ و “فڕێمداوه‌”. ستالین به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵی به‌ستنه‌وه‌ی گۆرکی دا به‌ کەسایەتی خۆیه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی بانگه‌شه.‌ بۆیه‌ هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دا بۆ یه‌کێتی سۆڤێت دوای ئه‌وه‌ی که‌ به‌جێی هێشت بوو له‌سه‌ر سوڕبونی لینین له‌ ساڵی۱۹۲۱. لینین زۆر سه‌غڵه‌ت بوبو بە داواکارێکانی گۆرکی له‌ به‌رگریکردنی له‌ ڕۆشنبیره‌ “بۆرژوازێکان” له‌ناویاندا شاعیری ئۆروستۆکرات ئەلێکسه‌نده‌ر بلۆک که‌ تووشی نه‌خۆشیه‌کی قورس بوو بو وە پێویستی به‌ چاره‌سه‌ر هەبووله‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات ڕێگه‌ی سه‌فه‌رکردنی پێ نه‌دا له‌ ترسی چالاکیه‌کانی دژی ده‌وڵه‌ت سه‌ره‌ڕای پاڵپشتیکردنی له‌ شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر. سه‌رئه‌نجام مرد دوای، ده‌ستی به‌ ده‌ستی پێکردنێکی دورو درێژ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌.

هه‌روه‌ها گۆرکی داوای ده‌رکردنی بڕیاری لێبوردنی بۆ شاعیرنیکۆلای گۆمیلیۆڤ (هاوسه‌ری ژنه‌ شاعیر ئانا ئاخماتۆڤا) ی ‌کرد، به‌ڵام دواتر له‌سێداره‌ درا. گۆرکی ڕوسیای به‌جێهێشت پاش ئه‌وه‌ی لینین وتی:”ته‌ندروستیت باش نیه‌ ئه‌بێ سه‌فه‌ر بکه‌یت بۆ چاره‌سه‌ری پزیشکی… ئه‌گه‌ر ڕازیش نه‌بی ئێمه‌ ده‌تنێرین…”. ئیتر سه‌فه‌ری ئه‌ڵمانیای کرد دوای ئه‌وه‌ی نائومێد بوو له‌ رژێمی نوێی وڵات که‌ پڕاو پڕ بوو له‌ “زوڵمی شۆڕشگێڕی” و “تیرۆری سوور” وزۆری تر له‌و ڕوداوانه‌ی که‌ له‌ساڵانی یه‌که‌می هه‌ڵگیرسانی شۆڕش وشه‌ڕی ناوخۆداڕویان دا. قوربانیه‌کانی چه‌نده‌ها که‌سایه‌تی ڕۆشنبیر وئه‌دیب وهونه‌رمه‌ندی ڕوسیشی تێدا بوو. بۆیه‌ گۆرکی دودڵ بو له‌ پاراوی ڕێبا‌‌زی شۆرشی سۆسیالیستی ئه‌وکاته‌، سه‌ره‌ڕای لایه‌نگیری کردنیشی له‌ بزوتنه‌وه‌ی سۆسیال-دیموکراتی له‌ ڕوسیا وبه‌شداری کردنی له‌ شۆڕشی ساڵی ۱۹۰٥ و ڕاوه‌دونانی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی قه‌یسه‌ری وبه‌ندکردنی. لای گۆرکی سۆسیالیستی به‌مانای خۆشی وخۆشگوزه‌رانی وجه‌ژنی هه‌میشه‌ییه‌ بۆ هه‌موو کرێکا‌ران له‌ سایه‌ی رژێمه‌ نوێیەکه‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ بینیتی دوای هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی بەلشه‌فێکان ته‌نها هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی جوتیاران وکرێکاران بوو؛ نه‌ جوتیار بو به‌ خاوه‌نی ڕاستی زه‌وی و نه‌ کرێکاریش بوبەخاوه‌ن کارگە وه‌کو بانگه‌شه‌یان بۆ دەکرد پێش شۆڕش. سه‌رباری ڕاوه‌دونان وگرتنی هه‌رکه‌سێک بانگه‌شه‌ی فره‌ فکری وسیاسی بکردایه‌. پیاوانی حزب کارگه‌کانیان به‌ڕێوه‌ ئه‌برد بێ ئه‌وه‌ی هیچ شاره‌زاییه‌کی پیشه‌سازیان هه‌بێت.

هه‌روه‌ها ترۆتسکی هه‌ستا به‌ دروستکردنی سه‌ربازگه‌ی به‌ندکردنه‌کان “گۆلاگ”. زۆرێک له‌ مێژونوسان له‌و باوه‌ڕه‌دان ترۆتسکی به‌م کاره‌ی ئه‌یویست کێشه‌ی وێرانبونی ئابوری سۆڤێت دوای شه‌ڕی ناوخۆ چاره‌سه‌ر بکات به‌ به‌کارهێنانی به‌ندکراوه‌کان له‌ جێبه‌جێ کردنی پرۆژه‌ی کاره‌باو بنیادنانی پیشه‌سازی قورسی ده‌وڵه‌ت. دوای نا ئومێد بوونی گۆرکی له‌ ئه‌نجامی سیاسه‌تی ده‌ساڵاتدارانی نوێ، ناچار له‌ ئه‌ڵمانیا گیرسایه‌وه‌ وده‌ستی کرد به‌ ده‌رهێنانی ڕۆژنامه‌یه‌ک وبڵاوکردنه‌وه‌ی وتار له‌ ڕۆژنامه‌ ئه‌ڵمانێکان به‌ ڕه‌خنه‌گرتنی توند له‌ ده‌سه‌ڵات دارانی سۆڤێت. نوسینه‌ ڕه‌خنه‌ ئامێزه‌کانی وه‌کو: “جوتیارانی ڕوس” و “دڵره‌قی ڕوسی” و “ڕۆشنبیران وشۆڕش” و “نامه‌ی نووسه‌ر وئه‌ده‌ب له‌ زه‌مانی ئێمه‌دا”، هه‌روه‌ها داوا کردنی له‌ ئاناتۆل فرانس به‌ هه‌ستان به‌ هه‌وڵی بانگه‌شه‌یەکی جیهانی له‌پێناو به‌رگریکردن له‌ ئه‌دیبه‌ به‌ندکراوه‌ ڕوسێکان. ئەو هەڵوێستەی گۆرگی بوو به‌ هۆی بێزاری وتوڕه‌بونی لینین که‌ گۆرکی به‌ هاوڕێی نزیکی خۆی دەزانی. ته‌نانه‌ت له‌ماڵه‌کەشیا ده‌ژیا له‌ ساڵی ۱۹۱۰ له‌ کابری کاتی خه‌باتی نهێنی. گۆرکی زۆرجار گفتوگۆی ئەنجام دەدا له‌گه‌ڵ لینین سەبارەت بە بابه‌تی ئایین وڕۆلی له‌ کۆمه‌ڵگا وپه‌یامی ڕۆشنبیری له‌ گۆڕانی کۆمه‌ڵگادا. به‌بۆچونی گۆرکی، ئاسته‌مه‌ کۆمه‌ڵگا پێش بکه‌وێ به‌بێ بوونی پرۆژه‌یه‌کی رۆشنبیری مه‌زن. ڕۆشنبیری بنه‌مای هه‌موو پێشکه‌وتنێکی کۆمه‌لگایه‌. لینین بوونی ئایینی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ره‌تده‌کرده‌وه‌ له‌ناو کۆمه‌ڵگای سۆسیالیستیدا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌به‌کارهێنانی هێزیش بێت. له‌م لایه‌نه‌دا زۆر توندڕه‌و بوو.

بۆیه‌ له‌ ڕوسیا که‌نیسه‌ مێژوویه‌کان وێران کران (کاتیدرای کریستیانی دڵسۆزیان له‌ مۆسکۆ ته‌قانده‌وه‌ که‌ به‌ها بیناسازێکه‌ی هیچ که‌متر نه‌بوو له‌ کاتیدرای وێستمنستر له‌ له‌نده‌ن، کاتیدرای سانت پۆڵس له‌ ڕۆما، کاتیدرای نۆتردام له‌ پاریس…چی ڕوی ئه‌دا ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ش بتەقێندرانایەوە‌ به‌ دینامێت؟ تێگه‌یشتنی گۆرکی له‌سه‌ر ئایین له‌ژێر کارتێکردنی فه‌لسه‌فه‌ی نیتشه‌ و “مرۆڤی باڵا”،دا بو، وای ده‌بینی که‌ کاره‌که‌ په‌یوه‌سته‌ به‌خودی که‌سه‌که‌وه‌ له‌ ئینتیمای ئایینی وهیچ زه‌روره‌یه‌ک نابینێ له‌ دوورخستنه‌وی خه‌ڵکی ساده‌ له‌ ئایین به‌ زۆره‌ملێی. به‌ڵکو پێویسته‌ بیریان ڕۆشن بکرێت و پله‌ به‌ پله‌ دیدیان بگۆردرێ بۆ ئه‌و دیده‌ سکۆلاریزمیه‌ی که‌ سۆسیالیسته‌کان مژده‌ به‌خشیان بۆ ده‌کرد. پێشتریش گۆرکی ڕه‌خنه‌ی له‌ ڕێبازی لینین ده‌گرت له‌سه‌ر هه‌ستان به‌ شۆرش پێشهاتنی کاته‌که‌ی. وهۆشداری له‌ به‌رکه‌وته‌ ڕوخێنه‌ره‌کانیشی دا له‌ زنجیره‌یه‌ک نووسینی دا به‌ناونیشانی “بیرگه‌لێک له‌ غه‌یرکاتی خۆیدا” (ناونیشانه‌که‌ هی مقاله‌یه‌کی نیتشه‌ی فه‌یله‌سوفه‌). له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا گۆرکی له‌ ناخی خۆیدا درکی به‌وه‌ ده‌کرد که‌ له‌رۆژگاری شۆڕشدا داهاتوو بۆلینین ئه‌بێت. هه‌روه‌ها لینینیش درکی به‌وه‌ ئه‌کرد که‌ داهاتوی ڕوسیا به‌بێ گۆرکی نابێت، دوای ئه‌وه‌ی ناوبانگی نه‌ک ته‌نها لەڕوسیا به‌لکو ئه‌وروپا وئه‌مه‌ریکاشی گرتبوه‌وه‌ له‌ڕێگای ئه‌و کاره‌ زۆرانه‌ی وه‌کو “منداڵیم”، “له‌نێو خه‌ڵکدا”، “دایک” هه‌روه‌ها چیرۆک وشانۆگه‌ریه‌کانی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵکانی هه‌ژار ونه‌بوو وبێبه‌ش ولانه‌وازان “پێپه‌تی”. گۆرکی له‌نێوان ساڵانی ۱۹۲۱-۱۹۲۳ ژیانی له‌نێوان پراگ وهیلسنفۆرگ وبه‌رلین به‌سه‌ر برد. پاشان خانویه‌کی له‌ سۆرنتۆ له‌ ئیتالیا کڕی له‌ ساڵی ۱۹۲٤. دواتر له‌ کابری کۆمه‌لێک له‌ شاکاره‌کانی وه‌کو: ڕۆمانی “کاری خێزانی ئارتامۆنۆف” و “زانکۆکانم” نوسي هه‌روه‌ها ده‌ستی کرد به‌نوسینی رۆمانه‌ مه‌زنه‌که‌ی “ژیانی کلیم سامگین”. که‌ ڕه‌وشی یه‌کێتی سۆڤێت ئارام بوه‌وه‌، ستالیین به‌هه‌مو توانایه‌کیه‌وه‌ هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گۆرکی ئه‌دا بۆ نیشتمان (سۆڤێت)، بۆیه‌ گه‌لێک (المغريات)یان پێشکه‌ش کرد له‌ نێویاندا سه‌رپشکردنی له‌ رێکخستنی بزاڤی رۆشنبیری له‌ وڵاتدا. هه‌روه‌ها دڵنیای کرده‌وه‌ که‌ وڵات ڕگاری بوو له‌ شه‌ڕی ناوخۆ وده‌رهاویشته‌کانی وگوزه‌رانی خه‌ڵک خۆش بووه‌ وو بنیادنانی وڵات د ه‌ستی پێکردوه‌. ئه‌و هه‌واڵانه‌یش که‌ باس له‌ سه‌ربازگه‌ی به‌ندکردن ئه‌که‌ن ته‌نها پڕوپاگه‌نده‌ی دوژمنانی سۆڤێته‌.

ڕژێمه‌ تۆتالیتاریاکان هه‌میشه‌ هه‌وڵی کۆنترۆڵ کردن وبه‌کارهێنانی گه‌وره‌ ڕۆشنبیر وزانا وکه‌سایه‌تیه‌ ناسره‌وه‌کانی کۆمه‌ڵگا ئه‌ده‌ن بۆ جوانکردنی ناشیرینیه‌کانیان له‌ناوه‌ وده‌ره‌وه‌ی ووڵات. ئه‌مه‌ ڕێک ئه‌وه‌ بوو که‌ ستالین هه‌وڵی بۆ ئه‌دا. بۆیه‌ گۆرکی له‌ساڵی ۱۹۲۸ له‌سه‌ر داوای ستالین هه‌ستا به‌ ئه‌نجامدانی گه‌شتێک بۆ بینینی ئه‌و کاره‌ چاکانه‌ی کراون له‌و (فه‌ریکه‌ وڵاته‌دا). پاش ئه‌و گه‌شته‌ هه‌ستا به‌نووسین وبڵاو کردنه‌وه‌ی زنجیره‌یه‌ک نوسین به‌ناونیشانی “في ارجاء الاتحاد السوفيتي”. ساڵی ۱۹۳۱ گۆرکی هه‌ستا بە سه‌ردانی کردنی سه‌ربازگه‌ی به‌ندکردن له‌ دورگه‌کانی سۆلۆفیتسکی له‌ باکوری وڵات وستایشی هه‌ڵسوکه‌وت کردن له‌گه‌ڵ به‌ندیه‌کان وباری به‌ندیخانه‌که‌ی کرد. دوای ئه‌م کاره‌ی، زۆر که‌س ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی گۆرکیان سه‌رکۆنه‌ کرد. الکسه‌نده‌ر سۆلجه‌نتسین که‌ خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵ بوو یه‌کێک بوو له‌ که‌سانه‌ که‌ له‌ڕۆمانێکی به‌ناوی”دورگه‌کانی گۆلاگ” نووسی: پڕوپاگه‌نده‌کان گه‌یشتنه‌ سۆلۆفیتسکی (ده‌رباره‌ی هاتنی گۆرکی) پێش سه‌ردانیکردنه‌که‌ – به‌ندێکان دڵه‌کوته‌ گرتنی، کارمه‌ندانی به‌ندیخانه‌که‌ شڵه‌ژان… ئه‌بێ که‌سێک به‌ندکراوه‌کان بناسێ بۆئه‌وه‌ی به‌په‌رۆشیان بۆ ئه‌م سه‌ردانیکردنه‌ بخه‌مڵێنێ. ئه‌وه‌ نووسه‌ره “هه‌ڵۆ وهۆشداری ده‌ری شۆڕش” ونووسه‌ری پله‌یه‌کی ڕوسی! حه‌شارگای زوڵم وزۆرداری وبێده‌نگی ئه‌بڕێت وئه‌نوسێ بۆ که‌سانی خه‌مخۆر ده‌رباره‌ی ڕه‌وشی به‌ندیخانه‌ وبه‌ندێکان زۆر به‌ڕونی! هه‌موو گومانه‌کان ئه‌ڕه‌وێنێته‌وه‌. داکۆکیان لێ ئه‌کات! …بۆێه‌ سه‌رپه‌رشتیارانی به‌ندیخانه‌که‌ هه‌ستان به‌ ڕازاندنه‌وه‌ی شوێنه‌که‌ وشاردنه‌وه‌ی هه‌موو که‌مو کورتیه‌کان. کرملین ئه‌و به‌ندکراوانه‌ی که‌ ڕه‌وانه‌ی ئه‌وێ ئه‌کرد مه‌به‌ستی بوو که‌ که‌مترینیان به‌زیندوی بمێنێته‌وه‌. زۆربه‌ی نه‌خۆشه‌کان له‌ هۆبه‌ی چاره‌سه‌ری ده‌رکران وشوێنه‌که‌ پاک کرایه‌وه‌. هه‌روه‌ها ڕاڕه‌وێکی نوێ بۆ خانه‌ی چاکسازی مناڵان که‌ مناڵی نامۆ-به‌ کۆمه‌ڵگایان تێدا نیه‌، دروستکرا که‌ هه‌ردوو دیوی به‌ داری سنه‌وبه‌ری کاتی (به‌بێ ڕه‌گ) رازێندرایه‌وه‌.. له‌وانه‌یه‌ گۆرکی ڕزگارکردنیان وچۆنیه‌تی په‌روه‌رده‌ کردن وئاماده‌کردنیان بۆ ژیان له‌ داهاتوو له‌سێبه‌ری “سۆسیالیستیدا” به‌لاوه‌ گرنگ بێت! وه‌ ئیتر ئا به‌مجۆره‌….

گێڕانه‌وه‌ی ڕوداوه‌کانی سه‌ردانیکردنه‌که‌ له‌ ڕۆمانی”دورگه‌کانی گۆلاگ” ی سۆڵجینتسین، له‌ئه‌زمونی خودی خۆی له‌ئاکامی ده‌ ساڵ له‌ چه‌شتنی ئازاری زوڵم وئیهانه‌ کردنی ناو به‌ندیخانه‌که‌ که‌ به‌سه‌ری بردبوو سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌. دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌کێتی سۆڤێت هه‌ندێک له‌ دوکێۆمێنته‌ نهێنیه‌کانی کی ج ب – لیژنه‌ی ئاسایشی ده‌وڵه‌ت- په‌یوه‌ست به‌ گۆرکی ئاشکرا کران. له‌نێویاندا، نامه‌ گۆڕینه‌وه‌ی گۆرکی له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی حیزب وه‌کو لینین وستالین ودژیردجینسکی وئه‌وانی تر هه‌روه‌ها هه‌ندێک ڕاپۆرتی کارمه‌ندانی ئاسایش وسیخوره‌کانیان له‌سه‌ر گۆرکی. ئه‌و دۆکیومێنتانه‌ گۆرکی به‌ شێوه‌یه‌کی تر وێنا ئه‌کات نه‌ک به‌و شێوه‌یه‌ی که‌ ئه‌که‌وته‌ به‌رده‌سی خوێنه‌ران له‌سه‌رده‌می سۆڤێتدا. کێشه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی که‌ لینین بنیادی نا ئه‌وه‌ بوو که‌ له‌ده‌ستی ئه‌و “شۆرشگێڕانه‌ی که‌ خه‌ونیان به‌ بنیادنانی کۆمه‌ڵگای یه‌کسان وعادیل وه‌ ئه‌بینی” وقوربانی زۆریان دا له‌ پێناو ڕامالینی زوڵم وناعه‌داله‌تی ده‌سه‌ڵاتی قه‌یسه‌ری وبڕوایان به‌ ئایدیۆلۆجیای شۆرشی “سۆسیالیستی زانستی” هه‌بوو، ده‌رچوو وکه‌وته‌ ده‌ست ئه‌و کارمه‌نده‌ حزبیانه‌ی که‌ له‌پێناو پله‌و پایه‌ وده‌سکه‌وتی شه‌خسی هاتبونه‌ نێو حزبه‌وه‌. هه‌ندێکی تر له‌ ده‌سه‌ڵاتداران له‌وانه‌ بوون که‌ به‌ناوی حزبه‌وه‌ له‌خولیای ده‌سه‌ڵات وکۆنترۆڵ کردنی کۆمه‌ڵگادا بوون نه‌ک خزمه‌ت کردنیان. ئه‌مانه‌ زیاتر گۆرکیان په‌ست کردبوو چونکه‌ وای هه‌ست ئه‌کرد که‌ شۆرش به‌لاڕێدا ئه‌برێ.

له‌ساڵی ۱۹۳۰ گۆرکی بو به‌ئه‌ندامی یه‌کێتی نێنه‌ته‌وه‌یی نوسه‌رانی دیمۆکرات له‌گه‌ڵ رۆمان رۆلان ووایڵتون ووینکلر وألبرت ئه‌نشتاین وهینرک مان ولویس ئه‌راگۆن ووایڵز تریولیه‌ وگه‌لێکی تر له‌ گه‌وره‌ ڕۆشنبیرانی ئه‌وروپی که‌ سه‌رکۆنه‌ی له‌سێداره‌دانی ٤۸ که‌سیان کرد له‌سه‌ر وبه‌ندی “کێشه‌ی برسێتی” له‌ یه‌کێتی سۆڤێت. ساڵی ۱۹۳۲ گۆرکی بۆ یه‌کجاری گه‌رایه‌وه‌ سۆڤێت. له‌ئه‌وروپا گرنگیدان به‌ کاره‌کانی گۆرکی سستیه‌کی به‌خۆوه‌ بینی له‌ ئاکامی سه‌رهه‌ڵدانی ڕێچکه‌ی ئه‌ده‌بی نوێتر. حکومه‌تی سۆڤێت یه‌کێک له‌ کۆشکه‌ گه‌وره‌کانی ملیۆنێر ریابۆنشسکی له‌ناوه‌ڕاستی مۆسکۆ وڤێلای تیسیلی له‌ قرم پێشکه‌ش کرد. ڤێلاکه‌ی قرم بۆڕێگری کردنی بوو له‌ سه‌فه‌ر بۆ کابری له‌ ئیتالیا به‌بیانوی هه‌واگۆڕین چونکه‌ ئاوهه‌وای قرم وباشوری ئیتالیا له‌ یه‌ک ئه‌چوون. هه‌روه‌ها ستافێکی خزمه‌تیان له‌ گه‌ڵ شۆفێر وپزیشک بۆ ته‌رخان کرد. له‌وه‌ش گرنگتر بازنه‌یه‌ک له‌ پیاوانی ده‌زگای ئاسایش به‌ سه‌رۆکایه‌تی هینریک یه‌هودا به‌رێوه‌به‌ری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گشتی ده‌وڵه‌ت ووه‌زیری ناوخۆ (کۆميسیاری گه‌ل بۆ کاروباری ناوخۆ). ئه‌م جوه‌ کۆنه‌ گێره‌شێوێنه‌ که‌ ناوی ڕاسته‌قینه‌ی (یه‌نون گێرشینۆڤیچ یه‌هودا) بوو پاڵپشتی ستالین بوو له‌کاتی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی که‌ کران له‌ دژی ساڵی ۱۹۲۸. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ستالین دواتر پشتی پێبه‌ست له‌ به‌رێوه‌بردنی گرتووخانه‌و به‌ندیخانه‌کان و ئاسایشی وڵات. به‌تایبه‌تیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خزمی سه‌رکرده‌ی به‌ڵشه‌فی یاکۆڤ سه‌فه‌ردلۆڤ بوو. هاوسه‌ری خوشکه‌زاکه‌ی بوو (به‌ڵام ستالین یه‌هودای له‌سێداره‌ دا له‌ ساڵی ۱۹۳۸به‌ تاوانی هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ گروپی ترۆتسکیه‌کان).
هه‌موو جموجوڵه‌کانی گۆرکی له‌ژێر چاودێری یه‌هودادا بوو. وهه‌موو وه‌رده‌کارێکانیشی ئه‌گه‌یانده‌ ستالین له‌باره‌ی دانیشتن وکۆبونه‌وه‌کانی له‌گه‌ڵ مه‌کسیمی کوڕی وهاوڕێ نزیکه‌کانی وگفتوگۆکانیان. له‌ ڕاستیدا گۆرکی خرابوه‌وه‌ ناو “قه‌فه‌سێکی ئالتونیه‌وه‌” به‌کار ئه‌هێنرا له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌وه‌ بۆ کۆنترۆل کردنی سێکته‌ری ڕۆشنبیری له‌ ده‌وڵه‌تدا. به‌سه‌رپه‌رشتی گۆرکی، ژماره‌یه‌ک گۆڤار وڕۆژنامه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌رئه‌چون. یه‌کێتی نوسه‌ران دامه‌رزا، ئینسیکلۆپیدیای “ئه‌ده‌بی جیهانی” ده‌رچوێنرا ویه‌که‌مین کۆنگره‌ی یه‌کێتی نوسه‌ران به‌سترا. گۆرکی تێیدا وتارێکی تێروته‌سه‌لی پێشکه‌ش کرد ده‌رباره‌ی ڕۆڵی نوسه‌رانی سۆڤێت له‌و ده‌مه‌دا وباسی “ریالیزمی سۆسیالیستی” وه‌کو ئاڵایه‌ک که‌ ده‌بێ هه‌موو هونه‌رمه‌ند ونوسه‌رانی ده‌وڵه‌ت له‌ سایه‌یدا هه‌وڵی دوباره‌ بنیاد نانه‌وه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵگای سۆڤێتی بده‌ن.
گۆرکی هه‌ر له‌ مناڵیه‌وه‌ به‌که‌سێکی به‌رهه‌ڵستکاری زوڵم وشۆرشگێر ناسرابوو بۆیه‌ قبوڵکردن ومانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ڕژێمێکی گشتگیر به‌ سه‌رۆکایه‌تی ستالین به کارێکی نامۆ دێته‌ به‌رچاو. پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ یه‌کێتی سۆڤێت گۆرکی تووشی کۆمه‌لێک نه‌هامه‌تی هات ده‌سپێکیان له‌ده‌ست دانی مه‌کسیمی کوڕی بوو که‌ له‌تافی گه‌نجیدا بوو. پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ بڵاو بوه‌وه‌ گوایا به‌ پلانی یه‌هودا بووه‌. به‌گوێره‌ی دانپێدانانی بیوته‌ر کریوتشکۆف که‌ سکرتێر وپاسه‌وان وخانه‌خوێی گۆرکی نوسه‌ر بوو. کریوتشکۆف ئه‌مه‌ی له‌کاتی دادگایی کردنی له‌سه‌ر که‌یسی (التآمر) له‌ ستالین له‌لایه‌ن بوخارین وزینۆفییف وکامینیف وتبوو. هه‌روه‌ها کریۆتشکۆف، که‌دواتر له‌سێداره‌ درا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی دانی به‌وه‌شدا نابوو که‌ تێوه‌ گلاوه‌ له‌ ڕوداوی مه‌کسیم.

وترا که‌ گوایا یه‌هودا ئه‌و کاره‌ی کردوه‌ چونکه‌ مه‌یلی له‌ هاوسه‌ره‌که‌ی مه‌کسیم بووه‌. به‌ڵام مێژوناسان گومانیان هه‌یه‌ له‌وه‌ی کریۆتیشکۆف که‌ زۆر دڵسۆزي گۆرکی بوو ده‌ستی هه‌بوبێ له‌ کوشتنی کوڕه‌که‌ی که‌ به‌ نه‌خۆشیه‌کی کتوپڕی دڵ مرد. گۆرکی له‌ نامه‌یه‌کیدا بۆ بۆ کریۆتیشکۆف له‌ ساڵی ۱۹۲۷ له‌ سۆرنتۆی ئیتالیاوه‌ نوسیبوی: ” که‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بووم په‌یکه‌رێکی گه‌وره‌ی برۆنزت بۆ دروست ئه‌که‌م له‌ گه‌وره‌ترین گۆڕه‌پانی شاردا. ئه‌مه‌ت بۆ ئه‌که‌م چونکه‌ تۆ کتێبه‌کانمت پاراست، به‌ڕاستمه‌ وگاڵته‌ ناکه‌م. من سوپاسی بێپایانت ئه‌که‌م. چۆن ئه‌کرێ که‌سێکی ئاوا دڵسۆز کوڕه‌که‌ی بکوژی هه‌رچه‌نه‌ دانی به‌وه‌دا نابوو له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا. ستالین ترسی له‌ گۆرکی هه‌بوو که‌ هیچ کاتێک نه‌بوو به‌ یه‌کێک له‌ ده‌سته‌ی که‌سانی به‌رده‌ستی. گۆرکی به‌که‌سانی وه‌ک ریکۆف وبوخارین وکامینیف وزینۆفییف ده‌وره‌درابو که‌ رکابه‌ری ستالین بون له‌ لیژنه‌ی ناوه‌ند وستالین حه‌زی لێنائه‌کردن.
له‌ ۱۸ حوزه‌یران ۱۹۳٦ گۆرکی لە دوای چه‌ند رۆژێک له‌ نه‌خۆشیەکی سه‌خت وبێهۆشی کۆچی دوایی کرد له‌ باخی گۆرکی (وشه‌ی گۆرکی لێره‌ به‌مانای “گرده‌کان” دێت له‌ ڕوسیدا به‌خوێندنه‌وه‌ به‌ڵام شێوازی نوسینه‌که‌ی جیاوازه‌.) له‌ده‌ره‌وه‌ی شاری مۆسکۆ. هه‌مان ئه‌و شوێنه‌ی که‌ لینین تێیدا مرد. پێش مردنی، ستالین به‌یاوه‌ری مۆلۆتۆف وفۆرۆشیلۆف لە دوای نیوه‌ی شه‌و سه‌ردانی کرد. پزیشکه‌کان به‌ ده‌رزیه‌کی کافور هێنایانه‌ هۆش خۆی پێش سه‌ردانی کردنه‌که‌. دواتر له‌ کاتی دادگایی کردنی گروپه‌که‌ی ترۆتسکی و ” پزیشکه‌ بکوژه‌کان” وابڵاو کرایه‌وه‌ که‌ پزیشکه‌کان به‌مه‌به‌ستی کوشتن برێکی زۆر له‌ کافوریان لێداوه‌. به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی سه‌لمێنه‌رنیه‌ بۆ ئه‌ مکاره‌. له‌ڕاپۆرته‌ پزیشکیه‌که‌یدا هاتبوو که‌ هۆی مردنه‌که‌ی له‌ ئه‌نجامی هه‌وکردنێکی توند بوه‌ له‌ به‌شی خواره‌وه‌ی سیه‌کانی که‌ ساڵانێکی زۆر بوو توشی نه‌خۆشی سیل هاتبوو. راپۆرته‌که‌ له‌لایه‌ن تیمێک له‌ گه‌وره‌ پزیشکان له‌ناویاندا وه‌زیری ته‌ندروستی کامینیسکی وپزیشکی کرملین خۆدۆرکۆفسکی وپزیشکان لانگ وبلیتنیۆف وکۆنتچالۆفسکی وسبیرانسکی ولیفین واژۆ کرابوو. زۆرینه‌ی ئه‌مانه‌ی ‌ ناویان هات له‌و جوانه‌ بوون که‌دواتر له‌سێداره‌ دران. پرۆفیسۆر داڤیدۆفسکی هه‌ستا به‌ کاری توێکاری لاشه‌که‌ی (تشريح الجثة). کارەکە به‌خێرایی ئه‌نجامدرا هه‌ر له‌ ژووری نوستنه‌که‌ی له‌سه‌ر مێزی نوسینه‌که‌ی. که‌س نهێنی ئه‌م په‌له‌کردنه‌ی نه‌ئزانی وترا که‌ ڕێنماییه‌کان له‌ کرملینه‌وه‌ هاتبوو.

