گفتوگۆیەکی شانۆیی لەگەڵ نیهاد جامی.. بەشی هەشتەم و کۆتایی

-قسەمان لەسەر ڕەخنەگرتنە لەشانۆدا، لەساتی ئەو گفتوگۆیەدا کەوا پێ دەنێتە مانگی پێنجەمەوە، هێشتا نازانین کەی تەواو دەبین، شانۆکارێک لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی هێرشی کردە سەرت، هەڕەشەی ئەوەت لێ دەکات کە دەتباتە دادگای فەرەنسا و کوردستان، چونکە تۆ تۆمەتی بەعسی بوونت خستۆتە پاڵ ئەوان لەشانۆی ئەزموونگەریدا، ئایا تۆ ئامادەیت بچیتە دادگا و بەڵگەکانت چین؟

-رەنگە ئەوە پرسیاری زۆر کەس بێت، لەڕاستیدا ئەو برادەرەی هەڕەشە دەکات شانۆکار نیە و کتێب نووسە، سالانە گرنگ لەپێنج کتێب کەمتر چاپ نەکات و گرنگیش نیە کتێبەکانی لە چ ئاستێکدایە، هەڵبەت من لەهەڕەشەکەی ئەو باش تێدەگەم، نوسینەکەی ئەویان بۆ ناردم، کە بەرەنجامی کۆمێنتێکی من بوو لەسەر وتاری دۆستێک نووسی بووم، سەرەتا من نەموتوە شانۆکارانی تیپی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی هەموویان بەعسی بوونە، ئەوە تۆمەتێکی نا ئەخلاقیە هەڵبەستراوە بۆم، من هەڵەی وا ناکەم و زۆربەیان دۆست و خۆشەویستن لای من، بەڵام ووتم کە دەکرێت کەسی تیا بێت، تۆ کە لەشانۆی سەربازی بەعس کارت کردبێت، تا لە فیراری خۆت ڕزگار بکەیت یاخود وتارەکانی سەددام بەناوی خوازراو وەربگێرێت بۆ پارە وەرگرتن لەرۆژنامەکانی ئەوسا، من گرفتم لەوە نیە، بەڵام لەو شوێنە گرفتم دەبێت، ئەمڕۆ ئەوەمان بە شۆڕشگێریەتی پێبفرۆشیتەوە، لە دیدارێکدا شانۆکار بەکر ڕەشید ووتی «بەهۆی ئیمزا نەکردنی بەعسی بوون لە پەیمانگای بەغدا وەرنەگیرام» ئەو قسەیە رێک مانای وایە ئەوانەی وەرگیران ئیمزایان کردو کاک بەکر نەیکرد، گرفتەکە لەو ئیمزایە و تەزکییەی بەعسی بوون نیە بۆ من، ئەوە پەیوەندی بەهەر کەسێکە لەو رۆژگارە ئەو کارەی کردبێت، گرفتەکە لەو خۆ نواندنی پاڵەوانەیە گە ر مرۆڤ وایکرد، هەڵبەت ئەو قسانە بۆ کەسێکی دیاریکراو نیە، هێندەی قسەکردنە لە دیاردەی بە پاڵەوان بوون لەکارەکتەرەکانی ڕابردوو، بۆیە ئەوە بابەتی ئێمە نیە، ئەو کتێب نووسە کە ئەو کورتە نووسینەی نوسیوەو لەژێر بابەتەکەی ئەویش کۆمەلێک دۆست و نەیار کەوتونەتە کۆمێنت نووسین، وەک ئەوەی لەدەرفەتێک گەڕابن تا قسەم لەبارەوە بکەن، بەڵام کۆمێنتەکان هێندە ئاستێکی نزم و باس لەنەزانینێکی گەورە دەکەن هیچیان شایەنی ئەوە نین لەسەریان بووەستم، ئەو کتێب نووسەش لەڕاستیدا نەیدەویست و نایەوێت شکات بکات، بەڵکو دەیویست من لەبابەتەکە دوور بخاتەوەو قسەکردن لەشانۆی ئەزموونگەری ببات بۆ بابەتی بەعسیبون، بە بەلگەی ئەوەی چەند برادەرێک بەهەمان شێوە هاتن، دەیانویست بابەتەکە بگوازنەوە بۆ سەر چەند شانۆکارێکیترو پرسی تر، من لەو گەمەیە باش تێگەیشتم، قسەی من لەسەر کتێبە خراپەکان و تیۆرەکان، لەسەر خوێندنەوەی ڕەخنەیی نیو سەدەی بزووتنەوەیەکی شانۆییە، بۆیە دەیانویست ئەو پرسە نەبێتە گفتوگۆی ئێمە، سەرباری ئەوەی تێگەیشتم ئەو نێوەندە شانۆییەی ئێمە خەریکی چ سادەبونەوەیەکی شتەکانە، لەپڕ تێدەگەیت هاورێیەتی بەندە بە بەرژەوەندیەوە، پەیوەندی مرۆڤەکان لەگەڵت دەپچڕێن، ئیتر نایانەوێت وەک مرۆڤیش بتناسن، هیوادارم دوای ئەو قسانەم لەبریارەکەیان پاشگەز نەبنەوە، چونکە بۆ من ئەوانە بەرهەمی دەرەوەی مەعریفەی شانۆیین، کتێب و ناوەکان بۆ ناوهێنانە لەکاتی بەردەمی مایکی تی ڤی و رۆژنامەکان و کتێبەکانیش نمایشکردنی بەرگەکانیەتی لە فەیسبوک ، ئەو دۆخە باشتر تێیگەیاندم، زۆرینە دەیانەوێت ڕاستی نەبینن، چونکە حەقیقەت ناچارت دەکات بووەستیت، بگەڕێیت بەدوای نەزانراوەکان، گومان لە مەعریفە بکەیت و بەدوای مەعریفەی نەزانراو بگەڕێیت، وەلام و لۆژیکەکانت بمرن، پێویستت بە پرسیاری زیندوو بێت تا بزانیت، لەسەر تەرمێک نەژیت، من هیچ گرفتێکم نیە، لەتووڕەبونی ئەوانەی لەژیاندا نزیکم بوون، هەر هێندەی قسەم لەحەقیقەتی شانۆ کرد کەوتنە بێدەنگی و کۆتایی هێنان، کێ دەڵێت من بەوە دلخۆش نیم، ژیان وات لێ بکات چیتر کات نەدەیت بەوانەی شایستە نین لەژیانت، باشتر وایە مرۆڤی ووشە و کاغەز هاورێت بن، هەر نا مرۆڤە کاغەزینەکان درۆت لەگەڵ ناکەن، چەند دەرفەتێکی باشە لێرە زانیاریەکی تر بخەمە ڕوو، هەفتەی ئایندە بەبۆنەی یادی نەوەت ساڵەی تەمەنی، یۆژینیۆ باربا یادی لەدایکبونی خۆی دەکاتەوە لە پەیمانگای شانۆی گرۆتۆڤسکی بە نمایشێکی شانۆیی، ئەو یادکردنەوەیە سەرەتا ئەوەمان پێ دەڵێت ئەو شانۆیە بۆ باربا وەک بۆنەی کۆمەڵایەتی ژیانە، بۆ لەدایکبونی خۆی ئاهەنگی پێ دەگێڕێت، پێویست ناکات تۆ پێت وابێت ئەو ئەنترۆپۆلۆگێکی شانۆییە، چونکە بۆ من نەژاد نەجم سەد هێندە لە باربا شانۆکارترە، من کارەکانی باربام بە ڤیدیۆ بینیووە، ئەو لەسەر ناوی گرۆتۆڤسکی دەژییت، عەرابی گرۆتۆڤسکیە، ئەو عەراب بوونەی کردویەتی بەناوێکی شانۆیی نەک نمایشەکانی، من ئەگەر وەک جاران لەکوردستان بومایە حەسرەتم دەخواست کە ناتوانم ئەو کارەی باربا ببینم، بەلام ئێستا پێم حەیفە بڕۆم پارە بدەم بەم نمایشەکە دەیەوێت بۆ رۆژی لەدایکبونی هەندێک داهات کۆ بکاتەوە، ئەو جۆرە بزنسە پەیوەندیی بە شانۆ نیە، هێندەی شانۆ بیانویەکی بە بازاریکردنە، کەچی ئێمەی کورد دێین دیمەنی ئاڵۆز درووست دەکەین و لە لێدوانەکانیشدا قسە لە باربا دەکەین وەک ئەنترۆپۆلۆگێکی شانۆیی.

*باست لەنەژاد نەجم کرد، ئەو پێشتر لەگەڵ تۆ کاری کردووە، دلخۆشی بە کارەکانی، بەو رادەیە پێت وایە لە باربا باشترە؟
-ئەو کورە لەگەڵ مندا کەمترین کاری کردووە، گەر هەڵە نەبم، لە دوو نمایش کە دوو کورتە شانۆنامەی بیکیت بوو کاری لەگەڵمدا کرد، بەڵام گەنجێک هەر لەسەرەتاوە دەیویست فێر بێت، ئەوەی من لە کەرکوک خەونم بوو نەمتوانی پێی بگەم، ئەو لەگەڵ ئەندامانی تیپەکەیدا کردی، سەیرکە بێدەنگیەک لەبەردەم ئەوان هەیە، بۆ پەراوێز خستنیان، بەڵام بیرت نەچێت «تیپی شانۆی هەوار» بەقەد هەموو تیپە شانۆییەکان خەڵاتی فێستڤاڵە ناوچەیی و وڵاتانی بردۆتەوە، بابەتەکە جیاوازە، تۆ دەتوانی کاری ئەوانت بە دڵ نەبێت، بەڵام بابەتی خەلاتەکان لە فێستڤاڵێک و دوو وڵات نەوەستاوە، من دڵخۆشم بەوان، لەڕابردوودا زیاتر ئارەزووی گەنجانە و هەڵچوونی خراپیان هەبوو، ئێستا دەبینم لۆژیکیتر دەردەکەون و عاقڵتر ڕەفتار دەکەن، ئەوە سوود بەخۆیان دەگەیەنێت، وایان لێ دەکات بتوانن هەناسە درێژ بن، هەڵبەت من قسەم لەسەر بیرکردنەوەی شانۆییان هەیە، هێشتا تا ئاستێک وەهمی ئەزموونکاریەت بەری نەداون، بەلام تۆ سەیری نمایشی «سەلما» بکە، ئەو کارە لەرێی تێکست و دیالۆگ و نواندنی دوو وزەی ئەکتەر چۆن دەتوانن ئازاری مرۆڤی کوردیی بەرجەستە بکەن، بۆیە بۆ من ئەوان ئومێدی گەورەن و هیوادارم بتوانن هێمنتر بیربکەنەوەو شانۆ ببێتە پرۆژەی ژیانیان.

*حەقیقەت لە کاری هونەریدا پرسێکی گرنگی فەیلەسوفەکانە، دوور لە واتای فەیلەسوفەکانەوە، ئێمە چۆن سەیری پەیوەندی نێوان حەقیقەت و شانۆ بکەین؟

-پرسیارێکی خراپە، چونکە ناچارمان دەکات، یا لەسەرەتاوە دەست پێ بکەینەوە یاخود دەبێت دڵڕەقانە درێژە بەگفتوگۆکە بدەین، بەڵام هەوڵ دەدەم وەڵامەکەم چڕ بکەمەوە، حەقیقەت وێنەیەکی ڕاستەقینەی نێو دیمەنی شانۆی عێراقیە بەر لەهاتنی بەعسیەکان بۆ سەر حوکم، بەهاتنی بەعسیەکان دەرگا لەکۆمەڵە شانۆکارێک دەکاتەوە بڕۆن لە ئەوروپای خۆرهەڵاتی ئەو کات شانۆ بخوێنن، چونکە بەعسیزم لەدروشمی خۆیدا سۆسیالیزمی بەرز کردبۆوە، کە لەبنەرەتدا سۆسیالیزم بۆ بەعس هەڵگری دیدێکی فاشیانەیە، تۆ بۆ ئەوەی لە سۆسیالیزمی بەعسیزم تێبگەیت ناکرێت ڕووکەشانە سەیری دیاردەیەکی سادە بکەیت، بەڵکو هەمیشە دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ کتێبەکانی عەفلەق، چونکە سەددام زۆر هێمن و لەسەر خۆیانە دیدی عەفلەقی بەسەر کۆمەڵگای عێراقیدا سەپاند، ئەوەش فۆڕمێکی نێو دەزگاکانی ئایدیۆلۆژیایە، کۆمەڵگای سۆسیالیستی عێراقی هاوشێوەی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی کۆنترۆلکراوی یەکێتی سۆڤیەتی ئەو رۆژگارە بوو، گۆڕینی فۆڕمی شانۆیە بۆ کوژرانی ناوەرۆک، بەعسیزم بە پێچەوانەی سۆڤیەت، بۆی گرنگە ئەو فیکرانە بێنە ناو شانۆ کە دژی چینایەتیش بێت، هەڵبەت یەکتێی سۆڤیەت ئەوەی لەبەرامبەر شانۆدا پێ قەبووڵ نەبوو، لێرەوە فۆڕمە ئەوروپیە سۆسیالیستیەکەی لەڕێی چەند شانۆکارێکەوە کە ناردنی بۆ بلۆکی خۆرهەڵاتی، توانی بەتەواوی فیکر لەشانۆ بگۆڕێت، حەقیقەتی کۆمەڵایەتی مرۆڤی عێراقی گۆڕی بە فۆڕمی باڵای شانۆی عێراقی، فۆڕمێک بۆ ئەوەی حەقیقەت نەخرێتە ڕوو، باس لە تێکستە جیهانیەکان و فۆڕمی خۆرئاوایی بکات، دەشێت ئەوە تا ئاستێکی زۆر شانۆ تیایدا گەشە بکات، بەڵام لە ئامادە نەبوونی کولتور حەقیقەت دەشاردرێتەوە، شاردنەوەی حەقیقەت لێکترازانی پەیوەندیەتی لەگەڵ شانۆدا، شانۆکارانی کوردیش کە شانۆی ئاراستە کراوی مەعریفەی ئەو رۆژگارەی دەزانی، دەیویست میکانیزمە شانۆییەکە بگوازێتەوە ناو شانۆی کوردی، ئەوەش لە میکانیزمەوە گۆڕا بۆ ستراتیژ، چونکە تا ئەمرۆش پرسی تازەگەری لە پرسی حەقیقەت گرنگترە لەناو نمایشی شانۆییدا، بەڵام با بیرمان نەچێت ئەوە بەو مانایە نیە شانۆکاری کورد ئینتیمای بۆ فکری بەعس کرد، بەڵکو شاگەشکەی ڕواڵەتخوازیانەی نوێگەری بوو، نوێگەریەک کوشتنی حەقیقەت و بە باڵاکردنی فۆڕم بوو، بەلام فۆڕمێک نەیدەتوانی پرسیار لای بینەر بەجێ بێلێت، بەڵکو ئەو دیدەی خستیانەتە ڕوو تەنیا لای خودی شانۆکار بوونی هەبووە، ئیدی ئەوەش بۆ فاشیزمی بەعسی گرنگ بووە، بینەر هۆشیار نەبۆتەوە بەهۆی شانۆوە، بەڵکو وەهمی شانۆی باڵا و تەکنیکی شانۆیی بۆتە پرسی نێوەندی شانۆی ئێمە، ئەوەش هۆکارێکی گرنگە کە ئەو پێنج دەرهێنەرە ئەزموونکارەی خۆرئاوا ببن بە فریادرەس و ڕزگارکەری شانۆی ئێمە، بەداخەوە تا ئێستاش نەوەی ئەزموونگەری و بەشێک لەنەوەی نوێ لەناو ئەو ناوانە دەسوورێنەوە، وەک ئەوەی پەنجا ساڵی کۆتایی شانۆی ئەوروپی ناوێکی نوێی بنیات نەنابێت، چونکە بەکۆتایی شانۆی ئەزموونگەری و دوای سەفەری گرۆتۆڤسکی بۆ ئیتاڵیا، ئەوەی شوێنی شانۆی ئەزموونگەری گرتەوە پێرفۆڕمانس بوو، بۆیە تا ئەمڕۆش گروپەکانی پێرفۆرمانس لە ئەوروپا خەریکی کاری خۆیانن، تەنانەت لەشاری ڤرۆسواڤی پۆڵەندی ئەو شارەی ئەنستویتی گرۆتۆڤسکی لێیە بەدەیان گروپی پێرفۆرمانسی کارەکانی خۆیان نمایش دەکەن و لەسالیادەکانی گرۆتۆڤسکی و کانتور بە کاری پێرفۆرمانسی بەشداری دەکەن، بەڵام دەستەواژەی ئەزموونگەری و ئەزموونکاریەت وابەستەی رۆژگارێک بوو کە ساتێک کۆتایی هات گەیشت بە ئێمەی کورد، بەڵام لەراستیدا شانۆی ئەزموونگەری لای ئێمە وابەستەی شانۆی وێنەیی بەغدا و هەندێک کتێبی خراپی شانۆیی سەمیر سەرحان و سەعد ئەردەش بوو، کە بەتایبەت سەرحان ڕەوانبێژیەکی زمانەوانی بەکار دێنێت و ئەردەش ڕووکەشانە بە دوو لاپەرەیی باس لە ئەزموونەکانی خۆرئاوا دەکات، کە ئەوە بوو بە سەرچاوەی بنەرەتی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی.

*لەسەرەتای کاری شانۆییت نمایشێکتان پێشکەش کرد بەناوی شانۆی ڕەشی چیکسلۆڤاکی، دەکرێت لەبارەی ئەم شانۆیە قسە بکەیت؟

-لەڕاستیدا وەک هەڵەی شانۆکارانی ئەزموونگەری هەشتاکان ئەوەش یەکێک بوو لەهەڵەکانی من، وتارێک هەبوو لە گۆڤاری ئەقلام ژمارە یەکی سالی ١٩٧٩ لەبارەی ئەو شانۆیە سەرسام بووم پێی ویستم بەم شێوازە کار بکەم، نەک هەر ئەوە، هاتم وتارێکەم ئامادەکردەوەو سەر لەنوێ بلاوم کردەوە، بە تێکەلکێشکردنی ڕوانینە شانۆییەکانی خۆم لەکاتی پرۆڤەدا، هاورێیەکی تریش هەر ئەو وتارەی کردە کوردی و بەهەمان شێوە کاری تیا کردەوە، ئەوە هەڵەی ئەو ڕۆژگارە بوو، نەبوونی سەرچاوە وا بەرەو هەڵدێری دەبردین، بەڵام لەبنەرەتدا ئەو وتارە عەرەبیە کە ببوە سەرچاوەی ئێمە بۆ ئەم شانۆیە زۆر ناتەواو بوو، بە مانایەکیتر ڕووکەشانە ئەو شانۆیەمان وەرگرتبوو، دەنا بۆ خۆی شانۆکە لەنێوان ئەفسوونی روناکی و تیشکی سەرووی ئەرخەوانیە، کە ئەو جۆرە روناکیە لەلای ئێمە هەر بوونی نەبووە، من بەم دواییە لە ماڵپەری شانۆی هیلت کە تایبەتە بە شانۆی ڕەشی چیکی خوێندمەوە، شانۆیەکە یەکێک لەڕەگەزەکانی کۆمێدیایەکی بێدەنگە، گێڕانەوەیەکی شیعریی بێ دیالۆگە، لەئێستاشدا ئەم شانۆیە وەک ناوەندێکی سەربەخۆ کاری خۆی دەکات و بەردەوامە، بەڵام گەشەی تەواوی پێدراوە بەتایبەت لەبەکارهێنانی هونەری سەما، هەروەها شانۆکە گەشتی کردووە بۆ چەندین شوێنی جیاواز وەکو هیند و گواتیمالا، وەک خۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن شانۆکەیان بەتەنیا مەبەست لە نمایشی شانۆیی نیە، بەڵکو دیدارێکی کولتوریی نێوان فرە کولتورەکانە، بۆیە هەمیشە دەرگا دەکاتەوە بۆ شانۆکارانی کولتورەکانیتر بۆ کاری هاوبەش، بەڵام کارەکەی من بریتی بوو لەنەزانینێکی گەورە، کە فریوخواردی دەستی وتارێکی عەرەبی بووم، دەزانم ئەو بوێریەی لەمندایە هەرگیز لەوانەدا نیە کە فریووی دوو کتێبی عەرەبی و شانۆی وێنەیین، هێشتا وەک سەربازێکی سەرکەوتووی جەنگ سەیری خۆیان دەکەن، من لەوە ناترسم ناوم لەمێژوودا بسڕێتەوە، چونکە بڕوام بەوەیە حەقیقەت دەبێت نیشان بدرێت، سەیرکە گاستۆن باشلار لەکتێبێکیدا باس لەو مێشوولەیە دەکات کە دەچێت خۆی دەنووسێنێت بە شووشەی چرایەکەوە، دەڵێت مێشوولەکە دەزانێت جەستەی بەر چراکە بکەوێت دەسوتێت ونامێنێت، بەلام هەست دەکات ڕوناکی چراکە لە ژیانی ئەو گرنگترەو جۆرێک لە نەمریی پێ دەبەخشێت، ئەو گفتوگۆیە بۆ من ڕێک ئاوایە، زۆربەی ئەوانەی وامدەزانین هاوڕێمن نەک لە دەستمدان، بەڵکو کەوتنە تۆمەت و حیکایەت و سڕینەوەم وەک مرۆڤ، دەی ئاخر دڵخۆشم هەندێک لەوانە لەخۆیان ناپرسن بۆچی توڕە بوونە چونکە قسەم لەسەر ئاڕتۆ کردووە، ئێ خۆ باوکی شەرعیتان نیە، گرۆتۆڤسکیم پۆلین کردووە، دەی خۆ کفرم بەئاینەکەتان نەکردووە، ئێوە ئەوتان لەمن بۆ گرنگترە؟ نا وا نیە بەلام سێ ناوتان لەبەر کردووە بەدوای ئەو سێ ناوە نازانن باسی چی بکەن، چونکە مەعریفەی زانراوتان دەکوژرێت و دەبێت سەر لەنوێ بەدوای کتێب بگەڕێن، جا هەیە بەقەد شانۆکاری کورد دوژمنی کتێب بێت، باسی ئەوە ناکەم کە لەماڵەکاندا هەتانە، باسی کتێب دەکەم وەک خوێندنەوە، باسی ئەوەی نیو سەدەی دوایی شانۆ لەدنیادا چی بوو، لەکوێوە ئێمە وەستاوین، ئەو پەنجا سالەی ڕابردوو بۆچی وونە لەشانۆی ئێمەدا؟ شانۆ لەپەنجا سالی کۆتایی چی کردووە؟ ئەو پرسیارانە بوون منیان هێنایە گۆ، گەر نەتوانیت حەقەقەت بشاریتەوە، دەکرێت وەک دکتۆر ستۆکمانی دوژمنی گەل کەس لەگەڵت نەبێت، بەڵام خۆت بەتەنیا حەقیقەت ببینیت، بۆ من حەقیقەت لابردنی دەمامکی گوماناویە، ئاشکراکردنی درۆیە، جیاکردنەوەی دژبوونە لە شانۆ لابردنی وەهمە، دەبێت درۆ و خەیاڵ تێکەڵی یەکتر نەکرێت، کاتێک مرۆڤ دڵی دەشکێت، بریندار دەبێت، بەڵام من بریندار نەبووم، چونکە دڵم نەشکا، بەڵکو دەمامکی سەر زۆرینەم لا برد، چونکە خۆشم ویستن و نەمویست هەموو ژیانیان لەناو وەهم و درۆدا بمێننەوە، ڕەنگە ئەو گفتوگۆیە دواهەمین پڕۆژەی نووسینی من بێت بە کوردیی لەبارەی شانۆوە، بەڵام هیچ کتێبێکم هێندە ڕاستگۆیانە نەنووسیوە، هێندە پڕ لە زانیاری و دڵنیایی قسەم تیای نەکردووە، بۆیە لەهەموو کتێبەکانیترم لە لا خۆشەویسترە.




رەخنەی شانۆیی و ڕەخنە لەشانۆی کوردیدا/ ٧.. گفتوگۆیەکی شانۆیی لەگەڵ نیهاد جامی

-پێویست ناکات لەو بارەیە کتێبێک بنووسیت لەڕوانگەی فەیلەسووفەکانەوە؟

-ئەو پرسیارە بۆ من بیانوویەکی باشە تا هەندێک ڕاستی بدرکێنین، هەندێک دەستەواژە ئازاراوین، بەڵام ڕاستین، بەهیچ جۆرێک پێم وانیە پێویستمان بەوە بێت کتێب بنووسین لەبارەی شانۆ و فەیلەسووفەکانەوە، شانۆکاری کورد بە میرات شانۆی بۆ ماوەتەوە، زانیاریەک فێر دەبێت و بۆ هەمیشە لەسەری دەژیت، بڕوا ناکەم کەس بیەوێت بەخۆیدا بچێتەوە، یاخود گفتوگۆی بابەتێک بکات، هەر کاتێک ئەوەی دەینووسیت ناکۆک بوو لەگەڵ زانیاریە پێشووەکانی ئەو ئیدی بێدەنگی لێ دەکات، گەر ناچاریشی بکەیت ئەوە دێت وا خۆی نیشان دەدات کە تەواو لەپرسەکە شارەزایە، ئیدی لەبەردەم شانۆکارانی شارەزا و پسپۆر باوەر ناکەم کەم توانایەکی وەک من کاری ئەوە بێت کتێبێک بنووسێت لەم بارەیەوە، تەنانەت ئەو کتێبەی زیاد لە پانزە سالە خەریکیم لەبارەی شانۆی پۆلەندی، لەئێستادا پلانی کارەکەم گۆڕیووە، چونکە دڵنیام شانۆکاران پێویستیان پێی نیە، بۆیە هەوڵ دەدەم کتێبەکە بە زمانی فەرەنسی بنووسم، دەزانم ئەوە کارێکی سەختە، بەڵام گەر ئەو کتێبە هەشت ساڵیتر تەواو بێت باشترە لەوەی کتێبەکە بە زمانی کوردیی بێت و بە هەشت مانگی تر تەواو بێت، مرۆڤ بۆیە دەنووسێت تا بیرۆکەکانی بگەیەنێت، بەڵام کە زانی ناخوێنرێتەوەو کەس پێویستی پێی نیە، ئیدی نووسین پێویستیەک نیە، بڕوام وایە ئەو گفتوگۆیەش دواهەمین قسەی من دەبێت لەسەر شانۆی کوردیی، بۆیە ڕەنگە پێمباش بێت وەک دۆکۆمێنتێت لە دەرفەتێکدا وەکو کتێب چاپی بکەم، تا لەداهاتوودا بەڵگەیەک هەبێت، کە کەسێک هەبوو لەو ڕۆژگارە ڕەخنەی گرت، نەوەکو هەموومان ستایشکاری دۆخێکی خراپەکار بین، دەشێت قسەکردنی من باش نەبێت، لەگەڵ کۆی بیرۆکەکان هاوتەبا نەبیت، بەڵام ناکرێت یەک جۆر بیرکردنەوە ئامادەبوونی هەبێت.

-کەوایە چۆن سەیری ڕەخنەی شانۆیی دەکەیت؟ تا چ ئاستێک قسەی لەبارەی نمایشەکانەوە گەشەکردنی بە شانۆ بەخشیووە؟

-من لەو بارەیە کتێب و نووسینیترم هەیە، بەوردی لەسەری وەستاوم، رەخنەی شانۆیی ئێمە بەچەندین ئاست پۆلین دەکرێت، رەخنەی وەسفی ڕەخنەیەکە زۆربەی کات ئامادەبوونی هەیە، دەرهێنەرەکانیش ئەو جۆرە رەخنەییان پێخۆشە، چونکە وەک جۆرێک ستایش سەیری دەکەن، لەپاڵ ئەو نمونەیەی پەشتر هێنامانەوە کە کتێبێک دەنووسرێت و نوسەرەکەی ستایشی کاری خۆی و هاورێکانی دەکات، جا ئەوە وەک رەخنەی شانۆیی دەبینیت، پەیوەندی بە ئاستی تێگەیشتنی شانۆیی خۆتەوە هەیە، ڕەخنەیەکی ترمان هەیە زیاتر لەسەر داتا و ژمارە کار دەکات، دەتوانین وەک کاری رۆژنامەوانی سەیری بکەین، بەڵام پرسەکە ئەوەیە ئایا ڕەخنەی شانۆی ئێمە دەتوانێت وەک دەقێکی سەربەخۆ دەربکەوێت؟ ڕووبەرێکی سەربەخۆ بێت و لەناو سیستمی ڕەخنەیی و دەلالی مەعریفە بە نمایش ببەخشێت و بگەڕێینەوە بۆ ڕەخنە؟ ئایا رەخنە لەشانۆی ئێمەدا دەتوانێت دەق بێت؟ بەدرێژایی کاری شانۆیی من ئەو پرسیارەم هەبووە، ئەوە هەرگیز بێبەهاکردنی هەوڵی ڕەخنەگران نیە، دەسەت ئێمە رەخنەگرمان هەبێت شایەدی سەردەمی خۆی بێت و ویستبێتی ئەو ساتەوەختە زەمەنیە بە مێژوو بکات، رەخنەگرمان هەیە ویستویەتی لەپاڵ ئەو جۆرە نمایشانە ڕێ بکات کە لەگەڵ چێژی شانۆیی ئەودا دەگونجێت، بەڵام سەرەنجام نابێت بە دەقی ڕەخنەیی، ئێمە هەندێک هەوڵمان هەیە ڕەخنەگر تیایدا ویستویەتی گوتاری ڕەخنەیی بنیات بنێت، بەتایبەت لەنزیکبونەوە لەناو زانستە مرۆییەکان، بەڵام گرفتەکە لەکوێیە؟ ئێمە نەهاتووین لەزانستە مرۆییەکان ئەو چەمکانە وەربگرین کە شانۆیین، چەمکی بیریارێکمان هێناوە بۆ ئەدەب یا فەلسەفە بەکاری هێناوە، ئەوەمان سەپاندۆتە سەر نمایشەکان، بە نمونە هەندێک چەمک و زاراوە کە ڕۆلان بارت بەکاری دێنێت بۆ تێکستی ئەدەبی، ئێمە ئەوەمان گواستەوە بۆ شانۆ، لەکاتێکدا بارت خۆی بەو چەمکانە شانۆ ناخوێنێتەوە، ئەو دوو کتێبی لەبارەی شانۆ نووسیووە، کتێبێکیان لەژێر ناوی «لەبارەی ڕاسین» توێژینەوەیە لەبارەی شانۆنامەکانی دراماتۆرگی فەرەنسی ڕاسین، هەوڵ دەدات پرسیار لەبارەی پەیوەندی کەسێتیەکان بکات، گومان و پرسیار ڕووبەرێکی گرنگی ناو ئەو تێگەیشتنە نیشان دەدات، بەڵام هەرگیز نایەت قسە لە مەرگی نووسەر و پلەی سفری نووسین بکات، بەڵام لە رەخنەی ئێمەدا، چونکە ئاشنایەتیمان بە دوو کتێبەکەی نەبوو، بۆیە هەولمان دەدا ئەوەی بەردەستمان دەکەوت ئەوە بسەپێنینە ناو نووسینە ڕەخنەییەکانمان، تەنانەت کتێبی دووەمی کە لەژێر ناوی «نووسین لەبارەی شانۆوە» کتێبێکە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بەتایبەت بۆ تێگەیشتن لە ئاماژەی شانۆیی، چونکە لەوێدا بەتەنیا لەسەر دەق کار ناکات، بەڵکو لەسەر تەواوی ئەو پێکهاتانە دەوەستێت کە نمایشی شانۆیی بەرهەم دێنن، لەڕاستیدا لەو کتێبەدا وەک ڕەخنەگرێکی شانۆیی بەدوای دەق قسە لەپێکهاتە هونەریەکانی نمایشی شانۆیی دەکات، ڕەخنەی ئێمە ناتوانێت بگاتە ئەو ئاستە، بۆیە ناتوانین نووسینی ڕەخنەیی ناو بەرین بە دەقی ڕەخنەیی، دەقێک کە سەربەخۆ بیبینین وەک شانۆنامەو نمایش، کە دوو دەقی سەربەخۆن، نووسەر و دەرهێنەر بنیاتیان دەنێن.
ئەگەر نمونەیەکی تریش بێنینەوە، کتێبێکی گرنگی ڕەخنەیی ڕەخنەگری پۆلەندی یان کۆت، کتێبەکە بەناوی «ئایا ئەمەتان بە دڵە» ساڵی ١٩٥٥ چاپکراوە، باس لەنمایشەکانی سالانی ١٩٤٤-١٩٥٥ دەکات، ئەو کتێبە بەتەنیا قسە لەنمایشی شانۆیی ناکات، بەڵکو لەڕوانگەی کۆمەڵێک پرسیارەوە دەیەوێت پەیوەندی شانۆ و کۆمەڵگا دەست نیشان بکات، لەپاڵ قسەکردنی لە ئەکتەر بەتەنیا نایبەستێتەوە بەو نمایشەی قسەی لەبارەوە دەکات، بەڵکو بەکۆی ئەزموونی نواندنی ئەکتەرەوە دەیبەستێتەوە، بەهۆی ئەوەی ناونیشانی کتێبەکەی لەشانۆنامەیەکی شکسپیرەوە وەرگرتووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە بەشێکی لەبارەی ئەو پرسیارەیە کە چۆن لەسەدەی بیستەم سەر لەنوێ شکسپیر لەسەر شانۆ بخوێنینەوە؟ بۆیە قسەکەمان لەوەدایە ڕەخنەی ئێمە نەگەیشتووە بەم ئاستە، هۆکارەکەشی پەیوەندی بە دوو ئاستەوەیە، یەکەمیان وابەستەی ئەو نمایشانەیە کە قسەی لەبارەوە دەکات، ئاستی دووەمیش سەرچاوە رەخنەییەکانی ڕەخنەگرە، هەولی نەداوە بە لایەنی کەم بە زمانی ئینگلیزیی بخوێنێتەوە، تاوەکو ئاستی ڕەخنەیی خۆی بەرەو پێش بەرێت، بۆیە زۆرجار کاتێک رەخنەگر پشت بەسەرچاوەیەک دەبەستێت کە کتێبەکە لەسەری نووسراوە شانۆی نوێ، بەڵام بیر لەوە ناکاتەوە کتێبەکە کەی نووسراوە، کاتێک پەنجا سال پێش ئێستا نووسرا بێت ئیدی نوێ بوونەکەی تەواو کۆن بووە، بۆیە هەموو ئەوانە دەبنە گرفت لەبەردەم ڕەخنەی شانۆیی ئێمەدا و نایەلێت ڕەخنەی شانۆییمان بەرەو پێش بچێت.

*سەرەتای ژیانی شانۆییت ساڵانێکی زۆر وەک ڕەخنەگرێکی شانۆیی کارت دەکرد، لەسەر زۆربەی نمایشەکان ئەتنووسی، تەنانەت کتێبێکت هەیە بەناوی «گوتاری ڕەخنەی شانۆی کوردیی» کە قسەکردنە لە شانۆنامە و نمایش، ئایا ئەو بۆچوونە دەسەپێتە سەر ئەو کتێبەی خۆشت؟
-من لەپێشەکی ئەو کتێبەدا باسم لەوە کردووە کە ڕەخنەی شانۆی ئێمە پێویستە ببێتە خاوەنی دەقی ڕەخنەیی، جگە لەوەی لەسەر چەمکی دەسەڵات لەگوتاری ڕەخنەیی وەستاوم، سەرەنجام نەمتوانی دەقی ڕەخنەیی بنووسم، نەدەکرا ڕەخنەگر بم و سەرچاوەی خوێندنەوەم تەنیا زمانی عەرەبی بێت، مەعریفەی منیش وەک شانۆکار دەست نیشانکراو بوو، جگە لەوە لە سالانی کۆتایی کە لەوێ بووم هەستم دەکرد ئێمە ڕووکەشانە مەعریفە وەردەگرین، چەند ناوێک بە سێنتەری مەعریفە دەزانین، لەدەرەوەی ئەوە ناتوانین نمایش لەدیدی ترەوە ببینین، بیرمە لە خوێندنگای دراماتۆرگی وارشۆ جارێکیان بابەتێکم پێشکەش کرد بەناوی «شانۆی سونەتی و تازەگەری کوردیی» لەوێ ئاماژەم بۆ ئەوە کرد شانۆی ئێمە پۆلینکراوەتە سەر ستانسلاڤسکی و گرۆتۆڤسکی، ستانسلاڤسکی وەک شەرمێکە کە دەبین بە سونەتگەراو گرۆتۆڤسکی دەمانکات بە تازەگەرو شانۆکەمان دەباتە ئاستی دنیا، مامۆستاکەمان کە دراماتۆرگێکی ناسراوی پۆلەندی بوو، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەوەی شانۆی کوردیی دەکات بە جیهانی شکسپیرو چێخۆڤ نین، بەڵکو وەرگێرانی شانۆنامە و بابەتە کوردیەکانە بۆ سەر زمانەکانیتر، بەوەی شانۆی کوردیی لەخۆرئاوا بە زمانی ئینگلیزیی نیشان بدرێت دەیکات بە جیهانی نەوەک گەڕانەوە بۆ دراماتۆرگە ئەوروپیەکان، بەڵام با زۆر لەپرسیارەکە دوور نەکەومەوە، من لەژیانمدا خوێندنگای دراماتۆرگی پۆلەندی کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی شانۆییم دروست کرد، ناسینی کتێب و نمایشە پۆلەندیەکان توانیان ئاسۆیەکیتر لەبەردەم مندا بکەنەوە، شانۆ ئەوە نەبوو کە لەم کتێبانەی نیو سەدە پێش ئێستا بە عەرەبی دەمخوێندنەوە، شانۆ.. بینین و توێژینەوە نوێیەکان بوو، ئێستاش کە لەو بارەیەوە دەدوێم، شانۆکاری کورد مافی خۆیەتی وەک شۆک سەیرم بکات، بەڵام دلخۆشم ڕاستگۆم لەگەل خودی خۆم، دواتر لەگەڵ شانۆو شانۆکاران، هەر ئەوەش وایکردووە من رەخنەگری شانۆیی نەبم و ئەو کارە بۆ پسپۆرانی ڕەخنەی شانۆیی جێبێلم.

*تێبینی خاڵێکم کردوە لەتۆ ناوی دەرهێنەرە شانۆییەکان دێنیت، بەڵام خۆت لەناوی ڕەخنەگرەکان دەپارێزیت؟ ئایا هاورێیەتی هۆکارە؟ یان ناتەوێت بچیتە ناو شەڕێکەوە؟

-شەڕ؟ هاورێیەتی؟ من هەموو ئەوانەی رەخنەگرن تا ئێستاش پەیوەندی دۆستایەتیەکمان هەیە لەسەر بنەمای خۆشەویستی ورێز وەستاوە، هەندێکیان لەبۆنە و نووسینی تر قسەم لەبارەیان کردووە، ئەوانیش درکی ئەوە دەکەن هۆکاری پشت نووسین شانۆیە نەوەکو پەیوەندی کەسی، من کە لێرەدا خۆم پاراست لەناوهێنان شەڕ نیە وەک لەپرسیارەکەدایە، شەڕ بۆچی؟ لەدەرەوەی خۆشەویستیەوە ناتوانیت شانۆکار بیت، خۆتان دەبینن هەندێک پۆستی فەیسبوک و کۆمێنتی وا سەیر لەبارەی منەوە دەنووسن، چونکە راستگۆیانە قسە دەکەم و درۆیان لەگەڵ ناکەم، من خۆشەویستیم بۆ ئەوان هەیە، هیچ شەڕ و رقێکم بۆیان نیە، خۆیان بەر لەهەموو کەسێک ئەوە دەزانن، بۆ من قسەکردن لەبارەی شانۆ، لەدەرەوەی خۆشەویستی هیچ مانایەکی نیە، تەنانەت ئەوانەی دەیانەوێت درۆ بهۆننەوە و بریندارم بکەن، بەلام من نیگەرانی ئەوەم، کاتێک ئەم دنیایە جێدێلم، ئەوان بزانن چەند برینداریان کردم لەبەر ئەوەی ڕاستیم پێ ووتن، وەک ئەوانیتر درۆم لەگەڵ نەکردن، ئەوە گرنگ نیە، من لەخۆشەویستیەوە، لەعەشقێکی شێتانەم بۆ شانۆ قسە دەکەم، دەگەڕێمەوە سەر پرسیارەکەتان، چەند ساڵێک بەر لەئێستا لە رۆژنامەی ڕووداو وتارێکی درێژم نووسی بەناوی «ئاستەکانی نووسین لەگوتاری ڕەخنەی شانۆییدا» لەو وتارەدا ئاماژەم بۆ شێوازی کارکردنی ڕەخنەگرەکان کردبوو بەناوهێنان و ئەو میتۆدە رەخنەییانەی کە پشتی پێدەبەستن، لێرەدا ئاماژە بۆئەوە دەکەم کە باشترین کتێب لەبارەی شانۆی ئەزموونگەری کوردی نووسرابێت کتێبەکەی کاک دانا رەئوف نیە وەک خۆی باسی دەکات، بەڵکو کتێبەکەی کاک سەباح هورمزە، بیرمە کاتی خۆی هەندێک سەرنجی ڕەخنەییم لە ژمارە٩ ی گۆڤاری ڕامان لەسەر ئەو کتێبە نووسیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەمەوێت ئەوە بڵێم سەباح هورمز باشترین رەخنەگری شانۆی ئەزموونگەری کوردیە، گەر قسە لەسەر ئاستی رەخنەکە فراوان بێتەوە، پەیوەندی بەوە هەیە مەعریفەی ئەزموونگەری شانۆیی، تەنیا گەرانەوە بۆ زمانی عەرەبی هۆکاری پشت ئەو شانۆیە و گوتارە رەخنەییەکەیەتی، لەو رۆژگارە کە شانۆی وێنەیی لوتکەی ئەزموونکاریەت بووەو مەعریفەی شانۆیی دەرهێنەر و ڕەخنەگر تا ئاستێکی زۆر لەیەکتر نزیکن، گرنگ بۆ من کە باسی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی بکەم پێویستم بەوەیە بۆ لای سەباح هورمز بگەرێمەوە نەک دانا رەئوف، ئەویش بەپێی تێگەیشتنی ئێستام بۆ رەخنەی شانۆیی لەلایەک و لەلایەکیتری رەخنەی شانۆیی دەبێت مەعریفەی شانۆیی بەرهەم بێت، کاک دانا لەبڕی مەعریفە وەسفی پەخشانی بە نمایش دەبەخشێت.

*ئەی ڕەخنەگرەکانی وەکو محەمەد تەیمورو موحسین محەمەد و مەغدید حاجی؟

-بەداخەوە من هیچ وتارێکی ڕەخنەیی محەمەد تەیمورم نەخوێندۆتەوە، تاکە وتارێکی کە خوێندبمەوە لەبارەی شانۆی کلاسیک بوو، نووسینێکی ئاسایی بوو ، بەڵام ئەو نوسینانەیم نەخوێندۆتەوە کەلەسەر شانۆن، موحسین محەمەد سەرباری ئەوەی ڕەخنەی شانۆیی دەنووسێت، بەڵام ئاگاییەکی باشی ئەرشیفی شانۆییە، ڕوانینە ڕەخنەییەکانی بۆ تێگەیشتن لەڕاستی و سەرچاوە مێژوویەکان گرنگی خۆیان هەیە و من رێز لەماندووبونەکانی دەگرم، ئەو قسەیەم بۆ کاک مەغدید حاجی بەهەمان شێوە ڕاستە، بەتایبەت کتێبەکەی بەناونیشانی «ئافرەت لەشانۆی کوردیدا» سەرچاوەیەکی ئەرشیفی باش و گەڕانەوەیە بۆ مێژووی شانۆکەمان لەڕوانگەی خانمانی ئەکتەر.
باوەڕم وایە ناویتریش هەیە، لەڕووی شێوازی کارەکانیان لەم ناوانە نزیکن، لەوانە کاک یاسین قادر بەرزنجی هەوڵێکی زۆری بۆ ئەرشیفی شانۆیی داوە، چ لەرێگەی کتێبەکانیەوە یاخود لەوتارە شانۆییەکانی لەهەفتاکان و هەشتاکاندا، هەروەها جۆرێکیتری نووسینی ڕەخنەیی کە لای کامەران سوبحان و شۆڕش محەمەد حوسێن دەرکەوت ئەویش ڕەخنە و بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانی بوو، کارێکی ڕۆژانەی بەدواداچوونی ناو نمایشەکان بوو لەڕوانگەی کاری ڕۆژنامەوانیدا، ئەو جۆرە نووسینانەش گرنگی خۆیان هەیە.

*ئایا نوسینەکانی حەیدەر عەبدولرەحمان دەکەوێتە کوێی کاری ئەوانەی پێشوو؟

-حەیدەر عەبدولرەحمان جیاوازترە، بە فۆڕمێکیتر هاوشێوەی سەباح هورمزە، بەلام خاڵی جیاوازی کارکردنیان بەروونی دەبینرێت، ئەگەرچی هەردووکیان زیاتر قسە لەشانۆی ئەزموونگەری و تازەگەری شانۆیی دەکەن، لەناو وتارە ڕەخنەییەکانیدا، بەلام بۆ من کاک حەیدەر خاڵی جیاوازی ئەوەیە زۆرجار لەڕوانگەی ناونیشانی شانۆگەریەوە دەرواتە ناو نمایشەوە، با خۆم بپرسم: ئایا ئەوە تێگەیشتنێکی خراپ نیە بۆ نمایش؟ نەخێر، ئێمە پێویستمان بە دیدی جیاوازی خوێندنەوەیە، کێشەی من لەگەڵ ئەودا لەو جۆرە کارە نیە کە لەناونیشانەوە زیاتر جەخت دەکاتەوە، بەقەد ئەوەی رەخنەی وەسفی باڵی کێشاوە بەناو نووسینە ڕەخنەییەکانیدا، لەپاڵ ئەو چەمک و زاراوە ڕەخنەییانەی بەکاری دێنێت، خێرا دەیگوازێتەوە ناو نمایش، ساتی وا هەیە ئێمە نازانین سیاقی چەمکەکە لە چ مانایەکەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە ئەویش دەبێت بزانێت، ئەو تەنیا بۆ شانۆکاران نانووسێت، بەڵکو بینەرانیش کە دەبنە خوێنەری وتارەکانی، چاوەروانی ئەوەن لەڕێی ئەو نووسینانەوە باشتر لە نمایشەکان بگەن، بۆیە لەپاڵ هەموو ئەوانەدا دیارە سیمای ڕەخنەیی ئەو و ناسینەوەی ئەو سیمایە، ڕوونتر لەنووسینی ئەودا دەیبینمەوە، هەڵبەت ڕەخنەی وەسفی پێشتر بەهەمان شێوە باڵی کێشا بوو بەسەر ڕەخنەکانی حەمە سوار عەزیز، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی ئەو هەوڵ دەدات زیاتر لەڕوانگەی زانستە مرۆییەکانەوە لەنمایش نزیک ببێتەوە، ئەوەشیان بەگرنگ دەبینم وەک ئاراستەیەکی سەربەخۆی کارکردن لەکاری ئەودا، ئەگەرچی ئەوەی جێگای سەرسووڕمانی منە، ئەوەیە بۆ حەمە سوار پیشەگەربوون لەکاری ڕەخنەیی، ئەوە نیە تۆ قسە لەهەموو نمایشێک بکەیت، کە هەندێکیان لەدیدی ڕەخنەیی تۆوە دوورن، چونکە ئەوە زیان بەنووسینی ئەو دەگەیەنێت، ئەو دەبێت ئەوەش بزانێت بۆ ئەوەی ئەو ڕەخنەیە بەرەو پێش بەرێت، پێویستی بە تێگەیشتنی جیاوازو دیدو خوێندنەوەی تر هەیە، تا لەشوێنێکدا ئاستە ڕەخنەییەکەی لەشوێنی خۆی نەوەستێت، چونکە ئەوە مەترسیەکە و دەبێت لەئێستاوە هەستی پێ بکات، بڕوام وایە تا رادەیەک هەوڵمداوە لەڕوانگەی تایبەتیەوە قسە لەکاری کۆی ئەو دۆستە ڕەخنەگرانەمان بکەین، دەشێت بۆ ئەوان ڕوانینی من هاوڕا نەبن لەگەڵیداو ئەوان قسەی خۆیان هەبێت لەکاری ڕەخنەییان، بەڵام سەرەنجام من کارەکانیان لەو وێنە پانۆراماییەدا دەبینم.

درێژەی هەیە…




فەلسەفە و شانۆ/ گفتوگۆیەکی شانۆیی لەگەڵ نیهاد جامی-6-

فەلسەفە و شانۆ

بەشی شەشەم

-لەم ساڵانەی ڕابردوو کتێبێکت چاپکرد لەبارەی شانۆ وفەلسەفە، لە سەردەمی کلاسیکەوە بۆ پۆست مۆدێرنە، هەڵبەت ئەو بابەتە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە لەپەیوەندی شانۆ و فەلسەفە، ئایا ئەو کتێبە دەبێت بەسەرەتایەکی گرنگی پەیوەندیی ئەو دوانە بەیەکەوە؟
-ئەو کتێبە درەنگ چاپکرا، من لەدواهەمین ساڵی ژیانم کە لە کوردستان بووم کتێبەکەم نووسی، بەداخەوە ئەو کات تەنیا سەرچاوەکانی دەمتوانی بەکاریان بێنم عەرەبی بوون، بۆیە کتێبێکی ناتەواوە، بۆ ئەوەی ناتەواوی ئەو کتێبە تەواو بکەین، پێویستمان بەوە دەبێت کتێبێکیتر بنووسین، ئەو کات زۆر سەرچاوەی فەڕەنسی هەبوو لەبارەی ئەو پەیوەندیە من نەمخوێندبۆوە، ناکرێت بەبێ هەندێک کتێب و وتاری زانستی و توێژینەوەی شانۆیی قسە لەو پەیوەندیە بکەین، ئێستە وێنەکە تەواو بۆ من ڕوونە، ئەو گفتوگۆیە بیانویەکی باشە بۆ ئەوەی بتوانم هەندێک لەبارەی ئەو پەیوەندیەوە قسە بکەم، با ئەوەش تەواو بکەم بۆ سەر قسەکانم، ژیل دولوز گرنگی تایبەتی هەیە بۆ پەیوەندی نێوان فەلسەفە و شانۆ، من ئەو سەرچاوە گرنگانەم نەخوێندبۆوە کە کتێبەکەم نووسی، تەنیا توانیبووم لەسەر چەمکی تراژیدیا بۆ ئەو بۆ فەیلەسووفە بگەڕێمەوە، ئدەویش بۆ کتێبەکەی لەژێر ناوی «نیتچە و فەلسەفە» دیارە ئەو کتێبە بە عەرەبی لەبەردەست بوو دەمتوانی قسەی لەبارەوە بکەم، بەڵام کتێبێک نەبوو ڕاستەوخۆ لەبارەی فەلسەفە و شانۆ، بەڵکو کتێبەکە لەبارەی نیتچەوە بوو، بەهۆی ئەوەی باوەر ناکەم خولیای نووسینی کتێبی توێژینەوەی شانۆییم هەبێت، بۆیە لەم گفتوگۆیەدا دەمەوێت لەبارەی ئەو پەیوەندیە بدوێم، دەنا لەبنەرەتدا پێویستە من کتێبێکی نوێ بنووسم، بەڵام چونکە نانووسم، بۆیە لێرەدا هەندێک روانینیتر لەسەر بابەتەکە دەخەمە ڕوو. لەخۆرئاوا ئەوانەی باس لەپەیوەندیی نێوان فەلسەفە و شانۆ دەکەن، ئەوە شانۆکاران نەبوون،. بەڵکوفەیلەسووفەکان بوون باسیان لەو پەیوەندیە دەکرد، لە ئەرستۆ و ئەفلاتونەوە تا دەگات بە دیدرۆ و هیگل و هۆلدرین و کیێر کیگارد و نیتچە، بەدوای ناوەڕاستی سەدەی بیستەم ئەو پرسە سەر لەنوێ گرنگی تایبەتی خۆی هەبووە بەتایبەت لەلای فەیلەسوفانی فەڕەنسی، بۆیە لەتوێژینەوە فەلسەفیەکانیاندا بە بایەخەوە لەسەری دەوەستن و جێی قسەکردنی زۆریانە لەلای سارتەر و ژۆلیا کریستیڤا و ژاک دێرێدا و میشێل فۆکۆ و ژیل دولوز و فلیکس گوتاری، دولۆز و گوتاری لەچەندین نووسینی هاوبەشدا بەگرنگیەوە باسیان کردووە، هەڵبەت من ناگەڕێمەوە سەر ئەو قسانەی کە پێشتر لەکتێبی «فەلسەفەی شانۆ و شانۆی فەلسەفی» کردوومە بۆ چەمکی تراژیدیای نیتچەیی لای دولوز و هەروەها روانینی کریستیڤا و دێرێدا، ئەوەی زیاتر جێی قسەکردنمە لەئێستا لەبارەی دولوزە، کە هەندێک لەنووسینەکانی بە هاوبەشی گوتاری نووسیوە، جگە لە وتارێکی دێرێدا لەبارەی ئارتۆ و ڕوانینی شانۆییەکانی، فەیلەسووفانیتر لەقسەکردنیان لەسەر شانۆ باس لەکردەی دەرهێنان و نواندن ناکەن، هێندەی لەسەر شانۆنامەو کارەکتەرەکانیان قسە دەکەن، تەنانەت ژۆلیا کریستیڤا لەکتێبی «خۆری ڕەش» وتارێکی درێژ دەنووسێت لەبارەی شانۆنامەی هاملێت لەژێرناوی ژیان و مردن لەووشەکاندا، کە قسەکردنی فەلسەفیانەیە بۆ هاملێت و لەڕوانگەی دەروونشیکاریەوە باس لەو کارەکتەرە دەکات، بەشێوەیەک باسی دەکات وەک تێکستێکی فەلسەفی دەیخاتە ڕوو، جا ئێمەی کورد دێین دەڵێین دیدی نوێ بەهاملێت دەبەخشین لەڕێی گۆڕانکاری لەتێکستەوە یان شانۆی وێنەیی عێراقی دێت قسە لەزەمەنی فەلسەفی هاملێت دەکات لەڕێگەی گۆڕینی شانۆنامەکەوە بۆ دیدگای وێنەیی، گرفتەکە لەوەدایە ئێمە گوتارە فەلسەفیەکە لەڕێی ووشەوە نەبینین و ووشە بە مردنی داهێنان وەسف بکەین، وەک شانۆی ئەزموونگەری عێراقی بانگەشەی بۆ کرد و کوردیەکەش کەوتە ژێر کاریگەری، جا بێین لەڕێی جولەو مۆم و قوماشەوە بیکەین بە فەلسەفە، ئەوەکەمبینی تێگەیشتنی فەلسەفی و نەخوێندنەوەی تێکستە فەلسەفیەکانە بەرەو ئەو کونجە تاریکەمان دەبات.

‏*ئاماژەتان بۆ ئەوە کرد دولوز تەواو لەفەیلەسوفانی تر جیاوازە کە قسەیان لەشانۆ کردووە، ئەو جیاوازیانە چین؟

-نەمانووت جیاوازە، بەڵکو ئەوەمان خستە ڕوو دەمانەوێت قسەی زیاتر لەبارەی ئەو بکەین، چونکە گرنگیەکی زۆری هەیە لەو پەیوەندیەدا، ئەوە بەتەنیا ئەویش نیە، بەڵکو بەر لەو ئەو گرنگیە لای فەیلەسوفانیتریش دەرکەوتووە، شانۆنامەی ئەنتیگۆنا بۆ هیگل و ئاڕتۆ بۆ دێرێدا و هاملێت بۆ کریستیڤا، ئەوانیش قسەیان لەکارەکتەرە شانۆییەکان کردووەو لەڕوانگەی پەیوەندیی فەلسەفەو شانۆ لەسەر بنەمای دیالۆگ ڕوانینی خۆیان خستۆتە ڕوو، من لەکتێبی پێشووم قسەم لەسەر ئەو سێ فەیلەسووفە کرد، هەڵبەت وەک ئاماژەم بۆ کرد، باسمان لە دولوزیش کردووە، بەڵام تەنیا لەڕوانگەی قسەکردنی بۆ تراژیدیای نیتچەییەوە، بۆیە لێرەدا دەمەوێت قسە لەڕوانینە فەلسەفیەکانی بکەم بۆ شانۆ، ئەو گرنگیەی ئەو لەو پەیوەندیە دەیخاتە ڕوو، بە باوەری من تا ئێستا لەشانۆی عەرەبی و کوردیی و دەوروبەر باس لەو بابەتەی دولوز نەکراوە، هەڵبەت فەیلەسوفانیتر نەهاتن قسە لەشانۆ بکەن، بەڵکو بەهۆی گرنگی هونەری شانۆ، بەشێک لە تێکستە فەلسەفیەکانیان بەشانۆنامە نووسیوە لەوانە ئەفڵاتون و دیدرۆ و ڕۆسۆ و سارتەرو کامۆ، کە لەکتێبی «فەلسەفەی شانۆ و شانۆی فەلسەفی» لەسەر بەشێکیان قسەمان کردووە، بۆیە لێرەدا دەمەوێت ڕووبەرێکی فراوان و تایبەت بە دولوز تەرخان بکەین، بەڵام بەهیچ جۆرێک قسەی من لەسێنترالکردنی دولوز نیە بۆ ئەو پەیوەندیە، وەک دەبینن، من دژی بە سێنترالکردنی شانۆم، کۆی قسەکانیشم لەو ئاقارەدا دەردەکەوێت، وا مەزانە من هونەری شانۆت لێ سەخت دەکەم، بە پێچەوانەوە دەیبەینەوە سەر ڕێچکەکەی خۆی، دەمەوێت بڵێم شانۆکاران پێویستە واز لەو ئاڵۆزیە بێنن کە گیرۆدەی دەبن و نە تێیدەگەن و نە دەتوانن وێنەیەکی ڕوونی پێ ببەخشن، ئەو کارە لەئەستۆی فەیلەسووفەکانە، هەروەها توێژەرانی بواری فەلسەفە یاخود شانۆ، ئەوانەی ئارەزووی قسەکردن دەکەن لەو پەیوەندیە، بەڵام لەبنەرەتدا دەبێت بەر لەوەی خوێنەری شانۆیی بێت، خوێنەرێکی بەتوانای تێکستە فەلسەفیەکان بێت، ئەوەش لە دکتۆراو ماستەرەکانی هەندێک خوێندکاری زانکۆی سۆربۆن دەیبینین، وەک لەتێزی دکتۆراکەی فلۆرا گارسین-مارۆ دەیخوێنینەوە، لەژێر ناوی «دولوز و گوتاری: لەنێوان شانۆ و فەلسەفە بۆ شانۆی ئایندە» سالی ٢٠١١ لە زانکۆی سۆربۆن گفتوگۆی کراوە، لەژێر سەرپەرشتی دینیس گینۆن. هەر بۆ زانیاری گینۆن نووسەرو دەرهێنەرێکی ناسراوی شانۆی فەڕەنسیە، دەرهێنەری ٣٣ شانۆگەری بووە، بەتایبەت لەشانۆنامەکانی شکسپیر و ڤیکتۆر هۆگۆ و ئەسخیلۆس، لە شانزە کاری شانۆیی وەک ئەکتەر بەشداری کردووە، پانزە کتێبی تیۆریی شانۆیی نوسیوە، خاوەنی بیست کتێبی ئەدەبیە.
پێمباشە قسە لەهەندێک لایەنی دکتۆراکەی فلۆرا بکەین، بەڵام سەرەتا دەمەوێت ئەوە بلێم، ئەو خانمە لەئێستادا مامۆستای وانەبێژە لەزانکۆی تولوز، دوای وەرگرتنی دکتۆراکەی جگە سێ توێژینەوەی شانۆیی بڵاو کردۆتەوە لەبارەی پەیوەندیی شانۆ و فەلسەفە.

فلۆرا لەنامەی ماستەرەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەو دوو فەیلەسووفە ڕاستەوخۆ نەیانویستووە قسە لەشانۆ بکەن، هێندەی لەناو بەڵگەکانەوە دەگەڕێنەوە بۆ شانۆ، بۆ ئەوەش ئەو دێرەی دولوز دێنێتەوە «شانۆ زۆر درێژ و دیسپلین کراوە»
ئەو ووتەیەی دولوز لەبنەرەتدا لەگفتوگۆیەکی تۆمارکراو وەرگیراوە، هەڵبەت بۆ ئاشنابوون بەو گفتوگۆیە دەمانەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، گفتوگۆکە دیالۆگی نێوان دولوز و کلێر پارنێتە، پارنێت خوێندکار و هاورێی دولوز بوو، ساڵی ١٩٨٨ تەلەفزیۆنی فەرەنسی گفتوگۆکەی تۆمار کردووە بۆ یەکەم جار ساڵی ١٩٩٦ لەکەناڵی Arte پەخشکراوە، لەدەرهێنانی میشێل پامار، ماوەی فلمەکە هەشت کاتژمێرە، ئەگەر قسەکە لەوە بێت بۆچی دوای هەشت ساڵ لەتۆمارکردنی بڵاو کرایەوە؟ ئەوە لەسەر داوای دولوز بوو کە داوای کرد دوای مردنی بڵاو بکرێتەوە، یەکەم گفتوگۆی تەلەفزیۆنی فەیلەسوفەکەمانە، پێشتر ڕەتی دەکردەوە قسە بۆ تەلەفزیۆنەکان بکات، بۆیە هەوڵ دەدات لێرەدا وەک تاکە دۆکۆمێنتێک بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەش قسە لە بیست و پێنج تەوەری جیاواز دەکات، کە وابەستەی بینین و دیگاکانیەتی، لەوێدا ئاماژە بۆ هەندێک لەکتێبەکانی دەکات و لەڕوانگەی ناو کتێبەکانیەوە قسە دەکات، دەگەڕێتەوە بۆ کتێبی «دژە ئۆدیب» هەروەها بۆ کتێبی «فەلسەفە چیە» کە تا ئەو کاتەی گفتوگۆکە کتێبەکە چاپ نەکرابوو.
ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە لەو گفتوگۆیەدا گرنگە قسەکردنیەتی لەبارەی شانۆوە، چونکە ئێمە دەبینین ئەو شانۆ وەک نمایش وەرناگرێت، هێندەی وەک دەقی نوسراوی شانۆنامە بۆی گرنگە، بۆیە دەلێت «چوار کاتژمێر دانیشتن لەسەر کورسیەک بۆ من خۆش نیە، بەهۆکاری تەندروستیمەوە ناتوانم ئەو کاتە بمێنمەوە، ئەمە من وێران دەکات».
فلۆرا لەسەر تێگەیشتنەکانی ناو ئەو گفتوگۆ درێژخایەنە، بڕوای وایە دولوز دەیەوێت لەڕوانگەی دیدگاکانیدا شانۆ بنبڕ بکات، لە ماستەرنامەکەیدا لەسەر ووشەی بنبڕ دەوەستێت و ئاماژە بۆ ژانرێکی ڕۆمان دەکات، ئەوانەی ناو دەبرێن بە تاوانە ڕەشەکان، لێرەدا بۆ ووشەی بنبڕ باس لەو ووشەیە دەکات لەناو ئەو ژانرەی ڕۆمان بەوەی گوزارشت لە کووشتنی کەسێک یاخود ڕزگاربوون دەکات لێی، وەک دانەوەی قەرزێک و خۆ یەکلاکردنەوە لەگەڵیدا.
ئەوەش پچڕانی هەر جۆرە پەیوەندیەکی دۆلوزیە لەگەڵ هونەری شانۆدا وەک نمایش، خۆ یەکلاکردنەوەیەتی لەگەڵ شانۆ، بۆیە لەڕوانگەی فلۆرا بۆ ئەو فەیلەسووفە، دابڕانی پەیوەندی نێوان شانۆ وفەلسەفەیە بە مانا دولوزیەکەی، توێژەر لەماستەرنامەکەیدا دەگەڕێتەوە بۆ ژێدەرێک کە توێژینەوەیەکی ژان باپتیستە، لەوێدا باپتیست نووسیویەتی «دەبێت ئەوە بەهەند بگرین کاتێک باس لە فلیکس گوتاری دەکەین ، بەدەست نیشان کراوی بەداخەوە نیگەرانیمان لەوەدایە ئەو پیاوی نمایشی شانۆیی نیە».
ئێمە گەر واز لەشیکاری فلۆرا بێنین بۆ ئەو دەستەواژەیە، تەنیا ڕوانینی خۆمان لێرەدا بخەینە ڕوو، دەتوانین فلیکس گوتاری هاوشێوەی دولوز بە دژە نمایشی شانۆیی ناو بەرین، بە واتایەکی تر ئەوان ئەو پەیوەندیەی نێوان شانو و فەلسەفە لەیەکتر دەترازێنن و لەیەکی جیا دەکەنەوە، بەڵام ڕەنگە قسەکە لەوە بێت ئەی بۆچی دولوز لەکتێبی «نیتچە و فەلسەفەدا» لەبارەی چەمکی تراژیدیا دەوەستێت؟
گەڕانەوەی بۆ تراژیدیا لەڕوانگەی نمایشی شانۆییەوە نیە، هێندەی وابەستەی کارەکتەرە شانۆییەکانی ناو شانۆنامە گریکیەکانە، ئەوە لەو تێگەیشتنە دەمانگەیەنێتە سەر ئەو دۆخەی کە فەلسەفە لەشانۆدا بۆ دولوز، تەنیا وابەستەی کاری دراماتۆرگیە، نەک کاری دەرهێنەر و ئەکتەرەکان، واتە فەلسەفە لەناو نمایشدا بوونی نیە، ئەوە دراماتۆرگە لەنووسیندا توانای خولقاندنی هەیە، وەک لای سۆفۆکلیس و ئەسخیلۆس و شکسپیر و سترێندبێری و چێخۆڤ و مۆلێردا ئامادەبوونی هەیە.
دولوز جیاوازیەکە لەنێوان درۆکردن و حەقیقەت دەخاتە ڕوو، بەوەی فەلسەفە بەرەو حەقیقەتمان دەبات، بەڵام شانۆ هونەرێکە بەرەو درۆکردن دەمانبات، شانۆ وەک هونەری درۆکردن سەیر دەکات، درۆکردن لەبنەرەتدا وەک جۆرێکی فریوودانە، بۆ ئەوەش توێژەر دەگەڕێتەوە بۆ کتێبەکەی دولوز لەژێرناوی «جیاوازی و دووبارە بوونەوە».
دولوز لەوێدا باس لەچەمکی شانۆی ئایندە دەکات کە ئەوە ناو دەبات بە پێشنیاری نیتچە و کیرد کیگارد، بەوەی ئەو دوو فەیلەسوفە بروایان بە بوونی شانۆ هەیە لەناو فەلسەفەدا، هەڵبەت ئەوە بابەتێکی ڕواڵەتی نیە، هێندەی تێگەیشتنێکە لەسەر هۆکارەکەی دەوەستێت، بەوەی کە نیتچە دەگات بەو شوێنە هۆکارەکەی ئەوەیە ئەو ئایندەیەی لەلای ڤاگنەر دۆزیوەتەوە، بەڵام دواتر لەو ڕوانگەیەی خۆی پەشیمان دەبێتەوە، ڕوو دەکاتە شانۆنامەکانی سترێندبێری و ژۆرژ بیزیت، هۆکاری پاشگەزبوونەوەی لە ڤاگنەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لەو ساتەی لەبارەیەوە دەینووسی و ڤاگنەر چاوەڕێ بوو نووسینی زیاتری لەبارەوە بنووسێت، ئەو لە نووسین وەستا لەو بارەیە، چونکە پێی وا بوو ڤاگنەر گەشە ناکات ولەشوێنی خۆی وەستاوە، ئەمڕۆ ئەو دیدەی نیتچە بۆ توێژەرانی فەلسەفە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، لەو ڕوانگەیەوە بریان ماگی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەوە ڤاگنەر نەبوو کە لەشوێنی خۆی وەستابوو، بەڵکو ئەو گەشەسەندنە قووڵ و خێرایەی نیتچە بوو، ئەو دەیویست ڤاگنەر وەک ئەو گەشە بکات، بۆیە کە وای نەدەبینی بەوەستاو سەیری دەکرد، بۆ ئەوەش ماگی ئاماژە بۆ ئەو گەشەسەندنەی نیتچە دەکات لەبارەی تراژیدیاوە، کە هێندە تواناکانی بەرز دەبێتەوە، دەیەوێت ڤاگنەر لەو ئاستە بەرزەی ئەودا بێت، بەڵام ئەو هاوشێوەی نیتچە تواناکانی بەرز نابێتەوە، دەنا لەبنەرەتدا ڤاگنەر گەشەی دەکرد و لەشوێنی خۆی نەوەستابوو.
فلۆرا بەدوای ئەو تێگەیشتنەی دولوز، باوەری وایە ئەوەی دولوز گەشەی پێ دەدات وابەستەی شانۆی فکرەکانە، بەوەی بەتەنیا وابەستەی ئەو تیۆر و ڕوانینە شانۆییانەی وەک ئارتۆ نەبێت، بە باوەری ئێمە ئەوەش جیاوازبونی دولوزە لەگەل دێرێدا، چونکە دێرێدا راستەوخۆ قسە لەتواناکانی ئارتۆ و پێشنیارەکەی دەکات لەشانۆدا، بەڵام دولوز دێت کارکردنی لەتەک شانۆنامەکان ئەنجام دەدات، ئەوەی ئەو قسەی لەبارەوە دەکات خودی شانۆنامەکان و گەرانەوەیە بۆیان، بەتایبەت بۆ نووسینەکانی سامۆئیل بیکیت و کارمێلۆ بێنی، بۆ ئەوەش قسە لە دەست نیشان کردنی درامی دەکات، هەڵبەت لێرەدا فلۆرا پرسیارەکەی ئەوەیە کە ئاخۆ ئەو دەست نیشانکردنە دەیگەینێت بەدارشتنەوەی فەلسەفەی ئایندە؟ لێرەدا توێژەر ئاماژە بۆ ئایندەو ئەوەی دێت دەکات، ئەوەش بە خاسیەتی زەمەنی کرنۆلۆژی دەبەستێتەوە، بەوەی ئایندە بەواتای ئەوەی دێت، بەمەبەستی تازەکردنەوە، لێرەدا ئەو ئاگاییەمان پێ دەبەخشێت بەوەی ئەو تێگەیشتنە لەگەڵ بیرکردنەوەی دۆلۆزیی ناگونجێت، بۆیە ئەوەی دێت نەسەپێندراوەتە سەرمان کە دەبێت نوێ بێت، بەڵام دەشێت دیدێکی فەلسەفیانەی تر بێت بۆ ئەوەی دێت، بەڵکو وەک کردەیەکی دیالێکتیکی دەیبینێت، بەڵام بە ڕەتکردنەوەی مانا هیگلیەکە بۆ چەمکەکە، بۆیە دولوز بڕوای وایە ئەو دیالێکتیکە شانۆییە گەشە بە جوولەیەکی ساختەکاری دەدات، لێرەدا لێکترازانی پەیوەندی نێوان شانۆ و فەلسەفە، لەلای دولوز و گوتاری سەر هەڵدەدات، بەڵام بە میکانیزمی جیاوازەوە، دولوز لەڕێگەی کۆمەڵە دەمامک و دۆخەوە نیشانی دەدات هەرچی لای گوتاریە لەڕێگەی شوێنەکانەوە خۆی نیشان دەدات، بەم شێوەیە فلۆرا میکانیزمەکانیان لەیەکتری جیا دەکاتەوە، ئەوەش ئەو دووانە دەباتە ناو دوو دەرەنجام، دولوز ئاسۆیەکی نوێ بۆ چەمکی درامی دەکاتەوە، بەڵام فلیکس گوتاری بەرەو کرانەوەی شانۆی دوای دراما دەمانبات، ئەوەش بۆ فلۆرا رامانێکە لەبەردەم قەیرانی دراما لەناو درامای نوێدا.

درێژەی هەیە…




کتێب\ شانۆ و کۆمەڵگا.. نیهاد جامی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




گفتوگۆیەکی شانۆیی لەگەڵ نیهاد جامی – بەشی پێنجەم

دراماتۆرگ
بەشی پێنجەم

-هەست ناکەیت تا ئێرە ویستوتە تەواو ئەو روانینە خۆرئاواییە لەشانۆی کوردیی بکەیتە دەرەوە؟

  • گەر بگەڕێینەوە سەرەتای گفتوگۆکە، تێدەگەین لەوەی هەر لەبەراییەوە ویستومە ڕەخنە لەسێنتەری ئەم شانۆیە بگرین، تۆ سەیرکە تا ئێرە من هەوڵمداوە لەدیدی دێرێدا ئەو سێنتەرە هەڵبوەشێنمەوە، ئێمە ئێستا لەبەردەمی بونیادەکانداین، دڵخۆشین لەبەردەم بونیاددا، چونکە بونیاد سێنتەری نیە، ئەوە ئەو دۆخە درووستەیە لەئێستادا لای نەوەیەکی نوێی شانۆ بوونی هەیە، پێشتریش خەڵکانێک ویستیان لێی بێنە دەرەوە، بەڵام نەیانتوانی گەشەی پێ بدەن، کارەکانی کۆڕی شانۆی با، نمونەیەکی دیاری ئەو قسانەمانە، بەتایبەت نمایشی «پێکەوە لەبەهەشتدا عەسرێ» دەیانویست تێگەیشتنی باو بۆ تازەگەری بگۆڕن، بەڵام دەست نیشانکراوی بیرکردنەوەی شانۆییان وایکردبوو تا شوێنێک بڕۆن، ئەوە ڕەنگە بۆ شانۆکاری کورد ڕەخنەیەکی قبوڵکراو نەبێت، بەڵام ڕاستیە، تا ڕادەیەکی زۆر هیوا فایەق لە «مارا-ساد» دەیویست ئەو دەرگا داخراوەیان بکاتەوە، بەلام سەرەنجام گرفتی هیوا لەوێ بوو نمایشەکە دەیویست خۆی بداتەوە دەست پرسەکانی شەقامی کوردیی، ئەوە کارێکی گرنگە، بەلام لەسەر لادان نەبێت لەسەر خودی تێکستەکەوە، هەرچۆنێک بێت ئەوان لەهەوڵی گۆڕینی ئەو دۆخە شانۆییەدا بوون، گەر نەیانتوانی هەناسە درێژبن و دەستکاری کۆی جومگەکان بکەن، بەڵام لەهەوڵی ئەوەدا بوون بەرەو ڕووی ئەو فۆڕمە باوەی تازەگەری بووەستنەوە، دوانزە ساڵە من لەکوردستان نیم و نازانم تەواو چی ڕوو دەدات، ئەوەی هەیە لەتۆڕی کۆمەڵایەتیدا دەیبینم، بەلام شانۆکارانێک هەن جێگای ئومێدن، لەوانە شوان کەریم، ئەو خۆی دەنووسێت شانۆنامەی کەس نابڕێت، ئەوەی خۆی دەیەوێت دەینووسێت و لەگەڵ ئەکتەرەکان کاری تیا دەکات، ئەوەی من دەیبینم لەڤیدیۆکان یاخود لەناو وتاری رەخنەییدا ئەو تارادەیەکی باش دەزانێ لەگەڵ ویستی بینەری کورد رێ بکات، من بەشێک لەکارەکانیم بە ڤیدیۆ بینیووەو جێی سەرنجە، بە بروای من ئەوە سەرەتایەکی ڕاستەقینەیە بۆ شانۆی کوردیی. ئەو کارە پێویستی بە دراماتۆرگی شانۆییە، بزانێت پێویستی شانۆ چیە، تا بۆی بنووسێت.
    من وا تێدەگەم گفتوگۆکەمان لەئێستادا لەسەر پاییەکی زۆر ڕاستگۆو گرنگ وەستاوە، چونکە بابەتێکە هەمیشە وەک ووشە نەک چەمک ئامادەبوونێکی پتەوی هەیە، ئێمە ئەوەش کە لە عەرەبەکان خواستوومانە بە شیکردنەوەی دەقی تێگەیشتووین، من لەشاری وارشۆ بۆ ماوەی شەش مانگ دراماتۆرگم خوێندووە لە خوێندنگای دراماتۆرگی شانۆی زیگۆمند هۆبنەر، لەسەر دەستی دیارترین دراماتۆرگی ئەمرۆی شانۆی پۆلەندی ئەویش «ئارتور پاوڤێک» ە، دەمەوێت لێرەدا بەووردی لەسەر دراماتۆرگ بووەستم، لەچەمک و ناسینەوە تا دەگات بە چۆنیەتی کارکردن، چونکە هەندێکجار خوێندومەتەوە شانۆکاری کورد دەلێت دراماتۆرگ لەسەماو دەرهێناندا، نەخێر بەهیچ جۆرێک دراماتۆرگ لەسەمادا بوونی نیە، ئەوە کیرۆگرافە نەک دراماتۆرگ، دەرهێنانی شانۆیی هونەرێکی سەربەخۆیە، لەشوێنێکدا دراماتۆرگ بوونی هەیە، وەک کاک شوان کەریم خۆی نووسەری شانۆنامەکەی بێت، هیوادارم ئارامبگرن و پەلە نەکەن، تا بەورردی لەبارەیەوە دەدوێین، پێویست بەهەڵچوون ناکات، من بەکاری خۆمی دەزانم لەڕووی تیۆریەوە باسی بکەین و لەسەری بووەستین، تاوەکو وەک چەمکەکانی ڕابردوو بارگاوی نەکەین بە فانتازیا خۆی فریوودان.
    دراماتۆرگ لەڕابردوودا تایبەت بوو بە نووسەری شانۆیی، شکسپیر و مۆلێر دراماتۆرگن، ئەو چەمکە لەئێستاشدا بۆ نووسەری شانۆنامە بەکار دێت، بەواتای دراماتۆرگ ئەو کەسەیە کە دەقی شانۆیی دەنووسێت، تا هاتنی برێخت ئەو چەمکە بە بروای پاتریک پاڤیس بۆ نوسەری شانۆنامە بەکار هاتووە، تاوەکو ئەڵمانەکان گۆڕیان بۆ راوێژکاری ئەدەبی و شانۆیی دەرهێنەر، پاڤیس لەکتێبەکەیدا بەناوی «فەرهەنگی شانۆ» دراماتۆرگ دەباتە ناو درامای ئەرستۆیی و نا ئەرستۆیی، برێخت گۆڕانکاری بەکاری دراماتۆرگ دەکات، هەڵبەت توێژەری شانۆیی فەرەنسی ئان ئۆبێرسفێل کە لەبنەرەتدا ژنە جولەکەیەکی پۆلەندیە، هاوڕایە لەگەڵ ئەو ڕوانینەی پاتریک پاڤیس، ئۆبێر سفێل کتێبێکی هەیە بەناونیشانی «زاراوە سەرەکیەکان لە شیکردنەوەی شانۆدا»، ئەویش بەهەمان شێوە دراماتۆرگ بە نوسەری شانۆنامە ناو دەبات تا هاتنی برێخت، ئاماژە بەوەش دەکات بەوەی لەئەمڕۆدا ئەو چەمکە هەڵگری سێ مانایە: ١- توێژینەوەی بۆ بنیاتنانی شانۆنامە ٢- نووسینەوەی نمایش ٣- توێژینەوەی بەلگەدار بۆ پەیوەندی نێوان دەق و نمایشی شانۆیی لەلایەک و لەلایەکی ترلەنێوان مێژوو و لایەناکانیتردا، ئەویش وەک پاتریک پاڤیس ناوی دەبات بەمانا ئەڵمانی یاخود برێختیەکەی دراماتۆرگ.

-یانی چی مانا برێختیەکەی؟ ئایا دراماتۆرگ لای برێخت مانایەکی تایبەتی هەیە؟
-ئەو دوانە هەردووکیان دوو فۆڕم بە دراماتۆرگ دەبەخشن، دراماتۆرگ لەشانۆی ئەرستۆیی و دراماتۆرگ لەشانۆی نا ئەرستۆیی، ئۆبێر سفێل بە دوو تێگەیشتن لەسەر دراماتۆرگ وەستاوە، کاتێک باس لەجیاوازی مانای کۆن و نوێ بۆ دراماتۆرگ دەکات، لەمانای نوێدا کە باس لە برێختە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەڵمانیەکان مانای نوێیان پێداوە، مانا ئەڵمانیەکە ناو دەبات بە یاریدەدەری دەرهێنەری شانۆیی، بڕوای وایە کاری ئەو بریتیە لەئامادەکردنی دەقەکان لەکاتی پێویستدا، گەڕان و توێژینەوەی ئەدەبی و مێژووییە، بیرکردنەوە لەماناو ئایدیۆلۆژیا، هەندێک کات کارکردن لەگەڵ گونجاندنی دەق، لەگەڵ هەلسان بە چاکسازیە گەورەو بچووکەکان، بەشداریکردن لەپڕۆڤەکان بەو پێییەی چاودێرێکی بێلایەنە، هەروەها هەندێک کاتی تریش بزوێنەرو چالاکە «ئامادەکردنی پرۆگرامەکان و رێکخستنی دانیشتنی گفتوگۆکان»
ئۆبێرسفێل بەم پێناسەیە سەیری کاری دراماتۆرگی نوێی شانۆی ئەڵمانی دەکات، ئاماژە بۆ زۆربەی دەرهێنەران دەکات کە دراماتۆرگ لەناو نمایشەکانیاندا هەیە، لەپاڵ ئەوە باس لەوانیتر دەکات، ووتەیەکی ڤیتز بە نمونە دێنێتەوە «نامەوێت کەسێک راسپێرم بۆ بیرکردنەوە» بەمانای ئەوەی لەلای ڤیتز دەرهێنەر بۆ خۆی هەڵدەستێت بەکاری دراماتۆرگی، بەڵام وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد باس لە لایەنگرانی شانۆیی برێخت دەکات بەوەی ئەوان رۆلی دراماتۆرگیان لەمانا نوێیەکەدا خستۆتە ڕوو، سەرباری ئەوەی کە برێخت بۆ خۆشی دراماتۆرگی تایبەتی بە کارەکانی هەبووە، ئەوەش لای ئەو دەرهێنەرە ناو دەبات بە «راسپاردنی ئایدیۆلۆژیا» کە ئەو راسپاردنە بە لاوازکردنی چەمکەکە دەبینێت.

-تائێرە پێناسەی چەمکەکەیە، ئێستا لەنێوان مانای کۆن بۆ دراماتۆرگ و مانای نوێی ئەڵمانیەکان تۆ چۆن سەیری ئەو چەمکە دەکەیت؟

-راستیەکەی ئەوە من نیم چۆن سەیری دەکەم، بەڵام بەپێی خوێندنەوەو خوێندن و تێگەیشتن، دەتوانم هەندێک ڕوانینی تایبەتی خۆم نیشان بدەم، کە هەوڵێکە بۆ نزیکردنەوەی هەردوو ماناکە لەیەکتری، ئەوەش لەڕوانگەی خوێندنی دراماتۆرگی و کۆمەڵێک نمایشی شانۆیی سەر شانۆکانی شانۆی پۆڵەندی.
دراماتۆرگ تێکستێکی ناشانۆیی دەگۆڕێت بۆ شانۆنامە، یاخود چیرۆکێکی ناو ڕابردوو کە لەزار بیستراوە، هەندێک دیاردە کولتوریەکانی سیما کولتوریی کۆمەڵگا کاتێک دەکرێت بە دەقی شانۆیی ئەوە دراماتۆرگە پێی هەڵدەستێت، بەجیا لەو مانا ئەڵمانیەی ئاماژەمان بۆ کرد، مانایەکیتری هەیە، دەرهێنەر لەشانۆی پۆڵەندی دراماتۆرگ بانگهێشت دەکات بۆ چۆنیەتی لابردنی ووشەیەک یاخود ڕستەیەک کە ناکرێت بۆ کۆمەڵگاکەی ئەو گونجاو بێت، با نمونە بێنینەوە لەشانۆنامەی «سێ خوشک» لە نووسینی چێخۆڤ یەکێک لەخوشکەکان کە ماشا، یە ئاراستەی ڤێرشینینی دەکات بەوەی دەڕواتە پۆڵەندا و لەوێ ژنەکان باوەشی بۆ دەکەنەوەو پێی دەلێن گیانەکەم.

-نەخێر وای پێ ناڵێت، بەلکو لە وەرگێرانەکەی جەلال تەقێ کە روسی زمانێکی تەواوە و پێشتر کۆمەڵە چیرۆکێکی تری چێخۆڤی کردووە بە کوردیی و لەوەرگێرانی ئەو شانۆنامەیەدا ووشەی گیانەکەم بە کار ناهێنێت، بەلكو ووشەی کۆخانێ دەنووسێت، ئایا پێت وایە ئەو دوو ووشەیە یەک مانایان هەیە؟

-پرسیارەکە لەشوێنی خۆیدایە، من هاوڕام جەلال تەقێ بەشاهیدی زۆرینە ڕووسی زمان و کوردیەکەشی پاراوەو دستۆڤسکی وەرگێراوە بۆ کوردیی لەپاڵ کۆمەلێک چیرۆک و شانۆنامەی چێخۆڤ، بەڵام ووشەی کوخانێ ووشەیەکی رووسی نیە، بەڵکو ووشەیەکی پۆڵەندیە، وەک ووشەی حەیاتمی کەرکوکی وایە، یا بەساقەوبمی سلێمانی، بۆ ژن و پیاو بەکار دێت، بەڵام بۆچی ماشا بە پۆلەندی دەیلێت؟ ئەوە سوکایەتیە بۆ مرۆڤی پۆڵەندی بەوەی دەیەوێت بە ڤێرشینین بڵێت ژنەکان باوەشی سۆزداریت بۆ دەکەنەوەو دەڵێن کوخانێ، هەڵبەت لێرەدا بۆ دەرهێنەری پۆڵەندی دراماتۆرگ لەشانۆی پۆڤشیخنی بانگهێشت کرا کە چۆن ئەو ووشەیە لا ببردرێت و زیان بە شانۆنامەکە نەگەیەنێت، دراماتۆرگەکە ئاماژەی بۆ ئەوە دەکرد، دەبێت سەر لەبەری کەسێتی ڤێرشینین دەستکاری بکرێت بۆ ئەوەی ئەو ووشەیە بەکار نەهێنێت یاخود دەبێت دیمەنێک بەتەواوی لا ببردرێت، ئەوەش کارێکی نەکردەیە، دراماتۆرگ ئەو کارەش ئەنجام دەدات، نەک وەک شانۆی کوردیی دیمەن و پەردە لابەرین وبڵێین لەگەڵ دیدگای دەرهێنانیمان ناگونجێت، دەرهێنەری کورد دێت پێی دەلێی دەستکاری تەواوی تێکستەکەی شکسپیرت کردووە، دەڵێت ئەوە هاملێتی منە و من دەستکاری دەکەم، نەخێر هاملێتی تۆ نیە هی شکسپیرە، تۆ تەنیا پێویستە بەشێوەیەکی گونجاو وەک ئەوەی شکسپیر داوای دەکات بیخەیتە سەر شانۆ، بۆت هەیە جل وبەرگ و دیکۆرو روناکی و جولە دەستکاری بکەیت، بەڵام دیالۆگ و ڕستەو کارەکتەرو دیمەن وەک خۆی دەمێنێتەوە، بۆیە لێرەدا بڕوام وایە تەواوی وێنەکانی دراماتۆرگمان ڕوون کردبێتەوە، بەڵام من نازانم بۆچی زۆرجار لەشانۆی عەرەبیدا دراماتۆرگ بە ڕەخنەگر دەناسرێت، بەوەی کاری نووسینی تێبینەکانی رۆژانی پرۆڤە بێت تاوەکو دواتر قسە لەنمایش بکات، ناوی دەبەن بە شیکەرەوەی دەق، ئەو مانا عەرەبیە کە بەشێکی دیاری شانۆکاری کورد تێی کەوتووە هیچ پەیوەندیەکی بە دراماتۆرگەوە نیە، دراماتۆرگ نە شیکردنەوەی دەقە نەوابەستەی نمایش ودەرهێنانە، دراماتۆرگ نووسەری شانۆنامەیە، بەدوای برێخت وەزیفەی تری بۆ دەرکەوتووە کە لەلای ئێمە زۆرجار ئەو کارەی دراماتۆرگ ڕاسپێردراوە بە بەرێوبەری شانۆ، چونکە ئامادەکردنی بەڵگەو دۆکۆمێنت بۆ ئەکتەرو ڕێکخستنی دانیشتنەکان کە لەشانۆی ئەڵمانی دراوە بە دراماتۆرگ لەلای ئێمە بەرێوبەری شانۆ پێی هەڵساوە.




گفتوگۆیەکی شانۆیی لەگەڵ نیهاد جامی.. بەشی چوارەم

4..

—کاتێک باسی تازەگەری دەکرێت، زۆرجار قسە لەبارەی شانۆنامەکانی سامۆئیل بیکیت دەکرێت، بەتایبەت شانۆنامەی لەچاوەڕوانی گۆدۆ، شانۆی ئەزموونگەری کوردیش گەڕاوەتەوە بۆ ئەو شانۆنامەیە, لەم سالانەی دوایش کتێبێکی کوردیش کە توێژینەوەی شانۆیی بوو لەبارەی بیکیت بڵاو کرایەوە، بۆ ئەوەی بچینە ناو بابەتەکە، با بەم شێوەیە بپرسین: بیکیت پەیوەندی بە شانۆی ئەزموونگەری هەیە؟ ئەو دراماتۆرگ بوو نەک دەرهێنەر؟ ئایا شانۆی ئەزموونگەری دەتوانێت لە شانۆنامەوە لەدایک بێت؟

-با هیچ درۆیەکت لەگەڵ نەکەم، بەهیچ جۆرێک ئارەزووم لەو پرسیارە نیە، لەبەر چەندن هۆکار، هەمووشیان لەخاڵێکدا کورت دەکەمەوە، دڵڕەنجاندنی هەموو ئەو دۆستانەیە، بەلام لەهەمان کاتدا، ئامادەییم تیا نیە لەهیچ جۆرە پرسیارێکیش ڕابکەم و خۆم بدزمەوە، بۆیە سەرەتا با ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین، ئایا ئەو دەرهێنەرانەی شانۆی ئەزموونگەری عێراقی و کوردیی لەسەری وەستان خۆیان باسیان لە شانۆی ئەزموونگەری کرد؟ ئایا ئارتۆ و گرۆتۆڤسکی وتارێکیان لەو بارەیەوە هەیە؟ چونکە ئەوان بۆ خۆیان بەدوای جێگرەوەی شانۆی باو دەگەڕان، گرۆتۆڤسکی دەیویست توێژینەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ پرۆسەی ئامادەکردنەوەی ئەکتەر بخولقێنێت، بۆیە کارەکەی زیاتر وابەستەی زانستی مرۆناسیانەوە بوو، ئاڕتۆ خەونی بە شانۆیەکی سوریالیەوە دەبینی، شانۆیەک هاوشێوەی دنیای شیعریەکەی ئەندریە بریتۆن و تابلۆکانی سلڤادۆر دالی بن، بەڵام برێخت راستەوخۆ وتاری نووسی لەبارەی شانۆی ئەزموونگەری، کاتێک باس لەئەزموونگەری دەکرێت لەشانۆی مایەر هۆڵد، وابەستەی دنیای ئەزموونکاریانەی ڕاستەوخۆی بوو، بەڵام شانۆی ئەزموونگەری کوردیی کە لەمندالدانی شانۆی ئەزموونگەری عێراقیەوە هاتۆتە بوون، برێخت و مایەر هۆڵد بە ئەزموونکار نازانن، بەڵام وەک ئێوە دەڵێن ئاخۆ ئەزموونگەری دەتوانێت لەناو شانۆنامە لەدایک بێت؟
ڕاستیەکەی تەنیا لەناو شانۆنامە دەخولقێت، بەواتای ئەوە دراماتۆرگە توانی ئەو شانۆیە بخولقێنێت، لەبنەرەتدا بەناوی پێشرەو خۆی ناساند، دیارترین نمونەی ئەزموونکاریش ئەو دیدە دژە ئەرستۆییەی برێخت و بیکیتە، ئەو دوانە بۆ پیتەر بروک پایەی شانۆکەی بنیاتناوەو خۆشی دانبەوە دەنێت، برێخت دەتوانێت ئەزموونکار بێت و دیدی لۆژیکی ئەڕستۆیی بگۆڕێت بە لابردنی دیواری چوارەم و شانۆکەی بە دیدی فەلسەفی مارکس و ماتریالیزمی دیالەکتیکەوە بەستەوە، شانۆکەی رووبەرووی دیدێکی جوانیناسانەی نوێی شانۆیی کرد، بەڵام شانۆی ئەزموونگەری لای خۆمان ناتوانێت برێخت وەک ئەزموونگەر ببینێت و لەناو فەلسەفەی مارکسیزمدا کورتی دەکاتەوە، جا با ئەوەش نەشارینەوە، گروپە کۆمۆنیستەکانیش نمونەیەکی خراپیان لەیادەکانیان بەم شانۆیە بەخشی، لەئاهەنگی یەکی ئایارو یادی شوراکاندا دەهاتن شانۆنامەیەکی فێرکاری برێختیان دەهێناو وەک دروشم دەیانخستە ڕوو، هەموو ئەو دیدە جوانیناسی و لۆژیکی و فەلسەفییەی شانۆکەیان لەناو فۆڕمی ئایدیای کۆمۆنیزمی نیشان دەدا، بەڵام شانۆی ئەزموونگەری کوردیی دیارە لەدەرهێنانی کاک شەماڵ عومەر شانۆگەری «لەچاوەروانی گۆدۆ» ی خستۆتە سەر شانۆ، لەم ماوەیەدا بیستم گوایە کاک دانا رەئووف وتویەتی بۆ قسەکردن لەسەر شانۆی ئەزموونگەری کوردیی تەنیا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ کتێبەکەی من، منیش لێرەدا لەوەڵامی ئەو پرسیارە پشت بەکتێبەکەی بەڕێزیان دەبەستم، چونکە ڕاست دەکات کتێبەکەی بەرێزیان دۆکۆمێنتێکی گرنگی کارەکانی خۆیانە، ئەگەرچی کتێبەکە بۆ خۆی پێویستی بەوەیە لەسەری بووەستین، چونکە نە توێژینەوەیە و نە ڕەخنەی شانۆیی، بەڵکو زیاتر وەسفێکی پەخشانیە، وا دەکات ئەزموونگەری سنورێکی فراوانی هەبێت لەشانۆی کوردیدا لەمستەفا قەسیم و فازل جافەوە تا خۆی و شەماڵ و گەزیزەو ئەوانیتر، بەڵام بەڕاستی دەستەواژە پەخشانیەکانی نابن بە دیدی ڕەخنەیی، ستایشەکانی بۆ پردی ئارتای فازل جاف بەهەمان شێوە زیاتر وێنەیەکی ستایشکاریانەی نمایشێکە، هەروەها باس لەشانۆگەری چیرۆکی باخچەی ئاژەلان دەکات بە کارێکی ئەزموونگەری و یەکەم ئەزموونی شانۆی ژووری دادەنێت لەمێژووی شانۆی کوردیدا، بۆ من تووشی سەرسوڕمان دەبم کاتێک کەسێک لەبارەی نمایشێکی شانۆیی دەنووسێت کە خۆی دەرهێنەریەتی، سەرباری ئەوەی پێشتر وتمان شانۆی ئەزموونگەری کوردیی وا تێگەیشتبوو شانۆی ژوور دەبێت لەژوور نمایش بکرێت، نەک مەبەست لەشانۆی بچووک بێت، دوای نیو سەدە هێشتا ئامادە نین دانبەو هەلەو خەوشانە بنێن، بەداخەوە شانۆکارانی ئەو قۆناغە نەیانتوانی و ناشتوانن بوێر بن و باس لەهەڵەکانیان بکەن، قسەکەمان لەسەر بیکتە، لەو رۆژگارە بەپێی ئەو کتێبە کە دەیخوێنینەوە کاک شەماڵ ئەو کارەی خستۆتە سەر شانۆ، با وێنەیەکی پانۆرامایی ببەخشین، تاوەکو ڕەخنە ئاراستەی ئەو وێنەیە بکەین، دوو ژن بە جل و بەرگی سپیەوە لەپانتاییەکی بۆش بە مۆم و قوماش چاوەروانی گۆدۆ دەکەن، نمایشەکە ووشەی رۆژی سێ یەمی بۆ زیاد کراوە، بوزۆ و لکی و مناڵەکە نەماون تا ئێرە فۆڕمی نمایشەکەیە، هەلبەت زیادکردنی ناونیشان ئەو دۆزینەوە گرنگەی نوسەری کتێبەکە نیە کەوابزانێت شەماڵ زەمەنێکی تری بۆ بیکیت و چاوەروانیەکەی زیاد کردووە، بەڵکو گومانکردنە لە ئەزموونگەری خۆی، ئەمڕۆ کاک شەماڵ باش دەزانێت ئەو دەقەکەی بیکیتی لە شانۆنامەیەکەوە گۆڕیووە بۆ دیدێکی پێرفۆڕمانسی نەوەک بۆ شانۆیەکی ئەزموونگەری، دەنا سێ کارەکتەر وون دەبن، ئەوە بۆ شانۆنامەکەی بیکیتە؟ کەواتە شانۆی ئەزموونگەری کوردی شانۆی کورت کردەوە بۆ چەند دیالۆگ و داڕشتنەوەی پانتایی شانۆ لەڕێی ئەو موفرەدانەی بۆ شانۆی وێنەیی عێراقی گرنگ بوون، کاتێک ئەو هەموو ستایشەی شانۆکارانی عێراقی لە ئەرشیفی رۆژنامەکانی هاوکاری و پاشکۆی عێراق دەخوێنینەوە، لەوە تێدەگەین، شانۆی ئەزموونگەری کوردیی ئاشت کردنەوەی شانۆی کوردیە لەگەڵ شانۆی عێراقیدا، شانۆی وێنەیی کۆنترۆڵکردنی نمایشە بە بیانوی فۆڕمی باڵا، هەستی کوردبوون دەبردرێتە پەراوێزو پێویستە کارەکتەرەکان بجولێنەوە قوماشی سپی و مۆمیان لەگەڵ بێت، نەمانی وێنەی ماڵی کوردیی لەناو نمایشەکاندا بەرزبونەوەی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی نیە بەلکو تەسلیمبونی گوتاری شانۆی کوردیی ئەو رۆژگارەیە، بۆ ناو شانۆی عێراقی، ئەوە بەهیچ جۆرێک، سڕینەوەی مێژووی ئەو شانۆیە نیە، هێندەی لەنەبونی ئاراستەی ڕەخنەیی بۆ ڕابردوو، پێویستە پەردە لەسەر بەشێکی تێگەیشتنەکان هەڵبدرێنەوە، بەداخەوە ئەوان خۆیان تا ئێستاش توانای ئەوەیان نیە قسە لەو ساتەوەخت و ئاراستەکانی بکەن.

-قسەیەکت سەرنجی ڕاکێشام، ئاماژەتان بۆ ئەوە کرد کەوا پیتەر بروک پایەی شانۆکەی لەسەر برێخت وبیکیت بنیاتناوە، ئایا ئەوە مانای وایە ئەو ئەزمونکارە؟

  • خۆی ڕەنگە ئەو پرسیارە بمباتە سەر تەواوکردنی قسەکانم، من ئاماژەیەکی خێرام کرد، بۆیە لێرەدا کەمێک دەوەستم، ئەوە ئاماژەی من نیە، ئەو بۆ خۆی باس لەوە دەکات، پایەی شانۆکەی لەسەر بیکیت و برێخت بنیاتنراوە، بەڵام ئەوە کورتکردنەوەی شانۆی ئەو نیە بۆ ئەو دووانە، هێندەی ئاماژەیەکی ڕوونە کە پیتەر بروک ئەزموونکارەو لەرۆحی ئەزموونکاری تێگەیشتووەو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دوانە، بەڵام ئاخۆ ئەوە بەو ماناییە چاوپۆشی لەهەندێک شت بکەین؟ زۆرجار دەبیستین و دەخوێنینەوە، هەڵبەت تەنیا لەناو نووسینی کوردی وعەرەبیدا گوایە بروک تیۆریستێکی شانۆییە، ئەوانەی ئەو دەستەواژەیە دەنووسن، بەدڵنیایی لەتیۆر تێنەگەیشتوون و ناتوانن تیۆرو یادداشتی پرۆڤە لەیەکتر جیا بکەنەوە، با بیرمان نەچێت شانۆ هونەرێکی سادە نیە، سادەبوون قوڵایی بوونە لەشانۆدا، شکسپیر و ئەپسن و چێخۆف شانۆیان وا نووسیوەتەوە، نابێت یاری پێبکەیت، ڕەنگە بپرسیت ئەی بۆ باس لەوە دەکرێت بروک دیمەنی کۆتایی هاملێت دێنێتە سەرەتا؟ دەی منیش دەپرسم بۆ وا دەکات؟ چونکە دەیەوێت لە دیدی ئەزموونکاتری برێخت سەیری بابەتەکە بکات، بۆ ئەوەی لەقسەکانمان دوور نەکەوینەوە، دەمەوێت بڵێم بروک تیۆریستێکی شانۆیی نیە، تەواوی کتێبەکانی بریتین لەتێگەیشتن و نووسینەوەی نهێنی شانۆیی خۆی نەک نهنێنی نمایشی شانۆیی، ئەو یادداشتی پرۆڤەکانی خۆی دەکات و لەو ڕوانگەیەوە قسەیان لەبارەوە دەکات، ئەوە تیۆر نیە، هێندەی نووسینەوەی پرۆڤەو خوێندنەوەی ڕووبەرەکانی بیرکردنەوەی شانۆیی خۆیەتی، بەڵام مەرج نیە دەرەنجامەکان بۆ هیچ دەرهێنەرێک راست بێت، بۆ من مایەی پێکەنینە کەسێک بیەوێت هەڵەی دەرهێنانی خۆی ناوبەرێت بە پانتایی بۆشی بروک، بۆیە دەبێت ناچار بین لێیت تێبگەین، بینەر پێویستی بەوە نیە بزانێت پانتایی بۆشە، گرنگ ئەو پانتاییە دەتوانێت ڕووبەرێکی ڕوون بە دیدی بینین ببەخشێت؟ ئایا شانۆنامەکە بۆ خۆی وێنەیەکی درامی ڕوونی هەیە؟ هەڵبەت بۆ توێژەرانی شانۆ کتێبەکانی بروک بۆ خوێندنەوە و ناسینی دەرهێنەرێک و ئەزموونەکەی گرنگە، بەڵام مەرج نیە گریمانەی بۆ ناو شانۆی کوردیی بکەین.



گفتوگۆ یەکی شانۆیی لەگەڵ نیهاد جامی.. بەشی سێ یەم

—ئەو بیرکردنەوەیەت لەبنەرەتدا وا خۆی نیشان دەدات کە دژایەتی نوێگەری بێت، لەکاتێکدا کە لەکوردستان دەژیایت و کاری شانۆت دەکرد، داکۆکیکارێکی سەر سەختی نوێگەری بوویت؟

-خۆفریودان بە چەمکی نوێ ئەو چەمکە خۆرئاواییە هێندە دەستەواژەیەکی دەمامکدارە، نەک بەرەو دنیای نادیارمان دەبات، بەڵکو فریومان دەدات بۆ ئەوەی بیر نەکەینەوەو ئەو بە پیرۆز بکەین، هیچ کاتێک لەبەردەم نوێگەری خۆرئاواییدا ئێمە دیدێکی ڕەخنەییمان نیە، بە پێچەوانەوە ئێمە هەمیشە ستایشکارێکین بۆ نوێی خۆرئاوا، هەموو داهێنانێک لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، پێویستیەکی زۆرمان بەوەیە لاساییان بکەینەوە، چونکە ئەوە سەرچاوەی نوێگەریە، بەڵام کاتێک لەناو خودی خۆرئاوا سەیری ئەو نوێیە دەکەین و بەهەمان تێگەیشتنەوە دەیگوازینەوە ناو زمانەوە، وەک نامۆیەک دەبینرێین، کە ئێمە باسی چ نوێیەک دەکەین؟ بۆ ئێمە لە چ شوێنێک و زەمانێک هاتووین بۆ ئێرە؟ لێرەوە پرسیاری ئەوان ناچار بە بیرکردنەوەمان ناکات، بەڵکو رامان دەکێشێتە کلاسەکانی زمان، تاوەکو خێرا فێری زمانەکەیان بین، بەپێی ئاست و گەشەکردنمان لە زمانەکاندا، کتێنخانەکان دەبنە ماڵی ئێمە تا بەدوای ئەو هەموو ساڵانە بکەوین کە ئێمە تیایدا بێ ئاگاین و زیاد لە پەنجا ساڵە نازانین چی روویداوە، ئەوان ڕاستیان کرد ئێمە لەچ رۆژگارێکەوە هاتووین؟ خۆمان ئەو پرسیارە لەخۆمان دەکەینەوە، تا لەناو دڵی خۆرئاوا نەژین و فێری زمانەکانیان نەبین، تێناگەین کە چۆن نوێگەریە خۆرئاواییەکەی ئێمە کۆن و بەسەرچووە، کەچی تا ئەو ڕۆژگارە ئێمە بە لوتکەی نوێگەری سەیری دەکەین، چ گرفتێکە گیرۆدەی بووین، ئەی ئەوانەی لەخۆرئاوابوون و لە سی ساڵی ڕابردوو نەیانتوانی ئەو ڕاستیە ببینن و هەمیشە ئەو ناوانەیان دووپات کردەوە بۆ نوێگەری ئەوان چی؟ ئەوە پرسیارێکە پێویستی بە وەلامی دڵڕەقانەیە بە ووشەیەکە کە وەک هەڵکۆلینی جەستە بێت بۆ برین، نە فێری زمانێکی باش بوون و نە خوێندیانەوەو کتێبخانەکان بوونە ماڵیان، بۆیە جەختیان کردەوە لەسەر ئەو نوێگەریەی پێش سەفەر ناسیان و بۆ ئەوەی کولتور نەبێتە ژیانی ئەوان، هەر ئەو ناوانەیان دووپات کردەوە، تاوەکو لەبڕی کتێب خەمی کولتور بگۆڕن بە خەمی ژیان، هەندێکیان هەر بەو نوێگەریە دەرگای رۆژنامەکانی کوردستانیان بۆ کرایەوە، کەوتنە نووسینی وتارو باسیان لەتازەگەری خۆرئاوایی و ناوەکانیان کرد، بەلام لە بنەرەتدا ئەو ناوانە هەر ئەوانە بوون کە نوێنەرایتی نوێگەری نیو سەدە پێشوویان کردووە، کە ئەمڕۆ خۆرئاوا وەک میراتی نوێگەری سەیریان دەکات، نەک وەک گوتاری نوێگەری لەئێستادا . نوێگەری بۆتە دەمامکێک بۆ شاردنەوەی ڕۆشنبیریی، بۆیە نەوەکان لەکوردستاندا هەمیشە وا سەیری دەکەنەوە، کاتێک دیدێکی ڕەخنەیی لەو بارەیە بخەیتە ڕوو، هەست بە هەڵچوونێک دەکەن کە ناتوانیت ئاسۆکانی ببینیت، بڕوای وایە تۆ لەخۆتەوە هاتوویت ئەو قسانە دەکەیت، بەلام کاتێک تۆ تەواوی کارەکانی گرۆتۆڤسکی بە پۆلەندی دەخوێنیتەوە، گەنجێکی کوردێکیش لەکوردستان دوو وتاری مۆنتاژکراوی کوردیی خوێندۆتەوە لەپال کتێبەکەی بە عەرەبی، جا بۆ زانیاریت، ئەو ساڵەی «کتێبی بەرەو شانۆی هەژار» کرا بە عەرەبی، شانۆ لابۆریەکەی کۆتایی پێهاتبوو رۆیشتبوو بەرەو ئیتالیاو خەریکی پێرفۆرمانس بوو، ئەو رۆشنبیرە کوردیە بەو کتێبەو بە چەند وتارێکی کۆلاژکراو ناپرسن لەوەی بەخستنە ڕووی کتێبەکانی گرۆتۆڤسکی و سەرچاوەکانی و گەشت کردن بە شانۆکەی بۆچی نابێت ئیتر بە مەعریفەی خۆیاندا بچنەوە، وەک ئەوەی ئێمە بەخۆماندا دەچینەوە، ئەگەر کەمێک راستگۆیانە و بۆ ئەو نەوەیە زۆر ڕەقتر قسە بکەین، دەبێت بڵێین بە بێ زانینی زمانی پۆلەندی و ئاشنابوون بە کولتوری پۆلەندی ناتوانیت شانۆکە و داهێنەرەکەی بناسیت، ئەو قسەیە بۆ ئاڕتۆش ڕاستە، تۆ دێیت دوو کتێبی مۆنتاژکراوی وتاری عەرەبی لەبارەی ئارتۆ دەنووسیت و لەکوردستان وەک گرنگترین کتێب دەیخەیتە ڕوو، بەڵام کاتێک کەسێک لە زمانی فەرەنسیەوە دێت کۆ بەرهەمی ئارتۆ بخوێنێتەوەو لەناو کولتورەکەدا ژیان بکات، هێشتا پێت وابێت نا دادوەری هەیە، لەراستیدا لەدۆخێکی وادا دەبێت هەمووان ڕابگریت و زمان و کولتور بکەیت بە مەرجی سەرەکی توێژینەوەو گەڕان، تاوەکو بتوانیت بەناو تەواوی سەرچاوەکاندا بچیتەوە، بەبێ ئەوە کتێبەکان هیچ نین.. ستایشەکان دیدێکی سۆفستایی سوکراتیانەیە بۆ داهێنەرەکان، ئەگەر بە زمانی دێرێدا قسە بکەین سوکرات لەگەل خواردنەوەوەی ژەهرەکە کە بە فارماگۆن ناسراوە ئاخاوتن دەمرێت و نووسین دێتە بوون، بۆیە فارماگۆنی ناو نووسین ڕاگرتنی نوێبوونی ساختەکارە، ساختەکار بەو مانایەی کۆن بووەو تێی ناگەیت، ساختەکار لەو ڕوانگەی چەند وتارێکی عەرەبی مۆنتاژکراو دێنیت و بەتوێژینەوە دەیخەیتە ڕوو، کتێبێک دەخوێنیتەوەو دوو کتێبی لەسەر دەنووسیت، ئەو قسەیە وابەستەی مرۆڤەکان نیە، بەلکو هەوڵێکی هەلوەشاندنەوەی سێنتەری بیرکردنەوەی شانۆییمانە، کە دەبێت بگەین بە بونیادەکان و لە بونیادەکانەوە سەیری شانۆ بکەین، ئەو سێنتەرەی ئێمە دەمانەوێت هەلیبوەشێنینەوە وێرانکردن نیە، بەڵکو گەیشتنە سەر بنەچەکەی ڕاستەقینەی شانۆیە و بەتالکردنەوەی وەهمی تازەگەریە، ئەوە بەو مانایە نیە ناوەکان تازەگەر نەبوون، بەڵام خۆ دزینەوەیە لە مێژووی ڕاستەقینەی تازەگەری، هێنانی ناوێک و سەپاندنی بەسەر کۆ تراژیدیای مەعریفەی شانۆیی ئێمەیە، بۆیە پێویستە بزانین ئەو تازەگەریە لەکوێوە دێت و لەجەوهەردا بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات، ئەو تازەگەریە کە لەشانۆدا بەناوی ئەزموونگەری هات، بۆچی لە ولاتانی عەرەبی بەناو چەند دەرهێنەرێک کورت دەکرێتەوە؟ ئەو پرسیارە ڕاماندەکێشێت بۆ بابەتێکی گرنگتر ئەویش ئەوەیە: شانۆی ئەزموونگەری چیە؟ ئایا نوێگەری ئەزموونکردنە؟ لەکوێوە لەماناکانی تێبگەین؟ هەر پرسیارێکی لەم شێوەیە دەبێت لەبنەرەتدا هەڵوەشاندنەوەی سێنتەری ئەو گوتارە بێت تاوەکو بتوانین بەدوای هەڵوەشاندنەوەگەرایی بونیادەکان وەک خۆی بخوێنینەوە.

-جا کەوایە فەرموو با ئەو ئەرکە بخەینە ئەستۆی ئێوە، خۆتان وەڵامی پرسیارەکەتان بدەنەوە، تێمان بگەیەنن شانۆی ئەزموونگەری چیە و لەکوێوە لەماناکانی تێبگەین؟

-سەرەتا چەمکەکە بۆ شانۆی پێشەنگ یان پێشڕەو بەکار هات، ئامانجی تێکشکاندنی یاسای ئەڕستۆییە بۆ دراما، خولقاندنەوەی پەیوەندیەکی نوێیە لەنێوان بینەرو تەختەی شانۆ، سەرەتای ئەو هەنگاوە لەگەڵ سەدەی بیستەم دەست پێدەکات، هەر هەوڵێک ک دەیەوێت مێژووەکەی بۆ دوورتر بگەڕێنێتەوە، ناچاریش دەبێت وەک ڕواڵەتخوازی ئەو شانۆیە بگەرێنێتەوە بۆ شانۆی کلاسیک و گەشەسەندنەکانی، بەلام ئەوە ناکرێت، هێندەی سەدەی بیستەم دەرکەوتنی ڕاستەقینەی ئەو شانۆییە، جگە لەوەی زەمینەی شانۆی ئەزمونگەری عێراقی و کوردی پشتیان بە دۆخی سەدەی بیستەم بەستووە، بۆیە شانۆی ئەزموونگەری لەسەدەی بیستەمدا بە چەند ئاستێکدا تێدەپەڕێت، دەتوانین دیارترین سیماکانی و شانۆکارەکانیشی ببینین، هەڵبەت ئەو شانۆیە لەبنەرەتدا بەهۆی کاریگەری شیعر وهونەری شێوەکاری دەرکەوت، بەتایبەت لەگەڵ هاتنی داداییەکان و سوریالیەکان، کاریگەری دیدگای ئەندریە بریتۆن و سلڤادۆر دالی، وێنەیەکی ناتەباو جوانیناسی بە ئەدەب و هونەر بەخشی، کە وابەستەی تێکشکاندن و گۆڕانکاری بکاتەوە، ئەو شانۆیە ویستی وەک ئەوان خۆی پابەندی دەرچوون لە یاسا باوەکان بکات، ئەنتوان ئاڕتۆ شاعیرێکی دادایی و دۆستێکی نزیکی بریتۆن بوو، لەوێ شیعری دەنووسی، ئەو دیدگا شیعرییەی دەگواستەوە بۆ ڕوانینی شانۆیی، بۆیە ئەو کتێبانەی وەک تیۆریی شانۆیی سەیری دەکەین، لەبنەرەتدا دیدی ستایشکاریانەی شیعری ئارتۆیە بۆ شانۆ، دەیویست شانۆ لەو فۆڕمە بێت، وەک گۆڕانکاریە شیعریەکە، بۆیە پێشنیاری شیعریەتی شوێن و جەستەی کرد، ڕوانینێکی شیعریی جوانیناسیانەیە بۆ شانۆ، بەڵام نەیتوانی ئەو پێشنیاریە بگۆرێت بۆ وێنەیەکی ڕاستەقینە، شکستە لەدوا یەکەکانی دیدێکی داداییانە بوو، تەنانەت دواهەمین نمایشی، دوای دەرچونی لەشێتخانە، دیسان شکست و کۆتایی خەونێکە، بەڵام وەک بیرۆکەیەکی شیعریی بۆ شانۆ گرنگی خۆی هەیە لەئاستی ئەو نەخشە و مێژووە، کەناڵی تەلەفزیۆنی فەرەنسا، ئەمساڵ دۆکۆمێنتاریەکی کورتی پێنج دەقەی لەسەر ئارتۆ دروست کرد، ئەوانەی لە فەرەنسا دەژین دەتوانن لەئێستا لەسەر ئەپلیکەیشنی کەناڵەکە دۆکۆمێنتاریەکە ببینن، ئاماژەی بە ڕۆڵی شیعریی و نواندنەکانی کرد، هەر وەک تەواوکاری دیدگایەکی کەسێتی ئارتۆ لەنێوان شیعرو شانۆ، لەوێدا ئاماژە بۆ قسەیەکی ئەندریە بریتۆن دەکرێت، سالی١٩٥٩ لەبارەی ئارتۆ وتویەتی، ئەو دەڵێت:
«بۆ هەمیشە گەنجان ئەم ئالا سوتاوە وەک هی خۆیان دەناسنەوە» هەڵبەت قسەکە لەسەر شانۆ نیە، بەلکو لەسەر خودی کەسێتی ئارتۆیە، بریتۆن باوەری وایە دەرچون لەیاساکان، سزاکەی هێندە کوشندەیە، ڕاپێچی شێتخانەت دەکات و سزات دەدات، بۆیە نەوەی داهاتوو ئەو ئاڵا سوتاوەی تازەگەری وەک سیمای خۆیان دەناسنەوە، ئەگەر بەقسەکەی ژاک لاکان بڕوامان هەبێت، ناکرێت بەدوای ساڵی ١٩٤٦ سەیری هیچ نووسینێکی ئارتۆ بکەین، کەچی بەدوای ئەم ساڵە ئارتۆ لەهەموو کاتێک زیاتر دەست بە نووسین دەکات، بەڵام ژاک لاکان زۆر بەر لەو مێژووە پێشبینی ئەوە دەکات، ئەو لە ١٩٣٩ دەڵێت دەبێت ئیتر هیچ دێرێکی تر نەنوسێت، ساڵی دوای ئەوە «کتێبی شانۆ و هاوشانۆ» دەنووسێت ئەو کتێبەی بۆ شانۆکارانی ئەزموونگەری کوردی و عەرەبی، وەک تاکە سەرچاوەی ئەو شانۆیە سەیر دەکرێت، بەڵام بۆ خۆی دیدێکی ستایشکاریانەی شیعریە بۆ شانۆ نەوەک کتێبێکی تیۆریی بێت، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: ئارتۆ مرۆڤێکی ئاسایی بوو؟ نەخێر ئەو شاعیرێکی داهێنەر بوو، خەونی بە شانۆیەکی شیعریی دەبینی، داهێنەرەکانی بەقوربانی کۆمەڵگا سەیر دەکرد، وەک لەکتێبە بچکۆلەکانی لەبارەی ڤان کوخ نووسی، هەوڵێکی زۆریدا بۆ ئەو شانۆیە، بەڵام گرفتەکە لەوە نەبوو کە کۆمەڵگا نەیتوانی لە دیدی شانۆیی ئارتۆ تێبگات، بەڵکو گرفتەکە لەخودی ئەو وێنە شیعرییە کە نابێت بە شانۆ و لەناو کتێبدا دەمێنێتەوە، دەنا لەو ساتەی ئێستا قسە دەکەین، دەبوو شانۆی فەرەنسی بگەڕێتەوە بۆ ئارتۆ، وەک چۆن کورد و عەرەب بۆی دەگەڕێتەوە؟ بۆچی لەهەموو کاتێک زیاتر شانۆ گەڕاوەتەوە بۆ ئەدەب و هەموو فۆڕمەکان لەناو دەقی شانۆیی بنیات دەنرێنەوە؟ ئەو وێنە ڕاستیە تەنیا کاتێک شانۆکاری کورد دەتوانێت تێیبگات لەناو خودی شانۆی فەرەنسی و زمان و کولتورەکەیدا بژیێت، دەنا کتێبە عەرەبیەکان وا وێنایان کردووە کە ئارتۆ ڕزگارکەری شانۆ بوو، دەتوانین شانۆ ببەینە ئاستی باڵا لەم رێگایەوە، بەڵام ئارتۆ بۆ خۆی دەقە شانۆییەکانی لەڕێی دیالۆگ بنیات دەنێت، جگە لەچەند کورتە سیناریۆیەک، چونکە دیدگا شیعریەکەی ووشە بنیاتی دەنا، ووشە وێنای جەستە و دژایەتی شانۆی باوی دەکرد، نەک خودی جەستە خۆی.
خودی ستراتیژە شانۆییەکە بۆ گۆڕینی درامای ئەرستۆیی بەکۆی مێژوویی شانۆی ئەزموونگەری، ئێمە دەرهێنەرێک و دراماتۆرگێک نابینین گرنگتر لە برێخت، ئەو ڕێک دەیزانی چی دەکات و چۆن ئەو وێنەیە لەناو خودی شانۆ بنیات دەنێتەوە، برێخت ئەزموونکاری راستەقینەی شانۆیە، گەڕانەکانیشی لەئاستی تیۆریی دراماو گوتاری فەلسەفی مارکسیدایە، بۆیە ئەزموونکارێکی شانۆیی نیە وەک ئەو وێنەیەکی ڕوونی بە گوتارە ئەزموونکاریەکە بەخشی بێت، بەڵام ئەزموونکارانی ئێمە ناتوانن ئەو وێنەیە ببینن، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەوان ئارەزووی فۆڕمێک دەکەن، کە دەق تەواو بەرەو لەناوچوون بڕوات وکەشێکی سریالیانە بە نمایشی شانۆیی ببەخشێت، وەک سەڵاح قەسەب راستەوخۆ باس لەو شانۆ سریالیە ئارتۆییە دەکات.
قۆناغی دووەمی شانۆی ئەزموونگەری بەدوای جەنگی دووەمی جیهانی دەست پێ دەکات، لەو قۆناغەی پرسیاری مرۆڤ گەڕان بوو بەدوای بێبەهایی، وەک لە کۆمەڵگای پۆڵەندیدا دەرکەوت و تەوژمێکی شانۆیی لەنێوان ساڵانی پەنجاکانی سەدەی بیستەم لەگەڵ سەرەتای بیستەکان کۆتایی دێت، کە گەرانەوەیە بۆ ناو فۆڕمی بینین و جەستە، پڕۆژەکەی گرۆتۆڤسکی لەبنەرەتدا گەڕان و پشکنینە بۆ جەستەی پۆلەندا دوای کاولکاری نازیەت، جەستەی ئەو مرۆڤە دەسوتێنرێت و هیتلەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە خەلوزی ئەو جەستەیە سابون دروست بکەن، دڕندەیی بەرامبەر جەستەی پۆڵەندی وێنەیەکی دڕندانەیە، شانۆکارانی پۆڵەندی دێن لەڕێی نمایشی شانۆییەوە جەستە دەکەن بە زمانی سەرەکی نمایش، هەروەها دەرهێنەرێکی وەکو گژێگۆ ژێڤسکی شانۆی شێوەکاری بنیات دەنێت ولەماوەی سێ ساڵدا درێژە بە نمایشەکان دەدات، نەک وەک ئێمە دوای چل ساڵ هێشتا لەسەر ئەو چەند نمایشە بژیت، گرفتەکە لێرەوەیە ئەوان لەدۆخی سیاسی وەک چەکێک بۆ دژایەتی فاشیزم بنیات دەنێن، بەڵام شانۆی ئەزموونگەری کوردی دەبێت فۆڕمێک بۆ دوورکەوتنەوە لەبیرکردنەوەی مرۆڤی کوردیی، جەستەی کوردیی نەیەتە ناو نمایشەوە، ئەو جەستە لەژێر کاریگەری دیدی شانۆیی وێنەیی بەغداوە فۆڕمێک دەخولقێنێت تەنیا کوردیی نەبێت، گەڕان وپشکنینەکان نابنە بەشێک لەناو بنیاتنانەوە، هێندەی شانۆی باڵا شانۆیەکی ئەزموونگەریە تا ببین بە شانۆیەکی جیهانی، بێ ئاگا لەوەی بۆ ئەوەی شانۆکەمان جیهانی بێت، دەبێت تا ئاستی ڕەگەکەمانەوە کوردیی بین، تەنانەت لاسایی کردنەوە لە نوسینی دەقی شانۆیی بتەوێت وەک ئەوان بنوسیت ناتکات بە جیهانی، سیمای مرۆڤی کوردیی کاتێک دەبێتە شانۆیەکی جیهانی کە تەواو کوردیی بێت، تەنیا شتێک کە بکرێت وەرگێڕانی زمانەکەیە، شانۆنامەکانی ئەحمەد سالار و تەلعەت سامان و سمکۆ ناکام کاتێک لە خۆرئاوا بخەیتە سەر شانۆ، بەلام زمانەکەی وەرگێردرابێتە سەر فەرەنسی و ئەلمانی و ئیتاڵی دەبن بە شانۆیەکی جیهانی.
قۆنای سێیەم لەگەڵ دەرکەوتنی بونیادگەری فەرەنسی سەرهەڵ دەدات، ئەویش دەرکەوتنی هونەری پێرفۆرمانسە لەلایان گرۆتۆڤسکی، تاکو ئێستا شانۆکاری کورد ئەوەش هەر وەک شانۆی ئەزموونگەری دەبینێت، ئەو وێنە کاریکاتۆریە ئەزموونکاریە کوردیە دەبێت بووەستێندرێت، ئەو درۆکردنە بەناوی ئەزمووونگەری وایکردووە خاسیەتی ڕەخنەگرتن لەشانۆی ئێمەدا بوونی نەبێت، بۆیە سەرسوڕمان دروست دەبێت، کاتێک دەبینن لەم فۆڕمە ڕەخنەییەوە دێین قسە دەکەین، تێناگەن لەوەی ئەو دیدە ستایشکارو درۆزنانەیە رۆحی شانۆی لەکۆمەڵگای کوردیدا کووشتوە.
پێویستە ئەوە بخەینە ڕوو ئەوەی شانۆی لەسەر تەختەی شانۆ هێنا خوارەوەو خستیە ناو شوێنە کراوەکان، شەقام و باڵەخانەکان، ئەوە شانۆی ئەزموونگەری نەبوو، ئەوە هونەری پێرفۆڕمانسە، گرۆتۆڤسکی لەپێرفۆرمانس ئەو کارە دەکات، پەیوەندی بە ئەزموونگەریەوە نیە، بەڵام وەرە بتوانە ئەوە لەموریدەکان و مامۆستا ئەزموونکارەکان بگەیەنە، چونکە فریودانێک هەیە بەمەبەست و بە پرۆژە ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی نەخوێنیتەوە.. کێشەی کتێب و زمانی تری نەبێت, دەتوانێت لە پەنجا ساڵی رابردوو چی فێر بوویتە، ئەمرۆش هەر لەسەر ئەم ناوانە کار بکەیتەوە، ئەگەر شانۆی ئەزموونگەری وەک باسی دەکەن ئەمڕۆ هێندە گرنگە لە ئێستای خۆرئاوا با بێن ناوی دوو دەرهێنەری ئەزموونکاری دنیامان پێ بڵێن، بەلام دەتوانین یەک لەشکر لەپێرفۆڕمێری پۆلەندی وفەرەنسی و ئیتاڵی بخەینە ڕوو، دواهەمین کتێب چیە لەبارەی شانۆی ئەزموونگەری نووسراوە؟ گرنگترین سەرچاوەی ئەم شانۆیە چیە؟ کامە سەرچاوەی زانستی و باوەڕپێکراوە؟ کە لەم سالانەدا سەر لەنوێ بە فەرەنسی چاپکرایەوە؟ کتێبی کێیە؟ تازە نووسراوە؟ یاخود هەر کتێبەکەی ژێمز رۆز ئیڤانسە بەناوی «شانۆی ئەزموونگەری لە ستانسلاڤسکیەوە بۆ پیتەر بروک» هاورێم کاردۆ محەمەد چەند بەشێکی لێ کردووە بە کوردیی، جا هەر بەراست شانۆکاری ئەزموونکاری کورد بروای بەوە هەیە ستانسلاڤسکی ئەزموونکارە؟ یان وەک تەقلیدی و کۆنزەرڤاتیزم سەیری دەکات؟ ئایا دەتوانیت مایەر هۆڵد وەک یەکێک لە ئەزموونکارەکان ببینیت؟ تۆ کە ستانسلاڤسکی وەک ئەزموونکار نەبینیت، بەلام یۆژینۆ باربا وەک ئەزموونکار ببینیت لەوێوە تراژیدیای ئاکاری دەست پێدەکات، باربا تەنیا عەرابێکی گرۆتۆڤسکی بوو، دەرکەوتنیشی زادەی دەرفەتێکە لە ژیاندا لەگەل ئەودا بوو، من دوو کاریم بە ڤیدیۆ بینیووە یەکێکیان هاملێت بوو تا دیمەنی کۆتایی نازانیت هاملێت کامەیە، بۆیە کلاوێکی لەسەر دەکات و لەسەر کلاوەکە دەنووسێت هاملێت، گەر ئەم نمایشە گەنجێیکی کەرکوکی دروستی بکات، هەر مناڵە موریدەکان دەکەونە سوکایەتی کردن، بەڵام باربا دەیکات ئیتر دەبێت بە ئەزموونکار، کەچی ناتوانیت مایەر هۆلد بە ئەزموونکار ببینیت، ستانسلاڤسکی بەلاتەوە مۆدیلێکی کۆنە و نابێت بگەڕێیتەوە سەری، چونکە شانۆکارانی عەرەب دیدی نوێگەریان بە شانۆ بەخشیووە، کتێبەکانیان بوونە بە ئیلهامی تازەگەریمان، تازەگەریەک کۆن بووەو خۆرئاوا خۆی بیری چۆتەوەو تۆی کورد وەفات بۆی هەیە و بۆی زیندوو دەکەیتەوە، بەڵام هەموو ئاستەکان لەیەک وێنەدا کۆ دەکەیتەوە، بڕوام وایە تا ئێرە بەس بێت بۆ قسەکردن لەشانۆی ئەزموونگەری، دەکرێت ئێستا بێینە سەر پرسی گرنگیتر.

-پرسیارێکی تر: لەو ساڵانەی لەکوردستان بوویت، ڕەخنەی توندت ئاراستەی هەندێک شانۆکار دەکرد کە ڕەخنەیان ئاراستەی شانۆی ئەزموونگەری دەکرد، ئێستا خۆت بوویتە بەشێک لەبیرکردنەوەی ئەوان، ئایا ئامادەیت ئێستا داوای لێبوردنیان لێ بکەیت؟

-پرسیارەکەت ڕەوایە، بەڵام بڕوام وایە بەشێکیشی پێویستی بە داڕشتنەوەیەکیتر هەیە تا ببێت بە پرسیارێکی شانۆیی بێ لایەنانە، گرفتەکە ئەوەیە، هەندێک بیرکردنەوەیان لەتۆ باشترە، بە نمونە تەڵعەت سامان لەسەرەتای نەوەتەکانەوە هۆشداریدا بە ئێمە لە تەواوبونی ئەو ناوانەی شانۆی خۆرئاوا، کەچی دواتر من لەچەندین وتاردا بریندارم کرد، ئازارمدا، بەر لەوەی لە کوردستان بێمە دەرەوە، ئێوارەیەکی درەنگ دنیا تاریک بوو لەکۆلانێک کە دەکەوتە بەرامبەر هۆڵی گەل لە هەولێر، ئەو کە منی بینی ڕۆیشتە ئەو بەری شەقامەکە، باش بوو رۆیشتم بەرەو ڕووی، چونکە ئەوە دواهەمین جار بوو لە ژیانمدا ئەوم بینی، وەستاندم پێم ووت کە «قسەی من لەسەر شانۆ بووە، ئێستاش ئەو بۆچوونانەم نەماوە، بەڵام دەبوو ڕەخنەی توندت بکەم تا خۆم بسەپێنم» تاوێک لێم ڕاما، ووتی «منیش وامکرد وەک تۆ کاتێک پێیان ووتم لە گازینۆی لەیالی ئەربیل محەمەد مەولود مەم دەیەوێت بتبینێت» ووتم «ئەو کاری بەمنە با ئەو بێت» ووتی «وا هەوالم بۆ مەم نارد» دواتر سەیرێکی کردم و ووتی «گوێبگرە من کە دەقێکی شانۆییم دەنوسم دەبێتە یەکێک لەهەرە خۆشەویسترین کەسەکانم، ئەو قسانەی ئێستای تۆ بەقەد یەکێک لەشانۆنامەکانم خۆشم دەوێن و چێژم پێدەبەخشێت» کارێکی باشم کرد ئەم ئێوارەیە دانم بە ڕاستی ناو قسەم لەگەڵی کرد و لەبەردەم ئەو داهێنەرە ووتم من هەڵە بوومە، دەی مەگەر کارێکی باشم نەکرد؟
تۆ باس لەوە دەکەیت بوویت بە بەشێک لەبیرکردنەوەی ئەوان، نا کەس نابێت بە بەشێک لەبیرکردنەوەی ئەویتر، بەڵکو کە دێیتە خۆرئاوا، زمانیتر فێر دەبیت، ڕاستی دەبینیت، فرە میتۆدی شانۆ دەبینیت، شانۆی ئەزموونگەری لەساتەوەختێکی مێژوویی دەستەبژێریدایە، بۆیە د. فازل جاف لەکتێبێکی گفتۆگۆ لەگەڵ مامۆستایانی ئازیزمان کاک ئازاد عەبدولواحید و مرۆڤی شادی ژیانمان مەحمود زامدار ئەنجام دابوو، لەوێ د. فازل زۆر شتی وتووەو ئێمەی گەنجانی دلداری شانۆی ئەزموونگەری وێنەیەکی خەیاڵی ناو زهنی خۆمان بۆ ئەو دروست کرد، وێنەیەک کە مرۆڤێکە دژە تازەگەر و دژە شانۆیە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە دەتەوێت ئەمڕۆ من بێم داوای لێبوردن لە د. فازل جاف بکەم؟ نەخێر نایکەم، نەکردنی بێ ڕێزی نیە، من هەمیشە رێزی زۆرم بۆی هەبووە، تەنانەت کە ناراستەوخۆ و ڕاستەوخۆش قسەم لەبارەی کردبێت، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ داوای لێبوردن لە د. فازل جاف بکەم، ئێ دەبێت کاک دانا رەوف یش ببەینە دادگا، چونکە راستگۆ نەبووە فریوی داوین، کتێبەکەی ئارتۆ ئەمڕۆ ئینجیلی شانۆکارانی ئەوروپا نیە، ئەوە تەنیا کۆمەڵێک ڕستەی ڕەوانبێژی و پەخشانیە، بۆیە من نە داوای لێبوردن لەکەس دەکەم و نە کەس دەبەمە دادگا، گرفتی کەسیم هیچ کاتێک لەگەڵ کەس نەبووە، بەپێی تێگەیشتن و بیرکردنەوەی خۆم لەبارەی شانۆ دەدوێم وقسەی خۆم دەکەم، دەتوانن هەمووتان توڕە بن و هەندێک خۆشتان بووێم، لەکۆتاییدا لەگەڵ خۆم ڕاستگۆم و قسەی خۆم دەکەم، هیچ کاتێکیش شتێک لای من بوونی نیە پەیوەندی بە ڕق و کێشەی کەسیەوە بێت، تا ئەم ساتە وەختەی قسە دەکەین تۆ دەبینیت کەمترین قسە لەسەر کاک شەماڵ عومەر دەکەم، ئەو پێرفۆرمێرێکە و کاری خۆی دەکات، لەروانین و تێگەیشتنەکانی دەزانێت دەیەوێت چی بکات، بۆیە گرفتەکە تەواو شانۆییە، ئەوەی تێی نەگەیشت و وێنەیەکی لە زهنی خۆی بۆ من دروست کرد، ئەوە پەیوەندی بە منەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بەوێنەکەی ناو زهنی خۆیەتی بۆ من.




گفتوگۆ لەگەڵ نیهاد جامی- بەشی دووەم

بەشی دووەم


* ئایا ئەوە بەو مانایە نایەت تۆ داوا دەکەیت بەتەواوی لەشانۆی خۆرئاوایی دوور بکەوینەوە؟

– نەخێر بەڵکو لەتێگەیشتنی عەرەبەکان بۆ شانۆی خۆرئاوایی دوور بکەوینەوە، میتۆدەکان بنەمای خولقاندنی نمایشی شانۆیی نین، بەڵکو فراوانبونی ئاسۆی ڕۆشنبیرین تاوەکو بتوانین رۆشنبیریی شانۆییمانی پێ فراوان بکەین، نەک بێین بیسەپێنین بەسەر شانۆی کوردیەوە، بەلکو پێویستە ئێمە فێری ئەوە بین زانستیانە شانۆ بناسین نەک بەرهەمی کولتورەکانیتر بگوازینەوە، میراتی ئەدەبی شانۆی دنیا سەرچاوەیەکی گرنگی ئاشنابوون و کارکردنە، کاتێک دێیت کاریان لەتەکدا دەکەیت ناکرێت بکەویتە ژێر کاریگەری وتارێکەوە کە دەرهێنەرێکی خۆرئاوایی چیکردووە، تاوەکو تۆش وای لێ بکەیت، گرفتی ئێمە لەتەک شانۆنامە خۆرئاواییەکان، گەڕان بوو بەدوای تازەگەریدا، بەوەی دیالۆگ و دیمەن و لاپەرەکان لابەرین و هەندێک دیمەنی بێدەنگ و روناکی و ڕەنگ دروست بکەین، بە بیانوی ئەوەی دیدی فەلسەفی بە شکسپیر دەبەخشین، وەک ئەوە وابێت شانۆنامەکە دیدی فەلسەفی و فیکری خۆی نەبێت و ئێمە بێین بە رەنگ و روناکی و جولە بیکەین بە فەلسەفە، دواتر تێناگەم بۆ دەبێت بیکەین بە فەلسەفە، دەقی شانۆیی ڕووبەرێکی کۆمەلناسیانەیە بۆ خوێندنەوەی ژیانی کۆمەلایەتی و سیاسی کۆمەلگایەک، گەر باوەرت بەم دەقەیە دەبێت ئەو دنیایەی نووسەر بخەیتە سەر شانۆ، خەمناکیەکە لەوەدایە بەبیانوی دیدگای دەرهێنانی بێیت بەویستی خۆی ئەو دەقە کورت بکەیتەوە، دیدگای دەرهێنانی تۆ لە سرینەوەی دیالۆگ نیە، لە لابردنی دیمەن نیە، دیدگای دەرهێنانی وابەستەی دیکۆرو روناکی و مۆسیقا و جل و بەرگ وجولەیە، بەواتای تۆ چۆن دیالۆگەکانی نوسەر دەخەیتە سەر شانۆ، ئەو دەرهێنەرەی دێت دیمەن دەبڕێت و دەیالۆگ و دیمەن لا دەبات، دیدگای نیە، بەڵکو بکوژی دیدگایە ، ناتوانێت لە ئەفسوونی نهێنی شانۆ تێبگات، بۆیە سەرەنجام وێنەیەکمان پێ دەبەخشێت کە پەیوەندی بەنوسەرەوە نیە، بەلکو نووسەر تەنیا بیرۆکەیەکە، ڕێک لەشانۆی وێنەی عێراقی هاتووە کە دەقی شانۆیی بیرۆکەیەکی مردووەو نووسەر زیندویی دەکاتەوە، ئەوە گەر نەمانخاتە پێکەنین هەموو نوکتەی دنیا ناتوانێت بماهێنێتە پێکەنین، بەداخەوە شانۆی ئەزموونگەری کوردی پێگەی خۆی لەسەر ئەو جۆرە ڕوانینانە بنیاتنا، بۆ ئەوەی وێنەی ڕوون بەم دۆخە ببەخشین، لێرەدا ناچارم چەند ئارگۆمێنتێک بۆ قسەکانم بێنمەوە، تازەگەریی شانۆییمان دەق وەک مردوو سەیر دەکات و کۆلاژی وێنەیی تیا دەخولقێنێت، چونکە دەق لەگەل دیدگای ئەو ناگونجێت، بەڵام دەرهێنەرێکی ناسراوی وەک «ئەلیکسەندەر باردینی» کاتێک شانۆگەری «لالۆ ڤانیا» ی چێخۆف دەخاتە سەر شانۆ، بۆ ئەوەی تەواوی دیدگای خۆی بەرجەستە بکات، ووشەو دیالۆگێک نابینیت لا ببردرێت، بەلکو دەستکاری فۆرمی دەرەکی کارەکتەر دەکات، سۆنیا لای باردینی کچێکی ناشیرین نیە، بەلکو دێت جوانترین ئەکتەری شانۆی پۆلەندی هەلدەبژێرێت کە «یۆوانا ژۆوکۆڤسکا» یە، تا بلێت هۆکاری نەبونی دۆستێک بەهۆی روخساریەوە نیە، هێندەی بەهۆی نەگبەتیەکەوەیە کە بەدوایەتی، لەگەل لەدایکبونیدا دایکی دەمرێت، ئەو هاوشێوەی لالۆ ڤانیایە، لێرەدا دیدی دەرهێنانی وابەستەی فۆرمی دەرەکیە نەک فۆرمی ناوەکی کەسێتی و لابردنی دیالۆگەکان، پێشتریش باردینی شانۆنامەی «سێ خوشک» دەخاتە سەر شانۆ لەوێشدا هیچ دەستکاریەکی ئەو دیالۆگانە ناکات، بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری لەتێکستی نووسەر بکات، چەندە وێنەیەکی چێخۆڤیانە بەنمایشەکە دەبەخشێت، بەتایبەت لەدیمەنی کۆتایی هەوڵ دەدات ئەو وێنە خەمناکە وەک تراژیدیایەکی ماڵ وپەیوەندیەکانی بگەیەنێتە لوتکە، کاتێک لەڕێی کولێگینی مێردی ماشا کە بە پەیوەندی ژنەکەی لەگەڵ ڤێرشینین دەزانێت، تەنانەت دیمەنی ماڵئاواییەکەیانیش دەبینێت، کاتێک ماشا ماچی دەکات، بەڵام خۆشەویستی خۆی بۆ ژنەکەی دووپات دەکاتەوە، من بۆ خۆم لەم دەرهێنەرە فێری ئەوە بووم چێخۆڤ ناکرێت یەک ووشەی لێ لا ببردرێت، چونکە کە وەک خۆی خستە سەر شانۆ ئەوسا لە گرنگی و شاعیریەتی ئەو نووسەرە تێدەگەیت، بۆیە گەر لەشانۆی پۆلەندی ئەو وەک دەرهێنەری چێخەڤی بناسرێت هۆکارەکەی داکۆکیکردنیەتی لەرۆحی شانۆنامەکان بەبێ گۆڕینی ووشەیەک، رەنگە قسەکە لەوە بێت ئاخۆ شانۆی پۆڵەندی دەستکاری دەق ناکات؟ با دوو نمونە بێنمەوە، ئەو شانۆیە کە من لەنزیکەوە کارم تیای کردوەو لەناویدا ژیاوم، جۆرە دەستکاریەک کە شانۆکاری کورد ناویناوە شانۆی ئەزموونگەری، ئەزموونگەری نیە، بەڵکو پێرفۆڕمانسە، بیرۆکەیەک وەردەگیرێت و هەندێک دیالۆگی تیا بەکار دێت، ئەوە پێرفۆڕمانسە، پێرفۆڕمانسە بەدوای شانۆ لابۆریەکەی گرۆتۆڤسکی و هاوکات لەگەڵ گەشتەکەی بۆ ئیتالیا هاتە بوون، ئەمڕۆ میراتگرانی ئەم هونەرە لەشاری ڤرۆتسواڤ لەپاڵ پەیمانگاکەی گرۆتۆڤسکی و چەندین گروپ هەن وا کار دەکەن دیارترینیان گروپی زارو پیسن کۆزوا، بە نمونە ئەو گروپەی دواییان پێرفۆڕمانسی «ماکبێس» بە حەوت دەقیقەو بە چوار ئەکتەر نمایش دەکەن، بەڵام هیچ شتێک نیە ناوی شانۆی ئەزموونگەری بێت، بەڵکو هونەری پێرفۆڕمانسە، وەک چۆن کارەکانی لابۆری لالش لەئێستا دا پێرفۆرمانسە نەک نمایشی شانۆیی، ئەوە لایەک، لە روویەکی تردا ئاخۆ دەرهێنەرانی شانۆ دەستکاری دەق ناکەن؟ بۆچی نا، بەڵام رەنگە بکەونە ژێر تەوژمێکی ڕەخنەیی بەوەی ئاخۆ ئەوەی نیشانی دەدەن بەو بڕینانەوە گوزارشت لەو شانۆنامانە دەکات؟ با دوو نمونە لێرەدا وەک ئارگۆمێنت بۆ قسەکانمان بێنینەوە، تا مناڵە فریودراوەکانی شانۆی ئەزموونگەری تێبگەن ڕاستەقینە لەکوێدایە، زۆربەی جار ئەوانەی بەدوای دەستکاریکردنی دەقەوەن لەشانۆی پۆلەندی ئەو نەوە نوێییەی شاری ڤرۆتسواڤن، بەهۆی ئەو زەمینەیەی گرۆتۆڤسکی لەو شارەدا خوڵقاندی ، وەک سیمای هونەری ئەو شارەی لێهات، بۆیە کاتێک خانمە دەرهێنەر «ئاگنێشکا گلینیسکا» شانۆنامەی «سێ خوشک» ی چیخۆف دەردەهێنێت, دیارە من لە کتێبەکەمدا کە پرۆژەی ژیانمە لەبارەی ژیانمە لەبارەی شانۆی پۆلەندی کە باس لە ١٧٠٠ تاوەکو ٢٠٢٥ ی ئەم شانۆیە دەکات، وە نازانم کەی لەنوسینی تەواو دەبم، بەلام لەوێدا لەبارەی ئەو نمایشە نووسیومە: هەر لەسەرەتاوە ڕووبەرووی گریمانەی ناو تێکست نابینەوە، بەڵکو سێ خوشکەکە لەدوو کورتە دیمەنی شانۆیی باس لەخەون و ژیانی ڕابردووی خۆیان دەکەن، بەدوای ئەوە دەگەڕێینەوە ناو سەرەتای دیمەنی شانۆنامەکە، چڕ بوونەوەی زەمەنی لەناو دیمەنەکان درووست کراون، هەندێک دەیالۆگی ناو دیمەنەکان نەماون، بەڵام ئەوەشیان چەندە زیانی بەو دیدە چێخۆڤیەی ناو نمایشەکە گەیاندووە، هێندەش پەیوەستە بەستراتیژی گوتاری نمایش بەهۆی ئەوەی ئەتمۆسفێری نمایشەکە دەیەوێت قسە لەمرۆڤی هاوچەرخ بکات، نەک مرۆڤێک کە نووسەر لە ١٩٠١ شانۆنامەکەی تیا نووسیوە، دەرهێنەر لەهەوڵی ئەوەدایە کاتێک لە ٢٠١٢ ئەم شانۆنامەیە نمایش دەکات، قسە لەو بینەرە بکات کە ئامادەبووی نمایشەکەیە، دەیالۆگەکانی نووسەر وەک خۆی ماونەتەوە جگە لەهەندێک دیمەن کە چڕبوونەوەو لابردنی ووشە و دەستەواژەی لابردووە، بەڵام لەڕووی جل و بەرگ ودیکۆر و ئەتمۆسفێرەو نزیکی کردۆتەوە لەژیانی ئەمڕۆدا، ئەوەش وای کردووە فەزا چێخۆڤیەکە وابەستەی ئەمرۆ بکات، نەک وەک پابەندبوونی بە گریمانەی ناو تێکستی نووسەر، ئەگەرچی کردەی بینین لادانی نەخولقاندووە لەدنیای نووسەرەوە، سەرەنجام ئەوەی دەیبینین شانۆگەری سێ خوشکە بە دیدێکی نوێوە. لەڕێی پێکەنین و سرووتێکی شادیەوە دەیەوێت خەمی سەر ڕووی کارەکتەرەکان بگۆڕێت، بەوەی مرۆڤەکان هەمیشە ئومێدێکیان هەبێت بۆ ژیان، هەڵبەت ئەوە لای نووسەریش بوونی هەیە، بەڵام کارەکتەرەکان هەمیشە خەمگینن گەرچی لەبنەرەتدا خەونیان هەیە، بەتایبەت خوشکەکان کە خەون بە گەڕانەوە بۆ مۆسکۆ دەبینن، بۆیە لەهەندێک شوێندا دەرهێنەر بۆ ئەوەی بنیاتی ئەو شادیەی کارەکتەر بکات، دێت هەندێک ووشە وەک پەیوەندی ڕووخسار بە کارەکتەرەکان دەبەخشێت.

