عەلی زەیدی و نەنکم.. نەوزاد بەندی

    

ئێمە مناڵ بووین، جار و بار نەنکم سەردانی ماڵی دەکردین و شەوێک ئەمایەوە ..برا بچوکەکەم زۆر هار بوو، نەنکمی تووڕە ئەکرد و ڕای ئەکرد بۆ هەورەبان، نەنکیشم بەهۆی ئازاری پشت و ئەژنۆکانییەوە نەیدەتوانی بچێ بۆ هەورەبان بە دوایدا، منی ئەگرت، تێر و پڕی لێدەدام، پێم ئەووت : ئێ نەنە بۆچی ؟ خۆ من وەک مەڕ وام ؟
ئەیوت : چی بکەم ؟ ئەو سەگسارەم بۆ ناگیرێ، ناچار داخی ئەو بە تۆ ئەڕێژم ..!
لە قورئاندا ئاماژە بەو داخ پێ ڕشتنەی نەنکم بە من، کراوە و .. خوا قەدەغەی کردووە ، ئەفەرموێ : ( و لا تزروا وازرة وزر اخری ) واتا هیچ کەسێک تاوانی کەسێکی تر هەڵناگرێت و نابێ هیچ کەسێک به تاوانی کەسێکی تر سزا بدرێت .. ( کل نفس بما کسبت رهینة ) هەموو کەسێک بە پێی کار و کردەوەکانی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، واتا هەر کەسێک ڕەهنی کارەکانی دەستی خۆیەتی.
پێشتر نازێکان و فاشێکان و نەتەوەپەرستەکانی عەرەب و بەعسی عەفلەقیی ئەم یاسایه ئاسمانیی و زەوییەیان شکاند، هەموومان ئاگامان لێ بوو کە حیزبی بەعسی عەفلەقیی چ لە عێراق و چ لە سوریا، داخی پێشمەرگەکانی بە هاووڵاتیان ئەڕشت ..چەندین گەڕەکیان وێران و کۆمەڵکوژ ئەکرد لەبەر ئەوەی پێشمەرگەیەک لەو نزیکانە چالاکییەکی تۆمار کردبوو .. ڕژێمی هیتلەر چەندین شار و شارۆچکەیان لە وڵاتانی قەڵەمڕەوی خۆیدا تەختی زەوی کرد، بۆ نمونە سێ جەنگاوەری چیکۆسلۆڤاکیا، لە ساڵی 1942 چالاکییەکی پارتیزانییان لە شاری لیدیتسی چیکۆسلۆڤاکیا ئەنجام دا و بەرپرسی نازیی ئەو شارەیان کوشت کە ڕاینهارد هایدریج بوو، نازییەکان لە تۆڵەی هایدریچدا، تەواوی شاری لیدیتسیان وێران و تەختی زەوی کرد .. وەک چۆن سەدام حسێنیش ساڵی 1982 شاری دوجەیل و باخەکانی وێران و تەختی زەوی کرد و 148 کەسی بە بێ تاوان لە سێدارەدا، لە تۆڵەی هەندێ فیشەک کە لەو شارۆچکەیەوە تەقێنرابوون کاتێ جەنابی و حیمایەکانی بەو نزیکانەدا ڕەت بووبوون ..هەروەها هەمان ساڵ، حافز ئەسەد زۆرینەی شاری حەمای لە سوریا وێران کرد..
ئەمانە نمونەی ئەو تۆڵە ترسنۆکانەن کە ئەو دڕندانەی مێژووی مرۆڤایەتیی دژی خەڵکی بێتاوان ئەنجامیانداون، کاتێ بە کەرەکەیان نەوێراوە و بەربوونەتە گیانی کورتانەکە.
لەوە ئەچێ سەرۆک وەزیرانی تازەی عێراق ئاگای لە یاساکانی ناو قورئان نەبێ، چونکە پێشتر سەرقاڵی بازرگانیی و بانکداریی و هاوردە و هەناردەی شت بووە، بەڵام وەک ئەوەی خۆی بە کوڕی ڕەوتێکی ئاینیی ئەزانێ، حەق وابوو لانی کەم ئاگای لە یاساکانی سزا و پاداشتی ناو کتێبی خودا بووایە، نەک وەک سەدام خوا وەکیلیی ببێتە سەرۆکی چل پەنجا ملیۆن، بە بێ ئەوەی لە هیچ جۆرە لۆژیکێکی ئیدارە و بەڕێوەبردن بزانێ..
بۆ نمونە لەم ڕۆژانەدا پڕی داوەتە یاسایەکی ئابووریی کە لە گیرفانی خۆی دەری هێنابوو، یاسایەک کە نەنکم پیادەی دەکرد و برا هارەکەم لە هەورەبانەکە تۆزی دەکرد و منیش لە هەیوانەکەدا کەوتبوومە ژێر ڕەحمەتی دارعەساکەیەوە..
عەلی زەیدی بە پەرلەمانەکەی ئەڵێ، خێرا یاسایەکم بۆ هەڵکوڵێنن تاکو پارەی خاڵە سنوورییەکانی هەرێم کە بۆمانی نانێرن له موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕین!!
تۆ سەیری ئەو بێ ئیمانیی و بێ ویژدانیی و بەربەریەتەی ئەم پیاوەی کە ئەیانوت گەنج و حەقبێژ و تێکنۆکراتە!! ..بەلام من کە زانیم کێ مامۆستاغایەتی، هەر زوو لێی نائومێد بووم ..
باشە حەمە عەلی، کەمئەندامێکی هەرێمی کوردستان کە مانگانە سەد و پەنجا هەزار دیناری هەیه، بە چ یاسایەک پارەی خاڵە سنوورییەکانی یەکێتی و پارتیت بۆ بژمێرێت؟ بە یەکێتی و پارتی ناوێریت و .. ئەچیت پەلاماری موچەی مامۆستایەک ئەدەیت کە بەو حاڵە موچەکەی ئەیگەیەنێتە چل و پێنجی مانگ؟ ئاخر توخوا شەرمەزار نابیت کە مانگ لە شیمالی حەبیب چل و پێنج و پەنجا ڕۆژە، هێشتاکە دوای لێبڕیی 120 ملیارەکەی مانگانە لە موچە خۆران کە یەکێتی و پارتی هەر بە گوندەیی بۆتی نانێرن، ئێستا بێ بیر کردنەوە لە داب و نەریت و بنەماکانی ڕەوشت و ئیتیک، داوا لە پەرلەمانۆتکەکەت ئەکەیت یاسایەکت بۆ هەڵکوڵێنن تا بتوانیت پارەی گومرکی یاسایی و نایاسایی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، لە فەرمانبەرانی هەرێم ببڕیت ؟ بە ڕاستی جێگای شەرمە و .. حەق وایە دڵۆپ دڵۆپ عەرەقی شەرمەزاریی بڕێژیت کە بەو خەمساردییە گاڵتە بە ژیان و گوزەرانی زیاتر لە یەک ملیۆن خێزانی کورد ئەکەیت، زۆربەیان لایان وابوو تۆ مەرد و جوامێریت و .. ڕاوە دز و مافیا ئەکەیت و .. دادوەریی و یاسا بۆ عێراق ئەگەڕێنیتەوە .. بەڵام من ، نا .. من هەر لەسەرەتاوە کە سەیری سەرچاوەکەتم کرد، بۆم دەرکەوت لێڵە و لەو سەرە نە دەنگی ساز دێ و نە دەنگی خۆش ئاواز..
ئەو یاسایەی نەنکم هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی، کە تیایدا منی ئەکردە بەردەبازی برا هار و هاجەکەم، لە ژێر کاریگەریی هەزار و یەک نەخۆشی پشت و ئەژنۆ و خوێندا، لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵگا و پەروەردەیەکی نەخوێندەواری ساڵەهای ساڵدا بوو، لەگەڵ ئەوەیشدا، لێدانێکی بێ ئازار و هێواشی لێدەدام و دوایی هەر زوو پەشیمان دەبۆوە و داوای لێبوردنی لێدەکردم، واتا نەنکم گوناهبار ناکەم و هەزار جار گەردنی ئازاد بێ و گۆڕی پڕ نوور بێ، بەڵام تۆی سەرۆک وەزیرانی گەنج و خوێندەوار و خاوەنی ملیارەها دۆلار لەو تەمەنەدا، هەتا سەر ئێسقان گەردنت ئازا نەبێ و خوای گەورە ڕۆژێکت نیشان بدات، نە ڕۆژبێ خۆری تێدا بێ و .. نە شەویش بێ، مانگ ..کاڵەک به ئەژنۆ بشکێنیت و .. بتلێیتەوە بە دەردێکەوە سەد حەکیم سەری لێ دەرنەکەن.. چونکە چاوت لە ئاستی تاوانباران و هۆکارەکان دادەخەیت و .. چاو دەبڕیتە قوربانییەکان .. لە جیاتی قوربانییەکان ڕزگار بکەیت، ملی تاوانبار و سەبەبکاران ئەستووتر ئەکەیت و .. ژیانی قوربانییەکان قورستر و تاقەتپڕوکێنەرتر ..

ئەوە کاتی خۆی کە ئەتاتورک بەناوی ڕۆحی ئایین و چاکسازیی لە ئاینی شێوێنراوی عوسمانێکان، شۆڕشەکەی ڕاگەیاند و موسوڵمانانی تورک و کورد و عەرەب و فارسی ناوخۆ و درەوەی تورکیای دوای خۆی خست و فریویدان، تەنانەت شای شاعیران ئەحمەد شەوقی پێی هەڵخەڵەتا و دەستی دایە قەڵەم و شیعرێکی درێژی بۆ ئەتاتورک نوسی تیایدا بە ئەمیر و ڕزگارکەری گەلانی تورک و ناوچەکە ناوی دەبات .. بەڵام کاتێ تەپ و تۆزی درۆکانی کپ بوونەوە و .. سیستمێکی بەتاڵ لە بەهاکانی ئایین و دادپەروەریی دروست کرد، کاتێ ووڵاتەکە بوو بە لانکەی بەدڕەوشتیی و بێکاریی و .. توێکڵێکی درۆزنانەی ئەوروپای کرد بە بەریاندا و .. مزگەوتەکانی کرد بە مۆزەخانە و تەویلەی گیانداران و ..هەموو بەهاکانی باوباپیرانی یاساغ کرد، ئەوانەی کە دکتۆر عەلی شەریعەتیی دەربارەیان ئەڵێ کەل و پەل و هەل و مەرجەکانی ڕێنیسانسی ووڵاتانی ڕۆژهەڵات ..
ئێ ئەحمەد شەوقی دوای بڵاو بوونەوەی شیعرەکەی کە پشتگیریی ئەتاتورکی کردبوو، چی بکات باشە ؟ تازه شیعرەکە بە جیهاندا بڵاو بۆتەوە، جارێکی تر ناتوانێ کۆیان بکاتەوە و ووشە بە ووشە و دێڕ بە دێڕی زیندەچاڵ بکا، ناچار شیعرێکی تری نوسی تیایدا نائومێدیی خۆی بەرامبەر ئەو کابرا ناچیز و بێ ویژدانە دەربڕی..
لینکی هەردوو شیعرەکەی شای شاعیران ئەحمەد شەوقی لە خوارەوە دادەنێم بۆ ئەوانەی کە خولیای خوێندنەوەی ئەو دوو دەقەی ئەمیری شوعەرائی عەرەبن، کە لە ڕاستیدا کوردیشە و لە خۆمانە.
بەڵام من نا .. من هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی سەرۆک وەزیرانی تازە، کە عەلی و غالب و ئەوان زۆر پێی سەرسام بوون، من لێی نائومێد بووم، چونکە سەرچاوەکەی لێڵ و لێخن بوو، سەرچاوەی لێڵیش نە قەدری هەژار و سنعەتکاری تێدایه و ..نە عەکسی قەمەری تیا دەردەکەوێ و .. نە دادپەروەریی ..
کاک عەلیش بەرە بەرە تەم و مژەکەی چواردەوری ئەڕەوێتەوە و .. ڕوخسارە ڕاستەقینەکەی دەردەکەوێت، ئامادەیی تەواویی تێدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمدا بچێتە ناو یارییەکەوە، بۆ فڕاندانی نانە وشکەی دەستی کەمئەندامان و .. فڕاندن و دادۆشینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ..
( و ما تشاؤن الا ان یشاء الله )
هەر نەخشە و ویستێکتان هەبێ، دواجار نەخشە و ویستی خوا دێتە دی.


https://alhadyalzahry.yoo7.com/t156-%D8%A3%D8%AA%D8%A7%D8%AA%D9%88%D8%B1%D9%83-%D8%A8%D9%8A%D9%86-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%AF%D8%AD-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%B0%D9%85-%D9%81%D9%89-%D8%B4%D8%B9%D8%B1-%D8%B4%D9%88%D9%82%D9%89




کاک و سێڵفی و تاسەکەی بەردەم یەمی یەمی.. نەوزاد بەندی

هەندێ کەس ئەڵێن ئەم شتە وورد و نادیارانە چین تۆ لەسەریان ئەنوسی ؟ بۆچی وەک برادەران لەسەر حیلیفی ناتۆ و تڕەمپ و ئێران و ڕێککەوتنی مەدینە و ئەگەری ئاشبەتاڵی نوێ و عەلی زەیدی نانوسیت؟
پێیان دەڵێم ئەو تایتڵانە ئەوەندەیان لەسەر نووسراوە، ڕاستێکەی بەشی من نەماوە.. من بە عەیبێکی گەورەی دەزانم هاوڕێیەکی نووسەرم لەسەر بابەتێکی نوسیبێ و منیش لەسەری بنووسم، بە دەر لەسەر دزێویی لاسایی کردنەوە، تەنها یەک جاریش ئەووترێت زستان ساردە .. برادەر هەیه سی چل ساڵە ئەڵێ ئەم دەسەڵاتە دەست پیسە و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ملیۆنە دزراوەکان زیاد ئەکات، وەک کۆلارەیەکی لێ هاتووە هەتا دەزووی زۆرتر بۆ بەردەیت، زیاتر لێت دوور ئەکەوێتەوە..پێویستە یەک جار دز دیاریبکرێت، جاری دووەم ئەبێ هەوڵی قۆڵبەستکردنی بدەیت یان بێدەنگ بیت ئەگینا ڕەزات قورس ئەبێ و ..نازناوی حاسیبە و موەلیدە و کۆمپیوتەرت لێ دەنرێت واتا لە هاووڵاتییەوە ئەبیت بە ئامێر .. ئەمە یەک ..
دووەمیش نووسەرێکی گەورەی وەک ستانداڵ ئەڵێ : پێویست ناکات لە نوسینی ڕۆمانێکدا سەبارەت بە جەنگ، چەک و ئەسپ و مەیدانی شەڕ و تەقەمەنیی و تێک بەربوونی دوو سوپا نیشان بدەیت، ئەتوانیت لە ڕێی باری سەرنجی مناڵێکەوە، وێرانکارییەکانی جەنگ بنوسیتەوە، مناڵێک کە هەتیو کەوتووە ..مناڵێک کە ئەگری .. مناڵێک کە وازی لە یاریکردن هێناوە.. مناڵێک کە خۆی ئەشارێتەوە ..مناڵێک کە چیدی داوای شیرینیی ناکات ..داوای ڕۆژانەکەی ناکات ..کە چی دی ناڕوات بۆ مەکتەب .. ئەو وێنانە زۆر کاریگەرترن تا ئەوەی ڕاستەوخۆ بچیتە ناو مەیدانی شەڕ و خوێنڕشتنەکانەوە کە لە هۆمیرۆسەوە تا ئێستا ئەوەندە باس کراون، بوون بە خەڕەک ..
هەر بۆیە منیش بە ڕاستتری ئەزانم لە جیاتی باس لە ڕێکەوتنی سێ قۆڵیی مەدینە بکەم، باس لە بارودۆخی فەرمانبەرێکی شاری سنە بکەم کە موچەکەی پێنج ملیۆن تمەنە و ..ئەو ڕێکەوتنە نرخی تمەنی ئەوەندەی تر شکاندووە و سەد دۆلار بۆ زیاتر لە 22 ملیۆن تمەن بەرز بۆتەوە، ئاخر ئەی موچەی پێنج ملیۆن تمەن، کە 23 دۆلار ئەکات، لە مانگیکدا چیت پێ بکڕم و چۆن چونی خێزانێکت پێ بەڕێوە ببەم ؟؟

  • وشەی کاک یان بەڕێز بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لەو ڕێز و وەفا و پیاوەتییەیە کە خاوەنەکەی بەرامبەرمان کردوونی.. نیشاندانی ڕێزە بەرامبەر کەسێک ڕێزی لێگرتووین و کارئاسانی بۆ کردووین یان بە لایەنی کەمەوە زوڵم و غەدری لێ نەکردووین، ئاخر لە سەردەمێکدا ئەژین کەسێک زوڵمت لێ نەکات، جێگای ڕێزە و ..فەرمانبەرێک لە کاتی خۆیدا ئامادەی دەوامەکەی بێت و کارەکانی ڕاپەڕێنێت، جێگای سوپاس و پێزانین و دەستخۆشییە..خۆ ئەگەر ئەو کەسە بەدەر لەوەی بێ زیانە و کاری سەرشانی خۆی جێبەجێ دەکات، خێرخواز و بەوەفا و کارئاسانکەر بێ بۆ چواردەورەکەی، ئەوە شایانی ڕێز و پەیکەر و هەموو جۆرە نازناو و پێشگر و پاشگرەکانی ڕێزە به ناوەکەیەوە ..
    بەڵام کەسێک زوڵمی لێکردوویت، هەراسانی کردویت، ژیانی لێکردوویت بە ژەهری مار، داهاتووی خۆت و خێزانتی وێران کردووە، بێ هیوا و دڵتەنگ و توشی سەد نەخۆشی دەروونیی کردوویت، بۆچی پێی دەڵێیت بەڕێز ؟ بۆچی پێی ئەڵێی کاک ؟؟ لە هەموو جیهاندا کەس بە هیتلەر ناڵێ مستەر هیتلەر ..مستەر مۆسۆلینی ..مستەر هیرۆ هیتۆ ..مستەر ستالین .. مستەر جەنگیزخان یان بەڕێز هۆلاکۆ ..چونکە ئەوانە دەستیان بە خوێنی مرۆڤایەتیی سوور بووە..بە پێچەوانەوە بەوانەی کە خزمەتیان بە مرۆڤ کردووە، نازناوی بەرز بەخشراوە، بۆ نمونە نازناوێ (سێر sir ) کە پلەیەکی ڕێز و پێزانینی کۆمەڵایەتییە ئەدرێتە ئەکتەرێکی وەک شین کۆنری یان جیریمی ئایرۆنز ..کەچی بەرلسکۆنی کە سەرۆکێکی ملیاردێری ووڵاتێکی وەک ئیتاڵیایە، هیچ نازناوێکی ڕێزی پێنادرێت و لەبەرامبەر بێڕەوشتییەکانیدا کە ڕابواردن بووە لەگەڵ کچە گۆرانیبێژێکی مەغریبیی خوار تەمەنی هەژدە ساڵ، سزای هەفتەیەک شەقام پاککردنەوەی بەسەردا ئەسەپێنرێ و لە سەرۆکایەتیی لادەدرێت و کاتێکیش کە ئەمرێ ناکرێتە هەواڵێکی گرنگ و لە یاد ئەکرێت..ئایا ئەگەر ئەو سزایە بەسەر سیاسییەکانی ئێمەدا بسەپێنرێ، ئەبێ هەتا چەند ساڵ شەقامەکانمان بریقەیان لێوە بێت؟
    ++ شتێکی تر هەیە، من زۆر بێزار ئەکا، ئەویش سێڵفییە .. بەرپرسێ، وەزیرێ، شاعیرێ، مردوویەک شتێ ئەبینێ، یەکسەر سێڵفییەکی لەگەڵدا ئەچرکێنێ ..ئەمە پێی ئەوترێ ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش .. هەیە چل ساڵ پێش ئێستا وێنەیەکی لەگەڵ سەرکردەیەکدا گرتووە، ئیتر ماڵەکەی و واڵەکەی و وەتس ئەپەکەی و ماسنجەرەکەی و تیکتۆکەکەی و سناپەکەی و هەرچی شتی هەیە لەو ڕەسمەی هەڵکێشاوە..ئەمە چەتاڵکردنەوەی کەسایەتیی مردووی خۆیەتیی بەو سەرکردەیەی کە بە ڕای خۆی نەمرە و کاریزمایە، وەک چۆن پاترییەکی مردوو بە پاترییەکی تازە چەتاڵ ئەکرێ ..
    هەندێ جاریش بۆ دەرخستن و خۆ بردنە پێشەوە و خەڵک ترساندن و سنگدەرپەڕاندن ئەو سێڵفییانە بەکار ئەهێنن..
    بەڵام لە ڕاستیدا چرکاندنی سێڵفی لەگەڵ کەسێکی سیاسیدا، بەڵگەی سەر و مڕی چڵکاو خۆریی و بودەڵەیی و هیچ لە بارانەبوونە..ئەم سێڵفیگرتنە لە جیهاندا کاری مناڵ و هەرزەکارەکانە کە داوا لە کەسە بەناوبانگەکانی وەرزش و سینەما و ڕاگەیاندن دەکەن وێنەیەک بچرکێنن، واتا کارێکی مناڵانەیە و لای ئێمە بووە بە کاری پیاوە ملپانە تەنگە ئەستوورەکان ..
    لەوەیش ناخۆشتر، کاتێ شاعیرێ یان کەسێکی بەهرەداری پەڕاوێز خراو، کە ساڵەهای ساڵ کەسێک لە دەرگاکەی نەداوە و چایەکی لەگەڵدا نەخواردۆتەوە و پیاسەیەکی لەگەڵدا نەکردووە، توشی کارەساتێک ئەبێ، یەکسەر سێڵفیچێکان لە چواردەوری کۆدەبنەوە و دەست ئەکەنەوە بە چرکاندنی وێنەی سێڵفی لەگەڵیدا، چونکە لەو ئان و ساتەدا فۆکەسی ڕاگەیاندنەکان لەسەر ئەو پیاوە بەهرەدارە کارەساتبارە قوڕبەسەرەدایە، ئێ چۆن ئەبێ ئەو هەلە زێڕینە لە کیسی سێڵفیچێکان بچێ؟ ئیتر هەرچی تۆڕی کۆمەڵایەتیی و پێگە و ڕۆژنامە ئەلیکترۆنییەکانە پڕ دەبن لە وێنەی کاکی سێڵفیچیی لەگەڵ شاعیرە یان هونەرمەندە کارەساتبارەکەدا، وەک لەم ڕۆژانەدا لە مەرگی هاوسەری لەتیف هەڵمەتی شاعیردا ئەیبینین بۆ نمونە.
    +++ ساڵەهای ساڵە ئەکەوینە ناو چاڵ و قۆرتی ڕێگاکانی ناوشارەوە، ئەوەیش فیدباکێکی ترس و خەمی لەلادروستکردووین، وەک چۆن ووتراوە مارانگاز لە گوریس ئەترسێ و ئەپرینگێتەوە.. یان وەک بیردۆزەکەی پافڵۆف، لەگەڵ داگیرساندنی گڵۆپەکەدا، سەگەکە دەمی لیکی دەکرد، چونکە پێشتر چەندین جار لەگەڵ داگیرساندنی گڵۆپەکەدا، خواردنی دەدایە سەگەکە..
    ئێمەیش وامان لێهاتووە چاڵ و قۆرتەکانی شەقامەکانی ناوشار و دەرەوەی شاریشمان لەبەر کردووە، چونکە ئەرکی چاککردنەوەی شەمعە ودەبڵ و ڕۆت و بۆڵد و تەبەڵە و بۆڵبڕین ئەوەنە سوک و ئاسان نییە هەتا وەک پۆلە وەنەشە و لێگزسی بەرپرسە ماندوونەناسەکان بێ ماندوو بوون و بێ خەم و ماندوونەناسانە لەو چاڵ و قۆرتانە بدەین.
    ئەرەوەڵڵا لە سورەتی فاتیحا و سروودی شاخی سەوز و بەرزی گۆیژە، باشتر و ڕەوانتر تاسەکانی شارم لەبەر کردووە .. ئەوەی بەردەم خەستەخانەی جمهوریی، ئەوەی پشت عەلی کەمال، ئەوەی بەردەم دوکانەکانی سەرچنار ،بەردەم باخچەی ساوایانی ئیسکان، بەردەم و پشتەوە و تەنیشتی مزگەوتی حاجی جەلالی ئاسنگەر و …زۆری تر ..
    ئەمڕۆ لەبەردەم پیتزای یەمی یەمیدا بەخێرایی سەیارەکەم ڕاگرت، کوڕەکەم ووتی باوکە ئەو ئیستۆپە چی بوو؟
    ووتم ڕۆڵە ئەی چاڵ و تاسەکەی بەردەم یەمی یەمیە، ئەی نابێ خۆمی بۆ ئامادە بکەم ؟
    کوڕەکەم ووتی دوو هەفتەیە چاککراوە، تۆ جوان سەیری بکە ..
    ووتم ئەزانم .. بەڵام تۆ ئەتەوێ بیرەوەریی و برینی دە دوانزە ساڵ بە قیرتاوی دوو هەفتە یەکسەر بسڕێتەوە و نەمێنێ ؟؟
    وەڵاهیی تا دوو ساڵی تر لە خەویشدا بە بەردەم یەمی یەمیدا بڕۆم ئیستۆپێکی بۆ نەگرم دڵم ئاو ناخواتەوە و هەست ئەکەم بێ حورمەتییم بەرامبەر بە ماشێنەکەم کردووە ..
    چاڵێک یان هەر شتێک بچێتە ناو بیرەوەرییەکانەوە زۆر بە زەحمەت لا دەچێ و ئەسڕێتەوە، هەر بۆیە لەو وڵاتانەی مرۆڤی مۆدێرنیان تێدا ئەژی و مرۆڤدۆست بەڕێوەیان ئەبەن، بچوکترین چاڵ و قۆرتی ڕێگا، لەماوەی 24 سەعاتدا چارەسەر ئەکرێ، من خۆم لە تورکیا ئەو خزمەتگوزارییەم بینیوە پیکابێکی بچوکی سەر داخراوە، لێی نوسراوە بەلەدییەسی، ئەو قۆرت و شکانی شایگەری شۆستە و شتە ووردانەی لەو ڕۆژەدا ڕوویان داوە، بە شەودا فریاگوزاریی خێرایان بۆ ئەکرێت و چاک دەکرێن بە ئەرکێکی کەم و تێچوویەکی کەم، لە کاتێکدا لای خۆمان کە قۆرتێکی ڕێ دروست ئەبێ و خشتێ ئەجوڵێت، بۆ شەوەکەی بەرپرسەکان لە یانە شەوانەکانا خەریکی فریاگوزاریی مێشک و گەدەی خۆیانن، هەتا ئەو قۆرت و خشتە شکاوانە، گەورە و گەورەتر ئەبن و .. بە بودجەیەکی زەبەلاح کە نیوەی بۆ چاکسازیی گیرفانی خۆیانە، پینە و پەڕۆی دەکەن ..ئە چاکسازییە لە کاتێکدایە، تازە ئەو چاڵ و قۆرت و ناشیرینیانە بۆ هەتا هەتایە چوونەتە ناو کڕۆمۆسۆم و یادەوەرییەکانمانەوە و قەت لە یادمان ناچنەوە.

نەوزاد بەندی




لەم پاییزەدا، گوڵێک.. نەوزاد بەندی

( بۆ ساڵڕۆژی شاعیری شەهید بەکر عەلی )

من زۆر ڕقم
لە ساڵیاد و
کۆڕی ساڵڕۆژی ناو هۆڵ و
شیعر و پەخشانی بۆنەیە ..
چونکە پڕن لە بازرگانانی قافیە و
قاچاخچێکانی عروز و
کێشی پەنجە و
دەڵاڵەکانی پاقلاوە و بیبسی کۆڕ و ..
نەخوێنەوار و قۆڵبڕی
ژێر پردەکەی
زمان و ئەدەبی کوردی ..
پڕن لەوانەی بە مەتر و
لە گۆترەیش
هەڕاجی ئەکەن،
شیعر و پەخشانی
سەقەت و
مردارەوە بوو ، بۆنکردوو،
بەرگێکی زەقی
هەرزانی
مۆسیقایەکی
دزێنیی لەبەر ئەکەن ..
کڵاوێکی لەسەر ئەکەن ..
هەم ئەفرۆشن و هەم ئەکڕن ..
بە تاک و کۆ ..
چۆنت بوێ وا دایدەدڕن ..

٭ ٭ ٭

بەڵام بەکر ..
لە ساڵڕۆژی مەرگی تۆدا،
ئاڵای سپی هەڵئەکەم و
خۆمت بۆ ئەکەم بە هۆڵ و
کۆڕ و ساڵیاد و ڤیستڤاڵ ..
پڕ پڕ ئەبم،
لە باوک و دایکی سکسووتاو ..
لە گەنج و له پیر و مناڵ ..
سیخناخ ئەبم
لەو شیعرانەی
ڕێیان نەدای بیاننوسی ..
نوقوم ئەبم
لە دەریای ئەو تابلۆی شیعر و
پەخشانانەی،
بۆ گەلێکی کوێرت نوسین،
کەچی کەس لێتی نەپرسی ..
بەڵام بەکر ..
لە ساڵڕۆژی مەرگی تۆدا،
ئەبم بە مۆم، ئەتوێمەوە ..
لە پێش ئەوەی بکوژێمەوە،
لەو سەرەوە
بە ئاگرەوە دێمەوە ..
ئەبمە شایەرێکی شەیدای
زۆربڵێ و
ڕەشپۆش و تووڕە ..
ئەوەی ئەیڵێم نایڵێمەوە ..
چەک ناوێرێ
بە تەنیشتمدا تێپەڕێ،
پێش ئەوەی خۆی بچرکێنێ،
بە ڕوویدا ئەتەقێمەوە ..

٭ ٭ ٭

لەم وەرزەدا کە نازانم وەرزی چییە ..
لەم مانگەدا،
کەس نازانێ ڕۆژی چەندە و
هەفتەی چەندەم ..
داستان و ڕۆمانی موچە،
هەموویانی داپۆشیوە ..
لەم بازاڕی خەزانەدا،
بازرگانەکان خەریکی
پڕکردنی
تانکی ئێڵ LPG ی زستانن،
میللەتیش ئەپاڕێتەوە،
خوا بۆ خاتری
یەک یەک ناوە جوانەکانت،
تا قەڵای دزان تەختەبێ ..
زستانەکەی بێ شەختە بێ ..!
بەڵام بەکر ..
کە هاتیتە ناو شارەوە،
بە لای فولکەی کاوەی ئاسنگەرا مەڕۆ،
نەوەک لە کۆڕی تەرمێکا،
عوسمانێ ..شەهید عوسمانێ،
خەڵتانت کەنەوە لە خوێن ..
بە لای فولکەی کۆترەکەیشا ئاگادار بە،
بە پشت حەسیب ساڵحا بڕۆ،
نەک لە لەشی دابێژراوی ڕێژوانەوە،
فیشەکێک دزە بکات و
هەڵتکێشێتەوە لە خوێن ..
ئاگادار بە،
لەم پاییزە خەمگینەدا،
لە مەیدانی سینی و پیاڵەکەی سەرچنار
نەکەی لادەیت ..
فریای ڕاکردن ناکەوی،
چونکە دڵنیام تۆ هێشتا
ئۆتۆمبێلت نییە و
پیادەیت ..
بەکر گیان،
ئێستا بۆ کوشتن،
فیشەک هیچ باوی نەماوە ..
درۆن و دەبابە و ساروخ..
ستینگەر ..
تۆپی نەمساویی،
لەپڕ لەناو گەڕەکێکا،
ئاهەنگێکی شەو ساز ئەکەن..
مانۆڕێکی شەو ساز ئەکەن..
گرنک نییە،
چەند باڵەخانە تەخت ئەبێ ..
چەند سکی دایک ئەسوتێنن
چەنێ مناڵ بێ ناز ئەکەن..
بەکر گیان،
ئامان بە تەنیشت،
پارکی ئازادیدا نەڕۆی ..
هێشتا زەوی و خانوو ماون،
ئەیانەوێ پاوانی کەن ..
وەک چەکی دزراوی پۆلیس،
بیفڕێنن و
لە شانی کەن ..
نەک درۆنێ بتکوژێتەوە دووبارە ..
بتکاتەوە
بە ئاگری نەورۆزێک و
بە پێی ڕۆژژمێری موچە،
لای وابێ کەڕی بەهارە ..!

٭ ٭ ٭

بەکرەکەی دڵ ..
بەکرەکەی ژوان و ئەوین و
سروشی شیعر و
بارانی عەشق و جوانی ..
گەر هاتیتە ناو کۆڵانەکانی شار و
کەس نەیناسیت ..
کەس بەو سەردانەی نەزانی،
دڵگیر مەبە ..
ئێستا شارەکە پڕ بووە،
لە سێ چارەک و
دشداشەی
سەرمەد و
ئەبو ڕیهام ناو ..
بێ ئاگا لە شیعری کوردی ..
بێ ئاگا لە تۆ و
لە دڵشاد مەریوانی ..
لە دوای تۆوە،
هەزار جار ئەدەب و هونەر،
کرانە قۆچی قوربانی ..
ئێستا بیریار ئەو کەسەیه
تاوەر و کۆشک و پڕۆژەی
چۆتە حەوت تەبەقەی ئاسمان ..
ئێستا لینین ملیاردێرە،
کۆمۆنیست بۆتە جێنتڵمان ..
لاشەی شار یەکپارچە بۆتە
بالوکەی پڕۆژە و تاوەر ..
نەما سەردەمی جیڤارا و
مەکسیم گۆرکی و
خەبات دژی بۆرژوازی و
گیانبازیی شیرین و فەرهاد ..
سیامەند ..
خورشید و خاوەر ..
ئێستا تەنانەت بیریار و ڕۆژنامەنوس
زۆربەی بندیوار و لۆتین ..
ئێستا جەنگاوەرانی شاخ،
هەموویان بوون بە ڕاسپۆتین ..
قارونیان تێپەڕاندووە ..
بە هیچ شتێکیش لاناچن ..
نە بە ووتار
نە بە شیعر ..
نە بە دەنگدان ..
نە بە فەرتەنە و ڕێپێوان ..
لەو خەڵکە بوون بە سیکۆتین ..

٭ ٭ ٭

بەکر گیان ..
شاعیری ماف و
حەق و جوانی ..
گەر بە قسەم ئەکەی مەیە..
ئەترسم بکەویتە بەر
دەسڕێژی قاتیی و گرانیی ..
ئەوسا مەگەر
لەسەر گڵکوکەت بنوسین؛
ببوورن،
مەرگنامەکەی
هەڵەی چاپ بوو،
ئەم شاعیرە،
لەسەر داڵدەیەکی
بیست سی مەتری نەکوژراوە ..
لەسەر شیعر و
حەقبێژیی دانەبێژراوە ..
لە ووڵاتی پڕ ملیاردێری بێکار و
وەبەرهێنی پاوانخواز و
بازرگانی کون فەیەکون ..
لە شاری ڕۆشنبیریی و پڕ
دیکارت و کانت و ئەفلاتون ..
لە شاری ڤێلا و تاوەر و کۆشکی
سەر شاخ و بەرزیی و گرد
ئەم شۆڕشە پڕ لە شیعرە..
ئەم بەکره ..
ئەم هاوارە ..ئەم ئاگرە،
لەبرسا مرد …! ٭

٭ ( دوا دێڕ لە بۆن و تامی دێڕێکی عەبدوڵا پەشێوەوە وەرگیراوە :
ئالێرەدا
مناڵێکی چاو گەشی کورد
لە برسا مرد )




سێ ووتارۆک.. نەوزاد بەندی

ــــــــ ، وەنتە ماشی ــــــــــ

بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی خوێنەران و ..زیادبوونی بەکاربەرانی مۆبایل و ..کورتە نوسین و دێڕە نوسین و ..مۆبایلە شیعر و ..شتی خێرا و بروسکەیی، ناچارین واز لە ووتار بێنین و ..ووتارۆک بنوسین، بۆ ئەوەی خوێنەرەکانمان بتوانن یان فریا بکەون شتێکی لێ هەڵکڕێنن، ڕێک وەک فەلافل کاتێ هاتە عێراق، ماڵی خوێندکاران بوو، چونکە کاتی لێ نەدەگرتن و هەر بە ڕێگاوە ژەمێکی لە کۆڵ دەکردنەوە، فلافل و انت ماشي ، واتا هەر بە ڕێگاوە فەلافلێک بخۆ ..

‌‌ ( 1 )

متمانە

ئەگەر بە چاوێکی بایۆلۆجی و جیۆلۆجی تەماشایەکی کۆمەڵگای مرۆڤ و دنیا بکەین، توشی ڕەشبینییەکی زۆر دەبین، وەک چۆن کاتێ گەردوونناسیی و ئەسترۆنۆمیی پێشکەوتن، مرۆڤ توشی جۆرێک له نائومێدیی بوو، کاتێ بۆی دەرکەوتن ئەو گۆی زەوییەی لەسەری دەژی، بە بەراورد لەگەڵ گەردوون و هەسارەکانی تر، لە دەنکە خۆڵێک بچوکترە، ئیتر مرۆڤایەتیی و سەروەریی چی ؟ ئیتر ئەم جەنگ و ئاژاوە و زوڵم و نادادییە کۆمەڵایەتییە لە پای چیدا؟ پارە و سامانی کۆمەڵگاکان بە چ متمانەیەک ئەدزن و بە تەمان لە چ تەمەنێکدا بیخۆن ؟
بێجگە لەو هەموو بومەلەرزە و لافاو و گڕکان و زریان و وشکەساڵیی و برسێتیی و جەنگ و ڕوداوی هات و چۆ و ئەو دڕندە و مشەخۆرانەی کە بە چاو ئەبینرێن، ئەگەر بڕۆینە تاقیگەیەکی بایۆلۆجیی و لە ژێر میکرۆسکۆب و لە ڕێی کەڵچەر یان چاندنی هەندێ لە بەشەکانی لەشمان، بۆمان دەرئەکەوێ بێجگە لەو سەدان و هەزاران دوژمنە سروشتییانەی کە ئەیانبینین، ملیۆنان دوژمنی ترمان هەن بە چاو نابینرێن و ئەوەندە تەماعیان لە خوێن و گۆشتەکەماندایە، بە چرکە و بە ملیمەتر لێمان دوور ناکەونەوە .. ملیارەها بەکتریا لەناو ڕیخۆڵەکانماندان و لەسەر پێستماندان، تەنها بەکتریای ڕیخۆڵە ئەگەر لە ڕێی تەرازووەوە بیانکێشین دوو بو سێ کیلۆگرامن ..
دەستەکانت بە جۆرەها سابون و پاکژکەرەوەی تر بشۆ، دوای ئەوە وەرە چاندنێک بۆ هەردوو لەپت بکە، بۆ ڕۆژی دووەم ئەنجامەکەی دەردەچێت کە هەزاران هەزار کۆڵۆنی بەکتریایە.. ئەم بەکتریایانە توێژە مردووەکانی پێستت ئەخۆن و شیدەکەنەوە، خۆ ئەگەر برینێکیش لەسەر لاشەت دروست بێ، خۆیانی تێ فڕێدەدەن و .. لە خواردنی خانەی مردووی پێستەوە، ئەیگۆڕن بۆ خانە زیندووەکانی ناو برینەکە ..
ئەوە بێجگە لە ڤایرۆس و کەڕووەکان کە لەناو هەوادان و نابینرێن و لە فرسەتێک ئەگەڕێن هێرشمان بکەنە سەر و بماندەن بە زەویدا ..
تەنها مەلاریا ملیۆنەها مرۆڤی کوشتووە .. ئەی تاعون و ڤایرۆسی جگەر و ئێدز ؟ هەر مەپرسە ..
ئەڵێم لەو بارودۆخە پڕ لە دوژمنەدا، ژیانێکی شەست حەفتا ساڵیی، حەق وابوو کۆمەڵگاکان و نەتەوەکان ئەوەندە دۆست و خەمخۆری یەکتر بوونایە، لە فەرهەنگەکانیاندا تەنها ووشەی خۆشەویستی هەبووایە و .. هیچ جۆرە چەکێک دروست نەکرایە .. ئاخر تۆ بە ملیۆنان ملیۆن دوژمنی بینراو و نەبینراو دەوریان داویت، هێشتا واز لە یەکتر ناهێنن و .. یەکتری کۆت و بەند و برسی و تینوو و ئاوارە و کۆمەڵکوژ ئەکەن؟
بەڕاستی خودا زۆر چاک وەسفی مرۆڤ ئەکات، کاتێ ئەڵێت : مرۆڤ زاڵم و گەمژەیە.

‌ ( 2 )
‌ ـــ ئیشکردن بۆ ژیانکردن ــ

ئیشکردن باشترین سیفەتی مرۆڤە، چونکە بەرهەمهێنان لە هەموو بوارەکاندا ڕوونادەن ئەگەر مرۆڤ ئیش نەکات ..ئەو حەوت دەنکە حەبەی کە ئەیخۆیت و لە نەخۆشییەکی وەک مەلاریا ڕزگارت ئەبێ، ساڵەهای ساڵ زانایان ئیشیان کردووە هەتا دۆزیویانەتەوە ..
ئەو ئوتومبیلەی کە کیلۆمەتر سفر نەبێ، ناتەوێ، بە سەدان و هەزاران توێژینەوەی زانایانی میکانیک، ئینجا دروستکراوە..
بەڵام ئەکرێ پرسیارێک لە خۆمان بکەین، ئایا ئیشکردن لە پێناوی ئیشکردندایە یان لە پێناوی ژیانکردندایە؟
ئەڵێن کۆرییەکان زۆریان حەز لە ئیشکردنە، تەنانەت وایلێهاتووە، حوکمەت بە زۆر پشوویان ئەداتێ..کەواتە ئەوان ئیش ئەکەن لە پێناوی ئەوەی ئیش بکەن، ئەی کەی بژین و .. تام و چێژ لە دەسکەوتەکانیان ببینن؟ نازانن ..
خەڵکێک هەن، هەموویشمان ئەتوانین ئەو خەڵکانە لە چواردەوری خۆمان دیاری بکەین، کە تەنها ئیش ئەکەن .. واتا ئیش ئەکەن بۆ ئەوەی ئیش بکەن..بەو جۆرە ئیش ئەکەن لە پێناوی دەستکەوتنی ئامانجێکدا کە ئەویش هەر ئیشکردنە .. ئەمەیش هاوکێشەیەکی لاسەنگە و جۆرێکە لە گەمژەیی، کاتێ مرۆڤێک ئیش بکات بۆ ئەوەی بەردەوام بێ لە ئیش و ئیشی زیاتر بکات ..
ڕاستێکەی مرۆڤ ئەبێ ئیش بکات بۆ ئەوەی ئامانجەکانی بێنێتە دی.. بۆ نمونە تۆ ئەبیتە ئەفسەر، پێویستە بە مەبەستی بە دەستهێنانی ماف و ئازادیی و سەرفرازیی و داکۆکیی لە ڕەش و ڕووتی نەتەوەکەت ببیت بە ئەفسەر، نەک لەبەر ئەوەی شانازی بکەیت بە ئەستێرەکانی سەر شانتەوە و هەموو تەمەنت هەوڵدان بێ تەنها بۆ زیادکردنی ئەو ئەستێرانە..
تەمەنی زۆرینەی خەڵکی لای خۆمان، تەنها لە ئیشکردندا تێدەپەڕێ.. ئەوانە خۆیان بە سەرکەوتووترین کەسیش ئەزانن، گاڵتەیان بە هونەر و وەرزش و گەشت و خوێندنەوە دێت.. فارسەکان بەوانەی کە خەریکی شیعر نوسینن، ئەڵێن : دەردی بێ ئیشییە..
کار ئەگاتە ئەوەی خانەنشین بوون بە کابوس و بە ئیهانەکردن تێ بگەن، دەسەڵاتیش هەر لەو بڕوایەدایە بۆیە هەڵدەستێت بە پێدانەوەی پێنج ساڵ خزمەتی زیادکراو بە کەس و کاری شەهید .. ئەوەیش برین و نەخۆشییەکە قوڵتر دەکاتەوە لە کاتێکدا ئیشکردن لە پێناوی ئیشکردندا ئەبێتە سەربەرزیی و دەسکەوت و خەڵات و بەرات .. بە بێ ئەوەی ئەو خەڵکە بزانن ئەوان بۆچی ئیش ئەکەن؟ کاتێ بە چاوی بەزەییەوە بۆ کەسێک ئەڕوانن کە خانەنشین ئەکرێ، لە کاتێکدا خانەنشینکردن ڕێزلێنانە بۆ کەسێک کە تەمەنێکی کردووە و ئیتر پێویستە بحەوێتەوە، بەڵام کاتێ فۆبیای ئیش لە پێناوی ئیش لە مرۆڤەکان ئەدات، خانەنشین بۆ ڕۆژی دواتر دێتەوە داوا دەکات بە خۆبەخش، قبوڵی بکەن !! چونکە تازە ئەوان وەک ئوتومبیلێک بۆ مرۆڤ ئەڕوانن، کاتێ لە ئیش ئەکەوێ، واتا هەڵوەشان و سکرابکردن، ئەویش بە خۆڕایی و خۆبەخشیی ئیش بکات، پێی باشترە لەوەی سکراب بکرێ و هەر پارچەیەکی بە دەست کەسێکەوە بێ!!

لەم حاڵەتەدا، کار دەگاتە ئەوەی مرۆڤەکان گرنگ نەبێ بە لایانەوە کە چەند سەعات ئیش بکەن و ..بە چ کرێیەک ئیش بکەن، بەڵکو گرنگ ئەوەیە ئیش بکەن و خۆیان لە نەفرەتی بێ ئیشیی ڕزگار بکەن، بەو جۆرە خەڵکێک ئەگەنە ئەوەی بە خۆڕایی ئیش بکەن و ناو لە خۆیان بنێن خۆبەخش ..
لە ڕاستیدا ئیش کردن ئەگەر مەبەست لێی ئیشکردنی زیاتر بێ، وا دەکات خاوەن ئیشەکە ژیانی خۆی لە کیس بچێ و .. نەتوانێت بژی، واتا وەک ڕۆبۆتێک تەنها جوڵە و هاتن و ڕۆیشتن بێ و .. لە مۆرک و تایبەتمەندیی و چالاکییە مرۆییەکان بێبەش بێ..
ئەمەیە دواکەوتن و بێ ئاگایی مرۆڤ لە زانستی مرۆڤزانیی یان ئەنسرۆپۆلۆجیا، کە ئەلکسس کاریل ددانی بەوەدا نا کاتێ مرۆڤ تەنها خەریکی ئیش بێ لەسەر ماددەکان، خۆی لە یاد ئەچێ وەک مرۆڤ، واتا ماددەکان ئەبنە ئامانج و مرۆڤ تەنها ئەبێتە ڕۆبۆت.
لەبەر ئەوە ئەمڕۆ ئەوەندەی خاوەن کارگە و کارەکان هەوڵی کارگە و کاری زیاتر دەدەن، خەڵکە بێکارەکە هەوڵ نادەن .. ئەتوانین بڵێین خەڵکە بێکارەکە زیاتر چێژ لە ژیان دەبینن..
هەر بۆیە پێش ئەوەی دەست بکەیت بە هەر ئیشێک، لە خۆت بپرسە بۆچی ئەو ئیشە ئەکەیت؟ ئامانجێک بهێنە بەرچاوی خۆت، ئەوسا سەرمایەدار و دەسەڵاتدارەکان ناتوانن بە کرێییەکی کەم و مەمرە و مەژی ئیشت پێبکەن، چونکە ئامانجەکان بە کرێی کەم و خۆبەخشیی و خۆفرۆشیی نایەنە دی.

( 3 )
کەرەستەی خاو

بنیاتنانی هەر شتێک، کۆمەڵێک کەرەستەی خاوی ئەوێت.. کاتێ ئەتەوێت هێلکە و ڕۆنێک دروست بکەیت، تاوە و کەوچک و ڕۆن و خوێ و هێلکە و ئاگر و نانت ئەوێ .. کاتێ ئەتەوێ نوسینێک بنوسیت، بیرۆکەیەک و قەڵەم یان کیبۆرد و ..لاپەڕە یان شاشەی مۆبایل و کۆمپیوتەرێکت پێویستە.
کاتێ ئەتەوێ ببیتە مامۆستا، پێویستت بە بڕوانامەیەکی زانستیی و کەسایەتییەکی بەهێز و مۆراڵی بەرز و ئەتەگێتی قسەکردن و یاساکانی پەروەردە و دەروونزانیی هەیە ..
هەتاکو بەرپرسیارێتێکەت گەورەتر بێ، کەرەستە خاوەکانی کارەکەت گەورە تر ئەبن و پەیوەست ئەبن بە ژیان و چارەنوسی ئەوانی ترەوە ..
هەر بۆیە لێرە و لەوێ دەنگی داد و بێداد بەرز دەبێتەوە لە دەست فڵان بەڕێوەبەر یان فیسار بازرگان .. لەو حاڵەتەدا گۆڕینی ئەو بەڕێوەبەر و بازرگانە یان سزادانیان، کارێکی مەحاڵ نییە ..
بەڵام کاتێ مرۆڤێک بڕیار ئەدات ببێتە سیاسیی و ..ئەگاتە پۆستی سەرۆکی دەوڵەت، ئەم مرۆڤە هەموو کەرەستە خاوەکانی کارەکەی بریتی ئەبێت له ملیۆنان مرۆڤ و خەون و هیوا و گوزەرانیان ..
واتا سەرۆک هیچ کەرەستەیەکی خاوی تری نییە کاری لەسەر بکات بێجگە لە خەڵکێک کە ناوی لێ نراوە گەل یان کۆمەڵگا .. سەرۆک ئیشی بە ئەندازە و کاری پزیشکیی و دەرمانسازیی و مامۆستایەتیی و بازرگانیی و قاچاخێتیی نییە .. ئەو تەنها کار لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە مرۆڤ ئەکات ، ئەوەیش کارێکی زۆر قورسە یان ڕاستتر بەهرەیەکی تایبەتیی و وردی ئەوێ کە بە خۆنەویستیی دەستپێدەکات و هەر به خۆنەویستییش کۆتایی دێت .. سەرۆک شۆفێری ئامانەیەکی گەورەیە کە ملیۆنەها کەسی تێدایە، هەر بۆیە ئەگەر شایەنی ئەو کارە نەبێ، دۆخێکی زۆر ترسناک دێتە ئاراوە .
کێشەکەیش لەوەدایە سەرۆک کاتێ ناتوانێ بە کاری سەرۆکایەتیی هەڵسێت، ناتوانرێت وەک مامۆستایەکی نەزان یان بازرگانێکی چاوچنۆک لە کار بخرێت و سزا بدرێت، چونکە ڕاگەیاندنی زەبەلاح و ڕۆژنامەنوسی تایبەت و ڕاوێژکار و وەزیر و کۆشک و قەڵا و سەرباز و فیل و سوپا و پۆلیس و پاسەوانی تایبەت دەوریان داوە و ئەیپارێزن.
لێرەدا ئیتر ئەتوانین بڵێین، دوو جۆر سەرۆک پەیدا دەبن، دادپەروەر و دیکتاتۆر .. هەردووکیشیان هەمان کەرەستەی خاویان لەبەر دەستتایە، کە مرۆڤگەلێکی زۆر و زەبەندەن..
سەرۆکی دادپەروەر، خۆی ئەڕەتێنێ و ژیانێکی ئاسودە و جوان بۆ هاووڵاتییەکانی بەرهەم دەهێنێ ..
سەرۆکی دیکتاتۆریش هاووڵاتییەکانی ئەڕەتێنێ و ژیانێکی شاهانە بۆ خۆی و خێزان و دار و دەستەکەی فەراهەم ئەکات.
لەبەر ئەوە دوو کۆتایی جیاوازی سەرۆکەکان ئەبینین .. کۆتاییەکی شکۆدار، کە تەواوی هاوڵاتیان بە داخ و پەژارەوە بەشداری ڕێوڕەسمی کۆتایی سەرۆکەکەیان دەکەن و ئەبێتە سیمبوڵی نەتەوایەتی و بە نەمریی لەناویاندا ئەمێنێتەوە .
لەگەڵ کۆتاییەکی قێزەون و پڕ له سوکایەتیی، کاتێ زوڵم و زۆری دیکتاتۆرەکان ئەگاتە ئاستێک، هاووڵاتییەکانیان هێرشیان بۆ ئەبەن و .. لافاوی خوێن لە وڵاتدا هەڵدەستێت، بەڵام ڕقی مرۆڤەکان دانامرکێتەوە هەتا دیکتاتۆرەکان بە تۆڵەی گەل ئەگەیەنرێن و .. ناشیرینترین جۆرەکانی کوشتن ئەبێتە دوا وێستگەیان بە جۆرێک هیچ گۆڕێکیش ناتوانێ بیانگرێتە خۆی، چونکە زوڵم لە ملیۆنان کەس، واتا تۆڵەی ملیۆنان کەس، کە هیچ زەمین و ژێرزەمین و ئاسمانێک ناتوانێ بیانشارێتەوە لێیان.
ماوەتەوە بڵێین کاتێک سەرۆک سەرقاڵی بازرگانیی و کۆمپانیای تایبەت بە خۆی دەبێت، سەرۆکایەتییەکەی لە دەست ئەدات .. متمانە و ڕێز و هەیبەتی سەرۆکایەتیی لە دەست ئەچێت..چونکە تاکە سەرمایه و کەرەستەی خاوی سەرۆکەکان، مرۆڤەکانی ووڵاتەکەیەتی.




ئاسەوارەکانی ئەشکەنجەدان .. شیعر: نەوزاد بەندی

هەموویان
بە جێیان هێشتین ..
تەنها مێزێکی تەختە و
دوو کورسی دار و
دوو کوپ قاوە نەبێ،
کە ئێمە بەجێمان هێشتن ..!

٭ ٭ ٭

هەژارەکان قەت ددانیان نائێشێ،
چونکە ددانیشیان بئێشێ،
پارەی چونە لای ددانسازیان پێ نییە،
هەر بۆیە هەژار و ئازار و ددانساز و ددان،
ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کردووە،
کە ئەو بابەتە دابخەن ..
هەژارەکان ناچنە ناو قەڵەباڵغیی
بەڕێوەبەرایەتیی هات و چۆوە،
هەژار و مۆڵەتنامەی شۆفێریی و ساڵانە و بەڕێوەبەڕێوەبەری هاتوچۆ و سەرۆک وەزیران و ئوتومبیل، ڕێککەوتننامەیەکیان مۆر کردووە،
کە چیدی ئەو بابەتە نەخەنە بەر باس ..
هەژارەکان ناچنە ناو ڤێلا و فڕۆکە و
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرت و ئوتێلی پێنج ئەستێرە و ئێر پۆت و ئایفۆن و سێچارەک ..
ڕێککەوتننامەیەکی سەد قۆڵییان ئیمزا کردووە،
کە نە ئەم لە هێڵە سوورەکانی ئەوان نزیک بێتەوە و
نە ئەوانیش هیچ نۆتیفیکەیشن و ڕیکلامێ،
بۆ ئەم بنێرن ..
هەژارەکان قەت توشی جیوبی ئەنفی و دابەزینی ڤیتامین دی و ئایرۆن و پوکانەوەی ئێسک و کزبوونی چاو نابن،
چونکە لای ئەوان، ئەوانە نەخۆشی نین و .. وەک ڕەحەتەلقوم قوتیان ئەدەن..
دەردی قورسی ئەوان، کرێ خانوو و خۆراکە ..
پێڵاو شێرپەنجە و پۆشاکە ..
کە هیچ جۆرە دانوستانێکیان قبوڵ نییە و
بەردەوام هەڕەشەی جەنگ و هێرشیان
لێ دەکەن ..
لە فەرهەنگی هەژارەکانا ووشەی دۆندرمە و قاوە و کێک و مەدالیا و چەرەس و ترشیات و موقەبیلات و مێز و کورسی و دەعوەت و پیاسە و عەتر و بۆینباخ ، نین ..

٭ ٭ ٭

کە ئێوارە نەهاتیتەوە،
وامزانی خۆم نەگەڕاومەتەوە ..

٭ ٭ ٭

هەموو عەسرێ،
دڵم لە لێدان ئەکەوێ ..
هاوڕێیەکم دێ،
بە بێ تاقەتیی،
بە بێ سێ و دوو،
زەنگەکانی دڵم ئەخاتەوە کار ..
ئیتر نازانم
پیلەکانیان ئەگۆڕێ ..
شەحنیان ئەکا ..
یان به جادوو ..

٭ ٭ ٭

پیریی بۆیە قورس و کارەساتە،
سنوورەکانی ژیانی بە قاچاخ بڕیوە و
خۆی تەسلیمی
پۆلیسەکانی مردن نەکردووە ..
لەو شوێنە کێشە لەسەرانە،
بێ نان
بێ ددان
بێ ئۆکسجین
بێ جومگە و ئێسقان،
بەردەوامە لەسەر
مانەوەی نایاسایی ..

٭ ٭ ٭

هەر ووڵاتێ ،
سەربانی خانووەکانی
تانکی نەوت و
تانکی ئاو و
مۆلیدەی کارەبا و
تانکی غازیان لەسەر بوو،
ئەوە وڵات نییە..
چونکە وڵات،
وەک ئۆکسجین،
ئەو شتانە دابەش ئەکات ..
کەس نایبینێ ..
نە تەنکەر ..
نە تەنەکە و دەبە و بەرمیل ..
نە بتڵە غاز ..
نە عەرەبانە و
نە چرا و
گڵۆپی شەحن ..
نە دروشم و
پیاوەتییەکانی
سەرۆک کۆمار،
دەرناکەون..




دوو مەقام لە مێگەلەکەوە.. نەوزاد بەندی

( 1 )
ــ کۆیلەیی و سەرشۆڕیتان باش ـــ

بیریارێکی وەک سەید قوتب دەیان ساڵ پێش ئێستا لەوە ئاگاداری کردووینەتەوە کە باج و سەرانەی ژێرچەپۆکیی، زۆر قورسە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، بەڵام باج ی سەربەرزیی یەک جارە، یان لوتی زاڵمەکان ئەشکێنیت و مافەکانت وەرئەگریتەوە، یان لوتت ئەشکێنن و شەهید ئەبیت وەک عەولە سیس و مامەڕیشە و عومەر موختار و گوڵسورخیی و سمکوی شکاک ..
بەڵام وا دیارە میللەتی ئێمە باج ی یەکەمیانی هەڵبژاردووە، واتا باج ی سەرشۆڕیی .. ئەوەتا مافیاکان و گوندەکانی دەسەڵات ڕۆژ بە ڕۆژ مافی ئەو میللەتە زیاتر زەوت ئەکەن .. زیاتر سندمی پێ و کەلەپچەی دەست و تەوقی گەردنیان توند ئەکەنەوە .. ملیان زیاتر پێکەچ ئەکەن و سەریان زیاتر پێ شۆڕ ئەکەن ..
ئەوەتا دوای زیاد بوونی دە ئەوەندە و زیاتری نرخی کارەبا، بە دوو مانگ جارێک موچە دابەش ئەکەن، ئەگەر پارەی کارەبایش نەدەیت، کارەباکەت ئەبڕن..ئێستایش خەریکی گەڵاڵە کردنی بڕیارێکن کە کاتێ دوای دوو مانگ موچەیەکت وەرگرت، نەتوانیت هەموو موچەکەت لە ئەی تی ئێمەکانەوە ڕابکێشیت و تەنها نیوەی موچەکەت هی خۆتە، بۆ ئەوەی نیوەکەی تری لە بانکەکانیاندا بمێنێتەوە و ..کار و پڕۆژە و پاوانخوازییەکانی خۆیانی پێ جێبەجێ بکەن.. ئەمە لە کاتێکدایە فەرمانبەری سەرشۆڕی ملکەچ بە پەنجا شەست ڕۆژ جارێک، موچەیەک وەردەگرێت کە نیوەی قەرزە و نیوەکەی تری هەرچۆنێ بێ بە نانەسکیی ئەیگەیەنێتە پانزەی مانگ، ئیتر چۆن نیوەی موچەکەی ڕاکێشێ و نیوەکەی تری لێگەڕێ بۆ دز و مافیاکانی دەسەڵات ؟؟
ئێ ئەوە باجە قورسەکەی سەرشۆڕیی و کۆیلایەتییە کە میللەت هەڵیبژاردووە و ..ڕۆژ بە ڕۆژ قورستری ئەکەن، دەسەڵاتە مافیاکە ڕۆژ بە ڕۆژ سەرانەی زیاتری لێتان ئەوێت، دەستیان خۆش بێت و ئێوەیش پیرۆزتان بێ باری قورسی تازە، کەر لەژێر باردا نەتۆپێ، عومری زایعە ..
دەسەڵاتی پارەخۆر و ناڕەوا، بەوەیشەوە ناوەستێ، ئەڵێت سفرەکانی سەر پارە لادەبەم بۆ ئەوەی پارەی ماڵەکان پەلکێشی بانکەکانمان بکەین، هەبوونی سەد هەزار دۆلار لە هەر ماڵیکدا یان هەبوونی بیست ملیۆن دیناری عێراقیی، بە دزی و گەندەڵیی دادەنرێت و دەستی بەسەردا ئەگیرێت !!
دەسەڵاتی کوردییش دەمی بۆ ئەو بڕیارە نایابانە ئاو دەکات و ..لە پەستا دەستخۆشیی و پشتگیریی خۆی بۆ دووپات و سێپات ئەکاتەوە..
تەماشای ئەو بێ ویژدانییە بکەن، گەلی برادەرینە ..
دەسەڵات و چواردەورەکەی لە وەزیر و گزیر و پەرلەمانتار و مناڵ و تواڵ و حیمایه و کچە مۆدێل و سەگ و تانجییەکانیان، یاری بە لەگزس و جی کڵاس و ڤێلا و ملیارەها دۆلاری ئەو نیشتمانە دەکەن و .. ڕێپێدراو و پارێزراون، کەچی فۆکەسەکەیان خستۆتە سەر میللەتەکە و ئەیانەوێ ماڵەکان بپشکنن، نەک بۆ ووتار و بەیاننامەی قەدەغە، بەڵکو بۆ بڕینی ماڵەکان و خستنیان بۆ سەر ساجی عەلی ..
تۆ تەماشای ئەو ناکەس بەچەییە بکەن هاوڕێیان، کوڕی بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی عێراقیی بۆ نمونە، تابلۆی ئوتومبیلێک لە ووڵاتی ئوردون بە نزیکەی نیو ملیۆن دۆلار ئەکڕێت لە مەزادێکی ئاشکرادا، کەچی ئەو دەسەڵاتە بێ مۆڕاڵە ئەیەوێ بە ماڵەکاندا بگەڕێت، بۆ ئەوەی فەرمانبەرێکی کەم مەسرەف یان بازرگانێکی سەرکەوتوو کە پارە و سامانێکی کۆکردۆتەوە، لێی بدزێت .. ئەمە ئیدارەی دەوڵەتە یان بڕینی شانەی هەنگ؟
کاکە من پارە و داهاتەکەم خەرج ناکەم و کۆی ئەکەمەوە، موچەی خۆمە، داهاتی دوکان و بازرگانیی خۆمە، خەرجی ناکەم .. بە ئێوە چی ؟ خەرجی ناکەم و کۆی ئەکەمەوە و لە ماڵەوە کۆنکەن و ڕەسم ڕەسمێنەی پێ ئەکەم، به ئێوه چی ؟ .. بۆ نمونە هیوایەتم کۆکردنەوەی پارەیە، بە ئێوە چی؟ هیوایەتە و لە کەسم نەدزیوه وەک ئێوەی دزی ملیارەها دۆلار و هەزارەها کیلۆ ئاڵتونی ئەو خەڵکە .. موچەی خۆمە و خەرجی ناکەم و کۆی ئەکەمەوە ..
ئاخر عەبدوڵای مەلا نوری ناحەقی نەبوو، ئەیووت لەماڵەوە دوو سێ پارچە چەکم هەیە، هەر کەسێ بێت پێوەری زیرەکم بۆ ببەستێ و کارەبا و ئاوم ببڕێت، ناهێڵم ..تەقەی لێ دەکەم، مافی خۆمە داکۆکی لە ماڵەکەی خۆم بکەم.
جا کاکە عەبدوڵا، میللەتە سەرشۆڕەکە تەنانەت نەیوێرا لایک و دەستخۆشییەک لەو پێشنیارەت بکات، ئەوەتا ئەمڕۆ هەموو پێوەری ئاو و کارەبای گران و هەموو شتێکیان بۆ بەسترا و ئەوەی پارەی نەدا، لێیان بڕی ..
ئێستایش ماوەیەکی تر، پاپاکانی سیاسەتی سەدەکانی ناوەڕاست ڕاست دەبنەوە و دێن ماڵ بە ماڵ ئەگەڕێن بزانن چەندت لە داهاتەکەت پاشەکەوت کردووە، بۆ ئەوەی لێت بدزن .. ئەگەر موچە خۆریشیت، دوای دوو مانگ کە موچەیەکیان بۆ فڕێدایت وەک چۆن ئێسقانێک بۆ سەگ فڕێ دەدرێت، بۆت نییە هەموو ئێسقانەکە ڕاکێشیت، ئەبێ تەنها نیوەی ئێسقانەکە ژەهری مار بکەیت ..
بێدەنگیت؟ بەردەوامیت لە باج و سەرانەی سەرشۆڕیی ؟ بێدەگبە و بەردەوامبە ..ئافەرین ..
زۆرباشە ، دوای ئەوە باج و سەرانەی تریش بەڕێوەیە کە وات لێ دەکەن لەو شەوە پەشیمان بیتەوە کە باوکت لە سجلی ژیاندا قەیدی کردیت.
کۆیلەیی و سەرشۆڕیتان باش ..

             

( 2)
ــ ئێوە خاسی ئەکەن یان خەراو ؟ ــ

ئەرێ جەماعەتێک بە ناو ئۆپۆزیسیۆن و داکۆکیکار لە مافی هاووڵاتیانی هەرێم لە بەغدا و هەرێم پەیدا بوون، لە گووتار و ڕووکەشدا، هەوڵ و کار و ووتەی جوان و پڕ سۆز و خرۆش دەدەن بە گوێی میللەت و ڕاگەیاندنەکاندا، هیوا و ئاوات و خەونی شاعیریی لە ناخی میللەتدا ئەچێنن، ئەمانە تا ئێرە جێگای دەستخۆشین و یەک دنیا زانیاری دزینی نیشتمان و دەسخستنە بینە قاقای میللەت ئاشکرا دەکەن و یەک دنیا دەستخۆشیی لەلایەن خەڵکەکە و دوو دنیا جنێو و جڕت و نەفرەتیش لالایەن مامان و دایەنەکانی دەسەڵات لە خۆیان کۆ دەکەنەوە .

بەڵام بە دیوە کرداریی و واقیعییەکەدا، ئەم پاڵەوانە قسە زانە بەجەرگ و ئازا و قسەکەر و ڕەخنەگرانە، بەردەوام قوڕ دەکەن بەسەر میللەتەکەدا، چونکە بە بێ ئەوەی هیچ دەسەڵاتێکیان هەبێ و بە بێ ئەوەی هیچ کەسێ پشقل بە کڵاویان بپێوێت، دەسەڵاتە نەرجسییە لە خۆڕازییە بۆ بیانووگەڕەکەی کوردیی ئەوروژێنن، ئەویش بە وان ناوێرێ و بۆ میللەت شێرە، شەلم کوێرم بەردەبێتە گیانی میللەتە ملکەچە نەزانە داماوە بێغیرەتە خەسیوەکە و ..ڕیسواتری دەکات .
بۆ نمونە کاتێک موچەی مانگانە دەدرا و هیچ کێشەیەک نەبوو، جەماعەتی سەرگردەکە دروشمی بڕینەوەی موچە بۆ کابانی ماڵیان وروژاند، ئەم دروشمە، بیانوی بڕین و پاشەکەوتکردنی موچەی پیاوانی ماڵی دا بە دەسەڵاتە نەرجسییەکە، بەو جۆرە ئەو سزا به کۆمەڵە لەو ساوە هەتا ئەمڕۆیش بەردەوامە و موچەی کابانی ماڵیش ، سفر یەک به دەستەوە.

پێش چەند هەفتەیەک کۆمەڵێک قسەکەری تووڕەی ڕەوتێک لە بەغدا، باسی ئەوەیان ئەکرد کە حوکمەتی ناوەندیان لە گرانیی نرخی سووتەمەنییەکان له هەرێم ئاگادار کردۆتەوە، وا لیژنە پێک دێنن و .. نرخی بەنزین و نەوت و غاز وەکو بەغدا لێ دەکەن ..
ئەم قسەیە، دەسەڵاتدارانی هەرێمیان تووڕە کرد، سەرەتا بەنزینیان لە هەرێمدا نەهێڵا ..دوای ئەوە خراپترین جۆری بەنزینیان به دوو ئەوەندەی پێش قسەکەرەکان، خستە بازاڕەوە .. ئیتر بەنزین بوو بە کێشەیەکی گەورە و ..سەرەی بەنزین و ڕاوەستانی فیول پەمپ و شکانی پستۆن و جۆرەها کێشەی تر هاتە ئاراوە و یەخەی هاووڵاتیانی گرت .
لێرەدا بە ئاشکرا و بێ چەند و چوون، بە عەلی حەمەساڵح و دکتۆر غالب و ئەحمەدی حاجی ڕەشید و هاوئاوازەکانیان ئەڵێم :
ئایا ئێوە لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێمدا شەریکن و ئەو کەیسانە ئەوروژێنن بۆ ئەوەی بیانوو بدەنە دەسەڵاتداران، تاکو گرانیی و قات و قڕیی زیاتر بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمدا بسەپێنێ؟
ئەگەر شەریک بن، خوا لێتان قبوڵ ناکات و ..ڕیسواتان ئەکات، چونکە میللەت نوزەی تیا نەماوە و ناتوانێ هیچتان لێ بکات.
یان ئایا ئێوە کاڵفامن و .. کێشەی تایبەتیی و کەسیتان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمدا هەیە و بۆ تێرکردنی غروری خۆتان، فیلەکانی دەسەڵات ئەجوڵێنن و دەفع ئەکەن بۆ ئەوەی زیاتر میللەت بشێلن ؟
ئایا ئێوە خەڵکێکی هەلپەرست و خۆپەرستن و .. لە پێناوی ناوبانگی خۆتان و ..دەستخستنی لایک و سەبسکرایبی پەیجەکانتان و .. زامنکردنی دەنگدەرەکانتان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەم یارییە ئەکەن و سەری میللەت ئەکەن بەو هەموو کێشە و گرانیی و قات و قڕییەدا ؟
هەر کامێکیان بێ،پێتان دەڵێم ئێوە بوونەتە بەڵای سەر بۆ هاووڵاتیانی هەرێم و .. بێدەنگبوونتان زۆر باشترە لەو قسە و هەوڵە دۆنکیشۆتیانەتان .. هیچ دەسەڵاتێکی کرداریتان نییە، ئیشتان تەنها وروژاندنی دەسەڵاتدارانی هەرێمە بۆ ئەوەی زیاتر بەربێتە گیان و ماڵ و سامان و ژیانی ئەو میللەتە سەرشۆڕە ملکەچە مردووە.
عەلی کوڕی ئەبو تاڵب، ئەڵێ : ڕەحمەت لەو کەسەی کە تواناکانی خۆی ئەزانێت و لە سنوری خۆی دەرناچێت.
ئێوە بێ توانا و بودەڵە و دەست سپین و .. لەسەر زەوی هیچ شتێکتان پێ ناکرێت، هەر بۆیە تکاتان لێ دەکەم، وەک پەلەمانتارانی تر بێدەنگ موچە چەورەکانتان وەربگرن و دەست لە یەخەی ئەو خەڵکە بکەنەوە ..
شێرە کارتۆنییەکان، وەزعەکە خاس مەکەن با خەراوتر نەوێ ..




وردە وتار.. نەوزاد بەندی

ـــ 1 ــ

وتار ــ

تێگەیشتن لە ووتار، وەک تێگەیشتن لە زانستەکان وایە و .. پێویستی بە کۆمەڵگای
هۆشیارە .. ناکرێت و ناگونجێت کۆمەڵگایەک لە قۆناغی حەکایەتی بەرئاگردان و کوڕە کەچەڵە و پیرەمێردە چل گەز ڕیشەکەدا بێ، تۆ بێیت ووتاری ڕۆشنگەریی بۆ بنوسیت.. لۆژیکیی نییە و ناڕەوایە گەر میللەتێک لە قۆناغی کۆیلایەتییدا بێ و تیایدا ئاغا وکوێخا و شێخ و بەگ و سەرۆک عەشرەت بڕیاربەدەست بن، تۆ بێیت باسی میشیل فۆکۆ و ئۆڵف پاڵما و فریدریک نیچەیان بۆ بکەیت.. ڕەوای حەق نییە کۆمەڵگایەک لە گەدە بەرەو خواری ئیش بکات، تۆ بێیت ڕۆمانی گەڕان بۆ کاتی ونبووی مارسیل برۆست و موبی دیکی هێرمان مەلڤیل و .. شەڕ و ئاشتی تۆڵستۆی و .. دۆنکیشۆتی سێرڤانتیسی بۆ وەربگێڕیتە سەر زمانەکەی کە دەیان هەزار لاپەڕەن..
ئەو ماندوو بوونە تاقەتپڕوکێنە بۆچی؟ ئەم شەونخونیی و مێشک هەڵگوشین و ژیان لە خۆ تاڵکردنە بە دیار کیبۆردێکەوە بۆچی و بۆ کێ و لە پای چیدا؟
هەڕاجکردنی کتێب واتا هەڕاجکردنی عەقڵ، واتا ئەو کۆمەڵگایە تەنها گەدە و ئەندامەکانی زازوێیان کار دەکەن.
وەڵاهی ئەم کارەی ئێمە ئەیکەین، وەک فوکردنە باڵۆنێکی تەقیو وایە، نازانم ووتار بۆ کێ دەنووسین؟ ئەو هەموو وتارە جوان و پڕ ڕاستی و نەخشە ڕێگای ڕزگاریی و هەڵوێستە، کە ئەو هەموو نووسەرە بیریار و دڵسۆزە، بە بێ بەرامبەر ئەیاننوسن، بە بێ ئەوەی نە خوێنەری پێویست و .. نە بچووکترین هەڵوێست و ڕیفۆرمیان بە دوادا بێت، جێگای داخ و پەژارەیە..
لە ووڵاتانی هۆشیاردا، ووتار ئەبێتە هۆکارێک بۆ کۆبوونەوە و هەڵوێستی جەماوەریی.. نووسەران وەک ڕابەر و سەرکردەی نیشتمانیی تەماشا ئەکرێن، بە ووتاربێژی مزگەوتەکانیشەوە.
کاتێ ووتاری دەیان ساڵی خۆم پیشانی هەندێ لە هاوڕێ خاوەن بڕوانامەکانم ئەدەم کە زیاتر لە چل ساڵە هاوڕێین، بە زمانێکی گاڵتەجاڕییەوە ئەڵێن : ( ئەمانەیش ئەنوسی؟ بەزمی وایشت هەیە؟ بەخوا برا تۆ گۆڵمەزیت!! )
من زۆرجار ئەکەومە شکەوە لەوەی لاپەڕەی ووتارەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک پێگەیەکی سیخوڕیی جیهانیی و ناوخۆیی کاری لەسەربکرێت، تا بزانن کێ بیر ئەکاتەوە و چۆن بیرئەکاتەوە؟ ئایا خەڵکێک هەن بیانخوێننەوە؟ ..بۆ ئەوەی ئاستی هۆشیاریی خەڵکەکەی پێ دیاری بکەن و نەخشەی درێژەپێدانی کۆیلەکردنیانی پێ بکێشن، ئەگینا لە خۆڕایی هەفتانە سی و پێنج هەزار دۆلاریان نەدەدایه محمد حەسنێن هەیکەل لە بەرامبەر یەک ووتاردا کە لە ڕۆژنامەکانی شەرقلئەوسەت و فاینێنشاڵ تایمز و ..لۆمۆندا بڵاوی ئەکردنەوە.
من لێرەدا نامەوێ و داوا لە خەڵک ناکەم ووتاری مامۆستایانی ئایینی و نووسەران ڕایانچڵەکێنێ و هەڵوێستیان بۆ دروست بکات، چونکە ڕاچڵەکین و هەڵوێستوەرگرتن، پەیوەندییان بە خەڵکەکە خۆیانەوە هەیە، هەزار ساڵ هاوار لە مردوو بکەیت، زیندوو نابێتەوە و جوڵەی تیا دروست نابێ، تەنها حەزم کرد باس لە قوڕبەسەریی و هەناسەساردیی و ماندوێتیی نوسەران و ووتاربێژان بکەم لەم باق و بریقخانە دوواکەوتووە ڕەشۆکییەی خۆمان و ناوچەکەدا.

ـــ 2 ـــ
ــ بە سەخیفیی ژیان و بە سەخیفیی مردن ــ

ئەوانەی بە سەخیفیی و پەڕاوێزخراویی و هەڕەمەکیی دێنە ژیانەوە، بە سەخیفیی و پەڕاوێزخراویی و هەڕەمەکییش ئەمرن ..
ئەگەر کەسێکی ناوداریشیان تێدا هەڵبکەوێت، ناودارییەکی ترسناک و خەمگینە، ئەگەر سەرکردەیەکی وەک هیتلەر بە ڕێکەوت سەرهەڵبدات، کە لە خێزانێکی سەخیف و پەڕاوێزخراو و هەڕەمەکییەوە هاتبوو، ئەوا هەموو جیهان ئەکاتە خڵتانی خوێن و لە هەردوو شەڕی جیهانیدا بەشدار ئەبێ، لە یەکەمیاندا وەک عەریفێک و لە دووەمیاندا وەک سەرۆکێکی دڕندەی کۆمەڵکوژ.
ئەگەر بیریارێک یان پزیشک و ئەندازیارێکی جیهانیی لەو کۆمەڵگا و خێزانە سەخیف و پەڕاوێزخراو و هەڕەمەکییانەوە بە ڕێکەوت پەیدا بێت، کەسێکی خەمگینە هەتا سەر ئێسقان، کەسێکە لە دەرەوە بەناوبانگ و داهێنەرە و لە ناخەوە داڕوخاو و وێرانە..
ئەندازیارێکی گەورە وداهێنەری وەک زوها حەدید، کە لە عێراقێکی سەخیف و پەڕاوێزخراو و هەڕەمەکییدا ژیا بوو، پاشان کاتێ چووە ئەوروپا و بووە ئەو ئەندازیارە تەلاسازە جیهانییەی ڕکابەری نەبوو، نەخشە و دیزاینی تاوەره دەگمەن و فڕۆکەخانەکانی نیۆیۆرک و تۆکیۆ و هەموو پایتەختە گرنگەکانی جیهانی ئەکێشا، لەگەڵ ئەوەیشدا هەتا کۆچی دوایی کرد، خەم و ئازار و تێکشکان ناخ و ڕوخسار و ووتەکانیان بە جێ نەدەهێشت، لە ووتەیەکیدا ئەڵێت : ( لە وڵاتە عەرەبییەکان دژایەتییم ئەکرا لەبەر ئەوەی ژن بووم، لە ووڵاتە ئەوروپییەکانیشدا دژایەتییم ئەکرێ لەبەرئەوەی عەرەبم )
هەر بۆیە هێزە جیهانییە داگیرکارەکان، بەردەوام هەوڵ ئەدەن ژیانێکی سەخیف و پەڕاوێزخراو و هەڕەمەکیی بۆ میللەتە قوربانیی و ژێردەستەکانیان دابین بکەن، دەسەڵاتەناوچەیی و ئاغا و عەشرەتچییەکانیش لاسایی ئەو سیاسەتە ئەکەنەوە و.. لە ئاژەڵ خراپتر مامەڵە لەگەڵ خەڵکەکانیاندا ئەکەن، بەو جۆرە میللەتگەلێکی زۆری سەخیف و پەڕاوێزخراو و هەڕەمەکیی پەیدا دەبن، کە ژیانێکی لە ئاژەڵ ناخۆشتریان هەیە و .. هەتا ئەمرن بە دەردی بێ ڕێزیی و پەڕاوێزخراویی و هەڕەمەکییەوە ئەتلێنەوە، خۆ ئەگەر بیشبن بە کەسێکی سیاسەتمەدار و دەوڵەمەند و پلەدار و باڵا، چاوچنۆک و ترسناک و پیاوکوژ و قێزەون ئەبن.. دواجار لەهەر پلە وپۆستێکیشدا بمێننەوە، هەر بەو دەردانەوە ئەمرن، دەردی سەخیفیی و پەڕاوێزخراویی و هەڕەمەکیی.
هەر بۆیە لە ووڵاتانی پێشکەتوودا، پەروەردە گرنگترین سێکتەرە و .. زۆر بە ووردیی چاودێریی دەکرێت، تەنانەت لەناو خێزانیشدا ناهێڵرێت دایک و باوک منداڵەکانیان لەسەر سەخیفیی و پەڕاوێزخراویی و هەڕەمەکیی پەروەردە بکەن، ئەگەر نا، منداڵەکانیان لێ دەسێننەوە و حوکمەت خۆی بەخێویان ئەکات..چونکە میللەتێک پەتای سەخافەت و پەڕاوێزخستن و هەڕەمەکیی تێدا بڵاوبێتەوە، بەهیچ دەرمانێ چارەسەر نابێت و درێژە دەکێشێ، هەتا تەواوی کۆمەڵگا ئەگرێتەوە.

ـــ 3 ــ
ــ چامپیۆنس لیگی موچە وەرگرتن ــــ

دوای مانگێکی نزیکەی پەنجا ڕۆژیی، کە بەغدا موچە بۆ کوردستانی فیدڕاڵ ئەنێرێت، پێشبڕکێیەکی سەیر و سەمەرە سەر هەڵدەدات، شەقامەکان پڕ دەبن لە ئوتومبیل و قەڵەباڵغییەکی زۆر بەردەم ئەی تی ئێمەکان ئەتەنێت، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە، خەڵکەکە برسی کراوە و پانزە بیست ڕۆژ موچەی دواخراوە، بۆیە هەڵمەت ئەبات بۆ وەرگرتنی موچەکەی.. هەروەها متمانەی بەو دەسەڵاتە نییە موچەکەی لەسەر کارتەکە بهێڵێتەوە و هەر کاتێ پێویستی پێ بوو، بڕێکی لێ دەربێنت، بازاڕەکانیشمان زۆربەیان لە ڕێی کارتی بانکییەوە کەل و پەلەکانیان نافرۆشن، ئیلا ئەبێ دەیی و پێنجییەکانیان بۆ بژمێریت..دیسان خەڵکەکەیش هۆشیاریی بانکیی نییە و نازانێت ئەو بڕە پارەیەی خراوەتە سەر کارتەکەی، هیچ کەسێک ناتوانێ دەستکاری بکات و وەک قاسەیەکی تایبەت بە خۆی وایە، کلیلەکەی تەنها لای خۆیەتی.
هەموو ئەم هۆکارانە وا دەکەن کاتێ خشتەی موچە ڕاگەیەنرا، ئەی تی ئێمەکان ببنە مەزارگا و .. سەدان هەزار زیارەتکاریان هەبێ ..
ئیتر هەندێ بانک هەن ڕەسیدیان کەمە و پارەی ئەیتی ئێمەکانیان زوو تەواو ئەبێ، فەرمانبەرەکە بە تامەزرۆییەوە کارتەکەی لێ دەدات، ئەویش زۆر بە خەمساردییەوە بۆی دەنوسێت : پارەی تێدا نییە !!
لەوێدا ئیتر بێزاری و دەمە بۆڵە و جنێو بە دەسەلات ودار و بەرد دێنە ئاراوە..
ئەی تی ئێم ئەبێتە ڕێی کانی و.. خەڵک هەیە ڕۆژانە چەندین جار سەردانی ئەکات، فەرمانبەر هەیە شەوگەڕ و ڕۆمانسییە، بە تاریکی ئەچێ بۆ ژوانی ئەیتی ئێمەکان .. فەرمانبەر هەیە گورج و گۆڵە و لەگەڵ نوێژی بەیانیدا، دوای تەواوکردنی ویرد و تەسبیحاتەکەی، بەرەو ئەیتیئێمەکان مل ئەنێت..
لە هەمووی قورس و ناخۆشتر دابەشکردنی موچەی کەمئەندام و خانەنشینانە لە سلێمانی .. ئەوانەی تازە خانەنشین بوون، موچەی یەکەمیان لە بانکی تەنیشت تێرمیناڵی شارەزوورە، ئەو ڕاستە ڕێگایە بە ئوتومبیل قانگ ئەدرێت، ئەڵێی کۆڕەو و ڕۆژی حەشرە، ئەو هەموو پیر و پەککەوتەیە لەو بەر هەتاوە سوتێنەرەدا ڕیز بوون، وەڵاهی ئەو دیمەنەم تەنها لە فیلمەکانی هۆلۆکۆست و قڕکردنی جولەکەکاندا بینیوە لەلایەن نازییەکانەوە، ئەگەر ئەو هۆلۆکۆستە لە ڕاگەیاندنەکانی جولەکەدا زۆری پێوە نرابێ، ئەم هۆلۆکۆستەی خانەنشینانی خۆمان کەمی هەیە و زیادی نییە.. بە ڕاستی من وەک خۆم، کاتێ ئەکەومە ناو قەڵەباڵغیی شەقامەکەوە، لەناو ئوتومبیلەکەیشما بێزار ئەبم، ئینجا خوا یارمەتی ئەو هەموو پیر و پەککەوتەیە بدات کە بە سەدان و هەزاران لەناو ئەو تۆز و خۆڵ و لە ژێر ئەو هەتاوەدا گیریان خواردووە.
هەرچی دابەشکردنی موچەی کەمئەندامانە لە سلێمانی، بۆ کار ئاسانیی کەمئەندامان، گردێکی ناقۆڵا لە بەردەم بانکی کەمئەندامانایە، لەتە بلۆک و تەڵاشە بەرد بۆ پلیکانە بە هەڕەمەکیی دانراون، کەسێک شاخەوانیی نەکردبێ، ئەگەری کەوتن و ملشکانی هەیە .. ئیتر ئەگەر کەمئەندامەکە توانی ئەو عەقەبەیە ببڕێت، ئەچێتە ناو حەوشەیەکی ناقۆڵای خۆڵەوە، ئەبێ لەبەردەم کۆمەڵێ پەنجەرەدا ڕیز بێ، هەتا خوا حەقی ئەسێنێ، پەنجەرەی وەرگرتنی پسولە و ناوونیشان و پەنجەمۆر .. پەنجەرەی ووردبینیی .پەنجەرەی پارە وەرگرتن ..
(( اهدنا الصراط المستقیم، صراط الذین انعمت علیهم غیر المغضوب علیهم و لا الظالین ))
امییییییییییییین




فڕۆکەی سەرۆک و ئەمبوڵانسی مدیر.. نەوزاد بەندی

ئێمە لەناو کۆمەڵگایەکی چەندین ملیۆنیدا ئەژین، کە یاساکانی کۆمەڵگای مۆدێرن بەڕێوەی نابەن، هەر بۆیه کارەساتی گەورە و قەڵەباڵغیی بەردەوامی تێدایه .. لەگەڵ ئەوەی هەموو کوردستانی باشور هێندەی شارۆچکەیەکی چین مرۆڤی تێدا ئەژی، کەچی بە هۆی نەبوونی نەخشە و پلاندانانی مۆدێرنەوە، ئەچیتە هەر فەرمانگە و دامەزراوە و جێگایەک، قەڵەباڵغیی و داد بێداد دێن به گژتا، زۆر جار ئەکەویتە شکەوە لەوەی کورد شەش ملیۆن کەس بن، ئەڵێی تۆ بڵێی بە هەڵە نەیانژماردبێ و ملیۆنەکە ملیار نەبووبێ؟
بێگومان وەک چۆن لەبەرنامە فیکریی و فەلسەفییەکانماندا کاتێک دوو کوردی ئایدیا جیاواز دیالۆگ ئەکەن، هیچیان لێ تێ ناگەیت و هەردووکیان لە یەک کاتدا ئەقیڕێنن و هەوڵی تێکشاندنی یەکتری دەدەن و فێ ئەیانگرێ و کەف دادەچێنن، وەک ئەوەی ملیۆنێک کەس بن، نەک دوو کەس .. بە هەمان شێوە کاتێک پێنج شەش ملیۆن لەو جۆرە کوردە قەڵەباڵغە بە بێ یاسا و نەخشەدانانی مۆدێرن، خۆیان دەکەن بە فەرمانگەیەکدا، ئەبێ چ هەنگامە و قەڵەباڵغییەک بقەومێت؟ یان کاتێک ڕوو دەکەنە شەقڵاوە و سیتەک و گەلی عەلی بەگ و مێرگەپان، ئەبێ چ شەپۆلی کوللە زەردە و هۆلاکۆ و جەنگیزخانێک ڕوو لەو سەیرانگایانە بکەن؟
نەبوونی فەرمانگەی پۆستە و گەیاندن .. نەبوونی نەخشە و تەکنیکیی مۆدێرن بۆ هەڵمژینی قەڵەباڵغیی .. نەبوونی کەرەستە و ئامێرە مۆدێرنەکان بۆ بە دوداچوونی کێشەکانی هاووڵاتیی و کپکردنەوەی کارەساتەکان لە غیابی هاووڵاتیاندا .. هەموو ئەمانە وایکردووە حوکمەت و ئیدارەی ووڵات لای ئێمە شتێکی تیۆریی بن، تەنها قات و بۆینباخێک بن، هەرچی حوکمەتە کردارییەکەیە، خەڵکەکە خۆیانن.. هەر بۆیە خەڵکەکە لە هەموو جێگایەکن، لە هەموو فەرمانگە و دامەزراوە و کۆمپانیا و سەرقەبران و نەخۆشخانەیەکن، لە کاتێکدا لە کۆمەڵگای مۆدێرندا، حوکمەت لە هەموو جێگایەکە و کێشە گشتییەکان کپ و چارەسەر ئەکا ..خەڵکەکەیش هەر یەکەیان لەسەر کاری خۆیانن .
بۆ نمونە حوکمەتی کوردی لەو هەزاران هەزار کەسە ناپرسێت کە لە بەیانییەوە هەتا دەوام تەواو ئەبێ لە فەرمانگەی هات وچۆ و باج و خانووبەرەن سەرقاڵی جێبەجێکردنی مامەڵەکانیانن، لێیان ناپرسێت : ( ئەرێ ئێوە چۆن کارەکانتان بە جێهێشتووە و هاتوون بۆ ئەم دەشتایی کەنعانە لە تاسڵوجە و دەشتی هەولێر ؟ چۆن خۆتان دزیوەتەوە لە کار و فەرمانگاکانتان؟ ئەی کارەکانتان کێ ڕایانئەپەڕێنێ؟
نا .. حوکمەت لەو دامەزراوانەدا بیر لەو شتانە ناکاتەوە، ئەو کۆمەڵێک فەردەی بەتاڵی داناوە، ئەبێ هاووڵاتیان بۆی پڕ بکەن لە پارەی باج و سەرانە و سزا و تابلۆیانە وساڵانە و مۆڵەتانە .. ئیتر دەوام و کاری خۆیان جێهێشتووە و خۆیان دزیوەتەوە، ئەوانە لەو حاڵەتەدا شتی لاوەکین، هیچ گرنگ نین و تەنانەت نیشتمانپەروەرییشن چونکە هاتوون پارە بدەن بە سەرانی دەسەڵات.
بۆ نمونە لەم چەند هەفتەیەی ڕابوردوودا، لە فەرمانگاکەم خۆم دزییەوە چونکە تەنها مۆڵەتی نەخۆشی هەیە، چووم بۆ فەرمانگەی هات و چۆ بۆ تازەکردنەوەی ساڵانەی ئوتومبیلەکەم، 366هەزار دیناریان لێ سەندم، ئیتر ئەچوویتە بەر هەر دەرگایەک ئەیووت بێنە.. لە پڕ هاوڕێیەکم بینی کە دادوەرە، بەو هاوینە بە قات و بۆینباخ و مامەڵەیەکەوە ڕایدەکرد، ووتم ئەوە چییە؟ ووتی دووسێ دەعوام هەیە، ناچار خۆم دزیوەتەوە، مۆڵەتی شۆفێرییەکەم بەسەر چووە، ئەبێ خۆم ئامادە بم ..ئەمەی ووت و ڕایکرد بۆ نهۆمی دوو .. هەر لەوێدا مامۆستایەکی هاوڕێم بینی، ئەویش خۆی دزیبۆوە بۆ ئەوەی پارەیەکی زۆری کامێرای تیژڕەویی بدات، کە داشکاندنی بۆ کراوە و سوێند و قورعانی بۆ خواردم کە هەمووی خەتای کوڕەکانێتی هەمبەڵە و پێشبڕکێی پێ ئەکەن.. بەس زۆرم پێ سەیر بوو کاتێ دوو مامۆستای ئاینییم بینی، لە مزگەوت خۆیان دزی بۆوە، بۆ ئەوەی تابلۆی ئۆتومبیلەکانیان تازە بکەنەوە، وا خێرا ئەڕۆیشتن چەمکی کەواکانیان وەک عەباکەی سۆپەرمان بەرز ئەبۆوە، ئێ پێش نیوەڕۆ تەواو نەبن، ئەبێ لانی کەم دوو مزگەوت بە بێ ئیمام نوێژ دابەستن..لە پڕ شاعیرێکم بینی کە هاوڕێی کۆنی کۆلێژم بوو، بە بینینی دڵم کرایەوە، سی چل ساڵ بوو نەمدیبوو، ویستم تۆزێ دەمەتەقێی یادگارێکانی لەگەڵ بکەم، ووتی : کورە یادگاری چی؟ قوڕ بکە بەسەرما، لە دائیرەی کارەبام، خۆم دزیوەتەوە تا مۆڵەتی شۆفێریی تازە بکەمەوە، لە پەلە پەلیدا کارتی نیشتمانیی کوڕەکەم لە جیاتی ئەوەی خۆم هێناوە، ئێستا ئەبێ لە تاسڵوجەوە تێ تەقێنم بۆ کانی با…. لەگەڵ باکەدا تێی تەقاند و لە چاو وون بوو، تێتەقاندنەکانی سپایدەرمانی بیرخستمەوە ..
لە دڵی خۆمدا ووتم تۆ بڵێی هەموو کۆمەڵکوژ نەکرابین و ئەمەی ئەگوزەرێ ڕۆژی قیامەت و حەشر و نەشر نەبێ؟ خانم و پیرخاتوونی وا بە فایلێکەوە ڕایاندەکرد، ئەگەر جاران بووایە نەک هەر ڕاکردنیان بەلاوە عەیب بوو، تەنانەت هەنگاویان بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبووایە، بەکارنەدەهێنا.. نانەوا و ئاسنگەر و بۆیاخچیی و پاسکیلچی و کارمەندی تەندروستی و ئەندازیار و پیاوی زۆر پیری خانەنشین، ڕێک وەک سەردابی پیازەکەی گۆنتەرگراس، تێکڕا خۆیان دزی بۆوە و هاتبوون لەبەردەم پەنجەرە بێ شومارەکانی هات و چۆدا ڕیز بن و پارە بدەن بە سەرۆکەکان..
لێرەدا ئیتر حوکمەت ئەبێتە بازرگانێکی کۆچەریی و میللەتیش ئەبن بە کۆمەڵێک مەڕ و ماڵاتی ئاڵودە، بە بێ یەکتری هەڵناکەن، حوکمەت بچێت بۆ هەر جێیەک، میللەتەکە دوای ئەکەوێت بۆ ئەوەی بیاندۆشێت و خورییەکەیان ببڕێ و گۆشتەکەیان بکات بە تکە و کەباب و ..شاخەکانیان بکات بە دەسکی چەقۆ و ..ڕیخۆڵەکەکانیان بکات بە ژێی گیتار و ڕەبابە و ..پێستەکەیان بکات بە تەپڵ و دەهۆڵ و دەف ..
تەماشا ئەکەیت لەو کۆمەڵگا گاڵتەجاڕانەدا، حوکمەت وەک منداڵێکی چەتوونی لێ دێت و میللەتیش ئەبێ بە دایک و باوکێکی گێل و عاتیفیی و دڵسۆز، بە حەق و ناحەق ئەو دایک و باوکە ئەچەوسێنێتەوە و ئەڕەتێنێت و کێشەیان بۆ دروست ئەکات و باجی قورسیان پێ دەدات و حەیا و شەرەفیان ئەبات، هێشتا خۆی بە مەغدور و زیانلێکەوتوو دەزانێ و ..دایک و باوکەکەی بە خەمسارد و خائین و بێ سوود و تەمبەڵ دادەنێت.
بۆ نمونە لە کۆمەڵگایەکی قەڵەباڵغ و بێ سەر و بەردا، کە بەنزینخانە و عەمباری گەورەی سووتەمەنی لە تەنیشت گەڕەک و پڕۆژەکاندان، عەمباری وا کە زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر بەنزینی تێدا عەمبار کراوە، هیچ نەخشه و پلانێک نییە بۆ کونتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەی گەوره .. لە کاتێکدا لە هەر کۆمەڵگایەکی ئەمڕۆی سەر زەمیندا، ئەگەر ئەو هەموو بەنزینخانە و عەمباره سووتەمەنییە زەبەلاحانە لەناوجەرگەی شار و کۆڵانەکاندا هەبن، پێویستە دەیان هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی ئاگر کوژێنەوە هەبن، چونکە ئەو ئاگرکەوتنەوانە، تەنها هێلیکۆپتەر ئەتوانێت کۆنتڕۆڵیان بکات.. بەڵام لای ئێمە شتی وا نییە .. بە پێچەوانەوە فڕۆکەی زۆر گرانبەها، بە سەدان ملیۆن دۆلار بۆ سەرۆک حیزب و سەرۆکحوکمەتەکانمان دابین کراوە، بۆ ئەوەی گەشت و پیاسه و سەیرانی خێزانیی پێبکەن بە ووڵاتاندا .. وەکو چۆن لە زۆربەی خەستەخانە حوکومییەکاندا، ئەمبوڵانس تایبەتە بە گواستنەوە و هێنان و بردنی بەڕێوبەر و دەستڕۆیشتووانی نەخۆشخانەکان و هیج پەیوەندییەکیان بە گواستنەوە و بەدەنگەوەهاتنی نەخۆشەوە نییە .. ئەمەیش وایکرووە کۆمەڵێک مرۆڤی لەخواترس، ڕۆڵی کرداریی ئەو حوکمەتە نێرگسیە تیۆرییە ببینن و ئەمبوڵانس بە خۆڕایی بۆ گواستنەوەی نەخۆش و مردوو، بۆ هاووڵاتیان دابین بکەن ..
من لێرەوە بە توندیی دەستی ئەو خێرخوازانە ئەگوشم کە حوکمەتی ڕاستەقینە و کردارین، داوایان لێدەکەم هەموویان پێکەوە یەک دوو هێلیکوپتەری نیو داشت لێرە و لەوێ دابین بکەن بۆ ئاگرکوژاندنەوە گەورەکانی عەمباری سوتەمەنیی و بەنزینخانەکان کە له ژماردن نایەن و ..بەرپرس هەیه شەست حەفتا بەنزینخانە و سەدان و هەزاران تەنکەری سوتەمەنیی هەیه، ئەوەیشی ناوی بێنێ، لە باڕەی ئەخات ..
خێرخوازان، لە خواترسان، لێرەوە دەستی ماندوو نەناسیتان ئەگوشم، شەوێکە و ئەمشەو، وەزعەکە وایلێهاتووە، وەک خێزانێکمان لێهاتووە باوکەکەی خەریکی قوماره و دایکەکەی لە داخاندا خۆی سووتاندووە، ئەبێ مناڵەکان ڕۆڵی دایک و باوک بگێڕن، ئەگینا هەر بە ئاگرکەوتنەوەی شاخ و عەمباری سووتەمەنیی و بەنزینخانە و مەعمەلی قیر و زفتی بەرپرسان، هەموو میللەت ئەبێ خەڵوز.. هەر بۆیە هەمووان قۆڵی مەردیی لێ هەڵمبماڵن، تەیارە ی ئاگرکوژێنەوە و .. دامەزراوەی پۆست و گەیاندن و .. هۆکاری گواستنەوەی گشتی، میترۆ و ئەمبوڵانس و تراموای بۆ میللەتە هەتیوە بێ دایک و باوکەکە دابین بکەن .. دڵ لە دڵ نەدەن، ئێوەن حوکمەتی کرداریی، ئەوەی بە عەرەبی پێی ئەڵێن الحكومة الفعلیە ..بە ئینگڵیزیش practical goverment

نەوزاد بەندی




مافی ئینسانیی و مافی حەیوانیی.. نەوزاد بەندی

ئەنتۆنی ڕابینز لە کتێبی ( Unlimited power) واتە هێزە بێ سنوورەکەدا ئەڵێت : ( لە ژیاندا شتێک نییە بە ناوی ڕاوەستان و جێگیر بوون )
واتا هەموو دیاردە و چالاکییە تاک و کۆمەڵەکان، لە ئاستێکدا ناوەستن، یان بەرەو باشتر ئەڕۆن یان بەرەو خراپتر ئەڕۆن .. تەندروستیت ئەگەر گرنگیی پێ نەدەیت، بەرەو نەمان و نەخۆشیی ئەتبات، بەڵام ئەگەر گرنگی بە وەرزش و جۆری خواردنەکانت بدەیت، تەندروستیت باشتر ئەبێ.. هەروەها باری ئابوری و ڕۆشنبیریی و هەموو دیاردە و تێرمەکانی تر، لە ئاستێکدا ڕاناوەستن، یان پێشدەکەون یان دوا دەکەون، بێگومان ئەوەیش پابەندە بە مرۆڤەکانەوە، ئەگەر هەوڵ نەدەن، ئەوا لە هەموو بوارەکاندا بەرەو نوشوستی و پوکانەوە ئەڕۆن، هەر بۆیە خوا داوا لە مرۆڤ ئەکات هەوڵ بدات، پێی ئەڵێ مرۆڤ تەنها هەوڵدانی لەسەرە ( و ان لیس علی الانسان الا ما سعی )
لەو بارەیەوە ئەگەر تەماشایەکی مافەکانی مرۆڤی کورد بکەین، بۆمان دەردەکەوێت، تاکی کورد هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ بە دەستهێنانی مافەکانی وەک مرۆڤ، بە تایبەت لەم 35 ساڵەی دواییدا، به تەواوەتیی پشتی لێ هەڵکردووە و وازی لە داواکردن و هەوڵدان بۆ مافەکانی مرۆڤ هێناوە.. کاتێ وەک مرۆڤێک، داهاتەکەی بەشی گەشت و گوزار ناکات، لە بەرامبەردا بەرپرسان و مناڵ و تواڵەکانیان لە گەشت و گەڕانی بەردەوامدان بە ئەوروپا و ئەمەریکادا، کەچی ئەو کوردە لەو مافەی خۆی بێدەنگە و ناپرسێت بۆچی من مافی گەشتم لێ یاساغ کراوە و ئەوانی تر هەموو مافێکی گەشت و گوزاریان هەیە ؟
مافی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان، کاتێک تۆ نەخۆش ئەکەویت، هیچ بیمە و چارەسەرێکی گشتی و پارەیەکی دانراوت نییە و ئەبێ کەل وپەل و خانووەکەت بفرۆشیت بۆ ئەوەی تەندروستی پێ بکڕیتەوە، نایەیتە دەنگ و داوای مافی چارەسەرکردن ناکەیت، لە کاتێکدا بەرپرسەکانت و خانەوادەکانیان، لە ئەوروپا و ئەمەریکا چارەسەری خۆیان و ماڵ و منداڵەکانیان ئەکەن، تۆیش بێدەنگیت، ئیتر چۆن بیمەی تەندروستیت بۆ دابین دەکات؟.. تۆ بەوە ڕازیت و بێدەنگیت و بە بێ دەنگیی ئازار ئەچێژیت و ئەمریت.
کاتێ تۆ مافی خوێندن و خوێندنی باڵات لێ زەوت ئەکرێ، ئەو مافه تایبەت ئەکرێ بە لایەنگرانی حیزب، وەک وەرەقەیەک بە کاردێت بۆ پاشگەزبوونەوەت له بێ لایەنیی و بیرو باوەڕی خۆت، ئەگینا بۆت نییە ببیتە خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا .. کەچی تۆ بێدەنگیت و .. لە دبلۆم و بەکالۆریسدا پەنچەر ئەبیت ..مافی خوێندنی باڵات لێ زەوت ئەکەن، کەچی تۆ وورتەت لێوە نایەت و ناڕەزاییەک دەرنابڕیت ..مافی نیشتەجێوون و شوقەیەک یان خانوویەک لەو نیشتمانەدا ژێرپێ دەخرێت کە نیشتمانی خۆتە و خوێن و عەرەقت بۆ ڕشتووە، چۆن ڕازی ئەبیت بەرپرس و کوڕەکانیان ببنە خاوەنی هەزاران دۆنم زەوی و تاوەر و ڤێلا و مۆڵ و بازاڕ و جۆرەها کۆشک و پڕۆژە، کەچی تۆ بستێ زەویت پێ ڕەوا نەبینراوە و بێ دەنگیشیت؟ ..چۆن لەو مافەت بێدەنگبویت؟ چۆن لە پاوانخوازیی و هەڕاجکردن و تاپۆکردنی خاک و ئاوی نیشتمان بێدەنگ بوویت لەلایەن چەند کەسێکەوە کە هیچیان وەک تۆ برای لە ڕێی کوردا شەهید نەبووە ..هیچیان وەک تۆ مام و خاڵەکانی لە ئەمنە سوورەکە و هەیئەی کەرکوک لە ژێر ئەشکەنجە و ئوتو کردن و نینۆک دەرهێناندا گیانیان لە دەست نەداوە.. هیچیان وەک تۆ لە پێناوی کوردا ئاوارە و دوور خراوە و باوک کوژراو نەبوون..ئەی بۆچی ناپرسن و ڕێپێوان ناکەن و دنیا ناسوتێنن کە ئەوان ئاوا شاهانە ئەژین و تۆیش گەدا و هەناسە ساردیت؟
کە لەسەر پارە و پولی خۆیان، شەڕی براکوژییان دامەزراند، چۆن دەستت نەکرد بە چاویاندا؟ چۆن توانیت چەکیان بۆ لەشان بکەیت چۆن نەتپرسی ئەی کوا کوڕەکانی خۆتان بۆی بەشداری ئەم شەڕە و هیچ شەڕێک ناکەن؟ چۆن ئەهێڵیت ئەو زوڵمە گەورانەت بەسەردا تێپەڕێ و بێدەنگ بیت؟ .. چۆن هێشتت لە وڵاتێکی پڕ لە نەوت و گازی سروشتی و داهاتی بازرگانی و نیشتمانییدا، بێ کار و سەرلێشێواوت بکەن و تەنانەت ڕازیش نەبن وەک خۆبەخش لە فەرمانگا و دامەزراوەکانیاندا به خۆڕایی کار بکەیت؟ چۆن بێ دەنگ بوویت و ڕازی بوویت و دنیات نەسوتاند، کاتێ مناڵ و تواڵی بەرپرسەکان کۆنکەن بە ملیۆنەها دۆلار بکەن و .. بتڵێ واینی فەڕەنسی بە سێ چوار هەزار دۆلار بخۆنەوە و ..لامبەرگینی و ڕۆسڕایس لێ بخوڕن و ..کچی لەشفرۆشیان بە دێلیڤەری لە شام و شیرازەوە بۆ بێت ؟؟..ملیۆنەها دۆلار بدەنە سەعات و جل و بەرگ و عەتر، کەچی تۆ هەزار دیناری تەبع لە گیرفانتا نەبێ، چۆن وا لەو مافه مرۆڤایەتییەی خۆت کە کارکردنە، بێدەنگ بوویت و شۆڕشت هەڵنەگیرساند ؟ چۆن بە هاوار و ڕێپێوان خەوت لە چاوی ئەوانەی وار و وێخی نیشتمانیان خوارد، نەزڕاند ؟
چۆن له ڕووت هات دەست لە دایک و باوکت پان بکەیتەوە و.. غیرەتت نەدایه بەر خۆت بەو دەستانەت یەخەی دەسەڵاتداران بگریت و داوای مافی کارکردنی لێ بکەیت دوای ئەوەی شانزە ساڵی تەمەنی خۆت لە خوێندن بۆ خزمەتی نیشتمان، فەوتاند ؟ بۆچی دیسان ئەو مافەیان پێشێل کردیت و بێدەنگ بوویت؟
دەیان مافی تری مرۆییت، کە زەوت کراوە و لێت یاساغ کراوە و .. تۆیش بێدەنگ و کپ و مات، نەتتوانیوە تەنانەت بە خەویش بیریان لێ بکەیتەوە .. ئیدی بە تەمای چیت؟ زاڵمەکان بەزەییان پێتا بێتەوە؟ خوا فریشتەکانت بۆ بنێرێ مافەکانت وەربگرنەوە؟ چاوەڕێی چیت؟
بێگومان ئەم دۆخە بە پێی یاساکەی ئەنتۆنی ڕابینز، لە ئاستێکدا بە جێگیریی نامێنێتەوە .. لە لایەک زوڵم و چاوچنۆکیی دەسەڵاتداران پەرەدەسێنێ و پەلاماری زیاتری تۆی بێ دەنگ و ڕازی و ملکەچ دەدەن .. لە لایەکی ترەوە، ئەو نەهامەتیی و هەژاریی و چاڵەی تۆی تێدایت، لەو ئاستەدا ناوەستێت و ..قورستر و قوڵتر ئەبێت و زیاتر بە ناخی زەویدا ئەچیت.. چونکە لەو ژیانەدا هیچ شتێک و هیچ دیاردەیەک لە ئاستێکدا نامێنێتەوە..
ئیتر بەو جۆره، دوای ئەوەی ئەژدیهاکانی دەسەڵات مافە مرۆییەکانیان لێ زەوت کردیت، ئینجا بیر لە زەوتکردنی مافە حەیوانییەکانت ئەکەنەوە، ئەو مافانەی کە مریشک و مەڕ و بزن و مانگاکان هەیانە وەکو بڕینی موچە و بڕینی ئاو و بڕینی کارەبا ..بڕینی ئازادی و پیسکردنی هەوای هەڵمژینت بە دوکەڵی کارگەکانیان ..بڕینی بەنزین و نەوت و غاز و هۆکارەکانی نان ئامادەکردن و خەوتن و حەوانەوەت ..دانانی سەرانەی ڕۆیشتن و خێرایی .. شکاندنی عەرەبانەکانی کرێکاری ڕۆژانەتان..حیساب کردنی دەنگە دەنگ و ژاوەژاوەتان بە وەڕەی سەگ و گوێنەگرتن لە نوزە نوز و کڕوزانەوە و گریانتان ..دواجار گرتن و کوشتن و فەوتاندنتان لەسەر بچوکترین جوڵە و قسه و باری سەرنجتان ..
بەو جۆرە ئەو گۆڕانکارییانە بەردەوام دەبن چونکە ژیان بەردەوامە و لە هیج ئاستێکدا ڕاناوەستێت .. هەتا ڕەزامەندیی و بێ دەنگیی و ملکچەیی میللەتان بەردەوام بێت، زوڵم و زۆری دەسەڵاتداران زیاتر و قورستر ئەبن..هەر بۆیە هەموو نادادییەکان له مێژووی مرۆڤایەتیدا بە شۆڕشێک چارەسەرکراون .. شۆڕش بریتییە لە وازهێنان له بێدەنگیی و .. وازهێنان لە ڕازیبوون بە زوڵم و زۆری دەسەڵاتدارە زاڵمەکان..
لە دوای ئەوەی هێواش هێواش مافە حەیوانییەکانیشتان لێ دەسەننەوە، ئیتر بە کۆمەڵ ئەمرن ..ئەگەر خۆیشتان بە موسوڵمان دادەنێن، پێغەمبەرەکەتان ئەڵێت : ( مرۆڤی سەرشۆڕ و کۆیلە لە ئێمە نییە ) واتا بەهەشتەکەیشتان فت، باژۆن بۆ دۆزەخ.

نەوزاد بەندی




هەندێک ئاوڕدانەوە.. نەوزاد بەندی

ڕێگاکان
تەواو بوون و
هێشتا
هەنگاومان مابوو ..
هاوڕێیان
کۆچیان کرد و
هێشتا
دڵیانمان لا بوو ..

٭ ٭ ٭

:تەنهایی هیچ باجێکت پێ نادات، هیچ یادگارییەکت بۆ بە جێ ناهێڵێت، هیج تووڕەیی و شەڕ و زیز بوون و زوڵم و خیانەت و جیابوونەوەیەکت توش ناکات .. بە ڕای من سێبەرەکەی خۆت بەسە بۆ ئەوەی پیاسەی لەگەڵدا بکەیت ..چونکە ئەو کەسەی تۆ بە تەمایت دڵخۆشت بکات، ئەویش بە تەمایە تۆ دڵی خۆش بکەیت …ئەمەیش کارەساتە، کاتێک دوو نەخۆش ئەبنە هاوڕێ، هەر یەکەیان پێی وایە ئەوەی تریان پزیشکە و دەردی دەرمان ئەکات ..

٭ ٭ ٭

خۆی بار ودۆخی کۆمەڵایەتیی و عەقڵیی میللەت وناوچەکەمان، وا ئەخوازێ مرۆڤ توشی گۆشەگیریی بێ، چونکە لە هەموو کۆنتاکت و بەریەککەوتنەکاندا، هەست ئەکەی بریندار بوویت و زەبرت پێگەیشتووە، هەر بۆیه خۆ وون کردن و خۆشاردنەوە و خۆ نەبانکردن و گۆشەگیریی، ئەبێتە ڕێگاچارەیەک .
بەڵام کاتێ پیاسەیەکی بێ بەرژەوەندیی و دوور لە خۆپەرستیی و ..تاڕادەیەک هێمن و ڕۆمانسییت لەگەڵ کەسێکدا کردبێ، ئەو کەسە بۆت ئەبێ بە هەموو کۆمەڵگا.. بۆت ئەبێ بە فڕۆکەخانەیەکی ڕۆحی ئەتبا بۆ ئەو جێگایانەی کە قەت بە بێ ئەو ناتوانیت بڕۆیت.
ڕەنگە سەعاتێک گەڕان هیچ مانایەکی نەبێ، بەڵام لەگەڵ کەسێکدا کە تەنگە نەفەست ئەکا و دڵە خورپەت بۆ دروست ئەکا و تەزوو ئەخاتە ئەژنۆکانتەوە، گەرانەوەیە بۆ لاویی و بۆ زانکۆ و .. بۆ هیواکانی زوو کە نەهاتنە دی ..
گەڕانی من و تۆ، گەڕانەوەیە بۆ زۆر شت، کە هەر خۆمان ئەزانین چی و چین ئەو شتانە.

٭ ٭ ٭
هەر تۆ دەرکەوتی ئەڕۆمە ناو دنیای خەیاڵەکەم..
من لە ئەحواڵت ئەپرسم ، بێ ئاگای لە حاڵەکەم..
تۆ لە یو ئێس گوڵ بڕوێنە و من لێره لەسەر دڕکم،
تۆ لە باخەکان بە تازە و منیش لەناو چاڵەکەم …
گەر بزانی چەن ساڵ ئەبێ وازم هێناوە لە خۆم،
ئەوسا تێدەگەی له بەرچی ماتە ناڵە ناڵەکەم ..
جار و بارێکیش کە سەیری خواردنێکی تۆ ئەکەم
نە برسیمه ،نە ئارەزووی پیتزا و سنگ و باڵەکەم
ئەمەوێ لە چاوی تۆوە، بڕوانم بۆ دەور و بەر ،
تا هیوایەکی خەیاڵی تیا دروست بێ ماڵەکەم ….

٭ ٭ ٭

ژیان وونبوونێکی بەردەوامە .. بەردەوام ڕۆژ و شەوەکانمان لێ وون ئەبن، بێ ئەوەی بۆیان بگەڕێین.. تا ئێستا کەست بینیوە بۆ دوێنێ وپێرێی بگەڕێ؟ یان لە مزگەوت جاڕ بۆ هەفتەی پێشووی بدات؟ .. هەتا وای لێ دێ هیچمان بە دەستەوە نامێنێ .. ژیان ئاوازێکی خەمگینە لەناو ژاوە ژاو وپێشبڕکێیەکی گەورەدا، بە جۆرێک ئەگرین و وا ئەزانین پێ ئەکەنین .. گرانترین ئاڵتون کە تەمەنە وونی دەکەین و بە چەند پارچە کاغەزێک دڵمانئەدەنەوە کە ناویان لێناوە پارە .. بازرگانه زۆر دەوڵەمەندەکان ئیدمانیان کرد لەسەر کاغەزەکان و نەیانتوانی بژین و لە دەرگاکانی عەشق و خەیاڵ بدەن .. سواڵکەرەکان هەموو تەمەنیان دەستیان بۆ کاغەزەکان پان کردەوە و..نەژیان و مردن ..
ئەم عەسرە یان هەر ئێوارەیەک گریان ڕێم لێ ئەگرێ، خۆمی لێ ئەدزمەوە و هەڵماقۆ بە یادگارییەکانم ئەکەم .. تێل بۆ هاوڕێیەکی کۆن ئەکەم باسی شەوانی قیسمی داخیلیی بۆ ئەکەم .. تۆیش خۆت بە شتێکەوە سەرقاڵ کە .. بە ژانێک لە دایکبووین و .. بە خەمێکیش ئەمرین ، تەنها تۆزێ سەبر ی ئەوێ

٭ ٭ ٭

مردن لەو کاتەوە دەردەکەوێت کە یەکەم هاوڕێت ئەمرێت.
هەستکردن به مردن، لە مردن خۆی ترسناکترە .
ئەکرێ مردن ڕزگارکەر بێ، لەکاتێکدا ڕۆژ بە ڕۆژ ژیان زیاتر بە ترس و خەم و ژان و ئازار ئەتەنرێ .
پێویستە هەوڵبدەین ژیان و مردن بکەینە تەواوکەر و بخەینە خزمەتی یەکتریی، بۆ ئەوەی هەم ژیان لە نائومێدیی و داڕوخان ڕزگار بکەین، هەم مردنیش لە ترس و غەریبیی و تەنهایی و وونبون بشۆینەوە .

٭ ٭ ٭

پیاسەیەکی یەک نەفەریی،
لەو هەموو ڕێگایانەی ..
لە ئەلف و بێی نوێ زیاتر
موڕاجەعەم کردبۆوە ..
تەنها پیاسەی یەک نەفەریم کڕیوە ..
سادە ..
گوڵ گوڵ ..
ئەتڵەس ..
قەیفە..
لە چێشتخانەکان،
بە دوای
مێزێکی یەک نەفەریدا،
گەڕاوم ، تا
دەعوەتێکی خۆم بکەم و
تازەترین شیعری
بۆ بخوێنمەوە ..
دوا خەم و ..
دوا ڕێگای ڕزگاربوون
لە هەڕاجخانەکەی دنیا ..

٭ ٭ ٭
وامزانی
هەتاهەتایە
زەنگی وانە
نابڕێتەوە ..
کە گوێمان لێ بوو،
چەن دووریش بین،
هەر یەکەی لە پۆلەکەی خۆی
زۆر خێرا کۆ ئەبێتەوە ..
وامئەزانی
ماڵی دارا و دادە و ئازاد،
وەک خۆیان ئەمێننەوە،
جارێکی تر
دۆی دادە ناڕژێتەوە ..

٭ ٭ ٭

وامزانی
کە خۆر ئاوا بوو،
وەک ڕۆژانی تر،
دێیتەوە ..
کە بەهار هات،
زۆر بۆت گەڕام ..
وامزانی لای چاوبازەیەک،
پارچەیەک زەویت ئەدەنێ و
ئەڕوێیتەوە ..

٭ ٭ ٭
هیچ شتێ ناڕوا و هیچ شتێ
لە جێی خۆی نامێنێتەوە ..
ئەوە خۆمانین
یان لەگەڵ ڕۆشتن، ئەڕۆین یان
خەیاڵێ
لای خۆی ئەمانهێڵێتەوە ..

٭ ٭ ٭

زۆربەمان ئۆنلاین ئەمرین ..

٭ ٭ ٭

کاتێ
یادگارێکانمان گەوره ئەبن و
ناتوانین لەگەڵ خۆمان
بیانگوێزینەوە..
زەهایمەر دێ و
لە کۆڵمانی ئەکاتەوە ..
بێ ویژدانە،
تەنانەت ناوی یار و
ناوی زانکۆ و
خۆیشمان لە بیر ئەباتەوە ..

٭ ٭ ٭

من شاخی گۆیژەم ..
ڕۆژێ قارون تەلبەنم ئەکا و
شەوێ قەیوان
لوتکەکانم ئەبڕێتەوە ..
ڕۆژێ سەرخۆش
ئەمسوتێنێ و
شەوێ ئێران
ئاگرم تیا ئەکاتەوە..
عەسرێ ئەبم بە ژێر پێی
ڤێلا تاوەرەکانەوە ..
شەوێ ئەمکەن بە مەڵبەندی
لەشفرۆشتن ..
نەما شاخەکەی جاران،
( شاخی سەوز و بەرزی گۆیژە
باعیسی کەیف و سرور
هەر ڕۆژەی ڕەنگێ ئەنوێنێ
گا سپی گا سەوز و سوور )

٭ ٭ ٭

ساتێ بوو
ڕۆی ..
وەک ئەم ساتە ..
وەک ئەو
ساتەی
لە پاش کەمێ
دێت و ئەڕوا ..
هەموو ئەڕۆن ..
نە بۆ سبەینێ دڵتەنگ بە و
نە بەبایشی بکە
کای کۆن ..

٭ ٭ ٭
ئەوەیش بزانە ..
هەموو ڕێگاکان
ناڕۆنەوە بۆ بانە ..

٭ ٭ ٭

ئەکرێ
دوو کەس بین ..
ناکرێ
یەک کەس بین،
بەوجۆرە
ڕەنگە
توشی هەرەس بین ..
هەر کەس با خۆی بێ..
لەگەڵ خۆی نەیبا،
گەر سەد ڕەشەبا و
زریانیش بۆی بێ ..
( بە جێت ئەهێڵم
نامەوێ تۆ بم ..
بەجێم بهێڵە
نەتەوێ من بیت )

٭ ٭ ٭

ئەمجارەیان باران هات
ناهێڵم بڕوات ..
ئەڕۆم لەگەڵی ..
بێجگە لەو
کەس نەما
بۆ هاوڕێیەتیی
یان بۆ هاوەڵیی ..

٭ ٭ ٭
هەموومان
وای نیشان ئەدەین
باشین و
لەناخیشەوە
گیان ئەدەین ..!

نەوزاد بەندی




قوربانی بوون/ جەلاد بوون/ موسوڵمان بوون و شتی تریش.. نەوزاد بەندی

پێویست بەو هەموو ڕەشبینییە ناکات، چونکە هەرچییەک لە کۆمەڵگادا بگوزەرێت، ئیشی دەستی خۆمانە، ( ذلك بما كسبت ایدیكم ..) لە قورئاندا هاتووە، واتا ئەوە ئیشی دەستی خۆتانە.
هەموومان لە ناهەموارییەکاندا بەشدارین، ئیتر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە پڕۆسەکاندا بووین، یان ناڕاستەوخۆ، لە ڕێی بێدەنگیی و چاوپۆشیی و ئاگرە سوورە لە خۆم دوورەوە.
هەموومان نائومێدیی بڵاوبکەینەوە ئەگەینە چی؟ لە کاتێکدا هەموومان بە جۆرێ لە جۆرەکان ئەو دۆخەمان دروستکردووە و قبوڵمانە و تێیدا ئەژین و وەچەیش ئەخەینەوە ..
هەر بۆیە ئەم ئەدەبیاتی ناڕەزایی بوون و ڕەشبینییە بەرامبەر بە هەموو شتێک، هەمان ئەو ووتاری دەسەڵاتەیە کە خۆیان گەندەڵییان دروستکردووە و لیژنەیش پێکدێنن بۆ نەهێشتنی گەندەڵیی .. هەمان ئەو ناڕازیی بوونەی حیزبە ئیسلامییەکانە له یەکێتی و پارتی کە بۆچی یەکناگرن، لە کاتێکا خۆیشیان یەکناگرن و چەند جۆرێک لە ئیسلاممان لا دەست ئەکەوێت.
هەڵەیەک کە بە کۆمەڵ کردوومانە، ئەبێ بە کۆمەڵ ڕاستی بکەینەوە.. نیشتمانێ، کولتوورێ، مێژوویەک، کە بە هەموومان شێواندوومانن، ئەبێ بە هەموومان چاکیان بکەینەوە..
ئەگینا من لە جێی خۆمەوە، خۆم بە فریشتە ببینم و ئەوانیش بە شەیتان .. ئەو لە شوێنی خۆیەوە، خۆی بە ماندێلا دابنێ و ئەوانی تریش بە نیشتمانفرۆش .. تۆ لە شوێنی خۆتەوە، خۆت بە بێتاوان و قوربانیی دابنێیت و ئەوانی تریش بە تاوانبار و ڕاوچێ، ناگەین بە هیچ .. کێشەکان کە خۆمان دروستمان کردوون، لە جیاتی چارەسەریان بکەین، ئەیکەین بە فتبۆڵێک و هەر یەکەی بۆ ئەوی تری هەڵدەدات هەتا یارییەکە کۆتایی دێت.
کێشەی موسوڵمانی ئەمڕۆ بە گشتی و موسوڵمانی کورد بە تایبەتیی ئەوەیە، ئەیانەوێ وەک مرۆڤێکی ئەوروپیی بژین، لە هەمان کاتدا وەک خەلیفەیەک حەق و حیسابیان لەگەڵدا بکرێت.. ئەیانەوێ بە دنیاوە بنوسێن و ئاوێتە بن، هەمان کات لە ئاسمانەکانیشدا فریشتەکان کارئاسانییان بۆ بکەن.. ناڕەزایەتییەکانیشیان زۆرینەیان بۆ کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە مادییەکانی دنیایە، نەک بۆ کەمتەرخەمییەکانیان لە ئەرکە ئاینییەکانیاندا ..
ئەوانەیش هەمووی بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە، پەڕتەوازەن و هەر یەکەی بە تەنیا بۆ خۆی ئەژی .. هەر یەکەی بۆ خۆی حوکمەتێکە ..بۆ خۆی بیریارێکە ..بۆ خۆی ڕێبەرێکە..
ئەمەیش عاقیبەتەکەی خراپتر ئەبێ، ئەگەر نەگەڕێنەوە بۆ لای ئەسڵی ئایەتەکانی قورئان، کە پڕۆسیجەری مرۆڤبوون و ڕابەرایەتیی ڕاستەقینەیە لەو دنیا خەیاڵییەدا.
ـ( ئەها .. خەریکە بڵێم بە خوا زانام ئەو هەموو ووشەیەم نوسی ..ئای چەند دانام !! .. ئا ئەمەیە لوتبەرزیی و خۆ بە شت زانین و خەڵک بە هیچ نەزانین ..خۆ بە فریشتە زانین و خەڵک بە شەیتان زانین ..ئەو لووتبەرزییە لە کاڵفامیی و لە زۆریی دنیاپەرستییەوە دێ .. لە خۆشویستنی دنیا و ترس لە مردنەوە دێ .. لە عەشقی دنیا و هاوڕێیەتی شەیتانەوە دێ و ..لە ڕق لە مردن و ڕق لە دیداری خواوە دێت ..
ئەم دنیا خۆشویستن و ترسان لە مردنە، کۆیلە دروست ئەکات.. کەسێک دروست ئەکات ترسنۆک و خۆپەرست و دوور لە شۆڕش، وەک ئەو مرۆڤانەی ئەمڕۆ لەسەر زەمین ئەیانبینین، بۆ نمونە پاپا نیو ئەوەندەی پۆتین و تڕەمپ نادادییان نەکردبوو، شۆڕشێکی گەورەی ڕێنیسانیسیان لە دژی ئەنجامدا کە هەموو ئەوروپای گرتەوە، ئەی بۆچی ئەمڕۆ ئەو شۆڕشە ڕوو نادات؟ بە هۆی ئەوەیە مرۆڤەکان عەشقی دنیا بوون و لە مردن زۆر ئەترسن، ئەوەیش بە هۆی دوور کەوتنەوەیانە لە بیر و باوەڕ و ئایین ، لە کەلچەر و بیرکردنەوە و هەڵوێستوەرگرتن و کاردانەوە .. ئێستا، لەم جیهانەی ئەمڕۆدا، ئەوەی نزیکی ئایین و بیر و باوەڕەکان بکەوێتەوە، لێی ئەترسن و پێی ئەڵێین تیرۆریست، لە ڕاستیدا ئەوە هەوڵێکە بۆ مانەوەی کۆمەڵگا لە بازنەی مێگەلبوون و .. عەشقی دنیا و ترس لە مردن، بۆ ئەوەی بیری شۆڕش و ئەلتەرناتیڤی تێدا نەمێنێ، تاکو دەسەڵاتەکانی دنیا لەو هەموو تاوانە ماددی و مەعنەویانە بەردەوام بن.
قوربانیی بوون و جەلاد بوون، خودی قوربانیی و جەلادەکە بڕیاری لەسەر ئەدەن، چونکە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی،کۆمەڵگای دارستان نییە، شێر و ئاسکیشی تیا بێ، کەمتیار و کەروێشکیشی تیا بێ، تێکڕای کۆمەڵگای مرۆڤ، مرۆڤن ، بەڵام هەندێکیان بڕیار ئەدەن ببنە قوربانیی و هەوڵ ئەدەن شانیان هەڵیبگرێ .. لە بەرامبەردا هەندەکەی تریش بڕیار ئەدەن ببنە جەلاد و ڕاوچی .. ڕەنگە بڵێم قوربانییەکان تاوانبارترن لە ڕاوچی و جەلادەکان، چونکە ئەوان لە سەرەتاوە ڕێخۆشکەر و پاڵپێوەنەری جەلادەکان بوون تا ببن بە ڕاوچی بە سەریانەوە ..
(نزار قبانی) لە شیعری (مذكرات سیاف العربي) دا ئەڵێ :

انا منذ أن جئت الى السلطة طفلا
ورجال السيرك يلتفون حولى
واحد ينفخ ناياً..
واحد يضرب طبلا
واحد يمسح جوخاً .. واحد يمسح نعلا..
منذ أن جئت الى السلطة طفلا..
لم يقل لى مستشار القصر (كلا)
لم يقل لى وزرائى أبدا لفظة (كلا)
لم يقل لى سفرائى أبدا فى الوجه (كلا)
لم تقل إحدى نسائى فى سرير الحب (كلا)
إنهم قد علمونى أن أرى نفسى إلها
وأرى الشعب من الشرفة رملا..
فاعذرونى إن تحولت لهولاكو جديد
أنا لم أقتل لوجه القتل يوما..
إنما أقتلكم .. كى أتسلى.

واتا هیچ کەسێ پێی نەووتم نەخێر، هەموویان سەریان بۆ ئەلەقاندم و ئەیانووت فەرمایشتی جەنابتە، قوربان .. بۆیه بووم بە دیکتاتۆر و .. هەر بۆ کەیف و خۆشیی، خەڵک ئەکوژم.

بوون بە قوربانیی و جەلاد شتێکی سروشتیی و سەپێنراو نییە ..
زۆرینە بە خواستی خۆیان سەری چەندەمین جار ئەڕۆنەوە دەنگ دەدەنەوە بە یەکێتی و پارتی بۆ نمونە .. یان دەنگ دەدەنەوە بە تڕەمپ .. بە گاڵتە و سوکایەتییش تەماشای سیمبوڵە جوانەکانی کۆمەڵگا دەکەن و پەڕاوێزیان ئەخەن ..
ئەگەر سەپاندن وا لە مرۆڤ بکات بێ خواستی خۆی کۆیلە و قوربانیی و داردەست بێ، هیچ واتایەک بۆ بەهەشت و دۆزەخ، پاداشت و سزا نامێنێتەوە .
خوای بەخشندە تەواوی مرۆڤەکانی بە جێنشینی خۆی داناوە لەسەر زەمین، تەواوی ئیرادەیشی داونەتێ، بەڵام چی دەڵێی لەگەڵ زۆرینەدا کە واز لەو وەزیفە گەورەیە دێنن و ئەبنە کۆیله و قوربانیی ؟؟ کارەساتە گەورەکەیش هەر لێرەدا تەواو نابێ، کە ژیانێکی سوک و مافخوراویان دەبێ، بەڵکو کارەساتە گەورەکە لەوەدایە کە بەهەشتیش جێگای کۆیلە و ملکەچی تیا نابێتەوە .. ئێ لۆژیک قبوڵ ناکات منێکی ڕەزامەند بەم هەموو زوڵمە کۆمەڵایەتییەی کە لێم کراوە ببمە دراوسێی حەمزە ..ئێ چۆن شێری شەهیدی ڕێی ڕاستی و .. کۆیلە و ملکەچی مافخورای ترسنۆک ئەبنە هاوجێ و هاوسێ؟ .. گەر ئەویش قبوڵی بکەت، من خۆم پێم قبوڵی ناکرێت..
کێشەکە لێرەدایه کاتێ خۆشەویستی دنیا و ترس لە مردن وامان لێ دەکات ببینە قەسعەیەک هەرچی ناکەسبەچەیه لێمان بخۆن، خۆ هەر لێرەدا تەواو نابێ .. ئێ چۆن پۆڕی خوراو و قەسعەی ئەتککراو و گڵاوکراو ئەکرێ ببێتە دراوسێی خالیدی کوڕی وەلید بۆ نمونە لە بەهەشتا ؟؟
( خسر الدنیا و الاخرة) ، ئەو هەواڵەی لە قورئان وفەرموودەدا هاتووە، تایبەتە بە قوربانییەکان کە خۆیان بڕیاریان لێداوە و هیچ کەسێک ناچاری نەکردوون ئەو دوو پۆستە لە دەست بدەن ، چونکە جەلادەکان لە دنیادا هەر چۆنێ بێ شاهانە و شێرانە ژیاون، تەنها ئاخیرەتەکەیان لە خەتەردایه ..ئەوەی خەسارەتی دنیا و ئاخیرەتە تەنها مێگەلە کۆیلە و بەشخوراو و سەرشۆڕەکەیە.
هەموو ڕێگاکان ئەڕۆنەوە بۆ بانە لای خۆمان و بۆ ڕۆما لەلای ئەوروپێکان.
بەڵام وەک دیکارت ئەڵێ پێویستە بزانین کە نازانین نەک نەزانین کە نازانین ..
واتا پێویستە بزانین ئەم پاشاگەردانیی و پاشکۆیەتیی و بێ ئەرزشکردنەی کۆمەڵگا، ڕەشەبا و زریانێکی سروشتیی نییە، بەڵکو کاری دەستی خۆمانە و بە گشتی خۆمان بڕیارمان لەسەر داوە.
ئەمڕۆ عەبدوڵڵای مەلا نوری و ئەوانی تر داوایان لە خەڵک کرد ڕێپێوان بکەن نەک چەکهەڵگرتن، لە کاتێکدا چەکیش هەڵبگیرێت، هەر ڕەوایە ..بزانە چەند کەس چوون بە دەم داواکەیەوە ؟
هەر یەکەی بە بیانوویەک خۆی لەو ئەرکە مرۆیی و دینیی و نیشتمانیی و تەنانەت قیامەتییەیش دزییەوە ..
ڕەشبینییەکەی من و ئێوە جیاوازییەکی بچوکیان هەیە، ئەوەی من ئەڵێم تەشتە قوڕەکە خۆمان کردوومانە بەسەری خۆماندا، بەڵام ئێوە ئەڵێن تەشتە قوڕەکە کراوە بەسەرماندا ..
تابلۆکە یەک تابلۆیە، وەک چۆن جەنازەیەک لە توبی عەدلی، خۆی کوشتبێ یان کوژرا بێ، هەر جەنازەیەکە و گیانی تیا نەماوە.
کاتێ لە کۆمەڵگایەکدا بۆ ماوەی پەنجا ساڵ ووتار و ئەدەب و ڕەخنە و چیرۆک بنوسیت، دواجار نەک کۆمەڵگا، تەنانەت مناڵ و برا و خوشک و خێزانەکەیشت بە قسەت نەکەن و تاقەتیان نەبێ بتخوێننەوە، ئەمە جەنازە نەبێ، ئەبێ چی جەنازه بێ ؟
بە گشتی من نائومێد و ڕەشبینم، بەو مانایە نا کە ئومێدم تێدا نەبێ، بەڵام ئەو کۆمەڵگایەی تێیداین ئومێدی تێدا نییە .. ئەو بەشەی کە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیم، مردووە ..بەڵام له بەشەکەی خۆمدا پەیوەستم بە ئومێد و ئامانجە گەورەکانەوە و ..تا دوا هەناسە لە هەوڵی نوسین وڕەخنە و لێکدانەوەی فیکریی و دیالۆگدام نەک لەسەر سکرینەکان بەڵکو لەو پەیجانەی شتێک لە دیالۆگ و لۆژیکیان تێدا ماوە، ئەوە بێجگە لەو خزمەتە کردارییەی کە 35 ساڵە ڕۆژانە خزمەتی تێدا ئەبەخشم بە کۆمەڵگا وەک کارمەندێکی تەندروستی ، لە ئێستاوە تا پەنجا ڕۆژی تریش خۆشبەختانە یان بە داخەوە، خانەنشین ئەبم ..
خۆشبەختانە: چونکە لە گێژاوێکی پڕ لە چاوەڕوانیی و ناتەبایی و دژایەتیی ڕزگارم ئەبێ، هەمان کات، بە داخەوە : چونکە کۆمەڵێ هاوڕێ کە زیاتر لە 30 ساڵە پێکەوەین، بەجێ دەهێڵم، لە گێژاوەوە ئەکەومە ناو بۆشاییەوە..
( بە ئاگادارییەوە ئەم ووشانە ئەنووسم تا نەکەومەوە ناو نێرگزیی بوون و خۆشویستنی خودەوە کە نەک زۆرینە بگرە هەموومان بەردەوام تێی دەکەوین، بە پاڵێکی زانایانەی شەیتانەوە لەو کاتانەدا کە لە لۆژیک دادەبڕێین و ..بەرەبەرە پێمان ئەڵێ خالیق کێیە، تۆ خۆت خالیقیت ..داهێنەر کێیە، تۆ خۆت داهێنەریت .. کێشە سەرەکییەکەیش ئائەو گریمانە ترسناکەیە کە پێشنوێژی گەندەڵ و سەرکردەی نیشتمانفرۆش و دەسەڵاتداری ملیاردێر و دڕندەی لێ پەیدا ئەبێ..
شتی تریش …




سامان و سامانی گشتی.. نەوزاد بەندی

مرۆڤ لەمامەڵەکردنی لەگەڵ سامانەکانی سەر زەویدا، ڕەنگە گەمژەترین بوونەوەر بێ.. کاتێ پەلاماری داهات و کانزاکانی زەوی دەدات و ..زەوییەکان پاوان ئەکات و سنووریان بۆ ئەکێشێ ..داهاتەکان کۆ ئەکاتەوە و ئەیباتەوە بۆ ماڵی خۆیان.
ئەم بوونەوەرە گەمژەیە، تەنها بەوەندەیشەوە ناوەستێ، ئەکەوێتە کۆکردنەوەی سوپا و چەک و تەقەمەنیی بۆ ئەوەی سامان و داهاتی ئەوانی تر داگیر بکات.. بە بێ ئەوەی چاوێک بە مێژوودا بخشێنی، ئاخۆ ئەوانەی لەو پێناوەدا ژیانیان تێپەڕاند، بە ئاسودەیی گەیشتن؟ ..ئایا کۆتایی ئەو داگیرکار و مافیا و دزانە چی بوو؟ ژیانێکی پڕ لە شەڕ و نەهامەتیی و کێشە و بێزاریی و دڵەڕاوکێ، دوای ئەوە دەسەڵاتەکانیان پوکانەوە و کەوتنە بەر لەعنەتی هاووڵاتییەکانیان و لە مێژوویشدا وەک دێوەزمەیەکی ناشیرین و قێزەون لەناو تەنەکەی خۆڵەکاندا فڕێدران.. لە ئەدەب و هونەر و کەڵچەرەکاندا، بوونە سیمبوڵی نادادیی و زوڵم و ..چەندەها ڕۆمان و فیلم و دۆکیۆمەنتارییان لێ بەرهەم هێنان، بۆ ئەوەی نەوە دوای نەوەی مرۆڤایەتیی، قین و ڕقی خۆیانیان بەسەردا ببارێنن و لە یاد نەچنەوە..
ئێ باشە، تێ ناگەم، بۆچی ئەم داگیرکار و مافیا و دزانە کەمێک حەوانەوە نادەن بە مێشکیان و پەندێک لە مێژوو وەرناگرن و . . تۆبەیەک ناکەن و ..واز لەو بازرگانییە قێزەونە ناهێنن ؟
ڕوخساری پاقلە فرۆشێک، زۆر هێمنتر و بەختەوەرتر و بێ گرێ و گۆڵترە، چاوەکانی شانازیی و ئارامییان تێدا ئەخوێنرێنەوە، لە کاتێکدا تەماشای سەرۆکەکان و گەورە مافیا و دزەکان بکە، ڕوخساریان یەکپارچە دڕدۆنگیی و ترس و بێزاریی و دڵەڕاوکێ و نائارامییە، چاوەکانیان وەک گۆمی خوێن وان، پڕ پڕن لە شکست و ئازار و تلانەوە و شەونخونیی و دۆڕان..
ئێ باشە ئەمانە کە لەو دۆخە قورس و تاقەتپڕوکێنەدان، چی لە دەسەڵات وماڵ و سامانە زۆرەکانیان ئەکەن؟ ئەو هەموو تریلیۆن و ملیارانەی دەستیان بەسەرداگرتووە، کەی ئەیخۆن؟ یان لە بنچینەدا ئەو هەموو داهاتە چی بۆ کردوون؟ لە کاتێکدا گەورەترین سەرمایەی مرۆڤ تەمەن و دڵخۆشییەکەیەتی، تەمەنەکە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەڕوات، ئەوەیان لە دەسەڵاتی هیچ کەسێکدا نییە و دوای حەوت هەشت دەیەی تەمەن، ئیتر مرۆڤ و مردن لەسەر مێزێک و لە قاوەخانەیەکی خەمگین یەک ئەگرنەوە، هەر بۆیە لوتکەی گەمژەییە، ژیانت لە دڵەڕاوکێ و جەنگ و ناتەبایی و ترسدا بەسەر ببەیت ..
مرۆڤ ماڵ و سامانی بۆچییە لە کاتێکدا تەنانەت خاوەنی خۆیشی نییە .. هاتنە دنیات و لە دنیا دەرچوونت لە دەرەوەی خواست و ئارەزووی خۆتدایە .. هەر ئەندامێکی لەشت بەروارێکی دروست بوون و بەروارێکی بەسەرچوونیان لەسەرە، کە هیچ لیژنەیەکی قایمقامیەت و تەندروستی ناتوانن بیخوێننەوە و بزانن چ بەروارێکە ڕەنگە خولەکێکی تر بێ یان مانگێگ ، ساڵێکی تر، بەڵام هەمووان ئەزانن کە خاوەنی هیچ ئەندامێکی لەشیان نین و نایشزانن کەی دڵیان لە لێدان ئەکەوێت ..خەڵکێک هەبوون دوێنێ وەک من و تۆ ژیاون و سەرقاڵی ماڵ وسامان و کۆکردنەوەی دینارەکان بوون، ئەمڕۆ مردوون .. یان ئەمڕۆ ئەندامێکیان لە دەست داوە..
بڕۆن بۆ قاوشی نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و شکاویی، ئەوسا بۆتان دەرئەکەوێ ئێمە نەک خاوەنی ماڵ و سامان و دینار نین، بەڵکو خاوەنی خۆیشمان نین و لەهەر ساتێکدا، گیانمان لێ وەرئەگرنەوە و تەواو ئەبین .. بومەلەرزەیەک لە کەمتر لە نیو خولەکدا، سەدان هەزار کەس ئەکوژێت، ئایا ماڵ و سامان و زانست و تەکنۆلۆژیا ئەتوانێت چ کارئاسانیی و فریاد ڕەسییەک بۆ ئەو سەدان هەزار مرۆڤە مردووە بکات؟
کاتێ ڤایرۆسێک یان بەکتریایەک کە نابینرێ و بە ملیۆنان مرۆڤ لەناو ئەبات، مرۆڤ و دەسەڵات و پارە و سامان و پاسەوانەکانیان ئەتوانن چییان بۆ بکەن؟ ئەو هەموو کۆشک و چەک و پاسەوان و ماڵ و سامانە‌ بینراوە، بۆچی لە ئاست ئەو دوژمنە کوشندە نەبینراوەدا دەستەوسانن ؟ بەکتریایەک کە هەزار جار گەورە ئەکرێ، ئینجا هێندەی پارچە دەزوویەکی یەک میلیمەترییە، ناوی لێ دەنێین سیل یان تاعون و لە سەردەمێکدا ملیۆنەها مرۆڤی سەر گۆی زەمین ڕاپێچی مردن ئەکات.

لێرەدا ئیتر نەزانیی و گەمژەیی مرۆڤ دەردەکەوێ لە بەرامبەر چۆنێتیی ژیانکردن لەسەر ئەم ئەستێرەیەدا، لە بەرامبەر فڕان فڕان و خۆ پڕکردن لە شتی بێ سوود، خۆ سەرقاڵکردن بە خاک و خۆڵەوە، بە بێ ئەوەی بیرێک لە خۆی بکاتەوە؟ ئایا ئەو بۆچی دروست کراوە؟ بۆ خواردنی خاک و خۆڵ یان بۆ بەرزبوونەوە بۆ ئاسمانەکان و ڕزگار بوون لە خاک و خۆڵ ؟ ئایا ئەو شتانەی ئەو خۆی تەنگەتاو کردووە و ژیانی بۆ تەرخان کردوون، چ شتێکن؟ هەر هەمووی خاک و خۆڵن و لە خاک و خۆڵ دروستکراون، ئایا تۆ بۆ ئەوە دروستکراویت تەمەنت لە خۆڵ کۆکردنەوەدا بەسەر ببەیت؟ سوودی چیە ئەو هەموو خۆڵەی لە خۆتت کۆکردۆتەوە لە کاتێکدا هەرچی شتێ لەسەر خۆڵ بێ ئەبێتەوە بە خۆڵ، ئیتر ئەم تێرنەخواردنە لە خۆڵ، بۆچی و لە پێناوی چیدا؟
بیریارێکی عەرەب ئەڵێ هۆکاری ڕەقبونەوە وخنکان و لە گەرمادا مردنی مرۆڤ هی ئەوەیە مرۆڤ لە بنچینەدا خەڵکی سەر زەوی نییە و لە ساتێکدا دابەزێنراوەتە سەر زەوی، ئەگینا بۆچی گیاندارانی تر پێویستیان بە گەرمکەرەوە وساردکەرەوە و پێخەف و پۆشاک و کوڵاندنی خۆراک و نەخۆشخانەی مناڵبوون نییە؟ زەوی هی ئەو گیاندارانەیە و ژیانیان بۆ سەر زەمین گونجاوە، بەڵام مرۆڤ بەو زەمینە نامۆیە و لەسەر ئەو زەمینەدا میوانە ..
هەر بۆیە مرۆڤ پێۆیستە میوانێکی گەمژە و چاوچنۆک نەبێ و نەکەوێتە دزیکردن و پڕ پیاکردنی سەروەت و سامانەکانی زەوی، زەوییەک کە بە هیچ جۆرێ جێی مانەوەی ئەو نییە..پێویستە لە جیاتی ئەوەی وەک گیانەوەرانی تر، پەلامار بدات، بیر لە خۆی بکاتەوە و سەرقاڵی زانستی ئەنسرۆپۆلۆجی ( مرۆڤزانی ) بێ، بۆئەوەی تێبگات ئەوێک کە لە هیچ گیانەوەرێک ناچێ و زەمینیێک کە هیچ وەرزێکی بۆ ئەو نەگونجاوە، چی ئەکات لێرە و ..شوێنی ڕاستەقینە و نیشتمانی ئۆرجیناڵی ئەو لە کوێیە ؟

ئایا ژیانکردنی مرۆڤ لەسەر زەمین، تەنها لە ڕێی داگیرکاریی و زوڵم و قەتڵ و عام و تاڵان و بڕۆوە ئەکرێت؟
ئایا مرۆڤ تەنها ئەبێ فێڵ لە مرۆڤەکەی تر بکات و بیکاتە سەرباز و جوتیار و کرێکار و خزمەتکاری خۆی ؟
ئایا مرۆڤ بۆ ئەوە دروستکراوە زەوی و ئاسمان و دەریاکان بۆ خۆی پاوان بکات و لەو پێناوەدا جینۆساید و جەنگ و قات و قڕیی و بەد ڕەوشتیی بڵاو بکاتەوە؟
ئایا مرۆڤ بۆ ئەوە هاتۆتە بوون خۆی بفرۆشێ و ببێتە کۆیلە و خزمەتچیی دەسەڵاتدارە زاڵمەکان؟
نەخێر..
مرۆڤێک کە خاوەنی خۆی نییە، چۆن ئەتوانێ ببێتە خاوەنی زەوی و ئاسمان و ئەوانی تر ؟
مرۆڤێک لەهەر چرکەیەکدا بێ، ئەندامێ یان زیاتری لەکار ئەکەوێ یان بەتەواوەتی ئەمرێ و لەناو ئەچێ، ئەم مرۆڤە بە چ عەقڵ و لۆژیکێک هەوڵ ئەدات دەست بۆ ژیان و نان و زەوی و ئازادی مرۆڤەکانی تر ببات و داگیریان بکات ؟
لە کاتێکدا لە زانستی دەروون و کۆمەڵایەتیدا سەلمێنراوە، مرۆڤ لەناو بازاڕدا نائارامە و هەمیشە لە دڵەڕاوکێییەکی ئاشکرا و نهێنیدایه، ئەی ئاخۆ ئەگەر ئەو مرۆڤه زاڵم و مافیا و دز بێ، ئەبێ کێرڤی نائارامیی و دڵە ڕاوکێکەی بگاتە کوێ ؟ ئەبێ ڕادەی ترس و دڵەخورپە و ڕێژەی ڕژاندنی هۆرمۆنی ئەدرینالینی لە چ ئاستێکدا بێ؟
ئێ ئەم هەموو دەرد و خەم و ئازار و گرێ و گۆڵە دەروونییە بۆچی؟ لەکاتێکدا تۆ دوای حەوت یان هەشت دەیە، ئیتر ڕۆژانە قۆڵ ئەکەیت بە قۆڵی مردندا و .. قاوشەکانی نەخۆشخانە و کانیۆلا و چاودێری چڕ بە ڕجا و تکا، چەند سانتیمەترێک و چەند سەعات و ڕۆژێک مردنت لێ دوور ئەخەنەوە.. کە پاشان بە خێرایی دێتەوە بۆ لات ؟
کاتێ خوێندکاری زانکۆ بووین، له پشووی هاویندا ڕاهێنانی سەربازییان پێ دەکردین، فەسیڵەکەی ئێمە زۆر چالاک و جوان ئەڕۆیشتین، بڕیاریان دا بمنانبەن بۆ مانۆڕی فەسیڵە چالاکەکانی هەموو زانکۆکانی عێراق، لە تکریت، مانۆڕی سەربازیی بکەین کە ڕەنگە سەرۆک کۆماریش ئامادە بێ..
چەکەکانمان فیشەکیان تێدا نەبوو، لەگەڵ ئەوەیشدا له بەرەبەیانی مانۆڕەکەدا، یەک به یەک مەخزەنی چەکەکانیان لێکردینەوە و ئەقسامی چەکەکانیشیان ڕادەکێشا نەک فیشەکێکمان لە سەبەتانەی چەکەکەدا، حەشار دابێ و سەرۆکی پێ بکوژین ..! هێشتا سەرۆک خۆی نەهات و جێگرەکەی نارد .. ئەوسا قەبارەی ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەم بۆ دەرکەوت کە سەرۆکی تێدا ئەژی ..
توخوا ئەوە ژیان بوو ژیایت، سەرۆک ؟
باشە ئەگەر وازت لەو هەموو ئەفسەر و سەرباز و کۆیله و ماڵ و حاڵەت بهێنایە و .. وەک مرۆڤێکی ئاسایی، بەبێ پاسەوان و کۆشک و تەلار، بە دنیای خوادا بگەڕایتایە خۆشتر نەبوو؟
چیت لەو ژیانە دەستکەوت، بێجگەلە خەم و ترس و دڵەڕاوکێی خۆت و .. کوشت و بڕ و ڕاگواستن و برسیکردن و هەتیوکردنی مناڵان و بێوەژنکردنی ژنان ؟
ئاخر ئەگەر بەو کارە دڕندانانەیشت بەو دزیی و پاوانخوازیی و زوڵم و زۆرەیشت، بە لایەنی کەمەوە خۆت نەمر بوویتایە یان دڵخۆش و ئارام بوویتایە، بە هەر حاڵ ..بەڵام ژیانێکت هەبوو، سەگ نەیبوو ..چەندەها هەوڵی کوشتنت کرا و .. لە تۆڵەیاندا چەندەها کەست کوشت و هەزاران گوند و شارۆچکەت لەگەڵ زەویدا تەخت کرد .. لە هەر چوار قوڕنەی دنیاوە جنێو و هێرشی ڕاگەیاندنت ئەکرایه سەر، توخوا ئەوە ژیان بوو تۆ بردتە سەر ؟ سەگ بە حاڵت سەرۆک، کە دواجار بەرەڵا کرایت و ..خۆت و دار و دەستەت کەوتنە ژێر پێی میللەتە بریندارە تووڕە بێ هیواکەتەوە ..
ئەوانەی ئەمڕۆیش، ئەکرێ لە خۆیان بپرسن : ئەرێ ئێمە بە تەمای چین ؟ ماڵ و سامانی ملیۆنەها مرۆڤمان دزیوە بۆ خۆمان، کۆشک و ملیارەها دۆلار و فڕۆکەی تایبەت، چ سوودێکیان هەبووە بۆمان ؟ کوا دڵخۆشیی و دڵنیایی و ئارامیی ؟ کوا ئازادی پیاسەیەک بە تەنیا بە شەقامەکاندا ؟ کوا سەربەرزیی ؟ کوا ڕێز لە کاتێکدا هەموو و میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سیخناخن لە جنێو و هەڕەشە و سوکایەتیی پێمان، ئایا حەفتا هەشتا ساڵی نادیار و بێ گرەنتی، لەو دنیا ڕەق و تەقەدا، ئەوە ئەهێنێ ملیۆنەها خەڵک جنێومان پێبدەن لەبەرئەوەی نان و ئازادیمان لێ دزیون ؟
ئایا نان و ئازادی ملیۆنەها کەسمان بۆچییە لە کاتێکدا نە فریای خواردنی نانەکەی خۆمان ئەکەوین و ..نە ئەیشتوانین بۆ ساتێ چێژ لە ئازادی خۆمان وەربگرین ..
جیاوازی نێوان زیندانیی و پۆلیس چییە؟ هەر یەکەیان لە دیوێکی شیشەکەوە وەستاوە، زیندانییەکە سەربەرزە بەوەی لە پێناوی ئازادیی و مافە ڕەوەکانیدا زیندانە، بەڵام پۆلیسەکە بە ئازاری ویژدانەوە ئەژی لە کاتێکدا هەمووان پێی دەڵێن داردەست و کاسەلێسی زاڵم و شتێک نییە شانازیی پێوە بکات.
هەر بۆیە هەرچی زووترە، پێویستە سەرۆکەکان و بازرگانە چاچنۆکەکان و فێبازەکان و دزەکان و مافیاکان، ڕاوەستن و بیر بکەنەوە و بپرسن: ئەرێ ئێمە خەریکی چین؟ ئەم خۆڵخواردن و خۆڵدزین و خۆڵکۆکردنەوەیە چییە لەسەری قوڕمیش کراوین؟ ئەی کەی بە مرۆڤایەتیی خۆمان شاد بین و بەو دنیایەی کە هی هەمووانە هەڵبەزین و دابەزین و واز لە خۆڵخواردنی حەرام بێنین؟
نالی ئەڵێ :
مەگەر دەعوایی پاکیی نەسەب بۆ جیفەیی دنیا
کەسەیید بی، چ بەرزنجی. چ پیریایی، چ زاراوی
وەرە ئەم نیکتەیە من پێت بڵێم نالی ئەگەر فەرزەن
هەموو دنیات ببێ، هێشتاکو هەر حەیران داماوی
نازم حیکمەتیش کە لە پێناوی ئازادیی مرۆڤدا هەموو گەنجیی خۆی لە زینداندا بەسر برد :ئەڵێ :
ئەم دنیایە نوقووم ئەبێ
کەشتی ڕێگر و دزەکان نوقوم ئەبێ …

نەوزاد بەندی




دەسەڵاتدارانی هەرێم و دڵخۆشکردنی خەڵک.. نەوزاد بەندی

بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتیی، هیچ دەسەڵاتێک لەم سەرزەمینەدا، ئەوەندەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دڵی میللەتەکەیان خۆش نەکردووە .. ئەوەندەی دەسەڵاتدارانی کورد ، کوردیان نەگەیاندۆتە لوتکەی کەیف و ئارامیی و هێوربوونەوەی دڵ و ڕۆح.
دوێنێ شەو موبەڕیدەکە ئینزاری بێ ئاویی دا، چومە سەربان، تەماشا ئەکەم تەنکێکە دوو بست ئاوی تێدایه، هەر بۆیه بە پەللە موبەڕیدەکەی خۆمانم کوژاندەوە، بەڵام دڵم نەهات موبەڕیدەی مناڵەکان بکوژێنمەوە، ووتم بەڵکو بەرەکەتی تێ بکەوێ و ئەو شەوە لەناو گەرمادا نەتلێنەوە.
ئیتر دڵەڕاوکێ و بێزارییەکەم دەستی پێکرد، لەگەڵ ئەوەیشدا کارێزی عەرەق لە پشت ملمەوە تەقی و .. بە گازەرای پشتما هاتە خوارەوە، بۆنی عەرەقی بن باڵم بێزاری کردم، چونکە بە تەما بووم دوشێک بکەم کاتێ موبەڕیدە بۆر ئەو زەنگە دڵتەزێنەی دا بە گوێمانا، زەنگی کەمبوونەوەی ئاو..
ئیتر تاقەتی نوسین و خوێندنەوەم نەما، شەوێکی زۆر گەرم و قورس و پڕ لە خەمۆکییم بەسەر برد، تەنانەت حەوسەڵەی وەڵامدانەوەی مۆبایل و کۆمێنتی هاوڕێکانم نەبوو.. لە دوای نیوە شەو هەتا بەیانی چەند جارێک چومە لای بۆری ئاوی ڕەئیسی و گوێم لێگرت، بێدەنگ و بێ وورتە، لە خەوێکی قوڵدا بوو..بەلوعەم ئەکردەوە قڕقێنەیەکی ئەدا و پێی ئەووتم: ئیشێکت هەبوو ؟
ماڵێکی لە کوڵهاتوو، قاپ و کەوچک لەسەر سنکەکە کەڵەکە بووبوون، پیاو نەیدەوێرا تەنانەت دەستێکیش بە ئاو بگەیەنێت، نەک بە تەواوەتیی وشک بکات، ئەوسا مناڵ لە کوێ دەست و دەم و چاوێک بشۆن؟
دڵەڕاوکێکەم سات بە سات زیادی ئەکرد، بە تایبەت دوێنێ شەو تەلەفۆنیشم بۆ غاز فرۆشەکە کردبوو بتڵێ غازم فریا بخات، ئەویش ووتبووی فۆرمی بایعییەکەت حازر کە، مقەدەر نەبێ سەعات نۆ ئەگەمە لات ..ئەوا سەعات نۆ لای دا و نە غاز و نە ئاو ..تەلەفۆنم بۆ هاوڕێیەکم کرد لە چەند کۆڵانێکی ئەو دیو ماڵی خۆمانە، ووتی : لای ئێمە پێرێ ئاو هاتۆتەوە ..
ئەوەیش دڵەڕاوکێکەی زیاد کردم، چونکە ئێمە پێرێ مزەخەی ئاومان کوژاندبۆوە، حەز ناکەم بەردەوام مزەخەی ئاو ئیش پێبکەم، تەنها یەک سەعات، وا دیارە ئاو هاتۆتەوە و مزەخەی حەرەسی دراوسێکان دوا قومی هەڵکێشاوە و من بێ بەش بووم.
برادەرێکی تر لەو نزیکانە ووتی : لای ئێمە هاتۆتەوە بەڵام تۆزێ کزە ..
ئەمە وای لێکردم پڕ بکەم بە ئیسپانەدا و بڕۆمە لای مزەخەی ئاوەکە، برغوم کردەوە و هەوام دەرکرد و .. ڕەباتەکەم کردەوە، سەیر ئەکەم ئاو نییە، تەنها ئەو ئاوەی کە بە حیساب هەوای مزەخەکەم پێ دەرکرد، بە تەوژم لە دەرچەی تەنفیسەکەوە، کێشای بە دەم و چاوما وەک نیمچە تف تێکردنێک وا بوو.
بە ئیسپانە و سەر و پۆتەڵاکی تەڕەوە، هاتمەوە.. ووتم بە هیچ جۆرێ لای ئێمە ئاو نییە.
ژمارەی تەنکەرە ئاوێکم لەلایه، خێزانم ووتی تەلەفۆنی بۆ مەکە، ئەو تەنکەرانە پیسن ..تازە پەنجەم بەر ژمارەکەی کەوتبوو، دامخستەوە، ئەمجارە ئەو تەلەفۆنی کرد .. ووتی تەنکەرێکی هەژدە بەرمیلیی بە بیست و پێنج هەزارە .. ووتم ئەی وەکو بزانیت بۆچی ئاو نییە ؟ .بۆری و شت نەشکاوە وەک چۆن هەموو ساڵێ له مانگی حەوت و هەشتا ئەشکێن؟ .. ووتی : نەوەڵڵا ..هەر بۆ پڕۆژەکانی خۆیان زیاتر بەری ئەدەنەوە، ئەگینا ئاو ئەوەنە زۆرە خەریکە سەدەکەی دوکان ئەتەقێ ..
ووتم : یەک سەعاتی تر ئاوەکە سەر و سۆراخی نەبوو، تەلەفۆنت بۆ ئەکەم تەنکەرێکم بۆبێنە.
ئاو بڕا و .. موبەڕیدەی مناڵەکانیشم کوژاندەوە و پانکەکانم بۆ هەڵکردن.
سەعاتەکە لای دا، ئاو نەبوو .. بەڵام کابرای غاز پەیدا بوو، مەعمیلەکەم نەبوو، غازێکی بۆ داگرتم و فۆڕمی بایعێکە و نۆ هەزارێ لێ وەرگرتم، ووتی : سێ شەممە فۆڕمەکەت بۆ دێنمەوە..
دوایی خەمێکی ترم بۆ دروست بوو، چونکە ژمارەی تەلەفۆنم لێ وەرنەگرت، ئەی چۆن بیدۆزمەوە و ..فۆڕمی بایعێکەی لێ وەربگرمەوە؟
لەو کاتەدا لە پڕ خۆشترین ئاوازی مۆزارت و بتهۆڤن و باخم هاتە بەر گوێ .. دەنگی مزەخەی ئاوەکەمان .. یەکسەر موبەڕیدەکانم هەڵکرد، ماڵ بڕ بوو لە بۆنساردی مقەبا وشەکەوەبووەکانی موبەڕیدەکان .. گرنگ نییە.. گرنگ ئەوەیە ئیتر ئەڕۆم دوش ئەکەم و لە بۆنی عەرەق ڕزگارم ئەبێ .. قاپ و کەوچکەکانی دوێنێ شەو ئەشۆین و چێشت لێ دەنێین .. ئەیهاوار لەو خۆشیی و شادییە…
ئاخر چ دەسەڵاتێک لە دنیادا ئەتوانێت ئاوا دڵی هاووڵاتییەکانی لە پڕێکدا خۆش بکات و بیانگەیەنێتە ترۆپکی شادیی ؟ .. بۆ نمونە لە کوردستانی ئێراندا تانکی ئاو بە سەربانەکانەوە نابینیت، کەواتە تا ئێستا کوردێکی ڕۆژهەڵات ئاویان لێ نەبڕیوە و لە پڕێکا ئاوەکەی بۆ بەربدەنەوە و دڵی خۆش بکەن، ئاو بیست و چوار کاتژمێر هەیە .. کەواتە هیچ ئێرانییەک تا ئێستا لە ڕێی ئاوەوە دڵی خۆش نەبووە و نەگەیشتۆتە لوتکەی شادی و کەیف و سەفا ..سیمفۆنیای مزەخە، ئۆرکسترای ئاوی ڕەئیسی، کۆنسێرت و هەڵپەڕکێی بۆ ساز نەکردوون.. بێ بەش بوون لەو مژدە خۆشانە، لەو هەواڵە پڕ لە هیوا و ووزە بەخشانە.
هەروەها بۆری غاز گەیتشتۆتە دوورترین لادێی ئێران، بەو جۆره لە سیمفۆنیای تەقەی بتڵە غاز و مارشی شڵپەی بتڵە غاز بێ بەشن کاتێ لە عەنتەرەکەوە هەڵی ئەدەنە خوارەوە و .. لچ و لێوی بتڵەکان ئەقوپێن بە جۆرێ هیچ بۆتۆکس و فیلەرێ چاکیان ناکاتەوە .. میللەتانی تر وەک ئێمە لە هیچ و خۆڕایی دڵخۆش نین، چ میللەتێک شمشاڵەکەی قاڵە مەڕە مژدەی پێداون و هێناونیەتە هەلەکە سەما؟ نەخێر.. چ میللەتێک گەورە و بچوک، ژن و مناڵ و پیر و پەککەوتە بە دڵخۆشییەوە غاز دەنێنە سەر شانیان و لە کەرنەڤاڵێکی نەتەوایەتیدا، بە دوای عەنتەرە پڕ لە بتڵەکاندا، بە ئاوازی شمشاڵەکەی قالە مەڕەوە ، ڕا دەکەن و غازە بۆشەکان بە پڕیی دێننەوە؟ بێ ئەوەی ئاگادار بن، هەموویان لە جیمدان و ماسولکەکانیان هەڵئاوساون، ئاخر چ دەسەڵاتێک لە مێژووی مرۆڤایەتییدا توانیوێتی بتڵە غاز به هەموو میللەت هەڵبگرێ، بەوەیش بەخۆڕایی یاری ئاسن و جیم بۆ هەموو هاووڵاتییەکانی دابین بکات؟ ..
لەوەیش سەیرتر، قالە مەڕە ئارامگاکەی لە ناڵەشکێنەیە، کەچی شمشاڵەکەی لێرە دڵی شەش حەوت ملیۆن کورد خۆش ئەکات بە مژدەی غاز دوای غاز بڕان، بە زیندوو بوونەوەی غاز دوای غاز قڕان ؟ ئاخر ئەوە کەی ڕەوای حەقە، لەوان بێ و تەنها گۆڕەکەی بۆ ئەوان بێ، کەچی شمشاڵ و مژدانە و دڵخۆشکردنەکەی بۆ ئێمە بێ ؟
کێ هەیە شمشاڵەکەی قالە مەڕەی سەر عەنتەری غازەکان، یەک دنیا دڵخۆشیی و خولیا و عەشق و هیوای بۆ دروست نەکردبێ؟ کێ هەیە بە دوای ئەو ئاوازەدا بە بتڵێ غازەوە ڕاینەکردبێ؟
کێ هەیە بە گیزەی مزەخەی ئاو، نەچوبێتە حەوت تەبەقەی ئاسمانی دڵشادیی و ئیلهام و بەختەوەرییەوە؟ ئەم هەموو مژدە و دڵخۆشکردنە، چ دەسەڵاتێک توانیوێتی بۆ هاووڵاتییەکانی فەراهەمی بکات بێجگە لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی باشوور ؟

( بە سەد بتهۆڤنی نادەم، زیکەزیکی مزەخەی ماڵ ..
چی ئۆرکسترای دنیا هەیە نایگۆڕمەوە بە یەک شمشاڵ ..
شمشاڵەکەی قالە مەڕە، لای ئێمە بەربوونی غازە..
ئازادییەکە ناوازە، بۆی هەڵئەپەڕن ماڵ بە ماڵ ..)

پاشان هەڵگیرساندنی شەڕی براکوژیی چەند ساڵ و لە پڕێکا بڕیاری ئاگر بەست و هەڵپەڕینی تەواوی دوو دەڤەری کەسک و زەرد، حەوت شەو و حەوت ڕۆژ ..دابەشکردنی شیرینیی و دەیان و سەدان سرود بە قەد و باڵای ئەو دوو سەرۆکە کاریزمایەی کە شەڕی براکوژییان ڕاگەیاند و دواییش کوژاندیانەوە، بەوەیش‌ گەورەترین مژدەیان دا بە گوێی تاک بە تاکی ئەم هەرێمەدا .. له بیرمە لە گەرمەی ئەو ئاهەنگە شەوانانەدا کە لەسەر شەقامەکانی شار سازدەکران، گەنجێکی باڵا بەرز و جوانخاس و دەنگخۆش، هەڵدەپەڕی و به دەوری خۆیدا ئەخولایەوە و به دەنگی بەرز‌ ئەم سردووە نیشتمانییەی ئەووتەوە :
(( هەی داد هەی بێداد گیانە ..
گیانی شیرینم ..
هەی مامە گیان کاکە گیان ..
وەی کاکە گیان
مامە گیان ..
وەی مامە گیان .
کاکە گیان ..
مامە.. کاکە ..
ماکە .. کامە ..))
بڕوا ناکەم لە تەواوی دانیشتوانی‌گۆی زەمیندا کە وا بزانم گەیشتۆتە هەشت ملیار کەس، کەسێکی ئەوەندەی ئەو کوڕە جوانخاسە دڵی خۆش بووبێ.. دەی ئەوە دەسکەوت نییە ؟ دەی ئەگەر شەڕی براکوژیی نەکرایه، چۆن ئەتونرا گەنجی وا جوانخاس و دڵخۆش لە کۆمەڵگادا بەرهەم بهێنن ؟
پاشان دواخستنی موچە و ڕیسوا کردن و قەرزار کردنی فەرمانبەران، لە پڕێکا دوای دوو مانگ و زیاتر، بڵاوکردنەوەی خشتەی موچە .. ئای لەو دڵخۆشییە .. ئەزانن هیچ میللەتێک لەسەر گۆی زەوی مژدەی موچەی پێ نەدراوە و بەو هۆیەوە نەگەیشتۆتە لوتکەی چڵەپۆپەی کەیف وسەفا، بێجگە لە میللەتەکەمان ؟؟ چ میللەتێک هەیە بە بینینی خشتەی دابەشکردنی موچە، دڵی لەسەر سەد و بیست لێی دابێ و چاوی گەشابێتەوە و .. وەک نامەی دڵداریی بۆ یەکتریان ناردبێ؟؟ برادەرم هەیە لە ئەوروپاوە خشتەکەی بۆ ناردووم، وتویەتی لای ئێمە ئەنتەرنێت خێرایه، وتوومە با زوو مژدەی پێ بدەم ..! دەی لەچ ئومەت و نەتەوەیەکدا مژدەی وا خۆش و بەلەزەت هەیە دوای وەرزێک لە پڕ موچەیەک دابەش بکرێ ؟
نییە .. هەر بۆیه ڕۆژ بە ڕۆژ لە ووڵاتان خەمۆکیی و شیزۆفرینیا و خۆکوشتن لە پەرەسەندندان بەڵام لای ئێمە و لە سایەی ئەم دەسەڵاتدارە مژدە بەخشانەدا، شتێک نییە بە ناوی نەخۆشیی دەروونیی و جەستەیی .. ئێ لە زانستی دەرووندا هاتووە، ئەو کەسانەی بەردەوام مژدەیان پێ دەردێ، خەڵکێکی دوورن لە نەخۆشییە دەروونییەکانەوە.
لە بیرمە شەوێکی دەیجور، عەلی بانیبنۆکیی تەلەفۆنی بۆ کردم، لەناو دەنگە دەنگ و هات و هاوار و عیو عیودا، بە حاڵ گوێم لە دەنگی عەلی بانیبنۆکیی بوو، بەهات و هاوار پێی ووتم : مامۆستا خانۆکانی شێخانیان لەسەر تاپۆ کردین، حەزم کرد پێت بڵێم چونکە تۆ زۆر مەراقت بوو ..
ووتم: ئەی ئەو هۆسە و ژاوە ژاوە چییە؟
ووتی : وەڵڵا لە خۆشیی ئەو هەواڵە هەموو ئەهلی گەڕەک کردوومانە بە شایلۆغان، ئەوە سەرچۆپێکە بە منە ئەگینا مەجال نەبوو ئەم هەواڵەت پێ بدەم .. جارێ بە دۆعا !
دوای چەند ساڵ عەلی بانیبنۆکییم بینی، ووتی ئەزانی هێشتا خانۆکانیان بۆ تاپۆ نەکردووین ..
ووتم : ئەی شایلۆغانەکەی ئەو شەوە چی بوو؟
ووتی : درۆ بوو..ڕاست نەبوو.

ئینجا تۆ سەیری ئەو دەسەڵاتدارانەی ئێمە بکەن، تەنانەت بە درۆیش لە هەوڵی دڵخۆشکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندان، ئاخر دەسەڵاتداری وا لە کوێی دنیادا هەبووە واز لە هەموو داب و نەریتێکی مرۆڤایەتیی بێنێت و لە پێناوی دڵخۆشکردنی خەڵکەکەیدا درۆی شاخدار بکات؟ تۆ وەرە ئەوەندە دڵسۆز و خەمخۆر و عاشقی میللەتەکەت بیت، هەستیت درۆی شاخداریان بۆ بکەیت تەنها و تەنها لەبەر ئەوەی ئەگەر بۆ سەعاتێکیش بێ دڵیان خۆش بێ و بکەونە هەڵپەڕکێ و شایلۆغان و سەرچۆپییەکە بدەنە دەستی عەلی بانیبنۆکیی ..
بەڕاستی هەتا ئەم دەسەڵاتدارانەتان لە دەست نەچێت، هەست بەو هەموو خزمەت و دڵخۆشکردن و خەمخۆریی و پیاوەتییانەیان ناکەن .. هەزاران هەزار جار، توشی قات و قڕیی و شەڕ و نائارامییان کردوون، دوایی بە نوکە قەڵەمێک، هەمووانیان هێناوەتە هەلەکە سەما .. ئەمەیش خۆی لە خۆیدا، هونەرە، دڵسۆزییە، داهێنانە، پێزانینە، باوکایەتییە و دایکایەتییشە ..
داهێنەری ئەم جۆرە دڵخۆشکردنە بە کۆمەڵە، سەدام حسێن بوو.. بۆ نمونە کاتێ بۆ ماوەی هەشت ساڵ، شەڕێکی گەورەی لەگەڵ ئێراندا ڕاگەیاند، ملیۆنان خەڵکی کوشت و ئاوارە و هەتیو و بێوەژن و کەمئەندام کرد، دوای ئەوە یەکسەر بڕیاری ڕاگرتنی شەڕی دا و ..خەڵکەکەی هێنایە هەلەکە سەما و ..حەوت شەو و حەوت ڕۆژ، لە زاخۆوە هەتا فاو هەڵپەڕکێ و ئاهەنگ بوو، کاکە ڕەش خۆیشی بە میللەتەکەی ووت :
( کل من یحتفل بطریقته الخاصة )
واتە هەر کەسەی بە چ ڕێگایەک پێی خۆشە، ئاهەنگ بگێڕێت ..
ئەمانە هونەرمەندی زۆرگەورەن پێش ئەوەی سیاسەتمەداری باڵا بن، ئەتوانن سەر بەقوڕ بهێننە هەلەکە سەما، ئەتوانن باوک مردوو بخەنە هەڵپەڕکێ .. ئەتوانن مێرد مردوو بهێننە هەلهەلەلێدان.. ئەمانە ئەندازیاری وێرانکاریی و مژدە و دڵحۆشیین .. ئەتوانن لە فرمێسک پێکەنین و .. لە برسێتیی، بۆفیەی کراوە و.. لە گۆڕستان، سێپێیی دامەزرێنن..




پەکخستنی قۆناغەکانی مرۆڤبوون.. نەوزاد بەندی 

ڕەنگە بڵێم یەکێک لە خواستە سەرەکییەکانی کۆڵۆنیالیستی جیهانیی و سەرۆک خێڵ و بەگ و ئاغا و دەرەبەگەکان، هێشتنەوەی خەڵکە داگیر کراو و دەستبەسەرکراو و هەڵخەڵەتاوەکەیە لە قۆناغی ئاژەڵبووندا ..ڕێگریکردنە لێیان بۆ ئەوەی نەچنە ناو بەشە مرۆڤایەتییەکە و هیچ شتێ لە مافە مرۆڤایەتییەکانی خۆیان نەزانن. واتە ڕازیکردن و سەرقاڵکردنیانە بە مافە سەرەتایی و ئاژەڵییەکان و..یاریپێکردنیانە لە بازنەی مافە ئاژەڵییەکاندا، لێبڕین و برسی کردن و کەمکردنەوەی هەندێ لەو مافە ئاژەڵیانە لە ماوەیەکەوە بۆ ماوەیەکی تر، بۆ ئەوەی خەبات و بیرکردنەوەی خەڵک تەنها بۆ ئەو مافە سەرەتاییانە بێ، لە پڕێکا هێلکە و دۆشاوی تەماتە و پیاز و بەنزین و نەوت و کارەبا و غاز و موچە و ئاشتی ناهێڵن، بۆ ئەوەی لە مامۆستایەکی زانکۆوە هەتا پاکەتفرۆشێک، هەموو خەون و هیواکانی ببێتە دەستکەوتنی یەکێک لەو مافە ئاژەڵییە سەرەتاییانە.
بەو جۆرە ئەو گەل ومیللەتانە لە قۆناغیی ئاژەڵیدا ئەهێڵرێنەوە و ئەتوانرێت بە ئەرک و خەرجییەکی کەم کۆنترۆڵ بکرێن، ئەتوانرێت شەڕیان پێ بکرێت و کۆمەڵکوژیی و برسێتیی و هەموو جۆرە زۆڵمێکی بەکۆمەڵ و بە تاکیان لێ بکرێت، ئەتوانرێت سامان و داهات و کولتوور و دین و کەلەپوریان لێ قەدەغە بکرێت، بێ ئەوەی بیرکردنەوەی مرۆڤایەتیی و نیشتمانیی و ئاینیی و کولتوریی وایان لێ بکات نەهێڵن ئەو غەدرە گەورانەیان دەرهەق بکرێت، چونکە ئەو بیرکردنەوانە، بیرکردنەوەی مرۆیین و نەهێڵراوە ئەوان ئەو بیرکردنەوانەیان هەبێت.. نەهێڵراوە لە بیرکردنەوە ئاژەڵییەکان زیاتر پێش بکەون و ..هەنگاو بۆ فەزای بیرکردنەوە مرۆڤایەتییەکان بنێن، ئەوەیش هێشتنەوە و قەتیسکردنی ژمارەیەکی زۆرە لە مرۆڤەکانی ئەمڕۆ لە قەفەزەکانی پێش مرۆڤبوون و سەرقاڵکردنیانە بە خواستە سەرەتاییەکانی ئاژەڵانەوە، کە خواردن و داڵدە و خەوتن و وەچە خستنەوەیە.

خۆی لە بنچینەدا مرۆڤ هەتا کۆمەڵێک مافی سەرەتایی لەگەڵ گیاندارانی تردا هاوبەشە.. واتا لە خواردن و هێلانە و خەوتن و هاوسەرگیریی و وەچەخستنەوەدا، مرۆڤ وەک هەر گیاندارێکی تر وایە  .. 
کاتێ ئەم مرۆڤە لە مافە سەرەتاییەکانیدا لێی دەدرێت و پەکی ئەخرێت و ناهێڵرێت بە پێپلیکانەی مافەکانیدا سەرکەوێت، ئیتر ناتوانێ مرۆڤ بێ، چونکە ئەم لە بەشە ئاژەڵییەکەیدا ئەژنۆی شکێنراوە و پەکی کەوتووە.
هەر بۆیە زۆرینەی خەڵکی ئەمڕۆ پەروەردەنەکراون و لە قۆناغی ئاژەڵیدا هێڵراونەتەوە، لە قۆناغی پێش مرۆڤبوون و پێش پەروەردەبووندا، پەک خراون.. ئەبینیت کابرا ملیاردێرە، کەچی وەک ئاژەڵێکی دڕندە و وەک سواڵکەرێک دەردەکەوێت و ئەیەوێ کرێکارەکانی بە نانەسکیی ئیشی بۆ بکەن، یان هەر بە خۆڕایی کاری بۆ بکەن، چونکە ئەم ئاژەڵە ملیاردێرە کاتی خۆی پێش ئەوەی بگاتە مافە مرۆڤایەتییەکانی، بە درەختێکەوە، لە بەشە ئاژەڵییەکەدا بەستراوەتەوە و تەقەی لێکراوە، ئێستا کە لە ڕێی عەشایەر و حیزب و فێڵ و ساختەوە، بۆتە ملیاردێر، ناتوانێت مرۆڤ بێت، لەبەرئەوەی وەک چۆن کار و کاسپی هەوڵ و تەقەلای ئەوێت، بە هەمان شێوە مرۆڤبوونیش کار و ماندوو بوون و قۆناغێکی ناسکی تەمەنی پێویستە، خوێندن و تێگەیشتن و وەرگرتنی بڕوانامەکانی مرۆڤبوونی ئەوێ.. ئەوەی لە لوتکەی گەنجییدا هەلی مرۆڤبوون ومافه مرۆڤایەتییەکانی بۆ نەڕەخسا بێت، تازە ناتوانێ لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا ببێتە مرۆڤ، چونکە ئیتر ئەو ڕیسێپتەرانەی نەماوە وانەکانی مرۆڤایەتیی پێ وەربگرێت، یان ئەسڵەن کێ ئەو وانانەی پێ بڵێتەوە کاتێ کۆمەڵگا سەر لەبەری لە قۆناغەکانی هاوبەش لەگەڵ گیاندارانی تردا پەکیان خراوە و گلاون ؟
هەر بۆیە زۆر ئاساییە فەرمانڕەوایەکی پەکخراو لە بەشە ئاژەڵییەکەیدا، بە لایەوە ئاسایی بێ خۆی ملیاردێر بێ بەڵام موچە نەداتە فەرمانبەرەکانی دەوڵەت .. یان سەرۆکێک لە پێناوی دووباره هەڵبژاردنەوەیدا، جەنگێکی وێرانکەر ئەنجام بدات ..مناڵەکانی خۆی لە خۆشترین کۆشک و باشترین زانکۆی جیهانییدا بخوێنن بەڵام بە لایەوە ئاسایی بێ مناڵانی خەڵک بکاتە سەرباز و کرێکار و هەزارەهایان لێ بکوژێ و ئاوارە و نائومێد بکات، ئەمە ڕێک وەک شێرێک وایه کە بە لایەوە ئاساییە ئاسکێک ڕاو بکات و دەرخواردی بێچووەکانی بدات، گرنگ نییە بەچکەکانی ئاسکەکە بێ دایک و بێ شیر بمێننەوە و بمرن..چونکە لەناو ئاژەڵدا مافی ئەوانی تر و ئەتەگێت و پەیوەندیی و فیداکاریی بۆ ئەوانی تر نییە ..تەنها غەریزەی باوان بەرامبەر بێچووەکانیان و خواردن و وەچە خستنەوە و داڵدەدانی بێچووەکان  هەیە ..واتا شێرێک بە شێوەیەکی سروشتیی، هێندە ڕێگای پێدراوە له فێربوونی ستێپەکانی ئەرک و مافەکاندا، خۆ ئەگەر لە چەندین زانکۆدا شێرێک دانیشێنیت و وانەکانی ئەتەگێت و ڕای بەرامبەر و مافی ژیان بۆ هەمووانی پێ بڵێیتەوە، هیچیان لێ حاڵی نابێت و بەردەوامە لە تێکشکان و خواردنی ئەوانی تردا.
کاتێک مرۆڤەکان لەو ئاستەدا ڕادەگیرێن، کارەساتێکی مرۆیی گەورە ڕوودەدات، تەماشا ئەکەیت مرۆڤێک بە شکڵ و شێوە مرۆڤێکی پاک و خاوێن و مۆدێرنە، کەچی لە هەڵس و کەوت ومامەڵەی لەگەڵ ئەوانی تردا، تاوێک ڕێوییە و ..تاوێک شێرە و .. تاوێک گورگە و .. تاوێک بەکتریا و ڤایرۆسە..لە هیچ تاوێک له تاوەکانی ژیانیدا مرۆڤ نییە، ئەوەیش کۆمەڵگای دارستانی لێوە بەرهەم دەهێنرێت، لە ڕاستیدا کۆمەڵگای دارستان واتا کۆمەڵگایەک تاکەکانی بە شکڵ و شێوە مرۆڤن بەڵام بە کار وکردەوە ئاژەڵن، بەهێز، لاواز ئەخوات.. فێڵباز، داماو قوت ئەدات.. زانا، نەزان چەواشە ئەکات.. دانا، نادان بە لاڕێدا ئەبات.. دەسەڵاتدار، بێدەسەڵات ئەکاتە کۆیلە و کاسەلێس و خزمەتکاری خۆی … 
ئەگەر سەرنج بدەین، مرۆڤی ئەمڕۆیش بە گشتی لە سنووری خواستە ئاژەڵییەکان زیاتر ناتوانێ ئەو سنوورانە ببەزێنێ و بچێتە ناو بەشە مرۆییەکەوە .. هەر بۆیه پێغەمبەران و پیاوچاکان بە کەسی پیرۆز تەماشا کراون و تەماشا ئەکرێن، چونکە ئەوان پەروەردەی مرۆییان تەواو کردووە و ..لە دەرەوەی غەریزەی خێزان و بنەماڵەوە، کار و خەباتیان کردووە، مەبەستیان ئاسوودە کردنی تەواوی مرۆڤایەتیی و ژیان بووە.. 

لەو بارودۆخە ترسناک و شەرمەندەیەدا، ئەبینین کەسانێک کە قۆناغەکانی مافه مرۆڤایەتییەکانیان بە هەوڵ و تەقەلای خۆیان و بە نهێنیی تەواو کردووە و لێی تێگەیشتوون، لە گۆشەنیگای کۆمەڵگای دارستان و دڕندەکانی دارستانەوە، ئەو جۆرە کەسانە، کەسانێکی گێرەشێوێن و ترسناکن و ئاسایشیی جیهانیی ونێودەوڵەتیی و نەتەوایەتیی تێک دەدەن.. کوشتنی چێ ڤارا و زیندانکردنی نازم حیکمەت و نیڵسۆن ماندێلا، بۆ ئەوە بوو مروڤەکان فێری مافه مرۆییەکانیان نەکەن و ..کۆمەڵگا نەبێتە کۆمەڵگای مرۆیی و هەر بە کۆمەڵگای دارستان بمێننەوە..
کاتێ کتێبەکانی دکتۆر یوسف قەرزاویی و ستانداڵ ولینین و سەیدقوتب و مەکسیم گورکی قەدەغه ئەکرێن، بۆ ئەوەیە کە مرۆڤە مەڕەکان هەر مەڕ بن، گۆشت و خوری و سەروپێکانیان ببەخشن، مرۆڤه گورگەکانیش هەر گورگ بن و لە ناز و نیعمەتی مەڕخواردن بێبەش نەکرێن.
کاتێ فیلمەکانی حەمەدۆک یاساغ دەکرێن و .. گۆستاف فلۆبیر لەسەر ڕۆمانی مەدام بۆڤاریی ڕاپێچی دادگا ئەکرێت و عەبدولخالق مەعروف و سەید قوتب و حەسەن قزڵجی لەسەر نوسین تیرۆر ئەکرێن ..بۆ ئەوەیە لە هەموو ڕوویەکەوە مرۆڤەکان هەنگاوی زیاتر نەنێن لەوەی بۆیان کێشراوە..تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتی ووڵات ئاینییش بێ، نایەوێ و پێی ترسناکە،هاووڵاتییە مەڕەکانی  لە تێگەیشتنی ئاینییدا هەنگاوی زیاتر بنێن، ئەوان ئەبێ تەنها ئەوەندە لە ئایین بزانن کە ئەوان مەڕن و ئەبێ ببن بە قوربانی گورک و شێرەکان.. بە هەمان شێوە دەسەڵاتە کۆمۆنیست و سیکیولار و ئەتایستەکانیش، نایانەوێ هاووڵاتییە مێگەلەکانیان زۆر له یەکسانیی و بێدینییدا قوڵ ببنەوە، چونکە بە گشتی بیرکردنەوە ترسناکە و  دەسەڵاتەکان ڕقیان لە لێیەتی، ئیتر بیرکردنەوەکە هەر چۆنێک بێت، گرنگ نییە، چونکە هەموو بیرکردنەوەکان پاڵ بە مرۆڤەوە ئەنێن لە بازنەی ئاژەڵییەوە دەربچن و بگەنە بازنەی مرۆڤایەتیی هەر بۆیە بیریارێکی چەپی وەک چێ ڤارا بە شانازییەوە سەردانی گۆڕی بیریارێکی ئاینیی وەک سەڵاحەدینی ئەیوبیی ئەکات، چونکە بیرکردنەوەکان له بنچینەدا لە یەک سەرچاوەوە هەڵئەقوڵێ و لە کۆتاییشدا ئەڕژێنە دەریایەکەوە..ئەوەیش کارەساتە بۆ کومەڵگای دارستان و مام شێر و مام گورگەکانی کۆمەڵگا.. خۆ ناپلیۆن پۆناپارت هەر لە خۆیەوە نەیوتووە : دوو فیرقە سەرباز هێندەی دوو نوسەر نامترسێنن .. لە خۆڕا نەیوتووە مەیدانی جەنگم پێ لە هۆڵی تاقیکردنەوە خۆشتر و باشترە .. جەنگیزخان کاتێ کتێبخانەکانی بەغدادی هەڵدایە ناو ڕووباری دیجلە و فوراتەوە .. داعش کاتێ کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی موسڵی سووتاند کە یەکەم کتێبخانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو لەڕووی سەرچاوە و دەستنووسەکانەوە .. هیتلەر کاتێ کتێبخانە و تابلۆ جیهانییەکانی ئەسووتاند ..ئەمانە و زۆر تاوانی دژ بە کولتوور و بیرکردنەوەی تر کە ئەنجامدراون و ئەنجام ئەدرێن، بۆ ئەوە بوون کە مرۆڤەکان بیرنەکەنەوە و بە مافە مرۆڤایەتییەکانی خۆیان شاد نەبن.. بەڵکو لە قۆناغی ئاژەڵیی و کۆیلایەتیی خۆیاندا بمێننەوە .. بە جۆرێک ملیۆنەها مرۆڤ خزمەتی یەک مرۆڤ و یەک خێزان بکەن.. داهات و ماڵ و سامانی  ملیارەها مروڤ، بدرێتە مرۆڤێک .. ملیارەها مرۆڤی ماندوو برسی وتینوو بن بۆ ئەوەی مرۆڤێک ببێتە خاوەنی سەدان ملیار دۆلار یان تریلیۆنەها .. لە شەڕی نەوت و کانزا بازرگانییەکاندا ملیۆنەها مرۆڤ بکوژرێن و سەدان شار و شارۆچکە وێران بکرێن لە پێناوی هشتنەوەی دەسەڵات و توانای کەسێکدا و مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵاتدا .
ئایین و بیرکردنەوە و کتێب و ئایدیۆلۆژیای تازە، ئەو تاوانە گەورانەیان پێ قوت ناچێ و ڕەتیان دەکەنەوە، وەک چۆن موحەمەد و هاوڕێکانی به قورئانێک  شۆڕشێکی جیهانییان لە دژی سەرۆکخێڵەکانی قوڕەیش و کیسراکان و قەیسەرەکان و لویسەکان بەرپاکرد ..وەک چۆن مەکسیم گۆرکی و جاک لەندەن و جۆرج ئۆروێل و لینین و هاوڕێکانیان، شۆڕشێکی یەکسانییان لە دژی قەیسەرە هەڵئاوساوەکانی ڕوسیا و هەموو جیهاندا  بەرپاکرد .. وەک چۆن دانتی و تۆماس مۆر و بۆکاشیۆ و هاوڕێکانیان، شۆڕشی ڕێنیسانسیان دژی پاپا هەڵئاوساوەکانی کەنیسەکانی هەموو دنیا بەرپاکرد ..
هەر بۆیە هەرگیز نابینیت دەسەڵاتدارەکان هاوڕێی بیریارەکان بن، ئەگەر بە ڕێکەوت  و لەبەر خۆڵکردنە چاویشەوە برادەرایەتییەکی لەو جۆرە دروست بووبێ، برادەرایەتییەکی کاتیی بووە و بە کارەسات تەواو بووە ..وەک چۆن هینری هەشتەم، سەری تۆماس مۆری هاوڕێی پەڕاند، لەسەر بیروباوەری دادپەروەریی و یەکسانخوازییەکەی، هەرچەندە مۆر هاوڕێی خێزانیی هینریی هەشتەمیش بوو..
وەک چۆن شێرکۆ بێکەس لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی دەستی لە کارکێشایەوە و نەیتوانی بەردەوام بێت.
بەوجۆرە لە هەر کۆمەڵگایەکدا چەند ئایدیۆلۆژیا هەبێ، ئەوەندە ئاغا و سەرۆکحیزب و خاوەن دەسەڵات هەن، نەک بۆ گەشەپێدانی ئەو ئایدیۆلۆژیایانە، بەڵکو بۆ چاودێریکردنیان و نەهێشتنی هەنگاونانی تازە و شۆڕشگێڕی تازە تێیاندا.. بۆ ئەوەی تەواوی ئایدیۆلۆژیاکان لە سنوورەکانی مافی ئاژەڵییدا بمێننەوە و هێڵە سوورەکان نەبەزێنن و بانگەشەی مرۆڤبوون لە کۆمەڵگای دارستاندا ڕانەگەیەنن.. 
بینیومانە سەرۆکخێڵێکی ئاینیی، ئەندامێکی خۆی دەرکردووە و لە هەموو حەسانەیەک دایماڵیوە لەبەر ئەوەی هێڵە سوورەکانی بەزاندووە و باسی مافه زەوتکراوەکانی کۆمەڵگای مێگەلی کردووە، چونکە ئەو سەرکردایەتیی حیزبێکی ئاینیی پێدراوە بۆ ئەوەی لە ڕێی ئایینەوە، مەڕایەتیی و ڕەزامەندبوون بە مەڕایەتیی لە ناخی شوێنکەوتوانیدا بچەسپێنێ و تێیان بگەیەنێت کە ڕازی و ڕەزامەند و خاوەن سەبر بن بەرامبەر هەر زوڵمێک کە لێیان ئەکرێت، بۆ ئەوەی کە مردن بڕۆنە بەهەشتەوە. یان سەرۆکخێڵێکی ناسیونالیست و دیموکرات، چەندەها ئەندامی خۆی تواندۆتەوە لەسەر وشەیەک یان دێڕێک .. لەسەر کتێبێک ..یان نامیلکەیەک..لەسەر تەوقەکردنێک لەگەڵ بیریارێکدا ..لەسەر چاوپێکەوتێنێک، سەرکردەیەک کوژراوە ..یان وونکراوە، چونکە وای تێگەیاندوون دوای سەرکەوتنی ئەوان، ئیتر ئایدیۆلۆژیا کۆتایی هاتووە و هیچ پێویست ناکا ئاو بە ئاشی کۆندا بکرێت.. ئیتر بیرکردنەوە کۆتایی هاتووە و پێویست ناکات خەڵک بوروژێنرێت..ئیتر شۆڕش شتێکی بێ مانا و ترسناکە و پێویستە هەمووان بە قیسمەت و نسیبی خۆیان ڕازی بن.
لەوەیش سەیرتر، چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێبە لەلایەن ئەوانەی کە لە بنچینەدا بۆ دژایەتیی  کتێب خوڵقاون، ئەوەیش تەنها بۆ تێکەڵکردنی وەرەقەکانە و خۆڵکردنە چاو و ڕاوکردنە لەناو گۆمی لێڵدا.
پرسیارێکیش خۆی قوت ئەکاتەوە، ئایا ئەوانەی کە کۆمەڵگاکان لە سنوورەکانی ئاژەڵبووندا سڕ دەکەن، خۆیان ئەو سنوورانەیان بڕیوە؟ ئایا خۆیان مافە لە مرۆڤایەتییەکان شارەزا و بەڵەدن؟ ئەی ئەگەر وایە، چۆن ویژدانیان ڕێگای بە مێگەلکردنی کومەڵگایان ئەدات؟ لە ڕاستیدا بۆ نمونە کەسێکی وەک ناپلیۆن، زۆر پابەند بووە بە ڕۆشنبیریی و کولتوورەوە، واتا ئەکرێ بڵێین ستێپەکانی مرۆڤبوونی بڕیوە، بەڵام لە پێناوی مانەوەی له لوتکەی دەسەڵاتدا، نەک ئەو مافە مرۆڤایەتییانەی لە بیری خۆی بردۆتەوە، تەنانەت وەک ڕێویەکی فێڵباز ئەچێتە زانکۆی ئەزهەر و ئەڵێت من ئیسلام بووم، بۆ ئەوەی کۆمەڵگای میسر بە تایبەتیی و موسوڵمانان بە گشتیی هەڵبخەڵەتێنێ و ڕێی شۆڕشی ئاینییان لێ ببەستێت.
کەواتە ئەکرێ بڵێین ئەوانەی کۆمەڵگاکانیان لە زیندانی مافە سەرەتاییەکاندا دیل کردووە، ئەکرێ خۆیان مرۆڤ بن، بەڵام مرۆڤبوون بۆ بازرگانییە گەورەکانیان هیچ دەرد ناخوا و ..باشتر وایە بۆیان وەک دڕندە مامەڵە بکەن.. 
بەو جۆرە دوو جیهانی تەواو جیاواز سەریان هەڵدا، جیهانی VIP؛ جیهانی هایلایڤی دڕندەکان و.. جیهانیVCP; جیهانی ئەشکەنجەی مەڕە برسی و ماندووەکان ..
لێرەدا ئیتر ئەو دژایەتییە هەتا هەتاییە ئەبینین لە نێوان بیریار و دڕندەکاندا .. لە نێوان مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگای دارستاندا .. لە نێوان ئازادیخواز و زیندانەکاندا .. لە نێوان کتێب و کڵاشینکۆفدا .. هەرگیز ئەو دوو بەرەیەیش دانولەیان پێکەوە ناکوڵێت، هەرچەندە یەکێک لە دڕندەکانی کۆمەڵگای دارستان،  بوێری ئەوەی بەخۆی دا بوو بڵێت  : للقلم و البندقیة فوهة واحدة .. واتا قەڵەم و کڵاشینکۆف یەک لولەیان هەیە… ههههههههه ..




لە گۆڕی بەکۆمەڵی عێراقێکانەوە بۆ گۆڕی به کۆمەڵی ئاڵتونەکان.. نەوزاد بەندی

ڕەنگە عێراق بە کوردستانیشەوە، تاکە ووڵات بێ کە زۆرترین ئاهەنگی سەرکەوتن و سەرفرازیی تێدا ئەنجام درا بێ، کەچی سیستم لە دوای سیستم خراپتر و تاوانبارتر و گەندەڵتر بووە ..
وەک دەڵێن لە دەمی سەگ ڕایانکردووە، کەوتونەتە دەمی گورگەوە.. وەک خەیام ئەڵێ دەرمانی دەردیان بە دەرد بۆ کردوون.
بەردەوام لەم عێراقە سەیر و سەمەرەیەدا، کە وەک کۆمەڵگا و وەک دەسەڵات و تەنانەت وەک ئاو و هەوایش بۆ مانەوەی مرۆڤ گونجاو نەبووە ونییە، شتی سەیر و سەیرتر ڕوودەدات.
ئاخر لە چ ووڵات و گەل و نەتەوەیەکدا ڕووی داوە، کوڕێک بە بەرچاوی دایک و باوکییەوە گوللە باران بکرێ، ئینجا داوا لە دایک و باوکی بکرێت چەپڵە لێ بدەن و هەلهەلە لێ بدەن و نرخی تێچووی فیشەکەکانیش بدەنەوە بە حوکمەتەکە تاوانەکەیشی ئەوە بووە کوردایەتیی کردووە ؟!!.. ئێ ئاخر ئەمە تەنها لەسەردەمی بەعسدا ڕووی داوە و زۆر بە ئاساییش پڕۆسەکە بەڕێوە چووە، کە بڕوا ناکەم نیرۆنی ڕۆماسوتێن، شتی وایکردبێ ..بڕوا ناکەم جەنگیزخان کە قەسابێکی بێ وێنە بوو، هەرگیز بیری لەوە کردبێتەوە پارەی شمشێرەکەی له کەس و کاری کوژراوەکە وەربگرێتەوە یان پێی وتبن کاتێ کوڕەکەتان ئەکوژم چەپڵە و هەلهەلە لێبدەن، چونکە ئەم کارە لۆژیک و ئەخلاق قبوڵی ناکەن، واتا ئەگەر هەر جۆرێکی ئاژەڵ بێنیت، بێچووەکەی لە پێش چاویدا بکوژیت، نەک ناتوانیت وای لێ بکەیت خۆشحاڵیی دەرببڕێت، تەنانەت بە هەموو تواناکانییەوە هێرشت بۆ دێنێت و تۆڵەت لێدەکاتەوە، هەموومان ئەو مریشکەمان بینیوە کە بە گژی مارێکی کۆبرادا دێتەوە و ناهێڵێت توخنی جوجکەکانی بکەوێت.
ئەم دۆخە نالۆژیکییە نا ئەخلاقییە تایبەتە بە عێراقیی و عێراقییەکان و ..قبوڵیشیان کردووە و قبوڵیشی ئەکەن.
ئێ لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس له لایەن ئەمەریکاوە چی ڕووی دا ؟ ئاهەنگ و شایلۆغان .. چەندەها ڕۆژ هەتا ئێوارە، چەندەها ئێوارە هەتا بەیانی، ئاهەنگ بوو ..عێراقی نوێ گەیشت و ..دیکتاتۆرییەت کۆتایی هات..
بەڵام ئەو عێراقییەی کە لە دەست سەگە هارەکانی بەعس ڕزگار کرا، کەوتە سەر کەڵبەی گورگە نادیارەکان .. هەر زوو هەستی بە نەمانی نەخۆشخانەی خۆڕایی و خوێندنی خۆڕایی و گەیاندنی خۆڕایی کرد .. هەستی بە نەمانی ڕێز و شکۆ و ڕەوشت و بەها کۆمەڵایەتیی وئاینییەکان کرد .. لە ماوەیەکی کورتدا هەزاران زانا و دانای عێراقیی لەسەر شەقامەکان و ماڵەکاندا، بە دەستێکی نادیار تیرۆر کران ..تەقینەوە و شەڕی ناوخۆ و مەزهەبی دەستی پێکرد.. برسێتیی سەری هەڵدا.. کۆچی بە کۆمەڵ ڕووی دا.. کۆچی مەزهەبیی و برسێتیی ..
بەڵام عێراقییەکان قبوڵیان کرد، وەک چۆن پێشتریش قبوڵیان کردبوو.. عێراقییەکان ناپرسن ئەرێ ئەو هەموو ڕۆژ و شەوە ئاهەنگ و شایلۆغانمان بۆچی کرد؟
کوردستانی خۆیشمان پێش شایلۆغانی عێراقییەکان بە یەک دەرزەن ساڵ، ئازادیی و خودموختاریی هەرێمایەتیی خۆی ڕاگەیاندبوو، برسێتیی و شەڕی ناوخۆ و گۆڕبزربوونی دەهەزار ڕۆڵەی کوردی ڕاگەیاندبوو.. دوو ئیدارەیی و بڵاوکردنەوەی شەڕی ڕاگەیاندن یان جنیوی دژ بەیەکی وا، کە بڕوا ناکەم هیچ بێگانەیەک بەو شێوەیه ئیهانە و شکاندنی بۆ کورد کردبێت.. باشە لە چ مێژوو ، جوگرافیایەکدا، لە چ فەلسەفەیەکی هیتلەر و مۆسۆلینیی و ڕەزاشا و شاعەباسدا هاتووە، له شەڕی براکوژیدا، خێزانێکی نەناسراو لە ماڵی خێزانێکی دوژمنیدا نیشتەجێ بکرێت؟ یەکێتی و پارتی کردیان، لە سلێمانی ماڵە ئاوارەی هەولێریی یەکێتیی لە ماڵە پارتی مەشرەبەکاندا نیشتەجێ کران، لە هەولێریش بە هەمان شێوە ..ئاخر تۆ جوان لێکی بدەنەوە و تێی بڕوانن، دوو خێزانی دوژمن لە سەروەختی شەڕێکی خوێناویی نێوانیاندا، چۆن لە یەک ماڵدا ئەتوانن پێکەوە بژین؟ لەلای ئێمە پێکەوە ژیان و قبوڵیشیان کرد..و سوپاس بۆ خوا، تێیشمان پەڕاند.
ئینجا موچە نەدان بە هاووڵاتیان.. لەوەیش سەیرتر پاشەکەوتکردنی موچە، لە چ سیستم و کۆمەڵگایەکدا ڕووی داوە؟ موچە وەک ئۆکسجین وایە، وەک چۆن ئۆکسجین خوێنی مرۆڤ گەش دەکاتەوە و ووزە ئەگەیەنێتە خانەکانی لەش بۆ بەردەوامبوونی چالاکییە زیندەییەکان، بە هەمان شێوە موچە، خواردن دەگەیەنێتە خانەکانی لەش بۆ ئەوەی لە ڕێی ئۆکسجینەوە، شی بکرێنەوە و بگۆڕێن بۆ پێویستییە پڕۆتینیی و میناڕاڵییەکانی لەش .. تۆ بێیت و بێ خەم بڵێیت من موچەکەتان نادەمێ و بۆتان پاشەکەوت ئەکەم !! ئەم حاڵەتە لە هیچ کلتوور و سیستم و قۆناغێکی مێژوویی و جوگرافیی و جاهیلیی و تەنانەت لە ئەشکەوتیشدا ڕووی نەداوە.. هیچ جیاوازییەکی نییە لە قوقوڕاگە گرتن و خنکاندن و بێ بەشکردن لە ئۆکسجین ..ئینجا لەوەیش سەیرتر قبوڵکردنی ئەو کۆمەڵکوژییە داراییەیە لە لایەن خەڵکەوە .. لەوەیش سەیرترین و سەیرترین دووجا و زیاتریش، بەردەوامبوونی ئەم موچە نەدانە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ، هەر ساڵەی بە جۆرێک و بە بڕێک و بە چەند مانگێک، لە زۆر زۆر و لە کەم کەم، بە جۆرێک ساڵ هەبووە شەش موچە و زیاتری تیا نەدراوە.
بەڵام کە لایەکیان ویژدانی نەبێت و لایەکەی تریش قبوڵی بکات، ئێمە لێرەدا تەنها ئاماژەی پێدەکەین وەک ئەو شتە سەیر و سەمەرانەی لە عێراقدا ئەگوزەرێن و هەموو لایەکیش قبوڵییانە .
پاشان فرۆشتنی نەوت و قەرزار بوون..ئەم کارەساتە بیرکاریی و عەقڵیی و مۆڕاڵییە سەختە، کاتێ تۆ ملیۆنەها بەرمیل نەوت ئەفرۆشیت بۆ ئەوەی ملیارەها دۆلار قەرزار بیت !! لێرەدا ئیتر هەرچی هاوکێشەی بیرکاریی و فیزیا و کیمیا هەیە ڕائەوەستن.. هەرچی یاسای ئابووریی و سۆسۆلیۆژی و سیاسیی هەیە، توشی شۆک ئەبن.. بەڵام وەک ووتم نەوتفرۆشەکە زۆر بە ئاسایی ئەڵێ نەوتم فرۆشتووە و ملیارەها دۆلار قەرزم کردۆتە گەردنتانەوە ئەی میللەتی پاڵەوان .. لەوەیش سەیرتر میللەتە پاڵەوانەکە قبوڵی ئەکات، ئەمەیش یەکێکی ترە لە دیاردە سەرسوڕهێنەرە قبوڵکراوەکان، کە تایبەتن بە عێراق.
هێشتنەوەی سەدان هەزار دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگاکان، بۆ ماوەی دەیان ساڵ، بێ دامەزراندن و بێ ئیش و بێ داهاتوو، ئەمە لە هەر ووڵاتێکدا بێ، دەسەڵات خەوی لێ ناکەوێ و لە نزیکترین فرسەتدا، مایەپوچبوون و دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕادەگەیەنێت، بەڵام لە عێراق نا .. چونکە لە عێراق هەموو لایەک قبوڵیانە، هەر بۆیە کە ئەم ڕازی و ئەو رازی بێ،حەتمەن قازی ئەبێ خەریکی قوتدانی لوقمەقازی بێ.
لەوەیش سەیرتر کە کۆیلەکانی ئەهرامەکان قبوڵی ناکەن و لە عێراقدا قبوڵ کراوە و ئەکرێ، لێدانەوەی قەوانی کورتهێنانی بودجەیە..لە هەمان کات سەرهەڵدانی سەدان و هەزاران ملیۆنێر و ملیاردێری سیاسییە.. لێسەندنەوەی فلس بە فلسی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکانە لە هاووڵاتیان لە کاتێکدا حوکمەت پێنج شەش ملیار دۆلاری فەرمانبەران قەرزارە، ئەمەیش سەرسوڕهێنەرێکی جیهانییە کە هەردوو لا قبوڵیانە و وەزعەکەیش چ عەیبی نییە.
لەوەیش سەیرتر کە هەموو لایەک قبوڵیانە سەرۆکەکان دەیان و سەدان ملیۆن دۆلار دەدەنە کۆشک و فڕۆکەی تایبەت و قات و بۆینباخ و سەعاتی مارکە و کچی شۆخ و شەنگ، لە بەرامبەردا مامۆستایەک لەسەر شاشەی تیڤییەکان ئەگری و ئەڵێ سێ مانگە کرێ خانووم نەداوە و سێ ڕۆژە لە ماڵەکەمدا ئاگر نەکراوەتەوە، بەڵام هیچ ڕوونادات چونکە مامۆستا گریاوەکە و سەرۆکە خۆشبەختەکانیش قبوڵیانە و ڕازین، ئیتر با قازی بۆ خۆی هەر لوقمەقازی بخوات.
سەیرترین شتیش ئەوەیە کۆمەڵێ بەناو ئۆپۆزیسیۆن بە قات و بۆینباخ و لاندکرۆزەر و ڤێڵاوە، بەردەوام ئەوە دەدەن بە گوێی میللەتەکەدا کە ئەوەندە ملیاریان دزراوە و ئەوەندە نەوت و غازیان حەپەلوشکراوە و ئەوەندە هەزار دۆنم زەوییان پاوانکراوە، لە ڕاستیدا ئەم کۆمەڵە مەبەستیان ووریا کردنەوەی خەڵک و گۆڕانکاریی نییە، بەڵکو وەک ئەو یاریزانەی زۆرانبازیی گا وایە کە کاتێک گاکە خەریکە ئەمرێ و ئەکەوێ، دێتە لایەوە و کۆمەڵێ شمشێر ئەکات بە پشتیدا .. ئەم زانیاریی و داتا خەمگینانەی سەبارەت بە تاڵانکردنی ژێر خان و سەرخانی نیشتمان، تەقاندنی فیشەکی ڕەحمەتە لەناوچاوی میللەت، بۆ ئەوەیە خەڵکەکە ئەوەندەی تر نائومێد و کۆیلەتر و داماوتر بن، چونکە بیریارێک ئەڵێت ئەگەر ئازارێکی کەمی بەرامبەرەکەت بدەیت، بیر له تۆڵەکردنەوە ئەکاتەوە، بەڵام ئەگەر بەردەوام ئازاری بدەیت و لە هەموو ڕوویەکەوە برینداری بکەیت، ئیتر بیری تۆڵەکردنەوەی تێدا نامێنێ، هەرگیز بیر له تۆڵەکردنەوە ناکاتەوە و تۆ ئەباتە ئاستی سوپەرپاوەر و خواوە و خۆیشی ئەبێتە عەبدێکی بێ دەسەڵات و دەست سپی ..ئیتر هەردوو سێ لایان قبوڵیانە، هەم دەسەڵات و هەم ئۆپۆزیسیۆن و هەم میللەتی ڕەش و ڕووت، ئەوەیشی قسە ئەکات زیاد ئەڵێ هەروەک ئەفراسیاب لە تەمسیلی ژن بە ژندا عەرزی کردین.
یەکێک لە دیاردە نامەعقولەکانی ڕژێمی بەعس، گۆڕی بە کۆمەڵی هاووڵاتیان بوو .. ئاخر ڕەنگە لە ووڵاتان گۆڕی بە کۆمەڵ هەبێ، بەڵام هی بومەلەرزە و تسۆنامی و زریان و لافاو و تاعون و کارەساتە سروشتییەکانە .. یان هی دوژمنەکانیانە لە شەڕە گەورەکاندا، کەچی سەدام حسێنێک کە ملیۆنان هاووڵاتی خۆی لەسەر بیر کردنەوە و مەزهەب و نەتەوایەتیی و زۆرجاریش بە بێ هۆ، ئەکوژێت و ئەیانخاتە ناو گۆڕی بەکۆمەڵەوە، ئەمە شتێکە عەقڵ و لۆژیک قبوڵی ناکەن، بەڵام مادام گەلانی عێراق قبوڵیانە، ئەبێتە شتێکی ئاسایی و .. زۆر بە نۆرماڵییش بەسەر هەموواندا تێدەپەڕێت.
دوای شایلۆغانی ڕوخانی بەعس و بە پەتاکردنی سەدام و جەماعەتەکەی، خۆ عێراق نابێتە شامی شەریف .. عێراق هەر عێراقە و ..هەر عێراقیش ئەبێت، هەر خاڵیی نییە لە دیاردەی سەیر و سەمەرەی قبوڵکراو، لەلایەن هەموو لایەکەوە ..
عێراقێک لەسەر دەریایەک نەوت و گازی سروشتیی و کانزای گرانبەهای ترە، کەچی تەماشایەکی کۆمەڵگای عێراقیی دەکەیت وەکو ئەوە وایە کینیا و تەنزانیا بێت.. ڕۆژ بە ڕۆژ دیاردەی عەرەبانە و هەژاریی و سواڵکردن و .. نان پەیداکردن لەناو خۆڵ و خاشاکی قەراغ شارەکاندا زیاد ئەکات .. لەو لایشەوە لە پڕێکا سەرۆکێک پەیدا ئەبێ، حەزی لە چەپڵەیه، خۆی لێ ئەبێتە مەهاتیر محەمەد و ماندێلا، دەست ئەکات بە ڕاوەدونانی دز و گەندەڵکارانی ووڵات.. ئەمجارەیان گۆڕە بە کۆمەڵەکانی کیلۆ ئاڵتوونەکان و ملیارە دۆلارەکان ئاشکرا ئەبن .. جومەیلییەکی ملباریک ئەکەنە کەبشی فیدا، گوایا ملیارەها دۆلاری خستۆتە ناو دەبەی بەڕادی ئاو و لە ژێر زەویدا شاردوونیەتەوە .. سەدان و هەزاران کیلۆ ئاڵتونی خستۆتە ناو سپلیت و ژێر خان و ژێر زەوی بەغا و هەولێرەوە!! هههههه .. ..ژنێکی چاو زەق دەست بەسەر دەکەن، گوایا ئەوەندەی جومەیلی و زیاتریشی خستۆتە ناو گۆڕی بە کۆمەڵی زێڕ ودۆلارەوە .. ئیتر خەڵکەکە دڵیان خۆش ئەبێتەوە و چەپڵە لێدەدەن و دۆعای تەمەن درێژی بۆ سەرۆکی گەندەڵکوژ و دزتەقێن و جەردەفڕێن دەکەن.. نوسەرەکان پڕ ئەدەن بە قەڵەما و .. دەستدەکەن بە حیسابکردنی ئەو هەموو داهاتە دزراوەی کە سەرۆکی قوماندانی نوێ لە دزەکانی سەندۆتەوە و خستوویەتیە ناو خەزێنەی دەوڵەتەوە ..ئیتر ئاهەنگ و شایلۆغانی دەروونیی و ڕاگەیاندنەکان دەست پێدەکات و دۆلار له لەسەد و پەنجا و سێوە دێتە خوارەوە بۆ سەد و پەنجا و دوو و نیو ..!
بە بێ ئەوەی یەک سواڵکەر کەم بووبێتەوە ..بە بێ ئەوەی یەک کرێچی بووبێتە خاوەنی ماڵ ..بە بێ ئەوەی یەک بێکار دامەزرابێ..به بێ ئەوەی یەک نەفەر لەوانە کەم بوبێتەوە کە لەسەر مقەبا و خۆڵ و خاشاکی قەراغ شارەکان بژێوی ژیانیان دەستەبەر ئەکەن..
کەسیش ناپرسێ ئەرێ ئاغای قەشەنگ، ئەو ملیۆنەها و ملیارەها دۆلارە دۆزراوەیە لە گۆڕەبەکۆمەڵەکانی جەردەکاندا .. ئەو سەدەها و هەزارەها کیلۆ ئاڵتوونە دۆزراوەیە کە ئەکاتە بودجەی ووڵاتێکی ئەوروپیی، چییان لێ هات؟ بۆچی برسییەکیان تێر نەکرد ؟ کێ بردی و کێ دۆزییەوە و کێ دیسان بردییەوە و خواردی؟ بەڵێ، سەرۆکی قەشەنگ، گۆڕە بە کومەڵەکانی داهاتی نیشتمانێکی هەڵدایەوە و .. دوای چەپڵە لێدانێکی گەرم و دەستخۆشییەکی جەماوەریی، لە گۆڕەبەکۆمەڵەکانی تایبەت بە خۆیدا ئەسپاردەی کردنەوە.. بە ڕەزامەندی هەموو لایەک و .. و للمرحوم سورة الفاتحة ..
انا للە و انا الیە راجـعـــــــــــــــــــــــــــون..




لە گەڕەکی ئێمە.. نەوزاد بەندی

لە هەموو کۆڵانەکانماندا، بەردەوام کۆترێک هەیه گمەی لێ وون بووە و درەخت درەخت بۆی ئەگەڕێ، نایدۆزێتەوە تاکو ئەبێتە قوربانی بەردی دارلاستیکێ..یان داوی کۆتر بازێ .. بەردەوام دایکێ هەیە بە دوای ووشکەساڵیی چاوەکانیا ئەگەڕێ، نایدۆزێتەوە تا دوا جار لەگەڵ تاوە فرمێسکێ، ئەڕوا و ماڵ بە جێدێڵێ ..لەم گەڕەکە بەردەوام شاعیرێ بەدوای تابلۆیەکی پاییزیدا ئەگەڕێ، تەنەکەی خۆڵەکان گاڵتەی پێ ئەکەن، نیشتمانفرۆشەکان زمانی لێ دەردێنن، نەخوێندەوارەکان زیندانەکانی لێ پڕ ئەکەن، براکانی کارامازۆف چواردەوری ئەتەنن، ڕووتی ئەکەنەوە، هەموو وشە و تابلۆکانی پێ دائەکەنن ..
ئەم نیشتمانە پارچە ئێسقانێکی هەزار جار فڕێنراوە و .. هەزار دەمی سەگ گەڕاوە و.. هەزار کەڵبەی گورگی تاقی کردۆتەوە .. بەردەوام بێچووە پشیلەیەکی تیا کوژراوە ..بەردەوام خاڵخاڵۆکەیەکی تیا بووە بە پوش ..ئەم بازاڕی خیانەتە بەردەوام خوێنی تیا هەرزان بووە و نانی تێدا گران.. هەمیشە درەختی تێدا ڕیسوا بووە و سێبەری تێدا گران .. بۆ ئەبەد بای وەشتی تێدا یاساغ بووە و نوێژیشی تێدا کراوە بۆ باران ..لەم کۆڵانە نسرمەدا، بەردەوام مردن هەڕەشەی لە نان و چا کردووە و هەمیشە بار و دۆخ ناسک بووە .. هەل و مەرجەکانی هەرەسهێنان بەردەوام ئامادە بوون.. ئەم کۆڵانە هەمیشە وەک سۆزانییەک، سەرکردەکان سواری بوون و هیچی تر ..چەکدار و تێکنۆکرات ..کۆمۆنیست و ئیسلامیی و دیموکرات، کاریان تەنها لاقه کردن بووە.. لاقە دوای لاقە، ئەوانەی تۆسقاڵێ شەرەفیان هەبووبێ، ڕایان کردووە، بە جێیان هێشتووە، لەسەر دیوار و دەرگا و دەلاقە ..ئەم کۆڵانە بەردوام یان خۆڵ بووە یان قوڕ .. هی ئەوەیە یەک ڕۆژ تیایدا بژیت، چونکە هەموو شتێکی دووبارەیە، لەگەڵ گۆڕستانا لێت ئەگۆڕێن، شاخی جەردەکان و کێلی مردووەکان ..
بەردەوام چۆلەکەیەک نازانێ بۆ کوێ بفرێ ..درەختێ نازانێ سێبەر بۆ کێ بکا .. گریان و پێکەنین ئەوەندە تێکەڵکراون، ئێستا پێکەوە گەشت ئەکەن و یەک ژوور پێکەوە ئەگرن ..
لەم کۆڵانەدا بەردەوام منداڵێک ئەگری و دایکێک ئەمرێ و باوکێک بەدوای ژنێکی جوانترا ئەگەڕێ .. بەردەوام بازرگانێک کەرکوک ئەفرۆشێ و هەڵەوەڕێک فۆتۆکۆپی دوبەی ئەکڕێ و.. درۆزنێ بە بارستایی دەنگدانێ، درۆی شاخدار دابەش ئەکا بە خۆڕایی و نەخوێندەوارێ میز ئەکا بە هەموو مزگەوت و کتێبخانەکا ..بەردەوام ژیان گیان ئەدا و مردن لە دایک ئەبێ .بەردەوام ڕیزە ئاودەستخانەی مزگەوتەکان پڕن لە پیاوی تەنگاو ..بەردەوام کۆڵانە خەمگینەکان، پڕن لە ماڵی بێ ئاو .لێرە بەردەوام گرانیی جگەرە ئەکێشێ و خۆر بە شەرمەوە هەڵدێ، سەرۆکخێڵەکان خاوەنی سەد هەزار ملیار دۆلارن و هێشتایش وەختە لە برسا ئەمرن..بازرگاناوایە ئێرە، بازرگانگەلێکی سواڵکەر.. لێرە بەردەوام ناشیرینیی خەڵات وەرئەگرێ و .. شیعر تەنەکە و تەپڵی حەیاچوونی بۆ لێدەدرێ ..ئێرە تفیشی تێدا بکەی زەرەرتە، وەک خەوێکی ترسناک، تا زوو خەبەرت بێتەوە، بەختەوەر تریت.

نەوزاد بەندی




ڕێگاکانیش ئەمرن.. نەوزاد بەندی

لەو دنیایەدا، به پێی قۆناغەکانی ژیان و تەمەن و بارودۆخە ئابوریی و فیکریی و سیاسییەکان، ڕێگاکانیش ئەمرن.. تەماشا ئەکەیت، کۆمەڵێ ڕێگا کە ساڵانێک ڕۆژانە پێیاندا ڕۆیشتوویت، ئەمڕۆ بە هیج جۆرێک پێیاندا ناڕۆیت.. واتا ئەو ڕێگایانە لای تۆ تەمەنیان تەواو بووە و مردوون.
وەک خۆم، گەلێ ڕێگا لە ژیانمدا لە دایک بوون و مردوون .. وەکو ڕێگای فرۆشگای مەجید و عەبدوڵڵا لە کۆڵانەکەمان، کە ڕۆژانە بە دە فلس یان پێنج فلسەوە بەسەریدا ئەڕۆیشتین و ئەهاتینەوە ..ئێستا لە مێژە ئەو دوو ڕێگایە، بە هەردوو فرۆشیار و هەردوو فرۆشگاکەیشەوە مردوون ..هەروەها ڕێگای قوتابخانەی ئەیوبیی، کە ڕۆژانە لەگەڵ باوکما، لە کارێزی وەستا شەریفەوە دەستمان پێدەکرد، هەتاکو گەڕەکی چوارباغ و نزیک مزگەوتی عەبدوڵڵا لوتفی.. تەمەنی ئەو ڕێگا دوور و درێژ و پێچا و پێچە، تەنها دوو ساڵ بوو، ئیتر لە لای ئێمە مرد و بۆ هەتاهەتایە بەو ڕیتمە پێیدا ڕەت نەبووینەوە، ئاخر باوکم لەگەڵ بەڕێوەبەری تەربیە و مەعاریفی ئەو سەردەمەدا، لەسەر بابەتی سیاسیی بەشەڕ هاتبوو، گڵاسێک ئاوی کێشا بوو بەسەریدا، ئیتر سزای باوکمیان دابوو بە گواستنەوەی بۆ قوتابخانەیەکی دوور، هەتا ڕۆژانە ئەشکەنجە بکێشێ و عەرەق بڕێژێ و ڕێگایەکی دوور ببڕێت..ڕێگایەک کە خەتی هیچ جۆرە ئامانەیەکی لەسەر نەبوو.. ڕێگای قوتابخانەی مەولاناخالید و کاوە و هەڵکەوتیش بە هەمان شێوە ساڵانێک لە ژیانماندا لەدایک بوون و تەعاروفیان لەگەڵ هەنگاوەکانماندا کرد و پاشان بۆ هەتاهەتایه مردن.. ئێستا بۆ نمونە کەسێک پێم بڵێت با بچین بۆ ئامادەیی هەڵکەوت یان بۆ ناوەندی کاوە، تەماشایەکی چاوی ئەکەم و پێی ئەڵێم : تەواویت ؟
ئێ ئاخر مەعقول نییە جارێکی تر بە ڕێگایەکدا بڕۆیت کە لە ژیانتا مردووە، وەک هەڵدانەوەی گۆڕێک وایە، ماندووێتیی و خەم و خەفەتێکی زۆری لە دوایه..
هەروەها ڕێگای زانکۆی موسڵ، کە چوار ساڵی پڕ له ماندووبوون و خۆشیی و خەم و خەون و هیوا و عەشق و لێکدابڕانی ژیانمانی بۆ خۆی برد.. ڕێگایەکی دوور و درێژ، لە سلێمانییەوە بۆ موسڵ، پاشان ڕۆژانە لە بەشی ناوخۆییەوە بۆ مەرکەز توڵابیی و چێشتخانە زەلامەکەی، بۆ خواردنی نانی بەیانی.. ڕێگای خێرا، ڕووە و هۆڵەکانی وانەخوێندن و تاقیگەکان..ڕێگای گەڕانەوە بۆ بەشی ناوخۆیی و ..ڕێگای کولێره بەقیمە و مزگەوتی هەیبەت خاتوون .. ڕێگا کورتەکانی چێشتلێنان و قاپ شوشتن و هۆڵی سەعی کردن.. ڕێگاکانی عەشق، کە تێکڕا کورسییە دارەکان و ژێر دارکاژ و یۆکالیپتۆس و بۆنە و ئاهەنگەکانی زانکۆ بوون..ڕێگای گەڕانەوەی پڕ لە خولیا و تاسە بۆ سلێمانی ..ڕەنگە بڵێم ڕێگاکانی زانکۆ یەکجار جۆرا و جۆر و ترش و شیرین بوون، هەر بۆیە لەم ساڵانەی دواییدا، دوای دابڕانی زیاتر لە 40 ساڵ، چەند جارێک هەوڵمان دا بگەڕێینەوە و پێیاندا تێپەڕینەوە..هەوڵماندا فێرست ئەید یان ئیسعافات ئەوەلیی بۆ ئەو ڕێگایانە بکەینەوە، ڕۆیشتینە بەردەم زانکۆیەک کە 40 ساڵ بوو بە جێمان هێشتبوو، کارمەندی پرسگە به عەرەبی پێی ووتین : فەرموون حاجێکان؟ چیتان ئەوێ ؟ ئەمرکەن..
ئێ ناحەقی نەبوو وای ووت، چونکە کۆمەڵێ کەسی پیری لەسەر ڕێگای خویندکارە لاوەکاندا بینی .. یان کۆمەڵێ پیرەمێردی بینی، گۆڕی ڕێگا کۆنە مردووەکانی تەمەنیان هەڵدابۆوە، هەر بۆیه لێی پرسین : چیتان ئەوێ؟
بێجگە لە کارمەندی پرسگە، قوتابیانیش بەسەرسامییەوە بۆ ساتێ سەرنجیان دەداین و هەندێکیشیان پێدەکەنین و لە دوورەوە قاقاکانیان ئەوەی دەگەیاند کە ئێمه موخالەفەیەکی مروریمان کردووە و بە سایتێکی هەڵەدا ڕۆیشتووین و شایانی ڕاگرتن و سزادان و تەنانەت قەشمەریی و پێکەنینیشین..
ووتمان : هیچ ..
ووتمان: چل ساڵ پێش ئێستا ئێرەمان تەواو کرد ..
دەستمان بۆ زانکۆ درێژ کرد، وەک ئەوەی دەست بۆ مەزارگەیەک درێژ بکەین کە هیچ جوڵە و ژیانێکی تیا نەما بێت ..
ووتمان: کاتی خۆی ئێمەیش لێرە بووین، بە زەی موەحەدەوە، هەموو ڕوژێ، چاکەتی نیللی و کراسی سپی و پانتۆڵی ڕەساسیمان ئەپۆشی، ئێستا ئەو یەکتاپۆشییە نەماوە …
بۆ ئەوەی زیاتر بیسەلمێنین کە ئێمە کاتی خۆی لەسەر ئەو ڕێگایە بووین و ئەهلی ئەو جێگایە بووین، ووتمان :
کاتی ئێمە عەبدولئیلاهــ سەرۆکی زانکۆ بوو!!
کابرای پرسگە سەرێکی بۆ لەقاندین وەک ئەوەی بڵێ جا من حەقم چییە یان بە من چی و من تاوانم چییە ئێوە چل ساڵ پێش ئێستا لێرە بوون و ئێستایش وا خەریکە خولی ژیانتان تەواو ئەبێ ؟؟ ههههههه ..
ڕێگای دایەنگا و باخچەی مناڵەکانیشمان، ساڵانێک قەڵەمڕەوی هەنگاوەکانمان بوون، ڕۆژانە بە مناڵێکی تووڕە و گرینۆکەوە پێیاندا ڕەت ئەبووین و نیوەڕۆ دووبارە پێیاندا ڕەت ئەبووینەوە، ئەمڕۆ ئیتر مناڵ گەورە بوون و ئەو ڕێگایانەیش لە ڕۆژژمێری ئێمەدا مردن .
لە ژیاندا بێجگە لە ڕێگا ماددی و سونەتییەکان، گەلێ ڕێگای دەروونیی و ئایدیۆلۆجیش هەن، کە تەمەنێک لەگەڵماندا ئاشنا ئەبن و ئەمانکەنە پیادەی خۆیان، پاشان ئەپوکێنەوە و ئەمرن..
ڕێگای دارا و .. ڕێگای دوو دارە دوورەکە .. ڕێگای وازی و .. ڕێگای دادە کە دوو ڕۆژ بوو بەردەوام دۆکەی ئەڕژا ..ڕێگای سێ سەگ و .. ڤان سواران کە غارانێیان دەکرد و شیر و مەتاڵیان پێ بوو .. ڕێگای کەف و چالاک و هەچەکە و بێچووەکەی ..ڕێگای مام زۆراب و نەسرین و باوکی و ئازاد بەسەر دار سێوەکەوە..ڕێگای بەبەی زەینەب و مام ورچ و کاکی شمشاڵژەن و هێک ..هەموو ئەو ڕێگا بەرز و بەنرخانەی کە دکتۆر ئیبراهیم ئەمین باڵدار لە ئەلف و بێکەیدا، بۆی دیاریکردبووین، کە لە ڕێگای بەردەم ماڵەکانمان زۆر ڕاستتر و جوانتر و گوڵڕێژ تر بوون، چەندەها شەو لە خەونەکانماندا بەو ڕێگایانەدا ئەهاتین و ئەچووین و ..پیتەکان فێر ئەبووین و چێژمان لێ ئەبینین ..تا ئەمڕۆیش ئەو ڕێگایانە بە پیرۆز ئەزانم و لە ناخمدا ماون.
بەڵام لە ڕاستیدا، زۆر بەداخەوە، ئ ئەو ڕێگایانەیش مردن و تەواو بوون، بوون بە ژێر پێی سیستمی خوێندنی سویدیی و دانیمارکییەوە .. ئیدی دارا و زەینەب و ئازاد و دادە و مام زۆراب و نەوزاد و نەسرین و باوکی و کاکی شمشاڵژەن، بوون بە شەهیدی سیستمی سویدیی و دانیمارکیی و جۆرەها ناوی بێگانە و نامۆی تر.
هەروەها ڕێگای ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبخانەی ناوەندی و سندووقە دارەکانی کتێبخواستن، ئەو ڕێگا ناسک و پڕ له زانیاریی و عەشق و جوانی و داهێنانانە.. ڕێگای سەرنجی چاوەکانمان و ..ووشە و دێڕەکان، ئەو ڕێگا دوور و درێژانەی چاوەکانمان لە شەوێکدا دەیان هەزار دێڕیان ئەبڕی، بۆ ئەوەی بگەنە کۆتایی ڕۆمانێک.. ئای چەندێک ڕێگای ڕۆمانەکانم بڕیوە و ئای له کۆتاییدا تەنیا و دەستەوسان و بێکەس، چەند جار کەسایەتیی ڕۆمانەکان جێیان هێشتووم و تەنیا ماومەتەوە.. ئێرەییم بەو هاوڕێیانەم ئەبرد کە ڕێگای کتێبێکیان بە چەندین هەفتە ئەبڕی و تیایدا چێژێکی دوور و درێژیان لەگەڵ ڕێگا و کەسایەتیی و قاوەخانە و عەشق و ئازارەکانی ناو ڕۆمانەکاندا ئەبینی، هەرچەندە لە کۆتایی کتێبەکەدا ئازاری ئەوان گەورەتر بوو، من تەنها شەوێک یان دوو شەو ئاشنای ئەوان بووبووم، بەڵام ئەوان چەندین هەفتە هاوڕێیان بوون و لێکدابڕانی کۆتایی کتێبەکان، کاریگەرتر و تراژیدیی تر بوو لە ژیانیاندا ..زۆر لە چارڵس دیکنز و فیکتۆر هیگۆ و ئێرنست هێمنگوای و کافکا و چیخۆف و تۆڵستۆی و دیستۆیڤسکی ئەترسام، چونکە ڕۆمانەکانیان ئەیانبردیت بۆ جێگایەک کە تیایدا خەمێکی قوڵ بخۆیت و بگریت وەک سەردابی پیازەکەی گۆنتەرگراس .. بە کەسانێکیان ئەناساندیت، کە بە درێژایی ژیانت نەتئەتوانی لە یادیان ببەیتەوە و بەردەوام بە خەم و ئازار و هەڵوێست و فیداکارییەکانیان، فرمێسکیان پێ ئەڕشتیت ..
هەروەها ڕێگاکانی کوردایەتیی و نیشتمانپەروەریی، بەشێکی زۆری لاویی و گەنجیمانی برد.. لەو ڕێگایانەدا، لە پڕێکدا نزیکترین و ئازیزترین هاوڕێمان بوو بە سووتەمەنی شۆڕش، وەک سالار فەتاحی ناو پۆلە شەهیدەکەی قڕگە.. ئەو ڕێبازانەی کە جێی شانازییمان بوون و .. بەنرخترین ڕۆژ و دەسکەوت و هەل و ئامانجەکانی ژیانمان کرد بە قوربانیی .. خوێندن و داهاتوو، برا و خوشک و دایک و باوکمان کرد بە گاوگەردوونی ..لە بیرمە یەکەمی قۆناغی خۆمان بووم لە کۆلێژی زانست، بەشی بایۆلۆژی، مامۆستای پەروەردەی نیشتمانیی، پێی ووتم : کوڕم ! تۆ کەسێکی زیرەک و هونەرمەند و ڕۆشنبیریت، داهاتووی خۆت مەفەوتێنە و وەرە سەر ڕێگای بەعسی قائید، واز لە ڕێگای موستەقیلیی بهێنە و ئیمزایەکمان بۆ بکە ! .. ووتم : ناتوانم ..
ئەو ناتوانمە، کە تا ئێستایش زۆر و کەم شانازیی پێوە دەکەم، قوربانییەکی گەلێ گەورەی پێدام.. داهاتووی زانستیی بە تەواوەتیی ڕوخاندم، نمرەیەکی زۆریان لێ شکاندم، بووم بە پێنجەمی کۆلێژ.. ئەوسا تەنها یەکەمەکان دوای چل و پێنج ڕۆژ خزمەتی سەربازیی ئەگەڕانەوە بۆ زانکۆ، بۆ تەواو کردنی خوێندنی باڵا..من سێ ساڵ و نیو سەربازیی، تەواوی زانست و خەون و هیوا باڵاکانمی هەڵوەراند ..
بەڵام ئێمە هەموومان، تەواوی هاوڕێکانمان لەسەر ڕێگای کوردایەتیی و نیشتمانپەروەریی بووین، بە خۆشحاڵییەوە هەموو جۆرە قوربانییەکمان ئەدا..
هەروەها بەشێکی زۆر لە گەنجە نەخوێندەوارە کاڵفامەکانمان، ڕێگایەکی نوێیان بۆ کێشرا، کە ڕێگای خۆفرۆشیی بوو، پێیان ئەووت ڕێگای جاشایەتیی ..ئەو ڕێگایه سەردەمانێک بوو ئەوەندە قەڵەباڵغ بوون، سەگ ساحێبی خۆی نەدەناسیەوە..
ڕێگای سیخوڕیی و خیانەت، ڕێگا نهێنییەکان بوون، کە تاوانبارە گەورەکان پێیدا هات و چۆیان دەکرد، خەریکی ملشکاندن و کوشت و بڕی نیشتمانپەروەران بوون ..
تەواویی ئەو ڕێگایانە ماون و .. لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکی تر ئەگۆڕێن.. واتا تا ئەمڕۆیش ڕێگای جاشایەتیی و سیخوڕیی ماون و .. خەڵکێکی زۆر نانی لێ ئەخۆن و ملیارەها دۆلاری تێدا پەیدا ئەکەن .. ڕێگای پێشمەرگایەتیی تەنها وەک خەیاڵێک یان وێنەیەکی کاڵ ماوەتەوە، قاچی بۆ ئەبەیت، ناتوانیت هەنگاوێکی تێدا هەڵبێنیت.. پڕ بووە لە گەندەڵ و دز و قاچاخچی و نیشتمانفرۆش .. گوڵاڵە سوورەکانی بوون بە دڕکەزیی .. شەهیدەکانی بوون بە ژێر کچە مۆدێل و کوڕە مەسئولی ملیاردێرەوە..سروودەکانی بوون بە ژێر ئاوازی ڕەبابە و مەوالی عەرەب و عەجەمەوە ..
ئەمڕۆ ئیدی ڕێگای نائومێدیی زاڵ بوو، دوای ئەوەی دەسەاتی کورد نەیتوانیی خزمەتی کورد بکات، ئەوەیش ڕێگای تری لێ پەیدا بوو، ڕێگای کۆچ و.. ڕێگای کەمپ و .. ڕێگای قاچاخ و..ڕێگای یەخت و چوپی ناو دەریا و.. ڕێگای گرەنتیی و ڕێگای گەشت لەسەر ئەکسلی لۆریی و لەناو تانکی تەنکەر و ناو کۆنتەینەر و ڕێگای سنورداش و جۆرەها گەشتی هەتاهەتایی خەمگین کە تایبەت بوون بە هەژاران، کە بەشێکی زۆریان لە ڕێگا، خنکان و بوونە خۆراکی شارک وماسییەکانی دەریای ئیجە ..
ئەمڕۆ ئیدی خەمخۆرەکانی نیشتمان بە نەخۆشیی و خەم و دەردەدڵ مردن.. ئەوانەیشی کە ماونەتەوە، ڕێگای نوێیان دۆزییەوە، ڕێگای گۆشەگیریی و .. ڕێگای نامۆبوون و.. ڕێگای کەئابە و شێت بوون وەک ئەو بیریارانەمان کە لەسەر شەقام پێیان ڕائەبوێرن و فیکەیان بۆ ئەکێشن، جار و بارێکیش ئەکوژرێن یان زیندان ئەکرێن و تەمبێ ئەکرێن .. ڕێگای خۆکوشتنیش پەیدا بووە و جەنڕاڵەکانی پاییزمان لەو ڕێگایەوە وون ئەبن ..
ئەمڕۆ زۆربەی زۆری ڕێگاکان مردوون.. بۆیە هەر ئاوازێکی کۆن، هەر گۆرانیی و وێنەیەکی کۆن، هەر پەند و سەرگوزشتە و حەکایەتێکی کۆن، ئەمانهێنێتە گریان .. چونکە هەزاران ڕێگای مردوو، کوژراومان بە بیردێنێتەوە..
دواجار، زۆرینەی هەرە زۆرمان، ئەگەڕێنەوە بۆ ڕێگای ئایین..ئەو ڕێگایەی بە هۆیەوە ئەتوانین بەرگری لەو هەموو زیانە مادیی و مەعنەوییانە بکەین کە توشمان بوون .. بەو ڕێگایەدا ئەڕۆین، کە یەقینمان هەیە ئەمانگەیەنێتە دادگایەکی باڵای خوایی، تیایدا دوژمنانی گەل و نەتەوە و مرۆڤایەتیی دادگایی دەکرێن و ئەخرێنە سەر ڕێگای دۆزەخی هەتا هەتایی.. هەرچەندە ئەو ڕێگایەیش کۆمەڵێ جەردە و قاچاخچی و بازرگانی تێدا قوت بۆتەوە و ..دەیان ڕێگا و تولەڕێی خوار و خێچیان تێدا جێ کردۆتەوە، کە هەندێکمانیان ناچاری وەستان کردووە و .. هەندێکی تریشمان یاخی کردووە لە دین ..




گەڕانێکی تر.. شیعری نەوزاد بەندی

بە ئارامیی بڵین،
کەی ئیجازەکەی تەوا و ئەبێ و دێتەوە ؟
بە دڵخۆشیی بڵێن کەی
لە خەستەخانە دەرئەچێ و
ئەگەڕێتەوە ؟
بە مناڵیی بڵێن،
کەی لە چاودێریی چڕ ،
دەری ئەکەن و
بە کۆلارە و هەڵماتەوە ،
پەیا ئەبێتەوە ..؟

بە گوڵ بڵێن،
کەی سەربازیی تەواو ئەکا و
بە بێرییەکەوە،
دێتەوە بۆ ناو بیابان ؟
بە دڕک بڵێن
کەی لە خوێنڕشتن تێر ئەخوا و
لووتی ئەشکێ و
وون ئەبێ و سەر ئەنێتەوە ؟

بە دڵ بڵێن،
کەی لە لێدان بێزار ئەبێ و
دەست لە کار ئەکێشێتەوە ؟
بە فرمێسک بڵێن،
ساڵی چەند،
بڕیاری خانەنشین بوونی
تازەی عێراق،
ئەیگرێتەوە؟

بە ئەو بڵێن،
کەی دێتەوە ؟

بە من بڵێن،
کەی واز لە نوسین دێنیت و
لەگەڵ قەڵەمێ
ڕا ئەکەن بۆ تاراوگە ؟
کەی عەسرێکی درەنگ
لە کەناری دەریایەکا،
نەورەسێک
جێی دیوانێ شیعرت بۆ
ئەگرێتەوە ؟

بە فەرمانگەکەم بڵێن،
قەیناکە ..
ماندوو بوونیشت لێ بتکێ ..
چەند مانگێکە و
ئەو سێکشنەیش تەواو ئەبێ ..
نە من ئەو ئەبینمەوە و
نە ئەو من ئەبینێتەوە ..

بە بەفر بڵێن،
قەیناکا ..
با ئاڵای سپی هەڵکات و
خانەکانی
یەک لە دوای یەک بتوێتەوە ..
ئەمە کەی ووڵاتی بەفرە ؟
با لەجێی ئەو،
بیابانێکی نوێ بکڕین ..
خۆڵ بارینێ،
بە موساتەحە وەربگرین ..
کۆمەڵێ جەردەی ناشیرین ..
ڕەوێ کوللە و
ڕەوێ درۆ و زوڵم و تاوان ..
جێگای بەفر بگرێتەوە …




مردن.. نەوزاد بەندی

دیارنەمانی کت و پڕی کەسێک .. وونبونی هەتاهەتایی و .. دروستبوونی بۆشاییەک لە چواردەورتا ..ڕۆیشتن بۆ جێگایەکی نادیار ..ماڵئاوایی کۆتایی و .. دەستهەڵگرتن لە هەموو دەستکەوتە مادی و ڕۆحییەکان، ڕۆیشتن بۆ جیهانی حەق و حیساب، ئەمانە بەشێکن لە پێناسەکانی مردن، کە لە ڕاستیدا تاکە دیاردەیە کە زۆرترین خۆپارێزیی و لێکۆڵینەوە و پێناسە و لێکدانەوەی بۆ کرابێ.. بە جۆرێک زۆرینەی کۆمەڵگا مۆدێرنەکان، گۆشەگیر کردن و لەیاد بردنەوە و خۆلێنەدان و وێڵکردنی تێرمی مردن پەیڕەو دەکەن .. پێویست ناکات بیر له مردن بکەیتەوە، مادام ژیان هەیە.. پێویستە بە هەموو جۆرێک باوەش بکەیت بە ژیاندا و .. بە قوڵیی ڕۆبچیتە ناو تام و چێژ و حەز و ئارەزووەکانییەوە بۆ ئەوەی بە تەواویی یان بە نیمچە تەواویی لە هەستکردن بە مردن، ڕزگارت بێ.. گوڵبارانکردن و عەتر پرژێنکردن و ڕازاندنەوەی لاشە و گۆڕ و هەڵبەستنی گۆڕ و دروستکردنی باڵەخانە تیایدا، بەشێکن لە سڕینەوەی مردن و داپۆشینی بە چالاکییەکانی ژیان .. هەمان کات، پێشوازیی کردن لە مردن بە جلی ڕەش و فرمێسک و گریانەوە، وەک ناڕەزایی و ڕەتکردنەوە و بەگژاچوونەوەی مردنە بە نمایشێکی تایبەت.. لە ڕاستیدا ڕازاندنەوەی مردن یان ڕەشپۆشکردنی، هیچ کەڵکێکی نییە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ شکاندنی سنوورەکانی مردن و موتوربەکردنی بە ژیان، تا کار گەیشتۆتە ڕەتکردنەوەی ناشتن و مۆمیاکردنی پاشا و هەندێ کەسایەتیی و پاراستنیان لەناو مۆم و فۆرمالیندا .. ئەم کارانە دەسترێژیکردنە سەر مردنن، بە بێ ئەوەی تۆسقاڵێک لە حەقیقەتی مردن بگۆڕن .. هەر بۆیە پێغەمبەر داوا دەکات هەموو ئەو گۆڕانە بڕوخێنرێن کە هەڵبەستراون، چونکە لۆژیک وا ئەخوازێت مردن مردن بێت و ژیانیش ژیان بێت، لوتکەی گەمژەییە ئەو جێگایە کۆنکرێت بکرێت و بهێڵرێتەوە لە کاتێکدا کەسەکە شی بۆتەوە و نەماوە.. هێشتنەوە و نەمرکردنی گۆڕ و ڕازاندنەوەیان، بەشێکە لە نوشوستیی مرۆڤ بەرامبەر مردن، ئەوسا لە جیاتیی مردن لە خۆی بتەکێنێ و ژیان فراوانتر بکات، پاوانخوازیێ و فراوانخوازیی بە گۆڕستانەکان دەدات و ..چەندەها قەبارەی فراوان لە زەوی لە کاردەخات و دەیانکاتە شاری مردووەکان لە کاتێکدا بە پابەند بوون بە سنووری هەردووکیان، هەم شەپۆلی گوڕستانەکان بەو جۆرە ترسناکە فراوان نابێت، هەم ژیانیش ئەو هەموو پەڵە گۆڕستانە گەورانەی پێوە لەسەر دروست نابێت، وەک ئەمڕۆ ئەیبینین گۆڕستانەکان و کۆڵانی زیندووەکان تێکەڵ بوون و بوون بە دراوسێ .. هەربۆیە پێغەمبەر داوا ئەکات ئەوەی لەسەر مردووەکە دروستکراوە، بڕوخێنرێ، بۆ ئەوەی گۆڕ، تەنها گۆڕ بێ و نەبێتە ماڵ.. گۆڕ پێویستە دوای ساڵانێک نەمێنێ و بپوکێتەوە و لە جێگایدا کەسێکی تر بنێژرێت، نەک هەتا هەتایە بمێنێ و .. گیر بخۆین بە دەست شوێنگۆڕ و گۆڕستانەوە و گۆڕخانەکان هەتا بێ لە زیاد بووندا بن.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو خۆپارێزیی و ڕازاندنەوەی ژیان و فراوانکردنی خەیاڵ و خەونەکانی ژیان و گەڕان بۆ چارەسەریی لە نەخۆشییەکان و .. تەنانەت گەڕان بۆ گیای نەمریی لە ئەفسانەکاندا بە تایبەت لە ئەفسانەی گلگامێشدا، لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا، پەیکەری مردن، هەستکردن بە مردن، دەرکەوتنی مردن، دیاردەیەکی بەردەوامە لە ژیانماندا و ..هەمیشە ئەو هەستە لە ناخماندا، لە جم و جوڵماندا، لە بەرهەم و خولیا و خەونەکانماندا بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ڕەنگ ئەدەنەوە .. بۆ نمونە ئەو هەموو نەخۆشخانە و دەرمانخانە و پزیشک و کارمەندە تەندروستیی و ئەمبوڵانس و ڕاگەیاندنە تەندروستییانە، نیشانەی هەبوونی مردنن.. هەوڵدانن بۆ دەستگرتن بە ژیانەوە ..واتا هەتا زیاتر ژیان لە ئامێز بگیرێت، زیاتر کاراکتەری مردن لە شانۆکەدا دەردەکەوێت .. ئەو جل و بەرگە گەرم و ئاگردانانەی زستان، دەرگا و پەنجەرە و بنمیچی ژوورەکان، خواردن و خەو و حەوانەوە، هەموویان بۆ ئەوەیە نەمرین و خۆپارێزیی له مردن بکەین، واتا بەردەوام مردن خۆیمان نیشان ئەدات و ئێمە لە دەستی هەڵدێین و خۆمانی لە دژ چەکدار ئەکەین، هەر بۆیە نزیکەی هەموو هەڵس و کەوتەکانمان ڕاکردنن لە مردن.. خۆ حەشاردانن لە مردن. خۆگۆڕین و خۆ سواغدانن بە جۆرەها شتی ماددی و ڕۆحیی، بۆ ئەوەن بەڵکو مردن نەماندۆزێتەوە !
لە قورئاندا هاتووە کە هەموو کەسێ ئەبێ مردن بچێژێ و .. ئەو مردنەی کە خەڵک لە دەستی ڕادەکەن هەر پێیان دەگات ئەگەر لە تاوەرە توند و تۆڵ و بەرز و شاهانەکانیشدا بن..
بەڵام غەریزەی ژیان و مانەوە، هەتا دوا هەناسەی ژیان، لە ڕاکردن و خۆدزینەوە لە مردن بەردەوامە..
خوجوانکردن و خۆ گەنجکردنەوە و بۆیاخکردنی ڕوخسار و قژ و نینۆک و . خۆگۆڕین و پۆشاکی جۆرا و جۆر و عەتر و وەرزشەکان و جۆرەها پاککەرەوە و .. دەیان و سەددان چالاکیی ڕۆژانە، تێکڕایان ئەچنە قاڵبی خۆدزینەوە لە مردن و.. . هەڵکەندنی سەنگەر و تونێل و پەنا و پاسار لە ژیاندا بە مەبەستی خۆ شاردنەوەن لە مردن ..
لەوەیش کارەساتبارتر ئەوەیە کە دیاردەی چینایەتیی و زوڵمی کۆمەڵایەتیی و ڕەگەزپەرستیی و جەنگە گەورەکان و داگیرکاریی و دزیی و تاڵانیی و پاوانخوازیی و گەندەڵیی و تێکڕای تاوانەکان، ئەچنە قاڵبی ژیانپارێزیی و خۆلادان لە مردن لەسەر حیسابی ئەوانی تر … کابرا ئەڵێ من وەجاخزادەم و دەست بەسەر موڵک و ماڵی خەڵکیدا ئەگرێت، بە ئومێدی ئەوەی لەو ماڵ و موڵکە حەرامەدا، خۆی بشارێتەوە و تارمایی مردن نەیدۆزێتەوە.. دزیی و داگیرکاریی و کوشت و بڕ، لە ڕاستیدا بۆ ئەوەیە بە هەژارکەوتن و نەخۆشخستن و پەکخستن و کوشتنی کەسانێک، دەوڵەمەندیی و لەشساغیی و سەرکەوتن و ژیانی هەتاهەتایی !! بۆ کەسانێکی تر دابین بکرێت .. واتا ئەتوانین بڵێین زیادە ڕەویی لە خواردن و داڵدە و پۆشاک و کەرەستەکانی ڕۆژانەدا لای کەسانێک، دوور ونزیک، برسێتیی و ئاوارەیی و بێداڵدەیی و پەککەوتنی کەسانێکی ترە .. هەربۆیە لە قورئاندا خوا باس لەوە دەکات کە هەموو شتێک بە پێی پێویست دروستکراوە، واتا کاتێ تۆ دوو نانت پێیە و بە نانێک تێر ئەخۆیت، لە جێگایەکی دوور یان نزیک کەسێک هەیە یەک نانی دەست ناکەوێت، بەو جۆرە لێرە و لەوێ جۆرە مرۆڤێکی دەگمەن پەیدا ئەبن، سەروەت و سامانەکەیان بەسەر هەژارەکاندا دابەش ئەکەن و هەوڵ ئەدەن هەژارانە بژین، بۆ نمونە وەک لیڤ تۆڵستۆی لە ڕوسیا و عەلی کەمال لەم شاری سلێمانییەی خۆمان.. لەوانیش گرنگتر و دەگمەنتر ، کەسانێکن کە ژیانی خۆیان له پێناوی ئەوانی تردا بەخت ئەکەن و سەرجەم تەمەنیان لە زیندان و ئەشکەنجەدان و کوشتندا بەسەر ئەبەن، ئەمانە ئەبنە کەسانی باڵا و لە بیرەوەریی و مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەمێننەوە.
بەو پێیە شەڕە گەورەکان و شەڕه بچووکەکانیش، بە مەبەستی بەردەوامیدان بە ژیانی نەتەوە و تیرەیەک، هەڵدەگیرسێنرێن، لە ڕێی کوشتن و تەفروتوناکردنی نەتەوە و تیرەکانی ترەوە، ژیان و مانەوە بۆ دەستە و تاقمێک زامن ئەکەن.. جینۆسایدکردنی نەتەوە و ئایدیۆلۆجیا و ئایینزایەک، لە بنچینەدا بۆ ئەوەیە نەتەوە و ئایدیۆلۆجیا و ئاینانزایەکی تر لەسەر زەوییەکی فراوانتر و لەناو داهات و سامانێکی زیاتردا بژیی و .. هەلی مانەوەی تەمەنێکی درێژتر بۆ خۆی دابین بکات..
بەلام سەیر لەوەدایە، لە شوێنە هەژارنشینەکاندا، لە گوێ شەقامەکاندا، پیرەمێردی به تەمەنی وا دەبینی لەناو تەپ و تۆز و برسێتیی و نەهامەتیدا، ئیشێکی قورس ئەکات، کەچی بەردەوامە لە ژیان، لە کاتێکدا هاوتەمەنە میر و وەزیر و گزیر و لە تەڕ خۆر و له وشک خەوتووەکانیان، لە مێژە مردوون !! ئەوەیش ئەو تیۆرەی چاڕڵس داروین بەتاڵ دەکاتەوە کە دەڵێت مانەوە بۆ بەهێزترینە.
کاتێ دزێک ماڵی کەسێک تاڵان ئەکات، لە ڕاستیدا بۆ ئەوەیە دزەکە بەردەوام بێ له ژیان و .. کەسەکەی تر ڕووبەڕووی ئەگەرەکانی مردن و لەناچوون ببێتەوە..
کاتێ ڕۆژانە ملیۆنەها پەلەوەر و ماڵات لەسەر زەمین ئەکوژرێن، مەبەست لێی قارسکردنی ژیانی ئەوانە و پینەکردنێتی بە ژیانی مرۆڤەکانەوە.. پڕۆتین و ڤیتامین و کانزای لەشی باڵندە و گیاندارەکان ئەدزین و ئەیانخەینە لەشی خۆمان بۆ ئەوەی زیاتر بژین.. بەو جۆرە زۆر بە لامانەوە ئاساییە بۆ نمونە مەڕێک لە کارژۆلەکەی داببڕین، مریشکیک لە جوجەڵەکانی جیاکەینەوە و بیانخۆین.. ئەم دیمەنە ترسناک و تراژیدییە وای لە بەشێک لە مرۆڤەکان کردووە واز لە گۆشتخواردن بێنن، بەو پێیەی هەموو گیانداران شایانی ژیانن..! وەک چۆن هەمووان مردن چاوەڕوانیانە، ئیتر ئەم یەکتر خواردنە بۆچی ؟
دیاردەی جەردەیی و مافیاگەرێتیی بێ سەروبەری تاکە کەسیی، هەتا ئەگاتە دیاردەی داگیرکردنی نێونەتەوەیی جیهانیی بەرنامە بۆ داڕێژراو، مەبەست لێی دابینکردنی هەلی ژیانێکی شاهانەیە بۆ هەندێ کۆمەڵگای داگیرکەر، لە هەمان کاتدا کوشتن و هەژارکردن و نەزانکردن و نوقومکردنی کۆمەڵگا داگیرکراوەکانە لە نەخوێندەواریی و نائومێدیی و تاوان و لە دەستدانی کولتوور و ئایین و هەموو نەهامەتییەکاندا، ئەوانە هەر یەکێکیان مردنێکن و تێکڕایش پاڵپێوەنانی ئەو کۆمەڵگایانەن بۆ مردنە تەقلیدییەکە .. چونکە هەتا هۆکارە دەروونیی و مادییەکانی ژیان کەمتر بنەوە، هۆکارە دەروونیی و مادییەکانی مردن زیاد دەکەن.
مردن پانتاییەکی فراوانی لە بیر و بەرهەمی دانا و بیریارەکاندا داگیرکردووە، زۆرترینی بەرهەمە هونەریی و ئەدەبیی و هزرییەکان، گەڕانن بۆ دۆزینەوەی ژیانی هەتاهەتایی یان هیچ نەبێ دابینکردنی نەمریی و هەتاهەتایی بۆ دانا و زانا و بیریارەکان بە شێوەیەکی زارەکیی، وەک ئەوەی ئەووترێت فڵان کەسی نەمر، لە کاتێکدا سەدان و هەزاران ساڵە مردووە و نەماوە.
کۆشکەکەی کافکا بۆ نمونە، گەڕانێکی بەردەوامە بۆ ژیان و ..خۆ حەشاردانە له مردن، کە دواجار مردن ئەیباتەوە.. مارسیل برۆست لەو هەموو لاپەڕەیەدا بە دوای کاتی وون بوودا ئەگەڕێ، لە هەزاران لاپەڕەدا بە دوای کاتە وونبووەکاندا وێڵە بۆ ئەوەی پانتایی نێوان ژیان و مردن فروانتر بکات.. هەزاران لاپەڕەی شەڕ و ئاشتی و ئاناکارنینای تۆڵستۆی گەڕانە بە دوای ژیاندا بە هەموو هۆکارەکان ..بە هەمان شێوە تەواوی ڕۆمانەکانی دیستۆیڤسکی و هێمنگوای و ستانداڵ و فۆکنەر و سارۆیان و ئەوانی تر، هەوڵدانن بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک لەناو بازنەکانی مردندا کە بەردەوام لە چواردەورمان ڕەنگڕێژ دەکرێن و تیرەکانیان بچوک و بچوکتر دەبنەوە، هەتا ئەوەی بەرکەوتەی دەبێت لەگەڵماندا و ئەمانسڕێتەوە..
لە زۆربەی چوارینەکانی خەییامدا، تارمایی مردن بە ئاشکرا و بە نیمچە ڕوونیی دەردەکەوێ، کاتێ ئەڵێ ناگەڕێتەوە کەسێ لەو دنیا تا لێی بپرسین ئەحواڵی مردوو .. واتا ئەم پیاوە ئەوەندە سەرقاڵبووە بە مردنەوە، هیوادارە یان تەنانەت چاوەڕوانە بەڵکو مردوویەک بگەڕێتەوە و باسێکی ئەودیومان بۆ بکات هەرچەندە ئەمرۆ لەناو تراژیدیای ڕاگەیاندنە جۆراو جۆرە بێ سانسۆر و بێ سنوورەکاندا کەسانی وا پەیدا بوون باس لەوە دەکەن گوایا مردوون و پیاسەیەکی ئەودیویان کردووە و جا بە کاوەخۆ گەڕاونەتەوە بۆ پیرە دنیاکەی خۆمان !!
مردن یان بیرکردنەوە لە مردن بەرپرسە لە تەواوی خەڵات و پلە و پایەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگاکانی مرۆڤدا .. پلەی سوپاسالار ئەدرێتە کەسێک، چونکە زۆرترین هێرشی جەنگیی و نەخشەی جەنگیی داڕێژاوە بە مەبەستی کوشتنی زۆرترین ژمارەی دوژمنان، واتا دابینکردنی زۆرترین هەلی ژیان بۆ هاووڵاتیەکانی خۆیان، هەر بۆیە پلەی سەربازیی بەرز ئەخرێتە سەر شانەکانیی و مەدالیای ئازایەتیی بە سنگیدا هەڵدەواسرێت و ..پەیکەری بۆ دروست ئەکرێت .. و ئەکرێتە سەرۆک و ناوی ئەچێتە مێژوو ، سروودی نیشتمانیی و ..وێنەکەی ئەچێتە سەر دراوەکانی ووڵات .. ئەوانە هەمووی پاداشتی ڕاستەقینەن بەرامبەر بە دابینکردنی وەهمی ژیانکردنێکی درێژ و نەمریی، بۆ هەردوولا، هەم بۆ میللەتەکە و هەم بۆ سەرکردەکە..
پێدانی خەڵاتە جیهانییەکان بە داهێنەرانی دەرمانی نەخۆشییەکان و ئامێرەکان و خزمەتگوزارییەکان، تێکڕایان بۆ ئەوەیە ئەو داهێنەرانە لە هەموو بوارەکاندا پەرەیان بە ژیان داوە و دژی مردن جەنگاون، بۆیە شایانی خەڵاتن.
دزینی نەوت و زێڕ و ئەڵماس و خەزێنە کەلەپوورییەکانی ئاسیا و ئەفەریقا لەلایەن داگیرکارە ڕۆژئاواییەکانەوە، بەشێکن لەو کارەساتە گەوره مرۆییەی کە بە خەیاڵیی نەمریی و ژینکردنی هەتاهەتایی خۆیان ئەنجامدراون ..
پیرۆزکردنی دایکایەتیی و باوکایەتیی بۆ ئەوەیە ژیانی منداڵەکان بپارێزن و نەهێڵن ڕوو بە ڕووی مردن ببنەوە..
خێزان دروستکردن و وەچە خستنەوە و سێکس و خواردن، بۆ ئەوەن ژیان بەردەوام بێ و بتوانێت ڕوو بە ڕووی مردن بێتەوە یان هیچ نەبێ بتوانێ وەک هێڵێکی تەریب لەگەڵ مردندا بەردەوام بێ ..
بەو جۆرە عەشق و خەبات و شۆرش و پیشمەرگایەتیی و پارتیزانیی و تەواوی چالاکییە بە کۆمەڵەکانی مرۆڤ، مەبەست لێی دابینکردنی ژیانێکی ئارامتر و جوانتر و درێژترە بۆ کۆمەڵگاکان و .. دوور کەوتنەوەیە لە مردن و لەناو چوون و هەڵوەشان و هەرەسهێنان ..
پاشان کە ئەو شۆڕش و خەباتە جەماوەرییانە سەردەکەون و ئەگەنە ئامانج، کەسێک یان چەند کەسێک بەر و بوم و کاکڵەکەی ئەخۆن، چونکە دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکان، کێبڕکێ ناوخۆییەکان سەرەڵدەدەن هەتا کەسانێکی تایبەت و خێزانەکانیان زۆرترین هەلی ژیانکردن دابین بکەن بۆ خۆیان لەسەر حیسابی هاووڵاتیەکانی هەمان کومەڵگا..یان ڕاستتر جەنگی ژیاندزینی ئەوانی تر، جەنگێکی ئەزەلییە و بۆ چرکەیەکیش ڕاناوەستێت، نەک هەر له نەتەوەیەکدا، تەنانەت لە خێزانێکیشدا، شەڕی ژیاندزین و مردنسەپاندن لە نێوان براکاندا هەیە .. کوڕەکانی پاشا.. وەچەی بازرگانەکان یەکتری ژەهرخوارد ئەکەن بۆ ئەوەی خۆیان بگەنە دەسەڵات وداهاتی زۆر، براکان خوشکەکانیان لە میراتیی بێ بەش ئەکەن، بە هیوای ژیانێکی دوور و درێژ یان ژیانێکی هەتاهەتایی بۆ خودی خۆیان و هەمان کاتیش تەمەنکورتیی و مردنی خوشکە لاواز و بێهێزەکانیان ..!
کاتێ ستالین هاتە سەر کورسی فەرمانڕەوایی سیستمی کۆمۆنیستی بە حیساب یەکسان بۆ هەمووان، زۆرینەی وەزیرەکانی لینین ی لە دەسەڵات لادا و کوشتنی، پاشا ملیۆنان کەسی ناوخۆ ،و دەرەوەی بە کوشت دا، کەچی هەمان کات زاناکانی بایۆلۆجی و بایۆکێمستری ڕادەسپێرێت هەوڵ بدەن خانەیەکی زیندوو لە تاقیگەدا دروست بکەن، بۆ ئەوەیش هەموو خەزێنەی دەوڵەت دەخاتە خزمەتیانەوە !! هەتا بەو داهێنانە ژیانی هەتا هەتایی بۆ خۆی و خێزانەکەی دابین بکات !! ..وەک چۆن سەدام حسێن دوای سەرکەوتنی کودەتای حیزبەکەی، وەزیر و هاوڕێکانی خۆی کوشت، بۆ ئەوەی ژیانی خۆی درێژتر بێتەوە و ڕکابەرە ڕاستی و وەهمییەکانی چواردەوری نەمێنن.
وەک عێراقی نوێ، دوای ساڵەهای ساڵ خەباتی جەماوەریی و قوربانیدانی چین و توێژەکانی گەلانی عێراق و کوردستان، کاتێ سیستمی بەعس ئەڕوخێت و سەدام حسێن لەسێدارە ئەدرێت، دەیان و سەدان سەدام حسێنی تر لەناو کورد و عەرەبدا سەرهەڵدەدەن، و ملیۆنان هاووڵاتیی عێراق ئەکوژن و زیندان و ڕاو ئەنێن بۆ تاراوگە، تەواوی سەروەت و سامانی ووڵات بۆ خۆیان و خێزانەکانیان ئەدزن، ئەوەیش له ڕاستیدا هەوڵی مانەوەی چەند خێزانێکە لەسەر حیسابی مردن و ڕاوەدونان و زیندانکردن و ئەشکەنجەدان و وێرانکردنی میللەتێک، بێگومان لە غیابی یاسا و دادگادا.
لێرەدا ئیتر بۆ فەراهەمکردنی کۆمەڵگای مۆدێرن بە جۆرێک ژیان بۆ هەمووان بێ و ..ڕاکردن لە مردن مافی هەمووان بێ، شتێک سەروەر کرا و لەسەروو هەمووانەوە دانرا، ناونرا یاسا .. کۆمەڵێ بینای گەورە دروستکران ناونران دادگا..
یاسا بۆ ئەوەیە هیچ کەسێ نەتوانێت ژیانی ئەوانی تر بۆ خۆی ببات ومردنی خۆی بەسەر ئەوانی تردا دابەش بکات ..
دادگا ئەو جێگایەیە هەوڵی تێدا دەدرێت بۆ ئەوەی ژیانی دزراوی خەڵکێک بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکانیان و .. مردنی سەپێنراوی سەر خەڵکێک، بگەڕێنرێتەوە بۆ سەپێنەرەکان ..
هەر بۆیە لە کۆمەڵگا هوشیارەکاندا، یاسا لەسەروو هەمووانەوەیە، تیایدا سەرۆک و گەدا پێکەوە لەبەردەم دادگادا ڕائەوەستن و .. ژیانێک دزرا بێ، وەرئەگیرێتەوە و ..مردنێک سەپێنرابێ، ئەخرێتەوە گەردنی خاوەنەکەی.
ئەم یاسا لەسەروو هەمووانەیش، شتێکی ڕێژەییە و لە هیچ کۆمەڵگایەکدا یاسا ناتوانێت لەسەروو هەمووانەوە بێت، بە تایبەت لە کۆمەڵگا گەندەڵەکاندا، یاسا لە ژێر پێی بەهێز و دڕندە و مافیاکاندایە، بەڵام بە سەرزارەکیی و لە نووسراو و ڕاگەیاندنەکانیاندا یاسا لەسەروو هەمووانەوەیە و بە درۆیەکی شاخدار، هەمووان هەمان هەلی ژیانکردن و لە مردن ڕاکردنیان بۆ ڕەخسێنراوە . تەنها لەو کۆمەڵگا ئاینییە ڕەسەنانەدا یاسا لەسەروو هەمووانەوە دانراوە، کە مژدەی ژیانێکی هەتاهەتاییان تێدا دراوە بەوانەی کە پابەندن بە یاساکانەوە..واتا لەوێیشدا لە پێناوی دابینکردنی ژیانێکی هەتاهەتایی بەهەشت، کەسانێکی سەرکردە و بەتوانای وەک عەلی کوڕی ئەبو تاڵب لەگەڵ جولەکەیەکی هەژاردا لەبەردەم دادوەردا ڕادەوەستێ و ڕازی نابێت دانیشێت هەرچەند دادوەر داوای لێ دەکات دانیشێت، ئەڵێت هەتا ئەو مافە نەدۆزرێتەوە بۆ ئەو پیاوە کە گوایا لەلای منە، من دانانیشم و وەکو ئەو بە پێوە ڕائەوەستم.. عەلی کوڕی ئەبوتاڵب کەسێکە بە ووتەی خۆی دنیای تەڵاقداوە و خۆی بۆ ژیانی هەتاهەتایی دوای مردن ئامادەکردووە، هەر بۆیە ئامادەیە لەبەردەم دادگادا ڕاوەستێت .. ئەو دادگایەی کە کافکا له چیرۆکێکیدا، دەرگاکەی لەبەردەم پیاوێکی دەشتەکیدا ناکرێتەوە هەتا کابرای دەشتەکی پیر ئەبێت و ئەمرێت، چونکە گەیشتن بە دادپەروەریی واتا دەستخستنی هەلی ژیانکردن و ڕاکردن لە مردن،مافی دەشتەکییەک نییە بەڵکو تایبەتکراوە بە کەسە دەست ڕۆیشتوو، وەجاخزادەکان، هەر بۆیە کابرای دەشتەکیی پێش ئەوەی ڕۆحی دەربچێت، به پۆلیسی بەردەرگاکە ئەڵێت : باشە لەو هەموو ساڵەدا، بێجگە لە من کەسێکی تر پێویستی بە دادگا نەبوو ؟ خۆ هیچ کەسێک بێجگە لە من نەهاتە بەر ئەم دەرگا داخراوەی دادگا ؟
پۆلیسەکە پێی ئەڵێ : خەڵکی تر زۆرن کە پێویستیان بە دادگا هەبووە و هاتوون و چوونەتە ژوورەوە و مافی خۆیان وەرگرتووە، بەلام من و ئەم دەرگا داخراوەی دادگا، تایبەت بە تۆ دانراوین.. بۆیە بێجگە لە تۆ هیچ کەسێکمان نەدی!!
خەییام ئەڵێ:
لە نزمیی زەوی تا بەرزیی زوحەل
چەند گرێ هەبوو یەک یەک کردم حەل
لە مەکر و حیلە دەرچووم پەلە پەل
وەک خۆی مایەوە موشکیلەی ئەجەل

نەوزاد بەندی




چی بۆ ئێوە و چی بۆ ئێمە؟.. نەوزاد بەندی

فڕۆکەی تایبەت بە سەدان ملیۆن دۆلار بۆ ئێوەی خەباتگێڕ و ماندوو نەناس، کەناری و کۆتریش بۆ ئێمەی پێشمەرگەی سادە و ساکار و بێ ناوونیشان .. کۆشک و تەلاری بەرزایی و سەر گرد و شاخەکان بۆ ئێوەی کاریزما و بیریاری مەکیاڤیلیزم، خانووی بێ تاپۆ و زیادەڕەوی خوار و خێچی ناو چەم و دۆڵ و نشێوەکانیش بۆ ئێمە.. گوند و شاری ئیتاڵیی و ئەڵمانیی و هۆڵندیی بۆ ئێوە، گەڕەکی شەهیدان و کوژراوان و کەمئەندامانیش با بۆ ئێمە بێ.. لاندکرۆزەر و لەگزسی دوا مۆدێل و درع بۆ ئێوە، ئوتومبیلی دەعمکردوو، سوکان محەوەری بێ تابلۆ و علوجی ووڵاتانیش بۆ ئێمە.. کوپەڵەی پڕ لیرەی زێڕ و زیوی ناو ڕەحمی خاک و مێژوو بۆ ئێوە، کنگر و وشتراڵوک و چاوبازە و کەرتەشیش بۆ ئێمە .. نەوت و گازی ژێر زەوی بۆ ئێوە، مینی چێنراو بە هەموو جۆرەکانییەوە بۆ ئێمە با قاچ و دەستمان بپەڕێنن.. زانکۆی کامبردج و ئەمەریکی و ئۆکسفۆرد بۆ ئێوە، حوجرە و قوتابخانە داڕوخاوەکانی مەحوی و مەولاناخالیدیش بۆ ئێمە..کچە جوانە سێکسییەکانی ناوخۆ و ئێران و شام و ڕۆم بۆ ئێوە بە حەرامیی، کچە ناشیرینە نەخۆشە کەمئەندامەکانیش بۆ ئێمە بە حەڵاڵیی .. سەعاتە گرانبەهاکانی ڕۆلێکس و پاتیک فلیب بە دەیان ملیۆن دۆلار بۆ مەچەکی شۆڕشگێڕ و ماندوونەناسی ئێوە، ئێمەیش بە گاز سەعات لە مەچەکی مناڵەکانمانا دروست ئەکەین و ڕازییان ئەکەین و ئەیانکەینە خاوەن سەعات، کە گەورەیش بووین سەعاتمان ناوێت، چونکە کرێکار سەعات لە دەست بکا پڕ ئەبێ لە ئاو و عەرەق و لم و چیمەنتۆ و ئەڕزێت و ئەشکێت.
بتڵە ویسکی و گرانتس بە دەیان هەزار دۆلار بۆ سەرگەرمکردنی ئێوەی ماندووی کوردناسی ماندوو نەناس، ئێمەیش بە چای دیژلەمەی خەست سەرمان گەرم ئەکەین.. کەناڵی سەتەلایت بە سەدان بێژەری جوانکیلە بە ملیۆنەها دۆلاری خەرجیی مانگانەوە بۆ ئێوە و مناڵەکانتان، ئێمە تەلەفزیۆن و ڕاگەیاندنمان ناوێت، چونکە بێجگە له خوا بڕوامان بە هیچ هەواڵ و کەناڵ و فڕ و فیشاڵێک نەماوە.. چاکەت و پانتۆڵ و بۆینباخی بڕاندی ئیتاڵیی بە سەدان هەزار دۆلار بۆ قەد و باڵای ماندووی ئێوە، ئێمەیش لە بازاڕی لەنگەکە پانتۆڵێکی کاوبۆی کۆن بە دوو هەزار دیناری تەبعی بریمەر ئەکڕین، کە ڕەنگە هی سەردەمی چاڕڵس بڕۆنسن بێ، عەیبی چییە ؟ ..ئێوە پێڵاوی زیگنا و بۆگاتی و کامێڵ و کارتەر لە پێبکەن بە هەزاران دۆلار، قەیناکا ئێمە پاتەی ئێرانیی و چینیی بە چوار هەزار دیناری تەبعی بریمەریی لە جادەی شێخەڵا وکاک ئەحمەدی شێخ ئەکڕین، قەیناکا با لەگەڵ هەر هەنگاوێکا جڕتێک لێبدەن.. بۆ جەژنی سەری ساڵ و جەژنەکانی تر، ئێوەی سەرکردەی ماندوونەناس بە فڕۆکەی تایبەت، لەگەڵ ماڵ و مناڵەکانتاندا بفەرموون بۆ نەمسا و سویسرا و لەندەن و پاریس و دبلن ، ئێمەیش ئەو ڕۆژانە ناچین بۆ ئیش و تا نیوەڕۆ ئەخەوین و ئیسراحەت ئەفەرمووین، عەسرەکەیشی مەنجەڵێک یاپراخ ئەخەینە ناو چارۆکەیەک و لەگەڵ ماڵ و مناڵدا ئەیبەین لە پارکی ئازادی و شانێدەر لە ژێر درەختێکی خەمگیندا، ئەیخۆین .. ئێوە عەتری گرانبەهای وا بدەن لە خۆتان، کچە مۆدێل و مێینە جوانەکانی چواردەورتان بخەنە سەر کەڵکەڵەی موسارەعە حوڕەی ناو حەلەبەی ژووری نوستنەکانتان، حەقی خۆتانە دوای ئەو هەموو کوردایەتییە، مەلەوانیی لە ئەستێڵکی لەش و لارە گۆشتنەکانا، خەمی ئێمەتان نەبێ، چونکە عەتر و عەرەقی شین و مۆری ناوچاومان ناگونجێن، پارەی عەترەکە ئەدەین بە نیڤیا و ڤازالین بۆ دەست و قاچە شەقار شەقار بووەکانمان، تاکو ئازاری کزانەوە و برژاونەوەکانیان مات بن و بتوانین شەو بنووین تاکو سبحەینێ زوو هەستین و بڕۆین بۆ ژوانی پاچ و خاکەناز و لم و چیمەنتۆی پڕۆژە زەبەلاحەکانتان ..مناڵەکانی ئێوە با لە قوتابخانەکانی ئەوروپا بخوێنن، بۆ ئەوەی هەم زمانە زیندووەکانی دنیا فێر بن و هەم فێری ئەتەکێت و هەڵس و کەوتی نۆبڵمان و مۆدێرن بن، پاشان دێنەوە و ئەبنە سەرۆک و سەرکردە و شت بەدەست دوای ئەوەی کە خوای گەورە ڕۆحی گرانبەهاتان لێ وەرئەگرێتەوە، بەڵام مناڵەکانی ئێمە هەتا ئیعدادی لە مەکتەبە سارد و سڕ بە زستان و گەرم و گوڕ بە بەهار و هاوینەکانا ئەخوێنن، هەتا ئەوەی مەکتەب تەرک ئەکەن و لە هەژاریدا شێت ئەبن یان بە قاچاخ بە خەیاڵی ژیانێکی جوان و شەرەفمەندانە، ڕوو دەکەنە ئەوروپا، لە ڕێگا بەشێکیان لەناو دەریاکاندا ئەخنکێن و بەشەکەی تریشیان لە زیندان و دارستان و کەمپە بێ ڕەحمەکانی ئەوروپادا، کەڕووی چاوەڕوانیی و لەش تێیان ئەدات، قەیناکا، خۆ ئەمانە لە داهاتوودا نابنە سەرۆک و سەرکردەمان، بوون و نەبوونیان وەکو یەک وایە، وەک بڵێی تۆبە ئەستەغفیروڵڵا، بە هەڵە هاتبنە دنیاوە و غەڵەتی مەتبەعیی بووبن، ئەگینا توخوا مەعقولە کەسێک بێتە ژیانەوە و هیچ ڕزق و ڕۆزی و دامەزراندن و هەلی ژیان و کارکردنێکی نەبێ؟
با ئێوەی ئازا.. ئێوەی دەبابە و فڕۆکە خۆری بەعس و تۆمارکەری داستان و ئەفسانەکانی شەڕی براکوژیی، ببنە خاوەنی دەیان و سەدان و هەزاران مۆڵ و بەنزینخانە و بازاڕ و تاوەری پەنجا شەست نهۆمیی، بە قەبارەی بەرزیی و بڵندیی دەیان هەزار گەنجی شەهیدی وون و گۆڕ وون و بێ سەر و شوێن، ئێمەیش بۆ خۆمان دوای سەعات دووی نیوەڕۆ کە ئێوە چوون بۆ ڕابواردن، ڕێگا بە ئێمە دەدرێ عەرەبانەی سەوزە و میوە و نەعلفرۆشتن بهێنینە گۆڕەپانەکانی کاک ئەحمەدی شێخ و شێخەڵڵا لە ماوەی دوو سەعاتدا، هەتا خۆر ئاوا ئەبێ، ڕێپێدراوین دوو سێ هەزار دیناری تەبعی بریمەریی پەیدا بکەین، لەناو دەنگە دەنگو قەڵەباڵغیی و شەڕ و شەڕەجنێودا چونکە هەزاران کەس لە هەموو چین و توێژە فلیقاوەکانی میللەتەوە ئەڕژێنە ئەو شوێنانەی کە دوو کیلۆی بە هەزارێکه یان سیانی بە دوو ..
مۆڵ و کارگە و تاوەرەکانی ئێوە لە باج بەخشراون، چونکە ئێوە سەرکردە و بەخشندە و نیشتمانپەروەریی دێرینن، بەڵام عەرەبانەکانی ئێمە لە فەرمانگەی باج و سەرانەدا، هەموویان ژمارە و دۆسیەی تایبەتیان بۆ کراوە و ئەبێ ساڵانە باج بدەین، ئێ ناحەقیان نییە ئێمە کوا سەرکردە و ڕێکخەری شەڕە گەورەکانی ناوخۆ و براکوژیی بووین، هەتا بمانبەخشن ؟
بۆ ئێوە ئەسپی گرانبەها و مەیدانی ئەسپسواریی و کچۆڵەی مەیتەری ناسکۆڵەی ئۆکرانیی و ئێرانیی، بۆ ڕاهێنانی مناڵۆچکەکانتان کە پێویستە ئەو سەرکردانەی داهاتوومان، فێری ئەسپسواریی و شاسواریی ببن، بۆ ئەوەی لە بۆنە جیهانییەکاندا گەر بڕگەی ئەسپسوارییان تێدا بێ، بە خۆدا نەشکێنەوە و ئاوزنگی لێدەن و بیهێننە جونبوش و چوار ناڵە، بەڵام ئێمە ئەسپ و مایین و چارەوێمان ناوێ، زیادمەسرەفییە و بەخی نیعمەتە، با خواگیان دەرگای ڕزق و ڕۆزیمان لێ دانەخات .. دەیان و سەدان دۆنم زەوی تایبەت و دوورە دەست، بۆ مەزاری مردووەکانی ئێوە، لەناو باخ و گوڵ و گوڵزار و بینای بەرز و مەڕمەڕی شاهانەدا، با لاشەی پیرۆز و ماندوو نەناس و پڕ خەبات و بەرخۆدانتان، ئارام و حەواوە بێ و دوای ئەو هەموو خۆنەویستییە، لەگەڵ پەرییەکانی ڕەحمەتدا، بێ قەید و شەرت و حەق و حیساب، بەرەو بەهەشت بڕۆن.. قەبرەکانی ئێمەیش بە یاڵێکەوە یان لە نشێوێکا، لە تەنیشت یەکدا، هەر یەکەی مەترێک زەمینی لار و وێر ، سەرمان ئەدا لە پەراسووی مردوویەکی شەڕی ناخۆ و .. کەللەی ڕاکردوویەکی سوپای بەعس، ئەچەقێ لە سەر شانمان، قاچمان ئەچێ بە چاوی پارتیزانێکی ناوشاردا، کە لە کۆلێژ ئاشکرا بوو، پێش پەنجا ساڵ بە دەسڕێژی گوللە شەهید کرا، هەمان کات نینۆکی ژنێکی کوژراو ئەچێ به گوێچکەمانا، کە پێش 45 ساڵ به تاوانی ناندان بە پێشمەرگە، لە زینداندا بە ئەشکەنجە گیانی سپارد، کەللە سەر ساوایەک کە لە سکی دایکیدا بەر دەسڕێژ کەوتبوو، ئەچەقێتە چەپرغەمان، کێشە نییە، هەر چۆنێ بێ شوێنی خۆمان ئەکەینەوە، خۆ ڕۆحمان تیا نییە ئازار بکێشین، خۆ پێویستمان بە موچە و دامەزراندن و تەرفیع و عەلاوە نەوت و غاز و برنج و ڕۆن و فێنککەرەوە نییە، کۆمەڵێ ئێسک و ماسولکە و پێست و نینۆکی بێگیانین، بەرە بەرە بەکتریا و مێرووی خاک ئەمانخۆن و ئەبڕێینەوە، قەیچێکا با لە نیو مەترا بە لاو نیو لێی ڕاکشێین، بەدانیشتنانەوە، یان بە پێوە، لە گۆڕی بە کۆمەڵدا، یان بە هەر جۆرێک بێ، ئێمە وەک ئێوە زۆر کۆڵمان بەو دنیا بێ شەرەفەوە هەڵنەگرتووە، ئەویش لەبەر ئەوەیە بۆگەنی لاشەمان، هاوشارییەکان بێزار نەکەن ئەگینا پێویستی بەو زەحمەتە نەدەکرد و هەروەک پاکەتێکی بەتاڵی پیتزا، فڕێتان داینایە ناو زبڵدانەکانەوە، خۆ ئازارمان پێ ناگات، ئێمە کە هەموو تەمەنمان ئازار و زوڵم و ئەشکەنجە و بێبەشکردن و زیندان و دەرکردن و دوورخستنەوە و بێداریی و بێزاریی و نادادیی بوو .. ئێمەی تاوانبار بە تاوانی ئەوەی کە لە خاکێکا لە دایک بووین، هەمووی بەش کرا بوو، هەمووی لوشکرابوو.. تۆبە، ئەستەغفیروڵڵا، تۆ بڵێی خوای گەورە ملیۆنان کوردی بە بێ ڕزق و ڕۆزی و کار و موچە و داهاتوو دروستکردبێ؟
ئێوەی ماندوونەناس و سەرکردە و شەهیدی زیندوو، مافی خۆتانە بڕۆن بۆ تیاترۆخانە و قومارخانەکانی مۆنتیکارلۆ و لاس فیگاس و ڕۆما، بە ملیۆنان دۆلار بدۆڕێنن بە دیار سەمای شاکیرا و سەماکارە جیهانییەکانەوە، مافی شەرعیی و شۆڕشگێڕیی خۆتانە، ئێوە کە لاویتان لە ئەوروپا و شام و شیراز بۆ نیشتمان بە هەدەر دا، ئێمەیش لە چایخانەی کرێکاران و قەرداران و پینەدۆزان و مچکۆ و شەعب و کەوفرۆشان، تاوڵە و ئەزنیف ئەکەین بە دیار مەقامێکی تۆزلێنیشتوی عەلی مەردانەوە ..
مافی خۆتانە خاک و ئاوی ووڵات پاوان بکەن و .. مناڵەکانتان ببنە خاوەن کۆمپانیای گەیاندن و وەستاندن و کەل و پەل و کارەبا و گومرک و ئەنتەرنێت و هەموو بازرگانییەکانی تر و ببنە ملیاردێر، بەڵام ئێمە نانی ئەو ڕۆژەمان هەبێ، بەسە، ئەگەر نەیشبێ هەر شایەنمانە، چونکە ئێمە کوا سەرکردە و ئەندازیاری شەڕ و ئاشوب و دووبەرەکیی و حیزبخیزبێنە و باڵباڵێنە بووین ؟ دنیا پێنج و دوو ڕۆژێکە، ملیاردێر بیت یان قەردار، کە ئەجەلت هات ئەتدەن لە دار.
مافی خۆتانە درۆکردن و پەیمانی هەوایی و فرمێسکی تیمساحیی.. مافی خۆتانە پاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەران و وەستاندنی دامەزراندنی گەنجان و ..ڕاگرتنی پلە بەندی دامەزراوان و .. گرانکردنی نەوت و غاز و بەنزین و کارەبا و ئاو، ئێ ئێوە خۆتان سەرۆکی کوڕی سەرۆکی کوڕەزای سەرۆکن و خۆتان باش ئەزانن ئەم میللەتە سپڵە پێنەزانە بۆره پیاوە حەسودە چاوپیسە، چۆن دەرمان ئەکرێ.. ئێوە شارەزان لە چارەسەرکردنی دەرد بە دەرد ..لە شکاندنی بەرد به بەرد .. لە ڕەواندنەوەی خەم بە خەم .. لە نەهێشتنی کێشه بە کێشە ..لە دورینەوەی برین بە زام .. ئێوە خۆتان ئەندازیاری هەموو نەهامەتییەکن، سوورەی بەر لەشکری هەموو گیروگرفتێکن .. ئێوە نەبێ کێ هەیە بتوانێ ڕۆڵی برسێتیی و سواڵکردن بدات بە دەوڵەمەندترین میللەت ؟ ئێوە یەکەم داهێنەرن لە بواری پێنەدانی موچە بە فەرمانبەرانی دوڵەت .. ئێوە لە حاتەمی تەی، نانبدەتر و سەخیتەبیعەتترن، کاتێ نەوتی پەنجا ساڵ بە قەرزی چل ملیار دۆلار ئەگۆڕنەوە .. ئێوە گەورەترین دەرهێنەری فیلمی ترسناکن، کاتێ میللەتێکی شاهانە، ئەکەن بە میللەتی سواڵکردن و عەرەبانە ..کاتێ ڕۆڵگۆڕکێ دەکەن لە نێوان دز و پۆلیس .. سەربەرز و بێ شەرەف .. زانا و گەمژە .. تاوانبار و دادوەردا ..
ئێمە ئەو شتانە چوزانین؟ ئێمەی کە تۆبە ئەستەغفیروڵڵا لەوە ئەچێ بە هەڵە لە دنیادا ناونوس کرابین .