کریوتشکۆف له‌یاده‌وه‌ریکانیدا له‌باره‌ی ئه‌و ڕوداوه‌وه‌ نوسیبووی وئه‌ڵێ: له‌دوای مردنی گۆرکی هه‌ڵسوکه‌وتی پزیشکه‌کان له‌گه‌ڵی گۆڕا. ته‌نها لاشه‌یه‌کی مردو بوو لای ئه‌وان…کاتێ چومه‌ ژوره‌که‌وه‌ ته‌نها لاشه‌یه‌کی له‌ خوێن گه‌وزاوم بینی پزیشکه‌کان ناوسکیان هه‌موو هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌ ئینجا شۆرتیان وبه‌ ده‌رزی وده‌زویه‌کی ئه‌ستور سکیان دوریه‌وه‌. مێشکیان فرێدابوه‌ ناو قابێکه‌وه‌ وبه‌منیان ووت بیبه‌ بۆ “په‌یمانگای مێشک”. به‌گوێره‌ی ووته‌کانی، هیچ نوسه‌رێکی تری ڕوسی به‌وجۆره‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌کراوه‌ له‌کاتی مردنی. که‌یسه‌که‌ی به‌ ده‌سیسه‌ی سیاسی ناوبردوه‌. لاشه‌که‌ی گۆرکی سوتێنرا وخۆڵه‌مێشه‌که‌ی کرایه‌ ناو شوشه‌یه‌که‌وه‌ وخرایه‌ ناو دیواری کرملینه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی وه‌سیه‌تنامه‌که‌یه‌وه‌ که‌ داوای کردبوو له‌ته‌نیشت گۆڕی کوڕه‌که‌یه‌وه‌ له‌ دێر نۆڤۆدیفیتشه‌ بنێژرێت. گۆرکی خۆی خسته‌ ئه‌م گێژه‌نگی پیلانگێڕیەیەوە وڕێگه‌ی خۆشکرد بۆ ده‌ستێوه‌ردانی خه‌ڵکانێکی نامۆ وهێزگه‌لێکی پێچه‌وانه‌ به‌ سروشتی داهێنانی ئه‌ده‌بی خۆی. نه‌ک ته‌نها له‌و کاته‌ی له‌ ژیاندا بوو به‌ڵکو له‌ مردنه‌که‌شیدا. به‌هه‌رحاڵ دواتر ئه‌و پزیشکانه‌ هه‌موو سزای مردنیان به‌سه‌ردا سه‌پێنرا وگوله‌باران کران. ئه‌وترێ ستالین ڕقی له‌ پزیشکه‌کان بوو ڕێگه‌ چاره‌سه‌ره‌ میلیه‌کانی پێ باشتر بوو. وه‌کو خۆ پێچینه‌وه‌ به‌ عابایه‌کی قه‌وقازی به‌مه‌به‌ستی عاره‌قکردن وله‌ کاتی تا لێهاتن. لینینیش هه‌مان بۆچونی هه‌بوو، متمانه‌ی به‌ پزیشکه‌ به‌ڵشه‌فێکان نه‌بوو پزیشکه‌ سویسرێکانی پێ باشتر بوو.

– 2 –
گه‌شتی گۆرکی له‌سه‌ر ڕێی پڕ له‌ ئازاری ژیان له‌ ڕۆژی له‌دایک بونیه‌وه‌ له‌ نیجنی-نوفگۆرۆد وه‌ ده‌ستی پێکرد هه‌تا ڕۆژی مردنی له‌ باخی گۆرکی. ژیانی پڕ بوو له‌ کاره‌ساتی گه‌وره‌ ونوشوستی کاتێک هه‌وڵی خۆکوشتنی دا له‌ته‌مه‌نی ۱۹ ساڵیدا دوای ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی بچێته‌ زانکۆی قازان. بۆیه‌ چانسی خوێندنی باڵای له‌ده‌ست چوو. دواتر ئه‌ستێره‌ی له‌جیهانی ئه‌ده‌بدا گه‌شایه‌وه‌ کاتێک چیرۆکی “ماکار تشۆردا” ی بڵاو که‌رده‌وه‌ له‌ ساڵی ۱۸۹۲. دوای ئه‌وه‌ کاره‌کانی تری بڵاوکرایه‌وه‌ که‌ ناوبانگی جیهانی بۆ هێنا وبوو به‌ نوسه‌ری پله‌ یه‌کی ڕوسی دوای مردنی تۆلستۆی ودۆستیوفسکی وتیشخۆف.

مه‌کسیم بیشکۆفی دارتاش، باوکی مه‌کسیم وفارفارا کاشیرینای دایکی له‌ که‌نیسه‌ی شاری نیجنی- نوفگورود هاوسه‌رگیریان کرد. هه‌رگیز له‌بیری ئه‌وه‌دا نه‌بوون که‌ مناڵه‌ نۆبه‌ره‌که‌یان ئه‌بێته‌ یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ ئه‌دیبانی ڕوسی. مه‌کسیمی باوک له‌کاره‌که‌ی که‌ کۆمپانیایه‌کی ده‌ریاوانی بوو پله‌ی به‌رز کرایه‌وه‌ وکاری سه‌رپه‌رشتی دروستکردنی که‌وانه‌ی سه‌رکه‌وتنی پێسپێردرا بۆ به‌خێرهاتنی کردنی ئیمپراتۆر ئه‌لێکسه‌نده‌ری دووه‌م له‌ شاری ئستراخان. بۆیه‌ تازه‌ بوک وزاوا له‌و شاره‌ نیشته‌جێ بوون. گۆرکی کوڕ (که‌ناوی ئه‌لیکسی بوو) له‌و شاره‌ له‌ ۱٦ مارت ۱۸٦۸ له‌دایک بوو. به‌ڵام له‌ساڵی ۱۸۷۱ خێزانه‌که‌یان کۆستێکی گه‌وره‌ی که‌وت؛ الێکسی توشی کۆلێرا بوو باوکی که‌ به‌دیاریه‌وه‌ بوو وخزمه‌تی ئه‌کرد ئه‌ویش گیرۆده‌ی هه‌مان ده‌رد بوو. باوکه‌ مرد ومناڵه‌که‌ چاک بوه‌وه‌. دایکی که‌ چاوه‌رێی مناڵی دووه‌می ئه‌کرد ناوی لێنا مه‌کسیم که‌ له‌دایک بوو، به‌ناوی مێرده‌ کۆچکردووه‌که‌یه‌وه‌. باوک له‌ ئستراخان بەخاک سپێردرا به‌ڵام مه‌کسیمی برای ئه‌لێکسی له‌ ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نیجنی نۆفگۆرد مرد. گۆرکی له‌ کتێبی “مندالیم” باسی دیمه‌نی منالێکی بچوکی ڕاکشاو له‌ تابوتێکا ئه‌کات، له‌ ناو ئه‌و که‌شتیه‌ی که‌ بردنی بۆ نیجنی نۆفگۆرۆد وچۆن دایکی به‌چاوی ناحه‌زه‌وه‌ ته‌ماشای ئه‌کرد وبه‌ سه‌ره‌خۆر وهۆی بێوه‌ژن که‌وتنی خۆیی ئه‌زانی. به‌م شێوه‌یه‌ وله‌گه‌ڵ ئه‌م ڕوداوه‌ تراجیدیانه‌ ژیانی یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ ئه‌دیبانی ڕوسی ده‌ستی پێکرد.. که‌ دایکی شوی دووه‌می کرد باپیری ڕازی نه‌بوو به‌ڵام ناچار بوو کچه‌زاکه‌ی بگرێته‌ خۆی. داپیره‌ ئه‌رکی گه‌وره‌کردنی گرته‌ ئه‌ستۆ وڕۆلێکی کاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ری. که‌ بوو به‌ حه‌وت ساڵان ڕه‌وشی مادی باپیری زۆر خراپ بوو بۆیه‌ سه‌ره‌تا ناردی بۆ کارکردن له‌ دوکانی پێڵاوفرۆشێک. دواتر لای خێزانی سێرگییف که‌ خزمی داپیره‌ی بوون وه‌کو خزمه‌تکار، به‌ڵام پاش ماویه‌کی کورت هه‌ڵهات. له‌و کاته‌وه‌ ئیتر شه‌ڕی مان ونه‌مان له‌ ژیانی ئه‌و مناڵه‌ ده‌ستی پێکرد. ئیشه‌کان وگرنگیدانی به‌ شت گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هات. قورستین کار کردبێتی له‌ نانه‌واخانه‌یه‌کدا بوو که‌ ده‌بوو به‌یانیان زوو کیسه‌ ئاردی قورس بارکات، هه‌ویر ئاماده‌ بکات، فرن گه‌رمکات، دواتر نان وبه‌رهه‌مه‌کانی تر ببات بۆ بازاڕ وبیانفرۆشێ.

لە سەرەتادا باپیری به‌زۆر ئه‌یبرد بۆ که‌نیسه‌و نوێژ وسروده‌ ئاینیه‌کانی پێ له‌به‌ر ئه‌کرد. له‌وباره‌یه‌وه‌ گۆرکی نووسیویه‌تی:” حه‌زم له‌ ڕۆیشتنی که‌نیسه‌ نه‌بوو، ملی ئه‌گرتم وبه‌زۆر سوجده‌ی پێ ئه‌بردم”. دواتر باپیره‌ وازی لێهێنا وسه‌رپشکی کرد، به‌ڵام دواتر ئه‌لیکسی دانیبه‌وه‌دا نا که‌ حه‌زی تەنها له‌ سه‌یرکردنی نیگاره‌که‌نی ناو که‌نیسه‌و گوێگرتن له‌ سروده‌ خه‌ماوێکان ‌بووە. لەبەرئه‌وه‌ حه‌زی له‌ ڕۆیشتنی مناوه‌له‌ (بۆنه‌یه‌کی ئایینی کریستیانه‌کانه‌ بۆ مناڵان ساز ئه‌کرێت) نه‌بوو. کاتێک بۆ یه‌که‌مجار سه‌ردانی قه‌شه‌ی کرد بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، هه‌ستی کرد هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراوه‌ وئه‌مه‌ کارێکی بێزارکه‌ره‌. جارێکیان باپیری بڕێک پاره‌ی پێدا بۆئه‌وی بیبه‌خشێته‌ که‌نیسه‌، به‌ڵام ئه‌و پێی باشتر بوو بچێت یاری پێبکات له‌گه‌ڵ مناڵان وپاره‌که‌ی دۆڕان وبه‌درۆوه‌ به‌ باپیری گوت که‌وا مناوه‌له‌ی ئه‌نجام داوه‌ له‌ لای قه‌شه‌. به‌مشێوه‌یه‌ ئه‌م مناڵه‌ گه‌وره‌ بوو له‌ که‌شێکی دور له‌ که‌نیسه‌. داپیره‌شی که‌ زۆر چاودێری بوو، زیاتر گرنگی به‌ چیرۆک وگۆرانیه‌ میلیه‌کان ئه‌دا تاوه‌کو وتنه‌وه‌ی سروده‌ ئایینێکان له‌ گه‌ڵیدا. دیدی نه‌گه‌تیڤیانه‌ی گۆرکی له‌سه‌ر که‌نیسه‌ وئایین له‌و کاتانه‌وه‌ دروست بوو. زیاتریش جێگیر بوو له‌گه‌ڵ ئاشنا بوونی به‌ فه‌لسه‌فه‌ی نیتشه‌ وفه‌یله‌سوفه‌ ئه‌ڵمانێکانی تر. مردنی یه‌ک له‌دوای یه‌کی برا وخوشکه‌کانی ئه‌لیکسی وه‌ک ئه‌وه‌ی بلێی چاره‌نووس به‌مه‌به‌ست الێکسی به‌تاقانه‌یی بهێڵێته‌وه‌ له‌ هه‌ردوو هاوسه‌رگیریه‌که‌ی دایکی. ژیانی له‌لای دایکی دوای هاوسه‌رگیری دووه‌می زۆری نه‌کێشا.

ڕۆژێکیان خه‌ریک بوو مێرده‌که‌ی دایکی به‌ چه‌قۆ بکوژێت ئه‌گه‌ر دایکی دوری نه‌خستایه‌ته‌وه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ پێڵاو له‌دایکی دابوو. هه‌ڕه‌شه‌ کوشتنی ئه‌و وخۆشی کرد ئه‌گه‌ر جارێکی تر ده‌ستدرێژی بکاته‌ سه‌ر دایکی. جارێکی تر دایکی ناردیه‌وه‌ ماڵی باپیره‌ی. دوای مردنی دایکی باپیره‌ی گووتی: “هێی… ئه‌لێکسی.. تۆ مه‌دالیه‌ نیت بکرێیته‌ مل، بڕۆ له‌ناو خه‌ڵکیدا بژی”. به‌و شێوه‌یه‌ باپیره‌ کچه‌زاکه‌ی ماڵ به‌ده‌ر کرد دوای مردنی دایکی به‌ چه‌ند ڕۆژێک. دایکی ئه‌لێکسی که‌ له‌ خێزانی کاشیرین بوو، زووتر خێزانێکی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون به‌ڵام ئێستا سه‌روه‌ته‌که‌یان له‌ ده‌ست داوه‌. به‌ بۆچوونی باپیره‌، کچەکەی ته‌نها هۆ بوو که‌ به‌ مناڵه‌که‌ی ئه‌به‌ستێته‌وه‌. پێشتر که‌ مناڵه‌که‌ی گرتبووه‌ خۆی بۆ ئه‌وی هه‌لی شووکردن بۆ کچه‌که‌ی ده‌سته‌به‌ر کات به‌پیاوێکی ڕێزدار، به‌ڵام دوای مردنی کچه‌که‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ نه‌ما. باپیره‌ هه‌موو سامانه‌که‌ی له‌ (سفقه‌) بازرگانی له‌ده‌ست دابوو، ئه‌لکسی بوو بوو به‌ بارێکی قورس بۆی.

نووسه‌رانی ژیانامه‌ی مه‌کسیم گۆرکی له‌وباوه‌ڕه‌دان که‌ ئه‌و ڕوداوانه‌ی له‌ هه‌ردوو کتێبی “منداڵیم” و “له‌نێو خه‌ڵکدا” هاتووه‌، مه‌رج نیه‌ به‌ده‌قیقی گوزارشت له‌ ژیان وبه‌سه‌رهاتی خۆی له‌لای باپیری یان ئه‌وکاته‌ی ئه‌مشار وئه‌وشاری ئه‌کرد بکات. به‌ڵکو له‌وانه‌یه‌ نووسه‌ر جڵه‌وی بۆ خه‌یاڵ شل کردبێ له‌ وێناکردنی شته‌کان به‌مه‌به‌ستی ڕاکێشانی خوێنه‌ر. له‌وانه‌یه‌ دڵره‌قی باپیره‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی ومناڵ ومناڵزاکانی ڕاست بێت، گۆرکی گه‌لێک به‌سه‌رهاتی له‌و جۆره‌ی باسکردوه‌. به‌ڵام هه‌ر باپیرەش‌ بوو به‌هۆی هه‌ڵکه‌وتنی له‌ خوێندنگای سه‌ره‌تایی له‌ که‌نیسه‌ چونکه‌ به‌زۆر سروود ونزاو چه‌ند پارچه‌یه‌ک له‌ کتێبی پیرۆزی پێ له‌به‌ر ئه‌کرد، له‌و ماوه‌ کورته‌ی که‌ خرایه‌ به‌ر خوێندن.

ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌، گۆرکی خه‌رمانه‌یه‌کی پیرۆزی به‌ده‌وری داپیره‌یدا کێشابوو له‌ کاره‌ ئه‌ده‌بیکانیدا. داپیره‌ که‌ چیرۆکی بۆ ئه‌گێرایه‌وه‌، بۆ ئه‌و نموونه‌ی چاکه‌و سۆز وچاو ودڵتێری بوو هه‌رچه‌نده‌ باپیره‌ به‌ “ژنه‌ ساحیره‌ پیسه‌که‌” وه‌سفی ئه‌کرد. به‌ڵام له‌لای ئه‌لێکسی وه‌کو پاکیزه‌ی پیرۆز وسه‌رچاوه‌ی خۆشه‌ویستی بوو که‌ له‌مناڵی لێی بێبه‌ش بوو. له‌ مناڵیه‌وه‌ هه‌ردیمه‌نی لاشه‌ی مردوو، سه‌رما وسه‌رما، لاشه‌ی باوکی له‌ تابوتێکدا برا کۆرپه‌که‌شی له‌ تابوتێکی تردا ئه‌بینی. هه‌تا دایکیشی وه‌کو مردو ئه‌هاته‌ به‌رچاو به‌ بێده‌نگێکه‌ی وڕووه‌ وشک وڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕاوه‌که‌یه‌وه‌ وفه‌رامۆش کردنی ئه‌مه‌وه‌. دیمه‌نی داگرتنی تابوته‌که‌ی باوکی بۆ ناو گۆڕه‌که‌ی که‌ پڕ بوو له‌ ئاو، له‌ کاتی به‌خاسپاردنیدا وباز بازێنی بۆقه‌کان به‌ ده‌وریدا که‌ دوانیان له‌ سه‌ر تابوته‌که‌ بوو، هه‌میشه‌ له‌ به‌ر چاو بوو. دوای ئه‌وه‌ مردونێژه‌کان خۆڵه‌که‌یان کرد به‌سه‌ردا، بۆقه‌کان هه‌وڵیان دا له‌ چاڵه‌که‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ڵام هه‌وڵه‌کانیان بێ ئه‌نجام بوو. ئه‌م دیمه‌نه‌ هه‌ستی به‌زه‌یی له‌ دڵی ئه‌لێکسی جوڵاند.. به‌و شێوه‌یه‌ گه‌وره‌ی خێزان وبراو بۆقه‌کان به‌ته‌نیشت یه‌که‌وه‌ جێی خۆیان گرت. به‌گشتی گۆرکی هه‌ستی سۆز وبه‌زه‌یی به‌رامبه‌ر مرۆڤ وگیانله‌به‌ر وهه‌تا شته‌کانیش ده‌رئه‌بڕی. بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌لشه‌فی هه‌ندێک جار له‌ وه‌ستانه‌وه‌ی گۆرکی وبه‌رگریکردنی له‌ که‌سانێک که‌ ئه‌وان به‌ دوژمنیان دائه‌نا تێنائه‌گه‌یشتن.
داپیره‌ بۆ ئالێکسی جێگای دایکی گرتبوه‌وه‌، له‌کاتێکدا که‌ هه‌موو جیهان پشتی لێکردبوو. ئه‌و بووبوو به‌ تاکه‌ په‌رژینی ژیان بۆی کاتێک “خواکه‌ی باپیره‌” ده‌ستبه‌رداری بوو. وه‌کوو ده‌ستبه‌رداربونه‌که‌ی له‌ بۆقه‌کان که‌ به‌ زیندوویی کرانه‌ ژێر خاکه‌وه‌ ومردن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وای داپیره‌ که‌سێکی ساده‌ بوو، خوێندن ونووسینیشی نائه‌زانی، به‌ڵام لاری نه‌بوو له‌ خواردنه‌وه‌ی پێکێک له‌گه‌ڵ ده‌ریاوانه‌کان وگێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی ده‌گمه‌ن له‌و که‌شتیه‌ی که‌ له‌ ئه‌ستراخانه‌وه‌ هێناننیه‌وه‌. ئه‌و کاره‌ی داپیره‌ بوو به‌ هۆی توڕه‌بوونی فارفارای دایک وپێی وووت “دایکه‌.. گاڵته‌ت پێئه‌که‌ن.. “ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ “با گاڵته‌ بکه‌ن خوایان له‌گه‌ڵ”
ئه‌لێکسی بچووک پشتی به‌ داپیره‌ قاییم بوو بۆ ڕزگار کردنی له‌ وانی تر له‌کاتی دروست بونی کێشه‌ له‌گاڵیاندا. وه‌کو هه‌موو ژنانی نه‌خوێنه‌واری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی خێزانه‌ هه‌ژاره‌کان، له‌ته‌مه‌نی ۱٤ساڵیدا درا به‌شوو به‌ پیاوێکی له‌خۆی به‌ته‌مه‌ن تر به‌مه‌به‌ستی دابیکردنی ژیانی داهاتووی. باوکی نه‌بوو، کچی ژنێک بوو سه‌ر به‌ گه‌لی شۆفاشی بوو. نوێژ کردنه‌که‌ی وه‌کو ئه‌وانی تر نه‌بوو، سوجده‌ی ئه‌برد ئینجا چه‌ندجارێک وێنه‌ی خاچی ئه‌کێشا وئه‌پاڕایه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی خوا خۆی نه‌زان ونه‌فره‌تی وهه‌موو ئه‌رتۆدۆکسه‌کان ڕزگار بکات وئه‌یووت: تۆ ئه‌زانی من گوناح ئه‌که‌م به‌ نیه‌ت پاکی.. ئینجا له‌ پاکیزه‌ ئه‌پاڕیه‌وه‌ وڕه‌حمی پێبکات.. ئه‌یوت: تۆ سه‌رچاوه‌ی شادی ودڵخۆشیت، جوان وبێگه‌رد وپاراوی وه‌کو سێو. باپیره‌ زۆر توڕه‌ ئه‌بوو له‌م جۆره‌ نوێژکردنه‌ی ئه‌م. هاواری ئه‌کرد به‌سه‌ریدا وئه‌یوت: هه‌ی نه‌فام چه‌ند جارم پێ ووتیت وفێرم کردووی نێوژ کردن چۆن ئه‌بێ. تۆ هه‌ر ژاوه‌ ژاو ئه‌که‌یت، هه‌ی گومڕا! خوایه‌ چۆن ئه‌مه‌ قبوڵ ئه‌که‌یت.. شۆفاشی به‌ نه‌فره‌ت.

له‌ ڕۆژانی جه‌ژنا کاتێک باپیره‌و کوڕه‌ گه‌وره‌که‌ی له‌ماڵ به‌ده‌ر ئه‌که‌وتن بۆ سه‌ردانی خزم وبراده‌ران، داپیه‌ره‌ هه‌رچی خواردنی خۆش وبه‌تام بوایه‌ ئاماده‌ ئه‌کرد وسفره‌ی ئه‌ڕازانده‌وه‌ له‌گه‌ڵ سوراحیه‌کی سه‌وز که‌ به‌ گوڵی سور نه‌خشێنرابوو له‌ ڤۆدگا.. خاڵی یاکۆفیش گیتاره‌که‌ی ئاماده‌ ئه‌کرد چه‌ند ماڵێکی تریش ئه‌هاتن له‌ گه‌ڵ قه‌شه‌ی که‌نیسه‌که‌ی نزیکیان.. به‌ خواردن وخواردنه‌وه‌و به‌زم وسه‌ما وپێکه‌نین کاته‌که‌یان به‌سه‌ر ئه‌برد. گۆرکی له‌ چیرۆکی “داپیره‌ کۆلینا” باسی پیرێژنێک ئه‌کات له‌ژێرزه‌مینێکی شێداردا ئه‌ژی که‌سانێکی زۆری ئه‌لکهۆلیک وئالوده‌ وئه‌و مرۆڤانه‌ی که‌ به‌ زبڵی کۆمه‌ڵگا ناوئه‌برێن وله‌ دواپله‌ی چڵپاویدان له‌ده‌وری خۆیدا کۆ کردۆته‌وه‌. پێیان شه‌رم نیه‌ له‌سه‌ر حسابی ئه‌و پیرێژنه‌ هه‌ژاره‌ بژین. داپیره‌ی ئه‌لێکسی هه‌ڵئه‌ستا به‌ کۆکردنه‌وه‌ی خێر وبه‌خشش له‌ خه‌ڵکی خێرخواز له‌پێناو ناندانی ده‌یه‌ها که‌سی ” لانه‌واز وپێپه‌تی ودز وله‌شفرۆش که‌وا به‌شێوه‌یه‌کی کاتی” سه‌رچاوه‌ی بژێوییان له‌ده‌ست دابوو. هه‌موو خه‌ڵکی گه‌ره‌ک وده‌ره‌وه‌ی گه‌ڕه‌ک، شاره‌زای خانه‌دانی وچاو ودڵتێری داپیره‌ی ئه‌لێکسی بوون که‌ ئه‌بوه‌ مایه‌ی ڕق وتوڕه‌یی باپیری. کاتێک ئه‌لێکسی له‌سه‌ر فه‌رمانی باپیره‌ی ماڵبه‌ده‌ر کرا، داپیره‌ی له‌کاتی به‌ڕێکردنی ووتی: “نابێ له‌که‌س توڕه‌ بی. تۆ لوت به‌رزی! له‌به‌ر بچووکترین هۆ توڕه‌ ئه‌بی، ئه‌مه‌ت له‌ باپیره‌ت بۆ به‌جێ ماوه‌ – ئه‌م باپیریه‌ چیه‌؟ هه‌روا ژیا، وژیا، پیرێکی نه‌فام وتاڵی لێ ده‌رچوو. ئه‌بێ شتێک تێبگه‌ی: خوا میهره‌بانه‌ مرۆڤ تاوانبار ناکات، ئبلیس ئه‌وه‌ ئه‌کات! خوات له‌گه‌ڵ!”.
ئه‌و له‌ بیروباوه‌ڕی کڕیستیانێتی ته‌نها به‌زه‌یی وبه‌خشه‌نده‌یی ئه‌زانی، بۆیه‌ ئه‌لێکسی له‌ ئه‌وه‌وه‌ فێر بوو ڕوو له‌ پاکیزه‌ (مه‌ریه‌م) بکات نه‌ له‌ خودا.. چونکه‌ ئه‌و دایکی هه‌موو جیهانه‌، واتا دایکی ئه‌میشه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌کاتی زیاره‌تکردنی ئایکۆنی پاکیزه‌، هه‌موو جارێ لێوه‌کانی ماچ ئه‌کرد ئه‌مه‌ش ئه‌بوه‌ هۆی توڕه‌ بوونی خێزانی فاسیلییف له‌کاتی کارکردنی له‌گه‌ڵیان له‌ شوێنه‌ بازرگانێکه‌یان له‌ قازان. ئه‌م هه‌موو به‌سه‌رهاتانه‌ی له‌ کتێبی “مناڵیم” باس کردوو.