*ئایا ئەزمونیتر لەو شانۆیەدا لەگەڵ تێکستی تر تاقی کرایەوە؟

-لەئێستادا «ئاندژێ ڤایدا» دەکەوێتەوە خەیاڵ لە سەردەمی سۆڤیەت و دوای سۆڤیەت شانۆگەری (هاملێت) ی شکسپیر پێشکەش دەکات، لەڕێی سینۆگرافیاوە دوو سەردەمی جیاواز دەخوێنێتەوە، بەبێ ئەوەی دیالۆگ لابەرێت، یان ماچیێۆڤسکی شانۆنامەی (باوک) ی سترێندبێری دەخاتە سەر شانۆ، دیالۆگ لا نابات بەڵام یەک دیمەنی کورتی بانتۆمایم زیاد دەکات کە نمایشەکە تەواو دەبێت هەست دەکەیت باس لەکۆمەلگای پۆلەندی سەردەمی نازیەت دەکات. چونکە دەزانێت ئەتمۆسفێرێکی تایبەت بۆ خوێندنەوەی کۆمەلگا بخولقێنێت، دیالۆگی نووسەریش لا نابات، ئەوە بۆ ئەو مناڵانەی کە پێیان وایە ئێمە بە بێ ئارگۆمێنت قسە دەکەین، بەڵکو ئارگۆمێنتەکان لەپشت زانینی روانینی شانۆییمانە، بەڵام تۆ وەرە سەیرکە ئێمەی کورد چۆن و بۆچی لەگەڵ تێکست مامەلە دەکەین؟ چونکە سەرچاوە بنەرەتیەکەمان لەزەمینەیەکی شانۆیی ناخولقێت، بەڵکو کۆی سەرچاوە تازەگەریەکەمان وابەبەستەی دیدی شانۆی وێنەیی عێراقیە تاوەکو ئەو وێنەیە بکەین بە چاوگەی سەرەکی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی، من لێڕەدا لەسەر دوو پێگەی گرنگ دەوەستم، یەکێکیان وابەستەی شانۆی وێنەییە، سەلاح قەسەب دەلێت شانۆکەم لە ساندا مانۆ وەرگرتووە، بەڵام ساندا مانۆ کێیە لە ١٩٨٦ تاوەکو ٢٠٢٦ تەحەدای هەموو شانۆی کوردی و عەرەبی دەکەم یەک دێریان لەبارەی ئەو خانمە خوێندبێتەوەو بزانن کێیە، ئەویتریشیان برادەرێک کتێبێکی نوسیوە لەستایشی کارەکانی هاورێکانی و هەندێکیش ستایشی خۆی دەکات، دەلێت بەبێ ئەو کتێبە کەس ناتوانێت و بۆی نیە باس لە شانۆی ئەزموونگەری بکات، کەواتە پرسەکە ئەوەیە سەرەتا پێویستمان بەوەیە بۆ مێژووی بنەچەکەی شانۆی وێنەی عێراقی بگەرێینەوە، شانۆکە بناسین کەی و چۆن سەری هەڵدا؟ بۆ لەدایک بوو؟ پەیوەندی نێوان فاشیزم و شانۆی وێنەیی چیە؟ ئەی ساندا مانۆ کێیە؟ بەدوای ئەوەی وەلامی ئەو پرسیارانەمان دایەوە، ئەوسا دێین بۆ قسەکردن لەشانۆی ئەزموونگەری کوردی پشت بە کتێبی ئەو برادەرە دەبەستین و لەروانگەی کتێبەکەی ئەو وەک ئارگۆمێنتێکی شانۆیی قسە لەو رۆژگارە دەکەین، سەرەتا با لەسەر شانۆی وێنەیی بوەستین، لەکۆتایی سالی ١٩٧٦ سەلاح قەسەب نمایشێک بۆ یەکەم جار پێشکەش دەکات لەگەل گروپێکی لاو بەناوی «كيف فسرت الخلود عند كلكامش» شانۆکاری عێراقی سەعدون عوبەیدی لەگۆڤاری ئەلف با، ژمارەی کانونی دووەمی ١٩٧٧ بە دوو لاپەرەی گۆڤارەکە باس لەو نمایشە دەکات، نمایشەکە وەک لەو قسانە دەردەکەوێت وەک نمایشێکی ئاسایی سەیرکراوە، ئەگەرچی عوبەیدی لەوتارە پانۆراماییەکەیدا دەیەوێت بە گرنگ باسی نمایشەکە بکات، کە سەرەتای دوورکەوتنەوەی قەسەب دەبێت لەشانۆ و بەرجەستەکردنی شانۆ لەرێگەی جولەو وێنەو کەمترین دیالۆگەوە، کاتێک دەرواتە ڕۆمانیا بۆ خوێندن دەبینێت ژنە دەرهێنەری رۆمانی ساندا مانۆ بایەخی بۆ ئەو فۆرمە هەیە، بەلام تێگەیشتنێک نیە بەناوی شانۆی وێنەی ڕۆمانی، بەلکو لەچەند نمایشێکدا ئەو خانمە ویستویەتی وا کار بکات، ساندا مانۆ لەدایکبوی ١٩٣٣ و لە ٢٠٢٣ ماڵئاوایی لەژیان کردووە، جگە لەکاری وەک دەرهێنەری شانۆیی، وەک دەرهێنەری کورتە فلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنی کاری زۆری کردووەو ئەوەش ناوبانگێکی زیاتری بۆ پەیدا کردووە، بەتایبەت چونکە ئەو لەخانەوادەیەکی هونەریە و کچی ئەکتەری ناسراوی رۆمانی ئیۆن مانۆ ١٨٩١-١٩٦٨ باوکی ئەکتەرێکی ناسراوی شانۆی نیشتمانی بۆخارست بوو، هەروەها هاوسەرەکەی «ستیڤان تابالاگا» کەسایەتی ناسراوی کۆمەلگای رۆمانیە، ساندا مانۆ مامۆستای زانکۆ بوو لەبواری شانۆدا،. لەژیانیدا لە رۆمانیا زیاد لە ١٢٠ شانۆگەری دەرهێناوە، سەرەتای کارکردنی لەشانۆی نیشتمانی بوو لە یاش، بە شانۆگەری (تاونول) ، ئەوە بەسەرەتای ڕاستەقینەی کاری شانۆیی ئەو دادەنرێت، کە دەرگای لێکردەوە بەرەو ڕووی شانۆ گەورەکانی ڕۆمانیا هەنگاو بنێت، لەوانە شانۆی نیشتمانی و شانۆی میک و شانۆی کۆمێدیا، ڕەنگە پرسیارەکە ئەوە بێت بۆچی لەسەر پانۆرامای ژیانی ئەو دەوەستین؟ چونکە چل سالە عەرەبەکان پێمان دەلێن شانۆی وێنەیی لە ساندا مانۆ وەرگیراوە، بەلام یەک دێرمان لەبارەی کاری ئەو پێ نالێن، بۆ ئەوەی شانۆکارە ئەزموونکارەکانی ئێمەش ئاشنایەتی لەبارەیەوە پەیدا بکەن، ئەو وێنە پانۆراماییە بە پێویست دەزانین. بەدوای یەکەم کاری توانی لەگەل شانۆی نۆتارا کار بکات و ساڵی ١٩٥٧ شانۆگەریەک نمایش بکات بەناوی (ئیکاترینا تیۆدۆریۆ)، دوو سال دواتر شانۆگەریەکی شپبنهاور پێشکەش دەکات، هەروەوها لەسەرەتا لەتەک شانۆی موزیکال و ئۆپەرێتیش کاری کردووە. هەروەها هەندێک لە شانۆگەریەکانی بردۆتە ولاتانی ترو لەوێ نمایشی کردوون لەوانە ئەلمانیاو ئەمریکا، گەشتی هونەری کردووە و کارەکانی ن ایشکردووە لە وارشۆ و مۆسکۆ و بلگراد، لەشانۆی نیشتمانی بە شانۆگەریەکی کۆمیدی مۆلێر بەناونیشانی «پیاوێکی نەخۆشی خەیاڵی» خەلاتی باشترین دەرهێنەری شانۆیی وەرگرتووە، ئەوەش ئارگۆمێنتێکی گرنگە کە بزانرێت دەقی شانۆیی گرنگیەکەی لەبوونیدا نەک وەک سەلاح قەسەب بانگەشەی دەکات، تەنانەت مامۆستاکەی بە شانۆنامەیەکی کۆمیدی مۆلێر خەلاتی باشترین دەرهێنەر وەردەگرێت، چونکە بە باشترین شێوە کۆمیدیاکە دەخاتە سەر شانۆ، هەروەها دکتۆرای شانازی پێدراوەو لە سالی ٢٠٠٣ یەکێک لە سەرکەوتووترین کارە شانۆییەکانی پێشکەش دەکات بەناونیشانی «چۆن نیوەکەی ترمان خۆش بوێت” کە لەسەر شانۆی بچووکی ژوور لە بۆخارست نمایش کراوە، کە دۆستانی ئێمە ئەم شانۆ بچووکەیان وا راڤەکرد کە دەبێت لە ژوورێک نمایش بکرێت، لەسالی ٢٠١١ شانۆگەری «دەنگێکی مرۆیی» ژان کۆکتۆ دەخاتە سەر شانۆ، لەنواندنی ژنە ئەکتەر (ئۆوانا بیکیا) ئەوەیان بەپێی ئارگۆمێنتەکان وەک دواهەمین کاری شانۆیی ئەو دادەنرێت هیچ قۆناێکی ژیانی شانۆیی ئەودا رەخنەگران و توێژەران بەگرنگەوە لەسەر نمایشە بانتۆمیمەکانی ناوەستن، وەک پێگەی باڵای شانۆی وێنەیی ئەودا قسەی لەبارەوە ناکەن، گەر کۆمەلێک ئارگۆمێنت هەبوو، توانی ئەوەمان بۆ بسەلمێنێت دەکرێت هەڵەی خۆمان ڕاست بکەینەوە، بەلام لەکۆی ئەو وتارە فەرەنسی و پۆلەندیانەی لەبارەیەوە نوسراون ، ئاماژە بەهیچ هەولێکی ئەو ناکات لەشانۆی وێنەیی و بەگرنگی قۆناغی ژیانی شانۆیی ئەو دانانرێت.

*تۆ قسەیەکت کرد وتت لەتێگەیشتنی عەرەبەکان بۆ شانۆی خۆرئاوایی دوور بکەوینەوە مەبەستت هەر لەم شانۆییە یاخود تێگەیشتنێکی گشتی هەیە دەبێت لێی دوور بکەوینەوە؟

-گرفتی ئێمە لەگەڵ کتێبە عەرەبیەکانەوە دەست پێ دەکات، باوەرمان وابوو، هەر کتێبێک بە عەرەبی چاپ دەکرێت ئەوە سەرچاوەیەکی گرنگی شانۆیە، کاتێک لەکتێبێکدا دەنووسرێت شانۆی نوێی ئەوروپی ئیدی ئێمە واتێدەگەین بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە وەک ئەوەیە لە ئەوروپا بین وئاگامان لەم شانۆیە بێت، بەڵام کاتێّک سەیری ئەو سالە بکەیت ئەو کثێبەی تیا نووسراوە، پەنجا ساڵ پێش ئێستایە، ئیدی نوێ بوون چ مانایەکی هەیە، ئەوە سەرباری ئەو فانتازیە عەرەبیە لەوەسفی درۆزنانە بۆ نمایشی خۆرئاوایی، باوەر ناکەم هیچ کتێبێک هەبێت لەکتێبەکانی سەمیر سەرحان و سەعد ئەردەش خراپتربن لە مەعریفەی شانۆییدا، وەسفێکی ڕەوانبێژی دروست دەکەن و دیدی رەخنەیی تیایدا ئامادە نیە، سەرحان کتێبێکی هەیە بەناوی “تجارب جديدة في فن المسرحي” ئەو کتێبە لەکۆتایی هەشتاکان دۆستانی شانۆی ئەزموونگەری کوردی لە پاشکۆی عێراق و هاوکاری دەیانکرد بە سەرچاوە، وەریاندەگێرا وتاریان لێ ئامادە دەکرد، بەشێوەیەک باسی مارا- سادی پیتەر بروک دەکات، مرۆڤ گەر نمایشەکە نەبینێت تووشی رامانێکی فانتازی دەبێت، من ئەو کارەم بە دی ڤی دی بینی، خاڵیە لەهەموو ئەو وەسفە درۆزنانەی ئەو کتێبە عەرەبیە، وەک ئەوەی شیعری هۆنیبێتەوە بۆ نمایشەکە، سەرەنجام ئەو کتێبە دەبێت بە یەکێک لەسەرچاوەکانی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی، یاخود کاتێک باس لە مهابهارتا دەکەن، وا دەزانیت داهێنانی شانۆیی لەوێوە لای بروک سەری هەلداوە ، بەداخەوە کە ڤیدیۆکە دەبینیت نمایشەکە هێندە ماندووکەرە، نازانم گرنگی ئەو نمایشە لەنەخشەی شانۆدا چیە، جگە لە ئاشنابونی خۆرئاوایی بە کولتوریی هندی، گەر گرنگیەکە لەوەدابێت دەبێت کولتوریی کوردیی گرفتی تەنیا ئەوە بێت دەرهێنەرێکی خۆرئاوایی نەهاتووە بیکاتە نمایش، بەڵام ئێمەی کورد ئەم سەرسامیە لەکوێوە دێنین، من لەوە تێناگەم، ئەوەی تێی دەگەم کتێبە خراپە عەرەبیەکانە، پێویستە شانۆکاری کورد بگەرێتەوە سەر سەرچاوە راستەقینەکان، ئەکتەرو دەرهێنەری کورد دەبێت بگەرێنەوە بۆ ستانسلاڤسکی، پێویستە ئەو فریودانە مێژوویەی نەوەی تازەگەری کوردیی پەردەی لەسەر هەڵبمالدرێت، دەشێت ئەوانیش فریوی دەستی عەرەبەکان بووبن ، بەڵام چیتر ناکرێت فریوو بخۆین، با نمونەی دوو کتێبی تری عەرەبی بێنینەوە، کتێبێکی سامی عەبدولحەمید و بەدری حەسون فەرید هەیە بەناوی “مباديء اخراج المسرحي” کە لە کۆلژی هونەرە جوانەکانی بەغدا وەک گرنگترین سەرچاوەی دەرهێنانی شانۆیی وەردەگیرێت، باشە ئەو کتێبە بخوێنەوە خۆشیان نایشارنەوە کۆلاژو کورت کردنەوەی کتێبەکەی ئەلکسەندەر دینە بەناوی”أسس الإخراج المسرحي” جا پێویست دەکات خۆمانی پێوە خەریک بکەین ڕاستەوخۆ پێویستە سەرچاوە راستەقینەکە بخوێننینەوەو نەک کتێبە ئامادەکراوەکە لەلامان ببێت بە سەرچاوەیەکی گرنگی شانۆیی وەک کە لەبەغدا هاتونەتەوە بەگرنگەوە باسیان لەو کتێبە کردووە، کتێبێکی تر هەیە کە عەونی کەرومی نوسینەوەیەتی بەناوی «فن التمثيل” کە کورتکراوەی کتێبی ئامادەکردنی ئەکتەری ستانسلاڤسکیە، کارێکی باشی کردووە کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو، بەڵام چ پێویست دەکات نامیلکەیەکی ئامادەکراو بخوێنینەوە کە کتێبە ئورگینالەکە لەبەردەست بێت، قسەی من لەسەر ئەو دۆخە عەرەبیە خراپەیە کە باڵی بەسەر شانۆی ئێمەدا گرتوو تا ئێستاش بەری نەداوە.

*ئێمە هەر لەرێی ئەو کتێبانە و بەزمانی عەرەبی شانۆو تیۆریستەکانیمان ناسی، بۆ نمونە گۆردن گریک، دەتوانیت نکولی لەوە بکەیت؟
-گۆردن گریک ناوێکی ناسراوە لەمێژووی شانۆدا، بەڵام پێویستە ئێمە لەوە تێبگەین، ئەو دەتوانێت چی بە ئێمە ببەخشێت، ئاخۆ گەر ڕوانینەکانیمان سەپاندە سەر بیرکردنەوەی خۆمان دەتوانین ببین بە شانۆکاری تازەگەر؟ هەر بەڕاست ئێمە بڕوامان بەم ڕوانینانە هەیە یاخود تەنیا وەک ناو وەریان دەگرین؟ هەموو ئەو ناوانەی شانۆی خۆرئاوا کاتێک دەسەلاتی ڕەها لە دەرهێنەر وەردەگرنەوە، بەڵام شانۆی کوردی بە شانۆی ئەزمونگەریشەوە دەسەلاتی ڕەها هی دەرهێنەرە نەک ئەکتەر، لێرەوە جیاوازی بنەرەتی ئێمە لەگەل گرۆتۆڤسکی دەست پێدەکات، چونکە ئەو باوەری وابوو دەسەلاتی ڕەها بۆ ئەکتەرە، بەلام بیرکەرەوەو خاوەن دەسەلات لەشانۆی ئەزموونگەری کوردیدا بۆ دەرهێنەرە، دەرهێنەر بیرکەرەوەو خولقێنەری نمایشە، بەپێی ئەو کتێبەی لەبارەی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی یەکێک لە ئەندامەکانی نووسیویانە باس لەوە دەکات کە شەماڵ عومەر وەک دەرهێنەر کارەکان دەخولقێنێت، ئەوە دۆخێکی سرووشتیە، چونکە مەعریفەی شانۆی ئێمە مەعریفەی باڵای تاکە، دەگوازرێتەوە بۆ ئەوانەی خوارەوە، رێک وەک پێکهاتەی حزبی، سەرۆک بیردەکاتەوە، دەوروبەری سەرۆک و ئەندامانی بەدەوریدا خول دەخۆنەوە، لەشانۆی ئێمەدا هەر وایە، دەرهێنەر بڕیاردەدات بنیات دەنێت، ئەوانیتر دەبنە جێبەجێکاری پلانەکانی دەرهێنەر، ئێمە لە تیپی شانۆی ئەزموونگەری کەرکوک هەموو پلانەکان وابەستەی بیرکردنەوەی شانۆیی من بوو، تا ئاستی ئەوەی رۆژێک فریاد ئەحمەد ووتی «من واز دێنم چونکە تەنیا تۆ دەزانیت چی دەکەیت، ئێمە کەسمان نازانین خەریکی چین تەنیا پلانەکان و بریارەکانی تۆ جێبەجێ دەکەین، ئێمە نازانین خەریکی چین» ئەو قسەیە پڕ بوو لە حەقیقەت، بەلام بەر لەویش کاردۆ محەمەد لە کۆرێکی ڕەخنەیی لەبارەی یەکێک لەنمایشەکانمان ووتی «کارەکانی ئێوە تەنیا بۆ دەرهێنەرەکەی ئەزموونگەریە، چونکە ئەکتەر ئەزموونکار نیە و تەنیا پلان و بریاری تۆ جێبەجێ دەکات» با بگەرێینەوە بۆ گۆردن گریک و پرسیارەکەی تۆ، ئێمە بروامان بە روانینەکانی هەیە؟ ئەو چی ویست لە شانۆدا؟ ئێمە گەر بڕوامان بە گۆردن گریک بێت دەبێت دژە گرۆتۆڤسکی بین، چونکە ئەو گرنگیە بە ئەکتەر نادرێت، بەلکو بە بووکە شووشە دەدرێت، گرفتەکە ئەوە بوو ئەو دەرهێنەرانە ویستیان گۆڕان لە شانۆی خۆرئاوا بەرپا بکەن، بەلام نەیانتوانی، بۆیە هەمیشە ناچار دەبوون بۆ کولتوری خۆرهەڵات بگەڕێنەوە، گریک وای نەکرد، بەلام هات پێشبینی و تێگەیشتنەکانی بکات بە پێشنیاری داهاتوو بۆ شانۆ، ئەوەی خستە ڕوو کە «شانۆ لە ئایندەدا دەبێت بە شانۆی جولە و ئاماژە ئەو رۆژەش دێت دەقی شانۆیی بوونی نەمێنێت» پێویستە لەسەر ئەو تێگەیشتنەی بووەستین، ئایا سەدەی بیست و یەک سەدەی چوونە ناو ئایندەی شانۆیە؟ هەڵبەت بەپێی تێگەیشتنی ئەو، کەواتە کە هات هەموو شتێک وەلا بنێت، ئەوە بۆ ساتەوەختی خۆی گۆڕانی فۆڕم و تێگەیشتنێکی نوێیە، بەلام وەک بۆدلێر لەشوێنێکدا جیاکاری دەکات لەنێوان تازەگەری کاتی و تازەگەری نەمر، دەبێت گریک وەک تازەگەریەکی کاتی ناو بەرین، بۆچی؟ لەشانۆی خۆرئاوا ئەمڕۆ دەقی شانۆیی لەهەموو ساتێک زیاتر پێگەکەی گرنگە، شانۆ گەورەکانی دنیا سەر لەنوێ باوەشیان کردۆتەوە بۆ شاکارەکانی شکسپیر و چێخەڤ و مۆلێر و و بیکیت، شانۆی جولە و ئاماژە بوو بە کاری دەستەبژێری و گروپە بچووکەکانی پێرفۆرمانس، بۆیە گریک دەشێت بۆ پێرفۆرمانس دەروازەیەکی گرنگ بێت، بەڵام تێگەیشتنەکانی بۆ شانۆ شکستیان هێنا، کتێبە چاپکراوە شانۆییەکان لە ولاتێکی وەکو فەرەنسا زیاتر دەقی شانۆیین تا دەگات بە توێژینەوەو ڕەخنە، رێک بە پێچەوانەی تێگەیشتنی باوی ئێمە، بینەران و خوێنەران بە خۆشحالیەوە باوەشیان بۆ دەکەنەوە، هەر شانۆکارێکی کورد دەتوانێت لەگەڵ ئەو تێگەیشتنە ڕێ بکات کە خۆی دەیەوێت، بەڵام کاتێک ڕوانینەکانی وەک مەعریفەی بالاو تاکە تێگەیشتن بۆ شانۆ ناو دەبات، پێویست دەکات لێی بێینە دەنگ و هەندێک تێگەیشتن بخەینە ژێر ڕەخنەوە، پێویست ناکات وەک ئەوەی سالانێکی زۆر ئێمە فریوودراین، ئەم نەوە نوێیەش وا بخەڵەتێندرێت، با هەموو شانۆکاری کورد لەخۆرئاوا بێن پێمان بڵێن شانۆی ئەزموونگەری لەئێستادا لە کوێیە؟ ئەو روانینانەی پەنجا ساڵ پێش ئێستا تەواو بوون، ئاخۆ ئێستا بەو گرنگیە سەیر دەکرێن؟ یاخود تەنیا بۆ توێژینەوەی ناوەندی ئەکادیمی و گروپە پێرفۆرمانسیەکان گرنگی خۆیان هەیە؟ کاتێک نەتوانیت گفتوگۆ بکەیت دەبێت بێیت سوکایەتی بکەیت جنێو بدەیت حیکایەتی کۆنمان بۆ بگێڕیتەوە، قسە لە ئارگۆمێنت دەکەن، فەرموو با ئارگۆمێنتەکان بخرێنە ڕوو، هەر شانۆکارێکی ئەوروپی جگە لە ئێمە دەزانێت جیاوازیە بنەرەتیەکانی پێرفۆرمانس و شانۆ چیە.

  • کاتی ئەوەیە بزانین ئەو جیاوازیە چیە کە ئێمە نایزانین؟ ناکرێت تا سەر ئەو بێدەنگیە یەخەمان بگرێت؟ کەواتە فەرموو ئێستا دەرفەتێکی باشە تۆ ئەو کارە بکەیت و پێمان بڵێیت جیاوازیەکانیان چین؟

    -من لەوەدا هاورام، بۆچی؟ دیارە هەر نیازی ئەم گفتوگۆیە لەسەر ئەم لۆژیکە دامەزراوە، گرفتێک لەئارادا نیە، ئەوەی هەیە چۆنیەتی ڕاستکردنەوەی رۆشنبیریی شانۆییمانە، خالەک دابنێین بۆ ئەو نا ئاگاییەی بە رۆشنبیریی ناسیومانە، گرفتەکە لەوێدایە زمان فێربیت شانۆی دنیا ببینیت، بەلام نەتوانێت دەستبەرداری ڕوانینەکانی رابردووت بیت، کە کتێبە عەرەبیەکان فێریان کردوویت، ئەوە تەنیا مانای یەک شت دەگەیەنێت، ئەویش ئەوەیە تۆ وازت لەوە هێناوە بخوێنیتەوە، بەڵام کتێب دەنووسیت، لێدوان دەدەیت، دەچیتە بەردەمی مایکەکان، هەر هێندەی هەڵەت ڕاست کرایەوە تووشی دەرمارگرژی توڕەیی و ڕق دەبیت، نا دۆستان لەدەرەوەی خۆشەویستی هیچ شتێک بوونی نیە، بەڵام پێویستە خۆشەویستی نەبێتە هۆکاری کوێریی، ناکرێت دۆستایەتی و خۆشەویستی بێدەنگمان بکات، با دۆستان لەخۆیان بپرسن من گرفتم لەگەل کامیان هەیە؟ کێشەکە گرفتی کەسی نیە، بەڵکو بابەتەکە پەیوەستە بە خودی شانۆ خۆیەوە، ئێستا تۆ دەپرسیت جیاوازی پێرفۆرمانس و شانۆ چیە؟ ناکرێت وەک دە ساڵ پێش ئێستا قسە بکەم، بەڵێ ناچارم پێت بلێم نمایشی شانۆیی کە لەسەر تەختەی شانۆ هاتە خوارەوە، شانۆی ئەزموونگەری نیە، بەڵکو پێرفۆرمانسە، پێرفۆرمانس پێویستی بە دەق نیە ، دیالۆگی ناوێت، هۆلی شانۆیی بۆ گرنگە، بینەرێکی دەستەبژێر یاخود دەست نیشانکراو دەیبینێت، جاران بەو شتانەمان دەووت شانۆی ئەزموونگەری، ئەوانە پێرفۆرمانسن، بۆیە مێژووی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی لەراستیدا مێژووی پێرفۆرمانسە، ئەوە سڕینەوە نیە، هێندەی هەڵوەشاندنەوەی سێنتەری ئەزموونگەریە، سێنتەر نیە، بونیادەکانن تێمان دەگەیەنن. لێرەدا بونیادەکان چین؟ بیرۆکە.. پێرفۆرمێر.. دەنگ.. جولە، ئەوانە چەمکە سەرەکیەکانی ئەزموونگەری نین، توڕە مەبن، بونیادن لەناو پێرفۆرمانسدا، رەنگە ئێستا پرسیاری ئەوەت لەلا دروست بێت شانۆی ئەزموونگەری چیە؟ کێ ئەزموونگەرە؟ من هەر لەسەرەتاوە وتم تا ئەم گتوگۆیە تەواو دەبێت پێویستمان بە هەناسە درێژی هەیە، تا قسە لەسەر هەموو پرسەکان دەکەین، بەلام نمایشی شانۆیی دەق کۆلەگەی سەرەکیەتی، ئەکتەر چۆن بە باشترین شێوە دەقی نووسراو لەسەر شانۆ بەرجەستە دەکات، دەرهێنەر ناوەندگەرێتی نێوان دەق و ئەکتەرە، چۆن ووشەکانی نووسەر لەرێی ئەکتەر بەرجەستە دەکات و ئەو دنیای ووشەیە دەکات بە دنیای بینین، نەک بێت دیالۆگ ببڕێت و دیمەن بسڕێتەوە، شانۆکارێکی فەرەنسی ئەم سەردەمە هەیە کە تیای دەژین، نوسەرو دەرهێنەرە ناوی «ژۆزیف دانان» ە لەسالی ٢٠١٣ کتێبێکی گرنگی لەو بارەیە نووسیوە بەناوی «لەنێوان شانۆ وپێرفۆرمانس» ، هەر بۆ خۆی خوێندنەوەی ئەو کتێبە دەتوانێت هەموو خەوشەکانی ئێمە لەرابردوو راست بکاتەوەو ناچارتان بکات وەک من نەتوانن بێدەنگی لێ بکەن، پرۆژەکەی ژۆزیف لەبارەی دراماتۆرگیە، ئەوە کتێبی دووەمیەتی، خۆی پرۆژەکە بریتیە لە سێ کتێب، سەرباری کتێبەکانیتری، پرسیارێک لەم کتێبەدا دەکات، بڕوام وایە پرسیاری هەموومانە، وەلامە بەو خەیاڵەی کە دەوترا شانۆی خۆرئاوایی چیتر دەقی بۆ گرنگ نیە و وێنەی شانۆیی بەلاوە مەبەستە، نوسەری ئەو کتێبە دەپرسێت: ئاخۆ دەق لەشانۆی هاوچەرخدا سێنتەری نمایشە یاخود وەک هەر پێکهاتەیەکی تری نمایشە؟ دێت باس لەو چەند دەیەی کۆتایی دەکات، بەدرێژایی کتێبەکە خاسیەتە جیاوازەکان دەخاتە ڕوو لەنێوان شانۆ وپێرفۆرمانس، بە نمونە باس لەوە دەکات کە چۆن لە نمایشی شانۆییدا تەواوی گرنگی بە دەق دەدرێت، ئەو دەبێتە سێنتەری نمایشی شانۆیی، ئەگەرچی نوسەر نەهاتووە شانۆ و پێرفۆرمانس لەیەکتر جیا بکاتەوە، بەڵام باس لەهەموو ئەو گەشەسەندنە دەکات کە پێرفۆرمانس ویستی لەناو شانۆی هاوچەرخدا بیخولقێنێت، بەلام سەرەنجام وایکرد پێڕفۆرمانس خاسیەتەکانی خۆی لەوە دەست نیشان بکات لەشوێنی دەق «دەرهێنەرو ئەکتەر ودەنگ و جولە و ڤیدیۆ» بەیەکەوە مانا درووست دەکەن، واتە چیرۆک لە پێرفۆرمانس بریتی نیە لەوەی لەناو دەقی شانۆیی هەیە، بەڵکو ئەوانە دێن لەشوێنی دەق بەیەکەوە بیرۆکە یان بابەتێک دروست دەکەن، دەقیش دەکاتە بیانویەک، یاخود وەک بیرۆکە وهێلێک سەیری دەکات، ئەوەش وا دەکات نوسەر نەبێتە خاوەنی کارەکە، بەلکو دەرهێنەرشوێنی ئەو دەگرێتەوە، نوسەری کتێبەکە هەموو ئەو خاسیەتانەی لەپێرفۆرمانس ئاماژەی بۆ دەکات، سەلاح و قەسەب و موریدەکانی بە شانۆی ئەزموونگەری ناو دەبەن، بەڵام ئەو دێت باس لە پێرفۆرمانس دەکات نەک سانۆی ئەزموونگەری، کە لەپێرفۆرمانسدا ڕووداوی بینراو لە چیرۆک گرنگترە، خودی ئەکتەر بە گرنگتر سەیر دەکرێت لە بابەت، واتە ئەکتەر خۆی گرنگترە لە ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکە، لەکۆتاییشدا باس لەو گفتوگۆیە دەکات کە چۆن شانۆ و پێرفۆرمانس دەیانەوێت بەیەکەوە گەشە بکەن، لێرەدا جیاوازیەکی تر دەدۆزێتەوە ناویان دەبات «دەق وەک ئامادە لەشانۆدا» جیاواز لە «بەکارهێنانی دەق لەپێرفۆرمانسدا» بەکورتی شتێک نیە بەناوی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی، بەلکو ئەوەی هەبوو پێرفۆرمانس بوو، بەڵام هێشتا بەدوای ساڵانێکی زۆر دۆستان شەردەکەن لەسەر شانۆ ئەزموونگەریەکەیان، بە بروای ئێمە باشتر وایە، بێن دانبە خەوش و ناتێگەیشتنەکان بێنن، ئەوەتا تا ئەمرۆش دەیانەوێت ئەو وێنەیە درێژە پێبدەن و بڕوامان پێ بێنن بۆ شانۆی ئەزموونگەری، نەک پێرفۆرمانس.




گفتوگۆیەکی شانۆیی لەگەڵ نیهاد جامی-بەشی یەکەم

1-

رەنگە میتۆدی ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ هەر گفتوگۆیەکیتر جیاواز بێت، هەڵبەت هەمیشە بەدوای شێوازو زمانی جیاواز گەڕاوین بۆ قسەکردن لە شانۆدا، لەرێگەی توێژینەوەو وتار و شانۆنامە و گفتوگۆ، بەڵام ئەوەی لەو گفتوگۆیەدا پشتی پێدەبەستین ، میتۆدی هەڵوەشاندەوەگەرایی ژاک دێرێدایە، بەهەمان میکانیزمی ئەو کار دەکەین ئەو فەیلەسوفە کتێبێکی هەیە بەناوی “شوێنگەکان” لەو کتێبەدا دیدی فەیلەسوفەکان دێنێت و دەیکاتە پرسیار ئاراستەی خۆی دەکات، ئەو میکانیزمە بۆ ئێمە دەروازەی چوونە ناو ئەو گفتوگۆییە، لەماوەی دە ساڵی ڕابردوو ئاشنابوون بە تەک شانۆی خۆرئاوایی و کارکردن تیایدا، فێربوونی زمانی جیاوازی وەک پۆڵەندی و فەڕەنسی وایکرد دەستمان بەسەر کتێب و سەرچاوە ئۆرگیناڵەکان بگات،  تێگەیشتین هەڵەی چەند زۆر هەیە، پێویستیان بە راستکردنەوەیە، بۆیە لەم گفتوگۆیە وەڵام بە هەموو پرسیارو دەنگە دەنگ و جنێوو هاتو هاواری شانۆکارانەک دەدەینەوە، جگە لەوەی زۆر زانیاری بە خراپ گەیشتوون ڕاستیان دەکەینەوە.

* با لەسەرەتای کاری شانۆییتان دەست پێبکەین، چۆن هاتنە ناو شانۆ؟ تۆ لەم سەرەتایەی خۆت ڕازیت؟ ئارەزوو بوو یان مەعریفە؟ تۆ لەگەڵ یەکەم کارت وەک دەرهێنەر خەلاتی باشترین دەرهێنەرت لەفێستڤاڵی شانۆ وەرگرت، دەتوانم بڵێم هەر لەسەرەتاوە بوویتە شانۆکارێکی دڵخۆش و هەموو دەرگاکان بەڕووت کرانەوە؟ 

  • رەنگە هەمیشە سەرەتا تەنیا چوونە ناو ماڵێکی گەورە بێت، ژوورەکانیت نەدیووە، دەبێت بیپشکنی تا بزانیت پێویستیەکانی چین و دەبێت تۆ چی بکەیت لەناو ئەو ماڵەدا، هەر لەسەرەتاوە من و ئەو نەوەیەی دوای راپەرین کەس گوێی لێ نەدەگرتین، دەمانویست یاخی بین، هاتین جەنگمان بەرپا کرد لەگەڵ نەوەی پێش خۆمان، نەوەی پێش ئێمە، ئەو نەوەیەی بریتی بوون لەکۆمەڵێک دەرهێنەری ریالیستی، کە بۆ هەمیشە دەبێت شانازیان پێوە بکەین، ئەوان بریتی بوون لە «تەڵعەت سامان،فەرهاد شەریف، تەحسین شەعبان، عوسمان چێوار، ئەحمەد سالار» هاتین نووسیمان وتمان هیچتان نەکردووە ، ئێمە هاتووین شانۆ بنیات بنێین، بەڵام لەڕاستیدا ئێمە هێندەی قسەمان دەکرد، ئەوان زیاتر دەرگاکانیان توندتر بەروومان دادەخست، شەری ناوخۆ بوو، نەوەی پێشوو خۆی بەدوورگرت لەشانۆ، ئەوە دەرفەتەکەی بۆ ئێمەی قۆستەوە، لەو فێستڤالە شانۆییەی وەزارەتی رۆشنبیریی من خەڵاتی باشترین دەرهێنەرم وەرگرت، ئەوە سەرەتایەکە بۆ نائومێدی، بەرپرسیاریەتێکت دەبێت، بۆ دوای ئەوە چی دەکەیت، چاویان لەوەیە بزانن کارەکانت بەرەو کوێ دەڕوات، من هیچ کاتێک لەشانۆدا شانۆکارێکی دڵخۆش نەبووم، ئێستا لەشانۆدا لەهەموو کاتێک خەمگینترم، بەلام هیچ کاتێک هێندە ڕوناکیم نەبینیووە وەک ئەوەی لەشانۆی پۆڵەندی بینیم، لەوێ زانیم هەڵەو خەوشەکان چین، هەر بەڕاست ئێمە خەریکی چی بووین؟ تازەگەریەک کە باسمان دەکرد، ئەو کاتەی ئێمە باسمان لەو تازەگەریە دەکرد، لە خۆرئاوا ببوو بە میرات و کەلەپووری تازەگەری، ئەو ناوانەی باسمان دەکردن، کە ئێستاش لەکوردستان هەر باسیان دەکرێت، پەیوەندی نەبوو بە تازەگەری شانۆیی، هێندەی پرۆژەی دژە شانۆ بوو، دەرهێنەرانێک بەدوای فۆڕمێکیتر دەگەڕێن، کە دژی تەواوی بنەماکانی شانۆیە، بە بڕوای ئێمە یەکەم برین بەر جەستەی شانۆی ئێمە دەکەوێت لەرێگەی تازەگەریەوەیە، چونکە تازەگەریەک کە سەرهەڵدەدات لەشانۆی ئێمەدا زادەی ساتەوەختێکی ترسناکی ئەنفال و هەڵەبجەیە، کەس هێندەی بەعس بەم تازەگەریە دلخۆش نیە، بۆیە دەرگای ڕۆژنامەکان دەکاتە سەر پشت تا بەویستی خۆی شانۆکاری کورد باس لەشانۆیەکی ئەزموونگەری و تازەگەر بکات، چونکە لەبنەرەتدا شانۆیەک بوو بیرکردنەوەی شانۆیی بە بیانووی فۆڕمی باڵاو شانۆی جیهانی، مرۆڤی کوردی دوور دەکردەوە لەکێشە کولتوریی و نەتەوەییەکانی، لەساتەوەختی ئەنفالدا تۆ بێیت زمانی کوردی و جل و بەرگی کوردیی و دیمەنی ماڵی کوردیی بگۆڕیت بە جولەو سەما و مۆم و قوماش و گوریس، جگە لە بەعس کێ سەرکەوتووە لەوە؟ ئێمە نەوەیەکمان هەیە هێشتا خەون بەو شانۆیە دەبینێت، بەدوای ڕاپەرین من یەکێک بووم لەو شانۆکارانە و کارم دەکرد دەمنووسی و ڕەخنەم دەگرت، بەڵام لەپڕ سەیرمان کرد تەنیا شانۆکارانی هاوڕێمان لەهۆڵەکە ماون، ئیدی بینەرمان نەبینی، ئێمە تۆمەتمان دەبەخشیەوە، گوایە بینەر هۆشیاری لاوازەو لەو شاکارە فەلسەفیانە تێناگات، نەوەی من پێویستە پۆزشی هەبێت لەوەی بووە بکوژی شانۆ، بەڵام جگە لەمن کەس ئەو بوێریەی نیە، وا نەزانیت ئەوە لەخۆبایی بوونە، نەخێر ئەو پەری بەرپرسیاریەتی ئەخلاقیە بەرامبەر شانۆ، من هاولاتیەکی شانۆییم، ئەو دەستەواژەیەم لە شانۆکار هادی ئەلمەهدی وەرگرتووە، هەڵبەت زۆرتان نازانن بەر لەمن هادی وای ووت، بەڵێ ئەو هەر بەڕاستی هاولاتی شانۆ بوو، وەک چۆن کە دەستی دەدایە کاری تەلەفزیۆن دەتزانی خەریکی خیانەتکردنە لەنیشتمانەکەی کە شانۆیە، بۆیە ئەوەم تەنیا وەک ئەمانەت باسکرد، دێمەوە سەر قسەکانی خۆم، دەبێت لەبەرامبەر نیشتمانەکەمدا شانۆ ڕاستگۆ بم، لەهەڵەو خیانەتەکاندا تاوانەکانم بگرمە ئەستۆی خۆم، هەر کەسێک وای نەکرد، نەک هاوڵاتی نیە، بەڵکو بێگانەیە هاتۆتە ماڵێک کە ماڵی ئەو نیە، بۆیە لەم گفتوگۆیەدا زۆرم بەلاوە مەبەستە بەگژ مەعریفەی باوی تیۆرە شانۆییەکان بچینەوە، ئەو تیۆرانەی خۆر ئاوا وەک میراتێکی شانۆیی سەیری دەکات، کەچی هێشتا لای ئێمە و شانۆکارانی عەرەب دیدێکی پیرۆزگەرا و ڕەهایان هەیە لەبیرکردنەوەی شانۆییدا، ئەوە هەوڵێک نیە بۆ خۆ گەورە بینین، هێندەی قسەکردنە لە ئێستا کە تێی دەگەین، بەگژداچوونەیە بە تیۆر، نەک بۆ ڕەتکردنەوەی، هێندەی دیدی ڕەخنەییە بۆ تیۆر، لەوەی چۆن سەر لەنوێ بتوانین لەهەڵوەشاندنەوەی سێنتەری گوتاری تیۆر، بونیادەکانی بنووسینەوە، ئەوەی جێگەی گومانی من نیە ئەوەیە، شانۆکارانێک کە تائێستا تیۆرەکان وەک پیرۆز دەبینن، ئەو گفتوگۆیە وەک گوناهێک لەبەرامبەر تیۆر سەیر دەکەن، رۆژگارێک بۆ ئێمەش هەمان شت بوو، ئەو تیۆریستانە دواهەمین پلەی باڵای شانۆ بوون، بەڵام کاتێک لەناوەندگەرێتی شانۆی خۆرئاوادا دەبینیت، ئەوەی بۆ ئێمەی شانۆکاری کورد پلەی باڵای شانۆیە، بۆ ئەوی شانۆکاری ئەو کولتورە خۆر ئاواییە وەکو میراتێکی تازەگەری سەیر دەکرێت، نەک خودی تازەگەری بێت، ئەوەش خوڵقاندنی چەمکی جیاوازی نێوان منی کورد و ئەویتری خورئاواییە. رەنگە هەوڵێکی وا پێویستی بە بوێریەکی زۆر بێت، تا ئاستی ئەوەی گفتوگۆکە لەم رۆژگارەدا بەهای خۆی نیشان نەدات، بەڵام بەپێی تێگەیشتنی رۆژگار ناچار وەک هەوڵێکی خاکەڕایی دەبینرێت، کە پرۆژەیتر بەدوای خۆیدا دێنێت، دەمەوێت لەڕێگەی پرسیارەکانی دواتر لەسەر تەواوی ئەو پرسانە قسە بکەم، کە شانۆی لەکۆمەلگای کوردیدا کووشت، وەک سەرەتا ئاماژەمان بۆ کرد دەمانەوێت لەڕوانگەی هەڵوەشاندنەوەگەرایی و چەمکەکانی وەکو سێنتەر و بونیاد و زمان و جیاوازی بە مانا دێرێداییەکەی کار دەکەین، دەیگوازینەوە ناو تێگەیشتنەکانی مانا تیۆریەکان، لەساتی هەلوەشاندنەوەی تیۆرو چۆنیەتی نووسینەوەی بونیاد، ئەوەش ڕزگار بوونە لەسێنتەر و گەڕانەوەیە بۆ بونیاد بەر لەبوونە گوتار، ئەوەی بۆ ئەو میتۆدە ڕوونە خۆشبەختانە بونیاد وەک گوتار سێنتەری نیە و لەدەرەوەی سێنتەرە.
  • * شانۆی ئەزموونگەری کوردیی شانۆیەک نەبوو کە بینەری کوردیی بە شانۆی باڵا ناساند؟
  •  ئەو پرسیارە لەبنەرەتدا خراپ نیە، بەڵام ستراتیژی شانۆ چیە؟ ئایا ئێمە پێویستمان بەوە بوو شانۆکەمان گوزارشت لەشانۆی باڵا بکات، شانۆیەک بێت ڕابکات لەکێشەکانی مرۆڤی کوردیی؟ هەر بەڕاست ئەوە خۆ فریوودانی ئێمە نەبووە لەرابردوو ویستومانە وای بخەینە ڕوو لەڕێی تێکستە جیهانیەکان و لابردنی بەشێکی زۆری دیالۆگەکان و گۆڕینی بە وێنە گوایە لەم رێگایەوە باسی برینی کوردیی دەکەین؟ مەگەر تەنیا لەزهنی دەرهێنەردا وێنەی وا بوونی هەبێت، سەرەنجام بینەران نمایشێک دەبینن گوزارشت لەو ناکات، بۆیە ئەو دۆستانەمان پێویستە ئەوە قبوڵ بکەن، کێشەی شانۆی کوردی خودی شانۆی ئەزموونگەری خۆیەتی، ئەزموونگەری بکە دەرەوە بزانە شانۆی کوردیی کێشەی هەیە؟ دواتر بەڕاست ئێستا ساتی ئەوەیە لە خۆمان بپرسین: سەرچاوە تیۆریەکانی ئەو شانۆ ئەزموونگەریە چی بوو؟ لەکوێوە هاتبوو؟ لەچی ئەزموونی دەکرد؟ هیوادارم سەلیقەتان هەبێت و ئارامگر بن، تا وەڵام بەو پرسیارانە دەدەینەوە، دیارە سەرچاوە تیۆریەکانی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی خودی دنیا ئەزمونکاریەکەی شانۆکارانی خۆرئاوا نەبوو، بەڵکو لەناو شانۆی وێنەیی عێراقیەوە دێرێک یان ناوی دەرهێنەرێکی خۆرئاوایی دێت، لەڕووی خوێندنەوەی بایۆگرافیەوە، گەر بڕوانین دامەزرێنەری ئەو شانۆیە شانۆکارێکە کە عەرەبەکان بە داهێنەر ناوی دەبەن، منیش سەرەتای ژیانی شانۆییم تەواو وامدەزانی شانۆ لەسەر دەستی ئەو شانۆکارەیە ، ئەویش سەلاح قەسەبە، بۆیە کتێب و سیناریۆو دێری ناو وتارێکی نیە نەمخوێندبێتەوە، بەڵام با ستایشکار نەبین با بێین بە دیدێکی ڕەخنەییەوە لێی بڕوانین، دەزانم دەتەوێت بلێی بۆ ستایشکار نەبین؟ بێزار بووین لەوەی ستایشی بکەین، تەنانەت من کارم لەسیناریۆیەکی شانۆیشیدا کردووە، بۆیە دەمەوێت ئیتر بە دیدێکیتر لێی بڕوانین، ئەو کارەکتەرە کە رۆڵەی شەرعی بەعسە، شانۆ لەکێشەکان دەردەکات و دەیگۆرێت بۆ ناو فۆڕمی سوریالیزم، هەر کاتێک ئەدەب و هونەر باسی لەکێشەی کۆمەلگا نەکردو فۆڕمی خولقاند دەسەڵاتە فاشیەکان کێشەیان نیە لەگەڵیدا، ئەوانەی ئەو شانۆ ئەزموونگەریە دێننەوە کوردستان، ئەوانەن کە خوێندکاری ئەون لە بەغدا، دۆست و هاوڕێ و ئازیزەکانمان، گومانمان لەتواناو خەونبینی شانۆییان نیە و هەمووشیانمان خۆش ئەوێت، بەڵام پرسەکە زۆر لە خۆشەویستی گرنگترە، کەواتە سەرچاوە تیۆریەکانی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی.. شانۆی وێنەیی عێراقیە، ئەزموونکردن نیە بەقەد ئەوەی لابردنی بەشێکی دیاری تێکست و گۆڕینیەتی بە وێنە و بەکۆمەڵێک دەلاتی ناتەباوە، کەشێکی سوریالیانە بەرهەم دێنێت، ئەوە شانۆی عێراقی دلخۆش دەکات، مرۆڤی کوردی لەکێشە سەرەکیەکانی دوور دەکاتەوەو شانۆکەش دەکات بە پەراوێزی شانۆی عێراقی، ئەی شانۆکە لەچی ئەزموونی کردووە؟ ئایا ئەزموونی شانۆی خۆرئاوایی بوو؟ کە وتمان شانۆی وێنەی عێراقی بوو، بەلام ئەوان باسیان لە ئارتۆ و گرۆتۆڤسکی دەکرد، ئێمە لەدرێژی ئەو گفتوگۆیەدا دڵنیام دەگەڕێینەوە سەر ئەو باسە لە ئاستی تیۆری تیۆریستەکانی خۆرئاوایی قسە دەکەین، چونکە زۆرجار دەبیستمەوە گوایە بەم دواییانە من وتومە گرۆتۆڤسکی لەشانۆدا گرنگ نیە، بەداخەوە مرۆڤگەلێک کە وەک ئەو بیرت نەکردەوە کە نەیتوانی بخوێنێتەوە کە دەستی نەگەیشت بە کتێب و سەرچاوەی ئۆرگینالی، چی بکات تا بیسەلمێنێت کە وەک تۆیە؟ هەر دەبێت تۆمەتت بۆ بتاشێت، من پیاوێکی باوەڕداری خوداییم و لەحەزرەتی مەسیح فێری بووم دەبێت بیانبەخشین لەگوناهەکانیان، بەڵام لەهەمان کاتدا لەسەر من پێویستە هەڵەو نەزانیەکانیان بۆ راست بکەمەوەو بەردەمیان ڕوناک بکەمەوە، لەو تاریکیەی تیایدان ڕوناکی بۆ چاوەکانیان بگەڕێنمەوە، دواتر دێینە سەر گرۆتۆڤسکی و ئارتۆ، با لە باسەکە زۆر دوور نەکەوینەوە، شانۆی ئەزموونگەری کوردیی تەنانەت شانۆ خۆرئاواییەکەشی وەک خۆی وەرنەگرت، بۆ نمونە دوو نمایشیان بەناوی شانۆی ژوور بەرهەم هێناوە، سەرەتا کە دەچیە سەر سەرچاوە تیۆریەکانیان بۆ ئەم شانۆیە، فریوی دەستی کتێبێکی عەرەبین کە بەدوو لاپەرە باسی ئەو شانۆیە دەکات، ڕەنگە ئەمرۆ ئەو زانیاریانە لە ویکیپیدا زۆر زیاتر هەبێت، ئەوە گرفتەکە نیە، گرفتەکە لەوێ دەست پێ دەکات بەهۆی ئەوەی بە شانۆکە ووتراوە ژوور، ئەو دۆستانە واتێگەیشتوون دەبێت لە ژوور نمایش بکرێت، بۆیە شانۆکەیان بردۆتە ژوور، کاتی خۆی منیش ئەو هەڵەیەم کردو نمایشێکم لە کەرکوک لەژووردا نمایشکرد، منیش واتێگەیشتبووم، لەکاتێکدا شانۆی ژوور بەواتای شانۆی بچووک لە فۆڕمی ژوور، بۆ ئەوەی وێنەی ئەو شانۆیە رێک ببینیت، ئێمە دوو شانۆیی وامان لەکوردستان هەیە، هۆلی بەرێوبەرێتی شانۆی هەولێر و هۆلی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی، بەوانە دەووترێت شانۆی ژوور، نەک نمایش بەرینە ناو ژوور، کەواتە هەر لەناو نان و میتۆدەوە هەلە هەیە و دەبێت ڕاست بکرێتەوە، جگە لەوە ئەزموونگەری ئەوە نیە کە نمایش لەهۆلی شانۆ بێنیتە دەرەوە، بەلکو ئەزموونکردن بەواتای ئیشکردنەوە لەسەر تەکنیک و تیۆر لەناو دەقی شانۆیی وەک لای برێخت و بیکیت و یۆنسکۆ دەیبینین، بەلام لای شانۆکاری کورد ئەزموونگەری واتە هاتنە دەرەوە لەهۆلی شانۆ، ئەوەش لەشانۆوە دەگۆرێت بۆ پێرفۆرمانس و یا ئەوەی پێی دەلێن شانۆی دوای دراما، بە کورتی تیپی شانۆی ئەزموونگەری کوردی هەشتاکان و تیپی شانۆی ئەزموونگەری کەرکوک کە من سەرۆک و دەرهێنەری بوومە و کارم بە کۆمەلێک گەنج تیایدا کردووە، هیچیان شانۆی ئەزموونگەری نین، بەلکو کاری پێرفۆڕمانسین و لەرۆژگاری خۆیدا کەسمان پێمان نەزانیووە، ئیدی کاتی ئەوەیە ئێستا هەلەکانمان بدۆزینەوەو باسیان بکەین.

-ترس دەکەوێتە کوێوە لە هەڵوەشاندنەوەی سەنتەر بۆ گوتاری تازەگەری و شانۆی ئەزموونگەریدا؟ ئایا بونیادەکان لەو ڕووبەرەدا ونکردنی شوناس نیە ؟

* لەچی دەترسیت؟ لەوەی مێژووی ساختەکاریمان ئاشکرا دەبێت و دەبینە دژە مێژوو؟ من ترسم لەوە نیە، بۆیە دەبێت ئەو سێنتەرە هەلبوەشێندرێتەوە، هەڵوەشاندنەوەی سێنتەری تازەگەری کوردیی، قسەکردنە لەئاستی تیۆریی ئەو سێنتەرە، چی تازەگەری بەرهەمهێنا ؟ لەکوێوە هات؟ پەیوەندی نێوان تازەگەری و کولتور چیە؟ تازەگەری کوردیی زادەی دۆخێکی شانۆیی نەبوو، هاوکات بوو لەگەڵ تەوژمێکی شانۆی عێراقی لەساتەوەختێکدا بەعس دەگات بە وێنەی باڵای تۆقێنەر، سەرکەوتنی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەل ئێران و وێرانکردنی دێهاتەکانی کوردستان و شۆڕشی کوردی بەناچاری دەرواتە ئەودیوی سنوور، ئەوەش وا دەکات بەعس هەستی سەرکەوتنی بگاتە لوتکەو عێراقی سەددام عێراقێکی بەعسی بێت، شاعیرێکی وەک نزار قەبانی دێت دەکەوێتە ستایش و دەلێت «بەخۆشەویستەکەم بلێن لەبەغدا، باببێت بە بەغدایی” دواتر بە شیعری شمشێر جۆرێک لەپاشگەزبونەوە دەخاتە ڕوو، ژنە شاعیری کوێتی سوعاد سەباح شیعرێک دەنوسێت بەناوی «خودەی سەربازێکی عێراقیم پێ بدە هەزار شیعرت ئەدەمێ” ساڵ ناسوڕێتەوە ئەو سەربازە وڵاتەکەی داگیر دەکات، قەبانی و سەباح لەماوەی ساڵێکدا لەڕێی شیعرەوە پاشگەزبونەوەی خۆیان نیشان دەدەن، شانۆکاری کورد دوای چڵ ساڵ هێشتا ستایشی دۆخێک دەکات کە بەدژی کولتور بوو، لەو ساڵانەدا بەعس دامەزراوەکان کۆنترۆل دەکات و ئۆرگانە چالاکەکان پەک دەخات، ئەوەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ کۆمەلگایەکی بەعسی تازەگەر، چونکە تازەگەری و فاشیزم لەناو یەک مندالدان دێنە بوون، ستالین و هیتلەر و سەددام دەخولقێنن، نازیزم و بەعسیزم دێنێتە بوون، لەسایەیدا هیرۆشیما و هەلەبجە دەبن بە دوو شوێن وەک ئاماژەی درندەی فاشیزم لەتازەگەریدا ، هۆلۆکۆست و ئەنفال دێنێتە بوون، لێرەدا فاشیزم دامەزراوە ئایدیۆلۆژیەکانی وەک سەربازیەکانی گەشە پێ دەدات تا هەموو شتێک بەدەوری خۆی بسوڕێتەوە، تازەگەری بیانویەکی ترسناکی هەیە بۆ لەکارکەوتنی کولتور، سیماکانی بوون دەسڕێتەوە، شانۆی ئەزموونگەری وەک فۆڕمێکی تازەگەری دێتە ناو ژیانی شانۆییمان، خەون بینین بە شانۆیەکی باڵا لەبنەرەتدا کوشتنی خەونی شانۆیەکی کوردیە، بەڵام کۆمیدیاکە لەوێوە دەست پێدەکات کاتێک لەژێر دروشمی «بەرەو دامەزراندنی شانۆی کوردی» دەیان وتار لەبارەی شانۆی ئەزموونگەری کوردی دەنوسرێت، تا ئەو شوێنەی بێئاگایی زاڵە دۆخەکە سرووشتیە، بەلام کاتێک بەئاگایان بێنیتەوەو سووربن لەسەر هەمان دنیابین، لەوێوە تراژیدیا ئەخلاقیەکانی لەدایک دەبێت، چونکە ئەو تازەگەریە لە ڕوالەتدا خەونێکی شانۆییە، بەلام لە جەوهەردا لەشوێنێکەوە دێت کە دەزگا ئایدیۆلۆژیەکانی بەعسە بۆ لەکارکەوتنی کولتور لەکۆمەلگادا، بۆیە سیماو خەسلەتە کوردیەکان وەک سونەتگەرایەکی کۆن لەشانۆدا سەیر دەکرێت و هەندێک ئاماژەی سوریالی دوبارە دەبنەوە، وەک ئەوەی لەوتارە ئەرشیفی و کتێبە کۆکراوەی وتارەکانی ئەم شانۆیە لەلایان شانۆکارێکەوە نوسراوەو باس لەکارەکانی خۆیان دەکات، نیگەران دەبێت کە ئێمە کاری ئەوانمان نەدیوە چۆن قسەیان لەسەر دەکەین، با سەرنجێک بنووسم، کتێب و ئەرشیف بۆ ناسین و گەرانەوەی ئەو رۆژگارەیە دەنا بۆچی کتێبی لەبارەوە دەنووسن، تۆ کە نمایشەکانی راینهارت و بێرگمانت نەدیوە چۆن کتێب لەبارەیان دەنووسیت، مەگەر تەنیا بۆ سەرچاوەکان نەگەرێیتەوە، بۆیە با بچینەوە سەر قسەکانی خۆمان ، ئەو شانۆیە لە بەغداوە دێت ، تازەگەریەکە دابران لەگەل کولتور دەخولقێنێت،  هەموومان شاگەشکە دەکات، کاتێک حەقیقەتی جیاواز دەبینین، لەڕاستیەکان تێدەگەین، دەیانەوێت بەسەر ئەو مێژووەدا باز بدەین و کوێرانە ئەوەی دەمانەوێت بیخەینە ڕوو نەیبینین، دەنا توڕە دەبن و دەتوانن سوکایەتیمان پێبکەن، دەتوانیت بەدژی ڕوانینەکانمان بیت، بەڵام تۆمەت بەخشینەوەو گومانکردن و فەتوادان ئەخلاقێکە هێشتا بەردەوامی هەیە لەناو مۆرالێکی بەعسیانە، هەندێک لەمنالکارەکانیش کە هێشتا فێری عەرەبیەکی باشیش نەبوونە دەکەونە فیکەو چەپڵە لێدان، بە باوەری من بۆ قسەکردن لەشانۆیەک پێویستە زمانی ئەو شانۆیە بزانیت و کولتورەکەی بناسیت، ناکرێت تۆ یەک کتێبی ئارتۆ بخوێنیتەوەو دوو کتێبی لەسەر بنووسیت، ئەی کتێب و روانینەکانی تری، جا واز لەوەش بێنە نە کولتوری فەرەنسی و نە زمانی فەرەنسی بزانیت هەر ئەو مۆنتاژ و کۆلاژە عەرەبیە لەکتێبەکەت بەرهەم دێت، تا ئێستا باس لەجەستەی ئەکتەر دەکەین لای گرۆتۆڤسکی ، بەلام تۆ کە کۆمەلگای پۆلەندی نەناسیت، کە زمانی پۆلەندی نەزانیت، ناتوانیت بە وەرگێرانی کتێبێکی گرۆتۆڤسکی بناسیت، دواتر دێینە سەر قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی شانۆیی گرۆتۆڤسکی، کە لای کورد هەر هەمووی وەک یەک سەیر دەکرێت، بەلام کاتێک شانۆ لابۆریەکەی دروست دەکات، مەبەستی لەوەیە چۆن دوای سوتاندنی جەستەی مرۆڤی پۆلەندی بەدەستی نازیەکان، شانۆ دەتوانێت ئەو جەستەیە بنیات بنێتەوە، واتە جەستە دەکەوێتە نێوان پەیوەندیەکی  فەرهەنگی و کولتوری، فەرهەنگیەکەی شانۆیە و کولتوریەکەی ژیانی مرۆڤی پۆلەندیە، بۆیە گرۆتۆڤسکی خۆی ناو دەبات بە ئەنترۆپۆلۆگێکی شانۆیی، نەک دەرهێنەرێکی شانۆیی، کتێبی شانۆی هەژار لەو سالەی دەکرێت بە عەرەبی و تەواوی شانۆی عەرەبی گەشکە دەیانگرێت بەوەی گەورەترین سەرچاوەیان بۆ تازەگەری بەدەست گەیشت، رێک هاوتای ئەو سالەیە کە گرۆتۆڤسکی رۆیشتووە بۆ ئیتالیا و پانزە سال پێش ئەو ڕووداوە کۆتایی بە شانۆ لابۆریەکەی هێناوە، کە ئێمە وەک شانۆی هەژار دەیناسین، هەڵوەشاندنەوەی ئەو سەنتەرە وا دەکات بونیادەکان سەر لەنوێ ڕێکبخەینەوە، وێنە جیاوازەکانی کاری شانۆیی و کتێبەکان وەک بونیادی سەربەخۆ بناسین، بونیاد بەهۆی ئەوەی سەنتەری نیە، بۆیە لەبەردەم بونیاددا دەبێت بزانین کە ئێمە قسە لەدەق وەک بونیاد دەکەین، ئەو شوناسە لەدەست دەدەین کە بە شانۆی ئەزموونگەری کوردی ناسیمان، بەواتایەکی تر شانۆیەک بوو وەک پرۆژەیەکی تەواو سەیری دەکەین، تەواو بەو مانا فەلسەفیەی کۆتایی هاتن، بۆیە شانۆی ئەزموونگەری کۆتاییەکە دەبێت قسە لەخەوشەکانی بکەین، بەبێ نیازخراپی وەک بەشێک لەکارەکتەرەکانی ئەو رۆژگارە تێی گەیشتوون.

*ئەگەر هۆلۆکۆست دەرگایەک بکاتەوە بۆ گرۆتۆڤسکی تا جەستە ببێت بە زمانی سەرەکی شانۆ و گرنگیەکەی دەربکەوێت، ئاخۆ ئێمە بۆ ئەنفال بۆچی ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ گرۆتۆڤسکی؟

  • کێشەی ئێمە ئەوەیە هەمیشە لەدیاردەو گرفتەکانی فۆڕمە ڕواڵەتیەکەی وەردەگرین، بەبێ ئەوەی بزانین لەجەوهەردا ئەوانە وێکچوون، ئێمە وتمان نازیزم و بەعسیزم لەمندالدانی تازەگەری هاتونەتە بوون، هۆلۆکۆست و ئەنفال بەرهەم دێنن، بەڵام ئایا ئەو خوێندنەوە ئەنترۆپۆلۆژیە شانۆییەی بۆ جەستەی مرۆڤی پۆلەندی قبوڵکراوە، دەگوازرێتەوە بۆ ناو جەستەی مرۆڤی کوردیی؟ پرسیارە گرنگەکە لێرەدایە، ئێمە ناتوانین روانینێکی ئامادەکراو بگوازینەوە ناو کولتورێکیتر ، دەکرێت سوودیان لێ ببینین، بەڵام نەک بیگوازینەوە ناو شانۆیەکیتر، ئەوانەی لەو بوارەدا لەشانۆی ئێمەدا دەنووسن یاخود ئەوانەی کاری پراکتیکی دەکەن بە ڕوانینی خۆیان پێیان وایە لەتەک میتۆد کار دەکەن، بێئاگایانە ڕەهەندە کولتوریەکە بەهەند وەرناگرن، بۆیە هەمان دەرەنجامی ئەوان بەرهەم دێننەوە، ئێمە بۆ ئەوەی هاوشێوەی هۆلۆکۆست بمانەوێت ئەنفال لەناو نمایشی شانۆیی بخوێنینەوە، جەستەی کوردی چۆن لەناو شانۆ بنیات دەنێینەوە، مانای وا نیە بێین گرۆتۆڤسکی بگوازینەوە، بەڵکو پێویستە تێگەیشتنی گرۆتۆڤسکی بکەین بە دەروازە بۆ خوێندنەوەی جەستەی کوردیی، دەتوانین وەک ئەو کاری لابۆری و پشکنین ئەنجام بدەین، لەسەر بنەمای ئەنترۆپۆلۆژیانە بۆ جەستەی مرۆڤی کوردیی، کارێک گەڕان بێت بەناو ئەنفالدا، لەکۆتاییدا ئەوەی پێی دەگەین دەرەنجامی خوێندنەوەی ئێمەیە بۆ ئەنفال، جەستەی کوردیە کە چۆن لەناو شانۆ بونیاتی کەسێتی مرۆڤی کوردی وێنا دەکاتەوە، پەیوەندی یادەوەری ئەو مرۆڤە بە ژیانەوە، چۆن لم دێت ساتەوەختێک دەوەستێنێت، دابڕان دەخاتە ناو دوو زەمەنی ژیانی ئێمە، زەمەنی پێش ئەنفال و زەمەنی دوای ئەنفال، شانۆکار دەتوانێت ئیش لەسەر ئەوە بکات، ئەوە تەنیا گریمانەیەکە، کە هیچ پەیوەندی بە هۆلۆکۆستەوە نیە، وەک چۆن دیدی گرۆتۆڤسکی دابڕاوە لەتێگەیشتنی کولتوریمان، قسەکە لەوێیە ناکرێت ئەزموونێکی خۆرئاوایی کە خوێندنەوەی کۆمەلگاکەی خۆیەتی دەرەنجامەکانی بگوازیتەوە ناو شانۆی کۆمەڵگایەکیتر، بەلام دەتوانیت سوودمەند بیت لێی و دەرگا بەڕووی خۆت بکەیتەوە، ڕەنگە پرسیارەکە لەوەدا بێت مەرجە تەنیا لەرێی جەستەوە ئەوە بنیات بنرێت؟ هەلبەت دیدی جیاواز و گەڕان و پشکنینەکان توانای ئەوەیان هەیە فۆڕمیتر ببەخشن، گرفتی ئێمە ئەوەیە یان لەشانۆیەکی سونەتی کار دەکەین یان ئەزموونگەرین، لەم سالانەی رابردوو دەرهێنەری هاوچەرخی پۆڵەندی یان کلاتا نمایشێکی شانۆیی پێشکەش کرد بەناوی «ترانسفێرت» کە باسی لە هۆلۆکۆست دەکرد، تەنانەت سێ ڕزگار بووی هۆلۆکۆستی هێنابوو، جەستە ئامادەبوونێکی ئەوتۆی نەبوو، ژنێک و دوو پیاو چیرۆکی ئەو ڕۆژگارەیان دەگێڕایەوە، دەرهێنەر شێوازی گێڕانەوەو جولەی ئەوان دەست نیشان دەکات، ڕەنگە گەر نمایشەکە لەشانۆی کوردیی نیشان بدرێت بە کارێکی سونەتگەرای خراپ ناو بەرین، بەلام ئەو نمایشە کاریگەریەکی گرنگی وەدەست هێنا لەنێوەندی رەخنەی شانۆیی و بینەراندا، نمونەیەکە هیچ پەیوەندیەکی بە گرۆتۆڤسکیەوە نیە، نەک هەر ئەوە بەڵکو هەر بیریشی لێ ناکاتەوە، ئەو دەیەوێت دیدی خۆی وەک دەرهێنەرێک لەئەمڕۆدا بۆ تراژیدیای نەتەوەکەی بخاتە ڕوو، هەڵبەت گرۆتۆڤسکی بۆ ئەنستویتەکەی خۆی و گروپە پێرفۆرمانسیەکانی وەکو شانۆی زار و پیسن کۆزلا گرنگی تایبەتیان هەیە، بەڵام بە گشتی وەک میراتێکی تازەگەری سەیر دەکرێت، کە لە ئەمڕۆدا نوێنەرایەتی تازەگەری ناکات، تەنیا بۆ کوردو عەرەب نوێنەرایەتی تازەگەری دەکات. لەوانەیە دوای سی ساڵی تر لەرێی وتارێکی عەرەبەکانەوە شانۆکاری کورد یان کلاتا بناسێت ئەوسا بکەوێتە ستایشکردنی، بەڵام هەرگیز ناتوانێت لەئێستادا باوەر بەوە بێنێت کە ئێستای خۆی چیە و چۆن پێویستی بەقۆناغێک نیە کە بە ئەزموونگەری ناسراوە، لێتانی ناشارمەوە، بەداخەوە شانۆکارانێکی کورد کە لەخۆرئاوا دەژین رۆلێکی خراپیان بینیووە لە فریودانی نەوە نوێیەکانی شانۆ وایان تێگەیاندوون هێشتا ئەو ناوانە کاریگەری گرنگیان لەنەخشەی شانۆی جیهانی هەیە، لێتانی ناشارمەوە زۆرینەش ئەو قسانەیان پێخۆشە، چونکە ناچار بەوە نابن بەدوای زانیاریتر بگەرێن، هەر ئەو سەرچاوانەو هەندێکی تری عەرەبی و فارسیت دەست بکەوێت، بڕوا بەخۆت دێنێت تۆ تازەترین سەرچاوەکانت بەدەستەوەیە، کاتێک ڕاچەنینی بۆ درووست دەکەیت، خۆشەویست نیت و هەموو ڕقیان لێتە، چونکە کەس نایەوێت دان بڕان درووست بکات و تێبگات تازەگەریەکەی ناسیوومانە کۆن بووەو جگە لە ئێمەو ئەوانی دەوروبەرمان بۆ کەسیتر گرنگ نین، لەڕۆژانی ڕابردوو وتارێکی شانۆکارێکی ئازیزم خوێندەوە، گلەیی لەنێوەندی ئەزموونگەری ئەوە بووە کە کامەران ڕەئوف ئەزموونکار بووەو کەچی نمایشەکانی بە شانۆی ئەزموونگەری نەناسراوە، بەدلنیاییەوە بەو دۆستە ئازیزەم دەلێم کە کامەران رەئوف هەرگیز ئەزموونکار نەبووە، دەبێت دلخۆش بین بەوەی ئێمە دەرهێنەرێکی وەک ئەومان هەیە کە تەواو لە ستانسلاڤسکی تێگەیشتووە، من کاتی خۆی لەوتارە پۆلەندیەکەشمدا کە لەچوارچێوەی وانەی خوێندن بوو، لەخوێندنگای دراماتۆرگی شانۆی زیگمۆند هۆبنەر باسم لەشانۆگەری شالیری کامەران کرد وەک دیدێکی واقعی دەروونی ستانسلاڤسکی، مامۆستاکەمان کە دراماتۆرگێکی دیاری شانۆی پۆلەندیە بەناوی ئارتور پاوڤێک، دلخۆش بوو بەوەی کورد شانۆکارێکی لەم شێوەی هەبێت و بەگرنگ بینی، هەڵبەت ئەوە ناکرێت چاوپۆشی لەخەوشی نمایشەکانی کامەران رەئوف بکەین، بۆ من کە خراپترین دیدێک کەپەیرەوی کردووە تێکەڵکردنی چەند دەقێکی شانۆییە، ئەوەش لەژێر کاریگەری هەندێک تێگەیشتنی عەرەبی کە بەناوی خوێندنەوە و مانای نوێ ئەویشی گرتۆتەوە، بەڵام سەرەنجام ئەو باشترین نمونەی دەرهێنەرێکی کوردە کە لەستانسلاڤسکی گەیشتووە.   
  • * قۆناغ و ئاستە جیاوازە شانۆییەکانی گرۆتۆڤسکی چین؟ بۆچی پێتان وایە گرۆتۆڤسکی چەند وێنەیەکی جیاوازی هەیە؟ ئایا شانۆی گرۆتۆڤسکی شانۆی هەژار نیە؟
  •       دەی ئەوە گومانی هەمووانە، بەڵام نەزانینێک هەیە خەوشی تیا نیە، گرنگیشە لەئێستادا دەست نیشانی بکەین و وێنەکانی گرۆتۆڤسکی لەشانۆدا لەیەکتری جیا بکەینەوە، چونکە تا ئێستا لە کتێبە عەرەبیەکان باسی ئەو جیاکاریە نەکراوە، ئەوەی ئەوانیش باسیان نەکردبێت، شانۆی ئێمە لێی نەزانیووەو خۆی لێ بێدەنگ کردووە، ناکرێت ئێمە ئاستە جیاوازەکان و قۆناغەکانی نەناسین و بەم ڕادەیەش ئەو بە ڕزگاری شانۆ بزانین، گرۆتۆڤسکی گرنگیەکی مەزنی هەیە لەنەخشەی کاری پێرفۆڕمانسیدا، هەروەها لەکردەی ئامادەکردنی ئەکتەر، پرۆژە شانۆییەکەی بەدرێژایی کات لەم دوو تێگەیشتنەوە تایبەتن، بەڵام ئەمڕۆ هەرگیز گرۆتۆڤسکی نوێنەرایەتی تازەگەری ناکات، بەقەد ئەوەی کولتورێکی شانۆیی خولقاندووە، کە وەک میراتێکی تازەگەری دەیبینین، نەک ئێمە تەنانەت بۆ خودی شانۆی پۆلەندی، ئەگەرچی تا ئێستاش گروپە پێرفۆرمانسەکان ئەو بەرابەری خۆیان دەزانن، چونکە چەند چەمکێکی جیاوازی هێنایە ئاراو جیاواز لەتێگەیشتنی باوی شانۆیی، بەڵام با هەناسەمان درێژ بێت و بتوانین ئاست و قۆناغەکانی لەیەکتری جیا بکەینەوە. سەرەتای کارکردنی وەک لە کتێبی ئیلهام و ئیحا بەغشەکانم لەشانۆدا کە کتێبیەکە لە دوو بەرگ پێکهاتووە، باس لەشانۆ لابۆریەکەی دەکات کە دواتر لۆدڤیک فلادزین کە بەرێوبەری شانبۆکەیەتی شانۆکەی ناو دەبات بە شانۆی هەژار، ئەو دەستەواژەیە دەبێتە جێی سەرنجی گرۆتۆڤسکی و هاوڕا دەبێت لەسەر ناونانی شانۆ لابۆریەکەی بەم ناوە،. شانۆی هەژار بۆ خۆی لەنێوان ساڵانی ١٩٥٨-بۆ ١٩٦٩ بە سێ قۆناغی کارکردن تێپەڕیووە، تەمەنی شانۆکە یانزە ساڵە،  قۆناغی یەکەمی کارکردنی لەوێدا گرۆتۆڤسکی لاو دەناسین، دەرهێنەرێکی لەنێوان ساڵانی ١٩٥٨-١٩٦٠ دەست بە دەرهێنانی شانۆیی دەکات، گەنجێکی بیست ساڵە یەکەم کاری خۆی لەگەڵ کۆمەلێک خوێندکارێک وەک کارێکی ئارەزومەندانە بۆ لابۆرەکەی نمایش دەکات، نمایشەکە  بەناوی «شەیتان کردیە ژن»، هەر لەو سالەدا شانۆگەری «خوای باران» نمایش دەکات، سالی دواتر کار دەکات لەتەک شانۆنامەی «ئورفیۆس» ی ژان کۆکتۆ، لەو کتێبەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوە یەکەم نمایشی تیپەکەی بوو، سەرباری ویستویەتی دوو کارەکەی پێشووی هەر بە درێژەی کاری لابۆرەکەی سەیر بکات، بەلام زیاتر لەگەل کۆمەلێک گەنجی خوێندکار پێشوو کاری کردووە، بەڵام ئێمە ناتوانین لەبنەرەتدا ئەوە بە مێژووی شانۆی هەژار سەیر بکەین، چونکە پرۆژەیەکی بەردەوام نەبووە، وەک ئەوانەی لەبارەی شانۆکەی قسە دەکەن، جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەوە مێژووی راستەقینەی ئەو شانۆیە نیە بەقەد ئەوەی سەرەتای کاکردنیەتی لەشانۆدا، دیدێکی تەواوی نیە، هەر بۆیە لەکتێبەکەیدا باس لەو کاریگەریەی ستانسلاڤسکی دەکات کە هێشتا لەو قۆناغەدا نەیتوانیوە بەیەکجاری دەستبەرداری بێت، سالی ١٩٦٠ بە دوو نمایش ئەو قۆناغەی ژیانی شانۆیی تەواو دەبێت، لە دووشاری جیاواز کار دەکات، سەرەتا شانۆگەری «قابیل» ی بایرۆن پێشکەش دەکات، دواتر  ڕوو دەکاتە شاری بۆزنان بۆ ئەوەی شانۆگەری «فاوست» ی گۆتە نمایش بکات و کارەکە لەوێ نمایش دەکات، بەو پێیەی ئەو شارە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەرگای بۆ گروپە جیاوازەکان کردەوە کە بەشداری لەتازەکردنەوەی شانۆی پۆلەندی بکەن، تا ئێرە سینۆگرافیا لەشانۆکەیدا بوونی هەیە، بەڵام قۆناغی دووەمدا کە لە ١٩٦٠-١٩٦٤ درێژ دەبێتەوە، لێرەدا دەستبەرداری سینۆگرافیا دەبێت و بایەخێکی تایبەت بە جەستەی ئەکتەر دەدات، ئەو کارانەی نمایشی دەکات بریتین لە پێنج نمایش، سەرەتا بە شانۆگەری «شاکۆنتالا» دەست پێدەکات، کە لەتێکستێکی کۆنی هیندیەکانەوە وەرگیراوە، سال دواتر بۆ یەکەمجار کار دەکات لەتەک شانۆنامەیەکی پۆلەندی ئەویش شانۆگەری  «ئێوارەی باوان» کە لە نوسینی ئادەم میچێکیڤیچ، ئەو نوسەرە بەبەردی بناغەی ئەدەبی پۆلەندی دادەنرێت ، داستان و شیعر و شانۆنامەی نووسیوە، زمانێکی قوڕسی هەیە، کە لەاێستادا ئەو زمانە پۆلەندیە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، بەڵام لەڕۆشنبیریی پۆلەندی ئەدەبی میچێکیڤیچ وەک بنەچەکەی ئەدەبی پۆلەندی سەیر دەکەن، لەم شانۆگەریەدا گرۆتۆڤسکی کارێک دەکات کە پێشتر ئەنجامی نەداوە، ئەویش کارکردنی راستەوخۆی نێوان ئەکتەرو بینەرانە، لێرەدا گرۆتۆڤسکی لەڕێی ئەم نمایشەوە خالێک دەدۆزێتەوە، کە بەجۆرێک لە جۆرەکان وەک لابردنی دیواری چوارەمە، بۆیە لەچەندین نمایشی تری ئەم قۆناغە تیایدا بەردەوام دەبێت، کاتێک لەنمایشی «کۆردیان» رووداوەکان لەنەخۆشخانەیەکی دەروونی ڕوو دەدەن، بینەران وەک دانیشتووی ناو خانەوادەی نەخۆشەکان دەردەکەون، خالێکی گرنگ پێویستە وەک تێبینی سەیری بکەین، لەم قۆناغەدا پەلە ناکات، ساڵی یەک نمایش بەرهەم دێنێت، بۆیە لەسالی ١٩٦٣ ئەمجارە دەقەکەی کریستۆڤەر مارلۆ دەخاتە سەر شانۆ بەناوی «مێژووی مەرگەساتاوی دکتۆر فاوست»، لەناو نوسینە رەخنەییەکان ڕەخنەگران جەخت لەو پەیوەندیەی نێوان ئەکتەرەکان و بینەران دەکەنەوە، کاتێک لەماڵەکەی فاوستدا مێزێکی گەورەو فراوانی نانخواردن دانراوەو بینەران وەک میوان سەر مێزەکە بانگهێشت لکراون ، سالی دواتریش شانۆگەری هاملێت نمایش دەکات لەژێر ناوی «توێژینەوەیەک لەبارەی هاملێتەوە» ، ئەوەیان دوا نمایشی قۆناغی دووەمە، کە لەم قۆناغەدا دوو خال بە گرنگی لە ئەزموونەکەیدا دەردەکەوێت، بایەخدانی سەرەکی بە جەستەی ئەکتەرو ئەویدیش لابردنی دیواری چوارەمی شانۆیە، لەقۆناغی سێ یەم و کۆتایی شانۆی هەژار بریتیە لەکارکردن لەتەک کلاسیکی ئەدەبی، یەکەم کاری ئەم قۆناغە «ئەکرۆپۆلیس» بوو ، دەقی شانۆنووسی کلاسیکی پۆلەندی ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکیە. ڕووداوەکانی لە گرتوخانەیەکی دەستگیرکراوان ڕوو دەدات، لەماوەی پێنج ساڵدا بەچەندین ئیزافەو لابردنەوەو لەچەندین نمایشی جیاواز ئەم شانۆگەریە پێشکەش دەکات، هەروەها یەکێک لەکارە دیارەکانی شانۆگەری «شازادەی هەڵکشاوە» یەکەمجار ئەم شانۆگەریەی لە سالی ١٩٦٥ نمایش کردووە لە دەقی کالدێرۆن وەرگیراوە، بڕوام وایە ئەوە تاکە دەقێکی شانۆیەتی کە کاری تیا کردووەو کراوە بە عەرەبی لەپال هەندێک راهێنانەکانی ئەویش لە سالی ١٩٨٠ لە گۆڤاری «الحیاة المسرحية» ی سوری بلاو کراوەتەوە، لەسالی ١٩٦٩ گرۆتۆڤسکی دواهەمین نمایشی خۆی لەشانۆی هەژار وەک دەرهێنەر پێشکەش دەکات کە کارێکی ئێکستاسیسە بەناوی «کۆتایی جیهان لەگەڵ وێنەکاندا» ، کە بەبڕوای توێژەرانی شانۆی هەژار ئەوە دواهەمین کاری شانۆی هەژارە، ئەگەرچی ئێمە بۆ خۆمان بەم دواییە لە ئەنستیتوی ئەرشیفی گرۆتۆڤسکی لەشاری فرۆتسواڤی پۆلەندی هەندێک دۆکیۆمێنتمان بینی، کە سالی ١٩٧٠ شانۆگەری «شازادەی هەڵکشاو» وەک کۆتایی شانۆی هەژار بۆ ئەوەی ئەوروپا دەستکەوتەکەیان لەم شانۆیە ببینێت نمایشەکەیان بردۆتە چەندین ولاتی ئەوروپی لەوانە؛ ئەلمانیا و فەرەنسا و سویسرا و چەند ولاتێکی تریش، ئیدی لەوێوە بەرهەمی نوێیان نامێنێت، ئەگەرچی تیپەکەی تا سالی ١٩٨٠ بەردەوام دەبێت و کارەکانی پێشوو نمایش دەکاتەوە، لە سالی ١٩٨٦ گرۆتۆڤسکی دەرواتە ئیتالیا و لەوێ خەریکی کاری پێرفۆرمانسی دەبێت و دواتر باسی دەکەین،  لەپاڵ هەندێک روانینین بۆ شانۆکەی. گرۆتۆڤسکی بۆ خۆی لەشانۆ لابۆریەکەی دەسبەرداری پرۆژەی گەڕان و پشکنین دەبێت، ئەوەش تەواو پێچەوانەی ئەو ڕوانینە عەرەبییە بۆ شانۆکەی و کە شانۆکارانی کوردیش دوبارەی دەکەنەوە گوایە شانۆی ئەزموونگەری سنوری نیەو بێکۆتاییە، کامل بوونی سێ قۆناغەکەی شانۆی هەژار دەریدەخات ئەم شانۆیە سنوری هەیە و لەناو کلاسیکی ئەدەبیات کۆتایی بەخۆی دێنێت و ئەوەی دەمێنێتەوە توێژینەوەو گەڕانەوەیە بەناو دۆکیۆمێنت و زانیاریەکان، بەلام با ئەوەمان لەیاد نەچێت سەرباری بلاوکردنەوەی راهێنا و دەقێکی ئامادەکراوی گرۆتۆڤسکی لە ١٩٨٠ بە زمانی عەرەبی، سالی ١٩٨٥ بۆ ١٩٨٦ یەکەمجارە کتێبی «شانۆی هەژار» دەکرێت بە عەرەبی رێک لەو کاتەی گرۆتۆڤسکی خەریکی پێرفۆڕمانسە، هەڵبەت وەرگێڕانە عەرەبیەکەی ئەو کتێبە لەبەراوردکردنی بە پۆلەندیەکە تێدەگەیت هیچ چەمک و زاراوەیەک نیە بە هەڵە وەرنەگێردرابێت، کە دیارە تا ئێستا کتێبەکە نەکراوە بە کوردیش ، بەلام شانۆکاران کردویانە بە زەمینەی شانۆی ئەزموونگەری و تازەگەری.
  • ئێستا ئێمە باسمان لە نمایشەکانی ئەم شانۆیە کردو قۆناغەکانیمان دەست نیشان کرد، کەواتە دەتوانین ئاست و قۆناغ و دەستکەوتەکانی لەچیدا ببینین؟ چی کرد ؟ کاریگەریەکانی چی بوون؟ چی لەپێش خۆی گۆڕی؟
  • ئێمە پێویستمان بە هەڵوەشاندنەوەی سێنتەرە لەشانۆی هەژاردا، بە مانەوەی سێنتەر، وەک شانۆی ئەزموونگەری کوردیی تەنیا دەبێت ستایش بکەین، ستایشکردن لەڕووی ئەکادیمیەوە هیچمان پێ نابەخشێت، پرۆژە ڕەخنەییەکەمان پێویستی بە تێگەیشتنە، بەڵام ئەگەر ئێمە سێنتەرمان هەڵوەشاندەوە مانای وا نیە بڕوامان بە گرۆتۆڤسکی نیە و ڕەتیدەکەینەوە؟ ئەوە پرسیارێکە ستایشکارانەی سێنتەر دەیانەوێت وەک گومان لەپڕۆژەی ڕەخنەیی بیخەنە ڕوو، دەنا لەبنەرەتدا هەڵوەشاندنەوە لێرەدا مەبەستمان گەڕانەوەیە بۆ ناو بنەچەکەی تازەگەری و ئەو پایەی ئێمە ویستومانە دروستی بکەین، بۆ ئەوەش با قسەیەکی دێرێدا خۆی بێنینەوە لەبارەی سێنتەرەوە ئەو دەنووسێت «ئێمە دەتوانین بەبێ سێنتەر بمێنینەوە، من وای دەبینم کە سێنتەر وەزیفەیە و نەک بوون بێ یان واقیع» کەواتە کاتێک ئێمە سێنتەرمان نامێنێت، مانای وایە بونیادەکان سەربەخۆ دەبن و لێرەدا ئیشکردنی ئێمە لەگەل بونیاد ئاسانتر دەتوانین تێیبگەین، با زۆر دوورنەکەوینە، شانۆ لابۆریەکەی کە لۆدڤیک فلازین سەرەتا ناوی نا شانۆی هەژار، ئەو شانۆیە چۆن هات ئەدەب لەشانۆ بکاتە دەرەوە، کتێبێک هەیە بەناوی «دواهەمین دەیە وهونەری شانۆی پۆڵەندی» قسەکردنە لەسەر کۆمەلێک شانۆکاری پۆڵەندی کۆتایی هەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیستەم لەشانۆی پۆلەندیدا، کتێبەکە سالی ١٩٩١ چاپکراوە، پرۆژەیەکی ئەرشیفیە بۆ گەڕانەوە بەناو کۆی سەرچاوە شانۆییەکان و لەلایان باربارا ئۆستێرلۆف و  ئەگنێشکا کۆشێر ئامادەکراوە، لەشوێنێکی کتێبەکەدا باس لە پەیوەندی ئەدەب و دەسەلاتی دەرهێنەر دەکات، بەوەی بەدوای مایەرهۆڵد و ئارتۆ و گریک و بروک ، لەلای گرۆتۆڤسکی و کانتور ئیدی متمانە بە ئەدەب نامێنێت لەشانۆدا، کەواتە لەسۆنگەی ئەو کتێبەوە دەنووسین گرۆتۆڤسکی تەواوی ئەو روانینەی پێش خۆی کۆدەکاتەوەو لەناو شانۆ لابۆریەکەی ڕێکی دەخاتەوە، بەدوای ئەزموونکردنی لەتەک چەندین دەقی شانۆیی و کلاسیکیەکانی ئەدەبی شانۆ، کۆتاییەک بۆ شانۆی هەژار دەست نیشان دەکات، درکی ئەو نهێنیە دەکات، ئەوە ڕایدەکێشێت بەرەو ڕووبەری سەربەخۆی کاری هونەری کە لەنمایشی شانۆیی جیا بێتەوە، بۆیە لەسالی ١٩٨٦ دەروات بەرەو ئیتاڵیا و سەنتەرێکی تایبەتی توێژینەوە لەبارەی هونەری پێرفۆرمانس دادەمەزرێنێت و نمایش دەگۆڕێت بۆ رزگاربوونی مرۆڤ و بەرزکردنەوەی ئاستی رۆحی مرۆڤ، ئەوەشی ناونا «هونەر وەک پێرفۆڕمانس» لە زمانی عەرەبیدا بە ئامراز ناوبردراوە، بۆیە هەندێک شانۆکاری کوردیش وەک ئامراز ناوی دەبەن، لەم سالانەی دوایی و رێک لە سالی٢٠٢٠ کاتاژینا ڤۆژنیاک کتێبێکی لە زمانی ئیتالیەوە کرد بە پۆلەندی, کە بریتیە لەکۆمەلێک توێژینەوەو گفتوگۆ لەگەل گرۆتۆڤسکی و نووسین لەبارەی پێرفۆرمانسەکانیدا، کتێبەکە بەناوی «گریمانەی سێیەم»، شتێک نیە لەو کتێبە خودی گرۆتۆڤسکی بەناوی شانۆی هەژار بگەرێتەوە سەری، بەلکو تەواو باس لەسالانی ١٩٨٦ تاوەکو ١٩٩٩ و ساتی مردنیەتی، چونکە ئەو قۆناغە لەژیانی شانۆی گرۆتۆڤسکی تەواو جیاوازە، هەر لە پێرفۆڕمانسەوە ئەو وەک شانۆکارێکی جیهانی دەردەکەوێت، ئەویش بەهۆی گوتاری رەخنەی شانۆی ئیتالی کە وەک قەشەی شانۆ ناوی دەبەن و هەندێکیش ناوزەدی دەکەن بە مامۆستای ڕۆحی، ئەو ڕوانینانەی لەشانۆی کوردیی و عەرەبی دراوە بە شانۆی هەژاری گرۆتۆڤسکی، لەڕاستیدا زادەی پێرفۆرمانسە نەک شانۆی هەژار، ئێمە لەو کتێبانەو بەتایبەت لەکتێبەکەی زبگنیڤ ئوشینیسکی وێنە ڕاستەقینەکەی گرۆتۆڤسکی دەناسین، ئەو کتێبە گفتوگۆیەکی درێژە لەگەڵ گرۆتۆڤسکی سەرباری دەیان دۆکیۆمێنت و بەلگەی وێنەیی و نوسراو لەبارەی کارەکانیەوە، تێکەڵکردنی شانۆی هەژار و پێرفۆرمانس هەلەیەکی هێندە کوشندەیە تەنیا زادەی نەخوێندەواری و نەبوونی سەرچاوەیە، وەرگرتنی ناوی گرۆتۆڤسکی و سەپاندنی کارەکانیەتی بەسەر یەک فۆڕم، کاتێک دێیت ئەو جیاکاریە نیشان دەدەیت، مناڵەکان دەکەونە تۆمەت بەخشین، بەوەی ئێمە مەبەستمان بووە لە گرنگی ڕۆڵی ئەو کەم بکەینەوە، لەڕاستیدا پرسی گرۆتۆڤسکی لەشانۆی ئێمەدا پرسێکی گرنگە، قسەکردنیش لەبارەیەوە هەموو دۆستە ئەزموونکارەکانمان زوویر دەکات، بە بروای من شانۆکارێکی کورد هەبێت زۆر بە ئاگایانەوە ئاشنای پێرفۆرمانس بێت شەماڵ عومەرە، لەرابردووشدا هەمووتان دەزانن من لەبارەی روانینەکانیان نووسیوومە ، بایەخم بە هەوال و چالاکیەکانیان داوە، کاتێک گۆڤاری شانۆکارم لەکەرکوک دەردەکرد، ژمارەیەکم تایبەت کرد بەوان و دواتریش هەرچی وتارێک لەبارەیانەوە هەبوو لەکتێبێکدا چاپمکرد، بەلام بەرپرسیاریەتی لەشانۆدا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، کاتێک بینیم روانین و چەمکەکانی لابۆری شانۆی لالش لەبنەرەتدا بەرەنجامی بیرکردنەوەی شانۆیی ئەوان نیە و بەڵکو لە گرۆتۆڤسکی وەرگیراون، وەک چۆن موتوربە کراون بە دیدی شێوەکاریانەی تادووش کانتور، ئەوەم دوانزە ساڵ پێش ئێستا لە ئیمێلکدا پێ ووتن، ئەوە بوو بێدەنگیان لێکردو پەیوەندیی هاورێیەتی مان کۆتایی هات، بەڵام بۆ من کە هاولاتیەکی شانۆم، پەیوەندی هاورێیەتی کاتێک لەدەست دەدەم، دەزانم بەرەنجامی راستگۆییمە، گەر وەک مرۆڤ نیگەرانیش بم، ناچارم قبوڵی بکەم، چونکە ناتوانم ناپاکی لەخودی شانۆ بکەم، کە هەموو ژیانم پێبەخشییوە، بۆیە ئەو چەمکانەی ئەوان بەکاری دێنن و لەهەندێک وتارەکانیان ئاماژەی بۆ دەکەن وەرگیراوی گرۆتۆڤسکین، بەلام ئەوە هیچ لەگرنگی ئەوان کەمناکاتەوە وەک گرۆپێکی پێرفۆرمانس، بە تایبەت لەئیشکردنەوەیان لەسەر دەنگدا.        
  • تیۆرەکان تا چەند سوود بە شانۆی ئێمە دەگەیەنن؟ ئایا گومانێک هەیە لەتیۆر؟

    • * بەتەنیا وابەستەی گومان نیە، هێندەی ئێمە زۆربەی ڕوانینەکانمان تێکەڵکردووە، ئەوەی لەفۆڕمی تازەگەری هاتە ناو شانۆی ئێمە، تیۆری لەشانۆ کردەوە، دنیا بۆ نواندن لەسەر پایەی ستانسلاڤسکی وەستاوە، بەلام ستانسلاڤسکی بوو بە شانۆیەکی کۆن، وەک شەرمێکی لێهات، لەشوێنی ئەودا هەندێک ناویتر جێگایان گرتەوە، لەوانە ئارتۆ و گرۆتۆڤسکی و بروک و گۆردن گریک و باربا، بەبروای من ئەو پێنج ناوە کە شانۆی ئێمەیان لەرێی عەرەبەکانەوە داگیرکردووە، پێویستە ئێستا زۆر زانستیانە بەدژی ئەو داگیرکاریە بووەستینەوە، بۆیە من لێرەدا هەوڵ دەدەم ئەو کارە بکەم، بەڵام سەرەتا با باس لە هاتنی ئەوان بکەین کە چۆن هاتن، بۆچی هاتن؟ ئەو نزیکیە کولتوریی و تیۆریەی ئەوان چی بوو لەکۆمەڵگای کوردیی؟ تا بتوانین بە ئاسانی لەشانۆی ئێمەدا پێگەیەکی پتەویان هەبێت؟ چۆن ئەوانمان هەر هەمووی لە کۆلاژێکدا خستە ناو وێنەیەکەوەو ناومان نا شانۆی ئەزموونگەری، لەڕاستیدا من ساڵانێکی زۆری تەمەنم لەئاستی کاری شانۆییم بەم شانۆیە بەخشیووە، لەئێستاشدا ئەوە لای هەمووتان ڕوونە، بەڵام با بیرمان نەچێت، ئەوەی لەکوردستان ناومانناوە شانۆی ئەزموونگەری نەبوو، بەڵکو پڕۆژەی دژە شانۆ بوو، بەداخەوە من لەوێ دواهەمین نەوەی ئەو ئەزموونگەریە بووم کە ڕۆڵێکی خراپمان بینی بۆ کوشتنی شانۆ، ئەو شانۆیە ئەزموونی نەدەکرد، هێندەی شانۆی دەگۆڕیە سەر وێنەی جولاو ، گرفتی سەرەکی لەگەل دیالۆگ هەبوو، بێ ئاگا لەوەی شانۆ خودی دیالۆگ دروستی دەکات، با بڕوانین دیالۆگ هەر لەشانۆی گریکەوە یەکەم پایەکانی شانۆی تیا دادەمەزرێنێت، ئێمە هاتین ڕەتمان دەکردەوە، چونکە بەبانگەشە ساختەکاریەکانی عەرەب و عێراقی فریومان خوارد، دەنا دیالۆگ گرنگیەکەی هێندە زۆرە تاوەکو فەیلەسوفێکی وەک ئەفلاتون دەیکات بە زمانی ناو کتێبە فەلسەفیەکانی، لەسەردەمی ڕۆشنگەریدا فەیلەسوفە فەڕەنسیەکانی وەکو رۆسۆ و دیدرۆ دیدە فەلسەفیەکانیان لەڕێی دیالۆگی شانۆیی و شانۆنامە دەنووسنەوە، تەنانەت سارتەرو کامۆ ئەوانیش وا دەکەن، ئەو گرنگی و بایەخەی ژیل دولوز دەیدات بە شانۆنامەکانی بیکیت، بەڵام ئێمە دژە دیالۆگین، چونکە شانۆی وێنەی عێراقی لەهەشتاکان بەلوتکەی تازەگەری شانۆیی تێدەگەین، کە لەبنەرەتدا پرۆژەیەکی بەعسیزمە بۆ کوشتنی فیکر و بیرکردنەوە، هەمیشە لەسەر دەستی فاشیستەکان فۆڕمێک دەخولقێت بۆ دووربوون لە بیرکردنەوە، ئێمە نا ئاگایانە یان بەمەبەست ئەو کارە بکەین، سەرەنجام تیۆر لەشانۆ دەکەینە دەرەوەو پشت بەپڕۆژەی دژە شانۆ دەبەستین، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەی شانۆ دەتوانێت گۆڕانکاری لەکۆمەلگادا بخولقێنێت، وەک ئەوەی گەیشتین بە نهێنیە گرنگەکەی شانۆ، وتەیەکی پیتەر بروک لەبەرگی کتێبی شانۆی هەژار نووسرایەوە بەوەی کە دەلێت گرۆتۆڤسکی دانسقەیە چونکە بەدوای ستانسلافسکی کەس وەک ئەو توێژینەوەی لەبارەی ئەکتەر نەکردووە، ئیدی ئەو ووتەیە بەس بوو ڕەوایەتی بدەین بە گرۆتۆڤسکی و دەستبەرداری ستانسلاڤسکی بین وەک سەرچاوە راستەقینەکە، ئیدی هەموو ئەوانەی وەک گرۆتۆڤسکی دەڕواننە رۆلی جەستە گرنگی تایبەتی خۆیان هەبوو، شانۆکارێک کتێبێک دەنووسێت لەبارەی ئارتۆ هەموومان شاگەشکە بووین، بەمدواییە هەمان کتێبی دانا رەووف هەندێک دەستکاری و زیادەکاری تیا کردو سەر لەنوێ چاپی کردەوە. سێنتەری بیرکردنەوە لەو کتێبەدا چیە؟ کۆکردنەوەی کۆمەلێک سەرچاوەی و کۆلاژکردنیەتی لەناو کتێبێکدا، ئێمە ناگەین بە دەرەنجامێک ، ئەوەش کێشەیەکی کتێبەکەیە، وەسفێکی پەخشانی زاڵە، وەک چۆن ئەو وەسفە بەسەر زۆربەی کتێبەکانیەوە دەبینین، باس لە ئارتۆ دەکات، کەچی لەبەشی پراکتیکی کتبەکەی سەرچاوەی شانۆی وێنەیی و ڕوانینەکانی سەلاح قەسەبە، هەندێک دەستەواژەی تیایە مرۆڤ فرمانی وا دەرناکات، گوایە کتێبەکەی ئارتۆ شانۆ و هاوشانۆ ئەمرۆ لەخۆرئاوا وەک ئینجیلی شانۆکار سەیر دەکرێت، با ئەو دەستەواژەیە راست بکەینەوە، ئەو کتێبەی ئارتۆ کتێبێکی تیۆریی نیە، چونکە ئارتۆ هەرگیز تیۆریستی شانۆیی نەبوو، ئەوە تەنیا لەعەرەبەکانەوە وەرمانگرت، ئارتۆ شاعیرێکی دادایی و ئەکتەرێک بوو، ئەو کتێبەشی وەسفێکی شیعریە لەستایشی شانۆدا، دواتر بەتایبەت باس لەکۆبەرهەمی ئارتۆ دەکەین، کە لە یەک بەرگدا کۆ بەرهەمی کۆکراوەتەوە، ئێمە لەناو ئەو کتێبە کوردیە لەبارەی ئارتۆ تا دەخوێنینەوە، رووبەروی لێدوانی هەڵچوون ئامێز دەبینەوە، توێژینەوەی زانستی زادەی بیرکردنەوەو پشکنین و گەڕانە، تۆ دێیت باس لەوە دەکەیت شانۆی ئارتۆ مەبەستی لەتوندوتیژیی نیە، لەکاتێکدا تێکستە شانۆییەکانی ئارتۆ پریەتی لەوێنەی توندوتیژیی باوکێک پەلاماری مەمکی بوکەکەی دەدات، ئایا ئەوە توندوتیژیە یان رۆمانسیەتە وەک لەشانۆنامەی ئال سینی ئارتۆ دەیبینین، یاخود لەدواهەمین کاری کە مۆنۆدرامایەک دەبێت، هەروەها لەنمایشێکی تریدا کە لەیوتیوب دانراوە، لەهەردوو سوچی شانۆ دوو بلندگۆی گەورە دادەنێت و تیایدا مۆسیقایەک لەشێوەی هۆرنی ئۆتۆمۆبیلی بارهەڵگر پەخش دەکات، ئەوە توندوتیژی نیە بەچی ناوی دەبەیت، لەبنەرەتدا ئێمە شانۆکارانێکمان هەیە فریوو خواردوی دەستی عەرەبەکانن، هەرچی لەبارەی چەمکی پاکژبونەوە وەک گرنگیەک باسی دەکەن، هیچ شتێکی نوێی تیا نیە، چونکە لەپاکژبونەوەی گریکی وەرگیراوە، تۆ یان لەهونەری دراما تێناگەیت، یا ئەوەتە ئاگادار نیت، ئێمە کاتێک بونیادەکانی کتێبێک بەمشێوەیە لەسەنتەرەوە هەڵوەشێنینەوە ڕووبەرووی دوو ئاست دەبینەوە، بونیاد لێرەدا زادەی بیرکردنەوە نیە هێندەی وەرگیراوی ناو تێگەیشتنی عەرەبەکانە، بەبێ بوونی تێگەیشتن و گەڕان وبینین، چی ئەوان دەینوسن و وێنەیەکی فانتازی دەبەخشن، ئەوانەی ئێمەش پشتی پێ دەبەستن و لۆژیکەکانی خۆیانی پێ پتەو دەکەن، گەر بونیاد لەو جۆرە کتێبانەدا بەم شێوە بکەوێتەوە، لێرەدا چەمکێکی هەڵوەشاندنەوەگەرایی بەکار دێنینەوە ئەویش دەنگە، دەنگ بریتیە لەکۆی ئەو دۆخە نەستیانەی تێیدا دەژین و نابن بە زمان و هەر لەناو ئاخاوتن دەمێننەوە، ئەوەش دەنگ ناگۆرێت بۆ زمان لەناو نووسین، بەڵکو وەک ساتی بەر لەنووسین بەرهەم دێتەوە، بەڵام دڵنیام خودی نووسەر خۆی لەو تێگەیشتنە تێناگات، دەنا بە کتێبێکی ئارتۆی نەدەخوێبدەوەو دوو کتێبی لەسەر دەنوسی، چونکە بەو کتێبەی ناتوانیت بەتەواوی ئارتۆ بناسیت، هەلبەت ئەو کتێبە کوردیە تاکە خەوشێک نیە، ئێمە تەنیا وەک نمونەیەک هێنامانەوە، کام کتێبی شانۆیی ئێمە پڕی نیە لەو کەموکوڕیانە، د. فازل جاف کۆمەلێک کتێبی شانۆیی نووسیوە هەندێکیان وەک کتێبی ئەو برادەرەی پێشوو لەراپۆرتی رۆژنامەوانی رۆژنامەنووس دەچن، وەک کتێبەکەی لەبارەی شانۆی سویدی ، هەڵبەت کتێبیشی هەیە دەبێت بەگرنگ باسی بکرێت، کتێبەکەی فازل جاف لەبارەی فیزیای جەستە کتێبێبێکی گرنگە،  هەروەها کتێبەکەی لەبارەی دەرهێنانی شانۆیی کە پێویستە هەموو دەرهێنەرێکی گەنج بیخوێنێتەوە، گرنگیەکەشی لەدیدی زانستی شانۆیی و پەیرەوکردنی نوسینی زانستیە و دوورە لەهەڵچوون و خولقاندنەوەی دەنگ لەناو نووسین.   

  • من دەمویست زیاتر بێینە سەر ئارتۆ، بەلام هەڵیدەگرین بۆ پرسیاری دواتر، چونکە تۆ گومانت هەیە لەبنەچەکەی تازەگەری شانۆیی، ئەوەت وتت «لەبنەرەتدا پرۆژەیەکی بەعسیزمە بۆ کوشتنی فیکر و بیرکردنەوە، هەمیشە لەسەر دەستی فاشیستەکان فۆڕمێک دەخولقێت بۆ دووربوون لە بیرکردنەوە، ئێمە نا ئاگایانە یان بەمەبەست ئەو کارە بکەین» ئەوە بۆ خۆی جۆرێک گومان دەخولقێنێت، ئایا مەبەستە بلێی تازەگەری کوردیی بەرهەمی بەعسە؟
  • سەیرکە بۆ ئەوەی ووردبین بین، پێویستە شتەکان نەشێوێنین، من ئاماژەم بۆ ئەوە کرد، ئاخۆ بەمەبەستە یان نا ئاگایانەیە، بۆیە دەسێت نائاگایانە بێت، تەنیا خەمی گەڕان بووبێت بەناو فۆڕمی تازەگەری شانۆیی، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا بۆ هەندێک بەمەبەست بووە، کە ئەمڕۆ هێندە ڕووقایمن دەیانەوێت ئەو فاشی بوونەیان بۆ بگۆڕینە سەر شۆڕشگێریەتی، بۆیە دەتوانین ناویان بەرین بە پاڵەوانی کولتوریی لەسەردەمی فاشیزمدا، تۆ سەیرکە رەنگە لەژیاندا مرۆڤگەلێکی زۆر نەبن بتوانن بوێری ئەوەیان هەبێت کارەکتەرێکی دژ بۆ خۆیان درووست بکەن، کە تەواو جیاواز بێت لەشوناسی کەسێتی ئەوان، بەلام کاتێک مرۆڤەکان پاساو بۆ کەسێتی خۆیان دێننەوە، ئەو ساتە مرۆڤ ناچار دەبێت، سەیری ئەو بوێریە بکات، چۆن بە کۆتایی سیستمە فاشیەکان، مرۆڤەکانی ناو ئەو سیستمە دەتوانن پاساو بۆ خەوشەکانی خۆیان بێننەوە، سەیر نیە ئەوانەی دەڕۆنە ناو سیستمی کۆنترۆڵکراوی فاشیزم، بە روخانی فاشیزم، کاری کولتوریی خۆیان وەک دژە فاشیزم ناو بەرن، ئەوان ئەو مرۆڤە دەگمەنانەن لەیاریەکانی فاشیزمەوە فێری گەمە ترسناکەکە بوونە، تەنانەت هێندە ڕوو قایمانە سەیری ئارگۆمێنتەکانیش دەکەن، ئامادەکاریەکی باش بۆ درۆیەک دەکەن کە لەسەردەمی فاشیزم فێری بوون، بەوەی بەلگەکان دروستکراون و ئێمە دژی سیستمی فاشیزم جەنگاوین. هەر کاتێک گوێمان لەو دەنگە بوو نابێت سەرمان بسوورمێت، چونکە چاوەروانی چی دەکەیت لەمرۆڤگەلێکی فاشی کە ڕۆژگارێک ئەدەب و هونەری وەک ئۆرگانێکی فاشیزمی ڕەمزیی بینیووە و کاری تیا کردووە بۆ خزمەتی فاشیزم، ئەو کاتەی روانینەکانمان گشتگیر دەبنەوە، هۆکارەکەی ئەوەیە ئێمە قسە لە تاکە مرۆڤێک ناکەین، بەڵکو لەکۆی ئەخلاقی گروپێکی فاشی دەکەین، بەلام کاتی خوێندەوە، گەر خەیاڵت بۆ کەسێکی دەست نیشانکراو ڕۆیشت، تۆ لەکردەی خوێندنەوەدا هەڵەت نەکردووە، بۆ خۆت ئەو مرۆڤەت دۆزیوەتەوە، کە لەوانەیە هەمان کات دۆستێکت خەیاڵی بۆ یەکێکی تر بڕوات، چونکە ئەو جۆرە مرۆڤانە هەمیشە دەیانەوێت فریوومان بدەن، ئەوان خوازیاری ئەوەن لەگەڵ سەردەمە نوێیەکاندا حیکایەتێکمان بۆ بگێڕنەوە کە ئەوان بەشێک نەبوون لەناو ئەو سیستمە، بەڵکو بەدژی ئەو سیستمە کاریان کردووە، درۆکردن وەک جۆرێک لە حیکایەتی ئەوانی لێهاتووە، ئەو هەستەی لەناو زماندا بوونی هەیە ناتوانێت لەخەیاڵی ناو تێکستدا ئەو بوونەی خۆی لەناو ئەدەبدا بنووسێتەوە کە چۆن خوازیاری ئەوەیە سیماکانی کارەکتەری خۆی بگۆڕێت، بۆیە وەک نوسینی بیۆگرافی یادداشتی ژیانی خۆی دەکات، بەوەی فاشیزم بەدوایەوە بووە، بەلام ئەو کۆڵی نەداوەو هەمیشە لەڕێی نووسین و کاری هونەری دژی فاشیزم بووە، بەلام هەر بەڕاست درۆیەک لەشوێنی خەیاڵ دەنووسرێتەوە، ئاخۆ ماوە زەمەنیەکەی تا چەندە درێژ دەبێتەوە؟ ئاخۆ رۆژگارێکی تر نایەتە بوون کە درۆ وخەیاڵ لەیەکتر جیا بکرێنەوە، ئاخۆ حیکایەتەکانی فاشیزم، دەتوانێت هەمیشە بەناو شادەمارەکانی ژیانی ئێمەدا بچێتە خوارەوە؟ کاتێک بیر لەو پرسیارانە دەکەمەوە، دەبینم کە چۆن مناڵە ساویلکەکان، نەوەیەک کە لەماناکانی فاشیزم تێنەگەیشتووە، چۆن دێن بڕوا بەو حیکایەتانە دەکەن و دەتوانن خۆیان فریوو بدەن و بخەڵەتێن و ستایشیان بکەن، بەڵام ئەو دۆخە پەیوەستە بە کەمئەزموونی نەوەیەکەوە، کە نە ئەم نەوەیە تا سەر بڕوای پێ دەکات، نە فاشیەکانی ناو سیستمی فاشیزم دەتوانن بۆ هەمیشە لەڕێی درۆکردنەوە خۆیان لە فاشیزم پاک بکەنەوە، مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆی لە فاشیزم پاک بکاتەوە، پێویستی بەوە نیە درۆ بکات، درێژە بەفریودانی ئەوانیتر بکات، ئەوان بەر لەئێمە دەزانن پاکبونەوەیەک بوونی نیە، بەڵام دەتوانن درۆ نەکەن، کە ئەوان بەشێک بوونە لەناو ئەو سیستمە، نەک بەرهەڵستکاری سیستم بوونە، چونکە دەردەکەوێت بەدوای ڕووخانی فاشیزمیش ئەوان هێشتا درێژە بە فاشی بونی خۆیان دەدەن، هێندە بێ چاووڕون دەتوانن هەڕەشە بکەن بەوەی ئەوان لەتوانایاندایە بمانخەنە بەردەم دادگا کە چۆن سوکایەتی بەو شۆڕشگێرانە دەکرێت، گرفتەکە ئەوەیە فاشیەکان هێشتا نەیانزانیوە سیستمە فاشیەکەیان کۆتایی هاتووە، بۆیە هەموو گۆڕانکاریەکیش هەر بەدرێژ بوونەوە بۆ سیستمە فاشیەکەیان دەگەڕێننەوە، بەڵام، بە موتوربەکردنی ڕۆحی شۆڕشگێریەتی بەوەی کارەکتەرێکی درۆیانەیان بەخۆیان بەخشیووە کە مێژووی ئەوان مێژووی دژایەتی فاشیزم بووە، لەکاتێکدا بە کەوتنی دەمامکەکانیان دەردەکەوێت ئێمە لەبەردەم چ فاشیزمێکی ڕەمزی ترسناکدابووینە کە تا ئەمڕۆش دەیانەوێت وەک پاڵەوان و شۆڕشگێر بیانناسین، پاڵەوانی کولتوریی لەسەردەمی فاشیزمدا ترسناکترین مۆدیلی پاڵەوانە، چونکە هەموو کارەکانی بەدژایەتی کولتور وەک وێناکردنەوە و دامەزراندنەوەی کولتور ناو دەبات، ئێمە چونکە یادەوەریمان کوێرە ناتوانین ئەو کارەکتەرانەی سەردەمی فاشیزم وەک خۆیان بناسین، لەکاتێکدا پێویستیەکی زۆرمان بەوەیە بۆ لەدایکبونی ئەدەبێک کە سیمای ڕاستەقینەی پاڵەوانی کولتوریی سەردەمی فاشیزم بخاتە ڕوو، هەر نەبێت چیتر ڕوویان نەبێت لەئێستادا خۆیان وەک دژە فاشیزم وێنا بکەن.   
  • باستان لەئارتۆ کرد، ئایا ئارتۆ و کتێبەکەی لەئێستادا وەک ئینجیلی شانۆکاران لەخۆرئاوا سەیر ناکرێت؟

    • ئەو دەستەواژەیە کوردییە، ئارتۆ شاعیرێکی دادایی گرنگ بوو، وەسفی شیعریی بۆ شانۆ نووسی، بەڵام ئەوەی ئەو نووسی تیۆر نەبوو، ستایشی شیعریی بوو بۆ شانۆ، رۆژگارێکی زۆر ئێمە فریوومان خوارد بەدەست سەرچاوە عەرەبیەکان و هەندێک شانۆکاری کوردەوە، کە ئەویان وەک نمونەی باڵا وڕزگارکاری شانۆ ناو دەبرد، تۆ گەر کۆ بەرهەمی ئارتۆ نەخوێنیتەوە، ناتوانیت ئەو هەموو فرمانە دەربکەیت، کاتێک باس لەکتێبەکەی ئارتۆ دەکەن، دەزانم مەبەستان لەکتێبی «شانۆ و هاوشانۆیە» وەک ئەوەی ئەو تەنیا ئەو کتێبەی نووسی بێت، من لێرەدا هەول دەدەم کەمێک لەبارەیەوە بووەستم بەگەڕانەوە بۆ کتێبی کۆ بەرهەمی بەزمانی فەرەنسی، کە سالی ٢٠٠٤ دەزگای گالیمار لە پاریس بە قەبارەی ١٧٨٨ لاپەرە چاپکردووە، کە کۆی نووسینی ئارتۆ و هەموو ئەو نووسینانەی لەبارەیەوە نووسراوە، سەرباری گۆرینەوەی نامەکانی، رەنگە لەرووبەری ئەو گفتوگۆیە نەتوانین باس لەکۆبەرهەمەکەی ئەو بکەین، بەلام دەتوانین پانۆرامایەکی خێرا بەکارەکانی ببەخشین، ئارتۆ وەک لەنامەکانی بۆ شاعیری فەرەنسی ژاک پریڤێر دەردەکەوێت، ئەو سەرەتا وەک شاعیرێکی سوریالیستی دەردەکەوێت، دیدی روونی ئەو لەناو نامەکانیدا و دواتریش لەناو تێکستە شیعریەکانیدا وێنەی مرۆڤێکی یاخی و بیمار نیشان دەدات، ئەو وێنەیە پەیوەندی ئارتۆیە بە زمانەوە، بۆیە بۆ شانۆش خەونی بە شانۆیەکی جیاواز دەبینی، شانۆیەک بەدوای گەشتەکانی بڕوای وابوو پێویستە شانۆ بگەرێتەوە بۆ خۆرهەڵات، چونکە سەرچاوە سەرەکیەکە لەوێدایە، لەشانۆیەکدا زمانی جەستە تیایدا بالا دەست بێت، سەیر ئەوەیە ئەو داوا دەکات شانۆی خۆرئاوایی بگەڕێتەوە بۆ خۆرهەڵات، بەلام تۆی خۆرهەڵاتی تازەگەری لەشانۆدا بە شانۆی خۆرئاوایی دەزانیت و خەون بە شانۆی خۆرئاوایی دەبینیت، ئەوە دوو فاقیەکە لەگەڵ تێگەیشتنی کوردیی بۆ خودی ئارتۆ خۆی، ئاڕتۆ وێنەیەکی شیزۆفرینیای زمانە، ناتوانێت وێنای زمانە نەستیەکەی بکات و لەناو هەستەکانی وەک مرۆڤێکی خۆرئاوایی دەمێنێتەوە، لەکۆی دەقە شانۆییەکانی دەینووسێت، بە دەگمەن دیمەنەکان لەناو دیالۆگدا نەماون، با زۆر ڕوونتر بدوێم، ئەو شانۆنامانەی دەینوسێت دیالۆگ پێکی دێنێت، ئیدی زمانی جەستە لەکوێدایە، مەگەر لەچەند کورتە دیمەنێکدا ویستبی بانتۆمایم بنووسێتەوە، دەنا فەرموو سەیری هەموو ئەو کورتە شانۆنامەی بکە تا بزانیت، ئەوەی شانۆی ئارتۆ بنیات دەنێت جەستە نیە.. بەلکو دیالۆگە، دەتوانین بگەرێینەوە بۆ شانۆنامەکانی ئارتۆ خۆی وەکو «سامورای یان درامای هەستەکان» بۆچی ناتوانێت ئەوانە لەڕێی جەستەوە بنیات بنێت و دیالۆگ بۆ کارەکتەر دەنووسێت؟ بەڵام شانۆکاری کوردو عەرەب کە باس لە ئارتۆ بکەن دەبێت بجولێنەوە و دیالۆگ بوونی نەبێت، لێرەدا بۆ شانۆکاران نا کە کتێبە شانۆییەکان هەر ئەوانەن کە ئەوان فێری بوون، بەڵام بۆ ئەوانەی کە خولیای فەلسەفەن، ڕەنگە پرسیارەکە ئەوەبێت: بۆچی فەلسەفەی فەرەنسی لەکۆتایی سەدەی بیستەمدا هەڵوەستەی کرد لەسەر دیدی ئارتۆ بۆ شانۆ؟ ئەو پرسیارە رۆژگارێکی زۆر بەخۆیەوە خەریکی کردووم، تەنانەت لەهەردوو کتێبەکەمدا «پلەی سفری شانۆ» و «فەلسەفەی شانۆ.. شانۆی فەلسەفی» لەسەری وەستاوم و توێژینەوەم لەبارەی کردووە، بەڵام لەئێستادا گەیشتووم بەو دەرەنجامەی گرنگی ئارتۆ لەلای دێرێداو فۆکۆ و کریستیڤا وابەستەی ئەو دیدە ڕەمزیەی زمانە بۆ شانۆ، ئارتۆ پێشنیاری زمانێک دەکات کە لە ئەفسوون دەچێت، وەسفێکی شیعری بەرجەستە دەکات، بەلام ئەو ستایشی شیعریە بۆ شانۆ نە خۆی و نە ئەوانی دوای ئەویش ناتوانن بەرجەستەی بکەن، چونکە لەناو شیعردا دەمێنێتەوە، ئەو مرۆڤێکی بیمار بوو، بیمار بەدوور لەمانا سایکۆلۆژیەکەی، بەڵکو بیماری کولتوری بوو، بەڵام خاڵیش نەبوو لەمانا دەروونیەکەی، بەتایبەت لەو نامانەی کە هەرگیز کەسانی وەک بیکاسۆ وەڵامیان نەدایەوە، بۆیە ئەوەش وا دەکات توندوتیژیەک ببێت بەو زمانەی ئارتۆ لەناو شانۆنامەکانی لەرووی کرداری کارەکتەرەوە، هەروەها لەو نمایشانەی دەیانخاتە سەر شانۆ، بۆیە هیچ دەستەواژەیەک لەو دێرە عەرەبی وکوردیە پێکەنیناویتر نیە کاتێک دەووترێت «شانۆی ئارتۆ مەبەستی توندو تیژیی جەستەیی نەبوو» لێرەدا ڕووبەرووی پرسیارێک دەبینەوە بۆ تێگەیشتن لەئارتۆ، بگەرێینەوە ناو شانۆنامە و نامەکان و وتار و بەیاننامەکانی ئارتۆ ؟ یاخود بچینەوە سەر کتێبە عەرەبیەکانی نوسەرانی وەک سەمیر سەرحان و سەعد ئەردەش؟ چونکە لێرەدا ڕووبەرووی دوو دنیای تەواو جیاواز دەبینەوە، روانینە شیعریەکانی ئارتۆ وەک تیۆر دەبینرێت، نە خۆی و نە دوای خۆی لەشانۆدا دەرناکەوێت، ئەگەر ئەو ئەفسوونێک لەخودی شانۆی خۆرهەڵاتی دەبینێت، ئەو ئەفسوونە چیە شانۆی خۆرهەڵاتی خۆی دەداتەوە دەست خۆرئاوا؟ ئەو پێویستیە کولتوریە بۆ خۆرئاوا وەک ئارتۆ دەلێت ووشە خنکاندنی، ئەی تۆی خۆرهەلاتی بۆ دەبێت شاگەشکە بیت بە شانۆی خۆرئاوایی؟ سەرچاوە تیۆریەکان چین؟ ئایا هێندە بەسە کتێبی شانۆو هاوشانۆ بە عەرەبی بخوێنیتەوەو گروپی بۆ دروست بکەیت و بێیت دوو کتێبی لەبارەوە بنووسیت؟ ئەو وەرگێرانە عەرەبیە بەشێوەیەکە ئەوانەی زۆر لەئێمە باشتر ئەو زمانە دەزانن، با ئەوان بێن قسە بکەن کە ئاخۆ ئەو کتێبە وەرگێرانە عەرەبیەکەی هێندە ڕوونە تا تێی بگەیت؟ هەڵبەت من لەرێی خوێندنی قورئان لە مزگەوتەوە فێری زمانی عەرەبی بوومە، بۆیە بەلاتەوە سەیر نەبێت هەرگیز لەوەرگێرانە عەرەبیەکەی کتێبەکەی ئارتۆ تێ نەگەیشتم، تا بەم دواییە بەفەرەنسی خوێندمەوە، پێشتریش بە پۆلەندی خوێندبوومەوە، گرفتەکان کەسی نین هیچ رقێک بوونی نیە، ئەوەی لەپشت راستیەوەیە تەنیا رۆشنایی خستنە سەر هەڵەکانی رابردووە، راستکردنەوەی خەوشێکە کە ئێمە کوێرانە بیستمان و بەرجەستەمان کردو ئەزموونگەریی ئارتۆ لێمان بوو بە ئەفسانەی شانۆی بالا.        




ژن شوناسێکی لەدەستدراو.. نیهاد جامی

شۆڕش دەتوانێت ماناکانی شۆڕشگێریەتی بگۆڕێتە سەر ئاستی کولتوریی، وەک ئەوەی لە شەقامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ڕوویدا، شەهیدکردنی کچە کورد ژینا ئەمینی، سەرەتای بەگژداچوونەوەی دنیا نێرایەتی و کولتورێکی سەپێنراوە، ئەو بیرۆکەیە لای نووسەر دیلفین مینوی دەبێتە بیرۆکەی سەرەکی رۆمانی بەد جنس, یاخود بە فەرەنسیەکەی «بادژێنس».
وشەکە وەک نوسەر ئاماژەی بۆ دەکات لەزمانی فارسیدا بە دوو بڕگە دەنوسرێت و لەفەرەنسیدا وەک یەک ووشە بەکاری هێناوە، کە بە مانای خودێکی خراپ دەیناسین، کردەیەکی زیانبەخش ئەنجام دەدات و لەهەمان کاتدا کردەیەکی چێژ بەخشیشە، بەواتای چەندە خراپە بەهەمان شێوە دەتوانێت چێژیش بۆ خۆی بەرهەم بێنێت.
گێرەرەوە دەکەوێتە گێڕانەوەی شۆڕشی ژن لەژیانی ناو شەقامەکانی ئێران، وێنە پانۆراماییەکانی دەشێت بۆ ئێمە وێنەی تەبا بن، بەڵام بۆ خوێنەری فەڕەنسی کە رۆمانەکە بەو زمانە نووسراوە.. جێگای بایەخ و گرنگی خۆی بێت، چونکە وێنە پانۆراماییەکان وێنەیەکی ڕاستەقینەی ناو ڕووداوەکانە، لە هاندانی دایک بۆ کچ و بوونی کچەکان لە شەقام، ئەوە چیە کچەکان لەماڵ دێنێتە دەرەوە؟
سەرکەشی و یاخی بوونی یەکێک لەو کچانە بەناوی زەهرا ئیعتیمادی، ئەو کچە شانزە ساڵانەی ناو شەقامەکانی تاران دەبێتە تەوەری سەرەکی بۆ گێڕانەوەی ئەم شۆڕشە، ڕووبەروی کێشەکانی مێینەمان دەکاتەوە، بەتایبەت لەبابەتی لەباربردنی منداڵ و کێشەکانی کچ لەماڵی ئێرانیدا کە چۆن برا بەسەر ئەو دەسەپێنرێت.
ئەو ئێستایەی شەقام وابەستەی یادەوەری ژنەکانە، هاوارێکە لەدژی دنیای سیاسەت و پیاو، کاتێک بەناو یادەوەریدا دەچێتەوە، ڕووبەرووی ئەو هەموو ستەمەی پیاو دەبێتەوە لەماڵدا، باوک لەوێنەی بالا و نایەکسانی نێوان ئەوی کچ و مەهدی برای، تا ئەو هۆگربونەی وەک کچە مناڵکارێک بۆ عەلی ئامۆزای هەیەتی، کەچی ئەویش لەرێی سێکسکردنەوە دنیای لێ تاریک دەکات و زەبروزەنگێک کە ئەوی مناڵ هەر تێی ناگات چیە.
ئەو وەک کچێک دواتر هەر دەبێت ڕووداوەکە بۆ دایکی بگێڕێتەوەو دایکیش وەک کۆتایی چیرۆکێک دەرگای بەسەر دادەخات، چونکە دەزانێت پیاوەکان سزا نادرێن، ئەوان لەکۆمەلگایەکی پیاودا، دەبینن لە روداوێکی هاوشێوەدا کاتێک کچێک داکۆکی لەخۆی کردووە، ئەو پیاوەی کوشتووە کە پەلاماری داوە، سەرەنجام ژنەکە دەکوژرێتەوە، بۆیە کۆی چیرۆکەکان دەبێت بە بێدەنگی ببەخشرێن، ئەوە مەهدیەکانن لەمناڵیەوە، چونکە نێرن بە نازەوە گەورە دەکرێن، ئەوە عەلیەکانن لەکۆتاییدا پەلامار دەدەن و دەکوژن و سێکس دەکەن و بە بێگوناهی لێی دەردەچن، ئەو وێنەیە لەناو ماڵی ئێرانیدا وێنەیەکی روونی کۆی خۆرهەڵات و کۆمەلگای پیاو سالاری کۆنترۆلکراوە بە هاوپەیمانیەتێکی ئەخلاقی.
کاتێک دایکەکەش بریار دەدات بۆ پشوو کچەکەی ببات بۆ تاران، لێرەدا وێنەیەکی ڕوون دەبینین، ئەویش ئەوەیە ئەوەی بە فریای مێینەکان دەکەوێت، تەنیا خودی مێینەکان خۆیانن، دایک و کچ سەر بەیەک ڕەگەزن و هەر خۆشیان لە ئازارەکانی یەکتری تێدەگەن، لێرەدا گەر ئەو وێنەیە بشوبهێنینەوە، بە سەرەتای ڕۆمانەکە لەمانای شۆڕشی ژن لە شەقامی رۆژهەلاتی کوردستان و ئێران تێدەگەین کە بۆچی شۆڕشی ژن بوو، چونکە سیستمە کۆمەلایەتی و ئاینیەکان هاوپەیمان و هاودەستی پیاوەکانە، بۆیە ژنەکان دەیانەوێت شۆرشێکی فەرهەنگی بەسەر بیرکردنەوەدا بێنن، نەوەک بەسەر گوتاری سیاسی و ئاینی و کۆمەلایەتی، هێندەی دەیانەوێت ئەو بیرکردنەوەیە بگۆڕن، کە ژیانی ئەوانی وێران کردووەو لەناو ماڵەکانیشیان هەڕەشەی زوبروزەنگ و سەرکوتکردنەوەیان هەیە.
تێگەیشتن لەخودی خۆت، بەتەنیا وابەستە نیە بە ژیانێک کە تیایدا دەژیت، بەڵکو وابەستەی کتێبە کە وا دەکات مرۆڤ توانای خۆناسینی هەبێت، ڕەنگە هەموومان ئەو رستەیە بە نامۆ نەزانین، بەڵام کاتێک کتێب خرابێتە دەرەوەی ژیانەوە، دەبێت قبوڵی هەموو ستەمکاریەک بکەین کە لەدژماندایە، بە ئاگا نەهاتنەوەمان لەوەی تیایدا دەژین، هۆکارەکەی بوونمانە لەدەرەوەی کتێبەوە، تەنیا کتێبە توانای ڕزگارکردنمانی هەیە لەبەردەم ستەمکاردا، پێشنیاری کتێب فرۆشەکە بۆ کەسێتی کچە منالکارەکەی ناو ڕۆمانەکە، کە بە بەد جنس دەیناسین، وێنەیەکی ڕوونی ئەو تێگەیشتنەیە کاتێک کتێب فرۆشیە تارانیەکە، کە پیاوێکی پیرە پێی دەلێت ئەو دوو کتێبە بخوێنەوە و رۆژێک لە رۆژان تێی دەگەیت، دیارە دوو کتێبەکەش «رەگەزی دووەمی» سیمۆن دو بۆڤوار و کتێبی «دۆخی مرۆڤی هاوچەری» ی هانا ئارنێتە، ئەو کۆمەککردنە وەک ناخود ئاگاییەکی کتێبفرۆشێک بۆ کچەکە، بۆ خۆی جۆرێکە لەبنیاتنناوەی کەسێتی کە پیاوەکان تێیاندا شکاندویانە، بەشێکی تری وێنەی بنیاتنانەوە، بریتیە لەو قسەیەی دایکی کاتێک لە ئوتێل پێکەوە شیعری «سیمین بەهبەهانی» دەخوێننەوە، دایک ئەو دێرەی بۆ دەخوێنێتەوە، کاتێک باس لەوە دەکات، نیشتمانەکەی بنیاتت دەنێتەوە، گەر پێویست بکات بە قوڕی خۆی و بە ئێسقانەکانی، دیارە ئەو وێنەیە بۆ ئەو شوێنە، کۆمەکی تەواوی دایکە بۆ کچەکەی، سەرباری ئەوەی پێی وتوە چیرۆکی پەلاماردانەکەی لەیاد بکات، بەڵام کتێب و شیعر لەو شوێنەدا بۆ خۆی بنیاتنانی کەسی و کۆمەکی ژنەکانە بۆ یەکتری.
بۆ ئەوەی شۆڕشی ژنی ئێرانی هەڵگری تەواوی خەونەکانی بێت، نابێت دەستبەرداری ئازادی بێ سنوور بێت، لەدەرەوەی تێگەیشتنی ئاینی و کۆمەلایەتی دەڕوانێتە ئازادی، بۆیە ئێمە ڕووبەرووی ئەو دیدە هەنوکەییەی مرۆڤی ئەم رۆژگارە دەبینەوە، کاتێک دەبینین پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکەمان لەڕێی سۆسیال میدیاوە هاورێیەتی لەگەڵ کچێکی کۆری پەیدا کردووە، دایکی کچەکە دێتە ناو چاتە ڤیدیۆیەکەیان و باس لەمەیلی ژنانەی بۆ ژن دەکات، لێرەدا ئازادی دەکەوێتە نێو پەیوەندی ژن و شۆڕشدا، ئەو دیدە داکۆکیکارە لە نەریتی ڕابردوو کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئازادی سنوری هەیە، لەڕاستیدا ئەو سنورە ئەوە جۆری مرۆڤەکانە بڕیار لەسنورەکەی دەدەن کە چی دەکەن و باوەڕیان بە چۆنیەتی کارکردنە لەگەڵ ئازادی، مرۆڤ خۆی ئازادە لەوەی دەیەوێت سنور دابنێت بۆ کۆ ڕەفتارەکانی یاخود لەدەرەوەی سنورەوە بێت، نەوەک ئازادی بۆ خۆی سنوری بێت.
ڕووداوەکانی شۆڕش و بوونی ژنەکان لەشەقامدا وا دەکات سەرەتایەک بدۆزنەوە بۆ ئازادبوونی زمان و ڕزگاربوون لەو چەپاندنە زمانیەی نەیتوانیوە گوزارشت لە چێژی پەیوەندی سێکسی بکات، دواتر لەشەقامدا دەتوانن چیرۆکەکانی خۆیان بۆ یەکتری بگێڕنەوە، مانایەک نیە لەو ئازادیە جوانتر بێت، کە ژنەکان لەشەقامدا گوزارشتی لێ دەکەن، کوژرانی عەلی بە دوو فیشەگ دەرخەری رۆژگارێکی تری ژیانە بۆ ئازادی، ئەو کە داکۆکی لەدەسەڵاتێک دەکات، هەر بەدەستی هەمان دەسەڵات دەکوژرێتەوە، عەلی ئەو کوڕەی سێکسی لەگەڵ دەکات، کوژرانی بەواتای ئێمە لەسەرەتای رۆژگارێکی ترین بۆ ئازادی، هەر بۆیە کاتێک سۆڕش لەشەقام دەست پێدەکات، دایک هانی کچەکەی دەدات و ڕێگری لێ ناکات بۆ بەشداری کردن، چونکە ئەوە داکۆکیکردنە لەشوناسی زەوتکراوی، لەسڕینەوەی ماناکانی بوونی ڕەگەزێتی، لەساتی خوێندنەوەدا، ڕامانێک لەسەر رووداوەکان دەموەستێنێت و بیری تێکستێکی کوردیم دێتەوە، تێکستێکی شیعری کەژاڵ ئەحمەد نووسیویەتی بەناوی «جادەم لە پیاو خۆشتر ئەوێت» چونکە لەو کاتەدا ڕێک ژنەکان لەشەقامدا جادەیان لەهەموو ئەو پیاوانە خۆشتر دەوێت کە سێکسیان لەگەڵدا کردوون کە خۆشەویستیان بوون، بۆیە وەک کچە پاڵەوانی رۆمانەکە دەلێت هەموو دەنگەکانی باوک و عەلی و ئەوانیتر نابیستم، جادە لەو کاتەدا دەبێتە رووبەری ئازادی بۆ ژن.
پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ئەو کوڕەی ناوی داریوشە، کە تەواو جیاوازە لەهەموو کەسێکی تر، کوڕێک لە شەقامدا دەیناسێت و هەفتانە بەیەکەوە دەچنە ژوان و یەکتریش ماچ دەکەن، تەنانەت کچە بە دایکی خۆشی دەناسێنێت.
لەپڕ ڕۆژێک کوڕەکە بڕیار دەدات بەجێی بێلێت، ئەوەش دەخاتە ڕوو، نە بەهۆی ناسینی هیچ کچێکی ترەوەیە وە نە بەهۆی ئەو قسەیە کە کچە پێی وتوە باوکم توڕە دەبێت گەر بە پەیوەندیەکەمان بزانێت، بەڵکو قسەیەک کە هەمیشە لەدوای رۆیشتنی کوڕەکە لە مێشکی دەنگ دەداتەوە، کۆ دەنگیەکی ڕەگەزی نێرانەیە کە پێی وتووە «ببورە، من پیاوم، تۆ لەوە تێئەگەیت؟»
خالێک کە بە گرنگی لەم رۆمانەدا دەردەکەوێت ئەویش ئەوەیە، هەمیشە ژنەکان لەشکستدا پشت بە یەکتری دەبەستن، کۆ دەنگی و پاڵپشتی بۆ یەک درووست دەکەن، بۆیە گەر کاتێک ئامۆزاکەی لەڕووی سێکسیەوە لێی نزیک بۆوەو بۆ دایکی باسی کرد، لەم شکستە دڵداریەشدا پشت بە کچە کۆریەکەی هاوڕێی دەبەستێت و ئەو دڵنەوایی دەداتەوە، بەهۆی ئەوەی کارەکتەرە سەرەکیەکەی ڕۆمانەکەمان خەریکی کاری تاتۆیە، وێنەی ئەو کارە بە نهێنی دەکات و دایکیشی کۆمەکی دەکات و بڵاوکراوەی تایبەتی بۆ پەیدا دەکات، هاوڕێ کۆریەکەشی بەوە دەزانێت، بۆیە پێشنیاری ئەوەی بۆ دەکات، کە بێتە کۆریا و بەشداری لەو فێستڤاڵەی تاتۆ بکات، بۆ ئەوەش کچە کۆریەکە باس لەوە دەکات باوکی دیبلۆماتە و دەتوانێت کۆمەکی بکات بۆ سەفەرەکە, پاڵەوانەکەمان بۆ سەفەرەکەش بیر لەوە دەکاتەوە بەر لە ژینا ئەمینی بیری لەوە کردۆتەوە سەفەر بکات و ئێران بەجێ بێلێت.
ئێوارەیەکیان هاورێ کۆریەکەی تەلەفۆنی بۆ دەکات، باس لەڕووداوی کچێک دەکات، ئەویش کە سەیری ئەنتەرنێت دەکات و هەواڵەکان دەخوێنێتەوە، دەزانێت ڕووداوی ژینا ئەمینیە و سێ رۆژ دواتر لەیلای هاورێشی هەر بۆ هەمان مەبەست تەلەفۆنی بۆ دەکات، لێرەدا ئەوەی کۆ دەنگی دروست دەکات ترسی ژنەکانە لە دنیایەکی تۆقێنەر.
بۆیە هەموو یەکتر ئاگادار دەکەنەوە، هەر ئەو مەترسیەش دەبێتەوە هۆی لەدایکبونی شۆڕشی ژنەکان، دەشێت ئەم ڕۆمانە بۆ خوێنەری فارس و کورد کاریگەریەکی گەورە بەجێ نەهێلێت، چونکە بە ڕووداوەکان نامۆ نیە و بە تەواویان ئاشنایە، بەڵام بۆ خوێنەری فەڕەنسی گرنگی تایبەتی خۆی، نەک هەر ئەو ڕۆمانە تەنانەت ئەم ڕۆمانووسە لە ڕۆمانەکانی تریشیدا ویستویەتی وێنەیەکی ڕوونی ئێران بۆ خوێنەری فەرەنسی بخاتە ڕوو، وێنەیەک چەندە واقعیە هێندەش گێڕانەوەیەکی ئەدەبیە، بەتایبەت لەگێڕانەوەی بۆ هەستی کچان لەساتی شۆڕشی سەر شەقام، ئامادەبونی ئەوانەی لە ماڵەوەن و ئەوانەی سەر شەقام چۆن لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیامیان بۆ دەنێرن کە خۆزگەیان خواستووە لەگەڵیان بن، دایکی پێی دەلێت خۆزگە تەمەنم لە بیست ساڵیدا بوایە، ئەو وێنەیە دەریدەخات کە شۆڕشی کچان هی نەوەیەکی نوێ بوو، نەوەیەک سەر بەم سیستمە سیاسیە نین، بۆیە گەر هەمیشە باس لەپەیوەندی مرۆڤەکان بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەوە بکرێت، وەک کەسێتی سەرەکی ڕۆمانەکە پەیوەندی و ئاگاداربونەوەی بە دنیا لەم ڕێگایەوە دیار دەکات، ئەوا هەر ئەم نەوەییە کە ناتوانێت سیستمە سیاسەکەشی قبوڵ بکات.
ئەگەرچی ئەو قبوڵ نەکردنە بەرکەوتن بێت لەگەڵ قسەی باوک کاتێک باس لەوە دەکات دوور نیە وەک ئامۆزاکەی ئەویش بکوژرێت، بەڵام ئەو خۆی وەک کوژراوێکی ناو ژوورەکەی ماڵ دەبینێت، ئەو هەستە بە تەنیا هی مرۆڤێک نیە، هێندەی هی نەوەیەکە کە وادەزانێت کوژراوە، بۆیە دەبێت لەسەر شەقام بێت.
ئەو کاتانەی کچە کۆریەکەی هاوڕێی نامەی بۆ دەنووسێت کە ڤیزەکەی ئامادەیە، ئەوە ئەو ساتەیە ئەو لەسەر دیوارەکان درووشم دەنووسێت بۆ ئازادی و مردن لەپێناو ئازادی بۆ ئێرانێکی نوێ، بۆیە بەخۆی دەڵێت بۆچی بڕۆم، کە جگە لەمانەوە لەئێستادا هیچ شتێکی ترم ناوێت، مانەوە لەشەقام و سوتاندنی سەرپۆش و هاوار کردن بۆ ژیان و ئازادی و ژن دەبنە شوناسی نەوەیەک، کە گەر مردنیش بێت پێی وایە پێویستە تامی مردنیش بکات.

نیهاد جامی– فەڕەنسا




درۆکردن وەک کولتوری فریودان.. نیهاد جامی

درۆکردن بەتەنیا گەمەیەکی زمانەوانی نیە، هێندەی دەزگایەکی ئایدیۆلۆژی لەپشتیەوە دەوەستێت و فانتازیا دەخولقێنێت، هێزە فاشیستەکان وەک ئەخلاقێکی میدیایی سەیری دەکەن، تاوەکو کۆنترۆلی بینەری بەردەم تەلەفزیۆنەکان و خوێنەری رۆژنامەکان بکەن، هەر هێزێکی ئایدیۆلۆژی بگریت خاڵی نیە لە درۆکردن، ئیتر وای لێهاتووە شتێکی سرووشتیە حزبەکان درۆ بکەن، چونکە ئەوە ئامرازی پەیوەندی کردنیانە بە کۆمەڵگاوە، ڕەنگە ئەو پرسیارە ڕووبەرووی خۆمان بکەینەوە، کەواتە شتە ناسرووشتیەکە چیە؟
رەنگە گەڕان بەدوای ناسرووشتی بوون لە درۆکردن بۆ ئێمە جێگای بایەخی تایبەت بێت، چونکە ئیدی گرفتێکمان نیە لەگەڵ درۆکردن، تا ئاستی ئەوەی کۆمەڵگا ئارەزووی خۆفریوودان دەکات لەگەڵ درۆکردندا، بەلام ناسرووشتی بوونەکە لە ئەخلاقێکی ئایدیۆلۆژیەوە دەبێت بە کولتور، ئاخۆ درۆکردن وەک کولتور بەتەنیا هێزە سیاسیەکانن پێی هەڵدەستن؟
لەڕاستیدا هێزە سیاسیەکان کارێکی زۆریان بەوەیە ئەو ئەخلاقە بکەن بە کولتور، تا ئاستی ئەوەی گومان دەکەن بتوانن ئەو کارە بەئەنجام بگەیەنن، بۆیە دەیانەوێت وەک سیمای ئەخلاقی خۆیان بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی رۆشنبیران دێن لەبڕی ڕەخنەگرتن لەو ئەخلاقە درۆکردن دەکەن بە کولتور؟
لەوانەیە ئەوە وەک وێنەیەکی کاریکاتۆری سەیر بکەین؟ بەڵام گرفتەکە ئەوەیە ئەوە حەقیقەتێکی ناو ژیانە، کاتێک حزب ئەوەی بۆ مەیسەر نابێت و رۆشنبیران ئەو ڕۆڵەی بۆ دەبینن، رۆشنبیران بە فەرمانی حزب ئەو کارە بە ئەنجام ناگەیەنن، هێندەی وەک بیانوی زیرەکی خۆیان سەیری دەکەن، بەوەی ئەوان دەتوانن بۆ سوود گەیاندن بەخۆیان ئەو ئەخلاقە بکەن بە کولتور، ڕەنگە وێنەکە هێندە خەمبارانە بێت تا ئاستی ئەوەی ئیدی ئومێدێک نامێنێت بەوەی کێ لەدەرەوەی درۆکردنە، ئەو جوانیە چیە لەناو تێکستەکانەوە دەیبینین و خاڵین لە درۆکردن، گەمژەییەکی گەورەیە خەیاڵ و درۆکردن وەک یەک تەماشا بکەین، خەیاڵ خولقێنەری جوانیە و درۆکردن زادەی دەروونێکی نەخۆشە، خەیاڵ تێکستی ئەدەبی دەخولقێنێت، درۆکردن ناتوانێت تێکست بخولقێنێت، بۆیە لەشوێنی خەیاڵ دێت وێنای بانگەشەکاریەک دەکات بۆ تێکست.
ئەوانەی هیچ بەهایەکیان بۆ نووسین نەهێشتۆتە هێندە بەرەو سادەبوونەوە رۆیشتوون یاخود هەر خۆی نووسینەکانیان لە ئاخاوتنی رۆژانە جیا نابێتەوەو نابێت بە تێکست، هەست دەکەن وەک سەرەتا دەتوانن خوێنەرانێک فریوو بدەن نەک لەرێگەی نووسینەکانیانەوە، بەڵکو لەڕێی بانگەشەکاری ساختە تا بازار بۆ نووسینەکانیان پەیدا بکەن، بۆ ئەوەش دێن خۆیان وەک پارێزگارێکی ئەخلاق و ئاین نیشان دەدەن، ناتوانن قسە لەنهێنی نووسین بکەن، توانای ئەوەیان نیە لەناو نووسینەکاندا وێنای خەیاڵ بکەن، بۆیە لەدەرەوەی نووسین دێن وەک نوێنەری ئاین قسە دەکەن، قسەکردنێک پڕە لە درۆکردن، داکۆکیکارێکی بێمانایی بێ بڕوایی وا دەکات، وەک سەلەفیەکی ئاینی بدوێن، پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە ئاخۆ ئەو درۆکردنە دەبێتە هۆی خولقاندنی بازارگەرمی بۆ کتێبەکان؟
بە بڕوای ئێمە ئەوە پرسەکە نیە، هێندەی بۆ ئەوان سەرنج ڕاکێشانی کۆمەڵگایە بەوەی ئەوان وەک نوسەرانی کلاسیک بەرهەمی حوجرەو خانەقان، بەڵام دەبێت بزانن ئەوەشیان درۆیەکیتری بێ مانایە، نوسەرانی کلاسیک زادەی درۆکردن نەبوون، واقعی کۆمەلایەتی و مێژوویی ئەو فۆڕمەی لەژیان و نووسین بەوان بەخشی، ئەوان زادەی بیرکردنەوەی ناو تێکست بوون، نەک بانگەشەکردن و داکۆکیکاری لە ئاین تا بازار بۆ تێکستەکانیان درووست بکەن.
لەو ساتەوەختەدا ئەوەی سوود مەند دەبێت ئەو نووسەرانە نین، هێندەی هێزە سیاسیەکانن لەوەی دڵنیا دەبن کە ئیتر درۆکردن وەک ئەخلاقێکی ئەوان دەبێت بە کولتور، بە کولتورکردنی درۆکردنیش کۆمەکێکی زۆری هێزە سیاسی و دینیەکان دەکات، تا تەواو کۆنترۆلی هۆشیاری کۆمەلگا بکەن و تا ئاستی ئەوەی لەدەرەوەی هەموو خەیالێکی جوانی تێکست، دنیایەک بۆ درۆکردنی دەرەوەی تێکست هەیە بۆ شیعری بێ شاعیریەت و چیرۆکی بێ ڕووداو، ئەوەش فۆڕمێکیتری ئەوانە هێزە سیاسیەکان لەو کولتورە باشتر دەتوانن درۆ بکەن، دواکەوتووترین هێزی سیاسی دەتوانێت زۆرترین کورسی هەڵبژاردنەکان وەدەست بێنێت، چونکە لەهەمووان زیاتر توانای درۆکردنی دەبێت، خۆی بە نوێنەری ئەخلاقی کۆمەڵایەتی ئێمە دەزانێت، هاوشێوەی ئەو رۆشنبیرانەی نووسینەکانیان باس لەشەهوەتە چەپێنراوەکانیان دەکات، کەچی لەدەرەوەی نووسینەکانیان، دلخۆشی خۆیان بە کتێبی ئاینی و موسوڵمانبوونی خۆیان نیشان دەدەن.