نەوزاد بەندی




قەحبەخانە.. نەوزاد بەندی

ئەمڕۆ، لەگەڵ تێک و پێکدانی کۆمەڵگاکاندا، زاراوەکانیش گۆڕاون ..بۆ نمونە جاران بە کەسێکت بووتایه بلیمەت، جنێوێکی گەورەت پێدا بوو، نەیئەزانی چۆن حەقت لێبکاتەوە، ئەمڕۆ بەهەر کەسێک بڵێیت بلیمەت، زۆری پێخۆشە و نازانێ چۆن پاداشتت بداتەوە..
جاران کەسێک شەوێکی درەنگ لە دەرەوە بووایه پێیان ئەوت سەرخۆش یان شەوکوت، وەک بەدمەست و دز ئاماژەیان بۆ دەکرد، ئەمڕۆ خەڵک هەتا بەرەبەیان بە شەقامەکاندا دێن و ئەچن، لوتکەی ڕۆشنبیریی و شارستانییە، ئەگەر سەعات دووی شەو لە کافیتریایەک نێرگەلە بکێشیت ..جاران گەورەترین تاوان ئەوە بوو واز لە خوێندن بێنیت، ئەمڕۆ نەخوێندەواریی گەورەترین پلە وپایەیە و ..ئەگەر لێی بزانیت ئەتگەیەنێتە گەورەترین پلە وپۆستی ووڵات، بە جۆرێک سەد پڕۆفیسۆری زەمانە ساز ماستاوت بۆ دەکەن و بە قەد و باڵاتا هەڵدەدەن، جاران نیشتمانپەروەریی ئەوە بوو پێشمەرگە یان ڕێکخستنەکانی ناوشار بیت و ..ئەمن و تەواری ڕاو بکەیت و بۆ دۆزەخیان بنێریت، ئەمڕۆ نیشتمانپەروەریی ئەوەیە نیشتمان تاڵان و پاوان بکەیت و ملیاردێربیت و هەوڵ بدەیت بگەیتە تریلیۆن .. بێ کۆتا کۆمپانیا و مۆڵ و ڤێلات هەبێ و هەر کەسێ زیاترت پێ بدات، نیشتمان بەو بفرۆشیت .. جاران باوکایەتیی ئەوە بوو کتێب و فکر و ڕەوشتە بەرزەکانی و کولتور و ئاین بخەیتە مێشکی مناڵەکانتەوە، ئێستا باوکایەتیی ئەوەیە ئایفۆن و پیتزای بۆ دابین بکەیت..
قەحبەخانەیش وەک زاراوەکانی تر، گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەردا هاتووە..
ئەمڕۆ قەحبەخانە ئەوەیە لە خەستەخانە حوکومییەکاندا هیچ دەرمان و پێداویسییەکی پزیشکیی و فەحسێک نەبێ، کەچی لە نەخۆشخانە ئەهلییە حیزبییەکاندا هەموو جۆرە دەرمان و پێداویستییەکی پزیشکیی و هەموو جۆرە فەحسێک، بەردەست بێ ..
قەحبەخانە ئەوەیه لە نەخۆشخانەی میرییدا نەشتەرگەریی بۆ نەخۆش بکرێ بە پارەیەکی زۆر و ناوی لێ بنرێت، سیمی پریڤەیت، واتا نیمچە بازرگانیی .. بە بینا و خەستەخانەی حوکمەت، بە کەرەستە و ئاو و کارەبای حوکمەت، بە کارمەند و فەرمانبەرانی حوکمەت، نەشتەرگەریی بە نرخی بازرگانیی بۆ نەخۆش ئەنجام بدرێ و پارەکەی تەنها بۆ حیزبی باڵادەست و پزیشکەکان بێت.
قەحبەخانە ئەوەیە زانکۆی حکومیی، وەک بینا و جادە و بان و هۆڵ و خزمەتگوزاریی، وەک ئەشکەوت وابێت، هی سەردەمی حوکمی پاشایەتیی و ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر بن، بەڵام زانکۆ حیزبییە بەناو پریڤەیتەکان، تازەترین دیزاینی بینا و جادە و باخ و خزمەتگوزاریی تێدا بێ ..
قەحبەخانە خانە ئەوەیە لە زانکۆ حکومییەکاندا، نزیکەی پەنجا دۆلار لە هەر خوێندکارێک وەربگریت کاتێ دێتە زانکۆوە، لە کاتێکدا سەدام حسێن بە خەویش بیری لەم جۆرە سەرانەیە نەکردبۆوە، بە پێچەوانەوە، مانگانە بێ منەت بیست دیناری بۆ خوێندکار خەرج دەکرد کە بەرامبەر بە حەفتا دۆلاری ئەمڕۆ بوو.
قەحبەخانە ئەوەیە کاتێ خوێندکارێک ئەڕوات بۆ زانکۆکەی داوای فۆتۆکۆپییەکی بڕوانامە هەناسەساردەکەی دەکات، پێی بڵێن بێنە پەنجا هەزار دینار، بە بێ ئەوەی نە دامەزرابێت و نە دینارێک سودی لەو هەموو خوێندنە وەرگرتبێت.
قەحبەخانە ئەوەیە نمرە بە خوێندکار بفرۆشیتەوە و لە کولێژێکەوە بڕوات بۆ کۆلێژێکی بەرزتر به ناوی سیستمی پاڕالێل، لە بەرامبەر نرخێکی خەیاڵییدا، بۆ نمونە 0.2 ی نمرەیەک بە 42 ملیۆن دینار بۆ هەموو ساڵەکانی کۆلێژ ..
قەحبەخانە ئەوەیە باخ و شەقام و پرد و ئاو و هەوای پڕۆژە نیشەجێبوونە حیزبییەکان وەک شەقام و پرد و باخەکانی سویسرا وابن، بەڵام گەڕەکە هەژار نشینەکانی شار، بە دەردی بێ ئاویی و چاڵ و چۆڵیی شەقام و بێ خزمەتگوزارییەوە بناڵێنن ..
قەحبەخانە ئەوەیە پێشمەرگەیەکی دێرین لە برساندا و لە بێ گوزەرانییدا، خۆی بکوژێت..
قەحبەخانە ئەوەیە تاوانبارێکی جەنگ و خۆفرۆشێکی دێرین، لە پلە و پۆست و کۆشک و ڤێلایەکی شاهانەدا ڕابوێرێت.
قەحبەخانە ئەوەیە ئیشی تێدا ناڕوات، ئیمزای بەڕێوەبەرێک کە لە پیاسەیە، وەک کۆشکەکەی کافکا هەموو ژیانت خەسار بکات.. بچووکترین مامەڵەی فەرمانگەیەک، لە دین وەرتبگێڕێ و مێشکت بسوتێنێ.
قەحبەخانەی سەردەمێ نوێ، کتێب و خاوەن فکری سەربەخۆ، تێیدا بێکەس و بێ پاڵپشت و هەژارن، ئەبنە جێگای پێکەنین و قەشمەریی، هیچ کەسێ نایانخوێنێتەوە و جارجاریش وەک سەگی بەرەڵڵا چەند دانەیەکیان لێ ئەکوژن ..
قەحبەخانە ئەوەیە بە تەلەفۆنێک کورسییەکی ماستەر و دکتۆرا بدرێتە جەلادێک یان کوڕە جەلادێک .. بە تەلەفۆنێک، بڕوانامەیەک بە دێلیڤەریی بگەیەنرێتە دەستی نەخوێندەوارێک..کورسییەکانی خوێندنی باڵا، وەک لەعابە و پەشمەک بەسەر کوڕه بەرپرس و دۆستەکانیاندا دابەشبکرێ.
قەحبەخانە ئەوەیە لە پڕێکا چەند گەوادێکی تێدا ببنە ملیاردێر.. لە پڕێکا پڕ بێ لە کۆشک و تاوەری هەور بڕ .. لە چاوتروکانێکا، سواڵکەرێک، جامبازێک، ببێتە خاوەن پڕۆژەی ستراتیجیی و بە قات و بۆینباخێکەوە، بە دەم و قەپۆزێکی کە نەخوێندەواریی پڕ لە گەمژەیی و کاڵفامیی، نهێنییەکانی بزنسمانی سەرکەوتوو، دەرخواردی خەڵکەکەی بدات .
قەحبەخانە ئەوەیە هۆڵی جیم و مەلەوانگە و شوێنی نێرگەلەکێشانەکانی، فلات بن یان بە مەسعەد بۆی بچیت، کەچی فەرمانگەی خانەنشینیی، بە بیست سی قادرمەی تاقەتپڕوکێن بۆی بچیت، کە ئەبێ ئەو هەموو پیر و پەککەوتەیە سی چل پێپلیکانە ببڕن ..چۆن ئەیبڕن؟ نازانم، کێشەی خۆیانە.. نەیبڕن مامەڵەکانیان جێ به جێ ناکرێت و ئەبێ لە برساندا بمرن.
قەحبەخانە ئەوەیە قومارخانە و تیاترۆخانەکانی بە تازەترین دیزاین دروستکرابن، کەچی بانکی کەمئەندامەکانی لەناو چاڵێکدا بێ، بەناو گرد و کەندڕا بۆی شۆڕبیتەوە و ..بڕژێیتە ناو چەمێکی قوڕاویی، لەبەردەم پەنجەرەیەکی ژەنگاویدا ڕابوەستیت، لەبەر سەرمای زستان و گەرمای هاویندا، پەنجە مۆرت پێ بکەن و.. بتنێرن بۆ ژوورێکی تر، دیسان بچیتە سەرەوە، بۆ تەسدیق و تەدقیق و تەحدیق و کەشف، بزانن تۆیت ئەم سەد و پەنجا هەزارە وەردەگریت، یان هاوشێوەکەتە ..
قەحبەخانە ئەوەیە کۆمەڵگاکەی کراوە بە هەزار بەشەوە .. دەوڵەمەند و بازرگان و جەردەکان، هەر لە دایەنگاوە، بە پریڤەیت و بە پارە ئەخوێنن، بۆ ئەوەی پۆز بەسەر هەژاراندا لێ بدەن کە ناتوانن بچنە دایەنگاوە .. دوای ئەوە باخچە و هەموو قۆناغەکانی خوێندن، تایبەت و جیاوازە بۆ ئەوان ..زانکۆ و خوێندنگا بازرگانییەکانیان بەناوی وڵاتانی ئەوروپیی و ئەمەریکییەوەن، کە تێکڕایان تایبەتن بەوانەی ئەزانن چۆن نیشتمان بدۆشن و بیفرۆشن و پارەی خەیاڵیی لێ هەڵهێنجن.. لە قەحبەخانەدا هیچ زانکۆ و پڕۆژەیەکی نیشتەجێ و مۆڵێک فەرمانڕەوا قارەمانەکان بەناوی شەهیدەوە ناو نانرێن، لە قەحبەخانەدا ئەو پڕۆژە و تاوەر و زانکۆ و مۆڵانە بە ناوی ناسکی ئەوروپیی و ئەمەریکیی ناو دەنرێن.. لە قەحبەخانەدا، گەڕەک و کلینیکە میللییە هەژارنشینەکان بەناوی شەهیدەکانەوە ناودەنرێن، ئەو کلینیکانەی هەژارانی تێدا بە پارەیەکی مامناوەند دەستخەڕۆ دەکرێن.. بۆ ئەوەی شەرم لەناوی شەهیدەکان بکەن و بەڕەی ژێرخۆیان بفرۆشن بۆ کڕینی دەرمان و دەرزییە بێ سودەکان، چونکە لەو جۆرە شوێنانەدا پزیشکی زیرەک و بەتوانا نییە.. نەخۆشخانە گەورەکانی خۆیان و شارە پزیشکییەکانیان وەک موگناتیز هەرچی پزیشکی زیرەکە ڕایدەکێشێت، واتا نەخۆشی هەژار بۆی نییە پزیشکی شارەزا بیبینێت.
لە قەحبەخانەدا خەبات و شەهید بوون بۆ هەژارانە و .. بەر و بومی وڵاتیش بۆ ئەوانەیە کە لە دەرەوەی ووڵات چاوەڕێن شۆڕش سەربکەوێ و پۆل پۆل بێنەوە سەر حازریی..
لە قەحبەخانەدا قەت قەت بازرگانێکی زەمانە ساز و سیاسییەک لە سەرەی سەمونخانەدا نابینیت..چونکە ئەوان سەرەی سەمونیان وەک دەستکەوتێک بۆ میللەت فەراهەم کردووە و پێیان شەرمە لەو دەسکەوتەدا بەشدار بن..شۆڕش و خەباتەکەی ئەوان نەبوونایە چۆن تۆ ئەتتوانی ئەمڕۆ بەو پەڕی ئازادییەوە لەسەرەی سەموندا ڕابوەستیت؟؟
هەروەها لە بازاڕە میللییەکاندا، لە سەرەی پارەدانی کارەبا و ئاو و غاز و گاز و بەنزین و نەوتدا نایانبینیت، چونکە ئەوانە هەمووی دەسکەوتن بۆ میللەت، ئەوان خۆیان لە نیعمەتی پارەدانی کارەبا و ئاو و نەوت و بەنزین و غاز و گاز بێ بەش کردووە، ناچارن تەنها پارە وەربگرن، ئەویش دوای ئەوەی ئەکرێنە گونیه و بە ووردیی، بە ئاسۆیی و ستوونییش حیسابی کۆتاییان بۆ کراوە.
هەروەها ئەوان لە قەڵەباڵغیی ناو فەرمانگەکانی باج و خانوو بەرە و کارتی نیشتمانیی و پاسپۆرت و هات و چۆدا نابینرێن، چونکە ئەو جۆرە کەرنەڤاڵە جەماوەرییانە تایبەتن بە هاووڵاتیی سەربەرز و سەرکەش و . ئەمانی سەرکردەی لێ مەحروم کراوە..ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییانەی فەرمانگەکانی هاتوچۆ و باج و گومرک و خانوو بەرە، تایبەتە بە هاووڵاتیان..ئەمان تەنها و تەنها ئەو گونییە پارانە وەردەگرن، کە میللەت بەو پەڕیی ئازادییەوە دەیداتە بەشی ژمێریارییەکان، ئەوانەی حیساباتی نیهائیی ئاسۆیی و ستوونییان بۆ کراوە.
قەحبەخانە ئەوەیە لە هەموو ڕوویەکەوە، ژیان لەو خەڵکە بکەیت بە دۆزەخ کەچی کاتی هەڵبژاردن، زۆرینەی ئەو خەڵکە دەنگت پێ بدەن..
قەحبەخانە لە فەرهەنگی ئەمڕۆدا، ئەوەیە مامۆستایەک بە 42 ساڵ خزمەت بەو حاڵە دوو هۆدە و هەیوانێکی خۆی پێکەوە نابێت، دیوارەکانی بە چاوەزار داپۆشیبێ، نەک چاوی پیس کاری لێ بکات و لە دەستی بچێ و بکەوێتە سەرجادە، کەچی مناڵ و تواڵ و گێڵفرێندی بەرپرسەکان بە ملیۆن و ملیار قسە بکەن و بە فەردە دۆلار لە ژێر پێڵاوەکانیاندا بێ.
قەحبەخانە ئەو ووڵاتەیە، کە سیاسییە عەلمانییەکانی لەسەر ڕەقەم و مۆدێل کیژۆڵەیان لە ناوەوە ودەرەوەی وڵات بۆ دابین بکرێ بۆ ڕازاندنەوەی مێز و پێخەف و شەوە سوورەکانیان، هەرچی ئوسوڵییە دەستڕۆیشتووەکانیشیانە، دووان و سیان و چوار ژن لە خۆیان مارە ببڕن، لەو لایشەوە سەدان هەزار گەنج، لە لوتکەی حەز و پیاوەتیدا، نەک پارەی ژنهێنانیان پێ نییە، بەڵکو تەنانەت پارەی شاورمە و چایەکیان لە بەڕکدا نییە .
قەحبەخانەی مۆدێرن ئەوەیە خۆت و کەس و کار و خزم و دۆست و ئەحبابەکانت، ـVIPبن و وەک دەڵێن شەق لە پارە هەڵبدەن، ئیتر بۆت گرنگ نییە کۆمەڵگا نیوەی بووە بە سواڵکەر و نیوەکەی تری توشی هەزار نەخۆشیی دەروونیی بوون.
قەحبەخانە ئەوەیە دار و بەردت پڕ کردبێ لە ووشەی دیموکراسیی و سۆسیال دیموکراسی و شورا و سوێند بە خوا و گەل بخۆیت، کەچی بە حوکمی پشتا و پشت کار بکەیت.
قەحبەخانەی نوێ ئەوەیە دانیشتووانەکەی تەنها خواردن و زاوزێ ئەنجام بدەن، کەس حەقی نەبێ بەسەر کەسەوە و ..لە گەدە بەرەو خواریان مافی چالاکیی هەبێ.. زانست و هونەر و ئەدەب و داهێنان و بەرهەمهێنان بە ناخی زەویدا چووبن..هیوا و ئاواتی تێدا نەبێ، داهاتووی نەبێ، ژیان تیایدا تەنها ئەو چرکەیە بێ، هەموویشیان بەئەتایست و کۆمۆنیستەکانیشیانەوە، بڵێن ئیشەڵا خوا چاکی ئەکا، لە دەستی عەبدا نەماوە..
قەحبەخانەی سەدەی بیست و یەک، ئەوەیە تۆ ڕۆشنبیر و بیرمەندی سەربەخۆ و دژە دەسەڵات و ڕیفۆرمخواز و ڕادیکاڵ بیت، کەچی لە ژێرەوە بە پلەی ڕائید و عەقید و موقەدەم لەلایەن دەسەڵاتەوە خانەنشین کرابیت، موچەیەکی چەوری حەرام وەربگریت بە بێ ئەوەی لە ژیانتا کاسکێت یان بێریی سەربازیت کردبێتە سەر..
قەحبەخانە ئەوەیە نوێنەرانی گەل بە ملیۆنەها دۆلار و بە سەدان کیلۆ ئاڵتون بدزن و لە ژێر زەمین و شوێنی هەزەلیدا بیشارنەوە، کەچی بەشێکی زۆر لەو گەلەی دەنگیان پێداون، سواڵکەری ترافیکلایت بن و هەندێکیان لە خۆڵە عەمەلەکاندا بۆ بژێوی ڕۆژانەیان بگەڕێن.
لە قەحبەخانەی نوێدا، باج لە عەرەبانچی و دەستگێڕ وەردەگیرێت، کەچی ملیاردێرەکان باج نادەن.. چونکە ملیاردێرەکان باج وەرئەگرن، چۆن ئەبێ باج بدەن؟ چونکە لەیاساکانی فیزیادا هاتووە، تەنەکان یان ئەبێ وەرگر بن یان ئەبێ بدەن، ئێ ئەو مێگاــ بازرگانە سیاسییانە تەنە وەرگرەکانن، چۆن ئەبێ بدەن؟ خاک و خەڵک تەنە بدەرەکانن ..ئەوان ئەدەن و ئەمان وەرئەگرن.
لە قەحبەخانەی مۆدێرندا، هیچ جۆرە مافێک دەست ناکەوێ، بەڵام هەموو جۆرە ساختە و داتاشینی یاسا و داگیرکردن و زوڵم و زۆرێک دەست ئەکەوێت، هەموو ئەوانەیش بە درۆ و فێڵ داپۆشراون، بەو جۆرە دزترین کەس، وەک مەردترین کەس دەردەکەوێت .. پیاوکوژترین بێ شەرەفترین شەڕواڵپیسترین کەس، ئیداریی و یاسا دانەر و پەروەردەکارە..واتا قەحبەخانەی نوێ گەورەترین شانۆیە و شارەزاترین ئەکتەرەکان ڕۆڵی تیدا ئەگێڕن، بە جۆرێک ملیاردێرەکانی ڕۆڵی سواڵکەر ئەبینن، شەو و ڕۆژ سواڵە سەنت و فلس ئەکەن و بێزارت ئەکەن، وات لێدەکەن نانێکت پێ بێ، بیاندەیتێ..ئیتر تەماشا ئەکەیت گەورەترین بیریار، نەخوێندەوارە و ڕێنوس نازانێ، گەورەترین سەرکردەی دڕ و چاونەترس، لە حەوزی شیردا خۆی ئەشوا و ..لە کاتی شەڕەکاندا، لە نێوان دوو کیلو گۆشتی سپی و پڕ لە سلیکۆن و بۆتۆکسدا، ئەگەوزێت و ئەتلێتەوە و خەبات ئەکات.
ئیتر بەو جۆرە هاوڕێیان، قەحبەخانەی سەردەمی جیهانگیریی، ئەوەندە پێناس و ڕوونکردنەوە هەڵدەگرێت، کە بە چەندەها کتێب ناتوانیت حەقی خۆی بدەیتێ و بە تێر و تەسەلیی لەسەری بدوێیت..
ئەوەندە هەیە لە قەحبەخانەی نوێدا، پاک و خاوێنیی نییە و ..شەقامەکان یەکپارچە خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی جگەرە و شتی ترە، چونکە خەڵکەکەی بە دوای چێژدا ئەگەڕێن و عەقڵیان ئیش ناکا هەتا پارێزگاریی لە پاک و خاوێنیی بکەن..ئەوانەیشی کە کرێکاری شارەوانین، موچەیەکی ئەوەنده کەم وەرئەگرن، تاقەت و توانای پاککردنەوە و هەڵگرتنەوەی پاشماوەی ملێگەلێکی ملیۆنەها کەسییان نییە ..ئیتر بەو جۆرە بۆگەن لە هەموو کونج و گۆشەیەکی هەڵدەستێ ..ڕوو لە هەر شوێنێکی بکەیت، پەشیمان ئەبیتەوە، چونکە توشی شەڕ یان سوکایەتیی و جنێو و پاڵپاڵێن و ژاوە ژاو ئەبیت..
لە قەحبەخانەدا، خواردن و دەرمان و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی دەنگدەر ئێکسپایەر و بێ کوالێتین، بەڵام خواردن و دەرمان و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی دەنگپێدراو، هەمووی هاوردەی تایبەتیین یان ئیستیراد خاسی ئەوروپا و ووڵاتانی ترن تەنانەت مەشروب و جگەرەکانیان تایبەت و سپێشەڵن.
لە قەحبەخانەدا درۆ عەیب نییە
لە قەحبەخانەدا خیانەت شانازییە
لە قەحبەخانەدا فێڵ و فڕ زیرەکییە
لە قەحبەخانەدا هەموو شتە چارەنوسساز و نیشتمانییەکان ئەفرۆشرێن و بە نرخێکی گونجاو دەست دەکەون وەکو پرسیاری تاقیکردنەوەکانی بەکلۆریی و کۆدی شکاندنی هاردوێرەکان و کتێبەکان و .. نوشتەی ڕێکخستن و تێکدان و ملشکاندن و ..موچەخۆری بندیوار و هەر شتێک کە شەیتانیش پەی پێ نەبردووە.
لە قەحبەخانەدا دین هۆکارێکە بۆ گەیشتن بە کورسی و پارە و ژن و لە تەڕ خواردن و لە وشک نوستن.
ئەوانەی لە قەحبەخانەدا ئەژین، لوتبەرز و گەمژە و بێ هونەرن
لە قەحبەخانەدا خەڵکەکە زۆربڵێن، لە پڕۆفیسۆرێکەوە هەتا دەرگاوانێک، لە قسەکردن تێر ناخۆن، هەر بۆیە هەزاران جار گوێمان لە شەڕی نێوان دوو پڕۆفیسۆر بووە لە کەناڵێکی ڕاگەیاندندا، بە هۆی ئەوەی یەکێکیان مافی ئەوەی تریانی خواردووە لە کاتی قسە کردندا، چونکە کورت و کرمانجیی پێتان بڵێم لە قەحبەخانەدا زۆرینەیان بە عەرەقی زمانیان ئەژین، هەتا درێژ دادڕتر و بێ شەرمتر و بێ شەرەفتر و ڕووقایمتر و درۆزنتر بیت، دەوڵەمەندتر و ناسراوتر و بەڕێزتر و پڕۆفیشناڵتریت و کەناڵە بەناوبانگەکانی قەحبەحانەکە شەڕت لەسەر دەکەن و ملیۆنان دۆلار ئەخەنە ئاخوڕەکەتەوە بۆ ئەوەی عەزێت بفەرموون لەو کەناڵەدا ئیش بکەیت، چونکە بینەرانی قەحبەخانە حەزیان لە قسەکەری بێ شەرم و بێ حەیایە کاتێک بێ پەردە باس لە کاری سێکسیی و لێدان و هەڵگرتن و داگرتن دەکات لە هەواڵەکاندا.. بەوجۆرە بینەر و هەوادارێکی زۆر لە دەوری ئەو کەناڵە و ئەو قسە قۆڕانە کۆدەبنەوە و هۆگر و ئاڵودەی دەبن و دەبێتە کەناڵێکی بێ ڕکابەر.
لە قەحبەخانەدا زۆر زەحمەتە حەقدەست و کرێ و موچەی خۆت وەربگریت، ئەبێ بیکەی بە شەڕ و مانگرتن و ڕێپێوان و فەرتەنە یان ئەبێ سەبرێکی گەورەت هەبێ و چاوەڕوان بکەیت، خۆ ئەگەر حەقدەست و کرێ و موچەیان خواردیت، ئەبێ بە لاتەوە ئاسایی بێ، چونکە پیاو لە قەحبەخانەدا بژی، هەرچی نەهامەتیی هەیە دێتە ڕێگای.
لە قەحبەخانەدا وەعد و بەڵێن نییە.
لە قەحبەخانەدا هیچ شتێ گەرەنتی نییە.
لە قەحبەخانەدا دادگا نییە، هەیشبێ بۆ شەرعیەتدانە بە نادادیی..
قەحبەخانەی مۆدێرن پڕ پڕە لە وێنە و پەیکەری گەورە ..پڕە لە مۆنۆمێنت و مەزاری گەورە و گرانی چۆڵ و هۆڵ، کە ملیۆنەها دۆلاریان بۆ تەخسیس کراوە ..
قەحبەخانە پڕپڕە لە سروود و دروشم و ئارم و لۆگۆ و ڕێکخراو و ئەو جۆرە چالاکییانەی کە هەموویان جۆرێکن لە بازرگانیی و پارووی چەور گلاندن.
قەحبەخانە پڕ پڕە لە سیخوڕ و خەت مایل و عەمیل و نهێنگر و دووزمان و بوختانچیی و ڕاپۆرتنووس و چاودێر و چاڵ و تەپکە و داو و فاقە.
قەحبەخانە پڕ پڕە لە زیندانی فەرمیی و نهێنیی.. پڕە لە زیندانی کەسیی و گشتی و تاکەکەسیی و بەکۆمەڵ.
قەحبەخانە جۆرەها هێزی چەکداریی تێدایه، هەر جۆرێکیان تایبەتن بە کەسێک..ئەم هێزانە بە هۆی ئەوەی کە نزیکن لە کەسە باڵاکانەوە، هەندێکیان زۆر گرنگ و دەستڕۆیشتوون، تەنانەت شا بە سەپان ناگرن.
لە قەحبەخانەی نوێدا، خەڵکەکە هەموویان لاساییکەرەوەن، چونکە هیچ داهێنانێکیان تێدا نییە، هەر بۆیە هەموویان سەیری یەکتری ئەکەن و لاسایی یەکتری ئەکەنەوە، قسە و ستایڵ و سمێڵ و ڕیش و شتی یەکتری ئەدزن و ئەیکەنە هی خۆیان .. نزیکەی هەموویان نەشتەرگەریی جونکاریی لوت و لێو و سمتیان کردووە، نزیکەی هەموویان قژیان چاندۆتەوە.. ددانیان کردووە بە برغو، حەزیان لە ئوتومبیلی درعە، شیعر و چیرۆک و ووتار و تابلۆی شێوەکاریی یەکتریی ئەدزن و بەناوی خۆیانەوە بڵاویان ئەکەنەوە..ئیتر یەکێکیان بایەکی لێ بێتەوە، ئەوانی تر هەموو ئەکەونە پاڵەپەستۆ و زەخت لە خۆکردن، هەتا ڕەفیق کەم نەبن.
قەحبەخانە ئەوەیە کە هەموو کاڵاکانت هاوردە بن.. ئەگەر سنوورەکان بگیرێن، هەموویان لە برساندا بمرن .. نان و ئاو و جل و دەرمان و مەسینە و تەڵەی مشکگرتن و سوژنی لێفەدروو و هەموو شتێک هاوردە بکەن.
یەکێک لە نیشانەکانی ئاخر زەمان و قەحبەخانەی نوێ ئەوەیە، ئەگەر لەسەر زەریایەک نەوت و گاز و ئاڵتون و سامانی سروشتیش بن، هێشتا هەر قەرزارن.. هێشتا هەر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، برنج و ئارد و دۆشاو و زەیت و لەتکە نۆکیان بەسەردا دابەش بکات، ساڵانە سێ چوار مانگی ئەو شتانەیشیان نەدەنێ، بەسەر یەکەوە بیدەنە کوڕە بەرپرسێ بۆ ئەوەی بیکا بە پڕۆژەیەک بۆ خۆی یان بیداتە کۆمەڵێ ئوتومبیلی تایبەتی بڕاندی جیهانیی.
لە قەحبەخانەدا، برسیترین چین و توێژ، چین و توێژی بازرگانە زەبەلاحە سیاسیە ملیاردێرەکانن.. زۆر برسین، تەنانەت ئەگەر قەراغە نانی کەڕوو لێداویشیان بدەیتێ، لێت وەرئەگرن و ئەیهاڕن و ئەیکەنە ئارد و بۆ سبەینێ بە خۆتی ئەفرۆشنەوە.
لە قەحبەخانەدا خەڵک زۆر بێزار و خەمبار و خەمۆکیی و بێ حەوسەڵەن، چونکە نیوەی لەشیان لەکار خراوە، لە گەدەوە بەرەو سەریان ئیش ناکات.. بێ گومان مرۆڤی ئیفلیج بە هیچ شتێ دڵی خۆش نابێ، هەرچەندە زۆرینەیان لە لایەن بەشە ڕێپێدراوەکەی لەشیانەوە، کە لە گەدە بەرەو خوارە، بەردەوام لە کار و چالاکیی حەڵاڵخواردن و حەڵاڵکردن، یان حەرامخواردن و حەرامکردندان، بەڵام مادام گەدە و بەرەو ژووریان سڕ کراوە، هەست بە ئاسوودەیی ڕەها ناکەن و .. ئەو زیادە ڕەوییەیش لە کار و چالاکیی لە گەدە بەرەوخواردا، حەتمەن کێشەی سووربوونەوە و برینی گەدە و پڕۆستات و لە دەستدانی پیاوەتیی لێوە سەرچاوە ئەگرێ، هەر بۆیە گەر دیقەت بدەیت دەرمانخانەکانی قەحبەخانەکانی سەردەمی نوێ، ئەگەر بڕوخێن بەسەر دەرمانەکانی گەدە و پڕۆستات و هینەکانی ترا ئەڕوخێن.
لە قەحبەخانەی مۆدێرندا، نوکتە و قسەی خۆش گرنگییەکی زۆریان پێدراوە، یان ئەتوانین بڵێین یەکپارچە قسە و باسەکانیان، نوکتە و پێکەنینی تێکەڵاوە وەک چۆن سەرچاوە ئاوییەکانی خواردنەوەیان، زێرابیان تێکەڵاو بووە .. بەو جۆرە سیاسیی و دەستڕۆیشتووەکانیان بەردەوام پێدەکەنن و نوکتە ئەکەن، لە گەرمەی شەڕە ناوخۆییەکانیاندا، کە بۆ دانوستان دادەنیشن، یەکڕاست پێدەکەنن و قاقای وا لێدەدەن، وەک ئەوەی لە فیلمێکی کۆمیدیدا دانیشتبن وایە، بەو جۆرە خەڵکە سەر بە قوڕە کوڕ کوژراوە ماڵوێرانەکەیش، کە سەیری ئەو دەستڕۆیشتووانە دەکەن، ئەمانیش ناچارن پێبکەنن، چونکە ڕاست نییە گەر گەورەکان پێکەنین، بچووکەکان خەمبار و دڕدۆنگ بن .. داوای مافە زەوتکراوەکانت بکە، دەستڕۆیشتووەکان نوکتەیەکت بۆ ئەکەن و قاقا پێدەکەنن، ئیتر تۆیش ناچاریت پێ بکەنیت، بەو شێوەیە مافە زەوتکراوەکەت ئەبێ بە ژێر پێی پێکەنین و نوکتەکانیانەوە .. بەو جۆرە قەساب نوکتە ئەکات ..مامۆستای ئایینی ئەوانەی قورئانیان لەبەرە، نوکتە ئەکەن و قاقا پێ ئەکەنن ..شیوعیی، مولحید، سەلەفیی، سۆفیی، عەلمانیی، مناڵ، پیر ، شێت، نوکتە ئەکەن و پێدەکەنن.. تەنانەت لەسەر قەبران لەکاتی ناشتنی مردوودا، لە ڕیزەکانی پشتەوە، لە کاتی تەڵقیندا، جەماعەتێ نوکتە بۆ یەکتری ئەگێڕنەوە و پێدەکەنن ..
ئەمەیش حاڵەیش پەل بۆ بە دۆکیومێنتکردنی نوکتە و پێکەنین ئەکێشێ و ..هەندێک نوسەر ئەیکەنە نامیلکە ..تەنانەت هەندێ لە عەللامە ئاینییەکانیان بە سەرا خۆی ئەخاتە ناو گۆماوەکە و چەندین بەرگ یان موجەلەد نوکتە و قسەی قۆڕ ئەنووسن و .. دەیان جار چاپ دەکرێنەوە و بە خێرایی لە بازاڕدا نامێنن، ئیتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستادا چ نوکتە و قسەیەکی قۆڕ کرابێ، نووسراوەتەوە، زۆرینەی نوکتە و قسەخۆشەکانی قەحبەخانە مۆدێرنەکان، ئەندامی زاوزێ و سەرجێگاکردن و ئەو شتانەیان تێدایە لەگەڵ توێژێک لە کەلەپور و نەتەوایەتیی وەک موقەبیلات، پێیدا ئەپرژێنرێن بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بە شانازیی و سەربەرزییەوە ئەو جۆرە شتانە بخوێننەوە و ڕەوانی بکەن و بۆ یەکتری بیانگێڕنەوە.
عەبدوڵڵا پەشێو دەڵێت :

خوێڕین ئەوانەی پێم دەڵێن:
دان و مێروو برای یەکن
خوێڕین ئەوانەی پێم دەڵێن:
خوێن و زەروو برای یەکن
خوێڕین ئەوانەی پێم دەڵێن:
ماسی و چەنگاڵ
مشک و جەواڵ
دەست و چزوو برای یەکن
قەحبەن ئەوانەی پێم دەڵێن
پەت و گەردن
گوێزان و موو برای یەکن




پیاو بۆچی ڕاست نەڵێ ؟.. نەوزاد بەندی

وەڵاهی بمکوژە و گوێم لە ووشەی پیتزا نەبێ، هەرچی پیتزا و فینگەر و ماکدۆناڵد و ستاربۆکس و کنتاکی دنیایه بە قوربانی یەک پاروو ناوساجیی و ناوەشکێنە بن.. لەو ئاسمانەوە هەڵمدەره خوارەوە و پێم مەڵێ های، هەرچی های و هاو و وای و هەلاوی دنیا هەیە ئەکەم بە قوربانی ( مانوو نەبی) یەکی ئەو شارەزوورەی لای خۆمان .. هەرچی ئاوی جام و دەبە و فلتەری ئەو جیهانە سەر لێشێواوە هەیە، ئەیکەم بە خزمەتکاری قومێ ئاوی مەرکانەیەک کە لە ژێر سێبەری دارتوویەک یان شۆڕەبییەکدا لەسەر سێپایەک هەڵتروشکاوە .. بمکوژە و پێم مەڵێ دێلیڤەری .. هەڵمواسە و پێم مەڵێ لە تیکتۆک و ماسنجەر و وەتس ئەپ و ڤایبەرەوە پەیوەندی بکە ..هەرچی ئایفۆن و تۆڕی کۆمەڵایەتیی و ئیمەیڵ و نوکە و جوکە هەیە بە قوربانی هۆرەیەک بن کە لەم شاخەوە بۆ ئەو شاخ یەکترمان پێ بانگ ئەکرد.. هەرچی دێلیڤەرییە بە خزمەتکاریی ئەو چارۆکە و تێشووە بن کە سەلکێ پیاز و سەلکێ تەماتە و نۆردووە نانێکی تیا بوو..ڕووی بابی ئەوە ڕەش بێ فاست سود و چێشتخانە و نانەواخانە و دەرمانخانەی بیست و چوار سەعاتیی هێنایە ئەم ووڵاتەوە .. ئاخر بیست و چوار سەعات چێشت و نان و دەرمانم بۆچیە؟ مانگای مالوانم یان ئاشە مەکینە؟ .. هەرچی دەرمانخانەیە بە قوربانی ئەو بتڵە عەرەقی نەعنا و شوشە دەرمانی سوور و ئیسپرتۆیە بن کە لە هەموو ماڵێکا هەبوون و ئیشی پەنجا پزیشکیی هەناویی و شکاویی و جەڕاحی بۆ ئەکردین..
نەفرەت لەوەی سەتەلایت و هەزاران کەناڵیی بەردوامی بۆ دامەزراندین، کە پیاو نازانێ سەیری چی بکا و گوێ لە کێ بگرێ و لە چی وورد بێتەوە.. هەموویان بە قوربانی ئەو تاکە کەناڵەی جاران بن، کە سەعات شەشی ئێوارە بە سڵاوی کۆماری و قورئان و ئەفلام کارتۆن دەستی پێ دەکرد و .. تۆزێ بەرنامەی تورکمانیی و تۆزێ بەرنامەی کوردی و تۆزێ بەرنامەی و فیلمی شەوی پەخش ئەکرد، سەعات یانزەی شەو کۆتایی بەرنامەکان و خوا حافیزیی و سڵاوی کۆماریی بوو، ئیتر خەڵکەکە هەمووی لێی ئەخەوتن..نەفرەت لە هەزار جۆر ئوتومبیل و مواسەفات و کامێرای پێش و پاش و هەستیاریی ئەملا و لا وڕادار و ئۆتۆپارک و تەحدید سورعە و هایبرید و کارەبایی کە زەوی و ئاسمانییان تەنیوە و دەست بۆ لوتت ببەیت، سێ چوارێکی ئەمەریکیی و یابانیی و چینیی و ئەڵمانیی دێن بە دەستتەوە، هەموویان بە قوربانی ئەو عەرەبانە دوو ئەسپییە بن، کە لەگەڵ ئەوەی ئەیانگەیاندیتە جێ دنیایەک جوانیی و خەون و شیعریان تێدا دروست ئەکردیت..دوای ئەوە بە قوربانی ئەو ئامانە میرییانە بن، کە هەموومانی کۆ ئەکردەوە و بە بێ زحمەت، ئەیانگەیاندینە شوێنکار و بازاڕەکان.. هەرچی یاری ئەلیکترۆنیی و پۆپچی و پلەیستەیشن و ئێکس بۆکس هەیه، بەقوربانی فڕیوە و هەڵماتێن و ڕەسم ڕەسمێن و دەست بە دیوار و کۆلارە و مار و پەیژەکەی جاران بن .. هەرچی گڵۆپی لید و سورەیا و چلچرای کۆنترۆڵ هەیە، بە خزمەتکاری ئەو گڵۆپە زەردە سەد واتییانە بن، کە لەبەردەرگای هەموو ماڵێک دانەیەک هەبوو، شەوان دادەگیرسان و بەردەرگایان بۆ دەکردیت بە ڕۆژی نیوەڕۆ .. بمکوژە و ناوی نێت فلێکس و ئۆئۆتی و تیڤی بۆکس و سینەمای ئۆنلاینم لەلا مەبە، هەموویان بە قوربانی سینەمای ڕەشید و سیروان و دڵشاد بن، کە بە سەد فلس ئەیانبریده ناو جیهانی هونەر و عەشق و شەڕ و ئاشتیەوە.. هەرچی کۆکا کۆلا و تایگەر و کۆڵد کۆفی و لە شوشەکراوەکانی تر هەیە، لە دەوری شەربەتەکەی مام زۆراب گەڕێن، کە لەگەڵ قومی یەکەمدا هەموو گیانت ئەبوو بە ڕەزی ترێ ..
میزاجم تێک مەدە، باسی شاورمە و فەلافل و هەمبەرگرم بۆ مەکە، هەموویان ئەکەم بە نۆکەری ئەو قاورمە فرۆشەی لەبەردەم مەکتەب، دوای دەرسی پێنجەم، چاوەڕێی دەکردین، لەتێ نانی سارد، سەرە کەوچکێ قاورمەی نۆکی پێدا دەهێنا و چەند چڵە کەوەرێکی جنراوی پێدا دەکرد، تامێکی وەک تامی خواردنەکانی بەهەشتی هەبوو ..هەرچی نەستەلە و سنیکەرز و پۆپ کێک و جەلیی هەیە، قوربانی حەلاوە تەیب و پەشمەک و شروب و عەمبەروەرێتێک بن، کە خۆمان دروستمان ئەکردن ..هەرچی ساردەمەنیی و دۆندرمەی تورک و فارس و عەجەم هەیە لە دەوری چلورە وئاسکیمۆی ئەرخەوان گەڕێن، کە تەنها بۆن و تامەکەیان هەموو ساردەمەنییەکانی جیهان ئەژیان..
کۆشک و ڤێلا و شوقەی ئاسمان و لامینات و دەرگای قاسە و دەلاقەی دەبڵ جام و گەراجی دفن و ئەسترۆپۆڵ و کارەبای تیشکی خۆر و ئەسانسۆر و بالکۆن و ڤی یوی تەواوی شار و سپلیتی ناوەندیی، بە قوربانی ئەو دوو هۆدە و هەیوانە بن، کە ئەیانڕوانی بەسەر حەوشەیەکی ناوەڕاستدا و سنەوبەرێک و مێو و هەنجێرێک وەک سێ پاسەوانی هەتاو و تۆز و خۆڵ ، پارێزگارییان لێ دەرکردن و دایکم ئێواران ئاوڕشێنێکی دەکردن و کومبارێکی دادەخست، تەرمۆزەی ئاو و سفرە و سەماوەر و کەرەستەکانی نانی ئێوارە و شەو چەرەی لەسەر ڕیز دەکردن.. هەرچی بۆیلەر و گیزەر و ئارامکۆ و ساونایه، قوربانی ئەو تونی حەمامە بن کە بە چۆڕێک نەوت یان دوو کۆتەرە دار، حەمامەکەیان بۆ گەرم ئەکردین و بە خۆڕایی دە دوانزە کەس خۆیان لێ دەشوشت .. هەرچی جلی مارکەی پۆڵۆ و لاکۆست و ئەدیداس و نایک هەیە ببن بە قوربانی ئەو تاک شەڕواڵەی کە بۆیان دەدورین، هەم لەناو ئاودا ئەبوو بە چووپی هەوا و هەم کە خۆمان حەوا ئەدا حوکمی پەڕەشوتێکی هەبوو، نە بن ڕانمان بە گەرما سوور ئەبۆوە و ئەسووتایەوە و.. نە عەیب نەبێ کە دادەنیشتین پشت و فەقەرات و گێڕ و مەکینەمان دەردەکەوتن و فیتەیان ئەهات ..
هەرچی زیکە و گمە و فڕەی بەفرگر و ساردکەرەوە و فێنککەرەوە و سپلیت و پانکە و پاڵێوەری هەوا و ساحیبە و فلتەری ئاوە، ئەیانکەم بە قوربانی خانووەکانی جاران کە دەنگی هیچ ئامێرێکی تیا نەبوو، بێجگە لە جریوەی چۆلەکە و گمەی کۆتر و زیکەی زیکزیکە و قوقەی کەڵەشێر و گارەی مریشک و چرپەی یار و شڵپەی ماچ.
هەرچی نەخۆشخانەی مناڵبوون و پسپۆڕی مناڵبون و کۆرپەی بلوریی جیهان هەیە، ئەیانکەم به قوربانی باجی خانمی مامان، مامانی هەموو ژنانی گەڕەک بوو بە بێ ئەوەی مناڵێک قاچی دەرهاتبێ، ئۆتیزم بێ، داون، یان ئێسکە نەرمە و ملسوڕاو و تالاسیمیا و نەخۆشی شەکرە بێ ..
هەرچی پێڵاوی بۆگاتی و ڕایکەر و کامێڵ و زیگنا هەیە، لە دەوری ئەو پاتە لاستیکە بگەڕێن کە هەمووان بە بێ جیاوازیی لە پێمان دەکرد، هەم غەواسەی ناو ئاو و هەم مڵەی ناو قوڕ و هەم شێری ناو بێشە و حوشتری سەحرا بوو، هەم سەلمێنەری یەکسانیی کۆمەڵایەتیی هەموو مناڵانی گەڕەک بوو.
هەرچی گەشتی تورکیا و ئێران و مالیزیا و یۆنانە، قوربانی کارێزی وەستا شەریف و داربەڕووەکان و سەرچنار بن، کە لە کەشێکی ئارام و هێمندا، لەناو شنەی شەماڵ و خشەی گەڵا و قوڵپەی ئاودا، جوانترین ساتەکانی حەوانەوەی دەروون و جەستەیان بە خۆڕایی پێشکەش ئەکردین، بە بێ ئۆفەر و ڤیزە و چێک پۆینت و فڕۆکە و شەونخونی نیوە شەو و خەرجکردنی سەفتە دۆلار کە تایبەتە بە دەولەمەند و سیاسەتمەداران بەڵام لە داربەڕووەکان و کارێزی وەستا شەریف و سەرچناردا، هاتن بۆ هەمووان بوو.
هەرچی مۆڵ و سۆپەر مارکێت و مینی مارکێتە بە قوربانی دوکانەکەی غەنی و نەوبەهار بن، کە هەموو کاڵایەکی ڕۆژانەیان بە بێ ڕیکلام و فێڵ و هەڵخەڵەتاندن لەلا دەست دەکەوت ..
هەرچی پەرلەمان و حوکمەت و پەرلەمانتار و وتەبێژی حیزب و ئەندامی سەرکردایەتیی و کادیر و چەکدارە بە قوربانی مفەوەزێکی ئەمنی عەرەب یان جاشێکی کوردی جاران بن، هیچ نەبێ بینینی ئەو مفەوەزە عەرەبە یان ئەو جاشە کوردە هەستی تۆڵەکردنەوە و ڕقی پیرۆزی لا دروست ئەکردیت، هستی ئەوەی کە خەبات بکەیت و شۆڕش بگێڕیت و ئەو داگیرکەر و خۆفرۆشانە لەناو ببەیت و حوکمەتی کوردیی نیشتمانیی سەربەخۆ پێک بێنیت .. بەڵام ئێستا فەرموو ئەوە حوکمەتی کوردی و هەزار و یەک جۆر وەزیر و پەرلەمانتار و خزم و خوێش و یار و یاوەرەکانیان، هەموویان کوردن و ملیاردێرن و VIP ین، هەموو کوردستانیان هەڕاج و تاپۆ کردووە لەسەر خۆیان و یەک دینار له بانکی حوکمەتی کوردیدا نییە.. هیچ ئۆمێدێکیشت نییە، چونکە لە کورد نزیکتر کێیە حوکمت بکا؟ ئەی خۆت هەڵتنەبژاردوون لە هەڵبژاردنی سەرتاسەری ووڵاتدا؟ ئەی ئیتر بە تەمای چیت ؟ ئەرێ خەڵکینە لە کورد کوردتر هەیە پەنای بۆ ببەین و دەنگی پێ بدەین ؟ لە کورد کوردتر لە کوێ دەست ئەکەوێ بچین بۆ لای و مشورێکمان بخوا؟ لە کورد، کوردتر هەر کوردە، به دەسەڵات ۆ موعارەزە و چەپ و ڕاست و ئوسوڵیی و لیبڕاڵییەوە تاقیمان کردنەوە هەموویان یەک بابەتن بە یەک ڕیتم ڕیکلام بۆ برنجی مەحمود و یەکەکانی داونتاون و قەیوان دەکەن ..
.. بەو جۆرە هەزار خۆزگەمان بە جاران کە خەونمان بەوەوە ئەبینی ڕۆژێ لە ڕۆژان ئەمنە سوورەکە بڕوخێنین و زیندانەکانی بەعس بشکێنین و .. بیرە نەوتەکانی کوردستان لە چنگاڵی بەعس دەربێنین .. هەزار خۆزگەمان بە جاران کە خەونمان بەوەوە ئەبینی ڕۆژێ لە ڕۆژان شەڕواڵ لە پێیەک ئەبێتە وەزیر و .. جامانە لەسەرێک ئەبێتە سەرۆک وەزیران .. سروودێکی کوردی ئەبێتە سروودی نیشتمانیی ..
ئەی ئێستا ئیتر کە تەڕ و وشک، دەسەڵاتی کورد بردی و خواردی و دۆڕاندی و دیزەبەدەرخۆنەی کرد، فەرموو ئیتر دڵ بە چی خۆش بکەین ؟ له کورد، کوردتر لە کوێ بێنین؟ لە مامۆستا مامۆستاتر لە کوێ بێنین مناڵەکانمانی تەسلیم بکەین پەروەردەیان بکات؟ لە پێشمەرگە، پێشمەرگە تر لە کوێ بێنین و سەر و ماڵمانی بە ئەمانە ت لەلا دابنێین ؟ ئاخر لە ئاڵای کوردستان، ئاڵای کوردستانتر هەیە لە ژێر سێبەر و سایەیدا، کوردستانی پاوانکراو و دابەشکراو و هەڵلوشراومان بۆ ڕزگار بکاتەوە؟ پێم بڵێ ئەمنێ جاشێ لە کوێ بێنین، هیچ نەبێ هیوای تەفروتوناکردنی بەعس و داگیرکەرانمان بۆ بگەڕێنێتەوە ؟ بێگانەیەکی داگیرکەری غەیرە کورد لە کوێ بێنین، هیچ نەبێ داخ و پەژارەی دڵمان بە تفێک دەربکەین، کە بیکەینە سەر و فەساڵی، لە چوارچێوەی وێنەیەکدا کە بە زۆرە ملێ لە هەموو ماڵێک هەڵواسرابوو ؟
ئیلاهی، ئەوەتا بۆ 35 ساڵە خۆمان حوکمی خۆمان ئەکەین و .. وار و وێخی کوردستانمان لە گرێژەنە دەرکرد، ڕوو بکەینە کوێ، ئیلاهی ؟ لەوە باشتر چییە بۆمان بکەی کە 35 ساڵە خۆمان حوکمی خۆمان ئەکەین، کەچی ئەوەتا لە بنبەستێکداین هەزار ڕەحمەتمان بۆ بندەستێکەی داگیرکەرانە کە هەر هیچ نەبێ هەستی شۆڕش و بەرگری و بەگژاچوونەوەمان بۆ ئەگەڕێنێتەوە، ئیلاهی ؟!




هەندێ شتی سەیر.. نەوزاد بەندی

ــ یەکەم ــ

جاران، لە ئەوروپای کۆندا، گۆڕەپانی ڕۆمانیی هەبووە کە ئێمە ناومان لێناوە شانۆی ڕۆمانیی و لە پارکی هەواری شاردا، بیناکۆپیمان کردووە .. لەو گۆڕەپانانەی ڕۆماندا، دوو کۆیلەی بەهێزی ڕەشپێست بە شەڕ دەدران و ..بینەرێکی زۆر تەماشایان دەکردن و قوماریان لەسەر دەکردن، لە پێشی بینەراندا، پاشا و ژنی پاشا و کچی پاشا و کاربەدەستە باڵاکان ئامادە دەبوون..
شەڕی ئەو دوو جەنگاوەرە بە مردن کۆتایی دەهات یان ئەگەیشتنە سنوورەکانی مردن..
ئەگەر ئەمڕۆ تەماشای وەرزشەکان و بە تایبەت وەرزشی فتبۆڵی جیهانیی بکەین، هەست ئەکەین ساڵ به ساڵ، ڕەشپێستەکان جێگای سپی پێستی هەڵبژاردەی ووڵاتان و یانە ئەوروپییە بەناوبانگەکان ئەگرنەوە، تەماشا ئەکەین هەڵبژاردەی فتبۆڵی ووڵاتانی ئەوروپا، زۆرینەیان ڕەشپێستی ئەفەریقیی و ئەمەریکای لاتینیین .. یانەکانیش بە هەمان شێوە ..
ئایا ئەم دۆخە درێژکراوەی شەڕە کوشندەکانی ڕۆمانی کۆن نییە؟ هەتا بێ تەماشاکەران زیاد ئەکەن و قومارکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکان گەورەتر ئەبن .. بازرگانیکردن بەم یارییانەوە زیاتر دەبێت و دەگاتە تریلیۆنەها دۆلار، لە بەرامبەردا ڕۆژ بە ڕۆژ یاریزانی ڕەشپێست دێنە مەیدانەکانەوە .. هەتا ڕادەی مردن خۆیان ماندوو دەکەن، بۆ ئەوەی نرخەکانیان لە یانە بەناوبانگەکانی ئەوروپادا بەرزتر بێتەوە .. وەک کۆیلەکانی جاران، کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکەن، ئەو پارەیەی کە دەیاندەنێ زۆر زۆر کەمترە لەو پارەیەی کە بە ڕیکلام و تکت و تۆڕی میدیایی پێیان پەیدا دەکەن.. لەوەیش ناخۆشتر، کاتێ بە هۆی پێکدادان و بریندار بوون و هەڵکشانی تەمەنیانەوە، ئاستی هێز و توانایان دادەبەزێت، پەڕاوێز و بەرەڵڵا دەکرێن، بۆیە زۆرینەیان لە دوای ئەوە ئاڵودەی مادە هۆشبەرەکان ئەبن.. ئەبنە بنێشتە خۆشەی دەمی جەماوەر و کەناڵە وەرزشییەکان .. هەموومان ڕۆناڵدینۆمان بینی، کە چۆن بە هۆکاریی کەسیی، لە یانەکان دوور خرایەوە و پاشان بە کەیسی تاوانکاریی ڕووبەڕووی دادگاکان کرایەوە ..یان حاتەم بن عەرەفە بە هۆی سەربەخۆیی و نەتەوە و ئایینەکەیەوە، پەڕاوێز دەخرێت لە کاتێکدا ئاستی هونەریی لە لیۆنێل میسی بەرزتر بوو ..
وەک چۆن مناڵ لە دایک دوور دەخرێتەوە، ئاوا بە کڕین و فرۆشتن لە یانەیەکەوە بۆ یانەیەک، بە گریان و فیغانەوە دوور دەخرێنەوە..
ئایا ئەمەی لە مەیدانی فتبوڵدا ئەگوزەرێ، فێرژنی تازەی شەڕی خوێناوی ڕەپێستەکانی مەیدانی ڕۆمانیی کۆن نییە؟

ــ دووەم ــ

یەکێک لە نەریتەکانی کۆڵۆنیالیزمی جیهانیی، سەرقاڵکردنی کۆمەڵگا قوربانییەکانێتی بە کێشە و بابەتی لاوەکییەوە بۆ ئەوەی کێشەی نەتەوایەتیی و ئابوریی نیشتمانیی و زانست و کولتووریی میللییان لە بیر بچێتەوە ..هەتا زۆرترین کات و قۆناغ، بە ژێر چەپۆکیی بمێننەوە ..بێ گومان ئەم سیستمە ستەمکارە، لە ڕێگای سیمبوڵ و کاراکتەرە ناودارەکانی کۆمەڵگاکانەوە، ئەم سەرقاڵکردنەی کۆمەڵگاکان بە ئەنجام دەگەیەنن، ئەو سیمبوڵانەی کە فرانتز فانون لە کتێبی ئەشکەنجەدەرانی زەویدا بە بۆژوازییەکانی نیشتمانیی پێیناسەی کردوون.
بۆ نمونە لای خۆمان، کەسمان ناپرسین بۆچی کاتێ حیزبە بۆرژوا نیشتمانییەکان هاتنە سەر حازریی، دوای ئەوەی ئەمەریکا و هاوئاوازەکانی سیستمی بەعسیان لە عێراق و کوردستاندا پێچایەوە .. ناپرسین بۆچی ئەم سیستمە بۆرژوا نیشتمانییە عەشایەرییانە، هەزاران پاسی حکومیی گواستنەوەی هاووڵاتیانیان تاڵان و بڕۆ و سەرنگون کرد ..مەسڵەحەی گواستنەوەی هاووڵاتیان، کە دەزگایەکی حوکومیی بوو، هەڵوەشێنرایەوە و فەرمانگە و گۆڕەپانە فراوانەکانیان داگیرکران و چوونە بەرژەوەندیی حیزبە نیشتمانییە بۆرژواکانەوە..
ئەمە بۆچی ؟ بۆچی پاس و ئامانەی حوکومیی لە ڕیشەوە هەڵبکەنرێت لە کاتێکدا ڕووکارێکی شارستانییە و هاووڵاتیان ئەگوێزێتەوە لە نێوان گەڕەکەکاندا؟ ئەمە چ تاوان و هەڵەیەکی تێدایه وا بەو جۆرە لە ڕەگ و ڕیشە هەڵکێشران ؟
لە ڕاستیدا سیاسەتی نوێی کۆڵۆنیالیستەکان وەک ئایفۆن وایە، ئەو ئامێرە بچووکەی کە ئیشی زیاتر لە بیست ئامێری گەورەت بۆ ئەکات، بە هەمان شێوە سیاسەتی نوێیان یەک ڕەهەند نییە و فرە ڕەهەندە ..
نەهێشتنی پاس و ئامانەی گواستنەوەی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستاندا، لەبەر ئەم هۆکارانە بوو :
١ / سەرقاڵکردنی زۆرینەی هاووڵاتیان بە مۆڵەتی شۆفێریی و کڕینی ئوتومبیلی تایبەت و .. وەستان لە سەرەی بەنزین و ..تازەکردنەوەی ساڵانە و ..باج و .. کامێرای تیژڕەویی ..هەوڵدان بۆ دابینکردنی پارک و کڕینی ڕۆن و تایە و.. گۆڕینی بە مۆدێلێکی تازەتر و ..مامەڵەی گۆڕین و ..قەڵەباڵغیی دادنوس و فەرمانگە ی هات و چۆ و عەریزە نوس ..
بەو شێوەیە زۆرینەی هاووڵاتیان سەرقاڵ دەبن بە ئوتومبیلێکەوە، کە ئەگەر توشی ڕوداوی هات و چۆ نەبێ و کەمئەندام نەبێ، لە باشترین حاڵەتا ئەبێ بەردەوام سەرقاڵیی نوێکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بێت ..ئیتر هاووڵاتییەک دروست ئەبێ کە ئاگای لە سامانی نەتەوایەتیی و ڕیفۆرمیی سیاسیی و پرسی داگیرکردنی ووڵات نامێنێ، چونکە ئەو ئامێرێکی گەیاندنی تایبەتی توش بووە کە بەردەوام داوای ڕۆن و بەنزین و نۆژەنکردنەوەی لێ دەکات..چونکە ئەو خۆی ئەبێتە مەسڵەحەی گواستنەوە، واتا بە هۆی ئامێرێکی گەیاندنەوە، کەسەکانیش ئەبنە ڕۆبۆت و ئامێری خەمگین و سەرقاڵ و بێ ئینتیما و خەواڵوو ماندوو ..
٢/ ناردنی ئوتومبیلی لەکارکەوتوو، پیاکێشراو و بێ کوالێتیی بۆ ئەو ووڵاتانە و کردنیان بە گۆڕستانی ئوتومبیلە بێ متمانە و کۆن و تێکشکاو و بڕراوەکانیان.
٣ / هەڵمژینی بەشێکی زۆر لە داهاتی هاووڵاتیان لە ڕێی هەناردەکردنی جۆرەها مۆدێل و جۆری ئوتومبیل لە هەموو کۆمپانیاکانی جیهانەوە بە بێ گوێدانە ڕێژەی تەندروستی ئوتومبیل ..بە بێ گوێدانە ئاستی ڕێگا و بان و پرد لە وڵاتەکەدا .. لە لایەک بۆرژوای ناوخۆ، لە ڕێی فرۆشتنی تابلۆ و داهاتی گومرگ بە ملیارەها دۆلار قازانج دەکات، لە لایەکی تریش کۆمپانیا بێگانەکانی ئوتومبیلیش بە ملیارەها دۆلار قازانج دەکەن، ئیتر کێشەی ئەوان نییە شەقامەکانی شارەکان سیخناخ بن لە جۆرەها ئوتومبیلی بێ کوالێتیی و ..ووڵات ببێتە گەراجێکی گەورەی ئوتومبیل ..گرنگ نییە بەلایانەوە ساڵانە هەزاران کەس بە ڕووداوی هات و چۆ بمرن و کەمئەندام بن.. گرنگ نییە کۆمەڵگا هەموویان ببنە شۆفێر
گرنگ نییە هەوا بە دوکەڵ و کانزا قورسەکان پیس بن و ڕێژەی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و نەخۆشییە درێژ خایەنەکان زور بن.. یان تەنانەت ئەو دیاردەی نەخۆشخستنەی کۆمەڵگایش دەکرێتە بزنسێکی چەور و ..بە ملیارەها دۆلار دەرمان هاوردە دەکرێت و ساغ دەکرێتەوە ..
٥/فرۆشتنی بەنزین و پێداویستیەکانی ئوتومبیل، کە ئەویش گەورەترین بازرگانییە بە تایبەت لە ووڵاتێکی نەوتیی وەک لای خۆماندا، نەوت لە ژێر زەوی دەربێنە و بیفرۆشە بە ملیۆنەها ئوتومبیل کە شەو و ڕۆژ لە کار و سوڕانەوەدان.
٦/ دانانی جۆرەها باج و سەرانە و لێبڕینی سەیر، کە (کۆمەڵگای شۆفێر) ی پێ ناچار دەکرێت هەموو جۆرە ڕەزامەندیی و ملکەچییەک نیشان بدات، چونکە ئەو ئیدی شۆفێرە و ڕۆژانە بە بێ شۆفێریی ژیانی ئەوەستێت و ناتوانێ بەردەوام بێ، ئەمەیش باشترین ئەنجامێکە دەستی کۆمپانیا کۆڵۆنیالیستەکان کەوتبێ، کۆمەڵگای شۆفێر و ئاڵودەی ناو ئوتومبیلەکان، ڕێک وەک ئەو منداڵانەی بە لەعابە ڕەنگا و ڕەنگەکان سەرقاڵ ئەکرێن، ترسی شۆڕش و ڕیفۆرم و ڕێپێوانی ناڕەزاییان لێ ناکرێ.
ئەمڕۆ مامۆستای ئاینیی و پاقلە فرۆش و پزیشک و پڕۆفیسۆری زانکۆ و جوتیار و دانساز و هەموو چین و توێژەکان، شۆفێرن .. ئەمڕۆ هەموو هاووڵاتییەک ئەبێ لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا مۆڵەتی لێخۆڕینی ئوتومبیل
لە باخەڵیدا بێ ئەگینا وەک بێ دەست و قاچ و کەمئەندام تەماشا ئەکرێت..
لە کاتێکدا چل ساڵ پێش ئێستا ، لە کۆڵانێکدا یەک ئوتومبیلی تایبەت هەبوو، ئەویش هی بازرگانێکی ناودار بوو..هەوا پاک و ڕووداوی هات و چۆ دەگمەن بوو..بە شەقامەکانیشدا ئامانەی حوکومیی ئەهاتن و ئەچوون، هاووڵاتیانیان ئەگواستەوە ..وەک هەر ووڵاتێکی تر کە هەست ئەکەیت وەزارەتی پلاندانی تێدایە و ..ناهێڵێ ڕوخساری شارستانێتیی بشێوێت.

ــ سێیەم ــ

ئێستا دیاردەیەکی شارستانیی جوان لە پارکەکاندا هەست پێدەکەم، گەنج و پیر، پیاو و ژن، به بەیانیان یان بە عەسراندا، بە
بە کالە و جلی وەرزشییەوە، ڕێڕۆیشتن ئەکەن، بە هێواشیی یان بە خێرایی، تیایشیاندایە بە ڕاکردن ڕێگاکان ئەبڕن..
منیش لەگەڵ هاوڕێیەکمدا، تاریک و ڕوونی ڕۆژانی سێشەممە و هەینی ئەچینە سەر شاخی گۆیژە .. زۆربەی عەسرانیش لە پارکی ئازادی یەک دوو سەعات ڕێڕۆیشتن ئەکەین..
هەمان کات زۆربەی عەسر، لوتمان بە لوتی کابرایەکدا ئەتەقێ، کە خاوەن موەلیدەی گەڕەکێکی نزیک پارکی ئازادییە و .. لەوەتەی ئەیناسین، ڕانک و چۆغەیەکی چوار فەسڵی ڕەشی دێز و جامانەیەکی قوتی بەستووە و ..ئێواران کە لە پارک دێینەوە، لوتمان بە لوتیدا ئەتەقێ و سڵاوێک ئەکا و ئێمەیش سڵاوەکەی بۆ ئەسێنینەوە .. ئەو ئەچێ بۆ مزگەوت بۆ نوێژی مەغریب و ئێمەیش یان ئەچین یان نوێژەکەمان ئەبەینەوە بۆ ماڵەوە لەبەر ئەوەی نەوەکو بۆنی عەرەقێک کە لە وەرزشدا کردبوومانەوە، نوێژخوێنان بێزار بکات..
هاتنی گەرمای لە پڕ، وای کرد جلی وەرزشی تەنک و کالەی تۆڕ و چاویلکەی دژەخۆر و کاسکێت بپۆشین، لەو حاڵەدا، کابرای چۆغە و ڕانک دێزی جامانە قوتم بینی، من ماندوو، ئەو تێر خەو، تەماشایەکی کردم ، ووتم با من ئەمجارە سڵاوێکی لێبکەم.. سڵاوەکەی سەندمەوە و لەگەڵیدا ووتی : خوا بێ حورمەتت نەکات !!
لە ڕێگا زۆر بیرم کردەوە، لەم ڕستەیەی کە یەکەمجارە گوێم لێ بێ و ..لەوەیش سەیرتر لەگەڵ سڵاودا، هەر نەووتراوە ..
باشە ئەم کابرایه بۆچی وای ووت؟؟ لەبەر ئەوەی من تەمەنێکم هەیە و جل و بەرگی وەرزشی و کالە و ڕەنگی کراوەم پۆشیوە؟ لەبەر ئەوەی کاسکێت و کاتژمێری تایمەری سمارتم لە مەچەکدایە ؟ خۆیشی ساڵەهای ساڵ ئەم چۆغە و ڕانکە ڕەشه دێزە و ئەو جامانە قوتەی بەستووە و .. چەندێ گۆڕانکاریی لە سیستمیی فەرمانڕەواییدا ئەستەمە، گۆڕانکاریش لەو پێستی گایەدا، دە ئەوەندە زەحمەتە ؟
وادیاره ئەم کابرایە تراکسودێک و کالەیەک و کاسکێتێک بە بێ حورمەتیی تێگەیشتووە یاخود بە کەرەستەکانی بێحورمەتیی تێگەیشتووە، بۆیه ئەڵێت خوا بێ حورمەتت نەکات ..
باشە ئێوە بوونایه چیتان پێ دەووت؟ وەک من پێتان ئەووت سوپاس یان بێدەنگ ئەبوون یان ڕێگاتان لێ دەگرت و پێتان ئەووت مەقسەدت چییە لەو قسە قۆڕە ؟ لە چی شتێ بۆن و تامی بێحورمەتیت کرد وا دۆعای بۆ دەکەیت ؟
هەر کامێکیان بکەیت، هەر هەڵەیە، چونکە بە هەر گۆشەیەک لە زۆنگاوێک بدەیت تەنها خۆت پیس ئەبیت..
ئەوەندە هەیە زۆر پەشیمان بووم کە چەندین ساڵە من سڵاو لە تەنەکەی خۆڵێک ئەکەم، کە سیخناخە لە مشەخۆر و دەرد و نەخۆشیی دەروونیی ..سیخناخە لە بەکتریا و ڤایرۆس و دەرد و بەڵای ناگەهان ..
بڕیارمان دا ئیتر بۆ هەتاهەتایه نە بەو ڕێگایەدا بڕۆین و نە لەو مزگەوتەیش نوێژ بکەین .




هەندێ چرکە.. شیعری نەوزاد بەندی

پێش ئەوەی
سەفەر بکەم..
لەگەڵ جانتاکەم
خەریکە ئەچینە دەر ..
کەچی خۆم ئەبینم،
لە تێرمیناڵ دێتەوە و
بە خۆم ئەڵێ : سەفەری چی؟!
بە ڕاستی هەر ماندوو بوون بوو ..!

٭ ٭ ٭

من بێ تۆیش
هەر شاعیرم ..
بەس تۆ بێ من،
چ قورەتە
شیعرێ ناوت تۆمار بکا ..
( هەرچەن تاریکترین جێگا،
کارگەی شیعرە و ..
کەس نایەوێ
لەو کارخانەیه کار بکا ! )

٭ ٭ ٭

کارەساتێکی گەورەیە،
کەسێکت لە کتێبخانە
ناسیبێ،
کەچی نەخوێندەوار دەرچێ..

٭ ٭ ٭

دیسان
پەیوەندیمان نەما،
شیعرێکی ئەویست
هەر ڕۆژەی مواسەفاتێکی
تازەی تیا بێ،
شیعر و BYD
لێ تێکەڵ بوو بوو ..

٭ ٭ ٭

ئێستایش
باران
باری ..
تۆم بیر دێنێتەوە ..
وەک چۆن لاستیکی خەتکوژێن
مناڵیی خۆم بیر دێنێتەوە ..
هەروەک چۆن چاکەتی نیللی،
زانکۆم بیر دێنێتەوە ..

٭ ٭ ٭

هێندە شیعرم بۆ نوسیت،
شیعرت لا سوک بوو ..
پۆشکینت لا پەڕەندێکی
بێ دەنوک بوو ..
گوڵسورخیت لە لا
زەڕنەقوتەیەکی
بێ توک بوو
پاپڵۆ نیرۆدات لا
شیعرنوسێکی
بچوک بوو ..

٭ ٭ ٭

ئەزانی
نەیشڕۆیشتیتایە،
لای من
دەمێک بوو
ڕۆیشتبووی ..؟
چونکە
دە ساڵ و زیاتریش
بە حیساب دێی بۆ لام ..
هەر هاتوویت و
هەر نەگەیشتووی ..!!

نەوزاد بەندی




وتار بە تامی عەریزە.. نەوزاد بەندی

سەردەمێک تێکەوتووین ئەوەی لە بوارێکدا شارەزا نەبێ و خۆی لێ بدا، زۆر خراپ حەیای ئەچێ، چونکە تۆڕەکانی پەیوەندیی ئەوەندە ووردی ئەکەنەوە و نزیکی ئەخەنەوە و فۆکەسی ئەکەن، ڕەنگە بڵێم بە ڕاستە و پڕگاڵیش هەڵوێست بنوێنیت، هێشتا هەر لە قافدا ئەگیرێ ..
مامۆستای ئاینیی، سەرکردەی کوردایەتیی، کۆمۆنیستی عیار بیست و چوار، ڕابەری پێشمەرگە، جۆرەها ڕەمزی کۆمەڵایەتیی تر کە جاران بەڵگەنەویست بوون و وەک خوێن ئەچوونە دڵی هەمووانەوە، ئەمڕۆ ئەوەندە ڕەزا قورسن، تەنانەت ناوێرن لە کەناڵەکانیشەوە دەربکەون چجای لە بازاڕ و ناو خەڵکدا یەکسەر کۆمێنتی گاڵتەجاڕیی و ڕەخنە و جنیوی وا دوایان ئەکەون، ڕێک ئەڵێی شەمەندەفەرەکەیە کە گوایا وێستگەی یەکەمی لە عەربەت ئەبێ.
ڕۆژنامەنووس یەکێکە لەو بازگانەی کە زۆر فەریکە نوسەر و ناکامە نوسەر تیایدا سەغڵەت بووە و .. هەرچی ئەکا نە ئەتوانێ درێژە بە ڕەوتی ڕۆژنامەوانیی خۆی بدا و نە بوێریی ئەوەیشی تێدایە وازبهێنێ ..چونکە لای ئێمە وازهێنان ئیهانە و سوکایەتییە،ئیتر هەر وازهێنانێ بێ، لە سیاسیی و حوکمڕانێکەوە هەتا ئەگاتە نوسەر و قەساب و فەرمانبەرێک.. کاتێک پێی دەڵێیت کەی خانەنشین دەبیت، تووڕە دەبێ ..هەر بۆیە ئەو سیاسییە حوکمڕانانەی کە بە هیچ جۆرێ وازناهێنن، هاتوون یاسەیەکیان داڕشتووە هەتاکو ئەندامەکانیان لە سوکایەتیی خانەنشن بوون بپارێزن و ..چوار پێنج ساڵیان بە ناوی بنەماڵەی شەهید و زیندانی سیاسیی بۆ تازە ئەکەنەوە، لە کاتێکدا نە خانەنشین بوون سوکایەتیی و نسکۆیە، نە بەردەوامبوون لە خزمەت بە پیریی، ئەچێتە خانەی ڕێزلێنان و دیارییەوە ..بەڵام وەک دەڵێن، قسە بۆ کێ دەکەیت؟ مەگەر وەک دەردەدڵیی ئەم دیمەنە سەیر و سەمەرانەی دەسەڵات و میللەت ڕیز بکەین، هیچ نەبێ بۆ ئەوەی خەڵکەکە بڕیار بدەن لە بەروارێکدا بیر بکەنەوە و بزانن کەی دەست بە ژیانێکی لۆژیکیی و دروست بکەن.
ووتار نوسین بەهرەیە، واتا داهێنانە، ئەگینا نەک هەر ناتخوێننەوە، تەنانەت وای لێ دێت خۆیشت ئەبیت بە ژێر ووشە و ڕستە دووبارە و ناقۆڵاکانتەوە.
خەڵک شارەزا بوون، ئەزانن کێ ووتاریان بۆ ئەنوسێ و کێیش هەڵیانئەخەڵەتێنێ .. کێ بە تایتڵی باق و بریق پەلکێشی تەویلە نووسینە بێ سەر و بەرەکانیان ئەکات، کێیش بێ منەتانە ووتاری بێ گرێ و گۆڵ و ..پڕ بەهرەیان بۆ دەنوسێت.
زۆربەی ووتارنووسەکانمان، ووتارنوسی بۆنەکانن .. تۆم باراک گەیشتە عێراق .ئێ خەڵکەکە هەموویان لە کەناڵە کوردیی و عەرەبیی و ئینگڵیزییەکاندا بە ئێچ دی و فۆڕکەی و تەنانەت هەشت کەی بینیویانە و شرۆڤەی دوور و درێژیان لەو بارەیەوە گوێ لێ بووە، چ پێویست ئەکات ڕیشۆڵەکانی ووتار هەموویان لەسەر دارتەلی تۆم باراک ڕیز بن و هەر بەکەی ووتاری خۆی بدات لە شیش: ئامانجی تۆم باراک ، نیازە شاراوەکانی تۆم باراک، تۆم باراک لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا …… ئیتر هەر مەپرسە، شتی وا لەسەر تۆم باراک ئەنووسن، هەرخەجاڵەتی ئەکەن .. یان هەموو جیهان کارەساتی دۆرگەی ئیپیستینیان بە دەنگ و ڕەنگ و دۆکیۆمێنت بینیوە، چ پێویست ئەکات دەیان ووتار بە پەلە پەل هەڵکوڵێنرێت، ئیپیستاین و ڕووی ڕۆژئاوا، ئیپیشتین و کۆتایی شارستانیی، ئیپستن .. ئینجا تەماشا ئەکەی هەر یەکەی بە جۆرێک ناوی ئەو دۆرگەیە دەردەبڕن، ئیسلامییەکان زیاتر پێی دەڵێن ئیپیشتاین .. عەلەمیانییەکان ئەڵێن ئیپیستین .. ڕادیکاڵە ئەتایستەکان پێیان باشە ئیپستن بێ .. وەک چۆن ئەندامی هەندێ حیزب پێی ئەوترێ هاوڕێ و .. هی هەندێکی تریان بە هەڤاڵ بانگی ئەکەن و .. برایان و برادەران و ..هاوخەبات و .. جۆرەها زاراوەی تر کە تایبەتن بە لایەنێکی سیاسیی .. ئینجا هەتا زاراوە و کەناڵ و تایبەتمەندیت زیاتر بێ، تۆ باڵادەستتریت… ئەمەیش پێی ئەوترێت بەرهەمهێنانی وەهم.. تۆ بە بێ ئەوەی هیچ بەرهەمێکت هەبێ، خەڵکێکی زۆر پێت سەرسامن و خۆزگە ئەخوازن وەک تۆ وا بن، یان هیچ نەبێ ببن بە هاوخەباتت و وێنەیەکی سێڵفیت لەگەڵدا بگرن.
ووتار نووس هەیە سەیری کەناڵەکان ئەکات، ئیتر بابەتی ئەو ڕۆژە هەر چییەک بێ،خوا نەیبڕێ، یەک دوو لاپەڕەی لەسەر ئەنوسێت، کە تەواو ئەبێ شڵپەی لێ هەڵئەسێنێ، هەڵیئەفڕێنێ بۆ حەوت هەشت میدیای قەڵەباڵغ.
ووتار نووس هەیە، ئەکتەرە .. هەر ڕۆژەی یان هەر ووتارەی ڕۆڵێک ئەبینێ، ئەمڕۆ پشتگیریی لە فڵان ئەکا، سبەینێ پشتگیریی لە دژەکەی ئەکا ..ئەمڕۆ بە نوسەرانی ڕەخنەگر ئەڵێ لوسکە و ڕەشبین و تێکدەری ئەزمونەکەمان، دوای هەفتەیەک ووتارێکی ڕەش و ڕەشبینی وا ئەنوسێ، پیاو ئەترسێ خۆی بکوژێ یان دوای ووتارەکە خۆی کوشتبێ ..ئەمانە ئەکتەرن، لە هەر شانۆیەکدا بێ ئەتوانن ڕۆڵ بگێڕن، زۆر بەو سروشتەی خۆیشیانەوە ئەنازن، بەوەی کە ئەتوانن هەموو جۆرە ڕۆڵێک بگێڕن، تا وای لێ دێت نرخیان گران ئەبێ، کەناڵەکانی دەسەڵات ئەیانکڕن ، پێیان ئەڵێن تۆ حەربایەکی زۆر بەهرەمەندیت.. وەک چۆن خولە چەخماخە بە مارفی ووت مارف تۆ سەگیت.. مارفیش زۆر ئەو وەسفەی پێ خۆش بوو.
ووتارنووسمان هەیە، تایبەتە بە ئامۆژگاریکردنی سەرۆک حیزبەکان و تەنانەت سەرۆکی دەوڵەت… سەرۆک فڵان تۆ بۆچی ئەم کارەت کرد؟ ئایا نازانیت ئەم کارەی تۆ ئەبێتە هۆی هەڵوەشانی ژێرخانی ئابووریی و سەرهەڵگرتنی لاوان و پەکخستنی پیشەسازیی و کشت و کاڵی ناۆخۆ ؟ ئایا ئەم زانکۆ و نەخۆشخانە ئەهلییانە، چ سودێکیان بۆ هەژاران و میللەتی ڕەش و ڕووت هەیە ؟؟ …..هتد ..
ئیتر ئەوەی ئەیڵێن نایڵێنەوە، ئەمانە بڕوایان بە خۆیان هێناوە کە سینۆهەن پزیشک و ڕاوێژکاری فیرعەونەکانن ..
بە بێ ئەوەی ئەم ئامۆژگاریی و خۆ ماندووکردنانەیان، بچوکترین کاردانەوەی میللیی و حکومییان بە دواوە بێ.. لەوەیش ناخۆشتر ئەوەیە، هەتا ئامۆژگارییەکانیان زیاتر پشتگوێ بخرێن، ئەوان ئامۆژگاریی زیاتر و ووردتر و قوڵتر ئەنوسن.
کار ئەگاتە ئەوەی باسی گەشتەکانیان و ..خەرجییەکانیان و . چی باشە بیکەن و .. چی باشە بیخۆن و .. پڕۆژەی شاخ بڕینەوە له بنەوە بێ باشە یان لە ناو قەدەوە یان ڕاستەوخۆ تەپڵە سەرەکەی ؟
ئیتر وای لێ دێت سەدان هەزار ڕاوێژ و ئامۆژگاریی و ڕەچەەی چارەسەری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و نەتەوایەتیی ڕیز دەبن، سەدان سینۆهەیش هەر خەریکن، ڕێک وەک لافاوی نوسین یان وەک شێرکۆ عەبدوڵا ئەیوت ئیسهالی نوسین دێتە گۆڕێ، بە ڕۆژنامە و پەیج و پێگەکاندا دێنە خوارەوە… نەک دەسەڵات، تەنانەت خێزانەکەی خۆیشیان تاقەتی نییە دەنوکێکی لێ بدات و کۆمێنتێ لایکێکی پیا بکێشێت.
ووتار نوسمان هەیە، چیرۆک ئەنوسێ، نەک ووتار .. سەرەتایەکی تەم و مژاویی، گرێی تیایە ..ئەیەوێ وا لە خوێنەر بکات بە دوای گرێکەدا بگەڕێ … لە پڕێکدا ووتارەکە تەواو ئەبێ و .. تەم و مژ و گرێکەیش وەک خۆیانن .. ئەمانە دوو جۆر و دوو جار دەستدرێژییان کردووە، یەکەمیان بۆ سەر ووتار و دووەمیان بۆ سەر چیرۆک…
جۆرەها ووتار نوسی تریشمان هەیە، کە تێکڕایان ووتار نوس نین، بەڵکو ئاڵودەبوون بە ووتارەوە.. ئەمانە ئەبێ لە نەخۆشخانەی تایبەت بخەوێنرێن بۆ ئەوەی لەو ئاڵودەبوونە ڕزگاریان بێ.. ئەبێ ڕۆژانە جورعەیەکی کەم و کەمتر لە نوسینیان پێ بدرێت، هەتا بەرە بەرە لەو هەموو ستوونە درێژە بێ هونەر و بێ سوود و دووبارانە ڕزگاریان دەبێت..
ئەوسا هونەر و جوانیی بۆ ڕۆژنامە و ووتار دەگەڕێتەوە، وەک چۆن جارێکیان تیمێکی هونەریی ئەڕۆنە قوتابخانەیەک لە تاران، بە قوتابییەکان ئەڵێن چەند کەس حەز ئەکا ببێ بە ئەکتەر ؟ هەموو قوتابییەکان دەستیان بەرز ئەکەنەوە، تەنیا یەک دانەیان نەبێ.. بەو قوتابییە ئەڵێن: تۆ بۆچی دەستت بەرز ناکەیتەوە؟ بۆچی حەز ناکەیت ببیت بە ئەکتەر ؟
ئەڵێ : حەریش بکەم، نامەوێ ببم . هەڵبەت ئەو هەموو ئەکتەرە، پێویستیان بە یەکێکە تەماشایان بکات.. بۆیە من حەز ئەکەم ببم بە تەماشاکەر ..
ئێمە هیچمان تەماشاکەر نین .. هەموومان ئەکتەرین ..هەموومان نووسەرین .. هەموومان هەر خۆمانین .. هێشتا نەمدیوە نوسەرێک کۆمێنتی بۆ نوسەرێکی تر نوسیبێ، بێجگە لە ماڵوێرانکردن و جنێودان .. چونکە هەموومان بڕیارمان داوە تەنها و تەنها نووسەر بین و تەنها نوسینی خۆیشمان بخوێنینەوە، چونکە تەنها خۆمان بە نووسەر دەزانین و ..تەنها خۆمان بە شایەنی خوێندنەوە دەزانین..

هەر بۆیە لێرە و لەوێ کە خزمانی کەناڵێک، چاو پێکەوتن لەگەڵ هەڤاڵێ، برایەک، برادەرێک یان هنوڕێیەکی حیزبیان دەکەن، من لە جێی خۆمدا شەرمەزار ئەبم ..ئاخر چۆن من تا ئێستا ئەم نووسەرە حەفتا هەشتا ساڵەم نەناسیوە کە چل کتێبی ڕۆمان و شیعر و لێکۆڵینەوە و سیاسیی هەیە؟ .. بەس کە ئەبینم ئەمانە یەک و دووان نین، بەڵکو سەدان و ڕەنگە هەزارانیش بن، کە لە چاوپێکەوتنە تایبەتە خێزانیی و حیزبیی و بنەماڵەییەکاندا باس لە داهێنانە بێ سنوورەکانی خۆیان ئەکەن، لەوێدا مافی ئەوە ئەدەم بە خۆم کە ئاساییە ئەگەر ئەم هەموو نووسەرە پایە بەرزە نەناسراوانەم نەناسیوە، چونکە پەنجا شەست ساڵ تەمەن، بەشی ئەم هەموو ناسینە ناکا، کە زۆربەیان کاتی بەسەراخوێندنی یاسینیانە، ئیتر ناسینی چی ؟




تیرۆژە ووتار.. نەوزاد بەندی

ــ تیرۆژ ـ

تیرۆژ بریتییە لە چەپکە تیشکێک لە دیوێکی ڕوناکەوە بۆ دیوێکی تاریک له ڕێگای کونێکەوە.. وەک جێگای فیشەکێک بە دەرگایەکەوە ..جێگای نوکە چەقۆیەک بە ڕەشماڵێکەوە ..
بەو پێیە تیرۆژ لەچاو خۆردا، زۆر بچوکە، بۆیە کاتی خۆی ئەم ووشەیەم بە چیرۆکەوە لکاند، بوو بە تیرۆژە چیرۆک و پێش زیاتر لە چارەکە سەدەیەک لە پاشکۆی ئەدەب و هونەری چەند ڕۆژنامەیەکی ناخۆدا، چەند کۆمەڵەیەکم لێ بڵاوکردنەوە، بریتی بوون لە چیرۆکی زۆر کورت .. ئەوە بوو لە یەکێک لەو ڕۆژنامانەدا تەوەرێکیان سەبارەت بە تیرۆژە چیرۆک ڕاگەیاند و لەگەڵ چەندەها چیرۆکنووسدا گفتوگۆیان ئەنجام دا، کەچی منیان بوارد و دیالۆگیان لە تەکدا ساز نەدام ئەوە لە کاتێکدا بوو کە زاراوەی تیرۆژە چیرۆک، خۆم دامهێنابوو، کەچی ڕای بێجگە لە خۆمیان وەردەگرت سەبارەت بەو فۆرمە چیرۆکە !!

ــ ڕەسم بڵاو بکەنەوە نەک بەرهەم ــ

بە ڕاستی تەماشایەکی پێگە و تۆڕە ئەدەبی و هونەریی و کۆمەڵایەتیی و تەنانەت سیاسییەکانیش بکەن، کاردانەوەیەکی زۆر شەرمەندانەی خەڵک ئەبینیت بەرامبەر بە بەرهەمی نووسەر و بیریاران ..چەندین لاپەڕەی دوور و درێژ سەبارەت بە دیاردەیەک نووسراوە، کۆمێنتێکی بە خوێنەرێک پێ نەنووسراوە ..ژمارەیەکی زۆر کەم تەنها کلیکێکیان لەسەر کردووە، کەچی ئەگەر وێنەیەکی نووسەر و بیریارەکەی لەگەڵدا بێ، ژمارەیەکی زۆر باری سەرنج و قسەی خۆش و گفت و گۆ کۆدەکاتەوە .. هەر بۆیە ئەگەر ئەتانەوێت کۆمەڵگا بەختەوەر بێت، لە جیاتی نوسین و داهێنان، وێنەی خۆتان بڵاو بکەنەوە.. ئاخر سیاسیەکان لە خۆڕا وێنە و پەیکەری خۆیان بڵاوناکەنەوە، ئەوان شارەزاترن لە کەیف و میزاجی خەڵک و ئەزانن چۆن دڵخۆش و کەیفسازیان بکەن.

ــ هەرە گولێ ـــ

ئینجا وەرە تەماشا بکە، گۆرانیبێژ هەیە بیست سی ساڵە گۆرانی ئەڵێت، هێشتا پەنجا کەسی لەدەور کۆنەبوونەتەوە، کەچی گۆرانی هەرە گولێ بە زیرەکی دەسکرد دروست دەکرێ و هەموو دنیا داگیر دەکات و بە ملیۆنەها خەڵک لە دەوری کۆ دەبنەوە، تەنانەت هەندێ خەڵکی دڵتەڕ حەز لە کچەکەی دەکەن کە بە زیرەکیی دەسکرد دروستکراوە ..
ئەم حاڵەتە کارێک دەکات زۆربەی کایەکانی نوسین و بیرکردنەوە و بەهرە و داهێنان بکەونە ژێر پرسیارەوە ..واتا قوڕەکە زۆر خەستە و ..ئەڵێن دوای چارەکە سەدەیەک لە ئێستاوە، ئیتر مرۆڤ پەراوێز ئەخرێت و بۆی نییە هیچ جۆرە چالاکیی و جوڵەیەکی لە هیچ بوارێکدا هەبێ..

ـــ قەڵەباڵغیی جوان و قەڵەباڵغیی ناشیرین ـــ

هەموو دیاردەک جوان و ناشیرینیشی هەیە.. ئەو کۆمەڵگایانەی کە تەمەڵ و تەوەزەل لێی دانیشتوون، ئەبنە مۆڵگای دیاردە ناشیرینەکان ..بەو جۆرە ئەبنە زۆنگاوێکی قێزەون ..
قەڵەباڵغیی ناشیرین یەکێکە لەو دیاردە قێزەونانەی لای خۆمان هەیە، کاتێ مرۆڤەکان لە جێگایەک کۆدەبنەوە، دیاردەی ناشیرین سەرهەڵدەدات، چاوتێبرینی یەکتریی و تووڕە بوون و قیژە و فیکە و پاڵپێوەنان و کەوتن و خلیسکان و غەڵبە غەڵب و خۆ بەیەکترە نوساندن و دەستدرێژیی سێکسیی بۆ مێیینەکانی ناو قەڵەباڵغییەکە، ئەم چالاکییە ئاژەڵیی و بەربەریی و ناشیرینانە، هەموویان لە ژێر چەتری قەڵەباڵغیدا ئەکرێن.. واتا خەتای خۆیان نییە و خەتای قەڵەباڵغییەکەیە..!
بەڵام لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا، قەڵەباڵغیی جوان هەیە، لە میترۆدا، لە پێشانگاکاندا، لە یاریگاکاندا هەزاران کەس کۆ دەبنەوە بە بێ ئەوەی کەس له کەس بکەوێ، هەمووان لە سنووری خۆیاندان و سنووری ئەوانی تر ناشکێنن، سواری یەکتریی نابن.. هێمنیی و هاوڕێیی و جوانیی ئەو جۆرە قەڵەباڵغییانە بەڕێوە دەبەن.

ـــ کۆیه ـــ

پیایدا تێپەڕ ببە، نە مناڵێک ئەبینیت بە سکۆتەرێکەوە یان بە پاسکیلێکەوە لە کۆڵانێکدا بێت وبچێت .. نە پیاوێک بە دوو عەلاگەوە لەبەردەم دەرگایەکدا بێ .. نە دوو ژن ئەبییت بە دەم گفت و گۆوە، سەرقاڵی بازاڕکردن بن .. نە چوار خوێندکار ئەبینیت، بە مەلزەمە و قسە و پێکەنینەوە، خۆیان بکەن بە ڕێستۆرانتێکی شاورمه و پیتزادا .. نە کتێبخانەیەک ئەبینی، کۆمەڵێ تایتڵی نالی و مەحوی و ئەحلام مەنسووری لێوە دزه بکات بۆ چاوی پیادەڕەوان ..
وورد تەماشا بکە، نە سکرینێکی گەورەی پڕوپاگەندە .. نە سینەمایەک .. نە شانۆیەک ..نە دوو کوڕیژگە ئەبینیت بە کۆکتێل و توتیی و تەیرلحوبەوە سەرقاڵ بن . .ئاسمانەکەیشی نە کۆلارەیەکی تێدا دەبینیت، نە پۆلێ مراوی کۆچەر.. نە هێلانەی حاجی لەقلەقێ ..نە کۆمەڵێ وەرزشکار ئەبینیت خۆیان بکەن بە جیمێکدا .. نە هەیکەلی تاوەرێک، نە مۆڵێک ..نە بینایەکی جوان ئەبینیت .. نە دەنگی گۆرانییەک، نە هۆرەی غازفرۆشێک ..نە لاواندنەوەی کۆنەفرۆشێک .. نە مەقاماتی پەشمەکفرۆش و عەمبەروەرێت فرۆشێک ئەبیستیت ..نە ژنێک پەردەیەک دابداتەوە نە بۆنی شفتە و تەماتە و باینجانی سوورکراوە لە دەلاقەیەکەوە دێتە ناو کەپوی ڕێبواران ..
نە وەستایەکی ئایزۆگام ئەبینیت بە پەرەمێزێکەوە خەریکی لادیوارێ بێت..
بڕوا ناکەن ؟ بڕۆن خۆتان بە چاوی خۆتان بیبین ..

تیکتۆکاندن
ئەبێ بزانین خوێنەرەکانمان چییان بەسەردا هاتووە و خەریکی چین ..
ڕاستتان پێ بڵێم زۆربەیان لە پێگەکانی ئینیستا و تیکتۆکن، یان خەریکی دێڕێک تەنها دێڕێک شیعرن بە پارچە مۆسیقایەکی ڤیڤاڵدییەوە، یان سەرقاڵی بازاڕ کردنی ئەمەزۆنن، گەنجێک و ژنەکەی، بە کاڵای گەڕاوەی ئەمەزۆن، هەرچی خوێنەرەکانمانە بۆ خۆیانیان بردووە، بە یەڵا جەماعەت ..یەڵا جەماعەت، هەر یەکەیان وەک یانەیەکی وەرزشییان لێ هاتووە، یاریزان و هەواداری خۆیان هەیە.
هەر بۆیە باشتر وایە بە ڕۆمان و قەسیدەکانتانەوە بڕۆنە تیکتۆک و ئینیستاگرامەوە ، هەوڵبدەن هەندێ لە خوێنەرەکانتان بگەڕێننەوە ئەگینا مەگەر خوێنەر بە AI بۆ خۆتان دروستبکەن یان واز لە نوسین بێنن و لەگەڵ دڵخوازەکانتاندا فرۆشگایەکی ئۆنلاینی لێ ڕابکێشن.




من بەو شتانە ڕاهاتووم.. نەوزاد بەندی

ئاساییە ..
گوێنەگرتن ..
نامە وەڵام نەدانەوە..
قسە بڕین ..
خۆ وونکردن..
لاپەڕەی نوێ هەڵدانەوە ..
دیداری ساختە.. نەهاتن ..
خێرا ڕۆیشتن ..
داواکاریی؛
خستنە زبڵدانەوە ..

ئاساییە ..
هەموو شتێ ئاساییە و
هەرچی ئەشکێنی، بیشکێنە ..
هەرچی ئەدڕێنی، بیدڕێنە ..
هەرچی چۆنێ منت ئەوێ،
وام لێ بکە ..
بمڕوێنە ..
بمژاکێنە ..
نۆژەنم کە
بمسوتێنە ..
بە کۆڵانەکانی شارا،
بە تەنیایی بمگەڕێنە..
لای کافێکان،
بێ چا و قاوە،
ڕاموەستێنە ..
ئاساییە،
هیچم لێ نایەت، وەک خۆمم ..
کەی فوت لێکردم، تاریکم ..
کەی دایشتگیرساندم، مۆمم..
بەڵام ئیتر
لە پارەوە،
کەڵکی زۆر شتم نەماوە ..
بایکۆتی شیعریش ئەکەم و
ناڕۆمە سەرەی ساتێکی
دیدارەوە ..
دوای تۆ هاوڕێیەکی باشم
دۆزییەوە،
هاوتەمەنمە و ..
وەکو خۆم بیر ئەکاتەوە ..
لە شەڕا ناوبژیوانە و ..
خواردن ئەدا
به پشیلە و
کوکوختی
گەڕەک و
هەر کەس بگری،
دڵ پێش چاو ژیر ئەکاتەوە ..
عیدی میلادمان وەک یەکە و
عەشقی بێکەسیی و تەنیایین..
مامانەکەمان یەک کەسە ..
هەردووکیشمان،
بەرامبەر بە تۆ ئاسایین ..
حەزی لە گەشت و گەڕانە ..
ڕقی لە شەڕە جنێو و
بەرد و
دارلاستیک و
بڕنەو و
شەڕی ئەتۆمە ..
چوار مانگی تر
تەقاعود ئەبێ و
ناویشی
سەد لە سەد وەک ناوی خۆمە ..

ئاساییە ..
بەڵام ئیتر
کەناوت هات،
پڕ نابم لە تابلۆی سیزان ..
پڕ نابم له هێڵ و نەخشی
ئەندەلوسیی ..
بەڵام ئیتر حیبرم تیا نییە ،
زیز مەبه گەر نەمنوسی ..

بەڵام ئیتر،
سایاتیکا ناهێڵێ
هەنگاو هەڵبێنم
بۆ ئەو شوێنانەی کە گوایا
لەوێیت و
کەچی لەوێیش نیت ..
عەسرێ لە تولە شەقامێ،
گوایا هاوڕێیت و
هاوڕێیش نیت ..

ئاساییە،
من ڕاهاتووم
لەسەر دڕاندنی لە پڕ ..
لەسەر شکاندنی له پڕ ..
لەسەر سوتاندنی لە پڕ ..
لەسەر نەبوونی
ئەدرێس و
ژماره و
هیچ شتێکی تۆ ..
هەزار ساڵی پێش ئێستایە،
پەیوەندیی و
حەز و
تووڕەیی و
هەموو گیر و گرفتێکی تۆ ..

ئاساییە و
من ڕاهاتووم ..
ڕەنگە تاقە کەس بم
لەسەر گۆی زەمینا،
کە بزانم
لەگەڵ تۆ
چۆنە داهاتووم ..
شارەزات بووم،
وەک بڵێی ساڵەهای ساڵ بێ
خوشک و برا ..
یان جیران و
ئامۆزات بووم ..

بەڵام ئاساییم ..ئاسایی ..
زۆر ئاسایی ..
بە موو باری سەرنجم
سەبارەت بە تۆ نەگۆڕاوە ..
تەنانەت یەک یادگاریشم
لە هەموو یادگارێکانمان،
کە نیمانە،
لە دەست نەدا
هەمووی ماوە ..
ئێستایش بیستنی ناوی تۆ
ئەمکاتەوە
به تەلەبە
لیڤاکس بە دەستەکەی
زانکۆ ..

نەوزاد بەندی




حوکمەتی بێ پۆست و پاس.. نەوزاد بەندی

ڕەنگە نەزانن بۆچی فەرمانگەکانی هات و چۆ و کارتی نیشتمانیی و پەروەردە و باج و تاپۆ و کارەبا و خانووبەرە و … ئەوەندە قەڵەباڵغ و تاقەت پڕوکێنن.. ڕەنگە نەپرسن هۆکاری ئەو ترس و فۆبیایە چییە کاتێ ساڵانەی ئوتومبیلەکەت تەواو ئەبێ ٭ و کاتی تازەکردنەوەی دێت، یان مۆڵەتی شۆفێریی و کارتی نیشتمانیی و.. بەڵگەنامەکانی ترت بەسەر ئەچن ..
لە ڕاستیدا بە هۆی نەبوونی فەرمانگەی پۆست و گەیاندنە لەم هەرێمەدا، هەروەها هیچ هاووڵاتییەک پۆست بۆکس لە بەردەرگاکەیدا نییە.. واتە بۆ ئیمزایەک یان وەرگرتنەوەی لاپەڕەیەک ئەبێ چەندەها کیلۆمەتر ببڕێت و بگاتە فڵانە فەرمانگە، بڕواتە سەرەوە و عەریزە بنوسێ و فایل بکڕێ،فایل بکڕیت و فڕێی بدەیت، لە کاتێکدا ئێستا لە هەموو جیهاندا پۆستی ئەلیکترۆنیی و پۆستی کلاسیکیی پێکەوە کارپێدەکرێن بۆ نەهێشتنی قەڵەباڵغیی دام و دەزگاکان و .. کات نەکوشتنی هاووڵاتیی و تێکنەدانی ئەعسابیان ..جێی داخە کە هیچ کەسێک لە ڕۆشنفکر و یاساناسەکانمان بابەتی لەبار بردنی فەرمانگەی پۆست و کارپێنەکردنیان نەوروژاندووە ..لە کاتێکدا گرنگترین و دیارترین ڕوخساری شارستانیی و مرۆڤی مۆدێرن ئەوەیە ئەدرێس و ئیمەیڵ و سندوقی پۆستەی هەبێ بۆ ئاسانکردن و خێراکردن و جێبەجێکردن و وەرگرتنەوەی بەڵگەنامەکانی ..
ئەگینا ئەو هەزاران هەزار کەسەی کە لە بەڕێوەبەرایەتیی هات و چۆ و باج و خانووبەرە، بە فایلێکەوە فڕکان فڕکانیانە، خەڵکێکن ئیش و کاریان بەجێهشتووە، بە خاتری تازە کردنەوەی بەڵگەنامەیەک یان مامەڵەیەکی ڕۆتینیی، کە بە هەمان ڕۆتینی سەد ساڵ پێش ئێستا بەڕێوە ئەچن .. ئایا حوکمەت ئەو پرسیارەی لەلا دروست نابێ ئەم هەزاران هەزار مرۆڤە کە بە فایلێکەوە ژوور بە ژوور ڕادەکەن، چۆن شوێنی کارەکانیان به جێهێشتووە ؟ ئایا ئەم هەموو فەرمانبەر و کاسبکارە جێگای کارەکانیان بە جێبهێڵن و چەند ڕۆژێک لە فەرمانگەی باج و هات و چۆ و تاپۆ ماراسۆن بکەن، کار ناکەنە سەر ئیش و کارەکانی دەوڵەت و بازاڕ لە فەرمانگە و شوێنکارەکانی خۆیاندا؟
یان حوکمەت ئەو شتەی بە لایەوە گرنگە ئەوەیە تۆ بێیتە حزووری و پارەی ڕسومات و نوێکردنەوەی خەیاڵیی بکەیتە دەستی، ئیتر خوای ئەکرد هەرچی فەرمانگەکانی ترە، هەر چی دوکان و بازاڕەکانە دادەخران و خاوەنەکانیان ئەچوونە ناو ماراسۆنی بەڕێوەبەرایەتیی هات و چۆ و خانوو بەرە و باج و فەرمانگەکانی تر کە زیاتر وەک گسکی کارەبا، گیرفانی هاووڵاتیان ئەتەکێنن..
پرسیارێک، ئایا ئەگەر ووڵاتانی دنیای مۆدێرن بە گشتی و ووڵاتی چین بە تایبەتی، بەم سیستمەی حوکمەتی هەرێم مامەڵەی هاووڵاتیانیان بەڕێبکردایە، ئەبێ چ کارەساتێک ڕووی بدایە؟؟ بیهێنە بەرچاوی خۆتان؛ دوو ملیار کەس خۆیان بکەن بە فەرمانگەکانی هات و چۆ و باج و خانووبەرەدا.. چ تراژیدیایەک ڕووی دەدا ؟؟ هەرچەندە دڵنیام کە ئێستا کاربەدەستانی هەرێم دەمیان ئاوی کردووە کە مامەڵەی دوو ملیار کەسیان بیستووە.. ئەو هەموو شەست هەزاریی و سێسەد هەزاریی و ملیۆن و چوارسەد هەزارییە .. تۆ بڵێی ئەوسا کێشەی کورت هێنان و ئیفلاسیی و لاتێکەیان لە کۆڵ بووایەتەوە؟
بە ڕاستی، ئەم دۆخەی، جێگای پێکەنین و گریانیشە، تۆ بڵێی حوکمەتی مۆدێرن و شارستانییم و.. قات و بۆینباخ و ئوتومبیل و سەعاتی مەچەکی بەرپرسانت، هی سەرۆکەکانی جیهانیان تێپەڕاندبێ، کەچی فەرمانگەی پۆستی حوکومیت داخستبێ .. یان پوکاندبێتتەوە بە جۆرێک هەبوون و نەبوونی وەک یەک وابن.
گەیاندنی هاووڵاتیانی هەموو جیهان بە هیند و سۆماڵیشەوە، لە ڕێی هۆکاری گواستنەوەی میرییەوەیە، لەڕێی پاسی ئاسایی و پاسی ئۆکۆردیۆن و تراموای و میترۆی ژێر زەویەوەیە..بڕوانە ووڵاتەکانی چوار دەورمان، هەموو ئەو هۆکارانە ئەبینی، کەچی لای خۆمان هۆکاری گواستنەوەی هاووڵاتیانی حوکومیی نەماوە.. ئەو هەموو پاسەی سەردەمی بەعس چییان لێ بەسەرهات؟ هەموویان وەک تەم و مژ ڕەوانەوە و.. بۆ هەتا هەتایه یان هەتا دەسەڵاتی کوردی مابێ، بە تەمای پاس و هۆکاری گەیاندنی گشتی حوکومیی مەبن، چونکە ئەمان کە تەماشای قازانجەکە ئەکەن، هەبوونی پاس و هۆکاری گەیاندنی گشتیی حوکومیی زەرەریانە، ئەگەر پاس و هۆکاری گەیاندنی حوکومیی هەبێ، ئەبێ یەک دنیا شۆفێر و چاودێر و بلیت بڕ دابمەزرێنن و ..بەنزین و گاز و چاکسازیی خۆڕاییان بۆ دابین بکرێ و بە نرخێکی زۆر کەمیش هاووڵاتیان بگوێزنەوە .. تۆ سەیری ئەو هەموو زەرەرە ..پاشان خەڵکەکە ناچار نابن ئوتومبیل بۆ خۆیان و ژن و مناڵەکانیان بکڕن، ئای لەو زەرەرەی حوکمەتی نیشتمانیی لێی ئەکەوێ.. ئەوسا ئەو هەموو تابلۆی ئوتومبیلە کە هەرزانترینیان بە ملیۆنێک زیاترە، کێ بیانکڕێ؟؟ ئەو هەموو پارە خەیاڵییەی کە لە تازەکردنەوەی ساڵانە و مۆڵەتی شۆفێریی و سزاکانی تیژڕەویی، لە کیسی حوکمەت ئەچێ.. بێجگە لەوە ئەو هەموو کۆمپانیای هاوردەکردنی ئوتومبیلی بێ کوالێتیی و دەعمکردووە کە زۆربەیان کۆمپانیای بەرپرسە دڵسۆز و ماندوو نەناسەکانن، قوڕی کوێ بکەن بە سەریاندا؟ ئەی ئەو هەموو گومرکی ئوتومبیلە ئیتر لە کوێ و کێ وەریبگرن؟ ئەی ئەو هەموو بەنزین و گاز و ڕۆنەی کە لە زەوی دەردێنن و بە نرخی جیهانیی بە هاووڵاتییە قارەمانەکانی ئەفروشنەوە، ئەگەر پاس و هۆکاری گەیاندنی گشتی حوکومیی هەبێ، بە کێی بفرۆشنەوە ؟؟
وەڵا برا زەرەرێک ئەکەن، لە مێژووی زەرەردا، هاوتا و هاوشێوەی نەبووە و نییە و نابێ، هەر بۆیە ڕەنگە ناخۆشترین خەون و کابوسی بەرپرسانی هەرێم ئەوە بێ شەقامەکان پاس و میترۆی حوکومیی لەسەر بن و هاووڵاتیان بگوێزنەوە.. ئای نەنەڕۆ! لەو کارەساتە ئابوورییە ترسناکە، لەو شۆکە، لەو بەناخی زەویدا چوونەی دەسەڵات کاتێ هاووڵاتی واز لە تابلۆی ئوتومبیل کرین و باجەکانی ساڵانە و مۆڵەتی شۆفێریی و بەنزین و گاز و ڕۆن کڕین دێنێ..
بە ڕاستی کارەساتە.
ئێستا ڕەنگە بڵێن تۆ بۆچی ئەوەندە ڕەش بینیت؟ ئەی ئەوە نییه هەندێ فەرمانگەی پاسپۆرت و ڤیزە، پاسپۆرت و ڤیزەکان بە دیلیڤەری بۆ خاوەنەکانیان لە ماوەی هەفتەیەکدا !! ئەگەڕێنێتەوە ..
لە ڕاستیدا ئەوە پۆست نییە، ئەوە کارەساتێکی مرۆیی گەورەیە، کە ڕەنگە بۆ نوکتە و کاریکاتێر دەست بدات، لە کاتێکدا نەدەبوو هاووڵاتی بۆ وەرگرتنی ڤیزە و تازەکردنەوەی پاسپۆرت سەردانی ئەو فەرمانگانە بکات و تەنها لە ڕێی ئیمەیڵەوە زانیاری و داواکارییەکانی بۆ بناردنایه، ئەوانیش لە ڕێی پۆستی حکومییەوە مامەڵە تەواوکراوەکانیان بۆ بناردنایەتەوە بۆ ناو سندوقی پۆستی بەردەرگاکانیان..کەچی ئەم حوکمەتە ڕەشیدە، هاووڵاتیان پەلکێشی فەرمانگەی ڤیزە و پاسپۆرت ئەکات و لەناو قەڵەباڵغیی و ڕۆتینیی سەد ساڵ پێش ئێستادا، کات و ئەعسابیان ئەسوتێنێ و لە کار و کاسپییان ئەکات، دوایی لە دوا قوناغدا کە مامەڵەکەیان تەواو ئەبێ، نایانداتەوە، ئەڵێ بڕۆنەوە لە ڕێی جەماعەتێکەوە کە ناویان لە خۆیان ناوە پۆست، مامەڵەکەت بە هەفتەیەک بۆ دەنێرینەوە ماڵەوە بە دە هەزار یان بە پەنجا هەزار دینار !!! لە کاتێکدا بە پەنجا هەزار دینار هەموو ئێران و تورکیا لە ڕێی پاس و میترۆی گشتی حوکومییەوە ئەگەڕێیت.
ئەمە پۆست نییە، ئەمە کارەساتە.. چونکە پۆستی حوکومی لە هەموو جیهاندا بە خۆڕاییە، ئەو کەسە یان ئەو دەزگایەی پۆستەکەت بۆ دەنێرێ، چەند پولێکی پۆستە بە نرخێکی هەرزان ئەکڕێ و ئەیدات لە زەرفی پۆستەکە.. یادی بەخێر، لە سەردەمی بەعسی عەفلەقییدا ئەو خزمەتگوزارییە هەبوو، من ئێستایش هەندێ لەو نامانەم ماوە کە لە گۆڤاری کاروان و بەیان و ڕۆشنبیریی نوێوە لە هەولێر و بەغدادەوە، بە خۆڕایی ئەیانگەیاندە دەستم.

ماوەتەوە بڵێین ڕەنگە حوکمەتی هەرێم ناحەقیشی نەبێ کە پۆست و پاسەکەی نەماون و پوکاونەتەوە، ئێ ئاخر وەک دەڵێن دوو شوتی بە یەک دەست هەڵناگیرێن.
ئەو هەموو پۆستەی کە بۆ خۆیان و بنەماڵە و کەس و کاریان لە هەرێم و بەغدادا وەریانگرتووە و وەری دەگرن، وای لێکردوون فریای پۆست و گەیاندن نەکەون، چۆن دوو جۆر پۆست بە یەک دەست هەڵدەگیرێن؟ گرنگەکەیان هەڵگرتووە و .. بێ سوودەکەیان پشتگوێ خستووە.
پاسکردنی کۆشک و تەلار و پاڵاوگە و کۆمپانیاکانیشیان لە ڕێی قورسترین و چڕترین تۆڕی کامێرا و سکیوریتیی و هێزی تایبەت، وای کردووە پاسی سەر شەقامەکانیان لە بیر بچێتەوە یان نەتوانن بچنە ژێری.. ئێ به پێی لۆژیک و قسەی نەستەق و کولتووریش، دوو پاس لە یەک کاتدا هەڵناگیرێن، پاسە گرنگەکەیان کە پەیوەندیی بە ژیان و کۆشک و تەلار و کۆمپانیا و داهاتی بەرپرسەکانەوە هەیە، جێبەجێ دەکرێ و .. پاسەکەی تریان کە هاووڵاتیی بێدەنگ و نابیست و نابینا و عاقڵ !! ، بە نرخێکی ڕەمزیی ئەگوێزێتەوە، ترسناکە و تاقەتپڕوکێنە و زیان لە داهات و پەیڕەوی ناوخۆی گیرفانە تایبەتەکان ئەدات، پێویستە بە هەتا دوای دەسەڵاتی کوردی، پەک و دوا بخرێت ….. هتد.

٭ تێبینی :
بیرۆکەی کامێرا و تاسە بەرزە ترسناکەکانی سەر ڕێگا لە تورکیا و ئێرانەوە هاوردەکراون بە شێوەیەکی چڕ و پڕ، واتا گەر لەوێ لە سەد کیلۆمەتردا چوار کامێرا و دوو تاسه هەبن، لێرە لە دە کیلۆمەترا شەش کامێرا و هەشت تاسه هەیە.
کەچی نەیانتوانیوە لەوەدا لاسایی ئێران بکەنەوە کە ساڵانەی ئوتومبیل لەئێران، یەک جارە و تازه کردنەوەی پێویست نییە هەموو چوار ساڵ جارێک تازه بکرێتەوە .. ئایا ناپرسن حیکمەت چییە لە حازەکردنەوەی ساڵانەی ئوتومبیلدا لە کاتێکدا هەموو ساڵێک فەحسی توند و تۆڵیی بۆ ئوتومبیلەکان ئەکرێ؟ یان ئەمە تەنها بۆ بێزار کزدنی هاووڵاتیی و کۆکردنەوەی پارەیەکی زۆرە کە هیچ عەقڵ و لۆژیکێک پێی قوت ناچێ.
پاشان گەورەترین خزمەت کە پۆست و پاسی حوکومیی پێشکەش بە هاووڵاتیانی ئەکەن، تەنها ئەوە نییە کە خزمەتگوزاریەکانت لە ڕۆتین ڕزگار ئەکەن و ژیان و کاتەکانت بۆ ڕێک دەخەن.. بەڵکو لەوانە گرنگتر هەستکردنی هاووڵاتییە بە بوونی حوکمەت و دڵسۆزیی حوکمەت و سێبەری حوکمەت لەگەڵیدا ..هەست ئەکەی حوکمەت و هاووڵاتیی تێکەڵاون و بەریەککەوتنیان هەیە و تەواوکارییەک هەیە لە نێوانیاندا .
هاوڕێیەکم ئەیووت کاتێ ئەچمە هەر ووڵاتێکی بێگانەوە هەست بە سێبەر و پشت و پەنای حوکمەت ئەکەم و جۆرێک لە ئارامیی و دڵنیایی دەکەم، ئەوە حوکمەتە نامەیەکم ئەگەیەنێتە دەست بە خۆڕایی و .. پاس و میترۆکانی بە نرخێکی ڕەمزیی بۆ هەموو جێگایەک ئەمگوێزنەوە .. ئەوە حوکمەتە کە خەمم ئەخوات و یارمەتیم ئەدات و دڵنیام ئەکاتەوە.. خۆ کاتێک وەزیرێک لە بەردەم سەمونخانەیەکدا ئەبینم وەک من سەمون ئەکڕێ و ..پاشای ووڵات لە میترۆدا، ئەبینم لە تەنیشتمدا دانیشتووە، دڵم پڕ ئەبێ و لە پڕمەی گریان ئەدەم..




وردە وتار.. نەوزاد بەندی

( خواردن )

           

لە هەموو شوێنێکا خواردنەکەیان ئامادەیە، لە شاییدا ، لە پرسەدا، لە سەیراندا ، لە ماڵەوە، عەسران لە بازاڕ، له دائیرە.. تەنانەت لە ئاودەستخانەکاندا جگەرە و شروبی توسیفین ئەخۆنەوە..
لە ماڵ نان ئەخۆن، ئەڕۆنە دەرێ و یەکەم قسەیان بۆ هاوڕێکانیان ئەوەیە کە ئایا شتێ نەخۆین؟ ..ئەچنە پارک؛ با شتێ بخۆین.. لە پرسەدا خەڵکەکە ئەگرین و قوڕ ئەپێون، لە تەنیشتیاندا مەنجەڵی گەورە گەورە خواردن قوڵپە قوڵپ ئەکوڵێن، یان هەزار نەفەر کەبابی دێلیڤەریی ئەگاتە ناو پرسە و شین و فیغانەکە.
ئەو هەموو خۆڵ و خاشاکە هەمووی پاشماوەی خواردنەکانمانن، خۆ کەس گیتاری لێ بە جێ نامێنێ، یان بۆ نمونە بینیوتە کەسێک ڕۆمانێکی مارکیزی لە سەیران بیر چووبێ ؟
نییە .. هەمووی خواردن و پاشماوەی خواردن و پاشەڕۆی خواردنە.. برادەرم هەیە ئەڵێ لەبەر خواردن گەشت ئەکەم .. ئەمە لە کاتێکدایە خواردن هۆکاری سەرەکیی سەر ئێشە و بێتاقەتییە، کاتێ لە گەشت و سەیران، چوار پێنج شیش گۆشت بە نان و تەماتەبە ماستاوی کەللە تەزێنەوە .. بە حەوت هەشت چای خەستەوە ئاودیو ئەکات، ئیتر ئەو کەسە لە مرۆڤبوون دەردەچێ و ئەبێ بە عەلوەیەکی بچوک، ئەندامەکانی ناوەوەی ئەچنە حاڵەتی ئینزارەوە، چۆن ئەم شتە سەیرانە بگۆڕن بە پێکهاتە ووردەکان و چۆن هەڵیبمژن و لە کوێدا خەزنی بکەن لە کاتێکدا هەموو مەخزەنەکانی جگەر و ژێر پێست و ماسولکەکەکان پڕ بوون و جێگای یەک شتی زیادەیان تیا نەماوەتەوە ؟
لەو کاتەدا ئیتر ڕیخۆڵەکان بڕیارێکی سەربەخۆ دەردەکەن، لە مژین مان دەگرن و .. کیمۆسەکە هەڵدەدەن بۆ ڕیخۆڵە ئەستوورە، ئیتر پێچە حەیاتەکە دێتە وورگە ئاوساوەکان و ..ڕادەکەن ..بە هەر چوار لادا چاو ئەگێڕن، مزگەوتێ ..بن بەردێ ..هەیکەلێ شوێنێ بدۆزنەوە و پێش ئەوەی دەرپێکانیان پڕ بکەن لە سکچوون، لە شوێنێ نەجاتی بدەن ..
سەدا نەوەد و پێنجی گەشتیارانمان بە سکچوون کۆتایی به گەشتەکانیان دێنن، چونکە بێڵ ماوسەکانیان پڕ بووە و لێی ئەڕژێت ..
بەڵام ئەم قسانە سوودیان نییە، بڕوانە بازاڕ، خواردنگا و ئاودەستخانە و دەرمانخانە بوون بە سیمای هەرە دیاری شەقام و کوچە و کۆڵانەکان، مزگەوتەکانمان ئەوەندەی دەستیان تیا به ئاو ئەگەیەنرێ، چارەکە ئەوەندەیەک نوێژ و تاعەتیان تیا ناکرێ .. خواردنێکی زۆر ئەخۆن، ڕائەکەن بۆ ئاودەستخانەکان، کە ئەبینن سک ئێشە و سکچوون وێرانی کردوون، ڕوو ئەکەنە دەرمانخانە و پزیشک و تاقیگەکان ..
من واملێهاتووە وەک ئاودەستخانەی گەڕۆک ئەو خەڵکە ئەبینم.. خەڵکێک کە دەمی وەک مەکینەی قیمەکردن وایە و .. خواردن سەرەکیترین ئیشێتی و .. دۆزینەوەی ئاودەستخانە و پزیشک و دەرمانخانەیش لە ئامانجە سەرەکییەکانێتی ..
دکتۆر مەزن ئەڵێ شانزە ڕۆژ هیچ شتێکم نەخواردووە و زۆر ئاساییم .. من خۆم هەندێ جار سێ ڕۆژ لەسەر یەک هیچ خواردنێک ناخۆم ، بێجگە لە ئاو.

( ڤیو )

یەکەمجار ئەم ووشەیەم لە خزمێکم بیست هیچ بڕوانامەیەکی نییە و ..لە زمانیکی کوردی شەق و شڕ زیاتریش، هیچ زمانێ نازانێ ..ووتی ڤیوەکەی جوانە.. تێنەگەیشتم، ووتم مەبەستت چییە ؟
ووتی ڤیوی خانووەکەم ..
هەر تێنەگەیشتم..
ووتی کە ئەچیتە باڵکۆنەکەی، باخ و شاخ و ناوشار ئەبینیت ..!
ئێستا خەڵک بە شەرتی ڤیو، خانوو، شوقە و ڤێلاکانیان ئەکڕن، بۆیە کۆمپانیا زۆڵەکان، کەوتوونەتە بڕینەوەی شاخ و گرد و تەپۆڵکەکان و ..وەک هێلانەی حاجی لەقلەق، شوقەو ڤێڵای ڤیوجوان بە نرخی خەیاڵیی بەو خەڵکە ئەفرۆشن.. ئاخرمەعاشەکانیان زۆر جوانە، بۆیە یەکەی ڤیوی جوانیان ئەوێ..
ئیتر نازانم ئەم پەتایەیش کەی تێ ئەپەڕێنین ؟

( خۆشگوزەرانیی )

هیچ دەسەڵاتێکم لە دنیادا نەبینیوە و نەبیستووە و نەخوێندووەتەوە ئەوەندەی دەسەڵاتی کوردی ڕقی لە خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییەکانی بێ و لێی بترسێ.. لەگەڵ هەر نەش ونمایەکی ئابووریی و گوزەرانیی خەڵکدا، یەکسەر باج و سەرانەکان زیاد ئەکەن و کارێک ئەکەن خەڵکەکە هەناسە سارد بێ .
بازرگانێک پڕۆژەیەکی بازرگانیی ڕابگەیەنێت، ئەبێ دەسەڵات بکات بە هاوبەشی خۆی، بۆ ئەوەی شەڕی پێ نەفرۆشێ، نیوە و زیاتری داهاتەکەی دەکاتە دەستی دەسەڵاتدارێکەوە، لەو دەیان و سەدان دەسەڵاتدارەی لە مەیدانەکەدا تەراتێنیانە.
جێی سەرسوڕمانە سەرکردەیەک بە ئەندامەکانی بڵێت ئاگاداری بازاڕبن، بازاڕتان لە دەست بچێ، هەموو شتێکتان لە دەست ئەچێ ..
ترسێکی زۆریان لە دەوڵەمەندبوون و خۆشگوزەرانیی خەڵکی هەیه، نابێ هیچ کەسێ لە دەوڵەمەندییدا شان بدات لە شانیان، ئەبێ هەمووان ئیشکەر و شاگرد و ژێر دەستەی خۆیان بن ..
ئەمە لە کاتێکدایە لە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا، هاووڵاتی هێندە دەوڵەمەند هەن، کە قەرز دەدەنە حوکمەت.. بۆ نمونە له ئەمەریکادا، ئیلۆن ماسک کە هاووڵاتییەکی ئاساییە و زۆرجار لەگەڵ دەسەڵاتی ووڵاتە یەکگرتووەکانیشدا توشی شەڕ و دەمە بۆڵە ئەبێ، دەوڵەمەندترین کەسە لە جیهاندابە بێ ئەوەی هیچ ترسێک لە دڵی دەسەڵاتی ئەو ووڵاتەدا دروست بکات ..
ترس لە دەوڵەمەند بوون و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان ئەچێتە خانەی نەخۆشیە دەروونییە قوڵەکانەوە و .. پێویستە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهان لێی ئاگادر بنەوە و ..توێژینەوە و نیشانەکانی و ڕێکارەکانی چارەسەرکردنی بۆ دیاری بکەن.

( کیلۆ مەتر سفر )

لەم کۆمەڵگا سواڵکەرەدا، کە ژیانێکی شاهانەی بە بێ ماندوو بوون و کارکردن ئەوێت، دیاردەی زۆر سەیر دروست دەبن کە پاشان لەلایەن دەسەڵات و بازرگانە چاوچنۆکەکانەوە ئەقۆرزێتەوە و ملیارەها دۆلاری لێ ئەچننەوە ..بێگومان پێناسەی سواڵکەر کەسێکە بە بێ بەرامبەر پارەی ئەوێت، ئەمەیش لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا بووە بە دیاردە و زاراوەی تری لێ پەیدا بووە وەک بندیوار و کاربەڕێکەر و ..هەموو ئەو پیشانەی هیچ کارێک ناکەن یان لە کارێک دەرکراون، کەچی هەر پارە و داهاتی ئەو کارە وەرئەگرن.
ئوتومبیلی کیلۆمەتر سفر، یەکێکە لەو خواستە بە کۆمەڵەی کۆمەڵگای کوردیی ئەمڕۆ، کە بە شانازییەوە، ئەڕۆن بە قەرز یان بە قیستی سوو، ئوومبیلێکی کیلۆمەتر سفر ئەکڕن .. بە لایانەوە کێشە نییە ئوتومبیلەکە تەپەدۆر و باغە دروستکرابن، گرنگ ئەوەیه کیلۆمەتر سفر بێ و دوو بەسمەی لەگەڵدا بێ..
ئەوەیش وا دەکات، دەسەڵات و بازرگانەکانی هاوڕێیان، پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی ئوتومبیلی هەموو جیهانەوە بکەن، بۆ هاوردە کردنی خراپترین کوالێتی ئوتومبیلی کیلۆمەتر سفر، بۆ ئەوەی زۆرترین قازانجی لێ بکەن، هەم لە نرخەکەی، هەم لە فرۆشتنی تابلۆکەی، هەم لە مامەڵەی ساڵانەکەی، هەم لە مامەڵەی مۆڵەتی لێخوڕین، هەم لە سزاکانی خراپ پارککردن و تیژڕەویی، کە وای لێهاتووە لەناو بازاڕی میوەفرۆشانیش کامێرای تیژڕەویی دابنرێ..
هاوڕێیەکم پێی ووتم تۆ چۆن له ڕووت دێت ئۆتومبیلی مۆدێل کۆن لێ بخوڕیت؟
ووتم : وەڵا ڕاست ئەکەیت، زۆر شەرمەندەم هەست بە جۆرێک لە بێحەیایی ئەکەم کاتێ هیچ بەرهەمێکم نییە بێجگە لە میزکردن، کەچی ئوتومبیل لێ دەخوڕم کە سەدان ئەندازیار و کرێکاری بێگانە سەرقاڵبوون بە دروستکروونیەوە.

( ئاژەڵ )

ئاژەڵەکان بە بێ جیاوازیی، هەموویان گرنگییەکی زۆر بە بێچووەکانیان و هاوسەرەکانیان و هێلانەکانیان ئەدەن، خواردنیان بۆ دابین ئەکەن و بەرگرییان لێدەکەن..
کەواتە کاتێک تۆ خانوو دابین دەکەیت و ..هاوسەر و منداڵەکانتی تێدا نیشتەجێدەکەیت و .. کار و کاسپی دەکەیت و ..خواردن و پۆشاک و پێداویستییەکانیان بۆ دابین ئەکەیت، هەتا ئێرە تۆ ئاژەڵیت ..
ئەی چ کاتێ ئەبیت بە مرۆڤ ؟؟
ئەو کاتە ئەبیت بە مرۆڤ، کە هەوڵ بۆ دابینکردنی خانوو ، نان و پۆشاک بۆ کەسانێک و گیاندارانێک بدەیت، کە نایانناسیت و هیچ غەریزە و سوود گۆڕینەوەیەک پێیانەوە ناتبەستێتەوە ..
ئەو کاتە مرۆڤیت، کە بە بێ بەرامبەر، لە دەرەوەی خێزان و تیرە و بنەماڵە، خزمەت پێشکەش بکەیت..ئیتر ئەو خزمەتە بۆ مرۆڤێکی نەخۆش و هەژار بێ، یان بۆ هەر گیاندار و بوونەوەر و ڕووەکێک ..

(قسەی قۆڕ )

قسەی قۆڕە هەموو ساڵێک کە بەهارهات، خۆشی بۆ گوند و شار هات، لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە دەست بکەن بە ئامۆژگاریی و ڕێنمایی و تەنانەت پاڕانەوەیش لە گەشتیاران کە پاشەڕۆ و زبڵەکانیان لە دوای خۆیان بە جێنەهێڵن و سروشتی جوانی کورستان ( کە قەت جوان نەبووە ) پیس و پۆخڵ نەکەن .. قسەی قۆڕە ژینگەپارێزان و پیاوانی ئاینی لە بازگەکاندا ڕاوەستن و عەلاگەی خۆڵڕشتن بەسەر گەشتیارە بێ منەتەکاندا دابەش بکەن، بۆ ئەوەی له بیریان نەچێ، زبڵ و خاشاک و دایبێکانیان لە سروشتی پاکی کوردستان(کە قەت پاک نەبووە ) فڕێ بدەن.
مرۆڤ یەک جار ڕێنمایی پێ دەدرێت، کە بوو بە دوو جار، ئەوە ئاژەڵە و ئەبێ بە نەقیزە ڕاستی بکەیتەوە، وەک ئەدۆڵف هیتلەر ئەوەی کە خۆیان پێی ئەڵێن فۆهلەر، کاتێ پێیان ڕاگەیاند کە خەڵکەکە لەسەر هێڵی پەرینەوەی شەقامەکان ناپەڕنەوە، ووتی هەر شۆفێرێک لە دەرەوەی هێڵی پەڕینەوە، هەر کەسێک بشێلێت، لەلایەن دەوڵەتەوە خەڵات دەکرێت.

( ئاگاداریی ..ئاگاداریی )

بۆ کۆڕی پرسەیەک سەردانی شاری هەولێرم کرد، دوای چەندین مانگ هەر بۆ دڵنیایی تەماشایەکی سزای تیژڕەویی ئوتومبیلەکەم کرد، توشی سەرسوڕمان بووم کە ئەبینم له ڕێی هەولێر، لە ماوەی حەوت خولەکدا، سێ سزای تیژڕەویی حەفتا هەزار دینارییم بۆ نووسراوە، لە کاتژمێر 11:28هەتا 11:33 ..
کاتێ پرسیارم کرد، ووتیان لە هەولێر کامێرای پۆینت تو پۆینت، واتا دوو کامێرا و دوو سزا ..چەند کامێرا ڕیز بووبن، ئەوەندە سزات بۆ دەنووسن، بەڵام لە سلێمانی وا نییە، تەنها یەک کامێرا، تیژڕەوترین ساتت بۆ دەنوسێت.. هەروا مەودای تیژڕەی لە سلێمانی پێنج کلیۆمەترە، لە هەولێر دوو کیلۆمەترە.. واتا کە دەڵێت حەفتا بڕۆ ، لە دوای حەفتا و دوو کیلۆمەتر، حەفتا هەزارت بۆ دەنوسێت، بەڵام لە سلێمانی لە دوای حەفتا و پێنج بۆت دەنوسن.
بە ڕاستی دوای ئەوەی ملیۆنێک کارەبای پڕۆژەی ڕوناکیم بۆ هاتەوە، لەگەڵ دوو سەد و دەهەزارەدا، هیچ شکی ئەوەم لەلا نەما کە زۆنی زەرد سوعبەت و شت نازانن .. پۆینت تو پۆینتەکەیشیان کردووە بە مەڵتی پۆینت..
بە تەکسی سەفەری هەولێر بکەن، پەنجا قات قازانجتانە..ڕەحمەڵڵا والدێکوم.

( بێ بە دیل )

کۆمەڵگایەکی بێ بەدیلین، هیچ شتێکمان بەدیلی نییە، کابرا توشی نەخۆشی شەکرە بووە، دکتۆر پێی ئەڵێی نان و برنج و کاڵەک مەخۆ، ئەڵێ ئەی چی بخۆم؟ ..بەدیلی برنج و نان و کاڵەکی نییە، ناچار بەردەوام ئەبێ و وەسێتێکی بۆ ئەنوسێ و ئەڵێ خۆ هەموومان مردنێ قەرزارین .
یەکێتی و پارتی و ئۆپۆزیسیۆنیش بەدیلیان نییە، هەر بۆیە نزیکەی هەمان ڕێژەی دەنگدان دێنن، ئەگەر هەزار هەڵبژاردنیش بکرێ، هەر بەو جۆرە ئەمێننەوە، ئێ ئاخر بەدیلیان نییە.. گەنجەکان سوور ئەزانن ووڵاتی هات ونەهاتە و هی هاوسەرگیریی نییە، کەچی سەریان کردۆتە هاوسەرگیریی، ئێ بەدیلیان پێ نییە .. نە شێرکۆ بێکەس بەدیلی هەیه و ..نە فەرهاد پیرباڵ و ..نە کشمیش و قەیسی بەرەبەیانی جەژن، لوت و چاوت بگرە و هەڵی دە..نە بەختیار عەلی بەدیلی هەیە و ..نە سەرۆک حیزبەکان.. تەواو، نە سەقفی مەغریبیی بەدیلی هەیە و ..نە شۆفێریی و .. نە هیچ شتێ لەم ووڵاتەدا بەدیلی هەیە..خوێندنیش بەدیلی نییە، هەموو ئەڕۆنە ناو تونێلی خوێندن و جوانترین ساڵەکانی ژیانیان ئەفەوتێنن، عەشاماتێکی بێ موچە و بێ دامەزراندن و دەست سپی خوێندەوار پەیدا ئەبن، نازانن بە چ زمانێ دەسەڵاتێکی نەخوێندەوار تێبگەیەنن کە وەختە دڵیان بتەقێ و وەختە له پەشیمانیدا بە کۆمەڵ خۆیان بکوژن.
لەوەیش سەیرتر ئاهەنگی دەرچوونی زانکۆ و پەیمانگا بێ بەرهەم و بێ دامەزراندن و بێ ئومێدەکانیشمان بەدیلیان نییە، ئەبێ هەر خوێندکارێک سێ سەد / چوارسەد هەزار لە جل و بەرگ و ئارایشت و کێک و شیرینییدا خەرج بکات و ئاهەنگ بگێڕێ، ئاهەنگێکی خەمگین و پڕ لە ئازار و ماندوو بوون، ئیتر ئەو پارەیه ئەگەر قەرزیش بکات، ئەبێ ئامادەی بکات، ئاخر بەدیلی ئەو ئاهەنگە خەمگینە نییە، بۆیە هەمووان پێوەی پابەندن و ..ئامادەن قەرز و تەنانەت سواڵیشی بۆ بکەن.




پێکەوە نەژیان.. نەوزاد بەندی

ــ

هەڵبەت هەموو دیاردەیەک ئۆپۆزیتێکی هەیە، وەک شەڕ و ئاشتی ..پێکەوەژیانیش، پێکەوەنەژیان دژەکەیەتی ..
بەڵام ئەوەی لای خۆمان ئەگوزەرێ، تێکەڵاوبوونی هەردوو زاراوەکەیە، وەک چۆن لە هەندێ لە کۆڵانە میللیەکانماندا ئاوی خواردنەوە و ئاوی قورس تێکەڵاوبوون، واتا ئێمە پێکەوە ئەژین بۆ ئەوەی پێکەوە نەژین..ئەمەیش بەڕاستی لەسەر وەستان و لێکدانەوەی ئەوێت، تۆ بتەوێ لەگەڵ کەسێکدا بژیت بۆ ئەوەی لەگەڵیدا نەژیت ..سەیر دەکەیت دراوسێتە، هاتووە لە تەنیشتتا خانووی دروستکردووە، کەچی تۆ بڵێی سیر ئەو ئەڵێ پیاز.. نەک هەر سڵاوت لێ ناکا، تەنانەت بە جەژنیشدا نایەتە ماڵەکەت، لەگەڵ ئەوەی کە بە بێ تۆ هەست بە ترس و دابڕان ئەکا، لەگەڵ ئەوەیشدا دژایەتیت ئەکات ..زۆربەی خێزانەکان، دایک و باوکێکی دژ بە یەک و ناتەبا بەڕێوەی ئەبەن، ئەم دووانە هاوسەرگیرییان کردووە، بۆ ئەوەی دژایەتیی یەکتری بکەن، دوای ئەوەی دایکەکە نەیهێشتووە شەمەنەفەرەکە بەجێی بێڵێ و بە چەمەلەغەکەیدا خۆی هەڵواسیوە و بای بای بۆ تابۆی قەیرە بوون کردووە، دوای ئەوەی باوکەکە خوا حافیزیی لە بەدمەستبوون و یانەی شەوانە و بەدخویی کردووە و بووە به خاوەن ژن و ماڵ، لەم خانە تازەیەدا کە خێزانە، دوو کەس بڕیاریان داوە پێکەوە بژین بۆ ئەوەی دژایەتیی یەکتر بکەن، ڕێک وەک تۆم و جێری ، ئەگەر یەکێک لەو دوو بەرەی شەڕ و ناتەباییە دوور بخەیتەوە، هیچ لایەکیان ڕازی نابێ، چونکە تازە ئەوان جەنگاوەرن و بە بێ ناتەبایی و پێکەوە نەژیان ناتوانن بژین..
هەندێ جار، لەو خێزانانەدا کە شەست ساڵە دوو هاوسەر بەردەوام شەڕ دەکەن و کومەڵێ جەنگاوەری کەمئەندام و نەخۆشیان پێشکەش بە کۆمەڵگا کردووە، لەگەڵ ئەوەیشدا کە ویستومە پیاوەکە ببەم بۆ گەشتێک، ژنەکە ڕازی نەبووە و بە توندیی ڕێگریی لێکردووم، چونکە ئەوان بۆ ماوەی شەست ساڵ لە شەڕدان، تازە ئەو پێکەوەژیانە پڕ لە ئاژاوەیە، ناتوانن بۆ ماوەی چەند سەعاتێکیش واز لێ بێنن..واتا ئێمە ئەو میللەتەین پێکەوە ئەژین بۆ ئەوەی پێکەوە نەژین، هاوڕێیەتی یەکتری ئەکەین بۆ ئەوەی ژیان لە یەکتری بشێوێنین.. عاشقی یەکتر ئەبین بۆ ئەوەی ناخی یەکتری بکەین بە کەلاوەی نائومێدیی و ڕەشبینیی و دابڕان.. ئەبینە میوانی یەکتر، بۆ ئەوەی دنیایەک خەم و ئێرەیی و دژایەتیی و ژەهر لەگەڵ یەکتردا بگۆڕینەوە ..یەکتری ئەخوێنینەوە بۆ ئەوەی یەکتری بسڕینەوە و یەکتری ببەین بە قوڕدا..ئەچینە کۆڕ و کۆنسێرت و پێشانگای یەکترەوە بۆ ئەوەی بە ڕەخنەی کوشندە یان بێدەنگیی و پشتگوێخستنێکی کوشندە یەکتری وێران بکەین.
ئێمە پێکەوەین بۆ ئەوەی هیچ لایەکمان نەخەڵەتابین بیر لە بەختەوەریی بکەینەوە ..لەگەڵ یەکتردا ئەژین، بۆ ئەوەی به ووردیی چاودێریی یەکتری بکەین و نەهێڵین هیچ لایەکمان بچوکترین سەرکەوتن بە دەست بێنین، نەهێڵین هیچ گۆڕانکارییەک لەهیچ لایەکماندا دروست بێ، ئێمە پێکەوەین، پێکەوە بوونی سیخوڕ و قوربانییەک ..پێکەوەژیانی پۆلیسێک و زیندانییەک ..ئەو ڕۆڵانەیش بەردەوام ئەگۆڕێن، واتا لە چرکەیەکا تۆ پۆلیسیت و من زیندانیی، دوای ئەوە من ئەبمە پۆلیس و تۆ ئەبیتە زیندانیی.. واتا هەر هەوڵێکی ئازادیی من، یەکسەر تۆ ئەکاتە پۆلیس و ئەو هەوڵەم قەڵاچۆ ئەکەیت..کاتێکیش بیری ئازادیی لە تۆدا خەریکە چەکەرە بکات، من ئەبمە بارچاوەش و بە پۆستاڵەکانم ئەو چەکەرەیە لەناو ئەبەم ..
بڕوانە بۆ دوو حیزبی وەک یەکێتی و پارتیی لە شەست حەفتا ساڵی ڕابوردوودا، ئەوەی خراپە بە یەکتریان کردووە، لە شەڕی براکوژیی، لە شەڕی ڕاگەیاندن، لە جنێو، لە بوختان، لە ملشکاندنی یەکتری، له شکاتکردنی ڕاستەوخۆ لە یەکتری و تۆمەتبارکردنی یەکتری بە دزینی چەکی ئەمەریکیی لەبەردەم تڕەمپ و کۆشکی سپیدا، لەگەڵ ئەوەیشدا یەکێتی و پارتیی شەشت حەفتا ساڵە هاوڕێ و دڵخواز و تەواو کەری یەکترین.. ئەم دوو پارتە پێکەوە ئەژین بۆ ئەوەی پێکەوە نەژین.. ئەمەیش زۆر خراپتر ئەکەوێتەوە، چونکە دوو هاوسەری پێکەوە ژیاوی پێکەوە نەژیاو، یەک خێزان نائارام و سەرگەردان ئەکات، بەڵام دوو حیزبی فەرمانڕەوای هاوبەشی دژ بەیەک، کۆمەڵگایەکی حەوت هەشت ملیۆنیی توشی نائارامیی و سەرلێشێوان دەکەن ..
ئەم پێکەوە ژیانە ترسناکە، کارێک دەکات ڕۆژ بە ڕۆژ دژایەتییەکە قورستر بێ، لە هەمان کاتدا پێکەوە ژیانەکەیش بەهێزتر بێ، واتا کاتێ یەکێکیان خەریکە لەناو ئەچێ، ئەوەی تریان بوژانەوەی بۆ دەکات، بۆ ئەوەی بەهێز بێتەوەو ببێتەوە بەو هاوبەشەی کە بتوانێ ئەرکی پێکەوە ژیان و پێکەوە نەژیانەکە دووبارە هەڵبگرێتەوە..
لێرەدا ئیتر گرنگ نییە میللەتێک سەرگەردان و شێت و بێ داهاتوو ئەبێ ..گرنگ نییە شەقامەکان پڕ بن لە دواکەوتن و ئاڵودەبوون و سەرهەڵگرتن و نامۆبوون و هەژاریی و نەخوێندەواریی..
گرنگ ئەوەیە ئەو دووانە لەگەڵ ئەو هەموو شەڕ و ڕق و بوختان و غەیبەت و سوکایەتییەی کە بە درێژایی شەست حەفتا ساڵ بە یەکتری دەکەن، پێکەوە بژین .. چونکە ئەوە هەمان عەقڵیەتی دوو پزیشکی کوردە ..دوو نوسەری کوردە ..دوو بازرگانی کوردە..دوو وەرزشکاری کوردە، کە بە بێ یەکتری هەڵناکەن و ..هەتا سەر ئێسقانیش ڕقیان لە یەکترە و بە خوێنی سەری یەکتری تینوون..
یەکێتی و پارتیش هەر کوردن و .. بێ ئینسافییە گەر داوایان لێبکەین ببن بە یەک و ..یەک گوتار و یەک پەیڕەوی ناوخۆ و یەک هێز و میدیایان هەبێ، چونکە بە لەبەرچاوگرتنی کورد
لە بچووکترین ئاستەوە کە دوو مناڵی باخچەیەکی ساوایانن و بە نوکی چنگاڵ ڕومەتی یەکتریی خوێناویی ئەکەن، هەتا ئەگاتە دوو سەرکردە کە یەکێکیان هێزی بەعس دێنێتە سەر ئەوی تریان و ئەوەی تریشیان هێزی پاسدار دێنێتە سەری ئەمەی تریان، باسکردن لە برایەتیی و تەبایی ئەچێتە خانەی سوکایەتیی پێکردنەوە..وەک ئەوە وایە داوا لە ئاسن بکەیت گوڵ بگرێت ..
لێرەدا ئیتر بە بێ ئاگاداری خۆمان، یاسایەکی فیزیا جێبەجێ دەکەین، ئەویش باس لە دوو هێزی یەکسان دەکات چەند بەهێز بن، ئەگەر ئاڕاستەیان پێچەوانە بێ، ئەنجامەکەی ئەبێ به سفر ..
ئەم پێکەوە ژیانە دژەی لای خۆمان، یان ئەم پێکەوە نەژیانە نزیکەی خۆمان، وایکردووە هەموو کایەکانمان سفر بێتەوە..سیاسەت، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، سەربازیی، یاسا، دەستوور، زانست، هونەر، ئەدەب ، ئایین….
لە هەموو کایەکانماندا مایەپوچ بووین، چونکە پێکەوە ژیانێکی دژبەیەک پیادە دەکەین، لەو ئاژاوە گشتگیرەدا، لە نێوان دوو پیاوی ئایندا، هەتا دوو شاعیر ..دوو پزیشک ..دوو سیاسیی و دوو بازرگان، پێکدادان و یەکتر سفرکردنەوەیەکی ترسناک لە ئارادایە.. ئەوەیش هەندێک بە سیاسەتی ئینگڵیز لێکی دەدەنەوە..هەیشە ئەڵێ مریشک خۆی خۆڵ نەکا بەسەر خۆیدا هیچ کەسێ ناتوانێ خۆڵ بکات بەسەریدا.. هەندێ کەسیش لەو باوەڕەدان میللەتی کورد بە هۆی یاخی بوون و کەللە ڕەقیی و جوگرافیا و داگیرکارە هەمەچەشنەکانی چوار دەوریی و کەم ئاوەزیی و خۆش باوەڕیی خۆیەوە، ئەم بوونەوەرە سەیرەی لێ پەیدا بووە.




کوڕە کەڕ و لاڵ.. نەوزاد بەندی

کوڕە گەورەکەم، حاڵەتی ئۆتیزمی هەیە، هەر ئیشێکی ماڵمان هەبێ، ئەڵێ بابه کوڕە کەڕ و لاڵ بانگ بکە..!
ئەڵێم کوڕم! نابێ پێی بڵێی کوڕە کەڕ و لاڵ،.. عەیبە ..پێی ناخۆشە..
ئەڵێ :ئەی خۆ گوێی لێ نییە، ئیتر چۆن پێی ناخۆشە..؟
ئەڵێم : ئەگەر گوێیشی لێ نەبێ، ئەبێ ڕێزی لێبگرین..پێی بڵێ وەستای سەتەلایت و کارەبا ..
لە ڕاستیدا هۆکاری هۆگربوونی کوڕەکەم بەو وەستای سەتەلایت و کارەبایە، ڕێز و هێمنیی و ڕەوشتی بەرزێتی .. پێشتر کە وەستایەکمان بانگ ئەکرد، پێش خۆمان دەردەپەڕییە ژوورەوە، بە پێڵاوەوە،فەرش و دار و بەری پیس ئەکرد، دانەیەکمان لێ وون بوو، لە موساعید مەتبەخ دۆزیمانەوە، ئەیووت بزانم ئەمڕۆ بە نیازن چی بخۆن .. دانەیەکی تریان خۆی کردبوو بە ژووری کوڕەکەما، ئەیووت ئەم پلەیستەیشنەی تۆ زۆر خاوە، ڤێرژنەکەی بگۆڕە !
بەلام کوڕە کەڕ و لاڵ وەک ئەوان نەبوو، بە ڕێزەوە لەبەر دەرگا ڕائەوەستا، هەتا خۆمان پێش ئەکەوتین و ڕێگامان نیشان ئەدا، پێڵاوەکانی لە دەرەوە دادەنا و سەری دادەخست و بە ڕێز و حورمەتەوە هەنگاوی دەنا ..
هیچ گلەیی و گازندەیەکی نەبوو، بە هێمنیی کارەکەی جێبەجێ دەکرد..لێی نەدەکردیت بە کۆڵی شێر، منەتی دنیای بەسەردا نەدەکردیت، کە ئەمووت ئەو قاعیدەی گڵۆپە، یان ئەو ئێڵ ئێن بییە کۆن بووە، بۆچی نایگۆڕیت ؟ ..لەگەڵ ئەوەی کە بیگۆڕیایه قازانجێ خۆی تیا بوو، بەڵام بە ئاماژە ئەیووت پێویست ناکا، هیچ عەیبی نییە . .ئەوە لە کاتێکدا وەستاکانی تر بێ پرسی خۆت قاعیدەی گڵۆپ و ئێڵ ئێن بی بۆ ئەگۆڕیت و پارەیەکی زۆری لەسەر حیساب ئەکردیت.
ئەم کوڕە کەڕ و لاڵە، دوای ئەوەی ئیشێکی تاقەتپڕوکێنی لە کارەبا و سینی سەتەلایتەکەدا ئەکرد، نرخێکی زۆر کەمی داوا دەکرد .. ئەمووت کەمە .. بە ئاماژە ئەیووت نا نا.. من تەنها حەقی خۆم وەرئەگرم لەوە زیاتر حەرامە ..
کاتێ داوەتم ئەکرد بۆ نانی نیوەڕۆ، قبوڵی نەدەکرد و به زمانی ئاماژە تێی دەگەیاندم کە ناتوانێ و کاری هەیه ..لە کاتێکدا دڵنیا بووم هیچ کارێکی نەبوو، دڵنیا بووم زۆریش برسی بوو، بەڵام حەزی نەدەکرد ئەرکێکی زیاترم لەسەر دروست بکا و پارەی زیاترم پێ خەرج بکات.
کوڕە ئۆتیزمەکەم، لە کاتی تێکچوونی گەرمکەر و گیزەر و هەموو ئامێرێکی تری ماڵەکەماندا، یەکسەر ئەیووت باوکە، بڕۆ کوڕه کەڕ و لاڵ بانگ بکە با بۆمان چاک بکاتەوە ..
ئەمووت کوڕم، ئەو وەستای کارەبا و سەتەلایتە، لە گەرمکەر و گیزەر و ئامێرەکانی تر نازانێت ..
ئیتر هەم کوڕە ئۆتیزمەکەم و هەم خۆیشم زۆر ئاڵودەی ڕەوشتی بەرز و پیشەگەریی و شارستانیی کوڕە کەڕ و لاڵ بوو بووین ..چی وای لەم کوڕە کردووە لە ئەلفەوە تاکو یاء لە ئێمە جودا بێ؟ چی وای لێکردووە چاو و ڕاو و دزی و درۆ و فێڵ و ساختەچێتیی نەزانێ ؟ چی وای لێکردووە دەستی دەستیت پێ نەکا و مێشکێت لێ نەگا بە گامێشێک و پارەی زیادەت لێ وەرنەگرێت ؟ چۆن ئەم کوڕە دوور کەوتۆتەوە لە شەڕ و مۆڕە و سوکایەتیی و بێ ڕێزیی و پۆزلێدان و کاتکوشتنی موشتەرییەکانی ؟ چۆن لەناو ئەم میللەتەدایە و هیچ شتێکی لەم میلەتە ناچێ ؟ بۆچی فزوڵییەت و چاو و ڕاو و سیخوڕیی و چاوحیزیی و هەموو سیفەتە ناشیرینەکانی تیا نییە؟ بۆچی لە ژێر پەردەی دین و ناسیاویی و متمانەدا، هیچ جۆره شمشێر و خەنجەرێکی حەشار نەداوە بیدات لە قوربانییەکانی ؟
وەڵامەکەی زۆر ئاسانە ..
چونکە ئەم کوڕه کەڕ و لاڵە.. هیچ جنێو و فێڵ و فڕ و داو و تەڵە و فاک و فیکێکی خەڵکەکە نەچووە بە گوێچکەیدا .. هیچ زوڵم و ناپیاویی و نامەردیی و ناکەس بەچەییەکی نەبیستووە و نەچۆتە ناو هەست و هۆشیی و لاپەڕەی ویژدانی پیس نەبووە .. وانەکانی دزیی و دەستبڕین و کاتکوشتن و سوکایەتیی و بێ متمانەیی و تێرنەخواردن و چاوچنۆکیی و حیزفرسەتیی وەرنەگرتووە .. کۆرسەکانی خۆخۆریی و براکوژیی و کێبڕکێی ناشەریفانە و حیزبایەتیی و بنەماڵەیی و تیرەگەریی و لووتبەرزیی وەرنەگرتووە .. زانکۆ و پەیمانگاکانی خۆپەرستیی و فشکەریی و پۆزلێدان و کافریی و مونافیقیی و خۆ دەوڵەمەنکردنی خێرا و زۆڵێتییدا نەخوێندووە..
هەر بۆیە خۆم و کوڕە ئۆتیزمەکەم، عاشقی ڕەفتار و هەڵس و کەوت و ڕەوشتی کوڕە کەڕ و لاڵەکە بوو بووین ..
بە جۆرێک هەردووکمان حەزمان ئەکرد ئێمەیش کەڕ و لاڵ بووینایه بۆ ئەوەی وەکو ئەو بە جوانیی و پاکیی و متمانە و پیشەگەریی بماینایەتەوە ..
لە کۆتاییدا چارەسەری دۆخی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی کوردم دۆزییەوە .. بەڵێ .. پێویستە کار بەدەستانی کورد ، کەڕ و لاڵ بکرێن و لەبەردەم ئەو وەستایەدا بکرێن به شاگرد بۆ ئەوەی فێری ئەدەب و وەفا و پاکیی و چاکیی و خۆنەویستیی و پیشەگەریی ببن .. پێویستە لەسەرەوە بۆ خوارەوە، سەرۆکی حوکمەت و وەزیرەکان و سەرۆک حیزبەکان و بەڕێوەبەره گشتییەکان هەتا بچوکترین کاربەدەست و خاوان پیشەو بازرگانی ئەم کۆمەڵگایه، کەڕ و لاڵ بکرێن و .. کۆرسێک لەلای کوڕە کەڕ و لاڵ بخوێنن.. کۆرسێک لەسەر چۆنێتیی گەڕانەوە بۆ مرۆڤایەتیی و پێکەوە ژیان و وازهێنان لە لوتبەرزیی و خوێنمژین و گیرفانبڕینی یەکتریی ..کۆرسێک لەسەر ڕێزگرتن و بە هەند وەرگرتنی بار و دۆخی هەژاران و نەدارانی کۆمەڵگا .. کۆرسێک لەسەر ئەوەی ئەوەندەی کارەکانمان مافمان هەبێ و .. سامان و داهاتی گشتی لەسەر خۆمان و ماڵ و مناڵمان تاپۆ نەکەین ..
ئای چەند پێویستمان بەوەیه کوڕە کەڕ و لاڵ یەک بە یەکمان هەڵوەشێنێ و .. بۆگەناوی ناخمان ڕابدا و .. کەڵبە ناشیرینەکانمان لێبکاتەوە و.. دڕکی ڕق و ئێرەیی و خۆخۆریی و چڵێسیی دڵ و دەروونمان بژار بکات و .. بمانکات بە کەسانێکی نۆرماڵی وەکو خۆی ..




کاتێ ژنەکەت تەقاعود ئەبێ.. نەوزاد بەندی

وەک ئەڵێن قۆناغی پێش جەنازە، خانەنشین بوونە ..وەک چۆن جەنازە ناو و ناونیشانەکان وەردەگرێتەوە، تەنها پلە و پۆست و پێناسێک کە بۆت جێدەهێڵێ، ووشەی جەنازەیه.. بە هەمان شێوە خانەنشین بوونیش، ناونیشان و پلە و پۆستەکانت لێدەسێنێتەوە و هەمووان پێت ئەڵێن خانەنشین.. ئیتر ناپرسن تۆ چ کارە بوویت، بڕوانامە و پسپۆڕییت له چیدا هەبوو، چەند بەرهەم و داهێنان و هەوڵ و خەبات و دەوامت کردووە.. نەخێر، ئەوانە هەمووی بە کەڤەرێک دادەپۆشرێن وەک چۆن سەیارەیەکی دەعمکردوو دادەپۆشرێ، مەگەر خۆت باسی ژیانی فەرمانبەرییت بکەی، ئیتر لەبەردەم مایکی تەلەفزیۆنێکا بێ یان لە بەردەم مایکی خەتێکی فریی ئاسیاسێڵدا..
دوای ئەوە، پرسیاری زانستیی و ئیدارییەکانت لێ ناکرێ، تەنها پرسیاری بازاڕییانەت لێ دەکرێت، وەکو :عەسکەرییەکەیان بۆ حیساب کردیت؟ بە چەند خانەنشینیان کردیت؟.. شەش مانگەکەت وەرگرت؟ ..ئەی دوانزە مانگەکەی بەغا دەنگی نییە؟ بە بێ دەرماڵە، چەندت وەرئەگرت؟ پله چەند بووی؟ تەبعەن پاشەکەوتی موچەکانیشت فت ..؟
ئەمە بۆ پیاو بە هەرحاڵ، چونکە لە ئێسقان و ماسولکەی بەهێز دروستکراوە و نیوەی تەمەنی لە بازاڕ و مامەڵە و بێنە و بەردەدا بەسەر بردووە، بەڵام ژن کە زۆر زوو هۆگری کار و ڕۆتینی ڕۆژانە ئەبێ، چۆن بتوانێت ئەو گۆڕانکارییە لەناکاوە قبوڵ بکات؟ چۆن ڕازی بێ لە ناونیشانی مامۆستا و ئەندازیار و دادوەرەوە پێی بووترێت خانەنشین؟
لە پڕێکا ئەڵێت : نەمزانی، ئەو هەموو جل و پێڵاوەیشم کڕی، تازە ئیتر بۆچیمە؟ وەڵڵا ئەیانکەم بە خێر .. دەستێک جل و جووتێک پێڵاو بەسه ..
ــ بەڵێ باش ..
هێشتا دوو هەفتەی ماوە، فەرمانبەرە ژنەکانی هاوڕێی ڕێزلێنانی بۆ دەکەن، ڕێز لێنانی چی؟ ڕەنگە پاشتێلانەیەکیش هەر ئەوەندەی تێ بچێ.. واز لە شیرینیی و خواردن و خواردنەوەیش بێنە، کە کێک بە توڕتە ئەڵێ لاکە بەو لاوە..سپڕایت بە کۆکا کۆلا ئەڵێ، ئەوە جێی منە.. شاورمە بە پیتزا ئەڵێ لاچۆ لەبەرچاوما..پارچەیەک پەخشانی پڕ لە سۆز و عاتیفە لە پارچە شوشەیەکدا ئەنوسن، بەرد ئەکات بە ئاو .. ئیتر لە پڕێکا بەڕێوەبەری فەرمانگە لە پڕمەی گریان ئەدات، بە دوایدا فەرمانبەرەکان وەک کۆرس بۆی ئەسێننەوە، ئینجا وەرە ئەبێ وەزع و حاڵی هاوسەرت چۆن بێت، ئەو هەموو فەرمانبەر و بەڕێوەبەر و کارگوزارە لە چوار دەوری بگرین؟ ئەوە وەک دەڵێن لە باسکردن و وێنا کردن نایەت.
لە پڕ تەلەفۆنێکت بۆ دێت، بە دەنگێکی کزۆڵ و مشە مش پێت ئەڵێ: لە کوێی؟
تۆ دڵت دادەخورپێ، هەناسەت سوار ئەبێ و بە خێرایی ئەڵێی : چی ڕووی داوە ؟ بۆ خاتری خوا ..
ئەو شارەزایە لە جێگای تەنفیس و فشکردنەوەکەت، یەکسەر ڕیتمی دەنگی ئەگۆڕێ و ئەڵێ : نا نا هیچ نەبووە، ڕێزلێنانەکەیە..
هەناسەیەکی ئاسودەیی هەڵئەمژی و ئەتەوێ وەک محەمەد سەڵاح سوجدەیەکی شوکر بۆ خوا ببەی، بەڵام ئەو بوارت نادا و ..ئەڵێ : برادەرێکت نییە پیکابی هەبێ؟
تۆ ئەڵێی : بۆچی ؟
ئەو ئەڵێ : ئەوەنە گوڵ و هەدیەم بۆ هاتووە، لە سەیارەکەی خۆمانا جێی نابێتەوە !!
ئینجا وەرە ئەو هەموو دیاری و گوڵ و شیرینییە، کەچی هەموویان خەمبار و چاو ئاوساو، لانی کەم هەر یەکەی دوو سێ تاو فرمێسکی ڕشتووە، چوار دەوری چاویان وەک قۆخ شین و مۆر بۆتەوە.. جا فیمەیڵی لای خۆمان هەر کە گریا، یەکسەر ئاویش بە لووتیا دێتە خوار ..
کە ئەچیت بۆ فەرمانگاکەی بۆ بارکردنی گوڵ و دیارییەکان، کۆرسێک فەرمانبەر مشە مشیانە ..
دوای نیو سەعات، ماڵەکەتان وەک مەشتەلی لێهاتووە، ئەو هەموو باوەشە گوڵە سروشتییە، بە شێوازێکی زۆر جوان پێچراونەتەوە .. ئەو هەموو قوماشی جلی کوردییە .. خۆ نایشوێریت بڵێیت ئەرێ ئەم هەموو گوڵە گرانبەهایانە، سبەی دوو سبەی سیس ئەبن و ئەبێ فڕێیان بدەین، خۆزگە گوڵی نایلۆن بوونایه، یان شتێ بوونایه سودێکیان هەبووایە، ئینجا ئەو هەموو جلە کوردییانە چین؟ کوا ئێستا کورد جلی کوردی لەبەر ئەکا؟ بڕۆ ئەو بازاڕە، ئەوەی جلی کوردی پۆشیبێ، تەنها برا عەرەبە چاو گەشەکانمانن ..
نا ..نا .. نابێ ئەو قسانە بکەیت، مێز و سەر کەوانتەرەکان بوون ڕەبایەی گوڵ، قەیناکات ..
ئەڵێ : یەک حەشریان بۆ کردووم، هەر نەبێتەوە .. ئەوەنە گریاوین، ئەوەنە گریاوین، پرزەمان لێ بڕا .. ئەیانووت خۆمان ناگرین چی بکەین.
ئیتر تۆ نازانیت چی بڵێیت، ئەگەر پێی بڵێیت : بە خۆشیی بێ.. ڕەنگە پێت بڵێ ئەزانم پێت خۆشە ئیتر ببم بە ژنی ماڵەوە و ئەو تۆزە دەوام و دائیرەیەیشم نەمێنێ ..
ئەگەر بڵێی خێری پێوە بێ ..
ڕەنگە بڵێ خێری چی؟ مەلیک مەحمود مرد هەر ئەوەنە بۆی گریاون ..
خۆ ئەگەر بڵێی : دەی بەس نییە خزمەتەکەت بە سەلامەتیی تەواو کرد و نەجاتت بوو !
ڕەنگە بڵێ بۆ ؟ خۆ خزمەتی عەسکەریی نییە، وەڵا هەموو ڕۆژێ کە ئەچووم بۆ دەوام وەک ئەوەی بچم بۆ سەیران، وابوو .. چا لێدەنرا، کێک و پیتزامان بانگ ئەکرد، بە گوڵەبەڕۆژە و دەنکە کولەکەوە.. باس و خواسی دنیا و ..نوکتە و قسەی خۆش..ڕێک لە خوشکەکانم دڵسۆزتر بوون.. نەجاتی چی؟ تۆ تەواویت؟ یەعنی چی نەجاتم بوو؟ خۆ زیندانی سیاسیی نەبووم ..
ئیتر نازانن چی بڵێن.. بەڵام بە ڕای من هیچ نەڵێن باشترە.. هەر جار جار بۆنێکی چەپکە گوڵەکان بکەن و . . بڵێن ئەڵێی چی بچم کۆمەڵێ گوڵدانی گەورە – گەورە بکڕم، ئاویان تێکەین لەگەڵ دەنکێ پاراسیتۆڵ، با نەژاکێن ؟
ئەگەر ئەوەیش نەڵێن ڕەنگە بڵێم باشتر بێ بۆتان.
بێ گومان ئەمە بار و دۆخێکی کۆمەڵگا و سیستمێکی دەسەڵاتە کە کۆمەڵگای توشی ئاڵودە بوون کردووە بە کارێکی وەهمییەوە، لە ڕاستیدا نە کارە و نە بەرهەمە و نە هیچ داهێنانێکی تیایە، دوای ئەوە لە پڕێکدا ئەڵێ بڕۆن بۆ ماڵەوە خانەنشین بوویت.. ئەو ئاڵودە بوونە و ئەم لە پڕدا وازهێنانە، شۆکێکی گەورەیە لە ژیانی هەر فەرمانبەرێکدا، چونکە هیچ بەدیلێکی تری نییە .. ئەبێ لە لوتکەیەکەوە بۆ ناو شیوێکی نادیار تلۆر بێتەوە .. لە ووڵاتانی پێشکەوتوودا پارەیەکی زۆر بۆ خانەنشین خەرج دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانێ گەشت و گەڕان به ووڵاتاندا بکات، لە هەندێ ووڵاتدا شوقەیەکیش بە خانەنشین دەدرێت بە نرخێکی ڕەمزیی وکەم، هەتا خۆی پێوە سەرقاڵ بکا و ..وەک خاوەن سەرمایەیەکی لێ بێت و .. هەستی غەرییی و بێکاریی بە سەریدا زاڵ نەبێ و نوقمی نەکات ..
لای ئێمە هیچ شتێک لەو شتانە لە ئارادا نییە، ئەوەی بۆ خانەنشین ئەمێنێتەوە تەنها یادگاریی و خەم و خەفەت و گۆشەگیریی و نامۆبوونە..بە تایبەت کە زیاتر لە شەست موچەی بە ناوی پاشەکەوتەوە لێ زەوت کراوە مەگەر لە ڕۆژی قیامەتدا، وەک مەحوی ، ئەم دەسەڵاتە پاشەکەوت بێتەوە فکری.




چاکە.. نەوزاد بەندی

چاکە وشەیەکە لە هەموو فەرهەنگ و کولتوورەکانی کۆن و نوێدا، هەبووە و هەیە و ئەبێ.. ڕەنگە بڵێم ووشەیەکی هێندە فراوان و بە تان و پۆیە، سەرجەم ئایین و بیر و باوەڕەکان بە هی خۆیانی ئەزانن.
هیچ کەس و ئایدیا و کۆمەڵێک نییە خۆی بە چاک و چاکەکار نەزانێت، پیاو کوژەکان پێش کوژراوەکان، دیکتاتۆرەکان پێش دیموکراسخوازەکان، بێباوەڕەکان پێش باوەڕدارەکان، ڕەگەز پەرستەکان پێش هەمووان، خۆیان بە چاکەکار ئەزانن و هەرچی تاوانێک ئەنجامی دەدەن بە کاری چاک و چاکە لە قەڵەمی دەدەن.
ئینجا با بزانین چاکە، وەک ووشە و پێناسەیەک چییە؟ ئاخۆ هی هەموومانە یان نا..
چاکە لە پێناسە زۆر سادەکەیدا ئەوە تۆ خراپە نەکەیت..وەک چۆن باشترین پێوەر بۆ مرۆڤێک کە نەچێتە زۆنی دڕندەکانەوە، ئەوەیە زوڵم نەکات..
واتا وەک هەنگاوی یەکەم بۆ ئەوەی چاک بیت، پێویست ناکات چاکە بکەیت، بەڵام هەوڵ بدە خراپە نەکەیت..دراوسێی منیت، پێویست ناکات دیارییم بۆ بێنیت، بەڵام تەنەکەی خۆڵەکەت لەبەردەم ماڵی مندا دامەنێ.. پێویست ناکات چاک و چۆنییەکی گەرم و دوور و درێژم لەگەڵدا بکەیت، بەڵام پێویستە نیوەی ئوتومبیلەکەت لەبەردەگاکەی مندا نەبێت، چونکە منیش وەک تۆ ئوتومبیلم هەیە.. پێویست ناکات پێم بڵێی ئەی گەلی قارەمان، بەڵام پێویستە داهاتی ووڵاتەکەم نەدزیت بۆ خۆت.
پێویست ناکا باسی زیرەکیی و مەردایەتیی کەسێک بکەیت، بەڵام پێویستە کە لە خاڵێکدا یەکتان نەگرتەوە نەکەویتە هەوڵی ناشیرینکردنی..
واتا هەنگاوی یەکەم بۆ ئەوەی چاک بیت، ئەوەیە کە خراپ نەبیت. یەکەم هەوڵی چاکەکردن ئەوەیە کە واز لە خراپەکردن بێنیت..
ئێستا زۆرینە دەڵێن ئێمە خراپەکار نین، چاکەیەکیش لە تواناماندا بووبێ کردوومانە.. لە ڕاستیدا ئەو قسەیە خۆی لە خۆیدا خراپەکارییە، واتا من بێم بەردەوام پێناسەیەکی ئەرێنیی خۆم بکەم و خراپەکاریی لە خۆم دوور بخەمەوە، ئەوە خۆی لە خۆیدا خراپەکارییە.. چونکە مرۆڤ کاتێ ئەڵێ من خراپەکار نیم، کەواتە خراپەکانی ناو کۆمەڵگاکەی ئەخاتە سەر شانی ئەوانی تر، بە بێ ئەوەی خۆیشی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەوانی تردا هەبێ، گەر وا نەبووایە هەڵبەت لە کۆمەڵگایەکی تردا لە دایک ئەبوو یان سەری خۆی هەڵئەگرت بۆ کۆمەڵگایەکی دادپەروەر . . ئەوە جۆرێکە لە نێرگزیی.. کۆمەڵگای نێرگزیی ئەو کۆمەڵگایەیە کە تاکەکانی خاوەن کەسایەتییەکی لەخۆڕازیی و عاشق بەخۆیانن، بەو جۆرە خراپەکاریی وەک تۆپی بالە، بۆ یەکتریی هەڵدەدەن و هیچیان خۆی ناکا بە خاوەنی. کۆمەڵگای کوردییش کۆمەڵگایەکی هەتا سەر ئێسقان نێرگزییە، دەسەڵات خۆی ئەکا بە چاکەکارێکی بێ وێنە و پێشمەرگە و مەرجەع و پارێزگار ی سەر و ماڵی خەڵک و هەموو خراپەکان وەک تۆپ هەڵدەدا بۆ جەماوەر، جەماوەریش دەست دەکات بە ڕەخنە و جنێو و تانە و تەشەر لە دەسەڵات و بە دز و جەردە و هۆکاری هەموو نەهامەتییەکانی دادەنێ و ..خراپەکان وەک تۆپ هەڵدەداتەوە بۆ ناو گۆڕەپانی دەسەڵات.
کاتێ ڕژێمی بەعس لە کوردستان کش مەلیکی لێکرا، دام و دەزگاکانی حوکمەت تاڵان کران، ئەم تاڵانکردنە کە خراپەکاریی و تاوانێکی قێزەونە، تا ئێستایش واتا دوای 35 ساڵ لە ئەنجامدانی، نازانین کێ ئەنجامی داوە؟ هەر کەسێک ئەیداتە پاڵ کەسێکی تر، هەر تیرە و هۆز و بنەماڵە و حیزبێ ئەیداتە پاڵ تیرە و هۆز و بنەماڵە و حیزبەکانی تر .. ڕێک وەک جاشایەتییەکە وایه، لەگەڵ هەبوونی دەیان هەزار چەکداری خۆفرۆش کە ناویان لێ نرابوو جاش، ئەمڕۆ یەک دانەیشیان دیار نین و نازانین ئەو جاشانە کێ بوون و چییان لێ بەسەرهات؟ ئاسمان هەڵیلوشین یان چوون بە ناخی زەمیندا..
ئەو نمونانە بۆ سەلماندنی ئەو یەکەم هەنگاوە بوو، کە لە ڕێگای چاکەدا پێویستە بینێین، ئەویش نەکردنی خراپەیە.. هەڵبەت پێش ئەم یەکەم هەنگاوە، لەسەر هەموومانە واز لە جوانکاریی و ئارایشتکردنی خۆمان بێنین ، واتا پێویستە سەرەتا ددان بەوەدا بنێین پێشتر چاک نەبووین، ئەگینا خراپە هەموو کۆمەڵگای نوقوم نەدەکرد، واتا جێگای پێکەنینە گەر لەناو قوڕاوێکدا خەڵکێک هەبن بڵێن ئێمە قوڕاویی نین..
به ڕاستی من قاقا پێدەکەنم بەو جەردە ملیاردێرەی لە جیاتی واز لە دزیی و مافیاگەرێتیی بێنێ و ملیارەکانی کە دزیوێتی بیگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، ئەچێ بۆ عەمرە و تۆپێک خام لە خۆیەوە ئەپێچێ و لەلای بەردەڕەشەکەوە وێنەکانی بڵاو دەکاتەوە، ئەمە وەک ئەوە وایه خواردنێکی بۆگەن لە جیاتی ئەوەی بیخەینە ناو تەنەکەی خۆڵەوە، بیخەنە ناو مایکرۆوەیڤێکی تازەوە ..
بە ڕاستی من پێکەنینم بەو چەکدارانە دێت کە باسی پیاوەتیی و مەردایەتیی و شۆڕشگێڕیی و وەفاداریی خۆیان ئەکەن، چونکە ئەگەر ئەو قسانەیش ڕاست بن، ئەبێ خۆیان نەیکەن، هەروەها هاوڕێ و نانخۆرەکانیشیان نەیکەن، ئەبێ خەڵکێکی بێلایەن ئەو پێناسانەیان بۆ بکەن..چونکە یەکێک لە گەورەترین خراپەکانی مرۆڤ ئەوەیە باسی چاکەی خۆی ئەکات..
من سەرم ئەسوڕمێ لەو کاربەدەست و هونەرمەند و نوسەر و کەسایەتییانەی کە بەو ڕۆژگارە لەسەر سکرین و ناو کتێب و ڕۆژنامەکاندا دەردەکەون و باسی گرنگیی و ماندوونەناسیی و فرە بەرهەمیی و داهێنانە گەورەکان و ئازایەتیی و ئەشکەنجەکانی خۆیان دەکەن لە پێناوی گەلی کوردا، له کاتێکدا ئەمڕۆ گەلی کورد ئەوەندە بێ داهاتوو، بێ ئێستایە، ئەوەندە دەستەوسان و بێ بەرنامە و بێ خاوەنە، وەک هەویرێک وایە هەر میللەتێک بیەوێ، ئەیکاتە سەر ساج و شتێکی بۆ خۆی لێ دروست ئەکا..وەک کەلاوەیەک وایە هەر کەسێ بیەوێ چەک و تەقەمەنیی و میزی خۆی لێ فڕێ دەدات.
بە ڕاستی عەیبەیەکی گەورەیە، خراپەیەکی گەورەیە و هەمان کاتیش تاوانێکی گەورەیە، لە کۆمەڵگایەکدا کە نوقوم بووە لە گەندەڵیی و دزیی و وێرانکاریی و پاوانخوازیی و لەبار بردنی هەموو کایه مرۆڤایەتییەکاندا، خەڵکێک ئەوەندە بێ شەرم و حەیا بن، بێن و لە میدیاکانەوە باس لە سەرکردایەتیی و پیاوەتیی و زیرەکیی و خەباتگێڕیی و قوربانیدانی خۆیان بکەن و خۆیان با بدەن و چاوەڕوانی چەپڵە و ستایش بن لە خەڵکێکی هەناسە سارد و مایەپوچەوە.
واتا لێرەدا یەکەم هەنگاوی چاکە خوازیی ئەوەیە بێدەنگ بین.. وەک چۆن کە لە بەردەم تەرمێکدا ڕادەوەستین، هەمووان بێدەنگ ئەبین..چونکە باشترین خزمەت بەو دۆخە، بێدەنگبوونە..
ئێوەیش ئەی دۆنکیشۆتە زیانەخرۆ گەمژە و بێ هونەر و خوپەرست و ملیاردێرەکان، باشترین خزمەت و چاکەیەک لەسەر تەرمی کوردستان بیکەن، ئەوەیە بێدەنگ بن..

نەوزاد بەندی




تەحزیر ڕەسمی.. شیعر\ نەوزاد بەندی

با دوا شت کە لە یادی ئەکەی ،
من بم ..
دوای من،
هیچی ترت بۆ لە یادکردن، نەمێنێ..
با دوا کەس کە تیرۆری ئەکەی،
من بم ..
دوای من هیچ کەسێ نەتدوێنێ …
من با دوا دەنکە فستق بم ،
کە توێکڵەکانی جیا دەکەیتەوە ..
فڕێی ئەدەی ..
با دوا کەس کە بلۆکی ئەکەی،
من بم ..
واڵەکەت وەک دەشتی کەنعان،چۆڵ بێ ..
دوای من، خاڵیی و تەنیا بی وەک مانگ
با من دوا پرژە عەتر بم ،
کە ئیتر ئەبێ شوشەکە
بشکێنی ..
وەک دوا دڵۆپە فرمێسکی
سەر برژانگ ..
نامەوێ دوای من ،
کەسێ زەنگت بۆ لێدا ..
نوکتەیەکت بۆ بکا و
بتهێنێتە پێکەنین ..
لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی عەشقا،
دەنگت پێ بدا و ..
داوەتی پیاسەیەکت بۆ بکا و
لە پێچێکدا،
شانت بەر شانی بکەوێ ..
نامەوێ ..نا ..نامەوێ،
لە دوای من،
شاعیرێ دار و تەختەی
شیعرێکت بۆ ببەستێ و
لە ئەسکەلەیەکەوە،
تەماشات کا و
دنیایەک وێنەت بگرێ..
بیەوێ لە فرسەتێکا،
پێت بڵێ دڵم پێم
ئەڵێ خۆشم ئەوێ ..
نا .. نامەوێ ..
دوای من کەسێکی تر
لە زیندانە نهێنییەکانتا،
بەر هیچ عەفواتێ نەکەوێ ..
ڕازی نەبێ لێت جیا بێتەوە،
بە ئان و زەمان ..
نا .. نامەوێ ..
دوای من، کەسێک
خەوی نیوەڕۆیەکت بزڕێنێ و
وەک قازیقە بتخاتە سەر شانی و
بتبا بۆ ناو درەختە نەمامەکانی پارکێ ..
لە دۆندرمە خانەیەک ،
دوو پسکیتی ڕەنگ و ڕەنگ بکڕێ ..
لە کەبابخانەیەک بڵێ،
چوار شیشی موشەکەل مەحشی ..
نامەوێ . نا دوای من،
هیچ جەردەیەکی ترت لێ هەڵکەوێ ..
ئەمەوێ هەر من،
تیشکی چاوەکانت تاڵان کەم ..
هەر من هەنگاوەکانت بۆ خۆم پاوانکەم ..
نامەوێ دوای من ،
هیچ جەردەیەکی تر،
نەیەڵێ نیوەڕۆ بنووی ..
بە دیارتەوە دانیشێ ،
تۆ باوێشک بەیت و
ئەویش مەوزوعێکی دوور و درێژ بکاتەوە ..
ئەو خەو بیباتەوە و
تۆیش نیوسەعات تەلەفۆن بکەی ..
ئێواره زۆر خێرا بێتە شارەوە و
مانگ پێش وەخت ،
کۆدەتا بکا بەسەر عەسرا ..
کزەبایەک دەستت بتەزێنێ و ..
نامەوێ بێجگە لە خۆم هیچ جەردەیەک،
وەک کۆترە باریکەیەکی بەر شەختە،
دەستێکت بفڕێنێ و
بیخاتە گیرفانێکی ..
بێجگە لە خۆم ، نامەوێ هیچ جەردەیەک،
بێ بەرنامە ،
تۆ بکا بە هاوڕێی سەیرانێکی
بە سەربازی جەنگێکی ..
بە فڵچەی ڕەنگێکی ..
بە هاوبەشی پێکەنین و گریانێکی ..




نەخۆشیی پاتەی دڕاو و دشداشە ی چڵکن.. نەوزاد بەندی

عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب لە ووتەیەکیدا باس لەوە دەکات، خێر لە گەدەیەکدا نییە برسی بووبێت و لە پڕێکا تێر بووبێت.
یەکێک لە دۆخە تراژیدییەکانی مرۆڤ، ئاڵودە بونێتی بە هەندێ شت کە لە ژیانیدا زۆر دووبارە بۆتەوە، ئەو شتانە ئەگەر قورس و ناڕەحەت و حەیابەریش بووبن، هەر ناتوانێت دەستبەرداریان بێ.
لە کەلەپوریی خۆماندا حەکایەتێک هەیە باس لە کوڕە شوانێک ئەکات بازی پاشایەتیی لەسەر شانی ئەنیشێتەوە و لە پڕێکدا ئەبێتە پاشا .. یەکێک لە وەزیرەکانی چاودێریی دەکات، بۆی دەردەکەوێ پاشا قەراغە نان لە تاقەکانی کۆشکەکەیدا دادەنێ، هەتا ڕەق دەبنەوە، جا لە شەودا بە دزیی خەدەم و حەشەمەکەیەوە، قەراغە نانە ڕەقەکان دائەکرمێنێ و ئەیانخوات چونکە ئەوە خواردنی ساڵەهای ساڵی بووە، تاج و تەختی پاشایەتیی نەیانتوانیوە ئەو نانەڕق کرماندنەی بۆ چارەسەر بکەن.
بەڵام لەم ووڵاتە سەیرەی خۆماندا یان لەم کۆمەڵگا ڕەشۆکییەی عێراقدا، بەردەوام دیاردەی دزێو و حەیابەرە ئەبینین، بۆ نمونە خێزانێکی دەشتەکیی کاتێ دێنە شارەوە، لە جیاتیی درێژە به ژیانی دەشتەکیی بدەن یان هیچ نەبێ وەک خەڵکی شار بژین، پێداگریی ئەکەن و خۆیان ئەکەن بە گاڵتەجاڕ بە حیسابی خۆیان ڕوخسار و ڕەگ و ڕیشەی دەشتەکیی لە خۆیاندا قەڵاچۆ دەکەن، ئەبینیت بە هیچ جۆرێ دار و درەخت لە ماڵەکانیاندا نییە، بۆ ئەوەی بیرەوەریی باخداریی و کشتیاریی و پاچەکۆڵەیان تێدا نەژێتەوە .. کوڕەکانیان ئەبنە مەیخۆر و قومارچی، تازەترین مۆدێلی قژ و جل و بەرگ پەیڕەو دەکەن، کچەکانیان بە تەشت بۆیاخ و سوراو و سپیاو بە سەر و گوێلاکیاندا ئەڕێژن.. خانووەکانیان بە تازەترین مۆدێلی دیکۆر دروست دەکەن بە جۆرێک ڕوکاری دەرەوەیان زۆر لە ناوەوەیان گرانبەهاتر و خۆشتر و جوانترە، ئینجا شاخی کەڵەکێوییەک و ئایەتی ( و ان یکادوا الذین یزلقونك بابصارهم …) هەڵدەواسن، دیاردەی ئەم ئایەتی دژی چاوپیسیی هەڵواسینە، لە دوای هێنانی بە لێشاویی دەشتەکییەکانەوە سەری هەڵدا، لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە ساڵی 1979 ..
لە ڕاستیدا هەموو ئەم مەسرەفە گەوره و گرانە، ئەوەندەی تۆسقاڵێک ئەوانی دەشتەکیی ناگۆڕێ، چونکە گۆڕان لە ڕێی زانست و مەعریفە و مێشک و دەروونەوە ڕوو دەدەن، ئەبینیت لە بچوکترین جیاوازی باری سەرنج و بۆچووندا، یەکسەر دەست دەدەنە چەقۆ و گاڵۆک و چەک، یەکتری قەتڵ و عام دەکەن.. کۆڵانەکانی شار پیس و پۆخڵ دەکەن و .. مێینەیەک ببینن، ئەگەر دەستێکیشی بۆ نەبەن، تەشەرێکی بریندارکەری تێدەگرن..لەسەر سانتیمەترێک زەوی لەگەڵ دراوسێکەیاندا ئەیکەن بە شەڕ و دادگای پێ دەگرن..لە ئەرکەکانی شارنشینیی ڕادەکەن وەک باج و شتەکانی تر.. کۆڵان و شەقامەکان پڕ دەکەن له دیاردەی دەشتەکیی، وەکو دەنگی بەرز و بۆڵە بۆڵ و شەڕەجنێو و بێ ڕێزیی و قەڵەباڵغیی بێ مەبەست و دوکانی بیست و چوارسەعاتیی و زیادەڕەویی و پیس و پۆخڵیی لە هەموو دامەزراوە شارستانییەکاندا..
ئەو هەوڵە ڕووکەشە گرانبەها شکست خواردووانە و .. ئەو دۆخە نائارامەی شارەکە توشی دەبێت، وا دەکات هەم خێزانە دەشتەکییەکان نائارام بن و هەم خەڵکی شارەکە ..وەک ئەوە وایە چەند مریشکێک لە کێڵگەیەکی قازدا بەرەڵڵا بکەیت، نە مریشکەکان ئەبن بە قاز و نە قازەکانیش ئەبنە مریشک، هیچ کامیشیان ناحەوێنەوە، مەگەر ئەو کاتە بحەوێنەوە کە مریشکەکان لەو کێڵگەیه ئەچنە دەرەوە، بەو جۆرە بەرە بەرە خەڵکی شار، سەری خۆیان هەڵدەگرن و دەشتەکییەکان ئەبنە خاوەنی شار. ئەم دەردە کۆمەڵایەتییە، دکتۆر عەلی وەردی به دوور و درێژیی ئاماژەی پێداوە، لە کاتێکدا وەسفی ڕەشۆکییەکان دەکات کە بە پۆل دێنە شار و دەچنە دەزگا سیخوڕیی و شەق وەشێنەکان و پۆستی شەق وەشاندن وەردەگرن، ئەوە بە گەورەترین چێژ و سەرکەوتن لە قەڵەم دەدەن کە لە بەرامبەر شەقوەشاندندا، موچە وەربگریت.
کێشەی دەسەڵات لە عێراقدا، لە دوای لابردنی ئەحمەد حەسەن بەکر بە پیلانی ژێر بە ژێری سەدام و دەزگاکا سیخوڕییە جیهانییەکان بە مەرجی هەڵگیرساندنی شەڕێکی دوور ودرێژ لەگەڵ ڕژێمی نوێی ئێرانی ئەوسادا، واتا ساڵی 1980، ئەوە بوو کەسێکی ڕەشۆکیی و دەشتەکیی وەک سەدام حسێن بووە فەرمانڕەوای عێراقێکی شارستانیی و خاوەن کولتوور و مێژوویەکی پرشنگدار .. ئەم دەشتەکییە کەوتە گۆڕانکاریی لە ڕووکەشیدا بۆ شاردنەوەی گەمژەیی و ڕەشکۆکییەکەی، وەک دانانی شەپقەی ڕۆژئاوایی، کێشانی جگەرەی چروتی کوبایی، دروستکردنی دەیان و سەدان کۆشک..جێبەجێکردنی کوێرانەی کتێبی میری نیکۆڵۆ مەکیاڤیللیی ..لاسایی کوێرانەی ستالین و هیتلەر له کوشتن و پاکتاوکردنی هاوڕێکانی و گەلی کورد و ..شیعە .. دانانی باڵاترین پلەی سەربازیی موهیب ڕوکن لەسەر شانەکانی بە بێ ئەوەی لە هیچ کۆلێژ و قوتابخانەیەکی سەربازییدا بۆ یەک سەعاتیش خوێندبێتی.
ئەم کردارە ناشیرین و زیادەڕەو و تاوانکارییانە، ئەوەندەی تۆزێک عەقڵییەتی دەشتەکیی و ڕەشۆکیی سەدامیان نەگۆڕی، ئەو تەنها شێوەزارێکی خوار و خێچی عۆجەی دەزانیی و نەیدەتوانی دوو دێڕ عەرەبی ڕەوان بڵێ، مەگەر بۆیان نوسیبێ و ئەمیش خوێندبێتیەوە.. ئەو هەر ڕەشۆکییەک بوو کە هیچ زمانێکی زیندووی جیهانیی نەدەزانی.. بەو جۆرە دۆخی لە خۆی و گەلانی عێراقیش تێک وپێکدا، نەیدەتوانی عێراق بەجێبهێڵێت، بە درێژایی دەیان ساڵ حوکمڕانیی، یەک جار سەردانی ڕوسیا و یەک جار سەردانی فەڕەنسای کرد، عەقڵییەتی دەشتەکیی و ڕەشۆکییەکەی، وای دەخواست هەر لە عێراق بمێنێتەوە و هەموو شەوێکیش لە تەلەفزیۆندا دەرکەوێت و قسەی هەلەق ومەلەق بکات، شەقام و فەرمانگا و یاریگا و مەلەوانگە و مزگەوت و تەواوی ماڵەکانی ووڵاتەکە پڕ بکات لە وێنە و پەیکەر و وتەی خۆی ..تەنانەت لەسەر کتێب و دەفتەری خوێندگاکاندا وێنەی خۆی چاپ دەکرد و.. لە دیوار و دەرگا و هەموو شوێنێکی ووڵاتدا وتە خوار و خێچەکانی بە پیتی زێڕین ئەنووسران ..
بەو جۆره عێراق هێواش هێواش ڕوخساری شارستانیی لێ داڕنرا و .. بەربەریەت و دەشتەکێتیی باڵی بەسەردا کێشا، ئیتر دەشتەکیی و ڕەشۆکییەکان دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار و پلەدار و خاوەن بڕیار بوون، کەسانی خاوەن بڕوانامە و ئەدەب و زانست و هونەریش، ڕۆژ بە ڕۆژ بێ نرخ و بێ بایەخ دەکران..
لە دوای سەدامیش، کۆمەڵێکی تر بەفەرمانی ئەمەریکا هاتنە سەر تەختی پاشایەتیی، کۆمەڵێ برسی و تینوو، پاتەدڕاو و دشداشه چڵکن، لەناکاو بوون بە پاشای پاشاکان .. ئەم هەموو پاشا پاتە دڕاو و دشداشه چڵکنە، کەوتنە خۆیان، بۆ شاردنەوەی پاتە دڕاو و دشداشە چڵکنەکانیان کە ساڵەهای ساڵ پێیانەوە لکا بوون.. سەرەتا بە خواردنێکی زۆر و بێ شومار، قەڵەو و تەنگەئەستوور بوون، پاشان ملیۆنەها دۆلار لە کۆشک و ئوتومبیل و عەیش و نۆشی پاشا پاتەدڕاو و دشداشە چڵکنەکانا خەرج کرا.. ڤێلای شاهانە، جەڵەبی ئوتومبیلی گرانبەهای ڕەشمیریی، فڕۆکەی تایبەتی گرانبەها، چاکەت و پانتۆڵ و بۆینباخی بڕاندە جیهانییەکانی ئیتاڵیا و فەڕەنسا، عەتری گرانبەها، سەعاتی مەچەکی ئەڵماس بە ملیۆنەها دۆلار، کۆشک و ڤێلای دەرەوەی وڵات بە ملیارەها دۆلار، هەزاران کۆمپانیا و زانکۆ و مۆڵ و تاوەری یەکەی نیشتەجێبوون بەناوی خۆیان و کوڕ و خوشکەزا و برازا و ئامۆزا و یار و یاوەرەکانیانەوە.. پەستاندنی بانکەکانی سویسرا و وڵاتانی مافیاگەر بە ملیارەها دۆلاری ڕەش و بێ سەرەتا و .. پاوانکردنی زەوی و گرد و شاخ و باخ و نەوت و پەیوەندییەکان و کارەبا و ئاو و خوێندن و تەندروستیی و قەل و مەڕ و کچەمۆدێل و سەروپێ!! و هەموو کایەکانی تر ..
ئەو خەرجییە گەورە و گرانانە لە سەر و پۆتەڵاک و نیشتەجێبوون و گواستنەوە و گیرفانیاندا کرا، ئەوەندەی تۆسقاڵێک پاتەی دڕاو و چڵکی دشداشەکانیانی چارەسەر نەکرد.. هەر به ڕەشۆکیی و دەشتەکیی و چەقاوەسویەتیی و دەبەنگیی و نەخوێندەواریی و بێ مۆراڵیی مانەوە .. دوای 35 ساڵ، هێشتا نەیانتوانی ببن بە هاوڕێ و هاوکار.. هێشتا شیر و تیر لە یەکتریی ئەسوون .. چەندین شەڕی براکوژی و مەزهەبییان ڕاگەیاند و دەیان هەزار خەڵکیان به کوشت دا، ئەوانە درێژەی ئەو شەڕانە بوون کە پێشتر لەسەر نۆره ئاو و شەرتی شوانیی و کچ فڕاندن و کلکی چارەوێ بڕین، ڕایانگەیاندبوون.
ئەمانە بوونە تەواو کەرێکی زۆر ترسناکی بەرنامەکەی سەدام حسێن..بە زیادەوە ئەدەب و هونەر و زانست و مەعریفەیان شێواند.. شار بوو بە مارکێتێکی گەورەی خۆیان، داهاتی ووڵات بووە دەخیلەیەکی تایبەت بە خۆیان.. هەموو شتێکیان کرد بە پارە.. پاره ئەو گرێ دەروونییە گەورەیەی کە دەیان ساڵ پێش ئێستا پێوەی ئەتلانەوە و نەیاندەتوانی پاتەی دڕاو و دشداشە چڵکنەکانیانی پێ چارەسەر بکەن..ئەمڕۆ بە داهات و سەروەت و سامانی یەکێک لە گەورەترین ووڵاتە نەوتیی و گازیی و کانزانیی و کشت و کاڵیی و بازرگانییە گەورەکانی جیهان، ناتوانن کێشەی دەروونیی پاتەی دڕاو و دشداشەی چڵکن چارەسەر بکەن.. ڕۆژانە ملیۆنەها دۆلار لەو پێناوەدا بە هەدەر دەدرێ، بێ ئەوەی تۆسقاڵێک پاتە دڕاو و دشداشە چڵکنەکانیان بۆ بشارێتەوە .




ئێستایش جار جار.. شیعری نەوزاد بەندی

ئێستایش،
لە دوای تێپەربوونی
دەیەها ساڵ
جار جار
سەردانێکت ئەکەم ..
نە تۆ
کورسیەکی به تاڵت ماوە بۆ من ..
نە من ئەژنۆی
ئەو قادرمەکانی تۆم ماوە بۆ سەرکەوتن ..
ناوێرم نزیک بمەوە لێت،
ئەترسم تەزووی یادگاریی و
عاتیفە بمتوێنێتەوە ..
ببمە مشتێ حەرفی سووتاو
کەس تێم نەگا و
نەتوانێ بمخوێنێتەوە ..

ئێستایش جار جار،
یەک دوو هاوڕێ،
ڕازی ئەکەم بێن لەگەڵم ..
ئەترسم ئەگەر تەنیا بێم،
لەبەرامبەرتا بڕوخێم ..
بسوتێم ..
ببم بە هەڵم ..
ئەڵێم با لەبەر هاوڕێیان،
شەرم بکەم ..
نەهێڵم سۆز داگیرم کا ..
کە سۆز هەر داگیریی کردووم ..
ئەڵێم با لەبەر هاوڕێیان،
نەهێڵم فرمێسکیی دووریی،
گەچکاریم ..
کە ئەو هەر گەچکاریی کردووم ..

ئێستایش جار جار
ساڵانە جارێ
یان دوو جار ..
چوار سەعات ڕێگا و
زیاتریش ..
دە دوانزە بازگەی عەرەب و
کورد و شیعە ..
ئەبڕم و دێم ..
لەگەڵ هەزار دەرد و زاما ..
به پرسگەی زانکۆ ئەڵێم
یابا جێنا زیارە،
ئیحنا خریجی قوداما ..
ئەکەوێتە سەر کەسەکە
یان ئەڵێ ئەهلەن وە سەهلەن،
عەلا ڕاسنا ..
یاخود ئەڵێ،
وەڵاهی ما بیها مەجال،
کامێرا تلتەقت حەتا
نەزەڕاتنا وە حەواسنا ..

ئێستایش جار جار ،
وەک بۆ پاشماوەی جەنگێکی مێژوویی بێم،
بۆ مۆزەخانەیەک، کۆن کۆن ..
بێ جانتای سەفەر ..
بێ خاولی و
مەکینەی ڕیش تاشین و بۆن ..
ئاخر بە نیازم وەک جاران،
قوتابیەکی شیمالی
موخەڕیبین و عوسات بم..
لەناو کۆمەڵێ بەعسیدا،
موستەقیل بم ..
عەرەبێکەم دوکەڵ بکا و
وەکو دیل بم ..
ئەمەوێ وەک تەلەبەیەک،
خۆم نیشاندەم ..
بەڵکو زەمان دڵی پڕبێ و
ئەویش بێتەوە بۆ دواوە ..!
بەڵام کە پرسیار ئەکەم و
لەوەڵامدا ئەڵێن حەجی ..
شانۆگەرییەکە ئەوەستێ و
شانۆ ئەڕمێ و
پیرەمێردێ دەرئەکەوێ
لەگەڵ بەشی بایۆلۆجی




خزمەتکردن.. نەوزاد بەندی

کێشەی سەرەکی مرۆڤ و کۆمەڵگا و دەسەڵاتەکان، ئەوەیە چۆن کەمترین خزمەت بکەۆ و زۆرترین خزمەت بکرێن.. واتا مروڤ لەگەڵ کەسێک هاوڕێیه یان دوژمنە لەسەر بنچینەی خزمەتکردن، ئەگەر خزمەتێکی پێ بگەیەنێت، ئەبێتە هاوڕێیی..ئەگەر خزمەتی پێ نەگەیەنێت، ئەبێتە نەناسیاو و نامۆ..خۆ ئەگەر خزمەتێکی لێ قورخ بکات ئەوا ئەبێتە دوژمن.
ووڵاتانی زلهێز ئەیانەوێ ووڵاتەکانی تر لە خزمەتی ئەواندا بن، نەوت و هەموو کانزاکانیان..تەنانەت مرۆڤەکانیان ..ئایین و ڕەوشتە کۆمەڵگاکانیان ئەبێ له خزمەتی ئەواندا بن، ئینگڵیز کە هیندستانی داگیرکرد، بێجگە لەوەی ژمارەیەکی زۆری بە بێ تاوان لێ کوشتن، لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی زۆریشی لێکردن بە سەرباز و ..ووڵاتانی تری وەک عێراقی پێ داگیرکردن ..
کاتێ ئەمەریکا هەڵئەکوتێتە سەر ووڵاتێکی وەک فەنزویلا و بە نیوە شەو سەرۆکەکەی ئەفڕێنێت و سیستمی سیاسیی ووڵاتەکە ئەگۆڕێت، مەبەستی لەوەیە فەنزویلا خزمەتی بکات، نەوتەکەی بداتێ، واتا نەوتەکەی فەنزویلا بۆ فەنزویلا نەبێت و بە خۆڕایی بیداتە ئەمەریکا و دۆناڵد تڕەمپ، چونکە عەقڵییەتی کۆڵۆنالیستەکان بەو جۆرەیه کە تەنها خۆیان مرۆڤن یان مرۆڤی باڵا و زێڕینن و ..ئەبێ تەواوی مرۆڤایەتیی خزمەتیان بکەن.
کاتێ فەڕەنسییەکان حەوت ملیۆن کەسی سیڤیل تەنها لە جەزائیردا کۆمەڵکوژ ئەکەن، ئەیانەوێ بەشێوەیەکی کرداریی بڵێن ئێوە مرۆڤ نین و جۆرێکن له جۆرەکانی مێرووی زیانبەخش و پێویستە ئێمەی مرۆڤ بتانکوژین ..
ئیتر دیاردەی سەیر و سەمەره لەم پڕۆسە ناشیرینەدا دێتە بوون، وەک ئەوەی له فەرمانڕەوای کوردی باشووردا و بە درێژایی نزیکەی دە ساڵ بە حیساب نەوتفرۆشتنی سەربەخۆ، لە جیاتی خۆشگوزەرانیی، قەرزار دەبن ..واتا نەوت ئەفرۆشن کەچی سی چل ملیار دۆلار قەرزار ئەبن، لە ڕاستیدا ئەوە نەوتفرۆشتن نییە، ئەوە نەوت بەخشینە بە زلهێزەکانی جیهان، چونکە ئەوان وا دەخوازن کە تەواوی نەوتی جیهان به خۆڕایی وەربگرن، بەڵام لێرەدا لەگەڵ بە خۆڕایی پێدانەکەیاندا پارەی بۆری و گواستنەوەیشیان لەسەر ئەژمار کردوون، هەربۆیە نەوت ئەفرۆشن و قەرزاریش ئەبن…
تۆ ئەبێ خزمەتم بکەیت ئەگینا لە ئاسانترین بژاردەدا هاوڕێیەتیت ناکەم، خۆ ئەگەر چەکدار و زلهێزیش بم، ئەوا ئەتکوژم و لەناوت ئەبەم.
تۆماری چەکدارانی دوور و نزیک، پڕپڕن لەو کوژراوانەی کە ڕازی نەبوون خزمەت به چەکدارەکان بکەن یان لە بنەڕەتدا دروستکردنی چەک بۆ ئەوەیە ئەوانەی توانای کڕینی چەکیان هەیه لەلایەن ئەوانەی توانای کڕینی چەکیان نییە، خزمەت بکرێن، ئەگینا خوێنیان حەڵاڵ کراوە.
ئەوەتا فایق بێکەس لە شیعری بیست و حەوت ساڵەدا، بە ئەدمۆنزی ئینگلیزی داگیرکەری خزمەتکراودا ئەڵێ :
بیست و حەوت ساڵە دڵم لێت پڕە
ئەحواڵم بە دەست تۆوە زۆر شڕە
سەد بەڵێن بدەی لەلای من تڕە
بەسیەتی ئیتر ئەم وڕەوڕە
نۆکەریت ناکەم ورگم هەڵدڕە

واتا دوو ڕێگا هەیە بۆ وازهێنان لە خزمەتی زلهێز و چەکدارەکان، یان ئەوەتا وورگت هەڵدڕن و کۆتایی بە ژیانت بێنن، چونکە ئەوان ڕازی نابن واز لە خزمەتکردنیان بهێنیت..یان ئەوەتا تۆیش چەک کۆبکەیتەوە و شانەی چەکداریی دروست بکەیت و لە هێزی داگیرکەری خزمەتکراوی چەکدار بدەیت، وەک چۆن عومەر موختاری پیرەمێرد، چەکی پەیدا کرد و دژی هێزی داگیرکەری خزمەتکراو جەنگی پارتیزانیی ڕاگەیاند.
پارتیزانیی زاراوەیەکە مەبەست لێی شەڕکردنی چەکدارانێکی لاوازی مافخوراوە بەرامبەر چەکدارانێکی بەهێزی داگیرکەری زاڵم. هەربۆیە ئەم شەڕە، شەڕێکی نهێنییە، واتا لاوازە مافخوراوەکان ناتوانن ڕوو بە ڕوو شەڕ بکەن چونکە ئەو توانایەیان نییە، بە ناچاری له پەنا و پاسار و تاریکی شەودا، به تاکتیک و فێڵ لە سوپا و چەکدارانی داگیرکەر ئەدەن.. وەک گرتنی گەرووی هورموز لە لایەن ئێرانەوە دوای ئەوەی نەیتوانی بەرامبەر چەک و سوپای پێشکەوتووی ئەمەریکا خۆی بگرێ، بەو پێیه گرتنی تەنگەی هورموز لەلایەن ئێرانییەکانەوە ئەچێتە قاڵبی خەباتی پارتیزانییەوە ..
بەڵێ .. مرۆڤ بە بێ خزمەتکردن ناتوانێ مرۆڤێکی تر بکاتە هاوڕێی .. کچێکی جوان سەد داواکاری هەیه، چونکە چێژبەخشترین خزمەت بە غەریزەی نێریینەکان ئەکات، لە هەمان کاتدا کچێکی ناشیرین داواکاری نییە، بۆیە ئەمیش ناچار پەنا بۆ دەستخستنی ماڵ و سامان و بڕوانامە و دەسەڵات ئەدات، بۆ ئەوەی نێرینەکان وەک خزمەتکار لای خۆی ڕابگرێت یان هاوسەرگیریی زۆره ملێیان پێ ئیمزا بکات..ئافرەتێکی حەفتا ساڵی دەوڵەمەند، پیاوێکی بیست ساڵی هەژار ناچار دەکات بێتە خزمەتیی و بەوپەڕیی سوپاسگوزارییەوە ئەڵقەی بوکێنیی بکاتە پەنجەی.
بەو شێوەیە پەیوەندیی دایک و مناڵەکان ..باوک و مناڵەکان، هەمووی لەسەر بنچینەی خزمەتکردنی یەکتری دروست بوون.. مناڵەکان لاوازن و پێویستیان بە پارە وماڵ و ڕێنمایی و پشت و پەنای باوک و دایکیانە، هەر بۆیە پەیوەندییەکەیان پییانەوە ناو نراوە پەیوەندیی ڕۆحیی و ئاینیی و پیرۆز، چونکە بە بێ ئەوان لەناو ئەچن ..لە هەمان کاتدا باوک و دایکەکان لەناخی خۆیاندا پێی بزانن یان پێی بزانن، هەستێک یان نەستی ئەوەیان هەیە کە لە داهاتوودا پیر ئەبن و پەککەوتە ئەبن، لەو کاتەدا تەنها مناڵەکانیان ئەتوانن خزمەتیان بکەن..یان ڕاستتر ئەو خزمەتە بێ شومارەی کە بێ بەرامبەر پێشکەش منالەکانیان کردووە بەڵکو ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بەشێک لەو خزمەتانەیان وەک قەرزێک لە قۆناغی پیریدا بدەنەوە، هەرچەندە ئەمەیان زۆر متمانە پێکراو نییە، چونکە بەشێک لە منداڵان کە گەورە ئەبن و پێویستیان بە دایک و باوکیان نامێنێ، بە جێیان دەهێڵن..دروستکردنی خانەکانی پیریی، بەڵگەی ئەوەیە کە هەندێک لە مناڵەکان قەرز کوێرن و یەک قرۆش قەرز به باوانیان نادەنەوە.
خزمەت بەرامبەر خزمەت بەردەوامیی هەیە، واتا پەیوەندی سود گۆڕینەوە یان کۆمێنسالیزم.
بەو پێیە دایک و باوک خزمەتی مناڵەکان ئەکەن بە هیوای ئەوەی مناڵەکانیش کاتێ گەورەبوون، خزمەتی ئەمان بکەن ..واتە خزمەتێکی ڕاستی بە هیوای خزمەتێکی وەهمیی و خەیاڵیی..کاتێ مناڵەکان گەورە ئەبن، ئەکەونە دۆخێکی قورسەوە، چونکە ئەبێ خزمەتی دایک و باوکێکی پیر و پەککەوتە بکەن کە نە ئەتوانن خزمەتەکەیان بکەنەوە، نە ئەتوانن تێچووی خزمەتەکەیان بدەنەوە، نەدایک و باوکیان چەکدار و دسەڵاتدارن بە زۆر بیانکەنە خزمەتکاری خۆیان، واتا ئەو خزمەتەی مناڵان بەرامبەر باوانیان ئەیکەن، خزمەتکردنێکی بێ بەرامبەرە، ئەمە لە زانستی فیزیادا بەو جۆرەیە، ئیتر مناڵەکان هەندێکیان ئەڵێن ڕاستە لە مناڵیدا خزمەتیان کردووین، بەڵام خۆ ئێمە عەریزەمان نەداوە یان داوامان نەکردووە خزمەتمان بکەن، یان ئەسڵەن نەمانویستووە بێینە ئەم ژیان و دنیا پڕ لە نەهامەتییەوە..ئێستایش هیچ ئامادە نین خزمەتی دوو پیر بکەین کە هۆکاری هاتنە ژیانێکی پڕ لە دەردەسەریی بوون بۆمان و تەنانەت لێرە و لەوێ داواکاریی دژی دایک و باوک بەرزکراوەتەوە کەچۆن بە بێ ئاگاداریی ئەمان، بڕیاریان داوە بیانهێننە دنیاوە!
لێرەدا ئیتر زاراوەی خزمەتی پیرۆز دێتە ناو فەرهەنگەکانەوە .. خزمەتی پیرۆز، ئەو خزمەتەیە کە بە بێ بەرامبەرە، نە داگیرکراویت، نە چەکت لەسەر سەر دانراوە، نە پێویستت بە هیچ خزمەتێکی بەرامبەرەکەتە، نە هیچ هیوا و ئاواتێکت پێی هەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا خزمەتی ئەکەیت..
خزمەتی پیرۆز لە ئاییندا بە دوور و درێژیی باس کراوە و داکۆکیی لێکراوە، به جۆرێک ئەبێ ئەو خزمەتە پیرۆزە نهێنیی بێ و دەستی ڕاست بە دەستی چەپ نەزانێت، بۆ ئەوەی تایبەت بێ بە ڕازامەندیی خودا، ئەو کاتە لە ژیانی داهاتوودا خودا سەد هێندە و زیاتر خزمەتەکەت پێشکەش ئەکاتەوە، واتا خزمەتی پیرۆزیش بە بێ بەرامبەر نییە یان ڕاستتر بە ئومێدی وەرگرتنەوەی هەزاران ئەوەندەی ئەو خزمەتەیه لە لایەن هێزێکی بێ پایانی بنیاتنەرەوە کە خودایه .. تەنانەت داوا دەکرێت لە مرۆڤەکان کە بازرگانییەکی گەورە ئەنجام بدەن، بە سەر و ماڵەوە بچنە خزمەتی حەق و ڕاستیی و داکۆکیی لەوانی تر بۆ ئەوەی گەورەترین پلە و خەڵات بە دەست بهێنن، ئەویش شەهید بوونە..
شەهید بوون بەرزترین و بە هەیبەتترین ووشەیە لە تەواوی زمانەکاندا، بریتییە لە گەورەترین خزمەتی پیرۆز، مرۆڤەکان بە مرۆڤایەتیی کردبێتیان بە بێ بەرامبەر لە دنیادا ..بە ئومێدی چونە بەهەشت، لە ژیانەکەی تردا.
لێرەدا ئیتر کلاسیفیکەیشنێکی زۆر قورس و چڕ و ئاڵۆز له مرۆڤەکان و باری سەرنجیان و تێرمی ژیانیاندا ئەبینین کە هەمووی لەسەر بنچینەی خزمەتکراو و خزمەتکاردا بنیاتنراون.. تۆ لەڕۆژێکدا لە چەند شوێنێکەوە خزمەت ئەکەیت و لە چەند شوێنێکی ترەوە خزمەت ئەکرێیت..
ئەوانەیشی سەرقاڵی خزمەتی پیرۆزن، ئەوانەن لە پێناوی خاکی داگیر کراو و مافی زەوتکراودا، چەک ئەکەنە شانیان و شەڕ ئەکەن و شەهید ئەبن ..زیندان و ئەشکەنجە و جۆرەها ئازار قبوڵ ئەکەن چونکە بڕوایەکی پتەویان بە خزمەتی پیرۆز و شەهید بوون هەیە ..یان لە بواری زانستیی و ئەدەبیی و هونەرییدا ژیانی خۆیان تەرخان ئەکەن بۆ داهێنانەکان بە هیوای خزمەتکردنی تەواوی مرۆڤەکان و کاربۆئاسانکردنیان و خۆشگوزەرانکردنیاندا..ئەو هەموو ئامێر و کەرەستە و کاڵایانەی لەبەر دەستماندان و ژیانیان ئاسان و چێژبەخش کردووە، زانا و داناگەلێک هەموو ژیانیان لەو پێناوەدا بەسەر بردووە.
بە دیوەکەی تریشدا، کۆمپانیاکانی داگیرکەران چەندەها ئامێری ئەشکەنجەدانیان بەرهەم هێناوە و بەرهەم دەهێنن لە پێناوی نوچدان و پەشیمانکردنەوەی ئەوانەی خۆیان بۆ خزمەتی پیرۆز تەرخان کردووە ..ئەم شەڕ و کێبڕکێیەیش درێژە ئەکێشی و بەردەوامە .. کۆمەڵکوژیی و ڕاگواستن و برسیکردن و ئاوارە کردن و ڕاگەیاندنەکان تێکڕا بەشێکن لەو هێرشە نامرۆڤانەیە بۆ سەر ئەو کەس و گەل و نیشتمانانەی کە سەرقاڵی خزمەتی پیرۆزن و .. ئامادە نین بچنە ژێر باری داگیرکەر و خزمەتکردنی ملهوڕەکانەوە هەر بۆیه فایق بێکەس بە دەنگێکی زوڵاڵ به ئەدمۆنز کەلە تەنیشت خزمەتکارە خزمەتکراوەکانی شاردا لێی دانیشتووە، ئەڵێ :
نۆکەریت ناکەم وورگم هەڵدڕە ..
بەو جۆره مێژووی مرۆڤایەتیی پڕ پڕە لەو ناوانەی لە پێناوی خزمەتیی پیرۆزدا، خۆیان بەختکردووە، لە زانست و سیاسەت و کۆمەڵایەتیی و پارتیزانیی و بوارەکانی تردا.
لە هەمان کاتدا مێژووی مرۆڤایەتیی سیخناخە لەو ناوە قێزەونە داگیرکەرانەی کە بەسەر لاشەی ملیۆنان مرۆڤدا هەڵکشاون و شانازییان بەوەوە کردووە زۆرترین مرۆڤ و نیشتمانی ئەوانی تریان ملکەچ و کۆیله کردووە بۆ خزمەتی خۆیان و خێزان و بنەماڵەکانیان.




غەزاڵ.. شیعر: نەوزاد بەندی

لە شەش ملیۆن
کۆیلە و .. زیاتر،
سیامەندێ،
مەردێ نەبوو،
تیمارت کا ..
هەموو،
هەر هەموو نامەرد بوون ..
غەزاڵ ..!

لە شەش ملیۆن ،
دەمەوەر و.. زیاتر،
دەستێ نەبوو
خوێنی مەردیی بیجوڵێنێ،
نەجوڵا ، چارەسەرت کا..
هەموویان هەر دار و بەرد بوون ..
غەزاڵ ..!

غیرەت، هۆ غیرەت
سەگ بتخوا ..
لەو هەموو تەنگە ئەستوورەی
قەت تێر نابن لە قسە و
درۆ و
لێدوان و
چەنە بازیی ..
لەو هەموو شاعیرە
لاتەی
کە پێیان جیاناکرێتەوە
شیعر لەگەڵ لوقمەقازی ..
کامیان وێرایان
بە شیعرێ،
تیمارت کەن ..
یان هیچ نەبێ
نەختێ دڵت بدەنەوە ؟
دەرگای ووشە و
دەرگای ماڵ و
پەنجەرەت لێ بکەنەوە؟
شەش ملیۆن مەڕ،
بە ڤایرۆسی ترس و
سەرشۆڕیی و ملکەچیی،
توشی دەرد بوون ..
غەزاڵ ..

لە هەزاران مزگەوتی
گەورە و بچوکا،
کە هەمانە ..
تاتەشۆرێ
ڕازی نەبوو،
لاشەکەتی لەسەر بشۆن ..
لەگەڵ هەبوونی ئیمانێ،
کە نیمانە ..
هەزاران پەرلەمانتاری
غەبغەبە کشاوی
زۆر بڵێ،
حاسیبەیەک
ووردبینێ
یاخود زۆر خۆرێ ..
ڕازی نەبوو،
باست بکا،
بە هیچ جۆرێ ..
شەش ملیۆن
تارمایی نوستوو ..
شەش ملیۆن
ویژدانی بەستوو..
نیوەی تۆبەکاری سەوز و
نیوەی تۆبەکاری زەرد بوون ..
عەزاڵ ….!

باش بوو،
بەو جۆرە کۆچت کرد ..
پێناسەی ئێمەت خستە سەر
ئەو تەختەیە ..
یەک جەڵەب لە دۆنکیشۆتت،
ئاشکرا کرد،
پەردەت لەسەر ڕوو لابردن،
بە چرکەیە ..
هەتا کورد مابێ ،
کۆچی تۆ ،
به تەوێڵییەوە پەڵەیە ..
هەروەک بەکر عەلی وتی،
ئەم سەردەمە
سەردەمی دز و قەحپەیە ..
شەش ملیۆن پەنجەره
شکان ..
تا دوێنێ بوو ،
بە قەولی خۆیان بێگەرد بوون،
غەزاڵ …!




کۆمێنتێک یان یاساکانی شۆڕشگێڕیی.. نەوزاد بەندی

میللەتەکەمان بە لاڕێدا براوە و .دۆستی لێ بووەتە دوژمن و ..دوژمنی لێ بووەتە دۆست..کەسی وامان هەیه بۆ تاقە دۆلارێک دنیا و ئاخیرەتی خۆی دۆڕاندووە.. تەماشای میللەتێک ئەکەیت لەبەردەم خۆیدا زوڵمێکی زۆر هەیه، کەچی چەکی بۆ ناکەنە شان و مافی خوراو ودزراوی خۆیان ناسەننەوە، بەڵام بە بێ نەخشەدان و خۆڕێکخستن و ڕاهێنان، سەدان کیلۆمەتر ئەبڕن تا بە گژ زوڵمێکی دوورە وڵاتدا بچنەوە ..ئاخر تۆ قژی خۆتت پێ شەتڵ نەکرێ، قژی ئەوانی ترت چۆن پێ شەتڵ ئەکرێتەوە ؟..
ئیتر ئەم دۆخە سەیرەیش، مرۆڤگەلێکی سەیری دروست کردووە، بۆ نمونە پەیجی فەرمی دز و مافیا دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بچوکترین کۆمێنتی ڕەخنە و گلەییان تێدا نییە و هەمووی سوپاس و نزای تەمەندرێژیی و دەستخۆشییە، کەچی پەیجی پڕۆفیسۆر و نوسەر و هونەرمەند و بیریارەکانمان پڕ پڕن لە کۆمێنتی جنێو و سوکایەتیی و قسەی ناشیرینی وا کە هەر کورد و مرۆڤ و زمان و نوسینیشت لەبەرچاو ئەکەوێ..ئەمە پێناسەی ترسنۆکیی و خۆپەرستییە، کاتێک دەستخۆشیی لە دزێکی بە حیمایه دەوره دراو ئەکەیت، هەمان کات پڕۆفیسۆرێکی پاک و بێگەرد بەر تانە و تەشەر و جنێو دەدەیت. دۆخێکی دووفاقی وا لە زانستی دەروونزانیدا بریتیە لە پێڕشتن، واتا هێرشێک کە ناوێریت بیکەیتە سەر زاڵمێک، ئەچیت ئەیکەیتە سەر بێتاوانێک و بەوی دەڕێژیت، هەمان کات ئێرەیی وات لێدەکات دەستخۆشییەک لە نوسەرو پڕۆفیسۆرێک نەکەیت، بچیت ئەو دەستخۆشییە لە زاڵمێک بکەیت!! واتا بە کەر نەوێریت و بۆ کورتان شێر بیت.
بەڵام ..
لێرەدا ئەڵێم؛ بەڵام .. دکتۆرێکی شارەزا لە زانستی فیقهیی و شەرعیی لەم دۆخە هەستیارەدا کە خەڵک لەسەر سۆزی نەتەوایەتیی جۆشدراوە، نەدەبوو لێکدانەوەی شەرعیی و فیقهیی بۆ شەڕێکی به نەتەوایەتیکراو بکات، چونکە لەو دۆخەدا هەستی نەتەوایەتیی بەسەر هەمووهەستەکانی تردا زاڵە، تەنانەت بەسەر بەڵگەنەویستەکانیشدا زاڵە.. هەر بۆیە شەرعییەتێک هەیە پێی ئەوترێ شەرعییەتی شۆڕشگێڕیی، ئەوەیان یاسا و داب و نەریتی تایبەت بەخۆی هەیە، تیایدا ئەگەر هەست بکەیت شۆڕشێکی فەیکە و بە لاڕێدا براوە و زەبری کاریگەری بە دواوەیە له گەل و میللەت، نابێ بەشداریی بکەیت، لە هەمان کاتدا نابێ ڕەخنەیشی لێ بگریت .. لەوجۆرە بار و دۆخانەدا قورئان ئامۆژگاریی ئەوەمان دەکات کە پێویستە قسەیەکی خێر بکەین یان بێدەنگ بین (( فلیقل خیرا او لیصمت)) خەڵک جۆشدراوە و ..ڕاست و چەپی خۆی نابینێ و ئەیەوێ تۆڵەی مافە خوراوەکانی ساڵەهای ساڵی بکاتەوە، وەک بڵێی هەلێکی بۆ هەڵکەوتووە بڕوات مافی موچە خوراوەکانی و سامانی میللەت دزران و بێکارکردنی ڕۆڵەکانی و بێئومێدبوونی هەتا سەر ئێسقانی، لە ژێر تایتڵێکی تردا بکاتەوە، لێرەدا ئەو ئاگاداری هیچ ڕاستی و یاسایەکی تر نییە و نایشیەوێت ئاگاداریان بێ، تەنانەت نازانێ ئەو شارەی کە ئەچێ شەڕی بۆ ئەکا، کەوتۆتە کوێوە و زمانیان چۆنە و مێژوویان چۆنە، یەک ووشەیشی دەربارەیان نەخوێندۆتەوە، کەچی ئامادەیە بە کراس و پانتۆڵێکەوە بە بێ ئازوقە و پارە و پێخەف، لەم کەشە ساردەدا، بەناو بەفر و شاخ و پێدەشتەکاندا بە پیادە بڕوا، به بێ چەک و فیشەک، یەکسەر بۆ شەڕکردن!! ( لە ڕاستیدا ئەوەی کە دەبوو لە شارەکەی خۆیدا بیکات و ڕاپەڕێت و داوای مافە زەوتکراو و دزراوەکانی لە دەسەڵاتێکی زاڵم بکات، نەیکردووە و .. به ناڕاستەوخۆ و لە ڕێی نەستە پەنگخواردووەکانییەوە، ئەیەوێ لە شار و وڵاتێکی دووردا ئەنجامی بدات ) بە بێ ئەوەی هیچ حیسابێکی بۆ ئەو شەڕە کردبێ..به بێ ئەوەی لە هیچ چەکێ بزانێ ..به بێ هیچ بنەمایەکی لۆژیکیی، تەنها شتێک کە پاڵ بەوەوە دەنێ، مافی خوراوی ساڵەهای ساڵی خۆیەتیی ئەیەوێ لەو دەرچەی ڕۆژئاوایەوە، بیڕێژێ و حەقی خۆی بکاتەوە ..ئەمەیش ئەو گەمەیەیه کە تۆم باراک نێردەی ئەمەریکا لە پێناویدا هاتووە و جەختی لەسەر دەکاتەوە و ..چێژی لێدەبینێ.. چونکە یەک کەس زیاتر بمرێ یان گێل بکرێ ئەو بەرمیلێ نەوت زیاتر ئەباتەوە لەگەڵ خۆی بۆ ئەمەریکا ..
هەر بۆیە بێدەنگبوونی زانا و دانا لەو دۆخەدا، زۆر باشترە له قسەکردنی شەرعیی و زانستیی و لۆژیکیی ..وەک چۆن لە کاتی ئاگر کەوتنەوەی گەورەدا، ئاو ناتوانێ ئیشی خۆی بکات ..یاسای دووانەی دژ به یەکی ئاو و ئاگر تێک دەچێت و ئەبێ پەنا بۆ ئاگرکوژێنەوەیەکی تر ببەین .. ئا بەو جۆرە .

نەوزاد بەندی




عوزر خوایی.. شیعری نەوزاد بەندی

خودایە، مەگەر بە
میهرەبانیی خۆت
بێداریی شەوانی
قەدرم لێ وەربگریت،
چونکە هەموو
شەوەکانی ساڵ، خەو بێ
منە و من بێ خەوم ..
..ئەو بێ منە و من بێ ئەوم ..

ئەوەی لە نێوان من و تۆدایە ،
عەشق نییە، ئازیز ..
من ئینجانەیەکی بەتاڵم ئەوێ بۆ مشتێ نوسین،
تۆیش مشتێ ئاوت ئەوێ بۆ پشکۆی
دڵێکی ڕەشی پڕ له قین ..
چونکە هێشتا عەشق پێی نەخستۆتە ئەم نیشتمانە ..
ئاخر بۆیه ژیانکردن لێرە تاوانە
بێ شەرەفییه ..
سوکایەتییە..
زیندانە ..

بڕوانە ، ئەو هەموو خەڵکە خواناسه ،
هەموو ژیانیان
لە جوت سایدی دینار و دۆلارا
کاوێژ کردنە ..
نوێژکردنە ..
ئەمانە کوڕی دینار و
کوڕەزای درهەم و فلسن ..
به زڕەی پاره نەبێ ،
به هەموو دەنگێ قەڵسن ..

خودایه،
ئەمرت بە چییە لەگەڵ ئەم ڕەشە میللەتە ؟
هەر هەموویان نوێژ ئەکەن و
هیچیشیان بەهەشتیان ناوێ ؟
شەو و ڕۆژ ناوت ئەبەن و ..
بە هیچ جۆرێکیش بۆ لای تۆ
گەشتیان ناوێ ؟..
دەمییان ناوی تۆی لەسەرە و
دڵ و گیانیان پڕ پڕە لە کڕنوش
بۆ بتی دینار و دنیا ..
پێڵاو بخەرە ناو دەمیان، ئاساییه
بەڵام ئەوەی ناوی جیهاد و
شەهادەت بێنێ لایان،
لە هەزارلاوە ئەکێشن بە دەمیا..
سەر شۆڕکردن لەلایان لوتکەی ئیمانە ..
ئەمرت بە چییە ئیلاهی !،
لەگەڵ ئەم جانەوەرانە ؟؟




دوو کوردە چیرۆک.. نەوزاد بەندی

ــ لەپێکردن ــ

لەیادی کردبوو کە لە پێی کردووە، سڵاوێکی لێکرد، ئەویش به قێزلێهاتنەوەوە تیلەیەکی چاوی تێگرت؛ هەی لەوە، لە پێم کردووە کەچی سڵاوم لێ ئەکا، مەگەر بە بەلوعەی ئاودەستخانەکەیش ڕات دەگرم ؟
ئەم نەیزانی چۆن باری لاری خۆی ڕاست کاتەوە بۆ کەسێکی بێ لایەن ئەگەڕا پێی بڵێ، من بە تەواوی ئاگایی و دەسەڵاتی خۆمەوە لە پێم کردووە و قەتیش بیرم لەوە نەکردۆتەوە سڵاو یان تەنانەت تفیشی تێبکەم، دەستم بۆ پێشکە بەرز کردۆتەوە ئەو بە سڵاو لێکی داوەتەوە.. ئەویش هەر کەسێکی ببینیایه ڕایدەگرت و پێی دەگوت: خۆ بوارت هەیە دوو سێ قسەت بۆ بکەم ؟
پێش ئەوەی وەڵام وەربگرێ، قسەکانی بۆ دەکرد: ساڵ زیاترە لەپێم کردووە، ئێستا بەم سبای ساڵحانە هاتووە سڵاوم لێ دەکا، مەگەر سەربازیت و ڕوتبەی سوپاسالارت لەسەر شانم بینیوە ؟ مەگەر بە نیازیت دیسان بکەومە ناو فاک و فیکەکانتەوە ؟ .. مەگەر نازانیت مەسینەی ئاودەستخانەکەم کون بێ، بە مەسینە ڕاتناگرم..
ئیتر نازانم ئەو بابەتە تاکو کوێ درێژەی کێشا ..

ـــ سێ پەککەوتە ـــ

هەڵبەت سێ کەس بووین، دوو باڵا مام نەوەندیی و مەتر و حەفتایەک .. مووی سپی وەک خۆڵ و دۆ بە سەر و پۆتەڵاکمانا هاتبووە خوارەوە ..ئەتوت کوێخای شاربەدەرکراوی کوێرە دێیەکی دڕین ..
دووانمان دەستێکمان بە خۆڵ و دۆکەدا هێنا بوو..
ئەوەی سێیەم لە بەریتانیا هاتبۆوە، داوەتی چای خەڵوزی سەهۆڵەکەی کردبووین.
شەوەکەی تا ڕادەیەک سەر و پۆتەڵاکی داپۆشیبووین، هەر بۆیه هەروەک سێ مۆدێله کۆنە سونەتییەکە شەقامەکەمان ئەبڕی ..
کە گەیشتینە بەردەم چای خەڵوز .. ڕوناکی تیژ و حەیابەرەی لیدی چایخانەکە بە هەموو جێگایەکمانا ڕژا… کاورای بەریتانیی لە قاقای پێکەنینی دا، بە جۆرێک دەستی بە سکییەوە گرتبوو، نەک شەپۆلی یەک لە دوای یەکی پێکەنین، مەد و جەزر بە وورگی بکا و کاوبۆی داکشێتە خوارێ و عەورەتی بکەوێتە سەر جادە..
ووتی : کورە ئەوە چیتان لە سەر و سورەتتان کردووە؟ ناشێ لەگەڵ پێڵاوەکانتان لێتان تێک چووبێ ؟
پێم ووت: هەتیو تۆ بە لای خۆی لەگەڵ ئینگڵیزان ئەژیت.چۆن ڕێ بە خۆت ئەدەی خۆهەڵدەیتە ناو ئازادییەکانمانەوە؟؟؟
ئەو لە حیلکە حیلکی خۆی نەدەبۆوە ..
ووتم : من یەک پارچەم بۆیاخە، ئەو سێ دانە پارچەی بۆیاخە ..
کە سەیری جووتبرۆی قەوام سەڵتەنەی کرد، ئەوەندەی تر بوورایەوە لە پێکەنینا ..




حوکمەت.. نەوزاد بەندی

پێدرۆ سانشێزی سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا بەم جۆرە پێناسەی حوکمەت ئەکات : ( میکانیزمێکە بۆ خۆشکردن و باشکردنی ژیان و گوزرانی خەڵک، نەک قورسکردن و ئاڵۆزکردنی ژیان و گوزەرانیان )
بە ڕاستی ئەم پێناسەیە چەندێک سادەیه، ئەوەندە قوڵە و .. هیچ بوارێکی بۆ دەرباز بوون و بیانوو هێنانەوەی حوکمەتە گەندەڵەکان نەهێشتۆتەوە.. کاری حوکمەتی دیاری کردووە، بریتییە لە ئاسانکردنی کێشەکانی میللەت و باشکردنی ژیانیان و بەختەوەرکردنیان .. ئەمەیە ئیشی حوکمەت.
کەواتە هەر حوکمەتێک نەتوانێت گوزەران و ژیانی هاووڵاتییەکانی باش و باشتر بکات، حوکمەت نییە.. ئیتر داگیرکەرە، وەکیل یان بریکاری داگیرکەره، چەتەیە، مافیایه، گەمژە و نەخوێندەوار و نەزانە بە کار و پۆستەکەی، یان هەر شتێکی ترە، بەڵام حوکمەت نییە.
ئەگەر بەو پێناسەیەی بەڕێز سانشێز، شەن و کەوێکی چەند حوکمەتێکی دوور و نزیک بکەین، بۆمان دەرئەکەوێ کێ حوکمەتە و ..کێ مافیا و دز و جەردە و گەمژەیە ..
بۆ نمونە حوکمەتێکی وەک حوکمەتی دکتۆر مەهاتیر محەمەدی مالیزیا و.. نیڵسۆن ماندێلای باشووری ئەفەریقا و ..پۆڵ کاگامی وڵاتی ڕوانداو .. لی كوان یو ی سەنگاپور، تەماشا ئەکەین ئەو چوار حوکمەتە، توانییان لە ماوەیەکی کورتدا، ووڵاتەکانیان لە کێشەکانی گەندەڵیی و ئابوریی و پەروەردە وجەنگی ناوخۆ ڕزگار بکەن و.. هاووڵاتییەکانیان بکەن بە هاوڵاتی بەختەوەر و شارستانیی مۆدێرن.. چونکە ئەو چوار پیاوە بە ڕاستی حوکمەتی نیشتمانیی بوون، بەرجەستەی پێناسەکەی بەڕێز سانشێزیان کرد، ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییەکانیان باش کرد و دووریان خستنەوە له هەموو دەستێوەردانە دەرەکییەکانی داگیرکەران..به دووریان گرتن له نەزانیی و بێکاریی و جەنگی ناوخۆ و بێ بەرنامەیی .. سیستمێکی مۆدێرن و پتەویان بۆ دانان، بەو جۆرە داهاتوویەکی پرشنگداریان بۆ فەراهەم کردن، ئەمە لە کاتێکدایە هیچ یەکێک لەو چوار وڵاتە خاوەنی نەوت و غاز و سامانی نەتەوایەتیی بەهێز نین، بەڵام خاوەنی حوکمەتی ڕاستگۆ و بەهێزن بۆیە ئەمڕۆ له لوتکەی میللەتە دەوڵەمەند و تەکنەلۆژیی و پێشکەوتووەکانی جیهاندان.
بە پێچەوانەی بەشی یەکەمی ئەو پێناسەیەی سانشێز بۆ حوکمەت، سێ حوکمەتی ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان، بە هەموو جۆرێک ئاسایش و ژیان و داهاتووی هاووڵاتییەکانیان وێران کردووە.. سێکستەرەکانی ئیدارە و زانست و ئەدەب و هونەر تێیاندا ڕۆژ بە ڕۆژ هەڵئەوەشێتەوە.. دیاردەی بێ مافیی و بێ کاریی و نەخوێندەواریی و سەرهەڵگرتن و کێشەی کومەڵایەتیی هەتا بێ قوڵتر و ئاڵۆزتر و زیاتر ئەبن.. زیادکردنی باج و سەرانە و گرانکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان له کارەبا و ئاو و نەوت و بەنزین، ڕۆژ بە ڕۆژ دیاردەی دزیی و تاوان و مافیاگەریی و گەندەڵیی و قوتدانی دام و دەزگا حوکومییەکان لەلایەن کەرتی حیزبیی و بنەماڵەیی و مەزهەبییەوە، زیاتر و زیاتر ئەبێ..پەرە پێدان بە حیزبایەتیی و مەزهەبگەرایی و بنەماڵەگەرایی و لەت لەتکردنی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا..دەوڵەمەندبوونی لەناکاوی خزم و دۆست و هاوئاوازەکانیان و ..فەقیرکەوتنی لەناکاوی چین و توێژە بێلایەن و ئۆپۆزیسیۆنەکان.
لەگەڵ ئەوەی ئەو سێ حوکمەتە خاوەنی نەوت و گازی سروشتیی و هەموو هۆکارکانی دەوڵەمەندیی و خۆشگوزەرانین، کەچی زۆرینەی هاووڵاتیەکانیان لە خوار هێڵی هەژارییەوەن و سواڵکردن تێیاندا بووە بە دیاردەیەکی زۆر ئاشکرا و ..تەنانەت هەندێ جار حوکمەتەکانیش پەنا بۆ سواڵکردن ئەبەن، له ڕێی ڕیکلامی هەڵخەڵەتێنەر و فریودەرەوە.
کار گەیشتۆتەوە پوکانەوەی هەموو مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لەو سێ دەسەڵاتەدا وەکو مافی موچە وەرگرتن لە 30 ڕۆژدا و .. مافی پلە بەرزکردنەوە بە پێی هەڵکشانی ساڵەکانی خزمەت و ..مافی دامەزراندن و ..مافی کارکردن و.. مافی هەبوونی پارچەزەوییەک یان شوقەیەک بۆ ژیانکردن.. لە بەرامبەردا هەڵتۆقینی کۆمەڵێک ملیاردێر و ملیۆنێر، کە نەک هەرشایانی ئەو سەروەت و سامانە نین، تەنانەت شایانی یەک پارووە نانی ئەو نیشتمانە و یەک قوم ئاوی ڕووبارەکانی و یەک نەفەس هەوای ئاسمانەکەی نین.




نەمانزانی.. شیعری نەوزاد بەندی

ئەو ڕۆژەی وەک هەموو ڕۆژێ ،
بە چاکەتی تۆخی نیلی و
کراسی سپی و پانتۆڵی
خۆڵەمێشیی،
چووینە هۆڵی وانەخوێندن..
نەمانزانی ئەو جارە دواهەمین جارە ..
ئیتر قەت وانە ناخوێنین ..!

٭ ٭ ٭

ئەو بەهارەی
کوڕی گەڕەک کۆبووینەوە و
چووین بۆ مەزرای فەریکە نۆک
لە دەباشان ..
بۆ لای دارتوو ..کانیاوەکان ..
نەمانزانی ئەو بەهارە،
دوا بەهارە ..
ئیتر نە مەزرا ئەمێنێ و
نە نۆک لەو دۆڵانە ئەڕوێ ..
هەمووی ئەکرێ،
بە باڵەخانەی چیمەنتۆ ..
بە کۆشک و بە حەرەمسەرا ..
بە چەکدار و لاندکرۆزەر ..
بە چڕە دوکەڵی کەباب ..
کانی و دارتوو،
لیست لهما محل في الاعراب

٭ ٭ ٭

لە خەزانی مناڵیدا،
ئەو ئێوارەیەی کە وەکو
هەموو ئێوارەکانی تر
یارییەکەمان ڕێکخستەوە..
نەمانزانی ئەو یارییە ،
دوا یارییە ..
ئیدی مناڵیی ئەژاکێ و ..
کۆتایی دێ ..
ئیتر بۆ هەتاهەتایە،
تەنها دێڕێ یادگارییە ..

٭ ٭ ٭

ئەو بەیانییەی
هەروەکو
سەدان بەیانی پێشووتر،
لە ماڵی باوکمان نانمان خوارد ..
دایکمان بەرچایی دانابوو
باوکمان سەمونی کڕیبوو ..
نەمانزانی ئەوە دوایین بەیانییە ..
قەت دووبارە نابێتەوە ..
ئەکەوێتە ژێرزەمینی بیرەوەریی و ..
قەت دەرگای بۆ ناکرێتەوە ..

٭ ٭ ٭

ئای! کاتێ مامۆستای کوردی
دواهەمین وانەی
ئەلف و بێی
ئەمین باڵداری پێ ووتین ..
ووشە بە ووشەی ئەوت و
ئێمەیش وەک کۆرس
بە هەموو دەنگمان، لە دوای ئەو
ووشەکانمان ئەووتەوە ..
نەمانزانی،
ئەوە دوا کۆرسی ووشەیە و
ئەوە دوا پێشانگای ڕەنگە و
ئیتر دارا ئەبێ بە خەو ..
لەگەڵ دوو دار ..
ئیتر کتێبێکمان نابێ
لێی نوسرابێ
ئیبراهیمی ئەمین باڵدار ..

٭ ٭ ٭
ئەی تۆیش ئەی یار ..
ئەو عەسرەی
وەک زۆربەی عەسران
بە ماکسییەکی گوڵ وورد و
کتێبێک هاتیتە سەربان ..
نەمانزانی
ئەوە دوا عەسرە .. دواجارە
کتێب و دووریی و من و تۆ ،
کۆکاتەوە..
جارێکی تر ئەو تابلۆیە،
هیچ عەسرێ نیشانی نادا ..
تۆ تۆپی ئێران ئەتکوژێ و..
کەسێ نییە
لەو خەمە پەنهانەم بگا
سەرخۆشییەکم لێ بکا ..
یان تۆزێ دڵم باتەوە ..

٭ ٭ ٭

ئەو مانگەی بە کش و ماتیی ،
بێ هاش وهوشی هەواڵ و ..
دەهۆڵ و زوڕنای میدیاکان ..
فەرمانبەر موچەیان وەرگرت ..
نەیانزانی ،
ئەوە دوا موچەی بێدەنگە ..
ئەوە دوا مانگە سی ڕۆژ بێ..
ئیتر موچە،
ئەبێ به سیل و شێرپەنجە،
هەزار و یەک ووتەبێژ و
سەرۆک و وزیر و
گزیر ..باسی ئەکەن ..
مانگ ئەبێتە پەنجا و حەفتا ..
هەواڵ ئەبێ بە باسی مافیاو
گەندەڵیی و ..تێکەڵ ئەکرێ
لەگەڵ نەوتا ..
ڕۆژی هەزار جار جاڕ ئەدڕێ؛
میللەت فەوتا ..




پێنج خشتەکی لەسەر دەردەدڵێکی فایق بێکەس.. نەوزاد بەندی

قەت مەڵێن خوایه هەتا کەی ئەم کوردە دێوانەیه .
تانە لە دنیا و گەلانیش، هەر تەنها بەهانەیە ..
وا سی و پێنج ساڵ زیاترە کورد خۆی کێش و کێشانەیە ..
کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد نۆکەری بێگانەیە
دوو دڵن پیسن لەگەڵ یەک بۆیە وا بێ لانەیە
٭ ٭ ٭

تۆ تەماشای کورد لەگەڵ کورد چۆن یەکتر ئەکەن بە پەن ..
کار گەیشتۆتە ئەو سنوورەی دەست بۆ موچەی خەڵک ئەبەن ..
دەنگدرا، ساڵ تێپەڕی،حوکمەت نەبوو، چاڵیان هەڵکەن
میللەتێکن بۆ نەمانی یەکتری هەر هەوڵ ئەدەن
داخەکەم وورد ودرشتی شێت و شەیدای ئانەیە .

٭ ٭ ٭

زانا و دانا و داهێنەریان، بێ ڕێزە و ناوی نییە..
ئەوەی دڵسۆز و چاوساغە، لای ئەوان چاوی نییە..
سووکە لایان ئەو کەسەی کە چەکدار و داوی نییە ..
سەنعەت و عیلم و مەعاریف زەڕڕەیەک باوی نییە ..
پیاوەتی لایان بە تەنیا چەفتە و جامانەیە ..

٭ ٭ ٭

سەد کەناڵ و سەد ڕۆژنامە و سەد ڕادیۆ پێک هەڵئەدەن ..
بە پارەی ئەو خەڵکە جۆشی ، ئاگر و دوکەڵ ئەدەن ..
هەر کەسێکیش لاریی هەبێ،
ئەیکوژن ..تێی هەڵئەدەن
بۆ قسەی زل بێ قسوورن باسی کوردییەت ئەکەن
کوردییەت خورمایە بۆچی یان قسەی شێتانەیە..

٭ ٭ ٭

بۆ بێگانە و لەشفرۆشیی خستیانە سەر پشت دەرگا ..
نە دینیان هێشت نە کەلەپوور، لە خەڵک بوون بە کەڵەگا..
میللەتیان ئەوەندە سوک کرد، ئەگۆڕان لەگەڵ سەگا ..
میللەتی بێ عیلم و ئەخلاق چۆن به ئیستیقلال ئەگا
واسیتەی بەرز و تەرەققی هیممەتی مەردانەیه




مێگەلی ژێر پلەی سفر.. نەوزاد بەندی

ناچین ..
ئێمە لەمەودوا
بۆ هیچ جێگایەک ناچین ..
گەر جێگایەکیش خۆی هات
ئەڵێین زەحمەتت کێشا،
هەنگاوێک هەڵناهێنین
ئێمە بێ دەست و قاچین

٭ ٭ ٭

ناڵێین ..
ئیتر هیچ ناڵێین ..
ئەگەر ووشەیەکی حەق
بایەک هێنای بۆ لامان ،
پێی ئەڵێین ئێمە لاڵین ،
لە حەوشەی فەرماندەدا،
سەگ و تانجی و گەماڵین
بەلای قسەدا ناچین ..
بەڵام بە هۆ و بە بێ هۆ
یەکتری دائەپاچین ..

٭ ٭ ٭

نافڕین ..
ئیتر هەڵنافڕین ..
نایشزانین لە کوێ هاتین ..
باڵەکانمان دیکۆرن ..
مریشکی ئومەهاتین ..
سێ چارەکمان بە حیساب،
چلەکێشی خەلیفە و ..
چارەکێکیشمان هێشتا ،
چەکوش و داس و پاچین ..
کەچی لە لای فەرماندە،
وەکو پێڕی فیلەکەی
خاوەن شکۆ، گۆج ئەبین ..
وەک پوش وەختە بە با چین ..

٭ ٭ ٭

خەونمان نەما ..
لەمەو دوا ،
ئیتر خەونیش نابینین ..
پێچی مێزەرە دنیا،
چی بکەین لە سەید قوتب و
چیڤارا و عومەر موختار ..
گوڵسورخی و گۆرکی و لینین ؟
حیساب کە سەر لەبەرمان
چوارمێخەمان کێشراوە و
داکوتراوی سەر خاچین ..
بە هەزار و یەک دانتی
بە تەما نین بستێکیش
لەم سەر ڕێبازە لاچین ..

٭ ٭ ٭

ناخوێنینەوە .. ئێمە ..
ئیتر ناخوێنینەوە ..
هەرچییەکمان لێ بکەن،
هەروا ئەمێنینەوە..
هیچ لێکدانەوەی ناوێ ..
یاسایه، تاجی سەرە
هیچ تێکدانەوەی ناوێ ..
گەر دوپشک و ماریش بێ،
دەنگدان، ئەیچێنینەوە ..
گەر شەق لێمان زویر بێ،
خۆمان ئەیهێنینەوە ..
قەینا با بە قوڕا چین ..




کلاسیکۆی کڵاش و عەگاڵ.. نەوزاد بەندی

موچەخۆر بوو به تۆپ و دوو تیپ کەوتنە گیــــــــــانی ،
تیپی کڵاش و تیپی ….عەگاڵ ڕەشی قـــــــــــــەترانی
ناوبژیوانیش ئێران، تورکــــــــیا لەگەڵ ئەمریــــــــــــکا،
سەد جار یاری تەواو بوو ، کۆتایی پێ نەهــــــــــــــــانی
کڵاشی ماوە بەسەرچوو، عەگاڵی پیس‌و چڵکــــــــــــــن،
لێمان بوون بە ڕۆناڵدۆ و میسی و پیدرۆ و کاڤـــــــــانی
شەقی عەگاڵ بە هەرحــــــاڵ، پەنارتی و ڕقی کۆن بوو،
بەس کڵاشی خۆماڵیی، چۆن بەو جــــــــۆره ئەیتوانی ؟
کڵاشی چی، هەر شەقێ،دوو مانگ موچەی لوش ئەکرد
وای لێهاتبوو عەگاڵ شۆکبوو بە تێهــــــــــــــــــــــەڵدانی
پێی سەیر بوو عــــەگاڵ بەسەر، لە شـــــارەزایی کڵاش ،
تەنانەت ئەبو عــــــــــەدای وەک ئەو لێی نەئـــــــــەزانی
هەربۆیە ناوبژیوان عومری درێژ کــــــــــــــــــــــــردنەوە،
ووتی قەت واز مەهێنن، شەقاوەی نیشــــــــــــــتمانیی
ووتی ئێوە بۆ ئێمە لە سەدام زۆر باشــــــــــــــــــــــترن،
ئەوەی کە نەیکرد، کردتان، کڵاش زۆر یاریــــــــــــــزانی




ــ ئەی حاریس ئەگەر دەوڵەت و جاهـ و حەشەمت بوو ــ٭.. نەوزاد بەندی

( نالی لەم ساڵدا زیندوو بووایەتەوە و .. تەماشای سێ چوار مانگ بێ موچەیی و ئەم هەموو زوڵم و زۆرەی بکردایه، یەک مەرکانە شەرابی ئەنا بەسەرییەوە و ئەیووت ) :

ئەی موفلیس، ئەگەر تۆ جاران مەعاشی موحتەرەمت بوو ..
ئەمڕۆ به تەنها ملکەچیی و کۆیلایەتیی مەرهەمت بوو ..
ئەوە چ بوو دات بە با ئاڵای هێلکە و ڕۆن ؟
سێ موچەت خوراوە، سەگباب، بۆ سوریا دەمەدەمت بوو ..
گەمژەی وام نەدیوە، لە کوێ ، ئەحمەقی وا هەیە یاران ؟
داوای زۆرت بۆ خەڵک ئەکرد ، خۆیشت کەمترین کەمت بوو ..
ئەم هەموو زوڵمەت چۆن هەڵگرت ، بە گیرفانی دڕاوەوە
جاران خۆ بە زوڵمێکی ئەو ئەبو عەدای ، پەرکەمت بوو ..؟!
چت کەم بوو لەو زەمانەدا؟ وا شەوان ئەتکرد بە تەقە ؟
ئەی ئێستا چیت هەیە حیزە، مەیلی سواڵ و سەلەمت بوو ؟
بریا کورد نەبووایەم یاران، ملکەچترین مەخلوقه ئەو..
بەچی ئەچێ لەو زێرابە ، گەر زۆرترین تەمەنت بوو ؟!

بڕوا بکە گەندەڵ وتی وەرنەدەرێ، دەنا ، قورسە ..
بەرخۆدان ناکەی ئەگەر تۆ ، گەندەخۆریی مەتعەمت بوو

کوردایەتیی قسەیش نییە ، بایەکە جار جار لێدەدرێ ..
شوکری خوا بکە کە تاراوگە وەکو ماڵی ئەڕقەمت ٭٭ بوو..
لێره بوویتایە ئەبوویتە پەندی زەمانە وەک ئێمە ..
بەردەوام لەعنەت و دژوێن ، زیکر و ویردی سەر دەمت بوو
هەرچی قەومیەت و دینیشە،
کە هەبوون یان نازڵ کران،
بۆ خۆشی ئیسانە ، نەک وا
بەس بۆ ملکەچیی زەمت بوو ..

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
٭ ناوی شیعرێکی نالییە، سالمیش پێنج خشتەکییەکی لەسەر بینا کردووە .

٭٭ ئەرقەم : مەبەست ماڵی ئەڕقەمی کوڕی ئەڕقەمە کە پێشەنگی بڕوادارانی ئایینی ئیسلام وەک داڵدەیەک لە ماڵی ئەودا کۆدەبوونەوە و به نهێنی .




جگەره و قوربانیدان و ئایین.. نەوزاد بەندی

ڕەنگبێ زۆرینە له ووتاری تاک ڕەهەندیی بێزار بووبن، کابرا دادەنیشێ دوو سێ لاپەڕە لەسەر یەک تەوەر ئەنوسێ، بۆ نمونە موچەی هەیڤی یان وەرزی یانزه و دوانزە و یەک ، ئەگەری موشەکبارانکردنی ئێران، یان جیڤری ئیپستاین .
ئەمەیش وا لە خوێنەر ئەکا تەنگەنەفەس بێ، وەک ئەوە وایە لەسەر سفرەیەک دانیشتبیت، تەنها ساوەری لەسەر بێ، نە پەرداخێ ماستاو ، نە شۆربایەک ..نە پڕ دەفرێ زەڵاتە .. هەڵبەت لەگەڵ ئەوەی کە تامی لێ نابینیت، لە قوڕگیشت ئەگیرێ و ئەبێ بەرەو تەرمۆزەی ئاوەکە وەک فیشەک تێیتەقێنیت.
هەر بۆیە لێرەدا ووتارێکی جیاواز ئەنوسین ..
هاوڕێکانم لێم ئەپرسن بۆچی جگەرەکەت وازلێهێناوە؟ ئایا وەک جارەکانی ترە و دەست پێدەکەیتەوە ؟؟
لە ڕاستیدا بڕوا ناکەم ئەمجارە بگەڕێمەوە سەر جگەرە کێشان، واتا لە پێناسەکەی جۆرج بێرنارد شۆ بۆ جگەرە دەردەچم کە دەیووت : ( وازهێنان لە جگەرە زۆر ئاسانە، سەدان جار وازم له جگەرە هێناوە ! )
چۆن ؟ یان بۆچی جارێکی تر توخنی جگەرە ناکەومەوە ؟
بە هۆی تیکتۆکەوە !!
بەڵێ، بە هۆی تیکتۆکەوە بوو ( ئەرێ ئەزانن کە ئەنوسیت تیکتۆک ئەگەر زۆر شارەزا نەبیت وشەی تر دەردەچێت چونکە تێکەڵ و پێکەڵییەکی تێدایە، وەک تیتکۆک، تکیتۆک، تۆکتیک …؟)
من کەیفم بە سەعاتی سمارت نایەت، بەڵام شەوێکیان به ڕێکەوت چومە تیکتۆک، گەنجێکی هەولێریی بەناوی حەمە پێیان ئەوت عەمە، کەل و پەلی ئەوروپی ئەفرۆشت، سەعاتێکی سمارتی هەشتا دۆلاریی بە بیست هەزار دانا، پێم هەرزان بوو، نوسیم بیست و بۆ من دەرچوو ..دوای من چەندین گلەیی لە کاکە حەمە کرا، گوایا ئەوان پێش من نرخیان نووسیوە، بەڵام کاکە حەمە وتی : بە خودای مام بەندی یەکەم کەس نوسیتی بیست.
سەعاتی سمارت گەیشت و کردمە مەچەکم و تەماشای پێکهاتەکانیم کرد، لەو کاتەدا پێکهاتەی Oxygyne rate کەوتە پێش چاوم واتا ڕێژەی ئۆکسجین لەناو خوێندا، کلیکم لەسەرکرد بزانم ئۆکسجینم چەندە، هەمان کات جگەرەیەکم بە دەستەوە بوو، قومێکم لێ دا، ئەزانن ڕێژەی ئۆکسجینی خوێنم چەندی خوێندەوە ؟؟ 83 % واتا لەکاتێ هەڵمژینی دوکەڵی جگەرەدا بەلایەنی کەمەوە پانزە پله ئۆکسجینی ناو خوێن دادەبەزێت.. ڕێژەی هەشتا و سێ ی ئۆکسجین لە کاتی کۆرۆنا و لە هەموو نەخۆشییەکی تردا، یەکسەر داخڵی نەخۆشخانەی چاودێریی وورد ICU ئەکرێت..کاتێ دوکەڵەکەم لە سییەکانم دەرهێنایەوە و هەناسەی قوڵم دا، بەرە بەرە ڕێژەی ئۆکسجینم بەرز بۆوە هەتا گەیشتەوە بە ڕێژەی ئاسایی خۆی کە 98% بوو.
لێرەدا بۆم دەرکەوت جگەرە کێشان یارییەکی زۆر ترسناکە، بریتیە لە هەوڵی یەکبینەی خۆ خنکاندن و .. گەڕانەوە لەو هەوڵە ..بریتییە لە دابەزاندنی کت و پڕی ئۆکسجینی خوێن، دوای ئەوە هەناسەدان و گەڕانەوە بۆ ئاستی ئاسایی ئۆکسجین.. لەو دابەزین و بەرزبوونەوەیەدا جۆرە چێژێک دروست ئەبێ، وەک چۆن لە شاریی یارێکان، هەندێ یاری ترسناک هەیە، هەندێ کەس چێژی لێ دەبینن، جگەرە کێشانیش بەو شێوەیەیە، بەڵام جگەرە کێشان لە هەموو یارییەکانی مەرگ ترسناکترە، چونکە بە دەر لە دابەزاندنی ڕێژەی ئۆکسجین کە ڕەنگە لە هەندێ کەسدا نەگەڕێتەوە بۆ ڕێژەی ئاسایی و توشی خوێن مەیینی مێشک ببێ، دیسان زیانی زۆر زیاتری هەیە، وەک بێبەشبوونی ژمارەیەکی زۆری خڕۆکە سوورەکان لە ئۆکسجین بە هۆی پڕ بوونی سییەکان لە دوکەڵ و داپۆشرانی دیواری سیکڵدانۆچکەکانی بە قەترانی دوکەڵ، ئەمەیش وا دەکا نیوەی خوێن مردوو بێت ..چونکە خوێن کاتێ ئۆکسی هیمۆگڵۆبین نییە و دیئۆکسی هیمۆگڵۆبینە، واتا هەڵگری ئۆکسجین نییە و هەڵگری دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە، بە خوێنێکی مردوو ئەژمار ئەکرێت.. ڕوونتر بدوێین، هیمۆگڵۆبینی ناو خڕۆکەی سوور، گەردیلەیەک یان زیاتری دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی لە خانەکانی لەش هەڵگرتووە کە گازێکی ژەهراوییە و ئەبێ بیبات بۆ سییەکان و فڕێی بدات و سییەکانیش لە ڕێی هەناسەدانەوە دەریکەنە دەرەوە .. کەچی ئەم هیمۆگڵۆبینە دێتە سییەکان، تەماشا ئەکا بە هۆی دوکەڵ و قەترانەوە، ناتوانێ دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەکە فڕێ بدات و .. ئۆکسجینێک بار بکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ خانەکانی لەش، هەر بۆیە بە دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەکەوە دێتەوە.. واتا کرداری گازگۆڕکێ ئەنجام نادرێت.. هەر بۆیە پێستە ناسکەکانی لێو و ژێر چاو و پوکی مرۆڤی جگەرەکێش ڕەنگیان بەرەو شینبوون و ڕەشبوونەوە ئەچێ، چونکە ئەو جێگا تەنکانە وەک سکرینێک ڕێژەی ئوکسجینی خوێنمان پیشان دەدەن، هەتا خوێن پڕ ئۆکسجین بێت، سوور و ئاڵ دەردەکەون.. هەتا کەم ئۆکسجین و پڕ دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بن، شین و ڕەش هەڵدەگەڕێن .. هەڵبەت شین بوونەوە نیشانەی مردنە .. جا ئیتر کەیفی خۆتانە.
ئینجا با واز لە جگەرە بێنین و بچینە سەر قوربانیدان ..قوربانیدان بەرزترین سیفەتی مرۆڤەکانە، تیایدا خوپەرستیی کۆتایی دێت و خۆنەویستیی جێگای ئەگرێتەوە.
هەر بۆیە ئەو کەسانەی کە قوربانییان بە ژیانی خۆیان داوە، ناویان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە پیتی زێڕ نووسراوەتەوە .. بەڵام قوربانیدان و خۆکوژیی و خۆفەوتاندن سنورێکی تەنک له نێوانیاندایە و ناکرێت تێکەڵاویان بکەین..
قوربانیدەر خاوەنی هیوا وئامانجێکی گەورەیه، لەو پێناوەدا خۆی ئەکاتە قوربانیی، بۆ نمونە پێشمەرگەیەک ئامانجێکی گەورەی هەیە وەک ڕزگارکردنی خاک و نەتەوە و ڕازیکردنی خوا و خەڵک، ئەم ئامانجە گەورانە وای لێدەکەن به شانازییەوە بجەنگێ و قوربانی بە سەر و ماڵ و خۆشییەکانی ژیان بدات.
بەڵام خۆکوژیی و خۆ فەوتاندن، کاردانەوەی بێهیوایی و بێ ئامانجییە، ڕاکردنە لە خەبات و لە خەڵک و لە ئەرکی سەرشان و هەوڵ و چاکسازیی..
کاتێک ژنێک بێ ئومێد و بێ ئامانج بە دیار هاوسەرێکی قورماچیی و بەدمەست و بێ ئیشەوە هەموو تەمەنی خەسار ئەکات، ئەوە قوربانیدان نییە، ئەوە خۆکوژیی و خۆفەوتاندنە..کاتێ باوکێک هەموو تەمەن و سامانی لە گەورەکردنی چەند مناڵێکی تەمەڵ و بێ هەڵوێست و ملهوڕدا خەرج دەکات، ئەو پیاوە قوربایی نەداوە، بەڵکو زوڵمی لە خۆی کردووە و بە بێ سوود، خۆی وێرانکردووە ..میللەتێک بە دیار دەسەڵاتێکی نەخوێندەواری گەندەڵ و مافیا و ترسنۆک و بێهەڵوێست و خۆپەرستەوە ساڵەهای ساڵ دانیشێت، بە تەمای سندوقی هەڵبژاردن و چاکسازیی و پاکسازیی بێ ڕزگاری بکەن، ئەو میللەتە قوربانی نەداوە، ئەو میللەتە خۆی کوشتووە، خۆی تەفر وتونا کردووە، دنیا و قیامەتی خۆی وێرانکردووە.
هەر پێشمەرگەیەک، هەر باوکێک ، هەر دایکێک، هەر میللەتێک، هەر کەسێک لە پێناوێکدا خۆی بەخت بکات، ئەبێ ئامانجێکی گەورە ی لەو پێناوەدا هەبێ، ئەگینا کارەکەی ئەبێتە ملکەچیی و کۆیلایەتیی و خۆفرۆشیی و خۆخەڵەتاندن و گەمژەیی و خۆکوژیی و هەرچی سیفەتی ناشیرینە ..بە هیچ جۆرێک ناچێتە ناو خانەی قوربانیدانەوە..
دواجار با باسێکی خێرای ئایین بکەین.. ووڵ دێورانت لە کتێبە دوور و درێژە دانسقەکەیدا، کتێبی (چیرۆکی شارستانیی)، دەڵێت : ( لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ شارستانییەک نابینین به بێ ئایین بووبێت.. هەر شارستانییەک پەرستگا و بیر و باوەڕێکی بۆ خۆی بنیاتناوە )
لێرەوە ئەپرسین ئاخۆ ئایین چۆن ئەو ئامادە بوونە ئەزەلییەی لەگەڵ مرۆڤدا هەبووە؟ چی دەداتە مرۆڤ و چی لێ وەرئەگرێت؟
لە ڕاستیدا ئایین بریتییە لە هەوڵدان بۆ دەستبەردار بوونی مرۆڤ لە خۆپەرستیی .. ئامانجی سەرەکیی لە خواپەرستیدا ئەوەیە کە مرۆڤ واز لە خۆپەرستیی بێنێت..ڕێژەی بیرو باوەڕی ئاینیی هەرکەسێک ڕاستەوانە ئەگونجێت لەگەڵ ڕێژەی وازهێنانی له خۆپەرستیی؛ هەتا مرۆڤی خۆنەویستتربێ، ئاییندارترە، هەتا مرۆڤ خوپەرستتر بێ، بێ ئایینتر یان دووڕووترە.
کاتێ خوا داوامان لێ دەکات زۆر بیر لەخوا بکەینەوە و تەسبیحات بکەین و نوێژ بکەین و بە ڕۆژوو بین، بۆ ئەوەیە کە زۆر بیر لە خۆمان نەکەینەوە و بە حەز و ئارەزووە تایبەتیەکانماندا ڕۆنەچین و نەبینە بوونەوەرێکی دڕندە..
ئایین چاوی مرۆڤەکان ئەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕاستی شتەکان ببینێت و ..خەیاڵ فریوی نەدەن و لە ڕێگای ڕاست لاینەدەن ..
نمونەی ئاییندار و بێ ئایین، وەک شۆفێرێکی ووریا و شۆفێرێکی سەرخۆش و خەیاڵ وایه.. ڕەنگە یەکەمیان ئازار بچێژێ بەوەی کە ئەبێ بە ووردیی تەماشای ڕێگاکە بکات و ئاگاداری ستێرن و سکلێتەرەکانی وەستان و خێراییەکان بێ، بەڵام دواجار بە سەلامەتیی ڕێگاکە ئەبڕێ ..بەڵام کەسی سەرخۆش و خەیاڵ، لە ڕوکەشدا ئیسراحەتە و لە خەیاڵی خۆشدایه و ئەرکی چاودێریی ڕێگا و خێرایی و شۆفێریی ناکێشێ، بەڵام ئەوە هەتا نزیکترین پێچ و لۆفەی ڕێگا بڕ ئەکات، ئیتر لە ڕێ لادان و وەرگەڕان و ماڵوێرانیی لێ ئەکەوێتەوە ..
ئایین مرۆڤ وا لێ ئەکا خۆنەویست بێ، عیسا خەڵکی زیندوو ئەکردەوە، کەچی خۆی زیندوو نەکردەوە..موسا کە بە منداڵیی فڕێدرایه ناو ئاوی نیل، ڕازی نەبوو هیچ کەسێ بخاتە ناو ڕووبارەوە .. موحەمەد بنەماڵەگەریی و خۆپەرستی ڕەتکردەوە و دژی بنەماڵە خوانەناسەکەی خۆی کەوتە شەڕ، بە پێچەوانەی موسوڵمانی ئەمڕۆ، خۆی ئیسلامییە و براکەی بێدینە کەچی هێندەی هەموو دنیایش خۆشی ئەوێت و موو بە نێوەندیاندا ناڕوات؛ ئەمە دیینداریی نییە، دووڕویییە.
ئایین داوا ئەکات زاڵمەکان واز له زوڵم بێنن یان لەناو بچن بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بە مافە زەوتکراوەکانیان شاد بنەوە .. ئایین دەسەڵاتدارە زاڵمەکانی ڕۆم و فارس و عەرەبی لەناو برد بۆ ئەوەی ئەو گەلانە ئازاد بژین و بە مرۆڤایەتیی شادببنەوە.
ئەمڕۆ کە چەندەها تاوان ئەدەنە پاڵ ئایین، بۆ تێکەڵکردنی وەرەقەکان و لێڵکردنی گۆمەکەیە .. ئایین بۆ کوشتنی هیچ کەسێک نەهاتووە بێجگە لە کوشتنی دەسەڵاتدارە زاڵمە خوێنڕێژە دیکتاتۆرەکانی جیهان.. ئایین نەهاتووە بۆ ڕوخاندنی ماڵی هیچ کەسێک بێجگە له ڕوخاندنی تاج و تەخت و کۆشکی دیکتاتۆرە زاڵمە خۆپەرستە گەندەڵ و ملیاردێرەکانی جیهان ..هەر بۆیە دەسەڵاتدارە داگیرکەرە دیکتاتۆرەکان، دەستە و تاقمی دینداری شێوێنراو دروست دەکەن و تاوانی جەنگیان پێ ئەنجام دەدەن هەتاکو وای لە خەڵک تێبەگەیەنن کە ئایین بۆ قەتڵ و عامکردنی خەڵکە، لە کاتێکدا ئامانجی ئایین تەنها و تەنها قەتڵ و عامکردنی دیتاتۆرە زاڵمە گەندەڵەکانی جیهانە، بۆ گەڕانەوەی مافە زەوتکراوەکانی خەڵک.
هەر بۆیە کاتێ ووڵ دیورانت ئەڵێ هیچ شارستانییەکی بێ دین نەبووە، بێ ئاگاداریی خۆی مەبەستی لەوەیش بووە هەر شارستانییەکی بێ دینیش سەری هەڵدابێ، ڕوخاوە..نەگەیشتۆتە ئەوەی وەک شارستانیی پۆڵێن بکرێت .. چونکە مرۆڤ و نەتەوەکان پێویستیان بە هۆکارێکە بەردەوام بیریان بێنێتەوە، واز لە خۆپەرستیی بێنن، تاکو نەبنە دڕندە و جانەوەر ..هەتا بمێننەوە و لەناو نەچن .. سەیرێکی چواردەوری خۆیشتان بکەن، مرۆڤە بێ ئایینەکان چەند تەمەنیان کورتە و بە دەست چەند نەخۆشییەوە گرفتارن..کەچی مرۆڤه ئاییندارەکان وەک شارستانییە ئاییندارەکان، تا ڕادەیەکی باش ماونەتەوە و نەخۆشییەکانیان کوشندە نین.




لە بیابانێکی قەڵەباڵغا.. شیعری نەوزاد بەندی

دوای زیاتر لە نەوە و پێنج ڕۆژ،
بە تەمان کەی پەنجەمۆری
خەرجکردنی
موچەی فەرمانبەران بکەن؟
لە مانگ و وەرزیش ترازا ..
ناڵێم ئیمزا ..
چونکە ئێوە ،
زۆر نەخوێنەوارن بە کورد،
ناڵێم ئیمزا ..

٭ ٭ ٭

لە فڕۆکە بۆ فڕۆکە
پێشوازی لەم و لەو ئەکەی ؟
فەرشی سوور بۆ خۆت ڕائەخەی ؟
لە پشت چەند پیتێکی گەورەی
ئینگڵیزییەوە ، ووتار ئەدەی ؟
ئەی بۆ ناچی لەسەر خوانی
کەمئەندامێ ئیستێک بکەی ؟
لە دیوارە شێدارەکەی
لە ژێر وێنەی
باوکی بۆ ئێوە کوژراوی،
نوسراوە : وا وەرزێ ڕۆیشت و
سەد و پەنجا هەزارەکەم
هەر نادیارە ..
شەرم ناکەی ؟
ووتار ئەدەی ؟
لەناو ملیاران دۆلاری ناشەرعیدا،
بۆگەنت لێ دێ، ترشاوی ..
هێندە دەستیان پیا هێناوی،
هێندە موچەی
کەمئەندامیان تیا خەرجکردووی ،
کەس نازانێ لە چی ئەچی ..
ئەی ئەندازیاری ملکچەیی ..
ئەی پزیشکی کوردایەتیی ، ئەڵێی مردووی ..

٭ ٭ ٭
لەو سەری شەقامی پیریی ،
ئەتبینم ،بەس
تازە دوای چی ؟
تەمەن تەواو ،
توایەوە ..
تازە دەرمان و دەوای چی ؟

٭ ٭ ٭

هەندێ جۆری دوور کەوتنەوە ،
چاو شارکێیە ..
بۆ زیاتر دۆزینەوەیه نەک لە دەستدان ..
هەندێکی تری ، وون بوونە ..
دابڕانە ، تا سەر ئێسقان ..
هەردووکیشیان گۆڕانکاریین..
گۆڕانکاریی باج ی ئەوێ ..
ئەو میللەتانەی ناتوانن باج بدەن.. باج..
هەتا ماون، کەوتوونەتە
ژێرپێی یەک جۆر تەخت و تاراج
وەک ئاژەڵ نان و ئاو ئەخۆن
لەگەڵ پەڕین ..
لەگەڵ بۆڕه و
لەگەڵ قۆڕە و
گیڤە و زەڕین ..
ئەیشڵێن بەڵکو ڕزگارمان کا
ڕەبونا ، ڕەبو لعالەمین ..

٭ ٭ ٭

بارانی داهاتوو ، ناچمە دەرێ ،
سەرخۆشیی له گوڵ و درەخت ناکەم،
کاتێ گەڵایان هەڵوەرێ ..
هیچ نییە ، پەڵە هەورێکە
دێت و دەڕوا ..
هەروەکو تۆ ..
وەکو زانکۆ ..
ناهێڵم دەست
بۆ زەنگی شیعرێکم بەرێ ..
چاک ئەزانم
گەر بروسکە و تۆف و لافاو
سەرتاسەری بسوتێنێ و
بخنکێنێ و
بفەوتێنێ ..
هێشتایش تیایا پەیا نابێ
تاقە یەک پیاو ..

٭ ٭ ٭
دیسان هەڵیانکێشانەوە له دروشمی
ڕەنگا و ڕەنگاڵەی ڕۆژئاڤا ؟
دیسان هەڵیانپەڕاندنەوە ؟
دیسان هەڵیانتڕاندنەوە ؟
ئەی کوا دروشمی شەکاوەی
مانگی یانزە و
مافی دوانزه و
مانگی یەک و
مافی سەدان هەزار لاوی
خاوەن بڕوانامەی بێ ئیش ؟
بۆ چی ڕۆیشتن ،
وا داتان نا
قژ و
برۆ و
سمێڵ و
ڕیش ؟

٭ ٭ ٭

باران لە کوێی ؟
بەفریش تاوێ دانیشت و ڕۆی ..
کۆچ لە پڕا خێمەی هەڵدا ..
تا تەواو ڕیشی سپی بوو ..
جانتاکانی دا به تیکتۆک و
دەستی دوو ..
پاسپۆرتی ئێکسپایەر بوو ..
ئیتر ئەبێ
هەر لێرە بمێنینەوە ..
بەڵکو مژدەی موچەیەک
لە دەم و چاوی
سەرۆکا بخوێنینەوە ..

٭ ٭ ٭

هەندێ جاریش،
لەناکاو بیرت ئەکەم و
بە هەر چوار لادا ئەگەڕێم
شوێن پێیەکت نادۆزمەوە ..
نە ژمارەکەت ..
نە ناوی قوتابخانەکەت ..
نە میوە فرۆشی دارۆغا ،
ئەیانووت هەندێ سێ شەممان،
عەسرێکی درەنگ لەوێ بوو ..
هیچم پێ نادۆزرێتەوە،
تەنها ئەوەندە ئەزانم
کرۆلایەکی مارۆنیی
مۆدێل دوو هەزار و بیست و دوو
یان یەکت پێ بوو ..




دەنگەکان، پێگەی هەمووان.. نەوزاد بەندی

ساڵەهای ساڵە هەمووان لەم لاپەڕە جوان و هەمەڕەنگەی دەنگەکاندا بەرهەم و بیر و بۆچوون و لێکدانەوەکانمان بڵاودەکەینەوە بە بێ ئەوەی جارێک دەستخۆشییەکی لێبکەین، یان لە ساڵبونیدا مۆمێک داگیرسێنین، کێکێک قاژ کەین و شیرینییەک دابەش بکەین.

جێگای ڕێز و پێزانینە بۆ ستافی دەنگەکان، کە هەموو بیر و بۆچوونە جیاوازەکان پەخش و بڵاو ئەکەنەوە، ئەمەیش جێبەجێکردنی پێناسەی ڕۆژنامەوانییە کە ئەبێ ئازاد بێ ..
چونکە لە زۆربەی ڕاگەیانەکانی کوردیی ئەمڕۆدا، تەنها ئەو نوسینانەت بۆ هەیە بیاننووسیت کە کاکی سەرنووسەر بە دڵێتیی و زمانحاڵی حیزب و ئایدیۆلۆژیاکەیەتی، واتا ئەوە ڕۆژنامە نییە، بەڵکو دیوەخانی حیزبێکی بنەماڵەییە، یان هەڵپەڕکێییەکی خزمانە بە یەک ئاڕاستە و یەک ڕیتمە و ..ئەوەی وا نەبێ، ئەبێ دەست بەربدات ..
بە ڕاستی جێی پێکەنینە، لە فەیسبووک، لە ڕێی کۆمێنتێکەوە ڕەخنەیەکی بچووکم لە پڕۆفیسۆرێکی!! زانکۆیەکی خۆمان گرت، بە قسەیەکی زبر وەڵامی دامەوە ڕەخنەکەیش ڕوونکردنەوەی ئایەتێکی قورئان بوو کە پڕۆفیسۆرێکی!!! تری کۆنکرێتیی کۆنکرێتییانە دایبەزاندبوو، ئیتر هەردوو پڕۆفیسۆر!! تێک گیرا بوون، منیش بە نیازی کردنەوەی تۆپەڵە دەزووە ئاڵۆسکاوەکە، ویستم هەردوو پڕۆفیسۆری بەشەڕ هاتوو، بهێنمەوە بۆ سەر مێزی گفت و گۆ و لێکتێگەیشتن ..
وەڵامی قسە زبرەکەم نەدایەوە، ووتم زۆر گەرم بوویت، تا سارد نەبیتەوە ڕەشە ڕەیحانەیش بە ئاڕبیجی لێک ئەدەیتەوە.
ڕۆژی دوایی شین و واوەیلایەکی به تامی ووتار دابەزاندبوو، گوایا ئەم ڕەخنەی لە ئیسلامییەک گرتووە، لە کاتێکدا بەشێک لە ئیسلامییەکانیش ڕەخنەیان لێگرتووە، ئیتر بۆچی بۆ ئەو نەبێ ڕەخنەی لێبگرێ ؟
منیش بۆم نوسی تۆ لە کۆمەڵگایەک و له شارێکدایت کە کفرێکی گەورەیە کەسێکی سەر بە حیزبێ یان سەر بە تیرە و بنەماڵەیەک، ڕای جیاوازی هەبێ، لەکاتێکدا پێناسەی دیموکراسیی ئەوەیە تۆ ڕەخنە و ڕای جیاوازت هەبێ تەنانەت لە خێزانەکەیشتا .. هەر بۆیە ئەو سەرسامبوونەت بە ڕای جیاواز لە ئیسلامییەکاندا، سەلمێنەری ئەوەیە تۆ لە دیموکراسیی تێنەگەیشتوویت و ئیسلامییەکان تێی گەیشتوون.. تۆ نازانیت یان ناتەوێت یان ناهێڵن یان ناوێریت، دیموکراسیی جێبەجێ بکەیت، بەڵام لەناو ئیسلامییەکاندا ڕای جیاواز هەیە و به پڕاکتیک جێبەجێی دەکەن و لەسەر کۆمێنت و ڕای جیاوازیش نە ئەبێتە شەڕیان نە یەکتر تیرۆر ئەکەن، وەک لە حیزبە عەلمۆخێڵەکییەکەی جەنابتاندا بینیومانە و ئەیبینین.
پڕۆفیسۆرەکە بلۆکی کردم !
لەم ڕۆژانەدا ووتارێکم کە لە پەیجی دەنگەکاندا دابەزی، لە هەمان کاتدا بۆ پەیجێکی تریشم نارد بە ئومێدی ئەوەی زۆرینەی خۆێنەرانی کورد بیخوێننەوە، چونکە ئێستا وەک چۆن هەر کەسێک حیزب و دەستە و تاقمی ڕیشتاشینی تایبەت بە خۆی هەیە بە هەمان شێوە هەر کەسێک ڕۆژنامە و پێگەی تایبەت بە خۆی وجەماعەتەکەی هەیه وهی ئەوانی تر تەماشا ناکات، هەر بۆیە منیش هەمیشە هەوڵ ئەدەم لە زۆربەی پەیجەکاندا بڵاو ببنەوە..
بابەتەکە باسکردنی حاڵەتێکی دەروونیی بوو، کاتێ تۆ لە پڕێکا تووڕه دەبیت، ئاگات لێ نییە ئەم توڕە بوونەت، تووڕه بوونێکی پێشترە، کە نەتتوانیوە تیایدا توڕە ببیت !
ئیمەیڵێکم له سەرنوسەری ئەو پەیجەوە بۆ هات، نوسی بووی : ڕاستە خەڵک لە دەسەڵاتی کوردیدا ئەچەوسێنرێنەوە، بەڵام ئەو دکتۆرەی تۆ باست کردووە ، سوک و خۆفرۆشە، لەبەرئەوە ووتارەکەت بڵاو ناکەمەوە!!
بە بێ ئەوەی ناوی هیچ دکتۆرێکم له ووتارەکەمدا بردبێ، بەڵام ئەو سەرنوسەر چونکە ڕقی له دکتۆرێکە ئەبێ تۆیش ڕقت لەو دکتۆره بێ و.. تەنانەت ئەگەر ووشەی دیکۆریشت بە کارهێنابێ، ئەو هەر به دکتۆر لێکی ئەداتەوە و نوسینەکەت لە فلتەردا دەرناچێ..
بۆم نوسی : ئەی ڕۆژنامەی ئازاد بە چی تێگەیشتوویت؟ ئەتەوێ کەسێک کە تۆی سەرنوسەر بە خۆفرۆشی بزانیت، هەموو نووسەرانی پەیجەکەیشت به خۆفرۆشی بزانن ؟؟ ئەمە عەقڵیەتی حیزبێکی بنەماڵەییە نەک ڕۆژنامەیەکی ئەلیکترۆنیی مۆدێرن، مادام وایه منیش لە لاپەڕەکەتا هیچ نانووسم .
ڕۆژنامەمان هەیه دوو سێ وتاری تیا بڵاوبکەرەوە، ئەکەوێتە شکەوە لێت، تۆ بڵێی مەبەستت لە جێ پێلەقکردنی ئەوان نەبێ؟ تۆ بڵێی لە ڕێی ئەوانەوە ناوبانگ پەیدا نەکەیت ؟ تۆ بڵێی زەرەریان نەبێ کە ووتارت بۆ بڵاو دەکەنەوە؟
وەڵڵا ئیتر مڵۆزمێکی کوتەک بەدەستت لێ ڕاست دەکەنەوە، ووتارۆکەیەک به پیسایی ئەنوسێت، کە هێرشە بۆ تۆ و هەموو ئەوانەی خزمی جەنابی سەرنوسەر نین و .. هاوحیزب و هاوڕێی مێز و گیرفانی نین ..
یان پەیج هەیە لە ڕێی بردەرێکەوە دوو سێ ووتارت بۆ بڵاو ئەکاتەوە، لە پڕ بایکۆتت ئەکا، لە هەمان کاتدا ووتاری کۆمەڵێ سەری گەندەڵیی بڵاو دەکاتەوە، وەک بڵێ : خاڵە ئێمە نوسەری وامان هەن، قمقمۆکەیەکی وەک تۆ چییە ؟
وەلحاسڵ من ئێستا تەنها دەنگەکانم بە دەستەوە ماوە کە تیایدا بنوسم ، چونکە تەنها دەنگەکان توانیوێتی لە عەقڵیەتی حیزب و خێڵ و خێزان ڕزگاری ببێ ..
هەرچەندە پێم وایە باش نییە بە کەسێک یان بە شتێکی کورد بڵێیت تەنها تۆم لا پەسەندە و جێگرەوەی تۆم نییە، چونکە لەو حاڵەتەدا وا خۆیت لێ وون دەکات بە هەرچی تەلسکۆب و میکرۆسکۆب و دووربین هەیە نەیدۆزیتەوە ..وەکو یارەکانمان لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانماندا کە خۆیان لێ وونکردین ..
هههههههه …




جاڕێک بۆ نیشتمان.. نەوزاد بەندی

وەک جلی جەژن وابوویت، نیشتمان ..
ئەبوو چەند ڕۆژێ بتپۆشم و
دوای ئەوە جلە ناشیرینەکانم لەبەر بکەمەوە ..
وەک جێگایەکی بێ ناونیشان ..
ئەو هەموو ساڵە بەدواتا گەڕام و
نەمدۆزیتەوە ..
نازانم به چ ڕوویەکەوە ، نەخشەیەکم بۆ کێشاوی و
ئاڵایەکم لەسەر داکوتاوی ؟
وەک ئاسمانێکی بێ ئەستێرە،
تۆز و خۆڵم لێ بوو بە خۆر و مانگ ..
وەک مناڵێکی هەتیوخانە،
پۆلیسی بەردەرگام لێ بوو بە باوک ..
باجی چێشتلێنەرم لێ بوو بە دایک ..
وەک جوجەڵەیەکی کێڵگەی مریشک،
هەزاران دایک و باوکم هەبوو ،
به بێ هیچ دایک و باوکێکیش ..
وەک وێنەکێش ،
بە ڕەنگەکان سکێچی نیشتمانم دروست ئەکرد و
کەس لێی نەئەکڕیم ..
هەر کەسێکیش هەڵئەسا بۆی ئەدڕیم ..
وەک ناوساجی خێر وابوویت، نیشتمان ..
قەت تێر نەبووم لێت ..
وەک گورگێک وابوویت ، نیشتمان
قەت ماڵیی نەبوویت پێم ..
وەک لە ئاسماندا بژیم ،
خاکێک نەبوو تیایدا پاڵدەمەوە ..
وەک پاشماوەی باراناو ..
وەک پەرداخێکی شکاو ..
چەندین جار گسکیان لێدام بۆ سنوورەکان ..
چەندین جار سەرم هەڵگرت بۆ ووڵاتە دوورەکان ..
لە قۆڵی کۆمۆنیستەوە ..
لە باڵی ئیسلامییەوە ..
لە کڵاوڕۆژنەی دیموکراسییەوە ..
لە سەر مێزی دانوستانەوە ..
لە هەموو ڕێبازەکانی
زەوی و ئاسمانەوە ..
هەوڵمدا و .. پێک نەگەیشتین ..
خوێنم چۆڕا ..
بە هەر چوار لادا تەقەم کرد ..
تا دەهات دوورتر ئەکەوتینەوە و
لێک نەگەیشتین ..
ئێستا نازانم تۆ لە کوێیت و
من هی کێم ..
نازانم تۆ ڕائەکەی لە دەستم
یان من بۆ لای تۆ دێم ..