گۆرکی ئه‌ڵێ: “به‌ جه‌سته‌ له‌ نیجنی نوفگۆرۆد له‌ دایک بووم به‌ڵام به‌ ڕوح له‌ قازان”. بیرۆکه‌ی باپیره‌ له‌ ناردنی کچه‌ زاکه‌ی بۆ ژیان له‌ “نێو خه‌ڵک” وه‌کو ئه‌وه‌ی خۆی ده‌ستی پێکرد بە کرێکاری که‌شتیوانی له‌سه‌ر ڕوباری ڤۆڵگا، دواتر بوو به‌ “مرۆڤ” کاتێک کرا به‌ سه‌رۆکی ده‌زگای که‌شتیوانی ڕوباروکان وسه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی شار. له‌ ڕاستیدا گۆرکی (عقيدته) له‌ ژیان له‌ قازان دروست بوو به‌تایبه‌تیش کاتێ له‌ نانه‌واخانه‌یه‌ک کاری ئه‌کرد که‌ خاوه‌نه‌که‌ی ناوی دیرینکۆف بوو داهاته‌که‌ی ته‌رخان کردبوو بۆ به‌ره‌وپێشبردنی خوێندن وبزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رێکانی شاره‌که‌. چونکه‌ له‌وکاته‌دا له‌ ڕوسیا که‌سانێک هه‌بوون که‌ ئه‌و جۆره‌ خه‌ونه‌یان هه‌بێ. دێرینکۆف باسی داهاتوی ڕوسیای بۆ ئه‌کرد که کاتێ هه‌وڵی هه‌زاران که‌سی چاک یه‌ک ئه‌گرێ وپۆسته‌ دیاره‌کانی کۆمه‌ڵگا ئه‌گرنه‌ ده‌ست وژیان یه‌کسه‌ر سه‌راپا ئه‌گۆڕێ. گۆرکی له‌سه‌ر ژیانی خۆی له‌ قازان ئه‌ڵێ: ” له‌ ته‌مه‌نی پانزه‌ ساڵیمدا حه‌زێکی زۆری فێربوون دایگرتم، بۆیه‌ سه‌فه‌ری قازانم کرد. چونکه‌ وام ئه‌زانی خوێندن بێ به‌رامبه‌ره‌ له‌وێ، به‌ڵام وا ده‌رنه‌چوو ناچار له‌ نانه‌واخانه‌یه‌ک گیرسامه‌وه‌ مانگی به‌ دوو رۆبڵ ده‌ستم به‌ کار کرد. کاره‌که‌ قورسترین کارێک بوو که‌ له‌ ژینم کردبێتم”. خوێندن له‌ زانکۆی قازان بیرۆکه‌ی یه‌کێک له‌ قوتابیه‌کان بوو که‌ ناسیاوی خۆی بوو سه‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ گۆرکی خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ قوتابخانه‌ی که‌نیسه‌یشی ته‌واو نه‌کردبوو ته‌نها دوو ساڵی له‌ قوتابخانه‌یه‌ک له‌ ده‌ره‌وه‌ی نیجنی نوڤگۆرۆد خوێند بوو. وازی له‌ خوێندن هێنابوو دوای ئه‌وه‌ی توشی نه‌خۆشی سورێژه‌ بوو. ئه‌و هاوڕێیه‌ی هێنای بۆ ماڵی خۆیان، دایکی به‌ موچه‌یه‌کی که‌می خانه‌نشینی له‌گه‌ڵ براکه‌ی تری به‌خێوی ئه‌کردن. دوای چه‌ند ڕۆژێک له‌و ماڵه‌، درکی به‌وه‌ کرد که‌ ژیان له‌و ماڵه‌ وبه‌وجۆره‌ ئه‌سته‌مه‌ به‌رده‌وام بێت. بۆیه‌ ده‌ستبه‌رداری بیرۆکه‌ی خوێندنی زانکۆ ومانه‌وه‌ی له‌لای ئه‌و خێزانه‌ بوو. به‌گشتی ئه‌و ساتانه‌ی ژیانی گۆرکی که‌ له‌ قازان به‌سه‌ریبرد قورسترین ساته‌کانی ژیانی بوو. له‌ ته‌مه‌نی ۱۹ساڵیدا هه‌وڵی خۆکوشتنی دا له‌به‌ر نه‌بونی وبرسێتی. ده‌مانچه‌یه‌کی په‌یدا کرد وکتێبێکی فیزیۆلۆجی له‌ قوتابیه‌ک وه‌رگرت تاوه‌کو شوێنی دڵ بزانێ له‌ناو جه‌سته‌دا لوله‌ی ده‌مانچه‌که‌ی ئاراسته‌ بکات. ئینجا چووه‌ شوێنێکی به‌رزی نزیک دێره‌که‌ وفیشه‌کێکی نا به‌ خۆیه‌وه‌. ته‌ته‌ریه‌ک، نه‌ک ڕاهیبه‌کانی ناو دێره‌که‌ به‌ په‌له‌ چوو به‌هانایه‌وه‌ وفریاگوزاری سه‌ره‌تایی بۆ کرد وپۆلیس وئیسعافی لێ ئاگادار کرده‌وه‌. ئه‌لێکسی ماوه‌یه‌ک له‌ نه‌خۆشخانه‌ مایه‌وه‌. پزیشکه‌کان وتیان فیشه‌گه‌که‌ به‌شی خواره‌وه‌ی سییه‌کی پێکابوو وچاره‌سه‌ر کرا. دوای ئه‌و کاره‌ساته‌ که‌نیسه‌ فه‌رمانی قه‌ده‌غه‌ لێکردنی که‌نیسه‌ی بۆ ده‌رکرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌وڵی خۆکوشتنی داوه‌، کاتێک پۆلیسێک فه‌رمانه‌که‌ی بۆ هێنا گۆرکی وتی فه‌رمانی نه‌چوونه‌ نێو که‌نیسه‌ی به‌ماوه‌یه‌کی زۆر پێشترله‌ بڕیاری سنودس له‌ بێبه‌ش کردنی تۆلستۆی له‌ که‌نیسه‌ بۆ ده‌رچووه‌. پۆلیسه‌که‌ داوای لێکردبوو بچێته‌ باره‌گای که‌نیسه‌ وتۆبه‌ بکات وداوای لێخۆش بوون له‌و کاره‌ی بکات به‌ڵام گۆرکی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ڕه‌تی کرده‌وه‌.

ژیان له‌ قازان چانسێکی ده‌گمه‌ن بوو بۆ شاره‌زابوون له‌ ژیانی لانه‌وازان وئه‌و “بونه‌وه‌رانه‌ی که‌ مرۆڤ بوون” که‌شه‌وانیان له‌ ژێرزه‌مینه‌کان به‌سه‌ر ئه‌برد. هه‌رووه‌ها له‌ڕێی گفتۆکردنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و قوتابیانه‌ی که‌ کێکی پێ ئه‌فرۆشتن.
گۆرکی زۆر شت فێر بوو له‌که‌سانی تری وه‌کو دێرینکۆف له‌و شوێنانه‌ی که‌ کاری تێدا کرد وه‌کو وه‌رشه‌ی وێنه‌کردنی ئایکۆن. قابشۆری چێشتخانه‌ ویارمه‌تی ده‌ری چێشلێنه‌ره‌که‌ له‌ سه‌ر پاپۆری “دوبری”. چێشلێنه‌ری پاپۆڕه‌که‌- سه‌موری- (ناوێکی خوازراوه‌) سه‌ربازێکی خانه‌نشین بوو سنوقێکی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌ناو پاپۆره‌که‌ جۆره‌ها گۆڤار وڕۆژنامه‌ وکتێبی تێدابوو. گۆرکی له‌ ساڵی ۱۸۹۷ له‌سه‌ری نووسیویه‌تی: ” سه‌مۆرۆف هه‌ستی گرنگیدان به‌ خوێندنه‌وه‌ی کتێبی لا وروژاندم”. گۆرکی که‌ پێشتر ڕقی له‌ خوێندنه‌وه‌ بوو، وای لێهات کتێب بکڕێت له‌و شارانه‌ی که‌ پاپۆره‌که‌یان پێیدا تێپه‌ر ئه‌بوو. ئه‌توانرێ بگوترێ گۆرکی لێره‌وه‌ خولی فێربونی ڕاستی ده‌ست پێکرد. له‌ ڕێی خوێندنه‌وه‌ وه‌ڵامی گه‌لێک پرسیاری سه‌رسورهێنه‌ری ده‌ست که‌وت که‌ پێشتر ڕوون نه‌بوو لای. سه‌مۆری بانگی ئه‌کرده‌ ژوره‌که‌ی خۆی وکتێبێکی ئه‌داێێ ئه‌یوت: بخوێنه‌.. ئه‌گه‌ر تێنه‌گه‌یشتی چه‌ند جارێکی تر بیخوێنه‌وه‌.. هه‌تا حه‌وت جار! ئه‌گه‌ر هه‌ر تێی نه‌گه‌یشتی دوانزه‌ جار بیخوێنه‌ره‌وه‌!

کاتێک چووه‌ سه‌رکاری تریش وه‌کو باخه‌وان وڕاوچی ماسی وئێشگر له‌ وێستگه‌ی شه‌مه‌نه‌فه‌ر، هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌. خه‌می گه‌وره‌ی ده‌ست که‌وتنی کتێب بوو له‌ هه‌ر که‌سێک بوایه‌، یان به‌ کڕین ته‌نانه‌ت به‌ دزیش بوایه‌. ده‌ستپێک حه‌زی له‌ ڕۆمانی کۆمیدی و (المغامرات) بوو، ئه‌مه‌ش دواتر کاریگه‌ری قووڵی له‌سه‌ر شێوازی کارکردنی ئه‌ده‌بی دانا که‌ شێوازی وروژاندنی سۆزی به‌کار ئه‌هێنا وجێی ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گران بوو. دوای قازان گۆرکی چوو بۆ شاری کراسنۆفیدۆف، ده‌ستی به‌ کارکردن کرد له‌ دوکانی روماس که‌ یه‌کێک بوو له‌ ئه‌ندامانی سه‌ر به‌ بزوتنه‌وه‌ی (نارۆدنیکی) وپه‌یوه‌ندیه‌کی هاوڕێیانه‌ی به‌هێزیان په‌یدا کرد، له‌ ڕێی ئه‌میشه‌وه‌ به‌ بیرۆکه‌ شۆرشگێریه‌کان ئاشنا بوو. کاتێک له‌ کارێکی ئاژاوه‌گێریدا دوکانه‌که‌ی روماس سوتێنرابه‌ هه‌موو کتێبه‌کانییه‌وه‌، گۆرکی به‌ توندی به‌شه‌ڕ هات له‌گه‌ڵیان.

دوای ئه‌وه‌ له‌ کێڵگه‌ وباخه‌کاندا کاری کرد، ئینجا سواری که‌شتیه‌ک بوو له‌ سامارا وه‌ بۆ ده‌ریای قه‌زوین له‌وێ کاری ڕاوه‌ ماسی ئه‌کرد. دواتر، له‌ شاری تساریتسین له‌ چه‌ند وێستگه‌یه‌کی شه‌مه‌نه‌فه‌ر کاری پاسه‌وانی ئه‌کرد. به‌ درێژایی ئه‌و کاتانه‌ به‌رده‌وام بوو له‌ به‌شداری کردن له‌ خولی خۆ فێرکردن وخۆپێگه‌یاندن چه‌ند جارێکیش ده‌ست به‌سه‌ر کراو خرایه‌ ژێر چاودێری پۆلیسه‌وه‌. له‌و کاتانه‌ بیرۆکه‌ی په‌یوه‌ندی کردن به‌ ” گروپه‌کانی تۆلستۆی” که‌ له‌هه‌موو ڕوسیا بڵاو بوبووه‌ به‌سه‌ریدا زاڵ بوو. گه‌نجانی ئه‌م گروپانه‌ هه‌ڵئه‌ستان به‌ دامه‌زراندنی کێڵگه‌ی کشتوکاڵی وکارکردن تیایاندا دوور له‌ شاره‌کان. ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ گه‌لێک نوسه‌ری به‌لای خۆیدا ڕاکێشا وه‌کو تشیخۆف، بۆنین، لیونید ئه‌ندرێڤ، هی تریش. گۆرکی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک گه‌نج رێک که‌وتن له‌سه‌ر ڕوکردنه‌ تیشخۆف بۆ ئه‌وه‌ی پارچه‌یه‌ک زه‌وی کشتوکاڵیان پێ ببه‌خشی به‌مه‌به‌ستی دروستکردنی کێڵگه‌یه‌ک. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ گه‌شتێکی نهێنی به‌ خۆشاردنه‌وه‌ له‌ ناو شه‌مه‌نه‌فه‌ر ده‌ست پێکرد به‌بێ بلیت وبه‌ پێ وتاگه‌یشته‌ باخی “یاسنایا بۆلیانا”. به‌ڵام تۆلستۆی له‌وێ نه‌بوو هاوسه‌ره‌که‌ی ووتی چووه‌ بۆ مۆسکۆ. به‌دوایدا چوو به‌ڵام له‌وێش نه‌یبینی، نامه‌یه‌کی بۆ نووسی وتیایدا بیرۆکه‌که‌ی باسکرد وداوای یارمه‌تی لێ کرد به‌ڵام تۆلیستۆی که‌ خۆشی به‌م بیرۆکانه‌ نا ئه‌هات وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. گۆرکی مه‌به‌ستی بوو کۆمۆنه‌یه‌ک دابمه‌رزینێ وتیایدا جێگیر بێ به‌ هێمنی بیر له‌ به‌سه‌رهاتی ژیانی ڕابوردوی بکاته‌وه‌. ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی سه‌ری نه‌گرت چونکه‌ داوا کرا بۆ به‌جێهێنانی خزمه‌تی سه‌ربازی له‌ شاره‌ کۆنه‌که‌یان نیجنی نۆفگۆرۆد.

به‌ڵام له‌ سه‌ر ڕاپۆرتی لیژنه‌ی پزیشکی وبه‌هۆی نه‌بوونی توانای جه‌سته‌یی له‌ خزمه‌تی سه‌ربازی قبوڵ نه‌کرا. ئه‌لیکسی ده‌ستی کرد به‌ فرۆشتنی خواردنه‌وه‌یه‌ک کرد به‌ ناوی “کفاس” (خواردنه‌وه‌یه‌که‌ له‌ نانی جۆ دروست ئه‌کرێ به‌ڵام ئه‌لکهولی تێدا نیه‌، بۆ پاراستن له‌ گه‌رمای هاوین به‌ سوده‌). دواتر بوو به‌ نوسه‌ر له‌ ئۆفیسی نوێنه‌ری گشتیه‌ک به‌ ناوی لانین به‌رامبه‌ر ۲۰ ڕۆبڵ له‌ مانگێکدا. موچه‌که‌ی خراپ نه‌بوو، کاره‌که‌شی زۆر قورس نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌لێکسی هه‌ستی به‌نامۆیی ئه‌کرد له‌ناو ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌دا بۆیه‌ ئه‌وکاره‌ی به‌ێ هێشت ودوباره‌ گه‌شتێکی ده‌ست پێکرد به‌ ناو ڕوسیادا. گه‌لێک کاری تری کرد له‌ به‌نده‌ره‌ ئاویه‌کان وپرۆژه‌ بیناسازێکان وکاری تریش. له‌ کارکردنی له‌ ئۆفیسه‌که‌ی لانین چانسی خوێندنه‌وه‌ی کتێبگه‌لێکی ده‌ست که‌وت که‌وا سه‌رتاپای بیرکردنه‌وه‌ی گۆڕی. له‌وێ کتێبی ” زه‌رده‌شت ئاوای ووت” که‌تیایدا ئه‌ڵێ مرۆڤ ئه‌ڵقه‌ی گوێزانه‌وه‌و تیاچوونه‌. مرۆڤ وه‌کو “پردێکه‌” که‌ سروشت دروستی کرد له‌نێوان مرۆڤی باڵا وئاژه‌ڵ. بیرۆکه‌ی “مڕۆڤی باڵا” جێگیر بوو له‌ بیری گۆرکیدا وڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو له‌ کاره‌ ئه‌ده‌بیکانیدا له‌وانه‌ شانۆگه‌ری “فه‌لسفه‌” ئامێزی “چڵپاو” که‌ به‌زمانی ساتینه‌وه‌ ئه‌ڵێ:”مرۆڤ حه‌قیقه‌ته‌.. مرۆڤ چه‌ند سه‌یره‌! چه‌ند مایه‌ی شانازیه‌ ئه‌م ووشه‌یه‌-مرۆڤ”.
گۆرکی لۆمه‌ی قسته‌نتین ستانیسلافسکی وڤلادیمێر نیمیرۆڤیچ-دانشینکۆ ده‌رهێنارانی شانوگه‌ره‌که‌ی کرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوه‌تی له‌ مه‌به‌ستی تێنه‌گه‌یشتوون. کاتێک باسی مرۆڤ ئه‌کات له‌ شانۆگه‌رێکه‌ که‌ ده‌وڵه‌ت به‌زه‌حمه‌ت ڕێی نمایشکردنی دابوو مه‌به‌ستی له‌ مرۆڤی”باشترین” ه‌، نه‌ک مرۆڤی سه‌رخۆش ونه‌زان ومرۆڤی چڵپاو. نیتشه‌ له‌و کاته‌دا جێ سه‌رنج وگرنگی پێدانی نێوه‌نده‌ ڕۆشنبیریه‌ ئه‌وروپیه‌کان نه‌بو، ته‌نانه‌ت هه‌ندێک به‌ فاشیلیان دائه‌نا. به‌ڵام گۆرکی له‌ ساڵی ۱۸۷۹ له‌سه‌ری نووسیویه‌تی ئه‌ڵێ:”.. به‌ قه‌ده‌ر زانیاری خۆم من نیتشه‌م به‌دڵه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دیموکراتیم به‌ زگماک وبه‌ هه‌ست بۆیه‌ چاکی ئه‌بینم که‌ دیموکرازه‌ کردن ژیان له‌ناو ئه‌بات وسه‌رکه‌وتن بۆ مه‌سیح نابێ وه‌کو هه‌ندێک باوه‌ڕیان وایه‌ به‌ڵکو سه‌رکه‌تن بۆ گه‌ده‌ ئه‌بێ ” … هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی ” نیتشه‌ مژده‌ی “له‌ش ساغ” ی ئه‌دا. دواتر کاتێ گۆرکی گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ یه‌کێتی سۆڤێت له‌ سیه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو مژده‌ی “له‌ش ساغ” ی وته‌ندروستی ئه‌به‌خشیه‌وه‌ وه‌کو به‌رزتریین به‌هایه‌ک له‌ لای گه‌نجانی سۆڤێت.

به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی سه‌رسامی گۆرکی به‌ نیتشه‌ ئه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆئه‌و بۆچونه‌ی خۆی که‌ پێی وابوو نیتشه‌ به‌رهه‌ڵستی ڕۆشنبیری بورژوازی کرد وناڕازی بوونی به‌رامبه‌ری ڕاگه‌یاند. بۆ زانینیش، لێکۆڵه‌وه‌ره‌کان له‌ کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌ ئاماژه‌یان به‌ نزیکی بیری نیتشه‌ له‌ سه‌ره‌تایدا له‌گه‌ڵ بیری سۆسیالیستی دابوو. هه‌رچه‌نده‌ زۆری نووسه‌ران ڕه‌خنه‌یان له‌م هه‌ڵویسته‌ی گۆرکی هه‌بوو له‌سه‌ر نیتشه‌. به‌ڵام گۆرکی هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر نیتشه‌ گۆڕی دواتر وبه‌ سه‌رچاوه‌ی نازیه‌ت وه‌سفی ئه‌کرد له‌ نووسینه‌کانیدا له‌ سه‌رده‌می سۆڤێتدا-“له‌باره‌ی بورژوازی بچوکه‌وه‌” (۱۹۲۹) وه‌” له‌باره‌ی مرۆڤی کۆن ونوێوه‌” (۱۹۳۲) و “گفتو گۆ له‌گه‌ڵ لاوان”(۱۹۳٤).

گۆرکی دواتر یه‌که‌مین کتێبه‌کانی کرد به‌ دیاری بۆ سه‌رچاوه‌ی نیعمه‌ته‌که‌ی لانین. که‌رۆژگارێک کتێێبخانه‌که‌ی خستبوه‌وه‌ ژێر ده‌ستی وهه‌لی ئاشنا بوونی به‌ فه‌یله‌سوفه‌ ئه‌وروپێکان بۆ ره‌خساند. دواتر له‌م باره‌وه‌ “زیانه‌کانی فه‌لسه‌فه‌”ی نووسی له‌ژێر کارتێکردنی خوێندنه‌وه‌کانی له‌وێ. شایانی وتنه‌ ڕوسیا له‌و ساڵاندا ده‌رکه‌وتنی که‌سانی ڕۆشنبیری له‌ هه‌رێمه‌ جیاوازه‌کانیدا به‌خۆوه‌ بینی، که‌ هه‌ریه‌که‌یان به‌ قوتابخانه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی دائه‌نرێت پێشه‌نگیشیان تۆلستۆی بوو. ڕه‌خنه‌گران له‌ کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌ گۆرکیان له‌ ڕیزبه‌ندی ئه‌دیبه‌ مه‌زنه‌کانی ڕوسیا دائه‌نا، بۆ نمونه‌ کاره‌کانی به‌ تیراژی زیاتر له‌ کاره‌کانی تیشخۆف ده‌ر ئه‌چوون. له‌ نێوه‌نده‌ ئه‌ده‌بیه‌ ڕوسێکاندا گۆرکی به‌ نوێنه‌ری “ڕۆشنبیری ئه‌لته‌رناتیڤ” دائه‌ندرا که‌ کۆمه‌ڵگا به‌دوایدا ئه‌گه‌ڕا لەو‌ کاته‌وه‌ی که‌ یه‌که‌م چیرۆکی “ماکار تشودرا” له‌ ڕۆژنامه‌ی “قه‌وقاز” له‌ ته‌فلیس (ته‌بلیسی ئێستا) وکۆمه‌ڵه‌ چیرۆکی “مقالات وقصص” دەرچون.

3
له‌کاتی هه‌ڵکشانی ئه‌ستێره‌ی گۆرکی وه‌کو نوسه‌رێک وداهێنه‌ری شێوازێکی نوێ، نووسه‌ر ئیڤان بۆنین له‌باره‌یه‌وه‌ ووتی:” له‌گه‌ڵ یه‌که‌م چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵیدا ناوبانگی له‌ هه‌موو ڕوسیا بڵاوبوه‌وه‌، دواتر ته‌نها ناوبانگی زیادی ئه‌کرد”. ڕۆشنبیرانی ڕوس سه‌رسام بوون پێی تا ڕاده‌ی شێتی.. وهه‌موو کارێکی نوێی ئه‌بوه‌ ڕوداوێکی گه‌وره‌ له‌ هه‌موو ڕوسیا. به‌ڵام خۆی له‌ گۆڕانی هه‌میشه‌یدا بوو- نه‌ک ته‌نها له‌ شێوازی ژیانی به‌ڵکو له‌ هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیشدا”. ڕاستێکه‌ی ناوبانگی گۆرکی زۆرێک له‌ نووسه‌ره‌ ناسراوه‌کانی هاوده‌می خۆی ناڕه‌حه‌ت کردبوو. وێنه‌کانی له‌ هه‌موو شوێنيک ئه‌فرۆشرا، گه‌نجان له‌ ناوچه‌ی جیا جیا لاسایی شێوازی جل پۆشین وقژداهێنان وجوڵه‌و چۆنیه‌تی ئاخاوتنیان ئه‌کرده‌وه‌. (به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ شایانی ووتنه‌ یه‌کێک له‌ ئه‌دیبه‌ عێراقێکانی ساڵانی په‌نجاکان وشه‌سته‌کان، لاسایی گۆرکی ئه‌کرده‌وه‌ وئه‌گه‌ر بوترایه‌ له‌ گۆرکی ئه‌چی؛ ئه‌وه‌ به‌ پێدا هه‌ڵدان ئه‌یژمارد.) تۆلستۆی له‌ پێشه‌نگی ره‌خنه‌گرانی گۆرکی بوو، پێشه‌کی به‌ پیاوێکی ڕاسته‌قینه‌ی سه‌ر به‌ گه‌له‌ چونکه‌ توانی سه‌رنجی خوێنه‌ران بۆ مرۆڤی ” نێوچڵپاو” و “به‌ته‌واوی داته‌پیو”، په‌لکێش بکات که‌ هه‌موو ئه‌زانین ئه‌و مرۆڤانه‌ برای ئێمه‌ن- به‌ڵام ته‌نها زانینێکی ڕوکه‌شانه‌. به‌ گوته‌ی تۆلستۆی، گۆرکی ئه‌و مرۆڤانه‌ی به‌ شێوه‌یه‌کی پڕ له‌ خۆشه‌ویستی تێر وته‌سه‌ل وێنا کردوه‌ به‌ ڕاده‌یه‌ک که‌ خۆشویستنی ئه‌و مرۆڤانه‌ی خستۆته‌ دڵی خوێنه‌رانه‌وه‌. به‌ڕاستی قسه‌کانی زیاده‌ڕۆی تێدایه‌ به‌ڵام جێی لێبوردنه‌؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی” ڕاده‌ی خۆشویستنی ئه‌و مرۆڤانه‌ی له‌ لا زیاد کردین”.
ئه‌بێ دان به‌وه‌دا بنرێت بیری تۆلستۆی و، تۆلستۆی وه‌کو نوسه‌رێک کاریگه‌ری له‌سه‌ر گۆرکی هه‌بوو، وه‌کو خۆی ئاماژه‌ی پێ کردبوو له‌ کتێبه‌که‌ی له‌سه‌ر تۆلستۆی. ناوبانگی گۆرکی دوای ته‌نها پێنج ساڵ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی یه‌که‌مین کۆمه‌ڵه‌ چیرۆکی، ناوبانگی نووسه‌رانی هاوچه‌رخی خۆی وه‌کو تشیخۆف وکۆرۆلینکۆ وچه‌ندی تریشی داپۆشی بوو. تۆلستۆی له‌و ڕۆژگاره‌ درکی به‌وه‌ کرد که‌ نه‌وه‌یه‌کی نوێ له‌ ئه‌دیبی ریالست له‌ ڕوسیا ده‌رئه‌که‌وێت وه‌کو گۆرکی وبۆنین وئندرێڤ وشمیلیوف وهی تریش که‌ نوێنه‌ری سه‌رده‌مێکی نوێی ئه‌ده‌بی ڕوسی ئه‌که‌ن. گۆرکی خۆی وه‌کو نوسه‌رانی سه‌رده‌می خۆی، ئاوا سه‌یری تۆلستۆیان ئه‌کرد وه‌کو بڵێی له‌ “پله‌ی په‌رستندا” بێت نه‌ک ته‌نها وه‌کو نووسه‌رێک به‌ڵکو وه‌کو که‌سێکی روحانی که‌ ئه‌و بیڕۆکانه‌ی بڵاوی ئه‌کردنه‌وه‌ که‌نیسه‌ی توڕه‌ کردبوو ولێی حه‌رام کرا بوو. گۆرکی له‌ ژێر کاریگه‌ری بیری سۆسیالیستیدا مه‌ودای دابڕانی له‌ که‌نیسه‌ له‌ تۆلستۆی گه‌لێک زیاتر بوو، چونکه‌ له‌ ژێر کاریگه‌ری فه‌یله‌سوفه‌ سۆسیالیسته‌کاندا بوو. هه‌ندێک له‌ ڕه‌خنه‌ گران پێیان وابوو ناڕازی بوونی تۆلستۆی له‌ گۆرکی له‌به‌ر (غیره‌) بووه‌ – هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ قسه‌یه‌کی بێ مانایه‌-، به‌تایبه‌تی دوی نمایش کردنی شانۆگه‌ری “چڵپاو” له‌ به‌رلین وچه‌ند شارێکی تری ئه‌وروپا که‌ سه‌رکه‌وتنێکی بێ وێنه‌ی هه‌بوو. هه‌روه‌ها گه‌شته‌که‌ی گۆرکی بۆ ئه‌مه‌ریکا له‌گه‌ل ژنه‌ئه‌کته‌ر ماریا ئه‌ندرێڤا که‌ هاوسه‌ری ناشه‌رعی بوون. هه‌موو رۆژنامه‌ ڕوسی وئه‌مه‌ریکێکان هه‌واڵی سه‌ردانی وکۆبونه‌وه‌کانیا نی له‌گه‌ڵ نێوه‌نده‌ ڕۆشنبیریه‌ ئه‌مه‌ریکیان بڵاو ئه‌کرده‌وه‌. تۆلستۆی له‌ ڕۆژانه‌ نووسینه‌کانیدا ره‌خنه‌کانی له‌سه‌ر کاره‌کانی گۆرکی که‌ له‌و ڕۆژانه‌دا بڵاو ئه‌کرانه‌وه‌ تۆمار کردوه‌ وبه‌ کارگه‌لێکی “خراپ” و “ناڕاست” وه‌سفی کردون. ئه‌گه‌ری زیاتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ تۆلستۆی پێشه‌نگی ئه‌و که‌سانه‌ بوو که‌ هه‌ستیان ئه‌کرد گۆرکی هه‌ڵگری ڕه‌وشتگه‌لێکی نوێیه‌ که‌ زیاتر سه‌رنجی گه‌نجان ڕائه‌کێشێ. فه‌لسه‌فه‌ی تۆلستۆی که‌ بنیاد نراوه‌ له‌سه‌ر ڕزگار بوونی تاک به‌ کاری خێر بۆ گۆڕینی کۆمه‌لگا، به‌رامبه‌ر بوه‌وه‌ له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی گۆرکی له‌ کاری “خێری به‌کۆمه‌ڵ” که‌ سۆسیالیستی به‌نگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرد. به‌ڵام په‌یوه‌ندی تۆلستۆی وگۆرکی هه‌ر به‌ هێزی مایه‌وه‌ تا کاتی مردنی. هه‌رچه‌نده‌ سۆفیا تۆلستایای هاوسه‌ری تۆلستۆی هه‌ستی به‌ سه‌غڵه‌تی ئه‌کرد کاتێک گۆرکی سه‌ردانی بکردنایه‌.