نیهاد جامی-فەڕەنسا




سێ نۆڤلێت لەبارەی شانۆوە.. نیهاد جامی

لەدەرەوەی ژانری شانۆنامە، ئاخۆ کاتێک ژانرێکی تری ئەدەبی باس لە شانۆو گرنگی ئەو هونەرە بکات، دەبێت چ نهنێیەک لەودیوی دنیای شانۆ بخاتە ڕوو؟ هیچ کاتێک ئەو پرسیارەم ئاراستەی خۆم نەکردبوو، تا ئەو کاتەی هەر سێ نۆڤلێتەکەی «دانێل پیناک» م نەخوێندبۆوە.
هەر یەک لەم سێ نۆڤلێتە سەر بەیەک دنیان و گەر خۆمان بەهەڵەدا نەبەین دەتوانین وەک یەک دەستنووس لەسێ پاکنووسدا ناویان بەرین، نۆڤلێتی یەکەم بەناونیشانی««سوپاس» چیرۆکی ئەکتەرێکی شانۆییە، وەک نوسەر ئاماژەی بۆ دەکات زیاتر لەمۆنۆلۆژێکی درێژ دەچێت، چەندین جار وەک شانۆنامە لە فەرەنسا و ئیتالیا نمایش کراوە.
ئەکتەرێک خەڵات وەردەگرێت، لێرەدا پەیوەندی نێوان ئەکتەر و وشەی سوپاس وەک مۆتیڤێک دەردەکەوێت کە بەدرێژایی گێڕانەوەی چیرۆک، ئێمە سوپاس گوزاری ئەکتەرێک دەبینین، کە سوپاسی خۆی دەخاتە ڕوو بەهۆی وەرگرتنی خەڵاتەوە، ئەو سوپاسە دەچێتە ناو نهنیەکانی نمایشی شانۆیی، تا دەگات بە شێوازی خەلات وەرگرتن لەفێستڤاڵەکاندا، کاتێک ئەوەی بیر دێتەوە هەست بە ئازار دەکات، چونکە دەزانێت پێوەری وەرگرتنەکانی خەڵات چین، کۆی ئەوانەش خاڵی نین لەو کەسەی کە رۆژی خەڵاتەکە و ڕێ و ڕەسمەکە دەیخوازێت، کە دەبێت بڕاوەی خەلات پابەندی کۆی ئەو سیستمە بێت، لەوەشدا ئەکتەر وەک مرۆڤێک دەزانێت بووە بە نەریت لەکاتی وەرگرتنی خەڵات دەبێت سوپاسی خانەوادەکەی و لێژنەی دادوەری و هاورێکانی بکات، هەر کەسێک کە بێتە سەر زمانی و بیناسێت سوپاسگوزاری بێت لەوەی وایان کردووە رێز لەشەونخونی و کاری ئەو بگرن، لەوەشدا باس لەو وەزیرەش دەکات کاتێک خەلات دەبەخشێت تەنیا سەیری خۆی دەکات نەک براوەی خەلاتەکە.
گێڕانەوە کۆی چیرۆک لەناو ووشەی سوپاس دەهێلێتەوە، کە ئەم ووشەیە دەبێتە هۆی ئەوەی هەر نهێنی و ڕاستیەک ئاماژەی بۆ بکرێت، دەبێت زادەی ئەم ووشەیە بێت، تەنانەت سوپاس لە ستایشەوە بۆ دەرنەبڕینی ستایشیش، کاتێک باس لەوانە دەکات کە هەرگیز سوپاسیان ناکات، گێڕانەوەکانی کارەکتەر ئەو ڕاستیەی نووسەر بە ڕوونی دەردەخات کە مەنەلۆژێکی شانۆیی زیاتر لەسەر شێوازی شانۆی تاکئەکتەری خۆی دەنوێنێت، رەنگە ئێمە ئەو تێکستە خەیاڵمان بەرێتەوە لای شانۆنامەی «گۆڕانی مالئاوایی» چێخۆڤ، بەهۆی ئەوەی ئەکتەرێک باس لەشانۆ و نهێنیەکانی دەکات، بەڵام لەبنەرەتدا تەواو لەو بابەتەوە دوورە، ڕەنگە هەموو نزیکیەکە هەر لەوەدا بێت کە ئەکتەرێک باس لەشانۆ دەکات، بەناو ناوبردنی نزیکی نێوان ئەو دوو تێکستە لەڕاستیدا ئاکارێکی نووسینە شانۆییەکانی کوردیە، بەوەی ئاسانترین رەخنەیەک دروست بکرێت تۆمەتبارکردنی تێکستەکانە بەیەکتری، رەنگە بپرسن: ئەی ئێمە بۆچی ئەو نمونەیەمان هێنایەوە؟
ئەو پرسیارە لەشوێنی خۆیدایە و تەنیا مەبەستمان ئەوەیە ئەوانەی لەو بارەیەوە دەنووسن بتوانن خێرا فرمانە سەپێنراوەکانیان بەسەر تێکست یەکلا نەکەنەوە، نووسینی کوردی بەناوی توێژینەوە پڕیەتی لەو فرمانانە، بەتایبەت کاتێک قسە لەشانۆنامەی کولتوری خۆرئاوایی دەکەن.
بەهۆی شێوازی گێڕانەوە، نووسەر ئەوەی بە پەسند زانیووە ناوی بنێت نۆڤلێت نەک شانۆنامە، ئەوەش بەتەنیا وەک یەک تێکست کۆتایی نایەت، بۆیە ووشەی سوپاس دەبێت بە ناونیشانی کتێبێک و لەو روانگەیەوە سێ نۆڤلێت لەبارەی شانۆ دەگرنە خۆیان.
نۆڤلێتی دووەم بەناونیشانی «ئیتالیەکانی من: تۆماری سەرکێشیەکی شانۆییە» خوێنەر تووشی هیچ دابڕانێک نابێت لەگەڵ نۆڤلێتی یەکەمدا، تەنانەت گێڕەرەوە هەوڵ دەدات ئەوەمان وەک دەستنووسێکی تری تێکستی «سوپاس» پێ نیشان بدات، ئەو پاکنوسە وەک جۆرێک ئیشکردنەوەیەکی سەر لەنوێ ناو دەبات، لەوەشدا بۆ کۆمەکی خۆی پەنا دەباتە بەر رۆمانی «مەدام بۆڤاری» فلۆبێر، بەوەی گەر فلۆبێر ئەمجارە ئەو رۆمانە بنووسێتەوە زۆر شت لا دەبات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کاتێک لەم نۆڤلێتەدا دەیەوێت تێکستەکە بخاتە سەر شانۆ نیوەی زیاتری دەبڕێت، لێرەدا ئێمە هەست ناکەین نۆڤلێتێک دەخوێنینەوە، وەک چۆن هەست بەوەش ناکەین لەبەردەم شانۆنامەیەکداین، بەڵکو لەناو خودی ژیان و شانۆداین، وەک ئەوەی لەناو ئەزموونی نووسین و شانۆ و خودی ژیاندا بین.
پەیوەندی راستەوخۆی ژیان لەپاریس و شانۆ وەک هونەر دەبنە مۆتیڤی سەرەکی، تا دەگاتە ئەوەی گوێ لەپرۆگرامی رادیۆ دەگرێت بە زمانی ئیتالی، لێرەدا دەچینە سەر پەیوەندی ناونیشانی ئەم نۆڤلێتە، ئیتالیەکانی ئەو بریتین لە ژنە ئیتالیەکەی و هاوڕێ ئیتاڵیەکەی، سەرباری ئەوەی وەک ئاماژەی بۆ دەکات نیوەی دانیشتوانی پاریس بە ئیتالی قسە دەکەن، بەتایبەت وەک دەرهێنەرەکەی باسی بۆ کردووە کە شانۆنامەکە لەفێستڤالێک نمایس دەکرێت، تایبەتە بە ژنانی ئیتاڵی، ئەوەش پەیوەندی ئەو سەرکێشیە شانۆییەتی لەگەڵ ئیتاڵیەکانیدا، وەک لەناونیشانەکەوە سەرنجمان بۆ لای خۆی ڕادەکەشێت.
ئەم نۆڤلێتەیان وەک پەراوێزێک بۆ نۆڤلێتی «سوپاس» دەردەکەوێت، گێرەرەوە خودی نوسەری نۆڤلێتەکەیە، کە دەیەوێت نواندنی تیا بکات، باس لەو چوار نمایشەی پێشوو دەکات کە شانۆکارانی پێش ئەو لەچوار نمایشی جیاوازدا کاریان تیای کردووە.
ئەگەرچی گێرەرەوە خۆی بە رۆمانوس دەزانێت نەوەک شانۆنووس، ئەوەش حەقیقەتی نوسەری ئەو کتێبەیە، بۆیە باس لەوە دەکات کە نوسەرانێکی زۆری شانۆ هەبوون نواندنیان لەشانۆنامەکانی خۆیاندا کردوە، نمونە دێنێتەوە بە مۆلیێر و شکسپیر و تا دەگات بە داریۆفۆ، لەهەمان کاتدا باس لەو رۆمانوسانە دەکات کە شانۆنامەیان نوسیووە، لەوانە کامۆو وسارتەر کە خۆیان نواندنیان لەشانۆنامەکان نەکردووە، بۆیە گێرەرەوە «نەوەک نوسەری کتێبەکە» خۆی بەیەکەم رۆمانوس دەزانێت کە نواندن لەشانۆنامەی خۆی دەکات، بەهۆی ئەوەی ئەم نوسینەی ئێمە بە زمانی کوردیە، بۆیە کەمێک لەو باسە دوردەکەمەوەو ئاماژە بە بابەتێک دەکەم.
گەر نوسەری ئەم کتێبە شانۆکارێکی کورد بوایە، مامۆستایانی بواری رەخنەی ئەدەبی وا سەیری ئەو کتێبەیان نەدەکرد کە سێ نۆڤلێت بێت، بەڵکو وەک یادداشتنامە و شانۆ سەیریان دەکرد، هەر وەک ئەو قسە قۆشمانەی زۆرجار رووبەروی خودی خۆمان کراوەتەوە، کە ژیانی رۆژانە دەنوسینەوە، ئەو لادانە لەقسەکردنمان لەم کتێبە بۆ ئەوەیە رەخنەگران و نوسەرانێکی زۆر کەمێک فراوانتر سەیری ئەدەب بکەن، بتوانن ئاشنایەتی پەیدا بکەن بە تێکست و کتێبی نوێوە.
نۆڤلێتەکە بەدوای گەیشتنی شانۆنامەکە بۆ سەر تەختەی شانۆ کۆتایی دێت، کە کۆی نۆڤلێتەکە بریتیە لەکارکردن لەناو شانۆنامە وەک نووسین، دواتر پرۆڤە لەتێکستەکە و تا چوونی بۆ سەر تەختەی شانۆ، سەرباری پەیوەندی بە ژیانی کولتوری پاریسیەوە، کۆتایی ئەو نۆڤلێتە دەرگایەکیترمان بۆ دەکاتەوە، تاوەکو گەشت بەناو ئەو دنیا شانۆییە بکەین، بۆیە نۆڤلێتی سێ یەم دەست پێ دەکات لەژێر ناونیشانی «سوپاس؛ ئیقتیباسێکی شانۆیی» ئەم نۆڤلێتە بەتەواوی لەنوسینی شانۆنامەیەکەوە نزیکە، بە دیمەنی سەر تەختەی شانۆ دەست پێ دەکات، دەتوانین ئەو نۆڤلێتە ناو بەرین، بە دەستپێکێک بۆ کۆتایی نۆڤلێتی دووەم، بۆیە هەر سێ نۆڤلێتەکە لەبارەی شانۆو بەدەوری ووشەی سوپاس دەسورێنەوە، سوپاس وەک ووشەو کردار ڕووبەرێکی گەورەی ئەو سێ تێکستە بەدوا یەکە پێکدێنێت، کە لە کتێبێکدا کۆبوونەتەوە، تابلۆکانی هیتلەر کە لە نۆڤلێتی یەکەم باسی لێوە دەکات، لە نۆڤلێتی سێ یەم بیرمان دێنێتەوە، هیتلەر ئەو مرۆڤەی ملیۆنەها کەسی بێگوناهی کوشت، کەچی پێشتر خەریکی نیگارکێشان بووە، ئەوە زانیاریەک نیە گێرەرەوە پێمانی ببەخشێت، هێندەی کەنالی پەیوەندی نێوان نۆڤلێتەکانە، نەک ئەو سێ تێکستە لەیەکتری دانابرێت، بەڵکو هەمیشە دەیەوێت وەک زنجیرەیەکی بەدوای یەک هاتوو بیانبینین، کە لەکۆتاییدا هەر سێ نۆڤلێتەکە وەک ڕۆمانی سوپاس بخوێنینەوە
لەلاپەڕەکانی کۆتاییدا تێدەگەین بۆچی ناونراوە «سوپاس» ئەو ستایشە پێوەری وەرگرتنی خەلاتەکانە، جا با خەڵاتەکە وەک رێزلەنان بێت بۆ تەواوی کارەکانی ژیانت، بۆیە لەکۆتاییدا ئەو وشەیە لەستایشەوە دەگۆرێت بۆ ئاماژەیەکی هەڕەشە کە سوپاسی بەرێز بلامارد ناکات، ئەوەی شایستەی سوپاس بێت ئەو نیە مرۆڤەکانی دەرەوەی خەڵاتەکانن، مرۆڤگەلێکی پەراوێزی ناو ژیان، ئەوانەی کاری خزمەتگوزاری و ساقیەتی مەیخانەکان دەکەن.

نیهاد جامی- فەڕەنسا




من لەوێ نیم، بەڵام ساڵانێک تیایدا ژیام و نەمردم.. نیهاد جامی

لەهەموو کاتێک زیاتر پرسیارێک لەزهنمدا دەسورێتەوە، پرسیارێک من خۆمی لێ دەدزمەوە، ئەو خێرا بەخۆیەوە خەریکم دەکاتەوە، من پێم خۆش نیە لەبارەی ئەزموونی نووسین و نهێنیەکانی قسە بکەم، چونکە نەوەستاوم و هێشتا ساتی مردنم نیە، بەڵام شتێک وەک پرسیار ناچاری هەندێک قسەکردنم دەکات، سەرەنجام گوێ لەو دەنگە زهنیە دەگرم، کاتێک دەپرسێت: تێکستی ئەدەبی توانای هەیە مێژوو لەسیاسەت وەربگرێتەوە؟
پرسیارکردن لەپەیوەندی نێوان ئەدەب و مێژوو کردەیەک نیە بۆ نووسینەوەی مێژوو وەک ئەوەی رووداوەکانی ڕوویاندا، بەڵکو چۆنیەتی خوێندنەوەی ئەو ڕۆژگارەیە لەگێڕانەوەی ئەدەبیدا، ئەوە نووسینەوەی ڕووداوە مێژوویەکان نیە، بەڵکو ڕووداوەکان دەبنە زەمینەیەک بۆ ئیشکردنەوە لەسەر چۆنیەتی بەدواندنی مێژوو، لەم نێوەندەدا ڕۆمان لەهەموو ژانرەکان زیاتر توانای ئەو ئیشکردنەی هەیە، بەوەی چۆن سەیری ڕابردوو دەکەینەوە، ئەو نیگاکردنەوەیە بۆ مێژوو لەبنەرەتدا کردەیەکە پاککردنەوەی مێژووە لە غوباری سیاسەت، ڕزگارکردنیەتی لە وەهمی سیاسی، رۆمان لەڕێی گێڕانەوەی کەسێتی گومان دەخولقێنێت، گومان جێلەقکردنە بە گوتارێک کە خەونی خۆشباوەری بۆ مرۆڤی ئێمە بنیاتناوە، لێدان لەو خەونە سەرەتای برین و گومانێکە کە ڕاچەنینێک بەو فانتازیایە دەبەخشێت کە خەونی نەتەوە لەبارگاویکردنی سیاسیەوە دەبات بۆ توێژینەوەو هەڵکۆڵینی ئەو ڕابردووە.
ئەوە بینینی مانایەکی ترە لەناو ڕووداوەکان، هەموو تۆمەتبارکردنێکی رۆمان بەناوی شێواندنی مێژوو، هێندەی قسەکردنە لەوەی چۆن مێژوو بگەڕێنینەوە بۆ سیاسەت و گومان بکەینە دەرەوەی یەقینەکانی ئایدیۆلۆژیا، کەمتر پەیوەندی بە دیدێکی ڕەخنەی ئەدەبیەوە هەیە، بۆیە پێویستە گێرانەوەی ئەدەبی توانای ئەوەی هەبێت زەمینەیەکیتر بخولقێنێت، بەمەبەستی بەخشینی خوێندنەوەیەکی ئەدەبیانە بە مێژوو.
لەکۆی نۆڤلێت و رۆمانەکانمدا هەوڵمداوە لەسەر ئەو تەوەرە ئیش بکەم کە چۆن سەر لەنوێ مێژوو دەبەمە ناو گێڕانەوەی ئەدەبی، ئەوەش نووسینەوەیەکی تری مێژووە، ڕووداوەکان ئەوانە نین کە ڕوویاندا، بەڵکو ڕووداوەکان زادەی زەمینەی ئەو دۆخەن کە لەم رۆژگارە چۆن مرۆڤەکان لەگەڵ ژیان بوون، ساتەوەختە ڕابردووخوازیەکە نووسینەوەی ژیانی کارەکتەری زمانین، بەڵام لەهەمان کاتدا هەوڵی ئەوەمداوە ئەو مێژووە لەڕوانگەی گێڕانەوەی ئەدەبیەوە بنووسمەوە، هەندێک کات خۆم رووبەرووی ئەو پرسیارە کردۆتەوە ئەوە بەرپاکردنی جەنگێکە لەگەڵ سیاسەت، بەگژداچوونەوەی خەونێکە کە سیاسیەکان لەسەری خەوتوون و قسەکردن لەبارەیانەوە وەک حەرامێک لێی دەڕواندرێت، شکاندنی بتی پیرۆزی سیاسەت و قسەکردن لەوەی مانای ڕەمزی بەو ڕووداوانە ببەخشین، بەوەی پیرۆزگەرا شتێک نەبوو جگە لەدرۆی ئەو گوتارە سیاسیە، ئەو فریودانانەی بە مرۆڤی ئێمە بەخشرا دەبوو لەڕاستی رووداوەکان بەهۆش خۆمان بێینەوە، تا ڕادەی ئەوەی دوای تەواوبوونی کتێبێک لەخۆم دەپرسم: هەر بەڕاست ئێمە ساڵەکان لەناو ئەو دۆزەخەدا ژیاین؟ مردن تا ئەو ڕادەیە لێمانەوە نزیک بوو؟
ئەو پرسیارانە گەڕانەوەیە بۆ ناو یادەوەریی زەمەنی، تێگەیشتنە لەبیرکردنەوە لەنووسینەوەی ڕووداوەکان و گێڕانەوەیان لەرێی چیرۆکی نوێوە، وەک ئەوەی کۆمەلێک رووداو بن و روویاندا بێت، ساتی واهەیە ڕووداوەکان بە شێوەیەک تیایدا ژیاوم، خەریکە خۆشم گومان بکەم کە ئەو چیرۆکانە خەیاڵی من نین و ڕاستەقینەن و ڕوویانداوە، بۆ ساتێک ئەو قسە خۆشانەی هەندێک خوێنەرم بیر دێتەوە کە پێیان وایە من ژیانی خۆم لە خۆرئاوا دەنوسمەوە، لەڕاستیدا من دەمەوێت لەڕێی خۆرئاوا چیرۆکی سالانێک بگێڕمەوە کە لەکوردستان تیایدا ژیام، گەر لەوێش بومایە هەرگیز بوێری ئەوەم نەدەکرد ئەو کتێبانە بنووسم، سەرەنجام ویستومە گێڕانەوەی ئەدەبی مێژوو بنوسێتەوە، بەبێ ئەوەی ئەو ڕووداوانە ژیابین کە دەیگێڕینەوە، بروام وایە رووداوە راستەقینەکان زۆر ترسناکترن لەو خەیاڵەی لەناو تێکستی ئەدەبی دەینووسین، کێ دەتوانێت بڕوا بە فانتازیای کوشتنتی رۆژنامەنوسانی گەنج بکات، ئەگەر رۆژگارێک بێت پیاو کوژان کتێبی ژیانی خۆیان بنووسنەوەو باس لەچیرۆکی کوشتنی گەنجانی رۆژنامەنووس بکەن، گەر ئەو چیرۆکی کوشتنانە بەو شێوەیەی پیاوکوژان باسی بکەن ئێمە بیانگێڕینەوە، تۆمەتی ئەوەمان بۆ هەلنابەستن نیشتمان خاکی گەوهەرەو ئاوی کەوسەرەو بە ئێمە ئاوەکە شلوێ نابێت؟
ویستم خالێک دابنێم بۆ کۆتایی، بەڵام نیشانەی پرسیارم دانا، تا گومان لەکتێبی پیاو کوژان بکەم، ئەو کتێبانەی هێشتا پیاوکوژانی بنەماڵەی حزبە کوردیەکان نەیاننوسیون و نەهاتوون باس لەوە بکەن چۆن بۆ خاتری سەرۆک و سەرکردەکانیان ئەو گەنجانەیان لەسەر ستونێک و هەوالێک کووشتوە، ئەو هەموو نهێنیەی ئەوان رۆژگارێک دێت بۆمان بگێڕنەوە، وەک ئەو کتێبانەی لەبارەی ساڵانی نهێنی بەعس لەلایان بەعسیەکان خۆیان نووسران، ئەوسا لە نهێنی ئەدەب و مێژوو تێدەگەین، بەڵام ئەوەی هەیە گێڕانەو ەئەدەبیەکان تەنیا چیرۆکە ڕاستەقینەکان نین، دەنا خوێندنەوەی راستگۆیانەی تەواوی ئەو ڕۆژگارەیە، ئەو رۆژانەی من کورتە ڕۆمانی «لە ئۆکتۆبەر کوژرام» نووسی، لەشکرێک لە ڕۆشنبیرو سیاسی نیگەران بوون و بڕوایان وابوو ئەوە فانتازیایەکی درۆزنانەی منە، بەدڵنیاییەوە خەیاڵی من بوو، بەڵام درۆ نەبوو، حەقیقەتی ناو ژیان بوو، ئەوەتا ئێستا بکەرانی ئەم ڕووداوە دان بە حەقیقەتەکەی دەنێن و دەیانەوێت تاوانەکە بەوە لەکۆڵ خۆیان بکەنەوە بیخەنە ئەستۆی ناکۆک و دۆستەکانی ئەو کات و دوژمنەکانی ئێستایان.
بۆ من ئەوە هیچ لەبابەتەکە ناگۆرێت، لەو رۆژگارە دڵنیابووم لەوەی ئەنجامی دەدەم، بۆیە هاتم «من لەماڵی سەرۆک بووم» نووسی, ئەو کتێبەی ئێستا خەریکم دەیکەم بە فەرەنسی، چونکە لەئێستادا خەونی گەورەی من لەژیان وەرگێرانی تەواوی نۆڤلێت و رۆمانەکانمە بۆ زمانی فەرەنسی، تا ئەو مێژووە لەو روانگەیە نیشانی دنیا بدەم، لە رۆمانی «کارینا» هێندە دۆخی ڕووداوەکان ترسناک بوون تا ڕادەی ئەوەی خودی خۆشم لە ڕووداوەکانی دەترسام، بەڵام بە نووسینی نۆڤلێتی «حەبیبە» ترسی ئەوێشم ئارام بۆوە، زانیم ئیتر من لەوێ نیم، لە قەسابخانەکەی سالانێک تیایدا ژیام و نەمردم، نەمردم تا هەموو ئەو چیرۆکانە بگێڕمەوە بەر لەڕوودانیان لەمندا درووست بن، بۆ ئەوەی لەڕێی چیرۆکە خەیاڵیەکانمەوە، مێژوویەک بنووسمەوەو پارێزگاری لێ بکەم کە ئەوان دەستیان بە خوێنی سوورە، بۆیە هەر کاتێک سەیری بەرگی نۆڤلێتەکانی خۆم دەکەم, پەنجەی بە خوێنی سەرکردەکانی حزب بەسەر نۆڤلێت و ڕۆمانەکانم دەبینم.

نیهاد جامی
فەڕەنسا




ستانسلاڤسکی لەتازەترین پرۆژەی شانۆی ڕۆژدا.. نیهاد جامی


لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی سارد لە ١٩٦٤ شانۆی ڕۆژ لەلایان ئاریانا منۆشکین دامەزرا، هەر لەو ساڵەدا شانۆگەری بۆرژوازی بچوکیان نمایش کرد، ئەو سەرەتایە دەرگای بۆ شانۆیەکی نوێ لێ کردنەوە کە لەڕێگەی ڕاگوزەرو چۆنیەتی کارکردنەوە لەدژی دامەزراوە سونەتیەکان دەست بەکاری شانۆیی بکەن، تا دەگات بە دوا نمایشیان کە ساڵی رابردوو نمایشکرا، چیرۆکی دامەزراندن و قسەکردن لەتەواوی نمایشەکانیان بابەتێکی سەربەخۆ دەبێت و لێرەدا ناکرێت قسەی لەبارەوە بکەین و بەناچاری هەڵیدەگرین بۆ دەرفەتی تر، ئەوەی مەبەستمانە لەم نووسینەدا لەسەر دواهەمین نمایشی ئەم شانۆیە قسە بکەین.
لەنامەیەکی شانۆی رۆژ ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کەوا ساڵی ٢٠١٨ میوانداری دەرهێنەر ڕۆبێری لیپاچ کراوە، ئەمجارەشیان بانگهێشتی شانۆکارێکی تر کرا بۆ ئەوەی لەگەڵ شانۆی ڕۆژ کار بکات، بانگهێشتکردنی نوسەرو دەرهێنەرێکی ئەمریکی بۆ باسکردن لەشانۆی ستانسلاڤسکی بۆ خۆی پرسێکی گرنگی شانۆیە، کارێکە جێی هەڵوەستە و پرسیارکردنە، بەتایبەت ئەو کارە تەواو ئەو دیدە باوەی ڕانردووی شانۆکە تێکدەشکێنێت لەڕووی راگوزەرێک لەناو تێکستدا کەوا لەسەرەتای کارکردنی شانۆی ڕۆژ دەردەکەوێت، هەلبەت ئەم شانۆیە بەپێی ساڵەکان کاری لەگەڵ دەرهێنەری جیاواز کردووەو دیدی بۆ شانۆ گەشەی کردووە، بۆیە نوسەر و دەرهێنەری ئەمریکی ڕیشارد نیلسۆن (١) میوانداری کرا تا تازەترین کاری لەگەڵ ئەکتەرانی شانۆی ڕۆژ نمایش بکات، کارەکەش شانۆنامەیەک بوو لەژێرناونیشانی «ژیانی ئێمە لەهونەردا» (٢) لەچەندین ئاستی جیاواز جێی گرنگی و بایەخە، دەقەکە ئاریانا منوشکین وەریگێراوە بۆ سەر زمانی فەرەنسی و لەکتێبێکدا چاپکراوە (٣)
شانۆنامەکە باس لەگەشتە هونەریەکەی شانۆی هونەری مۆسکۆ دەکات، کاتێک ساڵی ١٩٢٣ لەسالیادی بیست و پێنجەمینی تیپەکە سەفەر دەکەن بەرەو ئەمریکا، بۆیە کارەکتەرو ناوەکانی وەک خۆی لەشانۆنامەکەدا بەکار هێناوەتەوە، تەنانەت ستانسلاڤسکی وەک دەرهێنەر ئەویش لەناو ڕووداوەکاندایە، لەپاڵ ئۆلگای خۆشەویست وهاوسەری چێخۆڤ و کارەکتەرەکانیتر.
شانۆنامەکە بریتیە لە شەش دیمەن، دیمەنی سێیەم دوو بەشە، بەهۆی ئەوەی لەسەر دوو بیرۆکە کار دەکات، دوو نامە هەیە بۆ سەرەتا و کۆتایی، کە زیاتر پەیامی ڕاستەوخۆیە بۆ بینەر بۆ تێگەیشتن لەبیرۆکەی نمایش و ئەنجامی کارەکە.
رووداوەکان هەر هەموویان لەیەک شوێن ڕوو دەدەن، کە هۆڵی ناخواردنە، لەدیمەنی یەکەمدا هاتنی تیپەکەیە بۆ ئەمریکا، ئێمە لەوێدا وێنەیەکی ڕوونمان بۆ شانۆنامەکە لا دروست دەبێت، باس لەگرفتە ئیداری و کولتوریەکانیان دەکەن لە ئەمریکا، هەندێک لە ئەکتەرەکان کێشەیان لەگەل خاوەنی مەیخانەی شانۆکە هەیە، دیمەنەکە خاڵی نیە لەکۆمیدیایەک کە لەشانۆنامەکانی چێخۆڤ دەیبینین، ئەوەش گەڕانەوەی نووسەرە بۆ ئەو دنیایە، کە چۆن کارەکتەرەکانی چێخۆڤ کاریگەریەکی گرنگیان لەناو ژیاندا هەیە، ووشەکان چۆن بەناخیاندا ڕۆیشتووە. شوناسی ڕووسی بوون بۆ ئەوان هەمیشە لەدیالۆگەکاندا ڕەنگ دەداتەوە، ئەوەش جیاوازی کولتوری ئەو دوو کۆمەلگا جیاوازە نیشان دەدات، بەگشتی شانۆنامەکە دەیەوێت گەشتی شانۆی هونەری مۆسکۆ بگێڕێتەوە، لێرەدا توێژینەوەیەکی ورد لەبارەی ئەو گەشتە دەخوێنینەوەو دەبینین، ئەوەی جیاوازی درووست دەکات ئەوە شێوازو زمانی کارەکەیە، ئێمە لەدەرەوەی توێژینەوەی نووسراو و سەپاندنی دۆکیۆمێنت لەناو ڕووداوەکانداین، وەک ئەوەی لەناو خودی ژیاندا بین و ڕووداوەکان وەک شانۆنامە لەگەڵماندا ڕێدەکەن، لەراستیدا بابەت گەشتێکی هونەری ئەم شانۆییە.
گفتوگۆکان چەندە قسە لەنان دروست کردن دەکەن، چاوەروانی کردن بۆ نان خواردن، لەهەمان کاتدا گفتوگۆکان لەبارەی کارە شانۆییەکان و شانۆنامەکانی چێخۆڤ و باس لەئەکتەرێکە کە لەتەمەنی هەشت سالی هاملێتی بینیووە، بەگشتی ژیانی ئەوان بەناو شانۆدا دەسورێتەوە.
قسەکردن لەکێشە ئیداری و هونەریەکانی ئەم تیپە و تەنانەت سوور بوونی کەسێک لەئەمریکا بۆ بینینی ستانسلاڤسکی، دەبێتە بابەتی گفتوگۆی تیپەکە، ئەکتەرەکان بەرچاو ڕونیەکی تەواو دەخەنە ڕوو، بەوەی ئەمریکیەکان وا سەیری دەکەن کە ئەو دەرهێنەرێکی ڕووسیە و دەوڵەمەندە، ئێمە لەکۆتاییەکانی دیمەنی چوارەم کاتێک لەناو ئەو گفتوگۆیەداین، هەمیشە بەنهێنی نوێ ئاشنا دەبینین، لەگەشتی ئەو تیپە بۆ شیکاگۆی ئەمریکی.
ریشارد نیلسۆن کە کارەکتەرەکانی لەئەندامانی تیپەکە وەرگرتووەو لەسەر زاری خۆیان باس لەوردەکاری ئەو سەفەرە دەکەن، دەیەوێت شانۆنامەکە بکات بە ئارگۆمێنتی ئەو گەشتە هونەریە، بەدوای سەد ساڵ تێپەڕین بەسەر گەشتی ئەو تیپە، شانۆنامەیەک دەنووسێت لەبارەی سەفەری گرنگترین تیپی شانۆیی و دەرهێنەرێکی وەک ستانسلاڤسکی، کە لەم سەفەرەدا کێشە کولتوری و سیاسی و کەسێتیەکانیان چی بووە.
بەهەمان شێوەی ستانسلاڤسکی، چێخۆڤ کاریگەریەکی دیاری لەناو شانۆنامەکەدا هەیە، بەڵام ئەو نابینین، بەڵکو قسەکردنەکان لەبارەی شانۆنامەکان و بەتایبەت شانۆنامەی سێ خوشکەکە، ئەوە سەرباری ئەوەی ئۆلگا بەوردی باس لەژیان و نوسینەکانی دەکات.
سەرباری ئەوەی هەندێک نهێنی چێخۆڤ لەڕووی پەیوەندی نێوان ژیانی خێزانی وساتەکانی نووسین دەخرێتە ڕوو، بەتایبەت لەباسکردنی خوشکەکەی چێخۆڤ کە بەلشەفیک بووە.
وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد شانۆنامەکە بە نامەیەک دەست پێدەکات و بە نامەیەکیش کۆتایی دێت، نامەکەی کۆتایی کە ریشارد دەیخوێنێتەوە یانزە ساڵ بەسەر ڕووداوەکانی تێپەڕیووە، نامەیەکە بە ئیمزای ستانسلاڤسکی ستایشی شۆرشی کۆمۆنیستی ڕووسی و حکومەتەکەی دەکات، بەوەی ئەو نیشتمانپەروەرەو ولات و حکومەتەکەی خۆی خۆش دەوێت، لەگەڵ کۆتایی نامەکە ستانسلاڤسکی لێی نزیک دەبێتەوە، بەڵام ریشارد دەلێت «ئەو ئەمەی نەنووسیوە، بەڵام ناچار بوو ئیمزا لەسەر ئەو نامەیە بکات» نامەکە دەپێچێتەوەو دەیخاتەوە گیرفانی خۆیەوە، دەچێتەوە لای ئەکتەرەکان، مۆسیقا و گۆرانی شانۆگەریەکە دەست پێدەکاتەوە، شانۆنامەکەش کۆتایی دێت.
ئەو کۆتاییە وەک پاکانەیەک بۆ سەفەرەکەی ئەمریکاو گەشتی شانۆکەی دەرکەوتووە، بۆ ئەوەی کۆتایی بەهەموو گومان و پرسیارێک بێنێت کە شانۆگەری سێ خوشک لە شیکاگۆی ئەمریکی درووستی کرد، ئەو کاریگەریە گرنگەی شانۆگەریەکە حکومەتی شورەویی ستانسلاڤسکی ناچار بەوە دەکات، نامەیەکی ئامادەکراو لەلایان حکومەتەوە ئیمزا بکات کە ئەو نووسیویەتی، ڕەنگە ئەو پرسە گرنگی تایبەتی خۆی هەبێت لەقسەکردن و گفتوگۆکانی ناو شانۆنامەکە و پارتی بەلشەفیک کە لەم شانۆنامەیەدا ئەکتەرەکان گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن و ئاماژەکان دەبەستنەوە بە خوشکەکەی چێخۆڤ، (٤) بەڵام چونکە لەنمایشەکەی شیکاگۆ، ستانسلاڤسکی توانیەتی ئەوە لەکردەی دەرهێنان ڕوون بکاتەوە بەپێی ئەو ژینگە ئەمریکییە دوور لەدەسەلاتی ڕووسی ئەو کات، بۆیە تۆمەتەکە دەخرێتە سەر ئەو، چێخۆڤ وەک بێگوناه دەردەکەوێت، بەڵام لەلای ریشارد نیلسۆن هۆکارەکە بۆ دۆخی خێزانی چێخۆڤ خۆی دەگەڕێندرێتەوە.
لێرەوە گرنگی ئەم شانۆنامەیە لەچەندین ئاستی جیاواز دەردەکەوێت، کە دیارە ئەوە یەکەم کاری نووسەرە بە فەڕەنسی نمایش بکرێت، کارەکە لەبنەرەتدا بە ئینگلیزیی نووسراوە، کاتێک لەگەڵ منۆشکین باسی کارەکە دەکات، ڕەزامەندی لەسەر ئەوە نیشان دەدات کە میوانداری بکەن تا بێت لەشانۆی ڕۆژ لەگەڵ ئەوان کاری تیا بکات، (٥) هەڵبەت کارەکە هاوکاتی سەد ساڵەی گەشتی شانۆی هونەری مۆسکۆیە بۆ ئەمریکا.
گەڕانەوەی شانۆی ڕۆژ بۆ ستانسلاڤسکی، نیشاندانی پاشگەزبوونەوەی شانۆی ڕۆژ نیە بۆ ئەزموونەکانی، هێندەی گەڕانەوەیە بۆ گرنگی ستانسلاڤسکی لەهونەری شانۆدا، بەتایبەت کە لەم شانۆنامەیەدا دیدی ئەو دەرهێنەرە لەگەڵ ئەکتەرەکانی بۆ تیۆری دەرهێنان و شیکردنەوەی تێکست باس دەکرێت، لەم ڕێگایەوە ئەو ڕاستیەمان بۆ نیشان دەدات کە گەڕانەوەکەی ئەو گەڕانەوەیە بۆ ناو بنەما زانستیەکانی شانۆ و لەهەمان کاتدا سەرباری هەموو شتێک، ناکرێ شانۆ ڕۆلی گرنگی ستانسلاڤسکی فەرامۆش بکات.
هاودەنگی نێوان نیلسۆن و شانۆی ڕۆژ کۆبونەوەیە لەسەر خوانی شانۆنامەکە، گرنگی ستانسلاڤسکی لەو کۆبونەوەیەدا زیاتر لە دیمەنی سێیەمدا دەیبینین، کاتێک باسی ژنێک دەکەن و هەمویان لەدیالۆگەکەدا بەشدارن، شێوازێکە بۆ شیکردنەوەی کارەکتەر، لەم دیمەنەوە تێدەگەیت ستانسلاڤسکی لەڕێی شانۆیەکەیەوە دەیەوێت توێژینەوە لەبارەی ژیانەوە بکات، لێرەدا گەر خالێک شانۆی رۆژ بەدرێژایی ئەزموونی کارکردنی لەڕێی فۆرمی جیاوازەوە ئەو کارە بەئەنجام بگەیەنێت، سەرەنجام بۆ شیکردنەوەی کارەکتەر دەگەرێتەوە بۆ ستانسلاڤسکی لەڕێی ئەم شانۆنامەیەوە.
لێرەدا دوو خاڵی گرنگ لەپشت نووسینی ئەم شانۆنامەیە بۆ نووسەر وەستاوە، یەکەمیان کاردانەوەیەکی ئەخلاقیە بەرامبەر بەو تیپە شانۆییە کە سەد ساڵ پێشتر چوونەتە وڵاتەکەی، بەپێی دۆکیۆمێنتەکان کە لەوتارێکدا بەدوای شانۆنامەکە نووسیویەتی و لەکتێبەکە لەگەڵ وتارێکی منۆشکین و گفتوگۆیەکی هەردووکیان بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چۆن بینەران بە ورووژم بەرەو هۆڵی شانۆگەریەکە هاتونەتە تا کارەکەی شانۆکارانی ڕووسی ببینن.
خاڵی دووەمیش وابەستەی ئەو ململانێ سیاسیەی ئەو دوو بلۆکی سۆسیالیستی و سەرمایەداریەی ئەو رۆژگارە بووە، کە دواتر ئیمزا لەسەر نامەیەک بە ستانسلاڤسکی دەکەن، لەکاتێکدا نمایشەکەی وەک دەسەلاتێکی هونەری سەربەخۆ دیدی ئەوی بەرجەستە کردووە، بەڵام وەک نیلسۆن لەو گفتوگۆیەکەی وێب سایتی «کتێب و فیکرەکان» بەناوی «سەدەی ستانسلاڤسکی» بە زمانی ئینگلیزیی بڵاو بۆتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە شانۆ و سیاسەت لەیەکتر دانەبڕاون، دیارە ئەو ڕوانینەی نیلسۆن بۆ ستانسلاڤسکیش هەر ڕاستە، بەڵام پرسەکە ئەوەیە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەدوای کۆتایی هاتنی، ناتوانێت ستەمی سەپێنراوی تا کۆتایی حاقیقەت بشارێتەوە، حەقیقەت لەکاری هونەریە، ئەو دێت بەدوای مەرگی بلۆکی سۆسیالیستی لەم شانۆنامەیەدا بوونی خۆی دوای سەدەیەک نیشان دەداتەوە.

نیهاد جامی-فەڕەنسا
——————————–

پەراوێز و سەرچاوەکان:
(١) ریتشارد نیلسۆن شانۆنوس و دەرهێنەرێکی ئەمریکیە لە دایکبوی ١٩٥٠، وەک نووسەری شانۆیی بیست و چوار خەلاتی وەرگرتووە، پەنجا و دوو شانۆنامەی نووسیوە، هەندێکیان لەتێکستی ترەوە وەرگیراون، بەتایبەت دوو کاری لە دوو شانۆنامەی چێخۆڤ وەرگرتووە، پێنج شانۆنامەی بۆ ڕادیۆ نووسیوە، سیناریۆی بۆ پێنج فیلمیش نووسیوە، دواهەمین بەرهەمی سالی ٢٠٢٤ نووسیوە لەژێر ناوی «رۆژانەی جەنگ و شانۆ»
(٢)Notre vie dans l’art /Richard Nelson, l’avant-scène théâtre 2023
(٣) یەکەم نمایشی شانۆنامەکە لە رۆژی ٦ ی دیسێمبەری ٢٠٢٣، چوارچێوەی فێستڤالی پایزدا نمایش کرا.
(٤) بەبڕوای ئێمە ئەو پرسە تا ئێستا لەنووسینی کوردیی لەبارەی سێ خوشکەکەی چێخۆڤ باسی نەکراوە، بۆیە هەر وتارێک لەبارەی ئەم شانۆنامەیە نووسرابێت تەنیا هەولدراوە، باس لەوە بکرێت کە نووسراوە، بەواتای توانای ئەوە نەبووە کە نهێنی نووسین ئاشکرا بکات.
(٥) Stanislavski’s century, an interview with Richard Nelson, www.booksandideas.net




ژن لەشەوانی شانۆی فەڕەنسیدا.. نیهاد جامی

رەنگە سەرەتا ئەم ناونیشانە کەمێک بەلای مەیلی سۆزداریدا بچێت، بەڵام لەڕاستیدا ناوەرۆکی نووسینەکە تەواو جیاوازە، هێندەی قسەکردنە لەپەیوەندیی نێوان ژن و شەو لەشانۆدا، چارەسەری ئەو پەیوەندییە لەڕێگەی شانۆنامەکانی ئەمڕۆی شانۆی فەرەنسی، گەڕانەوەیە بۆ یەکێک لەتازەترین کتێبە شانۆییەکان.
فێستڤالی ژن لەپاریس خولی دوانزەهەمینی ئەمساڵ بانگهێشتی نۆ نوسەری کرد کە هەریەکەی کورتە شانۆنامەیەک بنووسێت لەبارەی شەو، تەواوی شانۆنامەکانی لەکتێبێکدا چاپکرد بەناوی «شەو، نۆ شانۆنامەی کورت» (١) کە وێنەیەکی راستەقینەو زیندووی ئێستای شانۆ و کێشەی ژن نیشان دەدات، دەکرێت قسە لەناوەرۆکی شانۆنامەکان بکرێت بۆ سوود وەرگرتن لەئێستای گوتاری شانۆ، کە بەداخەوە هەمیشە قسەکردنی ئێمە لەشانۆی خۆرئاوا قسەکردن بووە لەرابردووی ئەو شانۆیە و نەک ئێستای گوتارە شانۆییەکەی، بۆیە مەعریفەی ئێمە بۆ شانۆی خۆرئاوا وابەستەی پەنجا سالی رابردویەتی، مەگەر چەند کورتە نوسینێک هەبووبن باسیان لەو ئێستایە کردبێت، پێشەکی کتێبەکەش ئەویش وەک سیناریۆیەکی شانۆیی نووسراوە لەژێرناونیشانی «شەوی ئێمە» ی ئاکسێل ژا نیکێی (٢)
پەیوەندی نێوان نوسەرە لەگەل کۆمەلێک کارەکتەردا، گێڕانەوەیەکی درامیە لەدەرەوەی دیالۆگدا، سەفەرێکی هەمیشەیی مێژوویی ژنە لەرێگەی سەمایەکی ڕەگەزی کە گوزارشت لەخەون و شادی و ساتە جیاوازەکانی ژیانی بکات ، خۆی بەدوور دەگرێت لەهەر پرۆسەیەکی ناونان بۆ فۆڕمێکی شانۆیی، سیناریۆیەکی شانۆیی دەگێڕێتەوە لەپەیوەندیی نێوان ژن و شەودا .
ئەو پێشەکیە ئەگەرچی وەک سیناریۆیەکی شانۆیی خۆی دەنوێنێت، بەلام وەک نووسینێک بۆ دەستپێکی ئەو نۆ کورتە شانۆنامەیە نووسراوە، هەرچەندە بە بروای ئێمە، لەئاستی بەشێک لەشانۆنامەکانیتردایە، گرنگیەکەی کەمتر نیە لەهەندێک لەو شانۆنامانەی ناو کتێبەکە.
شانۆنامەی “شەوەکان لەگەڵ باوکم” ی ماریا لا ڕێیا (٣) گەڕانەوەیەکی نۆستالۆژی ژنێکە لەرێی مۆنۆلۆژێکەوە، دەگەرێتەوە بۆ مناڵی، بۆ شەوانێک کە ئەو ناتوانێت بخەوێت، باوک ترسی لە مردنی هەیە، وەک پزیشکەکە دەلێت ئاخۆ کە ئێمە باش نەخەوین دەمرین؟ ئەو ترسە لەمناڵ، هەمان نیگەرانی ئەوی مناڵە لەباوک لەخواردنەوەو جگەرە کێشان، تا دەگات بەڕۆچوونە ناو ساڵەکانی مناڵی و هەرزەیی،گومانکردن لەوەی ئەوی مناڵ تەمەنی پێنج ساڵ بوو یان سەد ساڵ، دەستەواژەیەکە بۆ هەستکردن بەپیریی لەمناڵیدا، وێناکردنێکە بۆ ترس وەک داکۆکیکردن لەخۆشەویستی وترس لەتەنیابون و لەدەستچوون، مۆنۆلۆژێکە لەڕێی ئەکتەرێکەوە.
شانۆنامەی “دەروازە” ی کولۆمب شنێک (٤) ژنێک لەتەمەنی پەنجا ساڵیدا وەک گێڕەرەوە دەردەکەوێت، لەپاڵیدا منالێکی یانزە یاخود دوانزە ساڵان، کە لەو ناوەدا یاری بە بووکەشووشە نەخۆشەکەی دەکات، ڕووداوەکان لەژووری ماڵێکدا ڕوو دەدەن، گێڕەرەوە چیرۆکی شەوێک دەگێڕێتەوە، گێڕانەوە لەدەرەوەی زەمەنی گێڕەرەوە نیە، بەڵکو گێڕەرەوە بەشێکە لەناو گێڕانەوە، چونکە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە کە خۆی تیایدا بەشدارە، چیرۆکی کەسێکی نادیار لەشەودا، ئەوەش گێرەرەوە وەک بەشداربوویەکی ناو ڕووداوە، کاتێک گێڕەرەوە بێلایەن نیە لەگێڕانەوەی چیرۆک، بەلکو خۆی بەشێکە لەناو ڕووداو، ئەو کاتە پەیوەندی ئەو لەتەک گێڕانەوە ئامادەبوونی بەشێکی خۆیەتی.
شانۆنامەی “بڕیار” ی كلێر شێزال (٥) ژن و پیاوێک چیرۆکێک دەگێڕنەوە، ئەوان نوێنەرایەتی کۆی ڕووداوەکان دەکەن، دیمەنەکان وەک گڕێچنی تەقلیدی شانۆنامە پەیوەندیان نیە بەیەکەوە، بەڵام لەڕووی کێشەکانی مرۆڤی هاوچەرخ لەبێزاری و تەنیایی و بێ ئامانجی ژیان و بێهودەیی، ئەو ئێستایەی تیایدایە، ئەو هێلە گشتیانەن کە ڕووداوەکان بەیەکترەوە دەبەستێتەوە، کات وەک جێگۆڕکێ ڕووداوەکان بەڕێوە دەبات، سەرەتا ڕووداوەکان لە مالێکدا ڕوو دەدەن، پیاوێک لەدەرگای مالی ژنێک دەدات، لەدیالۆگی نێوانیان تێدەگەین، پیاوەکە ئەمشەو لای ژنەکە دەمێنێتەوە خۆشحاڵی هەردووکیان بەدیدارەکە بەتایبەت کاتێک پیاوەکە دەزانێت مێردی ژنەکە ئەمشەو ناگەرێتەوە، کەواتە دەتوانێت لەلای بمێنێتەوە.
دیمەنی دواتر دوو کاتژمێر دواتر ڕوو دەدات، ژن و پیاوێک ئەوینداری یەکترین، پیاوەکە لە چێشتخانەیەک چاوەروانی ژنەکە دەکات، ژنە لەهاتنی داوای لێبوردن دەکات کە دوا کەوتووە.
خولەکێک دواتر چیرۆکی سێیەم دەست پێدەکات، لە مەیخانەیەکدا پیاوێک دانیشتووە وژنەی خزمەتکاری مەیخانەکە دێت و دواتر لەگەلیدا دادەنیشێت، چونکە هەردووکیان تەنیان و کاتیان هەیە بەیەکەوە بەڕێی بکەن، لەقسەکردنەکاندا دەردەکەوێت کچەکە رۆژنامەنووسە و دلخۆشیشە بەکاری رۆژنامەوانی، لەدیالۆگەکاندا رەنگە جوانترین دەستەواژە ئەوە بێت کاتێک پیاوەکە دەلێت “ئێمە بەردەوام کاتمان نیە بۆ قسەکردن لە مردن” ڕەنگە ئەو دیالۆگە ڕێک مانای ترسی چیرۆکەکانی ناو شانۆنامەکە بخاتە ڕوو، بەوەی ئێستای تێکست کە ئێستای قسەکردنی نووسینە، کاتێکی گونجاو بێت بۆ گەران، تاوەکو قسە لەمردن بکرێت، قسەکردنێک ناڕاستەوخۆ دەیانەوێت لەناو چیرۆکەکان مرۆڤەکان لەیادی بکەن کەچی سەرەنجام بە ناچاری دەگەرێنەوە ناوی، بۆیە پیاوەکە داوا لەژنەکە دەکات کە لەگەڵی بڕوات، بەڵام ئاخۆ شتێک هەیە ببێتە بەربەست لەبەردەم ئەم کارە؟ ژنە بە ڕادەیەک تەنیا و بێباکە، دوا دیالۆگی خۆی بەوە کورت دەکاتەوە بەوەی کەس چاوەرێی ئەو ناکات.
پێنج کاتژمێر دواتر لەنەخۆشخانەدا، ژن و پیاوێک گفتوگۆ دەکەن، تەنیایی بەجۆرێکیتر رووبەرێکی خولقاندووە، کە مرۆڤ ناچاری قسەکردن دەکات، لەبارەی ئەوەی تیایدان، قسەکردن لۆژیکێکی لەپشتەوە نیە، هێندەی هەولێکە بۆ ناسینی ئەویترو قسەکردنی مرۆڤ، لەبارەی فیلم و ژەنینی پیانۆ لەنەخۆشخانە، پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ سەرگەردانی مرۆڤی هاوچەرخ وابەستەی ئازادی مرۆڤە لە کۆت و بەندەکانی، کە بەرەو پانتاییەکی نادیار هەنگاو دەنێت؟ ئەوە قسەکردنە لەنادیار، تێگەیشتنە لەودیوی ناخی یەکتری، تا ئیتر پرسیار لەماهیەتی خود بگۆڕێتە سەر پرسیارکردن لەنادیاری ئەویتردا.
“ئەم ئێوارەیە شتێکی تر هەیە” دەستەواژەیەک مرۆڤەکان لەنەخۆشخانە بەدەوریدا دەسورێنەوە، بەڵام کۆی چیرۆکە پچڕاوەکان، تەنیایی مرۆڤەکان نیشان دەدات، ئامادەیە لەکرانەوەی دیالۆگ لەگەڵ ئەویتردا ڕێبکات و بەردەوام بێت لەژیاندا.
دیالۆگ لەم شانۆنامەیەدا سەرباری ئەوەی نوسەری شانۆنامەکە رۆژنامەنووسە و شانۆنووس نیە، بەڵام شانۆنامەکە لەئاستێکی بەرزی زمان و پەیوەندی رۆژانەی مرۆڤی هاوچەرخدایە، نووسەر وەک بەشێکی نوسەرانی ئەو کتێبە هەوڵی نەداوە لەرێگەی تاکە ئەکتەرێک یاخود مەنەلۆژی درێژەوە ڕووداوەکان بگێڕێتەوە و بگەرێتەوە ناو کردەی نەستی کارەکتەر، بەلکو ویستویەتی لەرێی دیالۆگی کەسێتیەکانەوە شانۆنامەکەی بنووسێت، ئەوەش وایکردووە ڕووداوەکان ڕوونتر خۆیان بخەنە ڕوو، سەرباری ئاست باڵایی بیرۆکە و بابەت لەشانۆنامەکەدا.
شانۆنامەی “سەمای دوکەڵ” ی عالیە عەتایی(٦)، ڕووداوەکانی لەسنوری نێوان ئەفگانستان و ئێران ڕوو دەدەن، پیاوێک بەخۆی و هاوسەرەکەی و خوشکەکەی خۆیان دەخالەتی مالێک دەکەن، ئەوان لە دەسەلاتی تالیبان ڕایانکردووە، گوڵشا ئەو کچە ڕاکردوەی خانەوادەکەیەتی گۆرانیبێژە، نوروئەللا خودان ماڵ دەکەوێتە ئەوینیەوە، تاکە شەوێک بەسە بۆ ئەوەی تراژیدیاکی گەورە چاوەروانی خانمی گۆرانیبێژ بکات، کە لەنێوان پیاوانی تالیبان و پیاوانی خودان ماڵ، تەنیا یەک دید هەیە بۆ ڕوانین لە ژنەکان، سەرەنجام بە خۆسوتاندنی گۆرانیبێژەکە شانۆنامەکە دەگاتە کۆتایی مەرگەساتی ڕووداوەکان.
ئەو بیرۆکەیەی شانۆنامەکەی عالیە عەتایی، وێنەیەکی ڕوونی کۆمەلگای خۆرهەڵاتی بۆ ژن دەخاتە ڕوو، لەنێوان لاقەکردنی لەلایان پیاو و خۆکوشتنی ژن، دوانەیەک پێکدێنن بۆ مەرگەساتێکی ژنانە لەم کۆمەلگایانەدا، نووسەر توانیویەتی چیرۆکێک بگێڕێتەوە کە زادەی ژیانی ڕاستەقینەی ژن بێت، بەلام گێڕانەوە لەئاستی ڕەگەزی چیرۆکدا دەردەکەوێت، گێڕانەوە وابەستەی زمانی شانۆنامە نیە، هێندەی گێڕەرەوە بریتیە لە گێڕانەوەی نوسەر بۆ چیرۆکێک تا لەکۆتاییدا ژیانی خۆی و ژنانی ئەفگانستان بەو کۆتاییە وێنا دەکات، بۆیە ئێمە پێویستمان بەوە نیە پرسیار لەوە بکەین گێڕەرەوە کێیە؟ چونکە دەنگی نووسەر لەکۆتایی تێکستەکەدا گوڵشا و خۆی وەک نوسەر وەک یەک وێنا دەکات، بەوەی ئەوان لەوێ ئەوە چارەنوسیانە، کردەی دراماتۆرگی لەناو شانۆنامەکەدا وونە و دەبێت دراماتۆرگێک سەر لەنوێ بەپێی ئاستی گێڕانەوە بیگۆڕێتە سەر رەگەزی شانۆنامە، لەو کاتەدا ئاسانترین فۆڕم گواستنەوەی گێڕانەوەیە بۆ ناو شانۆی تاکئەکتەری، دەکرێت بەهەمان شێوە کەسێتی ناو ڕووداوەکان دابەش بکرێنە ناو دیمەنە شانۆییەکان.
شانۆنامەی “ئەدێل” ی کلۆی مونس، (٧) بابەتێکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دوو فۆڕمی ژیانی ژنی فەرەنسیەوە، بۆ ئەوەش نووسەر دوو ژنە هاورێ هەلدەبژێرێت، ئەوان رۆژگارێکی زۆرە هاوڕێن، بەهۆی کارو سەرقاڵی ژیانەوە ماوەیەکی زۆر ناتوانن یەکتر ببینن، تا سەرەنجام زاڵ دەبن بەسەر کاتەکان و یەکتری دەبینن، دیدارەکانیان وەک پێشوو درێژە پێدەدەن، ئەدێل کارمەندی پێشوازی ناو فرۆکەیە، دەیالۆگەکانی بەهۆی پیشەکەیەوە تێکەڵەیەکە لە فەرەنسی و ئینگلیزیی، ماریان لەگەلەری هونەری کار دەکات، ماریان خۆشەویستێکی هەیە و ژیانی ئاسایی رێدەکەن، کە سەردانی ماڵی یەکتری دەکەن، ئەو لەگەڵ خۆسەویسترەکەی پێکەوە سەرجێی دەکەن و دەخەون، وەک بەشێکی سرووشتی ناو ژیان، بەڵام ئەدێل تەواو جیاوازە بەهۆی گەشتەکانیەوە، پیاو گەلێکی بێشوومار دەناسێت لە ژاپۆنی و ئینگلیزی و ئوسترالی و فەڕەنسی، وەک خۆی دەلێت ناتوانێت لەگەل کەسێکدا جێگیر بێت، چیرۆکی ناسینی ئەو کوڕە منالکارە دەگێڕێتەوە کە لەئاهەنگی لەدایکبونی ئامۆزاکەی ناسیویەتی، ئەو ناسینە ناو دەبات بەوەی دەیویست پەتێک بێنێت و خۆی پێ بخنکێنێت، سەرکێشی سێکسی ئەو هەموو سنورێک تێدەپەڕێنێت، کاتێک بەهۆی کارەکەیەوە کە لەئوتێل دەمێنێتەوە، تەلەفۆن بۆ دۆستەکانی دەکات، لەو رێگەیەوە سێکسیان لەگەڵ دەکات، راڤی کارەکتەرێکیتری ناو شانۆنامەکەیە، ئەو کوڕە وەک دۆستی ئەدێل دەناسین، پەیوەندی پێوە دەکات کە لە ئوتێل دابەزیووەو ئەدێل دەڕواتە لای، وەک هەر دۆستێکیتری سێکس دەکەن، دواتر نایەوێت شەو دوای کارەکەی لەگەڵ راڤی بێت، ئەوەش ڕوویەکی ناسینی کارەکتەرە، بەوەی دەیەوێت داکۆکی لەئازادی خۆی بکات و لەگەڵ کەس نەمێنێتەوە، بەتایبەت کاتێک باسی ساتی خەوتن دەکات کە نایەوێت کەس بێزاری بکات بە پرخەو جولە.
تەواوی چیرۆکی خۆی لەگەڵ راڤی بۆ ماریان دەگێڕێتەوە، ماریان وەک هەمیشە سەرسوارمانی خۆی بۆ هاوڕێکەی نیشان دەدات، لەبونی چیرۆکی سێکسی لەگەڵ پیاوەکان، تا ئەو ڕادەی ئەدێل دلخۆشی خۆی دەباتە سەر شۆخی بەوەی ئەو حەیوانە و وەک پشیلە وایە، دیمەنی حەوتەمی شانۆنامەکە کە کۆتا دیمەنە نووسەر هەوڵ دەدات لەم دیمەنەدا سیماکانی کارەکتەرە ئالۆزەکەمان بە تەواوی ڕوون بێتەوە، ئەدێل نەک لەبەر ئەوەی بڕوای بە فرە سێکسیە کارەکتەرێکی ئالۆزە، بەڵکو ئەو پەیوەندیە مرۆییەی لەنێوان دوو کەسدایە بۆ ئەو وەک زیندان دەیبینێت، ئەگەر لەشوێنێکدا بۆ شۆخی وەک حەیوان خۆی ببینێت، بەلام کاتێک ڕاڤی نامەیەکی دەنگی سەر تەلەفۆنی بۆ جێدێلێت، بەر لەوەی داوای بینینی بکات، باس لەوە دەکات کە باڵندەیەک هەیە ٢٠٠ ڕۆژ بە ئاسمانەوەیە بەبێ ئەوەی بنیشێتەوە، هەلبەت بەو پێیەی ئەو باڵندە ناسێکی هندیە، زانیاری تەواوی لەو بارەیەوە هەیەو توێژینەوە دەکات، بۆیە ئەدێل بەو باڵندە ئازادە ناو دەبات، بە باڵندە ناوبردنی ئەدێل، ئەو کارەکتەرە وەک بوونێکی ئازادی فەرەنسی دەبینێت، کە خودێکە بەرهەمی ئازادی خۆیەتی، نایەوێت وەک زیندان پەیوەندی بیخنکێنێت، ئەگەر ئەو دیدگایە نەک بۆ مرۆڤی خۆرهەلاتی، تەنانەت گەر بەشێکی خۆرئاوایش قبوڵی نەبێت و بڕوای پێنەهێنێت، سەرەنجام ئەو خودێکە ئازادی لەدەرەوەی وابەستەبوونی مرۆڤەکان بە یەکتریەوە دەبینێت، بەوەی ئەو پەیوەندیە ئازاد وکراوانە دەتوانن ئەو نەخنکێنن و پەتی سێدارەی بۆ ئامادە نەکەن، وەک خۆی لە دیمەنی یەکەمدا ئاماژەی بۆ دەکات.
بۆیە شەو کە مانای ئازادیە بۆ کارەکتەرەکەمان لەهەمان کاتدا پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە عەشقەوە، بەوەی عەشق و ئازادی وابەستەی یەکترین، ئەو دەمەی لەگەڵ دەنگەکە قسە دەکات، پیاوە هندیەکە هاوڕایە لەگەڵ ئەوەی هەرچەندە ئەو بە کچی رۆژ ناو دەبرێت نەک کچی شەو، بەلام ئەدێل ئەوەش زیاد دەکات؛ گەر رۆژێک کەوتە خۆشەویستی کەسێکەوە بەدلنیاییەوە لەشەویشدا دەردەکەوێت، ئەوە لە کاتێکدا ئەو دەمەی لەگەڵ دەنگی تارماییەکە قسە دەکات کاتژمێر نۆی شەوە، مانگ بە ئاسمانەوەیە و لەماڵەکە دەچێتە دەرەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ ئەوە مانای کەوتنە ناو عەشقی پیاوە هندیەکە نیە کە لەشەودا بەرەو ئوتێلەکە بۆی دەڕوات؟ ئەی تارماییەکە کێیە؟ چونکە هاوشێوەی ئەو بیر دەکاتەوە، ئاخۆ تارماییەکە خودی ئازادیە؟ لێرەدا هەوڵ دەدەین بۆ دەرگا داخستن لەسەر ئەم شانۆنامەیە لەسەر ئەم دوو پرسیارە کەمێک بووەستین.
ئێمە لێرەدا بەڕۆیشتنی ئەدێل تێدەگەین ئەو دەرچوونە، ماڵ وەک گۆڕانێک بەسەر خۆی دەیبینین، ئەو کە لەشەودا دەرناچێت بۆ لای کەس، تەنیا کاتێک لەشەودا دەمێنێتەوە، ئەو دەمەی کەوتە خۆشەویستیەوە، کەواتە دەرچوونی لەماڵ وەک دەرچوونی (نورا) بوو لە “ماڵی بووکە شووشە”ی ئەپسن کە ویستی دنیای ناو ماڵ بگۆڕێت، ئەو وێکچوونە بەمەبەستی تێگەیشتنە لەوەی کەوتۆتە خۆشەویستی ڕاڤی، چونکە ئەو پیاوە هندیە تاکە مرۆڤێک بوو لەمانای ئازادبوونی ئەو تێگەیشت، ئەوینی فڕینی بۆ باڵندەکان، وایکردبوو ئەویش وەک باڵندە ببینێت، ئیدی چۆن نەکەوێتە خۆشەویستی ئەو پیاوەی وەک باڵندەی ئازاد سەیری دەکات، لەپێش ئەو بریارەش ئەو گفتوگۆ لەگەڵ تارمایی دەکات، کاتێک تارمایی ئەو گۆڕانکاریەی ئەدێل باسی دەکات لەکەوتنە خۆشەویستیەوە، لەشەودا جەستەی بە پیاوێک دەسپێرێت، تارمایی پێی دەلێت “بەڵێ ئەزانم ئەدێل، من ئەزانم، بەڵام ئەوە سەختە بۆ بەڕێزتان، وەک چۆن بۆ منیش، پێشتریش ڕوویداوە، من ئەمزانی ڕۆژێک دێت دەگەڕێتەوە، تۆ ناتوانیت بۆ هەمیشە لەگەڵ تارمایەکدا بمێنیتەوە کە دژ بە ژیان بێت، من بە جارێک خەمبار و دلخۆشم، خەمبارم چونکە ژوانەکانمان لەدەست دەدەم، بەختەوەریشم بەهۆی ئەوەی هەموو شەو و رۆژێک بەختەوەریت دەدرەوشێتەوە” (٨)
ئەم دیالۆگە وێنایەکی ڕوونی دەنگی تارمایی دەخاتە ڕوو، بەوەی خودی ئازادیە، کە خۆی وەک خۆی بە سەختی دەبینێت، بەڵام دلنیاش بووە ڕۆژێک ئەم لەگەڵ ئەم مرۆڤە دەگەڕێتەوە، بۆیە مرۆڤ کە گەیشت بەئازادی پێویست ناکات هەمیشە لەگەڵ تارماییەکەی بدوێت، چونکە بۆ خود دەبێت بە خودێکی ئازاد، ئەوسا ئازادی نەدۆزیبۆوە دەیویست لە عەشقدا بیدۆزێتەوە، بۆیە تارمایی ئازادی چەندە خەمبارە بۆ لەدەست دانی ئەدێل، هێندەش دڵخۆشە بەوەی کارەکتەرەکەمان ئیتر پێویستی بە تارمایی نیە و خودێکی ئازادە، بەڵام ئاخۆ ئازادی لە عەشقدا ساتەوەختێکی ئەبەدیە و خودی ئازاد ناگەڕێتەوە بۆ لای تارمایی ئازادی؟ ئەوە چەندە پرسیارە، گومانێکی قوڵە، کاتێک دیالۆگی کۆتایی نمایشەکە ئەدێل دەلێت من دەرۆم، کەوایە دواتر دەتبینمەوە، تارمایی دەڵێت بەڵێ دواتر، دواتر بینینەوە، لەدەستدانی ئازادی و عەشقە بەیەکەوە، کەواتە پێویستە ئەو پرسیارە ئاراستەی خۆمان بکەین، کە ئازادی وەدەستیش بێت لەدەستی بدەین، ئیتر بۆچی سەرزەنشتی ئەدێل بکەین لەو ژیانەی کە هەڵیبژاردووە؟
شانۆنامەی “پۆدکاست”. لەنووسینی ئەدۆلین دیۆدۆنێ (٩) بەهاوکاری ڤیکتوار توایۆن (١٠) هەڵدانەوەی دۆسیەی کوشتنە، دیمەن دوو ژن لەسەر شانۆ دەردەکەون بۆ بەرنامەیەکی ڕادیۆیی، بەدرێژایی شانۆنامەکە ئەوان لەبەرنامەکەدان, چیرۆکی کوشتن دەگێڕنەوە, کە ئەو ژنە ڤێرژینی نامەیەک بۆ ژنەکەیتر دەنێرێت بەناوی ڤیکتوار ئاگاداری دەکاتەوە لەماوەی پێنج سالدا دوانزە کەسی کوشتوە، دوای رێکەوتن لەگەل رۆژنامەنوسەکە دوای ئەو بەرنامەیە دەیەوێت خۆی ڕادەستی پۆلیس بکات، کچەکەی و نەوەکەی بەدەستی زاواکەی کوژراون، بۆیە رۆژنامەنوسەکە لەمیانی پرسیارێکدا دەیەوێت لەوە تێبگات ئەم رووداوە پەیوەندیان بە یەکتریەوە هەیە؟ساتی گێڕانەوەی چیرۆک، ئەو وەک بکوژێک بۆ تاوانەکانی قسە ناکات، هێندەی وەک سەپاندنی دادوەری، وەک لەگێڕانەوەی کوژرانی کچەکەی و نەوەکەی ئاماژەی بۆ دەکات، بەوەی دوورکەوتنەوەی زاواکەی بەبێ توندوتیژی دەیتوانی کۆی روداوەکە بە ئاقارێکیتر بەرێت. بۆیە پاساوێکی مرۆییانە دەدۆزێتەوە بۆ تاوان، کە دەزانێت پۆلیس شتێک ناکات بۆ وەستاندنی توندوتیژی, باوکێک لەبەردەم مناڵەکەیدا، کوشتن وەک ڕزگارکردنی مندالێک و دایکێک دەخاتە ڕوو، لێرەدا لەبەشێکی کوشتنەکان ئێمە دایک و منال وەک قوربانی دەبینین، کە بکوژ لەڕێی کوشتنی پیاو ئەوانیتر لە توندوتیژی ڕزگار دەکات، بۆیە لەگەڕانەوەی چیرۆکی کوشتنی یەکەم پیاو ، گەر بەراوردی بکەین بە چیرۆکی کوشتنی کچەکەی, دەتوانین ئەو وێنەیە بخەینە ڕوو، کە نەبوونی دادوەری لەپشت کۆی رووداوەکانە و هەموویان لەیەکتر دەچن.
شانۆنامەی “ئازیزە بچکۆلانەکانم” ی ژوفرین دونادیو (١١) مۆنۆلۆژێکی شانۆییە وەک شانۆیەکی مۆنۆدرامی بەو پێیەی ژنێک کە دۆخی دەروونی تەواو نیە و دیالۆگ لەتەک چەندین پیاو دەکات، سەرەتا گوێی لەدەنگی دەرگا دەبێت، لێرەوە بوونی پیاوەکان لە دنیای دەرەوەی ماڵ, پەیوەندی بە دنیای ئەو درووست دەکەن، وەک چۆن ئاوێنە دەبێتەوە بەشێکیتر بۆ بینینی خۆی و دنیای دەرەوەی ماڵ، بەدلنیایی ئەو شانۆنامەیە شانۆیەکی مۆنۆدرامیە نەک شانۆی تاکئەکتەر، بەهۆی دۆخی دەروونی کارەکتەر، ئەکتەر دەتوانێت نواندن بکات لەگێڕانەوەدا، چونکە پێویستە ئەو دوو شێوازە لەیەکتر جیا بکەینەوە، شانۆی تاکئەکتەر جیاوازە لەشانۆی مۆنۆدرامی بەو پێیەی لەوەی یەکەمیان لاسایی کردنەوەی گێڕانەوە نیە، بەلام لەشانۆی مۆنۆدرامی کارەکتەر کە پیشەی ئەکتەریە یاخود دۆخی دەروونی تەواو نیە، دەتوانێت لاسایی ڕۆلەکانی تر بکاتەوە.
گێڕانەوە دەگەڕێتەوە ناو یادەوەری، بۆ پەیوەندی جەستەی گێڕەرەوە بە پیاوێکەوە لەگەرمی جەستە و سێکسکردندا، خەون بینین بە منالێکی مەزن کەتەمەنی هاوشێوەی تەمەنی فریشتەیەک دەبینێت، ئەو گەڕانەوەیە تا ئاستێکی زۆر شوناسی کارەکتەرەکەمان بۆ ئاشکرا دەکات، بەوەی ئەوەی کەوتۆتە پشت ئەو دۆخە دەرونیەی تێیکەوتووە, وابەستەی شکستی خەونی ئیرۆتیکیانەیەتی لەگەڵ پیاوێک، کە یادەوەری و داهاتووی لەسەر بەند بووە، بۆیە ئێستا وەستانە لەنێوان ئەو دوو زەمەنە، کە دەیەوێت دوو زەمەن بەیەک بگەیەنێت، زەمەنێک کە یادەوەریە و پیاوێک لەژیانی ئەودا هەیە، زەمەنی ئایندە زەمەنێکی نادیار کە ئاخۆ یادەوەری دەگەرێتەوە، ئەو عەقڵی وە دەست دێنێتەوە؟ بۆ ئەوەی ئەو ئێستایە بتوانێت کۆی زەمەنەکان بەیەکترەوە ببەستێتەوە؟
ئەو پرسیارە بەتەنیا توانای ئەوەی هەیە کۆی ڕووداوەکانمان بۆ بگێڕێتەوە، شوێنێک هەیە بۆ کۆتایی چیرۆک، کە کۆتایی شانۆنامەکەیە، بەڵام دەرچوونی لەشوێن گەڕانەوەیە بۆ ناو هەمان دنیای خەونی بوونە دایکایەتی، بۆ ناو هۆلی لەدایکبونی نەخۆشخانەی لەدایکبوون، سەرەنجام گێڕانەوە لەشەودا قسەکردنەوەیە لە خەمی ڕەگەزی، خەمێک سەرەنجام بوونی ئەو پێکدێنێت، لەدەرەوەی ئەو بوونە خۆی لەپەراوێزدا دەبینێت، ئەوەش تەواو جیاوازە لەو دیدە فەڕەنسیەی فێمێنستێکی وەک سیمۆن دو بۆڤوار دایکایەتی وەک جۆرێک لە کۆیلایەتی دەبینی، ئەگەرچی فێمێنیستەکانی دواتری فەرەنسی بەدژی ئەو دیدگایە کاریان کردووە، بەڵام لەکۆتاییدا زمان بازنەیەک بەناو ڕووداو درووست دەکات، کە وابەستەی ئارەزوی دایکایەتیە، کە خالی نیە لەخۆشەویستی بۆ پیاوێک کە دایکایەتی بەرەنجامی ئەو پەیوەندیە سێکسییەتی، بەلام هەمیشە ئەو دەور دراوە بە تارمایی پیاوەکان و کێشەکانیان.
شانۆنامەی “ئایندە” ی ئێڤا یۆنسکۆ (١٢) ڕووداوەکان لە ئوتێلێکدا ڕوو دەدەن کە ناونیشانی شانۆنامەکەش هەڵگری ناوی ئوتێلەکەیە، ئێمە سەرەتا دوو ژن دەبینین، وەک ئەوانیتر لەشەودا ئازار دەچێژن، وەک ئەوەی شەو بۆ ژنی فەرەنسی ئارامگەی خستنە ڕووی ئازار بێت، هەڵبەت دنیابینی جیاواز، بەڵام تەوەرێک ڕاماندەگرێت ئەویش تەنیایی ئەو مرۆڤەیە، ئێمە ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە: خەون بە ئازادی تاکەوە ببینین؟ یان سەرەنجام ئەو ئازادیە لە کۆتاییدا دەمانخاتە ناو چوارچێوەی تەنیایی مرۆڤ لەژیاندا؟
ئەوە پرسیارێک نیە بەتەنیا لەو تێکستەدا ڕووبەرووی ببینەوە، بەڵکو لەکۆی شانۆنامەکاندا دەیبینین و هەستی پێدەکەین، لەدەرەوەی ئەزموونکردنی ئەم ژیانەوە سەختە بتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، بەتایبەت لەخەسڵەتی جیاوازی کولتوری هەر وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو پرسیارە بۆ خۆی دەرەنجامی جیاوازی لێدەکەوێتەوە، کە وابەستەی ئامادەبوونی منە لەناو کولتوردا.
لەسەرەتادا دوو ژن لەژووری نوستنی ئەم ئوتێلە دەبینین، ماری تەمەن ٣٠ ساڵ لەگەڵ پالۆمای ٢٥ سالان، پالۆما خۆشەویستی خۆی بۆ هاورێکەی نیشان دەدات لەهەمان کاتدا بێزاربوونیشی لەم ئوتێلە نیشان دەدات، بەهۆی ئەوەی وەک خۆی دەلێت ئەوان تەنیا قسە دەکەن، بۆیە دەیەوێت لەو شوێنە بڕوات، ماری داوای لێدەکات ماچی بکات، ئەوە وەک ئاماژەیەک بۆ هەستکردن بەتەنیایی و لەگەلیدا دەگەڕێتەوە ناو یادەوەری خۆی و ڕابردووی بە کارەکتەری فیلمێکی هۆلیۆد دەشوبهێنێت، گوێ لەڕادیۆ ڕادەگرن، دنیای دەرەوە خراپتر لەدەروونی ئەوان شێواوە، ڕووداوە رۆژانەییەکان دەریدەخات هیچ شوێنێک ئارام نیە، نە دەروونی مرۆڤ و نەدنیای دەرەوەی مرۆڤەکان، بەلام پرسەکە ئەوەیە ئاخۆ ناونیشانی شانۆنامەکە ئاگادارکردنەوەیەکە بە بەردەوام پێمانبلێت ئایندە ناوی ئوتێلەکە نیە، بەلکو زەمەنی هەنوکەیی مرۆڤی هاوچەرخە؟
بۆ ئەوەی بە وەلامی ئەو پرسیارە بگەین، پێویستە لەکۆی ڕووداوەکان بە ئاگا بین، پالۆما باس لەوە دەکات گەر پۆلیس دەستگیری بکات بەتاوانی نەبڕینی پلیتی میترۆ، بەڵام ماری ئەوە وەک گاڵتەیەک دەبینێت، چونکە لەبنەرەتدا ئەو پۆلیس بە گاڵتەجار دەبینێت، ئەگەر قسەکردن وەک کاریکاتۆرێک بۆ ئەو رووداوانە ببینن کە بەرەو روویان دێت، بەڵام خۆ لەوە کۆتایی نایەت، بەتایبەت کاتێک لەدەرگا دەدرێت و ژنێک دێت بەناوی بریگیت، کە بەوان خۆی بە هاورێی ژوستین دەناسێنێت، بەوەی ژوستین وتویەتی بێتە ئێرە، چونکە دواتر ئەویش دێتە ئەوێ، ئەو ژنە بەدوای مێردەکەیدا دەگەرێت، ئەوان وەک شێت دەبینین، بەلام وەک ماری بە بریگێت دەلێت من تێت ئەگەم، بۆیە ئەوان تەنیا خۆیان لەئازاری خۆیان تێدەگەن، مەگەر هەر ئەو بیرۆکەیەش نەبێت، ئەو کتێبە کۆی شانۆنامەکانی تەواوی نووسەرەکانی ژن بن و ئەوان گوزارشت لەئازاری خۆیان بکەن لەشەودا.
ئەو دیمەنە بەجۆرێک لە نائومێدی کۆتایی دێت کاتێک جولەکان تەواو گوزارشت لەسیمای کارەکتەرەکان دەکات بەوەی بریگیت زنجیرە زێڕینەکەی هاوسەرەکەی دەفەوتێنێت، تا بە دەوری زنجیرەکەی خۆیدا هەڵیبواسێت، دواتر کاتژمێرەکەی دادەکەنێت و جزدانەکەی دەگرێت، ماری خەریکی خواردنەوە دەبێت، گڕ گرتنی کوپێکی کاغەز و گوێبیست بوونی دەنگی ئۆتۆمۆبیلێک هەموو ئەمانە وەک مۆتیڤێکی دۆزەخی ناو دەبرێت.
دیمەنی دووەم و کۆتایی، لەکەنار دەریادایە، بەواتای پەیوەندی نیە بە شوێنی یەکەمەوە، ئەوەش بۆ خۆی وەڵامی بەشێک لەپرسیارەکانی ئێمە دەداتەوە، بەتایبەت لەبوونی مرۆڤ وەک تاکێک لەدەرەوەی ژیانی هاوبەش، ئەوان ئەو سێ ژنە لەئاوەکە دەردەچن و لەکەنار دەریاکەدا پاڵدەکەون، لێرەدا پاکبونەوەیە لەپەیوەندیکردن بە ژیانی هاوبەش، بە خەمێک کە پیاوەکان ئەوان گیرۆدە دەکەن و دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە سەر لەنوێ پاکژ ببنەوە، بگەڕێنەوە بۆ ناو تاکایەتی خۆیان، زەمەن دیسان شەوە، بەواتای زەمەن ناگۆڕێت، ئەوەی دەگۆڕێت بیرکردنەوەیە.
وەک بانگەشە بۆ مانیفێستی ژیان بۆ ئەوانیتر قسە دەکەن، جۆرێکە لەگالتەکردن بەو ڕووداوانەی ڕوو دەدەن، بەڵام سەرەنجام ئەو رووداوە دەبێتەوە پەیوەندی کردن بە ژیانی ئەوان، ئەو ئۆتۆمۆبیلەی ڕووداوی هاتوچۆ ئەنجام دەدات، پیاوێکی گەنجە لەوێ دەردەکەوێت، ناوی (یانە)، ماری و پالۆما (یان) بۆ هاوڕێکەیان جێدێلن بەوەی ئەوە بۆ ئەوە، ئەویش هەول دەدات لەڕێی عەترەوە سارێژی برینەکەی بکات، دوو کچەکەیتریش دواتر دێن و جێی ناهێلن، تاوەکو سارێژی برینەکەی بکەن، لەگەڵیدا بەرەو ئۆتۆمۆبیلەکەی یان دەڕۆن، کە رووداوەکەی ئەنجامداوە، وەک ئەوەی پێمان بلێت کێشەو ئازارو ئازادی مرۆڤ، پەیوەستە بە خودی مرۆڤەوە نەوەک تەنیا بە ئاستی ڕەگەزی، ئەو کۆتاییەش تا ئاستێکی زۆر ئەم شانۆنامەیە لەوانیتر جیا دەکاتەوە و ناچێتە سەر هەمان هێلی فێمێنیستی.
ئێمە ئێستا دەتوانین لەسەر پرسیارەکانمان لەو تێکستە بووەستین و لەبارەیەوە بدوێین، بەوەی مرۆڤ دوای پەیوەندی سەر لەنوێ دەگەڕێتەوە ناو ئازادی خۆیەوە، بەڵام بە روانینێکیترەوە، بەوەی ناکرێت ڕەگەز ببێتەوە جۆرێکیتر لەجیاوازبوون، بۆیە ناچێتەوە ناو تەنیایی مرۆڤ لەژیاندا، لەکۆتایی تێکستەکەدا دەتوانین گرنگی ناونیشانمان بۆ دەربکەوێت، کە سەرەتا تەنیا وەک گومان و بێبەهایی ناونان سەیرمان دەکرد، بەتەنیا ناوی ئوتێلێک نیە، هەرچەندە ئەو گریمانەیە بۆ ناونان وەک گەمەیەک دەبینین، بەڵام لەکۆتاییدا دیدێکیتری ئایندەخوازیە بۆ ئایندەی تاک، بۆ زەمەنێک کە ئەو مرۆڤانە دەبێت بەسەر وێرانەکانی یەکتریدا بڕۆن، کۆمەکی هاوبەش بەیەکتری بکەن بۆ پارێزگاری کردن لەئازادیە تاکخوازەکانی هەر یەکێکیاندا.
دواهەمین شانۆنامەی ناو ئەو کتێبە کە دەمانەوێت لەسەری بووەستین، شانۆنامەی «هێزی کەمتر» ی ئوریلی ساد (١٣) ڕووداوەکان گوزارشت لەپەیوەندی هاوسەری ژن ومێردێک دەکەن، کاتێک پیاوەکە لەشەودا دەگەرێتەوە ماڵەوە کە لەشارێکی تر کار دەکات، هەست بە توڕەیی و ماندوو بون دەکات، ژنە چەند هەوڵ دەدات هێمنی بکاتەوە، بەڵام بیانوی پیاوەکە سەرەتا ئەوەیە کە ئەو لەگەشت نەبووە و لەکارکردن بووە، تا دەگاتە ئەوەی بە ژنەکەی دەلێت چیتر بەرگەی تۆ ناگرم و ئیتر خۆشم ناوێیت. شەڕەکە بەبەردەوامی درێژە دەکێشێت، هەریەکەی بەدوای شوێنێک دەگەرێت بۆ سەنگەر، پیاو هێرش دەکات و ژنەش لەداکۆکیکردنە لەدژی هێرشەکاندا، بەڵام پیاوەکە دەیەوێت دەمامکی نهێنی پەیوەندیەکی درۆینە هەلبماڵێت، کە زۆرجار مرۆڤ لەژیانی هاوسەری بێدەنگی لەو دەمامکە دەکات، کاتێک ژنە دەیەوێت ئەوە بخاتە ڕوو کە تەلەفۆن دەکات ئاخۆ ئەو لەگەڵ هاورێکەی لەسەر کار بووە یان لەشوێنێکی تر بووە، ئەوەش راستەوخۆ هەڵدانەوەی نهێنی شاراوەی پەیوەندیەکە هەر یەکە لەویتر گومانەکانی دەتەقێنێتەوە، بۆیە پیاوەکە وەک ئەوەی ئەویش بزانێت ژنەکەی خیانەتی لێ کردووە، بۆیە ڕاستەوخۆ پێی دەلێت «تۆش هەروەها چاوەکانت بکەرەوە، ئێمە بەختەوەر نین، ئێمە تەواو جیاوازین، لەخۆتدا بگەڕێ کە جوو بیت، وەک تۆ پارێزەر ، دکتۆر دەتبات بۆ لیبیس» (١٤) لێرەدا دەردەکەوێت پیاوەکە هەموو نهێنی ژنەکەی دەزانێت، بۆیە ژنە بە دژە تارمایی ناوی دەبات، بەدێژایی ئەم شەڕە ناونیشانی شانۆنامەکە بەشدارە لەڕێگەی گەمەی زمانەوانی ژن و مێرد کە دەستەواژەی هێز و هێزی کەمتر دەخەنە ڕوو، ژنە لەو ساتە کە پیاوەکەی وا قسەی لەگەڵ دەکات ئیتر ئەویش راستەوخۆ نەفرەتی لێ دەکات، لەکاتێکدا پیاوەکەش بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە، ئەو لەگەڵ خۆشەویستی یاری کردووە (١٥) بەوەی ئیتر هەست بە هیچ خەونبینێکی هاوبەش ناکات لەگەڵ ژنەکەی.
بۆیە کاتێک پیاوەکە دەیەوێت ماڵەکە بەجێبێلێت، ژنە هیچ سنورێکی ناپاکی کردنی ژیانی هاوسەری ناهێلێتەوە، بەشێوەی مێردەکەی تۆمەتەکان دەهۆنێتەوە، بەوەی ئاخۆ ئەو هۆکاری ئەوەیە پیاوەکەی بڕوات، یاخود کەسێکیترە کە لەناو کۆمپیوتەرو ئیمێلەکانیدایە، کەسێک لەشوێنی ئەو لەدڵیدایە، ئاخو وەک ژنە دەلێت ئەو قەحپەیە کێیە؟ چاوەرێی ئەوە ناکات پیاوەکە وەڵامی پرسیار و قسەکەی بداتەوە، چونکە ئەوەندە بەسە وتنی هەموو ئەو شتانە بەڕووی مێردەکەی دەرخەری ئەوەن گەر ئەو دەزانێت ژنەکەی لەگەڵ دکتۆرێک پەیوەندی هەیە، ئەوا ژنەش دەزانێت ئیمێلەکانی مێردەکانی لەناو کۆمپیوتەرو تەلەفۆنەکە پڕیەتی لەنامەی ژنێکیتر.
تا ئاستی ئەوەی پەردە لەڕووی ئەو درۆ ئاکاریە هەڵدەداتەوە، کە چۆن پێشتر لە سۆسیال میدیا بانگەشەی بۆ خۆشەویستی ئەو کردووە کەچی ئێستا دەروات و لەگەڵ کەسێکی تردایە.
کەچی کاتێک دڵنیا دەبێت کە مێردەکەی دەڕوات، ئیدی ڕیتمی قسەکردنی دەگۆڕێت، بەوەی پەیوەندی هاوسەریان جوانی و خۆشەویستی گرتۆتە خۆی و یەکتریان خۆش دەوێت و بۆ یەکتری گرنگن، بە پێچەوانەی ئەو کچەی ئێستا مێردەکەی دەیەوێت بچێت لەگەڵی بژیێت، تەنیا ئەوەیە کچێکی گەنج ومناڵکارە، ئەوە هەوڵێکە بۆ مانەوەی مێرد لەماڵ و دەرنەچوونی، بەڵام هەمیشە دەبێت ئەوەمان بیر بێت کۆی گفتوگۆو شەڕەکان بەدەوری «هێزی کەمتر »خوڵ دەخواتەوە، چ لە تۆنی دیالۆگ و کاردانەوەکانی کارەکتەر یاخود دەربڕینی ڕاستەوخۆی ئەو دەستەواژەیە.
پیاوەکە تێدەگات لەوەی ژنەکە ئەو درێژە دانەی بۆ ئەوەیە لەم شەوەدا مناڵەکانی بە ئاگا بێنێتەوە لەوەی باوکیان ماڵەکە بەجێدێلێت، بەڵام سووربوونی مێرد بۆ ڕۆیشتن بە ڕادەیەکە، هیچ گومان لای ژنەکەی ناهێلێتەوە کە مێردەکەی عاشق بووەو دەڕوات، بەڵام پیاوەکە ئاماژە بۆ ئەو ترسە دەکات کە لەهاوسەرەکەی هەیەتی و سووربونی خۆی لەو ڕۆیشتنە نیشان دەدات، چونکە ئیتر ناتوانێت لەگەڵی بژیێت، بەهۆی ئەوەی بەختەوەر نیە لەو پەیوەندیەی ناو ماڵ، هەست بە خنکان دەکات. بەدرێژایی ئەو دۆخە تەلەفۆنەکە بەردەوام لێ دەدات، ئەوەش ئاماژەیەکی ڕوونی دنیای دەرەوەی ماڵە، بەوەی کەسێک چاوەڕوانە و ئەوەی لەماڵەکە ماوەتەوە دواکەوتووە، ژنەکە پەلاماری تەلەفۆنەکە دەدات و پیاوەکە هەوڵ دەدات لەدەستی دەریبێنێت، چونکە خۆی دلنیایە ئەوەی لەم کاتەدا تەلەفۆن دەکات کێیە، لەو ساتە دەستەکان لەجەنگێکی بێدەنگدان بۆ تەلەفۆنەکە، سەرەنجام پیاوەکە مشتێک لەزەوی دەدات، بەڵام هیچ لەوە خەمناکتر نیە، کاتێک توڕەیی پیاو بەسەر زەویەکە دەتەقێتەوە، ژنەکە دەلێت بمکوژە، بەواتای جێهێشتنی بۆ خۆی مردنە، ئیتر با بیکوژێت ئەو ساتە ماڵەکەی بۆ بەجێبێلێت، بەوەی وەک دەلێت ناتوانێت بەبێ ئەو بژیێت، لەکاتێکدا ئەو قسانە هیچ کاریگەریەک لای مێردەکەی درووست ناکەن، بەقەد ئەوەی داوای لێ دەکات بێدەنگ بێت و نایەوێت گوێی لەو قسانەی بێت و ئیتر قسەی لەگەڵ بکات، لەگەل ئەوەشدا ڕووداوەکان کۆتاییان نایەت، چونکە هەردووکیان لەسەر قەنەفەکە دادەنیشن، بۆیە ململانێکە بەردەوامی دەبێت، بە ئاستێک بەدرێژایی شانۆنامەکە پیاوەکە دەیەوێت بڕوات و ژنەکەش دەیەوێت بمێنێتەوە، لەکاتێکدا هەر یەک لەوان نهێنی پەیوەندیە شاراوەکانی یەکتریان ئاشکرا کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ژنەکە هەر دەیەوێت بمێنێتەوەو ماڵەکە بەجێ نەیەلێت بەسەر خۆی و مناڵەکانی(١٦)، تەنانەت بەشێوەیەک قسە دەکات کە دەیەوێت بچێت بخەوێت، بەیانی دەبەت بچێت بۆ سەر کارەکەی و پێویستە بیریان نەچێت ئەوان خێزانیان هەیە، بەلام مێردەکەی لە کەشێکی هێمن کەچی لەسەر هەمان بۆچوونی خۆی قسە دەکات، بەوەی ئەو ناتوانێت بمێنێتەوە، دەبێت بڕوات، نایەوێت باوکێکی خراپ بێت، دواتر ئەوەشی بۆ زیاد دەکات بەوەی ئیتر هەر نایەوێت باوک بێت.
ململانێی ئەو دوو کارەکتەرە لەبەرزی و نزمیدا وەک تەونی جانجالۆکەیەک وایە کە چۆن بۆ درووست کردنی تەونەکە هەر یەکەیان بە ئاستێکی دژ بەیەکتر تێدەپەڕن، دراماکەش وەک ئەو تەونە خۆی بەرەو پێش دەبات، بۆیە ژنەکە باسی ئەو هەموو پشتگیریە دەکات کە پێشکەشی ئەوی کردووە بۆ کارکردن.
ژن لە لوتکەی ململانێکەدا هەڵگری خەسڵەتی کارەکتەرێکی ڕۆمانسیە لەدەربڕینەکانیدا دەیەوێت ماچی بکات و سێکس بکەن، بەلام پیاوەکە ڕایدەگرێت و تکای لێدەکات بوەستێک لە دەربڕینی ئەو هەستانەی، کەچی ژن جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو ژنیەتی دایکی کچەکانیەتی، بەوەی ناتوانێت خۆی لەو وێنە خانەوادەییە بهێنێتە دەرەوە، لەو ساتەی کە ژنە جەخت لەو پەیوەندیە خێزانیە دەکاتەوە، سەر لەنوێ زەنگی تەلەفۆنەکە لێ دەداتەوە، ئەوەش وەک بیرهاتنەوەی دنیای دەرەوەی خێزانە، کە هێشتا پەیوەندیەکە کۆتایی نەهاتووەو کەسێک هەیە دەیەوێت بزانێت کەی پەیوەندیە کۆتایی دێت، ژیان لەگەڵ ئەو دەست پێدەکات.
پرسیارەکە لەئێستادا ئەوەیە: هەر بەڕاست ئەوە ژنی ناو کۆمپیوتەرەکەیە کە ئیمێل بۆ هاوسەرەکەی دەنێرێت؟ ئەو دڵنیاییە چیە ژنە لەو تەلەفۆنە هەیەتی؟ ئەی بۆچی پیاوەکە سەرەتا ترسی لە زەنگەکە هەبوو، بەڵام ئەمجارە نکوڵی لێدەکات، بەوەی کەس نیە؟
لێرەدا لەناو شانۆنامەکەدا ئێمە وەڵامی پرسیارەکان راستەوخۆ وەرناگرینەوە، بۆیە دەتوانین لەشوێنی هەر یەکێکیان وەک خوێنەری بێ لایەنی تێکست قسە بکەین، خوێنەر لەو ساتەدا کەسی سێ یەمی ناو ململانێیەکەیە، لەململانێ ئەو دوو کارەکتەرە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، گومانەکانی ژنە لەشوێنی خۆیەتی، نکوڵی کردنی پیاوەکەش خاڵی نیە لەترسی سەرەتای زەنگەکە، تەنانەت ئەو سووربونەی پیاو بۆ ڕۆیشتن بۆ خۆی وەڵام بە هەموو پرسیارەکان دەداتەوە، بەبێ ئەوەی وەڵامی تەلەفۆنەکە بدرێتەوە، لەکاتێکدا هەموو هەوڵی ژنەکە بۆ مانەوەی هاوسەرەکەیەتی لەماڵەکەدا، داوای هیچ شتێکی لێ ناکات، تەنیا خوازیارە مێردەکەی بمێنێتەوەو جێی نەهێلێت، دەیەوێت تا کۆتایی ژنی ئەو بێت، بەڵام پیاوەکە هەر لەو ساتەی هاتەوە ماڵ بریاری کۆتایی خۆی دابوو، تەنانەت کاتێک ژنەکەی باس لەوەش دەکات سبەینێ دایک و باوکی دێن بۆ سەردانیان، دەبێت ئەو نەگریێت و شتەکان بشارێتەوە، بەڵام چونکە مێردەکەی دڵنیایە لەکۆتایی هەموو شتەکان داوای لێ دەکات هیچ نەشارێتەوەو تەنانەت کۆی ڕووداوەکان بە گۆرانی بۆیان بگێڕێتەوە، گێڕانەوە لەڕێی گۆڕانی، بەواتای دانیشتن و سەردانەکە نەشێوێت، وەک ئەوەی ئەمشەوە چیرۆکێک بێت و بووبێت بە ڕابردوو.

نیهاد جامی- فەڕەنسا

پەراوێزەکان:
(١) La Nuit neuf pièces courtes, L’avant-scène théâtre-janvier 2024
(٢) ئاکسێل ژا نیکێی لەدایکبوی ١٩٧٢ ژنە نوسەرێکی فەرەنسی بە نەژاد کامیرۆنیە، سەرەتا وەک فۆتۆگرافەر ماوەی پانزە ساڵ کاری کردووە، دواتر ڕوو دەکاتە نووسین و گۆشەی رۆژنامەوانی، دوای ئەوەش وێب سایتێکی تایبەت بە پەیوەندی سۆزداری ژنانی ڕەش پێست داناوە، هەورەها چەندین پۆدکاستی کردووە، لەبارەی توندوتیژی دژی ژنانی ڕەشپێست و توندوتیژی سێکسی دژی منالانی ڕەش پێست لەماڵەکاندا، هەروەها بەیەکەم کتێبی لەژێر ناوی “رۆژمێری ژنانەی رەشپێشت” خۆی وەک نوسەرێک ناوبانگی دەرکرد.
(٣) ماریا لا ڕێیا، لەدایکبوی ١٩٧٩ ی شاری بلباوی ئیسپانیایە، لە فەرەنسا ژیاوەو کارەکانی لەپاریس ئەنجام دەدات، نوسەرو سینارێست و دەرهێنەرە، سالی ٢٠٢٢ بە یەکەم رۆمانی خەلاتێکی ئەدەبی وەردەگرێت، وەک رۆمانووسێک دەبێتە جێگای سەرنجی رەخنەگران، لە ٢٠٠٤ تا ٢٠١٥ پێنج کورتە فیلمی درووست کردووە، ئەو شانۆنامەیە تازەترین بەرهەمی ئەدەبیەتی.
(٤) کۆلۆمب شنێک، لەدایکبووی ١٩٦٦ ی شاری پاریسە، رۆمانووس و رۆژنامەنووس و دەرهێنەری دۆکۆمێنتاریە، خاوەنی چوار خەڵاتە.
(٥) کلێر شێزال، لەدایکبوی 1956 فەرەنسایە، رۆژنامەنووسێکی ناسراوی فەڕەنسیە، لەبواری تەلەفزیۆن و رۆژنامە و رادیۆ ناسراوە، لەزۆربەی ئەو فیلمە سینەماییانەی وەک ئەکتەر بەشداری کردووە رۆڵی بێژەری تەلەڤزیۆنی پێدراوە، خاوەنی دوو رۆمان و یادداشتێکی چاپکراوە، هەروەها کتێبی دەنگیشی هەیە، لەئێستاشدا هەموو ئێوارەیەکی سێ شەممان لەکاتژمێر حەوتی ئێوارە بەکاتی پاریس لەسەر شانۆی پاریس تێکستی “جێم بهێلە” ی مارسێل سوڤێژو دەخوێنێتەوە، پێشتریش ئەزمونێکیتری لەو بارەیە هەبوو، کاتێک لەنێوان شوبات و نیسانی ٢٠٠٨ تێکستی ” رۆژنامەی هێلین” دەخوێندەوە.
(٦) عالیە عەتایی رۆمانوسێکی ئێرانی- ئەفگانیە (1980) سیناریۆی فیلم و کورتە چیرۆکیش دەنووسێت، چەندین خەڵاتی ئەدەبی وەرگرتووە، لەئێراندا بەزمانی فارسی پێنج کتێبی چاپکردووە، ئەم شانۆنامەیەی یەکەم کاریەتی بە زمانی فەرەنسی، کە پێشوازیەکی باشی لێکراو کارەکەی خراوەتە سەر شانۆش
(٧) کلۆی مونس، گۆرانی بێژ و ئەکتەرە، لەدایکبوی شاری لیلی فەڕەنسایە لە ١٩٧٢، خاوەنی دە ئەلبومی گۆرانیە، لە ١٩٩٩ بەرەو دنیای سینەما رۆیشتووە و دواتر ڕووی کردۆتە شانۆش، لەگەل دەرهێنەر ئالان کلینگلێر دەستی بەکاری شانۆیی کردووە، سەرەتا لە ٢٠١٦ وەک لەنمایشێکی شانۆیی میوزیکال بەشداری کردووە بەناوی “هیچ شتێکم نیە دژی شەوی سەری ساڵ” لە ٢٠١٩ لەگەل هەمان دەرهێنەر سەر لەنوێ لەشانۆدا بەشداری دەکات بە نمایشی “من نەرگسی نیم” کە لەچوارچێوەی فێستڤال ئەڤینیۆنی شانۆیی پێشکەش دەکرێت، لە سالی ٢٠٢٣ هەمان نمایش بۆ ماوەی پێنج هەفتە لەسەر شانۆ بەردەوام بوو.
(٨) La Nuit neuf pièces courtes, L’avant-scène théâtre-janvier 2024, page 92.
(٩) ئەدۆلین دیۆدۆنێ، لەدایکبوی 1982 بەلژیکا، نوسەر و ئەکتەرە، براوەی خەلاتی فیدراسیۆنی والۆنیایە لە بەلژیکا بە کورتە چیرۆکێک، یەکەم کتێبی جاپکراوی نامیلکەیەک بوو بەناونیشانی “تەنیا لەتاریکیدا” ، لەسالی ٢٠١٧ یەکەم شانۆنامەی خۆی بلاو کردەوە، سالی دواتر رۆمانێکی نووسی و خەلاتی پێ وەرگرت، دووەم رۆمانیشی لە ٢٠٢١ بلاو کردۆتەوە.
(١٠) ڤیکتوار توایۆن، لەدایکبوی 1989 ی پاریسە، نوسەر و رۆژنامەنووسە, دوو کتێبی چاپکراوی هەیە، لەدووتوێی بەرنامەکانی ڕادیۆ و کارە رۆژنامەوانیەکانی بەوە ناسراوە رەخنە لەبیرکردنەوەی پیاوبوون دەگرێت، بەر لەوەی ئیمتیازات بێت، بریتیە لە بنیاتنان، لەدیدی فێمێنیستیەوە ڕەخنە ئاراستەی توندوتیژی پیاو دەگرێت.
(١١) ژوفرین دونادیو، لەدایکبوی ١٩٩٠ فەرەنسا، نووسەرە، سالی ٢٠١٩ یەکەم رۆمانی خۆی نووسی بەناوی “چیرۆکی فەرەنسا” کە دەزگای گالیمار چاپی کرد باس لە ونبونی مندالێک دەکات، لە رۆمانی دووەمیدا بەناوی “سەگ و گورگ” ساڵی ٢٠٢٢ لەلایان دەزگای گالیمار چاپکراوە، منداڵە ونبوەکەی ڕۆمانی یەکەم، لەم رۆمانەی دووەمدا دەدۆزرێتەوە، خاوەنی خەلاتی فلۆرایە لە ٢٠٢٢.
(١٢) ئێڤا یۆنسکۆ، لەدایکبوی ١٩٦٥ ی پاریسە، بە ڕەچەڵەک ڕۆمانیە، ئەو بۆ خۆی لەشانۆدا زیاتر وەک ئەکتەر دەرکەوتووە، بەلام لەسینەمادا سەرباری کاری نواندن وەک سینارێست و دەرهێنەری سینەمایی ناسراوە، دایکی هونەرمەندێکی بواری فۆتۆگراف بووە، بەو هۆیەوە لەمندالیدا ڕاکێشراوەتە ناو کارە فۆتۆییەکانی دایکی و چەند فۆتۆگرافەرێکەوە، ئەو منالی و هەرزەکاری ئاسایی تێنەپەڕیووە لەلایەک لەهەندێک وێنەی فۆتۆگرافی جەستەی ڕووتی نیشان دەدرێت، تا لەسەرەتای هەرزەکاریدا وێنەی ڕووتی وەک نمایشکار لەسەر بەرگی گۆڤارو رۆژنامە بلاو دەبێتەوە، سەرباری دوبارەکردنەوەی ئەو دیمەنانە لە چەندین فیلمدا، ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە هاورێکانی تا ڕادەیەکی زۆری خۆیانی لێ بەدوور بگرن، سەرباری ئەوەی ئاڵودەی ماددەی بێهۆشبەر دەبێت و بەو هۆیەوە لە دایکی دوور دەخرێتەوە، سەرەتای راستەقینەی کاری هونەری ئەو بۆ سالی ١٩٨٧ دەگەرێتەوە، ئەو کاتەی پەیوەندی دەکات بە تیپێکی شانۆیی، لە ٢٠١١ وەکو دەرهێنەر یەکەم فیلمی سینەمایی خۆی درووست دەکات، لە ٢٠١٧ رۆمانی پاکیزەیی دەنووسێت کە پشتی بەستووە بە تەواوی ژیاننامەی خۆی، لە ٢٠١٩ دووەم فیلمیش درووست دەکات.
(١٣) ئوریلی سادە، لەدایکبونی ١٩٧٨ ی پاریس، ئەکتەر و دەرهێنەرە، لەپاڵ ئەوەشدا گۆرانی بێژەو تێکستی زۆربەی گۆرانیەکانیشی خۆی دەینووسێت، لە سالی ١٩٩٥ دەستی کرد بە کارکردن لەسینەمادا، تاوەکو ساڵی ٢٠٠٨ بەردەوام بووەو لەو ماوەیەدا لە هەشت فیلمی سینەمایی بەشداری کردووە، لە شەش بەرهەمی تەلەفزیۆنیش بەشداری کردووە، لە ٢٠٢٤ لەشانۆگەریەک وەک ئەکتەر کاری کردووە.
(١٤) La Nuit neuf pièces courtes, L’avant-scène théâtre-janvier 2024, page 99
(١٥) دەستەواژەی یاریکردن لەئەدەبی شانۆنامەی فەرەنسیدا، وەک درۆکردن لە پەیوەندی خۆشەویستی دێت، ئەگەر بەهەڵەدا نەچین دەتوانین ئەوە بگەڕێنینەوە بۆ ناونیشانی شانۆنامەکەی شانۆنوسی فەرەنسی ئەلفرێد دو موسیێ لەژێر ناوی «ئێمە یاری لەگەڵ خۆشەویستی ناکەین” کە سالی ١٨٣٤ نووسیویەتی.
(١٦) لێرەدا کارەکتەری ژنەکە رێک تەواو پێچەوانەی کارەکتەری نورای «ماڵی بووکە شووشە» ی ئەپسنە، نورا یاخی دەبێت و مندال و مێرد لەماڵ بەجێ دێلێت، بەڵام کارەکتەری شانۆنامەکەی ئوریلی تەواو بەپێچەوانەوە نایەوێت مێرد بڕوات و لەگەڵ مناڵەکان بەتەنیا لەماڵ بمێننەوە




ئێمە «فۆکۆ» مان نەناسی.. نیهاد جامی

فەیلەسوفی فەڕەنسی میشێل فۆکۆ لەچەندین بواری جیاوازدا کاری کرد، ئێمە زۆربەی کارەکانیمان بە زمانی عەرەبی خوێندەوە، لەم ساڵانەی دوایشدا هەندێک لەبەرهەمەکانیمان بە زمانی کوردی خوێندەوە، هەندێک کات لەکتێبەکانی تێناگەین، بیانوی بۆ خوێنەربونی خۆمان دێنینەوە بەوەی بەهۆی زمانە سەختەکەیەتی، بەڵام ئێمە وەک خوێنەر ئەو پرسیارە لەخۆمان ناکەین بۆچی دەبێت کێشەکە بەهۆی وەرگێرانەکانەوە نەبێت؟
کاتێک بە مرۆڤێکی فەڕەنسی دەڵێین: کتێبی «ووشەکان و شتەکان» زۆر قوڕسە و ناتوانم تێیبگەم، ئەو پێدەکەنێت و دەڵێت «بەو ڕادەیەش نیە و ئالۆزیش نیە، ئەوە فۆکۆیە»
شتێکی گرنگ لەم کتێبەدا کە پێویست بکات بیزانین ئەوەیە، فۆکۆ لەبارەی بابەتێکی دەست نیشان کراو نەینوسیووە، بەڵکو لەبارەی سیستمی سەربەخۆ نووسیویەتی، بۆیە لەبارەی ماوەیەکی زەمەنی نێوان سەدەی شانزە بۆ نۆزدە قسە دەکات، وەک چۆن بیرمان دێنێتەوە کە ئەو لەگەڵ هاوڕێکانی وەکو سارتەر نەوەیەکی بوێرن لەبارەی سیستمی شتەکانەوە قسە دەکەن.
هیلواس لیگێت بەڕێوبەری نووسینی گۆڤاری «زانستە مرۆییەکان» ی فەڕەنسی، لە وتارێکدا گفتوگۆیەکی رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسیمان بیر دێنێتەوە، کەوا لەگەڵ سیمۆن دو بۆڤوار سازکراوە، لەو گفتوگۆیەدا خانمی فەیلەسووف دەڵێت « من پێموایە فۆکۆ وەکو هەموو شتەکانیتر تۆزاویە {….} ئەوە ئەدەبە، فۆکۆش لەڕوویەکی تایبەتدا، دەبێتە دابینکردنی ئاگایی بۆرژوازیی بە باشترین بیانوەکانی، ئێمە مێژوو وەلا دەنێین، دواتریش نەهامەتی و ماندوویەتی زیاتر درووست نابێت، تەنیا سیستم هەیە، فۆکۆ سووربوو لەئاستی سیاسی زۆر وەڵام نەداتەوە»
بۆچی ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ ئەو گفتوگۆیە؟ لەبەر ئەوەی نوسەری وتارەکە هەندێک شت لەبارەی فۆکۆ دەلێت، هەر هەموویان باسگەلی نوێن بۆ ئێمە، بەم دواییە گۆڤاری «زانستە مرۆییەکان» ژمارەیەکی تایبەت کرد بە میشێل فۆکۆ، کاتێک وتارەکانی ئەم گۆڤارە دەخوێنینەوە، پرسیارێک لەلامان ئامادەبوونی دەبێت: فۆکۆ کێیە؟ لەبەر ئەوەی بەڕاستی تا ئێستا ئێمە نەمان ناسیووە.
فۆکۆ بیرۆکەی مەرگی مرۆڤی خستە ڕوو، بەڵام بەدوای چل ساڵ لەمردنی فەیلەسوفی مەرگی مرۆڤ، دەپرسین: ئایا فۆکۆ مرد یاخود ئامادەبوونە فەلسەفیەکەی تا ئێستا لەژیانی فەلسەفیماندا ئامادەبوونی هەیە؟ ئایا دەستبەرداری کتێبەکانی ببین؟ یاخود پێویستمان بەخوێندنەوەی سەر لەنوێی هەیە بەتایبەت مێژووی سێکسوالێتی؟ لەبەر ئەوەی هەموو وێرانەکانی ئەمڕۆ تیای دەژین، لەڕوانگەی چەمکە فەلسەفیەکانیەوە دەخوێنینەوە.
لەم ڕۆژگارەی ئێمەدا دەپرسین: فۆکۆ لەکوێیە و دەکەوێتە کوێی بیرۆکەی مەرگی مرۆڤ؟ ئایا مردنێک کە لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و کەناڵە ئاسمانیەکانەوە دەیبینین، گوزارشت لە مردنە فۆکۆییەکە دەکات؟
بەدڵنیاییەوە ئەوەیان تەواو دوورە لەچەمکە فەلسەفیەکەی فەیلەسووفی مردنی مرۆڤ، لەبەر ئەوەی مردن لەلای ئەو گوزارشتە لە ویست، لەناوەوەی مرۆڤ ویست دەکەوێتە کوێوە؟ ئەوە ویستی زانینە.
ئەو لەسەرەتای ژیانی خوێندنیدا بەدەست کێشەو ئازاری زۆر گیرۆدە بوو، هۆکارەکەشی زیاتر بەهۆی هاوڕەگەزبازیەکەی بووە، ئەوەش وا دەکات لەلایان زۆر کەسەوە ڕەتبکرێتەوە، تەنانەت بیرۆکەی خۆکوشتن لەلای ئەو لەو کاردانەوانەوە سەرچاوەی گرتووە.
هەڵبەت بەدوای تێزەکەی «مێژووی شێتی لەسەردەمی کلاسیکیدا» هاوڕێکانی ڕۆژگاری خوێندنی لەسەر ئەم لۆژیکە هاوڕان، بەوەی بیرۆکەی خۆکوشتن وابەستەی دەوروبەرەکەی بووە، بۆیە فۆکۆ کتێبەکەی لەبارەی خۆیەوە نووسیوە.
رەنگ بوو ساڵانێک پێش ئێستا گەر ئەو بۆچونەمان لەلا دروست بوایە، خێرا خۆمان بەرپەرچ دەدایەوە، بەوەی کتێبەکەی هیچ پەیوەندی بە ژیانی خۆیەوە نیە، بەلام اەو دەمەی بەناو کتێبەکانی رۆ دەچین و بەتایبەت ئەو نهێنینانەی نووسین کە پێشتر ئاشنایەتیمان پێیانەوە نەبوو، ئەوسا ناچار بە گومان و گەڕانی نەزانراومان دەکاتەوە.
سالی ١٩٥٨ دەیویست لە پۆڵەندا کتێبی «گەمژەییەکانم» تەواو بکات، بەڵام دیارە ناتوانێت زۆر لەوێ بمێنێتەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە پۆلیسی پۆڵەندیی لە ساری وارشۆ دەریدەکەن، چونکە ئەوان بێزار ببوون بەدەست پەیوەندیەکانی فۆکۆ وە، لەو بارەیەوە نووسەری پۆڵەندی ریمیگیۆش ریژنێسکی کتێبێکی نووسیوە بەناوی «فۆکۆ لە وارشۆ» کتێبەکە بەزمانی پۆڵەندی نووسراوەو وەرگێردراوەتە سەر زمانی فەڕەنسیش.
کرۆکی فەلسەفەی گوتارە فەلسەفیەکەی فۆکۆ بریتیە لە جیاوازی لە مانادا، بۆیە زۆربەی کات بڕوای وایە تێگەیشتنی خوێنەر لەشوێنی ڕاستی خۆی نیە، ساڵی ١٩٦٩ کاتێک کتێبی «ئەرکیۆلۆژیای مەعریفە» دەنووسێت لەو بارەیەوە دەنووسێت «نەخێر، من لەوێ نیم، لەو شوێنەی کە تۆ چاوەڕوانم دەکەیت» ئەوە مانای وایە بەهۆی جیاوازی تێگەیشتنی خوێنەر، وایکردووە تێگەیشتن لەشوێنی راستی خۆی نەبێت، هەر بۆیە دەنووسێت «من لێرەم لەو شوێنەی کە سەیری تۆ دەکەم، تۆش پێدەکەنیت.
فۆکۆ بەهۆی هاوڕەگەزبازێتیەکەی لەکۆمەلگا ناترسێت، بەلام ئازاریش دەچێژێت، وەک پێشتر ئاماژەمان پێی کرد، بەوەی نازانێت چۆن ڕەفتاریان لەگەڵدا بکات، وەک لەوتارەکەی گۆڤاری زانستە مرۆییەکان هاتووە کە زیاتر مەبەستی دیدیار ئیربۆن بوو، ئیربۆن لە زانکۆدا لەگەڵ هەموواندا خاوەنی کەسێتیەکی توندو تیژ بووە.
هەڵبەت ترسی فۆکۆ لەبابەتە کەسێتیەکان نەبوو، بەقەد ئەوەی ترسی بووە لە دەسەڵاتی سیاسی کە ژیان زەوت دەکات، تەنانەت ئینتیما کردنیشی بۆ گوتاری مارکسی هۆکارەکەی ئەوە بوو کە چۆن بەگژ دەسەڵاتدا دەچێتەوە، بەڵام هەر وەک هیلواس لیگێت لە وتارەکەیدا دەنووسێت «فۆکۆ دەگەڕا بەدوای دیدگای چەپخوازی، نەک بۆ (ترۆتسکی) نە بۆ (ماو) یش، ئێمە فۆڕمی دووەمی چەپمان دەدۆزیەوە»
هاوکاریەکانی فۆکۆ بۆ شۆڕش و خواستی ئەوەی کە دەیویست لێیانەوە نزیک بێت وهاوکاریان بکات، وەک لە ١٩٦٨ لەگەڵ سارتەرو ئەوانیتر لە خۆپیشاندانەکانی زانکۆ بەشداریی کرد، بەدوای ئەوەش کۆمەکی شۆڕشی تونسی کرد، لەڕێگەی دوو سیمینار لەبارەی بوون لای دیکارت، لە ئێرانیش وەک رۆژنامەنووس لەکاتی شۆڕشی ئیسلامی رۆژانەکانی خۆی دەنووسیەوە.
هەموو ئەمانەی بۆ شتێک بوو، دەیویست شتێک بگۆڕێت، ڕەنگە بپرسین: ئەو دەیویست چی بگۆڕێت؟ گۆڕان لە چەمکی بوون ئیشکالیەتی فەلسەفیە لە گوتاری فۆکۆدا، بۆیە دەگەرێتەوە بۆ کۆژیتۆکەی دیکارت «من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم» چەمکی بیرکردنەوە دەگۆرێت بە هەڵەکردن، بۆیە لە سیمینارەکەی تونسدا دەڵێت «من هەڵە دەکەم، کەواتە هەم».

نیهاد جامی- فەڕەنسا




ژیانی پاریسیەکان.. نیهاد جامی

ئێمە چۆن سەیری کتێبی ژیاننامە دەکەین؟

کاتێک کتێبێک لەبارەی ژیانی نووسەرێک یان هونەرمەندێکی کورد دەخوێنینەوە، لەدەرەوەی گێڕانەوەی ژیان وەک چیرۆکێکی بەدوا یەک هاتوو ئێمە شتێکیتر بەدی ناکەین، ئەوەش گرفتی نوسەری ژیاننامەیە، دەیەوێت وەک گێڕانەوەی چیرۆکێک کتێبەکەی بنووسێت، سەرەنجام ئێمە نە ژیاننامە دەخوێنینەوە ، نە چیرۆک، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی؟
کاتێک کتێب وەک ژیاننامە سەیر بکەین، نامانەوێت چیرۆکێکی تۆبۆگرافی بخوێنینەوە، لەکاتێکدا ئەوە ژیاننامەش نیە، چونکە نوسەر وەک گێڕەرەوەی ژیانی مرۆڤێک دەدوێت کە ناتوانین بزانین لەکوێ سنوری راستی و خەیاڵ لێکتر جودا دەکرێتەوە، هۆکارەکەشی میتۆدی کارکردنە، کە نووسەر نایەت لەهەموو ئەو مرۆڤانە نزیک ببێتەوە کە بەشێکن لەڕابردووی ژیانی ئەو مرۆڤەی ئەو لەبارەیەوە دەدوێت، ئەوسا دەتوانین لەئاستی کولتوریی و کۆمەلایەتی ئەو مرۆڤە بناسین، سەرباری پەیوەندی ئەو بە دنیاوە، ئەوە وایکردووە کاتێک کتێبی ژیاننامە بەمشێوەیە نەنووسرێت هێندەی وەک چیرۆکێکی دوور لە بەڵگەنامە و فرە بۆچونی بگێڕدرێتەوە، ئیتر کتێبەکەش بەهایەک لەدنیای خوێندنەوە وەدەست نەهێنێت، ئێمە بۆ ئەوەی خەوشەکانی خۆمان بناسین، هەوڵ ئەدەین باس لەکتێبی نووسەرێکی تایبەتی ئەو بوارە بکەین کە چۆن کار دەکات، بەتایبەت لەکتێبێکیدا باس لەشێوازی کارکردنی دەکاتی لەسەر دوو کتێبی ژیاننامەدا، لێرەدا پرسیارێک کە ڕووبەرومان دەبێتەوە ئەوەیە ئێمە دەتواننین چی لەو کتێبەوە بخوێنینەوە؟
ئەو کتێبە لەبنەرەتدا قسەکردنە لەدوو کتێبی تری نووسەر ، کتێبەکان بریتی بوونە لەسەر ژیاننامەی هەردوو نوسەری فەڕەنسی بیکیت و بۆڤوار، ئەو کتێبەی ئێمە لێرەدا تیشکی دەخەینە سەر، قسەکردنە لەسەر چۆنیەتی نووسینی ئەو دوو کتێبە و دۆخی فەرەنسای ئەو ڕۆژگارەو چۆنیەتی بیرکردنەوەی مرۆڤی فەرەنسی و جیاوازی ئەو مرۆڤە لەگەڵ مرۆڤی ئەمریکی، بەو پێیەی نووسەر لە ئەمریکاوە هەمیشە سەفەری پاریس دەکات.
ئەو سەرەتا کاتێک لەبارەی بیکیت دەیەوێت کتێبێک بنووسێت و چەندین جار سەردانی دەکات، ئەوانەش دەبینێت کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە ژیانی ئەو نووسەرەوە هەیە، لەو رۆژگارەدا بەهیچ جۆرێک پلانی ئەوەی نیە کە کتێب لەبارەی سیمۆن دو بۆڤواریش بنووسێت، هەڵبەت ئەو دوو نووسەرە ناکۆکیەکی زۆر لەنێوانیان هەبووە، بەتایبەت ئەو کاتەی سارتەر سەرنووسەری رۆژنامە دەبێت وبەقسەی زۆرینە بۆڤوار زۆربەی کارەکانی ڕۆژنامەکەی ڕایی کردووە، کاتێک بیکیت چیرۆکێک دەنێرێت بڵاو دەبێتەوە، لەناردنی بەشی دووەمی سیمۆن ڕەتی دەکاتەوە کە بڵاو بکرێتەوە، بە بیانووی ئەوەی رۆژنامە شتی گرنگتر هەیە لەو نووسینە بڵاوی بکاتەوە.
نووسەری ئەو کتێبە دێردر بێر باس لەتەواوی سەفەرەکانی دەکات، چیرۆکی ئەندێشە و جێهێشتنی دوو مناڵ و هاوسەرەکەی و هەندێکجار ئەوانیش لەگەڵ خۆیدا دەبات، ئازاری ژورە ساردەکانی پاریس و کارنەکردنی گەرمی، هەندێک کات شکانی پەنجەرەو هاتنە ژوورەوەی هەوای سارد، لەپاڵ ئەو ڕاستگۆییەی مرۆڤی فەڕەنسی کە راستەوخۆ داوای سێکسی لێ دەکەن، تەنانەت بیکیتیش دەیەوێت لەگەڵی بخەوێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هاوسەری هەبووە بیانوەکەی بۆ هەموویان هەر ئەوە بووە، لەوەدا ئاماژە بۆ ڕاستگۆیی فەڕەنسی دەکات، کە وەک ئەمریکی نین ڕێگایەکی ئاڵۆز بگرنە بەر تا داواکاریەکەیان ڕابگەیەنن.
کتێبەکە چەندین ساڵ لەژیانی ئەودا دەبات، کاتێک کتێبەکە چاپ دەکرێت، لەدوو ئاستدا تووشی نائومێدی دەبێت، لەلایەک ئەوانەی خۆیان بە بیکیتیەکان دەناسێنن، دژایەتی خۆیان بۆ کتێبەکە رادەگەیەنن، لەلایەکیتریش بەو پێیەی ئەو مامۆستای زانکۆیە، بۆیە ئەو دامەزراوە هەمیشە دەیخاتە ژێر فشارو هەڕەشەلێکردن، ئەوە سەرباری گۆڕینی چەندین دەزگای بلاوکردنەوە، بەهۆی ئەوەی لەکاتی وادەی خۆی بەڵێنەکانی بۆ تەواوکردنی کتێبەکە ناگاتە سەر، کە بەشێکیان پەیوەندیان بە خۆ ونکردنی بیکیتەوە هەیە، گرفتێکی تریش دوای چاپکردنی ئەوەیە، بیکیت لەکاتێکدا چاوەروان بوو ئەو کتێبی تری لەبارەوە بنووسێت، کەچی دەبینێت کتێب لەبارەی ژیانی دوژمنە سەرسەختەکەی دەنووسێت سیمۆن دو بۆڤوار.
کتێبەکەی لەبارەی بۆڤوار بەدوور نیە لەهەمان کێشەو گرفتەکانی کتێبەکەی پێشووی، بەهۆی ئەوەی لەلایەک دەبینین سیمۆن سەرباری کارکردنی وەک فەیلەسوفێک، بەڵام لەڕووی سایکۆلۆژیەوە مرۆڤێکی توڕەیە، تا دەگاتە ئەوەی لەیەکێک لەدیدارەکاندا کە قسەکان تەواو دەبێت و ئەو لەناو دەرگا وەستاوە قسە دەکات، پالێکی پێوە دەنێت تا بڕوات، لەروویەکیتردا قسەکردنی لەسەر بابەتی هاوڕەگەزبازی و بوونی پەیوەندی لەگەڵ ژنێکی هاوڕێی بەناوی سێلڤی، گەرچی تەنیا وەک ماچکردن و هەندێک نزیک بوونەوە ناوی دەبات، ئێمە لەو کتێبەدا زۆر لایەنی نەزانراوی ژیانی خانمی فەیلەسووف دەناسین لەنهێنی پەیوەندی ژیانی ژان پۆل سارتەر و بوونی پەیوەندی ئەوینداری سیمۆن لەگەڵ کەسانیتردا، بەڵام وەک خوشکەکەی باسی دەکات سیمۆن بێسنور ڕاستگۆیە لەگەڵ ژیانی خۆیدا.




شانۆکاری کورد و وەهمەکانی.. نیهاد جامی

دەرگاکردنەوە لەناوەوەی خۆمان، داخستنی وەهمگەلێکە کەسانێک پێش خۆمان بۆیان درووست کردین، ئێمە ناتوانین خۆمان بین بەبێ ئەوەی کەسانێک نەیەن درۆمان بۆ نەکەن، کاتێک لەناو کولتورو زمانەکانیتردا دەبین تێدەگەین، تازەگەریەک کە ئێمەی فریووداوە تازەگەریەکی کۆنە، بۆیە بەلامانەوە نابێت سەیر بێت تازەگەری خۆرئاوایی بۆ ئێمە واتە شانۆی نیو سەدە پێش ئێستا، پەنجا سال رابردووی شانۆی خۆرئاوا کەسمان نایانناسین، نیو سەدە لەناو نائاگاییداین، شانۆنووس و دەرهێنەرەکانی کێن؟ تیۆرەکان چین؟ هێشتا وەهمی شانۆی ئەزمونگەری بەری نەداوین، لەکاتێکدا پەنجا سالی رابردوو نێژراوە، بە کورتی با ئاماژە بۆ ئەو ئیشکالیەتە بکەین، تۆ یاخود خەریکی شانۆیت یان پێرفۆرمانس، هەر نمایشێک لەسەر تەختەی شانۆ هاتە خوارەوە پێرفۆرمانسە، ئیتر گەر بەوە شاگەشکە دەبیت کە شانۆی ئەزموونگەریە، شتێکی وا لەئێستای دنیادا بوونی نیە.
پرسیارێک هەمیشە ڕووبەرومان دەبێتەوە: شانۆی ئەوروپی ئێستا لە چ ئاستێکە؟
ئەو پرسیارە بوونی ڕەوایەتی نیە، بەڵام چونکە ئێمە تێنووی ئەوەین بزانین خۆرئاوا چی دەکات، بۆیە لەم جۆرە پرسیارانە دەکەین، کارە پێرفۆرمانسیەکان کاری گروپی بچووک و دەستەبژێرین، کارە شانۆییەکانیش زیاتر بە دوو ئاراستە ئیش دەکەن، یەکێکیان گەرانەوەیە بۆ ناو شاکارە ئەدەبیەکانی شانۆ، ئاراستەکەیتریش قسەکردنە لەکێشەکانی ئەمڕۆی دنیا، ئەو دوو ئاراستەیە رۆلێکی گرنگیابن هەیە لەئێستای شانۆ.
رووکردنە نووسینی شانۆنامە بە ئاستێکی بەربڵاو کتێبە شانۆییەکان داگیر دەکات، چونکە سەرچاوەی سەرەکی کاری شانۆیین، بەپێچەوانەی شانۆی ئێمە کە زیاتر قسە لە رەخنە و وتارە، لەکاتێکدا شانۆ خۆی بوونی نیە، تا ڕەخنە و وتار ئەو ڕووبەرە داگیر بکەن، گرفتی ئێمە ئەوەیە هێشتا دەمانەوێت لەناو تیۆرەکانی ناوەراستی سەدەی بیستەمەوە قسە لەشانۆ بکەین، شانۆکارانێک کە لەخۆرئاوان بەشێکی دیاری ئەو خراپی گواستنەوەیە دەکەوێتە ئەستۆیان، لە پۆلینکاری فێستڤاڵە شانۆییەکان لەئاستی پلە چوار بەشدار دەبن و وای دەردەخەن لەتەک داهێنەرە گەورەکانی شانۆن، ئەوە بەکردەوە لەناو ئەرشیفی ناوەندی فێستڤاڵە شانۆییەکان بینیومانە.
گرفتێکی تری شانۆکاری کورد وەهمی بە جیهانی بوونە، خەونێکە یۆتۆپیایەکە، پێی وایە بۆ ئەوەی شانۆکەی جیهانی بێت دەبێت وەک تیۆریزانەکانی پەنجا ساڵ پێش ئێستا نمایشی شانۆیی دروست بکات، بۆ ئەوەی شانۆکەت جیهانی بێت گەڕانەوە بۆ میتۆدە کۆنەکانی خۆرئاوا کە تا ئێستا بۆ کوردستان نوێن، ناتکەن بە دەرهێنەری داهێنەر، بانگەشەکارانی ئەو بوارە پێویستە ڕوونی بکەنەوە، ئەوان پێرفۆرمانیسیان لەژورێک ئەنجام داوەو پێویست ناکات چیتر کەس فریوو بدەن.
جیهانی بوون گەرانەوە نیە بۆ شانۆنامە کلاسیکیەکان، هێندەی ئیشکردنەوەیە لەتەک کێشە کولتوریەکانی خۆت، بەڵام گرنگ لەوەدا ئەوەیە: بە چ زمانێک نمایش بکرێت، ئەو شوێنەی تیای نمایشی دەکەیت لە چیرۆکەکەت تێبگات، کەس بە شاکارە کلاسیکیەکان و تیۆری دەرهێنەرەکانی خۆرئاوا نابێت بە جیهانی، وەهمێک کەسانێکی کوردی لەخۆرئاوا بۆ ناو گەنجانی کوردستان درووستیان کردووە، بۆ ئەوەی کەس زوویر نەکەین باس لە خۆمان دەکەین، بەهۆی ئەوەی لە شانۆی پۆلەندی لەتەک دیارترین پێرفۆرمێری ئەو شانۆیە دوو پێرفۆرمانسمان نمایش کرد، ئاخۆ من شانۆکارێکی جیهانیم؟ ئایا من ناوێکی گرنگم لە شانۆی ئەو وڵاتە؟ ئاخر ئەوانە پرسیار نین، هەر کاتێک وا بیرم کردەوە، تووشی نەخۆشی دەروونی بوومە، تۆ سەیرکە من لە فەرەنسا بە فەرەنسی نواندنم کرد، ئایا من لەشانۆی فەرەنسی کاریگەری خۆم هەیە؟ جا ئەو پرسیارە تەرجەمە بکە بۆ قسەی ئەو شانۆکارانەیتر ، ئەوسا تێدەگەیت ئێمە خاوەنی گێڕانەوەی گریاناویترین نوکتەی شانۆی دنیاین.
کاتێک پێت وا بوو ئەوان گرنگن، پێویستە سەرەتا باوەر بەوە بهێنیت تۆ حەزت بە فریودانی خۆتە، پێتخۆشە هەڵتبخەڵەتێنن درۆت بۆ بکەن، درۆکردن لێرەوە بۆ کوردستان ئاسانترین کارێکە و هیچ تەکنیکێکی پێویست نیە، کاری منیش ئەوە نیە درۆتان بۆ بکەم، بەڵکو دەمەوێت بە ئاگابێنەوە لەو خۆشباوەڕیەی چیتر بە درۆی، شوێنگەی ئێمە لەشانۆی دنیا خۆتان فریوو نەدەن.
کۆی ئەو ڕوانینە بۆ خۆی بریتیە لەقسەکردنی وەهمێک کە شانۆی ئێمەی خواردووە، تیۆرەکان نایەڵن کار بکەین، بەرلەکارکردن دەمانەوێت تازەگەر بین، بەڵام بەڕاست بۆ تازەگەر بین؟ تازەگەری چیە؟ گەر شاکارێکی کلاسیکمان وەک خۆی خسوتە سەر شانۆ ئێمە شانۆکاری کۆنەپەرستین؟ بەلام کە باسی جەستەمان کرد تازەگەرین ؟ بێئاگا لەوەی تازەگەریەکەمان کۆن بووە و کۆنەپەرستیەکەمان گەڕانەوەیە بۆ بنەما ڕاستەقینەکانی شانۆ، ڕەنگە گەنج بوون و ئارەزوی خوێنگەرمیت وات لێبکات بە نائومێدیەوە بڕوانیت لە من، بە ئومێدەوە بڕوانیتە ئەوانەی فریووت دەدەن، بەڵام کاتێک کتێبی شانۆیی بەزمانیتر دەخوێنیتەوە، تێدەگەیت هەمیشە دەبێت دوو وێنە ببینین، تیۆریستانی شانۆ وەک خۆیان وێنەیەکن و وێنەی دووەمیان وێنە بارگاویکراوەکەی ئێمەیە، کە هیچ پەیوەندیان بە وێنەی یەکەمەوە نیە، بۆیە کاتێک نەتوانین ئاشنای کولتورو زمانەکانیان بین، سەختە بتوانین قسە لەشانۆکانیان بکەین، چۆن دەکرێت من تەنیا کۆرسێکی سەرەتایی زمانیی ئەڵمانیم خوێندووەو سالێک لەوێ ژیاوم ئێستا بێم خۆم بە پسپۆری ئەو شانۆیە بزانم، بەڵام گرفتی مرۆڤگەلێک ئەوەیە خۆی بە پسپۆری کۆ میتۆدی شانۆیی دەزانێت، سەرەنجام هەموو قسەکان لەماوەی پەنجا سالی رابردووی شانۆی ئێمە بریتی بووە لە گرۆتۆڤسکی و پیتەربروک و گۆردن گریک و ئاڕتۆ و … بێ ئەوەی ئەرشیفی ڤیدیۆی شانۆی ئەوان و کتێبەکانیانی بە زمانی سەرەکی خوێندبێتەوە، ناکرێت تۆ کۆبەرهەمی ئارتۆت نەخوێندبێتەوەو بۆ گرۆتۆڤسکی باس لەو هەموو وێرانە وەرگێڕانە عەرەبیەی ناکەم بۆ کتێبی “شانۆی هەژار” کە بەدوای خوێندنەوەی دەستنووسە پۆلەندیەکە ڕووبەرووی دەبیتەوە، بەلام بەبێ دوو کتێبیتری گرۆتۆڤسکی یەکێکیان بەناوی “ئیلهامبەخشیەکانم لەشانۆدا”کە بە دوو بەرگ چاپکراوە، کتێبێکیتریش گفتوگۆیەکی فراوانە لەبارەی جەستە و ئەزموونی شانۆیی کە زبیگنیڤ ئۆشینیسکی لەگەلیدا سازیداوە، لەژێر ناونیشانی “دیدار لەگەڵ گرۆتۆڤسکی” بێیت قسە لەگرۆتۆڤسکی بکەیت، وەک گرۆتۆڤسکی ناس، لەکاتێکدا وێنەکەی تۆ بریتیە لەوێنەیەکی رووکەش بۆ ئەو دەرهێنەرە.
ئەو کورتە وتارە زادەی ئەو وەهمە ترسناکەیە لەرابردوو ئێمە ڕووبەرووی ببوینەوە، لەئێستاشدا بەبەردەوام شانۆکارانێک گەنجانی شانۆی پێدەخەڵەتێنن، بۆیە قسەکردن لەهەندێک دەرەنجام و خەوشەکان کردەیەکی ئەخلاقیە، دەنا لەبنەرەتدا پێویست و چاوەروانی ستایشی کەس نین، من سوپاسگوزارم کە هاتنە دەرەوەم وایکرد لە یۆتۆپیاو وەهمەکان دەربچم، ئەویش زادەی ئەو ساڵانە بوو لە پۆلەندا ژیام، وەک خوێندکار لە خوێندنگای دراماتۆرگی، لەپاڵ کۆرسە بەردەوامەکانی شانۆی زیگمۆند هۆبنەرو فێربونی زمانی پۆلەندی ئەو ئاسۆیەی لەبەردەمم کردەوە کە لەناو نائاگاییەوە بەرەو ئاگایی شانۆیی هەنگاو بنێم.

نیهاد جامی




ئەنتیگۆنا و ئەفسانەی ئۆدیب.. نیهاد جامی

هەندێک سات کتێبە بەراییەکان توانای ئەوەیان هەیە بۆ چارەسەری کێشە هەنووکەییەکانی شانۆ بمانگەڕێننەوە سەر کتێبە بەراییەکانی تێگەیشتن لەشانۆدا، ئەوە وا دەکات کتێبێکی میتۆدی تێگەیشتن لەساتەوەختێک و زەمەنێکی دەست نیشانکراو بخوێنینەوە، دەست نیشانکردنی زەمەنێک لەشانۆی کلاسیک کە وابەستەی بنەماڵەیەکی ناو ئەفسانەی گریکە، ئەویش وابەستەی هەردوو شانۆنامەی ئەنتیگۆنا و ئۆدیب پاشایە.
هەڵبەت سەرەتای ئاشنابوونی ئێمە بە ئەفسانەی ئۆدیب لەڕێی شانۆنامەیەکی ئامادەکراوی عەرەبی بوو، کە ئەو کات کاکەی فەلاح کردبووی بە کوردی، بۆیە خودی شانۆنامەکە نەبوو، بەڵکو شانۆنامەیەکی شانۆنوسی عەرەبی تۆفیق حەکیم بوو، وەک کاری ئەکادیمی ناوەندەکانی خوێندنی شانۆیی لەکوردستان پشتی پێ بەسترابوو، لەکاتێکدا تێکستە ئۆرگیناڵەکە نەبوو، بۆیە هەر خوێندنەوەیەک بەم شانۆنامەیە ببەخشرابا پەیوەندی بەشانۆنامە ئامادەکراوەکە هەبوو، هەڵبەت ئەوانەی لەبواری وەرگێڕانی شانۆنامەدا کار دەکەن دەتوانن دەقە ئۆرگینالەکان بکەن بە کوردیی، کە بەداخەوە ڕەنگە بە زەحمەت وەرگێڕێکمان هەبێت لەدەقی گریکیەوە بیکات بە کوردیی، بۆیە ناچاردەبین لەزمانی ترەوە وەربگیرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە خودی دەقە سەرەکیەکە بێت و ئامادەکراو نەبێت.
ئەوەی لێرەدا ئێمە لەسەری دەوەستین کتێبێکە لەژێر ناوی «ئەنتیگۆنا و ئەفسانەی ئۆدیب» کتێبەکە ساڵی ٢٠١٢ چاپکراوەو، قسەکردنە لەم دوو شانۆنامەیە کە لەلایان سێ نووسەرەوە شانۆنامەکان نووسراونەتەوە ئەوانیش سۆفۆکلیس و ژان ئەنوی و ژان کۆکتۆیە.
سەرەتا لەبارە ژان ئەنوی قسە دەکەین ئەنالیزەی کتێبەکە بۆ شانۆنامەی ئەنتیگۆنا دەخەینە ڕوو، کتێبەکە سەرەتا باس لەپەیوەندیی بنەماڵەیی نێوان ئۆدیب و ئەنتیگۆنا دەکرێت، پەیوەندیان بە یەکتری وەک خێزان و ئەوسا دێتە سەر پەیوەندی جوگرافی شوێن لەگەڵ کارەکتەردا، کاتێک سەرەتایەک بۆ ناسین نیشان دەدات، ئەوسا لەسەر شانۆگەری «ئەنتیگۆنا» ی دەوەستێت، بەپێی دۆکیۆمێنتە مێژوویەکان ئەم شانۆنامەیە چەندین نووسەر لەمێژوودا ڕووداوەکانیان نووسیوەتەوە، بەڵام بەو پێیەی دیارترینیان لەمێژوودا شانۆنامەکەی سۆفۆکلیس و لەسەردەمی نوێشدا ژان ئەنوی نووسیویەتی، بۆیە لەم کتێبەشدا بەشی یەکەمی تەرخان کراوە بۆ ئەنتیگۆنا لەڕوانگەی ئەم دوو نووسەرەوە، سەرەتا بیۆگرافیایەک بۆ ئەنوی خراوەتە ڕوو لەبارەی ناسین و نووسینی شانۆنامە و هەروەها ئەو شانۆنامەیەی کە لێرەدا جێی بایەخی ئەم کتێبەیە، رووداوەکانی شانۆنامەکە لەپاڵ گرنگی ڕۆلی ئەنتیگۆنا لەخودی تراژیدیاکە لەڕوانگەی نوسەرەوە شیدەکرێتەوە، چونکە کتێبەکە بۆ خۆی ئیشکردنێکی شیکاری دەقی شانۆییە، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی لەشانۆنامەکەدا کار دەکەن، کۆمەلێک پرسیار خراوەتە ڕوو، کە بۆ تێگەیشتن لەشانۆنامەکە پێویستە وەلام بدرێنەوە، کە پۆلین کراوەتە سەر چەند تەوەرێکەوە لەوانە «نمایشی شانۆیی، قۆناغی گوزارشتکردن، فۆڕمی نوێ بۆ تراژیدیاکە، تەختەی شانۆ، خوێندنەوە لە زماندا، بەڵگەنامەکان»
دیارە بۆ بەرچاو ڕوونی پێویست دەکات ئەوە ڕوون بکەینەوە، ئەو شێوازی کتێبە تەنیا بۆ ئەو کتێبە نەگیراوەتە بەر، بەڵکو بۆ زۆربەی کتێبەکانی خوێندن و فێربوون لە فەڕەنسا پیادە دەکرێت، بۆ ئەوەی یارمەتی ئەو کەسانە بدات کە دەیانەوێت لەو بوارەدا کار بکەن، بۆیە کتێبخانەیەکی فراوان لەو فۆڕمی کتێبە دەبینین بەتایبەت لەبوارەکان شانۆ و ئەدەب و زماندا.
بۆ ئەوەی ئەو دۆکیۆمێنتە بناسین کە لەپشت پرۆسەی نووسینەوەیە بۆ ئەم شانۆنامەیە، ئەوە کتێبەکە باس لەو ڕووداوە دەکات، لەمانگی ئابی ١٩٤١ جەنگاوەری بەرهەڵستکاری لاو پول کۆلێت تەقە لە پۆل لاڤالی سەرۆکی حکومەتی ڤیشی دەکات و برینداری دەکات، لاوەکە سەر بە هیچ تاقم و گروپێکی سیاسیەوە نیە، سرووشتە پاڵەوانی و تراژیدیەکەی وا لە ژان ئەنوی دەکات، لە ١٩٤٢ سەر لەنوێ ئەم ڕووداوە لەڕێی شانۆنامەی ئەنتیگۆنا بنووسێتەوە، سالی ١٩٤٤ بۆ یەکەمجار شانۆنامەکە دەخرێتە سەر شانۆ و سەرکەوتنێکی بێ وێنە وەدەست دێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەرووی رەخنەیەکی زۆر دەبێتەوە، هەندێک بەوە نووسەر تاوانبار دەکەن بەوەی لەڕێی کەسایەتی کریۆن ویستویەتی پۆزش بۆ ڕژێمی ڤیشی بێنێتەوە، بەپێچەوانەی ئەو ڕەخنەیە هەندێک بڕوایان وایە ئەم شانۆنامەیە ڕۆحی شۆڕشگێریەتی و کاری سەرپێچیکردنە بەرامبەر دەسەڵاتی ستەمکار.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم شانۆنامەیە قبوڵکردن و یاخی بوونە، لەڕێی ووشەی «بەڵێ» و «نەخێر» دەکاتە سەرچاوەی ئەو ململانێیە، بە بڕوای ئێمە تەنانەت کاتێک ووشەی «نەخێر» وەک یاخی بوون ئەلبێر کامۆ بەکاری دێنێت، لەبنەرەتدا لەو ڕوانینەی ئەم شانۆنامەیەوە سەرچاوەی گرتووە.
هەرچی شانۆنامەکەی سۆفۆکلیسە بۆ ئەم کتێبە دەبێتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ قسەوباسکردن لەتراژیدیای گریکی، هەوڵێکە بۆ ناسینی سەردەمی شانۆنامەکە و بونیادە پێکهاتوەکانی شانۆنامەکە، لەڕێی شیکردنەوەی دەقەکەوە هەندێک بنەمای کۆمەڵناسیانەمان بۆدەخاتە ڕوو لە پەیوەندی کۆمەڵگا و مەدەنیەت، لە پەیوەندی هاوڵاتی و مافە مەدەنیەکانی تاک، لێرەوە لەوە تێدەگەین بۆچی فەیلەسوفێکی ناسراوی وەک هیگل لەقسەکردنی پەیوەندی نێوان فەلسەفە و شانۆ بەتەنیا بۆ شانۆنامەی «ئەنتیگۆنا» دەگەڕێتەوە، دواتر کتێبەکە وەک ئەو میتۆدی کارکردنەی ئاماژەمان بۆی کرد هەوڵ دەدات کۆمەڵێک پرسیار بخاتە ڕوو بەمەبەستی تێگەیشتن لەنهێنیەکانی ناو دەقە شانۆییەکەوە، بەتایبەت لەداڕشتنەوەی دیالۆگ و پەیوەندی دوو خوشکەکە وەک ململانێی ژنەکان و ئامادەبوونی ڕەگەزی لەگەڵ دەسەڵات لەلایەک، لەلایەکیتر پەیوەندی هەڕەمی بنەماڵەیی بۆ دەسەڵات، ئەوەش بەرەو ڕووی گرنگترین پرسی تاوانمان دەبات لەناو گرێچنی شانۆنامەکە، بەوەی پرسیار ڕووبەروی گەڕانمان دەکاتەوە بۆ ناسینی هەریەکە لە کوژراو و بکوژ.
پرسیارێکیتر ئەوەیە ئاخۆ کریۆن بەدوای گەڕان بۆ چارەسەری کێشەکانەوەیە، یاخود هەمیشە دیالۆگ و گەڕانەکانی بەرەو ئاشکراکردنی تاوانمان دەبات؟ کە سەرەتا بە ئاشکرابونی تاوانی باوک «ئۆدیب» دەست پێدەکات و دواتر بە ئاگادارکردنەوەی دەسەڵات و یاخی بونی دەنگەکانی ناو بنەماڵە و ڕەخنەگرتن لەدەسەڵات و بەگژداچوونەوەی لەلایان ئەنتیگۆناوە؟
لەڕێی وەڵامدانەوەی پرسیارەکان ڕووبەرووی وێنەیەکی زانراوی دەقەکە دەبین، ئەویش پرسیارەکان وا دەکەن کە چۆن بتوانین شیکردنەوە بۆ دەقە شانۆییەکە بکەین، بە بڕوای ئێمە ئەو جۆرە کارکردنە لەناوەندەکانی خوێندنی شانۆ نەک بەتەنیا دیدێکی نوێ بە خوێندکارانی شانۆ دەبەخشێت، بەڵکو دەتوانێت سەرەتایەکی زانستی جیاواز بۆ زانستی شانۆ بخاتە ڕوو.
شانۆنامەی «ئۆدیب» ی سوفۆکلیس، لە ئەفسانەیەکی گریکیەوە، دەبێرت بە شانۆنامەیەکی دەروونشیکاری ناسینی مرۆڤ لای سۆفۆکلیس، بەڵام هەر تێگەیشتنێک بۆ شانۆنامەکە زادەی گەڕانەوەیە بۆ بنەما سەرەتاییەکانی تێگەیشتن لەبونیادی شانۆنامەکەوە، بۆیە بۆ ئەوەی بتوانین لەدیدی فرۆیدەوە ئەم شانۆنامەیە بناسین، بەر لەو ناسینە پێویستمان بەوەیە شیکاری تەواوی شانۆنامەکە بکەین لەئاستی نووسین و زەمەنی خۆیدا، کارگەلێک نەک ئێمە نەمانکردووە، بەڵکو بە بیانوی کۆن بوون و سادەبوون هەموو سەرەتاکانمان جێهێشت و هاتینە بەرزاییەکەوە کە هەمیشە مەترسی کەوتنمان لێکراوە.
پەیوەندی مرۆڤ و خودا، بوونی مرۆڤ وەک هاولاتی دوو پرسی لەیەکتر دوور و بەسەرچوو نین، هێندەی پەیوەندیەکی راستەوخۆی ناسین و تێگەیشتنە، کە ئەم کتێبە بە ڕوونی نیشانمانی دەدات.
ئەم شانۆنامەیە لەلای ژان کۆکتۆ وەک تێکستێکی نوێ هەندێک جومگەو پرسی گرنگی مرۆڤی هاوچەرخ لەڕوانگەی تراژیدیاو کلاسیکەوە دەست نیشان دەکات، کە وەک دوا لاپەڕەکانی ئەو کتێبر قسەو باسی لەبارەوە دەکرێت، قسەکردنێک شیکردنەوەی نهێنیە نەزانراوەکانە.
ئیشکردنی کۆکتۆ لەگەڵ ئەم ئەفسانەیە ئیشکردنەوەیە لەتەک شانۆنامەکەی سۆفۆکلیس، هەڵبەت ئەم نووسەرە جگە لە نووسینی شانۆنامە، لەژیاندا خێرا دەستی بە نووسین کردو بەشیعر دەست پێدەکات، لەو رۆژگارەی شوفێری ئەمبولانس ئەبێت ئەوە ڕێگری ئەوەی لێ ناکات، لەسەر نووسین بەردەوان بێت، بۆیە فیلمنامەش دەنووسێت و تەنانەت خەریکی نیگارکێشانیش دەبێت، بەدڵنیایی قسەکردن لە کۆکتۆ پێویستی بە بەزاندنی سنوری ئەو کتێبە هەیە، بەتایبەت کە کەمتر لە رۆشنبیریی ئێمەدا ئاوڕی لێ دراوەتەوە، بە ئومێدی رۆژێک بتواندرێت یان بتوانین ئەو کارە لە ئەستۆ بگرین.
سەرەتا شانۆنامەکە هاونزیکیەکی زۆری هەیە لەگەڵ شانۆنامەی «هاملێت» ی شکسپیر، بەوەی تارمایی لایۆسی باوک خۆی دەردەخات بۆ دوو سەرباز تا جۆکاستای شاژن ئاگادار بکەنەوە لە مەترسیەک کە ڕووبەرویان دەبێتەوە، ئەگەرچی ئەو سەرەتایە بەرەو لای تارمایی هاملێت دەمانبات، بەڵام دیدێکی ئاگایانەی ناو ترایژیدیاکەیە، وا دەکات لەمانا ئەفسانەییەکان و تێگەیشتنە شانۆیەکەی سۆفۆکلیس خۆی بە دوور بگرێت، وەک دیدێکی ناتەبا بۆ ئەفسانەکە خۆی بخاتە ڕوو، لێرەدا ئێمە ڕووبەرووی گرفتێکی تر دەبینەوە، چونکە یەک لەسەربازەکان هاوڕێ سەربازەکەیتری ئاگادار دەکاتەوە کە لەو بارەیەوە هیچ نەدرکێنێت و بێدەنگ بێت.
بۆیە تارمایی پاشای کوژراو ناچارە پەنا بەرێتە بەر کەسانی تر، بۆیە بۆ ئانوبی ڕووندەکاتەوە کەوا ئەو بێزار بووە لەکوشتنی مرۆڤگەلێکی نەزان و بێ وەڵام، دواتر هەوڵ دەدات قسە لەگەڵ ژنێک بکات کە لەگەڵ دوو منداڵەکەی بەڕێگاوەیە، ئەو نهێنیەی بەدوو سەربازەکەی ووت ئەو ژنەشی لێ ئاگادار دەکاتەوە، بەدوای رۆیشتنی ژن و منداڵەکان گەشتیارێکیتر خۆی دەناسێنێت، ئەویان ئۆدیبە، بۆیە باوک دەیەوێت بزانێت ئاخۆ ئۆدیب بەدوای ئەو دەگەرێت؟ ئەوەی سەیرە کوڕیش وەک باوک عەوداڵی ئەو گەڕانەیە، بەڵام پێویست ئەوەش بزانین زانین شتێک نابەخشێت، جگە لەوەستاندنی تاوان، بۆ ئۆدیبێکی تەمەن نۆزدە ساڵ، کاتێک خۆی بە باوک دەناسێنێت و ناو و تەمەنی خۆی ئاشکرا دەکات.
هەلبەت ئەو شانۆنامەیە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، لەچۆنیەتی کارکردنەوە لەتەک تێکستی کلاسیکی، بەهۆی ئەوەی ئەم وتارەی ئێمە تایبەت بووە بەم کتێبەوە، بەڵام وەرگێڕانی شانۆنامەکەی کۆکتۆ و نووسین لەبارەی تێکستەکەوە، کارێکی گرنگ و پێویستیە و دەبێت لەدەرفەتی تردا بگەڕێینەوە سەری، بۆیە کۆی قسەکردنەکانمان بەپرسیارێک کۆتایی دێنین بەوەی بۆچی ژان کۆکتۆ گەڕاوەتەوە بۆ تارماییەکەی شکسپیر؟
ئەو پرسیارە سەرباری ئەوەی بەرەو دیدگای ترمان دەبات، بەڵام جێی خۆیەتی لەسەری بووەستین، و ئاماژە بە دوو ڕەهەندی بکەین، ڕەهەندی یەکەم وابەستەی میکانیزمی ڕووداوە، تێدەگەین گەڕانەوە بۆ ناو شانۆنامەی هاملێت بۆ چارەسەرکردنێکی جیاوازی سۆفۆکلیسیە، ڕەهەندی دووەمیشی ڕەهەندی مانایە، لەبارەی دەقئاوێزانەوە، لە شانۆی ئێمەدا دەقئاوێزان گواستنەوەی دەیالۆگ و کۆکردنەوەو ئامادەکردنە لەژێر ئەم ناوە، بەڵام ژان کۆکتۆ نمونەیەکی تەواو جیاوازە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە شانۆییەکەمان، بەوەی پێویستە دەقئاوێزان ئیشکردنەوە بێت لەگەڵ خاسیەتەکانی کارەکتەر یاخود بیرۆکەی ڕووداو، نەوەک کۆکردنەوەو گواستنەوەی دیالۆگی شانۆنامەیەک بێت، ئەوەی ئێمە دەیکەین ئامادەکردن و کۆکردنەوەیە نەک دەقئاوێزان.