کە گەورە بووین.. شیعری نەوزاد بەندی

کە گەورە بووین،
جۆلانێیەک هەتیو کەوت ..
بێشکەیەک کەمئەندام بوو ..

٭ ٭ ٭

مزراحێ لە گۆشەیەکدا،
کەڕوو تێی دا…

٭ ٭ ٭

دارلارستیکێ لە ژێر خانەکەدا،
پرۆتکا ..

٭ ٭ ٭

پەنجا/ سەد ڕەسمی
ترنتی و جۆلیانۆجیما،
لە کەلاوەکانا شی بوونەوە ..

٭ ٭ ٭

پاسکیلێکی سێ تایی،
ژەنگ گرتی..
ژەنگ کوشتی ..

٭ ٭ ٭

کۆلارەیەک،
دەزووەکەی ئاڵۆسکا
لەنگەرەکانی پچڕان ..
کلکەکەیان بڕی ..

٭ ٭ ٭
جانتایەکی چاوە پشیلە،
لە ژێرخانەکەدا ڕەق بۆوە .

٭ ٭ ٭

یەک باوەش دەفتەری وەزیفەی
دارا دوو داری دی ..
یەک دنیا ستونی ڕاهێنانی پیتی
د
د
د
د
د
ا
ا
ا
ا
ا
ر
ر
ر
ر
ر
خوسانەوە و ئیفلیج بوون ..

٭ ٭ ٭
نوقوڵی مینۆ و
حەلاوە تەیب و
عەمبەر وەرێت و
ڕیشۆڵە و
حاجی لەقەق و
خاڵخاڵۆکە،
دڵیان شکا ..
سەری خۆیان هەڵگرت..

٭ ٭ ٭

کە گەوره بووین،
تەلەفزیۆنی ڕەش و سپی
سڵاوی کۆماریی
بەرنامەکانی ئەمشەو
وەرزش لە هەفتەیەکدا
گۆرانی داوا کراو
پارچە سەمایەکی سوهێر زەکیی
یارییەکانی تلیماج
ڕاڤە جوتیاری دیموقرات تەها
ئەی شەوەکەی بێ تروسکەی دڵ تەنگیی، عەلی عەزیز..
یار وەرەوەی تۆفیق عەلی ..
توشی غودەی دەرەقیی بوون،
دەنگیان نەما ..

٭ ٭ ٭

کە گەورە بووین،
ئیدی تەمسیلی شەوی چوار شەممان، تەواو ..

٭ ٭ ٭

مامە خەمە
بەهاری دزراو
پێنج پیاو لە ئوتێلێکدا
پژمین
مەرەزە
چەخماخە
دزی زۆرزان،
ڕۆحیان دەرچوو..
تەنها هەڵەی دکتۆر و
فیلەکەت ئەی خاوەن شکۆ،
بەردەوامن ..

٭ ٭ ٭
سەعید زەنگەنە ..
موئەیەد بەدری
کامیل دەباغ
نەسرین جۆرج
پەروین مەحمود
نەسرین مەحمود
هاشم جەباریی …
کوژانەوە ..

٭ ٭ ٭

عەرەبانەیەکی تریشقە و
عەرەبانەیەکی دوو ئەسپی،
لە ئاوی ئیجەدا خنکان ..

٭ ٭ ٭
کە گەوره بووین،
چوار دەنک تەمەر هند
بە لیمەندۆزییەوە،
لەسەر پارچە کاغەزێ،
داخیلی هروب بوو ..

٭ ٭ ٭

مەرکانەیەک،
لە هەیوانەکە کەوتە خوارەوە ..
گۆزەیەک قوڵفەکانی شکان ..
پڕ تورەکەیەک هەڵمات،
لەگەڵ دار هەلوکێکا،
چوون بۆ یۆنان ..

٭ ٭ ٭

دەست بە دیوار
فڕیوە
یەکە و گۆتەکە ،
دەست بە عەمود
میچ میچێن
پێنج بەردیی
هەڵماقۆ
تۆپی پەڕۆ
خەتخەتێن ..
چوونە لیستی تیرۆرەوە ..

٭ ٭ ٭

کە گەورە بووین ، مردین ..
ئەم کاسەی سەرە پڕ شەیتانە
ئەم چوار پەلە توکاوییە ،
ئەو گوڵدانە پڕ نوقوڵ و
ئەو چوار چڵە ڕەیحانەیە نین ..

٭ ٭ ٭

کە گەورە بووین،
بە پاڵ کردیانینە دەرەوە و
دەرگای قوتابخانەکانیان بە ڕوودا داخستین ..
یەک دنیا ڕەحلە و
تەختە ڕەش و
دەستەسڕی پەڕۆ و
تەختە کوژێن و
تەباشیر و
لاستیک و
قەڵەم دادەر …
ڕەوانەی خانەی پیریی کران ..




دۆنکیشۆتەکانی بەردەم کامێرا.. نەوزاد بەندی

ڕێبین هەردی له ڕەخنەیەکیدا بۆ دکتۆر عەلی قەرەداغیی، ئەڵێ : نەختێ بێدەنگ به، ئێمە خوێنمان لێ ئەچۆڕێ !! برا .
ئەڵێم بێ زەحمەت خوێنی چیت لێ ئەچۆڕێ ؟ چەکت کردە شان و چویت بۆ ڕۆژئاڤا و بریندار بوویت وا خوێنت لێ ئەچۆڕێ؟
دوو سێ خێزانی ئاوارەی ڕۆژئاوات هێناوەتە ماڵی خۆتان و ..نان و داڵدەت بۆ دابینکردوون و چوویت بۆ کرێکاریی بۆ دەستخستنی داهاتێک بۆ خزمەتکردنیان و ..بلۆک لەسەر شانت ترازاوە و بریندار بوویت و خوێنت لێ ئەچۆڕێ ؟؟
مانت لە خواردن گرتووە و لەبەردەم قونسوڵی وڵاتە کۆڵۆنیالیستەکاندا وەک مێخ لە ژێر بەفر و شەختەدا خۆت داکوتیوە و ڕاوەستاویت ؟ لاوانت کۆکردۆتەوە و بە پاچ و داس و خاکەناز و دار و بەردەوە ڕووە و ڕۆژئاوا بەڕێکەوتوون؟ ماڵ به ماڵی شار گەڕاویت و ..سوتەمەنیی و ئازوقەت بۆ کۆبانی و حەسەکە کۆکردۆتەوە و لەو پڕۆسەیه بریندار و شەکەت بوویت و خوێن لە قامکەکانت ئەچۆڕێ ؟؟
تۆ لە نادادیی و موچە بڕان و قەتڵ و عامیی ناوخۆی خۆماندا، بریندار نەبوویت و خوێنت لێ نەچۆڕا ..کەرکوک تەسلیمکرایەوە، نەوت و غاز بە دێلیڤەریی نێردرانەوە، بریندار نەبوویت، ئێستا چۆن وا دوور بە دوور بۆ ڕۆژئاڤا بریندار بوویت و خوێنت لێ ئەچۆڕێ؟؟

لەو لایشەوە ئەبوبەکر هەڵەدنیی لە کوردستانی ڕۆژئاواوە ڤیدیۆیەکی تۆمار کردووە، له شارێکی ئارام و پڕ سەوزایی و ڤێلای خۆش و مۆدێرن، وەک ئەوەی چوو بێت بۆ گەشت نەک بۆ پێشمەرگایەتیی، بەو جۆره ئەڵێت بەرپرسی ئەو شارەمان بینی کە غەریب حەسۆ بوو، پشتگیریی کوردستانی عێراقمان پێ ڕاگەیاندن !!

یەعنی چی پشتیوانی کوردستانمان گەیاندە غەریب حەسۆ؟ واتا چۆن چۆنیی گەیاندتان ؟ چی بوو ئەو پشتیوانییە؟ بەڕوو بوو ؟ فیشەک بوو ؟ پشتیوانیی چییە ؟ گوڵە یەخەیە ؟ لەفەی قاورمەیە ؟ چییە ؟
پشتیوانیی ئەوەیە گەنجان و لاوان به چەک ودار و بەردەوە بچن به هانایانەوە ئەگینا وشەی پشتیوانیی و ئەو جۆره شتانە، تەنها کاتیان لێ ئەکوژێ و خوێ ئەکەن بە برینەکانیانەوە ..وەک ئەوە وایە بچیت بۆ لای نەخۆشێک و وێنەی دەرمانێکی پیشان بدەیت و بڵێی ئەم دەرمانەی لەم ڕەسمەدایه زۆر باشە بۆ تۆ ..تەماشای کە، دەرمانێکی چەند چاکە !!.
بە کڵاو و جامانەی مل و ئەو شتانە نابنە پێشمەرگە، مادام گەیشتیتە ئەوێ، ئەبوو بەشداریی شەڕێکت بکردایه و وێنەی شەڕەکەت بۆ بناردینایەتەوە، نەک لەبەر چەپڵە و دەستخۆشیی، لە گۆشەیەکی ئارام و مۆدێرن و پڕ سەوزایی، وەک گەشتیارێک دەربکەویت نەک وەک پێشمەرگەیەک ..ئێوە ئەتانەوێ هیچیش نەکەن و چەپڵەیشتان بۆ لێبدەین، شەڕیش نەکەن و پێشمەرگەیش بن، نەیشکوژرێن و شەهیدیش بن ..فیرعەونانە بژین و بیلالانەیش حەق و حیسابی قیامەتتان لەگەڵدا بکرێ ..ئەوەیشتان زەحمەتە دەست بدات بۆتان.
مەوزوعەکە خورمژەکەیه ، خورماتان ئەوێ و مێوژیش.. دنیا و ئاخیرەت و دین و عەلمانیەت و بۆینباخ و ڕەشماڵ و ڕیش و لاندکرۆزەر و ڤێلا و هەموویتان تێک ترشاندووە، مەگەر خوا بزانێ ئێوە چین و چیتان ئەوێ ..




کۆمێنتێک یان یاساکانی شۆڕشگێڕیی.. نەوزاد بەندی

میللەتەکەمان بە لاڕێدا براوە و دۆستی لێ بووەتە دوژمن و ..دوژمنی لێ بووەتە دۆست..کەسی وامان هەیه بۆ تاقە دۆلارێک دنیا و ئاخیرەتی خۆی دۆڕاندووە.. تەماشای میللەتێک ئەکەیت لەبەردەم خۆیدا زوڵمێکی زۆر هەیه، کەچی چەکی بۆ ناکەنە شان و مافی خوراو ودزراوی خۆیان ناسەننەوە، بەڵام بە بێ نەخشەدان و خۆڕێکخستن و ڕاهێنان، سەدان کیلۆمەتر ئەبڕن تا بە گژ زوڵمێکی دوورە وڵاتدا بچنەوە ..ئاخر تۆ قژی خۆتت پێ شەتڵ نەکرێ، قژی ئەوانی ترت چۆن پێ شەتڵ ئەکرێتەوە ؟..
ئیتر ئەم دۆخە سەیرەیش، مرۆڤگەلێکی سەیری دروست کردووە، بۆ نمونە پەیجی فەرمی دز و مافیا دەسەڵاتدارەکانی هەرێم بچوکترین کۆمێنتی ڕەخنە و گلەییان تێدا نییە و هەمووی سوپاس و نزای تەمەندرێژیی و دەستخۆشییە، کەچی پەیجی پڕۆفیسۆر و نوسەر و هونەرمەند و بیریارەکانمان پڕ پڕن لە کۆمێنتی جنێو و سوکایەتیی و قسەی ناشیرینی وا کە هەر کورد و مرۆڤ و زمان و نوسینیشت لەبەرچاو ئەکەوێ..ئەمە پێناسەی ترسنۆکیی و خۆپەرستییە، کاتێک دەستخۆشیی لە دزێکی بە حیمایه دەوره دراو ئەکەیت، هەمان کات پڕۆفیسۆرێکی پاک و بێگەرد بەر تانە و تەشەر و جنێو دەدەیت. دۆخێکی دووفاقی وا لە زانستی دەروونزانیدا بریتیە لە پێڕشتن، واتا هێرشێک کە ناوێریت بیکەیتە سەر زاڵمێک، ئەچیت ئەیکەیتە سەر بێتاوانێک و بەوی دەڕێژیت، هەمان کات ئێرەیی وات لێدەکات دەستخۆشییەک لە نوسەرو پڕۆفیسۆرێک نەکەیت، بچیت ئەو دەستخۆشییە لە زاڵمێک بکەیت!! واتا بە کەر نەوێریت و بۆ کورتان شێر بیت.
بەڵام ..
لێرەدا ئەڵێم؛ بەڵام .. دکتۆرێکی شارەزا لە زانستی فیقهیی و شەرعیی لەم دۆخە هەستیارەدا کە خەڵک لەسەر سۆزی نەتەوایەتیی جۆشدراوە، نەدەبوو لێکدانەوەی شەرعیی و فیقهیی بۆ شەڕێکی به نەتەوایەتیکراو بکات، چونکە لەو دۆخەدا هەستی نەتەوایەتیی بەسەر هەمووهەستەکانی تردا زاڵە، تەنانەت بەسەر بەڵگەنەویستەکانیشدا زاڵە.. هەر بۆیە شەرعییەتێک هەیە پێی ئەوترێ شەرعییەتی شۆڕشگێڕیی، ئەوەیان یاسا و داب و نەریتی تایبەت بەخۆی هەیە، تیایدا ئەگەر هەست بکەیت شۆڕشێکی فەیکە و بە لاڕێدا براوە و زەبری کاریگەری بە دواوەیە له گەل و میللەت، نابێ بەشداریی بکەیت، لە هەمان کاتدا نابێ ڕەخنەیشی لێ بگریت .. لەوجۆرە بار و دۆخانەدا قورئان ئامۆژگاریی ئەوەمان دەکات کە پێویستە قسەیەکی خێر بکەین یان بێدەنگ بین (( فلیقل خیرا او لیصمت)) خەڵک جۆشدراوە و ..ڕاست و چەپی خۆی نابینێ و ئەیەوێ تۆڵەی مافە خوراوەکانی ساڵەهای ساڵی بکاتەوە، وەک بڵێی هەلێکی بۆ هەڵکەوتووە بڕوات مافی موچە خوراوەکانی و سامانی میللەت دزران و بێکارکردنی ڕۆڵەکانی و بێئومێدبوونی هەتا سەر ئێسقانی، لە ژێر تایتڵێکی تردا بکاتەوە، لێرەدا ئەو ئاگاداری هیچ ڕاستی و یاسایەکی تر نییە و نایشیەوێت ئاگاداریان بێ، تەنانەت نازانێ ئەو شارەی کە ئەچێ شەڕی بۆ ئەکا، کەوتۆتە کوێوە و زمانیان چۆنە و مێژوویان چۆنە، یەک ووشەیشی دەربارەیان نەخوێندۆتەوە، کەچی ئامادەیە بە کراس و پانتۆڵێکەوە بە بێ ئازوقە و پارە و پێخەف، لەم کەشە ساردەدا، بەناو بەفر و شاخ و پێدەشتەکاندا بە پیادە بڕوا، به بێ چەک و فیشەک، یەکسەر بۆ شەڕکردن!! ( لە ڕاستیدا ئەوەی کە دەبوو لە شارەکەی خۆیدا بیکات و ڕاپەڕێت و داوای مافە زەوتکراو و دزراوەکانی لە دەسەڵاتێکی زاڵم بکات، نەیکردووە و .. به ناڕاستەوخۆ و لە ڕێی نەستە پەنگخواردووەکانییەوە، ئەیەوێ لە شار و وڵاتێکی دووردا ئەنجامی بدات ) بە بێ ئەوەی هیچ حیسابێکی بۆ ئەو شەڕە کردبێ..به بێ ئەوەی لە هیچ چەکێ بزانێ ..به بێ هیچ بنەمایەکی لۆژیکیی، تەنها شتێک کە پاڵ بەوەوە دەنێ، مافی خوراوی ساڵەهای ساڵی خۆیەتیی ئەیەوێ لەو دەرچەی ڕۆژئاوایەوە، بیڕێژێ و حەقی خۆی بکاتەوە ..ئەمەیش ئەو گەمەیەیه کە تۆم باراک نێردەی ئەمەریکا لە پێناویدا هاتووە و جەختی لەسەر دەکاتەوە و ..چێژی لێدەبینێ.. چونکە یەک کەس زیاتر بمرێ یان گێل بکرێ ئەو بەرمیلێ نەوت زیاتر ئەباتەوە لەگەڵ خۆی بۆ ئەمەریکا ..
هەر بۆیە بێدەنگبوونی زانا و دانا لەو دۆخەدا، زۆر باشترە له قسەکردنی شەرعیی و زانستیی و لۆژیکیی ..وەک چۆن لە کاتی ئاگر کەوتنەوەی گەورەدا، ئاو ناتوانێ ئیشی خۆی بکات ..یاسای دووانەی دژ به یەکی ئاو و ئاگر تێک دەچێت و ئەبێ پەنا بۆ ئاگرکوژێنەوەیەکی تر ببەین .. ئا بەو جۆرە .




كورد کوشتن بە سورەت.. شیعر\ نەوزاد بەندی

بێجگە له کورد
هەموو گەلێ
بۆی هەیە سورەتی ئەنفال،
بە زەوقی خۆی
جێبەجێ کا ..
بۆی هەیە مافی مرۆڤ و
میساقی یو ئێن له پێ کا ..
تەپلە لەسەر بێ یان خوزە ..
بۆینباخ لە مل یان ملپێچ ..
عەمامە بەسەر یان مێزەر ..
ڕیش گەز و نیویی یان کۆسە ..
سیکیولاربێ،
یان کیسرا و لویس وقەیسەر ..
بەڵشەفیک و
شێخ و سوڵتان ..
نەتەوەیی بێ .. خێڵەکیی و
گڵۆباڵیست و
کۆماریی و شاهەنشا و
میر و میانڕەو ،
یان تیرۆریست ..
یان عائیدون لە تیرۆر و
زانا و گەمژەی بێ ناونیشان ..

٭ ٭ ٭

هەر کەسێ بی، ڕێپێدراوە
بۆ هەڵکێشانی شمشێر و
ئاوەڵا کردنی قورئان ..
گەیشتنە سورەتی ئەنفال و
کار بە ئایەت به ئایەتیی،
دژی ئەوەی به ئەستەمیش
لێی بێ بۆنی کوردایەتیی

٭ ٭ ٭
عەگاڵ بەسەر بی ،
یان شەپقە ..
کافر بیت یان سۆشیالیستیی ،
مونافیق بی ،
حافیز قورئان بی .. یان چەتە و
تەکنۆکرات بی یان قەلەندەر ..
ئەهلی مزگەوت بی ،
یان نادیی ..
هاوڕەگەز خواز بی،
یان ڕەبەن ..
وەک دالی سەر بە قوتابخانەی
سوریالیی بی ..
یان وەک پیکاسۆ، تەکعیبیی ..
دادائیی بی،
یان کلاسیک ..
ئایدیالیست بی،
یان ڕۆمانتیک ..
سەر بە فیزیای کۆنی ئیسحاق نیوتن بی،
یان تۆبەکاری ڕێژەیی ئانیشتاین و
تێسلا و ئەوان ..
دڵخوازی ڕیاڵ مەدرید بی،
یان هی بارشا..
زانا بی یان نەخوێندەوار ..
بێ شەرەف بی ،
لەشفرۆش بی ..
ئاڵودەی مادەی هۆشبەر بی،
یان پیاوێکی ساغ و سالار ..
دەمت بۆنی سیواک بدا
یان بۆنی شامپانیا و ویکسی ..
هاڵاوی ڤۆدگات لێ هەستێ
یان شەرابی سووری پاریس ..
بۆنی حەشیشە و هێرۆیین
یان ڤایپ و نێرگەلە و سیگار
یاخود بۆنی سەگی تۆپیو ..
گرنگ نییە،
بۆت هەیە کار بە سورەتی ئەنفال بکەی
لە دژی کوردی خێر نەدیو ..
٭ ٭ ٭
سوور بی وەک سەگی ئەمریکیی ..
سپی بی وەک گورگی ڕوسیی ..
ڕەش بی وەکو وشتراڵۆک ..
یان وەکو کێکی هەڵئاوساو ..
یان ڕەش و چرچ بی
وەک پێڵاو ..
گرنگ نییە ..
ئەتوانی هەر کات بتەوێ،
ئەنفالەکە بکەیتەوە و
چاڵەکانیش هەڵدەیتەوە و
بە کۆمەڵ هاووڵاتی کورد
بدەیتە دەستی زیندەچاڵ..
بێ گوێدانە
خوا و پێغەمبەر ..
یو ئێن و خۆپیشاندان و
هاش و هوشی پایتەختە تێر و پڕەکان ..
چونکە کورد دروستکراوە،
بۆ نیشانەی تاپڕەکان ..
٭ ٭ ٭
گرنگ نییە لە بیابان مارمێلکە بخۆی،
یان لە مانهاتن کافیار و شەراب هەڵدەی ..
لە دەریادا بی یان لە شاخ ..
یان لە دارستان، ڕاو بکەی ..
گرنگ نییە ..
گرنگ ئەوەیە هەر کاتێ بێتاقەت بووی،
بۆت هەیە سورەتی ئەنفال،
جێ بە جێکەی، پیت بە پیتی ..
لە دژی کورد ..
چونکە نەوەی
سەڵاحەدینن ئەوانە،
ترسناکن لەسەر گێتی ..

٭ ٭ ٭

گرنگ نییە هەر چۆنێ بی،
هەر چییەک بی ..
گرنگ ئەوەیه بۆت هەیە
بە دەسنوێژ و
بێ دەسنوێژیش ..
ئەنفالەکە هەڵدەیتەوە و
دەستکەی بە ئیش ..

لەشت پیس بێ ،
یان بە ئیحرام،
بۆت هەیە دەست بەیتە قورئان،
بچیتە سورەتی ئەنفال،
دێڕ – دێڕ
ئایەت بە ئایەتیی،
لەسەر کورد جێ بە جێ بکەی..
ئەوەیە لوتکەی ئیمان و
مۆدێرنە و مرۆڤایەتیی..

٭ ٭ ٭

هەرچی کەناڵیی ئازاد و
ڕاگەیاندنی جیهانە،
کە بۆ زامدار بوونی سەگێ،
لە چەندین شار عەوداڵ ئەبن ..
لە ئاست کۆمەڵکوژیی کوردا،
کەڕ ئەبن ..
کوێر و لاڵ ئەبن
الجزیرة
CNN
FOX NEWS
BBC
RT
F24
….. هتد ..




سەعاتێکی بێدەنگ.. شیعری نەوزاد بەندی

مانەوەم لێره،
وەک کەوتنە خوارەوەی قەڵەمێک بوو ، بۆ پشت کەوانتەرەکە ..

  • + +

بە تەنیشت ڕۆژەکاندا،
ژیانم بەسەر برد ..
تۆ بڵێی خوا محاسەبەم بکا ؟

  • + +

منداڵیی زۆربەمان،
بە ڕیش و سمێڵەوەیە..
باوکی زۆرینەمان،
باڵاندۆری هەبوو،
لە شەق تێهەڵدانمان..

  • + +

عەسرێکی باراناویی،
هەستمکرد هەناسه ساردم..
ئەو لەرزەی چووە دڵمەوە،
بە پەنجا ساڵ نەهاتە دەر ..
ئێرە جێگای ڕیسایکلینی شاعیر و هونەرمەندانە ..

  • + +

کە تۆ به ئوتومبیلەکەت تێپەڕیت،
من لەسەر تەنەکەی خۆڵەکە دانیشتبووم ..
کە سەدام ڕوخا و ئوتومبیلێکی علوجم کڕی،
تۆ لە هۆڵندا، لە بازاڕی گوڵ بووی..

  • + +

هەموو شەوێ،
کەناڵی بازرگانە موڕتاحەکان،
نێرینەکان ئەخەسێننەوە و
مێینەکان لاقە ئەکەنەوە ..

  • + +

نازانم ئەو خەڵکە بە دیار چییەوە دانیشتوون ؟
وەک ئاردە داری دارتاشخانە،
لە بەر پێی چەند عەیبدارێکا،
کەڵەکە بوون ..

  • + +

جاران لە دژی نادادیی،
کورد ئەچوونە شاخ ..
ئێستا لە دژی نادادیی،
کورد ئەڕۆن بۆ عەمرە ..

  • + +

تەمەن تەواو ئەبێ و
هێشتا
لە فرۆشگایەکی دەستی دوو
ڕێکەوتم نەکردی ..
ووڵات پڕ بووە لە لەگزس و عەرەبانە ..

  • + +

تێرمیناڵێکی خۆڵاویی ..
کۆمەڵێ گەشتیاری بێتاقەت ..
هەندێکیان
بۆ کەبابخواردن هاتوون و .
هەندێکیان بۆ کەباب فرۆشتن ..
هەندێکیان بۆ دۆلار دیار نەمان ..
هەندێکیان بۆ قەل خواردن ڕۆشتن ..

  • + +

زەوی ڕوکن بۆیه گرانە،
لە دراوسێیەک قوتارت ئەکا ..

  • + +

ئەو خەڵکە چەند حەزیان له دابڕانە،
دوو ئەوەندە حەزیان لە قەڵەباڵغییە ..

  • + +

ژیان ئەوەندە بێ قیمەت بووە،
لەوە ئەچێ دنیا
تەنها دۆناڵد تڕەمپی تیا بژی.

  • + +

تازه ناتوانم پیاسه بکەم ..
بە شیعر شەقامێکت بۆ ئەنێرم ..
لەگەڵ کۆمەڵێ هەنگاو ..
بۆ خۆت شتێکیان لێ دروستکە ..

  • + +

ژیان تارماییە ،
هەر بۆیە جوانترین شت،
ئەو شتانەن کە دەستمان نەکەوتوون ..
ئازیزترین کەس ئەوانەن
قەت هەنگاوێکمان لەگەڵدا نەناون ..
قەت نانێکمان لەگەڵدا نەخواردوون ..




دوو وتار یان لە نادر و خوراسانی هەتا ئێران.. نەوزاد بەندی

لە ڕاستیدا ماوەیەکە بۆم دەرکەوتووە نوسین کەڵکی نەماوە، یان ڕاستتر بڵێم؛ سەردەمی نوسین بەسەرچووە، بە تایبەت زۆرینەی ئەوانەی کە دەنوسن خەڵکی نەخۆش و مەگەزی ئاخوڕی دەسەڵاتۆکەکانن.. خەڵکی شەقامیش ناخوێننەوە، بیشخوێننەوە، تەنها حونجەی پیتەکان دەکەن و هیچ هەڵوێستێکیان لەلا دروست نابێت، نوسینیش کە هەڵوێست دروست نەکا وەک ئەوە وایە کۆمەڵگا پڕ بکەیت له قوماش، کەچی خەڵکەکە ڕووت و عوریان بن.. نەزانن قوماش بۆ داپۆشینە، نەزانن ڕووت و عوریانیی لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا عەیبەیەکی گەورەیه و دەرچوونە لە خولگەی مرۆڤ..
سەدان نوسین و وتار دێن و دەچن، تەنانەت حیسابی وەڕینێکیشیان بۆ ناکرێت چونکە کاتێ گوێمان لە وەڕینێک دەبێ، ئاوڕ دەدەینەوە و هۆرمۆنی ئەدرینالین دەڕێژین و ئامادەمان دەکات بۆ ڕاکردن یان هەڵگرتنی بەردێ ..دارێ، بۆ بەرگریکردن..بەڵام هیچ نوسینێ نە ئاوڕ، نە بەرد و نەدار نایەن بە هانایەوە.
بە هەر حاڵ ئەوەی کە لەم دواییەدا زۆر نائومێدی کردم، ووتاری نوسەرۆکەیەکی سەیر بوو، کە ڕێگای بەخۆی دابوو لە ڕۆژنامەیەکدا بە حیساب پێنجسەد هەزار خوێنەری هەیە، ووتارێ بنوسێ؛ نوسەر ئازاد و بیری دژ بە ئاخوڕە حیزبییەکان، به نووسەری لوسکە!!! ناو ببات .. لەوەیش کارەساتبارتر ئەو ڕۆژنامە بە حیساب پێنجسەد هەزار خوێنەرییە، سێ ڕۆژ وسێ شەو ئەو ووتاره ناشیرینە سوکەی کە بۆنی قاوشی سینەما هەرزانەکانی جارانی لێدەهات، له تۆپدا بهێڵێتەوە، تا هەمووان ئەم بابەتە سوکە بخوێننەوە کە مکوڕی لەوە دەکات دەعبای نوسەر پاشخانێکی نێربازیی هەیه چونکە جاران وشەی لوسکە و وەلەد و ئەو جۆرە ووشە هەرزانانە ویردی دەمی نێربازەکانی ناو قاوشە هەرزانەکانی سینەما بێ کوالێتیەکانی شار بوون .
بەڵام چی بڵێم کە ناتوانم بە تەواوەتیی تەرکی نوسین بکەم، وەک برادەرێک کە سوێندی خواردبوو مەی نەخواتەوە، دوای هەفتەیەک سەیر دەکات وەزعی تەواو نییە و پێویستی بە مەیخواردنەوەیە، ئەچێتە لای چەند مامۆستای ئاینیی، تا بزانێ گوناهــ نییە سوێندەکەی بخات و دەستبکاتەوە بە مەیخواردنەوە؟ ..مامۆستاکان نازانن چی پێ بڵێن، هەتا مامۆستایەکی ئاینیی عەرەب پێی ئەڵێت : ( یابا اشرب .. هو انت في النار.. في النار .. هسه بقت علی الحلف ؟ )
واتا تۆ کە ئەخۆیتەوە، ئەهلی دۆزەخیت، ئیتر شکاندنی سوێند کەی کێشەیه ؟؟ بڕۆ بخۆرەوە و خەمی سوێندەکەت نەبێ..!!

ووتاری یەکەم :
قادر نادر و مەزهەر خۆراسانیی ..
لە ڕاستیدا لەم ڕۆژانەدا شەڕە قسە و دیالۆگی پڕ لە قڕ قڕ و جنێودانی ئەو دووانە، زۆر تابلۆی سەیری بیرخستمەوە، کەدیارترینیان شەڕە کەڵەشێر بوو، دڵنیام نزیک یەکتر بوونایه دەموچاوی یەکتریان خوێناویی دەکرد.. کەڵەشێر تەنها دەخوێنێت، ئەو دوانەیش تەنها قسه دەکەن..یەکەمیان دژی دەسەڵاتی کوردییە و بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی گەندەڵییەکانیان .. دووەمیشیان بەردەوامە لە بانگەشەکردن بۆ فرەژنیی بە بێ ئەوەی ئاگای لەوە بێ زۆرینەی گەنجەکانی میللەتەکەی بەهۆی سیاسەتی برسیکردنی جووت جوامێرەکەوە، نەک فرە ژن، تەنانەت فرە کراسیش واتا لە کراسێک زیاتر ناتوانن بکڕن ..لە هەمان کاتدا دژی ڕێکخراوی ژن و ڕای ژن و هەناسەدانی ژنە و.. ئامادەیە بنەڕێنێ بەسەر هەر ژنێکدا..
پەم دووانە ، کە یەکێکیان دوژمنی دەسەڵاتدارانە و ..ئەوەی تریشیان مڵۆزمی ژنانە، لە بازنەی قسە کردن تێ ناپەڕن، واتا تەنها قسە دەکەن.. بۆ نمونە قادر نادر ڕۆژێک سەر ژمێریی لایەنگرەکانی نەکردووە و بیری لەوە نەکردۆتەوە ڕێپێوانێکی هێمن لە سلێمانی یان لە هەولێردا ئەنجام بدات ..چی دەبێ؟ دەتانکوژن؟ با بتانکوژن.. خۆ کورد چارەنووسی یان کوشتنە یان کاسەلێسیی و لەناو کاسەدا خنکان ..
لەو لایشەوە مەزهەر خوراسانی بە حوکمی ئەوەی بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسا و دەستووری ئیسلامیدا هەیه وئاگاداری مێژووی ئیسلامە، بۆ یەک چرکەیش بیری لەوە نەکردۆتەوە لە بانگدانی فەرزێکی مزگەوتەکەیدا دێڕی ( حي علی الجهاد ) زیاد بکات لە کاتێکدا چاک دەزانێت لەسەردەمی پێغەمبەرماندا دروودی خوای لەسەر بێ و دوای ئەویش، لەکاتی هەبوونی هەر نادادییەکی دوور و نزیکدا له بانگدانی مزگەوتەکاندا دێڕێک بۆ بانگەکان زیاد دەکرا : ( حي علی الجهاد ) واتا وەرن بۆ شەڕ.
لەو حاڵەتەدا موسوڵمانان، ئەوانەی توانای شەڕیان هەبوو، ئامادە دەبوون و گوێڕایەڵی ئیمام دەبوون ئاخۆ بزانن چ زوڵم و زۆرێکی نزیک و دوور سەری هەڵداوە تاکو بچن زاڵم سەرکوت بکەن و ماف و ئازادی بۆ مەزڵوم بگەڕێننەوە ..
نەخێر، مەزهەر خوراسانیی خۆی لەو دێڕە نەبان و نەزان و بێ ئاگا دەکات و .. زیاتر خەریکی ئایەتی دووان و سیان و چوارەکەیە، بێ ئەوەی ئاگای لەو مەرجە بێ کە دەفەرموێ ئەگەر نەتانتوانی دادپەروەر بن لە نێوان فرە هاوسەرەکانتاندا، ئەوا بۆتان نییە لە یەک هاوسەر زیاترتان هەبێ.
بە هەر حاڵ لەم بە یەکدا پژانەی دوایی نێوان نادر و خوراسانیدا، کە تەنها قسەیه و هیچ یەکێکیان ئامادە نین ڕۆتینی عەیش و نۆشی ڕۆژانەیان نەک بۆ حەڵەب، بۆ هیچ شتێ تێک بدەن، سێ لە دە بۆ نادر و .. حەوت لە دە بۆ خوراسانیی ..
سێ لە دە بۆ نادر، چونکە نابێ هەڵگری بڕوانامەی دکتورای زانستە شەرعییەکان بەو شێوەیه بە نەڕە و تووڕەیی و کەفچاندنەوە دەر بکەوێ و ..ووشەی نەشیاو دەرپەڕێنێ.
حەوت لە دە بۆ خوراسانیی، چونکە ڕاستێکەی کچ توحفەیەکی ناسکە و ئەرکێکی زۆر گەورەی لەسەر شانە کەدایکایەتییە و باشتر وایه لە ماڵەکەیدا ئارام بگرێ وەک له قورئاندا ئاماژە دراوە بۆ ئارامگرتنی هاوسەرەکانی پێغەمبەر لە ماڵەکانیاندا ( وقرن في بیوتكن ) بەو پێیەی دەرەوەی ماڵ زبر و سەخت و پڕ کێشە و نەهامەتیی و ڕووداوی نەخوازراوە کە تاوانێکی گەورە دەکەین ئەو کائینە ناسک و پڕ هەست و سۆزه ڕاپێچی ئەو ڕوداو و ترسناکیی و ڕەق وتەقییەی دەرەوە بکەین.
ئەوەتا جوانترین و ڕۆمانسیترین ئەکتەری مێژووی سینەما و هۆلیود ، مارلین مۆنرۆ، پێش ئەوەی خۆی بکوژێت، نووسراوێک بەجێ دێڵێت، تیایدا هاتووە دەڵێت خۆزگە دایکێک بوومایه، لە ماڵێکدا منداڵم بەخێو بکردایە و هیچ ناوبانگێکم نەبووایه و نەناسرامایە.
هەروەها ئەکتەر و بیریارێکی وەک ئەلپاچینۆ دەڵێت : کچان لە ماڵ هاتنە دەرەوە بۆ ئیشکردن، بەو جۆرە نیوەی کوڕان بێ ئیش بوون.. ئەوەیش وایکرد نیوەی کچان هەلی هاوسەرگیرییان چنگ نەکەوێ چونکە نیوەی کوڕانیان بێ ئیش کردبوو ، ئایا ئەگەر کچان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و واز له ئیشی دەرەوە بێنن و کوڕە بێ ئیشەکان، ئیشیان دەست بکەوێ و بچنە داخوازیی کچان و خێزان دروست بکەن، باشتر نییە ؟؟
پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونی خوراسانیی لە لایەن ئەلپاچینۆوە، وایکرد لەو دەمە بۆڵەیەدا حەوت لە دە بۆ خوراسانی دابنێین ..چونکە خۆیشم، بۆ تاقیکردنەوەی دۆخەکە، چەند هاوڕێیەکی ئەتاییستم داوەت کرد، لە ناوەڕاستی کۆبوونەوەکەماندا، پێم وتن : یەک پرسیارتان لێ دەکەم هیوادارم بەو پەڕی ڕاستگۆییەوە وەڵام بدەنەوە، ئایا ئێوە کە کچ و هاوسەر و خوشک و دایکتان بە تەنیا لە ماڵ دەچنە دەرەوە، دڵ و دەروونتان ئارامە؟؟
ماوەیەک ڕامان و بیریان کردەوە، دوایی وەڵامی هەموویان ( نەخێر ) بوو .. واتا کاتێ هاوسەر و کچ و خوشک و دایکیان لە ماڵ دەچنە دەرەوە، ئەمان لە ناخەوە ئارام نین و ئەترسن توشی کارەساتێک بن.

ووتاری دووەمیشم بار و دۆخی ئێران و ئەم شوڕشە شانۆگەرییەی قوتابخانەی تڕەمپیزمە ..
لە ڕاستیدا من بۆ گەشت ساڵانە دەچمە کوردستانی ئێران و لەگەڵ هاوڕێکانما پیاسە دەکەین .. گەورەترین دەستکەوت کە ئێرانییەکان بە کورد و فارس و تورک و ئازەرییەوە هەیانە و هەستی پێناکەن، بریتیە لە یەکسانیی و هەرزانیی وزە و پارێزگاریکردنیان لە کولتووری ڕەسەنی باب و باپیریان .. من پێش ئەوەی گەشت بۆ ئێران بکەم، دوور بە دوور ئەو دەسەڵاتدارە ئاینییە مەزهەبییەی ئێرانم خۆش نەدەویست، بەڵام کە چەند جارێک گەشتم بۆ کرد، مۆدێرنترین سیستمی بەڕێوەبردن و حوکمداریم بینی، هەروەها بەبەزەییترین و دڵسۆزترین و خەمخۆرترین دەسەڵاتم بینی لە تەواوی جیهانی بێ ڕەحم و ماددی و سەرمایەداریی ئەمڕۆی جیهاندا ..لە دەروازە سنووریی و تێرمیناڵ و فڕۆکەخانەکانیاندا، ئەفسەر و کارمەندی زۆر بەڕێز و کاربەڕێکەری دڵسۆز کە لە سەدا سەد جیاوازن بۆ نمونە لەگەڵ ئەوانەی تورکیادا .. فەرموو گەر گەشتی هەردوو وڵاتتان کردووە، خولەکێک چاوتان دابخەن و بەراوردی ئەفسەرێکی تورکیی و ئەفسەرێکی ئێرانیی بکەن لە مامەڵەکردنیاندا ..
پاشان ئەمسەر بۆ ئەوسەری ئێران ئەگەڕێی یەک بازگە نایەتە ڕێگات، یەک چەکدار نابینیت، کەسێک داوای ناسنامە و پاسپۆرتت لێ ناکات..ئەمەیش لە هیچ شوێنێکی دنیای مۆدێرنی ئەمڕۆدا هاوتای نییە.
ئینجا هیچ جۆرە جیاوازییەکی نەتەوایەتیم نەبینی، کورد و تورک و فارس تێکەڵن و بە شار و گوندی یەکتردا دێن و دەچن، هێندە بێ کێشەن ناتوانیت لێکیان جیا بکەیتەوە .
جوانییەکی تری ئێران کە خۆیان هەستی پێناکەن و من هەستی پێ دەکەم، هەمووان ماشێنی بچووک و کەم مەسرەفیان پێیە .. بەوەیش جیاوازیی چینایەتیی نابینی، واتا ئوتومبیل لەوێ هۆکاری گواستنەوەیە، نەک هۆکاری سنگ دەرپەڕاندن و فیز و خۆ نمایشکردن و خۆ فەرزکردن..
لە کوڕ و کچەکانیاندا جوانیی دەبینیت، جیاواز لە تەواوی کوڕ و کچانی ئەمڕۆی هەموو جیهان، کە زیاتر سێکس لە هەڵس و کەوت و پۆشاکیاندا ڕەنگی داوەتەوە.
یەک ساڵ لەناو ئێراندا بخولێرەوە، کاروانی ئوتومبیلی جامڕەش و گرانبەهای سەرۆک و وەزیر و گزیر نابینیت..چونکە ئەوان بەشێکن لە میللەت و وەکو ئەوان ئەژین ..
هەموو وڵاتانی عەرەب و ئیسڕائیل بگەڕێ هەتا سەد ساڵی تریش، نابینیت پزیشکێکی پسپۆڕی دڵ و مولولەکانی دڵ ببێت بە سەرۆک کۆمار ، وەک ئێستا لە ئێراندا پزیشکێکی پسپۆڕی دڵ سەرۆک وەزیرانە .
لە هەموو ڕۆژهەڵاتدا بە ئیسڕائیلیشەوە نابینیت موچەی سەرۆکی زانکۆیەک ئەوپەڕیی دوو ئەوەندەی موچەی کارگوزارێکی زانکۆکە بێ، هەمیشە موچەی سەرۆکی هەر دەزگا و دامەزراوەیەکی ووڵاتانی ڕۆژهەڵات، پەنجا ئەوەندە و زیاتری موچەی کارگوزارێکی ئەو دەزگایانەیە، بەڵام بە چاوی خۆم بینیم موچەی ڕاگری کۆلێژی یاسا لە شاری سنە نزیکەی 37 ملیۆن تمەن بوو لە کاتێکدا موچەی پاسەوانێکی ئەو کۆلێژە 17 ملیۆن تمەن بوو، واتا نزیکەی دوو ئەوەندە، ئەمەیش هەمان سیستمی دانیمارک و فنلەندایە کە نابێ جیاوازیی زۆر لە نێوان موچەی هاووڵاتیاندا هەبێ بۆ ئەوەی لێکترازان و چینایەتیی زەق نەبێتەوە..
بە شەقامەکانی شارەکانی ئێراندا تێدەپەڕیم، هاوسەرەکان توند قۆڵیان کردبوو بە قۆڵی یەکتردا و دەستی مناڵەکانیشیان گرتبوو، ئەو دیمەنەی کە بە داخەوە لای ئێمە و لە هیچ شوێنێکی تردا بە هیچ جۆرێ نابینرێت.
دوای ئەوە با بێینە سەر کەرتی ووزە.. بە بەرچاوی خۆمەوە شۆفێرەکەمان 33 لیتر بەنزینی سوپەری کڕی بە تەنها هەزار دیناریی چاپی عێراقیی، لە دڵی خۆمدا ووتم وەڵاهی دۆناڵد تڕەمپ ئەم هەرزانیی وزە و بەنزینەی ئێرانی پێ قبوڵ ناکرێ و دوور و نزیک لێیان تێک ئەدا.. ئێ باشە، ئێران ناتوانێ بەنزین بە گران بفرۆشێتەوە بە ڕوسیا و هیند و چین و.. هاووڵاتیەکانی خۆیشی بە دەردی هاووڵاتیانی کوردستانی باشوور ببات؟ ئەتوانێ، بۆچی ناتوانێ.. بەڵام ئەو سیستمە، سیستمێکی میللیی خەمخۆری هاووڵاتیانە و هەستی پێ ناکەن هەتا لە دەستیان نەچێت.
لە سەربانی باڵەخانە وخانووەکانی هەموو ئێراندا تانکی ئاو نییە، چونکە ئاو نابڕێ و پێویست ناکات لە تانکیدا هەڵبگیرێت، ئاوێکی پاک و سازگار کە هەمووان ئەیخۆنەوە، نرخەکەیشی زۆر هەرزانە، واتا سێ مانگ تەنها دوو هەزار دیناری چاپی عێراقیی..
لە دڵی خۆمدا ووتم مەحاڵە تڕەمپ بهێڵێ ئەم میللەتە بە خۆڕایی ئەو ئاوە سازگاره بخۆنەوە..
بە هەمان شێوە کارەبا و لولەی گازی سروشتیی بۆ هەموو ماڵ و مزگەوت و دامەزراوەکان ڕاکێشراون بە نرخێکی هەرزان، سێ مانگ چوار یان پێنج هەزار دیناری چاپی خۆمان، هەر بۆیە تەنها من هەستم بەو ئاوەدانیی و گەرم و گوڕییە دەکرد کاتێ لە زستاندا ئەچوویتە هەر مزگەوت و دام و دەزگا و ئوتێل و چێشتخانە و چایخانەیەک، گەرم و گوڕیی حەوانەوەیەکی جەستەیی و دەروونیی پێ دەدایت، ئەو حەوانەوە جەستەیی و دەروونییەی کە لەماوەی شەست ساڵی ژیانمدا لە عێراقدا هەستم پێنەکردووە و هەمیشە سەرمای زستان لە قوتابخانە و زانکۆ و بازاڕ و مزگەوت و هەموو شوێنێک وەک دوپشک پێوەی داوم ..
ئەم خزمەتگوزارییانە، ئێرانییەکان هەستی پێناکەن، هەتا لە دەستیان ئەچێت و ..ئەچنە بازاڕی ئازادی سەرمایەدارییەوە، وایان لێ دێ هەرچی ئەکەن و ئەکۆشن ناتوانن ژوورێک بە زستانا گەرم بکەن و بە هاویندا فێنکی بکەنەوە ..نەوت و گازیان لێ دەدزن و هێشتا قەرزاریشیان دەکەن وەک لای خۆمان.
دوای پەنجا ساڵ تەمەن وزیاتریش، بۆ یەکەمجار تامی هەنگوینی ڕاستەقینەم کرد بە نرخێکی هەرزان .. تامی ڕبەهەنار و دۆشاوی ترێی ڕاستەقینەم کرد .. بیمەی تەندروستی ڕاستەقینە و دەرمانی ئێرانی زۆر چاک و زۆر هەرزانم بینی ..ووڵاتێکم بینی کە خزمەتگوزارییە سەرەتاییە سەرەکییەکانی ژیان تیایدا بەخۆڕایین و .. لە دەرزییەکی درومانەوە هەتا فڕوکە و کەشتی و شەمەندەفەر خۆیان دروستی دەکەن .. نیوە شەو بە شارەکاندا بگەڕێ، هیچ هەژار و کەمتوانایەک نابینیت لەسەر شەقام کەوتبێ و بەجێمابێ، وەک لە ناوەندی شارەکانی خۆمان و هەموو وڵاتانی جیهاندا ئەبینرێن و هیچ کەسێک خۆیانیان تێ ناگەیەنێت.
لە دڵی خۆمدا ووتم وەڵاهی داڵە سوری کۆشکی سپی پێی قوت ناچێت هەشتا ملیۆن کەس لەو بەهەشتەدا بژین ..
لە ئێراندا ڕاستە موچە هاووڵاتیان کەمە، بەڵام هەمووان ئەژین.. کاتێ موچە زۆر بێ، گرانیی سەرهەڵدەدات، دەوڵەمەندبوونی لە پڕ و هەژار کەوتنی لە پڕ پەیدا دەبێ، لە ناکاو پارە ئەبێ بە هەموو شتێ، لە کاتێکدا پارە شتێکە نەک هەموو شتێ..جوانترین ساتەکانی تەمەن ئەو کاتانەن کە پارە بە زەحمەت پەیدا دەکرێت، بۆ ئەوەی خەڵکەکە بژین نەک لە دەریای پارەدا نوقووم بن.
ئینجا بیهێنەرە پێش چاوی خۆت، ئەگەر دۆخەکە پێچەوانە بووایە، واتا کوردستانی ڕۆژهەڵات هەرێمێکی سەربەخۆ بووایە، ئایا عێراق ئەیهێشت کوردانی ڕۆژهەڵات بە خۆڕایی و بێ ڤیزە بێنە عێراقەوە؟
تەنها گەشت لە مێژوودا کە هەرزانتر ئەکەوێ لەسەرت تا مانەوە لە ووڵاتەکەی خۆتا، گەشتکردنە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەوەیش ئەبوو لە کتێبی گینزا تۆمار بکرایە.
ئەو بەهەشتە تەنها من هەستم پێدەکرد و قوڵ قوڵ بۆم ئەڕوانی و چێژم لێ وەردەگرت .. هیچ پێنج شەممەیەک نەبووە بە هاوڕێکانم نەڵێم : چۆنە سەردانێکی تری ووڵاتی ئارامیی و هێمنیی و ڕەسەنایەتیی و هەرزانیی ئێران بکەین؟
هیوادارم سیستمی حوکمی ئێران نەشێوێت، لێیان تێک نەچێ، جوانترین سیستمی کۆمەڵایەتیی و ئیداریی و کولتوریی لە دنیادا هەرەس نەهێنێ، ئەگینا جارێکی تر دروست نابێتەوە ..ئەگینا ئێرانییەکان کاڵەک بە ئەژنۆ ئەشکێنن و بۆ هەتا هەتایە ووزەی نیشتمانیی و بەرهەمی ناوخۆ و ڕەسەنایەتیی لە دەستدەدەن، ئێمەیش ئیتر ناتوانین پێنج شەممانێک بڕۆین لە شارێکی ئارام و هێمندا، قوڵ قوڵ بۆ کولتوور و ڕەسەنایەتیی و یاسا و دادپەروەریی بڕوانین.




لەمسەر و لەو سەریش.. شیعری نەوزاد بەندی

بۆ / سۆز

ئێمە ئەوانەین
تاکو نان کەڕوو لێی نەدا،
نایدەین بە مەڕ ..
تا گەنم ژەنگ نەکا،
نایدەین بە کۆتر ..
چەڵتوک بۆخاک بوو ..
کە ماش کون کون بوو ..
برنج ئەسپێی کرد..
کە هەنجیر ترشا ..
کرم بەناو ئاردا،
وەک سوپا ڕێی کرد ،
جا بەزەییمان دێتە کوڵ و جۆش،
ئەیدەین بە گەدا

٭ ٭ ٭

تازە دوو ژمارە،
نابن بە تۆ و من ..
هەرگیزا و هەرگیز ..
هیچ ئامرازێکی پەیوەندی، ئیتر ،
لە نێوانمانا، نابێ بە قەفیز ..

٭ ٭ ٭

ئەزانم لە پاڵ تۆپەڵێ وشەی
تێپەڕ و .. ناوی
ساختە و دیواری
خەریتەی چاو و
مۆری ئەنگوست و ..
پەیجی پریڤەیت،
خۆت مەڵاس داوە و
بۆ من ئەڕوانی ..
بەس مافی خۆتە ،
کە تۆیش بزانی ..
ویستم پێت بڵێم :
خانەنشین بووم !

٭ ٭ ٭

لە دیار هیچ شتێ قەت دانەماوم،
ئەوەندەی لە دیار تۆ دامام، ئازیز ..
دواجار هیچیشم نەکەوتە بەرچاو ..
تەنها چاوشارکێ و
هەندێ چاو و ڕاو ..

٭ ٭ ٭

وێنەکەت کێشام ..
ئاگام لێ نەبوو ..
بەو هەموو ڕەنگە تۆخ و
کۆنەدا،
ڕۆحت هەڵکێشام ..

٭ ٭ ٭
گەر پێکیشەوە بووینایە، ئازیز ..
یان لەسەر پردێ، هاژەی ڕووبارێ بۆی ئەڕوانین و شەوگار دادەهات ..
یان لەسەر گردێ، چەپکێ تریفەی مانگ لێی ئەداین و
جا خۆر هەڵئەهات ..

٭ ٭ ٭

تەنیایی لە هەموومانا،
کوتلەیەکی گەورەی هەیە ..
زۆربەی کورسێکان هی ئەون ..

٭ ٭ ٭

لە بیرتە نەخشەمان دانا،
بۆ ئەوەی یەکتر نەبینین..؟
دنیایەک قسەمان ئەکرد،
بۆ ئەوەی یەکتر بێدەنگ کەین..!
لەسەر یەک ڕێ بووین ،
ئەیشمانووت :
تۆ به ڕێی خۆت
من بە ڕێی خۆم …

٭ ٭ ٭

جاران دوو مناڵی قەبارە گەورە ..
بۆنی بنێشتی بۆبی و دارچینیی ..
ئێستا دوو پیری قەبارە بچووک ..
لەناو زریانی دین و بێ دینیی ..

٭ ٭ ٭

قەت لە بیرم ناچێتەوە،
عەسرێک ، کام جلە تازە بوو،
لەبەرم کرد ..
هاتم بۆ کۆڵانەکەتان ،
بۆ ئەوەی نەتبینم، ..ئازیز !

٭ ٭ ٭

تۆ لە ماڵ مەیەرە دەرێ ..
منیش ڕوو ناکەمەوە ماڵ ..
بەو جۆرە ئیتر
کورسی و مێز و کوپ و قاوە و گەشت و سەفەر
با بۆ خۆیان سیر بخۆن و
زۆڕنا لێدەن ..

٭ ٭ ٭

هاتم بۆ کۆڵانەکەتان ،
تا سەیری بەرپێی خۆم بکەم ..!
لە بیرت دێ،
ووتت وەرە بۆ کۆڵانە شێدارەکەی بابەگەورە ..
لە نزیکی ڕەیحانەیە ..؟
کە ویستم بێم، ووتت مەیە..!!
ووتم نایەم بۆ غەزەلنوس،
ووتت سەعاتێ زیاترە،
دوو قاوەم داواکردووە و ..
سارد بوونەوە، جێیان دێڵم
هەزار ئەفسوس ..!!
٭ ٭ ٭

غەزەلنوس و .. ڕەیحانە و ..
کافێیەک نەما،
یەکتری تیا تیرۆر نەکەین ..
چەندێ سەلەفیی بووین، ئازیز !
وەک دێڕ پڕبووین لە خاڵ و نیشانەی پرسیار ..
لە هەڵەی چاپ و فاریزە ..
ووتت با بچین بۆ موسڵ،
بەڵام من باوکم ئەهێنم ..
تۆیش بیهێنە..!
ئەمە گەشتە یان کۆبوونەوەی باوکان ..
یان ئەشکەنجەدان بوو ..؟ ئازیز ..

٭ ٭ ٭
بە دەست خۆم نییە ،
بەفر تۆم بیر ئەخاتەوە ..ئەمساڵیش ..
دەرگای هەموو ئەو شارانە ئەکاتەوە ،
بە تەمابووم تیایانا بژیم و
نەژیام ..
نازانم بۆ وا ئەزانم
تەنها بەفر نێوانمان چاک ئەکاتەوە ؟؟!

٭ ٭ ٭

هەر ووتمان ئەوا ئەگەین و
هەر نەگەیشتین ..
گوایا ئیتر تێ ئەگەین و
تێیش نەگەیشتین ..

٭ ٭ ٭

نازانم من درەنگ کەوتم ،
تۆ زوو هاتی ؟
من پێش وەخت گەیشتم ،
یاوەخود تۆ نەهاتی .. ؟
تۆ هاتیت و ..
من ڕووداوێ بەستمیەوە ؟
نازانم .. نا
شتێ تۆی لە من وون کرد و
منیشی لە تۆ شاردەوە ؟
نازانم ..نا
بەڵام ئیتر ئەوەبوو ئەو قاوەیەمان به یەکەوە نەخواردەوە ..!!




هیچ فەرقم نەکردووە.. شیعری نەوزاد بەندی

هیچ فەرقم نەکردووە، ئازیز ..!
باشت کرد کە بەجێت هێشتم ..
هەر قەفەزە بێ دڵەکەم
هەر ئینجانە بێ گوڵەکەم ..
باش بوو دەستی خۆتت وەشاند،
لە پڕ بەجێت هێشتم، ئازیز!

٭ ٭ ٭

هیچ فەرقێکم نەکردووە ..
کاتێ ئەگەمە ناو بازاڕ،
جا بیرم ئەکەوێتەوە،
مۆبایلەکەم لەسەر قۆڵی
قەنەفەکە له بیر چووە ..
نیوەی شەو دێتەوە بیرم،
حەبی چەوریم نەخواردووە ..
هیچ فەرقێکم نەکردووە،
هێشتا به تەنیا گەشت ئەکەم،
لە تێرمیناڵ،
قەت لە گەشتیار نەچووم ، ئازیز ..
ئەڵێن سەرت هەڵگرتووە ؟
هەر ئینجانە بێ گوڵەکەم
هەر قەفەزە بێ دڵەکەم ..

  • * *

نوسینیەکانم وەک جاران،
بێ خوێنەرن
یان خوێنەرێ
یان دوو خوێنەر ..
لەگەڵ کۆمەڵێ جنێودەر ..
پێش کەشتییەکە،
کەشتییەوانەکە کون بووە ..
نوقوم بووە یان وون بووە ..
باشت کرد زوو بەجێت هێشتم،
هەر ئینجانە بێ گڵەکەم ..
هەر قەفەزه بێ گوڵەکەم ،
گەر بڵێی فەرقت کردووە،
هیچ فەرقێکم نەکردووە ..

٭ ٭ ٭

لەناو ئاپۆڕەی خەڵکیدا،
وەک تارمایی، لە کەس ناچم ..
هەر وەک جاران،
لە کۆڵانێکی کۆنە دێ ..
تازه شارا ، دێم و ئەچم ..
پەشیمانم لەوەی چوومەتە فڵان شوێن ..
پەشیمانم فڵانە کەسم بینیوە ..
پەشیمان لەوەی شتێکم کڕیوە ..
حەز ئەکەم هەر لە ڕێ دەستم
بخەمە گیرفانم ، هەستکەم
ئەو شتەی کڕیم ، وون بووە ..
کەشتیەوان لە پێش کەشتێکە،
کون کون بووە ..
دەلیل پێش وونبوو ، وون بووە ..
باش بوو ڕۆیشتیت ..
هیچ فەرقێکم نەکردووە ..

نەوزاد بەندی




بۆچی سوپاسی خوا ناکەیت؟.. نەوزاد بەندی

نەوزاد بەندی

ئەگەر نەبووتایەتە خاوەنی دانەوێڵە و .. باڵندەکان حەزیان لە خواردنی دانەوێڵە نەبووایه، چۆن چۆنی چاکەت ئەکەت؟ چۆن باڵندەکانت تێر ئەکرد؟ چۆن ویژدانی خۆت ئاسوودە دەکرد ؟ ..ئەگەر پشیلە و سەگ حەزیان لە پاشماوەی خواردنەکانت نەبووایە، حەزیان لەو قوتوکراوانە نەبووایە کە تۆ زۆر بە ئاسانی ئەتوانیت بیانکڕیت، چۆن چاکەت ئەکرد؟ چۆن دڵی سەگ و پشیلەی بێ لانەت ئەدایەوە؟ چۆن بە ئاسودەیی سەرت ئەخستە سەر سەرین ؟
سوپاسی خوا بکە، کە ئەو شتانەی هەتە، گیاندار گەلێک حەزیان لێیە و خەونی پێوە ئەبینن، بەو جۆرەیش نەبێ، تۆ چۆن دڵی خۆت ئاسودە ئەکەیت؟ چۆن چاکە ئەکەیت؟ هەموویان وەک مار و شێر بوونایە، خۆیان خواردنی خۆیان دابین بکردایە و چاوەڕێی هیچ بەخشندەییەکی تۆیان نەکردایە، تۆ چۆن چاکەت ئەکرد؟ .. دوو تانکی ئاو لەسەربانەکەتە و.. گوڵێک لەبەردەرگاکەتان ڕوواوە، ئەگەر نەڕوایە، چۆن چاکەت ئەکرد؟ ئەگەر پێویستی بە گڵاسێک ئاوی تۆ نەبووایە، چۆن هەستت بە ئاسودەیی ویژدان ئەکرد؟ .. کاتێ چەند دەنکە دانەوێڵەیەک لە نزیک شارە مێروولەیەکەوە دادەنێیت، چەند پارچە نانێک هەڵدەدەیتە ناو حەوزێک ئاوی پڕ لە ماسییەوە ، بڕوانە بۆ هێرشی مێروولە و ماسییەکان بۆ دانەوێڵە و پارچە نانەکان، چەند هەستێکی جوانە، تۆ چاکە و ئارامیی و ئاسودەیی دڵ ودەروونت دەست دەکەوێ، ئەوانیش تێریی و چالاکیی و هەرەوەزیی بە دەست دێنن ..
ئەگەر مێروولە و ماسییەکان گڵ و بەردیان بخواردایە، چیمان بکردایە ، ئێمە ؟
خوا دانەوێڵەی بە فەردە داوە بە تۆ، بۆ ئەوەی بە دەنک یان بە چنگ بەشی ئەوانی تری لێ بدەیت، بەوەیش پاداشتی حەفتا ئەوەندە و زیاترت بداتەوە، ئەمە چ پاداشت و قازانج و تەواو کارییەکە ؟
ئەگەر گیاندار و ڕووەکەکان پێویستیان بە ئێمە نەبووایه، ئێمەیش پێویستمان بە یەکتری نەبووایە، چی ڕووی دەدا؟
لە ژیانتا باڵندەیەکت نەدەبینی .. پشیلەیەکت نەدەبینی.. ڕووەکێکت نەدەبینی لە ئینجانە و حەوشەکەتا سەوز بێ،مێروولەیەکت نەدەبینی، هەمووان جیهانی تایبەتیی خۆیان دەبوو، هیچ پێویستیان بە جیهانەکەی تۆ نەدەبوو، لێت نزیک نەدەکەوتنەوە، وەک چۆن جیهانی شەمشەمە کوێرە نابینیت مەگەر له کورتە فیلمی زانستیی دۆکیومێنتاریدا، وەک چۆن جیهانی شێر و پڵنگ نابینی مەگەر لە فیلم و بە دەستەمۆکراویی لە باخچەی ئاژەڵاندا، ئەوەیش کارەساتێکی گەورە و تەنیاییەکی گەورەیە، کاتێ بە هەموو تەمەنت هیچ زیندەوەر و بوونەوەرێک توخنت ناکەون و .. هەلی چاکەکردنێکت بۆ ناڕەخسێنن، ئەوسا تۆ و شتەکانت، بە کاری چی دێن؟
لەوەیش زیاتر بۆچی سوپاسی خوا ناکەیت کە خەڵکێکی هەژار دێنەسەر ڕێگاکەت و داوای یارمەتیت لێ دەکەن؟ ئەگەر وا نەبووایە، ڕێگای چاکەکردنت لە کوێ ئەدۆزێوە؟ سوپاسی خوا بکەن کە بە دێلیڤەری، هەژار و برسیی و تینوو و بێ داڵدەکان ئەنێرێتە بەردەرگا و سەرە ڕێگاکانتان بۆ ئەوەی چاکە له گەڵیاندا بکەن و .. حەفتا ئەوەندە و زیاتر پاداشتتان بداتەوە ؟ بۆ ئەوەی ئاسودەیی ویژدان و ئارامیی دەروون لەو ڕێگایەوە وەربگرن و .. دڵە ڕەقەکانتان خاو بێتەوە و .. ببێ بە باخچەی پڕ لە گوڵ و چیمەن و قەڵبەزەی ئاو و پەپولە و جوانیی ؟؟
بۆچی سوپاسی خوا ناکەن ، گەلۆ ؟
بەرنارشۆ ئەڵێ ئاقڵترین مرۆڤ بێجگە له دڵخۆشکردنی ئەوانی تر، هیچ شتێک دڵی خۆش ناکات ..
لەوە گرنگتر ئەوەیە، خوا کەسان و گیانداران و ڕووەکگەلێکی لە دەور کۆکردووینەتەوە کە پێویستیان بە یارمەتیی و چاکەکردنەکانی ئێمەیە، گەر وا نەبووایه، چ قوڕبەسەرییەک ئەبوو، نەمانزانیوە چاکە لەگەڵ کێدا بکەین و.. هیچ کەس و گیانەوەرێک پێویستی بە چاکەی ئێمە نەبووایە ؟
ئینجا بزانن چەند بەختەوەرن ئێوە کە دەیان مرۆڤ و گیاندار و زیندەوەر لە چواردەورتاندان و بێدەنگ چاوەڕێی چاکەیەکن لەلایەن ئێوەوە بۆ ئەوەی لە دنیا و قیامەتدا ئاسوودەیی بە دەست بێنن ..
زۆر مەچۆرە ژێری .. سوپاسی خوا بکە کە زۆر لە پێداویستی خۆت زیاتری داویتەتێ و .. ژمارەیەکی زۆر لە بوونەوەری له چواردەورت پەرش و بڵاو کردۆتەوە کە پێویستیان بە پارچە نانێک، بە دەنکە گەنمێک یان پارچە ئێسقانێکی سەر سفرەکەتە، بەوەیش هیچت لێ کەم نابێتەوە و پاداشتی زۆر گەورە وەرئەگریت، ئەوەندە گەورە کە بە بینینیان شاگەشگە ئەبیت.
Reply




عەقڵێکی بێ عەقڵ.. شیعری نەوزاد بەندی

یەکێک لە ترسناکترین شتەکانی مرۆڤ،
عەقڵە ..
کاتێ خوێندنەوەت ئەبێ
بۆ دنیایەکی ترسناک ..
بۆ داهاتووە ترسناکەکان ..
بۆ پرسیارە ترسناکەکان ..
٭ ٭ ٭

عەقڵ واتلێئەکا، خەم بخۆی ..
لە جێی خواردن،
ماف بخۆی ..
خوێن بخۆی ..
درۆ بکەی ..
جنێو بەیت و ..
سوێن بخۆی ..
پیرۆزیی بخوڵقێنی و
پیرۆزییەکان هەڕاج کەی ..
هەزار دەرد دروست کەیت و
ئینجا نزای عیلاج کەی..
عەقڵ پێت ئەڵێ بگری
یان قاقا پێ بکەنە ..
عەقڵ ئاوارەت ئەکا،
لە کەمپ و ژێر ڕەشماڵا،
بە پێنج خێزان، یەک سەرئاو،
شاد و شوکر و ڕازی بن ..
یان بە هەزاران ڤێلا وتاوەر و مۆڵ و کارگە،
هێشتاکە هەر برسی بن ..
عەقڵ ئەتکا بە جەلاد ..
بە پیاو کوژ و سۆزانیی ..
بە ژێر دەست و داگیرکەر ..
بە مۆڵگەی پەشیمانیی ..
قەرزار بیت ،یان دەوڵەمەند ..
ڕێزدار یان ببی بە پەند ..
جەنگێکی وا بەرپا کەی،
چوار ملیۆن کەس بکوژی ..
تەپلەیەک لەسەر کەیت و
بە خەیاڵی ئازادی و
نیشتمان و خاکەوە،
ماڵ و مناڵ هەتیوکەی ..
فرمێسکی هەموویان و
خوێنی خۆیشت بڕژی ..
عەقڵ ڕێنماییت ئەکا،
بۆ ڕێگای خیانەت و
بۆ قومار و بۆ نادی ..
فرۆشتنی قەڵەم و
لە گوێکردنی ئەڵقە و
زوڕنا ژەنیی و گەوادیی ..
عەقڵ ڕاپێچت ئەکا
بۆ دەریای نائومێدیی ..
بۆ ڕاکردن لە خۆت و ..
هێرۆیین و
خۆ کوشتن ،
ئەسپایی .. هێدی هێدی ..
هەموو تەمەنت ئەبا
لە ڕێی ماڵ و پارەدا ..
لە دوکانێ بەند ئەبی ..
یان له فەرمانگەیەکا ،
سندم ئەکاتە قاچت،
چل پەنجا ساڵ شانازیی،
ڕۆژەکانت دووبارە و
سەد بارە ئەکەیتەوە،
بە بێ ئەوەی پارە و ماڵ،
خەفەتێکت چاره کا..
عەقڵ ئەتخەڵەتێنێ،
بە دوای تارماییەکانا
ڕا ئەکەی، وەک ڕەشەبا ..
شتێ لێت ئەبێ بە خوا ..
لە خۆیشت ناپرسی کوا ..
عەقڵ سواڵت پێ ئەکا ..
عەقڵ هەر چۆنی بوێ ،
بەو شێوەیەت لێ ئەکا ..
هێشتا شێرێکتان دیوە،
بڵێ من ملیۆنێرم؟
یان بەرخێکتان بینیوە،
واز له بەرغەل بهێنێ و
توشی گۆشەگیریی بێ و
بۆ خۆی شیعر بنوسێ ؟
تیمساحێکتان بینیوە،
لە پڕ جەنگی جیهانیی
تیمساحان هەڵگیرسێنێ ؟
مارێکتان دیوە،
سجنی نهێنی خۆی هەبێت و
سەدان مار بفەوتێنێ ؟
چۆلەکەیەکتان دیوە،
بۆ دانێ درۆ بکا ؟
کەرکەدەنێکتان دیوە،
بە ناز و مەکر و عیشوە،
هەزارەها کەرکەدەن
گەمژە و دەستەمۆ بکا ؟
قەت سەگێکتان بینیوە
یاسای برسیکردنی
سەد ملیۆن سەگ ئیمزا کا؟
گوێدرێژێکتان دیوە ،
شەوان هەتا بەیانی،
لە داخی زوڵم نەخەوێ و
بیر لە شۆڕش کاتەوە و
بانگەشەی کۆدەتا کا ؟
داڵێکتان قەت بینیوە
نان و قوتی ملیۆنان
داڵی هاوڕێی ڕابگرێ ؟
بەکتریایەکتان دیوە،
توشی خەمۆکیی بوو بێ و
هەر کوچە و پەنابگرێ؟
سەقاقوشێکتان دیوە،
خۆی لە سەقاقوشەکان
بکا بە نوێنەری خوا؟
مێگەلێکتان بینیو،
گیا و لەوەڕی لێ بدزن
نەباعێنن ؟ نەڵێن : کوا ؟
٭ ٭ ٭
( قەت یەکێک مەکە بە هەموویان، قەت خۆیشت مەکە بە یەکێکیان..
بۆ ئەوەی نە هەمووانت لە کیس بچێ و .. نە بیشبیتە یەکێک لەوان ..)
٭ ٭ ٭
تەنها ئەو کاتانە خۆتیت،
کە تەنها لەگەڵ خۆتیت ..
تێکەڵاوی ئەوان بووی،
پارچە پارچەت ئەکەن و
لەت لەت ئەتکەن بە خۆیان ..

٭ ٭ ٭
تا زۆر دڵنیا نەبیت،
قەت هەنگاو هەڵمەهێنە ..
ئەوانەی کە پاڵ ئەنرێن
بۆ کەوتن و بۆ دواوە ،
ئەوانەن خوا وەکیلیی
هەنگاویان هەڵهێناوە ..

٭ ٭ ٭

عەقڵ،
ڕێگای قاچاخ و
زیندان و
کۆمەڵکوژیی و
سێدارە و
ئەشکەنجەدان ..
سیخوڕیی و
کورتەی هەواڵ ..
بڕیاری جەنگ و
کورسی و
چەکی کۆکوژ و
زوڵم و
ئابڵوقە و
حیزب و
چاوەڕوانیی، دروست کرد ..
عەقڵ ،
حەیای عەقڵی برد




ئەی ئەگەر بارانێکی تر باری !!؟.. نەوزاد بەندی

خەڵکێکی دڵسۆز و ماندوونەناس و گیانفیدا و خێرخواز و بە ئەمەگ و نیشتمانپەروەر + خەڵکێکی هەلپەرست و تیکتۆک پەرست و خۆپەرست و ماستاوچیی و زلی بێهونەر و بەرژەندیی خواز و ڕیکلامچی و ( لایک و کومێنت و فۆڵۆ و سەبسکرایبخواز) بەردەوام سەرقاڵی شوێنەواری وێرانکەری لافاوەکەی چەمچەماڵ و تەکیەن، چۆن شارەکە پاک بکەنەوە و ماڵەکان ڕێک بخەنەوە و ..پێداویستییە ڕۆژانەکانی زیانلێکەوتووان دابین بکەن ..ئەمەیش لوتکەی مرۆڤایەتیی و ئەرکە مرۆڤایەتییەکانە لە ئاستێکی باڵادا .. بەڵام وەک چۆن هەنگوین، عادیی و ئەسڵیی هەیە ..وەک چۆن مۆبایل ئەسڵی و عادیی هەیە، بە هەمان شێوە مرۆڤایەتییش ئەسڵی و عادیی تێکەوتووە.. فریادڕەسگەلێک هەن نە ناویان دیارە، نە کەس ئەزانێ کێن، نە وێنە ئەگرن، نە ئەهێڵن هیچ کەسێکیش وێنە و پیاهەڵدان و قوربان قوربانیان بۆ بکات.. ئەمانە هەستی ئاینیی و نیشتمانیی (کە لە ڕاستیدا یەک هەستن ) ئەیانجوڵێنێ، بیر لە دەسکەوت و حەقدەست و شت ناکەن، وەک ماندێلا ئەڵێ ئەوانەی کە داوای حەقدەستی خەباتی نیشتمانیی ئەکەن، لە بێڕەوشتترین کەسەکانن.
جۆری دووەمی مرۆڤایەتیش،یان جۆرە عادییەکەی، خەڵکێکن لەبەردەم کامێرا نەبێ کاری خێرخوازیی و کۆمەکیی خەڵک ناکەن، لایڤ لە تیکتۆک ئەکەنەوە و لەگەڵ کارە خێرخوازییەکانیاندا ئەڵێن : ڕەحمەتتان نەبێ لایکی شاشە بکەن، ڕەحمەتتان لێ بێ فۆڵۆمان کەن، شەیرمان کەن، کۆمێنتتان بیر نەچێت ..!!
ئەمانە لە ڕووکەشدا مرۆڤایەتیی ئەنوێنن، بەڵام لە ناخدا ئاڵ و وێڵ بە مرۆڤایەتییەوە ئەکەن، یاری بە ژێی هەست و سۆزی میللەت ئەکەن و وایان لێدەکەن جزدانەکانیان بۆ بکەنەوە و بەو پەڕی ڕەزامەندییەوە داوای ژمارەی مۆبایل و ژمارەی کریدیتەکانیان لێ بکەن بۆ ئەوەی بە مەمنونیەوە پارە و قوتی مناڵەکانیان بۆ بنێرن..ئینجا ئەم ئاڵ و وێڵکەرانە، بەوەیشەوە ناوەستن کە چەپڵە و وێنە و ئافەرین و پارە و لایک و فۆڵۆ و سەبسکرایب و کۆمێنتی خەڵکەکەیان لوش کردووە، لێرە و لەوێ لە ڕێی هەوادارەکانیانەوە داوای پۆستی باڵا و کورسی دەکەن..
ئیتر ئەم دوو جۆرە لە مرۆڤایەتیی هەیە، هەردووکیشیان لەگەڵ یەکتریدا سەرقاڵیی گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی خەڵکی چەمچەماڵ و تەکیەیە .. یەکێکیان بێدەنگ و بێ وێنە و بێ لایڤ و بێ بەرامبەر .. ئەوەی تریشیان بە هات و هاوار و اللە اکبر و ڕەحمەت ناردن و جنێو و دەستڕێژ و لایڤ و وێنە و تیکتۆک و ئینیستیگرام و داواکردنی پلە و پۆستەوەیە..
ئەمانە هەموو تێکەڵاو بوون، لە هەوڵی ئەوەدان خەڵکی چەمچەماڵ و تەکیە بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان، هی پێش لافاوەکە ..
بەڵام ئەپرسم ژیانی ئاسایی چەمچەماڵ و تەکییە چۆن بوو ؟ یان ڕاستتر ئەم هەموو هەوڵە ڕەسەن و فەیکە کە ئەدرێن لە پێناوی گەڕانەوەی خەڵکەکەیە بۆ چ جۆرە ژیانێ ؟ ژیانی ئاسایی واتا ژیانی بێ دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، ژیانی دوکەڵ و تەپ و تۆزی کۆرمۆر و پاڵاوگەی حیزبیی و پێ لەقە، ژیانی پڕ ژاوە ژاو و دوکەڵ و شەقاموێرانکەری تەنکەرە نەوت و نەفسا، ژیانی بێ موچەیی، ژیانی بێ نەوتیی، ژیانی بێ بەرنامەیی و میلیشایی و بێ یاسایی و خێڵگەرایی و بنەماڵەگەرایی و ئاغایەتیی و کوێخایەتیی ..
باشە وەک کابرای دەشتەکیی ئەڵێ خوامەرگ ..خوامەرگ .. ئەگەر ئەمە ژیانە ئاساییەکە بێ ، سەد ڕەحمەت لە مەرگ و هەر چی شتی نائاساییە..
لە کۆتاییدا لە دەسەڵات و خەڵک ئەپرسم، باشە ئەی ئەگەر بارانێکی بە خوڕی تر باری؟ چیتان کردووە بۆ ئەوەی جارێکی تر شار و ماڵ و قوتابخانە و قوتابی ئاو نەیانبات؟ یان بە تەما نین بارانی تر ببارێ ..کورە دەی ،ئەگەر باریش خوا گەورەیە، خوا کڵاوی بۆ بەڕوو دروستکردووە.. قابیلە چی ئەبێ ؟ ئەو پەڕەکەی جارێکی تر دوو سێ هەزار ماڵ وێران ئەبێ و .. هەڵبەت خەڵکەکەیش لە هەوڵ و کۆمەک و خەمخۆریی ڕاناوەستن ..موسوڵمانان ئەڵێن ژیانی موسوڵمان پڕە لە کارەسات و ئەبێ ئاسایی بێ بە لامانەوە .. ئەوانی تریش ئەڵێن هیچ نییە ، نزمە پاڵەپەستۆیەکی سپارتا ئەنجیلینا ئۆرانۆسی دەریای ناوەڕاستە، هەفتەکەی تر خەڵکەکە ئەگەڕێنەوە بۆ سەر ژیانی ئاسایی خۆیان ..!

نەوزاد بەندی




باوک.. نەوزاد بەندی

هەرچەندە فەیلەسوفی هاوچەرخی فەڕەنسا، ژان پۆڵ سارتەر ئەڵێ : ( مردنی باوکم زۆر بە سوود بوو بۆم ! ) ئەم پێناسە ترسناکەی باوک لە لایەن سارتەرەوە، لە خواستی ئازادی ڕەهاوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو حەزی بە ئازادییەکی بێ سنوور و بێ سانسۆر بوو، دەسەڵاتی باوکی بە گەورەترین ڕێگر دادەنا، بۆیە مەرگی باوک وەک دەسکەوتێکی گەورە تەماشا دەکا.. بەڵام ئەگەر یاسایەکی دادپەروەرانە هەبووایە، ئەکرا لێپێچینەوە لەگەڵ ئەم کەسەدا بکرێ، کە تەنانەت پێگەی فەلسەفیی خۆی خراپ به کاردێنا و..لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە خانماندا پەیوەندیی سۆزداریی هەبوو، ئەکرا به تاوانی شکاندنی داب و نەریت و سنووری ئەوانی تر و خراپ بەکارهێنانی پێگەی فیکریی، دادگایی بکرێت هەروەک چۆن هاونیشتمانەکەی، گۆستاف فلۆبیر لەسەر چەند هەڵوێستێک لەڕۆمانی مەدام بۆڤاریدا و به تایبەت لەسەر سێکشنی ناو عەرەبانەکە، دادگاییەکی دوور و درێژ کرا، بەڵام سارتەر دادگایی نەکرا.

باوک لە ڕووی زمانەوانییەوە ووشەیەکی سادەیە بەڵام لە ڕووی مانا و تێرم و ڕەهەندەوە، ڕەنگە بڵێم درێژترین زاراوەیە.. باوک واتا هەیبەت و ڕێباز و ڕەشماڵ و سۆز و بەزەیی و داڵدە و ڕێنمایی و بەرنامە و ئامۆژگاریی و پەروەردە و دەستگرۆیی و بەرگریی و سیاسەت و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ڕاگر و سەرپەرشت و جەنگاوەر و .. زۆر شتی تر.
ئەوانەی باوکیان نییە، پێیان ئەڵێن هەتیو..ئەو وشەیە خەمگینترین ووشەیە کە تەنانەت وەک جنێویش بەکارئەهێنرێت..وەک شکاندنی کەسێک، کە بێ خاوەن و سەرپەرشت و بێ پشت و پەنایە، بەکار ئەهێنرێت.
هەر بۆیە ئەبینین ئەوانەی بێ باوک هاتوونەتە دنیاوە، کەسانیکی ئاساییان لێ دەرناچێ، چونکە لە پێگەیەکی ئاساییدا ژیانیان تێ ناپەڕێت، بەڵکو سەختی و لەڕێلادان و ئەشکەنجە و موعاناتی جۆرا و جۆر بەرۆکیان پێدەگرێ، بەو جۆرە کەسانی ترسناکی وەک ئەدۆلڤ هیتلەر یان کەسانی مەزنی وەک پێغەمبەران و داهێنەری وەک ئەدیسۆنیان لێ پەیدا ئەبێت، ئەوەیش ڕەنگە بڵێم سەرکێشییەکی گەورەیە، وەک ئەوە وایە منداڵێک فڕێ بدەیتە ناو دەریایەکەوە، زۆربەیان ئەخنکێن و کەمێکیان ئەبنە مەلەوان و دەریاوانی بەتوانا.
لەسەر ئاستی میللەتانیش، میللەتە بێباوکەکان سەرلێشێواو و بێ داهاتوون، لە ڕووی گوزەران و پەروەردە و کۆمەڵایەتییەوە داڕوخاون، داهاتوویان نادیارە و بچوکترین گۆڕانکاریی ئابووریی و تەندروستیی و سیاسیی و سەربازیی و کەش و هەوا، وێرانیان ئەکا.
بڕوانە بۆ ووڵاتانی ئەمەریکای لاتین و ئەفریقیا و ئاسیا به گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست به تایبەتی، کە من بە ووڵاتە بێباوکەکان پێناسەیان ئەکەم، بزانە لە چ بارودۆخێکی سەخت و ئازار بەخشدا ئەژین..ساڵانە هەزارانیان لە هەوڵی سەرهەڵگرتندا لە دەریاکاندا ئەخنکێن.. ملیۆنانیشیان بێ ئیش و کار ئەسوڕێنەوە و .. ئەمەیش وا دەکات مل بدەن بۆ براکوژیی و تاوان و لەش فرۆشیی و مادە سڕکەرەکان.. لێکترازانی کۆمەڵایەتیی و هەڵوەشانەوەی خێزان و بڵاوبوونەوەی نەخوێندەواریی و کاڵبوونەوەی ڕێز و بەها بەرزەکان، بەشێکن لە دەرئەنجامی میللەتە بێ باوکەکان..ئەم ووڵاتانە لەلایەن کۆمەڵێک باوە پیارەی دڵڕەق و ناڕەسەنەوە بەڕێوە دەبرێن کە وەک بریکاری هێزە داگیرکەرە جیهانییەکان کار دەکەن و لەسەر کورسێکانیان ئەهێڵرێنەوە.. هەندێک ووڵاتی وەک باشووری ئەفەریقیا و ڕواندا و مالیزیا، دوای ئەوەی ساڵەهای ساڵ لە گێژاوی دەسەڵاتی تۆتالیتاریی و باوە پیارەییدا، تلانەوە و بوونە مۆڵگەی زوڵم و چەوسانەوە و شەڕی ناوخۆ و برسێتیی و نەزانی و دواکەوتن، بەڵام لە پڕێکدا باوکانێکی میهرەبانی وەک پاوڵ کاگامی و ماندێلا و مەهاتیر محەمەدیان تێدا پەیدا بوو، میللەتەکانیان خستە ژێر باڵی سۆز و وەفاوە، دادپەروەریی و ئازادیی و پێشکەوتنی زۆر گەورەیان بە خۆیانەوە بینی و چوونە ڕیزی ووڵاتە تەکنەلۆژیی و مۆدێرنە بەرهەمهێنەکانەوە .. هەر بۆیە لە ئاییندا ڕۆژێک لە ژیانی فەرمانڕەوایەکی دادپەروەردا بەرامبەر عیبادەتی حەفتا ساڵە..
تەماشا بکەن کارەساتێکی چەند گەورەی مرۆیی ڕوودەدات کاتێ میللەت بێ باوک ئەبێ.. کاتێ سەرخان و ژێرخانی ووڵات لەلایەن زڕ باوکەکانەوە تاڵان ئەکرێ.. کاتێ باوەپیارەکان ئەبنە خاوەنی ڕەهای خاک و خەڵکەکە و بە ئارەزووی خۆیان برسی و هەژار و بێکار و بێ داهاتوو و وێرانیان ئەکەن.
جیهان ساداتی خێزانی ئەنوەر ساداتی سەرۆکی پێشووتری ووڵاتی میسر، لە کتێبی یادەوەرییەکانیدا ئەڵێ : دوای ئەوەی سادات ڕێککەتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئیمزا کرد، ڕۆژێکیان لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵەوە، زۆر بێزار بوو، نانی بۆ نەخورا و بە تەنیا چووە ژوورەکەی. لێم پرسی : چی ڕووی داوە ؟
ووتی : من وازم لە هەموو بەها مێژوویی و ئاینییەکان هێنا و پەیماننامەی ئاشتیم لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئیمزا کرد، لە پێناوی تێر بوون و فێربوون و ئاسودەیی و پێشخستنی میللەتی میسردا، کەچی ئەمڕۆ کونسوڵی ووڵاتانی ئەوروپا هاتوون بۆ لام، ئەڵێن ئەم ڕێککەوتنە هیچ پەیوەندییەکی دارایی و پەروەردەیی ستراتیجی بەسەر گەلانی میسرەوە نییە و تەنها پەیماننامەیەکی سیاسیە، واتا ئەبێ گەلانی میسر هەر برسی و بێکار و نەخوێندەوار و نائومێد بن. منیش پێم وتن ئەم پەیماننامەیەم بۆ خۆشگوزەرانیی و پێشخستنی میسرییەکان کردووە، مکوڕیشم لەسەر ئەوە .
ئەڵێ : کونسوڵەکانی ئەوروپا بە زاری هەڕەشەوە بە جێیان هێشتم، دڵنیام کۆتاییم نزیکە..
دوای ئەوە ئەنوەر سادات لە کاتی ئامادەبوونی لە مانۆڕێکی سەربازیدا، تیرۆر کرا.
شایانی باسە لەم چەند ساڵەی دواییدا سەردانێکی میسرم کرد، هەر میسرییەکم ئەدواند، ڕەحمەتی بۆ گۆڕی سادات ئەنارد و ئەیووت تەنها باوکی دڵسۆزی میسرییەکان، ئەنوەر سادات بوو.. تەنها لەو ماوە کورتەی فەرمانڕەوایی ئەو باوکەدا، میسرییەکان تێر بوون و هەلی کار بۆ هەمووان هەبوو، شەقامەکان پاک بوون و خەڵک ڕوو لە خۆشگوزەرانیی و گەشانەوە بوو.
بەو جۆرە وەک چۆن لە خێزانە بێ باوکەکاندا، مناڵەکان خوێندنیان ئەفەوتێ و ماڵ بە جێدێڵن و توشی ژیانێکی سەخت ئەبن و تەمەن کورت یان ئاوارە یان کەمئەندام ئەبن بە هەمان شێوە میللەتە بێ باوکەکان، سەرلێشێواو و بێ بەرنامە و بێ داهاتوو ، کارەساتبار ئەبن..زاناکانی سەری خۆیان هەڵدەگرن و نەزانەکانیشی بۆ پارووە نانێک ئەبنە جەلاد و کۆیلە و سیخوڕی باوەپیارەکان.. ئەگینا بۆچی زوها حەدید عێراق جێدێڵێت و لە ئەوروپا ئەبێتە گەورەترین ئەندازیاری تەلارسازیی جیهان ؟ بۆچی کۆچەر بیرکار کوردستان جێدێڵێ و لە ئەوروپا ئەبێتە گەورەترین زانای ماتماتیک؟ بۆچی ئەحمەد زوێل میسر جێدێڵێ و له بەریتانیا ئەبێتە گەورەترین زانای کیمیا ؟ بۆچی ستیف جۆبس لە باوکێکی سوریی ئاوارەی ئەوروپا، لە دایک ئەبێ؟ بۆچی ئیبراهیم ئەمین باڵداری دانەری ئەلف و بێی نوێ، لە تاراوگە ئەمرێ … !؟؟




ئێ ئاخر بۆچی بە دەفتەر؟.. نەوزاد بەندی

لە هەموو وڵاتانی جیهاندا، کاتێ کارەساتێکی سروشتیی یان جەنگ ڕوو دەدات، کاربەدەستانی ووڵات بە پێی توانا قەرەبووی زیان لێکەوتووان دەکەنەوە ..
تەنانەت گەورە مافیایەکی یابانی وەک یاکوزا، لە زەمینلەرزە وێرانکەرەکەی 11ی مارتی 2011 دا، خواردن و ئاو و پێویستیەکانی ڕۆژانەی بۆ ژمارەیەک لە زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکە دابین کرد.
ئەمە ئەچێتە قاڵبی مرۆڤایەتیی و هەستکردن بە ئەرکی سەرشان گەر لە بچوکترین ئاستیشدا بێ، بەرامبەر بە مرۆڤەکانی تر.
ساڵی 1991 کە کوردستانی باشور توشی کۆڕەو بوو، ملیۆنان کەس ڕوویان کردە سنوورەکانی تورکیا و ئێران و .. لە ئۆردوگای پەنابەریدا جێگیرکران، تیمەکانی ڕێکخراوە مرۆییەکان بۆ کۆمەک و فریاگوزاریی سەردانی قوتابخانەکانی کوردستانی ئێرانیان دەکرد، منداڵ هەبوو شیرینییەک یان پسکیتێک کە بە ڕۆژانەکەی کڕیبووی، نەیدەخوارد و دەیدایە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان هەتا بیدەنە منداڵەکانی ئێمە.
بەڵام ئەوەی لەم دواییەدا سەرنجی ڕاکێشام، دۆخێکی تەواو جیاواز و گاڵتەجاڕە، لە کارەساتەکانی ئەم دواییەی لای خۆماندا، کاتێ بازاڕێک ئەسوتێ یان لافاو هەڵدەستێ یان شەڕە تەقەیەک ڕوو دەدات، هەندێ لەو زیان لێکەوتووانە یان هەموویان جۆرێک لە زیادەڕەویی لە نیشاندانی زیانەکانیاندا پەیڕەو دەکەن، بە تایبەت دوای ئەوەی هەواڵی قەرەبووکردنەوە ئەبیستن.. بە ڕاستی ئەم زیادەڕەوییانە، جێگای داخن، بۆ نمونە فرۆشگایەکی سووتاو کە کۆمەڵێ مەنجەڵ و کەوچکی فافۆنی تێدایە بە قوڕگی پڕ له گریانەوە ئەڵێ زیانی بیست دەفتەر دۆلارم لێ کەوتووە ..یان لافاو دەچێتە ژێر زەمینی خانوویەکەوە، کە کۆمەڵێ کەرەستە و کەل و پەلی تێدایە، خاوەنەکەی خۆی دێنێتە حاڵەتی جاو، بە گریانەوە ئەڵێ : زیانی حەڤدە دەفتەر دۆلارم لێ کەوتووە ..!
لە کاتێکدا خەڵکێک منداڵیان خنکاوە، یان ماڵیان ڕوخاوە، کەچی هێندەی ئەو جۆرە کەسانە داوای قەرەبووی خەیاڵییان نەکردووە یان تەنانەت یەک ووشەیان بۆ ڕاگەیاندنەکان نەدرکاندووە.
من پێم سەیرە بۆچی ئەبێ هەمووان زیانەکانیان بە دۆلار و دەفتەرە دۆلار رابگەیەنن لە کاتێکدا هەندێکیان ڕەنگە بە درێژایی ژیانیان مامەڵەیان بە دۆلار نەکردبێ؟ ئەگەر گریمان حەزیشیان لە دۆلار بێ، بۆچی ئەو ژمارە زۆرانە ئەدەن بە گوێی ڕاگەیاندنەکاندا؟ ئەی دوایی چی دەڵێن بە لیژنەکان کاتێ تەخمینی شتەکان دەکەن ؟ من وەک خۆم هێشتا زیان لێکەوتوویەکم نەدیوە بڵێ دوو هەزار دۆلارم زیانم لێکەوتووە، یان چوار هەزار دۆلار .. هەر هەموویان پانزە و بیست و سەد دەفتەر و زیاتر زیانیان لێکەوتووە ..
ئەم حاڵەتە ئەو حەکایەتانەم بیر دەخەنەوە کە لە کەمپ و دادگاکانی ئەوروپادا ئەخوێنرانەوە لەلایەن کوردەکانی خۆمانەوە کاتێ داوای مافی پەنابەرییان دەکرد و ناویان لێ نا بوو کەیس .. ئەم کەیسانە هەموویان درۆی شاخدار بوون، پێش ئەوەی کوردستان بە جێ بهێڵن، کەیسەکە یان درۆکەیان ئامادە بوو، تەنانەت کار گەیشتبووە ئەوەی قاچاخچییەکە یان کەسانی به ئەزمون کەیسیان بەو کۆچکردووانە ئەوت یان ئەفرۆشت و حەکایەتەکانیان بۆ ئەهۆنینەوە .. ئیتر ئەم کەیسانە وای دەکرد، کۆچکردوو ناوی خۆی و شارەکەیشی بگۆڕێ، واتا زۆر بە ئاسایی کەسێک کە لە ژیانیدا کەرکوکی نەبینیوە ، ئەیووت خەڵکی کەرکوکم و لە زوڵمی بەعس ڕامکردووە، ناوی هەموو گەڕەک و شەقام و بازاڕەکانی کەرکوکی لەبەر دەکرد، بۆ ئەوەی بتوانێ بە کۆمەڵێک درۆ بیسەلمێنی کە ئەو خەڵکی کەرکوکە و شایانی مافی پەناهاندەییە .. ناوی سەعید بوو، لەوێ ئەبوو بە عیزەدین، مەجی بوو ئەبوو بە هەڵۆ عەشیرەتی جاف بوو، لەوێ ئەبوو بە زەنگەنە، شەمێرانیی بوو خۆی ئەکرد بە جەباریی ..یان لە تورکیا ناوی فەرەج بوو، لە تورکیا ئەبوو بە کۆسار، کە ئەچووە ئیتاڵیا ئەیووت ناوم فەرەیدونە، لە دانیمارکیش خۆی ئەکرد سالار ..ئیتر ئەوروپا ناچار بوو هەر کەسێکیان لە یۆنان بگرتایە پەنجە مۆریان لێ وەردەگرت و ب هەموو ئەوروپادا بڵاویان ئەکردەوە، خۆتان بگرن وا هات .. کار گەیشتبووە ئەوەی دادگاکان ناچار بوون کەسانی خەڵکی هەموو شوێنە جیاوازەکانی کوردستان بکەن بە لێکۆڵەری دادگاکانیان هەتا بتوانن ئەم کەیسانە هەڵوەشێننەوە و ڕاستی ئەم بوونەوەرانە ئاشکرا بێ، کە خەڵکی ڕەحیماوا نییە و .. خەڵکی کوێرە دێیەکی ئەو شارەزوورەیە ..یان خەڵکی دوز نییە و لەو دەشتی هەولێرە مەڕفرۆش بووە ..
ڕۆژنامەکانیشیان ئەم دۆخە ئابڕووبەرەیان قۆستەوە و .. لە ڕۆژنامەی هەندێ وڵاتی وەک سوید، لە لاپەڕەی یەکەمیاندا و بە پیتی بۆڵد نوسییان : کوردەکان ئەوانەن کە لە پێناوی وەرگرتنی مافی پەنابەریدا خوشکەکانی خۆیان بە ژنی خۆیان لە قەڵەم دەدەن.. ژیانی لە خەتەردا نییە و بۆ دۆلار کۆکردنەوە هاتووە، زیندانی سیاسیی نەبووە و لە ژیانیدا چرکەیەک ئەودیوی شیشەکانی نەدیوە ..ناوی کامەرانە و فەتحوڵا نییە .
یان بۆیان دەرکەوت هەندێ له کوردەکان کە داوای مافی پەنابەریی دەکەن ئەوانەن کە لەو وڵاتەی گوایا ڕایانکردووە و ژیانیان لە ترسناکیدایه، وەزیر و بەڕێوبەر و خاوەن پله و پایەن !!
جارێکی تر بە داخەوە ..
ئەترسم محمد شیاع سودانی کە بڕیاری قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی نۆی دیسەمبەر ی داوە، بکەوێتە شک و گومانەوە، کاتێ لە شارۆچکەیەکی بچوکدا زیانلێکەوتوویەک بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە ببینێ بڵێ بە دەفلس دەفلس ئەو شتانەم کڕیوە ئێستا حەڤدە دەفتەر ئەشیا لە ژێرخانی خانووەکەمدا لافاو بردوێتی !!
ئەگەر سەرۆک سودانی بە نیسبە تەناسوب لێکی بداتەوە، بۆی دەردەکەوێ ژێر خان و سەرخانی شارەکانی وەک سلێمانی و هەولێر، پڕ پڕن لە لە فەردە دۆلار بە بەراورد بە ژێرخانی شارۆچکەیەکی بچوک کە لافاو حەڤدە دەفتەر دۆلاری لێ فڕاندووە ..ئەوسا ڕەنگه ئەو چۆڕە موچەیەیش ببڕێ .. هەر بۆیه باشتر وایه ڕاگەیاندنەکان ڕاستێکان ئاشکرا بکەن، درۆکان هەڵوەشێننەوە، پێش ئەوەی بە دەردی کەیسەکانی ئەوروپا بچین..

ــ وێنەکەیش ، گەورە مافیا و تاوانباری یابانە کە له کاتی بومەلەرزەکەی ساڵی 2011 دا بە دەستی خۆی یارمەتی و کۆمەک بەسەر هاوزمانە زیانلێکەوتووەکانیدا دابەش دەکات ــ




ئاوەڕشێن یان بە هەدەر دان.. نەوزاد بەندی

ڕەنگە بڵێم ووشەی ئاوەڕشێن و ئاوپرژێن هەر لە فەرهەنگ و سەر زاری کوردا هەبێ، چونکە ئاو نە بۆ پرژاندن دروستکراوە و نە بۆ ڕژاندن.. لە نانی تیرییەوە هەتا بەردەرگا هەتا پاککردنەوەی ئوتومبیلەکان، ئێمەی کورد خەریکی بێ ڕێزیکردن و بە هەدەردانی ئاوین .. هەڵبەت کە دەڵێم کورد مەبەستم له کوردی باشوورە، ئەگینا من زۆربەی شارە کوردییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات گەڕاوم، ئاو بەردەوام هەیە و نابڕێت و نرخەکەیشی زۆر هەرزانە، تانکی ئاو لە هیچ سەربان و بنبانێکدا نییە، لەگەڵ ئەوەیشدا هیچ کەسێک دڵۆپێک ئاو بە هەدەر نادات و شتێک نییە بە ناوی ئاوڕشێنکردنی بەردەگا، یان شۆردنی ئوتومبیل لە پێش دەرگا.. کارەبای بەردەوام هەیە و نرخەکەیشی زۆر هەرزانە، هیچ کەسێ گڵۆپی زیادە داناگیرسێنێ ..
بە داخەوە لای ئێمەی کوردی باشوور، ئەگەر هەفتەی دوو سەعات ئاوی ڕەئیسیی بێتەوە، هەموومان ئەڕشێینەوە پێیدا، لە تانکییە بێ تەوافەکانمانەوە، کە وەک تاڤگە لە گوێسەبانەی خانۆکانمانەوە دێتە خوارەوە، هەتا ڕشانەوەی خانمان بە سۆندەکانی دەستیان و تەڕکردنی حەوشە و بەردەرگانیان.. سەدان هەزار بیری ئاو لە ماڵەکانماندا لێدراون ، وا ئەزانین ئاوی ژێر زەوی موڵکی کەسیی خۆمانە، بە حەق و ناحەق ئاوی ژێر زەمین بە هەدەر دەدەین .
کارەبا هەتا گرانتر بێ، زیادەڕەوی زیاتری تێدا دەکەین، زنجیرە گڵۆپی ئەمبەر تا ئەوبەری فرۆشگاکان، چلچرا و ملیۆنەها گڵۆپی بێ سوود لە دەرەوەی ماڵەکانماندا ئەسوتێن ..
چونکە ئێمە میللەتێکی بێ هونەرین، بێ منەتین، دووربین نین ..
خواردنیش یەکێکە لەو شتانەی کە زیادەڕەوییەکی زۆری تێدا دەکەین، ڕۆژانە سێ ژەم خواردنی جۆراوجۆر ئەخەینە سەر سفرەکانمان و .. بەشێکی زۆری فڕێدەدەینە ناو تەنەکەی خۆلەکانمان، بەو جۆرە هەم پارەیەکی زۆرمان ئەبێ بە هەڵم و .. هەم تەنەکەی خۆڵەکانمان بۆگەن و چەور و ناشیرین ئەبێ، بەوەیش کۆڵانەکانمان ئەبنە مۆڵگەی مێش و مەگەز و دیمەنی ناشیرین… هەروەها لە جل و بەرگ و ئوتومبیل و مۆبایل و کەل و پەلی ناو ماڵ و ئامێرەکانماندا، خەریکی دەستبڵاوییەکی کوشندەین، بە جۆرێک بازاڕی دەستی دوو، چوار ئەوەندەی بازاڕی نوێ، کەل و پەلی تازە و بێ عەیبی تێدایە، کە مەبەست لە فرۆشتنی، تەنها زیادەڕەویی و لوتبەرزیی و کێبڕکێی یەکترییە.
کاتێ مرۆڤ دەستبڵاو و زیادە ڕەو ئەبێ، بەردەوام لە کێشە و قات و قڕیدا ئەژی، چونکە هەموو شتێ لەم بوونەدا بە پێی پێویست دروستکراوە، کاتێ مرۆڤ زیاد لە پێویست شتێک بە هەدەر ئەدا، ئەو شتە بەش ناکا، کۆتایی دێت، لە بەرامبەردا بە هەدەردەری ئەو شتە، ئەبێتە گیاندارێکی دڕندە و بێ بەزەیی و بەربەریی، وا ئەزانێ هونەری ژیان بریتیە لە دەستبڵاویی و بە هەدەردانی ماڵ و سامانی سەر زەوی..
کاتێ مرۆڤ دەستبڵاو و زیادەڕەو دەبێ، هەژارەکان و گیانەوەرەکانی تریش زیان دەکەن، چونکە ناتوانێ یارمەتییان بدات، ئەگەر موسوڵمانە، ناتوانێ زەکات بە هەژاران بدات، ئەو بە ڕاست و چەپدا، ماڵ و سامان بەهەدەر دەدات و ناتوانێ پاشەکەوت بکات، ئیتر چۆن ئەتوانێ مافی خوا بدات کە بریتییە لە زەکات .. خۆ ئەگەر ئاینداریش نەبێ، دیسان ناتوانێ یارمەتی ئەوانی تر بدات، مرۆڤی زیادە ڕەو هەمیشە لە دڵەڕاوکێدا ئەژی و هەست ئەکا تەنها خۆی شایانی خزمەتکردن و خەرجکردن و بەهەدەردانە ..بەوەیش لە هەموو بەها و هەست و سۆزە مرۆڤایەتییەکان دادەشۆرێتەوە.
شایانی باسە، لەم کۆمەڵگایەدا، لە شا هەنا سەپان خەریکی بە هەدەردانن .. ئەوەنا دەسەڵاتداران زۆر بە بێ باکیی نەوت و گازی سروشتیی بە هەدەر دەدەن، هەرزان فرۆشی ئەکەن و ..ئەڵێن داهاتی نەوت و گازی سروشتیی سفرە..یان ئەڵێن هێشتا قەرزارین.. موچە و مافی خەڵکەکە نادەن و بە هەزار بەهانە، لەو خەڵکە تێدەگەیەنن کە بار و دۆخەکە نەخوازراوە و ناتوانن ماف و حەقدەستی هاووڵاتیان بدەن.. خەڵکەکەیش چونکە خۆیان خەریکی بە هەدەردان و دەستبڵاویین، ئەو دۆخەیان پێ ئاساییە و کاردانەوەیان نابێ .. بەو جۆرە ئیتر کاربەدەستان ئەبینی لە لوتکەی بە هەدەرداندا دەردەکەون و شانازیشی پێوە دەکەن، بۆ نمونە بە کراسێکی چەند هەزار دۆلارییەوە .. یان بە کاتژمێرێکی چەند ملیۆن دۆلارییەوە .. بە ئوتومبیل و کۆشک و فڕۆکەی زۆر گرانەوە دەردەکەون، لە بەرامبەردا میللەتەکەیش ئەکەونە ڕوتاندنەوەی یەکتریی، بۆ ئەوەی هەوڵبدەن وەک بوونەوەرێکی بەهەدەر دەر دەربکەون و مۆدێلی سەرکردەکانیان نمایش بکەن ..وەک خۆیان ئەڵێن تەخشان و پەخشانی پارە بکەن و .. بە شوێنپێی دەسەڵاتدارەکانیاندا بڕۆن و لاساییان بکەنەوە .. بەو جۆرە کۆشکی هاوینە و زستانە و ..کۆشکی هەندەران و ..باخی خەیاڵیی و ..پاسپۆرتی سان کیتس و دۆمینیکان بە دەیان سەدان هەزار دۆلار …ئوتومبیلی زۆر گرانبەها لە کوچە و شەقامە داڕوخاوەکاندا دەردەکەون ..
لێرەدا ئیتر مرۆڤایەتیی کۆتایی دێت .. نیشتمان ئەبێتە گۆڕەپانی کێبڕکێیەکی بازاڕیانە و .. هەر یەکەی لە شوێنی خۆیەوە ئەبێتە فیرعەونێک و ..هەوڵ ئەدات ئەوانی تر تێپەڕێنێت و .. خۆی بە شێوەیەکی شاهانە نیشان بدات .. دواجار ئەو هەموو شا و شاهەنشا ڕاستەقینە و خەیاڵییە، توشی دۆخێک ئەبن، پێی ئەووترێ دۆخی قات و قڕیی .. قات و قڕی لە هەموو بەها و ماف و هەست و سۆزێکی مرۆڤایەتیدا ..قات و قڕیی لە هەستی ئاینیی و نەتەوایەتیدا.. قات و قڕیی لە پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکاندا .. ئیدی پیوەری هێز و ڕێز بە ڕێژەی بە هەدەردانەوە پەیوەست دەکرێت، هەتا زیاتر ئەوانی تر بڕوتێنیتەوە و سامانی نەتەوایەتیی دیزە بەدەرخۆنە بکەیت، بەڕێزتر و بەهێزتر ئەبیت .. ئەوانی تریش، لە کەسانی سادە و کەمئەندام و کەمەقڵەکان، ئەبنە سووتەمەنیی بۆ خواست و خەون و غەریزە و حەزە تاکە کەسییەکانی چەند بەهەدەردەرێکی زەبەلاحی بێ هونەر.




لە ژێر سێبەرێکی نامۆدا.. نەوزاد بەندی

ئەزانم ئاگات لێمە و منیش لە تۆ بێ ئاگا
ئەزانم چاوت لێمە و بۆ من نییە یەک نیگا ..
کەی بتەوێ ئەمبینی ، پێت ناگەم نە بە ڕێگا ..
نە به پەنجەرە و دەرگا..
یەکەمجار کە تۆم ناسی ،
هەڵمگرتی لە جێدا ..
کە زانیت ئاڵودەت بووم ،
بۆ دوور منت فڕێدا ..

٭ ٭ ٭

هەر بە هەمان کۆڵانا ..
ساڵی جارێ یان دووجار ،
ڕەت ئەبم بێ خواستی خۆم ..
چل ساڵ زیاتر بوو ئێرە ،
بوو بوو بە ڕێی کانی بۆم ..
کانی بووە بە پەڵاس ..
هاوڕێکانم هەڵوەرین ..
ئەویش چووە دوو توێی خاک،
تۆپێکی نەمساویی جەنگ،
کردی بە کێڵگەی برین ..

٭ ٭ ٭

نەک هەر مرۆڤەکانی،
خانۆکانیش گۆڕاون ..
زۆربەی زۆریان نەماون ..
کۆشک و تەلاری بەرز و ..
تەنیاییان تێدایە ..
بێجگە لە مرۆڤ ، هەرچی
شت هەیە لەوێدایه ..

٭ ٭ ٭

جار جار بێ جانتا و
خاولی و
دەرمانی دان و گوێزان ..
ئەڕۆم بۆ زانکۆی موسڵ ..
وەک سەردانی گۆڕستان،
بەرامبەری ئەوەستم ..
ئەمەوێ یەک شت مابێ،
وەک پێش چل ساڵ و زیاتر ،
هیچ شتێ نادۆزمەوە ..
ئەچمە کافیتریایەک،
بەڵکو ڕێکەوت یەک پیاڵەی
ئەو سەردەمەی لا مابێ ..
ئەڵێ زەحمەتە بە خوا ..!
ئەڕۆمە گۆشە و کوچەی
دوورە دەستی ناو زانکۆ ..
ئەڵێم بەڵکو لێی مابێ،
شوێنپێیەکی من و تۆ ..!

٭ ٭ ٭

ڕیزێ مۆمی کوژاوە،
لە کۆڵانێکی کۆنی
یادگاریدا ئەبینم ..
بڕیار ئەدەم لەمەودوا،
ئەو چەند مانگەی کە ماومە،
بۆینباخێ ببەستم ..
نا .. نەک بە یادی تۆوە ..
زەحمەتە تەقاعود بی
بە تیشێرت و کاوبۆوە ..!

نەوزاد بەندی




ڕەگەز پەرستیی عەشایەریی.. نەوزاد بەندی

کوڕەکەم لە پۆلی دوانزەی زانستی، کۆنمرەکەی 97 بوو .. لە کۆلێژی پزیشکی زاخۆ وەرنەگیرا، چونکە ئەو خەڵکی سلێمانییە، ئەگەر بادینانیی بووایە، له کۆلێژی پزیشکیی ئەوێندەرێ قبوڵ ئەکرا، لەوێ بادینانییەکان بە کۆنمرەی 96 لە کۆلێژی پزیشکیی ئەخوێنن.
کچی هاوڕێکەم کۆنمرەکەی 97.2 ــە و لە کۆلێژی پزیشکی هەڵەبجە و کۆیە قبوڵ نەکرا، لە بەرئەوەی بابی‌خەڵکی سلێمانییه، نە کۆییە و نە هەڵەبجەیی.
لێرەدا ئەپرسم ئایا پلەی زانستی چ پەیوەندییەکی بە ناوچەگەرییەوە هەیە؟ ئایا کۆلێژی پزیشکی، سەرۆک عەشرەت و ڕیش سپی بەرهەم دێنێت یان پزیشکی زانا و کارامە ؟ ئەگەر وانییە بۆچی مەرجی ناوچەگەریی لە سەری سەری مەرجەکانەوەیە ؟؟ئێوە پزیشک بەرهەم دێنن یان ئەعیان و موختار و شێخ و میرزا ؟
کاتی خۆی خزمێکی پزیشکم چووە پاریس، بەشداری لە تاقیکردنەوەیەکی پزیشکیدا کرد کە هەموو پزیشکانی جیهان بەشدارییان تێدا کرد بوو بۆ تەنها 17 کورسی خوێندنی باڵا، خزمەکەم کورسییەکی بردەوە و بوو بە خاوەنی بۆردی پزیشکیی فەڕەنسیی، نەک لەبەر ئەوەی خزمی جەنڕاڵ دیگۆڵ بوو .. نەک لەبەر ئەوەی لە نەوەی فیکتۆر هیگۆ بوو .. نەک لەبەر ئەوەی لە وەجاخزادەکانی پاریس بوو، نەک لەبەر ئەوەی پورزای سارکوزی بوو .. نا .. ئەو کوردێکی بێ ئاڵا و بێ ووڵات و نەناسراو بوو، ئەو شتانە هیچیان پێوەر نەبوون بۆ بردنەوەی کورسییەکی بۆردی پزیشکیی فەڕەنسیی، یان تەنانەت سەخیفترین شت ئەو شتانە بوون لە کۆلێژی پزیشکیی پاریسدا ، ئەوان تەنها پێوەریان زیرەکیی و بڕینی تاقیکردنەوەکان بوو بە سەرکەوتوویی..
ئاخر سەرۆک، بۆیە کە نەخۆش ئەکەویت، هیچ متمانەیەکت بە پزیشکەکانی خۆت نییە کە بە پێوەری کەوا و سەڵتە و جۆری جامانە و ناوچە و عەشرەت ولق و مەڵبەند چوونەتە کۆلێژی پزیشکیی نەک بە زیرەکیی و بڕینی تاقیکردنەوەکان، هەر بۆیە یەکسەر پەنا ئەبەیت بۆ خەستەخانە و پزیشکەکانی ئەوروپا، ئەو خەستەخانە و پزیشکانەی کە پێوەریان زیرەکییە، نەک جامانە و مشکی و ناوچەگەرێتیی و لق و مەڵبەند و تەلەفۆنی کەسایەتییەکان.. ڕوو دەکەیتە نەخۆشخانەکانی ئەوروپا، چونکە ئەزانیت لەوێ شتێک نییە بە ناوی قبول خاس و بڕوانامەی ساختە و پزیشکی حیزبیی..
جێگای خەم و ناڕەزایەتیی و تێکشکانە، کاتێ تەلەبەیەکی زیرەک کۆنمرەکەی 98 ـە، داواکارییەکەی ڕەت دەکرێتەوە، بەڵام کۆنمرەی96 قبوڵ دەکرێت و لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵاوە پیرۆزبایی لێدەکرێت .. ئەمە چ تیرۆرکردنێکی زانستییە ئێوە پەیڕەوی دەکەن؟ ئایا بە چ ویژدانێکەوە زانکۆ دەکەنە موڵکی شار و شارۆچکەکان ؟ ئەی کە وایە بۆچی ڕێگا دەدەن بە کۆڕەو پزیشک و ئەندازیار و مامۆستای ئەو شار و شارۆچکانە بێنە سلێمانی و هەولێر و لەوێ نیشتەجێ بن و عیادە وئۆفێس بکەنەوە ؟
چی وەڵامی خوێندکارێک دەدەنەوە بە کۆنمرەی 97 و 98 ــەوە داواکەی ڕەتکراوەتەوە، لە کۆلێژی پزیشکی کۆیه و زاخۆ و هەڵەبجە ڕەتکراوەتەوە لەبەرئەوەی خەڵکی ئەو شوێنانە نییە، لە بەرامبەردا کورسێکانی کۆلێژی پزیشکی ئەو جێگایانە لەسەر خەڵکی ئەو شوێنانە تاپۆ کراون با کۆنمرەیشیان 96 بێ ؟؟
چی وەڵامی عەقڵ و لۆژیک دەدەنەوە؟
ئاخر بۆیە عەقڵە زیرەکەکان وەک زیندان تەماشای مەملەکەتی کوردستان دەکەن و لە ڕەخساندنی بچوکترین هەلدا بۆ هەتا هەتایە بە جێی ئەهێڵن ..
بێ هۆکار نییە زیاتر لە 2000 زانای عێراقیی لە بەریتانیا جێگیر بوون و یەک دنیا خزمەت و داهێنانیان پێشکەش به ئینگڵیز کردووە ..و هەرگیز به سەردانیش ناگەڕێنەوە بۆ ئاغاسەرای کوردستان و عێراق.
هەتا ناوچەگەرێتیی و حیزبایەتی و خزمخزمێنە و عەقڵی عەشایەریی وازلێنەهێنن، کۆمەڵگا ڕۆژ بە ڕۆژ ناتەباتر و نالۆژیکتر و بێ بەرهەمتر و بەربەریتر ئەبێ .
ئیتر خۆتان و خۆتان ..
چونکە هەر خۆتان هەموو شتێکن، دانەری هەموو یاسا و ڕێسایەکی سەیر و سەمەرەن، کە زیانەکانی لە شا وە تا گەدا پاکۆ ئەدات و .. نیشتمان ئەکاتە مۆڵگەی ناهاوسەنگیی و نادادیی و لێکپچڕانی دەستە و چین و توێژەکان ..

ــ هاوپێچ لیستی 20 خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی هەڵەبجە کە ژمارەیەکیان بە نمرەی 96 ــەوە قبوڵکراون، کەچی 98 و 97 ی دانیشتووی سلێمانی ڕەتکراونەتەوە ـــ




ڕەسەن و ناڕەسەن.. نەوزاد بەندی

ڕۆژانە گوێمان لە زاراوەی ڕەسەن و ناڕەسەن ئەبێ، لە مرۆڤەکاندا، لە ئاژەڵ و تەنانەت لە ڕووەکەکانیشدا ..
ئەووترێ فڵان کەس ناڕەسەنە، پارێزگاریی لە ئازایەتیی و وەفاداریی و سەرڕاستیی و نیشتمانپەروەریی باب و باپیرانی نەکرد .. یان فڵانە ئەسپ ناڕەسەنە ..فیسار دارگوێز ناڕەسەنە ..
لە ڕاستیدا ڕەسەن و ناڕەسەن دوو سیفەت نین، بەڵکو دوو سیفەتگەلن..
لە دنیادا دوو جۆر بەها و دیاردە هەن، گۆڕاو و نەگۆڕاو.. دیاردە گۆڕاوەکان هەموو شتە ماددیەکانن، بۆ نمونە پێش سەد ساڵ، خانوو لە قوڕ دروست ئەکرا و بە دار سەری ئەگیرا و سەقفەکەیشی قوڕ بوو، بە باگردێن ئەپەسترایەوە بۆ ئەوەی فشەڵ نەبێ و درز نەبات و بارانی لێوە نەیەتە خوارەوە.. پاشان بوو بە خشت .. بەرد ..کۆنکرێت.. بلۆکی دژە سەرما و گەرما و دەنگ.. پلاستیک.. ئەلەمنیۆم و ئەسترۆپۆڵ و کاشی و لامینات و جۆرەها کەرەستەی نوێی بیناسازیی هاتنە ئاراوە، ئەمە پێی دەووترێت پێشکەوتن و پێویستە لەسەرمان پابەند بین پێیانەوە و لێیان سودمەند بین.. بە هەمان شێوە عەرەبانە کە ئەسپ ڕای دەکێشا، بوو بە پاسکیل و مۆتۆر سکیل و ئوتومبیلی سەرەتایی و فڕۆکە و شەمەندەفەر و میترۆ و تراموایی و ئوتومبیلی ئەلەکتریکی پێشکەوتوو.. ووزە لە سوتاندنی دار و خەڵوزەوە، گۆڕا بۆ ووزەی گاز و نەوت و پێکهاتەکانی، پاشان سۆلار سێڵ هاتە ئاراوە.. هەروەها پەیوەندی مرۆڤەکان لە هۆرە و نامە لە ڕێی کۆتر و تەتەر و داهێنانی تەلەفۆنی تەلدار و پۆستی کاغەز و پۆستی ئەلیکترۆنیی و ئیمەیڵ و فاکس و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و تەلەفۆنی بێتەل واتا مۆبایل هەنگاوی خێرا و یەک لەدوای یەکی نا، ئەم شتانە جێی شانازیی میللەتان و مرۆڤایەتیین و هەمووان لەسەریان کۆکن و ژیانی مرۆڤەکانی ئاسان و خۆش کردووە ..
هەمان کات کۆمەڵێک بەها و دیاردە هەن، کە ناکرێ بیانگوڕین، چونکە بە بەها و دیاردە جێگیرەکان دادەنرێن، وەکو وەفا و ئازایەتیی و ڕاستگۆیی و مەردایەتیی و خۆبەختکردن و بیروباوەڕ و نیشتمانپەروەریی و خۆنەویستیی و پاک و خاوێنیی و داوێن پاکیی و ڕەوشت و دەستگرۆیی هەژاران و بەزەیی و غیرەت و هەندێ بەها و دیاردەی تر کە جێگای شانازیی مرۆڤایەتین و ناکرێ دەسکاری بکرێن، چونکە قابیلی دەسکاریکردن نین، بۆ نمونە ڕاستگۆیی چۆن دەستکاریی دەکرێت لە کاتێکدا خۆی دیاردەیەکی جوان و بێ کەم و کوڕییە .. یان وەفاداریی و داوێن پاکیی و خۆبەختکردن، ئەمانە هیچیان کەم نییە تاکو چاکسازییان تێدا بکرێ و پێش بخرێن.
ئەم بەها جێگیرانە ناکرێ گۆڕانکارییان تێدا بکرێ، کڕین و فرۆشتنیان پێوە بکرێ، بکرێنە ئامێرێک بۆ هەڵخەڵەتاندن و بە لاڕێدا بردنی خەڵک ..
هەر بۆیە ناڕەسەن کەسێکە دەستکاریی بەها جێگیرەکانی مرۆڤایەتیی بکات و بە هۆیەوە هەوڵی خۆسەپاندن و فریودانی ئەوانی تر بدات.
ئەووترێ داگیرکەران ناڕەسەنن، چونکە بە جۆرەها دروشمی درۆ و هەڵخەڵتێنەرەوە، میللەتانیان تەفرە داوە و دەستیان بەسەر ژیان و داهات و هیوا و مافەکانیاندا گرتووە..
کەسانی ناڕەسەن، بەردەوام بەها بەرزەکانیان تێدا ئەگۆڕێ، دەستپاکیی باب و باپیرانیان ئەکەن بە دزیی و گەندەڵیی و مافیاگەرێتیی.. نیشتمانپەروەریی و خۆبەختکردنی باب و باپیرانیان تێک دەدەن و ئەیکەنە خۆفرۆشیی و جاشایەتیی و کاسەلێسیی و ئەڵقەلەگوێیی بۆ دوژمنانی میللەتەکەیان.. دەستپاکیی و وەفاداریی و دڵسۆزیی باب و باپیرانیان ئەگۆڕن بە گەندەڵیی و بێ متمانەیی و دوژمنایەتیی هاونیشتمانیان .. ئارامیی ئەگۆڕن بە ترس و نائومێدیی.. هاوژیانیی و هاوسفرەیی ئەگۆڕن بە چینایەتیی و دووبەرەکیی و ..خۆیان و خێزان و بنەماڵەکانیان لە هاوزمانەکانیان جیادەکەنەوە، بۆ خۆیان بەهەشت و بۆ هاونیشتمانەکانیان دۆزەخ دروست ئەکەن .. ئاین و ڕەوشت و داب و نەریتی کۆمەڵگا ئەشێوێنن و .. ئەیکەنە بێ دینیی و بەدڕەوشتیی و لەشفرۆشیی و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتیی و خێزان ..بۆ ئەوەیش بەردەوام درۆی شاخدار و هەڵخەڵەتاندن بەکاردێنن.
ناڕەسەنەکان ئەوانەن لە مرۆڤایەتیی باب و باپیر و میللەتەکانیان لادەدەن، لە پێناوی مانەوەیان لە پێگەیەکی بازرگانیی یان ئاینیی و سیاسیدا، واتا لای ئەوان پێگە جێگیرە بەڵام شەرەف و کەرامەت و پیاوەتیی گۆڕاوە و ئەبێ لە خزمەتی پێگەدا بن.. لە پێناوی کۆشک و فڕۆکەی تایبەت و ملیارەها دۆلاری دزراودا، کە شتگەلێکی ماددی و گۆڕاون، هەموو بەها جوانە میللیی و مرۆڤایەتییەکان ئەکەنە قوربانیی و تێک و پێکی دەدەن ..
ئیتر ئاین و ئەدەب و هونەر و جوانیی و پاکیی کۆتاییان دێت .. داهێنان و بەرهەمهێنان و ماف و ئەرک و پێشکەوتن، هەرەس دێنن.. ئاشتی کۆمەڵایەتیی و برایەتیی و هاوخەمیی و هاوژیانیی کۆتاییان دێت.
کێشەی هەرە گەورەی کۆمەڵگا داگیرکراوەکان ئەوەیە، لە ڕێی داگیرکەرە زەبەلاحەکانی دنیاوە، دەسەڵاتگەلێکی ناڕەسەن دەکەن بە فەرمانڕەوایان، پێگەی سیاسییان ئەژارێزن له بەرامبەر دەستکاریکردنی هەموو بەها جوان و جێگیرەکانی کۆمەڵگا، کورسی دەسەڵاتۆکەکانیان بۆ جێگیرئەکەن لە بەرامبەر دزینی هەموو داهاتە ستراتیجییەکانی نیشتمان، ئەوسا ئیتر ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو کۆمەڵگایانە بە کاری ژیانکردنی مرۆڤی بەشەرەف نامێنن.. کۆمەڵگایەکی نامۆ بە خۆی دێتە ئاراوە، تیایدا شتە گۆڕاوەکانی وەک پارە و پلە و پۆست پیرۆز و جێگیر و تاپۆ دەکرێن لەسەر چەند دەستە و تاقمێکی ناڕەسەن، لە هەمان کاتدا بەها بەرز و جێگیر و نەگۆڕەکانی کۆمەڵگا ئەگۆڕن و ئەشێوێنن .. ئەوانەیشی بەرگریی دەکەن، لە ڕێی زیندان و تیرۆر و ترس و ڕاوەدوونانەوە،ئەیانفەوتێنن .

ناڕەسەن بازاڕ و متمانە و خزمایەتیی و دراوسێیەتیی و غیرەت و بەرگریی و شۆڕش هەرەس پێدێنێ، ئەیانکا بە هەڵخەڵەتاندن و قۆڵبڕین و دوژمنایەتیی و بێ منەتیی و خۆپەرستیی و کۆیلایەتیی و سەرشۆڕیی و کۆڵدان و خۆبەدەستەوەدان ..
دەزگا و دامەزراوە ڕەسەن میللییی و گشتییەکانی ووڵات ئەپوکێنێتەوە، لە بەرامبەردا دەزگا و دامەزراوەی پریڤەیت و گیرفانبڕ و خوێنمژ بنیات دەنێت، واتا ڕۆژ بە ڕۆژ ووڵات لاواز و هەژار و نەخۆشتر ئەبێ و ..خێزانی ناڕەسەنی فەرمانڕەوایش، ملئەستووتر و دەوڵەمەندتر و بەهێزتر.
هەر بۆیە ئەندازیارێکی ژاپۆن بە ئەندازیارێکی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستی وتبوو : ئێوە خەڵکێکی ڕەسەنن لەگەڵ کەمینەیەکی ناڕەسەن، بە پێچەوانەی ئێمەوە کە زۆرینەیەکی ناڕەسەن و کەمینەیەکی ڕەسەنین، بەڵام ئیمە کەمینە ڕەسەنەکە فەرمانڕەوان و ئێوە کەمینە ناڕەسەنەکە بوونەتە فەرمانڕەواتان !!! ئەوەیش شۆڕشێکی خوێناویی ئەوێت، چونکە ناڕەسەن کە دەسەڵاتی پەیدا کرد، لە ڕێی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندن و سندوقی دەنگدان ومانگرتنەوە لاناچێت..وەک برینێک وایە، ئەبێ لە ڕەگەوە دەربهێنرێ ..
هەر بۆیە حاڵەتی ناڕەسەنایەتیی لە ئاستی تاکدا شتێکی نامۆ و ترسناک نییە، بەڵام کاتێ ناڕەسەن ئەبێتە فەرمانڕەوا، ئا لەوێدا ئیتر ترسناکیی و وێرانکاریی و وێرانبوونی داب و نەریت و یاسا و دەستوور دێنە ئاراوە.. وەک ئەوە وایه کەسێک شۆفێر نەبێ، ئاساییە بچێتە ناو ئۆتۆبوسێکەوە، بەڵام زۆر ترسناکە ئەگەر ببێتە شۆفێری ئۆتۆبوسەکە..
هەر کۆمەڵگایەک ئەمڕۆی لە دوێنێ خراپتر بوو، ئەوە بزانە ناڕەسەنێک شیرازەی دەسەڵاتی ئەو کۆمەڵگایەی گرتۆتە دەست .. لە هەر کۆمەڵگایەکدا دیاردەی دزیی و ساختە و بێهیوایی و کۆچی بە کۆمەڵی لاوان و زانایان سەری هەڵدا، ئەوا بزانن ئەو کۆمەڵگایه ناڕەسەنێک سواری ملی دەسەڵات بووە تێیدا..
لە هەر کۆمەڵگایەکدا مافی کۆمەڵانی خەڵک پێشێلکران و .. مافەکان تایبەت کران بە خێزان و بنەماڵە فەرمانڕەواکان.. نان و قوتی کۆمەڵانی خەڵک بڕان و .. ملیارەها دۆلار و کۆشک و ژیانی سەروو شاهانە تایبەتکران بە دەستە و تاقمی فەرمانڕەوا.. لە هەر کۆمەڵگایەک ناڕەسەنیی و خوێڕێتیی و بەرەڵایی و لەشفرۆشیی و قومار و بێ ئیشیی و تاوانەکان زیادیان کرد، پارە کەوتە دەستی سوک و ڕیسواکانی کۆمەڵگا، کەچی زانا و دانا و مامۆستا و فەرمانبەرانی کۆمەڵگا برسی و هەژار کەوتن..لە هەر کۆمەڵگایەک ڕەوڕەوەی ئەدەب و هونەر و زانست ڕاوەستێنرا، کۆڵانی هەژارەکان و کۆڵانی دەوڵەمەندەکانی تێدا دەرکەوت، ملیاردێری گەمژە و زانای بێ موچەیی تێدا دەرکەوت، دیاردەی ڕاگەیاندنی ساختە و سێکس و خۆفرۆشیی و پاوانکردنی زەوی و ئاسمانەکانی تێدا سەری هەڵدا، بزانە ئەو کۆمەڵگایە لەلایەن چەند ناڕەسەنێکەوە داگیر کراوە و دزراوە و بە لاڕێدا براوە ..
بەها بەرزە جێگیرەکانی قەڵاچۆ و شێوێنراون و .. لە جێیدا شتە گۆڕاو و هیچ و پوچەکان، جێگیر و پیرۆز کراون ..
هەر کۆمەڵگایەکیش ناڕەسەن فەرمانڕەوای بوو، هیچ هۆکارێکی دیموکراسیی نایهێنێتەوە سەر ڕێ، تەنها و تەنها لە ڕێی شۆڕشەوە ناڕەسەنەکان دەردەپەڕێنرێن و .. شکۆ بۆ کۆمەڵگا ئەگەڕێنرێتەوە، ئەگینا هەتاکو زیاتر کات بڕوا، ناڕەسەنایەتیی زیاتر ڕەگ دادەکوتێ و ..سوکایەتیی و شکاندنی میللەت زیاتر پەرە دەسێنێ و .. وای لێ دێت، ئەوەی ناڕەسەن نەبێ ناتوانێ بژی لە مەملەکەتی ناڕەسەنەکاندا ..

نەوزاد بەندی




مشتێک لە خەرمانێک.. شیعری نەوزاد بەندی

ئەوانەی ڕابوردوویەکی ناخۆشیان هەبوو ،بەختەوەرن ..
یادگارییەکی جوانیان نییە ،
دڵیان بۆی توند بێ ،
بۆی بگرین ..

جاران شەقام بانگی ئەکردین،
بۆ پیاسه و
خواردنەوەی چایەک و
بینینی ئەو ..
کڕینی ڕۆژنامەیەکی هاوکاری ..
گۆڤارێکی کاروان .. بەیان ..
ڕۆشنبیری نوێ ..
نووسەری کورد ….
بزمارڕێژکردنی پێڵاو،
بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێزمە بارانی پاییز،
کەڵەکە بەفری زستان ..
بۆ بینینی ئوتومبیلێکی ڤۆڵگسن واگۆنی تاقانە، پێمان ئەوت بۆقیی،
کە دەرمانسازێکی سوورفل،
بە دوو چاویلکەی خڕەوە بە هێواشیی پارکی ئەکرد..وا بزانم ناوی سورکێو بوو..
بۆ بینینی سێ چوار مامۆستای بۆینباخ لە مل،
لەبەردەم چایخانەی شەعب،
باسی ڕاپۆرتێکی ڕادیۆی مۆنتیکارلۆیان ئەکرد،
سەبارەت بە دۆزی کورد ..
ئەمڕۆ، شەقام ڕاوم ئەنێ ..
لە تێکڕژانی ئوتومبیل ..ماتۆڕ سکیل ..
لە گەواڵە دوکەڵی تاریک ..
لە حەشاماتی گەنجی بێ ئیش ..
لە ڕشانەوەی نێرگەلە ..
لە پرسەی هەمیشەیی باران..
لە کۆچی دوایی گۆڤار ..
لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامە ..
لە ئاڵودە بوونی ووشە و
کۆپلە و
ئیلهام، بە حەبی میبرۆبامێت..
لە ئایفۆن بە دەستی خەواڵوو ..
لە سوپای لوتبڕاو و.. لێو ئاوساو و ..دێراوی قژی وەک کڵاو ..
لە فرۆشیاریی نائومێد ..
لە کڕیاری هەڵخەڵەتاو ..
لە نادادیی ..
لە وێنەی گەورەی ئەوانەی
نانیان سەرنگون کرد ..
ئاویان ڕەدوو خست ..
پێکەنینیان بە یاساکانی تیرۆر، ڕاپێچ کرد ..
مەمکەکانی نیشتمانیان فرۆشت ..
خوێنی مێژوویان پڕ کرد لە جەڵتە ..
جنێویان لەسەر فیشەک موتوربە کرڕ
فیشەک و تفیان لە یەکتری پێوەن کرد..
کۆڕەو و تاراوگەیان لە یەکتر مارە کرد ..
جوانکارییان بۆ جاش و مستەشار کرد ..
سەنتەری توێژینەوەیان بۆ جڕت دامەزراند ..
درەختیان خستە ژێر ئابڵوقەی ئاوەوە ..
پۆستی باڵایان دا بە مشار و ..
ڕێزلێنانیان بۆ، سن و کیسەڵە و کولە و
دوو پشک و ئەژدیها کرد ..
هەنگ و گوڵ و تریفەی مانگ و
کانییان بێ بەها کرد ..

ئەوەی کورد نەبێ، بەختەوەرە..
چەندین کۆڕەو، بە بێ ڤیزه،
بە بێ فڕۆکە و ئوتومبیل،
به پێی پەتی و لە نیوەشەوا،
لەبەر باران،
ڕاپێچی سنوورەکانی نەکردووە ..
براکوژیی چەندین خولی پاڵەوانێتیی بۆ نەکردۆتەوە ..
ڕق و دووبەرەکیی،
لێ نەبۆتە بیر و باوەڕی سەرەکی..
لە شەیتانی نەبردۆتەوە..
لوتبەرزیی و تەمەڵیی و حەرامخواردن ..
قڕە قڕ و یەکتر شکاندن ..
وڵاتی بێ موچە و
بێ ئامانە و
بێ تراموای و
بێ میترۆ و
بێ کارەبا و
بێ ئاو و
بێ بارانی نەدیوە ..
به مێژوویەکا تێنەپەڕیوە،
کرێکارەکانی برسی بن و
بێکارەکانی ملیاردێر ..
گەمژەکانی بەرپرسی باڵا بن و
زاناکانی لە زیندان و
لە چایخانە کۆنەکانا،
ببنە گاڵتەجاڕی خەڵک و
پڕ کردنەوەی بۆشاییەکانی پەیج و
پرسیارە بێ تامەکانی
ڕۆژنامەنوس و پەیامنێر ..
لە پاریس سەرکردەکانی تیرۆر نەکراوە ..
فەرماندەکانی له زیندانا دانەڕزاوە ..
لە ڕابوردووی پەشیمان نییە..
بۆ داهاتووی بێ ئاوات و دەستەوسان نییە..
دەیان جار نەیوتووە ئەم پەنجەیەم ئەبڕم و گەر جارێکی تر
بیخەمە ناو مرەکەبە شینەکەوە..
ئەوەی کورد نەبێ، بەختەوەره،
هەر هیچ نەبێ لە خۆیەوە
ڕقی دنیای لە دراوسێکەی نییە ..
ئێرەیی به براکەی نابا..
چاودێری ژمارەی دینارەکانی
گیرفانی هاوڕێکەی ناکا..
هەوڵ نادا نوسەرێکی بەناوبانگی خۆیان سوک و ڕیسوا کا ..
جنێو به ناودارەکانی نادا ..
هەوڵ نادا داستانێکی لەشفرۆشیی
لەسەر کچە بێژەرێ بنوسێ ..
بە ئەکتەرەکانی ناڵێ هیچ و پوچ..
هەوڵ نادا وێنەی سێڵفی
لەگەڵ خوێن ڕێژێ بگرێ ..
حەزی لە بوختان و
لە غەیبەت و
لە درۆ و
لە ترس و
لە ئوتومبیلی کیلۆمەتر سفر و
لە موچەی بندیوار نییە..
نازانێ خوله چەخماخە و کەمال و مارف کێن ..
وشەی پاراڵێل و قبول خاس و سیمیپڕایڤەیتی نەبیستووە ..
کۆڵانە تازەکانی
بەناوی شار و وڵاتانی ئەوروپاوە نییە ..
سەد جۆر کۆمۆنیست و
سەد جۆر ئیسلامی تیا نییە ..
پەتپەتێن و سەنگەر گواستنەوە ..
شەڕی نێوان شاعیرەکان
شەڕی نێوان بێژەرەکان ..
شەڕی نێوان ماستفرۆشەکان ..
شەڕی نێوان ئەوانەی باڵی برژاوی مریشک ئەفرۆشن ..
شەڕی شیعردز و شیعردزراو
ڕۆماندز و ڕۆماندزراو ..
تابلۆ دز و تابلۆ دزراو ..
شەڕی قۆڵبڕ و قۆڵبڕراو ..ی نەدیوە ..
ئەوەی کورد نەبێ، بەختەوەرە ..
هەر هیچ نەبێ لە وڵاتە یەکگرتووەکان، ئاڵایەکی هەیه ..
هەر هیچ نەبێ لە مافیاکانی ،
مافی سکاڵایەکی هەیە ..

ئەوەی بە ساوایی بێ کەس بوو،
بەختەوەره ..
لەگەڵ تەنیاییدا ڕادێ و
دایک و باوکێ وەک دوو بەردی دەستاڕ نایهاڕن ..
نایکەن بە کۆپییەک له خۆیان ..
له بێژنگ نادرێ هەزار جار ..
نابێ به بوونەوەرێکی خاڵیی لە خۆی ..
دوای ئەوە بۆ مەرگی جەلادەکانی ،
قوڕ ناپێوێ ..
بە مەرگی جەلادەکانی ،
ژیانی ناشێوێ ..
ئەتوانێ گۆڕانکاریی بکا، چونکە خۆیەتی ..
عەقڵ عەقڵی خۆی ..
چاو ، چاوی خۆی ..
خوێن خوێنی خۆیەتی، ئەیڕژێنێ ..
لە ترسی جەلادەکانی،
خۆی ناخەسێنێ ..
….. هەتا دوایی .. هتد …




بانگەشەکردن بە چەتاڵ.. نەوزاد بەندی

چەتاڵکردن واتا به گواستنەوەی بارگە ی کارەبا یان ووزە له شوێنێکی پڕ ووزەوە بۆ شوێنێکی بێ ووزه، بە شێوەیەکی کاتیی.
ئەم حاڵەتە، هەوڵدانە بۆ بارگاویکردن و ژیانەوەی ئامێرێکی مردوو به شێوەیەک هەتا ئەگەیەنرێتە لای وەستا .. بۆ نمونە پاتری ئوتومبیلێک لەکار دەکەوێ، پیویستە به پاتری ئوتومبیلێکی تر چەتاڵ بکرێ، بۆ ئەوەی ئوتومبیلە لە کارکەوتووەکە بخرێتەوە گەڕ، هەتا دەگاتە لای پاتریسازێک و پاترییەکی نوێی بۆ دەکڕێت.
بەڵام وەک چۆن هەنگوین و ئاڵتون و دەنگی حەسەن زیرەک، بە لاڕێدا براون و کۆپی ساختەیان کەوتۆتە بازاڕەوە، بە هەمان شێوە چەتاڵیش تێکەڵاوی ساختە و گزی کراوە، بۆ نمونە خەڵکێک هەبوون و هەن و ئەبن کە کارەبای ماڵ و دوکان و پڕۆژەکانیان چەتاڵە..واتا هێڵێک به دزییەوە لە کارەبای گشتی ڕادەکێشن و کارەبای خۆڕایی بۆ ماڵ و دوکانەکانیان دەستەبەر دەکەن، لێرەدا ئیتر پێناسەی چەتاڵکردن ئەشێوێ، چونکە چەتاڵکردن بە شێوەیەکی کاتییه، بەڵام ئەم جۆره چەتاڵەیان به شێوەیەکی هەمیشەیی یان درێژ خایەنە.
لەبەر ئەوە وەک هەموو دیاردەکان، چەتاڵکردن لایەنی خێر و شەڕیشی هەیه، وەک چۆن چەقۆیەک ئەتوانیت کەرەستەی خواردنێکی بەتامی پێ بجنیت و ئامادەی بکەیت، لە کاتێکدا خەڵکێکی شەڕەنگێز هەن به چەقۆ کەسانێکی بێ تاوان ئەکوژن یان بریندار ئەکەن، بەو جۆرە چەتاڵی خێر و چەتاڵی شەڕیش هەیە.
لە ڕاستیدا مرۆڤ لە عەرەبیدا پێی ئەوترێ ئینسان ، واتا دوو مرۆڤ ..خێر و شەڕ ..زانستی نوێیش سەلماندوویەتی کە مێشکی مرۆڤ دوو بەشی لای ڕاست و چەپی تەواو جیاوازن، لایەکیان تایبەتە به یاسا و باوەڕ و وەفاداریی و خۆنەویستیی ، کەچی لاکەی تریان تایبەتە به یاخیبوون و بێ باوەڕیی و زوڵم و خۆپەرستیی ..هەر بۆیە کەسانی ئاینیی و شۆڕشگێڕ بەردەوام ویرد و دۆعا و سروود ئەڵێنەوە بۆ ئەوەیە بەشە باوەڕدارەکەی مێشکیان پتەو بکەن و بەشە بێ باوەڕەکەی بپوکێننەوە و پەڕاوێزی بخەن ..هەمان کات کەسه بێ باوەڕ و خۆپەرستەکان، بەردەوام یاساشکێنیی و زوڵم و تاوانەکان ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی بەشە بێباوەڕ و خودپەرستەکەی مێشکیان گەشه پێ بدەن و ..بەشە باوەڕدارەکەیش پشت گوێ و لەناو ببەن .
ئەمە پاکانە کردن کردن نییه بۆ ئەوانەی کارەبا و ئاو بە چەتاڵکردنی هەمیشەیی دابین دەکەن، چونکە ئەوە دزییە لە سامانی گشتیی شایانی سزای تونده، بەڵام ئەمانەوێ ئەوە بخەینە ڕوو کە له ڕاستیدا هەموو دیاردە و هەڵس و کەوتێکی مرۆڤ، له ژێر ڕەحمەتی دوو کۆنتڕۆڵی پۆزەتیف و نێگەتیڤدایه، واتا خۆی بڕیار ئەدات خزمەت بکات یان زوڵم .. بنیات بنێ یان بڕوخێنێ ..وەفادار بێ یان ناکەس بەچە ..نیشتمان پەروەر بێ یان نیشتمان فرۆش، ئەوەیش هەوڵ و لێبڕانی پێویستە، واتا مرۆڤ له خۆیەوە نابێتە خێرخواز، له خۆیشیەوە نابێتە شەڕەنگێز، هەردوو حاڵەتەکە کار و هەوڵ و ماندوو بوونی ئەوێ.
با بگەڕێینەوە بۆ بابەتی چەتاڵ، لە سیاسەتی نێو دەوڵەتیشدا چەتاڵکردن به ئاشکرا دیاره یان ڕاستتر کوڵۆنیالیستە زەبەلاحەکانی جیهان بە سیاسەتی چەتاڵ دەسەڵاتەکانی خۆیان ئەسەپێنن و وڵاتان بۆ خۆیان حەپەلوش دەکەن، بۆ نمونە فەیسەڵی باوکی سعودی شای سعوڕیە، به کردار چەتاڵکردنی ئەمەریکای ڕەت کردەوە و نەوتی لێ بڕین، کاتێکیش وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی کرد و بە تەنزەوە ووتی تۆزێ نەوتمان بۆ بەربدەرەوە فڕۆکەکەم بەنزینی تیا نیە، شا فەیسەڵ ووتی منیش پێویستم بە قودسه نوێژێکی تیا بکەم، ئەمە بوو بە هۆی تیرۆرکردنی شا فەیسەڵ، بەڵام که سعودی کوڕی هاتە جێگای، بۆری نەوتی بۆ کردنەوە، ئەوانیش چەتاڵێکی چاکیان بۆ کرد و تا هەنوکەیش سعودیە چەتاڵکراوە و هیچ عەیبی نییە .. بەهاری عەرەبیی، لێکردنەوەی چەتاڵی لیبیا و میسر و تونس بوو لەلایەن ئەمەریکاوە ، بەو جۆرە دەسەڵاتی ئەو وڵاتانە نوزەیان تیا نەما و به خێرایی ڕوخان، بەڵام سوریا نەڕوخا، چونکە دوای پچڕانی چەتاڵی ئەمەریکا، ڕوسیا بە خێرایی چەتاڵی کردنەوە. بەو جۆرە هەرچی دەسەڵاتی دنیایه، بە جۆرێ لە جۆرەکان چەتاڵێک یان زیاتریان پێوەیه لە هەمان کاتدا چەند چەتاڵێکیشین لێ دەرچووە بۆ ئەو دەسەڵاتانەی کە لە خۆیان لاوازترن، بۆ نمونە دەسەڵاتەکانی هەرێمی خۆمان نیوەی چەتاڵی ئێران ئەیسوڕێنێ و نیوەکەی تری چەتاڵی تورکیا بارگاویی دەکات، ئەوە لە کاتێکدا تورکیا و ئێرانیش گیانێکیان به چەتاڵی چین و ڕوس و ئیسڕائیلە، ئەمانە چەتاڵکردنی سیاسیین، بۆ نمونە کەسێکی وەک دۆناڵد تڕەمپ، لایەکی کۆشکی سپی ئەڕوخێنێ بۆ ئەوەی هۆڵی سەماکردنی تایبەت بەخۆی دروست بکا.. هەروەها هەوڵ ئەدات یاسای سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە هەشت ساڵەوە درێژ بکاتەوە بۆ دوانزه یان شانزه ساڵ، ئەم بڕیارانە ڕیکلامن چونە سەر تەختی چەتاڵکەری باڵا، یاخود چەتاڵی سوپەر پاوەر له هەموو دونیادا کە بێ ڕکابەرە،.واتا چاکسازیی و ڕیفۆرم نین، بەڵکو چەتاڵکردنن، چونکە جیاوازی نێوان چەتاڵکردن و چاکسازیی ئەوەیه چەتاڵکردن خواستی یەک شت یان یەک کەس و یەک خێزانو یەک بنەماڵە بەدی دەهێنیت، بەڵام چاکسازیی خواستی گشتیی بە دیدەهێنێ .. هەمیشە چەتاڵچییەکان و چاکسازخوازەکان له شەڕێکی دەستە و یەخەی درێژ خایەن و ئەزەلیدان ..کاتێ تۆماس مۆری چاکساز بە پاشای چەتاڵچی فلۆڕەنسا دەڵێت : تۆ زاڵمیت .. لە داخی ئەو یۆتۆپیا ئەنوسێ کە سەر لە بەری کۆمەڵگا و بەها باوەکانی تێدا ئەگۆڕێ، بۆ نمونە ئاڵتون کە خەونی چەتاڵچییەکانە، له یۆتۆپیادا تەنها دروستکردنی کەلەپچە و قەعادەی پاشەڕۆی منداڵان بەکارئەهێنرێ ، لێرەدا ئیتر پاشای چەتاڵچی فلۆڕەنسا لە تۆماس مۆری ڕیفۆرمخواز ئەچێ بە قیندا و سەری ئەپەڕێنێ ..
بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتیی ئەم چەتاڵچییە قاچاخ و دژه یاسا و دژە داب و نەریتانە، لە هەوڵی مانەوەی خۆیان و خێزان و بنەماڵەکانیاندا، ملیۆنەها مرۆڤیان کوشتووە و برسی و ئاوارەیان کردوون..و تا هەنوکەیش بەردەوامن .
ڕەنگە لێرەدا پرسیارێک سەرهەڵبدات، بۆچی هەمیشه چەتاڵچییەکان ، یاخود بەشە شەڕەنگێزەکەی مێشکی مرۆڤایەتیی بەسەر چاکساز و ڕیفۆرمخواز و بەشە ئاشتیخوازەکەی مێشکی مرۆڤدا زاڵ ئەبێ و ئەیباتەوە ؟ بۆچی شارستانییەتەکان و ئەدەب وهونەر و زانستی چەندەها سەدە، دەسەڵاتگەلێکی ناداد و دڕندە و گەمژەیان لێ پەیدا ئەبێ ؟
بە کورتیی هۆکارەکەی ئەوەیە چەتاڵچی و شەڕەنگێزەکان لەو جەنگەدا هەموو چەکێکی نائەخلاقیی بەکاردێنن و بە ڕاست و چەپدا، تەڕ و وشک ئەسوتێنن، بەڵام چاکساز و ڕیفۆرمخواز لەو شەڕەدا سنوورەکانی ئەخلاق و داب و نەریت ناشکێنن، ئەمەیش وەک شەڕی مامۆستایەکی بەڕێز و چەقۆکێشێکی مافیا وایه، پێش ئەوەی مامۆستاکە بیر لەوە بکاتەوە چۆن لەم شەڕەدا قوتابخانەکە و خەڵکەکە زیان نەکەن، کابرای مافیای چەقۆکێش حەوت زەمانە مامۆستاکەی شەڵاڵی خوێن کردووە و قوتابخانەکەی بەسەر قوتابیەکاندا ڕوخاندووە.
برسی کردنی میللەتان و مافی خەڵک خواردن و دزی و مافیاگەریی سیستماتیک و هەڵگیرساندنی شەڕی هیچ و پوچ و بێ مەعنا، بەشێکن لەو چەکە نائەخلاقییانەی کە چەتاڵچییە نائەخلاقییەکان سەروەریی خۆیانی پێ دەپارێزن، ئەوەی هەمیشە وایکردووە کە دەسەڵاتی دادپەروەر تەمەنێکی کورتی هەبێت و ..دەسەڵاتی مافیا و نادادپەروەر تەمەنێکی درێژی هەبێ.
بەڵام ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام وتا ڕادەیەکیش هێنامیه پێکەنین، بەکارهێنانی چەتاڵکردن بوو لە بانگەشەی ئەمجارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا .. تەماشا دەکەیت چەندەها کاندید کە هیچ کەسێک نایانناسێت و هیچ شوێنپەنجەیەکی زانستی و ئەدەبی و هونەریی وکۆمەڵایەتیی و سیاسیی دیاریان له کۆمەڵگادا نەبووە، لە بانگەشەی هەڵبژاردنیاندا، لەگەڵ وێنەکەی خۆیاندا وێنەی سەرۆک حیزبەکانیان یان هاوسەرەکانیان کە ناسراو بوون یان هەر کەسێک کە خزمایەتیی و ئاشنایەتیی و ناسراوییان لەگەڵیاندا هەیە، لەسەر فلێکس چاپکراون و بە شەقامەکاندا هەڵواسراون ..واتا ڕێک وەک ئەو دوو ئوتومبیلەی کە له تەنیشت یەکترەوە دادەنرێن بۆ ئەوەی پاتری مردووی یەکێکیان لە ڕێی چەتاڵکردنی پاتری زیندووی ئەوەی تریانەوە، بخرێتە کار ..
دانانی وێنەی کاندیدێکی نەناسراو لە تەنیشت وێنەی کەسێکی ناسراو، هەتا کەسە ناسراوەکە کە سەرۆک حیزبێتی یان خزم و هاوسەرێتی، هەڵسێت بە چەتاڵکردن و گواستنەوەی بارگەی ناوبانگ و ناسراویی لە خۆیەوە بۆ ئەو ..بەو جۆره بەڵکو ئەوە خوایه لە بەر گوڵە گەنمێک ئەو گوڵە جۆیانەیش دۆلار بخۆنەوە و ببنە خاوەنی کورسی ئەنجومەنی نوێنەران و بچنە ژیانی پادشا و چەتاڵچییەکانەوە .
ئەم جۆره چەتاڵکردنە، تازەترین جۆری چەتاڵە و ..ڕەنگە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هێشتا لە ڕێی چەتاڵکردنەوە، دەنگی خەڵک و ناوبانگی خزم و هاو ئاواز، بۆ کاندیدی نەناسراو نەگواسترابێتەوە ..هەر بۆیه پێویستە کتێبی گینز بۆ ژماره پێوانەییەکان لەم داهێنانە ئاگادار بکرێتەوە بۆ ئەوەی لە دوو توێی خۆیدا تۆماریان بکات.

نەوزاد بەندی




زانست و پێڵاو.. نەوزاد بەندی

کۆمەڵگا لەلایەن زانست و زاناکانیەوە گەشە دەکات نەک له ڕێی سیاسی و ڕیش سپی و بازرگانەکانەوە .. وڵاتانی ئەمریکا و یابان و چین ساڵانە سەدان ملیار دۆلار له پڕۆسەی زانست و توێژینەوەی زانستیدا خەرج دەکەن، تەنانەت دیکتاتۆرێکی وەک جۆزێف ستالین دەرگای خەزێنەکانی ووڵاتی له بەردەم زاناکانی ڕوسدا ئاوەڵا کردبوو به مەبەستی داهێنان و پێشکەوتنی زانستیی زیاتر. ئەوروپا سەدان سەرۆک و بازرگانی تێدا هات و چوون و له بیرچوونەوە، بەڵام ناوی زاناگەلێکی وەک تێسلا و ئەدیسۆن و تۆماس مۆرگان و نیوتن بە زیندوێتیی ماونەتەوە. لە سەردەمی سەدام حسێندا ( کە ئەمڕۆ دەیان و سەدان میراتگری هەیه ) دەرگای خەزێنەکانی ووڵات لە بەردەم وەزیری ڕاگەیاندن و بانگەشەی حیزبیی و سروود و پەیکەری سەرۆکی فەرماندەدا ئاوەڵا بوون، بۆ ئەوەی بێ سنوور پاره ڕاکێشن، لە کاتێکدا زانکۆکانی ئەو سەردەمە، به کەل و پەل و ئامێری سەردەمی پێش بەعس بەڕێوە دەبران و گەلێک لە تاقیگە زانستییەکان داخرا بوون و تەنها به تیۆریی وانەکان باس دەکران، چونکە کەل و پەل و ئامێری زانستی هاوردە نەدەکران و دروست نەدەکران، کەچی کۆمپانیای پەیکەرسازیی زەبەلاح لە ئیتاڵیا پەیکەر و جیداریی مۆزائیکیی تایبەتیان بۆ سەرۆکی فەرماندە دروست دەکرد، له ناوخۆیشدا فیشەک و ساروخی حوسەین دروست دەکرا، بەشی ناوخۆیی زانکۆ و پەیمانگاکان دادەخران و ..سەدان سەربازگای نوێ دادەمەزرێنران، ئاخر دیکتاتۆر بۆ بێجگە له خۆی هیچ ئیشێکی بە زانست و هونەر و ئەدەب نییە، ئەدەب و هونەر بریتیی بوون لە پیاهەڵدان و دروستکردنی پەیکەر و سکێچ و پۆرترێتی سەرۆک، جێی پێکەنین و گاڵتەجاڕییە کاتێ وەزیرێکی ڕاگەیاندن لەکار لا دەبرێت چونکە لە پاکتاوی دراویی ساڵانەی وڵاتدا، پارەیەکی زۆر دەگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی وڵات، به تاوانی ئەوەی کە ڕەزیلیی کردووە لە ڕاگەیاندنەکانی جوانکردنی سەرۆکی فەرماندە و حیزبی قائیددا و هەموو بودجەی وەزارەتەکەی لەو پێناوەدا خەرج نەکردووە.
کاتێ سەرۆک پێویستی بە بڕوانامە و زاناکانی خۆی نابێ و حیسابی پوشێکیان بۆ ناکا، ئیتر بڕوانامە و زانست و زانا سوک و ڕیسوا ئەبن، ڕێک وەک ئەو جوتیارانەی ساڵانە تەماتە و گەنم و بەرهەمەکانیان فڕێ دەدەن، چونکە دەزگایەکی میریی نییە ئاوڕیان لێ بداتەوە و دەستخۆشیی و ماندوو نەبوونیان لێ بکا به مەبەستی زیادکردن و پێشخستنی ڕەوتی کشت و کاڵ و بەرهەمهێنان.. ئێ دەسەڵاتی تۆتالیتار پێویستی بە بەرهەمی ناوخۆ نییه، ئەو هەموو پێویستییە کشت و کاڵییەکانی خۆی و خێزان و بنەماڵەکەی لە دەرەوەی ووڵات بۆ دابین دەکرێت، تەنانەت ئەو جگەرەیەی ئەیکێشن، به تایبەتی لە کوبا و وڵاتە پڕۆفیشناڵەکانی توتن هاوردە ئەکرێن، ئیتر بەرهەمی ناوخۆ و جوتیاری ناوخۆ کیلۆیان بە چەند ؟
کاتێ دەسەڵات و خێزان و خزم و کەسە نزیکەکانیان بۆ بچوکترین نەخۆشیی بڕۆنە دەرەوەی وڵات و.. پارەیەکی بێ شومار بخەنە گیرفانی پزیشک و خەستەخانە ئەوروپییەکانەوە، ئیتر چ پێویستییەکیان بە پزیشک و خەستەخانەی ناوخۆ هەیه؟ ئەوانیش با وەک تەماتە و گەنمەکان بترشێن و سەگ له ناویاندا بخەوێت.. منەتیان نەبێ، نە موچەیان پێویستە و نە گوزەران و نە هیچ مافێ.. ئێ لە ڕاستیدا هەر وایشە، تۆ پێویستت بە شتێک نەبێ، پشت گوێی دەخەیت، وەک چۆن موسوڵمانان حیسابی پوشێک بۆ مەی و قومار ناکەن و ئامادە نین هەر ئاوڕیشی لێ بدەنەوە چ جای گرنگی پێ بدەن و پارەی تێدا خەرج بکەن، بە هەمان شێوە دەسەڵاتی تاکڕەو پێویستی بە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و بڕوانامەکانیان نییە، چونکە هیچ شتێ بۆ ئەو و عێل و عەشرەتەکەی ناکەن و .. ئەوان بۆ هەڵامەتێک ئەچنە کن پڕۆفیسۆرێکی ئەوروپیی و لە خەستەخانەیەکی مۆدێرندا، هەم چارەسەر و هەم گەشت و هەم تۆپەڵێک لەو چیای ملیارەها دۆلارەی هەیانە، دەتوێننەوە ..لەبەر ئەوە ئامادە نین گوزەران و خۆشگوزەرانیی و مافیان بۆ خاوەن بڕوانامەکانی خۆیان دابین بکەن. دەوام ئەکەن بە خۆڕایی، ئەهلەن وە سەهلەن، دەوامیش ناکەن، هەر ئەهلەن وە سەهلەن، هیچ لە ژیانی عائیلاتی مالیکە ناگۆڕێ.. هەر بۆیه دەوامکردن له فەرمانگە دەوڵەتییەکاندا ئەبێ بە پاشاگەردانیی، حەز ئەکەی هەفتەی ڕۆژێک دەوام بکە، یان هەر دەوام مەکە، ئارەزوو مەندانەیه، چونکە پێوەری وڵات بریتیه له سوود گەیاندن بە دەسەڵات و عێل و عەشرەتەکەی، کاتێ ئەو دەسەڵات و عێل و عەشرەتە عاشقی نەخۆشخانە و پزیشک و کارمەندە ئەوروپییەکان ئەبن، ئیتر نەخۆشخانە و پزیشک و کارمەندەکانی ناوخۆ، بەرەڵاکردنێکی ئارەزوومەندانە بەرەڵا دەکرێن، وەک بڵێی ئەگەر خۆتان بە خۆڕایی خۆتان چارەسەر ئەکەن، نیعمەڵڵا.. ئەگەریش نا، ئەوە هەر نیعمەڵڵا، ئەوانی باڵا و دەسەڵاتدار هیچ زیانێک ناکەن، چونکە بە ڕاستی هیچ سودێک به ئەوان و عێل و عەشرەتیان ناگەیەنن ،جا ئەم حاڵەتە تەشبیهات نەبێ، لەو فەرموودە قودسییە دەچێت کە خوای گەوره ئەفەرمۆێت : ئەی ئادەمیزاد گەر هەموویشتان کفر بکەن و گومڕا بن، گەردێک لە دەسەڵاتی من کەم ناکات، خۆ ئەگەر هەموویشتان بمپەرستن و گوێ ڕایەڵم بن، دیسان گەردێک له دەسەڵاتی من زیاد ناکا ..
واتا بێ منەتبوونێکی تەواوە بەرامبەر پیشەکان و پیشەوەرەکانی، کە ئارەزووی خۆیانە چی دەکەن یان چی ناکەن، چونکە چی بکەن و چی نەکەن، ناتوانن نە قازانج نە زیان بە دەسەڵات بگەیەنن، هەر بۆیه کوڕی سەرۆکێک وتـبووی : ( خوێندن و بڕوانامە پێوەر نین بۆ زیرەکیی و سەرکەوتنی مرۆڤەکان ) ڕاستیش ئەکات، چونکە خۆی هەر لە ڕێی باوکییەوە بوو بوو بە سەرکەوتووترین گەنجی ووڵاتەکە و ملیارەها دۆلار لە ژێر پێیدا بوو، هەر بۆ کەیف و خۆشیی کرابوو بە سەرۆکی زانکۆیەکی گەوره نێودەوڵەتیی، ئیتر خوێندن و بڕوانامە کیلۆیان بە چەند ؟ بیرکردنەوە و داهێنان و نوسینی شانۆ و ڕۆمان و شیعر، بۆچی لە کاتێکدا ئەو بە بێ بڕوانامە و بەهرە و داهێنان، هەموو شتێکە یاخود هەموو شتێ هی ئەون؟
لە بەرامبەردا ئەو دەسەڵاتە مەجبور نیە حەقدەست و مافە مرۆییەکان بۆ خەڵکێکی خاوەن بڕونامە و بەهره و داهێنان دابین بکات، چونکە بە دەستی خۆیان خۆیان تەفرەداوە و بوون به خاوەنی کاڵایەکی بێ سوود، لەو حاڵەتەدا عەقڵ و توانا و بەهرەکانی کۆمەڵگا به نیسبەت دەسەڵاتەوە هیچ نین، ئێ چۆن ئەبێ پارە و حەقدەست بدرێ بە هیچ؟
بە هەمان شێوە ئەندازیار و مامۆستا و هەموو پیشەکانی تر ناتوانن بچوکترین سوود بگەیەنن بە دەسەڵات و خێزان و عێل و عەشرەتەکانیان ..چونکە دەسەڵات و خێزان و عێل و عەشرەتەکانیان، لە ڕێی ئەندازیاری دەرەوەی وڵاتەوە نەخشەی کۆشکەکانیان دەکێشرێت و له ڕێی کۆمپانیای بێگانەوە تەواوی پڕۆژەکانیان ڕادەپەڕێنرێت .. لە ڕێی خوێندنگا و زانکۆکانی ئەوروپاوە مناڵەکانیان پەروەردە و زانست وەردەگرن..بەرگدرووی تایبەتی ئەوروپیی، ئەسپ و مەیتەری پسپۆڕی ئەوروپیی، پۆشاکەکانیان لە باشترین بڕاندی جیهانیی بۆ دەدورن ..ئیتر توخوا چی لە ئەندازیار و مامۆستا و زانکۆ و ئەسپ ومەیتەر و بەرگدرووی ناوخۆ بکەن؟ مەعقول نییە ماف و حەقدەست بدەن بەو حەشاماتە کە بچووکترین سودیان نییە بۆ دەسەڵاتداران و خێزان و عێل و عەشرەتەکانیان.. تەنانەت نەبوونی ئەوان لە بوونیان باشترە، لەو حاڵەتەدا پێویست ناکا هێزێکی زۆری پاراستن و پاسەوانیی لە چواردەوری خۆیان ڕابگرن، چونکە ئەوان تەنها دوژمنێکیان هەیه کە میللەتەکەی خۆیانە، ئەگینا دۆست و ئەحبابی و هاوبەشی هەموو بێگانەیەکی گۆی زەمینن.
ئیتر بە شێوەیەکی فەرمیی گڵۆپی سەوز بۆ بڕوانامە و پیشەکان هەڵدەکرێت، ئارەزووی خۆتانە، ئەگەر لە فەرمانگەکانتاندا بە خۆڕایی دەوام دەکەن، لوتکەی مرۆڤایەتییە، چونکە خزمەت بە خۆتان دەکەن نەک بە دەسەڵاتی VIP، با مامۆستا بە خۆڕایی مناڵی ئەندازیار پەروەردە بکات، ئەندازیاریش به خۆڕایی خانوو بۆ مامۆستا دروست بکا، هەردووکیشیان بە خۆڕایی لە خزمەتی بەرگدروودا بن، چونکە بەرگدروویش پێویستە به خۆڕایی پۆشاک بۆ مامۆستا و ئەندازیار بدورێت، ئەمەیش گەڕانەوەیه بۆ کۆنترین سیستمی بازاڕ، تیایدا پاره ڕۆڵ ناگێڕێ، ئەبێ شتێکت پێ بێ بۆ ئەوەی بیگۆڕیتەوە بە شتێکی تر، بۆ نمونە کابرای جوتیار قەل و قازی ئەهێنا بۆ شار ئەیگۆڕینەوە بە شەکر و چا و فانۆس.
دواجار دەسەڵاتە تاکڕەوە بەگلەرەکان، ئەم دۆخەیش وەبەردەهێنن، بە هەموو دەستە و چینە بێ ماف و بێ گوزەران و بێ داهاتووەکانی کۆمەڵگا دەڵێن: ئەتوانن یەکتری بچەوسێننەوە و ئەو خزمەتگوزارییانەی من لێم حەرام کردوون، خۆتان بنیاتیان بنێن و بە یەکتریی بفرۆشنەوە، بەڵام ئەبێ نیوەی یان زیاتری قازانجەکانتان بۆ من بێ. کۆمەڵگای مێگەلیش هەم لەبەر حەزی چاو لێکەریی دەسەڵاتداران و بەدیهێنانی خەونی هاوبەشیی لەگەڵ لەسەڵاتدا و هەم لە ناچاریدا، سەردەکەنە بازرگانیکردنێکی بێ ڕەحمانە بە هەموو شتێکەوە، سەرەتا لە کەرتی ووزەوە دەست پێدەکات و ..بە کەرتی بازرگانیکردن و هاوردە کردنی کەل و پەلی خراپ و ماوەبەسەرچووی بێ کوالێتی و خوێندن بە پارەی خەیاڵیی و تەندروستیی به پارەی خەیاڵیی کۆتاییان دێت.. پارەی خەیاڵیی چییە؟ بۆ نمونە داهاتی کەمئەندامێک لە مانگێکدا 150 هەزار بێ کەچی کرێی مانەوەی یەک شەو لە ژووری چاودێری چڕدا لە نەخۆشخانەیەکی حەپەلەشکەری پارەدا، کە چاولێکەرانی دەسەڵات خاوەندارێتیی دەکەن، یەک ملیۆن دیناربێ بێجگە لە پارەی دەرمان و خواردن.. ئیتر ئەوەیشی ئەو پاره خەیاڵییەی پێ نییە، با بۆخۆی لە ماڵەوە بمرێت.
لەوێدا ئیتر زانست و پیرۆزیی زانست و بەها مرۆڤایەتییەکان هەرەس دێنن، وای لێ دێت بازرگانی نەخوێندەوار باڵەخانەی پزیشکیی دروست دەکات و هەر بە کرێ ڕازی نابێ، بەڵکو داوای هاوبەشیی لەگەڵ پزیشک و خاوەن بڕوانامەکاندا دەکات لە داهاتەکانیاندا لەبەرامبەر نیشتەجێبوونیاندا لە باڵەخانەکەیدا، چونکە ئەو له چەندین پڕۆژەدا هاوبەشی دەسەڵاتێکی زەبەلاحە، ئیتر بۆچی ئەبێ هاوبەشیی لەگەڵ پزیشکێکدا یان پارێزەرێکدا، پڕۆسەیەکی ئاسایی و نۆرماڵ نەبێ؟ .. یان کابرایەک کە پەنجا ساڵە بازرگانیی مریشک و ڕۆن و دانەوێڵە دەکات، لە ناکاو پیشەکەی ئەگۆڕێت و ئەبێتە خاوەنی گەورەترین نەخۆشخانە و دکتۆری دنیا بە پارەی خەیاڵیی لە خۆی کۆدەکاتەوە.. ئیتر مزگەوتەکان پڕ دەبن لەو سواڵکەرانەی کە نەخۆشن و لە خەڵک و خوا ئەپاڕێنەوە پارەی نەشتەرگەرییەکەیان بۆ کۆ بکەنەوە، یان دەزگاکانی ڕاگەیاندن پڕ دەبن لە کورتە ڤیدیۆی ئەو نەخۆشانەی کە داوای خێر و سەدەقە لە خەڵک دەکەن هەتا پارەی خەیاڵیی نەشتەرگەرییەکانیان بۆ کۆبکەنەوە ئەگینا لەماوەیەکی کەمدا ئەمرن. تەنانەت لە دەزگا ڕاگەیاندنە زەبەلاحەکانی دەسەڵاتە تاکڕەوە خێڵەکییەکاندا، ڕیکلام بۆ ئەو سواڵانە دەکرێت، چونکە گرنگ کۆکردنەوەی پارەی خەیاڵییە بۆ ئەنجامگەیاندنی نەشتەرگەرییەکان و حەڵاڵکردنی سەدا پەنجا و بەرەو ژووری ئەو پاره زەبەلاحانە به ناوی باج و خەراجەوە، بۆ دەسەڵاتی تێر و پڕ و هەڵئاوساو.
هەروەها لە هەموو کەرتەکانی تردا، تێکڕای کۆمەڵگا دەکرێنە بەچکە گورگ بۆ ڕاوکردن و تێکشاندنی یەکتریی، دواجار نیوەی یان زیاتری ئەو ڕاو و شکارانە ئەگەڕێنەوە بۆ گیرفانی بێ بنی گورگە گەورەکانی دەسەڵات..
لێرەدا ئیتر کتێب و زانست و توێژینەوەی زانستی و شانۆ و ئەدەب و هونەر ئەوەندە بچووک و ڕیسوا دەبن ئەتوانیت هەر هەموویان وەک جگەرەیەک بخەیتە پشت گوێچکەیەکتەوە .. ئیدی ئەو یاسایەی کە دەڵێت دەسەڵات کەروێشک بە عەرەبانە دەگرێ، گۆڕانکاریی تێ دەکەوێت و .. دەبێت بە دەسەڵات کەروێشک بە کەروێشک ئەگرێت..




نەخوێندەواریی جاران و نەخوێندەواریی ئێستا.. نەوزاد بەندی

نەخوێندەواریی بە نەتوانینی خوێندنەوەی پیت و ووشە و ڕستەکان پێناسه کراوە.
ئەم پێناسەیه هەمووان لەسەری کۆکن و .. نەخوێندەوار بەو کەسانە دەڵێن کە ناتوانن کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بخوێننەوە.
لە راستیدا ئەم پێناسەیه بۆ نەخوێندەواریی، پێناسێکی کلاسیکە، یاخود زوڵملێکردنێکی ئاشکرای تێدایە بەرامبەر کەسانێک ڕۆژگار و بار و دۆخی خێزانی و ئابووریی و جوگرافیا هەلی ئەوەی بۆ نەڕەخساندوون بڕۆنە فێرگەکان و لە دار و داراوە هەتا لۆگاریتم و یاساکانی نیوتن و ئانیشتاین بخوێنن.
بەڵام ئەو نەخوێندەوارەی جاران کە توانای خوێندن و نوسینی پیتەکانی نەبوو، توانای خوێندنەوەی گەلێک شتی تری هەبوو، بۆ نمونە توانای خوێندنەوەی باری دەروونیی و دڵتەنگیی هاوسێکانی هەبوو کاتێ توشی پرسەیەک دەبوون، ئەمیش تەلەفزیۆنەکەی ئەکوژاندەوە، مناڵەکانی لە ماڵەوە دادەنا و نەیدەهێشت بچنە کۆڵان و قاو قیژ و یاری و پێکەنین بڵاوبکەنەوە، تەنانەت ڕادیۆکەی ئەکوژاندەوە، چونکە توانای خوێندنەوەی دڵ و دەروونی هاوسێ کۆستکەوتووەکەی هەبوو.
هەر هەمان نەخوێندەوار، کاتێک کەسێکی بەدڕەوشت و بەدکردکار و مافیا ئەهاتە کۆڵانەکەیان، خوێندنەوەیان بۆ داهاتووی ڕەوشت و ئاکاری ماڵ و مناڵ و سومعەی کۆڵانەکەی هەبوو، هەڵدەستان بە دەرکردنی ئەو بەدڕەوشتە لە کۆڵانەکەیان، ئەمە پێی دەووترا مەزبەتە.. واتا هەموو کۆڵان کۆدەبوونەوە و بڕیاری مەزبەتە و دەرکردنی ئەو خێزانە بەدڕەوشتەیان دەدا و جێبەجێیشیان دەکرد، چونکە خوێندنەوەیان بۆ ڕەوشت و ئاکاری گشتی کۆڵانەکەیان هەبوو، بە کردار جێبەجێ و داکۆکییان لێدەکرد… خەرمانی ئاغای زاڵمیان ئەسوتاند وەک ئاگادارکردنەوەیەک بۆ دزینی سامانی گشتی و کۆیلەکردنی جوتیارەکان.
هەمان خەڵکی نەخوێندەوار کە بار و دۆخی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی هەلی چونە فێرگە و فێربوونی دار و لۆگاریتمی پێ نەدابوون، لەگەڵ بینینی ستەمکارێک، خوێندەوارییەکی تەواویان هەبوو بۆ بارودۆخی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی میللەتەکەیان و .. لەگەڵ سەرهەڵدانی داگیرکەرێک، ئاغایەک، هەلپەرستێکدا، شۆڕشیان هەڵدەگیرساند و چەکیان دەکردە شانیان و گیانی خۆیان بەخت دەکرد. شۆڕشی 1920 ی عێراق لە دژی ئینگڵیزەکان، زۆرینەیان ئەلف و بائیان نەخوێندبوو، بەڵام خوێندنەوەیان بۆ دزینی ماڵ وسامانی ووڵات هەبوو لەلایەن داگیرکەرانەوە، هەر بۆیه چەکیان کردە شان و نیشتمانەکەیان ئازاد کرد.
هەر هەمان مرۆگەلی نەخوێندەواری جاران، کاتێ هەژارێکیان دەبینی لە کۆڵانەکەیاندا، بارودۆخی سەختی ئەو هەژارەیان ئەخوێندەوە و .. دەستگرۆییان ئەکرد و،کاریان بۆ دابین دەکرد و لە هەژاریی ڕزگاریان دەکرد .. کاتێ کەسێکی لاواز و کەمعەقڵیان دەبینی، خوێندنەوەیان بۆی هەبوو، ماڵ و حاڵ و خێزانیان بۆ دروست ئەکرد و کاریان بۆ دابین دەکرد و ئەیانهێنایە ڕیزی خۆیان.. کاتێ دوژمنایەتییەک لە نێوان دوو بنەماڵەدا هەبوو، خوێندنەوەیان بۆ ئاسایش و ئارامیی هەردوو لا هەبوو، پێکیان دەهێنانەوە و ئاوێکیان ئەکرد بەو ئاگرەدا .. کاتێ دوو کەس شەڕی دەستەویەخەیان دەکرد، دەیان نەخوێندەوار خوێندنەوەیان بۆ ئەو بارگرژییە هەبوو، ئەکەوتنە نێوانیان و ناوبژییان دەکردن و نەیاندەهێشت زیان بە یەکتری بگەیەنن.
ئەو نەخوێندەوارانەی جاران، کاتێ مامۆستایەک یان فەرمانبەرێک ڕەوانەی گوند یان شارۆچکەکەیان ئەکرا، خوێندنەوەیان بۆ ئەو ساڵانەی خوێندنی هەبوو، خوێندنەوەیان بۆ غەریبیی و دووریی لە خێزان و بنەماڵەکەی هەبوو، ڕێزێکی زۆریان لێدەگرت و داوەت و دیاریی و هەموو شتێکیان بۆ دابین دەکرد و ..ئەگەر کچێکی ئاواییەکەیشیانی بە دڵ بووایه لێیان مارە دەکرد.

تا ئێرە، ڕوون و ئاشکرامان کرد کە مەرج نییە کەسێک نەتوانێ دار ودارا بخوێنێتەوە، ئیتر توانای خوێندنەوەی هیچ شتێکی نەبێ، به پێچەوانەوە ئەو کەسانەی کە قوربانییان بە خۆیان داوە و فێری دارا و ساین و کۆساین نەبوون، کەسانێکی خوبەختکەر و خۆنەویستن و ..تەواوی شتەکانی تر ئەخوێننەوە.
بە دیوەکەی تردا، ئەو خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە بەرزانەی ئەمڕۆ، توانای خوێندنەوەی بار و دۆخی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی گشتییان نییە.. لەبەر ئەوەی بڕوانامەیان هەیە، هیچ شتێکیان پێ عەیب نییە، پێشێلکردنی داب و نەریت و کولتوور و ئاینیان پێ ئاساییە، توانای خۆنەویستییان تێدا نییە، قوربانیدان لە فەرهەنگەکانیاندا نییە، ئەڵێن شۆڕش کردەیەکی کۆنە و بە هیچ جۆرێ بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ ناگونجێ..نیشتمان و بیر و باوەڕ و ئایین و هەموو بەها کۆمەڵایەتیی و ڕەوشتییەکان ئەخەنە خزمەتی خۆیان و گیرفانی تایبەتیی خۆیان و خێزان و بنەماڵەکانیان ..
دوو بنەماڵە شەڕ بکەن، کێشەی ئەمانی خوێندەوار نییە، یان لە باشترین حاڵەتدا کەسانێکی ڕیس سپی وا پەیدا بوون بە پارە سوڵحی عەشایەریی بۆ دوو بنەماڵە یان دوو خێزان دەکەن.
کەتێ دوو کەس شەڕێکی لەناکاو ڕوو دەدا لە نێوانیانیادا، سەدان خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە تەماشایان دەکەن و چێژ لە شکاندنی دەم و لوتەکان ئەبینن، شتێک نییە لە لایان بە ناوی ناوبژیی و پێکهێنان، چونکە لەو ڕووەوە نەخوێندەوارن.
نەخوێندەواریی ئەم خاوەن بڕوانامانە، ترسناکترین نەخوێندەوارییە، چونکە وەک کۆمەڵێ خانەی شێرپەنجەیی تەنها خانەکانی خۆیان زیاد ئەکەن و بەهێز ئەبن و ..زیانیان بۆ چواردەوریان هەیە، بە حوکمی بڕوانامە، وەک پێشەنگی کۆمەڵگا ناسراون، کاتێ پێشەنگیش ببێتە پارچەیەک لە خۆپەرستی و ترسنۆکیی و بێ وەفایی، ئیتر هەم زانست و خوێندن بێ بەها ئەبن و .. هەم خەڵکەکە نازانن گوێ لە کێ بگرن و کێ بکەن بە سەرکردە و پێشەوا..
شایانی باسه ئێستا کۆمەڵگا پڕپڕە لە خوێندەوار و پڕۆفیسۆر لە هەموو بوارەکاندا، بە بێ ئەوەی خوێندنەوەیان بۆ کۆستکەوتنی دراوسێکەیان هەبێ. . به بێ ئەوەی خوێندنەوەیان بۆ هەژاریی خزمەکانیان هەبێ.. بە بێ ئەوەی بتوانن ئەو کەمتوانایە بخوێننەوە کە لەسەر شەقام به برسێتیی، ئەنوێ ..ناتوانن گڵاسێ ئاو بکەنە ژێر درەختێک کە درەختی خۆیان نییە،چونکە بەرامبەر تینوێتی درەختی ئەوانی تر، خوێندنەوەیان نییە، نەخوێندەوارن بەرامبەر ئازاری ئەوانی تر. ناتوانن بار و دۆخی ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بخوێننەوە، ناتوانن خوێندنەوە بۆ داگیرکردنی وڵات و سامان و داهاتی نیشتمانیی و کولتووریی و ئاینیی بکەن.. لەوەیش خراپتر پۆل پۆل ئەبنە دەمڕاست و قەڵەم بە دەست و زمانحاڵی حیزبه داگیرکارە تاکڕەوە نیشتمانفرۆشەکان، بە بڕوانامەیەکی دکتۆراوە، بۆ چنگێ پارەی حەرام، داکۆکیی له دز و جەرده و مافیا دەکەن..
یان لە باشترین حاڵەتدا، ووتارێک دەنوسن پڕ پڕە له پاڕانەوە و گریان و کڕوزانەوە کە میللەت مردووە له برسا و خوا هەڵناگرێ بەو دەردەی ئەبەن.. ئەوەی فکری شۆڕش و دژایەتییە لە ناخ و زمان و قەڵەمیاندا نییە، بەو جۆرە کۆمەڵگا ئەسوتێنن، وەک چۆن دائیرەیەکی کارەبایی ئەگەر خاڵی بەرگریی تێدا نەبێ، ئەسوتێت.
کەواتە ئەتوانین بڵێین ئەو نەخوێندەوارییەی خوێندەوارەکانی ئەمڕۆ بە دەستیەوە گیرۆده بوون، سەد قاتی ئەو نەخوێندەوارییەیە کە نەخوێندەوارانی جاران گیرۆدەی بوون بوون، کە بریتی بووە لە نەتوانینی خوێندنەوەی دارا کە دوو داری دووری بینیوە.




چوار سەد بە چوارسەد.. نەوزاد بەندی

ئەمڕۆ هەواڵی دانوستانی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم و عێراق بڵاوکرایەوە لەسەر ئەوەی چوارسەد خوێندکاری پارێزگاکانی ناوەند و باشوور بێن له زانکۆکانی هەرێمدا بخوێنن، له بەرامبەردا چوارسەد خوێندکاری کوردستانیش لە زانکۆکانی ناوەند و باشووری عێراق بخوێنن ..
لە ڕاستیدا لە هەموو جیهاندا ، بیرۆکەی دابینکردنی کورسی خوێندن لە دەرەوەی هەر ووڵات و هەرێمێکدا بە هۆی نەبوونی ئەو کورسیانەیە لەو هەرێم و وڵاتەدا، ناچار تەلەبەکان لە پێناوی ئەو زانست و خوێندنەی لە ووڵاتەکەی خۆیاندا نییە، قوربانیی دەدەن بە خۆیان و کەس و کاریان و بۆ خوێندن ئەڕۆنە غەریبیی .. بەڵام ئەوەی لێره ئەگوزەرێ زۆر سەیرە، من چوارسەد کورسیت بۆ دابین دەکەم تۆیش چوارسەد کورسیم بۆ دابین بکە !!! ئێ کە تۆ چوارسەد کورسی خوێندنت هەیە، بۆچی نایدەیت بە بە تەلەبەکانی خۆت؟ ئەی ئەگەر ئەو کورسیانەیشت لێ زیادە، بۆچی داوای چوار سەد کورسی خوێندن لەوان دەکەیتەوە ؟
ئەم دۆخە لە هیچ ئان و زەمانێکدا ڕووی نەداوە .
ئەبێ وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم ئەوە بزانێت کە زۆرینەی تەلەبەکانی کوردستان سەر به خێزانە موچە خۆر و کاسبکارە مام ناوەندەکانن و قەیرانی موچە، ڕێگای ئەوەیان پێنادات بچن لە دەرەوەی هەرێم بخوێنن ..خۆ مناڵی بازرگان و سیاسییەکان ناخوێنن، ئەگەر بیشخوێنن، لە ئەوروپا یان لە زانکۆی ئەمەریکیی ئەخوێنن ..
دڵنیام ئەم ووشانەی من ڕیزم کردوون، هیچ سودێکیان نییەو هیچ کەس و بەرپرسێ گوێی لێنگرێ، هەربۆیه وەک نوکتەیەک ئەیگێڕمەوە، نوکتەیەک کە لە حوکمەتی پەنجا بە پەنجاوە سەرچاوەی گرتووە و گەیشتووە بە چوار سەد بە چوارسەد کورسی خوێندن بە بێ گوێدانە لۆژیک و باری ئابووریی خێزانەکان.
جا ڕەنگە بەغا چوار سەد تەلەبە کوردەکە وەرنەگرێ، بڵێ هەتا ئێوە لە هەرێم چوار سەدەکەی ئێمە وەرنەگرن، ئێمە چوار سەدەکەی ئێوە وەرناگرین ..ئینجا وەفد دێت و وەفد ئەڕوا، بڕیار دەدەەن ئەملا سەد کورسی به نان و بەشی ناوخۆییەوە دابین بکەن، به مەرجێ ئەولا دوو سەد کورسی بە برسێتیی و لەسەر جادە تەرتیب بکەن ، جا ئەولا ئەڵێن ئێمە مانگانە موچە ئەدین بەوانەی ئێوە، قبوڵ ناکەین ئێوە سێ مانگ جارێ بیاندەنێ ، ئەمانیش ئەڵێن ئێمە هەفتەی جارێ ئەوانە ئێوە سواری شنگڵبانە ئەکەین، ئەوانەی ئێمە لەو سەحرایەی ئێوەدا کوللە خواردوونی …….. هتد .. شتی تریش.




بیست و قسوور قردێلە چیرۆک.. نەوزاد بەندی

پێنج شەش پەیامنێر
لە پێنج شەش شاری وێرانسەرایەکەوە ،
باسی خۆڵبارینیان ئەکرد
دوای ئەوەی هەواڵی باران و ..
نان و .. چاکسازیی و ..خوێندن، چووبوون بە کۆڵەکەی ئاشا ..

  • + +

وازیان لە مرۆڤایەتیی هێنا بوو، نیوەیان بوو بوون بە مەڕە لات و .. نیوەکەی تریان بوو بوون بە گورگ.. مەڕە لاتەکان ئەپاڕانەوە : خوایەگیان چاکی کەیت ..
گورگە تێرەکانیش ئەپاڕانەوە : خوایە گیان ئەم نیعمەتانەمان لەسەر هەڵنەگریت.

  • + +

سەرقاڵی ڕێگا و پرد دروستکردن بوون، لە کاتێکدا کۆمەڵگا سەرقاڵی کیسی سواڵ دوورین بوون

  • + +

لە نوێژی هەینیدا بەردەم پایەکان چۆڵ و هۆڵ بوون، بەڵام شوێنەکانی تر جمەیان ئەهات، چونکە خەڵکەکە هاتبوون سەیری مامۆستای ووتارخوێن بکەن نەک گوێ لە ووتەکانی بگرن.

  • + +

جەماعەتێ بە شەق بەربوو بوونە گیانی کەسێک، ئەوانی تر تەماشای پاشەڵی خۆیان ئەکرد و سوپاسی خوایان ئەکرد کە شەقی بەر نەکەوتووە، ئەوەیش دەسکەوتێکی گەورە بوو و ئەبوو لەزەتی لێ ببینن.

  • + +

بازرگانێکی ملیاردێر هەموو ڕۆژێ ئەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە، ئەیووت یەک فلسم پەیا نەکردووە، یەک نان چییە، نەیدەکڕی.. ماڵ و مناڵەکەیشی یەک گلەیی چییە لێیان نەدەکرد .. ئیتر وایلێهات کە بازرگانەکە بۆ ماڵ ئەگەڕایەوە، ماڵ و مناڵەکەی ئەڕۆیشتنە دەرەوە بۆ سواڵکردن.

  • + +

کابرایەک بە چەپڵە ئەژیا ..وەک مار، ساڵی یەک دوو جار نێچیری چەپڵەی ڕاوکردایه، هیچی تری نەدەویست.. ئەوانەیشی چەپڵەیان لێدەدا، ئەوانە بوون قاچ و دەستیان لێک جیانەدەکردەوە، هەندێ جار بە قاچ و .. هەندێ جار بە دەست، ئەو ئەرکە مرۆڤایەتییەیان جێبەجێ دەکرد

  • + +

جەردەیەکی شارەزا، ڕۆژانە بانکێکی ئەبڕی، کە ئێواران ئەهاتەوە، عانەی ئەحمەڕی لە بەڕکا نەبوو، خۆی نەیدەزانی و کەسیش لێی نەدەپرسی بۆچی وا لات و ڕیسوایه .

  • + +

شارێک بە ویستی خۆیان دەم و لچی خۆیان ئەبڕی و سلیکۆنیان تێدەکرد، ئیتر بەرە بەرە لە فەرهەنگەکەیاندا ووشەی ئۆپۆزیسیۆنیان کرد بە سلیکۆن ..خەبات بوو بە چات..نیشتمانپەروەریی بوو بە ئوتومبیل لێخوین.

  • + +

ناوچەیەکی سەیر لەسەر نەخشەی جیهاندا دۆزرایەوە .. تیایدا گوڵ و گەنمت بڕواندایه، بەرهەمی نەبوو .. نەعل و پێڵاوت بڕواندایه یەک بە هەزاری ئەبڕی ..

  • + +

خەڵکێکی زۆر ئەچوون بۆ بازاڕ و فەرمانگاکان، له کاتێکدا نە بازاڕ هەبوو نە فەرمانگە .. ئیتر خوویەک بوو بۆیان تەرک نەئەکرا

  • + +

لەسەر کاغەز هەموو شتێ ئەنوسرا و ئیمزا و پەنجە مۆر ئەکرا، بەڵام بە هۆی زۆر خۆرییەوە، توشی سکچوون ئەبوون و .. بەو کاغەزانە خۆیان پاک دەکردەوە.

  • + +

گرنگترین شت، قات و بۆینباخی گرانبەها بوو، لە ژێرەوە بۆگەنیان ڕۆژە ڕێیەک ئەڕۆیشت.. هەر کاتێ بۆگەنەکەیان ئەگەیشتە ڕادەی ڕشانەوە، خوێنی چەند سەگێکیان ئەڕشت، بۆ ئەوەی مێشەکان لەخۆیان دوور بخەنەوە و بڕۆن بە خوێنەکەوە بنیشنەوە..بەردەوامیش ئەچوون بۆ ئەوروپا بۆ کڕینی عەتری گرانبەها بۆ خۆیان و چەکی گرانبەها بۆ تۆپاندنی سەگەلەکە.

  • + +

لە گۆڕستانێکدا هەمووان سەرقاڵی ژیانی تایبەتیی خۆیان بوون، تەرمی وای تێدا بوو چواردە نەشتەرگەریی جوانکاریی کرد بوو، هێشتا پارەی کۆدەکردەوە بۆ نەشتەرگەریی شانزەهەم، چونکە نەشتەرگەریی پانزەهەمی لە تیر و پشکێکدا بە خۆڕایی بردبۆوە، تا دەهات دزێوتریش ئەبوو.. تیایاندا بوو بیست و پێنج عەمرەی کردبوو، سەرقاڵی عەمرەی بیست و شەشەم بوو بە قیست، تا دەیشچوو خوا زیاتر غەزەبی لێدەگرت..

  • + +

هەرچی کاڵای کۆن و زبڵ و خاشاکی دنیایە، لەو شارانەدا ساغ دەکرانەوە.. خەڵکەکە شانازیی بەوەوە ئەکرد، لە ڕێی تیکتۆکەوە، سەعات دووی دوای نیوەشەو، پانتۆڵێکی مارکەیان کڕیوە تەنها تۆزێ بۆیاخی پیا ڕژاوە.. یان پێڵاوێکی مارکەیان کڕیوە هی مردوویەکی بەنگلاندیشیە.

  • + +

تەنها ئاودەستخانە و لەفە فرۆش و دەرمانفرۆشەکان ئیشیان باش بوو.. پارووە بۆگەنەکان لە قوڕگیان ئاودیو ئەبوون، لە گەدەیاندا کەڕوویان هەڵئەهێنا و ڕادەوەستان، بە چەند حەب و دەرمانێک ئاویان ئەکردە ژێریان، بە ڕاکردن سکچوونەکەیان ئەگەیاندە ئاودەستخانەی مزگەوتێ ..

  • + +

حەرامخۆریی و قۆڵبڕێکەیان لە عەقڵدا نەبوو ، ڕوو بە ڕوو لە شەیتان ئەچوون، لە سەر لا لە شایلۆک ئەچوون، لە پشتەوە لە ئەبو لەهەب ئەچوون.. لە درۆنەوە تەماشات بکردنایە، تۆپەڵێ پاشەڕۆی جوانەگا ئەچوو بە گژتا..

  • + +

ئەوەندە قسەیان کرد بوو، نرخی قسەکردن لەبەرامبەر وەڕیندا زۆر دابەزیبوو ..وای لێهاتبوو بە یەک وەڕین، حەفتا هەشتا شانامەت ئەکڕی.

  • + +

کۆمەڵێ نیشتمانپەروەر، خاولیان دا بە شانیاندا و .. کۆمەڵێ بێگانەیان داوەت کرد بۆ لاقە کردنی دایکی وەتەن.. دایکی وەتەن فیشەکی زۆر پێوە بوو، بەرگەی نەگرت، لە نێو لنگی بێگانەکاندا گیانی سپارد.

  • + +

نازانم، نە شار بوو، نە ووڵات ..بەڵام دەیان هەزار پڕۆژە و کۆمپانیا و ملیاردێر و ملیۆنێری تێدا بوو، کەچی کەری تێدا بکەوتایە، ددانی ئەشکا.

  • + +

لە بەرامبەر چوار پێنج تاوەری هەور بڕی 52 نهۆمیدا، کە چۆڵ و هۆڵ بوون و هەر بۆ پۆز دروست کرابوون، شڕ و شیتاڵی خێزانێکی دوو نەفەریی، له خانوویەکی کۆنەوە فڕێدرانە سەر شەقامەکە، چونکە کرێی خانوویان پێ نەدەدرا .. خێزانەکە پێکهاتبوون لە دوو کەس، پیرەژنێکی تەمەن 82 ساڵ، لەگەڵ کوڕە کەمتوانەکەیدا کە تەمەنی 54 ساڵ بوو..
باوکیان، 42 ساڵ پێش ئەو بەروارە، لە شەڕێکدا، گۆڕ بزر بوو بوو.

  • + +

دوو کەمتیار بە شەڕ هاتبوون، لە جیاتی قەپ بکەن بە یەکتردا، ئەمیان قەپی ئەکرد به گوێچکەی بەرخێکی ئەودا و دایدەهێنا، ئەویان کەڵبەی لە قوڕقوڕاگەی شەکێکی ئەمیان گیر ئەکرد، هەڵیئەدڕی.. چوار دەوریان سەدان هەزار گیانداری کەلەپاچەکراو کەوتبوون، تەنها دوو کەمتیارەکە زیندوو بوون، بەردەوامبوون لە شەڕێکی چارەنوسساز.

  • + +

ئەوەندە ڕووی ڕەش بووبوو، دوای نەمانی ڤایرۆسی کۆڤید بە شەش ساڵ، هێشتا دەمامکەکەی فڕێ نەئەدا..دوایی دەرکەوت دەمامکەکەیشی گولە نەبڕ بوو.

نەوزاد بەندی




تابلۆیەک خاڵیی لە ڕەنگ ڕەنگێک خاڵیی لە تابلۆ.. نەوزاد بەندی

لە نیوەی ڕێ
لە ژێر درەختێکا منت بینی،
وای دانێ نەتدیوم، بڕۆ ..
بڕۆ بێ ئاوڕدانەوە ..
کوشندەیه گەڕانەوە بۆ ڕابوردوو..
یان گەڕانەوە بۆ ناو جەنگ
کوشندەیە ژەهری گەڕانەوە ..

٭ ٭ ٭

خۆمت پێ ناناسێنم
چونکە وەک ئەوە وایه ئازیزێکت
داوەتی پاشماوەکانی جەنگ و
بۆردومانکەی ..
وەک ئەوە وایه لەناو گۆڕێکا
دەعوەتی ژیانکەی ..
خۆمت پێ ناناسێنم ..
نامەوێ ..نا، بەهۆی منەوە زیانکەی

٭ ٭ ٭

قەت ئەوەندەی من ،
پێویستت بەو دیدارە نییە ..
قەت هێندەی شاخێکی بەستەڵەک
پێویستت بەو بەهارە نییە ..
ئاوڕ مەدەرەوە و ..بڕۆ ..
وەک چۆن ڕاستی
چاو دادەخا و
ناچێتە ناو ماڵی درۆ ..
قەت ئەوەندەی من پێویستت
بە ئیقامەی ئەو شاره نییە ..
قەت هێندەی گەڵایەکی زەرد
پێویستت بە لقی ئەو دارە نییە ..
بە جێم بێڵە ، بێ ئاوڕدانەوە ..
سوودی نییە دەستپێکردن
لە سەری ساڵانەوە ..
هەرچەندە بەفر ڕاویشی نێی،
هەر دێتە هەیوان و
داڵانەوە …!

٭ ٭ ٭

شوێنێ شک نابەم ،
به کاری هەڵواسینی تابلۆی نوێ بێ ..
قەت لە خۆت مەپرسە ،
ئەبێ ئەم شێوەکارە کێ بێ ..
هەر کەسێ بێ،
تازه شوێنێکی نەماوەتەوە بۆ جێگیربوون
تازە ڕێیەکی نەماوەتەوە بۆ ڕاکردن
تازه کاتێکی نەماوەتەوە بۆ بەسەر بردن ..
ڕۆژی سەد جار
ڕوو بە ڕوو ئەبێتەوە
لەگەڵ
مردن ..
تازە تێپەڕی چیرۆکی گەشتی کازیوە ..
گەشتی ژێر بارانی
تۆ و من ..
وشک بووینەوە وەک دوو مێروو ..
بووین بە دوو لاپەڕەی
لەیادکراوی مێژوو ..

٭ ٭ ٭

مەڵێ زوو ڕۆی ..
زوو تەواو بوو ئەو چاپتەرەی
باسی دوو تەلەبەی زانکۆ بوو
یەکێکیان گەرم و گوڕ
یەکێکیان سارد و سڕ
یەکێکیان تێر و پڕ
یەکێکیان شڕ و ووڕ ..
زۆر بە قورسیی لە من تێپەڕی ..
هەزار ساڵ زیاتری خایاند ..
بە خۆمەوە ،
هەزاران خوێنەری گریاند ..
قەت مەڵێ بۆچی وا خێرا تێپەڕی ..
بە خۆمەوە ،
ماڵی خوێنەرەکانیشمی ڕوخاند ..
یەکێکیان سەربازێ بوو ، نائومێد ..
بەر ڕێژنەی گولەیان دا ،
هەرچەند ئاڵای سپی هەڵکرد ..
هەرچەند وەک باوکی موحەمەد دوڕڕە،
دەستی ڕاوەشاند ..
قەت مەڵێ ئەو عەشقەی من و تۆ
بۆچی زۆری نەخایاند ..

نەوزاد بەندی




زانستی گوێگرتن و سەیر کردن.. نەوزاد بەندی

مرۆڤی مۆدێرن و تەنانەت مرۆڤی کۆنیش، پێویستە زانستە سەرەتاییەکان شارەزا بێ.. وەک چۆن کاتێ نان دەخۆیت، نابێ دەمت بکەیتەوە یان قسە بکەیت ، وەک چۆن کاتێ ئەخەویت پێویستە چاوەکانت دابخەیت و گڵۆپەکان بکوژێنیتەوە، ئەوانە هەموویان بنەمای زانستییان هەیە، چونکە کاتی نانخواردن گەر قسە بکەیت یان دەمت بکەیتەوە، ڕەنگە خواردنەکە بپەڕێتە ناوی بۆری هەناسەدانتەوە و بخنکێیت، یان خواردن و لیک لە دەمتەوە دەرچن و بیدات بە ڕوخساری هاوڕێکەتا ..بە هەمان شێوە کاتێ ئەخەویت، ئەگەر ژوورەکە تاریک نەبێ، هۆرمۆنی میلاتۆنین و پاککەرەوەکانی ژەهری ناو خانەکانی مێشک ناڕێژرێن ..
گوێگرتن و سەیر کردنیش دوو زانستن، پێویستە پێیانەوە پابەند بین،کاتێ کەسێک قسە دەکات پێویستە تەنها گوێ له قسەکانی بگریت نەک خەریکی نرخاندنی ڕوخسار و جل و بەرگ و پێڵاو و عەترەکەی بیت. لای ئێمە زۆرینەی خەڵک تەماشای بێژەرێک دەکەن و ئاڵودە بوون پێیەوە نەک لەبەر ئەوەی گوێی لێبگرن، بەڵکو لەبەر ئەوەی تەماشای پۆشاک و ماکیاج و هەڵس و کەوتی بکەن و هەوڵ بدەن لاسایی بکەنەوە .. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کیژۆڵەیەک سەرقاڵی مارکێتینگی کەل و پەلەکانێتی، کەچی خانمێک بۆی دەنوسێ : ( بۆیاخی قژت چ بڕاندێکە و ژمارە چەندە ؟!! ) .. چەندین کەسی تر بەلەسە ئەبن و ئەڵێن زۆر جوانیت ، ئەی نرخی خۆت بە چەندە !!
کوڕێکی سمێڵ فش کاڵاکانی له تیک تۆکا نمایش ئەکا، کەچی زۆرینە لێی ئەپرسن : ئەو سمێڵە نافرۆشیت ؟
قسە بۆ خزمێکی بەتەمەنت دەکەیت دەربارەی ڕێکارە تەندروستیەکان و چۆنێتی بەکارهێنانی دەرمانەکانی، کەچی زەق زەق سەیری قژت ئەکات و ئەڵێ : ئەوە بۆچی بۆیاخێ ، شتێ نادەی لەو قژەت؟ بۆچی خۆت پیرکردووە، تۆ مناڵی دوێنێیت !
ئەمەیە کارەسات.. کاتێ نازانیت چۆن گوێ له کەسێ بگریت و چۆن تەماشای بکەیت. ئەمەیش وا دەکات خەڵکەکە لە هەموو بار و دۆخێکی خۆش و ناخۆشدا، بە جل و بەرگ و ستایڵێکەوە بێنە ناو کۆمەڵگا، تا گوێی لێبگرن، واتا خۆیشیان دەزانن خەڵکەکە بە بەهانەی گوێگرتن، تەماشای ڕوخسار و جل و بەرگەکەی دەکەن، بەڵام چاری ناچارە و وەک جۆرێک لە خۆفرۆشیی،خۆی نمایش ئەکات، هەربۆیە هەموو بێژەری کەناڵ و کەسایەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، جوانترین و ڕێکپۆشترین کوڕ و کچە لاوەکانن، بە جۆرێک کەناڵە دەستڕۆیشتووە پارەدارەکان، ئەوانەی بە خوێنی شەهیدان بوون بە تریلیۆنەر، لە کەناڵ ناچن و بوون بە ستەیجی نمایشکردنی جوانترین کچ و قۆزترین کوڕ .. لە کاتێکدا کەناڵە جیهانییه پڕۆفیشناڵەکانی وەک ئەلجەزیرە و فۆکس نیوز و بیبی سی و فرانس 24 ، بێژەرانێکی پیر و زانا دەبینیت، بە بێ ماکیاژی زەق و بە بێ جل و بەرگی نمایشکردن. ئەم جیاوازییە گەورەیە، ئەمانگەیەنێتە ئەو دەرەنجامەی کە لەلای ئێمەوە و لە ڕێی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکانەوە، برەو بە نەزانیی و گەمژەیی هاووڵاتی دەدرێت، کارێک دەکەن مێینەکانی کۆمەڵگا سەیری سمێڵی ڕەشی قەترانیی و چاوی باز و شەهێنی کوڕە گەنجە قۆزەکانی کەناڵەکان بکەن ئیتر خوای ئەکروو هەواڵ و زانیارییەکانیان گوێز ژماردن بێ، نێرینەکانی کۆمەڵگایش، بە تامەزرۆییەوە بۆ ڕوخساری بۆیاخکراو و بۆتۆکس و فیلەرکراوی کچە ناز و نوز کەر و بە لەنجە و لارەکانی کەناڵەکان بڕوانن.. ئەمەیش کۆمەڵگا لە زانستی گوێگرتن و سەیرکردن دوور دەخاتەوە وەک چۆن لە هەموو زانست و هونەرەکانی تر دوور خراوەتەوە و بە لاڕێدا براوە.
کۆمەڵگایەک حەز و ئارەزووەکان تێکەڵاوی کاری بێژەریی و هەواڵ و هەموو شتێک بکات، ئەبێتە کۆمەڵگایەکی چاوبرسی و ڕاندەم، کە تەنها گەدە و ئەندامەکانی زایەندیی کار دەکەن ئەوانیش بە خەیاڵ .. کاتێ لە کەناڵێکی وەک بی بی سی گوێ لە هەواڵ دەگریت، لە سەداسەد ئاگات لە هەواڵەکانە و خەیاڵت بە لای شتی تردا ناڕوات، چونکە بی بی سی کەناڵێکی هەواڵییە و پێویست ناکات تەماشاکەر و گوێگرەکانی وا لێبکات لە ڕووی ئیرۆتیکەوە بوروژێن، بەوەیش کۆمەڵگا فێری زانستی گوێگرتن و تەماشاکردنی تەندروست دەبێ، نابێتە ئاڵودەی مۆدێلی بێژەرەکان و لاساییکەرەوەی ڕووکەشیان. کاتێ سەیری پێشکەشکارێکی وەک پێرس مۆرگان دەکەین و لەگەڵ پێشکەشکارەکانی خۆماندا بەراوردی دەکەین، بۆمان دەردەکەوێ مۆرگان لە جل و بەرگ و ماکیاژدا وەک هەر مرۆڤێکی ئاساییە،بەڵام پڕ لە زانست و ئەتەگێتی قسەکردن و بەڕێوەبردنی بەرنامە قورسە دیالۆگییەکانە، کەچی ئەوانەی لای خۆمان پەیکەرێکی جوانکاریی و برق و باقن، لە تەوقی سەریان تاکو پێڵاوە گرانبەها ئیتاڵییەکانیان پیشانی بینەران دەدرێ، وەک ئەوەی لەسەر ستەیجی نمایشی جل و بەرگدا بن، نەک ستۆدیۆی هەواڵ، هەر کە دەمیش ئەکەنەوە دنیایەک هەڵەی زمانەوانیی و نەڕەنەڕ و بەیت و بالۆره و ڕابواردن و سوکایەتیی و قسەی بێمانا و سەدباره و فوکردن بە کەڕەنای حیزبایەتیی وەک شاره مێروولە لە دەمیانەوە دێنە دەرەوە .
بەو جۆرە مرۆڤەکانمان هەتا زیاتر تەماشای کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بکەن، گەمژەتر ئەبن.سەرخۆشتر ئەبن ..ئاڵودەتر ئەبن ..
ئیتر ئەم دۆخە بە لاڕێدا براوەی گوێگرتن و سەیرکردن، بە خێرایی تەشەنە دەکات و دەرەنجامی سەیر سەیری لێدەکەوێتەوە، بۆ نمونە خانمێکی پەرلەمانتاری حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆن لەسەر کەناڵێکی سەتەلایت کە هەموو دنیا ئەیبینن، ئەڵێ : ( چەندین ساڵە، یەک ڕۆژیش جلی دووبارەم لەبەر نەکردووە، هەر ڕۆژێک و جلێکی تازە ئەپۆشم !!)
کەواتە ئەمە نمایشکاری جل و بەرگە، نەک پەرلەمانتاری ئۆپوزیسیۆن و ڕیفۆرم و شۆڕش . . ئەوانەیشی دەنگیان پیداوە، بریتین لە تەماشاکاری جل و بەرگ و قەد و باڵا و لەنجە و لارەکەی ..لەوێدا ئیتر شتێک نامێنێتەوە بە ناوی پەرلەمانتار و هاووڵاتییەوە، ئەوەی هەیه مۆدێلێکە لەگەڵ کۆمەڵێ هەوادار .
یان باسی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی دەروونیی بۆ خەڵکێک دەکەیت کە هەڵگری بڕوانامەن و له تەمەنیشدا هەڵکشاون، بۆت دەرئەکەوێ هەندێکیان سەیری کراسەکەت ئەکەن و یەکێکیان پێکەنینی بە لوتت دێت کە هەڵامەت هەم سووری کردۆتەوە و هەم ئەوەندەی تر گەورەی کردووە ..یەکێکی تریان چاوی بڕیوەتە پێڵاوەکانت و ئەڵێ : ئەو سکێچەره ئۆریجیناڵە یان کۆپیە ؟!! یەکێکی تریان بە چاوی گاکڕین تەماشات ئەکا و ئەڵێ : قەڵەو بوویت !
یان دەربارەی کتێبێک قسە بۆ خەڵکێک ئەکەیت، لە ناکاو پێت ئەبڕن، ئەڵێن دە بەسه، نۆرەی ئێمەیە ..
نۆرەی ئەوانە و هیچ بابەتێکیشیان پێ نییە بۆ قسە کردن، لە ڕاستیدا نۆرەی ئەوانە بۆ ئەوەی فۆکەسیان بخرێتە سەر و تەماشای کراس و پانتۆڵەکانیان بکرێت، بزانرێ کە تازەگیی پێڵاویان کڕیوە و عەتریان له ئەوروپاوە بۆ هاتووە .
یان بۆ ئاسانکردنی بابەتێک نمونەیەک باس دەکەیت، نمونەکە ئەبێتە بابەت و بابەتە سەرەکییەکە پشتگوێ دەخرێ، چونکە نمونەکە شتێکی ئاسان و خۆشە و مێشک ئازار نادات، پێویستی به بیرکردنەوە و قوڵبوونەوە نییە .. نازانیت چۆن ئەو هەموو شەمەندەفەرە لە هێڵ لادراوە بگەڕێنیتەوە بۆ سەر هێڵەکانیان ؟ بۆ نمونە باس لە گرانکردنی دەسکرد دەکەیت کە لەلایەن دەسەڵاتی دژ بە هاووڵاتیانەوە پەیڕەو دەکرێ، کاتێ سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی موڵکی هەمووانە و ئەبێ هەمووان به خۆڕایی لێی سوود مەند بن، وەک چۆن بەڕازیلییەکان هەموویان لە بەهرەی فتبۆڵ سودمەند بوون و بووە بە یارییەکی میللیی، وەک چۆن کوێتییەکان لە ناز و نیعمەتی نەوت سوودمەند بوون و ڕێژەی هەژاریی تیایاندا سفرە، کەچی لای ئێمە ڕۆژ بە ڕۆژ نەوت گرنتر ئەکرێ لەسەر هاووڵاتیی، ئەمڕۆ من بەرمیلێک نەوتم کڕی بە 130 هەزار ..لە پڕ یەکێکت لێ ڕاست ئەبێتەوە ئەڵێ وەڵا بە 125 هەزار بوو ..دانەیەکی تریان ئەڵێ لە بانی مەقان بتوانیت ئاودیوی بکەیت بە 40 هەزارە .. یەکێکی تریان ئەڵێ من هاوین دەستم وەشاند بە 115 هەزار کڕیم .. ئیتر بابەتە سەرەکییەکە وون ئەبێ و دانیشتنەکە ئەبێ بە بەرمیلە نەوت و هەر هەموویشیان لەو بوارەدا قسە و سەرگوزشتەی خۆشیان هەیه.
بەو جۆره کۆمەڵگا ئەبێتە گۆڕستانی مەعریفە ..خەڵکەکەی ئەبن بە پەیکەری ڕەنگا و ڕەنگ ..دیالۆگ نامێنێ .. ئاڵ و گۆڕی زانیاریی کۆتایی دێت.. مێشکەکان ئەپوکێنەوە ..خەڵکەکە هەموو ئەبن بە نمایشکاری جل و ماکیاج و پێڵاو و عەتر و سمێڵ و لێوی فوتێکراو .. کتێب پشتگوێ دەخرێت .. ڕووکەش ئەبێتە گرنگترین شت،هەتا نانەواخانەیش بچیت ئەبێ وەک بوک و زاوا ڕووکەشت بڕازێنیتەوە ..
من وەک خۆم ئەگەر ووتەیەکم هەبێ بۆ هاوڕێیان لە تۆڕی کومەڵایەتیدا، لە ژوورێکی تاریکدا ووتەکەم بڵاودەکەمەوە، بۆ ئەوەی خۆیان بە جل و بەرگ و دەم و لوت و ڕەنگی چاو و سەری کەچەڵ و شتەکانی ترمەوە سەرقاڵ نەکەن و .. گوێ لە ووتەکە بگرن .. داواکارم لە هەموو ئەوانەیشی ووتە و ووتاریان پێیە، لە تاریکیدا ووتارەکانیان پەخش بکەن، بەڵکو هێواش هیواش تاکەکانی کۆمەڵگا واز لە نمایشکاریی و ڕوکەشیی دەهێنن .. فێری گوێگرتنی ڕاستەقینە و سەیرکردنی زانستیی دەبن ..داواکارم هەموو کەناڵەکان ڕەش بکەنەوە ..لەو گەڕەلاوژێ بێ سوود و ڕووکەشانە وەرنە دەرەوە .. ئەوسا بۆتان دەردەکەوێ چی قەوماوە …بە هۆش دێنەوە چی فەوتاوە و چ تەمەنێکتان بە با دراوە.

نەوزاد بەندی




ونبونی تۆ و هاتنی جەنگ و شتی تر.. نەوزاد بەندی

خۆت وون کرد ..ئازیز!
من هێشتا وا ئەزانم چاوشارکێیە..
ئەڵێم له پڕ دەرئەکەوێتەوە،
ئەڵێ بۆچی بۆم نەگەڕای؟
بۆچی نەتپرسی لە کوێیە؟

ئەمووت : لە پڕا دێت و
ئەڵێ کامێرای شاراوە بوو ..
ئەو هەموو ڕۆژ و شەو و مانگە ،
لە کۆتایی کۆڵانەکان ..
لە پەڕاوێزی لاپەڕەکان ..
لە قاوەخانەیەکی چۆڵی مەسنجەر،
وەک ئەوەی ڕەیحانە،
چاوم کراوە بوو ..
ئەمووت هەر ئێستا نا ،
تاوێکی تر دێت و
لە پشتەوە چاوم ئەگرێ ..
ئەڵێ چۆنە زیندوویت؟
ئەمووت بە بێ من ئەمرێ ..
هەر نەهاتی .. نە ..

دڵخۆش بووم، ووتم :
ئێستا لە کەناراوێکی ئەوروپا
لەگەڵ نەورەسێکا
مشت و مڕیانە ..
ووتم : قەینا .. کە هاتەوە،
هەموو شتێکی بۆ باس ئەکەم ..
باسی میللەتێ،
هەموو کاتێ مەوسیمی
کوشت و بڕیانە ..
نەهاتیتەوە .. نە ..
بەڵام من واز لە نیازپاکیی ناهێنم ،
ئەڵێم ئێستا لەگەڵ زنجیرەیەکی فارسی
لەگەڵ موحسین چاوەشی
سەرقاڵی گریانە

من قەیناکا ..
بەڵام کە تۆ ڕۆیشتی،
کوپێ قاوە تەنیایی ڕشتی ..
من قەیناکا ..
بەڵام کە تۆ وون بووی،
کزەبای وەشت،
خێڵێک لە گەرما، کوشتی ..
من قەیناکا ،
هەر چۆنێ بێ خۆم ئەخڵەتێنم ،
ئەڵێم دێتەوە ..
بەڵام کە دیار نەمای ،
یەکێک لە دوو کورسی مێزەکە،
شکا پشتی ..
من قەیناکا ….

جەنگ دێتەوە و ..
وەک شێرپەنجە،
هەموو شوێنێ ئەگرێتەوە ..
هەرچی میمۆریمان هەیە ئەیسڕێتەوە ..
ئەو چەند کۆپلەیە ئەنوسم،
بۆ ئەوەی ئەگەر جەردەکان نەیانکوشتی ، ڕۆژێ به ڕێکەوت بێنە لات ..
چیرۆکێکت بیر بێتەوە ..
مەڵێ ئەی تۆ …!

من لەیەکەم خولی یاری برا کوژیی،
ناوبژیوان به کارتی سوور ،
وا کوشتمی،
یەک پارچەم کۆنەکرێتەوە ..
مەڵێ ئەی تۆ …
مەڵێ .. ئازیز ..

کاتژمێر و مۆبایلەکانتان بخەنە سەر کاتی جەنگ ..
من لەناو جۆرەها هێزی
ئاڵودە به بۆنی نەوت و گاز و دۆلار ..
هەناسەیەکی سارد هەڵئەمژم ..
سارد وەکو تۆ ..
ئەڵێم ئەبێ ،
لە چ پەنایەکا خۆتت حەشار دابێ ئەمڕۆ ..
وەک مناڵێ لەناو بازاڕ،
له دایک و باوکی وون بووبێ..
هەواڵت له پۆستاڵیش ئەپرسم ..
زەوی لە ئێمە نائومێد ..
سەیرێکی ئاسمان ئەکات و ..
داوای بارانێکی ڕەحمەت،
ئەخاتە سەر مێزەکەی و ..
ئەڵێ تکایه .. بە پەللە ..
کوللە و گوللە و خۆڵ ئەبارن ..
لە دار و پەردوویەکەوە،
گوێم لە هۆمایۆنە ئەڵێ :
(چرا رفتی چرا، من بی قرارم )
وەکو ئەویش
بە دواتا بگەڕێ، ئازیز‌ ..

گرنگ نییە بتبینمەوە ،
یان نا ..هەرگیز ..
گرنگ ئەوەیە فیشەک
ووشەی نهێنی دەروازەی
دڵی تۆ نەدۆزێتەوە ..
گرنگ ئەوەیه تۆ نەمریت ..
مەڵێ ئەی تۆ ..
مەڵێ ئازیز‌..
من له مێژە …..




مێژوو زمانی هەیە.. نەوزاد بەندی

یەکێک لە نووسەرەکانی سەردەمی بەعس، کتێبێکی بڵاوکردەوە بە ناوی ( للتاریخ لسان ) واتا ( مێژوو زمانی هەیە ) نووسەرەکەی ناوی مالک سیف بوو. لە ڕاستیدا من ئەم کتێبەم نەکڕیوە و نەیمشخوێندۆتەوە، چونکە نوسەرێک کتێبەکەی کەس نەیکڕێ و ڕژێمی بەعس لە مامەڵەی هەندێ لە فەرمانگەکانیدا بە زۆر دانەیەک لەو کتێبە بە هاووڵاتیان بفرۆشێت، شایانی خوێندنەوە نییە. وەک چۆن هەندێ سەوزەفرۆش، کەرەوز بە تەنیا نافرۆشێت ئەبێ کەوەرێکیشی لەگەڵدا بکڕیت، کتێبەکەی مالک سیف یش بە هەمان شێوە لەگەڵ مامەڵەی هاووڵاتیاندا ساغ دەکرایەوە، ماڵ هەبوو سێ چوار دانەی لەو کتێبە تیا بوو، بە بێ ئەوەی هیچ کوردێک هەڵیبداتەوە و دێڕێکی لێ بخوێنێتەوە.

بەڵام لێرەدا و لەم بارودۆخەدا تێی کەوتووین، نازانم چۆن بوو ناوونیشانی کتێبەکەی مالک سیف م بیر کەوتەوە، (مێژوو زمانی هەیە) ؟؟ بە ڕاستی پیاو قسەیەکیش بۆ دز بکات، ناوونیشانێکی وورد و پڕ لە مانای هەڵبژاردووە.. واتا مێژوو پێویستی بە خوێندنەوە نییە، بۆ خۆی زمانی هەیە و قسە ئەکات.. بڕوانە ڕووداوە مێژووییەکان، خۆیان خۆیانت بۆ ڕوون دەکەنەوە، خۆیانت بۆ شی دەکەنەوە و ..براوە و دۆڕاوەکانت بۆ جیائەکەنەوە.. چونکە مێژوو تەنها زانستێکە کە هەستی بەراوردکاریComparison لای مرۆڤ دروست ئەکات، ئەمەیش بۆ خۆی هەم زانستێکە و هەم زمانێکی پاراوە، ئەبینیت بەردەوام ئەکەوینە ناو زانستی بەراوردکارییەوە کاتێ بۆ نمونە دەڵێین سەردەمی پاشایەتیی لە عێراقدا لە سەردەمی کۆماریی باشتر بوو، ئیتر داتاکانی ژیان لەو دوو قۆناغەدا بەراورد دەکەین یان ڕاستتر ئەو دوو مێژووە بۆ خۆیان خۆیان بەراورد ئەکەن و ئەنجامێکی پاک و پوختت ئەخەنە بەردەست.. یان دەووترێت عێراقی حەفتاکان لە هەشتاکان باشتر بوو، ئیتر مێژوو خۆی دێتە گۆ و پێت دەڵێت : حەفتاکان ژێرخانی ئابووریی و زانستیی لە عێراقدا توند و تۆڵ کران و بێکاریی نەما و عێراق بووە تاکە دەوڵەتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەخوێندەواریی تێدا نەما، بە جۆرێک ڕێکخراوی یونیسێف مەدالیای ڕێزلێنانی بە وەزیری پەروەردەی عێراق بەخشی کە ئەو کاتە موحەمەد مەحجوب دوری بوو.. بەڵام هەشتاکان واتا قۆرخکردنی دەسەڵات لە لایەن خێڵی سەدامەوە و هەر لە دەستپێکدا کوشتنی ناڕەوای موحەمەد مەحجوب و هاوڕێکانی بە تاوانی سیخوڕیی و هەڵگیرسانی جەنگی هەشت ساڵەی وێرانکەر لەگەڵ ئێراندا و بڵاوبوونەوەی بێکاریی و نەخوێندەواریی و سەدان هەزار بێوەژن و مناڵی بێ باوک و داڕمانی ژێر خانی ئابووریی و زانستی و سەرهەڵدانی فەرمانڕەوایی خێزان و تیرە و عەشیرەت و سەرهەڵدانی هێزە جەحافیلەکان له باکوری عێراق کە خۆیان پێیان دەووت جاش کە بریتی بوون لە دەیان هەزار چەکداری لە تەڕ خۆر و لە وشک خەوتوو، کە پاشان بەشێک لە پڕوسەی ئەنفالیان پێ  جێبەجێکردن ..هەروەها کیمیاباران و ..زۆر کارەساتی تری هەشتاکان.

هەر بۆیە لەگەڵ ڕەزا قورسیی کتێبەکەی مالک سیف و نەخوێندنەوەیدا، ناوونیشانی کتێبەکەی وای لێکردم ئەم چەند دێڕ و دەردە دڵه لە ژێر هەمان تایتڵی کتێبەکەی ئەودا بنووسم و بکەم.

ئەگەر لەو ئاقارەوە بەراوردێکی دۆخی بەیاننامەی یانزەی ئازار   و ئەمڕۆدا بکەین کە ساڵی1971 ــە، واتا 54 ساڵ پێش ئێستایه، مێژوو ئەم بەراوردکارییانەمان بۆ دەکات:

54 ساڵ پێش ئێستا و لە یانزەی ئازاردا، سەرکردەیەکی لووتبەرز و لەخۆبایی و شەڕەنگێزی وەک سەدام حسێن، شاخ بە شاخ بەدوای سەرکردایەتی کوردا وێڵ بوو بۆ ئەوەی بەیاننامە و ڕێککەوتنیان لەگەڵدا مۆر بکات 

تەنانەت بە چەرخەکەی خۆی جگەرەی بۆ دادەگیرساندن و بە شانازییەوە دەستی بەرز دەکردنەوە، لە کاتێکدا کورد لەو دۆخەدا هیچ دەسەڵاتێکی فەرمیی و یاسایی و دەوڵەتداریی نەبوو، کۆمەڵێ چەکداری ماندوو، برسی بوون بە شاخە سەخت و تاقەتپڕوکێنەکانەوە.

کەچی ئەمڕۆ دوای 34 ساڵ حوکمڕانیی کورد و چەندین پڕوسەی هەڵبژاردن و چەندین کابینەی فەرمانڕەوایی کوردییی، لە دوای بنیاتنانی دەیان وسەدان فڕۆکە و کۆشکی فەرمانڕەوایان و سوپای تایبەتی دەسەڵاتداران و سەردانی فەرمیی بۆ ووڵاتانی ناوچەکە و ئەوروپا و ئەمریکا، دوای بەیاننامەی ئابووریی سەربەخۆ و ڕیفراندۆم و دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و گازی سروشتی، دوای هاتنی باڵوێزخانەی ووڵاتان بۆ لامان و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان بە هەموو فەرمانگە و دامەزراوەکاندا، کەچی دەیان شاند و دەستەی حوکومەتی کوردی ڕوو له بەغداد دەکەن و داوای موچەی سێ مانگ پێش ئێستایان لێدەکەن، ئەوانیش زۆر بە خەمساردی و بە کاسەی بەتاڵەوە ئەیاننێرنەوە بۆ کوردستان..! 

54 ساڵ پێش ئێستا لە کاتێکدا  کورد تەنها چەند چیایەکی بە دەستەوە بوو، هێشتا یەک  ئاڵای کوردستان نەچنرابوو، ملی هیچ سەرکردەیەکمان بۆینباخێکی لێ نەبەسترا بوو، لەگەڵ ئەوەیشدا بەغداد بە شانازییەوە سروودی : ( هەر بژی .. هەر بژی کورد و عەرەب رمز النضال ) ی لە ڕادیۆ و تیڤی ئەو سەردەمەوە پەخش دەکرد .

کەچی ئەمڕۆ کار گەیشتۆتە ئەوەی کەنیشکە  وەزیرێکی دارایی عێراق بە سەر شاندی کوردا ئەقیژێنێ : ( ئیتر مەیەنەوە بۆ بەغداد، هیچ قسەیەکم پێ نییە بۆتان، ناتوانم یەک دینارتان بۆ بنێرم، ئەوەیشی تا ئێستا ناردوومانە بۆتان، نایاسایی بووە و قوتی دەمی مناڵە هەژاره بێباوکەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بووە !! )

هەروەها لە ڕۆژی عەرەفەی جەژنی قورباندا، ملیۆنێک و دووسەد هەزار موچەخۆری کورد تەماشای دەمێ وەزیرەکەی بەغداد ئەکەن بەڵکو ئەوە خوایە مژدەیەک .. واژۆیەکی خەرجکردنی موچەکەیان بکات، کەچی ئەو بە قاقای پێکەنینەوە ئەڵێ : ( نییە .. نییە .. هیچم پێ نییە بۆتان  )

پاشان  حەنان فەتلاویی دەستەخوشکی وەک ئەوەی ئامۆژگاریی منداڵێک بکا، ئەڵێ  :  ( ئێوە نەوتتان هەیە و ئێمەیش نەوتمان هەیە. نەوتی خوتان بۆخۆتان و نەوتی خۆمان بۆ خۆمان.. ئێوە بە نەوتی خۆتان موچەی 3 پارێزگاکەی خۆتان دابین بکەن، وەک چۆن ئێمە بەو نەوتەی خۆمان موچەی 15 پارێزگاکەی خۆمان دابین دەکەین)

54 ساڵ پێش ئێستا هەرچی خوێنەوار و ڕۆشنبیر و خوێندکاری زانکۆ و ئامادەییەکانمانە خوێنیان  بۆ کوردایەتیی ئەکوڵا و بەشێکی زۆریان بوونە پێشمەرگە و شەهید بوون..

کەچی ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیر و خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەکانمان، نیشتمانیان بۆ هەتاهەتایه بەجێهێشت، ئەوانەیشی کە بەهۆی باری کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەوە هەلی کۆچکردنیان بۆ نەڕەخسا، بەشێکیان شێت بوون و بەشێکیان زیندان کران و بەشێکیان قیر و سیایان کرد چونە ناو هۆدە و هەیوانە ڕازاوە و پڕ له ناز و نیعمەتەکانی حیزبەکانەوە و .. یاسای نوسین بەرامبەر دۆلاریان پەیڕەو کرد، هەروەکو چۆن مێژوو پێمان دەڵێت سەدام حسێن دوای لە دەستدانی هەموو سەروەرییەکانی، به ناچاریی یاسای نەوت بەرامبەر خۆراکی واژۆ کرد.. 

ئیتر نازانم ئەمانەی لای خۆمان ئەمڕۆ بە ناچاریی چ یاسایەک واژۆ ئەکەن و لە چ واژۆیەک پاشگەز ئەبنەوە و .. بە تەمای چین ؟

مێژوو ئەوە ماوەتەوە پێمان بڵێت ئەو سەدامەی 54 ساڵ پێش ئێستا شاخ بە شاخ و ئەشکەوت بە ئەشکەوت بە دوای کوردەوە بوو ڕێککەوتننامەیەکیان لەگەڵدا واژۆ بکات ، لە ساڵی نەوەدەکاندا و ..لە کاتێکدا کورد حوکومەت و قەوارەی خۆی هەبوو، سەدام حسێن کۆبوونەوەیەک بە وەزیرەکانی دەکات و دەڵێ : ئەگەر تەنانەت ئەم مایکرۆفۆنەی بەردەمم بۆ کوردەکان بنێرم، یەکسەر ئاودیوی  ئێرانی ئەکەن ، ئیتر چۆن بتوانین کەرەستە و خواردن بگەیەنینە هاووڵاتیانمان لە باکور ؟




من کە هیچ موناسەبەیەکم نییە.. نەوزاد بەندی

لەو سەری دنیاوە
هەتا ئەمسەری دنیا،
شتێک نییە وام لێ بکا سەرسام بم .

جاران حەزم ئەکرد،
شەوانی باران،
کەسێک لای پەنجەرەکەوە ،
بە بێ موقابیل گوێم بۆ ڕادێرێ ..

من بەیانیان ،
وەک سزا تەماشا ئەکەم،
چونکە لە خەو هەڵمانئەسێنێ،
بۆ ئەوەی زەمین وێرانتر بکەین ..
ملیۆنەها گیانداری بێتاوان سەربڕینەوە ،
بۆ ئەوەی ئاودەستخانەکان پیستر کەین ..

کرێکارێ لەسەر داخوازی ئاغایەک، سەرقاڵی ڕوخاندنی شاخێکە..
شاخێ ملیارێک ساڵ زیاترە،
هیچ دڕندەیەک له گوڵ کاڵتری پێنەوتووە ..

گەیشتوومەتە بڕوایەک
هەمووان درۆ ئەکەن ..
هەموومان تاوانبارین ..
زەوی لەوە زیاتر بە کەڵکی شیعر نایەت ..
مەگەر بە زیرەکی دەسکرد ..
چیدی دەریا نەهەنگ ناگرێتە خۆی ..
سانتیاگۆیەکی تر ،
جارێکی تر ناچێ بۆ ڕاو …

بە کراسێکی نیو قۆڵەوە،
بڕیار ئەدەم هەر لە ماڵ بمێنمەوە ..
ماڵ کراسەکەم ئەخوازێ و ..
بۆ خۆی ئەڕواتە دەرەوە ..

تەنانەت کتێبەکانیش
خەریکن ئەچنە خولی شۆفێریی ..
ئەوەی ئوتومبیل لێ نەخوڕێ، شەرەفی نییە ..

ئاو هەر بەشی شۆردنی ئوتومبیل ئەکا ..
ڕۆن هەر بەشی کەوەری ئوتومبیل ئەکا ..
نەوت هەر بەشی دووگیانگردنی ئوتومبیل ئەکا ..
کورد بێ ئوتومبیل یەکسانە بە هیچ ..

هەر بۆیە کە کورد ئەبێتە پەرلەمانتار،
پێش هەموو شتێ ،
لاندکرۆزەرێکی کیلۆمەتر سفری ئەدەنێ ..
ئەوە نرخی عەقڵ و بیرکردنەوە و زمانێتی ..
ئەوە نرخی دین و ئیمان و کەرامەت و ویژدانێتی ..
ئەوە لەشفرۆشییە + ڕۆحفرۆشیی .

لە حەوشەیەکی پڕ لە هیچ،
گرانترین شت ئەکوژم، کە کاتە ..
هیچ کۆناکەمەوە،
چونکە هیچی لێ نییە

ڕەفەی کتێبخانەکەم،
پڕن لەو دەعوەتنامانەی لە هیچیاندا حازر نەبووم ..
نازانم بۆچی پاراستومن؟
یەک دەقیقە مۆڵەتم بەنێ،
با بچم بیاندڕم ..

دڕیمن ..
فڕێم دانە سەتڵی خۆڵەکەوە ..

حەفتا ساڵ تەمەن بەچی تەواو ئەبێ ؟
بۆچی بە یەکتر ئەڵێن
تەمەن درێژ بی..؟
ساڵی 364 جار هەمان شت دووبارە بکەیتەوە ..
فڵچەکە بێنیت بە ددانتا و
لەبەردەم برنج و شلەکەدا دانیشی ..
لەبەردەم دەستگێڕێکی ماندوو ڕاوەستی و .. بڵێی :
دوو کیلۆ بە پێنج هەزار ئەبێ ؟
ئەویش بڵێ : نابێ ..
دوایی دەست بکەیت بە قوتدانی حەبە شینەکە ..

چ عەزابێکە ئەم دنیایە؟
بە سەد گوریس بەستراویتەتەوە و
ئەبێ بیشڕۆی ..
لە هەزار شوێنەوە تەقەت لێئەکرێ و
ئەبێ بیشژیت ..

کچە جوانەکان دووگیان ئەکەن و
سەد شیعریان بۆ ئەخوێننەوە ..
کچە ناشیرین و کەمئەندامەکان،
ئەخەنە ناو زبڵی قەیرەیی و
ئاوڕیان لێ نادەنەوە ..

بە لەچک و ڕیش خوا هەڵناخڵەتێ ..
کوا کامەتان شمشێرەکەی خالیدی ڕاوەشاندووە ؟
کامەتان چوار ساڵی گواویی خۆی،
لە پێناوی خوادا سووتاندووە؟
هەمووتان چۆک دائەدەن و پاڵئەکەون، لە بەردەم بەرازخۆرێکی سەرخۆش ..
لە ژێر ڕیش و لەچکەوە ،
وا باوەشتان بە دنیادا کردووە،
مەگەر مردن بە پاچ و خاکەناز
لێکتان کاتەوە ..
ئیتر درۆی شاخدارم بۆ مەکەن،
خوا پێتان ڕائەبوێرێ ..
لە خۆپەرستی زیاتر هیچتان پێناکرێ ..
هێشتا لە ژێر لێوەوە ئەڵێن
حسبي الله و نعم الوكیل ..
جا ئەڕۆنەوە بە لای ئیشی حەرام و پەڕین و گەدە و ڕیخۆڵە پڕکردن تا قڕقێنە ..

ئیتر لە دەرگام مەدەن ..
من هیچ موناسەبەیەکم نییە بۆ لام بێن ..
چاوەڕێ ئەکەم کۆتایی بێ،
ئەم حەسیر مەیانە ..
باران ئەکەین بە میز و
لە قەراغ شار ،
سەوزەکانی پێ ئاو ئەدەین..
ئاژەڵ و پەلەوەر و دار و بەرد ئەکەین بە پیسایی و ..
بە دزییەوە، هەڵی ئەدەینە ژێر زەوی ..
ئەرێ لەم خوێڕێتییە بێزار نەبوون ؟!




هاوسەنگییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناوێت.. نەوزاد بەندی

هاوسەنگیی و مامناوەندیی بوون، کارێکی قورسە و خۆماندووکردنی ئەوێت، بۆ نمونە تۆ دارعەسایەک لە هەر سەرێکییەوە بە دوای خۆتا ڕاکێشیت، زۆر ئاسانە و ئەتوانیت بە ڕاکردنیش لەگەڵ خۆتا بیبەیت، ئەوە پێی ئەووترێ تەتەروف یان پۆڵگیریی ..بەڵام ئەگەر لە ناوەڕاستی دارعەساکەدا و لە خاڵی هاوسەنگییەوە، دارعەساکە هەڵبگریت، ئەوا ئەبێ زۆر بە هێمنیی بڕۆیت و زۆر ئاگاداربیت تاکو هاوسەنگێکەی تێک نەچێ و بە ڕاست و چەپدا نەکەوێت، وەک ئەو پاڵەوانی سێرکەی کە بۆرییەکی درێژی بە دەستەوەیە و لە خاڵی هاوسەنگێکەیەوە هەڵیگرتووە و بە هێواشیی بەسەر گوریسێکدا ئەڕوات، ئەمە پێی ئەوترێ هاوسەنگیی، بە هۆیەوە پاڵەوانەکە ئەتوانێ خۆیشی هاوسەنگ بکا و بەسەر گوریسەکەدا بپەڕێتەوە .. خوایش ئاماژە بۆ شوێنکەوتووانی ئەکات: ( ئێوەمان بە کۆمەڵگایەکی مامناوەند دروست کرد ).
لە ڕاستیدا ئەو ووڵاتانەی هاوسەنگیی ئاینیی و سیاسی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییان ڕاگرتووە، بوون بە کۆمەڵگای ڕەسەن و پێشکەوتوو، توانیویانە یاسا و ژیان و گوزەران بۆ تاک بە تاکیان دابین بکەن، ئەوەیش عەقڵ و سەروەریی یاسا و کارکردنی ووردی ئەوێ.
بەڵام لە کۆمەڵگا پۆڵگیرەکاندا، عەقڵ و یاسا پەڕاوێز ئەخرێن، کۆمەڵگا پارچە پارچە ئەبێت، چەند خێزانێکی دەستڕۆیشتووی دەسەڵاتدار شاهانە ئەژین و کۆمەڵگا بە دوای خۆیاندا ڕائەکێشن.
شایانی ووتنە ئەوانەی سەرکردایەتی جیهانی ئەمرۆ ئەکەن، بۆ خۆیان هاوسەنگییەکی ووردیان پەیڕەو کردووە، بەڵام بۆ ووڵاتانی تر لە هەوڵی تێکدانی هاوسەنگیدان و گرنگی بە ناهاوسەنگیی و پۆڵگیریی دەدەن، هەر بۆیەی سیاسەتی وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوەیان لە سەدا سەد جیاوازە.
کاتێ فەرمانڕەوایەکی هاوسەنگ و خاکیی و سادەی وەک عەبدولکەریم قاسم لە عێراقدا دروست ئەبێ، ناهێڵن لە سێ چوار ساڵ زیاتر فەرمانڕەوایی بگرێتە دەست و ئەیڕوخێنن، بەڵام دەسەڵاتێکی پۆڵگیر و خێڵ پەرست و دەمارگیری وەک سەدام حسێن زیاتر لە 35 ساڵ پشتگیریی ئەکرێت و ئەپارێزرێت. دوای ئەویش دەسەڵاتی پۆڵگیر و خێڵپەرستی شیعە و کورد بۆ ساڵەهای ساڵ و تا هەنووکەیش پشتگیریی نێودەوڵەوتییان لێدەکرێ، تا کار گەیشتۆتە بێ موچە کردن و برسیکردنی تەواوی کورد و ..وێرانبونی تەواوی پارێزگاکانی تری عێراق، لە بەرامبەردا کۆمەڵێک لە زیادە ڕەو و ملیاردێر و خۆپەرست وشەڕەنگێز هەڵتۆقیون.
یان لە ووڵاتێکی وەک میسردا، بە توندیی پشتگیریی نێودەوڵەتیی لە فەرمانڕەوا گەلێکی وەک جەمال و موبارەک و سیسی کراوە و ئەکرێ چونکە پۆڵگیر و ناهاوسەنگ و خۆپەرست و میللەتکوژ بوون ، بەڵام بە توندی دژی سادات و مورسی دەوەستنەوە چونکە وازیان لە پۆڵگیریی و دوژمنایەتیی ناوخۆ و دەرەوە هێنا و ویستیان فەرمانڕەواییەکی هاوسەنگ بێننە گۆڕێ.
کەچی کاتێ له ماڵی خۆیاندا جەنڕاڵێکی وەک نۆریێگا لە پەنەما ، چێڤارا لە کوبا، جەنڕاڵە دەمارگیرەکانی كرواتیا بە سەرۆکایەتی بیگۆڤیچ یاخی ئەبن و ئەیانەوێ هاوسەنگێکەیان لێ تێک بدەن، هێزەکانی ئێف بی ئای دارستان بە دارستان و کون بە کون دوایان دەکەون هەتا ئەیانگرن و لەناویان ئەبەن .. گرنگ نییە چێڤارا مرۆڤدست بووبێ و بیگۆڤیچ تاوانباری جەنگ، بەڵکو گرنگ ئەوەیە هاوسەنگیی سیستمی کۆمەڵگای ڕۆژئاوا نەشێوێت. لە بەرامبەردا چەندین تاقمی دەمارگیر و ناهاوسەنگی وەک قاعیدە و داعش دروست ئەکەن و هەڵیانئەدەنە ناو کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
ئەوانە بەڵگەی ئەوەن کە ئێمە ئەمڕۆ لە بەردەم شەڕی شارستانییەکانداین، شەڕێکی وورد و بەرنامە بۆ داڕێژراوە .
کاتێ شای ئێران ئەڵێت ئیتر ئێمەیش ووڵاتێکی زلهێزین و پێویستمان بە پاشکۆیەتیی ئەمەریکا نییە، کاتێکیش سەدام حسێن ئەڵێ ئیتر ئێمەیش زلهێزین و خاوەنی چەکی ئەتۆمیین، ئەم دوو ئاماژەیە واتای ئازادی نیشتمانیی و هاوسەنگیی یاسایی و دەستووریی دەگەیەنێت کە لای زلهێزەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا جێگای قبوڵکردن نییە، هەر بۆیە ئەو دوو ووتەیە بوونە هۆی لەناوچوونی هەردوو دەسەڵات.
کاتێکیش و لە دوای مۆر کردنی پەیماننامەی ئاشتی نێوان میسر و ئیسڕائیل ناسراو بە پەیماننامەی کامپ دەیڤید، باڵیۆزەکانی چەند وڵاتێکی ئەوروپیی دێنە لای ئەنوەر سادات و پێی دەڵێن ئەم پەیماننامەیە نابێ ستراتیجی فەرمانڕەوایی میسر بگۆڕێت و ئەبێ گەلانی میسر هەر بە هەژاریی و نەزانیی بهێڵرێنەوە .واتا پێویستە فەرمانڕەوایی پۆڵگیر لە میسردا هەر بەردەوام بێ و میللەت لە دۆزەخدا بێ و دەسەڵاتدارانیش لە کۆشکەکانی شەرملشەیخدا خەریکی ڕابواردن بن. سادات ئەم داوایەی باڵیۆزەکانی ئەوروپای ڕەت کردەوە، ئیتر بە جۆرێ لە جۆرەکان تیرۆریان کرد.
هەر بۆیە پێویستە بە لایەنی کەمەوە ئاگادار بین چی لە ناوچەکەمانا ئەگوزەرێت.
هێشتنەوەی ڕژێمی ئێران بەو حاڵە ناهاوسەنگیی و پۆڵگیرییە بۆ گەلانی ئێران و گەلانی ناوچەکە بۆ زیاتر لە 46 ساڵ، مانای چی دەگەیەنێت؟ لە کاتێکدا بە حیساب دوژمنی سەرسەختی ئەمریکایە .
تەماشا بکەن لە ووڵاتێکی وەک عێراقدا بە کوردستانیشەوە، سەدەیەک زیاترە چەندین شۆڕش و کۆدەتا ڕوویان دا و گەلانی عێراق چەندەها شەو و ڕۆژ ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا، کەچی دۆخی گەلانی عێراق لە ناهاوسەنگییەوە بۆ ناهاوسەنگیی زیاتر مل ئەنێت، زانا و بیریار و داناکانی قەتڵ و عام ئەکرێن، یان ڕائەکەن و سەری خۆیان هەڵئەگرن، میللەت برسی و نەزان و ئاواره ئەکرێت، ئەپێچرێت لە جەنگی بێ مانای ناوخۆیی و نێودەڵەتییەوە..برسی و تینوو و بێ خزمەتگوزاریی ئەکرێ، کۆمەڵێ دەسەڵاتداری مەزهەبی و دوژمن و دەمارگیر و خۆپەرست، تیرە پەرست، خێڵپەرست و خێزانپەرست فەرمانڕەوایی دەکەن، ئەمریکیی و ئەوروپییەکانیش بۆ دەیان ساڵ پشتگیریی و پێشوازییان لێدەکەن. کار گەیشتۆتە بێ موچەکردنی میللەت، کە ئەمە گەورەترین جینۆسایدە، چونکە تەنانەت له زیندانیشدا دەست نابرێت بۆ گوزەران و قوتی زیندانییەکان، کەچی ئەبینین دەسەڵاتدارە کۆڵۆنیالیستەکانی ئەوروپا و ئەمریکا زۆر بە ئاسایی دۆخەکە قبوڵ ئەکەن و ..پێشوازیی گەرم لەو تاوانبارانەی جەنگ ئەکەن کە میللەتی عێراقیان بردووە بە ناخی زەمیندا.
بەڵام کاتێ ووڵاتێکی وەک یۆنان ئیفلاسبوونی خۆی ڕادەگەیەنێت، ئەوروپا و ئەمەریکا یارمەتیی خێرای بۆ ڕەوانە دەکەن، بۆ ئەوەی ناهاوسەنگیی نەیەتە ناو ماڵی ئەوروپاوە.
ئەم دۆخە ناهاوسەنگییەی ووڵاتانی موسوڵمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وای لە نوسەرێکی وەک عەلی شەریعەتیی کرد بڵێ : هیچ چارەسەرێکمان نییە، تەنها و تەنها ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ ڕەسەنی خۆمان، بۆ شارستانێتیی خۆمان.
ئەم گەڕانەوەیە بۆ ڕەسەن و شارستانیی، واتا وازهێنان لە ئەجندای کۆڵۆنیالیستە جیهانییەکان، چونکە ئەوان هەرچی خێر و خۆشییە بۆ خۆیانیان گەرەکە و .. هەرچی ناخۆشیی و ناتەبایی و شەڕ و برسێتیی و نەزانیشە بە باڵای میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیدا ئەبڕن.. هێمنترین و ئارامترین شاری جیهان کە ڤییەنای وڵاتای نەمسایە، تۆپی نەمساویی دروست ئەکا و ئەبێ لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بتەقێنرێن. ڤلادیمیر پۆتن وتی: زیاتر لە 68 جۆر چەکی نوێمان لە سوریادا تاقیکردەوە ..
ئەنجامەکەیشی ئەوەبوو، گەلانی سوریا بوون بە قەسابخانە و.. ئەوەیشمان لە یاد نەچێت دکتۆر عەلی شەریعەتی تیرۆرکرا ..!

نەوزاد بەندی




یەک تۆز وەفا.. شیعری نەوزاد بەندی

ئەو هەموو وتارە سیاسی و کۆمەڵایەتیەمان گوێ لێ بوو ..
یەک ووشەمان سەیڤ نەکرد ..
کەچی
هەموومان
چالاک و
هەچەکە و
بەچکەی هەچەکەمان لە یادە ..
هەموومان
زەینەب و
بەبەکەیمان لە یادە ..
مام زۆراب و سینیە مێوژەکەی و بارانەکە ..
گڤە گڤەی با ..
خاڵۆی شمشاڵ ژەن گیان ..
مام بزن کە لەسەر سەربانی مام گورگ
تەپە تەپی ئەکرد
کاسە و کەوچکی پڕ لە خۆڵ ئەکرد ..
دۆی دادە
کە دوو ڕۆژ بوو ئەڕژا ..
ئەو تۆپانەی نەسرین لە باوکی وەرگرت ..
تامی نانی ساج ..
ترس لە سێ سەگ ..
غاردان ڤان سواران ،
کە شیر و مەتاڵیان پێ بوو ..
وازی و دار و دارا و داو ..
مام ورچ کە لەسەر یەک قاچ وەستا بوو ،
دەوری بە کوڕ و کچ گیرا بوو ..
زریزەی زیو ،
کە وەک داهاتی نەوت ، وون بوو بوو ..
عەلە شیش ..کە ڕۆژی جومعە بوو ،
نەیشچوینایە بۆ مەکتەب ،
مامۆستا عەزیز عاجز نەدەبوو ..
کەف ..کە دایکی دارا هەزار جاری پێ وتبوو ،
تف نەکاتە سەر زەوی ..
خستنە خوارەوەی سێ سێو ..
هێک ..هێلکەکانت بۆ بهاوێژم ؟

( سڵاو لە گیانی پاکی ئیبراهیم ئەمین باڵدار

سڵاو لە ئەلف و بێی نوێ …)




دوو تاک پێڵاو.. شیعر\ نەوزاد بەندی

وەرە ناوی دیموکراسیت هەڵگرتبێ و خەڵک بڵێن سیر ، تۆ بڵێی پیاز
ئەوەی خوا پێی ناخۆشە
پێیان بکەی ..
کار بگاتە بڕینی
موچە و حەقدەس
هەر بە هەوەس ..
ئەو خەڵکەی کە خوێنی بۆ داویت..
پشت و پەنات بوو کاتی لێقەوماوییت ..
بە ڕاستی نامەردیت
بە ڕاستی ناپیاویت ..

وەرە ناوی میللەتت هەڵگرتبێ و
مافی گوێرەکەیەکت نەبێ
کێڵگەی مریشک لە تۆ بەختیارتر بێ ..
کەچی
هەر بە ملکەچی
ڕایکێشی ..
دە ساڵ ..
بیست ساڵ ..
چل ساڵ ..
بێ کار .. بێ نان ..بێ داهاتوو ..
تێکشکاو .. خەمبار ..
سوکوسەلیم و ماندوو ..
بە دوای شەیتانەوە دەروێشییی ..
هەر سەرانە و سوکایەتیت پێ بکرێ و
هەر ئاخ هەڵکێشی ..

هەردووکتان دوو تاک پێڵاوی
گەمژەیەکی سەرخۆشن ..
لە دۆزەخەوە بۆ دۆزەخ ئەڕۆن ..
هەردووکتان قێزەونن ..
دوو پەڵە تف ..
دوو پارچە کارتۆن ..
مەنجەڵ و سەرقاپن ..
شیش و کەبابن ..
هەردووکتان پێکەوە ئەربابن ..




پێکەنین له چاوەکانتا ناڕژێ.. نەوزاد بەندی

لەناو ئوتومبیلا شیعر ئەنوسی ،
واتا تۆ لە نیشتمان دابڕاوی ..
ناتەوێ بە بیابانەکانیدا ،
پەنجەکانی قاچت بدەیتە دەستی پشکۆ..
ناتەوێ سییەکانت ،
بە دوکەڵی سووتانی هەموو شتێ ، سیخناخ کەی ..
جەنگ هەموومانی لێک دابڕی،
لەو کاتەوە،
وەک نزار قەبانی ،
لە جیاتی قەڵەم، بە چەقۆ شیعر ئەنوسم ..
لە جیاتی به کەناراوەکانی عەشقا بڕۆم ،
لە بەرەی جەنگەکانا،
تانکە سووتاوەکان ئەژمێرم ..
چاوەڕێی کۆدەتا ئەکەم ..
لە کۆڵانێکی شێدارا،
لەگەڵ قاچاخچییەکی نەخوێندەوارا،
مامەڵەی
( تا ئیتاڵیا )ئەکەم ..
لە لێواری برسێتیدا،
تەماشای ئەوانە ئەکەم کە برسێتییان کردووە بە بزنس ..
به بازاڕەکانا لەناو نەڕە نەڕی فرۆشیارەکانا ،
بۆ کافێیەک ئەگەڕێم
پەنجەرەکانی دژە قیڕە و
دژە سواڵکەر و
دژە گەرما و
دژە هەواڵی به پەللە بن ..
بۆ ژێر زەمینێ ئەگەڕێم،
بنمیچەکانی،
دژە شەڕه جنێوی حیزبەکان بن..
دژە ڕیکلامی هەڵبژاردن ..
دژە ڕیکلامی کاڵا تورکیی و ئێرانییەکان ..
دژە کچە مۆدێل و
کوڕە بێژەر و
تولفە مەسئولی خاوەن کۆمپانیا و زانکۆ بن ..
بە دوای گۆشەیەکا ئەگەڕێم،
بتوانم تیایدا بۆ تاوێ لە خۆیشم جیا ببمەوە ..
گۆشەیەک،
دژە قسە و
دژە شیعر و
دژە بیرکردنەوە و
دژە نیشتمان بێ ..

٭ ٭ ٭

تۆ لەناو ئوتومبیلێکا ،
بە چوار دێڕی پڕ هەڵەی چاپ‌،
باسی کەناراوەکانی عەدەن ئەکەی ..
باسی بەهارەکانی
دوو سەدە پێش ئێستا ئەکەی..
باسی تابلۆیەک ئەکەی،
ئەمڕۆ هیچ گەلەرییەک ڕازی نابێ وەری بگرێ..
هیچ دیوارێ ڕازی نییە،
بە لاقەدیا هەڵیواسێ ..




دوژمندارەکان فەرمانڕەواییان پێ ناکرێ.. نەوزاد بەندی

یەکێک له تابلۆ جیهانییەکانی شێوەکاری فەڕەنسی دیلاکروا ، تابلۆیەکە بە ناونیشانی ئازادیی سەرکردایەتیی گەل دەکات ..

ئازادیی بەو واتایەی مرۆڤ بتوانێ کۆیلە نەبێ ..بتوانێ خۆی بێ ..بتوانێ لە قاڵب نەدرێ و وەک ئەوەی کە هەیە بژی .
بەڵام کاتێ دوژمندارەکان دەبنە فەرمانڕەوا و سەرکردایەتی گەل دەکەن، هەموو ئازادییەکان لە بار ئەبرێن..لەناو ئەچن، کۆچ ئەکەن، لە قاڵب ئەدرێن.
ئیدی کۆمەڵگا ئەشێوێت، هەموو کایەکانی هەرەس دێنن، ڕیزبەندیی پێچەوانە ئەبێتەوە، زیرەک بواری پێ نادرێ داهێنان بکا، تەمەڵ و گەمژە دەکرێنە خاوەن پله و پۆستی
زانستیی و داهێنان، دادوەر و یاساناس پەڕاوێز و زیندان ئەکرێن، دز و شەڕواڵپیس دەکرێنە خاوەن بڕیاری یاسایی و دەستووریی، پیاوی ئازا و مەرد قەڵاچۆ دەکرێن و سەد ناوناتۆرەیان دوا دەخرێ، پیاوی نامەرد و ترسنۆک و دیلکوژ و مناڵکوژ، پلە و پۆستیان بەرز دەکرێنەوە و نازناوی سەرکردە و کاریزما وفریاد ڕەسیان دەدرێتێ.
کاتێک دوژمندارەکان ئەگەنە کورسی دەسەڵات،برەو بە کاری دوژمنکاریی دەدرێت و گەشەی پێدەدرێت و ملیارەها دۆلاری بۆ دابین دەکرێت، ئیدی هەلپەرست و خۆپەرست و لە تەڕخۆرەکان نانیان ئەکەوێتە ڕۆنەوە، چونکە ئەم جۆرە مشەخۆرانە یەکسەر خۆیان دەکەنە هاوخەم و هاوخەبات و هاودوژمنی دەسەڵات و ..لە دژی نەیارەکانی دەسەڵات ئەکەونە شەڕە جنێو و شەڕە بوختان و شەڕە غەیبەت و شەڕە کەڵەشێر. بەو جۆره، ئەم مشەخۆرە تەمەڵ و گەمژە و نەخوێندەوار و بێبەرهەمانە ئەبنە خاوەنی پێگە و دەوڵەمەند ئەبن، ئەبنە دەمڕاست و ڕیشچەرمووی کۆمەڵگا، ئەبنە خاوەن بڕیار و دیوەخان و بودجە و پاسەوان.دەست دەکەن بە قسەی قۆڕ و بێ بنەما، وا دەردەخەن کە بارودخی ووڵات زۆر ناسک و زۆر هەستیارە و وا دەخوازێ هیچ چین و توێژێک داوای ماف و گوزەرانی خۆیان نەکەن، وا دەخوازێ میللەت بە هەموو برسێتیی و بێکاریی و نەهامەتییەک ڕازیی و ڕەزامەند بن و به ووشەیەکیش بێزاریی خۆیان دەرنەبڕن، ئەگینا بارودۆخەکە ناسک و هەستیارە و ..ئەوانی سەرکردە و نیشتمانپارێز ناچار ئەبن هەر کەسێ داوای مافی خۆی بکات، بیکوژن یان زیندانی بکەن و سەرنگومی بکەن و بیخەنە ژێر ڕەحمەتی ئەشکەنجەدانەوە.
کاتێ دوژمندارەکان دەبنە فەرمانڕەوای گەل، زۆرترینی داهات و کار و بودجەی نیشتمان لە خۆ بەهێزکردن و خۆچەکدار کردن و خۆ قایمکردن و کۆکردنەوەی لایەنگر و چەکداردا خەرج ئەکەن. ئیدی ناوەندی بڕیار و هێزی کۆمەڵگا، سیخناخ ئەبن له کەسانی گەمژە و زەمانەساز و تەمەڵ و لە تەڕ خۆر و لە وشک نوستوو.. ئەمەیش کارێکی زۆر نێگەتیڤ ئەکاتە سەر ناوەندەکانی مرۆیی و ڕۆشنبیریی و زانستی میللەت، چونکە ئەو سێکتەرانە پەڕاوێز و پشتگوێدەخرێن ..لێیان دەدرێت و بێزار دەکرێن، سوک و ڕیسوا دەکرێن، ئەوەیش وا ئەکا ئەو کاستە هونەری و زانستیی و کولتووریی و وێژەییانە هەڵوەشێنەوە و هەریەکەیان بەلایەکدا تێتەقێنن و سەری خۆیان هەڵبگرن.
سەرهەڵگرتنی زۆرینەی نووسەر و ڕۆشنبیر و بیریارەکانی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان، بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە دوژمندارەکان فەرمانڕەوایی میللەتانی ڕۆژهەڵات دەکەن و بوار بە بیر و باوەڕ و بەهرە و داهێنان نادەن.

کاتێ دوژمندارەکان ئەچنە سەر کورسی دەسەڵات، سەرەتا ئەڕۆن لە شوێنە بەرز و دوورە دەستەکاندا کۆشک و قولەی شاهانە بۆ خۆیان بنیات دەنێن، چەندین ڕیز شورای پتەو و قایم لە دەوری کۆشک و قولەکانیان بەرز دەکەنەوە و بە سەگی پۆلیسیی و کارەبا و دڕکەزیی و تێزاب و هەموو جۆرە هۆکارەکانی سیکیوریتیی کەڤەریان دەکەن، گرنگ نییە ئەو کارانە چەندێک پارەیان تێدەچێ و ..چەند لەسەر میللەت ئەکەون و چەندێک گەل ئەبەن بە قوڕاویی قەرز و هەژاریی و برسێتیی و بێکاریدا، ئەوەی گرنگە لێرەدا تەنها و تەنها ئەوەیە ئەو فەرمانڕەوا دوژمندارانە لە باشترین داڵدە و ئارامترین جێگا و دوورە دەستترین شوێن و پارێزراوترین ناوەنددا بن لە دوژمنەکانیانەوە.
دوا ئەوە دەست دەکەن بە کۆکردنەوە و دروستکردنی هێزی جۆراوجۆر لە دەوری خۆیان و کۆشک و قوللەکانیان، هێزی تایبەت، هێزی کۆماریی، هێزی دەمامکدار، هێزی بۆقخۆر و دڕندە و مرۆڤخۆر و هەموو شتخۆر، ئەمەیش بە مەبەستی زیاتر پاراستنی گیانی ئەو دەسەڵاتدارە دوژمندارانە و درێژکردنەوەی ژیان و تەمەنیان یاخود نەمرکردنیان و زامنکردنی ژیانی هەتا هەتایی بۆیان. شایانی باسە ئەم جۆرە هێزانە، هێزی زۆر بیرتەسک و ڕاهێنراون لەسەر یەک جۆر جوڵە و یەک جۆر پەلاماردان کە پەلاماردانی هەر شت و تارماییەکە لە نزیک تخوبەکانی دەسەڵاتەوە، وەک چۆن هەندێ گیانەوەری پۆلیس ڕاهێنراون لەسەر دۆزینەوەی مادە هۆشبەرەکان، هەندێکی تریان تایبەتکراون بە گەڕان بە دوای کەسانی ونبوودا.
ئەگینا جێی پێکەنینە کاتێ هێزەکانی بەدر دێنە ژوورەوە، هێزەکانی ئەو لا هەڵدێن، کاتێکیش هێزەکانی سەدام دێن، هێزەکانی ئەملا هەڵدێن، خۆ کاتێکیش هێزە میلیشیاکانی حەسەن پلایس و ئەبو عیزرائیل دێن، هێزەکانی ئەملا و ئەولایش هەڵدێن و کەرکوک وەک کێکێکی هەرزان ئەچێتە دەستی ملیشیا شیعەکانەوە. چونکە ئەم هێزانەی دەسەڵاتدارە دوژمندارەکان لەسەر جەنگ دژی بەدر و سەدام و حەسەن پلایس ڕانەهێنراون و هیچی لێ نازانن هەر بۆیە بە بینینی ئەوانە، چەک فڕێ دەدەن و هەڵدێن. ئەو هێزانە لەسەر سەرکوتکردنی کۆمەڵگای خۆیان و پاراستنی شورا و کۆشکی دەسەڵاتدارە دوژمندارەکان ڕاهێنراون و پسپۆڕیی ووردیان هەیە لەو بوارەدا.
هەر بۆیە کەسانێکی مرۆڤپەروەر و هەستناسکی وەک شێرکۆ بێکەس و جەمال عەبدول و فرسەت سۆفی و محمد عارف ناتوانن لەو دەسەڵاتە دوژمندارانەدا پلە و پۆست وەربگرن، ئەگەر وەریشیبگرن، تەمەنیان کورتە و وازی لێ دێنن.
بەڵام دەسەڵاتدارە دوژمندارەکان هەر بەو بڕە سیکیوریتیە سوکناییان نایەت و دڵیان ئاوناخواتەوە، ئەمجارەیان ملیۆنەها دۆلار لە ئوتومبیلی زرێپۆشی گوللە نەبڕ و ژێرزەمین و پەناگەی دژە ڕۆکێت و دژە تیشک و دژە هەموو شتێکدا بە هەدەر دەدەن. پۆشاکی گوللەنەبڕ و چاویلکەی گوللە نەبڕ و شوشەی گوللەنەبڕ و هەموو شتێکی گوللەنەبڕ لە چواردەوری خۆیان کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی لە سەداسەد قەڵاچۆی مەرگی خۆیان بکەن و ژیانێکی هەتاهەتایی بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان فەراهەم بکەن. لێرەدا ئیتر کۆمپانیا هەلپەرستەکانی سیکیوریتیی نانیان ئەکەوێتە ناو ڕۆنەوە و ..بە نرخی خەیاڵیی ئەو کەرەستانەیان بۆ دابین دەکەن، وەک ئوتومبیلە تایبەتەکەی سەرۆکە دوژمندارەکەی لیبیا، موعەمەر قەزافیی، کە هەموو پێداویستییەکانی ژیان و پەیوەندیکردنی تێدا بوو، دژە ڕۆکێت و دژە تیشک و دژە چەکی ئەتۆمییش بوو، کەچی لە کاتی ڕاپەڕینی میللەتدا، بە چەقۆ لەناویان برد، جا چەقۆ لە کوێیشی ؟ لە شوێنێکی کە ڕووی مەجلیس و گێڕانەوەی نییە. جێگای پێکەنینە کۆمپانیا زۆڵەکانی سیکیویریتیی هەمان جۆرە ئوتومبیلیان بۆ سەرۆکی دوژمنداری ئەمەریکایش دروستکردووە..!!
بەوەیش ملیۆنان هاووڵاتیی لاواز، لە هەلی کار و ژیان بێبەش دەبن، چونکە سەرۆکە دوژمندارەکان لە پێناوی ئەو ژیانە تایبەتەی خۆیاندا لە سەرێکەوە باج و سەرانە لەسەر میللەتەکانیان زیاد دەکەن، لە سەرێکی تریشەوە سێکتەرە شارستانیی و ژیارییەکان پشتگوێ دەخەن و دەست دەخەنە بینەقاقایانەوە بۆ ئەوەی خەڵکەکە ناچار بکەن ببنە چەکدار و داکۆکیکار لەوانی دوژمندار. ئەگەر بڕوانینە ئەو کۆمەڵگایانە ئەبینین ئەندازیار و مامۆستا و هەڵگری بڕوانامە زانستیی و ئەدەبیی و هونەرییەکان کاریان دەست ناکەوێ و دانامەزرێنرێن، کەچی دەرگای دامەزراندنی بێ قەید و شەرت بۆ هێزی ئاسایش و داپڵۆسێنەر و تایبەت و دەمامکدار کراوەتەوە، بەو جۆرە ئەبینین هەندێ هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر، لە ناچاریدا شەق لە نەیارانی دەسەڵات و مانگر و ڕێپێوەران دەدەن، چونکە ئەگەر شەق نەوەشێنن ئەبێ لە برساندا بمرن !!
ئیتر شتێک نامێنێتەوە بە ناوی کۆمەڵگای مۆدێرن و دامەزراوەکان.
بەڵکو ئەوەی دەبینرێ، کۆمەڵێ دەسەڵاتی دوژمندار و ..کۆمەڵێ کۆشکی شاهانەی دوورە دەست و .. کۆمەڵێ زیندانی تایبەت و نهێنیی پڕ لە ئەشکەنجە و تۆقاندن و .. کۆمەڵێ هێزی پچڕ پچڕ و ناشیرین و ترسناکن، دوور لە هەموو بەها مرۆڤایەتییەکان.
ئیدی ئەوەی تر، بریتییە لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی پلیشاوە و دوور لە هەموو مافەکان، دوور لە هەموو هیوا و خەون و داهاتوویەک، پچڕ پچڕ و ناتەبا و هەڵوەشاو و پڕ لە کێشەی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و ڕەوشتیی و کولتووریی، دابڕاو لە دنیای مۆدێرن و کار و داهێنان و بوژانەوە.
دوو جۆریش لە فەرمانڕەوای دوژمندار هەیە، جۆرێکیان فەرمانڕەوای دوژمنداری دەرەکییە، ئەمەیان ناوماڵێکی یەکگرتوو تەبا و بێکێشەی هەیە و دوژمنەکانی دەرەکین واتا لە ووڵاتانی ترن. ئەمەیان تا ڕادەیەک لۆژیکییە، بەو پێیەی وڵاتان و شارستانییەکان جۆرێک لە پاوانخوازیی و کۆنترۆڵکردنی یەکتریان تێدایە و پێویستە هەر ووڵاتێک سوپا و چەک و شورا و حیساباتی خۆی بە هەند وەربگرێ.
جۆری دووەمیان ئەو فەرمانڕەوا دوژمندارانەن، کە دوژمنەکانیان لەناوخۆی ووڵاتەکانیاندایە، بەو جۆرە کۆمەڵگاکانیان لەت لەت دەکەن و دەیاندەن بە گژی یەکتردا و چەندین شەڕی براکوژیی و ناوخۆیی تێدا سەرهەڵدەدات، وای لێ دێت ئەو کۆمەڵگایانە لە هەموو هەلێکی ژیانی مرۆیی مۆدێرن و یاسا و تەبایی و مافەکانی هاووڵاتیی، بێبەش دەبن.
گەورەترین کارەساتی دەسەڵاتدارە دوژمندارە ناوخۆییەکان، ئەو خۆدەوڵەمەندکردنەیە کە لە دژی یەکتری ئەیکەن، بەو جۆرە هەموو داهاتی نیشتمان و خاکی نیشتمان بەشی ئەو دەسەڵاتدارە دوژمندارانە ناکات، چونکە ئەم قۆرخکارییە جۆرێکە لە جۆرەکانی سەنگەرگرتن لە یەکتریی، کاتێ دوو جۆر یان زیاتر لە هێز، دوو جۆر یان زیاتر لە کۆمپانیای پەیوەندیی و کۆمپانیای نەوت و کۆمپانیای وەبەرهێنان یان پاوانکردنی خاکی نیشتمان و دوو جۆر یان زیاتر لە زانکۆی ئەمەریکیی ..ئەم شەڕ و پێشبڕکێ بازرگانییە بێ سنوورەی نێوان دەسەڵاتدارە دوژمندارەکان، کۆمەڵگا دێنێتە سەر ساجی عەلی و ئیفلاسیی پێدەکا، هەر بۆیە ئەبێ ئاسایی بێ بە لامانەوە کاتێک هێزە دوژمندارەکانی لای خۆمان دەڵێن داهاتی نەوتیی و نانەوتیمان سفرە .. واتا ئەو داهاتانەی وڵات تەنها بەشی کێبڕکێ دوژمندارییەکەی خۆیان دەکات و یەک فلسی لێ زیاد نییە هەتا بیدەن بە کۆمەڵگا .
لە شانۆنامەی دوژمنانی مەکسیم گۆرکیدا، کاتێ کۆمۆنیستە یەکسانخوازەکان تێکەڵاوی کۆمەڵگای ڕوسیای قەیسەری و وەجاخزادە دەبن، دۆخێکی دوژمنایەتیی باڵ بەسەر چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا دەکێشێ، ئەوەیش وا له گۆرکی دەکات ئەو شانۆنامەیە بنوسێ، لەوێدا دەسەڵاتی قەیسەریی ئاگای لەو دوژمندارییە نییە یاخود ئاگای لێیەتی و خۆی لێ نەبان دەکات، بەڵام دوژمندارییەکە لە کۆمەڵگاوە سەری هەڵداوە و .. کۆمەڵگا خۆی سەرپەرشتیی ئەو دوژمندارییە دەکات و کاری بۆ ئەکا و بەهێزی ئەکا، هەروەکو لە ڕۆمانی براکوژی نوسەری یۆنانی، نیکۆس کازانتزاکیشدا بە ڕوونیی و ئاشکرا دیارە، ئەمەیان دوژمندارییەکە میللەت بڕیاری لەسەر داوە و کاری بۆ کردووە کە ئەتوانین ناوی لێبێین شۆڕش.
دانتی، ئەو شاعیرەی کە بە یەکێک لە گەورەترین نەخشەکێشانی ڕێنیسانس هەژمار دەکرێ، لە یەکێک لە نووسینەکانیدا باس لە پاشایەکی فلۆڕەنسا دەکا، لە بۆنەیەکی نیشتمانیدا، گەنجێک پەلاماری کچی پاشا دەدا و ماچی ئەکا، شاژن شێتگیر ئەبێ و داوا لە پاشا ئەکا بە زووترین کات سەری ئەو گەنجە بپەڕێنێ، پاشا بە زەردەخەیەکەوە ئەڵێ : ئەگەر سەری ئەوانە بپەڕێنین کە خۆشیان ئەوێین، ئەبێ چی لەوانە بکەین کە ڕقیان لێمان ئەبێتەوە؟
ئەمە نمونەی حوکمڕانێکە، دوژمندار نییە و ڕێگایش نادا تۆوی دوژمنداریی لە ناخیدا بڕوێ، بەڵام لای خۆمان سەردەشت عوسمان بە دڕندەترین شێوە گیانی لە لاشەی جیادەکرێتەوە، ئەو کوڕەی کە سەرتاپای جوانیی و هیوا و دنیابینیی بوو، تەنها تاوانی ئەوە بوو لە کۆمەڵگایەکدا هاتە دنیاوە کە فەرمانڕەواکانی دوژمندار بوون.

نەوزاد بەندی




کات و شوێنی خۆت ، کات و شوێنی ئەوانی تر.. نەوزاد بەندی

یەکێک لە تاوانە گەورەکانی دەسەڵاتداران لە جیهانی مودێرنا ، خراپ بەکارهێنانی پێگەی دەسەڵاتە ..ئەم تاوانە چەندین سەرۆککۆماری پەلکێشی دادگاکان کردووە و ئەکا و سزای توند و دوورخستنەوەی هەندێکیانی لێکەوتۆتەوە و دەکەوێتەوە وەک بڵ کلنتۆنی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و یەهود ئۆڵمەرتی سەرۆکی پێشوتری ئیسڕائیل و هێلمۆت کۆڵ ی ڕاوێژکاری وڵاتی ئەڵمانیا.
لە ڕاستیدا بنچینەی ئەم بابەتە ئەوەیە تۆ کاتێ کارێک ئەگریتە دەست ، هەر کارێک ، میریی بێ یان کاری تایبەتیی خۆت، ئەبیتە خاوەنی دوو جۆر کات و دوو جۆر شوێن. کاتێکیان کاتی کارەکەتە، ئەو کاتە هی خەڵکە، ئەبێ خزمەتی خەڵکی تێدا بکەیت و نابێ بۆ خۆتی تەرخان بکەیت. کاتی دووەمیش کاتی خۆتە، ئەبێ لە هەموو پلە و پایە و بڕیاردانێک خۆت دابماڵیت، هیچ پەیوەندییەکت بە کارەکەتەوە نەمێنێت و بۆ خۆت بژیت.
هەروەها کە کارێکت دەست دەکەوێت، چ فەرمیی چ پریڤەیت ، ئەبیتە خاوەنی دوو شوێن، یەکەمیان شوێنی کارەکەتە. ئەو شوێنە تایبەتە بە کارکردن بۆ خەڵک و ڕاپەڕاندنی مامەڵەکانیان و بە هیچ جۆرێ شوێنێک نییە تایبەت بە خۆت و خزم و هاوڕێکانت، نابێ بۆ هیچ تایبەتمەندییەکی خۆت بەکاری بهێنیت. شوێنی دووەمیش هەموو ئەو شوێنانەن کە دوای تەواو بوونی کارەکەت ڕوویان تێدەکەیت ، شوێنگەلێکی تایبەتن بە تۆی مرۆڤ نەک تۆی خاوەن کار و بەرپرس، واتا لە شوێنەکانی دوای کاردا، تۆ مرۆڤێکی ئاساییت و ئەبێ واز لە جل و سەرگ و پله و پایه و ئەستێرە و تاجەکانی سەرشانت و ئوتومبیلەکانی شوێنکارەکەت بهێنیت.
ئەگەر ئەم بابەتە گرنگ و هەستیار و شارستانیی و مۆدێرنە لە کۆمەڵگای خۆمان و کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا بەراورد بکەین، بۆمان دەردەکەوێت ئێمە چەند بەربەریی و خێڵەکیی و دوور لە یاسا و پڕنسیپەکانی کۆمەڵگای مۆدێرنین.. ئێمە چەند خۆپەرست و دۆگما و دواکەوتووین.
کاتێ لای خۆمان مامەڵەیەکت بە دەستەوەیە و ئەچیتە بەردەم ژووری بەڕێوەبەرێک، دەیان و سەدان کەسی تر بە مامەڵەکانیانەوە وەستاون، دەرگای بەڕێوەبەر داخراوە، چونکە بەڕێوەبەر میوانی هەیە ..یان بەڕێوەبەر چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیی هەیە، لە کاتێکدا ئەو بەڕێوەبەرە بەربەرییانە ئەوە نازانن ئەو کاتەی لەو ژوورەکانیاندان، کاتی ئەو هاووڵاتیانەیه بە مامەڵەکانیانەوە لەبەردەم ژوورەکانی ئەوانا ڕاوەستاون و پەکخراون، بەڵام ئەوانی بەربەریی کاتەکانی خەڵکیان بۆ خۆیان دزیوە و .. لە شوێنی کارەکانیاندا لەگەڵ خزم و هاوڕێکانیان قاوە ئەخۆنەوە و باسی پڕۆژە و ژیانی تایبەتیی خۆیان ئەکەن.
تەماشا ئەکەیت سەرۆک حوکمەتێکە یان سەرۆکحیزبێکە، لە دوای کارەکەیشی هەر سەرۆکحوکمەت و سەرۆکحیزبە، هەمان پۆشاک و هەمان ڕیزە ئوتومبیل و حیمایە و تەنانەت لە ماڵەکەیدا ئاڵای وڵاتەکەی هەڵواسیوە، واتا یەک کات و شوێنی هەیە، هەمیشە و تەنانەت لە حەمام و ژووری نوستنیشدا ئەو هەر سەرۆکە و هەر ڕۆڵی سەرۆکایەتیی ئەگێڕێ .. کات و شوێنەکانی خۆی وەک مرۆڤێک ناوێت، ئەیەوێ لە هەموو کات و شوێنەکانا ئەو هەر تاج و داڵەکان لەسەر شانی بن و تەنانەت لە خەویشدا هەر بە چاکەت و بۆینباخ و ئاڵاوە بیگوزەرێنێ. ئەم دۆخە ترسناکە گاڵتەجاڕە بەڵگەی ئەوەیە ئەمانە کەسانێکن ئەو پلە و پۆستانەیان فڕاندووە یان دۆزیویانەتەوە، بە میرات بۆیان ماوەتەوە، خۆیشیان بڕوا ناکەن بووبنە خاوەنی ئەو پله و پۆستە، هەر بۆیە وەک مناڵێک کە لە پڕێکا جووتێ پێڵاوی بۆ ئەکڕن، بڕوا ناکا بووبێتە خاوەنی جووتە پێڵاو، ئەیاننوسێنێ بە سنگیەوە و شەویش لای خۆیدا ئەیانخەوێنێ.
ڕەتکردنەوەی کات و شوێنە ئازادە کەسێتییەکان لە لایەن خاوەن پلە و پۆستەکانەوە، دانانی ناوی هەڵکۆڵراوی خۆیان لەسەر مێزەکانیان، هەڵواسینی وێنە و پەیکەرەکانیان لە فەرمانگەکان و شەقام و مەیدانەکاندا، تێکڕا گەمژەیی و بەربەرییەت و تەنانەت شێتبوونی ئەو کەسانە دەردەخەن کە لە دەرەوەی کات و شوێنەکانی کارەکانیاندا، خۆیان و پلە و پۆست و دەسەڵاتەکانیان نیشانی خەڵک ئەدەن، بۆ ئەوەی بۆ سەری هەزارەمین جار یان بە بەردەوامیی بە خەڵکیی بسەلمێنن کە بەڵێ ئەوان سەرۆکن و خاوەن پلە و پایەی بەرزن، بەڵێ ئەوە خەون نییە و ڕاستییە، ئەوەتا ئەتوانن لە هەموو جێیەک وێنە و پەیکەری خۆیان دانێن، کێیان بوێت بەهێز و دەوڵەمەندی بکەن و ..کێیشیان نەوێت بیکوژن یان زیندان و نانبڕاوی بکەن..ئەوەتا ئەوان شەو و ڕۆژ ، لەیل و نەهار، هەموو شتێکن.
ئەمە لە کاتێکدایه لە وڵاتێکی وەک ئیسڕائیلدا و لە سەروەختی ناهەمواری جەنگ و پشێویی ناوخۆدا، دادوەر کوڕی نەتانیاهۆی سەرۆکی ووڵات پەلکێشی دادگا دەکات بە تاوانی دەستخستنی پاسپۆرتی دیپلۆماسی .. ئەمەیش خراپ بە کارهێنانی شوێن و پێگەی باوکێتی کە ئەبێ بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیانی ئیسڕائیل بێت نەک بۆ یاساشکێنیی و دەسکەوتی لابەلا و نایاسایی بۆ کوڕی سەرۆک .
لە ئەوروپا سەرۆکی وڵات و پاشا و وەزیر و کەسە بەناوبانگەکان لەناو تراموای و میترۆ و بازاڕ و سەمونخانەکاندا ئەبینرێن، وەک هاووڵاتییەکی ئاسایی. چونکە ئەو کەسانە وەک هەر کارمەندێکی ووڵات دوو جۆر کات و شوێنیان هەیە، کات و شوێنێکیان هی کارەکەیانە، بە جلی فەرمیی و دەسەڵاتی باڵا و لە کۆشکی سەرۆکایەتیدا.. بەڵام کات و شوێنی دووەمیان کات و شوێنی تایبەت بە خۆیانە، ئازادیی و هەناسەدانیانە وەک مرۆڤێکی سادە .. دوور کەوتنەوەیانە لە کۆشک و پاسەوان و دەسەڵات و تاج و ئەستێرە و داڵ و بۆینباخ..بۆ ئەوەی مومارەسەی مرۆڤایەتیی و مرۆڤبوونیان لە بیر نەچێتەوە. چونکە مرۆڤ کاتێ بەردەوام ڕۆڵی دەسەڵات و بەرپرسیارێتیی گێڕا، ئیتر ئەبێ بە ئەکتەر.. واتا لە ژیانی ئاسایی دادەبڕێ، لە ئازادیی و مرۆڤبوونی خۆی یاخی ئەبێ، ئەبێتە کائینێک شایانی بەزەیی و پێکەنیشە لە هەمان کاتدا، تەماشا ئەکەی چلەی هاوینە و پلەکانی گەرما لە سەروو 45 پلەی سەدییەوەن، کەچی ئەوی ئەکتەر لەناو چاکەت و پانتۆڵێکی ڕەشدایە و بۆینباخێکی ئەستووری لە ملی جەڕاندووە، لە کاتێکدا ئەبینین پاشای ووڵاتێکی ئەوروپیی لە دوای تەواو بوونی کات و شوێنی کارەکەی، بە تی شێرتێکی پیرۆزەیی و کاوبۆیەکەوە لە پارکێکدا دانیشتووە ساردەمەنیی ئەخوات.

بە پێچەوانەوە لەکۆمەڵگا دوا کەوتوو ، قوڕ بەسەرەکانا، ئەو کەسانەی پیشەکەیان کرێکار یان کارگوزار یاخود پاککردنەوەی شەقامەکانی شارە، ڕوخساری خۆیان دادەپۆشن، واتا کات و شوێنی کارەکانیان ڕەت دەکەنەوە و وەک تارماییەک خزمەتەکانیان پێشکەش به کۆمەڵگا ئەکەن، لە سەدا سەد پێچەوانەی سەرۆکخێڵ و حیزبەکانن، چونکە لەو جۆرە کۆمەڵگا بەربەرییانەدا پاککردنەوەی شەقامەکانی شار پیشەیەکی قێزەونە و ئەوانەی ئەو کارانە ئەکەن بە سوک تەماشا ئەکرێن، ئەمەیش وا دەکات ئەو کارمەندە بەڕێزانەی کە لە ووڵاتی یابان ناونیشانی ئەندازیاریان پێدراوە و بەرزترین موچەیان هەیە ، لە کۆمەڵگا بەربەرییەکاندا لە کاتی کارەکانیاندا دەمامک بکەن بۆ ئەوەی هیچ کەسێ نەزانێ ئەوانن نیشتمان پاک ئەکەنەوە ، بە پێچەوانەی سەرۆکخێڵە نیشتمانفرۆشەکانەوە کە بەردەوام ئەوە بیری خەڵک دێننەوە ئەوانن سەرۆک و دەستڕۆیشتووی وڵات ، ئەوانن و کەسی تر نییە، ئەوەیش حەقیقەتە و خەون نییە.

لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا یان لە کۆمەڵگاخێڵەکیی و بەربەرییەکاندا، ئەوانەی فرۆشیارن یان مارکێت ونوسینگەی تایبەت بە خۆیان هەیە، بە ئارەزووی خۆیان کار دەکەن و پابەندنین بە کاتەکانی کارکردنەوە، واتا بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، نوسینگە و فرۆشگاکانیان دادەخەن یان ئەو ڕۆژە هەر نایەن بۆ کار یاخود درەنگ دێن ، لەو کاتەدا چەندین کەس لە شوێنی جیاجیاوە دێن بۆ ئەو فرۆشگا و نوسینگانە و بە نائومێدیی ئەگەڕێنەوە. ئەم ڕەفتارە خێڵەکیی و بەربەرییە لە وڵاتە مۆدێرنەکاندا ڕێپپێدراو نییە، ئەبێ کاتەکانی کارەکەت هەڵواسیت و پابەند بیت پێیانەوە، چونکە کاتی خۆت نین و کاتی هاووڵاتیانن.. ئەگەر لەو،کاتانەدا لەوێ نەبیت واتا کاتی هاووڵاتیانت بە فیڕۆ داوە و کڵاوت لەسەر ناون و فریوت داون، هەر بۆیە یاسا لێی بێدەنگ نابێ.
وەک چۆن کە ووڵات دوچاری قەیران دەبێتەوە و سەرۆک ناتوانێ چارەسەریان بکات، دێتە ڕاگەیاندنەکان و دەست لە کاردەکێشێتەوە، چونکە کۆمەڵگای مۆدێرن سەرۆکی گەمژە و بودەڵەی پێ قبوڵ ناکرێ و ئەبێ دەستلەکاربکێشێتەوە.
لێرەدا ئەگەینە دەرئەنجامی ئەوەی مرۆڤی خاوەن کار، دەبێتە خاوەنی دوو کەسایەتیی، کەسایەتییەکی ئەکتەر یاخود ڕۆبۆت . لەگەڵ کەسایەتییەکی ئاسایی خۆی.
کەسایەتییە ئەکتەرەکە، لە کاتی کارەکەیدایە و ..ئەبێ لە سەداسەد لە تایبەتمەندییەکانی خۆی داببڕێت و وەک ڕۆبۆتێک کارەکەی ڕاپەڕێنێت و خزمەت بە هاووڵاتیان بکات.هەرچی کەسایەتیی دووەمیشە ، کەسایەتییە ڕاستەقینەکەی خۆیەتی کە لە دوای کارەکەیەوە دەست پێدەکات و .. خۆی لە ئەکتەریی و ڕۆبۆتیی ڕزگار ئەکات، وەک خۆی ئەژی و درێژە بە تایبەتمەندییەکانی خۆی دەدات .
لەم پێناسەیەوە، ئەگەر بڕوانینە کۆمەڵگای خۆمان، ئەو هەموو ئەکتەر و ڕۆبۆتە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئاینیە دەبینین، کە دوای هەزاربارەکردنەوەی ڕۆڵە هەمیشەییەکانیان، بوون بە جێی پێکەنین و جنێو و پلار و گاڵتەجاڕی هاووڵاتیان.. خۆیشیان توشی هەزار دەردی دەروونیی و جەستەیی بوون و بە نەخۆشیی ترسناک و دەگمەن ئەمرن، چونکە کاتێک مرۆڤ بە درێژایی ژیانی ڕۆڵی ڕۆبۆت ئەگێڕێ و لە مۆڤایەتیی دەردەچێ و بە مەرگێکیش کۆتایی دێت کە لە مەرگی مرۆڤی ئاسایی ناچێت.