وادیاره‌ که‌ به‌ناوبانگی گۆرکی له‌گه‌ڵ مردنیدا وه‌کو “مۆده‌یه‌ک” که‌ کاتی به‌سه‌ر چووبێ کۆتایی هات. هه‌وادارانی ئه‌ده‌ب وه‌کو جاران پۆشکین وگۆگۆل وتۆلستۆی ودۆستۆفسکی له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ دائه‌نێن. ئێستا گۆرکی چیتر ئه‌و پایه‌ به‌رزه‌ی که‌ هه‌یبوو وه‌کو ئه‌دیبی پله‌ یه‌ک له‌ ڕوسیا وده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا نه‌ماوه‌. هه‌موو ئه‌و لێکۆلینه‌وانه‌ی که‌ بڵاو کرانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی گۆرکی له‌ سه‌رده‌می سۆڤێتدا له‌ژێر چاودێری به‌شی ڕۆشنبیری له‌ لیژنه‌ی ناوه‌ندی حیزب ده‌رئه‌چوو که‌ پابه‌ندی کۆمه‌لێک بریاری سیاسی بوو له‌ بواري ڕۆشنبیریدا ته‌نانه‌ت هه‌موو گفتوگۆ وخیتابه‌ کانی که‌ له‌و کاته‌ بڵاو کرانه‌وه‌ له‌ژێر چاودێریدا بوون، چاودێری خۆیی له‌ترسی سه‌رکرده‌کان، یان چاودێری توندی حزبی (وه‌کو خیتابه‌که‌ی له‌ یه‌که‌مین کۆنفرانسی یه‌کێتی نوسه‌رانی سۆڤێت). له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر به‌سیاسیکراو ئه‌مێننه‌وه‌. به‌ڵام پێش شۆرشی ئۆکتۆبه‌ر کارگه‌لێکی ڕه‌خنه‌یی جدی له‌ سه‌ر داهێنانی گۆرکی بڵاو کرایه‌وه‌، وه‌کو خوێندنه‌وه‌کانی نووسه‌ر کۆرنێ چايکۆفسکی (نوسه‌ری به‌ناوبانگی چیرۆکی مناڵان که‌ له‌ دوای شۆرش وازی له‌ کاری ره‌خنه‌گرتن هێنا وله‌گه‌ڵ گۆرکی زنجیره‌ “ئه‌ده‌بی جیهانیان” ده‌رئه‌هێنا). له‌ خوێندنه‌وه‌که‌ی که‌ بۆ ڕوحی ئۆراسی (رۆژهه‌ڵاتی) وڕوحی ڕۆژئاوایی گۆرکی کردی له‌ ساڵی ۱۹۲٤ به‌ناونشانی “هه‌ردوو ڕوحی گۆرکی”، نووسه‌ر خه‌مڵاندنێکی زۆر بابه‌تییا نه‌ بۆ که‌سایه‌تی ئه‌ده‌بی گۆرکی ئه‌کات که‌ که‌سایه‌تیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ی به‌ پله‌ی یه‌که‌م به‌سه‌ریدا زاڵ بوو. له‌ سه‌رده‌می سۆڤێتدا ووته‌کانی وه‌کو: “دوژمن ئه‌گه‌ر ته‌سلیم نه‌بوو ئه‌بێ له‌ناو ببرێ”…. هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌که‌ کۆمه‌ڵێ مه‌قاله‌ی تێدایه‌ که‌ چايکۆفسکی نوسییبوی له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ۱۹۰۰ هه‌تا هه‌ڵگیرسانی شۆرشی ئۆکتۆبه‌ر۱۹۱۷. ئه‌م ره‌خنه‌گره‌ به‌وه‌ ناسرابوو که‌ بڕوای به‌سه‌رتوێژی کاره‌ ئه‌ده‌بێکان نه‌بوو به‌ڵکو ڕۆئه‌چووه‌ خوارێ به‌ناخی کاره‌که‌دا. کاتێک تشایکۆفسکی خوێندنه‌وه‌یه‌کی له‌ سه‌ر کاره‌کانی گۆرکی نووسی ڕه‌خنه‌ گران هێشتا یه‌ک ڕانه‌بوون له‌سه‌ر پاشخانی (باکگراوند) ئایدۆلۆجی گۆرکی، به‌ شوێنکه‌وتوی بیری نیتشه‌، یان به بان‌گەوا‌زکه‌ری شۆڕش، یان وه‌سفکه‌ری ژیانی ڕۆژانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌کو خۆی، یان وه‌سف ئه‌کرد. به‌ڵام که‌ ڕۆژان تێپه‌ڕین بۆچونه‌کان له‌سه‌ری گۆڕان وبه‌ “به‌هره‌یه‌کی ده‌گمه‌ن” و “تاکڕه‌و” یان دائه‌نا.

ئاشکرایه‌ گۆرکی کاره‌ بنچینه‌یه‌کانی که‌ ناوباگی جیهانی بۆ هێنا، هی پێش شۆرشی ئۆکتۆبه‌ر بوون. له‌ سه‌رده‌می سۆڤێتدا هه‌ندێک کاری ته‌واونه‌بوی که‌ له‌ ڕۆژانی ئاواره‌بونیدا ده‌ستی پێ کردبوو ته‌واو کرد له‌وانه‌ ڕۆمانی گه‌وره‌ی “ژیانی کلیم سامگین”. تشایکۆفسکی باوه‌ڕی وایه‌ که‌ گۆرکی یه‌که‌مین نووسه‌ری ڕوسیه‌یه‌ که‌ باوه‌ڕی به‌وه‌یه‌ ملیۆنه‌ها که‌سی سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ ئه‌توانن ژیانیان بنیاد بنێن وله‌ دۆزه‌خه‌وه‌ بیکه‌ن به‌ به‌هه‌شت. به‌کار کردن کۆشکێک له‌ بلوور دروست ئه‌که‌ن بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو هاواری تیادا به‌رز نابێته‌وه‌ وفرمێسکی تیا ناڕژێ و “نه‌ کۆیله‌ ئه‌بێ ونه‌ گۆڕی بێ خاچ” هه‌موو بابه‌تی داهێنانی گۆرکی ” گرنگیدان به‌م داهاتوه‌ به‌ختیاره‌یه‌”. گۆرکی عه‌وداڵی گه‌ڕان به‌شوێن خوادا یان حه‌قیقه‌تدا نیه‌، به‌ڵکو عه‌وداڵی به‌ختیاریه‌. ئه‌و به‌ختیاریه‌ی که‌ یه‌کسان بێت به‌و نه‌هامه‌تیه‌ی که‌ له‌ژیانی که‌سانی چوارده‌وری بینی له‌ مناڵیه‌وه‌. مه‌به‌ست له‌ هه‌موو کاره‌کانی له‌ شیعر وپه‌خشان “گۆڕینی مرۆڤایه‌تیه‌”. ئه‌م شته‌ بوو زیاتر وای لێکرد پاڵپشتی بزوتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی شۆڕشگێری بێت. له‌ خه‌ڵکی ساده‌، زۆر ڕقی له‌ پیاوی (مۆجیک) بوو، پیاوێک، نه‌زان له‌ ژیاندا ته‌نها کاری قورس وخواردنه‌وه‌ی ڤۆدگا وشه‌ڕ ودڵره‌قی ولێدانی ژن به‌پێڵاو ئه‌زانێ. ئه‌و مۆجیکه‌ی که‌ هاوسه‌ره‌که‌ی به‌ستبوو به‌ عه‌ره‌بانه‌یه‌که‌وه‌ وله‌به‌ر چاوی خه‌ڵک به‌ قامچی لێی ئه‌دا وپێئه‌که‌نی به‌تاوانی ناپاکی(خیانه‌ت) وئه‌یگێڕا به‌ناو دێدا. خوێن به‌له‌شیا ئه‌هاته‌ خوارێ له‌ دیمه‌نێکی پڕ له‌ سادیه‌ت بێئه‌وه‌ی که‌سێک هه‌وڵی ڕاگرتنی بدات. به‌ڵام گۆرکی له‌هه‌مان کاتدا به‌زه‌یی به‌و مۆجیکه‌دا ئه‌هاته‌وه‌. خوێنه‌ر ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌زه‌یی له‌ هه‌موو کاره‌کانیدا به‌دی ئه‌کات، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ڵس وکه‌وتی ڕۆژانه‌یشیدا. ئه‌م به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌ی گۆرکی لینینی بێزار ئه‌کرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گۆرکی به‌زه‌یی به‌ ڕۆشنبیره‌ بورژوازێکانا ئه‌هاته‌وه‌ کاتێک لینین وڵات به‌ ده‌ری کردن به‌ که‌شتیه‌ک که‌ ناونرا “که‌شتی فه‌یله‌سوفه‌کان”. ئه‌مه‌ ئه‌و که‌شتیه‌ بوو که‌ ڕۆشنبیرانی پێ نێردرایه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا دوای شۆرش. ئه‌م کاره‌ش به‌ هه‌وڵی گۆرکی کرا چونکه‌ ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه‌ سزای قورستر چاوه‌رێی ئه‌کردن. له‌ڕاستیدا گۆرکی له‌ ده‌ربڕینی هه‌ستی به‌زه‌یی به‌رامبه‌ر به‌ ئازاری خه‌ڵک له‌ سه‌روی هه‌موو نوسه‌ره‌ ڕوسێکانه‌وه‌یه‌. به‌ڕای ئه‌و، مرۆڤ به‌رجه‌سته‌ی ئازار ئه‌کات که‌ ئه‌بێ که‌م بکرێته‌وه‌. وبه‌چاوێکی سوکه‌وه‌ سه‌یری مردن ئه‌کات چونکه‌ به‌ڕای ئه‌و ژیانی مرۆڤ له‌ مردن سه‌ختتره‌. بۆیه‌ ئه‌بێ بیر له‌ مردن نه‌که‌نه‌وه‌ به‌ڵکو بیر له‌ ژیان وچۆنیه‌تی گۆرینی بکه‌نه‌وه‌ به‌ره‌و باشتر.

به‌مجۆره‌ گۆرکی ڕقی له‌ مرۆڤی نه‌زان بوو، له‌ هه‌مان کاتدا به‌زه‌یشی پێدا ئه‌هاته‌وه‌. هه‌ر له‌ مناڵیه‌وه‌ هه‌وڵی رزگار کردنی خۆی وکه‌سانی تری ئه‌دا به‌ ده‌رهێنانیان له‌ ژیانی بێ مانا، ژیانێک که‌ زیاتر له‌ ژیانی ئاژه‌ڵ ئه‌چێت. به‌بۆچونی ئه‌و، ئه‌و مرۆڤانه‌ وه‌کو نه‌خۆشێکن که‌ جه‌سته‌ی هه‌مو برین وچڵک وگرێیه‌ که‌ به‌” ئه‌سیایی وڕۆژهه‌ڵاتی ومه‌نگۆلی” ناوزه‌ندی ئه‌کردن…به‌ڵام مرۆڤه‌که‌ی تر که‌ ئه‌و پێشبینی ئه‌کرد؛ مرۆڤێکه‌ به‌هره‌دار، جوان، وپیرۆز له‌ سه‌ره‌تاوه‌، ته‌نها به‌ لابردنی برین وچڵکو گرێکان سه‌ر له‌نوێ ئه‌بێته‌وه‌ به‌ مرۆڤێکی پاک وله‌ش ساغ وجوان. به‌م شێوه‌یه‌ “باوه‌ڕی گۆرکی” دروست بوو وبه‌دڕێژایی ژیانی داهێنه‌رانه‌ی به‌ نه‌گۆڕاوی مایه‌وه‌. په‌یامی له‌ ژیاندا چاره‌کردنی ده‌رده‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بوو. بۆیه‌ له‌سه‌ره‌تای ڕێڕه‌وی ئه‌ده‌بیدا ڕۆمانسیه‌تی هه‌ڵبژارد وه‌کو ده‌رمانی هه‌موو دەردە کۆمه‌ڵایه‌تێکان. له‌ پێش هه‌مویانه‌وه‌ دڵره‌قی که‌ سیفه‌تێکی ڕوسه‌کانه‌ و به‌رامبه‌ری کرابوو به‌ به‌رده‌وامی له‌ سه‌رده‌می منداڵییدا. گۆرکی له‌ پێشه‌کی کتێبی “مه‌قاله‌کانم نوسیویه‌تی: “زۆر سه‌برم کرد به‌ ناچاری بۆ گوێ گرتن به‌بێ گوێدان له‌ ئامۆژگاری کردن له‌سه‌ر مل که‌چ کردن وسه‌برکردن. وه‌ من ئه‌م داوایه‌ قبوڵ ناکه‌م، به‌بێ گومان به‌ زیانی ئه‌زانم بۆ وڵاته‌که‌م”. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ که‌ ئه‌ڵێ “ئاسیا له‌ خوێنی ڕوسه‌کاندایه‌” ئه‌مه‌ش هۆی هه‌موو نه‌خۆشیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیکانی وه‌کو خراپی به‌رێوه‌به‌دنی کاروبار ولاوازی له‌ خۆگونجاندنه‌ له‌ژیاندا. گۆرکی له‌ زۆربه‌ی کاره‌کانی ئه‌م ئاسیایه‌ به‌ تاوانبار ئه‌زانێت له‌ هه‌موو ئه‌و ده‌ردانه‌ی که‌ توشی کۆمه‌ڵگای ڕوسی بووه‌ له‌ ئاڵوده‌ بوون به‌ ئه‌لکهۆڵ له‌گه‌ڵ به‌دخۆراکی (ئه‌وروپێکان ئالکهوڵ ئه‌خۆنه‌وه‌ به‌ڵام خواردنی باشیشی له‌گه‌ڵ ئه‌خۆن) هه‌روه‌ها ته‌مه‌ڵی وبوونی مرۆڤگه‌لێکی وه‌کو ئه‌بلۆمۆڤ وئۆنیگین ورودین (که‌سایه‌تی نه‌گه‌تیڤی ناسراو له‌ ئه‌ده‌بی ڕوسیدا) هه‌روه‌ها ئه‌و دڵره‌قی ووه‌حشییه‌ته‌ بڵاوه‌ی ناو کۆمه‌ڵگا. گۆرکی هۆی هه‌موو ئه‌م نه‌خۆشیه‌ کۆمه‌لایه‌تیانه‌ی گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ “ئاسیا”، ده‌رمانی چاکبونه‌وه‌کانیشی له‌ “ئه‌وروپا” ئه‌بینی.

ئه‌گه‌ر هۆی تیاچونی ڕوسیا “ڕۆژهه‌ڵات” بێت ئه‌وا ڕزگار بونیشی له‌ “رۆژئاوایه‌”. ئه‌م بۆچونه‌ی گۆرکی که‌ گوزارشت له‌ بیروباوه‌ڕی ئه‌کات له‌ کتێبی “حکایه‌ته‌ ئیتالێکان” که‌ پڕه‌ له‌ مۆسیقاو وخۆشی وکامه‌رانی ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌. گۆرکی تێیدا باسی کرێکارانی جنه‌وه‌ ئه‌کات که‌ چۆن مناڵانی کرێکاره‌کانی بێرم که‌ مایه‌ پوچ بوون ئه‌گرنه‌ خۆیان وپه‌نایان ئه‌ده‌ن وخواردنیان بۆ دابین ئه‌که‌ن. کاتێکیش کرێکارانی ترامه‌کان مانیان گرت خه‌ڵکی پشگیری لێکردن به‌ ڕووخۆشیه‌وه‌ له‌سه‌ر هێڵه‌ ئاسنینه‌کان دائه‌نیشتن. گۆرکی مه‌به‌ستیه‌تی بڵێ: ڕۆژهه‌ڵات بڕوانه‌.. فێر به‌.. لاساییان بکه‌ره‌وه‌. سه‌یری ژیان بکه‌ له‌ ڕۆژئاوا چه‌ند به‌خۆشی وبێ سه‌رئێشه‌ به‌رێوه‌ ئه‌چێت. ئه‌گه‌ر ڕوسیاش له‌ ده‌ردی ” ڕۆژهه‌ڵات وئاسیا” ڕزگاری بێت ئه‌وا وه‌کو ئه‌وان ئه‌بێت. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ هه‌ڵوێستی گۆرکی سه‌رچاوه‌ی گرت له‌ ره‌خنه‌ گرتن له‌ کاری نوسه‌رانی سه‌رده‌می خۆی، ره‌خنه‌ی له‌ رۆمانی “شه‌ڕ وئاشتی” تۆلستۆی وڕۆمانی “ده‌ست لێ وه‌شێنراوه‌کان” دۆستیوفسکی وشیعره‌کانی تویتشیف که‌ به‌ ڕوحی ڕوسیدا هه‌ڵئه‌دا.

گۆرکی که‌ ئه‌یویست ژیان له‌ ڕوسیا وه‌کو ژیانی شارستانی ئه‌وروپی لێبێت، بیری چوبوو که‌وا خۆیشی زاده‌ی ئه‌م “ڕۆژهه‌ڵاته‌یه‌” وله‌که‌ناری ڤۆڵگا گه‌وره‌ بوو. هه‌ر له‌ مناڵیه‌وه‌ به‌سرود وئاوازه‌ ئایینێکان که‌ داپیره‌ ئه‌یوتنه‌وه‌ وچیرۆکه‌کانی که‌ هه‌مووی له‌ داستانه‌ ڕوسێکانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌ گۆش کراوه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌و دیده‌ی هه‌یبوو، هه‌رگیز شتێکی له‌ باره‌ی ژیانی “لایانگرانی ڕۆژئاوا” له‌ رۆشنبیره‌ ڕوسێکان نه‌نوسی. به‌ڵکو له‌سه‌ر ژیانی چینه‌ هه‌ژاره‌کان وبورژوازیه‌ بچوکه‌کانی دوور له‌ ژیانی خوێنه‌واران وڕۆشنبیران ئه‌ینووسی. شاره‌زاییه‌کی باشی هه‌بوو له‌سه‌ریان وخۆشی له‌و نێوه‌نده‌ په‌یدا بووبوو. هه‌موو ئه‌دیب وڕۆشنبیرانی ڕوسیا له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌ وسه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست هیوادار بوون ڕوسیا بگاته‌ ئاستی ئه‌وروپا له‌ڕوی زانستی وڕۆشبیری وپیشه‌سازیه‌وه‌. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ دوو به‌ره‌ دروست بوو: گۆسۆدارسفنیکی (بانگخوازانی پاراوکردنی ناسنامه‌ی ڕوسی) وزابدنیکی (بانگخوازانی رووکردنه‌ ڕۆژئاواو لاسایی کردنه‌وه‌ی). قه‌یسه‌ری ڕوسی بوترسی مه‌زن، یه‌که‌م که‌س بووکه‌مپینی ڕوکردنه‌ ڕۆژئاوای ده‌ست پێکرد. “په‌نجه‌ره‌ی” له‌ ئه‌وروپا کرده‌وه‌ له‌ پترسبۆرگ بۆ هێنانی دروشمی شارستانی ئه‌وروپی بۆ وڵاته‌که‌ی. به‌ڵام لایه‌نگرانی به‌ره‌ی یه‌که‌م هه‌میشه‌ کاروباری وڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو هه‌وڵی بنیادنانی شارستانیه‌کی ئۆراسیایان ئه‌دا به‌سود وه‌رگرتن له‌ شارتانیه‌تی ئه‌وروپی به‌ڵام نه‌ک لاسایی کردنه‌وه‌ی. له‌نێو ئه‌م به‌ره‌دا نوسه‌ری موزیک جلینکا وگروپی موزیکی ” گرتنی پێنجی” وگه‌وره‌ ئه‌دیبان پۆشکین وگۆگۆل وتۆلستۆی وداستانه‌که‌ی ودۆستیۆفسکی وتشیخۆف وشۆلۆخۆف وبۆلجاکۆف وگۆرکی خۆی، فه‌یله‌سوف تشاداییڤ وسۆلفۆفیۆف وفیۆدۆرۆف وهه‌روه‌ها وێنه‌کێشان سۆریکۆف ورێبین وفێریشاگین وداهێنه‌ره‌ گه‌وره‌کانی تری ڕوسی.

له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع، فه‌لسه‌فه‌ی گۆرکی له‌ ژیان، فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌دیب بوو. پزیشکێکی ناسیاوی له‌سه‌ر هه‌ق بوو کاتێ وتی: خه‌یاڵ لای تۆ بیرکردنه‌وه‌ی لۆژیکی داپۆشیوه‌”. بیرۆکه‌ فه‌لسه‌فێکان له‌لای گۆرکی ئه‌بێته‌ هه‌زاره‌ها که‌سایه‌تی ووێنه‌ی ئه‌ده‌بی له‌ شێوازی گێژه‌ڵوکی زریانێک، که‌ به‌ده‌وریدا ئه‌سورێته‌وه‌ تا ڕاده‌ی بێهۆشی. جێ په‌نجه‌ی ئه‌و بیره‌ فه‌لسه‌فیانه‌ی که‌ وه‌ریگرت له‌ ئه‌نجامی خوێندنی فه‌لسه‌فه‌ له‌ کاتی گه‌نجیدا، له‌ بڕیاریاره‌کانیا دیار بوو کاتی گفتوگۆو دانوستانده‌کانی. به‌ڵام دوور بوو له‌ داهێنانه‌کانی کاتێک خه‌یاڵی ره‌ها ئه‌کرد. له‌ بنه‌ڕه‌تدا، داهێنانی گۆرکی (غه‌ریزی) بوو، به‌هێزیشی له‌ جۆراو جۆرییی که‌سایه‌تی ووێنه‌کان بوو که‌ بینیبونی وناسیبونی له‌ ژیانه‌ پڕ ئێش ومه‌ینه‌تی وکاره‌ساتی دڵته‌زێن ودژبه‌یه‌کی سه‌یر. داهێنانه‌کانی شێوازێکی لۆژیکی وفه‌لسه‌فی نیه‌. له‌ هه‌ر کتێبێ له‌ کتێبه‌کانی دوو روح هه‌یه‌: یه‌کێکیان واقعیه‌ وئه‌وی تر دروستکراو، ئه‌مه‌ش له‌ مه‌قاله‌که‌ی “دوو ڕوح”دا هاتوه‌. ئه‌م جیاوازیه‌ ئه‌بینی ئه‌گه‌ر کاره‌ ئه‌ده‌بیه‌کانی به‌راورد بکه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌قاله‌کانی که‌ له‌ بۆنه‌کاندا بڵاو ئه‌کرانه‌وه‌ له‌ میدیاکاندا. گۆرکی ئایدیۆلۆجی چه‌ند جارێک گۆڕی، به‌ڵام که‌سایه‌تیه‌ ئه‌ده‌بێکانی به‌ نه‌ گۆڕاوی مانه‌وه‌. به‌ دورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ “ئاسیا” ده‌ستی پێ کرد به‌ڵام نه‌ بوو به‌ “ئه‌وروپی”. دێی سه‌رکۆنه‌ کرد به‌ڵام شوێنێکی بۆ خۆی نه‌دۆزیه‌وه‌ له‌ شار. هه‌وڵی دا بچێته‌ نێو ئنتلیجنتسیا به‌ڵام له‌ ناخیا خۆی به‌ نامۆ ئه‌بینی تیایدا. به‌م جۆره‌ له هه‌موو ژیانی له‌ چه‌قی دووڕیانه‌کاندا مایه‌وه‌.

—————————-

لە گۆڤاری هانا، ژمارە 2 بڵاوکراوەتەوە ….




پلاتۆنۆڤ “کافکا*-ی ڕوسی”.. و کێشەی ئه‌نتڵجنسیای شۆڕشگێڕی ڕوسی … 2


ئەندرێ پلاتۆنۆڤ ٢٨ ئاب ١٨٩٩ – ٥ کانونی دووەمی ١٩٥١

2-2

عبدوڵا حبه‌ – مۆسکۆ
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: نەجات عەزیز

بەشی دووەم …..

له‌ دوای مردنی لینین سه‌راپای حیزب نقوم بوبو له‌ کێشه‌ ناوخۆیه‌کانی. هه‌ر باڵه‌و به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندێکانی خۆی له‌ گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات خوێندنه‌وه‌ی بۆ مارکسیه‌ت ئه‌کرد. سه‌رکرده‌ی شۆڕشگێر و ڕۆشنبیری به‌ڵشه‌فێکان زۆریان له‌ ساڵانی بیسته‌کان له‌ناو چون به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆ و تیرۆر یان به‌هۆی نه‌خۆشی له‌ دوای ساڵانێکی درێژی به‌ندیخانه‌ و دورخستنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌سارده‌کانی سیبیریا له‌ سه‌رده‌می حکومڕانی قه‌یسه‌ریدا. ئه‌وانه‌یش که‌ مابون له‌ گه‌رمه‌ی کێشمه‌ کێشی حزبیدا ئامانجه‌ سه‌ره‌کێکانی شۆڕشیان له‌ “ئاشتی بۆ که‌پرنشینه‌کان و شه‌ڕ له‌ دژی کۆشکه‌کان” و کارگا بۆ کارگه‌ران و زه‌وی بۆ جوتیار و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌ربازه‌کان بۆ ناو خێزانه‌کانیان بیرچوبو. خه‌ریکی له‌ناوبردنی یه‌کتر بوون تا له‌ کۆتاییدا گروپه‌که‌ی یوسف ستالین سه‌رکه‌وت و به‌ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتێکی تاکڕه‌وانه‌ی گرته‌ ده‌ست. ڕوداوی ڕوخێنه‌ری زۆر گه‌وره‌ و کاره‌ساتی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا باجه‌که‌شی به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی گه‌لی ڕوسی دای و داڕوخانی ده‌وڵه‌تی سۆشیالیستی له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌کانی سه‌رده‌ی ڕابوردو لێکه‌وته‌وه‌ که‌ هیواو ئاواتی زۆری له‌سه‌ر هه‌ڵبه‌سترا بوو.جوتیاران نه‌بوون به‌ خاوه‌ن زه‌وی، کارگه‌کان خرانه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی بیرۆکراتی حزبی که‌ بۆ ئامه‌نجه‌کانی خۆی به‌کاری ئه‌هێنا و وڵات سه‌رقاڵی شه‌ڕی ناوخۆ بوو. دواتر جه‌نگی جیهانی دووه‌م و “شه‌ڕی سارد”. له‌هه‌موو هۆکان کوشنده‌تر بیرۆکراتی حزبی بوو که‌ ڕه‌وتی پێشکه‌وتنی دواخست. ئا به‌مجۆره‌ گه‌وره‌ترین شۆڕشی سۆشیالیستی له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا کۆتایی هات به‌ دامه‌زراندنی ڕژێمیکی تۆتالیتاری که‌ هه‌رگیز به‌ڵشه‌فێ سه‌ره‌تاییه‌کان به‌بیریاندا نه‌ ئه‌هات.

پرۆفیسۆری ڕوسی بیتیریم سۆرۆکین لێتوێژه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سته‌به‌ر ناکرێ به‌ بڕیاری سه‌رکه‌ردایه‌تی باڵا به‌ڵکو ئه‌بێ ئه‌م پێشکه‌وتنه‌ بنه‌مای هه‌بێ، ئابوری بێ یان کۆمه‌ڵایه‌تی یان ڕۆشنبیری بێت. هاووڵاتی ناتوانێت له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی باڵاتر بژی ئه‌گه‌ر نه‌گاته‌ ئاستێکی به‌رزتری ڕۆشنبیری وهه‌ڵسوکه‌وتی شارستانیانه‌. به‌ڵام ستالینی جۆرجی که‌ خۆی ئاستێکی ڕۆشنبیری به‌رزی نه‌بوو به‌ عه‌قلیه‌تێکی قه‌وقازیانه‌ هه‌ڵس وکه‌وتی ئه‌کرد به‌ به‌کارهێنانی هێز و ناچارکردن. بڕوای وابو که‌ بنیادنانی کۆمه‌ڵگای سۆشیالیستی له‌ڕێی سه‌ربازگه‌ی به‌ندکردن که‌ دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌ جوه‌که‌ی، لییف ترۆتسکی له‌سه‌ره‌تای بیسته‌کان دایهێنا به‌مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ر کردنی کرێکاری بێ کرێ(خۆڕایی) به‌به‌ندکردنی بوجوازێکان له‌م بنکه‌ی به‌ندکردنانه‌دا و به‌کارهێنانیان له‌ پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی ئابوری له‌ سۆڤێت له‌ بیسته‌کان و سیه‌کانی سه‌ده‌ی بیست وه‌کو ئیستگه‌ی کارۆئاوی سه‌ر ڕوباری دنێبر و که‌ناڵی “بیلۆمۆرکانال” و کارگاکانی میتالۆرجیا. له‌ بواری ڕۆشنبیڕیشدا ویستی کاره‌کان به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ڕێوه‌ به‌رێت.