تاریکی لەسەردەمی ڕۆشنبیریی شاشەدا.. نیهاد جامی

ئەوەی لەدنیای خۆرئاوادا دەبێتە جێگەی بایەخی کۆمەلگا، ئەو درۆیە نیە کەوا میدیای کوردیی نیشانی دەدات بەبیانوی تۆڕی کۆمەلایەتی و کاریگەری رۆشنبیریی شاشەوە، بەڵکو ڕۆشنبیریی شاشە کە بەرهەمی گەشەی تەکنەلۆژیە لەپاڵ بونی تۆڕە کۆمەلایەتیەکان ئەوانە وەک فریودەرو خەڵەتاندنی مرۆڤ بەکار نایەت، مەگەر بۆ هەرزەکاران و مرۆڤە لادەرەکان زیاتر ئەو دیدە نیشان بدات، هەڵبەت وەک کاری ریکلامکردن و بازرگانی ئامادەبونی خۆی سەپاندووە، بەلام ئەوە بە مانای کۆتایی مەعریفە و کتێب نیە، بەلکو ناوەندەکانی کتێب هەوڵیانداوە لەگەڵ رۆشنبیریی شاشە و تۆڕە کۆمەلایەتیەکاندا بوارو مەودای نوێ بۆ کارکردن بدۆزنەوە، کە چۆن لەبڕی تەسلیمبوون بەم دۆخە، هاتوون بۆ خزمەتی کتێب بەکاریان هێناون، کتێب خوێندنەوە لەرێگەی ئامێرەکانی وەکو کیندل و کۆبۆ و ئینک بووک کتێبخانەی گەرۆکی بە مرۆڤ بەخشی، کە تەنانەت لەناو شەقامیشداین ئێمە کتێبخانەی خۆمان لەگەڵ بێت، کتێبخانەیەکی بچکۆلەی ئەلکترۆنی کە زیاد لە دەهەزار کتێبمان خستبێتە جانتاکەمانەوە، لەهەر شوێنێک دانیشتین تەنیا نەبین و کتێبمان لەگەڵدا بێت.
لەپاڵ ئەوەدا تۆڕە کۆمەلایەتیەکان پڕکران لەکتێبی ئەلکترۆنی، لەو نێوەندەدا میدیای کوردیی دەیەوێت فریووی ئەو ڕاستیەمان بدات و لەشوێنیدا تەنیا یەک ڕووی ئەو گۆڕانکاریە ببینێت، دیدی هەرزەکاران و لادەرەکان وەک دیدی باوی ئەو کاریگەریە بخاتە ڕوو، بەدڵنیاییەوە ئەوەی لەئێستای کوردستان ڕوو دەدات هەر ئەو فریوو دانەیە، ئەوەی کورد کۆ دەکاتەوە لایڤی کچە مۆدێل و قسەی بێبەها و ئەوانەن کە لەدەرەوەی مەعریفەدا دەژین، بەلام ئەو خود نائاگاییە چەندە کاریگەری خراپی لەسەر داهاتووی ئێمە هەیە، بەهەمان شێوەش مۆدیلێکی نوێی ئایدیۆلۆژیە کە هێزە سیاسیەکان دلخۆش دەکات، بەوەی کۆمەلگا وەک خۆیان لێدەکەن و ئاسان دەتوانن نوێنەرایەتیان بکەن.
بیرمان نەچێت سیاسی کورد نەخوێندەوارترین توێژی کۆمەلگای کوردیین، ئەو دۆخەش لەرێی میدیاکانیانەوە برەوی پێ دەدەن کە خوێندنەوە لەتەواوی جیهاندا بەهای خۆی لەدەست داوە، لەبنەمادا ئەو دەستەواژەیە تەنیا مناڵە کالفامەکانی حزب دەتوانن باوەری پێبکەن، هەر بۆیە ئەو ئێستا خراپەی لەکوردستان هەیە زادەی ئەو دیدگا ناڕۆشنەیە کە ئاوا کۆمەلگای بۆ بردراوە، دەنا بازاری کتێب و جۆش و خرۆشی مرۆڤ لەدنیادا بۆ کتێب وەک حەتمیەتێکی ناو ژیانە، بۆیە ڕۆشنبیریی شاشە بۆتەوە کەنالێک بۆ خوێندنەوەی کتێب، کتێبی ئەلکترۆنی کەوا لەکوردستان بەخۆرایی دەست دەکەوێت، لەخۆرئاوا ئەو جۆرە کتێبەش دەبێت بۆ سەر ئامێرەکانت بیکڕیت ئەوسا بیخوێنیتەوە، ئەوەش گەواهی ئەوەیە مرۆڤ و کتێب پەیوەندیەکی بەردەوامی یەکترین.
هەلبەت کتێبە ئەدەبی و هونەریەکان لەهەموو ساتێک زیاتر مرۆڤ ڕووی تێدەکات، بەتایبەت رۆمان و هونەر، دەستەواژەی هونەر لەخۆرئاوا بۆ تەواوی هونەرەکان بەکار نایەت، لەو ناوبردنە ڕاستەوخۆ مەبەست لەهونەری شێوەکاریە، هونەرەکانیتر بەناوی خۆیان ناوزەد دەکرێن، “کتێبی فۆتۆگرافی” و “کتێبی شانۆیی” و “کتێبی سینەمایی” و “کتێبی مۆسیقی”، بەلام ناونانی هونەر چڕکراوەتەوە سەر هونەری شێوەکاری.
ماوەی ڕابردوو لە فەرەنسا خەلاتی فناک بۆ باشترین ڕۆمانی ساڵ درا بە رۆمانی “ڕۆحە شەڕانگێزەکان”ی خانمێکی رۆمانووس بەناوی ماری ڤانترا، میدیاکانی فەرەنسا و تۆڕی کۆمەلایەتی ئێکس پڕکران لەهەوالی خەلاتەکە و ڕۆمانەکانی لەپێشبڕکێدا بوونە، خەلاتەکە لەبنەرەتدا لەلایان ناوەندێکی کتێبەوەیە، ساڵانە متمانە دەکاتە سەر ٨٠٠ دەنگ، بەپێی ئامارو ڕاپرسیەک کە بلاوی دەکاتەوە، ٤٠٠ دەنگ لەلایان کتێبفرۆشەکانی ناوەندەکەوەیە، ٤٠٠ دەنگەکەی تر هی خوێنەرانی ئەو ناوەندەیە، ئەمساڵ بەدوای ئەوەی دەنگەکان لەسەر ٣٠ ڕۆمان بوو، کتێبی ناوبراو خەلاتی ساڵی وەرگرت.
ئەمە تەنیا نمونەیەکی هەرە بچوکی ئێستای دنیایە، بەلام چونکە ناوەندە کولتوری و میدیایەکان هەماهەنگن لەدەرخستنی ئەو ڕووە دیارەی کولتور، گەشەسەندن و ململانێکان لەپێناو داهێنان بەردەوامی هەیە، هێزە سیاسیەکان خۆیان بە دژە کولتور نازانن، ئەو سەرسامیەی کەوا مرۆڤ ڕوو لەکتێبی هونەری دەکات، وەک سەرچاوەو تابلۆکان، وەک ئەوەی ئیتر هەموان گەلەریی تایبەتی خۆیان لەکتێبخانەی ماڵەوە هەبێت و گفتوگۆکانی خێزانیش دەبنەوە بەشێک لەقسەکردنەوە لە کتێب و هونەر، ئەوەی بڕوای وایە کتێب و هونەر سەردەمیان بەسەرچوو، ئەوە ئەو دیدە فاشیزمانەی هێزە کوردیەکانە کە دەیانەوێت دنیا لەناو دیدی بنەماڵەیی ئەوان کورت بکەینەوەو تاوەکو نائاگایی بیرکردنەوە بە حیکمەت بزانین، ئێمە لەسەردەمێکی تاریکدا ناژین، هێندەی لەسەردەمێکداین تاریکبینەکان نوێنەرایەتی دنیای ئێمە دەکەن، زوو یان درەنگ دەبێت روناکی دەربکەوێت، ئەوەش رێک لەشانۆنامەی “کۆماری قەیرەکان” دەچێت، بۆچی لەم شانۆنامەیە دەچێت؟ پرسیارێک وەک گریمانەی خوێنەری ئەم وتارە دەیخەینە ڕوو.
بۆ ئەوەی ڕوناکی دەربکەوێت، دەبێت بێدەنگیەکانمان بگۆڕدرێن بۆ قسەکردن، گومانەکانمان چیتر لەشوێنی گومان نەمێننەوەو ببن بە پرسیار، ئێمە چاوەروانی چی دەکەین؟
پرسیارێک بێئەوەی کەسمان ئاراستەی بەرامبەری بکەین، بەڵام پرسیارێکە لەناو هەمووماندا بوونی هەیە، بێدەنگی و ترس لەزەبروزەنگی دەسەڵات وایکردووە پرسیارەکە لەناو خۆمان بکوژین، سەرەنجام ماڵی کوردی هاوشێوەی شانۆنامەی «کۆماری قەیرەکانی» شانۆنوسی عێراقی عەبدولستار ناسرە، ئەگەرچی شانۆنامەکە لەبنەرەتدا لەشانۆگەری «ماڵی بەرنادا ئەلبا» ی شاعیرو شانۆنوس لۆرکا وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی شانۆنوسە عێراقیەکە هەوڵیداوە گوزارشت لەدۆخی کۆمەلگای عێراقی بکات، ئەوە وایکردووە وەک تێکستێکی سەربەخۆ دەربکەوێت، ئەو نزیکی و کاریگەریە دەکرێت بابەتێکی ڕەخنەیی شانۆیی بێت، کە ئێمە لەم نوسینە لەو ئاستەدا کار ناکەین، هێندەی وەک بابەتێکی کۆمەڵناسی ئەدەبی سەیری دەکەین.
ماڵی کوردی ڕێک لەو کۆمارە دەچێت، نۆ قەیرە کچ لەماڵێکدان، لەچاوەروانیدا دەژین، دنیای دەرەوە بریتیە لە جەنگ، ژنەکان لەماڵێکی تاریکدا دەژین، لەو ماڵەدا خەونی ئەوان بریتیە لە هەواڵی دەرەوە، بەوەی ببیستن جەنگ کۆتایی هاتووەو دۆستەکانیان بگەڕێنەوە لایان، ئەو خەونە ڕزگاربوونیانە لە قەیرەبوون، بۆیە ماڵەکە دەبێتە کۆمارێک کە گوزارشت لەکۆی کۆمەڵگایەک دەکات، سەرەنجام لە دەرگا دەدرێت، هەر یەک لەوان بە خۆشەویستەکەی خۆی دەزانێت، کەچی دەردەکەوێت پیاوێکی کەچەڵی شەلە کە لە زیندان ڕایکردووە، هەر یەک لەقەیرەکان دەیانەوێت ئەو پیاوە بۆ ئەو بێت، سەرەنجام لەسەر ئەوە رێک دەکەون، کە پیاوەکە بۆ هەموویان بێت، وەک یەک لە قەیرەکان دەڵێت تەنیا کاتێک ئێمە واز لەتۆ دێنین کە شەهیدەکان بگەڕێنەوە، لێرەدا شەهید دەبێتە ڕەمزێک بۆ خەونێکی کوژراو، کەواتە ئەگەر جەنگیش کۆتایی بێت کە رۆژێک کۆتایی دێت، بەڵام شەهیدەکان ناگەڕێنەوە، بۆیە ئاشتی دوای جەنگ کەوتنە بەسەر خەونی کوژراو.
ئەوە ڕاستیەکە سەرەنجام دوای کۆتایی جەنگ، خەون هیچ نیە جگە لەدەستدانی خودی خەونەکەی بەر لە جەنگ، وەک یەکێک لە قەیرەکان دەلێت «هێشتا مناڵ بووم کە شەمەندەفەرە جوانەکەم ڕۆیشت و بەجێی هێشتم»هەڵبەتە لەو نێوەندەدا ئەوانەی دەست بەسەر ژیان دەگرن ئەو زیندانیە ڕاکردوانەی جەنگ و زیندانن، کە دەکەونە مالێک بەر لەژن، بۆیە کاتێک تیشکێک ڕوناکی دێتە ژوورەوە وەک ئاماژەیەک بۆ کۆتایی جەنگ و ڕوناکبونەوەی دنیا، کە مرۆڤەکان دەتوانن ئێستا لەماڵەکانیان بچنە دەرەوە، پیاوە ڕاکردووەکەی زیندان دەلێت «ڕوناکی لێرە تاوانە»، تاوانە، چونکە کۆتایی ڕاکردوەکان و نەتوانینە بۆ دەست بەسەرداگرتنی ژنەکان.
ئەم شانۆنامەیە وێنەیەکی هاوشێوەی کۆمەڵگای کوردیە، کە لێرەدا لەسەر هەندێک جومگەی دەوەستین، کۆمەلگای کوردیی بەهۆی جەنگی ئایدیۆلۆژی و ئابوری لەکۆمەڵە قەیرەیەک دەچن، کەوا خەون تیایدا کوژرا، گەرچی دەسەڵاتی سیاسی هەمیشە دەیەوێت خەون وەک دەستەواژەیەکی سیاسی درۆزنانە بەکار بێنێت، ئەو فریوودانە هاوشێوەی پیاوە ڕاکردوەکەیە کە وا مەزەند دەکات بۆ هەمیشە لەم ماڵەدا لەگەڵ قەیرەکان دەمێنێتەوە، ئەو دوو بنەماڵە کوردیەش بەهەمان دیدگا سەیری کۆمەڵگای کوردی دەکەن، کە ئەوان بۆ هەمیشە نوێنەرایەتی ئێمە دەکەن و کۆتاییان نایەت، ئەو دیدە فاشیزمە بۆ ڕوانین لەکۆمەلگا بەرهەمی بیرکردنەوەی فاشیزمی بەعسە، چونکە ئەو دوو هێزە سیاسیەش ئیتر خەون بەوە دەبینن بگەڕێنەوە منداڵدانی ئەو فاشیزمە، بۆیە ئەوەی بەعسیش نەیکرد ئەوان پێی هەڵسان، ئیتر هەڵەیەکی گەورەیە ئەم دوو هێزە بە بەعس بشوبهێنین، چونکە بەعس ئەو فاشیزمە بوو ئازادی زەوت دەکرد و مافە سەرەتاییەکانی ژیانی پێت دەبەخشی، نان و کارەبا و مووچە ئەو شتە لاوەکیانەی ژیان بوون، تەنانەت لەکاتی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەل ئێران بیانووی خراپی دۆخی ئابوری نەهێنایەوە، بەڵکو لەخوێندنگا سەرەتاییەکان رۆژانە خۆراکی بەسەر قوتابیەکان دابەش دەکرد، تا هەست بە برسیەتی نەکەن، ئەو ئەخلاقە فاشیەی بەعس خاڵی نەبوو لەبیرکردنەوەیەکی فاشیانە، بەوەی نان و پێداویستی ژیان دابین کراوە، ئەوەی بۆت نیە تەنیا ئازادیە، بەڵام فاشیزمی کوردیە هاوشێوەی بەعس ئازادی زەوت کردووە، لەهەمان کاتدا خودی ژیانیشی وەرگرتۆتەوە لێت.
ئێمە تەنیا ئەو کاتە ئازاد دەبین لەدەست فاشیزمی کوردیی ئەو دەمەی شەهیدەکان گەڕانەوە، گەڕانەوەی شەهیدەکان خەونی ژیاندۆستی کۆمەڵگایە، خەونێک کە لەهەشتاکانی سەدەی بیستەم حزبی کوردیی وەک درۆیەک گرتیە بەر تا لەشکرێک لەمرۆڤی کوردیی تیای بکوژرێت، کاتێک دەسەڵاتی بنەماڵەیی هەردووکیان کۆتایی هات بەدڵنیایی کوڕی هەردوو سەرۆک پێمان دەلێن «ڕوناکی لێرە تاوانە» تاوانبوون ڕوناکی وابەستەی کۆتایی ئەوان و ژیانێکی نوێیە، ئەوەی ئەم ژیانەی ناوێت تەنیا نەوە نوێیەکانی حزبی دوو بنەماڵە و کۆیلەکانی ناو کۆشک و حەرەم سەراکانیانن، چونکە دەیانەوێت روناکی نەیەتە ناو ئەم ماڵە و ئەو تاریکیە هەمیشەیی بێت هاوشێوەی تاریکی زیندانەکانیان بێت.
ئەو دنیا نوێیە زادەی دۆخێکە کە کۆتایی دەسەڵاتی کوردیی قەبارەکەی زۆر فراوانتر دەبێت لەکۆتایی دەسەلاتی بەعس، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەم فاشیزمە نوێیە ژیانی لەتەواوی ئاستەکان زەوت کردووە، فاشیزمی بەعس سەپاندنی زمان و سەربازی بوو، فاشیزمی کوردیی لەپاڵ ئەو مۆدیلە فاشیزمی زەوتکردنی ژیان و بەزیندانکردنی خودی ماڵەکانیشە کە ببێتەوە بە کۆماری قەیرەکان.

نیهاد جامی- فەڕەنسا




کتێب\ شانۆی سەر شەقام.. نیهاد جامی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




کتێب\ فەلسەفەی شانۆ.. شانۆی فەلسەفی.. نیهاد جامی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




نۆڤلێت حەبیبە.. نیهاد جامی

نـــاوی كتێب: نۆڤلێت حەبیبە
بابەت: نۆڤلێت
نووسەر: نیهاد جامی
تایپ: نووسەر
دیزاین: هەرێم عوسمان
چاپ: چـــاپخانەی كارۆ – سلێمانی
تیراژ: ٥٠٠ دانە
ساڵــی چاپ: ٢٠٢٤ ی زایینی
نـۆرەی چـاپ: چاپی یەكەم
نرخ: 4000 دینار

بۆ خوێندنەوەی ئەنم نۆڤلێتە کلیکی ئێرەبکەن..




ئێمە لەچ ئێستایەکداین؟.. نیهاد جامی

پرسیارکردن لەو ساتەی تیایدا دەژین، گەڕانە بەدوای ئاستە وون بووەکەی خۆمان، ئەوەی ناگەڕێت بۆ ئەو زەمەنە ئەوە تەنیا دەسەڵاتی سیاسیە، چونکە ئێستا بۆ دەسەلات بریتیە لەساتەوەختی چێژ، لەکاتێکدا بۆ کۆمەلگا لەدایکبونی برینە، لەنێوان وێنەی چێژ و برین، مۆتیڤی دەسەلات و کۆمەلگا دەخولقێت، وێنەیەکی سادیانەی ژیانە، دەسەڵات چێژ لەو برینەی کۆمەلگا دەبینێت، ئەو ئارەزووکردنە بۆ خوێن، ویستێکی زەوتکردنی ئیرادەی هەمووانە، کوشتنی خەسڵەتی جیاوازیە، هەوڵێکە بۆ ئەوەی نەتوانین بیر لەئێستامان بکەینەوە.
هێزی کولتور لەکوێی ئەو ئێستایەدایە؟ پرسیارێک ئاراستەی دەسەڵات ناکرێت، هێندەی پرسیارێکە بۆ وەبیر هاتنەوەی کۆمەڵگا، ئێمە بۆ ئەوەی بیربکەینەوە، دەبێت بیرمان بێتەوە، کۆی ژیانی ئێمە بەگژداچوونەوە بووە بە دەسەلات، ئەو فۆڕمەی دەسەڵات وێنەیەکی جیاوازی نیە، هێندەی ڕووخسارەکانی جیاوازن، دەنا بۆ خۆی یەک وێنەی هەیە، ئەویش وێنەی دەسەلاتی فاشیزمە، ئێمە کە برینمان ساتێکی هەمیشەیی ژیانە، لەبەردەم ئەگەرێکی نوێدا نین، بەڵام دەکەوینەوە ناو دووبارەکردنەوەی مێژوو، کۆتایی بەعسیزم و کۆتایی بنەماڵەی کوردی، دوو کۆتایین درێژکراوەی یەکترین، چونکە سەرەنجام فاشیزم کە لەئاستی باڵای دەسەلاتدا نوێنەرایەتی ئایدیۆلۆژیا دەکات، ئەوە ئێمە نین کۆتایی پێدێنین، بەلکو سەرمایەداری بۆ خۆی تا ئەو شوێنە ڕێگای دەدات کە داکۆکی لەهێزی ئەو دەکات، بنەماڵەی کوردیی تا ئەو شوێنەی کاری کۆمپانیا و بازرگانی و ئایدیای بیری سەرمایەداری بەڕێوە دەبات، نوێنەرایەتی ئەو دەکات، هیچ کاتێک نوێنەرایەتی خۆی ناکات، بەڵکو فۆڕمێکی ئەویتری دەرەوەی ئێمەیە، ئەو فۆڕمە دەتوانێت بە بیانوی نەتەوە فریوومان بدات، وەک چۆن بەدرێژایی مێژوو نەتەوە کراوە بەو بیانوەی کە ئێمە دەستخەرۆ بدات، ململانێی بنەمالەکان کێشەی ئایدیۆلۆژی نین، هێندەی وابەستەی ئەگەرێکی ململانێیە دەبێت ئامادەبوونی هەبێت، بەڵام دیسان دەپرسین هێزی کولتور لەکوێدایە؟
ئەوە نائامادەبوونی کولتور نیە لەئێستادا، هێندەی نەبوونی نوێنەرانی کولتورە، بەوەی نوسەران و هونەرمەندان لەناو کایەی بنەماڵەکان تواونەتەوە، ئەو هێزە رۆشنبیریەی دەیەوێت نوێنەرایەتی کولتور بکات، لەڕاستیدا هێلێکی باریک هەیە لەنێوان ئەوان ودەنگەلێک کە لەناو بنەماڵەدایە، بۆیە سەختە بتوانین لەیەکتریان جیا بکەینەوە، ئەو هێزە توانای هەیە بۆ ئەوەی لەئێستای کولتوردا بژیێت، تێبگات لەوەی ژنکوژی ئەخلاقێکی سیاسی بنەماڵەییە زادەی دۆخێکی دەسەلاتی سادیە کە بەدوای ڕاپەرین هێنایەنە بوون وەک کولتورێکی بنەمالەیی ئەو دوو بنەماڵە کوردیە، کە دەبێت بپرسین: ئاخۆ ڕاپەڕینی بەهاری نەوەت و یەک ڕاپەڕینی پیاوی کوردیی بوو بەسەر ژندا؟
ئەوە پرسیار نیە بۆ وەلامدانەوە، هێندەی کاتێک ژمارەی ژنکوژراوەکانمان بیر دێتەوە، پێویستمان بە تەریق بوونەوەیە کە پیاوین لەکۆمەلگای کوردیدا، پیاوین و بنەمالەکان ناوەندی سەربەخۆ بۆ ژنان دەکەنەوە، کەچی ژمارەی ژنە کوژراوەکان زیاد دەکات، کاتێک خۆرئاواییەک ئێمە دەبینێت وادەزانێت دامەزراوەی کۆمەلگای مەدەنیمان هەیە بەبونی ئەو سەنتەرو ناوەندە جیاوازانە، هێزی کولتور پێویستی بەوەیە دیوارێک درووست بکات لەنێوان ڕاستەقینەی کولتور و ناوەندە بنەماڵەییەکانی لە ئێستادا خوازیارن خۆیان وەک ناوەندی کولتوری بە ئێمە بناسێنن، لەو ئێستایەدا چیرۆک وەک گێڕانەوە و بەتایبەت ڕۆمان توانای ئەوەی هەیە ئەو مێژووە درۆزنانەی دەسەڵات ئاشکرا بکات، ئێمە بۆ خۆمان لەڕێی پێنج نۆڤلێت و ڕۆمان ویستمان پەردە لەڕووی ئەو هەموو ئارەزووە سادیەی بنەماڵەیی ڕابمالین، قسە لەکۆی ئەو مێژووە خوێناویە بکەین لەڕێی گێڕانەوەی ئەدەبی، بەڵام ئەوە تەنیا دەنگێک نیە ئێمە کۆمەلێک دەنگمان هەیە کە لەئێمەش زیاتر کاریان لەسەر ئەو ئاستە ئەدەبیە کردووە بۆ ئەو ئێستایەی تیایداین، ئەوە تەنیا ڕۆمان نیە ئەو هێزەی هەیە، هونەری شێوەکاری و هونەری شانۆ کە ئەو ڕۆڵەیان نەبینیووە، بەڵام لەتوانایاندایە نوێنەرایەتی کولتور بکەن لەو ئێستایەی تیایداین.

نیهاد جامی- فەڕەنسا




خانوەکەی سەید ئەحمەدی خانەقا گۆڕینی سیما کولتوریەکانی شار.. نیهاد جامی

کولتور بەتەنیا لەهەناوی ناو ئەدەب و هونەردا نیە، ئەو تێگەیشتنە مانایەکی ڕووکەشانەیە بۆ کولتور، دەسەلاتی سیاسی ویستویەتی وا وێنای بکات، تا ڕۆشنبیران لەدەرەوەی ئەو کایە قسە لەناو ژیان نەکەن، دەنا کولتور لەبنەرەتدا کۆی ژیانە لە ئێستاو داهاتوو، وەک چۆن دابڕاویش نیە لە ڕابردوو، بۆیە شوێن ئاماژەیەکی ڕوونی کولتورە لەژیانی ئێمەدا، کاتێک قەلا وەک کولتوری کەرکوک سەیر دەکەین، وابەستەی ڕابردوویەکە کە درێژ بۆتەوە ناو ئێستا، داهاتووی ئەو مرۆڤە لەناو کولتور ئامادەبونیەتی وەک کەرکوکی بۆ قەڵا.
ئەو خاسیەتەی کەوا کەرکوک شارێکی فرە کولتوریە وایکردووە، کولتورو زمانە جیاوازەکان شوێنەکان بە هی خۆیان بزانن، بەتەنیا کورد نەبێت هێندە خەمساردە لەگەڵ کولتور، ئەوەش بێخەمی گوتاری سیاسی کوردیە وایکردووە مرۆڤی کەرکوکی هەمیشە وەک هەتیوێک خۆی ببینێت، کولتوری ئەویتریش دەیەوێت شوناسی کوردبوونی لێبسەنێتەوە، بە بیانوی ئەوەی هەموومان کەرکوکین و ڕەگیشمان دەگەڕێتەوە بۆ عێراق، ئەوەش وایکردووە تەنیا لەساتەوەختی هەڵبژاردن و دەنگداندا، دەنگی کەرکوکی بۆ گوتاری سیاسی کوردیی گرنگ بێت، لەدەرەوەی ئەو پڕۆسەیە کەس بەلای ئەم شارەدا نایەت، ئەو هەتیوو بونەی کەرکوکی مێژوویەکی دێرینی هەیە، ئەگەر لەساتەوەختی دەنگدان هاوڵاتی کەرکوکی ڕووبەرووی پرسی ئینتیما بکرێتەوە، ئەوا پێویستە سەرەتا حزب لەبەردەم دادگایی کردندا دابنرێت، بەوەی کولتور لای حزب هیچ مانایەکی ئەخلاقی لەناو ئایدیۆلۆژیادا نیە، پێویست ناکات کۆی ڕابردوو بهێنرێتەوە یادی هێزە سیاسیەکانمان، چونکە یادەوەری کوردی کوێرە و هیچ نابینێت، سەرەنجام کەوا پەیوەندی ئێمە بە یادەوەری دەرووخێندرێت، ئیدی ئاسەوارێک نامێنێت ئێمە بە ڕابردوو ببەستێتەوە، بەواتای بەشێکی تەواوی کولتور بە پڕۆژە دەسردرێتەوە، ئەوسا ئێمە لەناو شوێن لە کولتوری سەرەکیەوە دەبین بە ووردە کولتور، لەهەر شوێنێک بوویت بە وردە کولتور مانای وایە، کۆ کولتوری سەرەکی پێک ناهێنێت، ئەوەش وا دەکات وەک کەمینەی نا وکۆمەڵگا سەیر بکرێت، مافت هەیە، لەچوارچێوەی کولتوری سەرەکی، بەڵام خۆت کولتورە سەرەکیەکە پێک ناهێنێت، بۆیە ئەو مەترسیانەی لەئێستادا ڕووبەرووی کەرکوک دەبێتەوە، ترسی کولتوریە لە کولتوری سەرەکیەوە بۆ گۆڕینی بە وردە کولتور، رووخاندنی خانوەکەی سەید ئەحمەدی خانەقا سەرەتای ئەخلاقێکی فاشیانەییە بۆ سەندنەوەی کولتوری سەرەکی لەکورد، بەڵام ئاخۆ کورد لەکەرکوک نەتەوەیەکە توانای ئەوەی هەیە لەدیدی کولتوریەوە سەیری سار بکات و بەگرنگ بیبینێت؟
ئەوە پرسیارە گرنگە کولتوریەکەی ئێمەیە لەشاردا، پرسیارێک بەتەنیا پەیوەست نیە بە نێوەندی ڕۆشنبیریەوە، هێندەی وابەستەی کۆی کۆمەڵگایە کە لە کۆمەلگایەکی بینەرەوە ببێت بە کۆمەڵگایەکی چالاک تیایدا ئەو بێدەنگیە بگۆڕێت بە قسەکردن، بۆ ئەوەی هەڕەشەی داهاتوو لەسەر خۆی لابەرێت، چونکە هەڕەشەیەکە دەیەوێت لەداهاتوو کورد بکات بە ووردە کولتور، بە وردە کولتورکردنی کۆمەلگای کوردیی لە کەرکوک ئەخلاقیەتێکی فاشیزمی بەعسی بوو، بۆیە ئەو ئەخلاقیەتەی فاشیزم لەرێگەی ترس و چاوسورکردنەوە بەرهەم نایەت، هێندەی فاشیزمی ڕەمزیی لەرێگەی سڕینەوەی سیما کولتوریەکان توانای ئەوەی هەیە کولتوری سەرەکیت زەوت بکات و بتخاتە چوارچێوەی ووردە کولتور، ئەوەیان بەهەر ناوێک و لەژێر هەر سەردێرێک ئەنجام بدرێت، سەرەنجام بیرکردنەوەیەکی بەعسیانەیە، هەڵێنجراوی ووتەیەک میشێل عەفلەقە لە کتێبی “خاڵی سەرەتا” عەفلەق لەشوێنێکی ئەو کتێبەدا دەنووسێت “ئەوەی ئێمە بەکوردەکانی دەدەیم شێوەیەکە لە ئۆتۆنۆمی”
بەواتای خودی ئۆتۆنۆمیش نیە، شێوەیەکە فۆڕمێکی بەعسیانەیە بە ویستی کات و شوێن وێنەکەی دادەڕێژینەوە، گرفتی دەوڵەتی عێراق بەدرێژایی کات ئەوەیە، بەعس دەرووخێنێت، بەلام ناتوانێت دەستبەرداری ئەخلاقی بەعسیزم بێت، ئەوەش بەتەنیا حزبە عێراقیەکان ناگرێتەوە، حزبە کوردیەکانیش لەژێر سایەی هەمان ئەخلاقی بەعسیانە ڕەفتار دەکەن و لە ئەزموونی حوکمڕانیان ئەو مۆدێلە بەعسیە بەتەواوی ڕەنگی داوەتەوە، بۆیە ئەوەی لەدژی هاوڵاتی کەرکوکی ئەنجام دەدرێت توندوتیژی سەرشەقام نیە، ڕووبەرووکردنەوەی نیە لەرێی فاشیزمێکی سەربازیەوە، هێندەی فاشیزمی ڕەمزیی سیما کولتوریەکانی لێ دەسەنێتەوە بەپێی فۆڕمی فاشیزم مافی کولتوری بۆ دەست نیشان دەکات، ئەو بیرکردنەوە عەفلەقیانەیە هەوڵەکە بۆ ناچالاککردنی کورد لەشارەکەدا، بەڵام پرسەکە لێرەدا بەوە ڕووبەرووی پرسیار دەبێتەوە، ئاخۆ لەکەرکوک حزبە کوردیەکان لەگرنگی ڕۆلی کولتور تێدەگەن؟ ڕەنگە ئەوە سەخترین ڕووبەروو بوونەوە بێت بۆ ئێمە کە دەسەلاتێکمان هەیە لەژێر سایەی دەسەڵاتی شارەکانی خۆشی ناتوانێت لە ڕۆلی کولتور تێبگات، دەنا لە سلێمانی وا بە شاخی ئەزمەڕ ناکات و لە هەولێر خانەوەکانی گەڕەکی عارەبان بەو دەردە کوشندە نابات، کە بە بانگەشەکردنی ساختەکاری تازەگەری شار سیما کولتوریەکان ناسڕێتەوە.

نیهاد جامی- فەڕەنسا




پرسیاری کولتورو پاشەکشەی ئێمە.. نیهاد جامی

گریمانەی ئەوە دابنێین هێشتا دەرفەت ماوە بۆ دەست پێکردنەوە، ئەوە گومان نیە هێندەی نائومێدیەکە پەیوەستە بە نەبوونی دەسەلاتی کولتوری ئێمەوە، بیرکردنەوە لەسالانی ڕابردوو لە دەرفەتێک کە لەبەردەمی هەمووماندا بوو، بەڵام پاشەکشەیەکی سەیرمان کرد، ئەوەی بەرپرسیار بوو ئەو ناوەندە فەرهەنگی و کولتوریانەی ناو شاری کەرکوک نەبوون، چونکە هەمووان بەبێ چاوەروانی کردنی هیچ بەرامبەریەک کاریان کرد، بەلام مەترسیەک کە هەمیشە هەستمان پێی دەکرد ئەوە بوو لەپڕ ئەو وزانە بوەستن و نەتوانن بەردەوامی ببەخشن، چونکە چەند مرۆڤێکی چالاک لەپشت کۆی پرۆژە کولتوریەکانەوە بوو، پڕۆژەی کولتوریی پێویستی بە دامەزراوەیی کردنە، هەڵبەت لەو ناوەندانەی ئەوسا هەوڵی ئەوەشدرا، بەداخەوە نەبوونی پشتگیریی و بەگرنگ نەبینینی وایکرد گومانەکانمان ببن بەڕاستی، هێشتا ووزەی گەنجان لەشارەکەدا بوونی هەیە و دەیانەوێت داهاتووی کولتووری بنیات بنێن، بەلام بەم دۆخەی ئێستا تا کوێ ئەو هەنگاوانە بڕ دەکات؟
ئەوە وەک نائومێدی مەبینن، هێندەی بەرەنجامی خوێندنەوەی دۆخی کارکردنمانە لەسالانی ڕابردوودا، ئێستا بۆ ئەوەی نەکەوینە گریان و نوزانەوە بەسەر ساڵەکانی پێشوو، دۆخەکە هەر چۆن بوو هەرچی توانرا و ئەنجامدرا، هەر ئەوەندە بوو کە کرا، بۆیە لەئێستادا پێویستمان بەوەیە لەسەر ئەو ساتەوەختە هەنووکەییەمان قسە بکەن، دەبێت چیبکەین لە ئێستادا؟
پرسیارکردن لەئێستا، درککردنە بە ڕاستیەک کە ئەوەی هەبوو کۆتایی هات، پێویستە ئاوا سەیری ئێستا بکەین، وەک سەرەتایەکی نوێی کارکردن، بەبێ ئاگایی کولتوریی هیچ پرۆژەیەک نایەتە بەرهەم، بۆیە پێویستمانە لەو ساتە بەراییەدا مەعریفەی کولتوریی بەرهەم بێنین، لەڕێگەی پەیوەندیکردنەوە بە یەکتریەوە لەڕێی نووسینەوە، تاوەکو بتوانین زەمینەیەکی پتەومان هەبێت بۆ دۆخی کولتوریی داهاتوو، چیتر مەعریفە لەنێوان قسەکردن و نوزانەوە نەهێلینەوە، بەڵکو قسەکردن بە نووسین بگۆڕین، وەک چۆن پێویستە ئەو هەموو لاوانەوەو حیکاتانەی ڕابردوو ببەینە دۆخی گومانکردن و کارکردن لەئێستادا.
کێ ئەم ئەرکە لەئەستۆ بگرێت؟ ئەوانەی خەمی کولتوریان هەیە، نەوەک بانگەشە ئایدیۆلۆژیە ساختەکانی ناوەندە سیاسیەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، کولتور بە بانگەشە کاری بۆ ناکرێت، خەمی کولتوریی دەبێت کێشەی سەرەکی مرۆڤ بێت، ئەوەش تەنیا ئەوانەی دەیانەوێت بەسەر دنیا بکرێنەوەو شوناس لە فەوتان ڕزگار بکەن، توانای ئەوەیان هەیە ئەو کارە بگرنە ئەستۆی خۆیان، بە بڕوای ئێمە زەمینەکە هێندە خراپ نیە، هێندەی پێویستی بە پرۆژەی ڕێکخەر هەیە تا دەنگەکان یەکبخات، ئەوەش پێویستی بە نێوەندێکی کولتوریە کە ئۆرگان و ناوەندی چالاکی خۆی هەبێت، لەتەواوی کایە جیاوازەکان کار بکات، خۆی لەهیچ کاییەک نەدزێتەوە بە بیانووی ئەوەی کاری ئەو نیە، ئەو سەرەتایە دەتوانێت دواتر ئیش لەسەر ئەوە بکات، کایە جیاوازەکان بکاتە چەندین پرۆژەی سەربەخۆ تا بتوانن پسپۆریەکان لەو ناوەندە جیا بکرێنەوە، ئەوسا چەندین ئۆرگان و کەنالی کولتوریی جیاواز لە شارەکەدا دەتوانن کاری خۆیان بکەن، پاشەکشەیەک کە لەساڵانی ڕابردوو ڕوویدا، تەنیا هێزێکی ڕەخنەیی بە ئێستامان دەبەخشێت، تاوەکو بتوانین ڕەخنەگرتن لەڕابردوو بکەین بە ئامادەبوونی ئێستا وەک بونیادی زەمەنی بۆ کارکردن و کرانەوەمان بەسەر کولتورو چۆنیەتی تێگەیشتن لەکێشەی شوناس و کولتور، لەنێوان کەرکوک وەک و مرۆڤ وەک هاوڵاتی کەرکوکی، ئەوەش زەمینەی خوڵقاندنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی بنیات دەنێت، لەسەر پەیوەندیی نێوان هاوڵاتی و شار، کە گرنگترین پایەی کەرکوکە، بەهۆی فرە ئاینی و کولتوریەوە، تاوەکو گوتاری ئایدیۆلۆژی فریومان نەدات و وەک کرانەوەی گروپە کۆمەلایەتیە جیاوازەکان، بۆ ئەوەی بتوانین مامەلەکردنێکی کولتوریی بکەین لەگەڵ دۆخە کولتوریی و مێژوویەکەی شارەکەمان.

نیهاد جامی- فەڕەنسا




وێنە ڕەمزیەکانی نەخۆشخانەو زیندان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا.. نیهاد جامی

سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم ئەم کورتە وتارە ئیشی لەسەر شکاندنی بەشێک لە کارەکتەری مرۆڤەکانی ناو کۆمەڵگا نیە، هێندەی قسەکردنە لەترس وەک ساتەوەختێکی هەنووکەیی کە کۆمەڵگای ئێمە بەناویدا تێدەپەڕین.

ترس لەئێستادا ساتێک نیە پەیوەندی هەبێت بە نووسین، بەو پێیەی هەمیشە ئەوانەی وەک گروپە جیاوازەکان بیر ناکەنەوە نووسینی ئەوانیتر پەراوێز دەکەن و بەدژی خۆیان سەیری دەکەن، ئەوەش بەتایبەت لەململانێی نێوان دینیەکان و دژەکانیان.

ئەو ترسە لەئێستادا لەناو تۆڕی کۆمەڵایەتی پۆلین بۆتە سەر دوو گروپی جیاواز، گروپێک هەموو قسەکردنێک وەک ئازادی دەبینێت، جنێو دەدات هاوار دەکات دێتە سەر حەرامەکان، هاواری ئەوان پاڵەپەستۆیەکی دەروونیە لەسەر ئارەزووە چەپێنراوەکانیان، دەیانەوێت لەم رێگەیەوە گوزارشت لەخۆیان بکەن وەک مرۆڤێکی ئازاد، کەچی لەبنەرەتدا مرۆڤی بریندارن، دۆخێکی دەروونی ئەوانی هێناوەتە قسەکردن، دۆخێک لای فەیلەسوفێکی وەک ژۆلیا کریستیڤا بە «زهان» ناوی دەبات، کەسی زهانی دەرونی چەپێنراوی دەیهێنێتە قسەکردن، هەموو ئەو حەقیقەتانە دەلێت کە لەنەستدا بوونی هەیە و پەیوەندی بە ئاگاییەوە نیە هێندەی لەناو نائاگاییدایە، لەم ڕوانگەیەوە ئێمە کاتێک دەکەوینە بەردەم شەپۆلێک مرۆڤی زهانی ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی کە لەرێگەی ڤیدیۆی ڕاستەوخۆ دێنە قسەکردن، پێویست بە ترسێک ناکات لەبەردەم دۆخێکی هەنووکەییدا، چونکە ئێمە دەبێت بزانین لایڤەکان و قسەکردنەکان وابەستەی زهانیەتی ئەو مرۆڤانەوەیە، کاتێک پێویست ناکات لەوانە بترسین، دەبێت خۆمان لەو پرسیارەش نەشارینەوە بەوەی ئەی لەکێ بترسین؟

گروپی یەکەم کە بە زهانی ناومان بردن، تاقمێکن لەدەرەوەی مەعریفە، ئەوان تەنیا قسە دەکەن، خۆیان دەکەن بە گالتەجار، وێنەیەکی کاریکاتۆری نائەخلاقی بۆ خودی خۆیان ئاراستەی کۆمەڵگا دەکەن، ئەوان هێندەی لەشکرێکی زهانی بینەریانن، پەیوەندیان بە دۆخێکی ترەوە نیە، کە بە خۆیان و بینەرەکانیان نەخۆشخانەیەکی ڕەمزیی بنیات دەنێن، کە خۆیان وەک پزیشک سەیر دەکەن نەک نەخۆش.

بۆیە زهانیەکان هی ئەوە نین لێیان بترسین، بەڵام نیگەرانیمان بۆیان پەیوەستە بە ساتی باڵای زهان، تیایدا ئاخاوتن نمایشی خراپترین دۆخی دەروونی ئەوان دەکات.

ئەوەی پێویستە لێی بترسین گروپی دووەمە، ئەوانە لەناو بەرگی مەعریفەوە خۆیان نمایشت دەکەن، کارەکتەرگەلێکن بیانویەکیان هەیە بەوەیە بەهای کەوتوو لەگروپی یەکەم وەردەگرنەوە، دەیخەنەوە شوێنی خۆیان، لەکاتێکدا کاریان تەنیا دژە گوتاربوونە لەگەل زهانیەکان، ئەوان خۆیان وەک نوێنەری گوتاری ئەخلاقی رۆشنبیریی نمایش دەکەن بە بیانوی ئەوەی پێویستە ئاین بگەڕێتەوە ناو ژیان، بیانووی رۆحی سۆفیگەرانە دێننەوە باس لە ئەدەبیاتی کلاسیک دەکەن، ئەو گروپە یاریکەرە کارێکی زۆری لەگەڵ چۆنیەتی زەوتکردنی زۆرترین هەوادارە، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە بینەران و خوێنەرانێک بەدەوەری کتێب و ڤیدیۆکانیان کۆ بکەنەوە، دەنا ئەوانیش وەک گروپی یەکەم لە دەرەوەی مەعریفە دەژین، ئەگەرچی بانگەشە بۆ مەعریفە بکەن، بەلام مەعریفە تەنیا دەمامکێکە بۆ ڕەوایەتیدان بە خۆیان وەک ڕۆشنبیر، بۆیە لەئێستادا پێویستە لەو گروپە بترسین کە گوایە پێویستە هەموو شتێک بگەڕێنینەوە بۆ رۆحی ئاین، لەکاتێکدا ئەوان بڕوایان بەو رۆحە نیە، هێندەی رۆحی ئاینی بانگەشەیەک و ڕاکێشانی بینەرانی تۆڕی کۆمەلایەتیە بۆ بەردەم ڤیدیۆکانیان، لەهەمان کاتدا بازاڕکردنێکە بۆ فرۆشتنی زۆرترین تیراژی کتيبەکان و زیادکردنی لایکی لاپەرەکانیان، ئەو گروپە نامەعریفیە جۆرە خودپەرستیەک دەخوڵقێنن، تا وەک نوێنەری بەهای ئەخلاقی بیانبینین، کە گوایە ئەوان فریادرەس و رزگارکاری بەهای کەوتووی کۆمەلگان، بۆیە پێویست ناکات لەمناڵە زهانیەکان بترسین، بەڵام پێویستە ترسمان لەبەردەم ئەو درۆزنە گەورانە بێت کە لەپشت گەرانەوە بۆ ئەدەبی کلاسیک و بەهای ئاینی دەیانەوێت خودپەرستی خۆیان نمایش بکەن وەک مرۆڤی باڵا، مرۆڤێک کە وەک سوپەرمانی ئەخلاقی سەیریان بکەین، سەرەنجام ئەوان وەک گروپی یەکەم قسە دەکەن، دلخۆشن بەهەوادارەکانیان، بەلام گەر گروپی یەکەم جۆرێک لەنەخۆشخانەیەکی ڕەمزیی دەروونی خولقاندبێت، ئەوا گروپی دووەم کار دەکات بۆ دروستکردنی زیندانێکی ڕەمزیی، تیایدا ئەوان بەڕێوبەری زیندان بن و ئەوانیتریش ڕابکێشنە ناو زیندان تا بەپێی سنوری دەسەڵاتی زیندان ژیانمان کۆنتڕۆل بکەن.

نیهاد جامی- فەڕەنسا




رۆمانێک لەبارەی سیمۆن دو بۆڤوار.. نیهاد جامی

نووسینی ڕۆمان لەبارەی ژیانی تایبەتی فەیلەسووف و نووسەر لەبنەرەتدا گواستنەوەی ئاستی ڕەگەزی هەواڵە بۆ ئاستی گێڕانەوە و دیالۆگ، تاوەکو سەر لەنوێ کۆی زانینی هەواڵی ژیانی تایبەتی و کولتوری وەک گێرانەوەی ئەدەبی خۆی بخاتە ڕوو، ئەوەش کارێکە گەر چی زەمینەی بیرۆکە پەیوەستە بە ژیاننامەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا سەختیەکی تەواوی تیایە، بەو پێیەی ناچارت دەکات پابەندی ڕووداوە تایبەتیەکانی ژیانی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەت بیت، هەردوو نوسەر ژولیا کۆربیک و ژولیا بێرنارد پابەندی ئەم دۆخە مێژوویە دەبن، لە ڕۆمانی “سیمۆن دو بۆڤوار: من هەموو شتێکم ئەوێت لەژیان” رۆمانەکە بە زمانی ئەڵمانی نووسراوە، ساڵی پار چاپکراوە، ئەمسالیش وەرگێڕانە فەرەنسیەکەی چاپ و بڵاوکرایەوە، لەلایان گایا مانیکوان- رۆگۆزیک وەرگێردراوەتە سەر زمانی فەڕەنسی.
بۆ ئەوەی ڕووداوەکان لەیادداشتی مێژوویی، کە وەک سەرەتا ناومان برد بە ئاستی ڕەگەزی هەواڵ بگوازرێتەوە بۆ ئاستی گێڕانەوە، تەکنیکێکی سادە دەگیرێتە بەر، بەلام لەهەمان کاتدا چێژی خوێندنەوە وەک ڕۆمان دەخاتە ڕوو، ڕۆژنامەنووسێک دێتە پاریس بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی ڕۆژنامەوانی لەتەک ژیان و کارە فەلسەفیەکانی فەیلەسوفی فەڕەنسی سیمۆن دو بۆڤوار ساز بکات، بە زەحمەت دەتوانێت ئەدرەسەکە بدۆزێتەوە، بڕوای وایە هەموو شوێنەکان لەپاریس لەیەک دەچن، سەرەنجام لەکاتی خۆی دەگاتە بەردەرگای ماڵەکەی و خانمی فەیلەسووف پێشوازی لێ دەکات، بەناو ماڵەکەدا تێدەپەڕن کە بەهەموو لایەک کتێب و تابلۆیە، دوو سال بەسەر مەرگی ژان پۆل سارتەر تێپەڕیووە، خوێنەر لەم ساتەدا لەوە تێدەگات دەبێت خۆی ئامادە بکات، بۆ هەموو ئەو ڕووداوانەی ژیانی خانمی فەیلەسووف لە منالیەوە تا ئەم ساتەی دیدارەکەی تیا ئەنجام دەدرێت، لێرەوە گرنگی ڕۆمانەکە چەندە وەک ژیاننامە خۆی دەنوێنێت، هێندەش ئاشنایەتی بە خوێنەر دەبەخشێت بۆ نهێنی چیرۆک، وەک ڕووداوی ڕاستەقینەی ژیان.
ژیانی مناڵی و پەروەردە بوونی کچێک کە جیاواز لەهەر مناڵێکی تر خولیایەکی تەواو جیاوازی هەیە بۆ خوێندنەوەو گەڕان بەدوای بیرکردنەوە، جۆرێک نامۆبونی لەناو خێزان بۆ دروست دەکات، ئەوەیان پەیوەندی بە خەمۆکی و دۆخی دەروونیەوە نیە، هێندەی پابەند نەبوون بە خواستی مناڵانەی خۆی و هاوکاری نەکردنی دایکی بۆ کاری ئاشپەزخانە.
بیرکردنەوە لەنووسین، سەرەتای هەڵوەستە کردنە نەک لەوەی وەک نووسەرێک دەیەوێت بنووسێت، هێندەی دیالۆگی باوک ڕووبەرووی گومانی دەکاتەوە، کە چۆن ژنێک دەبێت بە نووسەر، وەک ئەوەی نووسین کاری پیاوەکان بێت، ئەو تێگەیشتنە تەواو ڕووبەرووی گومانی دەکاتەوە، گومانێک سەرەتای پرسیارکردنە، سەرەتا کاتێک لەگەڵ دایکی دەڕۆن بۆ شانۆ، ئەو گومانەی باوک وەک پرسیار دەخاتە ڕوو، سەرەنجام پرسیارەکە دەگوازرێتەوە ناو نووسین و جیاوازی ڕەگەزیی.
خوێندنی فەلسەفە و ژیانی زانکۆ بۆ ئەو توێژینەوەو گەڕانە بەناو پرسیار، بەواتایەکی تر بە پێچەوانەی زۆرینەی خوێندکارەکان، کەوا هاتوون بۆ ئەوێ بڕوانامە وەربگرن و خوێندن تەواو بکەن، تەنانەت لەگەشتەکانی زانکۆش هێندەی پەیوەندی ڕۆمانسی نێوان هاوڕێکان بۆ هەمووان گرنگی گەشت دەردەخات، بەڵام بۆ سیمۆن سەر لەنوێ کتێب و پرسیارەکانی دەبنە دەرفەتێکی باش تا لەگەڵ کچە هاوڕێکەی مشتوومڕی لەبارەوە بکەن.
هەروەها هەر لەو نێوەندە ئەکادیمیەدا، ئێمە پەیوەندی هاوڕەگەزبازی دەبینین، وەک دیاردەیەکی ئەو رۆژگارەو بەتایبەت لەنێوەندی فەلسەفی فەڕەنسیدا بوونی هەبووە و نەشاردراوەتەوە، بۆیە لەرۆمانەکەشدا ئەوە بەڕوونی دەبینین لەنێوان هەردوو ماوریس، میرلۆ پۆنتی و گاندیلاس.
لەنێوان ڕووداوەکان ئێمە دەگەڕێینەوە ناو گفتوگۆی خانمی فەیلەسووفی و خانمی ڕۆژنامەنووس، چ لەبارەی قسەکردن لەسەر ئەو سالانە یاخود هەندێک جار لەسەر جۆری خواردنەوە، تا بەدەم خواردنەوەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە.
گێڕانەوە وابەستەی ژیانی تایبەتی سیمۆن و روانینی ناو کتێبەکانیەتی، ئەوەش وا دەکات ڕۆمانەکە وێنەیەکی پانۆڕامایی بەژیانی ئەو فەیلەسووفە ببەخشێت، گێڕانەوە نووسینەوەی ژیان و چێژی خوێندنەوەی کتێبە، بۆیە کاتێک خانەوادەکەی لەگەڵ سارتەر بۆ یەکەمجار لەناو سرووشتی نزیک ماڵەکەی دەیبینن، ئەو ئاگاداریان دەکاتەوە، کە بەنیازن لەگەڵ سارتەر کتێبێک لەبارەی مارکس بنووسن، هەڵبەت ئەو دیالۆگ و وێنەیە ئێمە پێشتر لەلایان سیمۆن خوێندومانەتەوە، کاتێک لەکیێبی “من و سارتەر و سیاسەت” باسی ئەو دیدارە دەکات، وەک چۆن ژیانی خوێندنی زانکۆ و چیرۆکی ناسینی بە سارتەر وپەیوەندیەکەیان وێنەیەکی ڕوونی ناو ڕۆمانەکەیە، دەتوانین ڕۆمانەکە وەک دەسپێکێک ناوبەرین بۆ ناسینی خانمی فەیلەسووف.
سەرەتای دەرکەوتن، رۆژێک دەبێت بۆ دابڕان لەنێوان ژیانی سرووشتی و ژیانی نووسین، لەکاتێکدا ئەو لەسەر شەقامدا تێدەپەڕێت لەبەر خۆیەوە ناوی ئەو شتانە دێنێت کە پێویستە بیانکڕێت وەکو هێلکە و ئارد و مەرەکەب و سابوون، کەچی لەولاوە کۆمەڵەک رۆژنامەنووس و بەخۆیان و کامێراکانی دەستیانەوە بەدوای هەواڵ دەگەڕێن، لەپڕ یەکێکیان خانمی فەیلەسووف بەسەر شەقام دەبینێت و هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە “سیمۆن.. سیمۆن دو بۆڤوار”، ئەو وێنەیە سەرەتای جیاکاری نێوان دوو کەسێتی مرۆڤە وەک ژیانی سرووشتی و ژیانی نووسین.
سەفەرکردنی بۆ ئەمریکا و پەیوەندی لەگەڵ فەیلەسوفی ئەمریکی برگسۆن، کەوا دەکات تێکست وێنەیەکی ڕاستگۆیانەی ژیانی فەیلەسووفێک بێت کە ڕووداوەکان لە یادداشتەوە دەبنە تێکستی ئەدەبی، تێکست وەک ئەوەی ژیانی ڕاستەقینە بێت.
لەگەڕانەوەی بۆ پاریس و کاریگەری کتێبەکانی بەسەر شەقامەوە دەبینین. چۆن بزووتنەوەی ژنان لەژێر کاریگەری کتێبەکانیەوە دەبنە دەنگی ناڕەزایەتی و سەردانی دەکەن تاوەکو ئامۆژگاریان بکات بۆ ساتی خۆپیشاندان، ئەو کاریگەریە درێژەی دەبێت بەتایبەت دوای وتارەکەی “ئێمە خاوەنی زگی خۆمانین” لەگەڵ بلاوبونەوەی لەرۆژنامەدا پیاوەکان وەک سوکایەتی وەری دەگرن و ژنەکان بەو پەڕی بوێریەوە سەیری نووسینەکە دەکەن و ئەکتەری سینەمایی کاترین دینۆف پشتگیری وتارەکە دەکات، کە وتارەکە بەکردەوە گوازرایەوە ناو ژیانی ژنەکان و لەبەردەم دادگا خۆپیشاندانی ژنەکانی بۆ ساز دەکرێت، بەتایبەت لەکێشەی ماری کلێر کە لاقەی سێکسی کراوەو زگەکەی لەبار بردوور، ئەگەرچی دادگا لەم کەیسەدا لایەنگیری ماری کلێری تەمەن شانزە سالان ناکات، سەرباری ئازادکردنی، بەڵام پارێزەرو پسپۆرانی بوارەکە لەدادگادا پشتگیری هەلوەشاندنەوەی یاسای ڕێگەنەدان بە لەباربردنی مناڵ دەکەن، هەڵبەت سیمۆن دو بۆڤوار یەکێکە لەو کەسانەی لە دادگا ووتەی وەردەگیرێت و ئەویش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لەکتێبی «ڕەگەزی دووەم» باسی لەو پرسە کردووە.
سەرەنجام پرسەکە بردرایە ناو هۆلی پەرلەمان و زۆرینەی دەنگی وەدەست هێنا، کتێبە رۆژنامەوانیەکەی ژنە رۆژنامەنووسە ئەلمانیەکە لەگەڵ سیمۆن دو بۆڤوار کۆتایی دێت و بەم کۆتاییە و رۆیشتنەوەی بۆ زێدی خۆی و ماڵئاوایی لە خانمی فەیلەسووف ڕۆمانەکەش تەواو دەبێت، کە کۆی گێڕانەوەی ڕووداوەکان وەک بیۆگرافیایەکی ژیانی بۆڤوارە لەناو تێکستێکی ئەدەبیدا، لەشێوەی وێنەدار، کە کۆمەکی هەموان دەکات بۆ تێگەیشتن، بەواتایەکیتر کتێبەکە بەم ڕێگایە ئاسانکاری لەگوتاری فەلسەفی کردووە تا هەموو تەمەنێک بتوانێت بیخوێنێتەوە، لەهەمان کاتدا بۆ هەموو مرۆڤێکی بێگانەی هاوشێوەی ئێمەش کە کێشەی زمانی هەبێت وەک ئاسانترین کتێب بتوانێت بیخوێنێتەوەو تێیبگات.

نیهاد جامی/ فەڕەنسا




شانۆ و کۆمەڵگا.. نیهاد جامی

پەیوەندی نێوان شانۆ و کۆمەڵگا هەمیشە بۆ من بابەتێکە جێگەی گرنگی تایبەتیم بووە، بەپێی قۆناغ و ئاستەکان ئەوەی جیاوازی بۆ خوڵقاندوین زادەی تێگەیشتنمان بووە لە زمانی شانۆیی، لێرەشدا لەسۆنگەی ئەم پەیوەندیە هەندێک سەرنج دەخەینە ڕوو.
نمایشی شانۆیی زادەی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگایە، نمایشێک نیە لەهەر کۆمەلگایەک نمایش بکرێت کاریگەریەکانی لەیەک ئاستدا بن، ئەوەش پەیوەستە بە گرنگی پەیوەندی نێوان نمایش و کۆمەڵگا، کە پێویستە گوزارشت لەخەمی کۆمەلگا بکات، هەر کاتێک شانۆ کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا بەجێنەهێشت مانای وایە شانۆیەکی دابڕاوە لەژیانی کۆمەلایەتی و سیاسی ئەو کۆمەڵگایە.
بۆیە ئەو دەمەی دەرهێنەری شانۆیی هەست دەکات شانۆنامەیەک لەگەل دیدی دەرهێنانی ئەو ناگونجێت بەبیانوی دیدگای دەرهێنانی و چارەسەری درامی و خوێندنەوەی نوێ ناکرێت تێکست ببڕێت و زیادی بکات کە سەرەنجام کار لەتەک شانۆنامەیەک دەکەیت کە بەویستی خۆت دەستکاریت کردووە، لەو کاتەدا باشترین کارێک ئەوەیە واز لەنوسەرەکەو شانۆنامەکەی بێنیت و بۆ خۆت ئەو شانۆنامەیەی دەتەوێت بینووسیت، یاخود ئەوەی دەتەوێت لەگەڵ شانۆنوسێک رێکبکەویت کە شانۆنامەیەکی لەو شێوەیەت بۆ بنووسیت، ڕابردووی ئێمە لەشانۆدا یادەوەریەکی سەرگەردانە لەژێر ناوی سەیرەوە، بۆیە پێویستە لەئێستادا خالێک بۆ ئەو ڕابردووە دابنێین، هەڵەکانیش هێندە زۆرن چاوپۆشی لێکردن و بەردەوامی لەسەری تەنیا گوزارشت لە نەزانینی ئێمە دەکات، دەبێت بوێری ئەوەمان هەبێت دان بەهەلەکانی ڕابردومان بنێین.
بۆیە پێویستە ئەوە بزانین کەوا کردەی ئامادەکردنی چیرۆک یا ڕۆمان بۆ شانۆنامە، کردەی گۆڕینی ژانری ئەدەبیە، نەک لەپشت ناوی نووسەر هەلبستین بە نووسینی دیمەن و لا بردنی بونیادی پێکهاتەی چیرۆک، لەدەرەوەی ئەو کردەیە نووسەر دەتوانێت شانۆنامەیەک بنووسێت ئاماژە بۆ ئەوە بکات کەوا بیرۆکەکەی لەچیرۆکێک وەرگیراوە، ئێمە لەڕابردوو ئەوەمان ناوبردوە بە دەقئاوێزان، کە ئەوەش خەوشێکی مەعریفەی شانۆیی ئێمە بووە، نووسەر دەتوانێت وەک نووسینی سەربەخۆ ئاماژە بۆ شانۆنامەکەی بکات، بە ئاماژەکردن بەو چیرۆکەی وەک بیرۆکە کاری لەتەکدا کردووە.
وەک ئاماژەمان بۆ کرد ئامادەکردن گۆڕینی ژانرە، ئەو ڕوانینەی بڕوای وایە گۆڕینی ژانر دەکرێت وەک نووسینی سەربەخۆ ناوی بەرین لەراستیدا کە کارەکتەرو رووداو و شوێن و ململانێی درامی زادەی رۆمان یان چیرۆکەکە بێت بەهیچ جۆرێک ناتوانین وەک تێکستی سەربەخۆ ناوی بەرین لەڕێی گۆڕینی ژانرەوە، گۆڕینی ژانر دەبێتە کردەی ئامادەکردن بۆ شانۆ.
بۆیە پێویستە ئەوە بخەینە ڕوو کەوا دەقئاوێزان لەنمایشی شانۆییدا بریتی نیە لە کۆکردنەوەی چەند دەقێک لەناو دەقێکدا، یاخود گواستنەوەی دیالۆگ و دەستەواژەکانی دەقیتر، ئەو تێگەیشتنە هەڵە حاڵی بوونی دەرەوەی تیۆرە، لەڕاستیدا ئیشکردنەوەی دەقئاوێزان لەشانۆدا وەرگرتنی چەمک یاخود کارەکتەرە، بۆ سەر لەنوێ نووسینەوەی دەقێکی نوێ کە تێگەیشتنی دەقی پێشوو بگۆڕێتە سەر مانای نوێ، وەک ئەو تێگەیشتنەی فەیلەسوفی فەڕەنسی ژیل دۆلۆز لەکتێبی دژە ئۆدیب ئەوە دەخاتە ڕوو کە نایەوێت بەرەو تێگەیشتنی فرۆید بۆ گرێی ئۆدیب بگەڕێتەوە، هێندەی مەبەستیەتی فاشیزمی نوێی خۆرئاوای پێ بخوێنێتەوە.
بۆیە ئەو شانۆنامانەی مانای نوێیان بە دەقئاوێزان بەخشیووە چەمک و کارەکتەر و روداویان وەرگرتووە نەوەک دیالۆگی شانۆنامەی پێشوو بێنن کۆی بکەنەوەو بەویستی خۆیان شانۆنامەکە وەک کۆلاژێک بخەنە ڕوو، ئەوەی لەبزوتنەوەی شانۆی ئێمە بینراوە کۆلاژی شانۆنامەکانە نەک دەقئاوێزان، بۆ من ئەو بابەتە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە لەداهاتوودا لەڕێگەی توێژینەوەیەکی زانستیەوە لەسەری دەوەستم ولێی دەکۆڵمەوە.

نیهاد جامی




مانای سێ یەمی فیگوری مرۆڤ و سەگ.. نیهاد جامی

ئێمە لە کوێی ژیانداین؟ پرسیارێک پەیوەست نیە بە ئێستامانەوە، هێندەی پرسێکی بونگەرایی ئێمەیە کە دەکەوینە کوێی مێژووی مرۆڤەوە؟ هەر بەڕاست ئێمە لەسەردەمێکدا کە کولتوری شاشە ژیانی زەوتکردوین، پێویستە لەگەڵ ڕووداوەکانی رۆژدا قسەمان لەهەموو شتێک هەبێت؟ کۆی ئەو پرسیارانە دەرگا کردنەوە نیە بۆ قسەکردن، هێندەی نائومێدبونی مرۆڤە لەم رۆژگارەدا، رووبەرێک نامێنێت بۆ پسپۆری، بەبیانوی هەڵوێستەوە قسە لەتەواوی کایە جیاوازەکانی ژیان دەکەین، لێناگەڕێین پسپۆڕانی بوارەکە قسەمان بۆ بکەن.
لێرەدا ئێمە لەنێوان مرۆڤ و کولتوردا،بۆشاییەکمان هەیە لەو پەیوەندیەدا، ئەویش ناسینە، ناسین وەک مانای زانستی مرۆیی دێت، لەو ساتەدا دەپرسین کاری هونەری دەکەوێتە کوێی زانست؟
بوونی هونەر بۆ ئەو ناپەرسیاریەتیەی مرۆڤە تا بەدەردی گەمژەیی قسەکردنی زۆرینە نەمرین، هەندێکجار قسەکردنی زۆرینە وەک ژەهرێکە دەرخواردمان دەدرێت، ئێمە بەهۆی ئەو قسەکردنانەوە بونمان لەبەردەم ژەهراوی بوندایە، بەڵام هونەر دێت خێرا فریامان دەکەوێت، لەم رۆژگارەدا کەوا مرۆڤی ئێمە قسە لەروداوگەلێکی کۆن دەکات، ئەو مرۆڤە خۆی وەک هەمیشە دابەش دەکاتە سەر دوو بەرەی دژ بەیەک، ئەوەی بۆ ئێمە دەمێنێتەوە قسەکردن نیە وەک ئەوان، هێندەی بێدەنگیەکە کە ئاخۆ ئەم ژەهرە دەمانکوژێت یان تەنیا کوێرمان دەکات؟لەبەردەم ئەم پرسیارەدا هونەر دێت تا ڕزگارمان بکات لە مەرگ و کوێریی، حەقیقەتی مرۆڤ لەقسەکردنەوە دەباتە ناو گومانکردن، بۆ من ئەو حەقیقەتە لەتابلۆکانی هونەرمەند پێشەوا مەحمود بینیم، کۆمەڵە فیگورێکی مرۆڤ لەدۆخێکی ئاوێتەیی نێوان مرۆڤ و سەگدا رووبەروی هاودژبونەوەی تێگەیشتنمان دەکاتەوە بەوەی ئەو لۆژیکە کە بوو بە زانیاری بەرایی لە ئێستادا، بەوەی سەرەتا مرۆڤ وەک گیاندار دەرکەوت و هەندێک سات ئارەزویەکی زۆر دەمانبات بۆ لای تیۆرەکەی داروین بۆ مرۆڤی سەرەتایی، تا ئاستی ڕۆچوونەوە ناو مرۆڤناسی، بەڵام ئیدی ئەو زانینە هیچ کۆمەکێکمان ناکات بۆ ئێستا، دەشێت ئەوە زانستێک بێت مرۆڤەکانی تۆڕی کۆمەلایەتی لەشوێنی شوێنەوارناسان و مرۆڤناسان قسەی لەبارەوە بکەن، سەرەنجام روانینەکان هەمووشیان شتێک بە زانینمان نابەخشن، کەچی پێشەوا دێت مرۆڤی هاوچەرخ ئەو مرۆڤەی باس لەوە ناکات کە سەرەتا ئەو لەشێوەی گیاندار بوو، هێندەی فیگوری ئەو مرۆڤە لەئێستادا ئەو حەقیقەتەیە کە بوونی ئەو لەنێوان مرۆڤ و گیاندارەکە دەگۆڕدرێتە سەر سەگ، لێرەدا سەگ بە کۆمەڵە دەلالەتێکەوە بۆ دینیەکانی لای خۆمان شوێنی سەگ سەر شەقامە، شەوان بە مرۆڤ دەوەڕێت، کەچی بۆ مرۆڤی خۆرئاوایی باشترین دۆستە و لەماڵەوە ئەندامێکی هەرە ئازیزی خێزانە، ئەو دوالیزمە ڕەنگە بۆ مرۆڤی کوردی وەک فیگورێکی بێبەها سەیری بکرێت، بێئاگا لەوەی بوونی ڕاستەقینەی خۆیەتی لەقسەکردنێکی هەمیشەیی، بەڵام هونەرمەندەکەمان لەگەشتێکی هونەری کە ئیدی ئەو لەناو کولتوری خۆرئاوا نیگاردەکێشێت، سەگ بۆ ئەو ئەو مانا کوردیە نابەخشێت، بەقەد ئەوەی دۆخی لابردنی جیاوازی نێوان مرۆڤ و گیاندارە لە فیگورێکدا، ئێمە لەبەردەم ئەو دوو مانایە بۆ فیگور ئومێدێک بۆ خۆمان لەبینین نادۆزینەوە، بۆیە نائومێدیەکانمان بەرەو مانای سێیەمی کاری هونەریمان دەبەن، ئەو مانایە بە کوێمان دەگەیەنێت؟ پرسیارەکەی ئێمە لێرەوە دەست پێ دەکات تاوەکو گومان لەکۆی ڕوانینەکانی پێشوومان بکەین.
لێرەدا بۆ مانای سێیەم پشت بە ڕۆلان بارت دەبەستین، کە کۆی ئەوەی خستمانە ڕوو لەهەمان کاتدا بەو مانایە گومانی لێ دەکەین، هۆکارەکەی مەعریفە نیە هەر وەک زانیاری مرۆڤەکانی تۆڕی کۆمەلایەتیە کە بارت بە ئاستی هەواڵ ناوی دەبات، ئێمە کارمان بەو ئاستە هەواڵیەی فیگور نیە، وەک چۆن وەستان لەئاستی ڕەمزی فیگور بەس نیە، ئەو دەمەی ئاستی ڕەمزی فیگور شوناسی مرۆڤی هاوچەرخمان لە رووخساری سەگ نیشان دەدات، ئاخۆ ئەو دەلالەتەی بۆ وەرگر دەینێرێت لەدەرەوەی بەزەیی و سۆز وێناکردنە بۆ شوناسی داهاتووی ئەو مرۆڤە؟
ئایا ئەوە زمانە ئیدی توانای تێگەیشتنی لەدەستداوە و لەڕێگەی هەستەکانەوە دەتوانین کۆ دەنگیەکی بێدەنگی بۆ زمانی بینین و ئاماژە دروست بکەین؟ ئەوە دەشێت پرسیار بێت، بەلام هەرگیز دەستەواژەیەکی پێشنیارکراومان نیە بۆ تێگەیشتن لەداهاتووی ئەو مرۆڤە.
ئەو مرۆڤە لەهەر پۆرترێتێکدا سەر بە کولتور و ڕەگەزێکە، فیگوری ژنێکە دابەش بۆتە سەر مرۆڤ و سەگ، ئەو دابەش بونە ناگۆڕێت، ئەوەی دەگۆڕێت ڕەگەزو نەژاد و کولتورە، دەبێت بە پیاو بە ڕەش پێست بە مرۆڤێکی عەرەبی بە هاوڕەگەزبازێک لەڕێی ڕەنگی قژیەوە وەک ئاماژەیەکی زیرەکانەی هونەرمەند خستویەتیە ڕوو، سۆزانیەک، پیرێکی نەخۆش بەدەم ناڵینی ئازارەوە، بەڵام لەکۆی کردەی بینین پۆرترێتی ئەو مرۆڤە لە تاکێکەوە یەکدەگرن، لە کۆ پۆرترێتدا فیگوری ئێمەی مرۆڤی هاوچەرخ پێکدێنن، بۆ لابردنی تەواوی ئەو جیاوازیە کولتوریی و نەژادیە، ئەوە ئێمەین، ئێمەیەک چەندە ڕابردوومان هەڵگری شوناسێک بوو، سەرەنجام یەک سیستمی ئەخلاقی هەمومان کۆ دەکاتەوە، جیاوازی نەژادی و ڕەگەزی و کولتوریی هیچ مانایەکی بۆ نامێنێتەوە.
ئەگەر مانای ڕوون لەناو مانای سێیەم بەپێی چەمکە بارتیەکە بخوێنینەوە، بەو پێیەی بارت دەنووسێت «ئەوە بەشێکە لە مانای ڕوون، وە مانای ڕوون شۆڕشە» دەبێت بڵێین شۆڕشی تەکنەلۆژی کە مرۆڤی هاوچەرخی کردە بەرهەمی کولتوری شاشە، فیگوری ئەو مرۆڤە ئیدی لەبەردەم بینین و وێنەدایە، هەستی مرۆیی شتێک نیە هێندەی پێویستی بینینە، نیگای سەگ کە هەمیشە نیگایەکی خەمبار و هاوهەمەنگیە لەگەڵ بینین، لێرەدا حەقیقەتی مانای سێیەم لەو ئاوێتە بونەی مرۆڤ و سەگ دەردەکەوێت لەبینینی تەواوی زانیاری و ڕووداوەکانی شاشەدا، کە لەساتی بینین ئەو مرۆڤە سەگئاسا خەمبار دەبێت و هاوسۆزی نیشان دەدات، هاوسۆزیەک دیسان لەڕێگەی پەیوەندی شاشەوەیە.
مانای سەختی وەک یەکێک لە ماناکانی سێ یەم لێرەدا چیە؟ پاککردنەوەی رووخسارە لە سەگ و بینینەوەی وەک مرۆڤی هەر تابلۆیەک؟ ئایا ئەوە مانا سەختەکەیە یاخود ڕووپۆشکردنی سەگ بەسەر تەواوی فیگور تا ئێمە سەگ ببینین نەک مرۆڤ؟ ئێستە لەو ساتەدا مانای سەخت ئێمە دەخاتە بەردەم دوو گریمانە، بەڵام ئاخۆ ئیشکردنەوە لەسەر یەکێک لەو دوو گریمانەیە بۆ خۆی کردەیەکی پووچگەرا نیە بەوەی بمانەوێت ئەو دوو فیگورە لە فیگورێکدا لەیەکتر جیا بکەینەوە؟ لە مانای سەختیدا بۆ من پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە.
کەواتە ئێمە لەمانا سەختەکەدا بەرەو کوێ دەڕۆین مادام نامانەوێت لەسەر ئەو دوو پرسیارە ئیش بکەین؟ ئێمە کاتێک یەک لەو دوو روخسارە «سەگ و مرۆڤ» لەیەکتر جیا ناکەینەوە، دەزانین کردەی زانینیش هەر کاتێک زانیمان پێویستمان بە گەڕان نیە، ئێمە لە نەزانراو دەگەڕێین تا بگەین بە زانین، بۆیە قسەکردن لە ڕوخساری سەگ یان مرۆڤ دوو ڕووخساری زانراون، ئەوەی نەزانراوە نهێنی ئەو دەمامکەیە لەڕێی سەگەوە هونەرمەندەکەمان خستویەتیە سەر مرۆڤ؟ لێرەدا ئێمە قسە لەهیچ لەو دوانە ناکەین هێندەی دەمانەوێت لەنهێنی ئەو دەمامکە تێبگەین وەک ئەوەی ئیدی مرۆڤ وسەگ پێکەوە یەک فیگور پێک بێنن، ئەو فیگورە پەیوەندی زەمەنی مرۆڤی سەرەتاییە تا دەگات بە مرۆڤی ئەمڕۆ کە چۆن ناتوانێت بەبێ گیاندار هەڵبکات، لەهەمان کاتدا پەیوەندی هاوبەشیان وایکردووە هەر یەکێکیان ئەویتر تەواو بکات، ئەو لۆژیکە لەگەڕاندا بەرەو ئەو ئاستەمان دەبات کە ئیدی چۆن دەکرێت ئێمە لەیەکتریان هەلبوەشێنینەوە، هەڵوەشاندنەوەی فیگور دەبێت لەسەر بنەمای گەڕانەوە بێت بۆ سرووشت ساتێ تەنیا ڕەنگ بوونی هەیە و هێشتا مرۆڤ و گیاندار نەهاتونەتە ناویەوە.
ئەگەر بارت لە وتارەکەیدا بگەڕێتەوە بۆ جۆرێک لە ئارەزوی نواندنی برێختیانە «شانۆکاری ئەڵمانی بڕتۆڵد برێخت» ئەوا لای پێشەوا مەحمود فیگورەکە نواندن ناکات، هێندەی نوێنەرایەتی فیگوری منە، من وەک ئاماژەیەکی مرۆڤی هاوچەرخ.
هەست و ئارەزووەکان هیچ گۆڕانکاریەکیان بەسەر نایەت، ئەوەی دەگۆڕێت فۆڕمی بینینە، دەنا ویستی مرۆڤ و گیاندار کردەیەکی بایەلۆژی هاوشێوەی یەکتریە، ئەوە فیگورە لەوێنەیەکی ئاوێتەیی دا ئەو دوانەی کردۆتەوە یەکتر، یا گەر بە زمانی بارت قسە بکەین دەمامکی سەگ لەسەر مرۆڤ بۆتە هۆکاری نواندنێکی برێختیانە کە نوێنەرایەتی یەکتری دەکەن، چونکە سەر بە یەک نەژاد و زیندەگین، هەر نا لە کاری هونەری هونەرمەندەکەماندا.

١٩/٥/٢٠٢٤
نەخۆشخانەی لا تیمۆن




پرۆژەیەکی دراماتۆرگی بۆ شانۆنامەیەکی سارە کین.. نیهاد جامی

ئەم تێکستەی لێرەدا دەیخوێننەوە کردەیەکی دراماتۆرگیە بۆ شانۆنامەی 4:48 ی نووسەر سارە کین، لەپاڵ گەڕانەوە بۆ ژیاننامەی نوسەر و دامەزاندنی دیدێکی هونەری بۆ دروستکردنی فیلمێکی دۆکۆمێنتاری لەبارەی ژیانی نوسەر، بۆیە لەپاڵ کارەکتەری نوسەر، فیلمسازێک دەردەکەوێت، ئەم تێکستە بۆ ئەنجامدانی کردەی دەرهێنان نووسراوەتەوە، کە دەبێتە تازەترین کاری شانۆیی من، پێمخۆش بوو لێرەدا تێکستە دراماتۆرگیەکە بڵاو بکەینەوە.
بۆ دەیالۆگی شانۆنامەکە گەڕاوینەتەوە سەر تێکستە وەرگێڕدراوە کوردیەکەی خاتوو باران، هەرچەندە من بە زمانی کوردی کاری تیا ناکەم، بەڵام پێمخۆش بوو ئاماژە بۆ ئەو خاڵە بکەم، هەروەها هاورێی ئازیزم د. ڕێباز جەلال وەریگێڕاوەتە سەر زمانی پۆڵەندی.


ژوورێک زیاتر لەستۆدیۆی سینەمایی دەچێت، بەهۆی دانانی کامێرا و ڕوناکی و کلاکێتەوە، لەوە دەجێت خەریکی تۆمارکردنی فیلمێکی دۆکۆمێنتاری بن لەسەر ژیانی نووسەرێک، سەرەتا ئێمە وێنەگرێک دەبینین، هەر خۆشی دەرهێنەری فیلمەکەیە، لەپشت کامێراکەوە وەستاوە، ئاراستەکەی کامێراکە دەکاتە دیواری دواوەی ژوورەکە وەک ئەوەی نمایشی فیلمێکی سینەمایی بکات، لەسەر شاشەکەی دواوە دەنووسرێت ٤:٤٨، فێتێکی ڕەش کە زیاتر لەنیشاندانی تراکی فیلمێکی کۆن دەچێت، چارلی چاپلن لەسەر شاشەکە دەردەکەوێت، ئێمە ژنێک دەبینین لە سوچێکی ژوورەکە سەیری فیلمەکە دەکات، دەرهێنەرە سینەماییەکە کە ژنەکە دەبینێت ئاراستەی کامێراکە دەسورێنێتە لای ژنەکە، شاشە سینەماییەکەی دواوەی ژورەکە دەکوژێتەوە، ژنەکە پێّدەکەنێت، لەسەر شێوازی چارلی چاپلن خۆی گۆڕیووە، لاسایی ئەو دەکاتەوە، دەست دەکات بە نواندنی چارلی چاپلن، لەپڕ دەوەستێت، دەچێتە شوێنێّکی تری ستۆدیۆکە، کامێراکە بەدواوەیەتی، دەرهێنەر ئاماژەی بۆ دەکات کە دەست بە قسەکردن بکات.

من ناوم سارە کەین لەژیاندا پێنج شانۆنامەم نووسی، شانۆ باشترین شوێنە بۆ مرۆڤ تا بە ئازادی خۆت برینەکانی تیا بنووسیتەوە، کەس نەتوانێت دەستکاری شتەکانت بکات “وەک ئەوەی شتێکی بیر کەوتبێتەوە” یەکەمجار باوکم دەستکاری شتەکانی کردم، من ئەوەم لەیەکێک لەشانۆنامەکانم باسکردووە، هەموو شتێک لەپێش چاوی مندا دەمرێت، بۆیە مردن و خۆکووشتنم هیچ گرنگیەکی نیە، ئاخۆ خۆکووشتنی من چارەسەری کێشەکان دەکات؟ یەکەمجار کە ئەو بیرۆکەی خۆکووشتنە سەری هەڵدا، ووتم وا باشە لە کاتژمێر ٤:٤٨ خولەک خۆم بکوژم، هەر کاتێک بیری لێ دەکەمەوە، دەزانم ئەوە کاتێکی باشە بۆ خۆکووشتن، بەڵام باشتر وایە شانۆنامەکەم تەواو بکەم، هەست دەکەم قسەیەکی زۆر هەیە نەمنووسیوەو پێویستە بیاننووسم.

٢

لەگەڵ دەرهێنەر باس لەوە دەکات کە دەکرێت دیمەنی دواتر لەنەخۆشخانە وێنە بگیرێت، یاخود کەشێکی وا بێت گوزارشت لەنەخۆشخانە بکات، دەرهێنەر خەریکی گۆڕینی ڕوناکی و کوژانەوەی هەندێک گلۆپ و داگیرساندن و خولقاندنی کەشێکە لەرێی روناکی و ڕەنگەوە، دەرهێنەر تێبینی خۆی لەسەر شوێن و دیمەنەکە پێدەلێت، لەوە دەچێت هەردوکیان لەسەر گرتەکە هاوڕابن، دەرهێنەر شوێنێک دەست نیشان دەکات بۆ وێنەگرتن، سارە کەین وون دەبێت، دەرهێنەر خەریکی خۆ ئامادەکردنی دیمەنی داهاتووە، روناکیەکان کز دەکرێن، لەگەل ڕۆشن بوونەوەی تەنیا سارە کەین دەبینین، لەخەو هەلساوەو خەونەکەیمان بۆ دەگێڕێتەوە، گێڕانەوەکەی تێکەڵەیەکە لە ترس و پێکەنین، زیاتر لەدۆخێکی شڵەژاو دیالۆگەکانی دەڵێت.
لەخەومدا چووم بۆ لای دکتۆرێک، وتی هەشت خولەکت ماوە بژیت. لە کاتێکدا نیوسەعاتبوو لە ژووری چاوەڕوانییە نەفرەتییەکەی ئەو دانیشتبووم!

٣
بێدەنگیەکی درێژ خایەن، ترسێک سارە کەین داگیر دەکات، بەناو ژوورەکەدا دێت و دەچێت، بیر لەشتێک دەکاتەوە، کەوا نازانین چیە، وەک ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵە مۆسیقیەک قسە بکات، تا خۆیان بۆ کۆنسێرتێی مۆسیقی ئامادە بکەن، بەتەنیشتیەوە ئامێرێکی ئۆرکۆدیۆن لەژوورەکەدایە، داوە لە مۆسیقیە خەیاڵیەکان دەکات کەوا دەست پێبکەن، خۆشی لەگەڵیان دەکەوێتە مۆسیقا ژەنین.
مۆسیقاکەی دەوەستێنێت.. هەست ڕادەگرێت، هەڵدەستێتەوە، لەناوەراستی ژوورەکە دەیەوێت بخەوێت، بەلام هەموو گیانی دەلەرزێت، لەبەر خۆیەوە دەڵێت

ــ من گازم بە جولەکەکاندا کرد، کوشتاری کوردەکانم کرد، بۆمببارانی عەرەبەکانم کرد، سواری منداڵی بچووک بووم لە کاتێکدا داوای بەزەییان دەکرد، گۆڕەپانی جەنگی پڕ لە مردووەکان هی منن، من وامکرد هەمووان ئاهەنگەکە جێبهێڵن.
دادەنیشێت، بەدەستەکانی هەردوو قاچەکانی خۆی دەگرێت، دەیەوێت چیرۆکی کەسێک بگێڕێتەوە، بەڵام جولەکردنی فۆرمێکی ئاسایی وەردەگرێت، تەنیا لەکاتی قسەکردن تۆنی دەنگی دەگۆڕێت
من چاوە حیزەکانت دەمژم و لە قتوویەکدا دەینێرم بۆ دایکت و کاتێکیش من دەمرم، لە جەستەی منداڵی تۆدا دێمەوە دونیا، بەڵام پەنجا قات خراپتر و شێتتر، من ژیانت دەکەم بە دۆزەخێکی داگیرساو، من مـــــــل نـــــــــــــادەم مـــــــل نـــــــــــــادەم مـــــــل نـــــــــــــادەم ســــــەیرم مــــــــەکــــــــــــــــە

ئێستا هەڵدەستێتەوە، سەیری دەوروبەری ژوورەکە دەکات، ئۆرکۆدیۆنەکەی لەباوەش دەگرێت، دەیەوێت بگریێت، روناکی لەسەری دەکوژێتەوە، لە شاشە سینەماییەکەوە سەر لەنوێ دەیبینینەوە، دیمەنێک نیشان دەدرێت سارە کەین بەسەر کورسیەکەوەیە وەستاوە، کامێرا دەچێتە بەرزاییەوە دەبینین پەتێکی بەملەوەیە و دەیەوێت خۆی بکوژێت، بە قاچەکانی کورسیەکەی ژێر پێی لا دەبات، شاشەکە ڕەش داگەڕاوە، ژوورەکە بەتەواوی ڕۆشن بۆتەوە، دەرهێنەر بە نیگەرانیەوە کامێرا و کەل وپەلەکانی وێنەگرتن کۆ دەکاتەوە و دەچێتە دەرەوە، ستۆدیۆکە بەتاڵ و وەک ئەوەی هیچ شتێکی لێ نەبووبێت، هەموو شتێک کۆتایی دێت.




شانۆی تەلەڤزیۆنی پۆڵەندی.. نیهاد جامی

هونەری شانۆ پێویستی بەکردەی بینینی ڕاستەوخۆ هەیە، بەلام کاتێک وەک ڤیدیۆی تۆمارکراو دەیبینین، ڕووبەروی ئەو پرسیارە دەبینەوە ئاخۆ شانۆی تەلەڤزیۆنی چ سوودێک بە ئێمە دەگەیەنێت؟ لەبەردەم ئەم پرسیارەدا پێویستە هەندێک خاڵ بەگرنگ وەربگرین، بەهۆی ئەوەی تۆمارکردنی ڤیدیۆی بۆ شانۆ کۆمەکی ئەوەمان دەکات سیماکانی قۆناغە شانۆییەکان بەڕوونی بناسین، جگە لەوەی ئەو کارانەی لەزەمەنێکدا فریای سەیرکردنیان نەکەوتین، بزانین ئاستی کارکردنیان چۆن بووە، ئەوە سەرباری ئەوەی رۆلێکی گرنگ دەبینێت لە بە کولتورکردنی شانۆ لەکۆمەڵگادا، کە لەم ڕێگایەوە کۆمەلگا دەتوانێت ئاشنایەتیەکی زیاتر بەشانۆ پەیدا بکات.
ئێمە لەئێستادا کەسەیری شانۆی تەلەڤزیۆنی پۆڵەندی دەکەین و مێژووەکەی پێ دەنێتە ناو ٥٣ ساڵ، چەندە بەهۆی نیشاندانی نمایشەکان لەتەلەڤزیۆن توانی رۆڵێکی گرنگ ببینێت بۆ بە کولتورکردنی شانۆ، وایکرد ئەم کۆمەلگایە هەست بەگرنگی نمایش بکات، ئاشنایەتی لەگەل دیاترین سانۆنامەکان پەیدا بکات، لەئێستادا کە نیو سەدە تێدەپەرێنێت، بەڵام بەهەمان شێوەو تینەوە شانۆ لەناو ماڵەکان ئامادەبوونی هەیە، ئەوە وایکردووە شانۆ ببێتە بەشێک لەژیانی کولتوری مرۆڤی پۆڵەندی.
بۆ ئەوەی بەدوای ئەو ئاشنابوونە ئەو نمایشە تۆمارکراوانە دەسکەوتی دارایش وەدەست بێنن کەناڵی تەلەڤزیۆنی کولتور هەڵسا بە جاپکردن و کۆپی کردنی نمایشەکان لەشیوەی دی ڤی دی، وەک فیلم لەبازارەکان بفرۆشرێن، بەوەش دەستکەوتێکی پێ وەدەست هێناوە، لەئێستادا بەدەگمەن ئەو نمایشانە لەبازار دەست دەکەون، ئەوەش گەواهی ئەم ڕاستییە کەوا بینەران دەیانەوێت ببنە خاوەنی ڤیدیۆی ئەم نمایشانە.
خالێکی تری گرنگ بۆ توێژینەوە لەبارەی ئەم شانۆنامانەو ئاشنابوون بەدیدی دەرهێنەرانی پۆڵەندی بەدوای سەرجاوە تیۆریەکان دەتوانین بگەرێینەوە بۆ ئەم نمایشانە، تاوەکو بتوانین سیمای قۆناغە شانۆییەکانی پێ بناسین، ئەم شانۆیە لەڕێی ڤیدیۆی کارەکانی وایکرد ڕووبەرێکی فراوانتری بەخۆی بەخشی، بۆیە کتێبەکەی نووسەر کاتاژینا جیێژبیچکا بەناونیشانی “٥٠ ساڵ لەشانۆی تەلەڤزیۆنیدا” دۆکۆمێنتێکی گرنگی ئەم شانۆییە کە چۆن لەرێی بەڤیدیۆکردن توانیەتی داکۆکی لەسیماو گەشاندنەوەی خۆی بکات لەناو کۆمەلگادا، سەرباری ئەوەی توێژەرانی سانۆ بۆ قسەکردن لەسەر نمایشەکان دەگەرێنەوە سەر ئەم ڤیدیۆیانە.
کاتێک دەگەرێینەوە بۆ سەرەتای لەدایکبوونی ئەم شانۆیە لە تەلەڤزیۆن هەست بە پلانی کولتووری ئەم وڵاتە دەکەین، بەهۆی ئەوەی بە ماوەیەکی کەمی لەدایکبونی تەلەڤزیۆنی پۆڵەندی شانۆ بوو بە بەشێک لە کاری تەلەڤزیۆن، هەر لەو ڕۆژەوەی یەکەم شانۆنامەیان لەتەلەڤزیۆن نیشان دا بەناوی “پەنجەرەیەک لە دارستان” دەرهێنانی یۆزیف سوۆتڤینیسکی ئیدی دەرگا لەنمایشی شانۆیی کرایەوە، کە لەئێستادا زیاد لە چوار هەزار نمایشی شانۆیی تۆمار کراو لەبەردەستدایە، بۆیە ئەو هەوڵە وایکرد شانۆ بەزیندووی بمێنێت، شتێک نەبێت لەهەوڵی شانۆیی ناوی لەیادکردن بێت، بینەری تەلەڤزیۆن بەهۆی ئەوەی لەو ڕۆژگارە یەک کەناڵی هەبوو دەیزانی رۆژانی دووشەممە نمایشی شانۆیی نیشان دەدرێت.
ئەمرۆ شانۆی تەلەڤزیۆنی لەزۆربەی ولاتانی ئەوروپی ئامادەبوونی هەیە، بەلام هێشتا هەندێک ڕوانین تایبەتمەندیەکەی دەگەرێننەوە بۆ پۆڵەندیەکان، بەلام با ئەوەمان بیر نەچێت ئەو بیرۆکەیە سەرەتا بۆ بەریتانیەکان دەگەڕێتەوە، ئەو دەمەی لەساڵی ١٩٢٤ نمایشێکی شانۆیی تایبەت بە ڕادیۆیان پێشکەشکرد، دواتر بیرۆکەکەیان گواستەوە بۆ تەلەڤزیۆن و ئەمریکیەکانیش خێرا ئەو بیرۆکەیان قۆستەوە هەوڵیاندا لەڕێی ناسراوترین ئەکتەرەکانیان شانۆی تەلەڤزیۆنی بەرهەم بێنن.
پۆڵەندیەکان سوودیان لەم ئەزموونە وەرگرت و هەوڵیاندا وەک نەریتێک بۆ بینەرانی تەلەڤزیۆن پیادەی بکەن، هەڵبەت لەم ڕۆژگارەدا بەهۆی ئەوەی تەلەڤزیۆن ڕەش وسپی بووە بۆیە زۆر کێشەیان ڕووبەروو بۆتەوە، کەوا لایەنی جوانکاری نمایشەکانی لەدەستداوە، بەڵام چونکە بەدوای نمایشەکان بەتایبەت بۆ تەلەڤزیۆن تۆمار کراون هەوڵدراوە بەشێکی جوانی کارەکان بەتایبەت کاری لەسەر بکرێت، لێرەدا نابێت ڕۆڵی دەرهێنەر ئادام هانوشکیێڤیچ لەیاد بکرێت کەرۆڵێکی گرنگی لەشانۆی تەلەڤزیۆنیدا بینیووە، کاتێک لە ١٩٦٩ یەکەم ئەزموونی ڕەنگاو ڕەنگی تەلەڤزیۆن دەردەکەوێت، یەکەم نمایش کە بە ڕەش وسپی نیشان نەدرێت، مۆنۆدرامایەک بووە کە لە “زیانی توتن” چێخۆڤ وەرگیراوە، لە دەرهێنانی یێرزی ئانتچاک، ساڵانی دواتر هەندێک لەدەرهێنەرانی سینەما ڕوو دەکەنە شانۆی تەلەڤزیۆنی و لەپاڵ کاری سینەمادا لەم بوارەشدا کار دەکەن، لەوانە دەرهێنەران کیشلۆڤسکی و ئاگنێشکا هۆڵەند، بەلام تا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت بینەر لەماڵەوە دەزانێت ڕۆژانی دووشەممە سانۆی تەلەڤزیۆنی نیشان دەدرێت، هەندێک لەڕەخنەگران بڕوایان وایە ئەم شانۆیە وەک جاران بینەری نەماوە، ئەوەش دەگەڕێننەوە بۆ هەندێک گۆڕانکاری لەشیوازی کارەکان، بەلام زۆرینەی پسپۆرانی بواری شانۆ لەسەر ئەوە کۆکن شانۆی تەلەڤزیۆنی بەهیچ شیوەیەک بینەری لەدەست نەداوە، چونکە وەک بەشێک لەژیانی کولتوری ئەو مرۆڤەیەو لێی جیا نابێتەوە.




چێخۆڤ لەشانۆی پۆڵەندیدا.. نیهاد جامی

شانۆنامەکانی چێخۆڤ لەسەر تەختەی شانۆکانی پۆڵەندا توانیویەتی کاریگەری لەسەر ئاستی بەرەو پێشچوونی ئەو شانۆیە دابنێت، بەهۆی تێگەیشتنی ئەو نووسەرە لەواقعی کۆمەڵایەتی، کە ژیانی کارەکتەرەکانی هەستکراوە نزیکیەک هەیە لەگەڵ ژیانی ئەو کۆمەڵگایەدا، بۆیە تائەمڕۆش چێخۆڤ یەکێکە لەو نووسەرانەی بەردەوام شانۆنامەکانی لەسەر تەختەی شانۆکانی ئەم وڵاتە نمایش دەکرێت، بەڵام نمایشەکانی دەرهێنەر ئەلێکساندێر باردینی پێگەیەکی تایبەتی هەیە لەلای بینەرو شانۆکاران، کە هەوڵ دەدەین لەسەر دوو نمایشی ئەو دەرهێنەرە بووەستین، کە کارەکانی رۆحێکی چێخۆڤیانەی بەخشیووە بەهۆی پابەند بوونی تەواوی بە شانۆنامەکانی نووسەرەوە، لەپاڵ ئەوەدا دەگەڕێینەوە بۆ هەوڵی دەرهێنەرێکیتر کە ئەویش ئاگنێشکا گلینیسکا کەلە دەر‌هێنانی شانۆنامەی “سێ خوشک” وەک باردینی پابەندی تەواوی تێکستەکە نابێت، دەیەوێت ڕیتمی نمایشەکە بەرەو شوێنێکیتر بەرێت.
ئەلێکساندێر باردینی لە ١٩١٣ لەشاری ئوچ لەدایک بووە، لەکۆتایی سیەکانی سەدەی بیستەم پەیمانگای شانۆی تەواو کردووە و نواندن و دەرهێنانی شانۆیی خوێندووە، دیارترین مامۆستاکانی لەو بوارەدا هەردوو شانۆکاری پێشەنگ و ناسراوی پۆڵەندی بوون ئەوانیش “لیۆن شیلێر و ئەلێکساندێر زێلڤێرۆویچ، بەهۆی جەنگی جیهانی دووەم و داگیرکردنی وڵاتەکەی لەلایان ئەڵمانیاوە نەیتوانیووە لەکارکردن بەردەوام بێت و هەمیشە لەڕاکردن و خۆشاردنەوەدا بووە، بەڵام لەسەرەتای پەنجاکان دەگەڕێتەوە پۆڵەنداو بەبەردەوامی لەشانۆ و تەلەفزیۆندا کاردەکات، بەتایبەت لەشارەکەی خۆیدا ئوچ، حەوت ساڵ لەشانۆی ستێفانا یاراچا کار دەکات، دواتر دەکرێت بە بەرێوبەری هونەری ئەو شانۆیە، لەو کاتەوە تا ساڵی ١٩٩٥ کە مالئاوایی لەژیان کرد وەک ئەکتەر ودەرهێنەر کۆمەلێک کاری شانۆیی و ئۆپیرایی وتەلەفزیۆنی بەرهەم هێناوە، ئۆپیرای ئەلیکترای ڕیتشارد شتراوس لە ١٩٧١ پێگەی ئەویان وەک دەرهێنەرێکی گرنگ لەئوپیراو شانۆی پۆڵەندی خستۆتە ڕوو، لەکارە شانۆییەکانی “هنری چوارەم، خەونی نیوە شەوی هاوین، ئۆتێللۆ، پالینا، تانگۆ، لالۆ ڤانیا، سێ خوشک”
کارکردنی ئەو لەناو دنیای جیاوازی چەندین نووسەری جیاواز بووە، وەک شکسپیر و چێخۆڤ، بەڵام دیدی دەرهێنانی لەدنیای چێخۆڤ هێندە تایبەتە، وەک ئەوەی دەرهێنەرێکی تایبەت بێت بە شانۆنامەکانی ئەو نووسەرە.
لەناوەڕاستی هەفتاکانی سەدەی بیستەم دەست دەکات بەدەرهێنانی شانۆنامەی “سێ خوشک” ئەوەی جێی سەرنجە ئەوە بەدی دەکەین کەوا دەیەوێت وێنەیەکی ڕوونی چێخۆڤ ببینینەوە، پارێزگاریکردن لەم وێنەیە لەڕێگەی پێکهاتە شانۆییەکان ونواندنەوە دەمانباتەوە ناو ئەو وێنە چێخۆڤیە، کە توانای ئەو وەک دەرهێنەرێک پەیوەستە بە چۆنیەتی بەخشینی ئەو دیدە وەک یەکەیەکی مۆسیقی ووشە، هەموو شتێک لەجۆری ڕیتمێک بەرەو هەڵکشان دەڕوات.
دابەشکردنی ئەکتەر لەسەر تەختەی شانۆ وێنەیەکی مۆسیقی دەبەخشێت، وەک ئەوەی کۆمەڵە نۆتەیەکی نووسراوی سەر کاغەز بن، هەر یەکەیان بەشداری لەتوانای دەنگی و بینینی ئەویتر بکات، لێرەدا ئەگەر نووسەر لەڕێی ووشەوە شانۆنامەکەی دەنووسێت، ئەوا دەرهێنەر ئەکتەر دەکاتە ئامرازی نووسینەوەی شانۆنامە، وەک ئەوەی ساتی نمایش سەرەتای لەدایکبوونی شانۆنامەکە بێت، نەک تێکستێک بێت ئەوان نمایشی بکەن، ئەوەش وابەستەی ئەو دیدە دەرهێنانیەی دەرهێنەرە، کەوا هارمۆنیەتێک درووست دەکات لەنێوان نمایشێکی ڕیالیستی و ناتۆرالیستی، ئەو هاڕمۆنیەتە شانۆ دەکات بەوێنەیەکی هونەری کە خودی ژیان بێت، کارەکتەری ڤێرشینین بەجۆرێک دەدوێت کە لەدەرەوەی چاوەڕوانی بینەرە، پەلەکردنێک هەیە وابەستەی پیشە سەربازیەکە و دۆخە دەروونیەکەیەتی لەناو خێزاندا.
ئەوەش بەتەنیا بۆ ئەو کارەکتەرە نیە، بەڵکو ڕەهەندی دەروونی جیاوازی بەشێوازی ڕەفتارو قسەکردنی کارەکتەرەکان بەخشیووە، بۆ ئەوەی وێنەیەکی فرە ڕەهەندی مرۆڤە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا بن، لەپەردەی دووەمدا وێنە نەبینراوەکانی ناو شانۆنامەکە ڕوون دەکاتەوە، بەوەی چەندە کات تێپەڕیووەو ئەندرێ ونەتالیا ژیانی هاوسەریان پێکهێناوەو مناڵێکیشیان هەیە، بەڵام ژیانی ناو ماڵەکە هەر وەک خۆیەتی، بۆیە کورسیەکانی ئاهەنگەکەی پەردەی یەکەم لەشوێنی خۆی ماوەتەوە، ئەوەش پێمان دەڵێت میوانەکان وەک جاران سەردانی ماڵەکە دەکەن، کارەکتەرەکان وەک خۆیان درێژە بەژیانی ئاسایی و پەیوەندیەکانیان دەدەن.
باردینی بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری لەتێکستی نووسەر بکات، چەندە وێنەیەکی چێخۆڤیانە بەنمایشەکە دەبەخشێت، بەتایبەت لەدیمەنی کۆتایی هەوڵ دەدات ئەو وێنە خەمناکە وەک تراژیدیایەکی ماڵ وپەیوەندیەکانی بگەیەنێتە لوتکە، کاتێک لەڕێی کولێگینی مێردی ماشا کە بە پەیوەندی ژنەکەی لەگەڵ ڤێرشینین دەزانێت، تەنانەت دیمەنی ماڵئاواییەکەیانیش دەبینێت، کاتێک ماشا ماچی دەکات، بەڵام خۆشەویستی خۆی بۆ ژنەکەی دووپات دەکاتەوە.
رۆچوون بەناو دنیای چێخۆڤ وای لێدەکات، لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیستەم بگەڕێتەوە بۆ دنیای ئەو نووسەرە، دەست بکات بەدەر‌هێنانی شانۆنامەی “لالۆ ڤانیا” ئەو تێکستە دەبێتە یەکێک لەپڕۆژە دەرهێنانیە دیارەکانی باردینی، لەم نمایشەدا دەیەوێت لەڕێگەی مانەوەی ئەو ئاژاوەیەی وەک دەنگی نێو ئۆپیرایەک چۆن لەبەرزبوونەوەی ئامێرێکی مۆسیقی ئەوانیتر بەرەو نزمبونەوەی دەنگ دەبات، تا سەر لەنوێ دەنگەکان ڕێک دەخاتەوە.
نیگەرانی سەرەتا لەگەڕانەوەی پرۆفیسۆر و ژنە نوێیەکەی دەگۆڕدرێت بۆ ململانێ لەسەر ڕازیکردنی ژنەکە، شەڕی ڤانیا و دکتۆر شەڕێکی بێدەنگە تا ئەو کاتەی ڤانیا بە گوڵەوە دەگەڕێتەوەو دەبینێت ژنەکەی پرۆفیسۆر لەباوەشی دکتورە، هەڵبەت لێرەدا ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە، دەرهێنەر ئاخۆ پابەندی تەواوی تێکستەکەی چێخۆڤ بووە؟ یاخود دەستکاری تێکستەکەی کردووە؟ ئەگەر دەستکاری کردووە ئەو دەستکاریانە چیە کە کردوویەتی؟ چارەسەری بۆ ئەو کارە چی بووە؟
دوای نمایشەکە لەوە تێدەگەین هەندێک شت لادەبردرێت، بەڵام ئەوەی لا بردراوە دەیالۆگ نیە، چونکە ئەوە بۆ هەموومان ڕوونە ئەو نووسەرە بەشێوەیەک نووسیویەتی وەک ئەوەی ووشەیەک نیە لەخۆرا خرابێتە سەر کاغەز، بۆیە ئەوەی دەرهێنەر لای بردووە، لەدیمەنێکدا کە ڤانیا تابلۆکە دێنێتە ژوورەوەو خۆی پێوە خەریک دەکات، دوو جار ئەو دەرچوونە ڕوو دەدات، بەڵام دەرهێنەر دەیکات بە جارێک، واتە دەستکاری چڕبوونەوە زەمەنیەکەی کردووە، لەلایەکیتر دەیەوێت وێنەی ژنێکی فریودەر و وێرانکار بە ژنەکەی پرۆفیسۆر ببەخشێت، ڤانیای وێران کردووە، کە دەزانێت بۆی ڕووخاوە هەمیشە لەخۆی دوور دەخاتەوە، کەچی لەپاڵ ئەوە دەچێتە باوەشی دکتۆرو مەیلی بەلایەوە هەیە، دەکەونە ماچکردن و چوونە باوەشەوە، تا کە دەزانێت دکتۆریش بەتەواوی خۆی بۆی لەدەست دەدات، ئەویش وەک ڤانیا فەرامۆش دەکات.
ئێمە لەتێکستەکەی نووسەر بەڕوونی دەبینین بە سۆنیا دەووترێت ڕاستە کە کچێکی ناشیرینە بەڵام خاوەن دڵێکی باشە، کەچی لەنمایشەکەدا سۆنیا کە کچە ئەکتەر یۆئانا ژۆوکۆڤسکا ڕۆلەکە دەبینێت، ئەکتەرێک لەو ڕۆژگارەدا لەسەرەتای تەمەنیدایە لەو پەڕی جوانیە، بەو هەموو جوانیەوە ئەوسا دکتۆر ڕەتی دەکاتەوە، ئەوە بەیاریەک دەبینێت کە ژنەکەی پرۆفیسۆر دەیەوێت بیخاتە بەردەم ئەو بریارەوە، چونکە دڵی بەلای ئەوە نەک بەلای سۆنیا، دەرهێنەر لەڕێگەی هەڵبژاردنی ئەکتەرێکی جوان ئەوە دەخاتە ڕوو کە گرفتی سۆنیا لەڕووخساری نیە، ئەوەتا ئەو ڕووخساری وەکو دڵیەتی، بەڵام ئەو وەک خاڵە ڤانیای نەگبەتیەک بەرۆکی گرتووە، هەرگیز بە خەونی عاشقانەیان ناگەن، بۆیە لەکۆتاییدا دەبێت ئەو ئاژاوەیە ڕوو بدات، تاوەکو سۆنیا و ڤانیا هەست بەدڵشکانە گەورەکەی خۆیان بکەن، بکەونە سەر ئاراستە ڕێی ژیانی ئاسایی وخەریکی ئەو هەموو کاروبارەی ماڵ بن، کە بەهۆی عەشقی بێ ئەنجامەوە فەرمۆشیان کردبوو، کۆتایی نمایشەکە لەپارچە مۆسیقایەکی دڵشکاوی کلاسیکی دەچێت، کە جۆرە تراژیدیایەک ڕووبەرووی مرۆڤی هاوچەرخ بکاتەوە، کە تراژیدیای ئەو مرۆڤە بەهۆی ئەفسانەوە نیە، بەڵکو بەهۆی عاشقبوونیەتی، بێ ئەوەی بگات بەو پەیوەندیە، سەرەنجام دڵی دەشکێت و تێدەگات، ژیان بۆ ئەو خەیاڵە و چوونەوە ناو خەونەکانیەتی، دەنا لەواقیعدا دەبێت لەدنیایەکیتر بژین، کە تەنیا لەرێی ئازارەکانەوە بزانن ساتێک هەبوو لەبەردەم خەوندا بوون، بەڵام گەیشتن بە تەرمی خەونەکەیان.
ئێمە کاتێک ئەو دوو کارەی باردینی دەبینین، ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە: ئاخۆ لەشانۆی پۆڵەندیدا دەرهێنەرێکیتر هەیە بتوانێت ئەو وێنە چێخۆڤیە لەشانۆدا بەو ڕیتمە شیعریی و درامیە نیشان بدات؟ ئەو پرسیارە بەدوای بینینی نمایشی “سێ خوشک” لەلایان دەرهێنەر ئاگنێشکا گلینیسکا دەتوانین وەڵامەکەی وەدەست بێنێن.
ئاگنێشکا گلینیسکا لەدایکبووی ١٩٦٨ شاری ڤرۆسواڤی پۆڵەندیە، دەرچووی قوتابخانەی باڵای دەولەتە بۆ شانۆ لە ١٩٩٠، وەک ئەکتەرو دەرهێنەر لەشانۆی پۆڵەندیدا کار دەکات، لە ٢٠١٢- ٢٠١٥ بەڕێوبەری ستۆدیۆی شانۆی وارشۆ بووە، کەشانۆیەکی بچووک بوو بۆ تەمەنی مناڵ و هەرزەکاران، سەرەتای دەرکەوتنی لەشانۆدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٠ ئەو دەمەی وەک ئەکتەر بەشداری کرد لەشانۆگەری “ئێستا من” بەڕۆڵی ناتالی ستیپانۆڤنی کە کارێک بوو لەنووسینی چێخۆڤ، لەدەرهێنانی مای کۆمۆرۆڤسکیێ، وەک دەرهێنەرێکی شانۆیی چەندین کاری نمایش کردووە، هەروەها لەکاتی تۆمارکردنی کارەکانی وەکو شانۆی تەلەڤزیۆنی دیسان هەر خۆی دەرهێنەری کارە تەلەڤزیۆنیەکانیشی بووە، لەژیانی شانۆییدا دەرهێنەری ٦٠ کاری شانۆییە، لەپاڵ ئەوە خاوەنی چەندین خەلات ومیدالیای شانۆییە.
شانۆگەری “سێ خوشک” ی چێخۆڤ، یەکێکە لەدیارترین نمایشە شانۆییەکانی، هەوڵیداوە دەستکاری هەندێک پەیوەندیی بکات، ئەوەش پەیوەستە بە دیدی دەرهێنانی و چۆنیەتی ئازادکردنی کارەکتەر لەڕەهەندە مێژوویەکانی تێکست، تاوەکو نزیکیان بکاتەوە لەدۆخی کۆمەڵگای پۆڵەندی، هەوڵ دەدەین تەواوی ئەو دیدگایەی بخەینە ڕوو.
لەم نمایشەدا هەر لەسەرەتاوە ڕووبەرووی گریمانەی ناو تێکست نابینەوە، بەڵکو سێ خوشکەکە لەدوو کورتە دیمەنی شانۆیی باس لەخەون و ژیانی ڕابردووی خۆیان دەکەن، بەدوای ئەوە دەگەڕێینەوە ناو سەرەتای دیمەنی شانۆنامەکە، چڕ بوونەوەی زەمەنی لەناو دیمەنەکان درووست کراون، هەندێک دەیالۆگی ناو دیمەنەکان نەماون، بەڵام ئەوەشیان چەندە زیانی بەو دیدە چێخۆڤیەی ناو نمایشەکە گەیاندووە، هێندەش پەیوەستە بەستراتیژی گوتاری نمایش بەهۆی ئەوەی ئەتمۆسفێری نمایشەکە دەیەوێت قسە لەمرۆڤی هاوچەرخ بکات، نەک مرۆڤێک کە نووسەر لە ١٩٠١ شانۆنامەکەی تیا نووسیوە، دەرهێنەر لەهەوڵی ئەوەدایە کاتێک لە ٢٠١٢ ئەم شانۆنامەیە نمایش دەکات، قسە لەو بینەرە بکات کە ئامادەبووی نمایشەکەیە، دەیالۆگەکانی نووسەر وەک خۆی ماونەتەوە جگە لەهەندێک دیمەن کە چڕبوونەوەو لابردنی ووشە و دەستەواژەی لابردووە، بەڵام لەڕووی جل و بەرگ ودیکۆر و ئەتمۆسفێرەو نزیکی کردۆتەوە لەژیانی ئەمڕۆدا، ئەوەش وای کردووە فەزا چێخۆڤیەکە وابەستەی ئەمرۆ بکات، نەک وەک پابەندبوونی بە گریمانەی ناو تێکستی نووسەر، ئەگەرچی کردەی بینین لادانی نەخولقاندووە لەدنیای نووسەرەوە، سەرەنجام ئەوەی دەیبینین شانۆگەری سێ خوشکە بە دیدێکی نوێوە.
لەڕێی پێکەنین و سرووتێکی شادیەوە دەیەوێت خەمی سەر ڕووی کارەکتەرەکان بگۆڕێت، بەوەی مرۆڤەکان هەمیشە ئومێدێکیان هەبێت بۆ ژیان، هەڵبەت ئەوە لای نووسەریش بوونی هەیە، بەڵام کارەکتەرەکان هەمیشە خەمگینن گەرچی لەبنەرەتدا خەونیان هەیە، بەتایبەت خوشکەکان کە خەون بە گەڕانەوە بۆ مۆسکۆ دەبینن، بۆیە لەهەندێک شوێندا دەرهێنەر بۆ ئەوەی بنیاتی ئەو شادیەی کارەکتەر بکات، دێت هەندێک ووشە وەک پەیوەندی ڕووخسار بە کارەکتەرەکان دەبەخشێت.
ئەوەش وادەکات بونیادێکی نوێ بەکارەکتەر ببەخشێت، بەڵام بونیادێکی چێخۆڤیانە نەک لادان لەماناکانی نووسەر، وەک چۆن گۆڕینی یاری کاغەز بە کۆمەڵە دەمامکێک، کە مەبەستی بەئاگاهێنانەوەمانە لەوەی ئەو گۆڕانکاریانە دوورمان ناکەنەوە لەنووسەر، چونکە یەکێک لە ماسکەکان رووخساری چێخۆڤە.
ساتی پیانۆژەنینی ماشا ی گۆڕیووە بەسەمایەک کە ماشا پێی هەڵدەستێت، سەماکە لەجولەی وێنەی نەورەس بەرجەستە دەکرێت، ئەوانیتریش دەبنە بینەری سەماکە، ئەوەش ڕێک گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی نواندنەکەی ناو شانۆنامەی “باڵندەی دەریا” ی چێخۆڤ، بەتایبەت کە سەماکەش هەر گوزارشت لەنەورەس دەکات، خەمگینانەش دیمەنەکە کۆتایی دێت.
ئەو پێشتر کاری دەرهێنانی بۆ شانۆگەری “باڵندەی دەریا” کردووە، بۆیە ئەو دیدەی بۆ چێخۆڤ و نزیکبوونەوە لەتێکستێکیتری پەیوەستە بە عەشقی بۆ ئەو نووسەرە، کە پێشتریش کارێکی تری چێخۆڤی پێشکەشکردووە بەناوی “هونەری بێ ناونیشان”
ئەو سەمایە لەگەڵ ماسکی چێخۆڤ دوو بنەمای گرنگی ناو ئەو نمایشەن، دەرهێنەر لەو رێگەیەوە داکۆکی لەمۆرکە چێخۆڤیەکەی نمایشەکەی دەکاتەوە، پارێزگاریکردنە لەڕۆحی نووسەر بۆ ئەوەی وێنەکە بەتەواوی بەرجەستە بکات، وەک چۆن لەئاگرکەوتنەوەی ئەپارتمانەکە، ڕوناکی ئاگرو دوكەڵەکە کاریگەری بۆ ماڵی خوشکەکانیش هەیە، وێنەیەکی نائارامی بەخانەوادەکە دەبەخشێت، ترسی خوشکەکان و هاوسۆزبوون لەگەڵ ئەوانیتر بەقوڵی بەڕووی کارەکتەرەکان دەردەکەوێت، ئەوەی لەپێکەنینی خۆی ناکەوێت ئەوە تەنیا نەتالیا ئیڤانۆڤای هاوسەری ئەندرێیە.
دەرهێنەر دەیالۆگێک لا دەبات، بۆ ئەوەی چەمکی خیانەت لە نەتالیا پاکبکاتەوە، بەوەی دۆستەکەی چاوەڕێی دەکات، هەروەها ئەو دەیالۆگەی چێخۆڤ کە ماشا ئاراستەی ڤێرشینینی دەکات بەوەی دەڕواتە پۆڵەنداو لەوێ ژنەکان باوەشی بۆ دەکەنەوەو پێی دەڵێن گیانەکەم، لابردنی ئەو دەیالۆگە، پەیوەستە بە هەستی پۆڵەندی بوونی دەرهێنەرەوە، کە نایەوێت وێنەیەک ببەخشێت بە ژنی پۆڵەندی کە ئەویتری دەرەوەی شوناسی ئەو وەک لاوازی سەیری بکات.
دەرهێنەر ئاگنێشکا گلینیسکا نمایشەکەی بۆ خوشکەکان دابەش کردۆتە سەر دوو ئاست، ئەوان لەسەرەتاوە خەون دەبینین، بۆیە بەپێکەنینەوە ڕووداوەکان دەبەنە پێشەوە، بەڵام لەگەڵ سەمای کوژرانی نەورەسی ماشا، ئیدی پێکەنین دەگۆڕدرێت بەگریان وفرمێسک، خەمباریەکی چێخۆڤیانە ڕووداوەکان دەبات بەرەو لوتکەی نائومێدی، کە سوتانی ئاپارتمانەکەی دێتە سەر، لەوێدا خوشکەکان بەتەواوی ئەو داڕمانی ئومێدەی خۆیان دەبینن، کە تاکۆتایی خەمباریە چێخۆڤیەکە دەبەنە ئاستی باڵا، سەرباری ئەوەی دەرهێنەر لەڕێی لابردنی هەندێک دەستەواژەو دەیالۆگ بونیادی کارەکتەر دەباتە ئاستێکی فراوانتر، دەیەوێت بەردەوام داکۆکی لەو مۆرکەی نووسەر بکات، سایتی کولتوور لەڕاپۆرتێکدا لەبارەی دەرهێنەرەوە ئاماژە بۆ بەدواداچوونێکی ڕەخنەیی دەکات، کە دوای نمایشەکە بڵاو بۆتەوە، یەکێک لەڕەخنەگرەکان لەبارەی ئەو نمایشە نووسیویەتی “بەهیچ شێوەیەک زیانی بە دەقەکەی چێخۆڤ نەگەیاندووە، تەنیا پێشنیاری ڕوانینێکی کردووە کە زیندەگیەکی زیاتر ببەخشێت بە خەمەکانی مرۆڤ و نەخۆشیە ڕۆژانەییەکانی”
بەڵام سەرەنجام ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە، پرسیارێک کە پێشتر کردمان و پرسیمان: ئاخۆ لەشانۆی پۆڵەندیدا دەرهێنەرێکیتر هەیە بتوانێت ئەو وێنە چێخۆڤیە لەشانۆدا بەو ڕیتمە شیعریی و درامیە نیشان بدات؟
بەدڵنیاییەوە ئەوە باردینیە کە کارەکتەری خوڵقێنراوی ووشە وەک مرۆڤ بەرجەستە دەکات، هەمان ئەو وێنە چێخۆڤیە لەشانۆی پۆڵەندیدا دەتوانین لای ئەو بیبینین، سەرباری ئەوەی گلینیسکا لەڕێی ئەو شانۆنامەیەوە دەیەوێت پارێزگاری لەتێکست بکات و مۆرکەکەی وون نەکات، بەڵام دەرهێنانیەکانی باردینی بۆ چێخۆڤ ئاستێکی بالای شانۆنامەکانیەتی، کە ناتوانین وەک شانۆیەکی زیندووی چێخۆڤی لەوەوە سەیری نەکەین.