گەڕان و سۆراخ و شەقامەکانی عەقاریی و پرسیار و قاوەخانەی ڕەیحانە و من و هەموو شتێ ، بە بێ تۆ.. نەوزاد بەندی

( ئەوانەی کە تەنانەت نزاکانیشیان تەنها بۆ خۆشبەختیی خۆیانە، بە بێکەسیی ئەمێننەوە )

من کە لەسەرتاپای ژیانما بە دوای هیچا نەگەڕاوم ، بەوەی بە دوای تۆدا گەڕام ..پێم سەیر بوو ..!
لەو دنیایەی وەک سینییەک هەموو شتێکی تیا دیارە و
هیچ ون نابێ ، بەوەی تۆ هەر وون بووی لەلام ..پێم سەیر بوو ..!
من ، وەک مرۆڤێکی مام ناوەندیی ،
ئەوانەی لە ماڵ چوونە دەر
ئینتەرنێتیان پێ نامێنێ..
تۆ ، وەک مەتەڵخوانێکی کۆن ،
ووتت هەر ڕەیحانە و تەواو ..
گرنگ نییە لە هۆڵندا بی یان پاریس ..
تۆ هەفتەیەک کەناری بی و
ئەو قەفەزێکی ژەنگاویی ..
ئەو هەفتەیەک قەلەڕەش بێ و
تۆ قەفەزێکی سیحراویی ..
گرنگ نییە ..
نەهاتبووم دەرگایەک ئاوەڵا بێت و ..
قۆرییەک چا دەمکرێ بۆم ..
من هاتبووم ،
ڕاستێکەی ڕامکرد بوو لە خۆم ..!
وەک برینێ پێش سی و هەشت ساڵ ،
لە پزیشکێ هەڵهاتبێ ..
ژیان و مردن بووم پێکەوە ..
وەک تاکێ پۆستاڵی ڕەشی
ڕۆمانیی ، پێش دەیەها ساڵ ..
نازانم چۆن خۆم هەڵنەدایە ناو زبڵی حیزبێکەوە؟!
پیاوێکی ڕەینکوت لەبەری ،
پانتۆڵ خوری ، پێڵاو مۆدێلی ئیتاڵیی .. ملپێچێکی مام ناوەندیی وەک ئەوانەی لە ماڵ دەرچوون، مۆبایلەکەیان بیر چووە یان جزدانە ..
ئێستا چۆن لەو جەنگەڵەدا ،
ئەگەڕێم لە دوای زەنگیانە ؟ ..
ڕاستێکەی من نەهاتبووم
تۆ بدۆزمەوە و بمبینی ..
ئەوەندەی تینوی چاوشارکێی حەفتاکان بووم ..
حەزم ئەکرد بە کۆڵانێکا بگەڕێم ،
باهیچیش نەدۆزمەوە ..
بۆ چەند سەعاتێ، مناڵیی و کارێزی وەستاشەریف و
عەتا و ئاژێنی عەلی بەگ هاتنەوە لام ..
لە پڕا وون ئەبوونەوە و
هەم بە دوایانا ئەگەڕام ..
من ئەمزانی تۆ خەونت بە شاعیرێکی باڵابەرزی وەجاخزادەی وەک ئۆسکار وایڵدەوە ئەدی ..
لە ئوتومبیلێکی بوگاتی دابەزێت و ..
لە نهۆمی پەنجا و چواری تاوەرێکا،
پێت بڵێ فەرموو ..وەرە ژوور ..
من ئەمزانی وەک دارتوویەکی پەککەوتە ئەتبینیم و ..
تووی شیعرت ئەچنیەوە ..
ئەتویست وەک حەبیبە لە دوورەوە خۆت نەمر کەی،
تاوێ نەچیتە بنیەوە ..
بێ ئاگا بووی لەوەی منیش
وەک ڕاوچییەکی بێ هیوا،
داوێ هەڵباتە ناو دەریا ..
تۆم هەڵئەدا ، تا ڕۆژانی زانکۆ و
یادی پێش چل ساڵت پێ ڕاو بکەم ..
تا شیرینت پێ بانگ بکەم ..
( شیرین بە دوو چاوی سەوز و ..
دوو گۆنای خڕ و گەشەوە ..
بە جوانترین جل و بەرگ و
سەرسامترین ئەندامی جوانی
لەشەوە ..
هەموو ڕۆژێ لە ڕێگاکەمدا ئەوەستا ..
لە دنیای پڕ سۆز هەستا ..
چاوەڕوانی منی ئەکرد ..
هەموو ڕۆژێ
شیرین بە ماشێنێکی شیک
چاوەڕوانی منی ئەکرد
منی هەژار ..
منی تاریک ..
نا ..شیرین ..نا …..)٭
ئەوەیش تەنها خولیایەکی سارد و سڕ بوو ..
درەختی تینوو فێنکایی لە کوێ بێنێ ؟
هەوری ئاسمانی ئەم شارە ،
تەمی خەم و
دوکەڵی جگەرە و ترسی خەڵکەکەیە ،
بەفر و باران بۆ ئاوایی لە کوێ بێنێ ؟ ..
ئیتر بە دواتا ناگەڕێم ..

چونکە چیتر هیچم پێ نادۆزێتەوە ..
وەرەوە ماڵی باپیرت ..
جۆرێ وون بووم ،
وەک مردنی کەسێکی مام ناوەندیی وام ،
کەسم پێ کۆناکرێتەوە ..

شتی تریش

٭ ئەوەی ناو کەوانەکە ، شیعرێکی پێش 43 ساڵە، بەناوی ــشیرین ــ لە ژمارە 40 ی گۆڤاری کارواندا بڵاوم کردەوە ساڵی 1984 ئەو کاتە تەلەبەی پۆلی یەکەمی کۆلێژی زانست بووم لە زانکۆی موسڵ




قەومێک بۆ ناو کتێبی گینز.. شیعری نەوزاد بەندی

ماشێن بێ بەنزین ئیش ناکا ..
درەخت بێ ئاو وشک ئەبێ ..
ئاژەڵ بە بێ ئاڵف ئەمرێ ،
چرا بێ نەوت ئەکوژێتەوە ..
پێڵاو بە بێ بۆیاخ ئەدڕێ ..
مشک بێ ناخونەک ناژی..
زەوی بێ باران شەق ئەبا ..
لەناو خوێنا،
نیوترۆفیل میکرۆب قوت ئەدا ..
لیمفۆسایت ڤایرۆس نۆش ئەکا ..
سەگ برسی بکەی، ئەوەڕێ،
هەڵمەت ئەبا ..
پشیلەکان ئەمیاوێنن ..
مریشک بێ دان ، ئەگارێنێ ..
حوشتر بێ ووشتراڵوک ئەمرێ ..
چۆلەکە ئەیکا بە هەرا ..
گورگ بێ نێچیر ئەلورێنێ
کەر بێ وێنجە ئەزەڕێنێ
ئەسپ برسی بێ ئەحیلێنێ ..
قەلەڕەشکەکان ئەقڕێنن ..
هەور بێ باران ، ئەگرمێنێ ..
ماسی ئۆکسجینی ببڕێ ،
باز ئەدا ، خۆی ئەخنکێنێ ..
وورگ خواردنی باشی نەبێ ،
با ئەکات و ئەیقەومێنێ ..
لەش خزمەتی نەبێ و نەیشۆی ،
بۆگەن ئەکا ..
مێشک بێ خەوبێ ،
ئەبزڕکێنێ ..
درایڤ شەفت گریسی نەکەی ،
ئەقیڕێنێ ..
چیمەنتۆ ئاو نەخواتەوە ،
درز ئەبا ، ماڵ ئەڕوخێنێ ..
باراناو گەر فەرشی سووری
مەنهۆڵێکی بۆ ڕانەخەی،
ئەبێ بە لافاو ،
سەیداوا نوقم ئەکا ،
ئەیخوسێنێ ..
قژ نەیتاشی،
ئەتباتەوە چاخی بەردین ..
گەرم و ساردی ماڵ ڕێک نەخەی،
شێ و کەڕوو دایدەنێن کەمین ..
ئەنجامەی دەرگا چەور نەکرێ،
شێتت ئەکا بە جیڕە جیڕ ..
هایدرۆلیکی گێڕ نەگۆڕی ،
دەست پێ ئەکا بە قیڕە قیڕ ..
چاو کز بوو ، چاویلکە نەکڕی،
هەزار ڕووداوت توش ئەکا ..
بنمیچەکەت دار و قوڕ بێ ،
یەکسەر داوای بانگوش ئەکا ..
ساردکەرەوە بێ کارەبا ،
خواردنەکانت خراپ ئەکا ..
هەینی مناڵ ،
داوای پیتزا و کەباب ئەکا ..

٭ ٭ ٭
تەنها کوردی
باشور نەبێ ،
بە بێ نان و ئاو هەر نامرێ ..
سێ چوار مانگ موچەی نەدەیتێ ،
بێ خەمە و دڵی گەرد ناگرێ ..
( زاریشی هەیە و ناقڕێ
باڵیشی هەیە و نافڕێ )
بە مانگ .. بە ساڵ ،
بێ حەقدەست کارت بۆ ئەکا..
هیچ دەنگێکی لێوە نایە و
لە هەموو شتێکی کەمە ..
مات و ڕەزامەند و تەبا ..
دۆش داماوە وەک مقەبا ..
هەر دەمیشی بکاتەوە ،
نوکتە و گۆرانی دێتە دەر ..
چاوەڕوانن خوا چاکی کا ..
یان ئەمریکا ،
بەردیان بۆ بهێنێتە بەر ..
لەسەر دەریایەک نەوتن و
ملیاران دۆلار قەرزارن ..
بە بێ ئیش ئەسوڕێنەوە و
بە هەزار دەرد دەردەدارن ..
کەچی بێخەم و دڵخۆشن ..
خەریکن یەکتر ئەدۆشن ..
سەرقاڵی زاوزێ و ژنخوازین
ئەوەیش بەڵگەیە کە ڕازین ..
هەتا برسی تر بن ، زیاتر
مناڵ ئەخەنەوە ، سەیرە !
لە بەر مناڵ نەخستنەوە ،
خەم زۆر ئەخۆن کچی قەیرە .!
نوێژکەر و خواناس و مەردن ..
عەیبە لە لایان باسی کەن ،
بەس خوا ئەزانێ دووچاری
چەندێ سوکایەتیی و دەردن ..
ژێر و سەریان زۆر جیاوازە ،
لە سەرەوە ئەڵێن خوایە فریا کەوە ..
لە ژێرەوە پێیان وایە
نانەکەیان وا لای پاسدار و جەندرمە و بی دووی مارینز ..
دە هیچ نەبێ بیانخەنە
کتێبی گینز ..
با بچنە ناو مێژووەوە ..
بچنە پۆڵێنی کۆمەڵێ مێرووەوە ..
لە بیابانی وشکا ئەژین ..
وەک هەندێ جۆری مێروولە ..
ئەژین بێ ئاو
بێ دانولە ..
ئەوەی گرنگه لە لایان ،
ڕازاندنەوەی دەم وفڵقیان ،
بە بۆیاخ و نەشتەرگەریی ،
بەڵکو ببن بە پەپولە




ئەبوو.. نەوزاد بەندی

لە پێناسەی شۆڕشدا ، جۆرج سوبر دیتی ئەڵێ : شۆڕش ڕوخانی وڵاتە و دووبارە بنیاتنانەوەیەتی .
هانتنگتۆن و نیومان ئەڵێن : شۆڕش گۆڕینی بەهاکانە.
ئەگەر لەو دوو پێناسەیەوە بۆ شۆڕشی گەلانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە کە بووە هۆی ڕوخانی سیستمی بەعس بڕوانین، ئەوا توشی شۆک ئەبین.
لە دوای ئەو شۆڕشەوە، ئەبوو فۆڕمی دەسەڵاتی خێزان و بنەماڵە نەمێنێ، گوندەیی عودەی و قوسەی و بەرزان و عەلی کیمیاوی و وەتبان نەمێنن، کەچی بە پێچەوانەوە، سەدان و هەزاران عودەی و قوسەی و وەتبان وعەلی کیمیایی و بەرزان تکریتیی نوێ هاتنە کایەوە، ئەو یاساشکێنیی و تاوان و پاوانخوازییانەی ئەوان نەیانکردبوو یان فریا نەکەوتبوون ئەنجامی بدەن، ئەمان بە زیادەوە و تەنانەت لەسەروو زیادەوە بە ئەنجامیان گەیاند.
ئەبوو هێزە تایبەتەکانی سەدام وەک گاردی كۆماریی و پاسەوانی تایبەت و فیدائێکانی سەدام نەمانایه و لە جێگایان سوپایەکی نیشتمانیی دابمەزرایە، کەچی سوپا هەڵوەشێنرایەوە و دەیان و سەدان هێزی تایبەتی دەمامکدار و میلیشیا دروست بوون، کە هیچ ئینتیمایەکیان بۆ نیشتمان نەبوو، ئیشیان تەنها پارێزگاریکردن بوو لەو کەسایەتی و حیزب و بنەماڵانەی کە ڕایانگرتبوون و نانیان ئەدانێ.
ئەبوو دیاردەی دەیان کۆشکی شاهانەی سەدام حسێن و کوڕ و خزمانی نەمانایه و قەڵاچۆ بکرانایە ..کۆشکەکانیشیان بکرانایە بە مۆزەخانە، هەتا خەڵکەکە و گەشتیاران سەردانیان بکردنایه و تەماشای زیادەڕەویی و پاوانخوازیی و خۆپەرستی ئەو دیکتاتۆرەیان بکردایە وەک چۆن گەشتیاران ئەچنە ئێران بۆ تەماشاکردنی کۆشکەکانی ڕەزا شا و ئەو هەموو خۆشگوزەرانییەی بۆ خۆی و ماڵ و مناڵی فەراهەمی کردبوون، بەڵام دوای ڕوخانی بەعس، سەرکردە شۆڕشگێڕەکان کێشمە کێشمی ئەوەیان بوو کامیان له کۆشکەکانی سەدامدا بژین و بە کەماڵی ئیسراحەتەوە قاچیان لێ ڕاکێشا و خێزانەکانیان تێدا نیشتەجێ کردن..لەوەیش زیاتر هەزاران کۆشکی نوێی تایبەت و ناوازە لە ووڵاتدا بنیات نران بۆ سەدان سەرکردە و سەرۆک حیزب و کوڕ و خزم و هاوئاوازەکانیان، بەوەیشەوە نەوەستان، ملیارەها دۆلاریان ناردە ئەوروپا بۆ کڕینی سەدان کۆشک و تاوەر و مۆڵ ، هەروەها عەمبارکردنی ملیاران دۆلار لە بانکە ئەوروپیی و ئەمەریکییەکاندا بە ناوی خۆیان و ماڵ و مناڵیانەوە.
ئەبوو دەزگا تۆقێنەر و ئەشکەنجەدەرەکانی بەعس بۆ هەتا هەتایە لە گۆڕ بنرانایه و .. جۆرێکی تر لە دەزگای ئاسایش دامەزرێنرانایە کە لە خزمەتی بیر و باوەڕ و ئایدیا جیاوازەکاندا بوونایە، بەڵام بە پێچەوانەوە سەدان دەزگای تۆقێنەر و داپڵۆسێنەری حیزبیی و مەزهەبیی دروستکران، سەدان زیندانی نهێنیی و حیزبیی و بنەماڵەیی بنیات نران، کە هەموویان سیخناخکران لە کەسانی ئۆپۆزیسیۆن و بیریار و زانا و دانا کە لەگەڵ دەسەڵاتە ناوچەیی و میلیشیاکاندا هاوئاواز نەبوون.
ئەبوو دیاردەی گەلەگورگی حیمایه و پۆلە ئوتومبیلی ڕەشی لە بن نەهاتووی دوای سەرۆک و سروود و گۆرانیی بە قەد و باڵای سەرۆکدا بۆ هەتاهەتایە لە گۆڕنرانایە، سەرۆکێکی نیشتمانیی و خاکیی و تەکنۆکرات جێگای بگرتنایەتەوە، کەچی سەدان و هەزاران سەرۆک و کوڕ و کاڵی سەرۆک، دەیان هەزار پاسەوان و حیمایه و ئوتومبیلی گوللە نەبڕ هاتنە ئاراوە، بە جۆرێ هەزار ڕەحمەت بۆ کفن دز ڕەوانە کران، سەدان سروود بەسەر سەرۆکە تازەکاندا و ماڵ و مناڵیاندا هەڵدران ، بە جۆرێک ئەگەر بەعس گۆرانیبێژ و شاعیرەکانی ناوخۆی ناچار کردبوو، شیعر و سروودی بۆ ڕێکبخەن، ئەمان ملیۆنان دۆلاریان دا بە هونەرمەند و شاعیری بێگانە، بۆ ئەوەی ئەوەندەی تر بیانکەن بە پەند و جێگای پێکەنین و گاڵتەجاڕی میللەتان ومیدیاکانی جیهان.
ئەبوو دیاردەی ڕاگەیاندنی تایبەت بە سەدام حسێن و ڕۆژنامەی تایبەت بە سەدام حسێن بۆ هەتا هەتایە قەڵاچۆ بکرایە . ئەبوو دیاردەی هەڵواسینی وێنەی سەرۆک و پەیکەری سەرۆک له ڕەگ و ڕیشەوە هەڵکەنرانایە، سەرۆکپەرستی و سەرۆکپیرۆزکردنیان لە بیر و بیرەوریی میللەتدا بسڕیایەتەوە، شتێکیان نەهێشتایەتەوە لە بەربەست لە نێوان سەرۆک و میللەتدا، وەک هەر ووڵاتێکی ئەوروپیی و تێکنۆکرات کە سەرۆک و پاشا و وەزیرەکان لەسەر پاسکیل و لەناو میترۆ و مۆڵ و مارکێتەکاندا وەک هاووڵاتییەکی سادە و ساکار دەردەکەون.
کەچی سەدان هێندەی سەردەمی بەعس، ڕۆژنامە و بڵاوکراوە و کەناڵ و ڕاگەیاندنی تایبەت بە سەرۆک و حیزب و بنەماڵە و مناڵەکانیان دامەزرێنران .. پەیکەر و وێنە و تابلۆی سەرۆک و بنەماڵە و مەزهەبەکان گەیشتە چڵەپۆپە، ملیۆنان دۆلار لەو دیاردە بێسوود و ڕووکەشەدا خەرج کران و خەرج ئەکرێن، لە کاتێکدا ملیۆنان هاووڵاتیی ئەو وڵاتە لە خوار هێڵی هەژارییەوە بە دەست باری قورسی گوزەران و نەخۆشیی و نەخوێندەوارییەوە ئەناڵێنن
دوو جۆر جیهان دروست کران کە هیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نییە، جیهانێکیان پڕپڕ لە نەهامەتیی و بێکاریی و نەخۆشیی و کێشەی قوڵی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیان. هەرچی جیهانی دووەمە، جیهانێکی پڕ پڕ لە ملیارەها دۆلار و ڤێلا و گەشتی وڵاتان و پڕۆژەی گەورەی تاکەکەسیی و کچە مۆدێل و زیادەڕەویی لە ڕابواردن و خەرجکردندا، ئەم جیهانە تایبەتکرا بە سەرۆکخێڵ و حیزب و بەناو سەرکردەکان .. دوو جیهانی جیاواز کە هیچ بەریەککەوتنێکیان نەبووە و نییە، مەگەر لە مەوسیمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی و نوێنەرایەتیدا بۆ چەند ڕۆژێک خەڵک بینین بۆ هەڵخەڵەتاندنیان دووبارە هەڵلوشینی دەنگەکانیان.
ئەبوو ژمارەی عەرەبانە و دەستگێڕ و خانەکانی لەشفرۆشتن و بەدکاریی کەمبکرێنەوە و نەهێڵرێن و ..کاری شایستە بۆ هاووڵاتیان بدۆزرێتەوە کە لەسەر زەریایەک نەوت و گازی سروشتیدان، کەچی ژمارەی عەرەبانە و خانەکانی لەشفرۆشتن دەیان هەزار جار زیادیان کرد ..ڕوخساری ووڵات گۆڕا بۆ وڵاتێکی سەرەتایی چاخی بەردین، چاخی پێش تەکنۆلۆجیا و کۆمەڵگای مەدەنیی .
ئەبوو ڕێگا و بانی سادە و ساکاری سەردەمی ڕژێمی بەعس، چاکبکرانایە هاوشێوەی ووڵاتە مۆدێرنەکان، بەڵام ڕێگا و بان هێندە وێران و کارەساتبار کران، ڕووداوەکانی هاتوچۆ وەک بەرەیەکی جەنگی ترسناکی لێهات کە ڕۆژانە هەزاران مردوو و برینداری لێدەکەوێتەوە.
بێ ڕێزیکردن بە بڕوانامە لەسەردەمی بەعسدا یەکێک بوو لە دیاردەکان بە هۆی گرنگیدانییەوە بە سوپا و هێزی ناوخۆ و ئاسایش، ئەبوو لە دوای ڕوخانی ئەو ڕژێمە، بەها و شکۆ بۆ زانست و خوێندن و بڕوانامە بگەڕایەتەوە، کەچی ئەو گۆمە لێڵتر کرا، بە قبوڵ خاس هەر ئەندام و دۆستێکی حیزب بیویستایە، ئەیتوانی بچێتە کۆلێژ و خوێندنی باڵا بە دەست بهێنێت بە بێ ئەوەی هیچ تایبەتمەندیی و زیرەکییەکی تێدا بێ .. لە لایەکی تریش دەستیان کرد بە فرۆشتنی کورسی خوێندن لە زانکۆ حوکومییەکاندا بە ملیۆنان دۆلاری ساڵانە بە ناوی پاڕالێل و ..کردنەوەی دەیان و سەدان زانکۆی ئەهلیی بۆ بازرگانیکردن و پارە گرد کردنەوە، لێرەدا ئیتر ڕۆڵی زیرەکیی و داهێنان سفر کرایەوە و بە ناخی زەویدا ڕۆچوو. کار گەیشتە ئەوەی سەرۆکخێڵ و پیاوەکانیان بە بێ ئەوەی بچنە زانکۆکانەوە، بڕوانامەی پڕفیسۆرییان به دێلیڤەریی بۆ ئەڕۆیشتە کۆشکەکانیان.
بە پێچەوانەی پێناسەکانی هانتنگتۆن و نیومان، ئەم شۆڕشگێڕە ساختەچیانە هەستان بە نەهێشتنی ئەو پەنا و پاسارانەی کە ڕژێمی بەعس بۆ میللەتی دروست کردبوو، وەکو خوێندن بە خۆڕایی، تەندروستیی بە خۆڕایی،نەوت و بەنزین و غاز و کارەبا و ئاوی نیمچە خۆڕایی، کەرەستە سەرەتاییەکانی ژیان بە خۆڕایی، ئامێرەکانی ناو ماڵ بۆ فەرمانبەران بە نیمچە خۆڕایی، ڕاگرتنی وڵات و ڕێگریکردن لە ئاودیوبوونی ڤایرۆسە کوشندەکانی وەک ڤایرۆسی ئایدز و جگەر، هەروەها ڕێگریکردن لە مادەی هۆشبەر ، بە نیشتمانییکردن و بە حوکومیکردنی پەیوەندییەکان و نەوت و غاز و کارگە و دامەزراوەکان.
شۆڕشگێڕە ساختەچێکان، کە لە بنەڕەتدا بریکاری کۆڵۆنیالیزمیی جیهان بون و ڕۆڵێکی درۆزنانەی دەوڵەتداریی و نیشتمانپەروەرییان ئەگێڕا، هەستان بە تێکدانی هەموو ئەو پەنا و پاسارە خزمەتگوزارییانەی کە فەرمانبەران و هەژاران سوودیان لێ دەبینی و گەشە و گوزەرانیان تێدا هەڵئەکشا،
خوێندن و تەندروستی خۆڕاییان نەهێشت، نرخی سوتەمەنی و ئاو و کارەبایان لەسەر هاووڵاتیان بە دەیان ئەوەندە و زیاتر بەرز کردەوە و کردیانن بە ئەهلیی کە ژێر بە ژێر هی سەرۆکخێڵ و کوڕەکانیان بوون. کارگە و دامەزراوە و نەوت و غاز و زەوی و شاخ و دەشت و هەموو شتێکیان لە دەست نیشتمان و حوکمەت سەندەوە و ..تاپۆی ڕەشی هەموو شتێکیان خستە گیرفانی سەرۆکخێڵ و کوڕ و یار و یاوەرانیانەوە.
وڵات پڕ بوو لە ڤایرۆسی ئایدز و جگەر بە جۆرێک ڕۆژانە ملیۆنەها دۆلار لە پشکنینی ئەو ڤایرۆسانەدا،لە نەخۆشخانەکاندا، خەرج ئەکرێن .
بە هەزاران کیلۆ مادەی هۆشبەر لە وڵاتدا دێت و دەڕوا و ساغ ئەکرێتەوە.بێکاریی و نەخوێندەواریی و کۆچکردن و بێ هیوایی و خۆکوشتن لە هەڵکشانێکی ترسناکدان.






پەنا بۆ تەنەکەی خۆڵەکانتان ببەن.. نەوزاد بەندی

تۆڵستۆی ئەڵێ : ئێمە زۆر جار بە دوای خۆشبەختیدا ئەگەڕێین و نایدۆزینەوە، وەک چۆن زۆر جار بە دوای چاویلکەکانما ئەگەڕێین کە بە تەپڵی سەرماندا هەڵمانواسیوە و نایدۆزینەوە !

لە ڕاستیدا ئەگەر نان وەک هەموو کەس و شتێک ڕێزی لێ نەگریت، ئەوا نان و کەس و شتەکەیش ڕێزت لێ ناگرن و ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەکەویتە داوی برسێتیی و بێکەسیی و هەژارییەوە.

کاتێ دوو سەرۆکی ئەوروپا و ئەمەریکا بۆ خوانێک کۆ دەبنەوە، دوو هەمبەرگر و دوو بوتڵ ئاو لە بەردەمیاندا ئەبینیت، بەڵام لە خوانی دوو سەرۆکی ووڵاتانی دواکەوتووی بەرخۆردا ، سەدان جۆر خواردن و دەستبڵاوییەکی ناشیرین و تاقەتپڕوکێنەر ئەبینیت.
جارێکیان ئۆباما و پۆتین ،سەرۆکی بەهێزترین دوو ئیمپراتۆرییەتی ئەمڕۆی جیهان، کۆبوونەوە، خوانەکەیان دوو هەمبەرگر و دوو بوتڵ ئاو بوو ، هەمان کات چەند تەنگەئەستوورێکی دەسەڵاتداری نەوتفرۆشی کەنداوی عەرەب کۆبوونەوە، چەندین مەڕ و حوشتر ئامادە کرابوون، لە دوای خوانەکە، سەدان کیلۆ گۆشت و خواردنی بەرماوە به بیلدۆزەر کران بە ژێر گڵەوە.!
ئەوەیش به جۆرێ لە جۆرەکان وایکردووە ئۆباما و پۆتین، لەشێکی پتەو و وەرزشییان هەبێ ومیللەتەکانیان خاوەنی ئابوورییەکی بەهێز بن، بەڵام ئەوانەی کەنداو، قەڵەو و تەمەڵ و بێ هونەر و تەنگەئەستوور و پڕ لە نەخۆشی و مەرگی لەناکاون و میللەتەکانیشیان وەکو سەرۆکەکانیان بێ هونەر ژیان ئەگوزەرێنن چونکە عەرەب ووتەیەکی هەیە ئەڵێ میللەتان لەسەر ئاین و داب و نەریتی سەرۆکەکانیانن.
هەروەها وتراوە ئەوەی زۆر بخوا کەم ئەژی.
کاتێ ڕێز لە خواردن و داهاتەکەت ئەگریت، لەشێکی تەندروست و داهاتێکی جێگیرت ئەبێ و ئەتوانیت یارمەتی هەژار و کەمئەندامێکیش بدەیت، ئەوەیش لە مرۆڤبوون نزیکت ئەخاتەوە.
بەڵام کاتێ ڕێز لە خواردن و داهاتەکەت ناگریت و تەخشان و پەخشانیان ئەکەیت، لەشێکی ناشیرین و عەقڵێکی دۆگما و داهاتێکی ناجێگیرت ئەبێ و ناتوانیت نانێ بدەیت بە برسییەک، ناتوانیت پارووەیەک بدەیت بە گیاندارێک کە لە بەردەرگاکەتا بە چاوی لە مۆلەق وەستاوەوە تەماشات ئەکا .
بۆ ئەوەی لە ئاستی ئابووریی و عەقڵیی و مرۆیی کەس و میللەتەکان حاڵیی بیت، تەماشای تەنەکەی خۆڵەکانیان بکە.
تەنەکەی خۆڵەکانی ئەوروپا و تەنانەت ئێران و تورکیایش، بۆگەنیان نەکردووە، چونکە ئەوان ڕێز لە خواردن ئەگرن و فڕێی نادەن، هێندەی پێویستی خۆیان ئامادە ئەکەن.
شایانی باسە چەند کرێکارێکی ئێرانیی ئیشێکیان بۆ کردم، خواردنی نیوەڕۆم بۆ هێنان . به سەرسوڕمانەوە پێیان ووتم : ئەم هەموو ئیسراف و زیادە ڕەوییە چییە کردووتانە؟ ئێمە برنج هەبێ، شلە ناخۆین.. شلە هەبێ برنجمان ناوێت.
لەکاتێکدا داوەتکردن لای خۆمان، ئەبێ چەند جۆرێ برنج و گۆشت و شلەی پێشکەش بکەین ئەگینا خراپ باس ئەکرێین .
کە دەچینە داوای کچێک یەکەم پرسیاریان ئەوەیە کە ئایا ئەو کوڕه ڕەزیلە؟
لە ڕاستیدا ڕەزیل کەسێکە یارمەتی هەژار و کەمتواناکان نادات، بەڵام لای ئێمە ڕەزیل کەسێکە بە ڕاست و چەپدا زیادە ڕەویی ناکات لە خواردن پارە و داهاتدا.
کەسانێک کە ڕێز لە داهاتەکانیان ئەگرن و به پێی پێویست خەرجیان ئەکەن، بە ڕەزیل ناویان ئەبەین.
وەک دەرەنجامێکیش ئەوانەی کە دەست بڵاو و زیادەڕەون لە خەرجکردندا، ڕۆحی خۆپەرستیی و لووتبەرزیی و گەمژەییان تێدا گەشە ئەکات، ناتوانن یارمەتی هەژار و کەمدەرامەتەکان بدەن، بەپێچەوانەوە وەک کەسێکی باڵا خۆیان ئەبینن و ئەبنە شەڕەنگێز و ترسناک، زۆرترین کێشە و کوشتن و ناتەبایی لەو ناوەندانەدا ڕوو دەدەن ئەو جۆره کەسە خۆپەرستە دەستبڵاوانەی تێدا کۆ دەبنەوە. تاک یان میللەت لە خواردندا دەست بڵاو بێت، لە پۆشاک و ئوتومبیل و خانوو و قسەکردن و هەموو شتەکانی تریشدا دەست بڵاو ئەبێت ، بەو جۆرە داهاتی نیشتمانیی و تاکەکەسیی ئەو میللەتانە لە هیچدا بە هەدەر ئەدرێن، زۆر تێرن یان زۆر برسین ..بێدەنگ و زیزن لە یەکتریی یان زۆربڵێ و بێزارکەرن.
لەوەیش زیاتر دیاردە و دیمەن و تابلۆی ناشیرینیان تێدا سەرهەڵدەدات، بۆ نمونە چێشتخانەی زیادە ڕەو، کە تەنەکەی خۆڵەکانی پڕپڕن لە پاشماوەی خواردن، لە بەرامبەردا هەژاران لەبەردەم ئەو چێشتخانانەدا سواڵ ئەکەن بۆ نانێک.. ئۆتۆمبیلی گرانبەها بە دەیان و سەدان هەزار دۆلار ئەبینی، لە بەرامبەردا هەموو کۆمەڵگا داد و بێدادیانە لەدەست هەژاریی و بێ بازاڕیی و ئیفلاسیی .. کۆشک و تەلاری زۆر شاهانە و گرانبەها سەر هەڵدەدەن، لە بەرامبەردا خەڵکەکە هاواری لێ بەرز دەبێتەوە لەبەر کرێچێتیی و هەندێکیان لە گوێی شەقامەکاندا ڕەشماڵ هەڵدەدەن بۆ ئەوەی بە کردار بیسەلمێنن کەوتوونەتە سەر پلێت و سەر ساجی عەلی، تاکو خێرخوازان فریایان بکەون.
سەرۆکێک ئەبینی نرخی سەعاتەکەی مەچەکی حەوت؛ هەشت ملیۆن دۆلارە کەچی بە خەمگینییەوە ئەڵێ ناتوانین موچەی موچەخۆرەکانمان بدەین ..دیاردەی کۆکردنەوەی خۆراک لە تەنەکەی خۆڵەکاندا .. تابلۆی بۆگەنبوونی هەموو تەنەکەکان بە هۆی پاشەکەوتکردنی خواردن و داهاتی میللەت لە تیایاندا ..بۆگەنکردنیان و گۆڕینیان بۆ ناوەندی بڵاو بوونەوەی بەکتریا و مشەخۆر و مێرووەکان و نەخۆشییەکان و بۆنی پیس.
دیاردەی هەبوونی تریلیۆنەها دۆلار و سەدان ملیاردێر لە ووڵاتدا، بە بێ ئەوەی کێشەکانی کارەبا و ئاو و ڕێگا و بان و هەژاریی چارەسەر بکرێن.
ئەوە ڕێک ووتەکەی نووسەر و بیریاری مەزنی ڕوسیا و جیهانە، چاویلکەکە بەسەر سەرمانەوەیه و کەچی نابینین و بە کوێریی ژیان بەسەر ئەبەین .. بەختەوەرییەکە هەیە و کەچی ناتوانین لێی سود مەند و بەختەوەر بین .
دەرئەنجامەکانی میللەتانی لووتبەرز و زیادە ڕەویش زۆرن، وەکو دیاردەی پارچە پارچه بوونی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و ئاینیی و نیشتمانیی و سیاسیی ..دیاردەی قۆرخکردنی زەوی و داهات و عەقڵی یەکتریی.. دیاردەی تێر نەبوون و چاوبرسێتیی .. دیاردەی بێ منەتیی و سوککردنی یەکتر .. بە کۆڵەکەی ئاشدا چوونی سەرکردەی فریادڕەس و کاریزما .. هەڵخەڵەتاندن و ئیستیغلالکردنی یەکتریی لە ژێر ناوی نیشتمانپەروەریی و ئاینیی و مرۆڤایەتیدا ..دیاردەی کۆچکردن و سەرهەڵگرتن و سڕینەوەی گەل و نیشتمان و ئینتیما .. دیاردەی نائومێد بوون لە دەسەڵات و میللەت و نیشتمان ..دیاردەی نەدۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ و ڕیفۆرمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ..سەرهەڵدانی ڕق و تۆڵە لە نێوان میللەت و دەسەڵات و حیزب و دەستە و تاقم و بنەماڵە و خێزان و ئاین و مەزهەبەکاندا..گەمەی سیاسیی و ئەشکەنجەدان و تاوان و هەڵوەشانی خێزان و بڵاو بوونەوەی بێ ڕەوشتیی و لەشفرۆشیی و بازرگانیی مادە هۆشبەر و سڕکەرەکان ..دیاردەی بێ خەمیی حوکمەت و میللەت لەبەرامبەر نەهامەتییە گەورەکاندا .. گەلێک دەرەنجامی گاڵتەجاڕی تر ، کە کۆڵۆنیالیزمە جیهانییەکان سوودی لێدەبینن و بە ئاژاوەی بنایتنەر (الفوضی الخلاقة ) پێناسەیان کردووە .. لە کاتێکدا میللەتێک لەناو گێژاوی ئاژاوەدا ئەتلێنەوە، کۆڵۆنیالیستەکان وەبەرهێنان لەو ئاژاوەیەدا ئەکەن، سیاسەتی میلیتاریی و ئابووریی خۆیانیان بە سەردا ئەسەپێنن ، داهاتەکانیان ئەدزن و ئەیانکەنە پاشکۆی خۆیان.
جێگای پێکەنین و گریانیشە کە سەرۆکی گەورە کۆڵۆنیالیستێکی وەک تڕەمپ لە وەڵامی ڕۆژنامەنوسێکدا بە گاڵتە جاڕییەوە ئەڵێ : عێراق کەی ووڵاتە ؟ ووڵاتی چی ؟
بەڵام شەرم ناکات و لە خۆی ناپرسێ کە ئەمەریکا خۆی ڕاستەخۆ ئەو ڕیفۆرمەی لە عێراقدا کرد و ڕژێمی بەعسی ڕوخاند و بە حیساب عێراقی نوێی هێنایە ئاراوە.
ئەمە پێی دەووترێت : ڕاوکردن لەناو گۆمی لێخندا ، ئەوەی تیایدا کۆڵۆنیالیستەکانی پشکی شێر ئەدزن و پاشماوەکانیش بۆ بریکار و جەردە و کاسەلێسەکانیان بەجێدەهێڵن.. ئەو گۆمەی تیایدا قەدری سنعەتکار وون دەبێ وەک عەبدوڵا گۆران لە شیعری دەروێش عەبدوڵادا وێنای کردووە .
کەواتە پێویستە لەم بار و دۆخە گاڵتە جاڕەی ئەمڕۆدا، کە 70 ڕۆژە موچەی میللەتێک نادیارە، بگەڕێینەوە بۆ لای تەنەکەی خۆڵەکانمان، ئەو سەتڵە بۆگەنەی کە دەرەنجامی هەموو نەهامەتییەکانمانە ، لەوێدا بیر بکەینەوە، هەر هیچ نەبێ بۆ دداننان بە هەڵەکانماندا و .. دەستپێکردن و ڕیفۆرمێکی تازە لە سفرەوە .




بزانە مرۆڤیت یان ئاژەڵ.. نەوزاد بەندی

مرۆڤە بەرزەکانی مێژوو، ئەوانەی مێژوو بۆ هەتا هەتایە ناوی تۆمارکردوون، کەسانێکن زیاتر کاریان بۆ ئاسوودە کردنی ئەوانی تر کردووە نەک بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان .
لەناو عەرەبدا حاتەمی تەی بووە بە سیمبوڵی خۆنەویستی و نانبدەیی، کە تاقە ئەسپەکەی بۆ خەڵکێکی برسی سەربڕیوە و گۆشتەکەی دەرخوارد داون یان ساجی عەلی بریتییە لەو ساجەی ماڵی ئیمامی عەلی کە بە دەگمەن نانێکی پێوە بووە بۆ خۆی و ماڵ و منداڵی، هەمیشە نانەکانی داوە بە هەژاران .
گی ڤارا ئەو پزیشکە خۆنەویستە ئازادیخوازەی کە ژیان و گیانی خۆی بەخشی لە پێناوی ئازاد کردن و خۆشگوزەرانیی بۆ ئەوانی تر .
تەنانەت هەندێ هەڵوێستی دیکتاتۆران وەک نمونەیەکی پرشنگدار لە مێژوودا تۆمارکراون وەک جۆزێف ستالینی سەرۆکی ڕوسیای شۆرەویی، کاتێ لە گەرمەی جەنگی جیهانیی دووەمدا ڕازی نابێت کوڕە دیلەکەی لای ئەڵمانەکان لەگەڵ ئەفسەرێکی ئەڵمانیدا ئاڵوگۆڕ بکا. ئەمە دوو تایبەتمەندیی مرۆڤبوونی ئەو دیکتاتۆرە دەردەخات، یەکەمیان کوڕی سەرۆکی یەکێک لە دووەم گەورەترین ووڵاتی جیهانی ئەو کاتە ، وەک کوڕی هەر کەسێک ئەچێتە بەرەکانی جەنگ و شەڕ ئەکا و دیل ئەکرێ. دووەمیشیان کوڕی دیلکراوی سەرۆک وەک کوڕی به دیلگیراوی هەر ڕوسییەک ، ئەبێ له زینداندا بمێنێتەوە هەتا جەنگ تەواو ئەبێ.
کاتێ مرۆڤ داڵدە و نان و ئاو و خۆشگوزەرانیی و داهاتوو بۆ ماڵ و مناڵەکەی خۆی دابین دەکات، لە بازنەی ئاژەڵبوون دەرنەچووە، چونکە هەموو ئاژەڵ و پەلەوەر و بوونەوەرێک هەوڵی یەکبینەی بۆ دابین کردنی داڵدە و نان و ئاوە بۆ خێزان و بێچووەکانی..
واتا مرۆڤبوون پابەندە بە ڕێژەی ئەو خزمەتانەی بە بێ بەرامبەر پێشکەشی ئەوانی تری دەکەیت ..پابەندە بە ڕێژەی خەمخواردنت بۆ ژیان و گوزەران و کێشەکانی ئەوانی تر .
ئەوانەی چوونەتە مێژووی مرۆڤایەتییەوە و بوونەتە جێگای شانازیی مرۆڤایەتیی، ئەوانەن کە بۆ ئەوانی تر ژیاون و خەمخۆر بوون بۆ ئەوانی تر زیاتر لە خەمخورییان بۆ خۆیان و ماڵ و مناڵەکانیان .
لەناو گیانداراندا جۆرێکی تر لە بوونەوەر هەیە کە پێیان ئەووترێ دڕندە.
دڕندە ئەو گیاندارانەن کە پەلاماری ژیان و هێلانە و بێچووی گیاندارانی تر دەدەن و تێکیان ئەشکێنن و ئەیانکەن بە خواردن بۆ خۆیان و بێچووەکانیان. ئەم جۆرە لە گیانداران ترسناکترین و قێزەونترین بوونەوەری سروشتن .
ئەم جۆرە دڕندەییە، پەڕیوەتەوە بۆ ناو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیش، کاتێ کەسانێک ئەبینین هەر بەوەوە ناوەستن ئاژەڵ بن و تەنها هەوڵ بۆ خۆیان و خێزان و بنەماڵەکانیان بدەن، بەڵکو پەلاماری نان و ژیان و داهات و داهاتووی ئەوانی تر ئەدەن و ..قۆرخیان ئەکەن بۆ خۆیان و مناڵ و بنەماڵە و خێزانەکانیان.
ئەم جۆرە مرۆڤانە ، نەک هەر ئاژەڵن ، بەڵکو ئاژەڵی ترسناک و دڕندەیشن. ناشیرینترین جۆری بوونەوەر و قێزەونترینیانن، کاتێ ئەیانبینیت داهاتی کۆمەڵگایەک و زەوی و ژێر زەوی و قوت و بژێویی ملیۆنان مرۆڤ، ئەفڕێنن و ئەدزن و ئەیخەنە خزمەتی خۆیان و خێزانەکانیان، هیچ باکیان بەوە نییە خەڵکێک برسی و بێ ئیش و بێ داهاتوو ، سەرلێشێواو و زەلیل بن، تەنانەت چێژی لێ دەبینن و ..ئەوەیش دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی لە بەرامبەر موچەیەکی کەم چەک بکەنە شانیان و بیانکەن بە پاسەوان و چەکداری خۆیان.
لەوەیش زیاتر ، دڕندەیی و ترسناکیی ئەم جۆرە ئاژەڵانە، لەو ئاستەدا ناوەستێ، جەنگ و ترس و زیندانی نهێنی دروست دەکەن و چێژ لە کوشتن و ئازار و ئەشکەنجەدانی ئەوانە ئەبینن کە مرۆڤن و لە پێناوی گەڕانەوەی مرۆڤایەتیی و یەکسانییدا هەوڵ و خەبات ئەکەن .
بڕوانە دەسەڵاتدارانی بەغداد و هەرێمی کوردستان، ئەوسا بە ئاشکرا ئەو ئاژەڵە ترسناکە ملیاردێرانە ئەبینیت کە هیچ باکیان بە برسیکردنی میللەتانی عێراق نییە .. بێکاریی و سەرهەڵگرتنی لاوان و داڕوخانی شار و گوند و شارۆچکەکان و نەمانی خزمەتگوزارییەکان هیچ خەمێکیان لەلا دروست ناکات ، تەنها خەمی ئەمان زیاتر کردنی ژمارەی ملیارە دزراوە عەمبارکراوەکانیانە، زیاتر کردنی پڕۆژە زەبەلاحەکانی خۆیان و مناڵ و خێزانەکانیانە .
ئەمانە مێژوو ئەیانخاتە ناو زبڵدانەکانەوە.. هەتا هەتایە ئەبنە جێی نەفرەت و ڕق و توڕەیی مرۆڤایەتیی. لە بەرامبەردا میللەتەکانیان ئەبنە قوربانییەکی درێژخایەن، درێژخایەنتر له قوربانیانی هەڵەبجە و ناگازاکی و هێرۆشیما.

نەوزاد بەندی




ژنە جوتیارەکان خۆیان لە خۆیان داوە یان حوکمەت خۆی خۆی ڕوخاندووە.. نەوزاد بەندی

هەندێ کەس ئەڵێن : گۆڕینی حوکمەت کێشەکان چارەسەر ئەکا ..
بەڵام من ئەپرسم کام حوکمەت ؟
ئەو حوکمەتەی کە بازرگانێکە و هەموو دەزگا خزمەتگوزاریی و پەروەردەییەکانی کردووە بە دەزگای بازرگانیی و ژێر بە ژێر خۆی وەبەرهێنانیان تێدا ئەکات ؟
ئەو حوکمەتەی کە دژی دەزگا حوکومییەکان ئیش ئەکات و ..ئەگەر نەخۆشخانەیەکی حوکومیی هەبێ ، دوانزە نەخۆشخانەی بازرگانیی قوت کردۆتەوە ؟
ئەو حوکومەتەی کە ئەگەر دایەنگا و باخچەیەکی ساوایان و قوتابخانەیەکی سەرەتایی حوکومیی هەبێ ، دە دوانزە دایەنگا و باخچەی ساوایان و قوتابخانەی سەرەتایی بازرگانیی بەناوی وڵاتانی بیانییەوە قوت کردۆتەوە ؟
ئەگەر زانکۆیەکی حوکومیی هەبێ ، دەیان زانکۆی بازرگانی بە ناوی ووڵاتانی بێگانەوە دامەزراندووە ؟
بەنزینخانە و کارگەی چیمەنتۆ و جگەرە و پاڵاوگەی حوکومیی لەسەر زەمینی هەرێم نەهێشتووە و هەمووی بوون بە دەزگای بازرگانیی حیزبی قائید ..
کارەبا و ئاو و پەیوەندییەکان یەکپارچە لە دەستی حوکومەت ڕفێنراون و خراونەتە دەستی زبری بازرگانە حیزبییەکان کە ڕاستەوخۆ سەر بە حیزبی قائیدن ..
پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە تەواوەتیی لە لایەن حوکمەتەوە !! لە حوکومەت سەنراوەتەوە و دراوەتە دەستی بازرگانانی حیزبیی سەر بە حیزبی قائید ..
کام دەزگا و دامەزراوەی حوکومیی ئەگۆڕن لە کاتێکدا حوکمەتەکە خۆی لە مێژە دەزگا و دامەزراوە حوکومییەکان گۆڕاون و ڕوخاون ؟
ڕۆژ بە ڕۆژ فەرمانبەرە حوکومییەکان خانەنشین دەکرێن و ..ژمارەکانیان ئەپوکێنەوە و ..هێزی کاری حوکمەت وەک بەزی بەر ئاگر ئەتوێتەوە و .. هیچ کەسێکیش لە جێیان دانامەزرێت .لە بەرامبەردا سەدان کۆمپانیا و هەزارەها هێزی کاری ئێرانی و تورکی و چینی و ماچینیی نیشتەجێ کراون .
ئەوەیش بڵێین هەرچی دامەزراوەی حوکومیین خاڵی کراونەتەوە لە خزمەتگوزارییەکان و بوون بە پاڵپشتی دامەزراوە ئەهلییە حیزبییەکان و تەنها پارەیان پێ پەیدا ئەکرێ ، بۆ نمونە بڕواننە دەرمانخانەی نەخۆشخانە حوکومییەکان هیچ جۆرە دەرمانێکیان تێدا نییە، نەخۆش ئەبێ بڕوات لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان دەرمان و کەرەستەکان بکڕێت و بیهێنێتەوە بۆ نەخۆشخانە حوکومییەکان . پاشان داتاشینی یاسای نەشتەرگەریکردنی سیمی پرایڤەیت لە نەخۆشخانە حوکومییەکاندا لوتکەی گاڵتەجاڕییە .. سیمی پرایڤەیت واتە نیمچە ئەهلیی ، یان نیمچە بازرگانیی، واتا نەخۆشێک دێتە نەخۆشخانەی حوکومیی پێویستی بە نەشتەرگەرییەکە ، لە دەرەوە بۆ نمونە بە ملیۆنێک دینارە ، ئەمان لەناو نەخۆشخانەی حوکومیدا بە 600 هەزار بۆی دەکەن و پارەکەیشی بۆ دەستڕۆیشتوانە ..هەروەها کۆلێژەکانی زانکۆ حوکومییەکان نمرەیەک ئەفرۆشن بە هەزاران دۆلاری ساڵانە بۆ ئەوەی تەلەبەیەک لە کۆلێژێکەوە بڕوات بۆ کۆلێژێکی بەرزتر ئەمەیش زاراوەیەکی بێگانەی بۆ دانراوە ، ناو نراوە پاڕالێل، به بێ گوێدانە ئاستی زانستیی و خواردنی مافی تەلەبە زیرەکەکان ..یان لە قوتابخانە حوکومییەکاندا ،بە قودرەتی قادر، تەلەبە هیچ فێر نابێ، ناچارە بچێت وانەی تایبەتی بازرگانیی بکڕێ، ئەگینا ئەو داهاتووەی کە لە بنچینەدا سووتاوە و دامەزراندن نییە، ئەسوتێت .
ئەم حوکمەتەی ئێستا هەیە ئەگەر باران ببارێ جوتی ئەگەڕێ و ئەگەر با بێ ئاشی ئەگەڕێ ..
ئەگەر فەرمانبەرە حوکومییەکان مان بگرن و دەرگای دامەزراوە حوکمییەکان دابخەن، ئەوسا دامەزراوە بازرگانییە ئەهلییە حیزبییەکان بازاڕیان گەرم ئەبێ.
واتا زانکۆی حوکومیی مان بگرێ ، زانکۆی ئەهلی حیزبیی پڕ ئەبێ لە تەلەبە و بازاڕیان گەرم ئەبێ ..هەروەها نەخۆشخانە و هەموو سێکتەرە حوکومییەکان بە هەمان شێوەیان لێهاتووە، باران بێ جوتی دەسەڵات ئەگەڕێ و با بێ ئاشەکەی..
یەک سێکتەر نەماوەتەوە هەژار و کەمتوانا و بێنەوایان ڕووی تێ بکا بێجگە لەو خێرخوایانەی کە لە ڕێی خوادا و بە تەمای بەهەشت، زەکات و سەدەقە ئەدەن بەو خەڵکە .
سەرۆک وەزیرانی ووڵاتی فینلاند، قوتابخانە و زانکۆ ئەهلییەکانی لە ووڵاتەکەیدا داخست ، ووتی : هەبوونی خوێندنی دەوڵەمەندەکان و خوێندنی هەژارەکان، دووبەرەکیی کۆمەڵایەتیی دروست دەکا و جۆرێک لە ڕەگەزپەرستیی و چینایەتیی تۆخ دەکاتەوە ، نامانەوێت ، کۆمەڵگایەکی یەکسان و تەبامان ئەوێت .
لە سەردەمی سەدامدا کە بە گەورە دیکتاتۆر ناسراوە، بازاڕە ناوەندییەکان هەبوون کە هەموو کەرەستەیەکیان بە نرخی هەرزان بە فەرمانبەران ئەفرۆشت ..
ئەگەڕێمەوە و ئەڵێم، حوکمەت خۆی خۆی ڕوخاندووە باس لە گۆڕین و ڕوخانی چی دەکەن ؟ ئەگەر سبەینێ حوکمەتێکی تریش بێتە، لە چۆڵاییەکی کەنعان خۆی دەبینێتەوە و ..هەرچی دەزگای حوکومیی هەیە بوون بە ئەهلی و حیزبیی و چ قورەتە توخنیان بکەوێت ..
و علی روح المرحوم سورة الفاتحة .




لە پەراوێزی زیندانێکی نهێنیدا.. شیعری نەوزاد بەندی

نەڕۆیشتین، هەتا هات سوپای خەم
پەنجەرەیەک کردتەوە ئەبێ دایخەم …
خەتای هۆزی بەربەریی بوو فەوتاندی،
نەگرن خەتای چارەنوس و خەتای خەم ..
لەلای تۆیە بەهای ملیار و مایباخ
بۆ میللەتیش دەردی ڕەها و بەهای خەم ..
لە پای چیدا ..له پای چیدا .. لە پای چی ؟
لە پای هیچدا .. لە پای هیچ، ڕەشەبای خەم!
لە چیت کەمە ، لە دوای چی تر ئەگەڕێی؟
شار بستێکی نەماوە ئەگەر ڕایخەم ..
خاکێ گۆڕی خۆتی تیابێ، چی ئەدزی؟
هەی داڕزێی، گڵۆڵەت کا پەتای خەم ..
بەناو خوێنی پاکی خەڵکا هەڵکشای ،
جا میللەتت دایە دەس دەسکەلای خەم..
ئەم ڕق و قینەی تۆ لە کوێ هات؟
شار و دێهات بوون بە کاروانسەرای خەم .
چیت دەستکەوت وا نیشتمانت هەڕاج کرد ؟
وا گشتمانت کرد بە پشت و پەنای خەم ؟
ئەمە دیاری و پاداشتت بوو بۆ گەلێ،
بۆ هەلێ وێڵ بوو ڕاکا لە قەڵای خەم ..
خیانەت تاڵە وا ناچێتە سەر بۆت،
بڕوانە دێتە دەر بۆت ئەژدیهای خەم ..
کە هات کۆتایی تەمەن ، دێ لەناکاو ،
مافی میللەت نییە تا بڵێی دوای خەم ..
لە ساتێکا مەرگ دێ و ڕاپێچت ئەکا
دەرچەت نامێنێ بێجگە لە دەرگای خەم

نەوزاد بەندی




چیرۆکێ کە نەمنوسی.. نەوزاد بەندی

بە نیوەڕۆیەکی هاویندا ڕێت ئەکەوێتە چۆڵەوانییەک، هەتا چاو بڕکا دڕک و داڵی ووشک و زەردهەڵگەڕاو ئەبینی، بەشێکی دەشتەکە سووتاوە، زیکزیکەیەک به دڕکێکەوە وشکهەڵاتووە، دڵۆپەیەک ئاو لە هیچ شوێنێکەوە نابینی، بەرە بەرە قوڕگت ئەبێ بە پەڵاس، حەز ئەکەی جنێوێ بدەیت، بەس نازانیت بە کێ.
نیمچە بایەکی گەرم دێت بە ڕووتا، لەگەڵ خۆیدا بۆگەنێک ئەدا بە لووتتا، ڕەنگە بۆگەنی پشیلەیەک بێ کە ئوتومبیلێک شێلابێتی، یان باڵندەیەکی مردارەوە بوو..یاخود مەڕێکیان لەو دەشتەدا کەوڵ کردبێ، ناوسک و پێستەکەیان بە جێهێشتبێ و بۆگەنیان کردبێ، لەگەڵیدا ڤینگەی هەزاران مێش ئەبیستی، وات لێدەکەن ڕابکەیت، مەرج نییە بۆ کوێ، گرنگ ئەوەیە ڕابکەیت و دوور بکەویتەوە و تەواو..
لێرەدا نزیکترین هاوڕێم لێ ڕاست ئەبێتەوە، ئەڵێ : جا کوا ئەمساڵ دڕک و داڵ هەیە؟ سوپاس بۆ خوا بارانێکی زۆر باریوە و له وشکەساڵیی دەرچووین، دەشت و دەر هەمووی چەم و کانی و کارێز و قەڵبەزەیە ..بێڵەکەی دوکانیش سەرڕێژ بووە.
یەکێکی تریان ئەڵێ، بە هیچ جۆرێ ڕێپێدراو نییە مەڕ و ماڵات لە دەشت و دەر کەوڵ بکرێن، لە هەموو شارەکانا قەسابخانەی گەورە و پاک و تەندروست بنیاتنراون و پزیشکی بەیتاڵی تایبەت پشکنینی گشتی بۆ مەڕ و ماڵات ئەکەن پێش سەربڕینیان، هەر بۆیە دێڕی مەڕ سەربڕینەکەت ڕەنگە داواکاری گشتی بێنێتە سەر خەت و پەلکێشی دادگات بکەن.
مۆبایلەکەم زەنگی هاتنی نامەیەک ئەدات بە گوێمدا، ئامۆزایەکمە لە فەڕەنسا، نوسیوێتی: کاکی من! خراپ دەستت داوەتێ، بە تەمای ببی بەچی؟ کافکا؟ ستانداڵ؟ گۆرکی؟ وازبێنە برا، ئێوە تازە لە دەرەوەی کەڵچەر و شتن،خوا نانێکی داوە، بۆ خۆت بیخۆ و لەسەرئێشە مەگەڕێ، بۆچی عەسابەیەکت لێ تاین بێ و فیشەکبارانت بکا؟ ئەو وەسفە ترسناکە چییە کردوتە.
ئەچمە نانەواخانەکەی عەتوش، لە پشتەوە کەسێ قۆڵم ئەگرێ، ئاوڕێکی خێرای بۆ ئەدەمەوە، سالە زیکەی هاوڕێی حوجرەی پێش نیو سەدە ئەبینم، ڕشتنی عەرەقێک و هەناسەیەکی ساردم لە هەمان کاتدان، لە کاتێکدا پەنجە ڕەق و شین هەڵگەڕاوەکانی وەک جاڵجاڵۆکەیەکی گەورەی قێزەون لە قۆڵم ئەکەمەوە، پێی ئەڵێم: هەتیو! دەستت ئەڵێی مەنگەنەیە، ئەم حەرەکە قۆڕانە کەی تەرک ئەکەی؟
سالە زیکە ڕێک بە پێکەنینە قوقەی کەڵەشێری نەخۆشئاساکەی پێش پەنجا ساڵەوە، ئەڵێ: ئێ کە ئەوەندە ئەترسیت، بۆچی وا خراپ ڕەخنە له حوکمەت ئەگریت؟ ئەو پەرەگرافەی کە دزەی کردووە، هەر ووشەیەکی میرازییەکی چاکی پێوەیە..
ئەمەوێ پێی بڵێم کام پەرەگراف و ..کام ووشە و .. چ گەمژەییەکە دەستت داوەتێ، بەڵام پێم باشە قسەی تێدا خەرج نەکەم، پارەی نانەکەم لە ڕیزی سەرەگرتنەکە دەردێنم و بە تووڕەییەوە ئەڕۆم، گوێم لێ نییە لە دواوە سالە زیکە چی دەڵێ و چی ناڵێ، هەندێ جار پیاو لە ناکاو تووڕە ئەبێ، ڕەنگە ئەو شتەی بە هۆیەوە تووڕە بووە، شتێکی ئەوتۆ نەبێ، ئەتوانین بڵێین ئەو شتە هاوکاتە لەگەڵ پڕبوونی دڵت لە تووڕەیی و خۆ خواردنەوەی ساڵەهای ساڵ و لێڕژانی.. حەزم کرد زۆر خێرا لێی دوور بکەومەوە نەک سێڵاوی ئەو تووڕەییە، دەم و قەپۆزیم پێبشکێنێ، لەگەڵ هەر هەنگاوێکمدا ئەهاتە بەرچاوم کە چۆن بە هەموو هێزی خۆمەوە مشتەکۆڵەیەک لە نێوان دەم و لووتی ئەدەم، لەو شوێنەی کە سمێڵی لێ نەدەڕوا، پێمان ئەوت مەغۆل، ئاخر مەغۆلەکان چاڵی خوار لووتیان مووی لێ ناڕوێ، هاوکات لەگەڵ پژانی لوتی و لەقبوونی دوو دانە کەروێشکییەکەی، بیر لەوە ئەکەمەوە ئەبێ سالە چی ووتبێ وا بەو هەموو هێزەوە، ئەو مشتەکوڵەیەم پیا کێشاوە؟ لەوێدا خۆیشم نازانم کە ئەو مشتەکۆڵەیە کۆکراوەی تووڕەیی دەیان ساڵە، مشتەکۆڵەگەلێکی دەیان ساڵە شاردوومنەتەوە و نەموەشاندوون، دژی ئەو مامۆستا حیزبییانەی زانکۆ کە لەبەر بێلایەنیی و بێکەسیمەوە نمرەیان لێدەشکاندم بۆ ئەوەی کاروانی خوێندنی باڵام پەک بخەن و ڕەوانەی سەربازگام بکەن. هی ئەو عەریفە نەخوێندەوارانەی لە هیچ و خۆڕایی سزای توندیان ئەدام..هی ئەو بەڕێوەبەر و فرۆشیار و پاسەوانی بازگە و وەزیر و کابینەی حوکومیی و شۆفێری تەکسی و هاوڕێ و دراوسێ کێویانەی کە ئەشکەنجەیان داوم و کاردانەوەم نەبووە و بەسەر خۆمم نەهێناون..
لەو سەری شەقامەکە ئاوڕ ئەدەمەوە بۆ ئەوەی دڵنیابم لەوەی دەم و قەپۆزی سالە زیکەم نەشکاندووە، لە دوورەوە نێوان لووت و دەمی بە لێڵیی ئەبینم، زۆر ئاسایین و خۆێنیان پیا نایەتە خوارەوە، ڕێک وەک هی هۆلاکۆ وایه، دوو چەپک سمێڵی بە یەکتر نەگەیشتوو، چاڵێکی خوار لووتی لوس و سفت و بێ موو، لە جێسابونی گەرماوە کۆنەکان ئەچوو، کەواتە مشتەکۆڵەم نەوەشاندووە
ــ وەرەوە، نانەکەت ببە، مەترسە، بەرپرسێکی باڵای ئاسایش ئەناسم .. وەرەوە ..مەتۆرێ ..!
شەو سەعات دە و چارەک، ئەمەوێ تەماشایەکی بەشێکی ڕۆمانی ئاغاکانی ئاکچەساز بکەم، خوشکە گەورەکەم زەنگم بۆ ئەکا :
ــ بەڵێ، فەرموو ..
ــ ئەڵێی گیانی خۆت لێ زیادە؟ ئەمانە کاغەزی سپی ئەخوێننەوە، وا ئەزانی نازانن دڕک و ووشکەساڵیی و بۆگەنی پشیلەی تۆپیو مەقسەدت لەوانە؟
ــ تۆ ئەمەت لە کوێ خوێندۆتەوە؟
ــ وا دیارە ئاگات لێ نییە، لە تیکتۆک ملیۆنێک فۆڵۆیان کردووە و دەیان هەزار دەستخۆشی و جنێو و هەڕەشەت بۆ هاتووە؟
هەناسەیەکی ساردی تر هەڵئەکێشم، هەوڵ ئەدەم بەسەر خۆمیدا نەهێنم و تووڕەییەکەم قوت بدەمەوە ..

ــ ئێستا من چی بکەم ؟
ــ وەڵا خۆت ئەزانی .. ڕەفیقەکانت هەموویان بوون بە ملیۆنێر و ملیاردێر، لە ئەستەمبوڵ و دوبەی ڤێلایان هەیە، تۆیش به دیار کیبۆردی مۆبایلێکی پەنجا هەزارییەوە، خەریکی سەری خۆت ئەکەی بە فەتارەتێکاــ
ــ چ سەگبابێ پەرەگرافێ نوسینی منی خستۆتە ناو تیکتۆک؟
ــ خۆت ئەزانی ..ڕەنگە هاک کرابیت، ڕەنگە هەر چوار دەوری ماڵەکەت کامێرای چاودێریی و شت بێ ــ
قسەکەی پێ ئەبڕم و مۆبایلەکە دادەخەمەوە، هەمان کات، پاوەر ئۆفی ئەکەم، بە خۆم ئەڵێم : لەم دارستانەدا مۆبایلت بۆچییە؟ لەم دز و درۆزنخانەیەدا قسە لەگەڵ کێ ئەکەی؟ لەم ترسنۆکخانەیەدا..لەم کۆیله و کاسەلێسستانەدا، بە تەمایت چی بنوسیت و کێ پێشبەخەیت؟ لەم جنێو و جڕت و چەقەنەخانەیەدا..لەم گەوادخانەیەدا.. لەم گۆڕستانەدا بە تەمایت کێ زیندوو بکەیتەوە؟ کێیت تۆ کابرا؟ حەزرەتی عیسایت یان مەهدی مونتەزەڕ ؟
دەست بۆ قاوەکەم ئەبەم، لە مێژە بەسەر ئاغاکانی ئاکچەسازدا ڕژاوە.
دوو ڕۆژ دوای ئەوە نامەیەکم لە ژمارەیەکی نەناسراوەوە بۆدێت، پڕ پڕە له جنێو، لە کۆتاییدا نووسراوە ئەگەر دەمکوت نەبیت، جنێوەکانت بۆ ئەکەین بە فیشەک.
دوای ئەوە چەند ئیمەیڵ و نامەی مەسنجەر و وەتس ئەپ و تیلیگرامم بۆ هات ..
( بە تەمای عەقڵی خەڵکەکە پاوان بکەی؟ خەیاڵت خاوە.. تۆ لە گیزەی مێشولە لاوازتریت….. هتد)
( بە عومرێکی پیره مەڕییەوە، چی ئەکەیت لە تیکتۆکا؟ کێ ئەتخوێنێتەوە؟ بۆ کێ ئەنوسیت؟ وا ئەزانیت ئاوایی بێکەسە؟ ……هتد )
( براکەم ، ڕوونکردنەوەمان لێت ئەوێ، ئەو هەموو ناشوکریی و کفر بە نیعمەتە چییە کردووتە؟ مەعقولە باسی جێگایەکت کردووە، هیچ نیعمەتێکی خوای تێدا نییە؟ ئەمە چ گومڕایی و سەرلێشێوانێکە؟ ئەمە کوفرێکی سەریحە تۆ کردووتە، ئەبێ بە خێرایی ئەو …..هتد )
( واز لەم جوکە جوکە بێنە، ئەزانین پیاوی کێی، خۆت و ئەویش سەد ساڵی تر چەنە بدەن، کەس ئاوڕتان لێ ناداتەوە، هەموو ئاوی دوکان و دەربەندیخان بخۆنەوە، کەس پێتان ناڵێ عافێتتان بێ، ….هتد )
( خۆت بە چی ئەزانیت قەلە ؟ لە دوو تەڵە میران ئەچی، پارویەکیت نە بۆ خواردن ئەشێیت، نە هیچ کەسێ قێزی دێت تەماشات بکات …. هتد )
( وا مەزانە لێت بێ ئاگاین، سەردانی مزگەوت ئەکەیت و پێشتر بۆ چاوبەست لەسەر کورسییەکانی دواوە نوێژت دائەبەست، ئێستا ڕێک له پشت ئیمامەوە، قامەت ئەکەی، ئەو دڕکە لە ژێر پێت دەردێنین و ..فێرت ئەکەین عەلی کوڕی کێیە ، هەی تیرۆریستی …..هتد )
سێ ڕۆژ دوای ئەوە بەڕێوەبەرەکەم کە 25 ساڵ لە خۆم بچوکترە، زەنگێکی بۆ کردم :
ــ هەتا ژوورەکەم دێیت؟
ــ نەخێر ناتوانم بێم یان ڕاستتر ناتوانم ڕێ بەخۆم بدەم بێم ..
دوای پێنج خولەک خۆی هات، ووتی : من وەک خۆم هیچ کێشەیەکم نییە، پارێزەرێک و دوو نووسەری دادگا لە ژوورەکەم دانیشتوون، نازانم بۆچی هاتوون، داوای تۆ ئەکەن، ئەیشڵێن کۆمپانیاکەتان ڕەنگە لە ڕیزبەندییدا دابەزێ بۆ پلە دوو ..ئەڵێن داواکاری گشتی ناردوینی، هەتا دۆسیە بۆ تۆ بکەنەوە و ئیفادەت لێوەربگرن.
بەڕێوەبەر وەک مناڵێک وابوو تەماشای باپیرێکی قومارچی و بەدمەست بکا، بەو جۆرە بە ترس و دڵەڕاوکێوە تەماشای ئەکردم، نەیئەوێرا یان شەرمی ئەکرد بپرسێ چیم کردووە وا ئەو هەموو کاربەدەستەی دادگا پێمەوە سەرقاڵ بوون..
کچە پارێزگارێکی باڵامام ناوەند و ڕەش ئەسمەر، لەگەڵ دوو پیاوی تەمەن لە نێوان 30 بۆ 35 ساڵیدا، بە ڕیز لەسەر کورسی و مێزی بەڕێوەبەر دانیشتبوون. دوو پیاوەکە یەکێکیان مووی پێوە نەبوو، ئەوەی تریان ڕیش و سمێڵێکی خورمایی بەردابۆوە، لە ئەکتەرێک ئەچوو پێش 40 ساڵ لە فیلمێکدا بینیبوم، لەوە ئەچوو ئەو ئەکتەرە لە ناوەڕاستی فیلمەکەدا کوژرا بێ یان ڕفێنرا بێ.
پارێزەرەکە لەچکەکەی تەرازوو کرد، بێ ئەوەی سەیرم بکا، ووتی : ناوی سیانیی و ساڵی لە دایکبوون و ژمارەی مۆبایل و ناونیشانی کار و ناونیشانی ماڵەکەت ..
ــ تۆ لە ساڵی چەندەوە شت ئەنوسی ؟
ــ لە مناڵییەوە ..
ــ یەکەم نوسینت کەی بڵاو کردۆتەوە ؟
ــ ساڵی 1984
ــ لە چ بڵاو کراوەیەکدا؟
ــ گۆڤاری کاروان
ــژمارە چەند ؟
ــ ژمارە 32
ــ ڕەگەزی نوسینەکەت چی بوو؟
ــ شیعر
ــ ناونیشانی شیعرەکەت لە بیرە ؟
ــ بەڵێ ..یەکەم بابەت کە بڵاوی ئەکەیتەوە قەت لە بیرت ناچێتەوە، ناونیشانی شیعرەکە : بەرگی چیا بوو.
خانمی پارێزەر لەناکاو زۆر میهرەبان بوو لەگەڵمدا، چاوی لەسەر هەڵنەدەگرتم، وەک ئەوەی لە مندا بۆ دنیایەکی زۆر گەورەتر لەم دنیایە بگەڕێ ..
ــ ئەو کاتە چ کارە بوویت ؟
ــ لە زانکۆی موسڵ تەلەبە بووم، لە پۆلی یەک، کۆلێژی زانستی.
ــ هیچێک لەو شیعرەت لە بیرە؟
ــ کێ ئەزانێ
بەرگی چیا
بێجگە لەبەرد، چ بەرگێکە؟
بەفر و ڕەشەبا و سەرمایە..
گەرمی و تیشک و ڕوناکی یە ..
لێڕەوارە .. گژ و گیایە ..
کۆختی قوڕە .. تاریکییە
خاک و خۆڵە
گیانەوەری ئازا وسرکە
گەواڵە هەوری نەوییە ..
باراناوە .. گوڵ و دڕکە ..
کانزای بەنرخ و بێ نرخە ..
لەو شارانەیش کە هێشتا هەتاویان تیا نەڕواوە
بەرگی چیا بێجگە لە بەرد
خوێن و دەنگ و ئاگرێکی هەڵکراوە ..

کچە پارێزەرەکە بە چمکی لەچکەکەی نێوان هەردوو چاوی سڕی و بۆ چەند چرکەیەک سەری داخست، هەمان کات پیاوە ڕیش و سمێڵ خورماییەکەی له ناوەڕاستی فیلمەکەدا کوژرا بوو یان ڕفێنرابوو، بە کەمچیکڵدانییەوە ووتی :
ــ نەهاتووین کۆڕی شیعرییت بۆ سازکەین و خەڵاتت بدەینێ، لەبەر ئەوە مەرج نییە هەموو پرسیارەکان بە ووردیی وەڵام بدەیتەوە.
پیاوە کۆستەکە بەردەوام شتی دەنوسی، واتا هەرچی قسەیەک بکرایە، ئەو ئەینوسی، دەست و خەتێکی جوانی هەبوو، بە خەتی ڕوقعەی وورد، پیاو حەزی ئەکرد بیخوێنێتەوە.
کچە پارێزەرەکە سەری بەرز کردەوە، چاوەکانی سوور بووبوونەوە، لە نەخۆشێکی تالاسیمیا ئەچوو یان ئێشکگرێک شەوێکی دوور و درێژ بێدار بووبێ، زۆر بە گرنگیی و عەشقەوە تەماشای ئەکردم، وەک ئەوەی وونبوویەکی ساڵەهای ساڵی له پڕێکدا دۆزیبێتەوە و نەوێرێ وەک ئەرخەمێدس بە ڕاکردن بڕواتە دەرەوە و هاوار بکا : دۆزیمەوە !
ــ لەو ساڵانەی زانکۆدا چالاکیی سیاسی و نەتەوایەتیت هەبوو ؟
ــ نەخێر .. من قەت نەچوومەتە حەوشه و داڵان و هەیوانی هیچ حیزبێکەوە .. بەڵام زوڵمم پێناخۆش بووە و بەرەنگاری بوومەتەوە ..
ــ وەکو ؟
ــ وەکو ئەوەی کە کورد ئەنفال کرا، لە ڕۆژی زانکۆدا، پێشانگایەکی شێوەکارییم لە کۆلێژەکەمان کردەوە، یەکێک لە تابلۆکان باسی لە ئەنفالی ئەکرد..هەروەها ڕۆژنامەی شەرارە و ڕێبازی نوێمان لە نێوان خۆماندا بە نهێنیی دەستا و دەست ئەکرد، کتێبەکانی لینین و مارکس و سارتەریش ..
ــ چۆن؟ تابلۆکەت چۆن بوو؟
ــ تەختی تابلۆکە ڕەش بوو، واتا کاغەزی ڕەش، لە پشتەوە دوومناڵ دەستی دایکیان گرتبوو، لەگەڵ گوێدرێژێکدا ..
ناوی تابلۆکە : الرحیل نحو المجهول .. واتا کۆچکردن بۆ جێگایەکی نادیار.
ــ چی ڕوویدا ؟
ــ ڕۆژی دووەمی پێشانگاکە، لێپرسراوی ئاسایشی کولێژ، دکتۆر جوبڕائیل بەرسوم، ئەو تابلۆیەی لێ کردەوە.
ــ ئێ ؟
ــ بە جەماعەتی ئیتیحادی کۆلێژی وتبوو : هەی گەمژە و خوێڕییانە! ئەم کابرایە ڕەخنەی لە قائیدی زەرورە و عەمەلیاتی ئەنفالی مەجیدە گرتووە، چۆن پێتان نەزانیوە؟
وتبوویان کە لێمان پرسیوە بابەتی ئەم تابلۆیە چییە، هاوڕێیەکی وتوویەتی : زوجها ظاربها بالتوثیة و طاردها مع جهالها ..
ــ یەعنی چی ؟
ــ تۆ عەرەبی نازانی ؟
ــ نەخێر .. ئێمە نەوەی دوای ڕاپەڕینین، زمانی عەرەبی فێر نەبووین..
نەمئەتوانی تەماشای چاوەکانی خانمی پارێزەر بکەم، وەک دوو پەپولەکە بە ڕوخسارمەوە نیشتبوونەوە.
ــ واتا ئەم تابلۆیە باس لە ژنێک ئەکا هاوسەرەکەی بە تێڵا لێی داوە و لەگەڵ هەردوو مناڵەکەیدا دەری کردووە، هاوڕێیەکم بەو جۆرە بۆ لیژنەی تەلەبە بەعسییەکانی لێکدایەوە، بۆ ئەوەی بهێڵن لە پێشانگاکەدا پیشانی بدەین.
ڕیش خورماییەکەی کە لە ئەکتەرێکی کوژراو یان ڕفێنراوی کۆن ئەچوو، بۆ جاری دووەم بێزار بوو، ناحەقیشی نەبوو، چونکە هەستی بە جۆرێک لە هاوسۆزیی ئەکرد لە نێوان من و خاتونی پارێزەردا، بە خێرایی و دەنگێکی تا ڕادەیەک تێکەڵ وپێکەڵەوە ووتی : سڵاواتی لێبدەن کاتمان بە دەستەوە نەماوە.
ئێمە لێرەدا هاتووین بۆ لێپرسینەوە و تەنانەت دادگاییکردنیشت..بە کورت و کرمانجیی ئەم پەرەگرافەی تۆ نوسیوتە، تیکتۆکەرێکی بەناوبانگ لە واڵی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە، ناوی خولە زیکزیکەیە و .. بە ووشەی ( زیکزیکەی وشکهەڵاتوو ) سەرسام بووە.. ئێمه کێشەمان لەگەڵ هیچ دەقێکی ئەدەبی و هونەریدا نییە، ئەزانین هیچ کاردانەوەیەکیان نییە و هیچ کەسێ نایانخوێنێتەوە، بەڵام ئەم پەرەگرافەی تۆ لە واڵی تیکتۆکی خولە زیکزیکەدا بینەرێکی زۆری هەبووە، وا له دوو ملیۆن کەس نزیک ئەبێتەوە..ئەگەر بزانیت تەنها حەوت سەد هەزار کەس ئامادەی دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران بوون کەچی دوو ملیۆن کەس لە دەوری ئەم پەرەگرافەی تۆ کۆبوونەتەوە لە واڵی تیکتۆکی خولە زیکزیکەدا، ئەزانیت چ کارەساتێکە؟ واتا ئێستا خولە زیکزیکە ئەتوانێ بە چەقەنەیەک حوکمەت پێک بێنێ و پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە ..
من پێکەنینم ئەهات، خاتوونی پارێزەر بە ووردیی تەماشای ئەکردم، وەک ئەوەی تەماشای تابلۆیەکی ڤنسنت ڤان کوخ بکات ..
کوژراو یان ڕفێنراوی ناوەندی فیلمی پێش 40 ساڵ، بەردەوام بوو لە قسەکردن :
هەر بۆیە ئەوەی لەسەر تۆیە، داوایەک لە دادگای کەسێتیی تۆمار بکەیت و داوای مافی خاوەندارێتیی ئەو پەرەگرافە لەسەر خولە زیکزیکە تۆمار بکەیت، ئارەزووی خۆیشتە ئەتوانیت داوای قەرەبووی مادی و مەعنەویشی لێبکەیت، ئیتر بەو جۆرە پەرەگراف لە واڵی ئەودا ئەسڕرێتەوە و دێتە واڵی تۆ، وەک پۆستەکانی ترت تەنها دوانزە کەس ئەیبینن و تەنها سابیر و ئەرسەلان ئالانی و نەبەز موستەفا لایکی دەکەن، وەک دەقەکانی ترت.

ــ واتا کێشەکە سیاسیی نییە، تەنها بەریەککەوتنی زیکزیکەیەکی ووشکهەڵاتوی پەرەگرافێکی تۆیە لەگەڵ شۆرەتی زیکزیکەی خولە و جەماوەرە بێ شومارەکەیدا، ئەوەیش ڕەنگە کارەساتێکی سیاسی لێ بەرپا بێ، چونکە تا ئێستا، بێجگە لەو پەرەگرافەی تۆ، هەرچی پۆستی خولە زیکزیکەیە نوکتە و قسەی قۆڕە و ملیۆنەها لایک و دڵ و دەستخۆشیی هەیە، ئەوانە ئاسایین و پێیشمان خۆشە، با خەڵک بۆ خۆیان نوکتە بگێڕنەوە و پێبکەنن، بەڵام ئەم پەرەگرافەی تۆ لە واڵی خولە زیکزیکەدا، کارەساتێکی نیشتمانییە و هەڕەشە لە ئەمنی قەومیی ئەکات …هتد

ــ بۆ بنەبڕکردنی تەواوەتیی بابەتەکەیش لەناو ئەو جەماوەرە دوو ملیۆنییەدا کە ڕەنگه ئێستا بووبن بە سێ ملیۆن و زیاتریش، پێویستە تۆ بە شێوەیەکی پۆزەتیف و گەشبینانە ووشەکانی ( بێ ئاویی و زیکزیکەی وشکهەڵاتوو، دڕک و داڵ ، پەڵەی سووتاو، بۆگەن، پشیلەی شێلراو، باڵندەی مردارەوە بوو، مەڕی سەربڕراو، ڤینگەی مێش، ڕاکردن ) لێک بدەیتەوە، بۆ نمونە بڵێی ئەو ووشانە وەک لێکدانەوەی خەونەکان، پێچەوانەکانیان ڕاستن و .. ووڵات ئاوەدانە و …هتد ..
خاتونی پارێزەر ، پرسی :
ــ ئەی چۆن بە هۆی ئەو تابلۆیەوە ڕاپێچی زیندانەکانی بەعس نەکرایت؟
ــ خراپتریان بەسەرهێنام ..جوبڕائیل بەرسوم ئەیزانی من زیرەکترین تەلەبەی بەشی بایۆلۆجیم و خەون بە خوێندنی ماستەر و دکتۆراوە ئەبینم، هەستا لە وانەی ڕۆشنبیری نەتەوایەتیی و سێڵ بایۆلۆجیدا نمرەیەکی زۆری لێ شکاندم، وایکرد ببمە پێنجەم لەسەر ئاستی کۆلێژ، لەو سەردەمەیشدا تەنها یەکەمی کۆلێژەکان دوای 45 ڕۆژ سەزیازیی، ئەگەڕانەوە کۆلێژ بۆ تەواوکردنی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا ..
خاتونی پارێزەر دڵی پڕ بوو، بە دوو چاوی پڕ لە فرمێسکەوە ووتی :
ــ ئەی تۆ ؟
ــ سێ ساڵ زیاتر سەربازییم کرد .. ئەو سێ ساڵە له باسکردن نایەن، لە ناخەوە لە سێدارە درابووم بە بێبەشکردنم لە خوێندنی باڵا، له ڕووکەشیشدا لەو سەربازگا ترسناکانەدا بەرە بەرە مرۆڤایەتیی و شارستانییم تێدا کاڵ ئەبوونەوە، ئەڕوخان ..واتا بووم بە گیانەوەرێکی تر لە سەدا سەد جیاواز لەوەی زانکۆ ..
لە دەرەوەی فەرمانگە، هەردوو پیاوی دادگا چوونە ئوتومبیلەکەوە، خاتوونی پارێزەر بۆ چەند ساتێک ڕاوەستا و بە هێواشیی ووتی : ئەکرێ تەلەفۆنێکت بۆ بکەم لە هەر کاتێکدا کە بتەوێت؟ ؟
تەماشایەکم کرد، وەک دیلێکی نهێنیی هاتە بەرچاوم کە بیەوێ نامەیەکم هەر چۆنێ بێ بداتێ، بیگەیەنمە دەستی کەس و کارەکەی ..
جیڕۆنی ئایرۆنزم بیرکەوتەوە لە فیلمی شەمەندەفەری شەو بۆ لیشبۆنە، مامۆستای فەلسەفەیە، هۆڵی وانەوتنەوە بە جێدەهێڵێ و لە سویسراوە بە شەمەندەفەری شەو، بۆ بۆرتوگال ئەڕوا، بۆ شاری لیشبۆنە، بۆ گەڕان بە دوای چیرۆکی ژیانی ئەمادیۆ، کە پزیشکێکی سەردەمی کۆمۆنیستیی بورتوگال بووە، ئەم چیرۆکەی بە ڕێکەوت لە ڕێی کتێبێکەوە پێ ئاشنا ئەبێ لە پاڵتۆی کچێکدا کە ئەیەوێ کارێکی خوکوژیی بکات و ..جیرۆنی ئایرۆنز فریا دەکەوێت و ڕزگاری ئەکات. لە لیشبۆنە چاویلکەکەی ئەشکێ، خانمە پزیشکێکی چاویلکەساز، چاویلکەیەکی بۆ دروست ئەکا، بە ڕێکەوت مامی ئەو خانمە، بەرپرسی شانەی پارتیزانیی دکتۆر ئەمادیۆ بووە ..
خاتونە پزیشک بە جیریمی ئایرۆنز سەرسام ئەبێ و خۆشی ئەوێ، بێ ئەوەی ئەو ئاگای لێ بێ، دوا جار داوای لێ ئەکا لە لیشبۆنە بمێنێتەوە و ..واز لە سویسرا و زانکۆ و وانە وتنەوە بهێنێ ..
بەڵام من ناتوانم ..
پێم ووت :
ــ بمبوورە، ناتوانم .. وا بزانم هەموو شتێکمان باس کرد.
وەک پێکراوێکی مەیدانی جەنگ، بە هەر جۆرێ بێ، خاتونی پارێزەر و نیگاکانیم بەجێهێشت.
ئیتر بەو جۆرەی لێ بەسەرهات، بۆیە بڕیارم دا ئەو چیرۆکە نەنوسم..ڕونکردنەوەیش بۆ پیت بە پیت و وشە بە وشەی بکەم و بیدەمە دادگای کەسێتی و داواکاری گشتی و دۆسیەی …….هتد .




سوپاس.. شیعر\ نەوزاد بەندی

بۆ/ سۆز

سوپاس ، بۆ ئەو کۆرسانەی
بێ بەرامبەر پێت ووتم ..
بۆ ئەو هەموو بڕیارەی
یەک یەک ئیمزات پێ کردم ..
بۆ کەلەپچە و داوەکان ،
کە لە کاریان خست دەستم ..
فێرت کردم متمانە
بە هیچ شتێ نەبەستم ..
کە خۆر هەڵهات چاوەڕێی
پێشهاتێکی باش نەبم ..
یادەوەریم نەمێنێ و
بۆ کەس وورد و خاش نەبم ..
فێرت کردم لە دڵما ،
هیچ کەسێ نەهێڵمەوە ..
هەر کەسێ بەجێی هێشتم ،
بۆ هەلێ بگەڕێم تا
منیش جێی بهێڵمەوە..
فێرت کردم دەروونم ،
چۆڵ و هۆڵ بێ وەک سەحرا ..
دیوارەکانی تابلۆی
هیچ کەسی پێوە نەبێ و ..
گۆشەکانی تاریک بن،
بێ پەنجەرە و بێ چرا ..
فێربووم لەناو خەڵکیشا،
تەنیایی ڕێبەرم بێ ..
ژوورەکەم شاری خەون و
تەنها سێبەرەکەیشم
دۆست و برادەرم بێ ..
نە چاوەڕێی جەڕەس بم ..
نە نامە .. نە دیدەنی ..
نە پیاسە .. نە گەشت .. نە کۆچ ..
نە قاوە و ساردەمەنیی ..
فێرت کردم بترسم
لە هەر کەسێ بیبینم ..
ڕەخنە و گلەییم نەبێ ..
چاوەڕێی دەرمان نەکەم
هیچ چارەسەریم نەبێ،
بۆ ئازار و برینم ..

سوپاس ،
دنیات بۆ کردم
بە ماڵێکی چۆڵ و هۆڵ ..
بە شارێکی مێژوویی ..
بە تابلۆیەکی بێ ڕەنگ ..
بە ئینجانەیەک، بێ بۆن
بە پڕ مشتێ خاک و خۆڵ




بێژەر و حیکایەتخوان.. نەوزاد بەندی

یەکێک لە پێناسەکانی ڕۆمان، هونەری شارنشینەکانە. بەو پێیەی زۆرینەی ڕۆماننوسەکانی جیهان شارنشین بوون.

ڕۆمان دەرچوونە لە حیکایەت وئەفسانە و قسەی هەلەق و مەلەق ، لێکدانەوەی بابەتیی دەروون و کێشە قوڵەکانی مرۆڤە، یان ئەتوانین بڵێین ڕۆمان چیرۆکێکی پڕۆفیشناڵ و ئەکادیمیی و زانستییە کە ئەیخوێنیتەوە فێری زۆر شت ئەبیت، هەر بۆیە زانایەکی فیزیای وەک  ئەلبێرت ئانیشتاین ئەڵێت: من زۆر بەرچاو ڕوونیی و سودم لە ڕۆمانەکانی فیۆدۆر دەیستۆیڤسکی وەرگرتووە بە تایبەتی لە ڕۆمانی برایانی کارامازۆف. هەروەها ڕۆمانەکانی فڕانز کافکا و ئەلبێرت کامۆ و گۆستاف فلۆبیر لەلایەن کۆمەڵناس و دەروونناسەکانەوە گرنگییەکی زۆریان پێدراوە، گەلێک یاسا و تیۆر و گریمانەی دەروونیی و کۆمەڵایەتییان لێوە هەڵهێنجاون.

مانەوەی کۆمەڵگا لە قۆناغی حەکایەت و ئەفسانەدا، یەکێکە لە بەڵگەکانی مانەوەی ئەو کۆمەڵگایه لە قۆناغی گوندنشینیی و سادەیی و ساکاریدا. 

ئێستا تۆڕەکانی پەیوەندیی تەلەفۆن ئۆفەری قسەکردنی بێسنووریان ڕاگەیاندووە، چونکە مرۆڤی قۆناغی حیکایەتخوانیی، بە دێڕێک و دوو دێڕ قسە تێرناخوات، ئێستا هێڵی خۆڕایی وایکردووە ئەم تایپە مرۆڤە چەقبەستووەی قۆناغیی حیکایەتخوانیی، بە سەعات و دوو سەعات لە ڕێگای مۆبایلەوە قسە و حەکایەت بۆ یەکتریی بکەن. بە جۆرێک ئەگەر حەزیشت لەو دۆخە نەبێت، ناتوانیت هێڵەکە بە ڕووی حیکایەتخوانەکەدا دابخەیتەوە، چەندین جار نیوسەعات وزیاتر لەسەر مۆبایل گوێم لە حیکایەتی کەسێک گرتووە.

شایانی باسە هەندێک بێژەری پڕۆفیشناڵ، وەک دکتۆر قودامە مەلاحی هاوکاری کامل دەباغ له بەرنامەی ( العلم للجمیع – زانست بۆ هەمووان ) ی ساڵی هەشتاکاندا، لە کۆتایی هەر بەرنامەیەکیدا، دێڕێکی فەلسەفیی دەدرکاند کە دڵی هەمووانی خۆش ئەکرد و بە دنیای فەلسەفە و ڕەوانبێژیی ئەناساندن.

ئەم داب و نەریتە بەرز و ئەکادیمییەی دکتۆر قودامە مەلاح، بە شێوەیەکی زیادەڕەو لە لایەن بێژەرەکانی دوای خۆیەوە لاسایی کرایەوە، بۆ نمونە بێژەرێکی وەکو دکتۆر فەیسەڵ قاسمی کەناڵی جەزیرە، سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی بەرنامەکەی، قسە و ڕای خۆی دەردەبڕێ، لە کاتێکدا دوو میوانیش لە ڕاست و چەپیدا دانیشتوون..حەکایەتی تەڕ و وشک  دەرخواردی بینەر و گوێگرەکانی دەدات،هەڵئەچێ، ئەنەڕێنێ، دەست ڕائەوەشێنێ، شین و مۆر ئەبێتەوە، زمانی ناوچەیی و جڵفە و پەتیی تێکەڵ ئەکا بۆ نمونە بە میوانەکانی ئەڵێ یا ڕاجل، یا زەلەمێ ، یا بێ .. لەگەڵ ئەوەیشدا جەماوەرێکی بێ شوماری هەیە کە دەگاتە ملیۆنەها.

ئەتوانم بڵێم فەیسەڵ قاسم بە پلان یان بێ پلان، کاری لەسەر چەقبەستنی مرۆڤی عەرەب کردووە، چەقبەستن لە قۆناغی حیکایەتخوانیدا، بەوەیش بوو بە بێژەری یەکەمی عەرەب و زۆرترین هەواداری لە دەوری خۆی کۆکردەوە، کەچی دکتۆر قودامە مەلاح کە بێژەرێکی زانا و دانا و زمانزان و ڕەوانبێژ بوو، لەیاد چۆوە چونکە ئەو حیکایەتخوان نەبوو، بەڵکو بە عەقڵی مۆدێرنیتەی شار قسەی دەکرد.

 لە حیکایەتا هەموو قسە و بابەتێ جێگای ئەبێتەوە، شیعر گۆرانیی مەقام خەیاڵ خەو، هەرچیت ئەوێ ئەتوانیت پێوەی بلکێنیت، زمانەکەیشی چۆن ئەتەوێ، بە ئارەزووی خۆتە، واتا کۆمەڵگای حیکایەتخوان هیچ ئەرک و ماندوو بوونێک نابینێ نە له گێڕانەوەی حیکایەتدا و نە گوێلێگرتنیدا.

هەر بۆیه بە هۆی چەقبەستنی کۆمەڵگا له قۆناغی حیکایەتخوانیدا، ئەمڕۆ زۆرینەی کەسە ناودارەکان حیکایەتخوانن، ڕیکلامی ئوتومبیلێکی گرانبەها لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا 5 چرکە تێ ناپەڕێ، لە کومەڵگای حیکایەتخواندا ڕیکلامی چایەک، درێژدادڕیی و دەهۆڵ و زوڕنا و جۆرەها قسەی بێ بەها و دوور لە ڕاستیی لە خۆئەگرێ، دەنگی تیڤییەکە کەم نەکەیتەوە، ماڵەکەت دەبێتە هۆڵی ئاهەنگی پاشتێلانە.

بێژەری حیکایەتخوانی وا پەیدا بووە، ئێوارەیەک دیار نەبێ، میللەتەکە تێکڕا غەریبیی ئەکەن، وەک شتێکی گرانبەهایان لێ وون بووبێ، وایە. بابەتێکی چەند ووشەیەیی، ئەکاتە بابەتێکی چەند لاپەڕەیی و بە ترش و خوێوە دەرخواردی خەڵکەکەی ئەدا، ڕێک وەک ئەو داپیرانەی جاران کە شەوانی زستان مناڵانی گەڕەک و نەوەکانیان لە دەوری خۆیان و لە تەنیشت ئاگردانەکەدا کۆدەکردەوە و حەکایەتی کوڕە کەچەڵەیان بۆ ئەگێڕانەوە، بە هەمان تام و چێژ و خەیاڵ و ئەفسانەوە، بێژەر حیکایەتەکانی ئەگێڕێتەوە، تەواوی میللەتێک ئەخاتە دۆخی سەرمەستیی و کەشەنگیی و ..تەنانەت ئاڵودە بونیشەوە.

لێرەدا ئیتر بێژەرێ حیکایەتخوان لای میللەتەکە ئەبێتە نمونەی ئازایەتیی و جوامێریی و نیشتمانپەروەریی و دانایی و زانایی، ئەگەر خۆی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و  پەرلەمان و حوکمەت بپاڵێوێ، ئەیباتەوە. 

ئیدی هێڵێکی ڕاست و چەپ دێت بەسەر ئیتیکی سیاسەت و ڕۆژنامەوانیی و ڕاگەیاندن و بێژەریی و هەموو شتێکدا، چەندین ڕۆژ و مانگ و ساڵ تێدەپەڕن و ..سەدان هەزار حەکایەتی بێ سود و بێ بنەما ئەدرێ به گوێی میللەتی خەیاڵپڵاودا، بە بێ ئەوەی بچوکترین زانیاریی لە نێوانیاندا ئاڵ و گۆڕی کردبێ.

ڕزگار بوون لە قۆناغیی حیکایەتخوانیی، شۆڕشێکی ئایدیۆلۆژیی و مۆراڵیی و ڕۆشنبیریی ئەوێت، تیایدا مرۆڤەکان بگەنە ئەو ڕاستییەی کە ناکرێ ڕێ بە حەکایەت و قسەی پڕ و پوچ بدەن تخوبەکانی بیستنیان ببڕێت.. بگەنە ئەو ڕاستییەی وەک چۆن ئەبێ دەست بە موچە و ئاو و کارەباوە بگیرێت و دەستبڵاویی تێدا نەکرێ، بە هەمان شێوە پێویستە دەستبڵاویی لە قسە و گوێگرتنیشدا  بکرێت و بەر بە لافای حەکایەت و هەڵەوەڕیی و درێژدادڕیی بگیرێ، هەتا جوانییەکانی وشە و گەوهەرەکانی فەلسەفە و ئەڵماسەکانی بێدەنگیی و هێمنیی بۆ هەتاهەتایه وون نەبن.

نەوزاد بەندی




کۆمەڵگای ئیستینساخ.. نەوزاد بەندی

جاران ، واتا حەفتا هەشتا ساڵ پێش ئێستا ، لەم شارەی خۆماندا مناڵی پۆلیس و چایچی ئەبوونە پزیشک، بۆ نمونە دوو پزیشکی پێش پەنجا ساڵی شاری سلێمانی، دکتۆر نەجات محمد و دکتۆر عومەر شەریف، کوڕی چایچی و پۆلیس بوون. هەروەها لەو سەردەمەدا مناڵی بازرگان ئەبووە شێوەکار، ئەبووە وەرزشکار، مناڵی سیاسەتمەدارەکان ئەبوونە مامۆستا و ڕۆژنامەنوس، مناڵی دەوڵەمەندەکان ئەبوونە گۆرانیبێژ وەک محمد جەزا عەلی یان شاعیریان لێ دەردەچوو وەکو ئەحمەد موختار و تاهیر بەگ ..
کوڕی حاجی و خاوەن مزگەوت، سترانبێژی ڕۆمانسی دەردەچوو.
کوڕی بازرگانە دیارەکان ئەبوونە پێشمەرگە و گیانی خۆیان فیدای خاک و نیشتمان ئەکرد، وەکو شەهید جەباری حاجی جەلال.
ئەو نمونانە تەنها بۆ ئەوە بوون بیسەلمێنین جاران کۆمەڵگاکەمان کۆمەڵگایەکی ئاسایی و مۆدێرن بوو، مرۆڤەکان بە عەقڵ و توانا و حەزی خۆیان بیریان ئەکردەوە و کاریان ئەکرد، به باڵی باوک و باپیر و عەشیرەت مەلەیان نەدەکرد، واتا کۆمەڵگایەکی جوانمان ئەبینی، دەوڵەمەندەکان ئامادەیی خۆیان نیشان ئەدا بۆ ئەوەی مناڵی هەژارەکان کە زیرەک بوون و نمرەیان بەرز بوو، بنێرنە لەندەن و ئەدنبرە و گلاسکۆ خوێندن تەواو بکەن چونکە هەستی مرۆڤایەتیی بەسەر هەستی خێزان و تیرە و بنەماڵەدا زاڵ بوو. ئەتبینی براکان هەمە ڕەنگ بوون، یەکێکیان مامۆستا و یەکێکیان ئەندازیار و یەکێکیان پزیشک و ئەوانی تر پێشمەرگە بوون.. خوشکەکان یەکێکیان شێوەکار و یەکێکیان سیاسەتمەدار و یەکێکیان بەڕێوەبەر و یەکێکیان پارێزەر بوون.
ئەو سەردەمە کۆمەڵگا بە ئاگا یان بێ ئاگاداری خۆی، ئازادی ڕەهای دابوو بە تاکەکانی، باوک و تیرە و هۆز دەستیان لە بەهرە و حەز و ویستی مناڵ و نەوەکان وەرنەدەدا، هەر بۆیە سیاسەتمەداری خۆنەویست و پزیشکی بەتوانا و بازرگانی بەشەرەف و ئەندازیاری کارامە و پارێزەری بە ویژدان و مامۆستای دڵسۆز و نوسەری شۆڕشگێڕ و شاعیری بەرزمان تێدا هەڵدەکەوت.
شەرم و عەیبە بوو کەسێک، ناوی عەشرەت و تیرە و هۆزەکەی بەخۆیەوە بلکێنێ، تابلۆی هەموو پیشەکانی ناوبازاڕەکان، تەنها ناوی سیانی خاوەن پیشەکە بوو، لە پزیشکێکەوە هەتا دادوەر و چێشتخانەیەک..
ئەوەیش پێناسەی کرداریی سیستمی تێکنۆکراتە، لە کاتێکدا نزیکەی پانزە سەدە پێش ئێستا ئاینی ئیسلام هەنگاوی یەکەمی بۆ هەڵهێنا و سیستمی فەرمانڕەواییی پشتا و پشتی قەڵاچۆ کرد، هەر پێنج فەرمانڕەواکەی ڕاشیدین، ئەبوبەکری سدیق و عومەری خەتتاب و عەلی ئەبوتاڵب و عوسمانی عەفان و عومەری عەبدولعەزیز هەریەکەیان سەر بە تیرە و عەشرەتێک بوون، هەرچەندە دوای ئەوان ئەمەوییەکان ئەو سیستمەیان هەڵوەشاندەوە و گەڕانەوە بۆ فەرمانڕەوایی پشتا و پشت، کە بە بڕوای من هەر لە سەردەمی ئەمەوییەکانەوە ڕۆحی دەسەڵاتی ئیسلام دەرچوو، شتێک نەمایەوە بە ناوی دەسەڵاتی ئیسلام، بەڵکو بوو بە دەسەڵاتی تیرە و هۆز و عەشیرەتەکان هەتا بە تەواوەتیی لە جەنگی یەکەمی جیهاندا ئەو خەلافەتە شێوێنراوە کە بە پیاوە نەخۆشەکە ناسێندرا بوو، هەرەسی هێنا.
لە عێراقیشدا، بەداخێکی زۆرەوە، دوای ئەوەی خێزانی سەدام کورسی دەسەڵاتیان گرتە دەست و هەتا ئەمڕۆیش، دیاردەی خێزانگەریی و تیرەگەریی وعەشرەتگەریی زۆر بە زەقی لە عێداقدا سەری هەڵدا. کاتێ باوک دێتە سەر کورسی دەسەڵات، ئیدی کوڕەکانیش بە جۆرێ لە جۆرەکان ئەبنە سیاسی و کاربەدەستی باڵای ووڵات!! بە هەمان شێوە ئامۆزا و خاڵۆزا و پورزا و هەموو لق و پۆپەکانی کابرای دەسەڵاتدار، یەکسەر فۆتۆکۆپیی سیاسەتمەداریان لەسەر دەکرێت، هەموو بەهرە و حەز و پیشە و ئارەزووەکانی پێشتریان لە یاد ئەچێ و وەلای دەنێن، بۆ نمونە سەهۆڵفرۆشێ ئەبێتە جێگری سەرۆک و پۆلیسێک ئەبێتە وەزیری ناوخۆ، بە بێ ئەوەی هیچ تایبەتمەندییەکی ئەو پۆستانەیان تێدا بێ، تەنها و تەنها هۆکار ئەوەیە لە خێزان و عەشرەتی کابرای سەرۆکن و فۆتۆکۆپیی کراون لەسەر ئیشی سیاسەت و دەوڵەتداریی.بۆ نمونە عەدنان خەیروڵڵا ئەفسەرێک بوو لە چوارتا، کە سەدامی ئامۆزای بوو بە سەرۆک، ئەویش لە چوارتاوە بە یەک ئەستێرەی سەرشانەوە کۆپیکرا بۆ وەزیری بەرگریی عێراق.
ئیدی ئەو ئاوەی سەدام ڕشتی یان کۆڵۆنیالیزمی جیهانیی پێیان ڕشت، تاکو ئێستایش لە سەرۆکەکانەوە تاکو بچوکترین پیشە، پەیڕەویی لێدەکەن.
ئەمڕۆ یەک پێشمەرگە نییە کوڕی دەوڵەمەند بێ، ئەو پیشەیە تایبەت کراوە بە کوڕی بێ باوک و هەژار و بێکار، هەرچی پلە و پایەی بەرزی سەربازییە بۆ کوڕی دەسەڵاتدارانە.
ئێستا کوڕی سیاسەتمەدار، ئەبێ سیاسیی و دەسەڵاتدار بێ، لە هەموو سیاسییەکانماندا منداڵی یەکێکیان پزیشک یان ئەندازیار یان شێوەکار یان مامۆستا نین، هەمووان سیاسین، یاخود سەرقاڵی پڕۆڤە و فۆتۆکۆپیکردنی پیشەکەی باوکیانن، بەرە بەرە تێکڕای حیزبەکانیش بە بێ ویستی خۆیان و لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵگای مێگەلدا، ئەم ڤایرۆسی مۆدێلەیان توش ئەبێ، مناڵی سەرۆکحیزب و ئەندام سەرکردایەتییەکانیان!! واز لە هەموو کار و کاسبییەک دێنن و پاڵ دەدەن بە سیاسەتی باب و باپیریانەوە..
ئەم مۆدێلە پەل دەکێشێ بۆ هەموو کایەکانی کۆمەڵگا، گۆشتفرۆش مناڵەکانی ئەبنە گۆشتفرۆش، لقی یەک و دوو و سێ دەکەنەوە، بۆ ئەوەی کوڕەکان پێکدا نەدەن، هەر یەکە و لقی خۆی دەکاتەوە لە ژێر هەمان ناووشۆرەتی بابیاندا.. پاقلاوە فرۆش و جامبازی زەوی و زار، بە هەمان داب و نەریت، ئەڵێن حەوت سەد ساڵ زیاترە ئەم پیشەیە هی خێزانی خۆمانە..نانی تیریی فرۆش و گوڵەبەڕۆژە فرۆشیش ئیمپڕاتۆرییەتی خێزانیی خۆیان ڕادەگەیەنن. ئەندازیار ئەبێ مناڵەکانی ئەندازیار بن.پزیشک هەیە هەموو مناڵەکانی پزیشکن، ئەمانە زانستی بۆماوەزانییان بە درۆ خستۆتەوە، چونکە لە یاساکانی مەندڵ و تۆماس مۆرگاندا، وەچەکان سیفەتی نوێ هەڵدەگرن جیا لە باوانیان، کەچی لای ئێمە، باپیر و باوک و کوڕ بە موو لە یەکتر جیاواز نین! هەرچی سیفەتی تازەیە بە میکرۆسکۆب بۆی بگەڕێ نایدۆزیتەوە..هەندێ قیروسیای لێ ئەکا ناوی منداڵەکانیشی بە ناوی نەنک و باپیرییەوە ناودەنێ، بۆ ئەوەی کات ڕاوەستێ و ڕابوردوو تێنەپەڕێ!
بازرگان هەموو مناڵەکانی بازرگان دەردەچن ، سوبحانەڵڵا. ئەوانەی زەوی پاوان ئەکەن و تاوەر دروست ئەکەن، مناڵەکانیشیان کت و مت، زەوی پاوانکەر و تاوەر دروستکەرن. پزیشک هەیە مناڵەکەی نمرەی کۆلێژی پزیشکیی ناهێنێ، ئەینێرێتە کۆلێژی پزیشکیی پریڤەیت لە دەرەوە یان ناوەوەی وڵات، هەزاران دۆلاری بۆ خەرج ئەکات، چونکە کفرە مناڵی ئەو نەبێ بە پزیشک.
ئیتر بەو جۆرە پیشەکان تاپۆ دەکرێن لەسەر کۆمەڵێ خێزان ..گەزۆ هی فڵان خێزانە و .. ماست هی فیسار و مناڵەکانێتی.. نەوت تایبەتە بە فڵان خێزان..
ئیدی کۆمەڵگایەکی دابڕاو و چینایەتییەکی قێزەون ئەبینین، چینەکان ناتوانن تێکەڵی یەکتر بن ، چونکە کوڕی پاقله فرۆش هەر پاقلەفرۆشە ئیتر چ قودرەتە ببێتە هاوڕێی پارێزەرێ کە لە باوکییەوە بۆی کوپی کراوە؟
بەو شێوەیە سیاسیی سەیر پەیدا ئەبێ، کە لە لوتکەی قەیرانەکاندا قاقا پێدەکەنێ و نوکتە ئەگێڕێتەوە. پزیشکی وا پەیدا ئەبێ لە جیاتی نەخۆش چاکبکاتەوە، ئەیکوژێ.چونکە لە بنچینەدا ئەو دووانە بۆ سیاسەت و پزیشکیی نەخوڵقاون، بەڵام لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵگای ئیستینساخدا، بوون بەو دوو پیشەگەرە سەیر و سەمەرە و ترسناک و بەکاری هیچ نەهاتووە.
ئینجا تۆخبوونەوەی عەشرەت و تیرە و هۆز، بە هەمان ڕیتمی سیاسییەکان، ڕۆژ بە ڕۆژ قوڵتر ئەبێتەوە، وای لێهاتووە بە بێ ناوی عەشرەت هیچ کەسێ ناناسرێتەوە. جاران ئەتوت عەلی توانا، شەوکەت ڕەشید، ئەمین زەکی، فایق بێکەس… هەمووان ئەیناسینەوە و ئەیزانی کێن، بەڵام ئێستا هەتا نازناوی قەرەداغیی و شەمێرانیی وهەورامیی و شارەزوریی و جاف و …. نەخەیتە سەر ناوەکان، کەس نازانێ کێن، ڕەنگە خۆیشیان نەزانن کێن!
ئەمە کارەساتێکی گەورەیە بەڵام کۆمەڵگای ئیستینساخ هەست بە کارەسات و شت ناکا، چونکە ساتێک لە ئیستینساخ ڕاوەستن، بێ ئیش ئەبن و ڕابەرایەتییان لە دەست ئەچێ و لە یاد ئەچنەوە.
ماوەتەوە بڵێین کۆمەڵگای ئیستینساخ کۆمەڵگایەکە به بێ ئاگاداریی خۆیان و بە خێراییەکی زۆر بۆ دواوە ئەگەڕێنەوە، هەتا ئەگەنەوە چاخی بەردین..کۆمەڵگایەکی حەیوانییە و هیچ گۆڕانکاریی و پێشکەوتنێک لە داب ونەریت و هەڵس و کەوتیاندا دروست نابێ.




ئەگەر هاتی، تەنیا وەرە ٭.. نەوزاد بەندی

( شیعرێکی سادە و میللیی بۆ هاوڕێیەکی لاو، تا بزانێ ئێمە چۆن تەمەنمان به ڕێکرد )

بەم باران و خۆڵبارانە
خەفارەت دەردی گرانە
دوانزە سەعات لە تاقیگا،
نزیکەی وەک گیانکێشانە ..
ئەگەر هاتی وەرە ، بەس چۆن؟
کەی ئێرە شوێنی سەردانە ؟
کێ هەیه بڕوا بۆ دۆزەخ ؟
کە هەمووی ئازار و ژانە ..
نەیشهاتی ، قەیناکا مەیە،
ڕاهاتووم بە خەستەخانە ..
سی ساڵە لەم دەستاڕەدا ،
وورد و خاش ئەبین ڕۆژانە ..
ئەم ووشانەم کاتێ نوسی ،
کە تەماشام کرد بارانە ..
لە یەکەم ڕۆژەوە تۆم دی،
بۆم دەرکەوت ژیان هێشتا جوانە ..
بەس لە شارێکی داڕوخاو ،
کوا جێگای گوڵ و ئینجانە ؟
لەگەڵ ئەوەیشا پێم خۆشە ،
کە بەردەوامین لەم ژیانە ..
بە ئێوارە ئەڕۆینەوە ،
لەبەرمانە وەکو وانە ..
دڵمان خۆش نییە و کۆڵ نادەین،
تەرکی ناکەین جل و شانە
چواردە ساڵان بووین کە ووتیان
شەڕی عێراق و ئێرانە ..
هەشت ساڵی ڕێکی خایاند و
عێراقیان کرد بە وێرانە ..
لە پڕ ووتیان شەڕ ئەوەستێ ،
کاتی هەڵپەڕکێ و بادانە ..
مانگێ، شەو و ڕۆژ حەفلەی کرد،
ئا ئەم میللەتە نەزانە
زانکۆمان بڕی، شەڕ وەستا،
بووین بە سەربازی بێ لانە ..
ووتیان 2ساڵ ، بوو بە 4 ساڵ
وێڵ لەو دەشت و بیابانە
لە پڕ دۆنکیشۆت کوێتی گرت،
شەڕ لەگەڵ هەموو جیهانا..
جەنگ و ئابڵوقەی ئابووری ،
خەڵک بوو بە پەندی زەمانە..
لەو نێوانەیشا ئەنفال و
کیمیاویی کرد بە جەژنانە ..
براکوژی و کۆچ و کۆڕەو،
دیاری ئەو و هی ئەمانە
سەدام ڕوخا و عێراقی نوێ ،
ووتیان ڕزگار بووین لەمانە ..
بوو بە شەڕی شیعە و سونە ،
عێراق بوو به قەسابخانە ..
دە ساڵی ڕێکیشە موچە ،
بۆ کورد حەرام و تاوانە ..
کورت و کرمانجیی با بڵێین ،
قەت وڵات نەبووە و زیندانە .
خانەنشین بوون ئەوا دێ ،
کە دێ ئەبینە دێوانە ..
ئیتر کاتی ئەندڕاڵ و
گلوکۆفەیج و گۆچانە ..
تەمەن لە پڕ ئەیکا بە مەڕ،
کام شوانەی سەرتۆپی شوانە
قورسە لە پێش دەستپێکردن،
بڵێن کاتی دابڕانە ..
لێرە قەت ژیان دەست پێ ناکا،
خەم ڕەفیقی هەموومانە
ئابڵوقە و کۆچ و پاشەکەوت،
سێ ئەشکەنجەی گۆڕستانە ..
هەر بە زیندوێتیی کوشتیانین،
ڕاستە و ڕاست بە بێ بەهانە
چەن ڕوناک بێ، ڕەش ئەبینین،
پێیش بکەنین وەک گریانە ..
کوا زانست، هونەر و ئەدەب؟
ڕۆژی ئاغا و دیوەخانە ..

هەموو ئەو هەوڵەی کە دامان،
با بردی وەکو زەنگیانە ..
ئەوەی بە خەڵکی ژیر کرا ،
تەنها بە ووتن ئاسانە ..
تاکە شتێ کە دڵ خۆشکا،
بەزەیی خوای میهرەبانە

———————-

٭ ( ئەگەر هاتی تەنیا وەرە )
دێڕێکی عەبدوڵا پەشێوە :

ئەگەر هاتی تەنیا وەرە!
هەروەک لەناو دڵما تەنیای
سەرینەکەم بۆ دوو کەسە
دوو کورسیی تامەزرۆم هەیە
دوو پیاڵەشم هەیە بۆ چای




ئاین و ئەفسانە.. نەوزاد بەندی

پێکەوە گرێدانی هەندێ زاراوە لە لایەن هەندێ لە لێکۆڵەر و نووسەرەوە جێگای لەسەر وەستان و هەڵوەستەیە، چونکە ناکرێت بێویژدانیی یان بە زۆر پۆڵێنکردن بۆ هیچ ئایدیۆلۆژیا و کەس و شتێک بکرێت و لێی بێدەنگ بین، لە کاتێکدا عەقڵ و لۆژیک دوو پێوەری گرنگن لە مرۆڤدا، پێویستە لە خوێندنەوەکانماندا بەکاریان بێنین، ئەگینا وای لێ دێت وەک چۆن لە بازاڕە میلییەکان تەماتەی شکاومان بەسەردا ساغ ئەکرێتەوە، بە دیکۆرێکی تەماتەی جوان و ڕیزکراو هەڵمانئەخەڵەتێنن، بە هەمان شێوە لە بواری بیر و بۆچوونەکانیشدا، کاڵای بێ سوود و شێوێنراومان بەسەردا ساغ ئەکرێتەوە، ئەوەیش کردەیەکی ترسناکە، چونکە تەماتە شکاوەکە ئەگەر بتوانین فڕێی بدەین، بەڵام ئایدیایەکی شێواو ناتوانین فڕێی بدەین بەڵکو بەرە بەرە ئەبێتە بەشێک لە هەڵوێست و کەسایەتیمان و کاری پێدەکەین. بۆ نمونە ئەم پیتانەی ئێستا من پێیان دەنووسم دەیان ساڵ پێش ئێستا لە ئەلف و بێکەی ئیبراهیم ئەمین باڵدار وەرمگرتوون و تا هەنوکەیش کاریان پێدەکەم، بە هەمان شێوە دیدگا و بۆچوونەکانیش لەوانی تر وەریاندەگرین و کاریان پێدەکەین، بە هەر کەسێک بڵێین ئەدۆڵف هیتلەر چۆن کەسایەتییەک بوو، یەکسەر پێت ئەڵێ دیکتاتۆر بوو، چونکە لە ڕێی تەلەفزیۆن و خوێندنەوە و سینەماوە ئەو بۆچوونەی تێدا چێنراوە کە ئەو کەسایەتییە تاکڕە و دیکتاتۆر بووە.
هەر بۆیە ڕاگەیاندن ئەرکێکی گرنگی لەسەر شانە و پێویستە بە هەند وەربگیرێت و حیساب بۆ هەر وشە و پێناسەیەکی بکرێت.
بەرگریی لە لەشەوە هەتا کۆمەڵگا، کردەیەکی کاردانەوەیه، واتا بەرگری کاتێ دروست دەبێ کە هێزێکی دژ دێت بە گژتا ، بۆ نمونە کاتێ بەکتریا و ڤایرۆس و مشەخۆرەکان دێنە ناو لەشمانەوە ، بەرگری لەشمان زیاد ئەکات و پلەی گەرمامان بەرز ئەبێتەوە، ئەمە هۆکاری بەکتریا و ڤایرۆسەکانە، ناکرێت ڕەخنە لە لاشەمان بگرین کە بۆچی گەرم بووە، چونکە بەرگری لەش لە پێناوی مانەوە و ڕزگار بوونە، نەمانی بەرگریی لەش، نەخۆشییەکی ترسناکە پێی دەووترێت ئایدز. بە هەمان شێوە کاتێ دەست بۆ شانەی هەنگ و هێلانەی هەر گیاندارێک ببەین، کاردانەوەی خێرا و هیستیریی ئەو گیاندارانە دێن بە ڕووماندا، ئەمە شتێکی سروشتییە و ئەوەی کە سروشتیی نییە ئەوەیه ئەو گیاندارانە بەرگرییان تێدا نەبێ.
هەر بۆیە کاتێ داهاتی وڵات و هیوا و ئومێدی خەڵک ئەفەوتێنرێ، نیشتمان ئەفرۆشرێ و هەڕاج و پاوەن ئەکرێ، ئەبێ کاردانەوە هەبێ، ئەبێ بەرگریی و بەگژداچوونەوە هەبێ، ئەگینا ئەو کۆمەڵگایە بە گەمژە و مردوو ئەژمار ئەکرێ.
ناکرێ بە بەرگری و بەگژداچوونەوە بووترێ تیرۆر یان سیخوڕ و تابووری پێنج و ئەو تاواندواخستنە بێ بنەمایانەی کە گەمژەیی و ڕەشۆکییان لێ ئەتکێ. شایانی باسه ماوەیەک پێش ئێستا تەماشای فیلمێکی خەیاڵیی!! هۆلیودم کرد تیایدا بە حیساب کۆریای باکور، نیۆیۆرکی داگیر کردبوو، کۆمەڵێک لاو کۆبوونەوە و شانەی چەکدارییان دروست کرد، کەوتنە لەناوبردنی سەربازەکانی داگیرکەرانی شارەکەیان و تەقاندنەوە و گڕتێبەردانی دامەزراوەکانیان، کەچی کاتێ کەسێکی داگیرکراوی لای خۆمان بە ئاسپایی گردبوونەوە و ناڕەزاییەک دەرببڕێت، دەیان تاوانی تیرۆر و سیخوڕیی دوا دەخەن. کاتێ موسوڵمانێک کە هەموو کۆمەڵگا لەسەر ئاین و قورئانەکەی کۆکن، بیەوێت ئایەتەکانی خوا لە ژیانیدا پەیڕەو بکات، پێی دەووترێ تیرۆریست و کۆنەپەرست!
دووری بۆ نەڕۆین، خەباتی پێشمەرگایەتیی کە هەمووان بەشدار بووین تیایدا چ لە شاخ، چ لە شار و زانکۆکاندا و قوربانیمان بە ژیان و خوێندن و خوێندنی باڵای خۆمان داوە بە ترساندن و کوشتنی پیاوانی ڕژێم و زیانپێگەیاندنی ئوتومبیل و دام و دەزگاکانیان، ئەمانە هەمووی چوونەتە قاڵبی بەرگری نیشتمانیی و بەرخۆدان و شانازیی و جوامێریی و مەردایەتییەوە، کەچی ئەمڕۆ هەمان هاووڵاتیی و لەسەر هەمان خاک، ناڕەزایی و توڕەیی و هەڕەشەیەک بکات لە دژی مافە خوراوەکانی (کە لە ژماردن نایەن) یەکسەر ئەیخەنە قاڵبی تیرۆر و ئاژاوەچێتیی و گێرەشێوێنیی و ئەو زاراوە لاستیکییانەوە. کار گەیشتۆتە ئەوەی لەم ماوەیەدا کابرایەکی دانیشتووی ناوەندی عێراقم بە ڕێکەوت لە فرۆشگایەکدا بینی، بە بزەیەکەوە پێم ووت: ئەرێ کەی ئەڕۆنەوە شارەکانی خۆتان؟ کوردستانتان کرد بە عەرەبستان.
پێی ووتم : وەڵاهیی مامۆستا، پڕ بە دڵ حەزئەکەین بڕۆینەوە، بەڵام سوێند بەخوا بارودۆخێکیان دروستکردووە بچوکترین داواکاریت هەبێ، یەکسەر تاوانی گێرەشێوێنیی ئەدەنە پاڵتەوە و سەرنگونت ئەکەن !!
بە ڕاستی جێگای داخە و خەسارەتێکی گەورەیە تەنانەت بۆ دەسەڵاتداران خۆیشیان، سیستمی بەرگریی لە هاووڵاتیەکانیاندا نەهێڵن، هاووڵاتییەکی کۆیلە و ترسنۆک و بێ هەڵوێست بخوڵقێنن، چونکە سبەی ڕۆژێ ئەگەر جەنگێکی چارەنوسساز یەخە بە نیشتمانەکە بگرێت، تازە ئەو کۆمەڵگایە مردووە ،تازە بەرگریی تێدا قەڵاچۆکراوە، بە گژداچوونەوەی تێدا حەرام کراوە، ناتوانێ بەگژ هیچ دوژمنێکدا بچێتەوە، ئەمە جۆرێکە لە نەخۆشیی ئایدزی کۆمەڵایەتیی، چونکە ئایدز ڤایرۆسێکە لە بەرگری لەش دەدات و ئەیگەیەنێتە ئاستی سفر، بەو جۆرە لەشێکی بێ بەرگری و لاواز و بودەڵە دێتە ئاراوە بە بچووکترین نەخۆشی کەفتەکار ئەبێ، هەر بۆیە پێویستە بەرگریی و تاوان لە یەکتریی جیابکرێنەوە، هاووڵاتی توڕە و هاووڵاتی تاوانبار جیا بکرێنەوە، ڕەخنەی بنیاتنەر و ڕەخنەی ڕوخێنەر، هەنگ و زەدەواڵە، بەرگریی چارەنوس و شەڕی ناوخۆ لە یەکتری هاوێر بکرێن.
ئەگینا کۆمەڵگای گۆڕستان دێتە ئاراوە، تیایدا هەموو مافێکی هاووڵاتیی ئەخورێت و دەسەڵاتێکی ناشیرین هەڵئەتۆقێ کە بەکاری هیچ شتێک نایەت و ڕووی هیچ مەجلیسێکیشی نییە، تەنیا و قێزەون و کەنارگیر، وەک تارماییەکی ترسناکی لێ دێت و ناتوانێت ساتێک بە ئاسودەیی ویژدانەوە بگوزەرێنێ، ناتوانێ خۆی نیشانی هاووڵاتییەکانی بدات، لەگەڵ هاووڵاتییەکانیدا ئەبن بە دوو دوژمنی سەرسەختی یەکتریی، لە دوو دۆڵی جیاوازدا ژیان ئەگوزەرێنن.
لەم دواییەدا هەندێ ڕۆشنبیر پەیدا بوون، زاراوەی سەیر و سەمەرە فڕێ دەدەن، وەکو ئاین و ئەفسانە، واتا هەوڵ دەدەن بەرگێکی ئەفساناویی و خەیاڵاویی بکەن بە بەری ئاییندا، هەوڵەکەیشیان لە بێدەنگبوونی خەڵکیدا جۆرێک سەرکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، لە کاتێکدا پێکەوە گرێدانی ئەو دوو زاراوەیە بێ ویژدانیی و نەزانیی لێ ئەچۆڕێ.
ئاین تا ئێستا چ ئەفسانەیەک توانیوێتی دەسەڵات بگرێتە دەست و شارستانیی پێک بێنێ ؟ لە گلگامێشەوە هەتا زیۆس و ئەفرۆدێت و کوڕە کەچەڵە و حەمەدۆک و هاری پۆرتەر و هەموو تێرمە ئەفساناوییە کۆن و نوێکان؟ لە کاتێکدا ئاینی کریستیان، ساڵەهای ساڵ فەرمانڕەوایی ئەوروپا و ئەمەریکای کرد و بە شۆڕش ڕوخێنرا.. هەروەها ئاینی ئیسلام سەدان ساڵ فەرمانڕەوایی لە بەشێکی گەورەی جیهاندا کرد و شارستانییەکی گەورە و فراوانی لە ئەندەلوس و غەرناتە و بەلەدوەلید و تورکیا و جۆرجیا و ئاسیا و ئەفەریقیادا بەجێ هێشت، ئیتر چۆن ئایین و ئەفسانە ئەکرێن بە دووانە و پێکەوە گرێ ئەدرێن؟
ئایا هیچ لۆژیکێکی تێدایە کەسانێکی گەورە و بیریار و بەناوبانگی وەک مالکۆڵم ئێکس و محمد عەلی کلایی و ڕۆجێ گارودی و ئیحسان تەبەریی و جەنەڕاڵ کۆستۆ دوای ئەفسانە کەوتبێتن و ئاینی ئیسلامیان هەڵبژاردبێ؟
هەر بۆیە ئەو نووسەرانەی کە ( شەلم کوێرم ) تەقە لە ئایین ئەکەن و بەجۆرەها زاراوەی ترەوە ئەیبەستنەوە، پێویستە بە خۆیاندا بچنەوە و چیدی حوکمی قەرەقۆشیی نەدەن، چونکە لە ئاستی لۆژیک و بەهای ئەکادیمیی و بیریاریی خۆیان کەم دەکەنەوە و ئەبنە جێگای پێکەنین و لاقرتێ.
شایانی باسە یەکێک لەو نووسەرانە پێناسەی پلاتۆ بۆ شیعر دێنێتەوە کە دەڵێت شاعیرەکان درۆزنن، بەڵام لە یادی ئەچێ یان نازانێ یان ئەیەوێ نەزانێ کە پێش پلاتۆ بە سەدان ساڵ، لە قورئاندا پێناسەی شاعیران کراوە بە ( یقولون ما لا یفعلون ) واتا قسەکانیان و کردارەکانیان یەک ناگرنەوە، واتا درۆزنن. لەگەڵ ئەوەی لە قورئاندا هەموو شاعیرەکانی لەو پێناسەیە نەترجاندووە، شاعیرانێکی خاوەن بیر و باوەڕی لێ دەرکردووە، بەڵام پلاتۆ بە ڕەهایی هەموو شاعیرانی بە درۆزن ناوزەد کردووە.




دیموکراسی عەشایەریی.. نەوزاد بەندی

لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا دیاردەی سەیر و سەمەرە ئەبینی، دیاردەی دژ بە یەک پێکەوە گرێدراون و بوون بە هاوکار و هاوبیر و هاوڕێ و تەواوکەری یەکتری. وەک بڵێی ئاگر و بەنزین پێکەوە ڕێک بکەون و ئیش و کار و پلە و پۆستەکان لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن.
سپۆنسەری ئەم دۆخە بریتییە لە بەرژەوەندییەک کە هەردوو لای پێکەوە بەستۆتەوە، واتا بەرژەوەندیی ئەچێتە سەروو لۆژیک و پڕنسیپەکانەوە، وەک چۆن بکوژی کەسێک، کچێک لە کەس و کاری کوژراوەکە مارە ئەکات، ئیتر گرنگ نییە کوژراو و بکوژ هاوسەرگیریی بکەن، گرنگ نییە خاڵوانی مناڵ و نەوەکان پیاوکوژ بن و مامەکانیان کوژراو.
پێکەوە ژیانی دوژمنەکان، ئەگەر لەسەر بنچینەی وازهێنان بێ لە دوژمنایەتیی، گۆڕانکاریی بێ لە کەسایەتیی و تێڕوانین و هەڵوێستەکاندا، شتێکی باشە، بەڵام مانەوەیان لەسەر هەمان ڕیتم و پێکەوەژیانیان لە پێناوی بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا، کێشەیەکی گەورەیە.
هەبوونی دوو شوفێری دژ بە یەک لە هەمان ئوتومبیلدا و لەسەر هەمان کورسی شۆفێریی، چی لێ چاوەڕوان دەکرێت بێجگە لە کارەسات و ڕووداوی جەرگبڕ؟
بە داخەوە، لە کۆمەڵگای خۆماندا هەرچی دیاردەی دژ بە یەکە لەگەڵ یەکتریدا کۆکراونەتەوە یان بە خواستی خۆیان کۆبوونەتەوە، ئەوەیش وایکردووە هاوسەنگیی و تەبایی و یەکڕیزیی لە هیچ کایەیەکی کۆمەڵگادا ڕەچاو نەکرێ. یەکێک لە دەرهاویشتەکانی کوکردنەوە و پێکەوە گرێدانی دژەکان، پشێویی و شەڕەجنێوە، ئەبینین ڕۆژانە دیاردەی جنێودان لە کومەڵگادا ڕوو لە بەرزییه و وایلێهاتووە جنێو بۆ هەموو کەس و بەرهەم و شتێک بەکارئەهێنرێت و هیچ کەسێک ناتوانێ خۆی لە شاڵاوی جنێو ڕزگار بکات، تەنانەت مامۆستا و فریادڕەسان کاتێ ڕێگاچارەی کۆمەڵگا دیاری دەکەن و سنگی خۆیان ئەکەن بە قەڵغان، سەدان جنێو و قسەی زبریان دوا دەخرێت. وایلێهاتووە جنێو بووە بە کەرەستەیەکی ڕاگەیاندنی زۆر گرنگ، دەزگا و میدیا و پێگە و کارمەند و پارەیەکی زەبەلاحی بۆ تەرخانکراوە، خەڵکێکی زۆر لە بەروبومی جنێو ئەخۆن و قەڵاچۆکردنی دەزگاکانی جنێو، ئەبێتە هۆی بێ ئیش بوونی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان و سەرهەڵدانی نائارامیی لە کۆمەڵگادا، ئەم جنێوفرۆشانە کە لە سێبەردا جنێو دەدەن، لە ڕوناکیدا خەڵکێکی زۆر بەڕێزن و بە قوربان و بەساقەی یەکتریی ئەبن، لەوێدا ئیتر تێناگەیت کە کێ جنێوفرۆشە و کێ بەڕێز و به ئەتەگێتە، واتا جنێوفرۆشی بەڕێز یەکێکە لەو سکێچە سەیر و سەمەرەیەی کە ڕۆژانە هەستی پێدەکەین، ڕێک وەک تاڵانکردنی نیشتمان لە تاریکیدا لە ساتەوەختی ڕوخانی ڕژێمی سەدامدا لەلایەن کۆمەڵگایەکەوە کە له ڕوناکیدا هەموویان ڕەخنە لە دز و تاڵانچێکان ئەگرن، لێرەدا ئیتر نازانرێ کێ تاڵانێکەی کردووە؟ جنۆکە یان پیاوانی بۆشایی ئاسمان کە پێیان ئەووتری ستارتریک؟ لە ڕاستیدا لەبەردەم کومەڵگایەکداین لە تاریکیدا کائینێکی بەربەرییە و لە ڕوناکیدا بوونەوەرێکی پڕ لە ڕەوشت و ئەتەکیەتە.

پێکەوە گرێدانی دوژمنەکان و پێکەوە ژیانیان، دۆخێکە جێگای پێکەنینە، هەتا ئەو پێکەوە ژیانەیش بەردەوام بێ، پێکەنینەکە درێژتر ئەبێتەوە، چونکە دیاردەی سەیری وایلێدێتە بەرهەم، وەک دەڵێن سەر بە قوڕ دێنێتە پێکەنین. بۆ نمونە دیموکراسییەکی ئاغا، یان عەشایەرێکی دیموکراسیخواز، لە کاتێکدا دیموکراسی لە دژی تاکڕەنگیی و ئاغایەتیی و عەشایەریی دروست بوو، بەڵام بارودۆخەکە وا ئەخوازێ یاخود بازرگانییەکە وای پێویستە ئاغا بیت و بانگەشەی دیموکراسیش بکەیت یان ڕاستتر دیموکراسی وەک یەکێک لە حیمایە و پاڵە و نانخۆرەکانت ڕابگریت بۆ ئەوەی دڵی هەموو لایەکی پێ ڕازی بکەیت، لێرەدا دیموکراسی ئەبێتە پاساوێک یان ڕوکەشێک بۆ بەردەوامبوونی ئاغا یان پاشا،وەک پۆشاکێک وایە بۆ داپۆشینی عەیب و عارەکانی ئاغا و پاشاکن، چەند ساڵ جارێک پڕۆسەی ڕاپرسیی و دەنگدان دەکرێت، پارەیەکی زۆر لەو پڕۆسانەدا بەهەدەر دەدرێت، نەک لەبەر پڕۆسەکە خۆی، تەنها بۆ بیانووبڕکردنی ئەوانەی کە دەڵێن سیستمەکە ئاغایەتیی یان پاشایەتییە. ووڵات هەیە چل ساڵ و زیاتر کابرایەک ئاغا و پاشا و هەموو شتێکی بووە لەگەڵ ئەوەیشدا لەو چل ساڵەدا، بەردەوام پڕۆسەی دەنگدان و ڕاپرسیی بەڕێوە چووە، نوێنەری ووڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوون، کۆمسیۆنی باڵای بۆ دروستکراوە، لێرەدا ئیتر حاڵەتی شۆک و پێکەنینە هیستیرییەکە دەست پێدەکات، ووڵاتەکەدا لە لوتکەی دیموکراسیدایە و هەزاران حیزب و قەواره لەو پڕۆسەیەدا بەشدارن، بە ملیۆنەها دۆلار لەو ڤیستڤاڵە دیموکراسییە جەماوەرییەدا خەرج کراوە، کەچی تەنها و تەنها ئاغا و پاشای ساڵەهای ساڵ لە لوتکەی هەرەمەکەدایە، ئەمە نزیکەی وەک ئەوە وایە کە بازاڕ سەدان بڕاندی مۆبایلی تێدایە، کەچی تەنها ئایفۆن و گالاکسی لە لوتکەدان.
ئیتر ئەم دۆخە وەک شیزۆفرینیایەکی درم بە کۆمەڵگادا تەشەنە ئەکات، دۆخی ئاوێتە بوونی دیاردە دژ بە یەکەکان، وەکو پڕۆفیسۆری هیچ نەزان، نەخوێندەواری زانا، مامۆستای جنێوفرۆش، ئایینداری ترسناک، بێدینی دەستپاک، شۆڕشگێڕی ترسنۆک، دادوەری گەندەڵ، کۆمۆنیستی سەرمایەدار پەرلەمانتاری لاڵ و بێدەنگ ڕاگەیاندنی سەربەخۆی حیزبیی، هەژاری لوتبەرز، دەوڵەمەندی لە برسا مردوو، یەکێتی پارچە پارچە، دوژمنی دۆست،ڕاستگۆی درۆزن، بەڕێزی قۆڵبڕ، نوسەری بازرگان، داهێنەری دز، براوەی خەڵاتی گەمژە، داوێنپاکی داوێنتەڕ، …
ئەمانە ئەو حاڵەتانەن کە دەرەنجامی حوکمڕانی دیموکراسیی عەشایەرن، واتا کۆکردنەوەی دژەکان ئەبێ بە مۆدێل، ئەبێ بە لۆژیک، واتا بۆ نمونە زۆر ئاساییە وەزیر بیت و هیچیش نەزانیت، یان پەرلەمانتار بیت و لە ماوەی هەشت ساڵدا دێڕێک قسەت لە هۆڵی پەرلەماندا نەکردبێت..پڕۆفیسۆر بیت و نەتوانیت کتێبێک چاپ بکەیت.
ئیدی دیموکراسی وەک کلێنکسێک وایە بەردەوام ناشیرینییەکانی پێ ئەسڕنەوە، دیبییە هەموو پیساییەکانی پێ ئەشارنەوە یان ئەیکەن بە بەندبێژێک، ئەوەی زات بکا بڵێ ئەم ئاغایەتییە هەتا کەی؟ یەکسەر دیموکراسییە پەڕۆینەکە دەست ئەکا بە بەیت و بالۆرە و گۆرانیی و تەنانەت سەمایش، هەتا لە پرسیارکردن کۆڵت پێ ئەدات
لە ڕاستیدا ئەم دۆخە دژبەیەکە کۆکراوانە لە یاساکانی فیزیادا، سفرکردنەوەی پێ دەووترێت، واتا دوو هێزی یەکسان ئەگەر دژی یەک بن، ئەنجامەکەیان سفر ئەبێ.
هەر بۆیە کۆمەڵگا دواکەوتووەکان هەمیشە سفرن، تەماشا دەکەیت سامانێکی نیشتمانیی و داهات و جەماوەرێکی زۆر و بڕوانامەیەکی زۆریان هەیە، کەچی سفرن.. سفر.




ئەو هەر چاوەڕوانە.. نەوزاد بەندی

  

کاتێ هەمووان ئەڕۆنەوە،
دوای ئەوەی جەوری ڕۆژێکی
دوور و درێژیان چێشتووە ..
ئەو به تەنیا چاوەڕوانە..
کە هێشتا مانگ،
ئامانەتی زەوی نەداوەتە دەستی خۆر،
هێشتا تاریکە و
هەردووکیان ئاسمانیان بەجێهێشتووە،
ئەو بە تەنیا چاوەڕوانە..
کاتێ باران لەگەڵ خۆڵا
بەڵێننامەیەک مۆر ئەکەن،
ووڵات لە قوڕاو هەڵکێشن،
ئەو بە بێ چەتر و
زۆر بێ باک، چاوەڕوانە ..
کاتێ گریان و پێکەنین
فەرموو لە یەکتر ئەکەن و
نازانیت کامیان له پێشن..
کاتێ تۆزێکی کۆمەڵگا ڕائەبوێرن،
ئەوانی تر لەگەڵ گوزەران شەڕ ئەکەن،
پێی ناوێرن ..
ئەو بە تەنیا چاوەڕوانە ..
وەک بڵێی دیداری لەگەڵ شەمەندەفەرێکا هەبێ ..
یاخود لەگەڵ نەفەرێکا ..
وەک بڵێی پەیمانی لەگەڵ کەشتییەکا دانابێ و
دەریا له پڕ وشک بووبێ ..
یان شاسوارێ لە ناکاو توشی شک بووبێ ..
وەکو بڵێی گەردەلولێ پێی وتبێ
چاوەڕێم کە
بۆ کوێت ئەوێ هەڵت ئەگرم ..
یان یادگارییەک پەیمانی پێدابێ بگەڕێتەوە،
ئەمیش پێی وتبێ حازرم ..

٭ ٭ ٭
کات بە بێ باکیی ئەڕوات و
ئەو بە تەنیا چاوەڕوانە ..
ئەو ناپرسێ و
کەس ناپرسێ،
ئەو پەیکەرە یان وەک هەمووان
دەنگدەرێکی پەشیمانە ..

نەوزاد بەندی




ڕۆژی کتێب و کورد.. نەوزاد بەندی

لە ڕۆژی جیهانی کتێبدا، لای خۆمان کۆمەڵێ ووتار نوسران، تێکڕایان باس لە ڕۆڵی کتێب و گرنگی کتێب دەکەن، داوا دەکەن وەزارەتی ڕۆشنبیری مکوڕیی بکات لەسەر بڵاوکردنەوەی کتێب و هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەسەر خوێندنەوەی کتێب و نوسینی کتێب و ڕەخنە گرتنی جدیی لە میللەتی کورد کە بۆچی ناخوێننەوە.
لە ڕاستیدا پێوەری هەر دیارەیەک، پێویستی بە شەن و کەو کردنی بارودۆخەکەیە، خوێندنەوەی مرۆڤەکانە پێش چاپکردنی کتێبەکان.بۆ نمونە کاتێ مرۆڤێک نەخۆش ئەکەوێت، نابێ مامەڵەی کەسێکی تەندروستی لەگەڵدا بکەین، بەڵکو ئەبێ سەرەتا بزانین نەخۆشییەکەی چییە و هۆکاری نەخۆشییەکەی چییە و دەرمانی نەخۆشییەکەی چییە.
ئێمە لەبەردەم بارودۆخێکداین ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی نەخوێندەواریی و واز هێنان لە خوێندن لە هەڵکشانێکی خێرادان، زیاتر لە پانزه ساڵە هەڵگری بڕوانامەکانمان دامەزراندنیان لێ قەدەغە کراوە، بەو جۆرە لەبەردەم زیاتر لە 120 هەزار گەنجی خاوەن بڕوانامەی بێ کار و بێ داهاتووداین، زۆربەیان پەشیمانن لەو پڕۆسەی خوێندنەی زیاتر لە پانزە ساڵی تەمەنیانی خوارد و دینارێکی نەخستە گیرفانیانەوە، بەرە بەرە ئینتیمایان بۆ خاک و نەتەوە و کولتوور کاڵ بۆوە و زۆربەیان بیرۆکەی کۆچکردن لە ناخیاندا هات و چوو، تاراوگە بووە تەنها فریادڕەسیان، بۆ ئەوەی بە لایەنی کەمەوە لەو خاکە دوور بکەونەوە کە بووەتە گۆڕستانی خەون و هیوا و ئامانجەکانیان.
لێرەدا چۆن داوا لەو گەنجانە بکەین لە چاوەڕوانی کارێکدا پیر بوون، کتێب بخوێننەوە؟
بە چی قەناعەت بە دەیان هەزار کچ و کوڕی لاو دەکەیت کتێب بخوێننەوە، بە بڕوانامەیەکی گەورەوە لە فەرمانگەکاندا کار بە خۆڕایی ئەکەن و پێیان ئەووترێت: خۆبەخش ؟ سامان و داهاتی کۆمەڵگایەک لەلایەن بەشێکی کەمی کۆمەڵگاوە قورخ کرابێ و زۆرینەی لێ بێبەش کرابێ، ئەبێ کتێب لە کوێدا جێی بێتەوە و کامیان بیخوێننەوە؟ ئاشکرایە جەردە کتێب ناخوێنێتەوە و ئەوەیشی ماڵ و ژیانی دزرا بێ نایپەرژێتە سەر کتێب خوێندنەوە. ئایا چ لۆژیکێکی تێدایە لەسەر خوانی نیشتمانیی، زۆرینە بۆیان نەبێ بخۆن و پێیشیان بڵێین بۆچی کتێب نانوسن و کتێب ناخوێننەوە ؟ ئەوان بە پێش چاویانەوە خەڵکێک بە بێ ماندوو بوون ئەبێتە ملیاردێر، ئەمان بە ماندووبوونەوە نان نییە بیخۆن، کتێبی چی بخوێننەوە ؟ کەسێک قوڕقوڕاگەی توند شەتەک درابێ و پێی بووترێت بخوێنە و بنووسە، ئەبێ چی بخوێنێتەوەو چی بنوسێت لە کاتێکدا ئەو خەریکە ئەخنکێت.
ئەمە وەک ئەوە وایه بچیتە گۆڕستانێک و داوا لە مردووەکانی بکەیت هەستنە سەر پێ و یارییەکی تۆپی پێ ئەنجام بدەن،ڕاستە تۆپی پێ وەرزشێکی جوان و کۆمەڵایەتییە، کولتوور و نەتەوەکان پێک ئەناسێنێ، بەڵام ئەم داواکارییە لە مردووەکان، نالۆژیکیی و گاڵتەجاڕییە، وەک ئەوە وایە بە کەسێکی برسی و تینوو بڵێیت با بڕۆین گەشتێکی شاخەوانیی بکەین، بە نەخۆشێکی کوامای قاوشی چاودێری وورد بڵێیت هەستە گۆرانییەکمان بۆ بڵێ.
چۆن داوای خوێندنەوەی کتێب لە میللەتێک ئەکەن، گەورەترین هیوا و خەون و ئامانجی هەڵگرێکی بڕوانامە ئەوەیە کارێکی دەست بکەوێت و چیدی دەست لە دایک و باوکی پان نەکاتەوە پارەی پۆشاکێک و جوتێ پێڵاوی بدەنێ ؟ جێگای شەرمەزارییە داوای کتێب خوێندنەوە لە گەنجێک بکەین، دوانزه ساڵە خوێندنی تەواو کردووە هێشتا دانەمەزراوە و بێ کار ئەسوڕێتەوە و یەک دنیا گرێی دەروونیی بۆ دروست بووە، لە پێش چاویدا کۆشک و ئوتومبیلی گرانبەها بە دەست خەڵکی نەخوێندەوارەوەیە و ئەمیش خەو بە مافە سەرەتاییەکانەوە ئەبینێ، هاوسەرێک و دوو ژوور و کارێک ؟ ڕەنگە بوترێت بۆچی گەنجەکان ناچن لە کەرتی تایبەتدا کاربکەن؟ ئاگاداری کۆمپانیایەکی دەرمانم داوای چوار کەسیان کردووە بۆ دامەزراندن، 30هەزار داواکارییان بۆ هاتووە تیایاندایە 5 زمانی زیندووی جیهانیی ئەزانێ، هەڵگری بڕوانامەی پزیشکی دەست ودامانیان بووە وەک پاککەرەوە دایمەزرێنن، با دوور لە تانە و تەشەری دۆست و دوژمن دوو دیناری لە کاری زەمین سڕیندا دەست بکەوێ!
میللەتێک بانگهێشتی کتێبی چی دەکەیت گەورەترین کتێبی فەرمانبەرەکانی ئەوە بێ هەواڵی موچەی مانگ بڵاوبکرێتەوە ؟
ئێمە لە بەردەم کۆمەڵگایەکداین، باری دەروونی و کۆمەڵایەتیی شێوێنراوە، تیۆرەکەی بافلۆفی لەسەر جێبەجێکراوە و بووە بە مرۆڤێکی تاک ڕەهەند، وەک چۆن کاتێ بافڵۆف گڵۆپەکەی دادەگیرساند، لیک بە دەمی سەگەکەدا ئەهاتە خوارەوە، چینی خوێندەواری کوردیش تەنها خوێندنەوەی هەواڵەکانی موچە و دامەزراندن سەرقاڵی ئەکەن و کاری تێ ئەکەن، تامەزرۆیی و گوڕ و تینی تێدا دروست ئەکەن. ناکرێت بەو خەڵکە بڵێیت بۆچی ڕۆمان و شیعر و ووتار ناخوێننەوە ؟ چونکە هەر ئەم میللەتە بوو لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا لای کتێبفرۆشەکان ناوی خۆیان تۆمار ئەکرد بۆ ئەوەی دانەیەکیان لە کتێبێک دەست بکەوێت کە لە ژێر چاپدا بوو، چونکە خەڵکەکە هەمووی خوێنەری جدیی بوون و کتێب بە خێرایی لە بازاڕدا نەدەما. میللەت هەر ئەو میللەتەیە کە 45 ساڵ پێش ئێستا لە هەمان ڕۆژدا کە گۆڤاری نووسەری کورد و کاروان و بەیان و ڕۆشنبیریی نوێ دەردەچوون، یەک دانەی لە بازاڕدا نەدەمان. ئەی بۆچی ئێستا دوای ئەوەی هەزاران کتێبی دەزگاکان لە بازاڕدا تۆزیان لێ نیشت ، بە بارهەڵگری گەورە ڕەوانەی کوردستانی ئەودیو کران هەتا لە کۆمارەکەی قازی خوێنەریان بۆ پەیدا بکەن، شار بە شار گێڕایانن،چۆن بردیانن هەروا هێنایاننەوە، پێویستە پرسیار لە خۆمان بکەین ئەم میللەتە بۆچی بەو دەردە برا؟ ئەم خەڵکە بۆچی کرا بە دوژمنی کتێب؟ بۆچی نوسەر هێندە بێ نرخ و تەنیا و پەڕاوێز‌ خرا، کە لە ڕووی نەیەت بڵێ من نووسەرم؟
لە ڕاستیدا،کاتی سەدام حسێن وڵاتی کوێتی داگیرکرد و سزای ئابڵوقەی ئابووریی بەسەر عێراقدا سەپێنرا، واتا ساڵی 1991، کاتێ نان چووە قوڕگی شێرەوە، کاتێ نووسەران و خوێنەران، کتێبەکانیان هەرزانفرۆش کرد بۆ ئەوەی بە پارەکەی چەند کیلۆیەک ئارد بکڕن و نەهێڵن مناڵەکانیان لە برسا بمرن، کاتێ تەنانەت بیریارێکی گەورەی وەک دکتۆر عەلی وەردی، دەستنوسەکانی هێنایه سەر شەقامی موتەنەبی و هەرزانفرۆشی کردن بۆ ئەوەی نانە وشکەی دوا ڕۆژەکانی تەمەنی پێ دابین بکات، هەر لەو کاتەوە ئیتر کتێب ئەو بەهایەی نەما، چونکە مرۆڤێکی عێراقیی شێوێنراو هاتە گۆڕێ، مرۆڤێک کە هەوڵی یەکبینەی بۆ کۆکردنەوەی خواردن و پارە بوو، ئیتر گرنگ نییە چەندێک خواردن و پارەی هەیە، بەڵکو دۆخێکی دەروونیی بەکۆمەڵی وای بۆ دروست بوو، کە پارە و خواردن ببێتە پیرۆزترین دەسکەوتی، خزمایەتیی و نیشتمانپەروەریی و ئایین و هەموو بەهاکان بوون بە قوربانی پارە و خواردن.
لەبەرئەوە ئەبێ لەلامان ئاسایی بێ لە جێی کتێبخانە فرۆشگای پیتزا و فەلافل دابنرێ، چونکە میللەتەکە ئەوەندە بە فلتەری برسێتیدا براوە، ئەو کاتەی کە تێرە لە هەموو کاتێ زیاتر برسییە. ئەبێ ئاسایی وەریبگرین کاتێ فرۆشگاکانی کتێب ئەبن بەفرۆشگای مۆبایل،چونکە مۆبایل بە لایەنی کەمەوە هەواڵی موچە و هەلی کار و پەیوەندیی لەگەڵ کەسانی دوورە وڵات و هەلی کۆچیان پێ ڕادەگەیەنێ. ئەبێ لەلامان نورماڵ بێ کاتێ خەڵکێکی زۆر ئەگەڕێنەوە بۆخواپەرستی و سەر دەکەنە سەرگەشتی حەج و عەمرە و قورئان لەبەرکردن،چونکە تێکڕایان لە دنیادا مایەپوچ کراون و هەوڵ بۆ ڕۆژی قیامەت دەدەن بەڵکو تیایدا بتوانن هاوسەرگیریی بکەن و ببنە خاوەن ماڵ و ژیانی تایبەتی خۆیان.
لە بەرامبەردا ئەبێ دان بەوەیشدا بنێین خوێنەرێکی زۆریشمان هەن، بەڵام خوێنەری چۆن؟ خوێنەری کتێبی نوشتە و نوکتە و لێکدانەوەی خەون و سیحر و سێکس و ئەو کتێبانەی کە دەڵێن چۆن ئەبیتە ملیۆنێر؟ چۆن بە پاسکیلسواریی ئەگەیتە ئەوروپا ..ئەم خوێنەرانەیش خوێنەری تێکشکاو وخەمگینن، هەوڵ ئەدەن کتێبی ساختە بخوێننەوە دوای ئەوەی لە ژیانی ڕاستەقینەدا هەموو ڕێگاچارەیەکیان بە دەستەوە نەما،بەو جۆرە بە دوای مەحاڵ وخەیاڵپڵاو و فەنتازیادا ئامادەن سەدان کتێبی بێ سود و بێ سەواد بخوێننەوە.
ماوەتەوە بڵێم، هەر لە ساڵانی نەوەدەکاندا، کاتێ کرێچی بووم و ماڵە و ماڵ کەل و پەلەکانم ئەگواستەوە، کرێکارێکی کۆڵهەڵگر کەل و پەلەکانمی ئەگواستەوە، پێی ووتم : مامۆستا! ئەم فەردانە بڕستیان لێ بڕیم، زۆر قورسن، توخوا ئەوە چییان تێدایە ؟
ووتم : کتێب!
بڕێکی باش پێکەنی، ووتی : بریا لە جیاتی ئەو هەموو کتێبە دوو قەلەمونت ڕاگرتایە، من شانزە ساڵ خوێندوومە و ئێستا کۆڵهەڵگرم، وا دیارە تۆ هێشتا خەبەرت نەبۆتەوە!

نەوزاد بەندی




کولتوری سەقەت.. نەوزاد بەندی

سیستمی فەرمانڕەوایی عێراق هەتاکو کۆتایی فەرمانڕەوایی ئەحمەد حەسەن بەکر ساڵی 1979 سیستمێکی شارستانیی مۆدێرن بوو، دوور لە دەسەڵاتی خێزان و تیرە و خێڵ، بۆ نمونە کوڕ و کچ و برا و خوشک و ئامۆزا و زاوا و خاڵۆزا و مام و خاڵەکانی عەبدولکەریم قاسم و ئەحمەد حەسەن بەکر، کەس نەیئەناسین و دیار نەبوون، هیچ دەسەڵات و پۆست و پلە و پایەیەکی فەرمانڕەواییان لە وڵاتدا نەبوو، واتا وەک هەر سەرۆک کۆمارێکی شارستانیی مۆدێرن، کەسانێکی ئاسایی بوون، بەڵام کاتێک سەدام حسێن هاتە سەر کورسی دەسەڵات، یەکسەر خەزوور و ژن و کوڕ و کچ و زاوا و ژنبرا و خاڵ و مام و ئامۆزا و خاڵۆزا و پاسەوانە تایبەتەکانی سەدام لە شانۆی سیاسەتا قوت بوونەوە، هەر یەکێکیان پلە و پۆست و دەسەڵاتی خۆی وەرگرت، ئیدی کوڕی بکژ و ببڕ، ئامۆزای سەرسەریی و خەزووری چەقۆکێش و جۆرەها دڕندە و تاوانباری بنەماڵەی سەدام وەک گورگ بەربونە گیانی میللەتانی عێراق، یاسا و دەستوور‌ کەوتە ژێر پێڵاوەکانیان، بە جۆرێک هاووڵاتیانی عێراقیان وەک مێش و مەگەز‌ تەماشا ئەکرد و بە ئارەزووی خۆیان ئەیانکوشتن و زیندان و ئەشکەنجە و بزریان ئەکردن.
داهاتی ووڵات وەک میراتیی بنەماڵەکەیانی لێهات و بە بێ سنوور تەخشان و پەخشانیان دەکرد بۆ نمونە کۆمپانیای تایبەت بە پەیکەر و وێنە زەبەلاحەکانی سەرۆک و خزمەکانی لە ووڵاتی ئیتاڵیای سەنتەری پەیکەرتاشیی جیهان، دامەزرێنرابوو، ئەوە لە کاتێکدا سەربازێکی سوپاکەی بە مانگانەی تەنها 21 دینار، پەلکێشی بەرەکانی جەنگە گاڵتەجاڕییەکانی ئەکرا و ڕۆحی ئەکێشرا.
لە دوای ڕوخانی ئەو ڕژێمە ترسناکە گاڵتەجاڕە، گەلانی عێراق بە تەمای سیستمێکی فەرمانڕەوایی مۆدێرن و تێکنۆکرات بوون، بەڵام جێگای پێکەنینه کە نەک هەر ئەو کولتوورە سەقەتەی سەدام قەڵاچۆ نەکرا، بەڵکو بە زیادەڕەوییەوە پەیڕەویی لێکرایەوە، بە جۆرێک ئەگەر سەدام سەدەیەک عێراقی دواخستبێ، ئەوانەی دوای خۆی هەزاران ساڵ عێراقیان بە قوڕدا برد، ئەوەتا بەچاوی سەر ئەبینین لە سەرتاسەری عێراقدا، کوڕ و کچ و خزم و یار و یاوەری سەرۆک و سەرۆک حیزب‌ و بنەماڵە و تیرە و هۆزەکان، هەموویان بڕیار بە دەست و بکوژ و ببڕن، شازادە و ملیاردێرن، بێ باکانە سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی نیشتمان بە هەدەر دەدەن، نەخوێندەوار و گەمژە و هەوەسباز و ملهوڕ، هەموو ڕێز و شەرم و شکۆیەکیان لێ هەڵگیراوە، ڕۆژانە دەیان جار یاسا و دەستووری ووڵات وەک جووتێ پێڵاو لە پێ دەکەن، هەرچییەکیان بوێت، بە چەقەنەیەک دەستیان ئەکەوێت تەنانەت بڕوانامەی دکتۆرا و سەرۆکایەتیی زانکۆ، لە هەموو بەها ڕەوشتی و ئاینیی و مرۆڤایەتییەکان داشۆراونەتەوە، هیچ حیسابێک بۆ عەقڵ و لۆژیک و مێژوو ناکەن، ڕۆژنامە و بیریار و نووسەری ئۆپۆزیسیۆن وەک گیزەی مێشولە تەماشا ئەکەن و هەر کاتێک گیزەکە بێزاری کردن، بە سپرایەکی پف پاف لەناویان ئەبەن.
ئەم کولتوورە سەقەتەی سەدام بووەتە مەزهەب و ئاینی هەموو کاربەدەستانی عێراق، لە بەڕێوەبەری دەزگایەکی بچووکەوە، هەتا ئەگات بە سەرۆکەکانی ووڵات.واتا ئەگەر جاران یەک سەدام هەبووبێ ، ئێستا دەیان هەزار سەدام لە ووڵات بەلەسە بوون و سمکۆڵ ئەکەن و جووتە ئەوەشێنن، جوگرافیا و ئابووری و کۆمەڵایەتیی و زانست و هونەر و ئەدەب و مێژوو و ڕەوشت و هەموو بەهاکانی مرۆڤ ئەشێوێنن و باکیان نییە، لەناو غەریزە و حەزە حەیوانییەکانیاندا نوقوم بوون و بۆ یەک چرکەیش، بچوکترین ڕەخنە له خۆیان ناگرن. جارێکیان پیاوێکی کوێر خۆی ئەگەیەنێتە سەدام پێی ئەڵێ : گەورەم ! بەڕێوەبەرایەتیی هات و چۆ مۆڵەتی شۆفێرییم نادەنێ، ئەڵێن کوێریت.
سەدام حسێن یاسا و لۆژیکی لە پێ کردبوو، لە لوتکەی بەلەسە بوون و خۆ بە خوا زانیندا، بە کوێرەکەی ووت : سبەینێ بڕۆ بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هات و چۆ پێیان بڵێ : سەدام حسێن ئەڵێ مۆڵەتی شوفێریی بدەنێ !!..
ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 20 ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی سەدامدا، برادەرێک ووتی : ئوتومبیلێکم لە بەرپرسێک کڕی، تابلۆکەی هی بەڕێوەبەرایەتیی هات و چۆی هەولێر بوو، پێم وت میرم بڕۆم بۆ هەولێر بۆ ئەوەی ساڵانەکەی بخەمە سەرخۆم ؟
بەرپرسەکە پێی وتبوو : هەولێری ناوێ، بە هات و چۆی سلێمانی بڵێ هی فڵانە، تابلۆکەت بۆ دەگۆڕن بە سلێمانی!
جێی پێکەنینە سەرۆک خێڵی وای تێدایە تابلۆی کۆمەڵێک لە ئوتومبیلەکانی هەمان ژمارەن.. ههههههه..یان تابلۆیان هەر نییە، کوڕی بەر پرس هەیە کەسێکی بە بێ تاوان کوشتوە، فەخامەتی باوکی نەیهێشتووە کوڕە پیاو کوژەکەی تەنانەت یەک شەویش لە زیندان بێ، بە بەڕێوەبەری زیندانی وتووە : من لەم شارەدا نوێنەری یاسام، واتا نوێنەری یاسا هاتووە ئەم کوڕە لە زیندان بهێنێتە دەرەوە ..ههههههه .. ئەمە چەند گالتەجاڕ و لە هەمان کاتدا خەمگینیشە ..چەند نمونەیەکی خێرام هێنایەوە تاکو حوکمی خێڵ و لەپێکردنی یاسا لە سەردەمی سەدامەوە هەتا ئەمڕۆ، ڕوونتر بکەینەوە.
گەلێک کولتووری سەقەتی تر هەیە کە بە ئاگاداریی و بێ ئاگاداریی، دەسەڵات و میللەت پێکەوە پەیڕەوی لێ دەکەن، بووە بە داب و نەریت، ناتوانن لێی لا بدەن. بۆ نمونە لە سەردەمی سەدامی سەرۆکخێڵدا، لە شارەکانی کوردستاندا لە ئێوارەوە خەڵکەکە دوکان و بازاڕیان چۆڵ ئەکرد و لە ماڵەکانیاندا جێگیر دەبوون، چونکە شەوان لە زۆربەی شارۆچکە و شارەکانی کوردستاندا قەدەغەی هات و چۆ بوو، بۆ نمونە خۆم زیاتر لە جارێک کاتێ ئاڕاستەم لە کەرکوکەوە ه بۆ سلێمانی بووە، سەعات 5 ی ئێوارە، لە بازگەکە، ڕێگایان نەداوم و گەڕێنراومەتەوە بۆ کەرکوک.
ئێستا ئەم کولتوورە سەقەتە هێشتا لەلای زۆرینەی خەڵکی کوردستان بە توندیی پەیڕەو ئەکرێت، واتا ئێواران هەمووان بۆ ماڵەکانیان ئەگەڕێنەوە، شەقامەکان قەڵەباڵغییەکی زۆر بە خۆیانەوە ئەبینن، بە بێ ئەوەی شەوان قەدەغەی هات و چۆ بێ، تەنها وەک کلتورێکی سەقەت چووەتە ناو خانە و کڕۆسۆمۆمی خەڵکەکەوە، بە بێ ئاگاداریی خۆیان بەردەوامیی بەو ترسەی سەردەمی سەدامی سەرۆکهۆز ئەدەن و پەیڕەویی لێدەکەن، زۆرینەی خەڵکەکە لەگەڵ ئێوارەدا وەک کۆڕەو بەرەو ماڵەکانیان، بە خێراییو پەله پڕوسکێ،ڕائەکەنەوە بۆ ماڵەکانیان.
کولتورێکی تری سەردەمی سەدامی سەرۆکخێڵ، بازگەی نێوان شار و شارۆچکەکان بوو، لە سلێمانی هەتا کەرکوک بۆ نمونە، لە باخی بەختیارییەوە بازگەکانی سەدام دەستیان پێدەکرد، هەتا ئەگەیشتیتە کەرکوک دە دوانزە بازگە ئوتومبیلی خەڵکیان ڕائەوەستاند و داوای ناسنامەیان لەسەر نشینەکان ئەکرد و دایانئەبەزاندن و جانتاکانیان ئەپشکنین، وەک کۆمەڵێک بوونەوەری ئەستیرەیەکی تر لە سەرنشینەکان وورد ئەبوونەوە، لە تاوانبارێکی وەهمیی ئەگەڕان، زۆرجار سەرنشینێکیان لە بازگەکە ڕادەگرت و بە ئوتومبیلەکەیان ئەوت بڕۆ، هەندێک جار ئەو سەرنشینە فێرخوازی زانکۆ و پەیمانگا بوو، لە ڕێی گەڕانەوەیدا بۆ زانکۆکەی لە موسڵ یان بەغداد، لە بازگەی قەرەهەنجیر بۆ نمونە، دابەزێنرابوو، ڕاگیرا بوو، وەک دوژمنی گەل و نەتەوە و ئاڵا زیندان کرابوو ..!!‌
ئێستایش ئەم کولتوورە سەقەتەی‌ سەدامی خێڵخواز درێژەی هەیە و پەیڕەویی لێدەکرێ، لە نێوان شار و شارۆچکەکانی عێراقدا بە کوردستانیشەوە، چەندین بازگەی‌ چەکداریی دەسەڵاتەکان ئەبینین، لە هەندێکیاندا تانک و زرێپۆش وەستاون، چەندین تاسەی بەرز و ناقۆڵا و ڕاگری کۆنکرنێتی بەهێز دانراون، هەتا ئەو تاوانبارە وەهمییانە نەتوانن بە ئاسانیی بۆی دەرچن و لە سزای گەل و نیشتمان قوتار بن!
بە ڕاستی ئەمە کولتورێکە لە یەک کاتدا جێگای شەرم و پێکەنینیشە، بۆ ‌ نمونە بڕۆ بۆ وڵاتێکی وەک ئێران یان تورکیا. لەسەر سنور یەک پۆلیس پاسپۆرتەکەت مۆر ئەکا، ئیتر لە باشماخەوە هەتا ئەگەیتە دەریای خەزەر کە زیاتر لە 10 سەعات شۆفێرییە بە خێرایی سەروو 120کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، یەک بازگە نابینیت یان لە شاری سیلۆپییەوە هەتا ئەگەیتە شاری ئەنکەرای پایتەخت، زیاتر لە 17 سەعات ڕێ بە ئوتومبیل، یەک بازگە نایەتە ڕێت، پۆلیسێک نابینیت مۆڕەت لێ بکا و داوای ناسنامەت لێبکا، به ڕوخسارتا بگەڕێ بەڵکو ئەو تاوانبارە وەهمییە له تۆدا بدۆزێتەوە و قۆڵبەستت بکا !
چ نەخۆشییەکی سەختە ئەم بازگە و تاسە و کۆنکرێت و تەرتیباتە.
کولتوری وێنەی سەرۆک کە پێدەکەنێ و کەسیش‌ ناپرسێ بۆچی پێدەکەنێ، سڵاو دەکا و ڕوونیش نییە سڵاو لە کێ دەکا، وێنەی سەرۆک شتێک ئەخوێنێتەوە یان ئەینوسێ، پەنجە ڕائەوەشێنێ و توڕەیە، سەرۆک لە کاتی ووتارێکی مێژوویی ناسکدا، لە ساتەوەختی بڕیارێکی چارەنوسسازیی گرنگ و بێ وێنەدا، هەموو ئەو وێنانە، کولتوری سەقەتی سەدامی تیرەگەر بوون و لە دوای خۆی شین بوونەتەوە و بە چەندین جۆر پێوەن و موتوربە کراونەتەوە.
کولتوری قات و بۆینباخ پۆشین بە چلەی هاویندا لە لایەن بچوکترین بەڕێوەبەر هەتا سەرۆکەکان خۆیان، کولتوری سەدان پاسەوانی کەڵەگەت و چوارشانە و شارەزا لە فەلاقە کردنی مرۆڤدا، کولتوری کۆشکی گەورە و ناوازە، کولتوری کەناڵی تایبەت بە جوانکردنی سەرۆک و کارەکانی، پڕۆژەکانی، پیاوەتیی و ئازایەتیی و سەرکەوتنەکانی، زیرەکیی و جوانیی و بنەچە پیرۆز و بێوێنەکەی، کلتوری گۆرانی وتن بە قەد و باڵایدا لەلایەن گۆرانیبێژه هەلپەرست و پارە پەرستەکانەوە، شیعر نوسین بەسەر دەسکەوت و ئامانجە مەزنەکانیدا لەلایەن شاعیرە شیعرفرۆشەکانەوە، پڕ کردنەوەی ڕۆژنامەکان بە ووشەی سواو و بێ تام و بێ بۆ بەسەر حوسن و جەمال و دەلال و شەهامەت و سەخاوەتی سەرۆکدا لەلایەن قڕپۆقەکانی ڕۆژنامەوە کە لەسەر پارەی مفت و بێ عەرەق ئەژین،وەک حەربا بە ناو حیزب و مەزهەبەکاندا بۆی ئەخشێن و ڕەنگیان ئەگۆڕن و زمانیان بۆ ناو گیرفانە هەڵئاوساوەکان درێژ ئەکەنەوە و پارەی پێ ئەگرن، دەرئەنجامەکەیشی ئەوەیه ، بڕۆ ڕۆژنامەی حیزبەکان کلیۆ و نیوێکت بۆ ئەکێشن بە هەزار دینار وەک سفرەی نانخوارن و بۆ ناو قەفەزی کەناری و شوشە سڕین بەکارئەهێنرێن نەک بۆ خوێندنەوە.
لە ڕاستیدا مانەوە و پەیڕەوکردن و جوینەوە و کۆپی و پێستکردنەوەی کولتوری سەقەتی سەدامی سەرۆکعێل، دەسەڵات و میلەتێکی کەمئەندام پێشکەش ئەکا، کۆمەڵگایەکی نەبەکام، ئیفلیج دێنێتە بەرهەم، ووڵاتێکی زیندان ،کە تێکڕای دانیشتووانەکەی بە بێ ئاگاداریی خۆیان حەز ئەکەن لێی هەڵبێن، ئەگەر بە سەرهەڵگرتنی یەکجارەکیی بێ بۆ ئەوروپا، یان بە گەشتی دینی و گەشتیاریی، بۆ ئەوەی ئەو کۆمەڵگایانە ببینن کە کولتووری سەقەت بێزاری نەکردوون، جا کە ئەگەڕێنەوە بۆ زێدی کولتوورە سەقەتەکەی خۆیان، یەکەم قسەیان ئەوەیە کە لەو گەشتەیاندا مێشکیان فۆرمات بۆتەوە، یان ئەپدەیت یان شەحن بۆتەوە، ئیتر نازانن چۆن و بە چی ؟چونکە لەو زبڵخانە کولتوورییە سەقەتەی خۆیان بێ ئاگان ..یان ڕاستتر ئەوەندە تیایدا ڕۆچوون و دووبارەیان کردۆتەوە، لایان وایه بەشێکە لە نیشتمانپەروەریی و ئاین و ڕەوشتی بەرزی نیشتمانیی




دوا لێکۆڵینەوە.. شیعر\ نەوزاد بەندی

بە باخچەکاندا گەڕام ،
نەک له باخێ ڕوا بی ..
کە پاییز‌ هات دێمەوە ،
نەک له بەهار تۆرا بی !

٭ ٭ ٭

خۆ ئەزانم هەندێ جار ،
خۆت دیل ئەکەی لە خۆتا
وەک جۆرێک لە خۆکوژیی ،
وەک کۆچێکی بێ کۆتا ..

٭ ٭ ٭

تەنها من بۆت ئەگەڕێم ،
بێ شوێن پێ ..بێ ناونیشان
نە جارێکیش‌ بینیومی !
بۆ سۆراخت ، پەرێشان ..

٭ ٭ ٭

ئەڵێن چۆن نەتبینیوە و
بە دوایشیدا ئەگەڕێی ؟
ئەی کێ ئەدۆزیتەوە ،
نایناسی و نازانێ کێی ؟!

٭ ٭ ٭

ئەڵێم بینین ، تاوێکە ،
زۆر زوو کاڵ ئەبێتەوە ..
وێنە دێ و وێنە ئەڕوا ،
یەک جێی ئەو ئەگرێتەوە ..

٭ ٭ ٭

بەڵام بە چرپەی خەیاڵ ،
لە باڵکونی هۆنراوە ..
ئاڵودەی خەونێ ئەبی ،
کە هێشتا نەبینراوە ..

٭ ٭ ٭

لە هەواڵت ئەپرسێ ،
وەک گوڵ کە دێ بە باوە ..
دەستت ئەبا بۆ قەڵەم
وەک هەوێنی هۆنراوە ..

٭ ٭ ٭

هەموو ساتێ لە گەڵتە ،
ئەچێتە جێی ترپەی دڵ ..
گەر پاییزە و گەر زستان ،
ئەو داتئەپۆشێ بە گوڵ ..

٭ ٭ ٭

خەمت ئەخوا ، بۆت ئەگری ،
وەکو عەشقی مانگ و خۆر ..
بێ ئەوەی یەک ببینن ،
دوو تەن ، یەک ڕوناکی زۆر

٭ ٭ ٭

ڕوبارەکان ئەگەڕێم ،
بن بەرد ، ناو پونگی کەنار
بەناو ئەو شەپۆلانەی ،
لە شاخەوە دێنە خوار ..

٭ ٭ ٭

ئەڕۆمە ناو ئەشکەوتێ ،
دەفتەری تاریکایی ..
پەڕە پەڕە ئەگەڕێم ،
بە ووردیی ، بە ئاسپایی

٭ ٭ ٭

ئەچمە ناو کزەی باوە،
بە بای وەشتا ئەگەڕێم ..
ئەتوت ئەچمە ناو شەماڵ،
کە لە هاوین ئەتۆرێم ..

٭ ٭ ٭

ئەچمە کافێیەکی مات ،
پڕ لە دڵی شکاوە ..
هەواڵی تۆ ئەپرسم ،
لە تاڵاوی دوو قاوە ..

٭ ٭ ٭

ئەڕۆم بۆ ماڵێکی‌ کۆن ،
شێ وەختە بیڕوخێنێ ..
ئاخر جارێکیان ووتت ؛
ئارامیم تیا ئەڕوێنێ ..

٭ ٭ ٭

گەلەرییەکان ئەگەڕێم ،
پشت تابلۆ و پەیکەرەکان..
ناو ڕێبەری پێشانگا و
پاستیل و سێبەرەکان ..

٭ ٭ ٭

ئەچمە فڕۆکەخانە ،
ئاخۆ هەورێکی ڕوون ڕوون
بە پاسپۆرتی سان کیتس ،
ئەمڕۆ سەردانی کردوون ؟

٭ ٭ ٭

هیچم لێ حاڵیی نابێ ،
بێ تۆ ئەگەڕێمەو ە ..
نازانم بڕۆم بۆ کوێ ،
بێ ئامانج ئەخولێمەوە ..

٭ ٭ ٭

دنیایەکی بێ وەفا ،
پڕە لە وون و مردوو ..
دەبەنگ بووین کەوتینە دوای
کڵاوێکی با بردوو ..

٭ ٭ ٭

نالی ئەو هەموو جەورەی
بۆ دوو چاوی خێل کێشا ..
تا لە دنیا دابڕا ..
تا تەواو دڵی ئێشا ..

٭ ٭ ٭

چۆڵی کرد خاک و خۆڵ و
میرنشینەکەی بابان ..
ڕاژەی مەرگی گواستەوە
بۆ هەواری غەریبان




بوکەڵە.. نەوزاد بەندی

بوکەڵە بریتییە لە لەیستۆکێکی نایلۆن یان پەڕۆ، مناڵان یاری پێ ئەکەن .
بەڵام مرۆڤ ، گۆڕانکاریی لە بوکەڵەدا کرد وەک هەموو شتەکانی تر بە تێپەڕبوونی کات، گۆڕان و پێشکەوتنی تێدا ئەنجامدا، واتا لە شێوە و لە پێکهاتە و لە قەوارەدا، هەروەها لە زیادکردنی توانای جوڵە و قسەکردن، کار گەیشتە ئەوەی هەندێ کەس لە ووڵاتانی ئەوروپا، هاوسەرگیرییان لەگەڵ بوکەڵەدا ئەنجام دا.
لەم دواییەدا زیرەکی دەستکرد چووە ناو بوکەڵەکانەوە، بە جۆرێک بوکەڵە بوو بە بێژەر، خوێندنەوەی هەواڵەکان و هەموو زانیارییەکانی تری کەوتە ئەستۆ.
بەڵام بوکەڵە هەر بوکەڵەیە، واتا ئەو بوکەڵە نایلۆنەی کە پەنجا ساڵ پێش ئێستا به درهەمێک بۆ کچۆڵەیەکی شەش ساڵان ئەکڕرا، لە پڕنسیپدا هەر هەمان بوکەڵەی ئەمڕۆیە کە نرخەکەی هەزاران و دەیان هەزار دۆلارە، بێ گیانە و بێ بیرکردنەوەیە، ئەبێ لە ڕێی پاتری و بازنەی کارەبایی لاواز بیجوڵێنیتەوە و بەرنامەی کار و جوڵەی بۆ دابنێیت، ئەگینا خۆی نە مێشکی هەیه و نە دڕکە پەتکی هەیە و نە ئێسک و نە ماسولکە و نە کۆئەندامی دەماری سەمپەساوی و پارا سەمپەساویی. پێویستە دەنگی مرۆڤێکی لەسەر تۆمار بکەیت، ئەگینا خۆی نە قوڕگی هەیە و نە قوڕقوڕاگە و نە ژێ دەنگییەکان.
واتا بوکەڵە لە بنچینەدا هەر بوکەڵەیە، هەتا به کۆنتڕۆڵ و بە پێی بەرنامەیەک ئاڕاستەی نەکەیت، ناتوانێ هیچ کارێکت بۆ بکات، ناتوانێ هیچ هەست و سۆز و بەرپرسیارێتییەک نیشان بدات و بگرێتە ئەستۆ، بۆ نمونە سەد بوکەڵە لە ماڵێکدا دابنێ، ناتوانن سەربەخۆ چایەکی دیژلەمەت بۆ دەم بکەن، ناتوانن ماڵەکەت بۆ پاک بکەنەوە، ناتوانن بڕیار بدەن کە هاتیتەوە پێت بڵێن بەخێربێیتەوە ئازیزم.
ئەمەیش هیچ عەیبێک نییە بوکەڵەکانی پێ عەیبدار بکەین، چونکە لە هەموو گەردووندا تەنها مرۆڤ توانای بڕیاردان و هەڵوێست و داهێنانی پێدراوە، نەک هەر بوکەڵە، تەنانەت گیاندارە زەبەلاح و دڕندەکانی وەک نەهەنگی شین و فیل و شێر و پڵنگ، هەر لە ئەزەلەوە تا ئێستایش یەک ستایڵی ژیانیان هەیە، دوای هەزار ساڵی تریش، فیلێک ناتوانێ بڵێت ئیتر من گەڵا ناخۆم و ئەبێ بیکەم بە یاپراخ یان شێرێک بڕیار بدات چیدی لە دارستانە چڕەکاندا نەژی و بڕوات تاوەرێک دروست بکا و شوقەیەکی هەزار مەتری نهۆمی 54 بکاتە مەنزڵگای خۆی. هەرگیز نەهەنگێکی شین نابینیت واز لە خواردنی پلانگتۆن بێنێت و سەر بکاتە سەر پیتزا و فینگەر و ئایسکرێم.
واتا بوکەڵەکان و هەموو گیانداران و بێگیانانی ئەم گەردونە بێجگە لە مرۆڤ، تەنها یەک ستایڵی ژیانیان هەیە و پێش ناکەون، یان گۆڕانکاریی ناکەن، ڕاستتر توانای گۆڕانکاریی و پێشکەوتنیان پێ نەدراوە، بەڵام مرۆڤ هەموو توانایەکی بڕیاردان و گۆڕانکاریی ئەرێنی و نەرێنیی پێدراوە،بۆ نمونە کەسایەتییەکی وەک جاک شیراک لە قاپشۆرێکی چێشتخانەی ناو پاپۆڕەکانەوە ئەبێتە سەرۆکی فەڕەنسا یان پیاوێکی قەڵەوی بێکار و هەژار و تەمەڵی وەک ئەنتۆنی ڕابینز، لە ناکاو بڕیار ئەدا ببێتە خاوەنی تاوەرە هەوربڕەکان، ئەیشبێ، سەرەتا به فڕێدانی کێشی زیادەی لەشی، پاشان بە دانانی کۆمەڵێ کتێبی ناوازە لە زانستی کۆمەڵناسی و سیاسەت و ئەنسرۆپۆلۆجیدا وەک کتێبی unlimited power ( هێزە بێ سنوورەکە) بەو جۆرە ئەبێتە کەسێکی دەوڵەمەند و بەناوبانگی وا، وانەی سیاسەت و کۆمەڵایەتیی تایبەت بە سەرۆک کۆمار و کەسایەتییە ناودارەکانی جیهان ئەڵێتەوە.
بە دیوە نێگەتیڤەکەیشیدا، مرۆڤ و مرۆڤگەلێک هەن کە بڕیار ئەدەن وەک بوکەڵە بژین، واتا توانای مرۆڤ بێ سنوورە بە هەردوو دیوەکەیدا ، ئەتوانێ بگەڕێتەوە ناو ئەشکەوت و شەڕە بەرد بکات، یان ببێتە سوپەرمان و بڕواتە سەر ئەستێرەکانی تر، بۆ هەرشتێکی بەرز یان نزم، بنیاتنان یان تێکدان سەرپشکە و ئەتوانێت پێی بگات..
ئیدی له کۆمەڵگا نێگەتیڤەکاندا سەرکردەی بوکەڵە و میللەتی بوکەڵە سەرهەڵدەدەن.
میللەتی بوکەڵە، کۆمەڵگایەکە لە هەموو هەست و سۆزێکی مرۆڤی داهێنەر خۆیان بێ بەش و نەبان کردووە، هەموو جۆرە بیرکردنەوە و گۆڕانکاریی و شۆڕش و چاکسازیی و پێشکەوتن و بەرهەمهێنانێکیان لە خۆیان یاساغ کردووە، وەک کۆمەڵێک بوکەڵە چاوەڕێی ئەوەن کەسێک بێت هەڵیانپەڕێنێ، بیانخاتە گۆرانی، بە کۆمەڵ برسییان بکا،بە کۆمەڵ تێریان بکا، چەکداریان بکا، زیندانیان بکا، لە هەموو مافێک دایانبڕێ،لە پڕ بیانکاتە کوڕێ، کۆمەڵکوژیان بکا، هەرچی ئەیەوێ پێیان بکا، ئەوان تازه بوکەڵەن و بە هەموو چاکە و خراپەیەک ڕەزامەندن، هیچ کاردانەوە و لێکدانەوە و بەگژداچوونەوەیەکیان تێدا نامێنێ، بۆ نمونە عێراقییەکی لای خۆمان پێش چل ساڵ کە بۆ ماوەی دە ساڵ برسی کرا، هیچ پرسیارێکی لەلا دروست نەبوو، بە گژ ئەو سزا نالۆژیکییەدا نەچۆوە، هەستا لە جیاتی گەنم، بەڕووی هاڕی، مرۆر و کۆتەرە گسکی هاڕی و نانی تاڵی خوارد، نەیپرسی بۆچی من لەسەر دەریایەک نەوت، جلەکانم شڕ و وڕ بن، دوای ئەوە هەمان عێراقیی کە بە بێ کار و بەرهەم پارەی بەسەردا ڕژێنرا و بووە خاوەنی کۆشک و ئوتومبیلی دوا مۆدێل، هەر هەمان عێراقیی بیرکۆڵ بوو، نەیتوانی وەک میللەتانی تر کارخانە و داهێنان دروست بکا، تەکنۆلۆژیا ئامدیو بکا، وەک مێگەل شەڕ شۆقی مەزهەبی و حیزبیی و فەرهەنگیی ڕاگەیاند و ملیۆنانیان لە نێوان کوژراو و بریندار و ئاوارە و گۆڕبزردا، وێران بوون..تریلیۆنەها دۆلاریان بەهەدەر دا.
ئەم دۆخە سەیر و سەمەرەیە، بڕیارێکی میللەتە بوکەڵەکە خۆیەتی، کاتێ چاوەڕوان ئەکا بارودۆخەکە خۆی چاک بێ، باوەڕدارەکانی چاوەڕوانن خوا فریشتەکانیان بۆ بنێرێ شەقامەکانیان بۆ پاک بکاتەوە و مافه خوراوەکانیان بۆ بسێنێتەوە، دیکتاتۆرەکانیان بۆ بکوژێ و داگیرکەرەکانیان بۆ قڕ بکا، کارگەکانیان بۆ دروست بکا و وڵاتەکەیان بۆ پڕ بکا لە بەرهەمی ناوخۆ و دادپەروەریی و یەکسانیی. بێ باوەڕەکانیش چاوەڕوانن سەرکردەیەکی تەکنۆکراتی هاوشێوەی ئەوروپیەکان لە خاکەکەیاندا وەک دومەڵان هەڵتۆقێ و وڵاتەکەیان بۆ بکا بە ووڵاتێکی وەک سویسرا، بۆ نمونە جارێکیان لەگەڵ هونەرمەندێکی ئەتایستی خۆماندا قسەم کرد، پێی ووتم : بار و دۆخی ئەم ووڵاتە بە یەک شت چاک ئەبێ، ئەگەر چەند کریستیانێک بێن و دەسەڵات بگرنە دەست و ئەم موسوڵمانانە لە هەموو بەرپرسیارێتییەک دوور بخەنەوە!
ئەمە فەلسەفەی کۆمەڵگای بوکەڵەیە یان ڕاستتر کۆمەڵگایەک کە بڕیاریانداوە بوکەڵە بن، فەلسەفەیەکی گاڵتەجاڕە ؛ ڕوودانی مەحاڵ، لە ناکاو وڵاتەکە ببێتە پێشکەوتووترین وڵات، دادپەروەرترین دەسەڵات.
سەرکردەی بوکەڵەیش ئەو سەرکردانەن کە ناگۆڕێن، خۆیان بڕیاریان داوە نەگۆڕێن یان بریکاری دەسەڵاتگەلێکی داگیرکەری جیهانین، یەک بەرنامەیان تێدا جێگیرکردوون، بۆیان نییە به مو لەو بەرنامەیه لابدەن، بۆ نمونە لەم ڕۆژانەدا لە سەردانێکیدا بۆ وڵاتی میسر، ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا لەگەڵ سیسی سەرۆکی میسردا، سەردانی بریندارێکی شەڕی فەلەستینیان کرد له یەکێک لە نەخۆشخانەکانی قاهیرەدا، ژنەکە ڕووی کردە سەرۆکی میسر و پێی ووت : سەرۆک بۆ خاتری خوا، سەرۆک فریای خەڵکی فەڵەستین بکەوە.
سیسی بە ژنەکەی ووت : ئەوە سەرۆکی فەڕەنسایە، بەو بڵێ!
ئەمە سادەترین پێناسەیە سەرۆکێکی بوکەڵە کردبێتی بۆ خۆی، واتا من سەرۆکێکی بوکەڵەم و هیچ دەسەڵاتێکم نییە و ناتوانم هیچتان بۆ بکەم، بەڵام سەرۆکی فەڕەنسا، سەرۆکێکی ڕاستەقینەیە و توانای گۆڕانکاریی و کار و بڕیار و کاردانەوەی هەیە، لەبەر ئەوە هەرچییەکت ئەوێ، بەو بڵێ، هیچ شتێک بە من مەڵێ!
کەواتە سەرۆکی بوکەڵە ئەو سەرۆکەیە بە جل و بەرگ و کۆشک و ئوتومبیل و سەعاتی مەچەک و عەتری گرانبەها، هیچ شتێکی لە سەرۆکی ڕاستەقینە کەمتر نییە، تەنانەت لە نرخی کۆشک و ئوتومبیل و ڕابواردنەکانیدا، زۆر لە سەرۆکە ڕاستەقینەکان کەشخەتر و زیادەڕەوترن، بۆ نمونە سەعاتی مەچەکی سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا، جۆرج واڵکەر بوش، سەعاتێکی سادەی مارکەی تایمێکس بوو، نرخەکەی تەنها 20 دۆلارە، بەڵام سەعاتی مەچەکی سەرۆکێکی بوکەڵە سەردەکێشێت بۆ ملیۆن دۆلار و زیاتریش، ئەوەیش وا دەکات ئەم سەرۆکە بوکەڵانە زۆر لە میللەتە بوکەڵەکانیان دوور بکەونەوە، هەتا ماوەی نێوانیان زیاتر بێ، ئەوان زیاتر هەست بە شکۆمەندیی و نەمریی خۆیان دەکەن، هەمان کات میللەتە کۆیلەکانیش زیاتر هەست بە کۆیلایەتیی و مێگەلایەتیی و ڕیسوایی و سەرشۆڕیی خۆیان ئەکەن و ئەگەنە ئاستێک سەرۆکە بوکەڵەکانیان بپەرستن و نوێژیان بۆ بکەن وەک لە سەردەمی کۆنی فیرعەونی بێ ڕکابەری میسر و سەردەمی نوێی كیم ئۆن جون ی سەرۆکی بێ ڕکابەری کۆریای باکوردا بە ئاشکرا دیارە و ئەیبینین.
سەرۆکە بوکەڵەکان وڵات پڕ دەکەن له وێنە و پەیکەری خۆیان، بۆ ئەوەی یەکەمجار بۆ خۆیان و دواتر بۆ میللەتەکانیان بسەلمێنن کە ئەوان سەرۆکی ڕاستەقینە و هەتاهەتایی و لە بن نەهاتوون، سەرۆکن و کۆتاییان نایەت، پیرۆزن و نابڕێنەوە و مەشخەڵەکانیان ناکوژێتەوە، سەرۆکن و ئەولاتریش.
بەو جۆرە سەرۆکگەلێکی بوکەڵە و نەزان و ترسنۆک و شێت و دڕندە و گەمژە و لە خۆبایی و نەخوێندەوار و بێ هونەر ئەبینیت، میللەتەکانیان بوونەتە کێڵگەی مریشک و گەنمیشیان نادەنێ، ڕۆژ بە ڕۆژ ناتەبایی و نایەکسانیی و نەخوێندەواریی و زوڵم و زیندان و ئەشکەنجە ڕوو لە هەڵکشان ئەبن، بە بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکاریی و چارەسەرییەک بۆ ئەو دەرد کوشندانە، لە ئاسۆی دوور و نزیکدا دیار بن، چونکە کاتێ میللەتی بوکەڵە و سەرکردەی بوکەڵە ئەبنە تەواوکەری یەکتریی، هەموو بەها و دیدگا مرۆڤایەتییەکان ئەبن بە هەڵم و نامێنن.
لێرەدا پرسیارێک یەخەمان ئەگرێ، ئایا سەرۆکی بوکەڵە میللەتی بوکەڵە دروست ئەکات یان میللەتی بوکەڵە سەرۆکی بوکەڵە دروست ئەکەن یاخود هەردووکیان پێکەوە بەرە بەرە یەکتری دروست ئەکەن ؟ وەڵامی ئەو پرسیارە نازانم.




ئیڤۆلیوشنی کتێب.. نەوزاد بەندی

هەڵبەت جاران ، واتا پەنجا شەست ساڵ پێش ئێستا، خەڵک لە مەرکانەدا ئاوی ئەخواردەوە، لە زۆربەی ماڵ و بەردەم مزگەوت و شوێنە گشتییەکاندا مەرکانەیەک دانرا بوو ، جامێکی فافۆنی بە لاستیکێکی تا ڕادەیەک درێژەوە بەستراوی لەسەر دانرا بوو ، هەتا ئاوی پێ بخۆنەوە .. دوای ئەوە تەرمۆزەی ئاو پەیدا بوو ، مەرکانە نەما ، ئینجا بە تێپەڕ بوونی ساڵان، ساردکەرەوەی ئاو هاتە ناو ناوانەوە، ئەمڕۆ خەڵک ئاوی فلتەر و دەبەی ئاوی سەرمۆر ئەخۆنەوە، ئەمە ئیڤیۆلیوشنی ئاوخواردنەوەیە، واتا پێشکەوتنی هۆکارەکانی ئاو خواردنەوە ، ناکرێ بڵێین لەبەرئەوەی مەرکانە نەماوە، ئیتر‌ خەڵک ئاو ناخۆنەوە، یان مادام تەرمۆزەی ئاو کەم بۆتەوە، کەواتە مرۆڤەکان تینوویانە و پێویستە بە زووترین کات کارخانەکان تەرمۆزە دروست بکەنەوە.
کارەبایش بە هەمان شێوە، قوتیلەی ڕۆن، قوتیلەی نەوت، چرای نەوت، لۆکز، گڵۆپی سەدیی زەرد، نیۆن، لید.. ئەمانە کۆمەڵێ قۆناغی پێشکەوتنی ڕوناککەرەوەن لە مرۆڤایەتیدا، شتێکی نائاساییە خەم دامانبگرێ لەوەی خەڵکەکە وازیان لە قوتیلە هێناوە ، ناتوانین بڵێین ئەو خەڵکە چۆن لە تاریکیدا ئەژین لە کاتێکدا لۆکزی غاز و نەوت به تەواوەتیی پشتگوێخراون.
بە هەمان شێوە زۆرینەی ڕۆشنبیران ئێستا، ڕەخنە لە خەڵک ئەگرن کە بۆچی بڵاوکراوەی کاغەز ناخوێننەوە، بۆچی ماڵەکان کتێبخانەیان تێدا کەمبۆتەوە؟ بۆچی ڕۆشنبیران لە بازاڕەکاندا کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤاریان بە دەستەوە نییە؟ ئەم دۆخە بۆ ئەوە ئەگەڕێننەوە کە کۆمەڵگا بە لاڕێدا براوە و ڕۆشنبیریی پوکاوەتەوە و کتێب کارکەنار کراوە. ئەیگەڕێننەوە بۆ ئەوەی میللەت گەمژە بووە و سەرقاڵی غەریزە جەستەییەکانێتی، هەندێکی تریان دۆخەکە بۆ دەسەڵاتداران ئەگەڕێننەوە کە بەهایان لە کتێب و ڕۆشنبیریی سەندۆتەوە و کاریان بە خەڵکی جاهیل و نەخوێندەوار ئەڕوات، ئەڵێن بۆیە کتێبی کاغەز‌ پەراوێز کەوتووە، چونکە دەفتەرە دۆلار جێگای گرتۆتەوە و دەسەڵاتداران بانگەشە بۆ نەخوێندەواریی و گەمژەیی دەکەن، بەڵام ئەوە باس ناکەن پێش دوو سەد ساڵ ڕۆمانێک دوو سێ هەزار لاپەڕە بوو، دوایی ئەوە ڕۆمانی نوێ بە دوو سەد لاپەڕەدا ئەنوسرا ، بۆ نمونە ڕۆمانی پیرەمێرد و زەریای ئێرنست هێمنگوای ناگاتە دووسەد لاپەڕە لە شەستەکانی سەدەی ڕابوردوودا خەڵاتی نۆبڵی بردەوە، لە کاتێکدا ڕۆماننوسە کۆنەکانی وەک مارسیل برۆست و هێرمان مەلڤیل و تۆڵستۆی ڕۆمانێکیان بە چەند هەزار لاپەڕە ئەنوسی ، ئێ هۆکارەکەی ئیڤۆلیوشن بوو له ووردەکاریی زۆر بۆ چڕبوونەوەی کورت. جاران لە کوردستانی باشوردا یەک زانکۆ هەبوو، ئێستا سەدان زانکۆ و پەیمانگای میریی و پریڤەیت هەیە، جاران لە هەموو کوردستاندا یەک کەناڵیی تەلەفزیۆنی تایبەت بە سەرۆکی فەرماندە و چەند پەخشێکی ڕادیۆیی و چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێک هەبوون کە زیاتر باسی سەرۆکی فەرماندەیان ئەکرد، ئێستا هەزارەها کەناڵی بینراو و بیستراو و نوسراو و پێگەی هونەریی و کولتووری و ڕۆشنبیریی ئەنتەرنێت هەیە، ئێ ئەمە ئیڤۆلیوشنە، پێویست ناکا بە شتێکی نامۆ تەماشای بکەین.
لە ڕاستیدا وەک چۆن ئاو لە مەرکانەوە ئیڤۆلیوشنی کرد بۆ پەرداخی سەرمۆر و فلتەری تایبەت، بە هەمان شێوە بڵاوکراوەی سەرکاغەز، ئیڤۆلیوشنی کرد بۆ سکرینی کۆمپیوتەر و پاد و مۆبایلی زیرەک، من سەدان قەڵەمی تایبەتم هەبوو، ئێستا هەموویان لە کار کەوتوون، چونکە قەڵەم ئیڤۆلیوشنی کرد بۆ کیبۆرد، ناکرێ مادام من بە قەڵەم نانووسم، بە خۆم بڵێم نەخوێندەوار، ناکرێ لەبەرئەوەی من کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤاری کاغەز ناکڕم، گومان لە ڕۆشنبیریم بکرێ، چونکە من ئەمڕۆ لە ڕێی کەناڵەکانی یوتیوبەوە گوێ لە کتێب ئەگرم کە بە زمانێکی پاراو و خێرا بۆم ئەخوێنێتەوە، تەنانەت لە گەشته دوورەکانمدا ڕەنگە بڵێم گوێ لە چەند کتێبێک بگرم لە کاتێکدا پێش‌چل ساڵ لەو ماوەیەدا پەنجا لاپەڕەی کاغەزم بۆ نەدەخوێنرایەوە.ئەو ڕۆمانانەی جاران لەبەردەم عەلادینە نەوتەکەدا بە چەندەها شەو دانەیەکیانم بۆ تەواو ئەکرا، ئەمڕۆ لە ڕێی کەناڵەکانی سینەماوە، بە بەرزترین کولێتی 4k و 8k لە چەند سەعاتێکدا تەماشایان ئەکەم.
40ساڵ پێش ئێستا، کاتێ خەڵکەکە سەرقاڵی کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤاری کاغەز بوون، خەڵک لە کامێرا و سەر ستەیج ئەترسان، ڕەنگیان سوور ئەبۆوە و دەمیان تەتەڵەی ئەکرد و هەناسەیان سوار ئەبوو، یان ڕایاندەکرد وەک لە دڕندەیەک ڕابکەن، بەڵام ئەمڕۆ گەنجێک، مناڵێک، پیرێک لەبەردەم کامێرا و مایکی کەناڵەکاندا ئامادەیە وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە و ڕای خۆی دەردەبڕێ و ڕەخنەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی دەگرێت، لە دۆزەکاندا قسەی هەیە.
کەواتە هەڵەیەکی کوشندە ئەکەین کە ئیڤۆلیوشنی کاغەز بۆ کیبۆرد، کۆبوونەوەی کۆڕ و بۆنە ئەدەبییەکان، بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێگە ئەلیکترۆنییەکان، بە زەبری کاریگەر له ڕۆشنبیریی پێناسه بکەین. کەوتووینەتە کۆنەپەرستیی و نوستالیژیاوە ئەگەر ڕقمان لە کیبۆرد بێت و گۆرانیی بۆ کاغەز بڵێین، چونکە وەک چۆن عەرەبانەی تریشقە و دوو ئەسپیی ئیڤۆلیوشنیان کرد بۆ ئوتومبیلی کارەبایی ، بە هەمان شێوەیش قەڵەمی پارکەر و شیڤەر ئیڤۆلیوشنیان کرد بۆ کیبۆردی ئایفۆن و سامسۆنگ.
پێم سەیرە ڕۆشنبیرێک بڵێت ئێوە کتێبی کاغەزتان بەدەستەوە نییە، کەواتە ئێوە نەخوێندەوار و بەربادن، بڵێ مادام کتێبە کاغەزەکان تۆزیان لێ نیشتووە و فرۆشگاکانی کتێب دایدەخەن و لە جێیاندا فرۆشگای مۆبایل و کۆمپیوتەر دەکرێنەوە، کەواتە میللەت ڕێگای نەزانیی و گەمژەیی هەڵبژاردووە!! به پێچەوانەوە ئەو ئاوە پاکەی ئێستا ئەخورێتەوە زۆر لەو ئاوە بۆنخنکاوە قەوزەگرتووەی مەرکانەی جاران، پاکتر و سازگارتر و تەندروستترە، ئەمڕۆ خەڵک تێکڕایان ڕۆژانە دەیان لاپەڕه لەسەر ئەنتەرنێت ئەخوێننەوە، لە کاتێکدا جاران خوێندەواریی و ڕۆشنبیریی تایبەت بوو بە چینێک کە لە زانکۆوە دەستی پێدەکرد و ..لە دوای زانکۆ زۆرینەیان وازیان لە خوێندنەوە ئەهێنا و ئەیانووت ئیتر نۆرەی ژیانی کردارییە، واتا خوێندنەوە لەو سەردەمەدا، جۆرێ بوو لە ڕۆمانسیەت و خەون و خەیاڵ، وەک چۆن لە ئەوروپای کۆندا خوێندنەوەی ڕۆمان و شانۆ، زیاتر هی چینی بۆرژوا و نۆبڵمان و وەجاخزادەکان بوو.
بەڵام ئەمڕۆ لە مامۆستایەکی مزگەوت، هەتا فرۆشگایەکی دەستگێڕ، تا نەخۆشێکی ناو قاوشەکانی خەستەخانە و باخەوانێک، ڕۆژانە لەسەر هێڵی ئەنتەرنێت بابەت ئەخوێننەوە و کومێنت ئەنووسن و ڕەخنە ئەگرن و باری سەرنجی خۆیان دەردەخەن.
هەندێک بە حەق و ناحەق کتێبی کاغەز ئەکڕن ( کە خۆم یەکێکم لەوانە ) ماڵەکە بووە بە ژێر کتێبی کاغەزەوە، له کاتێکدا هێندەی لەو کتێبانەدا خوێندوومەتەوە، هەزاران هێندەم لە مۆبایلەکەمدا خوێندۆتەوە و نوسیوە.بە جۆرێک لە زۆرینەی ووڵاتاندا لە ڕێگای مۆبایل و کیبۆردەوە، شۆڕش بەرپا بووە، هەر لە ڕێی نوسینی ئەلیکترۆنییەوە، ئەمڕۆ گەندەڵکاران لە هەموو دنیادا دەدرێنە دادگا، لەوەیش زیاتر لە هەموو دنیادا، دیکتاتۆرەکان ڕیسوا و مەحکوم دەکرێن و لە هەر کوێ دەربکەون، بەر تووڕەیی و ڕق و گاڵتەجاڕیی و فیکەکێشانی خەڵکەکە ئەکەون، بە جۆرێک لەو کاتەوەی قەڵەم بووە بە کیبۆرد و کاغەز بووە بە سکرین، دەسەڵاتدارە گەندەڵ و مافیاکان بە دەگمەن دەردەکەون، زاریان چووەتە کلیلە و لە دەست ڕۆژنامەنووسان هەڵدێن و بە دزییەوە گەشت ئەکەن و هیچ کەسێ نازانێ لە کوێ ئەحەوێنەوە و ئەخەون،ووتەیەک بدەن هەزاران کۆمێنتی ڕەق و زبر دێن به گژیاندا، ئەمانە هەمووی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ هەموو کەسێ کەم و زۆر ئەخوێنێتەوە و ئەنوسێت و ڕەخنە ئەگرێت، به ئاگاداریی خۆی یان بە بێ ئاگاداریی خۆی، بووەتە ڕۆشنبیر.
به ڕاستی من پێکەنینم بە ڕۆشنبیرێک دێت بڵێت: ( من فەیسبوکم نییە، من ناچمە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، تۆڕی کۆمەڵایەتیی بووە بە جێگای جنێو و هەڕەشە و تێکچوونی خێزان، ئەنتەرنێت تەنها پارە و کاتی مرۆڤ ئەبات، بەها مرۆڤایەتییەکان و ڕێز و ئاستی خوێندەواریی بووە بە قۆچی قوربانیی ئەنتەرنێت و مۆبایلی زیرەک ، ….. هتد )
لە کاتێکدا بێ ئاگایە یان خۆی لەوە نەبان دەکات کە لە هەموو سەردەمێکدا نووسەر و خوێنەری جنێوفرۆش و خۆفرۆش و خاکفرۆش هەبووە، ئێ ئەمڕۆ ئیڤۆلیوشنی ڕاگەیاندن وایکردووە هەموو کەسێ ئاگای لە هەجوەکانی شێخ ڕەزا و شوکری فەزڵی بێ، بە هەمان شێوە ئەو جنێوانەی کە جاران لە ماڵ و کۆڵانەکاندا بەرگوێمان ئەکەوتن، ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرچاومان ئەکەون، واتا تاوانەکە تاوانی ئەنتەرنێت و مۆبایلی زیرەک نییە، بەڵکو تاوانەکە هەر بووە، بەڵام ئەمڕۆ ئیڤۆلیوشنی ڕاگەیاندن وایکردووە هەمووان ئاگایان لە ئاکار و ڕەفتار و گوفتاری یەکتر بێ، لە هەمان کاتدا گەڕان بە دوای دەرمانێکدا لە گوگڵدا، یان چۆنێتی بەکارهێنانی ئامێرێک، سیمفۆنییایەکی بیتهۆڤن و مۆزارت، تابلۆیەکی پیکاسۆ و سیزان، فیلمێکی شین کۆنری، ووتەیەکی سپێنۆزا، لێکدانەوەی فەرموودەی پێغەمبەران، مەزهەبەکان، کتێبه ئاسمانییەکان، ….دەریایەک زانیاریی کە تێکڕای کۆمەڵگا لە منداڵێکەوە هەتا پیرەمێردێک ئەیخوێننەوە و تاوتوی ئەکەن و ئاڵوگۆڕی دەکەن لە نێوان خۆیاندا، ئەوە خۆی لە خۆیدا گەورەترین کتێبخانەیە بە خۆڕایی و بە خێرایی گەشە بە زانیاریی و بیر و هزری تێکڕای مرۆڤەکان دەدات، هەر کەسێک بە پێی حەز و تایبەتمەندیی خۆی، ئەوەیش ئەو ئیڤۆلیوشنە سەرتاسەرییەی قەڵەم و کاغەزە، کە لە ئاستێکدا ناوەستێ و پاشان داهێنان و ئیڤۆلیوشنی تریشیان تێدا ڕوو دەدات، بەڵام پڕنسیپە سەرەکییەکان هەر هەمان پڕنسیپن: پەخشی ڕۆشنبیریی و زانیاریین، تەنها تەکنیکەکانیان گۆڕاون .




چۆن بیرێکت لێ بکەمەوە.. نەوزاد بەندی

هەندێ شەو ،
بڕیار ئەدەم
بەیانی بیرێکت لێ بکەمەوە ،
بەفرەکەی نێوانمان چەند زۆر بێ ،
هەوڵ بدەم هەر چۆنێ بێ ،
بە تولە ڕێیەک ،
یەک دوو جێ پێ بکەمەوە ..‌
دوای ئەوەی بینینت بوو بە مەحاڵ ..
تێپەڕی هەفتە ..
مانگ ..ساڵ ..
ئەڵێم جارێ نا ..
با بڕۆمەوە بۆ ماڵ ..
دوای نیوەشەو لە خەو هەڵئەستم ،
ئەڵێن دەردی پیرییە ..
بەڵام من ئەزانم دەردی تۆیە ..
ئەڵێم پیریی هەمووی درۆیە ..
وەک نەخۆشێکی بێ عار ،
بە کاوەخۆ هەڵئەستم و
ڕۆژەکان ئەپشکنم ..
بە ئازارەوە خۆم کێش ئەکەم ،
بە خولەکەکانا خۆم هەڵئەواسم ،
شەڕ ئەکەم لەگەڵ کەوتنم ..
ڕێژەی شەکرەکەم ناپێوم ..
پەستانی خوێنەکەم پەڕاوێز ئەخەم ..
ئەڵێم بەرچاو ڕەشبوونەکەم هی ووشکە ساڵییە ..
بەو حاڵە چاو هەڵدێنم ..
جگەرەیەکی تریش دائەگیرسێنم ..
سەیری ئاوێنەکە ئەکەم ،
ئەڵێم پیریی درۆیە ..
خەتاکە هەمووی هی تۆیە ..
هەوڵ ئەدەم بیرێکت لێ بکەمەوە ،
ئەوەندە بەرزە ،
ناتوانم سەرکەوم ..
ئەوەندە قوڵە ،
ئەوەندە قورسە ،
ئەوەندە ووشکە ..
ئەوەندە دڕکاوییە
ناتوانم لە هیچ شوێنێکتەوە دەرکەوم ..
هەورێ دێت و ..
بارانێ شەقامەکان تەڕ ئەکا و
من بیابانترم بێ تۆ ..
ئەڵێم عەسر ،
لە پارکێک بیرێکت لێ ئەکەمەوە ..
عەسر دێت و ..
بە ڕیشی هەفتەیەکەوە ،
لە باخێکا ..
تەماشای ئاوێنە ئەکەم ..
ئەڵێم پیریی نییە ،
پیریی درۆیە ..
هەموو خەتاکە هی تۆیە ..

٭ ٭ ٭

وەک تاوانبارێ بۆ خۆم ئەڕوانم ..
کە لە وون بوونت ناپرسم ..
کە لە وون بوونت ناترسم ..
کە بە دواتا ناگەڕێم ..
کە بە مجەورێک ناڵێم ،
جاڕێکت بۆ با ..
ماڵی باپیرت نادۆزمەوە ..
ئەڵێم لە جەژنەوە لە ئەوروپایه ..
بۆیه لە هیچ شوێنێکەوە دەنگی نایه ..
خەمساردانە ئەڵێم هاکا سەعات یانزەی شەوێ ،
نامەیەکی نارد ،
وەک جاران ئەڵێ له سۆشیاڵ میدیا بێزار بووم ، پاشاکەم !
هەتا کەی وەک فیلمێکی دووبارە ،
وەک بینەرێکی ناقۆڵا ،
هەر تەماشا کەم ؟
تاوانبار خۆم ئەبینم ،
کە دەستەوسان دانیشتووم ،
وەک ڕۆبوتێ ، چاوەڕێم ..
تۆڕی مەسنجەر بتهێنێتەوە ..
تۆڕی ڤایبەر ،
وەک چاوبازە ،
بەیانییەک له بەردەرگا
بتڕوێنێتەوە ..
ئەوان و
تێلیگرام و ئینیستگرام و
وەتس ئەپ ، خاڵین لە تۆ ..
بێ قابیلەت خۆم ئەبینم ..
بێ وەفا ..خوێڕیی ..
دەست سپی .. کەمئاوەز ،
بۆ خۆم ئەڕوانم ..
لە نێوان جگەرەیەک و
جگەرەیەکی ترا ،
ئەڵێم سەعات هەشتی ئێوارە ،
بیرێکی لێ ئەکەمەوە ..
شیعر پێم ئەڵێ :
بۆچی شتێکی بۆ نانوسی ؟
ئەڵێم مەجالی تیا نییە ،
ئەبێ شتێکی بۆ بنووسم ..
نازانم کوێت بۆ بگەڕێم ..
بێ نمرە ..
بێ ناونیشان ..
بێ شوێن پێ ..
سەعات هەشت ئەڕوات و
بە دیار خۆمەوە دانیشتووم ..
ئەڵێم ئەرێ ناوی قوتابخانەکەی چی بوو ؟
ئەپرسم نمرەی دەرگاکەیان چەند بوو ؟
قاوەخانەی ڕەیحانە کەوتۆتە کوێوە ؟
غەزەلنوس تۆ بڵێی باری کردبێ ؟
ئەپرسم بە تەمای کەی بیرێکی لێ بکەیتەوە ؟
ترسێک هەموو گیانم دائەگرێ ..
ئەڵێم تۆ بڵێی مردبێ ..؟
خۆڵێکی وشک ،
ئەو هەموو ئینجانە شیعرەی
لە ئامێز گرتبێ ؟
ترسێک ڕۆحم پڕ ئەکا لە خورپە ..
کابوسێ
گیانم پڕ ئەکا لە ترپە ..
ئەڵێم تۆ بڵێی نەخۆش نەکەوتبێ ؟
لە بینین و
لە بیستن و
لە کی بۆرد نەکەوتبێ ؟
لە نەخۆشخانەیەکی ئەوروپا نەخەوتبێ ؟
ئەڵێم سبەینێ زووتر نییە ،
بیرێکی لێ ئەکەمەوە ..
لە ئاوێنەکەدا خۆم ئەبینم ..
ترس یەکپارچە دایگرتووم ..
پیریی هەمووی درۆیه ..
ئەو پەیکەرە تێکشکاوە ،
هی من نییە ..
تازەترین بەرهەمی تۆیە ..
ئەڵێم تۆ بڵێی تێک نەچووبێ ؟
لە ژێر دەرمانا ،
لەو کاتەوە نەخەوێنرابێ ؟
هەموو یادەوەرییەکانم
نەشێوێنرابێ ..؟
شیعرەکانم نەخوسابنەوە ،
پیتەکانی هەڵنەوەریبن ؟
هەر‌چەند بکا ،
نەڕواتەوە سەر ڕێگا
خەمگینەکانی من ..؟
ئەڵێم ئێوارە بیرێک لە خۆم ئەکەمەوە ..
بزانم ئەو هەموو ترسە چییە دایگرتووم ؟
بزانم ئەو هەموو خورپەیە ،
چییە داگیریان کردووم ..؟
بزانم ئەو هەموو خەمە چییە ،
هەموو بیر کردنەوەیەکیان بردووم ؟ ..
ئێواره دێت و ..
ئاوێنەکە پێم ئەڵێ : خۆت مردوویت
ئەویش نە بە پرسەکەتا ڕەت بوو ..
نە جلی ڕەشی پۆشی ..
نە قاوەیەکی تاڵی نۆشی ..
نە ئاخێکی لە زار هاتە دەر ..
نە فرمێسکێ تێکەڵا بوو لەگەڵ کل و بۆیە ..
ئەڵێم وا نییە پیر نەبووم ..
پیر بوونی من درۆیه ..
ئەوەی پەڕاوێزی خستووم ،
ئامێزە داڕوخاوەکەی تۆیە ..
دیپۆرتت کردوومەتەوە ..
ناتوانم دیسان ڕووت تێ بکەمەوە ..
ئەڵێم سبەینێ دوا وادەیە ..
ئەبێ بیرێکت لێ بکەمەوە ..

نەوزاد بەندی




وەبەرهێنان و هەرەسپێهێنان.. نەوزاد بەندی

وەبەرهێنان، پێش هەموو شتێ وەبەرهێنانی مرۆییە، واتا پێش دروستکردنی بینا بەرزەکان، بنیاتنانی مرۆڤەکانە، ئاشنابوون و ئاشتبوونەوە و برایەتیی و ڕێزلێنانە لە تاک بە تاکی کۆمەڵگا.
بۆ نمونە لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا، کاتێ ڕەگەزنامە ئەدەن بە کەسێک، سڵاوێکی سەربازیی فەرمیی بۆ دەکەن و پێی دەڵێن: ئیتر تۆ ئەڵمانیت و هەموو مافێکت هەیه.
ئەوەیە وەبەرهێنانی مرۆڤ، متمانە و ڕێز و وەفا و خۆشەویستی و ئینتیمای تێدا بڕوێنیت. کاتێ سەرۆک وەزیرانی فینلەندا تەواوی خوێندنگا پریڤەیتەکان دادەخات، ئەڵێ : نامەوێ دووبەرەکیی لە نێوان هاووڵاتیەکانمدا دروست بێ، پێویستە هەمووان لە یەک جۆر خوێندن سودمەند بن، خوێندنی حکومیی. ئەمەیە دڵدانەوە و یەکێتی نیشتمانیی و ئاشتکردنەوەی دڵی هەژار و کەمدەستانی کۆمەڵگا. ئەمەیه چیرۆکی عەشقی نێوان دەسەڵات و گەل، ئەو عەشقەی کە ئەبێتە هەوێنی ئاشتی کۆمەڵایەتیی و گەشانەوە و پێشکەوتن و هێمنیی و ئارامیی و یەکسانیی.
واتا یەکەم بەها لە وەبەرهێناندا، بنیاتنانەوەی مرۆڤەکانە، ئەوانەی کە زریانیی بێ کاریی و بێ هیوایی و سەرهەڵگرتن و خەمۆکیی ڕایماڵیون. لێکترازان و بێ متمانەیی هاڕیونی، دڵیان بە هیچ شتێکی نیشتمان خۆش نییە و وەک دیلێک بە ڕێ و بانەکانیدا دێن و ئەچن.
چیخۆف ئەڵێ :
هیچ کاتێ نەمزانیوە تێکشکانی مرۆڤ ئەوەندە قورسە بە جۆرێک وا دەکات مرۆڤ بەزەیی بە خۆیدا بێتەوە ..
تەماشای پلیشانەوەی خۆی بکات وەک ئەوەی تەماشای شتێک بکات کە پەیوەندی بە خۆیەوە نەبێ ..
تەنانەت مافی تووڕە بوون بە خۆی نەدات لە بەرامبەر ئەو ورد و خاشبونەی خۆی و خەونەکانی .
لە هەمان کاتدا ، بە تەواوەتیی لە بەرامبەرەکەی نائۆمێد بێ ..واتا نائومێد بێ لە لاوازبوون و کۆڵدانی ئەو لە تێکشکانی ئەم ، هەروەها نائومێد بێ لەو ڕۆژەی کە تیایدا ئەو باری سەرنجی ئەگۆڕێ و واز لە تێکشکاندنی ئەم ئەهێنێ ..
ئێ تۆ هەڵئەستیت پڕۆژەی نیشتەجێی مۆدێرن بە ملیارەها دۆلار دروست ئەکەیت، مۆڵ و تاوەری سەرسوڕهێن ئەبەیت بە ئاسمانا، له خۆت ناپرسیت ئەم شوێنە فراوانانە کێی تێدا نیشتەجێ بێ؟ سەدان هەزاری لاوی خاوەن بڕوانامەو لات و بێکار و،بێهیوا کە لە چایخانە سەفەرییەکاندا چا و جگەرەی هەرزان بەبا ئەکەن، چۆن ئەتوانن لەو پڕۆژانەی ناوت لێناون وەبەرهێنان، نزیک ببنەوە؟ ئایا ئەم جۆرە تاوەر و ڤێلا و پڕۆژانە چ شتێک لە ژیانی لاوانی نیشتمان ئەگۆڕن بێجگە لە زیاد بوونی ڕق و کینە و نەفرەت بەرامبەر پڕۆژە و وەبەرهێنان و وەبەرهێنەر؟
کاتێ لاوە ڕۆشنبیرە هەناسەساردەکان ئەبینن بە پۆل کەسانی پارەداری بێگانە دێنە نیشتمانەکەیان و لەو ڤێلا و تاوەر و پڕۆژانەدا نیشتەجێ ئەبن، یەکسەر هەست ئەکەن ئەمان مێش و مەگەز و تەنی زیادەن لەو خاکەدا، ئەمە دۆخێکە پێی ئەووترێت فرۆشتنی نیشتمان بە ئامادەکراویی یان لە گۆڕنانی خەڵکی ڕەسەن و هۆشمەند و خاوەن بڕوانامە، به زیندوویی.
جێی باسە لەو کۆمەڵگایانەی کاڵفام و چاوچنۆکەکان دەستیان بەسەر داهات و داهاتووی خەڵکەکەدا گرتووە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تاوەر بەرز ئەبێتەوە و پڕۆژەی نیشتەجێبوونی شاهانە زاوزێ ئەکات، لە بەرامبەردا ڕۆژ بە ڕۆژ هاوڵاتی بچوکتر ئەبێتەوە و بەها نەتەوایەتییەکان ئەتوێنەوە،بڕوانامە و زانست و هونەر و داهێنان بێ نرخ و پشتگوێ ئەخرێن ، بێحورمەتیی و سوکایەتییان پێ دەکرێ، دەستی دەستی و ئەشکەنجە ئەدرێن، بەری ڕەنج و شەونخونیی زانا و داناکانی بە هیچ و بێ بایەخ تەماشا دەکرێن و هەر کەسێک بڕێک پارە و پلە و پۆستی هەبێ، بێ چەند و چون بڕوانامەی دکتۆرا و پڕۆفیسۆری پێ دەبەخشرێ و کام کۆلێجە پێی خۆشە، لێی مارە ئەکرێ یان لەبەر پێیدا سەرئەبڕرێ، ئەمەیش دژایەتیی و دوژمنایەتیی نێوان دەسەڵات و میللەت زیاتر ئەکات، لەو کاتەدا لە جیاتی دەسەڵاتداران بگەڕێنەوە بۆ ناو حەشاماتێکی ڕۆشنبیری دڵشکاو و نائومێد و هەژار، ئاشتیان بکەنەوە و ماڵ و مافە دزراوەکانیان بدەنەوە و بە خۆیاندا بچنەوە و دەروازەکانی کار و داهێنان و گەشەسەندن لە ڕوویاندا بکەنەوە، ژمارەی پۆلیس و پاسەوانە تایبەتییەکانی خۆیان زیاد دەکەن، لە هەمان کاتدا نرخی پڕۆژە تازەکانیان بەرزتر ئەکەنەوە و ملیۆنەها دۆلار دەخەنە دەستی ئەکتەر و گۆرانیبێژ و مۆدێلە بێگانەکان هەتا ڕیکلام بۆ پڕۆژەکانیان بکەن.
لەوێدا ئیتر دوو جیهان دروست ئەبێ، جیهانێکی ڕازاوە و بێوێنە و شاهانە و پڕ لە جوڵە و بۆنە و گەشت و ڕابواردنی دەسەڵاتداران و هاوئاوازەکانیان. جیهانی دووەمیش، جیهانێکی یان زیندانێکی تاریک و نائومێد و ڕاوەستاو و بێ داهاتوو، بێ بەرنامە و بێ کار و بێ ڕێز و بێ متمانە وپڕ لە ناکۆکیی و کێشە و ناتەبایی و تێکشکاو.
لەوێدا ئیتر دەسەڵات بە تەواوەتیی هێڵێکی ڕاست و چەپی بە هاوڵاتی ڕەسەن و زانستی خۆماڵیی و هونەری خۆماڵیی و ئەدەبی خۆماڵیی و بڕوانامە و زانا و دانای خۆماڵیدا هێناوە و نایەوێت لە هیچ کات و بۆنەیەکدا ناویان بهێنێت، میللەتەکەی لێ دەبێتە کابوس و دوژمنی بابکوشتەی خۆی.
بەو جۆرە نیشتمان ئەبێتە چەند پارچە زەوییەکی پاوانکراو، کە پڕ پڕ دەبن لە تاوەر و پڕۆژەی مۆدێرن و گرانبەها بە هەموو خزمەتگوزارییەکانی سەردەم و سیکیوریتی و سێرڤسی شاهانەوە، کە پیاوانی دەسەڵات و ماڵ و مناڵ و یار و یاوەرەکانیان و کچە مۆدێل و بێگانە و تەنانەت دوژمنانی گەلیان تێدا نیشتەجێ ئەبن و لە دەریای ملیارەها دۆلاری دزراودا، مەلە دەکەن و سامانی نیشتمانێک بە نەوەکانی داهاتوویشەوە بە هەدەر و تەخشان و پەخشان دەکەن. لە بەرامبەردا کۆمەڵانی خەڵکی بێلایەن و ڕەسەنی شارەکان، وەک کۆمەڵێ پەیکەری شکاو و قەوزە گرتبوو ،وەک تارمایی لە شەقامە کۆن و کۆڵانە داڕوخاو و بێ خزمەتگوزارییەکاندا، وەک خێو دێن و دەچن و ..دەبنە نێچیریی نەخۆشییە دەروونییەکان و مەرگە کت و پڕەکان. بێکاریی و بێهیوایی و برسێتیی و بۆشاییەکی تۆقێنەر هەڕەشەیان لێ دەکات.هەندێکیان سەری خۆیان هەڵدەگرن و ون دەبن، شاعیرە دڵناسکەکانیان خۆیان ئەکوژن.
لێرەدا ئیتر کۆمێنتی هاوڵاتیان بۆ بابەتی پڕۆژەی وبەرهێنەکان، یەکپارچە دەبێتە جنێو و دۆعای شەڕ و هەڕەشە و نەفرەتلێکردن. ئەم کۆمێنتانە ناچن بە گوێی دەسەڵاتە ڕەشۆکیی و خۆسەپێنەکاندا، زیاتر پێی لێ ڕادەکێشن، زیاتر ئەنوسێن بە ماڵ و سامانی دزراوەوە، بە ناوی وەبەرهێنانەوە، زەوی و ئاو و ئاسمانی وڵاتەکە پاوان دەکەن.
لە ڕاستیدا ئەمە وەبەرهێنانی نیشتمانیی نییە بەڵکو ئەتونین ناوی بنێین بە نێچیرگرتنی نیشتمان و میللەت ، لە پێناوی گەشانەوەی چەند دڕندەیەکی چاوچنۆکی هەرگیز تێر نەبوو، لە دەرەوەی هەموو پڕنسیپ و یاسایەکی زەمینیی و ئاسمانیی. کۆتایی ئەم گەمە پڕ لە گەمژەییەیش، شۆڕش و کۆدەتای لەناکاوە یان خۆیان هەر لە پڕ کۆتاییان پێ دێت، میرنشینەکان هەرەس دێنن ، بە بێ هۆیەکی دیار، هەر لە خۆیانەوە قڵپ ئەبنەوە، ڕێک وەک چۆن مۆمێک کۆتایی دێت و ئەتلێسێتەوە.






ترسی جێگرتنەوە.. نەوزاد بەندی

ئەم ترسە، لە کومەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر ئەگۆڕێ هەروەها لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێک، له عەقڵێکەوە بۆ عەقڵێک، دواجار پەیوەندی بە ئاستی ڕۆشنبیری و دانایی و زانایی و ڕەسەنایەتییەوە هەیە.
ترسی جێگرتنەوە چییە ؟ کاتێک سەرکردەیەک ئەبینێ کەسێکی لە خۆی سەرکردەتر پەیدا ئەبێ، یەکسەر ئەو ترسە دروست ئەبێ، ترسەکە گەورە ئەبێ، ئەبێ بە شاخێک، ئەوەیش وا دەکات جەنگە نهێنیی و تیرۆرە دراماتیکییەکان سەر هەڵبدەن، بۆ نمونە کاتێ سەدام حسێن ئاو دەکاتە ژێر ئەحمەد حەسەن بەکر و خۆی دەبێتە فەرمانڕەوایەکی تۆتالیتار، یەکسەر ترسی جێگرتنەوەی بەرامبەر هاوڕێکانی بۆ دروست ئەبێ و لە درامایەکی سیاسیدا هەموویان بە خائین له قەڵەم دەدا و خۆی دەبێتە دادوەر و بڕیاری کوشتنیان بۆ دەردەکات. پاشان هەمان ترس بەرامبەر ئەفسەرێکی نزیکی وەک عەدنان خەیروڵای ژنبرای بۆ دروست ئەبێ، کاتێ ئەبینێ ڕۆژ بە ڕۆژ جەماوەر و پێگەی زیاد ئەبێ، لێرەدا ئیتر ترسی جێگرتنەوە هەموو ناخی سەدام داگیر ئەکا و لەناکاو لە درامایەکی تیرۆریستیدا، عەدنان فڕۆکەکەی ئەکەوێتە خوارەوە و کوتایی دێت..
وەهمی جێگرتنەوە نەخۆشییەکی دەروونییە، تەڕ و وشک ئەسوتێنێ، عەقڵ و داهێنان ڕادەگرێت، هەستێکی کاڵ و پێنەگەییوی منداڵانەیه، وەک چۆن منداڵێک یارییەکی بە دەستەوەیە و منداڵێکی تر ئەبینێ، یارییەکەی ئەشارێتەوە یان باوەش ئەکا بە یارییەکەیدا و کاتێ منداڵەکەی تر لێی نزیک ئەکەوێتەوە، هەڵمەتی بۆ دێنێ و شەڕی لەگەڵدا ئەکات، بە بێ هیچ هۆکارێک بۆ شەڕکردن تەنها لەبەرئەوەی یارییەکەی لێ نەسێنێت، یان وەهمی لێسەندنی یارییەکەی و جێگرتنەوەی، وای لێدەکات شەڕی لەگەڵدا بکات، لەوێدا ئیتر یارییەکە ئەبێتە هۆی شەڕ .
ئەم وەهمەی منداڵیی، وەهمێکی ئاساییە و پێویستە هەموو مناڵێک هەیبێ، بەڵام ئەگەر درێژە بکێشێ بۆ تەمەنەکانی تر، ئاسایی نییە، کاتێ سەرۆک ئەو وەهمەی هەبێ و هەر کەسێکی لە خۆی زیرەکتر و داناتر ببینێ، باوەش بکات بە کورسییەکەیدا و لەگەڵیدا بەشەڕ بێت و لەناوی ببات، کارەسات ئەمەیە، چونکە ئەو جێگایە لە ڕێکەوتێکی مێژووییدا، لە میراتێکدا، لە غەدر و کودەتایەکدا دەستی کەوتووە و ئامادە نییە بە هیچ نرخێ دەرستبەرداری ببێ، ئەو جێگایە لەو کۆمەڵگا دواکەوتووانەدا واتا هەموو شتێ، واتا خاوەنداریێتیی بێ قەید و شەرتی هەموو نیشتمان بە هاووڵاتییەکانیشیەوە، ئیتر چۆن وەهمی جێگرتنەوە، شێت و دەهریی ناکات؟ ئەوەتا قەزافی سەرۆکی لیبیا کاتێ وەهمی جێگرەوەی کورسییەکەی ئەبێ بە ڕاست، داوا لە دار و دەستە بەڵتەجیەکەی ئەکا کە ماڵ بە ماڵ و کۆڵان بە کۆڵان بگەڕێن و کۆمەڵکوژیی بکەن، هەتا سارکوزی سەرۆکی ئەو کاتەی فەڕەنسا ئەوەی پێ قبوڵ ناکرێ و فڕۆکە میراجەکانی هەڵدەستێنێ و دار و دەستەکەی قەزافی تەفر و تونا ئەکا، دوای ئەوە ئیتر ئەم عاشقەی کورسی دەسەڵات، دوا پەیامی بۆ بەڵتەجییەکانی ( دار دار زەنگە زەنگە الی الامام) ئەکرێتە گۆرانییەکی گاڵتەجاڕ و بە دونیادا بڵاو ئەبێتەوە، وەک چۆن چارلی چاپلن، دەسەڵاتپەرستیەکەی ئەدۆڵف هیتلەر ئەکاتە فیلمێکی گاڵتەجاڕ.

مەکیاڤیللی لە کتێبی میردا، ئامۆژگاریی سەرۆکەکان ئەکات هەر کەسێک دڵەڕاوکێی جێگرتنەوە و لێسەندنەوەی کورسییەکەی لەلا دروست بکات، پێویستە لەناوی ببەن. ئەم دڵەڕاوکێیەی سەدام حسێن بۆ نمونە لە هاوڕێکانی و له سیاسەتمەدار و فەرماندە سەربازییەکانی، وایکرد دەیان و سەدان کەسی زانا و بلیمەت و دڵسۆز لە بواری دەوڵەتداریدا بە سیناریۆی جیا جیا لەناو بچن.
شایانی باسە ئەڵێن جۆزێف ستالینی دیکتاتۆری ڕوسیای بەناو بەڵشەفیک و ئەدۆڵف هیتلەر و تەنانەت سەدام حسێنیش، کتێبی میری مەکیاڤیللی تاکە کتێبی دڵخوازیان بووە و تەنانەت ئەڵێن ستالین ئەو کتێبەی لە ژێر سەرینی جێخەوەکەیدا داناوە، بۆ ئەوەی هەمیشە پێش خەوتن، ڕاڤە و پڕۆڤەی لەسەر بکات.
ئەم پەتای جێگرتنەوەیە، کارێک دەکات کۆمەڵگای سەرۆک ببنە کۆمەڵگایەکی درۆزن و دوو ڕوو و کۆیلە و کاسەلێس و دەست سپی، تاکە بازرگانیی تیایدا مەرایی و کلکە لەقێ بێ بۆ سەرۆک، هەر سەرۆکیان بینی بکەونە گۆرانی ووتن بە قەد و باڵایدا، وەسفکردنی و خۆ بچووککردنەوە لە ئاستیدا و دەست و پێڵاو ماچکردنی بۆ ئەوەی ئەو وەهمی جێگرتنەوەی بۆ دروست نەبێ و لەناویان نەبات. ئیتر کۆمەڵگا ئەبێ بە پەرستگایەکی گەورە و هەمووان ئەکەونە سەر چۆک بۆ سەرۆک، سەد و یەک ناوی بەرز و دەگمەنی بۆ دادەتاشن و وڵات پڕ دەکەن لە پەیکەر و تابلۆی سەرۆک و پێی دەڵێن زێڕ و باوک و دیاردەی دەگمەن و بێ وێنە، لە هەڵبژاردنەکاندا لە سەدا سەد دەنگی هاووڵاتیان بە دەست دێنێ، ئەگەر نەیارێک بە ڕێکەوت پەیدا بێ، هەزاران ڕاپۆرتی سیخۆڕیی پەلکێشی دادگا نیشتمانییە کارتۆنییەکانی ئەکەن و قیڕەی ئەبڕن. ئەم نیفاقە هەمە لایەنەیە، کۆمەڵگا ئەکات بە مەزرای مریشک، بیر و باوەڕ و ئایین و نەتەوایەتیی و نیشتمانپەروەریی و پێشکەوتن و گەشانەوەی تێدا ئەپوکێتەوە، ئەدەب و هونەر ووشک ئەبن، ڕۆژنامە ئەبێ بەمینبەری دۆعا و نزا و پاڵەوانێتییەکانی سەرۆک، نوسەری سەفسەتە کون و کەلەبەری ووڵات پڕ دەکەن، هەمووی بە خاتری ئەوەی سەرۆک لە شێرپەنجەی جێگرتنەوە چاک بێتەوە و وەک سەگی هار بەر نەبێتە لاشەی خەڵکەکە، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم وەهمه کۆتایی نایەت، ئەگۆڕێ بۆ شتی جیاواز، بۆ نمونە سەرۆک بڕیار دەرئەکات هەر کەسێک دۆلاری پێ بگیرێت، ئەبێ لە سێدارە بدرێت، وەهمی پارەی بیگانە!! بۆ نمونە سەرۆک لە پڕ ئەدا بەسەر فەرمانگەیەکدا کۆمەڵێک جنێو باران ئەکا و بەناوی نیشتمانپەروەرییەوە کۆمەڵێک ئەکوژێ و کۆمەڵێ نانبڕاو و کۆمەڵێکی تریش زیندان ئەکا، بۆ ئەوەی وەهمەکەی چارەسەر بکات کە بە هیچ شتێ چارەسەر ناکرێ.
نزار قەبانیی لەو بارەیەوە لە شیعری شمشێروەشێنی عەرەبیدا ئەڵێ:
خودە لەسەرێک وەکو خوای ئاسمان،
هەموو شتێک بە کۆیلەکان ئەکات،
هەڵیانئەپەڕێنێ، سەریان ئەپەڕێنێ، ئەیانهاڕێ …
ئەمانە هەمووی لە ڕاستیدا لە ژێر کاریگەریی وەهمی جێگرتنەوەدا ئەنجام دەدرێن. دۆزینەوەی ڕێگای نوێ بۆ کوشتن، بۆ نمونە سەدام حسێن مەکینەیەکی قیمەکردنی گەورەی هێنابوو، دوژمنە وەهمیەکانی ئەخستە ناوی و قیمەی دەکردن و گۆشتەکەیانی ئەخستە ناو ئاوی دیجلەوە بۆ ماسییەکان، تی ئێن تی لە قوربانییەکانی ئەبەست، بۆ ئەوەی ببن بە تەپ و تۆز، یان توانەوەیان لە حەوزی تێزابدا، وەهمەکە وای لێدەکات لە گۆڕی نەیارە وەهمییەکانی بترسێ و گۆڕ بزریان بکات، دەیان هەزار قوربانیی لە ووڵاتە دیکتاتۆرەکاندا گۆڕ بزرن، کوژراون و لاشەکانیان بزر کراون، هەزاران دایک و باوک تا دوا هەناسەیان بە دوای لاشەی جگەر گۆشەکانیاندا گەڕاون بێ ئەوەی بیدۆزنەوە.
ئینجا بزانن، وەهمی جێگرتنەوە چ کارەساتێکی مرۆیی و مۆڕاڵیی دروست ئەکات، کۆمەڵگا ئەکات بە مەیدانی پێشبڕکێی سەرشۆڕیی و کۆیلایەتیی، بۆ ئەوەی بەر بومەلەرزەی ئەو دڵەڕاوکێیەی سەرۆک نەکەون، لێرەدا ئیتر هەموو شتێکی سەرۆک جیاوازن و ئەوەی بەخەویش بیر لە لاساییکردنەوەیان بکاتەوە، خراپترین سزا دەدرێت، ئیتر ئوتومبیلەکانی سەرۆک تایبەتن، ڕەنگی ئوتومبیلەکانی، ئەو کانزایەی ئوتومبیلەکانی لێ دروست ئەکرێن، ئەبێ گوللە و ڕۆکێت نەیانبڕێت، کۆشکەکانی،سەعاتەکانی مەچەکی، گۆرەوییەکانی،ئەو کلێنکسانەی چڵمیان پێدا ئەسڕێت، وەک موفەڕک هەڵدەگیرێنەوە و نرخەکانیان لە زێڕ و گەوهەر گرانتر ئەبن، ئەو کچانەی کە لاقەیان دەکات، چاویلکەکەی، جگەرەکەی، تەنانەت دەستشۆر و جێگای پیساییکردنەکەی لە ئاڵتون و ئەڵماس بۆ دروست ئەکرێ بۆ ئەوەی لە هەموو شتێکدا ئەو تاک و تەنها وبێ وێنە و جیاواز و بێجێگرەوە بێ.ئەم وەهمە وای لێدەکات بڵێ من نامرم، سەدام حسێن ئەیووت: باپیرم لە تەمەنی سەدوبیست ساڵیدا ئەسپی تاوداوە، بۆ ئەوەی قوربانییەکانی لەوە حاڵی بکات، ئەم لە دەرەوەی بازنەی فەوتان و مردن و پیربووندایە.
ئەوەی لەو دۆخەی سەرۆک کارەساتبارترە، داچۆڕانی ئەم وەهمی جێگرتنەوەیەیە بۆ ناو تەواوی کۆمەڵگا، بە تایبەت لەبەر ئەوەی هەموو بەرپرس و کاربەدەستەکانی ئەو کۆمەڵگایە دەستەبژێری ئەو سەرۆکە نەخۆشەن و بە فلتەرەکانی ئەودا ڕۆیشتوون، هەر بۆیە لە بازنەی کاربەدەستیی خۆیاندا هەمان وەهمی جێگرتنەوەی سەرۆک دەچێتە وێزەیان و هەر کەسێک لێی بە شک بن، ئەیخەنە بەر زەبری کاریگەری سزا و دوورخستنەوە و جۆرەها هەڵوێستی نامرۆڤانەی ترەوە، بە جۆرێک زانایەکی وەک ئەحمەد زوێل کە بێ ئاگایە لەم دەردە کوشندەیەی وەهمی جێگرتنەوە ، ئەڵێ : ( له کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتدا هەر کەسێ سەرکەوتنێ بە دەست بێنێت، هەمووان لە هەوڵی ئەوەدا ئەبن شکستی پێبێنن، بەڵام لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا هەر کەسێ بکەوێ و شکست بێنێ، هەمووان یارمەتی دەدەن و هەڵیدەسێننەوە )
ئەحمەد زوێل لەبەر ئەوەی زانایەکی کیمیا بووە و زۆر ئاگای لە سیاسەت و کۆمەڵناسیی نەبووە، ئاگای لەوە نییە لە ڕۆژهەڵاتدا شتێک نییە بەناوی سەرکەوتن و پێشکەوتن، ئەوەی کە به ناوی سەرکەوتن و پێشکەوتنەوە لە هەندێ کەسدا ئەبینرێ، هەمووی سەرۆک بڕیاری لەسەر داون و ئیمزای بۆ کردوون، بە قبوڵ خاس و بڕیاری تایبەت فەراهەم کراون، تەنانەت پلە بەرزەکانی خوێندن، بەخششی سەرۆکن، لەبەرئەوە هەمووان لە ناخەوە ڕقیان لەوانەیە سەرکەوتنە درۆزنەکانیان بە دەستهێناوە و حەز ئەکەن شکستیان پێبێنن، ئەم حاڵەتە تراژیدییە، شۆڕشێکی ترسنۆکانە و نهێنییە بەسەر سێبەرەکانی دیکتاتۆردا، کاتێ کەسێکی تەمەڵ و تەوەزەل لە ڕێی سەرۆکەوە بڕوانامەی دکتۆرا بە دەست دێنێت یان چەندین پڕۆژە و زەوی و داهاتی بۆ تەرخان دەکرێت و لە ناکاو دەوڵەمەند ئەبێ و هەڵئەئاوسێت، ئەمە ئەبێتە هۆی تووڕە بوونی نهێنیی خەڵک، چونکە ئەزانن ئەمانە هیچ سوودێکیان بۆ میللەت نییە و ئەوەی سەرۆک دەستی پێنەگەیشتووە دایڕزێنێت، ئەمان دایدەڕزێنن. بەڵام لە ئەوروپا و سیستمە تێکنۆکراتەکاندا، مرۆڤ بە پێی زانست و کارامەیی خۆی پلە و پۆست و داهات بەدەست ئەهێنێت، هەر بۆیه ئەوروپییەکان بۆ نمونە ڕقیان لە ستیف جۆبس نییە، لەبەر ئەوەی ستیڤ جۆبز داهێنەرە و کۆمپانیای ئەپڵی داناوە و ئایفۆن و ئایپادی و ئایپۆدی بۆ خەڵکەکە دابینکردووە. بێگومان خەڵکی زانا و دانا و خاوەن ماڵ و سامان، کە بە شێوەیەکی تەندروست و سروشتیی ئەو زانست وماڵەی دەستدەکەوێت، خەڵکێکی بەخشندە و بەبەزەیین و ئامادەن دەستی یارمەتی بۆ هەژاران و کەسانی شکستخواردوو درێژ بکەن، شتێکی ئاساییە خاوەنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، بل گیتس زۆرینەی سامانەکەی بۆ پڕۆژەی ئاو و کارەبا لە کیشوەری ئەفەریقیادا تەرخانبکات.
واتا فەلسەفەی یارمەتی و کۆمەک لەگەڵ فەلسەفەی ئێرەیی و ملی یەکترشکاندن، لە بنچینەی مرۆڤەکانەوە سەرچاوە دەگرن، کاتێک خەڵکێکی کاسە لێس و خۆپەرست و گەمژه و نەزان، دەوڵەمەند دەکرێن و دەکرێنە پڕۆفیسۆری کارتۆنیی، ئەمانە دینارێک ناخەنە سەر گۆڕی باوکیشیان، چ جای یارمەتیی ڕەش و ڕووت بدەن هەر بۆیە ئەبنە جێی ئێرەیی و تووڕەیی خەڵکەکە، بەڵام خەڵکێک کە بە داهێنان و زیرەکیی و دانایی خۆیان ببنە خاوەن سامان و پلە و پۆست، بێگومان خەڵکێکی بەخشندە دەردەچن و جێی ڕێز و متمانەی خەڵکیشن.
ئەگەر تەماشایەکی چوار دەوری خۆمان بکەین، دیاردەی ترسی جێگرتنەوە لە هەموو کایەکاندا دیارە ، لە سەری سەرەوە هەتا خواری خوارەوە .. برا و برا، برا و ئامۆز لە ترس و وەهمی جێگرتنەوەی کورسی دەسەڵات، یەکتری شار بە دەر ئەکەن، یان ژێر بە ژێر، شیر و تیر لە یەکتر ئەسوون و هەوڵی حەیابردن و پەڕاوێزخستنی یەکتر دەدەن. دیاردەی جیابوونەوە و حیزبی تازە دروستکردن، دەرهاویشتەیەکی ترسی جێگرتنەوەیە، یەکێکی بە توانا لە حیزبێکدا پەیدا ئەبێ، پێگە و جەماوەری هەیە و بواری کوشتن و گۆڕبزرکردنی نییە، ئێ خۆ کورسییەکەیش بڤەیە و نابێ لێی نزیک بێتەوە، هەر بۆیە جیا دەبێتەوە و ڕەشماڵی حیزبێکی تازە هەڵدەدات و کوێخایەکی تری هەتا هەتایی دێتە مەیدانەوە. زیاد بوونی لیست و حیزب و دەستە و ڕێکخراو، کاردانەوەی ئەو وەهمەیە کە ئەبێتە هۆی پارچە پارچه بوونی میللەت، وای لێ دێ ئەوەندە حیزب و کۆمەڵە و دەستە و کەناڵ و ڕۆژنامە دێنە ئاراوە، کەس ئاگای لە کەس نامێنێ و هەر یەکەی خەریکی ئاواز‌ و هۆرە و سروود و پەیڕەوی ناوخۆ و کار و چالاکییە دۆنکیشۆتییەکانی خۆی دەبێ، هەر یەکەی پڕۆڤەی دەوڵەتەداریی تایبەتی خۆی دەکا و هەزاران حوکمەتی خەیاڵپڵاوی ناو قات و بۆینباخ و فڕۆکەی تایبەت و ڤێلای دوورە دەست و ئوتومبیل و جلی گوللەنەبڕ و بودجە و بازگە و ئەندام سەرکردایەتیی دێنە ئاراوە، کە وەک خەیاڵپڵاوەکانی دۆنکیشۆت، پەلاماری پەڕەکەی ئاش و سەر و گوێلاکی یەکتری دەدەن و ئیشیان شکاندن و عەیبدارکردن و لە قوڕا گەوزاندنی یەکترییە.
ئیتر ئەم دەردە لەسەرەوە بۆ خوارەوە دادەچۆڕێ، لەو ماوەیەدا داوەتکرام بۆ کۆڕی پیاوێکی نیشتمانپەروەر، منیش هەندێ قسەم کرد، پیاوە نیشتمانپەروەرەکە ئارامیی لێ هەڵگیرا، ووتی ئەو قسانەی تۆ بێ ئەرزشن!
تەنانەت لەناو هونەرمەنداندا، لەناو شاعیران و نووسەران و وەرزشکاراندا، لە بازاڕی سپی و ڕەشدا، ئەم وەهمی جێگرتنەوەیە زۆر بە ئاشکرا دیارە، لەم شارەی خۆماندا چەند هونەرمەندێک دەرمانێک (کە ناوی ناهێنم ) لەگەڵ خواردندا دەرخواردی هونەرمەندێکی تازە و بەتوانا دەدەن بۆ ئەوەی ژێکانی دەنگی تێک بچن و جارێکی تر نەوێرێ توخنی گورانی ووتن بکەوێ ببێتە جێگرەوەی ئەوان.
دوو وتار ئەنێریت بۆ ڕۆژنامەیەک، یەکسەر ترسی جێگرتنەوە هەراسانیان دەکات، ووتاری سێیەمت پشتگوێ دەخەن، هەمان کات بە فەیلەسوفێکی خزمیان یان به بیریارێکی عەشرەتەکەیان ئەڵێن : ئادەی بە زنجیرە ووتارێک قوڕمچەی بکە!
ئەویش ئەڵێ خەمتان نەبێ، واتان بۆ لێدەکەم، جارێکی تر لە ڕووی نەیەت دەست بداتەوە قەڵەم!
نووسەری بەناوبانگمان هەیە، لە ترسی پێگە و کورسییەکەی، هەر دەم ئەکاتەوە میللەت سوک و ڕیسوا ئەکا و جنێوگەلێکی دیپلۆماسیی وایان پێ ئەدا، مەگەر هەر‌خەڵکی ئێمە قبوڵی بکەن.
پزیشک هەبووە هەتا مردووە قسەی لەگەڵ پزیشکەکەی هاوتایبەتمەندیی نەکردووە، نەک زانیارییەکی لێ ببات و پێگە و ئاستی زانستیەکەی لەق بێ و ببێتە جێگرەوە یان برابەشی.
تەنانەت لە نێوان هاوسەرەکاندا ئەم کێبڕکێ و وەهمی جێگرتنەوەیە هەیە و کورسێکە له نێوانیاندا دێت و دەچێت، هەتا خێزانەکە تیا ئەچێت، کۆمەڵێ مناڵی نەخۆش و خەمۆکیی و دژ بە یەک و ناڕازییان لێوە سەرچاوە ئەگرێت.
ئەمە حاڵ و ئەمە مەسەلە، ئیتر بە ڕاستی ئەم دەردی وەهم و ترسی جێگرتنەوەیە نازانم چارەسەرەکەی چۆنە و چەندی تێ ئەچێ و کێ پێی هەڵئەسێ، ئێوەیش هیمەتێکی بۆ بکەن …

نەوزاد بەندی




ئازیز.. شیعری نەوزاد بەندی

کە لێم ونبوویت ،
ئەوەندە بە دواتا گەڕام ،
هەموو ئەو شتانەی
ساڵەها ونم کردبوون ،
دۆزیمنەوە ..
بەس تەنها تۆم نەدۆزییەوە ..
وەک ئەو پاشایەی
نقێمی موستیلەکەی ئەکەوێت و ..
دەست و پێوەندەکەی
لەگەڕاندا ،
هەزاران نقێم و تاج و
مەدالیای ئازایەتیی و
بزمار و فیشەک و تیر و
ملوانکە و ئەڵقە و موستیلە ئەدۆزنەوە ،
بێجگە لە نقێمی پاشا ..
زانیم چەند کەس
ناوی تۆیان هەڵگرتووە و ..
چەند کەس
پیشەکەی تۆ ئەکەن ..
چەند کەس تۆیۆتا کرۆلای
هایبردیان هەیه و
چەندیشیان
حەزیان لە قاوەی سادەیە و
لای پەنجەرەکەدا نەبێ،
دانانیشن ..
سەفەر ناکەن ..
بۆم دەرکەوت چەندیان دووشەممان ،
وون ئەبن و ..
لە کۆشکێکی داڕوخاوی باپیرەدا ،
تەماشای تەنیایی و
گەڵای کەڕ ولاڵی
درەختەکان ئەکەن و ..
چاوەڕێن ، بەڵکو ..
ڕابوردوو ،
بە قاتێکی ڕەش و
کراسێکی سپی و
بۆینباخێکی تاریکی
کونج کونجەوە ،
لە دەرگا بات و بێتە ژوور ..
شەوکەوت ڕەشید بە کلارنێتێکەوە ،
بە ئازاد مەولود بڵێ ئای هاوڕێ
چۆن خزمەکەی دڵی دێ ڕێگات پێ بگرێ ..
ئەویش بڵێ
دڵ پارچە قوڕێکی سوورە ،
چیت بوێ لێی دروست ئەکرێ ..




تۆ و من.. شیعری نەوزاد بەندی

تۆ
ئەو بەردەی خاڵیی لە دڵ،
تۆ ئەو دڵەی پڕ پڕ لە بەرد ..
تا کەی ئەوەندە تینووین
بە خوێنی یەکتر ؟
تۆ ئەو گوڵەی خاڵیی لە ڕەنگ و بۆن..
تۆ ئەو ڕەنگ و بۆنەی خاڵیی لە گوڵ ..
تا کەی ئەوەندە برسین
بۆ گلانی یەکتر ؟
تۆ ئەو بەرپرسەی خاڵیی لە یاسا..
تۆ ئەو یاسایەی خاڵیی لە بەرپرسیاریی ..
من ئەو فیشەکی موختارکوژەی دەنگیشم نایەت
من ئەو دەنگەی فیشەکی موختارکوژیش لێم ناترسێ..
تاکەی ئەوەندە ئەترسین بمرین؟
تا کەی یەکپارچە برین بە ناوی ژیانەوە هەڵئەگرین ؟
من ئەو بوونەوەرەی تەنها قسە ئەکەم
من ئەو قسەیەی کە قەت ناتوانم بیکەم ..
تا کەی ملوانکەی ژەهراویی ئەکەینە ملی یەکتر ؟
تا کەی ملی یەکتر ئەکەینە پەت و ڕائەکەین بۆ باوەشی دوژمنی ژەهراویتر لە ژەهر ؟
من کە کۆیلەییم لێ بووە بە خۆشگوزەرانیی ..
من کە خۆشگوزەرانیی جیانەکەمەوە لە ماڵوێرانیی ..
تا کەی لە ڕۆشنبیری تازە ئەترسین ؟
تا کەی عاشقی پارچەیەک کورسین؟
تاکەی لە سەری ساڵانەوە،
بچینەوە سەر مێزی گفت وگۆ ؟
ئەرێ
کەی ئەبین بە بەشەر من و تۆ ؟
شتی تریش ….




کاتێ کۆمەڵگا ئەبێتە نەخۆشخانە.. نەوزاد بەندی

ئەگەر بڕوانینە شارەکانی کوردستان، خەریکە هەمووی بازاڕ و شەقامەکانی ، ئەبن بە شاری پزیشکی و باڵەخانەی پزیشکیی و کلینیک و دەرمانخانە و تاقیگای شیکاریی خوێن و تیشک و سۆنار ..ئەمە بێجگە لە دەیان هەزار برین پێچ و یاریدەدەری پزیشکیی کە کلینیکی لاکۆڵانیان هەیه و ..هێندەی ئەو ژمارەیەیش، کلینیکی گیایی و میللیی پەیدا بوون. بازرگانیی دەرمانی شێرپەنجە و دەرمانە گرانەکان له لایەن خێزانە حوکمڕانەکانەوە قۆرخکراون چونکە ملیارەها دۆلار قازانجی لێ ڕادەکێشن.
بێگومان ئەم زیادبوونە خەیاڵییەی بیمارستانە هەمە جۆرەکان، بەڵگەی ئەوەیە زۆربەی کۆمەڵگا نەخۆشن، بە جۆرێک چارەسەرکردن بووە بە باشترین بازرگانیی .
ئەپرسین بۆچی زۆرینەی کۆمەڵگا نەخۆش کەوتوون؟
بۆریس باسترناک، کە ڕۆماننوسێکی ڕوسییە و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە لە ئەدەبیاتدا، هەرچەندە لە سەردەمی شەڕی ساردی ڕوسیا و ئەمەریکادا ئەو خەڵاتەی پێ بەخشرا، ناچار بوو خەڵاتەکە ڕەت بکاتەوە ..
باسترناک ئەڵێ : کاتێ ناچارکرایت بە پێچەوانەی خواستەکانی خۆتەوە هەڵوێست بکەیت، لاشەت نەخۆش ئەکەوێ، کاتێ دڵتەنگیت و ناچارت ئەکەن پێبکەنیت، ڕقت لە کەسێکە و ناچارت دەکەن دەستی ئاشنایەتیی و تەوقەکردنیان بۆ درێژ بکەیت، ئا لەو کاتەدا لاشەت نەخۆش ئەکەوێت.
ئەگەر ئەم گریمانەیەی باسترناک بە هەند وەربگرین، ئەگەینە ئەو ڕاستییەی هۆکاری نەخۆش کەوتنی بەکۆمەڵی میللەتەکەمان، بۆ ئەو شەڕە دەروونییە بگەڕێنینەوە کە دژی خەڵکەکە بەرپاکراوە، کاتێ ئەو خەڵکە ڕقی لە دەسەڵات و تەنانەت نیشتمانیش ئەبێتەوە، کەچی ناچار کراوە چەپڵەی بۆ بکوتێت و لە یاسا قەرەقۆشییەکانی ئەو دەسەڵاتەدا بیگوزەرێنێ و مل بۆ سەرانە و تاڵانییەکانی بدات، بە تاوانە حاشاهەڵنەگرەکانی قایل بێ، بە زۆری زۆرداریی لەو نیشتمانە وێرانکراوە دزراوەدا بژی، ئەم دۆخە قورسە دەروونییە، کارێ دەکات کۆمەڵگا تێکڕا نەخۆش بکەون، مناڵەکانی پێش گەنجەکانی، گەنجەکانی پێش پیر و پەککەوتەکانی. نیشتمانێک بووە بە زیندان، تەنانەت بیریارێک دەڵێ : تەنها پێڵاوەکانم بەم خاکەوەی بەستوومەتەوە .. ئەگەر سنوورەکان ئاوەڵا بکەن، خەڵکەکە بە کۆڕەو بەجێی ئەهێڵن ، تەنها چەند بنەماڵەیەکی حوکمڕان و مردووی گۆڕستانەکان لە نیشتماندا ئەمێننەوە.بڕوانە، زۆرینەی نوسەر و بیریار و زانا و داناکانمان له تاراوگەدا ئەژین.
باسترناک بە کورتی باس لە کەسانێک ئەکات لە ناخەوە کۆیلە کراون و ناچار کراون بە پێچەوانەی خواست و خەون و هیواکانیانەوە بژین، ئەم ژیانە پێچەوانەیە وا دەکات تێکڕایان لاشەیان تێک بشکێ و نەخۆش بکەون .
کاتێ دەسەڵات، داهاتی وڵات بۆ خۆی ئەبات و ناچاریشت ئەکات چەپڵەی بۆ لێ بدەیت و لە خۆشییەکانیدا ئاهەنگ بگێڕیت و له ناخۆشییەکانیدا قوڕ بپێویت، وات لێ دەکات، خیانەتەکانی به دەسکەوت و بەرخۆدان بۆ ئەژمار بکەیت، کۆمەڵکوژییەکانی بە خەباتی دژه تیرۆر بۆ تۆمار بکەیت و دزینی داهاتی نیشتمانی بە فەرمانڕەوایی و حەقدەستی پێشمەرگایەتییەکەی بۆ لێک بدەیتەوە، لەوێدا ئیتر تۆ ئەبیتە مۆڵگەی نەخۆشییە جەستەییەکان، خەست بوونەوەی خوێن و ڕاوەستانی دڵ و مێشک و نەخۆشیی بڕبڕەکانی پشت و جومگەکان و تێکچوونی هەرس و شێرپەنجەکان و هەناسه توندیی و تێکچوونی کارەبایی دڵ و نەخۆشییەکانی قوڕگ و گوێچکە و چاو و ئەکزیما و نەزۆکیی و تێکچوونی هۆرمۆنەکان و پیربوونی پێشوەخت و ….هتد.
کاتێ مامۆستای مزگەوتەکانمان داوای پارەت لێ ئەکا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی مزگەوت، جا داوات لێ ئەکا دۆعا بکەیت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆت لەلایەن خواوە !
دروستکردنی مزگەوت ئەکاتە ئەرکی سەرشانی خەڵک ، بەڵام پەیداکردنی گوزەرانی خەڵک، واز لێ دێنێ و ئەیداتە دەست دۆعا و نزا، لێدانی منداڵ ئەکاتە ئەرک لەسەر باوکان و دایکان، بەڵام لێدانی داگیرکەران و مافیاکان ئەداتە دەست خوا و ئەڵێ دۆعایان لێبکەن!
لەبەر ئەوە ڕوژ بە ڕۆژ مزگەوتەکانمان گەورەتر و پێشکەوتوو تر و گرانبەهاتر ئەبن لە بەرامبەردا ئەوانەی دێنە مزگەوت، ڕەش وڕووتتر و برسی تر و نەخۆشتر ئەبن، وای لێهاتووە نیوەی نوێژکەران لەسەر کورسی نوێژ ئەکەن، بە جۆرێک پەیوەندییەکی پیچەوانە هەیە لەنێوان جوانیی باڵەخانەکانی مزگەوت و هەژاریی و شڕ و ووڕیی و نەخۆشیی خەڵکەکەدا ، هەتا مزگەوتەکان شاهانەتر بن، خەڵکەکەی خواناسییان تێدا ئەکەن، برسی و گەداتر و نەخۆشتر ئەبن، وای لێهاتووە خەڵک پاره دادەنێن بۆ جوانکردنی مزگەوت لە هەمان کات داوا لە ئیمام ئەکەن دۆعایان بۆ بکەن هەتا له نەخۆشییەکانیان چاک ببنەوە !، چونکە نەخۆشییەکانییان دەروونییە و پەڕیوەتەوە بۆ هەموو ئەندامەکانی لەشیان و چارەسەری نییە.
لێرە و لەوێ، هەندێ بیریار و سەرکردەی موسوڵمان درکیان بەو کارەساتە مرۆیی وئاینییە کردووە، بۆیە دەڵێن عومەری کوڕی خەتاب فەرموویەتی : جوانکاریی مزگەوتەکان زیادەڕەوییە و لە ئاینی ئیسلامدا شتێک نییە به ناوی جوانکاریی و ڕازاندنەوە و دەستبڵاویی له دروستکردنی مزگەوتەکاندا .
هەروەها ئیمامێکی موسوڵمانان ، کورتترین ووتاری هەینیی پێشکەش دەکات، تەنها دێڕێکە ، ئەڵێت: ( پاروویەک بخەیتە دەمی هەژارێک باشترە لە دروستکردنی هەزار مزگەوت )
واتا هەتا دابینکردنی پێداویستیی و چاککردنی کەم و کوڕیی ماڵەکان وەستابن، حەرامە دەست ببرێت بۆ ڕازاندنەوە و جوانکردن و دووبارە دروستکردنەوەی مزگەوتەکان، کارەساتە ئەگەر لە ماڵەکاندا مرۆڤەکان و مناڵەکانیان شەو تا بەیانی لەسەرماندا ولە برساندا هەڵلەرزن و بتلێنەوە وگینگڵ بخۆن، لە کاتێکدا مزگەوتەکانیش لەو شەوانەدا کش و مات و چۆڵ و هۆڵ، بە ملیۆنەها دۆلاریان تێدا خەرج کرابێ، سورەیا و بەرد و توحفەی گرانبەهایان پێدا شۆڕ بووبێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا هۆکاری هاتنی ئایینەکان و بنیاتنانی پەرستگاکان خۆشحاڵکردن و خۆشگوزەرانیی و ئاسوودەیی مرۆڤەکان بووە، نەک کتێبە ئاینی و پەرستگاکان له زێڕ و زیو بگیرێن، لەو لایشەوە مروڤەکان هەژار و ڕوت و ڕەجاڵ و برسی و نەخۆش بن.
پێغەمبەری خوا دروودی خوای لەسەر بێ، لە مزگەوتێکا کە بە پوشی خورما دروستکرابوو، هەموو جیهانی بە دادپەروەرییەکەی داپۆشی وملیارەها مرۆڤی لە کۆیلایەتی کۆیلە ڕزگار کرد بۆ بەندایەتیی خوای گەورە.
شاچارڵسی بەریتانیا ئەڵێت : ئێمە لە موسوڵمانەکانی ئیسپانیاوە فێری مافی ژن و ئەرکی ژن و زانستەکان بووین، کاتێ لەلای ئەوان چوارهەزار کتێبخانە هەبوو، لە هەموو ئەوروپادا ئەوەندە کتێبخانە نەبوو، لەوانەوە دەرمان و نەخۆشخانە و زانستەکان گەیشتە ئێمە ..
مایکل هارت، موحەمەد دروودی خوای لەسەر بێ، ئەکاتە کاریگەرترین پیاو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە ناو 100 لە کاریگەرترین پیاوی مێژووی مرۆڤایەتیدا، لە کتێبەکەیدا بەناوی 100کەسە نەمرەکە.
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە لە خۆمان بپرسین ئەم ئاینە بەرزەمان بۆچی ئاوا تێکشاندووە و کەمئەندام و شێواندووە؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ئەم ئایینە بێ بەرهەمە ماندووە نەخۆشە بێ غیرەتە کۆیلە و دەستەمۆ و بێدەسەڵاتە، بگۆڕین بەو ئاینە زانا و دانا و بەرهەمهێن و ڕزگارکەر و مژدە بەخش و دادپەروەرەی کە شا چاڕڵس و مایکل هارد و ڕۆجێ گارودی و ئیحسان تەبەری و جەنڕاڵ کۆستۆ سەری ڕێزی بۆ دادەنەوێنن ؟ کە مرۆڤەکان لە کۆیلایەتیی و بێ هیوایی و .. نەخۆشکەوتنی به کۆمەڵ ڕزگار ئەکات ؟




تڕەکەڵەک یان تڕەگەڕەک.. کورتە چیرۆک: نەوزاد بەندی

ئەوانەی ڕیشیان سپی بوو ئەیانووت پێش سەد ساڵ هاتوونەتە ئەم گەڕەکەوە .. ڕیش ماش و برنجێکان ئەیانووت حەفتا ساڵ و قنچکێک نییە .. ئەوانەی ڕیش و سمێڵیان پاک ئەتاشی، ئەیانووت زۆر نییە هاتوون، ڕەنگە هەر سی چل ساڵێک بێ، بەڵام هەموویان کۆک بوون لەسەر ئەوەی لەگەڵ نیشتەجێ بوونیان لە گەڕەکەکەدا هەندێ دیاردەی سەیر ڕووی دا، وەک دیارنەمانی دەڕنەفیز و گسک و بەفرماڵ و کەو ..لە جەڕەسدانی دراوسێکان لە نیوەی شەودا ..شکاندنی پەنجەره .. تەکاندنی دارتوو ..دیارنەمانی گڵۆپی بەردەرگا ..
ئەڵێن کەس نەیدەزانی ژمارەی خێزانەکەیان چەند بوو، ژمارەی ژنەکانیشی نادیار بوون، بەڵام خۆی کۆتەرە زەلامێک بوو پێیان ئەوت پارچەئاغا هەندێ جار به نادر ئاغایش بانگ ئەکرا. مامۆستای مزگەوت ئەڵێ سەرەتا کە هاتنە گەڕەکەوە کرێچی بوون، بە زستان تاک شەڕواڵیان لە پێدابوو، لە دوای ڕەشەمێوە ئەیانکرد بە دەرپێی سەر خەرمان،ئاردی بەڕوویان ئەخوارد.
موختاری گەڕەک ئەیوت نەموێراوە پێیان بڵێم چەند کەسن، چونکە هەندێکیان چەقۆی ئەبو ئەڵقەی ئەڵمانییان لە گیرفاندا بوو، ئەو چەقۆیانەی وێنەی بەرازێکی بچکۆلەیان لەسەر هەڵکەنرا بوو، لەگەڵ سێ ئەستێرەی بە یەکترەوە نوساو، سەقای مزگەوتەکە ئەیووت نیگاری بەراز نەبوو، گامێشێکی نەخۆش بوو.
موختاری گەڕەک زۆر هەرزەکار بوو، هێشتا سمێڵی بۆر نەکردبوو، پیرەکان ئەیانووت هێشتا سمێڵی گوگرە نەبووە، نازانم ئەو هەموو زانیارییەی لە کوێوە کۆ کردبۆوە ؟ ئەیووت نەخێر، گامێش نییە و بەرازە چونکە سێبەری شفرەکانی دیارە و ملی ڕەقە ولار بۆتەوە بۆ سەر زەوی، مەیتەری گەڕەک ئەیووت بێجگە لە چەقۆ، دەمانچەی تۆپڵیشیان هەبوو، پوور خەجیج گۆڕی پڕ لە نوور بێ بە چاوی خۆی بینیبووی کە دەمانچەیەکی تۆپڵییان لە پۆلیسێکی هات و چۆ فڕاندبوو، کاتێکیش ڕای کردبوو بە دوایانا، کوشتبوویان .
موختار بە تووڕەییەوە پێی وتبوو، تۆ پیر بوویت و خڵەفاویت، کەس قسەت لێوەرناگرێ، کوا پۆلیسی هات و چۆ لەو سەردەمەدا هەبوو ؟ لەو سەردەمەدا شار ئوتومبیلی تیا نەبوو، ئیتر پۆلیسی هات و چۆی چی؟ تەنها پۆلیسی بەردەم فەرمانگەی دەفتەر نفوس هەبوو، جلێکی وەک لبادیان لەبەردابوو، سدارەی لبادیان لەسەردابوو، بۆنی گۆرەوییان لێ ئەهات، پێیشیان ئەووتن حەیتە نەک پۆلیس. خەڵکەکە سەریان سوڕمابوو لەوەی ئەم موختارە کە هێشتا سمێڵی گوگرە نەبووە، ئەم هەموو زانیارییە مێژووییەی لە کوێوە هێناوە ؟ هەبوو ئەیووت کوڕی نا شەرعیی نادرئاغایە،هەندێکیشیان ئەیانووت کوڕەکانی پارچە ئاغا دەستکاری شوێنێکیان کردووە به جورێک ناوێرێ بە موو له قسەیان دەربچێ، پیرەکان پێیان ئەووت ئینگڵیز، ئەیانووت باوکی جەردەیەکی عەجایب بووە، تەنانەت ئەسپی له عوسمانێکان دزیوە.
ئەیانووت دوای چەند مانگێک، خانووەکەیان کڕیوە و دوای ساڵێک دوو خانووی تریشیان لە هەمان گەڕەک کڕیوە. مامۆستای ئەلف و بێی نوێ، باڵا بەرزێ بوو بە دەست نەخۆشی سیلەوە گیری خواردبوو بەڵام ددانی پیانەئەنا و ئەیووت ڕۆماتیزمەیەکی ئاسانە، ئەو سەردەمە پێیان ئەووت باداریی، ئەیانووت بە خورما و ڕیقنەی مریشک ئەیپەڕێنی، ئەیووت : دوانزە سیانزە کوڕیانم ژماردووە ، ناوەکانیان : ڕەشید و حەمید و مەجید و لەبید و حەدید و زەبید و بەخیت و یەزید و مەزید و وەلید و فەرید و عەبید و ئەو جۆرە ناوانە بوون. مامۆستای ئەلف و بێی نوێ ئەیووت بە لە بەرچاو نەگرتنی نەخۆشی ڕۆماتیزمەکەم، چوار جار سەریان شکاندووم. ئەوانەی بڕوایان پێ نەدەکرد، ناچار بوو تەپڵی سەر و بناگوێکانیان پیشان بدات کە چۆن سەعدونی موزەمید بە دەرمانی سوور و هەندێ تەقەڵی خواروخێچ بەڕێیکردبوون بۆی. موختار ئەیووت ڕووی ڕەش بێ بۆ ڕاستی، کاتی خۆی هەر لە زگماکەوە گەڕ بووە و ئەو پەڵانەی سەری جێ بەرد نین، جێ برینی گەڕییەکەیەتی. کەس نەیدەزانی ئەم موختارەی کە هێشتا سمێڵی گوگرە نەبووە، چۆن ئەو هەموو شتەی دەزانی. پوور خەجیج بە میرزا بایزی وتبوو : ئەو سەگبابه قولی مامۆستا لەپزێڕینیشی گرتووە و بێحورمەتی بەرامبەر کردووە. میرزا بایز لە سەفەر بەلکا پەنجەی دۆشامژەی پەڕی بوو ، خۆی ئەیووت لە شەڕا پەڕیوە، موختار لێرە و لەوێ وتبووی ڕووی ڕەش بێ، سەگی کوێخا عەول گەستوویەتی و تا فریای شاریان خستووە، پەنجەکەی بۆگەنی کردووە و سەرتاشێکی قەراغشار بۆی بڕیوەتەوە. بە خۆیشی گەیشتبۆوە، زۆر لێی پڕ بوو، بە پورمەنیجی وتبوو : حورمە! خوا ڕۆحم بەرێ، خۆمی لێدەدەم، دەم وددانی هەڵئەوەرێنمە ناو زێرابەکەی قوڕگیەوە.
ئەڵێن ڕۆژێکیان میرزا بایز سێ چوار شینە زەلام کۆئەکاتەوە و پەلاماری موختار ئەدەن، ئەیانەوێ تێی سرەوێنن، کەچی دەستیان جەمام ئەبێ، بەرز نابێتەوە. ئەیانەوێ تفی تێ بکەن، تفەکە وەک چیمەنتۆ بە لێویانەوە ئەیبەستێ .. هەر بۆیە لەو ڕۆژەوە ئیتر بیر لەتەمبێکردنی نەکراوەتەوە و نازناوی شێخی دراوەتێ. ژنی نەزۆک و ئەوانەی نەخۆش ئەکەون و کوڕیان ئەچێ بۆ سەربازیی یان مناڵی کەمئەندامیان هەیە، ئەڕۆن بۆ لای، مریشکی ڕەش و دیاری تری بۆ دێنن ودەستی ماچ ئەکەن بۆ ئەوەی دۆعای خێریان بۆ بکا.
مشەختی بەندەی خودا، سواڵکەری گەڕەک بوو، ئەیووت کە یەکەمجار هاتنە گەڕەکەکەوە، کرێچی بوون، گیرفانی ئەو عەرەبە گەشتیارانەیان ئەبڕی کە ئەهاتنە شارەکەوە بە دوای خەنە و پسکیتی ئێرانیی و تۆزێ فێنکاییدا وێڵ بوون، ئەیووت: هەتا شەش مانگیش شەو تا بەیانی شەڕیان بوو، سێ بە سێ تەڵاقیان لە ژن ئەخوارد، مناڵیان بە شەق ئەکردە دەرەوە، ئەیاننەڕاند، ئەیانقیژاند، ئەیانبۆڕاند، مەرکانەیان ئەشکاند، جنێوی وایان به یەکتر ئەدا پێشتر نەبیسترا بوو، تەنانەت شارەزایەک له بواری کەلەپوردا ڕۆژێکیان بە تایبەت دێتە ماڵیان بۆ بە دۆکیۆمێنتکردنی ئەو جنێوە تازانە، ئەو لەو بڕوایەدا بوو جنێو مۆرکێکی گرنگە لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا، هیچ لە ئاڵا و سروودی نیشتمانیی کەمتر نییە، بە جۆرێک هێندە شارەزا بوو لە زانستی جنێودا، بە جنێودا ئەیزانی جنێودەکەرە سەر بە چ تیرە و بنەماڵە و گەل و نەتەوە و بنەماڵەیەکە، تەنانەت بە تەمابوو کتێبێک چاپ بکات به ناونیشانی : ( جنێوێکم پێ بدە ، پێت ئەڵێم تۆ کێیت ) کە لێیان پرسیبوو بە جنێوەکانیاندا لە خەڵکی کوێ ئەچن؟ وتبووی تێکەڵەیەکن لە هیند و عەرەبە کۆنەکان و نەختێ جولەکەیشیان تێکەڵە چونکە لە هەندێ جنێویاندا پیتی حا ئەکەن بە خا ، بۆ نمونە به تڕحێو ئەڵێن تڕخێو.
ئەیووت دوای شەش مانگەکە بەرە بەرە شەڕکردنەکانیان کەم بوونەوە، بوون بە شەڕی وەرزیی، دوایی مانگانە شەڕێکیان ئەکرد، تاکو وای لێهات جەژنا و جەژن شەڕێکیان ئەکرد، چونکە بەرە بەرە بوون بە خاوەنی ماڵ و سامان و پڕۆژە. ئەیووت ناوەکانیشیان گۆڕانکارییان تێکەوت ، بەڵام وەزن و قافیەی خۆیان پاراستبوو.
موختار، مشەختی بەندەی خودای بانگ کردبوو بۆ دیوەخانەکەی، چینێکی چاکی تێهەڵدابوو، به پیاوەکانی وتبوو سەربەرەوخوار بە کاریتەیەکی گەورەدا هەڵیواسن و میز بکەنە دەمییەوە، بێحورمەتی بێ ئەسڵ و فەسڵی وا، چ قورەتە باسی خێزانێکی بەڕێز و خەباتگێڕ و نانبدە و دەوڵەمەند و خاوەن پڕۆژە و مرۆڤدۆستی گەڕەکەکەمان بکات؟!
لەو ڕۆژەوە مشەختی دیار نەما، خەڵکەکەیش وەختی ئەوەیان نەبوو لە چارەنووسی سواڵکەرێک بکۆڵنەوە، یان تەنانەت پێیشیان خۆش بوو چونکە ئیتر کەسێ نییە لێیان بپاڕێتەوە و وایان لێ بکا پارە و خواردنی بدەنێ. هەر خۆی لە خۆیدا سوکایەتییەکیش بوو بۆ ئەوان دراوسێی سواڵکەرێک بن، وتوویانە قەل بە قەل و قاز بە قاز، با بچێتە کۆڵانی سواڵکەران. مناڵێک وتبووی جا کوا کۆڵانی سواڵکەرانمان هەیە؟ هیچ کەسێ وەڵامی نەدابۆوە، بستە مناڵێک کێ گوێی لێ ئەگرێ تا وەڵام بدرێتەوە؟
ژنانی گەڕەک زۆریان پێ خۆش بوو مشەختی گۆڕبزر کراوە، ئەیانووت چاوی پیس بووە و کراسێکی جوانی لەبەری هەر کەسێکا ببینیایە، مانگیک به گرانەتا و سێ بەڕۆوە ئەیناڵاند، ئەی فەرەجی زەڕەنگەری توشی ئاوڵە نەکرد ؟ کاتێ کابرا پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ لای شێخ و دۆعایەکی بۆ بخوێنێ، ماشێنێکی شینی کاڵی دۆجی مەکینە خواری هێنابووە گەڕەکەوە، ئەڵێن فەرەج هەر لووتی بە لووتی مشەختیدا تەقیوە، یەکسەر عەرەقی کردۆتەوە و تەوێڵی خوراوە، ئیتر ئاوڵە ئەیدا بە زەویدا و هەردوو چاوی کوێر ئەبن، ئێستا حافزە و مەولوخوێنی گەڕەکە و مناڵی تازە لەدایکبوویش ناو دەنێ، هەرچەند هەندێ کەس باشیان لێ نەدەگێڕایەوە، گوایا لە کاتی ناونانی منداڵێکدا، بە دایکەکەی وتبێ : سەر قەڵەمانەکەی ماچێکە!
ئیتر وەک دەڵێن ڕۆژان دێن و ڕۆژان دەڕۆن، پارچە ئاغا هەموو گەڕەکەکە ئەکڕێ و ئەیکا بە تەویلەی گوێدرێژ وهێستر، خۆیشیان بە خێزانەوە ئەگوێزنەوە بۆ شوێنێک یان چەند شوێنێکی نادیار ودوورە دەست.
موختار ئەبێتە پیاوی یەکەمی گەڕەک و هەموو ئەوانەی ڕقیان لێ بوو، ئەمرن، یەکێ لە سەربان ئەکەوێتە خوار، یەکێ گورگ ئەیخوا، یەکێ باگردێن ئەکەوێ بە تەپڵی سەریا، یەکێ فیشەکی تاپڕی وێڵ قوڕ قوڕاگەی هەڵئەتەکێنێ، مامۆستای ئەلف و بێ بە سیل ئەمرێ ..تیایاندایه لە ئوتومبیلا ئەسوتێ یان وەرئەگەڕێ ..پیادەیە و بارهەڵگر ئەیشێلێ.
ئەوانیش هەر لە نەش ونمادان، کوڕ و نەوەیان لە ژماردن نایەن، کام کۆشکە جوانە هی ئەوانە، کام باخ وشاخ و زەوی بەراوە ئەبێ بەهی ئەوان .. ماشێنی گرانبەها، وای لێ دێ به پێڵاوی ئاڵتون ، کچۆڵە هەڵئەخەڵەتێنن و لەگەڵیدا دروست ئەبن و دوای چەند شەوێ بەرەڵایان ئەکەن، بیشڵێن پەردەیان بردووین و بەرەڵایان کردووین، شوێنبزر یان گۆڕبزر دەکرێن، ئەبوو بیانووتایە خۆمان ڕاژەکەمان گۆڕیوە و لە کاری پێشوومان ئازاد بووین.
ئەڵێن لەم دواییەدا لە دەم و فڵق و مەراییەکانی موختاریش بێزار ئەبن و گۆڕ بزری ئەکەن.
ئەیانووت دەستنوسێکی پارچە ئاغا لەو ماوەیەدا کەوتبووە بازاڕەوە به ناوێکی خوازراوەوە، دەستنوسەکەی لەسەر زەرفی سەمون نوسیبوو، ئەو زەرفە بۆرانەی کە هەرچەندیان ئەکرد دژایەتی عەلاگەی نایلۆنیان پێ نەدەکرا، خاڵی لاوازیشیان ئەوە بوو، دەسکیان نەبوو، ئەبوو وەک قەل بیخەیتە بن باڵتەوە ..
دەستنوسەکەی لاپەڕە و نیوێک بوو، نرخەکەی گەیشتبووە چوار ملیۆن دۆلار، باسی قۆناغەکانی پێشکەوتنی دەکرد و بەستبوونیەوە بە تیۆری ئیڤیۆلیوشنی چاڕڵس داروینەوە، تیایدا هاتبوو : ( پێویستە لە قاڵبێکا نەمێنینەوە، هەڵبەت تەنها گا له پێستێکدا ئەمێنێتەوە ..پێویستە قۆناغەکان بە ڕێک و پێکیی ببڕین و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ سەردەمدا بڕۆین و پێش بکەوین و هەرگیز ڕێگا بە خۆمان نەدەین ئاوڕ بدەینەوە بۆ دواوە، چونکە دواوە باش بووایە هەڵمەتمان نەدەدا بۆ پێشەوە ..
قۆناغی مراوی فڕاندن تەواو ..قۆناغی ئێڵ ئێم پی فڕاندن تەواو .. قۆناغی کەرەستە و کەلەپور ئاودیوکردن، تەواو .. ئەبێ هەنگاو بۆ پێشەوە بنێین، بۆ فڕاندنە مۆدێرنە قازانجبەخشەکان ..وەک ووزە و تەکنۆلۆجیا و شەڕی ئەستێرەکان ….) ئەڵێن هەندێ شتی تریشی نوسی بوو کە ڕووی مەجلیسیان نەبوو.
ئیتر زۆر شتی تریشیان ئەووت.