ئه‌ندرێ پلاتۆنۆڤیچ کلیمه‌نتۆڤ ناوه‌ خوازراوه‌که‌ش “پلاتۆنۆڤ” ه‌ له‌ ۲۸ ئابی ۱۸۹۹ له‌ شارۆچکه‌ی بامسکایا سلۆبۆدا له‌ پارێزگای ڤۆرۆنیچ له‌ خێزانی کرێکارێکی سه‌ر به‌هێڵی ئاسنین له‌ دایک بوو. له‌ شانزه‌ ساڵیه‌وه‌ له‌ وێستگه‌یه‌کی شه‌مه‌نه‌فه‌ر ده‌ستی به‌کار کردن کرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌میشه‌ شانازی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌که‌ پرۆلیتارێکه‌یه‌وه‌ ئه‌کرد ئه‌مه‌یش له‌ شیعره‌کانی ئه‌ سه‌رده‌مه‌یدا دیاره‌ . خێزانه‌که‌یان له‌ خانویه‌کی کرێ ئه‌ژیا. له‌ دوای نانی ئێواره‌ که‌ پێکهاتبوو له‌ نانی جۆ، هه‌ندێ خوێیان پێوه‌ ئه‌کرد تامێکی تایبه‌تی ئه‌دایێ له‌ گه‌ڵ چای که‌ له‌ گێزه‌ری وشك ئامادە کرابو. مناڵه‌کان هه‌موو له‌سه‌ر زه‌وی ئه‌خه‌وتن به‌یه‌که‌وه‌ له‌ ژێر یه‌ک لێفه‌دا. به‌مجۆره‌ ئه‌ندرێ مانای هه‌ژاری هه‌ر له‌منداڵیه‌وه‌ ئه‌زانی و له‌ چیرۆکه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانیدا له‌سه‌ری نوسیبووی که‌ له‌ڕاستیدا وێناکردنێکی ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆژانی منداڵیی بوو. خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ قوتابخانه‌ی سه‌ر به‌ که‌نیسه‌ ته‌واو کرد. له‌ سه‌ڵی۱۹۱٤ دوای ئه‌وه‌ی خوێندنی ناوه‌ندی ته‌واو کرد ناچار بوو واز له‌ خوێندن بهێنێ و بۆ نان په‌یداکردن له‌ کارگه‌یه‌کی سه‌ر به‌ هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر که‌ باوکی بۆ ماوه‌ی چل ساڵ کاری تێدا کرد، ده‌ست به‌ کاری مێتاڵ تاشی بکات.

دواتر له‌ کارگه‌یه‌کی بۆڕی دروست کردن وه‌کو بۆڕیچی ده‌ست به‌کار بو. قورسی کارکردن له‌ وه‌رشه‌کانی ئه‌م کارگانه‌ی له‌ چیرۆکی ” من و سرێۆجا” دا گێڕاوه‌ته‌وه‌ چۆن مرۆڤ به‌ناچاری “زۆر په‌ست ئه‌بێ و به‌ بچوککترین هۆ ئه‌ته‌قێنه‌وه‌”. که‌شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری ۱۹۱۷ هه‌ڵگیرسا ئه‌ندرێ به‌خۆش حالیه‌وه‌ پێشوازی لێکرد و تێوه‌ی گلا. له‌ ساڵی ۱۹۱۸ چوه‌ په‌یمانگای هێڵی ئاسنین له‌ شاری ڤۆرۆنیچ بۆ به‌ده‌ست هێنانی بڕوانامه‌ی ئه‌ندازیاری میکانیک. له‌ ساڵی ۱۹۲۰ داوای بوون به‌ ئه‌ندام له‌ حزبی به‌ڵشه‌فیدا پێشکه‌ش کرد . پلاتۆنۆڤ ڕقی له‌ جه‌نگ بو، دژی جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م وه‌ستایه‌وه‌ و به‌ جه‌نگی ئمپیریالی ئه‌ژمارد. سه‌ربازه‌کان که‌ مناڵی هه‌ژارانن ئه‌بنه‌ سوته‌مه‌نی ئه‌م ئاگره‌. له‌ جه‌نگی جیهانی دوه‌میش که‌ وه‌کو ڕۆژنامه‌ نوسێکی جه‌نگی له‌ به‌ره‌کانی شه‌ڕ کاری ئه‌کرد هه‌مان بۆچونی هه‌بوو له‌ سه‌ر جه‌نگ. به‌ بۆچونی ئه‌م، که‌ مرۆڤ مرۆڤێکی برای ئه‌کوژێ کارێکی وه‌حشیانه‌یه‌ سه‌ر به‌ هه‌ر لایه‌نێکیش بێت. له‌ چیرۆکی “یامسکایا سلۆبۆدا” که‌ یه‌کێکه‌ له‌ چیرۆکه‌ سه‌رتاییه‌کانی له‌ زمانی یه‌کێ له‌ کارێکته‌ره‌کانه‌وه‌ ئه‌ڵێ:”هیچ پاساوێك و قاره‌مانێتیه‌ك له‌ کوشتندا نیه.. نه‌فام-شه‌یتانه‌کان له‌وێ خوێن ئه‌ڕێژن..”. له‌ ساڵی ۱۹۱٤ نه‌برا بۆ خزمه‌ت کردن له‌ سوپا به‌ڵکو وه‌کو یارمه‌تیده‌ری شۆفێر بۆ کارکردن له‌سه‌ر شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌ستنیشان کرا و دواتر به‌هۆی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ له‌ ڕۆیشتن بۆ به‌ره‌کانی شه‌ر ڕزگاری بوو.

نوسیویه‌تی و ئه‌ڵێ: شۆڕش کاروانی مێژووه‌، له‌لای من بوو به‌ هه‌ستێکی نامۆ و خۆش.. به‌ڵام دواتر ووشه‌ی کاروان هه‌ستی شۆڕشی له‌لا دروست ئه‌کرد. شۆڕش و شه‌ڕی ناوخۆ له‌ ڕوسیا هاوکات بوون له‌ ده‌مێکدا که‌ ڕوحی مرۆڤ به‌توندی و ناسکیه‌وه‌ هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ڕوداوه‌کانی ده‌ور و به‌ریدا ئه‌کات. پلاتۆنۆڤ دواتر له‌ چیرۆکی “ئه‌فرۆدێت” نوسیویه‌تی “. ڕۆژگارێکی خۆش دادێ کاتێك جوڵەی دڵی خەڵکی لەگەڵ پێشکەوتنی مێژووی جیهان یەک ئەگرن . پلاتۆنۆڤ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌بوو له‌گه‌ڵ شۆڕش و بڕوای هه‌بوو که‌وا داهاتو ڕرۆشن ئه‌بێ. له‌مه‌دا هاوڕا نه‌بوو له‌گه‌ڵ نوسه‌ره‌ هاوچه‌رخه‌کانی وه‌کو بۆنین و بریشفین و بۆلگاکۆف و ئه‌لیکسی تۆلستۆی و که‌سانی تر که‌ له‌ سه‌ره‌تای ڕوداوه‌کانی ڕوسیا هیچ شتێکی “مۆسیقی” یان نه‌ئه‌دی ته‌نها خوێن و دڵره‌قی و زوڵم زیاتر ئه‌مه‌شیان به‌ کاره‌سات دائه‌نا، به‌ڵام دواتر هه‌ندێک له‌مانه‌ بۆچونیان گۆڕی.

له‌هه‌موو بارێکه‌وه‌ شۆڕش ڕۆلێکی جیاوازی له‌ چاره‌نوسی پلاتۆنۆڤدا گێڕا له‌م باره‌یه‌وه‌ نوسیویه‌تی: “له‌ چاوتروکانێکدا له‌ مناڵێکه‌وه‌ گۆڕیمی بۆ پیاوێك به‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌ ژیانی هه‌رزه‌کاریدا بڕۆم. پێش شۆڕش مناڵ بوم ده‌رفه‌ت نه‌بوو ببم به‌ گه‌نج، کات نه‌بوو، ئه‌بوایه‌ ببومایه‌ به‌ پیاوێکی چاره‌گرژ و ڕه‌نجم بدایه‌..”..” ئه‌وکات له‌ چه‌قی دوڕیانێکدا بووم- مێژوو و ژیانی که‌سێتیم. ته‌مه‌نم بوو به‌ نۆزده‌ ساڵ واته‌ ته‌مه‌نی سه‌ده‌ی بیست له‌و کاته‌دا، له‌ گه‌ڵ سه‌ده‌که‌ی خۆم له‌ دایك بووم که‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ بوونی مرۆڤ ئه‌ویش گه‌وره‌ ئه‌بێ- له‌ گه‌رمه‌ی تین و هێزی لاویدا بووم، له‌ هه‌مان کاتدا که‌ شۆڕش له‌ جیهاندا به‌ڕێوه‌ ئه‌چوو”.چالاکی له‌ داهێنان و هه‌ڵبه‌ستنی هۆنراوه‌ دا له‌ لای پلاتۆنۆڤ له‌ ساڵانی ۱۹۱٤ و ۱۹۱٥ ده‌ستی پێکرد.

به‌رهه‌مه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی نارد بۆ گۆڤاره‌ ئه‌ده‌بێکانی پیترسبۆرگ به‌ڵام بڵاو نه‌ئه‌کرایه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ردا نامه‌ی ده‌ستخۆشی و هاندانی پێ ئه‌گه‌یشت له‌ به‌رئه‌وی به‌هره‌یان تیایدا به‌دی ئه‌کرد. به‌ڵام له‌ نێوه‌نده‌ ئه‌دێبێکاندا به‌گه‌رمی پێشوازی لێکرا چونکه‌ به‌ شاعیرێک و نوسه‌رێکی په‌یدا بوو له‌ ڕه‌حمی پرۆلیتاریاوه‌یان ئه‌ژمارد و پێشبینی داهاتویه‌کی پرشنگداریان لێ ئه‌کرد. له‌ ساڵی ۱۹۱۸ یه‌که‌م چیرۆکی به‌ ناونیشانی “گواره‌” بڵاو کرایه‌وه‌، له‌ هه‌مان ساڵ قه‌سیده‌ی “بۆ کوڕه‌ پرۆلیتاری” له‌ گۆڤاری “سێبه‌ره‌کان” بڵاو کرایه‌وه‌ تیایدا داوای له‌ گه‌نجان کردبوو خۆیان لابده‌ن له‌ سۆزی له‌ ڕاده‌ به‌ده‌ر و په‌نابه‌رنه‌ به‌ر بیرکردنه‌وه‌ی زیاد و حوکمی عه‌قڵ. دوای ئه‌وه‌ هه‌ندێ قه‌سیده‌ی تری به‌ ڕوحیه‌تی شۆڕشی به‌ڵشه‌فیه‌وه‌ بڵاو کرایه‌وه‌. له‌م کاته‌دا پلاتۆنۆڤ زیاتر به‌ شۆڕشگێرێك ئه‌ناسرێ تاوه‌کو شاعیر، به‌تایبه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گران پێشوازیان له‌ بیرۆکه‌ و وێنه‌ شیعرێکانی نائه‌کرد که‌ به‌لای هێماکردندا دا ئه‌شکێنێ له‌ قه‌سیده‌کانیا و به‌وه‌ تاوانبار ئه‌کرا که‌ سه‌ر به‌ داهاتوییه‌کانه‌. له‌ ساڵی ۱۹۱۹ وتارێکی بڵاو کرده‌وه‌ بۆ ” شاعیر و نوسه‌ره‌ پرۆلیتاریا تازه‌ ده‌ستپێکردوه‌کان” تیایدا ئاماژه‌ به‌ شۆڕش له‌ بواری هونه‌ردا ئه‌کات که‌ ” به‌شێکه‌ له‌ شۆڕشی ڕوح و پرۆلیتاریا تیایدا ئاگر به‌رئه‌داته‌ گیانی بورژوازی و هونه‌ره‌ مردوه‌که‌ی و سه‌رزه‌وی له‌ خراپی و شه‌ڕ و ڕابودو و ناشرینی دژه‌ ژیان له‌ناو ئه‌بات و شوێنه‌که‌ی پاک ئه‌کاته‌وه‌ بۆ بنیادنانی جیهانی جوان و خێربه‌خش. دوای هەنگاوی ڕوخاندن هەنگاوی بنیادنان ده‌ست پێ ئه‌کات”.

له‌ ته‌موزی ۱۹۱۹ پلاتۆنۆڤ بۆ کارێکی حیزبی نێردرا بۆ شارۆچکه‌ی نۆڤۆخۆبیرسك بۆ پڕوپاگه‌نده‌ کردن بۆ ڕژێمی نوێی سۆڤێت و هاندان بۆ داگیر کردنی هه‌مو جیهان له‌ پێناو بڵاوکردنه‌وه‌ی کۆمه‌نیستیدا و به‌رزڕاگرتنی کمسمۆل (ڕێکخراوی لاوانی کۆمه‌نیست) و سوپای سووری نه‌به‌رد. ئه‌م شوێنه‌ی که‌ ئه‌بوایه‌ کاری تێدا بکردایه‌ ده‌شتێکی پان و به‌رین و وشک بوو له‌ هاوینان گروپه‌کانی پاسه‌وانه‌نی سپی به‌رهه‌ڵستکار تیایدا چالاك بوون. ئه‌م گه‌شته‌ هه‌ستێکی ده‌رونی نامۆی له‌لا دروست کرد چونکه‌ خه‌ڵکی ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ باسه‌کانی له‌باره‌ی شۆڕش و داواکارێکانی ئه‌م تێنائه‌گه‌یشتن. خه‌می گه‌وره‌یان گه‌ڕان و چۆنیه‌تی په‌یدا کردنی بژێوی ڕۆژانه‌یان بوو نه‌وه‌کو گوێ گرتن له‌ پڕوپاگه‌نده‌ی ئایدیۆلۆجی. کارتێکردنی ئه‌م ڕوداوانه‌ له‌ سه‌ری دواتر له‌ ڕۆمانه‌ مه‌زنه‌که‌ی ” تشیفینگۆر” ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ی تێبینی ئه‌کرێ له‌و کاتانه‌دا پلاتۆنۆڤ بیرۆکه‌ی ئه‌وینداری له‌ کاتی شۆڕش ڕه‌ت کردۆته‌وه‌ و به‌فیڕۆدانی کات ناوی بردوه‌، هه‌روه‌ها نکولی له‌ ئایین کردوه‌ له‌ ژێر کاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی نیتشه‌، له‌ کتێبی ” ئاوا زه‌رده‌شت ئاخاوت”. له‌ نوسینێکیدا به‌ ناوی “ئکتۆبه‌ری دواڕۆژ” ئه‌ڵێ: کۆمه‌ڵگای کۆمه‌نیستی زۆربه‌ی له‌ پیاو پێك دێ.. یه‌کسان کردنی پیاو و ژن له‌ کاره‌ باشه‌کانی سۆسیالیسته‌کانه‌- به‌ڵام ڕاستی نیه‌- ئه‌م یه‌کسانیه‌ش هه‌رگیز نابێ به‌ ڕاستی و ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه‌ چاره‌سه‌ری کۆتایی بۆ بکرێت. مرۆڤایه‌تی- پیاویه‌، نه‌ک به‌رجه‌سته‌کردنی -ژن”. هۆی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی پلاتۆنۆڤ له‌ ژنان و وه‌ستانه‌وه‌ی له‌ به‌رامبه‌ریان به‌م جۆره‌ له‌وکاته‌دا نازانرێت، که‌ دواتر گۆڕا دوای ئه‌وه‌ی که‌وته‌ داوی خۆشه‌ویستی ژنێکه‌وه‌و بو به‌ هاوسه‌ری خۆشه‌ویستی. وادیاره‌ به‌گه‌نجی له‌ژێر کاریگه‌ری فه‌یله‌سوفی ڕوسی نیکۆلای فیۆدۆرۆڤ بووه‌ که‌ به‌ که‌سێکی زاهید ناسراوه‌ و له‌ هه‌موو ژیانی ژنی نه‌ناسیوه‌ بۆیه‌ ئه‌میش ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی له‌ سه‌ر ژنان هه‌بوو. له‌ کاره‌کانی پلاتۆنۆڤدا دیمه‌نی زۆر هه‌ن وێنای هه‌ستی کارێکته‌ره‌کانی ئه‌کات له‌ پێویستی سروشتی بۆ سێکس که‌ ئه‌م به‌ نیشانه‌کانی بۆرژوازی دایئه‌نا. بێگومان نوسه‌ر دواتر هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر ژن به‌ته‌واوی گۆرا کاتێك دید و هه‌ڵوێستیشی له‌ سه‌ر شۆڕش و دواڕۆژی مرۆڤایه‌تی له‌ سایه‌ی سۆسیالیستیدا گۆرانکاری به‌سه‌ردا هات.

له‌ هه‌موو کاره‌کانی بلاتۆنۆفدا تێڕوانینێکی به‌ ترسه‌وه‌ی تیایه‌ بۆ جیهان و چاوه‌رێی کاره‌سات ئه‌کات. له‌ زۆری چیرۆک و ڕۆمانه‌کانیدا پاله‌وانه‌که‌ی له‌ کۆتاییدا تیائه‌چێت و ئه‌مه‌ش ئه‌بوه‌ هۆی ناڕه‌زایی به‌رپرسانی ڕۆشنبیری سه‌ر به‌ حیزب. کاتێك چیرۆکی “تشۆدیک ویبیشکا” له‌ ڕۆژنامه‌ی “سوپای کار” له‌ شاری ڤۆرۆنیچ بڵاو کرده‌وه‌، ڕه‌خنه‌گران ڕه‌خنه‌بارانیان کرد به‌شێوه‌یه‌کی ناشرین چونکه‌ باس له‌ هه‌ڵوێستی خه‌ڵکی دێیه‌ک به‌رامبه‌ر ئاگرکه‌وتنه‌وه‌یک ئه‌کات که‌ کچێکی منداڵی تیادا ئه‌سوتێ و دواتر باوکه‌که‌شی خۆی ئه‌کوژێت. ئه‌مه‌ش به‌ شاردنه‌وه‌ی دیوه‌ جوانه‌که‌ی ژیان و پیشاندانی ته‌نها دیوه‌ ڕه‌شه‌که‌ی لێکدرایه‌وه‌. ئه‌میش له‌ ره‌تدانه‌وه‌یاندا ئه‌ڵێ: “ئێوه‌ باسی کام جوانی ئه‌که‌ن، من بیست ساڵه‌ سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌ ئه‌پێوم هه‌رگیز توشی ئه‌و جوانیه‌ پاراوه‌ نه‌بووم که‌ ئێوه‌ ئاماژه‌ی پێ ئه‌که‌ن”. “من هه‌ڵه‌ نیم له‌م بۆچونه‌م، به‌ڵکو به‌دوای جیهانێکی باشتردا ئه‌گه‌ڕێم… ئه‌مه‌ش له‌ ناوه‌نده‌ کرێکارێکان و ده‌وڵه‌تی کرێکاراندا به‌ شێوه‌یه‌کی ئاسانتر ئه‌کرێت”. ئینجا ووته‌که‌ی پۆشکینی ئه‌وته‌وه‌:‌
من به‌سه‌رهاتی ژیانم به‌ ترس و نابه‌دڵی ئه‌خوێنمه‌وه‌،
ئه‌له‌رزم و نه‌فره‌ت ئه‌که‌م،
زۆر به‌ سووتانەوە سکاڵا ئه‌که‌م و فرمێسک ئه‌ڕێژم،
به‌ڵام ناتوانم دێڕه‌ دڵته‌نگه‌کانمی پێ بسڕمه‌وه.

به‌خت یاوه‌ری پلاتۆنۆڤ بوو کاتێک له‌گه‌ڵ گیۆرگی لیتفین- مۆلۆتۆف ئاشنایی په‌یدا کرد چونکه‌ ئه‌م که‌سه‌ به‌رپرسی حزب و سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی “فۆرۆنیجیسکایا بیدناتا” (هه‌ژارانی ڤۆرنیج) بوو و بڕوای به‌ به‌هره‌ ئه‌ده‌بێکه‌ی پلاتۆنۆڤ هه‌بوو و یارمه‌تی دا له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی کاره‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی. په‌یوه‌ندیه‌کی هاوڕێتی به‌هێز له‌ نێوانیاندا دروست بوو به‌هۆی نزیکی بیروباوه‌ڕیان له‌ یه‌کتر و حه‌زی هاوبەشیان له‌ فه‌لسه‌فه‌ و ده‌رون ناسی. پاشان مۆلۆتۆڤ داوی له‌ پلاتۆنۆڤ کرد کاری له‌گه‌ڵ بکات له‌ ڕۆژنامه‌ی” فۆرنیجیسکایا کۆمۆنا”، که‌ دوایی بو به‌ سه‌رنوسه‌ریشی. هه‌روه‌ها پلاتۆنۆڤی کرێکار- ڕۆژنامه‌نوس بو به‌ ئه‌ندام له‌ یه‌کێتی ڕۆژنامه‌نوسانی کۆمۆنیزم له‌ شاره‌که‌دا.

به‌ یارمه‌تی لیتفین مۆلۆتۆڤ توانی یه‌که‌م کتێبی بچووك بڵاو بکاته‌وه‌ به‌ ناونیشانی ” کاره‌باگه‌یاندن” که‌ تیایدا باس له‌ پرۆژه‌ی گه‌یاندنی کاره‌با ئه‌کات به‌ هه‌مو شوێنکی وڵات و وه‌کو ته‌نها ڕێگایه‌ک له‌ ڕزگار کردنی وڵات له‌ هه‌ژاری و دواکه‌وتن و وێرانی. پلاتۆنۆڤ ئه‌م کتێبه‌ی له‌ ژێر کاریگه‌ری ووتاری کرچیچانۆفسکی سه‌رۆکی لیژنه‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ کاره‌باکرده‌نی یه‌کێتی سۆڤێت، که‌ له‌ کۆنفرانسی سۆڤیتاتی هه‌موو ڕوسیا له‌ سه‌رپلانی به‌کاره‌باکردنی وڵات “گوێلرۆ” پێشکه‌شی کرد بوو. پلاتۆنۆڤ پرۆژەی کارەبای به‌ گرنگترین ئەرکێك که‌ ڕوبه‌ڕوی ئابوری یه‌کێتی سۆڤێت بوه‌ته‌وه‌ ئه‌ژمارد له‌ پێناو ڕزگار بون له‌ برسێتی و سه‌رما و نه‌داری و له‌ هه‌موشی گرنگتر بنیادنانی کۆمه‌لگایه‌کی کۆمۆنیستی. له‌ مۆسکۆ هه‌وڵه‌کانی بۆ بڵاو کردنه‌وی ئه‌م کتێبه‌ ڕه‌ت کرایه‌وه‌ به‌بیانوی ئه‌وه‌ی که‌ ” نوسه‌ر له‌ نوسینیدا ڕێگه‌ی قوتابێکانی قوتابخانه‌کانی که‌نیسه‌ی به‌کار هێناوه‌ و که‌له‌به‌ری زمانه‌وانی تێدایه‌ و کۆمه‌لێ تر بیانوو.. .سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئه‌ندامێتی پلاتۆنۆڤ له‌ حزبی کۆمۆنیستی ڕوسی (به‌ڵشه‌فی) په‌سه‌ند کرا له‌ساڵی ۱۹۲۰ له‌سه‌ر پاڵاوتنی له‌لایه‌ن لیتفین-مۆلۆتۆفی هاوڕێییه‌وه‌ که‌ له‌ داواکاری پاڵاوتنه‌که‌ی نوسیبوی: ” پلاتۆنۆڤ کرێکار و پرۆلیتاریه‌کی گه‌نجه‌، پرۆلیتاری بوونی ته‌نها لەڕوی چینایه‌تیه‌وه‌ نیه‌ به‌ڵکو، به‌ ڕوح پرۆلیتاریایه‌، پرلیتاریایه‌کی ڕۆشنبیر. ئاشنایه‌تی هه‌یه‌ له‌ سه‌ر کاره‌ سه‌ره‌کێکانی مارکس… و من به‌رپرسیارێتی سیاسی به‌ ئه‌ندام بونی پلاتۆنۆڤی کرێکار-شاعیر و فه‌یله‌سوف هه‌ڵ ئەگرم له‌ حزبی کۆمۆنیستی ڕوسی”. به‌ڵام ماوه‌ی ئه‌ندامێتی له‌ حیزب و خۆلکاندن به‌ بنچینه‌ پرۆلیتاریه‌که‌ی زۆری نه‌کێشا، پلاتۆنۆڤ چوه‌ جیهانی ئه‌ده‌به‌وه‌ و بڕیاری دا ڕاستگۆ بێ له‌گه‌ڵ خۆی له‌ کاری داهێنانی ئه‌دیبیدا دور له‌ لایه‌نگیری. هۆی دابڕانی دواتری له‌ حیزب نازانرێ، کاتێک گواسترایه‌وه‌ بۆ کراسنۆدار له‌ ساڵی ۱۹۲۱ به‌ کارێکی حزبی، به‌ڵام وادیاره‌ مه‌به‌ستی ئه‌و چونه‌ ناو حزبێکی شۆڕشگێره‌وه‌ بوو، به‌ڵام خۆی له‌ حزبێکی پڕ له‌ بیرۆکراتی بینیه‌وه‌.

یه‌کێک له‌ ڕوداوه‌ گه‌وره‌کانی که‌ کاری له‌ ژیانی نووسه‌ر کرد کاره‌ساتی وشکه‌ ساڵی و برسێتی ناوچه‌ی ڤۆلگا بوو. پلاتۆنۆڤ له‌ پێشڕه‌وانی خۆبه‌خشان بوو له‌ یارمه‌تیدانی ناوچه‌ زیان لێکه‌وتوه‌کان. له‌ڕێی ڕۆژنامه‌کانه‌وه‌ بانگه‌وازی کرد بۆ ” ڕزگار کردنی ملیۆنه‌ها برای جوتیارمان ئه‌وانه‌ی له‌ برسێتی له‌ناو ئه‌چن”. وتی ” برسێکان پێویستیان به‌ پاڵپشتیه‌ نه‌ك قسه‌ و به‌یان نامه‌… وشه‌ی شیرین برسی تێر ناکات”. له‌وانه‌یە ئه‌م ڕوداوه‌ به‌تایبه‌تی وای له‌ نوسه‌ر کردبێ ڕوبکاته‌ کارکردن وه‌کو ئه‌ندازیارێك له‌ بواری چاکردنی کشتوکاڵی و بنیادنانی وه‌ێستگه‌ی کاره‌با له‌ لادێکاندا. له‌سه‌ر ئه‌م کاره‌ی بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ به‌رده‌وام بو، سه‌ره‌ڕای سه‌رقاڵ بونی و که‌می کات به‌ڵام نوسین و شیعری له‌ یاد نه‌کرد. پلاتۆنۆڤ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌ندازیاری کشتوکاڵ بوو، کاری دروستکردنی به‌نداو و وێستگه‌ ی کاره‌با بوو، ئه‌ده‌بیش پارچه‌یه‌کی جیانه‌بوه‌وه‌ بوو له‌ ژیانی . وه‌کو تیشخۆف که‌ ئه‌یوت:” پزیشکی هاوسه‌ره‌که‌مه‌ و ئه‌ده‌بیش دڵداره‌که‌م”. له‌و‌ ڕۆژگاره‌دا نوسیویه‌تی:” با له‌ بیر و کار و خه‌باتدا قارەمان بین. با ئێمه‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تی بین، نه‌ک له‌ ڕاستیدا تاکی په‌رت و بڵاو “.