شکسپیر لە شانۆی پۆڵەندیدا.. نیهاد جامی

شانۆنامەکانی شکسپیر پێگەیەکی گرنگیان هەیە بۆ ئاستی پێشڤەچوونی نمایشی شانۆیی، کە دەتوانرێت لەدوو لایەن گرنگیان دەست نیشان بکەین ئەوانیش، سەرەتا لەڕووی بونیادی درامی و تێگەیشتن لەئاستە دەروونی و کۆمەڵایەتیەکانی کارەکتەر و پەیوەندی مرۆڤ بەڕووداو، چۆنیەتی سەرهەڵدانی تراژیدیا، کە کۆمەکی ئەکتەرو دەرهێنەر دەکات بتوانێت دنیابینی شانۆیی بباتە ئاستێکی باڵا، لایەنی دووەمیش کارکردن لەشانۆنامەکانیدا دەتوانرێت وەک کێشەی مرۆڤ لەهەموو شوێنێک ببینرێت، ئەوەش وا دەکات بابەت وەک ڕووبەری ژیانی گشتی مرۆڤ ببینین، کەلەڕێگەی دیدی دەرهێنانی و پێکهاتە هونەریەکانیدا کولتوورو مێژووی کۆمەڵگای پێبخوێندرێتەوە، ئەوانەش دەبنە زەمینەی گرنگ بۆ کارکردن لەو شانۆنامانە.
شکسپیر لەشانۆی پۆڵەندیدا کاریگەریەکی گرنگی لەسەر ڕووبەری نمایشەکان درووست کردووە، ئەو کاریگەریە دەگەڕێتەوە بۆ زیاد لە چوارد سەد ساڵ پێش ئێستا ئەو دەمەی ئینگلیزەکان شانۆنامەی شکسپیریان لەسەر شانۆکانی پۆڵەندا نمایش کردووە، ئەوە دەرگای کردۆتەوە لەگروپە شانۆییەکانی ئەم وڵاتە کە لەشانۆنامەکانیدا کار بکەن، بتوانن وێنەیەکی زیندوو بەشانۆکەیان ببەخشن، لەهەمان کاتدا وەک کێشەی کۆمەڵگای پۆڵەندی نیشانی بدەن، بۆیە تا ئەمڕۆی لەگەڵ دابێت، شکسپیر لەپاڵ چێخۆڤ دوو نووسەری تایبەتی و گرنگی ئەو شانۆیەن کە بەبایەخەوە شانۆنامەکانیان لەسەر تەختەی شانۆی شارەکانی پۆڵەندا نمایش دەکرێت.
تائێرە ئەوەیان شتێکی سرووشتیە بۆ شانۆی هەر کولتوورێک کە گرنگی بەشانۆنامەکانی شکسپیر بدات، ئەوەی بابەتێکی نوێیە و جێی قسە لەسەرکردنە بایەخدانی شکسپیرە بۆ مرۆڤی پۆڵەندی لەشانۆنامەکانیدا، ئەو بابەتە زۆر بەدەگمەن باسی لێوەکراوە، بۆیە پێویست دەکات لێرەدا لەسەری بووەستین، چەند تێگەیشتنێکی خێرا لەبارەیەوە بخەینە ڕوو، بۆ ئەوەش پشت دەبەستین بە توێژینەوەیەکی شانۆیی لەژێر ناوی “پۆڵەندا وپۆڵەندیەکان لەکارەکانی شکسپیردا” (١) لەنووسینی کاتاژینا جیێژبیچکا (٢) کە لەگۆڤاری “شانۆ” ی پۆڵەندی ژمارە (٥) ٢٠١٦ بڵاو بۆتەوە، نووسەری ئەو توێژینەوە پشتی بە ٧٩ سەرچاوەی زانستی و شانۆیی بەستووە بۆ توێژینەوەکەی، کە لێرەدا پوختەی ئەو ڕوانینە دەخەینە ڕوو.
سەرەتای توێژینەوەکە باس لەناسینی دەکات بەوەی شکسپیر نامۆ نەبووە بە پۆڵەندیەکان، بۆیە لەهاملێتدا ئاماژەیان بۆ دەکات، بەڵام لەسەدەی شانزەو هەڤدە پۆڵەندیەکان بەهیچ جۆرێک ناوی شکسپیریان نەبیستووە، ناسینی ئەو نووسەرە وابەستەی سەفەرکردن نەبووە، تەنانەت یەکەم سەفەری کۆمەڵە ئەکتەرێکی بەریتانی بۆ پۆڵەندا سالێ ١٦٠١ هاوکات دوای نووسینی شانۆنامەی هاملێت بووە، ئەو کۆمەڵە ئەکتەرە لەشاری گدانسک نمایشیان پێشکەش کردووە، دواتر لەسەردەمی پاشا زیگمۆنتۆڤی لەکۆشکی پاشایەتی لەوارشۆ شانۆیان نمایش کردووە، دواتر شکسپیر لەکورترین درامای شیعری خۆیدا بانونیشانی “کۆمیدیای هەڵەکان” ڕاستەوخۆ ناوی پۆڵەندا دەبات، ئەویش لەپەردەی سێیەمی دیمەنی دووەمدایە، کاتێک وەسفی ئەفسوونی بەچێشت لێنەرە قەڵەوەکە دەبەخشێت بەوەی خواردن تێکدانەکەی ززستانی پۆلەندای پێ ئەسووتێنێت” لیۆنا ئولریخا لە وەرگێرانە پۆڵەندیەکەدا دەڵێت “تێکدان و چەوریەکەی بەسە بۆ سووتاندنی ززستانی پۆڵەندا” چونکە لەسەردەمی ئەلیزابیسی یەکەم وادەڕوانرایە پۆڵەندا کە وەرزی ززستانی پۆڵەندا درێژو تاریک و ساردە.
توێژەر باس لەوە دەکات دواهەمین شانۆنامەی شکسپیر کەباسی پۆڵەندی تیا کرابێت، شانۆنامەیەکە کە وەرنەگێردراوە بۆ زمانی پۆڵەندی، لەسەردەمی شا ئێدواردی سێیەم نووسراوە لەنێوان ساڵانی ١٥٩٠-١٥٩٤ کە بەجەنگی سەد ساڵە ناسراوە، لەبارەی شەرو ململانێی چەکداری نێوان بەریتانیاو فەرەنسا لە ١٣٣٧-١٤٥٣
کەوا دیمەنی چوارەمی پەردەی سێیەم بەنمونە دێنێتەوە “شای فەرەنسا: هەندێک لەهاوڕێیانمان بەتەک دەسەلاتی ناوخۆیی-پۆڵەندیە سەختگیرەکان، دایک و باوکی جەنگاوەرەکان شا بوهیم و سقڵیە هەر هەموویان هاوپەیمانی ئێمەن، سەرباری هێزە ناوخۆییەکانمان، ژمارەیەکی دیکەشمان لەگەڵە پۆڵەندیە شەڕانگێز و دانیمارکیە توندرۆکان، هەر هەموویان هاوپەیمانمانن” هەر لەو شانۆنامەیەدا وەسفەکانی بۆ پۆڵەندا ناو دەبات بە “من شانازی بە پۆڵەندا ئەکەم”
هەڵبەت لێرەدا ئێمە تەواوی ڕوانینی توێژەرمان لەناو شانۆنامەکە نەخستۆتە ڕوو، بەهۆی ئەوەی تەنیا مەبەستمان لەسەر ڕوانینی شکسپیرە بۆ پۆڵەندی، ئاماژە بەهەندێک لایەنی گرنگ ئەدەین کە لای شکسپیر جێی باسە، لەناو شانۆنامەکاندا جێی بۆتەوە، ئەو نووسەرانەی پێش شکسپیر چیرۆکی هاملێت بۆ شانۆ دەنووسن، ئاماژە بە پۆلەندی و پۆڵەندیەکان دەکەن، بەبڕوای ئێمە ئەوە هۆکارێکی گرنگە ئەو ڕۆڵە لای شکسپیر باس بکرێتەوە، هەرچەندە توێژەری ئەم توێژینەوەیە باس لەوە ناکات، هێندەی دەیەوێت وێنە گشتیەکەی بەر لەشکسپیریش نیشان بدات بۆ مرۆڤی پۆڵەندی.
کاتاژینا جیێژبیچکا لەو توێژینەوەیەیدا دەچێتە سەر شانۆگەری هاملێت، پەردەی یەکەم لە دیمەنی یەکەمدا کاتێک هۆڕاشیۆ لەبارەی پاشای کوژراو قسە دەکات، بەوەی لەسەر بەفری پۆڵەندیەکانەوە هەلخلیسکاوە، ئەوەش لەڕێی گەرانەوە بۆ چیرۆکی مێژوویی پۆڵەندی، کە هەلخلیسکان ئاماژە بۆ مێژووی ڕوداوێکی مێژووی پۆڵەندیە، بەدوای ئەوەی لەسەر بەفر شەڕێکی زۆر دەکەن، بۆیە پاشای کوژراو هاوشیوەی پۆڵەندیەکان ناو دەبات، ئەوەیان زیاتر تەئویلێکی توێژەرە بۆ دەیالۆگەکانی هۆڕاشیۆ، لێرەدا کاتاژینا کێشەیەک لەوەرگێرانەکانی شانۆنامەی هاملێت بۆ زمانی پۆڵەندی دەخاتە ڕوو، کە ئەو بەشەیان چۆن وەرگێرەکان نزیک نین لەیەکتری، بۆیە هەوڵ دەدات وەرگێرانی هەر چوار وەرگێر بخاتە ڕوو ئەوانیش: یۆزیف پاشکۆڤسکی “١٨١٧-١٨٦١”، ماچیێیا سوۆمچینیسکی “١٩٢٠-١٩٩٨”، لیۆنا ئولریخا “١٨١١-١٨٨٥”، ستانیسواڤا بارانیچاکا “١٩٤٦-٢٠١٤” رەنگە ئیشکالیەتی وەرگێرانەکە بۆ خۆی گرنگ بێت، جێی بایەخیش بێت بۆ شانۆکارو توێژەری پۆڵەندی، بەڵام بۆ ئێمە گرنگی بەئاگابوونمانە لەدۆخەکە، ئەوەیتر پەیوەستە بە پۆلەندی و وەرگێرانی شانۆنامەکە بۆ زمانەکەیان.
ئەگەرچی لەشوێنێکیتردا لەسەر ئەوە دەوەستێت وەرگێرانەکان دەبێت پەیوەست بن بەو سەرچاوەیەی کەوا لێی وەرگێردراوە، ئەوەیان ئێمە ناچینەوە سەری هێندەی ئەوەیتریان کە گرنگە دەنووسێت “دیمەنی چوارەم لە پەردەی چوارەم، دەرکەوتنی پۆڵەنداو پۆلەندیەکان لەدەیالۆگی نێوان کاپتن و هاملێت، ئەو بەشەیان لەدەستنووسی دراماکە لەساڵی ١٦٢٣ بوونی نیە، یەکەمجار لەنێوان ساڵانی ١٦٠٤-١٦٠٥ هەیە، ئەوەیان تەواوی دەقەکەیە، ئەوە بەئەنقەست دواتر لابردراوە، چونکە هیچ شتێکی نوێ لەشوێنی دانەنراوە، کە کابتن بە هاملێت دەڵێت دژی بەشێک لەپۆڵەندیەکان”
مەبەست لەوەیە لەدەستنووسی یەکەمدا ڕاستەوخۆ باسی پۆڵەندا دەکرێت و لەدەستنووسەکانی داوتر ئەوەیان لابردراوە، کە توێژەر ئەوەش بەکارێکی بەئەنقەست دەبینێت، بۆ لابردنی لەناو دەقەکەدا، لەوەشدا دیسان نمونە بەچوار وەرگێڕانە پۆڵەندیەکە دەهێنێتەوە.
دەچێتە سەر پەردەی پێنجەم، دیمەنی دووەم، کە دیسان باس لەپۆڵەندایە، کەباس لەگەڕانەوەی میر فۆرتینبراس دەکات بەدوای سەرکەوتنی بەسەر پۆڵەندیەکان، هەروەها هەر لەو دیمەنەدا هۆڕاشیۆ بە میر فۆرتینبراس دەڵێت “تۆ لەجەنگاوەرانی پۆڵەندی، تۆش لە ئینگلیزەکان” بەوەش کۆتایی بە توێژینەوەکەی دێنێت، بەوەی مێژووی پۆڵەندا لەسەدەی شانزەهەم لەخەیاڵی شکسپیردا بووە.
تائێرە دەتوانین پەیوەندی مرۆڤی پۆڵەندی وکۆمەڵگاکەی لەشانۆی شکسپیردا ببینین، ئەوە هۆکارێکی گرنگە دەرهێنەری پۆڵەندی لەساتی کارکردن لەشانۆنامەکانی شکسپیردا بتوانێت بوونی خۆی تیادا چڕ بکاتەوە، ئەو بوونەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەناو شانۆنامەکاندا بوونی هەیە، لەلایەکیتر زیاد لەسەدەیەک بەر لەئەمڕۆ شانۆی پۆڵەندی وێنەیەکیتری بەشانۆنامەی هاملێتی شکسپیر بەخشی، ئەو دەمەی نووسەر ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکی شانۆنامەی “توێژینەوەی هاملێت” دەنووسێت، لەوتاری داهاتوودا هەوڵ دەدەین قسە بکەین لەسەر ئەو تێکستەو یەکێک لەنمایشە هاوچەرخەکانی ئەو تێکستە.
شانۆنامەی هاملێتی ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکی(٣) توێژینەوەیەکی گرنگە بۆ کارەکتەری هاملێت و خوێندنەوەیەکی ووردی شانۆنامەکەی شکسپیرە، لەم شانۆنامەیەدا هەست بەتوێژینەوەیەک دەکەیت لەڕێی نمایشەوە، بۆ ئەوەی ئاشنایەتیمان بەم شانۆنامەیە هەبێت، پێویستە بگەڕێینەوە سەرەتای شانۆنامەکە، نزیکبونەوەیە لەئاهەنگی سەری ساڵی ١٩٠٥ ڤیسپیانیسکی نەخۆشە، کامینیسکی دێتە سەردانی داوای لێ دەکات کە رۆلی هاملێت ببینێت، چونکە خوازیاری ئەوەیە لەبارەی ئەو کارەکتەرەوە بدوێت، بەهۆی ئەوەی زۆر کات بیری لێ دەکاتەوە، خۆشحاڵ دەبێت لەبارەی هاملێتەوە قسە بکات.
شانۆنامەکە هەڵگری کۆمەڵە پرسیارێکی شانۆیی وشیکارێکی تایبەتە بۆ هاملێت، بەتایبەت لەڕووی قسەکردن لەپەیوەندیی نێوان شانۆ و ژیان، بۆیە هاملێت لەم شانۆنامەیەدا پڕۆسەی خوڵقاندنەوەو سەر لەنوێ نووسینەوەی تێکستێکە، کە حەقیقەتی ژیان و گەمەی شانۆیی دەبنە تەوەری سەرەکی ئەم کارە، رووداوەکان وەک ژیانی شانۆکار لەکاتی پڕۆڤە نیشان دەدرێت، لەچۆنیەتی کارکردنەوە لەسەر شانۆنامەی شکسپیر، لێرەدا نووسەر سێ تەوەری گشتی هەڵدەبژێرێت، شیکردنەوەو تەئویلکردنەوەیە بۆ شانۆی شکسپیر،
ئەوەش لەڕێگەی گفتوگۆو نواندن، بەواتای گێرانەوەو بەرجەستەکردن وێنەیەک نیشان دەدات، کەچۆن لەناو شکسپیرەوە دێیتە دەرەوەو بەهەمان شێوە دەگەڕێیتەوە ناوی، لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، هەموو ئەو شانۆنامانەی کە ویستویانە سەر لەنوێ کار لەشکسپیر بکەنەوە بە دیدگایەکی نوێوە، یاخود شکسپیرو کارەکتەرەکانی بکەنەوە کارەکتەری کارەکانیان، لەو شانۆنامەیەی ڤیسپیانیسکی سەرچاوەی گرتووە.
ژیانی شکسپیر و هاملێت وڕووداوەکانی شانۆنامەکە، لەپاڵ شانۆنامەی ماکبێس دەبنە سێ تەوەری گشتی ئەم نمایشە، ئەکتەرەکان لەوێنەی ژیانی پڕۆڤەوە دێنە ناو کارەکتەری شکسپیریی، لیدی ماکبێس و ماکبێس و سێ سیحربازەکە بەشێکی دیاری ناو شانۆنامەکە پێکدێنن، تارمایی باوک لەهاملێت، شێتبوونی ئۆڤیلیا،
هاتنەوەی ئەو کارەکتەرانەو بەگژداچوونەوەیان لەناو زهنی ڤیسپیانیسکی دەبنەوە بەشێک لەدیمەنە شانۆییەکەدا، بۆیە نووسەر نەخۆشکەوتنی خۆی وڕووداوی بەر لەنووسینی شانۆنامەکە دەکاتە دیمەنی سەرەتای ئەو کارە، بەواتای لەبایۆگرافیای ژیانی خۆیەوە دێتە ناو کارەکەوە، ئەوەش بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕێتەوە کە ڕووداوەکانی دەرەوەی نمایشەکە، واتە ژیانی مرۆڤە شانۆکارەکان پەیوەستە بەو گوندەی تیای دەژین وکێشەی شانۆو چۆنیەتی کارکردنیان هەیە لەگوندێکی شاری کراکۆڤی پۆڵەندی.
تا بەئەمڕۆ دەگات چەندین دەرهێنەری پۆڵەندی بەشێوازی دەرهێنانی تایبەت ڕوویان کردۆتە نمایشکردنی ئەم تێکستە، یەکێک لەو دەر‌هێنەرانە دەرهێنەر یێرزی گژێگۆژێڤسکی (٤) دامەزرێنەری شانۆی شێوەکاری پۆڵەندیە.
سەرەتای هەفتاکانی سەدەی بیستەم کارکردنی لەشانۆدا لەشانۆی شێوەکاری کاری دەکرد، کەشانۆیەکی ئەزموونگەری بوو ، هەوڵیدەدا زمانی وێنەی شانۆیی بگۆڕێت بۆ زمانی تابلۆی شێوەكاری، لەو پرۆسە هارمۆنیەی زماندا شانۆی شێوەكاری بنیاتنا.
ئەو زمانە شێوەكاریە پڕۆسەی بەشانۆكردنە لەڕێگەی ئامادەبوونی هونەری شێوەكاری، كە لەدوو ئاراستەدا دەردەكەوێت، یەكێكیان بوونی تابلۆی شێوەكاریە وەك وێنەیەكی بەرایی بۆ سینۆگرافیا، ئاراستەی دووەمیش گۆڕینی ماناكانی وێنەی شانۆییە، وەك لە شانۆگەری (ئاهەنگی ژنهێنان) ی ڤیسپیانیسكی بۆ وەستاندنی زەمەن باندۆڵی كاتژمێر بەكار دێنێت، ئەوە دوور كەتنەوەیە لەزمانی ئاخاوتن، بەخشینی دیدی شێوەكاریانەیە بە تێكستەكەی ڤیسپیانیسكیە، هەروەها وێنەی بینراو لەناو فەزای زمانی تێكست دەدۆزێتەوە، ئەوە پرۆسەیەكی هەڵکۆڵینی وێنەی شانۆییە، كە توانای بەرهەمهێنانەوەی لەودیوی تێكستەوە هەیە، زمانی ووتراو دەكاتە ڕووبەرێك بۆ خوڵقاندنی زمانی بینراو.
زمانێك بەتەنیا پەیوەست نیە بە جولە و ڕەنگ، بەڵكو وێنە پشت دەبەستێت بەمۆسیقاش، بەڵام ئەو وەك تۆماشێڤسكی (٥)پشت بەمۆسیقای كلاسیكی نەدەبەست، بەڵكو پشت بە مۆسیقای پۆڵەندی ئەو سەردەمە دەبەست، بەتایبەت كاركردنی لەتەك مۆسیقاری پۆڵەندی ستانیسواڤ ڕادڤان.
بەدوای ئەو كارە واتە ساڵی دواتر سەرەتای هەفتاكان ئەو بنەمایانەی بۆ كاری شانۆیی لەدوو شانۆگەریتر بەتەواوی ڕەنگی دایەوە، ئەوانیش (ئیریدیۆن) و(یاراتش)، كە بەتەواوی دەیویست فۆڕمێكیتر بەشانۆ ببەخشێت، بەدژی شانۆی سونەتی دەربكەوێت، هەندێك لەتوێژەران و ڕەخنەگران بڕوایان وایە تاڕادەیەكی زۆر كاریگەری گرۆتۆفسكی بەسەرەوە بووە، تەنانەت گرۆجیچکی لەكتێبەكەیدا لەبارەی دەرهێنەرانی پۆڵەندی لەڕەوتی تازەگەری شانۆی جیهانی بڕوای وایە لەیەكێك لەشانۆگەریەكانیدا بۆ كارەكتەری پاڵەوان لە نمایشەكەدا كاریگەری ڕاستەوخۆی گرۆتۆفسكی بەسەرەوەیە (٦)
ڕەنگە هەر ئەو ڕوانینە ڕەخنەییە بووبێت وای لە گژێگۆژێڤسكی كردبێت كە لەچەند ئاستێكدا گۆڕانكاری لەپڕۆژە شانۆییەكەی بكات، بۆیە تاڕادەیەك لەتێكستی پۆڵەندی دوور دەكەوێتەوە، ڕوو دەكاتە شانۆنامەیەكی چیخۆف و ئەمجارە شانۆگەری (نەورەس) دەردەهێنێت، ئەو دیدە ڕەخنەییانەی ئاراستەی كراون، وایكردووە گومانی ئەو بەگەڕان وپشكنینیتر دەست پێبكاتەوە، بۆیە كاتێ‌ ڕوو دەكاتە شانۆی گریكی، شانۆگەری (ئەنتیگۆنا) ی سۆفۆكلیس دەردەهێنێت، ئەمجارەیان لەشانۆگەریەكەیدا كۆڕس هەیە و تەنانەت دەیالۆگیش دەڵێن، بەڵام دەیالۆگە ووتراوەكانیان بەزمانی یۆنانیە.
بۆ ئەو دەركەوتنی سیما نوێیەكان لەشانۆكەی لەهەموو شتێك گرنگتر بوو، بۆیە ئەو رۆحە ئەزمونكاریەتەی بەشانۆی شێوەكاری دەبەخشی تاوەكو بەردەوام بەدوای نوێبوونەوەو بە باڵابوونی شانۆكەی بڕوات، دێت كار لەسەر دوو تێكست دەكات لەناو نمایشێكدا كە بەشێكی كەمی تێكستەكان وەردەگرێتەوە، ئەوانیش یەكێكیان شانۆنامەیەکی میتەرلینگە بەناوی (ناوەوە) و ئەویتریش شانۆنامەیەکی ڤیسپیانیسکیە بەناونیشانی (ژنێكی وارشۆیی)،
سەرباری ئەوەی تەختەی شانۆش وەك دوو تێكستەكە دابەش دەكات، بەشێكی تەختەی شانۆ كە ڕووداوەكانی تێكستەكەی میتەرلینگی لەسەر بنیات دەنرێت بریتیە لە پارچە شووشە، ئەویتریش پەیوەستە بە ڕوناكیەوە، لێرەوە تێبینی ئەوە دەكەین، ئەو شانۆیە چەندە لەڕووی تەكنیكەوە دەیەوێت گۆڕانكاری بكات وەك لەتەختەی شانۆدا دەیكات، بەهەمان شێوەش لەتەك دیدی جیاوازی نووسەرەكانەوە دەیەوێت ڕووبەرووی سەركێشی دنیای شێوەكاری وێنە ببێتەوە، رەنگە لێرەدا پرسیارێك ڕووبەروومان ببێتەوە، كەبۆچی گژێگۆژێڤسكی دیدگای شێوەكاری خۆی بۆ شانۆ لەڕێگەی وێنەكێشانەوە بنیات نەناوەو پشتی بەستووە بە تێكستی شانۆیی؟
ئەوە پرسیارێكە ڕەوایەتی وەردەگرێت ولەكاتی توێژینەوە لەبارەی كارەكانی دەشێت هەموومان ڕووبەرووی ببینەوە، بەڵام ئەو دەمەی شانۆگەری (باڵكۆن) ی ژان ژینە دەردەهێنێت، كاتێ‌ باڵكۆن دەگۆڕێت بۆ شوێنی بینەر و دەیكاتە ڕووبەرێك بۆ داڕشتنەوەی بۆشایی، لەوەدا وەڵامی پرسیارەكەی خۆمان دەست دەكەوێت، ئیشكردنەوە لەتەك تێكست بەمەبەستی دۆزینەوەی پەیوەندیی شێوەكاریانەی شانۆكەیەتی، ڕەنگە ئەگەر ئەو شانۆگەری (ئەمریكا) ی فرانز كافكای دەرنەهێنابوایە نەیتوانیبوایە بیناسازی ئیتاڵی بەتەواوی ڕەت بكاتەوە و شوێنی بینەران بەتەواوی ببێتە شوێنی نمایش.
ئەو بنەمایانە بۆ شانۆكەی بەرەنجامی گەڕان وتێگەیشتنیەتی بۆ شانۆی شێوەكاری كە تیایدا دنیای ڕەنگ دەگوازێتەوە بۆ جیهانی دەلالەتەكانی جولە، كە ڕووداوەكان هەمیشە زیاتر لەخەونەوە نزیكن، خەون تیایدا پانتاییەكانی نەست وای لێدەكات بەرەو ڕووبەری ئازاد بۆ كاركردن بڕوات، ئەكتەرەكان لەهەندێك ئەزمووندا بە پۆشاكی تەواو ڕەش دەردەكەون، مۆسیقا و ڕەنگ بەشداری لەبونیادی مۆتیڤی وێنە دەكەن، ئەو ئەزموونە بووە بە شانۆیەكی شێوەكاری كە لەنەخشەی ئەزموونی شانۆی جیهانی چەندین هەوڵی بەدوای خۆیدا هێنا، تەنانەت لەشانۆی شێوەكاری پۆڵەندیش بەیەكێك لەبنەما و هەوڵە بوێرەكانی ئەو شانۆیە سەیر دەكرێت.
کێشەیەک لێرەدا بەگرنگەوە ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە، لەمەعریفەی شانۆی ئێمەدا شانۆ ئەزموونیەکان وەک خاسیەتێکی هەمیشەیی شانۆکاران سەیرمان کردووە، ئەو قۆناغە ئەزموونیەی ئەو دەرهێنەرە پەیوەستە بەتەمەنی شانۆ ئەزموونگەریەکەی، کارەکانی دواتری دوورن لەشانۆی شێوەکاریی، لێرەدا ئاماژە بۆ دوو نمایشی کۆتاییەکانی دەکەین، هەردووکیان لەنووسینی ڤیسپیانیسکی، یەکەمیان بەناوی “دادوەر” لەساڵی ١٩٩٩ لەشانۆی نیشتمانی وراشۆ نمایشی کردووە، ڕووداوەکانی نمایشەکە لەدۆسیەی دادگاوە وەرگیراوە، باس لەکووشتنی کچێکی مناڵکا ر دەکات لەلایان خاوەنی مەیخانەیەکەوە، بەلام بەهۆی نەبوونی بەڵگە، بکوژەکە بێتاوان دەردەچێت.
گژێگۆژێڤسکی لەم نمایشەدا لەڕیتمی خێرا و بایەخە تایبەتیەکەی وەک هەمیشە بۆ هونەری مۆسیقا پەیوەندیەکی زیندوو لەگەڵ کۆمەڵە ئەکتەرێک درووست دەکات، کەبەسەر شانۆکەدا دابەش بوونە، بریتیە لەمەیخانەیەکی فراوان، ناوەڕاستی شانۆ سەکۆیەکی بازنەیی هەیە، کە ئەکتەرێک دەتوانێت بیجولێنێت، لەهەمان کاتدا زەمەنی پێ بەرەو پێش بەرێت، شوێنەکە چەندە بونیادێکی واقعی ڕاستەوخۆیە، بەڵام نەیویستووە لەڕێی کورسی ومێزەوە مەیخانە بەرجەستە بکات، بەڵکو کارەکتەرەکانی دێنە مەیخانەکە بەدەم سەما و گۆرانیەوە بەشداری لەڕووداوەکان دەکەن، تەنانەت دیمەنی دادگایی کردنەکە کە کۆمەڵە گۆرانی بێژو مۆسیقیەک بە کورسیەوە دێنە سەکۆی ناوەڕاستی شانۆ، تا لەڕێی گۆرانیەوە دیمەنی دادگایی کردنەکە نیشان بدەن، کە زیاتر لەگروپێکی سەمفۆنی دەچن گۆرانیەکی ئۆپیرایی پێشکەش بکەن، لەگەڵ سوڕانەوەی سەکۆ بازنەییەکە دادگاییەکە کۆتایی دێت.
لەڕووی بیناسازی شوێنی نمایشەوە دواوەی شانۆ دەرگاو پەنجەرەی ژوورو شوێنە تایبەتیەکانیترە، ئەکتەری تیا دەردەکەوێت، لەهەمان کاتدا بونیادێکی جوانکاری بەکارەکە بەخشیووە، کە وایکردوە ئەکتەر لەبۆشاییەکی ئازادی واقعیانە گوزارشت لەژیانێکی کۆمەڵایەتی پڕ کێشە بکات، ئەگەر نووسەر ئەو کچەی دەکوژرێت بە کچێکی جولەکە ناوی بەرێت، بەڵام دەرهێنەر لەڕێی جل وبەرگەوە بابەتی جولەکە چڕ دەکاتەوە، لەلایەک ئێمە کچێکی مناڵکارتر دەبینین، کە کڵاوێکی تایبەتی لەسەرە، ئاماژەیە بۆ جولەکە، وەک چۆن حاخامێش لەنمایشەکە لەسەریەتی، لەهەمان کاتدا ئەو کچەی دەکوژرێت مناڵکار نیە وگەنجێکە، ئەوەش وایکردووە ئەو کچە مناڵکارەی چاوەروانی مردنی دەکەین لەلایان خاوەن مەیخانەکەوە، کەچی دەبینین ئەوەی دەکوژرێت ئەو نیە کچێکیترە، کچێک بە پۆشاکی کولتووریی پۆڵەندیەوە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە بیەوێت ئەو توندوتیژیە نیشان بدات کە چۆن پۆڵەندی بەهۆی کێشەی ئاینەوە نەک تەنیا لەلایان سیاسیەکانەوە لەناو دەبردرێت، بەڵکو لەلایان مرۆڤە دژەکانیشی لەناو دەبردرێت.
ئەم نمایشە بەتەواوی دوورکەوتنەوەیە لەشانۆی شیوەکاریی، ئەوەش مۆرک وتایبەتمەندی کارکردنیەتی کەوا چۆن قۆناغە ئەزموونکاریەکەی بەجێهێشتووە، بەتایبەت لەدوا کاری شانۆیی ئەو دەرهینەرە، شانۆگەری “هاملێت” ی ڤیسپیانیسکی لە ٢٠٠٣ نمایشی کرد، ڕێک دوای ئەوەی لەبەڕێوبەری شانۆی وارشۆ نەمابوو، بەتەواوی دەردەکەوێت دەیەوێت وێنەیەکی جیاوازتر ببەخشێت بەم شانۆیە، کە هیچ پەیوەندیەکی بە شانۆی شێوەکاریەوە نیە.
هاملێت بۆ ئەو دەرهێنەرە کارێکە لەگەمەیەکی شکسپیریی و چۆنیەتی خولقاندنەوەی ئێستایە لەناو کلاسیکدا، بۆیە ویستویەتی تەواو قووڵ بێتەوە لەو تێگەیشتنەی نووسەر ویستویەتی، هەموو ئەوانەی لەناو تێکستەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، لەوێنەی بەرجەستەکراوی تەواو دەیخاتە ڕوو.
تەواوی سەر شانۆیەکی کۆن نیشان دەدرێت، وەک ئەوەی لەلای شکسپیر هەبێت، یاخود هەر هۆڵێکی شانۆیی بێت لەکاتی پڕۆڤەدا، تەنانەت لەدیمەنی ڕەشەباکاندا هەر بەشێوازی کۆن کەچۆن لەڕێگەی سندوقێکی بازنەیی لاکێشەیی داپۆشراو بە گونیە ئەکتەر دەیجولێنێت بۆ درووست کردنی ڕەشەبا، کە ئەو سێ ژنە ئەکتەرە ئەنجامی دەدەن کاتێک لەو ساتەدا ڕۆڵیان نیە، کارەکتەری تارمایی باوک لەسەرەتاوە دەردەکەوێت، لەدواوەی شانۆ دەگەڕێتەوە سەر کورسی دەسەلات چاودێر دەبێت بەسەر تەواوی نمایشەکە تا کۆتایی دێتەوە بۆ دەیالۆگکردن.
ئەم نمایشە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی نێوان شانۆ و ژیان درووست دەکات، پڕۆسەیەکە وابەستەی ئاگایی و نائاگاییە، سێنتەری شانۆیی شکسپیر هەڵدەوەشێنرێتەوە، نووسەر دەیەوێت سەرلەنوێ لەڕێی بونیادەکانەوە ئەو گوتارەی بووە بە شکسپیریزم لەناو نمایش بنووسێتەوە، دەرهێنەر کەوتۆتە نێوان گوتار وبونیاد، گوتاری شکسپیریی و ڕێکخستنەوەی بونیادەکانی ڤیسپیانیسکی، نمایش بۆتە خولقاندنەوەی ساتی لەدایکبوونی شانۆ لەڕێی ئەکتەرەوە، بینەر لەو هاوکێشەیەدا وەک بەشێکی زیندوو لەگەڵ ئەکتەر بەشداری لەپڕۆڤەکان دەکات، ئەویش لەڕێگەی ئەو سێ کچە ئەکتەرەی لەڕیزی پێشەوەی بینەران دادەنیشن و تا ئەو کاتەی لیدی ماکبێس دێت دەیەوێت ئەو بۆ خۆی سنووری ئەو گەمە شانۆییەیان بۆ دەست نیشان بکات، سەرەنجام ئەویش چارەنووسی بەدەستی نووسەرەکەوەیە، بۆ ئەوەی لەفەزای شکسپیریی بسوڕێنەوە، بەلام بەسەر لەنوێ تێگەیشتنی ئەو دۆخە شانۆییەی ناو پۆڵەنداوە.
شانۆنامەی هاملێتی فیسپیانیسکی وایکردووە هاملێت وشکسپیر ببنە بەشێک لەناو ئاگایی کولتووری مرۆڤی پۆڵەندی، بەدوای ئەو شانۆنامەیەوە، هەمیشە شانۆگەری هاملێت جێی سەرنجی بینەرانی شانۆ بووە، کە ڕەنگە لێرەدا نەتوانین و نەکرێت باس لەکۆی ئەو دەرهێنانە جیاوازانە بکرێت، بەڵام دەتوانین ئاماژە بەچەند نمایشێک بکەین، لەوانە هەردوو دەرهێنەر ئاندژێی ڤایدا و یان کلاتا (٧) لەڕێگەی کردەی دەرهێنانیان بۆ ئەو شانۆنامەیە قسەوباسی زۆریان درووست کردووە.
دەرهێنەرێک نیە لەشانۆی پۆڵەندیدا هێندەی ڤایدا گەڕابێتەوە بۆ شانۆنامەی هاملێت، ئەو ئەگەر لەشانۆگەری “شەوی نۆڤێمبەر” بەڕوونی کاریگەری ئەو شانۆنامەیەی بەسەرەوە بووبێت، ئەوا بۆ خۆشی تا کۆتایی ژیانی چوار جار وەک دەرهێنەر کاری تیا کردووە، یەکەمجار لەسالێ ١٩٦٠ شانۆگەریەکەی پێشکەش کرد، لە ١٩٨١ دووجار کاری دەرهێنانی بۆ هاملێت کردووە، لە ١٩٨٩ دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت (٨) و هاتنە ئارای دۆخێکی نوێ سەرلەنوێ ئەو شانۆنامەی بۆ شانۆ دەرهێناوە، لەدوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت ژیانی مرۆڤی پۆڵەندی بەرەو دۆخێکی جیاوازتر هەنگاو دەنێت، شانۆنامەکانی شکسپیریش لەسەر شانۆکانی پۆڵەندا ئازاد دەبن، بەرەو دیدی کراوە هەنگاو دەنێن، گەر سیستمی کۆمۆنیستی ڕێگای ئەو کرانەوەیە نەدات، بەڵام بەدوای ڕووخانی سۆڤیەت شانۆنامەکان بەرەو دیدو خوێندنەوەی جیاواز دەبردرێت، دەبنە هۆکارێک بۆ قسەکردن لە کۆمەڵگای پۆڵەندی دوای هۆلۆکۆست و کۆلۆنیالیزم، هەروەها پرسی ژن وەک بابەتی فێمێنیستی لەناو شانۆنامەکانی شکسپیر دەبنە پرسی خوێندنەوەی دەرهێنانی.
گرنگترین سیما چیتر پاڵەوان لەشانۆنامەکانی شکسپیر لەپۆڵەندا چیتر تەنیا وێنەیەکی ئالۆزی دەروونی نیە، یاخود کارەکتەرێک نیە بخرێتە نێوان ململانێی سەرمایەدارو کۆمۆنیستێک، هەروەها مانا ڕەمزیەکان لەسنورێکدا نامێننەوە، بۆیە ساڵی ١٩٨٩ بەساڵی گۆڕانکاری لەشانۆنامەکانی شکسپیر دادەنرێت.
ڤایدا هەمیشە لەڕیی هاملێت خوازیاری خوێندنەوەی مێژووی پۆڵەندایە، پەیوەندیەک دەدۆزێتەوە تاوەکو ئەو ڕابردووە بکاتە زەمینەی تێگەیشتی کۆمەڵگا لەخۆی، پەردە هەڵدانەوەیە لەسەر نهێنیە شاراوەکان، بەتایبەت لەدواهەمینی دەرهێنانی بۆ ئەو شانۆنامەیە دەیەوێت لەڕێی دیمەنی نواندنی ئەکتەرەکان لەنمایشەکە کاتێک گروپێکی شانۆیی دەهێنێتە کۆشک تا نواندن بکەن، دەرهێنەر هەوڵیداوە ئەو دیمەنە تەنیا وەک هەوڵی هاملێت نەبێت بۆ نیشاندانی تاوان، بەڵکو پەیوەندی هاملێت بە ئەکتەرەکانەوە.. بەچوونی بۆ ژووری خۆگۆڕین و بڕینی پەیوەندی نێوان شانۆو هۆڵ دەیەوێت وەک بەشێکی ڕاستەقینەی ژیان بیب ینێت نەوەک تەنیا وەک شانۆ.
بەبڕوای مۆنیکا پیلخ (٩)، هیچ کاتێک ڤایدا نەیویستووە دەرهێنەرێکی شانۆیی بێت، ئەو بۆچوونەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ کاتەکانی بەشانۆ دەبەخشێت، کە لەکاتی پشووی وێنەگرتنی فیلکمەکاندا بووە بەشانۆی بەخشیووە (١٠)
هەندێک ڕوانینی شانۆیی لەدەرەوەی پۆڵەندا بۆ هاملێت جێی بایەخی شانۆی پۆڵەندی بووە، وەک چۆن شانۆی پۆڵەندیش بۆ شانۆی ئەوروپی شانۆیەکە بەگرنگیەوە لێیان ڕوانیووە، بەهەمان شێوەش شانۆی پۆڵەندیش لەگرنگی شانۆکانی تری ڕوانیووەو تا ئاستێکیش دەرگای بۆ گفتوگۆی ئەو شانۆیانە کردۆتەوە، بەنمونە لەگفتوگۆیەکی مۆنیکا پیلخ لەگەڵ دەرهێنەری لیتوانی ئۆسکاراس کۆرسونۆڤاس (١١) هەندێک تێگەیشتنی جیاوازتر لەبارەی شکسپیر دەبیستین، کە بەهۆی ئەوەی وەک کۆمەڵێک پرسیار ورووژێنراوە، دەتوانین وەک جۆرێک کاریگەریش بۆ داهاتووی ئەو باسە لەپۆڵەندا گرنگی خۆی هەبێت.
بۆچی ئەو دەرهێنەرە بەشانۆی پۆڵەندیەوە دەبەستینەوە؟ لەبەر دوو هۆکار یەکەمیان رەخنەگرێکی نوێی ئەم شانۆیە دیدارەکەی لەگەلیدا ئەنجامداوە کەوا لەگۆڤارێکی تایبەت بەشانۆ بڵاوکراوەتەوە کەوەک سەرچاوەی سەرەکی شانۆکاری پۆڵەندیە هەر لەهەفتاکانی سەدەی بیستەمەوە، هۆکارێکیتریش ئەوەیە ساڵانێکە لەپۆڵەندا نیشتەجێیەو کارەکانی لەپۆڵەنداو چەندین وڵاتی تری دنیا نمایش دەکات، سەرباری ئەوەی ئەو دەرهێنەرە بەجۆرێک دنیای شانۆیی شکسپیر وابەستەی کۆمەڵگای پۆڵەندی دەکاتەوە، ئەوەتا کاتێک باس لەوە دەکات کەوا تەواوی شانۆنامەکانی شکسپیر لەبارەی هێزەوە دەدوێن، ئەوەش بەمشتومری هێز ناو دەبات جا لیبڕالی بێت یاخود دیکتاتۆری “ئەوەش ئەو ڕێگاییە ئەو درامایەم پێی خوێندۆتەوە، لەبەر ئەوە ڕوانینێکم هەیە ئەویش ئەوەیە ئەو تێکستە (١٢) وابەستەی پەیوەندیەکە بەشیوەیەکی تایبەت بە پۆڵەندا” (١٣)
پەیوەندی شانۆنامەکانی شکسپیر بەمرۆڤی پۆڵەندیەوە باسێکە لەو ساڵانی دوایی قسەوباسی زۆری لەبارەوە دەکرێت، پێشتریش ئاماژەمان بۆ توێژینەوەکەی ڕۆژنامەنووس کاتاژینا جیێژبیچکا کرد لەبارەی ئەو پرسەوە.
هەلبەت شانۆگەری هاملێت لەدەرهێنانی یان کلاتا بەهەمان شێوە قسەو باسێکی زۆری بەدوای خۆی هێنا، بەهۆی ئەوەی دەرهێنەر ویستویەتی لەکردەی دەرهێناندا بەشێک لەمێژووی کۆمەڵگای پۆڵەندی پێ بخوێنێتەوە.
ئەگەر هەمیشە قسەوباس لەوەدابێت کەچۆن شکسپیر لەڕێی نامەیەکەوە ئۆڤیلیا شێت دەکات، بەڵام لەلای دەرهێنەر یان کلاتا دوای وەرگرتنی کارتێک کە نامەی لەسەر نووسراوە ئۆڤیلیا دەچێت کارتەکانی تریش دێنێت، ئەو شووشە شەرابانەش دێنێت کەلەهەر دیدارێکدا دوای خواردنەوە نامەی ئەو ڕۆژەی تیا هەڵگرتووە، دەردەکەوێت چەندین نامەو خواردنەوە لەنێوانیان هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی بچێتەوە سەر دیدە شکسپیریەکەو تەنیا لەسەر نامەیەک بگیرسێتەوە دێت هاملێت توورە دەکات و دەکەوێتە شکاندنی شووشە شەرابەکان ئۆڤیلیاش بەهەمان شێوە، لێرەدا بۆ ئەوەی دیمەنەکە لەخۆشەویستیەکی پاکیزەیی نەمێنێتەوە نەوارێکی مۆسیقای دەخاتە سەر کەپڕە لە ئیحای شەهوەت و ئارەزووی دەجولێت لەپڕ پەلاماری هاملێت دەدات ماچی دەکات، بەلام هاملێت خۆی لەدەستی دەرباز دەکات
لێرەدا دوو خاڵ وادەکەن ماناکان ببنەوە شکسپیریی شکاندنی شووشە شەرابەکان ئاماژەیە بۆ روانینی شکسپیریانە بۆ کەسێتی هاملێت بەهۆی ئەوەی دیدی ناو شانۆنامەکە ئەو ڕوانینەیە کە هاملێت نایەوێت ئەو پەیوەندیەی بیربێتەوە، بۆیە دەرهێنەر ویستویەتی ئەو وێنە شاراوەیەی شکسپیریی بکاتە وێنەیەکی بینراو، تەسلیم نەبوونی هاملێت بۆ شەهوەتی ئۆڤیلیا داکۆکیکردنێکی شکسپیریانەیە بەوەی ئەوەی لەنێوانیانە تەنیا ئەو نامەیەی ئێستایە، بەڵام هەر بەڕاست هەر ئەو نامەییە؟ ئەوە دنیابینی شکسپیرو هاملێت کۆ دەکاتەوە، بەڵام لەناو نمایش حەقیقەت بریتیە لەوەی ئۆڤیلیا نیشانی دەدات سەرباری نکولی شکسپیرو هاملێت، بەڵام یان کلاتاو ئۆڤیلیا ڕوانینی تریان بۆ ئەو بابەتە هەیە.
بۆلۆنیسی باوکی ئۆڤیلیا بێئاگا نیە لەو بابەتە بۆیە دوای ڕۆیشتنی هاملێت دێت ئەو ناوە پاک دەکاتەوە، بەڵام ئەو ئاگاداربونەی لەرووداوەکان توورەبونی ئۆڤیلیای لێ دەکەوێتەوە، کۆی ئەو دیدە شانۆییە تەواو دوورکەوتنەوەیە لەمانا شکسپیریەکان و نووسینەوەی دیدێکی نوێ کەچەندە لەشکسپیر دوور دەکەوێتەوە، بەڵام لەکۆتاییەکاندا سەرلەنوێ بو مانا شکسپیریەکە دەگەڕێتەوە.
دیمەنی ئاهەنگ گێرانی پاشای بکوژو دایکی هاملێت، ئاهەنگێکی شێتانەو پڕ لەئارەزوی زەبروزەنگی بەزمەساتە بۆ دەسەڵات، کە خاڵی نیە لەهەستی زەوتکردن و غەریزی بۆیە کلەو دیمەنەدا پاشای نوێ دەکەوێتە ماچکردنی شاژن وشاژنیش تاوێک تووشی خورپەیەک دەبێت، تا شادیەک دەکەوێتە سەر رووخساری ولەگەڵ پاشای نوێ پێکەوە دەڕۆن، وەک سەرەتایەکی نوێ بۆ ژیان و دەسەڵات.
تارمایی لەم نمایشەدا دەرناکەوێت، کەواتە کاریگەری تارمایی لێرەدا لەکوێدایە؟ هاملێت کتێبێک دەخوێنێتەوە باس لەگەڕانەوەو دەرکەوتنی باوک دەکات لەئاسمانەوە، ئەوەیان لەبنەرەتدا نزیکبونەوەیە لەخوێندنەوەیەکی فەلسەفیانەی ژاک دێرێدا لەکتێبی “تارماییەکانی مارکس” کاتێک تارمایی باوک بە تارمایی مارکس ناو دەبات، لێرەدا کلاتا پشتی بەستووە بەو تێگەیشتنە فەلسەفیە، بۆیە بەبێ دەرکەوتنی تارمایی، ئەو لەکتێبدا ئاگادارمان دەکاتەوە لەهاتنی، ئەوەشیان بابەتێکە سەرەتا لەلای دێرێدا بۆ تارمایی باوکی هاملێت و مارکس خوێندومانەتەوە.
بوونی تارمایی لەناو کتێبدا، بابەتێک نیە دوورکەوتنەوە بێت لەشکسپیر، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ ئەو تێگەیشتنە لەشیکردنەوەی کارەکتەر کاتێک هاملێت کارەکتەرێکە ئارەزووی لەئەدەبیات و کتێبە، بۆیە لەسەر ئەو تێگەیشتنە تارمایی خراوەتەوە ناو کتێب، نەک دەرکەوتنی بێت لەئاسماندا، هەرچەندە وەک هاملێت دەلێت باوک لەنیوەشەودا لەئاسمان دەردەکەوێت؟ ئێمە کاتێک لەدیمەنی کلێساکە هاملێت و ئۆڤیلیا دەبینین قسەدەکەن و کتێبەکەی هەر بەدەستەوەیە لەخۆمان دەپرسین ئاخۆ ئەو کتێبە ئینجیلە بۆیە لەکلێساش بەدەستیەوەیەتی؟ ئاخۆ باوک مەبەست لەخودا یا مەسیحە؟ ئەگەر لەمانا شکسپیریەکە بەدور بین دەتوانین لەو دیدەوە بڕوانینە هاملێت، بەڵام کاتێک لەکۆی شانۆنامەیەکەوە سەیری بکەین ئەوە کتێبەکە بەشانۆنامەکانی شکسپیر دەبینین و دەتوانین ناوی بەرین کە خەریکی خوێندنەوەی کارەکانی شکسپیرە، بەو پێیەی چەندە شکسپیر بۆ مرۆڤی پۆڵەندی گرنگە، بەهەمان شیوەش شانۆنامەکە هەر لەسەرەتاوە ناوی شوێن دەگۆڕێتە سەر پۆڵەندا بۆ ئەوەی نیشانمانی بدات ڕووداوەکان لەسەردەمی پاشایەتی پۆڵەندیە
هەر لەو دیمەنەدایە دەرهێنەر چڕ دەبێتەوە لەسەر ئەو پەیوەندیە بۆیە ئۆڤیلیا تەواوی دیاری ونامەکانی بۆ هێناوەتەوە، ئەوەیان ڕوانینێکی نوێ و جیاوازە بۆ ئەو شانۆنامەیە کەوا دەرهێنەر لەناو نمایش دۆزیویەتیەوە
هاملێت لەگەڵ هۆڕاشیۆو هاورێکانی دیمەنێک دەنوێنن کەگوزارشت لەدۆخی ئەمڕۆ بکات، ئەویش کە وەرگیراوی دیمەنە نواندنەکەی ناو شانۆنامەکەیە، لاسایی گفتوگۆی ناو بەرنامە تەلەڤزیۆنیەکان دەکەنەوە، وەک چۆن مەنەلۆژە ناسراوەکەی هاملێت “من هەم یان نیم ئەمەیە گرفتەکە” هاملێت نایلێت، بەلکو ئارەزوومەندێک دەیلێت کە هاتۆتە بەردەم لیژنە بۆ تاقیکردنەوەی تواناکانی وەک ئەکتەر، دوای تاقیکردنەوەی تواناکان هەر ئەوان هەلدەستن بە پێشکەشکردنی دیمەنی نواندنەکە لەبەردەم شاو شاژن
یەکێک لەجوانیەکانی ئەم دیمەنە ئەوەیە هاملێت بۆ خۆی ڕوناکی بەدەستەوەیە، ئەو ئەکتەرەی دەیالۆگ دەلێت ڕوناکیەکەی ئاراستە دەکات، وەک ئەوەی ئەو بۆ خۆی ئاراستەی ڕووداوەکانی نواندنەکە بگەیەنێتە ئەو شوێنەی کە دەیەوێت، ئەوەش پەیوەستە بەو حەقیقەتەی کە خۆی ناتوانێت ڕاستیەکان ئاشکرا بکات، بۆیە لەڕێ ئەو گروپی نواندنەوە تاوانەکە ئاشکرا دەکات، تەنانەت ئەو کەللە سەرەی هاملێت لەدیمەنی سەر گۆڕستانەکە هاملێت بەدەستیەوە دەگرێت، لەو دیمەنی نواندنە بەدەست پاشای ئەکتەری ناو نواندنەکەوەیە
بەدوای کووشتنی باوکی ئۆڤیلیا، هاملێت بەدایک دەلێت “هیچ کەسێک هەیە برای خۆی بکوژێت؟” ئەو پرسیارە لە گرترودی دایک ئاگادارکردنەوەیەتی بەوەی لەکۆی تاوانەکەیان ئاگادارە، وەک چۆن دواتر بە مامیشی دەڵێت “هەموو شتێک دەزانم” بەو گۆڕانکاریانە دەرهێنەر هەوڵ دەدات رابردووی کۆمەلگاکەی پێ بخوێنێتەوە، هەمیشەش لەکۆتاییدا هێلێک هەیە دەیگەڕێنێتەوە لای شکسپیر، بەواتای خوێندنەوە نابێتە مانایەکی سەربەخۆ بۆ نمایش، هێندەی چەندە گۆڕانکاری دەکرێت، سەرەنجام ئەوە شکسپیرە دەیگەڕێنێتەوە سەر هێلی درامی ڕووداوەکە، کاتێک لایەرتیس دەگەڕێتەوە دەبینێت باوکی کوژراوە هاوار دەکات “باوکە تۆ لەکوێی؟” لێرەدا هاملێت ولایەرتیس دوو مرۆڤی باوککوژراون، بەلام سەر بەیەک سیستمی زەبروزەنگی دەسەڵاتێکن، هاملێت کە باوکی کوژراوە، کەچی ئەویش باوکی لایەرتریسی کووشتوە، واتە لەیەککاتدا باوککوژراو و باوککوژە، ئەو تێگەیشتنە کاتێک لایەرتیس دەبینین هاواری باوک دەکات، ئەوسا بیرۆکەی هاملێتی کوژراو وبکوژ لەلامان سەر هەڵدەدات، ئەو بەتەنیا لەرێی جەستەوە بکوژ نیە، بەلکو لەڕیی فیکریشەوە دەبێتە بکوژی رۆحی عاشقانەی ئۆڤیلیا، ئۆڤیلیا کە هەست بەمەرگی رۆحی خۆی دەکات، ئەوە وای لێ دەکات بڕیاری خۆکوشتن بدات، ئەو ڕەتکردنەوەیەی ژیان وایکردووە شێتی ئۆڤیلیا بوونی نەبێت هێندەی خەمۆکیەک دایبگرێت کە بگاتە بریاری خۆکووشتن.
کۆتاییەکەی نمایش چەندە شەرەشمشێرێک و تراژیدیایەک دەخولقێنێت کەهەمووان دەمرن و هاملێتی زامدار بەتەنیشت هۆڕاشیۆ دادەنیشێت و بەگریانەوە دەڵێت “هۆڕاشیۆ دەمرم” مردنێک کۆتاییەکی شکسپیریانە بەتراژیدیاکە دەبەخشێت، کەچەندە لەتێکست دوور بکەوێتەوە هێندەش لێی نزیک دەبێتەوە، ڕەنگە هیچ دەرهێنەرێکی پۆڵەندی هێندەی کلاتا بەهۆی خوێندنەوەی بونیادی کۆمەڵایەتی دوورکەوتنەوەی لەماناکان لەشکسپیر ڕانەگەیاندبێت، وەک چۆن هەمیشەش ویستویەتی خۆی ڕابکێشێتەوە ناو ماناکان، بەڵام چەندە دوور دەکەوێتەوە تا ئاوڕ لەمێژووی پۆڵەندی بداتەوە، هێندەش لەنا وئەو مێژووەوە دەگەڕێتەوە لای شکسپیر.
دواهەمین نمایشی هاملێت کە لە پۆڵەندا نمایش کرابێت کارەکەی دەرهێنەر “میخاو کۆتانیسکی”
میخاو کۆتانیسکی (١٩٧٦) یەکێکە لەدەرهێنەرە شانۆییە نوێیەکانی شانۆی پۆڵەندی، دەرچووی بەشی دەرهێنانی کۆلێژی هونەری شاری کڕاکۆڤ ، هەروەها لەزانکۆی وارشۆ فەلسەفەی خوێندووە، وەک یاریدەدەری دەرهێنەر کاری کردووە لەتەک دەرهێنەران ڤایدا وکریستینا لوپا ویێژی یارۆچکی بوو، هەوڵیداوە یەکەی زەمەنی تێکستی شکسپیر بپارێزێت بۆ کارەکتەری هاملێت لەنێوان ئاستی دەروونی کەسێتی و هەوڵدان بۆ تۆڵەکردنەوە، دەرهێنەر پابەندی تەواوی تێکستەکە نەبووە، بەڵام پابەندی زەمەنی شکسپیریی دەبێت بۆ کارەکتەرو بیرۆکە، ریتمێکی خێرا وا دەکات ڕووداوەکان بەرەو چڕبوونەوەی دەیالۆگ ببردرێت، ڕووداو سەر بەزەمەنی تێکستە بەڵام جل وبەرگی ئەکتەرەکان زادەی مرۆڤی هاوچەرخن، وەک ئەوەی هەموو شتێک لە ئەمڕۆدا ڕووبدات.
پەیوەندی هاملێت بە باوکی کوژراو وابەستەی حەقیقەت و خەیال نیە، دەرکەوتنی تارمایی لەنیوە شەودا لەوێنەیەکی بەتەنیشت یەکەوە نیشان دەدرێت، تا باوک چیرۆکی کووشتن بگێڕێتەوە، لێرەوە تارمایی دەبێتەوە بەشێک لەگێڕانەوەی حەقیقەتی کوژراو، تارمایی خەیاڵ نیە، هێندەی مردوویەکە لەگۆڕدا هەلساوەتەوە تا چیرۆکی کوژرانی خۆی بگێڕێتەوە، ئەوەش وێنەیەکی شکسپیریی ڕوونە دەرهێنەر تەنیا ئەو وێنەیەی لەبارگاوی خەیاڵی بۆ تێگەیشتن لەدیمەنەکە دەرباز کردووە، جۆرە دراماتۆرگیەکی تیا کردووە کە باشتر لەو پەیوەندیەمان بگەیەنێت.
هاوچەرخ بوونی شکسپیر بۆ دەرهێنەر تەنیا دەستەواژەیەک نیە، هێندەی ئەو هاوچەرخێتیەی شکسپیر بەکردەوە لەناو نمایشدا ئامادەبوونی دەبێت، ڕووداو کارەکتەر لەساتەوەختێکی مرۆڤی هاوچەرخدا ڕوو دەدەن، جل وبەرگ و شوێن وابەستەی دنیای ئەمڕۆن، ئەوە دەیالۆگە ڕووداو دەخوڵقێنێت، بۆیە دەرهێنەر لەڕووی پێکهاتەکانی نمایشەوە دەیەوێت جێپەنجەی خۆی وەک دەرهێنەرێکی شکسپیریی بخاتە ڕوو.
رووداوەکان خێراتر لەوادەی خۆیان بەرەو پێش دەبات، گروپی نواندنەکە بریتین لەسێ ئەکتەر ژن و پیاوێک کە چوونەتە تەمەنەوە، لەگەڵ کوڕێکی گەنج، لەهۆڵی کۆشکەکە هاملێت خۆی کورسی ڕیز دەکات تا ببنە بینەری نمایشی گروپە شانۆییەکە، لەو هۆڵەی کۆشک پەنجەرە فراوانەکە لەڕێگەی بۆیەی ڕەنگێکی کاڵەوە شێوەی دەچێتەوە سەر تابلۆی “شەوی پڕ ئەستێرەی”ڤان کوخ.
تابلۆکەی ڤان کوخ لەپەنجەرەی ژوورێکی نەخۆشخانەیەکتی دەروونیە، کەوا گوزارشت لەبینینی ئەوە دەکات کە لەشەودا بینیویەتی، بۆیە لێرەدا کە پەنجەرەکە تۆنی ڕەنگەکەی دەچێتەوە سەر ئەو تابلۆیە، دەرهێنەر دەیەوێت گەشە بەئاستی دەروونی هاملێت بدات، لەڕێگەی تابلۆیەکی ڤان کوخ، لەهەمانکاتدا وێنەیەکی ئاوێتەیی شکسپیرێکی ڤان کوخیانە بەرجەستە بکات، هەڵبەت ڤان کوخ لەژیانی خۆیدا سێ ساڵ لەبەتریتانیا ژیاوە کە شیکردنەوەی کردووە بۆ چەند نووسەرێکی ئینگلیزیی وەکو شکسپیر وچارلز دیکنز، بۆیە ئەو مۆرکەی لەو نمایشەدا وێنەیەکی هەرەمەکیانە نیە، بەقەد ئەوەی پڕۆسەیەکی ووردی تێگەیشتنە لەپەیوەندیی ئەو دوانەوە، کە دەر‌هێنەر ئەو تابلۆیە دەکاتە دنیابینێکی هاملێتیانە.
کاتێک تیپە شانۆییەکە نمایشەکە پێشکەش دەکەن و پاشای نوێ دۆخی دەروونی تێک دەچێت و ئەو دەمەی ؛ەگەڵ باوکی ئۆڤیلیا قسە دەکات، هاملێت لەبەردەم تیشکی پەنجەرەکە کەوا دیمەنێکی تاریکە، بەڵام پەنجەرەکە لەناو ئەو تاریکیەدا تەواو تابلۆکەی ڤان کوخ بەرجەستە دەکات
ئەو پەیوەندیە قولکردنەوەی دنیابینی شکسپیرە بۆ کارەکتەر، کە کۆتاییەکەی پارێزگاری لەشەڕەشمشێرەکە دەکات، بەلام لەڕێی ڕوناکیەوە نامەیەکی ترسناک بۆ دوای مەرگی هاملێت و دایک و پاشای تازە دەخاتە ڕوو، ئەویش هۆڕاشیۆ لەناو تەرمی مردووەکان هێرشی جەنگی پێ ڕادەگەیەنرێت، جەنگێک ڕوناکیەکی سووری خوێناوی سەر شانۆکە داگیر دەکات، وەک بەردەوامیەک بۆ تراژیدیایەکی شکسپیریی کە بەرۆکی مرۆڤی هاوچەرخی گرتۆتەوە، لێرەوە تێدەگەین بۆچی دەرهێنەر دەیەوێت لەدیدی مرۆڤی ئەم ڕۆژگارەوە هاملێت نمایش بکات و دەریبکات لەناو فۆڕمێکی کلاسیکی، چونکە کۆتاییەکەی زۆر ڕوون بۆمان دەخاتە ڕوو کەوا ئەو ئێستایەی ئێمە تیایداین ژیانە لەناو تراژیدیایەکی شکسپیریی، ئەوەش ئەو گەڕانەوەییە بۆ یان کۆت کەوا شکسپیری بەشانۆنووسی هاوچەرخ ناو برد..

پەراوێز و سەرچاوەکان

(١) Katarzyna Dzierzbicka, Polska i Polacy w dziełach Williama Szekspira, numer 5, 2016
(٢) کاتاژینا جیێژبیچکا رۆژنامەنووسێکە تایبەت بە شانۆ و مۆسیقا و ئەدەب و مێژووی وارشۆ، لەگۆڤارو ڕۆژنامە پۆڵەندیەکان دەیان وتاری هونەری و مێژوویی نووسیوە، هەروەها کتێبێکی چاپکراوی هەیە بەناونیشانی “پەنجا ساڵ لەشانۆی تەلەڤزیۆنی
(٣) ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکی ( ١٨٦٩- ١٩٠٧) شانۆنووس ونیگارکێش و شاعیر بووە، کارەکانی بە درامای ڕەمزی ناسێنراوە، لەساڵانی ١٩٨٧- ١٩٩٦ لەسەر پارەی دەهەزار زوۆتی پۆلەندی وێنەی ئەو نووسەرە هەبوو، ئەنجومەنی نوێنەرایەتی کۆماری پۆڵەندا ساڵی ٢٠٠٧ ی ناونا بەساڵی ئەو نووسەرە، لە٢٠١٩ لەسالیادی ١٥٠ ساڵەی لەدایکبوونی وێنەی خرایە سەر پولی پۆستە، پێنج ئۆپێڕای نووسیوە، لەپاڵ بیست کاری شانۆیی، شانۆگەری هاملێت دیارترین کاری شانۆییەتی، کە توێژینەوەیەکی درامیە لەبارەی کرۆکی شانۆ و پەیوەندی بە ژیانەوە.
(٤) یێرزی گژێگۆژێڤسکی لەدایکبوی ١٩٣٩ ی شاری ئوچ، لە ٢٠٠٥ لە وارشۆ ماڵئاوایی لەژیان کردووە، بەشی دەرهێنانی شانۆیی لە١٩٦٦ لەوارشۆ تەواو کردووە، لەساڵانی ١٩٩٧-٢٠٠٣ بەڕێوبەری شانۆی وارشۆ بووە، چەندین خەلات و بڕوانامەی شانۆیی و میدالیای نیشتمانی وەرگرتووە، کۆلێژی هونەری ئوچ دکتۆرای شانازی پێ بەخشیووە، ئەوە سەرباری ئەوەی لە ١٩٧٨ کراوە بەبەڕێوبەری شانۆ لەشاری ڤرۆسواڤ، شانۆیەکی ئەزموونگەری دامەزراندووە، بەبڕوای توێژەری شانۆی پۆڵەندی ئاوگوست گرۆجیچکی دامەزرێنەری شانۆی شێوەکاری پۆڵەندیە، هەڵبەت ئامادەبوونی دیدگای شێوەكاری لەشانۆی نوێی پۆڵەندی، هەوڵێكی دەگمەنی شانۆكارێك نیە، چونكە لەلای بەشێك لە دەرهێنەرەكان بایەخدان بەهونەری شێوەكاری دەدرێت، هەروەها پەیوەندیەكی ئۆرگانی پتەو هەیە لەنێوان سینۆگرافیا و شێوەكاری، ئەوەش چەندە پەیوەستە بە سینۆگرافیاوە، لەهەمان كاتدا بایەخدانیان بەهونەری شێوەكاری وایكردووە ڕۆڵی سینۆگرافیا لەشانۆكەیاندا جێگای بایەخی تایبەت بێت، بەڵام شانۆ ئەزموونگەریەکەی گژیگۆژێڤسكی تایبەتمەندیەکی سەربەخۆی هەبوو.
(٥) هێنریک تۆماشێڤسکی (١٩١٩-٢٠٠١) کیریۆگراف و دەرهێنەری شانۆییە، گروپێکی شانۆیی تایبەت بەشانۆی پانتۆمایمی لەپۆڵەندا دامەزراند، بەناوی شانۆی جولە.
(٦) أوجست جرودجيتسكى ، حركة التجديد في المسرح العالمي.. ، ترجمة: د. هناء عبدالفتاح، الهيئة المصرية العامة
(٧) یان کلاتا (١٩٧٣) لەکاری دەرهێنانی شانۆیی وەک نوسەر ودراماتۆرگیش لەشانۆدا کار دەکات، لە وارشۆ شانۆی خوێندووەو لە کراکۆڤیش سینەما، سەرەتای دەرهێنانی شانۆیی بە کارکردن لەناو چیرۆک و ڕۆمان دەستی پێکرد، بەتایبەت لە ٢٠٠٤ ئەو دەمەی لەشاری ڤرۆسواڤ کاری کرد، سەرەتا “ژێرزەمینەکانی ڤاتیکان” ی ئەندریە ژید بۆ شانۆ دەرهێنا، لەبەشی دواتر لەبارەیەوە دەدوێین
(٨) لەبەشێکیتری ئەو کتێبەدا بەووردی باسمان لەشانۆی پۆڵەندی لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتدا کردووە، هەروەها لەسەر بەشێکی کارەکانی ڤایداو نمایشی “شەوی نۆڤێمبەر” شیکاریمان کردووە، بۆیە دەکرێت بۆ تێگەیشتنی زیاتری کارەکانی خوێنەر بۆ ئەو بەشەیان بگەڕێتەوە
(٩) مۆنیکا پیلخ ڕەخنەگرێکی نوێی شانۆیی پۆڵەندیە، لەبارەی کێشەکانی شانۆی پۆڵەندی ونمایشە شانۆییەکان دەنووسێت، وتارەکانی زیاتر لەگۆڤاری شانۆ بڵاو دەکاتەوە.
(١٠) Monika Pilch, Andrzeja Wajdy spojrzenie na teatr, Teatr numer 2/2017
(١١) ئۆسکاراس کۆرسونۆڤاس (١٩٦٩) دەرهێنەرێکی لیتوانیە، چەندین شانۆنامەی شکسپیری بۆ شانۆ دەرهێناوە لەوانە “هاملێت، رۆمیۆ وژۆلێت، خەونی نیوە شەوی هاوین،زریان” خاوەنی چەندین خەڵاتی شانۆییە، گرنگترینینان خەڵاتی شانۆی ئەوروپی بۆ واقعی نوێ، لە ٢٠١٦ خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لە نەرویژو لیتوانیا وەرگرتووە، لە١٩٩٨ شانۆیەکی تایبەت بەخۆی درووست کردووە لە ڤیلنیێ، کەجەخت لەسەر دراما هاوچەرخ و کلاسیکیەکان دەکاتەوە.
(١٢) مەبەستی شانۆنامەی “پێوانە بە پێوانە” یە
(١٣) Monika Pilch, Szekspir nie moralizuje, teatr numer 6/2016للكتاب (القاهرة) 2010، ص116




شانۆی پۆڵەندی لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتدا.. نیهاد جامی

کاتێک بمانەوێت لەبارەی شانۆی پۆڵەندی بدوێین ناکرێت بابەتیداگیرکاری و شەر لەم وڵاتەدا فەرامۆش بکەین، کۆتایی هاتنی جەنگیجیهانی یەکەم چەندە دەبێتە مژدەی سەربەخۆیی ئەم وڵاتە، بەڵام ئەومژدەیە ئاسۆیەکی نوێ لەبەردەم ئەو کۆمەڵگایەدا ناکاتەوە بەهۆیئەوەی لە ١٩٣٩ دوای ڕێکەوتنەکەی ئەلمانیا و ڕووسیا وپاشگەزبوونەوەی هیتلەر لەڕێکەوتنەکە، شەش ملیۆن پۆڵەندی دەبنەقوربانی جەنگ، دیسان پۆڵەندا دەکەوێتەوە بەر شاڵاوی جەنگ، ئیدیهەریەکە لەیەکێتی سۆڤیەت وئەلمانیا هێرشیان لەدژی یەکتریهێرشکردن دەبێت بۆ سەر پۆڵەندا، لە ١٩٤٤ سەرلەنوێ سۆڤیەت ئەووڵاتە داگیر دەکاتەوەو ئەڵمانیا دەکاتە دەرەوە، ساڵی دواتر حکومەتیپۆڵەندی سەر لەنوێ درووست دەکرێتەوە، حکومەتێک لەژێر چاودێرییەکێتی سۆڤیەت بەڕێوە دەچێت تا ڕووخانی کۆمۆنیزم پۆڵەندا لەژێرسایەی سۆڤیەتدا دەژیێت.

چەند ساڵێک بوو پۆڵەندا لەژێر حوکمی یەکێتی سۆڤیەتدا بوو، کاتێکجەنگی دووەمی جیهانی کۆتایی دەهات، ، بەتایبەت لە ١٩٥٢ لەگەڵراگەیاندنی دەستوور، ئەو کۆمەڵگایە لەبەردەم خەونی ژیاندا بوو، بەلامبەدرێژایی ساڵەکان گرفتی سیاسی و ئابوری زیانی گەورەی لەوکۆمەلگایە دەدا، نەیدەهێشت بەرەو پێش چوون بەخۆیەوە ببینێت، بەلاملەگەڵ ڕووخانی یەکیتی سۆڤیەت، سەرکەوتنی سەندیکای کرێکارانیپۆڵەندی لەهەڵبژاردنەکانی ١٩٨٩ توانیان یەکەم حکومەتی دوایکۆمۆنیزم درووست بکەن، ساڵی دواتر دەست لەکارکێشانەوەیسەرۆک کۆمار، دەرگایەکی نوێتری لەبەردەم ژیانی ئەو کۆمەڵگایەداکردەوە، بەڵام شانۆ بەدرێژایی ساڵانی ١٩٤٥-١٩٨٨ئەو ساڵانە دەبوولەژێرهەیمەنەی یەکێتی سۆڤیەتدا کار بکات، کاتێک پاڵەوان لەو وێنەکۆمۆنیستیە یاخی دەبێت، ئەوا سزایەک هەیە و ڕووبەرووی دەبێتەوە.

ناوەراستی دەیەی چلەکانی سەدەی بیستەم تەواوی شارەکان هۆڵیشانۆیان تێدابوو، ئەوەش وایکرد مرۆڤی پۆڵەندی تەواو بەشانۆ ئاشناببێت، لەڕووی دروستکردنی بیناسازی هۆڵی شانۆ گەشە سەندنێک لەووڵاتەدا لەئارادا بوو ، شاری ئوچ لە ١٩٤٥ وەک ناوەندێکی شانۆییزۆربەی کارە شانۆییەکانی دەگرتە خۆی، لەماوەی پێنج ساڵی یەکەمداواتە تاوەکو پەنجاکان، سێ شانۆ گرنگی خۆیان وەدەستهێنابوو، شانۆی سەربازی کەوا لەلایان شیللەر (١) بەڕێوە دەچوو، شانۆیشیعریی لەلایان هەردوو شانۆکار ڤیرچینیسکی و کۆژێنیڤسکیبەڕیوە دەبردرا، هەروەها شانۆی ژوور کە لەلایان ئێرڤین ئەکسێر (٢)وم. مێلینا سەرپەرشتی دەکرا.

تەنیا ئەو سێ شانۆیە نەبوو کە دەرکەوتن، بەنمونە هەندێک شانۆ هەبووکەزیاتر کۆمیدیا بوو، بەڵام لەناو ئەو سێ شانۆیەشدا کارەکانیشیللەر گرنگی و تایبەتی خۆی هەبوو، وەک تێبینی دەکەین لەلایەکواقعی بوونی شانۆکەی بەشێک بووە لەتینوویەتی مرۆڤەکانی کۆمەڵگاکەخۆیانی تیا بینیوەتەوە، لەلایەکیتریش شانۆیەکی سەربازیپێویستیەکیتری ژیانی کولتووریی بوو کە سوپا بەگرنگەوە تەماشادەکرا بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بپارێزێت، ئەو دوو هۆکارە وایکردبووشانۆکانی شیللەر لەنەخشەی ئەم شانۆیەدا بەگرنگیەوە لێیبڕواندرێت.

لەپاڵ ئەو دەرهێنەرە کارە دەرهێنانیەکانی ئێرڤین ئەکسیریش ببووەسەرنجی بەشێکی دیاری بینەرانی شانۆ کەشانۆیەکیان دامەزراندبووبەناوی ژوور، بەتایبەت لەیەکەم سەرکەوتنی لەنمایشێکی نووسەرشانیاڤسکی، دواتر شانۆگەری “ئەڵمانەکان” ی کروچکۆڤسکیێ، هەرلەو کاتانەدا بوو گاڵا شانۆیەکی ڕاگەیاند بەناوی کەنار دەریا، شاریوارشۆش بەدوای هەڵمەتی چاککردنەوەو بنیاتنان لە١٩٤٦ ژیانیشانۆیی بۆ دەگەڕێتەوە لەیەکەم کاری دەر‌هینەر ئۆستێرڤی.

شانۆنامە ڕووسیەکان تائاستێکی دیار توانای ئەوەیان هەبووشانۆکانی پۆڵەندا داگیر بکەن، بۆیە بەشیوەیەکی فراوان ئەو شانۆنامەڕووسیانەی نمایش دەکران، زیاتر بەرهەمی شانۆنووسانی وەکوچێخۆڤ و گۆگۆڵ و تۆڵستۆی ومەکسیم گۆرکی وئیڤانۆڤاوئۆسترۆڤسکی، بۆیە شتێکی سەیر نیە کەوا لە ١٩٤٩ پۆڵەندافێستڤاڵی هونەری ڕووسی ساز بکات، کەوا ٣٠ نمایشی شانۆیی لەمڤێستڤاڵە نیشان دەدرێت، هەر لەو ساڵەدا وەزارەتی کولتور یەکەمکۆنفرانسی شانۆکارانی ساز کردووە، ئەم کۆنفرانسە دەبێتە هۆییەکەم مەترسیەکانی کۆمۆنیزم بۆ سەر شانۆ، کەدەبێت شانۆ لەخزمەتیواقعی سۆسیالیستیدا دەربکەوێت، بۆیە زۆر شانۆنامەی شانۆنووسانئیدی دەکەونە ناو هێلی سوورەوە، لەوانە شانۆنامەکانی میتسکیێڤیچاو کراشینیسکی وڤیسپیانیسکی.

بڕیارەکانی کۆنفرانس هەر بەوەندە ناوەستێت، بەڵکو کۆمەڵێک گریمانەدەسەپێننە سەر شانۆکاران لەوانە دەبێت پابەندی شانۆی واقعی ببن، هەر شتێک بەناوی هونەری نوێیە نابێت بۆ فریودان لێی نزیک ببنەوە، هەروەها ستانسلاڤسکی دەبێتە شێوازی سەپێنراو لەشانۆی پۆڵەندیئەو ڕۆژگارە، داوا لەئەکتەرەکانیش دەکەن کەوا لەجوتیارو کرێکارەکاننزیک ببنەوە تا هەست بەشێوازی ژیانیان بکەن و لەسەر شانۆکانژیانی ئەوان ڕەنگ بداتەوە، ئەوە سەرباری ئەوەی لەسەرەتایپەنجاکان شانۆیەکی نوێ لە شاری ئوچ دەکەنەوە، کەوابەستەیجوانیناسی واقعی سۆسیالیستی بێت، وەک دەزگایەکی کولتورییشانۆیی بۆ کۆمۆنیزم.

ئەو سەپاندنە لەشانۆدا هۆکارەکەی ئەوە بوو دەیانزانی شانۆ دەتوانێتبەرەنگاری دەسەڵاتەکەیان ببێتەوە، بۆیە دەیانوویست ئاراستەی شانۆبۆ ئەو شوێنە بێت کەخۆیان دەیانەوێت، بۆ ئەوەی مەترسی نەخاتە سەرژیانی دەسەڵاتەوە، بۆیە بەگژ لیستێک شانۆنامەی پۆڵەندی و جیهانیدادەچنەوە و دەیانەوێت لەو رۆژگارەدا ئەو کارانە نمایش بکرێن کەواقعی سۆسیالیستین، ئەو بریارانە ڕەنگدانەوەکەی تەواو فراواندەبێت، بەتایبەت ئەو دەرهێنەرانەی گۆڕانکاریان لەئاستی هۆشیاریسیاسی و کولتوریی بۆ کۆمەڵگا خوڵقاندووە لەکاری شانۆییاندووریان دەخەنەوە لەوانە شیللەر و گال و شییفمان، دوای چەند ساڵێکدەستیان لەو بریارانە هەڵگرت، بەڵام هەولیان دەدا ئەو ترسە نیشانبدەن، پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارانە شکستی دەسەلات نیە بەقەد ئەوەیسزایەکە بۆ ئەوەی بزانن لادان لەو دەسەلاتە دوورخستنەوەیانەلەشانۆدا، هەڵبەت بەجۆرێکیتر ترساندنی دەرهێنەروئەکتەرەکانیتریشە.

ئەو دۆخە بەردەوامی هەیە تا کۆتایی جەنگ و ئاسایی بوونەوەی دۆخیپۆڵەندا، لە١٩٥٥ یەکەم نمایشی دوای جەنگ لەشاری وارشۆپێشکەشکرا لەژێر ناوی “باپیران” لە دەرهێنانی ئەلێکساندێرباردینی، ئەو سەرەتایە دەرگا لەکۆمەڵە شانۆنامەیەکی نوێ دەکاتەوەبەتایبەت شانۆنامەکانی برێخت وسارتەرو دورێنمات، لەپاڵ کاریشانۆنووسانی پۆڵەندی وەکو مرۆژێک وبرۆشکچێڤیچا وروژێڤیچا، ئەومێژووە سەرەتایەکی گرنگی شانۆی پۆڵەندی پێک دێنێت، بەوەی دەرگالەدنیای جیاوازی شانۆنووسان دەکرێتەوە، دەتوانن کارلەتێکستەکانیاندا بکەن، بەتایبەت لەشانۆنامەکانی ژان ژینیە و یۆژینیۆنسکۆ و سامۆئێل بیکیت، بەدوای ئەوە بۆ یەکەمجار لە ١٩٥٧ شانۆگەری “لەچاوەروانی گۆدۆ” نمایشکرا، بەرهەمی ئەو نووسەرانەچەندە لەدوای جەنگ ڕێگای نمایشکردنیان درا، بەڵام کۆمەڵەنووسەرێکی پۆڵەندی بەر لەجەنگەوە کەوتبوونە ژێر کاریگەری ئەوان، لەشانۆنامەکانیان ڕەنگی دابۆوە لەنموونەی ئەبرامۆڤ نێڤێرلی وبریلیودرۆزدۆڤسکی وگرۆخۆڤیکا وئیردینیسکی کراشنیسکی ریمکیێڤیج وسیتۆ.

چەندە لەو شانۆ نوێیەی جەنگدا نووسەرانی پۆڵەندی رۆڵی گرنگیاندەرکەوت، لەپاڵ ئەوەدا کۆمەڵە دەرهێنەرێکیش بەهۆی نمایشەکانیانناوبانگێکی دیاریان پەیدا کرد، کارەکانیان بوونە جێی سەرنجیبینەران وناوەندە شانۆییەکە، لەوانە ئەکسێر ودۆزینەوەی شێوازەشانۆییە نوێێەکەی لەشاری ئوچ بەناوی ژوور، ئەو لەو شانۆیەدا زیاد لەدەساڵ بوو کاری تیادەکرد، بەلام لەو دۆخەی دوای جەنگ کاریگەریلەسەر مرۆڤی پۆڵەندی بەتەواوی دەرکەوتبوو، هەوڵی دەدا لەنێوانشانۆی کۆنی پۆڵەندی و شانۆی سونەتی پەیوەندیەک ڕێکبخاتەوە، بەتایبەت لەنمایشەکانی “شارەکەمان ١٩٥٧، کاروان-برێخت ١٩٦٢، تانگۆ ١٩٦٥”
لەوەی دواییان “تانگۆ” وێنەیەكی كۆمەڵایەتی ئەو كۆمەڵگایە دەخاتەڕوو، ئەوە ڕەخنەیەكی كۆمەڵایەتیە، هاوبەشیكردنی دنیای نووسراوینوسەر و دروستكردنەوەی پەیوەندیی ئەكتەرە وەك كۆمەڵگای سەرشانۆ بۆ كۆمەڵگای بینەر، كە كۆمەڵگای ڕاستەقینەی پۆڵەندیە، بەڵامنایەت لەوێنەی كۆمیدیەوە ئەو ڕەخنەیە بخاتە ڕوو، هێندەی ئەوكۆمیدیایە دەگۆڕێتە سەر وێنەیەكی گاڵتەجار، لێرەوە دنیای واقعی وسوریالیەتی ئەو دەرهێنەرە بۆ شانۆ دەردەكەوێت.

گەڕانەوەش بۆ ناو شانۆی تۆماری پیتەر فایس و بەتایبەت لەكاركردنیلەتەك شانۆگەری (لێكۆڵینەوە) لەبنەڕەتدا لێكۆڵینەوەیە لەیادەوەریكۆمەڵگایەك كە فاشیزم جەنگی بۆ هێناوە، ئەگەر پیتەر فایس پرسیاریئەخلاقی ڕووبەرووی مرۆڤگەلێك بكاتەوە كە لەكۆمەڵگای ئەڵمانیدا بەپۆشاكێكی قەشەنگەوە دەردەكەون و تاوان دەكەن، ئەوە دەبێتەوەپرسیاری ئەكسێریش، كە لێرەدا چەمكی قوربانی بوون لەناو شانۆكانسەر لەنوێ‌ خۆیان دەخەنەوە ڕوو.

بەتایبەت بۆ ئەو ڕۆژگارە بەشداریكردنی سەرۆكی دادگا لەناو بینەران، لەپاڵ پشت نەبەستنی ئەكتەرەكان بە ئارایشت، وا دەكات نمایشەشانۆییەكە وەك وێنەیەكی ڕاستەقینەی ناو ئەو كۆمەڵگایە خۆی بخاتەڕوو، ئەو وێنەیە پەیوەندیەكی كۆمەڵناسیانە دەبەخشێتە كارەكانی ئەودەرهێنەرە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی “ئەو نمایشە شانۆییە بەهەمووپێوەرەكان جۆرێك بێت لە ئەزموونی شانۆیی، چ لەكاركردنی دەرهێنەرلەگەڵ بابەتێكی درامی/ بەڵگەنامەیی، چ لەگەڵ موفرەدەكانی نمایشیشانۆییدا” (٣)

ئەو پەیوەندیە لەشوێنێكدا ناوەستێنێت، بەڵكو دەیەوێت لەگەڵتێكستیتردا ئەزموونی بكات، بەڵام نەك بەفۆڕمی شانۆی تۆماری، بەڵكو ئەوەی بەلایەوە گرنگە، چۆنیەتی بنیاتنانەوەی كۆمەڵگای دوایجەنگە، بۆیە دەیەوێت دیدێكیتر بە دنیای یۆژین یۆنسكۆ ببەخشێت.

بۆ قسەكردن لەخوێن وكوشتار وكۆمەڵگایەك كە دەبێت لەو دۆخەدەربازی بێت ئەمجارەیان شانۆگەری (ماكبێس) ی شكسپیردەردەهێنێت، ئەوەش سەرباری ئەوەی نزیكبوونەوەیە لەچەمكی ناپاكیوكوشتن، بۆ ئەوەی لەو زەمینەیەوە پەیوەندیی كۆمەڵایەتی سەردەمیجەنگ بنوسێتەوە، بەدوای كاركردن لە یۆژین یۆنسكۆ و ئیشكردنلەسەر ماكبێسی شكسپیر، ئەو دیدە ڕەخنەییەی یۆنسكۆ بەتەواویدەخاتە ڕوو، كاتێ‌ باس لە شكسپیر دەكات وەك باوكی شەرعیشانۆی ئەبسێرد.

ئەوەش وەك پرۆژەیەك لەتەك شكسپیر درێژ دەبێتەوە، ئەمجارەیانڕووبەرووی تێكستی شالیر دەبێتەوە، پەیوەندیی ئەو وەك دەرهێنەرلەتەك شكسپیر بەرجەستەكردنی وێنەیەكی شالیر نیە بەپێی گریمانەیتێكست، بەڵكو لەشیكردنەوەی بۆ تێكست كۆمەڵێك جیاوازیی خۆیدەخاتە ڕوو، هۆكارەكەشی ئەو دیدە كۆمەڵناسیانەییە كە بۆ كۆمەڵگایپۆڵەندی لەشالیر دەیخاتە ڕوو.

ئێرڤین ئەكسێر بەپێی كاركردنی كۆمەڵناسیانەی بۆ شانۆ دیدێكیڕەخنەیی بۆ یادەوەری جەنگ و چۆنیەتی بنیاتنانەوەی مرۆڤەكانلەكۆمەڵگادا دەخاتە ڕوو، كە ئەزموونكردنی لەتەك كۆمەڵگا لەناوتێكست دەبێتەوە دەرهێنەرێك كە سەر لەنوێ‌ بەشداری لەنووسینەوەیتێكست دەكات.

لەلایەکیتر شانۆی شارەکانی ڤرۆسواڤ و وارشۆ و کراکۆڤتوانیبوویان بەهایەکی گرنگ بەهونەری شانۆ بدەن، شانۆنامەجیهانیەکان لەسەر شانۆکان نمایش دەکران، سارتەر ودۆرینمات ولەپاڵ رۆمانەکانی دستۆڤسکی دەخرانە سەر شانۆ(٤)، تەواوی ئەوبزووتنەوە شانۆییە بنەمایەکی بۆ دامەزراندنی شانۆکە دەخوڵقاند، کەلەگەڵ هەفتاکانی سەدەی بیستەم ببێتە دەرگایەک بۆ لەدایکبوونیچەندین شانۆی ئەزموونی ئەوە لەپاڵ ئەوەی هۆشیاری شانۆییلەهەفتاکان دەگاتە ئاستێک ئەو شانۆیە بەهیچ شانۆنووسێک نامۆنەبێت بەتەختەی شانۆکانی، دیارترین لەو کارانەی لەسەرەتایهەفتاکان نمایش دەکرێت شالیری شکسپیر و تاوانی کوشتنیئەلیۆت، ئەوە لەپاڵ ئەو گەشە سەندنە دەرهێنانیەی بەشانۆی پۆڵەندیلەهەفتاکان دەردەکەوێت وەک لەکارکردنی ئاندژێی ڤایدا لەڕۆمانەکانیدستۆڤسکی لەوانە” شەیتانەکان، تاوان وسزا” هەروەها لەنمایشیشاکارە گرنگەکەی بەناوی “شەوی نۆڤێمبێر” دواتریش لەگەڵکارەکانی شکسپیر لەوانە هاملێت و ماکبێس.

ڤایدا کەناوبانگیمان زیاتر لەسینەمادا بیستووە وکەمتر وەکشانۆکارێک باسی کراوە، بەڵام ئەو نەک تەنیا لەسەرەتادا بەشانۆدەستی بەکاری هونەری کرد، بەڵکو لەپاڵ سینەماش هەردەستبەرداری شانۆ نەبوو، لێرەدا هەوڵ دەدەین ڕوانینێکی گشتیلەسەر شانۆگەریەکانی بخەینە ڕوو.

ئاندژێی ڤایدا لەدایکبوی ١٩٢٦ و لەتەمەنی ٩٠ ساڵیدا واتە لە ٢٠١٦ ماڵئاوایی لەژیان کردووە، سەرەتا وەک نیگار کێشێک دێتە بواریهونەری دواتر لەنێوان شانۆ و سینەمادا دەمێنێتەوە، ئەو كارانەی بۆشانۆ دەریدەهێنێت زۆربەی جار رۆمانە دیارەكانە لەجۆریڕۆمانەكانی دستۆفسكی و ئەلبێر كامۆ، ئەوە ڕوانینی سینەماییانەیەبۆ چۆنیەتی كاركردن، چونكە بەتایبەت دستۆفسكی بۆخۆی سەركێشیكاركردنە لەشانۆدا، بەوەی چۆن ئەتوانین وێنەیەكی دستۆفسكیلەئاستێكی هونەری دوور کە لەڕەگەزی گێڕانەوە دەیگۆڕین بۆ ڕەگەزیدەیالۆگ بەرهەم بێنین؟

ئێمە كاتێك لەبارەی كەسێكی وەكو ڤایدا قسە دەكەین، مانای وایەلەسەر دەرهێنەرێك دەوەستین كە هەر لەسەرەتاوە دیدی بۆ شانۆلەوانیتر ناچێت، زۆرجار لەگفتووگۆکاندا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووەبەوەی ئەو کارانەی نمایشی دەکات دەبێت وێنای بکات لەسەر شانۆئەوسا بیر لەدەرهێنانی دەکاتەوە، ئەو هەر لەسەرەتاوە خەیاڵیسینەمایی وای لێدەكات دەبێت ئەو تێكستانەی دەیەوێ‌ بۆ شانۆدەریبهێنێت، تەواوی دیمەنەكە و پێكهاتەكانی وێنە بەبەرچاوی خۆیببینێت، ئەوە تێگەیشتنێكی فیلمسازە بۆ وێنە، كە دەرهێنەری شانۆییبەدەگمەن بەم شێوەیە بیر لەوێنەی شانۆیی و نمایشەكەی دەكاتەوە، ئەوەش وای لێدەكات سەرسامی خۆی بەرامبەر ئەو دەرهێنەرانە بخاتەڕوو، كە كەسانیتر كاری سینۆگرافیایان بۆ ئەنجام دەدەن، چونکە هەرخۆشی کاری سینۆگرافیای دەکرد.

ئەو ئەگەر بۆ سینۆگرافیا و دیمەنەكان پێویستی بەوە بێت لەسەرەتاوەهەموو شتێك ببینێت، بەڵام تاكە شتێك كە نایەوێ‌ لەسەرەتاوە بیخاتەڕوو، تەواوی ووردەكاری نواندن و كەسایەتیەكانە بۆ ئەكتەر، دەیەوێتلەئەتمۆسفێری شانۆكەدا ئەكتەرەكان بەدوای بونیادی كەسایەتیەكان وئەو دیدگایە بگەڕێن كە ڤایدا دەیەوێت بیخاتە ڕوو، بۆیە كاتێ‌ بەمشێوەیە لەتەك ڕۆمانی (سەگەكان) ی دستۆفسكی كار بكات، ئەوگریمانە سەرەتاییانەی خۆی ناسەپێنێت، هێندەی دەیەوێت ئەكتەرلەپرۆژەیەكی هاوبەشی مەشقدا بتوانێ‌ بگات بە بونیادی كەسێتیكارەكتەر.

ئەو هەندێكجار ئەو دەقانە هەڵدەبژێرێت كە هەر لەناونیشانەوە هەڵگریتانوپۆیەكی شیعرین، وەكو شانۆگەریەكەی میشێل ڤینست گازۆبەناوی (شەبقەیەكی پڕ لەئاوی باران) سەیر نیە لەكۆتایی پەنجاكانیسەدەی بیستەم ئەوە یەكەم كاری شانۆیی ئەو بوو بێت، ئەوەی گرنگەئەوەیە هەر لەسەرەتاوە ئەو ڕوانینە شیعریە لەناونیشانەوە دەبێتەجێگای سەرنجی، وەك چۆن ئەوەی بۆ ئێمە دەبێتە جێگای تێڕامانسەركێشی و كاركردنە لەگەڵ ئەو تێكستانەی سەختن بۆ كاركردن، یاخود بونیادی پێكهاتەكانیان گوتاری فەلسەفی و ئاستی بەرزیهونەرین، ئەوانە دەبنە پڕۆژەی دەرهێنانی ڤایدا لەشانۆدا، وەكشانۆگەریەكانی (هاملێت) ی شكسپیر و (با تەمسیل بكەینسترەندبێری) دۆرینمات.

ئەو زانیویەتی كەشانۆ دەردەهێنێت.. ئەوە شانۆیە سینەما نیە، دەبێتهەڵگری سیستم و گوتاری شانۆیی بێت، بەڵام لەهەمان كاتدا ئەوەشینەشاردۆتەوە، كە شانۆ پێویستی بەزمانێكی سینەمایی هەیە، ئەوە وادەكات شانۆكەی لەئاستێكی بەرزی هونەری بێت، بۆ خۆشی ببێت بەیەكێك لەناوە گرنگەكانی شانۆی پۆڵەندی، لەهەمانكاتدا ویستویەتیپەیوەندیەك لەنێوان دیدی سینەمایی و شانۆیی بەرجەستە بكات وەككاتێ‌ یەكێك لە ڕۆمانەكانی ئەلبێر كامۆ بۆ شانۆ دەردەهێنێت، لەجلوبەرگی ئەكتەر و پێڵاوەكانیان كە قوڕاوین، پەیوەندیەكی لەگەڵدیمەنەكە درووست كردووە كە دیمەنێكی قوڕاویی بێت، ئەوەش تەنانەتپەیوەندیی بەئاسمانی شانۆكەشەوە هەیە، ئەو دیمەنە ئەگەر زیاترلەسینەماوە نزیك بێت، بەڵام لەهەمان كاتدا بۆ ئەو دیمەنە ویستویەتیلەشانۆی بونراكی ژاپۆنی نزیك ببێتەوە.
لەڕووی تەكنیكیەوە دەشێت شانۆگەریەكانی ڤایدا لەشانۆی شێوەكاریپۆڵەندی نزیك بێت، بەتایبەت لەبوونی شیعریەتی شانۆكەی و دابەشبوونی بەسەر خەون لەشانۆگەری (ٍشە‌وی نۆڤێمبەر)، بەڵام ئەو وێنەشانۆییە نابێتە شانۆیەكی شێوەكاری، بەقەد ئەوەی ئەزموونێكیتایبەتمەند دەخوڵقێنێت، ئێمە لەگەڕانەوەمان بۆ ڤیدیۆ تۆماركراوەكەیئەم شانۆگەریە بۆ تەلەڤزیۆنی پۆڵەندی كە ساڵی ١٩٧٨ تۆمار كراوە، وێنەی ڕوونی دنیا شانۆییەكەی ڤایدا دەبینین، شانۆگەریەكە باسلەشەوی ٢٩ ی نۆڤێمبەر دەكات، ئەو شەوەی لە ١٨٣٠ بە شەویڕاپەرین ناسراوە، تێكستەكەی ستانیسواڤ ڤیسپیانیسكی دەبێتەپڕۆژە خەونی ڤایدا بۆ ماوەیەكی درێژ تاوەكو لەدنیابینیەكی سینەماییشانۆیی بەرجەستەی دەكات، شیعریەتی ئەو نمایشە چەندە وێنەیەكیسینەماییە هێندەش شیعرییە، بەو پێیەی دەیەوێت دیمەن بۆ گێڕانەوەیڕووداو لەسەرەتاوە چڕ بكاتەوە لەشێوە كۆرسی شانۆی كلاسیك، بەڵاموەزیفەی كۆرس دەگۆڕێتە سەر شێوەیەكی ڕیتواڵی تایبەت، لەنێوانشانۆی گۆرانی و ئۆپیرا ئاوێتە بوونێك بەرجەستە دەكات، كە دیمەنیشانۆیی ببێتە ئاهەنگێكی شانۆیی، بۆیە گێڕانەوەی ڕووداو لەشێوەیكۆڕس دەردەكەون، بەلام گۆرانی ئۆپیرایی و فۆڕمی شانۆی گۆرانیبەرجەستە دەكەن، تا دەگاتە سەر دیمەنی شا وشاژن، لەوێوە ململانێیدرامی و ترس و توندوتیژی جەستەیی شا لەگەل ئەفسەر و دەستوپێوەندەكان لەلایەك و لەلەیەكیتر لەپەیوەندی جەستەی لەگەڵ شاژن، دەست وپێوەند شورەیەك درووست دەكەن بۆ پارێزگاری لەكۆشك، كەپڕە لەتوندو تیژیی وسەركوتكردنەوە لەپێناو تاكە مرۆڤێك كە نوێنەرایەتیدەسەڵات دەكات.

دیمەنی چاودێریكردن لەشەودا بیری شكسپیرمان دەخاتەوەلەدەركەوتنی تارمایی لەنیوە شەودا، هەروەها بوونی تارماییەكلەشێوەیەكی باڵا لەساتی دەربڕینی دەنگی ئۆپیراییلەئاگاداركردنەوەی كارەكتەرەكان لەوەی ڕوو دەدات، دەرخەریحەقیقەتێكیتری شكسپیریە لەكاریگەری شانۆنامەی هاملێت بەسەر ئەونمایشەوە.

ئەگەر لەهاملێتدا دیمەنێكی نمایشی شانۆیی هەیە كەشانۆ لەناوشانۆیە و چۆنیەتی كوشتنی چیرۆكی تارمایی دەگێڕێتەوە، ئەوا لێرەدانمایشێك لەناو نمایشەكە هەیە ڕووتی دەسەڵاتی شا دەگێڕێتەوە، دەست وپێوەندەكان ڕووتن، هەرچەندە ئەو ڕووتیە دەرخەری وێنەیەكیهۆمۆسێكسوالێتی ئەو دەسەڵاتەش دەردەخات، كە شا ئارەزوویدەكات، بەبەڵگەی ئەوەی لەدیمەنی پێش ئەو نواندنە لەئامادەبوونیشاژنیش لەخۆشی هەواڵی سەركوتكردنی خۆپیشاندەران یەكێكلەدەستە ڕاستەكانی خۆی چەند جارێك ماچ دەكات.

سەرەنجام ترسێك كە بوونی هەیە دەبێت ڕوو بدات، پارێزگاریكردنلەشا بەپارچە قوماشێكی سپی نیمچە ڕووتەوە دەریدەخات، دەسەڵاتچەند ڕووت و چەندە ئامادەبوونی وابەستەی دەنگیەتی نەوەكپەیوەندیەكانی هێز، ئەگەرچی ئەوە خۆ ڕووتكردنەوەیە لەپلەسەربازیەكەی تا نەناسرێتەوە، بەڵام تا كوێ شاژن (پۆلكا) دەتوانێتپارێزگاری لەدەسەڵاتی شا بكات؟

كاتێك دوو شۆڕشگێرەكان دەخاتە ژوورێكەوە، بەبیانوویشاردنەوەیان، بەڵام ئەوە بەس نیە بۆ ئەوەی دەسەلاتێكی بەتاڵیتۆقێنەر بتوانێت درێژە بەزەبروزەنگ بدات، دەسەڵاتێك بوونی تەنیاوابەستەی ساتی ئارامیە، دەنا لەبنەڕەتدا ترسێكی پتەو بەدی دەكات.

ئەو شانۆ لەناو شانۆیە بەشێكی دیاری نمایشەكەی دەكەوێتە ئەستۆ وڤایدا تەواو پشتی پێ بەستووە، لەو ڕووەدا چەندە سوودی لەودیمەنەی شكسپیر وەرگرتووە، بەهەمان شێوە ئەو فۆڕمە براندیللۆیەقوڵ دەكاتەوە، كاتێك براندیللۆ لەشانۆگەری “شەش كارەكتەر بەدواینووسەرەكەیان دەگەڕێن” لێرەدا گەڕان پڕۆسەی توێژینەوەیەلەدەسەڵات وتێگەیشتنەكان، تاوەكو دوو ئاراستە لەنمایش بەدەسەڵاتببەخشێت، ئاراستەی یەكەم وابەستەی سیستمی ئۆپیڕایی وەكگێڕانەوە و بوونی شاو شاژنە لەكۆشك، ئاراستەی دووەم وابەستەینمایشە شانۆییەكەی ناو شانۆگەریەكەیە، ئەوەی ئەو دوو ئاراستەبەیەكەوە دەگەیەنێتەوە، یەكێك لەو ژنە گۆرانیبێژە ئۆپیرایانەیە كە دەنگیئاگایی مێژووییە لەئێستای ڕووداوەكاندا، بینەران لەمەترسی دۆخەكەئاگادار دەكاتەوە كەبڕۆنەوە ماڵەوە، سەرەنجام ئەو ژنە دەمێنێتەوەلەگەڵ ئەو پیاوەی كە لەپشت ڕووداوی خۆپیشاندانە، ئەو پیاوەیبەدرێژی شانۆنامەكە كاغەزی قوماری بەدەستەوەیە، سەرەنجام كەدەدۆڕێت كاغەزەكان فڕێ دەدات وهۆڵەكە بەجێ دێلێت.

ئەو وێنەیە كە كۆتا وێنەی نمایشەكەیە لەشانۆگەریەكەدا ئاماژەیەكیگرنگی كۆتایی ڕاپەڕین وشكستێكە كە لەڕۆژەكانی دواتر ڕوو دەدەن، وێنەیەكیتری شۆڕش بەرجەستە دەكات، كە هیچ نیە جگە لەقوماریقوماربازەكان كە دەدۆڕێن هەڵدێن و ئەوێ جێدێلن، بەڵام ئەوەی لەناوشانۆ لەناو شانۆ خستۆتە ڕوو، كاتێك دەگەڕێینەوە ناو ڕووداوەكانهێشتا مردن لەناو شەقامەكاندایە، هەندێك گەیشتنە كۆشكیپاشایەتی و لەوێدا مردن و خەڵكانێكیشیان كووشت، لەولاوەشەقامەكان هەر توێژێك دەیەوێت داكۆكی لەدەسەلاتی خۆی بكات، قەشە پیاوانی دەسەڵاتیان پێ دەناسێنێت تا خۆپیشاندەران بیانكوژن، لەولاوە خۆشی چارەنووسی لەكوژراوەكان باشتر نابێت و پەتیسێدارە چاوەروانیەتی.

لەكۆتاییدا ڕاپەڕین سەركوت دەكرێت و شاری وارشۆ دەبێتە شوێنیگۆڕستانی مرۆڤەكان بەدەستی دەسەڵاتی خۆیانەوە، دەسەلاتسەردەكەوێت بەسەر هاوڵاتیەكانی، ئەوەش بۆخۆی سەركەوتندەگۆڕێت بەشكست، شاژن وەك ئۆڤیلیای هاملێت پاكیزەیی بەرەوشێتی دەبات، شا لەگەڵ كۆمەڵێك پاسەوان لەدەرەوەی كۆشكە ودەیەوێت عەرشەكەی بەجێ بێلێت، بڕیاری بەدەستی جەنگ بەرپرسدەكات، وەك چۆن جێبەجێكارێكیتر بۆ كوشتنی هاوڵاتیەكان بۆ خۆیكەلەپچە دەكاتە دەستی خۆی و دەچێتە بەردەم لوولەی تۆپەكە، ئەووێنەیە لەڕێگەی گۆرانیەكی ئۆپیرایی لوتكەی ئاستی درامی شكستیدەسەڵات و كۆتایی هاتنە لەڕێگەی مەرگی خۆیەوە، كە لەكوشتنیهاوڵاتیەكانی بەرجەستە بووە.

لەئەزموونێكیتری ڤایدا لەگەڵ هەمان نووسەر ئەمجارە وەك خۆیمامەلەی لەگەڵ تێكستەكە كردووە تەنانەت یەك دێر چیە لای نەبردووەلەتێكستی “ئاهەنگی ژنهێنانی” ستانیسواڤ ڤیسپیانیسكی، كەچیلەهەمان كاتدا وێنە لەنێوان خەون وشیعر و مۆسیقاوە نزیكە لەتەكنیكیشانۆی شێوەكاریی، ئەو نزیك بوونەش زادەی دیدی سینەماییە بۆوێنە، بەتایبەت لەدیمەنە بێدەنگەكان، مۆسیقا كاریگەری تەواو بەسەروێنە جێدێلێت.

ئەو تێگەیشتنە هونەریانەی وای كردووە دوو لەكارەكانی بۆ شانۆبتوانێ‌ دیدگای شانۆكاران بەتەواوی بۆ لای خۆی ڕابكێشێت، شانۆگەری (كاتێ‌ تێگەیشتن دەخەوێت) ئەوە زیاتر لەتەكنیكی شانۆیشێوەكاری نزیك دەبێتەوە، كە دەتوانین بەشانۆیەكی وێنەیی زیاتربیبینین، بەهۆی بوونی وێنە وەك پێكهاتێكی سەرەكی ناو سینەما وشێوەكاری كە مۆسیقا بەشداری ئەو هونەرانە دەكات و لەنمایشێكیشانۆییدا چڕ بونەتەوە، كارەكەش لەبارەی كارە شێوەكاریەكانی(گۆیا) یە، ڤایدا بەم نمایشە توانی خەڵاتی كۆنڕاد سڤینارسكیبباتەوە كە گۆڤاری شانۆی پۆڵەندی ئامادەی كردبوو، بەهۆی ئەوەیئەم نمایشە بە باشترین شانۆگەری ساڵی 1976 ی پۆڵەندا ناو براوە.

هەروەها شانۆگەری (دوو كۆچەر) ی مرۆژێك، كە بە بروای توێژەرانباشترین كاری دەرهێنانە بۆ ئەو تێكستە كرابێت لەسەرانسەریجیهان، ئەو دەرهێنانەیە كە لەهۆڵێكی سینەمایی نمایشكراوە، تەختەیشانۆكە و شاشەی سینەماییەكەی داپۆشیوە، شێوە كادرێكیسینەمایی درووست كردووە، ئەكتەر و كەسایەتیەكان لەهۆڵی بینەراننزیك دەبنەوە، ڕووداوەكانی شانۆگەریەكە لەناو كادرە سینەماییەكەوەڕوو دەدەن.

ئەو هەوڵانەی ئاندژێی ڤایدا لەشانۆدا وایكردووە ڕۆڵی ئەو هێندە گرنگبێت لەشانۆی نوێی پۆڵەندی كە بەهیچ شێوەیەك دەركردنی ناوی ئەولەو شانۆیە وێنەیەكی تەواومان پێ‌ نەبەخشبێت لەو شانۆیە، لەڕاستیدادەتوانین ڤایدا بۆ شانۆی هەفتاکانی پۆڵەندی بەتابلۆی ئەو ژنەیمۆدیلیانی ناوی بەرین كە ڕووخساری ژنێكە تەواوی فیگورەكەیكێشراوە، بەڵام نیگای چاوەكانی بە بەتاڵی جێهێشتووە، ئەوە شێتینیە دیدگای هونەریە وا دەكات بەبێ‌ ڤایدا نەتوانین نیگاكان و دیدگاهونەریەكانی ئەو شانۆیە ببینین.

ئەگەر لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتدا ڤایدا دەنگێکی گرنگی ناو شانۆیپۆڵەندی بێت، ئەوا بەدوای ڕووخانی سۆڤیەتیش دیسان دەرکەوتنەوەیلەشانۆدا بەهێزێکی نوێی خەون بینەوە لەم دۆخە نوێیەی مرۆڤیپۆڵەندی تیای دەژیا کاری دەکرد، بەتایبەت دوای مەرگی زیگمونتهوبنێر، لە ١٩٨٩ کاتێک لەشوێنی ئەو کرا بە بەڕێوبەری شانۆیگشتی لەوارشۆ، کە بۆ ماوەی ساڵێک بەڕێوبەری ئەو شانۆیە بوو، گڕوچالاکی بۆ شانۆ زیاتر پەڕەی سەند و تا ساڵی ٢٠٠٤ کۆمەڵێکشانۆگەری نمایشکرد لەوانە “سۆناتای تارمایی” سترێندبێری، “نەفرەت” ی ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکی، “میشیما” ی یۆکیۆمیشیما، “کلاوی حەسیری” یوگینیا لابیخی، “ڕاگوزەرێک لە وارشۆ” و”گۆرانیەک لەگەشانەوەی ئاودا” و “چۆنت ئەوێ” ی شکسپیر و”ئەهریمەن جارێکیتر” دوا شانۆنامەش کە پێشکەشی کرد، شانۆگەری”ماکبێس” ی شکسپیر بووە.
بانگەشەکردنی گرۆتۆڤسکی (٥) بۆ لابۆرە شانۆییەکەی لە١٩٦٨ بەشێکیتری ئەو گەشە سەندنە دەرهێنانیە بوو لەشانۆدا، کە چەندهەوڵێکیتری هەمان شێوە هەبوو بۆ شانۆ لەوانە شانۆی ستۆدیۆییۆزیف شاینا، بەتایبەت لەنمایشەکانی “ریبیلکا، دانتی” کە چەندەلەڕووی هونەریەوە ئاستێکی بالایان دەبێت لەهەمان کاتدا لەسەرساتەوەختی مەرگی مرۆڤی ئەو کۆمەڵگایە دەوەستێت، کە چۆن مەرگلەهەموو شوێنێک یەخەی دەگرێت، بەبێ گوناهباری گوناهبار دەکرێتو سزای مەرگ بەسەریدا دەسەپێنرێت، هەر لەدرێژەی ئەو هەوڵانەنمایشە بانتۆمیمەکانی تۆماشێڤسکی (٦) دەرخەری جەستەی مرۆڤیپۆڵەندی بوو جەستەیەک کە ڕووبەرووی لەناوچوون ببۆوە لەشانۆدادەیویست ئازادی بکات، بەتایبەت لەنمایشەکانی “پێچاو پێچ، کراس، نۆڤێمبەر شەوی خەون”

دۆزینەوەی میكانیزمی نوێ‌ بۆ شانۆیەك كە تایبەت بێت بەجەستەوە، بەتەنیا بنیاتنانەوەی ئەزموونێك نیە تایبەت بێت بە پانتۆمایمەوە، بەڵكوبەلای تۆماشێڤسكی ئەوە ئەزموونكردنی جەستەیە لەتەك سەماودرامادا، بۆیە شانۆكەی ئەو ئەگەر لەپڕۆسەی ناونان پانتۆمایم بێت، بەڵام لەجەوهەردا پانتۆمایمێكە كە هەڵگری سەما و درامایە، جۆرێكینزیكە لەسەمای بالێ‌، ئەوەش سەرەتا ناكۆكی بۆ درووستكرد لەگەڵیەكێك لەپێشەنگەكانی شانۆی پۆڵەندی كە مامۆستای خۆشی بووئەویش ئیفۆ كاڵ بوو، كەپێی وابوو تۆماشێڤسكی بەم نزیكبوونەوەیپانتۆمایم لەسەمای بالێ‌ لەڕاستیدا ناپاكی لەشانۆ كردووە، هەڵبەتتۆماشێڤسكی بەهۆی ئەوەی ئەكتەرێكی بەتوانا بوو هەروەها خەریكیخوێندنی سەمای بالێش بوو، ئەوە وایكردبوو لەشانۆكەیدا تەوزیفیبكاتەوە.

ئەم شانۆیە بووە كۆڵەگەی پانتۆمایمی هاوچەرخی پۆڵەندی، بەهۆیئەوەی ئاراستەیەكیتری لە پانتۆمایمی شانۆی پۆلەندی دۆزیەوە، كەپانتۆمایم لەم شانۆیەدا هونەرێكی گوزارشتی بوو، كە نەیدەتوانیسنورەكانی خۆی تێپەڕێنێت، بەلام بەكاركردنی تۆماشێڤسكیئاراستەیەكیتر و رووبەرێكی فراوانتری ئەم شانۆیە دەركەوت، كە بووەسەرەتایەك بۆ خوێندنەوەی جەستە لەشانۆدا.

هەڵبەت لەڕووی ستراتیژی پرسیارە شانۆییەكان و هەندێكلەچەمكەكانی كاركردن ئەو لە گرۆتۆفسكی نزیكە، بەتایبەت لەبوونیجولەكردن كە دیدێكی هونەری ڕووت نیە بۆ شانۆ، بەقەد ئەوەیگوتارێكە بۆ مرۆڤ وبایەخدانیانە بە مرۆڤ وبینەری ئامادەبوو، ئەوەشكاركردنێكی جیاوازە لەگەڵ بینەر، هەوڵدانە بۆ گوتارێكی هاودژ كەپێشتر بایەخدان بە بینەر پەیوەست نەبووە بە جەستەوە، بەڵكوبایەخدان بە ووشە بووە، زۆربەی جار ووشە ڕۆڵی كاریگەری بینیووە لەفریوودان وسەرگەرمكردنی.

هەڵبەت نزیكی نێوانیان بەو مانایە نیە، بونیادەكانی ئەم دوو شانۆیەلەیەكەوە نزیك بن، وەك ئەندرە هازبرانت لەتوێژینەوە فراوانەكەیلەبارەی شانۆی تۆماشێڤسكی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات و دەنووسێت”شانۆی پانتۆمایمی تۆماشێڤسكی وشانۆی لابۆریی گرۆتۆفسكی دووشێوەی لەیەكچوو نین لەشانۆدا، بەقەد ئەوەی بەرەو نزیكبوونەوەیەكیڕوون دەچن یاخود دەیانەوێ‌ یەكتری تەواو بكەن، لەمیتۆد و هەڵوێستداهەریەك لەم دوو هونەرمەندە خاڵی تایبەت بەخۆی هەیە” (٧)

هەوڵە سەرەتاییەكانی شانۆی تۆماشێڤسكی هەوڵی تاكگەرایانە بوونلەشێوەی شانۆی مۆنۆدرامی نمایشی دەكرد، یەكەم كاریشی بەناوی(پیانۆژەن) بوو كە مۆنۆدرامایەكی بێدەنگ بوو لە چارەگێكتێنەدەپەڕی، بڕوای وابوو لەڕابردوودا پۆڵەندا شانۆی وەك هونەرنەناسیووە، ئەو تێگەیشتنە پەیوەست بوو بەسووربوونی لەسەرشانۆیەكی هونەری كە لەتەك خەونی ئەو نەوە شانۆكار یەكبگرێتەوە.

بەدوای ئەوە هەنگاوەكانی بردە ناو شانۆیەك كە پەیوەست بێت بەخەیاڵەوە، كاتێك هەوڵەكانی لەشانۆیەكی تاك ئەكتەری گواستەوە بۆشانۆیەكی فراوان، پرۆژەكەی فراوان كرد، ئەوە وایكرد بایەخدانیشیبە پێكهاتە هونەریەكانیتری وەكو جل و بەرگ ومۆسیقا گرنگی خۆیهەبێت لەشانۆكەیدا، دەنگ ئامادەبوونێكی پتەوی هەبوو وەكبونیادێكی سەرەكی ئەم شانۆیە، هەروەها بۆ پەیوەندیی نێوان جەستەو گوزارشتەكانی زۆربەی كات پشت دەبەستێت بەمۆسیقایكلاسیكی..
سەرباری پابەست بوونی بەخەیاڵی هونەری بۆ شانۆكەی، كە هەمیشەجەختی لەسەر خەیاڵی هونەری وفراوانبوونی رەهەندەكانی خەیاڵكردنو پەیوەندیی نێوان ئارەزوو وعەقڵ بەیەكەوە كۆ دەكاتەوە، بۆ ئەوەیبتوانێ‌ رووبەری فراوان بۆ شانۆكەی تەرخان بكات، بەڵام ئەوەبەفەرامۆشكردنی نەبوو بۆ تێكستی ئەدەبی، بەڵكو تێكستی ئەدەبیدەكردە زەمینەیەك بۆ ئەوەی سەرلەنوێ‌ كاری تیا بكاتەوە و بەپێیپێداویستی شانۆكەی بەكاری بێنێتەوە، وەك لەكاركردنی لەتەك فیكتۆرهۆگۆ یاخود لە (پاڵتۆ) ی گۆگۆڵ، هەروەها كاری لەتەك ئەفسانەیگلگامش كردووە، ئەو دەمەی ڕووبەرووی فاوستی گۆتە دەبێتەوە، دەیەوێ‌ بەپێی ویستی هونەری و پێداویستی شانۆكەی كارێكی لێ‌ درووست بكات، بۆ ئەوەش شانۆیەك نمایش دەكات بەناوی (رۆیشتنیفاوست)

لە شانۆكانیدا جگە لەخۆی كەس ئامادەكار و نوسەر و دەرهێنەر نەبوو، تەواوی بەشداران ئەكتەر بوون، ئەوەش وای كردبوو بیركەرەوەی ناوكارەكان خۆی بێت، چونكە دەیزانی پڕۆژەیەكی هەیە لەم شانۆیەدادەبێت هەنگاوەكانی بەپێی هەوڵەكان تێپەرێَنێت.

ئاوێتە بوون چەمكێكی سەرەكی شانۆكەیەتی كە شانۆیەكی سەمایدرامیە، ئەم شانۆیە لەڕێگەی ئاوێتە بوون سەما و پانتۆمایم لەگوتارێكیدرامیدا چڕ دەكاتەوە، ئەوەش جولە دەكاتە سێنتراڵی پانتایی و زەمەن، تیایدا جولە وێنای ماتریالەكان دەكات، پانتۆمایم لەهونەرێكیگوزارشتی ناهێلێتەوە، وەك چۆن سەماش بەتەنیا هونەرێك نیە لەناوكاری ئیرۆتیكی و جەستەیی، بەقەد ئەوەی جولە پانتایی و زەمەنیكارەكە چڕ دەكاتەوە لەناو یەكتری و یەكگرتنێكی هونەری پێك دێنێت، كە گوتاری شانۆكەیە، ئەوەش بوو بە سیما تایبەتمەندیەكانیپانتومایمی هاوچەرخ لەشانۆی پۆڵەندیدا.

لەباشترین ئەو دەرهێنەرانە بوون کەلەسەر شانۆکان دەنگیان دایەوە، باردینی لەو قۆناغەدا یەکێک لەباشترین کارەکانی شانۆنامەی “یانگابرێل بۆرکمان” ی هینریک ئەپسن بوو، هەروەها کارەکانی ز. هوبنێر (١٠) لەسەر شانۆکانی کراکۆڤ هیچی لەڕۆلێ باردینی کەمترنەبوو گەر زیاتریش نەبووبێت.

لێرەدا پێویست دەکات لەسەر سڤینارسکی بووەستین، هەڵبەت بەشێكی دیاری شانۆكارانی پۆڵەندی پێشتر لەبواری هونەریشێوەكاریدا كاریان كردووە، ئەویش كەسێك بووە لەوانەی لەو بوارەداكاری كردووە، ئەو كاركردنە دیدێكی شێوەكاری بەكارە شانۆییەكانیبەخشیووە، كە وای كردووە ئامادەبوونی مرۆیی لەپاڵ ئەو هونەرە، دیدێكی هاوبەش دەخاتە ڕوو لەپەیوەندیی نێوان هونەر و ژیان، كەخۆی بەدیدی پۆلیڤۆنی ناوی دەبات، ڕەنگە ئەوەیان ڕووبەروویوەستانمان بكاتەوە، كە بۆچی دیدی شێوەكاری و ئامادەبوونی مرۆییدەبنە دیدی پۆلیڤۆنی؟

ئەو فرە دەنگیە (پۆلیڤۆنیەت) لەكاری شانۆییدا پەیوەستەبەتێكشكاندنی فۆڕم لەمانای باودا، بەتایبەت لەبڕوا بوونی فۆڕملەوێنەی شانۆیی، وێنە دیدێكی تەكعیبی بەخۆیەوە دەگرێت، ئەوەشپەیوەستە بەیادەوەری كاركردنی لەبواری هونەری شێوەكاریدا، ئەوەشلەو سۆنگەیەوە كاری تیا دەكرد، كە فۆڕم بەرەنجامی ئەو بابەتەیە كەتێكست خوازیاریەتی.

هەڵبەت پێویستە ئەوەمان لەیاد بێت كە ئەو لەژێر دەستی دووهونەرمەند كاری كردووە، دەتوانین ڕوانینی ئەوان وەك جۆرەكاریگەریەك لەسەر كارە هونەریەكانیدا ببینین، ئەو كاتەی وەكشێوەكارێك كاری دەكرد لەژێر دەستی ستگیمینسكی خەریكینیگاركێشان بوو، كاتێ‌ شانۆشی خوێند لەسەر دەستی یەكێك لەناوەدیارەكانی شانۆی پۆڵەندی ئەو هونەرەی دەخوێند كە ئێرڤین ئەكسێربوو، ئەو دوو هونەرمەندە كاریگەریان لەسەر پێكهاتی عەقڵیەتی شانۆیئەودا هەبوو.

كاتێ‌ بەرەو ئەڵمانیاش رۆیشت و ڕاستەوخۆ ویستی نزیك بێتلەشێوازە شانۆییەكەی شانۆی داستانی برێخت، لەنزیكەوە برێختببینیت، تەنانەت چەند شانۆنامەیەکی برێختی بۆ شانۆ دەرهێنا، لەیەكێك لەنمایشەكانیدا برێخت خۆشی ئامادە بووە، جگە لەوە هەوڵیداهەندێك تێكست كە بنەمای ئەرستۆیی بەتەواوی تیا بەرجەستە كراوە، یابەدەقی نا برێختی ناسراون، وەك دیدی داستانی برێخت بۆ شانۆیاندەربهێنێت، لەوانە شانۆگەری (فریشتەیەك لە بابل دادەبەزێت) یدۆرینمات.

كاتێ‌ لەناوەراستی شەستەكان لەو سەفەرەی بۆ ئەڵمانیا و بەتایبەت لەبەرلین كە شانۆگەری (مارا- صاد) نمایش دەكات، ئەو كارە دەبێتەجێگای سەرنجی نێوەندە شانۆییەكە و دەتوانێت بەم نمایشە خەڵاتیرەخنەی شانۆی ئەڵمانی بەرێتەوە.

شوناسی شانۆ لەلای ئەو دەرهێنەرە پێكهاتووە لە ئامادەبوونێكیمرۆیی، ئەو تێگەیشتنە بۆ شانۆ، گەڕانەوەی بەهایە كە بەبیانویكۆمۆنیزم، نەك بەتەنیا كۆمەڵگای پۆڵەندی بەرەو جۆرێك لەتوند وتیژییبردراوە، تەنانەت بۆتە گوتارێك بەدژی فەلسەفەی ماركسیزمیش، بۆیەشانۆی سڤینارسكی گەڕانەوەی حورمەتە بۆ چەمكی مرۆیی، مرۆڤبوون خاڵی جەوهەری تێگەیشتنە لەشانۆ، ئەوەش دەرفەتیجۆرێكیتری كاركردنی بۆ كردۆتەوە، لەلایەك وا دەكات ڕوو بكاتەدەرهێنانی شانۆگەری (بالكۆن) ی ژان ژینیە، لەلایەكیتر گەڕانەوەی بۆرۆمانتیك لەشانۆدا، ئەو ڕۆمانتیكی بوونە جۆرێكیتری گەڕانەوەیماناكانی بوونە بۆ مرۆڤ، لەو سۆنگەیەوە ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆشكسپیر و چەندین تێكستی شكسپیریی دەردەهێنێت لەوانە (خەونینیوە شەوی هاوین، هاملێت) دیارە لوتكەی ئەو تێگەیشتنەی بۆ شانۆ لەدواهەمین كاریدا دەخرێتە ڕوو، كە بەناوی (مێشوولە) تێكستێكە لەنوسینی مایكۆفسكی.

دیارە ئەو كارەی دوایی كە دواهەمین كاری بوو، تەنیا دوو هەفتە بووشانۆگەریەكە نمایش دەكرا، ئەو دەمەی لە ئابی 1975 دەچوو بۆفێستڤاڵێكی شانۆیی لە شاری شیرازی ئێران، لە ئاسمانی دیمەشقفرۆكەكەیان دەكەوێتە خوارەوە، تەمەنی تەنها 46 ساڵ دەبێت كۆتاییبە بەژیانی دێت، بۆیە بەلای توێژەرانی شانۆ ئەوە ڕۆژێكیمەرگەساتاویە بۆ شانۆی پۆڵەندی هاوچەرخ، كە دیارە دوای مردنیشیشانۆگەریەكەی بەردەوام دەبێت لەنمایشكردن، چونكە ئەو كارە وەكڕەخنەگران ئاماژەی بۆ دەكەن، دەركەوتنی تەواوی سیمائەفڕێنەرەكانی شانۆی سڤینارسكی بوو.

ئەو دۆخە لەبەردەم شانۆیەکی سیاسیدا خۆی دەبینیەوە، بەڵام دەبووشانۆیەک بێت بزانێت چۆن چارەسەریەکانی دەخاتە ڕوو، بۆیە کاتێکكاژیمیێژ دێیمێك (١١) شانۆیەكی سیاسی شیعریی بنیات دەنێت، ئەوە وەستانە لەسەر ئەو میراتە كولتووریەی شانۆی پۆڵەندی، كەوادەكات بتوانێ‌ ئەو میراتە بەرەو كرانەوە و دیدی جیاواز بۆ شانۆبەرێت، ئەو كە پێشتر وەك ئەكتەر لەژێر دەستی شیللەر كاری كردبوو، لەهەمان كاتدا وەك هەر شانۆكارێكی سەردەمی خۆی سەرسام بوو بەستانسلافسكی، ئەو دوو شێوازە شانۆییە جۆرە دەرباز بوونێكی بۆهێنادی، بەڵام نەك لەسەر بنەمای دژایەتیكردنی میتۆد و فیكر، بەقەدئەوەی ئاراستەیەكیتر لەناو تیۆر بدۆزێتەوە، لەپێناو ئەوەی جیاوازبوونبێنێتە كایەوە، ئەو كە شانۆكەی شانۆیەكی سیاسی شیعریی بوو، بڕواشی بە واقعی سۆسیالیستی هەبوو، ئەوەش وایدەکرد لەلایاندەوڵەتەوە دژایەتی نەکرێت، چونکە ئەوان خۆیان پشتگیریان لەشانۆیواقعی سۆسیالیستی دەکرد، ئەو ئاراستە و ڕەوتانە دەبنە گوتاریپێكهاتەی شانۆی دێیمێك.

یەكێك لەكارە دیارەكانی كەوایكرد بە بایەخەوە لەم شانۆیە سەیربكرێت، هەوڵدانی بوو لەتەك میكوای فیلكۆ فیتسك كە نوسەرێكیچاخی ناوەڕاست بوو، ئەو دەمەی شانۆگەریەكی ئەو نووسەرەیدەرهێنا، بەناونیشانی (چیرۆكی هەڵسانەوەی حەزرەتی مەسیحیپیرۆز)، بەم شانۆگەریە دەرگای بەڕوو كرایەوە وەك دەرهێنەرێكیشانۆیی خاوەن توانایەكی بەرز، بەتایبەت بەدوای ئەوەی ئەوشانۆگەریەی لەچەندین ووڵاتی دنیا پێشكەش كرد، لەوانە (فەڕەنساوبەریتانیا وئیتاڵیا وچیكسلۆفاكیا) هەر بەم نمایشە ساڵی 1964 لەچوارچێوەی فێستڤاڵی نەتەوەكان لە پاریس خەڵاتی ڕەخنەگرانیشانۆی فەڕەنسی وەرگرت، ئەگەرچی دە ساڵ بەر لەو كارەشانۆگەریەكیتری گرنگی نمایش كردبوو بەناوی (كۆترەكان) كەلەنوسینی مایكۆفسكی شاعیر بوو، كە بەیەكێك لەكارە هەرەگرنگەكانی لە شانۆ دادەنرێت.

بنەمای كاری دەرهێنانی شانۆیی لای دێیمێك پەیوەستە بە ڕاڤەكردن وتەئویل، ئەوەش پەیوەندیی نێوان تێكستی شانۆیی و تەختەی شانۆیە، ڕاڤەكردن بنەمای سەرەكی پرۆسەی دەرهێنانە، لەو سەرەتایەوەپەیوەست دەبێت بە ڕاڤەكردنی تێكستەوە، ڕاڤەكردنێك ناوی دەنێتدڵسۆزی بۆ تێكست، بەواتای دەیەوێت بگاتە ئەو بنەمایانەی دیدینووسەر، ئەوانە ڕاڤە بكات، پرۆسەی تەئویلكردنیش لەسەر تەختەیشانۆ ئەنجام دەدرێت، كە بەدوای ڕاڤەكردنەوە دێتە دی، بەمانای دیدیدەرهێنانی لەوێوە دەگاتە لوتكە، ئەوەش پەیوەستە بە پەیوەندییدەرهێنەر بە ئەكتەر و سینۆگرافیای شانۆوە.

لەڕووی میتۆدیەوە بۆ تەئویل ئەو ڕوانینەی دەرهێنەر ناتوانین بە دووئاراستەی كاركردن ناوی بەرین، چونكە ڕاڤەكردن پرۆسەیتاكرەهەندی لێكدانەوەیە، تەئویلیش بەشداریكردنی ئاگاییە، ئەوەشئامادەبوونی سێ‌ ئاراستەیە لە ئاگایی كە جوانكاری و مێژوویی وزمانەوانین، بۆیە لێرەدا تەئویل و ڕاڤەكردن بۆ خۆی بەگژداچوونەوەییەكتریە، چونكە گەر ڕاڤەكردن دڵسۆزبوون بێت بۆ تێكست، ئەوا تەئویلبۆ خۆی بەگژداچوونەوەی ئەو دڵسۆزییە.

بۆیە ئەوەی لەتەئویلدا ئەنجامی دەدات پەیوەندیی نیە، بەدنیای تێكستو كارەكتەرەكانیەوە، بەقەد ئەوەی پەیوەستە بەدیدی شێوەكاریانەی لەسینۆگرافیا و پێكهاتی جولەی ئەكتەر، سەرەنجام ئەو ئاگاییە لەتەكڕاڤەكردنی بۆ دەق وێنای كردەی دەرهێنان دەكات لەشانۆیەكیشیعریی و سیاسی، شیعریەت بەرەنجامی ئەو مۆركە شێوەكاری وزمانەوانییە، كە تا ئاستی ئەوەی بەرەو ئۆپەرێت وهەندێكجار دیدیدنیای نوسەرانی وەكو چێخۆڤ دەچێت، وەك لەشانۆگەری (لالۆ فانیا) كە تەئویل شتێك نیە، جگە لەوەی دەیەوێ‌ ڕاڤەی سایكۆلۆژی بۆكارەكتەر بخاتە ڕوو، ئەوانەش لەناو دوو ئاراستەی گرنگی گوتارەشانۆییەكەیدا چڕی دەكاتەوە، كە سیاسەت وشیعرە، ڕەنگە ئەو دوانەلەبنەماوە جۆرە ناكۆكیەك بخوڵقێنن، بەڵام دێیمێك هەوڵ دەدات شانۆسیاسیەكەی لەدیدی شانۆیەكی شیعریەوە بخاتە ڕوو، شیعریەتبەتەنیا بەرەنجامی شیعر نیە، هێندەی شیعریەت لەناو سینۆگرافیا ودیدی دەرهێنانی بەرجەستە دەكات.

ئەو شانۆ واقعیە پۆڵەندیە پێویستی بەکودەتایەک هەبوو، کە بەبروایئێمە دەتوانین دوو شانۆکار بەهەڵسێنەری ئەو کودەتایە ناو بەرین (١٢) ئەوانیش تادیۆش روژێڤیچ (١٣) و یێژی یارۆچکی (١٤)

شانۆی واقعی نوێی پۆڵەندی، شانۆیەک بوو لەساتەوەختی خۆیداتوانی ئاراستەیەکی نوێ لەنەخشەی شانۆی پۆڵەندی بخوڵقێنێت، ئەوشانۆیە کاریگەری بەسەر ئێستادا ڕەنگە تەنیا وەک زەمینەیەکیشانۆیەکی واقعی بێت، بەڵام شانۆیەک بوو توانی لەو گوتارە بەردەوامەبێتە دەرەوە، تادیۆش روژێڤیچ بەشداریەکی کاریگەری لەوگۆڕانکاریەدا کردووە، رۆژێڤیچ لە ٩ ی ئۆکتۆبەری ١٩٢١ لەشاریڕادۆمسکۆ لەدایکبووە و لە ٢٤ ی نیسانی ٢٠١٤ لە ڤرۆتسواڤماڵئاوایی لەژیانک کردووە، جگە لەکاری شانۆکاریی وەک نووسەر وشاعیریش لەئەدەبی پۆڵەندی ناسراوە، دووەم مناڵی خانەوادەکەیەتی، ئەوان سێ برا بوون هەرسێکیان لەکولتووری پۆڵەندی ناسراون، براگەورەکەی ستانیسلاڤ دەرهێنەری بواری سینەما وشانۆیە و برابچووکەکەشی یانوش شاعیر بوو.

یانوش یەکەم کەسی خانەوادەکە بوو کە شیعری بلاوکردۆتەوە، لەقۆناغی ناوەندی لەخوێندن دەردەکرێت بەهۆی بۆچوونەسیاسیەکانی، دواتر دەتوانێت خەڵاتی شیعری گۆڤارێکی پۆڵەندیبەرێتەوە.

سەرباری ئەوەی خۆشی یەکێک بوو لەشاعیرە دیارەکانی پۆڵەندی، بەتایبەت سەرەتای دەست کردن بە کارەکانی، بە نووسینی شیعردەستی پێکرد، لەگەڵ برا گەورەکەی لەچلەکانی سەدەی بیستەمبەشداریان کردووە لە سوپای نیشتمانی پۆڵەندیی، لە ١٩٤٤ لەلایانپۆلیسی نهێنی ئەلمانی “گیستابۆ”، ستانیسلاڤی برای کە دەرهێنەریسینەماو شانۆ بوو لەسێدارە دەدرێت، بە لەسێدارەدانی براکەیئازارێکی زۆر دەچێژێت و دیوانێکی تایبەتی بۆ دەنووسێت، هەلبەتچلەکانی سەدەی بیستەم بۆ ئەو دەرکەوتنی بوو وەک شاعیرو چەندیندیوانە شیعریی بڵاوکردەوە لەوانە “دەنگدانەوەی دارستان، دڵەڕاوکە، پەنجەوانەی سوور، قەسیدە نوێیەکان”

هەندێک لەڕەخنەگران بڕوایان وایە ئەدەبی روژێڤیچ خاڵی نیەلەکاریگەری، بۆیە گەر لەشانۆدا کەوتبێتە ژێر کاریگەری شانۆیئەبسێرد و شانۆنامەکانی بیکیت و یۆنسکۆ، ئەوا لەشیعریشداکاریگەری ئیلیۆت و ئەزرا پاوند زۆر بەڕوونی بەسەریەوە دەبینرێت.

هاوکاری “ستانیسلاڤ” ی برای کردووە بۆ نووسینی سیناریۆیفیلمەکانی لەو بارەیەوە پێنج فیلمنامەی بە هاوبەشی براکەینووسیووە، دواتر بۆ خۆشی سیناریۆی بۆ چوار فیلمیترنووسیوە “سێژن، شوێنێک لەسەر زەوی، دەنگێک لەم جیهانە، دۆزەخ و ئاسمان”

لەکارە شانۆییەکانی “دۆسیە، فەرهەنگی ناسنامە، گروپی لاکۆنا، شاهیدەکان، دەرچوون لەماڵ، پیرەمێردێکی پێکەنیناوی، ڕەتکردنەوەیپیرەژنێک، سپاگێتی و شمشێر، نمایشێکی ناتەواو، باخچەیبەهەشت، لەسەر چوار، هاوسەرگیریی سپی، رۆیشتنی برسێتی، زیادکردنی سرووشتی، مردن لە زەخرەفە کۆنەکان، بۆ لم، بۆسە، دوکەڵکێش”

سالێ ١٩٩٨ بە شانۆنامەی دۆسیە خەڵاتی نایکی ئەدەبی وەرگرتووە، هەلبەت ئەوەش پانزەهەمین خەڵات بوو کە لەژیانی ئەدەبی و شانۆییوەریگرتبێت، یەکەم خەڵاتی لە ١٩٥٥ بوو کاتێک خەلاتی پلە دوویدەوڵەتی وەرگرت، لە ١٩٦٦ ئەمجارە خەڵاتی پلە یەکی پێبەخشرا، دکتۆرای شانازی لەچەندین زانکۆی پۆڵەندی پێبەخشراوە، هەروەهانازناوی شانازی لەئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی فرۆتسواڤ

ئەو پەیوەندیە چیە کە ئەو لەنێوان شیعر وشانۆ درووستی دەکات؟ شیعر بۆ ئەو ململانێیە لەگەڵ ژیار و کولتوور، ئەوەش فۆڕمێکی درامیدەگرێتە خۆی، لێرەوە بونیادی وێنەی شیعری دەبێتە ڕووبەری درامی، ئەوەش دەرگا دەکاتەوە بۆ پەیوەندی نێوان شیعر وشانۆ، لەو بارەیەوەلە کتێبی” شانۆی حوکمە پێشینەییەکان” کە ساڵی ١٩٧٠ لە وارشۆچاپی کردووە. دەنووسێت “چی من بە شانۆوە دەبەستێتەوە؟ لەگەڵشانۆدا لەیەک کاتدا ئارەزویەکم هەیە لەنووسینی واقیع وهونەریشیعردا، ئەوە بابەتێکی ئاسان نییە، لەبەر ئەوەی نازانم جیاوازی چیەلەنێوان شانۆی شیعریی و واقعیدا، ئایا پێویستە هونەری شیعر مەزنبێت لەگەڵ ڕەسەنایەتی واقیعدا؟ یاخود پێویستە درامای ڕاستەقینەلەگەڵ رەسەنایەتی شیعردا مەزن بێت؟”

ئەو ململانێیەی بۆ مرۆڤی هاوچەرخ لەناو شانۆنامەکانیدا دەیەوێتبیخاتە ڕوو، لەبنەرەتدا بەرەنجامی گومانێکی بەردەوامە کە بەرەوپرسیاری دەبات لەپەیوەندی نێوان شیعر و واقیعدا، بۆیە بۆ خۆیدەبێتە ناوەندی نێوان ئەو پەیوەندییە، کێشەی کولتوور بۆ مرۆڤیپۆڵەندی کێشەیەکی سەرەکی ئەو شاعیر وشانۆکارەیە، کە هەمیشەوەک پرۆژەیەکی بەردەوام لەسەری دەوەستێت، بۆ ئەوەی بیگەیەنێت بەشێوەیەک بۆ درامای نوێ، بۆیە لەبەرگی یەکەمی کۆبەرهەمەکانیبەناوی شانۆ کە ساڵی ١٩٨٨ لە کراکۆڤ چاپکراوە دەنووسێت “ئەوەهەولیکی باوەڕپێکراوە بۆ یەکگرتنی جیهانی مرۆیی، هەندێکگێڕانەوەی خودی، چارەنوسی نەوەیەک کە شارەزاییەکی گەورەتریهەیە بەشیوەیەکی کارەساتاوی، کە ئەمڕۆ تەنیا گروپێکن، گروپێکلەشتێک بۆمان دەردەکەون، لەحالەتێکی ئاژاوەگێریدان، کە ئاوێتەیەکینێوان بابەت و زنجیرەی هەڕەمین بۆ بایەخ و بەها”

کەوتنی بەها مرۆڤەکان ڕووبەرووی جۆرێک لەترس وشێتی دەکاتەوە، وەک لەشانۆنامەی “بۆ لم” تێبینی دەکەین، بەتایبەت لەو نمایشەی کەوەک ئەرشیفێکی تۆمارکراو پارێزراوە، دەبینین مۆسیقا و گۆرانیدەیانەوێت زالبن بەسەر ئەو پانتاییە ڕەشە، کە ئامێرێکی مۆسیقیتایبەت بەو کۆمەلگایە وا دەکات، جۆرە پەیوەندیەک بە یادەوەریمرۆڤەکانەوە بخوڵقێنێتەوە، لەم نمایشەدا وەک هەر شانۆنامەیەکی تریهەست بەو کاریگەرە زاڵەی بیکیت دەکەین، لێرەدا دیمەنی بوزۆ و لکینێو شانۆنامەی “لەچاوەروانی گۆدۆ” لەفۆڕمێکیتردا دەبینینەوە.

یەکێک لەدیارترین ئەو وتارانەی لەبارەی کارەکانیەوە نووسرابێتنووسینێکی میخاو بویانۆڤیچ ساڵی ٢٠٠٤ لە سایتی کولتوور بڵاویکردۆتەوە، هەر لەسەرەتاوە نووسەر باس لەوە دەکات کە درامایپۆڵەندی لەشانۆنامەکانی رۆژێڤیچ سەری هەڵداوە، ئەوە ناشارێتەوە کەچێخەف و بیکیت کاریگەریان بەسەر شانۆنامەکانیەوە هەبووە.

لەدەرەوەی ئەو کاریگەرێتیە کە بویانۆڤیچ ئاماژەی بۆ دەکات، بەڵامسیمای شانۆیی رۆژێڤیچ ئاستێکی ڕوونی بەخۆی بەخشیووە، بەوپێیەی لەبونیادی درامی رووداو لای چێخەف و زمانی کارەکتەر لایبیکیت، دەیەوێت وێنەیەکیتری شانۆیی بخولقێنێتەوە، ئەوەلەشانۆنامەی “دۆسیە” زۆر بەڕوونی هەستی پێدەکەین، بۆیەواقعیەتێکی ئەبسێردیانە دەخوڵقێنێت، کە توانای هێلێکی درامیسەربەخۆی هەبێت، ئەوەش لەهەردوو ئاستی نووسین و دەرهێنان وەکسیمایەکی ڕوونی شانۆنامەکانی دەردەکەوێت.

لەلایەکیتر یارۆچکی دەیویست کودەتا بەسەر شانۆی واقعیدا بکات، پەیوەندیی نێوان شانۆ و واقیع لەكۆمەڵگای پۆڵەندی، پەیوەندیەكی نوێ‌ بوو بۆ گوزارشت كردنی ئەم كۆمەڵگایە لەڕێگەی شانۆوە، شانۆ بۆئەوان زمانێك بوو دەیویست واقیع بەشێوەیەكیتر بخاتە ڕوو، ئەوەشچەندە پەیوەست بوو بەدۆخی تراژیدیای جەنگەوە، لەهەمان كاتداگەڕان بوو بەدوای زمانێكی شانۆیی ئەلتەرناتیڤ، هەڵبەت جەنگیادەوەری ئەو شانۆیەی بنیات دەنا، بەڵام یادەوەریەك هێزی كاركردنیدەگۆڕی بۆ چۆنیەتی داڕشتنەوەی واقیع و شانۆ، بۆیە ئەوداڕشتنەوەیە لەسەرەتادا ناوبرا بە شانۆی واقعی نوێ‌، كەچییارۆچكی لەشەستەكانی سەدەی بیستەمەوە كاتێ‌ دەستی بەكاركردنكرد، ویستی كودەتا بەسەر ئەو واقعیەتە نوێیەشدا بێنێت.

گۆڕین و كودەتا بەسەر واقعی نوێ‌، گەڕانەوە نەبوو بەرەو شانۆیەكیسوونەتی، بەقەد ئەوەی خوێندنەوەیەكی ڕەخنەیی بوو بۆ مێژووی ئەوشانۆیە، بۆ ئەوەی لەنێوان یادەوەری شانۆی پۆڵەندی وشانۆی واقعینوێی پۆڵەندی، بەرەو ئاراستەیەكیتر هەنگاو بنێت، كە جۆرێك لە ئاوێتەبوون دەخوڵقێنێت لەنێوان واقیع و واقیعی خەیاڵی، ئەوە لەڕۆماندا بەواقعی سیحری ناسیومانە، بۆیە ئەو جۆرە خەیاڵە یارمەتی دەدات، كەستراتیژیی شانۆكەی بخاتە ڕوو. هەرچەندە زۆربەی ڕەخنەگران لەسەرئەوە كۆكن كە سەختە دید و ڕووخساری شانۆكەی بە ئاسانیبناسرێتەوە، بەڵام ئەو خەیاڵكردنەوەیە لەناو واقیع، گەڕانەوەیە بۆ ناوتێكست، بە تەئویلی جیاوازەوە، تەئویلكردنەوە بۆ تێكست، پەیوەندیەكیترە، كە وێناكردنەوەكانی لەڕێگەی تێكستەوە سەر لەنوێ‌ دەیەوێت دنیای تێكست بەرەو خەیاڵكردنەوەی واقیعی بەرێت.

بۆیە بەلای یارۆچكی نوێبوون لەشانۆدا بەتەنیا فۆڕم نیە، بەڵكو فۆڕملەناو تێكستەوە بنیات دەنێت، بەواتای نایەوێ‌ ئەو واقیعە نوێیەیدەخرێتە ڕوو، دیدێكی فۆڕمالیستی بێت، بەقەد ئەوەی فۆڕمەكانبەرەنجامی دنیای كارەكتەر و بابەتی ناو تێكستەكان بن، ئەوەشهەژاندنی بونیادی دەقە، گەڕانە بۆ هەژاندنی ئەو بونیادە كە بەكۆمەڵێكڕووبەند داپۆشراوە، دەرهێنەر دەبێت بیهەژێنێت و زەمەنی كاركردنیخۆی تیا بدۆزێتەوە، ئەوەش پرۆژەی چۆنیەتی كاركردنەوەیە لەتەكتێكست.

مرۆڤ و پەیوەندیە مرۆییەكان ئەو دوو چەمكە گرنگەی بایەخدانیەتیلەشانۆدا، ئەوەش كارێكە وەك خۆی جەختی لەسەر دەكاتەوە پەیوەستەبە ئەكتەرەوە، بەواتای ئەكتەر ئەو مرۆڤەیە كە چۆن لەشانۆدا ئاماژەیبوونی لەپەیوەندیە مرۆییەكانی بەكار دێنێت، ئەوەش ئەكتەر و ئاماژەوەك دوانەیەك لەبەرهەمهێنانی گوتار دەبنە خوڵقێنەری دەلالەت، چونكەبە بڕوای ئەو ئەكتەر كەناڵی پەیوەندیی نێوان ئاماژە و دەلالەتەكانیەتی.

یارۆچكی كە دەرهێنەری حەفتا تێكستی شانۆیی بووە، لەنێوانتێكستی پۆڵەندی و جیهانیدا، لەوانە كاركردن لەتەك نووسەرانی وەكوبرۆنر یاشنسكی و ژۆن ئۆزبۆرن و دۆرینمات و ئەنتوان چێخۆڤویۆژین یۆنسكۆ ولیامز و یۆژین ئۆنێڵ وكرۆتشكۆفسكی و مرۆژێكوكافكا.
لەسەفەر و گەڕانێكی بەردەوامی ناو دنیای جیاواز بووە، جۆرەئینتیمایەكی بۆ نووسەر هەبووە، ئەو ئینتیمایە بەجۆرێكیتر بیریلەكاركردنی تێكست كردۆتەوە، ویستویەتی بەرەو دیدی شیعرییهەنگاو بنێت، چونكە زانیویەتی ئەوە كۆمەكێكی زۆری دەكات بۆپەیوەندی نێوان خەیاڵ وواقیع، شیعریەتی وەك رووبەرێكی سەرەكی بۆخەون بینینی واقیع سەیر كردووە، ئەوە وایكردووە شانۆكەی ئەمرۆ بۆئێمە وەك ناوەندێكی پێكگەیشتنی دوو تیۆریتر بكەوێتە ڕوو، ئەوانیشلەڕووی ئەكتەرەوە بمانگەڕێنێتەوە بۆ گرۆتۆفسكی، هەرچەندەگرۆتۆفسكی زیاتر لەڕێگەی جولە و دەنگەوە توانا شاراوەكانیئەكتەری خستۆتە ڕوو، لەئاستی جوانكاریشەوە زیاتر لەشانۆیشێوەكاری گژیگۆژیڤسكی نزیكمان دەكاتەوە، ئەو دوو ئاراستە تیۆریەوایان كردووە شانۆكەی ببێتە ناوەندی پێكگەیشتن، ئەو دوو شانۆیەببنە میراتێك بۆ چۆنیەتی لەدایك بوونی شانۆیەكیتر، كە وەك پێشترئەوەمان خستە ڕوو، ئەو زیاتر لەئەنجامی ڕەخنەگرتنی لەیادەوەریشانۆكە و هەوڵە نوێیەكانی شانۆكەدا ویستویەتی هەنگاوەكانی بەرەودیدێكیتر بەرێت.

لاسۆ ئادەمیک یەکێکیترە لەو دەر‌هینەرانەی پۆڵەندی کە لەو نەخشەیەداجێ پەنجەی دیارە، بەتایبەت لەنمایشی “دادگا” ی کافکا، گواستنەوەی فەزای ڕۆمانەكانی كافكا بۆ شانۆ، دنیایەكە توانایهەڵگرتنی پرسیارو هەلوەستە كردنی هەیە، بەتایبەت گەرلەهەڵبژاردنەوە تاچۆنیەتی خوڵقاندنی نمایش توانرا بزانرێت چیلەپشت ئەو ئیشكردنەوە دەوەستێت كەدەهێنرێتە ناو شانۆ.

ڕۆمانی “دادگا” ی كافكا، یەكێكە لەو رۆمانانەی ساڵی١٩٨٠لەشانۆی پۆڵەندی نمایشكراوە، دواتر بۆ تەلەفزیۆنی پۆڵەندیشتۆماركراوە، كارەكە بەهاوبەشی لەلایان هەردوو دەرهێنەر خاتووئاگنیێشكا هۆڵەند (١٥)و هاوسەرەكەی لاسۆ ئادەمیك (١٦) بۆ شانۆدەرهێنراوە، كاتێك ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە، چی لەپشتكاركردنە لەدنیای كافكاوە؟ ئاخۆ ڕۆمانی دادگا پەیوەندیەكی هەیە بەوكۆمەڵگایەوە؟ یاخود مەبەست لە سەركێشیەكی ئەدەبیە لەدنیایڕۆمانووسێكی ناسراو بۆ كاری شانۆیی؟

ئەو نمایشە توانای ئەوەی هەیە وەڵام بەتەواوی پرسیارەكانمانبداتەوە، ئاسۆیەكی ڕوونمان لەهەڵبژاردن بۆ تێكست بۆ بكاتەوە، دنیایڕۆمانەكە لەدنیای كۆمەڵگای پۆڵەندی دوای جەنگ دەچێت، كۆمەڵگایەكبەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت ڕووبەرووی دادگایی كردن دەبێتەوە، ئەوتۆمەتباركردنەی كۆمەڵگای پۆڵەندی بەوەی دەستی لەگەڵ نازیەتتێكەڵكردووە و بەشدارە لەهۆلۆكۆست (١٧)، هەمان وێنەی دادگاییكردنی كارەكتەرە سەرەكیەكەی ڕۆمانەكەی كافكایە، لەناو ماڵەكەیخۆیدا بەخەبەردێت و دەبینێت هاتوون دادگایی بكەن.

لەو سەرەتایەوە تا كۆتایی بەناو ڕۆمانی دادگا دەچینە خوارەوە، بەشێوەیەك هەست دەكەین تێكستەكە لەبنەرەتدا تێكستێكی شانۆییەنەك ڕۆمانێك بێت، پەیوەندی تێكست (نمایش) لەگەڵ بینەر، نووسینەوەی دنیای بینەرە، ئەوەش هۆكارێكی گرنگی پشتهەڵبژاردنی تێكستە بۆ شانۆ، ئەو دوو دەرهێنەرە هێندەی چارەسەریشانۆیی لەڕووی دیمەن و پێكهاتەكان دەكەن، نەهاتوون ئیزافەكاریبەڕۆمانەكە ببەخشن یاخود بەشێوەیەكی ئەوتۆ ڕووداو لابەرن كە كاربكاتە سەر چنینی درامی تێكستی ڕۆمانەكە.

ئەگەرچی كاریان لەسەر ئەوە كردووە كەوا هەندێك ڕووداو چڕ بكەنەوە، ئەوەش پەیوەستە بەگۆڕینی ئاستی ڕەگەزی تێكست لەگێڕانەوە(ڕۆمان) بۆ دەیالۆگ (شانۆنامە) لەلایەك لەلایەكیتر نەیانویستووەهەندێك چیرۆك كە پەیوەست نیە بەژیانی كارەكتەرو كاریگەریەكانی بۆسەر ڕووداوەكان، لەجۆری ئەوەی چیرۆكێكی كۆن لەلایان قەشەدەگێڕدرێتەوە ویوزیف پێشبینی خۆی لەناو چیرۆكەكە دەخاتە ڕوو.

هەروەها تاكە كارەكتەرێك كە لادەبردرێت، پۆرستنەرە ئەو كچەیلەشانۆدا كار دەكات، ڕەنگە ئەو كارەكتەرەش كاریگەریەكی ئەوتۆبەجێ نەهێلێت، بەبەڵگەی ئەوەی جگە لەچوونە ژوورەكەی و تێكدانیكەل وپەلەكانی و گۆڕینی دۆستەكانی شتێكی ئەوتۆ نیە كە كاربكاتەسەر ڕووداو.

ئەوەی ئەو دوو دەرهێنەرە بە ڕووداوەكانی دەبەخشن، پەیوەستەبەكردەی دەرهێنانەوە، ئەوەش چەندە لەسەر بنەمای تێكست ڕۆنراوە، هێندەش پەیوەستە بەخوێندنەوەی مرۆڤی پۆڵەندی لەڕوانینی بۆئەویتری ئەڵمان و ڕووس، بۆیە ئەوانەی هاتوونەتە ماڵەكەیەوە بۆ ئەوەیلەو بەیانیەدا لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكەن، دەبینین كاتێك ئەو خۆیدەگۆڕێت ئەوانیش كراسەكانی بەبەرچاویەوە دەدزن، لەكاتیداكۆكیردن لەخۆی تەنانەت پێخەفی نوێنەكەشی دەبەن، ئەوەشئاماژەیەكی ڕوونی ڕوانینە بۆ سەیركردنی ئەویتر كەچۆن بەناویدادوەری هاتوون تاڵانیان بكەن.

دادگا ئاماژەی دەسەڵاتە، دەسەلاتێك بۆ مەعریفەی سزا، بەڵام ئەوەیوونە تاوانەكەیە، گەرچی دەیانەوێت ڕەوایەتی بەو سزایە بدەن، لێرەداسێگۆشەی ئەو هێلكاریەی ڕووداوەكان بەرزو نزم دەكاتەوە، بریتین لە”دەسەڵات، فاشیزم، سێكس” هەڵبەت ئەو سێگۆشەیە كەمێك نامۆدەكەوێتەوە، بەڵام سێگۆشەیەكە دژبوون بۆ یۆزیفی كارەكتەریسەرەكی دەخوڵقێنن، هەرنەبێت ململانێی نێوان قوربانی و جەللاددەكەن بە منی قوربانی لەبەردەم ئەوانی جەللاددا، دادگا كەنوێنەریڕاستەوخۆی دەسەڵاتە، لەڕێگەی سەپاندنی بریار دەتوانێت ڕەوایەتیبەو فاشیزمەی خۆی بدات، هەر نەبێت ئەو هێلە فاشیستە بۆ دادگالەپشت بانگهێشت و ڕووداوەكان و سزادانی دوو پاسەوانەكەی شەوبەڕوونی دەردەكەوێت، لەلایەكیتر ئامادەبوونی ژن لەناو نمایشەكەدائامادەبوونێكی جەستەییە بۆ پتەوكردنی دەسەڵات.

لەهەمانكاتدا وێنەیەكی تری قوربانی نیشان دەدەن، دەتوانین بەڕوویدووەمی یۆزیف بیان بینین، ئەو ژنەی لەگەڵ مێردەكەی لەوێ دەژین ولەبەردەمی ژووری دادگا كار دەكات، تەنانەت ئەو ڕۆژەی دەوامیدادگا نیە یۆزیف دەباتە ژوورەوە، كەمێك دەستبازی لەگەڵ دەكات وڕێی دەدات دەستكاری ئەو كتێبەش بكات، كە وێنەی ڕووتی لەسەرە، لێرەدا وێنەی سەر بەرگی كتێبەكەی دادوەر و ئەو ژنە دەبنە ڕووی یەكدراو.

ئەوە لەنمایشە شانۆییەكەدا شتێك نیە ڕێكەوت بێت، ئاماژەیەكیلەخۆڕا بێت و فڕێ درابێت، بەڵكو پەیوەستە بەستراتیژی ئەو دەسەڵاتە، كە ئەخلاقی فاشیزم بوونی لەڕێی جەستەی ئەویترەوە دەیەوێت بوونیئەوانیتر بسڕێتەوە، وەك چۆن پارێزەرە پیرەكە كەبەردەواملەئۆفیسەكەیدا لەناو نوێنە كە دۆستی دادوەرەو هاوڕیی دێرینی مامییۆزیفە، ئەویش كچە خزماتكارەكەی هێندەی وەك ژنێك بۆ مەیلیسێكسی بەكار دێت، یۆزیف بەئاسانی لێی نزیك دەبێتەوە، شتێكیترنیە جگە لەوەی دەسەلاتەكە بەدەوری سێگۆشەكەدا هێلەكانی خۆیاندەبڕن.

دیمەنی خەونەكە دیمەنێكە پڕ لەپرسیار، كە لەئاگاییدا وادەكات كۆتاییڕۆمانەكە كراوە بێت و دادگاییەكە وەك كافكا ئاماژەی بۆ دەكاتدۆخێكی بەردەوام بێت، بەڵام نمایشە شانۆییەكە پرسیارەكاندادەخات، وەك كۆتایی درامایەكی ئەرستۆیی نمایش تەواو دەكات، ئەگەرچی كۆتاییەكی ئەرستۆییە لەناو دیدگایەكی كافكاییدا، بۆیەكاتێك ڕووداو لە ڕۆمانەكەدا زەمەنێكی بەردەوام و كراوەیە، لەنمایشەشانۆییەكە ڕووداو گەیشتۆتە وێنەی باڵاو بە لەسێدارەدانی یۆزیفكۆتایی دێت، ئەو دوو ئاستە زەمەنیە لەڕاستیدا دژ بەیەكن، چونكەكافكا دادگاییەكە وەك بەردەوامی دەخاتە ڕوو، بەڵام لەنمایشەكەدابەلەسێدارەدانی یۆزیف دادگاكە كۆتایی دێت، ئەگەرچی ئاستیدووەم، ئاستێكی كافكاییە، بەوەی دادگایی كردنەكە كەوتۆتە پێشبڕیاری دادگایی دادگا، واتە فرمانەكە پێش تەواو بوونی دادگاییكردنە.

ئەو نمایشە چەندە هەوڵێكی گرنگی ناو ڕووبەری نمایشی شانۆیپۆڵەندیە، كە بۆتە جێی سەرنجی ڕەخنەگران لەساتەوەختی نمایش، بەڵام ئەوە ڕێی ئەوەمان لێ ناگرێت، سەرنجێكی ڕەخنەیی لەبارەوەتۆمار بكەین، بەهۆی ئەوەی سیمای تازەگەری و دەرچوون لەدرامایئەرستۆیی لەو ڕۆژگارەدا بەتەواوی بەشانۆی پۆڵەندی دەركەوتبوو، بەڵام ئەو دوو دەرهێنەرە بە مەبەستەوە لەناو نمایش دەیانەوێت داكۆكیلەو بنەما ئەرستۆییانە بكەن، ئەوەش لەدوو ئاستدا زۆر بەڕوونیهەستی پێدەكەین.

لەئاستێكدا كە پەیوەستە بەكۆتایی نمایشەكە وەك ئاماژەمان بۆیكرد كەچۆن لەڕێگەی دیاریكردنی چارەنووسی پاڵەوان، وێنە سونەتگەراكەداكۆكی لێ دەكات، لەئاستی دووەمیشدا پەیوەستە بە لابردنیكارەكتەری پۆرستنەر، چونكە ئامادەبوونی ئەو كارەكتەرە نزیكیدەكردەوە لەدرامایەكی دژە ئەرستۆیی بەو پێیەی دەبووە وێنەیەك بۆچۆنیەتی دەرچوون و چوونەوە ناو شانۆ، لەڕێگەی ئەو كارەكتەرەوە كەلەشانۆ كار دەكات، بۆیە بەلابردنی ئەو كارەكتەرە كە لەبنەرەتداكاریگەریەكی ئەوتۆی بەسەر ڕووداوەكان نیە، لابردنی داكۆكیكردنە لەوگوتارەی نمایشەكە هەڵگریەتی.

هەڵبەت دەرهێنەرێکیتر کە تا ئەمڕۆ بەگرنگەوە لەنەخشەی ئەم شانۆیەجێگەی دەیالۆگە، کارە شانۆییەکانی ئادام هانوشکیێڤیچ (١٨) سەرەتای کارکردنی بۆ شانۆ دەگەڕێتەوە ساڵی ١٩٤٥ بەشداریشانۆگەریەکی کرد لەدەرهێنانی ستیڤانیا دۆمانیسکا، لەهیچقوتابخانەیەکی شانۆیی نەیخوێندووە، پێنج سالێ کارکردنی رۆڵیکۆمەڵێک کەسایەتی گرنگی لەشانۆ بینیووە کەدیارترینیان ڕۆلیهاملێت بووە، لە ١٩٥١ بۆ یەکەمجار وەک دەرهێنەر لەشانۆداولەشاری پۆزنان کاری کردووە، شانۆنامەی “پیری بەناچاری” نووسینی لێۆنیدا ڕاخمانۆڤای بۆ شانۆ دەرهێناوە، شانۆنامەکەتێکستێکی واقعی سۆسیالیستی بووە، دواتر لەشاری وارشۆ دەستیبەکاری شانۆیی کردووە، لە ١٩٥٥ ئەزمونێکی نوێ تاقی دەکاتەوە، ئەویش شانۆی تەلەڤزیۆنیە (١٩)

شانۆی تەلەڤزیۆنی هۆکارێکی گرنگی بە کولتوورکردنی شانۆیەلەکۆمەڵگادا، بۆ ئەوەی ڕەگێكی پۆڵاین بۆ داهاتووی ئەو كۆمەڵگایەبنیات بنێت، بۆ ئەوەش دەستكرا بە تۆماركردنی شانۆ بۆ كەناڵیتەلەفزیۆنی پۆڵەندی، ئەوەش بەمەبەستی ناسینی شانۆ بە كۆمەڵگاوەك كولتوورێك، هەڵبەت لەو كارەشدا كێشەكانی مرۆڤی هاوچەرخیپۆڵەندی تەوەری سەرەكی ئەو شانۆیانە بوو.

بۆ ئەو مەبەستە ئادام هانوشکیێڤیچ هەوڵێكی زۆریدا كە وێنەیەكیڕوونی ئەو شانۆیە بخاتە ڕوو، ئەو شانۆیە كە بەشانۆی تەلەفزیۆندەركەوت، بەڵام شانۆیەك بوو لەهەناوی كۆمەڵگاوە دەهاتە بوون، بۆیەكۆمەڵگا پێشوازیەكی بەربڵاوی لێكرد، ئەو شانۆیە چەندە لەهونەریسینەما و شێوەكاری نزیك دەبۆوە، لەهەمان كاتدا دەربڕین شێوەیەكیڕوون و ڕاستەوخۆی هەبوو، چونكە مەبەست لێی تێگەیشتنی ڕەوانیبینەر بوو لە شانۆكە، وەك چۆن بۆ ئاشنابوون بە مێژووی ئەو شانۆیەهەوڵیدەدا لەدیدێكی هاوچەرخانەوە شانۆی كلاسیكی پۆڵەندی بەوكۆمەڵگایە ئاشنا بكات، بۆ ئەو كارەش شانۆی گشتی و شانۆینەتەوەیی ڕێبەرتوارێكی ڕێكخەریان هەبوو، بۆیە سەرەتای هەوڵەكانمیراتی كولتووریی كۆمەڵگا تەوزیف دەكرا لەكارە شانۆییەكان، وەكهانوشکیێڤیچ شانۆگەری (ئاهەنگی ژنهێنان) پشتی پێبەستبوو، دواترلەشانۆگەری (كۆردیان) درێژەی بەو شێوازەدا، ئەو سەرەتایە دەرگاكردنەوە بوو بۆ ئاشنابوون بە كولتووری شانۆ، بۆ ئەوەی هەنگاوەكانیداهاتوو بتوانن شانۆگەریەكانی مۆلێر و شكسپیر نمایش بكەن، لەپاڵئەوەدا هەندێك هەوڵیتری ئەنجامدا لەبواری ئەدەبی جیهانی لەوانەرۆمانی (تاوان و سزای) دستۆفسكی بۆ شانۆ دەرهێنا، كە ئەوشانۆگەریە بەیەکێک لەدیارترین كارەكانی هەفتاكانی شانۆی پۆڵەندیدادەنرێت، كە بۆتە جێگای سەرنجی زۆرینە، بەدوای شانۆگەری(هاملێت) ڕوو دەكاتە شاكارەكانیتری ئەدەبی ڕوسی بەتایبەتتۆرگینیف و چێخۆڤ، لەپاڵ ئەوەدا ئەدەبی پۆڵەندی بەشێكی دیارلەنەخشەی كارەكانی داگیر دەكات، بۆیە ئادام هانوشکیێڤیچ هەوڵیدالەتەواوی كارەكانی شانۆی تەلەفزیۆن بكاتە ڕووبەرێك بۆ كۆبونەوەیشانۆ وەك كولتوور و كێشەكانی مرۆڤی هاوچەرخی پۆڵەندی وەككێشەیەكی بوونگەرایی ئینسان، كە زەمینەیەكی پتەو بۆ داهاتوو بنیاتبنێت لەڕێگەی پرۆژە ستراتیژیەكەی بۆ شانۆ، كە ڕەگی ئەو شانۆیەبەهەناوی كۆمەڵگادا بەرێتە خوارەوە، ئەو دەرهێنەرە ڕۆڵێکی گرنگیبینیووە لەناساندنی شاکارەکانی شانۆی جتیهانی بەشانۆی پۆڵەندی، بەتایبەت کاتێک کارەکانی وەک شانۆی تەلەڤزیۆنی تۆمار کردووەلەوانە “خاتوو ژۆلیا” ی سترێندبێری و “هێدا گابلەر” ی ئەپسن.
یەکێک لەونمایشانە شانۆگەری “ئەپۆڵۆ لەگەڵ بێڵاچ” نووسینی ژێاناگیڕاودۆ بوو کە بەرهەمی ساڵی ١٩٥٨ دواتر لە ١٩٦١ بۆ تەلەڤزیۆنتۆمار کراوە، تائێستا وەک شانۆیەکی تۆمارکراو لەسایتی تەلەڤزیۆنیپۆڵەندی پارێزراوە، کارەکتەری سەرەکی شانۆنامەکە کچێکی شەرمنبەدوای کاردا دەگەڕێت دێت بۆ ئۆفیس، بەڵام لەپرسگەی بەڕێوبەریکارەکە ئەو کەسەی لەوێیە زۆر بەخراپ مامەلەی لەگەڵدا دەکات، لەوشوێنەدا تووشی گەنجێکی قۆز ئەبێت و ئامۆژگاری دەکات پێویستەسوود لەجوانیەکەی خۆی وەربگرێت وبتوانێت دڵی ئەو پیاوەو بەڕێوبەرڕازی بکات تا بگات بە کارەکە، بەڕێوبەری کارەکە لەوەدا سەری سووڕدەمێنێت کەوا کێ ڕاوێژکاری بووە، پێی وایە ڕەنگە ئەپۆلۆی خوایجوانی کۆمەکی کردبێت، بەڵام بەدوای ئەوەی دەتوانێت تەواوی ئەوپیاوانەی شوێنی کار کۆنترۆڵ بکات، کاتێک باسی جوانی هەموویاندەکات، ئەوانیش هێمن دەبنەوە .. عاشقی دەبن، بەلام کاتێک لەپێشبورجی ئیڤڵ کۆتایی بەناسینی ئەو پیاوە دێت کە ڕێنوینی کرد، ئەوپیاوەی ئەو بەڕاستی سەرسام بوو عاشق بوو پێی کاتێک جێیدەهێلێت و بەڕێوبەرو هەموو پیاوەکانی تر دێن، ئەو پێیانڕادەگەیەنێت کە رۆیشتنی ئەپۆلۆ خەمباری کردووە هەمووان بۆ ئەپۆلۆدەگەڕین، ئەو دەزانێت ئیدی ئەپۆلۆکەی ئەو وەک ئەفسانەکە وایەو ئیدینایبینێتەوە، بۆیە ئەویش تەواوی پیاوەکان جێ دێلێت، ئەو گوڵە دەبینینکە بەدەستی بەڕێوبەرەوەیە هاتبوو تا کچەکە لێی وەربگرێت، ئەوبیرۆکەیە ناونیشانی نمایشەکەی لەسەر درووست کراوە کەدواترڕووداوەکانی لەسەردا چنراوە.

لە ١٩٦٨ کاتێک کاژیمێژ دێیمک لەبەڕێوبەری شانۆی نیشتمانیلابردرا، ئەویان خستە شوێنی، بەهۆی ئەوەی نمایشە شانۆییەکانیوەک پشتگیریی بۆ یەکێتی سۆڤیەت سەیردەکرا، لەبارەی کارەکانیەوەڕۆمان پۆلانسکی (٢٠)دەڵێت “شانۆ بەبێ من و ئادام هانوشکیێڤیچبێزارو ماندووکەرە”(٢١) هەڵبەت ئەو بۆچوونە چەندە پەیوەندی بەکاریئەوان هەیە لەشانۆی تەلەڤزیۆنی هێندەش پەیوەستە بەکارەکانیانلەسەر تەختەی شانۆوە، تا رۆژی مردنی ئەو لەشانۆدا کاری کردووەبۆیە لەئێستاشدا بوونی وەک پێگەیەکی گرنگی ئەو شانۆیە دادەنرێت.

بەقسەکردنمان لەشانۆی پۆڵەندی لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەت، ئەوەدەردەکەوێت کەوا نیو سەدەی تەمەنی ئەو شانۆیە چۆن گەشەیکردووەو ئاستی پێشڤەچوونەکانی چۆن بوونە، گەرچی لەو ڕۆژگارداکۆمەڵێک دەرهێنەریتر هەبوونە، بەڵام نەدەکرا لەسەر کاری هەمووانبووەستین و قسە بکەین، بەڵکو مەبەستمان لەم قسەکردنە دەرخستنیسیمای ئەو شانۆیە بوو لەسەردەمی کۆمۆنیزمدا.

هەڵبەت یەکێک لەگرنگترین ئەو کتێبانەی باس لەو قۆناغە دەکات، بەوردی تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکاریەکانی شانۆی پۆڵەندی کتێبی”شانۆی ئۆکتۆبەری پۆڵەندی” (٢٢)ماریا ناپیۆنتکۆڤا باس لەپۆڵەندایسەردەمی یەکێتی سۆڤیەت و پەنجاکانی سەدەی بیستەم دەکات، کەتیایدا شانۆ سەرەتای گەشەسەندنی لەو کۆمەڵگایەدا بۆ ئەو کاتەدەگەڕیتەوە، بۆیە ئەو کتێبە زۆر بەدواداچوونی بەدوای خۆیدا هێناوە، لەوانە بەدواداچوونێکی سایتی پەیمانگای شانۆ باس لەوە دەکاتکەهەندێک زانیاری لەو کتێبەدا هەیە ڕاست نین و لەجێگەی خۆیدا نیە.

کاتێک وەک توێژەرێک خۆمان بێلایەن لەبەرامبەر ئەو بۆچوونانەدەبینینەوە، تێبینی ئەوە دەکەین نووسەری ئەو کتێبە کە وەک تێزیدکتۆرا کتێبەکەی نووسیوە باس لەو دۆخە سیاسیە دەکات کەوا شانۆلەو سەردەمەدا کەوتبووە ناوی، بەتایبەت لە پەنجاکان و شەستەکان، هەڵبەت ئێمە هەوڵماندا لەسەر چەندین ئاستی نمایش و کارەکانلێرەدا هەڵوەستە بکەین، کەوا هەموومان بتوانین وێنەیەکی ڕوونمان بۆئەو شانۆیە و سەردەمەکەی هەبێت، لێرەدا بۆ ئەوەی تەواویتێگەیشتنەکان ڕوون بن، هەوڵ دەدەین باس لەو کتێبە و هەندێکڕوانینی توێژەرێک بکەین کە بڕوامان وایە گرنگی تایبەتی خۆی دەبێت.

کتێبەکەی ناپیۆنتکۆڤا بریتیە لە سێ بەش، بەشی یەکەمی باسلەئاراستە سیاسی وکولتووریەکانی پۆڵەندای چلەکان و پەنجاکاندەکات، هەروەها هەڵوەستە لەسەر ئەو داڕووخانی بەڕێوبردنەی پۆڵەندابەهۆکارێکی دۆخەکە ناو دەبات، لەبەشی دووەمیشدا دێتە سەر ڕۆڵیدامەزراو وڕێکخراوەکان، لەوانە باس لەوەزارەتی کولتووروسانسۆرەکانی دەکات لەسەر شانۆ، هەروەها ڕۆڵی حزبی کۆمۆنیستلەسەر ئەو بارودۆخە، جگە لەوە لەسەر کۆمەلەی سینەماکاروشانۆکاراندەوەستێت، بەشی سێیەم دەکرێت وەک گرنگی گەشەسەندنەکانسەیری بکەین بەهۆی ئەوەی باس لەئەنجومەنە هونەریەکانی شانۆ ، هەروەها پێشێلکاریەکانی سیاسەت و دەستتێوردان لەشانۆ، جگە لەوەلەتەوەرێکدا باس لەکرانەوە بەسەر جیهان دەکات لەڕێی ڤێستڤاڵینەتەوەکان.

بەلای توێژەری شانۆیی پاڤێو پوۆسکی ئەو کتێبە گرنبگیەکی تایبەتیهەیە، چونکە باس لەگەشە سەندنی شانۆی پۆڵەندی دەکات بەتایبەتلەپەنجاکان، ئەو هەوڵ دەدات لەڕوانگەی کتێبەکەوە کۆی ئەو مێژووەبخوێنێتەوە، باس لەو گەشەسەندنە، لەپاڵ ئەو ڕۆڵە خراپەی دەسەلاتیسۆڤیەت بکات، بەڵام چاپکردنی بلاوکراوەی شانۆیی و درووستکردنی هۆڵی شانۆ و دواتر دەرگا کردنەوە لەشانۆی جیهانی بەو بنەماگرنگانەی گەشەسەندن ناو دەبات، لەهەمان کاتدا باس لەو شیوازەسەپێنراوەی ستانسلاڤسکی دەکات بەسەر شانۆی پۆڵەندی، کەپێویست بوو ئەو شێوازە ئاگاییەکی نوێ بۆ ئەکتەر بخوڵقێنێت، شۆڕشێک لەمیتۆدە ئەکادیمیە شانۆییەکان بخوڵقێنێت، کەچی”واقعیەتی سۆسیالیستی جۆرێک بوو لەکەرەنتینەی تەندرووستیلەسەر نواندنی پۆڵەندی” (٢٣) لەڕێی پشت بەستنەوە بەکتێبەکەیماریا ناپیۆنتکۆڤا کە باس لە وەزارەتی کولتوور دەکات کارەساتی ئەوڕۆژگارە دەکات و دەنووسێت “سیاسەتی کارەساتاوی کولتووریی لەوسەردەمدا خۆی خستبووە ژێر مەترسیەوە، بەهۆی ڕێگایەکی گەمژانەو ناپیشەیی بۆ بەڕێوەبردنی” (٢٤)

ئاماژەکان

(١) لیۆن شیلەر “١٨٨٧-١٩٥٤” رەخنەگرو دەرهێنەری شانۆیی بوو، ناوێکی گرنگی شانۆیی پۆڵەندی بوو بەتایبەت وەک دەرهێنەرسەرباری ئەوەی وەک رەخنەگرێک بەوە ناوبانگی دەرکرد کەتوانیویەتیشیکردنەوەی وورد بکات بۆ شانۆنامەکانی میچکیێڤیچا ، لەساڵی١٩١٧ وەک دەرهێنەر دەستی بەکارکردن کردووە، سالێ ١٩٣٣ کراوەبە سەرۆکی بەشی دەرهێنان لەپەیمانگای حکومی بۆ هونەری شانۆ، لە١٩٣٥ خەڵاتی ئەکادیمیای پۆڵەندی بۆ ئەدەب وەرگرتووە بەهۆیبایەخدانی بە ئەدەبی شانۆ، ماوەیەک لای ئەڵمانەکان دیلکراوە، لە١٩٤٦- ١٩٤٩ لەشاری ئوچ کراوە بەبەڕێوبەری خوێندنگای بالایشانۆ، لە ١٩٤٧- ١٩٤٩ بووە بەسەرنوسەری گۆڤاری شانۆ، لەژیانیدابەهۆی شانۆوە چەندین مەدالیای ڕێزلێنانی لەلایان دەوڵەتەوە پێبەخشراوە.

(٢) ئێرڤین ئەکسێر”١٩١٧-٢٠١٢” دەرهێنەری شانۆییودامەزرێنەری شانۆی ژووری پۆڵەندی بووە، ١٩٣٩ پەیمانگای شانۆیتەواو کردووە، لە١٩٦٠ لەبەرامبەر هەوڵەکانی بۆ نوێکردنەوەی شانۆیپۆڵەندی خەڵاتی تادێوش بۆی پێدراوە، سەرباری کاری دەرهێنانچەندین وتاری لەبارەی شانۆو ئەدەب نووسیوە، لەگۆڤارەکانی دەیالۆگو شانۆ بەرهەمەکانی بڵاو کردۆتەوە.

(٣) حركة التجديد في المسرح العالمي.. أوجست جرودجيتسكى، ترجمة: د. هناء عبدالفتاح، الهيئة المصرية العامة للكتاب (القاهرة) 2010، ص29

(٤) سەبارەت بە مێژووی ئەو سالانە لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتوناوی نمایش و دەرهێنەرەکان بۆ تەواوی زانیاریەکانی ئەو مێژووەپشتمان بەستووە بە توێژینەوەیەکی ماڵپەری ئینسکلۆپێدیای شانۆیپۆلەندی لەژێر ناونیشانی “

Polska. Teatr. Okres 1944–89 i lata 90″

بەواتای “شانۆی پۆڵەندی لەنێوان ١٩٤٤-١٩٨٩ و ٩٠ ساڵدا” کەتوێژینەوەیەکی بیبلیۆگرافیە تیشک دەخاتە سەر شانۆی دوایکۆمۆنیزم و تا دەگات بەنمایشەکانی ساڵی ٢٠٠٠

(٥) یێژی ماریان گرۆتۆڤسکی (١٩٣٣-١٩٩٩) دەرهێنەرو راهێنەریشانۆییە، شانۆیەکی ئەزموونی کردۆتەوە بەناوی شانۆی هەژار، لەسەرانسەری جیهان ناسراوە، لەو کتێبەدا بەدرێژی لەسەر کۆیپڕۆژەو چالاکیە سانۆییەکانی دەوەستین.

(٦) هێنریک تۆماشێڤسکی (١٩١٩-٢٠٠١) کیریۆگراف و دەرهێنەریشانۆییە، گروپێکی شانۆیی تایبەت بەشانۆی پانتۆمایمی لەپۆڵەندادامەزراند، بەناوی شانۆی جولە.

(٧) مسرح توماشفسكي.. أندرة هازبراندت.. ترجمة (يحيى صاحب) دار الشؤون الثقافية (بغداد) 2006، ص36

(٨) کۆنراد سڤینارسکی (١٩٢٩-١٩٧٥) دەرهێنەرێکی شانۆییوتەلەڤزیۆنی بووە لەبواری ئۆپێراشدا کاری کردووە، کاریگەریجێهێشتووە لەسەر دەرهێنەرانی پۆڵەندی بەتایبەت گرۆتۆڤسکی وکریستیانا لوپیۆم و یێژێگۆ یارۆچکێگۆ

(٩) ئەلێکساندێر باردینی (١٩١٣-١٩٩٥) ئەکتەرو دەرهێنەرێکیشانۆییە، سەرەتا لەژێر دەستی شیللەر شانۆی خوێندووە، دواتر وەکدەرهێنەرێکی شانۆیی پێگەی خۆی دیاری کردووە، بەتایبەتلەشانۆنامەکانی چێخۆڤ کە سیمای تایبەتی بەکردە دەرهێنانیەکەیبەخشیووە وەک ئەوەی پێویست دەکات کە چۆن ووشەی نووسەردەگۆڕێت بە مرۆڤ.

(١٠) زیگمونت هوبنێر (١٩٣٠-١٩٨٩) ئەکتەرو دەرهێنەری شانۆییبووە، لە١٩٥٢ بەشی نواندنی لەوارشۆ تەواو کردووە، لە ١٩٥٦ بەشیدەرهێنان لەپەیمانگای شانۆ تەواو دەکات.