هەژار و هۆشیاریی.. نەوزاد بەندی

کارڵ مارکس ئەڵێ : هەرگیز هەژاریی شۆڕش دروست ناکات، بەڵکو هەڵگیرسێنەری شۆڕش، بریتییە لە هۆشیاریی هەژارەکان نەک هەژاریی هەژارەکان .
هەر بۆیه دیکتاتۆرەکان لە هەوڵی یەکبینە بڵاوکردنەوەی هەژاریدان، شێخ و موریدەکانی دیوەخانی دیکتاتۆرەکان لە هەوڵی ئەوەدان هەژارەکان توخنی هۆشیاریی نەکەون، یان ئەگەر لێره ولەوێ هەژارێک هۆشیاریی چنگ کەوتبێ، لێی وون بکەن، بە جۆرێک کە جارێکی تر نەیدۆزێتەوە یان شەرمی لێبێ جارێکی تر هۆشیار بێ، ئەگەر ووردتری بکەینەوە، توشی پەشیمانیی دەکەن و لەبەردەم هۆکارەکانی ڕاگەیاندندا بۆ هەژارانی هاوڕێی ئەسەلمێنێ، ئەو زۆر هەڵە بووە کاتێ هۆشیار بووە یان کاتێ دەستی بردووە بۆ هۆشیاریی، ئەڵێ ئەو هۆشیارییە شتێکی زۆر ترسناکە و وام زانی ( ڕادیۆ ) بووە، ڕستەی خەمگینی ( وامزانی ڕادیۆ بووە ) لە هەژارێکەوە سەرچاوەی گرتووە کاتێ لەبەردەم مایکرۆفۆنی کەناڵێکی ڕاگەیاندندا، بۆ چەند چرکەیەک هۆشیار ئەبێتەوە و گووتاری هۆشیاریی خۆی ڕائەگەیەنێ و جنێو بە ئاغاکان دەدات، هەر دوای ئەو لێدوانەی، بە هەر ڕێکارێک بێت وای لێدەکەن پەشیمان بێتەوە و بڵێت ئەو ئاغایانە زۆر دڵسۆز و مرۆڤ دۆست و نیشتمانپەروەرن و پەشیمانم لەو هۆشیارییە نەعلەتییەی کە ڕیشی گرتووم ، چووزانم ئەو کفرەم دەدرێتە پەخشی تی ڤی، وامزانی کەناڵی ڕادیۆ بووە، چونکە بە حیسابی ئەو، ڕادیۆ ئێستا هیچ کەسێک گوێی لێ ناگرێ!
ئەم کار و کاردانەوە و تێکشکانە، لە جیاتی هەڵوێستی توند لەناو هەژاراندا دروست بکات، ئەبێ بە ترێندی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نوکتە وپێکەنینی لێ دروست دەکرێ ، بە جۆرێک لەدوای ئەو هەر پریشکێکی هۆشیاریی، تەمبێکردن و لێدوانی تۆبەکردن و پەشیمانیی بە دوادادێت، ئیتر زۆرینەی هەژارە ناهۆشیارەکانیش بە پێکەنینەوە پێی دەڵێن ڕادیۆ بوو!
زاراوەیەکی وا ، پێش هەموو شتێک ئەتککردن و سەرتاشین و خۆڵ و دۆکردنە بەسەر هۆشیارییدا، لە بەرامبەردا هەموو هەژاران پەرێزی خۆیان لە نەفرەتی هۆشیاربوون پاک دەکەنەوە و ئەڵێن: ڕادیۆ بوو ! ، پێدەکەنن و دووباره و سەد بارەی دەکەنەوە. دیاردەیەکی لەم جۆرە، درێژکراوەی ئەو پەندەیە ( خوا غەزەب لە بزن بگرێ، نانی شوان ئەخوات ) بە شێوەیەک ئەبێ بزن تەنها گیا بخوات، شوانیش نان وکەرە وگۆشتی بزنەکان حەڵاڵی خۆیەتی، کار ئەگاتە ئەوەی بزنێک هەر لە نانی شوانەکەیش نزیک بێتەوە ، یەکسەر بزنەکانی هاوڕێی بە پێکەنین و گاڵتە جاڕییەوە پێی دەڵێن : دەی خێرا بڵێ ڕادیۆ بوو .
بە مەزەندەی خۆم ئەم دیاردەیە وەک تیۆرەکەی بافڵۆفی لێدێت، واتا ئیتر پێۆیست ناکا کاربەدەستەکان تەمێی کەسانێک بکەن کە دەمیان بۆ هۆشیاری بردووە، بەڵکو خۆیان بە بێ فشار و ئاگادار کردنەوە، لە ماوەی کەمتر لە 24کاژێردا،پەشیمانیی بە لغاوەیاندا دێتە خوارەوە و لەبەردەم هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا ئەڵێن: هەڵە بووین و نەخۆش بووین یان تووڕە بووین و ئەوەی وتوومانە دوورە لەڕاستیەوە و ڕادیۆ بووە!
خۆ ئەگەر خۆیشی ئەوە نەڵێت، هەزاران هەژار لێی دێنە دەنگ و پێی دەڵێن: دەی خێرا بڵێ ڕادیۆ بوو ! واتا هۆشیاریی ئەبێتە بابەتێک بۆ پێکەنین و هەمووانیش ئازادن چەندێک پێبکەنن، تیایاندایە ئەوەندە پێدەکەنێ هیچ شتێک لە دڵیدا نامێنێ، ئیتر ئەوەی ئەبێتە کۆلکەی هاوبەشی نێوان شوان و بزنەکان، پێکەنینە بە هۆشیاریی، واتا کردنی نزیککەوتنەوە لە هۆشیاریی بە سوکایەتیی و گاڵتەجاڕیی و ئەقڵسوکیی، خزمەتێکی بێ پایانی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان ئەکات، تەنانەت خۆیان هانی کەسانێک ئەدەن لە دەرگای هۆشیاریی بدەن و ڕەخنەی دەسەڵات پەخش بکەن ، بۆ ئەوەی یەکسەر ڕاگەیاندنی پەشیمانیی بەدوادا بێت و پێکەنینەکەی هەمووان بە هۆشیاریی بەردەوام بێ، بە جۆرێک هۆشیاریی ببێتە قێزەونترین و سوکترین تێرمی ناو کۆمەڵگا، کە لە هەموو لایەکەوە گێژەڵوکەی پێکەنین ڕایدەماڵێ.
بیریارێکی وەک نەعوم چۆمسکی ئەڵێ : ئەگەر خەڵک وا لێبکەی سەرقاڵی پەیدا کردنی پارووە نانێک بن، کاتیان نامێنێ بۆ بیرکردنەوە، توخنی ئازادی و گۆڕانکاریی ناکەون. باشترین ڕێگای مۆدێرن بۆ چەوساندنەوەی میللەتان، بە چەوساندنەوەی ڕاستەوخۆ نابێ، چونکە پەندێکی چینیی هەیە ئەڵێ : ئەگەر کۆمەڵێک مەڕ ڕاستەوخۆ بچەوسێنیتەوە، لەناکاو هەموویان ئەبن بە گورگ. هەر بۆیە چۆمسکی بەردەوام ئەبێ و ئەڵێ : بەڵکو باشترین ڕێگا بۆ کۆنتڕۆڵکردن و دەستەمۆکردنی میللەت، ترساندنیانە لە برسێتیی و بێکاریی، گەڕانی بەردەوامیانە بۆ پێداویستییەکانی ڕۆژانە هەتا تارمایی برسێتییان لێ دوور بخاتەوە، پێویستە بەردەوام بۆ پارووە نان بگەڕێن، بە شێوەیەک خەباتی ئازادیی و دەستخستنی کەرامەتیان بگۆڕێ بۆ خەباتی پارووە نان. ساڵەهای ساڵی ئابڵوقەی ئابووریی لەسەر عێراق بۆ نمونە، مەبەست لێی گۆڕینی عەقڵییەتی ئەو هاووڵاتییه عێراقییە بوو لە هەڵگیرسێنەری شۆڕشی 1920 دژی داگیرکەران و خۆماڵیکردنی نەوت ودەرکردنی کۆمپانیا داگیرەکانی نەوت، بۆ هاووڵاتییەکی عێراقی تەنها خەون و هیوا وخەباتی بۆ ئەوەیە پارووە نانێکی دەست بکەوێ و لە برساندا نەمرێ، ئیتر هەر کۆمپانیایەک بێت و نەوت و داهات و داهاتووی ووڵاتەکە ببات، کێشەی ئەوی عێراقیی نییە.
جۆرج ئۆروێل باس لە فەلسەفەی دیکتاتۆرەکان ئەکات ، ئەڵێ : میللەت وا لێدەکەن برسی بێ، دوای ئەوە وا لە میللەت تێدەگەیەنن کە برسێتیی قەزا و قەدەرە و لە چارەنووس و ناوچاوانیاندا نوسراوە، کردەیەکی ئەزەلییە و کەس بۆی نییە دەستکاریی و گۆڕانکاریی تێدا بکات!
فڕانتز فانۆن، ئەو پزیشکە دەروونییەی سوپای فەڕەنسا لە سەردەمی داگیرکردن و جینۆسایدی خەڵکی جەزائیردا، هێند دڕندەیی سوپای ووڵاتەکەی ئەبینێ ، له پڕ یاخی ئەبێ و ئەچێتە ناو ڕیزی شۆڕشگێڕانی جەزائیرەوە، ئەڵێ : دیکتاتۆرەکان لە هەژارەکان ناترسن، بەڵکو لەوە ئەترسن هەژارەکان لە هۆکاری هەژار بوونەکەیان تێبگەن، بەو جۆرە دیکتاتۆرەکان بە داگیرکردنی نان و لاشەی هەژارەکانەوە ناوەستن و هەڵدەستن بە داگیرکردنی عەقڵ و بیرکردنەوەیشیان، واتا وایان حاڵی دەکات کە هەژاریی قەزا و قەدەرە و گوێڕایەڵیی داگیرکەران ئەرکێکی ئاینیی و ئەخلاقییە، بێ گومان ئەم وانەیە له ڕێی پیاوای ئایین و سەرۆک خێڵەکانەوە لە ناخی هەژاراندا جێگیر دەکرێ، وەک ئەوەی ئەمان لەلایەن خواوە بڕیار درابێ هەژار بن، لاواز بن، برسی بن، پێویستیشە لەسەریان گوێڕایەڵ و جێبەجێکاری هەموو ویست و داواکانی داگیرکەرەکانیان بن وەک ئەرکێکی ئاینیی بۆ پاراستنی بیر و باوەڕ و دەستخستنی ڕەزامەندیی خودا و بەهەشتی بەرین.
ئەم دۆخە بەڕاستی دۆخی کوشتنی مرۆڤبوونە لە ناخی مرۆڤەکاندا، گۆڕینی میللەتە بۆ تارمایی . تارماییەک لەبەرچاویدا سامان و کەرامەت و هەموو شتێکی لێ زەوت ئەکرێ، ئەویش هیچ کاردانەوەو بەرگرییەکی نییە و ..لە باشترین حاڵەتدا بە چرپەوە ئەڵێ: دەستێک نەتوانیت بیبڕیتەوە، ئەبێ ماچی بکەیت ..بەڵکو خوا چاکی بکات و تازە لە دەستی بەندەی خودادا نەماوە!
واتا ئەبێتە کەسێکی دابڕاو لە شۆڕش و لە بەرگری و لە نەتەوە و لە مێژوو، مرۆڤێک کە بە داخەوە، هەموو بنەماکانی مرۆڤایەتیی و ئینتیما لە دەست دەدات، ئەبێت بە گیاندارێک تەنها تەماشای بەردەمی خۆی دەکات و بۆ پارووە نانێک ئەگەڕێت و لە بازنەیەکی بەتاڵدا ئەخولێتەوە.






ڕۆشنبیر و خیانەت.. نەوزاد بەندی

ڤلادیمێر لینین ئەڵێ : ( ڕۆشنبیرەکان بە تواناترین کەسن بۆ خیانەتکردن، چونکە بەتواناترین کەسن له پاساوهێنانەوەدا )
لێرەدا پرسیارێک سەرهەڵدەدات ، ئایا ڕۆشنبیرەکان خیانەت ئەکەن ؟ لە ڕاستیدا ئەو دوو وشەیە یەکناگرنەوە، ڕۆشنبیر و خیانەت، واتا هەر کاتێ ڕۆشنبیر یان هەر توێژێکی تری کۆمەڵگا خیانەتی کرد، سیفەتی ڕۆشنبیر یان هەر سیفەتێکی تری لێ جیا دەبێتەوە و پێی دەووترێت خائین …
بۆیە کاتێ لە وینستۆن چەرچڵ ئەپرسن : ( ئەگەر تەنها 10 فیشەکت پێ بمێنێ لە مەیدانی جەنگدا ، چۆن بەکاریان ئەهێنی ؟ )
چەرچڵ یەکسەر ئەڵێ : ( نۆ دانەیان ئەنێم بە ناوچاوی خائینەکانەوە..)
لێرەدا ئەو ( خائینانە ) ی چەرچڵ باسیان لێوە دەکا، نازانین لە ڕۆشنبیرەکانن، یان نەخوێندەوار یاخود مامۆستا و ئەندازیار و فەرمانبەرن چونکە کاتێ خیانەت دێتەگۆڕێ، ئەبێتە تاکە ناونیشان و تاکە نازناوی کەسەکان وەک بڵێی مرۆڤ کە خائین بوو، بە چی ئەچێ ئەگەر هەر پلە و پۆستێکی ئایدیۆلۆژیی و زانستیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی هەبێت ؟ ڕێک وەک گۆشتێک کە بۆگەن ئەکات، ئەووترێ گۆشتە بۆگەنەکە، ئیتر هیچ گرنگ نییە ئەگەر گۆشتی بەرخ بێ، ئاسک بێ یان حوشتر ، چونکە بە بۆگەنبوونەکەی ، هەموو سیفەتەکانی تری نرخ و گرنگییەکیان نامێنێ . چۆن کاتێ مرۆڤ گیانی دەردەچێ، ئیدی هەموو ناو و نازناوێک وون دەکات و پێی دەووترێ تەرم واتا جەنازە، چونکە ئەو کەسە بە هۆی گیانەکەیەوە خاوەنی ناو و نازناوەکان بوو، بە جیابونەوەی لە گیان، ئەبێتە تەنها لاشەیەک، لە تەرم زیاتر هیچ هەڵناگرێ و لە شیبوونەوە و ڕزین زیاتر شتێکی تر چاوەڕوانی ناکات .
بە هەمان شێوە کاتێک موسوڵمانێک لە ژێر پەردەی موسوڵمانێتیدا کاری دژ بە ئایین ئەنجام دەدات، ئەمجارە تەنانەت نازناوی کافریشی دەست ناکەوێت، بەڵکو لە کافر خراپتر، پێی دەووترێ مونافیق واتا دوو ڕوو، ئەم دووڕووانە لە بنکی ئاگری دۆزەخدا سزا دەدرێن، لەبەرئەوەی ئەمانە تەنها بە دژایەتیکردنی خواوە نەوەستاون ، بەڵکو هاتوون بە ڕوخسارێکی ئاینییەوە دژایەتی خوا و یاسا و داب و نەریتەکانی خوایان کردووە . لەم حاڵەتەدا، ڕێک وەک ئەو ڕۆشنبیرانەی کە لینین ئاماژەی پێکردوون، ئەبنە هۆی سێ جۆر تاوانی گەورە، یەکێکیان شکاندنی یاسا و سنوورەکانی خوایه، دووەمیشیان بەکارهێنانی مۆڕفۆلۆجی ئاینییە بۆ فریودانی کۆمەڵگا و ئاسانکاریی بۆ بەجێگەیاندنی تاوانەکانیان، سێیەمیش سوککردنی ئاینی خوایە لە پێش چاوی خەڵکەکە، ئەها فڵان دیندار چ دز و حەرامزادەیەک دەرچوو .. ئەها فڵان مامۆستای مینبەر بوو بە پیاوی فڵان حیزبی دژەدین و دژە مرۆڤ، ئەها فڵانە خواناس کەوتۆتە فریودانی کچۆڵە و بێوەژنان، بە هەمان شێوە ئەو ڕۆشنبیرانەی خیانەت ئەکەن گەلێک ترسناکترن لەوانەی بە نەزانینەوە یان لە نەخوێندەواریی و لە بێکاریی و لە ترس و لە لاوازیی و کاڵفامییاندا لە خیانەتەوە گلاون، چونکە کاتێ ڕۆشنبیر خیانەت ئەکات ئیتر کایەی ڕۆشنبیریی ئەبێتە جێگای گومان، وەک ئەو کانیاوە سازگارەی زێرابی تێکەڵاو ئەبێ، وەک ئەو ئاسمانە شینەی دوکەڵی لێڵی ئەکا، لەبەرئەوە هەرچەند پاساوی بەهێز و گونجاو بێنێتەوە بۆ خیانەتەکەی، تازە ئەو سێ گورزی کوشندەی لە کۆمەڵگا وەشاندووە ،یەکەمیان سفرکردنەوەی هەموو بەرهەمەڕۆشنبیرییەکانی خۆیەتی کە ساڵەهای ساڵ خۆی و کۆمەڵگای پێوە سەرقاڵ کردبوو، دووەمیان خراپ بەکارهێنانی پێگەی ڕۆشنبیریی بۆ خواست و ئارەزووە تایبەتییەکانی خۆی، وەک سەرۆکی هەندێ دەزگای زەبەلاحی ڕۆشنبیریی کە گلابوون بە چەندەها کەیسی ئەخلاقیی و فریودانی کچۆڵە هەرزەکارەکان به ناوی ئەدەب و هونەرەوە و لادانیان لە ڕاستە ڕێی ڕەوشت و ئابڕوو .
سێیەم، بریتییە لە شکاندنی تێرمی ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیریی لەناو کۆمەڵگادا ، ئەوەیش شکاندنی کتێب و سووککردنی کتێبخانە و خوێندنەوە و چاپ و بڵاوکردنەوەی بە دوادا دێت بە جۆرێک کایەی ڕۆشنبیریی ئەگاتە ئاستێکی زور نزم وەک لای خۆمان کە هەر کەسێ ڕاست ئەبێتەوە قسەی سوک بە ڕۆشنبیریی و کتێب دەدات بە هۆی فڵانە شاعیر یان ڕۆژنامەنوس کە هەر ڕۆژەی پیاوی کەناڵێکی ڕاگەیاندنی دژە گەل و نەتەوەیە، تف دەکەن لە کتێبەکانی ئەنگڵز و لینین کاتێ فڵان ڕۆشنبیری کۆمونیستی پێشکەش‌ کردوون، ئێستایش بووەتە تاکە سەرمایەدار، کە وار و وێخی کۆمەڵگای قوت داوە و ئەوەی یەکسانیی و مافی کرێکار بێ، لە مەزهەبیدا نییە . دژایەتی کتێبەکانی خوا ئەکەن، چونکە ئەم ڕۆشنبیرە ئاینییە خۆپەرست و غەریزە پەرستانەی بنیات ناوە، کە لە کۆشکە حەرامەکانیانەوە بەسەر خەڵکدا ئەقیڕێنن و داوای خێر و بەخشندەیی و تەرکی دنیایان لێدەکەن.
هاوڕێیەکی نووسەرم کاتی خۆی بە دڵسۆزییەوە کتێبی گیرفانی ( دوا خۆشەویستی لە ژیانی دیستۆیڤسکیدا ) ی وەرگێڕا بووە سەر زمانی کوردی و پێشکەشی پڕۆژەی کتێبی گیرفانی کردبوو، ووتی : کتێبەکەم پەسەند کرا و چاپ و هەڵەوەگێڕیی یەکەم و دووەم و سێیەمی بۆ کرا ، لە پڕێکدا بە ئەمری خاوەنی پڕۆژەی کتێبی گیرفان ڕاگیرا .. بۆچی ؟ کەس نەیزانی، تەنانەت ستافی چاپ و پەخشی دەزگاکە زۆر به داخ بوون بۆ ئەو ڕێگرییە ناقۆڵایەی ڕووبەڕووی ئەو کتێبە کرایەوە، ئەمە جۆرێکە لە خیانەتیی ڕۆشنبیرێکی بڕیار بەدەست کاتێ میللەتێک لە جوانترین کتێبی گیرفان بێ بەش دەکات .
هەر بۆیە بە ڕای من ئەبوو ڤلادیمیر لینین ، دێڕێکی تریشی بۆ ووتەکەی زیاد بکردایە و بینووسیایە : ( بەڵام ئێوە هیچ پاساوێکی خیانەت لە ڕۆشنبیرەکان وەرمەگرن و یەکسەر بە خراپترین شێوە سزایان بدەن و بە نەفرەتیان بکەن )




گوێڕایەڵیی کوێرانە.. نەوزاد بەندی

ئەریک فرۆم باس لە دۆخێکی تراژیدیی مرۆڤ دەکات کاتێک کوێرانە گوێرایەڵیی دەسەڵات و حوکمڕان ئەبێ، هەموو بیرکردنەوە و کەسایەتیی خۆی ئەسڕێتەوە و لەناو ئەلف و فەرمانڕەواکەیدا ئەتوێتەوە، هەستی ڕەخنەگرتن و ناڕەزایی تیایدا بە تەواوەتیی لە بار دەچێ و ناتوانێ بچوکترین بەدوادا چوون بۆ ڕاستی و مافەکانی خۆی بکات، ناتوانێ بچووکترین پەنجە لە ڕووی زوڵمدا ڕاوەشێنێ و ناتوانێ بۆ چرکەیەکیش هەست بە ئازادیی خۆی بکات، ئەبێتە برغویەکی وەهمیی لەو دەزگا زەبەلاحەی داپڵۆساندندا، لەجیاتی ئەوەی بیر لە ئازادیی و کەسایەتیی خۆی بکاتەوە، بە دوای پاساوهێنانەوە و بیانوودا ئەگەڕێ بۆ پینە و پەڕۆ کردنی دۆخە گوێڕایەڵییەکەی خۆی، تەنانەت ئایین و بیر و باوەڕە ئاسمانییەکان بە جۆرێک دادەتاشێ، لە خزمەتی ئەو دەسەڵاتە دڕندەیەدا بێ کە خۆی تێدا نوقوم کردووە وەک ئەوەی گوایا خوا داوای کردبێ پشتگیریی حوکمڕانانی گەندەڵ بکرێت و بە گەورە و فریاد ڕەس دابنرێن و هەرگیز دژایەتیی نەکرێن، هەر چی بداتێ، بە دڵخۆشییەوە وەریبگرێت و هەرچیشی لێ قەدەغە بکات، بە گوێڕایەڵیی و دڵفراوانییەوە، ڕەزامەندیی بێ قەید و شەرتی خۆی بۆ نیشان بدات .
ئەم دۆخە خەمگین و ترسناکە لە هەمان کاتدا ، بریتییە لە سڕینەوەی مرۆڤ، لە کۆتایی هێنان بە بیرکردنەوە، له هەرەسهێنانی ڕەخنە کە زانستێکە و بنەمایەکی پتەوە لە بنەماکانی کۆمەڵناسیی مۆدێرن و کۆندا، لە تۆماس مۆرەوە کاتێ ڕەخنەی لە دەسەڵاتی ئەو سەردەمەی فلۆڕەنسا گرت ( هەرچەندە هاوڕێی گیانیی بە گیانیی بوو هنری وخانەوادەکەێ بوو ) بوو بە هۆی خۆ فیداکردن و سەرپەڕاندنی لە پێناوی هێشتنەوەی کۆمەڵگا لە دۆخی ئاسایی و سروشتیدا و سنووردانان بۆ سیستمی تۆتالیتاریی ناداد .
هەتا ئەگات بەو کەسە دیارانەی ئەمڕۆ لە پێگە بەرزەکانی سیاسەت و فیکردا ، دژی دەسەڵاتی ناداد ئەوەستن و پەنجەیان لە ڕوودا ڕائەوەشێنن، وەک ڕۆژانە لە پەرلەمانەکانی ئیسڕائیل و ئەمەریکا و ئەوروپادا ئەیانبینین.
گوێڕایەڵیی کوێرانە مرۆڤێک بەرهەم دێنێت لە هەموو شتێک ئەچێت لە مرۆڤ نەبێت، کاتێ بە بڕوانامە و پێگەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتییەوە پاساوی ئاینیی و کۆمەڵایەتیی و دەروونیی دێنێتەوە بۆ وازهێنان له هەموو جۆرەکانی بەرگریی و بانگەشە بۆ خۆبۆ دەسەڵات شلکردن تا بە ئارەزووی خۆی تاڵان و بڕۆ و کوشت و کوشتار و زوڵم و جینۆساید و برسیکردن و زیندانکردن و ترساندن و تۆقاندن ئەنجام بدات .
بۆ نمونە لە هەر کۆڕێکدا گوێی لە دەنگی ناڕەزایی بێ، یەکسەر ئەبێتە پارێزەری فەرمانڕەوا و قسەیەکی ناقۆڵا فڕێ ئەدات وەک ئەوەی ئەڵێ : لە سەردەمی پێغەمبەرانیش هەروا بووە، بەگزادەکان خواردوویانە، میللەتیش به نانەسکی و ئەشکەنجەوە بە ڕێی کردووە، نمونەی بیلالی بێ پشت و پەنا وهەژار و کۆیلە دێنێتەوە کە بەردێکی گەورە ئەخەنە سەرپشتی لە بەرامبەر موسوڵمانبوونیدا، لە هەمان کاتا باسی حەمزەی خاوەن پشت و پەنا و پێگە دەکات کە بە ئازادیی موسوڵمانبوونی خۆی ڕاگەیاندووە و هیچ کەسێ نەیتوانیوە توخنی بکەوێ .
باسی ئەوە ئەکا فیرعەونەکان بە ملیۆنان مرۆڤیان ئەشکەنجە داوە و بە برسێتیی ئەهرامەکانیان پێ دروستکردوون و هەمووانیش لە گوڵ کاڵتریان بە فیرعەون نەوتووە . باسی ئەمەریکا ئەکا، قەتڵ و عامی ملیۆنەها هیندیی سووریان کردووە و ئێستایش هەر خۆی خاوەنی هەموو بڕیارێکە .باس لە عوسمانییەکان ئەکات، لە کەیف و سەفادا ژیاون و ئەرمەنەکانیان جینۆساید کردووە و هیچ کەسێکیش لاریی بوونی خۆی ڕانەگەیاندووە . بەڵام جەنابیان باسی چاوی دووەمی ئەم ڕاپۆرتە تاکچاوانەیان ناکەن ، لە کاتێکدا موسوڵمانە خاوەن پشت و پێگەکان بە زێڕێکی زۆر و چاندنی هەزاران دارخورما، بیلالیان لە کۆیلایەتیی و لە ژێر بەردە زەلامەکە ئازاد کرد و تا کۆتایی تەمەنی ژیا، بەڵام حەمزە لە پێناوی بیر وباوەڕەکەیدا وەک سەربازێک لە گۆڕەپانی جەنگدا شەهید بوو .باسی ئەوە ناکات کە کۆیلەکان له دەوری موسا کۆبوونەوە و شۆڕشیان کرد و فیرعەونیان نوقمی ناو دەریای سوور کرد.
باسی ئەوە ناکات، هیندییە سوورەکان بە تیر وکەوان و چەقۆ و هۆکارە سەرەتاییەکانی شەڕکردن، ڕووبەڕووی سورفلە داگیرکەرەکان بوونەوە و هەزارانیان لێکوشتن .باسی ئەوە ناکا ئەو کەیف وسەفاو زوڵمەی عوسمانییەکان لەدژی کەمینەکان ئەنجامیان ئەدا، سەری خواردن، وا بۆ سەدەیەک زیاترە خەون به خەلافەتەوە ئەبینن و گۆرانی وسروود بۆ گەڕانەوەی سوڵتانەکانیان ئەڵێن و بە خەویش نایبیننەوە، چونکە کە دیکتاتۆر ڕما، جارێکی تر هەڵناسێتەوە.
ئەم مرۆڤە داشۆراوە لە هەموو هەستێکی مرۆڤایەتیی و لە هەموو بیری ئازاد و لە هەموو جوڵەیەکی سەربەخۆ، ئەوەندە خۆی بچوک کردۆتەوە، ئەتوانیت لە مێروولەیەک بچوکتر مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت و بیدەیت بە دار و بەرددا، زیندان و داماو و بێ داهاتوو، برسی و ڕووت و ڕەجاڵی بکەیت بە جۆرێک لە گیاندارانی تر، زیاتر و زیاتر لە بواری بەرگری و مافەکانیدا پاشەکشەی کردووە، بۆ نمونە پشیلەیەک لە گۆشەیەکدا قەتیس بکەیت پەلاماری ڕوخسارت ئەدات، بەڵام ئەم مرۆڤە سەیرەی کە ئەریک فرۆم بە مرۆڤی تواوە پێناسەی کردووە، هەتا قەتیستر بکرێ، زیاتر ئەکەوێت بەسەر پێڵاوی جەلادەکەیدا، زیاتر پاساو دێنێتەوە بۆ نیعمەتی قەتیس بوون و وەک تاقیکردنەوەیەکی خوایی تەماشای دەکات، پەیکەر بۆ قەتیس بوون دادەتاشێ و پیرۆزی ئەکات، جەلادەکانی وەک فریادڕەس و فریشتەی خوایی و جێگرەوەی خوا و شمشێری خوا تەماشا دەکات، ئەڵێ ئەم جەلادە جوانکیلانە نەبوونایە ئێمە له خۆمان بایی ئەبووین و کافر ئەبووین و نوقمی بریق و باقی دنیا ئەبووین و بەلەسە ئەبووین و ئاخیرەت و بەهەشتمان لە کیس دەچوو ، دیارە خوا تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکات و دەستێک دەسەڵات بیبڕێ، خوێنی لێ نایەت و دنیا بۆ بێ باوەڕانە! لەوەیش سەیرتر ئەکەوێتە قسەکردن بەدەم ئایین و پێغەمبەرانەوە و فەرموودە دادەتاشێ، جەلاد ئەکا بە شمشێر وەشێنی خودا و ئەڵێ فەرموودە وتویەتی خۆتان چۆن بن، کەسێکی وا فەرمانڕەواتان ئەکات و مەنجەڵ و سەرقاپی یەکترن ! ئەگەر لێی بپرسی ئەرێ کوا ئێوە و جەلادەکەتان لە یەکتر ئەچن ؟ئەم مەنجەڵ و سەرقاپە له چیدا لە یەکتر ئەچن ؟ ئێوە و جەلادەکانتان هەر خواتان یەکە، لەوەتەی ئێوە هەن ئەو شەقتان تێ هەڵئەدا، ئێوە هێشتا شەقوشاندنتان تاقی نەکردۆتەوە، ئەو لەوەتەی هەیە نان و ئاو و سامان و داهاتووی خۆتان و مناڵەکانتان بۆ خۆی ئەخوا، ئێوە هەموو ژیانتان برسێتیی و نەخۆشیی و نەزانیی و زیندان و بێ هیوایی بووە ، ئاخر ئەمە چۆن لە یەکچوونێکە ؟ ئەمە چۆن مەنجەڵ و سەرقاپێکە ؟
ئینجا وەک هەموو بیردۆزەکان کە کۆمەڵێک دەرئەنجام لە خۆدەگرن ، ئەم مرۆڤە گوێڕایەڵەی دەسەڵات، کۆمەڵێک دەرئەنجامی تری تیادا سەرهەڵدەدات کە ناتوانێ بە موو لێیان لابدات، واتا ئەبێتە گوێڕایەڵی کۆمەڵێکی زۆر لە بەرنامەی ناتەندروست کە خۆی بە داب و نەریت و کولتوور و شتی پیرۆز لێکیان ئەداتەوە ناتوانێ بە موو لێیان لابدات، ئیتر لە خواردندا بێ یان لە تەمەڵیی و تەوەزەلیی و زۆر خەوتندا بێ، لە پیس و پۆخڵیی و وورگ بەردانەوەدا بێ، لە شەڕی گەڕەک و حیزب و ڕێکخراوەییدا بێ،لە شەڕی عەشایەریی و براکوژیی و ئێرەیی و سیخوڕیی و دووزمانیی و فزوڵیەت و هەموو جۆرەکانی خیانەتدا بێ، لە ئازاردانی گیاندارانی بەستەزمان و دار و درەخت وخاک و ئاودا بێ، لە پیسکردنی ژینگە و نمەک به حەرامیدا بێ، بە جۆرێک وەک گیاندارێکی دەبەنگ کۆمەڵگاکەی ئەکاتە تەویلەیەکی ترسناک و نائارام و بۆگەن و پڕ لە دەرد و نەخۆشیی و تاریک .
ئەم دۆخە قێزەونە، ئەبێتە زامنی مانەوەی حوکمڕانەکان بۆ کاتێکی درێژتر، هەر بۆیە زۆر بە تام و چێژەوە تەماشای ئەو کۆمەڵگایه ئەکەن کە لەناو زۆنگاوی نەزانیی و گەمژەیی و دژایەتیی یەکتر و برسێتیی و بێ سەر و بەریەییدا ئەژین، پشتگیریی و دەستگرۆیی ئەو دۆخە ناشیرینەی کۆمەڵگا ئەکەن، شایانی باسە کاتێ لە زانکۆ بووم، لە قۆناغی یەکەمی کۆلێژدا ، هاوڕێیەکی عەرەبم هەبوو، ڕۆژێکیان به ڕێکەوت دەمانچەم لەناو کەل و پەلەکەیدا بینی، ئەمزانی ئەم کوڕە سەر بە حیزبی بەعس نییە هەتا دەمانچەی پێ بێ، هەر بۆیە پرسیارم لێکرد، لە وەڵامدا ووتی : ئێمە شەڕی عەشایەریمان هەیە، دەسەڵاتی بەعسیش مافی دەمانچە هەڵگرتنی بە هەردوو لامان داوە، هەتا لە هەر شوێنێ ڕێکەوتی یەکتری بکەین، یەکتری بکوژین!




لیستی موچە یان بڕوانامەی کۆیلایەتیی.. نەوزاد بەندی

بڕواناکەم لە مێژووی سیستمە حوکمڕانییەکانی ئەم ئەستێرەیەی لەسەری ئەژین ، شتێک هەبووبێ و ڕاگەیەنرابێ بە ناوی لیستی موچە ..تەنانەت لەسەردەمی ئابڵوقەی ئابوریی و سیستمێکی تێکشکاوی وەک سەدام حسێندا ، شتێکی لەو جۆرەمان نەبینیوە ..
بە ڕاستی جێگای پێکەنین و گریانیشە لە هەمان کاتدا ، کۆمەڵێ کرێکار و وەستا ئیشت بۆ بکەن ، دوای تەواو کردنی ئیشەکەیان بە چەندین ڕۆژ و مانگ ، ئینجا لیستێک وەک مژدە بڵاو بکەیتەوە ، تیایدا فڵان کرێکار ئەمڕۆ موچە وەربگرێ و فڵان کرێکار سبەینێ و فڵان وەستا دوو سبەی ..!
یان کێڵگەیەکی مریشکت هەبێ ، دوای برسیکردنیان بە چەندین ڕۆژ و شەو ، ئینجا لیستێک دابەزێنیت ، تیایدا ئەمڕۆ تەنها مریشکە ئومەهاتەکان بۆیان هەبێ ڕۆژووەکەیان بشکێنن و .. سبەینێ مریشکە شامییەکان و .. دوو سبەی مریشکە سپییەکان ..
جێگای پێکەنینە و له هەمان کاتیشدا جێگای گریان ، کاتێ دابەشکردنی بەری ڕەنج و مافی سەرەتایی فەرمانبەران بکەیت بە دەسکەوت و مژدە و .. لیستێک بە شانازیی و لەسەر لاپەڕەی ڕەنگا و ڕەنگ لە هەموو هۆکارەکانی ڕاگەیاندندا دابەزێنیت و ..بنوسیت : ئەمڕۆ فڵان وەزارەت ڕۆژووەکانیان بە دیناری چاپی بەغداد بشکێنن و .. ئەوانی تر چاوەڕوان بن تا سبەینێ ، بزانین چ وەزارەتێکی تر بۆی دەردەچێ و بە موچەی دوو مانگ پێش ئێستای شاد ئەبێتەوە ..
ئەم لیستە کۆمەڵێک واتای تەنزئامێز و لە هەمان کاتدا خەمگین ئەگەیەنێت وەکو دەست بەسەرداگرتنی تەواوی نان و ژیان و گوزەرانی میللەتێک و .. پاشان نیشاندانی لیستێک ، بۆ ئەوەی هەمووان بەرەو ڕووت ڕابکەن و دەورت بدەن نەک لە خۆشەویستیدا بەڵکو لە برساندا ، ڕێک وەک ئەو بێچووە باڵندانەی پێیان دەوترێ خورما خۆرە ، کاتێ بۆ ماوەی ڕۆژێک و زیاتر برسی دەکرێن ، بۆ ئەوەی ناچار بکرێن بێنە سەر دەستی جەلادەکانی و ماڵیی بن و خواردن لەسەر دەست و شانی جەلادەکان بخۆن .. ئەم پێکەوە ژیانە ، ئەم هاوڕێیەتییە ، ئەم ماڵیکردنە ، پێکەوە ژیان و هاوڕێیەتیی و ماڵیکردنێکە ئەوەندە خەمگین و ناشیرینە ، بە بێ سێ و دوو ئەچێتە خانەی تاوان و ئەشکەنجەدانەوە ..ئەچێتە خانەی تێکدانی ڕەوشت و ڕۆتین و خەون و تایبەتمەندییی قوربانییەکانەوە ..
هەروەها ئەم لیستە گاڵتە ئامێزه خەمگینە ، هەوڵدانە بۆ نیشاندانی وەهمی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی و کاربەڕێکردن و دەوڵەتداریی ..وەهمێکی هێند ناشیرین ، کە ئەگەر هۆکاره ڕاگەیاندنەکانی جیهان تاقەتیان هەبێ و وەریگێڕنە سەر زمانە جیهانییەکان ، ڕەنگە چەندین درامای تەنز ئامێز و کاریکاتۆر و شانۆنامەی گاڵتەجاڕی لەسەر بنوسن ، بۆچی نا ؟ ئەی ئەوە نییە نوخبەی شانۆکارانی ئامریکا ، کۆبوونەوە گاڵتە جاڕە خەمگینەکەی تڕەمپی سەرۆکی ئامریکا و زێلنیسکیی سەرۆکی ئۆکراینیان کردە چەندین کاریکاتۆری پێکەنینئامێز و گاڵتەجاڕ و ..حەیای تڕەمپیان برد کە لە کۆشکی سپیدا داوای سوپاس و نەوازش له میوانەکەی دەکات و لێی توڕە ئەبێ و نانی ناداتێ و بە برسێتیی ئەینێرێتەوە ..
ئەم لیست دابەزاندنەی موچە ، وەک بڕوانامەیەک وایە بۆ تەواو ڕامکردن و تەواو لێبوونەوەی کۆمەڵگا ، لە هەموو داواکاریی و ماف و بیرکردنەوە و هەڵبژاردەیەک ..بڕوانامەی نانخۆریی میللەت و نانبدەیی دەسەڵاتێکە ، کە هەر کاتێ پێی باش بوو ، هەر کاتێ بۆی لوا ، هەر کاتێ لێی زیاد بوو ، لە ناوەختا لیستێکی ڕەنگاوڕەنگ چاپ دەکات بۆ ئەوەی هەموو میللەت بە هەموو دەنگ و ڕەنگ و بیر و باوەڕەکانەوە ، لە کوچەی برسێتیی و چاوڕوانیی ڕایانپەڕێنێ و .. لە دەوری خۆی کۆیان بکاتەوە …لە کەمئەندامەوە هەتا مەلای دوانزه عیلم و چەکدار و پزیشک و ئەندازیار و مامۆستا ..تێکڕا بە تامەزرۆییەوە لیستە ڕەنگاوڕەنگەکە تاوتو بکەن و بە ووردیی بۆ ناوی خۆیان بگەڕێن ، ئاخۆ چ ڕۆژێکە .. جێی داخ و لە هەمان کاتدا جێی پێکەنینە کە لیستی موچە لە گەورەترین شاکاری ئەدەبیی و هونەریی و زانستیی ، لایک و کۆمێنت و بینینی زیاترە .. ژمارەی پێوانەیی چاوەکان لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە و .. ئەبێتە ترێندی پێگەکانی تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان .. ئەبێتە بەنرخترین مژدە لە تۆڕی ڤایبەری فەرمانگاکاندا و .. بە هۆیەوە ئەوانەی لێک عاجز بوون ، ئاشت ئەبنەوە و .. هاوسەرەکان وەک دیاری پێشکەش بە یەکتری ئەکەن له ماسنجەرەکانیاندا .. بۆ سبەینێ سوپایەک لە مرۆڤی تامەزرۆ ، پەلاماری بانک و فەرمانگەکان ئەدەن و ..شەقامی بەردەم بانکەکان بە ئوتومبیل دادەخرێن و پۆلیس بە پاڵ و بە کێبڵ و بە فیکە ڕیزیان ئەکەن ، بۆ ئەوەی بە مافی مانگی ڕابوردوو شاد ببنەوە .. لەو حەشامات و شولوغی و قەرەباڵغیی و ئاپۆڕە و شان شانێیەدا ، چەندین بەساڵاچوو گیانی پاکیان لە دەست دەدەن ..چەندینیان توشی شەڕ ئەبن ..چەندینیان پێش ئەوەی بەو مافە ڕەنگا و ڕەنگە بگەن ، ڕەوانەی هۆڵەکانی بوژانەوەی دڵ ئەکرێن ..
لەم ڕۆژە مێژووییە وەهمیانەدا ، کە تیایدا فەرمانبەران بە مافی مانگێک لە مانگەکانیان شاد ئەبنەوە ، کە زۆرێکیان نازانن هی چ مانگێکە ، بەڵام دڵنیان لەوەی پارەیەک هاتووە ، ڕاستە و خەو نییە و دابەش دەکرێت و .. لیستەکەیش پشتڕاستی کردۆتەوە و .. وەک دەڵێن ئەمجارەیش دەستیان لێ گیر بووە ، ئا لەو کاتە مێژووییە وەهمییەدا ، تاکە کەس کە بێدەنگە و مێش میوانی نییە ، دەسەڵاتە ، وەک ڕاهێنەری سێرک وایە لە گۆشەیەکی نادیاردا لێی دانیشتووە و خۆی مەڵاس داوە و تەماشای نمایشی ڕامبوونی ڕەعیەتەکەی ئەکات ، چونکە دڵنیایە فیلەکان بە جوانترین شێوە بە گۆڕەپانەکەدا ئەسوڕێنەوە و ئەچنە سەر تەختەکان و وەک پەیکەر ڕادەوەستن .. شێرەکان بە ڕێک و پێکیی وەک شێری باغه ، لە دوای یەکەوە ئەڕۆن و خۆیان بەناو ئەڵقە ئاگرینەکاندا هەڵدەدەن ..
ئەوەی جێگای گاڵتەجاڕیی و گریانیشە لە هەمان کاتدا ، لەو ئاپۆڕەیەدا پڕۆفیسۆری سیاسەت و مێژوو و فەلسەفە ، لەگەڵ کرێکاری کارەبا و میراودا هیچ جیاوازییەکیان نییە ..ڕائید و نەقیب و ڕائید و موقەدەم و عەقید و عەمید و لیوا وەکو بلیت بڕ و شۆفێری ئەمبوڵانس و چێشتلێنەر ، هەمان هێرش بۆ بەردەم ژمێریارەکان ئەکەن .. ڕۆژنامەنوسی ئازاد و حیزبیی و شاعیر و ڕۆماننوس وەک خانەنشین وبندیوار و پاسەوان و حیمایە ، هەمان هەناسەسواریی و خێرایی و هەمان ژماردن و گەڕان بۆ پارەی دوو ڕەقەم و ساختە و گوێبڕاو ..هەمان تینوێتیی کۆیان ئەکاتەوە ، ڕێک وەک چۆن لە گۆڕەپانی سێرکدا ، فیل و شێر و کەروێشک ، هەمان گوێڕایەڵیی و هەمان نمایش پێشکەش ئەکەن ..
ئەم دۆخە خەمگینە ، گۆڕینی ناوەرۆکی مرۆڤەکانە بۆ یەک ناوەرۆک .. بۆ یەک بەرنامە ..بۆ یەک ئاڕاستە و .. یەک ئامانج ، کە بریتییە لە دەستخستنی هەندێ پارەی چاپ .. هەندێ مافی خوراوی مانگەکانی پێشوو ..




هاوکێشەی جەلاد و کۆیلە.. نەوزاد بەندی

یەکێک لە کارەساتە گەورەکان ، ئەوەیە دڵسۆز و خەمخۆر و بیریارەکانت له بیر بچێ و پشتگوێیان بخەیت ، بەڵام بەردەوام چەپڵە و بەڵێ بۆ جەلاد و خائینەکان بکەیت و ..وێنەکانیان گەوره بکەیت و سوێند بەسەریان بخۆیت..
کاتی خۆی یەکێک لە بیریارەکانی حیزبی کۆمۆنیستی چین ، کتێبێکی چاپکرد بە ناوی : دۆستمان کێن و دوژمنمان کێن ..
ئەم کتێبە بەرچاو ڕوونی دا بە گەلانی چین هەتا دۆست و دوژمنەکانیان لێک جیا بکەنەوە ، ڕێز لە دۆستەکانیان بگرن و نەفرەتیش بۆ دوژمنەکانیان .
لای خۆمان کار گەیشتۆتە ئەوەی جەلادەکانمان بە دەمی خۆیان ئەڵێن : ئێمە زوڵممان لە میللەتەکەمان کرد و ڕۆڵەکانیانمان به کوشت دا و سامانی ووڵاتەکەمان دزی بۆ خۆمان و ماڵ و مناڵمان !!
لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا جەلادەکان لەناو دڵ و دەروون و بیرەوەریی زۆرینەدا دانراون ، لە هەمان کاتدا خەمخۆر و دڵسۆزەکانمان پشتگوێخراون و لە یادبراونەتەوە و لە ژێر پێڵاوەکاندا پلیشێنراونەتەوە و هەزاران جنێو و ناو وناتۆرەیان دواخراوە ..
ئەم دۆخە هیچ پێناسەیەکی لە فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا نییە .. کاتێ کابرایەکی هەژار و بەشخوراو و بێ هیوا و بێ داهاتوو ، کە ژیانی یەکپارچە وێرانکراوە ،لە بەرچاویدا کۆمەڵێ جەلاد ئەبینێ، داهات و داهاتووی میللەتێکیان دزیوە و .. ملیارەها دۆلاری میللەتەکەیان بۆ ڕابواردنی خۆیان و کچە مۆدێل و کۆشک و باڵەخانە و گەشت و گوزاری خۆیان و خێزانەکانیان خەرج دەکەن ، کەچی هێشتا ئەو کابرا هەژارە ، وەک شاسوار و فریاد ڕەس و پیاوی یەکەم تەماشای ئەو ئەژدیهایانە ئەکات و تەماشای چالاکییەکانیان ئەکات و.. بە جل و بەرگ و سەعاتە گرانبەهاکانی مەچەکیان سەرسامە و.. بە ڕێزەوە بۆ کۆشک و تاوەر و ملیارەها دۆلار و دۆستە لەشفرۆشەکانیان ئەڕوانێ و .. سەرسامە بە مایباخ و جی کڵاس و فڕۆکە تایبەتە گرانبەهاکانیان ..ووتە شەق و شڕەکانیان ، بە بەهاوە گوێ لێئەگرێ و ئەنرخێنێ .. لە بەرامبەردا هیچ بەهایەک بۆ ووتە و هەڵوێست و قوربانیدان و زیندانکردن و شەهید کردنی کەسانی دڵسۆزی میللەتەکەی دانانێ ..به پێچەوانەوە هەوڵی سوککردن و بوغزاندان و جنێوپێدان و به درۆخستنەوەیان دەدا ، لە باشترین حاڵەتدا بێزاریی خۆی بەرامبەریان دەردەبڕێ گوایا ئەم ڕاپۆرت و دۆسیانە ئەوەندە باسکراون ، مێشکیان چووە و ناهێڵن ئەو خەڵکە بە دەردی خۆیانەوە دانیشن ، دواجار تاوانی سیخوڕیی و کلکگرێدانی ژێر بە ژێریان دوا دەخەن ..
ئەم حاڵەتە به ڕاستی ترسناکە .. ئەمانخاتە بەردەم دوو لێکدانەوە کە هەردووکیان جێگای نائومێد بوونن ..لێکدانەوەی یەکەم : ئەم میللەتە بە جۆرێک بێهیوا کراوە ، لەسەر بێهیوایی ئاڵودە بووە و ..حەزی لە خۆشگوزەرانیی و داهاتووی پرشنگدار و خۆشگوزەرانیی نەماوە ، وەک ئەوانەی لێهاتووە کەساڵەها له ئەشکەوت و تاریکیدا بوون ، بە جۆرێ بوون بە دوژمنی ڕوناکیی و تیشکی خۆر ، چونکە ئەو ڕۆشناییانە ئازاری چاوەکانیان ئەدەن ، بەو جۆرە ئەگەر ڕوناکییش بێتە ناو ئەشکەوتەکانیانەوە ، به نەفرەتی ئەکەن و بەردەبارانی ئەکەن و ئەیشکێنن و ئەیکوژێننەوە ، وەک ووتراوە ئەگەر ئازادی وەک باران ببارێ ، کۆیلەکان چەترەکانیان هەڵدەدەن ..واتا ئەم بوونەوەرە بووە بە بوونەوەرێکی دژ بە خۆی ، هیچ خۆشی و ئاسودەیی وخۆشگوزارانییەکی بۆ خۆی ناوێت ، بە پێچەوانەوە هەموو خۆشی و ئاسوودەیی و دەوڵەمەندیی و ئازادییەکی بۆ جەلادەکانی ئەوێت و پێی وایه ئەمە دابەشکردنێکی خواییه و ناکرێ دژ بە خوا ڕاوەستین ، واتا ئەم دوو بوونەوەرە ، کۆیلە و جەلاد ، یەکێکیان بە هەژاریی و ئەشکەنجەدان ئەژی و نەشونما ئەکات ، ئەوەی تریان بە مافیاگەریی و ملیارەها دۆلاری دزراو و شەڕ و ئازاردانی کۆیلەکان ، ئەژی و .. ناکرێ هیچ کامیان لە ژیان و مانەوە بێبەش بکرێن .. ئەگینا هەر هەمان کۆیلە کە دڵخۆشە بە دزینی داهات و داهاتووی خۆی و هاوڕێکانی لەلایەن جەلادەکانەوە ، ئەگەر فلسێکی لای هاوڕێ کۆیلەکەی بێ ، لێی بێدەنگ نابێ و ئەیکا بە شەڕ و ئامادەیە خوێنی خۆی بکاتە کاسەوە لە پێناوی گێڕانەوە و دەستخستنەوەی ئەو تاقە فلسەدا .
هەرچی لێکدانەوەی دووەمی ئەم دۆخە تراژیدییە ترسناکەیە ، ئەوەیە میللەتی بێدەنگیش هەر جەلادە ، بەڵام بار و دۆخی کاری جەلادیی و دەسەڵاتداریی بۆ نەڕەخساوە ، هەر بۆیە ئەو دزی و تاڵانیی و ئەشکەنجەدانەی جەلادەکانی پێ ئاسایی و یاساییە و .. لە هەوڵی یەکبینەدایه بۆ ئەوەی بە پەیژە خوێناوییەکانی ئەو جەلادانەدا هەڵبزنێ و بگاتە جێگایەک یان بگاتە پۆستێکی جەلادیی کە بتوانێ ئەویش تاڵان و بڕۆ وئەشکەنجەدان پیادە بکات ..
بە ڕای من ئەم لێکدانەوەیەی دووەم تا ڕادەیەک نیشانە پێکە ، چونکە هەندێ کەسمان بینیوە هەزاران دروشم و پەیامیی دڵسۆزیی و نیشتمانپەروەریی ومرۆڤایەتیی و نەتەوایەتیی و ئاینیی بەرز کردۆتەوە ، بەڵام کاتێ دەمی لە پۆستێک گیر بووە و گەیشتۆتە ئاستیی جەلادەکان ، هەموو ئەو شتانەی لە یاد چووە و .. دەمی ژەندۆتە ماڵ و خوێنی میللەتەوە و ..بووە بە جەلادێکی نوێ لە خەرمانسەرای جەلادەکاندا .

نەوزاد بەندی




حەوت بروسکە چیرۆک.. نوسینی: تاتیانا ئەلکسیێڤا.. وەرگێڕانی : نەوزاد بەندی

                                  ــ 1 ــ

لە کۆتاییدا بە شاسواری خەونەکانم گەیشتم ، قەت لەو باوەڕەدا نەبووم خەونەکانم ئەوەندە هیچ و پوچ بن .

                                   ــ 2 ــ

لە دادگا هاوسەری سێیەمم ناسی ، کاتێ بەرگری لە هاوسەری دووەمم ئەکرد کە به ئوتومبیل هاوسەری یەکەممی شێلا بوو .

                                   ــ 3 ــ

لەگەڵ هاوسەرەکەمدا بوو بە شەڕمان ، حەبێکی ڤیاگرام بۆ کردە ناو شۆرباکەیەوە ، دوو سەعاتە بۆ هەر کوێ بچم بە دوامەوەیە و داوای لێبوردنم لێ ئەکا .

                                   ــ 4 ــ

دایکم هەر کاتێ شەحنی مۆبایلەکەی تەواو بێ ، وا ئەزانێ مۆبایلەکەی شکاوە ..باوکم دەفتەرێک لە گیرفانیدایە ،ژمارەی تەلەفۆنەکانی تێدا نوسراوە، لە کاتی تەلەفۆنکردندا پەنای بۆ ئەبات ، پورم لایتی مۆبایلەکەی بۆ ڕوناککردنەوەی کاتژمێرەکەی مەچەکی بەکاردێنێت تا بزانێت کات چەندە ، پرسیارێک یەخەم پێ ئەگرێ : ئەم نەوەیە چۆن توانیویانە بگەنە سەر مانگ ؟

                                   ـــ 5 ـــ

من کە تەمەنم حەوت ساڵان بوو ، لەگەڵ کوڕێکی هاوسێمانا یاری ژن و مێردمان ئەکرد ، ئەو وا خۆی نیشان ئەدا کە بە ماندوێتیی لەسەر کار گەڕاوەتەوە ، منیش خواردنم لە لم بۆ دروست ئەکرد .
ئێستا تەمەنم ٤۰ ساڵە ، ئەو یارییەی مناڵیم ، تاکە پەیوەندیی ڕاستەقینەی ژیانمە .

                                   ـــ 6 ـــ

ئەمڕۆ کچێکی هاوڕێم ئاهەنگیی دەیەمین ساڵی هاوسەرگیریی گێڕا .. شانازیی بەوەوە دەکرد کە جلی بوکێنییەکەی پۆشیبۆوە و شانازیشی بەوەوە ئەکرد کە پۆشاکەکە بەبەری تەنگ نەبووە .. نەمویست بە بیری بهێنمەوە کە کاتێ شوی کرد ، سکی نۆ مانگ بوو .

                                    ـــ 7 ـــ

هاوسەرەکەم پێی ووتم ئەگەر جارێکی تر خیانەتی لێ بکەم خۆی ئەکوژێ . لەوکاتەوە هیچ شتێکی پێ ناڵێم ، بەو جۆرە حەوت جار ژیانیم لە مردن ڕزگار کردووە .



سەرچاوە:
https://feneks.net/art/2literature/70818-2023-12-14-08-43-24




لە دوا دواییەکاندا.. شیعری نەوزاد بەندی

بەناو کۆڵانێکا ئەڕۆم ،
تۆی لێ بی و ..
تۆیشی لێ نەبی ..
ئاخر چونکە لە خۆم زیاتر ،
کەسی ترم پێ کۆڵ ناکرێ ..
ئەچمە غەزەلنووس ،
حەز ئەکەم تۆی لێ بی و ..
تۆیشی لێ نەبی ..
لە وێستگەی پاس ، کە نیمانە ..
له بەردەم ئاپۆڕەی گەشتیار ،
لە کەنار دەریا ..
لە بەردەم شەمەنەفەر ،
کە نیمانە ..
حەز ئەکەم تۆی لێ بی و
لەوێیش نەبی ..
ئەو عومره ڕۆی
کە ئەمووت :
( ڕۆژێک وەرە من لەوێم
یان تۆ لەوێ بە ، من دێم )

٭ ٭ ٭

بەیانی زوو ..
هەورێکی بەفراویی ،
ڕێی لێ تێک ئەچێ و ..
دێتە خاکی براکوژی و ..
خۆی تیا بەتاڵ ئەکاتەوە ..
دێمە دەرێ ..
وەک لە ماڵێکی غەریب بم ،
به شەرمەوە
تەماشای بەفر ئەکەم و ..
لە ڕووم نایەت
تۆپەڵێکی لێ هەڵگرم ..
ئەو عومرە ڕۆی ،
کە ئەمووت :
شەڕەتۆپەڵ خۆی هاتووە ،
دێی یان من بێم ؟
بڵێی لەگەڵ شەڕه تۆپەڵ ،
لە هەر کوێ بن ،
منیش لەوێم …

٭ ٭ ٭

وەک کۆتایی دراماکان ،
ئەکتەرەکان ماندوو بوون و ..
هەنگاو ئەنێن بێ ڕێ بڕین ..
قسە ئەکەن بێ دەربڕین ..
لەگەڵ یەکترن بێ بینین ..
حەز ئەکەم لە سەمونخانە ،
کە زۆرمان هەن ،
بتبینم و نەیشتبینم ..
لە چێشتخانە و دەرمانخانە و
تەلاری پزیشکیی و تاوەر ،
کە زۆرمان هەن ..
حەز ئەکەم تۆ بی و
تۆیش نەبی ..
ئاخر پڕ بووم و لێم ئەڕژێ ..
لە تەنیشت ڕۆژەکانمەوە ،
ئەڕۆم و ..
هانکە هانکێکیشم گوێ لێیه ،
ڕەنگە مردن بێ ، بێ قەسەب ،
خوێنم بمژێ ..




پشیلەکە و شتی تریش.. شیعری نەوزاد بەندی

شا لیر ،
به یەکێ لە بەرپرسەکانی ووت ،
کە زاوایەکی چاوی هەڵکۆڵیبوو :
هەر کاتێ ویستت بگریت ،
چاوەکانی خۆمت ئەدەمێ ،
پێیان بگری ..

٭ ٭ ٭

هەندێ جار ..
یان لە ساڵێکا جارێ دوو جار ،
چێژێکی تایبەتی هەیه،
جلەکان بڵاو کەیتەوە ..
بەردێ بەی بە شوشەیەکا ..
برسیشت بێ و نانیش نەخۆی ..
ڕیش نەتاشی ..
به پێڵاوەوە بێیتە ژوورێ..
تەلەفۆنت بۆ هات وەڵام نەدەیتەوە ..
بە هەموو هێزی خۆت ،
شەقازللەیەکی بازاڕیی
لە بناگوێی
پلەدار ێ بەی

٭ ٭ ٭

بەفر باری و ..
ڕاستت نەکرد ،
نەباریتە حەوشەکەمان ..

٭ ٭ٕ ٭

ئێمە خەڵکێکی خۆ ویستین ..
ئەزانین ئەو ڕۆژانە چەندن ،
جگەرەمان تیا نەکێشاون ..
ئەو ڕۆژانەی بێ بازاڕین ..
ئەزانین حوکمەت چەند موچەی خواردووین ..
بە هەموو کەسێک ئەڵێین ،
لە دابەزینی دۆلارا ،
چەندێ زەرەرمان کردووە ..
بەڵام پێچەوانەکانیان ،
کەس نازانێ ..

٭ ٭ ٭

به کۆڵانەکانی عەقاریدا ،
به دوای کۆشکەکەی کافکادا ئەگەڕا م .. بەڵام
نەمدۆزییەوە ..
تۆ ، له گۆشەیەکدا ،
وەک زیندانییەکی ڕاکردوو ،
خۆتت حەشار دابوو ..
وا تئەزانی من پۆلیسم ..
یان ئینیزباتی عەسکەریی ..
بۆچی عەقڵت لە دەستدابوو ؟

٭ ٭ ٭

ئیتر باران تۆم بیر ناخاتەوە ..
ئیتر کورسییە بەتاڵەکەی تەنیشتم ،
تۆ ناهێنێتەوە یادم ..
بۆنی باران ، دەستم ناگرێ و ..
پێم ناڵێ : ئەویش لەوێیە ..
بە پێچەوانەوە ،
دەرگا و پەنجەرەکان دائەخەم
پەردەکان دائەدەمەوە ..
تۆیش ئارەزووی خۆتە چی ئەکەی ، ئازیز‌ ..
هەردووکمان گیرمان خواردووە
بە دەست بەنی ئادەمەوە ..!

٭ ٭ ٭

لەو ڕۆژەوە پیرتر دیارم ..
پشیلەکە خواردن ناخوا و ..
بە ووردیی تەماشام ئەکا ..
وەک ئەوە وایە بپرسێ :
ئەرێ تۆ هەر ئەویت کابرا ..؟

٭ ٭ ٭

خەڵکی دڵڕەق و سیحرباز ،
خەڵکی بێ ئەخلاق ..
کلکیان لە بنا بڕیبوو ..
لەو کاتەوە تەنیایی هەردووکمانی
بە یەک ناسان ..
ڕۆژی سێ جار ئەیبینیم و
ڕۆژی سێ جار
هۆتدۆگم بۆ دادەنا ..
هێلانەیەکم بۆ دروست کرد ..
نازانم بۆ له بینینم تێر ناخوا ؟ ..
بە چاوە گەورەکانی پێم ئەڵێ ،
بۆ لای خۆت هاتووم نەک خواردن ..
پێم ئەڵێ بە بێ تۆ
چۆن ڕۆژم لێ بڕوا ؟؟

٭ ٭ ٭

زۆر هەوڵمدا بۆت داپۆشم ..
بیرم کردەوە بە ووردیی ..
هەزار بیانووم هێنایەوە ..
چل ساڵ خۆم مناڵ کردەوە ..
سودی نەبوو ،
هەر شەڕەکەم لەگەڵ کردی !

٭ ٭ ٭

وا مەزانە بێ تۆ شیعرم پێ نانووسرێ ..
خانوو چۆڵیش بێ ،
تەنیایی و جاڵجاڵۆکە ،
ئەیگرن بە کرێ ..!

٭ ٭ ٭

تەنها کاتێ ماندوو ئەبی ،
وەک عەرەق منت لێ ئەتکێ ..
دەست بدەمە هەر بەشێکت ،
دێت بە دەستمەوە و
ئەشکێ ..
لەگەڵ شیعرا نەبێ ناتوانم قومێکت لێ بخۆمەوە ..
زۆرجار ئەپرسم چۆن ناسیم ..
کۆمەڵێ وەڵامی جیاواز ،
ئەنووسم ..
هەر له خۆمەوە …

٭ ٭ ٭

تێ ئەپەڕم ..
پشیلەکە هەر وەستاوە و
بە ووردیی تەماشام ئەکا ..
نازانم ئەو حەقی چییە ؟
بۆچی خواردنەکەی ناخوات و ..
پرسیاری چی لێ کردووم وا
چاوەڕوانی وەڵام ئەکا ..؟

٭ ٭ ٭

بێ تۆییم زۆر پێوە دیارە ..
بەوە دڵم ئەدەمەوە ،
کە من هەمیشە بێ تۆ بووم ..
پێم بڵێ کەی بێ تۆ نەبووم ؟
یان وەک بڵێی ،
لە هەموو شتەکانمدا ..
لە هەموو شیعرەکانمدا ،
تۆم دەرکردبێ ئەم جارە ..
بۆیه هەرگیز نەیشمدیوی و
بێ تۆییشم پێوە دیارە ..!

٭ ٭ ٭

حەز ناکەم ئاوڕ بەمەوە ..
شتێ شایانی بینین بووبێ ،
جێم نەدەهێشت ..
حەز ناکەم دووریش بڕوانم ،
شتێ هێشتاکە نادیار بێ ،
بۆ بیری لێ بکەمەوە ؟

٭ ٭ ٭

ڕۆژی دە هەزار هەنگاو ،
به پێ ئەڕۆم ..
ئەمەوێ تەندروستیم وەک تۆ ،
لە پڕ لێم جیا نەبێتەوە ..

٭ ٭ ٭

پشیلەکە ،
کۆترێکی پەل پەل کردبوو ..
بەر دەرگاکە پەڕ و باڵی خۆڵەمێشیی دایپۆشیبوو ..
هێشتا تەماشای ئەکردم ..
وەکو بڵێی کۆترێکی کرد بێ بە خێر ،
وەکو دوێنێم لێ بێتەوە !

٭ ٭ ٭

بیشڕۆمەوە سەر
هەموو خوەکانی جارانم ،
ئاڵودە نابمەوە بە تۆ ..
پرسیارێکی زۆر قورس بووی ،
تەرکم کردی ..
بارێکی قورسم فڕێدا ..
ئەگینا چۆن ،
دە هەزار هەنگاو ئەتوانم
بە ڕۆژێ بچم بە ڕێدا ؟

٭ ٭ ٭

پەڕ و باڵی کۆترەکەم کۆکردەوە و
ویستم نەعلێکی تێ بگرم ،
خواردنەکەی بەجێهێشت و
ڕۆی ..
بۆ ساتێ کەوتمە شکەوە ..
هەستم کرد تۆی ..

٭ ٭ ٭

جانتایەکی زۆرم هەیە ..
چونکە سەفەرێکی زۆرم بڕیار دابوو ،
نەیشمتوانی ..
سەفەر بە تاقی تەنیا ڕۆی ..
من و جانتای دایە دەستی ،
چاوەڕوانیی ..

٭ ٭ ٭

خۆ ئەمزانی ،
چاک ئەمزانی ..
کە تۆ نازانیت چیت ئەوێ ..
وا تئەزانی ئەوە منم ..
دوای ساڵەها جا پێت زانی ،
منیش ئەوە نیم ئەتەوێ ..

٭ ٭ ٭

مانگیش مەردە ..
بەو هەموو جوانیی و تیشکەوە ،
ئەو هەموو شەوە بە تەنیا ،
هێشتا کەسێ نەیبینوە ،
لە هیچ ماڵێکا پاڵکەوێ ..
هەرچی ئاڵتونی دنیایە ،
لەلای پوشە ..
تۆ بەشێکت وەک مانگ وایه ،
هیچت ناوێ
یاخود نازانی چیت ئەوێ !

٭ ٭ ٭

زۆربەی زۆرمان ،
مەرجەکەی کافکا شک نابەین ،
کە ئەیووت مرۆڤ پێویستە ،
لانی کەم یەک کەسی هەبێ ،
بتوانێ پەنای بۆ بەرێ …




شێرپەنجەی ئیداریی.. نەوزاد بەندی

شێرپەنجە دروستبوون و زیاد بوونی کۆمەڵێک خانەیه لە هەمان لەشدا ، کە کاری خانە و شانەکانی تر لاواز ئەکات . . بەرە بەرە ئەو خانە شێرپەنجەییانە بەهێزتر و چالاکتر ئەبن ، لە بەرامبەردا ئەندامەکانی لەش لاوازتر و وێرانتر ئەبن ، واتا پەیوەندییەکی پێچەوانە لە نێوانیاندایه ، بە جۆرێک ئەگەر چارەسەری قورس وەرنەگرێ ، لە ماوەیەکی کەمدا مەرگێکی پڕ لە ئازار ڕوو دەدات .
لە ڕاستیدا لە جیاتی ئەم خانە شێرپەنجەییانە کە بەشێکن لەو لەشە ، فیشەکێک یان ژەهرێک توشی ئەو لەشە ببووایە ، ئەیتوانی به جۆرێ لە جۆرەکان ، دژایەتیان بکات و چاک بێتەوە ، بەڵام ئەو خانە خیانەتکارانە کە درستکراوی هەمان لەشن ، چارەسەریان زەحمەتە و ..بەرنامەکەیان چالاکبوونی خۆیان و پوکانەوەی ئەو لەشەیە .
بە هەمان شێوە ئەگەر بڕوانینە دەسەڵاتە دیکتاتۆر و بریکارەکانی کۆڵۆنیالیستی جیهانیی ، هەمان ڕۆڵی خانە شێرپەنجەییەکانی لەش ئەبینن ، واتا کوڕی کۆمەڵگاکەن ،کەچی هەموو کار و چالاکییەکانیان له دژی ئەو کۆمەڵگایەیە .. کۆمەڵگا بەرەو هەژاریی و نەخوێندەواریی و بێکاریی و جەنگی بێ مانا و ترس و دڵەڕاوکێ ئەبەن ..لە بەرامبەردا ، ئەو خانە شێرپەنجەییانەی دەسەڵات ، ڕۆژ بە ڕۆژ خۆیان و خێزان و خزمەتکارەکانیان ، دەوڵەمەندتر و بەهێزتر و خۆشگوزەرانتر ئەبن ..
ئەم دۆخە ڕۆژ بە ڕۆژ زەقتر ئەبێتەوە .. ئەگاتە ئاستێک داهاتی هەموو کۆمەڵگاکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەخرێتە خزمەتی ئەو خانە شێرپەنجەییە دەسەڵاتدارانەوە ، پارەیەکی خەیاڵیی لە کڕینی شتی زۆر سەخیفدا خەرج دەکەن ، چونکە کورت و کرمانج ئەوانە شێرپەنجەن ، به جۆرێک لە کاتێکدا بە ملیۆنەها هاووڵاتی ئەو کۆمەڵگایه لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن ، ئەو خانە شێرپەنجەییانەی دەسەڵات ، ڤێلا بە ملیۆنەها دۆلار ئەکڕن ، نەک ڤێلایەک و دووان و سیان و چوار ..لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا ، بە بێ ئەوەی تیایدا بژین ، دزینی ملیارەها دۆلار و توندکردنیان لە بانکی وڵاتە کۆڵۆنیالیستەکانی جیهاندا ، تەنها بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان ( بە پێی بۆچوونی شێرپەنجەییانەی خۆیان ئەگینا بەهێزکردنی پێگەی دەسەڵات بە لەخۆبوردن و خۆبەخشیی ئەبێ نەک بە کاری مافیاگەریی و دزی و تاڵانیی ) هەروەها پۆشینی پۆشاکی زۆر گران بە دەیان و سەدان هەزار دۆلار ، دانانی سەعاتی مەچەکی ملیۆنان دۆلاریی ..ئەم جۆرە ڕەفتارە ناشیرین و قێزەونانە ، کە خۆپەرستی و ناکامڵیی و هەزرەکارییان لێ ئەتکێ ، هەم بۆ تێرکردنی غەریزەی شێرپەنجەیی خۆیانە ، هەم جەنگێکی دەروونییه لەگەڵ تەواوی میللەتدا ..ئەم جەنگە فرەلایەنەیش زیاد ئەکات بە زیادبوونی هەژاریی و نەداریی کۆمەڵگا ، واتا هەتا دۆخی کۆمەڵگا وێرانتر بێ ، دۆخی ئەوان شاهانەتر ئەبێ .. چونکە خانەی شێرپەنجەیین ، کاریان ئەوەیە سات لە دوای سات خۆیان بەهێزتر و چالاکتر و دەوڵەمەندتر بکەن ، لە بەرامبەردا خانەکانی تری ئەو لەشە یان ئەو کۆمەڵگایه لاوازتر و نەخۆشتر و دەردەدارتر بکەن ..
ئێستا تەماشایەکی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بکەن ، بزانن ئەو شێرپەنجە فەرمانڕەوایانە چ دەردێکیان توشی میللەتەکانیان کردووە ..چۆن چۆنی میللەتەکانیان کردۆتە کۆیلەی پاروویەک نان ..دایانڕزاندوون .. زانست و ئەدەب و هونەر و کلتوور و ئایینیان پوکاندۆتەوە ..تاکە پیشە کە دەست ئەکەوێت ، پیشەی ترساندن و تۆقاندن و شەقهەڵدانە لە هاووڵاتیان .. بزانن چ هەژاریی و لە برساکوشتنێک لە ئارادایە ..تەماشای ئەو لێکترازان و سەرلێتێکچوونی نەتەوایەتیی و مرۆییەی کە لەو کۆمەڵگایانەدا ئەگوزەرێ .. سەیری دیاردەی نامۆبوون و سەرهەڵگرتنی هەتاهەتایی بۆ وڵاتان و شێت بوون و خۆکوشتن و هەڵوەشانی خێزان و دابەزینی نرخی مرۆڤ و نەمانی مافەکانیان بکە .. بچووککردنەوەی مرۆڤ هەتا ئاستی مێروویەکی بێ هەست و هۆش و دەستەمۆ ..
بێگومان ئێستا هەمووتان هەست بەو دۆخی شێرپەنجە و ئەشکەنجەدانە ئەکەن کە سەرجەم سێکتەرەکانی ووڵاتی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی گرتۆتەوە .. لە بچوکترین خزمەتگوزاریی و مافەوە هەتا گەورەترینیان ، تێکڕا کاریگەریی ئەو خانە شێرپەنجەییانەیان لەسەرە و به جۆرێک لە جۆرەکان ، نەخۆش و لاواز و ئیفلیج بوون ..
لێرەدا باس لە چارەسەری ئەم دۆخە ترسناکەی کۆمەڵگا تووشبووەکان بە شێرپەنجەی دەسەڵات ئەکەین ..ئاخۆ چارەسەرییەکەی چۆنە ؟ میانڕەوەکان ئەڵێن پەروەردە کردن و هوشیارکردنەوەی هاووڵاتیان ، ڕێگا چارەیەکی باشە ، لە کاتێکدا ئەگەر بە چاوی سەر بڕوانن ، هەرچی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و شێرپەنجە هەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ، به جەنگ و شۆڕش و توند و تیژیی هەڵکەنراون و کۆمەڵگایان لێ ڕزگار کراوە ..هیچ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر نەبووە و نییە و نابێ لە ڕێی پەروەردە و ڕێکاری دیموکراسیی مۆدێرنەوە ، واز لە دەسەڵات بێنێ و کۆمەڵگا لە شێرپەنجەی فەرمانڕەوایی ڕزگار بکات ..
بە هەمان شێوە ، کاتێک لەشێک ئەکەوێتە داوی شێرپەنجەوە ، بە هیچ چارەسەرێکی سونەتیی و نەرم و نیان ڕزگاری نابێ .. بەڵکو تاکە ڕێگا ، چارەسەری قورسە ، چارەسەری کیمیاوی و تیشک ، کە ئەبنە هۆی سوتاندنی بنکە و بارەگا و فۆکەسەکانی خانە شێرپەنجەییەکان ، لەگەڵیشیدا ئەو لەشە ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر ئەکێشێ ، چونکە ئەو خانە شێرپەنجەییانە بەشێکن لە خۆی و دەمار وخوێنی خۆییان پێدا ئەڕوات ..بەڵام سوتاندنی بنکە و بارەگا و پێگەکانی ئەو خانە شێرپەنجەییانە ، لەگەڵ ئەوەی ئازار و ئەشکەنجە و پارە و سامان و لە خۆبوردن و ئارامگرتنێکی زۆریان ئەوێت ، لەگەڵ ئەوانەیشدا ، ڕوناکیی خۆری ڕزگاربوون لە ئاسۆکاندا دەردەکەون و .. درەختە سووتاوەکانی هیوا و ئاوات ، چرۆ و شکۆفە دەردەکەن ..




شاری چۆڵ.. نەوزاد بەندی

لە سلێمانی ، ئەچیتە هاوینە هەواری دوکان وسیتەک و قەڵاچوالان و کانی سارد و مێرگە پان و قەرەداغ و ڕێی هاوینە هەواری دوکان و هەزار مێرد و گەلێ شوێنی تر ، بە نرخی ملیارەها دۆلار ڤێلا و باخی چۆڵ و بێدەنگ ئەبینی .. هەروەها لە شەقڵاوە و پیرمام و ڕێگای هاوینەهەوارەکانی تر ، ملیارەها دۆلار ڤێلا و باخی چۆڵ و خەمگین ئەبینی .
لە بەرامبەردا سەدان هەزار هاووڵاتیی بێ ماڵ و بێ پاره و بێ کار .. لە بەرامبەردا دەیان هەزار گەنجی هەڵگری بڕوانامەی بەرز ، کە دانەمەزراون و ..وەک سزادراو بێ کار و بێ پارە و بێ ماڵ و خێزان ، ئەسوڕێنەوە و ژیانیان لە بازنەیەکی داخراوی تاریک و نوتەک و،بێ هیوادا بەسەر ئەچێت ..تاوانیان ئەوەیە کە درەنگ لە دایک بوون و فریای دابەشکردنی زەوی و ئاسمانی کوردستان نەکەوتوون و ..مایه پوچ ماونەتەوە ..ئەرێ بەڕاست پێویست ناکات چاوێ بە مرۆڤبوون و ..بە ئایینداریی خۆماندا بخشێنینەوە ؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە خۆپەرستیی و بۆخۆژیانیی خۆمان بخەینە ژێر پرسیارەوە و ..پەنجەیەکی هەڕەشە لە ڕووی خۆماندا ڕاوەشێنین و .. کانیاو و کارێزە ووشکهەڵاتووەکانی فرمێسک و سۆز و عاتیفەی خۆمان هەڵگێڕینەوە و بۆ چەند دڵۆپە فرمێسکێک بگەڕێین ؟ ئایا وەختی ئەوە نییە مەردایەتیی و غیرەت و کەسایەتیی خۆمان پەلکێشی دادگای ویژدان بکەین و ..بە چەندەها سزای قورس خۆمان سزا بدەین ؟؟
من ناڵێم ئازادی تاکە کەس زنجیر و کۆت و بەند بکرێ ، بەڵام ئەگەر ئەو هەموو ملیار دۆلارەی کە بە بێ سوود لەو دەشت و دەرە فڕێ دراون و ..وەک خانووی تارمایی و ترسناک بەجێهێڵراون ، ئەگەر ئەو پارە زۆرەمان بکردایە بە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی هەرزان و ..بەسەر کرێچی و گەنجە خێرلەخۆنەدیوەکاندا دابەشمان بکردنایە لە بەرامبەر کرێیەکی کەمدا ، باشتر نەبوو ؟
ئایا ئەگەر ئەو هەموو پارە و ماڵ و سامانە بە هەدەر دراوانەمان ، بکردایە بە کارگە و فرۆشگا و کارخانەی بچووک و پڕۆژەی وەبەرهێنان و ..سەدان هەزار لاوی هەناسەساردی میللەتەکەمان بخستایەتە کار و .. داهاتوویەکی جوانمان بۆ دروست بکردنایە ، جوانتر و بەسوودتر نەدەبوو ؟ هەم بۆ خۆمان و هەم بۆ ئەوان و هەم بۆ ئارامیی و تەواوکاریی نەتەوایەتیی و پێشکەوتن ؟
ووڵاتێکی وەک چین ، بەو پارانەی ئێمە کردوومانن بە ڤێلا و باخی چۆڵ و ترسناک ، سەدان و هەزاران کارخانە بنیات نراون و .. هەموو جیهانیان پڕ کردووە لە بەرهەم و هەزاران ئەوەندەی ئەو پارانەیان قازانج کردووە ..
شایانی باسە هەڵتۆقینی ئەم ڤێلا و باخ و کۆشکە چۆڵ و ترسناکانە ، یەکێکە لە دەرهاویشتەکانی جیهانی سەرمایەداریی ، کە جێگای ئێرەیی و ڕق و تووڕەیی هەژارەکانە و.. کۆت و پێوەنێکی قورسیشە لە گەردنی دەوڵەمەندەکاندا کە نازانن چی لەو هەموو دەسکەوتە بێ سوود و بێ خێر و بێ داهاتانە بکەن .. ساڵان دێن و ساڵان ئەڕۆن ، ڤێلا و باخە چۆڵ و بەجێهێڵراوەکان قەوزە و شێ و تەپ و تۆز دایانئەپۆشێ و ڕەنگەکانیان کاڵ ئەبنەوە و مۆدێلەکانیان بەسەر ئەچن و ئەپڕۆتکێن .. درز ئەبەن و ..گەچەکانیان ئەکەوێتە خوارێ ..وەک بڵێی ماڵ وسامانێکن لە دەرەوەی پێویستی خۆیان و لە ڕێی هیچدا دروستکراون و جێهێڵراون
شایانی باسە دەوڵەمەندێک ئەناسم ، ئەیووت من جل و پێویستییە زیادەکانم ئەدڕێنم و ئەشکێنم و ئەسوتێنم بۆ ئەوەی هیچ کەسێک سوودیان لێ نەبینێت ..ئەمە ئەو هەستە ترسناکەی جیهانی سەرمایەدارییە کە وا ئەزانێت پارە و داهاتێک قۆرخی کردووە ، هی هەوڵ و ماندوو بوونی خۆیەتی و ئامادە نییە بیبەخشێت بە خەڵکێکی تر کە ئەو هەوڵ و ماندووبوونەوەی پێوە نەکێشاوە .. هەر لەم چەند ڕۆژەی ڕابوردوودا کە دۆناڵد تڕەمپ یارمەتییەکانی لە ووڵاتە هەژارەکان بڕی ، بڕیاری دا سەدان ملیۆن تەن خواردەمەنی لەناو ببات ، لە کاتێکدا ملیۆنەها مرۆڤ له ئەفەریقیا و ئەمەریکای لاتین و هیند و یەمەن بە دەست برسێتییەوە ئەناڵێنن و ..ڕێژەیەکی دیار له مناڵان له برساندا ئەمرن ..
ووڵاتێکی سەرمایەداری وەک فەڕەنسا کە خۆی بە خاوەنی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ ئەزانێ ، سەدان ڤێلا و کۆشکی چۆڵ لە پاریس و ستراسبۆرگ و شارە گەورەکانی تردا بە چۆڵکراویی بەجێهێڵراون ، لە کاتێکدا لەو ووڵاتەدا کێشەیەکی گەورەی نیشتەجێبوون هەیه ، کار گەیشتۆتە ئەوەی ساڵانە چەندین حاڵەتی چوونە ناو ئەو ڤێلا چۆڵانە هەیه ، خەڵکێک لە بێ دڵدەییدا دزە ئەکەنە ئەو کۆشکە چۆڵانەوە ، بۆ ئەوەی هەتا پۆلیس پێیان ئەزانێ و دەریانئەپەڕێنێ و ڕوو بە ڕووی یاسایان ئەکاتەوە ،چەند ڕۆژ و هەفتە و مانگێک ،وەک مرۆڤ بژین ..!
بە داخەوە ..
لە هەمان کاتدا لە جێی خۆیایەتی ئەگەر باسی هەندێ کەسایەتیی مرۆڤ و لە خۆبوردوو و خۆنەویستی وەک خوالێخۆشبوو عەلی کەمال و کەریمی عەلەکە له سلێمانی بکەین ، کە لەگەڵ ئەوەی دەوڵەمەند بوون ، هەرگیز خۆیان بە خاوەنی ئەو ماڵ و موڵکە نەزانیوە و .. هەمیشە خەریکی بە دەمەوەچوونی هەژارانەوە بوون و بە هەموو جۆرێک خزمەتیان کردوون .. کار گەیشتە ئەوەی عەلی کەمال ، بێجگە لە یارمەتیی دارایی هەژاران و دروستکردنی چەندەها بنکەی تەندروستی و مزگەوت له سلێمانی و شارەکانی تری عێراقدا ، چەندین گەڕەک خانووی لەسەر کرێنشینەکانی تاپۆ کرد .. چەند جێی شانازییە ، ئێستا دڵنیام هەمووتان بەم ووشانەی کۆتایی ووتارەکە ، شنەبایەکی شانازیی و ئارامیی بە دڵ و دەروونتاندا دێت .. لەناخەوە هیوادار بوون ئێوەیش وەک ئەو بوونایه .. نووسەری گەورەی ڕوس و جیهان لیڤ تۆڵستۆیتان بیر کەوتەوە کە هەموو زەوی ماڵەکانی بەسەر جوتیارەکانیدا دابەش کرد و خۆیشی کۆشکەکانی بەجێهێشت و وەک جوتیارێک چووە ناو کێڵگەکانەوە و دەستیکرد به جوتیاریی و کارکردن ..
شایانی باسه ، هەرچەندە پەیوەندیی بە بابەتەکەمانەوە نییە ، کاتێ تۆڵستۆی بڕیاری دا کۆشک بەجێبهێڵێت و بڕواتە ناو جوتیارانەوە و وەک ئەوان بژی و بمرێ ، لەو هەزاران کتێبەی کتێبخانەکەی تەنها یەک کتێبی لەگەڵ خۆی برد ، کتێبی برایانی کارامازۆفی تیۆدۆر دەیستۆیڤسکی .. ووتی : لەو تەمەنەی ماومە ، وەک کتێب تەنها برایانی کارامازۆفم بەسه ..




تۆی هەموو شوێنێ، بێجگە لە من.. نەوزاد بەندی

تۆ لە هەموو شوێنێکی ،
دوور له بۆشاییەکانی من ..
ئەچیتە ناو هەموو ئاپۆڕایەکەوە ،
دوور له تەنیاییەکانی من ..
سینەماکان هەموو گەڕایت ،
نەهاتی بۆ بینینی
هیچ گرتەیەکی
تەمەنی من ..
ڤیستڤاڵ نییە کورسیت بۆ دانەنرابێ ،
بێجگە لە ئینجانەی
قژ ژاکاوی
دەرگاکەی من ..

٭ ٭ ٭

تۆ لە هەموو ڕێگاکانا شوێن پێت هەیە ،
تەنها لەو ڕێیەدا نەبێ ،من بۆ فەرمانگە و ماڵباب و
شیعر بەکاریان ئەهێنم ..
میوە فرۆش نەماوەتەوە پرتەقاڵت بۆ نەکێشێ ،
بێجگە لەو پیکابە میوەفرۆشەی ،
لە کۆڵانی ئێمەدا گوزەر هەنار ئەفرۆشێ ..
کە من ئەڕۆم بۆ سەفەر ،
تۆ لە ماڵەوە دانیشتووی ،
سەر دەر ناکەی ..
کتێب نییە شوێن پەنجەی تۆی پێوە نەبێ ..
بێجگە لە ڕستەکانی من ..

٭ ٭ ٭

تۆ بەو پارکانەدا ناڕۆی ،
ئێواران ڕوویان تێ ئەکەم ..
لەو شوێنانەی کە چایان لێ ئەخۆمەوە ..
ئەو کانیاوانەی دەسنوێژیان لێ ئەشۆم و ..
ئەو فرۆشگای لەنگە و .. شاورمە و ..
کافیتریا و ..
بەنزینخانانەی بوون بە مەعمیلم ..
ئەو یاریگایانە ..
ئەو سەیرانگایانەی کە ڕەنگە ساڵی جارێ بۆیان بچم ..
ئەو هیوایەتانەی من هەمە ..
ئەو چێشتخانانە ..
ئەو ڕۆنگۆڕانە ..
ئەو شەوە تاریکانەی کە تیایانا ئەتلێمەوە ..
کە من بێدارم ،
تۆ لە خەوێکی زۆر قوڵدای ..
کاتێ من خەوتووم ،
تۆ بە دەوری فولکەی بێداریدا
ئەخولێیتەوە ..
کاتێ من بڕیار ئەدەم گۆشەگیر بم ،
تۆ ڤیزەت لێداوە و
کۆنتڕۆڵی فڕۆکەخانەکان بە پێکەنینەوە ئەبڕی ..
کە من ئەڵێم ئەوروپا خۆشە،
تۆ ئەڵێی یەک فلسی قەڵپ ناهێنێ ..
کاتێ باسی ڕیفۆڕم ئەکەم ،
پێم ئەڵێی ئەم میللەتە بە کاری هیچ شتێ نایە ..
لەبەردەم گەلەرییەکدام ،
تۆ سوێندت خواردووە ڕووی تێ نەکەی ..
لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بم ،
تۆ ڕائەکەی بۆ ناو خێمەی مانگرتۆکان ..

٭ ٭ ٭
گەر من لە خەتی پێنجوێن بم ،
یەکسەر له خەتی بازیانیت ..
ئەگەر له خەتی دوکان بم ،
ئەوا تۆ لە هەورامانیت ..




کڕینەوە.. شیعری نەوزاد بەندی

ئەو شتانەی هەتە ،
نرخیان نازانی ..
هەتا لێت وون ئەبن و ..
هاوشێوەکانیانت ،
به گران پێ ئەفرۆشنەوە ..

٭ ٭ ٭

کۆڕەو ..
کۆچ ..
یان لە گەشتا ،
کاتێ پێخەفەکەت لە دەستچوو ،
لەگەڵ چوار دیوار ..
جێخەوی شەوێکیان بە چەند پێ فرۆشتیت ؟
100 دۆلار
50 دۆلار ..
بە قێزیشەوە تیایا خەوتیت ..
دەستشۆرەکە بۆنی ئەهات ..
گڵۆپی بنمیچەکە ،
ئازاری چاوی ئەدایت ..

٭ ٭ ٭

کە دانێکت وون ئەکەی ،
پارچە بەردێکی بێ گیان ،
بە چەندێ ، لە جێی دادەنێن ؟
250 دۆلار
300 دۆلار ؟
تا دوو هەفتەیش ،
هەست ئەکەی بەرد چەقیوەتە
ناو دەمتەوە ..

٭ ٭ ٭

کە بڕبڕەیەکت کلس ئەکا ..
کە بۆرییەکی دڵت ئەگیرێ ..
کە کارگوزارەکانی گورچیلەت مان ئەگرن ..
کە ئاوی سپی هاوێنەی چاوت ئەگرێ ..
کە برینێ ،
بە قەد نیسکێ ،
لەناو ڕیخۆڵەتا ئەڕوێ ..
کە ئوتۆمبیلەکەت ئەکێشی به دیوارێکا ..
ئەزانی چەندی تێ ئەچێ ؟
وەک خۆیشیان لێ نایەتەوە ،
قۆڵت ئەبڕن ..
ئازار و ئەشکەنجەت ئەدەن ..
ئەتخەنە ناو گەردەلولی چاوەڕوانیی ..
دەست بۆ قەرز و ..
بۆ سواڵ و ..
شتی تر ئەبەی ..

٭ ٭ ٭

یان کە ساڵێ تێ دەپەڕێ و ..
ڕەنگی قژت لێ ئەفڕێنێ ..
ژێر چاوەکانت تیغ ئەکا ..
ئەبێ بە لۆچ ..
بۆ یادگارییش یەک دوو پەڵەی
قاوەیی لەناوچاوتا
بە جێ دێڵێ ..
بۆی ناگەڕێی ..
ئەو شتانە کەی لە بازاڕ دەست ئەکەون ؟ ..
ئەو جۆرە شەڕەت پێ ناکرێ ..

٭ ٭ ٭

ساڵانێکی تر ئەڕۆن و ..
لەگەڵ خۆیان ،
ئەنسۆلین و
خەو و
پێکەنینت ئەبەن ..
شەتڵی تەنگەنەفەسی لەناو
سییەکانتا ئەڕوێنن و ..
بۆ یادگاریش ، بەشێکی
ئەکەن به ڕیشاڵ ..
گێژەڵوکە ئەخەنە ڕووباری
ماتی خوێنتەوە ..
بەشێکی جگەرت ئەبەن لەگەڵ خۆیان ..
لە جێگەیدا تۆپەڵێ مۆم بەجێدێڵن ..
بۆ ئەو شتانە ناگەڕێی ..
دڵنیایت کە دەست ناکەون ..

٭ ٭ ٭

زۆر بە ترسەوە گوێ ئەگرم
له چرکەی کاتژمێرەکە ..
ئەمەوێ کەمترین شتم لێ وون ببێ و ..
کەمترین شتم بفڕێنن ..
ئەمەوێ خەمسارد نەبم و ..
نەهێڵم وەک کارئاسکەکان ،
لە دەست دایکیان دەرمبێنن ..

٭ ٭ ٭
کە ئێوارە ئەڕۆمەوە و ..
تەماشایەکی خۆم ئەکەم ..
دنیایەک شتم شکاوە ..
دنیایەک شتم دزراوە ..
زۆری ترم وون کردووە ..
هەندێکیانم له بیر چووە ..
هەندێکیشیان ،
ناچار بووم کە بیانبەخشم ..
هەیشە داگیر کراوە لێم ..
نا .. ئەوانە دەست ناکەون ..
هیچ شوێنێکیان بۆ ناگەڕێم




لە بوونەوە بۆ نەبوون یان به پێچەوانەوە.. نەوزاد بەندی

یەکێک لە دەبەنگییەکانمان ئەوەیە زۆر هەوڵ بۆ سبەینێ ئەدەین و کێبڕکێمانە تاکو لە سبەینێدا بژین ، بە بێ ئەوەی بزانین لە سبەینێدا چی ڕوو دەدات ..ئەو مردووانەی لە گۆڕستانن ، هەموویان بە تاسەوە چوونە سبەینێیەک، کە تیایدا ڕووداوی مردنیانی تێدا بوو ..
ئەزانم کە هاتنی سبەینێ لە دەست خۆماندا نییە ، بەڵام مەبەستم لەوەیە ئەوەندە خەونی ڕەنگا و ڕەنگ و هیوای گەورە بە سبەینێوە نەبینین .. ئاخر ئەو خەون و هیوا گەورانەیه بە هۆیانەوە شەڕ و خیانەت و دۆزەخ لە دنیادا دروست ئەبێ ..بەڵام کاتێ بە ئاسایی بژیت و .. بە بێ تامەزرۆیی بڕۆیتە سبەینێوە ، هەرچییەکی تێدا ڕوو بدات ، تا ڕادەیەک ، ئاسایی ئەبێتەوە ..واتا بژی وەک ئەوەی تۆ هی دنیایت ، نەک دنیا هی تۆیە .. چونکە بتەوێ و نەتەوێ ، تۆ کۆمەڵێ توخم و گەردیلەی ئەو خاکەیت ..
کێشەی بوون و نەبوون کە لە خەییامەوە تا دیکارت پێوەی سەرقاڵ بوو بوون .. پێشتریش لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی پێدراوە کە بە لە دەستچوونەکانمان خەمبار نەبین و بە دەسکەوەکانیشمان دڵخۆش نەبین .. چونکە ئەو شتانەی لە دەستمان چوون ، ئەگەر لەو بەروارەیشدا لە دەستمان نەچوونایه ، له بەروارێکی تردا لە دەستمان دەچوون ، هەر بۆیە پێویست بە خەم بۆ خواردنیان ناکا .. وەک چۆن دەسکەوتەکانیشمان پێویست بە دڵخۆشیی ناکەن لەبەرئەوەی بەروارێک بە ڕێوەیە تیایدا ئەو دەسکەوتانەیشمان لە دەست ئەچێ ..هەتا دڵخۆشتریش بیت بە دەسکەوتێک ، خەمبارتر ئەبیت بە لە دستدانی .. ئەمەیش بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پێناسەی مرۆڤی دانای لێکەوتەوە کە بریتییە لەو کەسەی خۆشیی دڵی خۆش ناکا و .. ناخۆشییش دڵی ناخۆش ناکا .. وەک چۆن خەییام ئەڵێ : ( وەها بزانە چی هەیە نییە ، چی نییە هەیە ، سەیرە ئەم حاڵە ) چونکە ئێمە کە ئەمڕۆ هەین ، ڕەنگە سبەینێ نەمێنین ، لە هەمان کاتدا ئەوانەی کە ئەمڕۆ نین ، سبەینێ لە دایک ئەبن .. بۆیە خەییام ئەڵێ وەها بزانە چی هەیە نییە و ..چی نییە هەیە !! .. کەواتە هەبوونی خۆمان کە گەورەترین دەسکەوتە بەو جۆرە لەبەردەم هەڕەشەی نەبووندا بێ ، ئەبێ ئەو دەسکەوت و خەون و هیوایانە چ نرخێکیان هەبێ وامان لێ بکەن جەنگ و خیانەت و درۆ و بەلاڕێدا بردنی بۆ بکەین ؟ .. ئا لێرەدا گەمژەیی جیهانی مەتریالیست دەردەکەوێ کە پشتی بە دەسکەوتەکان بەستووە ، لە کاتێکدا گەورەترین دەسکەوت کە ژیانە ، بەردەوام ئەمرێ .. یان گەورەترین دەسکەوت کە بوونە ، بەردەوام لە بەردەم هەڕەشەی نەبووندایه ..
هەر بۆیە دیکارتیش دەڵێت : کێشەکە لەوەدایە من هەم یان نیم ..
ئەگەر بڵێ من هەم ، ئەی چی لەگەڵ سبەینێدا ئەڵێی کە تیایدا نەبوون خۆی بۆ مەڵاس دابیت ؟ ئەگەر بیشڵێی من نیم ، هیچ کەسێک و پێش هەمووانیش خۆت بڕوا ناکەیت ، نەبیت ..
بەو جۆرە مرۆڤ بە کۆمەڵ ژیانی هەڵبژارد .. بۆ ئەوەی بە خۆی بسەلمێنێ کە هەیە .. ئەم خانووە منی تیا ئەژیم ، کەواتە من هەم .. ئەو فەرمانگەیە من کاری لێ ئەکەم ، کەواتە من هەم .. ئەو کەسە هاوسەرمە ، کەواتە من هەم .. ئەوانە مناڵی منن .. ئەوانە هاوڕێی منن ..ئەو جل و بەرگانە هی منن ، کەواتە من هەم .. لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا ، کاتێ قوڵ ئەبیتەوە ، ڕا ئەمێنیت ، بۆت دەرئەکەوێ کە تۆ هەبوویەکی بە دوای نەبووندا ئەگەڕێیت و هەتا نەیشیدۆزیتەوە ، کۆڵ نادەیت ..هەر بۆیە به بێ ئاگاداریی خۆت ، ئەو تامەزرۆییەت بۆ سبەینێ ، لە بێزاربوونتە لە ژیان .. لە ڕۆتین .. لە گەڕانتە بۆ نەبوون ..بۆ ئەوەی ڕزگارت بێ لە بوونێک کە بەردەوامە لە گەڕان بۆ نەبوون ..
بەڵام لە قۆڵێکی ترەوە ، گەڕان بۆ نەمریی ، کۆمەڵێکی تری سەرقاڵ کردووە ، کە لە ڕاستیدا هیچ لە کێشە سەرەکییەکە چارەسەر ناکا ، پەیکەرەکانی مایکل ئەنجیلۆ .. ڕۆمانەکانی تۆڵستۆی .. تابلۆکانی پیکاسۆ .. ناتوانن مایکل ئەنجیلۆ و تۆڵستۆی و پیکاسۆ بهێننەوە بوون ..بەو جۆرە ئەڵێن مادام ناویان ماوە ، کەواتە نەمرن ..ئەمەیش تەنها شتێکی خەیاڵییە ، یان ڕاستتر دەسکەوتێکی خەیاڵییە ، بۆ نمونە ڤنسنتێکی برسی و تینوو ، چی بکا لەوەی کە لە دوای مردنی تابلۆی گوڵەبەڕۆژەکەی بە 84 ملیۆن یۆرۆ کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێ ؟ کەواتە نەمرییەکی وا ، نەمرییەکی خەمگینە ، تەنانەت ئەگەر ڤنسنت لەناو گۆڕدا ، بوونی بۆ بگەڕێتەوە و بڕوانێتە ئەو سامانە گەورەیەی کە خۆی سەنتێکی لێ نەخوارد ، ڕەنگە جارێکی تر خۆی بکوژێتەوە ..
ئەم دۆخەیش سەلمێنەری ئەوەیە شارستانییەکان و داهێنانەکانی مرۆڤ ، وەک کۆمەڵێ پوش وان بە دەم زریانی نەبوونەوە ، نە ئەتوانن ، نە ئەتوانین بۆ چرکەی داهاتوو ، زامنی مانەوەیان و مانەوەمان بکەین .




دزینی ووتار.. نەوزاد بەندی

هەموومان ، نوسینمان لێرە و لەوێ ، براوە .. شیعرمان فڕێنراوە .. ئیتر لە کۆمەڵگایەکی سەیردا ئەژین ، تەنانەت یەکێک لەو ماعیرانەی کە شیعری بەندەی بردبوو بەناوی خۆیەوە لە پەیج و ڤیستڤاڵەکاندا خوێندبوویەوە ، پێم ووت : ( بۆچی شیعری منت دزیوە ؟ )
پێی ووتم : ( خۆ شیعری تۆ قورئان نییە !! بە دڵم بوو بردم !!)
ئاخر وەڵامی چی دەدەیتەوە ؟؟
هەر ئەوەندە پێم ووت پەشیمانم کە دانەیەک لە دیوانە شیعرییەکەم پێشکەش کردووی ، هەر ئێستا بیدڕە و بیکەرە تەنەکەی خۆڵەکەتەوە بۆ ئەوەی لەوە زیاتر نەیاندزیت !
لەم ڕۆژانەیشدا شتێکی سەیر ڕووی دا ، هاوڕێیەکم ڤیدیۆیەکی بۆ ناردم ، براڵەیەک بە ناوی بەرزانەوە ، بابەتێکی وەرگێڕراوی بەندە دەخوێنێتەوە لەسەر میرزا ئەدیب ، ئەو شاعیرە پاکستانییەی کە دزێک گیرفانی ئەبڕێت ، کە ئەبینێ تەنها نۆ ڕوپیەی پێیە و بە تەمایه بینێرێ بۆ دایکی بە داوای لێبوردنەوە کە پارەیەکی کەمە بەڵام بە هۆی لە دەستدانی ئیشەکەیەوە ناچار بووە ئەو بڕە کەمەی بۆ بنێرێ ، دزەکە غیرەت ئەیگرێ و ..41 ڕوپێی خۆی ئەخاتە سەر 9 ڕۆپێکە و ئەینێرێ بۆ دایکی میرزا ئەمین ..هەتا دوایی ..
ئەم بابەتەم بەناوی دزی شەریف و نیشتمانفرۆشی دز ، لە مانگی ئابی 2024 لە پەیجی دەنگەکاندا بڵاو کردۆتەوە کە لە ڕاستیدا لە زمانی عەرەبییەوە وەرمگێڕا بوو ..
ئەو بەرزانە بابەتەکەم بە هەڵە و شێواوییەوە ئەخوێنێتەوە ، بۆ نمونە من وتوومە : ( میرزا ئەدیب کە لە ساڵی 1999 کۆچی دوایی کردووە …) ئەو ئەڵێ : ( میرزا ئەدیب لە ساڵی 1999 لە یەکێک لە کتێبەکانیدا ئەڵێ ..!! )
بەم دۆخە سەرسام نەبووم ، شتێکی ئاساییە ، وڵاتێک دز فەرمانڕەوایی بکات ، بێگومان دزیی ئەبێتە پیشەیەکی بەرز و شاهانە ، وەک چینییەکان ئەڵێن فەمانڕەوا هەر هیوایەت و حەزێکی هەبێ ، ئەو هیوایەت و حەزه لەناو هاووڵاتیاندا دەبێتە جێی بایەخ و گرنگیپێدان ..بەڵام ئەوەی وای لێکردم ئەم چەند دێڕە بنووسم ئەوە بوو ، چۆن ئەو براڵەیه ڕێی بەخۆیداوە بابەتێک کە باسی دزی شەریف و نیشتمانفرۆشی دز ئەکا ، ببات و بە ناوی خۆیەوە بڵاوی بکاتەوە ؟؟ بە بێ ئەوەی بڵێ ئەم بابەتە فڵان کەس وەریگێڕاوە ؟؟ نا .. هەروەک ئەوەی خۆی لەگەڵ میرزا ئەدیبا بووبێت بەو جۆرە بڵاوی کردۆتەوە ..ئەوەیش لینکی ڤیدیۆکەی ئەو و بابەتەکەی بەندەیە :

https://www.facebook.com/share/v/1H32HsGYFj/?mibextid=D5vuiz




لەگەڵ ئەوەیشا.. شیعری نەوزاد بەندی

هەرچەندە گەڕانەوەکەم ،
بێ مانا بوو ..
لەگەڵ ئەوەیشا دڵخۆشم ..

٭ ٭ ٭

کە خەم لە هەر چوار لاوە بێ ،
ناچارم به پەردەی خەیاڵ
خۆم داپۆشم ..

٭ ٭ ٭

هەموو زیانێ ،
تامێکی تایبەتی هەیە ،
تامی لە دەستدانی
ئەو دەسکەوتانەی
کە توند توند
دەست و قاچیان شەتەک دابووی ..

٭ ٭ ٭

هەموو قازانجێ ،
چاڵێکە ،
قوتت ئەدا ،
تۆ لەو ڕاوە بێ ئاگا بووی

٭ ٭ ٭

مردن ، ئەو گوریسە زبره ئەپچڕێنێ ،
کە بە دنیاوەی بەستووین و ..
فێری کۆیلایەتیی کردووین ..

٭ ٭ ٭

ژیان ، قولاپێکە ،
ئەچەقێ لە گەروومان ،
لێنابێتەوە تا گیاندان ..
کاتێ مردووین ..

٭ ٭ ٭

گەڕامەوە ..
تۆ هێشتا لەوێ وەستا بووی ..
ئەتویست بزانیت دێمەوە ..
کاتێ هاتمەوە ،
تۆ ڕۆیشتیت ..

٭ ٭ ٭

من هاتبووم ،
پارچەکانم کۆکەمەوە ..
بەڵام تۆ لێم تێنەگەیشتیت ..

٭ ٭ ٭

ئێستا نازانم دانیشم
یان بڕۆم بەڕێی خۆمەوە ؟
هەرچەن بەو نیازە هاتم ، دانیشم ..
نەڕۆمەوە ..

٭ ٭ ٭

لەگەڵ ئەوەیشا ، دڵشادم ..
وەک کرێکارێکی ماندوو ،
پێخەفێ ختوکەی بدا ..
خەوێ چاوی گەرم بکا ..
دوور لە چرا و
لە مۆمەوە ..




هەوڵ ئەدەم بتبینم.. نەوزاد بەندی

لە هەموو جێ ..
لە هەموو کات ..
کە پەنجەرە ئەکەمەوە ،
ئەمەوێ پێش کزەی کانون ،
هەناسەی تۆ بێت و بڕوات ..
کاتێ پۆلیسی هات و چۆ ،
بە دەستێکی ڕامانئەگرێ ،
ئەمەوێ تۆ بی ..نەک هیچ کەس..
لەناو پاسا ،
ئەوەی لەبەردەممایه نا ،
با تۆ ئەوەی تەنیشتم بی ..
لەسەر شەقام ،
کاتێ سەر بەرز ئەکەمەوە ،
هەر کەسێ ببینم ، تۆ بی ..
تۆ هەورەکەی سەرسەرم بی ..
لە غەزەلنووس ،
نا ..نا.. ئەوەی تەنیشتم نا ،
تۆ ئەوەی بەرامبەرم بی ،
بە دیار دوو شەربەتی
ڕەنگپەڕیوی
ئەناناسەوە ، دانیشین ..
بێ ئەوەی سەیری تۆ بکەم ،
باسی چاخی پێش تۆ ناسینت بۆ بکەم ..
لە فڕۆکەخانە ،
کۆنتڕۆڵ ،
هاوێنەی کامێراکە نا ..
ئەمەوێ تۆ بمپشکنی ..
وەک عاشق ئاشکرا نەبم ..
سێبەرەکەم ئەبێ بە تۆ ،
قۆڵی ڕاستی
ئەکاتە ناو قوڵی چەپم ..
لەبەر باران ،
نیوەی چەترەکەم لادەدەم ،
وەک بڵێی زۆر نابا تۆ دێی ..
لەبەردەم چایخانەیەکی
سەفەریدا ،
کە قۆری و خەڵوز پێکەوە ،
قرچ قرچ ئاگر ئەتروکێنن ..
ئەوەی لە تەنیشتما داوای
چایەکی سەفەری ئەکا ،
ئەوە تۆی لەگەڵ چاکەدا ،
نوقوڵێکی بۆ ئەهێنن ..
ئەمەوێ ڕۆژانی باران ،
هەرچی لەسەر جادەکانە ،
هەموویان تۆ بن .. تەنها تۆ ..
دەماری مەچەکت لەناو
دەستما لێ با ..
کە بە دستی بەتاڵەوە ،
ئەگەڕێمەوە نیوەڕۆ ..




ڕاوچیی و قوربانیی.. نەوزاد بەندی

کە دێیتە دنیاوە ، ئەکەویتە دارستانێکەوە ، ئەبێ ببیت بە ڕاوچی ئەگەر نا ، ئەبیتە نێچیر و قوربانیی ..
بابەتەکە بەو ڕەهاییەیش نییە ، واتا ڕۆڵەکان هەندێ جار ئەگۆڕێن ،یان جێگۆڕکێ ئەکەن ، ڕاوچیی لە هەموو کات وشوێنەکانا ، ڕاوچی نییە ، ئەو بەڕێوەبەرەی خەون و ئارامیی و داهاتووی فەرمانبەرەکانی بۆ خۆی ڕاو ئەکات ، لە ژووری بەڕێوەبەری گشتیدا ، ئەبێ به نێچیر و قوربانیی ..یان ڕەنگە لە ماڵەوە قوربانیی دەستی هاوسەرەکەی بێ .. لە هەمان کاتیشدا نێچیر و قوربانیی ، لە هەندێ جێگای تردا ، لە هەندێ کاتی تردا ، ئەبێتە ڕاوچی ، بۆ نمونە ئەو سەربازەی کە عەریف و سەرکردەکانی بەردەوام ڕاوی ئەکەن ، کە ئەڕواتەوە بۆ ماڵەوە ئەکەوێتە ڕاوکردنی مناڵەکانی خۆی ..یان وەک قوربانیی مامەڵە لەگەڵ دراوسێکانیدا ئەکات ..
بەڵام ئەبێ لەوە بێ شک بیت کە لە دنیادا ، لە دوو ئەرک زیاتر ، ئەرکی سێییەم نییە ، ئەویش ڕاوچێتیی و بوون بە قوربانییە ..
هەر دێیتە ژیانەوە ، دایک و باوک ڕاوت ئەکەن ، جۆری پۆشاک و خواردن و زمان و ئایین و هەموو شتێکت بۆ دیاری ئەکەن و بەسەرتا ئەیسەپێنن .. تا دەگاتە ئەوەی ڕاوی خەون و هیواکانت ئەکەن ، ئەتخەنە سەر هەمان پیشەی خۆیان .. ئەوەتا بە ئاشکرا دیارە ، مناڵی پزیشک ، پزیشک دەردەچێ و ..مناڵی قەساب و دارتاشیش ، قەساب و دارتاش دەردەچن .. ئەم ڕاوکردنەیش بە گوتاری ڕێز و خێزان و بەها کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵێ دروشمی تر پەردەپۆشکراون ، بە جۆرێک قوربانییەکان ئامادەن سوێند بخۆن کە قوربانیی نین ..لە هەمان کاتدا ڕاوچێکانیش ئامادەن سێ بە سێ تەڵاقت بۆ بخۆن کە لە ژیانیاندا ئازاری مێروولەیەکیان نەداوە و .. دڵۆپێ خوێن ببینن ،ئەبورێنەوە .. ڕاستیش ئەکەن ، چونکە لەناو مێگەلدا ، (کە گۆستاف لۆبۆن بە مێگەل پێناسەی زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگا دەکات ) کوشتن تەنها ئەو کوشتنەیە چەقۆیەک یان فیشەکێک بوەشێنرێت و ..خوێن بڕژێت .. بێجگە لەو کوشتنە ، کوشتنی تر نییە .. واتا کەسێک ، خەون و ئاواتی ڕۆژنامەگەرییە یان وەرزشە ، تۆ هێواش هێواش بە لاڕێیدا ببەیت و بیکەیت بە پۆلیسی هاتوچۆ ،کوشتن نییە ، ئەمە بە بڕوای مێگەلەکە ، نەک هەر کوشتن نییە ، بەڵکو دامەزراندن و دەستگیربوونە لە پارە و .. هەنگاوی یەکەمە بۆ دروستکردنی خێزان و خستنەوەی کۆمەڵێ پۆلیسی هاتوچۆی خنجیلە ..
ئەمەیان ناسکترین و هێمنترین و بەسۆزترین ڕاوکردنە ، لەناو خێزاندایه و پڕپڕە لە بەزەیی و خۆشەویستیی ..بەو پەڕی دڵسۆزیی و وەفادارییەوە بەهێزەکان ، بێهێز ولاوازەکان لە قاڵب ئەدەن و.. هەرچی بیانەوێ لێیان دروست ئەکەن ..یان ڕاستتر خۆیان چۆن بن ، بوونەوەری لەو جۆرە بەرهەم دێنن ..حەز و خولیای خۆیان چۆن بێت ، هەمان حەز و خولیایش لەواندا دروست ئەکەن .. بەڵام لە دەرەوەی خێزان ، ئینجا ڕاوکردنە بێ بەزەیی و ئاشکراکە دێتە بەرچاو .. وەستایەک دەیان کرێکاری داوەتەبەر ، بە نانە سکیی ، لە بەیانییەوە تاکو ئێوارە کاریان پێ ئەکا و لێیان تووڕە ئەبێ و جنێویان پێ ئەدا .

ئەم لێ تووڕه بوون و جنێوپێدان و شکاندنە ، وەک ئەو تیرانە وان کە ئەدرێن لە پشتی گا ، لە زۆرانبازی گادا ، واتا زامدار کردن و شڕکردن و ماندوو کردنی قوربانییەکەیه بۆ ئەوەی ڕاوکردنەکەی ئاسان بێت یاخود بۆ ئەوەی قوربانییەکە بیر لە یاخیبوون و خۆدەربازکردن نەکاتەوە .. ڕێک وەک ئەو مشکەی ئەکەوێتە بەردەستی پشیلە ، کارێکی پێ دەکات ، ئازادیشی بکات ناتوانێت دەربازی بێ ، بڕوای تەواوەتیی بەوە دێنێ کە ئەو نێچیرە و ڕاوکراوە و خوراوە ..
ئەم بڕواهێنانەی نێچیر بەوەی کە ئەو قوربانییە ، یەکێکە لە کارەساتبارترین بڕیارە پێشوەختەکان ..لە هەمان کاتدا یەکێکە لە تاوانە قێزەونەکانی ڕاوچێکان ، کە هەستی چۆکدادان و خۆڕادەستکردن لە ناخی نێچیرەکانیاندا ئەچێنن .. ئیتر ملیۆنەها سەربازی گەنج و بەتوانا ئەبنە قوربانیی ڕاوچییەکی پیر و ناشیرین و پەککەوتوو ، کە توانیوێتیی ئەو هەستە کوشندەیه لەناو ئەو ملیۆنان گەنجە به توانایەدا بچێنێ و ڕاویان بکات ..بە دروشم و کۆمەڵێ درۆی شاخدار ، هەڵیانخەڵەتێنێ و بیانخاتە ناو داوەکەوە .. قوربانییەکان بیر لەوە ناکەنەوە ..نایشیانەوێ هیچ کەسێک ئەوەیان بیر بخاتەوە ، کە ڕاوچییەکی خوێڕی و پیر و ترسنۆک و بێ ویژدان ، ئەوانی بەو دەردە بردووە .. چونکە تازه ئەوان وەک مشکی بەردەستی پشیلەکە ، ئەژنۆیان شکاوە و ناتوانن بیر لە هیچ شتێکی تر بکەنەوە .. دۆخێکی تراژیدییە ، جەنگ و کۆمەڵکوژیی و برسیکردنی بە کۆمەڵ و هەموو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییەکان ، لەو دۆخەوە سەرچاوە ئەگرن .. واتا دۆخی بێ ویژدانیی ڕاوچییەکان و .. هەڵخەڵەتان و نائومێدیی قوربانییەکان ..
ئەوسا ئیتر دیلکردن و پەشێوکردن ئەبنە مۆدێل و ئەچنە ناو کولتوور و ئایین و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە .. تەماشا ئەکەیت مامۆستایەک ڕوو دەکاتە هەزاران نوێژ خوێن و تاوانباریان ئەکا کە وەک پێویست خوا ناناسن و گوناحیان زۆرە و ..بە قوڕ بەسەر و ڕەنج بە خەسار هەڕەشەیان لێ ئەکات و بۆیان ئەسەلمێنێ کە هەرچیبکەن لە ئاگری دۆزەخ قوتاریان نابێ ، ئەوانیش دڵیان پڕ ئەبێ و ئەگرین ..ئەوسا ئەو مامۆستا ئایینیە ئەبێتە یەکێک لە سەرکەوتووترین مامۆستاکان کە وا دەکات گوێبیستەکانی بگرین ..گریان لەو دۆخەدا ، هەڵکردنی ئاڵای سپی و ددان نانە بە تاوانباریی و گوناهبارییدا .. ئامادەیی نیشاندانە بۆ هەموو سزا و ئەرک و ئەشکەنجەیەک لە بەرامبەر ئەو گوناهـ و تاوانانەی کە مامۆستا بە سەریاندا سەپاندوویەتیی ..
هەروەها ئەو دکتۆرە ، ئەو نوسەرە ، ئەو بیریارەی کە به قێزەوە تەماشای ئەوانی تر ئەکا و ..بە هیچ نەزان و کۆیلە و بێ دەسەڵات و ملهوڕ ، پێناسەیان ئەکات .. ئەو دۆخە ، هەمان ئەو تیرانەیە کە ئەدرێن لە پشتی گا ، لە زۆرانبازیی گادا .. تەماشا ئەکەیت هەموو عەرەب چێژێکی تایبەتیی لە ووتارەکانی محەمەد ماغوت و عەلی وەردی و شیعرەکانی نزار قەبانیی ئەبینن کە جنێو و سوکایەتیی بە عەرەب دەکەن .. ئەوروپییەکان تام و چێژ لە نوسینەکانی نەعوم چۆمسکی و ئەلکسیس کاریل ئەبینن کە سوکایەتیی بە عەقڵی مۆدێرنە و تەکنۆلۆژیا ئەکەن و .. نوقڵانەی جەنگی وێرانکەر و داهاتووی تاریک و نوتەک لێدەدەن ..لێرەدا مرۆڤەکان خۆیان بە دوای ڕاوچێکانا ئەگەڕێن بۆ ئەوەی ڕاویان بکات …بۆ نمونە کە شۆڕش دژی دەرەبەگایەتیی لە ئیسپانیا بەرپا بوو ، جوتیاره کۆیلەکان ئازاد کران ..دوای ماوەیەک جوتیارەکان چوونەوە بۆ لای دەرەبەگەکانیان و ..داوایان کردن بیانکاتەوە به کۆیلە تاکو لە برسا نەمرن .. ئەمە پەڕ و باڵکردنی به کۆمەڵە ، بە جۆرێک ئیتر بیری ئازادی و هەڵفڕین ، ئەچێتە خانەی گەمژەیی و کوفر و تاوانەوە ، وەک دەڵێن ئەو باڵندانەی لەناو قەفەزدا لە دایکبوون ، لەلایان وایە هەڵفڕین تاوانێکی گەورەیە ..
کۆمەڵێک ڕێگا چارە ، کە بە حیساب بۆ ئازادیی و مەدەنییەت و به جیهانیبوون هاتنە ئاراوە ، وەکو ڕێکخراوە مرۆییەکان و ڕاگەیاندن .. کۆمەڵێ کەسایەتیی کاریزما و دژە کۆیلایەتیی و دژەڕەگەز پەرستییش پەیدا بوون و ..جەنگ و شۆڕشی گەورە گەورەیان بەرپا کرد ، لە دژی ڕاوی بە کومەڵی مرۆڤەکان ..بەڵام ئەو چالاکیی و کەسایەتییانەیش دواجار بوون بە بابەتی پڕوپاگەندە بۆ زیاتر ڕاوکردنی مرۆڤەکان ..بۆ نمونە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری دادپەروەرانە دەردەکات ، بەڵام ڕاوچییە گەورەکان مافی ڤیتۆیان بە خۆیان داوە بۆ ئیفلیجکردنیـ هەر بڕیارێک کە بە دڵیان نەبێ ..واتا ئەم ڕێکخراوە ئەبێ به گاڵتەجاڕ ..یان لە گاڵتەجاڕ ، گاڵتە جاڕتر ..
یان هەندێ جەنگاوەری هیندییە سوورەکانی وەک شیرۆکیی یان چۆڤرلێت ، کە دژی دڕندەیی و داگیرکاریی سپی پێستەکان ، تا دوا دڵۆپ خوێن جەنگان و کوژران ، ئێستا ئەو ناوانە کراون بە بڕاندی ئوتومبیل لە ووڵاتی داگیرکەرە زلهێزەکاندا وەک سیمبوڵی هێزو توانای مەکینە نەک مرۆڤ ، بانگەشەیان بۆ دەکەن .. ئەم گاڵتەپێکردن و پێڕابواردنە بە سیمبوڵەکانی ئازادی و پێشمەرگایەتیی ، ڕاوچێتیی تۆختر ئەکاتەوە و .. قوربانییەکان وا لێدەکات سەرسام بن پێیان .
لێرەدا گەورەترین هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی ئەم یاسای دارستانە ، ئایینەکان بوون .. لەو بارەیەوە وۆڵ دیوارنت لە مێژووی شارستانییەکاندا ، ئەڵێت : لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ شارستانیی و کۆمەڵە مرۆڤێک نەبوون ، ئاینێکیان نەبووبێ ..واتا ئایین بەردەوام لەگەڵ مرۆڤدا بووە ، وەک هەوڵێک بۆ چەککردنی ڕاوچێکان و ..ڕاهێنانەوەی نێچیرەکان بۆ ژیانێکی سەربەرزانە و ئازادانە ..بەڵام دواجار ، ڕاوچییە زەبەلاحەکان ، ئایینەکانیشیان وەک کەرەستەیەکی ڕاو بەکارهێنا و .. بە لاڕێیاندا بردن و .. دەستە و تاقمی هێندە ترسناکیان لێدروست کردن ، نێچیرەکان بە کۆمەڵ چوونەوە تەویلەکانی زلهێزان و .. بەڵێننامەی نێچیرایەتیی و کۆیلایەتیی و قوربانیبوونیان بۆ تازەکردنەوە ..

نەوزاد بەندی




کێڵگەی موچە و ئاو و کارەبا.. نەوزاد بەندی

بوونەوەران بە گشتی و مرۆڤ بە تایبەتیی هەوڵ بۆ ئەو شتانە ئەدەن کە نییانە ..کە دەستیان نەکەوتووە ..کە لێیان زەوتکراوە یان کە لێیان دزراوە ..
ئەم حاڵەتە دەروونییە ، ئەمڕۆ لە سیاسەتیی نێودەوڵەتیی و لۆکاڵییدا زۆر بە بێ ویژدانانە کاری پێکراوەو بە هۆیەوە مرۆڤەکان و خواست و ئامانجەکانیان بچووک کراوەنەتەوە ..ئەوەندە بچووک کراونەتەوە ، ڕەنگە بتوانین بڵێین کۆمەڵگاگەلێکی گێژ و گەمژە و ئەقڵسوک و ماندوویان دروستکردووە ، کۆمەڵگاگەلێکی پڕ له ناکۆکیی و دووبەرەکیی و دژایەتیی و کێبڕکێی نائاسایی و نایاسایی ، لە پێناوی هیچدا..
بۆ نمونە جارێکیان لە میسر ، لەگەڵ شۆفێرێکی میسرییدا لە جیزەوە چووین بۆ شەرملشەیخ ، ئەو شۆفێرە بە درێژایی شەو نەخەوت ، هەر خەریکی شۆفێریی بوو ، بۆ ڕۆژی دوایی ،نیوەڕۆ گەیشتینە جێ ، پێم ووت : ئێستا ئیتر بۆ خۆت بڕۆ بنوو ..
ووتی : نوستنی چی ؟ خوا ئەکا ئیش ئەبێ ، ئێستا ئەگەڕێمەوە بۆ قاهیرە !!
ووتم تۆ لە دوێنێوە نەخەوتویت ، ئێستا چۆن ئەتوانیت ؟
ووتی : لای ئێمە ئیش لە سەروو هەموو حیساب و کیتابێکەوە ، کە ئیش هەبوو ، هەموو جۆرە ئیسراحەت و خەو و خواردنێک ڕەت ئەکرێنەوە ، چونکە ئێمە زۆر بێ ئیش کراوین ..ڕەنگە بڵێم ئیش پێشی ئایین و عیبادەتیشی داوەتەوە لە میسر ، ئیتر خەو چییە ، ئوستاز ؟؟
ئەمە ئەو سیاسەتە ناشیرین و بێ ویژدانەیە کە مافێک یان چەند مافێکی سەرەتایی مرۆڤەکان زەوت ئەکات و ..وایان لێ ئەکات ، واز لە هەموو خواست و ئامانجە گەورەکانیان بێنن و ..بە دوای ئەو مافە سەرەتاییانەیاندا بگەڕێن ..بەو جۆرە واز لە بەها بەرزەکانی ئایین و شۆڕش و ڕیفۆرم و ئەدەب و هونەر و داهێنان و سامانە سروشتییە گەورەکان بهێنن ، بۆ ئەوەی داگیرکەری لۆکاڵیی نیشتمانیی بە هاوکاریی داگیرکەرە جیهانییەکان ، داهات و داهاتووی ئەو نیشتمانە هەڵلوشن و .. لە ئایین و زانست و هونەر و ئەدەب و داهێنان ، بە تەواوەتیی دایانماڵن ..
لێرەدا وەک نووسەر و پزیشکیی دەروونیی فەڕەنسیی لە سەردەمی داگیرکردن و کۆمەڵکوژییەکەی جەزائیرییەکاندا ، فرانتز فانۆن باسی لێوە دەکات ، داگیرکەرە جیهانییە زەبەلاحەکانی وەک فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەمریکا ، لە ڕێی هەندێ کەسایەتیی بەناو نیشتمانییەوە دەستوەردەدەنە کۆمەڵگاکانی جیهانی سێ ، بە حیساب ئەو کۆمەڵگایانەەگ سەرکردەی هاوزمان و هاوپۆشاک و خەباتگێڕ فەرمانڕەواییان دەکات و ئازاد و سەربەخۆن ، بەو جۆرە لە ڕێی ئەو فەرمانڕەوا خۆفرۆشانەوە ، ئەم دراما خەمگینە دەست پێدەکات و کۆمەڵگا بە لاڕێدا دەبەن .. چەند مافێکی زۆر سەرەتایی لە خەڵکەکە زەوت ئەکەن و بە بەهانەی جیا جیا قات و قڕیی ڕادەگەیەنن ، قەرزار بوونیان ڕادەگەیەنن .. وایان لێدەکەن هەموو ژیان و بیرکردنەوە و خەون و ئاواتیان لەو چەند مافە سەرەتاییەدا خەرج بکەن ، بەو جۆرە لە کۆمەڵگایەکی داهێنەرەوە ، دادەبەزن بۆ کۆمەڵگایەکی دەستسپی و نابەکام و بێ هیوا و ڕۆژەکانیان سەرجەم وەک یەکیان لێ دێ و .. خەون و هیواکانی سەرجەم مرۆڤەکان وەک یەکیان لێ دێت ، بەو جۆرە ئەو کۆمەڵگایه بە جۆرێ لە جۆرەکان ئەبێتە کۆمەڵگایەکی خەولێخراو ..کۆمەڵگایەکی بێ دەسەڵات و کاڵفام ..کۆمەڵگایەکی نابەکام و بێ کەسایەتیی ، یان ڕاستتر وەک کێڵگەیەکی پەلەوەر یان مێگەلێکی لێ دێت ..
تەماشا بکەن لە کوردستانی خۆماندا ، دوو مامۆستای ئاینیی ..دوو مامۆستای زانکۆ و ..دوو کرێکار و .. دوو فەرمانبەر و ..دوو دوکاندار و ..دوو مناڵ و .. دوو ژنی ماڵەوە کە کۆدەبنەوە ، باسی موچە دەکەن .. ئاخۆ کەی موچە دێت ..ئاخۆ کەی بەغداد تەواوکارییەکانی موچە دەنێرێ ..ئاخۆ چارەنوسی !!! موچەی مانگەکانی یانزە و دوانزە چییان بەسەردێت ..ئاخۆ پاشەکەوتەکە بە تەواوەتیی خوراوە یان ئەخرێتە سەر کارتی بانکیی ..کارتی هەژماری من یان نیشتمانیی باشە ..کامیان پڕکەینەوە ..کەی مان بگرین لە دژی پێنەدانی موچە ..
دوو شاعیر ..دوو وەرزشکار .. دوو مێژوونوس ..دوو ئەندازیار .، دوو خوێندکار ..دوو خانەنشین کاتێ کوئەبنەوە باسی بێ ئاوی و .. ماتۆڕی هەڵدانی ئاو دەکەن ..باسی ئەوە ئەکەن کە ئەمشەو سەعات دووی دوای نیوەشەو سەرە ئاویانە و نابێ بخەون ، بۆ ئەوەی تانکییەکانی لێ پڕ بکەن ..ئاخۆ نرخی تەنکەرێ ئاو به چەندە و .. ئایا بۆ خواردنەوە دەست ئەدا .. ئایا سۆندەکەی ئەگاتە نهۆمی دوو ..
دوو ڕۆژنامەنووس .. دوو پاسکیلچیی .. دوو دەستگێڕ .. دوو شۆفێر ..دوو بەرگدروو ..دوو عەرەبانچیی ..دوو پۆلیس .. دوو سەرتاش ..دوو پێشمەرگە کاتێ یەکتر ئەبینن ، باسی سەعاتەکانی کارەبای نیشتمانیی ئەکەن و .. باسی نرخی ئەمپێڕی موەلیدەی کارەبا ئەکەن و .. باسی چۆنێتی دانانی خانەی تیشکی خۆر ئەکەن تا لەم دەردە کوشندەیەی کارەبا ڕزگارییان بێ .. باسی ئنڤەیتەر ئەکەن ..باسی ئەوە ئەکەن چۆن خانۆکەیان بفرۆشن و بچن لە سیتییەکانی حیزب ، شوقەیەک بکڕن و ببن بە خاوەنی کارەبا و ئاوی 24 سەعاتیی .. لە ئەمپێڕ و جۆزە و هەڵسانەوەی جۆزە ڕزگاریان بێ .یان چۆن قاچاخچییەکی خاوەن متمانە بدۆزنەوە و .. سەری خۆیان بۆ ئەوروپا هەڵگرن و سێ بە سێ بێ کارەبایی تەڵاق بدەن ..
بەو جۆرە ، دەسەڵاتی کوردیی بۆ بچووککردنەوەی هاووڵاتییانی کورد ..بۆ تواندنەوەی بیر و باوەڕ و داهێنان و بەهرەکانی هاووڵاتیانی کورد ، لەسەر ئەو قڕتێخستنی سێ مافە سەرەتاییە کار ئەکا ، موچە و کارەبا و ئاو ..ئەو سێ شتەی کە هیچ کێشەیەکیان تیا نییە و کراون بە کێشە .. کە چارەسەرکردنیان زۆر ئاسانترە لە دروستکردنی ئەو سەدان تاوەرە هەوربڕەی کە دەسەڵات دروستیان ئەکا بۆ خۆی و ماڵ و مناڵەکانی .. بەڵام چارەسەریان ناکا ، چونکە لە بنچینەدا ئەو سێ کێشەیەی ئاو و کارەبا و موچە ، بۆ ئەوەیە کە دەسەڵات گەورە و باڵا بێ و هاووڵاتیانی کوردیش بودەڵە و بچووک ببنەوە ..وەک مناڵیان لێ بێ و هەمیشە لە هەوڵی یەکبینەدا بن بۆ دەستخستنی ئاو و کارەبا و موچە یان بۆ وەرگرتنی تازەترین و ڕاستترین هەواڵ سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی ئاو و کارەبا و موچە ..!! ئەم دۆخە تراژیدییە وا دەکات دوو مامۆستای فیزیا لە جیاتی باسی ئانیشتاین و نیوتن بکەن ، جنێو بە کاربەدەستی ئاو و کارەبا و موچە بدەن .. وا دەکا دوو ڕۆژنامەنوس لە جیاتی ئەوەی باسی داگیرکارە جیهانییه زەبەلاحەکان بکەن کە دەمیان ژەندۆتە نەوت و غاز و خاک و ئاوی نیشتمانەکەیانەوە ، باسی ئەوە ئەکەن ئاخۆ شاندی تازەی حوکمەتی هەرێم چ ڕۆژێ ئەچن بۆ بەغدا بۆ بەدواداچونی چارەنووسی موچەی مانگی یانزە و دوانزە .. دوو هونەرمەند لە جیاتی بیر لە کردنەوەی پێشانگا و دروستکردنی پەیکەری دوانزە سوارەی مەریوان و سمکۆ و قازی بکەنەوە ، بیر لەوە دەکەنەوە چۆن ژنەکانیان تەڵاق بدەن و ..چۆن وەک هاوڕێکانیان خۆیان بگەیەننە ئەوروپا .. دوو فێرخواز لە جیاتی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی زانستیی بن ، هەوڵی دنیا دەدەن نمرەی 100 لە 100 بێنن بۆ ئەوەی کۆلێژی پزیشکییان دەست بکەوێ کە تەنها کۆلێژە ، دادەمەزرێن و ئەبن بە موچە خۆر ..
ئەو نمونانە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو یارییە قێزەونەیە کە پیادە دەکرێ لە ڕێی بچووککردنەوەی مرۆڤەکانەوە ..کاتێ ژووری هاووڵاتیان تاریک ئەکەیت ..کاتێ هاووڵاتیان تینوو ئەکەیت ..کاتێ هاووڵاتیان برسی ئەکەیت لە ڕێی دەستخستنە بینەقاقای کارەبا و ئاو و موچەوە ، ئیدی ئەو هاووڵاتییە تایبەتمەندیی و پسپۆڕیی خۆی لە دەست دەدات .. لە جیاتی ئەوە ئەبێتە چاودێر بە سەر ئاو و کارەبا و موچەوە .. ئیدی ئەو هاووڵاتییە هەر بەهرەیەکی هەبێ ، هەر توانا و داهێنانێکی هەبێ ، هەمووی لەناو زەلکاوی بێ ئاوی و بێ کارەبایی و بێ موچەییدا هەرەس دێنن .. ئیتر هیچ بابەت و هەواڵێک لە نیشتماندا بوونی نامێنێ ، بێجگە لە هەواڵی ئەمپێڕی کارەبا و نۆرە ئاو و کاتی دابەشکردنی موچە ..لەوێد ئیتر پیاوەتی و کەرامەت و ئینتیما و نیشتمانپەروەریی کۆتاییان دێت ..
دوو زانا.. دوو پسپۆڕ .. دوو بەهرەدار ..دوو یەکەمی کۆلێژەکان ..دوو پاڵەوانی جیهانیی کورد .. کە کۆ دەبنەوە باسی زانست و پسپۆڕیی وورد و بەهرە و داهێنان و مەدالیا ئاڵتونیەکانیان ناکەن ، بەڵکو باسی ئەوە ئەکەن کە ئایا دەسەڵاتیی کوردی دایاندەمەزرێنێ و موچەیان بۆ دەبڕێتەوە ؟ ئایا دەسەڵاتی کوردیی شوقەی مۆدێرنیان بۆ دابین دەکات بە جۆرێ ڕزگاریان بێ لە هەردوو ئەژدیهای بێ ئاوی و بێ کارەبایی ؟
لێرەدا ئیتر شتێک نامێنێتەوە بە ناوی پیرۆزیی و بەرزیی زانست و پسپۆڕیی و بەهرەداریی و داهێنان و یەکەمیی و پاڵەوانێتیی .. یان ڕاستتر هەموو ئەو بەها بەرزانەی مرۆڤایەتیی ئەبنە هاوێنەیەک یان تەلەسکۆبێک بۆ گەڕان بە دوای ئاو و کارەبا و موچەدا ..
ئەوسا شتی سەیر و سەمەرە دێتە ئاراوە ، وەکو پڕۆفیسۆرێک کە چەندین داهێنانی ووردیی هەیە ، لە چەندین زانکۆی ئەوروپیدا وانە بێژ بووە و داهێنانەکانی لە زۆربەی ڕیڤییوە زانستییە جیهانییەکاندا چاپ کراوە ، دێتە گۆ و ..بە دڵێکی پڕ و ڕوخسارێکی تێکشکاوەوە ئەڵێ : بێ موچەیی وایلێکردووم ئوتومبیلەکەم بفرۆشم ، لە کاتێکدا ئوتومبیلی جی کڵاسی گرانبەها بۆ کچە مۆدێلە بێگانەکان ئەکڕن ..!
کار ئەگاتە ئەوەی ، دەسەڵاتی کوردیی خۆیشی ئەچێتە ناو یارییەکەوە و ..ئەڵێ : کاکە گیان ! موچەی من و هەر سێ سەرۆکایەتییەکە بخەنە کۆتایی خشتەی موچە دابەشکردنەوە ..!
لێرەدا ئیتر میللەت وەک مناڵێکی حەوت ساڵانەیان لێ دێت ، دڵیان بەوە خۆش ئەبێ کە وەزارەتەکەی ئەوان ، یەکەم وەزارەتە لە خشتەی دابەشکردنی موچەدا .. لە هەمان کاتدا کەسانێکی تر بێزاریی و توڕەیی خۆیان نیشان دەدەن بەرامبەر ئەوەی کە بۆچی لە خشتەی دابەشکردنی موچەدا ، وەزارەتەکەی ئەوان یەکەم نییە و خراوەتە ناوەڕاستەوە ..
بەو جۆرە ئیتر یارییەکە ، خەون و هیوا و ئامانجی هاووڵاتیان لەوەدا کۆدەبنەوە کە چەندەم ڕۆژ لە خشتەی موچەدا ، سەرەیان دێت .. ئیتر کۆمەڵگا ڕێک وەک شێتخانەی لێ دێت بە جۆرێک ئەوەی یەک شەممە موچە وەردەگرێت بەوەی کە شەممە موچە وەردەگرێت ، دەڵێ : لێدەن بۆ خۆتان ، ڕۆژێک پێش ئێمەن !! ..
ئەمە لە کاتێکدایە کە ملیارەها دۆلاری ئەو میللەتە لە ڕێی ئاودیو کردنی نەوت و غاز و داهاتەکانی ناوخۆ و گومرکەوە وون دەکرێ و ..ئەچێتە گیرفانی چەند داگیرکەرێکی جیهانی و لۆکاڵییەوە ..
ئەم دۆخە تراژییدییە درێژە دەکێشێ و .. ئاو و کارەبا و موچە ئەڕۆنە ناو کڕۆمۆسۆمەکانەوە و ..بۆ نەوەکانی داهاتوو ئەگوێزرێنەوە .. لەگەڵیدا مرۆڤێکی خاڵی لە هەموو بەها بەرزە مرۆڤایەتییەکان ، کە تەسبیحات تەنها بە سێ وشە ئەکات : ئاو ، کارەبا ، موچە … ئەگوێزرێتەوە ..
ئەوەیش گەورەترین تاوانی دژە مرۆڤایەتییە و لە جینۆساید ترسناکترە و ..پێویستە دادگاکان دۆسییەی بۆ بکەنەوە و ..ئەو دەسەڵاتە دادگایی بکەن کە مرۆڤی کوردی بە جۆرە بودەڵە و بچووک کردۆتەوە ، ترسناکتر لەوەی لە ڕۆمانی مەسخی فرانز کافکادا ، بەسەر گریگۆری سامبسادا هات .. چونکە گریگۆری یەک کەس بوو ، بوو بە سیسرک ..بەڵام گۆڕینی شەش حەوت ملیۆن مرۆڤ بۆ مێگەلی مەڕ و کێڵگەی مریشک ، تاوانێکە نابێ دادگاکان لێی بێ دەنگ بن .




ئەوە کوردە.. ئەوە کوردە.. ئەوە کورد.. شیعری نەوزاد بەندی

ـــ ـــ

بە هەوڵ و کار و خەباتی هەموو لایەک ،
توانیمان حوکمەتی کار بەڕێکەر
بگۆڕین بە حوکمەتێکی کەربەڕێکەر ..

٭ ٭ ٭

کاتێ مافی کوردێک ئەخۆی ،
خۆی شل ئەکا ،
لەبەر ئەوەی مافێکی تریشی بخۆی ..!

٭ ٭ ٭

گوێی لێ بگریت ،
بە هیچ شتێ ڕازی نییە ..
گوێی بۆ ببڕیت ،
بە هەموو شتێ ڕازییە ..

٭ ٭ ٭

بە هەوڵی دەسەڵاتی کورد و ..
بە بێ دەنگیی موچەخۆرانی لاتی کورد ،
کورد داهێنانێکی تری بۆ دەرهێنا
یان دەرهێنانێکی تری بۆ داهێنا :
مانگی 67 ڕۆژیی بوو .. تۆزێکی تریش شلی کەن ،
ئەیگەیەنینە 90 ڕۆژ ..
دڵنیام دوای نەوەد ڕۆژیش ، شلکردنتان هەر پێ ماوە ..
شلکردنتان بۆ دوای سەد ڕۆژیش داناوە ..!

٭ ٭ ٭

کورد ،
تاکە بوونەوەرێکە
لە مێژووی عیلمی حەیوانا ،
دڵی پڕ پڕە لە برین ..
ژیانی پڕ پڕە لە وەڕین ..
حەوشەکەی پڕ پڕە لە دز ..
کۆیلە و بەشخوراو و سەرکز ،
کەچی هەر دەم ئەکاتەوە ،
ڕێک بە قاقا پێ ئەکەنێ ..
ئەمە پێکەنینە ڕۆڵە یان پێداکەندنە ، ڕۆڵە ؟
ئەمە بێ حەیاییە، ڕۆڵە ،
یان عەقڵ دۆڕانە ، ڕۆڵە؟
ئەم هەموو نوکتەیە
لەکوێوەیه ..
چۆن ئەبارێ ؟
ئەمە نوکتەیە یان چڵمە شۆڕ بۆتەوە ، هەموو جارێ؟
یان میزە بە ڕێی قاچاخا ،
لە سەرەوە دێتە خوارێ ؟

٭ ٭ ٭
کاتێ بێگانەیەک
تۆپ و درۆن هەڵئەسێنێ
شار و دێی کورد ئەسوتێنێ ..
کورد لە پڕا ،
هەڵمەت بۆ بێگانە دێنێ ..
بۆ شەڕ نا ..
بۆ گەشت و گوزار ..
لە پایتەختی داگیرکەرەکەی ،
خەرج ئەکا ،
ساڵانە ملیاران دۆلار ..

٭ ٭ ٭

کورد پاڵەوانە بۆ شەڕی ،
کورد فەوتاندن ..
تاکە مەرجی کورد لە شەڕا ،
ئەوەیە بەرامبەر کورد بێ ..!

٭ ٭ ٭

کورد تەنها یەک کات گەرم ئەبێ و
دین و ئیمانی نامێنێ و
لە پڕ دەست ئەکا بە گریان ،
کە میکرۆفۆنی کەناڵێ ،
یەخەی ئەگرێ ..
تەنها ئەو کاتە، خەبەری ئەبێتەوە و
تێئەگا لە هەر چوارلاوە ،
خستوویانەتە ناو دەمی ،
ئەوەی پیسە یان پێڵاوە ..
ئەگەر شەش ملیۆن میکرۆفۆن ،
لە هەمان کاتا ، بخرێنە بەردەمی
تاک بە تاکی کورد ،
ڕێی تێ دەچێ بۆ چرکەیەک بتوانن لەسەر بە بابەتێ کۆبنەوە
یەکبوونیان پەرە پێ بدەن ..
تڕێ به کۆمەڵ لێبدەن ..

٭ ٭ ٭

لە خوای میهرەبان بە زیاد بێ ،
بە هەوڵی هەموو کوردەکان ،
جارێکی تر
هەرچی کوردە درا بە گان ..
توانیمان ووشەی دەسەڵات ،
بگۆڕین بۆ لات و مەنات ..
توانیمان ووشەی فەرمانبەر ،
بکەین بە دەنگدەر ..
بە هاندەر ..یان بە تاودەر ..
توانیمان وشەی جەماوەر ،
پڕکەین لە ئاو
بە بێ ئاگر ..
هەتا ئەبن بە سەماوەر ..

٭ ٭ ٭
کورد کە ئەبێ بە فەیلەسوف ،
ئینجا دەمی جڕت ئەگرێت و
بە لغاوەیا دێتە خوار ،
کەفاو و لینجاوی جنێو ..
کورد کە ئەگاتە دکتۆرا ،
ئینجا ڕوخساری ئەگۆڕێ و
ئەبێ بە دێو ..
تێ ناگەم لەم چاو و ڕاوە ..
بەڵام دڵنیام لە گڵ نا ،
کورد لە گو دروستکراوە ..

لە مێژووی گیانەوەرزانی و
تەنانەت ڕووەکزانیشا ،
هیچ بۆق و
بەڕوویەک نییە ،
نان و ئاو و ڕوناکی نەبێ و
نەیشمرێ ..
وشک نەبێ و
بۆ خۆی بژی ..
کەچی بۆ گیرفانی دوو باند ،
کردبێتی و بیکا چەندین شەڕی گەرمی براکوژیی ..
ئەوە کوردە ..
ئەوە کوردە .. ئەو کورد ..
حەیای نییە ،
مەڵێن بۆچی حەیات برد ..




غەیبەت.. نەوزاد بەندی

بۆ / ز …ۆ .. س ..س ..ۆ …ز ..

باران غەیبەتی تۆم لەلا ئەکا ،
ئەڵێ : چەندەها جار قژیم تەڕ کردووە و ..
نەهاتۆتە ژێر چەترەکەت ..
زریانیش هەر غەیبەتی تۆم لە لا ئەکا ،
ئەڵێ : چەند جار هەڕەشەی ڕافڕاندنم لێ کردووە و ..
نەهاتۆتە ئەشکەوتەکەت ..
لە لای درەختەکان بوختان بۆ تۆ ئەکەم ،
ئەڵێم : سەد جار هاتۆتە ئێرە و نەهاتووم ..
بەفر غەیبەتی تۆ ئەکا ،
ئەڵێ چەند جار پێم وتووە
ڕەق ئەبیتەوە ، وتوێتی :
کێشە نییە ! من ڕاهاتووم ..
لە لای شیعر ، زۆر خراپ باسی تۆ ئەکەم ،
ئەڵێم : ئەڵێ لە ووشە کۆشکێ دروست کە ،
پێکەوە تیایا نەمر بین ..
وەک مەم و زین ،
با لە دوو نەفەر زیاتر بین ..
لافاو دێ و غەیبەتت ئەکا ،
ئەڵێ : تا هەیوانەکەیشیان هاتم و ..
ناونیشانی تۆم ،
لە تەمی پەنجەرەکەیان بۆ هەڵکۆڵی ..
ووتی ناچم . . با بخنکێم !
لە قاوەخانەی غەزەلنووس ،
کوپێ قاوە غەیبەتی تۆم لەلا ئەکا ،
ئەڵێ : چەند جار پێم وتووە ،
ئەم تەنیاییە ئەتکوژێ ..
وتوێتی جا با بکوژرێم ..
بیرۆکەیەک غەیبەتی تۆم لە لا ئەکا ،
ئەڵێ : پێم وتووە بڕۆ ناو شیعرێکی ،
با وەک شیرین بەرز بیتەوە ..
ئەڵێ : ناچم ..من خۆم بەرزم ..
لای دارکاژێکی تۆزاویی ،
بێویژدانانە بوختانێ بۆ تۆ ئەکەم ،
ئەڵێم : وتی با ڕۆژێ گەڵاکانی تۆ کۆکەینەوە ..
ئەڵێ : جا کوا ؟ خۆ من هەر چوار وەرزە سەوزم ..
مقەست غەیبەتی تۆ ئەکا ،
ئەڵێ : هەزار جار پێی ئەڵێم ،
قژت نابڕم .. ئەو حەز ئەکا
شەپۆلێکی ڕەش دایپۆشێ ..
کەچی ئەڵێ : بیبڕە دەنا ئەیسوتێنم ..
ئەڵێ : دیاره لە داخی تۆ ،
شەڕ ئەفرۆشێ ..
لای خۆم غەیبەتی تۆ ئەکەم ،
ئەڵێم : ساڵانە چەندەها موچەی ئیلهامم لێ ئەخوا ..
شیعر و ڕۆمانیشی کوشتووم ..
خوێنی دەیەها کتێبی ،
لە هیچ و خۆڕایی ڕشتووم ..
خۆم باوەڕ بە خۆم ناکەم و
بە خۆم ئەڵێم : بڵێ به خوا ؟
کازیوە بە شێداریی دێ و غەیبەتی تۆم لە لا ئەکا ..
ئەڵێ : سەدجار ئاگادارم کردۆتەوە ،
پێم وتووە با هەرسێکمان ،
سێ شەممەیەک بچین بۆ شاخ ..
وتوێتی : ئەوت لەگەڵ بێ ،
یەک هەنگاو نانێم گەر هەموو ئەو ڕێگایەیش
داپۆشرێ بە کانیاو و باخ ..
فڕۆکەخانە غەیبەتی تۆم لا ئەکا ،
ئەڵێ سەد جار پێم وتووە ،
لەناو پایتەختە دوورەکان ،
دەیان شەقام و ئوتێل و
کەنار دەریا و
مۆڵ و کافێ ،
چاوتان بۆ ئەگێڕن ، دیار نین ..
چەندین گەشتی ناو هەورەکان ،
چەندین بلیت..
چەندین کورسی ،
چەندین نەورەس ،
چاوتان بۆ ئەگێڕن ، دیار نین ..
کەچی ئەڵێ : با بۆخۆیان چاوەڕێ بن ..
کێ وتوێتی قەت ئێمە دێین ؟
یان کێ ئەزانێ ئێمە کێین ؟
من لای پەنجەرەی نیوە شەو ،
زۆر دڵڕەقانە غەیبەتی تۆ ئەکەم و ..
ئەڵێم بەس توخوا ئەم باسە لە نێوانمانا دەرنەچێ ..
ئەڵێ : نا نا .. خەمت نەبێ ..
بەردەوام تەمەن دێتە لام ،
غەیبەتی تۆم لە لا ئەکا ..
ئەڵێ : هەمیشە پێی ئەڵێم ،
وا ئەو پیر بوو ..
لە داخی تۆ ،
لە دۆست و دوژمن زویر بوو ..
ئێ هیچ نەبێ ،
گۆچانێکی بۆ بکە بە دەست و دیاری ..
لە جیاتی ملپێچ و عەتر و
نیو پوتی مارکەی بوگاتی ، دەنکێ حەبی زەغت و
شەکرەت بە دەستەوە بێ کە هاتی ..
ئەڵێ : نەخێر ..
کێ ئەڵێ من پێش ئەو نامرم
بۆ ناڵێی بمرە لە جیاتی ؟؟!!
خەو غەیبەتی تۆم لا ئەکا ….

نەوزاد بەندی




ئێمەی شکستخواردوو.. نەوزاد بەندی

ئێمە لە پشت وێنەی کتێبخانەکانەوە،
نەخوێندەواریی خۆمان ئەشارینەوە ..
لە پشت تابلۆی ڤان کوخ و پیکاسۆ ،
بێهونەریی خۆمان ئەشارینەوە ..
وەکو چۆن براکوژییمان لە پێشمەرگایەتیدا چاند ..
وەک چۆن لەسەر پارەی گومرک ،
خوێنی هەزارانمان ڕژاند ..
وەک چۆن لە پشت تاج و نەجمە و چەک و فیشەکی بێگانە ،
ترس و بیم و ئەژنۆ لەرزەی خۆمان مات دا ..
وەک چۆن کفر و دوو ڕووییمان
لە پشت نوێژ و عەمرە و قورئانا قایم کرد ..
وەک چۆن میراتیی کچانمان وەک شیری دایکمان هەڵقوڕاند
وەک چۆن هەرچی تاوانمانە
لەگەڵ ڕۆژووی عەرەفەدا سڕانەوە ..!
لەگەڵ ئاوێکی دەستنوێژا ،
شۆرانەوە ..!
لەگەڵ یەک دوو دێڕ نزادا ،
هەمووی سفر کرانەوە..!
لە ژێر دەم و قەپۆزێکی هەڵئاوساوا ،
ڕوخساری هەرچی دوژمنی ئەم خەڵکەیە ، خۆی مات داوە ..
وەک چۆن لە پشت ئوتومبیلی دوا مۆدێل و قات و بۆینباخی گران ،
شکستی فەرمانڕەوایی و
ئیدارەمان ، شاردۆتەوە ..
ئێمە لە پشت ڕاستییەوە ،
درۆ و فێڵ و نامەردیی ئەشارینەوە ..
لە پشت سناپ و جوانکاریی،
ڕوخسارە ناقۆڵاکانمان شاردۆتەوە ..
وەک چۆن داڕمانەکانمان ،
لە پشت نوکتە و قسەی قۆڕا ، شاردۆتەوە ..
شەقامە دزێوەکانمان ،
بە ملیۆنەها ئوتومبیل شاردۆتەوە ..
وەک چۆن هەرچی دز و دیلکوژ و گەوادە ، لە پشت ئەنفال و کیمیایی هەڵەبجەدا خۆی مات داوە ..
وەک چۆن داڕمانی خێزانمان ،
لە پشت پێکەنینی درۆ و
کێک و سەگ و پشیلەدا شاردۆتەوە ..
وەک چۆن گەڕانەوەمان بۆ چاخی بەردین ،
لە پشت بورجی ئیڤڵ و
شەقامەکانی ئەوروپا خۆی مات داوە..
گۆرانییەکانمان ئەوەندە بۆگەنیان دێ ،
لە پارک و
شەقامی بێگانەیان هەڵئەکێشین ..
شیعرمان بووە بە پێڵاو ،
کێ بیەوێ لە پێی ئەکا ..
وەک چۆن دڕندەییمان ،
لە پشت وێنەیەکی دایکە تێرێسا و
مۆنالیزادا شاردۆتەوە..
ئێمە کۆیلەیی و نیفاق و سەرشۆڕیی خۆمان ،
لە پشتی مەردایەتیی
عومەری کوڕی خەتابا ، خۆی مات داوە ..
خۆپەرستیی تا سەر ئێسقان ،
لە ژێر خواپەرستییەکی ڕووکەشدا قایم ئەکەین ..
جەردەمان لە ژێر سێبەری حاتەمی تەی نیشتەجێیە ..
وەک چۆن زینا ،
لە ژێر پەردەی سیغە و میسیارا تێپەڕی ..
ئێمه تەنانەت ناتوانین وەک پشیلە ، پاشماوەکانمان وون بکەین ، بڕوانە ئاودەستخانەکان ..
ئێمە تەنانەت ناتوانین وەک ئاژەڵێک ، داوای مافەکانمان بکەین ، بڕوانە بۆ موچەکانمان ..
ئێمە هۆلاکۆ و هیتلەر و سەداممان ،
لە پشت سندوقێکی فێڵبازی دەنگدانا شاردۆتەوە ..
ئێمە کۆمەڵکوژیی و کۆمەڵدزیی و کۆمەڵکۆیلەییمان ،
لە پشت وشەیەکی سەقەتی
پڕ لە هەڵەی چاپ و لۆژیکیی
دیموکراسیدا مات داوە ..
وەک چۆن زۆر خۆریی و هەڵئاوسان ،
له پشت هۆڵەکانی جیما خۆی مات داوە ..
ئێمە حەیای تاراوگە و کەیسی پەنابەریی و کەمپەکانی پەنابەریشمان بردووە ..
ئێمە خوشکمان هەر بە ناوی ژنی خۆمان ، ئاودیوی ئەوروپا کرد و داشنەڕزاین .. هەر ئیش بڕوا ..!
وەک چۆن ترسنۆکیی و ملکەچییمان ،
لە ژێر ئایەتەکانی سەبر و
نزا و پاڕانەوەدا عەمبار کرد ..
ئێمە تەنانەت حەیای شەیتانیشمان برد ..
حەیای درۆ و
نیشتمانفرۆشیی و
خیانەتیشمان داچۆڕان ..
کەی درۆ و خیانەت و نیشتمانفرۆشیی گەیشتونەتە ئەم ڕادەیە ؟
تەنانەت کتێبی گینزیش شۆک بوو ، هیچ گەوادێ نە گەوادیی پێوانەیی لەو جۆرەی تۆمار کردووە و .. نەهیچ قەحبەگەلێک ئەو دۆخەی قبوڵکردووە ..
حەیای زەوی و دارستان و تڕۆژەی٭ نیشتەجێبوون و تاوەر و شوقه و مۆڵمان برد ..
حەیای وەرزش ..
حەیای ڤیستڤاڵ ..
حەیای پێشانگا ..
حەیای بازرگانیی ..
حەیای خەڵات ..
حەیای یەکەم ..دووەم و سێیەمیشمان برد ..
حەیای بەنگ و
هی کوشتن و
دزی و
شەڕواڵپیسیشمان برد ..
ئێمە خۆخۆریمان لە پشت ئەنتەرڤیو ، چاوپێکەوتنا شاردۆتەوە ..
ئێمە گەدە و ئەندامەکانی زاوزێمان ،
لەناو مێشک و چاو و گوێچکە و لووتمانا چاک شاردۆتەوە ..
وەک چۆن حەیای پەرلەمان و ڕۆژنامە و وەزارەت و پۆست و پلە و کورسیمان برد ..
حەیای ئاڵتون ..
حەیای مەرز و
حەیای قەرز و
حەیای لێدوان و مایکمان برد ..
وەک چۆن کابرا موچە و داهات و داهاتووی
شەش ملیۆن کەسی لە پێکرد ..
ئێمە لە پشت سەعاتی پاتیک فیلیب و ڕیش و مێزەر و تەسبیح و شانەوە خۆمان مات داوە ..
مێژوو و شەرەف و ئینتیما و پیاوەتیمان شار بەدەرکرد ..
ئێمە حەیای کارتی بانکی و کۆمپیوتەر و حەواڵە و داتابەیسی دنیامان برد ..
ئێمە پەردەی ڕێپێوان و بانگەشە و ڕای بەرامبەرمان به ڕۆژ دڕی ..
ئێمە نمرە و داهێنان و زانکۆ و بڕوانامەی گەنجمان تێکەڵی جوملەی پێڵاو کرد ..
حەیا و شەرەفی ووتار و هەواڵمان برد ..
کتێب‌ و قەڵەممان سووتان ..
هەرچی باڵدار و بێ باڵ و ئاژەڵە ،
ئێمەی جێهێڵا ..
دەریایش لە بەر کەلاکی ئێمە،
ژەنگ گرتی .. ڕەنگی شێوا ..تامی گۆڕا .. بۆگەنی کرد ..
ئێمەیش چ خەڵک و چ حوکمەت
لە کەلاکیان بێبەریی بووین ..
ئێستا هەرچی هۆڵی قومار و
سۆزانی و باندی مافیایه وەکو سەگ
سەیرمان ئەکەن ..
حاشای موتڵەقیان لێکردووین ..

تێر نەخواردن ،
چاوچنۆکیی ،
لە پشت حەدیس و ئایەت و ڕۆبن هود و ڕێکخراوەکان ، پارێزراون ..
ئێمه کوردکوژییمان لە پشت ناوی کوردایەتیی و ئەی ڕەقیبا ، شاردۆتەوە ..
ئێمه ئەوەندە بودەڵەین ،
تانجییەکی دوو بەهارە ئەتوانێ سەد ساڵ حوکممان کا ..
هەڵماتێکی ڕوو قرنجاو ، سەد ساڵ هەڵمانئەپەڕێنێ ..
بزمارێکی کەوش ئەتوانێ تا ئەبەد پەنجەرمان بکا ..
ئێمە مەرگمان له پشت جوڵەی وەک ئەفلام کارتۆن ، مات داوە ..
ئێمە حەیای باج و بودجە و سامانی زەوی و ژێر زەوی و کەلەپورمان تک – تک تکان ..
زانستمان بە قبوڵ خاس و پاڕالێڵ ، ئەتک کرد و
گیرفانی خەڵکمان به ناوی پاشەکەوتەوە ، گسک دا ..
ئەوەیشی هی شکان نەبوو ، تێکمانشکاند ..
هیچ کەسێکمان یەک ناڕەزایی دەرنەبڕی ..
ئێمە نەوتمان وەکو حوشتر لە هەزار لاوە سەربڕی ..
هەر ئەوەندە ماوە ، دزیی دەعوامان لەسەر تۆمار کا .. بڵێ : حاشا ! ئەم جەردەییە قبوڵ ناکەم ..
ئێمە حەیای خاڵی سنووریی و دەستوور و پەیماننامەی نێو دەوڵەتیی و ئیمزا و پەنجەمۆریشمان برد ..
هەر ئەوەندە ماوە ، شەیتان
بێتە دادگا و
هاوار بکا : حاشا وە لیلا بە خەویش ئەم ئافاتانەم نەدیوە ..!
ئێمە مافیامان لەودیوی ئاپۆڕەی بازاڕ قایم کرد ..
ئێمە خۆمان عەیبەیەکی هەرە گەورەین ، بۆیە هیچمان پێ عەیب نییە … ئێمە خۆمان تاوانێکی هەرە قورسین ، بۆیە هەموو تاوانێکمان لا نۆڕمەڵە.. ئێمە خۆمان هەر لە بنچینەدا سوکین ، بۆیە شانمان وا سوکایەتیی هەڵئەگرێ .. ئێمە خۆمان گۆڕستانین ، بۆیه هەموو جۆرەکانی ئەشکەنجە و مردن وەرئەگرین ..
لە پیسترین زۆنگاوی نەزانیی و زوڵم و نامەردیدا ،
پێش میللەتان ،
پێکی خۆمان خواردۆتەوە ..
ئێمە شێرپەنجەین ، شێرپەنجە ! ، خۆمان لە جەستەی دنیادا شاردۆتەوە …

٭ تڕۆژە : هەڵەی چاپ نییە .




میللەتێکی خۆخۆر یان شتگەلێکی هیچ.. نەوزاد بەندی

میللەتی کورد ، لە زیرەکترین میللەتەکانە .. هەموو جۆرە بەهرەکانی تێدایە ..لە بیرکاری و پزیشکی و سینەما و ئەندازیاری و هونەر و نوسیندا گەیشتۆتە چڵە پۆپە .. بەڵام لە گۆشە نیگای یەکترەوە ، هیچن ..!
تۆ بڕوانە لەو میللەتە ، بۆ نمونە کچێکی هەڵەبجە چەندەها مەدالیای ئاڵتونی هەیە لە بواری بەرزکردنەوەی قورساییدا ، هیچ کوردێک باسی ناکا ، ناچاره خۆی باسی خۆی بکا .. کارەساتێکی چەند گەورەیە خۆت باسی خۆت بکەیت لە پیناوی ئەوەی ئەرک وماندووبوونت وون نەبن ، خۆی و مەدالیاکانی بڕۆنە خزمەتی بەرپرسە بودەڵەکانی کورد ، کەچی ئەوان هەر تەماشایشی نەکەن ..تەنانەت وەک مشکێکی تۆپیو بۆ مەدالیاکانی بڕوانن .. داهێنەری ئوتومبیلی کارەبایی لە کۆمپانیای جەنڕاڵ مۆتۆڕی ئەمەریکیی ، کوردێکە ، هیچ کوردێک نایناسێ ، ناچاره خۆی باسی خۆی بکا ، به بێ ئەوەی هیچ کوردێک دەستخۆشییەکی لێ بکا ، به پێچەوانەوە ئەو هەر باسی چالاکی و داهێنانەکانی خۆی ئەکا و .. میللەتەکەیشی باوێشک ئەدەن .. کەناڵەکە ئەگۆڕن .. یان تێر جنێوی ئەکەن ..به درۆزن و فشەکەر و هەڵەوەڕ ئەیناسێنن ..پێی ئەڵێن ئەگەر پیاو بوویتایە لە شارەزوور یان لە بەستەسێن دروستت کردایە..!
گەورەترین دەرهێنەری سینەمایی کورد ، بە ناچاریی خۆی باسی خۆی ئەکا ، چونکە هیچ کوردێک باسی ناکا .. گوێی لێناگرن ، کە دێتەوە ، جۆرەها پرسیاری شەرمئامێزی لێ ئەکەن ، پێی ئەڵێن تۆ دزیت ، با لە ڤێستڤاڵی کان یش قازی بێت ، بەڵام تۆ دزیت .. گەورەترین گۆرانیبێژی ڕاپ و جێگرەوەی مایکڵ جاکسن ، کە کوردە .. نایناسن ..ئەویش به ناچاریی دێتەوە ناو میللەتەکەی و ..کەناڵێکی زۆر هەژار ، چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەکا و .پێی ئەڵێ : باسی خۆت بکە!! .. ئەبێ خۆی باسی خۆی بکا .. کەسیش گوێی لێ ناگرێ ، پێی ئەڵێن با بڕوا بێ ڕەوشتی وا .. هەزار ناوناتۆرەی دوا دەخەن ..
شتێکی چەند سەیرە ، میللەتێک پڕ بێ لە توانا و بەهرە ، بەڵام هەر خۆیان ئەو توانا و بەهرانە بە درۆ بخەنەوە .. ئەمە لە یاساکانی فیزیادا پێی دەووترێت سفرکردنەوە ، کاتێک چەند هێزێکی زۆر گەوره کە دژی یەک ئەبنەوە ، دەرئەنجامەکەی سفرە ..
ئیتر بەو جۆرە ، لە کاتێکدا نووسەری زۆر گەورەی جیهانیمان هەیە ، بەڵام لای خۆمان دز و درۆزن و بێ نرخە ..ئەویش ناچار ڕائەکا بۆ ئەوروپا و .. بە دەستێک قاپ ئەشوات و ..بە دەستەکەی تری ڕۆمان ئەنوسێ .. کە ئەیەوێ بێتەوە ، هەزار جنێوی مزری بۆ ئامادە ئەکەن ..
پیاوێکی دینداری گەورەی کورد ، لەلایەن دیندارەکانی هاوڕێیەوە ، جنێو باران ئەکرێت ، ئەکرێ بە کافر .. زەندیق .. خوێنی حەڵاڵ ئەکرێ ..
گەورەترین کێشەی تاکی کورد ئەوەیە ، کە ئەبێ واز له داهێنان بێنێ و ناچار بێ به چوارمشقیی لێی دانیشێ و .. باسی خۆی بۆ کورد بکا .. مەدالیاکانی ، خەڵاتەکانی کە میللەتانی تر پێیان داوە ، پیشانیان بدا ، بۆ ئەوەی پێی بڵێن درۆ ئەکەیت ..فشە فش مەکە .. ساڵەهای ساڵ ئەو داهێنەرانە باسی خۆیان ئەکەن چونکە هیچ کەسێک باسیان ناکات .. نەک هەر باسیان ناکەن ، بەڵکو تەنانەت ئامادە نین گوێیشیان لێ بگرن .. ئەوانیش به ناچاریی ،بە دڵی شکاوەوە ئەڕۆنەوە بۆ تاراوگە ، لەوێ فەرشی سووریان بۆ دادەخرێ و دەکرێنە پارێزگاری شارە گەورەکانیان وەکو تۆفیق بەگی پیرەمێرد کە 20 ساڵ پارێزگاری شاری ئەماسیای تورکیا بوو ..ڕێز و نرخاندنیان لەوێ بۆ ئەکرێ و .. لەوێ ئەمرن ..
کارەساتێکی چەند گەورەیە بەهرەمەندێکی کورد ڕووگیر بکەیت لە ئەمەریکا بێتەوە کوردستان ، بۆ ئەوەی گاڵتەی پێ بکەیت و پێی ڕابوێریت و ..وای لێ بکەیت لە مامۆستای زانکۆوە ببێتە ئاڵودەی ئەلکهول و ..لە داخ و مەراقدا بمرێ ..
شەرمەزارییەکی تا سەر ئێسقانە ، دانەری ئەلف و بێی زمانی کوردی ، کە دەیەها نەوەی بەرز و باڵا و زیرەکی بنیاتناوە ، ناچار بێ سەر هەڵبگرێ و لە تاراوگە بمرێ .. پێش ئەوەیشی بمرێ ، بە بەرچاوی خۆیەوە ، کتێبەکەی لە سیستمی خوێندن شار بەدەر بکرێ ، بۆ ئەوەی بە داخ و گینگڵدانەوە بمرێ .. کە ئەیشمرێ ، هیچ کوردێ نەک هەر فرمێسکێکی بۆ ناڕێژێ ، تەنانەت هیچ کوردێ نازانێ مردووە .. هەر بەو ئەلف و بێیەی کە فێری کردوون ، دوو دێڕ پرسەی بۆ نانوسرێ ..به پیتێکیش دڵی نادرێتەوە ..
ئەمە چۆن کارەساتێکە ؟ ئەم چ نەخۆشییەکە توشی عەقڵی ئەم میللەتە بووە ؟ کاتێ داهێنەرەکانی ناچار ئەکا ، ڕا بکەن ..خۆیان بکوژن .. شێت بن .. جۆرەها سوکایەتی و تاوان و بەدڕەوشتیی بۆ ئەچنن ، بۆ ئەوەی لە داهێنان ڕاوەستن .. بۆ ئەوەی تێک بشکێن .. بتوێنەوە ..داڕزێن .. حەیایان بچێ .. تف لە خۆیان و بەهرە و داهێنانەکانیان بکەن ..
لەم ڕۆژانەدا هاوڕێیەکم ، کە بڕوانامەیەکی بەرزی هەیە و ..ئەلتەرناتیڤی ئەنتی بایۆتیکی دۆزیوەتەوە ، هاتبوو باسی داهێنانەکانی خۆی بۆ ئەکردم ، کە هیچ زانکۆیەک ..هیچ کەناڵێک ..هیچ کوردێک حیسابی چڵە پوشێکیان بۆ نەکردووە ..چونکە ئێمە میللەتێکی دڕندەین ، ئەوانەی داهێنەرن تیایدا ، ئەبێ وەک مەڕ و کارئاسک لە حزووریاندا بپاڕێنەوە و باسی داهێنانەکانیان بکەن ، بۆ ئەوەی ئەوانیش بیانهاڕن ..بیانخەنە ژێر ڕەحمەتی کەڵبەکانیانەوە ..بیانخەنە ژێر شەستە بارانی تف و جنێو و سوکایەتییەوە ..
پزیشکێک کە لە ناوجەرگەی ئەوروپادا ، گەورەترین پڕفیسۆری شێرپەنجە بوو ، لێرەوە موگناتیزە چاوچنۆک و دڕەندەکان ، ڕایانکێشایەوە بە حیساب پێویستیان پێیەتی و چۆن ئەبێ خزمەتی بێگانە بکا و ..میللەتەکەیشی لە زەلکاوی شێرپەنجەدا بتلێتەوە ، بەو جۆرە وەک چۆن شەماڵ سائیبیان لە سەر کورسی دکتۆرا لە ئەمەریکا هێنایەوە بۆ ئەوەی لێرە سوکایەتیی پێبکەن ، ئەویشیان لە ناوجەرگەی ئەوروپا ، پێش ئەوەی مافی هاووڵاتیبوون وەربگرێ ، هێنایەوە ..تەماشا ئەکا دەستی دەستی پێ ئەکەن ..تەنانەت دامەزراندنەکەی بۆ تازه ناکەنەوە .. بۆ ئەوەی تەماشای بکەن کە چۆن بەرە بەره ڕیسوا ئەبێ و شێت ئەبێ و لەسەر شەقامەکان لە برسا ئەمرێ ..ئەمیش پێش ئەوەی کار لە کار بترازێ ، پەیوەندی به ئەوروپاوە ئەکا و .. پێیان ئەڵێ : هاوڕێیان ! میللەتەکەم خەریکە وەک حەزرەتی حسێن سەرم ئەبڕن ، چارم چییه ؟
پێی ئەڵێن : گەورەم تۆ ڕازی بیت بێیتەوە بۆ لامان ، ئێمە ئەتخەینە سەرچاومان ..
ئەڵێ : چۆن ئەتوانم بێمەوە ؟ من نە ڕەگەزنامەی ئێوەم هەیه و نە پاسپۆرت و نە هیچ ..
پێی ئەڵێن :ئەوە بۆ ئێمە لێ بگەڕێ ..
کاتێ ئەچێتە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە ئەوروپیە لە ووڵاتی شام ، کابرای باڵوێز لە بەری هەڵئەستێت و ..پێی ئەڵێ : بەس پێم بڵێ تۆ کێی ، گەورەم ؟
ئەڵێ : بۆچی ؟
ئەڵێ : ئەوەی بۆ تۆ کراوە ، لە مێژووی ئەوروپادا بۆ هیچ کەسێک نەکراوە .. هیچ کەسێک به بێ ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی ئەوروپیی نەیتوانیوە به شێوەیەکی فەرمیی و له ڕێی باڵوێزخانەیەکی ئەوروپییەوە ، بۆ ئەوروپا بڕوات .
تەماشا ئەکەی پەیکەرسازێکی جیهانیی کورد کە لە لیژنەی داڕێژەران و دروستکردنی دراوی جیهاندا ئەندامە ، دێتەوە لێرە پەراوێز ئەخرێ ، پەیکەر لەسەر ئەرکی خۆی دروست ئەکا وهێشتا پێی ئەڵێن دزە .. بە ناخی زەویدا ئەیبەن و تاک شەڕواڵێک له پێ ئەکا و لە دوکانێکی بچووکدا تەلی حاجەت شوشتن ئەفرۆشێ ..!
ئیتر بەو جۆرەیە ، سیاسیەکی کورد ، سیاسیەکانی تری کورد ڕیسوا ئەکا ..ئەیانکا به پەڕۆ .. لە بەرامبەردا باسی پڕۆژە و چاکسازییەکانی خۆی ئەکا ، لە هەزار لاوە جنێوی مزری بۆ ئەڕوات .. سیاسیەکانی تریش قۆڵی مەردانەی لێ هەڵئەماڵن ، بۆ هێرشکردنە سەر یەکتری و حەیابردنی یەکتری ..
گەشتیارە کوردەکان گەشتی ئەستەمبوڵ و کیش و باکوری ئێران و ئەوروپا ئەکەن و پارەکانیان لەوێ خەرج ئەکەن ، ناچنە مەهاباد و دیاربەکر و ورمێ و ئیلام ..
تەماشا ئەکەی دوو کورد یەکتری ئەبینن ، یەکێکیان ئەڵێ بەردەرگای خۆمان و ئێوەیشم پاک کردەوە .. ئەوەی تریان لە جیاتی دەستخۆشیی ، پێی ئەڵێ :جائەوە چییە ؟ من هی خۆمان و ئێوە و گەڕەکی ئەودیویشم پاک کردۆتەوە ..
یەکێکیان ئەڵێ :ئەمشەو سەد لاپەڕەم خوێندۆتەوە ..
ئەوەی تریان ئەڵێ : جا سەد لاپەڕە چییە؟ من هەر کاتی نانخواردن ،دووسەدم خوێندۆتەوە ..
یەکێکیان ئەڵێ : من چوار
حەج و هەشت عەمرەم کردووە .. ئەوەی تریان ئەڵێ : ئەوەی تۆ هیچ نییە ، من هەشت حەج و شانزە عەمرەم کردووە و شەهیدیشم ! ..
یەکێکیان ئەڵێ : من لە هەشت ڕۆژنامەدا ئەنووسم و پەنجا کتێبم بە چاپ گەیاندووە ..
ئەوەی تر ئەڵێ : هیچ نییە ،من هەر لە سکی دایکما بووم کە دوو ئەوەندەی تۆ کتێب و ووتارم هەبوو ..
کار گەیشتۆتە ئەوەی سەرکردەی کورد هەبووە لەڕێی کوردا شەهید بووە ..یان بیست ساڵە لە زینداندایه ، کەچی کورد جنێویان پێ ئەدەن .. یان لە باشترین حاڵەتدا ، پشتگوێیان ئەخەن ، وەک ئەوەی هەر هیچ نەبووبن ..بەو جۆرە ..
ئەمەیش دەرئەنجامی سەیر و گاڵتەجاڕی لێ سەرچاوە ئەگرێ ، بۆ نمونە سەیر ئەکەیت کەناڵە کوردییەکان ڕیکلام بۆ کاڵای دوژمنانی کورد ئەکەن و بازاڕیان بۆ پەیدا ئەکەن ، لە بەرامبەردا کاڵا ناوخۆییەکان سوک و ڕیسوا وخراپ نیشان ئەدەن ..بەو جۆرە بازاڕەکانی کوردستان ئەبنە بازاڕی کاڵاکانی دوژمنانی کوردستان و بە شانازیشەوە ئەو پڕۆسە قێزەونە ئەنجام ئەدەن ..
تەماشا ئەکەیت ، هەزاران ووتار لەسەر چیرۆکی مۆباسان و چیخۆف و ئێدگار ئاڵن پۆ ئەنووسن ، بەڵام تەنانەت دێڕێکیش لەسەر چیرۆکێکی حەسەن قزڵچی و حسێن عارف و کاوس قەفتان نانووسن .. تەنانەت گەنجێکی ئەمڕۆ نازانێ کاوس قەفتان و ئەحلام مەنسوور کێن و چ کارە بوون .. بەڵام ئەوەندە بابەتیان لەسەر کافکا و تۆڵستۆی و ئۆرهان پاموک و بۆرخیس خوێندۆتەوە وا ئەزانن ئەوانن باوکی ئەدەبی کوردیی .. کەسێک باس لە ووتارە ڕەخنەگرییە دوور و درێژەکانی فوئاد مەجید میسری ناکات ..نازانن ئەنوەر قادر محەمەد و عەبدوڵا پەشێو کێن و خەریکی چین .. بەڵام ئاگاداری شیعرەکانی فروخ وسوهراپ و نازم حیکمەت وڕامبۆن ..
ئەم دۆخە سەیر و ترسناکە وا ئەکات ئەو کۆمەڵگایه بۆگەن بکات .. تیایدا کرم و مار سەر دەربێنن و ببن بە کەسی باڵا و بەرپرس .. هەتا بێ ، کرم و مارەکان گەورەتر بن و.. کەلاکی کۆمەڵگایش قێزەونتر و بۆگەنتر بێ ..
تیایدا هیچ شانازی و شەرەفمەندیی و پیاوەتییەک نەمێنێ .. مرۆڤەکانی بێ ماف و بێ گوزەران و کۆیلە و سووک بن ، لەوەیش ناخۆشتر ، شانازیی بە بێ مافی و بێ گوزەرانی و کۆیلایەتیی و سوکایەتیەوە بکەن .. هەندێکیان بە تاقیکردنەوەی خوایی بۆ بەندەکانی لێکی بدەنەوە کە ئارامگرتن لەسەریان ، بەهەشتی تیا دەست دەکەوێت وەک پاداشت ..
هەندێکی تریشیان بە قۆناغه تاریکەکانی مێژووی دابنێن و چاوەڕوان بن تا قۆناغی ڕێنیسانسی کوردیی دێت ..!
هەندێکی تریش لایان وابێ ژیان هەر وایە و .. کۆمەڵگا هەر وایه ..
لە کاتێکدا چاڵێکە وهەموویان پێکەوە هەڵیانکەندووە و.. هەموویشیان پێکەوە تێیکەوتوون .. هەموویشیان پێکەوە لە کێشمە کێشمی ئەوەدان کەسیان لە چاڵەکە دەرباز نەبن ، وەکو چۆن تورکەکان بە خەڵکی ناوچاڵەکە پێناسەی کورد ئەکەن .




بە شەقامی کاک ئەحمەدی شێخا.. چیرۆکی : نەوزاد بەندی

ـــ ــ

( ئەزانی بۆ ؟ ژنبرامە هێشتا نانێکی لە ماڵما نەخواردووە …) ..( شتی قورس هەڵئەگرین ، ڕەحم بە بڕبڕەکانی پشتمان ناکەین ..) ..( ئەزانی ئێستا تەعین بووە ؟ یەعنی باران بێ ، بەفر بێ ، ڕەشەبا بێ ، ئەو حەقی نییە مەعاشەکەی بۆ بەستراوە ) .. ( ئێ خەڵکەکە ئەو وەزعەی پێ خۆشە ، فەرموو ئەوەیش دەنگدان ..) ..( هەموو شتێکمان پێچاوەتەوە ، چاوەڕێی قاچاخچییەکەین ، ئەڵێ ئەم چەند ڕۆژە لەسەرم ڕاوەستن ) ..( ئارەزووی خۆتە ، من وەک خۆم جلی لەنگە نەبێ ، لەبەری ناکەم ) ..( هەنار لەوێ گرانتر بوو ، سەیارەکەیشم نە کلاجی تیا ما ، نە بانس ) .. ( وەڵا خۆ من تمەنیشم کڕی ..) ..( بڕوا بکە ئەیدەم بە دەمیا ، وەڵا بیللا وا دایئەپۆڵسم بۆ حەوت پشتی عاقڵ ئەکەم ..) ..( درەنگ لە خەو هەڵسام .. ) ..( ناتوانم ، من ئیشی وا ناکەم ..) ..( ئەو خۆی حەز ئەکا جنێوی پێ بدرێ ، خەتای کەس نییە ) ..( براکەم ! یەک جار ئەووترێ زستان ساردە ) ..( حەز ئەکەم لەوە خراپترمان بەسەر بێ ..) ..( وەڵا خراپ نەبوو ، بەس زۆر ماندوو بووین ، دوانزە سەعات لەناو ئۆتۆبیسا بووین ) ..( لەرزم لێهاتووە ، سەنەوی و ئیجازەکەیشم وا تەواو ئەبن ، ئەبێ بڕۆمە ناو ڕۆژی حەشرەکەوە ) ..( دزن ، دز .. تۆ بە تەمای چیت ؟ ) ..( فەرعێکی تریشی کردۆتەوە ، بەس بەینی خۆمان بێ ، دەستی گۆڕیوە ) ..( ئەویش سوکە .. ئاااای چەنێ سوکە .. ) ..( دانەیەکیش بۆ من بکڕە ..) ..( هەمووی گۆشتی هیندییە ، وەڵڵا ..تۆ ئەم کوردە وا ئەناسی ؟ تۆزێ دوگی خۆمانەی پیا ئەتوێننەوە و یەڵڵا و بڕایەوە ) .. ( کاکە ، ژنی چی ؟ من خۆیشم پێ بەخێو ناکرێ ..) ..( بەڵام شتەکە بەو جۆرە بوو .. لێرە خەڵک وەک هەڵپەڕکێ ، یەک دوو حەرەکە زیاتر هیچی تر نازانن ) ..( بابە ، کتێبی چی ؟ کتێب و ئەم میللەتە ؟ ..) .. ( زۆر پیس دەوڵەمەند بوو ، بڕوا بکە کاتی خۆی باوکی ئەهات بۆ ئاشەکەی باپیرم ، سواڵی ووردە برنج و کەپەک و شتی ئەکرد ) ..( شیعرەکانی جوانن ، بەڵام خۆی زۆر بێ ئەخلاقە ..) ..( دووری بۆ مەڕۆ خۆم بکوژم ) ..( کەیفی خۆیەتی ، من ژیانی خۆم بۆ ئەو تێک نادەم ) ..( ئێمەیش ئەمساڵ خێرمان نەکرد ) ..( وەڵاهی با پێت بڵێم هەمووی بەتاڵە ، بەس ئەشەوبیلا نوێژەکان جێی خۆیان ئەگرن ) ..( ئێستایش خەریکی تەقریر نوسینە ) ..( من لە سبەینێوە دەست پێ ئەکەم ) .. ( ئێ بەڵێ وایە ، بەڵام وەرە قسە بۆ خۆی بکە ، بزانە مێشکت ناتەقێنێ ..) ..( هەتا دوو سێ ڕۆژ لێی ئەوەستم ، تەواو تەحەمولم نەما ) ..( ئەزانم ، کوڕی چاکە .. مەوقیفیشی هەیە ) ..( کورە کاریزمای چی ؟ تۆ تەواوی ؟ ) ..( بە جدیتە ؟ وەڵا بە عاقڵم ئەزانیت ) ..( ئەم عەسرە دوو کیلۆم فرۆشتووە ، ئەوەی ماوەتەوە تا سبەینێ ئەترشێ ! ) ..( نەوەڵڵا ، مەیە ..بەخوا تاقەتی کەسم نەماوە ..) ..( بەڵێ ، چوار مانگم ماوە ، ئیتر نەجاتم ئەبێ ) ..( حەلی تری نەبوو ، تەڵاقم دا ) ..( ئێرەیش ئەو خراپە نییە ، دنیا هەمووی تێکچووە ) ..( کورە پیاوی خۆیانە ) .. ( لای بە برا ؟ سەیری ئیخباری چی ئەکەی ؟ ) ..( ئێ باشە ، بەس بەخوا مریشکەکەی بۆنساردە ) ..( زۆر سوپاس ، جا ئەوەیش هی تۆیە ..) ..( ئەرێ دوێنێ شەو ئەو زرمەیە چی بوو ؟ ) ..( خۆی عەریزەکەی بۆ نووسیم ، بە دەستی خۆی ..) ..( بەخوا بووە بە فلیم ) ..( خەڵکەکە هەر یەکەی لە ئاشێ ئەکا ، شۆڕشی چی ؟ ) ..( هەر یەکەم ڕۆژ زانیم دز و ڕیسوایە ) ..( گەندەڵیی چی ؟ ئێمەیش بچینە ئەو شوێنە لەو باشتر نابین ) ..( چوار جار تەلەفۆنم بۆ کرد ، هەڵی نەگرت ، چی لێ بکەم ؟ ) ..( خەتای ئەو نییە ..) ..( خۆی وازم لێ ناهێنێ ، ئەڵێ نەیەی خۆم ئەسوتێنم ) .. ( قەت پاسکیل بۆ مناڵ مەکڕە بە تایبەت بۆ کچ ) ..( ئیتر شەوان کارەباکە ئەبڕن ..تەواو ، ئەبێتەوە بە تەویلە ) ..( من حەقم نییە بە سەریانەوە ، خوای ئەکرد دایکی یەکیان ئە…..ا ) ..( ئێ ئەوە کەی بوو ؟ بیست ساڵ پێش ئێستا ..) ..( گەوادی وا تا دوێنێ بوو سوێندی بەسەری لینین ئەخوارد ) ..( خۆی داوای کرد ، من ئاگام لێ نەبوو ) ..( ئێ وا جگەرەیشم تەرک کرد ، چی ئەبێ ؟ سێ چوار ساڵ زیاتر لەم زۆنگاوەدا ..) ..( چوار ژنی هەیە ، هێشتا چاوی بزە ..) ..( ئەمجارە ڕێک پیایا ئەکێشم ..) ..( دوێنێ شەو سەعات سێی بەرەبەیان هاتینەوە ، خەڵک ئێستا هیچی ناخەون ) ..( سەر وپێکە زوو کوڵا ؟ ) ..( تیک تۆکی چی ؟ بە بیلاهی ئەو خەڵکە هەمووی شێت بوون ) ..( جا خەیاتییەک ئەکا ، بڕوا ناکەم کەس شان با لە شانی ) ..( گویش بە دێلیڤەریی بێ ، هەمووی ئەخۆن ) ..( من وەک تۆ نیم ، مەمکە بە ڕەفیقی خۆت ) ..( بە تەمام بیفرۆشم ..جا خوا نەکا بتەوێ شتێ بفرۆشی ، بۆت ئەکەن بە پوش ) ..( ئەویش حەزی ئەکرد ، بەڵام باوک و براکەی نەیانهێشت ) ..( ئێ وا تەواویشت کرد ، خۆ ئەو جادانە پڕن لە خەریجی کولیه و مەعهەد کەس کەریان پێ نابەستێتەوە ) ..( ئەزانی مامی کێیە ؟ بۆیە وا لێئەخۆڕێ ) ..( خۆبەخشییەکە لە هیچ باشترە ، پیاو لە ماڵەوە دڵی ئەتەقێ ) ..( باوک نییە ، ڕێک سەگی هار ) ..( من تەداخولیان ناکەم ، ئەوەندەم ووت و سوودی نەبوو ، تەواو ..) ..( مناڵ ؟ بە تەمای مناڵیت خزمەتت بکەن ؟ ) ..( باوکم بە شەرەفم درۆ ئەکەی ) ..( بۆ دوو ساڵ ئەچێ دایبی پێ هەڵئەگرین ، لە وەزعێکاین مەگەر ئەو خوایه … ) .. ( ئەوانیش ئۆتیزمێکیان هەیە ) ..( وەرە زەلام بە ڕۆژی ڕوناک شیعری ئەم و ئەو بدزی ) .. ( ئێ مناڵی یەک کۆڵان بووین ، بەس ئیتر چی ئەڵێی ، ئەوە ئەوە و ..ئەمەیش منم کە ئەمبینی ..) ..( تۆزێ وەرەقی غاری تێکە ، عەیبی نامێنێ ) ..( ئێمەیش لە هیران و نازەنینەوە هاتینەوە ، توخوا ئەوە ڕێگایە ؟ ) ..( بەڵێ .. ئەرەوەڵا حەبلی شەوکی پچڕاوە ..) ..( سەگبابانە دوو پاس لەسەر جادەکان دانانێن ، مەعقولە ملیۆنێک کەس ملیۆنێک سەیارە.. ) .. ( دەستاوی خۆشە ، بەس زۆر ئەڵێ .. ) .. ( بەسەری خاڵە هەمووی یەک بەزمە ) .. ( ماستەکەی خراپ نییە ، بەس بەخوا شیری وشکی تێکەڵ نەکا ، حەجەکەی قبوڵ نابێ ..) ..( یەک دان بە سەد دۆلار پڕ ئەکاتەوە ، بەریش ناکەوێ ) ..( جا من حەقم چییە ؟ خوای ئەکرد ئەیانتۆپان ) ..( ئاگاتان لە بومەلەرزەکەی دوێنێ شەو بوو ؟ ) ..( ئەها وەک ڕێوی چۆن خۆی مت کردووە و ورتەی لێوە نایەت ؟ جارانیش کە له ژێر قۆنەرەیا بوو ، مێشکی بردبووین ) ..( بەس سیواک .. تا ئێستا مەعجونی دانم .. ) .. ( دوێنێ بینیم ، ملی حیز کرد و خۆی لێ گێل کردم ) ..( جارێکی تر لەو مزگەوتە نوێژ ناکەم ) ..( ئێ ئەویش هەر کورد نییە ؟ بە تەمای نیڵسۆن ماندێلا بێ ؟ وەڵا بیلا لەوان بێ ئەخلاقترە ) ..( نازانم ، بەس فەحسەکانی پاک بوون ) ..( ئەزانی ڕێک بە عەلاگەکەوە کردمه ناو تەنەکەی خۆڵەکە ) ..( ئەیهاوار ، ئەمە بازاڕە یان کوڕەو ؟ ) .. (بیشتۆپم ناچم بۆ لای دکتۆر ، دکتۆری چی ؟ بە کەرامەتم بەس خەڵک ڕووتاوەنەوەیە ) ..( بزانە گوێت لە پێکەنینێک ئەبێ ؟ ) .. (وەڵڵا ئێستا دەوامەکەم داوە بە کرێ ) ..( ئێ برا ئێمەیش وەک کوێت و سعودیە نەوتمان هەیە ..) ..( حەز ئەکەم چاوم کوێر بێ نەیبینم ) ..( تۆ چوار پێنج ساڵی کە سەیری کە ، بزانە عەرەب نابن بە زۆرینە ) ..( نازانم ، هەر کەسێ ئەبینی فەتح سەدری بۆ ئەکەن ..وەک تەئسیساتی ئاوی لێ هاتووە ) ..( درۆ ئەکا ، تۆیش عەقڵت هەبێ گوێی بۆ ناگری ، ڕەجائەن مەچۆ بۆ لای ) ..( ئێ برا لە سەیتەرەی منا نەماون ، ڕووی بابی ئەوە ڕەش بێ مناڵ ئەخاتەوە ) ..( ئەوەی منیش کیلۆمەتر سفر بوو ، بەس بە خوا بە یەک توور ) ..( ئێ باشە دێم ، بەڵام کەی بڕۆین ؟ ) ..( منیش خۆشم ئەوێ ، بەس قسەی قۆڕە ، پارەت پێ نەبوو لە پەنایەکا خۆت مات دە تا مەلەکلمەوت دێ ) ..( سێ چوار واستەم بۆ کردووە ، لەو مەکتەبە وەریناگرن ، موعەدەلەکەیشی نەوە و شەشە ) ..( وەڵا ئەڵێن گۆشتی مەڕە ، بەس چۆن وا هەرزان ؟ ) ..( هەر سەر سەلامەت بێ ) ..( نابێ خۆمان هیچ دروست کەین ) ..( توخوا ئێمە میللەتین یان عیللەتین ؟ ) ..( ئێ دە وەرە تۆ قسەی لەگەڵ بکە ..) ..( برا گەورەکەی ڕەفیقمە ، ناتوانم هیچ بڵێم ) ..( بە ڕاستی بێ ئەدەبە ، باشە ئەمە تەریق نابێتەوە ؟ ) ..( کاکە گیان خەڵک ڕازین ) ..( بابە ،لەگەڵ سەیدەلیە و موختەبەر و سۆنەرا شەریکە ) ..( ئێستایش کە ئەیبینم دڵم ئەکرێتەوە ، زۆر سەیرە ) .. ( هەر دوو ڕۆژە ، جا ئەڕۆنەوە ناو قاوغەکانی خۆیان ) ..( بەخوا شانزە دەرزی ، بە هەشت دەفتەر دۆلار ) ..( هێشتا هەڵمات و ڕەسمەکانی جۆلیانۆ جیما و ترنتیم ماوە ) ..( ئەوە خۆی بە چی ئەزانێ ؟ لای من یەک تاک پێڵاوە ) ..( ئێ چوزانم هایدرۆلیکی قەبری باوکی تێکردبوو . گێڕەکەی هەڵسان ) ..( برنجی تیا نەبێ ، تێر نابم ) ..( جا هەر ئەوە ؟ بڕوا بکە وار و وێخیان لەسەر خۆیان و مناڵەکانیان تاپۆ کردووە ) ..( پیاو نازانێ گوێ لە چی بگرێ ؟ وایان لێکردووی بڕوا بە بانگی موحەمەدیش نەکەی ) ..( سەعاتەکەی ڕێپلیکایه ) ..( دەتوخوا گوێ ئەدەیتە چی ؟ ) .. ( نەوەڵا ئێستا نوێژ ناکەم ) ..( بەس تەقاعود بم ، ئەڕۆم ..گوی سەگی تێ ئەکەم ) ..( هونەری چی ؟ نەبی بە پیاوی حیزب ، شکسپیریس بی ، ڕیسوات ئەکەن ) ..( ئێ خۆشە لە ئەوروپا قاچ بخەیتە سەر قاچ و دەربارەی ئەم سەرسەریخانەیە بنوسیت ) ..(من لە نەقڵیات نەبێ ، سەرناکەوم ) ..( عەمەلیاتی بۆ مەکە ، خراپتر ئەبێ ) ..( بەس ئەوەیان بەنزینەکەی باشە ) ..(ئێ خەڵک قسە ناکا ، هەر باشە سواریشمان نابن ) ..( حەرامە ، بابە ..شتی وا نەکەی ، ئەی ئەو خەڵکە گوناحیان چیە دۆلار بە 150 ئەکڕن ) ..( ئیتر بووە بە مۆدێل ، وەک لوتقرتاندنەکەی لێهاتووە ) ..( توخوا جاران یەک نەوع چیمەنتۆ نەبوو ؟ ئێستا پەنجا نەوع هەیە و ..هەموویشی درزی تێ ئەبێ ) ..( ئەمان خۆیان لە ئەڵمانیاوە ئەیهێنن ، تەقلیدیش ناکرێ ) ..( یەعنی ئیلا ئەبێ شاشە 75 بێ ؟ ) ..( وەڵا سوودی نییە ، حەز ئەکەی پێیشی بڵێ ) ..( جا بۆ کوێی ئەبەن ؟ ئیشەڵڵا بە تۆپیویی ئەیانبینین ) ..( ئاڵتونی چی ؟ ئەم خەڵکە زۆر بێ دەماغن ) ..( بە ئارەزووی خۆت ، من هەر ئەوە شک ئەبەم ) ..( سەد ساڵە لە باو باپیرانەوە بۆیان ماوەتەوە ) ..( پێشی زوو تەقەی تێ ئەکەوێ ئاگادار بە ) ..( سەدام حسێن چی بەسەرهات ؟ قابیلە لە سەدام حسێن موهیمتر بن ؟ ) .. ( ئێستا ئەوانەی کەرکوکیش گرانجان بوون ) ..( وەڵا هەمووی ببێ بە مۆڵ ، ئەم زاتە سەر ناکا به مۆڵێکا ) ..( من یەکەم کەسم کە ئیمزای ئەکەم ) ..( ڕاستە دز کوڕی دزە ، بەس مەوقیفی جوانیشی هەیە ) ..( توخوا ئەوە شارە ؟ ) ..( بەڵێ .. ڕێک تەقەی لێکردووە و کوشتوێتی ، کەسیش گونی نەگرتووە ) ..( باشه وەڵاهی سەیرە ، تۆ وەرە شەش ملیۆن کەس ئاوا خەسێنرا بن .. شەش ملیۆن پشیلە بوونایە باشتر بوو ) ..( ئاگاداری خۆت بە ، قسە لەملا و لا فڕێ مەدە ) ..( هێشتا بیری ئەکەم ، ئەزانی چەن ساڵە ؟ ) ..( ئێستا ئەم بەزمەیش داهاتووە ) .. ( هەتا من مابم نابێ ئەم حوکمەتە ئیستیفادەی فلسێکم لێ بکا ) .. ( کۆدی خاشاکەکەم لێکردەوە و کردم بە قەبری باوکیانا ) .. ( ئەویش فڕی ،تەواو ).. ( دە گوبخۆ . . ڕیسوا ) ..(وەرە بانگیان کە .. ئەوە مۆبایلەکەی من ، یەک یەک ئاگاداریان کەرەوە ، بزانە چەندیان دێن ) ..( خۆی کە بووی بە فەرمانبەر ئیتر ئەبی بە کۆیلە ) ..(ڕانک و چۆغەیەک ئەدوورێ ، ڕێک قاڵبیی ) ..( خوا هەڵناگرێ هات بۆ ماڵمان و عوزرخوایی هێنایەوە ، ئێ منیش چی بکەم ؟ لێی خۆش بووم ) ..( بڕوا بکە بە دوو سەعات تەقەم لێ هەستاند ) ..( بەخوا هەر نانەسکیەکەیە ) .. ( وەڵاهیی من لە فەقیریی بێزار نیم ، بەس ئەم گەوادانە ئەبینم بە ڤێلا و سەیارەی ئاخر مۆدێلەوە خەریکە دڵم ئەتەقێ ، بە بێ ئەوەی پوشێکیان نابێتە سەر پوشێ ..) …( منیش بۆم کڕی ، چی بکەم ؟ بەخوا یەک CD بە 65 هەزارە ..ئەمەیان سی دییەکانی زۆر گرانن ) ..(هەر لێرە وایە ، هەتا ئیش زیاتر بکەی ، فەقیرتر ئەبی ..هەرچی ملیۆنێریشە وەک مانگای مالوان لێی کەوتوون ، یەک دڵۆپە عارەقیان نەڕشتووە ) ..( کوڕەکەی منیش دەرەجەی نەهێنا ) ..( فێر بووە هەتا نەبێ بە زستان ، داوای ئایسکرێم ناکا ) ..( بەڵێ، کاکم ئێستا ڤایپ ئەکێشێ ).. ( ئیتر دنیا هەر وایە ، بە تەمای چیت لە دنیا ؟ ) ..( هاکا فەرتەنەکە دەستێ پێ کرد ) .. ( نازانم ، دوێنێ بوو ، پێرێ بوو ، چووم بۆ لای .. هیچ فەرقی نەکردووە ) ..( جا برا ئەوان چی دەربەستن ؟ یا ئەڵڵای ئەکرد مەکتەب و خەستەخانەیش دائەخران .. بۆ خۆیان باشترە ، هەرچی مەکتەب و خەستەخانەی ئەهلیی هەیە هی خۆیانە ) .. (هیچ مێشکی نەسووتانوم ، ئا ئەم کەناڵانە .. ئاخر بەس پێم بڵێ چ سودێکیان هەبووە ؟ ) .. ( بەخوا منیش ئەڕۆم ) ..( وەڵڵا بۆ منیشی کڕی بوو ) ..( ئەڵێن نانی جۆیە ، ئیتر خۆیان و خوای خۆیان ) ..(سێ مانگییەکەم حەوت ونیوە ، عیلاجیش ناخوم ! ) ..( جا چی تێ ئەچێ ؟ چوار بلۆک ئەبەن بە حەوادا و ئەڵێن به دوانزە دەفتەر ) ..( نامەیەکی بۆ ناردم ، جوابم نەدایەوە ) ..( خورماکەی جوان بوو ) ..(بەخوا بەنغالییەکی عەبوسە ، لەبەر دایکم نەبووایه دەرم ئەکرد ) ..( پف لەو هاندە سینییە ،بۆچی دانەیەکی تێ هەڵنایەی ؟ ) ..( هەموو عەسرێ لەوێم ) ..( پاریش پڕم کردەوە ، دەرنەچوو ) ..( داشبوڵەکەت کامیل بۆ ئەگۆڕن ) ..( وەڵڵا ئەوەی من دوو ملیۆن کامێرای تیا بوو ) ..( خۆ عەیبیشی نییە بەڵام مناڵەکانی من نایخۆن ) …( ئێستا هەر لەبەردەرگا پارەکە وەرئەگرن ) ..( بەخوا دەم و قەپۆزێکی ناشیرینی هەیە ) ..( تۆ وەرە زەلام سەعاتەکەی دەستت بایی ملیۆنێک دۆلار بێ ) ..( کۆکتێلەکەم مرد ) ..(ئەها، ئەو پەرلەمەنتارەی کە دەبە ئاوەکەی وەشان ..) ..( خزمی خۆیان نەبێ شتی بۆ بڵاو ناکەنەوە ) ..( ڕقت لە هەر کەسێ بێ دۆعای ئەوەی لێ بکە ئیشی بکەوێتە کورد ) ..( ئێستا کەلانە ئاگر ئەکاتەوە ) .. ( جا بۆچی بە سندوق ؟ ) … ….هتد ..




ستیڤانیش مرد.. شیعری نەوزاد بەندی

( بۆ مەرگی ستیڤان شەمزینیی )

بە دوو دێڕ ..تەنها دوو دێڕ ،
ووتیان ستیڤان جێی هێشتین ،
ئەو پیاوەی پڕ بوو لە نووسین ..
ئەوەی بەناو
ئەو هەموو جەنگەدا ڕۆیشت و
قەت تێکنەشکا
ئەوەی بە شەقاما ئەڕۆیشت ،
بە لێزمە ووشەی لێ ئەتکا ..
لە نانەوا ، تا سەرەی ئەهات ،
ئەو ناوەی پڕ ئەکرد
لە باڵی شیعر ..
ئەو کوڕی پێنوس و ..
نەوەی لاپەڕە بوو ..
قامکەکانی نە دەمەنچەیان گرتبوو ..
نە دار لاستیک ..
نە قۆچەقانی ..
نەجارێ مشتەکۆڵەیەکی وەشان ..
دەست سپی بوو ، ستیڤان ، زۆر دەست سپی بوو ،
لە قەڵەم زیاتر ، هیچ شتێ
لای ئەو نەبوو ..
لەناو ئەو هەموو فیشەک و
بەرد و تاوێرەدا ، وەکو
فەقێیەکی عاشق بە حوجرە ،
هەمیشە ،
بە چوار دەوری کتێبا تەوافی ئەکرد ..
لە لایەک ژوانی هۆنراوە و ..
لە لایەک بە دوای ئەستێرەی کشاوی میللەتەکەیدا ،
داوای ژیان و مافی ئەکرد ..
ئەو لە شارێکی ژەنگاوی و
میللەتێکی خوساوەدا ،
خەونی یوتۆپیای ئەبینی ..
لەناو ئەو هەموو عەشرەتە ،
به تیشێرتێک و
کاوبۆوە ..
لە ژێر کاسکێتەکەیەوە ،
خەونی دوور و جیای ئەبینی ..
ئەو هەورێ بوو لە ووشه و پیت ،
لە هەموو شوێنێ ئەباری ..
تەنها بە دوو دێڕ ، نوسییان ،
ستیڤان مرد ..
دوو دێڕ ..
دوو دێڕی ناچاریی ..
ئیتر باسی ئەو قەڵەمانەیان نەکرد ،
کە لەدوای ئەو هەتیو کەوتن ..
باسی ئەو لاپەڕە بێوەژن و ..
ئەو شیعرە بێوە پیاوانە ..
باسی جینۆسایدی پیت و ..
ئەو هەموو کتێبە مات و
تاساوانە ..
باسی ئەو ڕێبازە چۆڵەی
کە بێ ئەو ،
نەیزانی چی بکا ..
بۆ کوێ بڕوا ..
ئەو زەردەخەنە تاساوە و ..
ئەو هەناسە سوارانەی
کە هیچ لێوێ ،
کە هیچ سنگێ ،
مافی مانەوەی پێ نادا ..
لێرە بە دوو دێڕ ئەتکوژن ..
بە چلەیەکی ماتەمینیی ،
مەرگت دووپات ئەکەنەوە ..
گۆڕەوشار و
ئازاری دابڕانەکەت ،
جەندەها قات ئەکەنەوە ..
کەس ناپرسێ ،
بۆچی لەسەر ئەم مەرزە ،
نووسەر وا لە پڕ ئەمرن ؟
کەچی تابێ ،
سمێڵی سیاسیی ڕەشتر ..
شەوانی سیاسیی سوورتر ..
ملیاری سیاسیی زیاتر ..
ملی سیاسیی پانترە ؟
کەس ناپرسێ ،
بۆچی نووسەر لەم سەر مەرزە ،
وا غەریب و
نەخۆش و
مات و
هەژارن ؟
وا بێ کەس و
تەنیا و
وون و
بریندارن ؟
بە دوو دێڕ ،
تەنها بە دوو دێڕ ،
نوسیبوویان ستیڤان مرد ..
ئیتر
باسی ئەو هەموو پیتەیان نەکرد ،
کە بە برسێتی و تینوێتیی ،
کۆڕەویان کرد ..
باسی ئەو هەموو تیرۆژ و
تیشکی خۆرەی
داوای ئیقامەی شەویان کرد ..
ئەو هەموو مێز و کورسییەی
لە چاوەڕێی بێداریی ئەودا ،
لێک ئەترازێن و ئەپرۆتکێن ..
ئەو هەنگاوە نەنراوانەی
لە ژێر پێچکەی
تەنکەرە نەوتێکا ،
یەک یەک زیندەبەچاڵ ئەکرێن ..
بە دوو دێڕ ، ستیڤان مرد و ..
بڕۆنەوە دیوەخانی
سیاسییە هەمیشه سمێڵ ڕەشەکان ..
سیاسییە نەمرە
کچۆڵە خۆرە
ئاسکخۆرە
چاوگەشەکان …




تازە کردنەوە.. شیعری نەوزاد بەندی

لە کۆتاییدا ،
مێژوومان
دیسان ، دووبارە کردەوە ..
دەردی دڵمان ،
دیسان بێچارە کردەوە ..

٭ ٭ ٭

ناسنامە کۆنەکانتانمان
(ئەوەی پیس و خوێناویی بوون )،
وا ئەمجارەیش نوێ کردەوە..
ئاگری دڵی هەتیو و
هەژارانمان ،
جارێکی تر پێ کردەوە ..
دەستمان لە خەوی غەفڵەتا ،
جەرگی توێ توێی
هەمدیسان توێ توێ کردەوە ..

پەنجە هەڵوەریوەکانمان ،
لە زەلکاوا
کۆکردەوە و ..
فێری چەپڵەمان کردنەوە ..
ئەو کۆترانەی کوشتبووتان ،
فێری تەقلەمان کردنەوە ..
لولاقە شکاوەکانمان ،
بوونەوە قوربانی سەما ،
ژانمان لە بیر بردنەوە ..

بە ئوتووی سارد ،
تووڕەیی ڕوخسارمان
جوان و لوس کردەوە ..
لە بەرامبەر ڕاستی و
ویژدان ،
زوو خۆمان عەبوس کردەوە ..
بە داڕوخاویی ،
چووینەوە خەیاڵ پڵاو ..
تەنانەت شەیتانیش ووڕ بوو ،
وێڵ بوو ، ئەیووت :
ئەمە مرۆڤن یان پێڵاو ..!؟

لە کۆتاییدا هەمدیسان ،
گۆزەکەمان کەوتە خوار و ..
شکا و ..
بێ ئاو گەڕاینەوە ..
نە تینوێتیمان لە بیر بوو ..
نە برسێتیی ..
بە ئاسانیی ، دۆڕاینەوە ..

پیرۆزتان بێ ،
ڕەوە تەنکەر
گەلە تاوەر
جوانکیلەی سپی و
ڕەش ئەسمەر ..
ملیارەها ملیار .. ملیار ..
دینار ..یۆرۆ ..
پاوەن ..دۆلار ..
ملیۆنەها مەترە دوجای
شارۆچکە و شار ..
پیرۆزتان بێ ،
بڕینی شاخ
سووتانی دار ..
قوتدانی خێر و خێرات و
سەر و ژێرەوەی داهات و
جادە و بازاڕ ..
زەوی .. ئاسمان ..
قوتی کافر و خواناسمان ..
خەمتان نەبێ ،
ئەوەی وورتەی لێ بێتە دەر
ئەیخەینە ژێر پێی جەماوەر

ئێستا ئیتر ،
دوای ئەوەی بە زۆرینەی دەنگ
ڕازی و ڕەزامەندین لێتان ..
چاوەڕوانین ،
بمانخەنەوە ژێر پێتان ..
بەڵام بە لیست دایبەزێنن ،
با مافمان نەخورێ ،
بزانین
کێمان بۆ پێڵاوی کێتان ..




نەمبینیت.. شیعری نەوزاد بەندی

پێش ئەوەی بگەمە وێستگەی مردن ،
بێ لایەنیی خۆم ڕادەگەیەنم لە ژیان ..
وەک ئەوەی کە ڕژامە ناو ئاوەڕۆی کوردستان ،
بێ لایەنیی خۆم ڕاگەیاند لە خوێندن ..
لە پێشکەوتن .. لە داهێنان ..
بێلایەنیی خۆم ڕاگەیاند له پێکەنین ،
پێش گەیشتنی تاوی ناوەختی گریان ..
لە تۆوە نزیکتر بووم لە خۆم ..
یەک هەناسە لە نێوانماندا مابوو ..
یەک هەنگاو کەمتر ، ئەمزانیی ،
هۆگرم بیت ، هیچی تازەم پێ نییە بۆت ،
پێش گەیشتنی دەنگی باران ،
بێ لایەنیی خۆمم ڕاگەیاند لە هەورەکان ..
بە شەقاما ئەڕۆیشتم و ..
شەڕم لەگەڵ هەنگاوەکان ڕائەگەیاند ..
ئەو لەو دوورەوە منی دۆزییەوە ،
من لەم نزیکەوە ئەوم نەبینی ..
بووین بە قوربانی دابڕان ..
پێش گەیشتنی لیستی مردنی ئەمشەو ،
بێلایەنی خۆم لەم تەنەکەی خۆڵە ڕاگەیاند ..

شتی تریش ..

ــ نەوزاد بەندی ــ




لەبەرچی نامدۆزیتەوە؟.. شیعری نەوزاد بەندی

بۆچی بەدواما ناگەڕێی ،
لە شوێنێ بمدۆزیتەوە ؟
لە ترافیکلایتا تەنیشتم
سەیرم ئەکا ،
ئەڵێم ئەوە و ..
ئێستا هەڵمئەگرێتەوە ..!
لە باخێکی
پارکی ئازادی ،
عەینەکێ ،
زۆر بە دیقەت بۆم ئەڕوانێ ..
ئەڵێم ئەوە و ..
تا دێم بۆ لای ،
پێ دەچێ ببورێتەوە ..
بۆچی بە دواما ناگەڕێی ؟
سمێڵ فشێ ،
ئاد فرێندێ ئەنێرێت و ..
ئەڵێم ئەوە ..
به دەمامکەوە ، ئەیەوێ
بۆ وێرانەکە بێتەوە ..
بۆچی بە دواما ناگەڕێی ؟
من نەمبینیوی ،
نازانم تۆ چۆن چۆنیت ..
تەنانەت لە فیلمەکانا ،
کاراکتەرێ
به تەنیا بمێنێتەوە ،
ئەڵێم ئەوە ..
تۆ بڵێی نەمدۆزێتەوە ؟

به بێ ئەدرەس ،
لەناو ملیۆنەها کەسا ،
کە نازانم تۆ چۆن چۆنیت ،
هەنگاوەکانم وێڵ ئەبن ،
چاوم وەک تەیرێکی ترساو ،
لە هیچ کوێ نانیشێتەوە ..

لە قەڵەباڵغیی شەقامێ ،
له پڕ ماشێنێ ئەوەستێ ،
دەرگای سەکن ئەکرێتەوە ،
شکم نامێنێ کە تۆیت و
ئەو کورسیە ،
بە من نەبێ ،
بە هیچ کەس پڕ ناکرێتەوە ..
حەوشەیەکی پڕ لە گەڵای
هەڵڕژاوی جەنگی پاییز ..
درەختێکی ،
بە کوڵ ئەگری و
چەن ئەکەم ژیر نابێتەوە ،
ئەڵێم ئەوە و ..
بە من نەبێ ،
دڵی بە هیچ ناکرێتەوە ..

ئێ من نازانم چۆن چۆنیت ..
هەرچی چاوە ،
گومانم لا دروست ئەکەن ،
لە نانەوا ،
کەسێ ئەڵێ ،
قەیناکا با سەرەی تۆ بێ ..
ئەڵێم ئەوە ..!
هێشتا له دەوری شیعرێکم
ئەخولێتەوە ..
لەبەردەم ژووری بەڕێوبەر ،
کەسێ لێم وورد ئەبێتەوە ..
ئێ نازانم تۆ چۆن چۆنیت ..
ئەو پرسیارە ،
بۆشاییەکی قورسی تیایە ،
بەس بە تۆ پڕ ئەکرێتەوە ..

دەستێ ئەچێتە گیرفانێ ،
دوو بلیتی فیلمێکی تازە دەردێنێ ..
ئەڵێم ئەوە ..
هۆڵەکە چەن تاریکیش بێ ،
به ڕووما ئەگەشێتەوە ..
لە قاوەخانەی غەزەلنوس ،
کەسێ به دوو قاوەوە ،
بەرەو مێزێ هەنگاو ئەنێ ..
ئێ من نازانم چۆن چۆنیت ،
خۆم لا ئەدەم ،
قاوە بڕژێ ،
زەحمەتە هەڵگیرێتەوە ..
خۆ ئەزانم ،
ئەستێرە بکشێ ، زەحمەتە ،
وەکو بەفر ،
بکرێتەوە بە تۆپەڵ و
چاک بێتەوە ..

نازانم کێی ..
ئەزانی کێم ..
بۆ لە شەقامی مەولەوی ..
یان دوکانی لەنگەی سەفین ..
یان لە دەرگای پشتەوەی
مزگەوتی داروسەلام ،
بۆم ناگەڕێی ؟
لەبەرچی نامدۆزیتەوە ؟!

نەوزاد بەندی




ئەو پەڕی.. شیعری نەوزاد بەندی

هەندێ جار ئەوەندە بێکەسم ،
جلەکانم ئەگۆڕم و
عەتر لە خۆم ئەدەم و ..
سەردانێکی خۆم ئەکەم ..
خۆم کە ئەندە لەگەڵ خۆم دانیشتووم ،
لەگەڵ خۆم جیای ناکەمەوە ..

٭ ٭ ٭

دوو کورسی بانگم ئەکەن ،
چایەک بۆ خۆم بانگ ئەکەم و ..
لەگەڵ خۆما ئەیخۆمەوە ..

٭ ٭ ٭

نزیکیی خۆم ،
دووریی تۆی لە بیر نەهێشتووم ..
دڵت ڕەحەت بێ ..
ویژدانت ئاسوودە ..
هێشتا خەم ڕێی پێنەگرتووم ..

٭ ٭ ٭

کتێبێک بانگم ئەکا ..
لاپەڕەکانی ڕێزم ئەگرن ،
ووشەکانیان ئەسڕنەوە و ..
ئەڵێن لە خزمەتتایە لاپەڕەکان ..
چی ئەنووسی ، لە خزمەتتایە
قەڵەم و
ووشە و
خاڵبەندی و
سەردێڕەکان ..
ئەڵێم سوپاس ..
سوودی نییە ،
لە سەردەمی دەسەڵاتی ساختە و
بڕوانامەی سەختە و
دزی خاوەن ملیار و
زێڕەکان ..

٭ ٭ ٭

بڵێم لەیادم نەماوی ، ڕاست ناکەم ..
بڵێم یادت ئەکەم ، درۆ ئەکەم ..
وەک جێگا فیشەکێکی دەیان ساڵ ،
بڵێم نەماویت ، ڕاست نییە ..
بیشڵێم ئازارم ئەدەی ، درۆیە ..

٭ ٭ ٭

شەقامەکان ،
به شەرمەزارییەوە تەماشام ئەکەن ،
کە ناتوانن هاوڕێکانم بۆ بدۆزنەوە ..
ستوونی کارەباکان شەرمندەن ،
کە نازانن چی ڕوناک بکەنەوە ..
ووڵاتێک کە تاریکیی تیایدا ،
دیاری دەستی حوکمەتە ،
بۆ ماڵەکان ..
بۆ دڵەکان ..
بۆ سبەینێ ..
بۆ سەر مێز و
بۆ ڕەفەی کتێبخانەکان ..
بەستەڵەک لە ئاستما شەرمەزار بوو ،
بە جگەرەیەکی هەرزانەوە ،
پێی ووتم : خەجاڵەتم ..
دەسەڵات پێی وتووم ،
ئیتر تا نەورۆز ،
ژووری نوستن و
ئاسپەستی ماڵە هەژارەکان ،
جێی تۆیە ..
بێیتە سەر شەقام ،
بە بڕیاری چواری تیرۆر ،
دەستگیر ئەکرێی




سەدامیزم.. نەوزاد بەندی

سەدام حسێن کە هاتە سەر کورسی فەرمانڕەوایی ، مۆدێلی حوکمڕانیی مۆدێرنی نەهێشت و .. مۆدێلی فەرمانڕەوایی خێزان و دەستە و خێڵی هێنایە ئاراوە ، ئەوەیش وەرچەرخانێکی زۆر ترسناک بوو لە مێژووی فەرمانڕەوایی عێراقدا ..بۆ نمونە لە فەرمانڕەواکانی پێش سەدامدا ، هیچ کەس نەیدەزانی خێزان و مناڵ و ئامۆزا و خزمەکانی سەرۆک کۆمار کێن و هیچ دەسەڵات و داهاتێکی گشتییان بەدەست نەبوو ..بەڵام کە سەدام بوو بە فەرمانڕەوا ، ئیتر کوڕ و کچ و خێزان و ئامۆزا و خاڵۆزا و خزمەکانی سەرۆک دەرکەوتن و .. تەنها بە هۆی خزمایەتیی سەرۆکەوە ، پۆستی گەورەیان لە سیستمی فەرمانڕەواییدا وەرگرت ..بوون بە کۆمەڵێ دەوڵەمەند و ئاغا و جەللادی چنگ بە خوێن ، بە ئارەزووی خۆیان یاساکانیان ئەشکاند و خەڵکیان ئەکوشت و ئەشکەنجە دەدا و سامانی گشتییان تەخشان و پەخشان ئەکرد ..
ئەم دۆخە ترسناکە لە مێژووی فەرمانڕەوایی عێراقدا ، هەر لە سەرەتای بوون به سەرۆکی سەدامەوە دەستی پێکرد ، کاتێک لە هۆڵی – خولد – هەموو ئەندامانی حیزبی بەعسی کۆکردەوە و .. بە کەیف و کەش و فشەوە ، ناوی کۆمەڵێک سەرکردەی حیزبەکەی خوێندەوە و پێی ووتن دروشمی حیزب بڵێنەوە و بڕۆنە دەرەوە ! ، لەو سەرکردانە موحەمەد عایش بوو کە یەکێک بوو لەوانەی خەڵاتی یونیسێف ی هەبوو ، لەسەر قەڵاچۆکردنی نەخوێندەواریی لە عێراقدا ..
شایانی باسه ئەو ناوانەی کە سەدام حسێن خوێندنیەوە ، کە لە سەرکردە دڵسۆزەکانی حیزبی بەعس بوون ، لە هۆڵەکە کرانە دەرەوە ، بە تاوانی خیانەت بە حیساب دادگایی بکرێن …!
یەکێک لە وەزیرەکانی سەردەمی بەعس ئەڵێ : دادگاییکردنەکە بەم جۆرە بوو : نەعیم حەداد وەک سەرۆکی دادگای شۆڕش ، لاپەرەیەکی بە دەستەوە بوو ، ئەیخوێندەوە : فڵانی کوڕی فڵان : سزای سێدارە .. فڵانی کوڕی فڵان : سزای 25 ساڵ زیندان .. !! …. هتد ..
هاوڕێکانی واقیان ووڕ ئەمێنێ و لێی ئەپرسن : بە چ تاوانێک ئەم سزایانە سەپێنراون ؟
نەعیم حەداد ئەڵێ : نازانم ..! من لاپەڕەیەکم پێدراوە و پێم ووتراوە تەنها سزاکان بخوێنەرەوە و با چەک بەدەستەکانیش جێبەجێی بکەن !!
ئا لێرەوە ئیتر شتێک لە عێراقدا نەمایەوە بە ناوی یاسا و دادگا ..بەڵکو هەمووی خرانە ژێر خواست و ئارەزووی سەرۆک و خێزانی سەرۆکی فەرماندەوە ..میللەتیان بە جۆرێک ملکەچ و بەچەترسێن و شکستخواردوو کرد ، کە دەبوو لەگەڵ ناو هێنانی سەرۆکدا بڵێن خوا بیپارێزێ و .. هەزار و یەک سروود و نزا و وەسف و ناوی بەرزی تر بلکێنن بە ناوەکەیەوە ..
ئەم بە لاڕێدابردنی یاسا و دەستوور و فەرمانڕەواییە ، لەلایەن دەزگا ئەمنییە جیهانییەکانەوە نەخشەی بۆ کێشرا بوو ، پشتگیریی دەکرا و .. لە ماوەی زیاتر لە 25 ساڵدا ، بیرۆکەی فەرمانڕەوایی مۆدێرن و ئاساییان لە مێشکی هەموو عێراقییەکاندا هەڵکەند .. بەو مانایەی سەرۆک ، واتا ژنەکەیشی سەرۆک و یاسا بە دەست و یاسا شکێن و خەڵک کوژە و خاوەنی سەر و ماڵی میللەتە و بۆی هەیه هەر یاسایەک خەیاڵی بۆی بچێ ، جێبەجێی بکا ..
واتا کوڕی سەرۆک بۆی هەیه هەر کچێک پێی جوانە ، پەلکێشی ژووری نوستنەکەی بکا و دەستدرێژیی بکاتەسەر و ئەگەر بە دڵیشی نەبوو بیکوژێ ..بۆی هەیە ببێ به وەزیر ، به هەر پلە و،پایەیەکی سەربازی و مەدەنیی ، کە خۆی حەزی لێیەتی ..بۆی هەیە کێی بوێت، بیکوژێت .. بۆی هەیە دەستشۆڕی زێڕ و ئاودەستخانەی زێڕ و ئوتومبیلی زێڕ و کڵاشینکۆفی زێڕو هەموو شتێکی زێڕی هەبێ چونکە ئەو کوڕی سەرۆکێکە کە زێڕە ..بۆی هەیە چەندان گۆرانیبێژ و سەماکەر لە هۆڵێکدا کۆبکاتەوە و گۆرانی و سەمایان پێ بکا ، چەکیان لێ ڕاکێشێ و فیشەک بتەقێنێ و بنمیچی هۆڵەکە دابێژێ و گڵۆپ و سورەیا هاڕە پێ بکا ، کەسێکیش بۆی نەبێ وورتە بکا ، ئەبێ هەمووان لەسەر کەیف و پێکەنین و گورانی و سەماکردن بەردەوام بن ، وەک ئەوەی لە جیاتی فیشەک ، گوڵباران کرابن ..
ئەبێ میزاجی سەرۆک بکرێتە دەستووری ووڵات ، بۆ نمونە بە خەیاڵیدا بێت هەر ماڵێک کوڕی پێشمەرگەی هەبێ ، ئەبێ خانووەکەیان بڕوخێنرێ ، لەگەڵ شەش خانووی لای ڕاست و شەش خانووی لای چەپ .. ئەبێ هەر گەنجێ لە سوپا ڕایکردبێ ، گوێچگەی ببڕن و ناوچاوی داخبکرێ بە مۆری ترسنۆکیی ..ئەبێ لەو شوێنەی کوڕەکەی بریندار کراوە ، کە شەقامێکی سەرەکیی پایتەختە، بکرێ بە شانۆ و هەرچی گۆرانیبێژ و سەماکەر و ووتاربێژی مزگەوتەکانە ، بۆ ماوەی چەندەها هەفتە و بە شێوەی بیست و چوار سەعاتیی ، لەوێدا کۆببنەوە و سروود و سەما و نزای چاک بوونەوە بە قەد و باڵای کوڕەکەیدا بڵێن ، هات و چۆ لەو چوار ڕێیانەدا بە تەواوەتیی ڕاوەستێنرێ .. ئەبێ لە هەموو ماڵ و مزگەوت و دوکان و کۆمپانیا و شەقام و مەیدانێکی ووڵاتدا وێنەی سەرۆک هەڵواسرێ .. ئەبێ لە ڕۆژی له دایکبوونی سەرۆکدا هەموو وڵات ئاهەنگ بگێڕێ ..ئەبێ سەرۆک کە بڕیاری هەر جۆرە شەڕێکی دا ، خوای ئەکرد شەڕ لەگەڵ هەموو جیهاندا بێ ، هەمووان جێبەجێی بکەن ..ئەبێ لە هەڵبژاردندا هیچ ڕکابەرێکی نەبێ و هاووڵاتی تەنها بۆی هەبێ لە هەڵبژاردنی سەرۆکدا ئا یان نا بەکاربێنێ ، جا قوڕ بەسەر ئەوەی ئەڵێ نا ..
هەر مناڵ و تواڵ و نەخوێندەوارێک سەرۆک کەیفی پێ بێ ، بۆی هەیە گەورەترین پلەی سەربازیی پێ بدا ..خۆیشی پلەی موهیب ڕوکن کە باڵاترین پلەی سەربازییە وەربگرێت ، بە بێ ئەوەی لە ژیانیدا یەک خولەک خزمەتی سەربازیی کردبێ .. بڕوانامەی دکتۆرا و پڕۆفیسۆریی ، وەک کڕینی نەستەلەیەک وا بێ بۆ خۆی و هەر کەسێک بیەوێ ،یەکسەر پێی دەدرێ ..بۆی هەیە مۆڵەتی شۆفێریی بدات بە کوێر ..بۆی هەیە تەمەڵترین خوێندکار له بەرزترین کولێجدا دابنێ.. بۆی هەیە مەزرا بسووتێنێ بیکا بە سەربازگا .. … هتد ..
لە هەمووی گاڵتەجاڕتر، کوڕە گەورەکەی کاتێ بە حیساب لە پۆلی دوانزەی زانستی بوو ،ساڵی 1982 ، کرایە یەکەمی عێراق ، لە کاتێکدا ڕێبوار هۆگر گۆران کە نەوەی شاعیری بەرز ، عەبدوڵا گۆران بوو ، یەکەمی عێراق بوو ، ئەویان کردە دووەم و کوڕی سەرۆکیان کردە یەکەم …
ئەم نمونانە ، سەلمێنەری ئەو بێ حورمەتیکردنەن کە سەدام بە یاسا و دەستووری ووڵاتی کرد .. ئەو لە ڕێلادان و بە لاڕێدابردنەی فەرمانڕەوایی بوو کە تاکو هەنووکە پیادە دەکرێ و زۆر زیاتریش بووە ..
دۆخێکی شەرمئامێز و ناشیرینە ناوی دەنێم سەدامیزم .. قوتابخانەیەکە تیایدا سوکایەتیی بە مرۆڤ و مێژووی مرۆڤ و ئاینی مرۆڤ و ئەخلاقی مرۆڤ دەکرێ .. یاساکانی مرۆڤایەتیی و هەموو شتێک لەلایەن سەرۆک و توتەڵەکانیەوە له پێ دەکرێ ..

تیایدا مرۆڤ هێندە بچوک و بێ ڕێز و بێ ماف دەکرێ ، کە بوون و نەبوونی وەک یەکتریان لێ دێ .. کەتیایدا سەرهەڵگرتن و مردن ، تاکە دوو ڕێگان بۆ ڕزگار بوون ، چونکە کۆمەڵگاکە هێندە خەسێنراوە و سەرکوتکراوە و هێندە سەگ و گورگی سیخوڕی تێبەردراوە ، هیچ هیوایەکی شۆڕش و ڕیفۆرمی تێدا نەماوە .. سەرۆک خۆیشی لە بنچینەدا ، سیخوڕێکی دەزگایەکی سیخوڕیی جیهانییە ، بە جۆرێک دەزگا سیخوڕییە جیهانییەکان ، زیاتر لە 20 ئەگەری ڕوخانی ئەو ڕژێمەیان دیاری کردبوو ،کە تەنانەت یەکێک لەو ئەگەرانە ڕاپەڕینی کریستیانەکانی عێراق بوو کە لاوازترین ئەگەر بوو ، چارەسەری خێرایشیان بۆ هەموو ئەگەرەکان دۆزیبۆوە ، بۆ ئەوەی سەدام بەردەوام بێ .
کەواتە هەر سیستمێک ، ژنی سەرۆک و کوڕ و کچ و ئامۆزا و خاڵۆزا و خزمان و هاوڕێیانی سەرۆک تیایدا دەرکەوتن و دەسەڵاتدار و بڕیار بەدەست بوون ، سەر بە قوتابخانەی سەدامیزمە..
هەر سیستمێک هاووڵاتی بێ ماف و بێ هیوا و بێ داهاتوو ، وەک قالۆنچە لەناو تاریکی و پشتگوێخستندا بژی ، لە بەرامبەردا سەرۆک و خێزان و بنەماڵە و هاوەڵانی وەک پاشا بژین ، ئەو سیستمە ، سەر بە سەدامیزمە ..
هەر سیستمێک باج و خەراجی لەسەر هاووڵاتیانی بێ دەسەڵات زیاد کرد و ..بازرگان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی حیزبیە قائیدەکان ، وەک بەرزەکی بانان لێی دەرچوون ..
سامانی نیشتمانی و زەوی و ئاوی نیشتمان بوون بە موڵکی سەرۆک و خێزانەکەی ..
هەڵکوتانە سەر و کوشتن و بڕینی بیری جیاواوز و ئازاد ..
بەشینەوەی پلەی سەربازیی بە سەرۆک و خزم و دۆست و هاوەڵانی ..
بەخشینی پلەی دکتۆرا بە هەر کەسێک زوڕناژەنی سەرۆک و خێزانەکەی بێ ..
بەرەڵڵا کردنی کۆمەڵگا لە خراپترین دۆخی ژیاندا ..
گرنگیدان بە ڕاگەیاندن بۆ جوانکردنی سەرۆک و .. گەورەکردنی سەرۆک و ..بەهێزکردنی سەرۆک و .. بێ ئومێدکردنی خەڵک ، بە جۆرێک دەزگا و زانکۆ حوکومییەکان هیچ خزمەگوزارییەکیان تێدا نەمێنێ ، بەڵام بودجەی وەزارەتی ڕاگەیاندنی حوکمەتۆکەکەی سەدام ، بێ پایان بوو ، بودجەکەی کراوە بوو ، واتا چی خەرج ئەکا ، حیساب کراوەیە ، تەنانەت جارێکیان وەزیرێکی ڕاگەیاندنی دەرکرد لەبەرئەوەی ئەو ساڵە بودجەیەکی زۆری لە ڕاگەیاندندا خەرج نەکردبوو ، واتا وەک پێویست پارەی تەخشان و پەخشان نەکردبوو لە جوانکردنی سەرۆک و خێزانەکەیدا ..!! به جۆرێک کارگەی کاشی و پەیکەرتاشیی تایبەت بە پەیکەری سەدام ، لە ئیتاڵیادا ، تەرخانکرابوو بۆ دروستکردنی دەیان هەزار پەیکەر و جیداریی سەرۆک لە کاتێکدا سەربازەکانی ڕیسوا و برسی و موحتاجی نانێک بوون ، لە تێرمیناڵ و مەیدانەکاندا وەک سواڵکەر کەوتبوون ..
ئەمە زێرابەکانی سەدامیزمە کە دێنە دەرەوە و کۆمەڵگا بۆگەن و ناشیرین ئەکەن ..
هەر سیستمێ ، لە ئاست داواکاریی خەڵکدا کوێر و کەڕ و لاڵ بوو .. بە حەشاماتی هێزی تایبەتی چەکدار دەوره درابوو .. لە گوزەر و بازاڕ و شوێنە گشتیەکاندا دەرنەکەوت .. تەنها لەسەر سکرینەکانی تی ڤی بە جل و بەرگی شاهانە و کاتژمێر و ئێکسسواراتی ملیۆنەها دۆلارییەوە ، خۆی نمایش کرد ..لە کۆشکی خەیاڵیی فیرعەونیی و فڕۆکەخانە و گەشتی ووڵاتان و تەوقە کردن لەگەڵ کەسایەتییە کۆڵۆنیالیستە جیهانییەکاندا ، لە پایتەختە کۆڵۆنیالیستەکاندا ، بە قسەی فودراو و بێ بنچینە و نالۆژیکیی و ڕاو و ڕێویکرندا ، خۆی نیشاندا ..
ئەوە بزانە تۆ لەبەرامبەر سیستمێکی سەدامیزمدایت ..تۆ داهاتوو و خەون و هیواکانت لە گۆڕ نراون .. تۆ لەبەردەم ناشیرینترین سیستمی فەرمانڕەواییدایت کە لە ڕاستیدا سیستم نییە ، بەڵکو گەمەیەکی دەزگا سیخوڕییە داگیرکەرەکانی جیهانە ، بۆ دەستگرتن بەسەر داهات و داهاتووی میللەتە خاوەن پەیام و شارستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ..
ئەوەیش وەک یەکێک لە بیریارەکان ئەڵێت : ئەمەریکا کێشە و ڕقێکی گەورەی هەیە لە بەرامبەر کۆمەڵگا خاوەن پەیام و شارستانی و مێژووەکاندا ، چونکە خۆی مێژووی نییە و بنچینەکەی نادادییە و خاوەن پەیام و شارستانیی نییە ، کلتورێکی شەرافەتمەندانەی نییە ، ناچار خۆی ناو ناوە جیهانی نوێ ، لەکاتێکدا لەسەر زوڵم و نادادیی ڕۆ نراوە .
بەو جۆرە ئەو نیشتمانە خاوەن مێژوو و سەروەرییانە ، پڕ پڕ دەکەن لە دەسەڵاتداری گەمژە و نەزان و دژ بەیەک ..لە نووسەر و ڕۆژنامەنووس و لەشفرۆشی دژ بەیەک .. لە شاعیری ڕیسوا و سەرشۆڕی دژ بە یەک ، کە بۆ ئافەرینێک ، بۆ پارچە نانێکی حەرام ، سەدامەکانت بۆ ئەبەنە کەشکەشانی فەلەکەوە ..سەفسەتە ..چەنەبازیی .. بۆینباخلەمی بێ هەڵوێست و نەخوێندەوار ، ئەمە سیاسەتی ( فرق تسد ) واتە سەروەریی لە هەڵوەشاندندایه .
بە شێوەیەک ، پایتەختێکی وەک بەغداد ، کە ڕۆژێ له ڕۆژان پایتەختی سیاسەت و زانست و ئەدەب و هونەری هەموو جیهان بووە و تیایدا بۆ یەکەمجار کاتژمێر دروست کراوە ، بوو بە پایتەختی ترس و سڵ و مافیا و چەقۆکێش .. بێ هیوایی و ڕەشبینی و کەوتنی هەموو پایەکانی مرۆڤایەتیی ..
برسێتی و نەخوێندەواری و بێکاری و تایفەگەری و خێزانپەرستی و خۆپەرستی و لێکهەڵوەشان و جەنگی ناوخۆ و دەرەوەی بێ مەعنا ..نەمانی شتێک بە ناوی یەکبوونی نیشتمانیی و ..بڵاو بوونەوەی دژایەتی نێوان شار و گوند و ئایین و ئاینزا و ئایدۆلۆژیاکان ..داڕمانی کولتوریی نەتەوایەتی و ئەخلاق و بەها کۆمەڵاتییەکان ..
ئەمانە و زۆر لەوانە زیاتریش دیاریی سەدامەکان و قوتابخانەی سەدامیزمە بۆ گەلەکانیان ، کە کۆڵۆنیالیستە جیهانییەکان لە پشتیانەوە وەستاون و داکۆکییان لێ دەکەن ..لێرەدا ئیتر هەموو کۆمەڵگا ئەشێوێ ، تاکە شت کە بە ڕێک و پێکیی ئەڕوات بە ڕێوە ، نەوت و داهاتی ئەو میللەتانەیە بۆ عەمباری نەوت و داهاتی زلهێزە جیهانییەکان ..




گوناحە.. شیعری نەوزاد بەندی

گوناحە ،
شیعری جوان و نایاب ،
بۆ میللەتێ ،
بووە به عاشقی کۆیلایەتی و
برنج و کەباب ..
گوناحە ڕۆشنبیریی ،
بۆ میللەتێ ،
لای ناوگەڵ و
گەدەیەتی ،
هەموو هۆش وبیری ..

٭ ٭ ٭
گوناحە کتێب ،
بۆ میللەتێ ،
برسیترە لە سواڵکەرەکەی ،
میر و وەزیری ..
35 ساڵ نەوت بدزێ ،
هێشتا پڕ نەبووە گیرفانەکانی ،
هێشتا جێی نەهێشتووە ،
مێشکی ،
کابوسی فەقیریی ..

٭ ٭ ٭

گوناحە ،
کتێبخانە و
پێشانگای کتێب ،
بۆ میللەتێ ،
کە دینار تێکەڵکراوە بە شیری ..
کە ترس و سێکس و خواردن ،
بوون بە خوای
مناڵ و پیری ..

٭ ٭ ٭

کفرێکی گەورەیه نووسین ،
بۆ میللەتێ ،
دوژمن گاڵەی پێ ئەکا و بێدەنگە ،
بۆ سنگی یەکترە شیر و تیری ..
ڕیفۆرمی چی نیشان ئەدەی بۆی ،
ئەو کە تەنها بۆ گیرفان و
بۆ خێزان و
ماڵی خۆیەتی ، تەگبیری ؟




تۆ دز نیت ، شەریکە دزیت بە خۆڕایی.. نەوزاد بەندی

بە بێ ماف و
بە بێ نان و
بەڕەڵایی ..
شەریکە دزیت ،
به بێ بەش ..
بە خۆڕایی ..!

٭ ٭ ٭

دەنگت هەبووایه،
مۆڵەتی هاوارێکت ئەبوو جارێ ..
ئەبێ بە بێدەنگیی بڕۆی ،
بچیتە بەر سندوقێکی وەکو زیندان ،
دارە زڕەکە هەمدیسان زڕ کەیتەوە ..
ناسنامەی لاڵیی و
بێدەنگیی و
کۆیلایەتیی
بۆ ساڵانێکی داهاتووت ،
پڕکەیتەوە ..

٭ ٭ ٭

دەنگ بدەن .. دەنگ ..
با لە خولی داهاتوودا ،
لەگەڵ نەوتا ،
بتانکەنە تاریکایی تەنکەرەکان ..
لەگەڵ برسێتیدا ،
دیسانەوە هەڵتانشێلن ..
خوێنتان بکەنە ناو قاسەی
ژێر زەمین و
ناو دۆلار و دەفتەرەکان ..
با لە خولی داهاتوودا ،
داهاتووتان بکەنە پێی
شەهوەتاویی
سەماکەره مۆدێلەکان ..
بە زیندوێتیی
بتانخەنە
ناو کفن و قەبر و کێلەکان …

٭ ٭ ٭

ئەرێ چەندەمین جارتانە ،
بە دەستی خۆتان ،
ئەڕۆنە ناو ئاپۆڕەی
برسی و سەرشۆڕ و گێلەکان ؟

٭ ٭ ٭

قەسابەکان ،
هەموو ڕۆژێ مەڕ سەر ئەبڕن ..
نە مەڕێ ڕایکرد .. هەڵفڕی ..
نە قەسابێ وازی لە سەربڕین هێنا ..
نە چەقۆیەک دەستی قەسابێکی بڕی ..

٭ ٭ ٭

خەمگینترین زیندان لێرەیە ..هاوڕێیان !
دەرگا و پەنجەرەکانیشی ئاوەڵان و
زیندانییەکانی هەڵنایەن ..!
برسێتیی شەتەکی داون ،
کەچی لە کۆیلە خستنەوە
هەر کۆڵ نایەن ..

٭ ٭ ٭

خەمگینترین ئازادیی لێرەیه ، گەلۆ ..
هیچ کەس بە پولێ نایکڕێ ..
کەس بە سەپانیش ڕایناگرێ ..
بە شەقاما دێت و دەچێ ،
ڕۆژانە لە برسا ئەمرێ ..
پیشەکەی : تەنەکەی خۆڵە ..
هێند سوکایەتیی پێکراوە ،
کەس لە ڕووی نایە
پیاڵەیەک چای بۆ بکڕێ ..
دەسەڵاتداران هێشتاکە لێی ئەترسن ،
پیاوەکانیان ئەنێرن ، تا
چینێکی تر فەلاقەی کەن..
چینێکی تریش لاقەی کەن ..
ئەو کەسەی بە لایدا بڕوا ،
دەم و دەست ، غوسڵ دەرئەکا ..
بە گڵ و ئاو ، پاک خۆی ئەشوا ..
مناڵ فێری تفکردن بوون ،
یەکەمین تف ئەیکەنە چاوی ئازادیی ..
ووتارخوێنەکان کە قوڕگیان پاک کردەوە ،
یەکەم بەڵغەم ئەکەنە دەمی ئازادی ..

٭ ٭ ٭

تۆ و من خەریکی چین هاوڕێ ؟
44 هەزار پێغەمبەر ،
چوار ئەوەندەی تر جیڤارا ،
هیچ شتێکیان پێ چاک نەکرا ..
ئەوەتا هەرچوار وەرزەی ساڵ
کۆیلە و چڵکاوخۆر بارانە ..
ئەوەتا ئێستا لە جیاتی کۆشکێ ،
ووڵاتێ ،
لەسەر دز
تاپۆ ئەکرێ ..
تۆ و من خەریکی چین ، هاوڕێ ؟
ئەم ئەقڵسووکییە چییە ئاڵودەی بووین ؟
کێ قەڵەم و کاغەز ئەکڕێ ؟
ئەم گەمژەییە چییە بۆمان تەرک ناکرێ ؟
لە حەرەمسەرای ڕێویدا ،
شێر ڕام کراوە
وەک مەیمون سەیر ئەکرێ ..
دایبیی بۆ ئایین دانراوە ،
لە کاریکۆتا ،
جار و بار ،
ووڕک ئەگرێ …
خەریکی چین ئێمە هاوڕێ ؟
خەریکی چی ..؟
جاران پیاوکوژ پیاوی ئەکوشت و هەڵئەهات ..
جاران دز ، ماڵەکەی ئەدزی و
تێی ئەتەقاند ..
ئێستا پیاو کوژ ، گەلێ ئەکوژێ و ..
میز ئەکا بە ڕوخساریاندا ..
سەد کچی بەژنزراف و
سەد پیاو ماقوڵ ،
چەپڵە و دەستخۆشیی لێ ئەکەن ..
ئاهەنگی سەرکەوتنیشی بۆ ڕێک ئەخەن ..
ئێستا دز ، ماڵەکە ئەبات ،
خاوەن ماڵەکەیش سرودی تەمەندرێژیی بۆ ئەڵێ ..
کلکە لەقێیشی بۆ ئەکا ..
ئەڵێ بۆ زەحمەتت کێشا ؟
خۆم ماڵەکەم بۆ ئەهێنای ..
خوێنی خۆم و منالەکانیشم بۆ تۆ ..
لەشی ژن و خوشکەکانم ..
تۆ بۆچی زەحمەتت کێشا ،
دز ئاغا گیان ..
شێخ دزی بەرز و قارەمان ..؟

٭ ٭ ٭

تۆ و من خەریکی چین هاوڕێ ؟
خەریکی چی ..؟




هەواڵی ڕاست و هەواڵی ڕیکلامئامێز.. نەوزاد بەندی

ڕۆژنامەی نەیچەری بەریتانیی لە ڕاپۆرتێکیدا ئەڵێ : ڕۆژووی پچڕ پچڕ هۆکارێکە بۆ زیاد بوونی نەخۆشی شێرپەنجە ..!
ئێستا هەر کەسێک هەڵدەستێ بابەتێک بڵاو ئەکاتەوە کە ڕەنگە بازرگانییەک یان ڕیکلامێک بێت بۆ کەل و پەل و دەستە و تاقمێک ..
کار گەیشتۆتە ئەوەی ئەڵێن : ئەگەر دوو شەممە و پێنج شەممە بەڕۆژوو بیت ، خانەکانی لەش تێکەڵاوی ژەهرەکانی لەش ئەبن و کارەسات ئەقەومێ !
لە کاتێکدا ئەوانەی کە لە ساڵانێکە ئەو دوو ڕۆژە بە ڕۆژوو بوون ، تەمەنێکی درێژ و لەشێکی ساغیان هەبووە .
هیچ گۆڤارێکی ئەمەریکیی و ئەوروپیی باس لەوە ناکەن کە هۆکاری سەرەکیی سەڕەتان ، بریتییە لە جەنگەکان و چەکەکان و دوکەڵی کارگەکان و شەپۆلی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەنتەرنێت و تیشکی شاشە زیرەکەکان و پلاستیک و پیسبوونی هەوا و ئاو و خاک به دوکەڵ و پاشماوەی کارگە ناوکییەکان و کارگە زەبەلاحەکانی ووزە و نەوت و خواردنی بەستوو و قوتوکراو..
بە ڕاستی ، هەتا ئێستایش ڕێژەی شێرپەنجە و زەهایمەر و شێت بوون و نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە ووڵاتە موسوڵمانەکاندا زۆر کەمترە لە چاو لە ئەوروپا و ئەمەریکا ..
ڕۆژووی پچڕ پچڕ ، خواردنی ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارەیە و .. وازهێنانە لە خواردن هەتا پانزە بۆ هەژدە سەعات بە پێی ئەو سیستمەی دکتۆر بێرگ دایناوە .. بەڵام بە ڕای من ئاونەخواردنەوە یان کەم ئاوخواردنەوە هۆکاری زۆربەی نەخۆشییەکانە ، وەک چۆن ماڵێک ئاوی لێ ببڕێت ، کەڕوو هەڵدێنێ و پیس ئەبێ ، لەشی مرۆڤیش بە شێوەیەکی بەردەوام ئاوی نەدرێتێ ، پیس بوون و نەخۆشیی و ژەهراویبوون ڕوودەدات تیایدا ..بە تایبەت لە سیستمی کیتۆ و ڕۆژووی پچڕ پچڕدا ، زۆربەی کەس ئاوی پێویست ناخۆنەوە .. جارێ کوردە حەیاتەکە ئاو هەر ناخواتەوە ، چونکە بۆن و ڕەنگ و تامی نییە ..

ڕۆژنامەی نەیچەری بەریتانیی لە ڕاپۆرتێکیدا ئەڵێ : ڕۆژووی پچڕ پچڕ هۆکارێکە بۆ زیاد بوونی نەخۆشی شێرپەنجە ..!
ئێستا هەر کەسێک هەڵدەستێ بابەتێک بڵاو ئەکاتەوە کە ڕەنگە بازرگانییەک یان ڕیکلامێک بێت بۆ کەل و پەل و دەستە و تاقمێک ..
کار گەیشتۆتە ئەوەی ئەڵێن : ئەگەر دوو شەممە و پێنج شەممە بەڕۆژوو بیت ، خانەکانی لەش تێکەڵاوی ژەهرەکانی لەش ئەبن و کارەسات ئەقەومێ !
لە کاتێکدا ئەوانەی کە لە ساڵانێکە ئەو دوو ڕۆژە بە ڕۆژوو بوون ، تەمەنێکی درێژ و لەشێکی ساغیان هەبووە .
هیچ گۆڤارێکی ئەمەریکیی و ئەوروپیی باس لەوە ناکەن کە هۆکاری سەرەکیی سەڕەتان ، بریتییە لە جەنگەکان و چەکەکان و دوکەڵی کارگەکان و شەپۆلی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەنتەرنێت و تیشکی شاشە زیرەکەکان و پلاستیک و پیسبوونی هەوا و ئاو و خاک به دوکەڵ و پاشماوەی کارگە ناوکییەکان و کارگە زەبەلاحەکانی ووزە و نەوت و خواردنی بەستوو و قوتوکراو..
بە ڕاستی ، هەتا ئێستایش ڕێژەی شێرپەنجە و زەهایمەر و شێت بوون و نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە ووڵاتە موسوڵمانەکاندا زۆر کەمترە لە چاو لە ئەوروپا و ئەمەریکا ..
ڕۆژووی پچڕ پچڕ ، خواردنی ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارەیە و .. وازهێنانە لە خواردن هەتا پانزە بۆ هەژدە سەعات بە پێی ئەو سیستمەی دکتۆر بێرگ دایناوە .. بەڵام بە ڕای من ئاونەخواردنەوە یان کەم ئاوخواردنەوە هۆکاری زۆربەی نەخۆشییەکانە ، وەک چۆن ماڵێک ئاوی لێ ببڕێت ، کەڕوو هەڵدێنێ و پیس ئەبێ ، لەشی مرۆڤیش بە شێوەیەکی بەردەوام ئاوی نەدرێتێ ، پیس بوون و نەخۆشیی و ژەهراویبوون ڕوودەدات تیایدا ..بە تایبەت لە سیستمی کیتۆ و ڕۆژووی پچڕ پچڕدا ، زۆربەی کەس ئاوی پێویست ناخۆنەوە .. جارێ کوردە حەیاتەکە ئاو هەر ناخواتەوە ، چونکە بۆن و ڕەنگ و تامی نییە.




ماڵئاوا ، پیاوی کتێب و ڕۆژنامە ، ماڵئاوا.. نەوزاد بەندی

کە لە ناکاو بە جێت هێشتین ،
کتێبەکان هەتیو کەوتـــــــن
خەمێکی قورست پێ چێشتین ،
پیتەکان بە بێ شیو خەوتن ..

کۆشکێکی پاک و ڕازاوەی
ڕۆژنامە ، واقی وڕما بوو ..
فرمێسک لەناو چاوەکانی
بەردەرکی سەرادا زا بوو .

ئیتر کۆشکی کتێبەکان ،
کێ ڕێکی خا ؟ تاوتووی بکا ؟
کراسی ڕۆژنامە و گۆڤار ،
کێ بیشوا ؟ کێ ئوتووی بکا ؟

ناوەندی شار ، بێ تۆ چی بکا ؟
هاوسەنگیی خۆی چۆن ڕاگرێ ؟
بە بێ تۆ .. بە بێ خەندەی تۆ ،
زەحمەتە خۆی ڕاناگـــــــرێ ..

دوو درەختەکە خەمگینن ،
چاوەڕێت بوون ، هەر نەهاتی
پێشوەخت گەڵایان هەڵوەری،
ژمارەی خەزانی کاتیی !

تاقە ئازارێ کە بەخشیت ،
ئازاری ماڵئاوایی بوو ..
بەو ناوەختە ، بەو خەزانە ،
بەو مەرگە ، کە نائاسایی بوو ..

ئاخر لە وڵاتی مافیا و
گەمژە و نەخوێندەواریدا ،
لەگەڵ کتێب بووی کە هاتیت و
هەروا له کۆچی یەکجاریدا

لە شاری دەفتەره دۆلار ،
تۆ کتێبت کرد بە هاوڕێ
بۆیە لە میراتیی شارا ،
تۆ هیچ شتێکت پێ نابڕێ !!

سوپاس ، بۆ باوکی ووشه و پیت ،
کە له شێوەی نابێتەوە ..
ناوەندی شار دڵی شکا ،
زۆر زەحمەتە چا بێتەوە ..

  • وێنەکە: ملا موحسین سەید محمود بەرزنجی



دزی شەریف و نیشتمانفرشی دز.. وەرگێڕانی: نەوزاد بەندی

شاعیر و نووسەری پاکستانیی میرزا ئەدیب ، کە لە ساڵی 1999 دا کۆچی دوایی کردووە ، لە ووتارێکیدا ئەڵێ :
لە کارەکەم دەرکرابووم ، بەڵام مانگانە بڕە پارەیەکم بۆ دایکم ئەنارد ، بەڵام ئەو مانگە تەنها 9 ڕوپیەم پێ بوو ، لە زەرفێکی نامەدا دامنابوو ، ناونیشانی دایکمی لەسەر بوو ، بە نیاز بووم لە ڕێی پۆستەوە بۆی بنێرم ..
کە لە پاسەکە دابەزیم ، ئەبینم زەرەفەکە لە گیرفانمدا نەماوە و دزراوە ..
هەرچەندە 9 ڕوپیە زۆر کەم بوو ، بەڵام لەو کاتەدا کە بێ ئیش بووم ، زۆر بوو ، بە تایبەت بۆ دایکم کە زۆر کەمدەست بوو ..
ئەوەی بە لامەوە سەیر بوو ، پاش چەند ڕۆژێک نامەیەکم لە دایکمەوە بۆ هات، پێش ئەوەی نامەکە بکەمەوە توشی دڵەڕاوکێ بووم، دڵنیا بووم لەوەی دایکم گلەیی ئەوەم لێ دەکات کە بۆچی پارەی مانگانەم بۆ نەناردووە ، کەچی کە نامەکەم کردەوە ، نوسیبووی : زۆر سوپاس کوڕی ئازیزم بۆ ئەو 50 ڕوپیەی بۆت ناردووم !!

سەرم سوڕما ، ئاخۆ کێ بێ 50 ڕوپیەی بۆ دایکم ناردبێ ؟
پاش چەند ڕۆژێک ، نامەیەکی ترم بە دەست گەیشت ، کە بە خەتێکی ناشیرین نووسرا بوو ، بەو حاڵە جا ئەخوێنرایەوە ، تیایدا نووسرابوو : ( ناونیشانەکەتم لە زەرفی نامەکەتا دۆزییەوە .. کە گیرفانتم بڕی و نامەکەتم خوێندەوە ، دایکم و دایکتم بیر کەوتەوە ، هەر بۆیە 41 ڕوپیەم خستە سەر 9 ڕوپیەکەت و ناردم بۆ دایکت ، چونکە ناکرێ دایکت بە برسێتیی بتلێتەوە ..
نەمویست گوناهی تۆ و دایکیشت هەڵبگرم !! )

بە ڕاستی لە سەردەمێکدا ئەژین هەندێک دز زۆر لەوانە شەریفترن کە دروشمی نیشتمانپەروەرییان بەرز کردۆتەوە و هیچ بەزەییەک و لێپرسراوێتییەکیان تێدا بەدی ناکرێت و .. هەست ناکەن بە برسێتی مرۆڤ و تەنها بۆ خۆیان ئەژین و ئەدزن و گیرفان پڕ دەکەن .

ــ وێنەکە ، وێنەی نووسەری پاکستانیی میرزا ئەدیبە ــــ




نیفاق.. نەوزاد بەندی

نیفاق بریتیە لە درۆکردن لەگەڵ بیروباوەڕدا .. واتا بە ڕووکەش خۆت وا نیشان بدەیت هەڵگری بیروباوەڕێکیت ، بەڵام بە کردەوە ، جیاواز بیت لە بیر و باوەڕەکەت .. یان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کار بە بیر و باوەڕەکەت بکەیت و دوای ئەوە هەڵبگەڕێیتەوە و ببیت بە کەسێکی دژ بەو بیر و باوەڕەی پێشتر هەڵتگرتووە ..
لە قورئاندا سزای گەورە بۆ ئەو کەسانە دانراوە کە بە ڕووکەش موسوڵمانن ، بەڵام کە داوای کارپێکردنی بیروباوەڕەکەیان لێ دەکرێت ، هەڵدێن و خۆیان دەشارنەوە و بیانووگەلێک دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەرکەکانی تایبەت بەو بیر و باوەڕە جێبەجێ نەکەن ، ئیتر ئەو ئەرکانە بەخشینی زەکات بێ ، چوون بۆ شەڕی چارەنووسساز بێت ، کاری چاکە بێ ، خۆنەویستیی بێ ، یان هەر ئەرکێکی تر ، لە وەسفی داهاتووی ئەم جۆرە کەسانەدا ، بنی دۆزەخ دەست نیشاندەکرێت بۆیان ، واتا ئەم بەناو باوەڕدارانە ، لە خراپترین کەسەکان حیساب دەکرێن و ئەخرێنە بنکی ئاگری دۆزەخەوە ..
لە سەردەمی ئەمەوییەکانەوە شتێک نەمایەوە بە ناوی بیر و باوەڕ ، چونکە خەلیفایەتیی بوو بە پشتا و پشت ، لە باوکەوە بۆ کوڕ .. ئیتر خەلیفە لە جیاتی کار بە بیر و باوەڕ بکات ، سەرقاڵی پێگەیاندنی کوڕەکانی بوو ، هەتا بەهێزترینیان بکات بە جێگرەوی ناز و نیعمەتی نیفاقی خەلافەت ، ئیتر جەنگی نێوان براکان و ژەهرخواردن هاتە گۆڕێ ..
ئەبینیت بانگخوازێک گەزێک ڕیشی بەرداوەتەوە کە زۆرترین کاتەکانی لە شانەکردن و نیگرۆکردنی ڕیشیدا بەسەر دەبات ، هەر ئاگایشی لەوە نییە کە هێرماتکۆلێکی ڕاوێژکاری یەکەمی ئەڵمانیا لەسەر ملیۆنێک دۆلار پێگە و حەیا و شەرەفی شکێنرا و پەلکێشی دادگا کرا ، لەبەر چاویدا وار و وێخی ووڵاتەکە ئەکرێتە تەنکەرەوە و ئەدزرێت ، ئەمیش باسی فیقهی ژنی دووەم و سێیەم و چوارەم دەکا ، یان دژایەتیی ڕیش درێژێکی تر دەکات کە پێی وایه دۆعای قنوت له نوێژی بەیانیدا بیدعەیە !! ..
چەندین جار ووتار خوێنی ڕیش وەک کلووی بەفرم خستۆتە دۆخێکەوە کە نەتوانێت دێڕێک قسەیش بکات ، چونکە کاتێ پێی دەڵێیت لەسەردەمی بیر و باوەڕدا نادادییەک هەبووایە ، لە بانگی مزگەوتەکاندا داوا دەکرا خەڵک بە چەکەوە بێن بۆ دژایەتیی نادادییەک کە هەڵتۆقیوە ، پێم ووتون ئێوە وا ڕیشتان لە ووتار و مینبەردا سپی بووە ، ئایا تا ئێستا نادادییەکتان نەبینیوە وا هێشتا لە بڵندگۆی مزگەوتێکەوە نەتانوتووە خەڵکینە کۆبنەوە ، با دژایەتیی نادادییەک بکەین کە یەخەی گرتووین ؟
نەیانزانیوە بڵێن چی .. یان وتوویانە ئەم سەردەمە جیاوازە !! ..پێم وتوون ئەی بۆچی سەردەمی دوژمنەکانتان جیاواز نییە و بە تۆپ و تانکەوە ئەدەن بە سەرتاندا ؟؟
بۆچی گەنمی جوان و سروشتیی ووڵاتەکە لەو دەشتە تەپە دراوە و .. لێیان وەرناگیرێت ، کەچی ئاردێکی پڕ لە ژەهر لەو سەری دنیاوە دێت ، ئەبێ بیکڕن و بیکەن بە نان و بیخۆن ؟ ئایا ئێوە وەک ووتارخوێن و ڕێنیشادەری موسوڵمانان هیچتان لەسەر ئەم گاڵتەجاڕییە باسکردووە ؟؟ ..نا .. ئەو سەرقاڵی ئەوەیە کە تەکفیری کەسێک بکات ڕیشی تاشیبێ یان سەرقاڵی کردنەوەی سەدان نوسینگەی عەمرەیە ..
ئەگەر وابزانین نیفاق تایبەتە بە باوەڕدارانی ئیسلام ، بە هەڵە چووین .. نیفاق لە هەموو بیر و باوەڕێکدا هەیه و کەسانێکی خۆپەرست و زەمانەساز هەن ، لە پێناوی بەرژەوەندیی تاکە کەسی و خێزانی خۆیان ، نیفاق ئەخەنە ناو بیر و باوەڕەکانەوە .. بۆ نمونە سەدام حسێن ، کە گەیشتە کورسی حوکمڕانی سەرجەم پیاوە دڵسۆزەکانی حیزبەکەی قەتڵ و عام کرد ..یان کەسێکی وەک ڤلادیمیر لینین کە باوکی بیر و باوەڕی کۆمۆنیست بوو ، هەموو ژیانی خۆی بۆ بیر و باوەڕەکەی تەرخان کرد ، سەدان کتێب و ووتاری لەو پێناوەدا نوسی ، دوای خۆی جۆزێڤ ستالین پەیدا بوو ، کە بە حیساب سکرتێری پارتی کۆمۆنیستی ڕوسیایە ، بەڵام بووە کۆمۆنیستێکی مونافیق و ..زۆرینەی تێکۆشەرە کۆمۆنیستەکانی لەناو برد ..یەک دێڕی لە ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیست زیاد نەکرد و کەوتە کۆمەڵکوژیی لەناو ووڵاتەکەی خۆیدا و هیچی کەمتر نەبوو لە هیتلەر و مۆسۆلینیی ..
بە پێچەوانەوە ، ئەمڕۆ ئەبینین هەموو وڵاتانی سیکیویلار لە پرسی سیکیولاریزمدا هاوڕا و تەبان و نەیانهێشتووە نیفاق تێکەڵاوی قوتابخانە فیکرییەکەیان ببێت ، ئەوەتا ئاشکرا وڕوونە یابان و ئەمەریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیسڕائیل ، یەک دڵ و یەک دەستن و ..تێکڕا لە دوژمنەکانیان دەدەن ..ئەمەیش وایکردووە ببنە خاوەنی جیهان .. لە بەرامبەردا ، ووڵاتانی مونافیق ، کەوتوونەتە ژێر پێڵاوی سیکیولارە ڕەسەنەکانەوە .. واتا موسوڵمانێکی مونافیق ، یاخود ڕۆژهەڵاتییەکی مونافیق ، لە دنیا و قیامەتیشدا ئەکەوێتە ژێر پێڵاوی سیکیولارێکی پاک یان ڕۆژئاواییەکی دڵسۆز بۆ بیر و باوەڕەکەی خۆی ..
ئێستا تۆ بچیتە ووڵاتێکی ئەوروپی و ..سەدان هاوڕێی ئەوروپیت هەبێ ، هیچیان پایەکانی سیکیولاریزم بۆ تۆ ناشکێنن ، ئەوان بەو کارە دەڵێن دڵسۆزیی بۆ یاسا و .. یاسا لە سەروو هەموو شتێک دادەنێن .. کاتێ سەرۆک وەزیرانێکی وەک هێرماتکۆل لە ئەڵمانیا ، نیفاقێک دەکات و بڕێک پارەی گشتی بۆ حیزبەکەی تەرخان دەکات ، بە دەستێکی پۆڵایین لێی دەدرێت و پەلکێشی بەردەم دادگا دەکرێت و دەخرێتە زبڵدانی مێژووی ووڵاتەکەیەوە ..بە هەمان شێوە کلینتۆن و یەهود ئۆڵمەرت و بەرلسکونی و هەموو ئەو سەرۆکانە کاتێ ئەیانەوێ نیفاق تێکەڵاوی دەسەڵاتی ووڵاتەکەیان بکەن ، سزای قورس دەدرێن و حەیایان دەبرێت و دادگایان پێ دەگیرێت و زیندان دەکرێن و ڕاوەدوو دەنرێن ..
بەڵام لە ووڵاتی نیفاقدا ، ئەوەندە بەسە خزمی بەرپرسێک بیت ، ئیتر یاسا وەک تەم ئەڕەوێتەوە و ئەتوانیت هەرچی بێ حورمەتییە بە یاسا و دەستووری وڵاتەکەی بکەیت ، هیچ کەسێکیش ڕێگریت لێ ناکات ، چونکە هەمووان خەریکی نیفاقن لە پێگەی خۆیاندا .. واتا تەماتە فرۆشێک کە تەماتەی شکاو بە حیسابی تەماتەی ساغ ئەفرۆشێت ، بەلایەوە ئاساییە سەعاتی مەچەکی سەرۆک وەزیران نرخەکەی دوو ملیۆن دۆلار بێ ، چونکە هەردووکیان مونافیقن ، خۆ ئەگەر جێگۆڕکێیان پێ بکرێت ، ئەوسا تەماتە فرۆشەکە سەعاتی چوار ملیۆن دۆلاریی دەکاتە مەچەکی و ..سەرۆکەکەیش تەماتەی بۆگەن و شکاویش تێکەڵاو ئەکا و بە حیسابی تەماتەی زەڵاتە ساغیان ئەکاتەوە ..ئەمەیش ئەو دەردە کوشندەیەیه کە وا دەکات کۆمەڵگا دابڕزێت و هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنیی تێدا دروست نەبێ .. کاتێ کۆمەڵێک کەس لە بەردەم ژووری بەڕێوەبەرێکدا ، چەندین سەعات بۆ ئیمزایەک ڕادەوەستن و بەلایانەوە ئاساییە کە جەنابی بەڕێوەبەر تاقەتی ئیمزای نییە و لەگەڵ گێڵفرێندەکەیدا نیسکافە ئەخواتەوە .. چونکە هەموو ئەوانەیشی چاوەڕوانی ئیمزای جەنابی بەڕێوەڕن لە شوێنکاری خۆیاندا گاڵتە بە کاتی خەڵکەکە دەکەن و نیسکافە لەگەڵ گێڵفرێندەکانیاندا دەخۆنەوە ..بەو جۆرە پرسی شۆڕش و چاکسازیی و ڕیفۆرم بۆ هەتا هەتایه لە گۆڕ دەنرێت ..
هەر بۆیە لە قورئاندا جێگای مامۆستایەکی ئاینیی کە تەنها قسه دەکات و یەک هەڵوێستی کرداریی نییە ، لە بنکی دۆزەخدا دادەنێت ، واتا لە ژێر پێی ئەوانەی کە لە دنیادا نازانن ئایین چییە و خەریکی کوشت و بڕ و زینا و شەرابخواردنەوە و قومارکردنن ..بەڵێ بەو جۆرەیە ، چونکە ئەو کەسەی کە درۆ لەگەڵ خۆی و خەڵک و خوادا ناکات و ..وەک ئەوەی هەیە خۆی دەردەەکەوێت و درۆ ناکات ، زۆر باشترە لەوەی کە ووتار و ڕوکەشێکی ئاینیی بۆ خۆی دادەتاشێ ، بەڵام ئامادە نییە بچووکترین فیداکاریی لە پێناوی بیر و باوەڕەکەیدا بکات .. ئەوەی یەکەم ڕاستیەکەی دیارە و ئەوانەی لە دەوری کۆدەبنەوە وەکو خۆی وان ، بەڵام ئەوەی دووەم بەو ووتار و ڕووکەشە ئاینییە ساختەیەی بۆ خۆی دایناوە ، هەزاران و ملیۆنان کەس فریو دەدات و لە خشتەیان دەبات و ..ئاینەکەیش سوک دەکات و بە لاڕێیدا دەبات .. کاتێک ڕوسیا چاویکردوەوە ، شتێک نەما بە ناوی کۆمۆنیست و یەکسانیی ، بەڵکو کۆمەڵێ ئاغا و دیکتاتۆریان بینی کە لە پشت ئاڵای سووری چەکوش و داسەوە ، خۆیان و خێزانەکانیان ژیانێکی شاهانە ئەژیان و میللەتیش لە هەردوو جەژنە بوو بوو ..
کاتێ میللەتانی ئیسلام چاویان کردەوە ، ئەبینن هەزار و یەک خەلیفە بە ڕیشی درێژ و ژیانی شاهانەوە لە پشت ئاڵای ئیسلامدا ، قوت بوونەتەوە ، شتێکیش نەماوەتەوە بەناوی ئیسلام لەسەر زەوی واقیع ..
دەیان و سەدان ووڵاتی بە ناو ئیسلامیی ، لاواز و مونافیق ، لەبەامبەر سەدان ووڵاتی یەکگرتووی ڕۆژئاوادا ، وەک پۆڕی خوراویان لێهات ..
ئێستا سیکیولایزمێکی یەک دڵ و فیداکار لە دژی ئیسلامێکی هەزار خەلیفە و دژبەیەک شەڕ دەکەن ، بێگومان سیکیولاریزم ئەیباتەوە .. چونکە فیداکاریی هەمیشە بەسەر نیفاقدا سەردەکەوێت ..

لە شەریعەتی ئیسلامدا هاتووە ، دەسەڵاتێکی بێ دینی دادپەروەر ئەمێنێتەوە و دەسەڵاتێکی دینداری نادادپەروەر ئەڕوخێ ..
لێرەدا دادپەروەر واتا دڵسۆز بۆ بیر و باوەڕەکەی بەڵام نادادپەروەر واتا درۆزن و مونافیق بە بیر و باوەڕەکەی ..
موسوڵمانان لە جەنگی ئوحوددا شکان ، چونکە نیفاق تێکەڵاوی بیر و باوەڕەکەیان بوو ، هەڵمەتیان برد بۆ کۆکردنەوەی غەنیمەت و گیرفانپڕکردن ..
ئەمە حەقیقەتێکە کە دڵی زۆرێک لە خەلیفە هەڵتۆقیوەکانی کۆمەڵگای خۆمان زیز دەکا .. هەروەها دڵی کۆمۆنیست و سیکیولاریزم و عەشایەری و هەموو تایتڵەکانی تری ناو کۆمەلگای کوردیمان لێ دەڕەنجێ ، چونکە هەموویان مونافیقن .. یەک تۆسقاڵ بیر وباوەڕ لەناو کۆمەڵگای کوردیدا نەماوە نیفاق داینەڕزاندبێ ..کۆمونیستی وامان تێدا بووە ، کە خۆی بە کۆمۆنیستی عیارە 24 داناوە و خاوەنی گۆڤار و بڵاوکراوە و گوتاری کۆمۆنیستیی بووە ، بەڵام لە یەکەم هەلدا بووە بە كاپیتالیستێک کە هەتا بینەقاقای لەناو ملیارە دۆلاردا نوقم کردووە و هێشتا بە هەر چوار لادا هەڵپە دەکات ..ناوی خۆی لە دامەزراوە ناشەرعییەکانی داکوتاوە ، ئێستا هەر بۆ گاڵتە و گەپ پێی بڵێی کابرای کۆمۆنیست ، ڕەنگە دەرگای دادگات پێ بگرێت و داوای قەرەبووی مادی و مەعنەویت لێ بکات ..
پیاوی ئاینیی وامان تێدا بووە ، بە ووتارەکانی خەڵکێکی زۆریان کردۆتە گریان و لە ئەلفەوە هەتا یائی دەسەڵاتی کوردییان ڕەت کردۆتەوە و بە جەردە و مافیا و حەرامخۆریان لە قەڵەم داون ، بەڵام کاتێ دەسەڵاتی کوردیی ، کورسییەکی وەزارەت یان پەرلەمانی بۆ داناون ، یەکسەر ڕیش و مێزەر و شەڕواڵیان توڕ داوە و .. قات و بۆینباخی فەرەنگییان پۆشیوە و ..جێڵیان داوە لە قژیان و ..کۆشک و جەڵەبە لاندکرۆزەریان لێ ڕاکێشاوە و کەوتوونەتە داکۆکیکردن و جوانکاریکردن بۆ ئەو دەسەڵاتەی پێشتر بە مافیا و جەردە ناویان دەبرد ..
ئیتر ئایدیۆلوژیای کۆمۆنیست و ئیسلامیی چی لەناو کورددا ؟
ئەوانەیشی خۆیان بە وەبەرهێن و کاپیتالیست ناساندووە ، لە ئاغایەکی چنگ به خوێن و مونافیق و بێ ویژدان زیاتر شتێکی تر نین ، ئەوەندە بەسه بڵێین لە کەرتی تایبەتی کاپیتالیستە نەخوێندەوارەکانمدا بە هەزاران کرێکار و فەرمانبەر بە خۆبەخشیی کاردەکەن ، بۆ ئەوەی ئەو درامای نائومێدکردنەی دەسەڵاتی کوردیی بەرامبەر بە گەنجی کورد پیادەی کردووە ، ئەمان چاپتەری دووەمی بەو پەڕی بەربەییەتەوە ، بۆ تەواو بکەن ..
نیفاق ، ئەو دەردە کوشندەیەیە کە بیر و باوەڕەکان دادەڕزێنێ.. کەسایەتییەکان ئەپوکێنێتەوە .. شۆڕش و کەرامەت و شەرەف ئەشکێنێ و وورد و خاشیان دەکات .. وای لێ دێت ، متمانە ناهێڵێت ، تاکەکانی کۆمەڵگا لە ترس و درۆ و فێڵ و تەڵەکەدا سەرنگون ئەکا .. دیندارە ڕووکەشەکانیان چاوەڕێی خوا دەکەن کۆمەڵێک فریشتەیان بۆ بنێرێتە خوارەوە و بار و دۆخەکەیان بۆ چاک بکات ، سیکیولاره ڕووکەشەکانیش چاوەڕوانی کەڵچەڕی ڕۆژهەڵات و هێزەکانی مارینز ئەکەن بێت و بۆیان بکا بە ووڵاتێکی مۆدێرن ، ئەوە لە کاتێکدایە کە تێکچوونی بار و دۆخەکە بە هۆی خودی خۆیانەوەیە .. بە هۆی ئەو درۆ و خۆپەرستی و دنیا پەرستی و نیفاقەوەیە کە لە ژیاندا پیادەیان کردووە و .. یەک بە یەک بوون بە جەلادی یەکتری و .. هەموویشیان بوون بە کۆیلە و مێگەلی دەسەڵاتە مونافیقە گەورەکە ، کە خۆیشی لە ژێر پێی سیستمێکی دەرەکیدا گیری خواردووە و بچووکترین کەرامەت و کەسایەتی و بژاردەی بۆ نەهێڵرڵوەتەوە .. تەنها وەک بریکارێک کار دەکات بۆ بە سواڵکەر کردنی میللەتەکە و ..شکاندنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و ..ڕیسواکردنی کەلەپور و زانست و ئەدەب و هونەر و ئیستاتیکا …و هەر شتێک کۆڵۆنیالیزمی جیهانی لێی بخوازێ ..




موچە.. تەنزە شیعر.. نەوزاد بەندی

پێی بڵێن بێتیشەوە ،
تازە ڕەزای گرانـــــە
چونکە دەسکەلای دەستی
قۆڵبڕ و ڕێگرانە ..

بە فیکە و بە ئاماژەی
دز ، گیر ئەخواو پێی ئەچێ ..
هەتا پڕتری بکەن ،
ژێری زیاتر لێی ئەچێ ..

باکی نییە بە ئاهی
هەژار و داماوی شار
پاڵی لێداوەتەوە ،
بە ئەمری دز و زۆردار

جاران ناوی موچە بوو ،
ئێستا سەدەقە و قەرزە ..
دۆعای شەڕ لە هۆکاری
ئەکرێ لە هەر 5 فەرزە ..

یەکەم جارە لە مێژوو ،
موچە بکرێ بە فشار ..
تەنانەت خودی شەیتان ،
شەرمەزارە ..شەرمەزار

نەوزاد بەندی




هێڵی ئاسنینی: چاودێری کۆمەڵایەتیی /پاشکۆی پەروەردە / خۆیەتیی پەروەردەی سلێمانی.. نەوزاد بەندی

دیستۆیڤسکی ئەڵێ : ( ڕۆژگارێک دێت ، قەدەغەیه داناکان بیر بکەنەوە بۆ ئەوەی گەمژە دەسەڵاتدارەکان هەست بە سوکایەتیی نەکەن ).

کاتێ مناڵێکی کەمتوانات هەیە و ئەتەوێ مۆڵەتی ساڵانەی چاودێریکردنی بۆ تازە بکەیتەوە و مامەڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی و لیژنەی پزیشکیی و بەڕێوبەرایەتیی چاودێریت تەواو کردووە ، ئیتر لە هەولێر بیت یان دهۆک یان هەڵەبجە یان سلێمانی ، هەر هەمان سیستمە ..
نووسراوێکت بۆ ئەکەن ئەبێ بچیت بۆ وەزارەتی چاودێریی کۆمەڵایەتی ، لە هەولێر ، لە بەرامبەر بەنزینخانەی شۆڕش ، کن نەخۆشخانەی لە دایکبوون ..
سەعات سێ و نیوی بەیانی لە سلێمانیەوە بەرەو هەولێر دەرچووین ، ووتمان کات وەک شمشێر وایە ، پێش ئەوەی بمانبڕێ با بیبڕین ..
پێش وەخت گەیشتین ، واتا کاتمان بڕی ، هەر بۆیە لە چایخانەی کلتوری باوکی سامی ، لە بەرامبەر قەڵا ، وچانێکمان دا و ..قەیماغ و چایەکمان بە یادی ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابوردوو ، داوا کرد ..
کە گەیشتینە وەزارەتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ، کن نەخۆشخانەی لە دایکبوون ، بەرامبەر بەنزینخانەی شۆڕش ( ئەرێ هاوڕێیان ئایا ئەگونجێ نەخۆشخانەی لە دایکبوون ، بەرامبەر بەنزینخانە بێت ؟ )
سەعات هەشت و نیو گەیشتین ، پرسگە ، پۆلیسێک و دوو کارمەند و دوو سپلیتی فێنکی لێ بوون ، ووتیان سەعات 9 فەرمانبەرەکان دێن ، بفەرموون دانیشن .. سێ چارەک لە پرسگە دانیشتین ، هەتا کارمەندەکانی وەزارەت هاتن ، واتا سەعات 9:30 بوو ، کە بانگیان کردم ، ووتیان کوا منداڵەکەت ؟ ووتم ئۆتیزمە و بە سەفەر تێک ئەچێت و نایەت ..
ووتیان خێرا بە ڤیدیۆ کۆڵی مەسنجەر ، پیشانمان بدە با خۆی و داکیشی ببینین ، ووتم سێ پسپۆڕیی دەروونیی لە سلێمانیی بینیویانە ، ڕاپۆرتەکەیان ئیمزا و مۆر کردووە ، هێشتا بڕوا ناکەن ؟ یان دوو ئیدارەییە و تۆسقاڵێک متمانەتان لە نێواندا نەماوە ؟
کابرا وەک ڕۆبۆت وا بوو ، دووبارەی کردەوە کە ئەبێ ڤیدیۆکۆڵی مەسنجەر بکەمەوە ..منیش وەک ڕۆبۆت ڤیدیۆ کۆڵی مەسنجەرم کردەوە و ..کوڕە کەمتواناکەم و دایکی قسەیان لەگەڵ کرد ، لە کاتێکدا ئەوان قسەیان ئەکرد ، کابرا بەرواردی وێنەی کوڕەکەم و دایکی لەسەر ڕاپۆرتەکە و .. وێنەکانیان لە مەسنجەرەکە ئەکرد ، بزانێ ئەوانن یان ئەوان نین ..بەو جۆرە هەستم ئەکرد تاوانبارێکی تەزویرچیم و ئەمەوێ بە کونتڕۆڵدا تێپەڕم ، ئەم پسپۆڕیی دەروونیەیش تەنها پۆلیسێکە و ئەیەوێ ڕاستی و دروستیی مامەڵەکەم چێک بکا و بەس .. سێ پسپۆڕیی سلێمانی وەک سێ گۆمانلێکراو تەماشا ئەکات و بەس ..
باوکێکی بادینانیی لە دهۆکەوە هاتبوو ، داوای ڤیدیۆکۆڵی مەسنجەریان لێدەکرد هەتا مناڵە نەخۆشەکەی و دایکەکەی ببینن ،ئەویش ئەیوت : ( سەیدا بخودێ چ ئینتەرنێت لە مالا من نینە ! )
بە کۆنتڕۆڵا تێپەڕین و ئەمجارەیان نووسراوێکیان بۆ کردین ،بۆ وەزارەتی پەروەردە و وتیان لە جادەی سەد مەترییە ..
هاتینە دەرەوە ، تەکسیەکمان ڕاوەستاند ، ووتمان بڕۆ بۆ وەزارەتی پەروەردە لە شەقامی سەدی ..
شۆفێرەکە ووتی : من وەزارەت بزانم لە شێستیە ..
ووتمان لێی نازانیت ، خوات لەگەڵ ..
تەکسییەکی ترمان گرت ، ئەمیان لەبلەبان بوو ، ووتمان : ڕێک بۆ وەزارەتی پەروەردە لە سەدیی
ووتی : لە شێستییە
ووتمان : لە سەدییە
ووتی : لە شێستییە
ووتمان : لە سەدییە ..
ووتی : سەرکەون ، ئەتانبەمە پەرلەمان لە شێستی ، ئەگەر لەوێندەر نەبوو ، ئەتانبەم بۆ سەدی و سەد و بیستی و لە هەرکوێ ئێوە دەرێن.
قسەی ئەو دەرچوو ، لە شێستی بوو لە بینای پەرلەمان ..
لە ژووری هاتوو ، خاتوونێک ووتی بڕۆن دانیشن ، دە کەس لە پێشتانەوەیە ..ئێستا لەسەر سیستم ئەڕۆین و کاتی دەوێ ..
دوای زیاتر لە سێ چارەک ، ئینجا بە ژمارەیەک شاد بووین کە خستیە سەر نووسراوی وەزارەتی کن نەخۆشخانەی لە دایک بوون ، بەرامبەر بەنزینخانە ..
خاتوونەکە ووتی ئەو نووسراوە فۆتۆکۆپی بکە و بچۆ بۆ پاشکۆی پەروەردە ..
ووتم لە کوێیە ؟
ووتی لە حەوشە ..
چوومە حەوشە ، هیچم نەبینی لێی نووسرا بێ پاشکۆی پەروەردە ..
بە پیرە مێردێکی باخەوانم ووت : پاشکۆی پەروەردە لە کوێیە ؟
ووتی : هەردەڕۆی .. هەر دەڕۆی .. هەر دەڕۆی ، بە ئاڕاستەی هەتاو هەر دەڕۆی ..هەتا دەیگەیتێ ..
حەکایەتی کوڕە کەچەڵەم بیر کەوتەوە کە حەوت شەو و حەوت ڕۆژ بەناو دڕندە و ئەژدیها و شتا ڕۆیشت ..
نزیکەی کیلۆمەترێک بە حەوشەی پێچا و پێچ و پڕ لە پلیکانە و لۆرییە لم و چەو و بلۆکدا ، بە پلەی گەرمای 48 ی سیلیزیی ، ڕۆیشتم ، هەتا گەیشتمە پاشکۆی پەروەردە ، پرسگە و فێنکایی و پۆلیس و ..( بەهار و گوڵ ، کچ و مانگەشەو ، شیعری تەڕ و بادە )٭ جا چوومە ژوور ، کەوتمە نێوانی دوو بینای بەرامبەر یەکتر .. چوومە یەکەمیان ، گوتیان دووەمە ، چوومە دووەمیان ، دیسان پرسگە و کارمەند و فێنکایی .. ووتی کن کاک یوسفی ..
کاک یوسف ، چایی و چار جۆر نوقوڵ لەسەر مێزەکەی بوون ، تەبعەن بۆ خۆی ، یەک تەماشای نووسراوی سەر کۆمپیوتەرەکەی کرد و ..گوتی بڕۆ بۆ بینای یەکەم با ئەژوان کیتابت لۆ بکا ..ئەوا بۆم نارد ..
چووم بۆ لای ئەژوان ، ووتم کیتابم گەیشتە کۆمپیوتەرەکەت ..
خوا هەڵناگرێ داینیشاندم و جگەرەکەی پێ نەکرد و چاییەکەی نەخواردەوە ، تەماشای کۆمپیوتەرەکەی کرد و گۆتی : بەرێ ..گەیشتیە ، ئێستا لۆت دەکەم .
پاش کەمێ ، ووتی ئەوا ناردم لۆ کۆمپیوتەری مدیری پاشکۆی ، بڕۆ بینای دووەم ..
چوومە بینای دووەم ، خاتونی سکرتێر و فێنکایی و خەڵکی گرنگ VIP لە ڕیسێپشنی بەڕێوەبەری پاشکۆ دانیشتبوون ، پێم ووت کیتابم نێردراوە بۆ کۆمپیوتەری بەڕێوەبەری پاشکۆ ..
ووتی : بڕۆ لە ژووری کارزان دانیشە ، کیتابت دەچتە کنە وی .
ژووری کارزانم دۆزییەوە ، دوو کورسی لێ بوو بۆ هاووڵاتیان ، بەڵام سێ کارمەند کورسی و مێزیان هەبوو ، تەماشای یەکتریان ئەکرد ..
لەو چرکەیەدا ، کابرا دەشتەکییەکەی چیرۆکی دادگای فرانز کافکام بیر کەوتەوە ، کاتێک ساڵەهای ساڵ له بەردەرگای دادگا ڕایدەوەستێنن و ناهێڵن بچێته ژوور ، هەتا کاتی مردنی دێت و لەسەرەمەرگدا لە پاسەوانەکەی بەردەرگا ئەپرسێ : باشە ئایا ئەو هەموو ساڵە بێجگە لە من کەسێکی تر پێویستی بە دادگا نەبوو ؟ چونکە بێجگە لە خۆم کەسی ترم نەبینی ..
پاسەوانەکە پێی ئەڵێ : بەڵێ ، زۆر کەس هاتوونەتە دادگا بەڵام ئەم دەرگایە تایبەتە بە تۆ !!
بە کارزانم ووت : ئەرێ بێ زەحمەت من کیلۆمەترێکم بەناو بەرد و بلۆک و گڵ و چیمەنا بڕیوە لە وەزارەتەوە تا پاشکۆ ، بە بێ ئەوەی هیچ نووسراوێکم پێ بێت ، تەنها ئەم کۆمپیوتەر و ئەو کۆمپیوتەرتان پێکردووم ، ئەرێ نەدەکرا بە بێ خۆم ئەو کارانە ئەنجام بدەن ؟ یان هەر مەبەستتان ماندوو کردنی هاووڵاتییە ؟ خۆ ئەگەر چەند تەکسییەکتان لەو ڕێیەدا دانایە ، هەم تۆزێ بێکاریتان قەڵاچۆ ئەکرد ، هەم خەڵکێک کە ناتوانن لە پلەی 48 ی سەدیدا ئەو ماراسۆنە بکەن ، ڕزگاریان دەبوو ..
کارزان تەماشایەکی ئامادەبووانی کرد و ..ووتی : ئێوە بە خۆتان حەزتان لەو هات و چۆیەیە!! ، ئەگینا له پەیجی وەزارەت کارەکان هەموو جێبەجێ دەبن !! و دەتوانن لە ڕێی پەیجەوە مامەڵەکانتان وەربگرنەوە ..!!
ووتم : زەحمەت نەبێ ئاگات لە خۆتە ؟ یەعنی ئێمە لە خۆمانەوە هاتووین بۆ هەولێر یان لە سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجەوە باوەشێک نووسراویان داوینەتە دەست و وتویانە بڕۆن بۆ هەولێر ؟
براکەم تۆ یان ئاگات لە وەزعەکە نییە ، یان ئەتەوێ وای نیشان بدەیت کە سیستمەکەت ئەوروپییە ، ئەگینا بڕۆ تەماشا بکە ، باوکێک لە هەورامانەوە خۆی و کوڕە ئۆتیزمەکەی کە بەردەوام ئەگریا ئەو هەموو ڕێیەیان بڕی بوو ، کە بە قسەی تۆ بێ خۆیان حەزیان لەو عەزابەیە ؟؟
کارزان بە گۆشەی سەد و هەشتا بایدایەوە و ووتی : ئەو قسانە بۆ وەزیر بکە !
ووتم : نەوەڵڵا ، وەزیر وەک کۆشکەکەی کافکا وایە ، پێی ناگەم و نایشمەوێ پێی بگەم ..بەڵام من ڕۆژنامە نووسم ، ئەم ژیانکوشتنەی خێزانی مناڵە کەمئەدامەکان ئەکەم بە ووتارێک ..
ووتی : دەزانم ، ڕۆژنامە نووس بڕێک حەزیان بە جولە جولە !
ئیتر نازانم جولە جول مەبەستی یەکەی هێزی جول بوو ، یان مەبەستی لە جوڵە جوڵ بوو ..کارمەندەکان هەموویان بە زمانی جەستە پشتگیرییان لێکردم ، لەو کاتەدا کارزان ووتی ئەوا مامەڵەکەتم نارد بۆ بەشی دەرکردەکان واتا (صادرة )
ئینجا وەرە کیلۆمەترێک ڕێگای تر بە پیادە ببڕەرەوە هەتا ئەگەیتەوە وەزارەت ..
كە ڕۆیشتم بۆ بەشی دەرکردەکان لە پەنجەرەیەکی بچووکەوە زۆربەی پێکهاتەکانی کوردستان ئەیانویست سەریان ببەنە ژوورەوە تا سۆراخێکی نووسراوە ئەلیکترۆنییەکانیان بکەن .. سەکسوکە بە چەناگەیەک زۆر خراپ تەماشای کردم کە زۆر شتی بە دەست بوو ، ووتی کیتابی تۆ چییە ؟ بە جۆرێک پێی ووتم ، لە بیرم چۆوە کیتابی من بۆ چ شتێکە و .. یان ئەسڵەن بۆچی هاتووم بۆ پیرە هەولێرێ ..
خاتوونێک ، لە ساتەوەختی چوونە دەرەوەی ئەبو سەکسوکەکەدا بۆ لای هەندێ خزمی خانەقینیی هەتا کارەکانیان بۆ ڕایی بکا ، خاتوونێکی سەر کۆمپیوتەر ووتی ئەمە مامەڵەکەی تۆیە ، ئەوە ژمارە و بەروارەکەیت بۆ ئەنووسم و هەر ئێستا ئەینێرم بۆ بەڕێوەبەرایەتیی سلێمانی لە ڕێی ئەنتەرنێتەوە ، سبەینێ بڕۆن سەردانی پەروەردەی گشتی سلێمانی بکەن ..
گەلێک سوپاسم کرد و ..لەسەر پارچە قازێ ژمارەیەک و بەروارێکی دا بە دەستمەوە ..
ئەمڕۆ ، سەعات هەشت و نیو چووم بۆ پەروەردەی گشتی سلێمانی ، بەشی کۆمپیوتەر نووسراوەکەی بۆ ڕاکێشام و ناردینی بۆ لای بەڕێوەبەر .. لەسەر دەرگاکەی نووسرابوو ، هاووڵاتی بەڕێز پێویست بە پرسگە و لە دەرگادان ناکات ، ڕاستەوخۆ وەرە ژوورەوە ، دەرگامان کراوەیە بۆ هەمووان .. کەچی دوو سکرتێری هەبوو ، دەرگاکەیشی داخرابوو ..
نووسراوەکەی بردە ژوورەوە و ..ووتی بیبه بۆ ژووری 20 لێپرسراوی خۆیەتیی .. کە چووم ، چوار کەس ڕاوەستابوون ، ووتیان هێشتا لێپرسراوی خۆیەتیی نەهاتووە .. بە کارمەندێکی ژوورەکەی بەرامبەریم ووت : ئەم لێپرسراوە کەی دێت ؟
وتی : عادەتەن سەعات 9 دێت ..
بوو بە نۆ و چارەک هەر دیار نەبوو ، ژمارەی هاووڵاتیانیش لەبەر دەرگاکەیدا بوون بە دە دوانزە کەس ..
لە ڕێی کارمەندێکەوە بۆم دەرکەوت لە ژووری بەڕێوەبەری گشتییە .. ویستم بچمە ژوورەوە ، سکرتێرەکە نەیهێشت ، لە پشت ئەو نووسراوەی کە ئاماژەی بەوە دەدا به بێ دەرگا لێدان وەرە ژوورەوە ، دەرگا کراوەیە ..
ووتم بە لێپرسراوی خۆیەتیی بڵێ بێت بۆ ژوورەکەی چونکە یەک دنیا خەڵک له بەردەرگاکەی وەستاون ، هیچ جێگرێکی نییە کارەکەی بکات و خۆیشی نایەت ..مامەڵەی وای تێدایه ئەبێ هەر ئەمڕۆ بڕوات بۆ هەولێر..
وتی : بەسەر چاو ..
( درۆیشی کرد ..)
هاتمە خوارەوە ، ژمارەی خەڵکانی بەردەرگاکەی زیاتر بووبوون ، خۆم کرد بە ژوورەکەی تەنیشتیدا ، ووتم لێپرسراوی خۆیەتی نایەت ، نوکە قەڵەمێک لەو نووسراوە بدە ..
وتی ئەگەر تا سەعات نۆ و نیو نەهات ، ئینجا من بۆتان ئەکەم !!
پیرەپیاوێک کە دەبوو پاش ئیمزای خۆیەتیی ، یەکسەر بڕوات بۆ هەولێر ، مامەڵەی خۆی وەرگرتەوە و ..بەرەو ژووری بەڕێوەبەر ڕۆیشت ، بەڵکو لەوێ ئیمزای پێ بکا ، بە ڕاکردن هاتەوە ووتیان لە ژووری بەڕێوەبەر دەرچووە .. هاووڵاتییەکی تر ووتی : ئەڵێن خۆی کردووە بە ژوورەکەی بەرامبەر ژوورەکەی بەڕێوەبەردا .. دووان خۆیان کرد بە ژوورەکەی بەرامبەر ژوورەکەی بەڕێوەبەردا و پرسیاریان کرد سەبارەت لێپرسراوی بەشی خۆیەتیی ، ووتیان هەر ئێستا لێرە دەرچوو ، ڕاستێکەی بە پێکەنینیشەوە وایان ووت ، وەک ئەوەی ئەم گەڕان و سەر و سۆراخەی هاووڵاتیانی بەش مەینەت ،بۆ خاتونی خۆیەتیی ، ڕۆژانە بێ و .. وەک گەڕانەکانی کافکا و مارسیل بروست و جەبرا ئیبراهیم جەبرا و ، بۆ سەگ و کات و وەلید مەسعود ، وابێ ..
لە ناکاو ، دوای سەعات نۆ و نیو ، خاتونی لێپرسراوی خۆیەتی ، بە کاوەخۆ و کەماڵی ئیسراحەتەوە لە پلیکانەکان هاتە خوارەوە و چووە ژوورەکەیەوە ، ژووری 20 ، ئەو خەڵکەیش کە لە غیابی ئەودا سەدان ڕەخنە و ناڕەزاییان هەبوو تێکڕا بوون بە ماستی مەییو و ..کەوتنە نیشاندانی ڕێز و زەردەخەنە بۆی .. تەنها من پێم ووت : ئەگەر تۆ سەعات نۆ و نیو دێیت بۆ دەوام ، کەسێک لە جێی خۆت دابنێ ، ئەو خەڵکە سەعاتێکە چاوەڕوانی تۆ دەکەن ..تیایاندایە منداڵی نەخۆشی داناوە و ئەبێ بچێ بۆ وەزارەت لە هەولێر ..
وەک ئەوەی ناحەقییەکی گەورەی لێکرابێ ، بە سەرسوڕمانەوە ووتی : سەد کێشەمان هەیە ، لە ژووری مدیر خەریکی حەل کردنیان بووم ، مامۆستا بۆ ئەوەندە بێ وەفان ؟ شەو هەتا سەعات دوانزەی شەو خەریکی ئیمزا کردنی کیتاب بووم ..من لە ماڵیشەوە ئیسراحەتم نییە !!
ووتم : ئێستا سەعاتێکە .. یەک سەعاتی ڕێکە ژوورەکەی تۆ چۆڵە و ئەو هەموو خەڵکە چاوەڕێی نوکە قەڵەمێکی تۆ دەکەن ،ئەمە ئیشە ڕاستەقینەکەی تۆیە کە نایکەیت و چۆڵت کردووە .. سەعاتێک زۆرە لە تەمەنی ئەو خەڵکە لە چاوەڕوانیدا خەسار بکەیت ..کەسێک . جێگرەوەیەک بۆ خۆت دابنێ ، ئیتر حەز ئەکەی هەر مەیەرەوە بۆ ژوورەکەت ..
ئینجا من مامۆستا نیم و لە خەستەخانە کارئەکەم ، نەمزانی ئیمزایەک دوو سەعاتی پێ ئەچێ ، ئێستا بەهۆی جەنابتەوە بەردەرگای ، لەوێ ژوورەکەی منیش پڕ پڕن لە نەخۆش ، بەڵام من جێگرەوەم لە جێی خۆم داناوە ..ڕێز لە کاتی هاووڵاتیی ئەگرم ..
تەماشا ئەکەم یەک کەس لەو خەڵکە دەردەدارە نوزەی لێوە نایەت ..
کە لە ژوورەکە چوومە دەرەوە ، بە یەکێکیانم ووت : باشە ئێوە لە بەیانییەوە خوتە و بۆڵەتانە ، بۆچی کەسێکتان یەک قسە و ڕەخنەتان لە خاتوونی لێپرسراوی خۆییی نەگرت ؟ کاکە قەینا ، گریمان لەو کاتەدا لە ترساندا لاڵ بوون ، بۆچی بە لایەنی کەمەوە سەرێکتان بۆ من نەلەقاند ؟؟وەڵاهیی ناتانکوژن ، وەڵاهیی ناتانبڕن …هەر لەم ژیانە خۆشەتان !! بەردەوام ئەبن ..
ووتی : کاکە گیان 30 ساڵە ئێمە فێری کۆیلایەتیی ئەکرێین ، کە بچووکترین لێپرسراو ببینین ، زمان و عەقڵ و هەموو شتێکمان جام ئەبێ و لە کار ئەکەوێ !!
ڕاستە ، ئێوە گەر ئازادی وەک بارانیش ببارێت ، یەکسەر چەترەکانتان هەڵدەدەن
هاونیشتمانیان ، مەڵێن جا قەیچێکا با سەعاتێک چاوەڕوانی ئیمزای خاتوونی لێپرسراوی خۆیەتیی بکەین .. چونکە ئەگەر ئەو سەعات و ڕۆژ و هەفتانەی لە چاوەڕوانی ئەمانەدا بەسەرتان بردووە ، کۆ بکەنەوە ، بۆتان دەردەکەوێ بەشێکی زۆری تەمەنتان بە خۆڕایی و بە هەرزان لە دەست چووە .. کێشەکەیش لەوەدایە ، هێشتا ئەوان ناڕازین و تۆ سوپاسگوزاریت . .
واتا وەک دیستۆیڤسکی ئەڵێت بێ ئەوەی خۆتان ئاگادار بن ، نەژیاون و ئەیشبێ بمرن.