پلاتۆنۆڤ دژی زاراوەی “یەکەم ‌‌جار ووشە بوو” ی کتێبی پیرۆز بوو و گۆڕی بۆ “یەکەم جار کار بوو”. لەو ڕۆژگارەدا نوسەر بڕیاری دا واز لە ‌‌حزب بهێنێت چونکە بینی کە ‌ڕژێم نەیتوانی ڕێگری بکات لەو هەموو کارەساتانەی کە ڕویان دا و کاربەدەستانی ‌حیزب تەنها سەرقاڵی بیرۆکراتی ڕۆژانەی خۆیانن و خەمخۆری میللەت نین. هەروەها ڕێکخراوەکانی ‌حیزب خۆیان سەرقاڵ کردوە بە گفتوگۆی دورو درێژی بێ ئەنجام لە کاتێکدا کە ئەبوایە بەکردەیی گۆڕانکاری دەست و برد بکرێت بەتایبەتی لە گەیاندنی کارەبا بۆ دێهاتەکان. لە سەر ئەم بارە نوسیویەتی ئەڵێ: ” دەسەڵاتی سۆڤێتی تەنها قۆناغێکە لە سەر ڕەوتی کۆمۆنیزمی، بەمزووانە دەسەڵات ئەگەڕێتەوە بۆ جەماوەر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە بێ ناوەندێکی تر.. جەماوەر لە ئانوساتی هەڵماڵیندایە، جەماوەر خۆی، بەبێ ناوەندێکی تر، بەبێ ‌حیزب، بەبێ دروشم”.

واتە گەڕانەوە بۆ بیری مارکس لەسەر دەوڵەتی کۆمۆنیستی. پلاتۆنۆڤ و زۆری تر لە ڕۆشنبیرانی شۆڕشگێڕی ئەو سەردەمە بێئومێدی خۆیان دەربڕی لە حیزب دوای کارەساتی ئەو برسێتیەی کە گیانی ٢٥ ملیۆن مرۆڤی کێشا. هەرچەندە دەسەڵات هەوڵی شاردنەوەی ئەدا بەهەموو شێوەیەک و زۆر بەکەمی هەواڵی شوێنە بەرکەوتوەکانی لە ڕۆژنەمەکاندا بڵاو ئەکردەوە و باس کردنیشی قەدەغە کردبوو و بە کاری تێکدەرانەی ئەژمارد. بەڵام پلاتۆنۆڤ هیوابڕاو نەبوو لە چاککردنی سیستەمەکە بەیەکجاری، لە هاوینی ١٩٢١ چوە خولی خوێندنەوە لە زانکۆی کۆمۆنیستی کرێکاران و جوتیاران لە پارێزگای ڤۆرۆنیچ. لەم کاتانەدا ‌لە نوسینکیدا بەناونیشانی “داهاتوو بۆ کۆمۆنیستە” ناڕەزایی لەسەر باری ‌حیزب دەربڕیوە و داوای کردبوو حیزب پاك بکرێتەوە لە ” ڕەگەزی دوکاندارەکان”، و گرنگی بدرێ بە ژیان و گوزەرانی کۆمەنیستەکان و پارێزگاری کردن لە باری جەستەیی و دەرونیان. ئەمەش لە بەرژەوەندی ‌حیزب و هەموو مرۆڤایەتیدایە. زیاتر وتی ” ئەگەر کۆمۆنیزمان بوێت ئەبێ برژوازیەت لەناو بەرین، نەک تەنها لە ڕوی ئایدیۆلۆجیەوە بەڵکو لە ڕوی جەستەییشەوە و تۆبە کردنیشی قبوڵ نەکرێت ئەگەر خۆشی ڕادەست کردەوە بەتاک یان بە کۆمەڵ و داوای لێبوردنی کرد. لەبەر ئەوەی دوژمنمانە بیەوێت یان نەیەوێت”. لەم هەڵوێستەیدا دیارە کە دڵسۆزی بیروباوەڕە شۆڕشگێڕانەکەیەتی کەوای لێکرد بوو پشتگیری لە بەڵشەفێکان بکات لە دەستپێکی شۆڕشەوە. بیرۆکەی بنیادنانی کۆمۆنیزمی لە یەک وڵات و دواتر بانگەشە بۆ شۆڕش لەسەرانسەری جیهان ڕەت ئەکردەوە. ئەیویست بەرهەمی گۆڕانکاریەن لە کۆمەڵگای شۆڕشگێردا لە ژیانی خەڵکە سادەکەدا ببینێت نەک لە وتار دروشم و پڕوپاگەندە ‌‌حیزبێکاندا. بەڵام لە ڕاستیدا تۆزە تۆزە لە بیروباوەڕە شۆڕشگێڕێکەی پاشگەز ئەبوەوە.

پاشان بلاتۆنۆف بڕیاری دا لە لادێکان کار بکات. لە ساڵی ١٩٢٢پەیوەندی کرد بە لیژنەی چاک کردنی کشتوکاڵەوە و لەوێ تا ساڵی ١٩٢٦ لەگەڵ جوتیاران ژیا. لەم ماوەیەدا، شۆڕش گورزێکی بەهێزی لە جوتیاران دا بە سەپاندنی سیستەمی کۆڵخۆزەکان (کۆمەڵە کشتوکاڵیە هاوبەشەکان) بە دەستبەسەرا گرتنی هەموو بەروبوم وئاژەڵەکانیان. چۆنیەتی ژیان و گوزەرانی جوتیارەکان لەم ماوەیەی کە لەگەڵیان ژیا، بوو بەسەرچاوەی گەلێک لە بابەتی چیرۆکەکانی وەکو “شاری گرادۆف” و ماکاری گوماندار” و “مانگا” و هی تریش کە توشی ڕەخنەی توند بونەوە لەلایەن بڵاوکراوە ‌حزبێکانەوە. هەروەها نووسەر بەچاوی خۆی ئەیبینی چۆن پرۆژە کشتوکاڵێکان و پرۆژە کەهرۆئاوێکانی کە بە سەرپەرشتی خۆی دروست کرابون تێک ئەدران. هەموو ئەمانەی لە چیرۆکە سەرەتاییەکانی نوسیوەتەوە، یان ڕەنگی داوەتەوە وەکو چیرۆکی “شەیتانی هزر” و “سەرکێشێکانی باگلاژانۆف” و ” دانیلوک” و “خۆر زادەکان” و هەروەها لە دیوانە شیعری “قوڵایی شین” کە لە ساڵی ١٩٢٢ بڵاو بوەوە کە ڕەنگدانەوەی کز بوونی گڕ و تینی شۆڕشگێڕی نوسەری پێوە دیارە.

ساڵی ١٩٢٣ لە سەردانێکی بۆ مۆسکۆ ئاشنای ژیانی ئەدەبی ئەو شارە بوو، دواتر چەند وتارێکی ڕەخنەئامێزی لەسەر کارەکانی ئەلیکسی تۆلستۆی و خوداسیفیتچ و ئەندرێ بیلی و هەندێکی تر لە هاوچەرخانی بڵاو کردەوە، ڕەنگدانەوەی چەپگەری توندڕەوی پێوەدیار بوو و لەهەمان کاتدا بەهرەمەندی پلاتۆنۆڤیشی لە بواری ڕەخنەدا ئاشکرا کرد. گۆڤاری “کراسنایا نیڤا” کێبرکێیەکی ئەدەبی لە ساڵی ١٩٢٤ ڕێکخست ئەمیش بە ناردنی چیرۆکێک بە ناوی “بۆتشیلۆ” بەشداری کرد لیژنەی هەڵسەنگێنەر چیرۆکەکەیان بە یەکێ لە باشترین دە چیرۆک هەڵبژارد. چیرۆکەکە باسی چارەنوس و نەڕوخانی پێاوێک کە کاری پاسەوانی ئەکات لە دوای شۆڕش و گەڕانەوەی لە بەرەکانی شەڕی ناوخۆدا و چۆنیەتی هەستکردنی بە تەنیایی و بێکەسی لە کارەکەیدا. گرنگ ئەوەیە ئەم واهەست ئەکات کەوا تەمەنی بە فیڕۆ چوو ئیتر شۆڕش کرا یان نەکرا هیچ لە هەستی ئەم ناگۆرێ. ئەمە یەکەم سەرکەوتنی ئەدەبی پلاتۆنۆڤی لاو بوو لە پایتەخت. شکلۆڤسکی نووسەر نوسیویەتی ” پلاتۆنۆڤ نوسەرێکی گەورەیە بەڵام ناوەندی ئەدەبی گرنگی پێ نادات، لەبەرئەوەی شوێنێکی نەدۆزیوەتەوە لە ناو ئەو سندوقانەی کە ئەدەبی تێدا هەڵئەگیرێ. ڕێگای درك کردن بە ڕاستی ڕوسیا گەلێک دژوارە، پلاتۆنۆڤ هەموو پێچ و پەناو و بەردەکانی ڕێگاکە شارەزایە. ئێمەش هەموو گوناهبارین بەرامبەری… وابزانم ئەو پێویستی بە خوێنەری تر بوو”.

لە ناوەڕاستی بیستەکان پلاتۆنۆڤ چیرۆکێکی بەناونیشانی “ئەنتی سێکسۆس” نوسی کێشەی سێکس لە لای مرۆڤ باس ئەکات. ئەم چیرۆکە فەلسەفیە کە لە ساڵی ١٩٢٥ یان ١٩٢٦ نوسراوە گوزارش لە بۆچونی نوسەر ئەکات لەسەر (غەریزە) بنەڕەتێکانی مرۆڤ و ئەو توانا زۆرەی بەکاری ئەهێنێ بۆ کۆنترۆڵ کردنی . هەرچەندە نوسەر لە سەرەتای لاویدا پەیوەندی سێکسی بەکارێکی “دژە شۆڕش” ئەژمارد نابێ شوێنی کەوین هەرچەندە نەبونیشی ئەبێتە هۆی لەناوچونی ڕەگەزی مرۆڤ. بەڵام ئەم ماناو بەرگێکی تری کردبوو بە بەر چیرۆکەکەیدا لە ڕێی وەستاندنەوەی دژی بێ شکۆکردنی مرۆڤ و بە کاڵا کردنی هەموو شتەکان لە جیهاندا کە مایەی کڕین و فرۆشتن بێت، لە نێویشیاندا سێکس.

لە شوباتی ١٩٢٦ پلاتۆنۆڤ هەڵبژێردرا بە ئەندامی لیژنەی ناوەندی یەکێتی کشتوکاڵ و دارستانەکان لە مۆسکۆ لە پاداشت کارەکانی کە ئەنجامی دابوو لە بواری چاکردنی زەوی و زار. لەوانە دروست کردنی دەریاچەیەکی دەستکرد و هەڵکەندنی ٣١٥ بیر و وشککردنی ڕووبەری ٧٦٠٠ دیسیاتنا (یەکەیەکی پێوانە لە هیکتارێک زیاترە) بەراوکردنی ٣٠ دیسیاتنا بنیادنانی ٣ وێستگەی کارۆئاوی و ئەمانەو چەند پرد و ڕێگاوبان و زۆرکاری تر کە پەیوەندیان بەکاری ئەدەبیەوە نەبوو. لە ڕاستیدا بابەتی هەموو چیرۆك و ڕۆمانەکانی بلاتۆنۆف لە ژیانی خەڵکانی ئەم بوارەوە سەرچاوەی گرتبوو. بەڵام پلاتۆنۆڤ زۆر لە مۆسکۆ نەمایەوە، دوای چەند ‌حەفتەیەک دەستی لە لیژنەی ناوەند کێشایەوە چونکە کەسێکی زۆر مەبدەئی بوو لە بابەتی پەیڕەوکردنی دیموکراتیدا و پێشێلکردنی پێ قبووڵ نائەکرا. هەروەها بەهۆی نەبوونی شوێنی نیشتەجێ بوون و ناڕیکی وەرگرتنی موچە کە ناچاری ئەکرد کتێبەکانی بفرۆشێ کاتێك کوڕەکەی نەخۆش کەوت بۆکڕینی خواردن و دەرمان. کار گەیشتە ئەوەی بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە کاتێک کاربەدەستان داوایان لێکرد ئەو ژورە چۆڵ بکات کە تێیدا ئەژیان لە بەشەناوخۆیی سەر بە یەکێتێکە.

ژیانی لە مۆسکۆ سودبەخش بوو لە ڕووی ئەدەبیەوە چونکە نزیکی کردبوەوە لە ناوەندە ئەدەبێکان. حەزی نووسین لەلای گەلێک بەهێزتر بوو لە حەزی کارکردن لە بواری چاکردنی کشتوکاڵ. لە ساڵی ١٩٢٦ وتارێکی گاڵتە ئامێزی لەسەر ڕەوشی ناوەندە ئەدەبێکان نووسی بە ناوی “کارگەی ئەدەب” باسی یەکێتی نوسەرانی ڕوسی ئەکات و چی ئەگوزەرێ تیایدا. ئاماژە بە چۆنیەتی تێپەر بوونی خێرای ژیان ئەکات و چۆن نوسەران هەوڵ ئەدەن تێکەڵ بە ڕەوشەکە ببن بەڵام ناتوانن پێیدا بگەن . نوسەر داوای بەکارهێنانی زمانێکی زیندوو ئەکات کە لەدەمی خەڵکییەوە وەربگیرێ نەک بەکارهێنانی شێوازێکی پێشوەخت ئامەدەی لە کتێبە کۆنەکانەوە وەرگیراو. لە نێوان گاڵتەو ڕاستیدا، نوسەر پێشنیاری دانانی نوسینگەیەک ئەکات هەستێ بە دابەش کردنی کارەکان لە نێوان نوسەر و ڕەخنەگر و کارگێڕەکاندا لە بەرهەم هێنانی کاری ئەدەبیدا.

توێژەرەوەکان چەند کارێکی گێڕانەوەی پلاتۆنۆڤ دەستنیشان ئەکەن وەکو باشترین بەرهەمەکانی کە لە دوای مردنی ناوبانگیان بۆی پەیدا کرد و بوون بە هۆی ئەوەی کە بە یەکێ لە کۆڵەکەکانی ئەدەبی سۆڤێتی ڕوسی بناسرێ. ئەو کارانەش بریتی بوون لە “چاڵ” و “دەریای مناڵی” و “چیفینگۆر” و “مۆسکفای دڵخۆش” و “خێو”. ڕۆمانی چیفینگۆر ( وشەیەکە بچوککراوی ناوی ناوچەیەکی ئاماداباشیی سوپایی قاییم کراو و نەبەز وەکو هێمایەک بۆ سەنتەری گێتی)، باس لە نەهاتی و برسێتیەک ئەکات لە یەکێتی سۆڤێت کە ماوەی پێنج ساڵی خایاند، خەڵکی ناچار بوون دێهاتەکان چۆڵ بکەن لە برسانا ڕوو بکەنە دارستانەکان و شارەکان، زخار بافلۆفیچی پاڵەوانی ڕۆمانەکە بێ خێزان و بێ خانوو بوو بەتەنیا لە دێکە مایەوە. شەوێکیان لە گەرمەی دەنگی هاژەی باران گوێی لە دەنگی شەمەنەفەرێک بوو کە لە دوورەوە ئەهات و دەمێک بوو چاوەڕێی ئەکرا. بۆ بەیانێکەی شتومەکەکانی کۆ کردەوە و چوو بۆ شار، توانی کارێک لە وێستگەی شەمەنەفەرەکان بدۆزێتەوە و بڕیاری دا لە شار بمێنێتەوە.

خێزانی بروخر دڤانۆڤ، یەکێکی تر لە پاڵەوانەکانی ڕۆمانەکە شانگزە مناڵیان بوو بوو، بەڵام تەنها ‌حەوتیان لە ژیاندامابوون. مناڵی هەشتەمیان دۆزیەوە ناوی ساشا بوو، کوڕی ماسیگرێ بوو سەودای تاقی کردنەوە و ئاشکرا کردنی چارەنووسی مرۆڤ لە پاش مەرگ پاڵی پێوە نابوو خۆی لە ڕوبارەکە بخنکێنێ بۆ ئەوەی بزانێ لە پاش مردن چی ڕوو ئەدا. ساشا هاوتەمەنی یەکێک لە مناڵەکانی خێزانەکە بوو ناوی برۆشکا بوو. لە وشکە ساڵێکە خێزانەکە دووانەیەکیان بوو، برۆخەر کیسەیەکی دروست کرد و دایە دەست ساشا بە ڕێی کرد بۆ سەر جادەکان بۆ سواڵ کردن، برۆخر کە هاتە ژورەوە بە هاوسەرەکەی و مناڵەکانی ووت : ” هەموومان کێوی و بیقیمەتین”. ساشکاش بەرەو گۆڕستانەکە ملی ڕێی گرت بۆ سەر گۆڕەکەی باوکی بۆ ئەوەی ماڵئاوایی لێبکات. بیری کردەوە کاتێک بتوانێ پڕ کیسەکەی نان کۆ بکاتەوە کەندەڵێک لەتەنیشت گۆڕەکەی باوکیەوە هەڵ ئەکەنێت بۆ ئەوەی تیایدا بژی چونکە بێ ماڵە.

زخار مناڵی خۆش ئەویست و تەنیا بوو، خێزانی نەبوو، حەزی ئەکرد ساشا بگرێتە خۆی و گەورەی بکات بۆیە داوای لە برۆشکا کرد ساشکای بۆ بدۆزێتەوە لە پاداشتی ئەوە ڕۆبڵێکی بداتێ. ساشا دۆزرایەوە و زخار گرتیە خۆی و گەورەی کرد، گەنجێکی زیرەکی لێ دەر چوو. لە سەنتەرێکی ڕاهێنان لە وێستگەی شەمەنەفەر دەست بەکار بوو. هەموو کاتی ئێوارانیشی بەخوێندنەوە و دواتر بە نووسینیش بەسەر ئەبرد. بەڵام هەستی بە بۆشاییەکی ڕوحی و ژیانێکی بێ مانا ئەکرد، زخار ئامۆژگاری ئەکرد و هەوڵی ئەدا دووری خاتەوە لەو جۆرە بیرکردنەوەیە و خۆی ئازار نەدا. شەڕ بەرپا بوو دواتر شۆڕشی بەدوادا هات. لە شەوێکی ئۆکتۆبەردا کاتێک زخار گوێی لە تەقەی سەرجادەکە بوو بە ساشای ووت:” وا بێ عەقڵەکان دەست بەسەر دەسەڵاتدا ئەگرن، لەوانەیە ژیان داناتر ببێ”.

بۆ بەیانێکەی ڕویان کردە شار بۆ ئەوەی لەبارترین و گرنگترین حیزب بدۆزنەوە و پەیوەندی پێوە بکەن. ڕویان لە بینای شارەوانی کرد کە نوسینگەی حیزبەکانی تیا بوو. زخار حزبی خۆی دۆزیەوە بەڵام کەسی نەدۆزیەوە لەگەڵی بدوێ لە کۆتاییدا لەوسەری ڕاڕەوەکە لای دەرگاکە کەسێکی دۆزیەوە دانیشتبوو پێی ووت کەوا هەموان ڕۆیشتن بۆ ئەوەی دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن و بەمزوانە مەتەڵەکە کۆتایی دێت و دوای ساڵیکی تر سۆسیالیستی پەیڕەو ئەکرێ، ئەمڕۆ تەنها مامەڵە لەگەڵ دامودەزگاکان ئەکرێ. زخار داوای کرد ناونوس بکرێن لە حیزب. لە ماڵەوە زخار بۆ کوڕەکەی ڕوون ئەکردەوە و ئەیوت:” دڵی بەڵشەفی ئەبێ بەتاڵ بێ بۆ ئەوەی جێی هەموانی تێا بێتەوە”. دوای شەش مانگ ساشا چووە خولی کرێکارانی هێڵی ئاسنەوە دواتر پەیمانگای پۆلیتەکنیك. بەڵام خوێندنەکەی تەواو نەکرد چونکە دەسەڵاتی حیزب بڕیاری دا بینێرێت بۆ بەرەکانی شەڕی ناوخۆ… لە شارێکی دووری ناوەڕاستی دەشتەکان.

سەفەری ئەوێی کرد بەڵام هەر زوو بروسکەیەک لە ناوەندەوە هات کارێکی تریان پێ سپارد لە شارەکەی خۆیان. ڕێگای گەڕانەوە زۆر قورس بوو، کە گەڕایەوە ماڵەوە توشی نەخۆشی تیفۆئید بوو. باوکی بێ هیوا بوو لە چاک بونەوەی تابوتێکی بۆ دروست کرد چاوەڕیی مەرگی ئەکرد، بەڵام دوای چەند حەفتەیەک چاک بوو سۆنیای کچە دراوسێیان سەردانی کرد. باوکی بیری کردەوە تابوتەکە بگۆرێ ولانکێکی مناڵانی لێ دروست بکات چونکە کوڕەکەی درەنگ یا زوو ئەبێ سۆنیای دراوسێیان بخوازێت. ساشا کارێکی تری پێ سپێردرا لە لایەن حیزبەوە ئەویش گەڕان بوو بە هەموو ناوچەکانی سەر بە پارێزگاکەیاندا ” بۆ دۆزینەوەی ئەو کۆمۆنیستانەی توانای کار کردنیان هەیە”. بەڵام کەوتە دەس ئاژاوە گێڕەکان، بەڵام لەلایەن دەستەیەک لە پاسەوانانی سورەوە ڕزگار ئەکرێت ولەگەڵ فەرماندەکەیان، کۆبینکین، خۆ بە یەکتر ئەناسێنن وپێی ئەڵێ کەوا بەشداری کردنی لە شەڕ تەنها لەبەر خانمە شۆڕشگێری کۆمۆنیستی ئەڵمانی ڕۆزا لۆکسمبۆرگە کە حەزی لێ ئەکات.

هەر لە درێژەی گەڕانەکانیدا چیبۆرینی ناسی کە سەرۆکی لیژنەی شۆرشگێڕی بوو لە شاری چیفینگۆر، شاری سۆسیالیستی ڕاستەقینە. ساشا بڕیار ئەدا بڕوا بۆ ئەم شاری خەونە. بینی خەڵکی شار تا درەنگانێکی ڕۆژ ئەخەون بە ئارەزوی خۆیان، شایانی ئەوەن لە پاش ساڵانێکی درێژ لە ناسۆری و چەوسانەوە. کاتێک پرسی خەڵکی شار چ کارێک ئەکەن چیبۆرین پێی ووت ئەمان چارەسەری “ڕوحی مرۆڤ” ئەکەن ئەمە کاری سەرەکییانە. بەرهەمیشیان برادەری و ڕوحی هاوڕێتیە، هەروەها وتی نابێ هەموو شتەکانی شار باش بن ئەبێ هەندێک کەمو کورتی هەبێ بۆ ئەوەی خەڵکی شار تۆزێک تەنگی بچێژن. کۆمۆنیستی ئەبێ تاڵیەکی تێدا بێت تاوەکو تامەکەی خۆش بێت. ئینجا لیژنەی نائاسایی پێك ئەهێنرێ کە هەڵ ئەستێ بە ئامادە کردنی لیستەی ناوی هەموو ئەو بورژوانەی کە هێشتا لە ژیاندا ماون لە دوای شۆڕش. پیاوانی سەر بە ئاسایش هەموویان لەناو ئەبەن، دوای ئەوەی گولە باران ئەکرێن، چیبۆرین ئەڵێ:” ئێستا هەموو شتەکان چاک ئەبن”، ئینجا داوا لە هاوسەری بورژوا کوژراوەکان ئەکات بۆیان بگرین و خۆشی ئەڕوا بۆ خەوتن لە دوای ڕۆژێک لە کاری هێز پڕوکێن.

لەگەڵ ئەم هەمووەشدا هێشتا کۆبینکین فەرماندەی دەستەی پاسەوانە سورەکان هەست بە بوونی کۆمۆنیزمی ناکات لە چیفینگۆر، پیاوانی ئاسایش ئەبات و ئەڕوات بۆ گەڕان بەدوای نیمچە بۆرژوازێکانا و هەموویان کۆ ئەکاتەوەو نەفیان ئەکات بۆ شوێنە دورەکان. پاشان پرۆلیتارێکانی شار و ئەوانەی تر کە لەدەرەوەی شارەوە بانگ کرابوون لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە، هەموو خواردنە کەڵەکە کراوەکانی ماڵە بۆرژواکان ئەخۆن و تەنانەت یەک مریشکیش ناهێڵن. چیبۆرین باوەڕی وابوو کە بەختیاری هەمیشەیی لە ژیان خۆی دێتە دی بەبێ هەراسان کردنی پرۆلیتاریا چونکە بەختیاری ژیان-ڕاستی و زەرورەتە.

بەڵام کۆبینکین بە شارا ئەسوڕێتەوە بە دڵتەنگی، چاوەرێی ساشکا دفانۆف ئەکات بۆئەوەی ڕای بزانێت لەبارەی ژیانی تازەوە. بەڵام ئەمیان هات بۆ شار و هیچ شوێنەوارێکی کۆمۆنیستی نەبینی، لەوانەیە لە ورگی خەڵك خۆی حەشار دابێ. ئینجا کەوتە پێشبینی کردنی ئەوەی بۆچی بەڵشەفێکان لە چیفینگۆر ئاواتی کۆمۆنیزمی ئەخوازن بەم گەرمیە، لە کاتێکدا کۆمۆنیزمی مانای کۆتایی مێژوو و کۆتایی زەمەنە. زەمەنیش تەنها لە سروشت ئەڕوا و مرۆڤیش گیرۆدەی خەمۆکیە.

ساشا، جیهازێکی داهێنا ڕوناکی خۆر ئەگۆڕێ بۆ وزەی کارەبا بۆ ئەم مەبەستە هەموو شوشەی پەنجەرە و ئاوێنەکانی شار لێکرانەوە بەڵام جیهازەکە کاری نەکرد لەبەر چەند هۆیەک. پرۆژەیەکی تر کرا، تاوەرێک بنیاد نرا تیشکی ڕوناکی ئاگری لەسەر بوو ڕێنمایی وون بوەکانی دەشتە دورەکانی ئەکرد. بەڵام کەس بە ڕێنمایی ئەم ڕوناکییەوە لە دەشتە دورەکانەوە نەهات. لە مۆسکۆوە هاوڕێ سربینۆف هات بۆ بەسەرکردنەوە و خەمڵاندنی کارەکان لە چیفینگۆر، بینی هیچ کام لە کارەکان سودبەخش نین. چیبۆرین لە ڕونکردنەوەی هۆکان ووتی: “ئێمە کار ناکەین بۆ سوود وەرگرتن، بەڵکو لە پێناو یەکتریدا”. سربینۆف لە ڕاپۆرتەکەیدا بۆ سەروی خۆی نووسی:”لە چیفینگۆر شتی شادی بەخش زۆرە بەڵام بێ سوودن”.

لە کۆتایدا کاربەدەستان بڕیاریان دا ژن ڕەوانەی چیفینگۆر بکەن بۆ بەردەوام بوونی کرداری زاو زێ بەڵام گەنجانی شار گەرمییان تەنها لە باوشیانیاندا بەدی ئەکرد چونکە هەوا ساردی کرد بوو لەگەڵ نزیک بونەوەی پاییزا. هەواڵگرێك هات و هەواڵی هێرشی کازاکەکانی بۆ سەر شار هێنا، شەڕ لە نێوان خەڵی شار و کازاکەکان بەرپا بوو زۆری بەڵشەفێکان کوژران. ساشا و کۆبینکینی بریندار هەڵهاتن بەرەو دەشتەکان، هاوڕێ بریندارەکەی گیانی لە دەست دا. ساشا سواری ئەسپەکەی کە ناوی “هێزی پرۆلیتاری” ە ئەبێت تێی ئەتەقێنێ بەرەو دەشتەکان بەلای دێکەی خۆیاندا تێ ئەپەری بە بێ وەستان تا ئەگاتە سەر دەریاچەی مۆتیفۆ کە باوکی پێش ماوەیەکی دوور تێیدا خنکاو لاشەکەی تێدا مابوو. ئامرازی ڕاوە ماسێکەی خۆی بینی کە کاتی مناڵی بەجێی هێشتبوو لەوێ. ئینجا بەزۆر “هێزی پرۆلیتاری” دائەگرێتە ناو دەریاچەکە و لەسەر زینی ئەسپەکەوە خۆی فرێ ئەداتە ناو ئاوەکەوە و بەدوای ڕێگاکەی باوکیا ئەگەرێ کە گرتیە بەر بۆ ئاشنا بوون بە چارەنووسی مرۆڤ لە دوای مردن. زخار پاڤلۆڤیچیش هات بۆ چیفینگۆر بۆ گەڕان بەدوای کوڕەکەیدا کە پەروەردەی کرد بوو، بەڵام تەنها برۆشکای مێردمناڵی بینی دانیشت بوولە پاڵ خانویەکی نیمچە ڕوخاودا لێی ئەپرسێ:” لەبەر خاتری من ساشام بۆ بدۆزەرەوە ڕۆبڵێکی ترت ئەدەمێ” ئەویش وەڵامی ئەداتەوە:” بۆت ئەهێنمەوە بە بێ بەرامبەر” و دەست بەگەڕان ئەکات بەدوای ساشادا.