(١١) كاژیمیێژ دێیمێك (١٩٢٤-٢٠٠٢) ئەکتەرو دەرهێنەری شانۆیی، لەماوەی ساڵانی ١٩٩٣-١٩٩٦ وەزیری کولتوور بووە.

(١٢) گرۆجیچکی باوەری وایە ئەوە یارۆچکی بوو کودەتای بەسەر ئەوشانۆ واقعیە بەرپا کرد

(١٣) تادیۆش روژێڤیچ (١٩٢١-٢٠١٤) نووسەرو شاعیروشانۆکاربووە

(١٤) یێژی یارۆچکی (١٩٢٩-٢٠٠٨) دەرهێنەری شانۆیی

(١٥) ئاگنیێشكا هۆڵەند ئێستا یەكێكە لەسینەماكارە ناسراوەكانیپۆڵەندی، لەسالی ١٩٤٨ لە وارشۆ لەدایك بووە، كچی كۆمەڵناسیپۆڵەندی هنری هۆڵەندە، ساڵی ١٩٧١ كۆلێژی هونەری شانۆی لە براگتەواو كردووە، بەو پێیەی دەرچووی بەشی سینەماو تەلەفزیۆن بووە، بۆیە لەو ڕۆژگارەو تا ساڵانی هەشتاكانی سەدەی بیستەم، وەك ئەكتەربەشداری كردووە لەفیلمەكانی هەردوو دەرهێنەری پۆڵەندی ئاندژێیڤایدا و كژی شتۆڤ زانووسی، سێ جار كاندید كراوە بۆ خەڵاتیئۆسكار، جگە لەوەی ئێستا وەك سینارێست و دەرهێنەر ناوێكیگرنگی سینەمای پۆڵەندیە.

١٦) لاسۆ ئادەمیك لە ١٩٤٢ لە چیكسلۆڤاكیا لەدایك بووە، ساڵی١٩٧٢ سینەمای لە براگ تەواو كردووە، لەسەرەتای هەشتاكانیسەدەی بیستەم تا سەرەتای نەوەتەكان دەرهێنەری گروپێكی شانۆییناسراوی وارشۆ بووە، لەبیست ساڵی ڕابردووش كراوە بە بەرێوبەریئۆپیرای كراكۆڤ، جگە لەكاری شانۆیی بەبەردەوام وەك دەرهێنەرێكیسینەمایی لەسینەمای پۆڵەندی كاری كردووە، لەپاڵ دەرهێنەری بەشێكلەكارە شانۆییەكان بۆ تەلەفزیۆن، ئەوەش هەر لەو كاتەوەی كە لە١٩٧٣ شانۆگەری “پەتا سپیكەی” بۆ تەلەفزیۆن تۆمار كرد، بەدوایئەوەی وەك كارێكی سینەمایی پێشكەشی كردبوو، وەك كاریشانۆیش تۆماری كردەوە، لەكارەكانی دواتری “پیلیاس و مێلیساندا” ی مۆریس مەتەرلینگ و “بۆریس گۆدۆنۆڤ” ی پوشكێن و هەروەهابەهاوبەشی لەگەڵ هاوسەرەكەی خاتوو ئاگنیێشكا هۆڵەند چەندنمایشێكی شانۆییان پێشكەشكردووە لەوانە “كۆشك” ی كافكا و”لۆرێنساچیا” ی فرێد دی مۆسێت، هەروەها یەكێك لەدەركەوتنەبەراییەكانی ساڵی ١٩٧٥ بووە لەشانۆگەری “دارستان” كە بۆ ئەو وەكسەرەتایەكی گرنگی دەركەوتنی دادەنرێت، بەهۆی ئەوەیلەشانۆگەریەكی دەرهێنەر ئۆسترۆفسكی بەشداری كردووە، لەكارەگرنگەكانی ئەو دەرهێنەرە كە لەنەخشەی شانۆی پۆڵەندی بەگرنگسەیری دەكرێت، سەرباری شانۆگەری كۆشك، ئەو كارانەیترین “سێقروشەكەی” برتۆلد برێخت و “ئۆپۆ پاشای” ئەلفرید گاری و”تەرمیكۆمپانیای درووستكراو” ی داریۆفۆ، لەساڵی ٢٠١٠ وەك ئەكتەرلەشانۆی ئۆپیرای فرۆسلاڤ ڕۆڵی میوزیكژەن فرەدریك چۆپیندەبینێت لەكارێكی دەرهێنەر گیاسۆمۆ ئۆرێفیتسی، ئەو دەرهێنەرەكارەكانی لەبواری ئۆپیراو سینەمادا تا ئەمرۆش گرنگیەكی تایبەتیهەیە، بۆیە گەر دەرفەت بگونجێت شایستەی ئەوەیە نووسینی تایبەتیبۆ تەرخان بكرێت

(١٧) هەندێك جار لەئاستی سیاسیەوە، پۆڵەندا تاوانبار دەكرێت، بەوەی لەتاوانی هۆلۆكۆست ناڕاستەوخۆ بەشدارە، بەهۆی ئەوەیهاوكاری ئەڵمانەكانی كردووە، بەتایبەت ئیسرائیل تۆمەتی ئەوە دەخاتەپاڵ پۆڵەندا

(١٨) ئادام هانوشکیێڤیچ (١٩٢٤-٢٠١١) ئەکتەر ودەرهێنەری شانۆییە

(١٩) شانۆی تەلەڤزیۆنی لەپۆڵەندا یەکێکە لەئەزموونە ناوازەکان، وایکردووە ئەرشیفی ئەو شانۆیە تا ئەمڕۆ بپارێزرێت، دوایتۆمارکردنی وەک فیلم لەبازار دەفرۆشرێت، سەرباری ئەوەیتەلەفزیۆنی پۆڵەندی کەناڵی یەک پەخشی دەکات

(٢٠) رۆمان پۆلانسکی (١٩٣٣) دەرهێنەرێکی شانۆیی و سینەماییە، زیاتر ناوبانگی وەک دەرهێنەرێکی سینەمایی دەرکەوتووە، هەروەهالەشانۆشدا کاری کردووە، بەتایبەت لەشانۆنامەکانی شکسپیردا، کەدواتر وەک فیلمی سینەمایی سەر لەنوێ کاری تیا کردۆتەوە، دیارترین کارەکانی ماکبێس، شاکارەکانی لەسینەمادا چەندینخەڵاتی گەورەی پێ وەدەست هێناوە

(٢١) Gazeta Wyborcza, 29 sierpnia 2002

(٢٢) MARIA NAPIONTKOWA, TEATR POLSKIEGOPAŹDZIERNIKA, Wyd. Instytut Sztuki PAN, Warszawa2012

(٢٣) Paweł Płoski, Teatralna odwilż – kilkaintensywnych lat, teatr, numer 9/2013

(24) هەمان سەرچاوە




مۆنۆدرامای ئەکتەر.. نیهاد جامی

لەناو دیکۆری شانۆنامەیەکی شکسپیرەوە، ڕەنگە ئەکتەرەکە پڕۆڤە بکات لەشانۆگەری ماکبێس، چونکە وەک لیدی ماکبێس نواندنێکی بێدەنگ دەکات بۆ لابردنی پەڵەی خوێن لەسەر پەنجەکانی، بەڵام لەپڕ لەگەڵ کارمەندی ڕوناکی هۆڵی شانۆ قسە دەکات، ئاماژە بۆ دوو بلاژیکتۆری بەرزایی شانۆکە دەکات.
ئەو دوو بلاژیکتۆرە داگیرسێنە، هەست دەکەم دەبێت بووەستم، پشوویەک بدەم.
زۆر باشە سوپاس، تۆش ئەتوانی برۆیت قاوەیەک بۆ خۆت بخۆیتەوە، دوای کاژێرێکی تر سەر لەنوێ دەست پێ دەکەینەوە.
ئێرە تاکە شوێنێکە بتوانم سەر لەنوێ ژیانی خۆمی تیا بنووسمەوە، من لەدایک بووم تاوەکو لەرێی شانۆوە گوزارشت لەخەمی ئەوانە بکەم کە وەکو خۆم هەست بە ئازار و برینی ژیان دەکەن، ڕەنگە هەر کاتێک ئەو چیرۆکە ببینن لەسەر شانۆ، دەشێت من خۆم وا نەبینم وەک ئەوەی لە چیرۆکەکەدا هەیە، بەڵام ئەوە ڕاستەقینەیە ئێمە لەرێی شانۆوە هەست بە خۆمان دەکەین ، زمان و کولتورەکان ناتوانن مەودایەک لەرێی سنوری شوێنەکانەوە بخولقێنن، ئێمە هاولاتی کۆماری شانۆین، ئاخۆ لەم ساتەدا چەند سیاسی سەر مێزی یاری کردن گالتەیان بەم قسەیەم دێت، لەکاتێکدا ئەوەی ئەو کۆمارەی ئێمە نەبینێت ناتوانێت کۆتایی دەسەڵاتی ئەوان ببینێت.
هەندێک کات ئەترسم بتوانن کۆمارەکەمان داگیر بکەن، بەو بیانووەی پێویستە سەربەخۆیمان تێکەلی سنوری ئەوان بێتەوە، تۆ هیچ کاتێک هەستت بەو مەترسیە کردووە؟ نا تۆ تەنیا دێیتە هۆلی شانۆ و وەک من ئەو ئازارە نابینیت، ئەوە منم بەدرێژایی کارکردنم هەمیشە ئەترسم دوو دڵم، ئەگریم، کەچی دیمەنی کۆمیدی بۆ تۆ نمایش ئەکەم، وا دەزانیت لەژیانمدا جارێک چیە نەگریاوم، من خەمی ئەو مرۆڤانە بەپێوە ڕایگرتووم، تاوەکو ئێستا لە زمانی یەکتری تێناگەین، کەچی شانۆ بۆتە یەک زمانی هاوبەشمان.
ئەبێت باشتر لەو دیمەنە خۆم ئامادە بکەم، نامەوێت ئەو مورکە کۆنە بە شانۆنامەکە ببەخشم، دەبێت شتێک هەبێت گوزارشت لە ئازاری ئێستای من بکات، بۆ ئازاری من؟ مەبەستم ئازاری ئەوانەی رۆژانە لەدەستی ئەشکەنجەی وڵاتەکانی خۆیان ڕا دەکەن، لێرەش سەر لەنوێ پۆلیسەکانی ئێمە ڕاویان دەنێن، مرۆڤ ئەگەر زۆر خراپیش بێت شایستەی ئەو هەموو ئازارە نیە، هەر بەڕاست ئاخۆ مرۆڤێک هەیە لەشانۆ بێت.. دۆستی شانۆ بێت، لەسەر کورسیەکی خراپی ناو هۆڵێکی شڕی مانگی ززستان بە بێ هیچ گەرمیەک دابنیشێت، ببورن باسی ئێرە ناکەم! باسی شوێنێکی دوور ئەکەم، کە هۆڵەکانی شانۆ بەم شێوەیەن، ئەوان دەچنە هۆلی شانۆ بەبێ ئەوەی پلیت ببڕن، ئەکتەرەکان تەنیا بە هاتنی ئەوان دڵخۆشن، هیچیان لێیان ناوێت.. تەنیا دەیانەوێت بینەران لەوێ ئامادەی نمایشەکەیان بن، نا ئەوە شێتی نیە، دەتوانیت وای بناسیت کە هێشتا مانایەک ماوە بۆ جوانی، بۆیە ناتوانم بێدەنگ بم، بوەستم و ببمە شاهیدێکی ترسنۆک و ببینم دێوەزمەکان ئەو جوانیەمان دەکوژن.
من لێرەم! هەمیشەش لێرە دەبم، هەر کاتێک شانۆیەکم تەواو دەبێت، خەونی کارێکی نوێ داگیرم دەکات، تاقەتی ئەو شانۆنامەیەی شکسپیرم نیە، ڕاستیەکەی لەم سەردەمی تراژیدیا ڕاستەقینەیە باوەر ناکەم ژنێک هەبێت وەک لیدی ماکبێس بێت، مەگەر کەسانێک لەناو عەرشی دەسەڵاتدا بن و ئێمە بچەوسێننەوە، کەواتە پێویستە بیر بکەمەوە، کارێکی نوێ پێشکەش بکەم، پێویستم بەوەیە کەمێک برۆمەوە ناو خۆم، لەناو مندا چیرۆکی ئەو مرۆڤانە هەیە، کە جگە لەئازار شتێکی تریان نیە، ئەوان خەمی ئەوەیان بوو دەمرن و کەس گوێی لێیان نابێت، کەوایە با دەستت پێ بکەین، دەست بە شانۆگەریەکەمان بکەین، ئەو کوڕە هەر نەهاتەوە بێت ئەو ڕوناکیانە بکوژێنێتەوە.
لەپڕ ڕوناکیەکانی سەر شانۆ دەکوژێتەوە، تەنیا تیشکێک نەبێت کە لەسەر ئەکتەرەکەیە، سەر بەرز دەکاتەوە، دەروانێتە مەودای بەرزایی هۆڵەکە و دەست دەکات بە پێکەنین.
ئەوە تۆ هاتویتەتەوە، زۆر باشە ببورە، سەیرکە من ئەو بلاژیکتۆرانەم پێویستە، ئەوانی تر بەکار ناهێنینین، زیاتریش متمانە بکە سەر ڕەنگی سوور و شینەکە، هەندێک کات کە پێویستی کرد لەرێی ڕەنگە سپیەکەوە، سەر شانۆ تا ڕادەیەک روناک بکەوە، پێویستمان بەم دیکۆرەش نابێت، بوەستە هەول ئەدەم دایپۆشم، پێویست ناکات دیار بێت.
“بە هەندێک پارچە قوماشی ڕەنگاو ڕەنگ، دیکۆرەکە دادەپۆشێت، کە لەو داپۆشینە فۆرمێکی تر بە سینۆگرافیای نمایشەکە دەبەخشێت”
ئێستا من ئامادەم چاوەروانی تۆم، گەر کێشەیەکت نیە دەتوانیت گلۆپەکان بکوژێنیتەوە، لەگەڵ داگیرساندنی من دەست پێ دەکەم.

بۆ ساتێک سەر شانۆ تاریک دادێت، کاتێک سەر شانۆ ڕوناک دەبێتەوە، پارچە قوماشێکی سپی تەواوی سەر شانۆکەی داپۆشیووە، ڕەنگی شین لێی دەدات، قوماشەکە دەلەرێتەوە، وێنەی سەر دەریا نیشان دەدرێت، کۆمەڵە کەللە سەری مرۆڤ سەر ئاوەکە کەوتوون، دوو دەست کە ڕووخساری دیار نیە مناڵێکی بەرز کردۆتەوە تا نەخنکێت، دەستەکە ووردە ووردە بەرەو قوڵایی دەریا دەروات و تا مناڵەکە دەبینین لەگەڵ کەللە سەرەکان بەسەر دەریاوەیە.
لەپێشەوەی شانۆکەدا ئەکتەرەکە لەرێی تیشکێکی ڕوناکی دەردەکەوێت، وەک ئەوەی گوێی لەچیرۆکێک گرتبێت وبیەوێت کاردانەوەی چیرۆکەکە بخاتە ڕوو، لچکێکی قوماشە سپیەکە دەگرێت، بۆ خۆی ڕایدەکێشێت، ڕوناکیە شینەکە دەگۆرێت بە سوور، ئەکتەرەکە هەوڵ دەدات تەواوی قوماشەکە کۆ بکاتەوە، وەک بوخچەیەکی لێ دەکات و بەکۆڵی خۆی دەدات، سەر شانۆ بەتاڵ دەبێت، تەنیا ئەکتەرەکە لەسەر شانۆیە، ئێستا گەیشتۆتە ناوەڕاستی شانۆ بەسستی هەنگاو دەنێت، تۆنی دەنگی بەشێوەیەکی ئازاراوی بەرجەستە دەکات، لەوە نەچێت ئێستا خەمی باسکردنی بێت لەشانۆ، هێندەی کاردانەوەی دیمەنی دەریاکەی بەسەرەوەویە.
ئەکتەر: ئێمە دیمەنەکان دەبینین، سبەینێ بیرمان دەچێتەوە، ئەوانەی لەدەریا دەربازیان بوو، دۆست و خانەوادەی ئەوانە بوون کە لەدەریادا مردن، ئەوان لە نیشتمانی خۆیان وەک من ئەکتەر بوون، لە هۆڵی شانۆ بوون، هەندێکیان بینەر بوون، بە تاسەوە چەپلەیان دوای نمایشەکان لێ ئەدا، هەبوو داهاتی کارکردنی ئەو رۆژەی خۆی خستۆتە زەرفێکەوە، وتویەتی ئەوە بۆ پشتگیری شانۆکەی ئێوەیە.
کەچی بەر لەوێ بگەنە لای ئێمە لەدەریادا مردن، خەونە شانۆییەکانیان لەدەریا ماسی دەیخوات.
ئێستا تێئەگەن کە بۆچی من ناتوانم لەشانۆنامەکاندا کار بکەم، ئەو بوخچەیەی هەڵمگرتووە، بۆ خۆی شانۆنامەی تراژیدی مەرگی ڕاستەقینەی مرۆڤە، پێویستە لێرەوە دەست پێبکەین، دنیایەکیتر کە لەتەنیشت خۆمان ڕوویدا لەسەر ئەم شانۆیە نمایشی بکەین.

تیشکێک کە نازانرێت لەکوێوە دێت، بەلام دەچێتە سەر ئەکتەر، جگە لەو هیچ شتێک لەسەر شانۆ نابینین، ئەکتەر لەرێی جولەکانی دەست و گۆرانیەک کە گوزارشت لەگێڕانەوەی چیرۆکی نائومێدی مرۆڤ دەکات، تەواوی بۆشاییەکانی سەر شانۆ داگیر دەکات، گۆرانیەکە پەیوەندی بە هیچ زمانێکەوە نیە، هێندەی ریتوالێکی تایبەتە، وەک چۆن سەماکە بەهێزی دەنگی ڕیتوالەکەوە دەکەوێتە جولەکردنەوە، سەمای ئەکتەرەکە سەر تەختەی شانۆ جێدێلێت و دەگاتە ناوەراستی بینەران تا کۆمەکی بکەن و هەمووان بەیەکەوە بەشداری سەمایەکی کۆمەڵی بکەن، بەبێ ئاگاداری هیچ کەسێک ڕوناکی سەر تەختەی شانۆ کوژاوەتە، ناو هۆڵەکە ڕۆشن بووە، ئەکتەر لەگەل بینەران لەسەمایەکی کۆمەڵی هاوبەشدایە.

———————–

تێبینی: ئەم تێکستە لەبنەرەتدا بۆ ئەکتەری خۆرئاوایی نووسراوەو باس لەئەکتەرێکی خۆرئاوا دەکات کە تیشک دەخاتە سەر ئازارەکانی شانۆکاری کورد، هاورێی ئازیزم ئانا دۆبرۆڤسکا، تێکستەکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی پۆڵەندی.




ژنەکەت عاشقی سوڵتان عەبدولحەمیدە.. نیهاد جامی

ئەوە ناونیشانی چیرۆکێک نیە، هێندەی ڕاستەقینە بوونی ماڵی کوردیە، ئەو دەمەی دەتەوێت دژایەتی فەرهەنگی تورکی بکەیت و بە فاشیزمی دەناسیت، بەڵام ئەو فاشیزمە هێندە پتەو خۆی خستۆتە ناو ماڵەکەت و چای لەگەڵ خوشکەکانت دەخواتەوە، دەستبازی لەگەڵ ژنەکەت دەکات، هەر بە بەرچاوی تۆی پیاوەوە، تۆش دەمت بکەیتەوە خۆت بە دژە تورک دەزانیت، ئەو وێنە ریالیستیە دەرەنجامی هەر ماڵێکی کوردیە کە بوونە بە ئەوینداری ڕاستەقینەی درامای تورکی، هەڵبەت لەڕووی ئاستی هونەریەوە درامای تورکی توانیویەتی خۆی بخزێنێتەوە ناو تەواوی دنیا، بەلام بەهیچ شێوەیەک ژیانی کۆمەڵایەتی زەوت نەکردووە، وەک ئەوەی لەکوردستان داگیری کردووە کاتێک پیاوەکان دەبن بە ژنکوژ، ژنەکان خەونیان پیاوێکی ڕۆمانسیە، ئەو کاتە دۆزینەوەی ئەو پیاوە تەنیا لەناو ئەو درامایانە دەست دەکەوێت، حەز دەکەن کەنیزەیەک یاخود یەکێک بن لەژنەکانی سوڵتان عەبدولحەمید، با کۆیلەی حەرامسەرا بێت بەس هەست بکات، لەم سەر زەویە پیاوێک هەیە گرنگی پێ دەدات و خۆشی دەوێت، خۆشەویستی بۆ ژن هیچ نیە لەکۆمەلگای ئێمەدا، خۆشەویستی هاوکێشەیەکە وابەستەمان کردۆتەوە بە پەیوەندی سێکسی، لەو نێوەندەدا کەس وەک بانگخوازو گروپی دینی سوودی لەو دۆخە وەرنەگرت، هەندێک نوسەرو هونەرمەندیش بۆ ئەوەی تیراژی کتێبیان بەرز بێتەوە، پەیجەکانیان لایکەکانیان بفرن، خێرا داکۆکی لەو گوتارە کۆنە پارێزیەی دینیەکان دەکەن، تەنانەت بێشەرمانە هەندێکجار دەنووسن ئەوەی ڕوو دەدات هۆکارەکەی علمانیەکانن، لەڕاستیدا شتێک نیە ناوی علمانیەت بێت، ئەوەی هەیە گەڕانە بەدوای پەیوەندی سێکسی، جا هەندێک بەم ناوە داوای دەکەن و ئەوانیتریش دینیەکانن ڕەوایەتی ئەو پەیوەندیە دەگوازنەوە بۆ ژیانی هاوسەری، بەتایبەت لەدیاردەی فرەژنیدا، ژنەکانیش قبولیانە هەر نا دەبن بە دایک و ماڵێکیان دەبێت، لەئاستی کۆمەلایەتی پێگەی ژنبونیان هەیە، ژیانیان لە چ ئاستێکە؟ ئەوە هیچ بۆیان گرنگ نیە، چونکە پرۆژەی ئازادی مانایەکی نیە لەکۆمەلگای ئێمەدا، سەرەنجام مرۆڤ ناتوانێت ئازاد بێت، هاوپەیمانیەتیەک هەیە لەنێوان دینیەکان و دژە دینیەکان ئەویش نەبەزاندنی پیرۆزیەکانە، بۆیە ئەو فانتازیایە لەناو دراما تەلەفزیۆنیەکان دەست دەکەوێت، بەتایبەت کە جۆرە زیندانێکی تری ژنە، بەوەی زیاتر گۆشەگیربوون و وابەستەبوونی بە ماڵەوە دەبێت، ئەوەش پیاو دڵخۆش دەکات، بەڵام پێویستە پیاو ئەوە بزانێت لەناو ماڵەکەی ژنەکەی دۆستی سوڵتان عەبدولحەمیدە، ئەگەر خۆشت لەو تێگەیشتنە بێبەری دەکەیت بەوەی تۆ خوشکەکەت ئازاد کردووە، خەمت نەبێت ئەویش جوانکاریەکانی هەر لەسەر فۆڕمی دراما مۆدێرنەکانی ژیانی تورکی بنیات ناوە، خەون بە موهەنەد و موراد عەلەمدارو ناوەکانی تر کە من نایزانم و تۆ ڕۆژانە لەناو ماڵی خۆتان دۆستی خوشکەکانمان و کچەکانمان دەبینیت کە چۆن لەرێی شاشەوە دلدارو دۆستیانن.




من لەکوێم و چی دەکەم؟.. نیهاد جامی

لەئێستادا لەکوێیت؟ پرسیارێک ساتی وا مرۆڤ ڕووبەرووی دەکرێتەوە، ئەوە گەڕان نیە بەدوای بوونی تۆ لەشوێندا، هێندەی پرسێکی کۆمەڵایەتیە بۆ زانینی بوونت لەجوگرافیای گەردووندا، دەشێت بتوانین مانایەکی فراوانتر بەو پرسیارە بدەین، بەوەی بوون لە ئاستی زانینی جوگرافیەوە بگۆڕین بۆ بوونی کولتووریی، ڕەنگە بپرسین ئەوەیان چۆن ڕوو دەدات، بابەتەکە هێندە نابێتە تیۆریی، بەقەد ئەوەی هەوڵێکە بۆ نووسینەوەی ساتی ئامادەبوونی کولتوریی تۆ لەشوێندا، ئەوە بیرکردنەوەیە لەو رۆژانەی تێدەپەڕن، بێ ئەوەی لەناو تۆڕی کۆمەلایەتی ئاگاداری دۆستەکانت بکەیتەوە تۆ خەریکی چیت، هەر بەڕاست گرنگە مرۆڤ لەناو تۆڕی کۆمەڵایەتی ئەو هەموو بانگەشەیە بۆ هەر کارێک بکات کە ئەنجامی دەدات؟
رەنگە گرنگیەکەی لەوەدا بێت تۆ خەریکی کاری کولتوریی و پێویستە ئەوانیتر هەواڵت بزانن، بەلام ئەو قسەیە بۆ نوسەر و هونەرمەندەکان ڕاستە، نەک بۆ مرۆڤێکی وەک من کۆی ژیان ئەدەب وهونەر تەنیا هەوڵێکی چێژبەخشی خودگەرایانە بووە، ساتی گوزارشت کردن بووە لە خۆم، بەدەگمەن ژانرێک هەبووە ئەزموونم نەکردبێت، پەیوەندی بە هونەرمەندبوون و نوسەر بوونەوە نەبووە، بەقەد ئەوەی گەڕان بووە بەناو زمانە جیاوازەکان لەپێناو ئەوەی چۆن دەتوانم ساتەکانی خۆم بنیات بنێمەوە، هەندێک دڵخۆشبوونە پێی، ئەوانە وەک من گیرۆدەی زمانیتر بوون بۆ گوزارشت کردن لەخۆیان، بەشەکەی تریان توڕە بوون کە ئەو کارانەیان بە دڵ نیە، ئەوانە بریتی بوونە لەنوسەرو هونەرمەندەکان، پسپۆڕانی ئەو بوارە کە دەتوانن ناوی مەزن بن، بەلام بە بڕوای ئێمە مەرج نیە ناوە مەزنەکان بتوانن ژیانی ڕاستەقینەی خۆیان بژین، ڕاستە سەرەنجام ئەدەب و هونەر لەپێناو ئاسوودەیی مرۆڤدایە، ئاسودەییەک دانەرەکان بیری لێ ناکەنەوە، بەلام خوێنەرو بینەر بۆیان گرنگە گوزارشت لەوان بکات، منیش بەهەمان شێوە کاتێک کامێرام بەدەستەوە بێت یاخود وەک دەرهێنەر لەشانۆ بم، وەک ئەو بینەری فیلم و شانۆیانە بەدوای چێژ و ئارامی گەڕاوم، نەک بەدوای ناوی دەرهێنەر بوون.
ئەو دەمەی کتێبێکم نووسیوە، من وەک خوێنەر بیر لەچێژی خوێندنەوە دەکەم، نەک خولقێنەری شاکار، هەر بۆیە لایکی تۆڕە کۆمەلایەتیەکان هیچ کاتێک بۆم گرنگ نەبوون، کاتێکیش بەکاریان ناهێنم خۆشترین ساتەکانی خۆم دەژیم، بەتایبەت لەئەزموونکردنی ژیانی خۆرئاوایی، گێڕانەوەی ڕووداو ئەو چیرۆکانەی هەرگیز ڕوویان نەدا، ئارەزووی گێڕانەوەیانم دەکرد، ئەوانەی کە لەژیانمدا ڕوویاندا هیچ کاتێک بیر لەنووسینەوەیان ناکەمەوە، چونکە من بۆ خۆم تاقەتی گێڕانەوەی ژیانم نیە، ئەوە وایکرد ڕۆمان بنووسم، چێژی زۆری بە خۆم و خوێنەرێک بەخشی، بەڵام ئەوانەش کە توڕە دەبن، پێمناخۆشە دەبمە هۆی ناڕەحەتیان، لەکاتێکدا نووسەرانی ئەو بوارە گەر هەراسان بن وا تێدەگەن عەرشی بوارەکەیان دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە، لەکاتێکدا من لەوە بێتواناترم کاریگەریم بۆ سەر خۆشم هەبێت نەوەک بۆ مامۆستایانی ئەدیب.
چێژی خوێنەر بوون هەمان چێژی بینەر بوونە، کاتێک کامێرا بەدەستەوە دەگریت ئەو وێنە و فیلمانەی هەست دەکەیت دواتر لەرێکخستنەوەیان مانایەکتر دەخولقێنێت، ئەوە بیرکردنەوە نیە لەدرووست کردنی فیلم، هێندەی وەک بینەرێک بەدوای چێژی بینینەوە ئەنجام دەدرێت، ئەوەی لەپشت ئەو بیرکردنەوەیە من نیم، من تەنیا بۆ خۆم و ئاسودەییەکانم کار دەکەم، ئێستاش چەندین کتێب و فیلم و وێنەم لە لایە بە پێویستم نەزانیوە جارێ ببینرێن و بەدڵنیاییەوە لەداهاتوودا ئەوانەی ئارەزووی بکەن هەموویان دەخوێننەوەو دەبینن، ئەوەش وەڵامی پرسیارەکەی سەرەتا بوو، کە من لەئێستادا چیدەکەم، لەئێستابوونی من واز لەشوێن بێنە، گرنگ ئەوەیە لەهەر شوێنێک بم، من بەدوای هۆڵی شانۆو کتێبخانەکان دەگەڕێم، ئەو دوو شوێنە ماڵی ڕاستەقینەی منە، کاتێکیش بیر لەخۆم دەکەمەوە، بۆ ئەوەی پشوویەک بە خۆم بدەم، کامێراکەم بەدەستەوە دەگرم و خەریکی وێنەگرتنی چرکەیەکم کە ڕەنگە ساتی بینینی نەک مرۆڤەکانی ناو وێنەکە لەژیاندا نەمابن، بەڵکو لەوانەیە منیش چیتر لێرە لەسەر ئەم زەویە لەگەڵ ئێوە نەبم، دووریش نیە، هەندێک بێ ئاگایی یەکتری باس لەوە بکەن ئەوان لەناو ئەو وێنەیە دەرکەوتوون، خۆ ئەو کات هەر یەکتریشیان نەناسیبوو، ئەوە ساتە ڕاستەقینەکەی چێژی ئێستا بوونە بۆ من، کە شوێنەکان تەنیا ماڵێکن بۆ گوزارشت کردن لەهەستی ئاسودەیی خوێنەربوون و بینەربوونت لەبەردەم کتێب و لەناو هۆڵی شانۆ، ئەو دەمەی کامێراکەت بەدەستەوەیە، دەتەوێت هەموو ئەوانە وەک چیرۆکێکی وێنەیی یاخود وەک دیمەنی فیلمێک تۆمار بکەیت، دڵنیام ئێستا ئەزانیت من لەکوێم و خەریکی چیم لەم ژیانەدا.




كتێب: پێڕفۆرمانس و گێڕانەوە.. نیهاد جامی

ناوی كتێب: پێڕفۆرمانس و گێڕانەوە
‌نووسەر: نیهاد جامی
دەرهێنانی هونەری:
بەرگ:
تیراژ: ٥٠٠ دانه
نرخ: ٤٠٠٠ دینار
لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانەکان ژمارەی سپاردنی )(ی
ساڵی )٢٠٢١)ی پێدراوە.

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




کارینا … رۆمانێکی نوێی نووسەر: نیهاد جامی

ئەم ڕۆمانە بۆ یەکمینجارە لێرەوە بڵاو دەبێتەوە…..

بۆ خوێندنەوەی ڕۆمانەکە کلیکی ئێرەبکەن …….




پێرفۆڕمانس و شانۆ … نیهاد جامی

ده‌ركه‌وتنی پێرفۆڕمانس له‌ كاری هونه‌ریدا، په‌یوه‌ست نه‌بوو به تێگه‌یشتنی ‌ڕواڵه‌تیانه‌ی هونه‌ری، به‌ڵكو‌ زاده‌ی دوو قۆناغی فه‌لسه‌فیه‌، به‌واتایه‌كیتر به‌دوای ئه‌و ململانێ فه‌لسه‌فیه‌ی نێوان تازه‌گه‌ری و پاش تازه‌گه‌ری، پێرفۆڕمانس ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ك ده‌ركه‌وته‌یه‌كی پاش تازه‌گه‌ریه‌ كه‌ سه‌ره‌تا په‌یوه‌ست بوو به‌ هونه‌ری ته‌لارسازی و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ هونه‌ری شانۆییه‌وه‌ نه‌بووه‌، دواتر خێرا ده‌په‌ڕێته‌وه‌ ناو هونه‌ری شێوه‌كاری، له‌وێوه‌ بوونی خۆی وه‌ك كاری هونه‌ری نیشان ده‌دات، ئه‌وه‌ وا ده‌كات ده‌رگا بۆ هه‌ردوو هونه‌ری سه‌ما و شانۆش بكاته‌وه‌ كه‌ پێیه‌وه‌ ئاشنا ببن.
دوو فه‌یله‌سووف كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر ئه‌و هونه‌ره‌ هه‌یه‌، ئه‌وانیش لیوتار و گیانی ڤاتیمۆ، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان كاتێك له‌كۆتایی هه‌فتاكان كتێبێك ده‌نووسێت به‌ناوی “هه‌ڵومه‌رجی پاش تازه‌گه‌ری” له‌و كتێبه‌دا باس له‌وه‌ ده‌كات تازه‌گه‌ری فه‌لسه‌فی پڕؤژه‌یه‌ك بوو كۆتایی هات، لێره‌دا یه‌كێك له‌ موریده‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی تازه‌گه‌ری فه‌یله‌سووفی ئه‌ڵمانی هابرماس بوو كه‌ له‌ڕێگه‌ی وتارێكدا له‌ژێر ناوی “تازه‌گه‌ری پڕۆژه‌یه‌كی ناته‌واوه‌” وه‌ڵام به‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ كۆی ڕوانینه‌كانی هابرماس قسه‌كردنه‌ له‌وه‌ی كه‌ تازه‌گه‌ری كۆتایی نه‌هاتووه‌و ئه‌وه‌ی ده‌ووترێت ده‌كرێت ڕه‌خنه‌گرتن بێت له‌ تازه‌گه‌ری نه‌وه‌كو كۆتایی هاتنی تازه‌گه‌ری، له‌وه‌شدا هابرماس ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ڕوانینه‌كانی فه‌یله‌سوفی تازه‌گه‌ری هیگڵ.
گرفتی هابرماس له‌و ڕوانین و ئینتیما ئایدیۆلۆژییه‌ كه‌وا ئه‌و ناتوانێ ده‌ستبه‌رداری ناو تێكسته‌كانی هیگڵ و كانت ببێت به‌وه‌ی ناشتوانێ بڕوا به‌وه‌ بێنێت كه‌ تازه‌گه‌ری كۆتایی هاتووه‌، له‌دیدگای ئه‌ودا ده‌كرێت ئه‌و ڕوانینه‌ درێژكراوه‌ی ناو تازه‌گه‌ری خۆی بێت، له‌وه‌شدا ڕێك له‌ فه‌لسه‌فه‌ی نیتچه‌دا سه‌یری ده‌كات، لێره‌وه‌ ململانێی ئه‌و دوو تێگه‌یشتنه‌ فه‌لسه‌فیه‌ كه‌وتنه‌ ناو ڕووبه‌رێكی ڕه‌خنه‌ییه‌وه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌یان په‌یوه‌ست نه‌بێت به‌ باسه‌كه‌ی ئێمه‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤی تازه‌گه‌ری كه‌ مرۆڤێكی عه‌قڵانیه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و باسه‌ هێنده‌ی باسێكی فه‌لسه‌فه‌ی تازه‌گه‌ری خۆی بێت په‌یوه‌ست نه‌بێت به‌ پێرفۆڕمانسه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌یان واز لێ دێنین و دێینه‌ سه‌ر فه‌یله‌سووفێكیتر كه‌ گرنگی ته‌واوی به‌سه‌ر كاری پێرفۆڕمانسه‌وه‌ هه‌یه‌ و پێرفۆڕمێره‌كان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و فه‌یله‌سووفه‌ ناتوانن باس له‌و هونه‌ره‌ بكه‌ن ئه‌ویش ڤاتیمۆ یه‌.
ڤاتیمۆ له‌ كتێبه‌ گرنگه‌كه‌یدا به‌ناوی “كۆتایی تازه‌گه‌ری” باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ تازه‌گه‌ری ئاراسته‌یه‌كه‌ ده‌بێت پێشنیاری دوای ئه‌و بكه‌ین، كه‌ ئه‌وه‌ی دوای تازه‌گه‌ری دێت چیه‌؟ چونكه‌ ناكرێت تازه‌گه‌ریه‌ك كه‌ له‌شوێنی خۆی ده‌وه‌ستێت ئیتر هه‌روا به‌جێی بێلین، ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ مێژوویه‌ وای كرد تازه‌گه‌ری بگاته‌ ئه‌و شوێنه‌ بۆیه‌ پێویستیتش ده‌كات ڕاڤه‌ كۆنه‌كان به‌جێ بێلین و به‌ره‌و دوای ئه‌و هه‌نگاو بنێین.
به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕێك ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ سه‌ر بۆچوونێكی گرۆتۆفسكی بۆ پێرفۆڕمانس كه‌ دواتر ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ری، ڤاتیمۆ مه‌به‌سته‌كه‌ی هێنده‌ ڕوونه‌ پێم وایه‌ پێویستی به‌ لیكدانه‌وه‌ی زۆر نه‌بێت، كه‌ ده‌یه‌وێت ووریامان بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی تازه‌گه‌ری تێبپه‌ڕێنین و له‌شوێنی خۆیدا نه‌یهێلینه‌وه‌، له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ ده‌كرێت باس له‌ چه‌ندین ڕه‌خنه‌گری شێوه‌كاری بكرێت كه‌ ویستیان له‌پێناو ده‌رچوون له‌و دۆخه‌ی تازه‌گه‌ری به‌دوای هونه‌رێكی باڵادا بگه‌ڕێن كه‌ به‌بڕوای ئێمه‌ “مایكل فرید” گرنگترینیان بێت، كه‌ تائه‌مڕۆش باسی لێوه‌ بكرێت.
ئه‌وه‌ش ئه‌و هونه‌ره‌یه‌ كه‌ به‌ پێرفۆڕمانس خۆی ناساند، كه‌ بریتی بوو له‌ هونه‌رێكی زیندووی ساته‌وه‌ختی له‌ زه‌مه‌نی كاركردندا له‌ شوێن و كاتی جیاواز ده‌خرایه‌ ڕوو، دواتر خێرا وه‌ك سه‌مای پێرفۆڕمانسیش خۆی خسته‌ ڕوو، كه‌ وه‌ك سه‌مایه‌ك له‌ناو هونه‌رێكی پاش تازه‌گه‌ری ده‌ركه‌وت، ئه‌و ده‌ركه‌وتنه‌ وای له‌چه‌ندین ڕه‌خنه‌گری ئه‌و بواره‌ كرد باس له‌ پێرفۆرمانس له‌هونه‌ری سه‌مادا بكه‌ن، كه‌ یه‌كێك له‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ سۆزان لانجه‌ر بوو.
هه‌ڵبه‌ت كه‌ پێرفۆڕمانس له‌شانۆدا ده‌ركه‌وت، له‌ فۆڕم و نۆرمێكدا خۆی نه‌خسته‌ ڕوو، به‌درێژایی ده‌ركه‌وتنی ئه‌و هونه‌ره‌ له‌شانۆدا هه‌میشه‌ له‌گۆڕانكاریدا بووه‌، كه‌ دواتر ووردتر له‌سه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ شانۆییه‌ی ده‌وه‌ستین سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه‌ بیخه‌ینه‌ ڕوو ته‌نیا ڕوانینێكی گشتیه‌ بۆ چۆنیه‌تی سه‌رهه‌ڵدان و ماناكانی دواتر ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر گرنگی و به‌های له‌ شانۆ و گۆڕانكاری و چۆنیه‌تی كاركردن تیایدا.‌‌
ئه‌و ده‌مه‌ی پێرفۆڕمانس ڕێساكانی تازه‌گه‌ری تێك ده‌شكێنێت، چیتر تازه‌گه‌ری خاوه‌نی ڕێسایه‌كی نه‌گۆڕ نیه‌، وه‌ك چۆن له‌ته‌لارسازیدا ئه‌و ڕێسایه‌ به‌دوای ئه‌و پیشانگایه‌ی سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌ ڤینسیا كرایه‌وه‌ كه‌ سی ئه‌ندازیار دیزاینه‌ره‌ ته‌لارسازیه‌كانی خۆیان خسته‌ ڕوو، كه‌ به‌ بڕوای ڕه‌خنه‌گری ئیتاڵی پاولۆ پۆرتۆگیزی ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای كوده‌تا ڕاسته‌قینه‌كه‌ بوو كه‌ له‌ تازه‌گه‌ری كرا، چونكه‌ ئه‌وان له‌ڕووی ته‌لارسازیه‌وه‌ توانیان هاوسه‌نگیه‌كی جیاواز بدۆزنه‌وه‌ له‌نێوان حه‌قیقه‌تی ته‌لار و به‌های جوانكاریدا، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئه‌و ده‌یخاته‌ ڕوو وه‌زیفه‌ی كاره‌كه‌ شێوه‌ هونه‌ریه‌كه‌ی ده‌سه‌پێنێت.
رێسا عه‌قلانیه‌كان و ئه‌فسانه‌كانی تازه‌گه‌ری لێره‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی كۆتاییه‌ك كه‌ نه‌ك به‌ته‌نیا له‌ ته‌لارسازیدا، به‌ڵكو خێرا په‌ڕیه‌وه‌ ناو ده‌یالۆگی فه‌لسه‌فی و دواتریش هونه‌ری شێوه‌كاری به‌هه‌موو لقه‌كانیه‌وه‌ هه‌وڵیدا له‌ناو ئه‌فسانه‌كانی تازه‌گه‌ری بێته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ ڕێسا عه‌قلانیه‌كانیان تێكشكاند.
لێره‌دا نابێت ئه‌و كۆمه‌كه‌ گرنگه‌ له‌یاد بكه‌ین كه‌ فه‌یله‌سووفی فه‌ره‌نسی ژاك درێدا قسه‌كردنه‌كانی له‌باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ناوه‌ندگه‌رێتی عه‌قڵ بوو، به‌وه‌ی چۆن ئه‌و ناوه‌نده‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه‌و سه‌ر له‌نوێ له‌ڕێگه‌ی بونیاده‌وه‌ ڕێكی ده‌خه‌ینه‌وه‌، به‌ بڕوای دریدا گرنگی بونیاد له‌وه‌دایه‌ ئه‌و ناوه‌ند “سێنته‌ر” ی نیه، به‌ڵكو به‌دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ناوه‌ند بونیاده‌كان خۆیان ده‌نووسنه‌وه‌.
ئه‌وه‌ش بۆ هونه‌ری پێرفۆڕمانس به‌واتای چیتر ڕێساكان و تێگه‌یشتنه‌ عه‌قڵیه‌كان پێوه‌ری داهێنان نین له‌كاری هونه‌ری، كاری هونه‌ری ده‌بێته‌ زاده‌ی ئه‌و دۆخ و ساته‌وه‌خته‌ی كه‌ كاره‌كه‌ی تیا ئه‌نجام ده‌ده‌ین، ئه‌نجامدانه‌كه‌شی بۆ ساده‌كردنه‌وه‌ نیه‌، هێنده‌ی له‌پێناو خولقاندنی گه‌ڕانێكیتره‌ كه‌ ئه‌وه‌ پێو‌‌یستی كاره‌كه‌یه‌ شێوه‌ هونه‌ریه‌كه‌ش ده‌خوڵقێنێت.‌
ئێمه‌ لێره‌دا كاتێك ده‌بینین پێرفۆڕمانس به‌ته‌نیا له‌هونه‌ری شێوه‌كاری نامێنێته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌ جوانكاریی و فه‌لسه‌فییه‌ی خێرا ده‌په‌ڕێته‌وه‌ نێو هونه‌ری شانۆ، به‌تایبه‌ت كه‌ شانۆی ئه‌زموونگه‌ری بۆ خۆی له‌ گه‌ڕانێكی به‌رده‌وامدا بوو له‌پێناو ده‌ربازبوون له‌ڕێسا عه‌قڵانیه‌كانی شانۆ، كه‌ ئه‌وه‌ وای كرد وه‌ك میكانیزمێكیتری گه‌ڕان بۆ شانۆی ئه‌لته‌رناتیڤ سه‌یر بكرێت، به‌تایبه‌ت له‌لای شانۆكارانی پۆڵه‌ندی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌زموونكارانی شانۆی پۆڵه‌ندی پێشتر له‌ هونه‌ری شێوه‌كاری كاریان كردبوو.
كاتێك پێرفۆڕمانس له‌ ئه‌زموونی شانۆكارانی پۆڵه‌ندی ده‌رده‌كه‌وێت جارێكیتر ڕووبه‌رێكی فه‌لسه‌فیانه‌ی جیاوازی پێ ده‌به‌خشرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پرسیاری ئه‌و مرۆڤه‌ به‌ته‌نیا له‌ڕێسای كاری هونه‌ری ناهێلێته‌وه‌، لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: بۆچی و به‌ر له‌وان پێرفۆڕمانس له‌ شانۆدا چۆن ده‌ركه‌وتبوو؟
ره‌نگه‌ له‌ساتی وه‌ڵام به‌و پرسیاره‌ زۆر نهێنی و ناكۆكیمان بۆ بكه‌وێته‌ ڕوو، چونكه‌ پێرفۆڕمانس بریتی نیه‌ له‌ شێوازێكی شانۆیی، به‌ڵكو گه‌ڕانێكی به‌رده‌وامه‌ به‌ پێی پێداویستی دۆخه‌ هونه‌ریه‌كه‌، هیچ ساتێك ڕێسایه‌ك نابێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ كاره‌كه‌ بچێته‌ نێو چوارچێوه‌یه‌كه‌وه‌، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی بنیاتی ده‌نێت ئه‌و ئاگاییه‌ شانۆییه‌ و چۆنیه‌تی داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌یه‌ له‌ناو شانۆدا، بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌ت وه‌ك كێشه‌یه‌كی خودێتی نه‌خرێته‌ ڕوو، هێنده‌ی ئه‌و خوده‌ چۆن له‌ناو بابه‌ته‌كه‌دا یه‌كه‌یه‌كی هونه‌ری به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، ئه‌وه‌ به‌ته‌واوی جیاوازه‌ له‌و وێنه‌یه‌ی شانۆی شه‌قام یاخود هه‌ندێك له‌ئه‌زموونه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی برۆدوای پێشكه‌شیان ده‌كرد، شانۆی نان و بووكه‌ شووشه‌ی پیته‌ر شۆمان به‌هیچ جۆرێك ئه‌زموونێكی پێرفۆڕمانس نیه‌، چونكه‌ شانۆیه‌كه‌ له‌ناو پێداویستیه‌كی ئایدیای تایبه‌ت و چوارچێوه‌یه‌كی ده‌ست نیشان كراو كار ده‌كات، هه‌ندێك له‌ ئه‌زموونه‌كانی ژۆلیان بیك و ژۆدیت مالینا كاری پێرفۆڕمانسین، به‌تایبه‌ت له‌چۆنیه‌تی كاركردنه‌وه‌یاندا له‌ ئه‌زموونی “ئه‌نتیگۆنا” دا.
به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌مان بیر نه‌چێت ئه‌و پێرفۆڕمانسه‌ كه‌ ئیشكردنه‌وه‌یه‌ له‌ته‌ك تێكست وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌واوی تێكست نیه‌، هێنده‌ی چۆنیه‌تی وه‌رگرتنه‌وه‌ی تێكست و داڕشتنه‌وه‌یه‌تی به‌ پێی ئه‌و پێداویستیه‌ هونه‌ریه‌ی كه‌ ئه‌و خوازیاریه‌تی، ئه‌وه‌ش پێرفۆڕمانسی سه‌ره‌تای كاری شانۆییه‌، چونكه‌ ئێمه‌ له‌پاڵ هه‌موو هه‌وڵ و گه‌ڕانه‌ پێرفۆڕمانسیه‌كان، دوو شێوه‌ی سه‌ره‌كیمان هه‌یه‌ له‌ناو كاری پێرفۆڕمانسیدا، كه‌ یه‌كێكیان پشت به‌ستنه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌.. ئه‌ویتریشیان ئیشكردنه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆیه‌ له‌ته‌ك جه‌سته‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و دوو شێوه‌‌ سه‌ره‌كیه‌ بدوێین ڕاستر وایه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێك بنه‌ماكانی ئه‌و دووانه‌ بوه‌ستین، چونكه‌ ئه‌و دوو شێوه‌ پێرفۆڕمانسه‌، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌واوی كاره‌كان داناوه‌و دواتریش وه‌ك پڕۆژه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤ وجیاواز له‌شانۆدا ده‌ركه‌وتووه‌، تا ئه‌و ئاسته‌ی له‌ ئێستادا هه‌ڕه‌شه له‌ شانۆی سونه‌تی ده‌كات و له‌داهاتووشدا توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ شوێنی شانۆ بگرێته‌وه‌، شوێنگرتنه‌وه‌ به‌و مانایه‌ی كه‌ هونه‌رێكه‌ له‌ناو ئاقاری بیركردنه‌وه‌دا پرسیاره‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان ده‌باته‌وه‌ ناو مێژوو له‌وێوه‌ ئاماده‌بوونی خۆی وه‌ك ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی ئێستایه‌ ئاوا ده‌ڕواته‌ ناو مێژوو، به‌هه‌مان شێوه‌ مێژوو دێنێته‌وه‌ ناو ئه‌و هه‌نووكه‌‌ شانۆییه‌ كه‌ له‌ زه‌مه‌نی یاده‌وه‌ریی بیگۆڕێت به‌ زه‌مه‌نی شانۆیی كه‌ زه‌مه‌نی فه‌لسه‌فی پێڕفۆڕمانسه‌. ‌
گێڕانه‌وه‌ چه‌مكێكی ئه‌ڕستۆیی نیه‌، به‌ڵكو گێڕانه‌وه‌ به‌شداریكردنێكی زه‌مه‌نی تێكسته‌ له‌ناو ئێستای مندا كه‌ بریتیه له‌ خۆنمایشكردنم له‌و ساته‌ی به‌ نمایشه‌كه‌ هه‌ڵده‌ستم، پێرفۆرمێر بۆ چه‌مكی گێرانه‌وه‌ پشت به‌ ته‌كنیكی تایبه‌ت به‌ پێرفۆڕمانسه‌كه‌ی ده‌به‌خشێت، به‌واتای ئه‌وه‌ ته‌كنیكه‌ ئاماده‌كانی گێڕانه‌وه‌ و تیۆره‌كانی گێڕانه‌وه‌ نین، به‌ڵكو ئاماده‌بوونی فیگوری من له‌و پێرفۆڕمانسه‌دا توانای خوڵقاندنی ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ی هه‌یه‌.
سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م كاره‌ پێرفۆرمانسیه‌كانی پینگ چۆنگ گێڕانه‌وه‌ی تیایدا بردۆته‌وه‌ ناو مانای ئاڵۆزه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ كاره‌كانی له‌و ساته‌وه‌خته‌ی نمایشی ده‌كات، به‌ بڕوای توێژه‌رێكی بواری پێرفۆرمانسی وه‌كو ژۆناتان كالب گێڕانه‌وه‌ له‌كاره‌ پێرفۆرمانسیه‌كانی چۆنگ متمانه‌ ده‌كاته‌ سه‌ر ڕه‌گه‌زی چیرۆك ، به‌ڵام به‌ پله‌ی سه‌ره‌كی ئامانجی ئه‌وه‌ نیه‌ چیرۆكێكمان بۆ بگێڕێته‌وه‌.
هه‌رچی ڕه‌خنه‌گر نۆیل كاڕۆله‌ له‌باره‌ی كاره‌كانی چۆنگ بۆچوونی وایه‌ میكانیزمه‌كانی كاركردنی ئه‌و له‌پێناو تێپه‌ڕینه‌ به‌ناو ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ مه‌به‌ستیه‌تی به‌بێ ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵیان بكات، له‌هه‌ر ده‌ربڕینێكی ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجامی ده‌دات مه‌به‌ستێكی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه‌ كه‌ تێكه‌ڵی ناكاته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستێكیتر.
ئه‌و شێوه‌ پێرفۆرمانسه‌ سیماكانی له‌ كاری هونه‌ر‌مه‌ندێكه‌وه‌ جێگیر نه‌بووه، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ته‌ماشای كاره‌كانی ئیلیزابێس لی كۆمپێت بكه‌ین، كه‌ له‌كۆتایی هه‌فتاكانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات و بۆ سه‌ره‌تای هه‌شتاكانیش به‌رده‌وام ده‌بێت، تێبینی ئه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌و له‌كاره‌كانیدا هه‌وڵی ڕه‌گه‌زه‌ بینراو و بیستراوه‌كان ده‌دات، به‌واتای پێرفۆرمانس له‌لای ئه‌ودا وێنه‌ی بینراوه‌ له‌پاڵ وێنه‌ی بیستراو.
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ هه‌وڵیداوه‌ كار له‌سه‌ر چه‌ندین تێكست بكات، له‌وانه‌ شانۆگه‌ریه‌كی ئیلیۆت هه‌ڵده‌بژێرێت، ناوی ده‌بات به‌ “هه‌ڵبژاردنه‌كان” كه‌ له‌ شه‌ش هه‌ڵبژاردن به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات، یاخود كاره‌كانی گروپی وۆسته‌ر به‌تایبه‌ت له‌شانۆگه‌ری “گه‌شتی ڕۆژێكی درێژ بۆ قوڵایی شه‌و” ی یۆژین ئۆنێل كه‌ له‌ماوه‌ی 13 ده‌قیقه‌دا نمایشكراوه‌، كه‌ پێرفۆرمێره‌كان ته‌نیا دیارترین ده‌یالۆگه‌كانی ناو شانۆنامه‌كه‌یان هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ كاركردن.
هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك به‌پێی تێگه‌یشتنی بۆ كاره‌كه‌ی خۆی هه‌وڵیداوه‌ ئاگایی كولتوریی و جوانیناسیانه‌ی ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی چۆن سه‌ر له‌نوێ فۆڕم به‌و نمایشه‌ ده‌به‌خشێت، له‌و كاته‌دا ئه‌وه‌ی نایكاته‌ ڕێسایه‌ك په‌یوه‌سته‌ به‌و ڕۆحه‌ ئه‌زموونكاریه‌ته‌ی هه‌میشه‌ له‌ناو گه‌ڕاندایه‌ كه‌ شوێنێكی نیه‌ بۆ وه‌ستان و به‌خشینی وه‌ك ستایلێك، به‌ڵام هه‌میشه‌ تێگه‌یشتنێكی فیكری قووڵ له‌پشت كاره‌كانه‌وه‌یه‌، به‌واتای به‌ته‌نیا هه‌ستی ڕووكه‌ش بۆ دیارده‌یه‌ك یان گرفتێك ناكه‌نه‌ هۆكار بۆ خولقاندنی كاره‌ هونه‌ریه‌كه‌، هێنده‌ی ده‌یانه‌وێت له‌پاڵ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ هونه‌ریه‌ قوڵاییه‌كی فیكریی و بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی پێ ببه‌خشن، ئه‌وه‌ی بۆ ‌ئه‌وان گرنگ نه‌بێت ژماره‌ی پێرفۆرمێره‌، به‌ڵام گرنگه‌ كه‌ ئه‌وه‌ له‌ نمایشی سونه‌تی شانۆ كاریگه‌ری زیاتر بخوڵقێنێت، گه‌ر وانه‌بێت ڕوو ده‌كرێته‌ نمایشت كردنه‌وه‌ی تێكسته‌كان له‌سه‌ر شانۆ، به‌ڵام چونكه‌ مه‌ودا و ڕووبه‌رێكیتر ده‌خوڵقێنن بۆیه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌یخه‌نه‌ ڕوو، هیچ كاتێكیش له‌ نمایشی شانۆیی وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌ كه‌متر سه‌یری ناكه‌ن، وه‌ك چۆن ژنه‌ پێرفۆرمێر كارین فینلی له‌ڕێگه‌ی نمایشی مۆنۆدرامیه‌وه‌ ده‌یویست كامێرا و وێنه‌ی فۆتۆگرافی به‌شداری له‌ گێڕانه‌وه‌ی تاوانه‌كان بكات، ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ بۆ خوڵقاندنی مه‌ودایه‌كی فیكریی بوو به‌ تاوان، به‌واتای ڕووداوه‌كانی ڕۆژ بۆ ووروژاندن نیه‌ له‌سه‌ر شه‌قام و ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ پێرفۆرمانسه‌كه‌ی‌ تیا ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵكو له‌پێناو چۆنیه‌تی داڕشتنه‌وه‌یه‌ له‌ناو یه‌كه‌یه‌كی جوانكاریی و فیكریدا.
ره‌نگه‌ له‌و شێوه‌ پێرفۆرمانسه‌دا نمونه‌ی پێرفۆرمێری زۆر له‌به‌رده‌ستدا بێت، به‌ڵام ده‌شێت له‌ نوسینی كورته‌ وتارێكدا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ته‌واوی هه‌وڵه‌كان ئه‌و گرنگیه‌ی نه‌بێت به‌قه‌د ئه‌وه‌ی تیشك خستنه‌ سه‌ر شێوه‌ی پێرفۆرمانسه‌كه‌ بۆ خۆی گرنگی تایبه‌تی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاگایی و مه‌عریفه‌یه‌كمان له‌باره‌یه‌وه‌ هه‌بێت، ئێمه‌ به‌ر له‌كۆتایی هاتنی به‌و وتاره‌ هه‌وڵده‌ده‌ین له‌سه‌ر شێوه‌یه‌كیتری پێرفۆرمانس بێینه‌ قسه‌كردن، كه‌ پێم وایه‌ گرنگی تایبه‌تی خۆی له‌ئێستادا هه‌بێت و به‌رده‌وامی و گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌میشه‌یی به‌خۆیه‌وه‌ بینیبێت، ئه‌ویش پێرفۆرمانسی جه‌سته‌ییه‌، كه‌ ده‌توانین بیگه‌رێنینه‌وه‌ بۆ هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ‌شانۆكارانی پۆڵه‌ندی به‌تایبه‌تی له‌كاره‌كانی گرتۆفسكی و كانتور و گیگیۆفسكی و ئه‌وانیتردا.
پێرفۆڕمانس سه‌رباری ده‌ركه‌وتنی له‌ناو هونه‌ره‌كانی شێوه‌كاری و شانۆ و سه‌ما، به‌ڵام بوونی ئه‌و هونه‌ره له‌لایان شانۆكارانی پۆڵه‌ندیه‌وه‌ له‌ڕاستیدا ڕووبه‌رو پانتاییه‌كیتریان پێ به‌خشی، هۆكاری سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌ بوو زۆربه‌ی شانۆكارانی پۆڵه‌ندی كه‌ به‌ ئه‌زموونكاره‌ نوێیه‌كان ناویان ده‌ركردبوو، پێشتر له‌هونه‌ری شێوه‌كاری وه‌ك شێوه‌كار ناسرابوون و دواتر ڕوویان كردبووه‌ شانۆ، بۆ ئه‌وه‌ش توانیان له‌ كاری پێرفۆرمانسیدا په‌یوه‌ندیه‌ك بخوڵقێنن له‌نێوان هونه‌ری شێوه‌كاری و شانۆدا.
دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ خاڵی نه‌بوو له‌و قه‌یرانه‌‌ كولتوریه‌ی مرۆڤی پۆڵه‌ندی خۆی كه‌ به‌هۆی نازیه‌ته‌وه‌ ڕووبه‌رووی ببۆوه‌، كه‌ جه‌سته‌ له‌ فڕنه‌كانی نازیزم ده‌سووتێنرا، ئه‌و بێبه‌ها به‌خشینه‌ به‌ جه‌سته‌ی مرۆڤی پۆڵه‌ندی، بۆ خۆی توانی ئه‌و پرسیاره‌ ڕووبه‌رووی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ بكاته‌وه‌: جه‌سته‌ی من بوونی چیه‌؟
گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو گفتوگۆكانی شانۆكارێكی وه‌كو یۆزیف شاینا كه‌ چۆبن ڕۆژێك به‌ر له‌وه‌ی بخرێته‌ فڕنه‌وه‌و بسووتێنرێت چۆن به‌ په‌رجوویه‌ك ڕزگاری بووه‌، بۆ خۆی پرسیاری جه‌سته‌ له‌لای شانۆكاری پۆڵه‌ندی ده‌كاته‌ پرسیاری كولتوریی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌، هه‌ر بۆیه‌ جه‌سته‌ چه‌نده‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و ئاگاییه‌ شێوه‌كاریه‌ی شێوه‌كاران كه‌ دواتر په‌ڕینه‌وه‌ ناو شانۆ، له‌هه‌مان كاتیشدا په‌یوه‌سته‌ به‌و ئاگاییه‌ كولتوریه‌ی مرۆڤه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌.
ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌ شانۆییه‌كانیشدا گه‌یشتبووه‌ خاڵێك كه‌ په‌ڕینه‌وه‌ و ڕووه‌ و شانۆیه‌كیتر بوو، چونكه‌ شانۆ وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌بوو ئیتر پێویستی به‌وه‌ بوو له‌ڕووبه‌رێكیتردا وه‌ڵام به‌ پرسیاره‌كانی ئه‌وان بداته‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و ده‌مه‌ی گرۆتۆفسكی ووتی “ئێمه‌ له‌سه‌رده‌می ئه‌ودیوی شانۆداین”
ئه‌و ووته‌یه‌ زاده‌ی گه‌ڕان بوو به‌دوای هونه‌رێك كه‌ چیتر له‌ڕێگه‌ی كه‌ره‌سته‌ شانۆییه‌كانی سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ گوزارشت له‌خۆیان نه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ بۆخۆی بانگه‌شه‌ كردنێكی پێرفۆرمانسیانه‌ بوو كه‌ له‌ڕێگه‌ی جه‌سته‌وه‌ بنیاتی ده‌نا، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی گرۆتۆفسكی بۆ ئه‌ودیوی شانۆ، هه‌مان تێگه‌یشتنی ڤاتیمۆ یه‌ بۆ فه‌لسه‌فه‌ كه‌ به‌دوای تازه‌گه‌ری فه‌لسه‌فه‌ پێویستی به‌ پاش تازه‌گه‌ریه‌، چونكه‌ تازه‌گه‌ری كۆتایی دێت، ڕه‌نگه‌ پێرفۆرمانس بۆ خۆی له‌به‌رده‌م په‌ڕینه‌وه‌ بێت بۆ دۆخێكیتر، كه‌ دۆخی پێرفۆڕمانس بێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ بۆ گرۆتۆفسكی به‌ته‌نیا كاركردن نه‌بوو بۆ شێوه‌ ئه‌زموونێكیتر هێنده‌ی ڕووبه‌رێكی فه‌لسه‌فیانه‌ی شانۆ بوو، ئه‌گه‌ر ووردبینانه‌تر قسه‌ بكه‌ین ده‌بێت شێتی ئاڕتۆ بگه‌رێنینه‌وه‌ بۆ درك نه‌كردنی كۆمه‌ڵكای خۆرئاوایی بۆ هونه‌رێكی پێرفۆڕمانسی، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئارتۆ به‌و فه‌یله‌سووفه‌ شانۆییه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ زه‌مینه‌ی گوتاری ئه‌لته‌رناتیڤی له‌شانۆدا بنیاتنا.
ئه‌و زه‌مینه‌ی ئاڕتۆییه‌ گرۆتۆفسكی به‌ته‌نیا نایهێنێته‌ دی، به‌ڵكو ئه‌و دیده‌ فه‌لسه‌فییه‌ش تیایدا ده‌خاته‌ ڕوو، بۆیه‌ پێرفۆڕمانس مانای نه‌دۆزراوه‌ بۆ ئه‌و هه‌وڵه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌.
لێره‌دا نمایشی شانۆیی ده‌گۆڕێت بۆ پێرفۆڕمانس و ئه‌كته‌ریش ناو ده‌بات به‌ پێرفۆڕمێر، له‌و باره‌یه‌وه‌ گرۆتۆفسكی ده‌ڵێت “پێرفۆڕمێر پیاوی كرداره‌.. نه‌وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕۆڵی پیاوێكیتر ده‌بینێت, ئه‌و سه‌مازانه‌, جه‌نگاوه‌ره‌, له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو چوارچێوه‌و ڕه‌گه‌زه‌ هونه‌ریه‌كانه‌وه‌, سرووتیش پێرفۆڕمانسه‌, یا كرده‌یه‌كی ته‌واوكه‌رو كرده‌یه‌كی ته‌واوه‌, نمایشیش تێكشكانی سرووته‌, لێره‌دا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ نامه‌وێت, شتێكی نوێ‌ بدۆزمه‌وه‌, به‌ڵكو كه‌شفی شتێكی له‌یادكراو بكه‌م”
كه‌واته‌ پێرفۆڕمێر بوونی ئاماده‌بوونی خۆیه‌تی نه‌ك نوێنه‌رایه‌تی كردنی كاره‌كته‌ر, ئه‌و نوێنه‌رایه‌تی كه‌س ناكات, ئه‌وه‌ سرووتێكی شانۆییه‌ تیایدا پێرفۆڕمێر ئاماده‌بوونی وه‌ك مرۆڤ له‌ته‌ك ئاماده‌بوونی مرۆییانه‌ی وه‌رگر یه‌كه‌یه‌كی ڕیتواڵی پێكدێنن, كه‌ مۆتیڤێكی چه‌مكه‌ له‌ڕووبه‌ری پێرفۆڕمانسدا.
جه‌سته‌ بۆ گرۆتۆفسكی ڕووبه‌رێك نیه‌ كه‌ تێكست له‌سه‌ر شانۆ ملكه‌چی پێبكات به‌ڵكو وه‌ك ده‌ڵێت “جه‌سته‌ یاده‌وه‌ری نییه‌, به‌ڵكو خۆی یاده‌وه‌ریه‌, ئه‌وه‌ی ده‌بێت پێی هه‌ڵبستێت لابردنی به‌ربه‌سته‌كانی جه‌سته‌یه‌” ئه‌وه‌ش ئه‌و كرداره‌یه‌ كه‌ پێرفۆرمانسه‌كه‌ی تیا ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی جه‌سته‌ و باه‌تگه‌رێتی ده‌یخوڵقێنێت، چونكه‌ جه‌سته‌ وه‌ك جۆرێك له‌ یاده‌وه‌ری ده‌بینێت، ئه‌و یاده‌وه‌ریه‌ له‌ته‌ك ئه‌و زه‌مه‌نه‌ هه‌نوكه‌ییه‌ی پێرفۆرمێر گوتاری ئێستای من بنیات ده‌نێت، ئه‌و منه‌ كێشه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی ڕووبه‌رووی ده‌كاته‌وه‌ به‌وه‌ی (منی جه‌سته‌) و(جه‌سته‌ی من) دوو تێگه‌یشتنی پێرفۆرمانسیانه‌یه‌ بۆ جه‌سته‌، ئه‌گه‌ر له‌و كاره‌ پێرفۆرمانسیانه‌ی ناو تێكسته‌كان كه‌ سه‌ره‌تا وه‌ك گێڕانه‌وه‌ی پێرفۆرمانسی ئاماژه‌مان بۆ كرد من تیایدا ببێت به‌ منی جه‌سته‌، ئه‌وا من له‌ڕێگه‌ی چه‌ند ده‌یالۆگێكه‌وه‌ دێت بۆ خۆنمایشكردن جه‌سته‌شی ده‌خاته‌ خزمه‌تی ئه‌و نمایشه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ته‌نانه‌ت له‌لای شانۆی زیندووی جۆدیت مالینا وژۆلیانا بیكیش هه‌ستی پی ده‌كه‌ین.
به‌ڵام ئه‌و ده‌مه‌ی جه‌سته‌ی من ئاماده‌بوونی هه‌بوو، مانای وایه‌ جه‌سته‌ نه‌خراوه‌ته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی فه‌زای تێكسته‌وه‌، به‌ڵكو جه‌سته‌ بۆخۆی ئازادبوونی گوتاره‌، كه‌ توانای بنیاتنانی ئێستای هه‌بێت له‌ ساته‌وه‌ختی پێرفۆرمانسه‌كه‌دا.
لێره‌دا ده‌توانین شێوه‌یه‌كی جیاواز له‌ كاری پێرفۆرمانسی به‌دی بكه‌ین، كه‌ ئه‌و ڕوانینه‌ی گرۆتۆفسكی ئه‌مڕۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر زۆر ئه‌زموون و كاری پێرفۆرمێره‌كان به‌جێ هێشتووه‌ و ده‌شێت له‌داهاتووشدا ده‌رگا بۆ زۆر كاری تر بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نیه‌ كه‌ لاسایی بكرێت، به‌ڵكو به‌و واتایه‌ی كه‌ كاری پێرفۆرمانسی له‌و دیده‌ تیۆریه‌وه‌ هه‌وڵی خوڵقاندنی مانا و شێوه‌ی تر بدات بۆ چۆنیه‌تی ئاماده‌بوونی جه‌سته‌ی پێرفۆرمێر له‌ناو پێرفۆرمانسدا.‌

   ‌ ‌   نیهاد جامی/ پۆڵەندا



تابلۆی سریالی و ڕۆمانی شێوەکاری … نیهاد جامی

” ئەم نووسینە قسەکردنە لەڕوانگەی زنجیرەیەک تابلۆی سریالیانەی هونەرمەندی شێوەکار حەمە هاشم”
هونەر رووبەری خەیاڵی مرۆڤی بیرکەرەوەیە، مرۆڤێک بیرکردنەوە لەناو زماندا دەگۆڕێتە سەر وێنەی زهنی، بۆیە ئەوە تووشی سەرسووڕمانیمان ناکات، کاتێک کارێکی هونەری لەدەرەوەی تێگەیشتنی باو وێنای دنیایەکیتر دەکات، ساتەوەختە ترسناکەکانی ژیان، گۆڕینی ترس لە مەرگ بۆ کاری هونەریە، مردن ڕووبەرێکە تەنیا کاری هونەریە دەتوانێت لەدەرەوەی ئەو ڕووبەرەوە وێنای جوانی بکات، مێژووی داهێنان لەهونەردا وێنای خەیاڵی گۆڕینی مەرگە، ئێمە لەو سەرەتایەوە نامانەوێت ڕووبەرێک بۆ دۆکۆمێنتێکی مێژوویی بخەینە ڕوو، کە چۆن هونەر لەناو ساتەوەختی مەرگ و جەنگە ترسناکەکاندا هاتووە و نەمریی بە زەمەن بەخشیووە، هەڵبەت ئەوە کاری پسپۆڕانی ئەو بوارەیە کە توێژینەوەی تیا ئەنجام دەدەن، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت کاری لەسەر بکەین، زیندوویەتی کاری هونەریە لەساتەوەختێکی هەنووکەییدا.
ئەو ساتەوەختەی ئێمە تیایدا دەژین، دۆخێکی نوێی ترسناکی کۆمەلگای مرۆییە کە بەهۆی نەخۆشی کۆرۆناوە دنیا کەوتە ژێر هەڕەشەوە، مرۆڤ لەشەقامەکانەوە گەڕایەوە ناو ماڵەکان، ماڵ چیتر سەفەرێکی ئودیبی نیە کە گەڕانەوە کوشتن و تراژیدیا بخوڵقێنێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، ماڵ بوو بە پارێزگاری لەخود و مانەوەی ژیان، بۆ ئەوەی تراژیدیا نەخولقێنین دەبێت لەماڵەوە بمێنینەوە، ئەوە ئەو ساتەوەختە هەنووکەییە کە ئێمە تیایدا ژیاین.
لێرەدا پرسیارێک ڕووبەرووی هونەرمەند دەبێتەوە: چیبکەین لە ماڵەکانمان؟ کاتێک ئەو پرسیارەمان لەخۆمان کرد ناتوانین بێدەنگی نەگۆڕین بەجۆرێک لە کارکردن، ئەوە وا دەکات بەدوای گونجاوترین دەرفەت بگەڕێین، کە چۆن کار بکەین؟ بۆ کەسی هونەرمەند گەڕانە بەدوای فۆڕمێکیترەوە، تاوەکو بتوانین کاری هونەری گوزارشت بێت لەو دۆخەی تیایدا گیرۆدەی کردووین.
دنیابینی ئێمە بۆ کاری هونەری ڕوانینێکە لەدیدی واقعبینانەوە دەڕوانێتە شتەکانەوە، ئەوە ئاگایی هونەرمەندە لەناو کاری هونەری ئامادەبوونی هەیە، بۆیە بونیادی ناوەوەی ژیان دەگوازێتەوە ناو بونیادی هونەریی، لێرەوە بۆ تێگەیشتن لەکاری هونەری دەبێت لەتێگەیشتنمان بۆ ڕووداوەکانی ناو ژیانەوە سەیری شتەکان بکەینەوە، نەوەک لەناو کاری هونەریەوە ژیان بخوێنینەوە.
لەڕوانگەی زنجیرەیەک تابلۆی سریالیانە هونەرمەندی شێوەکار حەمە هاشم گوزارشت لەو ساتەوەختە ترسناکەی مرۆڤی کوردیی دەکات، وەک کارەکتەرێکی نێو ژیان کاتێک نەخۆشی و پەتا ئەو مرۆڤە لە شەقامەوە دەگەڕێنێتەوە ماڵەوە، لێرەدا ئەو دوانزە تابلۆیەی کە نیگاری دەکیشێت، ئاراستەیەک بۆ ئێمە دەخاتە ڕوو، کە هونەرمەندەکەمان وەک هەر کەسێک ترسی لەمردن نیە، بەقەد ئەوەی ترسی ئەو لە کوشتنی خەونە، ئەوە مەرگی ڕەنگ و کوژرانی مانای جوانیە لەزهنی ئەودا، بۆیە ئەو ڕۆمانێکی شیوەکاری نووسیوە.
هەڵبەت لێرەدا نامەوێت هیچ گەرانەوەیەکی مێژوویی بیر خوێنەر بێنمەوە لەبارەی ئەدەب و هونەر لەسەردەمی دادایزم و دواتر لای سریالیەکان، چونکە لەلایەک ئەو باسە دوورمان دەخاتەوە لەقسەکردن لەو تابلۆیانە، لەلایەکیتر ئەوە باسێکە هەر کەسێک کە خولیای تێگەیشتنی هەبووبێت توانیویەتی بگات بە زانین لەبارەیانەوە، هەڵبەت تاکە سەرنجێک لەو بارەیەوە تۆماری بکەین تەنیا ئەوەیە کە سوود بە نووسینەکەمان بگەیەنێت، ئەگەر سریالیەکان پەیوەندیەکی راستەوخۆیان بەیەکەوە هەبێت، کە پەیوەندیەکی ئۆرگانی جوانینانسی بێت بۆ تێگەیشتن لەمانا رۆحیەکانی ترسێک کە هەڕەشە لەبوونی جوانی و بەها بکات، ئەوا هونەرمەندەکەی ئێمەش هەمان دۆخی تێدایە، نەک تەنیا لەناو ئەو کۆمەڵە تابلۆیەدا، بەڵکو لەکۆی ئەزموونی کارکردنی کە ویستویەتی داکۆکی لەجوانی بکات وەک هونەر و ئەدەب، بۆیە لەهەندێک ساتەوەختدا نووسین بەشداریەکیتریەتی لەناو کاری ئەدەبی و هونەریدا، بۆ ئەوەی ئەو تێگەیشتنە لەناو ووشەکان نەخنکێن دەبێت بیگوازینەوە نێو تابلۆ، ئەوەش لەرێی یەکێک لە تابلۆکانیدا کۆمەکی تێگەیشتنمان دەکات بۆ خوێندنەوەی هونەرمەند بۆ جوانی و کاری هونەری، تا بزانین ئەوەی دەمرێت جەستەی مرۆڤە، یاخود کوژرانی ڕەنگە وەک ئاماژەی نێو خەون.
خەون لەوێناکردنی ئایندە دەبێت بە ئیفلیجکردنی خەیاڵ، کە چیتر نەتوانین وێنای جوانی بکەین، کاتێک ترس دێت، بۆ هونەرمەند کە خەونی لەناو هونەردا بێت گەڕانەوە بۆ ماڵ پارێزگاری جەستە نیە لەمەرگ، ئەوە بیرکردنەوەیە لەوەستانی زەمەن کۆتاییهاتنە بەخەیاڵ، بەلام کۆتاییەک سەرەنجام رەنگ چیرۆکی ئەو دۆخە دەروونیەمان بۆ دەگێڕنەوە کە هونەرمەند هەستی پێدەکات.
هەست بێدەنگانە دەمێنێتەوە دەیەوێت ئەوەمان نیشان بدات، ئامادەبوون لە ماڵ سوود وەرگرتنە لە کات، بۆیە کاری نوێ بەرهەم دێنێت، بەلام نەست لەودیوی کاری هونەری حەقیقەتی بیرکردنەوە دەخاتە ڕوو، ئەوە بیرکردنەوەیە لەدنیای شێوەکاری سلڤادۆر دالی کە جەنگ چ ترسێکی لەلای خوڵقاند، بەڵام لێرەدا تێگەیشتنی هونەرمەندە لەوەی بۆچی دالی ئاوا دنیای دەبینی، لێرەدا بە بیابان بوونی دنیا لەرێی ڕەنگ و پانتایی بەتاڵ فۆڕم دەباتە ئاستێک نەتوانین بیر لەهیچ تابلۆیەکی سریالی بکەینەوە، چونکە ئەو گەڕانەوەیە بۆ نێو تابلۆکانی زهنی هونەرمەند نیە، هێندەی ویناکردنی پاشەڕۆژە لەناو تێکشکاندن و کۆتایی هاتنی خەیاڵ.
تێکشکاندن دەست گرتنە بەسەر خەزێنەی خەیاڵ، ئەوە هەستکردنە بە شکان و تێکەڵبوونەوەی ڕەنگە بە خاک، خاکێک کە بووە بە لم، چەکوشێک دەبینین کە ئاماژەی ئەو شکانەیە، پەیژەیەک بۆ سەرکەوتن و چوونە ناو مێشکی هونەرمەندەکەمان، چونکە کەلە سەرەکە هەر سەری هونەرمەندەکە خۆیەتی، بۆیە ئیدی دەستی بەسەردا دەگرن، بەڵام لەو نێوەندەدا ئەو چی بۆ دەمێنێتەوە؟ تۆ فرۆکەی بە کاغەز بەسەریەوەیەتی، ئەوە گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای خەون بینین، کاتێک لەمنداڵیدا لەرێی ئەو فرۆکە کاغەزانەوە دەمانەوێت بفڕین ودنیا ببینین.
ئەوەش دۆشدامانێکە کە پێمان بڵێت ئیدی هیچم لەدەست نایەت جگە لەگەڕانەوەی خەیاڵی مناڵی، کە دەمانویست لەرێی فرۆکە کاغەزینەکانەوە بفڕین، بەڵام فرینێک دەبێت ئەمجارە فرۆکەکان خەونە شکاوەکانی نێو مێشکی ئەو هەڵبگرن و بیخەنەوە سەر ئاراستەی ئەو ڕێگایەی کە بەتەنیشتمانەوەیە، ئەوەش ڕێگای سەر لەنوێ خەون بینینە.
دەسپێکی ئەو چیرۆکە ئاوا دەست پێدەکات، وەک ئەوەی پێشەکی ڕۆمانە دوانزە بەشەکە بێت، کە تابلۆ بەدوای تابلۆ چیرۆکی خەون وترس دەگێڕنەوە.
کاتێک پڕۆژەیەکی هونەریی لە نائاگایی هونەر بخولقێنێت، ئەو ساتە گوتاری هونەری خوێندنەوەی بونیادی پێکهاتەی گوتارە، لێرەوە ئەوەی دەمرێت ئاگاییە، چیتر بۆ خوێندنەوە لەژیان خۆیەوە سەیری کاری هونەری ناکەیبن، بەڵکو لەکاری هونەریەوە دەمانەوێت ژیان بخوێنینەوە.
ئەو تابلۆ سریالیەی هونەرمەند حەمە هاشم کارکردنە بە نائاگایی مرۆڤێک لەناو ڕەنگ وێنای ژیان دەکات، کوشتنی ئاگایی گشتیە، بۆ ئەوەی نەست بتوانێت وێنای پەیوەندی نوێ بۆ ساتەوەختی زیندەگی هونەرمەند بکات، ئەو لە “ئێستا” یەکدا زەمەنێکی سەربەخۆی خۆی هەیە، زەمەنێک ئامادەبوونی ئەو، ئامادەبوونی ڕەنگە لەناو شتەکاندا، شتەکان چین؟ مەبەستمان لە ئامادەبوونی ڕەنگ چیە؟
لەوتابلۆیەدا دوو رەنگ هەیە، لەنیوەی خوارەوە ڕەنگێکی ئەرخەوانی کە شتەکانی گرتۆتە خۆی، ئەو شتانەی بریتین لە دوو ماترالن، پایسکیل و پەیکەری سەری مرۆڤێک، پەیکەرێک زیاتر لە شکاو دەچێت لەجەستەی کەسێکەوە، ئەوەش وا دەکات ئاراستەیەکی پەیوەندی لەگەڵ پایسکیل بدۆزینەوە، لەنیوەی سەرەوەدا ڕەنگێکی پۆلین نەکراو، بەڵام خاوەنی خەسڵەتی خۆیەتی، بەشی سەرەوەی پاسکیلەکەی گرتۆتە خۆی، هەرچەندە تایەی پاسکیلەکە لەناو ڕەنگە ئەرخەوانیەکەدایە.
ئەو نیگەرانیەی هونەرمەندەکەمان بێ ئومێد بوونە لەکوشتنی جوانی بۆیە پەیکەری ئەو سەرە هەر مرۆڤێکی ئاسایی نیە و گوزراشت لە ساتەوەختێکی تێپەڕ ناکات، بەڵکو ئەوە گەڕانەوەیە بۆ یادەوەری کولتووریی و ئاگایی جوانکاری هونەرمرند بۆ کاری هونەری، چونکە ئەو سەرە لەبنەرەتدا پەیکەری “داڤید” ە، کە یەکێکە لە بەناوبانگترتین کارەکانی مایکل ئەنجیلۆ، لێرەدا تێدەگەین ئێمە لەبەردەم ترسی لەدەستچوونی جوانیداین، ئەوەش پەیوەستە بەو کولتوورەی کە کۆی ئاگایی جوانیناسیانەی ئێمە پێک دێنێت.
تا ئێرە ئەوەی باسی دەکەین، ئەوەیە کە دەیبینین، ئەوەی کە نایبینین چیە؟ ئەو دابەشکردنە لەڕەنگ ئاخۆ پەیوەستە بە ئاگایی و نائاگاییەوە؟ یاخود ڕەنگ ئەوەیان تێدەپەڕێنێت، دەچێتە ئاستی زەمەنیەوە؟ ئەگەر دەچێتە ناو زەمەنەوە، کەواتە ئەو ئێستایە چیە کە ئێمەی تێداین، ئاخۆ ڕەنگی ئەرخەوانی کە زیاتر ئاماژەیە بۆ خەون دەشێت گریمانەی ئەوە دابنێین کە زەمەنی “ئێستا” ی ئێمەیە؟ ئایا ئەوە وەک پەیکەری سەری مرۆڤەکە ڕووبەرووی مەرگی خەونمان ناکاتەوە؟ ئەگەر ئەو گریمانەیە لەشوێنی خۆیدا بوو، پاسکیکل لەنێو چ ئاماژەیەکەوە کەوتۆتە نێوان هەردوو زەمەنەکە، ئاخۆ بەشی سەرەوەی تابلۆ، ڕەنگە نوێیەکە یادەوەری ئێمەیە، یاخود زەمەنی نادیارە؟ گەر زەمەنی نادیارە بۆچی بۆشاییەکی بەتاڵە و هیچیتر؟
ئێمە هەوڵ دەدەین لەڕێگەی ئەو پرسیارانەوە، پەیوەندی هونەرمەند بە ئاستە زەمەنیەکان و کردەی وەرگرتنی ئێمە بە تابلۆکەوە بخوێنینەوە.
ئێمە لێرەدا چی نابینین؟ ئەوەی نەبینراوە چۆنیەتی وێناکردنەوەی ژیانە بە کۆمەڵگاوە، بەڵام کۆمەڵگا لەکوێی زیندەگی ئێمەیە لەساتی تاعون و نەخۆشیدا؟ مرۆڤ بەرەو گۆشەگیربوونی راستەقینەی خۆی دەڕوات، ئیدی مرۆڤی نوێ دەکەوێتە گومانە لەو تێگەیشتنەی کە ئەو بونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە، بەڵکو کۆمەڵایەتی بوونی دەبێتە هۆی مردنی، ژیانیش وابەستەی ئەو تەنیاییە کە دەرگا لەسەر خۆی دابخات، یادەوەری ئەو بە ژیانی کۆمەڵی تێکشکا، ئەوە ئەو ئێستاییە کە هەموومان خۆمان خافلاندووە بۆ لەیادکردنی، بەڵام ئاخۆ ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ ژیانی بەر لەتاعون؟
خەون بە ژیانەوە خەونبینینی مرۆڤە بە مانەوە، دەستەواژەی لەپێناو تۆدا دەمرم” هیچ نیە جگە لەدرۆیەکی دەمامکدار، دەمامک خەسڵەتێکی دیاری تێگەیشتنی ئەو هونەرمەندەمانە، کە پێشتر لەپرۆژەی “نیشتیمانێکی ونبوو” خستبوویە ڕوو، یادەوەری دەمامکێکە و ئێستا دەبێتە سیمای ڕاستەقینەی مرۆڤی ئێستامان، ئەو مرۆڤەی لەدەرەوەی دەمامک وخەونی زەمەنی بریتیە لەمانەوە، مانەوەیەک دەڕوانێتە پاسکیل وەک ئاراستەی زەمەنی، بزانێت لەکوێوە وەستاوەو بەیەکجاری لەجولە دەکەوێت تا ئەویش کۆتایی بێت، نیگا هێندە بێ ئومێدە کە سەختە پاسکیک بگاتەوە لای سەری ئەو مرۆڤە تابچێتەوە سەر پاسکیلەکەو بتوانێت ڕێبکات بۆ ژیان و خەون بینین، بەڵام بەوەستان و چاوەروانیەک کە تابلۆ زەمەنی تیا ڕاگرتووە، بۆ خۆی دەمانخاتە بەردەم مەرگی خەون.
مەرگێک پاسکیلێک لە ڕێرەوی ژیان لەشوێنی خۆی وەستاوە، دردۆنگیەکی زەمەنی نێوان ئێستا و داهاتوو، ئەوەش ترسیئ لەدەستدانی ئایندەیە، ئەو ڕەنگە نوێیەی لەبۆشاییەکی نادیار دەچێت بۆشاییەک ئاخۆ خەونی سەر لەنوێ تیا دەنووسینەوە، یاخود ئەوە کۆتاییەکە بۆ نەبوون، کە سەرەتای گومانێکە دەرگا لەزنجیرەیەک تابلۆیتر دەکاتەوە.
خاڵێکی گرنگی ئەو پیشانگا شێوەکاریە ئەوەیە تابلۆکان یەکتری تەواو دەکەن، چیرۆکێک دەگێڕنەوە، بەلام چیرۆک وابەستەی زنجیرەی کڕنۆلۆژی تابلۆ نیە بەدوای یەکتر، ئەوە بینەرە بەپێی تێگەیشتن وئاگایی کولتووریی خۆیەوە تابلۆکانی ناو چیرۆکەکان دەخەنەوە سەر ئاراستەی ماناکانی بینین، بەڵام کۆی گوتارە هونەریەکە دنیابینی هونەرمەندە لەچۆنیەتی سەیرکردنەوەی زەمەنی بۆ ئێستا، ئەو تابلۆیەی لەپێشوودا لەسەری وەستاین، پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی وابەستەی ئەو تابلۆیە دەکات، بەهۆی ئەوەی فیگور هۆکاری خولقاندنی پەیودەندی نیە، هێندەی ئەوە ڕەنگە دەبێتە کەنالی پەیوەندی بۆ قوڵبونەوە لەناو زەمەن.

رووبەرووبونەوە لەگەڵ مەرگ، ئینتیماکردنە بۆ ناو خەیاڵ، لێرەدا مەرگ و خەیاڵ دەبنە دوالیزمێک لەناو ئەو تابلۆیەدا، دوو ماترالد دەبنە ئاماژە لەناو پانتایی ڕەنگدا، ئاسن وەک مەرگ دەردەکەوێت، کە دوورکەوتنەوەمان لێی، تەنیا لەڕیی خەیاڵ و خەونبینینە، هەور ئاماژەیەکە بۆ خەیاڵ، کەوا لە هونەرمەندەکەمان دەکات بەسەر بەلەمێکەوە بڕواتە ناو خەیاڵەوە، گەشتی هونەرمەند بەسەر بەلەمەکەیەوە بۆ ناو هەور، سەفەری خەیاڵە بۆ دوورکەوتنەوە لەدنیایەک کە جگە لە مەرگ هیچ مانایەکیتری تیا نەماوە، بۆیە لێرەدا خەیاڵ خاڵی نیە لەیادەوەری مناڵی، ئەگەر لەتابلۆی پێشوو فرۆکەی کاغەز ئاماژە بێت بۆ ئەو یادەوەریە، ئەوا لێرەدا بەلەم گەڕانەوەیە بۆ بەلەمی کاغەزینی مناڵی لەناو تەشتی ئاودا، بەڵام ئەوە ناکرێت بەوە لێک بدەینەوە کەوا هونەرمەندەکەمان بیەوێت وێنەی مناڵی بکێشێتەوە، بەڵکو مناڵی تەنیا دەروازەیەکە بۆ چۆنیەتی تێگەیشتن لەگەورەبوون، خەونی یادەوەری لەگەورەبوون پیر نابێت و لەناو تابلۆدا پارێزگاری لەبوونی خۆی دەکات.

لێرەدا رووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە ئاخۆ حەمە هاشم هونەرمەندێکی نۆستالۆژییە؟ ئەو پرسیارە بۆ ئێمە وابەستەی وشەیەک نیە بۆ وەلام، کە بە بەڵێ وەلامی بدەینەوە، بەڵکو وەک ئەلبێر کامۆ لەشوێنکدا دەنووسێت وشەی نەخێر یاخی بوونە، بەلام لێرەدا سریالیەت هونەرێک نیە بۆ نۆستالۆژیا، قسەکردن لەنۆستالۆژیا لەڕاستیدا کوشتنی ماناکانی پانتایی بەتاڵی ڕەنگە، ئەوە نۆستالۆژیا نیە، بەڵکو پەیوەندی نێوان هونەرمەند و بوونە، ئەو بۆشاییەی کەوتۆتە نێوانیان فەزای ڕەنگە کە دەیەوێت وەرگر لەکردەی بینین مانا نادیارەکانی ببینێت.

ڕابردوو تەنیا وەک نەستێکی فرۆیدی دێتەوە، ئەوە سریالی بوون نیە وامان لێ دەکات بیر لەتابلۆکانی سلڤادۆر دالی بکەینەوە، چونکە دنیای دالی تەواو لەدنیای هونەرمەندەکەی ئێمە جیاوازە، ئەوەی کۆیان دەکاتەوە سریالی بوونە، بەلام لێرەدا پێویستە گەر لەنەستی فرۆیدیەوە سلڤادۆر دالی وێنای سەر لەنوێی مانا دەکات، ئەوا نابێت بیر خۆمانی بەرینەوە هونەرمەندەکەی ئێمە لەڕێی نەستەوە وێنای چەپاندنی ئەو ترسەی مرۆڤی کوردیی دەکات، گەر ترسی ئەو مرۆڤە مانەوە بێت و نەمرێت، بۆ هونەرمەندەکەمان چونیەتی نەمربوونی شاکاری هونەریە لەناو زەمەندە، لێرەدا هونەرمەند لەکۆمەلگا جیا نابێتەوە بەقەد ئەوەی ئاراستەیەکی فراوانتر بە پەیوەندی خۆی بە کۆمەلگا نیشان دەدات، ئەوەی کۆمەلگا لەو ساتەوەختە بیری لێ ناکاتەوە، ئەو بەرەو ڕووی دەچێت و گوزارشت لەدەنگی نادیاری ئەو مرۆڤە دەکات، ئەوەش بینێنێکی نادیارە بۆ داهاتوو، رەنگکردنی ترسی مرۆڤی کوردیە لەئێستادا، ئێستایەک پڕ لەترس و وێناکردنی مەرگ، بەلام لەم تابلۆیەدا هێزی خەیاڵبینین توانای دەرچوون لەمەرگی هەیە بەرەو ژیاندۆستی داهاتوو.
مردن پانتاییەکی دیاری لەو ئەزموونە سریالیە داگیر کردووە، مردن کۆتایی هاتن نیە بەئێستا، بۆیە پەیوەندی نێوان مردن و زەمەن ڕووبەرێکی شێوەکاریانەیە کە تیایدا ئەوەی دەمرێت ئەو زەمەنە هەنوکەییە نیە. ئەوە وێناکردنەوەی مردنە لەناو ساتێکی لەیادکراوی مناڵی، ئەو دەمەی چۆلەکەیەک دەمرێت، مناڵێک نەبێت کەس هەست بە ئازاری ئەو مردنە ناکات، کە دڵی لەسینەیدا دێتە دەرەوە، ئەو ساتە بۆ مناڵی سەرەتای بیرکردنەوەیە لە ئازار، ئازارێک بەرەو ئەندێشە و خەونمان دەبات.
ئێمە لەبەرامبەر کاری هونەرمەندێکداین خاڵی نیە لەو ساتی ئازارە، بەڵام دەیەوێت لەئێستادا بۆ مردن شوێنێکی ئارام بدۆزێتەوە، شوێنێک تێگەیشتن بێت لەبێمانایی ئێمە لەم ژیانەدا، بۆیە دایک دەبێتە ئارامترین شوێن کەمرۆڤ بیری لێ بکاتەوە، ئەگەر پێشتر هونەرمەندەکەمان لەرێی کێشانەوەی تابلۆی مۆنالیزا ویستبێتی جۆرە گەرانەوەیەک بەرەو لای میهرەبانی دایک نیشان بدات، ئەوا لەم کارەیدا ئەو گەڕانەوەیە لەنێوان ماترالە وتێگەیشتنی سیمبولی زیاتر دەردەکەوێت، ئەوەش لەو پەمپی نەوت دەرهێنانەی کە بینینەوەی گەڕانەوەیە بۆ ئاماژەی زەمەنی، کە دایکان لەسەردەمی مناڵیمان، بۆ گەرمبونەوەی ئێمە پەنایان دەبردە بەری بۆ ئەوەی نەوت وەک گەرمی بگەرێننەوە ژیانی شەوانمان، ئەو ئاماژەیە توانای ئەوەی هەیە بمانباتەوە لای دایک وەک هێزی گەرمبونەوەو دڵنیایی، چونکە ئێمە ساردیەک لەرۆحماندایە زوقم گیانمان دەبەستێت، دایک تاکە مرۆڤێکە توانای ڕزگاربوونمانی هەیە، ئەوەش دوو مانا دەخوڵقێنێت، مانای یەکەم گەر پەیوەست بێت بە ئێستا وەک گەڕانەوە بۆ هێز، مانای دووەم گێڕانەوەی چیرۆکی مناڵیە کاتێک پەمپ دەدات لەبەرمیلی نەوتەکە، ئێمە مردنی چۆلەکەیەکی حەوشەی بۆ دەگێڕینەوە، لێرەدا هەردوو ئاماژەی پەمپ و چۆلەکە دەبنە سیمبولی نائومێدی و گەڕانەوەی ئومێد بۆ ژیان و هەستکردن بە مانا ترسناکەکانی مردن، کە لەمردنی چۆلەکەیەکەوە هەستمان پێیکرد، ئەو ترسە لەمردن هەمیشە لەگەڵ مرۆڤدا گەورە دەبێت و بەبێ ویستی خۆمان دەچێتەوە ناو کارە هونەریەکانمان و یەکەیەکی هونەری دەخولقێنن.

بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین بۆچی مردن ئەو پانتاییە فراوانەی لەئێستادا هەیە، دەبێت نیگامان بەرینە سەر تابلۆیەکیتر “ئەو تابلۆیە لەکۆمێنت دانراوە” ئێمە ئیتر وەک جل وبەرگ بەسەر تەنافەکان هەڵواسراوین، چاوەروانین ووشک ببینەوە تا بێینەوە ناو ژیان، بەبروای من ئەو تابلۆیە جوانترین گوزارشتە بۆ هەنووکەی ئێمە کە بەهۆی نەخۆشی لەناو ماڵەکانمانداین، گەڕانەوە بەرەو ماڵ شوشتنی خودو بیرکردنەوەیە بۆ پاکژ بوونەوە، بۆیە بەسەر تەنافی جلەکانەوە هەڵخراوین، ڕۆحمان تیا نەماوە، چونکە بەدەستی یەکتری کوشتوومانە، هێشتا فاقی جلی زیاتر ماوە، وەک چۆن هەندێکمان وەک جل و بەرگین بێ ئەوەی بناسرێینەوە وەک مرۆڤە، بەواتای هەندێکمان هێندە پیس بووین خۆشمان خۆمان بۆ ناناسرێتەوە، بەڵام هەر هێندەش نین، هەرکێمان بێین دەبێت بەلامانەوە ئاسایی بێت.
بۆیە ئەوە ململانێی نێوان مردن و ژیانە، مردنێک ژیانی تیا ڕاگیراوە، دەشێت لەساتەوەختێک بیر لەوە بکەینەوە گەر چووینەوە ناو ژیان چی بکەین؟ ئەوە پرسیار نیە گریمانەیە بۆ چۆنیەتی ڕوانین لەئایندە، تاوەکو چیتر مانای مردن بە بوونی مرۆییمان نەبەخشین، چونکە ئێمە بەشێوەیەک فڕێدراوینەتە پەراوێزەوە کە سەگ وەک گیاندار بە سەرسامیەوە سەیرمان دەکات “وێنەی کۆمێنتی دووەم” بۆ ئەوەی ئەو تێگەیشتنە بەزیادەرەوی تێنەگەین دەبینین رەنگی ئەرخەوانی وەک ئاماژەی خەون پانتایی تابلۆکەی داگرتووە، بۆیە ئەوە بینینی خەونێکی خودە بۆ خۆی لەدۆنادۆنیەتی نێوان مرۆڤ و گیاندار، ئێمە بەسەرسامیەوە لەوانمان دەڕوانی، ئێستا ئەوان بەمشێوەیە لەئێمە دەڕوانن، ئەو ڕوانینە لەڕووکەشدا نزیکمان دەکاتەوە لەکۆمیدیا، بەلام لەجەوهەردا تێگەیشتنێکی قوڵە بۆ ڕەخنەگرتن لەکۆی چالاکی مرۆییمان.
گەڕانەوە بۆ سرووشت دۆخێکە بۆ پەیوەندی سرووشتیانەی مرۆڤ، دۆخێک کە چۆن بەرەو خۆمان دەگەڕێینەوە دوور لەدنیای تەکنەلۆژیی و ستەمی ئەوانیتر، کە هەڕەشەکردنە لەجوانی، وەک چۆن خۆشمان هەڕەشە لەجوانی سرووشت دەکەین، لەو نیگایەوە دەروانێتە سرووشت تاوەکو مانای قوڵ بە وێنەکە ببەخشێت.
رەنگی سرووشت لەڕەنگی میوە ئەچێت، ئێمە ئەو ڕەنگە دەشیوێنین، ناتوانین پارێزگاری لەجوانی بکەین، ئەو دێت هەموومان لەناو شووتیەکدا کۆ دەکاتەوە، ئەو دەمەی دنیا لە کاڵەکێک دەچێت، لەناو ئەو شوتیەدا دەنکە ڕەشەکان کە مرۆڤن دەردەکەون، لەولاوەش کیسە نایلۆن دانراوە بۆ ئەوەی دوای کۆتایی کۆبونەوەکەمان پاشماوەکانمانی تیا دابنێین و سرووشت پیس نەکەین، بەڵام رێک بە پێچەوانەوە ڕەفتاری ئێمە پیسکردنی سرووشتە، ئەو نیگاکردنە بۆ وێنە پیسکردنی سرووشت هەموومان تیایدا بەشدارین، بەلام لەودیو وێنەکەوە نیگایەکی نەبینراو، ڕووی دووەمی مانایە کە بوون بەدوای دنیایەکیتر دەخاتە نێو پرسیارەوە.

لێرەدا شووتی دەبێتە گۆی زەوی و دەنکە ڕەشەکانی دەبن بە ئێمەی مرۆڤ، ئەوەش دۆخی سرووشتیانەی مرۆڤە، دەبێت ژیان لەو فۆڕمەدا بمێنێتەوە، کە بۆ خۆی تابلۆیەک بێت و تیایدا چێژ لەجوانی ژیان وەربگرین، بەڵام ئەوە ئێمەین لەناو ئەو جوانیەدا بێ بزاوت دەمێنینەوە، ناتوانین ئەو پەیوەندیە بەجوانی بهێلینەوە، کیسە نایلۆنەکان نابنە کۆمەکێکی ئێمە بۆ پارێزگاریکردن لەسرووشت، ئەوەش لەدەستدانی دۆخی سرووشتیە دۆخێک مرۆڤ وەک گوناهبار دەخاتە ڕوو.
گوناه لێرەدا جەلاد و قوربانی دەکات بەیەک، چونکە هەردووکیان هەر مرۆڤن، بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین دەبێت بپەڕینەوە بۆ ئەو تابلۆیەیتر
ئاسمان و دەریا دوو شوێنی ناو سرووشتن، بەڵام ئێمە لەکوێی ئەو دوو شوێنەداین؟ ئێمە لەناو ناشوێنداین چونکە گوناهباری ئێمە درکنەکردنە بە جوانی شوێن، ئەوە هەڕەشەکردنە لەجوانی، هەڕەشەیەک کوشتنی ژیانە، پێویست بەوە ناکات بڵێین کێ بکوژە، چونکە سەرەنجام بکوژ خودی مرۆڤ خۆیەتی، کوژراویش هەر مرۆڤە، ئەوە خۆکووشتنی مرۆڤە لەپێناو کوژرانی سرووشت.
پەنجەرەیەکی خڕ لەبەرزاییدا کە کولەکەیەکی تیایە لوتکەی جوانی سرووشتە، کەچی مرۆڤ لەڕێی شۆفلێکەوە بەرەو وێرانکردنی دەچێت، ئەوە هەڕەشەی جەللادە لەژیانی ئێمە لەسەردەمی دینەوە تا دەگات بە دۆخی فاشیانەی فاشیزم، بۆ ئەوەی دەریا لەڕەنگی شینەوە بگۆڕن بە سووری گوناه، ئەو هەڕەشەیەی کۆمەڵگای سەرەتایی تا دەگات بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا پڕۆژەی گوناهباربوونی مرۆڤە لەسرووشتدا، بۆیە لەخوار تابلۆکە ئەو ئاژەڵە دەبینین کە سەرەتا کۆرۆنایان بۆی گەڕاندەوە، لێرەدا ئاسمان و دەریا بەیەکەوە دەکەونە بەردەم مرۆڤی گوناهبار.
هونەرو بوون نووسینەوەی ئاستە هەنووکەییەکانی هونەرمەندە لە ئامادەبوونی زەمەنیدا، ئەو دووانە پێکەوە شوناسی هونەرمەند پێکدێنن، هونەرمەند لە لاساییکارێکەوە دەگۆڕن بۆ خوڵقێنەرێک، هونەرمەند ئەو کائینە نیە کە لاسایی دەکاتەوە، بەڵکو ئەو خولقێنەرە، ئەوەش لەناو شوناس دەرکەوتنی ساتی داهێنانە، تابلۆ لێرەدا لەدوانزە بەشەوە سیستمێک بۆ بینینی وەرگر دەخوڵقێنن، وەک ئەوەی رۆمانێکی شێوەکاری بخوێننەوە، رۆمانێک وێنە لەشوێنی ووشە دەربکەوێت، ووشەکان زمانی دەربرین لەدەست دەدەن، بەڵام بۆچی ووشەکان نابیستین؟
ئاخۆ لەزەمەنی کۆڕۆنادا ئێمە توانای بیستنی میوزیکمان هەیە؟ میوزیکژەنەکان لەکوێن؟ کاتێک ئەوان لەماڵەوەن، بەواتای ساتێک نیە بۆ ئامادەبوونی هونەر، ئەو کاتە بەبێ هونەر هونەرمەند ئیفلیجێکە تواناکانی دەوەستێت، لەدەستدانی تواناکان ونکردنی زمانی دەنگیە، چونکە کەمانجەیەک توانای دەنگی نامێنێت، لێرەوە وێنە دەکەوێتە زمان و چیرۆکی ئەو بێدەنگیە دەگێڕێتەوە، ئەوە ساتی نائامادەبوونی بوونە، تیایدا هونەرمەند دەبێت بە ئیفلیج و ئامێری مۆسیقی لەوسەر دەکەوێت، لێرەوە وێنە چیرۆکی ئەو مێژووە دەگێڕێتەوە.
وێنە بەتەنیا لەو دۆخە نامێنێتەوە دەیەوێت لەسەر کارەکتەری هونەرمەندی بێ هونەر بووەستێت، ئەو دەستەواژەیە بێبەهاکردنی ئەو کارەکتەرە نیە، هێندەی دۆخێکی سەپێنراوی نێو سرووشتە، کە لەم ساتەدا ئەو کارەکتەرە چۆن بیر دەکاتەوە، خەسڵەتی مرۆڤبوون بۆ ئەو واتای بوونی، کاتێک لەدەرەوەی کاری هونەری بوو، ئیدی هونەرمەند لە مرۆڤێکەوە دەبێت بە بزنێک، کە جۆرێکە لەبێگوناهی و قوربانی بەخشین، لێرەوە بە بزنبونی مرۆڤ ساتی پاکیزەیی تێگەیشتنە بۆ خەیاڵی خەون بینینێکی کورت کە کەنگێ دەکرێت بە قوربانی و کۆتایی بەژیانی دێت، ئێستا دەتوانێت چێژ لەو رووبەرە تەسکەی ناو ئەو بانیۆیە ببینێت کە تیایدایە، خەونی سەفەر تاییدا دەربکەوێت لەرێی کۆکردنەوەی کەل وپەلەکانی لەناو جانتای سەفەر، بۆیە خەیاڵ موعجیزەی خەونبینینە بۆ داکردنی بارانێک لەرێی هەورەکانەوە تاوەکو بوونی لەدەستدراو مانایەک بە هونەر ببەخشێتەوە، ئەوە تەنیا خەیاڵە توانای ئەوەی هەیە ئەو کارە ئەنجام بدات، کە هونەرمەندەکەمان لەو ڕێگایەوە دەیەوێت گۆشەگیربوون وێنەکێشانی زەمەنی بێت بۆ نادیارێک کە لەئێستادا نیە و لەوێی نادیارە.
گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی نیگایەکە بۆ دوا وێنەی ئەو ڕۆمانە وێنەییە، بەلام لەدوو ساتی بینین، ساتی خەیاڵکردن و ساتی هاتنە دەرەوە لەخەیاڵ، ئەو دوالیزمە خەیاڵ و واقیع ململانێیەکە بۆ هاودژبوونەوەی مانا، هەولێکە بۆ رزگاربوون لەدۆخێکی ترسناک، گەر خەیاڵ بوو بە واقیع، ئەو ساتەوەختە دەبێتە مێژوو، ئەوسا ئەو کۆمەڵە تابلۆیە دەبنە دۆکۆمێنتێکی هونەری گرنگ بۆ قسەکردن لەزەمەنێکی ژیانی مرۆیی، ئەگەر ئەو دۆخەش کۆتایی نەهات ئەوا هونەر تاکە حەقیقەتێکە لەواقیع دوورمان دەکاتەوە تا ئازار نەمانکوژێت.

ساتی خەیاڵکردن رزگاربوونە لەنەخۆشی و فڕینە لەنباو سرووشت بۆ ئەوەی چێژ لەجوانی وەربگرین، ئەوە تێگەیشتنە لەوەی لەژیانی مرۆڤ ڕوویدا کە دوای ئەو دۆخە چۆن چێژ لەهەموو ساتەکانمان دەبینین، تەنانەت چیتر وەک وێنەی سێلڤی سەیری فنجانی قاوە ناکەین، بەڵکو دەیکەین بە بەشیک لەچێژی جوانی، چێژێک مانایەک بە کۆبونەوەمان و بە ساتە سرووشتیەکانمان ببەخشێت دوور لە تەکنەلۆژیا.
ئێمە لەبەردەم پرۆژەیەکی شیوەکاریداین.. لەگەڵ خەیاڵەکانی خۆیدا دەمانفڕێنێت، خۆ لەیادکردنێک ونمان دەکات، جۆرە مۆڕفینێکمان پێ دەبەخشێت تا لێرە نەبین، لەزەمەنی هەنووکەدا نەژین و بچینە ناو زەمەنی ئەفڕێنەری هونەر، بەڵام نایەڵیت لەناو خەیاڵ بخنکێین، بۆیە تەواوی چیرۆکە بینراوەکانی تابلۆ دەباتە ناو ساتی چاوەروانی و مناڵی و جوانی نەکوژراو.
بەلەمە کاغەزینەکەی مناڵی، لەپاڵ حەوزی ماسی و ماسیە ڕەنگاوڕەنگەکانی ماڵ، جۆرێک لەپەیوەندیەکی نوێ دەخولقێنن، کە وابەستەی ئێستای هونەرمەندە، لێرەوە ئێستای ئەو دەبێت بە ئێستای هەموومان، بەلەمە کاغەزینەکەمان لەناو ئاودا نیە، ئەوە پیربوونی مناڵیە بەهۆی گەورەبوونی تەمەن وشەرمکردنەوەمان لەپاکیزەیی جوانترین تەمەنی خەیاڵ، ئەوەی لەگەورەبوون دیل دەبێت چیتر ماسیە ڕەنگاو ڕەنگەکانی ناو حەوزە شووشەییەکە نین، ئەوە ئێمەین خۆمان دیلی ماڵ دەکەین، بە دیلبوونی ئێمە ماسیە جوانەکان ئازاد دەن ودەڕۆنەوە ناو ڕووبارەکان، کە پێویستە ئێمە تێبگەین تواناکانمان مانای دیلکردنی ئەویتر نیە، ئەوە سیواندنی سرووشت و ناشیرینکردنی جوانیە بەدەست خۆمان، هەڵبەت ئەو وێنەیە هێندەی وێنەیەکی سیمبولیە بۆ تێگەیشتن لەئازادی و جوانی هێندە مەبەستی ڕەخنەگرتن نیە لەماسی ناو حەوزەکان، کە دەشێت ئەوەش بەشێک بێت لەجوانی ژیان، بەڵام لەڕێگەی ئەو وێنەیەی ناو ماڵ دەیەوێت دەستکاری پەیوەندی بکات و مانایەکی نوێ بە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ئازادی ببەخشێت، بۆیە لەکۆتایی ئەو نووسینەدا تابلۆکان ئەو پرسیارەمان ڕووبەروو دەکەنەوە: مرۆڤبوونی ئێمە مانای چیە؟ چۆن لەئازادی تێدەگەین؟
ئەوانە پرسیارێک نین بەنووسین وەلامی بدەینەوە، بەڵکو مرۆڤی هاوچەرخ لەقۆناغی دۆخی دوای کۆڕۆنا دەتوانێت لەسەر ئەو ساتەوەختەی پرسیار کار بکات و وێنەی مرۆڤ بوون و ئازادی وەک یەکەیەکی جوانی بوون بەرجەستە بکات




کۆمەڵناسی سینەمایی … نیهاد جامی

خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسیانەیە بۆ دنیای سینەمایی کژیستۆف کیشلۆڤسکی

بۆ ئەوەی بتوانین لەدنیای فیلمەکانی دەرهێنەری پۆڵەندی کژیستۆف کیشلۆڤسکی نزیک ببینەوە، پێویستمان بەوە دەبێت، سەرەتا خۆی وەک سینەماکارێک بناسین و ئەوسا بەر لەوەی بێینە ناو دنیای فیلمەکانی، پێویستە هەڵوەستە لەسەر ئەوە بکەین کە بۆچی ناوی ئەو وابەستە دەکەین بە کۆمەڵناسی سینەمایی؟ ئەو کۆمەڵناسیە ئاخۆ تایبەتە یاخود سەر بە لقێکیتری کۆمەلناسیە؟
بۆ ئێمە ئەو بابەتە گرنگی تایبەتی هەیە بۆ ناسینی ئەزموونی سینەمایی دەرهێنەرێک، کە دەیەوێت لەرێی سینەماوە توێژینەوەی دیاردەی کولتووریی و کێشە کولتووریەکانی ناو کۆمەڵگا بکات، ئەو لەڕێی فیلمەکانیەوە وەک کۆمەڵناسێک لەپشت توێژینەوە کولتوریەکانی دەردەکەوێت.
کیشلۆڤسکی کە لەدایکبووی ١٩٤١ ی شاری وارشۆی پۆڵەندایە، سەرەتا وەک دەرهێنەری فیلمی دۆکۆمێنتاری دەرکەوت، سەرەتای شەستەکانی سەدەی بیستەم تەکنیکی شانۆیی خوێندووە لەقوتابخانەی ئامادەیی، لە ١٩٧٠ بڕوانامەی دبلۆمی وەرگرتووە لە خوێندنگای فیلمی شاری ئوچ، هەر لەو خوێندنگایە لەژێر سەرپەرشتی هەردوو هونەرمەند کاژیمیژا و ێرزێگۆ بۆساکا یەکەم فیلمی دۆکۆمێنتاری درووست کردووە، لەژێرناونیشانی “ئۆفیس لەشاری ئوچ”
بۆیە ئەو دەرهێنەرە ئاشنایەتی لەنێوان شانۆ و دۆکۆمێنتاری و سینەمادا هەبووە، ڕاستە ئەو بەدوای وەرگرتنی بڕوانامەی دبلۆم لەفیلمی دۆکۆمێنتاری بەتەواوی لەشانۆ دوور کەوتوتەوە، بەڵام سینەما بۆ ئەو لەنێوان فیلمی دۆکۆمێنتاری و کورتە فیلم و زنجیرەو دواتریش هەرسێ فیلمی ڕەنگ دنیای ئەویان پێکهێنا، دنیایەک لە ١٩٩٤ بەدوای فیلمی “سوور” وازهێنانی خۆی ڕاگەیاند لەدرووست کردنی فیلم، وەک ئەوەی بزانێت دەبێت ئیتر خۆی بۆ مردن ئامادە بکات، دوو ساڵ دوای وەستانی هەر لەشاری وارشۆ ماڵئاوایی لەژیان کرد.
ئەو ڕۆژگارەی کە خوێندنی لەشاری ئوچ تەواو کرد وبڕوانامەری وەرگرت، لە ١٩٧٣ فیلمێکی تەلەفزیۆنی درووست کرد بەناوی “تونێلێک لەژێر زەوی”، ئەگەرچی بەردەوام بوو لەسەر درووست کردنی فیلمی دۆکۆمێنتاری، تاوەکو ساڵی ١٩٨٣ کاریدەکرد لەگەڵ کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلمی دۆکۆمێنتاری لەشاری وارشۆ.
هەلبەت ئەو دەرهێنەرە لەژیانی سینەماییدا خەڵاتێکی یەکجار زۆری وەدەست هێناوە، یەکەم خەڵاتیش کە وەریگرتبێت بەهۆی فیلمی دۆکۆمێنتاری “فەرمانبەرەکان” بووە لە ١٩٧٥ لە مانهایم، هەروەها لەسەرەتای ژیانیدا لەمۆسکۆ میدالیای ئارەزومەندانی پێبەخشراوە، دیارترین خەڵاتەکانیشی بەهۆی فیلمی “سێ ڕەنگ” کە سێ فیلمە هەریەکەی لەسەر ڕەنگێکە، لەوانە بە فیلمی “شین” خەڵاتی گۆیا بۆ باشترین فیلمی ئەوروپی و لەفێستڤاڵی ڤینیسیا خەڵاتی شێری ئالتونی، فیلمی “سپی” خەڵاتی باشترین دەرهێنان لەفێستڤاڵی بەرلینی سینەمایی، هەروەها بە فیلمی “سوور” خەڵاتی سیزاری فەرەنسیی وەرگرتووە.
سەرەتا بەمەبەستی نزیکبوونەوە لەنووسینی سیناریۆ بەشداری لەگەڵ پارێزەر کژیستۆف پیشیڤیچ دەکات بۆ نووسینی فیلمنامەی “بێ کۆتایی” فیلمەکەش درووست دەکەن، هەڵبەت ئەو پەیوەندییان درێژ دەبێتەوە بۆ کاتی کارکردن لە زنجیرەی “دە وەسیەتە” کە، لەلاپەرەکانی دواتری ئەم نووسینەدا بەدرێژی لەبارەیانەوە قسە دەکەین.
بۆ ئەوەی لەدنیای فیلمەکانی تێبگەین باشترین ڕوانین ئەو بۆچونەی سینەماکاری پۆڵەندی “ستانیسواڤ زاڤیشلینیشکی” ە کە لەبارەی کارەکانیەوە ناوی دەبات “پیاوێک لەسەنتەری داهێنان” تیایدا دەڵێت “بەرکەوتنی مرۆڤە لەگەڵ کۆمەڵگا ودەسەڵات و سیستم و ژینگە و خێزان و خودی خۆشی، تێوەگلانی کەسێتیە لەناکۆکی ووابەستەبوون و ململانێ، مرۆڤ پێویستە بەردەوام وەرگری هەڵبژاردەکانی بێت لەجیهانی بەهاکاندا، بەرپرسیاریەتی ئەو بەهایانەش لەئەستۆ بگرێت، لەیەککاتدا لەناو سیاسەت دەژیێت و لەدەرەوەی سیاسەتیشدایە، ڕووبەرووی گلەییکردنی هەمیشەیی دەبێتەوە بۆ ئازادی و دادوەریی ویەکسانی، ئەوەش گەڕانە بەدوای خۆشەویستی و بەختەوەری و تێگەیشتن”
ئەو ڕوانینەی زاڤیشلینیشکی بۆ فیلمەکانی کیشلۆڤسکی لێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکو لەوتارێکدا لەبارەی کیشلۆڤسکی کە سایتی کولتووریی پۆڵەندی بلاوی کردۆتەوە، لەبەشێکیتردا ئەو بەشەی تری نوسینەکەی زاڤیشلینیشکی بڵاو دەکاتەوە، کاتێک دەپرسێت “چۆن بژین؟ ئەو پرسیارە ئامادەبوونی هەیە لەتەواوی فیلمەکانی کیشلۆڤسکی جا دۆکۆمێنتاریەکان بێت یان خەیاڵیەکان”
ئێمە بۆ ئەوەی لەدنیای فیلمەکانی قسە بکەین، ناتوانین کۆی کارەکانی وەربگرین، بۆیە سێ ڕەنگ و زنجیرەی دێکالۆگ دەکەینە تەوەری قسەکردنمان، بەلام بەر لەو باسە پێویستمان بەدەرخستنی ئەو ڕاستییە کە ئەو نەک تەنها لەزنجیرەو فیلمەکاندا تەنانەت لە دۆکۆمێنتاریەکانیشیدا وەکو کۆمەڵناسێک دەردەکەوێت، بۆیە سینەما و فیلمسازی بۆ ئەو دەرهێنەرە وێستگەیەکی گرنگی کۆمەڵناسی سینەماییە.
بۆ تێگەیشتن لەکۆمەڵناسی و کۆمەڵناسی سینەمایی سەرەتا هەوڵ دەدەین تێگەیشتنێکی بەرایی لەو بارەیە بخەینە ڕوو، ئەوسا بچینە ناو دنیای فیلمەکانەوە.
کۆمەڵناسی زانستێکە توێژینەوە لەبارەی ژیانی کۆمەڵگا دەکات، لەوەشدا لەژیانی گروپەکان و ژیانی کۆمەڵایەتی خێزان و تاقمەکان دەکۆڵێتەوە، دەرخستنی کێشەکان و قسەکردن لەبارەیانەوە مەبەستێکی سەرەکی ئەو زانستەیە، ململانێی کۆمەڵایەتی و کێشە کولتووریەکان و هەموو ئەو باسانەی پەیوەندی بە ژیانی کۆمەڵایەتیەوە بێت لەبارەیەوە دەکۆڵێتەوە.
کۆمەڵناسان بوارەکانی کۆمەڵناسی بۆ سەر گەلێک بوار پۆلین دەکەن، لەوانە “کۆمەڵناسی سیاسی، کۆمەڵناسی مێژوویی، کۆمەڵنسی پزیشکی، کۆمەڵناسی یاسایی، کۆمەڵناسی هونەریی، کۆمەڵناسی ئاینی، کۆنمەڵناسی ئەدەبی”
ئەگەرچی بەشێک لەکۆمەڵناسان بڕوایان وایە کۆمەڵناسی هونەری لقێکە لەناو کۆمەڵناسی ئەدەبی، بەو پێیەی کۆمەڵناسی ئەدەبی قسە لەبواری سینەما و شانۆش دەکات، بۆیە کۆمەڵناسی هونەری بوارێکی سەربەخۆ نیە، بەڵکو لقێکە لەناو کۆمەڵناسی ئەدەبیدا، ئەوەیان جێی ئەو نووسینە نیە لەبارەی جیاوازیەکانی بدوێین، هێندەی مەبەستمان تێگەیشتنێکی بەرایی کۆمەڵناسی سینەماییە، کە خۆی لەناو کۆمەڵناسی هونەریەوە هاتۆتە بوون، کە دەکرێت مناڵی ناو کۆمەڵناسی ئەدەبیش بێت.
ئەو کۆمەڵناسیە توێژینەوە ئەنجام دەدات لەبارەی ڕەنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی لەناو سینەماو کاریگەری سینەماش بەسەر کۆمەڵگادا، لێرەدا پەیوەندی نێوان سینەما و کۆمەڵگا دەبێتە تەوەری توێژینەوەی ئەو بوارە.
ئەوە ڕينگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتیە سینەما دەکاتە پێویستیەکی ناو ژیان، لێرەدا چیرۆک کە لەبیرۆکەوە بەرەو سیناریۆ هەنگاو دەنێت دەبێتە چۆنیەتی نووسینەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی لەناو فیلمدا، سەرەنجام ئەوە سینەمایە کاریگەری بەسەر کۆمەڵگا جێدێلێت، بۆیە سینەما وکۆمەڵگا هەر یەکەیان کاریگەریان بەسەر یەکتریەوە هەیە.
ئەو کاریگەریە بنەمای خولقاندنی بوونێکی نوێیە کە وادەکات دەرهێنەری سینەمایی بتوانێت وەک کۆمەڵناسێک پەیوەندی کۆمەڵایەتی سەر لەنوێ بنیات بنێتەوە، ئەوە دیدی کۆمەڵناسیانەیە بۆ سینەما وا دەکات دەرهێنەر کار لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی بکاتەوە، بۆیە کاتێک سەیری کارەکانی کیشلۆڤسکی دەکەین، بەتایبەت لەزنجیرەی “دێکالۆگ” لەو ڕاستیە تێدەگەین، دەرهێنەر وەک کۆمەڵناسێک وێنەیەکی ڕوونی کۆمەڵگای پۆڵەندی دەخاتە ڕوو، وێنەیەکی کۆمەڵناسیانە کە نیشانمان دەدات، کۆمەڵگا خاڵی نیە لەکولتوور، بەڵکو ئامادەبوونی کۆمەڵایەتی ئامادەبوونی کولتووریی کۆمەڵگایە.
بۆ ئەوەی کولتوور بە کەلەپوور ڕاڤە نەکەین ناچارین ئەوە بخەینە ڕوو، کولتوور میراتێکی نێو ڕابردوو نیە، بەڵکو وابەستەی کۆی مێژووی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگایە، لەئێستادایە وەک چۆن دابڕاو نیە لەڕابردوو، وێناکردنە بۆ داهاتووش، کەلەپووریش بەشێکە لە کولتوور، بەڵام بەهیچ شێوەک کوولتور بەشێک نیە لە کەلەپوور، بۆ ئەوەی ووردتر لە کوولتور تێبگەین ئەو پێناسەیەی تایلۆر دێنینەوە کە کولتوور ناو دەبات بە بەو گشتە ئالۆزەی هونەرو فیکر و زانست و نەریت و ئاین و کۆی ئەوەی لەکۆمەڵگا فێری دەبین.
هەموو ئەمانەش لەناو “دێکالۆگ” بەووردی دەیبینین، هەربۆیە لەسەرەتاوە دێت، ئاین خاڵی ناکاتەوە لەو بابەتە بۆیە بیرۆکە لە تەوراتەوە وەردەگرێت، تاوەکو ئازارەکانی کۆمەڵگای پۆڵەندی بگەڕێنێتەوە ناو ئەو تێگەیشتنە ئاینیەی کە وەک کولتووری کۆمەڵگایە، لەوەشدا دەرهێنەربەناو کۆمەڵناسی ئاینی زەمینەی کۆمەڵناسی هونەری دەخوڵقێنێت، بەو پێیەی کۆمەڵناسی ئاینی پەیوەندی ئاین و گەشەی کۆمەڵایەتی دەخاتە ڕوو.
بۆیە ئەگەر مرۆڤ بوونەوەرێکە خاوەنی ئازارو نهێنی تایبەتی خۆیەتی، کاتێک ئازار دەبێت بە هونەر ئەو ساتە دەرگا بۆ گفتوگۆیەکی قوڵ لەبارەی نهێنیەکان دەکاتەوە، ئەوە کاری هونەریە دێت لەو بارەیەوە دەکۆڵێتەوە، هونەرمەند لەو ساتەدا وەک کۆمەڵناسێک لەسەر ساتەوەختەکانی کۆمەڵگاکەی خۆی کار دەکات، ئەوەش وا دەکات باشتر ئەو کۆمەڵگایە لەڕێی هونەرەوە بناسین، کیشلۆڤسکی بۆ ئەو تێگەیشتنە کۆمەڵناسیە دەگەڕێتەوە بۆ ناو تەورات و بەتایبەت بۆ دە وەسیەتەکەی موسا، بۆیە ناو لەزنجیرە دە ئەلقەییەکەی دەنێت “دێکالۆگ” کە ناوەکە پۆڵەندیە واتە دە وەسیەتەکە.
ئەگەرچی بەشێک لەڕەخنەگرانی بواری فیلمسازی بڕوایان وایە بەهیچ جۆرێک کاری لەسەر ئەو دە وەسیەتە نەکردووە، هەڵبەت دوای بینین ئەوەمان بۆ دەدەکەوێت، دە وەسیەت کە بووە بە دە چیرۆک و زنجیرەی تەلەفزیۆنی کە ساڵی ١٩٨٩ بۆ کەناڵی تەلەفزیۆنی پۆلەندی تۆمار کراوە، زیاتر خوێندنەوەی بونیادی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای پۆلەندیە، کە وێنەیەکی روونی ژیانی رۆژانەی ئەو کۆمەلگایە دەخاتە ڕوو.
کیشلۆڤسکی هەوڵیداوە مانایەکی قوڵ بەو تێگەیشتنەی موسا ببەخشێت، ئەگەر موسا لەیەکەم وەسیەتەکەدا دەڵێت “تەنیا خودای تاک بپەرستە” لە ئەلقەی یەکەمی ئەو زنجیرەیەدا دەبینین، بوون و مەرگ دەبنە تەوەری سەرەکی ڕووداوەکان، بوون وابەستەی پرسیارکردنە لەبارەی خوداوە، ئەوە ململانێی نێوان دوو دیدە لەرێی خوشک وبرایەک هەریەکەی سەر بە ئایدیایەکی بیرکردنەوەیە.
خوشک هەڵگری دیدی دینی وەسیەتەکەیە، بەڵام براکە دژە ئەو دیدە دینییە و بڕوای بە زانستە، لەو نێوەندەدا مەرگ دەبێتە پرسیاری مناڵێک بۆ تێگەیشتن لەبارەی بوون وەک مەرگ، کە سەرەنجام گەڕانی مرۆڤ لەنێوان زانستدا هیچ مانایەکی نابێت جگە لەوەی تەنیا یادەوەریەک دەخولقێنێت، وەک چۆن بۆ تێگەیشتن لەبوونی خودا خوشک کاتێک کوری براکەی باوەشی لێ دەدات، پێی دەلێت هەستت چی بوو؟ منالەکەش دەڵێت خۆشم ئەوێی، خوشکەکە پێی دەلێت خودا ئەوەیە.
ئەو دەمەی لەباوەشی کەسێکدا هەست بە خۆشەویستی دەکەیت، تێدەگەیت خودا ئەوەیە کە هەستی پێدەکەیت، دەشێت هەستکردن لەو ساتەدا خۆشەویستی بێت، بەواتای خودا خۆشەویستیە، لێرەوە ململانێی بوون و مەرگ پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و یادەوەریە، ئەوەی مرۆڤ دەیهێلێتەوە لەبوون تەنیا یادەوەریە، ئەوەش کە مەرگ لەگەڵ خۆی دەیبات ژیانی مرۆڤە.
ئەو تێگەیشتنە دەنگی کۆمەڵگایە بۆ خودا و تێگەیشتنی کۆمەلناسی ئاینیە بۆ وێنەی ڕوونی ئەو کۆمەڵگایە، بۆیە زانست لەشوێنێکدا پەکی دەکەوێت، چونکە ئەوە دیدی کۆمەڵایەتیە کە زاڵبوونی ئاین دەسەپێنێت، نەوەک دەرهێنەر ئەوەی بەسەر کارەکە سەپاندبێت، ئەو تەنیا وەک کۆمەڵناسێک ئەوە بەرجەستە دەکات.
هەر ئەلقەیەک فیلمێکی سەربەخۆیە وەک ڕووداو، هێندە هەیە هەردوو چەمکی خوداو نائومێدی لەسیناریۆکەدا کاری لەسەر کراوەتەوە، بۆ ئەوەی لەبیرۆکەی کارەکە باشتر تێبگەین، بۆیە لەهەر قسەکردنێک سەرەتا هەوڵ دەدەین وەسیەتەکەی موسا بنووسین، ئەلقەی دووەم تایبەتە بەو وەسیەتەی دەڵێت “بتەکان مەپەرستە”
لێرەدا ناراستەوخۆ دیدێک هەیە، رەخنەگرتنە لەعەشق، بەواتای عەشق مەکە بە بتێک بۆ پەرستن، ژنێکی کەمانجەژەن لەنێوان دوو پیاو گیری خواردووە، ئەوەی یەکەم هاوسەرەکەیەتی کە نەخۆشیەکی کوشندەی هەیە، لەنەخۆشخانە کەوتووە لەنێوان ژیان و مەرگدایە، ژنە بۆ خۆی سکی پڕە، بەلام ئەو مناڵەی دەیەوێت بێتە دنیاوە لەهاوسەرەکەی نیە، بەلکو لەئاوازدانەرێکی مۆسیقیە، ئەگەر مێردەکەی چاک بێتەوە، نابێت مناڵەکە بێتە ژیانەوە، گەر مناڵەکەش لەبار ببات عاشقە مۆسیقیەکەی لەدەست دەدات.
کچە کەمانجەژەنەکە لەلایان دکتۆرەکەوە ئاگادار دەکرێتەوە کە مناڵەکەی لەبار نەبات، چونکە هاوسەرەکەی دەمرێت، بۆیە دەگەڕێتەوە تیپی ئۆرکستراکە، ئەوەی چاوەروانی نابین ئەوەیە ڕوو دەدات، هاوسەرەکەی نامرێت، بەڵام ژنەکەشی لەگەڵی دەمێنێتەوە، چونکە لەدوا دیمەن دەبینین پیاوە نەخۆشەکە هەستی خۆی بۆ دکتۆرەکە باس دەکات، وەک ئەوەی تازە لەمردن گەڕابێتەوە، بەتایبەت هەستی باوکێتی و هاتنی مندالێک بۆ دنیا، لێرەوە نائومێدی دەگۆڕێت بە ئومێد، ژیان لەگەڵ مناڵێک سەرەتایەکی نوێیە مناڵێک ئەو بێ ئەوەی بزانێت هی ئەو نیە، بەلام دەتوانێت ببێت بە خەونی سەرەتایەکی نوێ بۆ ژیان.
هەمیشە هێلێک هەیە بۆ رۆنانی درامی کەوا زنجیرەکان بەیەکەوە ببەستێتەوە، بێ ئەوەی دەستکاری سەربەخۆیی چیرۆکەکان بکات، ئەوەشیان دەتوانین لەدوو ئاماژەدا بخەینە ڕوو، یەکەمیان بوونی کارەکتەرێکە لەزۆربەی چیرۆکەکان دەردەکەوێت، کارەکتەرێک بەسەر پایسکیلەوە هیچ ناڵێت تەنیا وەک چاودێری رووداوەکانە، لەکۆمەلناسێک دەچێت توێژینەوە لەبارەی کۆمەلگا بکات و ڕووداوەکان بخوێنێتەوە، وێنەیەکی ڕوونی دەرهێنەرە وەک کۆمەلناسێک، ئاماژەی دووەمیش ئیشکردنەوەی هێلێکی ناو سیناریۆکەیە کە لەبەشی دواتر بەجۆرێکیتر دەردەکەوێتەوە.
لەئەلقەی سێیەمدا ئەوەی فراوان دەبیت پەیوەندی مرۆڤە بەخۆشەویستی پێشووی دوای ژیانی هاوسەری، لەشەوی کریسمدا ژنێک پەیوەندی بەخۆشەویستە کۆنەکەی دەکات کە هاوسەرەکەی وون بووە تا بەرەبەیان بەدوای دەگەڕێن، سەرەنجام دەردەکەوێت هاوسەری ئەو ژنە سێ سالە لەگەل ژنێکیتر هاوسەرگیری کردووەو منالیشی هەیە و پەیوەندی بەو نەماوە، تەنیا ویستویەتی لەشەوی کریسمدا تا بەرە بەیان لەگەل خۆشەویستەکەی پێشووی بێت، ململانێی درامی لەو شوێنەی دەگاتە لوتکە ئەوا دەرهێنەر دەیهێنێتەوە خوارەوە تاپێمان بڵێت کۆی چیرۆکەکان تەنیا گەمەی ژنێکە بۆ ئەوەی خۆشەویستەکەی پێشووی ئەمشەو لەگەل ژن ومنالەکانی ژیان نەباتە سەر، لەکاتێکدا ژنی خۆشەویستەکەشی دلنیایە کۆی قسەی مێردەکەی درۆیە و ئەوان ئەمشەو ژوانیان هەیە، ئەو درۆیە گەڕانەوەیە بۆ وەسیەتی سێیەم کە دەڵێت “بەدرۆ سوێند مەخۆ بەخودا”
بۆ ئەوەی بچینە ناو مانای پیرۆزی خێزان، سەرەتا پێویستە بگەڕیینەوە لای موسا کە دەڵێت “رۆژی شەممەت لەیاد بێت بۆ پیرۆزکردن”
چونکە چیرۆکی چوارەم قسەکردنە لەپیرۆزگەرایی خێزان، کاتێک نهێنی دەردەکەوێت ئیدی ئەفسوونی ئەو پەیوەندیە بەتاڵ دەبێتەوە، نامەیەک دەتوانێت کۆی پەیوەندیەک تێکبدات، نامەیەک گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو، رابردوویەک دەردەکەوێت ئەو پیاوەی لەماڵەوە لەگەلیدایت باوکی تۆ نیە، دایکت بەر لەسەرە مەرگ وای بۆنووسیویت، سەرەنجام مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت شتەکان دوای ئەو دۆخە چاک بکاتەوە دەبێت بچێتە ناو دنیای بەر لەئاشکرابوونی نهێنی، لێرەدا نهێنی چەمکێکە وەک پردی پەرینەوەی چیرۆکی سێیەم بۆ چوارەم.
ئەلقەی پێنجەم کارکردنە لەسەر وەسیەتی ” کەس مەکوژە” سێ کارەکتەر بەسێ ئاراستەی جیاوازدا دەڕۆن، شوفێری تاکسیەک پیشەکەی بۆ فریودانی ژن بەکار دێنێت و کارەکەی خۆی ناکات، کاتێک خەلکانێک پێویستیان بەتەکسیە و دەستی لێ ڕادەگرن بۆیان ناوەستیت.
گەنجێکی خوێندکاری یاسا کە بڕوانامەی پارێزەری وەردەگرێت، لەپاڵ کارەکتەری سێیەم هەرزەکارێکی توڕە هەمیشە کاردانەوەی توندوتیژی لەسەر شەقامەکان لێ بەدی دەکرێت، بڕیار دەدات سواری تەکسی بێت وشوفێرەکە هەر کێ بێت بیکوژێت، رقێکی گەورەی لەبەرامبەر مرۆڤەکان هەیە، سەرەنجام ئەو شوفێری تاکسیە دەکوژێت، کوشتنێک بەدڕندەترین شیوە ئەنجامی دەدات، کاتێک پارێزەرەکە لەدادگا داکۆکی لێ دەکات دۆسیەکە دەدۆرێنێت، هەڵبەت تا ئێرە ئەوەی دەمانەوێت لەبارەیەوە بیخەینە ڕوو، ئەو وێنەییە کە توندوتیژی و ڕێزنەگرتن لەوانیتر دیاردەیەکی وردە کولتوور نیە هاتبێتە ناو کولتووری پۆڵەندیەوە، بەڵکو کولتوورێکە مرۆڤگەلێک بۆ خۆیان دەیخوڵقێنن، لەجۆری هەرزەکارەکە، کە سەرەنجام توندوتیژی بەرەو کوشتن پاڵیدەنێت، کوشتنێک گەر ئەنجام نەدرێت بەدلنیاییەوە دۆخەکە دەچێتە ئاستێکیترەوە، کە بەر لەسێدارەدانی دەرهێنەر لەرێی پارێزەرەکەوە جۆرە هاوسۆزیەک لەگەل بکوژ نیشان دەدات، بەڵام سەرەنجام ئەو لەسێدارە دەدرێت، بۆ ئەوەی ئەو کۆتاییە بوونی نەبێت دەبوو تاوان نەبێت.
ئەوەی دەمانپەرێنێتەوە بۆ چیرۆکی شەشەم کارەکتەری هەرزەکارە لەکۆمەلگادا، بەلام لەم چیرۆکەدا تەواو جیاواز، هەرزەکارێک بالەخانەکەی کەوتوتە بەرامبەر باڵەخانەی خانمێک، هەمیشە چاودێری دەکات، ئەگەرچی خانمەکە لەو بەتەمەنترە بەڵام جۆرە هۆگریەک نیشان دەدات، کە هەرزەکارەکەی پێشوومان بیر دێنێتەوە، مەرگی خوشکەکەی پاڵیدەنێت بۆ رق و کوشتن، ئەو کارەکتەرەی چیرۆکی شەشەم بەدوای خۆشەویستیەکی ئۆدیبی دەگەڕێت کە لەو ژنەدا دەیبینێتەوە.
لێرەوە هەوڵەکانی گەنجەکە دەردەکەوێت بۆ ئەوەی خانمەکە هەست بەخۆسەویستی ئەو بکات، چونکە لەڕاستیدا کەوتۆتە خۆشەویستیەوە، لەکاتێکدا دەبینێت خانمەکە دۆستێکی هەیە و بۆ ماڵەکەی دێت، ئەو دەمەی دەزانێت شیر لە مارکێت بۆ خانمەکە ناچێت ئامادە دەبێت بچێت ئەو کارە بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت کارێک بکات کە خواستی دڵیەتی نەک ئارەزوی نزیکبونەوە.
ئەوە سەرەتای هۆگربوونی مرۆڤێکە بە عەشقی کەسێک کە لەخۆی بەتەمەنترە، لێرەدا ئێمە بەجۆرێک پەیوەندی ناو ئەو کۆمەلگایە ئاشنا دەبین، دۆخێک کە لەسەر شەقام دوو مرۆڤ دەبینین جیاوازی تەمەنیان هەیە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دۆخی دەروونی کارەکتەرو سۆزێک کە یەکێک لەوان لێی بێبەش بووەو دەیەوێت لەو ڕێگایەوە وەدەستی بێنێتەوە.
گرنگترین خالێک لەو عاشقبونەوەدا ئەوەیە کوڕەکە ڕاستەوخۆ بۆ خانمەکە ڕایدەگەیەنێت ئەو خۆشی دەوێت، بەلام هیچی لێی ناوێت، هیچ نەویستن خاڵی کردنەوەی عەشقە لەجەستە، پەیوەندیەکە پێویستی بە جەستە نیە، هێندەی هەولێکە بۆ خۆشویستنی ئەویتر.
کاتێک خانمەکە دەیەوێت جەستەی پێ ببەخشێت، بەڵام کورە هەرزەکارەکە ڕادەکات، هەست دەکات بەم شێوەیە خۆشەویستەکەی ناوەوەی دەکوژرێت، هەوڵی خۆکووشتن دەدات، لەوێوە خانمەکە عاشقی دەبێت و دوای دەکەوێت، بەڵام ئیدی لەو ساتەوە عەشقەکەی ناو ئەو کوژراوە، بۆیە ئەوەی پێ دەڵیت کە چیتر چاودێری ناکات.
لێرەدا دەپرسین کام وەسیەتی موسایە لەم زنجیرە کاری تیا کراوە؟ هەڵبەت ئەوە ڕووی شاراوەی ئەو وەسیەتەیە کە دەلێت “زینا مەکە” هەڵبەت نەکردن لێرەدا بۆ گەنجەکە پەیوەست نیە بە ئاینەوە، هێندەی تێگەیشتنی مرۆڤە بۆ خوشەویستی، بۆ ئەوەی خۆشەویستی مانای خۆی وەربگرێت، ناکرێت ئەوەی خەلکیتر دەیکات عاشق بیکات، بەواتای دنیای عاشق دنیایەکی جیاواز، ئەو کەسەکەیتر نیە هەر هێندەی پێیگەیشت و سێکسی لەگەڵ بکات.
بۆ ئەوەی بچینە ناو چیرۆکی حەوتەم، بەبێ تێگەیشتن لەوەسیەتەکەی موسا سەختە لەجەوهەری کارەکە تێبگەین کە بۆچی ڕووداو بەو ئاقارەدا دەڕوات، موسا دەلیت ” رێز لەدایک و باوکت بگرە”
ئێمە سەرەتا لەوەدا وا پێشبینی دەکەین کە بۆ مناڵەکان بێت کە رێز لەدایک وباوکیان بگرن، بەڵام لەڕاستیدا لەناو ئەو ڕووداوانەدا دەبێت بیرمان نەچێت مناڵەکان کە دەبن بە دایک و باوک، پێویستە دایک و باوکانیان ئەوانیش ڕێزیان لێبگرن، کچەکەیان کە کچێکی هەیە بەهۆی ئەوەی لەپەیوەندیەکی خۆشەویستی لەگەل مامۆستای خوێندنی درووستی کردووە، دایکەکە مافی دایکایەتی لەکچەکەی دەسەنێتەوەو بەناوی خۆی تۆماری دەکات، نەک هەر ئەوەش بەڵکو بەمناڵەکەش خۆی وەک دایک دەناسێنێت، بۆیە کچەکەیان ناچار دەبێت کچەکەی خۆی بڕفێنێت، لێرەوە ڕووداوەکان دەڕۆنەوە ناو یادەوەریەک کە ئەو ئێستایەی خولقاندووە، سەرەنجام پیاوێک دەناسین کە باوکی مناڵەکەیە، بەڵام دۆخێک کە لەرابردوو ڕوویداوە، هەموو شتێکی شێواندووە، سەرەنجام کە کچ و مناڵەکە لەوێستگەی شەمەندەفەر دەدۆزرینەوەو کچەکە دەچێتە باوەشی نەنکی کە بە دایکی خۆی تێدەگات، ناچار لەو کاتە کە شەمەندەفەر دێت، دایکە ڕاستەقینەکەشی بەتەنیا دەڕوات و سەفەر دەکات، هەموویان کچەکەی و دایک و باوکی نیگەرانی رۆیشتنی دەبن، بەڵام ئەوە ساتێکە نەیانتوانی لەماوەی شەش ساڵدا رێز لەدایکایەتی ئەو بگرن.
ئێمە لەم زنجیرەیەدا ڕووبەرووی چیرۆکێکی دڵرەقانە دەبینەوە، ڕووداو بەشیوەیەک لەگەڵ خۆی دەمانبات توانای ئەوەی هەیە، وامان لێبکات لەزەمەن تێبگەین، شەش ساڵ لەخۆگرتن و بێدەنگی و دڵڕەقی نابینین، بەڵام لەرێی هەستی دایکێکەوە بیر لەو بۆشاییە دەکەینەوە، کە لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوو کەوتۆتە نێوان ئێمەی بینەر وستاڤی ئەکتەرەکانی ئەم چیرۆکە.
بۆ ئەوەی لەڕابردوو تێبگەین پێویستە چیرۆکەکان بگێڕینەوە، ئەو تێگەیشتنە وا دەکات هێزێکی پتەو بە سیناریۆ بدات، لێرەوە دەرهێنەر بۆ بیرۆکە پەنا ناباتە بەر بابەتی ئالۆز، هێندەی وەسیەتەکەی موسای هێناوە وەک بیرۆکە و سیناریۆی لەسەر درووست کردووە، بیرۆکە ئەو زەمینەییە بۆ ڕووداو کە بیرۆکە لەپشتی کار دەکات، تا ئاستی ئەوەی لەسەر لایەنی دەروونی کارەکتەر کار دەکات، کە ئیدی بیرۆکە سەرەکیەکەمان بیر دەچێتەوە، وەک لەچیرۆکی هەشتەم “چاوت لەشتی کەسە نزیکەکانت نەبێت” خانمێک دەردەکەوێت تا بچێتە هۆلی وانەوتنەوەی خانمە پرۆفیسۆرێک، لەوێوە گێڕانەوەی چیرۆکەکان دەبنە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، کە چۆن پێشتر ئەوان یەکتریان ناسیووە و نەیانتوانیوە خانمی میوان کە منالکارێک بووە ڕایبگرن و لەدەستی مەرگ رزگاری بکەن.
بیرۆکەی ئەلقەی نۆیەم “بەدرۆ سوێند مەخۆ” کاتێک پیاوێک کێشەی سێکسکردنی بۆ درووست دەبێت، ژنەکەی باس لەوە دەکات ئەوە گرفتێک نیە بۆ ئەو لەگەڵی دەمێنێتەوە، بەڵام ڕووداوە ناراستەوخۆکان گومانی پیاوەکە دەبەنە ناو یەقین، کاتێک دەبینێت چۆن ژنەکەی دەستی لەگەڵ هەرزەکارێک تێکەڵ کردووە، بەلام چارەسەری درامی بۆ چیرۆکەکە ئەوەمان بۆ دەخاتە ڕوو هەڵەکردن کۆتایی شتەکان نیە و دەکرێت چاک بکرێنەوە، ئەگەر لەدواهەمین ساتەکانی ژیانیشی بێت دەکرێت مرۆڤ بەو درۆیەدا بچێتەوە کە سوێندێکی خوارد کە راست نەبوو، ئەوەش چارەسەرێکیتری پەیوەندیە، هەڵبەت لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەو دۆخە بکەین، کە گەر ئەو تێگەیشتنە لەکۆمەلگای خۆرهەڵاتی کۆتاییەکەی بە مەرگ تەواو بێت، بەڵام گوتاری ژیاندۆستی و ئومێد لەو چیرۆکەدا وابەستەی تێگەیشتنی مرۆڤی خۆرئاواییە، کە تێگەیشتنێکی ڕوونی کۆمەلگای پۆلەندی تیا دەخرێتە ڕوو.
دوا چیرۆک تەواو مانایەکی جیاواز دەبەخشێت، بیرۆکەی ئەو زنجیرەیە بریتیە لە ” دزی مەکە” مەرگی باوک و بەجێهێشتنی میراتێک کە پولی پۆستە و دەستنووسە کۆنەکانن، وەک میراتێکی کولتووریی دەمێنێتەوە، هەردوو کوڕەکەی خێرا دەیانەوێت بیفرۆشن، پەیوەندی بە ناوەندو کەسە بازرگانەکانی ئەو بوارە دەکەن، تەنانەت چاوچنۆکیان دەگاتە ئەو ئاستەی بۆ ئەوەی دەستیان بەسەر پولێکی گرانبەها بکەوێت، یەکێک لەبراکان گورچیلەیەکی خۆی دەبەخشێت، سەرەنجام بەدەستی خاڵی لێی دێنە دەرەوە، دزیان لێدەکرێت و تەواوی ماڵەکە دەدزرێت، ئەوە وا دەکات براکان شکات لەیەکتر بکەن و یەکتری تۆمەتبار بکەن، دواتر تێدەگەن دزەکان بازرگانانی ئەو بوارەن، لەیاریەکی رێکخەردا کارەکە ئەنجامدراوە.
لێرەدا چەمکی دزیکردن لەچەندین ئاستدا مانا دەبەخشێت لەلایەک مناڵەکان ویستیان میراتی کولتووریی و سی سالەی رەنج و شەونخونی باوک بەهەدەر بدەن، لەلایەکیتر جەستە وەک خود دەدزرێت و ئەوەی هەشە کەسانی نابەرپرس دەیدزن، بەلام بۆچی نایدزن، کاتێک کەسە نزیکەکان نەتوانن داکۆکی لێبکەن، لێرەدا ئەو وێنەیەی کۆمەلگای پۆڵەندی ڕووبەرووی رەخنە دەبێتەوە، وێنەیەک کە پێویستە بەر بە دزینی کولتووریی بگیرێت و ڕێگە نەدرابێت، میراتەکانی کۆمەلگا بەدەر بدرێت، بۆیە دوا چیرۆک توانای ئەوەی هەیە وێنە کۆمەلایەتیەکەی کۆمەلگا بەتەواوی بخاتە ڕوو، گەر پێشتر لەسەر ئاستی پەیوەندی خێزانی و مناڵەکان و چۆنیەتی ژیان کاری دەکرد، ئەوا لەدوا چیرۆکدا زنجیرەکە دەبێتە ڕووبەرێکی کۆمەلناسیانە بۆ خوێندنەوەی بونیادە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەلگای پۆلەندیی.
ئەگەر ئەو زنجیرەیە دەرخەری وێنەیەکی کۆمەڵناسیانە بێت بۆ تێگەیشتن لەکۆمەڵگای پۆڵەندی، ئەوا لەسێ فیلمدا کە بە سێ ڕەنگ ناسراوە، کێشەی نێوان کولتوور و ووردە کولتوور وەک بابەتێکی گرنگی کۆمەڵناسی دەخاتە ڕوو، هەموو کولتوورێک لەناو کوولتورێکی لەخۆی گەورەتردا دەبێتە ووردە کولتوور، بۆ ئەوەی باشتر لەو قسەیە تێبگەین دەبێت بڵێین کولتووری فارسی لەکوردستان ووردە کولتوورە، وەک چۆن کولتووری کوردی لەئێران دەبێتەوە ووردە کولتوور، کولتووری لەخۆ گەورەتر، ئەویتر دەکاتە ووردە کولتوور.
ئەو ئاماژە کۆمەڵناسیە بۆ دەرخستنی کۆمەڵگای پۆڵەندیە وەک ووردە کولتوور و کێشەکانی کە چۆن لەناو پۆڵەندا ئەوە فەڕەنسی و ئەویتری خۆرئاواییە دەبنەوە ووردە کولتوور، وەک لەسێ ڕەنگ دەیبینین
دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت کاتێک دادەنیشین لەبەردەم دنیای کیشلۆڤسکی دەزانین ساتێکمان هەیە لەژیاندا بۆ هێمن بوونەوە، تاوەکو شتەکان لەماناکانی خۆیەوە بە ئاسانی ئاوەژوو بێتەوە، ئەوە ڕێک ئامانجێکی کۆمەڵناسیانەیە، ئەگەر پێشتر ئێمە بەهۆی زنجیرەی “دێکالۆگ- دە وەسیەتەکە” وێنەی کۆمەلگای پۆڵەندی وەک ڕووبەرێکی کۆمەلناسیانەی سینەما دەبینین، لەهەمان کاتدا مانایەکی قوڵ دەدات بەو دە وەسیەتەی موسا کە لەتەوراتدا هاتووە..
ئەوەی لێرەدا مەبەستی ئێمەیە.. هەرسێ فیلمی ڕەنگەکانە “شین، سپی، سوور” ئەو سێ ڕەنگە وەک ئاماژەیەک بۆ ئاڵای فەرەنسی و دروشمی شۆڕشی فەرەنسی، بەڵام ئەوەی کیشلۆڤسکی نیشانمانی دەدات، وێنەگرتنەوەی ژیانی فەرەنسی نیە، بەڵکو ئەو چیرۆکانەی ناو شۆڕشن کە خودی کۆمەلگا و کتێبەکان نەیانووسینەوە، ئەوە سینەمایە دێت چیرۆکی پەراوێزی ژیان و چەندە گرنگن دەیانخاتە ڕوو، ئەم سێ فیلمە لەماوەی دوو ساڵ درووستکراون، ڕێک لە ١٩٩٣ و ١٩٩٤
سەرەتا گەر سەیری فیلمی “شین” بکەین، کە وەک ڕەنگێک بۆ ئازادی خۆی دەخاتە ڕوو، بۆیە رەنگی شین وەک ئاماژەیەکی فرە دەلالەت ڕووبەرێکی دیاری ئەو فیلمە داگیر دەکات، ئەگەر لەروانینی سیمیۆلۆژیا “ئاماژەناسیەوە” سەیری ڕەنگ بکەین دەبێت ڕووداو کە مەرگی هاوسەر و کچەکەی کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە وەک ئەیکۆنێک سەیر بکەین، کە تیایدا دەچینە ناو ڕووداو، یەکەم دیمەن بەر لەمەرگ ئێمە ڕەنگی شین دەبینین کە کچەکەی دەیداتە دەم با، لێرەدا ئەو ڕەنگە وەک چوونە ناو بابەت پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ درووست دەکات بە کارەکتەرەوە، بۆیە مەرگی هاوسەر وکچ تاریکبوونی ئەو ڕەنگەیە، بۆ ئەوەش سەرەتا لەنەخۆشخانە هەوڵی خۆکووشتن دەدات، بەڵام ئەوە لە ئەیکۆنەوە دەچێتە سەر ئاماژە، لێرەدا ئاماژە چۆلکردنی ئەو ژوورەی ماڵە کە ڕەنگی شینە، نایەوێت ئەو ژوورە ببینێت، سەرەنجام ئەو پانتاییە فراوان دەکات لەرێگەی فرۆشتنی خانووەکە بۆ ئەوەی بتوانێت ژیانێکی نوێ دەست پێبکاتەوە.
ئێمە لەڕووی سیمیۆلۆژیەوە کاتێک لەناو ئاماژەکانداین، دەبێت درکی ئەوە بکەین ئاماژەکان بەرەو دەلالەت دەمانبەن، ئەو ساتە خۆمان ئامادە دەکەین کە دەلالەت چیە؟ دەلالەت لەم فیلمەدا فرە مانایی بەرووداو دەبەخشێت، ئەوەش لەڕێگەی شکاندنی یەکەم تەلیسمی پیرۆزی شوێن، کاتێک بانگهێشتی هاورێی هاوسەرە مردووەکەی دەکات و پەیوەندیی سێکسی لەگەڵ دەبەستێت، ئەوە دواهەمین یادەوەریە لەم شوێنە جێی دێلێت.
لێرەدا چەمکی مەرگ بۆ خۆی وەک یادەوەری جێدەهێلدرێت و ئازادی لەشوێنیدا دەردەکەوێت، ئازادی ئەگەر چەمکێکی شوڕشی فەرەنسی بوو، لێرەدا دەبێت بزانین ئازادی لای کارەکتەری فیلمەکە چیە؟ ئازادی بۆ ئەو ژنە هەوڵدانە بۆ ژیانێکی نوێ، ژیانێک دەست پێکردنەوە لەناسینی شوێنی نوێ، نەیەلێت ئەوانەی ڕابردوو تێکەلی ژیانی ببنەوە، لەم ژیانە نوێیەدا لەشفرۆشێک مانای جوانی و مرۆڤبوونی تیا دەردەکەوێت، هاورێی هاوسەرەکەی دەیدۆزێتەوەو سەرەنجام دەیەوێت مۆسیقا تەواو نەکراوەکانی هاوسەرەکەی تەواو بکات.
ئەوەی مانایەکی نوێ بەئازادی دەدات ئاشکرابوونی پەیوەندی شاراوەی هاوسەرەکەی بووە بە پارێزەرێکەوە، جگە لەوەی هەمیشە مۆسیقا و ڕەنگی شین بواری بینین فراوان دەکەن، چێژ دەبەنە ناو مانا، ئیدی جوانی قەتیس ناکرێت لەیادەوەریەوە، هیچ شتێک لەئازادی پیرۆزتر نیە و پەیوەندی سێکسی لەگەڵ هاورێی هاوسەرەکەی دەبەستێتەوە، جەستە دەبێتەوە بەشێک لەئازادی، وەک ڕەنگ و مۆسیقا بێ سنوور دەبێت، بۆیە دەتوانێت بگەڕێتەوە خانووە کۆنەکەی کەهێشتا نەفرۆشراوە، لێرەوە ئازسادی وابەستەی جوانی و ساتەوەختەکانی بوونن، مانایەک بۆ پیرۆزی ڕابردوو نیە، پیرۆزیەکان لەخودی مرۆڤدان.
هەڵبەت سیناریۆی فیلمەکە تاڕادەیەک نزیکە لەسیناریۆی یەکێک لەزنجیرەکانی دێکالۆگ، لەوێدا پیاوەکە نەمردووە بەلام لەبەردەم مەرگدایە، ژنەکەشی کەوتۆتە نێوان هاوسەر ومیوزیکژەنێکی ترەوە، بەڵام لەرووی چارەسەری درامی و بابەتەوە بەتەواوی لەیەکتری جیاوازن.
ئازادی دەبێتە دەلالەت بۆ تەواوکردنی ئەو سێگۆشە سیمیۆلۆژیە تاوەکو لەگەڵ ئەیکۆن و ئاماژەدا بتوانن دنیای نوێی ئێمە بۆ شۆڕش وئازادی بنووسنەوە، شۆڕش کە مانایەکی بە تاک بەخشی، بۆیە تاک لەو فیلمەدا لەناو ماناکانی ئازادیدا ڕووبەرێکی گرنگ بە بوونی خۆی دەبەخشێت.
ئێمە لەفیلمی دووەمدا “سپی” ئەو ڕەنگەی لەبەفر ولەژندا دەیبینینەوە، پاکیزەیی خۆشەویستی نێوان ژن و نیشتمانە، هەر ئەوەش دەبێتە ، بیرۆکەی سەرەکی ئەم فیلمە، کارەکتەری فیلمەکە هەست دەکات بەبێ یەکێکیان خۆشەویستیەکەی ناتەواوە، بۆیە دەیەوێت هەردووکیان وەک بوون و شوێن لەرووبەرێکدا بەیەکتر بگەیەنێتەوە، کەچی ئەوە سەختیەکی ڕووبەروو دەکاتەوە، دەزانێت دەبێت بەگژ ئەو سەختیانەدا بچێتەوە، تاوەکو بتوانێت یەکێک لەو دوانە لەدەست نەدات، ئێمە کە ئاشنا دەبین پێی ئەو سۆزێکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نیشتمان، بەڵام ژنە فەرەنسیەکەی ئامادە نیە لەگەڵیدا بڕواتە پۆڵەندا، بۆیە ژنە دەیەوێت لەهاوسەرە پۆڵەندیەکەی جیا بێتەوە، جیابووبنەوە بەواتای بێبەشبوون لەهەموو شتێک، رێک دەیکات بە پەناهەندەیەکی تەنیا، دوکان و ماڵ و کارتی بانک هەموو شتێک بۆ ژنە دەگەڕێنێدرێتەوە، ئەوەی بۆ ئەو دەمێنێتەوە تەنیا جانتایەکە، جانتایەک کە ڕەمزی مرۆڤی پەناهەندەیە وەک کەسێک کە ئیدی شوێن نایگرێتە خۆی، ئەو پەناهەندەی خۆشەویستیە، ئەوە خۆشەویستیە دەیخاتە سەر شەقامەکان خۆی و جانتایەک دەیەوێت مۆسیقای پۆڵەندی بژەنێت تا ڕێبوارەکان پارەیەکی کەمی وەک سواڵ پێبدەن، تا پیاوێکی پۆڵەندی دەناسێنێت، ئەوە دەرگایەکە بۆ ڕزگاربوونی لەشوێن و گەڕانەوە بۆ نیشتمان، بەڵام گەڕانەوەیەک بەندە بەلەدەستدانی ژن.
کاتێک هەموو شتێک لەدەست دەدەیت سەرەنجام نابێت وەک مرۆڤ بگەڕییتەوە، تەنیا کەلوپەلیت، بۆیە ئەویش دەخرێتە جانتاکەیەوە، بەڵام کاتێک دزەکان لەفرۆکەخانە کۆمەڵێک جانتا دەدزن ئەویش یەکێکە لەجانتاکان، ئیدی لێرەوە چیرۆکی ئازار و سەختی کۆتایی نایەت، بەڵام ئەو سووربوونەی بۆ کارکردن و پلان دانان بۆ دەستکەوتنی پارە و پلانی وەدەست کەوتنی هاوسەرەکەی پێشووی لەڕێی هێنانی بۆ نیشتمان پێویستی بەووردەکاریی و زیرەکیەوە هەیە، ئەوە ئەو سووربوونەیە کە تیایدا دەبێت سەرکەوێت.
ئەگەر ئەم فیلمە باس لەیەکسانی دەکات، لێرەدا ڕووبەرووی پرسیارێک دەبینەوە: ئاخۆ یەکسانی دادوەرییە؟ کاتێک لەنیوەی فیلمەکەداین هەست دەکەین هیچ دادوەریەک لەیەکسانیدا نیە، وەک کاڕۆل ئەو مرۆڤە پۆڵەندیە لەدادگای فەرەنسیدا ئاماژەی بۆ دەکات، بەهۆی ئەوەی بە فەڕەنسی قسە ناکات، بۆیە ڕێگای نادەن قسە بکات، ئەو بەکەمبایەخ بینینە بۆ زمانێک کە کولتووری ئەویتر وەک نزمە کوولتور دەبینێت، کێشەیەکی کولتووریی گرنگی ناو دنیای سینەمایی کیشلۆڤسکیە، بەردەوام وەک کۆمەڵناسێک کاری لەسەر دەکاتەوە، سەرەنجام خۆشەویستی وەک بوون و شوێن دەکەونە ناو یەک ڕووبەر، ئەوەش بۆ خۆی تێکشکاندنی جیاوازی کولتووری نێوان کولتووری فەڕەنسی وپۆڵەندیە، تاوەکو کولتوورێک نەبێت بە کولتووری سەرەکی و ئەویتریش وەک ووردە کولتوور تەماشا بکرێت.
سوور ناونیشانی سییەم ودواڕەنگی فیلمی سێ ڕەنگە، ئەم فیلمە ڕێکەوت و ڕاستەقینەیەک دەخاتە ڕوو، کە هیچ شتێک کۆتایی نیە، هەموو شتێک شایستەی ئەوەیە ڕوو بدات، ئەوانەی لەچاوەروانی ئێمەدان دۆستی ئەو خانمەی کەوا هەمیشە تەلەفۆن لەگەڵ خۆشەویستیەکەی دەکات چاوەروانین ژوانێک ببەستن، بەڵام هیچ ڕوو نادات، رێکەوتێک کە سەگێک دەپێکێت و دەچێت بەدوای خاوەنەکەی دەبینێت دادوەرێکی خانەنشینە، کە چاودێری بەسەر دراوسێکەیەوە دەکات لەرێگەی تەلەفۆنەوە، سەرەنجام پەیوەندیەک دوور لەچاوەڕوانی لەنێوان دادوەری خانەنشینی بەساڵاچوو لەگەڵ کچە گەنجەکە درووست دەبێت، خەونی پێوە دەبینێت.. خەونەکەی بۆ دەگێڕیتەوە، کچە بەڵێنی پێ دەدات کە خەونەکەی بێنێتە دی، کاتێکیش کچە بەدەریادا سەفەر دەکات کەشتیەکەیان نوقم دەبێت، لەبەخت باشی دادوەری خانەنشین دەبینین کچە ڕزگاری دەبێت، لەناو ڕزگار بووەکاندا چەند کەسێک ڕزگاریان دەبێت یەکێکیان خانمی بێوەژنی فیلمی شینە، ئەویتریش ئەو کارەکتەرەی فیلمی سپیە کە لە فەرەنساوە بەرەو پۆڵەندا دەگەڕێتەوە.
ئەو چارەسەرە درامیە وا دەکات هەرسێ فیلمەکە بەیەکەوە ببەستێتەوە، هەلبەت ئەو شێوازە لەسینەمای واقعی ئیتالیدا وەرگیراوە، کە لەفیلمی “سێ چیرۆک لە ئیتاڵیادا” دەرکەوت، ئەو فیلمەی لەسەرەتای هەشتاکان ئۆرنێللا مۆتی نواندنی تیا دەکرد، سێ چیرۆکی جیاواز هیچ پەیوەندیان بەیەکەوە نیە، کەچی لەکۆتاییدا لەوێستگەی شەمەندەفەر تەواوی پاڵەوانەکانی هەر سێ چیرۆکەکە لەوێ کۆ دەبنەوە.
بەو چارەسەرە بۆ دنیای سینەمایی، کیشلۆڤسکی کۆتایی بەو گەشتە سینەماییەی دێنێت کە بە فیلمی دۆکۆمێنتاری دەستی پێکرد و بەناو فیلمدا هات و بە دە زنجیرە دەستی پێکرد و بە سێ ڕەنگ کۆتایی هات.