من مناڵەکەم ئۆتیزمە، عەیبدارم!.. نەوزاد بەندی

ساڵانە ئەبێ مۆڵەتی منداڵی کەمتوانا بۆ خێزانەکەم تازە بکەینەوە ..یاسایەکی حوکمەتی هەرێمە ، هەر خێزانێک مناڵێکی کەمتوانای تێدا بێ ، دایک یان باوک ئەتوانن یەکێکیان سوود لەو مۆڵەتە ساڵانەیه وەربگرن بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی مناڵە کەمتواناکەیان بکەن .
تازەکردنەوەی ئەم مۆڵەتە ساڵانە کۆمەڵێک ئیشی ئەوێ ، ئەچیتە فەرمانگە ، پەیوەندی بە کارەکەتەوە ئەکەیتەوە ، نووسراوت بۆ ئەکەن بۆ فەرمانگە گشتییەکەت ، لە فەرمانگە گشتیەکەتەوە دووبارە نووسراو و ڕاژەکەت بۆ چاپ ئەکەنەوە و ئەتنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ، لەوێوە نووسراو و دوو ڕەسمت لێ وەردەگرن و ئەتنێرن بۆ لیژنە پزیشکییەکان ..لیژنە پزیشکییەکان فایلێک بە 500 دینار و وەسڵێکی 1000 دیناریت بۆ ئەبڕن 4 ڕەسمت لێ وەرئەگرن و ئەتنێرن بۆ لای پزیشکەکانی لیژنەی پزیشکیی ، ئەوانیش پێت ئەڵێن بڕۆ نیوەڕۆ وەرەوە بۆ ئەنجامەکەی ..نیوەڕۆ ئەڕۆیتەوە بۆ ئەنجامەکەی بۆ ئەوەی سبەینێ بەیانی بچیتەوە بۆ بەڕێوەبەڕایەتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ، سبەینێ ئەڕۆیتەوە بۆ ئەوێ و کۆمەڵێ ڕەسمی ترت لێ وەردەگرن و نووسراوت بۆ دەکەن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی .. ئەچیت بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی ، سەر و خوار و ڕاست و چەپت پێ دەکەن بە ژوورەکاندا و .. دوای ئەوەی هەناسەت سوار ئەبێ ، نووسراوێکت بۆ ئەکەن و پێت ئەڵێن بە دەستی خۆت بیبە بۆ هەولێر بۆ وەزارەتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی .. ئەچیت بۆ وەزارەتی چاودێریی کۆمەڵایەتیی لە هەولێر ، تەماشای مناڵەکەت ئەکەن ، هەوڵ ئەدەن پێت بسەلمێنن کە ئەم مناڵە پێویستی بە چاودێریی نییە ! به مەرجێ لە ڕاپۆرتی لیژنە پزیشکییەکاندا نووسراوە پلەی کەمتوانایی 100% ..ئەگەر بۆت سەلماندن کە پێویستی پێیەتی ، ئەوسا ئەتنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکی تر و نووسراوت لێ وەرئەگرن و پێت ئەڵێن : بڕۆ ، خۆمان ئاگادارت ئەکەینەوە .. ئەڕۆیتەوە بۆ سلێمانی و دوای چەندەها ڕۆژ دێیتەوە بۆ هەولێر و سەردانیان ئەکەیتەوە ، چەند ژوورێکت پێ ئەکەن و ..دواجار پێت ئەڵێن بڕۆرەوە خۆمان بە پۆست ئەینێرین بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکەی کە خۆت کاری تێدا ئەکەیت ، دوای دە دوانزە ڕۆژ سەردانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکەت ئەکەیتەوە ، ئەڵێن هێشتا نەهاتۆتەوە ..ئیتر ئەیکەیت بە ڕێی کانی و سەردانی ڕۆژانە هەفتانەی بۆ ئەکەیت ، هەتا ئەگات و چەند ژوور و چاپ و هاتوو و دەرچووت پێ دەکەن ، ئینجا پێت ئەڵێن بڕۆ خۆمان بە پۆست ئەینێرین بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەت کە هەر لە سلێمانییە ! ..ئێ باشە بۆچی بۆ هەولێریش بە پۆست ناینێرن و ئەبێ خۆم بیبەم ؟ ئەی ئەگەر بە پۆست ناینێرن بۆ هەولێر ، بۆچی لەنێوان فەرمانگەکانی سلێمانیدا بە پۆست کار ئەکەن ؟
ئیتر یاسایه و بڕایەوە ، بۆت نییە چەند و چوون بکەیت ..
دوای چەند ڕۆژێ ئەچیت بۆ بەڕێوبەرایەتییەکەت ، پێت ئەڵێن بڕۆ لە فەرمانگەکەت نووسراوی لێکترازان بێنە بۆمان هەتا نووسراوی کۆتاییت بۆ بکەین ، ئەچیت بۆ فەرمانگەکەت ، پێت ئەڵێن هەتا لە بەڕێوبەرایەتییەوە نووسراوی مۆڵەتی ساڵانەت بۆ نەکەن ، ئێمە ئاماژە بە چ نووسراوێک بکەین لە نووسراوی لێکترازانەکەماندا ؟ ئەگەڕێیتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ، ئەڵێن تۆ بڕۆ ، خۆمان بە تەلەفۆن تێیان ئەگەیەنین ..
ئەڵێیت : بۆ کوێ بڕۆم ؟ ئەی نووسراوی کۆتاییم بۆ ناکەیت ؟
ئەڵێ بۆ سبەینێ ..!
ئیتر باسی هەڵەی چاپ و ئەو شتانە ناکەم کە زۆر جار لە ژووری حەوتەمەوە وەک یاری مار و پەیژە ، مارەکە پێتەوە ئەدات ، ئەبێ بڕۆیتەوە بۆ ژووری یەکەم بۆ ئەوەی دالێکی هەڵە بکەیت بە عەین ..یان دوو خاڵی پیتی یەکەمت بۆ بکوژێننەوە و بۆت بخەنە سەر پیتی سێیەم .. تەنانەت جارێکیان کە مامەڵەکەیان دامێ بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ، لە دوای چەند ژوورێک جا بۆیان دەرکەوت ئەم مامەڵەیە هی کەسێکی ترە ، کە بە ڕاکردن پڕم کرد بە مامەڵەدا و بەرەو بەڕێوبەرایەتیی ڕامئەکرد چونکە نیو سەعات کاتی دەوام مابوو ، سوپاس بۆ خوا هەمان کات نەفەرێکم بینی بە مامەڵەیەکەوە بە ڕاکردن بەرەو لای من ئەهات ، ئاماژەی چاومان هەموو شتێکی حەل کرد ، چونکە نیو سەعات کاتی دەوام مابوو ، نەئەبوو چرکەیەکی بە فیڕۆ بدەین ، وەک ڕاکردنی پێنجسەد مەتری بەریدی ئۆڵۆمپیی ، لە چرکەیەکدا مامەڵەکانمان ئاڵ و گۆڕ کرد و هەر یەکەمان بە ڕاکردن چووین بە لای ئیشی خۆمانەوە ، ئەو مامەڵەی کوڕەکەی منی بە هەڵە پێدرا بوو ، منیش هی کوڕەکەی ئەوم پێ درا بوو ..
حەزیش ئەکەم لە کۆتایی ئەم باسەدا باسی سێکشنێکی ئەم ووڵاتی دامەزراوەیەتان بۆ بکەم ، بۆ نمونە لیژنەی پزیشکیی .. هیچ پارکێک بۆ ئوتومبیل لە ئارادا نییە ، پۆلیسی هات و چۆیش ئەو ڕاستە شەقامەی بەردەم لیژنەی پزیشکیان بە خۆیان و مۆتا پڕتەقاڵییەکان و هێمای ڕاوەستان قەدەغەیە تەنیوە ، نەک ئوتومبیل ، تەنانەت چۆلەکەیش ناتوانێ و بۆی نییە بنیشێتەوە ، ئیتر مناڵی ئیفلیج و کوێر و کەڕ و هەموو جۆرەکان بە باوەش ئەگەیەنرێنە لیژنەی ئازیز ..هەر بۆیە منیش لە دووریی زیاتر لە کیلۆمەترێکەوە ئوتومبیلەکەم پارک کرد و لەگەڵ کوڕە ئۆتیزمەکەم وەک تیر بەرەو لیژنەی پزیشکیی دەرچووین ، لە ڕێ بنی کالەی بڕاندی FELA ی کوڕەکەم نیوەی لێ بۆوە و کەوتە تەپڵ و دومبکێلدان ، لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا چەپڵەیەک یان چەقەنەیەکی لێ دەدا ..پێش ئەوەی بگەینە لیژنەکە ، بە تەواوەتی لێ بۆوە و .. کوڕەکەم بنی پێڵاوەکەی هەڵگرتەوە وەک ماسی پانکە وابوو بە دەستیەوە .. ووتم بەم ماسییە پانکەیەوە بچینە لای پزیشکەکان ڕەنگە وا بزانن لە ڕاوە ماسییەوە هاتووینەتەوە و کوڕەکە هیچ عەیبی نییە .. هەر بۆیە لە حەوشەی لیژنەکە و لە ژێر دارکاژێکا ، بنەکەمان بە ئەمانەت دانا ، فایلفرۆشەکە ووتی منیش ئاگام لێی ئەبێ ..
کە چووینە ژووری پزیشکەکان ، ئەوە هیچ بە خێرهاتنیان نەکردین ، تەنانەت سەیریشیان نەکردین ، وەک دوو تاوانبار لە بەرامبەریان دانیشتبووین ، دانەیەکیان کە گەنجترینیان بوو ، ووتی : کوا دایکی ؟
ووتم : دایکی بۆ چییە ؟ لە پرسەدایە ، خەسووم پێرێ مرد ..
هیچیان نەیانووت خۆتان خۆش بن ..
سەیر ئەکەم ، سەیری یەکتر ئەکەن .. !
لە دڵی خۆمدا ووتم با وەزعەکە کەمێ ئارام بکەمەوە ، لەو کاتەی یەکێکیان بە تەواویی هێز و تواناوە پێی ووتم : تۆ چۆن وا قسە لەگەڵ مندا ئەکەی ؟( دایکی بۆچییە ) یەعنی چی ؟

ووتم : خۆم 35 ساڵە لە تاقیگەی نەخۆشخانە کار ئەکەم ، بۆ ئەم لیژنەیەیش ساڵانە دایکی لەگەڵ کوڕەکەدا دێت ، ئێستا لە پرسەدایە ..
ئەوەی ناوەڕاستیان دەم و چاو خڕێک بوو ، کە زیاتر سەروپێفرۆشێکی بیر خستمەوە ، بە هیچ جۆرێ تەماشایەکیشی نەکردین ، واتا 35 ساڵەکەیش دەردی نەخوارد .. هەتا دانەیەکیان ووتی من ئەیانناسم ، قەیناکا بۆی ئەکەین با بڕوات ، ئینجا به چپە لەگەڵ دەم و چاو خڕەکەدا هەندێ قسەی کرد کە ناوەکەی بە ( ئۆفـ … ) دەستی پێ ئەکرد لەگەڵ سێ پیتی ترا ..
جا چاوی بەرز کردەوە و ووتی : ( بەخێر بێی )
بەڵام ئەوەی کە من نەمزانیبوو بە جوانیی قسەی لەگەڵدا بکەم ، پێی ووتم : کوا نوسخەی لیژنەی پزیشکیی پار ؟
ووتم : پێم نییە ..
ووتی : چی لێ نووسرا بوو ؟
ووتم : ئۆتیزم ، پلەی کەمتوانایی له سەدا سەد ..

بەڵێ ! من عەیبدار بووم ، ئاخر کوڕەکەم ئۆتیزمە .. ئەبێ هەموو شتێ قبوڵ بکەم ، تەنانەت 35 ساڵ خزمەت لە بواری تەندروستیدا دەرد ناخوا ..
( سێ پیتەکەیش ، پارچەیەکە لەناو کۆمپیوتەر و تابلێت و مۆبایلا ، 2 و 4 و8 و 12 یشی هەیە ، هەتا زیاتر بێ ، پڕۆسێسەری ئامێرەکە خێراتر ئەبێ و نرخەکەیشی گرانتر )

ئێستا ئیتر خۆتان سەرپشکن لەوەی پێ ئەکەنن یان ئەگرین ..




لە لێواری هەزار بە هەزارەکانا، بۆ ..ئاخر بۆ.. شیعری نەوزاد بەندی

من ئەمزانی عاجز ئەبی ،
بۆیە زۆر جار لەگەڵ تۆدا ،
تەنیاییشم بانگهێشت ئەکرد ..!
ئەی تۆ بۆچی زۆرجار ،
لەگەڵ مندا ،
زەنگێکیشت بۆ تەنیایی لێ نەئەدا ؟

٭ ٭ ٭

کاتێ کە تۆ پەیڤەکانت
ئەچپاند بە گوێما ، ئەمزانی
بە جێم دێڵی ..
بۆیە وەک پشیلەیەکی دەستەمۆ ،
تەنیاییم لەگەڵدا بوو ، ئەز ..
ئەی کاتێ من پەیڤەکانم
لە نوکی پارکەرەکەوە
بۆ ئەنوسیت ،
بۆچی نەتزانی جێت دێڵم ؟
بۆ تەنیاییت ،
وەک توتییەک لەگەڵ خۆتا نەئەهێنا ؟

٭ ٭ ٭

هیچ نەبێ ، کە ڕۆیشتی ،
ئەژنۆم نەشکا ..
بە کاوەخۆ هەستامە سەر پێ ..نەکەوتم ..
ئاگادار
لە دڕک و
ووردە شوشەکانی بەر پێ ..
هیچ نەبێ ، کە ڕۆیشتم ،
ئەژنۆت نەشکایه ..نە ..
بتتوانیایە بێیتە سەر پێ ..
بێ ئاگا نەبوویتایە ..نە ..
لە دڕک و
ووردە شوشەی
گڵاسە شکاوەکەی بەر پێ ..؟

٭ ٭ ٭

ئێستا ئیتر ،
چیدی بە کەس ناڵێم ،
وام لە پارک و پیاسە ئەکەم و
تەنیایی
وەختە تەواو توێکاریم کا ..
با توێکاریم کا ..قەیناکا ..
چیدی بە کەس ناڵێم ،
بۆ گەشتێکی دوورە وڵات ..
با خۆڵ و خاشاکی ئێرە ،
چۆنی بوێ
گەچکاریم کا ..
با خەم بێت و ، لە هەر چوار لا ،
دەسکاریم کا ..
زوڵم فێری زۆرداریم کا ..
با دڵم ڕەق بێ ،قەیناکا ..
ئیتر شیعر نەوێرێ توخنیشی کەوێ ..
فێری جەور و
تاوانباریم کا …قەیناکا

٭ ٭ ٭

بەڵام عەسرێ ،
لەپڕا تۆم بیر دێتەوە ..
بۆ وات نەکرد ،
عەسرێ له پڕ
منت بیربکەوێتەوە ؟

٭ ٭ ٭

ئەمووت : کە ڕۆیشت ،
با هیچ نەبێ تەنیاییم
لەگەڵ بێ تا دێمەوە ..
ئاخر بۆچی بە خۆت نەگووت :
کاتێ ئەو ڕۆی ،
با هیچ نەبێ تەنیایی ،
لەگەڵمدا بێ تا دێمەوە ؟

٭ ٭ ٭

کە ڕۆیشتی ،
نەک هەر چنگێ لە خۆتت
جێ نەهێشت بۆم
تەنانەت پارکەرەکەی
سەر مێزەکەت کۆکردەوە و
بردت لەگەڵ جانتاکەتا ..
وێنەی خۆت و جانتاکەتم له پڕ کێشا ..
کاتێ هەموو شتێکتان کۆ ئەکردەوە ،
بۆ ئەوەی من
بە تەواوەتیی بێ کەس بم ..
من هیچم کۆ نەکردەوە ،
کاتێ هەستام ،
لە دوورەوە خۆمم بینی ،
بێ بەرنامە ، دانیشتبوو ..

٭ ٭ ٭

ئێستا لە قەڵەباڵغییەکانا ،
خۆم ئەبینم و..
نایناسمەوە ..
خۆم ئەمبینێ و
نامناسێتەوە ..
گەڕاومەتەوە سەر خووەکانی مناڵیم ..
بە دوای حەکایەتێکا ئەگەڕێم ،
تۆم به دڵڕەق بۆ باس بکا ..
وەک ئۆتێللۆ ،
کە بە بێ هۆ ،
تاقە دێزدەموناکەی کوشت ..
بۆچی بە دوای حەکایەتێکا نەگەڕای ،
من بە دڵڕەق نیشان بدا ؟
وەک هاملێت ،
لەگەڵ دایکیدا ؟

٭ ٭ ٭

نا ..قەیناکا
ئیتر نامەوێ ،
لە شارێ،
کە هەموو ڕۆژێ بارانە ..
لە شەقامێ ،
کە 24 سەعات شەماڵ ..
بای دەریاکان به خۆڕایی دابەش ئەکا ..
نامەوێ
لە شارێکا بم ،
کەس نەناسم بێجگە له تۆ ..
کەس نەناسی بێجگە لە من ..
لە کافێیەکی پڕ لە خەڵک ،
کە دڵۆپەیەک جێگا نییە بۆ تەنیایی ،
نامەوێ بتبینم ..لەوێ ..
ئەی تۆ ،
بۆ بڕیارت نەدا ،
حەز نەکەی
بمبینی لەوێ ،
کە کەس نەتناسێ بێجگە من
کە کەس نەناسی بێجگە من ..
شەماڵ ،
به شەقامەکانا
بە خۆڕایی ، بای دەریاکان ساغ کاتەوە ..
کە لە کافێیەکی جەنجاڵا ،
کە تەنیایی بۆ خوێی چێشتیش
دەست نەکەوێ ،
هێشتا نەتەوێ بمبینی ؟
بۆ ؟
ئاخر بۆ …ئەو هەموو خەمەت بۆ من خوارد ؟
ئەو هەموو ڕۆژە
هەواڵێ ..
نامەیەکی سارد و سڕیشت
هەر نەنارد ..
بۆ ..
ئاخر ..بۆ …؟




ڕاپۆرت بۆ دۆنکیشۆت.. شیعری نەوزاد بەندی

نزیکەی هەمو کوژراوەکانتان
هی شەڕەکانی براکوژیی بوون ..
خەباتتان تەنها شەڕە جنێو و
دیوار نوسین و بمرێ بژی بوون ..

کە بە داخوازی ئەمریکا لە پڕ
ئەم دارە زڕە هاتە بەر بۆتان ..
پەلامارتان دا لە هەر چوار لاوە
دزی و وەڕە وەڕ ، لە خەڵک و خۆتان

تەلار ..باخ ..ڤێلا ، دوکان و بازاڕ
بیری نەوت ، مەسفا ، بەنزینخانەی زۆر
هێنانی کچی سەماکەری شام
بەڕاست و چەپا ، زیان وەک مشەخۆر

هەر زوو گێمێکی براکوژیتان ،
کرد بە پاشماوەی ئەنفالی بێکەس
بەشێکتان ناو نا لیوای تایبەت و،
بەرامبەرەکەی کۆماندۆی بێ دەس

دەهەزار کەسێ لەم یارییەتانا
ناویان چوو به ناو کۆڵەکەی ئاشا
ئیتر ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵک ئەتوایەوە و
گەورەتر ئەبوو شکڵی دوو پاشا

دەرمانی ساختە ، تیمارگەی قۆڵبڕ
خواردنی خراپ بازاڕی پڕ کرد
شێرپەنجە وەکو پەسیوی لێهات ،
هەر لە ژێرەوە هەژارتان قڕ کرد

کۆمپانیا و باج و سەرانەی جیاجیا
لە هەموو لایەک هەڵپە بۆ دۆلار
بەربوونە گیانی خاکی نیشتمان ،
وەک گورگی برسی ..وەکو سەگی هار ..

هیچ نەمایەوە گڵاوی نەکەن ،
بوون بە سیخوڕی هەرچی ووڵاتە
هێشتا لە ڕووتان دێ قسە بکەن ،
هەر چرکەیەکتان سەد کارەساتە ..

بۆ یەکەمین جار لە مێژووی گەردوون ،
دەمتان ژەندە ناو موچەی فەرمانبەر
شەرمەزار نەبوون ، چونکە بێ شەرمن ..
لە دەرد و کێشەی میللەت بێ خەبەر ..

ئامۆزا و برا و خزم و ناسیاوتان
کران بە وەزیر ..بە پەرلەمانتار
بەس کورسی سەرۆک هەر یەک کورسییە
شەڕە لە سەری نەک جارێ سەد جار

شەڕی سندوقی هەڵبژاردن تا ،
شەڕی سیخوڕی و پشکی ئەم و ئەو
یەکێ لە ئێران تەپ و تۆز ئەکا و
یەکێ بۆ تورکیا ڕا ئەکا بە شەو

کوشتنی دیل و ڕادەستکردنەوەی
بە دوژمنانی کورد و کوردستان
ئەوەی کە دژی ئەم میللەتە بوو ،
جێبەجێتان کرد ، هیچ لێی نەوەستان ..

ئێستایش چی ماوە بیکەن بەو خەڵکە ؟
لە گەڕاندان بۆی ، تاکو پیادەی کەن ..
هەرچییەک ژەهر و دەرد و بێ کەڵکە ،
پێشبڕکێتانە تا ئامادەی کەن ..

بەس دڵنیابن ، هەرچی هەتانە ،
لە پڕ ئەبێتە تاریکە گۆڕێ ..
چاو تروکانێک ، هەمووی جێ دێڵن ،
سەدا سەد بار و دۆختان ئەگۆڕێ ..

بەس بە داخەوە ، ئێوە بێ ئاگان ،
ئاڵودەی پارە و پولی حەرام بوون ..
تا لوتتان نەدا لە بەردی ئەلحەد ،
لە لاتان وایه براوەی جام بوون




کاتێ لەگەڵ خۆما قسه ئەکەم.. نەوزاد بەندی

ئازار وایە ،
کەم کەم لەگەڵیدا ڕادێی ..
وای لێ دێ ،
ڕۆژێ دیار نەبێ ،
سەد شوێن بە دوایا ئەگەڕێی ..!
………..
………..

٭ ٭ ٭

کە باڵندەیەک ئازاد ئەکەیت ،
بە هەر ئاڕاستەیەکدا بێ ، هەڵئەفڕێ ..
چونکە بە هەموو ئاڕاستەکانا ،
ئازادیی هەر ئازادییە .

٭ ٭ ٭

قسەی خۆش بۆ مناڵەکانتان نەکەن ،
کە چوونە دەرەوە ،
حەرامزادەیەک بە قسەیەکی خۆش ،
هەڵیانئەفریوێنێ !

٭ ٭ ٭

ژیان گۆڕانێکی بەردەوامە
لەناو بەردەوامییەکی جێگیردا ،
لەبەر ئەوە لە تەمەنێکی دیاریکراو زیاتر ، مانەوە تیایدا کارەساتە ..

٭ ٭ ٭

ئەوانەی مردن ،
چییان زەرەر کرد ؟

٭ ٭ ٭

هەوڵ بە ئەو کارانە بتوانیت کە ناتوانیت ، بۆ ئەوەی ئەو کارانە بتوانیت کە ئەتوانیت .

٭ ٭ ٭

گوڵ لە ماڵەکەی خۆتا بڕوێنی ، ماڵدارییە ..
گوڵ له دەرەوەی ماڵەکەی خۆت بڕوێنی ، نیشتمانپەروەرییە ..
ماڵەکەی خۆت پاک بکەیتەوە و
دەرەوەی ماڵەکەی خۆت پیس بکەی ، بێ ڕەوشتییە .

٭ ٭ ٭

شێر شێرە و
کەڵەشێریش کەڵەشێر ..
کە شێر نەبووی ،
کەڵەشێر مەبە ..

٭ ٭ ٭
ئەوەی پەروەردە نەکرابێ ،
قات و بۆینباخ و پلە و پۆست ،
هیچی فێر ناکەن ..
تەنها گەمژەییەکانی تۆختر و ئاشکراتر ئەکەن ..

٭ ٭ ٭

خۆپیشاندان بە بەختەوەر ،
لوتکەی گەمژەییە ..
تەنها مناڵەکان بەختەوەرن
کە هێشتا نەیانزانیوە دنیا چ ماڵێکە ..

٭ ٭ ٭

دەسەڵاتێ نەتوانێ گەنجەکانی دامەزرێنێ ، گەنجینەکانی دزراون ..

٭ ٭ ٭

ژیان گەڕانە به دوای مردندا ،
هەندێک بە دەوڵەمەندیی بە دوایدا ئەگەڕێن و
هەندێکی تریش بە هەژاریی ..
هیچیشیان نازانن بە دوای چیدا ئەگەڕێن ..

٭ ٭ ٭

هەندێ جار گەمژەیەک دێتە ناو ژیانتەوە ..
هەوڵ بدە بە کەمترین زیان ، لێی دەرچیت ..

٭ ٭ ٭

ئاگاداری ووشەکانت نەبیت ،
دەمت لە بەرچاوی خەڵک ، ئەبێ بە مەنهۆڵ ..

٭ ٭ ٭

به منداڵیی ،
لە هەر کوێ خەومان بهاتایە ئەخەوتین ..
کە گەورە بووین ،
لە هەر کوێ خەم هەبووایه ئەمانخوارد ..

٭ ٭ ٭

مەرگی زۆر کەسمان بینی ،
کە هەزاران کەس پاسەوانیان بوون ..
ئێمە کە تەنها سێبەرەکانمان پاسەوانمانن ..

٭ ٭ ٭

هەتا هەڵوێستەکانت زیاتر دژ بن بە خواستی خەڵک ،
پێویستت بە پاسەوانی زیاترە بۆ ئەوەی لە لەوەڕ بەردەوام بیت ..

٭ ٭ ٭

سەرۆکی پەرلەمانێک 40 پاسەوانی هەبێ ،
میللەتەکەی گورگن ..

٭ ٭ ٭

هەتا زیاتر چاوپۆشیی لە زۆردار بکەیت ،
توندتر پێت پیا ئەنێ ..

٭ ٭ ٭

بریندارەکان ئەوانە نین کە خوێنیان لێ ئەچۆڕێ ،
بەڵکو ئەوانەن کە چاوەڕوانن ..

٭ ٭ ٭

ئەوەی دەسەڵاتی ئەوێ
بۆ ڕابواردن و کۆکردنەوەی ماڵ و سامان ،
ئامادەیە نیشتمان لەسەر بچووکترین مێز و
هەرزانترین قوماردا ،
بدۆڕێنێ ..
چونکە نیشتمانی ڕاستەقینەی ئەو ،
خۆی و خێزانەکەیەتی ..

٭ ٭ ٭

هەندێ جار
ڕقت لە خۆت ئەبێتەوە ،
کە ئەبینی ڕۆژ بە ڕۆژ
لە خواستەکانت دوورتر ئەکەویتەوە و ..
لەو شتانەی بێزارت ئەکەن ، نزیکتر ..
٭ ٭ ٭

چێشتخانەیەک بۆگەن بوو ، داخرا ،
زۆربەی چێشتخانەکان لاساییان کردەوە و داخران ..
کەسێ بە ناحەق کوژرا ،
بوو بە مۆدێل و چەندین کەسی تر
بە ناحەق کوژران ..
یەک شەماڵ موفتیمان هەبوو ،
هیچ کەسێ نەبوو جێگاکەی پڕ بکاتەوە ..
یەک ئیبراهیم ئەمین باڵدارمان هەبوو ،
یەکێکی تری نەهاتەوە جێ ..
یەک نەجمەدین مەلامان هەبوو ،
کەس نەیتوانی دانەیەکی تر لە خۆیدا متوربە بکا ..
میللەتێکین یەکسەر فۆتۆ کۆپیی بەدکاریی ئەکەین ،
هەرگیز ناتوانین شوێنپێی زانا و پیاوچاکانمان هەڵبگرین

٭ ٭ ٭

ساڵانە بەرگی کەعبە ،
دووبارە
زیڕپۆش ئەکەن و
خەڵکێکی زۆریش لە برسا ئەمرن ..
لە چ ئایەتێکدا هاتووە ،
خەڵک با له برسا بمرن و
بەرگی کەعبە زێڕ پۆش بێ ؟
ساڵی جارێکیش بگۆڕێ ؟

٭ ٭ ٭

هەتا دوای نیوەڕۆ قسە بۆ کورد مەکەن ،
چونکە تا ئەوکاتە لە سەد کورد ، نەوەد کورد خەوتوون ..

٭ ٭ ٭

لوتکەی شانازیی کورد ئەم شتانەیه :
خزمەتکاری نیپاڵیی ، ئوتومبیلی کیلۆمەتر سفر ، نەشتەرگەری جوانکاریی ، خوێندن بە ئینگڵیزی و تورکی ، ڕەگەزنامەی ووڵاتێکی ئەوروپیی ..

٭ ٭ ٭

له میللەتی ناشیریندا ،
زۆرینه هەوڵی نەشتەرگەریی جوانکاری و بۆیاخ ئەدەن ..

٭ ٭ ٭
هەندێ کورد ، حەز ئەکەن ئیشت تێیان بکەوێ ، بۆ ئەوەی بۆت نەکەن .

٭ ٭ ٭

کوژاندنەوەی گڵۆپەکانی ترافیک بۆ دەسەڵاتدارێک ،
واتا کێ ئەشێلی بیشێلە ،
قوربان ..

٭ ٭ ٭

میللەتێک ؛
( ڕێز لە سەوزەفرۆشێک نەگرێت
چونکە پارەیەکی کەمی لێ ئەسێنێ و ..
ڕێز لە پزیشکێک بگرێت
چونکە پارەیەکی زۆری لێ ئەسێنێ )
بۆ فەوتان باشە ..

٭ ٭ ٭

…………..
…………..

کە دۆزیتەوە ،
پێی ئەڵێی ..
ماڵت ئاوا بێ ، تۆ لە کوێی ؟!!
وا شەتڵەکانت وشک ئەبن ..
هەر دیار نەبووی ..
هەر چاوەڕێ بووم دەرکەوی..
هەر ووتم تۆزێکی تر دێی !

نەوزاد بەندی




ئەو ساتە وەختە بوو.. شیعری نەوزاد بەندی

تەنها جارێ
خولیام پاشایەتیی بوو بێ ،
ئەو جارە بوو ،
لە پڕ پێت ووتم : پاشاکەم !
لەو کاتەوە ،
بۆ تاج و تەختێ ئەگەڕێم ،
لەوێوە تۆ تەماشا کەم ..
هەر دوای ئەوە بووی بە هەڵم ..
کۆچت کرد ..؟
یان
پەشیمان بوویتەوە ؟ یان ..
یان پاشایەکی تر هاتە جێگاکەی من
ڕێگاکەی من بوو بە پێشانگای سەیارە ..یان ؟ ..
دڵەڕاوکێ بەندی کردی ..
ڕۆحی بردی .. یان ..
پەنجەکانت لەکیبۆرد عاجز بوون ؟ یان ..
تۆڕی ئەنتەرنێتت لەگەڵ پاکەتی بەتاڵی پیتزا ،
خستە تەنەکەی خۆڵەکەوە ؟ یان ..
نازانم بۆ بووی بە هەڵم ؟
بۆ ئەبەد نەمای لەگەڵم ..
من واز ناهێنم لە گەڕان ..یان ..
سووڕانەوە و ..
کات کوشتن ..
بۆ تاج ..
بۆ کورسی ..
بۆ خەدەم ..
حەشەم ..دار و دەست ..
ئەسپی ڕازاوە به ئاڵتون ..
یان ..
لە چوار دەوری کۆڕی شیعرە بێتامەکان ،
لەگەڵ پاقلە فرۆشەکەی بەردەرگا ،
جنێو بە دەسەڵات ئەدەین ..
یان ..
نایەمە ژوور ،
ئەڵێم بەڵکو تۆ بێیتە دەر ..
نایەیتە دەر
ناڕۆمە ژوور ..
لە پڕ لە خەیاڵێکما دێیتە دەر ،
ئەمبینی ،
ئەگەشێیتەوە ،
لە پلیکانە خۆت هەڵئەدەی ،
بۆ سەرسنگم ..هەزار جار ئەڵێی پاشاکەم ..چیت بەسەرهات ؟ ..لێم گەڕێ ئێستا هەتاکو دە هەزار ملیۆن ساڵی تر ، تەماشاتکەم ..
من هیچ ناڵێم ، چونکە دەم بکەمەوە گریانە ..
لە ناو ئەنتەرنێت داڕزام ..
چی کتێبە لێم عاجز بوو ،
تەنانەت مزگەوتەکانیشت بۆ گەڕام ..
نەهاتیتە دەر ..
نەچوومە ژوورەوە .. یان ..
لە دەوری ڤیستڤاڵە
پڕ لە قەتێ کەبابخۆرەکان ،
هەندێ جار ،
لەگەڵ پاکەتفرۆشی بەردەرگا ،
ڕائەوەستم ،
ئەو ئەڵێ مارلبۆرۆی عەرەبی
خراپ نییە .. یان .. ئینگڵیزی ..
من ئەڵێم هەردووکیان ..یان ..
من پاکەتێکی کەنت ئەکڕم ..
ناڕۆمە ژوور ..
نایەیتە دەر ..
ئەڵێم بەڵکو
بە ڕێکەوت تۆ پەیا بیت ، یان ..
هاوار بکەی شاهانشاکەم ..
من هیچ ناڵێم ..
دڵنیام دەم بکەمەوە ، گریان زیاترم پێ نییە ..
نایەیتە دەر ..
ناڕۆمە ژوور ..
کەبابخانەیش هێندە کەبابی تیا ناخورێ ..
بانکیش هێندە پەڕەی پارەی تیا ناژمێررێ ..
شیعری چی ؟ کۆبوونەوەی چی ؟
کۆمەڵێ کەرکەدەن ، یان ..
دیناسۆر .. بە کەمانچە ، مووی زبری تێکستە ڕزیوەکانیان ،
پەت و پەتکاری ئەکەن ..یان ..
بیشمکوژن ناڕۆمە ژوور ،
لە دەرەوە ،
لەگەڵ پەشمەک فرۆشێکا ،
باسی بەڵێننامەی ژێر به ژێری
ئێرە و ئەولا و بەغا ئەکەم ..
باسی دووبارە هاتنی
چاخی بەرد و ئاغا ئەکەم ..
پەشمەکێکی لێ ئەکڕم و
ئەیدەمە دەستی مناڵێ ،
لە عەفرینەوە هاتووە ،
لەبەر دەرگای ڤیستڤاڵچێکانا سواڵ کا ..
نایەیتە دەر ..
لە خەیاڵما کە دێیتە دەر ،
پۆلیسی هۆڵ ئاگادار ئەکەی ،
تیرۆریستێ لە بەردەرگا ،
لەگەڵ پەشمەکفرۆشێکا ..
هاوار ئەکەم من پاشاکەم ..
یان ..دێیتە دەر ..
ئەڵێی لاچۆ ..
لەوەتەی تۆم لێ دیار نییە ،
سەردانی عیادە ناکەم ..
یان ..
نایەیتە دەر
لەو کۆڵانە شێدارانەی ،
درەختەکانی ئەمبەر و
ئەو بەری تێکەڵاو بوون و ، دەست شکانەوە ئەکەن ..یان ..
کە حیساب بۆ پەرەمێزی هەتاو ناکەن ..
بۆت ئەگەڕێم .. یان ..هەروا ئەسوڕێمەوە ..وەکو ئافرەتێکی دوو گیان ، پارەی پێ نەبێ بیداتە پزیشکەکان ، مناڵەکەی بۆ دەربێنن ..
ناڕۆمە ژوور
نایەنە دەر
نە تۆ ..نە کۆرپەلەکە ..یان .
ئەڵێم ڕەنگە لە ماڵێکەوە قریشکەی
تۆ ببیستم ، کاتێ ناتەوێ شیعرێکی خوار و خێچ ،
بێتە ژوورەوە ..
من لە دەرەوە ئەوەستم ..
نایەمە ژوور ..
ئەزانم تۆ بووی بە هەڵم
ئیتر نەماوی لەگەڵم

(سڵاووو ئەی پادشای سەبر!!
ئەزانی وتم خۆم ئەگرم و وەڵام نادەمەوە
بەڵام لە شەریعەتی شیعر هەڵنایەم کە دەڵێ لە هەرجێیەک شیعرت بینی سوجدەی بۆ بەرە
پادشاکەم بۆستە با سوجدەیەک بەرم لێم تێئەگەی کام سوجدەیە
ئەو سوجدەیە نا کە راسیزمێکی وەهابیی بزانێ تیرۆرم بکا
سوجدەی موحیبەت بۆ پەیڤی ناخ هەژێن!!
ئەزانی بەندی تۆ ئێستا عەرشی منت لەرزاند؟بە پێوەری ۱٠٠٠٠٠٠٠٠٠٠ بلیۆن رێختەر ؟
لێتخۆش نابم گەر چی دی ئەم عیلاجانەم بۆ نەنووسیت بە بای وەشتێکی نارنجی بە باڵی راکردن لە تاریکی دونیا بۆم نەنێریت ؟؟
بەندی زۆر بێزارم
دونیا کەسی تیا نیە ئەڵێی نازانم ؟
راستیان گووتووە لەم وڵاتە هەموو شت زۆرە تەنها بەنی ئادەم کەم !!
ئەرێ لای تۆش دۆزینەوەی مرۆڤ وا کەمە؟
ئەمرۆ کەمێک لە فێستیڤاڵی …… دانیشتم
ئێڵنجم یا لەو سیاسی و کەو مرۆڤە زلە بێ هونەرانە
قەستم بوو هەستم و مایکەکە لە …….. بگرم بڵێم ئێستا کەی وەختی ئەم گوو خواردنەیە ؟؟
کەس نەی ئەزانی…… م تەنها کورێک نەبێ گوتی خاتوو ….. سڵاو وەڵامم دایەوە وتی ئۆخەی لێرە وەڵامی سڵاوەکەمت دایەوە هیچم نەگوت رۆیشتم و زەردەخەنەیەکی پلاستیکی ..)




شتێ وەک چیرۆک.. نەوزاد بەندی

نا ..نا ..
پێویست بە ڕۆمان ناکا .. ژیانی تێکڕای خەڵکی ئێرە ئەتوانیت بە لاپەڕەیەک باس بکەیت ..ژیانیان شوێنی تێدا نییە ، چونکە شوێن بە خۆیان ناگرن .. پاڵەوان و ڕوداویشی تێدا نییە ، تەنها ڕوداوێکی تیایە ئەویش کەناڵێکی سەتەلایتە .. ئێ ڕۆمان ئەبێ شوێن و کات و ڕوداو و پاڵەوانی تێدا بێ ..واتا لێرە تەنها کات هەیە ، مانەوەی کاتیش لەبەر ئەوەیە دەسەڵاتیان بەسەر خولانەوەی زەوی و خۆردا نییە ، ئەگینا ڕۆژیان ئەکرد بە دوو سەعات یان بە چل سەعات ..هەرچەندە لە ڕووی خزمەتگوزاری و شتەکانی ترەوە ، دەستکاری کاتیشیان کردووە ، بۆ نمونە فەرمانبەران پەنجا ڕۆژ جارێک موچە وەردەگرن .. هەندێ جار نەوەد ڕۆژ جارێک ، وەک مژدە و دەسکەوتێک موچەیان بەسەردا دابەش ئەکەن ، یان هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی لە جیاتی چوار ساڵ جارێک ، ئەبێتە شەش ساڵ یان هەشت ساڵ و زیاتریش .. ئەو کاتە درێژ ئەکەنەوە ، لەمسەر و لەوسەرەوە ڕایئەکێشن .. کەواتە ئەتوانیت بڵێیت لێرە کاتیش بوونێکی ئاسایی نییە .. ئیتر ڕۆمانی چی ؟ .. نەوەڵا ، ئەتوانیت بە کەمتر لە لاپەڕەیەک چیرۆکی ژیانی زیاتر لە شەش ملیۆن کەس بنوسیتەوە .. یان ڕاستتر ئەتوانین بڵێین چیرۆک نییە ، ناساندنی پارچەیەکی دابڕاو لە مرۆڤایەتییە .. یاخود مرۆڤگەلێکی ناوچاڵێک ، کە سەدان ساڵ پێش ئێستا باپیرە هەرە گەورەکانیان ، لە کاتی شەڕە تێڵای نێوانیاندا ، کەوتونەتە ناوچاڵەکەوە .. لەگەڵ ئەوەی شوێنەواری تێڵایەکی زۆر بە سەر و گوێلاکیانەوە دیار بووە ، بەڵام نەمردوون و .. لەناو چاڵەکەدا زاوزێیان کردووە و زۆر بوون .. ئیتر وەرە پێناسەی ئەمە بکە ، شەش ملیۆن کەس لەناو چاڵێکدا ، ئەژین و زاوزێ ئەکەن و .. هەندێکیشیان جار و بار لە چاڵەکە دێنە دەرەوە ، ئەڕۆن بۆ تورکیا و ئێران و حەج و عەمرە و دوایی دێنەوە ، فڵق بۆ ناو چاڵەکە .. دیسان دێنەوە دەرەوە و .. ئەڕۆنەوە بۆ تورکیا و ئێران و حەج و عەمرە ..بە جۆرێک تیایاندایه دوانزە جار چووە بۆ تورکیا ..بیست و یەک جار چووە بۆ ئێران .. هەژدە عەمرەی کردووە .. هێشتا تێریان لە تورکیا و ئێران و عەمرە نەخواردووە .. بە جۆرێکیش لە جۆرەکان ئەوانەی لە تورکیا تێریان نەخواردووە ، ڕقیان لەوانەیە کە له ئێران تێریان نەخواردووە ، هەردووکیشیان پێکەوە یان جیا بە جیا ڕقیان لەوانەیە کە تێر لە عەمرە ناخۆن .. عەمرەکارەکانیش گاڵتەیان بە عەقڵی ئەوانە دێت کە له گەشتی تورکیا و ئێران تێر ناخۆن .. بەڵام ئەم ڕقە ، تەنها ڕقە ، واتا گەشە ناکات بۆ شەڕی دەستە و یەخە ، چونکە فێربوونی شەڕ بە هەموو جۆرێک قەدەغەیە .. بەو جۆرە هەر سێکیان وەک یەک وان ، واتا حەزیان به کۆشک و ڤێلا و باخ و مارسیدسی مایباخە .. هەرسێکیان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و لە بەرامبەر نەوتێکی زۆردا ، مانگانە نۆ کیلۆ ئارد وەرئەگرن ..حەزیشیان لەوەیە مناڵەکانیان ، هەر لە قۆناغی دایەنگاوە فێری زمانی بێگانە بن و قەت نەمرن ..لە ژیانی خۆیان زۆر ڕازین و زەڕەیەک لە خاکی ناو ئەو چاڵە ناگۆڕنەوە بە قەسری قەیسەریی ..
ئیتر ئەمە کەی ئەوە ئەهێنێ ڕۆمانی تیا خەرج بکەیت ؟
لەوەیش سەیرتر بەردەوام تەنی نەناسراو دێت و ناوچاڵەکە بۆردومان ئەکا ، ئەم بۆردومانکردنە ڕوداو نییە ، چونکە ڕوداو یەکجاره ، بەڵام ئەم بۆردومانە وەک باران و بەفر وان ، واتا دیاردەیەکی سروشتیی زۆر ئاسایین و هیچ کەسێک بێزار ناکا ..چەند کەسێک ئەمرن و بریندار ئەبن ، ئەوانەیش بێ گومان ئەجەلیان هاتووە و کەس ناتوانێ دەستکاریی مەسەلەی تەمەن بکات ، کە تەواو بوو ، ئەبێ تەواو بێ .. هەر بۆیه ئەو تەنە نەناسراوانەی ئاسمان وەک قەزا و قەدەر و ..تەنانەت وەک ڕزق و ڕۆزیش تەماشا ئەکرێن ، وەک چۆن بارانەکەی قبوڵ ئەکرێ ، ئەبێ بارووتەکەیشی قبوڵ بکرێ ..
ئیتر بەبێ ڕوداو ، ڕۆمانی چی بنوسرێ ؟ خۆ هەرچەندە تیایشیاندایە دەیان ڕۆمانی نوسیوە ..ڕۆمانی وا کە نزیکەی هێندەی بلۆکێکی دەیی ئەبێ ، خەڵکێکی زۆریش خوێندویاننەتەوە و لە هیچیشیان تێنەگەیشتوون و .. جارێکی تریش خوێندویاننەتەوە .. لەگەڵ ئەوەی دیسان هیچیان لێ حاڵی نەبووە ، بەڵام چێژێکی زۆریان پێگەیشتووە و .. کۆمەڵێکی تریان قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە و بۆ زمانە زیندووەکانی جیهانیان وەرگێڕراون ..بۆ ئەوەی ئەوروپیەکانیش بیانخوێننەوە و هیچیشیان لێ تێنەگەن و چێژێکی زۆری لێ ببینن ..بەڵام سەیر لەوەدایە ئەو ڕۆمانانەیان وەرنەگێڕراوەتە سەر زاری تورکی و فارسی و عەرەبی ، هەرچەندە زۆرینەیان یان هەموویان لە گەشتی تورکیا و ئێران و سعودیه تێر ناخۆن ..ئەمەیش بۆ خۆی پرسیارێکی لای یەکێکیان دروست کرد کە پاشان گرتیان و شوێن بزریان کرد .. پرسیارەکەی ئەوەبوو ، ئایا ئێوە کە تێر لە تورکیا و ئێران و سعودییە ناخۆن ، بۆچی ڕێگا نادەن ڕۆمانەکانمان بکرێنە فارسی و تورکی و عەرەبی تاکو ئەوانیش تێر لە ڕۆمانەکانمان نەخۆن ؟
پرسیارێکی جوان بوو ، بەڵام وەک بڵێی زۆر جوان نەبوو .. به واتایەکی تر ئەبوو ئەو خاوەن پرسیارەیان نەگرتایە و شوێن بزریان نەکردایە ، وەڵامێکی سادەیان بدایەتەوە ، چونکە ئاشکرایه تورکیا و ئێران و سعودیە ، وڵاتانێک نین کە بە ڕۆمانەکانی ناو چاڵێک هەڵبخڵەتێن ..ئەوان خۆیشیان گاڵتەیان بە ڕۆمان دێت .. ڕۆماننووسەکانیان یان لە زینداندان یان لە ئەوروپا پەناهاندەن ..ئیتر ڕۆمانی ئێمەی چی ؟ ئەوان خەریکی بازرگانی و ئاڵ و وێڵن ..واتا ئەوان هێشتا لە نەوت و غاز و ڕابواردن تێریان نەخواردووە ، ئیتر ڕۆمانەکانی ناو چاڵی چی ؟! وەڵا برا من خانەی بڵاو کردنەوە ئەزانم ، پڕ دوو سێ لۆری ڕۆمان و چیرۆکیان کردووە بەو دیوا و ..وەک زەماوەندی کوڕە کەچەڵە حەوت شەو و حەوت ڕۆژ گێڕاویانە ، کەس نەیوتووە کەرتان به چەند .. ئینجا وەرە دوو سێ لۆری ڕۆمان و چیرۆک بکەرەوە بەمدیوا ..
ئاخر بۆیه من پێشتان کەوتم و ..وتم پێویست بە ڕۆمان نوسین ناکا .. تۆ کات و شوێن و ڕوداو و پاڵەوانت نییە ، ئیتر ڕۆمانی چی ؟ بەڵام ئەوروپییەکان حەزیان لە شتی سەیرە ، بۆ نمونە نەک هەر ڕۆمان ، سەلکە ترخێنەیەک ببەرە ئەوێ ، هەموو لە دەوری کۆئەبنەوە وا ئەزانن چەناگەی دیناسۆرێکە و .. دەیان لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی لەسەر دەکەن .. یان سمێڵی عەزیز وەیسی .. شمشاڵەکەی قالە مەڕە ..یان گۆرانییەک وەک لورە لور ، تۆمار بکە ، هەموو ئەوروپا لەچوار دەوری کۆ ئەبنەوە .. چونکە ئەوان لە نەوت و گاز تێر بوون .. لە قۆناغی دوای قڕقێنە و خۆکێشانەوەدان ، بۆ نمونە حەز ئەکەن بزانن سمێڵی عەزیز وەیسی لە چەند داو پێکهاتووە ..هەر بەو جۆرەیش ڕۆمانەکانمان کە خۆمان نازانین باسی چی دەکەن ، لای ئەوروپییەکان ئەبنە جێی بایەخ ..ئەوان وەک ڕۆمان تەماشای ناکەن ، بەڵکو وەک پارچەیەکی پێش ملیۆنێک ساڵ تەماشای ئەکەن و چێژی لێ ئەبینن .. تیایدا بۆ دەسخەت و بەردە دەسکەلاکانی دەستی نیاندەرتاڵ و کڕۆمانیۆم ئەگەڕێن .. واتا ئەوان وەک شتێکی سەیر ئەیخوێننەوە ، ڕۆمانێک لەناو چاڵدا نووسرا بێ ، شتێکە جێی بایەخە .. وەک ئەوە وایه بڵێی مردوویەک لەناو گۆڕدا پڕ یەک تاوە هێلکە و ڕۆنی دروستکردووە ، لێرەدا ئەوروپیەکان حەزیان لە هێلکە و ڕۆنەکە نییە ، لەگەڵ ئەوەیشدا هەموو لە چواردەوری کۆ دەبنەوە ..وەک چۆن لە دەوری فیلمی ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان کۆبوونەوە ، ئەوان وەک ڕووداوێکی هات و چۆ ، یان بومەلەرزەیەک تەماشایان ئەکرد ، کە چۆن مناڵگەلێک ئەو هەموو کۆڵە له خۆیان دەنێن و بەناو بەفرا ، شاخەکان ئەبڕن ..شتی وا لە ئەلیادە و ئۆدیسەیشدا ڕووی نەداوە ، بەڵام ئێمە واماندەزانی ئەوان بۆ هونەری ئێمە دەڕوانن ، لە کاتێکدا هەر زوو ئەو فیلمە له یاد چوو ، چونکە بومەلەرزە و لافاو تەنها له کاتی ڕوودانیدا خەڵک لە دەوری کۆ ئەبنەوە ، دوای ئەوە هەر کەسێک ئەڕوا به لای ئیشی خۆیەوە ..ئەمە دووبارە کردنەوەی ئەوێ ، واتا ئەوروپییەک کە بە دیار فیلمێکی یەڵماز گیونایەوە دادەنیشێ وەک ئەوە نییە بە دیار فیلمێکی تۆم هانکسەوە دانیشێ ، لەوەی یەکەمدا تەماشای شتێکی سەرسوڕهێنەر ئەکا وەک کەوتنە خوارەوەی نەیزەکێک ..بەڵام لەوەی دووەمدا ، هونەری سینەما و ڕوناکی و فلاشباک و شتەکانی تری فیلم تەماشا ئەکا ..
واتا ئەو مناڵەی تەشتە گوڵە بەڕۆژەکەی ڕژاوە و خەڵک له دەوری کۆبوونەتەوە ، وەک کۆبوونەوەی ئەو خەڵکە نین لە تەماشاکردنی فیلمی کچە شقارتە فرۆشەکەی ئەندەرسندا ، هەردووکیشیان خەڵکێکی ئەوروپیی دەورەی داون ، بەڵام یەکەمیان نەگبەتییە و هونەر نییە ..لە کاتێکدا ئەوەی دووەمیان چیرۆکێکی هونەریی پڕ له فەنتازیایە ..
هەرچەندە ئێمە وا دەزانین لەبەر تامی هێلکە و ڕۆنەکە ، ئەوروپییەکان کۆ بوونەتەوە .. چونکە گەر ئەو مردووەی لەناو گۆڕەکەیدا هێلکە و ڕۆنەکەی ساز کردووە ، نیشانی تورک و فارس و سعودییەکان بدەین ، هەر تەماشایشی ناکەن .. ئێ ئەوان هێشتا تێریان لە نەوت و گاز نەخواردووە ، ئیتر هێلکە و ڕۆنی چی بخۆن ؟ خۆیشمان بە هەمان شێوە کاتێ تێرمان لە گەشتی عەمرە و تورکیا و ئێران نەخواردووە ، ئامادە نین بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن مردوویەک پڕ تاوەیەک هێلکە و ڕۆنی دروستکردووە ..
هەر بەو شێوەیە ئەوروپیەکە کاتێ بە زاری هەڵپچڕاوەوە ڕۆمانەکانمان ئەخوێنێتەوە ، هی ئەوە نییە کە هونەرێکی بەرزی ڕۆماننوسین ئەخوێنێتەوە ، بەڵکو هی ئەوەیە کە چۆن لەناو چاڵدا خەڵک فێری خوێندەواریی بوون و ئەتوانن شت بنووسن ..
بەڵام ئەوانەی لای ئێمە لەوە تێ ناگەن .. ئەیانەوێ بڵێن ئێمەیش ڕۆمانمان هەیه ..ئێمەیش شتین .. کەچی له پڕ ڕوماننوس مەعنا لەناو چاڵەکەدا نامێنێ ، ئەڕۆن بۆ ووڵاتە ئەوروپییەکان ، داوای مافی پەناهاندەیی ئەکەن ، ئیتر کابرای ئەوروپیی نازانێ بڵێ چی ..یان ڕاستتر ناتوانێ تێی بگەیەنێ کە ئەو ڕۆماننوس نییە ، بەڵکو ئەو کەلەپورناسه و ..شتی زۆر کۆن و سەرسوڕهێنەری نیشان داون ..ئا لێرەدا ئیتر کۆبوونەوە ڕوودەدات .. کۆبوونەوەی لاپەڕەیەکی زۆر ، کە چەندەها جار ئەخوێنرێنەوە ، بێ ئەوەی هیچی لێ حاڵی ببن ، بەڵام چێژی لێ ئەبینن .. واتا شتی وا لە مێژوودا ڕووی نەداوە تۆ له پاریس دانیشی و ..ڕۆمان لەسەر سابونکەران بنوسیت ..یان لە بەرلین ، سۆشیاڵ و ڕۆمان و داهێنان پێکەوە بکەیت بە کۆکتێل ، لە چاڵەکەیشدا دوور بە دوور ، موچەی لیوا ڕوکنت بۆ ببەستن ..بۆ ئەوەی نهێنییەکان نەبەیتە دەرەوە ، یان هیچ نەبێ به شکۆدارییەوە باس لە چاڵەکە بکەیت .. لە کاتێکدا ئەوروپییەکانیش بەرە بەرە بێزار ئەبن .. واتا گەڕان به ناو مۆزەخانەدا ، چەند خولەکێک خۆشە و ئەبێ ئیتر بە جێی بێڵیت …
ئیتر ڕۆمانی چی ؟
ویستم بە خێرایی باسی دووان بکەم ، کە سەرەتا ویستیان کۆمپانیایەکی گەورەی شیرەمەنیی دامەزرێنن ، کە ئاستەنگی کارەبا و باج و پشک پشکێنە یەخەی گرتن ، بڕیاریان دا جارێ دەرهەق بە زروف و زەمانە ، پاشەکشە بکەن و لەماڵی یەکێکیان پەنیری مەڕ بەرهەم بهێنن ، دوای ئەوە کە بۆیان دەرکەوت ناتوانن کێبڕکێ لەگەڵ بازاڕدا بکەن ، بڕیاریان دا ڕۆژانی هەینی لە سەڕقەبران بازاڕی بۆ پەیدا بکەن ، چونکە بە ڕۆژانی هەینیدا خەڵکێکی زۆر دێنە سەردانی گۆڕستان .. لەوێدا پۆلیس ڕێگرییان لێ دەکا و ..ئەمانیش مکوڕن لەسەر فرۆشتنی سەلکە پەنیرەکان ، ئیتر یەکێکیان ئەکوژرێ و ئەوەی تریشیان بە یاسای خراپ ساغکردنەوەی پەنیر دەست بەسەر ئەکرێ ..

نەوزاد بەندی




ئەدەب چییە؟.. نەوزاد بەندی

لێرە و لەوێ خەڵکێک پێناسەی ئەدەب دەکەن ..یەکێ دەڵێ ئاوێنەی بەردەم کۆمەڵگایە ..ئێ ئەگەر ئاوێنە بێ ،کەواتە هیچ پێویست بە نوسین و چاپ و خوێندنەوە و سەرئێشان ناکات ، ئاوێنەی گەورە گەورە دابنێن با کۆمەڵگا تەماشای خۆیان بکەن و بڕایەوە .. یان هەموو کەسێ لە ماڵەوە لە ئاوێنەیەک زیاتری هەیە ، ئیتر بۆچی ئەو هەموو ئاوێنە و کاتە بە نوسین و خوێندنەوە ئەکوژن و خەرج ئەکەن ؟
کەسانێک هەن زۆر لە خۆیان ئەکەن و ئەیانەوێ پێناسێکی تری ئەدەب بکەن ، ئەڵێن ئەدەب زمانێکی سیحراوییە ، مۆسیقا و ئاوازی تایبەت بە خۆی هەیە .. هەر ئەوەندە ؟ ئەڵێن بەڵێ .. ئێ ئەگەر مەسەلە مۆسیقا و ئاواز بێ ، چی زۆرە ئامێری مۆسیقا زۆرە ، چ پێویست بەوە ئەکا ئەو خەڵکە دانیشن ئاواز و مۆسیقا بە ووشە دروست بکەن ؟
کەسانێکی تر ئەڵێن ئەدەب داهێنانە ..کە ئەپرسی داهێنانی چی ؟ نازانن بڵێن داهێنانی چی یاخود ئەدەب چی داهێناوە .. هەروا ئەڵێن داهێنانە و بڕایەوە ..
هەیشە ئەڵێ ئەدەب ڕاکردنە لە واقیع ..بۆ ئەوەیش تەرزێ لە ئەدیب هەیە ئەچن خۆیان سەرخۆش ئەکەن ، ئینجا شاکارەکانیان ئەنووسن !! بە جۆرێ نازانیت باسی چی ئەکەن ، چونکە ووتەی سەرخۆش جێگای بەزەیی و پێکەنینە ، نەک چاپ و بڵاوکردنەوە ..
ئێ باشە ، ئەگەر ئەدەب ڕاکردن بێ لە واقیع ، ئەبێ واقیع چ ئیشی بە ئەدەب بێ ؟ بۆچی ئەو هەموو لاپەڕە و مرەکەبەی تیا خەرج بکرێ ؟
لە ڕاستیدا جێی داخە ، کە ئەمڕۆ ئەدەب ئەوەندە بە لاڕێدا براوە ، مرۆڤ لە ڕووی نایەت بڵێ من کتێب ئەخوێنمەوە ، پێی شەرمە بڵێ من چیرۆکنوسم … غیرەتێکی ئەوێ بڵێی من شاعیرم …بە جۆرێ لەکورستانی ئێرانا هەرکەس خەریکی ئەدەبیات بێ ، پیشەوەرەکان پێیان ئەڵێن عیللەتی بێ ئیشییە .. !
لە ڕاستیدا گەلێک پێناسەی تری ئەدەب کراوە ، کە تێکڕایان پێناسەی ئەدەب نین .. چونکە لە بنچینەدا ئەدەب وەک دروستکردنی خانوویەک وایە ، لە سەرەتادا ئەبێ زەوییەکەی دابین بکەی ، ئەگینا تۆ ئەگەر هەموو کەرەستەکانی بیناسازیشت لەبەردەستدا بێ ، به بێ هەبوونی زەوییەک خانوو لەسەر چی دروست ئەکەیت ؟
زەوی ئەدەب ، بریتییە لە خوێنەر ..واتا لە خەڵک ..
لە وەسفی گەلانی ڕوسیدا ، ووتراوە خەڵکی ڕوسیا وەک تۆپەڵێک باروت وان ، بە پریشکە ئاگرێ ، گڕ ئەگرن ..
یان کاتێ باس لە ڕێنیسانسی ئەوروپا ئەکرێت ، یەکسەر ناوی دانتی و تۆماس مۆر و ئەدیبانی ئەو سەردەمە دێن .. کاتێکیش ڕۆمانی حەمەدۆکی یەشار کەمال دەکرێتە فیلم و لە سینەماکانی ئەستەمبوڵ نیشان ئەدرێن ، خەڵکەکە ڕێپێوانی ناڕەزایی ساز دەکەن بەرامبەر دەسەڵاتدارانی تورکیا ..
ئەم چەند نمونەیە و نمونەی زۆری تریش ، وامان لێ دەکەن بڵێین ئەدەب بریتییە لە ڕاچڵەکاندن .. تەنها ڕاچڵەکاندن و تەواو .. بە واتایەکی تر ، ئەدەب ئەگەر جەماوەرەکەی ڕانەچڵەکێنێ ، ئەدەب نییە .. چونکە لە بنچینەدا ئەدەب ، گەڕانە بۆ چاکترکردنی دۆخی میللەت .. ڕۆمانی بیرەوەرییەکانی گۆڕستانی فیۆدۆر دیستۆیڤسکی ، وایکرد لە لایەک خەڵکێکی زۆر ناڕەزایی دەرببڕن بەرامبەر دۆخی زیندانەکانی دەسەڵاتی قەیسەریی ئەو کاتە و ..لە لایەکی تریش وایکرد دەسەڵاتدارانی قەیسەر ، بار و دۆخی قورسی زیندانەکانی ئەو کاتە چاکتر بکەن . . دیستۆیڤسکی وایکرد ڕاچڵەکین لەناو خەڵک و دەسەڵاتیشدا دروست بێ .. ئەمە بووە هەوێنی دروست بوونی ئەدەبی سۆسیالیزم و نووسەرانێکی وەک مەکسیم گۆرکی تێدا سەری هەڵدا .. کە دەڵێن سۆسیالیزم ، پێش هەموو شتێ ناوی مەکسیم گۆرکی و جاک لەندەن و جۆرج ئۆروێل دێتە ناو باسەکەوە ..ئێ ئەمانە بوون ڕاچڵەکینەکەیان دروست کرد ..کاتێ میللەت لەلایەن ئەدەبەوە ڕادەچڵەکێنرێت ، ئیتر لافاوی گۆڕانکارییەکان دێتە ئاراوە …ئەگەر تێبینی بکەین ، هەموو گۆڕانکارییە گەورەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی ، کۆمەڵێک ئەدیب و بیریار لە پشتیەوە ڕاوەستاون ..
ئێ باشە ، جەماوەر بریتی بێ لە زەوی بنیاتنانی خانووی ئەدەب ، کەواتە جەماوەری ئێمەیش بینای ئەدەبیاتی لەسەر ڕۆنراوە ، ئەوەتا ئەو هەموو ئەدیب و کتێب و کەناڵ و بەرنامە و کۆڕ و ڤێستڤاڵە ئەدەبییەی کە بەڕێوە دەچن ، گەواهی ئەوەمان بۆ دەدەن ..کە لە ڕاستیدا وا نییە .. چونکە مەرج نییە هەموو زەوییەک خانووی باشی تێدا بنیات بنرێ ..بە هەمان شێوە زەوی بنیاتنانی خانەی ئەدەب ، زەوییەکە یاخود جەماوەرێکە کە خۆی دەداتە دەست ئەدەب کاری لەسەر بکات ..گۆڕانکاریی تێدا بکات .. ڕەنگڕێژیی لەسەر بکات ..تخوبەکانی دیاری بکات و هەڵیگێڕێتەوە و نەخشەی بگۆڕێت و چاڵ و پایە و دیوار و ساختمانی تێدا دروست بکات ، هەموو ئەو چالاکیانەیش بریتییە لە ڕاچڵەکاندن .. ئەو ڕاچڵەکاندنەی کە تەنانەت سەرکردەیەکی سەربازیی وەکو ناپلیۆن پۆناپارت لێی ترساوە و ..وتوێتی : دوو فیرقە عەسکەر من ناترسێنن هێندەی دوو نووسەر …
کەواتە ئەم ڕاچڵەکینە چۆن دروست ئەبێ ؟ تەماشا ئەکەین لە هەرێمێکی وەک کەتەلۆنیا کە تاکو هەنوکە پەیکەر و شانازیی و شکۆداریی و بەرخۆدان لە ئاست شاعیرە شۆڕشگێڕە شەهیدەکەیاندا ( لۆرکا ) نیشان دەدەن ، لای ئێمە شاعیر و بیریارێکی وەک نەجمەدین مەلا بەر تانە و تەشەر دەدرێ و ..مناڵانی لێ تیژ دەکرێ بەردی تێ بگرن و جنێوی پێ بدەن ، لە کاتێکدا نەجمەدین لە کەشتی نوحەکەیدا زیاتر لە چوار هەزار کەسی فێری خوێندەواریی کردووە ، کە هەرگیز لۆرکا کاری وا قورسی بۆ کەتەلۆنییەکان نەکردووە .. ئەو تەنها شاعیرێ بوو کە دژی دەسەڵاتی فڕانکۆ هەندێ پارچە شیعری هەیە ، کە بووەتە هۆکاری ڕاچڵەکینی کەتەلۆنییەکان .. کەچی نەجمەدین مەلا نابێتە هۆی ڕاچڵەکینی خەڵکی سلێمانی .. فایق بێکەس لە بەرامبەر ئەدمۆنزا بە هەموو دەنگی خۆی هاوار ئەکا : بیست و حەوت ساڵە من ڕەنجدەری تۆم بە نان و ئاو و جل و بەرگی خۆم
خزمەتم کردی له ئێران و ڕۆم
بە هۆی تۆوەیە شکاوە ئەژنۆم ..
بەڵام ئەم شیعرە پڕ لە جۆش و خرۆش و شۆڕشە ، خەڵکەکە ڕاناچڵەکێنێ …لە کاتێکدا ئەمە لە ووڵاتێکی وەک تورکیا و ئێراندا ڕووی بدایە ، خەڵکەکە پەلاماری ئەدمۆنز و دەسەڵاتی خۆجێیی ئەو کاتەیان دەدا ..
ئەی باشە ئەدەب چ کاردانەوەیەکی لای گەلی کورد هەبووە ؟ ..کاتێ دڵشاد مەریوانیی لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە ، لە سێدارە دەدرێ ، کورد چ کاردانەوەیەکی ئەبێ ؟ کاتێ بەکر عەلی لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە تیرۆر ئەکرێ ، هەڵوێستی کورد چی ئەبێ ؟ کاتێ عەبدوڵا پەشێو ئەو شیعرە ئاگرینانە ئەنووسێ ، کورد چ کاردانەوەیەکی ئەبێ ؟ کاتێ شێرکۆ بێکەس لە دژی داخستنی ڕۆژنامەی ووڵات لەلایەن دەسەڵاتی کوردەوە ، لە پۆستی وەزیری ڕۆشنبیریی دەست لەکار دەکێشێتەوە ، ڕۆڵی کورد لەگەڵ شێرکۆدا ئەبێ چی بووبێ ؟ کاتێ شاعیرێکی لاو و خوێندکاری زانکۆی وەک مەلا عەلی لە زیندانەکانی بەعسدا گوللە باران ئەکرێ ، کاردانەوەی کورد چی ئەبێ ؟ کاتێ فەرهاد پیرباڵ بە دەیان کتێب و دەیان نمایشی سەرشەقام و بەردەم پەرلەمان و دادگا ، داکۆکی لە دەستوور و یاسا و مافەکانی کورد ئەکات ، کورد چ هەڵوێستێکی بۆ دروست ئەبێ ؟
هیچ ..
هیچ ..!!
کورد هیچ کاردانەوەیەکی نابێ ، چونکە له بنچینەدا کورد لەگەڵ شیعردا کارلێک ناکا و ڕاناچڵەکێ .. واتا لەو هەموو چامە شیعرییە ئاگرینەی شاعیران ، لە دوو چامەکەی نالی و سالمەوە هەتا بیست و حەوت ساڵەکەی فایق بێکەس ..هەتا شاعیرەکانی ئەمڕۆ کە خوێنی خۆیان لە پێناوی کورد و دۆزی کورددا، کردۆتە کاسەوە ، کورد وەک نەتەوە هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە .. هیچ ڕاچڵەکینێکی نەبووە ..لە باشترین حاڵەتدا ، لێرە و لەوێ ووتراوە ، ئەو شیعرە به قوەتە !! .. شیعرەکەی قسەی دڵی هەموومانی کرد ! ..یان ئەڵێن شیعرەکەی زۆر شازە ! ئەڵێن ، بە ڕاستی نالی چاک وەسفی دۆخەکەی کردووە و چاک ڕوخانی میرنشینی بابان ئەلاوێنێتەوە ! ..یان ووتراوە بەخوا ئەم شیعرەی عەبدوڵا پەشێو ، لە بنی هەمانەکەی داوە .. هەڵەبجە ئەچێ بۆ بەغاکەی شێرکۆ ، جوانی نوسیوە ..یان ئەڵێن بە ڕاستی دڵشاد مەریوانی و مەلا عەلی ئازا بوون ..! ..واتا وەک ئەوەی لە سێرکدا بن و تەماشای شێرێک بکەن بەناو کەوانەیەکی ئاگریندا باز بدات ، بەو جۆرە بە لایانەوە سەیر بووە چۆن لەتیف هەڵمەت ئەوێرێ و ئەتوانێ بۆ نمونە لە دیوانی ( ووشەی جوان گوڵە گوڵ ) دا باسی نادادیی ڕژێمی بەعس و بەرگری و پێشمەرگە بکات ؟ بە لایانەوە سەیر بووە و چاوەڕێ بوون بەعس ، لەتیف هەڵمەت تیرۆر بکات .. کە تیرۆری نەکردووە ، هاتوون چیرۆکی سەیر سەیریان لەسەر هۆنیوەتەوە و ..یەکێ وتوێتی لە ژێرەوە پیاوی ڕژێمە و .. یەکێکی تر وتوێتی ئەمە بەعس خۆی پێی ئەڵێ شیعری بەرگری بنوسە بۆ ئەوەی لاوان بەتاڵ بکاتەوە !!! ..زۆرینەیش وتوویانە جا قسە سوودی چییە ؟ !! ..شیعر کیلۆی بە چەند ؟ ئەم بێ نرخکردنەی ووشە وایکرد بەعس و دەسەڵاتی دوای بەعسیش لە ووشە نەترسن ..ئەوەتا خەڵکەکە ووشە کاریان تێ ناکات ..واتا ئەگەر دانتی و لۆرکا و گوڵسورخی لە کوردستان بوونایە ، هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر خەڵکەکە دروست نەدەکرد … لە کاتێکدا هەرچی شۆڕشی ئاینی و کۆمەڵایەتیی هەیە لە ڕێی تێکستی نووسراوەوە بووە و ..خەڵک ڕاچڵەکیوە و .. گۆڕانکاریی ڕووی داوە ..ئەگینا لینین ، سەرۆکی یەکێتی سۆڤیێت چۆن شان ئەخاتە ژێر تابوتی مەکسیم گورکی و لە پێش هەمووانەوە بەرەو گۆڕستان بەڕێی ئەکات ؟ چۆن ماکرۆن بەشداری مەراسیمی ناشتنی ئەکتەرێکی وەک بلمۆندۆ ئەکا ؟ چۆن دەیان هەزار کەس بەشداریی مەراسیمی ناشتنی ڤیۆدۆر دیستۆیڤسکی ئەکەن ..چۆن دەیان هەزار کەس تا ئێستایش کار لەسەر شکسپیر ئەکەن ، لە کاتێکدا لای خۆمان فەلسەفەی مەحوی تۆز گرتوێتی و کەڕوو تێی داوە . ئەمە لە کاتێکدایە بیرمەند و وەرگێڕانێکی وەک عەزیز گەردی و شوکور مستەفا و ئەوڕەحمانی حاجی مارف کۆچی دوایی ئەکەن ، نە دەسەڵات و نە میللەت ، نەک هەر بەشداریی مەراسیمی بە خاک سپاردنیان ناکەن ، تەنانەت زۆرینەی ڕۆشنبیران تاکو هەنوکە نازانن شوکور مستەفا کێیە ؟ نازانن ئاخۆ ئەوڕەحمانی حاجی مارف ئەکتەر بووە ، وەرزشەوان بووە یان نووسەر !!.. کە بیشزانن ، تەنها ئەڵێن نوسەرێکی بە قوەتە ! شتی بە قوەتی نوسیوە ! باوێشکێک ئەدەن و ئەڵێن شێرکۆ موهیم بوو ! یان عەبدوڵا پەشێوێکی تر نابێتەوە ، بیشپرسی پشێو چی لە ژیانی تۆدا گۆڕیوە ؟ ئەڵێ هیچ .. تەنانەت چیرۆکنوسێکی داهێنەری وەک حەسەنی قزڵچی کەس نازانێ چی بەسەر هاتووە و چۆن مردووە ، ئایا کوژراوە یان چی ئەمە لە کاتێکدا لە فەڕەنسا و ئەمەریکا و ڕوسیا ، چیرۆکنوسانێکی وەک مۆباسان و ئێدگار ئاڵن پۆ و چیخۆف چەندین سەنتەری توێژینەوەیان تا هەنووکە بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردووە و .. پەیکەر و کۆڕ و لێکۆڵینەوەیان لەسەر ساز ئەکرێن .. بەبڕوای من حەسەنی قزڵچی لە کورتەچیرۆکدا هاوتای مۆباسان و پۆ و چیخۆف بوو ..
ئەم دۆخە سەیرە ، ئەم ڕانەچڵەکینە ، ئەم بێ منەتکردنە ، وای لە عەبدوڵا گۆران کرد لە وەسفی بێ منەتکردنی شمشاڵژەنێکی وەک دەروێش عەبدوڵادا بڵێ :
لەناو قەومی بەسیتا قەدری سنعەتکار
وەکو عەکسی قەمەر وایە لەناو گۆمێکی لێخندا

واتا ، داهێنەر و هزر له قەومی نەخوێندەوار ۆ بێ ئەمەکدا ، نییە .. بەمە دڵی خۆی و ئەویش ئەداتەوە ، چونکە گۆرانیش بێ ئەمەرکی و نەخوێندنەوەیەکی زۆری دەربارە کراوە ، تەنانەت کە لە زیندنێکەوە بۆ زیندانێکی تر ئەگوێزرێتەوە ، لە جیاتی ئەوەی خەڵک ڕێپێوان و گرد بوونەوەی بۆ بکەن ، ئەم شیعر بۆ قژ زەردێک ئەنووسێ کە بە خەمگینییەوە بۆ کەلەپچەی دەستی ئەم ئەڕوانێ ..!!
بێ منەتکردنەی خەڵکی کورد بۆ شیعر و هزری نەتەوەکەیان ، کارێکیان کردووە شاعیر و بیریارەکان توشی حاڵەتی بێ هیوایی ببن ..ئەم بێ قیمەتکردنەی کتێب و داهێنانەی بیریارانمان ، کارێکی کردووە شاعیر و نووسەرەکانمان سەری خۆیان هەڵبگرن و لە غەریبیدا بمرن ، یان واز لە نووسین بێنن و ببنە بازرگان ..بچنە بازاڕی دۆلار یان کۆمپانیای حەج و عەمرە دانێن ..یان لە دەوری حیزبێک کۆ ببنەوە و ئەمان بێژن میاو میاو ، حیزبیش بیانداتێ نان و ئاو .. هەوڵ بدەن تێکەڵاوی بنەماڵەی دەسەڵاتدار بن و دەوڵەمەند بن و لە ڤێلادا دانیشن و گەشتی وڵاتان بکەن ، واتا بە کورت و کرمانجیی ، واز لە میللەت بێنن و و مشوری خۆیان و ماڵ و مناڵیان بخۆن ..!!
یان وەک حاجی قادری کۆیی و نالی و ئەمین فەیزی ، سەری خۆیان هەڵبگرن و لە تورکیا بمرن .. پیرەمێرد زیاتر لە بیست ساڵ لە تورکیا نیشتەجێ بێ .. ئیبراهیم ئەمین باڵدار هەتا ئەمەریکا نەوەستێتەوە و ..هەر لەوێیش بمرێ ..
ئەمە ئەو بۆشاییە ترسناکەیە کە لە نێوان ووشە و جەماوەری کورددایە .. ئەو بێکەڵکی و ئێکسپایەر بوونەی هزرە لای تاکی کورد ..ئەو ترس و بیمەیە لە گۆڕانکاریی ..ئەو گەڕانەوە ترسناکەیە بۆ چاخی بەرد ..بۆ سەردەمی میلیشیا و بنەماڵە و تیرەگەریی و ..تیایدا شایەر و بەند بێژ و کاسەلێسیی دیوەخانی بەگ و میر و ئاغا و شێخەکان ، بە لووتکەی داهێنان و ئەدەبیات بچوێنرێن و .. شیعری سوک و بێ ئایدیا و بێ بنەما و کاسەلێسیی و وەسفی دەسەڵات و مافیاکان ، پڕفرۆشترین شیعر بن و .. خەڵکێکی زۆر لە دەوریان کۆ بنەوە ، نەک بۆ ڕاچڵەکین ، بەڵکو بۆ زیاتر بڕواهێنان بەوەی کە ئەوان کۆیلە و خوڵام و خزمەتکاری سەرۆک عەشرەت و هۆز و بنەماڵەکانن و .. بە پێی دین و شەریعەت و عادەت و تەقالید ، ئەبێ هەتا هەتایە ئەم سەرشۆڕییەی ئەمان و ئەو گوندەییەی ئەوان بەردەوام بێ ..
کەواتە بە ڕای من شیعر و نوسین و هزر لەناو گەلی کورددا ، وەک ئەوە وایە لە گۆڕستاندا ، باسی گۆڕانکاری و تەکنەلۆژیا و دەسەڵاتی تەکنۆکرات و شۆڕش بکەیت .




تۆ دوور ڕۆیشتووی، من هێشتا.. نەوزاد بەندی

من هێشتا لەو دەور وبەرە دەسوڕێمەوە ..
تۆ زۆر دوور ڕۆیشتووی ..
هیچ تۆڕێکی تەلەفۆن و ..
ئینتەرنێت ، پێت ڕاناگا ..
من هێشتا لە شەقام و
کافیتریا و
مەیدانەکانی گفت و گۆ ،
دێم و دەچم ..
تۆ سەد بەردت بەدوادا هەڵداوم ..
بە چەقۆیەکی تیژ ،
منت لە هەموو دەمارەخانەکانتا ،
کوژاندۆتەوە ..
من هێشتا بە باخە گشتییەکان و..
بە پارکەکان و ..
بە قاوەخانەکاندا ،
لەسەر مێزێکی دوو کورسی دادەنیشم ..
بە عەقڵی سوکی خۆم ،
هەمیشە دوو قاوە داوا ئەکەم ..
لە ژێر ڕەشماڵی چاوەڕوانیدا ،
وەک ئەو کەشتیەوانە ئاسمانییانە وەهام
کە چاوەڕێی هێمایەک ئەکەن لە ئەستێرە دوورەکانی گەردوونەوە ..
تۆ سەد چارشێوی وونبوونت داوە بەسەرتا …
لەسەد کون ، خۆت شاردۆتەوە ..
هەزار دەریا و زەریای تووڕە بوونت بڕیوە ..
لە هەرچی پیت و وشەی خولیا و تامەزرۆییە زویر بووی ..
لە هەموو بەرەکانەوە ، جەنگت ڕاگەیاند ..
لە هەرچی لووتکەی لەیادچوون هەیە ، منت فڕێداوەتە خوارەوە ..
لە هەموو ئەشکەوتەکانی پەنهانیی خۆت مەڵاس دا ..
من هێشتا لەو گوزەرەدا دەسوڕێمەوە ..
چاوەڕێم بڵێی کامێرای شاراوە بوو ..
من بە ناو ئاپۆڕەی خەڵکا دێم و دەچم ،
چاوەڕێم لە دواوە هەردوو چاوم بگریت ،
بڵێی : هەڵی بێنە ، بزانە من کێم ..
من هێشتا بە تەمای ئەوەم
تکت بڕی ئامانەکە پێم بڵێ :
ئەو خانمە پارەی تۆی داوە ..
بڕوام بەخۆم هێناوە ، کاشێری چێشتخانەکە بڵێ :
حیسابی خواردنەکەی تۆ دراوە ، گەورەم ..
تۆ لە پشت هەورە تاریکەکانەوە ،
بەدوای تیژترین شمشێری بروسکەدا دەگەڕێی ..
لەناو شەپۆلی لافاوەکاندا ، چاوەڕێی ،
قاچم هەڵخلیسکێ و
لەناو قوڕاویی کۆڵانە هەژارەکانا بخنکێم ..
تۆ لەگەڵ کەلەپچە و سندما لە چەند و چووندای ،
بزانی مەچەک و بەلەکم ژمارە چەندن و
بە کامەیان قوڕومچە دەبن ..
من هێشتا چاوەڕێم لە کۆمێنتی ڕۆژنامەیەکدا ،
بنووسی هێندەی هەموو دنیا بیرت دەکەم ..
لە بەرایی تیکتۆکا بنووسیت ،
به هیچ هێزێ ، ناتوانم دەست بەردارت بم ..پاشاکەم ..
هێشتا بە تەمام ، بە کوپێ قاوەوە ،
لە پڕ بێیتە سەر مێزەکەم ..
چەپۆکێ بکێشی بە شانما و
بڵێی : تۆ غەریبیت داهێنا ، لەم شارە ، بەساقە !
بڵێی : هۆگربوون ، تۆ لەناو شەقامەکاندا نوسیتەوە ..
من هێشتا ، بە ساویلکەیی خۆم ، لەو باوەڕەدام ،
بەیانییەک بە دێلیڤەریی ، ڤیزەی
ووڵاتێکی بەفراویم بۆ ئەنێری ..
ئەڵێی سبەی شەو لە فڕۆکەخانە ، چاوەڕێتم ..
تۆ هەموو بەنداوەکانت بەسەرما تەقاندەوە ..
کۆتری هەموو گومەزەکانت هەڵفڕاند ..
هەموو کوکوختییەکانت شەواره کرد ..
هەرچی درۆن و ڕۆکێتە ،
له ئاسمانی منا ، داتمەزراند ..
تۆ هەرچی ووشە و پیتی نێوانمان بوو ،
پاشەکەوتت کرد ..
هەموو شاندەکانت گەڕاندەوە ..
پەرلەمانت هەڵوەشاندەوە ..
باڵوێزەکانت لە هەموو ووڵاتەکان کشاندەوە ..
وەزیرەکانت یەک لە دوای یەک ناردەوە بۆ ماڵەوە ..
هەموو پردەکانت تەقاندەوە ..
قوتابخانەکانت داخست و ..
مامۆستاکانت هەمدیسان تۆراندەوە..
قاچاخچییەکانت وا لێکرد هەموو نیشتمانی شیعرم ،
بخەنە ناو یەختێکەوە و
لە زەریایەکی نەناسراوا ، نوقمی کەن ..
من هێشتا چاوەڕێم عەسرێ ،
ئوتومبیلێ لە تەنیشتما ڕاوەستێ و
باسکێکی بلووری و
دوو تکتی فیلمی ئەدڤانچەری لێ بێتە دەرێ ..
بڵێی ، سەرکەوە هەموو شتێکم ! ، سەرکەوە ..
دوو سەعات با ئەکتەرەکان تەماشامان کەن ..
من هێشتا بە ساویلکەیی خۆمەوە ،
نیوە شەوێ لە خەو ڕائەبم ،
ئەڵێم تۆ بڵێی ئەو نەبێ ،
وەک لۆرێنزۆ ، لەبەردەرگا وەستابێ ؟
بە تەمام پرسگەی فەرمانگەکەم ،
بڵێ کەسێک چاوەڕوانتە ، لە ژێر دارگێلاسەکەی ئەوبەر ..
بە تەمام دایکم پێم بڵێ :
کەسی وا باشت لە کوێوە ناسیوە ، کوڕم ..دوو ڕۆژە بە باوەشێک گوڵەوە دێ ،
ئەڵێ هەنگەکەت لێم زیزە ، خانم !
من هێشتا له ژوورەکەت نەڕۆیشتووم ،
ئەبم بە هەڵم و پەنجەرەکەت دائەپۆشم ،
هیچم لەسەر نانوسی ..
لەسەر مێزەکەی ژوور سەرتا ،
مۆمێ دائەگیرسێ ، منم ، لە ڕوناکییەکەما هیچ ناخوێنیتەوە ..
لەگەڵ پانکەی بنمیچەکەتا ، ئەخولێمەوە ،
خۆت دائەپۆشیت تاکو شنەی منت بەرنەکەوێ ..
قەیتانی ناو ڕۆمانەکەی بەردەمتم ..
ئەمپچڕێنی ، ئەڵێی قەیناکا با لاپەرەکەم لێ وون بێ ..
من هێشتا لە سەربانی ژوورەکەت دێم و دەچم .. تەلەفۆن بۆ 114 ئەکەی ، ئەڵێی دزێک لە سەربانی ماڵەکەمە ، خێرا وەرن ..
لە باخچەی حەوشەکەتان ،
ئەو مینایە منم .. لەناو ئینجانەی ڕێڕەوەکەتا ، گەڵا تۆخەکەی گوێچکە فیلەکە ، منم .. لە دەرگای سەلاجەکەتا ،
ئەو پەرداخە ئاوەی کە هەر گەرمە ..ئەو سەوزەیەی لق و چڵەکانی شێواون .. ئەو گوڵدانەی تۆزی لێنیشتووە ، منم …
تۆ دوور ڕۆیشتووی .. من لەوێم ..
دووربینێ ، ناتدۆزێتەوە ئەمجارە ..
تەنانەت لەگەڵ ڕەشەبایش نایەیتەوە ..
هیچ هەورێ ناتوانێ قۆڵت ڕاکێشێ ،
پەڵەی ساڵێکت پێ ئیمزا کا ..
تەنانەت باڵندە کۆچەرییەکان ،
ناتوانن بارکۆدی هەنگاوەکانت تێبگەن ..
پۆلیسەکانی سەر سنوور ،
لە هیچ جوڵەیەکت ئاگادار نین ..
من هێشتا وەکو ئاڵودە ،
لای فرۆشگاکانی یادگاریی هەڵکورماوم ..
وەک سمۆرەی زستانێکی ڕێبەندان وام ..
تیشکەکانی خۆر .. تریفەکانی مانگیش دیار نین …
ئەو درەختەی لە پەنجەرەکەوە ئەیبینی ، منم ..
تۆ وەک گێژەڵوکە ڕەت ئەبی ..
ئەو بۆڵە ترێیانەی لە ژێر کەپرەکەدا ووشکبوون ..
ئەو زریانەی پاپۆڕەکان نوقوم ئەکا ، تۆی ..
خاڵخاڵۆکە مردووەکانی سەر تاقەکان ، منم ..
سەبحەبەحە لق شکاوەکانی سەر شەقام ..
شەڕە چەقۆی نیوە شەوان ..
دەنکە شەونمەکانی سەرشانت ..
مینە چێنراوەکانی ناو مەزرا ..
کۆلاره خەمگینەکانی ئێواران ..
سنەوبەرە سووتێنراوەکانی قەراغ شار ..
ماسییە ڕەنگا و ڕەنگەکانی ناو کەمۆڵەکان ، منم ..
شاخە بڕاوەکانی شار ، ڕقی تۆ ..
برینەکانی فیشەک ، من ..
فیشەکەکانی ناوەندی برین ، تۆ ..

تۆ … دوور ڕۆیشتووی ..
من …هێشتا …

نەوزاد بەندی




عەسرێکی دووشەممە، بە لای ماڵی باپیرتا گوزەر ئەکەم.. نەوزاد بەندی

وەک ئەوەی مۆبایلێکم وون کردبێ ،
یان گورزەیەک کلیل ،
عەسرێکی دووشەممە
بە لای ماڵی باپیرتا تێ ئەپەڕم ..
سێبەرەکەم تەماشای ئاسمان ئەکا و
خۆم تەماشای زەوی ..
ئەو بۆ تۆ ئەگەڕێ و ..
خۆم بۆ گورزەیەک کلیل
یان بۆ مۆبایلێ ، کە ئەگەری هەیە ، وونم کردبێ ..
تۆ منت وونت کردووە و
من ، خۆم و ..
خۆم ، سێبەرەکەم ..
ئێستا خەڵک هەموو لەناو ئوتومبیلدان ،
ئەوەی لەسەر شەقامە ،
تۆز و خۆڵ و ..
تیشکە ئاگراوییەکانی خۆر و
من …
کە به بێ ویستی خۆمان ،
عەسرێکی دوو شەممە ،
بەلای ماڵی باپیرتا گوزەر ئەکەین ..
عەسرێک ، کە لەتاو تەنیایی ،
ڕازیم بە هەر شتێ ، پیاسەی لەگەڵ بکەم ..
ڕازیم تەنانەت بە شەڕێ ،
تەنیاییم بشێوێنێ و
تیایا شەڕە جنێو بکەم ..
تەماشای جوانی تۆز و خۆڵ و ..
فێنکیی تیشکی خۆر و ..
شنەبای هەڵقرچان بکەم ..
ماسی فرۆشێ بە تەنیشتمدا ڕەت ئەبێ ،
ئەڵێ : بڵێی ئەم هەفتەیە
بەغا بینێرێ ؟
ئەڵێم : چی ؟
ئەڵێ : موچە ..
ئەڵێم : بۆ ؟
ُئەڵێ : دوو ڕۆژە ماسییەکم هەڵنەدڕیوە ..
ئەڵێ : تەیف سامی وتوێتی :
هەتا ناو و شورەتی یەک بە یەکی هێزە ئەمنییەکان نەنێرن ، قڕۆشێکتان بۆ نانێرم ..
عەسرێکی دووشەممە بە تەنیشت ماڵی باپیرتا ،
هەنگاوەکانم ڕەت ئەبن ..
هەنگاوێکم بە هەنگاوەکەی ترم ئەڵێ :
ئەگەر تەیف سامی بینێرێ ،
ئەم ڕێگایە پڕ ئەبێ لە هەنگاو ..
هەنگاوی ئەوانەی بە تەنیشت
ماڵی باپیریدا ڕەت ئەبن ..
ماسی فرۆشەکە ، بۆگەنی لێ دێ ،
نازانم هی خۆیەتی یان هی ماسێکانی ..چەقۆکەی بریسکەی لێوە دێ ، لەوە ئەچێ هێشتا دەستی نەچووبێتە خوێنی ماسییەک .. بەو حاڵەوە لە پیاوچاکێ ئەچێ ، هێشتا قەپاڵێکیان نەگرتبێ ،ددانەکانی ..
قەرنابیت فرۆشێ ، ڕێگام پێ ئەگرێ ،
ئەڵێ : تەیف سامی ناینێرێ ..!
هەر بۆیە ووشک بوون ، گەڵاکانی قەڕنابیت ..
تۆز گرتوونی ، گیرفانەکانی ..
لەم عەسرەی کە لە نیوەڕۆ ئەچێ ..
لە ژێر ئەو ئاسمانە ئاگراوییەی
ئەتوانی سوێند بخۆی ،
قەت بارانی تیا نەباریوە ..
لە ژێر تۆز و خۆڵێ ، کە نازانی لە کوێ سەری هەڵگرتووە و
بە تەمایە لە کوێ بنیشێتەوە …
من بە بێ ئامانج بە تەنیشت ماڵی باپیرتا گوزەر ئەکەم …
هێزە ئەمنییەکان لەداخی تەیف سامی ، داوای ناسنامە لە من ئەکەن .. زانیارییەکان ئەیسەلمێنن من خەڵکی ئەو گەڕەکە نیم ..
ئەپرسن : ئەم گوزەرە جێ ئەهێڵی یان داخی تەیف سامیت پێ بڕێژین ؟
کۆمەڵێ مناڵی سووری ،
بە تەنیشت ماڵی باپیرتا ڕەت ئەبن ،
لە خولێکی سەرتاشینەوە هاتوونەتەوە، قژی هەموویان هەڵپاچراوە .. هەندێکیان لەوە ئەچێ کڵاویی هێزە وشکاوەکیەکانیان لەسەر کردبێ ..
هەندێکیان وەک ئەوەی توشی دەردە ڕێویی بووبن ..
هەندێکیان پێدەچێ چارەسەری کیمیاییان وەرگرتبێ ..
ئەوان نازانن ئەو گوزەرە ماڵی باپیری تۆی لێیە ..نازانن ئەو عەسرە ، عەسری دوو شەممەیە ..نازانن من و پشکۆی خۆر و سەرپۆشی تاریکی تۆز و خۆڵ ، خەڵکی ئەو گوزەرە نین ..
ئەوان ڕائەکەن لە ترسی ئەوەی برسێتیی نەیانگەزێ ..
ڕائەکەن تا بە دایکیان بڵێن : بە خۆڕایی سەریان بۆ تاشیون و
بە کامێرایش وێنەیان گرتوون و
ئەمشەو له ڕیکلامدا نیشان ئەدرێن ..
تۆ نازانی من ئەو عەسری دووشەممەیە ،
بە لای ماڵی باپیرتا ڕەت ئەبم ..
بیشزانی ، ئەتەوێ نەزانی ..
پیرەمێردێ ، بەو هەموو تۆز و خۆڵ و سێبەر و پرسیار و پشکۆی خۆرەوە ، ئەبێ به تەمای چی بێ ؟
لەو شەقامەدا ، کە ئیتر درەختی تیا ناڕوێ ..
لەو گوزەرەدا کە ئیتر کەس ناتوانێ دینارێکی تیا پەیا کا ..
لە دڵڕەقیی هێزێکا ،
سەگێ لە ناوەندی شەقامەکەدا ،
بۆ توتەڵە دزراوەکانی ئەقروسکێنێ ..
برسێتی و تینوێتی و ترسی تەڵاقداوە و ..
سەدان ئوتومبیلی پەکخستووە ،
داوای بێچووەکانی ئەکا ،
کە دوو هەفتە پێشتر ،
ئوتومبیلێکی شارەوانی فڕاندونی ..
سەگ تەماشایەکم ئەکا و
سەدان شۆفێری
سەدان ئوتومبیلی ڕاوەستاو ،
تەماشام ئەکەن ..
ئەوان نازانن من ئەم عەسری دووشەممەیە ،
وازم لە هەموو کێشەکان هێناوە ..
ئەو عەسرەم تەنها بۆ ئەوە داناوە ،
کە به تەنیشت ماڵی باپیرتا گوزەر بکەم ..
وەک شنەبایەک ، کەناراوی وون کردبێ
وەک هەنگێ ، لە پوورەکەی دەرکرابێ ..
وەک تیرێ ، نەزانێ لە چ کەوانێ دەرچووە و ..
بۆ چ ئامانجێ هاوێژراوە ..

نەوزاد بەندی




بەیانییەک هەتا نیوەڕۆ.. چیرۆکی: نەوزاد بەندی

بە دەنگی باران لە خەو ڕابوو ، بڕیاری دا پێش ئەوەی دەم و چاوی بشوات ، بڕواتە بەر دەرگا تێر بۆنی خاک بکا ..هەر دەرگای ترازاند چوار سەگی گەورە هەڵمەتیان بۆ هێنا ، کە لە ڕاستیدا لە برساندا بۆ لای هاتن ، ئەمیش هەر ئەوەندەی پێکرا ، بە ڕاکردن گەڕایەوە ژوورەوە ..لەگەڵ داخستنی دەرگاکە ، ئەژنۆیەکی بریندار بوو ..لەو کاتەدا پۆلێک مراوی کۆچیان ئەکرد ، یەکێکیان دەنگێکی لێ بەرز بۆوە وەک ئەوەی بەم بڵێ گوێ مەدەرێ ، جار جار ئەژنۆیش وای لێ دێ ..
بە شەلە شەل گەڕایەوە ماڵەوە ، خێزانی ووتی : بتڵە غازەکە ئێستا تەواو بوو ، هەردوو بتڵەکەی تریش بەتاڵن ..
ملی بتڵە غازێکی گرت و هەڵی دایە ناو ئوتومبیلەکەی ، پێش ئەوەی سلف لێ بدا ، تێلێکی لە کوڕە ناوەنجێکەیەوە بۆ هات: (باوە ، مەلزەمەی مامۆستا بەشارم بۆ بکڕە ، هەڵبژاردنەکان .. )
سلفی لێ دا و .. چەند مەترێک ڕۆیشتبوو ، زەنگی مۆبایل لێی دایەوە ، کچەکەی بوو : ( زوو وەرەوە ، پێویستم بە سەیارەکەیە ، سیمینارم هەیە )
گەیشتە فولکەکە و ..گڵۆپی سەوز ، پرتەقاڵیی بوو ، پێی پێوە نا ، پرتەقاڵی و سوور بوو ، گوێی لە فیکەی پۆلیسی هات و چۆ بوو ، بێ ویستی خۆی ، ووتی کورە دەبڕۆ تۆیش ، مەعاشجوان .. لەو کاتەی کە ووتی مەعاشجوان ، زەنگێکی ڤایبەری بۆ هات ، واتا ڕێک لە نێوان مەعاش و جوانەکەدا زەنگەکە هات ..( کوڕی باش لە کوێی ؟ بەڕێوەبەری کاڕگێڕیی گەڕا و خۆی ناوی ئامادەبووانی خوێندەوە ، بواری هیچمان نەبوو ، تۆ و دوانزە کەسی تری بە غایب نوسی ..فریاکەوە ، وەرەوە ، پینە و پەڕۆیەکی بکە )
ــ پینە وپەڕۆی چی ؟ ئەی ئەمڕۆ من ئۆفم ..پشووم ..ئەی نازانن ؟
ــ بەڕێوەبەر ئەڵێ مانگی ڕەمەزان دوو موچەتان لە بەغاوە وەرگرتووە ، ئاخ و ئۆف نەماوە .. !
گەیشتە بەردەم بەنزینخانەیەک ، خۆی کرد بە ژووردا و .. زرم ، بتڵە غازەکەی دا بە ئەرزا ..
ـــ غازمان نییە برا ..
تاسێک بردیەوە ، سەرێکی هەڵبڕی بۆ سکرینەکەیان ، نەڕاندی :
ــ ئەی ئەو LPG یە چییە نوسیوتانە ؟
کرێکارەکە لووتێکی بۆ خوراند و تەماشایەکی سکرینەکەی کرد ، ڕێک لە کاتی لوتخوراندنەکە و ..بە تایبەت لە پیتی واوەکەیدا ، زەنگێکی لە تێلیگرامەوە بۆهات ، دایکی بوو : ( ئەرێ ڕۆڵە ئێمە دایک و فرزەندین ، ئەوە بۆ سەرێکمان لێ نادەی .. خۆ هیچمان ناوێ ، هەر حەز ئەکەین بتبینین ! )
کرێکارەکە لە لوتخورادنەکەی بۆوە و وتی :
ــ وەڵا داتا بەیسەکەمان تێکچووە ، ئەوە سەعاتێکە تێلمان بۆ پسپۆڕی داتابەیس کردووە بێ بۆمان بکوژێنێتەوە ..
( بەخوا دایە زۆر مەشغوڵم .. خۆیشم نازانم چی ئەکەم ..تۆزێ سەرم سوک بێ ، دێم بۆ لاتان )
ــ نا نا .. پسپۆڕی داتابەیسی ناوێ ، ئێستا من بە خڕکە بەردێک بۆتان ئەشکێنم ..
لە ساتەوەختی خڕکە بەردەکەدا ، لە مەسنجەرەوە زەنگێکی بۆ هات ، کوڕە گەورەکەی بوو : ( باوکە ، عەسر یاریمان هەیە ، جوتێ پێڵاوی شەقم بۆ بکڕە ، ڕەقەم 40‌، با سپی بێ ..ئەگەر ژمارە حەوتەکەی ڕۆناڵدۆی پێوە بێ ، باشتر ..)
ڕێک لە کاتی ڕۆناڵدۆکەدا ، شڵپەی لە سکرینەکە هەڵساند و LPG ـەیەکە کوژایەوە ..
کرێکارەکەی کە سەری لوتی خوراند ، توشی شۆک بوو ..نەیئەزانی چی بکا ، دەمی داپچڕی بوو وەک هێلانەی خورماخۆرە وابوو ..
کە کرێکاری پەمپەکانی تر ، هەڵمەتیان بۆ هێنا ، ئەم ویستی خۆی قوتار بکا ، نەیتوانی .. لە ڕاستیدا ئەگەر دەستبەرداری بتڵە غازەکەی بووایە ، ئەیتوانی قوتاری بێ بەڵام ڕێک لە کاتی گرتنی ملی بتڵە غازەکە و گرتنی یەخەی خۆی لە لایەن کرێکارێکی بەنغالی فیل ئاساوە ، مۆبایلەکەی دیسان لێی دایەوە ، ملی غازەکەی بەردا و دەستێکی برد بۆ مۆبایلەکەی ، سەعدونی خۆخۆر بوو : ( دوکانەکەت هەر بەناوەوە ماوە ، لە باجەکان بووم .. سێ ساڵیش قەرزاریت ، ئەمڕۆ نەڕۆی بۆ باجەکان ، ڕەنگە نەتوانیت بیکوژێنیتەوە ، باوەسمێڵ ئەیووت شتی وا نییە ، دوا فلسی لێ ئەسێنین )
ڕێک لە کاتی باوە سمێڵەکەدا یاخود لە نێوان باوە و سمێڵەکەدا ناچار بوو کەللەیەک بدات لەناو دەمی کرێکاری بەنگالی و پەلەخوردی زەوییەکەی بکات ..
کرێکارێکی تر هەڵمەتی بۆ هێنا ، ئەم قاچە زامدارەکەی بەرز کردەوە ، بە هێواشی کێشای بە لا ملیدا ، کرێکارەکە وەک پەڕۆ کەوت و بورایەوە ..
ڕێک لە کاتی لێدانی قاچی و لاملی کرێکارەکەدا ، زەنگێکی لە وەتس ئەپەوە بۆ هات ، ویستی مۆبایلەکەی هەڵبگرێ ، لە دواوە دوو پۆلیس توند دەستیان گرت ..
لەناو فۆردی ئێکسپلۆرەری پۆلیسدا چەند زەنگێکی تری بۆهات ، بواریان نەدا وەڵام بداتەوە .. لەگەڵ گەیشتنی بە پۆلیسخانە ، لافاو هەستا ، بەرمیلی ڕیزکراو لە چاوەڕوانی نەوتی پەنجا هەزاریی بەغداد ، تەنەکە خۆڵی ڕەنگا و ڕەنگ ، پشیلەی کوژراو ، لقی داری شکێنراو ، ئەمانە و شتی تریش وەک قردێلە بە قژی شەپۆلەکانی لافاوەکەوە بوون ..
لە ڕێڕەوی پۆلیسخانەکەدا ، پۆلیسێکی لاوازی ڕەنگزەرد ، بە مامۆستا مامۆستا بەرەو ڕووی هات ..
ــ مامۆستا ئەوە خێرە ؟ چۆن تۆ دەستبەسەر کراوی ؟ فەرموو ..فەرموو .. لێرە دانیشە ..
نەیهێشت پۆلیسەکان بیبەنە ژووری بەندکراوەکانەوە ..
ــ چا بە شەکرەوە ئەخۆی یان بێ شەکر ؟
پۆلیسەکان لە پۆلیسە لاوازە ڕەنگزەردەکە مۆڕ بوونەوە :
ــ ئەمە تاوانبارە ..
ــ من بەرپرسم لێی ، با لای من دانیشێ .. ئەمە نووسەرێکی گەورەیە ، نایناسن ؟ بەرهەمەکانیتان نەخوێندۆتەوە ؟
دوو پۆلیسەکە لێی وورد بوونەوە ، هیچیان لێ هەڵنەکڕاند ..
ڕێک له کاتی لێ هەڵنەکڕاندنەکەدا سێ زەنگی جیا جیای بۆ هات .. دەستی برد مۆبایلەکەی بێ دەنگ کرد ..
لە کاتی بێ دەنگ کردنەکەدا ، ووتی : چایەکی بێ شەکر .
هەر ئەو کاتەی کە ووتی چای بێ شەکر ، بەڕێوەبەری پۆلیسخانەکە پەیدا بوو ، مۆڕەیەکی لێ کرد و ..دەستی برد شەقازلەیەک لە پۆلیسە لاوازە ڕەنگ زەردەکە بدات :
ــ گەورەم ! ئەمە نووسەر و شاعیرێکی گەورەیە ..
بەڕێوەبەر لە نێوان نوسەر و شاعیرەکەدا ، ووتی : ( حیسابی تۆ دوایی ئەیکەم ، شاعیر و نوسەرت فێر ئەکەم )
قۆڵی ڕاکێشا و بۆ ژوورەکەی خۆی بردی ..
ــ تۆ ئەزانی چ تاوانێکت کردووە ؟
ــ چی ؟
ــ سکرینی بەنزینخانەیەکت شکاندووە .. لە دوو کارمەندت داوە هێشتا یەکێکیان بێ هۆشە ..
ــ‌ بە گەورەیی نوسیویانە LPG کەچی غازیان نییە ..
بەڕێوەبەری پۆلیس سمێڵی خستە ناو دەمی بە ددانەکانی توند گرتی و لە لووتەوە هەناسەیەکی دایەوە کە زیاتر لە ساڵنسای هەندێ ئوتومبیلی وەرزشیی ئەچوو ، ئەو ئوتومبیلە گرانبەهایانەی کە کوڕی بەرپرسە باڵاکان بە پارەی خەیاڵیی ئەیکڕن ..
ــتۆ ئەزانی ئەو بەنزینخانەیە هی کێیە ؟
ــ هی کێیە ؟
ــ هی حاکم نادرە ..
ــئێ ..
ــ ئی ..کەواتە تۆ دەستدرێژیت کردۆتە سەر شەخسی حاکم نادر
ــ من لە دوو کرێکارم داوە نەک لە حاکم نادر ..ئینجا من بەرگریم لە خۆم کردووە ، چونکە هەردووکیان هێرشیان کردە سەرم ، دانەیەکیان بەنگالیی بوو .. ئەوەی تریان لە شارەزووریی ئەچوو ..
ئەو کاتەی کە ووتی شارەزووریی ، ڕێک لە( زووریەکە ) دا زەنگی بەڕێوەبەری پۆلیسخانە لێی دا ، ئاوازی مونۆ مۆر بوو ..
ــ بەڵێ گەورەم ..
ــ پەیوەندی بە کاک حاکمەوە بکە ، با خۆی سزاکەی بۆ دیاری بکا ..
ــ بەڵێ گەورەم .. ئەمر ئەکەی ..بەڵام ژمارەی کاک حاکمم لە لا نییە ..
ــ بنوسە .. سفر .. حەوت سەد و حەفتا ..پەنجا و دوو …سی و …
ــ دەستخۆش گەورەم ..

لەگەڵ نوسینی هەر ژمارەیەکی مۆبایلەکەی حاکمدا ، مۆڕەیەکی لەم ئەکرد ، واتا یانزە مۆڕە ..
کە زەنگیان بۆ لێدا ، حاکم سەرقاڵی خۆ ڕێکخستن بوو بۆ ئەوەی سەردانی چوار شەکراوخواردنەوەی جیا جیا بکات لە چوار مزگەوتی جیاجیای شار ، مزگەوتی عومەری کوڕی خەتاب ..مزگەوتی حاجی ئەحمەدە سوور ..مزگەتی فایقی کۆڵەک ..مزگەوتی دارولسەلام ..
ــ بەڵێ ..
ــ لە بەنزینخانەیەکی بەڕێزتا ، کابرایەک سکرینی LPG یەکەی شکاندووە و لە دوو کرێکاریشی داوە ،دانەیەکیان هێشتا هۆشی نەهاتۆتەوە ..ئەمرتان بە چییە ؟
لەو کاتەی کە ووتی ئەمرتان بەچییە ، ڕێک لە کاتی (تان ) ــەکەدا ، زەنگێکی بۆ هات :
ــ قوربان کرێکارە گەرمیانییەکە هۆشی هاتەوە ..!
( خێرا داوای سی ڤی ئەو کابرایە بکەن ، بزانن کێیە )
ــ بەڵێ قوربان ..
ــ بیبەنە ژوورەوە ..
( قوربان ، ئەم کابرایە بەکالۆریۆسی لە کارگێڕیدا هەیە .. چوار زمان ئەزانێت .. شێوەکار و شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگرە ..پشتوێنی ڕەشی لە تایکواندۆدا هەیه ..خێزاندارە و پێنج مناڵی هەیه ، گەورەکەیان لە زانکۆیە و بچووکەکەیان سەفی سێی سەرەتاییە ..حەزی لە ڕەنگی خاکییە .. سێ جار لە تورکیا و یۆنان و ئیتاڵیا سنوورداشکراوەتەوە .. خزمی کۆمەڵێ بەرپرسی باڵایە ،بەڵام قسەی لەگەڵ هیچیاندا نییە ـــ )
ــ ( بەسە ..بەس ..بەرەڵای کەن ..بەڵام بەڵێننامەیەکی بە دەستنووسی خۆی لێ وەر بگرن ….)
کە پۆلیسخانەی بە جێهێشت ، تەماشایەکی مۆبایلەکەی کرد :
٭ وەتس ئەپ :
( سڵق و تەماتە و کولەکە و کەرەوز بکڕە ، با تەماتەکە توێکڵەکەی ڕەق نەبێ ..ئەگەر تەرخون و نەعنایشت بەرچاو کەوت ، بیانکڕە )
( بابە ، بیرم نەبوو پێت بڵێم لەگەڵ پێڵاوە شەقەکاندا ، جووتێ گۆرەوی درێژی شینیشم بۆ بکڕە ، هی فتبۆڵێن )
( لەگەڵ مەلزەمەکەی مامۆستا بەشار ، مەلزەمەیەکی کیمیایشم بۆ بکڕە هی مامۆستا…..)
( ئەو بابەتەی ناردووتە ، زۆر تەواوە ، بەڵام ناتوانین بۆت بڵاو بکەینەوە )
( قەیناکا ، با وا بێ .. ئەمزانی تۆ گۆڕاویت … )
( کاکە گیان ! ئەو حەبی خەوە نەماوە ..ئێستا خەڵک بۆ شتی تر بەکاری دێنن ..ئێمە لە تۆ تێ دەگەین ..)
٭ ڤایبەر :
( بۆچی جوابی تەلەفۆن نادەیتەوە ؟ دوانزە کەسەکە هاتنەوە و هەر یەکەی بە بیانوویەک ، کوژاندیانەوە ..غیابی تۆ نەشر‌ کرا )
( ئارەزووی خۆتە ، من خەمی تۆمە ، دوکانەکە بە ناوتەوەیە ..بۆچی تەلەفون هەڵناگری ؟ )
( لە بەیانییەوە تەلەفۆنت بۆ ئەکەم ، خۆت بە چی ئەزانی ؟ )
( ئەمڕۆ ئیتر داشکاندنی کارەبا تەواو ..دیارە تۆ دەوڵەمەن بووی )
( عەسر ئەڕۆمەوە بۆ نەرویج ، حەزم کرد نیوەڕۆ پێکەوە چایەک بخۆینەوە .. دوو جار زەنگم بۆ کردی )
( ببوورە ، بە هەڵە پەنجەم بەرکەوت )

٭ ماسنجەر :
( قەینا بە تەکسی ئەڕۆم ، هەزار جار تەلەفۆنم کرد ..دیسان شەڕت نەکردبێ ؟ )
( ئەزانم تاقەتی ئەو شتانەت نییە ، بەس با گلەیی نەکەی ، تاقە پورزاکەمان مرد …ئەم نیوەڕۆیە …تەلەفون هەڵگرە خۆ ناتخۆین )
( چییە خاڵە ، تاقەتی قسەت نەماوە .. ووتم سبەینێ یان دوو سبەینێ سەرێ لە هەولێر نەدەین ؟ خەریکە دڵم ئەتەقێ ..)
( بۆچی وا لە خۆت ئەکەی ئازیز ؟ تۆ بارێکی قورست لەسەر شانە ..هەر من ئەزانم )

( هیچ ئیشم نەبوو ، هەر حەزم کرد هەواڵێکت بپرسم .. واز لەو جۆرە نوسینانە بێنە ، کەس نایانخوێنێتەوە ..یەک کەباب دابەزێنەوە ، خەڵکەکە وەک مێش لێی ئەنیشن ، تۆ باسی نیتشە و سارتەری چی ئەکەی )
( بەڕێز .. من خانمێکم لە ئەفەریقیا ، مێردەکەم مردووە و خاوەنی پێنج ملیۆن دۆلارە ، تۆ بە کەسێکی شیاو ئەزانم ، ژمارەی بانکیت بنێرە ، هەموویت بۆ ئەنێرم ، لەوێ بیدە بە فەقیر و فوقەرا ..)

٭ تێلیگرام:
( باوکە ، ئەوە بۆچی جواب نادەیتەوە ؟ غازمان نەماوە .. داوای دێلیڤەریمان کرد ..بۆ تۆیش بانگ کەین ؟ )
( ڤێستڤاڵی ئەم جارە ئەبێ بێیت ، قەینا هیچ بڵاو مەکەرەوە … )
( کاکە گیان ، لە خۆت بایی مەبە ..بە پیاوت ئەزانین بۆیە تێلت بۆ ئەکەین )
( ئەزانم مەشغوڵیت .. زێرابی گەڕەک گیراوە ، حەفارەیەک و سێ کرێکار لە بەیانییەوە خەریکن .. یەکی شەشت هەزارمان مەسرەف کردووە ، ئەوەی تۆیش من دەفعم کرد ..مۆبایل مەشغوڵ مەکە )
………………
………………




ئەم و ئەو و ئەوان.. شیعری نەوزاد بەندی

ئەم ئەیویست ئەوانی له کیس نەچێ
هەرچییەکیان بکردایە ، ئەیووت چاکتان کرد
ئەو ئەیویست ئەوانی لە کیس نەچێ
هەرچییەکیان بکردایە ، ئەیووت چاکتان نەکرد .

ئەم هەتا ئەوانی لە دەست نەچێ ،
بەردەوام سەردانی ئەکردن
ئەو هەتا ئەوانی لە دەست نەچێ ،
بە دەگمەن پەنای بۆ ئەبردن

ئەم بۆئەوەی ئەوان بەجێی نەهێڵن ،
لە گەڵیانا بەڵێننامەی ئاشتی ئیمزا کرد
ئەو بۆ ئەوەی ئەوان بەجێی نەهێڵن
لە گەڵیانا کۆمەڵێ شەڕی بەرپا کرد

ئەم چاوی دائەخست و
ئەوانی لە خەیاڵدانیا ئەبینی
ئەو چاوی ئەکردەوە و
ئەوانی لە ئازارەکانیا ئەبینی

ئەم ماڵەکەی پڕ کرد لە دۆعا و نزا
لە پێناوی تەندروستیی ئەوان
ئەو ماڵەکەی پڕ کرد لە هەوڵ و بەرخۆدان
لە پێناوی بەهێزکردنی ئەوان

سوودی نەبوو ..
چونکە ئەوان ڕۆیشتن
ئەم و ئەویشیان بە جێهێشت ..

نەوزاد بەندی

———————–

لێکدانەوەی ووشەکان :
ئەم = دایک
ئەو = باوک
ئەوان = مناڵەکان




کۆکردنەوەکان.. شیعری نەوزاد بەندی

کە مناڵ بووین
سەرە سۆدەمان کۆ ئەکردەوە ..
کە گەوره بووین ؛ دینار ..
کە پیر بووین ؛ حەب و دەرزی ..

کە مناڵیمان بە جێهێشت ،
ڕەنگەکانیش بە جێی هێشتین ..
هەر یەکەی کەوتینە مەیدانێکی بۆکسێنەوە .. خولەکانی بێ کۆتایی ..بێ دادوەر ..بە بێ ڕاهێنەر
لەو سەری کۆڵانەوە ،
لفکە فرۆشێ هاواری ئەکرد ..
لەمسەری کۆڵانەوە ؛ گەزۆ فرۆشێ ..
ــ مرۆڤ کە کەوتە هاوارکردن بۆ کاڵاکانی ، لە برسا مردنێ خۆی مەڵاس داوە ..لێی دەرباز نابی بە بێ دەنگیی ، سبەینێت دەست ناکەوێ بە ئاسانیی ـــ
لەو سەری مزگەوت ، سواڵکەرێ هاواری ئەکرد ..
لەمسەری مزگەوت ، هەوری ووتارێکی سەدبارە ، گرمانی ..

بڕیارم دا دانیشم ..
بەڵام زەوی لە خولدان نەوەستا ..
هاوارێ له گوڵدان هەستا ..
لەوسەری باخچە ، کوللەیەک گەڵایەکی ئەکرمان بە نهێنی..
لەمسەری باخچە هەنگێ بە مناڵێکیەوە دا ، گریانی ..

ماڵی پیر ، حەب و دەرزییە ،
بەوان نەبێ
دەستا و دەست ناکەن ڕۆژ و شەوەکانی ..
ئەوان نەبن ،
خەبەر بوونەوەیان بە دوادا نایەت خەوەکانی ..
لەو سەری شاخەوە ، کۆمەڵێ شۆڤڵ ئەیاننەڕاند دانەکانی..
لەمسەری شاخەوە ، لوتکە هەرەسی ئەهانی ..

لە سێبەری پێڵاوێکا دانیشتین ،
زەوی نەوەستا ..
خۆر سارد نەبوونەوە تیرەکانی ..
پارتیزان عەقڵی پەیا نەکرد ..
وازی نەهێنا لە نوسینی دیوار
لە هەڵواسینی پۆستەر
پەمپ و کەتیرەکانی ..
گەمژەیەکی تیرەگەری عەلمانی !! دەم و لوت نوقوم بوو ،
لە هێرشی موی لوت و چەناگەدا ،
نەڕانی ..
ئەو تاقەتی لفکە فرۆشتنی نەبوو ..
ئەو غیرەتی گەزۆ فرۆشتنی نەبوو ..
کەرامەتی خۆی ئەفرۆشت ،
لەگەڵ ویژدانی ..
تا ئاغایەکی نەوتفرۆش
نوکی سۆلێکی
بخاتە نێوان دان و زمانی ..
لەمسەری ڕۆژنامەگەرییەوە ،
کۆمەڵێ نەزان ،
بە قڕقێنە زەفەریان بە ڕۆژنامەگەریی ئەبرد ..
لەو سەری ڕۆژنامەگەرییەوە ،
سێ چوار عەبوس ،
لە ڕۆژنامە ناوساجییان دروستکرد
لە ناوساجی ، ویسکی
لە ویسکی ، متمانە ..
لە متمانە دەرگای ژێر زەمینەکان ..
بە فەردە دۆلاریان دەرئەهانی

بە دیار کۆمەڵگایەکی نەخۆشەوە ،
وەک پەرستارێکی کەمتوانا ،
تەمەنم خەسار کرد ..
لەو سەری سیاسەتەوە ،
تەنگە ئەستوورێ ،
داهاتووی مناڵەکانی کردە تەنکەرەوە و
ناردی بۆ ئاغاکانی ..
لەمسەری سیاسەتەوە ،
کۆمەڵێ توتی دەنووکشکاو ،
کەوتنە پاڕانەوە و نزا ..
کەس پێی نەزانی ..
بە دیار تەرمی ڕۆژەکانمەوە ،
زەوی نەوەستا ..
خۆر ساردی نەکردەوە
تیرەکانی ..
بە دیار خەمی شەوەکانمەوە ،
جەردە بەردەوام بوون لە دزی ..
مانگ زیادی نەکرد
گڕی تریفەکانی ..
لەو سەری بازرگانییەوە ،
مەیخۆرێکی قاوشی یانە شەوانەکان ،
بوو بە ملیاردێر بە ئاسانیی ..
مامۆستایەک
بەدیار برسێتیی مناڵەکانییەوە ،
چەندی کرد گیانی دەرنەچوو ،
چەندی کرد کۆڵەپشتی ئەو ژیانەی نەئەتوانی ..
خۆڵ و گەرما لە هەموو قۆڵەکانەوە هێرشیان کرد ..
دیناری ساختە ..
کاڵای ئێکسپایەر ..
بەرپرسی خۆ فرۆش ،
ووڵاتیان کرد بە یانەی شەوانە و
لەبەردەرگا
خاولییان دا بە شانیانا و
خەڵکیان دایه دەست گرانیی ..
خواناسەکان ، لە جیاتی خەبات ،
ڕیشیان ڕەش ئەکردەوە ..
یەک ئایەتیان بە کار ئەهانی ..
لە جیاتی تفەنگ ،
دووان و سیان و چوار ،
قاچی مامزیان ئەکردە شانیان ..
خۆشیشە ساڵی دووان و سیان و چوار ،
گەشتی خەلیج و پیاسه و گەڕانی..
میللەت بەوان چی ؟
خۆ ئەوان خوا نین ..
عەبدێکن هاتوون بۆ بازرگانیی ..




سۆز.. شیعری نەوزاد بەندی

لەوانە نیم کە ڕابوردووم لە بیر بکەم )
( بەڵام گیانە ! تەنها تۆ بووی خۆشت ویستم
ـــ عەبدولوەهاب بەیاتی ــ

پرسیار لەو شتانە ئەکەم
کە قەت وەڵام نادەنەوە
وەک ئەوەی وەڵامم نەوێ
زوو ئەڕۆم و
دەستەکانم ڕائەسپێرم
تا پەردەکان دادەنەوە

ژوورەکەم بێزار ئەبێت و
ئەرز و حاڵێ
ئەخاتە سەر مێزەکەم و
داوای ساڵێ مۆڵەت ئەکا .
ئەڵێم : ئەی من ؟
لە کوێ ئیتر ڕۆژکەمەوە ؟

هەورێ بەری ئاسمان ئەگرێ
تەماشایەکی ئەکەم و
بڕوا ناکەم تەماشای کەی
چونکە ئەزانم چیم بوێ
هەر چیم بە دڵ بێ
تۆ نایکەی

ئەو هەموو چۆڵەوانییەت
بۆ بەجێهێشتم
ئێ بۆچی ؟
ئەی لەو هەموو سەفەرەدا
چنگێ منت بۆ شەوچەرە نەبرد
ئێ بۆ ؟
لەو هەموو پارکە جێت هێشتم
مشتێ منت
لە ژێر دارتوویەک
کۆنەکردەوە ..
ئێ بۆ ؟

دەرگا و پەنجەرە و
کڵاوڕۆژنە و
تیرۆژەکانیشت داخست
وەک کابوس بم
یان شەولەبان
وات لێکردم ،
لە خۆم بترسم
ئاخر بۆ وا لەناکاو
چنگێک
دڵۆپەیەکت لام نەمان ؟

بیرکردنیش لێم بێزار بوو ،
ئەرز و حاڵێکی
خستە سەرمێزەکەم و
داوای جیابوونەوەی کرد لێم ..
ووتم ئەی من ؟
خۆ ناتوانم لە بیریکەم
تکایە لام بمێنەرەوە ،
تۆ پێویستیت بۆ پیرێکەم ..

لە گەلەری مۆبایلەکەما ئەگەڕێم
هیچ وێنەیەکت ڕوون نییە
گەر بە ڕێکەوت
لە کتێبخانەیەک بتبینم
ناتناسمەوە ..
جا گەر بیشتناسمەوە چی ؟
ڕەنگە سەد جار
منت بینی بێ و
وەک هەنگێ
بە تەنیشتمدا ڕەت بووبی
شیعریشم لێ هەڵوەریبێ
بڕوا ناکەم تەماشای کەی
ئەزانم .. خۆ باش ئەزانم
هەرچیم بەدڵ بێ
تۆ نایکەی

نازانم بۆچی ئەم عەسرە
بێ تۆیی ئاوای لێکردووم ؟
بێ تۆیی ئاوای پێکردووم ؟
وەک چۆن لە خەوێکی قوڵا
لە پڕ تینوێتیی خەریکە ئەتخنکێنێ ..
نازانم ئەم ئێوارەیە ،
بێ تۆیی بۆ
هەموو شتێکی خنکاندووم ؟
هەموو شتێکی شکاندووم ..

پرسیار لەو شتانە ئەکەم
کە قەت وەڵام نادەنەوە ..
وەڵامم ناوێ
زۆر ماندووم ..






بۆ لەتیف بێوار.. شیعری نەوزاد بەندی

سەرسامم چۆن لە خۆم زیاتر
پسپۆڕی خەونەکانم بووی ؟
منێ لە تەنیا تەنیـــــــــــــــاتر
چۆن بەم ڕێگا چۆڵەدا چووی ؟

چۆن زامی پەنجا ساڵ تەمەن ،
لای تۆ بوو درشت و ووردی ؟
ئاخر زەحمەتە ئەرکـــــــی وا ،
کە تۆ لەم گەلەیت و کوردی !

چۆن خۆخۆری و ســڕینەوە ،
پەی نەبرد بە هەست و بیرت ؟
چۆن ئاوا بێ گەرد مایــــەوە ،
پێنوس و ڕوانین و شــــیرت ؟

ئەزانی نزیکترین کــــــــەس ،
زامداری کردم ، کوشتــمی ؟
کەچی تۆ کە نازانم کێـــــی ،
هاوڕێ و هاوسۆز و پشتمی !

من کە سەرتاپای تەمەنــــم ،
چۆڵەوانیی بوو وەک کافکا
چۆن دوورێکی وەک تۆ توانی ،
هاوێنەی شیعرم وا ساف کا ؟

خەون و خەیاڵی پەنجا ساڵ ،
بە ڕوانینێک شــــی کەیتەوە
عەشقێک کە بوو بە خۆڵەمێش
چۆن توانیت گەشی کەیتەوە ؟

دەرگا کڵۆمـــــــــدراوەکان ،
یەک بە یەک بخەیتە سەر پشت
لە کوێوە چاودێری من بووی
کە ئەو هەموو فرمێسکەم ڕشت ؟

کاتێکی زۆری عومری خۆت ،
بۆ شیعرەکانم تەرخان کرد ..
لەم پاشـــــــــا گەردانییەدا ،
چۆن وا منت چراخان کـرد ؟

ئەزانی ووشەم نەماوە ،
بەردێ سەری نەشکاندبێ ..؟
شیعرێکم نیە ، هاوڕێیەک ،
بە بێ هۆ نەیخنکاندبێ ؟

سووککردن و پشتگوێخستن ،
بەشی من بوو چیم نووسیبێ .
یان دزینی‌ کۆپلە کۆپـــــــلە ،
وەک کورد بۆ ئەدەب برسی بێ !

چۆن ڕەشبینیی ناخی منت ،
لێکدا لەگەڵ شۆپنهاوەر ؟
ئەو پیاوەی تروسکەی نەدی ،
خۆیشی خۆر بوو بۆ جەماوەر

هاوڕێم ، نازانم چی بڵێـــــم ،
لە ئاست خەمخۆرێکەی تۆدا
بە دیاری بۆ منـــــــت هــێنا ،
چی شتێکم بە فــــــیڕۆ دا

تۆ بڕوات بۆ گەڕاندمــــــەوە ،
وات کرد بە کوردیش بڵێم گەل ..
گەشبینیت لە ناخما ڕوانــــد ،
وەکو چۆن خۆر هەڵدێ لە کەل

بەڵێ دڵم گۆڕستانــــــــــــــە ،
پڕە لە کەس و خەونی جوان
هەموو وەک تەم ڕەوانــــەوە ،
لە دڵمان و نایشزانم کــــوان !

عەشقێ زانکۆی کرد بە داڵدە
سەرتا پامــــی کرد بە تەزوو
لە ئاستیا پەل و پۆم شـــکا ،
ئەویش به جێی هێشتم هەر زوو

دوای ئەو ، وەک حەبیبەی نالی ،
کە بوو بە عەشقی‌ خودایی
زانست ڕژایە ناو ناخـــم ،
بوو بە هاوڕێم بۆ تەنیایی

لەویش دابڕام دوای ئەوەی ،
ئیمزام نەکرد بۆ کــــــــڵاو لار
لە یەکەمــــــــــی کۆلێژەوە ،
پێنج پلە هێنامیانە خــــــوار

ئیتر لافاوی ســــــــەربازیی ،
بردمی وەک چڵە پوشـــــێ
وام لێهات خوازیار بووم مردن ،
وەکو پێکێ هەڵملوشـــێ

کەچی مامەوە هەتاکــــــو ،
هاتنە خوارەوە چەتــــەکان
وامزانی ئەبن بە هاوخــەم ،
بەرەو لایان چووم بە تەکان

کەچی ئەوەی کە پێڵاو بوو ،
زانست و ئەدەب بوو لایــان ..
ئیتر ئەم گاڵتە جاڕییەیش‌ ،
ئەوا سی و پێنج ساڵی خایان ..

بەخوا کورسی خوێندنێکی
پەیمانگای میتران پێی بەخشیم ..
بە ڕۆژی نیوەڕۆ خورا ،
درا بە زۆڵێکی غەشیم ..

ئەدەب .. زانست .. خەونەکانم ،
هەموویان خستە ژێر پێیان ..
گەمژە بوو بە پڕۆفیسۆر ،
کۆڕ و خەڵاتیش بۆ نەزان ..

چامەیەکی ئەوێ ، ئەمە ..
لە هی نالی و سالم زیاتر ..
ئەوەیش کێ ئەیخوێنێتەوە ؟
منێ لە تەنیا ، تەنـــــیاتر !




یەکەمجارە.. شیعری نەوزاد بەندی

یەکەمجارە
باران بێ و
نەڵێم ئای! خۆزگە بمبینیایە ..

بە مناڵێک ئەڵێم
ئێستا گەڵاکانی
باخچەی باپیری وەریون ،
بڕۆ .. یارمەتییەکی بە ..
قاوەیەکیشی لەگەڵدا بخۆرەوە ..
بە شاعیرێکی دەوڵەمەند ئەڵێم
ئەگەر سەفەرت کرد ،
لە فڕۆکەکەدا شیعرێکی
جوانی بۆ بخوێنەرەوە ..
بە هەور ناڵێم تەڕی مەکە ،
بە قسەم ناکا ..
بە بای وەشت ناڵێم
قژی تێک مەدەرەوە ،
بە قسەم ناکا ..
بە غاز فرۆشەکە ئەڵێم ،
لای ماڵی باپیری مەیکە ،
بە فلوت و هات و هاوار ..
دانیشتنەکەی
بۆ تێک و پێک مەدەرەوە ..

یەکەمجارە ،
باران ببارێ و ..
شیعرێکت بۆ نەنووسم ..
بە لافاو ناڵێم
کرۆلا سپییەکەت قوڕاویی نەکا ،
بە قسەم ناکا ..
ڕوخسارم بارانی پیا ئەچۆڕێ و
هێشتا چەترەکەم هەڵنادەم ..
دوو سێ پیادە سەیرم ئەکەن ،
لە نێوان خۆیانا ئەڵێن :
یان چەترەکەی ئیش ناکا ، یان
خۆی لەکارکردن وەستاوە ..
بە هەورە بروسکە ناڵێم مەیترسێنە ،
بە قسەم ناکا ..
بە لای درەختێکا ئەڕۆم ،
خۆی شتووە و هەڵئەلەرزێ ..
پشیلەیەک لە ژێر مۆردێکا
تەماشای دەنکە بارانەکان ئەکا ..
چاوەڕێی چۆلەکەیەکە
ڕێی هێلانەکەی هەڵە کا ..
بە خەم ناڵێم ڕێی پێ مەگرە ،
بە قسەم ناکا ..
چۆلەکەیەک ئەڵێ بەسەرچاو ،
ناڕۆمە بەر پەنجەرەکەی
با دڵی دانەخورپێ ..
بە تەنکەر ناڵێم بەوێدا تێنەپەڕێ ،
بە قسەم ناکا ..
گەواڵە هەورێ وا هێنای ،
زۆر تاریکە ،
مەڕۆرەوە ..
نەک لافاو ، برسی بێ و بتبا ..
ئەمشەو له دیار یادگارێکانی با پیرت ، ئارام بگرە ..
گەر تەنیایی نیازی خراپ بوو ،
پێم بڵێ ..
بە ئاوازێکی چەشمەزار ئەڵێم
بێت و ..ژوورەکەت پڕکا لە نۆتە ..
بە خۆڵبارین ناڵێم نەیەت ،
بە قسەم ناکا ..
هیچ بیر لە من مەکەرەوە ،
لە هەر گۆشەیەک بڕوانی ،
خەمێ توند بەرۆکت ئەگرێ ..
لە هەر ڕێگایەک بتەوێ ،
سەردانم کەی ، بەرز و نزمی و
هەڵەت و بازگە ناهێڵن ..
هەر ئەندامێکم شارێکی
بۆردومانکراوە ، ئازیز ..
با نەکەویتە ژێر دار و پەردوو ..ئاگر ..
ووشکە ساڵیی ڕاناسپێرم ،
باخچەکانت نەخاتە لیستی وشکبوون ،
بە قسەم ناکا ..
بە خەو ئەڵێم ، نەهێڵێ زۆر بیرکەیتەوە ،
بتخاتە ژێر ڕەشماڵێکی ،
تا تێر بنوی ..
بە درۆن ناڵێم ، ئەمشەو مەیە ..
بە قسەم ناکا ..

یەکەمجارە ،
باران بێ و
نەڵێم تۆ بڵێی ،
لەگەڵ تاوێ ، نەیەتە خوار ؟
بڵێی باڵندەیەکی تەڕ
له نێوانماندا نەبێتە
دانوستانکار ؟ ..
داوا لە هیچ کەسێ ناکەم
هەواڵێکی تۆم بۆ بێنێ ،
بە قسەم ناکەن




ئیتر.. شیعری نەوزاد بەندی

ئیتر گوڵەکان بێ بۆنن ..
ئیتر گوڵەکان نایلۆنن ..

ئیتر بەناو
ئاپۆڕەی خەڵکا ڕەت ئەبم ،
وەک تارمایی ..
هیچ کەس نییە بیرم بکا ..
هیچ کەس نییە بەساقەم بێ ..
توند دەستی گرتووم ، تەنیایی ..

ئیتر بەلای درەختێکا تێ ئەپەڕم ،
پێی ئەڵێم قاچت سڕ بووە ،
با لە جیاتی تۆ ڕاوەستم ..
ڕازی نابێ ..
بەلای ڕووبارێکا ئەڕۆم ،
ئەڵێم ماندوو نەبی هاوڕێ !
پشویەک بە ،
بۆ شەپۆل ناکەی ڕادەستم ؟
ڕازی نابێ ..

ئیتر ئێوارە ناتوانم ،
لە زەنگیانەی ووشەکانت ،
مەدالیایەک بۆ خۆم بچنم .
لە هەر شوێنێ ،
تەنیایەکتان بینی ، منم ..

ئیتر ماڵی باران لە بای وەشت ئەپرسم . .
ئەڕوا و وەڵام ناداتەوە ..
هەواڵی ئاسمان ، لە هەورێ
داوا ئەکەم ،
ئەڕوا و وەڵام ناداتەوە ..
پرسیاری کۆچ له کاروانێ ئەکەم ..
هەر لایشم لێ ناکاتەوە ..

هەر تۆ بووی تۆ ..
بە بێ هەواڵی کەشناسیی ..
بە بێ منەت ،
هەموو ڕۆژێ دائەباریت ،
کام پرسیارەم کە زۆر قورسە ،
زۆر ئاسان بوو بە لاتەوە ..
سەرنجێکت ،
ڕادەسپارد هەتا وەڵامی
ئازارەکانم باتەوە ..

ئیتر گوڵەکان بێ بۆنن ..
ئیتر گوڵەکان نایلۆنن ..






لەگەڵ ئەوەیشدا.. شیعری نەوزاد بەندی

هەر چەن هێشتا نەمبینیوی ،
بەڵام بەردەوام
بێ تۆییم پێوە دیارە ..
ئەڕۆمە دەر ،
بێکەسییەک ڕووم تێ ئەکا ،
ئەو هەموو خەڵکە ناتوانن ،
بۆم پڕبکەنەوە تاوێ ..
سەفەر ئەکەم ،
هەموو جێگاکان بەتاڵن ،
له ڕووم نایە سەیری
شۆفێرەکە بکەم ،
تارمایی تۆ ، جار جار دێت و
لە لام دائەنیشێ تاوێ ..

ساتێکی ئارام ڕووم تێکا ،
هەست ئەکەم شوێنێکی چۆڵە ..
شوێنی تۆیە ..
بە لای باخچەیەکا ئەڕۆم ،
لێم ئەبی بە دیوارێک و
چی گوڵە بێ ڕەنگ و بۆیە ..

کە ئەڕۆمە ناو جێگاوە ،
هەست ئەکەم هەنگاوێ هەبوو ،
لە یادم چووە ، نەنراوە ..
وەک دیوارێ ،
خەو و چاوم لێک دائەبڕی ..
بەو شەوە دێمە بەردەرگا
ئەڵێم بەڵکو
بەو کۆڵانەدا تێپەڕی ..

کراسەکەم ئوتوو ئەکەم ،
ئەڵێم بۆ کێ ؟
مەکینەی ڕیش تاشین ئەڵێ :
بۆ بە بێ سوود ئەمخەیتە کار ؟
شوشەی عەترەکە پێم ئەڵێ :
بۆ بە ناحەق خوێنم بڕژێ ..؟!

لە سەرەتای شیعرێکا ،
پەکم ئەکەوێ ..
سەد بیانوو ئەدۆزمەوە ،
تا نەینووسم ..
پەنجەرەکەم چرکەیەکی لێ هەڵئەستێ و
زوو هەڵئەستم ..
ئەڵێم ڕەنگە
ئەو بێ دەنگە گێلاسێکی
تێ گرتبێ ..

هەندێ جاریش بێزار ئەبم ،
ئەڵێم لەو شارە بچووکە
چۆن تاکو ئێستا نەمدیوە ؟
ڕەنگە دەمێ بێ مردبێ




لە ناوەڕاستی دێڕدا.. شیعری نەوزاد بەندی

ئەو ڕۆژەی کە لێک دابڕاین
هیچ هۆکارێکی پەیوەندیی
بەردەست نەبوو ..
بە دابڕانێک دابڕاین ،
ئێستا نازانم تۆ مردوویت
یان بووی بە سەرۆک وەزیران ..
نازانیت کوژراوم
یاخود بووم بە وەزیری کشت و کاڵ ..

ئەو ڕۆژەی کە لێک دابڕاین ،
تەنانەت شەماڵ خەوتبوو ،
هەواڵێکمان ئاڵ و گۆڕ کا ..
کۆتر بایکۆتی کرد بوو
نامە جۆرێ بوو له تاوان ..
ئێستا نازانم لە سوید داتکوتاوە ،
یان لە کۆشکی فیرعەونەکان ،
نازناوت نەفەرتیتیە ..
نازانیت بووم بە پێشمەرگە ،
یان لە مۆڵێکی چۆڵ و هۆڵ ،
لە پێنج مەتر فرۆشگادا ،
مانگی هەزار دۆلار دەدەم ..

ئەو ڕۆژەی هەواڵت نەما ،
خۆر گیرا بوو ..
ئاستی ئاوی بەنداوەکان
هەڵکشا بوون ..
له لایەک خەڵک ئەخنکان و
لە لایەک شایی لۆغان بوو ..
ئێستا نازانم چوویتەتە
کەناڵێکی ڕاگەیاندن
تەنها دەمت لەکاردایە ..
یان لە ئۆنلاین ،
کاڵای دەستی دوو ئەفرۆشی .
تۆیش نازانیت
ئێستا خانەنشین بووم و
دەروازەکانی دڵم ، شەبەکە و
باڵۆن دەست بەسەری کردوون ..
یان بووم بە خاوەن کۆمپانیا و
شەو نییە خەو
بە دۆلارەوە نەبینم

ئەو ڕۆژەی کە وونم کردیت ،
گڵۆپ و تەزووی کارەبا ،
لە شەڕدا بوون ..
دووربین ،
میکرۆسکۆب ،
زەڕەبین ،
بۆ خوێی چێشت دەست نەئەکەوتن ..
ئێستا نازانم هاوسەری
جوملە فرۆشێکی ڕێی چینی ..
یان لە باخچەی ساوایانا ،
لە ژووری گێلاس ،
گۆرانی بە ئینگڵیزی ئەڵێیتەوە ..
هێشتا مێردت نەکردووە ..
تۆیش نازانیت
لە ئاوی ئیجە خنکاوم ..
یان مامۆستای ناڕازیم و
زیندان نییە جنێوم
تیا نەخواردبێ ..

ڕۆژێ بوو ،
هیچ ئوتومبێلێ قومێ بەنزینی تیا نەبوو ..
سەوڵ و بەلەم لێک عاجز بوون ..
ئەسپ و عەرەبانە
شیر و تیریان لەیەک ئەسوو ..
لە هەموو پەیوەندییەکانا ،
دەیان بازگە دانرا بوون ..
نێوان مەفرەزەیەک و مەفرەزەیەک ، مەفرەزەیەک
لە سەنگەر و بۆسەدا بوون ..
سەدان چەکدار ،
یارییان بە پەلەپیتکەی
چەک ئەکرد و
چزووی مۆڕەیان ئەچەقاند
بە ڕووی هەر شتێ بجوڵێ ..
شتی تریش …

نەوزاد بەندی




لەو دیو خۆتەوە.. نەوزاد بەندی

کێشەکە لەوەدایە ، بێ ئاگاداریی خۆمان ، یەکتری کۆنتڕۆڵ ئەکەین ..
بۆ نمونە لە کۆڵانێکا ، ماڵێک خانووەکەی ئەڕوخێنێ و ..بە دیزاینی نوێ خانوویەک دروست ئەکات .. ئەمە وا لە هەموو ماڵەکانی کۆڵانەکە ئەکا بکەونە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو ماڵەوە و ..پرسیارێکیان لە لا دروست بێ : ( بۆچی ئێمەیش وەکو ئەو نەکەین ؟ ) ..
تۆ دەچیتە پێشانگای کتێب ، ناچاریت لە ژێر کونتڕۆڵی ئەوانەی چواردەورتا ، هەستیت کتێب بکڕیت یان بە لایەنی کەمەوە وەک نووسەر یان خوێنەر هەڵس و کەوت بکەیت ، قەت بینیوتە کەسێک لە پێشانگای کتێبا بنەڕێنێ ، یان جنێو بدات یان ڕا بکات ؟ لەگەڵ ئەوەیشدا زۆرینەیان نە نووسەرن و نە خوێنەر ..
ئەم کۆنتڕۆڵکردنە ناڕاستەوخۆیە ، لە کۆنتڕۆڵکردنی ڕاستەوخۆ ، کە کەسێک بە هێز یان قسە دێتە سەر هێڵی ژیانت ، ئازار بەخشترە ..چونکە کونتڕۆڵی ناڕاستەوخۆ ناچارت ئەکات خۆت بگەڕێی بۆ کەسانێک کە کونتڕۆڵت بکەن .. ڕیکلام یەکێکە لەو هێزە ناڕاستەوخۆیەی بەردەوام وا دەکات مرۆڤەکان وەک خۆیان نەژین و ..پۆڵێنیان ئەکات و ..پلە و پایە و کاڵاکانیان بە سەردا دابەش ئەکا ، ئەمەیه بە مێگەلکردنی یان بە سەربازگاکردنی کۆمەڵگا ، کە بێ ئاگای خۆت بوویتە سەربازی بیر وباوەڕ و کاڵایەک کە ڕەنگە خۆت وەک خۆت ساڵەهای ساڵ دژی بوو بیت .. شەڕ و ئاشتبوونەوە و ڕق و خۆشەویستی و هەموو ڕووداوەکان ، کۆنتڕۆڵکاری دوور و نزیکن و ..یاری بە مرۆڤەکان ئەکەن ..
ئەوەی ئازار بەخشە ، زۆرینەی ژیانمان ( بە ئاگا و بە بێ ئاگاداریی خۆمان ) وەک ئەوەی خۆمان ئەمانەوێ ، ناژین ..بەڵکو وەک ئەوەی ئەوانەی چواردەورمان ئەیانەوێ ئەژین ..
ئەمە پێی ئەووترێ فەلسەفەی مێگەل ..
تەماشا ئەکەی زۆرینەی سەر خوانەکە ، برسییان نییە و .. لە ژێر کاریگەریی ئەوانی تردا ، دادەنیشن و خواردن ئەخۆن ..زۆرینە حەزیان لە سەیران و سەفەر و میوانداریی نییە ، بەڵام بە هۆی کۆنتڕۆڵی ئەوانی ترەوە ، بەشدارن ..
زۆرینە کۆیلە نین ، بەڵام کاتێ سیستمی کۆیلەکردن دەبێتە فەرمانڕەوا ، هەمووان وەک یاسایەک پەیڕەوی لێ دەکەن و ..مافەکان و داهاتوو و هەموو ژیانیانی تێدا خەسار ئەکەن..
تەماشای ئەوانە بکە کە هەڵئەپەڕن ، زۆرینەیان خەمبارن ، چونکە خواستی خۆیان نییه و لە ژێر کۆنتڕۆڵدان ..
وای لێ دێت ، مرۆڤەکان هەموویان لە یەکتر بچن ، لە تەوەرە گشتیەکاندا هیچ جیاوازییەک نەبێ ، ئەمەیش وا دەکات بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایەکی سەد ملیۆن کەسیی وەک
بەڕێوەبردنی یەک کەس وابێ ، تەنانەت ئاسانتریش بێ ، چونکە تۆ بتەوێ کەسێک کۆنتڕۆڵ بکەیت ، کاردانەوەی ئەبێ ، بەڵام کاتێ بتەوێ سەد ملیۆن کەس کۆنتڕۆڵ بکەی ، هەمووان بێکاردانەوە ئەبن ، یان ڕاستتر هەر یەکەی چاوەڕێی کاردانەوەی ئەوانی تر ئەکات و ئەڵێ بۆچی من ببم بە سووری بەرلەشکر !؟ .. لە کۆتاییدا دۆخەکە بە بێ کاردانەوە تێدەپەڕێ ، ئەوەیش کارەساتە گەورەکەیە کە تیایدا تەنانەت نیشتمانی تێدا دەفرۆشرێ بە بێ کاردانەوەی هاونیشتمانیان .
تەنانەت خێزانەکان ، زۆرینەیان بە خواستی خۆیان دروست نەکراون ، لە ژێر پاڵەپەستۆی کۆمەڵگادا و بە بیستنی هەندێ زەنگی ترسناک وەک زەنگی تەنیایی و بەجێهێشتنی شەمەندەرەکە و قەیرە بوون و پەڕاوێزکەوتن و ئەم جۆرە دروشمە کۆنتڕۆڵکارانەدا دروست بوون ..
ڕەنگە ئینسان لە هەموو تەمەنیدا ، یەک جاریش بە خواستی خۆی نەژیابێ ، تێکڕای ڕۆژەکانی ..تێکڕای بژاردەکانی ، هی خۆی نین ..ئیتر ئەم دۆخە یان لە سەدا سەد کۆنتڕۆڵکراوە یان کەمتر ..گرنگ ئەوەیە خەڵکانێک بەردەوام لەناوەندی بڕیاردانیدان و ..ئەیکەن بە کەسێکی تر و .. وای لێ دەکەن وەک خۆی نەژی ..
ئەم دۆخە ، گەیشتۆتە ئەوەی فەیلەسوفێکی وەک جان پۆڵ سارتەر بڵێت : مردنی باوکم زۆر باش بوو بۆم ..
یان سامۆئێل پیکێت ساڵەهای ساڵ قسە لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەکات و ..توشی نامۆبوون بێت کە پاشان بە شێت یان چەپێنراو یان ئاڵۆزیی دەروونی پێناسە کرا ..لە کاتێکدا تەنانەت تەنیاییش لەو کۆنتڕۆڵکارییە ڕزگارت ناکا و .. دوور بە دوور ، کۆنتڕۆڵی وەهمی دێت و نەخشەکانت بۆ ئەگۆڕن ، یان بە لایەنی کەمەوە هەستی ئەوەت لەلا دروست ئەکەن کە تۆ کەسێکی باش نیت و کۆمەڵگا و داب و نەریتت بە لاوە ناوە .. وەک بیریارێک ئەڵێت تەنانەت دوورکەوتنەوە لە سیاسەتیش ، جۆرێکە لە سیاسەت ..!




لە جیاتی سیستمی تەکنۆکرات ، سیستمی تەنکەرۆکرات.. نەوزاد بەندی

له هیچ ووڵاتێکا ، له هیچ هەرێم و شار و گوندێکی ئەم دنیا و ئەو دنیایشدا ، نییە و نەبووە و نابێ بە شەو و ڕۆژ ، لەیل و نەهار ، تەنکەرە پتڕۆڵ و نەفسا ، شەقامەکان داگیر بکەن و بەرەو دەروازە سنوورییەکان مل بنێن ..بێ ماندوو بوون ، بێ تێرخواردن ، بێ کۆتایی ،هەتاهەتایی ، بە دوکەڵی شین و ڕەشی خەستەوە ، بە هۆڕنی بێزار کەرەوە ، ئەم تەنکەرە ساحێب نادیارانە ، دێن و دەڕۆن ..جارێک تەنکەر وەردەگەڕێت و دوو سێ ئوتومبیلی داماو لەگەڵ خۆیدا گڕ دەگرێ .. جارێ تەنکەر لەناو تونێلەکاندا دەتەقێتەوە و بۆ چەندین ڕۆژ ڕێگای نێوان شارەکان دادەخرێت ..جارێک تەنکەر تلۆر دەبێتەوە و پتڕۆڵەکەی دەڕژێتە ناو ڕووباری ئاوی خواردنەوەی شار و هەتا چەند ڕۆژێک ئاوی خواردنەوە له هاووڵاتیان قەدەغە دەکرێ .. جارێ ئوتومبیلی مامۆستایەک ئەچێ بە ژێر تەنکەرێکا . . جارێ تەنکەرێک ستۆپی دەپچڕێ ، ڕیزێک ئوتومبیل وێران دەکا . . ئەمانە ڕووداوی ڕۆژانەن و هیچ لایەن و کەسێک خۆی ناکات بە خاوەنی و ..بووە بە شتێکی ئاسایی ..لە کاتێکدا دەیان و سەدان ڕۆژنامە و کەناڵی ئازاد و نائازاد و سێبەر هەن و .. چەندین فەوج پەیامنێر ، پزیشکێ هەڵەیەک بکا ، پەنجا مایکی ڕەنگا و ڕەنگ وەکو ئایسکرێم لەبەردەم نەخۆشەکەدا قوت دەکرێنەوە .. تەماتە لە بازاڕدا گران بێ ، لافاوی ئایسکرێمەکان دوکانە و دوکان دەکەن ..موچە لە بەغدادەوە تا دەگاتە کوردستان ، گێژەڵوکەی مایکە ڕەنگاوڕەنگەکان وەک گەلەگورگ بە دوایەوەن ..
ئەرێ بۆچی حەکیمێک چارەسەرێکی ئەم تەنکەرانە نادۆزێتەوە ؟ کۆرۆنا و ئەنفلۆنزای مریشک و سارس و بەراز گوزەشتن و .. پەتای تەنکەر لە زیاد بووندایە ، ئەرێ ڤاکسینێ ، ئەنتی بایۆتیکێ ، تیشکێ ، MRIیەک نییە بۆ چارەسەری ئەم تەنکەرانە ؟
ئەرێ ئەم تەنکەرانە کەی باڵیان بۆ دروست ئەبێ و شەقام و گیانی هاووڵاتیان ڕزگاریان ئەبێ لە دەستیان ؟ کەی وەک دیناسۆرەکان ئینقیراز ئەکەن و وەک چاخی دیناسۆرەکان ، چاخی تەنکەرەکان ئەبێ به مێژوو ؟ کەی مەکینەیان هەڵئەسێ ؟ کەی شۆفێرەکانیان ڕائەکەن بۆ هەندەران ؟ ئەرێ کەی خێرخوایەکی سکەندەنافیی دەرگای مافی پەناهاندەیی بۆ تەنکەر و شۆفێرەکانیان دەکاتەوە ؟ ئەرێ کەی ئەم پتڕۆڵە نەفرەتییە تەواو دەبێ ؟ کەی نەفسا ئێکسپایەر دەبێ ؟ ئەرێ کەی ئەم خاوەنە نەناسراوانە تێر دەخۆن ؟
شەقامەکان هەموو وەک هەویری پیتزا ، چاڵ و چۆڵ و وێران بوون لە ژێر پێچکەی هەزاران تەنکەری 36000 لیتریدا .. هەوا و ئاو و ژیانی هاووڵاتیان وەک تونی حەمام ڕەش و قێزەون و تاڵ بوون ..
لەدوای ئەوەی خەڵکەکە ، لە سیستمی میلیتاریی دۆنکیشۆتیی بەعس ڕزگاریان بوو ، خەونیان ئەوەبوو سیستمی تەکنۆکراتی بێتە ئاراوە ، کەچی سیستمی میلیشیاگەری تەنکەرۆکرات هاتە ئاراوە …

تەنکەرە نەفسا ، نە ئەوەڵیان هەیە و نە ئەخیر ..
هەر ئەوەیە و .. کەس بۆی نییە بڵێ لەل .. ڕۆژانە قوربانییەکانی تەنکەر ئەکرێن بە ژێر خۆڵەوە و ئەڵێن قەزا و قەدەرە …قەزا و قەدەر ..
پێشنیار ئەکەم لەمەودوا هەر وەفدێ بێتە کوردستان ، لە جیاتی گوڵ ، چەپکێ دۆلاری خوێناویی لەسەر گۆڕی شۆفێری تەنکەری وون ، تەنکەری ساحێب نادیار ، دانێ … پێشنیار ئەکەم مۆنۆمێنتی تەنکەری وون دروست بکرێ و تیایدا وێنەی قوربانیانی تەنکەر هەڵواسرێ ، کە لە قوربانییەکانی کیمیاوی و ئەنفال نزیک بۆتەوە .. لە قوربانییەکانی تاوەری بەهێزکردنی تۆڕی مۆبایلی ناوشارەکان نزیک بۆتەوە …

(( هەتا ڕۆژی قیامەت دێت و نایێ
لە دووری نامە شەرحی ماجەرایێ
لە ئاهـ و ناڵەیی پەروانە خەوفێ
کە تۆ بگرێ خودا ئەی شەم بە بایێ
دەمت دەرمان، تەبیب تۆ، من بریندار
دەسا بۆ حاڵی من تەدبیر و ڕایێ )) – وەفایی –

نەوزاد بەندی




لێکدان.. چیرۆک: نەوزاد بەندی

ئاخر توخوا ئەمەیش بوو بە چیرۆک ؟
ئەو بەیانییە پشوو بوو ، نەمزانی بە هۆی چییەوە پشووە ، چونکە پشوو ئەوەندە زۆر بوون ، ئەبێ بەدوادا چوونی بۆ بکەیت ..وای لێ هاتووە بەرپرسێ قازێک بخوا و لەلای بەتام بێ ، ئەو ڕۆژە ئەکرێتە پشوو ،ناوێکی لێ ئەنرێ ، ڕۆژی قاز ..قازە بەچێژەکەی خاوەنشکۆ ..قازی قازان ..داستانی قازقازۆک ..قازە خێرلەخۆ نەدیوەکە ….
لەناو جێدا پاڵم لێدابۆوە ، ژوورم تاریک کردبوو ، بەتەما بووم ئەو ڕۆژی قاز و شتە بکەم بە ڕۆژی خەو ..ئێ لە سەردەمێکداین ، پاڵکەوتبی پارێزراوتریت لەوەی دانیشتبیت ..دانیشتبیت ، ژیانت پارێزاوترە لەوەی بە پێوە ڕاوەستابیت . . لە ماڵەوە بە پێوە ڕاوەستابیت ، فیشەک کەمتر ئەتدۆزێتەوە تا لە دەرەوەی ماڵ بە پێوە ڕاوەستابیت ..
بەڵام چی ئەڵێی لەگەڵ لیستی بازاڕ کردندا ؟ هەر هێندەم زانی لە لاپەڕەیەکی حەوت سانتم پان و بیست سانتیم درێژدا ، ناوی کۆمەڵێک بابەت نووسراون ، کە ئەبوو بیانکڕم : پاککەرەوەی شوف سێ لیتر و نیویی ، خوێی هیمالایا ، ترۆزی ترشیات ، دوو دەسک کەرەوز و دەسکێک مەعدەنۆس با گەڵاکانی تۆخ نەبن ، دەسکێشێکی لالە با میدییەم بێ ، سەمونی حەجەری ، زیرە ، گشمیش ، دەرمانی فەلافل ، عەمبە ، ساسی فێ فێ ، لاستیکی مەنجەڵی هەڵم سایزی 6 ، کیسی خۆڵ ، پەڕۆی سیحریی ، دوو پاکەت ئاو ، نیو کیلۆ قەیسی ، دوو کیلۆ و نیو گوڵەبەڕۆژە ..ماسیحەیەکی سنکی مەتبەخ …..
ئەو لە قەیەفەری سەری کردبوو بە هێلانەی مریشکەکانا و لەبەر خۆیەوە پرتە و بۆڵەی بوو : ئەک پاڵتان نەگەڕێ مریشک ، لە دوانزە هێلکەوە هاتۆتە سەر سێ هێلکە ..
ئیتر بە پشتا و پشتا بە خێرایی لە هێلانەکە هاتە دەرەوە ،کەفەڵی بەر نووکی بتڵە غازێکی ژەنگاویی کەوت ، کە نیوە وەستاو ، وەستێنرا بوو ، هاواری لێ بەرز بۆوە :پێکرام ..خۆم ڕۆ !
من بە کاوەخۆ هەستامە سەر پێ و ..لیستی بیست سانتیم پان و حەوت سانتیم درێژم خستە ناو پانتۆڵی کاوبۆکەم کە به پشت دەرگاکەدا وەک کەوڵی ڕێویی هەڵواسرا بوو ، جا بیرم کردەوە ئەم جۆرە لاپەڕەیەم لە کوێ کڕیوە ؟ هەرچەندم کرد بیرم نەکەوتەوە ..
چوومه بەردەم ئاوێنەکە ، تەماشایەکی خۆمم کرد ، پیاح چەند ناشیرینم ..پێستێکی تاریک ، پەڵەی سوور لەملاولاوە ، زبرییەک وەک ئەو شەقامانەی پارێزگاری نوێ ئەیڕنین و هەتا بڕیاردان لەسەر بودجەی ساڵی نوێ بەجێی ئەهێشتن ..تەماشایەکی ڕیشی نیو ملیمیی ماش و برنجی خۆمم کرد ، بیتاشم یان نەیتاشم ؟ بڕیارم بۆ نەدرا .. بیرم کردەوە ، جاران بە چ عەقڵێکەوە هەوڵی یەکبینەی دڵداریم دابوو ؟ ئاخر گەنەڵە ی بستە باڵای وورگ ئاوساوی بێ ملی پێست مارمێلکەی دەنگ قۆڕە قۆڕ ، کچ حەز له چ شوێنێکت بکا ؟ ئەڵێی هامەریت و درۆن لێی داوی ..
ئاتە که گوێی له هاواری خۆم ڕۆ بوو ، به پەلە میزەڵییەکەی کرده شانی و بەرەو لای هێلانەکە هەیپێی لێکرد ، سەنگەری گرت ، شکی نەما دوژمنەکانیان فرسەتیان لێهێناوه و تلاندوویانەتەوە ، بۆنی بارووتی نەکرد ، جا کە تەماشای دوو دڵۆپ خوێنی خوار دۆخینی کرد که بە شەڕواڵه سپیەکەیەوە دیار بوون ، ووتی بە کەلامی خوا کوڵەوەیباب گەستوویەتی !
ــکچێ کوڵەوەیبابی چی ؟ دەملار .. بتڵه غاز قنگی دڕیم ..ئەمه چ سەگبابێ ئەم غازەی ئەئاوا داناوە ؟
دوو هێلکەیان به سەروچاویدا شکابوون ، دانەیەکیان به سڵامەتیی به دەستی چەپیەوە بوو ، له حاڵێکدا سەر و پۆتەڵاکی له هەوێرێک ئەچوو ، کارەبای بە سەردا کوژابێتەوە و ئامێری هەویرکارییەکە له گەڕ وەستابێ .
ـــ بەردت لێ وارێ ، ئەوە بۆ ئەوەنە جرپنی ؟ غازم لاونیو داناوە ، خاڵیی بوو ، خستمە ناو تەشتێ سەهۆڵ ، ساوەرێکی پی هەڵکوڵێنم ..
من بە بێ تەراش و شانەکردن لە ماڵ دەرچووم ، تەماشای ئوتومبیلەکەم کرد ، خۆڵ دایپۆشیوە ، تومەز خۆڵبارینە ، هەر خێرا لووتم چوزایەوە ،پاودەری گڵە سوور بەری خۆری گرتبوو ، ئەتووت هەندێ فیلمی هیندییە کە خۆڵەپەتانێ ئەکەن و گۆرانی خۆش خۆش ئەڵێن .. بە خێرایی چومە ناو ئوتومبیلەکەم ، جامەکانم باش قەپات نەکردبوو ، داشبۆرد و ستێرنەکە ئەتووت بە تایبەت خۆڵە سوورت لێ پرژاندوون ، هەر لە خۆمەوە حەزم کرد لەسەر خۆڵی داشبۆردەکە هەندێ پیت و وشە بنووسم بە یادی جاران کە خۆشنووس بووم ، (مامۆستا سەید موحسین ، مامۆستای خۆشنووسیی …. ) ، گوێم له دەنگی خێزانم بوو ئەیووت هێشتا لەناو سەیارەکەدایت ؟ بە تەمای کەی بڕۆی ؟وا نیوەڕۆیە ..
ئاتە بۆنی بارووتی نەکرد ،بەڵام هاوسەری دەمەونخون لێی کەوتبوو ، یەک تاک هێلکەی بە دەستەوە بوو ، دوو هێلکە بەسەر و ڕیشیدا تەقی بوون ، سەر و کەللەی لەو هەویرانە ئەچوون کە لە نیوەی شێلاندا کارەبا بڕاوە و ئامێری هەویرەکه لە کارکردن وەستاوە ..
ووتی کچێ فیشەکی چی ؟ ئەو بتڵە غازە چ سەگبابێ لەویا دایناوە ؟ قنگی دڕیم ، بەردت لێ وارێ ..
ئاتە به بێ خواستی خۆی قاقایەکی لێ دا کە زیاتر له قوقەی کەڵەشێرێکی نەخۆش ئەچوو ، پێی ووت دۆخینت بپسێنه بزانم زامەکەت قوڵە یان پێست داماڵکانە ؟
ووتی کچێ دۆخینی چی ؟ لاچۆ ..هاوار بە ماڵم .. هەر ئەوە مابوو مریشکە بێخێرەکانت بە دەنووک یەکاڵام کەنەوە ..
من سلفم لێدا و یەکڕاست پێم لە سکلێتەر نا ، ئوتومبیل چەند مەترێ ڕۆیشت و کەوتە خوتە و بۆڵە ..ئێ خۆ ڕاستە دەمەو بەهارە بەڵام کەش و هەوا هێشتا ساردە ، بە بێ گەرمکردن ئوتومبیل چۆن ئەڕوا ؟ حەماوە لە خوار سفرەوەیە . . ناچار لەبەردەم ماڵی سەعیدی سێموچە بەجارێ ، ئوتومبیلەکەم ڕاوەستاند و دام بە بۆش .. نزیکەی پێنج خولەک ڕاوەستام ، لەو ماوەیەدا تەماشای ڤایبەر و مەسنجەری مۆبایلەکەم کرد .. ئەو نامانەی بۆیان ناردبووم ، هەموویان نوکتە بوون .. نوکتەی بێ تام ، مانگایەک ڕایئەکرد بە دوای پشیلەیەکا .. پیاوێک سەر و ڕیش و برۆی خۆی تاشی بوو ، نوسیبووی وایش هەر قۆزم ..دوو پاسکیلسوار ، پیتزایەکیان پێ بوو ، لێی نووسرا بوو ، دەبڵ نەبوو ، پارەکەی مەدە .. کچێ بە دەنگێکی ناخۆش گۆرانی با بچینە سەر وەیسی ئەووت ..
ئەو بە کاوەخۆ هەستایەوە ، دوو دڵۆپ خوێن لە شەڕواڵە سپیەکەیەوە دیار بوون ، ئەتووت بۆرە مار گەستوویەتی ..لە داخا ئەو هێلکەیەی کە بە دەستیەوە بوو ، هەتا هێزی تیایە ماڵی بەسەری ئاتەدا .. ئاتە کە لینجاوی هێلکە بە ڕوخساریا هاتە خوارەوە ، دەهری بوو ، کوڵە گسکێک هات بە دەستیەوە ،تا هێزی تیا بوو تێی گرت ، بەری نەکەوت .. ناچار گرماندی : ئەک کرمەڕێز بی ، شێتە شەش تڕ ، ئەو هێلکەیەت بۆ پیا ماڵیم ؟ خێری هێلکەیەکت نییە ، وەڵا .. تڕکەنی دەغەزاری بۆگەن ..!
وویستم پێی لێ نێم ، سەعیدی سێموچە بەجارێ ،دەرگای ماڵی ترازاند ، سڵاوێکی گەرمی لێکردم ، منیش سڵاوم سەندەوە ..سەعیدی سێموچە بەجارێ ، وەک ئەوەی تەکسی ڕاگرتبێ ، دەرگای سەکنی کردەوە و لە تەنیشتما دانیشت ..کۆکەیەکی بۆ کرد و ووتی ببوورە تۆزێ تاخیریش بووم ! ..منیش نەدەکرا هیچ بڵێم ، دراوسێیە ..هەندێ دراوسێ وەک گونی قۆڕ وان ، بیانبڕی هەر وەی ، نەیانبڕی هەر وەی ..
ووتم : نا نا ڕێک لە کاتی خۆیدا هاتی ..
پێم بە سکلێتەرا نا سەیارە وەک کێچ دەرپەڕی .. سەعیدی سێموچە بەجارێ ووتی : ئەمە مەکینەی چەندە ؟
ووتم : بیست و تۆربۆیە ..
قڕقێنەیەکی ناخۆشی دا بۆنی پیاز و کەوەری دوێنی شەو هات بەسەرما ،
ووتی : خوا لێت نەسێنێ ..
من وامزانی مناڵەکانم ئەڵێ ، ووتم لەگەڵ مناڵەکانی تۆیشا !
ئەو نەیزانی چی بە ئاتە بڵێ ، یان ڕاستتر نەیدەزانی کاردانەوەی ئاتە وا خێرا و دەمارگیرانەیە ، هەر بۆیه بایدایەوە و ووتی : کچێ خواقەزا ، سوعبەتم لەگەڵدا کردیت ، بۆ ئەوەی چاو کارت تێ نەکا ئەو هێلکەیەم پیا کێشای ، خەڵک لاندکروزەر ئەکڕن پێش هەموو شتێ دوو سێ هێلکەی پیا ئەکێشن لەبەر چاو و نفوس ..
ئاتە لەو کاتەدا کە زەردێنەی هێلکەکە ئەڕژایە ناو سوخمەکەیەوە ووتی : شەرت بێ بە کوێخا مارفی برام بڵێم سوارت بێ ! ، وا ئەزانی بێکەسم ؟ وەرە زەلام هاتووم قنگی بۆ عیلاج کەم ، هێلکە بارانم بکا ..
ئەو هەرچۆنێ بێ ئاتەی ڕازی کرد کوێخا مارفی برای تێ نەگەیەنێ ، وەعدی کراسێکی ئاودامان شینی پێدا ..جا لە پڕێکا بیری کردەوە کە ئەبێ بچێ بۆ سلێمانی لە ئەنجومەنی پارێزگا ، کۆبوونەوەیان هەیە لەسەر گاداری و بیری ئیرتیوازی و ئەو زەوییانەی ئەکەونە ڕاستە شەقامەکە ، نابێ کشتیاری تیا بکرێ ، دەسەڵات بە نیازه بیانکا به تاوەر و مۆڵ و پڕۆژەی بازرگانی و ناوچەکە ببوژێنێتەوە ..
هەر ئەوەنەی بڵێی یەک دوو ، ڕاپەڕی و دەستێ جلی قۆپچەی قاوەیی میلداری هەبوو ، پۆشی .. ئەتووت ئەو کەفەڵە بەوەوە نەبووە کە نوکی بتڵی غازی ژەنگاوی، سمی بووی ..
پیکابی بابەهانی بە گەڕ خست و وەک تێسکەی تفەنگ ، ڕووە و سلێمانی تێی تەقاند ..تۆز و خۆڵی برد بە ئاسمانا ..
لە کاتی ئوتومبیل ئاژۆتنا ، تەماشایەکی سەعیدی سێ موچە بەجارێم کرد ، هەستم کرد لاجانگەکانی تەرازوو نین ، لا جانگی لای چەپی هەتا خوار نەرمانی گوێچکەی هاتبوو ، کەچی ئەوەی لای ڕاستی ،لە ئاستی هایلێکسەکەدا قەل کرا بوو ..
پێم ووت : کاک سەعید ئیش و کار چۆنە ؟
ووتی : موچە دابەشکرێ باشە ، دابەش نەکرێ ، به قوڕ گیراوە ..!
ئەم سەعید سێ موچە بەجارێیە ، خۆی موچە خۆر نەبوو ، ئیشی جوملەی گوێنی و گوریس و بەنی ئەکرد ، جارێکیان پەیامنێری کەناڵێک به گیری ئەهێنێ و جۆرەها پرسیاری سەیر و سەمەرەی لێ ئەکا ، یەکێک لە پرسیارەکان ئەوەیە : ئایا بە ڕای تۆ ئەم حوکمەتە چۆن لەگەڵ خەڵک ئاشت ئەبێتەوە ؟
سەعیدی گوێنیفرۆش سەر و حەج وتبووی : ئەم حوکمەتە هەتا سێ موچە بەجارێ دابەش نەکا ، خەڵک خۆشی ناوێ !

پەیامنێرەکەیش لە پڕ بینەرترین تیڤیدا ئەم ڕایەی سەعیدی گوێنیفروش بڵاو دەکاتەوە و لە جیاتی بڵێ بەڕای کاک سەعید ئەبێ حوکمەت سێ موچە بە جارێ دابەش بکا ، جا ئەتوانێ میللەت ئاشت بکاتەوە ، ئەڵێ : بەڕای کاک سەعید سێ موچە بەجارێ دابەش بکا ، جا ئەتوانێ خەڵک ئاشت بکاتەوە .. ووشەی ( ئەبێ حوکمەت )ی لە نێوان سەعید و سێ موچە بەجارێکدای لە بیر چوو بوو بیڵێ ، بەو جۆرە ، سەعید ، نازناوی سێ موچە بەجارێی بەسەردا دابڕا ..خێزانی پێی وتبوو بە ڕای من (سێ موچە بەجارێ ) لە ( گوێنیفرۆش ) خۆشترە ..
ــقەزیه خۆشی و ناخۆشی نییە ، قەزیەکە ئەوەیە بە بێ ئەوەی لە ژیانما دینارێ موچەم وەرگرتبێ ، ئەم سێ موچەیەم پێوە چەلب کرا ..
ئەو بە بابەهانەکەوە خۆی کرد بە سلێمانیدا ، ژمارەکەی علوج بوو ، ترسی لە کامێرای تیژ ڕەوی و شت نەبوو ..
من لە شەقامی مەولەوی سەعیدی سێ موچه بەجارێم دابەزاند ..
ئەو گەیشتە تێرمیناڵی شارەزوور ..لەوێ بۆنی کەبابخانەیەک هات بەسەریدا ، بەرگری پێ نەکرا ، لە گوێ شەقامێکا بابەهانی پارک کرد و خۆی کرد بە کەبابخانەکەدا ..
من ئوتومبیلەکەم لای مزگەوتی کانێسکان پارک کرد و به پیادە چوومە مارکێتێک کە زۆربەی کەل و پەلەکانی ناو لیستی لاپەڕەی حەوت سانتیم پان ، بیست سانتیم درێژی لێ بوو ..
ئەو ، دوای دوو شیش کەباب و شیشێک گورچیله و دوو شیش جگەر ، چایەکی ئەبوو هێلی هەڵدا و سویچەکەی کردەوە بە بابەهانەکەدا .
من چوومەوە ناو ئوتومبیلەکەم ، چێکێکی لیستەکە و کەل و پەلەکەم کرد ، تەنها لاستیکی مەنجەڵی هەڵم سایزی 6 م دەست نەکەوتبوو ..چوومە سایدی ئەو بەر ، بەرەو گەڕەکی ئاشتی ڕۆیشتم .
ئەو بابەهانەکەی به سابونکەرانا ، غل کردەوە ..
من گەیشتمە لای فولکەی میوەفرۆشان .
ئەو شەقامی مەولەوی بڕی ، له کۆتایی شەقامەکەدا ، پۆلیسێکی هاتوچۆ ڕایگرت ، ووتی : ساڵانە و مۆڵەتەکەت ؟
ــ پێشمەرگەی دێرینم ..
ــ کەرکوکتان جوانە ، حەسەن پلایس گاڵەی پێکردن دابەزە ..
ئەو دەهری بوو ، دابەزین و یەخەی پۆلیسگرتنەکەی پێکەوە بوون ، وەک شۆڕەبی ئەیهێنا و ئەیبرد ، شڵەقاندی ، دەستی برد چەکی کرد ، دەمانچەیەکی تۆپڵی دەسک عاجی بەلاقەدەوە بوو .. کۆمەڵێ گەنج کە هەموویان ئینزیلاقیان هەبوو ، بە شەلەشەل گەیشتنە سەریان ، بۆ ناوبژی نا ، تەنها بۆ تەماشاکردنی ئەو شەڕە خۆشە …پۆلیسەکە ئەیویست شتێ بڵێ ، نەیئەتوانی ، وەک ئەوەی گوێزێکی شیلیی لە قوڕگیدا گیری خواردبێ ..ئەو ووتی : سوپاسی خوا بکە کە کۆبوونەوەی ئەرز و ئاوم لە ئەنجومەنی پارێزگا هەیە ، ئەگینا وازم لێ نەدەهێنای ، ویستی دەمانچە تۆپڵییەکە بکا بە لاقەدی خۆیدا ، پەشیمان بۆوە ، پێش ئەوەی بیداتەوە ، شانەکەی ترازاند ، تا فیشەکەکانی دەربێنێ ، نەبادا فرسەتی لێ بێنێ و لە بابەهانەکەدا بیکوژێ ..تەماشا ئەکا فیشەکی تیا نییە ، سەیرێکی کرد و ..بە بزەیەکەوە ووتی :
ــ فیشەکیشت پێ نییە تڕە ..
پۆلیسەکە ویستی بڵێ دوێنێ شەو لە یادی ئازاد کردنی مەعەسکەر خالیدا ، تەقاندمن ..
بەڵام گوێزە شیلییەکەی قوڕگی نەیهێشت ..
من گەیشتمە چوار ڕێیانی ئەمنە سوورەکە ، لەوێ لە فرۆشگایەک ڕاوەستام ، لاستیکی مەنجەڵی هەڵم سایزی 6 ی نەبوو ، ووتی بڕۆ بۆ دارە سووتاوەکە ..
ئەو بە گەڕەکی عەقاریدا هاتە خوار
من گەیشتمە ئاستی باڵەخانەی یو ئێنی کۆن .
ئەو بە ڕاستە شەقامەکەی یوئێن دا وەک بروسکە تل بۆوە
من وویستم یو تێرن بکەم
ئەو بواری نەدام و لە چەمەلەغی پشت سەکنی دام ، ئوتومبیلەکەم خولایەوە ..
کە دابەزیم ، ئەبینم ئەو بە تالیبەرێکەوە خەریکە بەرەو ڕووم دێت ..
منیش بە پەلە ناو ئوتومبیلەکەم گەڕام ، تەنها پاکەتێ کلێنکسم دۆزییەوە .
ئەو تالیبەرەکەی بەرز کردەوە بیکێشێ بە تەپڵی سەرمدا ، منیش پاکەتە کلێنکسەکەم ئاڕاستەی وورگی ئەکرد ..
لە ناکاو ووتی : شامیل !
سەرنجێکم دا ، ئاوێکی سارد کرا بە گیانما ، ئۆی خۆ ئەمە عوزێرە !
تالیبەرەکەی فڕێ دا ، زرنگەی تالیبەرەکە کە بەر زەوی کەوت ، شکی ئەوەی لە لا نەهێشتم کە بە یەک لێدان ، کۆتاییم پێ هاتبوو ..
باوەشی پیاکردم :
ــ شامیل گیان ! خەجاڵەتم .. ئەوە تۆ لە کوێی ئازیزم ؟ چەند ساڵە بۆچی وونی ؟
سی و شەش ساڵ پێش ئەو بەرواره عوزێرم لە کاتی خزمەتی سەربازیدا ناسی ..ئەو کاتەیش هەر وا شێتۆکە بوو ، وەک تیر دەردەچوو ..بەردەوام لە کۆتایی ڕێڕەو و دەرگاکاندا تامپۆنی لەگەڵ عەرەبەکاندا ئەکرد ، لە حاڵێکدا ناوچاوی عەرەبەکانی شین ئەکردەوە و (ئەیا با ..و ئەیا وێلی ) لە عەرەبەکان بەرز ئەبۆوە ، کەچی عوزێر بە شەق و مستەکۆڵە بەرئەبووە گیانیان و پێی ئەووتن : چاوتان نییە ؟ سەگباب ..گوێرەکەن ؟؟
ئەرەوەڵڵا به ناوی عوزێرا بیرم کەوتەوە ، ئەو کاغەزە حەوت سانتیمیە هی ئامێرێکی ئەمەریکی بوو ، فەرمانگەکەمان کڕیبووی ، پرنتەرەکەی ئەو جۆرە کاغەزەی بۆ دەبوو ، پڕ یەک لۆری لەو کاغەزەی لەگەڵدا هاتبوو ، ئامێرەکە یەک هەفتە ئیشی کرد و سووتا ، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەیدەزانی چی لە پڕ یەک لۆری تۆپە کاغەز بکا ، هەر فەرمانبەرێ پڕ دوو گوێنی تۆپە کاغەزی حەوت سانتیمی دایە ..ناوی ئامێرەکە بە ( عوز ) دەستی پێدەکرد ، ناوەکەی ناڵێم نەک بەڕێوەبەری کارگێڕیمان تووشی لێپرسینەوە ببێ .
ئاخر توخوا ئەمەیش بوو بە چیرۆک ؟؟




جاراننامە.. نەوزاد بەندی

جاران هەمووان موسوڵمان بووین و یەک موفتی هەبوو ، ئەویش حەمام بوو ..
ئێستا هەر گەڕەکێک دوو سێ موفتی تیایە ، کەچی خەڵکەکە بەس لە موسوڵمان ناچن

٭ ٭ ٭

جارانیش
پاتە دڕاوەکەی پێیان ،
میللەت بوو ..
ئێستایش ، هەروەها ..

٭ ٭ ٭

جاران خەڵک پیاسەی ئەکرد ،
ئێستا سەیارە ..

٭ ٭ ٭

جاران
دڵمان هەبوو ،
ئێستا ، دکتۆری دڵ ..

٭ ٭ ٭

جاران خەڵک وەک وابوون ،
ئێستا کەس لە کەس ناچێ ..

٭ ٭ ٭

جاران ،
هەژار برسی بوو ،
ئێستا دەوڵەمەند ..

٭ٓ ٭ ٭
جاران
حوکمەت ، حوکمەت بوو ..
ئێستا (کمە)کەی فڕێ دا ،
بوو بە (حوت )

٭ ٭ ٭

جاران ،
بۆ خۆشیی شیعرم ئەنوسی و
لە داخا ڕیشم ئەهێشتەوە ..
ئێستا ، لە داخا شیعر ئەنووسم و
بۆ خۆشیی ڕیش ئەهێڵمەوە ..

٭ ‌ ٭ ٭

جاران بەردەم ماڵی دەستڕۆیشتوو ،
مەرکانەیەک ئاو و
جامێکی فافۆنی لێ دانرابوو ..
نووسرابوو : ڕەحمەت لەوەی ئاو ئەخواتەوە ..
ئێستا ،
وەنەوشەیەکی درع و
کابینەیەک و
چەکدارێکی چاوباشقاڵ ..
پیاوم ئەوێ بوێرێت بەو سایدەدا تێپەڕێ ..

٭ ٭ ٭

جاران دراوسێکان
قاپە پەڵپینە و ناوساجییان ئەدا بە یەکتری ..
ئێستا ، پاسوۆردی وایفای ..

٭ ٭ ٭

جاران کچ شانەی دار و
کوڕ دارلاستیکی بە دەستەوە بوو ..
ئێستا یەکێکیان ئایفۆن و
ئەوەی تریشیان ، هەر ئایفۆن ..

٭ ٭ ٭

جاران ، نەڕەی باوک ڕۆژە ڕێیەک ئەڕۆیشت ،
ئێستا باوک خواخوایەتی بە سەریا نەنەڕێنن ..
جاران ئیلهامی شیعر و شنەی شەماڵ بە دێلیڤەری ، ماڵە و ماڵی ئەکرد ،
ئێستا پیتزا …

٭ ٭ ٭

جاران ، بە جەژنا ،
پیاوانی گەڕەک ئەگەڕان ، بۆ گەردن ئازایی
ئێستا مناڵی گەڕەک بۆ نوقوڵ ..

٭ ٭ ٭

جاران
نوقوڵی ترش و شیرین هەبوو ،
ئێستا هەواڵی تاڵ و تفت ..
تەلەفزیۆنی جاران ،
بۆ تەمسیل و گۆرانی داواکراو بوو ..
تەلەفزیۆنی ئێستا ،
بۆ پلەیستەیشن و
هەواڵی موچە و
ڕووداوی هات و چۆ و
سووتانی بازاڕ ..

٭ ٭ ٭

بێژەری جاران ،
یەکپارچە ئەدەب و ڕەوشت بوو ..
هی ئێستا کە دەم لار ئەکاتەوە ،
ئەڵێی قەحبەی بەغایە !

٭ ٭ ٭

جاران کچ بە دەم قسەی ئەکرد ،
ئێستا بە لوت ..

٭ ٭ ٭

جاران باوی کتێب بوو ،
هی زانست و ڕۆشنبیریی ..
ئێستا باوی دەفتەرە ،
هی دۆلار و یۆرۆ ..

٭ ٭ ٭

جاران له بەغاوە پوشەخورما ئەهات ،
ئێستا ، موچە ..

٭ ٭ ٭

جاران ( خسوسیی ) تایبەت بوو بە ئوتومبیل ..
ئێستا زۆر شتی خسوسیی پەیا بوون ، وەک
مامۆستای خسوسیی ..
پزیشکی خسوسیی ..
فیتەری خسوسیی ..

٭ ٭ ٭

جاران دڵی کوڕ و کچ ،
تەنها یەک کەسیان تیادا ئەسیر بوو ،
ئێستا دڵی کوڕ ئەڵێی مەکتەبی کچانە و
دڵی کچیش وەک مەنتیقە سەناعییەکە ..

٭ ٭ ٭

جاران خەڵک چاوەڕێی خوێندنەوەی بەیاننامەی یانزەی ئازار بوون ،
ئێستا ، چاوەڕێی خوێندنەوەی لیستی موچە ..

٭ ٭ ٭

جاران خەڵکەکە هەر یەکی نیسان درۆیان ئەکرد ..
ئێستایش خەڵکەکە هەر یەکی نیسان درۆ ئەکەن ..
بەڵام حوکمەت ، ساڵ چوار وەرزە …

٭ ٭ ٭

جاران ماڵ چۆڵ و هۆڵ بوو ،
دڵ پڕا و پڕ له جوانی ..
ئێستا ماڵ پڕە لە کەل و پەل ،
هەمووانیش بۆ پەل و کەل ئەکڕوزێنەوە ..

٭ ٭ ٭

جاران شەڕە مناڵ هەبوو ،
ئێستا شەڕە حیزب و شەڕە کوتلە و شەڕه سەرۆک ..

٭ ٭ ٭

جاران سەعات دەی شەو ، خەڵک هەموو خەوتبوون ..
ئێستا سەعات یانزەی شەو ئەڕۆنە دەرێ بۆ پیاسە ..

٭ ٭ ٭

جاران پارە شتی پێ ئەکڕرا ،
ئێستا خەڵکی پێ ئەکڕرێ ..

٭ ٭ ٭

جاران خەڵکی لادێ بۆ نان و کەبابێ ئەهاتنە شار ..
ئێستا بۆ دۆنم و تاوەر و خەستەخانەی ئەهلیی ..

٭ ٭ ٭
جاران
هاوڕێیەتی و خزمایەتیی
جوانکارییان تێدا ئەکرا ..
ئێستا ، لوت ..

٭ ٭ ٭
جاران مناڵ پارەی تەبع ئەکرد
ئێستا ، پۆڵ بریمەر ..

٭ ٭ ٭

سەرۆکحیزبی جاران ،
هەر خۆی کوێخا ڕینگۆی ساحە بوو ..
ئێستا خۆی و کوڕەکانی و
هەموو ئەوانەی بە زێراب پێی دەگەنەوە ..

٭ ٭ ٭

جاران
حاڵەتێ هەبوو ،
پێی ئەووترا تێر خواردن ..
سیفەتێ هەبوو ،
پێی ئەووترا شەرم ..
ڕیزبەندییەک هەبوو ،
پێی ئەووترا گەورە و بچووکیی ..
شتی تریش..

نەوزاد بەندی




تێکەڵاو.. شیعری نەوزاد بەندی

کە دوکاندارەکە پێم ئەڵێ :
(مام حاجی ) !
لە پڕ تاسێک ئەمباتەوە و
دڵم له خۆم دا ئەمێنێ ..
من هێشتا حەوت ساڵانم و
لەو ساوە چاوەڕێم باوکم
پاسکیلێکی دوو تایەم لە لای یوسفی عەبەکە ،
بۆ بێنێتەوە ..
بڵێی
چاوەڕوانی پاسکیل ، ئەوەندە دوور و درێژ بێ ؟!
هێشتا لە ناوەندی کاوەم ،
چاوەڕێم سەڵاحی فەڕاش ،
کارتی نمرەکان دابەش کا و
یەکی نیو دیناری بەینێ ..
لە هەورەبانەکە ، هێشتا ،
چاوەڕوانم
دوا دڵۆپی
ئای چەندم خۆش ئەوێکەی ناسڕ ،
لە تەسجیلی مارکەی ناشناڵ ،
بۆ تەسجیلی مارکەی سانکیو ،
لە کاسێتی ئۆرجیناڵی
ماڵی خالیدی بازرگان ،
بۆ کاسێتێکی بەتاڵی ماڵی خۆمان ،
بگوازرێتەوە ..قەیناکا گەر دەنگی ماسی فرۆش و بانگی عەسریش ،
تێکەڵی دەنگی ناسڕ بێ ..
( نرخی کاسێتی ئۆرجیناڵ : یەک دینار و ..
نرخی کاسێتی بەتاڵیش : حەوت پەنجایی ! )
ئاخر ئیتر مام حاجی چی ؟

٭ ٭ ٭

تۆ ،
ئەی پۆڕە خوراوەکە !
برنجە گەرم کراوەکە ..!
ئەی چا و قاوە هەزار جار کەپر کردووەکە ..!
هەمووی خەیاڵ بوون،
هەر هەمووی ..
ڕۆمیۆ و جولێت ..
شیرین و فەرهاد ..مەم و زین..
سوودی نییە ،
ئەگەر لەناو فڕۆکەیشا ،
یەک ببینین ..!
لەو سەری دنیایش دابەزین ،
سوودی نییە !

٭ ٭ ٭

ئەوەندە چاودێری ووردی
خستبووە سەر کیژۆڵەکەی ،
ووتی : بابە !
واملێهاتووە
شویش بکەم ،
مێردم لێم نزیک بێتەوە ،
تەلەفۆنت بۆ ئەکەم و
ئەقیژێنم :
خێرا..باوە ،
فریام کەوە ! ..
ساعدوني
HELP .. HELP

٭ ٭ ٭

کۆیلایەتیی گەیشتە ئاستێ ،
بڵێن موچە ڕەنگە بدرێ ،
ئەیکەن بەهەڵپەڕکێ و سەما ،
یا ڕەببی خوا بتانبڕێ !

٭ ٭ ٭

کە تەنیا بووی ، بە تەنیا بووم ،
کە یەکمان دی ،
تەنیاتر بووی ، تەنیاتر بووم ..
ئەمجارە یەکتر جێبێڵین ،
تەنیایی هەردووکمان ئەکوژێ !!

٭ ٭ ٭

کاتێ بە ماڵ و مناڵەوە گەشت ئەکەی ، وەک ئەوە وایە ڕەشەبایەک خانۆکەتانی لەگەڵ خۆی
هەڵگرتبێ .. و
لە جێیەکی تر داینابێ ..

٭ ٭ ٭

ٚئێمە کە ئازاری هەموو گیاندار و
درەخت و بێگیانێک ئەدەین بەبێ هۆ ، ئامادەیشین ، کام دیکتاتۆرە خوێڕییە
بێ و هەرچۆنێک کە بیەوێ ، ئازارمان با ..

٭ ٭ ٭
کۆشکەکەت چەند گەورە و جوان بێ ،
چەند ژوورێکی تیایە ، تایبەت
بە میز کردن ! ..
عەترەکەت چەند شاهانە بێ ،
تۆزێکی تر خۆت وون ئەکەی ،
ئەچی بۆ ژووری میزکردن ..!

٭ ٭ ٭
زیاد لە ڕادەی پێویست ،
ماڵەکانی خۆتان پاک دەکەنەوە و ..
لە حەیوان خراپتریش ، شەقام و شوێنە گشتییەکان پیس دەکەنەوە ..
ئەمە لە دەروونزانیدا ، شیزۆفرینیایە و ..
لە ئاییندا پێی ئەوترێ : نیفاق ..

٭ ٭ ٭

جاران نووسەرێک بمردایە ، دەستنووسەکانیان ساغ دەکردەوە وپێشەکییان بۆ ئەنووسی ، ئێستا هێشتا زیندوویت ، دەستنووسەکانت ئەدزن .

٭ ٭ ٭

ژیان تامی نوقوڵی ترش و شیرینی ئەبەخشی ،
کاتێ قارسی پانتۆڵەکانمان دادەدایەوە و
ئوتومان ئەکردن ..
چەند خەتێکی کاڵ و تۆخی بەجێ دەهێشت ..
ئاخر باڵامان بەرز ئەبوو ..!

٭ ‌ ٭ ٭
من ئێستایش ،
کە دەزووی کۆلارەیەک ئەپچڕێ ،
چوار کۆڵان بە دوایدا ئەگەڕێم ..

٭ ٭ ٭
ئەم کۆمەڵگایه هی ئەوەیە
یەک ڕۆژی تێدا بژیت و
جێی بهێڵیت ..

٭ ٭ ٭

سبەینێیش لای سەمونخانەی سان فڕانسیسکۆ ..
یان لەبەردەم دۆندرمە فرۆشی ئیسپانیا ..
لە تەنیشت سەروپێخانەی بۆینس ئایرس ..
لە بەرامبەر کڵاش فرۆشی ئەستەمبوڵ ..
پشت سەرتاشخانەکەی پاریس ..
لای بایعیی لەندنەوە ..!
گەر بتبینم ،
هاوکێشەکان هیچ ناگۆڕێن ..
هەر وەک خۆیان ئەمێننەوە ..

٭ ٭ ٭

لێکدانەوەی ووشەکان :
تا دوا دڵۆپ خوێن بۆ نیشتمان = تا دوا دڵۆپ نەوت بۆ گیرفان .




خۆتان مەگرن، جارێ نایەت.. نەوزاد بەندی

تەبعەن نیشانەشکێنانی هەرێم لیستی موچەی مانگی 3 بە تەرفیعەوە ئەنێرن ، بەغایش دوای دوو هەفتە وەفدێ ئەنێرێ ئەڵێ :
ئەمە چییە ئەم ئیسرافە ؟
وا ئەزانن قولەی قافە ؟

ئەمانیش ئەڵێن :
بە تەرفیعەوە خۆشترێکە ..
هەمووی پارەی حوشترێکە ..

دوای سێ هەفتە بەغا ئەڵێ:
خوشک و مریشکتان دەردێنم ئەگەر تەرفیعەکەی لێ نەکەنەوە ..

سەرۆکی ئیقلیم قاچ ئەکوتێ بە عەرزاو ئەڵێ:
بێ تەرفیع تەعەدایە
میللەت لە دڵمانایە..

میللەتیش هاواری لێ بەرزئەبێتەوە ، ئەڵێ:
براکەم تەرفیعمان ناوێ
مردین بۆ نان و ئاوێ

بەغا ئەڵێ :
خەزێنەی دەوڵەت بۆشە
ئێوەیش وەزعتان ناخۆشە

سەرۆکحیزبێکی موعارەزە ، بە خۆی و پۆشاکێکی گرانبەهاوە ، تازە لە گەرماو و ماکیاج و مەساج هاتۆتەوە ، هەڵمی لێ هەڵئەسێ ، خۆی تووڕە کردووە ئەڵێ :

ئەناحە ناحە ناحە
ئەو میللەتە گوناحە

وەزیری کاربەڕێکەری قیتار و میترۆی هەرێم تووڕە ئەبێ و بەیاننامەیەکی حەوت لاپەڕەیی ئەنێرێ بۆ موسڵ ، تیایدا بەم دێڕە دەست پێ ئەکا :
ئێمه به چی تێ ئەگەن ؟
ئەی ئێوە کەی پێ ئەگەن ؟

ڕابەرێکی ئیسلامیی زۆر گرنگ ، بە خۆی و ڕیشێکی ماش و برنجی و ساقۆیەکی میلدارەوە ، زۆر بە هێواشی و بە پێکەنینەوە ئەڵێ :

ناردنی قەوائیم بە تەرفیعەوە
چۆن قبوڵ ئەکرێ لەلای شیعەوە ؟
ئێمەیش هاوخەمین لەگەڵ خەڵکیدا ،
بە دڵێکی موتیع و زۆر واسیعەوە ..

کوتلەی سەدر دێتە سەر خەت و ئەڵێ :

ئێمە حەز ناکەین وا بێ ..
دە با وا نەبێ وا بێ ..

پاقلە فرۆش و حەواسڵی مریشک فرۆشەکان مان ئەگرن ..ئەو خەیاتانەی کە تەنها کاوبۆ قارس ئەکەن ، بایکۆت ئەکەن و موزەکەرەیەک ئەدەنە نەتەوە یەکگرتووەکان ..مامۆستای ناڕازی هەڕەشە لە دار و بەرد ئەکەن ، سێ چوار دارلاستیک بەدەست ، حەوت هەشتێکیان لێ ئەپێچنەوە ..لوقمە قازی فرۆشێک سوێند و قورعان ئەخوا لە بەیانییەوە کیلۆیەک لوقمەقازی فرۆشتوە ئەویش بە نیوەقیمەت و بە نەخۆشێکی شەکرە .. لفکە فرۆشێک لە کەناڵێکی فەرمییەوە ئەڵێ نازانم من ڕزقم نەماوە ، یان خەڵک گەڕ بوون ..
پەڕەمێز فرۆشێک بە قەتار و ئەڵڵاوەسییەوە ، تێکچوونی خۆی ڕائەگەیەنێ ..کۆمەڵێ تەلەبە هەر لە خۆیانەوە مەکتەبێ ئەسووتێنن ..جومله فرۆشێک سەروحەج جڕتێ بۆ کابینەی حکومیی ئەکێشێ .. کۆمەڵێک ژن داوای تەڵاق ئەکەن .. ڕەباعێکی دەولیی هەرچی ئاسن و ئیسپرینگ و دۆمبەڵانسی هەیە ، هەڕاجیان ئەکا و کەسیش لێی ناکڕێ ..مەلایەکی 12 عیلم بە سەرخۆشیی ، لە مینبەرا ئەگیرێ .. کۆمۆنیستێکی دایک و باوک کۆمۆنیستی و پور و نەنک مولحید ، ئەچێ بۆ عەمرە و بە سیواکێکی بە قەدەر شمشێرەکەی حەزرەتی عەلییەوە دێتەوە .. دوو کافێ ، نێرگەلەکانیان ئەکەن بە خێری مەولوی پێغەمبەر ،بەغا بینێرێ .. نانەقەیسی فرۆشێک یەک دنیا جنێو به کوردو کوردستان ئەدا .. بانگخوازێ بە قوڕگی پڕ لە گریانەوە باس لە خێزانێ ئەکا یەک مەقەڵی خەڵوزیان گەشاندۆتەوە ، کەچی گۆشتیان نەبووە بیخەنە بانی .. خاوەنی سەمونخانەیەک لەناو عەجانەکەدا ، به ڕووتیی لێی پاڵ ئەکەوێ ، ئەڵێ تا بەغا نەینێرێ موجازەفە بە هەویری ماڵ و مناڵمەوە ناکەم .. کۆمەڵێ خوێندکاری زانکۆ ، مەنجەڵێ نیسکێنەی خەست بۆ ئەنجومەنی وەزیران ئەکوڵێنن .. وەزیری دارایی بە بیجامەیەکی بازەوە لەحزەیەک دەرئەکەوێ و دوای ئەوە کەس نازانێ چووە بۆ کوێ .. قوڵەفڕە فرۆشەکان هەڕەشەی ئەوە ئەکەن ژێر پردەکە گڕ تێ بەردەدەن ..

وەلحاسڵ مانگی 7 ، دوای مەڕاسیمێکی وزاری و بە ئامادە بوونی کۆمەڵێ میوانی ئیقلیمی و هەنێ ڕەئیس وزەرای خانەنشین بووی ئەفەریقا و نێردەری یو ئێن و برازایەکی جیڤارا ، بە بێ تەرفیع موچەکە دێت ، نیوەی مۆزەفینی ئەقلیم شێت بوون و نیوەکەی تریشیان سوێن و قورعان ئەخۆن به قاقەزی بیست و پێنجیی نەبێ وەری نەگرن .

ـــ وێنەکە ، هی دوو سێ حوتن کە لە چاوەڕوانی موچەی مانگی مارتا ، مانگی تەموز بوون بە ماسی زینە ــــ
ئیتر بۆ پێشەوە ..




ڕاستکردنەوەی ووشەکان.. نەوزاد بەندی

ـ هەناردەکردنەوەی نەوت = دزینەوەی نەوت
ـ داهاتی ناوخۆ = موڵکی دوو زلحیزب
ـ موچە خۆر = سواڵکەر
ـ سەرۆک = خوا
ـ خەبات = هەڵخەڵەتاندن
ـ ڕاگەیاندن = گەمژەکردن
ـ زانکۆ = مارکێت
ـ زانست = قۆنەرە
ـ ئەدەب = قۆنەرە
ـ هونەر = قۆنەرە
ـ بار و دۆخی ناسک = کوشتن و نانبڕینی هاووڵاتیی.
ـ وەفدی حیزبیی = دەستێ دۆمینە
ـ لاندکرۆزەر و لەگزس = کەر و هێستری سیاسیەکان .
ـ دانوستانەکان = بە خەڵک ڕابواردنەکان
ـ 8 = ئاوەڕوتکردنەکانی میللەت
ـ یەکڕیزیی = بە مێگەلکردنی خەڵک
ـ مانگ = 180 ڕۆژ و زیاتر
ـ ڕێپێوان = نوزە نوز
ـ بایکۆت = یارییە باجێنە
ـ ئابوری سەربەخۆ = زیندووکردنەوەی فیرعەونەکان
ـ هەڵبژاردن = هەڵپەڕاندن
ـ نەتەوایەتیی = بنەماڵە گەرایەتیی
ـ مافی چارەی خۆنووسین = مافی سەرۆکحیزب
قەوارەی هەرێم = کۆشک و کۆمپانیا و بانکەکانی دوو زلحیزب
ـ ئامانجە نەتەوایەتییەکان = پێشخستنی کۆمپانیاکانی دوو زلحیزب
ـ کوردایەتیی = سەلامەتیی دوو سێ سەرۆکخێڵ
ـ قوت و گوزەرانی خەڵک = قەیتانی قۆنەرەکانی سەرۆکخێڵ
ـ ڕاپەڕین = 1 . گەڕەکێکە
2.لاوازکردنی سەدام لەلایەن ئەمریکا و هێنانی دوو بنەماڵە بۆ شیمال.
ـ وەبەرهێن = دز و مافیا
ـ ووتەبێژ = مەسینە هەڵگر
ـ سەروەریی = کۆشکەکانی دوو گوندە
ـ موچە = نوکتە
ـ ئازادییەکان = زیندانەکان
ـ دڵسۆزیی = کاسەلێسیی بۆ دوو بنەماڵە
ـ نیشتمانفرۆش = نیشتمانپەروەر
ـ نیشتمانپەروەر = نیشتمانفرۆش
ژیان = مردن




دۆستی گیاندار!.. چیرۆکی: نەوزاد بەندی

وەک ئەوەی بواری نەبێ قژی دابێنێ ، سەرنجێکی سەعاتەکەی دا و .. بەخۆی ووت : کات بەشم ناکات ..
ئەو کە زیاد لە ڕادەی پێویست پیاو چاک بوو ، کاتێ لە سوپەر مارکێتەکە پارچەیەک هۆتدۆگی کڕی ، بە کاشێرییەکەی ووت : ( چی بکەم ؟ بۆ پشیلەکانی گەڕەک ئەیکڕم ..واتا پشیلە بێ ساحێبەکان ، ناکرێ خۆمان تێر بین و ئەوان برسی ! )
کاشێرییەکە تاقەتی گوێلێگرتن و دەستخۆشی و ئافەرینی نەبوو ، لە ژێر چاویلکەکەیەوە ووتی : ( 1250 دینار )
ئەو بە کەمچیکڵدانییەوە ، ووتی : بۆچی ؟ خۆ بە 1000 دینار بوو ؟!
ــ وا دیارە ئاگات لە دۆلار نییە ، چۆن فڕیوە ..
ئەو کە پیاوچاکیی لێ ئەتکا ، بە کاشێرییەکەی ووت : بۆ من هیچی تێ ناچێ و تەنانەت ماڵ و مناڵیشم برسی نابن ئەگەر ئەم هۆتدۆگە بگەڕێنمەوە بۆ ناو بەفرگرەکەتان ، بەڵام لایەنی مرۆڤایەتی و ئاینییم ئازارم ئەدەن ..ڕێگریم لێ ئەکەن ..ناکرێ خۆم لەماڵەوە دوو سێ جۆر خواردن بخۆم کەچی پشیلەکانی گەڕەک ـــ
کاشێرییەکە پێی بڕی : بەڕێزەکەم ! نرخەکەی بەو جۆرەیە ، ئیتر ئەیدەی بە پشیلە یان ئەیدەی بە مشک ، ئەوە ئارەزووی خۆتە ، من کێشەی سوور بوونەوەی گەدەم هەیە و ئازارم هەیە ، تکایه خۆت یەکلایی بکەرەوە ..زۆر دەنگم دەرمەهێنە ..
ئەو پیاوێکی نمرە یەک بوو ، بەوپەڕیی لەخۆبوردنەوە 1500 دیناری دەرهێنا و .. ووتی : کێشەم نییە ، ئەگەر ووردەیشت لەلا نییە ، 250 دینارەکەیشم ناوێ !
ــ لا حەولە وە لاقوەتە ئیلا بیلا .. براکەم ها ئەوە 250 دینارەکەت ..ئەمە لە نانەواخانەی سەر سوچەکەیش کە نانی جۆ و گەنمیش شەشی بە هەزار بوو باس ئەکرا .. لای کۆکتێل فرۆشەکەیش .. لای ئەو پیاوەی کە هەموو شتێکی ئەکڕی ؛ ئاردی بایعی ..ماتۆڕی سووتاو .. قەنەفە .. پاسکیل ..
لە گەڕەکدا زۆر بە بڕوا و خۆنەویستی و ئەو جۆرە شتانەوە ئەڕۆیشت .. پشیلەکان کە ئەیانبینی ، بە ڕاکردن بەرەو لای ئەهاتن .. ئەم ماراسۆنی پشیلەیە ، هەستی شانازیی ئەگەیاندە لووتکە …دڵنیا بوو ئێستا خوا تەماشای ئەکا و کەیفی بەو دڵ و دەروونە پڕ لە بەزەییەی دێ ، بە فریشتەکان ئەڵێ ئادەی بۆی دروستکەن کۆشک وسەرا ، خەدەم و حەشەم ..بادە و شیر و شەرابی هەزار ڕەنگ و هەزار تام ..لە پلەی ئەولیا و شت داینێن .. خۆی دەهاتە بەرچاو لە شێوەی ئەولیادا ، باڵایەکی بەرز ، کەوا و سەڵتەیەکی سپی ، ڕیشێکی درێژی وەک ئاوریشم ، ڕەشی قەترانیی ..دوو برۆی وەک کەوان ، دووچاوی وەک ژێر پیاڵە ، تەوێڵێکی گەش و ڕوناک ، بەو دیمەنە موچڕکە بە گیانیا ئەهات ، جۆرە شەرمێکیش دایدەگرت ..
هەستی ئەکرد کەسێکی زۆر تایبەتە ، کە خەمی هەموو بێ زمانەکانی هەڵگرتووە ، بەڵام کاتێ لەبەردەرگای خۆیان ، هۆتدۆگەکانی بۆ پشیلەکان دادەنا ، ست سەلمای دراوسێیان ، دەنگی لێ بەرزبۆوە :
ــ جەمشیرە فەنی بەندەی خوا ، وەڵاهی ژیانمان نەماوە لەدەست ئەم پشیلانە ، هەموو ناو باخ و ئینجانەکانمان پیسایی پشیلە دایپۆشیون ، ڕۆح و گیانمان هاتە دەرەوە ..!

وەک شاعیرێک کە بەو پەڕی ڕۆمانسیەت و بڕوا بەخۆ بوونەوە لە نێوان دوو کۆپلەدا ، تەماشایەکی جەماوەرەکەی ئەکات ، بەو جۆرە تەماشایەکی ست سەلمای کرد و ..وەڵامی دایەوە :
ـــ سەلما خانم ، ئەوە چ پەیوەندیی به منەوە هەیە ؟

ـــ ئێ تۆ خواردنی تایبەتیان بۆ دادەنێی ، پشیلەی کۆڵانەکانی تریش دێن بۆ ئێرە .. ئێ دوای ئەوەی تۆ تێریان ئەکەی ، دێن لای ئێمە دەست بە ئاو ئەگەیەنن !

لە پڕ پێکەنینێک قوڕگی گرت ، خەریک بوو بخنکێ ، کەوتە کۆکە ، بە پشتا کەوت ، پشیلەکان ترسان ، پەرت و بڵاو و دابەش بوون ..
خێزانی بە پەلە پەرداخێ ئاوی فریا خست ، ئەو کاتە ست سەلما چووبووە ژوورێ و لەبەر خۆیەوە دۆعای لێئەکرد : ڕەببی خنکابێ ..ڕەببی تاسابێ ..!!
خێزانەکەی ، بە شانازییەوە بۆ مێردەکەی ئەڕوانی ، ناوی لێ نا بوو ماندێلا .. هەندێ جاریش بە نێڵسۆن بانگی ئەکرد ..
ئەمیش ناوی تێرێزای بۆ ئەو هەڵبژاردبوو .. دوو کەسی زۆر گرنگ بوون بۆ جیهانی گیانداران و پەلەوەر و دار و درەخت …دایکە تێرێزا و نێڵسۆن ماندێلا …
پاشماوەی برنج و نانەڕەقەی سفرەکەیان نەدەکردە ناو تەنەکەی خۆڵ ، لە بەردەرگا ئەیانتەکاند ، بۆ ئەوەی مریشک و کوکوختی و چۆلەکە و کۆترە باریکە لێی بخۆن ..هەرچی ئێسقانی مەڕ و مریشک و بزن و قاز و قەلە ، چاک چاک ئەیانکڕاندنەوە ، جا ئێسقانەکانیان له پێش ماڵەکەیان بڵاو ئەکردەوە ، ئەی چۆن بڵاوی نەکەنەوە ؟ تۆ بڵێی هەروا بە ئاسانی پشیلە و سەگی بەرەڵڵایان لە یاد بچێ ؟ نەخێر ..هەزار جار نەخێر ..
ست سەلما لووتی زۆر هەستەوەر بوو ، بۆی دەرکەوت کۆڵانەکەیان بۆگەنی کردووە و ناکرێ لەوە زیاتر بوار بەو دوو شێتە بدرێ کۆڵانەکەیان بشێوێنن ..
بە مەسنجەر نامەیەکی بۆ گوڵبەن خانی ژنی سەعدونی خەیات نارد ، نامەکە زۆر درێژ بوو ئەمە بەشێکێتی : ( کێشەی دراوسێیەتی ئەوەیە ، ئەگەر دانەیەکیان بۆگەن بێ ،ئەبێ ئەوانی تریش پڕ لووتەکانیان بکەن لە بۆگەناو ، چونکە پێکەوەن ..
جەمشیری بەندەی خوا و ژنەکەی ناخۆشیان کردووە ، کۆڵانیان پڕ کردووە لە سەگ وپشیلەی بەرەڵڵا ..پاشماوەی خواردنی ترشاویش لەولاوە ڕاوەستێ ..وام لێهاتووە هەفتەی دوو ڕۆژ لە ماڵ ئەمێنینەوە ، لە ماڵی باوکم و براکانم دامانکوتیوە ، ئێ ئەوەیش ڕاست نییە ، بە تایبەت ئێمە بەرەو مۆدێرنی و ئەوروپایی ئەڕۆین ، مەعقول نییە لە ماڵە برا و خوشک دایکوتی … )
گوڵبەنخانی ژنی سەعدونی خەیات هیچ لەو نامەیەی ست سەلما تێ نەگەیشتبوو ، هەر بۆیە نوسیبووی : ( pardon ) ئەم پاڕدۆنە لە ئەستانبوڵ فێر بوو بوو ..
سەلما خان نەیزانی پاڕدۆن چییە ، هەستی کرد گاڵتەی پێکردووە ، بۆیە یەک لایەنانە پەیوەندیی لەگەڵ گوڵبەنخانی ژنی سەعدونی خەیات بڕی ، تەنانەت بڕیاری دا لە جەژنیشا نە خۆی ، نە ڕەشیداغای خۆشخۆری مێردی نەچنە ماڵی ..
هەڵبەت کەش و هەوای زستان لەناکاو گۆڕانکاریی تێ ئەکەوێ ، نزمە پاڵەپەستۆیەک لە سیبیریاوە ووڵات و شارەکەی جەمشیری بەندەی خوا یان نێڵسۆن ماندێلای گرتەوە و ..پلەکانی گەرما بۆ خوار سفر دابەزین ..
لەگەڵ تێرێزای هاوسەریدا زۆر خەمیان بۆ پشیلە و سەگە بەرەڵاکان ئەخوارد ..خەمیان بۆ کۆتر و زیکزیکە و مێروولە و مارمێلکە و هەموو ڕۆح لەبەرێک ئەخوارد ، بەڵام سەرماکە هی ئەوە نەبوو بڕۆنە بەردەرگا و پاشماوەی خواردن بۆ ئەو بوونەوەرانەی خوا فڕێ بدەن .. هەڵبەت لەسەر بەرماڵ بە دوور و درێژیی داوایان لە خوا ئەکرد ، لەلایەک لە کەمتەرخەمی ئەمان ببوورێ و ..لەلایەکی تریشەوە بێت بە هانای گیاندار و دار و درەخت و تەنانەت بەکتریا و ڤایرۆسەکانیشەوە ..
کوڕەکەیان کە تازە لە زیندان ئازاد کرابوو ، لەو نزایانە بێزار بوو ، قاچێکی کوتا بە زەمینەکەدا و بە ناڕەزاییەوە وتی : ( خوا خۆی ئاگای لە بوونەوەرەکانێتی ، پێویست ناکا ئێوە بیری بخەنەوە ! )
ماندێلا و تێرێزا ، هیچ وەڵامێکیان نەدایەوە ، چونکە دوو جار هەوڵی خۆکوشتنی دابوو ، جارێکیش لە تورکیا سنوور داش کرابوو ، تەنها دوو سێ نمرە ، ڤۆلیۆمی دەنگی نزاکانیان دابەزاند ، هەتا کۆڕشی جەمشیری بەندەی خوا گوێی لێ نەبێ ..
ئەو بەیانییە، لوورە لووری ڕەشەبا لە خەوی هەستاند ، باران و بەفر و ڕەشەبا پێکەوە ، وایان لە جەمشیر کرد هەرچی جلی هەبوو لەبەری بکا ، دوو فانیلە ، سێ بلوس ، دوو چاکەت ، هێلەکێک ، دوو ملپێچ ، پاڵتۆیەک .. کڵاوێکی خوری و شەپقەیەکی چەرم بەسەریدا .. لەگەڵ گوێچکەوانێک .. دوو گۆرەی و دوو تراکسود لە ژێر پانتۆڵە قەیفە قاوەییەکەی..
کە تێرێزا له ڕێڕەوەکەدا ، لە دواوە بانگی کرد ، لەژێر کەڵەکەی جلدا نەیتوانی ئاوڕ بداتەوە ، ناچار سێ خاڵییەکی بۆ کرد و به گۆشەی 180 پێچی کردەوە ، کەچی تێرێزا هیچ پەیامێکی پێ نەبوو بۆی ، تەنها حەزی ئەکرد بانگی بکا ..زۆر جاری تریش به بێ ئیش بانگی کرد بوو ..
کە چووە هەیوانەکەوە ، هێرشی ڕەشەبا و بەفر و باران پاڵیان پێوە نا بۆ ژوورەوە ، بەڵام ئەم کۆڵی نەدا ، سەنگەری چۆڵ نەکرد ، به بیر و باوەڕێکی پتەوەوە دڕی به زریانەکە دا ..بەرەو سندوقی پێڵاوەکان ملی نا ، کردیەوە ، پشیلەیەک لەناو خانەی خوارەوە پاڵکەوتبوو ، چاوەکانی ئەبریسکانەوە ، جوڵەی لە خۆی بڕیبوو ، ئەمیش هەستێکی شانازیی زۆر گەورە لەناخیدا سەری کرد ، خەریک بوو لەو هەستەدا نوقووم ئەبوو ، بە هێواشیی بە پشیلەکەی ووت : بنوو ..بنوو .. بۆ خۆت بحەوێرەوە ، شانست هەبوو هاتیتە ناو سندوقی بەبەزەییترین خانەوادەی هەموو جیهان .. بە درێژایی هەموو چاخ و سەردەمەکان ، ماڵێکی وا میهرەبان نەبووە و نییە و نابێ .. بنوو ئازیزم ..!!
جا وەک سەرکردەیەک کە سەرجەم جەنگەکانی سەرکەوتوو بووبێ و لە دەروازەی شارەوە بەرەو پێشوازیی میللەتەکەی هەنگاو بنێ ، ئا بەو جۆرە لە پلیکانەکان هاتە خوارەوە ، سەرسمێکی دا ، خۆی بە دەسکی دەرگاکە گرتەوە ….
نیوەڕۆ ، بەفر و بارانەکەی خستبوو ، بەڵام ڕەشەباکە بەهێزتر بوو ، لە فەرمانگە هاتەوە ، پێڵاوەکانی خستە ناو سندوقی پێڵاو ، تەماشای کرد پشیلەکە هەر لە شوێنی خۆیدایە .. نوشتایەوە و بۆی ڕوانی ، بۆی دەرکەوت گیانی تێدا نەماوە …ڕەق بۆتەوە .. هەوڵی داوە لە ژێر پێڵاوەکاندا گەرمیی و هەلێکی تر بۆ ژیان بدۆزێتەوە ، نەیدۆزیوەتەوە .. خۆی خشاندووە لە پێڵاوەکان ، مووی سک و ملی بە پێڵاوەکانەوە نوسا بوون …
گریانێک قوڕگی گرت .. تۆ بڕوانە ، لەو هەموو کۆشک و باڵەخانە چۆڵەی ئەم ووڵاتە ، لە کاتێکدا گیانداران لە سەرماندا ڕەق ئەبنەوە .. نابێ لەو شەوە ساردانەدا دەرگا لە گیانداران بکەیتەوە ، نەک ماڵەکەت گڵاو بێ ..نەک پێت بڵێن شێت ..ئەمە چ بار و دۆخێکە ؟ لە کاتێکدا ئەم خۆی ، چەندین ژووری هەیە ، هیچ ئیشی پێیان نییە و ئاژەڵدۆستیشە ، نەئەکرا ئەم پشیلەیه بۆ ماوەی شەوێک لە یەکێک لەو ژوورانەدا میونداریی لێ بکرایه ؟؟
تێرێزا لە دەنگی گریانی ماندێلا هاتە هەیوانەکە : ( ئۆی ! نێڵسۆنی ئازیز .. بەسە بەس .. دڵت بەرەگە ناگرێ .. تکایە ! وا دیارە ئەو پشیلەیە خۆی لە بنەڕەتدا نەخۆش بووە یان کێ ناڵێ دەر و دراوسێ ژەهرخواردیان نەکردبێ ؟! ..)
کاتێکیش لەو بار و دۆخە سارد و سڕەدا ، بە ئەرکی مرۆڤایەتیی خۆیان هەستان و .. پشیلەکەیان خستە نایلۆنێک و لە قەراغی گەڕەکەکەیان ، لای تەنەکەی خۆڵێکدا دایاننا ، هەستی ئاژەڵدۆستیی ومرۆڤایەتیی لە ناخیاندا گەیشتە چڵەپۆپە .. ئەمانە ئیتر تا مانگێکی تر بۆ خزم و دۆست و تەنانەت نەناسیاوەکانیشیان باسی ئەوەیان ئەکرد چۆن چۆنی لەو ڕۆژە ساردەدا ، لەناو نایلۆنێکی تایبەتدا ، پشیلەکەیان پێچاوەتەوە و ..چەند بە سۆز و بەزەییەوە لای تەنەکەی خۆڵەکەوە ، فڕێیان داوە . …هەروەها ئەمە لە نانەواخانەی سەر سوچەکەیش کە نانی جۆ و گەنمیش شەشی بە هەزار بوو ، باس ئەکرێ .. لای کۆکتێل فرۆشەکەیش .. لای ئەو پیاوەی کە هەموو شتێکی ئەکڕی ؛ ئاردی بایعی ..ماتۆڕی سووتاو .. قەنەفە .. پاسکیل




شتێ وەک خۆی.. شیعری/ نەوزاد بەندی

ئەملاو لایان
لە جوتیارێ گرت و
بردیان ..
جلی خاکییان لەبەر کرد ،
کڵاشینکۆفێ بۆ شانی ..
کردیان بە سەرباز ،
دەست و برد ..

٭ ٭ ٭

هەر لەوێدا ،
مەزرایەک تینوێتیی ، کوشتی …

٭ ٭ ٭
درەختێ ، قژی تێک ئاڵا و
کەس نەبوو بۆی دابهێنێ ،
ڕەشەبا ، لەگەڵ خۆی بردی
٭ ٭ ٭

سوورە چنارێ ڕەدوو کەوت

٭ ٭ ٭

چیمەنێ سەری ئەسڵەع بوو ..

٭ ٭ ٭

گیاکەڵەیەک بوو بە وەزیری
کشت و کاڵ ..
مەسینەیەک چووە پۆستی بێ ڕکابەری ئاودێریی ..
گوڵێک زۆر ناسک نەبووایە ،
میزی نەئەکردە ژێری ..!

٭ ٭ ٭

کۆمەڵێ سن و کیسەڵە ،
کولەکە شامییەکیان کرد بە باڕ و یانەی شەوان و
لە ئۆکرانیا و شام و شیراز ،
لەشفرۆش و سەماکەریان بۆ دابینکرد ..

٭ ٭ ٭

کۆمەڵێ شۆڤڵ و لۆری و حەفارە هاتن ، لەناکاو ..
هەرچی زەیتونی سک پڕە ،
لە ڕەگەوە هەڵیانکێشا و
بردیان بۆ ووڵاتی خۆیان ..

٭ ٭ ٭

کرم زەفەری بە سێو و هەرمێ برد و
ستیانەکەی لێ کردنەوە ..
دەمی تێ نان ، تا بۆگەن بوون ..

٭ ٭ ٭

خاڵخاڵۆکە و چۆلەکە و مینا و زیکزیکە ،
سەریان هەڵگرت ..

٭ ٭ ٭

کارێزەکە ، چاوی کوێر بوو..
خۆڵ چووە ناو کونە لووت و گوێکانیەوە ..
بوو بە هێلانەی مشک و مار ..
گێلاخە مرد ..

٭ ٭ ٭

کیسەڵێ هەناسەی سوار بوو ،
سندوقەکەی بە جێهێشت و
ئاڵای سپی ،
بۆ بەڕێز مەسینە هەڵکرد ..

٭ ٭ ٭

چەکدار هاتن ،
سوکایەتییان بە دارگوێز کرد ..
بە حەربەی کڵاشینکۆف و
چەقۆی خۆمان ،
توێکڵەکانیان لێ کردنەوە ..
ئەو هەموو گوێزەیان ڕووت کرد..
سەرکردەکەیان کۆمپانیای خەنەی هەبوو !

٭ ٭ ٭

لە پڕ بەڕوویەک خۆی سووتان ..
مێوێکیان بە بێ هۆش و گۆش ،
فریای ئیمێرجێنسێکە خست ..

٭ ٭ ٭

مۆردێ ، هەڵوەری و
یەک بە یەک ،
مولولەی خوێنی ووشک بوو ..
سەبحبەحێ ،
بە دەردە ڕێوی ، لار بۆوە ..
ڕۆحی دەرچوو ..

٭ ٭ ٭

کۆمەڵێ بازرگانی زۆڵ ،
هەڵوژە و قۆخیان داوەت کرد ،
نامەرد بوون ، قۆڵیان بادان و
هەڵیاندانە کوورەکانی خەڵوزەوە ..
بۆ ئەشکەنجەی گۆشتی مامز ،
بە فەردەی گەورە باریان کرد ..

٭ ٭ ٭

لەو لایشەوە کاکی جوتیار ،
لە بەرەی شەڕ ،
لەجیاتی فیشەک ،
چوار مەخزەن ،
گوڵە مێخەکی بەستبوو ..!
ئەوان فیشەکیان تێدەگرت ،
ئەم مێخەکی بۆ هەڵئەدان ..
نارنجۆکیان بۆ هەڵئەدا ،
ئەم هەناری تێ ئەگرتن ..!

٭ ٭ ٭
لە جیاتی بە بێ تەل لەگەڵ هاوڕێکانیا پەیوەندی کا ،
لەگەڵ باران قسەی ئەکرد ..
میوانداریی لە بای وەشت ئەکرد ، به کوپی
فافۆن ، چایەکی
هەرچۆنێ بووایه ، بۆ ئەکوڵان …
پێی ئەووت بە گاسن بڵێ ،
هێشتا دوانزە ڕۆژی ماوە ،
با جارێ بۆ خۆی بخەوێ !

٭ ٭ ٭

چڵێ هەرمێی ،
لەسەر قۆناغی چەکەکەی
موتوربە کرد و ..
سەوزیش بوو ..
پێش ئەوەی چرۆ دەربکا ،
بە فیشەکێ
مێشکیان تەقان ..!

٭ ٭ ٭
تاتەشۆرەکە سەوز بوو ،
بوو بە مەزرا ..
ئەرخەوانەکان بەو شەوە ،
پۆشاکەکانیان لەبەرکرد
بێ ئوتوو
بە چرچ و لۆچیی ..
مەسینە بروسکەیەکی پرسە نامەی
پڕ لە هەڵەی ڕێزمانی و ئەدەبی نوسی و
بە تاقتاقکەرەیەکی ووت :
کە هەواڵەکان تەواو بوون ، بیخوێننەوە ..
ـ ……..
ـ………
ـ ……..




زۆربەی جار.. شیعری نەوزاد بەندی

زۆربەی جار کە دەنگت ئەبڕێ ،
ئەڵێم بەجێی نەهێشتبم بۆ یەکجاریی ؟
دوو هێڵی ڕاست و چەپی
پیا هێنابم بە ناچاریی ..؟
ووشەیەکم ،
دڵی وورد و خاش کردبێ ..
سەرنجێکم ،
ئارامیی لێ هەڵگرتبێ ..
ئەڵێم نەڕۆیشتبێ بۆ دوور ..
نەیبڕیبێ دەیان سنوور ..
ئەڵێم نەخۆش نەکەوتبێ
لە نەخۆشخانە خەوتبێ ..
تەنانەت دوورتریش ئەڕۆم ،
ئەڵێم دڵی
لە لێدان بێزار نەبووبێ ..
لە پڕ توابێتەوە وەک مۆم ..!!!

ئیتر نامەی ناڕەزایی و
هاوخەمی
ئەنێرم بۆ خۆم ..!

٭ ٭ ٭

زۆرجار کە ئیتر وون ئەبی ،
بە هەفتە و مانگ ..
ئەڵێم تەواو ..
منی لابردووە لەلای خۆی ..
ئیتر بەخۆم ئەڵێم بڕۆ ..
نەبا بێتەوە لە ناکاو ..
دڵ پڕ کاتەوە لە خورپە و
چاویش لە ئاو ..
هەوری خەونەکان دامپۆشن
وەک بەنگکێش ، وون بم
لەبەر چاو ..
خەریکە دەرچم لەو زۆنە ..
لە پڕ نیوەشەوێ ئەڵێی :
نەوزاد چۆنە !!

٭ ٭ ٭

زۆر جار ئەڵێم ،
بێ پێشەکی ، دەستی بگرم ،
تا ئەو سەری دنیا ،
نەهێڵم قوتار بێ ..
بەڵام نایشزانم لەو سەری
دنیا چی بکەین ،
کە من خۆڵەمێشی مات و
ئەو نەورۆزی نەوبەهار بێ ؟
پەشیمانیی ئەمکاتەوە ،
بە نادیارەکەی جارانت ..
ئەمخاتەوە ناو سەنگەر و
ئەمداتەوە دەست میلیشیای دڵەڕاوکێ ..
ئەمخواتەوە لە ئاهەنگی نازانم کێ..
شتی تریش …




بوون بە ڕەقەم، ڕەقەم بەستن.. نەوزاد بەندی

ئەمڕۆ میللەتێ تێکەوتووین ،
تیایدا ،
(بوون بە ڕەقەم) ، (ڕەقەم بەستن) ،
جیاوازێکەیان زۆر ــ زۆرە ..
(بوون بە ڕەقەم) ،
واتا ئیتر هێڵێکی غاز و نەوتەکە ،
بە ماڵتانا تێئەپەڕن ..
دەفتەرە دۆلار بەکۆمەڵ ،
لە بەردەرگاکەت ئەوەستن ،
تکا ئەکەن وەریانبگری ..
کۆکە و باوبژەکانیشت ،
چاپ ئەکرێن و
سەد هەزاریان لێ ئەفرۆشرێ ..
سەر و گوێلاکی ڕێزمانیش
بێنیتە خوار ،
زانا پێش گەمژە ، هەردوو گوێت بۆ ڕائەگرێ ..
گەر وڕێنە و قسەی شێتانەیش بدرکێنی،
پیرۆزە و تەواوی میللەت ،
وەک وێرد ئەیخاتە سەر دەمی ،
لەبەر ئەوەی تۆ ڕەقەمی ..
بەس ( ڕەقەم بەستن ) جیاوازە ،
واتا تۆ لێ بوویتەتەوە ..
واتا تۆ بیر چوویتەتەوە ..
واتا هیچ کەس گوێت لێ ناگرێ ..
خەڵک خۆیانت لێ لادەدەن لە ڕێگا و بان ..
هەرچی بڵێی ، لێت ناگرن و
ناهێڵن تەواوی بکەی ،
ئەو خەمانەی لەناو دڵتان ..
پێت ئەڵێن شێت و پەتەڕی ..
گەر نیتشە و دیستۆفسکیش بی ،
لەلایان وایە ئەوەڕی ..
لێت ئەدەن .. زیندانت ئەکەن ،
ژنت لێ ئەسێننەوە ،
بێ ئیش و فرمانت ئەکەن ..
نایەتە دی هەر شتێکت کە ویستووە،
چونکە ڕەقەمت بەستووە !!

٭ ٭ ٭

سەیرێکی چوار دەورتان بکەن ،
ئەوانەی کە بوون بە ڕەقەم ،
لەگەڵ ڕەقەم بەستووەکان ..
ئەو هیچانەی کە بوون بە شت ،
لەگەڵ ماران گەستووەکان ..
ئینجا بزانن ئەم شارە ،
شار نییه ،
قومارخانەیه ..
عەقڵێ ، داهێنانێ هەبێ ،
بەردباران و دێوانەیە ..
لە نەجمەدین مەلا هەتا
فەرهاد پیرباڵ ..
بە زیندوێتی ،
هەوڵ دراوە ، بخرێنە چاڵ ..
ڕەقەمەکان ..
دەست بە نەوت و
بە دۆلار و
بە داهات و
بڕیار و چەک و قەمەکان ..
ئەمانە پێیان ئەووترێ بخۆر یاخود
مشەخۆری
هەموو کاسه و
هەموو دۆخ و
سەردەمەکان …

٭ ٭ ٭

شتی تریش …




چەند تیرۆژە چیرۆکێک/ نەوزاد بەندی

             ــ1ــ

         قەراغ شار

له کۆڵانێکی قەراغ شار ، دوو هۆدە و هەیوانێکی کڕی ، وەک بڵێی خۆی لە کرێچێتیی شاردەوە ..

دراوسێی لای ڕاستی سواڵکەر بوو ، یەکێک بوو لە وەزعباشەکان ..

دراوسێی لای چەپی توجار بوو ، ڕۆژێ ڕێی پێگرت ، لێی پرسی :

ـــ( تۆ چ کارەی ؟ )

ـــ(لە خەستەخانەم )

ـــ( ئێ ئێ ..کەواتە ئەتوانی شرینقە بوەشێنی ؟ )

ئەگەر بڵێ من ئیش لەسەر چاندنی بەکتریا ئەکەم ، ڕەنگە بتەقێتەوە بەسەریدا و بڵێ : کە ماموابێ تۆ میقرۆبات قەڵەو ئەکەیت و خەڵک نەخۆش ئەخەی ؟؟

ئینجا وەرە تێی گەیەنە ..

ـــ( نا نا .. لە خەستەخانە بلیت بڕم .. )

  ‌          ـــ2ـــ

             مەڕ

تازە بەفرگرەی ئەلەکتریکیی هاتبووە شارەوە ، خەڵکەکە وا لێی تێگەیشتبوون کە ئەبێ مەڕێک و دوو سندوق تەماتە و بامێ و ..سێ چوار سەروپێی تێ بکرێت بۆ زستان ..واتا ئەبێ پڕ بکرێ ..

باوکی ئەمیش لەبەرئەوەی ڕەفیق کەم نەبێ ، دوو مەڕی قسری کڕی و لە حەوشە بەستنیەوە ، هەتا بە زووترین کات سەریانبڕێ و داخڵی پیرە بەفرگریان بکات ..

ئەو عەسرە ئەم هەر خۆی لە ماڵەوە بوو ..دەور و خولی مەڕەکانی دا ، پەتی یەکێکیانی کردەوە ، هەتا وەک فیلمەکان پیاسەیەکی لەگەڵدا بکا .. مەڕ هار بوو ، وەک سوێسکە فرتەی بۆ کرد و لە کۆڵان هەڵیتیزاند ..

ئەمیش مێرمناڵێکی یانزە ساڵان ، هەر ئەوەندەی پێکرا وەک تێسکەی تفەنگ ڕایکردە کۆڵان ، لەو سەری کۆڵان ، مەڕەکە ڕاوەستابوو ، کە ئەمی بینی ، بە چوارناڵە ، لە چاو ونبوو ..  وەک تۆما هۆک ، دوای کەوت .. لە پشت ماڵی ئازاد شەوقی شێوەکار ، پارچە زەمینێکی بەتاڵ هەبوو ، مەڕەکە لەوێ گیری خوارد . . ئەملاولای لێگرت .. مەڕەکە چاوی تێ بڕی ،وەک ئەوەی پێی بڵێ : وازم لێ بێنە ، تەحەمولی ناو بەفرگرە ناکەم ..!

سوودی نەبوو ، شۆقێکی گرت .. بە دەستەکەی تریشی پەتەکە …مەڕە خۆی توند کرد ، ناچار ڕایکێشا ..

لە ژێر لێویشەوە پۆزشی بۆ دێنایەوە  : ( وەڵاهی نەتبەمەوە ، شکم نییە باوکم سەرم ئەبڕێ .. گۆشتیشم ناخورێ .. بەس نییە تۆ گۆشتت ئەخورێ ؟ هیچ نییە ، با هەتا زستان لەناو بەفرگرەدا لێی بخەوی ! )

              ــ3ــ

             خزم

نزیکەی شەش سەعات بوو بە یەکتری ناساندبوون ..ئەمیان لە بنەماڵەی خێزانەکەی بوو ..ئەوەی تریان لە بنەماڵەی خۆی بوو …ئێستایش لە پرسەکەدا ،  لە تەنیشت یەکەوە ڕاوەستاون و جار جار قسە ئەکەن ..دڵنیایە کە باسی ئەم ئەکەن ، چونکە تاکە شت کە هەردووکیان بیناسن  ، ئەمە .. واتا تاکە کۆلکەی هاوبەشی نێوانیان ، ئەمە ..بێجگە لەم ، ئەبێ باسی چی بکەن؟ بە تایبەت جار و بار نیگایەکیان ئەگرتە ئەم ..بەو پێیەی نیگاکانیان توند بوو ، پێدەچوو زۆر خراپ باسی ئەم بکەن ..یەک دوو جار ویستی هەستێت و بڕوات داکۆکیی لە خۆی بکات ،بەڵام سودی نەبوو ، چونکە پێ دەچوو چرکە بە چرکە زیاتر باسی ئەم  بکەن  ، بە جۆرێ کاربگاتە ئەوەی قسەی ڕەق و جنێویشی پێبدەن .. هەر بۆیە باشتر وابوو دان بەخۆیدا بگرێ ..بەڵکو بەخۆیاندا بچنەوە ..بەڵام لەوە نەدەچوو سودی هەبێ ..چونکە تا دەهات زیاتر قسەیان (ڕەنگە )دەربارەی ئەم ئەکرد و ..لەوە ئەچوو نیازیان وا بێ  تەنانەت  لێیشی بدەن ..!




مەملەکەتە سەیرەکە.. شیعری نەوزاد بەندی

خەڵک ئەوەندە تووڕەن لە حوکمەت ،
لە بچووکترین دەمە بۆڵەی نێوانیاندا ،
کەسێ ئەکوژرێ ..

٭ ٭ ٭

دەوڵەمەند بۆ بەفر ئەگەڕێ و
هەژاریش بۆ دەبەیەک نەوت..
هیچ کامیان نایدۆزنەوە ..!

٭ ٭ ٭

لە هەموو ئەڵمانیا یەک باخ هەیە ،
لێرە هەرچی ڕاست ئەبێتەوە ،
باخێ ئەکڕێ ..!

٭ ٭ ٭

کە دوو مافیا ئەبێ به شەڕیان ،
ئەکەونە تەقەکردن لە یەک ..
قوربانییەکانی دەستیان ،
ئەبن بە دوو بەش ..
بە دوو بەشی دژ بەیەک…!

٭ ٭ ٭

ئەمزانی ئەو کاتەی ئەڵێی ئازیزم ،
لە هەموو کاتێ زیاتر ڕقت لێمە و
لە هەوڵی یەکبینەدای ،
یان گورگی تەنیایی بمخوا
یان بمخەیتە بیرەکەوە ،
پێشتریش ئەمزانی تۆ وای !

 ٭       ٭       ٭

کە دەسەڵات ناشیرین بوو ،
لە کۆمەڵگادا بۆ جوانیی مەگەڕێ !
٭ ٭ ٭

میللەتی خوێڕیی ،
کە هەتاو دەرکەوت ،
ئەیکا بە نیوقۆڵ و
کە دوو نمە باران باری ،
خۆی لە بلوس و ساقۆ ئەپێچێ ، ( دوگ شۆڕ و گوێ کەڕیلە ) ..
کە خوا دوو دینار ڕزقی دا ،
تەنەکەی خۆڵەکەی پڕ ئەبێ لە خواردن .. تا پێی بڵێن VIP
با پێی نەڵێن ڕەزیلە ..
کە ڕۆژێکیش ڕیسوا بوو ،تەنەکەی خۆڵەکان ئەگەڕێ بۆ خواردن ، وەک پشیلە ..

٭ ٭ ٭

لە کۆمەڵگای گەمژە ،
نابێ شوێن پێ جێبێڵیت ،
چونکە بە هیچ شتێ ناسڕێتەوە ..

٭ ئەوەی ناو کەوانەکە ، دێڕێ شیعری (مەڕەکەم ) ــە کە لە ساڵی هەفتاکانی سەدەی ڕابوردوودا ، لە کتێبی خوێندنەوەی کوردی پۆلی دووەمی سەرەتاییدا هەبوو .




پرسە لافاو.. شیعری نەوزاد بەندی

ناپرسن بۆ هیچ لافاوێ
ناچێتە ماڵ و بەردەرگا و
ژووری هیچ بەرپرسێکەوە ؟
قەت بیستووتانە لافاوێ
خۆی هەڵدابێتە ناو کۆشک و
باخی ڕەزاقورسێکەوە ؟
چونکە ئەوان
هەموویان چوونەتە ئاسمان ؛
لەسەر داهات و داهاتووی
خەڵکە لات وبرسێکەوە ..
چونکە ئەوان ؛
زاڵن بەسەر کورسێکەوە ..
چونکە ئەوان ؛
داڵن بە دوای
هەر دینار و فلسێکەوە ..
ئێوەیش لە نشێوەکانا
شەتەک دراون بە هەموو
جۆرەکانی
کۆیلایەتی و ترسێکەوە ..




دوو بە چوار.. نەوزاد بەندی

مناڵانی گەڕەک ، هەموویان ددانەکانیان ڕەش و کرمێ بوون ، بۆگەنێکی قورس له زاریانەوە ڕێی دەکرد ..
نەعلی لاستیک و ..بیجامەی بازه ..
دوای ئەو هەموو ساڵە ، لەسەر تابلۆیەکی گەورە ، بە خەتێکی ناشیرین نووسی : مناڵیی ، نەفرەتت لێ بێ ، بیرت ناکەم ..
ئەوەندە بۆگەنی دەم و گەدەی بەتاڵی هاوڕێکانی هاتبوون بەسەریدا ، کە ئەچوو بۆ قوتابخانە ، ئەیووت ئەڕۆم بۆ تەویلە ..!
بەڕێوەبەر توند نەرمایی گوێچکەیەکی گوشی ،لە تووڕەییدا ، زیاتر بە لووت ئەدوا : (ئەگەر باوکت نەهێنیت بۆ ئێرە ، جارێکی تر نایەیتەوە قوتابخانە )
بە باوکی ووت : ( تەماشا کە )
لەسەر ناوونیشانی تیا نووسەکانی ، ووشەی قوتابخانەی گۆڕی بوو بۆ ، تەویلە ..گەواخانە ..حەدیقەی حەیوانات…
چل و چوار ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژانەدا تێپەڕیبون ، هێشتا وا ئەزانێ ئێستایە کە بە باوکی و بەڕێوەبەرەوە ، تێی بەر بوون ، ئەتووت هەویرێکی بێ سۆدە و خومرە ئەشێلن و ..هەرچی دەکەن ، خۆش نابێ ..
کە یەکەمجار ، هاوڕێ ناشیرینە ددان شکاو و چڵکنەکانی دراوسێیان ، داوایان لێکرد بڕۆن لە مزگەوت نوێژ بە جەماعەت بکەن چونکە مامۆستا ئەحمەد بێتوشیی ئەڵێ هەر نوێژێکی مزگەوت ، به 27 نوێژ حیسابە ..
ئەم لە مزگەوت بە مامۆستای ووت : واتا نوێژێک لە مزگەوت بکەم و .. پێنج ڕۆژ و تاقێک پاڵی لێ بەمەوە ؟
ــ یەعنی چی ؟
ــئێ 27 نوێژ ، واتا نوێژی پێنج ڕۆژ و تاقێک ..
مامۆستا ئەحمەد وەک بەڕێوەبەر گوێچکەی بۆ نەجلیقاندەوە ، بە هێمنیی بزەیەکی بۆ کرد و ..ووتی :
ــ سەعدوڵا ، هەتا زیاتر نوێژ کۆبکەینەوە ، هێشتا کەمە .. هەوڵ بدە لە ڕۆژێکا نەک 27 ، هەزاران نوێژ بکەیت ، چونکە کە ڕۆی ، ناگەڕێتەوە .. ڕۆژەکان وەک کۆمەڵێ گوێنی بەتاڵ وان ، پێش ئەوەی لە دەستمان دەربچن ، پێویستە پڕیانکەین لە عیبادەت و ئیشی باش و چاکە و یارمەتیی و دەستگرۆیی ئەوانی تر .. ! )
یەکەم نوێژی جەماعەت ، ئەوە بوو ، کە داخڵی مزگەوت بوو ، خەڵکێکی بینی جیا جیا نوێژی سونەتیان ئەکرد ، چاوەڕێی مامۆستایان ئەکرد بێت و جەماعەتەکەیان بۆ بکا .. ئەم وایدەزانی ئەمەیە نوێژی جەماعەت ، چوار ڕکاتەکەی نیوەڕۆی کرد و لێی دا هاتە دەرەوە ، لەبەر دەرگای مزگەوت مامۆستای دی ، بۆنی کەواکەی ، کە ڕەشەباکە ئەیکێشا بە ڕوخساریا ، هات بەسەریدا ، بۆنێکی گوڵەباخ تێکەڵ بە تڵپەچا و تۆوی عەلی بابا ..
ــها سەعدوڵا ، بۆ کوێ ؟
ــمن نوێژی جەماعەتی خۆم کرد !
ــ هێشتا جەماعەت نەکراوە ، بگەڕێرەوە ..
یەخەی کراسە تایوانە شینە کاڵەکەی ڕاکێشا ، کە لە بازاڕی قاچاخچێکان کڕی بووی ، قوماشێکی لاستیکیی ، دوو گیرفانی سەرسنگی هەبوو ، بە ترەقەی ناسک دادەخران ..
بەناو خەیاڵەکانیدا ڕۆچوو بوو ، لە دێزفول سەرباز بوو ، کوشتارێکی زۆر کرا بوو ، ئەو عەسرە ئێرانێکان هێرشیان کرد ، زۆربەیان کەوتبوونە ناو حەوزی تێزاب و تەلی دڕکاویی کارەبا ، سووتاندبوونی ..
ڕۆژی دوایی موچە و مۆڵەتی شەش ڕۆژی وەرگرت ، کە گەڕایەوە ، هەواڵی مەرگی مامۆستا بێتوشی بیست ..نایشارێتەوە ، خەفەتی بۆ نەخوارد ، بەڵام هەستی کرد بەشێک لەو مناڵییەی کە قەت بیری نەکردووە و دڵی بۆی لێ نەداوە ، هەرەسی هێنا …
دایکی پێی ووت : مامۆستا هیچ نەخۆشی و شتێکی نەبوو ، لە نوێژی نیوەڕۆ گەڕا بۆوە ، تێر قسەی خۆشی بۆ مامۆستا ژن کردبوو ، تێر نانیشی خواردبوو ، توخوا ! برنج و قەیسییان هەبوو ، لەگەڵ چای سێیەمدا ، چاوی داخستبوو ..ئیتر هەزار ساڵ بوو مردبوو !!
مزگەوت ، تەنها جێگایەک بوو کە مناڵە هەژارەکانی گەڕەک بتوانن سەردانی بکەن ، ئەوانەی بەلایەنی کەمەوە ددانێکیان شکابوو ، چوار دانیشیان کرمێ و ڕەش بوون ..ئەوانەی پشتە ملیان هەتاو سووتاندبووی ، جلەکانیان بۆنی دوکەڵ و ..ژێر نینۆکیان پڕ بوون لە چڵکی ڕەش، هی ئەوەبوو نایلۆنیان ئاگر ئەدا و دڵۆپ دڵۆپ نایلۆنە تواوەکەیان ئەکردە ناو شوشەی بەتاڵی شرینقە و لە کۆتاییدا تەلێکی وەک پیتی هەشتیان ئەچەقاندە ناوی ، هەتا ئەڵقەیەکی لێگیر بکەن و ببێ بە مەدالیا ، دەست و نینۆکیشان لە ئازاری دڵۆپە نایلۆنی تواوەی داخ ، بێبەش نەبوون ..تەنها لە مزگەوت بە ئارەزووی خۆیان جوڵە و قسە و بیریان ئەکردەوە ..هەموو داوایەکیان لە خوا ئەکرد :
ــ خوایه گیان ، ڤاڵڤۆیەکی ڕەنگ وەک دۆندرمەم ئەوێ .. ماڵمان سێیەم ماڵە ، بەرامبەر ماڵی ڕەزا شەلی چایچی ..خوایەگیان بۆم دابەزێنە ، تۆ هەموو شتێک ئەتوانی ..

ــ خوایە گیان ، لادایەکی سپی .. فیاتێکی پۆڵسکی ڕەنگ جەرگیی وەک ئەوەی مامۆستا غەریب ، با بە گریزەوە بێ ، خوایه گیان زۆرم حەز لێیه ..
Nawzad Bandy
ــ خوایەگیان ، یەک کیس نوقوڵی مینۆی سێگۆشە و ..مەساسەی مینۆی چیلکە ئاویی ، هەڵدەرە حەوشەکەمان ، ماڵەکەمان بەرامبەر میراوەکەیە ، دوو ماڵ سەروو ماڵی فەخری توجارباشیی .. خوایەگیان شەڕی نێوان دایک و باوکم کۆتایی پێ بێنە .. خوایەگیان خورووی پاشەڵم به بەیانیانی زوودا ، زۆر ئازارم ئەدا .. خوایەگیان ، قوتابخانەمان بۆ خۆش بکە ، دارحەیزەرانی دەستی مدیر و مامۆستاکان بشکێنە ..
ئەوەی لێی تێک ئەدان یان وەک ووتراوە چەم بێ چەقەڵ نابێ ، شێ عەلی خاوەن مزگەوتەکە بوو ، بە خۆی و ڕۆبێکی چوارگۆشەی کۆن و جووتێ نەعلی زلەوە ، خۆی ئەکرد بە مزگەوتەکەیدا و ..مناڵانی ڕاو ئەنا : ( سەرتان بە ….زی دایکتان ..مناڵی ئاخر زەمان ..نازانم چۆن ئەوەنە چاویان قایمە ،بستێکن دێنە دەرەوە ..؟؟ وەڵڵاهی لە عومری ئەواندا بووم لەترسی ئەوەی نەمگێن ، نەئەهاتمە دەرەوە !!..ئەمانە چ ئاگری قورەتێکن ئیلاهیی ؟ )
هیچ کەسێ ، بە مامۆستا ئەحمەدیشەوە ، قسەیان لە قسەی شێ عەلیدا نەدەکرد ، چونکە هەم پیرترین کەسی گەڕەک و ..هەم خاوەنی مزگەوتەکەیش بوو ..یان ڕاستتر کەس نەیدەوێرا وەڵامی بداتەوە .. ئەو قسەکانی سەیر بوون ، بۆ نمونە ئەیووت :
ــ کە جارێ دەستنوێژت گرت و بات لێ بۆوە ..دووەم جار دەستنوێژت تازە کردەوە و بات لێبۆوە ، دەستنوێژی سێیەم مەشۆ ، تەنکییەک ئاوە ، هەمووی بۆ جەنابت دانەنراوە ..مەعنای وایه خوا نوێژی تۆی ناوێ و غەڵەتت زۆرە ، بۆیه وا ئەتتڕێنێ ..!
هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا ، بەسەر ئەو پیتانەدا ئەڕۆیشتەوە و تۆخی ئەکردەوە ، کە نوسی بووی :
منداڵیی ، نەفرەتت لێ بێ ، بیرت ناکەم .. تف !!
بە خەتێکی ناشیرین نووسرا بوو .
Seen by Nawzad Bandy at Tue 11:05 AM




ڕاکردن.. شیعری نەوزاد بەندی

لە بێدەربەستیی تۆ ڕامکرد ، قەت بڕوا مەکە بێمەوە ..
تکا دەکەم تۆیش واز بێنە و دوورە پەرێز بە لێمەوە ..
چەند جار تەنیاییت تێ بەردام ، ووشە و نیگام لە گۆ کەوتن ،
ئاگات لێ نەبوو بەو داخە ، تا بەیانی ئەتلێمەوە ..
بچووکترین هەل ڕەخسا بێ ، منت تێدا جێهێشتووە ،
لاتوابووە ئاڵودەت بووم ، هەر ناوی تۆ ئەڵێمەوە ..؟
لە ڕقی پیرۆز نازانی ، بەری دار نییە ، هی بەردە ،
کە دڵ داگیرسا وەک پشکۆ ، بە بێ تۆیش ئەگەشێمەوە ..
سەد جار بێ هۆ خۆتت وونکرد، ڕۆیشتی بۆ گەشت و بۆ گەڕان ..
به تەمای بە ئاماژەیەک ، زوو بۆ لات بگەڕێمەوە ..؟!
دیدار و پەیمانی درۆ ، شکاندیانی لەبەرچاوم ،
زامەکانی دەستی خۆتە ، ئێستا لای خۆت ئەکولێمەوە ..
ئەم غرور و لووتبەرزییە ، چییە سەری لێتێکداوی ؟ ،
زۆر دەمێکە من خەریکم داو بۆ غوربەت ئەنێمەوە ..
بە خەتکوژێن نا ، بە چەقۆ ، ئەیسڕمەوە شوێنەوارت ..
بۆ یەک جاریش‌ ، خەندەیەکت
هەڵنەواسیوە پێمەوە ..
پیرەمێردێکی پڕ لە داخ ، ئەبێ کەڵکی چی تۆ بگرێ ؟
دروێنەی شیعرت مەبەستە ، بە بەراو و به دێمەوە ؟
ئەتەوێ لە ووشەی منا ، تەخت و تاراجێکت هەبێ ،
تەنانەت لە خەیاڵیشا نەهێڵی بحەسێمەوە ؟
بە داخەوە ! لە داخی تۆ ، ڕەنگە کتێبیش جێ بێڵم ،
بچمە شوێنێکی وا نادیار ، مەر بە مەرگ بدۆزرێمەوە .




جەژنیش دوورتر.. شیعری نەوزاد بەندی

لە جەژنیش دوورتر ، ئازیزم …
خۆت ئەزانی ،
سەرۆک ، هۆکارەکانی مردنی
لە هەموو شوێنێ داناوە ..
گەنجێک بە دەست برسێتییەوە ڕایئەکێشن …ماسولکەکانی بەهێزن ،
کەڵبەی مردن باش نایبڕێ ..
لە سەد لا خوێنی لێ ئەتکێ ..
زۆر جار ئەچین بۆ نیسکافە ،
لەو سەر لە ئەمبوڵانسێکاین ،
مەرگ لێی ئەخوڕێ ..
خەریکن دوو خێمەی گەورە ،
ئەچەقێنن ،
یەکێ بۆ نێر .. یەکێ بۆ مێ
یەکێ، مەلا نیعمەتوڵا بە ژنانا چاو ئەگێڕێ ..و
یەکێکیان مەلا نەسڕەدین ، مۆڕە لە پیاوەکان ئەکا ..
زۆر جار ئەچین بۆ دۆندرمە ..
لەجەژنیش دوورتر ئەزیزم ..
ئەم هێلانەیەی من و تۆ ،
دروست نەکرا و .. دروست ناکرێ …
به بارانێکا هەواڵم بۆ ناردیت و
شیعرێکی دوور و درێژت ،
بە شەرمەزاریی ناردەوە ..
پیاڵەیەک چات بۆ تێ نەکرد ..
گوڵەباخی حەوشەیەکی مامۆستایەکی ناڕازی ،
لە دەرگای دا ،
بۆ لە سەرت نەکردەوە ؟
ئەوپەڕی جامێکی فافۆن ،
ئاوی ئەخواردەوە و ئەڕۆیشت ..
لە جەژن دوورتر ئازیزم ..
سەرۆک هەموو ڕێکارەکانی برسێتیی ،
دابین کردووە بۆ هاووڵاتیی..
هەموو پێداویستیەکانی گرانیی .. قاتیی ..
سواڵ و لاتیی ..
بە قات و بۆینباخی شین ..
ئەم چیرۆکە ناتەواوەی
تۆ بە گاڵتە و ..
من بە تووڕەیی ئەینووسین ،
قەت ئامادە نابێ بۆ چاپ ..
ئەرێ بۆچی نەیسووتێنین ؟
چاوەڕێی هیچ له ژیان ناکەم ،
سەد جاریش ئەگەر دەست ببا ،
بۆ گیرفانی …
تۆ چاوەڕێی زۆر شت ئەکەی ،
بۆچی ئەوەندە نەزانی ؟
توێژاڵێ خەیاڵم ماوە ،
ئەوەیش بڕوا ،
ژیان وەک گۆرەوییەکی کۆن ،
ناتوانم لە سەری بڕۆم ..
گەشتێ ئەوەندەی ئەهێنا ،
هەرچیت هەیە ،
بیخەیتە ناو تەنەکەی خۆڵ ..؟
دوایی چۆن دەریانئەهێنی ؟
بە چی پاکیان ئەکەیتەوە ؟
تا دوای جەژنیش ،
تەنەکەی خۆڵ باشتر ، ئازیز ..
نە حەمامی جەژن ،
قەت توانیوێتی خاشاکێ پاککاتەوە ..
نە سەدەقە و
زەکاتی دەوڵەمەندە خواناسەکان ،
توانیویانە جلی جەژن
بۆ تەنەکەی خۆڵێ بکڕن ..
تۆ بە تەمایت بە چی من هەڵخەڵەتێنی ؟
من دواییم بە خۆم هێناوە ،
بۆ کۆتاییم پێ ناهێنی ؟
من بە کاری تۆ دێم ؟ چی ؟
ئەو بینا پڕ تاریکییە ،
ناڕوخێنی !
کە لەو سەریش ،
ئەمسەرم هەر لەبەرچاوە ..
زەوی کە پارچە بەردێکە ،
سەرە خولێم تیا ئەڕوێنێ ..
ئەوەی کە تۆ لەلات وایە ،
شتی جوانی حەشار داوە ..
ئەمڕۆیشت ڕۆی وەکو دوێنێ ..
چاوت داخە ..
دوای چێژ و جوانی بکەوە ..
کە هاتیتەوە ،نەماوم من لەو ناوە ..
لە جەژنیش دوورتر ئەزیزم ،
با دنیا بۆ تۆ پێبکەنێ ..
با من بکا بەکەلاوە ..




من و تۆ لە خولەکی سفردا.. شیعری/ نەوزاد بەندی

من ئەمرم و

تۆ ئامادە نابیت ،

فاتیحایەک و پەرداخێ ئاوی سەفەریی بخۆیتەوە..

لە شارێکی ئەڵمانیی ،

خۆتت داوە لە تەل ،

قژت زەرد کردووە ..

دەستبەندێکی پەلکە زێڕینە ،

لە مەچەکتا ئەبریسکێتەوە ..

بە تەمای ئەڵمانییەک پێت بڵێ :

مۆگن ..

بەڵام بە قێزەوە تەماشات ئەکەن و

جنێوی ناشیرینت پێدەدەن ،

یەکێکیان ئەڵێ :

Heimatverkäufer, schmutzig

وەرگێڕی گۆگڵ پێت ئەڵێ :

نیشتمانفرۆشی گڵاو !

من ئەمرم و

تۆ هەر نایشتەوێ بزانیت ،

لە گەلەرییەکی لەندەن ،

خۆت وا نیشان ئەدەی وەجاخزادەیەکی ئێرلەندیت ..

مستیلەی ئەڵماس و

سەعاتی ڕۆلێکس نیشانی هامشۆکەران ئەدەی ،

دوو ئینگڵیز ئەڵێن :

ئەم ڕێوییە ڕۆژهەڵاتییە،

بە چ بوێرییەکەوە گەیشتۆتە ئێرە ؟

دانەیەکیان ئەڵێ :

ببوورە ! ئێرە جێی سواڵکەر و سۆشیاڵخۆر نییە ،

بڕۆرە دەرەوە هەتا سەگەکەم تێ بەرنەداوی ..!

من لە ئێوارەیەکی بێ حوکمەتیدا ..

لە میللەتێکی بەرەڵڵاکراودا ..

لە شارێکی بێ شارەوانیدا ..

لە کۆڵانێکی پڕ لە پشیلەی برینداردا  ..

سەگەلێکی بەرەڵڵا ئەمخۆن

تۆ لە کتێبخانەیەکی نەمسادا ،

وا خۆت نیشان ئەدەی پسپۆڕیت لە فریدریک نیتشەدا هەیە و

داوای دەستنوسێکی ئەکەیت ،

سمێڵ بابڕێکی وەک گۆنتەر گراس ،

داوای ناسنامەت لێ ئەکا ..

تۆ ئەڵێی پاسپۆرتەکەم لە هۆتێلە ..

پاسپۆرتی سان لویسە !

سمێڵ بابڕەکە هەناسەیەک هەڵئەکێشێ  و

بە تووڕەییەوە ئەڵێ :

لەعنەت لە دۆمینیکان و سان لویس و هەرچی دورگەی ئینگڵیز هەیە!

هەر ئێستا ئەڕۆیتەوە بۆ هۆتێل و

جانتاکانت ئەپێچیتەوە و

ئەگەڕێیتەوە کاولبووەکەی خۆت ..

نە دەنگتان ، نە بۆنتان ، نە عەقڵتان لێرە جێیان نابێتەوە ..

لەبەر دەرگا ،

سەگێکی وۆڵف دۆگ بە دەستی خانمێکەوە ،

خۆی ڕائەپسکێنێ و

قەپاڵێ لە ڕانت ئەگرێ ..

ئەو ڕانەی لێرە پەمەیی بوو ،

لەوێ شین و مۆر هەڵئەگەڕێ ..

یەکسەر پۆلیسێ داوای کارتی نیشتمانی و کارتی تەندروستی و بانکیت لێ ئەکا ..

کە ئەزانێ هیچیانت نییە و

هێشتا بە سەفتە پارە وەرئەگری ،

پێت ئەڵێ : سوپاسی خوا بکە ، کەڵبەیەکی سەگەکە نەشکا ،

ئەگینا ئەبوو قەرەبووی بکەیتەوە ..!

ئەڵێ خۆت و ڕانت ، بڕۆن لە کلینیکێکی پریڤەیت چارەسەری خۆتان بکەن ، تەنانەت سەگەکانیشمان نایەوێن ..

منیش بە دەم گیاندانەوە ،

لە تەلەفزیۆنی قاوشێکی کەڕواویی

نەخۆشخانەیەکی میرییدا ، کە بێجگە له ئیزرائیل ، کەسی تری لێ نییە ..

لە بەرنامەیەکی حیزبیدا ،

سەرۆک ئەبینم ، بەرگدرووەکەی پێی ئەڵێ :

قوربان ئەم بۆینباخە ڕێک هەمان بڕاندی بۆینباخەکەی بەرلسکۆنییە و

چاکەتەکەیشت هەمان چاکەتەکەی

ئیمانوێل ماکرۆن …!

سەعاتەکەیشت،ڕێک ئەوەی دەیڤید بێکام ..

مەرگ ڕێگام نادا بزانم فانیلە و دەرپێکورت و گۆرەوییەکانی سەرۆک ،

چ بڕاندێکن و.. ڕێک وەک ئەوەی چ شا و شاهانشایەکن ..




لە موو باریکتر.. چیرۆکی: نەوزاد بەندی

ئەو بنەماڵەیە هەر هەموویان پلەی دکتۆرایان هەبوو ..بە یەکتریان ئەوت پڕۆف یان یائپڕۆڤ ..وەک ئاماژەیەک بۆ پڕۆفیسۆر و یاریدەدەری پڕفیسۆر …تێکڕایان تێکسمڕاو بوون ، ملئەستوور و.. قاچ و شان کۆتەرە ، لە دوورەوە لە کەرتە شاخ ئەچوون …باپیرە گەورەیان دکتۆرای لە نانەقەیسیدا هێنا بوو ، پرسیارێکی بێ وەڵامی وروژاندبوو ، ئاخۆ نان پێش قەیسییە یان قەیسیی پێش نان ؟ ..خۆی تێزی دکتۆراکەی لەسەر ناوساجی بوو کاتێ بە بنی تاوەوە ئەنوسێ …برا گەورەکەی یاریدەدەری پڕۆفیسۆر بوو ، لە بواری قنچکی پیازدا …خوشکێکیان هەبوو ، زۆر ناشیڕین بوو ، پێیان ئەوت لوت باینجان ، دکتۆرای لە بواری گیزەی مێشولەدا هێنابوو لە شەوی یەڵدادا ، بە پلەی نایاب .. یەکێک لە توێژەران خۆی پێ نەگیرا بوو ، هەتا هێزی تێدا بوو ، جڕتێکی لێ دا بوو ، جا نەڕاندبووی : لە شەوی یەڵدادا نەک مێشوولە ، تەنانەت شەمشەمەکوێرەیش لە سەرماندا ، نایەتە دەرەوە و لە ساتیرەی ئەشکەوتێکا بۆ خۆی خەریکی جۆلانەکردنە ..
هەر ئەو کات و ساتە ، دوو شینە زەلام ، توێژەرەکەیان وەک پارچە فلینێک هەڵگرتبوو و بردبوویان ، ئیتر توێژەر خۆتان خۆش .. ئەو هەموو زانا و دانایه ، هەر نەیشیانپرسی بوو ئاخۆ توێژەرەکە بە چ شێوەیەک کوژراوە ؟ یان چۆن نێژراوە ؟
مامێکیشی هەبوو دکتۆرای بە پلەی زۆر باشە ، لە جیڕەی دەرگادا هێنا بوو ، بە تایبەت لە شەوانی زستاندا … ئەوەندە بە جوانی ئەو جیڕە جیڕەی لێکدابۆوە ، حەزت ئەکرد نەک هەر دەرگاکانی ماڵەوە ، تەنانەت دەرگای مزگەوت و ئوتومبیل و هێلانەی مریشکیش جیڕەیان تێ بکەوێ ، ئەمیش لە خوای ئەویست ، هەر دوای تێزە بە پێزەکەی ، زانکۆیەکی گەورەی دامەزراند ، درەختی دانسقەی وای بۆ هێنا بوو ، نرخەکانی پیاویان تووڕە ئەکرد ، بۆ نمونە درەختێک هێندەی قەلێکی سوور ئەبوو ، نرخەکەی چل هەزار دۆلار .. لەو زانکۆیەدا ، کوڕە زۆر دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووەکان فێری جیڕە جیڕ ئەکران ..چۆن دەرگایەک یان پەنجەرەیەک دێنیتە جیڕە ..یەک کۆرسی تەواو لەسەر جیاوازی نێوان جڕت و جیڕە دەڕۆیشت ..ئەمانیش هەڵبەت هەر وا بە ئاسانیی نایخۆن ، چونکە کۆمپانیاکانی زەیتی دەرگا و دەڕابە هاواریان لێ بەرز بۆوە ، ئێ وای لێهاتبوو بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکاندا ساغ نەدەبوونەوە ..خەڵک بەجۆرێ ئاڵودەی جیڕە بوو بوون ، بابت بکوشتنایە ، بەس باسی ڕۆنی نەرمکردنی ئەنجامەی دەرگات بۆ نەکردنایە .. ئەمان پشتیان قایم بوو ، بە داواکاری گشتییان وتبوو هەر داوایەک دژی جیڕەی دەرگا بەرز کرایەوە ، لوولی کە و بیخەرە تەنەکەی خۆڵەکەوە و خاوەنەکەیشی بە مادەی پەنجا و شەشی تیرۆر سەرنگون بکەن …کار گەیشتە ئەوەی هیچ کورسییەکی بەتاڵ له زانکۆی جیڕە جیڕ نەمایەوە و ..زانایەکی زۆری تیا بەرهەم هات ، کە لە ئاهەنگی دەرچوونیاندا ، زیاتر پاو پوز و ڕانی سپی خانمان نمایش دەکران ، کە هیچ پەیوەندییەکیشی بە جیڕەوە نەبوو ، بەڵام ڕاستەوخۆ لە زانکۆیەکی ئەسکەندنافییەوە وەرگیرا بوو ..جێی شانازی و چاو لەوەڕاندن بوو ..
خوارزایەکیان دکتۆرای لە موشێندا هێنابۆوە ، لە ئەدنبەرە ی بەریتانیا ، یاسای زۆر سەرسوڕهێنەری لەو یارییە میللیەدا داهێنابوو ، بۆ نمونە بە بەڵگەوە حاڵەتی ( حەپولکی ) ڕەت کردبۆوە ، چونکە تۆ کە حەج ئەکەیت ، یان یاری ، هیچ پێویست ناکا بە حەپولکی سڕ بکرێی .. ئەمەیش وایکرد بازرگانیی هەڵمات و گلۆر پێشکەوتنێکی بەرچاو بە خۆیەوە ببینێ ، بە تایبەت دەرچووی کۆلێژ و پەیمانگاکان زۆر بە دڵشادییەوە دادەنەوینەوە وەک چۆن لەسەر سیفۆنی ئاودەستی ڕۆژهەڵاتیی دادەنیشیی ، ئا بەو شێوەیە ، سەریان بۆ هەڵماتەکان نەوی دەکرد ، بۆ ئەوەی یارییەکە بەردەوام بێ …کوڕ ئەو کوڕە بوو موشی زۆر بباتەوە ، ئەوە لە ئەولەویاتی کارەکانیان بوو …
خاڵۆزایەکیان دکتۆرای لە خاڵخاڵۆکەدا هێنا بوو .. دەرمانێکی دۆزیبۆوە ، لە توانایدا هەبوو خاڵەکانی سەر باڵەکانی خاڵخاڵۆکە بسڕێتەوە ، بەوەیش ناوەکەی گۆڕی بۆ باڵباڵۆکە ، یان کاڵکاڵۆکە … شایانی باسە ئەم تێزی دکتۆرایە کە لە تۆڕە کومەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە ، لە پێنج خولەکی یەکەمدا ، سیانزە ملیۆن لایک و .. دە ملیۆن کۆمێنتی دەستخۆشیی بۆ خۆی کۆکردەوە ..ئەمە وایکرد یاریزانە جیهانییەکان پەیوەندی پێوە بکەن و داوای لێ بکەن خاڵەکانیان بۆ لێبکاتەوە ..لە بەرامبەر هەر خاڵێکدا ، چەند پارەیش داوا بکا ، ئامادەن بیدەنێ ، بەڵام ئەو هەستی نیشتمانیی بەسەریدا زاڵ بوو ، لە کۆنگرەیەکدا ، تابلۆی خاڵخاڵۆکەیەکی بەرزکردەوە و نەڕاندی : هەتا خاڵی خاڵخاڵۆکەکانی نیشتمانەکەم وەستابن ، خاڵ بۆ باوکیشم لێ ناکەمەوە .. هەرچی سەروەت و سامانی دنیایەیە بیخەنە بەڕکمەوە ، نەک خاڵێک ، نیو خاڵیشتان بۆ لێ ناکەمەوە ..
ئەڵێن کەس چەپڵەی بۆ ئەو داستانە لێنەدابوو ، هەر بۆیە خەڵکێکی زۆر دەستگیر کرابوون و .. حوکم درا بوون ، هەندێکیشیان سەرنگووم کرا بوون ..




بایەزید و شتی تریش.. شیعری/ نەوزاد بەندی

من دوور ناڕۆم ..
ئەو پەڕەکەی، بایەزیدت بۆ ئەگەڕێم ..
لەوێ لەناو لافاوی ڕەنگ و
بۆن و تام ،
زەحمەتە بتدۆزمەوە ..
تۆ دوور ئەڕۆی ..
هەر بۆیە کات بە گەڕان بۆ من ، خەرج ناکەی ..
دڵنیایت من لەوێ نیم ..و
لەناو ئەو هەموو درەخت و ئاو و ئۆکسجینەی ئەوێ،
لەوێیش بم نامدۆزیتەوە ..
من هەموو مێشکم لای تۆیە ،
کیبۆردی دڵم ، بە پەنجەی تۆ لێ دەدا ..
یەک خاڵم و کاڵ ئەبمەوە و ئەکوژێمەوە و ..جارێکی تر پەیائەبمەوە ، لە دڵتا ..
ئەتەوێ بێ منیش بژیت ،
بەڵام شیعرێ ڕێت پێنادا ،
ئەتەوێ وەکو حەبیبە ، بچیتە ناو باڵەخانەی ئەدەبیاتەوە ..ئەزانی ، چەند دوور بڕۆی ، هەر دێیتەوە ..
چەندێ خۆت بشاریتەوە ،
هەر لە کۆپلەی نووسراوی ناو باخێکی تەواو هەڵوەریو ،
دیسان پەیدا ئەبیتەوە …
من بایەزید ، بۆت ئەگەڕێم ..
بە عەقڵی خۆم ئەتدۆزمەوە و ..
ئەڕۆین هەتاکو گوڵهانە ..
هەتا ئەوێ ، سەد جار کزەبا ئەمبات و ..
هەزار جار لەناو دڵخۆشیی
ناوەختمدا ئەتوێیتەوە ..
چەند ساویلکەم ! بایەزیدت بۆ ئەگەڕێم ..لەو شەقامە کۆنەی هەزار جار ماکیاجی بۆ کراوە و
کەچی هەر ڕەنگی عوسمانی و
دەنگی شمشێر و فیشەکی هەزاران شەڕ ،
لە هەموو جێگایەکیدا
ئەبیسترێ ..ئەزرنگێتەوە ..
بۆنی بارووتێکی زۆر تیژ ،
ئەڕوا هەتاکو ئەوسەر و ..
لەگەڵ بۆنی مێخەکا ئەگەڕێتەوە .
لەو شەقامە خوێناوی و فرمێسکاوییەی
هەزار ساڵە بێدەنگ ئەگری و نازانم چۆن ژیربێتەوە ..
بازرگانەکان دانێکی زۆریان تێدا هەڵڕشتووە ..
گەشتیاری ئەوسەری دنیا ،
پێیدا ڕەت ئەبن و دڵیان بەبێ هۆ ئەگەشێتەوە ..
من لە خۆشی ڕزگار بوون لە دابەزینی جۆزەی ددان ڕەشی
کارەبای موەلیدە ،
وا باڵ ئەگرم ..
تۆ وا ئەزانی عەشقت بووم ،
بە دەستێ ناهێڵی بفڕم ..
بە باڵێ ئەنیشیتەوە ..
من و تۆ ،،سیر و پیازین و
بەس لە ڕێزمانا پێکەوەین ،
نیوانمان هەمووی دوورییە ..
هیچ کاتێکیش دەست پێ ناکا ئەم چیرۆکە ،
تا عاجز بی و
لە بۆنەیەکی وەک بەفرا ،
ئاشت بیتەوە …
بێزار نابم ، دوکان دوکانی بایەزید ئەگەڕێم و ..
کرمانجییەک پیاڵەیەک چای هەنارم بۆ تێ ئەکات و ..
ئەڵێ بیخۆی ، جارێکی تر
بۆ سەر سەکۆی سەرئێشە ناگەڕێیتەوە ..
ئەڵێم ئەوت نەدیوە بێرەدا بڕوا ؟
هیچ تێ ناگا و .. لەگەڵ چەند کڕیارێکی ڕوس ،
خۆیم لێ ئەشارێتەوە ..
نەزانیی خۆمە ئەزانم ، گیرفانەکانی بایەزید ئەپشکنم …
لەو سەر ، تەواو ماندوو ئەبم ،
سیگارێکی ماڵتیپ ، ئەمەوێ ئاگر بەم ، بەس ناوێرم ..
نەک خوێنم دیسان تولەڕێی نیکۆتین بدۆزێتەوە …
تۆ دوور ئەڕۆی ، ..
شیعر کوا ئەگاتە ئەوێ ؟
ناوێرم بپرسم لەوێ تۆ چی ئەکەی ؟
ناشێ لەوێ منێکی ترت
لە کەنار دەریادا شاردبێتەوە ..؟!
یان ئەوێیشت ، هەر بۆشاییە و .. بۆشایی ؟!
من کە لێرە ، ئاڵودەم بووم بە تەنیایی ..
دوورتریش بڕۆی.. بێزار نیم ..
وونیشم کەی بۆ هەمیشە ،
لێت عاجز نیم ..
ئاساییە .. زۆر ئاسایی ..
ئەتوانم بابەت بگۆڕم ..
ئەڵێم بایەزید ، شیعرێکی خواستووە لێم ..
ئەڵێم گوڵهانە ، کۆنسێرتی گوڵێکی تازەی کردووە ..
بە خۆڕایی …
درۆ زۆرە.. کە لێرە هەموو تەمەنمان ، هەر درۆیە و ..
بە بێ درۆ ، خەڵک و حوکمەتیش ئەڕوخێن ..
سوپا و خێزان و پەرلەمان ،
ئەچنە دۆخی نائاسایی …
خەمت نەبێ ..
بێ من بڕۆ …
تا ئەوپەڕی دڵنیایی ..




چەند دڵۆپە شیعرێ.. نەوزاد بەندی

جاران کەسێکى تاوانبار لە دار ئەدرا،
ئێستا شارێکى بێ تاوان ئەکوژرێ
شارۆچکەیەکى بێگەرد هەڵئەواسرێ ..
جاران کەسێکى داوێن پیس..
دز ..
دوو زمان ، شار بەدەر ئەکرا ..
ئێستا میللەتێکى داوێن پاک ..
دەست پاک
دانسقە ، شار بەدەر ئەکرێ ..
جاران دەوڵەمەند کۆشکێکى هەبوو ،
لەگەڵ ئوتومبیلێ ..
ئێستا دەوڵەمەند چەندەها شارى هاوچەرخ و
هەزارەها ئوتومبیل و
کۆمپانیاى دوور و نزیک و
یەخت و
پاپۆڕ و
فڕۆکە و
دۆرگەى هەیە و
هێشتا ئەترسێ ،
لە برسا بمرێ ..
جاران هەژار ،
هەر ساڵێکى نەهات هەژار بوو ،
لەگەڵ باران ، تۆز و خۆڵى هەژاریى
لێ ئەبۆوە ..
ئێستا نە باران و نە دۆلار و نە نەوت ،
شێرپەنجەى هەژارییان پێ چارەسەر ناکرێ ..
ئەوەى توشى بوو ، ئەبێ بەو دەردەوە بمرێ ..

  • * *
    جاران من تەپکەیەک ..داوێکم لە حەوشەى خانووەکەمان
    ئەنایەوە و
    ئەڕۆیشتم ،
    پاش چەند سەعاتێ بە تامەزرۆییەوە ئەگەڕامەوە ،
    بۆ ئەوەى بزانم ئاخۆ
    چۆلەکەیەک
    ڕیشۆڵەیەک
    کوکوختیەکیان بۆ گرتووم ..
    ئێستایش ،
    چەند کۆپلە شیعرێ فڕێ ئەدەمە فەیسبووکەوە و
    چەند سەعاتێ بەجێیان دێڵم ،
    جا بە تامەزرۆییەوە دێمەوە ،
    بۆ ئەوەى بزانم ئاخۆ
    چەند لایک و کۆمێنتیان بۆ ڕاو کردووم ..
    ( هیچ نەگۆڕاوم )
  • * *
    من نە سەرکردەم
    نە شۆڕشگێڕ ..
    موفتیش نیم ..
    بەڵاًم پێم باشە هیچ کەسێ ئوتومبیلەکەى نەشوا ..
    با بەتەواوەتى قوڕ دایپۆشێ ..
    ( بەڵکو بۆ چرکەیەکیش بێ ،
    شەقام عەرەق بکاتەوە ..
    قوڕ شەرمەزار بێ )
  • * *
    ئەو ڕۆژە زۆر خەفەتم خوارد ،
    چونکە هێشتا باوکم نەبینیوە دوو هەنگاو ڕابکا ..
    تراکسودێکى ئەدیداس بپۆشێ و
    پێڵاوێکى نایک لە پێ بکا ..
  • * *
    ئەگەر ئاوێنە نەبووایە ،
    سوێندم ئەخوارد هێشتا لە پۆلى سێى سەرەتاییم ..
    هێشتا خەریکى پڕ کردنەوەى
    مەتارەى ئاو و
    قەڵەمى نووک و
    بۆشاییم ..
  • * *
    زوڵمێکى زۆرم لە کچانى زانکۆ کرد
    چوار ساڵم لەگەڵیاندا بەسەر برد و
    بە یەکێکیانم نەووت :
    خۆشم ئەوێى …
  • * *
    مناڵەکانمان لە گەرما و
    سەرما و
    برسێتى و
    تینوێتى پاراست ..
    بەڵام نەمانتوانى بیانپارێزین لە تەنیایى ..
  • * *
    چۆلەکە بۆى نییە جۆرى خواردن هەڵبژێرێ ..
    نانى بدەینێ نان ئەخوا ..
    گەنم ، گەنم ..
    برنج ، برنج ..
    ئەگەر هیچیشى نەدەینێ ،
    ئازادیى خۆى نادۆڕێنێ و
    بە سەربەرزییەوە ئەڕوا ..

29.12.2014




شۆڕشی عەقڵ.. شیعری نەوزاد بەندی

نازانم بۆ کە خۆر هەڵدێ بێزار ئەبم لە خەو هەڵسم ؟
تەمەڵییە یاخود هەر خۆم نەخۆشم و بە ژیان قەڵسم ؟
ئاخر هەڵئەستی ، لە کوێوە دەست بە ژیانت ئەکەیتەوە ؟
ووڵاتێکی پڕ لە چاڵ و چۆڵی و داو و جەردە و سەرسم ..
ئەڵێن پیاو نابێ ڕەشبین بێ ، ئەبێ وەک شێری مەیدان بێ .
مەگەر کوا پیاو، کوا مەیدان و کوان شێرەکان ، لێت ئەپرسم ؟
کوا بەرنامەی ژیان و زانست ؟ کوا کارگە و کار و داهێنان ؟
بەم پرسیارانەیش ، ئەزیزان ، لەناو خەڵکا ڕەزا قورسم ..
کەس گوێ ناگرێ لە قسەی ڕاست ، خۆ کردار هەرباوی نەما ،
ئیسلامە و دژی دەرسی خوا ، ئیتر چۆن گوێ بەنە دەرسم ؟
وەڵڵاهی ئەوەندە تار و تاریکە ئەم کۆمەڵگایه ،
پێم باشە ڕاوەستن کاری دەمار و خوێنبەر‌ و هەرسم ..
مردن باشترە هاوڕێیان ، لە ژیانێکی بێ سەر و بەر ،
شۆڕشی عەقڵمان ئەوێ ، سەرەتا بە نەخشە و ڕەسم ..
کۆبنەوە ، هەر هەمووتان ، کەس لەو ئەرکە خۆی لا نەدا ،
دەست لەناو دەست و هێز لە خوا ، دەخیلتان بم نەبڕن دەسم ..




سۆزی دڵ.. نەوزاد بەندی

وا ئەمشەویش ڕۆح بە جێما و دڵ لەناکاو سەفەری کرد .
بەو شەستە بارانە هات و کە هاتە ژوور ، ئەو دەری کرد .