پلاتۆنۆڤ ئەم ڕۆمانە فەلسەفە ئامێزەی نووسی، کەوا بێسەر و بەری لە کات بەفیرۆدان لە بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی نموونەیی بەبێ هەبوونی کۆڵەکەکانی ئەو بنیادنانە بەرجەستە ئەکات. دەمێکی تر (ساڵی١٩٢٨) لە ژیانی داهێنانی نوسەر کە تۆزە تۆزە لە دۆخی پێگەیشتنی ئایدیۆلۆجی نزیک ئەبوەوە، درکی بەوە کردبوو کە ئەوە خۆیەتی ئەو مرۆڤە نموونەییە خەیاڵاویەی خەون بە گۆڕینی هەموو گۆی زەویەوە ئەبینێت و زۆری ئەو دروشمانەی کە حیزب بەرزی کردۆتەوە یوتوپیان قابیلی پراکتیزە کردن نین لە هەل و مەرجی ئەو ڕۆژگارەی وڵاتدا و دەسەڵات خەڵک هەڵئەخەڵەتێنێ. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە خۆشی لە ژێر کارتێکردنی فەیلەسوفە ئیدیالیستە ڕوسێکانی وەکو ڤیدۆرۆڤ خاوەن بانگەوازی برایەتی لە نێوان مرۆڤ و بیردیایڤ خاوەن “بیرۆکەی ڕوسی” کە فیۆدۆر دۆستیۆفسکی ئیلتیزامی پێوە کردبوو، بوو. بەڵام پلاتۆنۆڤ هەوڵی تێکەڵکردنی بیری لەگەڵ ئەزمونی شۆڕشگێڕی-بەڵشەفی ئەدا.
پاڵەوانی ڕۆمان و چیرۆکەکانی هەوڵ ئەدەن نمونەیەکی باڵاو بێ وێنەی جێگیر دەستەبەر بکەن بەڵام ئەنجام دانی ئەو کارانە لە ژیانی ڕاستیدا شکست ئەهێنێ و لەکۆتاییدا گیرۆدەی خەمۆکی ئەبن و دەرچەیەک بەدی ناکەن لە دور کەوتنەوە و سەرهاڵگرتن زیاتر یان جوڵە و گەڕانی هەمیشەیی و ئۆقرە نەگرتن وەکو لوی، یەکێک لە پاڵەوانەکانی چیفینگۆر کە باوەڕی هێنا بەوەی کە کۆمۆنیستی جوڵەی هەمیشەیی و گەڕانە بە سەرتاسەری وڵاتدا. بۆیە پلاتۆنۆڤ خۆی هاواری:” با ملی ڕێ بگرین.. بڕۆین” ئەکرد.ئەم ڕۆمانە لەسەردەمی ژیان و دوای مردنی نوسەریش بۆ ماوەی دەیەها ساڵ بیرچووبوەوە تاوەکو ساڵی ١٩٧٢ ئینجا چاپ کرا. لە ڕاستیدا بریتی بوو لە تێکەڵەیەك لە تراژیدیا و کۆمیدیا و خەیاڵ و غەیبیات و شرۆفەی سیاسی. جۆرێکی نوێ بوو لە داهێنانی ئەدەبی هەزم کردنی ئاسان نەبوو. تەنانەت گۆرکیش، ستایشی ڕۆمانەکەی کرد بەڵام لە گەڵ بڵاو کردنەوەی نەبوو، چونکە پێی وابوو کە جەماوەر بە ئاسانی قبووڵی ناکات.

شایانی باسە ڕۆمانەکەی تر “چاڵەکە”، کە ئەمیش لە شاکارەکانی پلاتۆنۆڤ ئەژمێردرێ لەساڵی١٩٣٠ نووسی و لە ساڵی ١٩٨٧ بڵاو کرایەوە. ڕوداوگەلێکی هاوشێوە ئەگێڕێتەوە لە دروستکردنی دامەزراوەیەك کە ببێت بە کۆشکی کۆمۆنیستی لە داهاتودا، بەڵام ناکۆکی نێوانن کرێکاران جوتیاران شکست بە پرۆژەکە ئەهێنێ و چاڵەکە ئەبێت بە گۆڕێکی بەکۆمەڵ. ڕۆمانەکە سەرزنشتی یوتوپیا ئەکات لە ڕژێمی حوکم لەو ڕۆژگارە و داڕوخانی ئەو بیرە کۆمۆنیزمیەی کە واقعی ژیانی پشتگوێ ئەخست و تەئکید ئەکاتەوە کەوا سیستەمی سۆشیالیستی ناتوانرێت بنیاد بنرێت ئەگەر واقعی کۆمەڵگا و بارودۆخی دەوڵەت لەبەرچاو نەگیرێت. لە ڕاستیشدا پلاتۆنۆڤ هەرگیز باوەڕی نەگۆڕا بەوەی کە داهاتوی مرۆڤایەتی لە سایەی سۆشیالیستیدا ئەبێت. پاڵەوانی ڕۆمانەکە، ڤۆشیڤ، کرێکارێکی گەنجە بڕیار ئەدات واز لە کار بهێنێت و بە پێ بڕوا بۆ شارێکی تر. ئێوارەی بەسەردا دێ لە دەشتێکا بڕیار ئەدا لە چاڵێکا بخەوێ شوانێک دێت و خەبەری ئەکاتەوە پێی ئەڵێ کەوا کارکردن دەست پێ ئەکات بە هەڵکۆلینی بنەمای دامەزراوەی کۆمۆنیزمی چاوەڕوان کراو.

ئەندازیارێک و کۆمەڵی کرێکار دێن، کاری ڕوپێوی تەواو ئەکەن و دەست بە هەڵکەندن ئەکەن. ڤۆشێڤیش ئەچێتە پاڵیان و دەست بەکار ئەبێ و لەگەڵیان ئەخواو ئەخەوێ. هاوڕێ باشکین ئەهات بۆ پشکنین و لە ڕەوشی کارەکە ناڕازی بوو و ئاگاداریان ئەکاتەوە کەوا ڕەوتی سۆشیالیستی بەبێ ئەمان بەردەوام ئەبێت، ژیانی ئەمان (تەمەڵەکان) بێ مانا ئەبێت و ئەمرن. چیلکینی کرێکاریش کەپرێکی نیمچە وێران ئەدۆزێتەوە. ژنێکی نەخۆشی لەسەرە مەرگدا تیا ئەژی لە گەڵ کچە بچکۆلانەکەی. ژنەکە ئەمرێت و کرێکارەکەیش کچە بچوکەکە لە گەڵ خۆی ئەبات. کچەکە لێی ئەپرسيت دایکم بۆ مرد؟ ئەویش لەوەڵامدا ئەڵێ: لەبەر ئەوەی برژوازی بوو یان فریشتەی مەرگ ڕوحی کێشا. هاورێ باشکین بڵندگۆیەک دائەمەرزێنێ بەرنامەکانی ڕادیۆی پێ پەخش ئەکات کە داوای کۆکردنەوەی ڕوەکی کرابیفا و چۆنیەتی چاک کردنی تیسکی کلك و لاملی ئەسپ و شتی گرنگی لەو بابەتانە بڵاو ئەکاتەوە. کە بێزاری باڵ ئەکێشێ بەسەر کرێکارەکاندا لە ئاکامی ئەم باسە بێ مانایانەدا هەندێکیان داوای ڕاگرتنی پەخشەکە ئەکەن وئەبێ بە شەڕ لەناو کرێکارەکاندا. ئێوارە سافرۆنۆفی کرێکار کە توشی خەوزڕان بوبو هاواری کرد:” هێی..کۆمەڵێ مرۆڤ… ناکرێ سەرای کۆمۆنیزمی لە ئێوە دروست بکرێ”. بەڵام کرێکارەکان پرسیاری ئەسڵو فەسڵیان لە کچە بچوکەکە ئەکرد ئەویش ئەیوت: “دایك و باوکم حەزیان نائەکرد بە برژوازێتی لەدایک ببم بۆیە لەگەڵ پەیدا بوونی لینین لە دایک بووم”. سافرۆنۆف سەرسامی وەڵامەکە ئەبێت بۆیە ئەڵێت: ” دەسەڵاتی سۆڤێتیمان هەمیشە بە توندوتۆڵی ئەمێنێتەوە مادام هەتا مناڵەکانیشمان، دایکانیان لەبیر نیە، هاورێ لینینیان لەبیرە”.

کرێکارەکان لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا بڕیاریان دا وەفدێکی خۆیان بنێرن بۆ لای جوتیارەکان بە مەبەستی فێرکردنیان لە چۆنیەتی ڕێکخستنی کۆڵخۆزاکان، بەڵام جوتیارەکان ئەندامانی وەفدەکەیان کوشت. ئینجا کرێکارەکان چوون یارمەتی جوتیارە چالاکەکانی ئەو بوارە بدەن کە لەگەڵ دروستکردنی کۆڵخۆزەکان بون. کۆبونەوەیەک لە نێوان لایەنگران و ئەوانی تر کە دژی بوون بەسترا. چالاکوانانی لایەنگری دروستکردنی کۆڵخوازەکان لیستێکیان بە ناوی لایەنگران و یەکێکی تریش بە ناوی کۆڵاکەکان کە جوتیارە دەوڵەمەندەکان بوون ئامادە کرد بۆ ئەوەی بەروبوم و زەوی و ئاژەڵکانیان دەست بەسەرا بگیرێت. کرێکارەکانیش هەڵئەستن بە دروست کردنی کەڵەکێک بۆ کۆڵاکەکان تاوەکو دواتر بیانخەنە سەری و بیاندەن بە ئاوی ڕوبارەکەدا بەرەو دەریا. جوتیارە هەژارەکانیش بەزمی گۆرانی و مۆسیقایان گەرم کردوە لە خۆشی دەست پێکردنی ژیانی نێو کۆڵخۆزەکان. دوای ئەوەی دانیشتن پاش چاک کردنی هەموو ئامێرە کشتوکاڵێکان لە وۆرکشۆپەکە و سوتاندنی هەموو خەڵوزەکەی کە لەوێ بوو، دوای ئەمە بێزاری دای گرتن لە بێ کاری.

ڕۆژی دواتر کرێکارەکان خەڵکی دێکەیان برد بۆ شار بۆ کارکردن لە چاڵەکە. کاتی ئێوارە کرێکارەکان ئەگەرێنەوە سەر چاڵەکە ئەبینن کەوا بەفر پڕی کردۆتەوە و کەس لە شوێنی نوستنی کرێکارەکان نیە لە ناستیا بچکۆلە زیاتر. بەڵام چاڵەکە زۆر گرنگ نیە بەلایانەوە لەبەر ئەوەی هەموو ئێستا بیریان لای چۆنیەتی بڵاو کردنەوەی کۆمەڵەی جوتیارانن لە لادێکاند. بۆ بەیانێکەی زوو ناستیا ئەمرێ، ڤۆشیڤ بەرامبەر لاشەکەی ئەوەستێ زمان حاڵی ئەڵێ ژیان هیچ تامێکی هەیە بەبێ ئەو چونکە سەرچاوەی خۆشی ژیانی بوو. دواتر کۆڵخوازێکان هاتن بۆ کارکردن لە چاڵەکە زۆر بە گەرمی وەکو ئەوەی بڵێی ڕزگار بونیان لە چاڵەکەدا ئەدۆزنەوە. هەتا ئەسپەکانیشیان کار پێ ئەکرد لە دەرهێنای بەردەکانی چاڵەکە. جوتیارەکان بڕیاڕیاندا ببن بە پرۆلیتاریا بەمەش بڕیاری مەرگیان بەسەر خۆیاندا دا وەکو چینێکی کۆمەڵگا. ڤۆشیڤی کرێکار، خەمبار بۆ مەرگی کچەکە، ئیتر هەرگیز کاری نەکرد لە چاڵەکە ووتی ” من پەروەردە کراوی ئمپریالیستی قێزەونم، کۆمەنیستی بابەتێکە پەیوەست بە مناڵان، بۆیە ناستیام خۆش ئەوەیست.. ئێستا ئەڕۆم بۆ ئەوەی هاورێ باشکین بکوژم “. بە عەربانەکەی ڕۆیشت بۆ ئەوەی جارێکی تر نەیەتەوە بۆلای چاڵەکە. چلیلکینش گۆڕێکی قوڵی بۆ ناستیا هەڵکەند بۆ ئەوەی گوێی لە ژاوە ژاوی دەرەوە نەبێت.

پلاتۆنۆڤ لە سەرەتای سیەکانەوە ئەینووسی بەڵام نووسینەکانی لە چەکمەجەی مێزەکەیا ئەمایەوە. ستالین توڕە بوو بوو لێی لە دوای بڵاوکردنەوەی چیرۆکی “بۆ خەزن کردن” (١٩٣١)، هەروەها قەدەغەی خستە سەر بڵاو کردنەوەی هەموو کارو وتارە ڕەخنەیەکانی و گۆڤاری “رەخنەی ئەدەبی”یشی داخست کە کارەکانی ئەمی بڵاو ئەکردەوە. تەنانەت چیرۆکی ” بای خاشاك”یش (١٩٣٤) کە دژی فاشیەت بوو، قەدەغە کرا بەبیانوی بوونی ڕو‌حی گاڵتەجاڕی و “دوور کەوتنەوەی لە ڕاستی”. بۆیە لەو سەردەمە کارەکانی وەکو ڕۆمانی “مۆسکفای بەختیار” و ڕۆمانی “دەریای مناڵی” و شانۆگەری “دەنگی باوك” و وتارەکانی لەسەر پۆشکین و گۆرکی و ئاخمۆتۆڤا و هەمنگوای و چابیك و باوستۆڤسکی و گرین بڵاو نەکرانەوە. لەم کاتانەدا لە چارەکردنی بابەتە کۆمەڵایەتێکان دوور کەوتەوە و زیاتر لەسەر ئازاری ڕوحی مرۆڤ و بابەتی خۆشەویستی بە رروحیانەتێکی فەلسەفیەوە بابەتگەلێکی ئەنووسی. هەروەها چیرۆکی “ڕوباری باتۆدان” و ” فرۆ” ئەفرۆدێت” و “خانویەکی قوڕ لە باخی شار” کە زیاتر لایەنی سایکۆلۆجی لە وەسفی کەسایەتێکان ئەخاتە بەرچاو کاری نووسەرن لە هەمان سەروەختدا. لە ساڵانی ١٩٣٣-١٩٣٥ دوای گەشتەکەی بۆ تورکمانیا ڕۆمانی “خێو” ی نووسی کە پالەوانەکەی ئەیەوێت میللەتەکەی لە ناوچوون ڕزگار بکات بە دامەزرەندنی کۆمۆنەیەک بەڵام لە هەوڵەکەی سەرکەوتوو نابێت.

پلاتۆنۆڤ لە سەرەتای سەدەی بیستەم دەرکەوت کاتێك ڕەوشەکە تەواو پێگەیی بوو بۆ شۆڕشەکەی ڕوسیا. لەو ساڵانەدا بەهرەی هەڵکەوتوی دیار دەرکەوت کە باشترین داهێنانی ئەنجام دا لە بواری ئەدەبی ئەو سەردەمەدا. نموونەی ” دۆنی لەسەرخۆ”ی شۆلۆخۆڤ، “رۆژانی خێزانی تۆربین” و “پاسەوانی سپی”ی میخائیل بۆڵگاکۆڤ و “ڕوسیای خوێناوی”ی ئارتۆم ڤیسیۆلی و ” سوپای سوارە سورەکان”ی ئسحاق بابل و “ئێمە”ی زامیاتین و قەسیدەی ” باشە” ی مایاکۆڤسکی و ” ژنە نەناسراوەکە”ی ئەلێکزەندەر بلۆك و هی تریش. لە کارە ئەدەبێکاندا ڕوحی تراژیدیا، هاوڕێ لەگەڵ گاڵتە هاتن بە واقع و ڕوانینە داهاتوو بە چاوی ئومێدەوە لەیەک کاتدا بەرجەستە ئەکات.

لە ساڵی ١٩٣٨ پلاتۆنۆڤ تووشی هەندێ ناخۆشی بوو، کوڕەکەی کە تەمەنی ١٥ ساڵ بوو گیرا بە تاوانێکی هەڵبەستراو هۆکەی نامەیەکی بێ ئیمزا بوو نێردرا بوو بۆ پۆلیس دەربارەی پلانی ئەم گەنجە بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی سۆڤێتی. دواتر ئاشکرا بوو کە هاوپۆلێکی خۆی لە قوتابخانە رکابەری بووە لە خۆشویستنی کچێکی قوتابخانەکەیان بۆ ئەوەی لێی ڕزگار بێت ئەو تاوانەی بۆ هەڵبەستوە وەك ئەوەی لە ڕۆمانی “مۆنت کریستۆ”ی ئەلیکزەندەر دۆمادا هاتوە. پلاتۆنۆڤ بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دا کوڕەکەی ڕزگار بکات لە ڕێی ناسیاوەکانیەوە وەکو شۆڵۆخۆڤ بەڵام دوای تێپەر بوونی سێ ساڵ ئینجا بەربوو دوای ئەوەی تووشی نەخۆشی سیل بوو بوو. پلاتۆنۆڤ خۆی خزمەتی کوڕە نەخۆشەکەی ئەکرد بۆیە خۆشی توشی هەمان نەخۆشی بوو هەر بەو نەخۆشیەش لە ساڵی ١٩٥١ کۆچی دوایی کرد .

لە عەرەبیەوە/ نەجات عەزیز
٨/١/٢٠١٧

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*فرانتز کافکا (1833-1924) نوسەری ناسراوی چیك. بەرهەمەکانی بە زمانی ئەڵمانی نوسیوە و ڕەخنەگران بە یەکێ لە دیارترین نوسەرەکانی سەدەی بیستەمی ئەژمێرن.

* وێنەکەی سەرەوە پەیکەری (پلاتۆنۆڤ)ە لە شاری ڤۆرۆنیچ




پلاتۆنۆڤ “کافکا*-ی ڕوسی”.. و کێشەی ئه‌نتڵجنسیای شۆڕشگێڕی ڕوسی …1

1-2

عبدوڵا حبه‌ – مۆسکۆ
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: نەجات عەزیز

بەشی یەکەم …..

ئەندرێ پلاتۆنۆڤ ٢٨ ئاب ١٨٩٩ – ٥ کانونی دووەمی ١٩٥١

نوسه‌ری ڕوسی ئه‌ندرێ پلاتۆنۆڤ به‌ “کافکای” ڕوسی ناوزه‌ند ئه‌کرێ له‌به‌ر یه‌ک هۆ؛ ئه‌ویش چیرۆک و ڕۆمانه‌کانیه‌تی که‌ پڕه‌ له‌ به‌سه‌رهاتی خه‌یاڵی که‌ له‌ خه‌وی ترسناک ئه‌چن. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی کاره‌کانی کافکاوه‌ کاره‌کانی ئه‌م ڕێچکه‌یه‌کی مه‌جازییان گرتوه‌ له‌ وێناکردن و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و (واقع) ه‌ی که‌ نوسه‌ر تیایدا ئه‌ژیا. سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆی به‌رده‌وام و سه‌رده‌می بنبڕکردنی بورژوازی وه‌کو چیننێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌شه‌ڕێك که‌ ته‌ڕ و وشکی به‌یه‌که‌وه‌ ئه‌سوتاند. هه‌روه‌ها سه‌رده‌می ئه‌و برسێتیه‌ی هه‌ندێ ناوچه‌ی یه‌کێتی سۆڤێتی گرتبوه‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای سیه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابوردو که‌ سه‌رگوزشته‌ی زۆر دڵته‌زێنی له‌باره‌وه‌ ئه‌گێڕنه‌وه‌ وه‌کو به‌قوربانی کردنی باوکێک به‌یه‌کێ له‌ مناڵه‌کانی له‌ پێناو ئه‌و مناڵه‌کانی تریدا. ئه‌م نوسه‌ره‌ که‌ له‌سه‌رده‌می ستالیندا توشی گێچه‌ڵی زۆرهات له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، له‌ ساڵانی حه‌فتاکان و هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابوردو به‌رزکرایه‌وه‌ له‌لایه‌ن ڕه‌خنه‌گرانه‌وه‌ تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ به‌ ئه‌دیبێکی کلاسیکی ڕوس دابنرێت. له‌ڕاستیدا پلاتۆنۆڤ به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر ڕێبازی ئه‌ده‌بی خه‌یاڵی ڕوسی نمونه‌ی کاره‌کانی گۆگۆل “له‌ شه‌وی کرسمسدا ” و ” جنۆکه‌ ڤینی” و”لوت” هه‌روه‌ها ڕۆمانی “چیرۆکی شارێك”ی سالتیکۆڤ شیدرین، ڕۆمانی “مامۆستا مارگریتتا”ی بۆڵگاکۆڤ، له‌م سه‌رده‌مه‌شدا ڕۆمانی ” مه‌یمونی ڕه‌ش” ی زخار بریلبین وهی تریش.

سه‌رچاوه‌ی به‌هره‌ی داهێنانه‌که‌ی بلاتۆنۆف حاڵه‌تی ده‌روونی و نه‌خۆشی جه‌سته‌یی نه‌بوو وه‌کو ئه‌وه‌ی لای کافکا که‌ به‌هۆی دڵره‌قی باوکی و نه‌خۆشیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو. کێشه‌ی پلۆتۆنۆڤ ئه‌وه‌ بو که‌ له‌ سه‌رده‌مێکی مێژویی نه‌گونجاودا ده‌رکه‌وت. که‌س نه‌بوو تێبگا لە بیرۆکه‌ فه‌لسه‌فێکانی له‌ سه‌ر پێگه‌ی مرۆڤ له‌و کۆمه‌ڵگایەدا که‌ به‌ڵشه‌فێکان بنیادیاننا له‌ دوای شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری ۱۹۱۷. سه‌ره‌ڕای ئه‌و ووته‌یه‌ی مارکس که‌ ئه‌ڵێ “مرۆڤ به‌ به‌هاترین سه‌رمایه‌یه‌” مرۆڤی سه‌رده‌می پلۆتۆنۆڤ ژێرده‌ست و شێلراو و بێبه‌ش له‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤبوندا ئه‌ژیان به‌هۆی تاکڕه‌وی ده‌سه‌ڵات و نه‌بونی فره‌فکری سیاسی بە بیانوی هه‌بونی دوژمنی به‌هێزی ده‌ره‌کی که‌ به‌دوای هه‌لدا ئه‌گه‌ڕێن بۆ لێدانی ده‌وڵه‌ته‌ سۆسیالیسته‌ تازه‌ پێگه‌یشتوه‌که‌. که‌ بوبو به‌ بیانوی ده‌ستی ده‌سه‌ڵات بۆپێشێلکردنی مافی مرۆڤه‌کان .

ڕاستیه‌کی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ که‌ ئه‌ده‌ب ئاوێنه‌ی ڕاستی کۆمه‌ڵگایه‌. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بمانه‌وێ ڕاستی ڕه‌وشی یه‌کێتی سۆڤێت له‌ پاش شۆرشی ئۆکتۆبه‌ر بزانین ئه‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ کاره‌ ئه‌ده‌بیه‌کانی گه‌وره‌ به‌هره‌مه‌ندانی وه‌کو شۆلۆخۆف، بۆلگاکۆف، مایاکۆفسکی، ڤاله‌نتین، ئه‌خماتۆڤا، ڕاسپۆتین، و ئیتماتۆڤ و ئه‌وانی تر. بیرمان نه‌چێ نوسه‌ران له‌ژێر حوکمی ڕژێمه‌ تۆتالیتاریاکاندا به‌زۆڕی په‌نا بۆ ئه‌ده‌بی خه‌یاڵ ئه‌به‌ن له‌کاره‌کانیاندا بۆ ده‌ربازبون له‌ ڕاوه‌دونان وگێچه‌ڵی ده‌سه‌ڵات و ڕزگار بون له‌کۆت و به‌ربه‌سته‌کانی که‌ له‌سه‌ر هه‌موو جۆره‌ داهێنانێک دایئه‌نێن. مه‌عه‌ڕی شاعیر ئه‌ڵێ “ووته‌کانم پاوه‌ن مه‌که‌ ئاخاوتنم وه‌کو ئه‌وانی تر مه‌جازیه‌”. شاعیری گه‌وره‌ به‌در شاکر ئه‌لسه‌ییاب وتویه‌تی: ” شاعیر ئه‌گه‌ر ڕاستگۆ بوو له‌ ده‌ربڕین و وێناکردنی هه‌مو لایه‌نه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئه‌بێ کاره‌کانی گوزارشت له‌ ئێش و ژانی کۆمه‌ڵگا بکات و هیواو ئاواته‌کانی ده‌رببڕێت بێئه‌وه‌ی که‌سێک پاڵی پێوه‌ بنێ بۆئه‌نجامدانی ئه‌م ئه‌رکه‌. هه‌روه‌ها له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌ربڕینی ئازار و هه‌سته‌ تایبه‌تیه‌کانی خۆیه‌تی که‌ زیاتر ڕۆبچیته‌ خوارێ هه‌مان هه‌ستی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌”. ئیبن خه‌لدونیش له‌ پێشه‌کیه‌که‌یدا ئاماژه‌ به‌ “ده‌مارگیری” ئه‌کات له‌ پرۆسه‌ی بنیادنانی ده‌وڵه‌ت و گۆڕانی کۆمه‌ڵگادا.

ئه‌م جۆرە کارە خەیاڵیانە زۆر باو بوو له‌ سه‌رده‌می حوکمه‌ تۆتالیتاریه‌که‌ی ستالیندا. بۆیه‌ نوسه‌ران له‌ سایه‌ی ئه‌م جۆره‌ ڕژێمانه‌دا په‌نا بۆ “مه‌جاز” و نوسینی ڕۆمانی خه‌یاڵی ئه‌به‌ن بۆ گوزارشتکردن له‌ ڕه‌وشی کۆمه‌ڵگا وشاردنه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌کانیان وخۆ به‌دورگرتن له‌ ره‌خنه‌گرتنی ڕاسته‌وخۆ و ئاشکرا له‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ دکتاتۆره‌که‌و ڕژێمه‌که‌ی که‌ ئه‌بو به‌ هۆی قه‌ده‌غه‌کردنی به‌رهه‌مه‌کانیان. بۆنمونه‌ ساتیکۆڤ شیدرین له‌ ڕۆمانی “چیرۆکی شارێك” وێناکردنی گه‌ڕاندۆته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می ڕوسیای قه‌یسه‌ری و به‌هره‌ی نواندوه‌ به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌کی خه‌یاڵی، هه‌روه‌ها ڕادیشێڤ ڕۆمانی “گه‌شت له‌ پیترسبێرگه‌وه‌ بۆ مۆسکۆ” نوسیوه‌ بێئه‌وه‌ی هیچ ئاماژه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ به‌ حوکمی قه‌یسه‌ر بکات به‌ڵام خانمه‌ قه‌یسه‌ر یکاترینای دووه‌م کاره‌که‌ی به‌ سه‌رکۆنه‌کردنێکی ئاشکرای ده‌سه‌ڵات هه‌ژمار کرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بڕیاری له‌سێداره‌ی بۆ ده‌رچوو به‌ڵام دواتر گۆڕدرا بۆ نه‌فی بۆ سیبیریا و سه‌رئه‌نجام خۆی کوشت.

به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ململانێ له‌وپه‌ری گه‌رمیدا بوو له‌ یه‌کێتی سۆڤێت له‌ سه‌رده‌می ستالیندا له‌نێوان ئه‌ده‌بی حزبی و ئه‌ده‌بی غه‌یره‌ حزبی. له‌م ململانێیەدا ده‌رئه‌که‌وت ئایا ئه‌دیب کاربه‌ده‌سته‌ له‌لای حزب یان که‌سێکی سه‌ربه‌خۆیه‌؟. پلاتۆنۆڤ توانی سه‌ربه‌خۆیی خۆی بپارێزێ حکومه‌تیش نه‌یتوانی ده‌سته‌مۆی بکات، به‌رده‌وام بوو له‌ نوسین هه‌رچه‌نده‌ به‌رهه‌مه‌کانیشی بڵاو نائه‌کرایه‌وه‌. نوسه‌رانێکی زۆریش ناچار بوون به‌رهه‌مه‌کانیان به‌ناوی خوازراوه‌وه‌ بڵاو بکه‌نه‌وه‌. په‌یوه‌ست به‌ پلاتۆنۆڤه‌وه‌؛ زۆری به‌رهه‌مه‌کانی له‌ چیرۆک و ڕۆمان وشانۆگه‌ری و چیرۆکی مناڵان ئه‌نوسی به‌ شێوازێکی خه‌یاڵی بۆ ده‌ربازبوون له‌ ڕاوه‌دونانی کاربه‌ده‌ستنی حزبی به‌رپرس له‌ سێکته‌ری ئه‌ده‌بی و لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نوسه‌ران و ئه‌دیبان له‌سه‌ر هه‌ر ووشه‌یه‌ک و پیتێک که‌ ئه‌یان نوسی و ڕزگاربونیان له‌ ڕاپۆرته‌ نهێنێکانی که‌ ئه‌یانوسی بۆ کرملین. پلاتۆنۆڤ بڕوای به‌و وته‌یه‌ی دۆستۆفسکی هه‌بوو که‌ ئه‌یوت: “جیهان به‌ توندوتیژی ڕزگار نابێ به‌ڵکو به‌ قوربانیدان”.