نیهاد جامی- پۆڵەندا




نۆڤلێت: کچەی خوێنەر … نیهاد جامی

ناوی کتێب: كچەی خوێنەر
نووسەر: نیهاد جامی
بابەت: نۆڤلێت
نەخشەسازی: ئاراس ئەکرەم
چاپ: یەکەم – هەولێر، ٢٠١٩
تیراژ: ٧٥٠ دانە
نرخ: دینار
چاپخانە: چاپخانەی ڕۆژهەڵات
لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکانی هەرێمی
کوردستان ژمارەی سپاردنی ) ( ساڵی 2018ی پێ
دراوە

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن ……..

بۆ خوێندنەوەی کتێبەکانی تری نووسەر کلیکی ئێرەبکەن …….




کچەی خوێنەر… تازەترین کتێبی نیهاد جامی

، نۆڤلئتێکە وێنەیەکیتری رۆشنبیر دەخاتە روو، وێنەی مرۆڤێکە لەپشت هەولی گۆرانکاری بۆ کۆمەلگا، ئەو رۆشنبیرە مرۆڤێکە هەول دەدات گوتارەکەی بخاتە ژێر ئارەزووە خودیەکانی، لەداهاتوودا ئەو کتێبە لە سایتی .دەنگەکان دەخوێننەوە




نۆڤڵێت … من لە ماڵی سەرۆک بووم … نیھاد جامی

بۆ خوێندنەوەی ئەم نۆڤڵێتە کلیکی ئێرەبکەن …..





بۆچی “فەرهاد پیرباڵ” تان گرت؟ بۆچی “ماڵی وەفایی” تان سوتاند؟ … نیهاد جامی

وەفایی ماڵەکەی ئەسووتا

فەرهاد کتێبی ئەسوتاند

هاوڕێکانم بەدەم سووتانی کتێبەوە

وێنەی پیری خۆیان دائەنا

ماوەیەک بەهۆی نووسینەوە سەرقاڵ بووم ئاگام لەفەیس بووک نەمابوو،
سەرلەنوێ هەواڵی سوتاندنی کتێب ڕاچەنینێکی سەیری تیا خوڵقاندم، بەپەلە هاتم تا
ببینم جارێ هەواڵەکە چیە، کێشەی ئێمە ئەوەیە هێشتا لەئاستی هەواڵدا زانیاریمان
نیە، دەکەوینە تۆمەت بەخشینەوە، بەشێکی زۆری ئەو نووسینانە خۆیان لەنێوان
“دۆست” و “دوژمن”، ستایش و سەرزەنشت کردن، لایەنگیری هەر یەک
لەو دوو مرۆڤە.

رامانێکی باشترمان پێویستە، تا لەئاستی کاری وادا نیگەران بین نەک
دۆست، نائومێد بین نەک دوژمن، واز لە هێمنی ولەسەرخۆیی سۆرانی ماڵی وەفایی بێنین،
تا ستایشی جوانی ئەو کوڕە نەکەین کە هاوڕێ و خۆشەویستی هەموومانە، با بەهۆی
ڕەفتارەکانی ئەم دواییەی د. فەرهاد پیرباڵ نەکەوینە سەرزەنشت کردنی، ئەو دنیایەک
بوێرو جوانی لەئەدەبیات بەخوێنەر بەخشیووە، لەدەرەوەی ئەو دوو وێنەیە، دەبێت
ڕووداوەکە بخوێنینەوە، ئەوەی ماڵی وەفایی دەسووتێنێت، فەرهاد پیرباڵ دەستگیر
دەکات، ئەو ئاکاری دەسەڵاتەی دەزانێت چۆن دژی کتێب و نوسەرەکان ڕەفتار بکات،
بەهێمنی دەچێتە نێو ئەو پەیوەندیە، تا هەندێکمان بڵێین ئەوە گەڕانەوەی مافی
نووسەرە، بۆیە ماڵی کتێب دەسووتێت، هەندێکیش دڵخۆش بین، چونکە نوسەرێکی شێت
دەستگیر کراوە.

روانین لەو دوو پۆرترێتە لەڕاستیدا نیگاکردنە لەوێنە ڕاستەقینەکەی ئەو
دیو پۆرترێتی دەسەڵات، ئەوە گومان کردنە لەو دوو پۆرترێتە.. ماڵی سوتاو و نوسەری
دەستگیر کراو، لەپشت تاوانبار و بێتاوان، گوناهبارێک هەیە پۆلینکاری دەبەخشێت،
یەکێکیان ماڵ سووتاو ئەویتریشیان ماڵ سوتێنەرە، من ناچارم بۆ قسەکردن لەو بابەتە
ماندووتان بکەم، سنوری ئاستی هەواڵی و پۆستی فەیسبوکی ببەزێنم و لەسەر چەند
ئاستێکی ئەو ڕووداوە بووەستم، دەشێت ئەوە زۆرینەی هاوڕێکانی نێو ئەو تۆڕە
کۆمەڵایەتیە بێزار بکات، چونکە ڕەنگە بیانەوێت منیش وەک ئەوان بەدێرێک بۆچونی خۆم
بخەمە ڕوو، بەڵام هەرزوو ئەو چاوەڕوانیە دەمرێت، تەنیا ئەوانە دەتوانن لەگەڵم
بەردەوام بن، کە توانای گومانیان هەیە لەئاستی یەکەم کە ئاستە هەواڵیەکەیە، لەو
دوو پۆرترێتە کە تەواوی تویت و پۆستی لاپەرەکانی داگرتووە، دەمەوێت گومان بکەم،
گومانێک هەر لەسەرەتاوە باسم لەوە کرد کەبۆچی هەلساون بەکارێکی دوو لایەنە
نوسەرێکتان دەستگیر کرد و ماڵێک لە کتێبتان سووتاندووە.

فەرهاد پیرباڵ ئەو نووسەرە سریالیە کوردیەی هەر لەسەرەتاوە وێنەیەک
پێک دێنێت کە پێکهاتێکە لەدادایزم و سوریالیزم، کۆمەکی بەشێک لەشێوەکاران دەکات بۆ
کردنەوەی پیشانگاکان و تەنانەت دامەزراندنی دەستەی تەم بەجۆرێک لەجۆرەکان جۆرێک
بوو لەکاریگەری ئەو، سەرباری ئەوەی وێنەی ڕوونی خۆی لەڕێگەی شیعر و چیرۆک لەلایەک
و دەرکردنی گۆڤاری وێران لەلایەکیتر سەرەتای خستنە ڕووی دنیای ئەوە وەک نووسەرێک،
ئەگەرچی ئەو بەر لەو وێنەیە وەک نووسەرێک لەئەوروپا دەردەکەوێت، هەروەها چەند
تێکستێکی شانۆییش دەنووسێت، بەواتای ئەو دەیەوێت گەشە بەو وێنەیە بدات کە بڕوای
پێیەتی، ئەگەرچی من وەک خۆم ئارەزووی جۆری نووسینی ئەو نەکەم، دەشێت ئەوە پەیوەست
بێت بەچێژی ئەدەبیەوە، بەڵام ناکرێت گرنگی ئەو وەک نووسەرێک فەرامۆش بکەم، ئەو
وێنەیە لەهەر ئاستێکدا بێت دەپەڕێتەوە ناو جۆرە پەیوەندیەک.

دیارە حزب لەدنیای ئێمەدا دەستی بەسەر زۆر شتدا گرت، ئەو مەترسیەی
هەمیشە ئاماژەم بۆی کردووە کە دەبێت بترسین، بەئاگا بین دەست بۆ سەر گەنجینیەی
خەیاڵ و بیرکردنەوەماندا نەگیرێت، حزب بۆ ئەوەی هونەر بێ بەها بکات کۆمەکی فەرهادی
کرد تا پیشانگا بکاتەوە و خۆی بە هونەرمەندێکی داهێنەر ناو ببات، ئەوە سەرەتای ئەو
مەترسیە بوو پێشتر لەڕێی وتارێکەوە ئاماژەم بۆی کردووە، ئەو ترسە پەیوەستە بۆ
بێبەهاکردنی هونەر لەلایان حزبی کوردیەوە، تا پێمان بڵێت ئەوەی تۆ بە گرنگی
دەزانیت من لەساتەوەختێکدا کێم بووێت دەیکەم بەهونەرمەند و بەسەر تۆش دەیسەپێنم،
ئەو وێنەیە گەشە پێ دەدات تا سەرەنجام ئەو نووسەرە لەدنیای خۆیەوە لە نووسەرێکی
سریالیەوە دەگۆڕدرێت بۆ مرۆڤێکی سریالی، ئەو پەڕینەوەیە ستراتیژێکی دەسەڵاتە
لەبەرامبەر مەعریفەدا، ڕێک هەر ئەوەی مەبەستە دەسەڵات، مەعریفە بگۆڕێت بۆ ئاستی
کارەکتەر، تا سەرەنجام لە هونەرێکەوە بپەڕێتەوە بۆ کارەکتەرێک، کە ئەو وێنە سریالی
بوونە ناوزەد بکات بەشێت، ڕێک ئەوە ئەخلاقی دەسەڵاتە لەبەردەم مەعریفە، بۆیە لەو
ساتەدا دەستبەرداری کۆمەکە ئایدیۆلۆژیەکەی نابێت، تا هەموو پاڵپشتێکی بۆ دەخاتە
ڕوو.

بەوەی ئەو مادام خاوەن مەعریفەیە دەبێت ڕۆشنبیر لەوێنەی ئەودا
بەرجەستە بێت، ڕاستیەکەی دەسەڵات دەیەوێت ڕۆشنبیر کە خاوەنی مەعریفەیە لەوێنەی
شێتێک بۆ کۆمەڵگا بەرجەستە بکات، لێرەدا دەپرسین: دەسەڵات عاقڵە؟ عەقڵ لەلای
دەسەڵاتە؟ ئەی ئەو عاقڵانە هەمیشە لەناو خۆیان شەر لەسەر سامان و ژن و میرات
ناکەن؟ ئەو پرسیارانە بۆ دەسەڵات دەگۆڕم بە پرسیارێکیتر: ئێوەی عاقڵ شێت نین؟

قسەکردن لەپەیوەندی نێوان عەقڵ و شێتی وەستانە لەبەردەم گومان لەکۆی
بیرکردنەوە وێرانکاریەکانی دەسەڵات بۆ کۆمەڵگا، دەسەڵاتێک سەرەنجام کۆمەکی نوسەرێک
دەکات تاوەکو کتێبخانەیەک بسووتێنێت، گەر دەپرسین باشە ئەوە یەکێک لەنووسەرە
ناودارەکانی ئێمەتان شێت کرد.. ئەوەی ویستان بۆ شکاندنی وێنەی ڕۆشنبیر کردتان، ئەی
بۆ ماڵی وەفاییتان سووتاند؟

لەڕاستیدا کێشەکە لەوێدا نیە، ئاخۆ سۆرانی ماڵی وەفایی پاداشتی
کتێبەکانی داوە بە فەرهاد یان نا، بەڵکو کێشەکە لەوێدایە ئەو دەسەڵاتەی وێنەی
ڕۆشنبیر بۆ کۆمەڵگا وەک شێت بەرجەستە دەکات، دەسەڵاتێکە خاوەنی مەعریفەی
تۆقێنەرانەیە، بۆیە دەزانێت کتێب و کتێبخانەکان دوژمنی سەرسەختی ئەون، دەبێت
تەواوی کتێبخانەکان بسووتێن تا تەمەنی ئەو درێژ بێت، لێرەوە هەموو ئەوانەی باس
لەکارێکی باش دەکەن کە کتێبەکان بسووتێن، لەڕاستیدا بەئاگایی یا بە نائاگایی
بەشداری لەپلانێکی داڕێژراوی دەسەڵات دەکەن، تۆ گەر پێت وایە کتێب دوژمنتە، دڵت بە
سووتانی کتێبخانەکان خۆشە دەی خۆ هەر درێژکراوەی عەقڵیەتی ئایدیۆلۆژی ئەو
دەسەڵاتەیت.

لێرەوە ڕوانینی من بۆ ئەو رووداوە زادەی تێگەیشتنە لەپەیوەندیەک کە
ئەمڕۆ نیە خوازیارن ماڵی وەفایی دابخەن، بەبەڵگەی ئەوەی چەند ساڵێکە بەناوی
وەرگرتنەوەی شوێنەکە دەیانەوێت لێیانی وەربگرنەوەو بیکەن بە کافتریای نێرگەلە
کێشان، بۆ ئەوەی گەنجان نەخوێننەوەو سەرگەرمی کافتریاو نێرگەلە و کچە عەرەب بن،
چونکە تا ئەو وێنەیە هەبێت تەمەنی دەسەڵات درێژتر دەبێت، ئەوە کتێبە نائومێدمان
دەکات، وا دەکات بە ئومێدە ساختەکانی دەسەڵات فریوو نەخۆین، ئەودیوو بە ڕوناکی
نەبینین، بەڵکو بزانین لەودیوو تاریکی هەیە، ئەوە کتێبە ئومێدەکان دەخاتە ناو گومانەوە،
بۆیە دەسەڵات کاری بەوەیە کتێبخانەکان بسووتێنێت، سەرەنجام نووسەرەکانیش بەتۆمەتی
سووتاندن دەستگیر بکات، تاوەکو بلێت “ئەها خۆیان لەگەڵ خۆیان ڕێک ناکەون.. من
چیبکەم، خۆ دەبێت یاسا پەیڕەو بکەم”

ئەو دەنگە گاڵتە جاریەی دەسەڵات، هیچ نیە جگە لەبێبەهاکردنی مەعریفە
لەعەقڵی خۆیدا، بەڵام هەمیشەش لەو ترسە دەژیێت، مەعریفە بێتە دەنگ و وێنە
ڕاستەقینەکەی توندوتیژی و فاشیانەی دەسەلات بخاتە ڕوو، وەک ئەو ساتەی لەشانۆنامەی
هاملێت، لەنیوەشەودا پاسەوانێک کاتێک تارمایی پاشای کوژراو دەردەکەوێت دەڵێت
“بیدوێنە ئەی هۆراشیۆ”

ئەوە کتێبە وامان لێدەکات لەنیوە شەوێکی تاریکی دەسەڵات، لەبەردەم ئەو هەموو مەعریفەیەدا، گومان بکەین و بەخۆمان بڵێین با ڕۆحی کتێبەکان بدوێنین، بۆیە ئێستا ئەو ساتەیە دەبینە هۆڕاشیۆ و ئاگری کتێبەکانی ماڵی وەفایی و فەرهادی ناو زیندان دەدوێنین، کە دوو نمونەی مەعریفەی کوژراوی ئێمەن بەدەستی دەسەڵاتی کوردیەوە.    

نیهاد جامی    




…کورتە چیرۆک “پیاوێک ھێشتا نەمردووە” نیهاد جامی

راھاتن بەتریفەی مانگە شەو خولیایەکی چەندین ساڵەی منە، تۆ کاتێک لە تاریکستانێکدا بژیت ئەوسا نرخی سروشت تێدەگەیت.. بۆنی ڕێحانەکان دەبنە خۆشترین عەتری دنیا، بەڵام کاتێک ماڵت لە گەڕەکێکی میللی بێت و سپێدان کە بەچاوی خەواڵوەوە دەتنێرن بۆ نان کرین ئەو بۆنە ھیچ ئاسەوارێک لە لات بەجێ ناھێلێت، بەڵکو شیرنەمەنیەکی مناڵان کە لەشێوەی ئۆتۆمۆبیل درووست کراوە نرخی زۆر لە رێحانەکان بەلاتەوە گرنگترە، خێرا پەلەتە نانەکە بەریتەوە ماڵەوەو زوو نان بخۆێت تاوەکو زوو پارەت پێبدرێت و بچیت ئەو شیرینیە بکڕیت، کە ڕەنگێکی پەمەیی و شێوەی لەماشێنێکی فۆکس واگن دەچێت کە لەو تەمەنەی مناڵی پێی دەڵێین قالۆنچە. تاوێک لێی وورد دەبیەوە زمان بە لێوارەکانی دێنیت، ئاو دەخەیتە جامی پێشەوەی بەشێکی دەتوێتەوەو دەلێی لۆریەک خۆی پێکێشاوە، ئیدی تا کاتی نانی نیوەرۆ پێیەوە خەریک دەبین، تا ئەو دەمەی دادە دەڵێت “دەی بڕۆ دەستت بشۆو ئەو شەکرەش فڕێدە نان دەخۆین” کاتێک دڵت نایەت فڕێی بدەیت لەتەنیشت قاپی برنجەکە دایدەنێیت تا دەستێک کە دەستی دایکە دەیخاتە ناو تەپلەگی جگەرەی باوک جا پیاوم دەوێت غیرەت بکات داوای بکاتەوە.

ئێستا شەوانە تریفەی مانگ تامەزرۆی ساتی کرینی ئەو شیرینیەی ھەیە. کاتێک ڕووناکی مانگ دێتە ئەو ژوورە تاریکە تاوێک لەپەنجەکانم دەڕوانم دەبینم سیس بوونە، مووی سەر پەنجەکانم سپی بوونە بەوە دەزانم ساڵانێکی زۆرم لەم ژوورە تاریکە بردۆتە سەر ھەر لە پەنجەرەی نیگای مانگ دەبێت خواردنەکە وەربگرم کە کیسێکی ڕەشیشی تیایە بۆ پیسایی کردن و پاشماوەی خۆراک.. نازانم بۆچی ھەست دەکەم کە ڕووناکی مانگ دێتە ژوورەوە دەتوانم قسە بکەم، کەسێکیش لەشوێنێکیتر ھەیە گوێی لەقسەکانم بێت.. ئێرە چەندە تاریکە ھێندەش ئارام بەخشە، چۆن دەکرێت ساڵانێک تێپەرێت و ریش و قژت تێکەڵ ببن و چاوەرێ بیت شوێنەکان پێت نامۆ بن، رۆژێک بوو یان دەمەو عەسرێک چەند چەکدارێک لەدەرەوەی شار دەستگیریان کردم وەک گەوھەرێک بۆ گەورەکانیان لێیان دەروانیم بەئەشکەنجەیەکی سەیرەوە سەر ماشێنەکەیان خستم.

ھەستم دەکرد سواری ماشێنە شەکرەکەی مناڵیان کردووم، لەژوورێک بە بنمیچی پانکە ھەلیان واسیم بە سۆندەی باخچەیەک کە پڕ بوو لە بۆنی رەیحانە لە قاچەکانمیان ئەدا ھێشتا دلۆپە ئاو لە سۆندەکە دەردەچوو. دەمزانی بەدەستی ژنێکەوە بووە، چونکە بۆنی ژن لەھەر شوێنێک بێت ناکرێت پیاوی عاشق نەیناسێتەوە، وام مەزەند دەکرد ھەموو ژیانم تا ئەو رۆژەی دەمرم بەو شێوەیە ئەشکەنجە بدرێم، بەڵام تەنیا لەکاتی گۆڕینی زیندانەکان ئەشکەنجەم دەبینی.. لەو ساڵ و مانگەی ھێنرام بۆ ئەو تاریکستانە ئیدی ئەشکەنجەم نەبینی، ڕەنگە بۆنی پیسایی و تاریکی شوێنەکە کەس قێزی نەیەتەوە بێت ئەو پیاوەی پارچەیەکە لەپیسی بخاتە ژێر قامچی و دان بەشتەکانی بنێت، بەڵام دان بەچی بنێم، ھەموو شەوێک لەشاشەی تەلەفزیۆن دەردەکەوتم و قسەم دەکرد.. کەس نەبوو من نەناسێت ھەر وتارێک پڕ بوایە لە ڕق و شەر دەدرا بەمن بیخوێنمەوە، کەچی کاتێک من ئەکتەر بووم کەس منی نەدەناسی کەس بۆی گرنگ نەبوو ئێمە دەمانویست شانۆی نوێ پێشکەش بکەین شتی نوێ ببەخشین.. ئەو دەمەی دەمویست کۆمەلگایەک ھۆشیاربکەمەوە کە گلۆپی ناو ھۆڵ دادەگیرسا سێ دەقیقە چەپڵە باران دەکرام دوای ئەوە ھەموو شتێک کۆتایی دەھات.. بۆ کەس گرنگ نەبوو من کێم؟ مەترسیش نەبووم بۆ کەس ئێمە خۆمان پێمان وابوو مەترسین بۆسەر دنیاو دوژمن.. مەگەر بچوباین جوێنمان بە زاڵمەکان بدایە..

بەڵام لەو رۆژەی قاچم خستە ناو تەلەفزیۆن وبوومە بێژەر بەتەنیا لایەنگرانی حزب نەبوون دەمیانناسی، بەڵکو لایەنگرە دوژمنەکانیشمان وەک وا ناومان دەبردن ئەوانیش منیان دەناسی.. کەس نەیدەزانی پێشتر من ئەکتەرێکی گرنگ بووم، بەڵام ھەموو دەیانزانی بێژەرێکی حزبیم بەدۆستی لایەک و دوژمنی ئەوانیتر بووم، ئەوەتا چەندین ساڵ و ڕەنگە بەپێی دەستبردنم بۆ قژ و ڕیشم تێبگەم زۆر لەمێژە لێرەم.. تەنانەت ناوی خۆشم بیر نایەتەوە.. تاریکی ئاسمان بەرەو کۆتایی دەرۆیشت و کازێوە ھەڵدەھات و لەو ساتەش چێژی لەبینینی تیشکی خۆر دەبینی دوای ئەوە وەک ئاڵودەبوونی ھەمیشەیی دەخەوت تا ئەو کاتەی تیشکی مانگ دەھاتەوە ژوورەوە، خەریک بوو چاوەکانی لەبەرامبەر تیشکی خۆرەکە نەدەکرایەوە لەبەر خۆیەوە کەوتبووە بڵمە بڵم و پەنجەی شایەتمان و پەنجەی ناوەڕاستی بە سمێڵیدا دەھێنا وەک ئەوەی شتێک یا خورشتێک لەژێر سمێڵی بێت کە لەڕاستیدا مێرولەیەک لەوێ بوو خەریکی زاوزێ کردن بوو خۆشی چەند ڕۆژێکە ھەستی بەوە کردووە بۆیە پێکەنینێک دەکەوێتە سەر ڕوخساری و دەڵێت “دەی ئیدی تەنیا نابن ھەر نەبێت بۆ چەند ڕۆژێک باوەشێک مێروولە دەبنە میوانم” تاوێک لەخۆی ڕادەمێنێت، بیرمە لەساڵانی یەکەم رۆژێک رۆژنامەیەکیان خستە بەردەمم کە چۆن چیرۆکی کوشتنم لەلایان تاقمێکی چەکدار باسی کراوە، پێشتریش هەواڵی مەرگی خۆم لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بینی ئەو کاتە لەگەل چەند کەسێکیتر لەزیندانێکی پێکەوەیی بووین.. بۆیە من لەلای خەڵکی مردوویەکم کەچی ئەوەتا ھێشتا دەجولێم سودم بۆ مێروولەیەکی مێ ھەیە دەتوانێت بمکاتە ماڵی خۆی، ئەوە مانای وایە ھێشتا زیندووم و نەمردووم.. وەک ئەوەی شتێکی بیرکەوتبێتەوە، ئائا زیندووم و نەمردووم نەک ھەر ئەوەش خەریکە شتیتریشم دەکەوێتەوە بیر نانا خەیاڵم ھێشتا چالاکە بیرمە جاران چ ئەو رۆژانەی ئەکتەر بووم چ کاتی بێژەری خەلکی بەناوێک بانگیان دەکردم منیش وەک ھەر کەسێکیتر ناوێکم ھەبوو بیرمە ناوم کەریم عوسمان بوو.

نیهاد جامی




چیرۆک … حیکایەتەکانی «ڕ» ئەو کچەی دوو چیرۆکی ھەبوو … نیهاد جامی

مرۆڤ چیرۆکێکی ھەیە دەتوانێت وەک ژیاننامەی خۆی بیگێڕێتەوە، من کارەکتەری حیکایەتێکم دەمەوێت نووسەری حیکایەتەکە دەستخەڕۆ بدەم، ھەموو ئەوانەی ئەو دەیگێڕێتەوە ئەوە چیرۆکی ژیانی من نیە، بەڵکو ئەو منی کردووە بە پاڵەوانی حیکایەتێک، کە من نیم تەنیا لەخەیاڵی ئەودا من وام، بۆیە نامەوێت کەس دەستخەڕۆ بکەم، کاتێک ئەو حیکایەتی من دەگێڕێتەوە، ئەوە من نیم، بەڵکو منم لەگێڕانەوەی ئەودا، بۆ ئەوەی من و ئەو نەبینە دوو شێتی ناو شێتخانەیەک یەکێکمان قسە بکات و ئەویتریش تاوانبارێک بێت بەھۆی بێدەنگی پێتان ووتبێت کەوا شێت بووە، بۆیە ھەردووکیان بەدوو تۆمەتی جیاواز دەخرێنە شێتخانەوە، ناچارم ھەمیشە لەپاڵ حیکایەتە درۆینەکانی ئەودا، منیش ژیاننامەی ڕاستەقینەی خۆمتان بۆ بگێڕمەوە، ئێوە ئازادن بڕوا بەقسەکانی خۆم دەکەن، یان پێتان وایە حیکایەتەکانی ئەو ژیانی ڕاستەقینەی منە.
کارەکتەری چیرۆکی نووسەرێک ئاوا بەگژ نووسەرەکەیدا دەچێتەوە، ھەڵبەت نووسەرەکەش بۆ خوێنەرانی قسەی خۆی ھەیە، کە لە ووتەی کارەکتەرەکەی جیاوازە، دەبێت ئەو چۆن کارەکتەرەکەی بە درۆ بخاتەوە؟ یاخود پاڵپشتی دەکات و درێژە بە گێڕانەوەی چیرۆکەکەیان دەدەن؟
ھەموو ئەوەی بیستان ھەوڵدەن باوەڕی پێنەکەن، کارەکتەری ئەو چیرۆکە لەدەست من دەرچووەو بۆ خۆی دەیەوێت ژیانێکی نوێ ھەڵبژێرێت، بۆ ئەوەش نکوڵی لەژیاننامەو حیکایەتەکەی دەکات، بۆیە پلانی داناوە لەدژی من چیرۆکێکیتر بگێڕێتەوە، ئێوە بیھێننە پێش چاوتان، نووسەر ڕۆمان دەنووسێت یا کارەکتەری ڕۆمانەکە؟ ھەڵبەت کارەکتەرەکە زادەی خەیاڵی نووسەرە، بۆیە ئەوە نووسەرە ژیان و چیرۆکی ئەو درووست دەکات، نەوەک ئەو بتوانێت چیرۆکی خۆی لەدەرەوەی من بگێڕێتەوە.

رەنگە زۆرکەس دوای خوێندنەوەی وا تێگەیشتبێت، ھەوڵمداوە ژیانی ئەو بنووسمەوە، نەک لەبەر ئەوەی نووسەرێکی کارامەم، بەڵکو ژیانی ساڵەھای ساڵم وەک عاشقێک منی گەیاندۆتە ئاستێکەوە بتوانم لەکۆتاییدا عاشق بم و مەعشووقم نەبێت، دڵم پڕی بێت لە ژن و جەستەم ژنێکی لەباوەش نەبێت، بەڵام ئەوە ھەرگیز بەو مانایە نیە من یەکێک لەچیرۆکە دڵداریەکانی خۆمتان بۆ بگێڕمەوە، بەڵکو ئەو چیرۆکە بەرھەمی خەیاڵی ڕووتی بیرکردنەوەیەکە، وامھێنا پێش چاوم کەسێک لەتاریکی شەوێکدا لێم دەردەکەوێت، دنیا تاریک و ئاسمان چەند پەڵە ھەورێک بەئاستەم دەخاتە ڕوو، ئەوە وادەکات ڕووخساری ئەو کەسە باش نەبینم کە کێ بوو تەنیا بەیانی کە خەبەرم بۆوە ملوانکەکەی لەملی خۆی کردبۆوە کەیەکەم پیتی ناوەکەی بوو بە زمانی ئینگلیزی نووسرابوو «R»
ھەموو ئەوەی ئەو نووسەرە شێتە دەیگێڕێتەوە دوورە لەڕاستیەوە، وونکردنی ملوانکەکەم لەکۆڵانێکدا بوو، کەبەدوای گەڕام ئەو پیاوە پێی ووتم «کچی جوان بەدوای ئەو ملوانکەیە دەگەڕێی» بەحەپەساویەوە بەرەو ڕووی چووم، وەک باوکێک یان پیاوێکی پیرو لێقەوماو دەمبینی، بە خەندەوە داوای لێکردم «بۆچی ملوانکەکەت نابەخشیت بەمن؟ خۆ من تەنیا دەمویست خاوەنەکەی بدۆزمەوە تا بزانم ئەو ملوانکەیە ھی کیژۆڵەیەکی جوانە» ئەو لە سواڵکەر دەچوو، نا من کەسێکی خراپ نیم، ئەوە ئەو پیاوەیە لێم پاڕایەوە کە ملوانکەکەمی پێ ببەخشم، دوای ئەوەی لەبەردەرگای ماڵی خۆیان دۆزیبوویەوە، نەوەک لەشەوێکدا عاشقی پیاوێک بووبم لەتەمەنی باوکمەو سبەینێ ملوانکەی خۆم بۆ جێھێشتبێت.

منیش وەک ئێوە گوێم لەقسەکانی ئەو خانمە گرت، گوایە ملوانکەی وونکردووە، لەکاتێکدا من وئەو لەشەوێکی تاریکدا ڕێکەوتی یەکمانکرد و لەگەڵ خۆرھەڵاتن من سیمای ئەوم نەبینی، تەنیا ملوانکەکەی جێھێشتبوو، بۆیە نامەوێت وەسفی درۆزنانەی ئەو بکەم کە ڕووخسارو قژی چۆن بوو، تەنیا ھێندە دەڵێم ئەو چاوەکانی لەدوو چاوی پەپوولەیەک دەچوون کاتێک بەسەر گوڵێک نیشتۆتەوە، قژی نازانم چ ڕەنگێک بوو، بەڵام بەسەر شانەکانی ھاتبوونە خوارەوە، کاتێ ک ملوانکەکەم بینی ئەو پشتی لەمن بوو لێم دوور دەکەوتەوە، دەمویست ڕووخساری ببینم، بەڵام جێھێشتنی ملوانکەکە وەک یادگارێک دەمزانی ووزەی بینینی ھەموو ژنی دنیام پێدەبەخشێت، ئێستاش ئەوەی لەو بینیم ئەو کاتە بوو کە قژە درێژەکەی بەسەر کراسە شینەکەی ھاتبوونە خوارەوە، ئەوە دوا وێنەی ئەو بوو من بینیم.

سات بەسات تێدەگەم نووسەران درۆزنی گەورەن، بوێرن لەتۆمەت بەخشینەوە، نووسینیش شتێک نیە ھەر ھێندەی ئەو ژەھرەیە کە کاتی خۆی لەکتێبێکدا خوێندومەتە دراوە بە فەیلەسوفێکی یۆنانی وەک سزایەک تا بمرێت، بۆ ئەو جۆرە نووسەرانەش سزای ژەھرخواردکردنیان نووسینە، تا بۆ ھەتا ھەتایە وەک مرۆڤی خراپەکار لەناومان بمێننەوە.
وابوو ئەو شەوەش زۆر باسی ئەو فەیلەسووفەت کرد، سەرسامی خۆت بەمن بۆ ئەو فەیلەسووفە گەڕاندەوە، ئەوە کێشەیەک نیە، کە من خراپەکار بم، ھیچ کاتێک خۆم وەک کەسێکی باش نەبینیووە، بەڵکو دەزانم جگە لە خەتاکارێک شتێکیتر نیم، ڕەنگبوو لەبڕی ئەو ملوانکەیە خۆت بمابایتەوە، لەپێناو تۆ وازم لەچیرۆک گێڕانەوە بھێنابا، بەدرێژایی ژیان شیعرم بۆ تۆ بنووسیبا، نامەوێت کارەکتەری چیرۆکەکەم کاتمان زۆر ببات، بۆیە ھەوڵ دەدەم چیرۆکی ئەو بگێڕمەوە.

کچێک لەسەرەتای تەمەندا عاشقی شیعرو کتێبە خەیاڵیەکان دەبێت، تا ئاستی ئەوەی چیرۆکە خەیاڵیەکان بەژیانی خۆی دەزانێت، ئەو خۆی لێدەبێتە بوونەوەرێکی خەیاڵی، ترس لەدنیای ڕاستەقینە بەرەو ناو غەزەل وئەدەبیاتی کلاسیکی دەبات، تا ئاستی ئەوەی بڕوای وایە بوونەوەرێکی خەیاڵی لە ئاسمانەوە چاودێری دەکات، شەوێک لەخەودا ملوانکەیەکی پێ بەخشیووە، بەیانی لەخەو ھەڵساوە ملوانکەکەی لە مل بووە، ئیدی لەو کاتەوە چاو بە ئاسمان دەگێڕێت بۆ ئەوەی ئەو پیاوە بدۆزێتەوە.

لەناو تاریکی کۆڵانێکی تەسکدا ڕێکەوتی پیاوێک دەکات، کە لەشەوی خەونەکەیەوە بۆ ئێستا وەک خۆی نەماوە، لەدواوە شانی دەگرێت و پێی دەڵێت «چیتر لەئاسمان بەدوام مەگەڕێ من لەسەر زەویم» ئەو بڕوای پێناکات کە پیاوی ناو خەونەکەی بێت، پیاوەکە دەست بۆ پەنجەکانی دەبات، تا پەنجەکانیان دەکەونە ناو پەنجەی یەکتر، تاوێک بەو شێوەیە دەمێننەوە، کچەکە دەستی خۆی دەکێشێتەوە لەپەنجەی پیاوەکە، ئەو بەبێ نیگەرانی، بەڵام لەشێوەی کەسێک لەمردن گەڕابێتەوە دەڵێت «جوانی تۆ پیری کردم» ئەوە ھیچ کاردانەوەیەک بۆ کچە درووست ناکات، تەنیا ئەو کاتەی پێی دەڵێت «ھێشتا ملوانکەکەت لەملە» ئیدی تێدەگات ئەو پیاوەی لەئاسمان بۆیدەگەڕا ئێستا ئەو لەسەر زەوی تووشی بوو، ئەوە سەرەتای چوونە ناو دنیایەک بوو کە تێگەیشت پیاوی خەونەکانی دۆزیەوە.

لەپڕ گەمەیەکی ژنانە بەسەریدا زاڵ بوو ھەموو یاریەکەی بردە ئاقارێکیتر، ئەو دەمەی پێی ووت «ئەو ملوانکەیە یەکەم پیتی ناوی خۆمە.. تۆ نەھاتویتە خەونی من، چونکە من عاشقی پیاوێکیترم» ئەو گەمەیە زۆربەی ژنەکان دەیکەن، بۆ ئەوەی گەمەی ناسین درێژە بخایەنێت، ئەو چونکە کچێک بوو بەناو کتێبە خەیاڵی وئەدەبیەکان دەگەڕا پێشتر ژنانێکی زۆری بینیبوو کە ئەو جۆرە گەمانەیان ئەنجامدابوو، بۆیە دەیویست ئەویش ھەمان شتبکاتەوە، نەیزانی ئەو لەبەردەم نووسەرێکە کە بۆخۆی چەندین چیرۆکی گەمەی ژنەکانی نووسیوەتەوە، تەنانەت یەکێک لەو کتێبانەی کە ئەو پێی سەرسام بوو، ئەو نووسیبووی، کتێبەکە داڕشتنەوەیەکی نوێ بوو بۆ چیرۆکی ھەزارو یەکشەوە، لەژێر ناونیشانی «شەھرەزاد درێژە بەھەزار ویەکشەویتر دەدات»
چیرۆکی ئەو ملوانکەیە بەدوورو نزیک پەیوەندی بەو گێڕانەوەیە نیە، کە ئەو حیکایەت گێڕەرەوە بۆ ئێوەی گێڕایەوە، سوێندتان بۆ دەخۆم سەر لەبەری ئەو حیکایەتە درۆیە، دەمەوێت ڕاستیەکانتان پێبگات، بۆیە ھەموو شتێکتان وەک خۆی بۆ دەگێڕمەوە.

ھیچ پیاوێک نەھاتۆتە خەونی من، ھەموو ژیانم ڕقم لە ئەدەبیات و خەیاڵ بۆتەوە، کچێکی واقیعبینم، کەس ھێندەی من ڕقی لە کلاسیک نیە.. چونکە شتی کۆن وبەسەرچوون، ئێمەی گەنج حەزمان بەشتی نوێ وسەردەمی خۆمانە.. نەک ئەو شتە کۆنانە، منێک کە تاقەتی کتێبەکانی خوێندنی خۆم نەبووبێت، لەکوێ کتێبی ئەوم خوێندۆتەوە.. کچینە ووریابن ئەو جۆرە پیاوانە بەناوی نووسین فریوتان نەدەن، ھیچ شەوێک نەبووە بێمە دەرەوە، ملوانکەیەک لەڕۆژی لەدایک بوونم خۆشەویستەکەم بۆی کڕیووم، نەوەک لەخەون بەمن درابێت، دواتر بەڕاستی ئێوە دەتوانن بڕوا بەو قسە تڕوھاتە بکەن.. لەخەوندا ملوانکەیەکت بکرێتە مل وبەیانی کەخەبەرت بێتەوە ھێشتا ملوانکەکە لەملت بێت؟ ئاخر ئەوە چ قسەیەکە.

پەلەمەکە دەردەکەوێت کە من وتۆ کاممان چیرۆکی ھەڵە دەگێڕینەوە، بەڵام دەزانم بۆ دەبێت چیرۆکی خۆمان بەرەو ئەو ئاراستە ھاودژە بەریت.
نووسەری ئەو چیرۆکە بەدوای گەمەیەک دەگەڕێت، کە وەک گەمەی کارەکتەرەکەی بێت، دەیەوێت کاردانەوەی ئەو ببینێت، چونکە وەک دەردەکەوێت ھەریەکە لە نوسەرو کارەکتەرەکە کەوتونەتە ئەوینێکی شاراوە لەگەڵ یەکتری، بۆیە کاتێک کچە پێی دەڵێت ئەو عاشقی کەسێکیترە، ئەوە دەگۆڕێت بەگەمەیەکی ھاوشێوەی خۆی.
نازانم کێ باسی عەشقی کردووە، تا ئاوا بیگەیەنیتەوە بە عەشق، منیش عاشقی ژنێکیترم.. ژنێک قژی لەتاڵی گیتار دەچێت.. کاتێک دەست دەخەمە ناو قژی دەبمە گیتارژەن و ئەویش لەسەر سینەم پاژنەی پێڵاوەکانی دادەکوتێت و سەما دەکات.

ئەوە گەمەیەکیتر بوو، ھەریەکە لەو دوانە لەگەڵ یەکتردا کردیان، ھەردووکیان بێدەنگ دەبن تا وونبون لەناو تاریکیدا.
ئەوەی ئێمە کردمان گەمە نەبوو درۆکردن بوو لەگەڵ خۆمان، ویستمان وای بخەینە ڕوو کە ئەویتر کەسێک نیە بیری لێبکەمەوە، کەچی ھەریەکەمان لەڕێی گەمەیەک برینێکمان خستە قوڵایی ڕۆحی خۆمانەوە، ئەوەتا ئێستا کە یەکتریمان لەدەستدا تێدەگەین چەند تەنیاین، دەشێت ئەو ڕاستی کردبێت پیاوێک ھەبووبێت لەژیانی، ھەموو ئەوانەی من لەو چیرۆکە دەینووسم بەرھەمی خەیاڵی خۆم بێت، کارەکتەری چیرۆکەکە لێی بێئاگا بێت. چیرۆکنووسەکە بەو دێرە دەیویست کۆتایی بەچیرۆکەکەی بێنێت، بێئاگا لەوەی کارەکتەرەکەی لۆمەی خۆی و ئەویدەکرد «چۆن دەبێت پیاو ھێندە زوو ھەستی ژن بریندار بکات؟» کاتێک ئەو پرسیارەی لەخۆی دەکرد، لەھەمان کاتدا دەیووت «کێ دەڵێت چیرۆکی ئەو ژنەی قژی دەکات بە گیتار ڕاستەقینە نیەو منی تەنیا وەک بوونەوەرێکی خەیاڵی نەبینیووە؟»
لەکاتێکدا ھەردووکیان ڕەوایەیتیان بەقسەی یەکتری دەدا، کەچی ھەر لەو کاتەدا نووسەرەکە بیری لەو دیمەنە دەکردەوە، کاتێک کچەکە ڕۆیشت وقژە درێژەکەی بینی.. چۆن خەیاڵی بۆ کردووە ڕۆژێک دەست بخاتە قژیەوە بەتاڵەکانی گیتارێکی ئیسپانی بژەنێت، ھەر لەو کاتەبوو کاتێک کارەکتەرەش لەبەردەم ئاوێنەدا، پێڵاوە پاژنە بەرزەکانی تاقیدەکردەوە کە بیکوتێ لەسەر سینگی ئەو، ئەو دەمەی گیتارێکی ئیسپانی بەقژی دەژەنێت.. ئەویش لەسەر سینەی ئەودا سەمایەکی ئیسپانی لەو مەرقەسە ساز بکات.

من وەک ڕەخنەگرێک بەو شێوەیە شیکاری چیرۆکی «ڕ» م کرد، ئەو چیرۆکەی لەناو ئەرشیفی دەزگای عاشقە وونبوەکان دۆزیمەوە، لەھەموو چیرۆکەکان زیاتر سەرنجی ڕاکێشام، کە نووسەرەکەی نادیارە، پێدەچێت ئەو ھێشتا لەژیاندا بێت، تاکە شتێک لەو چیرۆکە جێمابێت یەکەم پیتی ناوی نوسەرەکەیە کە سێ ھێلی لاتەریبی لەشێوەی «/|» کاتێک ئەو سێ ھێلە بەیەکەوە بگەیەنم پیتی «N» دەردەچێت.
ئەوەی لێرەشدا خوێندتانەوە خوێندنەوەیەکی تەئویلکاریمە کە ویستومە لەسەر ھەندێک لەتێگەیشتنەکانی بیرمەندی فەڕەنسی «ڕۆڵان بارت» نزیک بکەومەوە، بۆ خوێندنەوەی مەرگی نووسەر و پەیوەندی نێوان نووسەر و کارەکتەر.. لەو ڕێگەیەوە چیرۆکی نووسەرم بەمانای یەکەم سەیر کرد، مانای دووەم ژیانی کارەکتەرو مانای سێیەمیش نھێنی نەووتراوی ھەریەکە لە نووسەرو کارەکتەرەکە بوو کە من لەمانایەکی ئاشکرا نەکراوی پەیوەندی ئەو دووانە خستمە ڕوو.

1/4/2018 سانتانا- ئیتاڵیا




پەیکەری باوک لەنێوان سیاسی و ڕۆشنبیردا … نیهاد جامی

دنیای ڕاپەڕین سەرەتای خەونێک بوو کە بیرکردنەوە تیایدا ئازاد بێت، ئەوە سەرەتای دەرکەوتنی مۆدیلێکی نوێی رۆشنبیر بوو، کە وەک دەسەڵاتێک بۆ مەعریفە دەرکەوت، ئەو مۆدیلە نوێیەی رۆشنبیر لەو رۆژگارەدا زادەی دۆخی ڕاپەڕین بوو خەونی نەوەی نوێی وابەستەی خۆی دەکرد بەوەی دەیەوێت بیرکردنەوە ئازاد بێت، نەبینە پردێک بۆ لەدایکبوونی فاشیزم، بۆیە ئەو تێگەیشتنە بەهۆی ئەوەی لەو ڕۆژگارەدا سەخت بوو بخرێتە بەردەم دەسەڵاتێک کە سەرەتای هاتنە ناو ئەزموونی شاربوونی بوو، هێشتا لەناو قۆناغی شۆڕشگێریەتیدا بوو، بەڵام ئەوەی وایدەکرد شۆڕش مانایەکی نوێ بەژیان ببەخشێت ئەو هەناسە نوێیە بوو کە لەپاڵ گوتاری ناسیۆنالیستی ڕۆشنبیر دەیویست بانگەشە بۆ گوتارێکی تازەگەری بکات، ئەو دوو گوتارە دەیانتوانی بەشداری یەکتری بکەن لەپێناو ململانێی نێوان دەسەڵات و مەعریفەدا، کە کرانەوەی ڕووبەرووی کۆمەڵگای کوردیی دەکردەوە.

دەسەڵات نەیدەویست مەعریفە سنوری ئەو تێپەڕێنێت، مەعریفەش لەڕێی ڕۆشنبیرەوە قسەی لەمەترسی بەردەوامی دیکتاتۆریەت دەکردەوە، ئەو ترسە هۆشداری دەدایە نەوەی نوێ، بەڵام نەوەیەک لەسنوری گروپی دەستەبژێری نوسەران و گەنجان تێنەدەپەڕی، چونکە پێویستی بەڕوونی سیماکانی بوو، بۆیە نەیدەتوانی لەڕێگەی وتاری فیکریەوە خۆی ئاراستەی ئەو مانیفێستی تازەگەریە بکات، ئەگەرچی تائەو ساتەوەختەش دەستبەرداری وتارەکان نەبوو، بەڵام دەشزانێت کاریگەریەکە لەئاستێکی دەستەبژێریدایە، بۆیە بەدوای میکانیزمێکیتردا دەگەڕا تا ئەو کاریگەریە بخولقێنێت، بۆ ئەو ڕێگەیەش ئاراستەکان زیاتر بەرەو تێکستی ئەدەبی وبەتایبەت شیعر و ڕۆمان هاتن، ئەوە دەرگایەکیتری کردەوە بەڕووی ئەو نەوە نوێیە تاوەکو لەڕێگەی تێکستەکانەوە دیالۆگ بخولقێنێت.

بۆ ئەوەی قسە لە ستراتیژی گوتاری تێکستی ئەدەبی بکەین، لێرەدا پێویستمان بەوە دەبێت لەسەر چەند هەوڵێک هەڵوەستە بکەین، تاوەکو سیماکانی ڕوانینەکانمان ڕوونتر بخەینە ڕوو، ئەوەش بەو مەبەستەیە تاوەکو بچینەوە سەر ڕۆڵی ڕۆشنبیر لەبەردەم دەسەڵاتدا، بەوەی ئاخۆ ئەو ململانێیەی مەعریفە لەگەل دەسەڵات بەکوێ گەشت و سیماکانی دەرکەوتنی چی بوون؟

بەر لەڕۆژگاری ڕاپەڕین، جیرۆکنووس شێرزاد حەسەن لەڕێگەی هەردوو کۆمەڵە چیرۆکی “تەنیایی” و “گوڵی ڕەش” وێنەی ڕەخنەیی ڕۆشنبیری خستبووە ڕوو، لەدنیایەک کە شتەکان دەکەونە نێو ئاستی ڕەخنە و ڕازی نەبوون، بەدوای ڕاپەڕین لەڕێگەی نۆڤلێتی “حەسار وسەگەکانی باوکم” وێنەیەکی بوێرانەی بەدوای ڕەخنەکانی حەمەی گوڵی ڕەش و کوڕەکەی چیرۆکی عیزرائیل و ئەمینی میم خستە ڕوو، کوڕی گەورەی حەسار خەون بەکوشتنی باوک دەبینێت، بەڵام تێدەگات کوشتنی باوک تراژیدیایەکی ئەخلاقی ڕووبەرووی نەوەی نوێ دەکاتەوە، تا ئەو ساتە وەختە ئێمە نمونەیەکمان نیە لەگوتاری ڕۆشنبیر لەو تێکستە ڕوونتر سیماکانی خۆی خستبێتە ڕوو.
ئەو لەو تراژیدیا ئەخلاقیە تێدەگات بۆیە لەچیرۆکی “کەلە کوڕان و ئاسکە کچان” ئەو خەونە دەچێتە ئاستی ڕەمزیەوە، کە بیرۆکەی کوشتن کوشتنی فیکری باوکە نەک جەستەی باوک، ئەو بیرۆکەیە دواتر لەلای چەندین چیرۆکنووس وەک کورتە چیرۆک دەرکەوت، کە هەندێکیان کۆپیەکی خراپی شێرزاد بوون لەوانە وەک لەدەرفەتی تریشدا ئاماژەم بۆ کردووە لەجۆری چیرۆکی “باوکم”ی فاروق هۆمەر کە شتێک نیە جگە لەگواستنەوەی دیدی شێرزادی بۆ چیرۆک، بەڵام لەلای چیرۆکنووسێکی وەک عەتا محەمەد ڕووبەرێکی سەربەخۆ وەردەگرێت، کە ناچێتەوە سەر مانا شێرزادیەکەی، بەتایبەت لەکۆمەڵە چیرۆکی “پاشماوەی خێڵەکان” هەروەها چیرۆکی “یاسای قەفەزە بچکۆلەکان” ی دانا فایەق وێنەیەکیتری باوک بەرجەستە دەکات، کە پەیوەستە بە باوک لەخێزانی کوردیدا.
بەرزان فەرەج بەشانۆگەری “خەونە ترسناکەکانی یوسف” وێنەیەکی تربەململانێی نەوەکان دەبەخشێت، ئەگەرچی ئەم شانۆنامەیە لەئاستی ململانێی کارەکتەرەکان کاتێک بەدەوری ژنێک دەسوڕێتەوە، لەشانۆگەری “گەڕانەوە بەرەو ماڵ” ی هارۆلد بنتەر نزیکمان دەکاتەوە.

بەختیار عەلی دیارترین دەنگی نەوەی ڕاپەڕین، لەسەر ئاستی وتارو شیعر و رۆمان دەیەوێت وێنەیەکیتری دنیای نوێی ئێمە بنووسێتەوە، وتارەکانی دەرگایەکیتر دەکاتەوە بەرەو تێگەیشتنمان بۆ دیاردە گرنگەکانی دوای ڕاپەڕين، بەتایبەت لەبارەی فاشیزم و کۆچ و تازەگەری و دەسەڵات.

بەختیار هەر زوو درکی ئەو ڕاستیە دەکات تێکستی ئەدەبی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا دەبێت و ڕۆژە سەرەتاییەکانی ڕاپەڕین پێنج تێکستی شیعری بەناوی “گوناه و کەرنەڤاڵ” بڵاو دەکاتەوە، ئەو کۆمەڵە تێکستە شیعریە وەک دنیابینیەکی نوێی ئەو دنیایە لێمان ڕوانی، ڕۆمانی “مەرگی تاقانەی دووەم” سەرەتای دەرکەوتنی توانای ئەو بوو وەک ڕۆمانووسێک، دواتر بەرۆمانی “ئێوارەی پەروانە” ئەو وێنەی ترس و فانتازیایە بەڕووی نەوەیەک دەردەکەوێت، کە ڕۆمان دەبێتە ڕووبەرێکی سۆسیۆلۆژی بۆ خوێندنەوەی داهاتووی کۆمەڵگای نوێی ئێمە، ئەوە مەترسیەکە لەگەشەسەندنی هێزە دینیەکان و نەکرانەوەی کۆمەڵگای ئێمە بەسەر خۆیدا، ڕۆمانی “دواهەمین هەناری دنیا” نەک هەر وێنەیەکیتر دەبەخشێتە کۆمەڵگا، بەڵکو ئێمە لەناو دنیای تێکستەکە دنیای کوردی دەبینینەوە، بەختیار لەڕێگەی نووسینی ڕۆمانەوە ئامادەبوونی پەیوەندی رۆشنبیر بە کۆمەڵگا دەخولقێنێتەوە، پەیوەندیەک خاڵی نیە لەسەر هەڵوەستەکردن و ڕوانینی جیاواز، ڕەنگە ئەوەیان پەیوەندی بەو باسەوە نەبێت، بۆیە لەداهاتوو هەوڵ دەدەین بگەڕێینەوە سەری.

فاروق سەرباری توێژینەوەکانی لەبواری فەلسەفەدا سەرەنجام باسی لەڕۆڵی ڕۆشنبیر کرد وەک زۆڵێک، بەوەی باوکی شەرعی رۆشنبیر بوونی نیە، ئەو گومانە کردنە لەڕاستیدا پەیوەست نەبوو بەوەزیفەی رۆشنبیر لەهەناوی کۆمەڵگا، هێندەی وابەستەی تێگەیشتنی فاروق بوو لەکاری گروپگەلی وهەموو جیاوازیەک وابەستەی جیاوازبوون نیە، ئەوەی پێیدا تێدەپەڕین وابەستەی سەرەتای تێگەیشتنی کاری گروپگەلی ئەو نووسەرانە بوو، ئەویش زوو درکی بە کاریگەرنەبوون دەکات و تێکستێکی شیعری دەنووسێت بەناوی “ئەفسووس من لەخۆرهەڵات نامرم” ئەو تێکستە سەرەتای ئەو دنیابینیەی ئەو بوو دواتر لەناو نووسینەکانیدا تیایدا قووڵ بۆوە.

ئەو تێکستانە چەندە ئیشکردنەوە ڕۆشنبیر بوو وەک مۆدیلێکی نوێی ناو ژیانی فەرهەنگی ئێمە لەهەمان کاتدا زەمینەی بۆ گوتارێکی نوێ خوڵقاند، بەوەی شکاندنی پەیکەری باوکی سیاسی خەونی ڕۆشنبیرە، بەڵام ئەو گوتارە بۆ ڕۆشنبیر لەسەر زەوی واقیع وێنەیەکیترە، بەوەی مەرگی هەر کارەکتەرێکی سیاسی لەوێنەی باوکەوە ئەوا ڕۆشنبیر کەوتۆتە شینگێڕان بۆ باوک، رۆشنبیر له‌مه‌رگی سیاسیه‌كدا دڵخۆش ده‌بێت كه‌ باوكی نەکوشت، وه‌ك كوڕی گه‌وره‌ی حه‌سار ته‌نیا خه‌ونی به‌كوشتنی بینی، ئه‌وه‌تا له‌مه‌رگی باوكدا ئه‌گه‌ر بیکوشتبا هه‌موو ده‌یانگوت “هه‌ی باوك كوژ”

رۆشنبیپران كه‌ دوای ڕاپه‌رین ویستیان له‌وێنه‌ی پیرۆزگه‌رایی باوك بده‌ن وه‌ك سه‌ركرده‌ی سیاسی وه‌ تا وتاره‌ پرسه‌ ئامێزه‌كان و به‌ پیرۆزكردنه‌وه‌ی باوك پێمان ده‌ڵێن ئه‌وان له‌ده‌ره‌وه‌ی تیۆر هێشتا له‌ستایشی باوكن هه‌موو ئه‌و بیانوانه‌ی ده‌ووترێت “باوكه‌ له‌ باوكانی تر نه‌ده‌چوو” ئه‌وه‌ بۆ ئه‌ندامانی گروپێكی سیاسیش ڕاسته‌ سبه‌ینێ له‌مه‌رگی سه‌ركرده‌یه‌كدا بڵێن “سه‌رۆكی ئێمه‌ له‌ هیچ سه‌رۆكێك نه‌ده‌چوو”
له‌ئێستادا رۆشنبیران له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌مكی پیرۆزگه‌ران بۆ باوكی كوژراو ئه‌و باوكه‌ی ئه‌وان نه‌یانتوانی بیكوژن و خۆی مرد، مردنێك ئێستا هه‌موو پرسه‌ ده‌گێڕن بۆ ئه‌و مه‌رگه‌، به‌ڵام له‌و پرسه‌یه‌دا ده‌بێت ئه‌و نه‌وه‌ نوێیه‌ش له‌وان بپرسێت له‌ماوه‌ی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوو بۆ به‌و هه‌موو وتاره‌ فریوتان داین ئێمه‌تان كرد به‌گژی باوكان و خۆشتان ستایشی باوك ده‌كه‌ن، چه‌مكه‌ دژه‌كانتان گۆڕیه‌وه‌ به‌ چه‌مكی ستایش.. ئێوه‌ كه‌ ئومێدتان كرد به‌ نائومێدی ئێستا له‌ناو نائومێدی ئێمه‌دا چ ئومێدێك له‌پرسه‌نامه‌كانتانه‌.

ئەو دەنگە دەشێت دەنگی نەوەیەکی نوێ بێت ئاراستەی ڕۆشنبیری بکات، بەڵام دیسان ئەوە ڕەوانبێژی زمانە دەیەوێت فریومان بدات، بۆ ئەوەی چیتر فریوونەخۆین بە گوتاری ڕۆشنبیر، وەک فریوخواردن بەگوتاری سیاسی، ئەوەی هەیە ئەو حەقیقەتەیە ڕۆشنبیر دەیویست باوک بکوژێت تا خۆی ببێتەوە بە باوک، شکاندنی پەیکەری باوک بۆ داتاشینی پەیکەری ڕۆشنبیرە وەک باوک.

نیهاد جامی/ پۆڵەندا




ئاسته‌كانی نووسین و گێڕانه‌وه‌ی زمان … نیهاد جامی

كاتێك زمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی سێنته‌ر نووسین بخوڵقێنێت، ئه‌وا تێكست نییه‌ به‌بێ بوونی سێنته‌ر دێته‌ بوون، به‌ڵكو تێكست ھه‌وڵێكه‌ بۆ نووسینه‌وه‌ی بونیاد، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ پێكھاته‌ بونیادییه‌كه‌ی ڕۆمانی «ھاوزێ»ی دلاوه‌ر ڕه‌حیمی پێكدێنێت.
ئه‌و نووسینه‌ كرده‌ی خوێندنه‌وه‌ ناباته‌وه‌ ئاستی ڕاڤه‌كردن له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌سته‌واژه‌ و ده‌نگی كاره‌كته‌ره‌كانی ناو تێكست، ھێنده‌ی ھه‌وڵێكه‌ بۆ تێگه‌یشتنی ته‌ئویلكارییانه‌ی زمانی گێڕانه‌وه‌ و ئاسته‌كانی نووسین بۆ ئه‌وه‌ش پێویستمان به‌وه‌ ده‌بێت بۆ ناو چه‌ندان دیدی فه‌لسه‌فی بگه‌ڕێینه‌وه‌، بۆ لای فه‌یله‌سووفانێك كه‌ كاریان له‌سه‌ر ھه‌ردوو چه‌مكی زمان و نووسین بوو، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ لێره‌دا ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ لای، به‌شداریكردنی فه‌یله‌سووفه‌كانی وه‌ك ژاك دیریدا و ژۆلیا كریستیڤایه‌، ئه‌و چه‌مكانه‌ش كه‌ له‌ نێوان گێڕانه‌وه‌ و زمان و نووسیندا ئیشیان له‌سه‌ر ده‌كه‌ینه‌وه‌ بریتین له‌ «ده‌قناسی، گراماتۆلۆجیا -زانستی نووسین، ستراتیجی گوتار، گوتاری كه‌ڕنه‌ڤاڵ، زھان»
كاتێك له‌سه‌ر ڕاڤه‌كردن نه‌وه‌ستاین مانای وایه‌، ئێمه‌ مه‌به‌ستی نێو تێكستمان بۆ گرنگ نییه‌، ھێنده‌ی ده‌مانه‌وێت له‌ ئاستێكی فراوانی زماندا مانا بنووسینه‌وه‌، نووسینه‌وه‌ی مانا گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو گێڕانه‌وه‌ و زمانی نووسین، ئه‌وه‌ش له‌بڕی دۆزینه‌وه‌ی كاره‌كته‌ر و رووخساری ده‌نگه‌كان، ده‌یه‌وێت یاده‌وه‌ری ده‌نگ له‌ ده‌نگی تاكه‌وه‌ بگۆڕێته‌ سه‌ر كۆده‌نگی ئێمه‌.

ھه‌ڵبه‌ت كاتێك بمانه‌وێت ده‌نگێكی نێو زمان بناسین، نه‌ك ئه‌و تێكسته‌ نایه‌ڵێت بیناسین، به‌ڵكو سیمای ئه‌ودیوی ده‌نگ ھیچ مه‌عریفه‌یه‌ك به‌كرده‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئێمه‌ نابه‌خشێت، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئیش له‌سه‌ر كارێكی پووچگه‌رایانه‌ ده‌كه‌ین.
بۆیه‌ خۆمان به‌ كارێكه‌وه‌ سه‌رقاڵ ناكه‌ین كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ھه‌ر ھه‌وڵێكی له‌و شێوه‌یه‌ له‌بری زیندووڕاگرتنی تێكست، ده‌بێته‌ بكوژی ئاسته‌ جیاوازه‌كانی تێكستی ھاوزێ، به‌ھۆی ئه‌وه‌ی گوتاری تێكست له‌ڕووی ڕۆنانه‌وه‌ زمانی نه‌بردووه‌ته‌وه‌ ناو گێڕانه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ سێنته‌رمان بۆ بخوڵقێنێت، به‌ڵكو له‌ ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سێنته‌ره‌وه‌ چه‌مكی گوتار ھه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌، له‌ شوێنیدا بونیاده‌كان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ئاماده‌بوونێكی نائاماده‌ن.

ئێمه‌ له‌ ژاك دیریدا ئه‌وه‌ فێر بووین كه‌ ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سێنته‌ر، پرۆسه‌ی نووسینه‌وه‌ی بونیاده‌، لێره‌دا زمانی ناو ڕۆمانه‌كه‌ی ڕه‌حیمی سێنته‌ر ھه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ بونیاده‌كانن به‌شدرای له‌ نووسینه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، بونیاده‌كان له‌ھیچ ئاستێكدا به‌شداری له‌ خوڵقاندنه‌وه‌ی سێنته‌ر ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌زمانی دیریدا قسه‌ بكه‌ین ده‌ڵێین «ئێمه‌ ده‌توانین به‌بێ‌ سێنته‌ر بمێنینه‌وه‌، من وای ده‌بینم كه‌سێنته‌ر وه‌زیفه‌یه‌‌، نه‌ك بوون بێ‌ یا واقیع، به‌ڵكو ته‌نیا وه‌زیفه‌یه‌” التفكیك: المركز و اللعب, الطلیعه‌ الادبیه‌, العدد(5-6)1990 ص 64.

دلاوه‌ر دركی ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌كات، بۆیه‌ ئه‌و وه‌زیفه‌یه‌ به‌گێڕانه‌وه‌ نابه‌خشێت، ئه‌و بوونه‌وه‌ ده‌داته‌وه‌ به‌ بونیاده‌كان، ئه‌وه‌ بونیاده‌كانن دێن، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ نێو زه‌مه‌نی له‌یادكراو، زه‌مه‌نێك ھێنده‌ دوور نییه‌، ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌ ویستوویه‌تی وه‌ك خۆی ھه‌میشه‌ له‌ڕێی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو یاده‌وه‌رییه‌وه‌، له‌و كاته‌شدا تێكسته‌كان نوقمی دۆخێكی ده‌روونشیكاری ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام له‌م ڕۆمانه‌دا ئه‌وه‌ یاده‌وه‌ری كاره‌كته‌ره‌كان نییه‌، ھێنده‌ی یاده‌وه‌ری زمانه‌، زمان یاده‌وه‌ری تاك كه‌سێتی له‌ نه‌بوونی سێنته‌ر گۆڕیوه‌ته‌وه‌ ناو كۆیادی گشتی، كه‌ یاده‌وه‌ری كولتووریی نه‌وه‌یه‌كه‌ خه‌ونی بینیبوو، ئێسته‌ زمان یاده‌وه‌ری خۆی ده‌كات به‌ یاده‌وه‌ری نه‌وه‌یه‌ك، كه‌ ھه‌رگیز نه‌وه‌ی ڕه‌حیمی نییه‌، به‌ڵكو نه‌وه‌ی پێش ئه‌ویشه‌.

لێره‌دا یاده‌وه‌ری زمان گومان ده‌خاته‌ سه‌ر لۆجیكه‌ ده‌رونشیكارییه‌كه‌ی فرۆید كه‌ ھۆكاری نه‌خۆشبوونی مرۆڤ بۆ یاده‌وه‌ری ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، لێره‌دا گێڕانه‌وه‌ له‌ ئاستی ده‌روونشیكارییه‌وه‌ یاده‌وه‌ری ناكاته‌ به‌شێكی ئه‌و مرۆڤه‌، به‌ڵكو ئه‌و دیده‌ تێكده‌شكێنێت و ئه‌لته‌رناتیڤه‌كه‌شی یاده‌وه‌ری زمانه‌، بۆیه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ یاده‌وه‌ری نه‌خۆشبوونی كاره‌كته‌ر نییه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی نووسینه‌وه‌ ئازادبوونی ده‌نگی كۆیادی ئێمه‌یه‌ له‌ناو گێڕانه‌وه‌، ئه‌وه‌ ڕۆچوونه‌ به‌ناو نھێنی چیرۆكه‌ چه‌پێنراوه‌كانمان. بۆیه‌ زمان یاده‌وه‌ری خۆی نه‌ك كاره‌كته‌ر ده‌گێڕێته‌وه‌.

یاده‌وه‌ری زمان نھێنی شه‌وانی سێكس وھه‌ستی چه‌پێنراوه‌، فڕێدانی ئه‌و ده‌مامكه‌ ئه‌خلاقییه‌ فڕێدانی ئه‌و ڕووبه‌نده‌ی سه‌ر مانایه‌ كه‌ پۆل ریكۆر به‌ته‌ئویلی مانا ده‌یناسێنێت، كه‌ «بابه‌ته‌كه‌ لێك ناداته‌وه‌، به‌ڵكو ڕووبه‌نده‌كان لا ده‌با‌ و شیكردنه‌وه‌یه‌كه‌ ڕووپۆشه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه‌» هرمینۆتیك: زیندووبوونه‌وه‌ی مانا یان كه‌مبوونه‌وه‌ی گومان/ پۆل ڕیكۆر، وه‌رگێڕانی: په‌یمان، بیری نوێ‌ ژ(22).

بۆیه‌ ئه‌وه‌ كاره‌كته‌ر نییه‌ به‌شه‌رمه‌وه‌ یاده‌وه‌ری بگێڕێته‌وه‌، به‌ڵكو زمان له‌ڕێی گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری ده‌مامكی ئاخاوتنی كاره‌كته‌ر فڕێ ده‌دات و وه‌ك خۆی ئازادانه‌ ده‌ینووسێته‌وه‌، لێره‌دا دلاوه‌ر لاكانیانه‌ سه‌یری ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ ده‌كات، به‌وه‌ی بنیاتنانی زمان و نه‌ست وه‌ك یه‌كترین.
درككردن به‌و حاڵه‌ته‌ كه‌ زمان و نه‌ست وه‌ك یه‌ك بن، لێره‌دا له‌ قسه‌كردن له‌ گێڕانه‌وه‌ ده‌بێت بچینه‌ سه‌ر پرسیاری: گێڕه‌ره‌وه‌ كێیه‌؟ خودی زمانی ناو چیرۆكه‌ كه‌ نادیاره‌؟ یا حاڵه‌تی نه‌ستی نووسه‌رێكه‌ له‌ناو چیرۆكه‌كه‌ماندا خه‌یاڵ ده‌كات و له‌گه‌ڵ كۆتایی به‌شی یه‌كه‌م به‌ گه‌یشتنی ئیمێلێك به‌ئاگا ده‌ھێنرێته‌وه‌؟

زمان و نه‌ست دوو بونیادی وه‌ك ھاوشێوه‌ی یه‌كتری به‌شداری له‌ گێڕانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، نووسه‌ر ته‌نانه‌ت وه‌ك بوونی واقیعیش له‌ ده‌ره‌وه‌ی سێنته‌ره‌، مادام وه‌ك دیریدا گوتی سێنته‌ر بوونێكی واقیعی نییه‌، نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ی ئێمه‌ش له‌ناو بونیاد به‌شداری زمان و نه‌ست ده‌كات، به‌ڵام به‌شدارییه‌ك وه‌ك كه‌سێكی زھانی ده‌یخاته‌ ڕوو.
له‌ نێوان زھان و لاكانییه‌تدا به‌واتای تێگه‌یشتنی كریشتیڤا و ژاك لاكان بۆ زمان، بابه‌تێكه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و تێكسته‌ كۆمه‌كێكی زۆرمان پێ ده‌كات، گێڕه‌ره‌وه‌ كاره‌كته‌رێك نییه‌، به‌ڵكو یاده‌وه‌ری زمانی كۆیادی نه‌وه‌یه‌كه‌ له‌ خه‌ونه‌وه‌ به‌ره‌و نائومـێدی ده‌ڕۆن، له‌ ڕوونترین تێگه‌یشتندا ده‌توانین یاده‌وه‌ری زمان به‌ كۆیادی نائومێدی ناو به‌رین، به‌ڵام سه‌ره‌تا ھه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ نێوان دیدی لاكانیانه‌ و زھان وه‌ك چه‌مكێك بۆ تێگه‌یشتن له‌ ئاستی گێڕانه‌وه‌، مانا فه‌رھه‌نگییه‌كه‌ی ئه‌و دوو چه‌مكه‌ بخه‌ینه‌ ڕوو، به‌ھۆی ئه‌وه‌ی زھان وابه‌سته‌ی ئه‌و دیده‌ لاكانییه‌، بۆیه‌ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لاكان ناتوانین زھان وه‌ك چه‌مكێكی كریستیڤا مانایه‌ك ڕوون ناكاته‌وه‌.

لاكان میتا زمان وه‌ك ھه‌وڵێكی بێھووده‌یی ده‌بینێت، به‌ھۆی ئه‌وه‌ی كه‌ زمان بۆ خۆی له‌ شێوه‌ی نه‌ست بنیات نرابێت، كه‌واته‌ میتا زمان وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ میتا نه‌ست بخوڵقێنین، بۆیه‌ میتا زمان بۆ لاكان شتێك نییه‌ جگه‌ له‌ بێھووده‌یی، كه‌چی كریستڤا ده‌یه‌وێت زه‌مینه‌ی فه‌لسه‌فی و ئاماژه‌ناسی به‌ میتا زمان ببه‌خشێت، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ لای زمانه‌وانێكی وه‌ك سۆسێر، له‌ جیاكردنه‌وه‌ی نێوان زمان و ئاخاوتن.

لێره‌وه‌ میتا زمان له‌ڕێی زھان وه‌ك نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی نھێنییه‌كانی ئه‌ودیو زمان ئاشكرا ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش وابه‌سته‌ی بیركردنه‌وه‌ی عه‌قڵێكه‌ كه‌ زمان بنیات ده‌نێت، لێره‌وه‌ جیاوازی كریستیڤا له‌ لاكان ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ھۆی ئه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی لاكانی چه‌نده‌ زمان و نه‌ست وه‌ك یه‌ك ببینێت، به‌ڵام زمان زۆربه‌ی كات مه‌حكوومه‌ به‌سنوور و بیركردنه‌وه‌ی عه‌قڵ نه‌ك نه‌ست، ئه‌وه‌ وا ده‌كات میتا زمانه‌كارێكی بێھووده‌یی لاكانیانه‌ بۆ كریستیڤا ببێت به‌ كردنه‌وه‌ی كۆده‌ ده‌لالییه‌كانی زمان.
ئه‌وه‌ش میتا زمان له‌رێی زھان وه‌ك نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی وێنا ده‌كات، زھانی كاره‌كته‌رێكه‌ له‌ڕێی چونه‌ ناو میتا زمانییه‌وه‌ حه‌قیقه‌تی شاراوه‌ی عه‌قڵ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ش كریستیڤا نموونه‌ به‌ ھاملێتی شكسپیر دێنێته‌وه‌ كه‌ كاره‌كته‌رێكی زھانییه‌.

ئه‌و پانۆراما خێرایه‌ ھه‌وڵێكه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ زھان تا بزانین گێڕه‌ره‌وه‌ چ پێوه‌ندی به‌ زھانه‌وه‌ ھه‌یه‌؟ گێڕه‌ره‌وه‌ی ھاوزێ مرۆڤێك نییه‌ كه‌ تووشی نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی ھاتبێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ زمان خۆیه‌تی وه‌ك زھان ده‌رده‌كه‌وێت، ده‌نگی ناو یاده‌وه‌ری زمان كه‌ له‌ بنه‌ره‌تدا ئاخاوتنه‌ له‌ناو زمان، له‌ڕێی یاده‌وه‌رییه‌وه‌ ڕابردوو ناگێڕێته‌وه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی شاراوه‌ی زمان ده‌باته‌ ئه‌ودیوی زمانی شاراوه‌، له‌ڕێی كردنه‌وه‌ی كۆده‌ ده‌لالییه‌كانی زمان، ئه‌وه‌ش له‌ وێنه‌ی ڕه‌مزی جه‌سته‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، به‌و ھۆیه‌ی زمان بۆ خۆی جه‌سته‌ ده‌شارێته‌وه‌ و میتا زمان له‌ناو ڕۆمانه‌كه‌ دێت ده‌مانباته‌ ئاستی زھانی گێڕانه‌وه‌ تا سێكسكردن و یاریی سێكسكردن له‌ڕێی پیشه‌ی پزیشكی و گه‌مه‌ی ژن و مێرد كه‌ زھان له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌یه‌وێت بڵێت ئه‌وه‌ ده‌مامكی ئه‌خلاقی عه‌قڵه‌ و له‌ نه‌ستدا له‌ پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گۆڕێت بۆ گه‌مه‌ی چێژبه‌خشین به‌ جه‌سته‌.

ھه‌ڵبه‌ت میتازما، زمان به‌ره‌و ئاستی خه‌یاڵبردنه‌وه‌ ده‌بات، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ سۆسێرییه‌ی كه‌ پێی وایه‌ زمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته‌، بۆ خۆی ئیشكردنه‌وه‌یه‌ له‌ چۆنیه‌تی دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی شاراوه‌، ئه‌وه‌ فرۆید بوو وای له‌ لاكان كرد زمان بگه‌یه‌نێته‌ ئاستی نه‌ست، كه‌ به‌بڕوای كریستیڤا ڕه‌خنه‌ له‌ لاكان له‌وێوه‌ سه‌ر ھه‌ڵده‌دات، به‌وه‌ی له‌ گوێگرتنی له‌ زھانییه‌كان موباله‌غه‌ی نه‌ستی تێدا كردوون، كه‌ ناوی ده‌بات به‌رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌ترسییه‌ك به‌وه‌ی «داخستنی ئه‌و كرانه‌وه‌یه‌ی به‌ره‌و نادیاری بردووه‌، به‌ره‌و هاودژبوون به‌و مانایه‌ی كه‌ پاڵنه‌ری سێكسین، كه‌ لای فرۆید كرانه‌وه‌ی هه‌نووكه‌ییه»
اسم موت أو حیاه‌‌ / جولیا كریستیفا، (ترجمه‌) د. صبحی البستانی، الفكر العربی المعاصر، العدد (23) كانون الپانی 1983/ص72.
لێره‌وه‌ مرۆڤه‌كان له‌ناو زماندا شوناسی كاره‌كته‌رێكیان نییه‌، نه‌ك به‌ھۆی ئه‌وه‌ی دلاوه‌ر ناتوانێت كاره‌كته‌ر بخوڵقێنێت، به‌ڵكو پێوه‌ندی به‌و ڕاستییه‌ی گێڕانه‌وه‌ ھه‌یه‌ كاره‌كته‌ره‌كان ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان نین، ھێنده‌ی نوێنه‌رایه‌تی گوتارێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ جه‌سته‌ی ئه‌وان نییه‌ ئازاده‌، به‌ڵكو جه‌سته‌ی ئه‌وان وابه‌سته‌ی بونیاده‌ عه‌قڵییه‌كه‌ی زمانه‌، لێره‌وه‌ گێڕانه‌وه‌ رۆماننووس ده‌كات به‌ مرۆڤێكی لاكانی كه‌ زمان و نه‌ست وه‌ك یه‌ك ڕوانین ده‌بینێت، كه‌چی زمان بۆ خۆی له‌ناو ڕۆمانه‌كه‌ له‌ ڕۆمانه‌كه‌ جیا ده‌بێته‌وه‌ و وه‌ك پرۆسه‌ی میتازمان ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌، سه‌ره‌نجام راستییه‌كه‌ش لای ڕۆماننووس نییه‌، ھێنده‌ی حه‌قیقه‌ت له‌ دیده‌ كریستیڤییه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت، ھه‌رنا یاده‌وه‌ری زمان كۆیادی برینداری كوردییه‌، كه‌ بیركردنه‌وه‌ وه‌ك گوتارێكی عه‌قڵانی ئه‌و كولتووره‌ وابه‌سته‌ی چه‌پاندن بووه‌، بۆیه‌ زمان له‌ڕێی گێڕانه‌وه‌ ده‌چێته‌ ئه‌ودیوی زمانه‌كه‌ و ئاخاوتن كه‌ حه‌قیقه‌ت ده‌شارێته‌وه‌، له‌ڕێی نه‌گوتراو، ئه‌وا میتا زمانی گێڕانه‌وه‌ دۆخی زھانییه‌كه‌ تیایدا نووسین دێته‌ بوون و كۆی ڕۆمانی ھاوزێ ده‌بێته‌ ڕووبه‌رێكی كۆمه‌ڵناسییانه‌ی زمان بۆ كوشتنی خود و له‌دایكبوونه‌وه‌ی له‌ناو ئێمه‌دا، ئه‌وه‌ش قسه‌كردنه‌ له‌ نووسین وه‌ك زانست و تێكست وه‌ك زانستی ئه‌و نووسینه‌.
چه‌مكی تێكستناسی وه‌رگیراوی ناو دنیای فه‌لسه‌فی ژۆلیا كریستیڤایه‌، ئه‌و كاته‌ی تێكست وه‌ك زانست سه‌یر ده‌كه‌ین، به‌واتای تێكست ده‌بێته‌ ڕووبه‌رێكی زمانه‌وانی بۆ نووسینه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ڕاڤه‌كردنه‌وه‌ی ئاماژه‌ زمانه‌وانییه‌كان كه‌ كریستیڤا به‌ سیمانالیزا ناوی ده‌بات.

كرده‌ی خوێندنه‌وه‌ی ھاوزێ ڕووبه‌ڕووی پرسیاری زه‌مه‌نیمان ده‌كاته‌وه‌، نه‌ك دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كانمان، ئێمه‌ له‌و تێكسته‌دا ناكرێت چێژ له‌وێوه‌ وه‌ده‌ست بێنین كه‌ چۆن تێكست وه‌ڵام به‌و پرسیاره‌ خودییانه‌ی ئێمه‌ ده‌داته‌وه‌، به‌ڵكو ڕێك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌و ڕۆمانه‌ زیاده‌ڕه‌ویمان بۆی نه‌كردووه‌ ئه‌گه‌ر بڵێین به‌مانا كریستیڤییه‌كه‌ی تێكست ڕووبه‌رێكی زانسته‌ بۆ ناو دیدی كۆمه‌ڵگا، كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی خوێنه‌ر نییه‌ له‌ ساته‌وه‌ختی ئێسته‌دا، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگای تێكست گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ناو مه‌عریفه‌ی ده‌نگه‌ پچڕاوه‌كانی نێو یاده‌وه‌ری ئه‌وانه‌ی ئه‌و ئاماژه‌ زمانه‌وانییانه‌ن كه‌ ده‌یان بیستین، ئه‌وسا تێده‌گه‌ین كۆمه‌ڵگای نووسه‌ر «تێكست» و كۆمه‌ڵگای خوێنه‌ر «ئێسته‌ی ئێمه‌» یه‌ك كۆمه‌ڵگان، به‌ڵام دابه‌ش بوونه‌ته‌ سه‌ر مۆتیڤه‌كانی ده‌نگ له‌ یاده‌وه‌ری، ئه‌و ده‌نگانه‌ی فیگورێكیان نییه‌، ته‌نیا له‌ڕێی ده‌نگی ناو زه‌مه‌نی ئه‌رشیفكراو ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناو ژیانمان.

لێره‌وه‌ زه‌مه‌نی ئێسته‌ زه‌مه‌نی نادیاری تێكسته‌، زه‌مه‌نی ئێمه‌ی خوێنه‌ره‌، زه‌مه‌نێك ھه‌رگیز ھی ڕه‌حیمی نییه‌، چونكه‌ ئه‌و له‌ناو یه‌كێك له‌ ده‌نگه‌كانی تێكست تواوه‌ته‌وه‌، وه‌ك چۆن ده‌نگی ئێمه‌ش بووه‌ته‌ بونیادی ده‌نگی ناو تێكست و به‌ھه‌موویان گوتارێكی كه‌ڕنه‌ڤالیان خوڵقاندووه‌، ئه‌وه‌یان له‌لاپه‌ڕه‌كانی داھاتوو له‌سه‌ری ده‌وه‌ستین.
بۆچی ئێسته‌ی ئێمه‌ له‌ناو تێكست ونه‌؟ ئه‌وه‌ ونبوونی ئێسته‌ نییه‌، ھێنده‌ی تێكست ئێسته‌ ده‌باته‌وه‌ ناو ڕابردوو، بردنه‌ ناو ڕابردوو، نه‌ك ھه‌ر پێوه‌ندی به‌ نۆستالۆجیاوه‌ نییه‌، به‌ڵكو گه‌مژه‌ییه‌ وا تێبگه‌ین ئه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ نۆستالۆجیا.
ئه‌وه‌ چوونه‌ ناو دوو زه‌مه‌نه‌، لێره‌دا ئێسته‌ی خوێنه‌ر و یاده‌وه‌ری تێكست خوڵقاندنی مه‌عریفه‌ و مێژووه‌، ھه‌ردووكیان له‌ناو رۆمانه‌كه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بنه‌وه‌، مێژوو له‌ یاده‌وه‌ری ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ له‌ناو تێكست بووه‌ به‌ یاده‌وه‌ری زمان، لێره‌دا زمان نوێنه‌رایه‌تی نه‌وه‌كان ده‌كات، ئێسته‌ش چه‌نده‌ ساتی زه‌مه‌نی خوێنه‌ره‌، ھێنده‌ش زه‌مه‌نی تێكسته‌، كه‌ به‌دوای چڕبوونه‌وه‌ی سێ به‌شی ڕۆمانه‌كه‌ ئه‌وسا تێده‌گه‌ین گێڕانه‌وه‌ یاده‌وه‌ری ده‌كات به‌ مه‌عریفه‌ی تێكست.

وێنه‌ و شته‌كان پێوه‌ندی خوێنه‌ره‌ به‌ تێكسته‌، پێوه‌ندییه‌ك زمانی بینین ده‌یخوڵقێنێت، له‌ ده‌ركه‌وتنی گوێچكه‌ و چاو وه‌ك دوو ئاماژه‌ بۆ گریمانه‌ی ئه‌فڵاتوونی كه‌ پێوه‌ندییه‌كی هاوبه‌شی به‌وێنه‌ و شته‌كان هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی “ئه‌فڵاتوون به‌ جه‌نگێك هه‌ڵسا كه‌ مه‌به‌ستی سه‌پاندنی تێزه‌كانی بوو له‌باره‌ی زمانه‌وه‌، وه‌ك ئامرازێكی گوزارشت كه‌ مه‌به‌ستێكی فێركاری هه‌بوو” علم النص/ جولیا كریستیفا، ترجمه‌ (فرید الزاهی) دار التوبقال/ الگبعه‌ الاولی1991
ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ خوێنه‌ری ئه‌و ڕۆمانه‌ نائومێد ده‌كات، ئه‌و لۆجیكی رووداوه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاستی تیۆریی ئێمه‌ به‌ نه‌بوونی سێنته‌ری تێكست ناوی ده‌به‌ینه‌وه‌، كاتێك سێنته‌ر بوونی نه‌بوو، ئه‌و ده‌مه‌ گرنگترین پرسیار پێوه‌ندی نییه‌ به‌ كاره‌كته‌ر و ڕووداو، به‌ڵكو پرسیار له‌ چیه‌تی نووسین ده‌بێته‌ خاڵی گومان له‌ نێوان مه‌عریفه‌ی ئێمه‌ی خوێنه‌ر و مه‌عریفه‌ی تێكست.

گرفتی ئێمه‌ خوێنه‌ر له‌ ھاوزێ ئه‌وه‌یه‌ ناتوانین گومان له‌ مه‌عریفه‌ی خوێنه‌ریمان بكه‌ین، بۆیه‌ گومان له‌ مه‌عریفه‌ی تێكست ده‌كه‌ین، مه‌گه‌ر ته‌نیا له‌ ساتێكدا ئه‌گه‌ر تێكست به‌رھه‌مێكی وه‌رگێڕدراو بێت بۆ زمانی كوردی، ئه‌وسا گومان له‌ مه‌عریفه‌ی خوێنه‌ریمان ده‌كه‌ین، ئه‌و ڕۆمانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی چاوه‌روانییه‌وه‌ شتێكی ترمان پێ نیشان ده‌دات، بۆیه‌ له‌لای زۆربه‌مان خێرا به‌لۆجیكی مه‌عریفی خۆمان ده‌بێت ره‌خنه‌ی ئاراسته‌ بكه‌ین، مه‌گه‌ر ته‌نیا له‌ ساتێكدا بتوانین میكانیزمی تێگه‌یشتن له‌ تێكست و گومان له‌ مه‌عریفه‌ و پرسیاره‌كانمان بكه‌ین.

لێره‌دا ئه‌گه‌ر له‌ ڕوانگه‌ی ژاك دیریدا سه‌یری نووسین و ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سێنته‌ر بكه‌ین، ئه‌وا پرسیاری منی خوێنه‌ر له‌ ھاوزێ ده‌گرێت به‌گومان له‌ مه‌عریفه‌ی خودییانه‌م بۆ ڕۆمان، له‌و كاته‌دا پێویستم به‌وه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر مه‌عریفه‌ی فه‌لسه‌فی بۆ ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سێنته‌ر، به‌ڵام ئایا ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین؟ ئه‌وه‌ كێشه‌كه‌مانه‌ كه‌ نه‌مانكرد، نائومێد ده‌بین و حوكمی ڕه‌ھا به‌سه‌ر تێكست ده‌ده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له‌ تێكست تێبگه‌ین كه‌ ئه‌و رۆمانه‌ی دلاوه‌ره‌ پێویسته‌ بچینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی دیریدا كه‌ پرسی “له‌ كوێوه‌ نووسین ده‌ست پێ ده‌كات، له‌ كوێ‌ ‌و كه‌ی شوێنه‌واری كه‌م ده‌بێته‌وه‌؟ كه‌ دایده‌نا به‌ ڕه‌گێكی هاوبه‌ش بۆ ئاخاوتن ‌و نووسین, بۆ نووسین به‌ مانا باوه‌كه‌ی؟ له‌ كوێ‌ ‌و كه‌ی له‌ نووسینه‌وه‌ بۆ ئه‌ویتر ده‌په‌ڕینه‌وه‌ بۆ نووسین به‌ مانا فراوانه‌كه‌ی, بۆ نووسین به‌مانا ته‌سكه‌كه‌ی؟” الشكل و الخگاب/محمد الماكری, المركز الپقافی العربی(بیروت)1991 ص82.

ئه‌و پرسیارانه‌ ده‌رگایه‌كی گرنگه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ نووسین وه‌ك پرسێكی ناو ئه‌و ڕۆمانه‌، چونكه‌ سه‌ره‌تای نووسین پێوه‌ست نییه‌ به‌ زه‌مه‌نی كڕنۆلۆجی به‌شه‌كانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر سه‌رسامی رووداو داینه‌گرێت، به‌ڵكو كاریگه‌ری كۆیاد داگیری بكات، پێویستی به‌مۆنتاجكردنه‌وه‌ی رووداوه‌كان نییه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی شوێنه‌واری توندوتیژی و وێناكردنه‌كانی ئه‌و دۆخه‌ سادییه‌ی زمان له‌رێی ده‌ستبردن بۆ جه‌سته‌ی ئه‌ویتر و جنێودان وه‌ك توندوتیژی ڕه‌مزی، ئه‌و دوو وێنه‌ به‌رجه‌سته‌كراو و ڕه‌مزییه‌ دۆخێكی سروشتی ناو ژیانی كولتووریمانه‌، كه‌ پێوه‌ندی نێوان نووسینی تێكست و ئاخاوتنی خوێنه‌ر له‌ته‌ك تێكست ساتی بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌ توانه‌وه‌ی چه‌مكی ئێمه‌ له‌ناو زمانی تێكستدا، ئه‌وه‌ پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌ی خۆدۆزینه‌وه‌مانه‌ له‌ناو ڕۆمانه‌كه‌دا.

لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ئاخاوتنی ئێمه‌ له‌ناو په‌راوێزی نووسین نه‌مێنێته‌وه‌، ئه‌و دۆخه‌ دریدا به‌ فارماگۆن ناوی ده‌بات، كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ژه‌ھرخواردنه‌كه‌ی سوكرات، ئه‌و فه‌یله‌سووفه‌ی نه‌ینووسی و ته‌نیا قسه‌ی كرد، له‌رێی فارماگۆنه‌وه‌ ئیتر ئاخاوتن ده‌مرێ و نووسین دێته‌ بوون، ئه‌وه‌ش ده‌مانباته‌ سه‌ر ئاراسته‌ی دووه‌م كه‌ زانستی بووسینه‌ و دیریدا ئه‌وه‌یان به‌ گراماتۆلۆجیا ناو ده‌بات.
ره‌خنه‌ی ئێمه‌ و قسه‌كردنمان له‌ تێكسته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی سنووری كۆمێنت و نامه‌ی ھاوڕێیه‌تی و قسه‌كردنی زاره‌كی به‌جێ بێڵێت، پێویسته‌ له‌ پێش دۆخی فارماگۆن خۆی ڕزگار بكات و به‌م ژه‌ھره‌ سوكراتییه‌ بێته‌ ناو نووسینه‌وه‌، تا نووسین وه‌ك گراماتۆلۆجیا گفتوگۆ له‌ ئاخاوتنه‌وه‌ بكات به‌تێكستێكی ده‌لالی بۆ نووسینه‌وه‌ی سه‌ر له‌نوێی تێكست.
چه‌مكی گێڕانه‌وه‌ به‌و فۆڕمه‌ ناته‌بایه‌ی ده‌یخاته‌ ڕوو، به‌ته‌نیا تێكشكاندنی زه‌مه‌نی و یه‌كه‌ی شوێنكات نییه‌، به‌ڵكو گێڕانه‌وه‌ له‌ ئاست رووداوێك و یه‌ك گێڕه‌ره‌وه‌ ده‌رباز ده‌كات، ئه‌وه‌ش ستراتیجی گوتاره‌ له‌ رۆمانی ھاوزێ، گوتاره‌ ئه‌ده‌بییه‌كه‌ خوڵقاندنی دیدێكی تره‌ بۆ گێڕانه‌وه‌، كوشتنی گێڕه‌ره‌وه‌ی حیكایه‌ت خۆی و نووسینه‌وه‌یه‌تی له‌ناو حیكاته‌كانی ئێمه‌دا، ئه‌وه‌ش واده‌كات ھاوزێ له‌ته‌ك ڕۆمانی «مه‌رگی تاقانه‌ی دووه‌م»ی به‌ختیار عه‌لی به‌دوو نموونه‌ی جیاوازی گێڕانه‌وه‌ له‌ ئه‌ده‌بی ئێمه‌ ده‌ربكه‌وێت، ئه‌و دوو تێكسته‌ ستراتیجی گوتار تیایدا گۆڕینی شێوازی گێڕانه‌وه‌یه‌ له‌ناو ڕۆمانی كوردیدا، به‌و پێیه‌ی زمان و كاره‌كته‌ر و شوێن به‌ته‌واوی سه‌ره‌وژێر ده‌بنه‌وه‌ و له‌ناو فره‌گێڕانه‌وه‌یدا گێڕانه‌وه‌ گوتارێكی تر به‌تێكست ده‌به‌خشێت، ئه‌وه‌ش زه‌وینه‌یه‌ك ده‌خوڵقێنێت بۆ چۆنیه‌تی فره‌گێڕانه‌وه‌یی له‌ دنیای تێكستی ئێمه‌دا.

ئه‌وه‌ش دیالۆگكردنێكی ھه‌میشه‌یی نێوان ده‌نگه‌كانه‌، كه‌ ژۆلیا كریستیڤا به‌ گوتاری كه‌ڕنه‌ڤاڵی ناوی ده‌بات، ئه‌وه‌ ژه‌ڕنه‌ڤالێكی ھاوبه‌شی نووسه‌ر وخوێنه‌ره‌ له‌ناو ده‌نگه‌كانی تێكستدا، ئه‌و حاڵه‌ته‌ ھاوبه‌شه‌ی ئێمه‌ له‌ رۆمانه‌كه‌دا چه‌نده‌ پێوه‌سته‌ به‌ ستراتیجی گوتار، ھێنده‌ش ئه‌و ستراتیجه‌ بۆ خۆی ده‌بێته‌وه‌ به‌ گوتاری كه‌ڕنه‌ڤاڵی، ئه‌و ئاگایی گێڕانه‌وه‌یه‌ به‌مه‌به‌ستی خوڵقاندنی كه‌ڕنه‌ڤاڵه‌ وه‌ك گوتار كه‌ گێڕانه‌وه‌ و بوونی ده‌نگه‌كان ده‌یخوڵقێنێت، كه‌ كاتێك خوێنه‌رانێك ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ ئاراسته‌ی ھاوزێ بكه‌ن، كه‌ ئه‌و زمانه‌ به‌ره‌و زمانی شیعری ھه‌نگاو ده‌نێت و دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌ زمانی گێڕانه‌وه‌، لێره‌دا كێشه‌كه‌ وابه‌سته‌ی كێشه‌یه‌كی بونیادی و گوتاره‌كه‌یه‌، ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ له‌ھه‌ر كاتێكدا سه‌ری ھه‌ڵدا گوزارشت له‌ بێئاگایی ده‌كات، بۆچی؟

ئێمه‌ كاتێك باس له‌ گوتاری كه‌ڕنه‌ڤاڵی ده‌كه‌ین، ده‌بێت بزانین ئه‌وه‌ دلاوه‌ر ره‌حیمی نییه‌ زمانی شیعری ده‌باته‌ ناو گێڕانه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ وابه‌سته‌ی گوتاری كه‌ڕنه‌ڤاڵییه‌، له‌ نێوان میخائیل باختین و ژۆلیا كریستیڤا، به‌و پێیه‌ی پڕۆژه‌ سیمیۆلۆجییه‌ی كریستیڤا ئیشكردنه‌وه‌ بوو له‌سه‌ر باختین، ئه‌وه‌ش وایكرد گوتاره‌كه‌ بگه‌یه‌نێته‌ لۆجیكی شیعریی، بۆچی لۆجیكی شیعری؟ «له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێسایی كۆدی زمانه‌وانی تێده‌په‌ڕێنێت, هه‌روه‌ها ڕێسای ئاكاری كۆمه‌ڵایه‌تیش, كه‌لۆجیكی خه‌ونی له‌سه‌ر بنیات نراوه‌” الكلمه‌ و الحوارو الروایه‌/ جولیا كریستیفا, ترجمه ‌(حسن المودن) الاداب الاجنبیه ‌العدد (104) 2000/ ص80.

لێره‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت زمانه‌ شیعرییه‌كه‌ و لۆجیكه‌كه‌ی كه‌ لۆجیكی خه‌ونه‌ وابه‌سته‌ی گوتاره‌ كه‌ڕناڤاڵییه‌كه‌یه‌، نه‌ك ھه‌ڕه‌مه‌كیه‌تی ڕۆمانووسه‌كه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ گوتاری كه‌ڕنه‌ڤاڵی وابه‌سته‌ی ڕۆمانی فره‌ده‌نگه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ك له‌ سه‌ره‌تا ئاماژه‌مان بۆ كرد كه‌ گێڕانه‌وه‌ له‌ھاوزێدا یاده‌وه‌ریی زمانه‌، ئه‌ویش ئاسته‌كانی نووسینه‌ له‌ناو فره‌ده‌نگیدا، كه‌ كۆمه‌ڵه‌ ئاماژه‌یه‌كی زمانه‌وانین به‌ناو ڕووداوه‌كان تێده‌په‌ڕن و كۆ چیرۆكی یاده‌وه‌ری زمان ده‌گێڕنه‌وه‌.




هه‌ڕه‌شه‌كردن‌ له خه‌ونی ‌شاره‌كانی ڕه‌نگ … نیهاد جامی

“رامانێک لەدنیای شێوەکاری هونەرمەند عومەر دەروێش”

دنیای شێوەکاری ھونەرمەند عومەر دەروێش، ئامادەبوونەوەی مرۆڤەکانی ناو ژیانە، ئەوە گەڕانەوەیە بۆ دوالیزمەکانی ژیان و مەرگ، ئامادەبوونی ھونەر ونبون دەگۆرێتە سەر نەمریی، ھێزی ژیان گەرانەوەی مانایە بۆ ناو جوانی کوژراو، کوشتن لەھەردوو ئاستی جەستەیی و فیکریەوە، تابلۆی شێوەکاری دەکاتە رووبەرێک بۆ ئەوەی بتوانین ئاسۆیەک لەناو ڕەنگدا بدۆزینەوە، ئەگەر کوشتنی ژن پاساوی کەوت ی بەھای مرۆڤ بێت، ئەوا لەرێگەی فیگوری ژنی کوژراو بەھا بۆ جوانی دەگەرێنێتەوە، لەو کاتەدا رووبەری مەرگ دەگۆرێتە سەر رەنگی شین، شین کە چەندە دەلالەتە بۆ زەوتکردنی ئارەزوی ژیان لەجەستە، لەھەمان کاتدا دەلالەتی ئاو دەبەخشێت، ئەوە پاکیزەی دۆخی ژنبوونە، کە دەچێتەوە سەر پەڵە ھەورێکی ئاسمان، بۆ ئەوەی ئەو رەنگی شین نەبێتە رووبەرێکی ناتەواو، لەبەرزایی ئەودیوی فیگور ئێمە پەڵەی خوێنی ڕژاو دەبینین، ئەگەر رەنگی شین گوزارشت لە شینبونی جەستە و شینگێران بێت بۆ جەستە وەک گەمەیەکی زمانەوانی ووشە لەتەک ئەو ڕەنگەدا، لەھەمان کاتدا دەبێتەوە ئاو و ھەور، ئەوا لەناو رەنگی شین کاتێک سوور دێت، چەندە ئاماژەیە بۆ خوێنی ڕژاو، ھێندەش خوێن وەک گوڵی سوور خۆی دەخاتە ڕوو، بۆیە کوژرانی جوانی لەرێی کاری ھونەریەوە رێگای نادرێت ببێتە یادەوەری لەیادکراو، ھونەرمەندەکەمان دێت دەیکات بە ڕەنگ و لەنێو فیگوری کارەکتەرە کوژراوەکان بەرجەستەی دەکاتەوە.

دەروێش تابلۆ لەڕەنگەوە دەگوازێتەوە بۆ ناو ئازار.. ئازار ئاماژەیەکی زەمەنیە، سلێمانی وەک شوێن و کارەکتەرێکی کە ژنە، لێرە ژن وەک ئاماژەیەکی ژیاری دادەنیشێنێت بۆ وێنەگرتنێک کە بۆ کاروباری رۆژگارێک بە وێنەی شەمسی ناسیومانە، ناسینێک بۆ ساتی ھەنووکە.. ئەوە وەستانی زەمەنە بۆ پاراستنی رۆژگارێک، بەڵام ئەو یادەوەریە لەناو ئێستا درێژ دەکاتەوە، بۆ ئەوەی سنوری فۆتۆگرافی تیا ببەزێنێت، بەبێ ئەوەی دەستکاری بونیادی زەمەنی بکات، لەڕێی تۆن و ڕەنگ و فیگورەوە.

ئەوەش بەتەنیا لەباو تابلۆیەکدا نامێنێتەوە، بەلام لەفۆرمی جیاواز دەیەوێت مانای تر وەربگرێتەوە، پەیوەندی مرۆڤ و شوێن، نووسینەوەی رەنگە، بۆیە کاتێک شێرکۆ بێکەس دەکاتە وێنەیەکی ئەو مرۆڤە، شێرکۆ دەبێتە شاعیرێک لە ناو نیشتیمان و مەنفیەکی نیشتیمان، ئەوە رامانی دوای مەرگ نیە ھێندەی حەسرەتێ سوتانی ھەڵەبجەیە وەک خاک، دەبێتە دەربەندی پەپولە و عیشقە وەک شاری رەنگ و دەبێتە قەسیدەی ڕەنگدان ئەوە کۆی ئەزمونی شێرکۆ دەبێتە ڕامان لەناو گۆرستانی چراکان، لەم شاری رەنگەی عومەر دەروێشدازۆرن ئەوانەی لەوێن و شێرکۆ لێیان دەروانێت، عەبدولخالق مەعروف و نالی و حاجی قادر و عاشقانی قوربانی و حەمە بچکۆلی بۆیاغچیش چاوەرێیە پێلاوەکانمان لەوێ بۆیاغ بکات، بەلام لەشاری رەنگ کەس پێلاو بۆیاغ ناکات وئەویش دەبێت بە شاعیرو عاشقی کچی خانویەکی پرتەقالی دەبێت و خەونی شێرکۆ لەحەسرەتەوە دەکات بە زیندەگیەکی شاعیریانەی ڕەنگدان.
عومەر دەروێش ھونەرمەندێکی خەونبینە بەجوانیەوە، ئەو لەبنەرەتدا ھونەرمەندێکی نێو کێشوەری رەنگە، لەناو جوانیدا رادەمێنێتەوە، بۆیە دۆخێکی سروشتیە کاتێک دەبینین دەیەوێت لەرێی تابلۆوە تەئویلی دەنگی ھونەرمەند تارا جاف بکات، بەلام تێگەیشتن لەدەنگ ھەوڵێکی بێھودەیە، بۆیە ئەویش نایەتە ناو ڕاڤەی مۆسیقاکەیەوە، ھێندەی لەتێگەیشتنی ھونەریەوە دەیەوێت ئەو ڕۆحی برینەی ناو یادەوەری ئیمە لەڕێگەی مۆسیقاو دەنگی تاراوە لەتراژیدیای نەتەوە وەک یادەوەری و نائومێدی وەک ئێستای مرۆڤی کوردی وێنا بکات.

مرۆڤ کاتێک شوناسی خۆی گەڕاندەوە بۆ هاوڵاتی کێشوەری جوانی، ئەو کاتە لەترسێک دەژیێت، ترس نیە لەجەستە، ترسە لەزەوتکردنی خەون وکێشوەرەکەی، عومەر دەروێش یەکێکە لەهاوڵاتیەکانی کێشوەری جوانی، بۆیە ترس لە خەون هەڕەشەیە لەشاری ڕەنگ، ئەوەش لەناو یەکێک لەتابلۆکانیدا هەستی پێدەکەین.
له‌پشت كاره‌كته‌رێكه‌وه‌ كه‌ بنمیچێكی سووری له‌مله‌ كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا خوێنێكه‌، شارێك له‌ڕه‌نگ ده‌بینین، ئه‌وه‌ خه‌ونی جوانتركردنی دنیایه‌، بارستاییه‌كان جه‌سته‌ی نائاسایی نیشان ده‌ده‌ن، جه‌سته‌ ئاساییه‌كان له‌ناو خانوه‌كانی ڕه‌نگدان، ئه‌وه‌ی له‌شاره‌كان.. له‌كۆلانه‌كان بوونی هه‌یه‌ ئه‌وانیترن، ئه‌وانه‌ی خه‌ونبین ده‌كوژن، خه‌ون بینین به‌م شارانه‌وه‌ بۆ جه‌سته‌ نائاساییه‌كان كه‌ ئاماده‌بوونیان وه‌ك فیگورو كاره‌كته‌ری ترسناك بۆخۆی هه‌ڕه‌شه‌كردنه‌ له خه‌ون وزه‌وتكردنی شاره‌كانی ڕه‌نگ.‌‌
لێره‌وه‌ عومه‌ر ده‌روێش وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك له‌وه‌ وریامان ده‌كاته‌وه‌، خه‌ونبینین به‌شاره‌كانی ڕه‌نگ سزاكه‌ی مردنه‌، جه‌للاد كاره‌كته‌رێكه‌ له‌وه‌ ده‌رچووه‌ مرۆڤێك بێت ئه‌و له‌ناو شاره‌گه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدایه‌، بێ باكانه‌ به‌ناو كۆلان وشاره‌كانمان ده‌سووڕێته‌وه‌، هه‌یمه‌نه‌ی ناو ژیانی هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌موو خەونبینیێك به‌ڕه‌نگ، به‌كوشتنی خه‌ونی ڕه‌نگ كۆتایی پێده‌هێنرێت، تاوه‌كو ڕه‌نگه‌كان له‌ناو لافیته‌ی ڕه‌شی سه‌ر دیوارو كراسی ڕه‌شی دایكان چڕ بكرێته‌وه‌، كه‌ نابێت جگه‌ له‌ڕه‌نگی ڕه‌ش خه‌ون به‌هیچ ڕه‌نگێكیتره‌وه‌ ببینین، ئه‌و ڕه‌نگه‌ نادیاره‌ی ناو ئه‌و تابلۆیه‌ ڕه‌ش كه‌بوونی نیه، له‌ڕاستیدا له‌ناخی جه‌سته‌ نائاساییه‌كانه‌ كه‌ له‌ناو سێبه‌رو ڕه‌نگی ئه‌رخه‌وانی خۆیان شاردۆته‌وه‌، ئه‌و شاردنه‌وه‌یه‌ جۆرێك له‌ده‌مامكداری جه‌للاده‌ له‌ناو وێنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا.

نیهاد جامی/ پۆڵەندا




شوناس و بوون لەڕەگەزی ئەویتردا … نیهاد جامی

وەستان لەسەر شوناس، گەرانەوەیە بۆ پرسیار لەنووسین، کاتێک لەبارەی چیەتی نووسین دەوەستین، ئەو کاتە ئەوە تێکستێک نیە بەتەنیا ڕاماندەگرێت، بەڵکو کۆی ئەزموونی نووسینی نووسەرێکە، دەیەوێت زمان بکاتە ماڵیک تیایدا لەبوونی مرۆییەوە بەرەو شوناس هەنگاو بنێت، ئەوە ژانری نووسین نیە دەمانوەستێنێت، بەڵکو ئەوە نووسینە چۆتە ناو ژانرێکەوە، لێرەوە باسکردن لەئەزموونی نووسینی ڕەگەزی بابەتێک نیە بۆ ستایشکردن، بەڵکو ئەویتری ژن لەکۆمەڵگادا جەستە و بوونی لەژێر هەڕەشەدایە، کەچی لەناو نووسیندا جەستە و بوون بەهاوبەشی بەشداری لەنووسینەوەی زمان دەکەن، ئەو تێگەیشتنە دەمانباتە ناو دنیای شیعری کەژاڵ نوری.
بوون یەکێکە لەکێشە گەوهەریەکانی نێو نووسین، ئەوە بوونی مرۆڤە لەدەرەوەی شوناس، بۆیە زمان دەیەوێت شوناس لەناو نووسین دابمەزرێنێت، شوناسی خودگەرێتی وەک ژن و شوناسی بوونی ئێمە وەک نەتەوە، ئەوە دوو هەنگاوی دامەزراندنە کە نووسین لەڕێی شیعرەوە دەیەوێت بچێتە ناو بونیادەکانی شوناسەوە.

تێکستی رەیپ بەتەنیا شیعرێک نیە، کۆنەستی ژنە، بەڵام کۆنەستێک پێویستە ڕەگەزی بەرامبەرتیایدا تەریق بێتەوە، ئەو تێکستە ئاماژەیەکی ڕوونی تێنەگەیشتنی پیاوە لەویتری ژن، ئەوە پێدانی ماسۆشیەتە بە ژن، وێنەیەک کە خواستی پیاوی چەپێنراوە، تا ژن بەقوربانی ببینت و خۆشی وەک شادیەک وێنەی جەللاد بەجەستە ببەخشێت، ئەو چێژە ماسۆشیە بۆ لەزەت وەرگرتن لەتوندوتیژی و ئازار، وێنەیەکی شیعریی پڕ لەمانای ژنایەتی بەرجەستە دەکات، تا ئەو ساتەوەختە ئەو ڕەگەزە ھێندە بە بوێریەوە باسی لەو ساتە نەکردووە، کەژاڵ لەزمانێکی شیعڤی بەرزدا ئەو بوێریە دەدات بەزمان و دێتە ناو بابەتێکەوە کە خاوەنی شیعرێکی رەهەندی فەلسەفیە، تیایدا جەستە تەنیا ئایکۆنێکە، لێرەدا گەر پشت بەو سێ قۆناغە ئاماژەکاریەی زمانزانی ئەمریکی بێرس ببەستین، کە لەپال تیۆرەکەی سۆسێر وەک دوو بنەمای ئاماژەناسی لەسەر بنیاتنراوە، بەلام ئێمە لەسەر سۆسێر ناوەستین، ھێندەی پشت دەبەستین بە بێرس، چونکە جەستە ئایکۆنێکە دەمانخاتە ناو تێکستەوە، چێژی خوێندنەوە و چێژی جەستە بەیەکدا دەچن، پەیوەندی نێوان ژن و سرووشت مێژووی سەرکوتکردنی ئەو ڕەگەزە دەخولقێنێت، لێرەدا ئێمە دەکەوینە ئاراستەی دووەمی بێرسی کە ئاماژەی زمانەوانیە، ئەگەر جەستە ئایکۆنەکە بێت، ئەوا سەرکوتکردن ئاماژەیەکە، ئەوە سادیەتی کردەی سێکسی پیاو نیە، دەرگا لەسەر ئاماژە دادەخات، بەڵکو رێک بەپێچەوانەوە دەرگا بەسەر ئاماژە دەکاتەوە، تاوەکو بگەین بە سێگۆشە بێرسیەکە کە ڕەمزە، ڕەمزی ژنکوژی لەڕێگەی ئارەزوی وێرانکاری جەللادەوە، چیرۆکی ئەوانەی بۆ مەیلی نێرایەتی دەکوژرێن، ناوەکان وەک ئاماژەی ئەو مێژووە دەھێنرێنەوە، ئەوە گێڕانەوەی مێژووی پەلاماردانی ژنەکانە کە لەئارەزووەو دەگۆردرێت بۆ سڕینەوە، پەیوەندی جەستەیی لە ئارەزوو دەمرێت و لەکوشتن زیندوو دەبێتەوە، کوشتن دەبێتە ڕەمز بۆ ئاماژەی توندوتیژی کە ئایکۆنەکەی جەستەیە.

تێکستەکە بەسەر سێ بەش پۆلین کراوە، بەشەکان وەک کڕنۆلۆژیای ڕووداو چیرۆکێک دەگێڕنەوەو شیعر دەکەن بە تێکستناسی، ئەو چەمکە ئاماژەناسیەی لە ژۆلیا کریستیڤا فێری بووین، تێکستناسی دنیای ناسینە، بۆ تێگەیشتن لەدەنگەکانی ناو زمان کە باختین بە ئیدیۆلۆژیم ناوی دەبرد، لێرەدا دەنگەکان یادەوەری شاعیر نین، یادەوەری ژنی کۆمەڵگایەکە، تێکست دەبێتە ڕووبەری ناسینی ژنی کورد، ئێمە لەناو تێکست بەتەنیا ژن ناناسین، تێکستناسی نھێنی مرۆڤ لەودیوی ئاماژە زمانەوانیەکان نیشان دەدات، ئەوە ناسینی پیاوە، ئەو ڕەگەزەی ئەویتری لەبوون خاڵی کردۆتەوەو لەھەموو شوێنێک وەک ڕووبەری شەھوەت سەیری ژن دەکات، پەیوەندی ئەو دوانە بۆتە پەیوەندی و مەیلی نێرینە بۆ ھەوەسەکانی لەبەردەم جەستەی مێینەدا.

زیندەوەرەکان وەک مرۆڤەکان ئاستی ڕەگەزی کۆیان دەکاتەوە، ئەوە پیاوبوون نیە، بەڵکو نێربوونە ھەمان مەیلیان ھەیە، ئەوی مێ وەک مێی زیندەوەرەکان یەک ھەستیان ھەیە کە قوربانین، ئەوەش لەھێرشی نێرەکان، شتێک نیە ناوی خۆشەویستی بێت، ئەوەی ھەیە ڕقە لەنێری توندڕەوی زەبروزەنگی بونیادی عەقڵیەتێکی سادی.
لەدوابەشی تێکستدا ئەیکون جەستە دەباتە ناو دنیایەکیتر، ئەوە وەک مەنفیەکە بۆ سزادان، کە تەنیا بیرکردنەوە جیاواز نیە، تەنانەت زمانیش گۆڕانی بەسەردا دێت، ووشەکان دەمرن و جەستە دەبێتەوە زمان، جەستەی ژن دەبێتەوە ئاماژە، بەڵام ئاماژە تەنیا بۆ تێگەیشتنی ڕەگەزی خودە، بۆ ئەوەی دنیای تایبەت بەخۆیان درووست بکەن، لەرێگەی ھەرسێ بەشەکەی تێکست ھەمیشە لەبەیەکداچوونێکی بەردەوامی «ئەیکون/ ئاماژە/ ڕەمز» داین، لێرەدا مار وەک ئاماژەیەک بۆ خواردن، سڕینەوەی بوون و تەسلیمبوونە بە پەلامارەکانی پیاو، گەر مار لەوێنەی خەلیقەتدا ئاماژە بێت بۆ ئەھریمەن، ئەوا لەوێنە دەرونشیکاریەکەدا مار وێنەی ئەندامی سێکسی نێرینە وەردەگرێت و خواردنیشی لەلایان ژنەوە سێکسە لەگەڵ پیاوێک کە پڕە لەهەستی خۆبەکەمزانین، بۆیە دەیەوێت کردەکە لەڕێی دەم ئەنجام بدرێت، چەندە ئەوە بەشێک بێت لەپەیوەندی سرووشتی، بەڵام بۆ مرۆڤی نەخۆش لادان لەو وێنەیە دەیگۆڕێتە سەر دۆخێکی دەروونی، ئەو ئاماژی مارە بۆ خۆی ئاماژەیە بۆ ڕەگەزی نێر، ڕەگەزێک ھەمیشە پەلامار دەدات و بەزۆر سکی ژنەکان پڕ دەکات.
ھەرسێ بەشی تێکستەکە ڕووبەرێک بۆ پەلاماردان دەخوڵقێنێت، مێژووی ژن وچیرۆکی لاقەکردنەکانی وابەستەی ناونیشانی تێکست دەکات، تێکست دەبێتە زانستێک بۆ تێگەیشتن لەو ساتەوەختە ھەنوکەییەی تیای دەژین، کە درێژکراوەی یادەوەریە.

ئەگەر لەئاستی فەردی شوناس لەژێر هەڕەشەی فەوتان بێت، ئەوا لەئاستی کۆمەڵگادا شوناس هەمان گرفتی هەیە، بۆیە گەر کێشەی شوناس لەئاستی فەرد کێشەی ڕەگەزی بێت، ئەوا لەئاستی کۆمەڵی کێشەیەتی لەگەڵ گوتاری سیاسی، بۆیە پەیوەندی نێوان نیشتمان و کۆمەڵگا ونکردنی ئاستی شوناسە، چونکە مانایەک بۆ پیرۆزی نامێنێتەوە، ئیدی شتێک نامێنێت پێی بوترێت دوژمن، چونکە جەستەی کوردی دەبێتە جەستەیەکی دوانەیی لەنێوان دۆست و دوژمندا، جەستەیەک دوالیزم لەخۆی کۆدەکاتەوە، شاعیرەکەمان وەک دەنگی تێکست ئەوە ناو دەبات بە «ئێستا باشور تەنیایە» ئەو ناونیشانە بۆ تێکستێکی شیعریی بانگەشەیەکی فراوانی گوتاری کوردبوون و تەنیابوونی بەشێکە لەنیشتمان، کە بەھۆی خیانەتی ئۆکتۆبەر تووشی ئەو تەنیاییە دێت، نیشتمان دەبێتە مەسیحێکی جێماوی سەر خاچ، لێرەدا کەرکوک وەک وێنەی باشور نیشتمانێکی تەنیایە و کەس بەلایدا نایەت، تەنانەت بەشەکانی تری نیشتمان تەنیایی نارەوێننەوە، ئەوە شکاندنی شکۆی نەتەوەیە، شکانێک برین وا لەشاعیر دەکات لەئاستی یاداشتکردنی ئەو رووداوە پەردە لەرووی کارەکتەرە سیاسیەکان ھەلبداتەوە، ئەوەش ھەندێکجار لەگوتاری شیعریبوون زمان دەباتە ئاستی نزمە من و شیعربوون دەگۆرێت بە ئاخاوتنی زارەکی، بەڵام دەشێت ئەوە گریمانەیەک بێت بۆ ساتی بێبەھاکردنی بوونی ئێمە، کە شیعر ناتوانێت بێدەنگ بێت و بەزمانێکی شاعیریانە دوا نیگای بەناو کەرکوک بگێڕێت، بۆیە نیشتمان لەنێوان دۆستەکان و دوژمنەکانی وەک یەک ھەراج دەکرێت.

تەنیایی و مەرگ دوانەیەکن لەناو نووسیندا ئامادەبوونێکی پتەوی هەیە، ئەوە وا دەکات لەدوو ئاستدا بیبینین، لەئاستی فەردی مەرگی دایک دەبێتە خاڵێکی تاریک بۆ ژیان، گەڕانەوە بۆ دایک وهەستکردن بەساتی ئارامی تەنیا ساتی لەناو ئەودا بووە، سەرەتای تێگەیشتنێکی ژنانەیە، دنیای دەرەوە رەگەزی بەرامبەر ناشیرینی کردووە، بۆیە پرسیارکردن لەمەرگ لەڕێگەی دایکەوە خەونبینینە بەژیانێک کە زادەی خەیاڵە، بۆیە تێکستی “هەر گلەیی بێ لای تۆ دایکە” چونە دۆخێکی نەستیە، بڕوا نەهێنانە بەو مەرگە “ئەڵێم دایکم هێشتا لەدەرەوەیەو/ سەرمای ئەبێ/ هەر لەبیریشم نیە مردووە”
ئاستی دووەمی مەرگ، وابەستەی هەڕەشەی لەناوچوونی شوناسی نەتەوەیە، بۆیە لە تێکستی «مەرگی ھێواش» لەناونیشانەوە ئێمە چاوەروانی مردنێکی لەسەر خۆین، لەبیماری نەخۆشخانەیەک دەچین، کە نایەلن نەخۆشەکەمان چاک بێتەوە لێرەوە جەستەی نەتەوە لەروبەرێکی نیشتمان دەبێت بەجەستەی کۆ، شاعیر خودگەرێتی خۆی دەداتە دەست زمان، زمانی تێکست زمانی ئێمەیە ، ئێمە لەناو برینەوە لەبەردەم پەتی سێدارە و مەرگی خۆمانداین، مرۆڤە قوربانیەکانی ناو نیشتیمان لەدەرەوەی یادەوەریدان، لەناو ئێستایەکدان کە ساتەوەختی ئامادەبوونە بۆ مەرگ، کۆ دەنگی ئێمە لەبەرامبەر رووداوەکان، چەمکێک نیە بۆ ھێز، ھێندەی ھاوارێکە لەبەردەم تەنیایی قوربانی، زمان گوزارشت لەھەستی ناسێۆنالیستی دەکات، زمانێک چەندە دەیەوێت گوتاری کوردبوون بنووسێتەوە، سەرەنجام ئەو گوتارە لەیەکگرتوویەوە بەرەو لێکترازان دەچێت، ئەوە ھەستە سادەکانی مرۆڤە دەیەوێت ئەو شوناسە بنووسێتەوە، ئەو لێکترازانە نەک بەتەنیا لەئاستی کۆدەنگی گوتارێکی نەتەوەیی، بەلکو لەئاستی خودگەرێتی شاعیریش لێکترازاوە، ئێمە خێرا دەچینە سەر رەگە شوناسیەکەی، بەردەوام دەنگی ژنێک دەبیستین بەناو رووداوەکان تێدەپەرێت، ژنێک لەبەردەم برینی نەتەوەدا، ھاوار دەکات «کچی شەرعی دەربەندیخان نەبم» دەیەوێت سوتانی لەگەل سرووشت ھاوواتا بکاتەوە کە شاخ بسووتێت ئەویش لەگەلیدا گڕ بگرێت، ئەوەش یەکبوونێکی خودگەرێتیە بۆ ساتی شۆرش و قوربانی، لەوێنەی نەبینراودا زمان دەمانخاتە بەردەم ئەو راستییەی نەتەوە ناتوانێت کۆدەنگی بنووسێتەوە، ئەوە زمانە لەرێی شیعرەوە ھاتووە، بەناو برینی یادەوەری شۆرشەکان تێپەرێت، لەرێگەی کارەکتەرو شوێن پەیوەندی وھێزێک بەخود ببەخشێت، ئەو ھەستە ئەخلاقیە گوتاری کوردبوون لەناو شیعردا دەباتە ئاستێکی باڵا، کاتێک کۆ دەنگی وندەبێت، زمان دەنگی جەستە دەکات بە شوناسی خود.

زمان توانا نەستیەکانی لەناو شیعردا بەرجەستە دەکات و بارە ڕەشەبا دەگوازێتەوە، لەو ساتەدا ئێمە تێدەگەین ئەو کۆدەنگیەی تێکست لەسەرەتاوە دەیھێنێتە دواندن، کۆدەنگیەکی کوژراوە، لەسەر تەرمی کوژراو.. ئەوە زمانە دەیەوێت ھەلسێتەوە و شوناس بنیات بنێتەوە، ئەو ھەلسانەوەیە لەئەدەبیاتی ئێمەدا ھەولێکە ھەمیشە شیعر لەئەستۆی خۆیناوە، ئەوەتا دلدار لە تێکستی «ئەی ڕەقیب» دەیەوێت لەڕێی زمانەوە نەتەوە لەمەرگ رزگار بکات و کەس نەکەوێتە بانگەشەی کورد مردووە، بەھەمان شێوە لای شێرکۆ بێکەس لەقەسیدەی ئافات ئێمە رەگمان بۆ ناو دنیایەکی دوور دەبرێتەوە، بۆ ئەوەی زمان دلنیامان بکات، رەگمان لەناو ئاگرەوە ھاتووە بەئاسانی نامرین.

کەژال نوری نەک بەتەنیا زیندوویەتی بە نەتەوە دەبەخشێت، بەڵکو دەیەوێت کۆمەکی تەواوی دەنگەکان بکات بۆ شۆڕش، بۆیە رێنوینی مرۆڤەکان وگروپەکان دەکات بۆ شارەکان، لێرەدا لەپای ھەموو ئەو کارانە، جیاوازی کەژال لەگەل دلدار لەوێدا دەردەکەوێت، ئەو بەزمانی نەتەوە نادوێت، زمان دەباتەوە سەر ئاستی خود، ئەوە دەنگی خودە نوێنەرایەتی دەنگی نەتەوە دەکات، ئەو خەریکی شۆڕشێکە لەناو زماندا، بۆیە دەلێت «مەمکوژن» ئەگەر دلدار شاعیرێکە ھەست بە مەرگ دەکات، بۆیە دەلێت ئێمە زیندووین، بەلام ئەو ژنە شاعیرەمان دەبێت ئەو بارە شەھیدە بداتە مێژوو بۆیە نایەوێت بکوژرێت، زمان شەرمەزاریەکانمان دەباتەوە قەندیل و کەرکوک وشنگال، بەلام ئایا زمان فریای ئەو ھەموو شکست و برینە دەکەوێت؟ ئاخۆ شیعر لەتوانای ھەیە نوێنەرایەتی کۆبرین بکات؟
ئێمە تا بەناو زمانی تێکست قوڵ دەبینەوە، نەزیفی خوێن زیاتر دەبێت، کێشەی سەرەکی شاعیرەکەشمان ئەوەیە بەناو ئەو ھەموو برینە تێدەپەرێت، کەچی توانای ئەوەشی نیە ئەو نەزیفی خوێنە ڕابگرێت، ئەو ساتی نائومێدیە لەگوتاری نەتەوەیی بەھانا ھاتنی ئەخلاقیە بۆ نیشتمان، زمان لەبەردەم مەرگدا پەیوەست نیە بەشکستی گوتارێکی سیاسیەوە، بەڵکو کۆی گوتارەکان جەستەی برینیان پێکھێناوە، لێرەدا پەیوەندی برین و گۆرانی لەرێی دەنگی عەیشە شان و مۆسیقاکەی تارا جاف بەتەنیا وەک کارەکتەر نەھاتونەتەوە، ھێندەی شین و دواندنی رۆحی کوردیە لەرێگەی ژنەکانەوە، لێرەدا زمان لەناوبرین ئەو خەمناکیە دەخاتە ڕوو، کە چۆن پیاوەکان پەلاماردەدەن وشکست دێنن، خیانەت دەکەن و دواتر دەبێتە بەشێک لەمێژووی ئێمە، ئەوا ژنەکانن لەرێی مۆسیقا وگۆرانیە گێرانەوە دەبەنە ئاستی ھونەریەوە.
کۆی برینەکان چەندە چڕیش ببنەوە، سەرەنجام کێشەکە لەبوونی ئەو ئازارەیە کە شاعیر تیای دەژیێت، چونکە نوسین بەتەنیا بۆ نووسینی شیعرێک نیە، ھێندەی پرۆژەیەک بۆ نووسینەوەی برین، بۆیە کاتێک نازانێت مەرگی کۆڵبەر و مەرگی دایک کامەیان زووترە، ئەوە بۆ خۆی دەرکەوتنی ئەو دوو ئاستەی مەرگە لەناو ئەزموونی شیعری کەژاڵ نوری.

نیهاد جامی/ پۆڵەندا




جوگرافیای شوێن و ئەدەبی نائومێد … نیهاد جامی

شوێنەکان لەخەیاڵی مرۆڤدا زادەی فانتازیان، شارەکان هێندە دوورن مەودای نێوان ئێمە و شارەکان ڕووبەری خەیاڵین، گەیشتن بەشارەکان ڕزگاربوونە لەبێمانایی ئێرە، ئەو بیرکردنەوەیە لەکوێوە هات کەوا خۆرئاوا شوێنەکە بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤ؟
هەر چەشنە پرسیارێکی لەم جۆرە کاتێک لەساتەوەختێکی بەرایی تەمەن داگیرمان دەکات، وابەستەی یەکەم ساتەوەختەکانی خەون بینینە، کتێبێک یا فیلمێک بەسە بۆ ئەوەی لەڕێی خەیاڵەوە بفڕین و سەفەر بکەین بۆ دوورترین شوێنی دنیا، ئەوە گەڕانەوەیە بۆ نێو مناڵی، هەڵدانەوەی لاپەڕەی لەیادکراوی تەمەنە، بۆ ڕۆژگارێک کە خەون بینین بە پایتەختەکان هێندە فانتازی بوون، کاتێک دەچینە ناو شارەکان تێدەگەین، لەنێوان فانتازیاکانی ئێمە و جوگرافیای شوێن، جیاوازیەکی گەورە هەیە، ئەوە ئێمە بووین شارەکانمان هێندە جوان کردبوو، دەنا شوین چەندە هەڵگری مانای ئازادی و جوانی بێت، هێشتا ئەو مانا فانتازیە ناخوڵقێنێت کە لەزهنی ئێمەدا بوونی هەیە.

ئەوە خوێندنەوەی کتێب و سەیرکردنی فیلمەکان بوو وای لەشارەکان کرد وێنەی فانتازیمان بۆ بخولقێنن، دەنا لەواقیعدا شوینێک نیە هەڵگری فانتازیا بێت، دەبێت خۆمان فریوو نەدەین، شارە خەیاڵیەکان زادەی ناو ئەدەب و هونەرە، لەدەرەوەی بونیادە خەیاڵیەکەی، شوێن هەڵگری بونیادی جوگرافی خۆیەتی، وێناکردنی خۆرئاوا وەک شوێنی خەیاڵ پەیوەست نیە بە شوێنەوە، بەڵکو زادەی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیە، ئەوە گەشەسەندنی کولتوور وئازادبوونی فەردە، وایکردووە تێکەڵبوونی مرۆڤ بە شوێن وێنەی دنیایەکی نوێ بخوڵقێنێت، دنیایەک لەدەرەوەی فیکری توند وتیژی بژیێت.

کاتێک لەناو دڵی خۆرئاوا رووبەرووی پرسیار دەبیتەوە، شوێن بەتەنیا شتێک نیە، ئەوە مرۆڤە وای لەشوێن کردووە، وەک چۆن بێمانایی ژیان لەخۆرهەڵات و تراژیدیە بەردەوامەکانی، دیسان ئەوە مرۆڤەکانن بۆ خۆیان شەرعیەتێکی دواکەوتویان بۆ ژیان وێناکردووە، توندو تیژی دینی و ئازادنەبوونی تاک و بەرپرسیاربوون لەیەکتری، بنەمای وێرانبوونی دنیایەکە وایکردووە خۆرهەڵات و دنیای ئێمە وەک دۆزەخ ببینرێت، لەکاتێکدا پێویستە ئەو وێنەیە بخەینە ئاستی گومانەوەو بپرسین: کێ ئەو دۆزەخەی خولقاند؟ چۆن دۆزەخ لەژیان بکەینە دەرەوە؟
پرسیاروگومان سەرەتای کۆتایی هاتنە بەلۆژیکی بە دۆزەخبینین، بۆیە چیتر ناکرێت لەترسی وننەکردنی شوناسی کۆمەڵایەتیمان بێدەنگی لەو بیرکردنەوەیە بکەین، کە خولقێنەری تراژیدیایە، ئەوە بێمانایی ژیانی ئێمەیە لەخۆرهەڵات وای لەخۆرئاواکردووە، خۆی وەک نمونەی باڵا بخاتە ڕوو، ئەوەش جەندە دنیای ئەوانیتر درێژەیان پێداوە، بەڵام گاڵتەجاریەکەی ئەوەیە کۆمەڵگای کوردی درێژکراوەی ئەوان بێت، ئێمە گەر نیشتمان بخەینە ناو گومانەوە، ئەو گومانە پاککردنەوەیەتی لە وێنەی دۆزەخ، کە وێنەیەکی دینی و عەرەبیە، پەیوەست نیە بە ئێمەوە، بەڵکو وابەستەی عەقڵیەتی ئەویتری عەرەبیە، ئەو دەمەی بە پڕۆژەی ستراتیژی ویستمان گۆڕان بخولقێنین، تێدەگەین نیشتمان چۆن وێنای بەهەشتی بۆ دەکەین، دەتوانین وەک ئەویتری خۆرئاوایی ببینە جێ سەرنجی ئەوانیتر.
دیارە لەو نێوەندەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین ئێمە ئەدەب و هونەرەکەشمان هەر زادەی ئەو دۆخەی کولتووریەمانە، کێشەی کولتووری ئێمە ئەوەیە نەمانتوانیووە کولتوور بەشداری لەگۆڕانکاریە عەقڵیەکانمان بکات، تێکستە ئەدەبی و کارە هونەریەکانمان دڕیژەی بە دۆزەخ بینینی کۆمەڵگای کوردیە، بۆیە نەمانتوانییووە ئەو وێنەیە لەزهنی مرۆڤی کوردیی بگۆڕین.

نیشتمان لەئەدەبی نوێی ئێمەدا چیتر خاکی گەوهەر نیە و ئاوی کەوسەر نیە، نیشتمان شوێنێکە بۆ نائومێدی مرۆڤی کوردیی، رۆژە بەراییەکانی ڕاپەرین سەرەتای تێگەیشتنی ئەدەبی ئێمەیە لەو نائومێدیە، ئەوە لێدانە لەگەشبینی ودڵەڕاوکە خستنە ناو خەونە، کاتێک بەختیار عەلی لەدیوانی گوناه وکەرنەڤاڵ دەمانخاتە بەردەم وێنەیەکی جیاوازی نیشتمان، دواتر ئەو وێنەیە لە “ئیشکردن لەدارستانەکانی فیردەوس و کتێبی پیاو کوژان” تێماندەگەیەنێت، شوێن ئەو ڕووبەرە جوگرافیەی ئێمە تیایدا دەژین، ڕووبەرێک نیە بۆ ژیان، ژیان لەدەرەوەی ئێرەیە، لێرەوە نیشتمان دەبێتە شوێنی خائین و پیاوکوژەکان، ئەو نەوە نوێیە کە ئەدەبەکەی و دەنگی نەوەکەی رووبەری دۆخێکی تاریکی نێو ژیانی دەکاتەوە، زادەی دۆخە کولتووریەکەی کۆمەڵگای کوردیە، کۆمەڵگایەک کولتوور ناتوانێت بەشداری لەبەرەو پێشچوونی بکات، هەموو گەڕانەوەیەک بۆ نیشتیمان گەڕانەوەیە بۆ سەر خاکێکی سووتاو، وەک لەلای شێرزاد حەسەن لە ڕۆمانی “تەمی سەر خەرەند” هەموو گەڕانەوەیەک تەنیا سۆزێکە بۆ ڕابردوو لەناو مناڵی کوژراودا، چوونەوەیە بۆ سەر خاکێکی سووتاو، سرووشتی کوژراو لەلای شێرزاد حەسەن و شێرکۆ بێکەس وێنەیەکی دیاری ئەدەبی نوێی ئێمە پێکدێنێت، سرووشتێک گەر لای شاعیرێکی وەک گۆران مانای جوانی بگرێتە خۆی و بکەوێتە ستایشکردنی، بەلام لەلای شێرزاد سروشتێکی کوژراوە بەهۆی دۆخی سیاسی لەلایەک و لەلایەکیتریش کولتوور هۆکارێکیتری ئەو مەرگەیە، چونکە نایەوێت بەسەر خۆیدا بکرێتەوە، وەک لە چیرۆکی “تێکئاڵان” سەرەنجام دوو عاشقەکە دەگەڕینەوە دڵی سرووشت، ئەو بێئومێدیە وابەستەی داخرانی کولتووریە، وەک چۆن لەلای شێرکۆ لە “دەربەندی پەپوولە” خودی سرووشت خۆی کوژراوە، بۆیە گەڕانەوەی شێرکۆ بۆ نیشتیمان گەڕانەوەیە بۆ ناو سرووشتی کوژراو.

ئەوە تەنیا شیعر و ڕۆمان نین وێنای نیشتمان لەو فۆڕمە دەخەنە ڕوو، فیلمی “ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان” ی بەهمەنی قوبادی وێنەیەکی تری شوێنە وەک ڕووبەری نائومێدی مرۆڤ، جیتر ئومێد خاڵێک نیە ئێمە لێی بڕۆینە ناو ژیان، بەڵکو ئەوە ئازار وکارەساتەکانن، خەونی ئێمە لەژیاندۆستیەوە دەگۆڕن بۆ خەونی مانەوە لەژیان، ئەوەی هەیە خەون نیە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ نەمردن، دووبارەکردنەوەی هاوارێکیتری دڵداری شاعیرە بۆ ئەوەی کەس بەئێمە وەک نەتەوە نەڵێت مردووین، بەڵکو زیندووین، بەڵام بەڕاست ئێمە زیندووین؟ ئاخۆ جێهێشتنی نیشتمان هەڵەیەکە و گەنجان پێی هەڵدەستن؟ لەکاتێکدا نیشتمان وێنەیەکی نێو کولتوری ئێمەیە بۆ جێهێشتن، ئەوەش دەرگا لەنووسینیتر و قوڵبونەوە دەکاتەوە کە بچینە نێو بابەتی ترەوە، هەوڵ دەدەین لەداهاتوودا سەر لەنوێ بگەڕێینەوە سەری، تاوەکو لەوێنەی نائومێدێکەوە سەیری ئومێدێک بکەین لەدەرەوەی ناشوێن.