من ئەمزانی دیوارێکی بەرز هەیە ئالەو نێوانە،
ئەو کێوانە ، هەموومانی لە تیشکی خۆر بێ بەری کرد .
بەو ناکاوە ، جانتاکانت چۆن ڕێکخست و ئامادە بوون ؟
زۆر ساده بوون ووشەکانت ، کە ڕۆحت وا بێبەری کرد .
ئاگاداری ڕێگاکان بە ، خۆت ڕادەستی خەیاڵ نەکەی ،
نەکەی وەک درەخت ، وەرزەکان چییان داپێی ، لەبەری کرد .
دەوران دەورانە ئەزیزم ، ئەو گوڵەی کە چاو هەڵدێنێ ،
ئەم بێ ئاگا پێی پیا ئەنێ و ئەو ئاگادار ، لەسەری کرد .
لەو شەقامه شێدارانەی قەوزه دیواری گرتووە ،
لە میترۆیەکا یادم کە ، گەر خەم لەگەڵتا شەڕی کرد .
لە پارکەکانی ئەوروپا ، لەگەڵ بەفرا وێنە بگرە ،
من لێرە چی بکەم گەر شیعرێ داوای دوڕ و گەوهەری کرد ؟
لەوێ بەناو گەڵا و گۆڵی باخێکی تەڕا نوقوم بە ،
قەینا مەپرسە کە دڵم بەخەم سەر ڕێژ بوو ، سەری کرد .
ئێرەیی نییە ئەزیزم ، لێره ئێرەییش بەجێی هێشت ،
چی بکەم دڵم تەنگە و دووریت زیاتریش تەنگەبەری کرد .
نەڵێی پێی ناخۆشە گەشتێ بکەم بە دنیای ڕۆشنا ،
یەک باڵداری شیعرم هەبوو ، گەشتی تۆ دەربەدەری کرد .
هەر ئێستا لە تاریکیدا ، نەخەوم دێ و نە خۆر هەڵدێ ،
نازانم کاممان قازانج و . کاممان شکا و زەرەری کرد
ئەگەر لەناو جانتایەکتا ، دەنکێ شیعرت ببردمایە ،
کاتێکت زانی برژانگت بۆتە سوختە و لەبەری کرد .
وا نەزانی ئەوێ ئیتر کانگای ئەوین و هیوایە ،
زۆر خەبیر پەنای بۆ برد و کەچی ئەو بێ خەبەری کرد .
هەمان دنیای وشک و ڕەقە ، ڕەنگەکان نەتخەڵەتێنن ،
نەکراوە هێشتا وەک ئەوەی کە بەشەر بە بەشەری کرد .




دادگایی.. شیعری نەوزاد بەندی

وێنەیەکم نیشان ئەدەی ..
هەزاران جار دەست بە قژ و
بە ڕوومەتیدا هێنراوە ..
بێ ژماردە لێوەکانی ماچکراون..
دەیان هەزار شەوی درێژ ،
لەگەڵ پیاوێکا نوستووە ..
سێ ژەمە نانی لەگەڵ پیاوێکا خواردووە ..
دەیان هەزار پیاڵە چای بۆ تێکردووە ..؟؟
چۆن چاوێکم نیشان ئەدەی ،
مۆری لێوی پیاوێکی تری پێوەیە .. ؟
مل و گەردنێ ،
کە بۆنی ،
پیاوێکی تری لێوەیە ؟




لە قووڵایی خەمەکانەوە.. نەوزاد بەندی

لە سۆمەرست مۆمیان پرسی :
لەو ژیانە درێژەی کردووتە ،
لە چی پەشیمانیت ؟

  • * *

ووتی : به تەنیشت خۆشییەکاندا بە خێرایی تێدەپەڕیم و خۆم لێ گێل ئەکردن .. کەچی بە سەردا خۆم هەڵئەدایە ناو ناخۆشییەکان و زۆرترین کات تیایاندا ئەمامەوە و ئەتلامەوە .

  • * *

بە دیار ئەوانەوە تەمەنمان بەسەر ئەچێ کە نە ئەتوانین دڵیان خۆش بکەین و نە ئەتوانن دڵمان خۆش بکەن ..!

  • * *

ئەو هەموو مەزرای قۆخ و هەرمێیە، نابینین و ..
بە دیار سێوێکی بن عەرزەوە ،
چاوەڕوانیی ئەمانهاڕێ ..

٭ ٭ ٭

ئەو هەموو سوپەر مارکێتە ڕوناک و ڕەنگا و ڕەنگە ڕامانناکێشێ ،
لە کوێرە فرۆشگایەکی گۆشەی کۆڵانێکا ،
تەمەن و بۆنی کەڕوو بەیەکتر ئەناسێنین ..
ئەڵێین : بەس نییە خوا ئەمەی داوە ؟

٭ ٭ ٭
سەر زەمینێکی فراوان ئەتۆرێنین و ..
لە 150 مەترە دووجادا ،
70 ساڵ تەمەن ئەتوێنینەوە ..
ئەڵێین بەرد له جێی خۆی سەنگینە ! ..
(شانازیی بەوەوە ئەکەین کە بەردین ) ..

٭ ٭ ٭

ئەو هەموو ڕەشەبا و هەورە ،
لە دەرگا و پەنجەرەکانمان ئەدەن ،
لەگەڵیاندا گەشت ناکەین بۆ وڵاتی باران ..
ناچینە دیدەنیی ئەستێرەکان ..
گەشت ناکەین بۆ پێدەشتی نێرگزەجاڕ ..،
کۆچ ناکەین بۆ ناو شەپۆلەکانی دەریا ..
وەک مێخێک ، لە پارچه زەوییەک چەقیوین ،
کە بۆتە کەلاوەی خاشاک و جەنگی هەموو دنیا ..
کە مافیاکان نەوتەکەیان دزیوە ..
کە جەردەکان خاکەکەیان بەخشیوە ..
کە خۆ فرۆشەکان باسی سەروەرییەکانی خۆیانی تێدا ئەکەن ..




لە قووڵایی خەمەکانەوە.. نەوزاد بەندی

لە سۆمەرست مۆمیان پرسی :
لەو ژیانە درێژەی کردووتە ،
لە چی پەشیمانیت ؟

  • * *

ووتی : به تەنیشت خۆشییەکاندا بە خێرایی تێدەپەڕیم و خۆم لێ گێل ئەکردن .. کەچی بە سەردا خۆم هەڵئەدایە ناو ناخۆشییەکان و زۆرترین کات تیایاندا ئەمامەوە و ئەتلامەوە .

  • * *

بە دیار ئەوانەوە تەمەنمان بەسەر ئەچێ کە نە ئەتوانین دڵیان خۆش بکەین و نە ئەتوانن دڵمان خۆش بکەن ..!

  • * *

ئەو هەموو مەزرای قۆخ و هەرمێیە، نابینین و ..
بە دیار سێوێکی بن عەرزەوە ،
چاوەڕوانیی ئەمانهاڕێ ..

٭ ٭ ٭

ئەو هەموو سوپەر مارکێتە ڕوناک و ڕەنگا و ڕەنگە ڕامانناکێشێ ،
لە کوێرە فرۆشگایەکی گۆشەی کۆڵانێکا ،
تەمەن و بۆنی کەڕوو بەیەکتر ئەناسێنین ..
ئەڵێین : بەس نییە خوا ئەمەی داوە ؟

٭ ٭ ٭
سەر زەمینێکی فراوان ئەتۆرێنین و ..
لە 150 مەترە دووجادا ،
70 ساڵ تەمەن ئەتوێنینەوە ..
ئەڵێین بەرد له جێی خۆی سەنگینە ! ..
(شانازیی بەوەوە ئەکەین کە بەردین ) ..

٭ ٭ ٭

ئەو هەموو ڕەشەبا و هەورە ،
لە دەرگا و پەنجەرەکانمان ئەدەن ،
لەگەڵیاندا گەشت ناکەین بۆ وڵاتی باران ..
ناچینە دیدەنیی ئەستێرەکان ..
گەشت ناکەین بۆ پێدەشتی نێرگزەجاڕ ..،
کۆچ ناکەین بۆ ناو شەپۆلەکانی دەریا ..
وەک مێخێک ، لە پارچه زەوییەک چەقیوین ،
کە بۆتە کەلاوەی خاشاک و جەنگی هەموو دنیا ..
کە مافیاکان نەوتەکەیان دزیوە ..
کە جەردەکان خاکەکەیان بەخشیوە ..
کە خۆ فرۆشەکان باسی سەروەرییەکانی خۆیانی تێدا ئەکەن ..




سروودی شوڕشی پۆست مۆدێرن.. نەوزاد بەندی

ئاسودە بێ شوقە و تاوەر ..
شوقە و تاوەر ..
بە داهاتی ناوخۆ و موچەی گشت فەرمانبەر ..
بە بایکۆت و بە مانگرتن ..
ڕیشەی دز قەت نایەت لە بن …
ئاسودە بێ ، نە ووتار ..نە ڕەخنەگرتن ..
نە تەماتە ..نە تەبەق هێلکە تێگرتن ..
بە بایکۆت و بە مانگرتن
ڕیشەی دز قەت نایەت لە بن
ئاسودە بێ ، شەق تێهەڵدان ، مناڵ کوشتن ..
خاک فرۆشتن ، لە مەیدانی شەڕ ڕاکردن
بە بایکۆت و بە مانگرتن ..
ڕیشەی دز قەت نایەت لە بن ..
ڕێی ئازادی ، بە تاوەری دز سوتاندن ..
دز ڕاونان و دزکوشتن و دز ڕوخاندن ..
بە بایکۆت و بە مانگرتن
ڕیشەی دز قەت نایەت لە بن




باخچە هەڵواسراوەکانی پاڤڵ.. شیعری/ نەوزاد بەندی

بایۆمەتریی ..
ئیشی شەقامی سەد مەتریی ..
سەدان تاوەری چۆڵ و هۆڵ ..
مۆڵ له دوای مۆڵ ..
دۆنم .. شار به جوملە و بە قل ..
پڕۆژەی بورجەکەی ئیڤڵ ..
ساڵی خوێندنی ڕاوەستاو ..
کارەبا .. ئاو ..
تاپۆی 24 خانوەکەی
گەڕەکەکەی
عەسکەری
سەروو عەقاری ..
جەیشێ گەنجی دانەمەزراو ..
باخچەی گەراجی مەسڵەحە ..
نەخۆشخانەی مناڵبوونەکەی ڕۆژهەڵات ..
ئەی شەپۆلی عەرەبانەی مزگەوتی گەوره و
مەولەوی هەتا سالم ..
زانکۆی پڕ لە عیلم و عالم ..
خاشاکی شەقام و
گۆشەی کۆڵانەکان ..
شکاندنی خلیسکێنە و
پچڕاندنی جۆلانەکان ..
شتی ووردە ..
شەڕی مەعبێنی سەرکردە ..
ئیعتیرافی ئەوەی کە ساڵەهای ساڵە ،
کوڕی خەڵکی ئەدەن به کوشت ،
هەتا ببێ بە هی خۆتان
نەوت و غاز و هەرچی دەشت و چەم و یاڵە ..
سووتاندنی بەنزینخانە و
مەعمەلی قیر ..
هێنانی بەز و جوجەڵە و
ئاودیو کردنی ئارد و شیر ..
موسەلسەلی تەنکەرەکان ..
شەوانی ڕۆمانسی سەر مەرز ..
دەرمان ، بە قەرز ..
موچە ، بە قەرز‌ ..
کامێراکانی پۆینت تو پۆینت ..
سواڵکەری ترافیکلایت و
بەردەم دەرگای مزگەوتەکان ..
سندوقی شێرپەنجەی هیوا ..
ڕۆیشتنی دۆلار بەودیوا ..
سەدان کارگەی خەیاڵیی دەشتی شارەزوور ..
پەیمانی گەورە و ناو بەتاڵ وەک پیرە تور ..
هەزاران شا و شاهەنشا و بەگزادە و ئەمیر ..
وەزیره کوڕ ،
کوڕه وەزیر ..
حیمایەی لوتبەرز ..بێژەری زۆربڵێ و گەمژە و بێ سنوور ..
سەیارەی درع ، کۆشکی بلوور..
شەوگاری سوور ..
جامی ڕەش و ..
تێهەڵدانی ترافیک لایت
لەگەڵ مرور ..
شەقهەڵدان لە سەری خوێندکار ..
ڕاکێشانی هێڵی قیتار ..
حوکمەتی ئەلەکترۆنی ..
ڕمانی باڵەخانە و پرد ..
قوتدانی گرد ..
بڕینی شاخ وەکو خەیار ..
هەڵکۆڵینی زەویی بازرگانیی گران ، وەکو باینجان و کالیار ..
تەلبەنکردنی دەشت و کێو ..
کچە مۆدێلی وەکو خێو ..
ئاگربەردان لە سنەوبەر ..
حوسەینییە و
یانزه بە دەر ..
کۆچکردنی باڵندەکان ،
کۆشکی سەر لوتکەی شاخەکان ..
ئەی باخەکان ؟
تەنینی ئاسمان بە درۆن ..
٭ ٭ ٭
ئەمانە هەموویان درۆن ..
شتێکن وەک ئەفلام کارتۆن ..

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

٭ هەڵەی چاپ :
پاڤڵ = بابل




دوو جنێوی مزر.. نەوزاد بەندی

ــ1ــ
شەقام

شەقام چی بکا لەوە زیاتر ؟
سەدان تاسەی پلاستیکیی ،
ڕەش و پرتەقاڵیی تەپان ..
ئەرکی ملیۆنەها ئاغزە
جگەرەی بێ دایک و باوکی ،
چووە سەرشان ..
میز پیاکردن .. تف پیا کردن .. ڕشانەوە ،
یەک یەک ڕوویان دا و ڕازی بوو ..
زنجیری تانک و
خەریتەی
پۆستاڵی پێ شانازی بوو …
لە سکێچی جەلادەوە
هەتا تابلۆی پێشمەرگەی شەهید و وێنەی
ڕاپەر و کچە مۆدێلی
پیا هەڵواسرا و
جوڵەی نەکرد ..
هەزار فیشەکیان پێوە نا ..
به نارنجۆک و ئاڕبی جی هەڵیانتەکەند ،
دەستێکی بۆ بەردێ نەبرد ..
نەچووە ناو سەنگەر و ساتر ..
شەقام چی بکا لەوە زیاتر ؟
گەلەگورگی بازگە و سەیتەرەی لەناکاو ،
وەک شارە مێروولەی بەهار ،
دایانپۆشی ..وون بوو لە چاو ..
چەند بێگانەی چەکمە بۆگەن ،
بە لووت بەرزی و
لەنجە و لارەوە تەماشای
جەستە و
بۆنی کچانی کرد ؟
بە بەرچاوییەوە کە شەقیان
لە پشتی مامۆستا و
سەری خوێندکاری زانکۆکان هەڵدا ،
ئەم بێدەنگ بوو ،
مانی نەگرت ..
تەنها نزای کرد و ..ووتی
خوایەگیان پیشانمان نەدەی
لەم بار ودۆخە ئەولاتر ..
شەقام چی بکا لەوە زیاتر ؟
پیشانی دان ،
دۆعاکانی قبوڵ نەکران ..
پڕ بوو لە بێگانە و خەڵکی هاوردە و نیشتەجێ کراو ..
دەرگای سەدان
فرۆشگای لەشفرۆشتنی
بە ڕوودا ئاوەڵا کران …
ئەخلاق .. شەرەف ..
کولتوور .. بەها ..
مێژوو .. ئاین ،
لە دار دران ..
شەقام دەستی
بە دەرپێی خۆیەوە گرت ، تا
داینەکەنن ، دایشیانکەند و
بڕایەوە ..
حەیا جارێکە ، هاوڕێیان ، تکا
ئەتکێ و
شکا ، ئەشکێ و ..
ڕما ، ئەڕمێ و ..
بڕا ، ئەبڕێ و ..
فڕا ئەفڕێ و ..
دڕا ، ئەدڕێ و ..
زڕا ، ئەزڕێ و
هەموو شتێ
بێ نرخ ئەبێ بە لایەوە ..

ــ2ــ
ئاشبەتاڵ

جاران چەکدار ئاشبەتاڵی ڕائەگەیاند ، ئەتوایەوە ..
میللەت وەک خۆی ئەمایەوە ..
ئێستا میللەت ئاشبەتاڵ ڕائەگەیەنێ و
ئەڕوا بە کۆڵەکەی ئاشا ،
چەکداریش ئەمێنێتەوە ،
شت بۆ خۆی ئەخوێنێتەوە ،
پلەی خۆی بەرز ئەکاتەوە و
لە چلەی مێگەلەکەدا ،
تەنانەت ناکا تەماشا …
جاران شاعیر ،
وەک فایق بێکەس ئەینەڕاند
بەسەر دز و داگیرکەرا ..
ئێستا شاعیر کۆڵی داوە و
وەک قۆنەرە ،
ئەوەی تۆزێ بۆیاخی کا ،
بریق و باقی بۆ ئەوە ..
مەیگێڕ و ساقی بۆ ئەوە ..
شیعر و ماباقی بۆ ئەوە ..
ڕۆژنامەنوس ،
وەک لەشفرۆش ،
ئیشی ئەو به ڕۆژ و شەوە ..
کلکە لەقێ بۆ کەناڵی فرۆشگای خاک و نەتەوە ..
خۆ گەوزاندن لە خاشاکیان ..
گەندەخۆریی تاک بە تاکیان ..
بۆنخۆشکردنی کەلاکیان ..
ئاساییکردنەوەی ئیشی
بەدڕەوشتی و ترسناکیان ..
لە کاتێکا ،آ
بۆ سیفۆنی دەبڵیو سیش
ناشێ پاکیان ..




شەڕ و ڕیفۆرم.. نوسینی: نەوزاد بەندی

شەڕ تێکدانەوەی کۆمەڵگای نادادپەروەرە ، بە هیوای دروستکردنەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ، بۆیە خوای گەوره ئەفەرموێت : ( کتب علیکم القتال ) واتا ( جەنگمان لەسەر فەرز کردوون ) ..
مانەوەی کۆمەڵگا لە ژێر دەسەڵاتی نادادپەروەر و خۆسەپێندا ، هەموو سێکتەرەکانی ژیان تیایدا ڕادەوەستێت ..ڕۆژ بە ڕۆژ سیماکانی بێکاری و برسێتی و دواکەوتن و لەبەر یەک هەڵوەشان و تاوان و نائومێدیی و سەرهەڵگرتن و نەخۆشییە کۆمەڵایەتی ودەروونییەکان لەنێوان تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایەدا تەشەنە دەکەن ، بە جۆرێک وای لێ دێت مانەوە لەو کۆمەڵگا چەقبەستووانەدا ، کارێکی سەختە و ..ئەوە ئەخوازێت مرۆڤ دەستبەرداری هەست و هۆش و سۆزە مرۆڤایەتییەکانی خۆی بێت .
لەتیف هەڵمەت له شیعرێکیدا ئەڵێت :
( کە هات زەبر و زەنگ
دەست نەدەیتە تفەنگ
ئەبی به ژەنگ )
جوانترین قۆناغ لە کۆمەڵگاکاندا ، ئەو قوناغانەن کە تیایدا تاکەکانی کۆمەڵگا بریاری جەنگ و .. هەڵتەکاندنی سیستمی بێدادی و تۆتالیتاریی دەدەن ..
کە باس لە ئەوروپا دەکرێت ، یەکسەر شۆڕشی ڕێنیسانس مان بە بیر دێتەوە ، کە سیستمی فەرمانڕەوایی نادادپەڕوەرانەی پیاوانی کەنیسەیان گۆڕی بە فەرمانڕەوایی تێکنۆکرات .. لەو سەردەمەوە ، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەوروپییەکان ، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ، داهێنان دەکەن ..ئەگەر ڕێنیسانسیان بەرپا نەکردایە ئەوا ئەمڕۆ ئەوروپییەکان لە چاخی بەردیندا ئەژیان ، چونکە هەر لە سەرەتاوە دەسەڵاتی کەنیسە زانستی بە کوفر لە قەڵەم دەدا و چەندین زانای وەک کۆپەرنیکۆس و گالیلۆی ، کوشت و ئەشکەنجە دا ..
تەنانەت لە ووڵاتە چەقبووەستووە ئایدیۆلۆژییەکانی وەک چین و یاباندا کە هێشتا دەسەڵاتە خێڵەکی و شمولییەکان باڵادەستن تیایاندا ، شۆڕشیان لە بازاڕدا کرد و ..بازاڕی ئازادیان خستە جێی بازاڕی داخراو ، ئەوەیش گەورەترین شۆڕش بوو له مێژووی وڵاتێکی وەک چیندا ، ئەگەر وا نەبووایە ، ئێستا چین لە ووڵاتە کارەساتبارەکان دەبوو .
لە یاسا نوێکانی ووڵاتاندا و بە تایبەت لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا ، سەرۆکی ووڵات بۆی هەیە چوار ساڵ تا هەشت ساڵ فەرمانڕەوایی بکات ، دوای ئەوە ئەگەر هەموو میللەتیش هەڵیبژێرن ، قبوڵ ناکرێت و ئەبێ کورسیی دەسەڵات بەجێ بهێڵێت ، چونکە دەروونناس و کۆمەڵناسەکان سەلماندوویانە مرۆڤ ئەگەر لە هەشت ساڵ زیاتر لە پۆستی فەرمانڕەواییدا بمێنێتەوە ، لادانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و مۆراڵیی تێدا ڕوو دەدات و ..کۆمەڵگا تەفرە دەدات ..سەرۆک دوای هەشت ساڵ ئەیەوێت ڕۆڵی خوا ببینێت و خەڵکەکەیش کڕنوشی بۆ ببەن و بیپەرستن وەک به ئاشکرا ئەبینرێ و ئەبیسترێ و ئەخوێنرێتەوە ..
ئینجا هاوڕێیان ، بزانن وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست له چ دۆزەخێکدان کاتێ سەرۆکێک چل ساڵ کورسییەکەی بە جێ ناهێڵێت ، هەتا ئیزرائیل ، خۆی ودوو فریشتە دێن و پەلکێشی ناو گۆڕی دەکەن ..تەماشا بکەن، ئەو وڵاتانە لە زانست و هونەر و گوزەران و ئازادی و مافەکاندا ، چ داڕمانێک داڕماون ..بە نمونە ووڵات هەیە ساڵانە بودجەیەکی گەورە بۆ دروستکردنی زیندانی نوێ تەرخان دەکات ، چونکە زۆرینەی کومەڵگا ڕەتی دەکەنەوە و ئەمیش زیندانیان ئەکات ..
لە یادمە ، سەرەتای ساڵانی هەشتاکان ، مێرمناڵ بووم ، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێما یاری فتبۆڵێنمان ئەکرد له تووی مەلیک ، کاتێکمان زانی کۆمەڵێک گەنج بە گوڕ و تینەوە ، لە دوورەوە ، دەستیان ڕادەوەشاند و هاواریان ئەکرد : ( برادەران ! کاتی شۆڕش و ڕاپەڕینە واز لە یاری بێنن ! )
خۆشترین ڕستە هەتا ئێستا لای من ، ڕستەی نێوان ئەو دوو کەوانەیەیە..ئومێدی لەناخماندا دروستکرد ..تابلۆی ژیانێکی نوێ و سیستمێکی دادپەروەرانەی نوێی لە ناخماندا کێشا ..خەون و خەیاڵێکی فراوان و باڵای تیاماندا چاند .. فتبۆڵمان فڕێ دا و .. دەستمان دایە دار و بەرد و پەلاماری چەکدارەکانی دڕندەترین سیستمی ئەو کاتەمان دا ، بڕوا بکەن، لێدان و ڕاکردن و ڕاونان و دەنگی میلی کڵاشینکۆفەکان تاکو ئێستایش ، خۆشترین و پاراوترین ئاوازی مۆسیقایە لە ناخمدا و.. هەتا هەتایە شانازیی بەو ڕۆژەوە ئەکەم چونکە یەکەمین بیری شۆڕش و تێکدان و شەڕ بوو لە ژیانمدا دژی سیستمێکی دڕندە و گەمژە و تۆتالیتار ..
یەکێک لە بیریارەکان ئەڵێت : کۆمەڵگای پێشکەوتوو ، شۆڕشی بەردەوامی ئەوێت ..شۆڕش بە مانا فراوانەکەی واتا گۆڕانکاریی .. گۆڕانکارییش واتا تێکدانی شتێک و دروستکردنەوەی شتێک لە جێگایدا ..
تۆ ئەتوانیت خانوویەکی کۆن تێک بدەیت و خانوویەکی نوێ لە جێگایدا دروست بکەیتەوە ..ئوتومبیلێکی کۆن سکراب بکەیت و ئوتومبیلێکی نوێ لە جێگای دابنێیت ..بەڵام دەسەڵاتی خۆسەپێن ، دەیان هەزار چەکداری لە چوار دەوری خۆی کوکردۆتەوە ، گۆڕینی ئەو جۆره دەسەڵاتانە ، ئازایەتی و بیر و باوەڕێکی پتەویان ئەوێت ، چونکە سەدان هەزار چەکدار لولەی تفەنگەکانیان ڕوو دەکەنە شۆڕشگێڕەکان و بە خراپترین شێوە ئازاریان دەدەن بۆ ئەوەی یەکەم بیانشکێنن و دووەم وانەیەکیان دابدەن کە جارێکی تر بیر لە شۆڕش و گۆڕانکاریی نەکەنەوە و ..سێیەمیش بۆ ئەوەی بیانکەن به پەند و عیبرەت بۆ نەوەکانی داهاتوو ، تا هەرگیز بیر لە ڕیفۆرم و پەلاماردان نەکەنەوە ..
بێگومان ئەو گریمانانەی دەسەڵات ، گریمانەی هێندە لاواز و بودەڵەن ، کە بە کەمێک سوور بوونی کۆمەڵگا لەسەر شۆڕش ، هەرەس دێنن و ڕادەکەن .. جەنگاوەرێکی وەک ناپلیۆن ئەڵێ : ( سوپا شەڕی لەگەڵ کۆمەڵگای ڕاپەڕیودا پێ ناکرێ) .. هەروەها ئەڵێ : ( دوو سوپا هێندەی دوو نووسەر من ناترسێنن )
چونکە میللەت کە دێتە مەیدانی شۆڕشەوە ، وەک دەریا وایە ، هیچ هێزێ ناتوانێت خۆی له بەردەمیدا ڕابگرێت ..
بیریارێکی وەک سەید قوتب ، لە ووتارێکیدا بە ناوی (باجی سەرشۆڕیی ) ئەڵێ : ( لە ژیاندا دوو جۆر باج هەن ، ئەبێ یەکێک لەو باجانە بدەیت ..باجی سەربەرزی و باجی سەرشۆڕیی ..باجی سەرشۆڕیی ، لە ئاستێکدا ڕاناوەستێت و ئەبێ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر سەرت شۆڕ بکەیت و سوکایەتیی زیاتر قبوڵ بکەیت و خزمەتی زیاتری ئاغاکانت بکەیت ..بەڵام باجی سەربەرزیی یەک جارە ، یان بەسەر زۆردار زاڵ دەبیت یان لەو ڕێیەدا خۆت بەخت دەکەیت ، واتا بوار نادەیت بۆگەناوی کۆیلایەتیی ، ڕووباری پاک و سازگاری ژیانت پیس بکات )
وائیل سدیقیی ، چالاکوانێکی میسرییە و له دەرەوەی میسر ئەژی ، لەم ڕۆژانەدا له کورتە ڤیدیۆیەکیدا ووتی : ( خەڵکێکی زۆر لە میسرەوە پەیوەندیم پێوە ئەکەن و ئەڵێن وائیل ، کێشەی بێ کارەبایی کوشتینی ، ڕێگا چارەی تۆ چییە بۆمان ؟ ..
هاوڕێیان ، لە میسر سێ ڕێگا هەیە بۆ ژیانکردن ، ئەبێ یەکێکیان هەڵبژێرن ، یەکەمیان ئەوەیە زۆرینەتان بڕژێنە سەر شەقامەکان و ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنە لا ببەن کە لە لابردنی توێکڵە مۆزێک ئاسانترە ، تەنها کۆبوونەوەی زۆرینەی ئەوێت و ئیشی یەک کەس و دوو کەس نییە .. زۆرینە .. وە من پەیمانتان ئەدەمێ لە کورتترین کاتدا ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە خۆسەپێنە ئەگۆڕن ..
دووەم جۆری چارەی بێکارەباییش ئەوەیە وەک من ، میسر جێ بهێڵن ، دوای ئەوەی ساڵەهای ساڵ لەناو میسردا هەوڵمدا زۆرینە کۆبکەمەوە و بە گژ دەسەڵاتدا بچینەوە ، بەڵام پێم کۆنەکرانەوە ..ئێستا ئەوەتا به دنیادا ئەگەڕێم و گەشت ئەکەم و بۆ چرکەیەکیش کارەبا نابڕێت ..
سێیەم ڕێگا ئەوەیه ، هەر لەناو میسردا بمێننەوە و بەردەوام بن لە ڕازی بوون بەو بار و دۆخە .. چونکە کە نەتوانن زۆرینە به گژ ئەو سیستمە نادادپەروەرەدا بچنەوە و .. نەیشتوانن وڵات جێ بێڵن ، ئەبێ بە کۆیلایەتی و سەر شۆڕیی درێژە بە ژیانتان بدەن )




سێ بە سێ.. شیعری / نەوزاد بەندی

دوو شت دزرا ،
حیزبەکان نەوتی ژێر زەوی و خەڵکەکەیش ئاوی ژێر زەوی …
دووەمیان بە نهێنییە و
یەکەمیشیان بە ئاشکرا ..

٭ ٭ ٭

دوو هەڕاجی نائاسایی ،
حیزب زەوی بازرگانی و
خەڵکیش ڕاستگۆیی و متمانە ،
لە کەمپەکانی ئەوروپا ..
یەکەمیان بۆ فەردە دۆلار
دووەمیان بۆ ڕەگەزنامەی ئەوروپایی ..

٭ ٭ ٭

وامزانی هەورەکە دایکرد ،
کەچی پرژی ئاوڕشێنی ژنێ بوو لە بەردەگا بوو ،
بە دزی نەوتدزانەوە ،
یان بە ئەمری نەوتدزێ ،
بیرێکی ئاوکێشی لێدا و
خەتی دووەمی ئاویشی
بە بۆری سێ چارەک ، دزی ..
( کە ئەمەی دی ،
لەناکاو هەورەکە ڕایکرد ..)

٭ ٭ ٭

دزیی بکەی ،
کەواتە
تۆ هەی ..

٭ ٭ ٭
سەدان تەنکەر نەوتی دزیی ڕیز ئەبن لەو سنوورانە ،
سەدان جۆگەلەی ئاوی ڕوون سەر ئەکەن بە ڕاست و چەپی ناو کۆڵانا ،
..

٭ ٭ ٭
زانیاری زیاترت ئەوێ ؟
جیاوازیی نێوان نەوت و ئاو ،
نەوت کاتێ دزرا ، وون ئەبێ
ئاو کە دزرا ، دەردەکەوێ ..

٭ ٭ ٭
چەندین ڕۆژە،
هەموو عەلامات و ئەعرازەکانی بارینێ ،
بە ئاسمانی شارەکانمانەوە دیارن ،
بەس نابارێ ..
ڕێک وەکو من ،
سی چل ساڵە ،
هەموو عەلامات و ئەعرازەکانی کۆچکردنم پێوە دیارە و
کەچی چەقیوم وەک دارێ ..

٭ ٭ ٭
ئەڵێم تۆ بڵێی بارانەکەیشیان نەدزیبێ و
لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانیی ،
گرێبەستی پەنجا زستانەیان ئیمزا نەکردبێ ؟
کەف و تەمەکەی بۆ ئێمە و ئاوە ڕوونەکەی بۆ ئەوان ..؟؟
ئاخر بە پێی گرێبەستی نەوتەکەیش بوو ،
دوکەڵ و پیسبوون بۆ خەڵک و ..
نەوت و دۆلاریش بۆ خۆیان ..

٭ ٭ ٭
ئەم دەسەڵات و میللەتە ،
ڕۆژانە هەزارەها جار ،
یەکتری تەڵاق ئەدەن ..و
کەچی هیچ کامیان
ماڵەکە جێ ناهێڵێ ..
هەر پێکەوەن ..
ئەم پەیوەندییە ناشەرعییە،
نازانم چۆن
مامۆستاکانی ئاینیی ،
لێی بێدەنگن ؟ ..
چۆن مەلا بەشیر هیچ ناڵێ ؟

٭ ٭ ٭ٕ
له لاپەڕەی فەیسبووکەکەی
نوسی بووی ئیشی پتڕۆڵیۆم ..
ووتم با شتێ دەربارەی
پتڕۆڵ و پێکهاتەکانی
هاوکێشە و بەند و کارلێک و
توخمەکانی ، بچنمەوە ..
کە پیا گەڕام ،
هەمووی هەر تەوقە و مەجلیس و
جامانە و عەشرەت و وورگی هەڵڕژاوی سەر قایش بوو ..
جا بۆم دەرکەوت
ئەم قەپۆزە
لووتخوارە سەر قولکە جەوتە ..
فڕی بە پێکهاتەکانی
پتڕۆڵەوە نییە و تەنها
دزی نەوتە ..

٭ ٭ ٭
زانیاریم پێیە ، نەتدیوە
پێم بڵێ چەندێ کۆمپانیا و تاوەر و ڤێلات بەناوە ،
پێت ئەڵێم چەند بەرمیل نەوتت دزیوە لەم بۆگەناوە ..
پێم بڵێ چەند دەستت ئەڕوا ،
پێت ئەڵێم دابەستەی حەوشەی
چ حیزبێکی ..
پێت ئەڵێم لە ناو ئاگری
دۆزەخا ،
لە چ بەشێکی ..

٭ ٭ ٭

ئەگەر مەکتەب کرایەوە و
پشووی دزیی موچەکانتان بڕایەوە ،
پێم باشە کۆمەڵێ وانەی تازە – تازە زیادکەن بۆ لیستی وانەکان ..
گوناهن ، با لەوە زیاتر
بێ داهاتوو ،
بێ نان نەبن هەژارەکان ..
وەکو وانەی :
چۆن لە ماوەی هەفتەیەکا ئەبی بە دز ؟
چۆن لەگەڵ حیزبا ئەبیتە شەریکە دز ؟
چۆن به کۆرسێ ئەبیتە پسپۆڕ لە عیلمی فێڵ و تەڵەکە و درۆدا ؟
چۆن بە هیچ ئاوێ تەڕ نابی ..
چۆن ئەبی بە سپایدەرمان لە شەڕەکانی ناوخۆدا ؟
چۆن گیرفانت بە زنجیری بیرە نەوتێکا ئەدوری ؟
چۆن دەنگی خەڵکی هەژار و ساویلکە بەکاردێنی تا
ئەگەیتە باوەشی چەوری قەڵەوترین حیزبی ووڵات .. چۆن دۆلار ئەهێنیتە بەر ،
وەک کوڕی حەملان و حەیدەر .. ؟؟
چۆن فێری شانازیی ئەبی بە درۆ و خیانەتەوە ؟
چۆن زەوییە زۆر گرانەکان ،
یەک یەک قوت ئەدەی وەک لوقم ؟
چۆن دایئەمەزرێنی پێڕ و شەقوەشێن و باند و تاقم ؟
ئاسانترین ڕێگا بۆ شانازییکردن کەکاتێ هەموو میللەتیش پێت ئەڵێن دز ..
چۆن چۆنی باج ئەخەیتە سەر دەسکێ سەوزە ، کە لە گوێی جادەیەکا ، ئەیفرۆشێ پیرەمێردێکی سەد ساڵەی نەخۆش و کز ؟
چۆن نیوەی وڵات بفرۆشی و ڕووت ڕەش نەبێ وەک قۆنەرە ؟
چۆن نەتەوە و دین و ئاڵا ،
بکەی بە هۆکاریی دزی ..و
تەزویریان کەی یەک یەک ..فەقەرە فەقەرە ..
چۆن چەرمی ڕووت هێند قایم بێ شمشێری میسریی نەیبڕێ ؟
چۆن دەریایەک نەوت قوت بەیت و دەستیش لە خەڵک پانکەیتەوە و پێیان بڵێی : هەر چیم بەنێ ، خوا نەیبڕێ ….
هەتا دوایی ……..هتد ….




پەروەردە و شۆڕش و نووسەر.. نەوزاد بەندی

ـ ـ

یەکەم :
کاتێ نەخوێندەوارترین کەس ئەچێتە سەمونخانە و بچووکترین زوڵمی لێ ئەکرێ ، کە نۆرە بڕییە ، ئەڵێ : کاکە کاتی ئێمەیش بەنرخە ، ئێمەیش ئیش و کارمان هەیە ، ئێمەیش حەزمان لە چاوەڕوانیی نییە ، چ ڕوو قایمییەکە کاتی ئەوانی تر بۆ خۆت بقۆزیتەوە ..
ئەم ڕستانە ، هەموویان ڕستەی تازەن ، یان ڕاستتر بڵێین ڕستەی شۆڕشگێڕین و ..هەموو شۆڕشەکان لەسەر ئەو پڕنسیپانە ڕۆئەنرێن ، یەکسانی و پاراستنی سنوورەکانی یەکتری و ..ئەرک و ماف بۆ هەمووان .. کەواتە ئەو زوڵمە ڕۆتینییە کە ڕۆژانە لە بەردەم سەمونخانە و نانەواخانەکان ئەیبینین ، ئەبێتە قوتابخانەیەکی سەفەری و وانەکانی شۆڕش و مرۆڤایەتیی فێری مرۆڤەکان ئەکات .. بە جۆرێکی تر بیریان پێ ئەکاتەوە و ..ئەیانکاتە خاوەنی گوتاری تازە و زاراوەی تازە بۆ نمونە نوسەرێکی شۆڕشگێڕ و یەکسانخوازی وەک مەکسیم گۆرکی و ..سەرکردەیەکی وەک چێ ڤارا ، خەڵکی کرێکار و سادە بوون و زوڵم پەروەردەی کردن .. هەر بۆیە ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە زوڵم و نادادیدا نوقوم بوون ، پێویستیان بە دەستە و تاقم و ڕێکخراوی پەروەردەیی نییە ، چونکە ئەوان بە زوڵم و زۆر پەروەردە کراون و هەموو وانەکانی شۆڕش فێر بوون تەنها پێویستیان بە سەرکردەیەکە ،پێشڕەوییان بکات ..
لەبەر ئەوە لە کۆمەڵگا ئەشکەنجەدراوە ژێرچەپۆکەکاندا ، ئەو دەستە و تاقمانەی کە لە ژێر پەردەی پەروەردە کردنی کۆمەڵگادا خۆیان ناساندووە ، ئەوانە دوکانداری سیاسین و درێژە بە ئەشکەنجەدان و کۆیلەکردنی کۆمەڵگا ئەدەن بەرامبەر بودجە و پارەیەکی زۆر ، کە لێی ئەخۆن و پێی ڕائەبوێرن .

دووەم :
گەورەترین سوکایەتیکردن بە شاعیرێک ئەوەیە پێی بووترێت : ( شیعرێکی خۆتمان بۆ بخوێنەرەوە) چونکە ئەرکی شاعیر نووسینی شیعرە و ..ئەرکی کۆمەڵگایش خوێندنەوەیەتی ..ڕاست نییە بە سەرتاشێک بڵێیت ، ئادەی سەری خۆتمان بۆ بتاشە ..
کۆمەڵگایەک خۆی تاقەتی خوێندنەوەی کتێبی نەبێ ، کارەساتێکی گەورەیه بێی کتێبی بۆ بخوێنیتەوە .. لەوەیش کارەساتبارتر ئەوەیە بێیت بە کەمانچە و فلوتەوە بۆی بخوێنیتەوە ، بۆ ئەوەی شیعرەکە ئەگەر بۆنساردێکی هەبێ ، بە حوکمی کەمانچە و فلوتەکە ، کەم بێتەوە و جەنابیان قێزیان نەیەتەوە و بۆیان قوت بدرێ ..
لە بیرمە ئەچووین بۆ کۆڕە شیعرییەکانی مەربەد لەبەر نزار قەبانی کە شیعرەکانی ئەخوێندەوە ، وەک گیانەوەرێکی سێرک ئەهاتە بەرچاوم کە خۆی شین و مۆر کردبۆوە تا خەڵکی گوێی لێبگرن و گرنگی پێبدەن و نەمامەکانی شۆڕشیان تیا بڕوێنێ ، سەرباری ئەوەیش کاتێ به تەنزەوە ڕەخنەی لە دیکتاتۆر و کۆمەڵگا ئەگرت ،خەڵکەکە پێی پێئەکەنین ، ئەوە گەورەترین ئازاری منی ئەدا .. کاتێ ئەمبینی کوڕ و کچە عاشقەکان ، بۆ ئەوەی بۆ یەکتری دەربخەن کە ڕۆشنبیرن ، لەو کۆڕانەدا دانیشتبوون بە بێ گرنگیدان ، سەیری ئەو سێرکە ڕۆشنبیرییەیان ئەکرد ، کە لە ڕاستیدا ئەوان هاتبوون لەگەڵ خۆشەویستەکانیاندا دانیشن و بۆنیان بکەن ، نەک گوێبگرن لە شیعرەکانی نزار ..چونکە ئەگەر ئەوان شیعر دۆست بوونایە ، ئەبوو بیانزانیایە چەندین شەو تا بەیانی نزار نەخەوتووە و خەریکی نوسینی شیعرەکانی بووە ، ئێستا بۆچی ئەرکی خوێندنەوەکەیشی ئەخەنە ئەستۆی خۆیەوە ؟؟
کارەساتەکە لەوەدایە ئێستا شاعیران و تەنانەت چیرۆکنووسانیش دێن بەرهەمەکانی خۆیان بە ئاوازی مۆسیقاوە ئەخوێننەوە و بڵاوی ئەکەنەوە بەڵکو ئەوە خوایە خوێنەرە بێتاقەتەکان گوێی لێبگرن ..
بڕوا ناکەم لە هیچ کومەڵگایەکا ئەوەندەی کومەڵگای ئێمە سوکایەتی بە کتێب و نووسەران کرابێ .. لە بەناوبانگترین پێگە ئەدەبییەکانماندا ، باشترین نوسین و نووسەرەکان ، بێ بەرامبەر خۆیان ماندوو ئەکەن و ئەنووسن ، لە دوای ئەوە فیڵدی باری سەرنجی میللەتێکی 40 ملیۆن کەسی ، سفرە .. واتە سفر باری سەرنج ..واتا هیچ کەسێ نەیخوێندۆتەوە ، خویندبێتیشیەوە هیچ کاردانەوە و باری سەرنجێکی لەلا دروست نەکردووە .. ئەوە بە ڕای من کارەساتێکی گەورەیە کە ئەمڕۆ یەخەی بە نووسەران و کتێبەکانیان گرتووە ، کار گەیشتۆتە ئەوەی نووسەرەکانمان کاتێ کتێب چاپ ئەکەن ، وەک شەکراو خواردنەوە و پاشتێلانە ، خزم و دۆستەکانیان بانگ ئەکەن و کتێبەکانیان بە خۆڕایی دابەش ئەکەن بەڵکو لەگەڵ بیبسی و پاقلاوەدا ، نەختێ گوێیان لێبگرن کە بزانن چییان نوسیوە..
ولیەم سارۆیان ئەڵێ ، ئەوەی ئەینووسم ئەگەر تەنها خێزانەکەم بیخوێنێتەوە ، بەسە.. زیاترم ناوێت، ئیتر پێویست ناکا نوسینەکانتان ئارایشت بدەن و شیرینی و هۆڵیان بۆ بگرن، ئەوە هەم خەڵەتاندنی خەڵکە و هەم بێ ڕێزییە بەرامبەر نووسین
بەڵام من لەوە سەیرترم بەسەردا هات ، لەو ماوەیەدا هاوڕێیەکم بینی کە بە هەندێ هۆکاری سیاسیی و نەخۆشییەوە ، خوێندنی زانکۆی کەوتە ساڵانی پیرییەوە ، واتا دوای 40 ساڵیی .. پێی ووتم : ( ئێستا لە بەشی کوردی زانکۆی سلێمانیی ئەخوێنم و حەزم لێیە دەربارەی تۆ بنووسم و توێژینەوەکەم لەسەر تۆ بێت ، چونکە بە ڕاستی تۆ لە نووسەر و شاعیرە پشت گوێخراوەکانیت )
نایشارمەوە ، دڵم بەو هەستە جوانەی زۆر خۆش بوو ، جێی شانازییە برادەرێک دوای ئەو هەموو ساڵە ، بیری تۆی کەوتبێتەوە و ..تۆ بکاتە شاعیری هەڵبژاردەی خۆی بۆ توێژینەوەی زانکۆ و لەو کومەڵگا ئەکادیمییەدا بتناسێنێ و باسی ئەوەیان بۆ بکات کە شاعیر هەیە لە بیر کراوە یان پاشەکەوت کراوە ..
زۆر سوپاسم کرد و ..پێم ووت پێویستت بە هەر دەستنوس و بەرهەمێکمە بۆت ئامادە ئەکەم ، هەتا توێژینەوەکەت تەواو ئەکەیت ..
بەڵام توشی شۆک بووم کە ووتی : نا .. من ناینووسم ..!!
خۆت بینووسە .. خۆت لە هەموو کەسێ زیاتر لە خۆت و بەرهەمەکانت شارەزاتریت !!!
ووتم : یەعنی چۆن ؟ خۆم وەسفی خۆم بکەم و ..خۆم باسی لە یادکردنی خۆم بکەم و.. بە خۆم بڵێم : شاعیری لەیاد کراوی گەلەکەمان ؟؟!!
تومەز ئەم برادەرە خەریکی ئیشی دارتاشییە و تاقەتی نوسینی توێژینەوەی نییە و ..ئەیەوێ بە بەردێک شاعیرێک و دوو چۆلەکە بکوژێت ، هەم دڵی من خۆش بکات ، هەم ئیشی دارتاشییەکەیشی ڕانەوەستێ و .. هەم توێژینەوەیەکی بێ ماندوو بوونیشی دەست بکەوێ .!




خەلکی کوردوستان تەمبەلن!.. نەوزاد بەندی

لە کۆتاییدا بۆم دەرکەوت ئەم میللەتە بەهۆی تەمەڵی و خەوخۆشییەکەوەیەتی وا ناچێتە سەر شەقام ، ئەوەتا دوای ئەوەی سێ مانگ موچەیان لێ بڕی ، جا لە دەڤەری سەوزدا خۆی کوشت ، سەعات و نیوێک هاتە سەرشەقام !! .. من دڵنیام ئەم میللەتە شفتە بووایه قبوڵی نەدەکرد ئەمدیواودیوی بکەی ، لایەکی ئەسووتا و لایەکی کاڵ ئەبوو ..وەک چۆن دەڤەرێکی زەرد و پاییزە و ..دەڤەرەکەی تری کەسک و بەهارە ، ئاخر توخوا شتی وا ئەبێ ؟ بەڵێ ئەبێ ..
مناڵی تەمەڵتان دیوە بەیانیان سەد بەهانە دێنێتەوە بۆ ئەوەی نەچێ بۆ قوتابخانە ، بەخوا بابە سەرم ئێشێ ، لووتم گیراوە ، نەخۆشم ، شەو تا بەیانی خەوم لێ نەکەوتووە ، سکم ئێشێ …با پێنج دەقەی تر بنووم ، ئەم میللەتە تەمەڵەیش بە هەمان شێوەیە ، سەیر ئەکەیت شەڕی غەزە و ئیسڕائیلە ، ئەڵێ : خەتای غەزەیە ، ئەو دەستپێشخەریی کردووە .. یان ئەڵێ کە ئەنفال و کیمیاباران کراین ، جەماعەتی غەزه چییان بۆ کردین ؟ ..ئەی مولازم موحسین فەڵەستینیی نەبوو ؟!!
لە کاتێکدا ئەمانە خۆیشیان لە کاتی کیمیایی و ئەنفالەکەدا خەریکی کەیف و سەفای خۆیان بوون ، تەنانەت لە شاری سلێمانیدا خانوویان نەدەدا بە کرێ بە هەڵەبجەیی و گەرمیانییەکان پێیان ئەووتن قەدەغە و سەربەگۆبەندن ..! .. ئینجا باسی مولازم موحسین ئەکا ، کەچی باسی جاش و تەواری و مستەشارە کوردەکان ناکا کە بەشداریی ڕاستەوخۆیان کرد لە سەرخستنی ئەنفالدا ، بەو حیسابەی ئەوان بێ مادام فەوجێ خائینمان هەیە ، ئیتر کورد هەمووی خائینە و ئەبێ وەک غەزە جینۆساید بکرێ ..
باشە کاکە ، وا خەڵکی غەزە دوژمنی باوک و باپیرمانن ، ئەی بۆچی خۆپیشاندانێ ناکەن بۆ پشتگیریی جولەکەکان کە سەدەهایان لێ کوژراوە و لێ گیراوە و بێ سەر و شوێن کراوە ؟
لێرەدا ئیتر نازانن چی بڵێن ، بە پرخەیەک وەڵامت دەدەنەوە ..
ڕەنگە بڵێم تاکە قسەی نێچیرڤان بارزانیی کە بە دڵم بێ ، ئەوە بوو کە کاتێ نۆرە پۆستی سەرۆکوەزیرانی بوو ، ووتی : ( خەلکی کوردوستان تەمبەلن ) وابزانم بە زمانی فارسیش بیووتایە هەر وا دەرئەچوو ..بە ڕاستی وەسفێکی جوانی بۆ کرد ..
جاران کە مناڵ بووین و تەمەڵیی ئەیگرتین و لێی ئەخەوتین ، بانگیان ئەکردین هەستە برنج و گۆشتە ، وەڵاممان نەدەدانەوە ..بە حیساب خەوتووین و ئاگامان لێ نییە ، کە عەسریش لە برساندا لە خەو ڕائەپەڕین ، ناچاری شلەی سارد و سڕ و بنکڕی بنی مەنجەڵەکە ئەبووینەوە و وەک هار ئەمانخوارد ..
ئێ میللەتیش ئەگەر لە پرخەی خەودا نییە ، کە یەک ڕۆژ موچە دوا ئەکەوێ ، قورتمی ئەو دەسەڵاتە ئەگرم و پڕۆژە حیزبی و باڵەخانەکانی ڕائەگرم .. نەک دوای سێ مانگ بێ موچەیی ، ئینجا سەعات و نیوێک جادەیەک بگرن و دوای ئەوە بۆ ناو پێخەفەکانیان بگەڕێنەوە .. ئەمە مەدالیای خۆپیشاندانە نەک خۆپیشاندان خۆی ..بڕواتان بێ دەسەڵاتداران ئەوەندە پێکەنینیان بەم خۆپیشاندانانە دێت ئەگەر بەلایانەوە عەیب نەبووایە ، ئەیانووت دانەیەکی تریش بکەن پێخەفەکانتان عایدی ئێمەیە ..

ــوێنەکە ناوەڕاستی لەندەنە ، ئەمڕۆ ، ئینگلیزەکان خۆپیشاندان ئەکەن لە دژی کۆمەڵکوژیی خەڵکی غەزه بە چەکی کۆکوژی جولەکە و ئەمریکا ـــ




پیرەمێرد و دەریای خوێن.. شیعری نەوزاد بەندی

پیرەمێردی ئاخر شـــــــــەڕ
سووتاندی ووشکایی و تەڕ
دۆزەخی تاهەتایــــــــــــــی
زامن کرد ، ڕۆژی مەحشەر

پیرەمێردی مناڵـــــــــــکوژ
ژنکوژ ..پیرکوژ و خوێنـمژ
لە دادگای ئیلاهــــــــــــیدا
دار و بەردت دێــــــــنە دژ

پیرەمێردی خڵـــەفاو
خوێنی لا بووە بەئاو
ئاوی لە خەڵک بڕیـوە ،
هەیە فرمێسک و خوێناو

عێراقت خستە سەر پلێــــت
ئەیدزێ هەرچی بوێـــــــــت
پارەی نەوت دەست بەسەرە
لای پیرەی شەڕانیی شــــێت

دەسەڵات بە ئەستۆی ووردی
پێی ئەووت : دۆستی کوردی
تڕحێو لەم دۆستی کــــــوردە!
ئەوەیشی نەئەبرا ، بـــــــردی

زوڕناکانی لای خۆمـــــــــــــان
پێیان ئەووت دۆستی کوردان!
زوڕنا لە پڕا گــــــــــــــــــــــیرا
نەوت و نانیشــــــــــی دۆڕان

Nawzad Bandy




دوو دێڕ.. شیعری نەوزاد بەندی

ــدێڕی یەکەم ـــ

کە نازانم بۆ گۆڕاوی

کە نازانم بۆ ڕەنجاوی ..

کە دیارنییە ، بەجێماوی .. ؟ تێکشکاوی ..

دەرکراوی …؟

یان لە پۆستێکی باڵادا دانراوی  ..

کە یاساغ بێ

 لەگەڵ شاعیر و ماعیرا

 قسه بکەی بە ڕاشکاویی ..؟

لە کۆسپێکی سیاسیدا ،

 دیل و دەست بەسەرکراوی ..؟

لە شەڕێکی عەشایەریی

کە ئارایشتیان کردووە و

 بۆتە  کەیسی سۆسیال یان  کۆمەڵایەتیی ،

بەند کراوی .. ؟؟

گرنگ نییە هیچ کامێکیان

گرنگ ئەوەیه تۆ ماوی …

با وەک خۆی بێ ، چاوەڕوانی ..

دەربارەی من با نەزانی ..

گرنگ نییە

 واهیمەی قوڵ .. بۆچوون ..ڕۆچوون

یان چاو و ڕاو ..

چیت بۆ دەرکەوتووە لە ناکاو ..

گرنگ ئەوەیە تۆ ماوی  ..

شار نەیمێنێ ئاو و موچەی

تاریک دابێ گۆشە و کوچەی ..

گرنگ نییە هیچ کامێکیان ،

گرنگ ئەوەیە تۆ ماوی

گرنگ نییە قسە بکەی ..

حاڵ و هەواڵم بپرسی‌ ..

جەژن بڕوا بە تاساویی ..

دڵ هەر ئیش کا بە شکاویی ..

فرمێسک ئیش کا بە تکاویی ..

پیریی تا بێ ، تیری زیاتر با لەلاویی ..

زانکۆ تا بێ دوورتر کەوێتەوە

جارێ له جارێکیان …

بە جۆرێ مەحاڵ بێ چاوم

بکەوێتەوە بە چاوی ..

گرنگ نییە هیچ کامێکیان ..

گرنگ ئەوەیه تۆ ماوی   ..،

ـــدێڕی دووەم ــ

ئەو شەوانەی باران ئەبارێ ،

من نانووم ..

بە دیارییەوە ئێشک ئەگرم ..

نەک دڵۆپەیەک زامدار بێ و

پێویستی بە فریاگوزاری خێرابێ ..

نەک ئاوازەکەی ڕاگرێ کە ببینێ  هەموو خەوتون ، کەس گوێ ناگرێ ..

نەک کۆمەڵێ دڵۆپە برسیان بێ و

کەس نەبێ تیکە نانێکیان بۆ حازر کا ..

نەک هەندێکیان سەرمایان بێ و

کەس نەبێ چایەکی گەرم و

بەتانییەکیان بۆ بێنێ ..

نەک کۆمەڵێ دڵۆپە لە هەورەگرمە،

یاخی بن و ..

پێویستیان بە یارمەتی بێ ..

٭      ٭     ٭

لە شەوێکی پڕ لە بۆن و

بەرامەی خاک ..

پڕ لە ئاواز ..

ئەبێ سودی خەوتن چی بێ ؟




ببەخشە، من بە سەرۆکت نازانم.. شیعری/ نەوزاد بەندی

لە شارێکایت ،
کارەبای تیا نییە و
لە هەموو جێیەکیش زیاتر ،
خەڵکی بە کارەبا ئەمرن..
شەقامێکی تێدا نیە لە سەد لاوە
بڕبڕەی پشتی نەشکابێ و
لە هەموو جێیەکیش زیاتر
خەڵکی ئۆتۆمبیل لێ ئەخوڕن ..
تۆیش هەر ڕۆژەی ،
بە کەتنێکی تازەوە دەردەکەویت و ..
ئەیشتەوێ پێت بڵێم سەرۆک ؟
کەی لە پۆستی سەرۆکایەتیی تێر ئەخۆی ؟
ئێمە دەمێکە لە پۆستی
هاووڵاتیبوون تێر بووین و ..
ڕەحمەت ئەنێرین بۆ ئەوەی
کە زوو سەری خۆی
هەڵگرت و ڕۆی ..
کەی لە چاکەت و بۆینباخ
پەست ئەبیت و
لە تی شێرتێکا ، نەفەسێ
بە هەردوو بن باڵت ئەدەی ؟
بە غەبغەبەی سوور هەڵگەڕاو
بە هەردوو بنڕانت ئەدەی ؟
ئێمە دەمێکە چاکەت و
بۆینباخمان سەد جار بە نەفرەت کردووە ..
ئێمە دەمێکە هەر کەسێ بەم هاوینە ،
لە قات و بۆینباخایە ،
لەلامان وەکو دارتووە
لەلامان وەکو مردووە ..
٭ ٭ ٭
بێزار نەبووی
لە دەرکەوتنی ڕۆژانەت
لەسەر شاشەی ڕۆژنامە و
لاپەڕەی تی ڤی ؟
بێزار نەبووی لە هەڵەی گەورەی سیاسی و ..
ڕێزمانی و ..
هەڵوەراندنی
پەڕ و باڵ و
موچە و ماڵ و
وەزع و حاڵی هاووڵاتیی ؟
بێزار نەبووی لە هەزار جار
کوشتن و
دیسان کوشتن و
کوشتن و دیسان کوشتنەوەی
مێگەلێ بێجگە لە لاتیی
نەیدیوە ساڵێکی هاتیی ؟
بێزار نەبووی ،
لە ملیۆنەها کۆمێنتی پڕ لە جنێو ؟
لە هەزارەها پەتپەتێن ..
لە هەزارەها خەتخەتێن ؟

٭ ٭ ٭

بێزار نابن ..
سەد ساڵی تر ، بێزار نابن ..
نە لە زێرابی نەوت و غاز ..
نە به دۆنم خاک فڕاندن ..
نە لە لاسایی دیکتاتۆرەکانی مێژوو ..
کە ووشک بوونەوە و با بردنی وەکو مێروو ،
هیچ فێر نابن …
بێزار نابن ..
هەزار ساڵی تر هەڵمژن ،
داهاتووی میللەتێکی خێر نەدیو ..
بیکوژن ڕۆڵەی گەلێکی
لەوەتەی هەیە دڵتەزیو ..
بێزار نابن ،
ملیۆنێ ساڵی تریش ،
لە تێکدانی گوزەران و
ئەدەب و هونەر و جوانی ..
تێرنابن و ..بێزارنابن ..لە وێرانکردنی ئاوەدانیی ..
تێر نابن و بێزار نابن ،
لە سەرهەڵگرتنی سەدان هەزار گەنجی خەمبار و دڵشکاو ..
لە خنکانی سەدەهایان ..
له خۆ کوشتنی سەدان لاو ..
٭ ٭ ٭

بەڵام ئێمە زۆر بێزار بووین ..
بێزار بووین لە زاراوەکانی دەسەڵات ..دەستە ..ئەنجومەن ..کۆمپانیا .. حیزب .. تاوەری چۆڵ و هۆڵ ..
شانە ..خانە .. بزووتنەوە ..
ڕێکخەر ..ڕابەر ..
بێزار بووین لە ناوەکانی حوکمەت ..کابینە .. بودجە .. سروود ..پڕۆژە ..
هەواڵی قۆڕی بە پەلە ..
لە ناوی سەرۆک ..
لە پێشگری فەخامەت ..
لە پاشگری خوا بیهێڵێ ..
لە کادر و .. لە ئەندام و ..
چالاکوان و پەرلەمانتار ..
لە کەناڵ و بێژەر و ڕاگەیاندن ..
لە گومرک و لە نەوت..لە غاز ..
لە ووشەی خاڵی سنووریی ..
سەرکردایەتی.. لە وەزیر ..
لە هەڵبژاردن ..
لە دروشمی بریقەدار ..
بێزاربووین و ئەڕشێینەوە ،
بە بینینی لاندکرۆزەر ..
ڤێلا ..لەگزس ..
تاوەر ..مۆڵ .. ملیۆنان دۆلار ..
لە شەڕی پارتی و یەکێتی
لە شەڕی سۆفی و سەلەفی ..
لە شەڕە باڵ ..
بێزار بووین لە هەموو شتێ ..
هەمووی هەڵگرن بۆخۆتان ..
بەڵام توخوا کەی تێر ئەبن ؟
چ ساڵێ ئینتەلا ئەکەن ؟
کەی ئەڕۆنە هەوای خۆتان و ڕا ئەکەن ؟
بەڵام
هەرچی سەروەتی دنیایە ،
هی ئێوە بێ ،
نە تێر ئەبن
نە بە سەرۆکتان ئەزانین ..
گەر ڕۆژانە پەنجا نووسەریش تیرۆر کەن ..
شەق لە سەری خوێندکار هەڵدەن ..
مامۆستا بکەن بە فتبۆڵ ..
هەر بە سەرۆکتان نازانین ..
هەرچی ئەڵماسی دنیایە ،
بە گەردنی مێینەکانتانەوە بێ،
کەسمان پێیان ناڵێین خاتوون ..
هەرچی سوپای دنیا هەیە ،
لە چوار دەورتان ئێشکگر بن ،
شەوێ بە ئارامیی نانوون ..
چونکە ئەزانن ..
چاک ئەزانن ،
نەک هەر میللەت ،
درەخت و بەردیش
بێزار بوون ..
ناچارم دیسان پرسیار کەم ،
کەی بێزار ئەبن ،
لە سەفتە دۆلاری دزراو
لە ڕشتنی خوێنی دیل ..
دزینی موچەی فەرمانبەر ..
ڕاگرتنی ڕەوڕەوەی ئەدەب و هونەر ..
فرۆشتنی ڕەوشت و دین ..
خاک ..
هیوا ..
ئاوات ..
زانست ..
ئاڵا ..
کورد ..
ڕێزمان ..
شەرەف ..
کەرامەت ..




ئاگادارکردنەوەیەک بۆ مامۆستایان.. نەوزاد بەندی

دەسەڵاتی کوردیی لەساڵی 1992 تا ئێستا بایکۆتی میللەتی کردووە و ..خەریکی پڕۆژە و مۆڵ و ڤێلا و تاوەرەکانی خۆیان و خێزانەکانیانە لە دەرەوە و ناوەوەی وڵاتدا ..
ئێمەیش بەداخەوە ! لەجیاتی ئەو دەسەڵاتە بگۆڕین ، هەستاوین لاسایی ئەو ئەکەینەوە و .. قوتابخانە میللییەکان بایکۆت ئەکەین و خەریکی وانە ووتنەوەین لە قوتابخانە ئەهلییەکاندا کە مناڵی بەرپرس و دەست ڕۆیشتووەکانی تێدا دەخوێنن ..
بە ڕاستی دەسەڵات هیوایەتیی ئەم جۆرە سیستمی خوێندنەیه ، خوێندن بۆ مناڵی بەرپرس و دەوڵەمەندەکان و .. نەخوێندەوارییش بۆ مناڵی بێ لایەن و هەژارەکان ..
ئینجا لە هەموو دنیادا کاتێ کۆمەڵێک خەڵک مان دەگرن ، دوای چەند ڕۆژێک ئەگەر بزانن بایکۆتەکەیان کار ناکاتە سەر دەسەڵات ، بایکۆتەکە ئەگۆڕن بۆ جۆری تر کە کار بکاتە سەر دەسەڵات و ئاڕاستەکانی پێ بگۆڕێت ، کەچی لای خۆمان بایکۆتی مامۆستایان نەک هەر کاریگەریی نییە بۆ سەر دەسەڵات و بڕیارەکانی ، بگرە ختوکەی دەدات و گەز گەز باڵای پێ دەکات ، کەچی به داخەوە لەسەر هەمان بایکوت و هەمان ختوکەدانی دەسەڵات بەردەوامین .
کاتێ شارەکانی هێرۆشیما و ناگازاکی لە یابان دووچاری هێرشی چەکی ناوکیی بوونەوە ، پڕۆسەی خوێندن نەوەستا ..سەدام حسێن بە سەدام حسێنیی خۆیەوە لەو هەموو شەڕە وێرانکەرانەیدا ، نەیهێشت پڕۆسەی خوێندن ڕاوەستێت ، چونکە وەستاندنی پڕۆسەی خوێندن واتا گەڕانەوە بۆ چاخی بەردین و ژیانی ئەشکەوت ..
خۆ وەستاندنی پڕۆسەی خوێندنی هەژاران و .. بەردەوامیی پڕۆسەی خوێندنی کوڕە مەسئول و دەستڕۆشتووان ، ئەمەیان نەک هەر گەڕانەوەیە بۆ ئەشکەوت ، بەڵکو تۆخکردنەوەی پڕۆسەی ڕەگەزپەرستیی و چینایەتییشە ..
من دڵنیام مامۆستایان لە بایکۆتەکەیاندا مەبەستیان لە زەبرگەیاندنە بە دەسەڵات نەک قوتابی هەژار و نەدار ، بەڵام ڕاستییەکە بەوجۆرە کەوتۆتەوە ، بۆیە دەسەڵات خۆی لێ کردووە بە کەڕەی شەربەت و بە کەماڵی ئیسراحەتەوە چێژ لەو حاڵەتە ترسناکە وەردەگرێ کە تیایدا میللەت خۆی سزای خۆی ئەدات ..هەتا کوڕی هەژار و بێلایەنیش نەخوێندەوارتر بکرێت ، دەسەڵات بەهێزتر و ملئەستوورتر ئەبێ و .. سبەینێ خەڵکێکی زیاتری دەستئەکەوێ بیانکا بە چەکدار و بۆ مەرامەکانی خۆی بەکاریان بێنێ ..
هیوادارم مامۆستایان ئەو ڕاستییە تاڵ و تفتە بزانن ..بڕۆن قوتابخانەکان بکەنەوە و .. لە دوای وانەکان ، ناوەڕاستی شارەکان و ڕێگا سەرەکییەکان بتەنن و خۆپیشاندان بکەن ..

( وێنەکە پۆلێکی خوێندنە لە شاری هێرۆشیما دوای ئەوەی بە چەکی ناوکیی وێران کرا )




کۆمەڵگای سەیر و سەمەرە.. نەوزاد بەندی

لە هەر میللەتێکدا ، لە هەر زەمان و مەکان و سیستمێکدا ، ئەگەر سێ کەسی ئیسلامی و کۆمۆنیست و بۆرژوا لە ژوورێکدا بەند بکەیت ، ئەوا بێ شک ، یەکتری ئەبڕێننەوە ..قەتڵ وعامی یەکتر ئەکەن ..بەڵام لای خۆمان ، کەسایەتیمان هەیە کوڕە مەلایه و خۆی کۆمۆنیست بووە و ئێستایش یەکێکە لە بۆرژوا دیارەکان …لەوەیش سەیرتر ئەوەیە ، ئیسلامێکان و کۆمۆنیستەکان و بۆرژواکانیش ڕێزێکی زۆریان بۆی هەیە و هەریەکەیان شانازی به پارچەیەکیەوە ئەکەن ..
لە هەموو میللەتێکدا ، لە هەر زەمان و مەکان و سیستمێکدا ، زانست شتێکی پیرۆز بووە و ..چەندەها زانا و دانا ، بە خۆڕایی وانەیان بە شاگردەکانیان وتۆتەوە لە سۆکراتەوە هەتاکو نەجمەدین مەلا .. لە دانتیەوە هەتا عەبدولکەریمی مودەڕیس .. بە پێچەوانەوە ، ئەم زانا و دانایانە لەکاتی هەبوونی هەر دەسەڵاتێکی زاڵمدا ، بێ چەند و چون ڕووبەڕووی بوونەتەوە و خوێنی خۆیان کردۆتە کاسەوە ، لە تۆماس مۆرەوە هەتاکو دڵشاد مەریوانی .. لە گوڵسورخوییەوە هەتاکو گابریێل گارسیا لۆرکا …بەڵام ئەمڕۆ زانا و داناکانی لای خۆمان ، بە فرۆشتن و هەڕاجکردنی داهات و خاکی کوردستان باکیان نییە و مویەک لە سمێڵیان ناجوڵێتەوە ، کەچی کاتێ موچەکەیان دوا دەکەوێ ، واز لە وانە ووتنەوە دێنن و شاگردەکانیان دەنێرنەوە ماڵەوە ، ئەمە ناو دەنێن خەبات دژی دەسەڵاتی زاڵم ..لە کاتێکدا هەتا ڕەوڕەوەی زانست و زانیاریی زیاتر ڕاوەستێ ،ملی دەسەڵاتی زاڵم ئەستوورتر ئەبێ و ..هەتا نەخوێندەواریی زیاتر بڵاو بێتەوە ، کۆیلایەتیی خێراتر بڵاو دەبێتەوە ..
لەوەیش سەیرتر زۆرینەی کۆمەڵگا ئەم ڕاوەستاندنی پڕۆسەی خوێندنە بە خەبات ئەزانن و لایان وایە بە هۆیەوە پشتی دەسەڵاتی زاڵم ئەشکێ …
لە هەموو زەمان و مەکان و سیستمێکدا ،خەڵکێک هەن تایبەتن و گۆڕانکاریی دروست دەکەن .. ئەمانە ژیانی خۆیان ئەفەوتێنن ، لە پێناوی هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگادا ، لە بەرامبەردا ئەو خەڵکە تایبەتە ئەچنە ناو دڵ و ناخی کۆمەڵگاوە و هەمووان شانازیی پێوە دەکەن ، قسەکانیان وەک بەرنامەی ژیان تەماشا ئەکەن ..لە نازم حیکمەتەوە هەتا نیڵسۆن ماندێلا .. لە چێ ڤارا وە هەتا ڕۆبن هود ..
بەڵام لای خۆمان ئەوانەی لە پێناوی کۆمەڵگادا خۆیان ئەفەوتێنن ، نیوەی کۆمەڵگا جنێوی پێ دەدەن و ..نیوەکەی تریش هیچ ڕا و بوچوونێکیان دەربارەیان نییە ..ئاخر بۆیە لە نالی و حاجی قادری کۆییەوە هەتا تۆفیق وەهبی و ئیبراهیم ئەمین باڵدار لە غوربەتدا گیانیان سپارد ..
لە هەمووی سەیر و سەمەرەتر ئەوەیە ،میللەتێک ئەوەندە سەیر و سەمەرە بێت و ..ددانیشی پیا نەنێت کە میللەتێکی سەیر و سەمەرەیە و . . مێش میوانی نەبێ .

ــنەوزاد بەندی




مردن بە ترش و خوێی ووردەوە.. نەوزاد بەندی

ئێمە به دوای مردنا ئەگەڕێین ،
یان ئەو بە دوای ئێمەدا ئەگەڕێ ؟
( دیار نییە.. )
ئەو ئێمە ئەدۆزێتەوە
یان ئێمە ئەو ئەدۆزینەوە ؟
( دیار نییە ..)
ئێمە خۆمان لەو شاردۆتەوە ،
یان ئەو خۆی لە ئێمە شاردۆتەوە ؟
( دیار نییە .. )
ئێمە لە دەست ئەو ڕا ئەکەین ،
یان ئەو لە دەست ئێمە ڕائەکا ؟
( دیار نییە .. )
ئەو ئێمە ڕزگار ئەکا
یان ئێمە ئەو ڕزگار ئەکەین ؟
( دیارە ..
ئەو ئێمە ڕزگار ئەکا )

٭ ٭ ٭
عێراقییەکان ،
تاکە میللەتن ،
لە کاتی ژیانیشدا ، مردوون ..
گەورەترین گۆڕستانی دنیا ،
لە عێراقە و
بچووکترین هەلی ژیان ،
هەر لە عێراقە ..

٭ ٭ ٭
هۆکاری مردنی بە کۆمەڵی عێراقییەکان بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە ،
چەند کەسێک هەموو هۆکارەکانی ژیانییان دزیوە ..

٭ٓ ٭ ٭

ئەوەی لە عێراق ڕاکا ، ناگەڕێتەوە ..
مەگەر تێک چووبێ ..
یان خزمی ئەوانە بێ ،
کە هەموو هۆکارەکانی ژیانیان دزیوە ..

٭ ٭ ٭

ژیان لە عێراق ،
بریتیە لە خواردنی برنج و شلە و زاوزێ ..

٭ ٭ ٭

هەر کەسێ پرسیاری هەیە ،
با پرسیار کا ..

٭ ٭ ٭

لە ڕۆژێکی مێژووییدا نوسراوە ،
ئەو ڕۆژەی مامۆستای باکوری عێراق ،
دوای سێ مانگ ،
ئیحتیمالە دوو سەعاتێکی تر ،
موچەی مانگی 7 وەربگرن

( وێنەکە 118 ساڵ پێش ئێستایە ، شاری مانهاتن ی ئەمەریکا ..ئەوسا نە دوو تاوەری بازرگانیی جیهانیی تێدا دروست کرابوو ، نە ئوسامەی کوڕی لادن هێشتا لە دایک بوو بوو )




بەبێ جیاوازیی.. شیعری نەوزاد بەندی

هەموومان گریانێ قەرزارین ..

هەموومان بارانێ قەرزارمانە

٭    ٭    ٭

جاران ماسیحە و عەلاگەی خۆڵ نەبوون ،

کەچی شار زۆر پاکتر بوو ..

٭     ٭     ٭

جاران  کرێکارێ ، پۆلیسێ  ،

حەوت کوڕ و سێ کچی ،

لە سەرەتاییەوە تا زانکۆیان تەواو ئەکرد بە خۆڕایی ..

هەرکەسێ ئەچووە نەخۆشخانە ،

بە پەنجا فلس ،

پزیشکی پسپۆڕ ئەیبینی ..

فەحسی خوێن و

سێ چوار  دەرمانی  وەرئەگرت ..

شتێ نەبوو بە ناوی خوێندنی ئەهلی ..

شتێ نەبوو ناوی خەستەخانەی ئەهلی‌ ..

ئەوسا ووڵات هی هەمووان بوو ..

مافیاکانیش لە سیخوڕخانەکانی ئەو دیو سنوور  ..

خۆیان ئەلێسایەوە و

چەندیان ئەکرد 

نەئەگەیشتە ئاوایی

دەنگی لوورە لوور

٭       ٭      ٭

جاران زۆرینە تەنها لە بۆنەکاندا گۆشتیان ئەخوارد ،

بەڵام شار پڕ پڕ بوو لە شێر  ..

٭     ٭      ٭

جاران تاک و تەرا قوتابخانە هەبوو ،

بەڵام ڕۆشنبیری وامان تیا هەڵئەکەوت ،

بێگانەیش دەستی بۆ ئەگرت بە سنگەوە ..

٭      ٭       ٭

جاران بازاڕی دۆلار  و عەلوە و پێشانگای نێو دەوڵەتیی نەبوون ،

کەچی هیچ کەسێ پارە پەرست و

برسی  و چاوچنۆک نەبوو ..

٭       ٭           ٭

جاران یەک حیزبی نیشتمانی و ئاینییمان نەبوو ،

بەڵام خەڵکی ئەوەندە نیشتمانپەروەر بوو

ئەوەندە ئاین پەروەر بوو ،

نەبووە و نابێتەوە ..

٭       ٭        ٭

جاران بە دەگمەن کۆشکێکت ئەبینی ،

بەڵام کەسێکت نەئەبینی بکڕوزێتەوە ..

هەمووان شایان بە سەپان ڕانەدەگرت ..

٭        ٭        ٭

جاران دەرسی دینی و .. توێژەری کۆمەڵایەتی و .. توێژەری دەروونیی نەبوون ،

بەڵام هیچ کێشەیەکی دینی و

هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و

هیچ کێشەیەکی دەروونیت نەدەبینی ..

٭       ٭       ٭

جاران  خەڵک لە کانی و ڕووبار و مەرکانە ئاویان ئەخواردەوە ،

کەچی نە شێرپەنجەی گەدە هەبوو ..

نە کیسە ئاوییەکان ..

نە ئێچ پایلۆری ..

نە ئەنتامیبا ..

نە جیاردیا ..

نە ئێچ نانا ..

٭        ٭         ٭

جاران لەو شارەدا تەنها دوو دەرمانخانە هەبوون ،

کەچی بە دەگمەن نەخۆشێکت ئەدی …

٭         ٭          ٭

جاران ئەو شارە ،

سێ چوار ئوتومبێلی تێدا بوو ،

کەچی هیچ کەسێ لە دەوام دوا نەئەکەوت ..

هەمووان پێش خۆر ئاوا بوون ئەگەیشتنە ماڵەوە ..

٭          ٭           ٭

جاران دوو چایخانە لەو شارەدا هەبوون ،

کەچی خەڵکی ،

بە بێ جیاوازی ،

تێر چا  و

تێر تاوڵە  و

تێر دۆمینە بوون ..

٭         ٭           ٭

جاران تاک و تەرا کوردێک

ئەڕۆی بۆ هەندەران ،

لەو سەرەوە پڕۆفیسۆرێ ئەگەڕایەوە ..

٭        ٭           ٭

جاران ئەچوویتە بەر دەرگای هەر ماڵێ ،

پێش خانەخوێ ،

بۆنی ڕەیحانە و

مێخەک و

گوڵەباخ ،

فەرموویان لێ ئەکردی …

٭           ٭          ٭

کەچی ئێستا ،

ئەم دەسەڵاتە بێ ڕەوشتە ..

ئەڵێ  جاران ئێوە کۆیلە بوون ،

ئێمە بووین ئاخوڕی ئازادیمان

کردە ملتان  ..




بەشێک لە ژیاننامەکەت.. شیعر/ نەوزاد بەندی

لە کوردستان گەوره بووبی ،
بێ شک لە چەند شوێنێکەوە سەرت شکاوە ..
لە کاتی مانگ گیرانا ،
لە تەنەکەت داوە ..
بە بێ ئەوەی بیانناسی ، ڕێیان پێ گرتووی ..
بەلایەنی کەمەوە مامۆستایەک بە ناحەق نمرەی لێ بردووی ..
چەند جارێ ویستووتە لە ماڵی باوکت ڕاکەی ..
بە ناحەق لێدانت خواردووە و
تفیان تێکردووی ..
بە کۆڵانێکا ، له هیچ و خۆڕایی ڕاویان ناوی ..
چەندین جار پێڵاو ، قاچی گرتووی ..
لە ئیمتیحانی شەفەهیی نیوەی ساڵدا ،
پێکانت تەزیون ، بوون بە سەهۆڵ ..
چەندین جار تێکەڵاو بوون ، برینی ئەژنۆت و خاک و خۆڵ ..
حەزت له زۆر شت کردووە و بۆیان نەکڕیوی ..
زۆر جار ویستووتە قسە بکەیت و
پێیان بڕیوی ..
بە لایەنی کەمەوە دوو سێ جار ، ویستووتە بچیتە شاخ ..
مامۆستای سەقافە مۆڕەی لێکردووی ..
چەندین جار دڵت تەنگبووە بە بینینی عەرەبی زلی سێ چارەک له پێ ..
چەندین جار ڕێی دوورت بڕیوە بە پێ ..
پشیلەت ڕاوناوە ..
سەگ ڕاوی ناوی ..
چۆلەکەت کوشتووە ،
زەدەواڵەت وروژاندووە و
پێوەیان داوی ..
ماسیت لە تەشتێ ئاوا بەخێو کردووە ،
دوای سێ چوار سەعات ،
نەتزانیوە بۆچی خۆی هەڵداوەتە دەرەوە و .. مردووە ..
بە لایەنی کەمەوە چەند جارێ ،
سروودی ئەی ڕەقیب ، گەرمی کردووی ..
وێنەگری سەقەت ، وێنەی خوار و خێچیان بۆ گرتووی ..
سەرتاشی ناحاڵیی ،
پشت ملیان بۆ بڕیوی ..
ویستووتە شتێ بفرۆشی و
کەس لێی نەکڕیوی ..
پەنجەت بە عەلادین سووتاوە ..
دڵت بۆ کچی دراوسێ لێی داوە ..
بۆ کڕینی پاسکیل ، بە سەعات گریاوی ..
لەسەر دەمەقاچانە و دارلاستیک ،
چاکیان لێ داوی ..
له پشتەوە چەمۆڵەت لە مامۆستا ناوە ..
دوو کەڵەشێری داماوت به شەڕ داوە ..
حەزت کردووە بی بە کۆمۆنیست لەبەر یەکسانیی ..
بەردت گرتۆتە ئاوێک یەکپارچە جوانیی ..
گریاوی بۆ مناڵی دراوسێ ،
کە لەو گەڕەکە بارتان کردووە ..
چەندین جار ملت گرتوون و ملیان گرتووی ..
تا جەژن قسەیان لەگەڵ نەکردووی ..
شەوی بەرات ، جوانترین شەوت بووە ..
خەوی پشوو ،
خۆشترین خەوت بووە ..
جارەها چووی بۆ مەیدانی کرێکاران و
کاریان پێ نەداوی ..
هەزاران جار لە بازاڕی لەنگە گەڕاوی ..
پانتۆڵ و کراسی کۆنەی ووڵاتانت پۆشیوە ..
قەراغە نانت بە عەلادین گەرم کردۆتەوە ..
ڕومەتت بە پەنجەرەی تەمگرتوو ، سارد کردۆتەوە ..
سەدان جار خەمۆکیی لێی داوی ..
لە ناکاو لە ناوەڕاستی ڕێگاکانا وەستاوی ..
لەگەڵ هەرچی کەسە ، چەندەها جار عاجز بووی ..
بە جەژنانا ، پینەتان کردۆتەوە ..
هەزار‌جار بەردیان تێگرتووی ،
پێش قەتماغەی برین ، بیرت چۆتەوە ..
سەدان جار بە ناحەق ،
بۆردومان کراوی ..
لەسەر زەریایەک نەوت ،
بێ نان کراوی
سەدان جار لەگەڵ هاوڕێیان ،
باسی ڕاکردنتان کردووە بۆ هەندەران ..به لاویی ..
جەندرمە گرتوویتی ..
پاسدار لێی داوی ..
پۆلیسی کەناراوەکان .
ڕاویان ناوی ..
قاچاخچی پارەی خواردووی ..
لەناو بەفرا ، جێی هێڵاوی ..
لە سەربازیی ڕاتکردووە ..
چەندین جار عەریف و
ئینزیبات و
ڕەئیس عورەفا وەحدە ،
زەحفیان پێ کردووی ..
جنێوی سووکیان پێداوی ..
ویستووتە ببی بە جاش ،
لە بری موچەکەت ، وەرەقەیەکی عەدەم تەعەروزیان پێداوی ..
موچەیان خواردووی ..
لێیان بڕیوی
لێیان دزیوی ..
بۆیان پاشەکەوت کردووی ..
ڕاپۆرتی پەنجا پەڕەییان لەسەر نوسیوی ..
بە لایەنی کەمەوە جارێ زیندان ڕایموسیوی ..
سەدان جار دایکت پێی وتووی
دەمی خۆت بگرە ..
دەیان جار کتێبی قەدەغەت خوێندۆتەوە
نوسراوی یاساغت شاردۆتەوە ..
بەردت داوە بە پەنجەرەی
دامەزراوە میرییەکانا ..
ڕەسمی سەرۆکی ووڵاتت دڕیوە ..
تفت کردۆتە دروشمەکان ..
چەندین جار بێ ئاگاداریی خۆت ،
شەڕی براکوژییان پێ کردووی ..
بەلایەنی کەمەوە ، خوێندنی ساڵێکیان لێ کردووی ..
نەتزانیوە بۆچی سەرۆک ئەوەندەی ڕق له خەڵکە ؟
نەتزانیوە له کوێ کۆکراونەتەوە
ئەم هەموو سیاسیە بێ کەڵکە ؟
بە مەلایەکت وتووە : بەسیەتی ئامۆژگاریی .. کەی ڕاپەڕین دژی زۆرداریی ..
بە لایەنی کەمەوە جارێ ،
هەوڵی خۆ کوشتنت داوە ..
فتبۆڵیان تەقاندووی ..
هەلوکیان شکاندووی ..
کۆڵارەیان دڕاندووی ..
پاسکیلیان فڕاندووی ..
بێ ئەوەی هاریت کردبێ ،
لەناو هارەکانا ناویان نوسیوی ..
بە لایەنی کەمەوە چوارجار ،
چوویتەتە خۆپیشاندانەوە ..
گیراوی ، لە شوێنێ کەست نەدیوە و
کەسیش نەیدیوی ..
بێ نان ، بە تێهەڵدانەوە ..
بە لایەنی کەمەوە جارێ ،
بە نهێنی ، دەمانچەت کڕیوە ..
جارێ زیاتر ، فەیسبوک ئاگاداری کردوویتەتەوە ،
کە دژایەتی دەسەڵات نەکەی ..
سەد جار زیاتر ،
پۆستی فەیسبوکیان سڕیویتەتەوە ..
تا شەش ڕۆژ بۆت نەبووە ،
یەک ووشە بڵاو کەیتەوە ..
هەزار جار لەسەر بیر و باوەڕ ،
جنێوی پیسیان پێداوی ..
زەوی نیشتەجێ نەدراوە به تۆ ..
بە لایەنی کەمەوە هەزار جار ،
بە ناحەق هەوڵدراوە نانبڕاو بی..
هەوڵدراوە دەرکراو بی ..
هەوڵدراوە بەدناو بی ..
پارچە پارچە و
هەڵوەشاو بی ..
بەلایەنی کەمەوە جارێ ،
لە کۆڕەودا ، برسێتیی ئەشکەنجەی داوی ..
چەندین جار لە منداڵیدا
هەستتکردووە پیری ..
دەستتکردووە بە نوسینی ڕۆمانێک و ..
لە نیوەیدا دڕیوتە ..
چەندین جار خۆت داوەتە دەست گۆشەگیریی ..
بە دڵی خۆت نەبووە ،
هەرچی کڕیوتە ..
چەندین جار داوای کۆچت بۆ کەنەدا پڕ کردۆتەوە و ..
نەیانویستووی ..
گرین کارتی ئەمەریکات پڕ کردۆتەوە و ..
ساڵانەیش لۆتەرییەکەی ..
لە داخی دەسەڵات و عەنتەرییەکی ..
هەزاران جار ، لە هەموو شتێکی خۆت پەشیمان بووی ..
دەیان جار جگەرەت تەرک کردووە و ..
دووبارە بۆی حەیران بووی‌ ..
بە لایەنی‌ کەمەوە جارێ جەڵتە لێی داوی ..
ڤیتامین و ئاسنت دابەزیون ..
بەلایەنی کەمەوە سێ جار دکتۆر پێی وتووی : ئەرێ تۆ چۆن ماوی ؟
خواردنی ئێکسپایەریان دەرخوارد داوی ..
دەرمانی ئێسکپایەریان دەرخوارد داوی ..
ویستوویانە نەمێنی و کەچی ماوی ..
شتی تریش‌ …




شاعر کەریم عێراقیی.. نەوزاد بەندی

(( لا تَشْكُ للناس جُرْحًا أَنْتَ صَاحِبُهُ
لا يُؤْلِمُ الجَرْحُ إلا مَن بِهِ ألَمُ

شَكْوَاكَ لِلنَّاسِ يا ابنَ النَّاس منْقصَةٌ
ومَن مِنَ النَّاسِ صَاحِ مَا بِهِ سَقَمُ ))
(( گلەیی لە زامێک مەکە ، تایبەتە و موڵکی خۆتە ..
زام ئەشکەنجەی کەس نادا ، بەس ئەوانەی زامدارن ..
گازندەت لە لای خەڵکی ، ئەتشکێنێ لە لایان ..
کێ ئاگای لە وانەیە نەخۆش وگرفتارن ؟ ))

شاعیری عێراقیی هاوچەرخ ، کەریم عێراقی ، ناوی کەریم عۆدەیه و لە ساڵی 1955 لە گەڕەکی کەڕادە مەریەمی بەغداد لە دایک بووە . بڕوانامەی دبلۆمی له دەروونزانی و مۆسیقای مناڵاندا ، لە پەیمانگای مامۆستایانی بەغداد بەدەست هێناوە ..چەندین ساڵ مامۆستای سەرەتایی بووە و پاشان بووە بە چاودێری نوسینی ئۆپەرێتی قوتابخانەکان ..
هێشتا قوتابی قۆناغی سەرەتایی بووە کە لە گۆڤارەکاندا نووسینی بڵاوکردۆتەوە وەک گۆڤاری المتفرج ،الراصد ، الاذاعة والتلفزیون ،ابن البلد ، وعي العمال و گۆڤاری الشباب ..هۆنراوە و شیعری میللی و گۆرانی و ئۆپەرێت و شانۆگەریی نوسیوە ..
لە قۆناغی ناوەندیی بووە کە هەر دوو گۆرانی (الشمیسة ) و ( یا خالة یا خیاطة )ی بۆ منداڵان نوسیوە و کراون به گۆرانیی .. شیعری( جنة جنة ) کە هەر سەرپێیی نوسیبووی ، زیاتر لە دەیان وڵاتدا کرا به گۆرانی ، دیارترینیان ئەوەی ڕەزا خەیات بوو ..
شیعرەکانی چەندەها گۆرانیبێژ کاریان لەسەر کردووە وەک کازم ساهیر ، سەڵاح عەبدولغەفور ، سیتاهاکوبیان، فوئاد سالم ، انوار عبدالوهاب ، سەعدون جابر ، حسێن نیعمە ، دیانا حەداد ، فەزڵ شاکر ، سەمیرە سەعید ، هانی شاکر ، ئەساڵە نەسڕی ، سابیر ڕوباعی ، ماجد موهەندیس …

نۆزدە کێبی چاپکراوی هەیە ، لە نێوان دیوانی شیعریی و ڕۆمانی مناڵان و چەند شانۆگەریی و سیناریۆیەک
وەک ( للمطر و ام الضفیرة ، ذات مرة ، سالم یا عراق ، الخنجر الذهبي ، الشارع المهاجر ، كسل و بغلته الرمادیة ، یا حوتة یا منحوتة ، عید و عرس ، دنیا عجیبة ، یقظة الحراس ، حكایات بغدادیة ، ها حبیبي ، یا شاغل الفتیات ، …… )
سەرەتای ساڵی نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوو ، کەریم عێراقیی وەک زۆربەی نوسەر و هونەرمەندە عێراقییەکان ، وڵاتەکەی به جێهێشت و ڕووی کردە وڵاتی تونس .. بەو جۆره گەلێ وڵاتی عەرەبی گەڕا و لە کۆتاییدا لە ئیماراتی عەرەبیی نیشتەجێ بوو ..
خەڵاتی یونیسێفی بۆ باشترین گۆرانیی مرۆڤایەتیی وەرگرت کە ئەم هۆنراوەکەی نوسی بوو ، کازم ساهیر بە گۆرانیی پێشکەشی کرد .
خەڵاتی ئەمیر عەبدوڵا فەیسەڵی جیهانیی لە ساڵی 2019 دا وەرگرتووە ..
چەند ساڵێکە ، کریم العراقی دووچاری نەخۆشی شێرپەنجە بووە و چەندین سەرۆکی عەرەبی بە سەرۆکی عێراق شیاع سودانیشەوە هاوکاری و پشتگیریی ڕاستەوخۆیان بۆ تێپەڕاندنی نەخۆشییەکەی ، کردووە ..
ئەمڕۆ هەینی ، یەکی ئەیلولی ساڵی 2023 لە نەخۆشخانەیەکی ئەبوزەبی و لە تەمەنی 68 ساڵیدا ، کۆچی دوایی کرد ..

(( فَإِنْ شَكَوْتَ لِمَنْ طَابَ الزَّمَانُ لَهُ
عَيْنَاكَ تَغْلِي وَمَنْ تَشْكُو لَهُ صَنَمُ

وَإِذَا شَكَوْتَ لِمَنْ شَكْوَاكَ تُسْعِدُهُ
أَضَفْتَ جُرْحًا لِجُرْحِكَ اِسْمُهُ النَّدَمُ ))
(( گلەیی لای کەسێ بکەی بەختیار بێ ،
چاوی تۆ ئەکوڵێ و ئەویش بت ئاسایە ..
سەردانی ئەوەی بە زامت دڵخۆشە
زامی پەشیمانیشت زیاد ئەکا لە زیایە ..

ــنەوزاد بەندی




دەنگ بدەن بەم لیستە.. تەنزە شیعری نەوزاد بەندی

ڕووتان ڕەشبێ ، خۆتان و ئیــــــــــــدارەتان
بۆ ئەو هەزاران درۆ شاخــــــــــــــــدارەتان
ڕووتان هەبێ ، ئەچن بە ناخی ئـــــــــــەرزا
دڵتان هەبێ ، زوو وەســــــــــتابوو لە لێدان
بە چ ڕوویەک ئەچنە بەردەم کامێــــــــــــرا
تف لە ڕەنگ و تف لە دەنگ و چارەتــــــــان
تف لە ڤێلا و لە کۆمپانیا و کۆشــــک و باخ
لە ملیارەها ملیار و پــــــــــــــــــــــــــارەتان
تف لە بەڵێنی دوێنێ و هی پێرێتــــــــــــان
تف لە بەڵێن و درۆی ئەمجارەتـــــــــــــــان
تف له باج و لە ســــــــــــەرانە و جەردەیی
لەو هەموو ناماقـــــــــــــــوڵی و ووتارەتان
زانست ، هونەر ، ئەدەب هەرەســــیان هێنا ،
هەرچی گەمژە و گەلۆرە ، تێتــــــان بەردان
براکوژ و موچەدز و خاکــــــــــــــــــفرۆش ،
داوێن پیس و هەمــــــــوو جۆرێ لە تاوان
کە دەر ئەکەون ، گەل ڕشــــــــــانەوەی دێ
ڕەحمەت لە جەڵتە و لە سیل و سەڕەتــــان
مل بشکێنن ، سەرهەڵگرن ، جێــــــــی بێڵن
لە ژێرتانا ڕاکێشـــــــــــــــــــــراوە بەڕەتان
با هەڵنەســـــــــــێ لافاوی خوێن ئەمجارە ،
قورسە ڕقی میللـــــــــــــــەتی بێ دەرەتان
ڕووتان ڕەش بێ،لەبەردەم خەڵک و خوادا
حەرامزادە و حەرامخۆر ، دێ ســــــەرەتان
نەخوێندەوارن ، ناڕوانن بۆ مێـــــــــــــژوو
لە جێی پاداشت ، خەڵکی زامدارتان ڕەتان
دوو پێڵاوە ناقۆڵاکەی پەشـــــــــــــــــێون
وا لە پێی بەغا و ئەنقــــــــــــــــــــــەرەدان
ئەی لە دادگای خواییدا ، لە قیامـــــــــــەت
دڵتان خۆشە بە کام فیــــــــــعل و کارەتان
قوڕبەسەرتان ، ڕوو ڕەشی هەردوو دنــــیا
سپیتان کرد ، کار و ڕوخساری شەیتـــــــان




شیعر/ مەترسیی.. نەوزاد بەندی

من
مەترسییەکی گەورەم لەسەر خۆم ..
نازانم چۆن خۆم لە خۆم ڕزگارکەم ..
یان پۆلیس لە خۆم ئاگادارکەم ..

٭ ٭ ٭

لە هەموو لایەکەوە ،
مەترسییەکان هەڕەشەمان لێ دەکەن ..
لە مناڵی ناو سکی دایک
لە فەرمانبەران ..
لە دەستگێڕەکان ..
لە پێشمەرگەی کەمئەندام ،،
بەڵام ملیاری دزەکان ،
هەر لە زاوزێدان ..

٭ ٭ ٭
حەزکردن لە مردن ..
دوای دزینی سەرجەم
دڵۆپە نەوت و کاغەزە دینار و دەنکە گەنمەکانی نیشتمان ، دێ ..
ڕاکردن بە ناو دەریادا ،
دوای دزینی سەرجەم
بڕوانامە و داهاتوو ، خەون و خەیاڵی گەنجان دێ ..

٭ ٭ ٭

شاریان پڕ کرد لە تاوەر‌ ،
تا خۆیانی تیا بشارنەوە ..
گەل نەزانێ پەلاماری کوێ با ..




بریدا.. نەوزاد بەندی

سەد ساڵ چاوەڕوانیت دێنا ؟
ئەوەت دێنا بە کێڵگەی مینا بۆت بڕۆم ؟
ئەوەت دێنا پاسپۆرتت بۆ ساختە بکەم ؟
ئەو هەموو ساڵە ،
چاوەڕێی بانگهێشتی تۆ بووم ..بریدا ..
لە مۆڵێکی ساردی پاییز ،
بۆ گەڵای وەریو و تەرزە ..
لە مەیدانی باڕێزەدا ،
بۆ پێشانگای درەختە جل وەریوەکان ..
چاوەڕێی ئاشت بوونەوەی تۆ قەت نەبووم .. نا ..
من کوا زاری ئاشتبوونەوەم قەت زانیوە ؟
من کەی لەگەڵ تەباییدا ،
قەت چایەکم خواردۆتەوە ؟
من کە تا قیامەت ، تەنانەت
لە ئینجانە و کاریکۆتا ،
بڕنەوێکم شاردۆتەوە …
چاوەڕێی ئاشت بوونەوەی تۆ قەت نەبووم .. نا …
حەزم ئەکرد بە مەیدانێکدا گوزەر کەم ،
لەوێ سەرقاڵی کڕینی سەوزه و گوڵ بی .. یان سەرقاڵی قوماشێکی پەمەیی بیت لای پیاوێکی فرۆشیاری نیمچە گەمژەی چاو قاوەیی ..
بریدا ..
پاڵەوانی هیچ ڕۆمانێ نەبووم و نیم ..
باڵای بەرز و قژی پڕم لە جەژنانیشا نەدیوە ..
پانتۆڵەکەم دوای چەند هەنگاوێ ، ئەچێتە ژێر هەرەسی سک و ..لەناکاو
وەکو تابلۆیەکی دالی ،
ئەبێ دووبارە بێتە خوار بە ناو قەدما …
من کە ئەچمە بەر ئاوێنە ،
ئاوێنەکە سەیرم ئەکا ..لەوێیش هەر
بۆ تۆ ئەگەڕێم ، بریدا
حەزم ئەکرد ، لە ئاپۆڕەی شەقامێکا ،
کە خەڵکەکەی هەموویان فرۆشیارن و
هەمان کات هەموویشیان کڕیار ..
لەوێ لە ڕێڕەوێکی خەمگینی
لە یادکراو ..
بتبینمەوە ، وەک ئەوەی بەرەو لای من بێی ..بە تاسە ..
تا هەمدیسان چیرۆکی بێ تۆیی به وردیی بۆ بگێڕمەوە ..
وەک ئەوەی بەو هەموو گوڕ و تینەوە ، بەرەو لای من بێی ..تا ڕێگات بەم بچیتە ناو
هەندێ وشە و ..کوتایی هەندێ دێڕمەوە …
بریدا ..
ناوی تۆ تاوە بارانێک ، لە باشووری هۆڵنداوە ،
ئەخاتە ناو زەرفێکەوە و
بۆم ئەنێرێ ..و ناگاتە من ..
جەردەکانی کوردایەتی ،
ئەیکەنەوە ، بۆ دۆلار و نەوت ئەگەڕێن .. جا هەروەکو ئەو هەموو خوێنەی کە ڕشتیان ، ئەو تاوە بارانەیش ئەڕژن ..
نازانم لەبەرچی ئەمڕۆ ،
لە هەموو ڕۆژێکم زیاتر
تامەزرۆیی مردن ئەکەم ؟بریدا ..
لە هەموو ڕۆژێکیش زیاتر
قێزم لە دنیا دێتەوە ..
نازانم بۆچی بریدا ..
تۆیش نە تاوە باران بوویت و ..
نە ڤیزە و باڵ بۆ کیشوەرێکی بەفراویی ..
تۆیش نە داڵدە و مێرگێکی بیابان بوویت و ..
نە دوو کورسی و مێزێکی
پڕ لە خەوبینینی لاویی ..
تۆیش هەر بایعی خۆرێکی سلێمانی بووی ،
کتێبەکان ئارایشتیان بۆ کردبووی ..
تۆیش مردبووی ..
سەد ساڵ چاوەڕوانیت دێنا ؟
ئەوەت دێنا بەناو کێڵگەی میندا بڕۆم ؟
ئەوەت دێنا پاسپۆرتت بۆ ساختە بکەم ؟

ــنەوزاد بەندی ــــ




حوکمەتی ڕاستەقینە و حوکمەی یارییە باجێنە.. نەوزاد بەندی

٭ حوکمەتی ڕاستەقینە :
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ
حوکمەتێکە بە هەڵبژاردن دێتە سەرکورسی بۆ ماوەی چوار ساڵ .. ئەنجامەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن دوای چەند سەعاتێک ڕادەگەیەنرێن ..کاری سەرەکییان فراوانکردنی ئازادییەکانە ..کەسانێکی ئاسایی ..سادە .. لە بازاڕ و سینەما و ناوخەڵکا ئەبینرێن ، و لە هیچ شوێنێکیش وێنەکانیان هەڵناواسرێ .. پارە و سامانیان پێش دەست بەکار بوون و دوای دەست بەکاربوون ، وەک یەکن .. هەلی کار بۆ هاووڵاتیان زیاد ئەکەن لە ڕێی دامەزراندنی کارگە و کێڵگە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مادی و فیکریی ..میللەت ئەکەن بە بەرهەمهێن و هەوڵ ئەدەن لە بەکاربەریی و تەمەڵیی دووری بخەنەوە .. ئەگەر منداڵی قوتابخانەیەک توشی ڕووداوێک بێ ،یان کارەساتێکی سروشتی ڕوو بدات ، حوکمەت لە گەشت و پشویشدا بن ،بەرنامەکەیان ئەگۆڕن و بە پەللە دێنە شوێنی کارەساتەکان و لە نزیکەوە کۆمەک و خەمخۆریی خۆیان نیشان ئەدەن .. ئاستی گوزەرانی هاووڵاتیان بەرز ئەکەنەوە له ڕێی وەرگرتنی باج لە دەوڵەمەندە زەبەلاحەکان ..کارمەندە بچووکەکان باجیان لێ وەرناگیرێت ..گرنگییەکی زۆر بە خوێندن و تەندروستی و خزمەتگوزارییە حوکومییەکان ئەدرێت وباجێکی زۆر ئەخرێتە سەر خوێندن و تەندروستی ئەهلیی ..جگەرە و مەشروباتی ئەلکهولیی گران دەکەن بۆ ئەوەی گەنجان و لاوان بە ئاسانیی نەتوانن بیانکڕن و دوور بن لە ئاڵوودە بوونەوە ..حوکمەت بۆی نییە دەست بخاتە کایەکانی زانست و هونەر و ئایین و وەرزش و چالاکییە هزریی و شارستانییەکانەوە و بۆ خۆی و هەوادارانی قۆرخیان بکات ، داهاتەکانی ناوخۆ بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقام و پارک و پرد و باخچە گشتییەکانە ..حوکمەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن ، بە هێمنیی کورسییەکەی ڕادەستی کەسێکی تر ئەکات ..ئەگەر حوکمەت مل بدات بۆ خۆپەرستی و دزی و گەندەڵیی ، ڕۆژنامە و خەڵک تەپڵی بۆ لێدەدەن و لە کورسییەکەی دایاندەبەزێنن و حەیای ئەبەن و ئەیدەن بە دادگا ، نمونە هێرماتکۆلی ڕاوێژکاری پێشووتری ئەڵمانیا کە یەک ملیۆن دۆلاری بۆ حیزبەکەی لە داهاتی گشتی خەرج کردبوو ، درا بە دادگا و لە پۆستەکەی دوور خرایەوە ..بەرلسکۆنی و بل كلینتۆن و یەهود ئۆڵمرت ، لەبەر دەم دادگای گەل ڕاوەستێنراون و بە توندی سزا دران … زۆر شتی تریش ..

  • حوکمەتی یارییە باجێنە :
    ــــــــــــــــــــــــــ
    بە هەڵبژاردنێکی سەیر دێنە سەر کورسی ، چونکە هەمیشە باوک و کوڕ و ئامۆزا و خاڵۆزا لەو هەڵبژاردنانەدا دەردەچن ، چونکە کە هەڵبژادن ئەنجام دەدرێ دوای مانگێک یان زیاتر ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێن .. بە ئاشکرایش ئەڵێن ئێمە هێزی چەکدار و خەباتمان هەیە ، ئەگەر لە هەڵبژاردن یەک دەنگیش نەهێنین ، هەر خۆمان سەرۆک و سەرکردە و ئەو جۆرە شتانەین ، واتا دەسەڵات لەسەر سینییەکی ئاڵتونیی تەسلیم ناکەن …کاری سەرەکییان فراوانکردنی کۆیلایەتی و کاسەلێسییە .. خەڵکەکە لە برسانیشدا بمرن ، حوکمەت لە گەشت و پیاسەی ووڵاتان ناکەوێت و ئەگەر هەموو میللەت مردار بنەوە ، نەک هەر گەشت و سەیرانەکانی ناپچڕێنێ ، تەنانەت فاتیحایەکی دێلیڤەریشیان بۆ نانێرێ ..
    پێش دەست بەکار بوون ، بە پاتەی دڕاو و جلی پینە پینەوە ئەبینرێن و دوای دەست بەکاربوون ، ئەبن بە خاوەنی ملیارەها دۆلار و سەدان ڤێلای ناوخۆ و دەرەوە و کۆمپانیا و مۆڵ و پڕۆژەی زەبەلاح ..جگەرە و مەشروب ئەوەندە هەرزان ئەکەن تەنانەت ڕیشۆڵەیش ئەتوانێ بەکاریان بهێنێ .. خوێندن و تەندروستی حوکومیی پشت گوێ ئەخرێت و ..گرنگییەکی زۆر بە خوێندن و تەندروستی ئەهلیی ئەدرێت چونکە هی خۆیان و مناڵ و تواڵەکانیانە .. ئەم حوکمەتانە لە ناوبازاڕ و سینەما و ناو خەڵکدا نابینرێن ، بەڵام لە هەموو شوێنێک پەیکەر و وێنەیان هەڵئەواسرێ وەک نموونەی ئازایەتی و مەردایەتی نیشان ئەدرێن ..پارە و داهاتی ووڵات زۆربەی بۆ دەستەی حوکمەت و ماڵ ومنداڵەکانیان خەرج ئەکرێن و ..شەقام و پارکەکان ڕۆژ بە ڕۆژ وێران دەبن .. هەلی کار نامێنێ و ..بە هیچ جۆرێ گرنگی بە پیشەسازی و کشت و کاڵ نادرێ و ..دامەزراندنی گەنجان ڕادەوستن و ..کارگە حوکومیەکان یەک لە دوای یەک دادەخرێن ، لە بەرامبەردا ، زیندانی تازە و گەورە دروست ئەکرێن و ..جۆرەها هێزی سەرکووتکەر دروست ئەکەن بە موچە و ئیمتیازاتی زۆرەوە ..به جۆرێک شۆفێرێکیان ، سەد ئەوەندەی مامۆستایەکی زانکۆ خۆشگوزەران و بە دەسەڵاتە … نیشتمان فرۆشتن لەلایان زۆر ئاساییە ، گرنگ ئەوەیه کورسییەکانیان بمێنێ و بتوانن بەردەوام بن لە چەوساندنەوەی هاووڵاتیان .. باج و گومرک تەنها بۆ پیشەوەرە بچووک و نەناسیاوەکانە و .. کۆمپانیا و بازرگانە گەورەکان یەک فلس باج نادەن چونکە هاوبەش و خزم و هاوڕێی حوکمەتن .. زانست و هونەر و ئایین و وەرزش و هەموو کایە شارستانییەکان ئەبێتە موڵکی سەرۆک و بە ئارەزووی خۆی بڕوانامه و خەڵات و مەدالیا دابەش ئەکات ، ئەوەی زیاتر چەپڵەی بۆ لێبدات و کۆیلایەتیی نیشان بدات ، زاناتر و پاڵەوانتر و شاعیرتر و هونەرمەندترە ..حوکمەت بۆی هەیە دەستکاری هەموو شتێک بکات تەنانەت ئەگەر بیشبێتە هۆی لەناوچوونی نیوەی میللەت ، گرنگ نییە ، گرنگ ئەوەیە ئەبێ فەرمایشتی ئەو جێ بەجێ بکرێت ..کۆشک و ئوتومبیل و جل و بەرگ و هەموو شتێکیان تایبەت و گرانبەهایە و بە هیچ جۆرێ هاووڵاتی ناتوانێ بە خەویش ببێتە خاوەنی شتێکی ئەوان بۆ نمونە سەعاتێکی مەچەک بە حەوت سەد هەزار دۆلار ، چاکەت و پانتۆڵێک بە پەنجا هەزار دۆلار ………..ئەبنە خاوەنی هەموو شتێ ، بەڵام هەموو نرخ و ڕێزێکی مرۆڤایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیی ئەدۆڕێنن ..بە شەڕ و کوشتار و شۆڕش و تێڵا لە کورسییەکانیان دەردەپەڕێنرێن و لە ناوەڕاستی شارەکاندا لە سێدارە دەدرێن و خەڵکەکە لەدەوری لاشەکانیان هەڵپەڕکێ و ئاهەنگی حەوت شەو و حەوت ڕۆژە دەگێڕن ..
    شتی تریش ..



کوشتنی ڕۆح و عەقڵی مرۆڤ.. نەوزاد بەندی

خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ئەفەرموێت : ( ‏وَأَن لَّيْسَ لِلإنسَانِ إلاَّ مَا سَعَی ) ‏
ــ سورەتی النجم‏ : ئایەتی 39 ــ
واتا مرۆڤ تەنها هەوڵدان و کارکردنی لەسەرە ..
ئینجا سەیری حاڵی ئەم دەسەڵاتدارانەی ووڵاتانی ڕۆژهەڵات بکەن چەند دژ بە خوا و قورئانن .. تەلەبەیەک کۆلێژ تەواو ئەکات و نمرەیەکی باش ئەهێنێ ، ئەیەوێ خوێندنی باڵا تەواو بکات ، ناهێڵن ، چونکە سەر بە فڵان حیزب و دەسەڵات و بنەماڵە و،کەسایەتیی نییە .. کە ئەو خواست و هیوا بەرزەی لە گۆڕ ئەنێن ، ئینجا ئەیەوێ کار بکات و خزمەتی میللەت و خۆی و کەس و کاری بکات ، ناهێڵن .. داینامەزرێنن .. ئینجا هەوڵ ئەدات لە کەرتی تایبەت کار بکات ، کەرتی تایبەتیش چەند ئەژدیهایەکی حیزبیی قوتیان داوە و ..کۆیلەیان ئەوێت نەک کرێکار و کارمەند ، چونکە هیچ بیمەیەکی ژیانت نییە و به موچەیەکیش کارت پێدەکەن نەک بەشی بنیاتنانی خێزان و داهاتووت ناکا ، تەنانەت بەشی کرێی هات و چۆت ناکا لە ماڵەوە بۆ سەر کار …
ئەوانەی کە دژی ئیسلام و قورئان کار و ڕەفتار ئەکەن ، ئەبێ باش بزانن لە قورئاندا ، هەموو مافێکی مرۆڤ پارێزراوە و بڕیاری لەسەر دراوە و کراوە بە یاسا ..بەڵام بە داخەوە زۆر بە توندیی ئەو یاسایانە ڕەت کراونەتەوە و وایان لە خەڵک تێگەیاندووە کە ئایین تەنها بریتییە لە نوێژ و ڕۆژوو و حەج و عەمرە و زەکات ، ئیتر هەموو یاساکانی ژیان ئەدرێنە دەست کەسانێک کە خوا ناناسن و بە ئارەزووی خۆیان گاڵتە بە هیوا و ئاوات و خەون و داهاتووی ئەو خەڵکە ئەکەن …
عەرەب ئەڵێن : ( خیر الکلام ما قل ودل ) واتا باشترین قسە ئەوەیە کورت بێ و بەڵگەی لەگەڵدا بێ ..
بەڵگەی ئەم قسەیەم ، سێ چوار دێڕی ژیانی خۆمە :
ــساڵی 1988 لە زانکۆی موسڵ ، یەکەمی کۆلێژی خۆمان دەردەچووم ، دوو جار مامۆستای سەقافە داوای لێکردم پەیوەندیی بە حیزبی بەعسەوە بکەم ، نەمکرد ..ئیتر کردیانمە پێنجەمی کولێژ ، واتە گەورەترین خەونی ژیانمیان زیندەچاڵکرد ، کە خوێندنی باڵا بوو ، چونکە ئەو کاتە تەنها یەکەمی کۆلێژەکان بۆیان هەبوو دوای 45 ڕۆژ سەربازیی بگەڕێنەوە بۆ تەواوکردنی خوێندن ..!!
ـــساڵی 1991 پەیمانگای کورد لە پاریس ، داواکەمی قبوڵکرد بۆ خوێندنی باڵا لە چیکۆسلۆڤاکیای ئەو کاتە ، ئەمە بە دەسەڵاتی ئەو کاتەی هەرێم قوت نەچوو ، شەش حەوت مانگ هێناینی و بردینی و ڤیزەی ناداینێ ، هەتا بە عەلاقاتی شەخسیی نێوان کارمەندێکی پەیمانگای پاریس و بەڕێوەبەری ئاسایشی زاخۆ ( بەختیار ئەمین و سەیفی ) ، ڤیزەم وەرگرت ، کە گەیشتمە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا ، لە قونسوڵخانەی چیکۆسلۆڤاکیا ناوی من سڕابۆوە ، چونکە،کەمتر لە دوو مانگی مابوو چیک وسلۆڤاک به تەواوەتیی لێک جیابنەوە وەک دوو دەوڵەت و کۆمەڵێ بڕیاری دەرەوە و ناوەوە ڕەتکرابوونەوە .. هاتمەوە و پەیمانگای کوردیش مێش میوانی نەبوو .. بە یەک ووشەیش بەسەری نەکردمەوە .
ــساڵانی کۆتایی نەوەدەکان چەند جارێ داوای خوێندنی باڵام پێشکەش بە زانکۆی سلێمانی کرد ، هەموو جارەکان ڕەتکرایەوە .. چونکە هیچ حیزب و دەستە و تاقم و مامۆستایەکی زانکۆم نەدەناسی و تەنها شتێک کە بە دەستمەوە بوو ، کە حیسابی تاکێ پێڵاوی بۆ ناکرێ ، نمرەکەم بوو کە نمرەیەکی بەرز بوو ، تەنانەت جارێکیان وای کرد بەناو پڕۆفیسۆرێک بە دەم فیکەوە بڵێ 74.6 ..!!
لە هەمووی گەڵتەجاڕتر ، لە زانکۆی سلێمانی لە تاقیکردنەوەی توانایی زمانی ئینگڵیزیدا دەریننەدەچاندم ، واتا هەر لە یەکەم هەنگاوەوە لێیان دەدام ، تا بە ناچاریی ڕۆژێکیان به بێ ئەوەی چاویش بە کتێبێکدا بخشێنم ، چووم لە زانکۆی کۆیە تاقیکردنەوەی زمانی ئینگڵیزیم دا و دەرچووم ..!!




لەو دیو دیواری ڤیستڤاڵێکەوە.. شیعری نەوزاد بەندی

زۆر جار ئەڵێم ،
شیعر لەگەڵ کلێنکسێکا
فڕێدەم ..
بیخەمە تەنەکەی خۆڵێکی
پشتگوێخراو …
لەسەر بەردێ داینێم و
بە مناڵانی گەڕەک بڵێم ،
ئادەی کامتان دەستان ڕاستە ..
ئەو نیشانەیە ئەشکێنن ..
وەک لاپەڕەیەکی ڕیکلام ،
بیکەم به دەسکی دەرگایەکەوە و نەزانم چەند جار پێی پیادا نراوە ..
ئەڵێم نیشتمان و شیعر ،
کامیان زیاتر لەوەی تر هەڕاج کراوە ..؟

ـــن .بەندی ــ




شیعر/ خەڵک.. نەوزاد بەندی

خەڵک بۆیە ئەچنە سینەما ،
لەوێدا حەق سەردەکەوێ و
ناحەق ، ئەکەوێتە ژێر پێ ..
شۆڕشگێڕ ئەگاتە ئامانج ..
زاڵم ، سوک و ڕیسوا ئەبێ ..

٭ ٭ ٭
خەڵک بۆیە زۆربەی بێزارن ،
چونکە ناتوانن بە ڕاستی ،
حەق سەرخەن و
ناحەقیش بدەنە دادگا ..
چونکە لە مردن ئەترسن ،
وا ئەزانن قەت بە جێی ناهێڵن
دنیا ..
٭ ٭ ٭
خەڵک بۆیە بە کۆیلایەتیی ،
پیر ئەبن و
بە هەزار دەردەوە ئەمرن ..
چونکە ڕێگای شەهید بوونیان لە لا قورسە
یان ئەدرەسەکەی نازانن ..
توخوا حەیف نیە لێگەڕێی ، پیری و شێرپەنجە یەک بە یەک خانەکانت داڕزێنن ،
شەهیدبوونیش ڕەت کەیتەوە ،
کە سەربەرزی و ئارامیی هەتاهەتاییت بۆ ئەهێنن ؟
خۆش بە بەختی ئەوانەی
لە ڕێی حەقا ، خۆیان ڕزگار کرد لە دنیا ..
قوڕ بە سەر ژیانی کۆیلەیی ..
مردن لەبەر قاپیی زوڵما ..

٭ ٭ ٭
خەڵک عەقڵی بەوە ناشکێ ،
ئەوانەی کەکۆمەڵگایان کرد بە دۆزەخ ،
تەنها ئەوانیشن مافی گەشتیان هەیە ..
دۆزەخ بۆ تۆ دروست ئەکەن ،
خۆیشیان لە ئەوروپا چەندین
شوێنی وەک بەهەشتیان هەیە ..
٭ ٭ ٭
خەڵک ئاگایان لەوە نییە ، مردن ئەگەر هەرجۆرێ بێ ،
زۆر لە ژیانی ژێرچەپۆکیی دڵگیرترە ..
سەرۆکخێڵێ کە کاتێ هاتە سەر کورسی ،
مردن زۆر لە ژیان خۆشترە ..
٭ ٭ ٭
خەڵک بێ ئاگان لەو ڕاستییەی ،
نە کۆیلایەتیی یەک چرکە ژیانیان درێژ ئەکاتەوە
نە مەردایەتیی یەک چرکە لە تەمەنیان وشک ئەکا ..
وەکو چۆن کاتی ئیمتیحان ،
کەس ناتوانێ زیا و کەمی کا ..
٭ ٭ ٭
خەڵک نازانن سەرشۆڕیی ،
قەت لە یەک ئاستا ڕاناوەستێ ..
ئەبێ هەر زیاتر ڕیسوا بن ..
ئەبێ زیاتر ژێر پێڵاو و
بێ کەرامەت و
پیاوەتی و
بێ ئازادی و
بێ ماف ودین و
بێ خوا بن ..
ئەبێ هەموو پیرۆزییەک
بخەنە ژێر پێی ئاغاوە ..
ئەبێ چۆنی بوێ ، وا بن ..
٭ ٭ ٭
خەڵک نازانن ،
ئەوانەی کە لە مێژوودا نەمر بوون ،
ئازا و ئازادەکان بوون و ..
هەرچی کۆیلە و سەرشۆڕیشە ،
دوای سەد جار مردن ، بزر بوون ..
٭ ٭ ٭
خەڵک نازانن ،
شەهید بوون ئەوەندە خۆش و
بێ ئازارە ..
بیانزانیایە ، ئەیانکڕی بە هەرچییەک
کە هەیانە
لە زێڕ و سامان و پارە ..
خەڵک نازانن ،
ژیان و مەرگی ژێردەستەیی ،
چەند قورس و نەهامەتییە
بیانزانیایە یەک چرکەیش ،
ئازادی خۆیان نەدەفرۆشت
بەو تیکە نانە کاتییە ..

ـــــــــــــــنەوزاد بەندی ـــــــــــــــــــــــــــ




دوای عاجز بوون.. نەوزاد بەندی

چی هەوڵم دا عاجزنەبی ، بێ سوود دەرچوون ..
هەر عاجز بووی ..
لە ناوەڕاستی ئەو هەموو بێکەسییەدا ،
بەجێت هێشتم ..
هەر چەندە تۆ ، لە تاریکستانی ڕۆحما ،
خۆرێ نەبووی ..
مۆمێکی تواوە و کز بووی ..
هەر عاجز بووی ..
من ئەمزانی عاجز ئەبی ،
بۆیە زۆر جار لەگەڵ تۆدا ،
تەنیاییشم بانگهێشت ئەکرد ..!
بۆیە کاتێ قسەت ئەکرد ،
هەندێکیانم ئەدایە دەستی بێدەنگیی ..
کاتێ هەواڵت ئەپرسیم ،
من ڕێجیمی تەنیایی وشکی کردبووم ..
لە قاعەی جیمی بێکەسی ،
عارەق لە گیانم ئەچۆڕا ..
من ئەمزانی عاجز ئەبی ..
بۆیە کاتێ قردێلەی کۆلارەی خەونت ،
بۆ ئەچنیم به ڕەنگا و ڕەنگیی ..
ڕۆحم لێت دوور ئەکەوتەوە بە بێ دەنگیی ..
من ئەمزانی بە بێ هۆ ، لێم عاجز ئەبی ..
چونکە گەشتیاری دوو کەشتی ..
دوو فڕۆکە ..
دوو ئۆتۆبیسی جیا بە جیا..
گەر تێرمیناڵێکیش ڕۆژێ ،
بۆ کاتێ کۆیانکاتەوە ..
گەر چێشتخانەیەک ..
وێستگەیەک ،
بە یەکتریان بناسێنێ ..
ئەو کاتە زۆر خێرا ئەڕوا و ..
بێ ماڵئاوایی ، نامێنێ ..
هەوڵم زۆر دا کات ڕاوەستێ ..
هەوڵم زۆر دا لە کەشتیەکان دابەزین و
بڕۆینە ناو شەپۆلەکان ..
فڕۆکەکان بە جێبێڵین ،
پێکەوە بڕۆینە ئاسمان …
هەوڵم دا ئەوەی هەمانە ،
بیگۆڕینەوە بە قومێ خەونی
سازگار و پەمەیی ..
پڕ خوێدانێ دنیای شیعریی ،
ئەوەی گۆران ئەیووت فرمێسکی تیا نییە و
زۆرتریش لە فرمێسک ئەگری ..
من ئەمزانی عاجز ئەبی و
چەند ساڵە هەرچی فرمێسکم شاردۆتەوە ،
هەموویم پێ ئەدۆڕێنی .. چاک ئەمزانی ..
چەند ساڵە گەر بەشی پیاسەیەک ، دوو زەردەخەنەم ، خەواندبێ .. پەلیان ئەگری و
لە هەتیوخانەیەکی خەم ،
ناونوسیان ئەکەی .. ئەمزانی..
ئەمزانی ئەم گفت و گۆیە ،
لەنێوان دوو تابلۆدایە ، به دوو دیواری
جیاوازی .. دوو ماڵی جیای ..دوو تەمەنی جیاوازەوە ..
لە نێوان دوو پەلەوەری ..دوو ئاسمانی تەنگ و قوڵی .. لێک دووری بێ ئەندازەوە ..
دوو ماسی ناو دوو بەندەری ..دوو زەریای ..قەت یەکنەگرتوو ..
دوو سەرسەری .. دوو شەقامی ، شارێکی بێ سەر و بەری .. بێ یاسا و پڕ دەردەسەریی ..
من ئەمزانی عاجز ئەبی ،
بۆیە کاتێ خۆت ئەکرد بە دێڕەکانما ،
من ڕێنوسم لێ تێک ئەچوو ..
ئەڕۆیشتم لە پەرەگرافێ ، کە هیچی لە من نەئەچوو ، پڕ زەرفێ حەرفم قەرز ئەکرد ..
ئەچووم بە یادی مناڵیی ،
لە پەڵەی فەریکەنۆکی لاپەڕەیەک ،
پڕ گیرفانم دێڕی نامۆ و سەیرم ئەدزی ..
تا دوورتری بخەمەوە هەوری تاریکیی عاجزیی ،
چونکە گەر ناخی تاریک و پڕ تابلۆی نیوە سووتاوی تەمەنمت بەرچاو کەوتایە ،
ئەو چەند ساتەیش ، دڵت لام دانەئەبەزی ..
تا دێڕ و وشەی گفت و گۆی
تۆی لێ بچنم ، هەزار جار خۆمم ئەگۆڕی ، بووم بە ئەکتەر ..به حەربا .. تاوێ سەوزبووم ، تاوێ ئەبووم بە دڕکەزی ..
دڵنیا بووم عاجز ئەبی ،
بۆیە کاتێ لەگەڵ تۆدا بە دنیای هزرا ئەگەڕام ،
دایکم ئەیووت : لەگەڵ کێ بووی ؟
ئەمووت :هەر خۆم بووم بە تەنها ..!




لەسەری ساڵانەوە.. ‌ نەوزاد بەندی

بەیانیی چەند کش ومات و ڕۆمانسی بێ ،
نیوەڕۆ دێ و پڕی ئەکا لە ژاوە ژاو و ..دوکەڵ و ..لە تەپ و تۆز و لە هەتاو ..
گیرفان چەند پڕ بێ لە پارە ،
ڕۆژێ دێ ، بەتاڵ و دڕاو ..
شەو چەند درێژ و هێمن و شاعیریی بێ ،
ڕۆژ دێ و پڕی ئەکا لە ئیش و کار .. بگرە و بەردە ..هات و هاوار ..
باران چەند لێزمە و بەخوڕ بێ ،
دوای خۆی ووشکایی دێتەوە ..
بەهار چەندین گوڵی تازەیش بخاتە ناو بازاڕەوە ،
هاوین هەر دێ .. هەردێ و یەک بە یەکیان
ووشک ئەکا و هەڵئەوەرێنێ ..ئەکا بە پووش ..ئەسووتێنێ ..
مناڵیمان چەندێ جوان و پڕ لە یاری و پێکەنین بێ ،
گەورەیی دێ و پڕی ئەکا لە بێزاری و ناشیرینی و خەم و گریان ..
چاومان چەندێ گەش و ڕوون بێ ..
ماسولکەمان ، چەند بەهێز بن ..
لاوازیی خۆی بۆ ماتداون .. لە سەنگەر و بۆسەدایە ..
ئاشتی چەندێ بەردەوام بێ ، جەنگێک هەر لێی ئەباتەوە ..
هەموو تێرییەک ، برسێتی لە سوچێکا یەخەی ئەگرێ و گیرفانی بۆ ئەتەکێنێ ..
کۆشک ، تۆز و خۆڵ دایئەپۆشێ و ..
بۆیەکانی کاڵ ئەبنەوە و..
چرچ و لۆچی و درز و قڵیش ،
پیربوون ئەخەنە ڕوخساری ..
هەرچی سەرکەوتنێ هەیە ، نوشوستیەک ، چاوەڕێیەتی بیخات و بیکا بە یاد و یادگاریی ..
سوپاکان .. دەزگای سیخوڕی .. تانک و فڕۆکە و ڕۆکێتی ناوکی و ژێر دەریاییەکان ..
هەر هەموویان ،
ڕزین لە قاوەخانەیەک ، کۆپێکیان پێ ئەخواتەوە ..کوپێ ژەهر ..کوپێ مردن …
پێکەنین چەند پڕ قاقا بێ ،
ناکرێ خاوەنی بەقا بێ ،
کپی و گریان و دڵتوندی ،
وەک ڕاخەرەکانی زستان ،
ئەیپێچێتەوە لە پڕا ..
تەنانەت هاکا ڕۆشنایی
ئەو خۆرە گەرم و ڕوناکە ،
ڕۆژێ بڕا …..

٭ ٭ ٭
چارەمان ، دادپەروەرییە ..
بۆ ئەوەی هەموو کەسێ بتوانێ لە منداڵیدا ،
خۆش بژی ..تێر پێ بکەنێ ..
بۆ ئەوەی کۆشک و کۆمپانیا و پارە و داهاتوو ،
تاپۆ نەبێ لەسەر کوڕی میر و وەزیر ..
بۆ ئەوەی بەهار بڕواتە حەوشەی هەموو ماڵێکەوە ..
بۆ ئەوەی باران بگاتە هەموو شوێنێ ..
پێکەنین بگاتە سارای هەموو لێوێ ..
دینار بگاتە گیرفانی هەموو کەسێ …
نان و دەرمان ، بڕۆن بۆ هەموو ئەدرەسێ ..

٭ ٭ ٭
ئاخر ئەمە کەی ڕەوایە ،
چەند بازرگانێکی فێڵباز ،
چەند سیاسییەکی دێرین ،
هیوا و دینار و داهاتووی
میللەتێ بۆ خۆیان ببەن ؟
باران و نان و گیرفانی
میللەتێ هەر لە خۆیان و
ماڵ و مناڵیان مارە کەن ؟

٭ ٭ ٭
ئەگینا دنیا سەرتاپای ،
خەوێکە .. تارماییەکە ..
چیرۆکێکی ناتەواوە ..
سڵاو و ماڵئاواییەکە ..

ــوێنەکە ، وێنەی هەیسەم تەڵعەتی هاوڕێی زانکۆمە ، دوێنێ له شاری بەغداد کۆچی دوایی کرد ــــ




عەلاگەیەک دەرمانی دڕاو.. چیرۆکی: نەوزاد بەندی

بە هەتاوەکە بووایە ، عەسر نەبوو ، نیوەڕۆ بوو ..کۆمەڵێک عەلاگە هەڵیانگرتبووم یان هەڵمگرتبوون ؟ نازانم ، بە هەورازەکەی مزگەوتی گەورەدا ، عەرەبانەکان ڕێڕەویا ن بۆ دیاری ئەکردم ..ڕۆژی عەرەفەیه و خەڵک تێکڕا پەلاماری کاڵاکان ئەدەن .. لە بزماری کەوشەوە هەتا تاقمی قەنەفە …ئیتر لەوەدا بوو بکەوم ..سێ کیلۆ ترێ ، سێ کیلۆ برمە و پاقلاوە ..دوو کیلۆ مۆز ..کیلۆیەک کولەکە ..کیلۆیەک گێلاس .دوو کیلۆ هەڵوژە ..مەکینەیەکی ڕیش تاشین و جووتێ پێڵاوی مارکەی کلارک ..چوار دەسک سەوزە و پاکەتێ سبوغی قاوەیی کاڵ …ڕۆژووی عەرەفە زمانی کردبووم بە پەڵاس ، ئیتر سێ ڕۆژی تر مانگی تەموز دێ .. هێشتا ئوتومبیلەکەم دوور بوو ..
لەناکاو وەک تیسکەی تفەنگ کیژۆڵەیەک بە تەنیشتمدا ڕەت بوو ، بیئاتێی عەبدوڵا پەشێوی بیر خستمەوە .. زۆر خێرا هەنگاوەکانی ئەنا ، هێندەم زانی کچێکی کاڵ بوو ..عەلاگەیەک دەرمان و شاش و پێداویستی پزیشکی بە دەستەوە بوو ، زۆر خێرا شەقامەکەی ئەبڕی ..منیش وەک کەسێک گوێی لە ئاگادارکەرەوەی بۆردومان بوو بێ ، هەنگاوەکانم لە پڕ خێرا بوون ..نازانم خۆم بووم یان عەلاگەکانی دەستم خولیای ئەوەمان بوو ئاخۆ ئەم کیژۆڵەیە بەم خێراییە ئەم هەموو عەرەبانە و ..وەرنەوە بۆ خەیاری گوڵ بەدەم و ..بامێی حلە و ..هەڵوژەی شارباژێر و سەوزەی کەلار و شوتی عوزێمە ئەبڕێ ..ئەبێ چی ڕووی دابێ؟ چ نەخۆشێ .. بریندارێ چاوەڕێی بێ ؟ وەک ئەوەی منیش هەمان بریندار چاوەڕێم بێ ، نازانم من پاڵم بە عەلاگەکانەوە دەنا یان عەلاگەکان پاڵیان بە منەوە ئەنا ، بەڵام هەردووکمان لە هەوڵی زانینی هەواڵێکدا بووین کە هیچ لێکدانەوە و ڕوونکردنەوەیەکی بۆ نەبوو.. ئەو هەر خێرای ئەکرد و منیش خێرا .. وەک ئەوەی عەلاگە پڕ دەرمان و شاشەکەی دەستی هاوسۆزی بۆ عەلاگەکانی دەستم نیشاندا بێ ، بەرکەوتەیەکی لەگەڵ گۆشەی عەرەبانەیەکدا بۆ دروستبوو ، دڕا ..دەرمان و شاش کەوتنە سەر زەوی ، ئەو لە کۆکردنەوەیاندا بوو ، من گەیشتم یان عەلاگەکانم گەیشتن ؟ نازانم .. پێم ووت : ڕاوەستە ! عەلاگەکەت دڕا ..
ووتی : ئەزانم ..بۆ عەلاگەیەک ئەگەڕێم ..
ووتم : بۆستە ..من عەلاگەیەکت بۆ دابین ئەکەم ..
مەکینەی ڕیش تاشینم کردە ناو سەوزەکەوە و عەلاگەیەکی سپیم دایە دەستی ، ئەوەندە شڵەژا بوو ، چاوەڕێ بوو لایەکی عەلاگەکەی لەگەڵدا بگرم ، تا دەرمان و شاش و شتەکانی تێبکا ..
یەک چرکە چاوەڕێی کرد ..هیچم نەووت ..ووتی : زۆر سوپاس ..
لە پێشووتر ، خێراتر کەوتە بڕینی شەقامی کاک ئەحمەدی شێخ ، تا گەیشتە لای تەکسییەکان .. بە خێرا ، بە زمانێکی تێکەڵ و ماندوو ، بە شۆفێرێکی ڕیشنی زەبەلاحی ووت ، تکایە ، زۆر خێرا ..دەرگای پشتەوەی کردەوە و .. ئیدی بۆ هەتا هەتایە وون بوو ..خۆم و عەلاگەکان و ماندوێتیی و تەنیاییەکی کوشندە و تینوێتییەکی تاکو سەر ئێسقان ماینەوە .. ئەو چرکەیە بۆچی وەستا ؟ وەستا تا بزانێ ئایا من بێجگە لە عەلاگەکە شتێکی ترم پێیە ، پێی بڵێم ..منێک کە لەو کاتەدا هیچ شتێکم پێ نەبوو ، تەنها لە خەیاڵی ئەوەدا بووم ئاخۆ مەکینەی ڕیش تاشین لەناو کەرەوز و تەڕەتیزە و کەوەردا کارلێک ناکەن ..
سێ کیلۆ مۆز ..دوو کیلۆ هەڵوژە .. سێ کیلۆ پاقلاوە و برمە.. کیلۆیەک گێلاس ..سێ کیلۆ ترێ ..کیلۆیەک کولەکە ..جووتێ پێڵاو ، مارکەی کلارک ..قوتویەک بۆیەی قاوەیی کاڵ ..
ئەو خولەکە بۆیە وەستا ئاخۆ هیوایەک ..شتێکم پێیە بۆی ؟ دڵدانەوەیەک ..قسەیەک ..هەر شتێ کە کەسێکی وا ، لەو ساتی عەلاگەی دەرمان دڕانەدا بیەوێ پێی بڵێ .. بەڵام من زمانم چووە کلیلە .. ئەو عەلاگەی منی بۆچی بوو ؟ بۆچی وەریگرت ؟ سەدان عەرەبانچی هەزاران عەلاگە لە خزمەتیا بوون ، بەڵام ئەو تەنها عەلاگەی منی وەرگرت.. من نەمزانی لەوێدا ئەو تەنها عەلاگەی لە من وەرگرت بۆ ئەوەی چرکەیەک ڕاوەستێ و تەماشام بکا ..من بێ ئەوەی تەماشای بکەم ، بیرم لای ئەوەبێ ئاخۆ مەکینەی ڕیش تاشین و کەرەوز و کەوەر و تەڕەتیزە دانولەیان پێکەوە ئەکوڵێ یان وەک حیزبە کوردستانییەکان بەر ئەبنە سەر و پۆتەڵاکی یەکتر و ..ئەویان پڕ دەمی ئەمیان ئەکا لە ژەنگ و ..ئەمیان پڕ گەڵای ئەویان ئەکا لە ڕۆن و تەپ و تۆز …تەنانەت تەماشایەکم نەکرد بزانم چۆنە ..
عەلاگەی دەرمانی دەستی ، یەخەی خۆی دڕی ، تا وێستگەیەکمان بۆ دروست بکا ، ئەو بریندارێکی بە جێهێشتبوو ، لەگەڵ ئەوەیشدا چرکەیەک وەستا ، هەستم کرد چاوی تێبڕیوم ، وەک ئەوەی بڵێ خۆم عەلاگەکەم دڕاند ، ئەمزانی تۆ کە منت بینی زیندوو بوویتەوە ..فەرموو ، قسە بکە .. قسەم نەکرد .. وەک هەموو ئەو باڵندانەی لە مناڵیمدا ئەمتوانی بیانگرم و نەمگرتن ..هەموو ئەو گەشتانەی ئەمتوانی بیانکەم و نەمکردن ..هەموو ئەو ئیش وپڕۆژانەی ئاوەڵابوون لە بەردەممدا و کەچی پشتم تێکردن..
لە کوشنەکانی پشتەوەی تەکسییەکەدا وون بوو ، شوفێرێکی زەبەلاحی پڕ لە توانا و ووزە ، بێ ئەوەی وەڵامی نرخی بداتەوە ، ووتی سەرکەوە .. ئەو چۆن چرکەکانی بە هەدەر ئەدا ..ئەو چۆن گوڵەبەهاری و دەنکە تووەکان ناچنێتەوە ؟
هەستم کرد عەلاگەکانی دەستم چەندین ئەوەندە قورستر بوون .. هەموو لاشەم شەڵاڵی عارەقە بوو .. وەک کەسێکم وونکردبێ ، یان هاوڕێیەکی گیانی بە گیانییان لێ فڕاندبم .. ئەبوو تەلەفۆن بۆ 114 بکەم ، حاڵەتێکی فڕاندن هەیە گەورەم ! بەڵام نازانم کێیە و چۆنە و ناوی چیە و تەمەنی چەندە ..ئێ خۆ هیچ کەسێ نازانێ دڵ و جگەری خۆی چۆنە و چیە ، بەڵام بێ ئەوان ناژی ..
بەڵام نا .. ئەو خێرایی ئەوەی بوو زوو بگاتە لای نەخۆشەکەی ، خۆزگە ئەو چرکەیە نەوەستایە و یەکسەر عەلاگەکەی لە دەستم ڕاپسکاندایە و بڕۆشتایە ..
ئەو ئەیویست بڵێم منیش لە خەستەخانە کار دەکەم ، ئوتومبیلەکەم زۆر دوور نییە ، با بچین بزانین وەزعی نەخۆشەکەت لە چیدایە ..
ڕەنگە وایش نەبێ .. عەلاگەکە خۆی دڕا بێ یان ئەم خۆی دڕیبێتی..یان عەرەبانەیەک خۆی لێ دابێ.. ئیتر ئەوەندە هەیە ، ئەو ڕۆیشت و من مامەوە .. هێندەی فەرهاد و کێوی بێستوون ماندوێتیی .. لە بیابانەکان تینووتر .. هەزار کیلۆ مۆز .. دوو هەزار کیلۆ
Nawzad Bandy
برمە و پاقلاوە ..هەشت سەد کیلۆ هەڵوژە ..شەش سەد کیلۆ گێلاس ..چوارسەد کیلۆ کولەکە ..چوار فەردە سەوزە ..پێنجسەد کیلۆ ترێ ..چوارسەد جووت پێڵاوی بڕاندی کلارک ..چوار ڕەفە سبوغی قاوەیی کاڵ …هەموو خوێی دنیا لەسەر لێو و گەرووم کەڵەکە بوو بوون ..هەموو پەشیمانیی مێژووی مرۆڤایەتی لە دێراوەکانی ناخما ڕووا بوون ..شکم نەما ، ئەو بە ئارەزوو عەلاگەی دەرمانەکەی دڕی !




عەلاگەیەک دەرمانی دڕاو.. شیعری: نەوزاد بەندی

ئەو تەوژمی پڕ لە ڕەنگ و
پڕ وەرزش و ..
پڕ قوڵپەی کانیاوە چی بوو ،
کە ڕژاندتە ناو بینین و
یەک بە یەک جومگەکانمەوە ..؟
ئەو هەموو تەمەنەی کە ڕۆیشت ..
لاوی و ئێوارانی زانکۆ ،
لەپڕ بوون بە نەمامگەلێ ،
بە ساتێکیش ڕوانمەوە ..
عەلاگەیەکی پڕ دەرمان ،
بە پێنج پەنجەی پەمەییەوە ،
جۆلانێیان ئەکرد وەک من ..
هێندە خێرا ،
نەمئەزانێ ئاخۆ قاچەکانت دووان بن یاخود یەک بن ؟
من وەک ئەو ماسییەی
جێ پێی گەشتیارێ هەڵئەگرێ ،
جێ پێی عەلاگەیەک دەرمان ،
لەگەڵ جوانێکی کەس نەدیو ..
من نەمئەویست تەماشات کەم ،
سێبەرێکی فێنک و بۆنخۆشم ئەدی ،
وەک سێبەری ژێر دارتوویەکی
پڕ لە تووی شیرین -شیرین و هەڵوەریو ..
لەناکاو عەلاگەی دەرمان ،
دڕا و ..دەرمان بڵاو بۆوە ..
هاوارم کرد ڕاوەستە ..ڕا ..
دەرمانەکانت پیس نەبن ..
بە پانتۆڵێکی کاوبۆوە ..
عەلاگەکانم زۆر زۆر بوون ،
دانەیەکیانم دا بە تۆ ..
وەرت گرت و .. چرکەیەک ،
لای دیلێکی دێرین ڕاوەستای ..
کە گوێت لە هیچ شتێ نەبوو ،
ووتت زۆر سوپاس و
ڕۆیشتی و زوو دیارنەمای
من لەناو خۆما نوقووم بووم
باڵدارێکی ناو زوقووم بووم
من لەناو خۆما بزر بووم ..
کاتێ گەیشتمە کەناراوەکانی ناخم ،
سەرم هەڵبڕی ، ڕۆیشتبووی ..
تاکسییەک هەڵیگرتبووی ..
من مامەوە ،
وەک مانەوەی ئەو ژمارە نابووتانەی
کە هیچ کەرتێ ، وەریانناگرێ ..
وەک مانەوەی ئەو پێشمەرگە زامدارانەی
هیچ حیزبێ دڵیان ڕاناگرێ ..
وەک ئەو مناڵە کەمئەندامە هەژارانەی ،
موچە نایانگرێتەوە ..
چیرۆکێکی دوو خولەکیی ،
کە ئیتر ناگەڕێتەوە ..
تازە وون بووی ..
هیچ ڕێکەوتێ ،
عەلاگەیەک دەرمان نادڕێ ..
جارێکی تر جومگەکانم ناکەونە بەردەم تەوژمی لێزمەی جوانی ..
گەڕامەوە ژێر کەڵەکەی خەمەکانم ..بەئاسانیی ..
لێڵایی دایپۆشیمەوە ،
وەک ساتە گرانبەهاکان ،
تۆیش کەوتیتە
ناو بۆشایی و تەمەکانم .




چایچی.. چیرۆکی/ نەوزاد بەندی

ـــ ـــــ

واتا ئەگەر لات وابێ بارودۆخ ناگۆڕێ ، ئەگۆڕێ .. خانووە تازەکان ، بەرە بەرە کاڵ ئەبنەوە و کلس و خۆڵ و قەوزە دایانئەپۆشێ …کەنارییەکان پیر ئەبن و .. ئیتر قەفەزەکان خاڵی ئەبن ..سەرۆکەکان، کۆڵهەڵگرەکان ..ئەوانەی لەسەر ئاستی ووڵات یەکەم بوون..ئەوانەیشی هیچ زانیاریی و زیرەکییەکیان لە خۆیاندا شک نەبرد ، لە شەقامەکاندا هاتن و چوون و خەوتن ..تێکڕایان پیر بوون و مردن ..واتا پیر ئەبن و ئەمرن ..
دڕکێک سەری لێتێکچووبوو لە تەنیشت سنەوبەرە هۆڵەندییەکەی بەردەرگاکەیدا ڕووا بوو ..سەرەتا بینی و بە ئاگا نەبوو ، لەپڕ ڕاوەستا و ئاوڕی دایەوە ..وەک ئەوەی ئاوڕ لە یەکێک لەوانە بداتەوە کە بابیان کوشتووە ..دڕکەکە زۆر بە کز و لاوازیی لە گۆشەیەکی تەنیشت سنەوبەرەکەدا ، ئەیویست ئەو تەمەنە کورتەی خۆی لەوێ تەواو بکا ..بەڵام ئەم خێراتر بوو ، گەیشتە سەری و بە نوکە شەقێک ، بە پێڵاوی گرانبەهای بوگاتی ، دڕکەی له بێخ دەرهێنا و هەڵیدایە ناوەڕاستی گەڕەک ..خستیە ژێر هەتاوە گەرمەکە و.. ژێر ڕەحمەتی هەزاران هەزار پێچکەی ڕەشی ئوتومبیلەوە ..
وەک یاریزانێک له گۆشەیەکی تیژەوە گۆڵێکی کردبێ ، ئاوا چەند چرکەیەک ڕاوەستا ، چاوەڕێی چەپڵە و هات و هاواری جەماوەر بوو ، ( چایچی ..چایچی .. چایچی ) ..بەڵام هەر زوو بە ئاگا هاتەوە و لەگەڵ دەستلێدانێکی خێرا لە سنەوبەری هۆڵەندیی ، تەماشایەکی دڕکە لە بێخ هەڵکێشراوە کوردییەکەی کرد ، وەک ئەوەی پێی بڵێ : نەخەڵەتابیت توخنی باخ و باخات و ..شاخ و شاخاتی من بکەوی ..
هەروایشی ووت ..پێیشی داهێنان بوو ، وشەی شاخات .. کەس نەیوتبوو بێجگە لە خۆی ..وەک چۆن وەزیر ، جارێکیان ووتی تەندروست باش بن !! ..لە کاتێکدا تەندروست خۆی واتا باش ، ئیتر لکاندنی ئەم( باش )بە تەندروستەوە ، لە زیاد مەسرەفیی زیاتر شتێکی تر نییە ، کەچی سەرتاپای خەڵکەکە ، پێشوازییەکی زۆریان لەو داهێنانە ووشەسازی و زمانەوانییە گەورەیه کرد ..تەنانەت وەک دیارییەکی لێ هات کاتێ بە کەسێ ئەڵێی تەندروست باش بی ، ڕەنگی سوور هەڵئەگەڕێ و هەناسەی سوار ئەبێ و زۆری پێ خۆشە ..وائەزانی دەعوەتێکت بۆ کردووە ..بە جۆرێ ئەو کەسە نازانێ چۆن حەقت بۆ بکاتەوە ..
لە دڵی خۆیدا ووتی : ( منیش چیم لە وەزیر کەمترێکە ؟ هەرچییەک وەزیرێ هەیبێ ، هەمە.. بیبێ ، ئەمبێ ..هەیبووبێ ، هەمبووە .. ئیتر بۆچی شاخات وەک تەندروستباش دەنگ نەداتەوە ؟ )
ئوتومبیلە لەگزسە سوپەر سپۆرتە درعە ڕەشەکە ، وەک مانگایەکی بێتاقەت هاتە بەرچاوی ..ئەتووت ها ئێستا ها تۆزێکی تر بەلەسە ئەبێ و لە دەست ئەم کابرایە ڕائەکا ..
پێش گۆڕینی بار و دۆخ ، چایچی بوو ..چایچییەکی هەتا خوا حەزکا ، چایچی ..وەک پولی دۆمینە ، ژێرپیاڵە و پیاڵە چای لە مەچەکییەوە هەتا ئانیشکی ڕیز ئەکرد ، لەگەڵ ئاواز و گۆرانی و نوکتە و تەنانەت جنێو و وردە جڕت و ئەو شتانەدا ، پیاڵەکانی بەسەر چاخۆرەکاندا دابەش ئەکرد ..واتا چۆن ئەو هەموو شتە ؟ ..ئاخر بە پێی چاخۆرەکە بوو ، چاخۆر هەبوو حەزی لە دەنگی حەسەن بوو ، ئەمیش دێڕێ ( نامدوێنی ئاخ نامدوێنی ) حەسەنی بۆ ئەووت جا ، شڵپ ، چاکەی ئەکێشا بە تەپڵەکەکەی بەردەمیدا ، کابرا خەریک بوو ڕاستەپێ بۆی دەردەچوو لە ترسی ئەوەی نەبادا شوێنێکی بەو چا گەرمە سووتا بێ ، یان کراسە سپیەکەی پیس بوو بێ ، بەڵام ئەو بە تەنزێکەوە ئەیووت دانیشە ، ناکۆک ! ..سەعەی چایچی بۆی داناویت ..حەیفت نەکرد ، ئەگەر یەک دڵۆپەی لێ ڕژابوو ، وەعد هەتا ماوی چاکانت خۆڕایین ..
چاخۆر هەبوو ، حەزی لە نوکتە بوو . . تیایانا بوو حەزی لە یانەی ڕیاڵ مەدرید بوو .. حەزی لە نرخی دۆلار بوو ..حەزی لە زانینی هەواڵی نەوتەکە .. هەبوو حەزی لە جڕت بوو ..ئیتر هەر چاخۆرێک و خوا بە جۆرێ دروستی کردبوو یان خۆی بە جۆرێ پەروەردە کرد بوو ، لە ساتی دانانی چاکەیدا ، سەعەی چایچی هاوخەمیی خۆی بۆ ئەو چاخۆرە نیشان ئەدا ..ئیتر کابرا چاکەی لا ئەبوو بە هەنگوین و گرانبەهاترین دیاری ..( ڕیاڵ چاک مەلەگەی ئوتوو کرد …نەوتەکە تەواو ، هی خۆمانە ..دوێنێ گرانترین کۆتر فرۆشرا ..پیاوکوژەکەیان دۆزیەوە، خزمی خۆی بوو …)
ئەمانە زۆربەیان چایان نەدەخواردەوە …وایان نیشان ئەدا چاخۆرێکن نەبێتەوە ، بەڵام چاخۆر نەبوون ، لەبەر دڵی ئەو قومێکیان لێ ئەدا ..یان به دزی ئەوەوە ئەیانڕشتە ناو ئینجانەیەک ..یان ناو گڵەکەی پشت کورسییەکان ..هەندێکیشیان هەر بەجێیان دێڵا ، بەڵام سەرجەمیان پارەیان دەدا ..چونکە لە ماڵەوە هیچ کەسێکیان شک نەدەبرد قسەی دڵی خۆیان بۆ بکا ، ئەم قسەی دڵی خۆیانی بۆ ئەکردن ..ئەوەیش کەم نییە ..یان تەنانەت زۆریشە و .. هەر زۆر زۆریشە ..تۆ بڕۆیتە جێیەکەوە ، شڵپ ، پیاڵە چایەک ، لە بەردەمتا فڕێ بدەن ، بێ ئەوەی دڵۆپەیەکی لێ بڕژێ و..بێ ئەوەی هیچ شوێنێکت بسووتێ و .. بێ ئەوەی کراسە سپییە تازە ئوتوکراوەکەیشت پیس بێ ، جا لە هەمان کاتدا ، کچێکی چاو سەوز کە هەزارساڵ پێش ئێستا خۆشت ویستووە و بۆت نەبووە ، بێنێتەوە بەرچاوت بە دێڕێکی خێرا ، وەک :
چاو سەوز هێشتاکە من ئینتیزارم ..
خۆم بارهەگر و هەر خۆیشم بارم ..!!
ئێ ئیتر چۆن هەموو ڕۆژێ نایەیتەوە و لە جیاتی چایەک ، سێچوار چا و .. لە جیاتی هەزار دینار ، دە هەزار دینار ناکەیت بە بەر پشتوێنەکەیدا ؟
ئەیکەیت ..چۆن نایکەیت ..ئەمیش ئەیزانی ئەیکەیت ، هەر بۆیە زۆری نەبوو .. وەک چۆن خاوەن تەریقەتێکی لێهاتبوو ، بە تاپڕیش خەڵکی دەرکردایە هەر ئەهاتنە کنی ..
هەڵبەت ئەم بار و دۆخە گۆڕا ..وەک گۆڕانی هەموو شتەکان ..هەموو سیستمەکان .. هەموو خاوەن بڕیار و ..خاوەن زەبر و زۆرەکان . . ئەوەندە سەیر گۆڕا ، تەنانەت بۆ خۆیشی بڕوای نەدەکرد ..خەڵکەکەی چوار دەوری زۆربەی زۆریان چوون بۆ هەندەران ..واتا شتێ نەمایەوە بە ناوی چاخۆر ..واتا تۆ دێیت بۆ لای من بۆ ئەوەی پێکەوە باسی عیار ڕۆتی ئوتومبیل بکەین ، بەڵام لە پڕێکا من کۆمەڵێ بڵندگۆ و ڕوژنامەنووس و چەکدار چوار دەوریان تەنیوم ، تۆ ئامادە نابیت نەک هەر لەگەڵما باسی عیار ڕۆت بکەیت ،
شوێنێک کە تەنانەت یادگارییەکانیشم نەتگەنێ .. کاتێ سەعە بوو بە حەمە سەعید و .. چایچی بوو بە ئەندامی سەرکردایەتی ، کۆڕەو لەناو چاخۆرەکاندا دروست بوو..یان هەر لە بنچینەدا خزمەتگوزارییەک نەما بەناوی چا و گۆرانی حەسەن زیرەک و نوکتە و جڕت و دوا گۆڵەکانی ڕیاڵ مەدرید ..لەوەیش ناخۆشتر یان ترسناکتر ئەوە بوو ، ئەگەری کوشتنی هەر چاخۆرێک لە ئارادا بوو ..ئێ ئەوە کەم نییە تۆ هەستیت باس لەو چایانە بکەیت کە ئەندامێکی سەرکردایەتیی بۆی تێکردوویت بە جڕت و چەقەنە وە ..ئەمە ئەگەر تۆ کەسیش لێت نەبیستێت ، هەر بینینی تۆ ، ئەبێتە هۆی بێزار بوونی ئەو ..ئەوێکی خاوەن ملیۆنەها دۆلار ..ڤێلا..کۆمپانیا .. کەناڵ و پڕۆژەی زەبەلاح، چۆن ئەبێ دەم و قەپۆزی پاکەتفرۆشێکی بێتە بەرچاو کە هەر دوێنێ ، شڵپ ، چایەکی لە بەردەمیدا داناوە ، بێ ئەوەی یەک دڵۆپەی لێ ڕژا بێ و ..یەک پاکەتی زەرد بووبێ و..یەک نوقتە لە کراسە خامەکەیدا دروست بووبێ ، سەرباری ئەوەیش ، ئەم دێڕەیشی بە دەنگی بەرز بۆ ووتبێ :
( پاکەتفرۆشم ، خاوەن دڵیشم..
بۆ وەفا و پەیمان ، بیانوو بڕیشم ..)
ناکرێ .. بار و دۆخەکە زۆر ناسک و هەستیار بوو .. چاخۆرەکان تێگەیشتن ، زۆربەیان لە ڕێی وانەوە خۆیانکرد به تورکیادا و .. لەوێوە بۆ یونان و ..ئەڵمانیا و سوید و بەریتانیا .. تیایشیاندا بوو ، ڕایکرد بۆ بەغا ، لەو شۆرجە و شێخ عومەرەدا خۆی وونکرد .. تیایاندا بوو بە نەشتەرگەریی جوانکاریی ڕوخساری خۆیان گۆڕی .. تاک وتەرایشیان شیری خاویان خوارد بوو ، هەر لە شاردا مانەوە ، شار خۆ شاری هەمووانە ، بووە بە ملیاردێر و ئەندام سەرکردایەتی ، جار بە جەهەننەم .. خوای ئەکرد ئەبوو بە نەهەنگی شین و ڕۆژانە سێ چوار تەن شتی ئەخوارد ، بەمان چی یان ئەمان بەو چی ؟ هەر یەکەمان بە ڕێی خۆیدا ..ئەو با لە کۆشک و باڵەخانە و پڕۆژەی خۆیدا بلەوەڕێ ، ئەمانیش لە کوچە و کۆڵانە داڕوخاوەکاندا سێکشنە قورسەکانی کۆتایی تەمەنیان بەسەر ببەن ..
چاخۆریش هەبوو هەر لە شاردا مابۆوە و هەوڵی دنیای دابوو لێی نزیک بێتەوە و ببێتە خزمەتکاری یان بە لایەنی کەمەوە وێنەیەکی فۆتۆگرافیی لەگەڵدا بگرێ .
حەمە سەعید ئەو شتانەی ئەزانی بە تایبەت وای لێهاتبوو لە هەندێ بۆنەی جەماوەریدا هەندێ لەو چاخۆرانەی ئەبینی ، به چاوێکی سووک و قێزهاتنەوەوە تەماشایان ئەکرد ، یان ئەم وای هەست ئەکرد ئەوان بەو جۆرە تەماشای ئەکەن کە لە ڕاستیدا بە ڕێز و شانازییەکی زۆرەوە تەماشایان ئەکرد ..واتا چاکیشی به خراپ ئەبینی ، وای لێ هاتبوو هەموو ئەو دەسەڵات و ماڵ و سامانەی کە هەیبوو ، نەیدەبینی و تامی لێ نەدەبینی ، ئەوەندەی چاخۆرەکانی لە مێژینی ئەکەوتە بەرچاو ، وەک تارمایی و خێو ، گاڵتەیان پێ ئەکرد ، چاکەیان لێ وەرئەگرت و ئەیانکرد بە سەریدا ..بەوەیشەوە نەدەوەستان ، قۆرییە چای لە کوڵی سەر خەڵوزیان بە سەر و ڕدێنیدا قڵپ ئەکردەوە .. جۆرەها جنێویان وەک خۆی بە شیعر پێ ئەوت :
سەعە چا پیسی گەندەڵی قەڵەو ..
چی ئەکەی مردن ، کە بۆت هات بە شەو ؟
٭ ٭ ٭
سەعە مەسڵەحچی ..لە پڕ پیاکەوتوو ..
چا لێت حەرام بێ ، وا لێت حەرام بوو …
جۆرەها شیعر و جنێو و جڕت و شتی ئەهاتە بەرچاو ، بە جۆرێ ناچاری چوونە دەرەوەی ووڵات بوو ، سەردانی گەوره پزیشکانی دەروونیی کرد ، دەرمانیان بۆ نەنووسی ، تەنها ڕێنمایی کۆمەلایەتییان کرد ، چونکە ئەم لە پڕێکا لە چاچێچتیەوە بووە بە گەورەپیاوێکی وا ، ئەمە گەر بارودۆخ و سیاسەت قبوڵی بکەن ، ڕۆتینی ڕۆژانە و خانەکانی مێشکت پێیان قبوڵ ناکرێ .. هەستی ترس و شۆک و ئەم شتانەت تیا دروست ئەکەن ..دوور کەوتنەوە لەو وڵاتە چارەسەرێکی ڕەنگە باش بێ و ..ڕەنگیشە خراپتر بی ..
چییە پێم ڕائەبوێرن ؟ یەعنی چی ڕەنگە باش بی و ڕەنگە خراپتریش بی ؟ کە جوانتر سەرنجی پزیشکە ئینگڵیزییەکەی دا ، وای هەستکرد یەکێک بێ لە چاخۆرەکانی لە مێژینی ..هەر بۆیە دەستی بەرز کردەوە پیایا بماڵێ ، یاریدەدەرەکانی پزیشک فریای کەوتن و هەڵیانگرت و فڕێیا دایە دەرەوە ..
یەک بە دەم هاواری ئەکرد ، وەڵاهیی ئەتانکوژم .. هەمووتان ئەکوژم .. با بگەڕێمەوە ..دایکی خێوتان ئەسوتێنم ..
شانە نهێنییەکانی چاخۆرەکانی دروستکرد .. ڕۆژانەلێره و لەوێ گەنج خەڵتانی خۆێن دەکران و کەس نەیدەزانی یان ڕاستتر کەس نەیدەوێرا بپرسێ ئەمە کێیە کوژراوەکە و کێیە بکوژەکە ..
کاتێ دڕکەکە بەهۆی پێچکەی ئوتومبیلەکانەوە وەک تاتۆیەکی زەردی لێهات بە شەقامە ڕەشەکەوە کە دوێنێ لەسەر داوای خۆی ، شارەوایی بۆی قیرتاو کردبوو ، تەماشای لەگزسە درعە ڕەشە سوپەر سپۆرتەکەی کرد ، هەستی کرد مانگایەکی گەورەیە و ..لەوەدایە هێرش بکاتە سەری …..
(ئاڕبییجێکەم فریا خەن ..)
بۆی دانیشت ، لەبەر خۆیەوە ئەیووت و ئەیووتەوە : ( ئەو هەموو چاخۆرەم وەک سەگ تۆپاند ، ئێستا ماوەتەوە سەر مانگایەکی مالۆسی وەک تۆ )
کە لێی دا ، لەگزس بوو بە تۆپێک لە ئاگر و دامردەوە .. خەڵکەکە لە خەو ڕاپەڕین .. خەڵکێکی زۆر .. هەتا بێ زۆر ئەبوون .. ئەو هەموو چا خۆرە .. باشە تۆ بڵێی ئەم خەڵکە هەر هەموو چاخۆری ئەم بوو بن ؟ واتا ملیۆنان خەڵک .. ئەمانە بە چی لەناو ئەچن ..؟
ــقوربان کار لەکار ترازا ــ
ئەمە دوا دێڕی خوشکەزاکەی بوو کە لە ژێر پێی خەڵکەکەدا وەک دڕکەزییەک ئەشکا و وورد ئەبوو .. خەڵکەکە خۆیشیان نەیاندەزانی ئەم هەموو ئازایەتی و غیرەتە چیە ..وەک ئاگراوی گڕکان ، بەسەر هەر شتێکا ئەچوون ، مەحفیان ئەکردەوە ..ئابڵۆقەی سەعەی چایچیان دا ..لە هەر چوار لاوە ..وەک مامە فەرخە ووتی ..شڵپ ، مەحف بۆوە ..بە جۆرێک یەک دڵۆپ خوێن نەڕژا.. یەک پەڵەیش لەسەر ئەو هەموو کراسە سپیە دروست نەبوو ..بە جۆرێک ، زۆرینەی ئەوانەی ئاگاداری بابەتەکە بوون ، نەیاندەزانی ئایا ئەم کابرایە هەر لە بنچینەدا پیاڵە چایەک بوو ..یان چایچی بوو ..
ئیتر بار ودۆخەکان زۆر خێرا ئەگۆڕێن ..ئەوەندە خێرا ، هەمووان ئەم شتانەیان لە بیر چۆوە .. ئێستا لای هەرکەسێ باسی دڕکی تاتۆی شەقام و سنەوبەری هۆڵەندی و چاخۆر و ئەم جۆرە شتانە بکەیت ، ڕەنگە شکیان لە عەقڵت هەبێ و …شتی تریش .




دوو دیمەن و دوو پەرەگراف.. نەوزاد بەندی

ـ1ـ

کەسێکی نەناسراو ، پاسکیلێک بە ئەمانەت لای پیاوێکی دوکانداری شاری زنجانی ئێرانیی دادەنێ و دەڕوات ، کەسەکە نایەتەوە ، دوکاندارەکەیش کاتی داخستنی دوکان ، پاسکیلەکە ئەباتە دوکانەکەیەوە وبۆ سبەینێ دووبارە پاسکیلەکە لەبەردەم دوکانەکەیدا دادەنێ تا خاوەنەکەی بێتەوە ، بەڵام نایەتەوە .. بەم جۆرە ئەم دوکاندارە بۆ ماوەی 45 ساڵ هەموو ئێوارەیەک پاسکیلەکە دەباتە ناو دوکانەکەی و هەموو بەیانییەک پاسکیلەکە لە دوکانەکەی دێنێتە دەر لە چاوەڕوانیی خاوەنەکەیدا ، بەڵام خاوەنەکەی دیار نییە ..
کابرای دوکاندار ئەمرێت و ..دەوڵەت پەیکەرێکی بۆ دروست ئەکات وەک کەسێکی دڵسۆز و وەفادار بەرامبەر ئەمانەتەکانی .
ـــبە ڕاستی دڵم پڕ بوو ، حوکمەتی هەرێمم بیر کەوتەوە ، کە وەکو ئەو دوکاندارە ، حەوت هەشت ساڵە هەموو ڕۆژێ پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران لەبەردەم بانکەکاندا دادەنێ ، کەچی فەرمانبەران ناڕۆن وەریبگرنەوه و ..ئەمیش ناچار هەموو ئێوارەیەک پاشەکەوتەکە ئەباتەوە ناو بانکەکان ـــ

ـ2ـ

ئەم مناڵە لە شاری هرات ی ئەفغانی ، گورچیلەیەکی خۆی داوە بە براکەی هەتا لە مردن ڕزگاری بکا .. وێنەگرێکی گۆڤاری تایمزی بەریتانیی وێنەیەکی ئەگرێت و بڵاوی دەکاتەوە ، لە هەموو جیهاندا دەنگدانەوەی ئەبێ و خەڵاتی باشترین وێنەی ساڵ دەباتەوە ..
شاعیری ئەفغانیی ئیلیاس علێوی ئەڵێ : ئێمە ئەمرین بۆ ئەوەی ئەوان خەڵات بکرێن .

لە ڕاستیدا من ڕای ئەو شاعیرە ئەفغانییە به تەواوەتیی ڕەت دەکەمەوە ..چونکە بەخشندەیی ئەومنداڵە ، ژیانی براکەی پاراستووە ، نەک کوشتبێتی ..واتا ئەوەی ڕوویداوە دەستگرتن بووە بە ژیانەوە نەک مردن ..
ئەو وێنەکێشەی تایمز ، وەفاداری و ئازایەتی ومرۆڤایەتیی منداڵێکی ئەفغانیی وێنە گرتووە و بڵاوکردۆتەوە ، بۆیە لە جیهاندا دەنگدانەوەی هەبووە و خەڵاتی وەرگرتووە ..
لە ڕاستیدا ئەو شاعیرە ئەفغانییە زۆر هەڵە بووە و .. بە هۆی ئێرەیی و چاوچنۆکییەوە بابەتەکەی شێواندووە .. خۆی عەقڵ و هەستی ئەوەی نەبووە بابەتێکی وا گرنگ و مرۆیی ، بنوسێ و بڵاوبکاتەوە ، لە بەرامبەریشدا ڕق وئێرەییەکەی وایلێکردووە بابەتەکە بە لاڕێدا ببات و.. لە جیاتی دەستخۆشیی ، هاتووە وەک بازرگانێکی مردن ، باسی لە کابرای وێنەگری تایمز کردووە ..لە جیاتی ڕێز و وەفای نیشان بدات ، کە بابەتێکی وا جوان وپڕ لەمرۆڤایەتیی به تەواویی جیهاندا پەخش کردووە.. ڕاستێکەی ئیلیاس علێوی بۆ خەڵاتەکە ئەگری نەک بۆ بابەتەکە ، بۆ هەریسەکە دڵی توند بووە نەک بۆ ئیمامی عەلی ..




پیاوی ناو فەرش.. چیرۆک/ نەوزاد بەندی

بۆ ئەوەی بتوانی لەو شارەدا بژیت ئەبوو یان لە دوورەوە تەماشای بکەیت ، یان لە نزیکەوە لووتت توند بگریت و سێ لەسەر چواری چاوەکانیشت دابخەیت ..
ساڵانە لە ئاهەنگەکانیدا ، چەند جارێک لەسەر سەرچۆپی ئەبوو بە شەڕە تەقە و قوربانیی هەبوو ..
کەمترین موچە ئەدرا بە کرێکاری خۆڵ و خاشاک ، هێندە کەم ، تەنانەت بەشی ئەوەی نەدەکرد ڕۆژانە خۆیان وپۆشاکەکانیانی پێپاک بکەنەوە، دوای ئەوەی بۆگەنترین شار و بۆگەنترین میللەتیان بەو حاڵە پاک دەکردەوە ..
یەکێک لە ووتاربێژەکانی ، کە دواتر شوێنبزر کراو کەس نەیزانی چی لێ بەسەر هات ، لە ووتارێکی هەینیدا هاواری کرد : ( خەڵکینە ! بە ڕاستی سوپاستان ئەکەم ! کە ڕۆژانە هەر هەمووتان بە بێ ئیش دێنە ناوبازاڕ و .. لە دەبە و تف و ئاغزە جگەرە زیاتر ، فڕێ نادەنە سەر شەقامەکان .. جارێکی تر و تر ، سوپاستان ئەکەم و دەستتان ئەگوشم کە میز و پیسایی ناکەنە سەر شەقامەکان ، چونکە واتانبکردایە ، شارەکە ئەبوو بە ژێر پیساییەوە و.. بە هیچ جۆرێکیش وازتان لەو کارە نەدەهێنا ، وەک چۆن بە هیچ جۆرێ واز لە براکوژی و پیس کردنی سەیرانگا و ناو شارەکان و ..ئازاردانی گیاندار و دار و درەخت ناهێنن ..هەر بۆیە لە ناخی دڵمەوە ، دەستخۆشیتان لێ دەکەم و ..مژدەی ئەوەتان ئەدەمێ تەنها سەبر بگرن و .. میز وپیسایی مەکەنە سەر شەقامەکان ، بەهەشت بۆ خۆتان ئەبەنەوە ..چونکە بە ڕاستی ئەو سەبر و تەحەمولەتان ئەجری گرانە و .. خوای گەورە تەفر و توناتان بکات ، وەچە و بنەچەتان نەمێنێ ، وەک گەل و وەک حوکمەت، وەڵاهیی شایانی سووتاندن و کیمیایی و ئەنفالکردنی سەرتاسەرین . .. توخوا چی هەیە ئێوە شانازیی پێوە بکەن و ..ڕووتان بێ بە هۆیەوە لە بارەگای خوادا ڕاوەستن ؟
ڕووتان ڕەش بێ ..بە نەفرەت بن .. بە نەفرەت ـــ)
ئەڵێن گوایا ، هەندێ کارمەندی دەمامکدار ، بە پۆستاڵەوە دێنە ناو مزگەوتەکە و ناهێڵن ووتارەکەی تەواو بکا ، لەگەڵ خۆیاندا ئەیبەن .. ئەڵێن ئەوەندەی لە توانایدا بووە ، دەمامکدارەکانی شەقباران و تفباران و جنێوباران کردووە ، کەچی هەزاران نوێژخوێن ، وورتەیان لێوە نەهاتووە ، بەشێکیان داڵغەیان ڕۆیشتووە و بەشێکیان خەوتوون و بەشێکیشیان بە کاوەخۆ خەریکی چڵم دەرهێنان بوون ..ئەم چڵم دەرهێنانە لەو دواییەدا زۆر پەرەی سەندبوو ، تەنانەت هەندێکیان وەک گوڵەبەڕۆژە ئەیخوارد دوای ئەوەی پزیشکێکی ئەڵمانی سەلماندبووی کە چڵم ، پڕ پڕە لە مادەی سوودبەخش و دژە بەکتریا و ..دەرمانخانەیەکە بۆ خۆی ، تەنانەت داوای کردبوو بکرێ بە دەرمانی ددان ..ئەم هەواڵە ، کاردانەوەیەکی گەورەی لەو شارەدا هەبوو ، هەرچەندە هیچیان ئەڵمانییان نەدەزانی ..پێشبینی ئەوەیان لێدەکرا ، نرخی چڵم لە بازاڕەکانیاندا وەک نرخی گۆشت و دۆلار بفڕێت ..
بەڵام بابەتەکەی ئێمە هیچ شتێ لەوانە نەبوون کە باسمان کردن ..
کوڕێک لەو شارەدا ئەژی ، تەمەن 27 ساڵ ، زیرەک ، چوارشانە ، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە یاساکاندا .. بەڵام بێ عەشیرەت بوو ..واتا ئەیویست وەک کەسێکی مۆدێرن بژی ..ڕەنگە بڵێم تاقە کەس بوو ، کە ناوی تیرە و خێڵ بە ناوەکەیەوە نەبوو ..ئەوەیش وایلێکردبوو لە بەڕێوەبەرێتیەکانی باج و ناسنامە و پاسپۆرت و کوتان و خۆراک و خوێندنی باڵادا توشی دەنگە دەنگ و تەنانەت شەڕیش بێ .. ئەڵێن سەرۆکی زانکۆیەک پێی وتووە : باشە گریمان دکتۆرایشت تەواو کرد ، خزمەتی کێ ئەکەی ؟ تۆ کە بێ عەشرەت لێخوڕی ، بە تەمای ئیش بۆ کێ بکەی ؟
لە حاڵێکدا ویستی یەخەی سەرۆکی زانکۆ بگرێ ، چونکە بە پێی یاسا ئەو قسەیە ،دژی کومەڵگای شارستانی و هاوچەرخ و ئەو جۆرە شتانەیە ..گەڕانەوەیە بۆ کاتێ کە مرۆڤ گونی خۆی و گێزەری لێک جیا نەئەکردەوە و بە بەرد ڕاوی ئەکرد و لە ئەشکەوتا ئەخەوت ..بەڵام عەشرەتی سەرۆکی زانکۆکە ، بەعزێکیان لەوێ بوون و ..هەتا خوا حەزکا ، کوتیبوویان ..
دوای ساڵێ ، ویستبووی درێژە بە خوێندن با ، لە ڕێی ئەنتەرنێتەوە داوای خوێندنی باڵای پێشکەش کرد، لە کۆتا هەنگاوی پێشکەش کردنەکەیدا ، حەزی لە کچێک کرد ..واتا لەو دوا هەنگاوەدا ، لە رێی مەسنجەرەوە ، نامەیەکی عاشقانەی بۆ هات .. بەڵام هەر بەردەوام بوو لە پڕ کردنەوەی داوای خوێندنی باڵا ، لەو دوا هەنگاوەدا ، لەگەڵ ئەوەی حەزی چوبووە سەر کچێک ، بەڵام لە لیستەکەدا ناوی ئەو زانکۆیەی تێدا نەبوو کە ئەم ئەیویست .. لە بەشی ناڕەزایی و پرسیاردا ، ناڕەزاییەکی لە دێڕێکدا نوسی ، ئاخۆ بۆ چی ناوی زانکۆی کەرکوک لە لیستی زانکۆکاندا نییە ؟
دوای سێ ڕۆژ ، بە نامەیەکی ئەلکترۆنی وەڵامەکەی هاتبۆوە ، کە تەنها ووشەیەک بوو ، نوسرا بوو : ( بە هەوەس ) ..
عەشقی کچەکە نەبووایە ، هەر ئەو شەوە وڵاتی جێدەهێشت ..دایک و باوکیشی پێیان خۆش بوو ، ئەیانزانی کوڕەکەیان زۆر سەرەڕۆیە و..ڕەنگە خێزان پێک بێنێ ، فەرق بکا ..ئەم فەرق کردنە لەو شارەدا زۆر بەکار ئەهات ، به بێ ئەوەی هیچ کەسێ بە موو فەرقی کردبێ ..
پڕۆسەکەیان زۆر خێرا گەیاندە ئەنجام .. کچەکە خراپ نەبوو ، دوو نەشتەرگەریی جوانکاریی کردبوو ، بە چوارساڵ پەیمانگایەکی ناحوکومیی تەواو کردبوو .. ئەم هێشتا لێی نەپرسیبوو ئاخۆ بۆچی لەو شەوەدا ئەو نامە عاشقانەیەی بۆ ئەم نارد ..ڕاستتر نەیئەویست لەو خەیاڵە خۆشە دەربچێ ..تۆ بە ڕێدا بڕۆی ، پارچە ئاڵتونێ بدۆزیتەوە ، ئەگەر زۆر ووردی بکەیتەوە ، هیچ خۆشییەکی لێ نابینی ، تەنانەت کە خاوەنەکەیشی ئەدۆزیتەوە ، ڕەنگە پیاو خراپت بکا و بڵێ سێ پارچە بوو ، کوا دووانەکەی تر ؟
مانگی یەکەم ڕای ماڵە خەزوورانی بەم جۆرە بوو :
٭ کوڕێکی قۆز و چوارشانە ، بە ئەدەب و بەڕێز ، ئیشکەر و ئازا ..
مانگی دووەم داتاکان گۆڕانکاریی بەسەرهات :
٭ کوڕێکی زرتە بۆز‌ ، قسە لەڕوو ، ڕاشکاو ، ئیشکەری بێ ئیش .
مانگی سێیەم ، ووردەکارییەکانیان گۆڕی :
٭ کوڕێکی فیلە قوڕینە ، قسەزل ، زۆر بڵێ ، تەمەڵ ..
مانگی سێیەم ، ماڵە خەزوورانی لە بنی هەمانەکەیان دا و بەم جۆرە وەسپیان دا :
٭ شێتێکی زلە حۆتە ، بەکاری هیچ نەهاتوو قسە دەرپەڕێنەر و بێ متمانە ، وەک مانگا خۆی ئەلێسێتەوە ..

ئەمیش ، عەسرێکیان سێ بە سێ ژنەکەی تەڵاق دا ..ئەو بە گریانەوە ڕۆیشتەوە ماڵە باوانی و ئەمیش ڕۆی بۆ کەباب نادر ..
شەوێکی درەنگ نامەیەکی بۆ هات ، لە ماڵە خەزوورانیەوە بوو ، یەکپارچە جنێو بوو ..گەڕا ، زۆر بە ووردیی بە ناو جنێوەکانیانا گەڕا ، هیچ زانیارییەکی نەدۆزییەوە ، تەنها جنێو بوون ..
بڕیاری دا بوو بە دایک وباوکی نەڵێ ..ماڵەکەی هەڕاج کرد و .. داواکاریی ڤیزەی پێشکەش کرد .. لە ئوتێلێکی هەرزان بەهای قەراغ شاردا ، شەو و ڕۆژ خەوی ئەبینی ..یان ڕاستتر زۆربەی کاتەکانی بە خەو بەسەر ئەبرد ..وەک ئەوەی لەسەر پشتی کەشتییەک هەموو جیهان ئەگەڕێ و.. لە شەقامە پڕ درەختەکانی ووڵاتێکا کە نازانێ چییە ، بە لای درەختێکی سەوزدا تێدەپەڕێ ، کە نازانێ چی پێ دەڵێن ..کورسیەک کە نازانێ لە چ دارێ دروستکراوە ، داوەتی دانیشتنێکی دەکا و ..کیژۆڵەیەک لەو سەری شەقامەکەوە ، دێت ، ئەویش لە ووڵاتێکی وەک ئەمەی ئەم ڕایکردووە …
ئیتر بەو جۆرە ، هەر جارەی لە ووڵاتێک خۆی دەبینییەوە کە نەیدەزانی چی پێ دەڵێن و .. میوەیەکی دەخوارد بێ ئەوەی بزانێ ناوی چییە ..
پۆلیسەکان پێش ڤیزەکەی گەیشتن ..قۆڵبەستیان کرد و بردیان .. بە هۆی خۆ وونکردن لە دادگا ، دوو هەفتە کردیانە ژوورەوە ، ڕۆژی حەوتەم دایک و باوکی هاتن بۆ لای ..هیچیان پێ نەووت ، ئەمیش هیچی پێ نەووتن ..نیوسەعات لەگەڵیدا دانیشتن و هەستان ڕۆیشتن …
ئەم ناخۆشتر لە زیندان ، نەمانی خەونەکانی بوو .. ئیتر نەیدەتوانی سواری پشتی کەشتیەک بێ کە نەزانێ ناوی چییە و .. بە دەریایەکدا بڕوا ، نەزانێ چی پێ دەڵێن ..لە چێشتخانەیەکدا کە دیار نییە چەند ئەستێرەیە ، خۆر لەچیایەکەوە ئاوا بێ ، هێشتا نە چیای وای بینیبێ و ..نە بزانێ ناوی چییە ..
بەڕێوەبەری زیندانەکە ، بەسەر پۆلیسی ئێشکگردا نەڕاندی :
( چۆن نازانی ؟ ئەی تۆ ئێشکگری چیت ؟ )
پۆلیسەکە لە دۆخێکدا تەنگە نەفەس بوو بوو ، لێوی خوارەوەی ئەلەرزی ، ووتی : ( گەورەم ، من چوزانم ، وامزانی خەوتووە . . کەکاتی نانی بەیانی هات ، لاشەیەکی سارد و سڕ بوو .. ئێ خۆ هێشتا حوکم نەدراوە ، بە تەنیا ، لە ژوورێکدا بوو ..کێ ئەتوانێ بزانێ دۆخی تەندروستی تێکچووە ؟؟)
کاغەزێکی دەرهێنا :
( ئەمە لە ژێر سەرینەکەیدا بوو )
— هەرگیز من خەڵکی ئێره نەبووم .. لەم دۆرگە چۆڵەدا ، کە نازانم ناوی چییە . ، ڕۆژ نییە سەد جار ، بە بینینی حاڵی خۆم ، توشی لەرز و تا نەبووبم .. لەو کەناراوەدا، ساڵەهای ساڵ ، کەشتییەک نەهات هەڵمبگرێ .ڕزگارم کا لە خۆم .. حەزم ئەکرد ووڵاتێک تەڵاق دەم ، کەچی کچێکم تەڵاقدا ، کە سووکایەتی نەما پێمی نەکا … لەو هەموو شەو و ڕۆژە شێدارەدا ، چاوەڕوانی کلیلێ بووم ، ئەو هەموو تەم و دوکەڵەی ناخم بۆ بکاتەوە .. هەر هیچ نەبێ بزانم لە چ ساڵ و .. لە چ مانگ و.. لە چ ڕۆژێکدام ….ناوی هیچ شتێکم نەزانی .. لەگەڵ هیچیاندا نەمتوانی دوو هەنگاو بڕۆم …باشترین کاتەکانم ئەوانە بوون لە بێ ئاگاییدا بەسەرم بردن ..ئێستایش ، لەم تۆپەڵە خوێن و پیسایی و چەوری و گۆشتە ، چاوەڕێی چین لەکاتێکدا من خۆم چاوەڕێی هیچی لێ ناکەم ــــ

پزیشکی دادوەر ڕاپۆرتێکی نوسی لە چەند ووشەیەکی تێکەڵ و پێکەڵدا ، دەری دەخست ئەم کورە چوارشانەیە ، هەر لەمنداڵییەوە لە ناخدا مردووە ..هەر بۆیە خۆشترین کاتی ئەو کاتە بووە کە زیندانکراوە ..چونکە لەوێدا ئیتر توانیویەتی مردنە له مێژینەکەی خۆی ڕابگەیەنێ ..
لێرەدا پزیشکی دادوەریش ، لاشەیەکی سارد و سڕی حەوت زەمانمردوو بوو ..
بەڕێوەبەری تەندروستی بە پەلە پەیوەندیی بەوەزیری تەندروستیەوە کرد ، داوای لێکرد لەگەڵ بەڕێوەبەری پرۆگرامی تەندروستی جیهانییدا کوبێتەوە ، لەوە ئەچێ ڤایرۆسێکی تازە هاتبێتە شارەکەمان ..لەماوەی کەمتر لە دوانزە کاتژمێرا دوو قوربانی هەبووە ..یەکێکیان پزیشک بووە ..
بەڕێوەبەر قسەی تریشی زۆریکرد ، پێش ئەوەی توشی دڵەکوتە بێت و ..لەسەر مێزەکەی سارد بێتەوە …




مێگەلی پاقلەخۆر.. نەوزاد بەندی

وڵاتێکی نەوتیی دەوڵەمەند ، دوای تێپەڕبوونی 25 ساڵ بەسەر لابردنی ئابڵوقەی ئابوریدا هێشتا بەشە خۆراکیان بەسەردا دابەش بکەن ، میللەت نین ، مێگەلن .کێڵکەی مریشکن .

کە خواردنیان بەسەردا دابەشکردیت ، واتا تۆ هاووڵاتیەکی نۆرماڵ نیت ، لە زینداندایت ، لە ئۆردوگادایت ، بومەلەرزە و لافاو وێرانیان کردوویت ، لە کۆڕەودایت ، لە باخچەی ئاژەڵاندایت .. هێشتا ئازادی و مافی ئەوەت نییە گیرفانت هەبێ و خۆت خواردن بۆ خۆت بکڕیت ..
ئینجا کاتێ بە نەتەوە یەکگرتووەکان (بە پارە و سامانی خۆت) ، ئارد و برجت بۆ بکڕێ و دابەشی بکاتەوە بەسەر خۆتا ، کارەساتێکی گەورەیە ، چونکە دابەشکردنی ئەو شتانە بۆ ئەو گەلانەیە کە هەژارن و توشی کارەسات بوون و لە سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆیان خەرج ئەکرێت نەک لە داهاتی ووڵاتەکە خۆی .. ئەمە هیچ نەگەیەنێ ، ئەوە ئەگەیەنێ کە ووڵاتەکە کێشەی ئابووریی نییە بەڵکو کێشەی عەقڵیی هەیە و..ئەمریکای داگیرکەریش لەم کەیسەدا کێشەی ئەخلاقیی هەیە .
هەروەها ئەم خواردن دابەشکردنە باشترین ڕێگایە بۆ ئەوەی هەر ژەهر و مادەیەکی گەمژەکردنت بوێت ، دەرخواردی میللەتەکەی بدەیت ..
تۆ ناپرسی بۆچی میللەت وا گەمژە و بێ جوڵە و بێ هەڵوێستە ؟ ناپرسی بۆچی میللەتی پێش بایعیی زۆر جیاوازن لە میللەتی دوای بایعیی ؟ ناپرسیت ئەم هەموو پەتا و شێرپەنجەیە چییە ؟
ئەوان لە تورکیا بچن هۆرمۆنی گەمژەکردنی منداڵی کورد بکەنە نەستەلە و نوقوڵەوە ، چۆن نایکەنە ئارد و برنج و زەیتەوە ؟
لەوەیش ناخۆشتر ئەم دۆخە ، لێکەوتەی تریشی لێ دەکەوێتەوە ،وەک ئەوەی بازرگانە چاوچنۆکەکانمان حازر و ئامادە دەکات کە ئەگەر بایعی وەستا ، یەکسەر ئیحتیکاری بازاڕی خواردن بکەن و هەژارەکان لە برساندا بکوژن ..
سەردەمێکی دوورە هیوادارم پەرەگرافێک نوسین بخوێنمەوە پەنجا هەڵەی چاپی تیا نەبێ .. نییە ..ئەمانە هەڵەی چاپ نین ، بەڵکو بەرهەمی میللەتێکن هەست و هۆشی لێبراوە و سەرخۆش کراوە ..




له نێوان دوو عەرەبانەدا.. نەوزاد بەندی

شار پڕ بووە لەو کوڕانەی
شەوان ناگەڕێنەوە ماڵ ..
لە دەوری عەرەبانەیەک ،
چا ئەکڕن یان چا ئەفرۆشن ..
یان لە تەنیشتی سنوورێ ،
سەیری ئەوروپا ئەکەن و
جەندرمه و پۆلیس ناهێڵن..
پڕە لە کۆلکە سیاسی ،
قسەی وا ئەکەن ،
سەربەقوڕ
دێنێتە قاقای پێکەنین ..
شارێ ، پڕ بێ لەو کچانەی
شوکردن پشتی تێکردوون ..
پڕ بێ لەو بڕوانامانەی
هیچ کارێ ..
هیچ پارچە نانێ ،
بزەیەکی تێ نەگرتوون ..
پڕ پڕ بێ لەو زەوییانەی سەوزاییان لێ سەنراوە و
وەکو دیل تەلبەنکراون ..
ئەم شارە چۆڵ چۆڵ کراوە
لەو ئێوارە زیوییانەی
خەڵک باسی
ڕەوتی شۆڕش و ..
ئاڵوگۆڕی بەیاننامە و
فیشەک ئەکرا ..
شار چۆڵ بێ لەو مراوییانەی ،
بە پۆل ئەفڕین بۆ گەرمیان ..و
شەپۆلیان ئەخستە ئاسمان .. پڕ بێ لەو دەوڵەمەندانەی
به قۆڵبڕین دەوڵەمەند بوون ..
پڕ لەو شاعیرە گەمژانەی
وشە و میز پێکەوە ئەکەن ..
گەر دادگای ئەدەبیی هەبێ ،
هەموو لە سێدارە ئەدرێن …
ئەم شارە بۆچی چۆڵ چۆڵ‌بوو لەو کەسانەی
لەگەڵ باران و درەختا ، پێخاوس بوون ؟
بۆچی پڕ بوو لەو دزانەی
لەگەڵ دۆلار و یۆرۆدا ،
ساڵی هەزارجار ئاوس بوون ؟
ئەم شارە بۆچی وا پڕ بوو ،
لە بێ ئاوی و
بێ ڕوناکی و
لە بێ نانیی ؟
کێ پڕی کرد لە بیانیی ؟

ــنەوزاد بەندی ـــ




لە ناوەڕاستی شەقامێ.. نەوزاد بەندی

وەک سەربازێ ، لە بەرەکانی جەنگ گەڕابێتەوە و ..

ماڵێ شک نەبا  دەرگای بۆ بکاتەوە ..

کەسێ نەبێ باسی ئەو ساتانەی بۆ بکا

مەرگ نمایشی جل و بەرگی لە پێش چاویا ئەکرد ..و ئیغرای ئەکرد هەتا بیبا ..

وەک ئەو کرێکارە ئاوارەیەی لە تەقینەوەیەک،

قوتاری بووە و .. کەناڵەکانی ڕاگەیاندن پیرۆزبایی لێ دەکەن ، کە لە مردن ڕزگاری بووە و به ئاوارەیی وبرسێتی و بێکەسیی شادبۆتەوە ..

وەک ئەو منداڵەی لە هەتیوخانە چاو ئەکاتەوە و ..بەتانییەک ئەبێ بە باوکی و .. باڵیفێکیش بە دایکی …

لەناوەڕاستی شەقامێ ، ڕائەوەستم ،

بە لەشێکی تەندروستەوە پێشوازیی لە دنیایەک خەم و دڵتوندیی ئەکەم ..

ئاوڕ بەملاولادا نادەمەوە ، چونکە ئەزانم هیچ شتێ نابینم  دڵم خۆش کا ..

ڕاوەستان ، ئینزارێکی زەردم بۆ دەردێنێ و

ئەبێ بڕۆم .. بەڵام بۆ کوێ ؟

لە دەفتەرەکەی بەر باخەڵما ، ناوی ئەو شوێنانەی تیایە ، بۆیان چووم و قۆڵیان بڕیم ..

ناوی ئەو کەسانەی تیایە ، تەوقەیان لەگەڵ کردم و   نینۆکەکانیان هەڵکێشام ..

ناوی ئەو وەرزانەی تیایە ، بارانی ڕەشیان

باراند و ..

ڕاویان نام تا گەیشتمەوە ناو زیندانەکەم ..

پێخەفەکەم ، ئەوەی کە هەزاران جار بە خەونی ناخۆش گوللەباران کراوە ..

سەرینەکەم ، ئەوەی هەزاران جار بە فرمێسکی ناگەهان ، خنکاوە …

لەناوەڕاستی شەقامەکە ڕائەوەستم ..ئەمەوێ بە هەنگاوەکانم بڵێم : بە تەمان بچن بۆ کوێ ؟

ئەمەوێ بە خۆر بڵێم : بە تەمایت ئەمڕۆ چی ڕوناک کەیتەوە ؟ چی ووشک کەیتەوە ؟ ڕۆشنە پێکهاتن بە کام درەخت بکەی ؟

چاوم ئەڵێ  :  لەوە زیاتر چیت پیشان دەم ؟ دوکەڵ ئەڵێ : ئەگەر لەگەڵما دێی ، وەرە ..من دوو خولەکی تر ئەڕۆم …

بە تەمام بە خۆڵ بڵێم : ئەمڕۆ باوەش بۆ چ ماتۆڕ سوارێکی دێلیڤەری ئەکەیتەوە ؟ ئەمڕۆ پەنجەرەی چەند ماڵ سواغ ئەدەی ؟ چەند پیرەژن ، تەنگەنەفەس ئەکەیت و ئەیبەی بۆ قاوشی چاودێری وورد ؟

درەخت پێم ئەڵێ : بجوڵێ ، تۆیش ئیشەکەمان لێ مەدزە .. پێنج خولەکی تر ، خولێکی تازەی  جەنگ دەست پێ ئەکا ..

سواڵکەرێ دێتە ڕێگام و بە گریانەوە پێم ئەڵێ : یەک لەسەر ملیۆنێکی خۆش بەختی خۆتم بدەرێ …نزای وات بۆ ئەکەم خوا ، گەڕەکێ دارخورمات لە بەهەشتا بۆ بڕوێنی ..

بە شاگرد مەتعەمێ ئەڵێم : لێرەوە تا مردن ، چەند نانخواردنی پێ ئەچێ ؟

سێ چوار تەکسی ، لە چواردەورم ڕائەوەستن ، لە نێوان خۆیاندا ، لەسەر من ، ئەبێ بە شەڕیان ..لەسەر ئەوەی کامەیان من هەڵگرن و بمبەنەوە بۆ موجەمەع دەوائیری مناڵیی ؟

مزرە سێوێ ، پێم ئەڵێ : بە قسەم بکە ، سەیارەکەت بە هەرچەنێ بێ بیفرۆشە و

وەرە لەگەڵ فەریکە نۆکێکا ئەڕۆین بۆ جێگایەک هێشتا فیشەک لێی نەداوە .. هێشتا کۆمپانیای حیزبەکان موساتەحە و ئیفرازیان نەکردووە ..هێشتا وشکە ساڵیی نەیپەرژاوە ئەشکەنجەی با ..هێشتا کوللە  سەرخەوی تیا نەشکاندووە ..دوپشک چزووی تیا تاقی نەکردۆتەوە ..

بە کۆترە باریکەیەکی پێکراو ئەڵێم : بۆچی لێرە ئەنیشیتەوە لێت بدەن ؟ خۆ ئاسمان یەکێتی و پارتی و مەرزی باشماخ و خاپووری لێ نییە ..خۆ باڵ بە بەنزین ئیش ناکا .. خۆ ڕەگەز پەرستیی لە بەینی کۆترا نییە ..بۆچی تا هێزت تیایە هەڵنافڕی ، تا دۆرگەکانی کەناری ؟ تا ئەوپەڕی ملپێچی شینی زەریاکان ..کڵاوی سپی چیاکان ..؟ بۆ  هەڵنافڕی ؟

کادیرێکم لێ  پەیا ئەبێ و گیرفانم پڕ ئەکا لە ڕەسمی ئەو پیاوانەی ئەم بەهەشتەیان دروست کرد ..پڕیان ئەکا لەو سروودە درێژانەی ئێرەیان کرد بە دێراوی تۆلیپ و .. ئەو خەڵکەیان بەختەوەر کرد … گیرفانم پڕ ئەکا لە سویچی وەنەوشەی کیلۆمەتر سفر ..ئەو حۆرییانەم پیشان ئەدا لە قوتابخانەی شۆڕش دەرچوون و بوون بە ئارایشتی تیڤییەکان ..

بە کۆڵبەرێکی ئێرانیی ئەڵێم : گەلۆ !  ئێوە نەوەکانی کیسران ، ئەمە کەی ئیشی ئێوەیە ؟

کیسرا ئەمەی لەبەرچاو بێ ، بێ شەڕ تەسلیمی سوپاکەی عومەر ئەبێ .. گوڵسورخی بەمە بزانێ ، پێش  گوللەبارانکردنی ، خۆی ئەکوژێ .. خەییام و سەعدی بزانن ، ڕوباعیات و گوڵستان گڕ تێ بەر ئەدەن ..

— ئەچی‌ بۆ کوێ  ؟

جێگایەکم بۆ دیاری کە تا بڕۆم بۆی ..

ڕێگایەکم بۆ دیاری کە ،

لەم ڕێیانەی لێرەیە ، نەچێ هات و چۆی ..

ــبۆ کوێ ئەچی ؟

دژە تیرۆرێ ئەو پرسیارەی لێ دووبارە ئەکردمەوە .. سوپایەکیش ئامادە باش ..سیلاح .. ڕاجیمە ..ئەمبوڵانس ..

سوپایەکیش پەیامنێر و مایک و کامێرا و

لۆگۆی هەموو ڕەنگەکان و لا ئیلاهە ئیلا ڵا و

چەکوش و داس ..

لە کۆترە باریکەیەکی تیرۆریست کۆبووبوونەوە ،

بە فیشەک کرا بوو بە بێژنگ .

هەتا دوایی …….

شیعری / نەوزاد بەندی …21/مایسی 2023




پەیامنێر.. چیرۆکی: نەوزاد بەندی

ئەکرا بڵێین پیاوێکی بەشانس بوو ، هەرچەندە خۆی پێچەوانەکەی ئەسەلماند ..هەمیشە داد و بێدادی بوو لەوەی لە لەزگە و ..لەزگەی دوو دیو و هەموو جۆرە لەزگەکاندا شانسی نییە . . کام جۆرەیان کە زۆر گرانە ، ئەیکڕێ ، هەڵیئەواسێ ، خاولیەکەی پێوە ئەکا ، دوای چەند خولەکێک ، خاولێکەی لەسەر زەوییەکە وەک پشیلە گرمۆڵە بووە ..ئەیانووت گەرمی کە ، گەرمی ئەکرد ، سوودی نەبوو ..
بەڵام خەڵک پێیان ئەووت ، تۆ سەیریکە ، کاتێ سەرەی سەربازیت هات ، جەنگ وەستا .. کە بەشی ناوخۆییت وەرگرت ، ئیتر دوای تۆ بەشی ناوخۆیی نەما ..شانسی وەک هی تۆ ، خوا بە کەسی نەداوە ..
لە ئاژانسەوە نامەیەکی دەنگیی بۆهات ، گوایا ئەم چالاک نیە لە گردکردنەوەی هەواڵی خوێناوی و جەرگبڕا .. لایک و سەبسکرایبی ئاژانسەکەیان زۆر دابەزیوە ، کار وا بڕوا پارەی سپۆنسەر و شتیان نامێنێ …
ئەمیش لە داخا جگەرەکەی هەڵدا ، کەوتە ناو شەربەتی کچێکی بچوکەوە ، کە بە جلی فێرگەوە بەرەو خوێندن ئەڕۆی .. سەرێکی بەرز کردەوە و خێسەیەکی لێکرد ، وەک پێی بڵێ : زلە ! تەپڵەکی جگەره و شەربەتی ڕانی لێک ناکەیتەوە ؟
( قوربانت بم گوڵی من .. ببووره ! .. فڕێی دە .. ها .. ئەوە پارە ..بڕۆ شەربەتێکی تر بکڕە )
دەستی خستە سەر مایکەکە و نامەیەکی دەنگیی بۆ بەڕێوەبەری ئاژانسەکەیان نارد :
( قوربان چی بکەم ؟ لە دوێنێوە تەنها ڕووداو کە ڕێکەوتم کردبێ، بورانەوەی بەنگلادیشییەک بوو ، سەرەتا وامانزانی گیانی لە دەستداوە ، دوایی هەستایەوە سەرپێ ..زۆریش ئەگەڕێم .. گوێ قۆڵاخ ئەکەم . . ئەم دوو ڕۆژە وڵات زۆر ئارامە ..)
بەڕێوەبەر ویستی پێی بڵێ گوێرەکە لە گوێی چ گایەکا خەوتووی ؟
کەچی ووتی : گوێ قۆڵاخ کە ، لە سێبەری چ دارتوویەکا خەوتووی ؟ ووڵات ئارامی چییە ؟ ئەیهاوار .. لە سەرۆک وەزیرانەوە هەتا پاسەوانی باخچەی ساوایان ، شیر و تیر لە یەکتری ئەسون .. ڕۆژ نییە ، دوو سێ پیاوی گەورە نەکوژرێن و ..چوار پێنجێ قۆڵبەست و شوێنبزر نەکرێن .. سەیری ئاژانسەکانی تر بکە ، هەر ئەچیتە ناویانەوە ئەبێ خۆت بەی بە عەرزا ، ئەگینا بە فیشەک سەرت هەڵئەگرن ..فڵان خۆی کوشت ..فیسار خۆی خنکاند ..فڵان نووسەری بەناو بانگ ڕای کرد بۆ ئەوروپا و بوو بە ئاشەوان ..ژمارەی قوربانیانی شەڕە تەقەکە گەیشتە چوار کەس ، هەر چواریشیان ئامۆزا و خاڵۆزان ــــ
لێرەدا نامەی دەنگێکەی وەستا ، لەوە ئەچوو پاتری مۆبایلەکەی وەستابێ ، بەڵام بەڕێوبەری ئاژانس هەر بەردەوام بوو له قسەکردن : ( ئەی ئەوانە هەواڵ لە کوێوە دێنن ؟ هەواڵی وا خوێناوی و بە پەللە ..هێشتا خەسووەکە بوکەکەی نەکوشتووە ، ئەوان یاویانە لە شیش و کردوویانە بە هەواڵ .. هێشتا زاواکە دەستی لە خەزووری نەوەشاندوە ، ئەمان براندی دەمانچەکە و ژمارەی فیشەکەکانیشیان دابەزاندووە .. هێشتا مناڵەکە نەکەوتۆتە ناو بیرەکەوە ، ئەوان وێنەی بنی بیرەکە و سورەتی حەزرەتی یوسفیشیان دابەزاندووە ..ئەی چۆن ، ئەوانە پەیامنێرن ، نەک جەنابت ، بە دوو ڕۆژ ، تاقە هەواڵۆکەیەکت ناردووە ، بەنگلادیشی مرد ..بەنگلادیشی مرد .. دوایی دەرکەوت نەمردووە و.. ئەسڵەن بەنگلادیشیش نەبووە ، کوڕێکی ئەسمەری خەڵکی تەپەکوڕە بووە ..)
بە تەنیشت قەسابخانەیەکدا ڕۆی ، بۆنی شەڕێکی ئەکرد ، بۆیە خۆی مات دا و ڤیدیۆی مۆبایلەکەی خستە سەرپێ ، چاوەڕێی قەسابەکەی ئەکرد کێردەکەی بەرزکاتەوە و کابرا بکوژێ ..
(کیلۆی دوگ چۆن بووە بە دوانزە هەزار ؟ ) کابرا بە ناڕەزاییەکەوە قامکی لە دوگەکە ئەدا و بەردەوام بوو (خۆزگە لە دوگیش بچووایە ، زەرد ..زەرد ، ئەڵێی کاستەری خواردووە )
قەسابەکە ووتی : ( برا جوانەکەم ! ئەوە بە دەست من نییە ، بڕۆ سەیری جۆلانە و پەتپەتێنی نرخی دۆلار بکە ، مەڕەکە ئەکڕی ، هێشتا نەتبەستۆتەوە ،بووە بە مریشک .. یان لێت ئەکەن بە حوشتر . . حوکمەت بە دۆلارەوە گرتوویەتی ..)
شانسی ئەم ، قەسابەکە دەرچووی کۆلێژی هونەره جوانەکان بوو ، بەشی پەیکەرسازیی و ..لە ناچاریدا بوو بوو بە قەساب ..ئەوەندە ناسک و نۆڵ قسەی لەگەڵ خەڵکەکەدا ئەکرد ئەتوت باسی سیمفۆنیای هەشتی بیتهۆڤنیان بۆ ئەکا ..
( سەیری پەیجەکان بکە ) بەڕێوەبەر کەوتەوە نامە ناردن ( کوڕێک ئەم بەیانییە ، بە چەقۆ برا گەورەکەی کوشت ..دایک وباوکێک لە شیرین خەودا ، سەری کوڕەکەیان بە خشت پان کردەوە ..کچێک لە ژووری پشتەوە ، خۆی خنکاند ..وڵات ئارامە ؟ ها ؟ بەس پێم بڵێ تۆ خەریکی چیت ؟ معامەلەی کلکە ماسیحە ئەکەی لە گوزەری کەوفرۆشاندا ، چڵم دەرئەهێنی ؟ )
( نا قوربان .. شتی وا چۆن ئەبێ ) لە دڵی خۆیدا ووتی دە وەرە ئەندازەی تەلاسازیی تەواو بکەیت و بۆ پارووە نانێ ، ئەم هەموو تڕە تڕەت بەسەردا بکەن .. لەبەر کۆمپانیا و ئەندازیاری تورکی و ئێرانیی ، کەس ئاوڕ لە ئێمە ناداتەوە ، ئەگینا من لە کوێ و پەیامنێریی لە کوێ : ( هەندێ لەو هەواڵانە درۆن .. پەنجا جار یاس خزریان مراند ، کەچی دوێنێ لەگەڵ کچێکی شۆخ و شەنگا تراکێکی دابەزاند .. ڕۆژ نییە عادل ئیمام نەمرێنن .. کابرا بریندارە ،ئەڵێن مرد ..یان ئەڵێن لە گوندێکی زیقار ژنێ مێردەکەی سەر بڕی یان هەرامەکەی بۆ بڕی ..ئەوانە هەموو درۆن .. من نامەوێ هەواڵی درۆت بۆ هەڵبەستم ئەگینا پەیجەکەت بۆ ئەکەم بە توبی عەدلیی .. )
( با واز لە هەواڵی کوشت و کوشتار بێنین .. ڕاپۆرتێکم پێیە ، بڕوا بکە دڵنیام خەڵکێکی زۆر ئەیخوێنێتەوە و .. فۆڵۆ و لایک و سەبسکرایبمان ئەفڕن .. باسی پزیشکێک ئەکا ، لە تەلارێکی پزیشکیدایە ، دەرمانخانە و تاقیگە ، مانگانە کرێی شوقەکەی بۆ دەدەن کە یەک ملیۆن دینارە .. کرێی ئاو و کارەبای نیشتمانی و موەلیدە و ئەنتەرنێتیشی بۆ دەدەن ..لە هەر فەحس و دەرمانێکیش کە بۆیان ئەنێرێ ، سەدا پەنجای قازانجی ئەدەنێ ..مناڵەکانی لە قوتابخانەی تورکیی ئەخوێنن و خەرجی ساڵانەی خوێندنیان ، لەسەر دەرمانخانە و تاقیگەیە .. هەموو هەفتەیەکیش جارێک ، دەعوەتێکی شاهانەی لە یەکێک لە ڕیستۆرانتە گەورەکانی شار بۆ ساز ئەکەن .. هەر ئامێرێکی پزیشکیی نوێ دابێت ، بۆی ئەکڕن و لە پاکەتێکا ئەیڕازێننەوە ،
Seen by Nawzad Bandy at Sun 5:36 AM
Nawzad Bandy
ئێستا بیانووی ئەوەیان پێ ئەگرێ کە تەلارێکی پزیشکیی تازە ئۆفەری زیاتریان بۆ ئامادەکردووە و ..سەرباری ئەوەی تەلارەکەیان تازەترێکە ، ساڵانە دوو گەشتی کەناراوەکانی ماڵدیف و یۆنانیشی بۆ دەکەن و.. هەفتەی جارێکیش ، کورسی پێشەوەی یانەی شەوانەی پڕ لە ئافرەتی شۆخ و شەنگی بۆ دابین ئەکەن ..لەگەڵ سویچی ئوتومبیلێکی کیلۆمەتر سفر ..)
بەڕێوەبەری پەیج ، کە لە سەوزەفرۆشییەوە هێنابووی و..چەندین ئیشی وەک ئاژەڵفرۆشی و .. حیمایەی بەرپرس و ..خانوو فرۆشی و ..باڵندە فرۆشیی کردبوو ، زۆر تووڕە بوو ، خەریک بوو ئەو نیشانە ڕەشەی کە هێندەی دەنکە گۆیژێک ئەبوو ، لە سێبەری لای چەپی لوتیدا ، لە بندا دەربێنێ ..( ئەرێ تۆ تەبیعیت ؟ چۆن لەسەر پزیشک و شت ئەنووسیت ؟ ئەی نازانی هەر یەکێکیان کومەڵێ مەسئول و شت لە پشتیانەوە خۆیان مەڵاس داوە و .. هەرچی بکەن ، ئەیکەن .. ؟ بە تەمای ڕاپێچی دادگا و زیندان و تەحقیقمان بکەی ؟ )
لە دڵی خۆیدا ووتی : ئەمە چ تۆپەڵە گەمژەیەکە ! خوایه لێت ڕازیم ، بەڵام ئەمە کۆمەڵگا نییە منی تێدام .. هیچ کەسێ لە شوێنی خۆی دانەنراوە ..ئەم بەڕێوەبەرەی من ، حەق وابوو ببێتە جەلاد لە زیندانی دیکتاتۆرێکا ..کەچی بووەتە ڕۆژنامەنووس و ڕۆژی سەد قاوە لە ئۆفێسەکەیدا ئەخورێتەوە ..
( هەروەها ڕاپۆرتێکی ترم بە دەستەوەیە باس لەو مامۆستایانە ئەکا کە قەرزارن ، کەچی خۆیان وا پیشان ئەدەن شاهانە ئەژین و .. لچ لە کاڵاکانی بایعیی میریی هەڵئەقورچێنن و نایبەنە ماڵەوە ، هەر لەوێ بە نرخی خۆڵ ئەیفرۆشنەوە بە بایعە چاوزەقەکان ، کە به جۆرێ نرخی کاڵاکان ئەشکێنن وەک بڵێی به کاری فڕێدانیش نایەن ـــ)
لەو کاتەدا لەسەر شەقامەکە ، کابرایەکی چاویلکە لەچاوی پان و پۆڕ ، دەستی برد لە گیرفانی شەڕواڵە پان و پۆڕەکەیدا ، دەمانچەیەکی گەورەی میکارۆفی دەرهێنا ، لە حاڵێکدا دەمانچەی ئەخستە سەرپێ و لە هەمان کاتیشدا ، مامۆستایەکی ئاینیی کە لە پێشییەوە ئەڕۆیشت و دەستێکی بە مناڵێکی حەوت ساڵانەوە بوو ، دەستەکەی تری دوو عەلاگە تەماتە و باینجان ..پێش چرکاندن و کوشتنی مامۆستا ئاینییەکە ، ئەم لە جیاتی وێنەی بگرێ ، بە هەموو هێزییەوە باوەشی کرد بە کابرای پان و پۆڕدا و ..ویستی بیدا به زەویدا نەیتوانی ، دەمانچەکەی میکرۆفیش لە نێوان سنگ و سکی هەردووکیاندا ئەهات و ئەچوو .. مامۆستای ئاینی و خەڵکەکە تێکڕا شڵەژان و بەملاولادا ڕایاندەکرد .. دوو پۆلیس لە دوورەوە وایان نیشان دەدا ئەو دووانە دانس ئەکەن نەک زۆران ..
کابرای پان و پۆڕ ، هانکە هانکی پێ کەوت ، چونکە ئەم زۆر بەتوندی باوەشی لێ نابوو ، خەریک بوو هەناسەی ئەبڕی ، بە حاڵ ئەیتوانی هەندێ جنێوی پیس لە دەم و لچە شینەوە بووەکەیەوە بێتە دەرێ ..جنێوگەلێکی وا بتکردنایە بە گۆشتی بەرخەوە ، سەگ بۆنی پێوە نەدەکرد ..
پەیامنێری پەیجەکان لە پەناو پاسارەوە خۆیان دابوو بە زەویدا و ..خەریکی وێنەگرتنی گەرمە هەواڵێک بوون ..
( پەیامنێرێک و پیاوکوژێک لە ململانێ و دەستەویەخەدان ..پیاو کوژەکە دەمانچەیەکی میکارۆفی بە دەستەوەیە ، لە تۆکاریفیش ئەچێ ، بەڵام ڕەنگی تێری دەسکەکەی زیاتر ئەمانباتەوە سەر میکارۆف ..پیاو کوژەکە لە هەوڵی خۆ دەربازکردندایە ، بەڵام پەیامنێرەکە ناهێڵێت و …پۆلیسەکانیش لە دوورەوە پێدەکەنن وەک ئەوەی سەیری زۆرانبازی نێوان شاری شاپل و پیاوە قەڵەوەکە بکەن .. ئێمە لە شەقامی تەنیشت چوخمەکەین ، خەڵکێکی زۆر ڕادەکەن و..ئوتومبیلەکان پاشە و پاش ئەگەڕێنەوە و هەڵدێن .. بە لایەنی کەمەوە دوو ئوتومبیل لە یەکیان داوە و .. هەروەها ماتۆڕێکی دێلیڤەری وەرگەڕاوە ، نازانرێ ئاخۆ سەرنشینەکەی مردووە ، یان بریندارە ..کەس نایپەرژێتە سەر کەس و ..پیاو ئەو پیاوەیە خۆی دەرباز ئەکا .. )
ناڵەی فیشەکێک ..بە دوایدا فیشەکێکی تر ، کۆتره شینکەکانی سەر گومەزی مزگەوتی خانەقای هەڵفڕاند .. ڕاکردنی پیاوێکی دەم و لچ شینەوەبووی پان و پۆڕ و .. شل بوون و کەتنە سەر زەوی پەیامنێرەکە لە یەک کاتدا بوون.. جا پۆلیس و خەڵک و پەیامنێرەکان ، پێش مێشەکان گەیتشتنە سەری و نیشتنە سەری لە چواردەوری کۆبوونەوە بە جۆرێک بواریان نەدەدا ئەمبوڵانسەکە بیگەیەنێتە نەخۆشخانە .




وەرنەوە بۆ هەموو شتێ!.. نەوزاد بەندی

لوتژەندنی دەسەڵات لە هەموو جۆرە بازرگانی و پیشەکانی ناوبازاڕ ، ئەوەندەی کارەساتە دوو ئەوەندە کۆمیدییە ..ئاخر چۆن ئەبێ تۆ سەرقاڵی سیاسەت و وڵات بەڕێوەبردن بیت ، کەچی سەرقاڵی تاوەر دروستکردن و نەخۆشخانەی ئەهلی و هاوردەکردنی جگەرە و دوگ و بەرز‌ و سەروپێیش بیت ؟ باسی مادەی 140 بکەیت و سەرقاڵی هاوردە کردنی ئوتومبیل و بەفرگرە و تیڤی و عەلەفی مریشک و مانگایش بیت ؟ مەعقولە حوکمەتێ لەگەڵ سەرۆکی ووڵاتاندا دانیشێ و هەمان ڕۆژیش خەریکی ترانزێتی ئامدیوکردنی وەجبەیەک باڵندە و قوماش و کۆمپیوتەر و چەقۆ بێ ؟ .. ئەم کاڵا و پیشە جیاوازانە بۆ گەورەترین کۆمپیوتەر داونلۆد بکەیت ، گەرم ئەبێ و سوور ئەبێتەوە و داوای ئەپدەیت ئەکا .. نەخۆشی فرە کاڵا وئیش و تایبەتمەندیی ، بۆ ناو خەڵکەکەیش درێژ بوونەوەی هەیە ، چونکە ئەمانە گەورەیش نەبن ، لە شوێنی گەورە دانیشتوون و.. بچووک پێ لەئاوە ڕژاوەکەیان ئەخشێنێ .. جۆرە فرۆشیارێ پەیدا بوون وەک دەسەڵات خەریکی بازرگانیکردنی تێکەڵ و پێکەڵن :
(وەرنەوە بۆ پەنیر .. ماست ..تایت .. سابونی زەنابیلیی .. قەیماغ .. جلی کوردی .. مریشکی سوور ..ماسی تازه ..تەختەی حەمام .. برمەی گەرم .. ماڵێ موبەڕیدەی سووتاوی بێ .. برنجی بێ ..ئاردی بێ .. غەسالە و سپلیتی سووتاوی بێ ..قەنەفەی بێ .. بیفرۆشێ..!! )

ــنەوزاد بەندی ـــ




گەورەترینەکان.. نەوزاد بەندی

گەورەترین درۆزن ئەو کەسەیە،

کەسێکی خۆشویستوە و

هاوسەرگیریی لەگەڵ کەسێکی تردا ئەکا ..

*     *     *

گەورەترین گەمژە ، ئەو کەسەیە ، خەڵک لە خۆی کۆ ئەکاتەوە و

خوا لە خۆی دوور ئەخاتەوە ..

٭     ٭     ٭

ناپیاوترین کەس ،

کەسێکە بڕوای بە بیر وباوەڕێک نییە و ..

بۆ دەستکەوتنی ماڵ و سامان ،

بانگەشەی بۆ ئەکا ..

٭      ٭       ٭

گەورەترین سەرکردە ،

کەسێکە هەموو جیهان ،

بە سەرکردەی خۆیانی ئەزانن ،

نەک تەنها تیرە و بنەماڵەیەک  ..

٭        ٭         ٭

گەورەترین بازرگان ،

ئەو بازرگانەیە

کە بیر لە مرۆڤەکان ئەکاتەوە نەک گیرفانی مرۆڤەکان ..

٭         ٭          ٭

گەورەترین سەرلێشێواو ،

کەسێکە ، لە دوای شەست حەفتا ساڵ تەمەن ،

هێشتا بە دوای دنیادا ڕائەکا و

بە تەمایە ئاسوودەیی دەستکەوێ ..

ــنەوزاد بەندی ــــ

بیرم نەبوو ..!

گەورەترین بێ ڕەوشت ،

دەعبایەکە ،

دیکتاتۆرێ ئەڕوخێنێ  ،

بۆ ئەوەی خۆی بچێتە جێگاکەی و

درێژە بە دیکتاتۆریی بدا ..!! )




عوزر خوایی بۆ شیعر.. نەوزاد بەندی

دەمێکە شیعرم نەنوسیوە ..
دەمێکە لەم شەقامەدا،
شیعری جوانتان نەبینیوە ..
شەقامەکەم ،
پڕ بووە لە دز‌ و جەردە ..
هەر فریای ئەوە ئەکەوم ،
ئاگادارتان بکەمەوە و
لە ڕوویان هەڵماڵم پەردە ..

٭ ٭ ٭
ئەوان حەز ئەکەن خەڵکەکە ،
دەست لەو خاکە هەڵگرن و
بە هەڵبەستەوە سەرقاڵ بن ..
بۆ ئەوەی هەر دەربەدەر و ..
هەر جەردە خاوەنی ماڵ بن ..

٭ ٭ ٭
ئەوان لاوانیان ڕاهێنا ،
لەسەر سوکایەتی و جنێو ..
میدیایان پڕ کرد لە درۆ و ..
ڕۆژنامە نوسی وەکو دێو..

٭ ٭ ٭

ئەبێ شیعر
جلی سەربازی لە بەرکا ..
کاسکێت و
بێری لەسەر کا ..
ببێ بە فیشەک
بە بڕنەو ..
هەر هیچ نەبێ ،
خەڵکەکە هەڵسێنێ لە خەو ..

نەوزاد بەندی




سەفەری دوا باڵندەی شار.. نەوزاد بەندی

ئەم لەو جۆرەیان بوو ، کە قسە خۆش بوو ، بەس گاڵتەجاڕ نەبوو ..قسەکانی توێکڵدار بوون ، بەڵام جنێو نەبوون .. کاری ئەکرد بەڵام پارەی نەدەپەرست ..هونەرمەندێکی خاکی و میللی و مرۆڤپەروەر بوو .. هەرگیز لە میدیاکان و لە بۆنەکاندا بۆ ماڵ و سامان نەکڕوزاوەتەوە .. کەس نەیدەزانی کرێچییە ..ئاسایی بوو بەلایەوە لەسەر شەقامێک سەوزە ومیوە بفرۆشێ ..ئەو لەبەر دەرگای بەرپرسەکاندا ڕانەوەستا و ..ماستاوی بۆ هیچ کەسێ نەکرد ، هەر مایکێکیش ڕێی پێ بگرتایە ، بە سنگێکی فراوان و ..ڕوویەکی خۆشەوە ، هەموو پرسیارەکانیانی وەڵام دەدایەوە و حیسابی ئەوەی نەدەکرد ئەم مایکە هی چ حیزبێکە و چ ئاغایەک خۆی بە خاوەنی دەزانێت ..
بەڵێ ، هونەرمەند دوو جۆرن ، هونەر فرۆش و هونەربیر .. ئەم لەجۆری هونەر بیر بوو ..هونەر و بیرو باوەڕەکەی ئاوێتە بوون ، هەر بۆیە هەمووان خۆشیان ویست ..ڕوخساری هەمووان به ووتەکانی بزە و پێکەنینیان تیا ڕوا ..هەمووان بۆ مەرگی ناکاویی ، فرمێسکیان ڕشت و توشی دڵتوندی و خەمباریی بوون ..ئەو تاکە هونەرمەند و تاکە کەس بوو لەم کوردستانەدا بتوانێ هەموو حیزبەکان وا لێ بکا دوور لە دروشمی حیزبی لە دەوری کۆببنەوە و گوێی لێ بگرن و خۆشیان بوێ ..ئەو تاکە کەس بوو ، بە هونەر و کەسایەتییە جوانەکەی ، جیاوازیی نەهێشت ، دەوڵەمەند پێش فەقیر ، ئەیناسی ..دەسەڵاتدار پێش بێدەسەڵات خۆشی ئەویست ..ئەو بە بێ ڕیکلام و بە بێ کلیل ، دەرگای دڵی هەمووانی کردەوە و ..بۆ هەتاهەتایە ، باخچەی هونەرێکی پاک و ..کەسایەتییەکی سادە و جوانی لە ناخی هەموواندا چاند ..
مەگەر خوا بزانێ چ خەمێکی گشتی ، چ دەردێکی سیاسی ، چ ئازارێکی ئابووریی ، چ داخێکی گەندەڵکاران ، کاتژمێری دڵتی ڕاوەستاندبێ .. مەگەر خوا بزانێ ..
سەفەرت سەلامەت ، هادی گیان ..
خودا پاڵپشت و هاوکارت بێ ،عەریف حەمە تاڵی ئازیز و خۆشەویست ..

نەوزاد بەندی




یەکەم لە دوای دواوە.. چیرۆکی/ نەوزاد بەندی

تۆ سەیرکە ؟ یەک دێڕ ، ووشەیەک نابینی هەڵەی ڕێزمانیی و ڕێنووسیی تێدا نەبێ ..
ــ( ئەمە تۆ چیت نوسیوە دادە ؟ خەڵکی توزخورماتڕڵم ..ئەبێ بنووسی توز خورماتوو ..کارەسات لەوەدایه مامۆستای زمانیشیت ! )
ووتی : ( فەرقی چییە ؟ حەسەن کەچەڵ یان کەچەڵ حەسەن …)
( تۆ باسی چی ئەکەی ؟ حەسەن و کەچەڵ ،نیهاد و گوزارەن ئەتوانی پێش و پاشیان بخەی ، بەڵام ئەمەی تۆ هەڵەیە ..هەڵە..خورماتڕڵ لە کوێ و خورماتوو له کوێ ؟ بێجگە لەوە ، ناوەکەیشت هەڵە نوسیوە ، نوسیوتە شازن ، ئەمە یەعنی ئەوان شزوزیان هەیە ..لە کاتێکدا ئەبوو بتنوسیایه شاژن )
هەر گوێیشی نەدایە .. دەسگیرانەکەی تێلی بۆ کرد ( ئەها دەستم چی لێ هاتووە ) لەگەڵیدا وێنەی دەستەکانی بۆ نارد ، سوور بووبوونەوە ،
( ئەمە چیە ؟ بەس نەڵێی غاز تەقیوەتەوە ؟ )
( نا .. کاڵێی خوشکم تەکلیفی کرد لەگەڵیان بچم دڕک و داڵەکانی حەوشەکەیان بژار بکەم ..چەند ساڵە پشتگوێیان خستووە .. دڕک و داڵ هەموو دەستی خواردم ..جا .. )
( جا چی ؟ )
( جا هاوسەرەکەیشی برایەکی سینگڵی خوێڕی هەیە ، نازانم چۆن پەیا بوو فرسەتی هێنا ، ویستی پەلامارم با .. ڕامکرد .. )
تف لە دەمییا ووشک بوو ، ئەمە چییە ؟ شتی وا چۆن ئەبێ ؟
( چۆن شتی وا قبوڵ ئەکەی ؟ )
ئەو بە سادەییەکەوە ووتی : ( سینگڵی خوێڕی هەروان ..ڕیسوان ..)
سەعیدی پارێزەر ، لە ڕێی واتس ئەپەوە پەیوەندی پێوە کرد ، ووتی لەماوەی سەعاتێکدا ئەبێ له دادگا ئامادە بیت ، هەموو خاوەن پشکەکان ئامادەن ، هەر تۆ نەهاتووی ..
ئۆی ! چۆن ئەمەی له بیر چوو ؟ ..به بەڕێوەبەری بەشی ووت : ( دوو سەعات مۆڵەتم ئەوێ ..)
ووتی : ( خۆت ئەزانی بەڕێوەبەری کارگێڕیی تازەمان بۆ هاتووە ، هەتا دوو هەفتە ، ئۆف و مۆڵەت نەماوە .. )
( بەڵام من هەر ئەبێ بڕۆم ، مەسەلەکە ماڵوێرانییە .. )
ئەوەی ووت و فەرمانگەی بەجێهێشت .. لە ڕێ نوکەیەک له مۆبایلەکەیەوە هات ، کورتە نامەیەک بوو ، لە مامۆستای توزخورماتووەکەوە ، کە بە هەڵە نوسیبووی توزخورماتڵ ..نوسیبووی : یەع ! خوا یارمەتی ژنەکەت با ، زۆر چەنەبازی..
لە داخا دەهریی بوو ، ویستی پیایا بێتە خوارەوە ، تەماشا ئەکا ناتوانێ .. تومەز خستوویەتیە لیسی ڕەشەوە .. تف ! لە چارەت ، دە وەرە ئەوە مامۆستای زمان بێ ..
سەعیدی پارێزەر ، زەنگێکی تری بۆ لێدا ، زیاتر لە پەنجا کەس چاوەڕێی تۆین ..
( ئەزانم ..لەناو سەیارەدام ، کەمئەندامەکان مانیان گرتووە ، فولکەی بەردەم نوسینگەی پەرلەمان فەرتەنەیە ، هەوڵ ئەدەم بە کۆڵانی خوار تاباندا خۆم قوتار بکەم )
پێچی کردەوە ، پیکابێ شکاندیەوە بەسەریدا ، خوا ڕەحمی کرد چەمەلەغێکی نەبرد ، جووتێ سمێڵی چەوری ناشیرینی نیوە زەرد بە دوکەڵی ڤایپ و نێرگەلە ، لە جامەکە هاتنە دەرەوە و بە دەنگێکی ناساز بۆڵاندی : ( چییه ؟ ئەفەنی فەردە! کوشتنت هاتووە ؟ )
ویستی دابەزێ و .. داخی مامۆستای خورماتڕڵ و سینگڵی ڕیسوای پێ بڕێژێ ، بەس تەماشای تابلۆی پیکابەکەی کرد ، هی وەزارەتی پێشمەرگە بوو ، ئەمانە بە قەوانی فیشەک ددان پاک ئەکەنەوە ، هی ئەوە نین گاڵ لە گاڵیانەوە بئاڵێنی …
زەنگێکی لە دایکییەوە بۆ هات : ( حەبی زەغتەکەت بیر نەچێ . . دوو دەسک کەرەوزی ناسک و دەسکێ تەرخونیش . . چڵی تەرخونەکە نەشکایەوە ، مەیکڕە .. )
( بەڵێ باش )
دیسان نوکەیەک لە مۆبایلەکەیەوە هات ، دەسگیرانەکەی بوو ، وێنەی کرێمێکی بۆ ناردبوو ، دێرمۆدین ..نوسی بووی ئەڵێن ئەمە بۆ جێ دڕکەکان باشە ، ئەگەر ڕێت کەوتە دەرمانخانەیەک بیکڕە ، با هی کۆمپانیای حیکمەی ئورودونی بێ …
لەناکاو بەڕێوەبەری بەش ، پەیوەندی پێوە کرد : ( بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری کارگێڕی ئەگەڕێن .. لە کوێی ؟ هەرچیت کردووە ، وەرەوە بۆ فەرمانگه ..غیابات ئەنووسن ! )
لەو کاتەدا کەمئەندامێک بە خڕکە بەردێکەوە هاتە بەردەم ئوتومبیلەکەی بەو حاڵە ، ئوتومبیلەکەی ڕاگرت و نەیشێلا ..
( چییە کاکە ؟ ئەیهاوار ..خەریک بوو بتشێلم .. )
کەمئەندامێکی بە تەمەنی سەروڕیش سپی بوو ، چاوێکی داخرابوو ، دەستێکیشی لە پشت ئانیشکەوە نەمابوو ..
( منیش بۆیە وامکرد بمشێلی .. ئێمەمانان بۆچی باشین ؟ با هەر ئێوەی بۆرژوا بژین ..مومبارەکتان بێ ..! )
بە دەست خۆی نەبوو لە قاقای پێکەنینی دا.. نەیزانی چی بڵێ ، خۆیشی نەیزانی چۆن خۆی کرد بە کۆڵانی دەستەچەپدا و لەو بەڵای سەرە خۆی قوتارکرد ..
بە سەعیدی پارێزگاری ووت : کێ له کێوە دیارە ، من ناتوانم بێم .. خۆت وەکیلی منیت ، شتێکم بۆ بکە .. لە فەرمانگە ئیشی گرنگم هەیە ، ناتوانم ئامادە بم ..
نەیهێشت پارێزەرەکە قسە بکا ، دایخستەوە.. هاتەوە بۆ فەرمانگە ، هیچ گەراج و جێگایەک نەمابوو بۆ پارکی ئوتومبیل ، پۆلیسێکی هاتووچۆیش بە دەفتەرێکی شینباوی سزاوە، یەک یەک سزای سی هەزار دیناریی ئەنووسی وئەیکرد به فڵچەی ئوتومبیلەکانەوە .. ئەوەندە جوان ئەو کارەی ڕادەپەڕاند ،پیاو دڵی لە خۆی دادەما ..
لەبەردەم ماڵێکدا داینا ، لە دیوارەکەی نوسرابوو : ئوتومبیل لێرە ڕامەگرە ، حەیوان !
بە ڕاکردن خۆی گەیاندە فەرمانگە ، بەڕێوبەری گشتی وبەڕێوەبەری کارگێڕیی نەگەڕابوون ، هەر بۆ ترساندنی فەرمانبەران ، وترابو ئەگەڕێن هەتا تۆزێ گورج بنەوە ، ئەگینا لە ڕاستیدا بەڕێوەبەری گشتی چووبووە گەشتی فەڕەنسا و .. بەڕێوەبەری کارگێڕیش لە گەشتی عەمرە بوو ..
بە بەڕێوەبەری بەشی ووت : ( ئەزانی لە دادگا ئێستا قوڕ ئەکرێ بە سەرما ؟ ئەم تەلەفۆنە چی بوو کردت ؟ )
(سەرباری پیاوەتیی وام پێ ئەڵێی ؟ من حەزم نەکرد قەتعە ڕاتب کرێی ..)
سەعیدی پارێزەر ، زۆر خراپ پیایا هاتە خوارەوە ، تەنانەت پێی ووت وائەزانی ئێمە خزمەتکاری باوکتین ؟ ئاخر چاوت شینە ؟ قژت کاڵە ؟ چی ؟ ئەمە بابەتی پشکە پشک ،ئەو عالەمە چاوەڕێی تۆن ، ئەبێ هەموو خاوەن پشکێ پەنجە مۆر بکا .. دادوەر خەریکە شێت ئەبێ ، نوێنەری پەرلەمانی ناوەند هاتوون ..ئەو حەوشەیە هەمووی حیمایە و دەست وپێوەندە ..
دیسان تف لە قوڕگیا وشک بوو ، ( ئێستا من چی بکەم ؟ )
سەعیدی پارێزەر لە قاقای پێکەنینی دا ، ووتی : ( هیچ .. گاڵتە ئەکەم
..دادوەرەکە نەهات ، لە بەغاوە میوانی هاتبوو ، خستیانە دوو مانگی تر .. شانسی تۆ بوو! )
خەریک بوو پیایا بێتە خوار ، هەرچی خوا پێی ناخۆشە بەم سەعە خوێڕییەی بڵێ کە مەگەر خوا بزانێ چۆن کۆلێژی یاسای تەواو کردبوو ..ئەڵێن لە کۆلێژ ناویان نابوو سەعە خەنە .. بەردەوام کیسە خەنە و شوشە هەنگوینی به بەرتیل بۆ مامۆستاکانی هێنابوو ..
زەنگێک ووریای کردەوە ، خوشکەکەی بوو : ( تۆ بە ڕەوای حەقی ئەزانی من کە ئافرەتێکم ، بڕۆم بۆ تاقیگەی ئوتومبیل و بەڕاد و مرور ؟ )
(بۆ چی بووە ؟؟ )
( ئێ ساڵانەی ئوتۆمبیلەکەم تەواو بووە ، کەی دێی ئەو ئیشانەم بۆ تەواو کەی ؟ )
ویستی بڵێ باش ، لە پڕ تەقییەوە به سەریدا : ( ئەی کوڕەکەت؟ خۆ کافیتریا نیە لەم شارەدا نیسکافەی تیا نەخواردبێتەوە ..ها ؟ ئەو هەر لێ ئەخوڕێ ، حەقی نییە بەسەر سەرئێشەی فەحس و مروورەوە؟؟ ها؟ ….)
دایخستەوە ..بیریکردەوە، سمێڵە چەورە زەردبووەکەی ناو پیکابی وەزارەتی پێشمەرگەی بیر کەوتەوە، یەعنی چی ئەیشکێنێتەوە بەسەرما و هێشتایش من مردنم هاتووە !؟ .. هەر لە خۆیەوە پەشیمان بوو لەوەی کە بۆی دانەبەزی ونەیووت : ئادەی دایک سۆزانیی .. وەرە .. بزانم کاممان مردنمان هاتووە؟
بەڵام شتێکی تری بیر کەوتەوە ، ئا .. بەو سمێڵە بابڕەیدا ، کەرەوز .. دوو دەسک کەرەوز و تەرخون .. ئەگەر لاسکی تەرخونەکە نەشکێتەوە نابێ بیکڕم ..
زەنگێکی بۆ هات ، دەسگیرانەکەی بوو : ( چیە ؟ لەوساوە دەنگت نیە .. لەوە ئەچێ عاجز بووبی .. وەڵا نەمهێشت دەستی بەر دەستم بکەوێ .. ئەو هەروایە .. جوانەگایەکە بۆ خۆی ..لێی ناگیرێ .. )
بیری چووبۆوە .. باسی چی ئەکا ..
کامە ؟ جوانەگای چی ؟
ئاخر توخوا ڕاستە خۆت دوو کوڕی هەرزەکارت هەبێ ، داوای تازەکردنەوەی ساڵانەی ئوتومبیل له من بکەی ؟
لەناکاو ، لافیتەیەکی ڕەش کەوتە بەرچاوی .. دۆش داما .. ناوی خۆی بوو .. لەهەمان بەرواری ئەو ڕۆژەدا ، لەبەردەم شیریایی داباندا ، بە کارەساتێکی دڵتەزێن مردبوو .. سمێڵ بابڕەکە بە دەمانچەیەکەوە هاواری ئەکرد ، جنێوی به دایکم داوە .. دایک ..چۆن کەللەی ناپژێنم ..؟؟
تەماشای چواردەوری خۆی کرد ..یەک دوو قاچی دا بە زەویدا ، گوێی لە هیچ نەبوو .. هەستی کرد گوێچکەکانی کپ بوون .. سکرینی مۆبایلەکەی داگیرساوە ، بەڵام گوێی له زەنگەکەی نییە و ..نایشتوانێ بخوێنێتەوە ، کێیە پەیوەندی ئەکا .. پۆلیسی هاتو چۆ ، بە جووتێ سمێڵی ماش و برنجی زۆر پڕەوە ..بە ورگێکی زلەوە ، بە زەردەخەنەیەکی وەک هی مۆنالیزاوە ، پسوڵەی سزای سی هەزار دیناریی ئەکرد بە فڵچەی ئوتومبیلەکانەوە .. بە جۆرێ ،پیاو دڵی لە خۆی دادەما .. گوێی لە شین و هاوار و زریکەی دایکی بوو : قوربانی ئەو کەرەوز و تەرخونە ناسکە بم کە لە عەلاگەکەی دەستتا بوو .. ناسک ناسک ،لاسکەکانی ئەشکانەوە ..
کۆمەڵێ پیاو بە ڕاکردن هاتن بۆ لای و هەڵیانگرت و خستیانە سەر شانیان ..دوای ئەوە ئیتر نەیزانی چی ڕووی دا ..




چیرۆک/ دیدار.. نەوزاد بەندی

تەنانەت لە لاویشدا ، توشی شتی وا نەبوو بوو ..باڵایەکی کورت و سەرێکی بەر زەبری بێشکە کەوتوو . . ئێسقانی پان و دوو چاوی بچووکی خڕ ..گیرفانی نیمچە بە تاڵ ، هەموو ئەوانە هۆکار بوون بۆ ئەوەی ژیانی ئەم بە بێ ژوان ودیدار و پیاسەی ئێواران بەسەر بچێ ..خۆیشی نەیدەزانی هۆکارەکەی چییە ، ئەوەندە هەبوو ئەم تەماشا نەدەکرا .. تەنانەت زۆر جار سڵاوی لێ نەدەکرا ..وەک سێبەرێک ئەچووە هۆڵەکانی وانە خوێندنەوە ..زانکۆیەکی وەک سەربازگای بەسەر برد ..
هەر زوو فەرشی سووری بۆ پیریی ڕاخست ..وەک پیرەکان تەزبیحێکی قەزوانی درێژی گرت بە دەستەوە ، جار جار ووتارێکیشی بۆ خۆی ئەخوێندەوە ، وەک ئەوەی ژیان هەر ئەوەندەیە و.. لەوە زیاتر بە تەمای چییە ؟ ئەژی و ..موچەی هەیە و ..خێزانی پێک هێناوە و ..مناڵی گەورە کردووە و ..خوا ناسە و . . ئیتر چیت ئەوێ ؟
هەر خۆی بە خۆی ئەووت : هیچ ..
بەڵام برینێکی نهێنی لەناوەوە ئازاری ئەدا ، وەک ئەوەی بە تەنیشت ژیاندا گوزەری کردبێ و .. حیسابی ژیانی لەگەڵدا کرابێ . . یان لە هۆڵی چاوەڕوانی و بلیت بڕیندا بەجێ هێڵرا بێ و ..نەیانهێشتبێ فیلمەکە ببینێ ..باشە ، چۆن ئەبێ بلیت ببڕێ و فیلمیش نەبینێ ؟ ئێ دە ئەم بلیتیشی بڕیبوو ، کەچی نەیانکردبووە ژوورەوە …
ماڵەکەی ئاوێنەی زۆر کەمی تیا بوو ..پێی سەیر بوو ، تەنانەت گەمژەیی بوو ساڵەهای ساڵ مرۆڤ له سەر و فەساڵی خۆی تێری نەخواردبێ و بەردەوام بێ لە تەماشاکردنی خۆی ..
لە جیاتی ئەوە بڕۆ تەماشای مێروولەیەک بکە ، بزانە چۆن ئەڕواتەوە بۆ ماڵەوە .. یان ئەو پشیلانەی لە کەلاوەکاندا ئەخەون ، نە پێخەف ، نە گەرمکەرەوە ..بەیانی زوو هەڵدەستن ، نە جزدانیان لە باخەڵدایە و نە ئەزانن ئاخۆ ئەو ڕۆژە ئەبێ چی بخۆن .. تەنانەت کە تینوویان ئەبێ ، تۆ بڵێی هەلی ئاو خواردنەوەیەکیان بۆ بڕەخسێ ؟ ..بە ڕاستی جێی داخە ..
هاوپیشەکانی هەر زوو لە فەیسبووک بلۆکیان کرد .. ئێ ئەوان لە کوێ تاقەتی ئەوەیان هەیه ئەشکەنجەی شەمشەمەکوێرەیەک بخوێننەوە کە ئێوارە تا بەیانی ، بە هەڵواسراوی لە ئەشکەوتێکی شێدار و تاریک ، بە سەر بەرەو خواریی ، بخوێننەوە ؟ یان کێ زاتی ئەوەی هەیە نوسینی ئاگراویی بخوێنێتەوە وەک ئەوەی موسوڵمانان هەتا وەک چۆن لە نوێژدا ڕیز دەبن ، لە دژی زاڵمانیش ڕیز نەبن ، نە لە دنیادا هیچ سەوز ئەکەن و نە لە قیامەت ؟ کێ ئەمانە ئەخوێنێتەوە ؟ ئەوان حەزیان لەوە بوو لە فەیسبوکدا نوکتەی خۆش بخوێننەوە .. یان باسی خواردنی خۆش ، یاپراخی پڕ لە گۆشت ..مەقەڵی پڕ لە شیش . . یان کچ و ئوتومبیلی جوان .. ڕووداوی هات و چۆ .. هەواڵی موچە .. ئەگەری پێکدادانی حیزبەکان ، ئەمانە شایانی خوێندنەوەن ، نەک باسی ئازار و خەمی مێروویەک ، کە به ڕێکەوت لە هاوڕێکانی دابڕاوە و لە هەورەبانی داخراوی ماڵێکدا ، هێواش هێواش لە برساندا و لە تینواندا ئەمرێت و به پەنجەرەکەوە ئەبێ بە پوش ..ئەمانە قسەی قۆڕن ..کەس تا ئێستا قازێکی بینیوە دەعوایەک لەسەر خاوەن کێڵگەیەکی پەلەوەر تۆمار بکا ؟ یان مارمێلکەیەک ناڕەزایی بەرامبەر نەعلێک نیشان بدا ؟؟ نییە .. ئەوانە هەموو قسەی قۆڕن ..
ئەمیش بەرە بەرە ، لە کۆمەڵگا و فەیسبووکیشدا تەنیایی وشکی ئەکردەوە .. چەند کەسێک نەبێ ، کە هیچیانی نەبینیبوو …تەنها ئەوەندە هەیە لەگەڵ هەندێ قسەیدا هاوسۆز بوون .. ستیکەری گریانیان دەدا لە گۆشەی دەستەچەپی پۆستەکانی ..
ئەو ڕۆژە زۆر پێی سەیر بوو ، کە سۆزی خەزان ووتی ئەم عەسرە ئەچی بۆ کوێ ؟؟ ئاخر شتی وا چۆن ئەبێ ؟ ..ئەو تەنها کەسێک بوو لەو چەند کەسە کەمەی فێری ئەوەی کردبوو مانگی جارێ یان کەمتر ، ستیکەری گریان بدات لە بەشی خوارەوەی پۆستێکی ..پۆستێک کە باسی کوکوختییەک ئەکا ، مناڵە چەقاوەسووەکانی گەڕەک هێلانە و بێچووەکانیان وێران کردووە ، ئەویش بە بێ دەنگیی بە تەلی کارەباکەوە تەماشایان ئەکا
ــ( خۆت ئەزانی ڕەمەزانە .. )
ئەویش بۆی نووسی : ( ئێ با ڕەمەزان بێ ، خۆ ناچین وەک ئەبرەهە به نیاز بین کەعبە بڕوخێنین ..هەردووکمان بەڕۆژووین .. )
ویستی پێی بڵێ : من زۆر ناشیرینم .. نە باڵا .. نە قژی پڕی خورمایی .. نە لوتی باریک .. نە پەنجەی شمشاڵیی ..نە گەردنی بەرز .. هێندەی فەردەیەک کاسەی سەر و لولاقی پان و ناقۆڵا و سەری کەچەڵ .، پیریێتی و نەخۆشی شەکرە و زەغت و خلیسکانی بڕبڕەی چوار و پێنجیش با لەولاوە ڕاوەستن ..
ئەو بواری نەدا ، ووتی : ( من ئەچم قژم ئەبڕم ، دوایی دێم بۆ لات .. لە کوێی ؟؟ )
ئەمیش ناوی شوێنێکی بۆ هەڵدا ، لەو شوێنانەی کە هەموو شتێک ئەفرۆشن ..ئینجانە ، زۆپای غازی یابانیی نیو داشت ،بەس بە شەرت ..دەسکی گۆڵف .. کراسی چوارگۆشەکاریی سێ ئێکس لارج ..لامپی سەر مێز‌ ..پاکەتی ڕەنگا و ڕەنگی پەزڵ ..
ووتی : ( باشه ، لەوێ ئەتبینم ..!)
ئێ ئەبێ ئیشی بەم چی بێ ؟ یان ئەسڵەن ئەم چی پێ بڵێ ؟ بە زمانی بەڕۆژوو ..قوڕگی وشک .. سەر ئێشە ..
ناچار بوو ، بڕواتە بەردەم ئاوێنەی پشت دەرگاکە و تەماشایەکی خۆی بکا ..ڕوو بە ڕوو ، لەسەر لا ..ئاااهـ ..چەند ناشیرینیت ، سەیر ئەو ورگە ئاوساوە ..باشە قەینا ، دوو کەوچک برنج زیاتری نەخواردووە ، ئەم دەهۆڵە به چی هەڵساوە ؟
گەڕایەوە بەردەم دەستشۆرەکە ، دەم و ددانێکی شۆرد ..ڕیشێکی تاشی .. نەختێ بۆیاخ و ئۆکسجین و حەمام زەیتی تێکەڵاو کرد و هەڵی سووی لە قژی ، بلەی ئەختەر پێی وتبوو ، بەو جۆرە خۆڵەمێشیی دەرئەچێ ، ئەگینا قژی ڕش و پێستی چرچ و لۆچ حەیاچوونێکە بۆ خۆی ..
بڕیاری دا چاکەتە ڕەساسی و پانتۆڵە ڕەشەکەی لە پێ بکا ..کە تەماشای کردن ، هەستی کرد پیرتر نیشانی ئەدەن .. ئەگەر ساقۆ چەرمەکە و کاوبۆیەکی شین له پێ بکا ، ڕەنگە باشتر بێ ، کە کاوبۆکەی لە پێکرد و لەسەر لا تەماشای خۆی کرد ، لە دەسگرەیەک ئەچوو نیوەی کەوتبێتە ناو مەنجەڵێکی بەتاڵەوە .. هەربۆیە ئەوەیشی لابرد ..پانتۆڵێکی سپی کەتان و بلوسێکی یەخەداری کاکاویی لەبەر کرد و ..بڕیاری دا تەماشای‌خۆی نەکا .. تەواو ..پێڵاوێکی براندی کلارکیشی هەیە ، ئەوەیش لە پێ ئەکا ..
لەناکاو ، شتێکی بیر کەوتەوە ، بینینی کەسێک کە هێشتا نەیبینیوە و ناوی سۆزی خەزان بێ ، ڕەنگە تۆزێ قورس بێ و تەنها به قسە چارەسەر نەبێ ، بە تایبەت ئەمێک کە لە هەر گۆشەیەکەوە تەماشای بکەیت هێرۆشیمایەکە لە ساڵی 1945 دا ..هەر بۆیه وای بە باش زانی هەندێ دیاری تایبەت لە ناو کەل و پەلەکانیدا بدۆزێتەوە کە شیاو بێ بدرێ بە کەسێک به ناوی سۆزی خەزان ، کە هێشتایش نەیبینوە …بازی بەندێکی زیویی ، داپۆشراو بە نقێمی ووردی ڕەش ..ئەمەی لە یەکیک لە ئوتومبیلەکانیدا دۆزیبووەوە ..ئوتومبیلێکی ئەوروپیی دەستی دوو ، خوا ئەزانێ هی چ خاتوونێکی ئەوروپا بووە و لێی وون بووە .. ئەمەی وەک دیاریی پێ باش بوو ، بەڵام زۆر بچووک دیار بوو ..واتا هەستی کرد ئەگەر شتیکی تریشی لەگەڵدا دانێ ، ئینجا بگاتە ئاستی کەسێک هەڵگری ناوێکی وا تێکەڵاو و داڕێژراوی وەک سۆزی خەزان بێ .. دیسان به سندووقەکانیدا گەڕا ، سەرنجی کەوتە سەر سەعاتێکی خانمانی زۆر کۆن ، براندی تایمێکس ..کە ڕەنگە هی سەد ساڵ پێش ئێستا بێ ، ئەوەندەی دەنکە فستقێک ئەبوو ، شوشەکەی شەش پاڵوو بوو .. زنجیرەکەشی دوو دەزووی ڕەشی زۆر بەهێز بوون ، به دوو پارچە کانزای بریقەداری ناسک دادەخران . . ئەم سەعاتە بە قورمیش کاری ئەکرد ، قورمیشی کرد و نای به گوێچکەیەوە ، ئیشی ئەکرد .. ئەیویست بیر بکاتەوە ئاخۆ ئەم سەعاتە چۆن گەیشتۆتە لای ئەم ، بەڵام بواری بە خۆی نەدا و ..هەستی کرد کە لەوانەیە ئێستا ئەو قژبڕینەکەی تەواو بوو بێ و بەرەو فرۆشگا هەمە لایەنەکە بڕوات کە ئەم بۆی هەڵدابوو ، هەر بۆیه ، بە خێرایی پێڵاوی براندی کلارکی لە پێکرد و هەڵمەتی برد بۆ دەرەوە ..
لەوکاتەدا بۆی دەرکەوت هیچ ڕۆژێکی ڕەمەزان ، هێندەی ئەمڕۆ قوڕگی وشک و تاڵ نەبووە .. هێندە سەرئێشە و سەرخولخواردنی توش نەبووە ..خەریک بوو پەشیمان بێتەوە و بگەڕێتەوە ماڵ و هەتا بەربانگ لێی بنوێ ، بۆ ئەوەیش کەوتە خۆشکاندن : باشە ، پیری پەککەوتەی کورتە بنەی ڕەزا قورس بۆ کوێ ئەچی ؟ بۆ ژوان ؟ هەی نەیخۆی تاڵە ! ..تۆ بە لاویی ، هاوڕێکانت ئەیانووت بۆ مناڵ ترساندن یەکاو یەکیت ، ئێستا بەم تەمەنەوە بە تەمای چیت ؟ ها ؟ ئالان دیلۆن ..جاک نیکڵسۆن ..
بەڵام لە هەمان کاتدا ، بیری لەوە کردەوە کە ڕەنگە بابەتەکە فیکریی بێ و ..ڕەنگە ئەویش نوسەر بێ و .. هەندێ نوسین و دەستنوس و شتی پێ بێ حەز بکا ، ڕای ئەم وەربگرێ ..هەر بۆیه ڕاست نییە هەموو یەکتر بینینێ ، عەشق و شتی بکرێ بە بەردا .. کێ ناڵێ ئەویش پیرەژنێکی ناشیرین نییە ؟ کێ ناڵێ پیاو نیە و ناوی سۆزی خەزانی بۆ خۆی هەڵنەبژاردووە ؟ کێ ناڵێ پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی گەورەی پێ نییە و ڕای ئەمی پێویست نیە ؟
کە گەیشتە فرۆشگاکە ، یەک چارەکی مابوو بۆ نوێژی عەسر .. چووە ناو فرۆشگاکەوە ، چەند پیاو و ژن و منداڵی تێدا بوو ، هەر یەکەیان سەرقاڵی کاڵایەک بوو ، ئەمیش خۆی بە هەندێ شتەوە سەرقاڵ کرد ، لە شێوەی ئەوانەدا هەستی نەکرد هیچ یەکێکیان سۆزی خەزان بن .. هەموویان تینووی شتکڕین بوون ..
بانگی مزگەوت ، هوشیاری کردەوە ، بڕیاری دا نوێژەکە بە جەماعەت بکا ، یەک بە بیست و حەوتە .. لەناو ئاپۆڕەی خەڵکەکەدا ، ڕیز بوو ..مامۆستا ئەوەندە بە هێواشیی پێش نوێژیی بۆ دەکردن ، ئەتووت فێری نوێژیان ئەکا ..نوێژخوێنانیش برسێتی و تینوێتیی بڕستی لێ بڕیبوون ، هەندێکیان بە تەما نەبوون ئەو نوێژە تەواو بکەن ، جا کێ خوا ئەیداتێ ، لە مانگێکی وا پیرۆز و لە کاتی نوێژی جەماعەتدا ، ڕۆحی دەرچێ ؟
کە لە مزگەوتەکە دەرچوو ، بڕیاری دا جارێکی تریش بگەڕێتەوە بۆ فرۆشگاکە ، ڕەنگە ئێستا لەوێ چاوەڕێی بێ ..دەستی خستە گیرفانی چەپی پانتۆڵەکەی ، بازیبەندی ئەورورپی و سەعاتی هەزار ساڵ پێش ئێستای تایمێکس وەک دوو پارچە سەهۆڵ ، بەر سەری پەنجەکانی کەوتن ..
ئەمجارە فرۆشگاکە چۆڵ و هۆڵ .. خاوەنەکەیشی خەریک بوو دایئەخست ..ڕەمەزانە و سەعات و نیوێکی ماوە بۆ بەربانگ ، خوا ئەزانێ ماڵیان له کوێیە ..
ئەیویست له بیری خۆی بباتەوە .. ئێ کوا ئەسڵەن ئەم دیدارەکەی داناوە ؟ ئەو بوو .. ئەم تەنها پیاسەیەکی عەسرانی کردووە .. هەروەها زەرەری نەکردووە ، بە جوانترین شێوە خۆی ڕازاندۆتەوە ،کە ڕەنگە جەژنیش وای لە خۆی نەکردایە …
دوای بەر بانگ .. تەماشایەکی فەیسبوکەکەی کرد .. سۆزی خەزان لەسەر هێڵ بوو ..هیچ قسەی نەکرد .. ئەمیش هیچی نەووت …هێندەی نەبرد ، ئاماژەیەکی بۆ هات کە سۆزی خەزان خەریکە شتێ بنوسێ :
( شلەی کولەکە و گۆشتم لێنا بۆ مناڵەکان .. هاوسەریشم حەزی لێیە ! )
ئەم چی بڵێ؟
( عافێتتان بێ ! )
(ئەی ئێوە چیتان هەبوو بۆ بەربانگ ؟ )
(شفتە و دۆی شارباژێر )
( خۆشە.. دەمم پڕ بوو لە ئاو )
( ئەی .. )
(ٚئەی چی ؟ )
(هیچ )
( چۆن هیچ ؟ )
(ووتم : نەهاتی بۆ فرۆشگاکە ؟ )
( کاتم نەبوو بێم ! )




جەژنێک بە قۆچەقانییەوە.. شیعری/ نەوزاد بەندی

ئەم جەژنەیشمان کرد بە بێ دڵ ..

جەژن نەیتوانی سەهۆڵی

 نێوانمان بکا بە نوقوڵ ..

بۆی نەکرا ڕەوەکوللەی خەم ،

وەک بایۆلۆجییەک بگرێ و

بیکا بە دەرزی و پەتەوە .. 

نەیتوانی  ووشە تاڵەکان  ،

بخاتە ناو شەربەتەوە ..

نەیتوانی نێوەندگیری کا ،

ئێ ڕاست نییە ئەم جوانییەت ،

ئەوەی سەیری کرد ، پیری کا  ..!

(…….شیعری دڵداریم تەرک کردووە بەڵام ئەمەیانم توش بوو ……..)




ئیش.. نەوزاد بەندی

زۆر ڕقی لە چەناگەی خۆی بوو ، لە ئاوێنەدا تاکو دەمی تەماشا ئەکرد یان بەجۆرێک خۆی لە ئاوێنەکە نزیک ئەخستەوە نەتوانێ چەناگەی پەخش بکا ..هەندێ جار بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بە ڕیشێکی پچڕ پچڕ دایئەپۆشی کە هەر تاڵەی ڕووی کردبووە مەملەکەتێک .. هاوڕێکانی هەر چەند هەفتەیەک تەحەمولی ئەو ڕیشەیان ئەکرد ، ئیتر ناڕەزایی و گوشاری مەدەنی و گردبوونەوە ڕووی دەدا ، تەنانەت یەکێکیان پێی وتبوو : ئەم سەکسوکەیەت گو تێکە و ببڕێتەوە ..!
دانەیەکی تریشیان پێی وتبوو : بەم باڵا مەتر و نیوە و ڕیشی چەناگەیەوە ، لە فڵچەی ڕیش تاشین ئەچی ..پیرەمێردێ بتخاتە ناو قوتوی تەراشەکەی چی ئەکەیت ؟
ڕاستێکەی لەو کاتەدا خۆی زۆر نیگەران کردبوو ، بەڵام لە ناخەوە ئەو دوو باری سەرنجەی زۆر پێ خۆش بوو ، بە جۆرێ کە گەڕابووەوە بۆ ماڵ ، ئەوەندە پێکەنیبوو ، ڕەنگی سوور هەڵگەڕابوو ، چاوەکانی فرمێسکیان دەرپەڕاندبوو …بە کەسیشی نەوتبوو هۆکاری پێکەنینەکەی چییە، دڵی خۆشە و پێ ئەکەنێ ..خەڵک حەقی چییە؟
بەیانیان لە نەخۆشخانەیەکی میریی کاری ئەکرد ، کاری ئەم بێ هۆشکردنی نەخۆشەکان بوو ، بۆ ئەوەی پزیشکەکان هەڵیدڕن ..ئەوەندە بۆنی ناوسکی نەخۆش هاتبوو بەسەریدا ، گۆشتی لەبەر چاو کەوتبوو ..ئەوەیش بوو بوو بە هۆی ئەوەی پارەیەکی باشی لە موچەکەی بۆ بمێنێتەوە ..
دوای نیوەڕۆیش ئیشی مەغسەل فرۆشتنی ئەکرد ..ئاگاداری نرخ و جۆری هەموو مەغسەلەکان بوو ..هەر کە سەیری موشتەریەکەیشی ئەکرد ، یەکسەر ئەیزانی بۆ مەغسەلی ڤێترا هاتووە .. یان لاتە و بەو حاڵە مەغسەلێکی ئێرانی پێ هەڵئەسوڕێ ..یەک دوو جاریش حەوزی مەغسەل کەوتبوو بەسەر پەنجەی قاچیا ..جاریش هەبوو لێی تێک ئەچوو ، وای ئەزانی نەخۆش لەبەردەمیدا پاڵ کەوتووە ، دەستی ئەبرد مەغسەلێک بێ هۆش بکا بۆ ئەوەی پزیشکەکان هەڵی بدڕن .. جارێکیش لە نەخۆشخانەی میریی لێی تێک چووبوو بە نەخۆشێکی وتبوو ، ڕاستە حەوزەکەی ئێرانییە ، بەڵام بەلوعەکەی تورکییە .. پزیشکەکان نەیانزانیبوو باسی چی ئەکا ، بەڵام نەخۆشەکە دەشتەکیی بوو ، لە ژێر لێوەوە پێی وتبوو : حەوزی پورت ..ئەمیش باش لێی تێ نەگەیشتبوو ، ئەگینا بێ هۆشی نەئەکرد ، با پزیشکەکان هەروا بنیشتنایەتە سەری و هەڵیاندڕیایە ..
دوای نوێژی ئێوارە هەتاکو بەرە بەیان ، لە بارەگایەکی حیزبیی پاسەوان بوو ..بەڵام شەوانی پێنج شەممە پشووی بوو ..ئیتر ئەو شەوە خۆشترین خواردن و ..خۆشترین سەرجێگای ساز ئەکرد ..خێزانیشی هەندێ جار شانازی پێوە ئەکرد کە وەکو کارخانەی نانەقەیسی ، شەو و ڕۆژ گرمەی دێ و کار ئەکا .. هەندێ جاریش ئەیووت باشە شوم بە تراکتۆرێ بکردایە باشتر نەبوو ؟ هەر نەبێ ..هەر نەبێ ، هەموو شەوێ لەبەر دەرگا ڕائەوەستا ، یان دەرگای گەراجەکەم بۆ ئەکردەوە با به گاسنەوە بهاتایەتە ژوورەوە ..
کەس بۆی نەبوو دەست وەرداتە ژیانی و کار و پڕۆژەکانیەوە .. تەنانەت نزیکترین کەس لێیەوە کە خوشکەزایەکی بوو ، نەیئەزانی چەندێک پارەی خەوتووی هەیە .. خۆ پرسیاری ئەوەی ئاخۆ پارە خەوتووەکانی بە دۆلارن یان دینار ، ئەوە مەگەر هەر خوا زانیبێتی ..
خەڵک حەقی چیە ؟ گرنگ ئەوەیە ئەم بەیانیان بە باشترین شێوە نەخۆشەکان بێ هۆش ئەکا ، بۆ ئەوەی پزیشکەکان تێی بەربن و هەڵیدڕن .. عەسرانیش زۆر بە دڵسۆزیی مەغسەلەکانی ئەفرۆشێ ، تا ئێستایش هیچ کەسێ مەغسەلی بۆ نەهێناوەتەوە ..کارمەندێکی هات و چۆ نەبێ ، جارێکیان مەغسەلێکی بۆ هێنایەوە پێی وتبوو من پیازیم ویستووە تۆ بێجیت داومەتێ ..ئەمیش وتبووی ئادەی بگەڕێ بزانە کامە پیازییە ..کارمەندی هاتوچۆ زۆر گەڕا بوو بۆ پیازیی ، تا له کۆتاییدا ددانی پیانابوو بە درۆوە وا ئەڵێ.. ڕاستێکەی کە مەغسەلەکەی کڕیوە جا بۆی دەرکەوتووە موچەی ئەو مانگە زۆر دوا ئەکەوێ و کەسیش قەرزی ناداتێ ..
پاسەوانێکەی شەویشی زۆر ڕێک و پیکە و ..جارێک مەدالیای ئازایەتی وەرگرتووە ، چونکە یەک دوو سەرخۆش بە ناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە ، لە نیوەشەوێکی باراناویدا ، دابوویان بەسەر بارەگای حیزبدا ، ئەمیش نیشتبووە سەریان ..فیشەکی بەملاولایاندا تەقاندبوو ، سەیر ئەکا مێش میوانیان نیە ، جا چەکەکەی دانابوو ، بە شێنەیی هەردووکیانی بە پشتا و پشت بە ستوونی کارەبای موەلیدەوە بە ستبۆوە ..هەرچەند گریا بوون و پاڕابوونەوە ، دەردی نەخواردبوو ، تەنانەت زیاتریش تووڕە بوو بوو ..جنێوی زۆر سێکسیی بە دایک و ژن و خوشکیان دابوو ..وتبوویان تا بەیانی لەبەر باران ئەتۆپین ..پێی وتبوون : بارانی بەهارە ، هیچتان لێ نایەت ..
ئیتر خەڵک حەقی چیە ؟
ڕۆژێک ژنەکەی لە دەمی دەردەچێ پێی ئەڵێ : تۆ کچێکی خەستەخانەت بهێنایە و ..منیش مجەورێک هاوسەرم بووایە ، ڕەنگە باشتر بووایە ..
ئەم سەرەتا تێ نەگەیشت .. بەرە بەرە تێگەیشت . . هەر بۆیە بەرە بەرەیش تووڕە بوو ، نەڕاندی :ْ تۆ چیت ئەوێ بەس پێم بڵێ ؟ ڕیخۆڵەت خوساوەتەوە ، هار بووی ..
دوای هەفتەیەک ماڵە خەزوورانی نیمچە دادگاییەکیان کرد ..خەزووری فەیلەسوف بوو ، پێی وت : زیاد لە ڕادەی پێویست خۆت ماندوو بکەی ، زوو کەمئەندام ئەبیت .. هەر بەیانیان نەخۆشەکان هەڵدڕە ، کیفایەتە ..
ئەم وتبووی : مامە! من نەخۆش بێ هۆش ئەکەم ، نەک هەڵیبدڕم ..
ئینجا با پێت بڵێم ، چوار هاوڕێم هەیە ، عەبدول بەیانیان مدیر ئیدارەیە ، عەسران لە عیادەیەک بیتاقە بڕە ، بە شەویشدا لە یانەیەکی شەوانە نێرگەله ئەگەشێنێتەوە .. مەنوچەر بەیانیان مامۆستایە ، عەسران کیفی دەمانچە ئەدورێ ، بە شەوانیش لەبەردەم مۆڵێکدا سواڵ ئەکا …حەمەسێن بەیانیان ژمێریاری بانکە ، عەسران ماسی ئەفرۆشێ ، شەوان مەندوبی کۆمپانیایەکی کۆرییە …سیراج بەیانیان لە فەرمانگەی ئاو بەڕێوبەری بەشێکە ، عەسران لە مەعرەز ئاڵ و وێڵی ئوتومبیل ئەکا ، بە شەویشا لەسەر مەرز محەویلەی کارەبا دێنێ و دەبا ..
خەزوری خەوی لێ ئەکەوێت و ئەمیش ژنەکەی و شاهیدەکانی ئەخاتە ناو پیکابەکەی و ئەیانباتەوە بۆ ماڵ ..
ئەمە شەوی پێنج شەممە بوو ..پەلەی خواردن و سەرجێگەکەی بوو.




کورتەچیرۆک/ پێشبینی و شتی تریش.. نەوزاد بەندی

لەگەڕەکی ئەمدیو بارانێکی زۆر بە خوڕ بوو ، هەروەها لە گەڕەکی ئەودیویش بارانێکی بەخوڕ بوو ..بەڵام موختاری گەڕەکی ئەو دیو پێی ناخۆش بوو بارانە ، چونکە کەشناسێکی گەڕەکی ئەمدیو پێشبینیی ئەو بارانەی کردبوو .. ڕیش سپییەکان پێیان ووتبوو : قوربان ! گوێی مەدەرێ.. ئەو کێیە تا بڵێ باران ئەبارێ یان کوللە ؟ .. ئەبێ سوپاسی خوا بکەین ئەو دەشت و دەرە تینووەمان ئاوی خواردەوە .. باڵندە و گیانداران ..هەنگ ،.مێروولە هەموو تینوێتیان شکا ..
بەڵام موختاری ئەو دیو ، تووڕەییەکەی دانەئەمرکایەوە، کەشناسی خۆیانی بانگ کرد ، گەنجێکی باریک و بنێس بوو ، لوتێکی درێژی هەبوو ، کە زیاتر لە دەنووک ئەچوو هەتاکو لووت ..
( چۆن تۆ نەتتوانی پێش ئەو ڕایگەیەنیت کە بارانە؟ خەریکی چی بووی ؟ داڵغەی لووتە شمشێرییەکەت لێی دابوویت؟ )
ئەم دەرچووی زانکۆیەکی ئەوروپی بوو ، هەر بۆیە خۆی تێک نەدا ، تەنها زەردەخەنەیەکی بۆ کرد و ..وتی : ( نا .. دوێنێ محەویلەی گەڕەک سووتا .. ئەنتەرنێت بڕا .. لە کوێوە ئاگام لە کەشناسیی بێ ؟ )
موختاری ئەو دیو هەتا ئەو کاتە وایزانیبوو کەشناس ، وەک شاعیر ، ئیلهامی پێشبینیی کەشی بۆ دادەبەزێ و پێویستی بە کارەبا و ڕاگەیاندن و شت نییە ..
لە هەمان کاتدا، موختاری ئەمدیو ، داوەتی نانی ئێوارەی کەشناسەکەیانی کردبوو ، دوای خواردنێکی مام ناوەندی ، کەستەنەیان ئەبرژاند .. کەشناسەکە زۆر بە کەستەنە تێک ئەچوو ، تەنانەت جارێکیان وتبووی : پشقلخواردن لە کەستەنەخواردن باشترێکە ..
بەڵام لای موختار نەیدەتوانی وا بڵێ ، چونکە موختار هەوادارێکی دێرینی کەستەنە بوو ، لە توکیاوە بە فەردە بۆی ئەهات ، شوێنێکی تایبەتی لەسەر ئاگردانەکەی بۆ کەستەنە برژاندن دانابوو.. کە دەکەوتە کفەکف ، هاواری لێ بەرز ئەبۆوە : وای کە خۆشی .. ئای کە خۆشی ..!
بە کەشناسەکەی ووت : ئەمە سەری چەندەمین جارە تۆ سەری من بەرز ئەکەیتەوە ؟
کەشناسەکەی ئەمدیو، دەرچووی چواری سەرەتایی بوو ، ماوەیەکی زۆر بەو شاخانەوە قاچاخچی بوو .. چا و ئەرزاقی بە هێستر ئەبرد بۆ ئێران و .. لەوێیشەوە فەرش و بەتانی و شتی دانسقەی دێنا .. تەقەی زۆر لێکرا بوو .. پەنجەی شایەتمانی دەستی چەپی ، فیشەک بردبووی .. هێستری کوژرا بوو.. باری هەڵدێرا بوو .. بەڵام وازی نەهێنا بوو ..جا لەگەڵ قاچاخچێتیەکەیا، هەر عەشایەرییانە ، فێری کەشناسیی بوو بوو .. بۆنی هەوای ئەکرد ، ئەیووت شەپۆلێکی باران بە ڕێوەیە ، ئەوە پۆله مراوییەکەیە .. تۆزێکی تر کۆترەکان ئەفڕن .. بۆنی خاک ئەکەن ؟ لەوێ دایکرد .. چێشتەنگاو ئەگاتە ئێرە !
ڕاستی ئەکرد ..
سەیرێکی زەمینی ئەکرد ، پاڵئەکەوت ، چاوێکی دائەخست ، ئەوەی تریانی وەک سێڕەی بڕنەو ، وورد ئەکردەوە ، ئەیووت ڕەشەبا و گێژەڵوکە بە ڕێوەیە ، خەرمانەکان عیلاج کەن . . مەڕ و ماڵا ت کۆکەنەوە ..
ڕاستی ئەکرد ..
سەیرێکی موختاری کرد ، وەک ئەوەی باسی بارێکی چا یان دوو فەرشی دەگمەنی بیجار بکا ، ووتی : ( ئەستەغفیرەڵڵا .. من حەدم نییە ..سەری ئێوە هەر بەرزە ، قوربان .. خزمەتکارتم .. نۆکەرتم .. )
هەر لەو کاتەدا ، موختاری ئەو دیو ، تەواو تەنگەتاو بوو بوو ، ئەهات و ئەچوو.. باران بە ڕیشیا ئەهاتە خوارەوە .. کۆمەڵێ لە بەردەستەکانی بە چەتر و کڵاوەوە ، ڕاوەستابوون ، کەسیان زاتی ئەوەی نەدەکرد بیخاتە ژێر چەترێ یان کڵاوێ بتەپێنێتە سەری ، چونکە ئەیانزانی لە کاتی تووڕە بووندا ، بە هەموو جوڵەیەک شێت ئەبێ ..
(مەلام بۆ بانگ بکەن )
مامۆستا مەلا ناجی بەو شەوە باراناوییە ، بە تراکسودەوە لە پڕخەی خەودا بوو . . کە لە دەرگا درا ، شکی نەبوو کە کەسێک مردووە و بۆ تەلقین هاتوون بە دوایدا ، پەنجەرەی هەیوانی ترازاند و هاواری کرد : ( برا چوار سەعاتی تر ڕۆژ ئەبێتەوە ، بەم ناوەختە و بەم شەستە بارانە ، فریای هیچ ناکەوین .. لە مزگەوت داینێن و با یەک دووانێکتان بە دیاریەوە قورئان بخوێنن ، رۆژ بۆوە ئەڕۆین ئەینێژین !)
پاسەوانەکانی موختاری ئەودیو پێکەنینیان ئەهات ، لایان وابوو مامۆستا مەلا ناجی تێکچووە یان خەواڵووە و وڕێنە ئەکا ..یەکێکیان هاواری کرد : ( کەس نەمردووە ، موختار ئیشی پێتە .. موختار .. شوکور بۆ خوا ، کەس نەمردووە ..)
کە گوێی لە ووشەی موختار بوو ، بە خێرایی خۆی گورجکردەوە .. جلی ئیشی لەبەر کرد .. مێزەرێکیشی بەست ..خێزانی داچڵەکی ، پێی ووت: ( چیە؟ دیسان سەرقەبرانە ؟ )
مامۆستا بواری وەڵامدانەوەی نەبوو ، دوای دوو پاسەوانەکەی موختار کەوت ، کە دانەیەکیان هێشتا پێکەنینی ئەهات ..
گەیشتنە جێ ، موختار هەر لە حەوشە ئەهات و ئەچوو .. بوو بوو بە جل ، تەواو خوسابۆوە ..دەیان چەتر و کڵاو بەدەستیش ئەهاتن و ئەڕۆیشتن و ئازایەتی ئەوەیان نەبوو نەختێ خزمەتی بکەن ..
مامۆستا مەلا ناجی وایزانی موختار تێکچووە .. هەر بۆیە بە پیاوەکانی ووت : باوەشی پیاکەن و بیبەنە ژوورەوە ، وشکی بکەنەوە و جلەکانی بگۆڕن و لای زۆپاکە داینێن ، با بێم نەختێ موبیناتی بەسەرا بخوێنم !
موختار لە جیاتی تووڕە بێ ، بە پێی خۆی ، چووە ژوورەوە و ..بە مامۆستای وت تۆیش وەرە .. بەڵام ئەوەندە تەڕ بوو ، شڵپە شڵپ ، ئەتووت بەناو جۆگەلە ئاودا ئەڕوا نەک بە ڕێڕەوی ناوماڵدا ..
(مامۆستا مەلا ناجی ! دۆعایەک شک نابەیت باران ڕاوەستێنێتەوە ؟؟)
( مەگەر ئەوەی حەزرەتی نوح ، قوربان )
( دە هەموو ئەو پیاوانە فێرکە ، خۆت بیڵێ و با ئەوانیش بە کۆرس لە دواتەوە بیڵێنەوە !)
تا خۆر هەڵهات مامۆستا بە دەنگێکی نووساوەوە هاواری ئەکرد :
(وقیل یا ارض ابلعي ماؤك و یا سماء اقلعي‌)
پاسەوان و پیاوەکانی موختاری ئەودیویش بە عەرەبییەکی شەق و شڕ بۆیان ئەسەندەوە کە هیچ لەو ئایەتە پیرۆزە نەدەچوو ، بەڵام ئیتر بڕیاری موختار بوو ، ئەبوو جێ بە جێ بکرێ ..جار جار مامۆستا مەلا ناجی پێی ئەووتن ڕۆڵە جوان بیڵێن ، ئەوە ئایەتی قورئانە ..قورئان ..
بەڵام سوودی نەبوو ، ئەوان عەرەبییان نەدەزانی و ئەهلی مزگەوتیش نەبوون ..
لە کۆڵانی ئەمدیویش ، موختاری ئەمدیو ، بەو شەوە داوای کرد مامۆستای سروود بانگ بکەن بۆی
گۆرانیبێژ بوو ، پێکەوە ژیانێکی خۆش ئەژیان .. وای هەست ئەکرد مێردەکەی بیتهۆڤن بێ ، ئەمیش وەک سیلۆن دیۆن ئەوی ئەبینی ..لەو شەوە باراناوییەدا ، باوەشیان بە یەکتردا کردبوو ، تاکە شت کە لە بەرژەوەندیی ئەو ئاوێتەبوونە ڕۆمانسیەتا نەبوو ، فاسۆڵیای نانی ئێوارەیان بوو ، سکی مامۆستای میوزیک بای کرد بوو ، ئەبوو جار جار بە ناوی ئاوخواردنەوەوە پێخەف جێبێڵێ و بڕوا لە ژووری ئەو دیو هەندێ هەوڵی خۆ خاڵیکردنەوە بدات ..
کە لە دەرگا درا ، ژنەکەی پێش خۆی ڕاچڵەکی .. هەردووکیان زۆر ترسان .. خەیاڵیان بۆ ئەو سروودە نیشتمانییە ئەچوو کە هێشتا بڵاویان نەکردبۆوە و ئاسایش پێی زانیبێ و نیشتبنە سەریان .. یان ڕەنگە سەرخۆشێ بێ ، لێی تێک چووبێ ، لە دەرگای ئەمان بدا ..بارانەکەی تا ئەهات بەخوڕتر ئەبوو.. دەرگا کوتانەکەیش قایمتر ئەبوو .. هەر لەو کاتەدا کارەبایش کوژایەوە .. لایتی شەحن لە ژوور سەریاندا دانرا بوو ، دایانگیرساند .. خێزانی ووتی :نەخەڵەتابی بچیتە دەرەوە .. ئەتکوژن..
ئەمیش دەستێکی ، دەستی ئەو و دەستەکەی تری دەسکی لایتی شەحنی گرتبوو ..
کەبڕیاری دا دەرگا نەکاتەوە ..دووان خۆیان هەڵدایە حەوشەکەیەوە ، ئەم داماوە تەنها کەمانچەیەکی هەبوو ، بە چی بەرگری لە خۆی بکا ؟
ژنەکەی ئەلەرزی و ئەگریا ، ئەمیش دڵنیای ئەکردەوە لەوەی بەس ئەمشەو ڕزگاریان بێ سبەینێ کڵاشینکۆفێک بکڕێ ..کەمانچەی خوێڕی بەکاری چی دێ ؟
کە دوو پاسەوانەکە خۆیان ناساند ، کەمێ هێوربوونەوە .. مامۆستا پێی ووتن : ئێ کوڕی باوکم ! کەی ئێستا کاتی بانگردنە ؟ تۆزێکێ تر ڕۆژ ئەبێتەوە ..چۆن هەڵئەقوننە ناو ماڵان ؟ لە سەتەلایت و ئەنتەرنێت و شت ، هیچ فێر نەبوون ؟
پێیان ووت: قوربان لە تۆ زیاتر خەومان دێ ، بەڵام چی ئەڵێی ؟ ئەمری موختارە ..
یەکێکیان ووتی : زەحمەت نەبێ ئالەت مۆسیقاکەیشت بێنە لەگەڵ خۆت ..
مامۆستا لە داخا خۆی نەگۆڕی ، ڕۆبێکی لەبەر کرد و کەمانچەکەی هەڵگرت و لە گەڵیاندا چووە دەرەوە ..
کە گەیشتن ، موختار خوانێکی زۆر جوانی ڕازاندبۆوە ، هەر مامۆستای میوزیکی بینی ، گورج ڕاست بۆوە و باوەشی پیاکرد و ئەملاولای ماچکرد ..کۆمەڵێ گەنجی کوڕ کچی دەنگخۆشیشی کۆکردبۆوە و بە ڕیز داینیشاندبوون ..
مامۆستای میوزیک سەری سوڕما بوو ، لەگەڵ ئەوەی دیندار نەبوو ، یەک لەسەر یەک تەسبیحاتی ئەکرد : ئەستەغفیرەڵڵا .. سوبحانەڵڵا .. لا ئیلاهە ئیلە ڵا ..
موختار ووتی : ( بە ئەرک نەبێ ، لەبەر ئەم دەسکەوتە گەورەیە ، کە خۆمان پێش هەمووان زانیمان باران ئەبارێ ، داواکارم تا خۆر هەڵدێ سروودێک لەسەر باران تەرتیب بکەن.. ئەوەیش کۆرسێکی دەنگخۆشم بۆ ئامادە کردوویت .. هەرچیەکیشت بوێت ، بۆت دابین ئەکەم )
(خانوویەک و کڵاشینکۆفێک ! )
( بە چاوان )
تەماشایەکی کۆرسەکەی کرد و پێی وتن ، چی ئەڵێم بیڵێنەوە ..ئەوانیش سەرێکیان ڕاوەشاند ، دیار بوو هەموویان لە خەو ڕاچڵەکێنراون و هێنراون ..

( بارانە .. باران .. بارانی خۆشی . . )
هەموو بۆیان سەندەوە : ( بارانە باران .. بارانی خۆشی )
ویستی بڵێ : ( موختاری خوێڕی تۆ شەڕ ئەفرۆشی )
باش بوو فریا کەوت ..واتا فریای دەمی خۆی کەوت ئەگینا زمانیان بۆ کردبوو بە شفتە ..
هەرچەندە گفتی کڵاشینکۆف و خانووی وەرگرتبوو ، بەڵام هەر تووڕە بوو ..خەوی شەوانی بارانی بە هیچ شتێ نەدەگۆڕییەوە ..
( ببارێ زیاتر بە گوڕ و جۆشی )
کەچی شتێکی سەیر ڕووی دا ، یەکێک لە کوڕە گەنجەکانی کۆرسەکە ، هەستایە سەر پێ و بە هەموو دەنگی هاواری کرد :
(موختاری خوێڕی تۆ شەڕ ئەفرۆشی )
گەنجەیان بە شەق و مشتەکۆڵە برد و .. سروود بەردەوام بوو ..ئەم واقی وڕما ، ئەو کوڕە چۆن ئەو نیوە دێڕەی لەم وەرگرت ؟ یان تۆ بڵێی خۆی نەبووبێ بە شەق بردبێتیان و نەیزانیبێ ؟؟ دەستێکی بۆ گوڵەنکەی ڕۆبەی برد ، خۆی بوو .. بە شەق نەبرا بوو ..
سەرتان نەئێشێنم ..چونکە ئەم جۆرە کورتە چیرۆکانە تەواو نابن .. ڕەنگە حەفتا هەشتا ساڵ هەر درێژەیان هەبێ و تەواو نەبن ..
بە کورتی : تا بەرە بەیان گەڕەکی ئەو دیو ئایەتی وەستانەوەی تۆفانی حەزرەتی نوحیان خوێند ..بۆ نەمانی باران .
گەڕەکی ئەمدیویش سروودی بارانە باران ، بارانی خۆشییان ووت ، هەتا هەمیشە باران بێ ..
لەو ڕۆژە بە دواوە ، ئەم سروودە لە گەڕەکی ئەو دیو قەدەغە بوو ..ئەو ئایەتەی حەزرەتی نوحیش لە گەڕەکی ئەمدیو ، گێچەڵی بۆ زۆر کەس دروستکرد ..




بێ ناونیشان.. نەوزاد بەندی

دیار نەبوو ، لە چ بەروارێکدا بوو ، ئەتوانین بڵێین چەندەها ساڵ پێش ئێستا ، کاتێ لە فرۆشگایەکی دەستی دووی ئەوروپیدا .. ژمارەیەکی زۆر لە کەوچکی کڕی بوو . . ڕاستتر ، ئەم نەیویستبوو بیانکڕێ ، بەڵام خاوەن دوکانەکە ، کە لاوێکی سەر وڕیش خورمایی بوو ، پێی وتبوو : هەمووی ببە بە دینارێک …
ئەمە ئۆفەرێکی زۆر باش بوو، وەک ئەوە وابوو پێی بووترێ هەمووی ببە بە خۆڕایی .. دینارێک واتا چوار پیاڵە چا .. بەڵام سەدان کەوچکی گەورە و بچوکی کۆن ، ڕەنگ زیویی ، پێدەچوو زۆربەیان زیو بن و ..لە کۆشکەکانی ئەوروپادا ، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ، شاژنی بەژن زراڤ ، قاوەڵتییان پێ کردبن ..
ئەم لای وابوو ، سەر و ڕیش خورماییەکە پێی ڕائەبوێرێ ..بۆیە پرسیاری کرد ئاخۆ نرخی ئەو هەموو کەوچکە تەنها دینارێکە ؟ ..ئەویش بە یەک وشە پێی ووتبوو: بەڵێ ..!
کە بۆی پێچابۆوە ، هەستی کردبوو زۆر قورسن ..بە جۆرێک ئەم دەست و ئەو دەستی پێکردبوون ..
دوای چەندین ساڵ جا بۆی دەرکەوتبوو ئەو سەر وڕیش خورماییە یەکێک بووە لە خوێنەرە هەرە دڵسۆزەکانی کافکا و زۆر دژی دەسەڵاتیش بووە ..ووتەکانی کافکای وەک یاسا ، تەماشا کردووە و هەوڵی داوە بە ووردیی پەیڕەوییان لێ بکات ..
ئەوەندە هەیە کە پێش دەیان ساڵ ، کە ئەم هەموو کەوچکە کۆنەی گەیاندبووە ماڵ ، نەیتوانیبوو ئاشکرایان بکات ، چونکە زۆرترین شت لە ماڵەکەیدا کەوچک بوون ، بێجگە لەوە ئەم کەوچکانەی زۆر بەنرخ تەماشا ئەکرد ..تەنانەت وەک گەنجینەیەکی زێڕ و زیو و گەوهەر بۆی ئەڕوانین .. لە چەند تورەکەیەکا ، کەوچکە کۆنەکانی چاک چاک پێچایەوە و لە ژێر خانی خانووەکەیدا ، لە پاڵ کۆمەڵێ کەل و پەلی کۆندا شاردنیەوە ..دوای ئەوە هەوڵێکی زۆری دا بۆ ئەوەی لە بیری بچنەوە .. هەوڵەکەیشی تا ڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بوو .. چونکە کەمترین جار دەچووە ژێر خان ، هەروەها شتێ بە تاکە یەک دینار کڕرا بێ ، زوو لە یاد ئەچێتەوە ، لە کاتێکدا دینارێ تەنها چوار پیاڵە چا بێ ..
لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا ، کە ئەو شتە ڕووی دابوو ، ئەم هەمیشە بە تەواوەتی لە یادی چوو بوو کە خاوەنی سەدان جۆری کەوچکە و .. حەزیشی نەدەکرد هیچ کەسێ بزانێ …وەک ئەوەی بترسێ لێی بدزن، یان خەڵکێکی چاو پیسی وای لێ پەیدا بن ، هەر بە چاو ، ئەو کانزا زۆر کۆن و بەنرخانەی لە دەست بکەنەوە…
بەڵام هەندێ جار و .. لە هەندێ کۆڕی هاوڕێ دەوڵەمەندەکانیا ، کە باس ئەهاتە سەر ماڵ و موڵک و نەختینە ، ئەم بێ ئاگایانە ئەیووت : بەخوا هەر زیو ، ڕەنگە بایی بیست سی هەزار یۆرۆ ، زیوم هەبێ و هەر نایشزانم لە کوێم فڕێ داون …!
ئەوان گوێیان بەو قسانەی نەدەدا ، هەندێکی کەمیان نەبێ ، پێیان ئەوت : بەڕاست ؟
لەگەڵ ئەوەی وەک هەستی شانازیی ، ئەیووت : ناتوانم هەندێ شت نەکڕم کە نرخیان بەردەوام زیاد ئەکا ..!
هاوڕێکانی لێی تێ نەئەگەیشتن ، ئەمیش لە جیاتی بۆیان ڕوون بکاتەوە ، تام و چێژێکی تایبەتی لەو تێنەگەیشتنەیان ئەبینی ..حەزی ئەکرد خەڵک هەموو بە سەرسامییەوە تەماشای بکەن و پێی بڵێن : ئەرێ تۆ چیت ؟!
بەڵام کە دۆخی دارایی هەرەسی هێنا و .. کەوتە ژێر فشاری قەرزەوە ، بەیانییەکیان لە ناکاو بیری کەوتەوە کە شتێکی گرانبەهای لە ژێرخانەکەدا شاردۆتەوە …
بە تەنگەتاویی خۆی پێ گەیاندن و دەستی دانێ ، هەستی کرد زۆر سوکن .. هێندە سوکن ، تەنانەت ڕەنگە شنەی شەماڵێک بیانبات .. بۆیه ترسی ئەوەی لێ نیشت لێیان دزیبێ یان خەڵکێکی چاو پیس ، هەر بەچاوە پیسەکانیان تورەکە کەوچکەکانیان بۆ بەتاڵ کردبێتەوە ..
کە دەمی توورەکەکانی کردەوە ، کەوچکەکان کەم و زیادیان نەبوو ..سەدان کەوچک ، بچوک مام ناوەندیی ، گەوره ..پڕ نەخش ونیگار ..دەسک عاج ..
لەناو عەلاگەیەکی گوڵ گوڵی زۆر پتەودا ،داینان و ..ڕووی کردە بازاڕی مزگەران .. نیشانی دان ، هەندێکیان ئەیانووت فافۆنن ..هەندێکی تریان پێیان وابوو تەنەکەن ..
ئەم توڕە بوو ، پێی ووتن : ئێوە لە تڕی کەرەکەیش نازانن ..کەوچک و تەنەکە ؟؟؟
پاشان لای چەند زیو فرۆشێک ، کەوچکەکانی نیشان دا .. ئەوانیش دوای تەماشا کردن و خستنە خوارەوەی هەندێکیان بۆ سەر زەوییەکە و گوێگرتن لە زرنگانەوەکانیان ، ووتیان ئەمانە زیویش بن سەدا پێنج یان تەنها ڕووکەشیان زیوە ، ئەگینا زۆربەیان داڕشتەن ..
بڕوای بەوانیش نەکرد ، ئەمانە شتی خەڵک ئەبەن بە ناخی ئەرزا و شتی خۆیان ئەبەنە کەشکەلانی فەلەک ..
هاوڕێیەکی شاعیری زەڕەنگەری هەبوو ، شیعری بەکێشی پەنجە ئەنوسی ، هەمیشە باسی لێو و ڕومەتی یاری ئەکرد ، پێی ووت : ڕاستێکەی لەم شارەدا هیچ کەسێک ناتوانێ و نازانێ زیو بناسێتەوە ..هەر هەموو تەماشای مۆری کۆمپانیا ئەکەن ، خۆ ئەگەر ئەو مۆرەی پێوە نەبێ ، ئەڵێن ئەمە زیو نییە ..
بەڵام عەولی خولە سمێڵ پێنج فلسی هەیە ، پشت حەمامی سورەت ..ئەوە هەر زۆر شارەزایە ، بیگرە و بەری مەدە …
لەگەڵ ئەوەی حەمامی سورەت زۆر دوور بوو ، بەلام خۆی پێگەیاند ..هەنگاو هەنگاو ، کەوچکەکانی دەستی هەم زڕەیان کپتر ئەبوو ، هەم کێشیان سوکتر . .
گەیشتە بەردەم دوکانێکی بچووکی داڕوخاو ، چەند پارچە ئاسن و زنجیر و قۆری زەرد و قەوانی فیشەک و تۆپی نەمساویی تێدا بڵاو بووبوونەوە .. زەمینی دوکانەکە خۆڵ بوو ، بە ڕایەخێکی کۆن و چڵکن داپۆشرا بوو ، کە پشتی کیسەڵێکی چڵکنی پیری بیر ئەهێنایەوە ..
پیاوێکی سمێڵ فش ڕاوەستابوو ، لێی پرسی: دوکانی وەستا عەبدول ـــــ
قسەکەی پێ بڕی : ووتی بەڵێ ئەمەیە ..
خەریک بوو پێی بڵێ ئەو سمێڵ پێنج فلسیە و تۆ سمێڵ بابڕ ..
بەڵام هیچی نەووت.. کەوچکەکانی نیشان دا ..
تەماشایەکی كردن ، سمێڵێکی لار کردەوە ، گازی له دانەیەکیان گرت ..
ووتی : هیچیان زیو نین ..!
لەو کاتەدا ، بۆی دەرکەوت سمێڵی ناجێگیرە ، واتا لە هەندێ گۆشەی بینینەوە ، سمێڵی وەک ئەوەی هیتلەر دەردەکەوت و.. لە هەندێ گۆشەی تریشەوە ، وەک سمێڵی فریدریک نیتشەی لێ ئەهات ..