ئه‌دیبانی سۆڤێت زۆریان چه‌شت له‌ ئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی کاربه‌ده‌ستانی حیزب و قوربانی زۆریشیان دا ته‌نانه‌ت قوربانی جه‌سته‌یش نمونه‌ی مایاکۆفسکی و یه‌سنین و تسفیتایفگا و ئه‌خماتۆفا و ئاسییڤ و شۆلۆخۆڤ و ئه‌لیکسی تۆلستۆی و میخائیل بۆلگاکۆڤ هه‌تا گۆرکیش که‌ له‌ کرملینه‌وه‌ نزیک بوو. له‌ پەیڕه‌وکردنی ئه‌م سیاسه‌ته‌دا، نوسه‌رێکی وه‌کو شۆلۆخۆڤ ناچار کرا کارێکته‌رانی ڕۆمانی ” زەوی نه‌کێڵراو” بگۆرێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌روه‌ری و پاڵه‌وانێتێکه‌ بدرێت به‌ سکرتێری حزبی ناوچه‌که‌. هه‌رواها تۆلستۆی ناچار کرا دوباره‌ ڕۆمانی ” داهێنانی ئه‌ندازیار جارین” بنوسێته‌وه‌ و که‌سایه‌تیه‌کی سه‌ر به‌ ده‌زگای موخابه‌راتی سۆڤیتی بۆ زیاد بکات. هه‌مان شت له‌گه‌ڵ گۆرکی کرا و ناچار کرا گۆرانکاری گه‌وره‌ له‌ که‌سایه‌تی شانۆگه‌رێکانیدا بکات بۆ ڕازی کردنی ده‌سه‌ڵاتی حزب.

زۆرجاری تریش گۆرانکاری له‌ شانۆگه‌رێکانی بۆلگاکۆڤ کراوه‌ بۆ ڕازیکردنی کاربه‌ده‌ستانی حزب له‌ پێناو گۆرینی کاره‌ هونه‌رێکان به‌شێوه‌یه‌ک که‌ خزمه‌تی ئامانجی ڕۆژانه‌ی حزب بکات. هه‌ندێ ڕه‌خنه‌گری نزیک له‌ ده‌زگا ئه‌منێکان به‌ خۆبه‌خشانه‌ هه‌ڵئه‌ستان به‌ هێرش کردنه‌ سه‌ر هه‌ر کارێکی هونه‌ری که‌ له‌ بڕیاره‌کانی نوسینگه‌کانی لیژنه‌ی ناوندی حزب لایبدایه‌. رێپتۆار:(لیستی کاری هونه‌ری که‌ ئاماده‌ ئه‌کرێ بۆ پێشکه‌ش کردن) له‌ شانۆکان و سینارێۆی فیلیمه‌کان به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ڵئه‌بژێردران. یوسف ستالینی سه‌رۆکی حزب زۆرجار ده‌ستی له‌م کاره‌ وه‌رئه‌داو تێکسته‌کانی ئه‌خوێنده‌وه‌ پێش بڵاوکردنه‌وه‌یان یان نمایشکردنیان، یان سه‌ردانی شانۆ و سینه‌ماکانی ئه‌کرد به‌مه‌به‌ستی دڵنیا بوون له‌ڕه‌وتی کاره‌کان. ستالین دوای ئه‌وه‌ی چیرۆکی ” ماکاری به‌ گومان”ی پلاتۆنۆڤی خوێندەوە که‌ له‌ گۆڤاری “کراسنایا نۆڤ” بڵاوکرایه‌وه‌ له‌ ساڵی ۱۹۳۱ نوسیویه‌تی ” نوسه‌رێکی به‌هره‌مه‌نده‌ به‌ڵام قه‌ڵبه‌!” له‌به‌رئه‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌ ڕه‌خنه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆی لیژنه‌ حزبێکان ئه‌کات که‌ سه‌رقاڵی کۆبونه‌وه‌ی به‌رده‌وامن له‌ ژوره‌ داخراوه‌ پڕ دوکه‌ڵی جگه‌ره‌کاندا و گفتوگۆ له‌سه‌ر شتی بێمانا ئه‌که‌ن که‌ زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ ژیانی که‌سی ئه‌ندامانی حزبه‌وه‌ له‌بری هه‌ستان به‌ کارێکی به‌رهه‌مدار و سودبه‌خش.

ئه‌م چیرۆکه‌ له‌ ناوه‌ڕۆکدا له‌ قه‌سیده‌یه‌کی به‌ناوبانگی مایاکۆفسکی ئه‌چێت له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی ” کۆبونه‌وه‌ی زۆر و درێژخایه‌ن ئه‌که‌ن” که‌کاتی خۆی بو به‌ جێی ڕه‌زامه‌ندی لینین. کاتێك پلاتۆنۆڤ چیرۆکی “تاکیر” بڵاو کرده‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ گه‌شتێکی ئاسیای ناوه‌ڕاست گه‌ڕایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ کۆمه‌لێک نوسه‌ری تر، ڕۆژنامه‌ی پراڤدا به‌توندی ڕه‌خنه‌ی لێگرت و دواتر زۆربه‌ی کاره‌کانی قه‌ده‌غه‌ کران بڵاوبکرێنه‌وه‌ له‌ ده‌زگای په‌خش و ڕۆژنامه‌ سۆڤێتیه‌کاندا. ئەلێکسه‌نده‌ر ڤاده‌ییڤ سکرتێری یه‌کێتی نوسه‌رانی سۆڤێت تاوانباری کرد به‌وه‌ی که‌ شتی هه‌ڵبه‌ستراو ئه‌نوسێ له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگای سۆڤێتی. ته‌نها ئه‌و لێکۆلینه‌وه‌ ڕۆژنامه‌وانیانه‌ی کردبوی له‌ به‌ره‌کانی شه‌ڕه‌وه‌ کاتێك په‌یامنێری سه‌ربازی بوو له‌ ڕۆژنامه‌ی “ئه‌ستێره‌ی سور” له‌ سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی دووه‌م بڵاو کرانه‌وه‌. ئه‌وترێ ڕێگه‌ دان به‌ بڵاوکردنه‌وی ئه‌م کاره‌شی ئه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ سەرسامی ستالین به‌ شێوه‌ی نوسینه‌که‌ی.

له‌ڕاستید ا سیاسه‌تی حزب له‌ بواری ڕۆشنبیریدا وه‌کو ئه‌وه‌ی دیاری کرا بوو له‌لایه‌ن به‌ڵشه‌فێکانه‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشه‌وه‌ وه‌کو خۆی په‌یڕه‌و ئه‌کرا له‌سه‌رده‌می ستالین و سه‌رکرده‌کانی دواتریش به‌بێ گۆڕان. ئه‌ویش به‌ به‌کارهێنانی به‌ مه‌به‌ستی پڕوپاگه‌نده‌ بۆ سیاسه‌تی حزب. ئازادی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند له‌ داهێناندا ته‌نها مه‌سه‌له‌یه‌کی زاتی بووه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ گرنگی دراوه‌ به‌رزڕاگرتنی وێنه‌ی ” پاڵه‌وانی پۆزه‌تیڤ” و سه‌روه‌رێکانی، کاتێک نوسه‌ر که‌سایه‌تیه‌کی ژێرده‌سه‌ی شێلاوراوی وه‌کو ئاکاکی ئاککیفیتچی گۆگۆل له‌ناو کۆمه‌ڵگای سۆڤێتیدا پێشکه‌ش ئه‌کات، ئه‌م کاره‌ی نوسه‌ر به‌ هه‌ڵبه‌ستراو و دور له‌ ڕاستیه‌وه‌ به‌ ڕه‌خنه‌ له‌ ڕژێم ئه‌ژمار ئه‌کرا.

به‌ڵام پلاتۆنۆڤێکی پرۆلیتاری کوڕی کرێکارێکی سه‌ر هێڵی شه‌مه‌نه‌فه‌ر، به‌چاوی خۆی ئه‌یبینی چۆن جوتیاران به‌زۆرئه‌کران به‌ ئه‌ندامی کۆڵۆخۆزه‌کان (کۆمه‌ڵه‌ی جوتیاران) و به‌روبوم ئاژه‌ڵه‌کانیان لێ ئه‌سه‌ندرایه‌وه‌ بۆ له‌ناو بردنی چینی جوتیار و کردنیان به‌ کرێکاری ڕۆژانه‌ له‌و کۆمه‌ڵانه‌دا. هه‌روه‌ها ئه‌یبینی کرێکارانی کارگه‌کان و هاوکاره‌کانیان له‌سه‌ر خه‌تی شه‌مه‌نه‌فه‌ر چۆن ناچار ئه‌کران له‌توانای خۆیان زیاتر کار بکه‌ن له‌کاتی گرانی و برسێتیتێکه‌ی سیه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردو.

ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ ڕاوه‌دونانی ئه‌ندازیار و مامۆستا و پزیشکه‌کان و هه‌وڵدان بۆ له‌ناو بردنیان به‌ تاوانی سه‌ر به‌ چینی بۆرژازی بوون. ستالیین دوای له‌ناوبردنی ڕکابه‌ره‌کانی له‌ دادگاییکردنێکی کارتۆنیدا ساڵی ۱۹۳۷ له‌ مۆسکۆ، بۆیده‌رکه‌وت که‌ بنیادنانی ده‌وڵه‌ت و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی هێزه‌ ئیمپریالێکانی ده‌ره‌وه‌ و بنایدنانی ده‌وڵه‌تێکی به‌هێز له‌ ڕوی سه‌ربازیه‌وه‌، پێویستی به‌ هه‌مه‌ئاهه‌نگی و کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو تواناکانه‌ بۆ دروستکردنی ” مرۆڤی سۆڤێتی به‌ختیار و قاره‌مان” که‌ سۆسیالیستی بنیاد ئه‌نێ.

بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م کاره‌ به‌کارهێنانی توانای داهێنه‌ران پێویست بووله‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی وره‌ی خه‌ڵکیدا بۆیه‌ ئه‌بوایه‌ هه‌موو نوسه‌ر و ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ند و زانسته‌کان ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌م ڕێچکه‌یه‌ کار بکه‌ن. ئه‌م شێوه‌ کارکردنه‌ به‌رده‌وام بوو هه‌تا له‌سه‌رده‌می “گه‌رمی” خرۆشۆڤ و سه‌رده‌می بریجنێڤیشدا. بۆنمونه‌ گه‌له‌ ڕه‌خنه‌یه‌کی زۆر توند کرایه‌ سه‌ر بۆریس باسترناک به‌هۆی ڕۆمانی ” دکتۆر زیڤاگۆ” که‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سۆڤێت بڵاوی کرده‌وه‌. له‌ دوای کۆنفراسی بیسته‌می حزب که‌ تیایدا سه‌رکۆنه‌ی په‌رستنی که‌سایه‌تی ستالینی کرا، ڕێگه‌ درا ڕۆمانی ” ڕۆژێک له‌ ژیانی ئیڤان دینسیتچ” بڵاو بکرێته‌وه‌ له‌ نووسینی الێکسه‌نده‌ر سۆڵجینتسین (هه‌ڵگری نۆبڵ) بوو له‌ گۆڤاری “نۆڤی میر”.

ئه‌م نه‌رمی نواندنه‌ زۆری نه‌خایاند، نووسه‌ری که‌راخیزی جه‌نگیز ئیتماتۆڤ توشی چه‌رمه‌سه‌ری زۆر هات له‌سه‌رده‌می حوکمی برجنێڤ له‌سه‌ر ڕۆمانی ” که‌شتیه‌ سپێکه‌” و “دۆشه‌که‌ڵه‌”. بڵاوکردنه‌وه‌ی یه‌که‌میان قه‌ده‌غه‌ کرا بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاڵه‌وانه‌که‌ی مناڵێکی هه‌تیوه‌ له‌کۆتایی رۆمانه‌که‌دا له‌ ئاودا ئه‌خنکێ ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ی خواستی کاربه‌ده‌ستانی حزب بوو چونکه‌ به‌ڕای ئه‌وان نابێ “مناڵی سۆڤێت” به‌کاره‌ساتی تراژیدی بمرێ. ڕۆمانی دووه‌میش له‌سه‌رکێشه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر بوو که‌ باسکردنی به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه‌ بوو.

ده‌رکه‌وتنی ئه‌ندرێ پلاتۆنۆڤ(١٨٩٩-١٩٥١) له‌ گۆڕه‌پانی ئه‌ده‌بی ڕوسیدا له‌ پاش شۆڕشی سۆسیالستی ئۆکتۆبه‌ری ۱۹۱۷، وه‌کو زریانێکی کتوپڕی نێوان ساردی و گه‌رمی، تاریکی و ڕوناکی، وشکایی و شێداری ئاسا بوو. که‌ به‌رجه‌سته‌ی ئاسته‌نگێکانی سه‌ر ڕێی شۆڕش وئه‌و ڕێچکانه‌ی شۆڕشگێڕه‌ به‌لشه‌فێکان که‌ زۆربه‌یان که‌سانی ڕه‌نجه‌در و هه‌ژار بوون گرتبویانه‌ به‌ر ئه‌کرد.
نوسه‌رانی ژیانامه‌ی پلاتۆنۆڤ ئاماژه‌ به‌وه‌ ئه‌که‌ن که‌ ئه‌و توانا ڕوحیه‌ مه‌زنه‌ی له‌ سه‌ده‌کانی نۆزده‌ و بیستدا له‌ ڕوسیا که‌ڵه‌که‌ی کردبو، ده‌رچه‌یه‌کی له‌ پلاتۆنۆڤدا دۆزیبوه‌وه‌. به‌ڵام پلۆتۆنۆڤ بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ له‌بیر کرا بوو.

کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و ده‌مه‌ی سۆڤێت به‌ ئه‌نقه‌ست به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵی شاردنه‌وه‌و بڵاونه‌کردنه‌وه‌ی کاره‌کانی و ئه‌و بیرۆکانه‌ی له‌خۆی گرتبوو ئه‌دا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ لیکۆڵه‌ره‌وه‌ ڕوسێکانی ئه‌مڕۆ له‌ ڕیزی گۆرکی و شۆلۆخۆڤ و بۆڵگاکۆڤی دائه‌نێن وه‌کو گه‌وره‌ترین ڕۆمان نووسه‌کانی سه‌ده‌ی بیست. مه‌خابن، پلاتۆنۆڤ ناسراو نیه‌ وه‌کو پێویست. هه‌روه‌ها له‌ جیهانی عه‌ره‌بیشدا ته‌نها ڕۆمانی “خێو”(ناوه‌که‌ی به‌ ده‌قیقی به‌ ڕوسی “جنۆکه‌”) و چه‌ند چیرۆکێکی تر که‌ له‌ ده‌زگای بڵاوکردنه‌وه‌ی “رادۆگا” له‌ مۆسکۆ له‌ هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو له‌ سه‌رده‌می “بیریتسرۆیکا” بڵاو کراونه‌ته‌وه‌ و وادیاره‌ سه‌رنجی زۆر که‌سیشی ڕانه‌کێشاوه‌.

ئه‌بێ ئاماژه‌ بکه‌م به‌وه‌ی ڕاستیه‌ک هه‌یه‌ ئه‌بێ بوترێ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕوه‌ ڕاستیه‌که‌ی ئه‌ده‌بی ڕوسی به‌گشتی نه‌ناسراوه‌ له‌ جیهانی عه‌ره‌بیدا، چونکه‌ کاره‌کان له‌ زمانه‌کانی تری وه‌کو ئنگلیزی و فه‌ره‌نسی وه‌رگیراون و هه‌ڵه‌ی زۆری زمانه‌وانی تێدا که‌ڵه‌که‌ بووه‌. هه‌روه‌ها شاکاره‌کانی ئه‌دیب و شاعیره‌ ڕوسه‌کان وه‌رنه‌گێڕدراون به‌ نه‌ناسراوی ماونه‌ته‌وه‌ وەکو شیعره‌کانی پۆشکین و ڕۆمان و شانۆگه‌رێکانی گۆگۆل و تۆلستۆی و سالتیکۆڤ-شیدرین و تشیخۆڤ و گۆرکی و بلۆک و بۆنین و ئه‌وانی تری سه‌رده‌می سۆڤێتیش که‌ به‌ڕاستی ئه‌دیب و شاعیری مه‌زنیان تێدایه‌ له‌ وێنه‌ی پلاتۆنۆڤ. ئه‌ویشی وه‌رگێڕدراوه‌ زۆربه‌یان به‌ ئاستێکی نزم ئه‌نجام دراوه‌ بووه‌ به‌ مایه‌ی ئیهانه‌ بۆ نووسه‌ره‌که.‌ ته‌نها کاره‌کانی وه‌رگێری سوری مامۆستا سامی دروبی به‌ده‌ره‌ له‌م کاره‌ که‌ توانیویه‌تی هه‌ندێ له‌ کاره‌کانی دۆستۆڤسکی و تۆلستۆی له‌ فه‌ره‌نسیه‌وه‌ به‌ شێواز و ئاستێکی به‌رزی وه‌ڕگێڕان و به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ ئه‌نجام بدات.

که‌ ده‌زگای بڵاوکردنه‌وه‌ی ” پێشکه‌وتن”ی سۆڤێتی به‌رهه‌می وه‌رگێڕدراوی ئه‌و ئه‌دیبانه‌ی بڵاو ئه‌کرده‌وه‌ که‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌وه‌ پاڵپشتی ئه‌کران و زۆربه‌یان ئه‌دیبی پله‌ دوو و پله‌ سێ بوون که‌ ئه‌توانین بڵێین شوێن په‌نجه‌یان له‌ مێژوی ئه‌ده‌بی ڕوسیدا دیار نیه‌ نمونه‌ی ئه‌ناتۆلی ریباکۆڤ و ئیلیا ئارنبۆرگ. خوێنه‌ری عه‌ره‌ب شیعری ڕوسی ناناسێ چونکه‌ وه‌رنه‌گێڕدراوه‌، الجاحڤ ڕاستی کردوه‌ که‌ ئه‌ڵێ ” شیعر وه‌رناگێڕدرێ”.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شیعری ڕوسی هه‌یه‌ وه‌رگێڕدراوەته‌ سه‌ر زمانی تر له‌لایه‌ن شاعیری به‌هره‌مه‌ند و به‌توانا تا ڕاده‌یه‌کی باش سه‌رکه‌وتوو بون. به‌ڵام شاعیره‌ گه‌وره‌کانی ئێمه‌ زۆر به‌که‌می گرنگیان داوه‌ به‌ وه‌رگێڕان و ئه‌و کاره‌یان بۆ وه‌رگێڕه‌کان به‌جێ هێڵاوه‌ و ئه‌مانه‌یش به‌هره‌ی هۆنینه‌وه‌یان نیه‌ و هه‌ندێ جار مانا سه‌ره‌کێکه‌ی شیعره‌که‌شیان تێکداوه‌ به‌هۆی نه‌زانینی زمانی ڕوسیه‌وه‌.
نمونه‌ش زۆره‌ له‌سه‌ر ئه‌مانه‌ به‌ڵام ئێستا کاتی باسکردنی نیه‌. کاره‌کانی پلاتۆنۆڤ که‌ یه‌کێکە له‌ نووسه‌ره‌ هه‌ره‌ دیاره‌کانی ڕوسیایه‌ له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌م وه‌رنه‌گێڕدراون وبه‌ڕاده‌یه‌کی زۆر به‌ نه‌ناسراوی ماوه‌ته‌وه‌ له‌ دنیای عه‌ره‌بیدا. گه‌وره‌ شاعیری ڕوسی ئه‌لێکسه‌نده‌ر بلۆک له‌ ساڵی ۱۹۱۸ نوسیویه‌تی و ئه‌ڵێ ” ملیۆنه‌ها که‌س له‌ ڕوسیا هه‌یه‌ ڕۆشنبیرنین و “نه‌زانن” و توانای داهێنانیان تێدایه‌ به‌ڵام له‌ حاڵه‌تی سڕبوندان. له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مان بیڵێن له‌ داهاتودا تا ئێستا له‌ ئه‌ده‌به‌ شه‌که‌ت و مه‌نگه‌که‌ماندا نه‌وترا بێ..” وادیاره‌ ئه‌و ئه‌دیب و شاعیرانه‌ی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر به‌رهه‌می هێنان شتگه‌لێکیان وتوه‌ که‌ ئه‌وانی پێش ئه‌مان نه‌یاتوانیوە بیڵێن. ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی که‌ هاوکات بوون له‌ گه‌ڵ ساڵانی یه‌که‌می شۆڕش توانایه‌کی کپ بوی به‌هێزی داهێنانی ته‌قانده‌وه‌ و ره‌وتی جیا جیا و قوتابخانه‌ی جیاجیا په‌یدابوون که‌ پێشتر ڕۆڵیان نه‌بو. نوێنه‌ری ئه‌م بزوتنه‌وه ئه‌ده‌بی هونه‌ریه‌ تازانه‌ ویستیان خۆیان بگونجێنن له‌گه‌ڵ ئایدیالۆجیا و دروشمه‌کانی شۆڕشه‌که‌دا، به‌ڵام ئه‌مه‌ کارێکی مه‌حاڵ بوو.

چونکه‌ ویستی حزبی کۆمۆنیست گه‌یشتن بوو به‌ ده‌سه‌ڵات به‌ڵام ئامانجی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب زانینه‌. وه‌کو هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ محمود سه‌بری وتی ” هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیبه‌ گه‌نجه‌کان له‌ هه‌وڵی داهێنانی به‌رهه‌می تازه‌دا بون که‌ بتوانێ گوزارشت له‌ ڕه‌وشی کۆمه‌ڵگا بکا که‌چی ده‌سه‌ڵاتدارانی تازه‌ی سۆڤێت داوایان لێ ئه‌کردن کاره‌کانێن بگونجێنن به‌شێوه‌یه‌ک که‌ خزمه‌تی ئامانج و ئەرکە کاتێکانی حزب بکات.

لینین ئه‌وه‌ی له‌ وتاره‌کانیا له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌کارهێنانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له‌ خزمه‌تی شۆڕشی پرۆلیتاریا ڕونکردبوه‌وه‌ و ئه‌ناتۆلی لوناتشارسکی یه‌که‌مین وه‌زیری ڕۆشنبیری سۆڤێت له‌ دوای شۆڕش له‌ مه‌قاله‌یه‌کی دورودرێژدا به‌ناونیشانی “هونه‌ر و شۆڕش” هه‌مان شتی دوباره‌ کردبوه‌وه‌. لینین که‌ لایه‌نگری – به‌یه‌ک گه‌یشتن له‌ ناوه‌ڕاستدا بوو- خۆی ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ له‌ وتارێکدا به‌ناوی ” له‌باره‌ی ڕۆشنبیری پرۆلیتاریوه‌” له‌ ساڵی ۱۹۲۰ ” مارکسیه‌ت ده‌ستبه‌رداری ده‌سکه‌وته‌ به‌هاداره‌کانی سه‌رده‌می برجوازی نه‌بوو، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌، توانی (استیعاب) و (معالجه‌) هه‌موو کارێکی به‌هادارتێبگات و چاك بکات که‌ له‌ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو هه‌زار ساڵ له‌ به‌ره‌وپێش چوونی بیر و ڕۆشنبیری مرۆڤایه‌تیدا هاتبوه‌وه‌ دی “.

هه‌روه‌ها هه‌موو هه‌وڵێکی بۆ دروستکردنی ڕۆشنبیری سه‌ر به‌ خۆمان (مه‌به‌ست -ڕۆشنبیری پرۆلیتاری- تێبینی نووسه‌ر).. و گرمۆڵه‌بوون له‌ناو ئۆرگانه‌ تازه‌ دروست کراوه‌کاندا.. دۆزینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی که‌سی بۆ کۆمه‌ڵه‌ی” پرۆلێتکۆلت ” له‌ناو دامه‌زراوه‌کانی کۆمسیۆنی فێرکردنی میلیدا..” ڕه‌ت کرده‌وه‌ و به‌ “ڕێنمایه‌کی هه‌ڵه‌ی تیۆری و زیان‌به‌خشی پراکتیکی” دانا. وادیاره‌ به‌ڵشه‌فێکان ئه‌م وه‌سیه‌ته‌ی لینیان له‌ پاش مردنی له‌بیر چوو و به‌ته‌واوی به‌ ڕێگا پێچه‌وانه‌که‌دا ڕۆیشتن.

هه‌ندێ که‌س له‌ کاتی هه‌ڵچونی شۆڕشدا ویستیان خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌ نوێکه‌ بکه‌ن وه‌کو الکسه‌نده‌ر بلۆکی شاعیر به‌ قه‌سیده‌ی “دوانزه‌”، ڤلادیمێر مایاکۆڤسکی به‌ هه‌ڵبه‌سته‌ ئاگرینێکانی له‌ دژی بۆرجوازی و ئیمپیریالیست. هه‌روه‌ها ئه‌ندرێ پلاتۆنۆڤ له‌ کاره‌ سه‌ره‌تاییه‌کانیدا ده‌رباره‌ی بنیاد نانی کۆمۆنیستی له‌ ڕوسیا. هه‌روه‌ها شانۆکار ڤسیڤۆلۆد مییرهۆلد(به‌رێوه‌به‌ری به‌شی شانۆ له‌ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری) و سینه‌ماکار سێرگی ئیزنشتین هه‌وڵیان دا کار و داهێنانه‌کانیان ڕوه‌و کاری پڕوپاگه‌نده‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتداره‌ سۆڤێتێکان وه‌رچه‌رخێنن چونکه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون که‌ ئه‌م کاره‌یان پێویسته‌ بۆئه‌و ده‌مه‌ کاتییه‌ی بنیادنانی ده‌وڵه‌تی سۆڤێتی. له‌ ساڵانی بیسته‌کاندا کارگه‌لێکی هه‌میشه‌ زیندوو بڵاوکرانه‌وه‌، له‌وانه‌ ڕۆمانی ” دۆنی هێمن” ی شۆلۆخۆڤ و ڕۆمانی ” پاسه‌وانی سپی” ی بۆڵگاکۆڤ. به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نها بۆ کاتێکی دیاری کراو بوو واته‌ ته‌نها له‌ کاتی شه‌ڕی ناوخۆ و بوونی هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی و سه‌رقاڵ بونی ده‌سه‌ڵات به‌ له‌ناوبردنی ده‌سه‌ڵاتی بۆرجوازی و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی. داهێنه‌ران ئه‌بوایه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر کاره‌ بیچینه‌ییه‌کانی خۆیان واته‌ کاری “زانین”(معرفی).

ڕاستی ئه‌مه‌یش ڕوداوه‌کانی ساڵانی دواتر سه‌پاندی، مه‌رگه‌ تراجیدێکه‌ی بلۆک و خۆکوشتنی هه‌ریه‌ک له‌ مایاکۆڤسکی و ویسینین تیسڤیتایڤا و ڤادییڤ سه‌رۆکی یه‌کێتی نوسه‌رانی سۆڤێت و له‌سێداره‌دانی مییرهۆڵد و کۆمه‌لێکی ترله‌ به‌هره‌مه‌ندان و به‌ند کردنی هه‌زارانی تر له‌ سیبیریا و شوێنه‌ دوره‌ده‌سته‌کانی باکوری وڵات له‌ ناویاندا ئه‌لێکسه‌نده‌ر سۆڵجینیتسین که‌ هه‌ڵگری نۆبڵ بوو. هه‌روه‌ها قه‌ده‌غه‌ خرایه‌ سه‌ر بڵاو کردنه‌وه‌ی کاری زۆرێکی تر له‌ نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی سۆڤێتی چونکه‌ کاره‌کانین له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی حزب یه‌کیان نائه‌گرته‌وه‌. داهێنه‌رانی شۆڕشگێر چیتر هه‌ستیان نائه‌کرد که‌ شۆڕشه‌که‌ شۆڕشی ئه‌وانه‌. ئه‌وانه‌ی تریش که‌ هه‌وڵیان ئه‌دا کاره‌کانیان بگونجێنن له‌گه‌ڵ ویست و سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی حیزب بۆ ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندیان ده‌ستکاری وگۆڕانی زۆریان له‌ کاره‌کانیان ئه‌کرد به‌ڵام بێهوده‌ بوو ناچارکران واز له‌ کاره‌کانیان بهێنن و کاری تر بکه‌ن. ئانا ئه‌خمۆتۆڤا و کۆرنێ تشایکۆڤسکی و تسڤیتایڤا و باسترناک و که‌سانی تریش ده‌ستیان له‌ نوسین هه‌ڵگرت و ڕویان له‌ کاری په‌روه‌رده‌ و وه‌رگێڕان کرد.

ماویەتی ….

بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەم کلیکی ئێرەبکەن ….

عبدوڵا حبه‌ – مۆسکۆ
٢٢ -ئازار- ٢٠١٦ بڵاو کراوەتەوە.

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: نەجات عەزیز