لە نیوەی ڕێ.. کورتە چیرۆک / نەوزاد بەندی

ئەمە کاتی خۆی ، لە دەستی دەرچوو بوو ماچێکی کردبوو.. واتا وەک چۆن بە لای درەختێکا ئەڕۆی ، دەنکێ تووی نیمچە گەییو لێ دەکەیتەوە ، بێ ئەوەی بە تەما بیت دەمی پێ شیرین بکەی ، هەروا لەناو دەستتا وەک دەنکی تەزبیحێ ئەیهێنیت و ئەیبەی .. ئەمیش بە هەمان شێوە ، بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێ و ..بێ ئەوەی نیازی وا بێ خۆشییەک ببینێ ..ئاوا دەمێکی بۆ برد و ماچێکی کرد ..زیاتر ڕەنگە نیازی وا بووبێ بێدەنگی بکات ، چونکە مێشکی بردبوو ..قسەی زۆر ئەکرد ..باسی ئەو پۆلە پیس و پۆخڵانەی ئەکرد کە دەرسی تێدا ئەوتنەوە ، بە جۆرێک ڕۆژ نییە مشک لە تەوالێتەکانەوە بە هەڵەداوان خۆیان نەکەن بە پۆلدا و مناڵەکان نەترسێنن .. هەروەها ئەو دیوارە چەورە چڵکنانەی کە بە کاری هیچ نایەن بێجگە لە ڕوخان .. باسی موچەی بۆ ئەکرد ، کە بەردەوام دوا ئەکەوێ ، لە کاتێکا دوایش نەکەوێ ، یان تەنانەت پێشیش بکەوێ ، بە کاری چی دێ ؟ نە ئەتوانی گەشتێکی پێ بکەی ، نە ئەتوانی تاقمی ناوماڵی پێ بگۆڕی ..نە هیچ .. تەنها ئەبێ بڕۆی بۆ شوێنە قەڵەباڵغەکان ، لەسەر عەرەبانەکان ، مامەڵەی سەوزە و میوەی کۆن و ڕزیوی پێ بکەیت ..
قسەی تریشی زۆر ئەکرد .. وەک ئەوەی ڕەنگە خۆکوشتن شتێکی خراپ نەبێ ، چونکە بەردەوام بوون لەم جۆرە ژیانە ، وەک کفر و لە دین دەرچوون وایە ..حەق وایە ئەو مەلا و ڕیشدارە ترسنۆکانەی دەیان ساڵە تەنها قسە ئەکەن ، ئەو ئاسانکارییەیش بۆ موسوڵمانان بکەن کە لە بارودۆخێکی وادا ، خۆ کوشتن ، نەبێتە هۆی تووڕە بوونی خوا و بێ باوەڕیی …
ئەیویست پێی بڵێ شتی وا چۆن ئەبێ ؟ ..بە تایبەت لێرە نان دەست هەموو کەسێ ئەکەوێ ، هەر بۆیە حەق وا نییە ئەوەندە ڕەش بین بێ ..
بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر ئەوەی کە بەردەوام بوون لە وەها ژیانێکدا ، ڕەنگە مرۆڤ بۆ بێ باوەڕیی ببات ..کوا جاران کتێبی ئاینیی ئەسووتان ..؟
هەروەها بە دوور و درێژیی باسی بەرپرسێکی حیزبیی بۆ کرد ، کە بۆیاخی سمێڵەکانی لە هی پێڵاوەکانی تۆختر بوون ، هەر ڕۆژێ ئاڵۆشی ناوگەڵی هێرشی بۆ ببات ، خۆی ئەکا بە مەکتەبەکەیاندا و ..لەگەڵ بەڕێوەبەرە شۆخ و شەنگەکەیاندا ئەکەوێتە باس و خواسی لابەلا و ..چاو ئەبڕێتە سنگ و ڕانی بەڕێوبەر و مامۆستاکان و ..دەستەکانیشی لەناو دێراوی شەرواڵە شاڵەکەیدا وون ئەبن ..ئەیووت ئەو سمێڵ بۆیاخکراوە ، جووتێ ژنیشی هەیە ، بەڵام وەک کەڵەشێرێکی بێ حورمەت لە ناوەختا خۆی ئەکا بە مەکتەبەکەیانا و .. بە بیانووی ئەوەی گوایا مەکتەبەکەیان چالاکی حیزبیی کەمە و ..ناتوانن تەلەبه وکەس و کاریان بکەنە هاوڕێی حیزب ، خۆی لە ژووری بەڕێوەبەر ئەخزاند و .. بە چاوە پڕ شەهوەتەکانیەوە ، بە دوای ئەندامی لەشی بەڕێوەبەردا ئەگەڕا نەک بە دوای ئەندامی تازەی حیزبا ..
ئەم پێی ووت : ئەی بۆچی ڕیسوای ناکەن ؟ تاکێ نەعل بکێشن بە سمێڵە بۆیاخکراوەکەیا ..
ئەو چاوەکانی زەق بوونەوە ، وەک ئەوەی بترسێ لە پڕ ئەو بەرپرسە بەو ناوەندەدا تێپەڕێ و گوێی لە شڵپەی ئەو قسەیە بێ کە پێڵاوێکە و نوساوە بە سمێڵە بۆیاخکراوەکەیا ، بە چرپەوە ووتی : چۆن شتی وا ئەبێ ؟ بەڕێوەبەر ئەندامی شانەکەی ئەوە و بۆی هەیە بە نوکە قەڵەمێ هەڵی بداتە لادێیەکی دوورە دەستی سەر سنوور ..!
ئالێرەدا ، کە بە چرپە و ترسەوە قسەی ئەکرد ، ئەم هەستی بە جوانییەک کرد تیایدا ، دەمی برد و ماچێکی کرد ..
ئەو سەرەتا بڕوای نەکرد ماچ کرابێ ، دەستێکی هێنا بە لێویدا و ..پرسی : ( ئەوە چی بوو ؟ )
ئەم وەڵامی نەدایەوە .. بێدەنگیی باڵی بەسەر هەردووکیانا کێشا ..
(چیت کرد ؟ بۆ زمانت لاڵ بوو ؟ )
کە بە چرپە قسەت ئەکرد ، لەو مناڵانە ئەچووی کە لە مەتبەخ مەنجەڵێک یاپراخیان قڵپ کردۆتەوە و..بە چرپە بۆ براکەیانی ئەگێڕنەوە ، هەتا ڕێگا چارەیەکیان دەست بکەوێ ، ئیتر حەزم کرد ماچێکت بکەم ..
(یەعنی چۆن ؟ )
ئیتر هەر نەیدەبڕییەوە ..کار گەیشتە ئەوەی لێی تووڕە بوو ، نەڕاندی: کابرای سمێڵ بۆیاخکراو سواری خۆتان و مدیرەکەتان بێ ، ئاساییە لە لاتان ، بەڵام وەک مناڵێ ماچێکتان بکەن، دنیا وێران ئەکەن..
( حەدی چیە ؟ )
(کێ ؟ )
( سمێڵ بۆیاخکراوەکە )
قسەی تریشی زۆر کرد .. وەک ئەوەی کە ئەبێ دوای ڕەمەزان بێتە داوای و .. ئاڵتون و شت زۆر گرنگ نین و .. ئەبێ لە جیاتی مەلا ، قاچاخچیەک بدۆزنەوە و لەناو دەریای ئیجەدا لێکیان مارە ببڕێ و …
زۆر قسەی تریش ..




زەبرە کاریگەرەکانی مێگەل.. نەوزاد بەندی

کورد عادەتێکی تریشی هەیە ، پۆستێکی فەیسبوک بخوێنێتەوە ، ئەگەر زۆرینە دەستخۆشییان لێ کردبێ ، ئەمیش دەستخۆشی لێ ئەکا ..ئەگەر زۆرینە جنێو و سوکایەتییان پێ کردبێ ، ئەمیش بە ئاژداد و ئابائیا دێتە خوارەوە ..
ئەگەر هیچ کۆمێنتێکی بۆ نەنووسرابێ ، ئەمیش هیچ کۆمێنتێکی بۆ نانوسێ تەنانەت ئەگەر یەک دنیا تێبینیشی لەلا دروست بووبێ ..
ئەمە عەقڵیەتی مێگەلی پێ دەووترێ ..واتە عەقڵی زۆرینە ئەبێتە بڕیاردەر و هیچ مەودایەک نیە بۆ بیرکردنەوەی تاک ..وەک چۆن ئەچیتە لای فرۆشگایەک ئەڵێ تاکمان نییە ، هەمووی جوملەیە ..! ..لێرەدا ترس لە بیرو بۆچوونی تاکە کەس هەیە ، شەرم هەیە ، دیوارێک لە نێوان تاک و بیرو بۆچوونیدا هەیە ناتوانێ دەستی بۆ ببات و کاری پێ بکات ..لێرەوە ئیتر مێگەل دروست ئەبێ و زۆرینە هەمان قسە و هەمان ڕەنگ و هەمان ستایڵن ..ئەوەیشی لەو یاسایە لابدات ، کۆمەڵێک زاراوایان بۆ داناوە ، وەک : شێت ، یاخی ، تیرۆریست ، تابووری پێنج ، هەڵەوەڕ ، زۆربڵێ ، بێ ڕەوشت ، قسەزل ، یەع ، ….ئەم زاراوانە وا دەکەن کەسێک زۆر بەهێز و توانا نەبێ ، نەتوانێ بیر و بۆچوونی خۆی دەربڕێ و لە نێوان بەرداشەکانی مێگەلەکە دەربچێ ..
بەو جۆرە کۆمەڵگایەک ئەبینیت هەموویان برنج و فاسۆڵیا ئەخۆن و ڕقیان لە ماسیخواردنە ..جلەکانیان یان ڕەساسی یان ڕەشە ..مناڵەکان ئەڕۆنەوە سەر پیشەی باوکەکان ..ئازاری گیاندار و درەخت دەدەن ..شەقام و دەشت و دەر بە دوژمنی خۆیان ئەزانن و ئەیشێوێنن و پیسی ئەکەن ..دین تەنها چەن جوڵە و گەشتێکی سعودیەیە و ..دژە دینەکانیش کە گەیشتنە شەست و حەفتا ساڵ ، بە بێ هیچ خوێندنەوە و قوڵبوونەوەیەک ، لە پڕێکا ئەگەڕێنەوە و ئەبن بە ئاینخواز ، سووک تەماشای ڕەگەزی مێ ئەکەن و بە هەر نێرێکیان بڵێیت لە ژن ئەچیت ، هێرشت بۆ دێنێ ، چونکە لای زۆرینە ژن بوون سوکایەتییە …..هتد ..

ــوێنەکە لە کەناڵی ڕووداو وەرگیراوە ، ئەویش هەر فەلسەفەی مێگەلە ، کە دەبینێ زۆرینە شوشە و پاشماوەکان لە دەشت ودەر فڕێ دەدەن ، ئەویش فڕێی دەدا ..چونکە بە عەقڵی زۆرینە کار ئەکا ، عەقڵی خۆی غائیبە یان خەوتووە و خەبەری ناکاتەوە .

نەوزاد بەندی




پێناسەی ئێمە.. نەوزاد بەندی

 ئێمە بە فەرمانبەر و کرێکارمانەوە هەمیشە ویستوومانە و ئەمانەوێ پارەیەکی زۆرمان دەستکەوێ لە بەرامبەر کارێکی  ڕەمزیی ، کاری ڕەمزیی  واتا کارێک لەڕووکەشدا کارە و لە ڕاستیدا هیچ نیە .. هەر بۆیە بینا و شەقام و شار و گوندمان هەمووی پڕۆژەی وێرانن ، چونکە کاری ڕەمزییان تێدا کراوە نەک کاری جددی ..

 بن دیوار ئەو دومەڵەیە لە ناخی هەمووماندا بووە و حەزمان لێکردووە بەڵام شەرممان کردووە ئاشکرای کەین ،  ئێستا دەسەڵاتێکی بێ شەرم ، تەقاندی و  مانگانە ملیۆنەها دۆلاری تێدا خەرج ئەکا .




نا، ئەو ژولیایە نییە.. نەوزاد بەندی

تۆ بڕوانە ..

ئەم شارە پڕە لە ژولیا ..

ئەنتەرنێت  ئەگەر بڕوخێ بەسەر ژولیادا ئەڕوخێ ..

لە گەڕاندا هەر پیتی (ژ) گەر بنووسی ،

سەدان ژولیا هەروەکو،سەرباز ڕیز ئەبن ..

بەڵام هیچیان وەک تۆ ،

 شیعریان  لێ نابارێ ..

هیچیان وەک تۆ ،

لەناوەختا

  باڵندە  ئاسا ،

 پەنجەرەی ژوورەکەم

ناکەن بە شانۆ ..

پیتەکانیان

 بۆنی شلیکیان لێ نایە ..

شیعرم بۆ ناخوێننەوە ..

بە لاستیکی بۆنخۆشی کاڵ و پەمەیی ،

ترس و فرمێسک و دوو دڵیم 

ناسڕنەوە ..

هیچیان وەک تۆ ،

ناتوانن دڵم  بە پیتی ڕەنگاوڕەنگ بۆ بچننەوە  ..

هیچیان کلیلی قەفەزی

سنگمیان لا دەست ناکەوێ ..

ناتوانن بابلنیزامی قەفەزەکە بکەنەوە ..

دڵ هەڵفڕێ ..ڕزگاری بێ

لە ئەشکەوتی برینەکان..

لە خۆم ..

لە گەل و نەتەوە .. !

هیچیان

ئازایەتی ئەوەیان تیا نیە هیچیان ،

جنێوێ بدەن بە ئاغا ..

چرای کۆشکێکی بشکێنن ..

قێز بکەنەوە لە فیلە پەڕۆینەکانی ناو میدیا ..

لە شاعیرە درۆزنەکان ..

لە مەسینەهەڵگرەکان ..

هیچیان وەک تۆ ،

ئازایەتی ئەوەیان تیا نیە ،

بڵێن :من نەخۆشم ..من نەخۆشم ..من نەخۆش ..

ڕاستگۆیی ئەوەیان نیە ،

دانی پیانێن :

ئەو ژیانە یەک شەق زیاتری قابیل نییە ..

کەسیان ناتوانن ،

 بەرپرسێ

کی گیڤخواردوو ،

 لە ناماقوڵیی

 ڕابگرن و پێی بڵێن :

دەبەسە ..دە بەس ..گوخواردن ..

٭    ٭    ٭

ئیتر بۆت ناگەڕێم .. ژولیا..

هەر خۆی تاوانە لەو شارە پڕ لە دوکەڵ و دکتۆرە ،

پڕ لە دەرمان و نەخۆشە ..

پڕ سواڵکەر و ملیاردێرە ،

سۆراخی ڕوناکیی بکرێ ..

هەر خۆی ناڕەوایە لەسەر  ئەو شەقامە پڕ  لە زبڵ و دروشمانەدا ،

پرسیاری  ئەدرێسێکی

وەک تۆ بکرێ  ..

جۆرێکە لە جۆرەکانی بێ هودەیی ،

لەو  هەموو دەمامکەدا ،

چاو

بۆ ڕوخساری بێ ڕتوش ..

بۆ زمانێکی بێ درۆ ..

بۆ شیعرێکی پڕ لە مرواری

بگەڕێ ..

کارەساتێکی گەورەیە ،

کە ئیتر زامەکانتم بۆ ناخوێنیتەوە ..بە بێ هۆ ..

کە حونجەی ووشە ناکەم و

تاقەتم نیە لەگەڵ شیعر دانیشم

بە بێ تۆ ..

کارەساتێکی گەورەیە ..

زستان ئەڕوا و

نە بەفر دێتە هەیوان و

نە تۆ ئەڕژێیتە سەر شاشەی

مۆبایلەکەم

بە نیوەشەو

بە نیوەڕۆ ..




تاریکەڵان.. نەوزاد بەندی

لەمسەری هەتا ئەوسەری ، تف لە کورد بێ، چاکی نییە ..
لە زوڵم و سەرشۆڕیی و دزی و خۆخۆریا باکی نییە ..
میللەت نین ، کۆمەڵێ نەفسی نزم و خۆپەرست و کۆیلە ..
لە ملی یەکشکاندنا ، بێ وێنەیه ، تاکی نییە ..
خەریکی حەرامخۆرین و گیرفانی یەکتری ئەبڕن ..
دواڕۆژی دز ، ڕیسوا بوونە ، بۆیە ئاڵا و خاکی نییە ..
هەتا تێگەیشتوو و زانا بێ ، زەبرەکانی توندتر ئەبن ،
فرزەندی ماڵی حەرامە ، دایک و باوک و کاکی نییە ..
بەدەست ئەو بێ هەوایش ئەبڕێ لە خزم و هاوڕێ و یارانی ..
عەقڵی کورد چۆڵ و تاریکە ، یەک تیشکیش ڕوناکی نییە..
گەر پیاوێکیان تیا هەڵکەوێ ، ئەوەندە بەردی تێ ئەگرن ..
مەردایەتی تیا ناهێڵن ، ئێ کەچەڵ دەلاکی نییە ..
ئەوەی بیەوێ قوتاربێ لە ناو ئەو مار ومێرووە ،
لەو ڕێیە ڕۆحیشی دەرچێ ، زەرەر و هیلاکیی نییە ..
کەس پاکانە بۆ خۆی نەکا ، خۆی ئاو دیو نەکا لەم وەسفە ..
سەرلەبەری بەو جۆرەیە ، دوور لەڕوو ، حاشاکی نییە ..

ـــنەوزاد بەندی ــــــــــــــــ




بە مافکردنی بێ ڕێزیی، نیشانەکانی شێرپەنجەی دەسەڵات.. نەوزاد بەندی

لەم ڕۆژانەدا وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان،دەڵێت : کەس و کاری هیچ قوتابیەک مافی ئەوەی نیە بێ ڕێزیی بە مامۆستا بکات !!

به ڕاستی ئەم ووتەیە هەژاندمی و ئەم ووشانەی پێ هەڵڕشتم :

کەواتە لای جەنابتان ( بێ ڕێزیی ) مافە !!! ..
با بۆ مەعالیتانی ڕاست بکەمەوە ، ئەگەر کۆمەڵگا بەربەریی نەبێ و یاسا تیایدا سەروەر بێ ، هیچ کەسێک بۆی نییە بێ ڕێزیی بە هیچ کەسێک و ..بە هیچ گیاندار و ڕووەک و بێ گیانێکیش بکات ..
ئەوانەی بێ ڕێزیی لە هەڵس و کەوتیاندا هەیە ، نەخۆش وگەمژە و دڕندە و بێ ڕەوشتن .. بێ ڕێزیی ماف نییە ، دۆخێکی قێزەونی دەروونییە و .. لە پشت ئەستوور بوون بە پارەی دزراو و دەسەڵاتی گەندەڵ و ماوە بەسەرچووەوە سەرچاوە دەگرێت ..واتا بێ ڕێزیی سنوور بەزاندنێکی چەتە و دز و مافیا و ڕێگرەکانە ..نیشانەیەکی دیاری سیخوڕ و پیلانگێڕ و ئەڵقە لەگوێ و جەلادەکانە ..
بێ ڕێزیی مۆرکی کەسانی پەروەردە نەکراوە ، کەسانێک کە بە فلتەری خوێندن و ڕەوشت ومرۆڤایەتی و داب ونەریتی کۆمەڵگادا نەچوون و ..وەک کۆمەڵێ دڕندەی کێویی ، زیانبەخش و زیانەخرۆن ..
ــــبێ ڕێزیی وەک ئاو و کارەبا و گەشت و گوزەرانی باش ، ماف نییە هەتا بیدەن بە خۆتان و لە چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگای قەدەغە بکەن ــــ
ئەو دەسەڵاتەی بێ ڕێزیی بە ماف پێناسە ئەکات و ئەیداتە کەسانێک و لە کەسانێکی تری زەوت ئەکات ، ناتوانێ هەنگاوێک بە بێ گەلەگورگی حیمایە و چەکدار ، لە ووڵاتەکەیدا و لە دەرەوەی وڵاتەکەیشیدا ، بنێت .. ناتوانێ شەوێک بە ئاسودەیی و بێ ترس چاو لێک بنێ .. پاروویەکی بە ئارامیی لە قوڕگی ناچێتە خوار ، هەتا لە ناکاو وەک دەسەڵاتە بێ ڕێزە چڵیتەکان ئەبێ بە ژێر پێی جەماوەری ڕێزنەگیرا و بێحورمەتی پێکراوەوە ..چونکە ئەو دەسەڵاتە پێش هەمووان ، باش ئەزانێ کە باجی بێڕێزیکردن زۆر گرانە و ..نووسەرێکی وەک بەختیار عەلی ئەڵێت : هۆکاری زۆربەی شۆڕش و شەڕ و پێکدادانەکان ، بێ ڕێزیکردنە بە کەس و میللەتان ..




پێکهاتن و تێکبەربوون.. نەوزاد بەندی

بە داخەوە ئێمە کوڕی میللەتێکین لە جیاتی بە دوای خاڵە هاوبەشەکانی نێوانماندا بگەڕێین تاکو پێک بێین و یەکگرتوو بین ، بە دوای خاڵە دژەکانی نێوانماندا دەگەڕێین و لێک ئەترازێیین و یەکێتی وپارتییەکان دروست دەکەینەوە ..جەلالی و مەلاییەکان دروست دەکەینەوە ..تەنانەت گەر خاڵی دژیش نەبێ ، بە وەهم ئەو دژایەتییانە دروست دەکەینەوە و گەورەی دەکەینەوە وسەدان و هەزاران کوردیش ئامادەن بەسەر هەردوو سەنگەری دژدا دابەش بن و بەربنە گیانی یەکتریی ..
ئێستا لە سۆسیال میدیادا ، جنێو و قسەی ناشیرین ، لەفیشەک و ڕاجیمە کوشندەترن ..نازانم بۆچی بەو شێوە بەرفراوانە ئامادەین هەست و کەرامەتیی یەکتری بریندار و تەفر و تونا بکەین ؟
من دڵنیام زۆرینە لە ئەسڵی بابەتەکانیش تێ ناگەن و یەکسەر بە جنێوەوە خۆیان ئەکەن بە گفت وگۆکاندا ..وەک ئەوەی ئەگەر لەو جنێوگەلەدا بەشداریی نەکەن ، ئینتیمای نیشتمانییان زیانی پێ بگات .
دوو باری سەرنجی زۆر ئاسایی هەیە ، کە لە هەموو جیهاندا ئەو شتانە زۆر نورماڵن .. تەنانەت لە یانزەی سێپتەمبەر ، هەبوون دەیانووت ئەوە کاری پنتاگۆن خۆیەتی و هیچ پەیوەندی بە قاعیدەوە نیە .. هیچ کەسێکیش جنێوی بە هیچ کەسێک نەدا ..
کۆمەڵێ گەنج بە هێلکەوە هێرش دەکەنە سەر پەرلەمانتارێک لە ئەوروپا ..وەک ناڕەزاییەک کە پێشتریش هێرشی واکراوەتە سەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا وفەڕەنسا وئیتاڵیا و کەسایەتی تریش …بەڵام هێرشی هێلکەکەی ئەوان بێدەنگ و پڕ هێلکە بوو ، لای ئەم گەنجانە پڕ لە قسە و هات وهاوار و کەم هێلکە بوو.. واتە تەنها هێلکەیەک بەر قاچی پەرلەمانتارەکە کەوت .. لە کاتێکدا ڕۆژنامەنوسێکی وەک مونتەسەر زەیدی پێڵاوەکانی هەڵدا بۆ سەری جۆرج دەبڵیو بۆشی سەرۆکی ئەمەریکا کە لەگەڵ مالیکی سەرۆکی عێراقدا لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاوەستا بوون ، هێندە قسە و هات و هاواری نەکرد ..
لە هەمان کاتدا ، ئەم کارە شەرمنانە و لاوازەی گەنجەکان ، وەک پێڵاو هەڵدانە شەرمنانەکەی دکتۆر کازم فاروق لە پەرلەماندا ، بە ڕای من یەکەمجار کەمباوەڕییە به بابەتەکە ، دوو دڵییە بەو کارەی پێی هەڵئەسێ ،.نائومێدییە بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان .. ئەگینا نە هێلکە بارانکردن ئاوایە و نە پێڵاو تێگرتن بەو شێوەیەیە .. ئەمە هیچ نەگەیەنێت ئەوە ئەگەیەنێت ئێمەکردارمان زۆر کەم و کورت ولاوازە ، بەڵام گوفتارمان زۆر دوور و درێژ و قوڵ و جیاوازە ..
ئیسماعیل هێلکەیەک ئەگرێتە یاسین ،بەر قاچی ئەکەوێ و ئەکەوێتە سەر شەقام .. کەهێشتا بۆ هێلکە و ڕۆن دەستی دەدا ..یاسین کۆمەڵێک دەنێرێ بۆئەوەی اسماعیل تەمبێ بکەن ..
لێرەدا ئارام و قادر ، هەر یەکەیان دابەش دەبن بەسەر دوو سەنگەری دژ بە یەک ..ئێ ئەم دووانەیش هەزاران لایەنگر و هەزاران دوژمنیان هەیە ..هەربۆیە دوو بێناو کە دژایەتی یەکتریدەکەن ڕەنگە پەنجەرەیەک بشکێ ،بەڵام دوو ناودار کە بە شەڕ دێن ، ماڵەکە هەمووی دەڕوخێ ..
هیوادارم ئەو دووانە واز لەو قسە و قسەڵۆکەی نێوانیان بێنن ، چونکە لە بنچینەدا کارەکان نیشانەپێک نەبوون .




منێک کە قەت قەت من نەبووم.. نەوزاد بەندی

ئەو شیعر نەبوو ، شیعریش بوو ..
نەمئەنوسی و ئەیشمنوسی ..
ئەو هەور نەبوو ،
هەوریش بوو …

بەس کە ڕۆی ،
نەگەڕایەوە ..

بە دیار چڵێ چاوەڕوانییەوە ،
جار جار ..
فرمێسک ئەهات و..
نەیشئەهات ..
لە دیار جۆگەیەکی تەمەن ..
ئەمدی ئەو نایەت و ..
ئەیشڕوات ..

تاکە شت کە لێت وون نەبوو ..
من بووم ..جار جار
منیش نەبووم ..
منێک بەردەوام فیشەکی ئەناردە
مەیدانەکانی جەنگی
چەند ساڵەی نێوانمان ..
منێکی تر ، وەفدی دانوستانی ئەنارد ،
بۆ گەڕانەوەی جارانمان ..
تۆ ڕۆیشتیت و
من ئاوڕم نەدایەوە ..

شەڕ دوایی هات ..
جارانیش نەگەڕایەوە ..

ــنەوزاد بەندی ـــ




وڵات و یارییە باجێنە.. نەوزاد بەندی

( بە دوادا چونێک بۆ وەڵامێکی مەسعود عبدالخالق لەسەر بابەتێکی کاوە مەحمود ، دەربارەی جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەتی کوردیی !)

لێرە نە ئاینێکی کرداریمان هەیە ..نە ووڵات و دەسەڵاتێکی نێو دەوڵەتیشمان هەیە .. ئیتر کام ئایین لە کام دەسەڵات جیا دەکەنەوە ؟؟؟
کاتی خۆی پیاوانی کەڵێسا فەرمانڕەوای ڕەهای ئەوروپا بوون ..بزووتنەوەی ڕێنیسانس واتا هەڵسانەوە و نوێبوونەوە سەری هەڵدا ، کە بزووتنەوەیەکی سەدا سەد ئەوروپیی بوو ،دەهۆڵ و زوڕنای هاوردە وداگیرکەران نەبوو ،
ئەم ڕێنیسانسە ، دەسەڵاتی تەکنۆکراتی لە ئەوروپا خستە جێی دەسەڵاتی پیاوانی کەڵێسا .. دەسەڵاتی لە پیاوانی کەڵێسا سەندەوە و پێی ووتن : ئێوە بڕۆنەوە ناو کەڵێساکانتان و خواپەرستیی خۆتان بکەن ،بۆتان نییە لچ لە سیاسەتەوە بدەن ..
ئەمە ناونرا عەلمانیەت ، جیاکرنەوەی دەسەڵاتێکی ئاینیی کەڵێسایی فەرمانڕەوا ، لە ئیدارەی ووڵات و گەڕاندنەوەی بۆ قەوارەی خۆی کە ناو کەڵێسا بوو ..
بۆچی ئەمەیان کرد ؟ چونکە پیاوانی کەڵێسا کە فەرمانڕەوایی ووڵاتیان ئەکرد ، کەوتنە ڕوتاندنەوەی میللەت و بە چەندین شێوازی جیا جیا پارە و ماڵ و موڵکیان لێ دەسەندنەوە تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی کەسێک بمردایە پسوڵەی لێخۆشبوونیان لە دۆزەخ بۆ مۆرئەکرد بە رامبەر پارە و پولێکی زۆر .. هەر ئەو دەسەڵاتە ناشیرینە ، دژایەتی زانستی دەکرد و چەندین زانای وەک کۆپەرنیکۆس و گالیلۆی کوشت و ئەشکەنجە وزیندان کرد .
بەڵام زۆر پێم سەیرە و تەنانەت پێکەنییشم دێ ، کە دەسەڵاتۆکەیەکی هەرێمایەتی وەک ئەمەی خۆمان کە ڕاستەوخۆ ئەمەریکا و ئێران و تورکیا بڕیاری لێ دەدەن و نەوتەکەی دیزە بە دەرخۆنە دەکەن و بۆردومانی دەکەن و دینارەکەی ڕیسوا ئەکەن و کردوویانە بە بازاڕی تایبەتی خۆیان ، ئەبێ چ بنەمایەکی دەسەڵاتی تێدا بێ هەتا ناو بنرێ دەسەڵات ؟؟؟
ئینجا ئەگەر وەک گریمانەیەک ئەم دەسەڵاتۆکەیە ناو بنرێ دەسەڵات ، ئایینی ئیسلام چ جومگەیەکی بەڕێوە ئەبات هەتا ئاینی لێ جیا بکرێتەوە وبکرێتە سیکیولار ؟؟؟ لە ڕاستیدا لەم ٣٣ ساڵەدا دوو هێزی دژ بە یەک و ڕکابەر حوکمی هەرێمەکەیان کردووە کە زیاتر دەرەبەگن و هیچ بنەمایەکی ئاینییان نەخستۆتە یاساکانیانەوە ، و چەندین جار دژایەتیی ئاینیان کردووە و لە کۆمەڵە و دەستە ئاینییەکانیان داوە و لە زیندان توندیان کردوون ..
پاشان ، گریمان ئاین حوکم ئەکا ..باشە ئێمە وەک محمەد نوری ئەڵێ ، ئەگەر ئیسلام و پیاوانی مزگەوت و حوجرەکان لە مێژووەکەمان دەر بکەین ، مێژوومان هیچی تیا نامێنێتەوە . بە واتایەکی تر لە قازی محەمەدەوە بۆ شێخ سەعیدی پیران ..بۆ پیاوانی تەریقەت و شاعیر و بیریار و فەیلەسوف و مامۆستایان ، سەرجەمیان پەروەردەی قورئان و ئیسلام بوون ..
واتا سەربەرزییەک کە لە مێژووماندا هەبێ ، ئاینی ئیسلام سەرچاوەکەی بووە ..پیاوێک شانازیی پێوە بکەین ، قورئان مامۆستاکەی بووە ..
ئایا تاوان و گەمژەییەکی گەورە نییە ، ئەم ئاینەی کە هەموو پیاو و سەرکردە و شانازییەکانی پێداوین ، وەک ئاینێکی کەڵێسایی لەڕێلادراوی ئەوروپای سەدە تاریکەکان حیسابی بۆ بکەین و ..بڵێین ئەبێ لە دەسەڵات جیای بکەینەوە ؟؟؟!!!!
نە دەسەڵاتیش ئەسڵەن وجودێکی هەبێ و .. نە ئاینی ئیسلامیش بە هیچ جۆرێ بەشداری ئەو دەسەڵاتەی کردبێ ؟؟؟
بە ڕاستی جێی پێکەنینە ..

ــنەوزاد بەندی ـــ




ژماردن.. نەوزاد بەندی

سەری دە هەزار و چەندەم بەیانیتە ، لە خەو هەڵئەستی و کارەبا نییە ؟

  • * *
    سەری دەهەزار و چەندەم نیوەڕۆتە ، بەلوعەکە ئەکەیتەوە ،
    ئاو نییە ؟
  • * *
    سەری سەد هەزار و
    چەندەم نوێژتە ،
    کە ئایەتی بەرگری و
    خەباتی
    تێدا ناخوێنی ؟
  • * *
    سەری دەملیۆن و
    چەندەم جارتە ،
    بە دەستێ نزا ئەکەیت و
    بە دەستەکەی تر ،
    قژی فیرعەون دادێنی ؟
  • * *
    سەری دەهەزار و
    چەندەم شەوتە ،
    ئاواتەخوازیت کە خەوتیت ، هەڵنەسیتەوە ؟
  • * *
    سەری دە هەزار و چەندەم بڕیارتە ،
    کە هەر سەر شۆڕبی و
    بەرز نەبیتەوە ؟
  • * *
    سەری سەد و چەندەم ڕێپێوانتە ،
    میللەتێکی چوار ملیۆنیی ،
    لەبەردەم دوو سێ چەقۆکێشا ئەبەزن ؟
  • * *
    سەری سی و
    چەندەمین زستانتە ،
    پێکانت شین ئەبنەوە و ئەتەزن ؟
  • * *
    ئەرێ میللەتن ..
    ئێوە میللەتن ،
    توخوا ؟
  • * *
    ئەگەر میللەت ئاوابێ ..
    وەک ئێوە بێ میلەت ،
    ڕەببی گورگ بیخوا ..



کۆڕنیشی غاز.. نەوزاد بەندی

ئیتر مەڵێن ،
حوکمەتەکەمان بێ خەمە ..
فەرموو بەو تۆف و بارانە ..
بێ ماستاو .. بێ مامە حەمە ..
قۆڵی مەردی لێ هەڵماڵی
بە خاکەناز ..
بۆی بنیاتنان
کۆڕنیشی غاز‌ …

٭ ٭ ٭
ئەک سڵاوت لێ بێ سەرۆک ..
حەقتە میللەت بۆت دێنە چۆک ..
حەقتە فڕۆکەی تایبەتی
سەد ملیۆنیی ..
حەقتە ملیارەها ملیار ،
کە دێتە دەر
لە درز و دەلاقەکانی
دەسەڵاتێکی کارتۆنیی ..

٭ ٭ ٭

ئەک سڵاوت لێ بێ میللەت ..
بووی بە عیبرەت ..
قاڵ بووی بە ملکەچی و زیللەت ..
ئاژەڵیش ئیدارە ناکا
ساتێ بێتە ناو تەویلەت ..
ڕایکێشە باری کۆیلەبوون ،
ڕایکێشە سەد هەزار عیللەت ..
دەم نەکەیتەوە ..
نەجوڵێی ..
با لە دەستت نەچێ
ناز و نوز‌ و نیعمەت ..
گوناحە ، گوناح تەمەنتان هەزاران هەزار ساڵ نەبێ ..
باشە ئێوە خوانەخواستە ئینقیراز کەن ،
چ شارێ ئەتوانێ ببێ
بە شاری قوربانی و هەڵمەت ؟
بە شاری هۆلاکۆ بەزێن ؟
کێ ئەتوانێ هەڵگرێ
چەکوشی کاوە و
شارستانیی ئاشوور و مەد ؟؟
هەزار جار ئافەرین میللەت ..
ڕیزی کەن ، بتڵ و سەیارە و
سەرەی سەرانە و باجەکان ..
ڕێک بە دیقەت ..
بە ڕاستی مەردی هەردانن
بە ڕاستی هەردی مەردانن ..
گەلی وەک ئێوە نابێ .. قەت ..




لە سفرەوە یان لە کفرەوە.. نەوزاد بەندی

ــگفت و گۆیەکی کورت ــ

لە وەڵامی ئەم پۆستەدا کە ووتەیەکی چیخۆف بوو :
( میللەت ئەگەر ڕۆشنبیر نەبێ ، ووڵات ئەڕوخێ ، وەک ئەوە وایە باڵەخانەیەک بە خشتی کاڵ دروستکرابێ و لە کوورەدا سوور نەکرابێتنەوە .. مامۆستا ئەبێ هونەرمەند بێ و عاشقی پیشەکەی بێ ، بەڵام لای ئێمە وەک کرێکارێک وایە ، لە ترسی نانبڕین و لە برسا مردن ، وانە دەڵێتەوە ..
ــئەنتۆن چیخۆف ـــ)

[[ مامۆستا اسماعیل یاسین ناوێک ئەم کۆمێنتەی نوسی :
بنەمای دروسکردنی وولاتێکی مەدەنی دێموکراسی سیکۆلار هه زم کر دنی دیموکراسیەت و پێکەوەژیانی بیروڕاجیاوازەکان و ئایینی یەکان و شارستانی یەکانە – دیموکراسیەت کە کلیلی کر دنەوەی دەرگا داخراوەکانی عەقلە کۆنەپەرستی یە پاوانخوازە دیکتاتۆری یە شموولی یە سەرمایەدارە قۆرخکارە بێویژ دان و بێرەحم و بێبەزەیییەکانە کە خۆیان لە خەلک جیاکردۆتەوەو دەکەنەوە دیموکراسیەتیان پێ هه زم نەکراوەبۆ بەرژەوەندی یەسەرمایەدارو ئۆلگاریشەکان بەرادان دراوەخۆیان ملیار دێرو بزنسمان خاوەن کۆمپانیاو قۆرخکاری بازارو سەرمایەبن- دەستیان بسەر کۆی جومگەکانی ژیان گرتووە و قۆرخیان کردووە میللەتیشیان فەرامۆش و پشتگوی خستبێت- بێکارو هه ژارو چەوساوەیە بە دە یان قەیرانیان بۆ دروستکردوون – کەبە هه لپەسێردراوی و بێ جارەسەر ماونەتەوە پرۆسەی دیموکراسیەت لەوولاتەکەمان و رۆژهه لاتی ناوەراست بە گشتی پڕۆسەیەکی ئالۆزو رووکەشی وهه زم نەکراوە دێموکراسیەتی رۆژ ئاوای چەواشەکراوی درۆزنانەی ناتۆو ئەمریکایە ریاکارانەیە خۆپەرستانەیە– شۆڕ نە بۆتەوە بۆ ناوچین و توێژەکانی کۆمەلگا بستە بالا یە نش و نمای نە کر دووە مندالە تازە رەورەویەتی بەسەر پێیان نەکەوتووە– لەولاتی ئیمە و ئیراق و ڕٶژ هه لاتیان دادیموکراسیەت بووەتە ڕۆتینیاتی حزبە دیکتاتۆری یە شموولیە خاوەن ملیشیا چەکدارەکانی کە بەهێزو پارە خۆیان سە پاندووە دەسەلات بۆ کە س چێنا هێلن- بۆ نەوەکانیشیان بەرادان داوە- وادەزانن پر ۆ سەی دیموکراسیەت و هه لبژاردن تەنها و تەنها رۆژی دەگدانی چوونەسەر سندووقەکانی هه لبژاردنەپڕ لە جەواشەکاری و تەزوێرو فرت فیل و جەواشەکاری یە– زۆ ربەداخەوە لە ماوەی حوکمرانی عێراق و هه رێمی کوردستان فیری ئەلف بای دیموکراسی نەبووین نەماتوانی دە ستوورو یا ساو دامەزراوەییمان هه بێت کەبتوانین حکوومەت ئیدرەدانیکی سەرکەوتوو دروست بکەین میللەتەکەمان لە خۆ ڕازی بکەیین دیموکراسیەتی ڕاستەقینە دەستەبەر پیادەی بکە ین کە تەنها لە م ریگایەوە دەتوانین بنەماکای دەولە تداری مە دەنی شارستانیەتی پێشکەوتوو پەرەسەندوو بینا بکە ین ئیمەش وەکو گەلانی جیهان وولاتێکی پێشکەوتوو پەرەسە ندووی دەستووری دیموکراسی دامەزراوەییمان هه بیت حکوومەتی دیموکراسی هاوولاتیبوون شوینی حکوومەتی حزبی بگرێتەوە کەسەرکەو توو نوبوونە لەئیداەو بە رێوەبردنی وولات و گەلە چەوساوەکەماندا لێرەو لەوێ بەداخەوەدیموکراسی یەتیان هه زم نە کردو پێیان هه زم نەکرا ]]

منیش ئەم چەند خاڵەم بۆ نوسی :

[[ دەستخۆش کاک اسماعیل بۆ خوێندنەوە و بەدواداچوونە چڕ و پڕەکەتان ..
چەند خاڵێکم لەلا گەڵاڵە بوو ، حەز ئەکەم ئاماژەیان پێ بدەم :
یەکەم : دیموکراسیی تێرمێکی داگیرکەرانە ، وەک سندوقی هەڵبژاردن و مافی مرۆڤ و سیکیولاریزم ، وەک فڕۆکەی سیخۆ و ئێف شانزە ، دوو دانەی هەیە، دانەیەکی ئۆریجیناڵ ، کە تایبەتە بە خۆیان ، دانەیەکی تەزویریش کە بۆ ئێمەی ئەنێرن و تەنها دروشم و درۆ و بە لاڕێدابردنە .
دووەم : دکتۆر عەلی شەریعەتیی ئەڵێ : مومکین نیە گەلانی ژێر چەپۆک و قوڕ بەسەر بتوانن بە تایتڵەکانی ڕۆژئاوادا هەڵبسنەوە و پێش بکەون و ببوژێنەوە ، مەگەر تەنها ڕێگایەک بۆ زیندووبوونەوەیان گەڕانەوەیە بۆ کولتوور و شارستانێتیی خۆیان .. شارستانییەک گەر هەمانبووبێ ، تەنها ڕێگایە بۆ ئەوەی لە ڕێگایەوە ڕاست بینەوە و خۆ لە داو و فرت و فێڵی ڕۆژئاوای کۆڵۆنیالیست ،قوتار بکەین .
سێیەم : ڕای تاکەکانی کۆمەڵگا کاتێک بە هەند وەرئەگیرێت، کە تاکگەلێکی ڕۆشنبیر و کارامە بن ، لە حاڵێکدا وەک پرس و ڕا بە مناڵگەلێکی باخچەی ساوایان بکرێ داخۆ چی باشە و ڕایان وەربگیرێ ، هەمووان پێیان باشە بڕۆنە دەرەوە و لە مارکێتەکان شەکرۆکە بخۆن و لە خیابانان فتبۆڵێن بکەن ..بە هەمان شێوە میللەتانێکی وەک ئەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوین ، ئەگەر ڕایان وەربگیرێت و ئازادی بۆچوونەکانیان بە هەند وەربگیرێت ، ئەوا وەک جووتیارەکانی سەردەمی دەرەبەگیی ئیسپانیایان لێ بەسەر دێ ، کە ئازاد کران و ..پاشان نەیانزانی چۆن چۆنی پارووە نانێک پەیدا بکەن ، هەر بۆیە گەڕانەوە بۆ لای دەرەبەگەکان و ووتیان بە کۆیلە ڕامانبگرنەوە ، مەمنونتانین ..
بە واتایەکی تر پڕۆسەی ڕای گشتی لە دوای پڕۆسەی ڕۆشنبیرکردنی گشتیەوە دێت ..ئەبێ میللەت گەیشتبێتە کایەی بیر و لێکدانەوە و داهێنان ، ئینجا چاک و خراپی خۆی ئەفامێ و ئینجا ئەبێ ببرێتە بەردەم سندوقەکانی هەڵبژاردن ..
لە وەها دۆخێکی قورس و ئاڵۆزدا ، ئەبێ پەنا ببرێتە بەردەم کۆمەڵێ زانا و دانای نیشتمانیی پەڕاوێز خراو ، هەتا ڕێگای ڕاست و دروستی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدیۆلۆژیی دیاری بکەن ، ئەوە ئیتر خاڵی سفرە بۆ کۆمەڵگا کە بتوانن هەنگاو هەڵبێنن و ..ڕۆشنبیری و بیر و بەرهەمهێنان و پێشکەوتن فەراهەم بکەن ..
چوارەم : نابێ بە کۆمەڵێک هەڵبخەڵەتێین کە پۆشاکی ڕۆژئاوایان پۆشیوە و ..مۆبایل و کۆمپیوتەر و کتێب لە ماڵەکانیانا هەیە و سەیری زنجیرە دراما ئەکەن و .. پیتزا و کۆکا کۆلا ئەخۆنەوە و لە کۆلێژ و پەیمانگاکان مامۆستا و فێرخوازن… ئەمانە ئەو توێکڵە هەڵخەڵەتێنەرەن ، کە ناخێکی ناحاڵی و نامەسئول و بێ ئینتیما و سەرلێشێواویان داپۆشیوە .. حاڵەتێکی شێرپەنجە ئاسایە ، کە ترسناکێکەی لەوەدایە ، ماکەکانی ئەو نەخۆشییە ، بە ماکیاژێکی ڕۆژئاوایی و مۆدێرن ، بۆیاخکراون .. سەیر دەکەی دەرچووی کۆلێژی ئەدەب
Nawzad Bandy
یاتە و نازانێ ڕێنیسانس خواردنە یان شۆڕش .. دەرچووی کۆلێژی ئەدەبیاتە و نازانێ دیستۆیڤسکی زێوانی کەنیسە بووە یان نووسەر .. هەروەک چۆن ئەو سیخۆ و ئێف شانزەیەی کە دەینێرن بۆ ڕۆژهەڵات ، تەنها لە شکڵ وشێوەدا ، سیخۆ و ئێف شانزەن و .. ناتوانن بە هیچ جۆرێ لە هەیمەنەی سیخۆ وئێف شانزەی کۆڵۆنیالیستەکان دەربچن …
پێنجەم : ترسناکترین شت ، لە کۆمەڵگای پێنەگەیشتوو و تێنەگەیشتوودا ، بیر و ڕای جیاوازە .. وەک ئەوە وایە لە قۆناغی سەرەتاییدا ، فیزیا و کیمیا و ئەتۆم بۆ مناڵەکان باس بکەیت ، لە کاتێکدا ئەوان هێشتا ئەلف لە باء جیاناکەنەوە ..بیر وڕای ئازادیش ، دوای قۆناغیی ڕۆشنبیرکردن و ئینتیمای کۆمەڵگا سەرچاوە ئەگرێت ، ئەگینا وەک ئەمڕۆی خۆمانی لێ دێ ، بیر و ڕای ئازاد بووە بە شەڕە پەڕۆ و شەڕە جنێو و سەنگەر گواستنەوە و براکوژیی .
دووبارە سوپاس ]]




کۆمەڵگای لاساییکەرەوە.. نەوزاد بەندی

ئەو میللەتانەی یەک جۆر بیر دەکەنەوە ، یەک جۆر ئەدوێن و ..هەمان لێکدانەوەیان هەیە بۆ دیاردەکان ، واتا میللەتە لاسایی کەرەوەکان ، ئەوانەی کەسیان خۆیان ماندوو ناکەن داهێنان و جیاوازییەک دروست بکات ، هەمووان ئەبنە کۆپی باب وباپیرانیان …ئەبنە کۆپی هاوڕێ و هاوزمان و هاوپیشەکانیان .. ئەم میللەتانە بە ئاسانی دەستەمۆ ئەکرێن ..تەنها بە دەستەمۆکردنی یەکێکیان ، هەموویانت بۆ ئەکەوێتە سەر چۆک ..ڕێک وەک ڕانەمەڕ ..
دانەیەکیان ڕاو بنێ ، هەموو ڕا ئەکەن ..فیکەیەک لێبدە ، هەموویان کۆ ئەبنەوە ..یەک یەک سەریان بڕە ، ئەوانی تر گیا ئەخۆن هەتا کاتی سەربڕینیان دێت ..
لەم دۆخەدا وەک فریدریک نیتشە باسی لێوە دەکات : ( لە کۆمەڵگای مێگەلدا ئەگەر کەسێک جیاواز بیر بکاتەوە ، هەمووان دژی ئەوەستن و هەوڵی دەمکوتکردنی دەدەن ، نەک لەبەر ئەوەی پێیان هەڵەیە ، بەڵکو لەبەر ئەوەی خۆیان ناتوانن وەک ئەو جیاواز بن )




بیرەوەرییەکانی شاخی گۆیژە.. نەوزاد بەندی

ئەوە ناونیشانی کتێبێکی هاوڕێی دێرینم کاک موحەمەد حەمە تەقی ە ..
ئەم بەرهەمە گەشتێکی بەرەبەیانە بۆ شاخی گۆیژە .. نووسەر لەگەڵ هاوڕێیەکیدا، وەک وەرزش ، ڕوو دەکەنە شاخی گۆیژە ، ئەمەیش بانگەشەیەکە بۆ ئەوەی بە هاوشارییەکانی بڵێ پێویستە ڕووبکەینە وەرزش و شاخەوانیی ، بە تایبەتیی ساڵانێکە بەیانیانی سێ شەممە و هەینی خەڵکێکی زۆر پەیڕەویی دەکەن ..
نووسەر هەر لە یەکەم هەنگاویەوە ، کە لە گەڕەکی ئیسکان ، لە ماڵ دەچێتە دەرەوە ، ئەکەوێتە بەر تەوژمی جوانی درەخت و شار و یادگارییەکانییەوە …لە درەختە فستقە بێ ئەرک و پڕ بەرهەمەکەی حەوشەکەیانەوە دەست پێئەکا ، بە جۆرێ خۆشەویستی داری فستق ئەباتە دڵی هەمووانەوە و.. من خۆم وەک خوێنەرێکی کتێبەکە لە هەوڵی دۆزینەوەی شوێنێکدام ، دارێکی فستقی تیا بڕوێنم ..
ئیتر هەنگاو هەنگاو هەتاکو لای ئۆتێل تایتانیک کە خاڵی دەستپێکردنی هەورازو شاخەوانییەکەیە ، جوانی باڵەخانە و خانوو و شەقامەکانی شار ، قوڵبوونەوە و ڕامانێکی ڕۆحی و ویژدانیی لە لا دروست ئەکەن ..
ئیتر بەرە بەرە بە شاخەکەدا سەرئەکەون و ..دەیەها یادگاریی جوان و ناشیرین ، لە مێژووی کۆن و نوێی نەتەوەکەمان و شاری سلێمانی ، هەم ئەبنە بابەتی گفتوگۆی هەردوو هاوڕێ ..هەم ئەبنە هۆکارێک بۆ بەدواداچوون و لێکدانەوەی نووسەر لە ناخی خۆیدا … مولازم موحسین و تاوانەکانی .. کوشتنی گەنج و لاوانی شار بە خەمساردی .. خستنە خوارەوەی ئەلیکۆپتەرێکی ڕژێمی بەعس لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا ، هەروەها لە ناوەڕاستی شاخی گۆیژەدا .. خەم و ئازاری نووسەر وەک هەڵهاتوویەک لە دەست بێگارییەکانی بەعس و سەربازی و خۆ قایمکردنی لە سێوسێنان ..دایکی میهرەبانی ، کە پارچەیەک بووە لە هەوڵ و کار و ماڵداری و بەڕێوەبردنی ئەمان بە جوانترین شێوە .. چاڵە بەفرەکانی گەردنی گۆیژە ، کە پێش کارەبا و ئامێری بەفرگرە ، بەفری زستانیان تیا هەڵئەگرت و لە هاویندا بە ئەسپی بار ئەیانهێنایەوە بۆ سلێمانی و بۆ ساردکردنی شەربەت و ئاو بەکارئەهێنران .. پیاوچاکانی شار وەک عەلی کەمال و عەلی ناجی و کەریمی عەلەکە .. خوێندن لەو سەردەمە دوورەدا ..خەم و خەونی میللەتێکی ژێر چەپۆک و لە هەمان کاتدا کۆڵنەدەر .. کارە باشەکانی عەبدولکەریم قاسم لە بنیاتنانی بەنداو و قوتابخانە و نەخۆشخانە و .. کارە دزێوەکانی زەعیم سدیق وقەتڵ و عامکردنی هاووڵاتیانی کورد ..و چەندەها ڕووداو و یادگاری تاڵ و شیرینی دوور و نزیک و..گرێدانەوەی به دۆخی ئەمڕۆی کورد ، کە بۆ میللەتی هەژار ئەگەر خراپتر‌ نەبووبێ .. باشتر نەبووە ..پشتگوێخستنی ڕۆڵی بەرزی پێشمەرگە و ..گەڕانەوە بۆ بنەماڵەگەری و تیرە گەری و دەرەبەگایەتی و پاوانخوازی و ..قوتدانی نەوت و غاز و خاک و ئاوی کوردستان تەنانەت بە شاخ و پێدەشتەکانیشیەوە …
بە کورتیی ، بە شێوەیەکی سادە و ساکار ، مێژووی کۆن و نوێی میللەتی کورد بە گشتی و شاری سلێمانی بە تایبەتیی باس دەکا ، کە ئەوە زۆر گرنگە ، بۆ هەموو چین و توێژەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگا ، کە زۆرینەی لاوەکانمان لە مێژووی دوور و نزیکی میللەت و شارەکەیان بێ ئاگان ..
بە ڕاستی من وەک خۆم تام وچێژێکی زۆرم لەسەرجەم ڕووداوە مێژووییەکانی ئەم کتێبە وەرگرت ..
لەوەیش زیاتر ، جوگرافیایەکی زۆر جوانی تێدایه ..بەرد ، دار ، باران ، هەور ، هەر هەمووی باس دەکرێت ، وەک چۆن ڕەسوڵی هەمزاتۆف ، وورد و درشتی داغستانەکەی باس دەکات ، ئەمیش بە زمانی شیعر و پەخشان تێکەڵاوی وورد و درشتی پێکهاتەکانی شار و شاخ دەبێت .. هەموو ئەو گۆرانی و پەند و قسەی نەستەقانە باس دەکات بۆ نمونە لەسەر بەرد ..بە جۆرێ ، جوانکاریی و داهێنانێکی زۆر تێدایە .. تۆ بێی سەرجەم ووتە جوانەکان کۆبکەیتەوە ، ئەمە هەم باخچەیەکە لە ووتە ..هەم مۆزەخانەیەکە لە کولتوور و ئەو ووتە بەنرخانە لە لەناوچوون و کاڵبوونەوە ئەپارێزێت .. لە هەمووی گرنگتریش ئەو ووتە و کولتوورە دەوڵەمەندە پەڕاوێزخراوە ، ئەهێنێتەوە بەرچاوی لاوان و نەوەی تازەی گەلەکەمان کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە دایپۆشیون و لە زۆربەی بەها کولتووری و نەتەوایەتیەکان بێ بەشی کردوون ..
زمانی ئەم کتێبە زۆر پەتی و پاراوە و ..ڕستەکانی کورت و بێ گرێ و گۆڵن ، بە جۆرێک من کە دەستم بە خوێندنەوەی کرد ، هەتا تەواوم نەکرد ، وازم نەهێنا ..یان ئەو هەتا دوا لاپەڕە وازی لێنەهێنام ، ئەوەیش بەڵگەی سەرکەوتوویی نوسەرە لە چۆنێتیی هەڵبژاردنی بابەتەکانی و گونجاندنی لەگەڵ حەز و خەون و تام و چێژی خوێنەراندا ..
بە ڕاستی 128 لاپەڕە ئەخوێنیتەوە ، هێشتا وا بە دوای لاپەڕەی تردا ئەگەڕێی ، چونکە لە هەموو لاپەڕەیەکیدا بەشێک لە ڕابوردووی میلەتەکەت و شارەکەت و خۆت ئەدۆزیتەوە ..
بێ گومان هیچ بەرهەمێکیش بێ کەم و کورتیی نابێ ، هەڵبەت منیش هەندێ باری سەرنجم هەیە :
یەکەم : نووسەر ئەڵێ ئایین ئەفسانەیە ، لەکاتێکدا ئەفسانە ناتوانێ فەرمانڕەوایی بکا ..بەڵام ئاینەکان سەدان و هەزاران ساڵ فەرمانڕەوایی کۆمەڵگاکان کردووە ..هەر بۆیە ناکرێ ئایین به ئەفسانە پێناسه بکرێت .
دووەم : نووسەر کە باسی گۆرانی و ئاهەنگیی خەڵکانی سلێمانی ئەکات ،وائەزانیت خەمێکی تیا نییە .. کە باسی خەم و ئازارەکانی شار ئەکا ، وا ئەزانی گۆرانییەکی تیا نەماوەتەوە.. کە باسی ووشکە ساڵی ئەکا ، وادەرئەخا تەواو ، سەوزایی قاتیی بووە ، کە باسی دار و درەختیش ئەکا ، وا باسی ئەکا وەک ئەوەی بە درێژایی ساڵ ، ڕۆژانە باران ببارێ ..
سێیەم : نوسەر عەشق و خۆشەویستی خۆی بۆ شار دەردەبڕێ و …ئەڵێ بچیتە هەر شوێنێک هیواداریت بێیتەوە بۆ سلێمانی .. لەو لایشەوە ئەڵێ نەبووین بە بنەماڵەی شێخێک ، تا هەموو دنیا بگەڕێین . یان باس لە خەڵکی سلێمانی ئازا و بە جەرگ ئەکا ، کەچی باس لە کوشتنی گەنجەکان بە دەستی مولازم موحسین و ڕاکێشانیان به پشتی ئوتومبیلەکانیانەوە لە پێش چاوی خەڵک ..یان باس لەوە ئەکا کە ئەمڕۆ هەموو شاخ و دەشت و کوردستان داگیرکراوە لە لایەن چەند بنەماڵەیەکەوە ، ئەی لەو دوو حاڵەتدا کوان خەڵکە ئازاکەی سلێمانی ؟ یان ئازایەتییەکەیان بۆ کاتی تەنگانە داناوە ؟
چوارەم : لە باسی وانەی سێ سەگ ، لە ئەلف و بێی نوێدا ، هەندێ ئاماژەی تیایە کە ڕەنگە بڵێم وەک پەڕۆ سوورەکەی زۆرانبازی گا ، کێشە و پەلامار و فەرتەنەی لێ بکەوێتەوە .. چونکە ڕۆژگارێ تێکەتووین قسەیەکی نەستەق یان نوکتەیەکی لە دڵێکی سافەوە ، ئەکرێنە هەوێنی دووبەرەکی و بەرەنگاربوونەوە ..
پێنجەم : لە زۆربەی گوند و شار و شارۆچکەکاندا ، یەکگرتووی ئیسلامیی قوتابخانە و مزگەوت و بنکەی تەندروستی و هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەیان ، دروستکردووە یان نۆژەن کردۆتەوە و ..لە گرانیی و قات وقڕییەکەی ساڵانی نەوەدەکاندا موچەیان بۆ مناڵە هەتیوەکان بڕیبۆوە ..پێش ئەوەی حیزبێکی باڵادەست ئەو هاوکارییانەی ووڵاتانی کەنداویان لێ ببڕێ و بۆ دەزگایەکی خۆی تەرخانیان بکا ..
نووسەر دوور و نزیک باسی ئەمەی نەکردووە .
هەروەها لە چەندین جێدا باس لەوە ئەکا کە حیزبە ئیسلامییەکان خەریکە دەست دەدەنە یەخەی یەکتر ، بەڵام باس لەوە ناکا کە لە شەڕی براکوژیی یەکێتی و پارتیدا باشترین پێشمەرگە تیاچوون و زیاتر لە دە هەزار پێشمەرگەیش سەرنگوون و گۆڕ بزرن .

لە کۆتاییدا داواکارم لە هەموو کوردێک ئەم کتێبە بخوێننەوە ..دڵنیام دڵیان خۆش ئەبێ و ..لەگەڵ کتێب و کتێبخانە و کورد و مێژووی میللەتەکەیاندا ، ئاشتیان ئەکاتەوە ..




خەڵکێک.. نەوزاد بەندی

پۆلیسەکە هەتا بڵێی قەڵەو بوو ، سمێڵێکی تیژی باڵە فڕۆکەیی ماش و برنجیی لێ بەردابۆوە ،  لە ناوەڕاستی دەرگاکەدا وەستابوو .. خەڵکێکی زۆر سەرەی گرتبوو ، بۆ چوونە ژوورەوە ..

یەک بە یەکیانی ئەپشکنی .. کە ئەیپشکنین ، سمێڵی بەر تەپڵی سەر ..    ناوچاو ..ڕوومەت ..لێو ..چەناگە ..گەردن ..سنگ ..وورگی پشکنراوەکە ئەکەوت .. ئەوەیش پەیوەندی بە باڵای پشکنراوەکەوە هەبوو ، باڵای زۆر بەرز بووایە ، سمێڵەکان بەر سنگی یان وورگی ئەکەوتن ..ئیتر هەتا باڵاکە نزمتر بووایە ، باڵە تەیارە ماش و برنجییەکان بەر شوێنی بەرزتر ئەکەوتن ، نزمترین باڵا   تەپڵی سەر بوو ، ئەبوو بە جێکەوتە یان لێکەوتەی دوو باڵەکە .. چونکە باڵای پۆلیسەکە نەگۆڕ بوو ..

خەڵکەکە ڕێزێکی زۆریان پیشان ئەدا  و سڵاوی جۆرا و جۆریان لێ ئەکرد :

سڵاوت لێ بێ ..

بێوەی بی ، باش بمانپشکنە ، پیاو خراپ زۆرن ..

لە تەمەنی ئێمە بچێتە سەر تەمەنی تۆ ..

ئێوە نەبوونایە ، جەردە تاڵانی ئەکردین ..

بینینتان دڵ ئەکاتەوە ، هەناسە!

شایانی هەموو ڕێزێکی ،عەزیزم ..

داو دەرمانەکەم ، چاوت ماچ ئەکەم ..

سەر و ماڵ ! ، سەلامەت لێ بێ ..

دڵخۆش و سەربەرزبیت ، وڵاتپارێز‌ ..

پیاوی مەرد ، نمونەت زۆر بێ ..

دنیایەک خۆشەویستیمان هەیە بۆت ..

دەستت نەئێشێ ، ئازیزم ..

هەموو کاتێکت باش بن ، دڵەکەم ..

قەڵاچۆکەری دز و مافیا ، حورمەتت هەیە ..

خوا بۆ ئێمەت بهێڵێ ..

سەلامون عەلەیکوم ..

هەلەو ڕۆحی من ..

چاومانی ، گەورەم ..

خوا دەست بە باڵتانەوە بگرێ ..

بە بێ ئێوە ، چیمان بکردایە ؟

بەیانیت باش ..

تەمەن درێژ بیت  ..

تەندروست باش بی ..

خوا پاداشتی بەخێرت باتەوە ..

ئەک دەست و چاوت خۆش بن ..

جەزاکەڵڵا ..

ئەم کاتەت باش برای بەڕێز ..

سڵاوت لێ بێ بیلبیلە ..

وەشەنی .. خاثەنی ..؟

خۆش بیت ، خوا قەرزا ..

دەمباش ، هەڤاڵ گیان ..

بابی بابم کوی ؟

لە بەرت مرم ، براگەورە ..

دەستەکانت ماچ ئەکەم ، بارەکەڵڵا فیکوم ..

مانی نەبی ، باشچاوەش ..

چ حالە سەیدا ..

سڵامەلێک ..

تاجی سەر ، چۆنی ؟ ..

ڕۆژ باش ، سەروەرم ..

سەباحلخێر ، گلێنەی چاو منی ..

زۆر زەحمەتمان دای ، برالە ..

جەرگ و دڵ ، خوا بتهێڵێ ..

لوتف و کەرەمتان فەرموو ..

دەستخۆش ، مەعزەرەتم هەیە ..

بە قوربانی کوڕ بم ، چاو ڕەشەکەم !

خەجاڵەتم براگیان ، خوا سەلامەتت کا ..

جۆرەها  چاک و خۆشیی تریان دەدا بە گوێچکەکانیدا ، ئەویش وەڵامی نەدەدانەوە و ڕۆبۆت ئاسا ،لەگەڵ مژی پچڕ پچڕی جگەرەکەی لا لێویدا ، بە توندی دەستی ئەکوتایە بن باخەڵ و ..گیرفان و ..پانتۆڵ و.. لای ناوگەڵ و ..شوێنە نامۆکانیان  ، بە جۆرێ هەندێکیان ئەیانووت : ( ئاخ) یان موچڕکێکیان پیا ئەهات و .. هەندێکیشیان کە زنجیری قەڵەمسەڵەکەی ، یان نقێمە گەورەکەی ئەنگوستیلەکەی بەر شوینێکی هەستیاری ئەکەوت ، ژان ئەچووە دڵی و هاوارێکی لێ هەڵئەستا ، بە دوایدا زەردەخەنەیەک و دەستخۆشییەک و هەندێکیشیان بەو ئازارەیشەوە ئەیانووت : قایم .. قایمتر .. وا نەبێ وڵاتەکە دز و حیز وێرانی ئەکەن ..

دوا جاریش دوو دەستی ئەهێنا بە سمتیانا …

ئەو خەڵکە کە دەچوونە ژوورەوە ، نەدەچوونە ژوورەوە  بۆ ئاهەنگ ..هەروەها شانۆ نەبوو .. مەلەوانگە یان مۆزەخانە و دیسکۆ نەبوو .. فڕۆکەخانە و ..مۆڵی گەورە و ..دەعوەتیی مەڕخواردنی بە کۆمەڵ و سەیرانیش لە گۆڕێ نەبوو .. مزگەوت و تەکیە و زانکۆ و حوجرە و ئەو شتانەیش نەبوو ..

خەڵکەکە ئەچوونە ژوورەوە باج بدەن .. هەر هەموویان گیرفانیان لە پارە ئاخنرا بوو ..پۆلیسەکە هەر بە دەست پیاخشاندنێک ، ئەیزانی پارەیە یان ڕۆژنامەی قەدەغە .. بەیاننامە و نوسینی تووڕە و وەرەقەی کۆنکەن و شیعری دڵداری و بایکۆت و هەموو شتێکی  بە بێ بینین ، لە یەکتری جیا ئەکردەوە ..تەنها بە دەست پیاهێنان ..پێی ووترا بوو تەنها کاغەز کە ڕێپێدراوە بێتە ژوورێ ، کاغەزی پارەیە ..

باجەکان جۆرا و جۆر بوون : باجی عەرەبانە ، باجی خوشکێکی بەساڵا چوو کە هاوسەرگیریی نەکردووە و لە ماڵی براکەی ئەژی ، ئەمە باجی کرێچی بوو ..باجی دایکێک لە ماڵی کوڕەکەی ئەژی .. باجی خانوویەک چۆڵە و خاوەنەکەی سەری خۆی هەڵگرتووە ..باجی سەعاتی کارەبا ..باجی خانوویەک کە کابرا نەیزانیوە بڵێ هی خۆمە و بە کرێچی حیسابیان بۆ کردووە .. باجی ناوساجی فرۆشێک سێ ساڵە مردووە ، بەس کەس و کارەکەی بیریان چووە بڕوانامەی مردن ببەن بۆیان و جاڕ بدەن کە ناوساجی فرۆشەکە مردووە .. باجی باوکێک ، کوڕەکەی لەئاوی ئیجە خنکاوە و ..ئەو بووە بە کەفیلی و ..هەندێ پارەی پڕۆژەی بچوکی قەل بەخێوکردنی لەسەر کەڵەکە بووە .. باجی ئەو خانووانەی دە ساڵە باڵێک ئەڵێ لێتانخۆش بووین و باڵەکەی تر ئەڵێ ئەبێ دوا بە فلسی بدەن ..باجی ئەو جوتیارانەی چوار ساڵە وڵاتیان جێهێشتووە و هێشتا ناویان لە تۆمار نەسڕاوەتەوە ..ئەو کرێکارانەی کۆمپانیاکانیان مایەپوچ بوون و زۆربەیان خۆیان کوشتووە و هەندێکیشیان دوای نوێژی عەسر هێلکەی قوڵەفڕە ئەفرۆشن ..باجی ئەو ماتۆڕانەی مقەبای بەلاش و حەلاشی مارکێتەکان کۆ ئەکەنەوە ..باجی ئەو تەسبیحفرۆشانەی داشبۆردی مزگەوتەکانیان تەنیوە .. باجی ئەو عەلاگە فرۆشانەی لە دوانزە عەلاگە ، عەلاگەیەک لوش ئەدەن ..باجی ئەو دەستگێڕانەی لە کۆڵانەکان ، بە مەقام وئەڵڵاوەیسییەوە کاڵاکانیان هەڕاج ئەکەن ..باجی ئەوانەی بێ ئیشن ، بەڵام مۆڵەتنامەی ئیشیان هەیە و هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ کراوە بۆ وەرگرتنی ئەو مۆڵەتنامەیە ، لەگەڵ گرانبوونی لاپەڕەی ئەی فۆڕ و مرەکەبی ستامپا و …هەموو ئەو خزمەتگوزاری و مافە باشانەی خەڵکەکە بە گوڕ و تینەوە هاتبوون لە بەرامبەریاندا ، ئەرکەکانی سەرشانیان جێبەجێ بکەن ..




ڕاکردن و دانیشتن.. نەوزاد بەندی

کاکە گیان ، لێرە دوو جۆر ژیان دەست ئەکەوێ ، ڕاکردن یان دانیشتن .. ئیتر کامیانت ئەوێ ،یان ڕاستتر کامیانت بۆ ئەگونجێ ، ئەوەیان ئارەزووی خۆتە .. ڕاکردنەکەیش جۆری هەیە ، سەد وبیست ، هەشتا ، نەرمەغار ، هەروەڵە ، گرنگ ئەوەیە نابێ ڕاوەستیت .. دانیشتنەکەیش ،هەژدە سەعاتیی هەیە ..دوانزە سەعاتیی ، شەش سەعاتیی ، سێ سەعاتیی ..گرنگ ئەوەیە جوڵەی بۆ نەکەیت ، بەڵام ئازادیت لەوەی قەپرغەکانت بگۆڕی ، لە قەپرغەی ڕاست بۆ قەپرغەی چەپ .. بۆ چوار مشقی ، قاچ ڕاکێشان ، قاچ لەسەر قاچ ، هەڵتروشکان ..یان بە جیچکانەوە ..ئارەزووی خۆتە ..
تێلیان بۆ کردم ، کوڕەکەت نەخۆشە ، یەکسەر کەوتمە ڕاکردن …لە نەرمە غارەوە بۆ سەد و بیست …کە گەیشتینە عیادەی دکتۆر ، دووسەد تا چوارسەد نەخۆش دانیشتبوون ، چاوەڕوانیان ئەکرد ..هەندێکیان لەسەر قەپرغەی چەپ ..قەپرغەی ڕاست ، قاچ لەسەر قاچ ، بە جیچکانەوە .. جەنابی دکتۆر وسکرتێر و ستافەکەیشی ڕایاندەکرد .. هەتا بتوانن دووسەد بۆ چوارسەد نەخۆشی دانیشتوو چارەسەر بکەن …کە سکرتێرە ڕاکردووەکە ئێمەی بینی بە پێوە و لەسەر سەری ڕاوەستابووین ، تووڕە بوو ..لووتە چرچەکەی خوراند و ..ووتی : ( بەو ئاسانییە نۆرەتان نایەت ، بڕۆن دانیشن .. چل و پێنج خولەکی تر ناوتان ئەنووسم و ئەتانخەمە ڕیزەوە )
کە ووتم خۆیشم دکتۆرم ..پێکەنینی هات ، وەک بڵێی بڵێ بڕوانامەکەت خەسار کردووە ، ئەگینا لە دکتۆرە ڕاکردووەکان ئەبوویت ..
خەڵکەکەیش بە ناڕەزاییەوە تەماشایان ئەکردین ، وەک شتێکی سەیر وابووین ،چونکە نە لە ڕاکردووەکان بووین و نە لە دانیشتووەکان ، ئەمەیش وەک بڵێی شتێکی نایاسایی و تەنانەت یاساغیش بوو ..دەرچوون بوو لە کولتوور وداب و نەریت وتەنانەت ئاینیش .. خەڵکەکە تا دەهات بێزار تر ئەبوون ..سەرەتا کەوتنە بڵمە بڵم .. دوایی یەکێکیان ، کە لەوە ئەچوو کۆنە ئامر سریە بوو بێ ، هاواری کرد : پارچە برا ، یا ڕاکە یان دانیشە ، ئێوە نیازی چیتان هەیە ؟
یەکێکی تریان ، کە لەوە ئەچوو پێشمەرگەی کۆن بوو بێ ، قسەکەی لێ وەرگرتەوە و..ووتی : ( ئەگەر بە تەمان حوکمەت بڕوخێنن ، حوکمەت وا ناڕوخێ )
لەو سەرەوە ، کوڕی سیکیوریتیەکە بە ڕاکردن گەیشتە سەرمان ، جلێکی ئاودامان ڕەشی لەبەر دابوو .. دوو دەمانچەی تاریقی بە هەردوو قەپرغەیەوە هەڵواسیبوو . . دوو جیهازی بێ تەل و کەلەپچەیەک و سۆندەیەکی ڕەش و کێبڵێکی کارەبا و تەسبیحێکی سوور و..زۆر شتی تری پیا هەڵواسرابوو .. کوڕەکەم هەرچەند نەخۆشیش بوو ،پێکەنیی ..ووتی : ئەمە پیکابی ووردە و واڵا فرۆشە ؟ یان پیاوی ستارتریکە ؟
کوڕی سیکیوریتی وەک ئەوەی کەڕ بێ ، یان هێدفۆن لە گوێچکەیدا بێ ، ئاگای لە پێکەنین و قسەکانمان نەبوو .. وەک ئەوەی دەست بداتە گوێچکەی فەردە برنج ،ئاوا شانی چاکەتەکەمی ڕاکێشا و لەگەڵ خۆی بردمی بۆ لای دەرگاکەوە ، ووتی : ( بەقەدەر دنیایەک شەرمەزارم ، کە وا بێ ئەدەبم لەگەڵتا ، چونکە ئیشی من وایە ..ئەگینا چاکم لە بیرە تۆ پورت چاککردمەوە ..تۆ فریای نەکەوتیتایە حەوت زەمان بوو مردبوو ، دوو سێ قاپ خوێنت لە ڕێی خوا بۆ ئامادە کردین)
کەوتینەوە ڕاکردن ، بۆ لای دکتۆر زمزم ..زیرەکترین دکتۆری شار بوو .. حەوت هەشت زمانی ئەزانی .. مەلەوان بوو ..ڕاوچی بوو ..بیست شانەی هەنگی هەبوو .. سێ ژن و..چوار لۆری لە خەتی ئوم قەسر و برایم خەلیل ئیشیان ئەکرد ..
کە چووینە ژوورەوە، سکرتێرەکەی خەوتبوو .. ڕەنگە بڵێم سی وپێنج ساڵ زیاتر بێ فیکەم لێ نەدابێ ، بەڵام لەو کاتەدا ناچار بووم هەردوو پەنجەی دۆشاو مژەم خستە دەمم و فیکەیەکم لێدا .. چونکە زۆر دەمێک بوو فیکەم لێ نەدابوو ، فیکەکە سەرەتا وەک ئەوە وا بوو کورسیەکی قورس ڕاکێشی ،دوایی بەرەبەرە نەرم بوو ، فیکەیەکی تیژ دروست بوو ..ئای !یادی بەخێر! وەستایەکم بیر کەوتەوە ٤٨ ساڵ پێش ئێستا ، لە سابونکەران بولبولی لە قوڕ دروست ئەکرد ، بولبولی بچووک بچووک ، هەر هێندەی ڤنسێک ئەبوون ، بە جۆرێک ڕێڕەوی لەناو بولبولەکاندا دروست ئەکرد ،فوت پێدا بکردایە ، فیکەیەکی لێ دەدا ڕێک ئەو فیکەیەی من.. خەڵک بێ ویژدانن ، وەستاکەیان ناو نابوو بولبولی قوڕ .. ئەوەندە پێیان وتبوو بولبولی قوڕ ، سەری خۆی هەڵگرت ، خوا نەبێ کەس نەیزانی بۆ کوێ چوو ..
سکرتێرەکە داچڵەکی ، بە ناڕەزاییەکەوە دەستێکی بە هەوادا بەرز کردەوە و ..ویستی درێژە بە خەوەکەی بداتەوە ، ووتم : ئەمانەوێ دکتۆر زمزم ببینین ..
ووتی : ڕۆی !
ووتم : بۆ کوێ ؟
ووتی : بردیان ..
ووتم : بۆ کوێ ..
سکرتێرەکە خەوی زڕا ، ناچار بە کاوەخۆ هەستایەوە ، وەک قسە لەگەڵ بابکوشتەکەیدا بکات ، ئاوا پێی وتین : ئەرێ تۆ خەڵکی کوێی ؟ دکتۆر زمزم ، شەش سەعاتە لە ژوورەکەی دانیشتووە ، یەک نەخۆش نەهاتووە بەم دەور و بەرەیا ..ئێستا دێی ..؟ ئەرێ تۆ خەڵکی کوێی ؟
ووتم : تۆ واز لەو شتانە بێنە ، بۆ بردیان ؟ کێ بردی ؟
ووتی : ئەمبوڵانس بردی .. وابزانم مرد ..
بێ ئەوەی بزانم چی ئەڵێم ، پێم وت : باشە ، سوپاس ، بولبولی قوڕ ..!
نازانم چی لە گوێچکەیدا بوو ، تێنەگەیشت ، زۆر دڵی خۆش بوو ..
لە ڕێ کوڕەکەم ووتی : بابه چاکبوومەوە ، با بە ڕاکردن بڕۆینەوە ..
نەگەیشتبووینە ماڵەوە ، خێزانم بە ڕاکردن هات بەرەو ڕوومان ، ووتی دوو هەواڵم پێیە .. جارێ ڕاکە بۆ گەڕەکی ئەو دیو ، لۆری غازەکە لەوێیە ..
پەلاماری بتڵێکی غازم دا و خستمە سەر شانم و ڕامکرد بۆ گەڕەکی ئەو دیو .. سەرنجم دا ، خەڵکێکی زۆر بە بتڵە غازەوە ڕائەکەن .. کوڕی مەنگۆڵ ئەوەی لەبەر دڵی خەڵکی مەنگۆلیا پێی ئەڵێن داون سیندرۆم .. پیاوی خانەنشین .. پیاوی ئیفلیج بە خۆ و عەرەبانە و ڕاکێشانی گوێچکەی بتڵە غازێ وەک چۆن کوڕی سیکیوریتیەکە گوێچکەی شانی چاکەتەمی ڕاکێشا .. ژنی جل ڕەش ،ئەوەی عەبدوڵای مەلا نوری لە پەرلەماندا کردی بە شەڕ لەسەریان ..کچ بە ماکسی و بتڵە غازەوە .. عەرەبی هاوردە بە چەفیه و عەگاڵ و بتڵە غازەوە .. مناڵی پۆلی پێنجی سەرەتایی ..پیاوی پیر ، بە کەوا و سەڵتەوە کە نزیکەی ٣٢ ساڵ بوو کەوا وسەڵتەم نەبینی بوو ..پیرەژنی تەشی ڕێس ، بە دەستێ تەشی وخور
Nawzad Bandy
ی و بە دەستەکەی تر بتڵێ غاز .. مامۆستا بە چاکەت و بۆینباخ و بیجامەی بازەی خەتخەت و بتڵی غازەوە .. کرێکار بە چەکوس و بتڵە غازەوە .. دارتاش بە مشار و بتڵی غازەوە .. تەنانەت کوڕە نەخۆشەکەیشم بینی ئەویش پەلاماری بتڵە غازێکی بەتاڵی دابوو ، لە سەعید عوەیتە خێراتر ڕایئەکرد . بە دەست خۆم نەبوو ، شۆڕشی فەڕەنسا و .. تابلۆکەی یۆجین دیلاکروام بیرکەوتەوە ، تابلۆی ئازادی فەرمانڕەوایی میللەت ئەکا ..
کە گەیشتینە لای لۆرییە غازەکە ، خاوەنەکەی هاواری کرد : مەوەستن ، غاز تەواو بوو ..
لەو کاتەدا ویستم بڕۆمە سەر لۆرییەکە و ..ووتارێک بۆ خەڵکەکە بدەم ..کەچی پێش من کوڕێکی تازە پێگەیشتوو ، چووە سەر لۆرییەکە و .. هاواری کرد : میللەتی خەوتوو ، ڕاپەڕن.. هەر ئەوەندەی پەلاماری ئەم لۆرییە غازەتان دا ، پەلاماری داگیرکەران بدەن ، بار و دۆخەکە باش ئەبێ ..
کابرای غاز ترسا .. بە ڕاکردن سواری بارهەڵگرەکەی بوو ،پێی پیا نا .. کوڕە تازە پێگەیشتووەکە کەوتە خوارەوە .. کۆمەڵێ دەمامکدار گەیشتنە سەری و بردیان ..
کە لەگەڵ کوڕەکەم ، بە دوو بتڵ غازی بەتاڵەوە ، بۆ ماڵەوە ، بە کاوەخۆ ئەگەڕاینەوە ، کوڕەکەم لێی پرسیم : بابە ، خۆ نەخۆشی کۆرۆنا نەماوە ، ئەو پیاوانەی کوڕەکەیان بە شەق برد ، بۆچی دەمامکیان کردبوو ؟
ووتم : ئەوانە پێش کۆرۆنایش هەر دەمامکدار بوون .. ڕەنگە بڵێم لە سکی دایکیشیاندا هەروا بوون .. کە مردیشن ، هەر بە دەمامکداریی ئەیاننێژن ..
بە خێزانم ووت : هەواڵی دووەم چی بوو ؟
ووتی : پێش غازەکە ، پۆلیسێ بە ڕاکردن هات ،ئەم نووسراوەی دامێ و ڕۆیشت ..
نووسراوەکە باسی لەوە دەکرد ، گوایا من بێڕێزیم بە دکتۆرێکی زۆر دڵسۆزی شارەکەمان کردووە و هەڵمکوتاوەتە سەر بیمارستانەکەی و دانەنیشتووم و کوڕی سیکیوریتیەکە نەبووایە ، دکتۆر و سکرتێرەکەیم ئەخنکاند .. هەر بۆیە ئەبێ یان بە عەشایەریی خۆم ئەو کەیسە چارەسەر بکەم یان ئەبێ سبەینێ بڕۆم بۆ بنکەی پۆلیس ، خۆم ڕادەست بکەم ..
ئەوسا خەریک بوو تێدەگەیشتم لەوەی کە بۆچی هەندێ دکتۆر ڕائەکەن و ئەوانەی تر دانیشتوون .. هەندێ پاقلاوە فرۆش لە هەموو کۆڵانەکان لقیان هەیە و ڕادەکەن و هەندێکی تریان دانیشتوون و پاقلاوەکانیان وشک وڕەق بوونەتەوە . . تێگەیشتم لەوەی بۆچی دەرمانساز و تاقیگەساز هەیە ،بیست سی دەرمانخانەو تاقیگەیان هەیە و هەر ڕائەکەن ..ئەوانی تر ، دانیشتوون و چاوەڕێن حوکمەت دایانمەزرێنێ ..میللەتێکی دانیشتووم بۆ دەرکەوت ، لەگەڵ دەسەڵاتدارانێکدا کە بەناو سەدان و هەزاران پڕۆژە و مۆڵ و ڤێلا و کۆمپانیای نەوت و پاپۆڕ و یەخت وملیارەها دۆلاری تایبەت بە خۆیاندا لە ڕاکردنێکی یەکبینەدان ..
هەر ئەوەندەم زانی ، زرمەیەکم لێ هەستا و لەسەر شەقامەکە بە پشتا کەوتم ..لەناو چاڵاوێکی پڕ لەسەر مێکوتەدا ، کراسە سپیەکەم پیس بوو کە لۆگۆی پۆڵۆی لەسەر بوو ، زۆرم خۆش گەرەک بوو ..سەرم بەرز کردەوە ، پیاوێکی شێت ، بە خۆی و بتڵە غازێکەوە تامپۆنی لەگەڵ کردبووم …وویستم پێی بڵێم : سەڵا لە عەقڵت ، سەعات زیاتر ئەبێ ، بارهەڵگری غاز قەلفڕی لێکردووە ..
کەچی ئەو بە هانکە هانک پێی ووتم : بۆ لەو ناوەڕاستی جادەیەدا ڕاوەستاوی ؟ بۆ ڕاناکەی یان دانانیشیت ، بولبولی قوڕ !!
کە لێی وورد بوومەوە ، هەستم کرد ڕەنگبێ نەوەی وەستا کۆنەکەی سابونکەران بێ ..یان نەوەی هاوڕێیەکی .. ئەوەی نزیکەی ٤٨ ساڵ پێش ئێستا لە قوڕ بولبولی دروست ئەکرد .. بولبولی زۆر بچوک ، هەر ئەوەندەی باڵندەیەکی ڤنس .




ڕاکردن و دانیشتن.. نەوزاد بەندی

کاکە گیان ، لێرە دوو جۆر ژیان دەست ئەکەوێ ، ڕاکردن یان دانیشتن .. ئیتر کامیانت ئەوێ ،یان ڕاستتر کامیانت بۆ ئەگونجێ ، ئەوەیان ئارەزووی خۆتە .. ڕاکردنەکەیش جۆری هەیە ، سەد وبیست ، هەشتا ، نەرمەغار ، هەروەڵە ، گرنگ ئەوەیە نابێ ڕاوەستیت .. دانیشتنەکەیش ،هەژدە سەعاتیی هەیە ..دوانزە سەعاتیی ، شەش سەعاتیی ، سێ سەعاتیی ..گرنگ ئەوەیە جوڵەی بۆ نەکەیت ، بەڵام ئازادیت لەوەی قەپرغەکانت بگۆڕی ، لە قەپرغەی ڕاست بۆ قەپرغەی چەپ .. بۆ چوار مشقی ، قاچ ڕاکێشان ، قاچ لەسەر قاچ ، هەڵتروشکان ..یان بە جیچکانەوە ..ئارەزووی خۆتە ..
تێلیان بۆ کردم ، کوڕەکەت نەخۆشە ، یەکسەر کەوتمە ڕاکردن …لە نەرمە غارەوە بۆ سەد و بیست …کە گەیشتینە عیادەی دکتۆر ، دووسەد تا چوارسەد نەخۆش دانیشتبوون ، چاوەڕوانیان ئەکرد ..هەندێکیان لەسەر قەپرغەی چەپ ..قەپرغەی ڕاست ، قاچ لەسەر قاچ ، بە جیچکانەوە .. جەنابی دکتۆر وسکرتێر و ستافەکەیشی ڕایاندەکرد .. هەتا بتوانن دووسەد بۆ چوارسەد نەخۆشی دانیشتوو چارەسەر بکەن …کە سکرتێرە ڕاکردووەکە ئێمەی بینی بە پێوە و لەسەر سەری ڕاوەستابووین ، تووڕە بوو ..لووتە چرچەکەی خوراند و ..ووتی : ( بەو ئاسانییە نۆرەتان نایەت ، بڕۆن دانیشن .. چل و پێنج خولەکی تر ناوتان ئەنووسم و ئەتانخەمە ڕیزەوە )
کە ووتم خۆیشم دکتۆرم ..پێکەنینی هات ، وەک بڵێی بڵێ بڕوانامەکەت خەسار کردووە ، ئەگینا لە دکتۆرە ڕاکردووەکان ئەبوویت ..
خەڵکەکەیش بە ناڕەزاییەوە تەماشایان ئەکردین ، وەک شتێکی سەیر وابووین ،چونکە نە لە ڕاکردووەکان بووین و نە لە دانیشتووەکان ، ئەمەیش وەک بڵێی شتێکی نایاسایی و تەنانەت یاساغیش بوو ..دەرچوون بوو لە کولتوور وداب و نەریت وتەنانەت ئاینیش .. خەڵکەکە تا دەهات بێزار تر ئەبوون ..سەرەتا کەوتنە بڵمە بڵم .. دوایی یەکێکیان ، کە لەوە ئەچوو کۆنە ئامر سریە بوو بێ ، هاواری کرد : پارچە برا ، یا ڕاکە یان دانیشە ، ئێوە نیازی چیتان هەیە ؟
یەکێکی تریان ، کە لەوە ئەچوو پێشمەرگەی کۆن بوو بێ ، قسەکەی لێ وەرگرتەوە و..ووتی : ( ئەگەر بە تەمان حوکمەت بڕوخێنن ، حوکمەت وا ناڕوخێ )
لەو سەرەوە ، کوڕی سیکیوریتیەکە بە ڕاکردن گەیشتە سەرمان ، جلێکی ئاودامان ڕەشی لەبەر دابوو .. دوو دەمانچەی تاریقی بە هەردوو قەپرغەیەوە هەڵواسیبوو . . دوو جیهازی بێ تەل و کەلەپچەیەک و سۆندەیەکی ڕەش و کێبڵێکی کارەبا و تەسبیحێکی سوور و..زۆر شتی تری پیا هەڵواسرابوو .. کوڕەکەم هەرچەند نەخۆشیش بوو ،پێکەنیی ..ووتی : ئەمە پیکابی ووردە و واڵا فرۆشە ؟ یان پیاوی ستارتریکە ؟
کوڕی سیکیوریتی وەک ئەوەی کەڕ بێ ، یان هێدفۆن لە گوێچکەیدا بێ ، ئاگای لە پێکەنین و قسەکانمان نەبوو .. وەک ئەوەی دەست بداتە گوێچکەی فەردە برنج ،ئاوا شانی چاکەتەکەمی ڕاکێشا و لەگەڵ خۆی بردمی بۆ لای دەرگاکەوە ، ووتی : ( بەقەدەر دنیایەک شەرمەزارم ، کە وا بێ ئەدەبم لەگەڵتا ، چونکە ئیشی من وایە ..ئەگینا چاکم لە بیرە تۆ پورت چاککردمەوە ..تۆ فریای نەکەوتیتایە حەوت زەمان بوو مردبوو ، دوو سێ قاپ خوێنت لە ڕێی خوا بۆ ئامادە کردین)
کەوتینەوە ڕاکردن ، بۆ لای دکتۆر زمزم ..زیرەکترین دکتۆری شار بوو .. حەوت هەشت زمانی ئەزانی .. مەلەوان بوو ..ڕاوچی بوو ..بیست شانەی هەنگی هەبوو .. سێ ژن و..چوار لۆری لە خەتی ئوم قەسر و برایم خەلیل ئیشیان ئەکرد ..
کە چووینە ژوورەوە، سکرتێرەکەی خەوتبوو .. ڕەنگە بڵێم سی وپێنج ساڵ زیاتر بێ فیکەم لێ نەدابێ ، بەڵام لەو کاتەدا ناچار بووم هەردوو پەنجەی دۆشاو مژەم خستە دەمم و فیکەیەکم لێدا .. چونکە زۆر دەمێک بوو فیکەم لێ نەدابوو ، فیکەکە سەرەتا وەک ئەوە وا بوو کورسیەکی قورس ڕاکێشی ،دوایی بەرەبەرە نەرم بوو ، فیکەیەکی تیژ دروست بوو ..ئای !یادی بەخێر! وەستایەکم بیر کەوتەوە ٤٨ ساڵ پێش ئێستا ، لە سابونکەران بولبولی لە قوڕ دروست ئەکرد ، بولبولی بچووک بچووک ، هەر هێندەی ڤنسێک ئەبوون ، بە جۆرێک ڕێڕەوی لەناو بولبولەکاندا دروست ئەکرد ،فوت پێدا بکردایە ، فیکەیەکی لێ دەدا ڕێک ئەو فیکەیەی من.. خەڵک بێ ویژدانن ، وەستاکەیان ناو نابوو بولبولی قوڕ .. ئەوەندە پێیان وتبوو بولبولی قوڕ ، سەری خۆی هەڵگرت ، خوا نەبێ کەس نەیزانی بۆ کوێ چوو ..
سکرتێرەکە داچڵەکی ، بە ناڕەزاییەکەوە دەستێکی بە هەوادا بەرز کردەوە و ..ویستی درێژە بە خەوەکەی بداتەوە ، ووتم : ئەمانەوێ دکتۆر زمزم ببینین ..
ووتی : ڕۆی !
ووتم : بۆ کوێ ؟
ووتی : بردیان ..
ووتم : بۆ کوێ ..
سکرتێرەکە خەوی زڕا ، ناچار بە کاوەخۆ هەستایەوە ، وەک قسە لەگەڵ بابکوشتەکەیدا بکات ، ئاوا پێی وتین : ئەرێ تۆ خەڵکی کوێی ؟ دکتۆر زمزم ، شەش سەعاتە لە ژوورەکەی دانیشتووە ، یەک نەخۆش نەهاتووە بەم دەور و بەرەیا ..ئێستا دێی ..؟ ئەرێ تۆ خەڵکی کوێی ؟
ووتم : تۆ واز لەو شتانە بێنە ، بۆ بردیان ؟ کێ بردی ؟
ووتی : ئەمبوڵانس بردی .. وابزانم مرد ..
بێ ئەوەی بزانم چی ئەڵێم ، پێم وت : باشە ، سوپاس ، بولبولی قوڕ ..!
نازانم چی لە گوێچکەیدا بوو ، تێنەگەیشت ، زۆر دڵی خۆش بوو ..
لە ڕێ کوڕەکەم ووتی : بابه چاکبوومەوە ، با بە ڕاکردن بڕۆینەوە ..
نەگەیشتبووینە ماڵەوە ، خێزانم بە ڕاکردن هات بەرەو ڕوومان ، ووتی دوو هەواڵم پێیە .. جارێ ڕاکە بۆ گەڕەکی ئەو دیو ، لۆری غازەکە لەوێیە ..
پەلاماری بتڵێکی غازم دا و خستمە سەر شانم و ڕامکرد بۆ گەڕەکی ئەو دیو .. سەرنجم دا ، خەڵکێکی زۆر بە بتڵە غازەوە ڕائەکەن .. کوڕی مەنگۆڵ ئەوەی لەبەر دڵی خەڵکی مەنگۆلیا پێی ئەڵێن داون سیندرۆم .. پیاوی خانەنشین .. پیاوی ئیفلیج بە خۆ و عەرەبانە و ڕاکێشانی گوێچکەی بتڵە غازێ وەک چۆن کوڕی سیکیوریتیەکە گوێچکەی شانی چاکەتەمی ڕاکێشا .. ژنی جل ڕەش ،ئەوەی عەبدوڵای مەلا نوری لە پەرلەماندا کردی بە شەڕ لەسەریان ..کچ بە ماکسی و بتڵە غازەوە .. عەرەبی هاوردە بە چەفیه و عەگاڵ و بتڵە غازەوە .. مناڵی پۆلی پێنجی سەرەتایی ..پیاوی پیر ، بە کەوا و سەڵتەوە کە نزیکەی ٣٢ ساڵ بوو کەوا وسەڵتەم نەبینی بوو ..پیرەژنی تەشی ڕێس ، بە دەستێ تەشی وخور
Nawzad Bandy
ی و بە دەستەکەی تر بتڵێ غاز .. مامۆستا بە چاکەت و بۆینباخ و بیجامەی بازەی خەتخەت و بتڵی غازەوە .. کرێکار بە چەکوس و بتڵە غازەوە .. دارتاش بە مشار و بتڵی غازەوە .. تەنانەت کوڕە نەخۆشەکەیشم بینی ئەویش پەلاماری بتڵە غازێکی بەتاڵی دابوو ، لە سەعید عوەیتە خێراتر ڕایئەکرد . بە دەست خۆم نەبوو ، شۆڕشی فەڕەنسا و .. تابلۆکەی یۆجین دیلاکروام بیرکەوتەوە ، تابلۆی ئازادی فەرمانڕەوایی میللەت ئەکا ..
کە گەیشتینە لای لۆرییە غازەکە ، خاوەنەکەی هاواری کرد : مەوەستن ، غاز تەواو بوو ..
لەو کاتەدا ویستم بڕۆمە سەر لۆرییەکە و ..ووتارێک بۆ خەڵکەکە بدەم ..کەچی پێش من کوڕێکی تازە پێگەیشتوو ، چووە سەر لۆرییەکە و .. هاواری کرد : میللەتی خەوتوو ، ڕاپەڕن.. هەر ئەوەندەی پەلاماری ئەم لۆرییە غازەتان دا ، پەلاماری داگیرکەران بدەن ، بار و دۆخەکە باش ئەبێ ..
کابرای غاز ترسا .. بە ڕاکردن سواری بارهەڵگرەکەی بوو ،پێی پیا نا .. کوڕە تازە پێگەیشتووەکە کەوتە خوارەوە .. کۆمەڵێ دەمامکدار گەیشتنە سەری و بردیان ..
کە لەگەڵ کوڕەکەم ، بە دوو بتڵ غازی بەتاڵەوە ، بۆ ماڵەوە ، بە کاوەخۆ ئەگەڕاینەوە ، کوڕەکەم لێی پرسیم : بابە ، خۆ نەخۆشی کۆرۆنا نەماوە ، ئەو پیاوانەی کوڕەکەیان بە شەق برد ، بۆچی دەمامکیان کردبوو ؟
ووتم : ئەوانە پێش کۆرۆنایش هەر دەمامکدار بوون .. ڕەنگە بڵێم لە سکی دایکیشیاندا هەروا بوون .. کە مردیشن ، هەر بە دەمامکداریی ئەیاننێژن ..
بە خێزانم ووت : هەواڵی دووەم چی بوو ؟
ووتی : پێش غازەکە ، پۆلیسێ بە ڕاکردن هات ،ئەم نووسراوەی دامێ و ڕۆیشت ..
نووسراوەکە باسی لەوە دەکرد ، گوایا من بێڕێزیم بە دکتۆرێکی زۆر دڵسۆزی شارەکەمان کردووە و هەڵمکوتاوەتە سەر بیمارستانەکەی و دانەنیشتووم و کوڕی سیکیوریتیەکە نەبووایە ، دکتۆر و سکرتێرەکەیم ئەخنکاند .. هەر بۆیە ئەبێ یان بە عەشایەریی خۆم ئەو کەیسە چارەسەر بکەم یان ئەبێ سبەینێ بڕۆم بۆ بنکەی پۆلیس ، خۆم ڕادەست بکەم ..
ئەوسا خەریک بوو تێدەگەیشتم لەوەی کە بۆچی هەندێ دکتۆر ڕائەکەن و ئەوانەی تر دانیشتوون .. هەندێ پاقلاوە فرۆش لە هەموو کۆڵانەکان لقیان هەیە و ڕادەکەن و هەندێکی تریان دانیشتوون و پاقلاوەکانیان وشک وڕەق بوونەتەوە . . تێگەیشتم لەوەی بۆچی دەرمانساز و تاقیگەساز هەیە ،بیست سی دەرمانخانەو تاقیگەیان هەیە و هەر ڕائەکەن ..ئەوانی تر ، دانیشتوون و چاوەڕێن حوکمەت دایانمەزرێنێ ..میللەتێکی دانیشتووم بۆ دەرکەوت ، لەگەڵ دەسەڵاتدارانێکدا کە بەناو سەدان و هەزاران پڕۆژە و مۆڵ و ڤێلا و کۆمپانیای نەوت و پاپۆڕ و یەخت وملیارەها دۆلاری تایبەت بە خۆیاندا لە ڕاکردنێکی یەکبینەدان ..
هەر ئەوەندەم زانی ، زرمەیەکم لێ هەستا و لەسەر شەقامەکە بە پشتا کەوتم ..لەناو چاڵاوێکی پڕ لەسەر مێکوتەدا ، کراسە سپیەکەم پیس بوو کە لۆگۆی پۆڵۆی لەسەر بوو ، زۆرم خۆش گەرەک بوو ..سەرم بەرز کردەوە ، پیاوێکی شێت ، بە خۆی و بتڵە غازێکەوە تامپۆنی لەگەڵ کردبووم …وویستم پێی بڵێم : سەڵا لە عەقڵت ، سەعات زیاتر ئەبێ ، بارهەڵگری غاز قەلفڕی لێکردووە ..
کەچی ئەو بە هانکە هانک پێی ووتم : بۆ لەو ناوەڕاستی جادەیەدا ڕاوەستاوی ؟ بۆ ڕاناکەی یان دانانیشیت ، بولبولی قوڕ !!
کە لێی وورد بوومەوە ، هەستم کرد ڕەنگبێ نەوەی وەستا کۆنەکەی سابونکەران بێ ..یان نەوەی هاوڕێیەکی .. ئەوەی نزیکەی ٤٨ ساڵ پێش ئێستا لە قوڕ بولبولی دروست ئەکرد .. بولبولی زۆر بچوک ، هەر ئەوەندەی باڵندەیەکی ڤنس .




دیاری سەری ساڵ.. نەوزاد بەندی

ـــــــ ـــــــــ

هەموو کۆتایی ساڵێ
لە جیاتی مژدە و ئاهەنگ و گەشت ..
بە هەواڵێ
هەرێم ئەکەن بە بەهەشت …
بابەتی دوو سەد ملیارەکەی بەغا ،
دێتەوە سەرمێز ..
یەکەمجار بەهێز
کۆمەڵ بە کۆمەڵ
خۆیان ئەکەن بە ئەندازیاری
ئەیکەن به دیاری
پیشانی ئەدەن
دۆکیۆمێنت و
ڤیدیۆ و
فۆتۆ و
دنیایەک ڕێز ..
هەموو کۆتایی ساڵێ
لە جیاتی سانتا کرۆز ،
هەواڵی دوو سەد ملیاری بەغا
لە حەوزەوە بۆ ئاغا ..
دوو سەد ملیاری چاپی کاغەز
دوو سەد ملیاری ساختە ..
دوو سەد ملیاری کە لە هیچ وڵاتێ
یەک سەنت ناکا ..
ئەبێتە یەکەم هەواڵی
سەدان کەناڵی
لە هەموو پێوەرێکی
ڕۆژنامەوانی خاڵیی ..
ئەمیان ئاغاکەی ئەکا بە شانی
ئەویان ئاغاکەی ئەکا به باڵی
لێ ئەگەڕێن دوو سێ ڕۆژ
مێگەلی فەرمانبەر
دوور و نزیک
بیکا بە خەو و خەیاڵی ..
هەموو سەری ساڵێ …
دوو سەد ملیارەکەی بەغا
دێتە سەر سفرە ،
بە پەڕ و باڵەوە..
بە کوڵاویی ..
بە برژاویی ..
بە کنتاکی ..
بە کاڵیی ..
دوای دوو سێ ڕۆژ ..
هەواڵەکە ئەبێ بە هەڵم ..
کەناڵەکانیش لەگەڵیان
کلکیان ئەخەنەوە ناوگەڵیان ..




ماڵی سەگە دڕەکانی گەڕەک.. نەوزاد بەندی

ماڵی سەگە دڕەکانی گەڕەک ، ناونیشانی کۆمەڵێک کورتە چیرۆکی جەلال عەبدوڵا ساڵحە کە هاوکات لەگەڵ کۆمەڵە چیرۆکی ڤەنیسا و باڵندەکانی ماریۆدا ، چاپ‌ و بڵاوی کردنەوە ..
ماڵی سەگە دڕەکانی گەڕەک ، لە هەشت کورتە چیرۆک پێکهاتووە ، مراوییەکانی نەنکم ، کەڵەشێرەکەی داود ، سەگەکەی ئەڵوشە و دەیڤد ، بیرەوەرییەکانی جەلال کرماشانی ، ماڵی سەگە دڕەکانی گەڕەک ، پەیژەی ژیان ، ماڵی نابینا و مەتینە ، ڤیڤا خان و کۆڤرونسکی ..

لە ڕاستیدا لە سەرجەم چیرۆکەکاندا ، کات و پاڵەوانەکان زۆر خێرا دێن و دەچن ، شوێن و ڕووداوەکان فریا ناکەون ، هاوتەریب لەگەڵیاندا بڕۆن ..ئەوەیش وێنەکردنی سەردەمێک و کۆمەڵگایەکە ، هەمووان تیایدا ڕادەکەن ، بۆ گەیشتن بە شتێک کە زۆربەی جار هیچ نیە ..گرنگ گەیشتنە بەو شتە وەهمیە و ..لەو پێناوەیشدا زۆر وێرانکاری و کارەسات ڕوو دەدەن …
نووسەر باس لە کۆمەڵگایەک دەکات کە ژیانی ئاسایی تێدا نەماوە ..یان ڕاستتر ژیانی تێدا ڕادەکێشرێ بە ناو دڕک و داڵدا .. ئێ بێجگە لە ژیان چی تر هەیە لە دنیادا بڕازێنرێتەوە ؟ ژیانێکی کوژراو و ڕاوەدونراو و زیندان کراو ..ئەبێ چی لێ سەرچاوە بگرێ ؟ ئایا ناپرسن ئەو هەموو دوژمنایەتیە چییە ؟ واتا شارێک بچێتە گیرفانی کەسێک یان چەند کەسێکەوە ، چ سوودێکی هەیە ؟ ئایا ئەوە ئەهێنێ کۆمەڵگایەک بکەی بە گۆڕستان بۆی ؟؟
بۆ نمونە لە چیرۆکی مراویەکانی نەنکمدا ، باس لە خێزانێک دەکات ، پیرەژنێک و کوڕەزایەکی لاوی تێدا ماوە ، ئیتر نەوەی ناوەند ، هەموو کوژراون .. یەکێ لەسەر سنوور ..یەکێ لە شەڕا ..یەکێ لە ترس و فێدا .. یەکێکیشیان سەری خۆی هەڵگرتووە ، نەک لەبەر ئەوەی پەیامێکی پێیە یان لە دڕندایەتی ڕایکردبێ ، نا .. بەڵکو ڕایکردووە بۆ ئەوەی ئەویش نەکوژرێ و هەرچی کاری خراپ و دزێویشە کردوویەتی و .. چەندین جار خێزاندروستکردنی تاقیکردۆتەوە و هەڵی وەشاندۆتەوە ..
دەڤەرێکی پڕ لە ئاژاوە و دوژمنایەتی و کوشت و کوشتار ، پیرەژنێک و کوڕیژگەیەکی ئارا ناوی تێدا ماوەتەوە ، کە پیرەکەیان هەوڵ ئەدا بە دەرس و پەند و حیکایەتەکانی دۆخەکە بگۆڕێ و خەڵکەکە وا لێبکا هیچ نەبێ واز لە کوشتن و درەخت بڕینەوە بێنن ..
ئارایش هەوڵی نۆژەنکردنەوەی خانووەکە دەدات و ..دیوارە ورگدراوەکانی ڕێک دەکاتەوە و سواغیان دەداتەوە و تولە مێوێک دەڕوێنێت و.. پەنجەرە بچووکەکە لا دەبا و پەنجەرەیەکی گەورەی لە جێ دادەنێ بۆ هاتنە ژوورەوەی ڕوناکی زیاتر ..بۆ بینینی ئاسمان و زەمینی زیاتر لێیەوە .. ئەمە خانوویەکە سەد ساڵێکە دروست کراوە . . لەگەڵ ئەوەی کە چەندەها جار کوشت و کوشتاری لێکراوە و ئەسپ بە خوێنەوە لە حەوشەکەیدا وەستاون و ..بە هەزار ڕجا و تکا و بەرتیل ، لاشە بێگیانەکانیان لە جەلادەکانی سنوور وەرگرتۆتەوە ، هێشتایش هیچ هەلێکی ژیانی تیا نەماوە .. هەمووان تینوی کوشتن و کوشتار و درەخت بڕینەوەن ، تەنانەت پیرەمێردەکەی دراوسێیان ، ئامۆژگارییان ئەکا کە دارتووەکەیان ببڕنەوە کە هەرچی چۆلەکەی دنیایە لە خۆی گرتووە و ..جریوە و جوکە و زاوزێی لەسەر ئەکەن و خەڵکەکەیان بێزار کردووە ..!! خەڵکێک کە سەوزایی و باڵندە و جریوە و جوکەیان پێ قبوڵناکرێ ، بەڵام کوشت و کوشتار و ئەسپی خوێناویی ، بەردەوام دووبارە دەبێتەوە و دێتە بەرچاویان ..
لێرەدا نووسەر کۆمەڵگایەکی تەواو ترسناکمان نیشان ئەدا ، بە جۆرێک داپیرەی ئارا ، هەوڵ ئەدا یادگارییەکی جوان بدۆزێتەوە و بۆ ئارای باس بکا ، کە ڕێک لە ساڵی 1975 دا عەشقی لالۆی فرۆشیاری دەستگێڕ و ئافتاو لەو گەڕەکەدا ڕوو دەدا ، کە خاڵێکی جوان و ڕوناکە ..پێشتر شتی وا جوان ڕووی نەداوە ، بەڵام ئەوە شتێکی مەحاڵە ، هەر دوای ماوەیەک برای ئافتاو ، ئافتاو ئەکوژێ و لالۆیش بەر چەقۆ دەدات ، دوای چەند ڕۆژێ ئەویش ئەمرێت..
ئەمە تاکە چیرۆکێکی جوانە لەو کۆڵانەدا کە شایانی گێڕانەوە و ڕووی مەجلیسی هەبێ ، کەچی ئەویشیان خوێناویی کردووە ، خەنجەر بەدەستەکانی کۆڵان ، کۆتاییەکی ترسناک و ناخۆشیان بۆ دانابوو ..
مامی ئارا ، دوای 20 ساڵ وونبوون دێتەوە و .. خوێیاو ئەکرێتە بنکی دارتووەکە و ..دارتوو وشک ئەبێت ..مام بێ پێچ و پەنا ، هاتۆتەوە بۆ فرۆشتنی خانووە سەد ساڵەکە و ..درۆیەکی شاخدار ئەهۆنێتەوە گوایا براکانی پێش کوشتنیان ، لە هەموو شتێکی ئەو خانوو باخە خۆش بوون و داویانە بە ئەم .. کاتێکیش ئەبینێ ئارا بەو تەرحەی ئەو ڕازی نیە و ..دۆکیومێنتەکانی باپیره گەورە زیندوو دەکاتەوە کە شتێکی لەوەی تێدا نیە مامی باسی دەکا .. داپیرە نەخۆش ئەکەوێ ، وڕێنە دەکا ، داوای فڕوجاو ئەکا ..ئارا وا لێدەکا مراوییە دڵخوازەنی بێنێ ، تا خوێنیان بڕژێ و بۆی بکات بە فڕوجاو .. لێرەدا ، ووشەی خوێن داپیری ووریا دەکاتەوە و .. داوای لێبوردن لە مراوییەکە ئەکات و پەشیمان دەبێتەوە لەو وڕێنانەی .. بە ئارا ئەڵێ بیبەرەوە شوێنی خۆی با بێچووەکانی دڵیان شتێ نەکا ..
لە ڕێی گەڕانەوەیدا ، پیرەمێردی دراوسێیان هەواڵی دەداتێ کە مامی باخەکەی سووتاند و .. خێزانەکەیانی ڕەنج بە خەسار کرد ..بێگومان باخ بۆ خۆی نەبێ ، ئەیسوتێنێ .. نیشتمان بۆ خۆی نەبێ ، ئەیفرۆشێ و ئەیڕوخێنێ .. هەر لەو کاتەیشدا ، مامی بە خەنجەرەوە دێت ئارایش بکوژێ .. چونکە تاکە بەربەست لەڕێیدا ، ئارایە .. دەست دادێنێتەوە بۆی ، ناتوانێ ، ئارا کەڵەگەتترە ، مامی به پشتدا ئەکەوێ ، ئارا خەمی داپیرێتی ، کە ئەڕواتە سەرەوە بۆ ژوورەکەی داپیری ، حەوت زەمانە مردووە ..
توشی شۆک ئەبێ ، دێتە خوارەوە ، وەک نەستی پێی بڵێ ، بەڵکو مەرگی نەنکی ، مامی وریا دەکاتەوە و ..وەک کوڕ و مام ماڵەکە ئاوەدان ئەکەنەوە ..پیرەمێردی دراوسێیان ، پێی دەڵێ مامت مرد ، کە پشتا کەوت ، کەلەی تەقی مرد ، خەتای خۆی بوو ، تۆ داکۆکیت لە خۆت کرد ، وات نەکردایە ئەیکوشتی ..!!
لەم چیرۆکە خێرا و پڕ لە مێژووی کۆن و نوێ و داهاتوودا ، کە هیچ تروسکاییەکی تێدا بەدی ناکرێ ، بێجگە لە ئارا ، خوێنەر تاکو سەر ئێسقان نائومێد ئەبێ ..لە ماڵێکدا هیچ سەوزاییەکی تیا نەماوە ..چۆلەکە و جریوەی تێدا شار بەدەر کراوە ..باخی تیا
Nawzad Bandy
سووتاوە ، براکانی تێکڕا کوژراون .. ئەسپەکان فرۆشراون ، یان دەرمانخوارد کراون و مردوون .. داپیرە ، کە نیشتمانە ، به نانکەری ماڵان نەوەکەی بەخێو ئەکا و ..وازی لە هەموو شتێ هێناوە یان ڕاستتر شتێک نییە هیوایەکی لەسەر ڕۆ بنێت ..
ئەمە چیرۆکی نیشتمانێکە ، کە سەد ساڵە ، ئەوەی خوا پێی ناخۆشە ، داگیرکەری دوور و نزیک بەسەریدا هێناون و ..خۆیشیان لەناو خۆیاندا ئەوەی داگیرکەر و بێگانە پێی نەکردوون ، بە خۆیان کردووە ..
بەڵێ ..ئەم کۆمەڵگا خەمگینە پڕ لە دوژمن و دوژمنکاری و براکوژییەی کە جەلال عەبدوڵا ساڵح بۆی نەخشاندووین ، ئەو واقیعە تاڵەیە کە هەموومان ئەیبینین و ئەیبیستین و ئەیخوێنینەوە بێ ئەوەی هیچ پڕۆژە و چارەیەکی دوور و نزیکمان هەبێ بۆی …
یەشار کەمال ئەڵێ : پێم باشە دۆزەخێک لە واقیع دروست بکەم ، نەک بەهەشتێک لە خەیاڵ ..
نووسەری ئەم چیرۆکانەیش نیشانە پێک بووە کە واقیعی گواستۆتەوە ناو چیرۆکەکانی .. لەگەڵ هێشتنەوەی هیوایەک کە ئارایە ، بۆ بنیاتنانەوەی نیشتمان ..وەک بڵێ هێشتا بوار ماوە و ..نەوەیەک هەن کە پاک و چاک و ڕۆشنبیرن ، ئەتوانن کۆتایی بە زنجیرەی خوێن ڕشتنەکان بێنن و ..نیشتمان دروست بکەنەوە ..
ماوەتەوە بڵێم نووسەر زمانێکی زۆر پاراو و ڕێک و ئەدەبی هەیە و چێژێکی تایبەتی بە خوێنەر ئەبەخشێت ، بێجگە لە دوا ووشەی چیرۆکی مراوییەکانی نەنکم کە دەڵێ ئەنجامەکەی بەو جۆرە (کشایەوە)، کە دەبوو بیووتایە (شکایەوە) ..
پێ دەچێ هەڵەی چاپیش بووبێ ..




مردن بە بێ دەنگیی.. نەوزاد بەندی

ئەو هەموو گەڵا سەوزە ی
بە ئەشکەنجە و ئازار زەرد بوون ،
بێ ئەوەی هیچیان داوای دەنکێ پاراسیتۆڵ بکەن ..
بێ ئەوەی هیچیان بچێتە لای پزیشک و ..
فەحسی ڕۆماتیزمە و خوێن خەستبوونەوەی بۆ بنوسرێ ..
سۆنەر و ئێم ئاڕ ئەی و دۆپلەر بۆ دەمارەکانی بکرێ بزانرێ چەندیان گیراون …
بێ ئەوەی هیچیان لە ووتاری هەینیدا ، نزای چاکبوونەوەی بۆ بکرێ ..
هێشتا گەڵایەکی بریندارتان بینیوە لەسەر عەرەبانە ، سواڵی پێ بکرێ ؟
بە بێ دەنگیی زەرد بوون و ..
ــقرچ ـ لە لقەکانیان لێ بوونەوە ،
بۆ سەر شەقامێکی سارد وسڕ ..
٭ ٭ ٭
لەوەیش ناخۆشتر ،
کەس بۆیان نەگریا ..
کەس بە خاکی نەسپاردن ..
کەس بروسکەیەکی ماتەمینی
بۆ نەناردن ..
کەس لافیتەیەکی ڕەشی بۆ هەڵنەواسین ..
خێمەیەک و چوار کورسیی بۆ دانەنان ..
هیچ قورئان خوێنێ ، دوو ئایەتی بۆ نەخوێندن ..
تەلقینی گەڵایەکی زەردی نەدا …
هێشتا وێنەی گەڵایەکتان بینیوە ،
هێڵێکی ڕەش بە گۆشەی چەپی سەرەوەیەوە،
کێشرابێ ؟؟
٭ ٭ ٭
ئەگەر گەڵاکان ، وەک ئێمە پیس بوونایە ،
هەموو پاییزێ دنیا بۆگەنی ئەکرد ..
وەک چۆن کاتێ مەغۆل دایان بەسەر بەغدادا ،
بەغدادی هارونە ڕەشید ،
بە لاشەی بەغدادیەکان ، بۆگەنی کرد ..

٭ ٭ ٭

تا ئێستا دیووتانە ئەمبوڵانسێک ،
بە دوو سێ گەڵای نیوە زەردەوە ،
لە ترافیک لایتی سوور بدا و
خۆی بکا بە خەستەخانەی تەواریدا ؟

٭ ٭ ٭
هێشتا نەمدیوە نەک چوارسەد ملیار دینار،
نیو دینار لە بەغدادەوە ،
بۆ گەڵاکان نێررابێ ..
هێشتا بینیوتانە گەڵایەک پەنجا فلس خەرج کا ؟؟




دوو جیهان.. شیعری\ نەوزاد بەندی

کە بە پاتەی دڕاوەوە ،
هاتنە خوارێ ..
بە سپۆنسەری چەند داگیرکەر و
زۆردارێ ..
دوو جیهانتان لە هەرێمێکا دروست کرد ..
جیهانێکیان تاریک ،
بێ ئاو و کارەبا ..
وێران ..قەڵەباڵغ ..داڕوخاو ..
پڕ لە سواڵکەر و بێ لانە ..
بە هاوین گەرم
بە زستان سارد ..
کە بێجگە لە نرخی مرۆڤ ،
هەر چی کاڵایە گرانە
پڕ لە بێ ئیش
پڕ دەسگێڕ و عەرەبانە ..
پڕ لە پاشەکەوتی موچە و موچە بڕین
زیندانێکی پڕ زیندانە ..
لە ژێر باری قورسی کرێ و دوکەڵ و کاڵای بەسەرچوو .. پۆلیس و
باج و بێگاری و ڕێگری و
چندەها جۆری سەرانە ..
خاڵی لە ژیان و لە جوانیی ..
ئەم جیهانەتان دا بە خەڵک ..
جیهانێکی تر ، ڕوناک و پڕ لە کۆشک و
لە تاوەر و باڵەخانە ..
سیکیوریتی ..خزمەتگوزاریی شاهانە
پڕ لە گەشت و خوێندنگا و زانکۆی مۆدێرن و
ملیارەها ملیار دۆلار و
ئاهەنگی ڕۆژ و ئێوارە و شەوانە ،
پڕ لەکەنیزەکی جوانی دڵبەری
ناوخۆ و بێگانە ..
ئەمە تایبەت بە خۆتانە …

٭ ٭ ٭
بەڵێ جیهان سێ دانەیە ..
دانەیەکیان ئەوەی هەبوو،
دووانەکەی تر ،
فەرموو ، لەم کوردستانەیە ..




کچێ بە جلی لەنگەوە.. نەوزاد بەندی

ئێمە کە ڕێگایەکمان نەماوەتەوە بۆ گەیشتن ..
جێگایەکیشمان نەماوەتەوە بۆ هەڵنیشتن ..
ئێمە کە بێ بەرهەم ..
بێ کار ..
بێ داهاتوو ..
بێ بەرنامە ، ئەخولێینەوە ..
لە هەر خولەک و
چرکەیەکدا ، ئەتلێینەوە ..
ئێمە کە بە دەمی داپچڕاوەوە ،
سەیری سەروەرییەکانی
دوو کۆمپانیا ئەکەین ..
هەندێکمان بە جەڵتەی دڵ ،
دێین بە لادا و
هەندێکی ترمان ڕا ئەکەین ..
ئێمە ، کە لەناو دێراوی قسە و
مەزرای دروشم و
کوێرە جۆگەی بایکۆت و
گردبوونەوەدا ، سیس بووین ..
لە ژێر شەش مریشکی نەزۆکا ،
وەک کۆمەڵێ هێلکەی
نەپیتراو ، پیس بووین ..
ئێمە کە ناتوانین بڕیار بدەین
لەسەر ئەو هەموو مانگ و ساڵە ..
لەسەر ئەو هەموو داهات و ماڵە ..
دوو کۆمپانیا کەوتوونەتە
ئاخنینە گیرفانی
هەموو شتێ ،
ئەمه کەی حاڵە ؟
بازاڕەکان ، گوڵەوەچنییم بیر ئەخەنەوە ،
خەڵکێکی زۆر ئەڕژێنە سەر شەقامەکان ،
بۆ چینە کردن
لەناو خاشاکی ووڵاتان ،
وەک مەلی ماڵیی ..
کچێک بە جلی لەنگەوە ،
فراوانتر بوو لە هی ئیزابێل ئەلەندی ،
خەون و خەیاڵی ..
زەمینی قەفەزەکان پاکترە
لە شەقام و مەیدانەکانمان ، بڕوانە ..
نازانم چۆن تێدەپەڕن ..
ئەم هەموو لەنگە لەبەرە ،
ئەم هەموو خەڵکە لووت بەرزەی
ناکۆکن و
بچووکترین داکۆکیان لا تاوانە …

٭ ٭ ٭
ئێمە کە ناتوانین کۆبینەوە ..
تا بێ دوور ئەکەوینەوە ..
تا دوورتریش کەوینەوە ..
سەرشۆڕتر و ..
زیاتر دائەنەوینەوە …




پێش خۆرئاوابوون.. شیعر.. نەوزاد بەندی

شیعری / نەوزاد بەندی

ئەم ئێوارەیەیش
وەک هەڵبژاردەیەکی دۆڕاو
گەڕایتەوە ماڵ ؟

ئەم ئێوارەیەیش
خۆت بەسەر ژیانا هەڵواسی ،
بە هەزار حاڵ ؟

ئەم ئێوارەیەیش
دڵخۆشیی خۆت بەوە دایەوە ،
کە هەناسە ئەدەیت و
خاوەنی جووتێ قاچی و
جووتێ باڵ ؟

جووتێ گوێچکەت هەیە
هێشتا ئەبیستن و
زمانێکت هەیە
لە ئاستی دەسەڵاتا لاڵ ؟!

شتی تریش ….




لە نێوان فرانز کافکا و حاڵی کوردستاندا.. نەوزاد بەندی

لە چیرۆکی ( دادگا ) ی فرانز کافکادا ، کاتێ پیاوێکی دەشتەکی دێتە بەردەم دادگا و ناهێڵن بچێتە ژوورەوە .. هەموو ژیانی لەبەردەم دەرگای داخراوی دادگادا بەسەر ئەچێ ، کاتێکیش لە سەرە مەرگدایە ، بە پۆلیسەکە ئەڵێ : ( قەیناکا وا ئەمرم و دەرگای دادگاتان بۆ نەکردمەوە ، بەڵام ئەپرسم : لەو هەموو ساڵەدا هیچ کەسێکی تر پێویستی بە دادگا نەبوو ؟ بێجگە لە من هیچ کەسێک نەهاتە دادگا ..؟؟ )
پۆلیسەکە پێی ئەڵێ : ( بەڵێ ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر دێنە دادگا ، بەڵام ئەم دەرگایە تایبەتە بە تۆ !! )
بە ڕاستی کە دەچیتە فەرمانگەکانی باج و باجی خانوو بەرە و تاپۆ و هاتوچۆ ، خەڵکێکی زۆر ئەبینی بە دەست مامەڵەکانیان و پارەدانەوە گیریان خواردووە ، یەک دەوڵەمەند نابینی ..یەک سیاسی ..یەک دەسەڵاتدار نابینی ، لەگەڵ ئەوەیشدا زۆرترینی زەوی و موڵک و ماڵ و باڵەخانە و تاوەر و ڤێلا و مۆڵ و بازاڕ و ئوتومبیل موڵکی دەوڵەمەند و سیاسی و دەسەڵاتدارەکانن .. ئەی ئەمانە کەی دێن باجی ماڵ و مۆڵک و ئوتومبیلە گرانبەهاکانیان ئەدەن ؟
لە ڕاستیدا هەر گریمانەکەی فرانز کافکایە ، فەرمانگەکانی باج تایبەتن بە فەرمانبەر و عەرەبانچی و هەژارەکانی ووڵات ..دەوڵەمەند و سیاسی و دەسەڵاتداران ناچنە ئەو جۆرە شوێنانە …ئەوان بە جۆرێ لە جۆرەکان هەزاران ئەوەندەی خەڵکە هەژارەکە ماڵ و موڵکیان هەیە ، باجیش نادەن ..هەروەها باجیش لە خەڵکەکە وەرئەگرن ، باجی تیکەنانێکی وشک کە پەیدای ئەکەن …




لەناو دنیایەک شەخەڵدا.. نەوزاد بەندی

بێ ئەوەی ئاگات لە خۆت بێ ،
مۆبایلەکەت پڕە لە ژمارەی ئەو کەسانەی
کە تا ئەمریت نە زەنگێکیان بۆ ئەکەیت و
نە زەنگێکت بۆ ئەکەن ،
کەچی
نە ئەیانسڕیتەوە و
نە ئەتسڕنەوە ..!

کانتۆرەکەت ،
پڕە لەو جلانەی
کە بە درێژایی ساڵ ،
جارێکیش لەبەریان ناکەی ..

ڕۆژانە ،
لە سەر جادە ،
دەیان کەس دووبارە ئەبینیتەوە ،
نە ئەزانی ناویان چییە و
نە ئەزانن ناوت چییە …

ئەو شتانەی هەوڵیان بۆ ئەدەیت و
ماندوو ئەبی و
خەمیان بۆ ئەخۆی ،
دەستیشت بکەون ، نازانی چییان لێ بکەی ..
وەک شتەکانی تر ، لە گۆشەیەکا فڕێیان ئەدەی ..!

لە هوشیاریتا
بێ ئاگاتریت هەتا ئەو کاتانەی خەوتووی ..

بە تامەزۆییەوە
چاوەڕێی داهاتوو ئەکەی ..
بە بێ ئەوەی ئاگات لەوە بێ
کە داهاتوو یەک دنیا نەخۆشی و
ناخۆشی و
مردنی بۆ هەڵگرتووی …

بێ ئەوەی ئاگات لە خۆت بێ ،
بەردەوام زەبری کاریگەر ،
لە دڵ و دەروونت ئەدەی ..
بە نرخترین شت کە کاتە ..
کە تەمەنتە ،
لە هیچا خەساری ئەکەی ..




چیرۆک\ چووی؟.. نەوزاد بەندی

نازانم چەند ڕۆژ بوو ڕیشی نەتاشی بوو ، بەڵام کە دەستی بە ڕوخساریا هێنا ، وەک ئەوەی لەپی دەستی بە دڕک و داڵێکی وشکا هێنابێ ، وابوو ..
تاقەتی نەبوو هەستێ بۆ بەردەم ئاوێنەکە ، مۆبایلەکەی خستە سەر کامێرا ، کامێرای پێشەوە ، ڕوخساری خۆی بینی ، ڕیشی ماش و برنجی وەک بەفری ساڵێکی نەهات ، بە ناڕێک و پێکیی پێستیان دا پۆشیبوو ..ڕەنگی سپی زاڵ بوو ..
چووە سەر مەسنجەر و .. نووسی : ( چووی ؟ )
ئەو وشەیەی بۆ هەموو هاوڕێکانی نارد ..
پاش ماوەیەک ، لە کاتێکدا دوو دڵ بوو لەوەی ئایا هەستێت جلەکانی بکا بە جلی ماڵەوە یان هەر بە چاکەت وکراس و بۆینباخەکەیەوە بمێنێتەوە ..نەیدەزانی لە کەیەوە وای لێهاتووە کە بەیانی پۆشاکی دەرەوە ئەپۆشێ ، هەتا شەوێکی درەنگ هەر بەو جۆرە ئەمێنێتەوە ، لە کاتێکدا زۆربەی ڕۆژەکانیش ناچێتە دەرەوە و .. هەر لە ماڵەوە ، لەسەر کورسی براندی چلیک ، پاڵی لێ دەداتەوە …ڕۆژێک بە بەهانەی کورتبوونەوەی ڕۆژ و .. ڕۆژێک بە بەهانەی بایکۆت و خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و .. ڕۆژێ لە داخی ئەو خەڵکە دەبەنگە ، هەر لەماڵەوە ئەمایەوە …
ئا هەر لەو کاتەدا کۆمەڵێ وەڵامی هاوڕێکانی بۆ هات :
ــ جا شوێن ماوە بۆی بچم ؟
ــ چوون چیە و نەچوون چیە ؟ جیاوازییان چیە ؟
ــخەریکە بڵێم ناچم ..بۆ هیچ شوێنێ ناچم .
ــهەمیشە بە دەست بەتاڵیی دێمەوە .
ــلە هەموو چوونەکانما پەشیمانییم چنییەوە ، هەر بۆیە زۆر لە چوون ئەترسم .
ـــ سەری سەعات NRT و RUDAW باسی هەموو شتێک ئەکەن ، پێویست ناکا بچم ..
ــقەڵەباڵغییە .. قەڵەباڵغییەکی چۆڵ ، وات لێ ئەکەن تەنیایی زیاتر ئازارت بدات ..

خستیەوە سەر کامێرا .. کامێرای پێشەوە .. ئەو زیپکەیە چییە لەسەر لوتی پەیدا بووە !!؟ .. زومی کرد ، زیپکەیەکی سپی ، لەگەڵ ئەوەی بیستبووی هەندێ پزیشکی زۆر شارەزا وتبوویان نابێ دەستکاری زیپکەکانی لووت بکرێ ، چونکە ئەو ناوچەیە هەستەوەرە و .. ڕەنگە بەکتریایەک بچێتە ژوورەوە و هەتا پەردەکانی مێشک ڕانەوەستێ و کێشەیەک دروست بکا ..
لەگەڵ ئەوەیشدا بە دوو پەنجە ، ڕاست و چەپی لە زیپکەکە گرت و زۆری بۆ هێنا .. هەتا تەقاندی ..شلەیەکی سپی هاتەدەر ..بوو بە زەرد ..بوو بەخوێن ..سەری لوتی شین هەڵگەڕا ..هەتا فریای کلێنکسێک کەوت ، سەری لووتی بە گشتی شین و سوور بۆوە ..
ئیشێکی قۆڕم کرد .. وای لەبەرخۆیەوە ووت ، لە هەمان کاتدا گوێی لە پرخەی خێزانەکەی بوو ، بەم دوای نیوەڕۆیه لە ژووری نوستنەوە دەنگی بۆردمانەکانی لووتی دێت .. لووت وا نەبێ بۆچی باشە ؟ هەر سەرت خستە سەر سەرین ، فڕۆکەکانی هەستێنێ هەرچوارلا پرخە باران بکا ..
لە مەسنجەرەوە وەڵامی تری لە هاوڕێکانیەوە بۆ هات :
ــئەوانەی چوون چییان هێنایەوە هەتا منیش بچم ؟
ــووڵاتەکە ڕاوەستاوە ، هەمووی وەک زەڕنە قوتە دەمی داپچڕیوە بە سەرۆک وەزیرانیشەوە ، ئیتر بۆ کوێ ئەڕۆی ؟
ــئەوانەی تا ئەوروپایش ڕۆیشتوون ، بە نیازن بێنەوە ، کۆمەڵگای داخراو ، چوون تیایدا ئازاری ویژدان دروست ئەکا وەک ئەوەی کەمئەندامێک به زۆر لەسەر کورسیەکەی هەڵیسێنیتەوە ..
ــمن چووم و هاتیشمەوە ، پارە و بەنزین و زۆر شتی ترم خەرج کرد ، بەڵام نەگەیشتمە هیچ ، وەک ڕێگایەک لە بیابان دەست پێ بکا و لە بیابانیش کۆتایی بێ .
ــگەمژەییە ..
ــبۆم دەرکەوتووە زیندانێکی نیمچە گەورەیە ، سیاسی و دەوڵەمەندەکان وەک پاسەوانی زیندانەکه دێن و دەچن ، لە جیاتی ئێمەیش ئەگەڕێن .. فەرشی سووریان بۆ دادەخرێ .. لە پانێڵ و کۆبوونەوە جیهانیەکان بە جلی زۆر گرانبەهاوە ووتار دەدەن و چەپڵە و خەڵات وەردەگرن .. مناڵەکانیشیان کۆمپانیای زۆر گەورەیان هەیه و هەر کوێیەک خۆش بێ لە دنیادا ئەڕۆن ، ئیتر ئێمە بۆچی بجوڵێینەوە ؟ باشتر وایە نەجوڵێین ، ئەو دوو دینارەیش با بۆخۆیان لە گیرفانمانا بخەون نەک ئێران و تورکیا هێرش بکەن و ..موچە دیسان ڕاوەستێتەوە ..
ــلەوە زیاتر خۆم ناخەڵەتێنم .
ــمن خوا دەستم دا بچم ، ناگەڕێمەوە .. ناگەڕێمەوە ئەگەر ئەوێ تا ئێره ئاڵتونم بۆ بڕێژن .
ــپرسیارێکی قۆڕە .
ــله کەیەوە فێری نووسین بووی ؟ مەنگۆل .
ــمن تاقەتی زۆر شتم نەماوە ..
ــهەفتەیەکە توشی کۆرونا بووم ، ئۆکسجینم دابەزیوە ، ئاوا هەواڵم ئەپرسی ؟
ــحەزم لە هاوڕێیەتی تۆ نییە ، بۆچی نامەم بۆ ئەنێری ؟
ــئەگەر بۆ شۆڕش و وێرانکردنی هەموو شتێکە ، من ئامادەم ..
ــسوێندم خواردووە وەڵامی هیچ پرسیارێ نادەمەوە ..
ــهەفتەیەکە گەیشتوومەتە یۆنان ، ئێرە بەهەشت نیە ، بەڵام دڵنیام لەوەی لە دۆزەخ هەڵهاتووم ..
ــکارەبا کوژا ………
ــپرسیارێکی جوانە ، بەڵام بۆ هەر کوێ بچم ئەبێ بێمەوە ، ئیتر بۆچی ؟؟
ــواز لەوە بێنە ، کۆمان بکەرەوە با شانە سەرەتاییەکان دروست بکەینەوە ، ئەم وەزعە ڕۆژ به ڕۆژ خراپ ئەبێ .
ــلە هەموو شتێ نائومێدم ، لە چەند و چونی خۆکوشتنام ..
ــناتوانم لەگەڵ تۆدا بچم ، ئەگینا حەز ئەکەم ، لە کافیتریایەک نەختێ قسە بکەین و دوو چا بخۆینەوە .
ــخۆت ئەزانی من هەموو دوای نیوەڕۆیەک لە چایخانەم و دۆمینەی چوار قۆڵیی ئەکەین ، تۆیش حەز ئەکەی وەرە ..لە خزمەتتداین .
ــواز لەم پرسیارانە بێنە ، وەک کانت شێت ئەبی ، دوای حەوت ساڵ بیرکردنەوە جا بڕیاری دا داوای دەستی خۆشەویستەکەی بکا ، سەیر ئەکا شووی کردووە و دوو مناڵیشی هەیە ..!
ــهەر لەسەر کەمعەقڵیەکانت بەردەوامیت ؟ قەپۆز !
ـــ ……
ــ ……
پرخەیەکی تریش لە ژووری دانیشتن بەرز بۆوە و .. تێکەڵاوی پرخەی ژووری نوستن بوو ..وەک گۆرانیەکی دوو قۆڵیی لێ هات ، دوو گۆرانیبێژ له ژێر ئاودا بیچڕن .




لەناو دڕکەکاندا.. نەوزاد بەندی

شوشەیەکی زۆر شکان …
هیچیان چاک نەبوونەوە ..
دەریایەکی زۆر تێکەڵ
بە زێراب و قوڕاو بوون ..
هیچیان پاک نەبوونەوە ..

چرای دڵی زۆرینە ،
کوژایەوە و تاریک بوو ..
هیچ ڕوناک نەبوونەوە ..

ئەو سەری دنیا دەرکەوت ،
لەمسەری باشتر نەبوو ..
کەچی نازانم بۆچی ،
هیچیان لە عەشقی دینار ،
پەشیمان نەبوونەوە ..

ئاگر ڕۆحی سوتاندن ،
باران داوەتی کردن ،
قەپیان کرد به پشکۆدا و
ئاوەدان نەبوونەوە ..

تەنانەت کاتی گیاندان ،
لە گیان جیا ئەبوونەوە و
کەچی لە ماڵ و سامان ،
یەکبوون ، جیا نەبوونەوە ..

یەک دڵۆپەی تیا نەما ،
هێشتا هەر ڕاوەستابوون ،
هەڵهاتن دەری کردن ،
هەر ئاوا نەبوونەوە ..

گیاندار و ڕووەک
یەک یەک ..
لەو دۆخە بێزار بوون و
دنیایان ڕەتکردەوە ..
هەر مرۆڤ بوو .. هەر مرۆڤ ،
هیچ ئەشکەنجەیەک دنیای
لە دەستی نەکردەوە …

لەگەڵ هەزاران ئازار
وا لای دا لە هەشت ملیار

ــنەوزاد بەندی ــــــــــــــــــ




شیعر\ دوای تەواو بوون.. نەوزاد بەندی

هێشتا کلیلی ئەو دەرگایانەم لا ماوە ،
بوار نەبوو بیانکەمەوە و ..
جێم هێشتن ..
ئەو هەڵماتانەی یەک جاریش ،
کاتم نەبوو ڕیزیان کەم و ..
ئەو پەرداخە کریستاڵانەی
قومێ ئاوم پێ نەخواردنەوە ،
هەر ماون …

ژوورێکم هەیە ،ناوێرم
بیکەمەوە ..
ئەویش تەواو عاجزە لێم ..
ئێ دەرەقەتی یادگاری و
ئەو شتانە نایەم کە هێشتا ،
بەکارم نەهێناون و ..
کات کەم کەم ئەیانڕزێنێ ..
هیچ دەسەڵاتیشم نیە ،
ڕێ نەدەم ئەو هەموو دەسکەوتە
خەمگینەم هەڵوەرێنێ ..!

ناخم پڕە لەو کەسانەی
هیوادار بووم یەک قسەیان لەگەڵ بکەم ،
بوار نەبوو ..
هیواداربووم یەک پیاسەیان لەگەڵ بکەم ..
یەک چا ..
یەک قاوەیان لەگەڵ بخۆمەوە و ..
کاتم نەبوو ..
کاتیان نەبوو ..
وەک پەڕی باڵندەیەکی نەناسراو ،
زریانی ڕۆژگار بردنی ..
زریانی ڕۆژگار بردمی ..

دڵم پڕە لە بۆیاخی
ئەو تابلۆ بێ هاوتایانەی
کە ویستم بیانکێشم و ..
پێم نەکێشران ..
پڕە لەو ووشە و پیتانەی
بە تەما بووم ،
ڕۆمانێکیان پێ بنوسم و
شەڕی براکوژی نەیهێشت ..
ئابڵوقەی ئابووری نەیهێشت ..
ژنێک و کۆمەڵێ مناڵ ..
کۆمەڵگایەکی بێ کتێب ..
پاشەکەوتی موچە نەیهێشت …

ئێستا ئیتر
بە دیار پەڕەیەکی ساردی
فەیسبوکەوە ..
بە بیجامە و
یەک دنیا نەخۆشییەوە ..
فریای هیچ شتێ ناکەوم ..
هەموو شتێکیش بێ بەهایە .
تەنها چاوەڕێی زریانێ ئەکەم بمبا ..
ڕزگارم کا لەم دنیایە …

ـــنەوزاد بەندی ـــــــــــــــــ




شیعر\ خوێن بەرامبەر پارە.. نەوزاد بەندی

بۆچی خوێنتان ڕشت ؟
بتانووتایە : پارەمان ئەوێ ..
70ساڵ کوردتان بۆچی دا بە کوشت ؟

٭ ٭ ٭

32 ساڵی ڕێک ،
پاسێکی سوورت پێ دابین نەکرا ،
بیکەیتە قۆڵی جادەی شارەکان ..
هەمووی بۆ خۆت بوو ..
هەموو پارەکان ..

٭ ٭ ٭
خەوتن باشترە هەتا بینینی ،
ئەو وێرانەیەی
ناوت ناوە شار ..
مردن باشترە ، لەو گاڵتەجاڕەی
ژیانی تیا بووە
بە دوپشک و مار ..

٭ ٭ ٭

هەزار شەقام و کۆشکی تایبەتیت،
بۆ خۆت بنیات نا ،
باخچەی شاهانە ..
مۆڵ ..
باڵەخانە ..
خەڵکیش : وێرانە ..
شار : عەرەبانە ..
دەرچووی زانکۆکان : تەنها خۆبەخشیی ..
شەرمەزار نابی ؟
ناچی بە عەرزا ؟
ناڕەسەن .. وەحشی ..!

ـــنەوزاد بەندی ـــــــــ




کۆتایی لە سەرەتاوە.. نەوزاد بەندی

بۆ / ژ …………………ا

بڕۆ ، خۆریشم ناوێ ،
گەر بە تۆ ڕۆژ بێتەوە ..
بڕۆ ..ئەوەندە وون بە ،
هیچ کەس نەتدۆزێتەوە ..

دڵێ به تۆ خۆش ببێ ،
من خۆم ڕایئەوەستێنم ..
بزەیەک تۆ وێنەی کەی ،
من هەڵیئەوەرێنم …

شیعرێ تۆ ئیلهامی بی ،
یەک پیتی لێ نانوسم ..
تۆ قەڵەمی عەشق بی ،
یەک پیتی پێ نانوسم ..

من قەت لە خۆم نابوورم ،
کە چی جوان بوو بۆم نوسیت ..
کە دەربارەی هیچ شتێ ..
شتێکم لێ نەپرسیت ..

وامزانی هەرچی گوڵە ،
بە سپۆنسەری تۆیە ..
نەمزانی بنچینەکەت ،
چنگێ فێڵ و درۆیە ..

بڕۆ ، کێ پارەی هەبوو ،
کێ قۆڵبڕ بوو ، لەوێ بە ..
بە ڕۆژ گوڵە بەڕۆژە و ..
شەو ، شەوچەرەی شەوێ بە ..

نەوزاد بەندی




ڕۆژێک کە نامەوێ بڕوا.. نەوزاد بەندی

ئەڵێم ..
ئەو ڕۆژەیشی کە من و تۆ
پێکەوە پیاسەیەک ئەکەین ،
وەک ڕۆژەکانی تر ئەڕوا ..
با ئەو پیاسەیه هەر نەکەین ،
ئەو ڕۆژە خۆشە ، با نەڕوا ..
ئەو کاتەی کە سەفەر ئەکەین ..
لە کەناری دەریایەکا
لەگەڵ ئێوارە ، نان ئەخۆین …
ئەویش ئەڕوا ..
کە ڕۆیشتیش ،
قەت ناپرسین کوا ..
دە با ئەو سەفەرە نەکەین
ئەو نان و کەنار دەریایە ..
ئەو ئێوارەیە ، با نەڕوا ؟

٭ ٭ ٭
تەنها له شیعرا دەرکەوە ..
گەر بۆت لوا …
..

ـنەوزاد بەندی




گۆڕینەوە.. نەوزاد بەندی

بریا
گۆڕینەوەی سەرۆک هەبووایە
بە ساقی باقی …
کۆمەڵێ سەرۆکمان
بە کۆمەڵێ سەرۆک ئەگۆڕییەوە ..
سەر بە سەر ..
یان بە شتێ باقی ..

تۆ بڵێی هیچ سەرۆکێ ،
ڕازی بێ
عەرشەکەیمان بۆ چۆڵ کا و
ببێ بە
پاشای عێراقی ؟

بەڵکو بە نەوتەکە هەڵخەڵەتێ ..
دووانی هەیە ،
دووانی تر قەرزکا
بۆ لاقی ..

بە ڕاستی بێزار بووین
لە سەد ڕوویی و
هەزار فاقیی ..

ـــنەوزاد بەندی ــــــــــــــ




ژیان بە جووتێ نەعلەوە.. نەوزاد بەندی

ساڵانێکە خۆم حازر ناکەم بۆ زستان ..
نە نەوت ئەکڕم ..
نە کومبار ..
نە گوێز‌ ..
نە دەستکێش و گۆرەوی خوری ..
وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێ ،
بە تەنیشتیدا ڕەت ئەبم ..
ساڵانێکە خۆم حازر ناکەم بۆ بەهار ..
نە جلی کوردی ..
نە کڵاشی پەڕۆ ..
نە سەیران …
وەک چۆن خەڵک خۆیان حازر ناکەن بۆ سەری مانگ ..
وەک چۆن سەری مانگ هیچی پێ نییە بۆ خەڵکی ..
وەک نائومێدبوونی خەڵک له پەرلەمان ..
وەک چۆن ئازادی هیچی پێ نیە بۆ خەڵکی ..
ئاوا ساڵانێکە ، خۆم حازر ناکەم بۆ سەری ساڵ ..
نە سەفەر ..
نە ئاهەنگ ..
نە پیاسە ..
وەک چۆن خەڵک نائومێد بوون لە شۆڕش ..
وەک چۆن شۆڕش کۆمەڵێ بازرگانی پشتا و پشتی خستە کۆڵی خەڵکی ..
وەک چۆن خەڵک ، خۆیان حازر نەکرد بۆ هەڵبژاردن ..
وەک چۆن هەڵبژاردن خەڵکی لە هەموو هیوایەک داڕنی ..
وەک چۆن مناڵ خۆی بۆ مەکتەب حازر ناکا ..
وەک چۆن زانکۆ ، ووڵاتی پڕ کرد لە خاوەن بڕوانامەی بێ ئیش ..
وەک چۆن شەقام بوو بە ژێر عەرەبانە و سواڵکەرەوە ..
وەک چۆن مزگەوت تەنها کوشکێکی ڕەنگا و ڕەنگ بوو ، خاڵیی لە باوەڕدار ..
وەک چۆن باران خۆی دزییەوە لە پاییز ..
وەک چۆن بەهار گیرفانەکانی پڕ بوون لە قالۆنچە ..
ئاوا ساڵانێکە خۆم حازر ناکەم بۆ نیشتمان ..
هیچ شەقامێکی بانگم ناکا بۆ پیاسە ..
خۆم بۆ هیچ ئاهەنگێکی حازر ناکەم ..
شەوان تەماشای هەواڵی ئەلجەزیرە ئەکەم ..
سەیری درامایەکی ئینگڵیزی ئەکەم ..
تەماشای شەقامەکانی ئەستەنبوڵ ئەکەم ..
وەک چۆن ئیبراهیم ئەمین باڵدار دوای ئەوەی هەموومانی فێری خوێندەواریی کرد ، لە غەریبیی مرد ..
وەک چۆن حاجی قادری کۆیی ، دوای ئەوەی هەموومانی فێری نیشتمانپەروەریی کرد ..ڕۆحی لە تورکیا کێشرا ..
وەک چۆن نالی ، لە ئەستەنبوڵ نەگەڕایەوە ..
وەک چۆن ئەمین فەیزی لە خانەی پیرانیی غەریبیی ، گیانی بەخشی ..
ئاوا خۆم بۆ هیچ هەواڵێکی بە پەلەی کورد حازر ناکەم . ..
هیچ گۆڤارێکی ناتوانێ قژی سەرنجێکم داهێنێ..
خۆم بۆ وادەی دابەشکردنی هیچ کتێبێکی حازر ناکەم ..
هیچ نوسەرێکی هەستی شانازیم تێدا ناوروژێنێ ..
خۆم بۆ بینینی هیچ کچێکی حازر ناکەم ..
ناتوانم شیعر بۆ هیچ دیمەنێکی بنوسم ..
گۆرانییەکانی تەریقم ئەکەنەوە..
ئەوەی ئەیبینم هەر تەنەکەی خۆڵە ..
بۆگەنی زبڵ دیارترین داهێنانە لێرە ..
من بۆگەنی زبڵ بوومایە خۆم کاندید ئەکرد ،
دەنگی ملیارێک مێش مسۆگەر بوو ..
ئاوا خۆم بۆ شەوچەرەی پاییز‌ حازر ناکەم ..
لە پەنایەکا بە دیار گوگڵ ترانسلەیتەرەوە ،
خۆم به زمانێکی ئەنگلۆ سەکسۆنیەوە سەرقاڵ ئەکەم ..
هیچ شەوێ خۆم بۆ خەوتن حازر ناکەم ..ئاخر لێرە خەون به چییەوە ببینم ؟
وەک چۆن دادگاکان پڕ بوون لە تەڵاق ..
وەک چۆن دەریاکان پڕ بوون لە کوردی خنکاو ..
وەک چۆن شەقامەکانی دنیا ، پڕ بوون لە کوردی بێ ئیش ..
وەک چۆن مەدفەع و فڕۆکە و درۆنەکانی دنیا ، بەیانیان دەستنوێژ هەڵئەگرن و خۆیان بۆ کورد حازر ئەکەن ..
وەک چۆن هەرچی کافر و خەلیفەی دنیایە ، چێژ لە کوشتنی کورد ئەبینن ..
وەک چۆن کورد خۆیشی ، سەگ ببینێ کورد نەبینێ ..
ئاوا لە هیچ شتێکا خۆم بۆ کورد حازر ناکەم ..
لە بیابانێکدام ، لمێکی زۆری لێ ڕژاوە ،
ئیتر خۆم بۆ چی حازر کەم ؟
لەجیاتی لە ڕۆژەکاندا بژیم ، وەک سەهۆڵفرۆشێکی بێ ئیش ، خولەک و سەعاتەکان ڕیز ئەکەم و .. بێ ئەوەی خۆمیان بۆ حازر کەم ، ئەتوێنەوە ..
چێشتەنگاو ، خۆر ڕمێ بەرز بۆتەوە و
من لەناو پێخەفدا ئەتلێمەوە …
وەک چۆن جەنڕاڵی پاییز لە خوێنی خۆیدا ئەتلایەوە ..
وەک چۆن حەسەنی قزڵجی کەس نەیزانی چی بەسەرهات ..
وەک چۆن کۆڵبەرەکان لەسەر تاوێرە بەردەکان ، زۆرانبازی لەگەڵ نانا ئەکەن ..
وەک کارەبا …
وەک جامی ڕەشی ئوتومبیل ..
وەکو تیرۆر ..
وەک ئۆپۆزیسیۆنی درۆزن ..
وەک یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و 80
وەک ئیسلامیی بە خوێنی سەری یەکتری تینوو ..
شتی تریش ..

ـــنەوزاد بەندی ـــــ




عال کوڵیوە شوقە.. نەوزاد بەندی

خەباتی شاخ بوو به خەباتی شوقە ..
شاخ تەخت کرا بۆ شوقە ..
باخ تەخت کرا ..
ڕێڕەوی باران بوو بە شوقە ..
ماڵی زیکزیکە ..
زێراب ..
شانۆ ..
هاوینە هەوار ..
سینەما ..
کۆڵوانە ..
گۆڕەپانی فتبۆڵێن ..
زانکۆ ..
دەرپێی سەرخەرمان ..
تەسبیحی قەزوان ..
مەرکانە ..
ڕێی مەکتەب ..
ئاودەستخانە ..
مێژوو ..
جوگرافیا ..
زمان و ئەدەبی کوردی ..
عەرەبانەی شێلم ..
کانی و کارێزەکان ..
ماڵە باجێنەی کچۆڵان ..
درانە دەمی شۆڤڵ و دەنوکی دەقاق و
کران بە شوقە ..
خەستەخانە تەخت ئەکەن بۆ شوقە ..
گۆڕەپانی گواستنەوەی هاووڵاتیان ..
تێرمیناڵ ..
باخچەی ساوایان ..
سایلۆی دانەوێڵە ..
بازاڕی کەوفرۆشان ..
کۆڵانەکانی مناڵیی ..
جێی نانەوەی مریشک ..
ناوساجی ..
کەلانە ..
بەڕوو ..
تەنووری نەنە ئافتاو ..
فەقیانەکەی ڕەشۆڵ
هەموو تەخت ئەکەن بۆ شوقە ..
٭ ٭ ٭
مەردی خوا بن ، لێیان مەکڕن ..
کار وا بڕوا ، ئەلف و بێی نوێی ئیبراهیم ئەمین باڵدار و ..
بنکەی تەندروستی عەلی کەمال و عەلی ناجی و ..
سمێڵی شێخ مەحمویش ئەکەن بە شوقە ..
مەردی خوا بن لێیان مەکڕن ،
ئەگینا گەرمتر ئەبن .. حەیرانەکانی سێوە و
دارئەرخەوانەکانی گردی سەیوان ،
تەخت ئەکەن ..ئەیکەن بە شوقە ..

٭ ٭ ٭

پێویستمان بە پاڵەوانێکی کەس نەزانە ،
پەلی ئەو شوقە فرۆشانە بگرێ و
بیانبا بۆ لای پزیشکی دەروونیی ..
یان بیانبا بۆ لای مەلا عەلی
بزانین ئەم شوقە فرۆشییە ،
شێتێتیە یان نەخۆشیی دەروونیی ..
عەشقە یان بازرگانیی ..
بزانین پێش ئەوەی گۆڕی شەهیدەکانیش تێکدەن و بیکەن بە شوقە..
پێش ئەوەی پێنج هەزار ڕۆحی هەڵەبجە وهەشتا و یەک هەزار ڕۆحی ئەنفال ،
بکەن به شوقە ..
پێش ئەوەی مزگەوتەکان تەخت کەن و بیکەن بە شوقە ..
پێش ئەوەی ئەو نیوەی نیشتمان کە ماوە ، کەبەرماوەی سفرەی حەسەن پلایسە ، بیگۆڕنەوە بە شوقە ..
بەڵکو حەبێ ..
ڤاکسینێ ..
چل پەنجا دار حەیزەرانی مەلا عەلی ..
یان ئەنتی بایۆتیکێکی دژ بە شوقە وەرگرن ..
ئەترسم کوردستانی باشوور ،
بکەن بە شوقەیەکی گەوره و
یەک دوو عەرەب لێیان بکڕن ..
ئینجا بڕوخێن یان
بمرن ..

دەلالۆ .. دەلالۆ ..
دەلالێ .. دەلالێ ..

ـــنەوزاد بەندی ــــــــــــــــ




کۆپلە شیعر/ هەندێک ئیعتیراف.. نەوزاد بەندى

                                                                                                     

-1-

بە بنکى مەنجەڵى دنیاوە نوسام ،

نە بە کارى خواردن هاتم..

نە ڕزگارم بوو لە سووتان ..

-2-

زۆر دەمێکە ،

هیچ وێستگەیەک لە نێوان بەیانى و نیوەڕۆکانما نەماوە ..

هیچ کافیتریایەک لە نێوان نیوەڕۆ و ئێوارەکانما نەماوە ..

هیچ جگەرەیەک ،

لە پشت پەردەى پیاڵە چاییەکانمەوە ،

خۆى مەڵاس نەداوە ..

( تێکڕا ڕۆژەکانم ماراسۆنن ..

ماراسۆنێکى کەرانە .. ! )

ـ3ـ

جوانترین ساتى ژیانم ،

ئەو چرکەیە بوو ،

کە

لە

بە

ردەم کوشکى بلیتى سینەما ،

بلیتەکەم ئەکڕى و ..

سیحراویترین ڕێڕەوم لە ژیانما ئەبڕى ،

هەتا ئەگەیشتمە سەر کورسیەکى

بەر

دەم

شا

شەیەکى سپى ..

(دواى ئەوەى دەرگاوانەکە ،

بلیتەکەمى ئەدڕى )

-4-

سیاسەتمەدارێک

ئەیویست خەڵک فێرى هەڵبژاردن بکا

لە نیشتمانێکا

تەنانەت ناتوانیت

کیلۆیەک تەماتەى

بە هەڵبژاردن

تێدا

بکڕى ..

-5-

هیچ شتێ

ئەوەندەى ونبوونى مناڵیى ،

زەبرى لێ نەدام ..

( هێشتا نائومێد نەبووم لە دۆزینەوەى ..

تەسەور ئەکەم ،

بەیانییەک

لەسەر عەرەبانەیەکى تریشقە ، بێتەوە .. )

-6-

هێشتا

هەڵمات و

ڕەسمى عەسابەى مناڵیم ،

پاراستووە ..

( لە خۆیشم زیاتر ،

کەس نازانێ

لە کوێدا  هەڵمگرتووە .. )

-7-

زۆرجار

کە بە بەردەم  نوسینگەکانى کۆچ و گەشتیاریدا ئەڕۆم ،

خەریکە بپرسم :

ڤیزەیەک

تڕانزێتێ ..

قاچاخچیەکتان ،

لەلا دەست ناکەوێ ،

بمانباتەوە بۆ مناڵیى ؟؟

-8-

زۆربەى کاتەکانم ، تەنیام ..

کەچى هێشتا فرسەتێکم بۆ نەڕەخساوە ،

چاو پێکەوتنێ لەگەڵ خۆم ،

ساز کەم ..

20/9/2013




شیعرێکی کۆن:.. هەوڵدان بۆ پێناسەکردن.. نەوزاد بەندی

وڵاتەکەمان پڕە لە وڵات
پڕین لە ملیاردێر و ملیۆنێر و سواڵکەر
نەخۆشخانە حکومیەکانمان خاڵین لە دەرمان و…دەرەوەی نەخۆشخانەکانمان فول فول لە دەرمان .
هەواکەمان پڕە لە خۆڵ و دوکەڵ
زانکۆ ئاست نزمەکانمان پڕن لە پڕۆفیسۆری لووت بەرز
پەیوەندییەکانمان پڕن لە شەڕ
دیوارەکانمان پڕن لە درز
کاتەکانمان هەمووی بێ سوود ئەڕۆن
گیرفانەکانمان پڕن لەدز
شەقامەکانمان پڕن لە تاسە
نوسینەکانمان پڕن لە هەڵەی چاپ وڕێزمانی
بیرکردنەوەمان پڕن لە هێرش بۆ بیرکردنەوەکانی تر
بازاڕەکانمان پڕن لە عەرەبانە
کۆڵانەکانمان پڕن لە ساحیر و نوشتە نوس و مشایەخ
گۆڕستانەکانمان هەر گۆڕەی جۆرێکە ، چونکە کەسمان لەکەسمان ناچین ..
نەوتەکەمان پڕە لە قەرز
یاساکانمان پڕن لە بێ یاسایی
خاشاکەکانمان پڕن لە خۆراک
مزگەوتەکانمان پڕن لە سواڵکەر
بازاڕەکانمان هەمووی کاڵای تورکی و ئێرانیە و ئەیشڵێن هەردووکیان هۆکاری شێرپەنجەن
شارەکانمان پڕن لە کۆمپانیای وەهمی
پارەکانمان پڕن لە چاپ و تەزویر
دەوڵەمەندەکانمان پڕن لە برسێتی
هەژارەکانمان پڕن لە تەمەڵیی
خواناسەکانمان پڕن لە تقوسی دینی
بێدینەکانمان پڕن لە جنێو و جووتە وەشاندن
بیست و یەک ساڵە ئابڵوقەی ئابووریمان لەسەر هەڵگیراوە ، کەچی هەر نەوتەکەمان بەشێکی بۆ نەوت بەرامبەر بە ئاردێکی بێ کەڵک ، ئەڕوات
سەد ساڵە خەبات ئەکەین ، هێشتا نازانین کێ یارمانە و کێ نەیارمانە ..
گەر خوا دۆعاکانمان قول بکا ، وڵاتەکەمان وێران ئەبێ و یەک کەسی بە زیندوێتی تیا نامێنێتەوە .
نە حوکمەت نەخەڵک ناپرسن ئێمەی وڵاتێکی نەوتیی ، هەتا کەی پارەکەمان چاپی بریمەر بێت و لە بازاڕەکانی جیهاندا سفر بێت؟ ئایا شایانی پارەی ستاندەری سویسریی نین؟

٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭ ٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭ ٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭
(وەک بە کاری ژیان نەما بین ، وایە )

چونکە
مرۆڤەکان کۆڵیان داوە لە مرۆڤایەتیی و پێکەوەژیان و بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی و نیشتمانیی…تەنها و تەنها سەرقاڵی خۆیان و پڕۆژە و بەرژەوەندی تاکە کەسیی خۆیانن ..
هەر بۆیه ئەگەر کەسێک نانێ بداتە هەژارێ ، دەپانزە کامێرا وێنەی دەگرن ..کەسێ قومێ ئاو بداتە پشیلەیەک ، دە دوانزه کەناڵی ڕاگەیاندن باسی دەکەن ..کەسێ مزگەوتێ دروست بکات ، لەسەر تابلۆیەکی گەورە ناوی خۆی دەنوسێ ، لە ئایەتەکانی قورئان گەورەتر ..
هەر کەسێ ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ بکا ، چاوەڕێی چەپڵە و سوپاس و پێزانینە ..

نەوزاد بەندی




دیسان نوزە نوز.. نەوزاد بەندی

جاران بێ نوێژەبارانەیش ، باران ئەباری ..
بە ڕۆژ و بە هەفتە ، شەقامەکانی
بۆ ئەشۆردین .. تۆزی غەریبی لە قژ وسەرشانمان ئەتەکان ..
خەمی وشکەساڵیمان نەبوو ، ڕێک وەک موچە ، کەس بیری سەری مانگی نەبوو ..چونکە له کاتی خۆیدا باران قژی تەڕ و ..موچە گیرفانی پڕ ئەکردین …هیچیان لە دیداری خۆی دوانەدەکەوتن …فێری وشکەساڵی و درۆ و قۆڵبڕین نەبووبوون ..
ئێستا لە جیاتی باران ، خۆڵ دێ .. دوکەڵ دێ .. ئەنفلۆنزای باڵندە و شەمشەمەکوێرە دێ ..ئەو هەموو مەلایە ئەڕۆنە قەراغ شار و بە شین و شەپۆڕەوە ، نوێژە بارانە ئەکەن ، نابارێ و دڵیان ئەشکێنێ ..
جاران زانکۆ خۆڕایی بوو ..
خوێندن ..بەشی ناوخۆیی ..نەوت ..بەتانی .. دۆشەک ..قەرەوێڵە ..سەرین ..لاویی ..پیاسە ..پێکەنین ..زانیاریی …
بە خۆڕایی بوون …و کە تەواویشت ئەکرد ، دایانئەمەزراندی ..
ڕایشت کردایە بۆ ئەوروپا ، مافی پەنابەریت مسۆگەر بوو
ئێستا لە باخچەی ساوایانەوە هەتا زانکۆ ، ئەبێ ساڵانە پارەیەکی زۆریان بۆ بژمێری و
کە تەواویشت کرد ، داتنامەزرێنن …
ڕایشکەی بۆ ئەوروپا ، مافی پەنابەریت نادەنێ ..
ئێستا تەنها شێرپەنجە و جەڵتەی دڵ بە خۆڕایین ..
٭ ٭ ٭
لە مێژە شەقامێکی حەمامیم نەدیوە نمەی باران بە پەرچەمەکانیەوە بێ ..
لە مێژە فێرخوازێکم نەدیوە بە شانازییەوە بە بێ بۆنە ، لای خوێندنگاکەی ڕەسمێ بگرێ
( ئەزانن بۆ ئەڵێم فێرخواز ؟ ئاخر بڵێم خوێندکار ئەڵێن یەکێتیە و ..بڵێم قوتابی ئەبم بە پارتی )
لە مێژە ئاسمانێکم نەدیوە ، بە بێ دۆعا و نوێژە بارانە ، ملپێچێکی سپی لە مل کردبێ ..
لە مێژه بۆنی باران ، بە بێ بەرامبەر ، دابەش نەکراوە ..
لە مێژە پاک و خاوێنیم نەدیوە دەوام بکا ..
لە مێژە هاوڕێکانم وەک ددانی پیاوێکی هەشتا ساڵان ، زۆربەیان کەوتوون و ..ئەوانەی ماونەتەوە ، خوار و زەرد و پوکاونەتەوە ..
لە مێژە حوکمەتم نەدیوە ..ئەرێ حوکمەت چۆن بوو هاوڕێیان ؟؟ باڵای چەند بوو ؟ جلەکانی .. چاویلکەکەی ناقیس چەند بوو ؟ عەترەکەی ؟ سەعاتەکەی ئۆڵما بوو یان نیڤادا ؟

ـــنەوزاد بەندی ـــــــــــــــ

(وێنەکە وێنەی کاک کامەران چڕوستانی هاوڕێمانە ، زانکۆی موسڵ و باران و ڕۆژی زانکۆ و بۆنی خاکی بۆ گەڕاندینەوە ، سوپاسی ئەکەم )




لێرە.. نەوزاد بەندی

لێرە ..
هەر لە موچە و دامەزراندن ،
نائومێد نەبوون ..
لە پاییز‌ و ..
لە باران و ..
لە هەوریش نائومێدن خەڵک ..
کەس چاوەڕێی
گۆڕینی دەسەڵات و ..
ڕوخسارە پارە بەدەست و
بڕیاردارەکان ناکا ..
هەروەها کەس چاوەڕێی گۆڕانی کەش و هەوا و ..
لە پەنجەرەدانی نمەی باران و ..
گەڕانەوەی شنەی شەماڵ ناکا …

کەس ناپرسێ ئەم گرانییە چییە ..
بۆچی کوڕی موەلیدەکە دوو ئەوەندەی پار
پارە داوا ئەکا ..
بۆچی پلەی گەرما لە 40 دانابەزێ ..
بۆچی پەرلەمانتاری عەلمانی و ئیسلامیی کێبڕکێیانە لەسەر ژنی دووەم و سێیەم ؟

کەس تاقەتی نییە بپرسێ ، بۆچی ناوبازاڕ بۆگەنی کردووە .. بۆچی کە پۆتن قوفڵی غازەکە لە ئەوروپا ئەگرێتەوە ، دەسەڵاتی کوردییش بتڵە غازەکان لە خەڵک ئەشارێتەوە و .. کەسیش ناپرسێ ئەو هەموو بتڵەیان خستۆتە گۆڕی کام باوکیانەوە ؟؟

لێرە ..
کەس بەلایەوە گرنگ نییە ، گرگنێ دوو سەد هەزار ملیۆن ملیار دۆلار بدزێ و
ئێوارەیش لەسەر تەلەفزیۆن دەرکەوێ و بە دەم و فڵقێکی لارەوە بڵێ : ئیتر لەو خەڵکە قبوڵ ناکەم …

پاییز پاییز نییە ، ئارەزووی خۆیەتی ،
با بە گەرمای هاوین تێی پەڕێنێ ..وەک چۆن سەری مانگ ، بە گیرفانی بەتاڵەوە خۆی لە ڕۆژژمێرەکە ڕەش ئەکاتەوە و ..کەسیش پێی ناڵێ : ئەرێ ڕۆڵە ! موچەکانت چی لێ کرد ؟ پشەکە خواردی یان لێت کەوت یان لە گوزەری کەوفرۆشان لێیان دزیت ؟

بڕوام وایە ، ئەمساڵ مەلاکانیش تاقەتی نوێژەبارانەیان نییە .. ئیتر ئەوانیش ئەزانن ئەم مەخلوقاتە شایانی باران نین .. حەق وایە وەک قەوزە وشک بنەوە و ..کۆمپانیایەکی ئەمەریکیی ، لەسەر پاپۆڕێک بیانکا بە جگەرە …
بڕوام وایه ، ماوەیەکی تر ، ووتاربێژەکانیش تاقەتی ووتاردانیان نامێنێ ، شەرمەزار ئەبن لەو هەموو هاوارەی کردیان ..لەو هەموو نەڕە نەڕە .. لەو هەموو ئایەتەی کە دیزە بە دەرخۆنەیان کرد و .. ئەوەندە باسی ئایەتی دەسنوێژیان کرد ، کارێزی مزگەوت وشکی کرد .. ئەوەندە ئایەتی جیهادیان شاردەوە ، غیرەت لە عیبا بەشەرا نەما …
بڕوام وایە لێرە توخمی مرۆڤ نەماوە .. ئەمانەی تۆ ئەیبینی ، کۆمەڵێ غازاتی ناوسکی ئێران و تورکیا و ڕوسیا و ئەمەریکان ..کەم کەم بە تاڵ ئەبنەوە و..کەم کەمیش پڕ ئەبنەوە ..ئەگینا نە مردن له گۆڕێدایه و .. نە له دایک بوون ..
ئیتر باران چۆن بۆ غازات ئەبارێ ؟
هەور کاری بە غازات چیە ؟
غازات چۆن ئەچێتە بەهەشتەوە ؟؟
…………………..هتد …….

ـــــ نەوزاد بەندی ـــــــــــــــــــــــــــــــــ




ئەرز و حاڵێک… شیعری / نەوزاد بەندی

دەریشــــــــــکەوی دەرناکەوی وەک جاران
تۆیش لێمــــان بووی بە بەفر و تاوە باران
وشکەســـــاڵیی ، لە زۆر شتا ڕوویــــداوە
ڕووینەدابوو پێشـــــــــــــتر خەزانی یاران
ئەوا ڕووی دا ، ڕوو لە کوێ کەی ،ڕوو نیە
لە بێزاریی دێیتە دەر ناو بێــــــــــــزاران
کە شەو دادێ ، مات و ماندوو ..تێکشـکاو خەو قاتیە و .. ئەچیتە ناو بێــــــــــداران
یەک بست نەما ، شاخ و پێدەشت وڕوبار بوو به موڵکی ئاغا و نەخوێنـــــــدەواران
هەموو شتێ ژەنگی پارە پیســــــــی‌ کرد
لە گشت لا دێ بۆگەنــــــــــــی پارەداران
لە لاکەی تر ، کە ئـــــــەڕوانی بە ووردیی
ملکچەییــــــــــــە و کۆیلایەتیی هەژاران
دەسا خوایە ، ئەوانەی نوغرۆت کــــردن
لەگەڵ ئەمڕۆ لە یـــەک تەرازوو ، (بار)ان
چ سڕێکە ، ئەمەی ئێســــــــــتا ئەیبینین
تا بێ ئەستوورترە مــــــــــــلی بەدکاران؟




بەڵگە نەویست… شیعری / نەوزاد بەندی

بۆم دەرکەوت هیچ شوێنێ خۆش نییە …
هیچ تەمەنێ جێی متمانە نییە ..
ئەوەی ئەمانهێڵێتەوە ، کاسەی سەرێکی
پڕ لە خەون و خەیاڵە …
ئەگینا بە کیسێ میز و عەلاگەیەک پیسایی و سەتڵێ خوێنەوە ، شام و شیراز ئەکەین ..
ئەگینا بە گەدەیەکی هەمیشه بەتاڵەوە ، وەخت و ناوەخت مڵچە مڵچمان دێ ..
پارچە هەورێکمان لێ ئەبێ بە جیهانێکی پڕ له جوانیی ..لە کاتێکدا کۆمەڵێ ئاو و تەپ و تۆزە و .. تەنگاو نەبێ ، نابارێ ..
دارستانێکمان لێ ئەبێ به دنیایەکی پڕ لە نهێنی ..ئەویش کۆمەڵێ داری نەخۆش و تۆزاوین ، زۆربەیان چاوەڕێی دەمی تەورێکن ، ڕزگاریان کا لەو وەزعی ئیستیعدادە …
بۆم دەرکەوت هیچ کەسێ جوان نییە ..هیچ شتێ باش نییە ..هیچ تامێ خۆش نییە.. هیچ بۆنێ سەرنجڕاکێش نییە ..
یادگارییەک بۆنێکمان بۆ ئەکا به کلیلی جیهانێکی پڕ له گوڵ ..
هەندێ هۆرمۆنی سێکسیی ، کەسێکمان لێ ئەکا بە شاژنێکی دەگمەن ..
برسێتیی ، تامێکمان بۆ ئەڕازێنێتەوە ، وا ئەزانین ناوازە و بێ وێنەیە ..
کە بەیانی لە خەو هەڵئەستین ، هەموویان لە یاد چۆتەوە .. بە سەر و چاوێکی قوپا و ..لە دو توێی بیجامەیەکی چرچ و لۆچ ، باوێشکێک تا دەست شۆرەکە بە ڕاکێشان ڕامانئەکێشی .. بۆ ئەوەی مەشکەیەک میز بکەین … پێش ئەوەی دوو بارە خەیاڵ ، لای ئاوێنەکە ڕامانوەستێنێ و .. گوێزانە چواردەمەکە بە ڕوخسارمانا بێنێ و .. بۆنی کەف و گوڵاوەکە ، بمانباتەوە بۆ ناو چیرۆکێکی ئێدگار ئاڵن پۆ و .. بگەڕێینەوە بۆ سەر لوتکەی خەیاڵ پڵاوەکان .. خۆ له جلی تەسک و بۆینباخی خنکێنەر و پێڵاوی ئەشکەنجەدەر ، هەڵکێشین .. قایشی توند لە ناوقەدمان ببەستین وەک ئەوەی کوڕی ڕۆمانێکی خەیاڵیی بەستبووی …
زۆربەی درۆیە .. یان هەمووی ..
هەمووی خەیاڵە ..یان زۆربەی ..
لە پارەی جل و خواردن و دەرمان ، زیاتر بۆ چا و قاوە و جگەرە و نێرگەلە و ئەلکهول خەرج ئەکەین ، چونکە ئەوانە زیاتر ئەمانبەنە ناو خەیاڵەوە و .. کەمتر ئەهێڵن بۆمان یەکلا بێتەوە کە دنیا یەک پولی قەڵب ناهێنێ .. کە مرۆڤایەتیی درۆیەکی گەورەیە .. کە هەر چی ئەیبینی، له هیچ هیچترە ..
ئەمانەوێ بە هەر نرخێ بووە ، لە پاڵ خەیاڵێکا ، خۆمان مات بەین و .. چیرۆکێک بە خەو بنوسینەوە ، کە خۆمان تیایدا کوڕه ئازاکەین .. کە هەرچی شتی جوان و خۆشە چاوەڕێمانە ..کە دنیا کۆتایی نایەت و .. باشتر وایە هەرچی زووترە ، ئەوەی جەنگیزخان و هیتلەر و ناپلیۆن پێیان تەواو نەکرا ، ئێمه تەواوی بکەین ..

٭ ٭ ٭
هەر لە مناڵییەوە بۆم دەرکەوت ،
ئەم دنیایە بە بێ درۆ و فێڵ و خەیاڵ ،
تەنانەت شۆرت و فانیلەکەیشی پێوە نامێنێ ..
درۆیەکی گەورەیه و
شتێکی تیا نییە ڕاست بێ ……

ــــن .بەندی ــــــــــــــــــــــــــــــــ




دیسان تۆ… شیعری / نەوزاد بەندی

کە باران هات پێی ئەڵێم ،

هەرچی کردووە ،

لەگەڵ خۆی بمبا ..

دڵنیام لە ڕێ ، ئەتبینم  ..

کە بەفر هات  پێی ئەڵێم ،

هەرچی کردووە ،

لە حەوشەکەمان خێمەیەک هەڵبا ،

دڵنیام لەوێ ، ئەتبینم ..

تۆ ..

لەناو باران و

بەفر و

درەخت و

شەقامە پاک و

ماکیاجکراوەکانای ..

تۆ ..

لەناو شیعر و

چیرۆک و

فیلم و

دراما هەست بزوێن و

پڕ لە دابڕانەکانای




چاو خشاندنێکی سەرپێی بە پیرەهەڵۆدا… نەوزاد بەندی

(پیرە هەڵۆ) دیوانێکی شیعریی هاوڕێی شاعیر نەوشیروان ئازادە لە دوو توێی 316 لاپەڕەی مام ناوەنددا و ..بە چاپ و دیزاینێکی جوان ، خۆی خستە ناو کتێبخانەی کوردییەوە ..

 نەوشیروان زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە لە بواری شیکاریی نەخۆشییەکاندا ، خزمەت بە مرۆڤەکان ئەکات ، لە پاڵ ئەوەیشدا شاعیرێکی دیار و ڕۆشنبیرێکی بەوەفا و حەقبێژ و ..کەسێکی کۆمەڵایەتیشە ..

واتا کاتێ کە لە تاقیگەدا ئەیبینی ، بڕوا ناکەیت پانتاییەکی ژیانی ئەم پیاوە شیعر و تابلۆی ویژدانیی  داگیری کردووە .. کە تەماشای شیعرەکانی ئەکەیت ، بڕوا ناکەیت ئەم پیاوە ساڵەهای ساڵ شیکاری خوێنی بۆ نەخۆشەکان کردبێ و ئێشکی گرتبێ و تا بەیانی بواریان نەدابێ  چاولێک بنێ ..

کە نەوشیروانی کۆمەڵایەتی و قسە خۆشیش ئەبینی ، بڕوا ناکەی ئەم پیاوە ، بێجگە لە بەسەرکردنەوەی هاوڕێ و خزم و دۆستانی ، بە شتێکی ترەوە سەرقاڵ بوو بێ ..

دیوانی (  پیرە هەڵۆ )  پێش ئەوەی بیخوێنیتەوە ، کۆمەڵێک گریمانەت لە لا دروست ئەکەن ، چونکە هەڵۆکان کە پیر ئەبن ، هەندێکیان خۆیان ئەکوژن ، چونکە هەیبەتیان نامێنێ و دەنوکیان کول ئەبێ یان ئەشکێ و ناتوانن ڕاو بکەن ..ئەوەیش وایان لێ ئەکا خۆیان بکوژن چونکە ژیانی سەرشۆڕیی ڕەت ئەکەنەوە ..

ئەم دیوانە بۆچی ناو نراوە پیرە هەڵۆ ؟ ئایا باس لە پیاوانێک ئەکات ..لە میللەتێک ئەکات ، کە مەرد بوون و ئێستا ئیتر لە پەل و پۆ کوتوون ؟ باس لە پیاوانێک ..لە میللەتێک ئەکات ، کە تەنها ناویان هەڵۆ بووە ئەگینا  نەیانتوانیوە هیچ ڕێکارێکی هەڵۆ بەرجەستە بکەن و ..بە ناچاریی وەک پیرە هەڵۆیەکی بێ هێز و بێ توانا و پەراوێزخراو هەڵوێست ئەنوێنن ؟  پیرە هەڵۆ ، شاعیر خۆیەتی کە ساڵانێک وایزانیوە لە ووڵاتی هەڵۆ و شێراندایە و ..بەم پاییزی تەمەنە هێشتا خەونەکەی پاراستووە  و .. هێشتا بڕوای وایە کە ئێرە مەملەکەتی سەرکەشی هەڵۆکانە ؟

لە دوورەوە

وشەکانی نێو چەوانت دەخوێنمەوە

دەزانم چی لە دڵتایە ..

لە ئاسمانی خەیاڵت دا

کام باڵندە  ،

لە پەرواز و ، برەودایه …..( ل 20)

وەک کۆمەڵگایەکی داخراوی چەپێنراو ، هەموو عەشقەکان لە دوورەوەن ..هەموو خەونەکان له دوورەوەن .. هەموو ژوانەکان خەیاڵین و .. گریمانەن ..هەموومان  سەرنجە دوور بە دوور و ..لێکدانەوە نهێنیەکانی خۆمانمان بیر ئەکەوێتەوە …

کاتێ لە پێش چاوم دەبی

خۆم بە خاوەن تۆ دەزانم ..

وا  دەزانم ئەم جیهانە

لانکەیەکە و …

دڵەی ساوام ڕادەژەنێ …. ( ل 22 )

هەمان دۆخی چەقبەستوو . . خاوەندارێتیی .. بەتاڵ بوونەوەی عەشق و جوانیی ..واتا نەبوونی ڕێگایەکی تر بێجگە لە کڕینی مێیینەیەک و زیندانکردنی هەردووکتان لە زیندانێکدا کە بە دروشم و پیرۆزیی بۆیاخ کراوە ..

گەورەترین ئومێدی هەموو لاوێک ، ئەوەیە خاوەندارێتی یان ساڵانەی کچێک بکرێت بەناوییەوە ..ئیتر ئەوە وەک خاوەندارێتیی هەموو جیهان وایە ، لەلای ئەو .. کە لە ڕاستیدا وا نییە .. ئەو دیوارە سەختانە وای کردووە هەردوو ڕەگەز وابزانن تەنها گەیشتن بە ڕەگەزی بەرامبەر یەکسانە بە هەموو سەروەرییەکان ، بە هەموو گەردوون .. کە لە ڕاستیدا ئەوانە هەموو خەون و خەیاڵی کەڵەکەبووی ساڵەهای ساڵن  ، ئەگینا گەیشتن بە یەکتری ، ڕێک وەک گەیشتنی ڕۆژانەمانە بە ئاو ..نان .، هەر شتێکی تر ، کە زۆر جار نەگەیشتن ، جوانتر و بەسوودترە .. بە واتایەکی تر ، ئەو خاوەندارێتییە خەیاڵییەی کە هیچ نییە ، یان ڕاستێکەی شتێکی زۆر ئاسایی وسادەیە و ..لێمان کراوە بە هەموو گەردوون ..دەستی تێدا ماچ ئەکرێ و شەڕی گەورەی تیرەکانی پێ دەکوژێنرێتەوە و ..ئاڵتونێکی زۆری تێدا خەرج ئەکرێ و …قەرزێکی زۆریش ..زۆر زۆر ، بۆ ئەگەری ڕاکردن و لێک جیا بوونەوە ..

لێم وون مەبە ، چونکە دووریت

دەبانێکە …

سینەی بزەم پێ شەق دەکا

لێم وون مەبە چونکە دووریت

هەواڵێکە و لەسەر سەفحەی قوڵنگی یاد

بێستوونی شادیم شەق ئەکا ……( ل 23)

دیسان لێرەدا مرۆڤە تاک ڕەهەندەکان دەردەکەون .. ئەوانەی بە داوێک دەزووەوە بە ژیانەوە بەستراونەتەوە .. ئەوانەی بەدیلی تریان نییە .. نە بەدیلی عەشق ..نە بەدیلی حوکمڕان .. نە بەدیلی سەرکردە .. تەنانەت بەدیلی خواردنیان نیە و ئەبێ هەمووان بە نەخۆشی چەوری  و داخرانی بۆرییەکانی دڵ بمرن …

تەواو .. وونبوونی ئەو ، خەنجەری دەبانە و..شەقار شەقاری ئەکا .. کونکردنی بێستوون و نائومێد بوونی فەرهاد  و ڕەنج بەخەساربوونی ، دووبارە بوونەوە و حزووری لە هەمووماندا هەیە .. ئەم نائومێدییە  بە تامی ئومێد ، ئەم ڕەشبینییە بە تامی گەشبینیی ، ئەم ددانپیانانە کە لە هەمان کات جۆرێکە لە خۆکوشتن  ، لە هەموو بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکانماندا  ، ئامادەیه .. واتا هەموو داستانێکی عەشقمان ، چەقۆ و جەنجەر و کوشتن و فرمێسکی دنیای تێدایە ..ئەمەیش بە داخەوە ،دەرخەری ئەوەیە کە ئێمە پێش نەکەوتووین ..ئێمە هێشتا ئامادەین کێوی بێستوون کون بکەین بەڵام ناتوانین کێوی ئەو مێژووە هەڵەیە کون بکەین و ..لێوەی هەڵبێین بۆ دنیایەکی جوانتر …ئەوروپییەکان ڕۆمیۆ و جولێتیان تێپەڕاند ..واتا چیدی لاسایی ڕۆمیۆ ناکەنەوە .. ماکبسیان خۆش ناوێ ، تەنانەت بە شێت لە قەڵەمی دەدەن .. دێزدەمونا  وەک کار لە بەردەمیدا ڕاناکشێ ، بیکوژێ .. تەنانەت گاڵتەیان بە خۆ کوشتنەکەی ماکبس دێت …بەڵام ئێمە هێشتا حەز ئەکەین فەرهاد بین .. یان وەک  وەلی ، شێت و دێوانە بین ..بە ڕای من بەشێک لە هۆکاری  سەرهەڵگرتنی شاعیر و بیریارەکانمان ، بۆ ئەوە بووە وەک فەرهاد و وەلی و سیامەند نەبن  .. هیچ سەرسام نەبووم کە شاعیرێکی خۆمان نوسیبووی ، لێرە میترۆیەک نییە تیایدا یەکتر ببینین ، کەواتە ئەم ددانپیانانە ، هیچ نەگەیەنێ ، ئەوە ئەگەیەنێ کە شاعیرەکانمان ئەیانەوێ لەناو میترۆدا خەون ببینن نەک لەسەر کێوی بێستوون .. ئەیانەوێ لە فڕۆکەخانە چاوەڕێی یار بکەن ، نەک وەک وەلی ئاوارەی شاخ و چۆڵەوانیی بن ..ئەمەیش بۆ خۆی هەنگاوێکە ، بەڵام هەنگاوێکی خەمگین .. خەمگین بەو مانایەی میترۆ نیە و نایشبێ ..بەڵام ببووایە ، ئەکرا یەکتر بینینی جوانتری تێدا بوو

Nawzad Bandy

ایە .. ئەو دێڕە پڕە لە ڕەخنە لە دەسەڵاتێکی بەربەری و گەمژە و نەخوێندەوار ، کە ناتوانێ یان نازانێ تێبگا لەوەی شاعیرێک چی پێ خۆشە .. لاوێک خەو به چییەوە ئەبینێ .. نایەوێ تێبگا لەوەی کە میلەتێک لەو بێزارە ..کە نەیتوانیوە بچوکترین ئومێدی میللەتێک بهێنێتە دی ، بە جۆرێک هۆکاری گواستنەوەی ژێر زەوی کە لە هەموو دنیادا هەیە ، ببێتە خەون و خەیاڵ و شیعری شاعیرەکانمان .. ئەمە بۆ خۆی حەیاچوونی دەسەڵاتێکە ، هۆکاری گواستنەوەی مۆدێرن ئەوەندە مەحاڵ بێ ، ببێ بە خەیاڵ و ئیلهام و جێژوانی شاعیران  ..لە جیهانێکی مۆدێرندا کە تیایدا ووڵاتان خەریکی خۆئامادەکردنن بۆگەشت و مانەوە لە سەر مەریخ ..

تاوان نیە ئەگەر ئەمڕۆ

دارتێلی گشت شەقامەکان

ببن بە داری‌ خنکاندن

بۆ خوێنخۆر و ……….. ( ل 59 )

ئەمە ئەوپەڕی بێزاریی شاعیرە  لە سیستمێکی حوکمڕانیی کە کارێکی کردووە شەرعیەت بدرێ بە کۆمەڵکوژیی کاربەدەستان  .. ئەمەبۆچوونی زۆرینەی میللەتێکە کە شاعیر بە هێمنیی گوزارشتی لێ کردووە .. وەک دادوەرێک ، دەستوورێکی ڕاستەقینە بۆ گەلێک ئەنوسێتەوە ،تیایدا هەڵواسینی گەندەڵکاران و دوژمنانی گەل  ، بە دارتەلەکاندا ، تاوان نییە ..

ئەمە بە ڕای من جوانترین یاسایە .. هەر خوێنخۆرێکی میللەتتان بینی ، بە نزیکترین دارتەلدا هەڵیواسن ، یەکەم وەک سزایەکی دادپەروەرانە و دووەمیش بۆ ئەوەی ببێتە پەند بۆ ئەوانەی تر و نەوێرن بیر لە زوڵم و زۆر بکەنەوە ..

گیانی شەهید

کۆترێکی ئاشتی خوازە

کاتێ شادە

کە هاوڕێکەی

سەنگەرەکەی

جێ نەهێڵێ

بۆ ئافرەت و کۆشکی تازە ……( ل 91 )

لێرەدا شاعیر بەردێک ئەنێ بە تەوێڵی هەموو ئەوانەوە کە هاوڕێکانیان شەهید بوون و ..خۆیشیان کۆشک لە دوای کۆشک و..ئافرەت لە دوای ئافرەت ئەگۆڕن و تاقیئەکەنەوە ..

پێیان ئەڵێ بەم غەریزە پەرستی و وەحشیگەرییەتان ، هاوڕێ شەهیدەکانتان لەناو خاکدا خەم ئەخۆن ..

بۆچی خەم ئەخۆن ؟ بۆ ئەوەی ئەمان لە پێناوی نیشتمانێکدا شەهید بوون هەتا ئەوان خەریکی دزی و شەرواڵپیسیی بن لەسەری ..

من دەنگ بە هیچ

کەسێک نادەم

هیچ کاندیدێکم نییە ،

تا بیکەمه نوێنەری خۆم ..

خۆشەویستانم هەر ئێوەن

تەنیا کەسن

دەنگیان بەمێ

بۆیان بسووتێم وەکو مۆم …(ل 141)

لێرەدا شاعیر لە بەرەی گەلدا ماوەتەوە و ..ڕێبازی خۆی دیاری دەکات ،کە ڕێبازی گەلە و ..ئەوان بە نوێنەری خۆی ئەزانێ ..

ئەمەیش خۆی لە خۆیدا ، هەوڵدانە بۆ فێرکردنی خەڵک بۆ ئەوەی نیشتمانیی بن نەک حیزبی و تیرەگەر و کەسپەرست و بنەماڵەپەرست …کەسان و تیرە و بنەماڵەکان ئەڕۆن و گەل ئەمێنێتەوە ..

لێرەدا وانەیەکی سادە و ساکار پێشکەش ئەکا ، بەوەی کە گەل بکرێتە چەقی بڕیار و دەنگ و هیوا و هەموو بەرنامەکان .. ئەوەیش بانگەشەی یەکگرتن و ..سڕینەوەی سنووره دڕکاوییەکانی حیزب و چینایەتی و حوکمی پشتا و پشت و کۆنەپەرستی وبەربەریەتە ..

کاتێ هاتن

لەناو دڵی

نیشتمانا

هەڵمانگرتن

لە دڕکەزیی

شەوەزەنگ و

زەمهەریری

کاروانێکا

بووینە تەتەر

لە باوەشی

گەرمی خۆرا

هەڵمانگرتن

دێتە بیرتان

بۆ داگرتنی

تیشکی خۆر

چۆن لاوکی سیامەند و

دڵی پاکی خەجێ خانمان

کردە چڵێ گوڵی سووری

بەر یەخەتان

کەچی ئێوە

بێباکانە

فڕێتان دا لەبەر پێتان

دێتە بیرتان

ڕابوردووتان ….( ل 178 )

لێرەدا شاعیر ئەیەوێ خەڵکێکی چەکداری بێ مروەت و ناکەس شەرمەزار بکا ، کە سەردەمی پارتیزانیی ، گەل پەناهاندە و دایک وباوک و داڵدە و ئامێزی ئەوان بوو ،

کەچی کە گەیشتنە کورسی  دەسەڵات ، هەموو ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی میللەتیان فڕێدایە ژێر پێیان  …لێرەدا شاعیر گلەییەک ئەکا و..بە نائومێدییەوە بەو بێ مروەت و نامەردانە ئەڵێ : دێتە بیرتان؟ ‌….لە کاتێکدا دڵنیایشە کەسێک ئەو هەموو وەفا و ئەمەگەی میللەت بخاتە ژێر پێی  ، بێگومان لە یادی نییە .. لە یادیشی بێ ، گاڵتەی پێ دێ و هیچ  نرخ و ڕێزێکی بۆ دانانێت ..

بەڵام لێرەدا ئیتر بێدەسەڵاتیی شاعیر  لەبەرامبەر دەسەڵاتێکی بەربەرییدا  دەردەکەوێ‌ و ..بێجگە لە سوکە گلەییەک هیچ چارەسەر‌ وئەڵتەراتیڤێکی پێ نییە یان پێیەتی  و دەری نابڕێ .. لە  کاتێکدا من بوومایه ، وام دەووت :

ئەی‌ گەلی

هۆلاکۆ بەزێن ..

بەعس ڕوخێن ..

هەستنە سەرپێ‌ ..

ئەوەی بە میللەت ئەحەپێ ،

پەتی کەن وەک بێکەس ووتی

فڕێی دەن ..بیخەنە ژێر پێ ..

کەسێ نیشتمانفرۆش بێ ،

تێی هەڵدەن گەر ڕۆژانێکیش

کاریزمای من و تۆش بووبێ‌..

چونکە جێی قبوڵکردن و دانووستان نیە کەسانێک فیداکاریی میللەتیک فڕێدەنە ژێرپێ و بۆیشیان بچێتە سەر ..

کە تۆ دەڕۆی

بەهار ئەمرێ

مانگ لە ئاسمان

پرشنگ  لە خۆر

بزەی سەر لێویش ئەتۆرێ  … ( ل184)

ئەوەیش ئەو پەڕی خۆشەویستیە  ، کە تێکەڵاوی هەموو وەرزەکان و سروشت بووە و ..دەستکارییان ئەکا و ئەیانگۆڕێ ..

ئەوەیش وەک نزار القبانی ، لە شیعرێکیدا ئەڵێ :  ( قولي احبك

كي‌تزید وسامتي‌ ..! )

واتا :

بڵێ خۆشم ئەوێی

بۆ ئەوەی جوانتر بم ..

لێرەدا ئەو ئەبێتە بڕیاردەری  هەموو خۆشی و ئاسوودەییەک و تەنانەت ڕۆڵی پزیشکی جوانکارییش ئەگێڕێت  ..

لە ژێر چەپۆکی

پۆستاڵ ڕەشێکا

نیوەی تەمەنم

ڕۆیی بێهودە

بۆ نان بۆ ژیان

بۆ نیوەکەی دی

برای هاوخوێنیم

لێ بۆتە جەردە‌ ….. ( ل186 )

بە ڕاستی ئەمە کورت و پوختترین ژیاننامەیە بینیبێتم و خوێندبێتمەوە ،هەموو ئەوانەی هاوتەمەن و هاونەوەی  شاعیرن  ، بە خوێندنەوەی ئەو شیعرە ئاخێک هەڵئەکێشن  ، چونکە بە کورتی و بروسک ئاسا ، پێناسەی ژیانیان ئەکا ، نیوەی تەمەنیان بێگانەیەکی میلیتاریستی خێڵەکی گەمژە  خەساری کرد و .. نیوەکەی تر هاونیشتمانییەکی چاوبرسی و هەرگیز تێرنەبووی نیشتمانفرۆش ، وێرانی کرد  ..

بەڕاستی من زۆر سوپاسی نەوشیروان ئازاد ئەکەم بۆ ئەم پێناسە جوانە و ..من وەک ناسنامە تەماشای ئەکەم ..حەق وایە هەموو لە دایکبووانی ساڵانی پەنجا و شەست  و حەفتای سەدەی ڕابوردوو ئەم کورتە شیعرە کەبس بکەن و وەک ناسنامە بیخەنە گیرفانیان و .. لە بازگەکاندا نیشانی پۆلیسەکانی بدەن ..ڕاستترین و کورت و پوختترین ناسنامەیە ..

ماوەتەوە بڵێم ئەم دیوانە شیعرییەی نەوشیروان ئازاد ، قسەی زۆر زیاتر هەڵدەگرێ .. لێکدانەوە و برین و ئازار و خەونی لەبار براوی نەوەیەکی ڕۆشنبیری گەلەکەمانی هەڵگرتووە ، هەر کۆپلە  و دێڕێکی چەندین لێکدانەوە و خوێندنەوە هەڵدەگرێ .. بە جۆرێک ئەتوانرێت وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی تەماشا بکرێ ..

دواجار لە ڕووی خاڵبەندییەوە ، هێماکانی پرسیار و سەرسوڕمان و خاڵ و فاریزە و هێماکانی ترم لەنێوان و کۆتایی دێڕەکاندا نەبینی ، کە بەڕای من  بەشێکی گرنگی نوسینە بە  گشتی و شیعرە بە تایبەتیی ، هیوادارم لە بەرهەمەکانی داهاتوویدا ، ڕەچاوی ئەو دیاردەیە بکات و کاریان پێ بکات  ..

ــنەوزاد بەندی ــ ۳/۸/۲۰۲۲




شاری هەتیو… نەوزاد بەندی

وەک چۆن مناڵی هەتیو هەیە ،
شاری هەتیویش هەیە ..بڕوانن ؛
شەقامەکانی تۆز و خۆڵ دایپۆشیون ..
قیرەکەی هی سەردەمانێکی زۆر کۆنە ..
پڕ برین و
زام و
چاڵە ..
هەموو دانیشتووانەکەیشی لە ئاست داوای مافا ، لاڵە ..
دیوارەکانی نەخشەی میزی زەرد و چڵک و
کەڕوو دایپۆشیون ..
پایەی پردەکانی چڵکن ، پڕ لە پاشەڕۆی
گەنیون ..
تیایا سیاسەت یەعنی درۆ ..
تا درۆزنتر بی ، سیاسیتر ئەبی لەوێ ..
تا دزتر بی ، یاسا پارێزەرتر ئەبی ..
شاری هەتیو ،
کەس خۆی ناکا بە خاوەنی ..
ئاخر شاری هەتیو ، کەسی نییە ،
نە دایک ..نە باوک ..نە خوشک ..نە برا ..
درەختەکانی ، قژیان شێواوە و ..
هیچیان جارێ نەبراونەتە ساڵۆن ،
هیچیان جارێ نەبراونەتە گەرماو ..
دەستێ شامپۆ و شانەیەکیان پیا بهێنرێ ..
نەمامەکانی ،
هێشتا کەسێ دەستێکی نەهێناوە
بە قژیانا و ..
قردێلەیان بۆ دابنێ ..
پشیلە و سەگەکانی ، برسی ..تینوو ..
چاو کوێرکراو ..کلک بڕاو ..و قاچ شکاو ..
کارەباکەی ، وەک برنج و گۆشت ئەفرۆشرێ و
هەژار ناتوانێ بیکڕێ ..
ئاوەکەی یەکپارچە قوڕاو ..تانکییەکانی پڕن لە پشیلە و جرجی مردوو ..
هێشتایش نیە و .. سەرۆکحیزبەکان هەفتانە ، وەک ڕیکلامی حیزبەکەیان ، ئاو بە بەرمیل دابەش ئەکەن ..
وەک چۆن مناڵ ، باوکی ئەمرێ ،
شاری باوک مردوویشمان زۆرە ..
وەک چۆن پیرەمێردی شاعیر ،
کە بابی نەما ، کەبابی نەما ،
شاریش کە بابی نەما ، کەبابی نامێنێ ،
بیشیمێنێ ، نەخواردنی لە خواردنی باشترێکە ..چونکە هەر ناوی کەبابە و لە ڕاستیدا دەرد و میکرۆب و عەزابە ..
شاری هەتیو ،
هیچی بەسەر هیچیەوە نەماوەتەوە ..
مانگی بۆتە چل پەنجا ڕۆژ ..
موچەی فەرمانبەرەکانی هەمیشە لە خەتەرایە ..
دوکان و بازاڕی هەمووی قۆڵبڕینە ..
ئاینەکەی تەنها قسە و دەربڕینە ..
ووتەی سەرکردەی هەڕەشە و جنێو و لورە و وەڕینە ..
سەدان باوە پیارەی دزێو ،
بە ناوی گەورە و دێی وێران ،
خەریکن ئەیڕوتێننەوە ..
سامانی ئەرز و ژێر ئەرزی ..
دەشتی نزم و
چیای بەرزی ..
قاش قاش ئەخۆن ..
باش باش ئەخۆن ..
شاری هەتیو ،
شۆستە و ترافیک لایتەکانی ،
پڕن لە پەککەوتە و سواڵکەر ..
پارەکەی چاپ و تەزویرە ..
هەموو کاتێکی ناسکە و ..
هەموو ساتێکی پێ ئەچێ داگیرکەرێ
بیداتە داگیرکەرێکی تر بە کرێ ..
شاری هەتیو ،
پڕپڕە لە سەرقەبران و نەخۆشخانە ..
بە حیساب شارە ، سەد ڕەحمەت لە حەپس و لە بەندیخانە ..
کێشەی ئاویان داوە بە نوێژەبارانە ..
هەرچیش ڕوو با لە کارەسات ،
کەس خۆی ناکا بە ساحێبی ،
ئەڵێن زروف و زەمانە ..
هاوشارەکانی زۆربەیان کۆیلە و
سیخوڕ و داماون ..
کەمێکی مەردیشیان هەیە ،لە زیندانان
یان کوژراون ..
شاری هەتیو ،
تەنها کۆشک و کۆڵان و مۆڵ و تاوەری باوەپیارەکانی خۆشن ..
تەنها ئەوانیش ئەتوانن گەشت بکەن و
لەوێ نیشتمان بفرۆشن ..
ئیتر ساڵێ موچە نیە و ..
ساڵ هەیە کارەبا نیە و..
ساڵیشیان هەیە ئاو نابێ
شاری هەتیو تا باسی کەی تەواو نابێ ..

٭ ٭ ٭
من
لە شاری هەتیو ئەژیم ..

ــن.بەندی ــــــــــــــ




دوای جەژن… نەوزاد بەندی

هەندێ جار خەوتن لە مەوقیفی پاسەکانا ،
خۆشترە لە خەوی ماڵێ ..
کەچی هەر خەو ئەبەینەوە بۆ ماڵەوە ..
ئەمانەوێ مایەی تاقمی نوستنەکە دەربێنینەوە .
لەو دنیا گەورە خۆشەدا ،
لەم چەمە بۆگەنە وشکەی سلێمانیدا ،
پەنجا ساڵە ئەتلێینەوە ..
گەمژەین ..گەمژە ..گەمژەییەک ئاو لێڵ ناکا
لێڵیشی کا ،
هەر لێرە سەرئەنێینەوە …!

٭ ٭ ٭
ڕێک کەوتووە بەیانییەک ،
وتبێتم چی ئەبێ واز لە هەرچی
کەس و ماڵ و ناو و نازناو و کەل و پەل هەیە بهێنم و ..
وەک بۆق ، بازێک هەڵدەم ، تا ئەوسەری دنیا ،
نەوەستمەوە ..!!؟؟
ناتوانم و ..
خۆم تەواو گیری خواردووە بە دەستمەوە ..!!

بە قورسایی ئەو ڕۆژانەی
وەکو لۆکە شی بوونەوە و
وەک شاخ لەسەر شانم وەستان ،
چاوەڕوانم ..
بۆ تێکدانەوەی ئەم دنیایە و ..
بنیاتنانی یەکێکی تر‌ …
ڕزگار بوون له دەمی گورگێ ..
بۆ بەر قەپی سەگێکی تر . …!!




دووان… نەوزاد بەندی

ـــ1ــ
(درعی مۆبایل و گەندەڵیی )

درعی مۆبایل دوو سێ هەزار دیناری پێ ئەدەیت ، هەفتەیەک نابات پڕ ئەبێ لە درز و شوخت و ناچاریت دیسان بیگۆڕیت ..
بە ڕێکەوت لە دەستی دوو هەندێ درعی ئەوروپیم بینی ، نرخیان زۆر هەرزان بوو ، چوار دانە بە هەزار ..کڕیم ..
یەک مانگە ئەو درعە ئەوروپیەی لەسەرە ، نە درز ..نە شوخت ..نە هیچ عەیبێکی تیا دروست نەبووە ..
کەواتە گەندەڵیی گەیشتۆتە ئاستی درعی مۆبایل یش ..
ئیتر چاکسازیی چی ، سەیدا ؟

ـــ2ــــ
ــبزانیت چییە و نەزانیت چییە ؟ ـــ

لە ناوەڕاستی شەقامێکا ،
لە پڕێکا خۆشم ئەوێی ..
لەسەرەتای فیلمێکا ..
لە بەردەم سەوزە فرۆشێکا ..
کاتێ کراسێ تاقی ئەکەمەوە ..
کە ئەڵێن تا چوار ڕۆژی تر ئاو نابێ ..
کە هەموویان بە جێم دێڵن ..
لەلای لۆرییەک کە بەردەم گەراجەکەمانی گرتووە ..
لەناو ژوورێکی گەورەدا کە تەنها خۆمی تێدام ..
لە کاتی ئیمزای بەیانیاندا ،
لە پڕێکا خۆشم ئەوێی …




وێنەکان… نەوزاد بەندی

وێنەی یەکە م : کۆپەر لۆند
وێنەی دووەم : ئەحمەد س .
وێنەی یەکەم : شەش ساڵان
وێنەی دووەم : هەشت ساڵان
وێنەی یەکەم : دایکی کۆری و باوکی کەنەدی .
وێنەی دووەم : باوک و باوەژنەکەی کەرکوکین .
وێنەی یەکەم : سێ ژەم پێکەنین
وێنەی دووەم : سێ ژەم گریان
وێنەی یەکەم : ئەچێتە مەلەوانگە و گەلەری و خوێندنگا
وێنەی دووەم : ئەچێتە ژێر زەمینە تاریک وشێدارەکە بۆ گریان و خۆشاردنەوە .
وێنەی یەکەم : ژووری تایبەت بە خۆی هەیە .
وێنەی دووەم : دارحەیزەرانی تایبەت بە لێدانی خۆی هەیە .
وێنەی یەکەم : باوک و دایکی زۆریان خۆش ئەوێ و باشترین داهاتوویان بۆ دابین کردووە ،
وێنەی دووەم : باوک و باوەژنەکەی زۆری لێ دەدەن و لە دەرەوەی شار فڕێی ئەدەن ، خێرخوا ئەیدۆزنەوە ، ئێستا ئەحمەد ئەڵێ : هیوادارم باوکم و باوەژنەکەم لە سێدارە بدرێن ..




وەک هەر بەیانییەک… شیعری نەوزاد بەندی

هەموو بەیانییەک ،
لە خەو هەڵئەسی ،
دڵت گیراوە ..
وەک دەیان هەزار بەیانی تر وای ،
هەنگاوێک ئەبوو هەڵبهێنرایە و
هەڵنەهێنراوە ..
هەموو بەیانییەک ،
تاوێرە بەردێک
ڕێک لەسەر سنگی تۆ دانراوە ..
ئەتەوێ هەڵسی ،
نازانی بۆچی ..
نازانی بۆ کوێ ..
هەرچی جێ هەیە ،
هەرچی ڕێ هەیە ، بە قوڕ گیراوە ..
وەک دەیان هەزار بەیانی تر وای ،
بۆ تابلۆی ژیانێک ،
ئەبوو بیکێشین ،
نەک نەمانکێشا ،
فڵچە وسکێچ و کاغەزەکەیشی
نازانین لە کوێ فڕێمانداوە ..!
هەموو بەیانییەک ،
وەک دەیان هەزار بەیانی تر وای ،
زۆرت پێباشە چاو نەکەیتەوە ..
ئەو گشت پێڵاوە بزماراویانە ،
لەسەر تەوێڵ و چاوت وەستاون ،
نەبینیتەوە ..
ئاخر ناخۆشە هەر بەیانییەک
وەک سەدان هەزار بەیانی تر بی ،
هیچ ڕووی نەدابێ..
هیچ نەگۆڕابێ ..
بچووکترین خەم نەسڕابێتەوە ..
هەر ئەشکەنجەکەی دەیەها ساڵ بێ،
…نەبڕابێتەوە ..
هەرچی ڕێگایە،دڕک دایپۆشیوە ..
دەرگا داخراوە ..
هەرچی پەنجەرە و دەلاقە هەیە ،
دژە هەتاوە ..
هەور دژە باران ..
ئاغا دژە نان ..
هەرچی ئەبینی ،
مات و ڕوخاوە ..
وەک دەیان هەزار بەیانی تر وای ،
هەرچی دەرد هەیە ..
هەرچی بەرد هەیە ،
وەکو خۆی ماوە ..




بۆ ساڵیادی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان… نەوزاد بەندی

نەیشکوژرایە ،
ئێستا لە برسا مردبوو ..
بۆ هەندەران ڕایکردبوو ،
یان ئیجە ڕۆحی بردبوو. .
یەک هاوکێشەن ،
ژیان و مردن ..
دانیشتووی هەر هەمان بێشەن ،
ئەوانەی ڕاو نەکراون و
ئەوانەی کە ڕاویان کردن ..

چەند جێی داخە ،
لە مەملەکەتی قاچاخچی ..
پێویست بێ ببی بە نێچیر ،
بۆ کۆمەڵێ کۆلکە ڕاوچی !

جێی داخە ..جێی گینگڵدانە ،
شارەکەت پێ بفرۆشنەوە و ..
کە تەماشا کەی زیندانە ..
هەمووی قولاپ و
جەلاد و ..
کەرەستەی
ئەشکەنجەدانە…

نەیشکوژرایە ،
ئەبوو بە چی ؟
لەکاتێکدا لە ئەشکەوتا ،
بوون بە شت ،
بۆ کوڕی هەژار ،
خۆی تاوانە ..!

4/5/2020




شیعر/ زۆر لێتان جوانە… نەوزاد بەندی

( شیعری شەعبی بۆ دەروێشەکانی حەشدی شەعبی و عەشایەری )

ـ

زۆر لێتان جوانــــــــــــــــــــە تاڵان و بڕۆ
ڕێک ئەیتەقێنێ ڕۆژی ســــــــــــــەد درۆ
ساڵ بەسەرئەبەن بە هەنگــــــــــە شەلە
موچە بووەتە هــــــــــــــــــــــەواڵی پەله
بانکی حوکومیی ، چـۆڵ و هــۆڵ و لات
هەرچی بێتە شار ،بانکی حیزب ئەیـبات
مەرگی خانەنشین ، ڕۆژی مەعاشـــــــــە
بۆ خەرجی و ئاوی پرسەکەی باشــــــــە
ئەوەی زمانی بە دێڕێ بپـــــــــــــــــــژێ
یان بێ ڕەوشتە یان خوێنـــــــی ئەڕژێ
یان ئەبێ بڵێ بەخـــــــــــوا ڕادوێ بوو
ئەگین حوکمەتــی وا باش له کوێ بوو؟
پەنجا فەوج خـەریج ، بێ کار و ئیشــن
ئێوەیش دیزاینی قیتار ئەکێــــــــــــشن
ملیارێ دۆلار ، هی خەڵکـــــــی دامــــاو
لە لوبنان ئەبێ بە پــــــــــــــۆڕی خوراو
زۆر ئاساییە ، جــــــــێی باس هەر نییە
لە ئاست خەباتا ، ملــــــــــیارێ چـــــیە؟
زۆر لەسەرمان کەوت ڕۆژانی شـاختان
بەڕاستی جوانە دەروون و ناخــــــتان
چی بەرزاییە ، کۆشک و تــــــــــــەلارە
ملیۆنێ دۆلار‌ بۆ یەک ســـــــــــــــەیارە
کۆمپانیا و زانکۆ و گومرک و دەرمـــان
هەمووی دۆلارە و ئەخرێــــتە گیرفان
ئەوەی سەر بە قوڕ دێنێتە قـــــــــــاقا
کارەباکەیە ، لەســــــەر دوو لاقــــــە
هەتا هەتایە نابــــــــــــێ بە یەک لاق
ئەهلی و حوکومی، عاشق و موشتاق
بەو حاڵەیشەوە چەندەها ســــــەعات
کارەبا ئەبڕن لە مــــــــــــــەڕ و ماڵات
تا خەڵک بڕۆنە ناو پـــــــــــــــــڕۆژەوە
کارەبا و ئاوی شـــــــــــــەو و ڕۆژەوە
پڕۆژەیش تەنهـــــا موڵکــــی ئەحزابە
ئەویش بۆ سەوزه و نان و کـــــــەبابە
موەلیـــــــدەی‌ گەڕەک بووە بە بزنـس‌
ئیتر هێمنی و جوانــــی بە یەک فلس
دوکەڵ و نەڕەی یەک ڕۆژ ڕێ ئەڕوات
پیاو کە ئەیبینێ ، کۆڵێ داخ ئەخـوات
سی ساڵ زیاترە ، هەروایە و .. هەروا
خۆ خەڵک ڕازییە و .. وەزعەکە ئەڕوا
ئەگەر ڕازیــش‌ نین ، پڕۆژەمان هەس
ناوشار چاک ناکەین ، ئیتر بەهەوەس
هەتا هەتایە ، کارەبا وایـــــــــــــــــــــە
بزنسە و نابێ بڕوا بە زایـــــــــــــــــــە
جاجاریش بۆ زەوق ، شەقوەشاندنـێ
پۆرتی مامۆستای پیـــر شکاندنـــــێ
یاخود ناردنی‌ چەند چەقۆ کێــ ـــشێ
بۆ ڕۆژنامەنوسێ ، بزانن کوێی ئێشێ
گەر پێویستی کرد ، بەناوی داعـــــش
ڕۆحی دەربێنن ،هەرچیش ئەبێ چش
لە پڕ لە باڕ و لەگەڵ مۆدێــــــــــــلــێ
لەسەر سیستەمی ڤێلا و مۆتێــــــلێ
یەکێکتان لەگەڵ بـــــاڵا چنـــــــــــارێ
سێکس و هاوارتان لە لێو ئەبـــــــارێ
ڤیدۆیەک دزە ئەکا بۆ ئیعـــــــ ـــــلام
بە سەوت و سوڕە ، مەشهەدی بەتام
ئەمە بۆ تێستی غیرەتی خەڵـــــــــکە
تا دڵنیابن هەمووی بێ کەڵـــــــــــکە
ئیتر بەو جۆرە و زۆر‌ خراپتــــــریش
چەندم وتووە ، هەر زۆر زیاتریــــش
ئەنجامی ئەدەن بێ دەربەستانـــــە
میللەت بێ ورتە و جوڵە و پەستانە
زۆر لێتان جوانە، حوکمی نەوە و کوڕ
کاسەی خەڵک بۆش و ئەوەی خۆتان پڕ
………هتد ….

ــنەوزاد بەندی ــــــــــ




سروود… نەوزاد بەندی

بە دەست ..بە بیر ..بە بێداریی
هەڵمەت ئەبەین بۆ ڕزگاریی ..

هیواکان ئەڕوێنینەوە ..
هەڵۆکان ئەهێنینەوە ..

چەکی باوەڕ ئەکەینە شان
مەرگ بۆ نیشتمانفرۆشان ..

بە دەست ..بە بیر.. بە بێداری
هەڵکەین مەشخەڵی ڕزگاریی

ئێمە زۆرینەی بێدەنگین
خاوەن هەڵوێست و بێڕەنگین ..

لە بێدەنگیی ئەچینە دەر
لە بێڕەنگیی ئەچینە دەر

چونکە هیوای گەل فرۆشرا
میللەت بۆ بێگانە دۆشرا

بە دەست ..بە بیر .. بە بێداریی
ئەبین بە خۆری ڕزگاریی

خوێنی ئەنفال هەر ئەچۆڕێ
تاوانە نەیەینە گۆڕێ ..
وا به چاوی سەر ئەبینین
تابێ ئەم خەڵکە ئەدۆڕێ ..

هەر پەیامی گەل ، پەیامە ..
ئەبێ بگا وەکو نامە ..
چونکە داهاتووی تاریکە ،
هەر میللەتێ بێ بەرنامە ..

تەماشا کەن بە چاوی سەر
چۆن زێڕی خاک ئەبرێتە دەر
ئەوان هەژاریی ئەڕوێنن ..
بۆیە ئەبێ شکست بێنن ..

ڕازی نابین بەم حاڵەوە ..
بێخەم بڕۆینە ماڵەوە ..
دەنگی میللەت زوڵاڵ نەبێ
ڕزگار بوونی مەحاڵ ئەبێ ..

بە دەست ..به بیر .. بە بێداریی
کۆتایی دێ ستەمکاریی ..

ـــنەوزاد بەندی ـــــ




سروود… نەوزاد بەندی

کە بێدەنگ بووی لە مافی خۆت

 سبەی باشتر نابێ لەمـــــــڕۆت

ئەڵێی مەگەر‌ خوا چاکی کــــــــا

خوا لەوە زیاتر چی بکا بـــــــۆت ؟!

دەست وقاچ و عەقڵ و چـــاوت

دین و بەرنامەی هەنگــــــــــاوت

لە هی مافیاکان باشـــــــــــــترن

بێ مانایە کـــــــــــــۆت و داوت

غیرەت ، مەردیــی ، ئازایەتـیی

سێ ڕێگان بۆ مرۆڤایەتـــــــیی

ئەوەی ئەو ڕێیانە وونـــــــــکا ،

نوقم ئەبێ لە کـــــــۆیلایەتیی

سەرشۆڕیی  بەرهـــەمی نییە

لە زۆریش هەر‌ کەمـــــی نییە

سەر هەڵبڕە ، وا خۆر هەڵهات

بانگتەکا ، بەس دەمــــی نییە

سەربەرزیی گەر ساتێکیش بێ

کۆیلەیی گشـــت کاتێکیش بێ

هەر سەربەرزیی هەڵبژێـــــــرە

ئەگەر کارەساتێکیــــــش بـــێ

هەرچۆنێ بی   ، مردن هەر دێ

لە کۆشــــــکا بی یان بن بەردێ

مل کەچ مەکە بۆ هیچ کەســێ

قازانجیش کەی هەر زەرەر دێ.

ـــنەوزاد بەندی ــــ




حاڵباشی ساختە… نەوزاد بەندی

( لە ڕاستیدا ئەمە کۆمێنتێکمانە له گفتوگۆیەکی تا ڕادەیەک درێژ سەبارەت به هۆکاری هەڵگرتن و ڕاکێشانی بارەکە لەلایەن خەڵکەوە هەرچەندە زۆر قورس و تاقەتپڕوکێنیشە ، حەزم کرد وەک کورتە ووتارێک بیخەمە بەر دیدی خوێنەران )

ئایا کەسێک لە چەند ساڵێکدا دەوڵەمەند کراوە ، بە دەوڵەمەند دادەنرێت ؟ یان کەسێک لە چەند ساڵێکدا هەژار کراوە ، بە هەژار دادەنرێت ؟
کێشەکە لێرەدایه ، لێرە نە دەوڵەمەندەکەی بناغەیەکی مێژوویی دەوڵەمەندیی هەیە ، نە هەژارەکەیشی هۆکارێکی تەمەڵیی و گەمژەیی لە پشت هەژارییەکەیەوە وەستاوە ..بە پێچەوانەوە ، زۆرترین چینی هەژار لە هەڵگری بڕوانامە وڕۆشنبیرەکانن ..بە پێچەوانەوە زۆرترینی چینی دەوڵەمەند ، خێڵەکی و ڕەشۆکی و نەخوێندەوار و ناڕۆشنبیرن ..
پرسیارەکە لێرەدایه ، بۆچی ئەم چینە ڕۆشنبیرە هەژارە یەکناگرن و گۆڕانکاریی ناکەن ؟
خۆت لە وەڵامەکەتدا ئەڵێی : ( منێک کە تا ڕادەیەک حاڵم باشە ..) هەمووان لەبەر بارێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی وا خۆیان دەردەخەن کە تا ڕادەیەک حاڵیان باشە ..ئەم خۆدەرخستنە بەوەی کە تا ڕادەیەک حاڵی ڕۆشنبیرە هەژارخراوەکان باشە ، کارێک دەکات ئەگەر قەرزیشمان کردووە ، بەنزینی گران بکەینە ئوتومبیلەکانمان .. ئەگەر قەرزیشمان کردووە ، جلی کوردی بۆ نەورۆز بدوورین ..ئەگەر بە قەرزیشمان کردووە بڕۆینە گەشت و سەیران ..ئەمەیش کەسێکی سەرقاڵ دروست ئەکات کە نایپەرژێتە سەر گۆڕانکاریی ڕیشەیی کۆمەڵگا ..کەسێک کە سەرقاڵە بەخۆیەوە چۆن وای دەربخات کە تا ڕادەیەک حاڵی باشە ..کەسێک کە خۆبەخشە و یەک دینار وەرناگرێت و دەوامیش دەکات ، چۆن وا بکات ، ڕۆژانە جلی تازە و ئێکسسواری تازە و عەتری تازە بەکاربێنێ ؟ ئەم دۆخە ، کەسێکی سەرقاڵ دروستئەکات بە گێڕانی ڕۆڵی حاڵباش، لە کاتێکدا حاڵی زۆر خراپه ..کەسێکی کە بەردەوام سەرقاڵی درۆکردنە لەگەڵ خۆی و کۆمەڵگادا تا بە حاڵباشیی دەرکەوێ ، ناتوانێ کۆبوونەوەی جەماوەری وشۆڕش و گۆڕانکاریی دروست بکات ..یان ڕاستتر ئەو لەناخەوە بێئەوەی هەستی پێبکا ، بەردەوام خەریکی شۆڕش و گۆڕانکاریی درۆیه له خۆیدا هەتا وەکو حاڵباش دەربکەوێ ..ئەوەتا جەنابی وەزیری گۆڕان و گۆڕانکارییەکانی دارایی ئەڵێ : ئەم سەیرانکەرە بە کۆمەڵە دەرخەری ئەوەن خەڵکەکە حاڵباشن ..
لەبەر ئەوە ئەم چینە هەژارخراوە پاراوێزخراوە ئەکتەرە ماندووە لە بواری خۆدەرخستن بە ستایڵی حاڵباشییەوە ، بە هیچ جۆرێ نایەوێ کۆبوونەوە دروست بکا ..نایەوێ تەنانەت براکەیشی نزیکی بکەوێتەوە ، هەتا دەستەکەی کەشف نەبێ ، چونکە بەهەژار دەرکەوتن لە لای ئەو ( کە لە ڕاستیدا هەژاریشە) شکست و ئاڵای سپی هەڵکردنە ..
بێگومان ئەم دۆخەیش زۆر لە خزمەتی چینە دەوڵەمەندە ڕەشۆکییەکەدایە ، چونکە ماندوو نابێ ..تەنانەت کە بێگانەیەک یان کەناڵێکی ڕاگەیاندنی جیهانیی دێتە شارەکان ، هیچ ڕوو زەردییەک توشی دەسەڵاتە دەوڵەمەندە خێڵەکییەکە نابێ ، ئەوەتا خەڵک هەمووی جلی جوانە ..ئوتوکراوە ..ئوتومبیلێکی زۆر دێت و ئەچێ .. چێشتخانە و مۆڵ و سەیرانگاکان پڕن لە هامشۆکەر ..کەواتە خەڵکەکە دڵخۆش و دەوڵەمەندن ..
یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی خەڵک و گۆڕانکاریی ، ڕاستگۆییە ..له نەبوونی ڕاستگۆییدا ، نە ڕوخساری ڕاستەقینەی کۆمەڵگا دەردەکەوێ .. نە دەرد و ئازار و هەژارییەکەی دەردەکەوێ ..نە هەستی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتیی دەمەزەرد ئەبێتەوە ..
بە پێچەوانەوە ، میللەتێکی پۆشتە وپەرداخی تەزویر ..گەشتیاری ساختە ..پێکەنینی درۆ ..حاڵباشی وێران ،دێتە دی ..کەسێکیش ئەو هەموو زەبرە لە خۆی و کەسایەتی خۆی بدات، هەرگیز شۆڕش و گۆڕانکاریی پێ ناکرێت .. گەر بێتە سەر شەقامیش ، بەخۆی سەلماندووە کە چەند خولەکێکە و ..ئیتر ئەڕواتەوە بۆ لای حاڵباشی ونواندنەکەی خۆی ، واتا بە خۆی سەلماندووە کە تەنها خۆنمایشکردنێکە و دوور و نزیک پەیوەندی بە گۆڕانکارییەوە نییە .
( لە ڕاستیدا ئەم نیشاندانی حاڵباشیەیش ، خۆی لە خۆیدا ڕەگێکی دەروونیی قوڵی هەیە ، چونکە ئەو خەڵکە لە بنەڕەتدا دەوڵەمەندی بەشەرەف بوون و لەم سیستمەدا هەژار کەوتوون ، یان شایانی ئەوەن دەوڵەمەند بن و بواریان پێنەدراوە و پەراوێز خراون ، لەبەرئەوە ناتوانن خۆیان بە هەژار نیشان بدەن ، چونکە لە هەبوونی سیستمێکی دادپەروەردا ئەوان دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوون ، هەر بۆیە خۆنیشاندان بە حاڵباش و دەوڵەمەند ، دۆخێکی دەروونیی خەمگینی هەیه کە لە ڕاستیدا گوزارشتە لە دۆخێکی دزراو کە نەدەبوو بدزرێت لێیان )




چەند و چونی پێش مردن.. نەوزاد بەندی

ئەو شتانە بکڕن ،
کە بۆ فرۆشتن نین ..
هەمیشە ئەو شتانەی بۆ فرۆشتنن ،
عەیبدارن ..قەت بە هیچەوە سەرقاڵ مەبن ..
سەد ساڵ لەگەڵ هیچ سەرقاڵ بن،
ناگەن بە شت ..

کە دوور کەوتیتەوە ،
هەستم کرد ،
باشترین دەرمان بۆ هەردووکمان ،
دوورییە ..

شەمسی تەبریزی ئەڵێ :
لە ئەسپەکەت مەیەرە خوارەوە ،
لە هەر شوێنێ دابەزیت ،
کەلەپچەت ئەکا بۆ خۆی ..
دنیا گەڕانە ..گەڕان ..
بە بێ وەستان ..

چاوەڕێی کەستان ناکەم و ..
بە تەنیا ئەڕۆم ..
چونکە بێیشن لەگەڵما ،
لە نیوەی ڕێ ئەگەڕێنەوە ..

بۆ ئەوەی خەم نەتانخوا ،
خەم مەخۆن

کە تۆ دیار نیت ،
ئاپۆڕەی خەڵکم لێ ئەبێ
بە بیابان ..
لە دەرگاکان عاجز ئەبم ،
کە بەبێ تۆ ، ئەکرێنەوە ..
خێرهاتنی شەماڵ ناکەم ،
کەبێ تۆ دێتە بەرهەیوان ..

کە تۆ دیار نیت ،
هەوڵ ئەدەم بە شتێکەوە ،
خۆم سەرقاڵ کەم ..
هیچ شتێ سەرقاڵم ناکا ..
نازانم تۆ
بۆ من ئازادییت یان زیندان !




وڵاتی پاشەکەوتی موچە و ئەوانی تر.. نەوزاد بەندی

لەو ووڵاتانە
کچ و جگەرە ،
ئەکرێن بە تابلۆ ..
لێرە هەردووکیان ،
بەر تەقە ئەدەن،
ڕێک بۆ ناو گڵکۆ ..

لێرە لادان و
ووتاری هەینیی ،
بارەگای حیزب
پشتگیریان نەبێ ،
پشتیان شکاوە..

لێرە دەسەڵات
موچەی میللەتێ ،
ئاگر تێ بەردا ،
وەکو جگەرە ،
کەس وورتە ناکا ..
هەموویشی لە جێی
خۆیەوە پیاوە..

7/8032022
‌ زۆنی سەوز




ئارامیی و نائارامیی.. نەوزاد بەندی

ئارامی و بێدەنگیی باشترین بارودۆخن بۆ دز ، بۆ ئەوەی دزییەکەی بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدات ، هەر بۆیە دز لە شەودا ، یان لە کاتی چۆڵبوون و کش و مات بوونی ماڵ و شار و ئاواییدا ، دزییەکەی ئەنجام ئەدات ..
کەواتە لە کاتی دزی و بڕینی ماڵدا ، پاراستنی ئارامی و هێمنیی ، نەک هەر گەمژەییەکی گەورەیە ، بگرە ئەچێتە خانەی خیانەت و تاوانی نیشتمانی و مرۆییەوە ..
کاتێ فڕۆکە جەنگییەکان بەڕێوەن شارێک بۆردومان بکەن ، لەو کاتەدا مارشی ئاگادارکردنەوە بە بەرزترین دەنگ ، کوچە و کۆڵانەکانی شارەکە ئەهەژێنێ و ..ئارامی وبێدەنگیی تێدا ئەشێوێنێ ، ئێ ئەگەر وا نەکات ، خەڵکەکە هەر بە خەوتوویی و بێ ئاگایی ئەکەونە بۆسەی بۆمباران و تیا ئەچن .. ئا لەو کاتەدا تێکدانی ئارامیی و بێزارکردنی گوێچکەی هاووڵاتی و ترساندنیان و ڕاچڵەکاندنیان لە خەو ، گەورەترین کاری نیشتمانییە و شایانی مەدالیای ڕێز و ئازایەتییە ..
کاتێ نەخۆشێک یان بریندارێک ئەگەیەنیتە نەخۆشخانە ، ناچاریت بە خێراییەکی زۆر و هۆڕن لێدان و لایتی فول داگیرساندن و تەنانەت گوێنەدان بە هێماکانی ترافیکلایتی شەقامەکان ، ئۆتومبیلەکەت لێبخوڕیت ، ئەم تێکدانی یاسا و ئارامییە ، نەک هەر ناشیرین و یاساغ نییە ، بگرە جوانە و جێی دەستخۆشییە و هەمووانیش پشتگیری و کارئاسانیت بۆ ئەکەن لە هاووڵاتیەکی ئاسایی هەتا پۆلیسی هات و چۆ .. چونکە پاراستنی گیانی مرۆڤێک و زوو گەیاندنی بە نەخۆشخانە ، گەورەترین و پیرۆزترین ئەرکی مرۆڤایەتیی و نیشتمانییە ..
کاتێکیش بەکتریایەک ئەچێتە لەشێکی زیندووەوە ، سیستمی بەرگری ئەو لەشە نائارامیی گشتی ڕادەگەیەنێ و ..ژمارەیەکی زۆر خانەی بەرگری ئەڕۆن بۆ جەنگ دژی بەکتریاکە ، ئەوەیش ئازار و لەرز و تا و ئاوسان و هەوکردن و شەونخونیی لێ پەیدا ئەبێ ، کە هەموو ئەو نائارامییانە لە پێناوی پاراستنی تەندروستیی ئەو لەشە زیندووەیە ، ئەگینا لەشی مردوو ، هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر بە بەکتریاکان نیە و لە ماوەیەکی کورتدا دایئەڕزێنن و شی ئەکەنەوە ..
تەنانەت لە لەشی مرۆڤدا ، هۆرمۆن هەیە ، بۆ تێکدانی ئارامیی لەشە ، پێی ئەوترێ : هۆرمۆنی ئەدرینالین ، ئەم هۆرمۆنە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ بە ئەگەری ڕوودانی کارەساتێک ، ئەڕێژرێ ، لێدانی دڵ و هەناسەدان خێرا ئەکا ، مرۆڤ ئامادە ئەکا بۆ هەڵوێستی خێرا ، وەکو شەڕکردن یان ڕاکردن ..لەکاتی هەموو مەترسییەکاندا ، بۆ نمونە کاتێ لە پڕ ئاگرێک ئەکەوێتەوە ، ئەم هۆڕمۆنە وا لە مرۆڤ ئەکا ڕابپەڕێ و هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە وڕزگارکردنی خەڵکێک لە ئاگرەکە بدات ، هەموو ئەو کارانەیش لە دۆخێکی نائارام و هەناسەبڕکێ و لێدانی دڵی خێرادا ئەنجام دەدرێ بۆ ئەوەی خوێن و ئۆکسجینێکی زۆر بگاتە ماسولکەکان و بتوانن کاری قورس و خێرا ئەنجام بدەن ..بەڵام ئەگەر لاشە مردوو بێت ، ئەدرینالین ناڕێژرێت ، ئەو لاشەیە ئەبێتە سوتەمەنی ئاگر و هەموو مەترسییەکانی تر و لەناو ئەچێت .

شایی و شین و سروود ، کە تێکدانی ئارامی و بێدەنگین ، بەڵام گرنگن بۆ ئاگادارکردنەوەی چوار دەورەکەیە لە هەبوونی خۆشییەکی گەورە یان ناخۆشییەکی گەورە یان گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی ..
لەو نمونانە و ..چەندەها نمونەی تردا ، بۆمان ڕوو دەبێتەوە کە لە کاتی تاوان و دەستدرێژی و داگیرکاری و گەندەڵکاری و هێرشی باندی مافیاگەریدا ، پاراستنی ئارامیی و هێمنیی ، گەمژەیی و تاوان و خیانەتێکی گەورەیە دەرهەق بە هەموو شتێک ..هەتا ئەو ئارامی و هێمنی و بێدەنگییەیش درێژە بکێشێ ، تاوان و دەستدرێژی و داگیرکاری و گەندەڵکاری و مافیاگەریێتیەکەیش درێژە ئەکێشن ..
هاوارکردن و تووڕەیی و بەگژداچوونەوە و فیداکاری و پێشمەرگایەتیی ، لە ڕاستیدا تێکدانی ئارامی و هێمنین لە پێناوی ڕاگرتنی زوڵم و داگیرکاری و پاوانخوازی و مافیاگەرێتیدا ..
ئەم حاڵەتی تێکدانی ئارامی و هێمنییە ، لە پێناوی کۆمەڵێ ئامانجی بەرز و پیرۆزدایە :

  1. ڕاگرتنی تاوان و دەستدرێژی و داگیرکاریی لە سنوورێکدا .
  2. شکاندن و ڕاوەدونان و لەناوبردنی تاوانباران و لێپێچینەوە لێیان .
    3 . لە دوای پاککردنەوەی ناوچەکە ، ئینجا گەڕانەوەی هێمنی و ئارامیی ..

لە کاتی دروستبوونی نەخۆشیەکی ترسناک لە لەشدا ، کە بەرگریی لەش توانای نەمێنێت ، نەخۆش ئەبرێتە نەخۆشخانە ..بێهۆش ئەکرێت ..لاشەی بە نەشتەر ئەکرێتەوە ..بڕێکی زۆر خوێنی لێ دێت ..ئازارێکی زۆری پێئەگات ..
هەموو ئەو کارانە له ڕووکەشدا کاری ئازاربەخش و تێکدەری ئارامی و هێمنیی و شێوێنەر و بریندارکردنی لاشەی نەخۆشەکەیە ، بەڵام ئەگەر ئەو نائارامیی و کارە ئازارابەخشانەی بۆ نەکرێت ، نەخۆشەکە ئەمرێت ..
ئەگەر بە تیشک و چارەسەری کیمیایی ، ئارامیی و جوانی و شێوەی نەخۆشێکی شێرپەنجە تێکنەدرێت و نەشێوێنرێت ، ناتوانرێت دژایەتی شێرپەنجەکە بکرێت و نەخۆشەکە لە هێمنی و ئارامیدا ئەمرێت .

میللەتە زیندووەکان ، کە داگیرکاری و گەندەڵکاری و مافیاگەرێتیی لە ووڵاتەکەیاندا ببینن ، ئارامی و هێمنییان ئەشێوێت و کاردانەوەی گەورەیان ئەبێ ..تەماشای مێژوو بکەن ، بزانن میللەتە پێشکەوتوو سەربەرزەکان ، بە چ نائارامیی و تەقینەوە و بەگژاچوونەوەیەک گەیشتوون بەو پلە و پایە و هێمنی و ئارامییەی ئەمڕۆ تێیدا ئەژین ..
لە بەرامبەردا تەماشای میللەتە بێدەنگ و بێ هەڵوێست و بێکاردانەوە و کپ و بێدەنگەکان بکەن ، چۆن ڕۆژ بە ڕۆژ ژیان و گوزەرانیان وێرانتر ئەبێت و .. ماف و ڕێز و سەربەرزی و کەرامەتیان زیاتر پێشێل ئەکرێن ..بڕوانن چۆن لە کار مریشکە بێدەنگ و هێمن و ئارامەکان لەو هێمنی وئارامی و بێدەنگییەیان بەردەوام بن ، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر سەریان دەبڕن و ..شێفەکان خواردنی خۆشتریان لێ دروست ئەکەن .
(تێگەیشتن ؟؟؟؟؟؟




کۆپلەیەک و دوو ڕوباعی.. شیعری: نەوزاد بەندی

بەڵام دەسەڵاتێکی خوێڕی ،
کە ڕووخانی ،
هیمەتی چوار پیاوی ئەوێ و
پیاو قاتییە ..
هیچ سەیر نیە ..
فیل نافڕێ ..کیسەڵ خاوە ..
بەس لە کوردا ،
مەوسیمی
پیاوەتی و غیرەت ،
نەهاتیە ..

٭ ٭ ٭

چاوەڕێی دەستی نامەرد کەی ، مـردووی
هەر خۆی ئەبینێ و تۆ وەک بابـــــردووی
بێ سودە هەرچەن هەوڵی لەگەڵ بــــەی
ئەو هەر ئەوەیە زەلیلـــــــــــــی کردووی

٭ ٭ ٭

نامەرد هیچ باس و خواســــێ نایگۆڕێ
براوەتـــــــــــرە هەرچــــــــــــەن بدۆڕێ
نامەرد تا زیاتر ڕەخنـــــــەی لێ بگری
گەورەتر ..پیستر ..بۆی دێتــــــە گۆڕێ




سەیرە ئەگەر.. نەوزاد بەندی

سەیرە ئەگەر
جەنگیش نەبێ و
زۆربەی هاووڵاتیانیش بریندار بن ..
فڕۆکەی سیخۆ و ئێف شانزە
بۆردومانیان نەکرد بێ و
کەچی بۆ هەرچی بڕوانی ،
وێران بوو بێ و ..
شارەکان وەک شوێنەوار بن ..
شەقام و پڕۆژەکانی هەڵتەکی بن ..
قەرزیش تا بینە قاقا بێ و
دانەوەیان ئەوەلەویەت و سەرەکی بن ؟

من تێناگەم ،
چۆن چۆنی بە بێ هیچ کڕین ، قەرزی زۆریش کەڵەکە بێ ؟
ئەمە قومارە ..
یان سیحرە ..؟
یان وەک شتێ ،
دزی و فێڵ و تەڵەکە بێ ..

بە بێ فیشەک ،
چۆن خەڵکی خوێنیان لێ ئەتکێ ؟

چۆن ڕۆژ بە ڕۆژ
هیوا و دڵ و خەونی خەڵکی
زیاتر ئەشکێ ؟

ــن . بەندی ـــــــــــــــ




هەردوو لا دنیا و قیامەتیشیان دۆزەخە.. نەوزاد بەندی

میللەتێکی بێدەنگ وبێ هەڵوێست و چۆک دادەر .. لە ڕۆژێکدا چەندەها جار ئەمرێت ..چەندەها جار حەبلی حەیاتی ئەپسێ و گرێی ئەداتەوە ..هەموو بارێک ئەخاتە سەرشانی و ..ئایین و بیر و باوەڕەکەی ئەوەیە نقەی لێوە نەیەت و بە هەموو زەلیلکردنێک ڕازی و شوکر و سوپاسگوزار بێت .. شەو و ڕۆژ ئیش بۆ شەیتان بکات و ..بەو حاڵە کرێ و باج و سەرانەکانی پێ بدرێ ..ڕۆژ بە ڕۆژ نان و ووزە و هەناسەدانی لەسەر گرانتر بکرێت و بە پێش چاویەوە کۆمەڵێ ئاغا و کوڕە ئاغا گاڵتە به ملیارەها دۆلار و فڕۆکەی شەخسی و گەشتی ئەوروپا بکەن و هەر بۆ سوکایەتیپێکردنی زیاتریش وێنەی ئەو گاڵتەپێکردنانە بڵاو بکەنەوە ..
میللەتێک هەڵوێستی لە لا سوکایەتی بێت و .. سەرشۆڕیی لەلا عیبادەت و پیاوەتی بێ .. ئەو میللەتە ، هەموو ساتێکی مردنە ..چونکە هەموو مرۆڤێک بەشێک لە ڕۆحی خوای تێدایە و .. ئەگەر سەرشۆڕیی قبوڵ بکات ، پێش هەموو شتێک سوکایەتی بە خوا کردووە کە ئەوی بە جێنشینی خۆی داناوە لەسەر زەوی ..ئەو وەکیلی خوایە لەسەر زەوی ، بۆ بەرزڕاگرتنی حەق و ڕاستی ..کە سەرشۆڕیی و کۆیلەیی قبوڵ ئەکات ، واتا بێڕێزیی بە خوا کردووە .. هەر بۆیە ژیانی دۆزەخێکی بەردەوامە و .. دواجاریش ئەمرێت .. ئەمرێت و لە ڕۆژی قیامەتدا سەرشۆڕییەکەی ، هیچ پاداشتێکی بۆ ناباتەوە بێجگە لە دۆزەخی هەتا هەتایی ..

دەسەڵاتێکی ملهوڕ ..
کاتێ میللەت توشی فۆبیای ترس و سڵ و بێهەڵوێستی و کۆیلەبوونی کرداریی ئەبێ ، دەسەڵاتی ملهوڕ ، لە جیاتی بە هەڵوێستی نامرۆڤانە و نامەردانە و پاوانخوازیانەی خۆیدا بچێتەوە ، لە جیاتی بیر لەوە بکاتەوە چارەسەرێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و مۆڕاڵیی بۆ میللەتەکەی بدۆزێتەوە کە لە خاک و ئایین و زمان و کولتووردا هاوبەشێتی ، زیاتر پڕکێشی ئەکات و .. دوای ئەوەی داهات و قوت و خێر و بێری ئەو کۆمەڵگا بودەڵە بێ خاوەنە حەپەلوش ئەکا ، ئینجا تەماع ئەکاتە نانەڕەقەکەی دەستیان و .. باج و سەرانەیان لەسەر دادەنێ .. تەماع ئەکاتە بڕوانامەکانیان و ..سوکیان ئەکا و بە خۆڕایی کاری قورس و تاقەت پڕوکێنیان پێئەکا دەق وەک زیندانی دیکتاتۆرەکانی مێژوو کە کاری قورسیان وەک سزایەکی دەروونی و جەستەیی بەو زیندانیانە ئەکرد کە دیکتاتۆرەکان بە زیندانکردنیشیان دڵیان ئاوی نەدەخواردەوە و چەندین ئازار و کاری قورس و زیندانی تاکە کەسییان لەناو زینداندا بۆ ڕێکدەخستن ..
دەسەڵاتی ملهوڕ ئەو دەسەڵاتەی کە هەرگیز لە ئازاردانی هاووڵاتیە ترساوە ڕامکراوە ملشۆڕەکانی تێر ناخوات .. ڕۆژێک بڕوات و زەبرێکی نوێی جەستەیی و دەروونی تازەی لێ نەدابن ، خۆی بە قەرزارباری شەیتان ئەزانێ ..
بەو جۆرە هێواش هێواش کۆمەڵگا ئەکاتە هۆڵێکی ئەشکەنجە و .. خۆیشی وەک جەلادێک ، ئامادەیە ملیۆنەها دۆلار بداتە ڕاوێژکاری کۆڵۆنیالیستە جیهانیەکان هەتا ئەشکەنجەی زیاتر و تازەتری فێر بکەن ..زیاتر ملی هاووڵاتیەکانی شۆڕ بکا ..بە بێڕێزترین شێوە ، نامەردانەترین ڕێکار ، ڕەفتاریان لەگەڵدا بکات و .. لەهەر بڕیارێکیدا ، پێیان دووپات بکاتەوە کە ئێوە مرۆڤ نین ..بەڕێز نین ..ژێر چەپۆکی منن ..نانخۆری منن ..کۆیلەی منن ..هەموو شتێکتان بەدەست منە ..کڕنوشم بۆ نەبەن ، سیخوڕن ..تاوانبارن ..خائینن .. ئێوە مرۆڤ نین و شایانی خزمەتگوزاریی نین .. ئێوە زیندانین و شایانی گەشت و خۆشگوزەرانیی نین .. ئێوە ئەبێ لە تەویلەدا کاوێژ بکەن ..ڕۆژی سەد جار کارەبا و ئاو و غازتان لێ ئەبڕم ..
ئەم دەسەڵاتە ملهوڕە ، دواجار خۆیشی وەک هاونیشتمانییە کۆیلەکانی ، ئەبێ بە ژێر پێی مردنەوە ..مردن ئەیاندا بە زەویدا ، دوای ئەوەی کە دەبوو هاووڵاتیەکانی ئەو ئەرکەیان بکردایە ..ئەمانەیش بە ڕیسوایی ئەگەڕێنەوە بەردەم بارەگای خوای باڵادەست ..ئەمانیش بێ چەند و چوون لەگەڵ هاووڵاتیە کۆیلەکانیان ملی ڕێی دۆزەخ ئەگرن ..
هەردوو لایان ، دنیایەکی بێ بەها و بێ مەردایەتی و نامرۆڤانە ئەژین و .. قیامەتێکی پڕ لە ڕیسوایی و سزایش ئەبێتە چارەنووسی هەتا هەتاییان .. چونکە یەک تەواو کەری ئەوی تریانە و هەردووکیان دوو دیوی یەک دراون ..




مرۆڤی سنووردار و مرۆڤی بێسنوور.. نوسینی: نەوزاد بەندی

لە ڕووی کەسایەتی و دەروونی و مرۆڤایەتی و کارلێککردن و کاردانەوە و هەڵوێست و گۆڕانکاریدا ، مرۆڤەکان ئەکرێن بە دوو بەشەوە :

یەکەم : مرۆڤی سنووردار : ئەم جۆرە لە مرۆڤ ، چەندین سنووری پۆڵایین لە چواردەوری بیر و بۆچوون و کولتوور و گوزەرانی خۆی دروست دەکات ، بە جۆرێک هیچ گۆڕانکاری و کارلێککردن و کارتێکردن و گۆڕانکارییەک قبوڵ ناکات ..خۆپەرستن هەتا سەر ئێسقان .. هیچ ڕەخنەیەک قبوڵ ناکەن ..هەوەس و ئارەزووەکانی کاری پێدەکەن و بڕیارەکانی پێدەدەن.. لە دۆخێکی چەقبەستوودا ئەژی ، حەز ناکات هیچ کەسێک ئاگاداری ئەو جیهانە نهێنیە سنوردارەی بێت . کاتێکیش بە حوکمی کار و فرمان چەند سەعاتێک تێکەڵاوی کۆمەڵگا ئەبێت ، ناچارە گوێ بگرێ و قسە بکات .. کە گوێ ئەگرێت ، بیر و بۆچوونە تازە و جیاوازەکان لە گوێچکەیەکییەوە ئەچنە ژوورێ و لە گوێچکەکەی تریەوە ئەڕۆنە دەرەوە ..چونکە چ قورەتە بیر و باوەڕی نوێ و گۆڕانکاریی سنوورەکانی چوار دەوری مێشکی ببڕن ..ئیتر هەر سەر ڕائەوەشێنێ و هەر بەڵێ بەڵێ ئەکات و ..خۆ ئەگەر بیر وبۆچوونەکان چواردەوری لێ بگرن ، نازانێ چی بکات ، یان ڕائەکات یان ئەیکا بە شەڕە جنێو ..
کە قسەیش ئەکات ، هەمووی درۆن ، چونکە نەخشە و بیر و بۆچوونەکانی خۆی زۆر لەلا بەنرخە و مەحاڵە بەشی خەڵکی لێ بدات ، هەروەها پێی تاوان و خیانەت و بێبازاڕییە ئەگەر نەخشەکانی خۆی بە خەڵک بڵێ ، لای وایە خەڵکەکە هەموو لاسایی ئەکەنەوە و ..ئیتر ئەم کاڵ ئەبێتەوە و ئیفلاس ئەکا ..
ئەم جۆرە کەسە سنووردارە ، بە هەموو جۆرێ ئەیەوێ بار و دۆخ نەگۆڕێ و بەردەوام بێ ، هەر بۆیە باکەی لە کوێوە بێ ، ئەو لەوێوە شەن ئەکا.. سیاسەت و بیر و باوڕ وەک ئایین لە باو باپیرانەوە بۆی دەمێنێتەوە و لێ لادانی کفری موتڵەقە .. گرنگ نییە کێ فەرمانڕەوای بێ ، بەڵکو گرنگ ئەوەیە پارێزگاری لە سنوورە کەسێتیەکانی خۆی بکات و گۆڕانکاریی تێدا ڕوو نەدات و بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی وەک خۆی بمێننەوە ، هەر بۆیە زۆرینە چەپڵە لێبدەن ، ئەمیش چەپڵە لێدەدات .. زۆرینە نوێژ بکەن ، ئەمیش نوێژ ئەکا ..زۆرینە کفر بکەن ، ئەمیش کفر ئەکا ..زۆرینە کۆیلە بن ، ئەمیش کۆیلەیە .. چونکە بڕوای وایە زۆرینە باشترین زامنە بۆ هێشتنەوەی بلۆکی بارودۆخەکە وەک خۆی ، بەو جۆرە ئەم و سنوورەکانی و نەخشە و تایبەتمەندییەکانی ناگۆڕێن و ئەمێننەوە و تێک ناچن ..کار وکاسبی و داهاتەکانی تێک ناچن ..
بۆ نمونە چەندین خاوەن پیشە هەن، پەنجا ساڵی تەمەنیان لە پارە کۆکردنەوەدا بردۆتە سەر بە هەمان نەخشە و پلان ، کە نابێ وەک قورئان دەستکاری بکرێن ..یان وەک زۆرینەی ئاینداران ، کە لە قورئانێکی گەورە و گران ، تەنها چەند هەڵس و کەوت و مێژوویەکی ڕووکەش ، دووبارە ئەکەنەوە و ئەڵێنەوە ، ئەویش تەنها بە قسە . زۆرینەی قورئانیان بە تەواوەتیی وازلێهێناوە ، چونکە زۆرینەی قورئان هەوڵ و خەبات و گۆڕانکاریی و خۆنەویستی و فیداکاری و دژایەتی زوڵم و زۆرە .

دووەم : مرۆڤی بێ سنوور :
ئەم جۆری دووەمەی مرۆڤ ، هیچ ڕۆژێکی لە ڕۆژێکی تری ناچێت .. بەردەوام تینووی گەڕان و زانیاریی تازەیە .. گوێ دەگرێت ، ئەخوێنێتەوە ، ئەگەڕێت ، لێکدانەوەی بۆ ئەکات ، سەرکێشیی ئەکات ، شەونخونیی ئەکات ، ڕەخنە لە خۆی ئەگرێت ، خۆی بەراورد ئەکات بەوانی تر .. بەخۆیدا ئەچێتەوە .. گۆڕانکاریی ئەکات لە بۆچوونەکانیدا .. لە کار و کردەوەکانیدا .. لە جل و بەرگ و خواردن و سەردانەکانیدا ..ڕەخنە قبوڵ ئەکات ..باری سەرنجی ئەوانی تر بە هەند وەردەگرێت ..لە هاوڕێکانیدا .. لە کتێب و خوێندنەوە و نوسینەکانیدا .. لە هەموو جوڵە و گۆڕانکارییەکدا ، ئەمیش هەست و بیرکردنەوە و هەڵوێستی خۆی دەبێت ..خۆنەویستن ..
ئەم جۆرە کەسانە ، کۆمەڵگا نوێ ئەکەنەوە ، هەرچەندە لای زۆرینە بە گێرەشێوێن و سەرەڕۆ و هەرزەکار و هەمیشە کەپر سەوز و هەڵەشە و شتی تر پێناسە ئەکرێن و .. خەڵکێکی کەم گوێیان لێدەگرن ..گوێیشیان لێبگرن ، بە قسەیان ناکەن و گاڵتەیان بە عەقڵیان دێ ..چونکە زۆرینەی کۆمەڵگا لە جۆری یەکەمن .
هنری مۆر کە کەسایەتیەکی بێ سنوور بوو ، هاوڕێی پاشای فلۆڕەنسا بوو ، بەڵام کە زوڵم و زۆری لە پاشا بینی ، پێی ووت تۆ کەسێکی زاڵمیت ..پاشا چونکە کەسێکی سنووردار بوو ، بڕیاری مەرگی بەسەردا سەپاند ، پێش ئەوەی سەری هنری مۆر بپەڕێنرێ ، شاژن چووە لای و پێیووت : پێویستە پەشیمان بیتەوە و داوای لێبوردن لە پاشا بکەیت ، چونکە خەسارەتێکی گەورەیە بیریارێکی وەک تۆ بکوژرێت ..
بێگومان هنری مۆر بەقسەی شاژنی نەکرد و چووە ڕیزی شەهیدانی ڕێبازی مرۆڤایەتیەوە ..
نوسەرێکی وەک نیکۆس کازانتزاکی سەرەتا قەشە بوو ، عەقڵیەتی گۆڕا بۆ کۆمۆنیست .. پاشان وازی له کۆمۆنیستیش هێنا ..
ئیحسان تەبەری کە سەرۆکی حیزبی تودەی کۆمۆنیستیی ئێران بوو ، کتێبەکانی لە هەموو دنیای کۆمۆنیستدا ، وەک وانە و سەرچاوەی بیری سۆسیالیست تا ئێستایش ئەخوێنرێن وپشتیان پێ ئەبەسترێت ، لە ناکاو ئیسلامبوونی خۆی ڕاگەیاند .. دەق وەکو ڕۆجێ گارودی سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسا ، کە ئیسلامبوونی خۆی ڕاگەیاند ..
فرانتز فانۆن ، پزیشکی دەروونیی فەڕەنسیی سوپای داگیرکەری فەڕەنسا بوو لە جەزائیر ، کە زوڵم و زۆری فەڕەنسای بینی لەو ووڵاتەدا ، یاخی بوو ، چووە ڕیزی بەرگریی جەزائیرەوە و بووە نووسەری بەرگری لە دژی کۆڵۆنیالیست .
لای خۆیشمان نمونەی لەو جۆرە کەسە بێسنوورانەمان هەن ، کە وەک حەزرەتی ئیبراهیم پێغەمبەر دروودی خوای لێبێ ، بتەکانی شکاند و .. سنوورەکانی بۆ خەڵکی شکاند ، بەڵام باڵندە کۆیلەکانی ناو قەفەز ئازادیشیان بکەیت ، خۆیان قەفەز بۆ خۆیان دروست دەکەنەوە …بەڵام ناوی ئەو جۆره کەسانە ناهێنین ، چونکە لای خۆمان ئەوەندە عەقڵی سنووردار زۆرە ، نوسینەکەمان ئەدرێتە بەر قسە و تانە و تەشەر وجنێو ، کە من بۆ خۆم حەزم بەو دۆخە نییە و حەز ئەکەم ئەتەگێتی دەیالۆگ تا ئەوپەڕیی پارێزراو بێ .
کێشەیەکی گەورەیش لێرەدا و بە تایبەتی لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا ئەوەیە کاتێ کەسێکی بێ سنوور ئەگاتە جێگە و پێگەی دەسەڵات ، لە جیاتی بانگەشەی بێسنووریی عەقڵیی کۆمەڵگا بکات ، کۆمەڵگا و عەقڵی کۆمەڵگا سنووردار ئەکات و ..مرۆڤە بێسنوورەکان بە هەموو جۆرێ لە ناوەندەکانی بڕیار دوور دەخاتەوە ..و تەنانەت سزایان دەدا و ڕاوەدوویان دەنێت ، بە مەبەستی مانەوەی ساڵێ دوو ساڵ زیاتری خۆی لە نازونیعمەت و سەڵتەنەتی دەسەڵاتدا ، بێباک لەوەی مێژوو لە ڕیسایکلینەکانیدا ناوی تۆمار ئەکات .
یان بیریاری بێسنوور هەیە ، لە کۆمەڵگادا بانگەشەی بێسنووریی ئەکات ، کەچی لەناو خێزانەکەی خۆیدا دژی هەموو بێسنووری و کرانەوە و گۆڕانکارییەکە …




دوو .. دوو.. نەوزاد بەندی

دوو پیاوی قەڵەو ، دانەیەکیان لە خوار بارهەڵگرە دوو تەنییەکە بوو ، ئەوەی تریان لەسەرەوە بوو ، تەنکییەکی گەورەیان بار کردبوو ، ئەوەی خوارەوە بەوەی سەرەوەی ئەووت : ئادەی تۆ جامانەکەتی لێ گیر کە ..
— جامانەی چی ، بابە ..پێنج سەد کیلۆ ، جامانە وەک کەرەوز قوت ئەدا ..
ئەمانە بە یەکتریان ئەووت پزمام ..
مەشغوڵی ئەوان بووم ، لە پڕ دووان لەبەردەمما چەقین .. پێڵاوی بن زبری جاک ئەند جۆبس نەبووایە ، ئەچوومە سەر پشتی یەکێکیان ..دوو پیرەمێردی شل وشێواو بوون ، هەتا خوار گوێچکەیان کڵاوی چەرم بوو ..لەو وەستانە لە پڕەیاندا، یەکێکیان کە ناسیمەوە ، ووتی :
— ئەزانی پیس پیر بووین ..
ئەوەی تریان دەمێکی داپچڕی و ..ووتی :
— ئەی چۆن ؟ تۆ چەنی ؟ لە هەشتا لات داوە ..
— کورە ئا ..بەس من ئەم جگەرە وشتە دایکی گاوم ..
لێرەدا ، واتا دوای کەمتر لە خولەکێ ، ئەمەیشیانم ناسییەوە ..
یەکەمیان ، نزیکەی چارەکە سەدەیەک پێش ئێستا ، حەزی ئەچێتە سەر کچێکی هەژدە ساڵ ، ئەچێتە داوای ..لێی ئەپرسن :
— تەمەنت چەندە ؟
—پەنجاو پێنج ساڵ ..
باوکی کچە ئەڵێ : چیییی ؟
–ببوورە ، وەڵا پەنجا و حەوت ساڵم ، با درۆ عەرزی بەخزمەتتان نەکەم ..
ئەڵێن خەزووری یان ڕاستتر باوکی کیژۆڵەکە پێی وتبوو:
— جا فایدەی چی ؟
–بۆچی ؟
— بۆ ئەوەی پشت و ئەژنۆم تەواو نیە ، یەک دوو کۆڕناڵییم تێهەڵدایتایە ..
ئەیشڵێن ئەو پیاوە کاتی خۆی یاریزان بووە ، کۆڕناڵەکانیشی تامی پەنارتیان داوە، ئەوەندە جوان دروستی کردوون تەنانەت هەندێ جار هەر لە کۆڕناڵەوە گۆڵی کردووە ..
بەڵام دووەمیان یەک کرداریم کەوتەوە یاد ، ئەویش مستیلە کڕین بوو .. مستیلەیەکی زۆری بۆ خێزانی ئەکڕی .. زۆر جار پڕ زەرفێکی بۆ ئەکڕی ..ئیتر ژنەکەی چووە تەمەنەوە ، کاری بە مستیلە نەما ، هەمووی کرد بە پەردە بۆ دەرگای ژووری مریشکەکان …
ئەمزانی ئاساییە لەو تەمەنەدا لە پڕێکا ڕاوەستان ..چونکە ڕۆیشتن و قسەکردن لە یەک کاتدا ، لەو تەمەنانەدا ناکرێ ..بیشکرێ ، هەم ڕۆیشتنەکە کەوتنی تێئەکەوێ ، هەم قسەکان پچڕ پچڕ ئەبن و ناگەنە جێی مەبەست ..
ئەڵێن کیژۆڵەکە زۆر لە باوکی تووڕە بووە ..وتوێتی خوا ناردوێتی ، تۆ بۆچی کۆڕناڵی تێ هەڵئەدەی .. وتوێتی خۆم ئەسوتێنم .. ئەڵێن شتی تریشی وتووە ..
باوکی قژی گرتووە و ..پێی وتووە : بوخنکێنم ..؟ ها ؟ دەڵەقۆڕ .. پیرەمێردێکی مۆمیاکراو چی لێ ئەکەی ؟ مێژووی پێ ئەنوسیتەوە ؟
ئەڵێن کچە پێی وتووە : دوو خانوو و پیکابێک و دۆجێکی مەکینە خواری هەیە ، دوو سێ ساڵی تر ئەمرد و ئەبووم بە خاوەنی شت ..
ئەی مناڵەکانی دوو ژنەکەی تری ؟ خۆ لە هەموو مەوالیدەکان مناڵی هەیە ؟ ..
کچە مکوڕی ئەکا و ئەچێتە لای مەلای گەڕەک ، ئەویش ئەڵێ لە شەرعدا ، سێیەکی دۆج و پیکاب و خانووەکانت ئەکەوت ئەگەر وەفاتی بفەرمووایە ..
کە کچەکە دێتەوە ئەو هەواڵە بە باوکی بڵێ ، باوک سەد ساڵە مردووە ..
ئەڵێن هۆکاری مردنی باوکی نەزانراوە ..هەندێ پێیان وایە مەلا پێشتر ئەو مەسەلەی سێ یەکەی بە باوکی وتووە ، ئەویش دڵی بەرگەی نەگرتووە ..
ئەمانە ناویان ئاشکرا نەبوو ، بە یەکتریان ئەووت پزمام ..
لە داخا خەریک بوو دڵم ئەتەقی ، ئەم هەموو یادگارییە قۆڕە چییە من لای خۆم هێشتوومنەتەوە ؟
—چی ؟ چی ؟ ..تۆ ئەڵێی چی ؟
دووان دەرپەڕینە بەردەمم ، یەکێکیان یەخەی ئەوەی تریانی گرتبوو :
–چی ؟ چی ؟ چی ؟
ئەوەی یەخەی گیرا بوو ، چاوەکانی لە مۆلەق وەستابوون ، نەیئەزانی یان نەیئەتوانی بڵێ چی ..
— بە خوا قەسەم وەک کارژۆلە سەرت ئەبڕم .. چی بوو ؟ پێم بڵێ چی ؟
ئەم پیاو کوژەم ناسییەوە ، ملئەستوور ..کورتە بنە ..برۆ پڕ .. چڵمن ..دوو قاچی کورتی وەک کۆتەرە داری هەبوو ، کە ڕا ئەوەستا هەزار سوێندت ئەخوارد کە ناتوانێ بەرزیان کاتەوە و هەنگاوێک پێیان بڕوا .. جۆرەها ئامێری خەڵک کوشتنی پێ بوو ..دەڕنەفیز ..نینۆککەر .. نارنجۆک ..مشار ..
گوزەرەکە ئەیانووت : ئەمە بچێتە هەر ماڵێ ، بە هاوسەرۆکە نێرەکەیان ئەڵێ ، ئەبێ شەقازلەیەکی بازاڕی بئاخێوێنیتە بناگوێی هاوسەرۆکی مێینەی ماڵ ئەگینا نمەکت له من حەرام بێ ..ئێ کابرایش خۆی بە پیاو ئەزانێ و پێی نەنگییە نمەکی ماڵی لە پیاوێکی وا ئازا حەرام بێ ، شڵپ ، شڵپەیەی لە بناگوێی حەریمی هەڵئەساند .. ئێ خۆ ئەویش بێکەس نییە ، ماڵی باوکی کاول نەبووە ..پارویەک هەر ئەبێ بیخوا ..
لەو بەرەوە ، یەکێ هاواری کرد ئەبێ ئەم حوکمەتە بڕوخێ ؟
تەماتە فرۆشەکەی تەنیشتی ، تاکو نیوەی پەنجەی دۆشاومژەی لە لوتیدا بوو ، ئەیویست شتێکی ڕەق دەربێنێ ، ووتی :
— جا چۆن ؟
یەکێ پیا هەڵشاخا :
— تەماتەی چڵماویم ناوێ ، پارەکەم بەرەوە ..
بە جوڵەیەکی وەک ئەوەی بروس لی ، پەنجەی لە لوتی دەرهێنایەوە ، بە زمانێکی پچڕ پچڕ ووتی :
— بەخوا هەمووی تەپ و تۆزە ، چڵمی چی ؟ ناشوکریی نەبێ ، کوا چڵم ماوە ؟
— پارەکەم ئەدەیتەوە یان ئەو تەرازووە لەسەرتا بشکێنم ؟
ئەوەی ووتی ئەم حوکمەتە ئەبێ بڕوخێ ، لە پشت مێک زەمینییەکەوە ، کاکۆڵی دەستبازی لەگەڵ هەوادا ئەکرد ..
سەرم بەرز کردەوە ، هەزار ..دەهەزار ئوتومبیل بە بێ شۆفێر بەسەر شەقامەکەدا ئەڕۆیشتن ..پۆلیسی هات و چۆ خەریکی چات بوو ..کچێک کە خۆی ناو نابوو ، هەنگوینی ڕەش ..بۆی نوسی بوو : ئیشتیهات ئەکەم ، کەڵەبابەکەم ..
ئەمیش بە تەمابوو بۆی بنوسێ : ئامادەم موئەخەرەکەیشت بدەم ، بەس گڵۆپی سەوزم بۆ داگیرسێنە ..
کەچی پەشیمان بۆوە و .. بۆی نووسی : هیچ موبادەرەیەکی جدیت نییە ، هەر قسەیە ، چۆڵەوانییەکەم !
ناسیمەوە .. ئەمە کوڕی ئاڵتونفرۆشێک بوو ، پێیان ئەوت دێوانە .. ساڵێک کۆمۆنیست بوو ، ساڵێک ئیسلامیی ..ساڵی سێیەم بە بێ لایەنیی ئەمایەوە ، ئیتر دوای کریسماس ئەبووەوە بە کۆمۆنیست ..
باوکی بە یارمەتی مامەکانی هەفتەی یەک دوو جار فەلاقەیەکی باشیان ئەکرد ، کە بەرە بەرەیش گەورە بوو ، هەمان کات ئەوان بێهێز بوون ، دەرەقەتی نەدەهاتن .. ناچار بە تێکڕا ، حاشایان لێکرد ، ئەویش بوو بە پۆلیسی هات و چۆ ..وایش وازیان لێ نەهێنا ، باوکی بەهۆی ئاڵتوونفرۆشیەکەیەوە خەڵکی بەد زۆر ئەناسی ، وایکرد لە فولکە قەڵەباڵغەکان داینێن ، هەتا بۆنی بەنزین و دوکەڵ و شت ، توشی شێرپەنجەی بکەن ..ئەمیش بیستبوویەوە ..وتبوویشی : جا بە گونمەوە..
باوکی کاڵەکی بە ئەژنۆ ئەشکاند ، لە مناڵیدا زۆری تیا سەرف کرد ، کە لە دایک بوو ، ئاهەنگێکی قەیسەریی بۆ کرد ..بڕیاری دا ناوی لێ بنێ مەکرەمە یان مەلحەمە ، کەچی هیچیان سەری نەگرت .
سوپاسالاری هات و چۆ ، نەڕاندی بەسەریدا :
–ئەو هەموو ئوتومبیلە بێ شۆفێرە چییە ؟ مالۆس ..
ئەم هەر گوێیشی نەدایە ..ناحەقیشی نەبوو ، خەڵکەکە لە لێخوڕین بێزار بووبوون ، کەچی ئوتومبیلەکان خۆیان حەزیان بە پیاسە بوو ..ئێ ئەم وەک پۆلیسی هات و چۆ چی بکا ؟ گرنگ ئەوەیە ئوتومبیلەکان بە بێ شۆفێر ، زۆر بە یاسایی ئەڕۆیشتن ، تەنانەت قایشی قوڕ و پشتێنی سەلامەتیشیان بەستبوو ..
سوپاسالار لە بێخەمی ئەم پارچە پۆلیسە ، شێت و دەهری بوو ، نەڕاندی :
–سەگباب ! کوا تەحیەکەت ؟
ئەم مێش میوانی نەبوو .. لەو کاتەدا ، چوار پێنجێکی تر ، هاواریان ئەکرد : ئەم حوکمەتە ئەبێ بڕوخێ ..
مێکزەمینییەکی زۆر پەیدا بوون .. ئەو خەڵکەیان هەموو پێچایەوە .. تەنانەت سوپاسالاری هات و چۆیشیان بەهەڵە یان بە دەستی ئەنقەست بارکرد ، لە نێوان قەتێ فرۆشێک و پەشمەکفرۆشێکدا گیری خواردبوو ، بواری نەبوو وەک عادەتی ڕۆژانەی ، بن ڕانی بخورێنێ ..
منیش لەناو مێکزەمینییەکەدام ..نازانم بۆ کوێمان ئەبەن ..
ئیتر ئەمانە هەموو پزمامن ..




کۆمیدیای مناڵ بازاڕ.. نەوزاد بەند

( )

ــبە سێ چوار خولەک ئەم کۆمیدیایەم نوسی و ڕامکردەوە بۆ ماڵەوە ـــ

ــنەوزاد بەندی ــــ

حەز ناکەم خۆر ئاوابێ و ..ببێ بەشەو ..
حەز ناکەم ڕۆژ بێتەوە و ..تەواو بێ خەو ..
ئەمە عەقڵی مناڵە ..
شوکور بۆخوا
هەموومان مناڵ بووینەوە ..
له کەسایەتی و ڕەسەنایەتی و
مەردایەتیی چووینەوە ..
ڕا ئەکەین بە دوای بتڵێ زەیتا ..
بە دوای تەعین بوونا ..
بە دوای نۆ کیلۆ ئاردا ..
بە خۆبەخشیی فەرمانگاکان شاد و شوکورین ..
لە هەموو کەمتەرخەمی و کولەمەرگییەک ، ئەبوورین ..
وەک مناڵ ڕا ئەکەین بە دوای دەبەیەک نەوتا ..
ئاساییە مانگ بترازێ لە چل و هەفتە بکشێ لە هەشت و حەوتا ..
بتڵێ غاز ڕامانئەکێشێ ..
بە بینینی تەنکەر حاڵمان لێ دێ و
دوای ئەکەوین وەک دەروێشێ ..
لەسەرەی بەنزینی شەش سەد و پەنجاییدا ، چوار سەعات ئەوەستین ..
تەمەنمان لەو شتانەدا ئەڕوا و
بێ دەربەستین ..
هێندەی هەموو کارگەکانی چین و ئەڵمانیامان دا بە ئوتومبیلی کیلۆمەتر سفر و
بە جادە ڕوخاوەکانا ، پۆز لێ ئەدەین ..
شەقاممان هەیە ناوی پۆزە ..
بە هۆی نەشتەرگەری جوانکاریشەوە ،
هەموومان لووتمان یەک تۆزە ..
ئیتر خەریکی چاولێکەرین ..
بەرد بفرۆشە ، بەرد ئەفرۆشن
نێر بدۆشە ، نێر ئەدۆشن ..
حاڵی حازر مۆدێلی خانوو ڕوخاندن و
خانوو دروست کردنەوەی مۆدێرنە ..
شۆڤاژ و سەقفی مەغریبی ..
دەرمانخانە و چێشتخانە ..
لەگەڵ سەروپێخانە ..
نیوەمان بفەوتێ ، نیوەکەی تر خەریکی گارە گار و هێلکە کردنن
وەک دەواجن ..
ئەوانەی باسی شۆڕش و بەرگری ئەکەن ،
سوک و ڕیسوا و بێ ڕەواجن ..
بە جووتێ سمێڵ وباڵایەکی مەتر و هەشتاوە ،
ڕا ئەکەین جۆزەی موەلیدە ڕاست کەینەوە ..ئەم کەلاوە و ئەو کەلاوە ..
دۆعا ئەکەین ئەم مانگەیش وەریگرین ..
گەردنیشیان ئازا ئەکەین ئەگەر پێش وەرگرتن ، بمرین ..
مانگمان لێ ئەکەن بە چل ڕۆژ ،
وەک مناڵ ، بێ دەنگ ،
بە گیرفانی بەتاڵەوە ،
ڕائەکەینەوە بۆ ماڵەوە ..
پارەی چاپیان لێکردووین بە ئاڵتوونی عیار
بیست و چوار ..
وەک مناڵ تەماشای کۆمپانیاکانی بەرپرسان ئەکەین ،
وەک چۆن لە مناڵیدا تەماشای زۆر خۆرییەکانی بۆدسبنسەرمان ئەکرد ..
ملیارەکانیان ئەژمێرین ..
ئەڵێین کۆشکێکی تریشیان کڕی ..
حەز ئەکەین سێڵفییەکیان لەگەڵدا بگرین ..
جەرگی هاوڕێکانمانی پێ ببڕین ..
حەزمان لە دڵتەقاندنی یەکترییە ..
حەزمان لەنانبڕینی یەکترییە ..
تەماشای دەریایەک نەوت و ئاسمانێ غازی سروشتی ئەکەین و ..
ڕائەکەینەوە بۆ ناو چوار دیواری سارد و سڕ ..
لێی هەڵئەنیشین وەک مریشکی کڕ ..
ئەڵێین سەعاتەکەیان بە نیو ملیۆن دۆلارە
ئەڵێین قەمسەڵەکەیان بە شەش هەزار دۆلارە ..
سەیارەکانیان گولە بڕە ..نەک زیزیکە گولەیان تێگرێ ..
نەک پەپولە ئاڕپیجییان بۆ هەڵدا ..
نەک پۆڕێکی خوراو ، نارنجۆکیان پیاکێشێ ..
ئەڵێین بۆینباخەکەیان بە هەزار دۆلارە ..
ئەڵێین کۆشکەکەیان سێسەد ژوورە ..
ئەوەندە ملیار ، نرخی تەیارە ..
ئەوەندە ملیۆن ، نرخی بانیۆ و
مەلەوانگەکانیان ..
ئەوەندە هەزارن ، ژمارەی حیمایەکانیان ..
جا بە سەعاتە سێ هەزاریی و قەمسەڵە پێنج هەزاری و فەلافلە پێنج سەد دینارییەکەمانەوە ،
ڕائەکەینەوە بۆ ماڵەوە ..
دەستئەکەینەوە بە خواردنی ئێکسپایەر و
زاوزێ و یارییە باجێنە ، لە پاڵەوە ..
لەناو داڵانێکی شێدار ..
خۆمان مەڵاس ئەدەین ،
وەک مناڵی بێعار ..
لەو دەڤەرە ، پشیلەیەکی لێ نیە ،
چاوی کوێر نەکرابێ ..
کلکی نەبڕا بێ ..
سەگێکمان لا دەست ناکەوێ ،
قاچی نەشکابێ ..
گوێچکەی نەبڕا بێ ..
گوێدرێژێکمان بەردەست نییە ،
بریندار نەکرابێ ..
بێحورمەتیی پێ نەکرابێ ..
پەڕەسێلکەیەکمان دەستناکەوێ ،
سەد بەردی تێ نەگیرابێ ..
چۆلەکەیەک بۆ خوێی چێشت دەست ناکەوێ ..
ڕیشۆڵەیەک ، سەد جێ قۆچەقانی ،
لە لەشیا نەچێنرابێ ..
درەختێ لق و پۆپی نەسوتێنرا بێ ..نیە ..
ئاخر ئەو گیاندار و درەختانەن ،
تەوژمی کارەبایان ڕاگرتووە ..
گاز و نەوتەکەمانیان بردووە ..
زیکزیکەیەکم بینی ، پەنجا تەنکەر
نەفسا و .. هەزاران مەترەسێ جا ، گازی دابوو بە شانیا و ئەیکرد بەو دیوا ..
بمرێ زیکزیکە ..
بڕوخێ زیکزیکە ..
لە ژوورە تاریکەکان ، مناڵ بەخێو ئەکەین ..
حەزیش لە خاریج و یاپراخی گەڵامێو ئەکەین ..
لە نیوەی فیلمدا ، کارەبامان لێ ئەکوژێننەوە و ..
پێش وەخت خۆمان ئەکەین بە ژێر جێگاوە ،وەک نەخۆش ..
هەر زوو لە بیرمان ئەچێتەوە ،
کە یەکێکمان ئەگیرێ ..یان ئەکوژرێ ،
ئەچینەوە قاوغەکەی خۆمان و
ئەڵێین مستەحەق بوو ،
خۆمان خۆش ..
وەک مناڵ بە پۆل خۆمان ئەدەین بە ئاوا ..
ئیجە و دەریای ناوەڕاست ، بە چوپ ئەبڕین ..یان بە مەلە ..
زۆربەی زۆرمان ئەخنکێین و
بۆ تەلەفزیۆنەکان ئەبین بە هەواڵی به پەلە ..
کە ئەیشپەڕینەوە لەو بەحرانە ،
هیچ ووڵاتێ وەرمانناگرێ ، ڕائەوەستین لەسەرسنوورەکانیان ،
مانگ و ساڵ ، ئاقڵانە ..
بەڕاستی مناڵگەلێکی عەجولین ..
ئازاکانمان ئەوانەن کە ئەگرین ..
چەندەها مەلای ئازامان هەیە ،
لەسەر مینبەر ئەگرین ..
بە گریانەوە هاوار ئەکەن :
وەڵاهی ماڵ ئەناسم ، مانگێکە گۆشتیان نەخواردووە ..
ماڵ ئەناسم ڕۆژی ژەمێ ئەخۆن ..
ماڵ ئەناسم ئەڵێ مامۆستا پارەی چلورەیەکم پێ نیه بۆ مناڵەکەم ،
دەی خوایە گیان ئەم ناحەقیە هەڵنەگری 😂
مامۆستای مەکتەبیش هەندێکیان ئازان ،
لەبەردەم کامێراکانا ، دەست ئەکەن بە گیرفانیانا ، دوو سەد و پەنجاییەک دەردێنن و
ئەڵێن : قەسەم بەخوا .. وەڵا بیلا تەڵا ، هەر ئەوە شک ئەبەم ..
جا ئەگری ..
دەرچووی زانکۆی ئازایشمان زۆرن ،
بە گریانەوە ئەڵێن : وەڵاهی حەوت ساڵە زانکۆم تەواو کردووە و
بێ ئیش و کار
بێ مار ..بێ مندار ..
دوو جار لە ڕێی یۆنان خنکاوم و ..
خوا نەیکوشتووم ..ئەوانیش تێر و پڕ ئەگرین ..
بەڵام ئەم گریانەیش تا ڕادەیەک ڕێپێدراوە ..لەو ڕادەیە تێپەڕێ ،
هێڵی سووره و مەلاکان دوور ئەخرێنەوە ..یان ئەگیرێن.. یان سودفە و تەسادوف ، ئەکوژرێن ..
مامۆستاکان ، زیاد لە ڕادەی ڕێپێدراو بگرین ،
فەلاقه ئەکرێن ..ئەگیرێن ..یان بە سەرگوزشتەی خۆش خۆش ، سووک ئەکرێن ..
دوای سەعات دوور ،
هەرچی شەقامە ئەگیرێ بە عەرەبانە ..
لووتکەی هەرچی شاخ و گردیش هەیە ،
گیراوە بە کۆشک و ڤێلای شاهانە
یەک جیاوازیمان هەیە لەگەڵ مناڵا ، ئەوەیە درۆ زۆر ئەکەین ..
دەوڵەمەندمان خۆی وا نیشان ئەدا لاتە ..
لاتیشمان وا خۆی دەرئەخا قەپاتە ..

عەمرمان نەمێنێ بۆ ئەم هەموو مناڵە سەر سپیە سمێڵ بابڕە ..
عەمرمان نەمێنێ بۆ ئەم هەموو مناڵە مەمک زلە سمت خڕە ..
جرت و فرتمانە ،
بە ئوتومبیل و پیادە ،
بە ئەنواع نەخشە و خەیاڵەوە ..
شەڕ لەگەڵ یەکتری ئەکەین..
قۆڵی یەکتری ئەبڕین ..
پۆرتی یەکتری ئەشکێنین و
بە بەعزێ پارەی تەبعی دڕاوی حەرامەوە ،
ڕا ئەکەینەوە بۆ ماڵەوە ..
کە ووتیشی : اللە اکبر ..
ڕائەکەین بۆ دەستنوێژ گرتن ..
هەرچی سەگ و سەگبابیمان کردووە ،
لەگەڵ ئاوی دەستنوێژا ،
بە مەچەکمانا دێتە خوار و
پاکدەبینەوە لە پیسی و بۆریی ..
بەو جۆرە ئەیبەینەوە
بەهەشت و حەفتا حۆری ..
چەن جوانە میللەتێ هەمووی مناڵە و
زاوزێیش ئەکەن ..
چەن جوانە میللەتێ هەموو مەلۆتکەن و
کەچی ڕێیش ئەکەن ..
مناڵی بێ دایبی ..
ئاودەستخانە گشتییەکانیان وێران کرد ..
مناڵی بێ عار ..
تا بەنزین گرانتر بێ ، ئوتومبیل زیاتر لێ ئەخوڕێ ..
تا ئارد و ڕۆن گرانتر بن ، زیاتر ئەخۆن ..
تا هەژار و ڕیسواتر بن ،
زیاتر دوو گیان ئەبن و ..
بە هەلهەلە و گریانەوە ..
بە بەنج و سیزریانەوە ،
خەستەخانەی ئەهلی جمەی دێ ..
ویس چەن جوانە ئەم میللەتە ..
ئەم عیللەتە .




دوو کۆپلە شیعری نەوزاد بەندی

کۆپلەیەکی درەنگ وەخت

تەنها گوڵێ لەو گوڵانە ..
تەنها دڵێ لەو دڵانەی
ئەتناردن بۆم ،
نەگەیشتە لام ..
تەنها ووشەیەک ..
یان پیتێ ، لەو نامانەی
بۆت ئەنووسیم ،
نەیدا لە دەرگام ..

ئێ خۆ منیش دار و بەرد نیم ،
دوور کەوتمەوە ..
لە چیرۆکێکی سارد و سڕ ..
لە پرسیارێکی بێ وەڵام

دەمێکە ئەمەوێ ئەمە
بدرکێنم ،
هەر نەمدرکاند
ساڵەهای ساڵە وا لە لام ..

——————————————–

هەندێ جار

هەموو دەرگاکان دابخە
پەنجەرە بکە بە دیوار ..
ڕێی یادگاریت پێ ناگیرێ
یادت دێ بۆ لام جار و بار ..

وون بوونت ، دنیای نەڕوخان
تەنها چرایەک خامۆش بوو ..
ڕوناکیی گۆشەیەکی دڵ ،
لە ناکاوا فەرامۆش بوو ..

من بێ تۆیش هەر وەک جارانم
هەر شەپۆل ئەدا ،دنیای من..
هەر پیاوەکەی بەر بارانم ..
لە جیهانێکی وەک ئاسن

لام ئاساییە ، ناڕەنجێم ..
ڕۆژێ دێ دڵیش ئەوەستێ ..
گەر گونجاوم ..گەر نابەجێم ،
ڕێکم خستی وەک هەڵبەستێ

لەگەڵ هەموو بێدادییەک
خۆم دادەنێم به قەرزاربار ..
کە تۆ بە چەند ووشەیەکت
پاییزت کردم بە بەهار

24.1.2018




بێخەم بە.. نەوزاد بەندی

دانیشە ڕۆڵە ..
خەم مەخۆ ڕۆڵە ..
مەترسە ، ڕۆڵە ..
دەسەڵات کوردە ..
پەرلەمان کوردە ..
کۆمپانیا کوردە ..
بێخەم دانیشە ،
هەرگیز خەم مەخۆ ..
قەت قەت مەترسە ..

دەسەڵات کورد بێ
پەرلەمان کورد بێ
کۆمپانیا کورد بێ
گۆشتیشت بخۆن ،
ئێسکت ناشکێنن ..
ئاویش بێتە ژوور ،
ماڵت ناڕمێنن ..

ــئەمە شیعر و شت نیە