بەبێ تاریکردنی وێنەی ئومێد سەختە بتوانین خەون ببینین، ئەوەی ئێمە لەبەردەم نائومێدی ڕادەگرێت، ئەو وێنەیە نیە، بۆچی سەریاسی سوبحدەم لەدواهەمین هەناری دونیا وەک نەوەیەک نەک هەر خاکەکەی سوتاوە، بەڵکو خۆشی سوتاوەدا ڕامانبگرێت، بەڵکو ئەو پرسیارەی گرنگر ئەوەیە، ئایا ئێمە وەک موزەفەری سوبحدەم لەدەریادا ڕووداوەکان دەگێڕینەوە، نیشتمان جێدێلین و ڕووەو دەریا هەنگاو دەنێین، ئەوانەی لەوێ دەمێننەوە کێن؟ ئاخۆ ئێمە ئەدەبێکمان هەیە وێنەی نیشتمان وەک شوێنی ئومێد بخاتە ڕوو؟ کاتێک باس لەئومێد دەکەین، قسەمان لە ئومێدە وەک خەونی مرۆڤ، نەوەک فریودانی مرۆڤ بێت، بەوەی جوانی نیشتمان بە ئاستێکە لەدەرەوەی ستایش ناتوانین شتێکیتری لێ بکەین.
کێشەی ئێمە ئەوەیە ئەدەبی ئێمە وێنەیەکی بۆ نیشتمان خستە ڕوو، ڕووبەرێکی بۆ ئومێد نەهێشتەوە، ئەو نائومێدیە وایکرد “جوگرافیای شوین ببێت بە منداڵدانی ئەدەبی نائومێد”

نیهاد جامی/ پۆڵەندا




نۆڤلێتی “من لەماڵی سەرۆک بووم” … نیهاد جامی

نۆڤلێتی “من لەماڵی سەرۆک بووم” لەئێستادا لەسەرجەم کتێبفرۆشیەکانی کوردستان دەست دەکەوێت لەداهاتووشدا وەک کتێبی ئەلکترۆنی لە دەنگەکان بلاو دەبێتەوە .




خەیاڵی ئەدەبی و مرۆڤی بێ خەیاڵ … نیهاد جامی

تێکستی ئەدەبی نووسینەوەی مێژوو نیە، وەک چۆن وێنەگرتنەوەیەک نیە بۆ دنیای واقیع، بەڵکو بەرهەمهێنانەوەیەکی نوێیە، وا دەکات هەر یەکە لە مێژوو واقیع لەناو تێکستەوە بخوێنرێنەوە، نەوەک تێکست لەنیگای واقیعەوە سەیر بکەینەوە، ئەو تێگەیشتنە ئەدەبیەی دەیەوێت تێکستی ئەدەبی ئاوێنەیەک بێت بۆ وێنەی واقیع و مێژوو، لەبنەڕەتدا بێبەهاکردنی تێکستی ئەدەبی و کوشتنی ڕۆحی داهێنانە، چونکە تێکستی ئەدەبی دەیەوێت ژیان لەناو ژانری تێکستەکەوە ببینرێت، نەوەک تێکست دادگایی بکرێت لەناو دیکۆمێنتی مێژوویدا.

ئەدەب نووسینەوەی مێژوو نیە، ئەدەب خوڵقاندنەوەی دنیابینیەکی نوێیە، ئەوانەی دەیانەوێت ئەدەب تێکستی مێژوویی بنوسێتەوە، باشتر وایە بگەڕێنەوە ناو کتێبە مێژوویەکان، ئەدەب خوڵقاندنەوەی چیرۆک و نووسینەوەی ساتەوەختێکی کەشف نەکراوە، ئەوە لادانە لە مێژوو.. وەک چۆن لێدانیشە لەتۆماری ڕوداوەکان.. چونکە ئەدەب مێژوو ناگێڕێتەوە، ھێندەی مێژوو دەکاتە بیانوویەک بۆ چوونە ناو تێکست.

ئەو دیدگا ڕەخنەییەی تێکست دادگای دەکات لەڕوانگەی مێژوودا، دیدێکی دەروونیە نەوەک میتۆدی، کێشەی لەگەڵ تێکست نیە، بەڵکو کێشەکە لەدەرەوەی بونیادی نووسینەوەیە، کێشەیە لەتەک شوناسی نووسەردایە، کوردیی بوون بۆتە گرفتی ئەو دیدگا ڕەخنەییە، دێت بەپێی لۆژیکی مێژوویی و دنیای واقیع سەیری تێکستی نووسەری کورد دەکات، بەڵام لەسەیرکردنی بۆ تێکستی جیهانی ئەو لۆژیکە فەرامۆش دەکات، لەسەر بەرواری ڕووداوێکی مێژوویی نێو ڕۆمانێک باس لەوە دەکات کەوا مێژوو شێوێندراوە، بەڵام هەرگیز بوێری ئەوەی نیە بەهەمان لۆژیک قسە لەڕۆمانێکی جیهانی بکات، ئەویان وەک بەرهەمی خەیاڵی نووسەر دەیبینێت، بەڵام بۆ تێکستی کوردی وەک شێواندنی مێژوویی سەیری دەکات.

بۆیە ئەو ڕوانینە ڕەخنەییە لەدەرەوەی خوێندنەوەی تێکستەوە هاتۆتە بوون، هێندەی بڕوا نەهێنانە بەتوانای نووسەری تێکست، نەک خودی تێکستەکە، ئەوەش چەندە پەیوەندی بە دۆخی دەرونی ئەو بانگەشەکارە ڕەخنەییەوە هەیە، هێندەش وابەستەی کورتبینی دیدی ئەدەبیە، توانای جیاکاری نێوان تێکستی ئەدەبی و تێکستی مێژوویی نیە، ئەدەب ڕووبەرێکی زمانەوانی سەربەخۆیە، پەیوەندیە دەلالی و سەستمە زمانەوانیەکەی وێنای سەر لەنوێی پەیوەندیەکان دەکات، لێرەوە مرۆڤەکان بەرهەمی دۆخی کۆمەلایەتی و سیاسی و مێژوویی نین، هێندەی وابەستەی دنیای ناو تێکستن، رووداوێک نیە ڕوویدابێت، ئەوە دنیایەکە لەناو تێکست دێتە بوون، دنیایەک هەڵگری گوتارێکی جوانیناسیە، دەرخستنی قێزەونی دنیایەکە، وەک کاردانەوەیەکی ئەخلاقی ناو تێکست، ئەوەش بۆ خۆی گومانکردنە لە مەعریفەی زانراوی مێژوو، گومان دەگۆڕێت بە پرسیار لەبارەی نووسین و جوانی.

لەو کاتەدا نووسین به‌ته‌نیا پێویستی به‌عه‌قلێكی بیركه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، عه‌قلێك په‌یوه‌ست بێت به‌دیدی‌ جوانیناسیانه‌، بۆیه‌ ئه‌و جۆره‌ نوسینانه، ڕه‌نگه‌ نه‌گه‌ڕێن به‌دوای سواڵكردنی خوێنه‌ر، هێنده‌ی ڕووبه‌رێك ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ خۆی خوێنه‌ر هه‌ڵبژێرێت، لێره‌وه‌ په‌یوه‌ندیی نووسه‌رو خوێنه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان تاك نیه‌ به‌ كۆمه‌ڵگاوه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی دوو مرۆڤ ده‌بێت كه‌ هه‌ردووكیان به‌دوای جوانی ده‌گه‌ڕێن، لێره‌وه‌ پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ وه‌ك كرده‌ی نووسین دێته‌ بوون، چونكه‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌دایكبوونه‌وه‌، بۆیه‌ گه‌ر ئه‌و نمونه‌یه‌ی ئه‌فلاتون كه‌ مرۆڤ له‌فڕێدانی بۆ سه‌ر زه‌وی له‌یه‌كتر جیابۆوه‌، له‌سه‌ر زه‌ویش به‌دوای ئه‌ویتری له‌ده‌ست دراو ده‌گه‌ڕێت، لێره‌دا نووسین دابه‌ش ده‌بێت بۆ سه‌ر نووسه‌رو خوێنه‌ر، ئه‌گه‌ر پۆلینێكی ده‌روونشیكاری بۆ بكه‌ین ده‌بێت بڵێین له‌و كاته‌دا نوسه‌روخوێنه‌ر مرۆڤێك بنیات ده‌نێن، به‌وه‌ی نوسه‌ر ده‌بێت به‌ (عه‌قڵی مرۆڤه‌كه‌) و خوێنه‌ریش به‌ (نه‌ستی مرۆڤه‌كه‌) بۆیه‌ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ده‌بنه‌ خوڵقاندنه‌وه‌ی مانا له‌ناو تێكستدا.

پرسیاركردن له‌باره‌ی جوانی، داڕشتنه‌وه‌ی ماناكانی بوونی مرۆییه‌، به‌وه‌ی ده‌بێت به‌و پرسیاره‌دا بچینه‌وه‌: جوانی چیه‌؟ ڕاستر وایه‌ پرسیارەکەمان فراوانتری بكه‌ین به‌وه‌ی چی جوانیه‌؟ چۆن سه‌یری جوانی بكه‌ین؟ لێره‌وه‌ وه‌ستان له‌سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ ڕه‌نگه‌ توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت، بۆشاییه‌كی تر بخوڵقێنێت، تاوه‌كو گومانه‌كانمان بۆ جوانی بنوسینه‌وه، گومان له‌وه‌ی هه‌یه‌ ناوی بنێین جوانی له‌ڕاستیدا گومانه‌ له‌مه‌عریفه‌ی جوانی‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ وه‌همی جوانیه‌، جوانیه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ له‌ناو ئه‌و زه‌مه‌نه‌ موزه‌یه‌فه‌ شاردراوه‌ته‌وه‌.

لێره‌دا كاتێ ده‌مانه‌وی بزانین جوانی چیه‌؟ ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین ئه‌وه‌ی هه‌مانبووه‌ جوانی نه‌بووه‌، چونكه‌ جوانی ئه‌و بابه‌ته‌ نووستوه‌ی ناو ناخی مرۆڤه‌، كه‌ هه‌موومان به‌هۆی وه‌همه‌كانه‌وه‌ جوانیمان خنكاندووه‌، بۆیه‌ به‌ده‌گمه‌ن كه‌سانێك هه‌ن كه‌ بتوانن ئه‌و جوانیه‌ی ناو خۆیان نه‌خنكێنن، خه‌ڵكانێك به‌ ماتریاله‌كانه‌وه‌ خۆیان فریو ده‌ده‌ن به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی جوانی ئه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌و ده‌مانه‌ی باس له‌جوانیه‌كی شاراوه‌ ده‌كه‌یت‌‌‌، ڕه‌نگه‌ وه‌ك شێت سه‌یرمان بكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ تێبگه‌ن، ئه‌وه‌ی ئه‌وان هیچ نیه‌ جگه‌ له‌خۆفریوودان ودرۆكردن به‌ناوی جوانی‌.

كه‌واته‌ چی جوانیه‌؟ جوانی بریتیه‌ له‌كۆی ئه‌و چالاكیه‌ رۆحیانه‌ی مرۆڤ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ خه‌ونه‌وه‌، خه‌ون زینده‌گی سرووشتیانه‌ی مرۆڤه‌، كه‌واته‌ سه‌یركردنمان بۆ جوانی ده‌بێت به‌ڕوانینی شاعیریانه‌، زینده‌گی شاعیریانه‌ هه‌وڵدان نیه‌ بۆ شاعیربوون، به‌ڵكو هه‌وڵدانه‌ له‌وه‌ی چۆن شاعیریانه‌ بژین وعاشقانه‌ خه‌ونی ژیانمان هه‌بێت.

خەونی ژیان وێناکردنەوەی بوونە لەناو تێکستدا، زیندەگی شاعیریانە تێپەڕینە بەناو زمان، کێشەی ئەو جۆرە مرۆڤە ئەوەیە ناتوانن بوناو زمان تێپەڕن، بۆیە تۆمەتی مێژوویی و زمانەوانی دەبەخشنەوە، ئەوان کە لەبونیادی کەڕنەڤاڵی تێکست و فرە ئاستی زمان تێنەگەیشتن.. خێرا لیستی تۆمەت بەخشینەوەیان هەیە، ئەوە کێشەیەک نیە لەگەڵ تێکست، کێشەی فراوانی زمانی نووسەرە کە تێکستێکی بەرهەم هێناوە سنوری عەقڵی ئەو جۆرە مرۆڤەی تێپەڕاندووە، بۆیە دێت دەکەوێتە سەنگەری دادگایی کردنی نووسەر لەناو تێکستدا، پڕۆسەی دادگایی کردنەکە هەوڵێکە بۆ کوشتنی خەیاڵ و گەڕانەوەی تێکست بۆ ناو بونیادی مێژوویی و واقعی، لەو ساتەشدا ئەوەی دەکوژرێت خەیاڵی ئەدەبیە، کە نایەڵن زیندەگی خۆی بژیێت.

لێرەدا ڕووبەری ئەو پرسیارە دەبینەوە، مرۆڤی بێ خەیاڵ بۆچی دەیەوێت، ئەزموونی بێ خەیاڵی خۆی بگوازێتەوە ناو زیندەگی تێکست؟ ئاخۆ ژیانی دەرەوەی خەیاڵ و نووسینەوە لەناو ڕووداوەکان وەک ئەوەی ڕوویداوە، نەک وەک ئەوەی تێکست پێیدا تێدەپەڕیت، چی بە مەعریفەی ئێمە دەبەخشێت و چێژی گێڕانەوەو خولقاندنەوەی نووسین لەکوێدایە؟ ئەوە پرسیارێک نیە لەهیچ خوێنەرێکی بەئاگا بکرێت، بەڵکو پرسیارێکە بۆ گێڕەرەوەکانی نێو مێژوو کە خوازیارن تێکستی ئەدەبی تێکستی مێژوویی بێت، لێرەدا پێویستە ئەو پرسیارە لەخۆیان بکەن؛ ئێستابوونی تێکستێکی ئەدەبی لەکوێدایە کە سەر لەنوێ مێژوو بنووسێتەوە؟ با نەچینە سەر ئەدەبی نوێ، هەر چاوێک بە ئەدەبی کلاسیک بگێڕین، چەندین نووسەر هاتوون کاریان لەتەک ڕووداوێکی مێژوویی کردووە و سەردەمی نوێی خۆیان پێ خوێندۆتەوە ئاخۆ ئەو کەسانە بوێری ئەوەیان هەیە بلێن بۆچی مێژوویان شێواندووە؟ بەدلنیاییەوە جگە لەبێدەنگی هیچی تریان لێ نابیستین، بۆیە گرفتەکە لە بێ بەهرەیی مرۆڤە بێ خەیاڵەکانە کە خوازیاری کوشتنی خەیاڵی ناو تێکست و بونیادە زمانەوانیەکانن.




بۆشاییەکانی نووسین ڕووی دووەمی تێکست … نیهاد جامی

ئاخۆ لەڕێگەی بۆشاییەکانی نووسینەوە دەتوانین ڕووی دووەمی تێکست ببینین؟ ئەو بۆشاییانەی ناو نووسین لەکوێدان؟ ئەی ڕووی دووەمی تێکست چیە؟
سارتەر پەیوەندی نێوان خوێنەر ونووسەر ناو دەبات بە کەلێنێک،ئەوە بۆشاییەک لەنێوان نووسەر وخوێنەر، بەواتای پەیوەندیەک درزێکی هەیە، هەمیشە پێویستی بە ئیشکردنەوەیە، ئەو تێگەیشتنە سارتەریە لەوێ تەواو دەبێت، خوێنەر لەڕێگەی ماناوە بۆشاییەکە پڕ دەکاتەوە.
بۆشاییەکانی نووسین کارێکە بێویستی خۆمان گەڕانە بەدوای بەدوای منی خوێنەرو ئەوی نووسەر، ئەوەی دەکەوێتە نێوان ئێمە ئەوە بۆشاییەکانی نووسینە، ئەو بۆشاییانە لەڕێگەی سەر لەنوێ نووسینەوە دەکەوینەوە ناو خوڵقاندنەوەی مانا.

بۆشاییەکانی نووسین ھەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەساتەوەختی کردەی خوێندنەوە تاوەکو مانا بە تێکست ببەخشینەوە، بەخشینێک وابەستەی خوێندنەوەی بۆشاییەکانە لەڕێگەی نووسینەوە.
ئەوە خوێندنەوەی ڕەخنەیی نیە، ھێندەی ئامادەبوونی منی خوێنەر لەبەردەم کردەی خوێندنەوەدا، منی خوێنەر چۆن ھەوڵی نووسینەوەی ئەو بۆشاییانە دەدەم کە دەکەونە نێوان من و تێکست، ئاخۆ ئەو نووسینەوەیە ڕزگارکردنی منە لەناو پەیوەندیی نووسەر بە تێکست؟ یاخود ئازادبوونی منە لەناو تێکستدا؟
خوێنەر لەناو تێکستدا وەک نووسەر دەردەکەوێتەوە، پڕۆسەی خوێندنەوە بەرهەمهینانەوەی مانایە، ئەوەش وادەکات خوێنەر ڕووی دووەمی تێکست ببینێت، ڕووی دوەمی تێکست بەرەنجامی یادەوەری زمانەوانی تێکستە.
فەیلەسوفێکی وەکو ژۆلیا کریستیفا لەکتێبی “زانستی تێکست” ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، تێکست ببێتە ناوەندی زانینێک توانای ڕووبەرێکی زمانەوانی هەبێت بۆ ناسینی کۆمەڵگا لەتەواوی ئاستە کۆمەڵناسی و دۆخی دەروونی مرۆڤەکانی ناو تێکست.

ئەو ڕوانینە کریستیڤیە بەتەنیا لەلای دستۆفسکی دەیبینین، هەر بۆیە شتێکی سەیر نیە، خۆشی بۆ ئەو بگەڕێتەوە، چونکە هەردوو ڕۆمانی “تاوان وسزا” و “برایانی کارامازۆف” دوو تێکستن لەئاستی کۆمەڵناسی و دەروونشیکاری و گومانی فەلسەفی مرۆڤ، ئەوەیان دەشێت لەداهاتوودا ڕووبەری نووسینی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت.
هەڵبەت ئەو تێگەیشتنە بۆ تێکست وێنەیەک نیە ڕۆماننوسەکانیتر بتوانن لەو ئاگاییەوە ڕۆمان بنووسن، ئەوە وەک گریمانەیەکی تایبەتی دستۆفسکی دەیبینین، بەڵام بەو مانایەش نیە کە نەتوانرێت تێکست بێتە ناویەوە، بەڵام کاتێک ئەو ئاگاییە لەلای میلان کۆندێرا دەبینینەوە، دەکرێت ناوی بەرین بە ” ڕووی دووەمی دستۆفسکی”
کۆندیرا لە ڕۆمانی «ئاھەنگی ماڵئاوایی» كە ڕەووف بێگەرد کردوویەتی بە کوردیی، جگە لەخوڵقاندنی ڕووبەرێکی فراوانی زمان بۆ ئازادی ئینسان، ھەوڵی خوڵقاندنی چەمکی جیاوازی پەیوەندی و تێگەیشتنەکانی دەدات، وێنەی ڕاستەقینەی مرۆڤی ھاوچەرخ لەنێوان مەعریفە و ویست بەرجەستە دەکات، چیتر وێنەکان خاوەنی دیدێکی ئەخلاقی نین، بەڵکو ویستی نیتچەیی مەعریفەش زەوت دەکات، وێنەیەکی فرەیی مرۆڤەکان بۆ تاکە کەسێک بەرجەستە دەکەن، ئەو فرەییە خوڵقاندنی مانای جیاوازی مرۆڤە بۆ دۆخی دەروونی و شوناسە ئەخلاقیەکەی، ئەوەش لە کارەکتەری رۆزینا دەردەکەوێت، ئەو کچەی یاکوب لەدوایەتی تا حەبە ژەھرەکەی لێ وەربگرێتەوە نەبادا لەگەڵ ئەوانیتر بیخوات و بمرێت، لێرەدا یاکوب نمونەی کارەکتەرێکی مرۆڤدۆستە لەھەمان کاتدا گوناھێک دەکات نەک لەبەر ئەوەی ئارەزووی دەکات، بەڵکو بۆ تێکنەشکاندنی ناخی کەسێکیتر، بۆیە کاتێک ئۆلگا ناچاری دەکات سێکسی لەگەڵ بکات، لەکاتێکدا ئەو خۆی ئەو کچەی پەروەردە کردووە، وەک ھەستی باوکێکی ڕۆحی گۆشی کردووە، لێرەدا ئۆلگا وێنەیەکیتری لۆلیتا بەرجەستە دەکات بۆ تێکشکاندنی وێنەی باوک، فرانتا گەنجێکی ترەو بەراستی عاشقیەتی، عەشق بەرەو شەرکردن و سەرە ڕۆیی دەبات تا لەوانیتر بیپارێزێت، کلیما مۆسیقارێکی گەریدەی ژنە لەلایەک خۆشەویستی بۆ ھاوسەرەکەی کە ناتوانێت دەستبەرداری بێت، کەچی شەوێک سێکسی لەگەل رۆزینا کردووەو سکی پڕ کردووە، دواتر دەیەوێت فریووی بدات کە گەر مناڵەکەی لەبار بەرێت ئەوە دەیکات بە ژنی خۆی.‬

لەنێوان فرە تێگەیشتنی پیاوەکان بۆ رۆزینا، کەچی ڕۆزینا لەئەنجامی خەوتن لەگەل بارتلیف تێدەگات، دنیا پەناو یەک پیاو کۆ نەبۆتەوە، ئەوەتا لەسێکسکردنی لەگەڵ بارتلیف دەزانێت سەرباری جیاوازی تەمەن کەچی گەیشتووە بە چێژ و شادیەکی ڕۆحی وجەستەیی، ئەوەش وایکردووە کۆندێرا مۆتیڤێکی فرەیی بۆ تێگەیشتنی مرۆییانە لەسەر پەیوەندی و چۆنیەتی ڕوانین بۆ ژیان بخاتە ڕوو.

کاتێک پێشبینیەکان کە دەڕەونەوە، دواتر لەشوێنێکیتر سەر ھەڵدەدەنەوە، کە دەبنە مەرگی رۆزینا، لێرەوە نووسەر وەزیفەی ڕۆمانووس بەتەنیا لەناوکۆیی تێکست ناھێلێتەوە، بەڵکو دەیھێنتە قسەکردن، لێرەدا ئەو ڕووەی دستۆفسکی بەڕوونی لەلای کۆندێرا دەبینینەوە، ھەڵبەت کۆندێرا لەڕوانینە تیۆریەکانی بۆ ڕۆمان ئەو باسەی کردۆتەوە کە چۆن ئەو ڕووبەرە کراوە بە تێکستی ڕۆمان ببەخشێت، لەو ڕۆمانەشدا تێکست وەک ڕووبەری ئاخاوتنی مرۆڤ لەژیان دەبینین کە چۆن ئاگایی مەعریفی کارەکتەر وەک زھنیەتی خۆی ڕووداوەکانی ژیانی پێ دەخوێنێتەوە.
لێرەوە تێدەگەین کەوا میلان کۆندێرا دەیەوێت وەک ڕوویەکی ئەخلاقی کارەکتەر دیوی دووەمی دستۆفسکی بنووسێتەوە، تەنانەت کارەکتەری ئۆلگا کە ناوێکی ڕووسیە وەک دەنگی ناو تێکستی دستۆفسکی و کولتوورەکەی ھاتۆتەوە، کە ئەوەیان لای میخائیل باختین بە ئیدیۆلۆژیم ناو براوە.

مرۆڤی ھاوچەرخ لەڕووی سایکۆلۆژیەوە مرۆڤێک نیە خاڵی لەو وێنە ئەخلاقیەی دستۆفسکی وێنای کردووە، سەرەنجام کلیما چەندە ھونەرمەندێکی بەتواناو ناسراو بێت، ھەر وەک ڕاسکۆلینکۆف ڕەوایەتی بە کوشتن دەدات، بۆیە دڵخۆشە بە مەرگی ڕۆزیناو تەنانەت بەو تۆمەتە ئەخلاقیانەی کە دکتۆر سکریتا درووستی کردووە، لێرەدا دەردەکەوێت دامەزراوە فەرھەنگی و ئەخلاقیەکان بەپێی ویستی خۆیان دەسەڵات بەرھەم دێننەوە، کلیماو سکریتا دوو نموونەی زیندووی ئەو دەسەڵاتەن.

ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستییە کە پیاوێک نیە بێگوناھ بێت، گوناھبار نەبێت، ھەموویان کە دەمامکی عاشق بوون و مرۆڤی مۆدێرنیان لە ڕووخسارە کەچی لەبنەڕەتدا ڕووی شاراوەیان وێنەی گوناھباربوونیانە، وێنەی دووەم کە وێنە ڕاستەقینەکەیە وێنەیەکی شاردراوەیە لە ژنەکان، بۆیە ژنەکان عاشقی وێنەی یەکەم بوونە، کە وێنە ساختەکاریەکەیە. وێنەیەک کۆندێرا ڕۆمان وەک تێکستێک دەخاتە ڕوو، کەتەنیا تێکستێکی ئەدەبی نەبێت، بەڵکو توێژینەیەکی کۆمەڵناسیانە بێت لەڕووی پەیوەندی کولتووریی مرۆڤەکان بە کۆمەڵگاوە.‬‬

لێرەدا پێویستە ئەوە فەرامۆش نەکەین، کە کارەکتەری ئۆلگا لەو ڕۆمانەدا بەتەنیا ناوێکی ڕووسی نیەم بەقەد ئەوەی گەڕانەوەیە بۆ ئەو پڕۆژە کریستیڤییە، کە تێکست ڕووبەرێکی زانستیە بۆ ناو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان، لەهەمان کاتیدا یادەوەری ئێمە بەشداریەکت پتەو دەکات لەناو تێکستدا، ئەویش بەگەڕانەوەی دستۆفسکی لەڕێگەی ئۆلگا و ئەو گؤڕانکارییەی لەناو تێکستدا خولقاندویەتی، دستۆفسکی دەبێتەوە بەشێک لەناو زانستی تێکست.




نووسینه‌وه‌ی خود وه‌ك گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی … نیهاد جامی

مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی بیركه‌ره‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ له‌ كۆژیتۆكه‌ی دیكارت تێی گه‌یشتین، كه‌ خودی مۆدێرنه‌ خودێكی دیكارتییه‌، بۆیه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ بیركردنه‌وه‌ی وابه‌سته‌ی بوونیه‌تی، به‌ڵام بوون بۆ مرۆڤی مه‌نفی، مرۆڤێكی له‌ به‌ھه‌شت «نیشتمان» ده‌ركراو، له‌ پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌ به‌دوای ماڵ، ئه‌و مرۆڤه‌ بێ ماڵه‌ ئۆدیبێكی سه‌رگه‌ردانه‌، ھه‌میشه‌ ده‌یه‌وێ بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام بۆ كێ بگه‌ڕێته‌وه‌؟ به‌ره‌و ماڵ بگه‌ڕێته‌وه‌؟ ئه‌و مرۆڤه‌ له‌ نائاگایی ئۆدیبیدا نییه‌ كه‌ بێ ئاگایی خۆی له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یكوژێت وێنه‌ی پاڵه‌وانی پێ نابه‌خشێت، ھێنده‌ی كوشتن ده‌یكات به‌ بكوژێك كه‌ شوناسی باوككوژی پێ ده‌به‌خشێت، ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ ھاوسه‌ری شاژن نییه‌، به‌ڵكو دایكی خۆیه‌تی.

لێره‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵ خوڵقاندنی تراجیدیایه‌، چونكه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵ له‌ ساتی وادا بیركه‌وتنه‌وه‌ی قسه‌كه‌ی ئادۆرنۆیه‌ كه‌ گوتی «شتێكی ئه‌خلاقییه‌ مرۆڤ له‌ ماڵی خۆشیدا ھه‌ست نه‌كات خاوه‌ن ماڵه‌» ئه‌وه‌ ئۆدیبه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌، ئێمه‌ ناگه‌ڕێینه‌وه‌ چونكه‌ھه‌ست ده‌كه‌ین، ماڵ له‌ غه‌ریبی ده‌ربازمان ناكات، به‌ڵكو ئادۆرنۆیانه‌ له‌ناو ماڵیش ھه‌ست به‌ غه‌ریبی ده‌كه‌ینه‌وه‌، نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ش ھه‌وڵێكی ئه‌و مرۆڤه‌یه‌ كه‌ چۆن ماڵ بنیات بنێته‌وه‌، له‌و ساته‌دا ئه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ گوته‌ ناسراوه‌كه‌ی ھایدگه‌ر كه‌ ده‌نووسێت «زمان ماڵی بوونه‌»
ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ماڵه‌ بنیات بنێین، ده‌بێت ئاگایی خود بكه‌ین به‌ ئاگایی زمان، لێره‌وه‌ نووسینه‌وه‌ی خود ده‌بێته‌ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی، ماڵی زمان «ئه‌ده‌ب» ماڵێك له‌ڕێی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك ده‌بێته‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌، وه‌ستانه‌ له‌ به‌رده‌م پرسیار: بۆ ڕۆمان ده‌نووسم؟
به‌ر له‌وه‌ی وه‌ڵام به‌و پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌، باشتر وایه‌ كۆمه‌كی خۆمان بكه‌ین به‌ گوته‌یه‌كی ئێدوارد سه‌عید كه‌ ده‌ڵێت «نووسین تاقه‌ ماڵێكه‌ له‌ ئارادا مابێت، ده‌نا له‌ ھه‌موومان و شوێنێكی تر ماڵ له‌ ده‌ست ده‌رچووه‌ و وێرانه‌» ماڵی نووسین ماڵی ڕاسته‌قینه‌ی ئێمه‌یه‌ كه‌ ماڵمان له‌ ده‌ست دا، ئیتر ده‌بێت له‌ناو ماڵی نووسین «زمان» بوونی خۆمان بدۆزینه‌وه‌، لێره‌وه‌ ڕۆمان نووسین ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای نووسینه‌وه‌ی پێوه‌ندی خود به‌ ماڵ، پێوه‌ندییه‌ك ئه‌گه‌ر كه‌سانێك وه‌ك غه‌ریبییه‌ك بیبینن، به‌ڵام ئه‌وه‌ غه‌ریبتر نییه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ ماڵی ناو نیشتمان، بۆیه‌ نووسین وه‌ك ڕۆمان ئاماده‌بوونی منی نووسه‌ره‌ بۆ ناو ماڵ، كه‌واته‌ نووسه‌ر كێیه‌؟

ئه‌وه‌ پرسیاره‌ فۆكۆیییه‌كه‌ بوو كاتێك دوای كتێبی «وشه‌كان و شته‌كان» له‌ گفتوگۆیه‌كی فه‌لسه‌فی ئاراسته‌ی كرا، نامانه‌وێ لێره‌دا به‌ده‌ره‌نجامی فۆكۆیی له‌ پرسیاره‌كه‌ ده‌ربچین، ھێنده‌ی شوناسی نووسه‌ر بوونی مرۆڤێكی بێ ماڵه‌، قه‌ره‌جێكه‌ ڕه‌شماڵی بچكۆله‌ی ھه‌ڵداوه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا ڕه‌شماڵێكی چكۆله‌م تیا ھه‌ڵدا و ناوم نا «له‌ ئۆكتۆبه‌ردا كوژرام» كه‌ وه‌ك غه‌ریبێك سه‌یر كرام و به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كقن خۆم گه‌یانده‌ ئیتالیا، تا ئێسته‌ چوارجار ڕه‌شماڵم ھه‌ڵداوه‌ كه‌ گێڕانه‌وه‌ی ڕه‌شماڵی داھاتوو له‌ژێر ناوی «من له‌ ماڵی سه‌رۆك بووم» ده‌بێته‌ پێوه‌ندیه‌كی تری من به‌ ماڵ.
ئه‌وانه‌ بۆ خۆیان له‌ ئاستی خودگه‌رێتی و نووسینی ئه‌ده‌بی ھه‌ڵگری ئازارو پرسیاری تایبه‌تن بۆ من كه‌ ھه‌وڵ ده‌ده‌م له‌ چه‌ند گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه‌ ھه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ر بكه‌م


كاتێك نیشتمان جێدێڵێت، ئه‌و جێھێشتنه‌ به‌ته‌نیا سه‌فه‌رێك نییه‌ بۆ شوێنێكی نوێ، به‌ڵكو سه‌ره‌تای وه‌ستانی گومانێكه‌ كه‌ ئاخۆ ده‌توانی دابڕانێك له‌گه‌ڵ نیشتمان بخوڵقێنیت؟ ئه‌و گومانه‌ ده‌بێته‌ پرسیارێك، له‌ ساته‌وه‌ختی سه‌فه‌ر دڵنیایی به‌خۆت ده‌به‌خشیت كه‌ ئیتر ئێره‌ خاڵی دابڕانی تۆیه‌ له‌ نیشتمان، ئه‌وه‌ش پێوه‌سته‌ به‌و تووڕه‌یییه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی بونیاده‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئاینییه‌كانیت به‌دڵ نییه‌، كه‌چی دواتر نیشتمان شتێك نییه‌ جێی بێڵیت، ئه‌وه‌ی جێتھێشتووه‌ وێنه‌ جیۆگرافییه‌كه‌یه‌تی نه‌ك ئینتیما ئه‌خلاقییكه‌ی، ئه‌گه‌رچی خێرا به‌سیسه‌تمی ئه‌وروپی و كولتووره‌كه‌ی ئاشنا ده‌بیت، به‌ڵام بۆ مرۆڤگه‌لێك كه‌ ھه‌ڵگری خه‌ون و پڕۆژه‌ی بیركردنه‌وه‌ بێت، ناتوانێت دابڕان له‌ وێنه‌ جیۆگرافییه‌كه‌ بكات به‌ دابڕان له‌ ئینتیمای مرۆڤ بۆ نیشتمان، ئه‌و لۆجیكه‌ بۆ گه‌نجانێكی تووڕه‌ی ناو نیشتمان ھیچ نییه‌ جگه‌ له‌ گاڵته‌جاڕییه‌ك، وه‌ك چۆن پێشتر ئێمه‌ش خاوه‌نی ھه‌مان لۆجیك بووین، به‌ڵام دوای ھێمن بوونه‌وه‌ ئه‌وسا تێده‌گه‌یت ئینتیما شتێك نییه‌ ده‌سبه‌رداری بیت، كوردبوون شوناسێكه‌ وابه‌سته‌ی بوونت ئیتر چۆن له‌ خۆت ده‌یكه‌یته‌ ده‌ره‌وه‌؟ ئه‌و پرسیاره‌ ڕۆژانه‌ ڕووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه‌، كاتێك به‌پێی سیستمی ئه‌وروپی ناوی باپیره‌ت ده‌بێت به‌ ناوی خۆشت ده‌بێته‌ نازناو، من له‌ نیھاد جامی ده‌بم به‌ موحه‌مه‌د نیھاد، كه‌چی دواتر ناتوانم ببمه‌ خاوه‌نی ناوه‌ نوێیه‌كه‌م، بۆچی نابم به‌ موحه‌مه‌د نیھاد؟ ئه‌و ناوه‌ نوێیه‌ به‌واتای مرۆڤێك له‌ خاڵی سفره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات، ھێشتا فێری قسه‌كردن نه‌بوویته‌، نه‌خوازه‌ڵا چۆنیه‌تی ڕه‌فتاركردن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌.

ئه‌و ناوه‌ نوێیه‌ به‌واتای مرۆڤێك له‌ خاڵی سفره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات، لێره‌وه‌ خاڵی دابڕانی تۆ له‌گه‌ڵ ناوی یه‌كه‌مت له‌دایك ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی موحه‌مه‌د نیھاد قبووڵ بكه‌م. ده‌بێت ڕازی بم به‌ مه‌رگی نیھاد جامی، مه‌رگی ئه‌و مردنی فیكرییه‌ بۆ كۆی چالاكییه‌ كولتوورییه‌كانی من، بۆیه‌ سه‌خته‌ ئه‌و مردنه‌ قبووڵ بكه‌م و ناچارم ئینتیما بۆ ناوه‌ نوێیه‌كه‌م نه‌كه‌م، ته‌نیا له‌ ساته‌وه‌ختی ناچاری نه‌بێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ وابه‌سته‌یه‌ به‌ ئینتیمای كولتووریی و ئه‌خلاقی به‌ نیشتمانه‌وه‌ به‌ ئه‌زموونی خودگه‌رانه‌ی من وه‌ك مرۆڤێكی كولتووری، بۆیه‌ ناتوانم نیھاد جامی نه‌بم.


چه‌مكی گێڕانه‌وه‌ له‌ناو پانتایی ئه‌ده‌بدا، وه‌ستانی مرۆڤه‌ له‌ به‌رده‌م ڕووبه‌رێكی زمانه‌وانی، ڕووبه‌رێك گێڕانه‌وه‌ له‌ ئاخاوتنه‌وه‌ ده‌گۆڕێته‌ سه‌ر نووسین، به‌واتای ئاخاوتن ده‌ربڕینی زاره‌كی كۆتایی پێ دێنێت، نووسین له‌ دایك ده‌بێت، ئه‌و بوونه‌ نوێیه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ بوونێكی نوێ دێنێته‌ ناو زمان ئه‌ویش ده‌قه‌، ده‌ق وه‌ك پانتایی ده‌لالی زمان كه‌ وه‌ك ژیان خۆی بیبینین.
نووسینه‌وه‌ی ده‌ق وێناكردنه‌وه‌ی ژیانه‌، مرۆڤه‌كان چیرۆكی خۆیان ده‌ژین، له‌ڕێی ئه‌و ژیانه‌ نوێیه‌وه‌ نووسه‌ر گێڕانه‌وه‌ ده‌باته‌ سه‌ر مانای نه‌بینراو، مانایه‌ك ده‌بێته‌ خوڵقاندنی چیرۆك، ده‌ق ئه‌و چیرۆكه‌یه‌ كه‌ گێڕانه‌وه‌ی زاره‌كی ده‌گۆڕێت بۆ ڕووداوی نووسراو، ئه‌وه‌ش خاڵی نییه‌ له‌ پرۆسه‌ی ناونانی ژانری گێڕانه‌وه‌، ئه‌وه‌ گێڕانه‌وه‌یه‌ پانتایی فراوان به‌ چیرۆك ده‌دات و به‌ره‌و نۆڤلێت یان ڕۆمان ده‌یبات، سه‌ره‌نجام ناونان له‌نا ھه‌ر پرۆسه‌یه‌كدا بێت سه‌ره‌نجام گێڕانه‌وه‌ ده‌قی خۆی ده‌نووسێته‌وه‌، نووسینه‌وه‌یه‌ك پێوه‌سته‌ به‌ پێوه‌ندی كاره‌كته‌ر به‌ ڕووداو، به‌ ژیانێكی نوێ نووسه‌ر ده‌نگی مرۆڤه‌كانی ناو ده‌ق ده‌كاته‌ ڕووبه‌رێكی زمانه‌وانی، ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نوێی ناو نووسینه‌، لێره‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵناسییانه‌ بۆ ده‌ق ده‌بێته‌ تێگه‌یشتن له‌ جومگه‌ و پێكھاته‌كانی زمان.

ئه‌گه‌ر به‌ زمانی ژۆلیا كریستیڤا قسه‌ بكه‌ین كه‌ ده‌ق زانستێكی سه‌ربه‌خۆیه‌، ئه‌و زانسته‌ له‌ناو ڕۆماندا ھێنده‌ی له‌ناو ڕۆمانه‌كانی دستۆفسكی ده‌یبینین له‌لای ڕۆماننووسانی تر به‌و شێوه‌یه‌ ھه‌ستی پێ ناكه‌ین، ئه‌وه‌ شتێكی نوێ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ بیڵێین، میخائیل باختین زوو دركی به‌وه‌ كردووه‌ و كریستیڤاش له‌ كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ بۆ دستۆفسكی ده‌كاته‌وه‌.
كاتێك بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ڕۆمانی «تاوان و سزا» ده‌بینین ڕۆمان ده‌قێكه‌ ھه‌ڵگری زانستێكی سه‌ربه‌خۆی زمانه‌. ڕووبه‌رێكی ده‌روونشیكاری و كۆمه‌ڵناسییه‌، ئه‌وه‌ش ده‌ق وه‌ك زانستێك له‌ناو تیۆری زانسته‌كان پێوه‌ندی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی و ناسینی ئه‌وانی تر و ده‌روونی مرۆڤه‌كانی تیا ده‌ناسین.
ئه‌و دیده‌ تایبه‌تمه‌نده‌ ھێنده‌ ده‌گمه‌نه‌ زیاتر لای دستۆفسكی ده‌رده‌كه‌وێت، ھه‌ڵبه‌ت له‌ھه‌ندێك ھه‌وڵی ده‌گمه‌نی ڕۆماننووسانی تردا ده‌یبینینه‌وه‌ وه‌ك له‌ ڕۆمانی «ئاھه‌نگی ماڵئاوایی» میلان كۆندێرا، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ كه‌ ده‌ق وه‌ك زانست ببینین ڕووبه‌رێكی تایبه‌ته‌ به‌ دستۆفسكی.

دستۆفسكی چی به‌ ئێمه‌ ده‌به‌خشێت؟ راستییه‌كه‌ی چێژی خوێندنه‌وه‌ بوێری خوڵقاندنی پانتایی زمان له‌لامان فراوان ده‌كات، به‌ڵام ھه‌رگیز ئه‌وه‌ ھه‌وڵدان نییه‌ بۆ ڕووكردنه‌ نووسین، زیاده‌ڕه‌ویی ناكه‌ین كاتێك ده‌نووسین «كه‌س نابێت به‌ دستۆفسكی» ئه‌وه‌ راستیی ناو نووسینه‌، به‌ڵام ده‌شێت ھه‌وڵی تر ده‌رگات بۆ بكاته‌وه‌ له‌وه‌ی نه‌ترسیت چیرۆك بگێڕیته‌وه‌، چۆنیه‌تیی گێڕانه‌وه‌ پابه‌ندبوون نییه‌ به‌فۆڕمی نووسین، ھێنده‌ی چۆنیه‌تیی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌، ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه‌ ڕوویان نه‌دا، ده‌شێت له‌پاڵ ڕووداوه‌ ڕاسته‌قینه‌كان چیرۆكی شاراوه‌و نه‌زانراو ھه‌بێت، نائاگایی گێڕه‌ره‌وه‌یه‌ك دركی پێ بكات و نووسین بكاته‌ ئاگایی ڕووداو، ئه‌وه‌ ئه‌و نھێنییه‌ بوو لای من ڕۆژ به‌ڕۆژ گه‌شه‌ی ده‌كرد، تا سه‌ره‌نجام ڕۆمانه‌كانی ئه‌لیف شه‌فه‌ق بووه‌ ھۆكاری ده‌ستكردن به‌ گێڕانه‌وه‌، كه‌ تا نووسینی ئه‌و وتاره‌ شه‌ش ده‌قی گێڕانه‌وه‌ن و ته‌نیا یه‌كێكیان «له‌ ئۆكتۆبه‌ردا كوژرام» چاپ كراوه‌، بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌ ئاخۆ ئه‌وانه‌ به‌ھۆی قه‌باره‌ بچووكیانه‌وه‌ ده‌بنه‌ ڕۆمان یان نۆڤلێتن، به‌ڵكو ده‌مه‌وێت گێڕانه‌وه‌ له‌ نائاگایی ڕووداو بكه‌م به‌ ئاگایی ڕووداو، ئه‌وه‌ پێوه‌ندی به‌ شوێن ھه‌یه‌ كه‌ چۆن شوێنه‌كان چیرۆكی خه‌یاڵی له‌ زھنمدا ده‌خوڵقێنن، گێڕانه‌وه‌ له‌ ئه‌زموونی سه‌فه‌ردا نه‌یھێشت یاداشت بنووسم، چونكه‌ شتێك نه‌بوو گرنگ بێت تا یاداشت بكرێت، به‌ڵام شوێن و وڵاته‌كان كۆمه‌ڵێك چیرۆكی خه‌یاڵی ده‌خوڵقاند، له‌پاڵ ئێسته‌ و ڕووداوه‌كانی پێوه‌ست بوون به‌ یاده‌وه‌رییه‌وه‌.
سه‌ره‌نجام بۆ من ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ ھه‌وڵێكی تری نووسینه‌، ھه‌ست به‌ ئارامی ده‌كه‌م، ماڵێك چه‌نده‌ بۆ من نوێیه‌ ھێنده‌ وا ده‌كات تیای بگیرسێمه‌وه‌، ده‌شێت بۆ كه‌سانێك جێی سه‌رسوڕمان بێت كه‌وا من چی ده‌كه‌م له‌م ماڵه‌؟ به‌ڵام راستییه‌كه‌ی من له‌و ماڵه‌ دڵشكانی گه‌وره‌ له‌ به‌رانبه‌ر ژیان و ھاوڕێیه‌تی و عه‌شق، ھاتووم لێره‌ بگیرسێمه‌وه‌، بۆ سه‌ر له‌نوێ خوڵقاندنه‌وه‌ی ژیان له‌گه‌ڵ مرۆڤگه‌لێك له‌ كاغه‌ز كه‌ سه‌ر له‌نوێ نائومێدییه‌ ترسناكه‌كانمیان گۆڕی به‌ ئومێد، بۆیه‌ نووسینی ده‌ق و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی بۆ من ھه‌وڵێكی فراوانی ژیاندۆستی و دوورخستنه‌وه‌ی مه‌رگ و خۆكوشتنه‌ له‌ جه‌سته‌.


خوێنه‌رانێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی توانای گومانه‌وه‌، تۆمه‌ت ده‌گوازنه‌وه‌ ناو تێكست، ئه‌وانه‌ گومان له‌ناو بونیادی تێكست ناخوڵقێنن، چونكه‌ خوڵقاندنی گومان ده‌بێته‌ له‌دایكبوونی پرسیار، پرسیاره‌كان گوتاری ڕه‌خنه‌یییان له‌سه‌ر بنیات ده‌نرێت، ئه‌و مۆدێلی تۆمه‌ت داتاشینه‌ سه‌ره‌تا له‌ به‌رانبه‌ر ڕۆمانه‌كانی به‌ختیار عه‌لی پیاده‌ كرا، گوایه‌ ھه‌ڵه‌ی زمان و رێنووسی ھه‌یه‌ تا گه‌یشت به‌تۆمه‌تباركردنی به‌ دزین. ئێمه‌ زوو له‌و ڕۆژگاره‌دا له‌رێی نووسینه‌وه‌ به‌دژی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ وه‌ستاینه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌خلاقی خوێندنه‌وه‌ ڕێی نه‌ده‌داین بێده‌نگ بین، ئه‌و كاره‌شمان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی حورمه‌ت بوو بۆ نووسینی كوردی و ڕێزگرتن بوو له‌ تێكست.

ئه‌و تۆمه‌تانه‌ درێژ بوونه‌وه‌، نه‌خۆشگه‌لێك ئه‌مڕۆ له‌رێی تویت و پۆسته‌كانی فه‌یسبووك درێژه‌یان پێ داوه‌، یه‌ك دووانێك له‌وانه‌ بۆ منیش جنێویان نووسی لایڤیان كرده‌وه‌ كۆمێنتیان نووسی، به‌ڵام به‌یه‌ك وشه‌ش ھیچم نه‌گوت، چونكه‌ سه‌رقاڵ بوونم به‌ نووسین ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌دام بێمه‌ ناو موناقه‌شه‌ی جنێوه‌كانیان، بۆ ئه‌و ھه‌موو سووكایه‌تییه‌ی له‌ تێكسته‌وه‌ ده‌په‌ڕینه‌وه‌ سه‌ر نووسه‌ر.

ئه‌وه‌ی ئه‌و چه‌ند وشه‌یه‌ به‌من ده‌نووسێت، ته‌نیا ئه‌و بێ حورمه‌تییه‌ی چه‌ند كه‌سێك بوو كه‌ بینیم له‌ ئه‌كاونتێكدا ھه‌رچی ناشیرینی و قسه‌ی بازاڕییه‌ ئاراسته‌ی ڕۆمانه‌كانی جان دۆستیان كردووه‌، من باش له‌وه‌ تێده‌گه‌م ئه‌وه‌ گومان نییه‌ له‌ نووسین، ئه‌وه‌ نه‌بوونی توانای قبووڵكردنی توانای نووسه‌ری كورده‌، چۆن ده‌بێ بتوانێت بڕوا به‌و ھێزه‌ی نووسین بكات له‌لای نووسه‌ری كورد، ده‌نا بۆ كه‌سێكی وه‌ك من كه‌ ده‌نووسم، ڕه‌نگه‌ گرفتی من نه‌بێت له‌ چه‌ند په‌یج و ئه‌كاونت و چه‌ند لایڤ و جنێونامه‌م بۆ پڕ ده‌كه‌نه‌وه‌، ھه‌میشه‌ گوێ له‌ ره‌خنه‌كان ده‌گرم و به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌یانخوێنمه‌وه‌، به‌ڵام كاتی خۆی ئه‌وه‌ داكۆكیكردن نه‌بوو كه‌ له‌ به‌ختیار عه‌لیم ده‌كرد، به‌ڵكو قسه‌كردن بوو له‌و ھه‌موو جوانییه‌ی ناو «ئیواره‌ی په‌روانه‌» ئێسته‌ش ئه‌وه‌ داكۆكیكردن نییه‌ له‌ جان دۆست كه‌ من له‌ژیاندا نه‌ وشه‌یه‌كم له‌گه‌ڵی گوتووه‌ و نه‌ دوور به‌ دووریش بینیومه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ داكۆكیكردنه‌ له‌و جوانییانه‌ی ناو عه‌شقی وه‌رگێڕ و زه‌نگه‌كانی ڕۆما، رۆژانه‌ ھه‌ر ئه‌و مرۆڤانه‌ی سووكایه‌تی به‌ گێڕانه‌وه‌ی كوردیی ده‌كه‌ن و تۆمه‌ت داده‌تاشن، كۆمه‌ڵێك رۆمانی وه‌رگێڕاو ده‌بینن و ده‌خوێننه‌وه‌ و بۆیان كراوه‌ به‌كوردی و ھه‌ندێكیان كه‌ پڕیش بن له‌ ھه‌ڵه‌ی زمان و له‌ ئاست نزمی ڕووداویش ره‌نگه‌ نه‌توانن یه‌ك وشه‌ له‌ ئاستیدا بڵێن، چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وانه‌ نووسه‌ره‌كانیان كورد نین، ئیتر هاتوونه‌ته‌ وه‌رگێڕان، چۆنت بۆ كراون به‌ كوردی ھیچ گرفتێك نییه‌، ھه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ ره‌خنه‌ نییه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی وه‌رگێڕان، ھێنده‌ی قسه‌كردنه‌ له‌ ھه‌ندێك ھه‌وڵی ناو وه‌رگێڕان، به‌ڵام چونكه‌ رۆمانی كوردی نین ئه‌و مرۆڤانه‌ قسه‌یان نییه‌ له‌سه‌ری، بۆچی قسه‌یان نییه‌ له‌سه‌ری؟ چونكه‌ كورد نه‌ینوسیوه‌، چونكه‌ رۆژێك پێمان نه‌گوتوونه‌ چیتر نامه‌ مه‌نێره‌ من ئاماده‌ نیم له‌سه‌ر شیعری تۆ بنووسم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تۆ له‌ وتارێكدا گوتووته‌ ئه‌و چیرۆكنووسه‌ ھه‌موو ژیانی یه‌ك چیرۆكی جوانی نه‌نووسیوه‌، ئیتر ئه‌ویش ده‌بێت ھێرشه‌كانی بۆ سه‌ر تێكستێكت به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌نجام بدات بپه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ھێرشكردنی كه‌سێتیشت.

بۆیه‌ ئه‌و شه‌ڕفرۆشتنه‌ به‌ تێكستی كوردیی كه‌ پێشتر له‌ دژی شێرزاد حه‌سه‌ن و به‌ختیار عه‌لی به‌رپا كرا و ئه‌مڕۆش له‌ دژی جان دۆست و سبه‌ینێش بۆ ئه‌وانی تر زاده‌ی مه‌عریفه‌ نییه‌، ھێنده‌ی ھه‌ستكردنه‌ به‌ جوانی ناو تێكسته‌كان و شه‌ڕكردنه‌ له‌ دژی جوانییه‌ك، ئه‌وه‌ ترسه‌ له‌وه‌ی ئه‌و جوانییانه‌ نووسینه‌كانی ئه‌وان كرچوكاڵ بكه‌نه‌وه‌، ھه‌ر تێكستێك خۆی كرچوكاڵ نه‌بێت، كه‌س ناتوانێ فه‌رامۆشی بكات، جوانیی ناو ھه‌ر تێكستێكیش ئه‌وه‌ جوانی و چێژی ئه‌ده‌بییه‌ پاڵمان پێوه‌ ده‌نێت قسه‌ی له‌باره‌وه‌ بكه‌ین و داكۆكی له‌و ھه‌موو جوانییه‌ بكه‌ین و خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی بۆ ئه‌نجام بده‌ین، تا بتوانێن دیالۆگ بخوڵقێنین و جیاوازییه‌كانمانی تیا بخه‌ینه‌ ڕوو.




ئازاد سوبحی شاعیرێک لەشارێکی دژە ئەفڵاتونیدا …. نیهاد جامی

گەر تائێستا ئێمە بەو دیدە ئاشنابین کە ئەفڵاتون شاعیران لەکۆمارەکەی دەکاتە دەرەوە، ئاخۆ بەدوای ئەو دەرکردنە شاعیرەکان ڕوو دەکەنە کوێ؟ ئاخۆ وەک گەریدەیەک بەدنیا دەگەڕین، ئەزموونی بێ شاری تاقی دەکەنەوە؟
ئەو ڕوانینە بۆ گەڕان بەدوای شارێکی شاعیریانە پێویستی بەگوتارێکی خەیاڵی هەیە بەر لە شیعریی، ئێمە بەزەحمەت ڕووبەرووی ئەو دۆخە دەبینەوە، هۆیەکەشی ئەوەیە دۆزینەوەی شارێک وەک ئەلتەرناتیڤی کۆماری ئەفڵاتونی پێویستی بەگوتارێکی شیعریی هەیە، لەدەرەوەی هەستی شاعیریانە هەڵگری پڕۆژەی بیرکردنەوە بێت لەڕێگەی شیعرەوە.
ئازاد سوبحی ئەو شاعیرەی بانگەشە بۆ ئەو شارە ناکات، بەڵکو دەگەڕێتەوە ناو سرووشت، وەک مرۆڤی سەرەتایی، پەیوەندی ئەو مرۆڤە لەتەک سرووست ئەزموون دەکات، تا ئاستی گەڕانەوە بۆ سرووشت.. دۆزینەوەی شارێکی شاعیریانە بێت، بەبێ ئەوەی دوورو نزیک بەرەو دیدی ئەفڵاتونی هەنگاو بنێت، سوبحی شاعیرێکە دەمارگرژی و توڕەیی دژە ئەفڵاتونی تیا نیە، بۆیە دڵشکانی خودی دەگۆڕێت بۆ گەڕان بەدوای شارێک کە مانای بەهەشت ببەخشێتە ئەو بۆ مانەوەو بەردەوامی.

کۆی ئەو شارەی ئەو دەیەوێت بیدۆزێتەوە، بانگەشەی وتاری فیکریی نیە، هێندەی زادای تێکستێکی شیعریە بەناوی “درەختێک لەبەرد” ئەوەش گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای پەیدابوونی مرۆڤ، خود لەوە دەردەکات، بەتەنیا خودی شاعیرێک بێت کە شیعر دەنووسێت، بەڵکو ئەو خودە بۆتە کۆ دەنگی مرۆڤ، دەنگی ناو شیعر، مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤە لەسەرەتای خولقاندن وبونی، بێزاربوونی ئەو ھەستێکی ئاکاری شاعیرێکە کە ژیانی خۆی بەژیانی ھەموومان دەزانێت، ئەو گەڕانەوەیە بۆ دۆخی قوڕبوون گەڕانەوەیە بۆ تێگەیشتنە بەراییەکانی چیرۆکی یەکەمین مرۆڤ، بۆ مەرگی مرۆڤیش لەناو ئەو ھەموو وێرانیە، زمان بۆتە کەناڵی پەیوەندیی نێوان ئادەم و سوبحی، چۆن قوڕی ئادەم بەھی خۆی دەزانێت، ئاواش وردوخاشکردنی ناوی خۆی بەھی ئادەم تێدەگات، ئەوە کۆتاییەکە بۆ کەوتنی بەھا لەشوێن، ئەو دەمەی بوون مانایەکی نامێنێت و بەزمانی شاعیر ووتەنی «ئاهه‌نگ بۆ ده‌نگه‌ پووچه‌كان ده‌گێڕێ» ھێمنیەک نیە بۆ بیرکردنەوە، دەنگە پووچەکانن بەرەو ڕووی لەخۆبایی بوونەوەتەوە لەساتی بێدەنگیەکی قەرەباڵغ، ئەو شاعیریەتەی سوبحی لەو ساتەدا لەدواھەمین وێنەی سوکرات دەچێت لەساتی ژەھرخواردکردنی، شیعر لێرەدا لەو ژەھرە دەچێت کە نەمریەکی سوکراتیانە بۆ شاعیر بەرجەستە دەکات، لێرەوە شیعر لەوێنەی ڕەوانبێژیەوە نامێنێتەوەو وەک پرۆسەیەکی بیرکردنەوەی زمان ھەنگاو دەنێت.

بۆیە گەڕانەوە بۆ سەرەتا، گەڕانەوەیە بۆ ناو دۆخێکی بەرایی بوون، بەر لەبوونی ئاخاوتن و ووشەش، ئەوەش گەڕانەوەیە بۆ سەرەتایەک لەڕێگەی دڵەوە، دڵ دەبێتە ئاماژەیەکی شیعریی بۆ بوونی ئێمەی مرۆڤ، کە تیایدا خواوەند ئازادی خۆی لەئێمەدا دەرکەوتووە، ئەوە وێناکردنێکە بۆ چۆنیەتی خولقاندن و پرۆسەی بەر لەئامادەبونی مرۆڤ، کە خواوەند لەرێگەی ئامادەنەبوونی ئێمە ئازادی خۆی دەبینێت و ئێمە دەگۆرێت بۆ ئامادەبوون، لێرەدا ھەستکردن بە بوون، لەمانایەکی فراوانی بوونناسیەوە «ئەنتۆلۆژی» نەوەک مانایەکی تاکخوازی زمان بۆ شاعیرێک، بوونێک وەک ئاستی خودگەرایی بۆ شاعیر مانایەکی نەماوە، ئەوەش کوژرانی خەونە، مرۆڤ کە خەونی تیا کوژرا، ئیدی نائومێدی لەشوێنی خەون دەردەکەوێت، خەون بە نیشتیمان وابەستەی فانتازیاکانە، نەوەک پابەند بێت بە ئامادەبوون لەشوێن، ئەوە دۆڕاندنی ئازادی ئێمەیە، لێرەدا گەر بڕوانین خوداوەند ئازاد بوو بۆیە توانی ئێمە بێنێتە بوون، ئێمە کەئازاد نەبین بوونێکمان نیە، ئامادەنەبوونی بوون لەو گوتارە شیعریەدا پەیوەستە بە لەناوچوونی شاعیر کە بە نەگەڕانەوە بۆ نیشتیمان ناوی دەبات.

ئەوە گەڕانەوەیە بۆ شیعر وڕامانە شاعیریەکان، ئەو لێرەدا ئەو شوناسە شاعیریەتەی تیا دەردەکەوێت، کە لەپێناو نووسین شیعر نانووسێت، بەقەد ئەوەی ڕامان لەسرووشت وپەیوەندیە بەراییەکانی سروشت، شوێنێکی زمانەوانیە بۆ گەڕانەوەی مرۆڤ، چونکە ئەوانەی نیشتێمان لەژێر ناوی سەروەری دەکەنە ناوێکی لەخۆبایی بۆ مانایەکی قەڵەو، ئەوە چەندە وێرانکردنی نیشتیمانە ، ھێندەش بوون دەکەن بە دیوار، بەدیوارکردنی بوون، گەڕانەوەیە بۆ ناو سرووشت.
لێرەدا ئامادەبوون لەشوێن بونیادە جوگرافیەکەی واقیعە و بونیادە زمانەوانیەکەی خەیاڵە لەڕێگەی زمانی شیعریەوە، تیایدا شاعیر لەودیو مانای دیوار بەناو مانا خەیاڵیەکەی دەگەڕێت، دۆزینەوەی دیوارێکی ڕوونە، کە نەچێتەوە سەر مێژووی قوربانی و ماناکانی پیرۆزیی بۆ نیشتیمان.

کۆتایی خەون، مەرگی ئاگایی ئێمەیە لەناو بونیادە واقعیەکەیدا، لەو کاتەدا نائاگایی زمان بونیادە خەیاڵیەکەمانە، ئەوە دنیای شاعیریانەیە، کە لەواقیع و ئاگایی جیا دەبێتەوە، ھەموو خەون و ئازادیەکانی بۆ ناو بونیادە جوگرافیەکەی شتێک نیە جگە لەشێتی، لێرەدا شێتی گەر پلەیەک بێت لەودیوی عەقڵەوە، ئەوا شاعیرەکەی ئێمە لەدەرەوەی ئاگایی عەقڵەوە خەون دەبینێت، بۆ جێھێشتنی شوێن، بەھیچ جۆرێک ئەوە ھەستکردنی سوبحی نەبووە بە مردنی خود، بەقەد ئەوەی ئینتیمای شاعیریانە بووە بۆ نائاگایی زمان، کەچوونە نێو دڵی زەمین ھەستی ئیمبراتۆریەت بوونە، گەڕانەوەی ناو سەرەتایەکی شتراوسیانەیە بۆ کۆمەڵگا سەرەتاییەکان، بۆ بوونە وەحشیەکی غەمبار و دەگمەن.

بێزاربوون لەتەمەن.. بێ مانایی خودی ژیان نیە، بەڵکو شێواندنی خەونی ژیانە، زمان لەو گوزارشتە گەڕانەوەیە بۆ دنیای مناڵی، لەڕێگەی گەمەکردن بە گەڵا کۆنەکان، دیارە ئەو ئاماژەیە پەیوەندی شاعیرە بە زەمەنێکی دێرین، کە مێژووی هاوڕێیەتی ئەوی تیا دەست پێدەکات، ئەوە ساتی هاوبەشی ژیان و مردنی شاعیر و سرووشتە.
سوبحی وەک شاعیرانی سرووشت دیدی خۆی لەم تێکستە بۆ سرووشت دەکاتەوە، ئەگەر گۆران شاعیرێک بێت لەڕێگەی پایز و قەسیدەکەیدا بکەوێتە ستایش کردنی سرووشت، ئەو سرووشتە بۆ شێرکۆ بێکەس بەهۆی تراژیدیای نەتەوە لەقەسیدەی “دەربەندی پەپوولە” بکوژرێت، ئەوا سرووشت بۆ ئازاد سوبحی ئارامترین شوێنە کە هەموو سالێک ئاهەنگی یادی ڕۆژی لەدایکبوونی بۆ دەگێڕن، ئەوە وایکردووە درەختەکان بەهاوڕێی خۆی بزانێت.
ئەو نەمامێکی گرینۆکی نیو ژیان بوو، دۆڕاندنی چەمکی هاوڕێیەتی، گۆڕیویەتی بۆ درەختێکی شەرمن، ئەوەش سەرەتای هەستێکی نێو سرووشتە، کاتێک بینیویەتی هاوڕێیەتی درەختەکان گەورەی دەکەن و منالی پێ دەبەخشنەوە، بەڵام دەزانێت مناڵێکی پیرە، کە خۆی ناوی دەبات بە منداڵیکی هەشت نۆ ساڵانی سەرو ڕەش سپی.
لەشیعری نوێی ئێمەدا بەتایبەت بەدوای ئەزموونی شێرکۆ گەڕانەوە بۆ سرووشت لەمانا گۆڕانیەکە دەرنەچووە، کە مانایەکی ستایش ئامێز بووە، وەک چۆن مانا شێرکۆییەکە لەدەست دانی بەهاو جوانی سرووشت بووە، سروشت وەک کوژراوێک دەرکەوتووە.

پەیوەندی شاعیرو سروشت، پەیوەندی زمان ودارستانە، کە بەشداری لەپڕۆسەیەکی دۆنادۆنی یەکتری دەکەن، تا ئاستی ئەوەی دەفتەری یادگاریەکانی رۆژەکانی تیا تۆمار نەکردووە، ئەوەش لەبیرکردنێکە، دەشێت لەبیرکردنێکی ئەنقەست بێت، تاوەکو بوونی ئەو لەناو سرووشت لەدایک بێتەوە، باران گەڵاکان بۆ ناو ئەو دەفتەرە ھەڵفڕێنێت.
گەڵاکان چیرۆکی باران دەنووسنەوە، کە باران وشاعیر لێرەدا بەیەکدەگەنەوە، بەھۆی ئەوەی تامی باران دەچێتەوە سەر فرمێسک، ئەوەش گریانی ھاوبەشی مرۆڤ و سرووشتە،، ھەمیشە بۆ شاعیر وێنەی سرووشت لەگۆڕانکاریەکی بەردەوامدایە، ئەوە دڕدۆنگی زمان وناجێگیربوونی دۆخێکی دەروونیە کە جوانی سەراسیمەی دەکات، وێنەیەکی جێگیری پێ نابەخشێت.. کە دارستان وەک شانۆیەک دەبینێت، شانۆیەک وێنە و دیمەنەکانی گوزارشت لەسرووشت بکات، ئەوە ترسە لەکۆتایی ئەو پەیوەندیە، وەک نمایشێکی شانۆیی کۆتایی بێت.
ئەو دنیا نائاگاییە مرۆڤ دەکات بە درەخت، بەڵام بەر لەشاعیرە خەیاڵیەکان ئاسنگەر و ئەندازیارەکان چەند سەدەیەک پێشتر بۆی دەچن، ئەوان کە لەئایندەوە هاتوون بۆناو جیهانێکی کۆن، کە کتێبی کۆنە وەک دەلالەتی مەعریفە، ئەوە ئاسنگەر و ئەندازیارەکانن کتێبە کۆنەکە دەکەن بە شاری بەهەشت.

ئازاد سوبحی شارێکی دژە ئەفڵاتونی دروست دەکات، ئەگەر ئەفڵاتون لەکۆمارەکەیدا شاعیران دەکاتە دەرەوە، ئەوا سوبحی چۆتە ناو شارێکەوە خەونی بەهەشت و خەیاڵی، ئاسنگەرەکان لەم شارەدا پیشەی خۆیان مومارەسە دەکەن، دەنگی ئاسنگەرەکان کە ” وتیان به‌ ئاگر ئاسن ئه‌كه‌ین به‌ ئاو” دڵنیایی بەخشینی شاعیرە لەشاری بەهەشت.
ئەندازیارەکان لەڕێگەی نەخشەو خەیاڵەوە بەشداری لەدروستکردنی بناغەی شارێک دەکەن، زادەی دنیای نائاگاییە، شارێک وەک ئەندازیارەکان باسی دەکەن پێویستیان بە بەرد و ئاگری پیرۆزە.
پاکیزە زەمینەی پەیوەندیی شوێن دەخوڵقێنێت، تاوەکو بەخەونی زەوتکردن و گوناهکردن لەو شارە دەست پێ نەکەین، ئەوەش پیاچوونەوەیە بەیادەوەریی و زەمەن، لەڕێگەی نەخشەیەکی ڕەشەوە، کەوا لەگیرفانی نهێنی شەو دەریکردووە، یاری مناڵان و ڕەنگکردنی نەخشە بەقەڵەمی پاستیل، سەرەتای بونیاتی زەمینی شارێکە لەڕێگەی پاکیزەییەوە، لێرەدا گەورەبوون خەونێکە وەک یاریەکی مناڵانە دەرکەوتووە، خەونێک لەگەورەبوون دەستکاری خەریتەی دنیا دەکەن.

بنیاتی شارەکە لەسەر بنەمای خەریتەو خەونی مناڵەکان، بۆیە پاکیزەیی و ڕەنگ وێناکردنی شاری شاعیرەکانە، کە پاکیزەیی داگیری بکات، وەک چۆن ئەوەی شاعیرەکەمان بەدڕێژایی قەسیدەکە لەگەڵی دەڕوات، پەیوەندیی مرۆڤ و سرووشتە، پەیوەندیەک لەدەرەوەی سنور، بەپێی شەریعەتی خەیاڵ وێنای ژیان دەکات.
لێرەدا لەم شارە نوێیەدا گوڵ و باران دوو ئاماژەی ڕوونی ناو ئەو پەیوەندیەن لەگەڵ مرۆڤ، ، شاعیر دەیەوێت لەگەڵ گوڵ بچێت بۆ ئاسمان، ئاسمان دەستبەرداری ئەو وێنەیە نەبووە، خودا لەئاسمانە و گوڵ بەدڵنیاییەوە باس لەوە دەکات، خوا گوڵی خۆشدەوێت، بەواتای سەفەری بێ سنور لەگەڵ گوڵ بۆ ئاسمان، بەرهەمهینانەوەی جوانی و چێژە، ئەوە چێژی خۆشنودی ڕۆحی مرۆڤە، بۆیە خۆ ڕووتکردنەوەش لەگەڵ باران و تلدان لەناو چیمەنەکان، کاتێک چۆلەکەکان لەسەر پشتی خۆی دەشۆن، چەندە وێنەیەکی شیعری ئاست بەرزی زمانە، لەهەمان کاتدا وێنەیەکی فیکریی مرۆڤە لەشاری خەوندا، شاری خەیاڵ، ئەو شارەی سوبحی دەستبەرداری ئەو گومان و دڵەڕاوکەیە نابێت، بەوەی قسەی گوڵەکەی خەیاڵە، خوا گوڵی خۆشده‌وێ.

ئازاد سوبحی شاعیری ساتی دڵنیایی نیە، بەڵکو شاعیری ناو ساتە گوماناویە تاکخوازیەکانە، ئەو گومانە لەناو ڕامانە شیعریەکانی، وێنای شاری خەونەکەشی کردووە.
ئەو دنیا نەستیەی شارە خەیاڵیەکەی شاعیر، خاڵی نیە لەگومان، هێندەی گومان بەشێکی سەرەکی ناو ئەو گوتارە شیعرییە، لەوێنەیەکی شیعری باڵا دەگاتە ئاستی فیکریی، بەوەی گومانی هەیە لەوەی لەنێوان ئازادی وشێتی چەند مردوو کەوتوون، ئازادی و شێتی دوو دنیای خەیاڵی ئەو شارەیە، وەک دوو ئاو لەدنیابینی شیعری شاعیر دەیانبینێت، ڕەنگە تەنیا مەلەوانێکی وەحشی ڕووت بتوانێ ئەو دوو ئاوە لەیەکتر جیا بکاتەوە، ئەو مەلەوانە ئەو مرۆڤەی ناو سرووشتە کە خۆی بەرووتی بە باران دەسپێرێت، ئەوەش دەرکەوتنی مرۆڤە، وەک مرۆڤی باڵای نیتچەیی، لەو شارە ئەو مرۆڤە سوپرمانیە دەردەکەوێت.

ئازادبوون.. چەمکێکی جەستەیی هەیە، دەبێت ئازادی لەو شارە خەیاڵیەدا لەجەستەوە دەست پێبکات، ئەوەش پێویستی بە بوێری هەیە، ئەو مرۆڤە سوپرمانیە وەک وەحشی ناو دارستان ناو دەبات، مرۆڤێکە خۆی دادەماڵێت لەدرۆکانی ناو مێژوو، ئەوە خاڵی کردنەوەی مرۆڤە لەستایشی درۆزنانەی ناو مێژوو، ئەو خۆ خاڵی کردنەوەیە پڕۆسەیەکی پاکژبوونەوەیە، کە لەتراژیدیای گریکی بە “کاتاریس” ناو دەبرێت، لەم قەسیدە شیعریەدا شاعیر لەڕێگەی چوونە قوڵایی دەریا هەستی پێ دەکات، ئەو وێناکردنە زمانیە درککردنە بەشێتی خەون، بۆیە ئەوە ترسە لەتەنیایی، لەساتی ڕۆیشتنی ئاو و گوڵ بۆ ئاسمان.

سوبحی درکی ئەوە دەکات، زمان بەرەو قوڵایی شاری خەونەکان، شارە ئەلتەرناتیڤە ئەفڵاتونیەکەی بردووە، بۆیە دۆزینەوەی ئەو شوێنە نوێیە زادەی پەیوەندیەکی شیعری و ئازادی زمانە،، ئەوەش وای کردووە شێتی و ئازادی ببنە ئەو دوو چەمکەی وەک کوژراو دەیانبینێت، ئەوەش وابەستەی ئەو ترس و گومانەیە کە کۆی تێکستەکە بەر نادات.
ئازادی کە بەدەستی کۆمەڵگا دەکوژرێت، دەبینین مردووەکان و بکوژەکان و جەللادەکان و پیاوە دڵڕەقەکان وێنەی لەتەکدا دەگرن، ئەو لۆژیکە تێکستەکە بەرەو ئازادی زمان دەبات، لەشوێنێکی تایبەت دیلی ناکات، ئەوەش وابەستەی تێگەیشتن نیە لەدنیای شاعیر، بەقەد ئەوەی ئیشکردنەوە و گەڕانی زمانە بەناو ئازادی، کە ڕەهەندێکی ناکۆتای پێ بەخشیووە.

ئەوەش وادەکات شوناسی بوون بە پەیوەندیەکان و زەمەن و چەمکەکان ببەخشێت، لێرەدا زمان لەبەردەم (یاخیبوون) لەگەمەیەکی زمانەوانی ووشەدا، بوون لەیاخی دەسەنێتەوە، وەک ئامادەبوویەکی سەربەخۆ سەیری دەکات، ئەوە پاشگری بوون نیە، شوناس بەیاخی دەبەخشیت، بەڵکو ئەوە کۆی ئەو قەهرەیە ئەوی تیا غەمبار کردووە بۆ ڕوانینە دەریا، دەستکاری ناو ماڵ دەکات.. دەیەوێت ئەو سیستمە تێکبدات، دەکەوێتە دووڕیانی ” یان خۆی بكوژێ یان خه‌ڵك”
ئەوە ئەو نازەمەنیەتەی زمانە بە پەیوەندیەکان لەشوێندا، بۆیە ئەوە ئاخاوتن نیە دەبێتە خولقێنەری زمان، بەڵکو بونیادی زمان خۆیەتی، ئاخاوتنیش تەنیا لقێکی ئەو زمانەیە، وەک لەدەرکەوتنی پەپولەیەکی لاڵ کە دەبێت زمانی نەبێت، بەڵام ئەو ئاخاوتنی نیە نەک زمان، بۆیە لەڕێگەی باڵەکانیەوە قسەدەکات، ئەو لۆژیکە شیعریە، پەیوەندی نێوان پەپولە و گوڵە، پەیوەندیەک وابەستەی عیشقێکی ئەزەلیە، گوڵ ئەو نهێنیە تێدەگات، ئەوە عاشقە سەرمەستەکانن دەتوانن لەنهێنی ئەویتری دۆست تێبگەن، لێرەدا ئەوە زمانە عیشق چڕ ناکاتەوە لەناو پەیوەندی مرۆیی، ئەو دیدە ڕۆحیە بۆ جوانی وابەستەی شوێنە نوێیەکەی شاعیرە.

بەمێژووکردن شتێک نیە بۆ شاعیرێک لەو شوێنە نوێیە گرنگی هەبێت، بەڵکو کاتێک درەختەکان دەبن بە بەرد، ئەوا گومانەکان لەو کاتەدا کۆتاییان دێت، ئەو دەمەی دەبینین، پیریش دێت، کەچی دڵی خۆی لەسەر چیمەنێکی سەوز دەبینێت، “دڵێك به‌ گۆشت و خوێنێكى تازه‌وه‌/ گه‌رم گه‌رم لێده‌دا.. دڵم نه‌بووبوو به‌ به‌رد”
ئەو دڵنیاییە لەکۆتاییدا گومان تەواو دەکات، تەواو بوونی گومان، پڕۆسەیەک نیە بۆ بەردەوامی، بەڵکو دڵنیاییە بۆ کۆتایی ژیان، جەستە پەکی دەکەوێت، لەشارە نوێیەکەدا، دەبێت بە درەختێکی بەردین، ئەوە دڵە بە خوێنێکی تازەوە، بەهەمان تواناو وزەی جوانی لێ دەداتەوە، بۆیە هاوار بۆ گوڵی پەژموردە دەکات تاوەکو لەگەڵ خۆیدا بیبات بۆ ئاسمان، ئەو شاعیرێک نیە ببێت بە بەردو پەیکەرەکەی لەو شارە دژە ئەفڵاتونیە دابنێین، ئەوە داوایەکە لە گوڵ کە دەچێتە ئاسمان بۆ لای خودا، ئەویش لەگەل خۆی بەرێت، ئەو ڕۆیشتنە لەسەفەرێکی مەسیحانە دەچێت، لەگەڵ کۆتایی تێکستە شیعریەکە دەرگا لەخوێندنەوەیەکی نوێ دەکاتەوە، خوێندنەوەیەک لەتوانای فڕین بێت لەشیوەی مەسیح بۆ ئاسمان.

، ئەو لێرەدا ئەو شوناسە شاعیریەتەی تیا دەردەکەوێت، کە لەپێناو نووسین شیعر نانووسێت، بەقەد ئەوەی ڕامان لەسرووشت وپەیوەندیە بەراییەکانی سروشت، شوێنێکی زمانەوانیە بۆ گەڕانەوەی مرۆڤ، چونکە ئەوانەی نیشتێمان لەژێر ناوی سەروەری دەکەنە ناوێکی لەخۆبایی بۆ مانایەکی قەڵەو، ئەوە چەندە وێرانکردنی نیشتیمانە ، ھێندەش بوون دەکەن بە دیوار، بەدیوارکردنی بوون، گەڕانەوەیە بۆ ناو سرووشت.
لێرەدا ئامادەبوون لەشوێن بونیادە جوگرافیەکەی واقیعە و بونیادە زمانەوانیەکەی خەیاڵە لەڕێگەی زمانی شیعریەوە، تیایدا شاعیر لەودیو مانای دیوار بەناو مانا خەیاڵیەکەی دەگەڕێت، دۆزینەوەی دیوارێکی ڕوونە، کە نەچێتەوە سەر مێژووی قوربانی و ماناکانی پیرۆزیی بۆ نیشتیمان.

کۆتایی خەون، مەرگی ئاگایی ئێمەیە لەناو بونیادە واقعیەکەیدا، لەو کاتەدا نائاگایی زمان بونیادە خەیاڵیەکەمانە، ئەوە دنیای شاعیریانەیە، کە لەواقیع و ئاگایی جیا دەبێتەوە، ھەموو خەون و ئازادیەکانی بۆ ناو بونیادە جوگرافیەکەی شتێک نیە جگە لەشێتی، لێرەدا شێتی گەر پلەیەک بێت لەودیوی عەقڵەوە، ئەوا شاعیرەکەی ئێمە لەدەرەوەی ئاگایی عەقڵەوە خەون دەبینێت، بۆ جێھێشتنی شوێن، بەھیچ جۆرێک ئەوە ھەستکردنی سوبحی نەبووە بە مردنی خود، بەقەد ئەوەی ئینتیمای شاعیریانە بووە بۆ نائاگایی زمان، کەچوونە نێو دڵی زەمین ھەستی ئیمبراتۆریەت بوونە، گەڕانەوەی ناو سەرەتایەکی شتراوسیانەیە بۆ کۆمەڵگا سەرەتاییەکان، بۆ بوونە وەحشیەکی غەمبار و دەگمەن.
بێزاربوون لەتەمەن.. بێ مانایی خودی ژیان نیە، بەڵکو شێواندنی خەونی ژیانە، زمان لەو گوزارشتە گەڕانەوەیە بۆ دنیای مناڵی، لەڕێگەی گەمەکردن بە گەڵا کۆنەکان، دیارە ئەو ئاماژەیە پەیوەندی شاعیرە بە زەمەنێکی دێرین، کە مێژووی هاوڕێیەتی ئەوی تیا دەست پێدەکات، ئەوە ساتی هاوبەشی ژیان و مردنی شاعیر و سرووشتە.

سوبحی وەک شاعیرانی سرووشت دیدی خۆی لەم تێکستە بۆ سرووشت دەکاتەوە، ئەگەر گۆران شاعیرێک بێت لەڕێگەی پایز و قەسیدەکەیدا بکەوێتە ستایش کردنی سرووشت، ئەو سرووشتە بۆ شێرکۆ بێکەس بەهۆی تراژیدیای نەتەوە لەقەسیدەی “دەربەندی پەپوولە” بکوژرێت، ئەوا سرووشت بۆ ئازاد سوبحی ئارامترین شوێنە کە هەموو سالێک ئاهەنگی یادی ڕۆژی لەدایکبوونی بۆ دەگێڕن، ئەوە وایکردووە درەختەکان بەهاوڕێی خۆی بزانێت.
ئەو نەمامێکی گرینۆکی نیو ژیان بوو، دۆڕاندنی چەمکی هاوڕێیەتی، گۆڕیویەتی بۆ درەختێکی شەرمن، ئەوەش سەرەتای هەستێکی نێو سرووشتە، کاتێک بینیویەتی هاوڕێیەتی درەختەکان گەورەی دەکەن و منالی پێ دەبەخشنەوە، بەڵام دەزانێت مناڵێکی پیرە، کە خۆی ناوی دەبات بە منداڵیکی هەشت نۆ ساڵانی سەرو ڕەش سپی.
لەشیعری نوێی ئێمەدا بەتایبەت بەدوای ئەزموونی شێرکۆ گەڕانەوە بۆ سرووشت لەمانا گۆڕانیەکە دەرنەچووە، کە مانایەکی ستایش ئامێز بووە، وەک چۆن مانا شێرکۆییەکە لەدەست دانی بەهاو جوانی سرووشت بووە، سروشت وەک کوژراوێک دەرکەوتووە.

پەیوەندی شاعیرو سروشت، پەیوەندی زمان ودارستانە، کە بەشداری لەپڕۆسەیەکی دۆنادۆنی یەکتری دەکەن، تا ئاستی ئەوەی دەفتەری یادگاریەکانی رۆژەکانی تیا تۆمار نەکردووە، ئەوەش لەبیرکردنێکە، دەشێت لەبیرکردنێکی ئەنقەست بێت، تاوەکو بوونی ئەو لەناو سرووشت لەدایک بێتەوە، باران گەڵاکان بۆ ناو ئەو دەفتەرە ھەڵفڕێنێت.
گەڵاکان چیرۆکی باران دەنووسنەوە، کە باران وشاعیر لێرەدا بەیەکدەگەنەوە، بەھۆی ئەوەی تامی باران دەچێتەوە سەر فرمێسک، ئەوەش گریانی ھاوبەشی مرۆڤ و سرووشتە،، ھەمیشە بۆ شاعیر وێنەی سرووشت لەگۆڕانکاریەکی بەردەوامدایە، ئەوە دڕدۆنگی زمان وناجێگیربوونی دۆخێکی دەروونیە کە جوانی سەراسیمەی دەکات، وێنەیەکی جێگیری پێ نابەخشێت.. کە دارستان وەک شانۆیەک دەبینێت، شانۆیەک وێنە و دیمەنەکانی گوزارشت لەسرووشت بکات، ئەوە ترسە لەکۆتایی ئەو پەیوەندیە، وەک نمایشێکی شانۆیی کۆتایی بێت.
ئەو دنیا نائاگاییە مرۆڤ دەکات بە درەخت، بەڵام بەر لەشاعیرە خەیاڵیەکان ئاسنگەر و ئەندازیارەکان چەند سەدەیەک پێشتر بۆی دەچن، ئەوان کە لەئایندەوە هاتوون بۆناو جیهانێکی کۆن، کە کتێبی کۆنە وەک دەلالەتی مەعریفە، ئەوە ئاسنگەر و ئەندازیارەکانن کتێبە کۆنەکە دەکەن بە شاری بەهەشت.

ئازاد سوبحی شارێکی دژە ئەفڵاتونی دروست دەکات، ئەگەر ئەفڵاتون لەکۆمارەکەیدا شاعیران دەکاتە دەرەوە، ئەوا سوبحی چۆتە ناو شارێکەوە خەونی بەهەشت و خەیاڵی، ئاسنگەرەکان لەم شارەدا پیشەی خۆیان مومارەسە دەکەن، دەنگی ئاسنگەرەکان کە ” وتیان به‌ ئاگر ئاسن ئه‌كه‌ین به‌ ئاو” دڵنیایی بەخشینی شاعیرە لەشاری بەهەشت.
ئەندازیارەکان لەڕێگەی نەخشەو خەیاڵەوە بەشداری لەدروستکردنی بناغەی شارێک دەکەن، زادەی دنیای نائاگاییە، شارێک وەک ئەندازیارەکان باسی دەکەن پێویستیان بە بەرد و ئاگری پیرۆزە.

پاکیزە زەمینەی پەیوەندیی شوێن دەخوڵقێنێت، تاوەکو بەخەونی زەوتکردن و گوناهکردن لەو شارە دەست پێ نەکەین، ئەوەش پیاچوونەوەیە بەیادەوەریی و زەمەن، لەڕێگەی نەخشەیەکی ڕەشەوە، کەوا لەگیرفانی نهێنی شەو دەریکردووە، یاری مناڵان و ڕەنگکردنی نەخشە بەقەڵەمی پاستیل، سەرەتای بونیاتی زەمینی شارێکە لەڕێگەی پاکیزەییەوە، لێرەدا گەورەبوون خەونێکە وەک یاریەکی مناڵانە دەرکەوتووە، خەونێک لەگەورەبوون دەستکاری خەریتەی دنیا دەکەن.

بنیاتی شارەکە لەسەر بنەمای خەریتەو خەونی مناڵەکان، بۆیە پاکیزەیی و ڕەنگ وێناکردنی شاری شاعیرەکانە، کە پاکیزەیی داگیری بکات، وەک چۆن ئەوەی شاعیرەکەمان بەدڕێژایی قەسیدەکە لەگەڵی دەڕوات، پەیوەندیی مرۆڤ و سرووشتە، پەیوەندیەک لەدەرەوەی سنور، بەپێی شەریعەتی خەیاڵ وێنای ژیان دەکات.
لێرەدا لەم شارە نوێیەدا گوڵ و باران دوو ئاماژەی ڕوونی ناو ئەو پەیوەندیەن لەگەڵ مرۆڤ، ، شاعیر دەیەوێت لەگەڵ گوڵ بچێت بۆ ئاسمان، ئاسمان دەستبەرداری ئەو وێنەیە نەبووە، خودا لەئاسمانە و گوڵ بەدڵنیاییەوە باس لەوە دەکات، خوا گوڵی خۆشدەوێت، بەواتای سەفەری بێ سنور لەگەڵ گوڵ بۆ ئاسمان، بەرهەمهینانەوەی جوانی و چێژە، ئەوە چێژی خۆشنودی ڕۆحی مرۆڤە، بۆیە خۆ ڕووتکردنەوەش لەگەڵ باران و تلدان لەناو چیمەنەکان، کاتێک چۆلەکەکان لەسەر پشتی خۆی دەشۆن، چەندە وێنەیەکی شیعری ئاست بەرزی زمانە، لەهەمان کاتدا وێنەیەکی فیکریی مرۆڤە لەشاری خەوندا، شاری خەیاڵ، ئەو شارەی سوبحی دەستبەرداری ئەو گومان و دڵەڕاوکەیە نابێت، بەوەی قسەی گوڵەکەی خەیاڵە، خوا گوڵی خۆشده‌وێ.
ئازاد سوبحی شاعیری ساتی دڵنیایی نیە، بەڵکو شاعیری ناو ساتە گوماناویە تاکخوازیەکانە، ئەو گومانە لەناو ڕامانە شیعریەکانی، وێنای شاری خەونەکەشی کردووە.

ئەو دنیا نەستیەی شارە خەیاڵیەکەی شاعیر، خاڵی نیە لەگومان، هێندەی گومان بەشێکی سەرەکی ناو ئەو گوتارە شیعرییە، لەوێنەیەکی شیعری باڵا دەگاتە ئاستی فیکریی، بەوەی گومانی هەیە لەوەی لەنێوان ئازادی وشێتی چەند مردوو کەوتوون، ئازادی و شێتی دوو دنیای خەیاڵی ئەو شارەیە، وەک دوو ئاو لەدنیابینی شیعری شاعیر دەیانبینێت، ڕەنگە تەنیا مەلەوانێکی وەحشی ڕووت بتوانێ ئەو دوو ئاوە لەیەکتر جیا بکاتەوە، ئەو مەلەوانە ئەو مرۆڤەی ناو سرووشتە کە خۆی بەرووتی بە باران دەسپێرێت، ئەوەش دەرکەوتنی مرۆڤە، وەک مرۆڤی باڵای نیتچەیی، لەو شارە ئەو مرۆڤە سوپرمانیە دەردەکەوێت.

ئازادبوون.. چەمکێکی جەستەیی هەیە، دەبێت ئازادی لەو شارە خەیاڵیەدا لەجەستەوە دەست پێبکات، ئەوەش پێویستی بە بوێری هەیە، ئەو مرۆڤە سوپرمانیە وەک وەحشی ناو دارستان ناو دەبات، مرۆڤێکە خۆی دادەماڵێت لەدرۆکانی ناو مێژوو، ئەوە خاڵی کردنەوەی مرۆڤە لەستایشی درۆزنانەی ناو مێژوو، ئەو خۆ خاڵی کردنەوەیە پڕۆسەیەکی پاکژبوونەوەیە، کە لەتراژیدیای گریکی بە “کاتاریس” ناو دەبرێت، لەم قەسیدە شیعریەدا شاعیر لەڕێگەی چوونە قوڵایی دەریا هەستی پێ دەکات، ئەو وێناکردنە زمانیە درککردنە بەشێتی خەون، بۆیە ئەوە ترسە لەتەنیایی، لەساتی ڕۆیشتنی ئاو و گوڵ بۆ ئاسمان.

سوبحی درکی ئەوە دەکات، زمان بەرەو قوڵایی شاری خەونەکان، شارە ئەلتەرناتیڤە ئەفڵاتونیەکەی بردووە، بۆیە دۆزینەوەی ئەو شوێنە نوێیە زادەی پەیوەندیەکی شیعری و ئازادی زمانە،، ئەوەش وای کردووە شێتی و ئازادی ببنە ئەو دوو چەمکەی وەک کوژراو دەیانبینێت، ئەوەش وابەستەی ئەو ترس و گومانەیە کە کۆی تێکستەکە بەر نادات.
ئازادی کە بەدەستی کۆمەڵگا دەکوژرێت، دەبینین مردووەکان و بکوژەکان و جەللادەکان و پیاوە دڵڕەقەکان وێنەی لەتەکدا دەگرن، ئەو لۆژیکە تێکستەکە بەرەو ئازادی زمان دەبات، لەشوێنێکی تایبەت دیلی ناکات، ئەوەش وابەستەی تێگەیشتن نیە لەدنیای شاعیر، بەقەد ئەوەی ئیشکردنەوە و گەڕانی زمانە بەناو ئازادی، کە ڕەهەندێکی ناکۆتای پێ بەخشیووە.

ئەوەش وادەکات شوناسی بوون بە پەیوەندیەکان و زەمەن و چەمکەکان ببەخشێت، لێرەدا زمان لەبەردەم (یاخیبوون) لەگەمەیەکی زمانەوانی ووشەدا، بوون لەیاخی دەسەنێتەوە، وەک ئامادەبوویەکی سەربەخۆ سەیری دەکات، ئەوە پاشگری بوون نیە، شوناس بەیاخی دەبەخشیت، بەڵکو ئەوە کۆی ئەو قەهرەیە ئەوی تیا غەمبار کردووە بۆ ڕوانینە دەریا، دەستکاری ناو ماڵ دەکات.. دەیەوێت ئەو سیستمە تێکبدات، دەکەوێتە دووڕیانی ” یان خۆی بكوژێ یان خه‌ڵك”

ئەوە ئەو نازەمەنیەتەی زمانە بە پەیوەندیەکان لەشوێندا، بۆیە ئەوە ئاخاوتن نیە دەبێتە خولقێنەری زمان، بەڵکو بونیادی زمان خۆیەتی، ئاخاوتنیش تەنیا لقێکی ئەو زمانەیە، وەک لەدەرکەوتنی پەپولەیەکی لاڵ کە دەبێت زمانی نەبێت، بەڵام ئەو ئاخاوتنی نیە نەک زمان، بۆیە لەڕێگەی باڵەکانیەوە قسەدەکات، ئەو لۆژیکە شیعریە، پەیوەندی نێوان پەپولە و گوڵە، پەیوەندیەک وابەستەی عیشقێکی ئەزەلیە، گوڵ ئەو نهێنیە تێدەگات، ئەوە عاشقە سەرمەستەکانن دەتوانن لەنهێنی ئەویتری دۆست تێبگەن، لێرەدا ئەوە زمانە عیشق چڕ ناکاتەوە لەناو پەیوەندی مرۆیی، ئەو دیدە ڕۆحیە بۆ جوانی وابەستەی شوێنە نوێیەکەی شاعیرە.

بەمێژووکردن شتێک نیە بۆ شاعیرێک لەو شوێنە نوێیە گرنگی هەبێت، بەڵکو کاتێک درەختەکان دەبن بە بەرد، ئەوا گومانەکان لەو کاتەدا کۆتاییان دێت، ئەو دەمەی دەبینین، پیریش دێت، کەچی دڵی خۆی لەسەر چیمەنێکی سەوز دەبینێت، “دڵێك به‌ گۆشت و خوێنێكى تازه‌وه‌/ گه‌رم گه‌رم لێده‌دا.. دڵم نه‌بووبوو به‌ به‌رد”
ئەو دڵنیاییە لەکۆتاییدا گومان تەواو دەکات، تەواو بوونی گومان، پڕۆسەیەک نیە بۆ بەردەوامی، بەڵکو دڵنیاییە بۆ کۆتایی ژیان، جەستە پەکی دەکەوێت، لەشارە نوێیەکەدا، دەبێت بە درەختێکی بەردین، ئەوە دڵە بە خوێنێکی تازەوە، بەهەمان تواناو وزەی جوانی لێ دەداتەوە، بۆیە هاوار بۆ گوڵی پەژموردە دەکات تاوەکو لەگەڵ خۆیدا بیبات بۆ ئاسمان، ئەو شاعیرێک نیە ببێت بە بەردو پەیکەرەکەی لەو شارە دژە ئەفڵاتونیە دابنێین، ئەوە داوایەکە لە گوڵ کە دەچێتە ئاسمان بۆ لای خودا، ئەویش لەگەل خۆی بەرێت، ئەو ڕۆیشتنە لەسەفەرێکی مەسیحانە دەچێت، لەگەڵ کۆتایی تێکستە شیعریەکە دەرگا لەخوێندنەوەیەکی نوێ دەکاتەوە، خوێندنەوەیەک لەتوانای فڕین بێت لەشیوەی مەسیح بۆ ئاسمان.




ئێمه‌ چی ده‌كه‌ین له‌ ئیتالیا؟ … نیهاد جامی

ئه‌و وتاره‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌یه‌وێت قسه‌ له‌ دوو چه‌مكی گرنگی كۆمه‌ڵایه‌تی بكات، هه‌وڵێكی كۆمه‌ڵناسانه‌یه‌ بۆ پێوه‌ندی نێوان كولتوور و شوناس، بۆیه‌ له‌ڕێی قسه‌كردن له‌و ئێسته‌یه‌ی كه‌ ئێمه‌ی په‌نابه‌ری كورد له‌ ئیتالیاین، ده‌بێت قسه‌ له‌ كۆی ئه‌و پێكهاته‌ كولتوورییه‌ بكه‌ین كه‌ ئێمه‌ بۆ كولتوورێك جێ دێڵین و كێشه‌ی شوناس له‌ مانا كولتوورییه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كه‌ین به‌ مانایه‌كی فره‌كولتووریی. ئه‌وه‌ش كارێكه‌ پێویستی به‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ناو جومگه‌ و پێكهاته‌ ژیانییه‌كانی ئێمه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا.
دواتر قسه‌كردنه‌ له‌وه‌ی «ئێره‌» وه‌ك شوێنی دووه‌م كه‌ له‌ناو كه‌مپێكی په‌نابه‌ریی له‌گه‌ڵ كولتووری جیاواز بازنه‌یه‌ك بۆ ماناكانی شوناس ده‌خوڵقێنین، بێئاگا له‌وه‌ی ئێمه‌ له‌ناو گه‌ردوونێكی كولتووری شوێنین كه‌ كولتوور و شوناسی ئیتالییه‌.
ئه‌و پرسیاره‌ی پێمان ده‌ڵێت «ئێمه‌ چی ده‌كه‌ین لێره‌؟» پرسیارێكی زه‌مه‌نییه‌ له‌ شوناس، پێوه‌ندییه‌ك ده‌خوڵقێنێت له‌ نێوان «ئێره‌» و «ئه‌وێ» به‌ واتای دوو شوێن وه‌ك دوو ڕووبه‌ری جیۆگرافی و كولتووریی، كه‌ ده‌بنه‌ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی قسه‌كردنی ئێمه‌، ئه‌وانیش «كوردستان» وه‌ك نیشتمانی ئێمه‌، «ئیتالیا» وه‌ك نیشتمانی تاراوگه‌. له‌و كاته‌دا شوناس و كولتوور ئێمه‌ ڕووبه‌رووی پرسیاره‌ ئه‌خلاقییه‌كانمان ده‌كاته‌وه‌. له‌ نێوان زه‌مه‌نی هه‌نووكه‌یی و زه‌مه‌نی یاده‌وه‌ریدا، ئه‌وه‌ش قسه‌كردنه‌ له‌ دوو مرۆڤ، ئێمه‌ وه‌ك كورد و ئێوه‌ وه‌ك ئیتالی، له‌ نێوانی ئێمه‌ و ئێوه‌ مرۆڤی ڕه‌شپێست و زمان و كولتوور جیاواز و بیركردنه‌وه‌ی جیاواز بوونی هه‌یه‌، لێره‌وه‌ قسه‌كردنی ئێمه‌ له‌و بابه‌ته‌ ده‌نگی خنكێنراوی منی كوردییه‌ بۆ ئێوه‌ی به‌ ئێمه‌ نامۆ.

چه‌مكی ئێمه‌ وه‌ك كورد پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێ نیشتمانین، ئێمه‌یه‌ك كه‌ له‌ بوونه‌وه‌ به‌سه‌ر وڵاته‌كان دابه‌ش بووین، شه‌ڕی ئێمه‌ شه‌ڕی مانه‌وه‌یه‌ ترسه‌ له‌ ونكردنی شوناسی كوردبوون، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ئاینی ئیسلام، كوردستان ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ ڕووبه‌رووی له‌ده‌ستچوونی شوناس ده‌بێته‌وه‌، فتووحاتی ئیسلامی كه‌ به‌ جیهاد ناسراوه‌، له‌ په‌لاماردانی بۆ وڵاتانی وه‌ك ئێران و عێراق، ئێمه‌یشی به‌ر ئه‌و هێرشانه‌یان خست، هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ وه‌ك فارسه‌كان ئاگرپه‌رست بووین و پێغه‌مبه‌رێكمان هه‌بوو ناوی “زه‌رده‌شت” بوو، كتێبه‌ ئاسمانییه‌كه‌شمان ناوی “ئاڤێستا” بوو، جیهادی ئیسلامی به‌ته‌نیا كولتوور و شوناسیان نه‌سڕییه‌وه‌، به‌ڵكو كوردبوون وه‌ك كارێكی شه‌یتانی سه‌یریان كرد.
ئێمه‌ كه‌ یاده‌وه‌ریمان ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ ئه‌و ڕۆژگاره‌، تێده‌گه‌ین هه‌ر له‌ مێژووه‌وه‌ ئێمه‌ قوربانی دیدێكی ناسیۆنالیستین، به‌هۆی نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت وه‌ك شوناسی ئێمه‌، نه‌مانتوانی وه‌ك توركه‌كان ئیسلام بكه‌ینه‌ به‌شێك له‌ گوتاری نه‌ته‌وه‌یی، خه‌لافه‌تی عوسمانی ئیسلامی كرد به‌ به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵ بێت، بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی، كورد به‌شێكه‌ له‌ پێكهاتی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی.

ئێمه‌ له‌ دنیایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌دا گه‌وره‌ ده‌بین، دینێك هه‌یه‌ ده‌بێت فێری زمانه‌كه‌ی بین، ده‌وڵه‌تێك حوكممان ده‌كات دیسان ده‌بێت فێری زمانه‌كه‌ی بین، لێره‌وه‌ زمانی عه‌ره‌بی ئه‌و زمانه‌یه‌ له‌ خۆشه‌ویستیمانه‌وه‌ نییه‌ كه‌ فێری ده‌بین، له‌ ترسی دنیا و قیامه‌ته‌. ترس له‌ دنیا ده‌بێت له‌ عێراقی هه‌شتاكان فێری بین تا بتوانین له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌ربچین و له‌ فه‌رمانگه‌كان كاره‌كانمان به‌ڕێوه‌ بچێت، كاتێك ده‌كرێین به‌ سه‌رباز بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بین به‌ گاڵته‌جاڕ وه‌ك ئه‌وه‌ی كوردیی زمانێك نییه‌ كه‌س قسه‌ی پێ بكات، لێره‌وه‌ له‌ ته‌واوی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت ئێمه‌ زمانێكمان هه‌یه‌ كه‌ شوناسی ئێمه‌یه‌، كار له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی ده‌كه‌ن، دژه‌گوتاری ئێمه‌یش وا ده‌كات توندتر به‌درێژایی مێژوو له‌گه‌ڵ سرووده‌ نیشتمانییه‌كه‌مان هێزی به‌ره‌نگاری و داكۆكیمان توندتر بێت، كاتێك سروده‌ نیشتمانییه‌كه‌مان ده‌ڵێت «كه‌س نه‌ڵێت كورد مردووه‌.. كورد زیندووه‌».

ترس له‌ مردن و خه‌ونی زیندوویه‌تی دوالیزمی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێمه‌ن، ده‌مانه‌وێت نه‌مرین و زیندوو بین، له‌ هه‌مان كاتدا شه‌ڕ ده‌كه‌ین له‌پێناو ئه‌و ژیانه‌ كه‌ شه‌ڕی شوناسی كوردبوونه‌، شۆڕشی كوردی خه‌ونی زیندوویه‌تی ژیان و داكۆكیكردن و به‌گژداچوونه‌وه‌ی مه‌رگه‌، چه‌كداری ئێمه‌ كاتێك به‌ «پێشمه‌رگه‌» ناسراوه‌، واته‌ له‌ پێشه‌وه‌ی مه‌رگه‌. ئه‌و ده‌یه‌وێت بمرێت له‌پێناو ژیاندا، وه‌ك چۆن بۆ زیندوویه‌تی ده‌بێت دوژمنه‌كه‌ی بكوژێت، شۆڕشی ئێمه‌ خاڵی نه‌بوو له‌ دروشمی «به‌عسی بكوژه‌ تا كورد بژی» ده‌شێت ئه‌و ڕسته‌یه‌ بۆ ئه‌مڕۆ ماناكانی فاشیزم به‌رجه‌سته‌ بكات، به‌ڵام بۆ رۆژگارێك بۆ مرۆڤی كوردیی لووتكه‌ی شۆڕشگێڕیی بوو.
شۆڕشی كوردیی كه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشت له‌لایه‌ن ئێمه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ بووه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌و هه‌موو توندوتیژییه‌ی به‌ناوی ئازادی ئه‌نجامی دا، ژنه‌كان به‌ناوی شه‌ره‌ف كوژران، حزبه‌ ئیسلامییه‌كان سه‌رده‌مێكی ترسناكیان خسته‌ ڕوو، سه‌ره‌تا له‌ كوشتنی رۆژنامه‌نووس و كۆمۆنیسته‌كانه‌وه‌ ده‌ستیان پێ كرد، دواتر گرووپی توندڕۆیی وه‌ك جوندولئیسلام تا ده‌گات به‌ فۆڕمه‌ داعشییه‌كه‌ی.

ئێمه‌ كه‌ ڕه‌خنه‌مان هه‌بوو.. ئیتر تێده‌گه‌یشتین كوردبوونمان له‌ به‌رده‌م زه‌وتكردنی شوناسه‌، كولتوور چ مانایه‌كی بۆ ئێمه‌ هه‌بوو؟ ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی ئێمه‌ بۆ لێره‌ین؟ به‌ڵام جارێ زووه‌ بۆ ئیشكردن له‌سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌.
باشتر وایه‌ له‌سه‌ر سه‌فه‌ركردنی مرۆڤی كوردیی هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكه‌ین، كه‌ هه‌میشه‌ سه‌فه‌ر هه‌وڵێك بووه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌ شوێن، ئه‌زموونی سه‌فه‌ر له‌ ژیانی كوردیدا مێژوویه‌كی كۆنی نییه‌، پێوانه‌ به‌ كولتووره‌كانی تر. ئه‌زموونێكی نوێیه‌، هه‌وڵه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌ست پێ ده‌كات، پێش ئه‌و مێژووه‌ سه‌فه‌ر به‌تاك و ته‌را ده‌رده‌كه‌وێت، سه‌فه‌ری شاعیرێكی كلاسیكی وه‌ك حاجی قادر سه‌فه‌ری مرۆڤێكی دوور له‌ نیشتمانه‌، زمان وه‌ك كولتوور كێشه‌ی شوناس له‌ نیشتمانی دووه‌میشی ون ناكات، بۆیه‌ شیعری ئه‌و شاعیره‌ هه‌وڵدانه‌ بۆ داكۆكیكردن له‌ شوناس.
سه‌فه‌ری مرۆڤی كوردیی له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م ره‌وتێكی فراوانتر به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، كاتێك مرۆڤه‌كان ده‌چنه‌ ناو شۆڕش و له‌وێوه‌ له‌ڕێی ئێرانه‌وه‌ سنوور و سنوور ده‌بڕن تا بگه‌ن به‌ خۆرئاوا، به‌ڵام ئه‌و سه‌فه‌ره‌ نه‌بووه‌ته‌ دیارده‌ تا سه‌رده‌می حوكمڕانی كوردیی له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشی كوردیی ڕووبه‌ڕووی نائومێدی كردینه‌وه‌، بۆیه‌ له‌و ڕۆژگاره‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ مرۆڤه‌كان له‌و ڕێیه‌وه‌ به‌ ده‌ریا و به‌ وشكانی و به‌ ئاسماندا، خۆیان تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌. كه‌م نین ئه‌وانه‌ی له‌و ڕێیه‌دا مردن و ماڵباته‌كانیان پاره‌یه‌كی زۆریان خه‌رج كرد تا ته‌رمه‌كانیان به‌رنه‌وه‌ نیشتمان.

ئێمه‌ كه‌ له‌ نیشتمانی خۆمان دێینه‌ ده‌ره‌وه‌، هیچ شتێكی ئه‌وێمان به‌دڵ نییه‌، وه‌ك چۆن وێنه‌ی به‌هه‌شتێكمان بۆ خۆرئاوا هه‌یه‌، ئاواش وه‌ك دۆزه‌خێك سه‌یری نیشتمان ده‌كه‌ین، كاتێكی زۆرمان پێویسته‌ تا تێبگه‌ین نه‌ نیشتمان دۆزه‌خ بوو، نه‌ خۆرئاوا به‌هه‌شت. ئێمه‌ له‌ نێوانی ئێره‌ و ئه‌وێ تیا ماوین، تازه‌ ناتوانین بگه‌ڕێینه‌وه‌ ماڵه‌كانمان، ئێمه‌ كه‌ ئێسته‌ كولتوور و زمانی تر ده‌بینین، زیاتر داكۆكی له‌وه‌ ده‌كه‌ین ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ بۆ ڕازی بووین ئاوا خراپ بژین؟ له‌ هه‌مان كاتدا ژیانی خۆرئاواش ئومێدێكی تێدا نییه‌، هێنده‌ هه‌یه‌ له‌ نائومێدییه‌كانی ئه‌وێ باشتره‌.

خۆرئاوا بۆ مرۆڤی كوردی ده‌رگه‌ی چوونه‌ ناوه‌وه‌ی ژیانه‌، ده‌ست پێكردنه‌وه‌یه‌كه‌ وه‌ك له‌دایكبوون وایه‌، هه‌موو سه‌ختییه‌ك قبووڵ كراوه‌ له‌ڕووی كاری سه‌خت و فێربوونی زمان و ئاشنابوون به‌ كولتووری ئه‌ویتر، ئێمه‌ بێ ویستی خۆمان ده‌كه‌وینه‌ ناو وڵاته‌كانه‌وه‌، هه‌ندێك جاریش به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی داڕێژراو كه‌ پاره‌یه‌كی زۆر خه‌رج ده‌كه‌ین تا بگه‌ین به‌و شوێنه‌ی ده‌مانه‌وێت، یه‌كه‌م وڵات كه‌ ده‌مانگرێت، لێدانه‌ له‌ خه‌ونه‌كانمان، په‌نجه‌ مۆرمان پێ ده‌كه‌ن ئیتر بچینه‌ هه‌ر وڵاتێكی تر ده‌مانگه‌ڕێننه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌.
ئێمه‌ هه‌رگیز ناتوانین له‌ په‌نجه‌مۆر ده‌رباز بین له‌ وڵاتێك په‌نجه‌مۆرت پێ ده‌كه‌ن، ئیتر ده‌بی به‌ كۆیله‌ی ئه‌و شوێنه‌، ئه‌گه‌ر به‌ فڕۆكه‌ بێین، بۆ ڤیزه‌ دیسان په‌نجه‌مۆرمان پێ ده‌كرێت، ئیتر ئێمه‌ بچینه‌ كوێ؟ په‌نجه‌مۆرمان پێ ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌شمێنینه‌وه‌ مافی په‌نابه‌ریمان پێ ناده‌ن.

ئه‌گه‌ر لێره‌دا زمانی نووسین ئاستی وتار جێ دێڵێت، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ زمان له‌و ساته‌دا گوزارشت له‌ خه‌می مرۆڤی په‌نابه‌ریی ده‌كات، ئه‌وه‌ قسه‌ی رۆژانه‌ی مرۆڤگه‌لێكی ناو كه‌مپه‌كانی ئه‌وروپان، ئه‌و شوێنه‌ی سه‌ره‌تا وه‌ك به‌هه‌شت وێنا ده‌كرێت، دواتر وه‌ك وێستگه‌ی سزا په‌نابه‌ری تێدا كۆنتڕۆڵ ده‌كرێت. خۆرئاوا بۆ ئێمه‌ به‌ئاگاهاتنه‌وه‌یه‌ له‌ڕووی ناشیرینی خه‌ون و خێرا خه‌ون ئه‌و ڕووه‌ فانتازییه‌ی له‌ ده‌ست ده‌دات، شاره‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ خه‌یاڵی ئێمه‌ن، له‌ بونیادی جیۆگرافی خۆیاندا هه‌رگیز ئه‌و ڕووه‌ جوانه‌یان نییه‌، ڕووه‌ جوانه‌كه‌یان ده‌بێته‌ فۆڕمێك بۆ ترس و سزا، بۆ ئێمه‌ بورجی ئیڤڵ چیتر ئه‌و شوێنه‌ نییه‌ خه‌ونمان پێیه‌وه‌ بینی وێنه‌یه‌كی به‌ ته‌نیشته‌وه‌ بگرین، ئیتر ترس له‌ گرتن و بێ شوناسی ئیڤڵ لێمان ده‌بێت به‌ قه‌ڵای باستیل.

ئێمه‌ له‌و كاتانه‌دا دبلنمان دێته‌وه‌ پێش /په‌یماننامه‌یه‌ی ئه‌وروپا بۆ په‌نجه‌مۆری په‌نابه‌ر/، ئه‌وكاته‌ له‌ به‌رده‌می چه‌ندان هه‌ڵبژاردنداین خراپترینیان ئه‌وه‌یه‌ ڕازی بین بمانگه‌ڕێننه‌وه‌ شوێنی په‌نجه‌مۆر لێكراو، له‌ زۆرترین حاڵه‌تدا ده‌مانێرنه‌وه‌ كوردستان، یا ئه‌وه‌تا خۆمان داوای دیپۆرتكردن بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وانه‌ بۆ مرۆڤی كوردیی لووتكه‌ی نائومێدین، تاكه‌ هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له‌ به‌رده‌م ئه‌و مرۆڤه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌، ته‌نیا وڵاتی ئیتالیایه‌، بۆچی ئیتالیا؟
بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌، پێویسته‌ كه‌مێك ئارامگر بین و قووڵتر له‌سه‌ر چه‌مكی شوێن قسه‌ بكه‌ین، چونكه‌ بۆ ئێمه‌ دوو تێگه‌یشتن هه‌یه‌ بۆ شوێن، ئه‌وانیش ئیتالیای به‌ر له‌ سه‌فه‌ر و ئیتالیای دوای سه‌فه‌ر. ڕاسته‌ ئه‌وه‌ی دووه‌میان مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌و نووسینه‌یه‌، به‌ڵام قسه‌كردن له‌وه‌ی دووه‌م بابه‌تێكی ناته‌واوه‌، به‌بێ قسه‌كردن له‌ ئیتالیای به‌ر له‌ سه‌فه‌ر، ئه‌و وڵاته‌ی به‌ر له‌ سه‌فه‌ر ئێمه‌ چۆن سه‌یری ده‌كه‌ین؟ ڕوانینمان بۆ ئیتالیا چییه‌؟ ئه‌وه‌ پرسیارێكه‌، ئێسته‌ له‌سه‌ری ده‌وه‌ستین.

بۆ ئێمه‌ی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی له‌ناو بێشكه‌داین كه‌ شۆڕشی كوردیی له‌ حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م شكست دێنێت، به‌و شكسته‌ ده‌وڵه‌تی عێراق به‌هێزتر ده‌بێت، به‌هێزبوونێك شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران ڕاده‌گه‌یه‌نێت، شه‌ڕ هه‌ڵده‌گیرسێت و ئێمه‌ی منداڵانی شه‌ش ساڵه‌ تازه‌ چووینه‌ته‌ یه‌كه‌م پۆلی خوێندن، ڕۆژانه‌ به‌ ئاسمانه‌وه‌ فڕۆكه‌كانی ئێران ده‌بینین، له‌ تۆڵه‌ی بۆردمانه‌كانی عێراق، ئه‌وانیش شاره‌كان بۆردمان ده‌كه‌ن، له‌و ڕۆژگاره‌دا دوو كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆن هه‌بوون، یه‌كێكیان فه‌رمی و به‌ زمانی عه‌ره‌بی بوو، ئه‌ویتریشیان به‌ كوردی بوو، هه‌ردووكیان سه‌ربه‌ ده‌وڵه‌ت بوون، دیمه‌نی جه‌نگ و وتاره‌كانی به‌عس و شه‌وانیش فیلمی جه‌نگییان نیشان ده‌دا. ئه‌و فیلمانه‌ی له‌باره‌ی جه‌نگی جیهانی بوون، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ بوو هه‌میشه‌ جه‌نگ له‌گه‌ڵمان بێت.

فیلمێكی ئیتالی هه‌بوو باسی له‌ قاره‌مانێتی سێ سه‌رباز ده‌كرد كه‌ چۆن ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ئیتالیا و وڵاته‌كه‌یان ڕزگار ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌ سه‌ربازه‌كان عاشقی كچێك ده‌بێت به‌ناوی “دانێللا”، كاتێك كچه‌كه‌ ده‌كوژرێ، له‌ تۆڵه‌ی ئه‌ودا، سه‌ربازه‌كه‌ شه‌ڕێكی گه‌وره‌ ده‌كات و سه‌ره‌نجام خۆیشی ده‌كوژرێت. دواتر كه‌ سه‌رده‌كه‌ون میدالیای ئازایه‌تی ده‌درێ به‌و هاوڕێیه‌یان كه‌ ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش له‌سه‌ر مه‌زاری هاوڕێ كۆچكردووه‌كه‌یان دایده‌نێت.
یه‌كه‌م وێنه‌ی ئیتالیا بۆ ئێمه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و فیلمه‌دا، بردنه‌وه‌ی جامی جیهانییه‌ له‌لایه‌ن ئیتالیاوه‌ له‌ ساڵی 1982، به‌تایبه‌ت هه‌ردوو یاریزان “باولۆ رۆسی و دینه‌زۆف” بۆ ئێمه‌ی منداڵ ده‌بنه‌ سیمبۆلی یاریزانی سه‌ركه‌وتوو.
ئه‌و دوو وێنه‌یه‌ بۆ ئیتالیا له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوون گه‌شه‌ ده‌كات، به‌تایبه‌ت ئێمه‌ی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی له‌ رێی خه‌یاڵ و هونه‌ره‌وه‌ دنیامان بینیوه‌، بۆیه‌ كه‌وتینه‌ شه‌یدای سه‌یركردنی فیلمه‌كانی سۆفیا لۆرین و ئۆرنێللا موتی، به‌تایبه‌ت فیلمی «سێ چیرۆك له‌ ئیتالیا» وایكرد له‌ ته‌كنیك و هونه‌رێكی به‌رزی سینه‌ما تێبگه‌ین، ئه‌وه‌ی پێشتر لای فیلینی و پازۆلۆنی بینیبوومان، له‌و فیلمه‌ دنیایه‌كی تر به‌ واقیعی ئیتالی ده‌به‌خشێت. ئه‌و سینه‌مایه‌ بۆ ئێمه‌ هه‌میشه‌ وێنه‌ی هونه‌رێكی باڵا بوو، به‌تایبه‌ت له‌ ئاشنابوونمان به‌ فیلمه‌كانی تۆناتۆری و به‌تایبه‌ت فیلمی «سینه‌ما پارادیسۆ» ئه‌و ئیتالیایه‌ بۆ ئێـمه‌ واتا سینه‌ما و شانۆ، بۆچی شانۆ؟

له‌به‌ر دوو هۆكاری گرنگ، یه‌كه‌میان به‌هۆی ئه‌و ته‌كنیكه‌ی كه‌ براندیللۆ دۆزییه‌وه‌ له‌ شانۆنامه‌ی «شه‌ش كاره‌كته‌ر به‌دوای نووسه‌ره‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێن». به‌بڕوای ئێمه‌ ئه‌و شانۆنامه‌یه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌واوی درامای نا ئه‌رستۆیی هه‌یه‌. بیرمان نه‌چێت له‌ ئاستی ڕۆماندا نه‌ك ته‌نیا وه‌ك تێكستی ئه‌ده‌بی، به‌ڵكو وه‌ك خه‌ونی مرۆڤ «ئیتالیۆ كالفینۆ» دنیابینییه‌كی تری به‌ئێمه‌ به‌خشی و سه‌ره‌تا به‌ ڕۆمانی «شاره‌ نه‌بینراوه‌كان» ده‌مانكات به‌ هۆگری خه‌ونی بینینی ئه‌و شاره‌ نه‌بینراوانه‌ی له‌ ڕێی گه‌ڕیده‌كانه‌وه‌ پێی ئاشنا ده‌بین و له‌ خۆمان ده‌پرسین: شاره‌ نه‌بینراوه‌كانی كالفینۆ ئیتالیایه‌؟ به‌ڵام ئێمه‌ چۆن ده‌گه‌ینه‌ شاره‌ نه‌بینراوه‌كانی ئه‌و ڕۆمانه‌؟ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆماننووسه‌ ده‌یكاته‌ خه‌یاڵ، ئێسته‌ چیتر بۆ ئێمه‌ شاره‌ نه‌بینراوه‌كانی كالفینۆ نه‌بینراو نییه‌ و تێیدا ده‌ژین.
كالفینۆ و تۆناتۆری دوو مرۆڤن خه‌ونی سه‌فه‌ر و خه‌یاڵیان تێدا دروست كردووین، بۆ هه‌ر ڕۆشنبیرێك كه‌ له‌ ئیتالیا بێت، كاتێك ده‌سه‌ڵاتی ئیداری لێی بپرسێت: بۆ هاتوویت بۆ ئیتالیا؟ ده‌توانین خێرا بڵێین «قوربان بۆ به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێن به‌ تۆناتۆری و كالفینۆ بڵێن»

پێ نه‌خستنه‌ سه‌رزه‌وی له‌ ئه‌ده‌بیاتی ئیتالیدا بابه‌تێكی گرنگ و جێی تێڕامانه‌ له‌لایه‌ك كۆزیمۆی پاڵه‌وانی ڕۆمانی «باڕۆنی سه‌ر داره‌كان»ی ئیتالۆ كالڤینۆ كه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر دره‌خته‌كان و نایه‌وێت بێته‌وه‌ سه‌رزه‌وی، له‌لایه‌كی تر پاڵه‌وانی فیلمی «ئه‌فسانه‌ی ١٩٠٠»ی تۆناتۆرێ له‌ ده‌ریا له‌ دایك ده‌بێت و تا مردنیش نایه‌ته‌ سه‌ر زه‌وی، ئێمه‌یه‌ك كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی بێزار بووین، ده‌مانه‌وێت وه‌ك كۆزیمۆ بین، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك كۆزیمۆ بژی، تاكه‌ ڕێ ئیتالیایه‌.
هۆكارێكی تریش له‌ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ته‌كان كاتێك سه‌ته‌لایت دێته‌ شاره‌كانمانه‌وه‌، له‌ رێی كۆمه‌ڵه‌ كه‌ناڵی رای سات به‌ تایبه‌ت كه‌ناڵی دووی ڕای سات كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ شانۆ و بالێ، ئاشنا ده‌بین به‌ هه‌وڵی ناته‌بایانه‌ی شانۆ، كه‌ كاتی خۆی له‌ وتارێكدا به‌درێژی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ وه‌ستاوین، به‌تایبه‌ت له‌ شێوازی شانۆی جه‌سته‌یی.
ئیتالیای به‌ر له‌ سه‌فه‌ر ئه‌و وێنه‌ هونه‌رییه‌یه‌ بێ ئه‌وه‌ی رۆژێك بیر له‌و خه‌ونه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ بگه‌ینه‌ ئه‌وێ، بۆچی بچینه‌ ئیتالیا؟ ئیتالیای چی؟ ئێمه‌ له‌وێ په‌راوێزیش نابین، ئه‌وه‌ پرسیاری ئێمه‌یه‌ له‌ خه‌ونبینین به‌ سه‌فه‌ر و كاركردن له‌ بواری هونه‌ری له‌ وڵاتێكی ئه‌وروپاییدا.

ئێسته‌ تۆی خوێنه‌ری ئیتالی ده‌پرسیت: به‌ڵام ئێسته‌ له‌ ئیتالیان؟ ئه‌و پرسیاره‌ ده‌مانهێنێته‌ سه‌ر ئیتالیای دوای سه‌فه‌ر، ئه‌و وڵاته‌ی وه‌ك په‌نابه‌ر دێینه‌ ناوی، به‌ڵام به‌ ویستی خۆمان نایه‌ین، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاره‌زووی ناكه‌ین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ خه‌ونێكی دواخراوه‌، كه‌وایه‌ ئێسته‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره‌مان ده‌كه‌نه‌وه‌: ئه‌ی بۆ هاتن بۆ ئیتالیا؟
خۆرئاوا وه‌ك شوێنێك ڕووبه‌ڕووی نائومێدیمان ده‌كاته‌وه‌، سه‌رسامبوون به‌ كولتووری ئه‌ویتری خۆرئاوایی كه‌ مانایه‌ك بۆ ئازادی وه‌ك پڕۆژه‌ی بوون هه‌ڵگرتبێت، ئێمه‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م پرسیاری منی خۆرهه‌ڵاتی ده‌مه‌وێت ئیتر له‌ خۆرئاوا بم، به‌ڵام ئه‌وه‌ خۆرئاوایه‌ به‌شێوه‌ی خۆی تووشی نائومێدیمان ده‌كات، ده‌رگه‌كانمان به‌ ڕوودا داده‌خات «مـه‌نفه‌زێك كه‌ ڕه‌نگی ئومێدی تێدا مابێت، ئیتالیایه‌»

ئه‌وه‌ ده‌یالۆگی رۆژانه‌ی ئێمه‌یه‌، له‌ لووتكه‌ی نائومێدییه‌كانمان، تروسكایییه‌ك له‌و شوێنه‌وه‌ به‌خۆمان ده‌به‌خشین، ده‌مانه‌وێت له‌ نێوان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو ماناكانی داخران له‌ وڵاتی خۆمان و وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌ریی له‌ ئیتالیا، خۆمان بگه‌یه‌نین به‌ بڕیاری كۆتایی. له‌و ساته‌دا ده‌زانین كه‌ هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ نیشتمان به‌ ده‌گمه‌ن له‌ ئێمه‌ بیرمان له‌ ڕزگاربوون كرده‌وه‌ وه‌ك پڕۆژه‌ی ئازادی، به‌ڵام هه‌میشه‌ مرۆڤی بیركه‌ره‌وه‌ گومان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بیر بكاته‌وه‌. ده‌شێت گومان پرۆژه‌یه‌ك نه‌بێت هه‌موومان هه‌ڵگری بین، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی خاوه‌ن پڕۆژه‌ی گومان، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نیشتمان واته‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو دیلیه‌تی، مانه‌وه‌ لێره‌یش ئازادبوون و ئاشنابوون به‌ كولتووری ئه‌ویتری خۆرئاوایی.
كولتوور شتێك نییه‌ مرۆڤ وێنه‌یه‌كی كۆنكرێتی بۆی هه‌بێت، كولتوور وه‌ك كۆمه‌ڵناسان ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن بریتی نییه‌ له‌ ڕابردوو، كولتوور ساته‌وه‌ختێكی زیندووه‌ له‌گه‌ڵمان ده‌ژیی، كه‌واته‌ كوردبوون بریتییه‌ له‌ كۆی یاده‌وه‌ری و ئێسته‌ی ئێمه‌. ده‌مانه‌وێت به‌سه‌ر خۆماندا بكرێینه‌وه‌، وزه‌ی شاراوه‌ و خنكێنراو له‌ كولتووری نوێدا زیندوو بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ڕزگاركردنی شوناسه‌ له‌ مانایه‌كی ده‌ستنیشانكراو كه‌ له‌ نیشتماندا مانایه‌كی فۆلكلۆریمان پێ داوه‌. له‌ناو كولتووری ئیتالی ده‌یبه‌ینه‌ ناو فره‌ كولتوورییه‌وه‌، بۆیه‌ مرۆڤی كورد مرۆڤێكه‌ كه‌ لێره‌یه‌ ده‌یه‌وێت ببێت به‌ به‌شێك له‌ كولتوور و شوناسی ئیتالی، چونكه‌ ئیتر نیشتمان بریتییه‌ له‌و خاكه‌ی تێیدا ده‌ژین، نه‌ك ئه‌و خاكه‌ی تێیدا له‌ دایك بووین.
كه‌واته‌ «كوردستان» وه‌ك نیشتمانی ئێمه‌، «ئیتالیا» وه‌ك نیشتمانی تاراوگه‌، ده‌چنه‌ ناو پرۆسه‌یه‌كی هاڕمۆنییه‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌ریه‌ككه‌وتنی دوو كولتووره‌ له‌پێناو خوڵقاندنی ئێسته‌ی ئێمه‌، ئێسته‌یه‌ك پرسیاری زه‌مه‌نیمانه‌ له‌ شوناس، كه‌ كولتووره‌كان ده‌بنه‌وه‌ شوناس بۆ ئێمه‌، ئێمه‌یه‌ك كه‌ لێره‌ین و ده‌مانه‌وێت چیتر مرۆڤی كه‌له‌پووری نه‌بین كه‌ زاده‌ی ڕابردوویه‌ك بین، نه‌ریت چه‌نده‌ ئێمه‌ دروستمان نه‌كرد، هێنده‌ش به‌هۆی زه‌بروزه‌نگی ئاینی بۆمان هێَنرا، ئیتر ناتوانین له‌وێ بین، كێشه‌ له‌ چۆنیه‌تیی ژیان و دۆخی ئابووری و برسیه‌تی نییه‌، كێشه‌كه‌ له‌ نه‌بوونی ئازادییه‌ وه‌ك فیكر و بیركردنه‌وه‌، له‌وێ ناتوانین ئازاد بین و وزه‌كانمان بخه‌ینه‌ ناو پڕۆژه‌ی گومان و پرسیار، لێره‌بوونمان گه‌ڕانه‌ به‌دوای پرسیار و خوڵقاندنه‌وه‌ی شوناسه‌ وه‌ك مرۆڤێكی گه‌ردوونی.




كاریگه‌رییه‌كانی (ره‌هه‌ند) له‌سه‌ر ئێسته‌ی ئێمه‌ چییه‌؟ … نیهاد جامی

ده‌ره‌نجامه‌ فیكرییه‌كانی پڕۆژه‌ی (ره‌هه‌ند) له‌ناو ئێسته‌ی بوونی كوردیدا چییه‌؟ ئه‌وان كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر بوون خه‌ونی گۆڕینی زمان و دنیابینی و ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ده‌سه‌ڵات وه‌ك به‌شێكی سه‌ره‌كیی پڕۆژه‌ی فیكریی سه‌یریان ده‌كرد، رۆژانه‌ ده‌بینین كه‌سانێك وه‌ك ستایش یاخۆ سه‌رزه‌نشتكردن ئاماژه‌ بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وان تێبگه‌ین و روانینی خۆمان له‌و باره‌یه‌وه‌ بزانین، پێویستمان به‌ بێده‌نگی نییه‌، بێده‌نگی جگه‌ له‌ كۆتایی هیچیتر ناخوڵقێنێت، بۆیه‌ لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ روانگه‌ی چه‌ند كورته‌ نووسینێك هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر نووسه‌رانی (ره‌هه‌ند) بكه‌ین، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ترس له‌ناو خوێندنه‌وه‌ و ده‌یالۆگ نه‌كردن، ناچارمان ده‌كات روانینه‌كان هێنده‌ چڕ بن تا خوێنه‌ر به‌بیانووی درێژی نووسینه‌كان خۆی لێی دوور نه‌كاته‌وه‌.

ده‌سه‌ڵات له‌ وێنه‌یه‌كی فۆكۆییه‌وه‌ بۆ وێنه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی

ئیشكردن له‌سه‌ر چه‌مكێكی فه‌لسه‌فی و قووڵبوونه‌وه‌ له‌ناو دنیابینی فه‌یله‌سووفێك كارێكی نامۆ به‌ پڕۆژه‌ی رۆشنبیریی ئێمه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بته‌وێت به‌ چه‌مكه‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی ئه‌و فه‌یله‌سووفه‌ دنیای كوردیی بخوێنیته‌وه‌. مه‌ریوان وریا له‌ پڕۆژه‌ی (ره‌هه‌ند)دا په‌راوێزێك بۆ نووسینی فیكر ده‌كاته‌وه‌، له‌ دنیابینی فه‌یله‌سووفی فڕه‌نسایی میشێل فۆكۆ چه‌مكه‌كانی وه‌ك (ده‌سه‌ڵات، مه‌عریفه‌، هێز، دامه‌زراوه‌كان) دنیای كوردیی پێ ده‌خوێنێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ شه‌ڕی حزبه‌ كوردییه‌كان و تراجیدیای ئه‌نفال، دواتر ته‌واوی ئه‌و وتارانه‌ له‌ كتێبێكدا به‌ناوی (ده‌سه‌ڵات و جیاوازی) كۆ ده‌كاته‌وه‌.

گرنگی ئه‌و هه‌وڵه‌ له‌وه‌دایه‌ له‌ دنیابینی فه‌لسه‌فییه‌وه‌ كوردبوون ده‌خوێنێته‌وه‌، خوێندنه‌وه‌یه‌ك توانای رزگاركردنی رووداوه‌كانی هه‌یه‌ له‌ تۆماری مێژووییدا، ئه‌وه‌ش خوێندنه‌وه‌ی حزب وه‌ك ده‌سه‌ڵات و فه‌لسه‌فه‌ وه‌ك ئاراسته‌یه‌كی مه‌عریفه‌ی ڕۆشنبیر ده‌مانخاته‌ به‌رده‌م دوو چه‌مكی گرنگی كاركردنی فۆكۆییانه‌، ئه‌گه‌رچی له‌ زۆر شوێندا تارمایی دۆلۆز ده‌بینینه‌وه‌، واته‌ فۆكۆیه‌كی دۆلۆزی ده‌بینین، وه‌ك چۆن مانا زاراوه‌ییه‌كانی چه‌مك به‌تایبه‌ت (ده‌سه‌ڵاتی سزا، بیۆده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتی كاریزما) كه‌ فۆكۆ له‌ كتێبی (چاودێری و سزا) هۆلۆكۆستی پێ ده‌خوێنێته‌وه‌، مه‌ریوان چه‌مكه‌ فۆكۆییه‌كان ده‌گوازێته‌وه‌ ناو ڕووداوی ئه‌نفال، هه‌ڵبه‌ت هۆلۆكۆست و ئه‌نفال وه‌ك دوو ڕووداوی هاوشێوه‌ توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ فۆكۆییه‌كه‌وه‌ بڕۆینه‌ ناو خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌نفال، به‌ڵام كێشه‌كه‌ له‌وێوه‌ ده‌ست پێ ده‌كات كاتێك له‌ مانا زاراوه‌ییه‌كه‌ی چه‌مكه‌ فۆكۆییه‌كه‌وه‌ نه‌یه‌ین ئه‌نفال بخوێنینه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ مانای زاراوه‌ییه‌وه‌ بڕۆینه‌ ناو مانا فه‌رهه‌نگییه‌كه‌یشی.

لێره‌وه‌ ئه‌نفال و هۆلۆكۆست له‌ رووداوێكه‌وه‌ ده‌بنه‌ هه‌مان ده‌ره‌نجامه‌ فه‌لسه‌فییه‌كانی فۆكۆ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هۆلۆكۆست ده‌سه‌ڵاتی سزا تێپه‌ڕێنێت و به‌ره‌و بیۆده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتی كاریزما بێت، ئه‌وا مه‌ریوان ئه‌نفال له‌وه‌ ده‌رده‌كات پێوه‌ندی به‌ ده‌سه‌ڵاتی سزای خێڵه‌كی و ڕووداوه‌كه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ڵكو وه‌ك تاوانێكی مۆدێرنه‌ سه‌یری ده‌كات، تا ئاستی ئه‌وه‌ی نازیزم و به‌عسیزم له‌لایه‌ك و سه‌دام و هیتله‌ر له‌لایه‌كی تر، وه‌ك یه‌ك به‌ له‌دایكبووی مناڵدانی مۆدێرنه‌ ناویان ده‌بات، بۆیه‌ ده‌ره‌نجامه‌ فۆكۆییه‌كه‌ بۆ هۆلۆكۆست ده‌سه‌پێنێته‌ سه‌ر ئه‌نفال، له‌رێی چه‌مكی بیۆده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتی كاریزماوه‌ سه‌دام و به‌عس له‌ ئه‌نفال ده‌خوێنێته‌وه‌، خوێندنه‌وه‌یه‌ك بارگاوی ده‌كرێت به‌ تێگه‌یشتنی فۆكۆیی نه‌ك به‌ تێگه‌یشتنی فه‌لسه‌فییانه‌ بۆ ئه‌نفال.

كاتێك له‌ ته‌واوی چه‌مكه‌ فۆكۆییه‌كانه‌وه‌ دنیابینی فه‌لسه‌فی به‌ دنیای كوردیی ده‌به‌خشێت، دێته‌ سه‌ر محه‌مه‌د ئه‌ركۆن، به‌بڕوای ئێمه‌ ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌رداربوونی مه‌ریوانه‌ له‌ نووسین وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی فیكریی و ده‌یه‌وێت له‌ چه‌ندان ده‌لاقه‌ی جیاوازه‌وه‌ ئیتر قسه‌ بكات، ئه‌و قسه‌كردنه‌ كۆتاهاتنه‌ له‌ پڕۆژه‌ فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی بۆ خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی، به‌تایبه‌ت كاتێك ئه‌و ناچێته‌ قووڵایی دنیای ئه‌ركۆن و به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت دیدی ئه‌ومان پێ بناسێنێت. ئه‌و ترازانه‌ رووكردنه‌ چه‌ندان ژانری وه‌ك شیعر و دیدار و ستوونی رۆژنامه‌وانی و وتار ده‌ڕوات، تا له‌ كۆتاییدا پۆرترێتی وێنه‌یه‌ك دروست ده‌كات، وێنه‌ی دژه‌ ده‌سه‌ڵات وێنه‌یه‌كی ئه‌نتی فۆكۆییه‌ و وێنه‌یه‌كی ژۆرناڵیه‌ بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌ ده‌سه‌ڵات كه‌ ناتوانێت له‌سه‌ر چه‌مكه‌كان ئیش بكاته‌وه‌، هێنده‌ی به‌ره‌و ڕوانینه‌ ڕواڵه‌تییه‌كانی ده‌سه‌ڵات هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌وه‌ش ره‌خنه‌گرتن له‌ ده‌سه‌ڵات له‌ وێنه‌یه‌كی فه‌لسه‌فییه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ وێنه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی كه‌ فیكر و (ره‌هه‌ند)ـه‌كانی له‌ ده‌ست ده‌دات و له‌سه‌ر وێنه‌ ڕووكه‌شه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌گیرسێته‌وه‌.

له‌ كۆمه‌ڵناسییه‌وه‌ بۆ ڕه‌خنه‌ی سیاسی

كاتێك تیۆر ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌و ساته‌ له‌ به‌رده‌م دیدێكی زانستیداین بۆ ناسینی خۆمان، ئاراس فه‌تاح له‌ روانگه‌ی كۆمه‌ڵناسییه‌وه‌ هه‌وڵی دا له‌سه‌ر ئاستی تیۆریی به‌شێك له‌ جومگه‌ و پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی بخوێنێته‌وه‌. ئه‌و دیده‌ بۆ نووسین كه‌متر خوێنه‌ری ئێمه‌ به‌لایدا ده‌چێت، هۆكاره‌كه‌یشی بۆ دوو ئاست ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئاستی یه‌كه‌م كێشه‌ی نێوان نووسین و تیۆره‌، كه‌ چۆن له‌ دیدی زانستییه‌وه‌ ئاشنایه‌تی په‌یدا ده‌كه‌ین. ئاستی دووه‌م تیۆر ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات میتۆدی كاركردن بواری هه‌ڵچوون و دیدی ده‌ره‌وه‌ی نووسین وه‌ك په‌راوێزێك نه‌بێته‌ سه‌نته‌رێك بۆ زمان، بۆیه‌ ئاراس كه‌متر باسی ده‌كرێت، به‌ڵام وه‌ك پڕۆژه‌كاری ئه‌و له‌وانیتر ڕوونتره‌، ئه‌گه‌رچی ده‌بوو به‌ وه‌ستانی گۆڤاری (ره‌هه‌ند) ئه‌و نووسه‌ره‌ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و پڕۆژه‌ تایبه‌ته‌ی خۆی نه‌بێت، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و هه‌وڵی دا قسه‌كردن له‌ ساته‌وه‌ختی هه‌نووكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ وه‌ك بابه‌تێك به‌تایبه‌ت له‌ پێوه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی و كۆمپیوته‌ر بخاته‌ ڕوو.

دیاره‌ ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ بۆ ئێسته‌ ده‌یتوانێ كاری له‌سه‌ر بكاته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌و ئاسته‌ی كه‌ ئیتر كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ له‌ بوونه‌وه‌رێكی بازنه‌ی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌وه‌ بوو به‌ بازنه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌چی كاتێك (ره‌هه‌ند) وه‌ك پڕۆژه‌ ته‌واو ده‌بێت، ئیتر كاری ئه‌ویش ته‌واو ده‌بێت. وه‌ك ئه‌وانیتر له‌سه‌ر رووپه‌ڕی رۆژنامه‌ ده‌كه‌وێته‌ نووسینی ره‌خنه‌ی سیاسی، ره‌خنه‌یه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی تیۆر و له‌سه‌ر تێگه‌یشتنی خۆی وه‌ك نووسه‌رێك ئیش ده‌كاته‌وه‌. ره‌نگه‌ بۆ نووسه‌رێك كه‌ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك كاری نه‌كردبێت، دۆخێكی سرووشتی بێت ئه‌وه‌ی ئه‌و پێیدا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام بۆ ئاراس ده‌رده‌كه‌وێت، نووسین پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیجی نه‌بوو، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی چه‌مكی پڕۆژه‌ وابه‌سته‌بوو به‌ گۆڤارێكه‌وه‌، باشترین به‌ڵگه‌ش ستوونه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانی ئه‌و نووسه‌ره‌ له‌ به‌رده‌م نائومێدییه‌ك رامان ده‌گرێت كه‌ دیدی وتاره‌كان له‌ سه‌ره‌تادا ده‌یه‌وێت دیدی دنیابینی ئه‌و بێت، به‌ڵام دواتر ده‌ستبه‌رداری ده‌بێت و له‌ناو ره‌خنه‌ی سیاسیدا ده‌وه‌ستێت.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و چونكه‌ ستووننووسی رۆژنامه‌ نه‌بووه‌، پێم وایه‌ خراپترین ستووننووسی رۆژنامه‌ی كوردی بووه‌، به‌و كاره‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ پڕۆژه‌یه‌ك كرد كه‌ ژێرخان و سه‌ره‌تایه‌كی گرنگی تێدا بنیات نابوو، به‌ڵام رۆژنامه‌ و ڕه‌خنه‌ی سیاسی بوونه‌ تابووتێك بۆ پڕۆژه‌كه‌ی ئاراس فه‌تاح.

به‌ختیار عه‌لی پڕۆژه‌یه‌كی ناته‌واوه‌

هابرماس له‌ وتاره‌ گرنگه‌كه‌یدا له‌باره‌ی تازه‌گه‌ری خۆرئاوایی، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ تازه‌گه‌ری پڕۆژه‌یه‌كی ناته‌واوه‌، ناته‌واوبوون به‌و مانایه‌ی ته‌واو نه‌بووه‌ تا كۆتایی بێت و دۆخی پاش تازه‌گه‌ری بێنینه‌ پێشه‌وه‌.
به‌ختیار عه‌لی تاكه‌ ده‌نگێكی ناو پڕۆژه‌ی ڕه‌هه‌ند كه‌ سیماكانی پڕۆژه‌كه‌ی ڕوون بن، له‌ پێوه‌ندی نێوان فیكر و ئه‌ده‌بدا، سه‌ره‌تاكان له‌ رۆژگاری به‌ر له‌ راپه‌ڕین وتاری رۆژنامه‌وانی ئه‌و نووسه‌ره‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ بیركردنه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌ردوو وتاری (قسه‌كردن له‌ په‌راوێزی بێده‌نگیدا، سه‌ره‌تایه‌ك ده‌رباره‌ی سۆسیۆلۆجیای ئه‌زموونگه‌ری) ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یه‌كی گرنگ بۆ تێگه‌یشتن له‌ بوونی ئێمه‌ وه‌ك بوونه‌وه‌رێك كه‌ چۆن سه‌یری ئه‌ویتری خۆرئاوایی ده‌كه‌ین و له‌ چی ده‌ترسین؟ ده‌بێت له‌ چی بترسین؟ جیاكردنه‌وه‌ی نێوان بونیاده‌كان سه‌ره‌تای قسه‌كردنی به‌ختیار بوو كه‌ پێویست ناكات له‌ كافكاو جویس بترسین هێنده‌ی پێویسته‌ له‌ ئیرۆسیه‌تی خۆرئاوایی بترسین، دیدی لاكانی بۆ بێده‌نگی و زمان دنیابینییه‌كی تری ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ بوو، هاتنی راپه‌ڕین پانتایی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و نووسه‌ره‌ به‌تایبه‌ت له‌ وتارێكی فیكری به‌ناوی (ده‌سه‌ڵات و مه‌عریفه‌) سیما و خه‌سڵه‌تی نووسین و پڕۆژه‌ فیكرییه‌كه‌ی به‌ روونی ده‌رده‌كه‌وێت، ئیشكردنی له‌سه‌ر فه‌یله‌سووفانی بونیادگه‌ری و ئه‌وانه‌ی به‌دوای بونیادگه‌ری ناسراون، پۆرترێتی نووسینی ئه‌و ده‌خوڵقێنن.

ئه‌و راسته‌وخۆ وابه‌سته‌ی تیۆر و میتۆدێك نه‌بووه‌، هێنده‌ی تیۆر وه‌ك ئاگایییه‌كی پشت نووسین به‌كار هاتووه‌، هه‌وڵی داوه‌ ئیشیان له‌سه‌ر بكاته‌وه‌، ئه‌و لۆجیكه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌ له‌ نێوان فیكر و ئه‌ده‌بدا له‌ پێوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیدایه‌، بۆیه‌ به‌رده‌وام گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ناو تێكسته‌ ئه‌ده‌بییه‌كان، وه‌ك ده‌بینین له‌ قسه‌كردنی بۆ كۆچ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌ده‌بی گریكی و به‌تایبه‌ت بۆ سه‌فه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئۆدیب بۆ ماڵه‌وه‌، یا له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شانۆنامه‌كانی شكسپیر و رۆمانه‌كانی كافكا.
ئه‌گه‌ر ژیل دلۆز چه‌مكی گرێی ئۆدیبی فرۆیدی ده‌گۆڕێت به‌ دژه‌ ئۆدیب، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ بۆ به‌ختیار ده‌بێته‌ له‌دایكبوونی بیرۆكه‌ی قسه‌كردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌نفال، چه‌مكی ئاره‌زووی فرۆیدی له‌ مه‌یلی سێكسییه‌وه‌ ده‌گۆڕێت بۆ خوڵقاندنه‌وه‌ی چه‌مك له‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ كوشتن و فه‌رامۆشكردن، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما فه‌لسه‌فییه‌ی پرسیاره‌كه‌ی دۆلۆز له‌باره‌ی چییه‌تی فه‌لسه‌فه‌، گوتی (فه‌لسه‌فه‌ خوڵقاندنه‌وه‌ی چه‌مكه‌). ئه‌و دنیا فیكرییه‌ی به‌ختیار له‌ناو ئه‌ده‌به‌كه‌یشیدا ته‌واو ره‌نگ ده‌داته‌وه‌ چ له‌ تێكسته‌ شیعرییه‌كانی یاخۆ له‌ناو رۆمانه‌كانیدا، بۆیه‌ ئه‌و هه‌ڵگری پڕۆژه‌یه‌كی ناته‌واوه‌ و به‌ (ره‌هه‌ند)یش هێشتا كۆتایی نه‌هاتووه‌.

(ره‌هه‌ند) و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی

ئیشكردن له‌سه‌ر تێكستی ئه‌ده‌بی به‌شێكی سه‌ره‌كی كاركردنی پڕۆژه‌ی ڕه‌هه‌ند بوو، به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی شیعری كلاسیكی و دنیای شیعری شێركۆ بێكه‌س و گۆران و ڕۆمانی حه‌ساری شێرزاد حه‌سه‌ن، ئه‌وانه‌ی زیاتر له‌و بواره‌دا كاریان كرد، رێبین هه‌ردی و به‌رزان فه‌ره‌ج و مه‌ریوان وریا بوون، لێره‌دا ئیشكردنه‌كان زیاتر خوێندنه‌وه‌ی بونیادگه‌رانه‌ بوون، ئه‌وه‌ش وه‌ك ره‌خنه‌یه‌كی نوێ بۆ ڕۆشنبیری كوردیی، ئه‌گه‌رچی درێژ نه‌بووه‌وه‌ بۆ ئه‌زموونی تر و نه‌یتوانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر گوتاره‌ ڕه‌خنه‌یییه‌كه‌ دروست بكات. به‌رزان فه‌ره‌ج هه‌وڵی دا ده‌رگه‌یه‌ك به‌سه‌ر یاده‌وه‌ری چیرۆكی شێرزاد حه‌سه‌ن بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بچێته‌ ناو خه‌ونی كوڕی گه‌وره‌ی حه‌سار. رێبین هه‌ردی له‌سه‌ر ئه‌زموونی شیعری شێركۆ و وێنه‌ی باوك، له‌سه‌ر پرسیاری شوناسی تازه‌گه‌ری ده‌وه‌ستێت، له‌و ناوه‌نده‌دا به‌راوردێك له‌ نێوان بێكه‌س و گۆران ده‌خاته‌ ڕوو، بۆ ئه‌و كاره‌ش گه‌ڕابووه‌وه‌ بۆ لای ئه‌ریك فرۆم كه‌ دیدگه‌ فرۆمییه‌كه‌ ته‌واو زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌كه‌یدا.

لێره‌دا پێویسته‌ ئاماژه‌ بۆ نووسینێكی گرنگی مه‌ریوان وریا بكه‌ین له‌باره‌ی ئه‌زموونی مه‌نفاوه‌ كه‌ به‌بڕوای مه‌ریوان سێكوچكه‌یه‌كن بریتین له‌ نالی و حاجی قادر و شێركۆ بێكه‌س، خوڵقاندنی ئه‌و سێكوچكه‌یه‌ چه‌نده‌ به‌ره‌و ڕووی دنیابینییه‌كمان ده‌بات كه‌ ئاخۆ ده‌توانین ئه‌وه‌ بكه‌ین به‌ سه‌ره‌تا به‌ ئه‌زموونی مه‌نفا؟ چونكه‌ ئه‌و نووسینه‌ی مه‌ریوان ده‌بێت له‌ نێوان مه‌نفا و زماندا ئێمه‌ بوه‌ستێنێت، به‌ڵام وه‌ستانێك پرسیارێكمان ڕووبه‌ڕوو ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و سێكوچكه‌یه‌ مه‌ریوان ده‌یدۆزێته‌وه‌؟ یاخۆ شێركۆ بێكه‌س به‌ مه‌ریوانی ده‌به‌خشێت؟ ئه‌وه‌ پرسیار نییه‌ گومانه‌، چونكه‌ شێركۆ له‌ هه‌ردوو ئه‌زموونی (ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌) و (خاچ و مار و ڕۆژمێری شاعیرێك) خۆی به‌و سێكوچكه‌یه‌ ده‌بینێت كه‌ له‌ ته‌ك نالی و حاجی مه‌نفا ده‌نووسنه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ش هۆكارێك بێت ئه‌و گوتاره‌ ڕه‌خنه‌ییه‌ ببێت به‌ جێی سه‌رنج، به‌ڵام نه‌توانێت كاریگه‌ری به‌جێ بێڵێت، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ وه‌ستانی ڕه‌هه‌ند ئێمه‌ ئاسۆیه‌كی نوێی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ نه‌ له‌لای ئه‌و نووسه‌رانه‌ و نه‌ لای نووسه‌رانی تر نابینین.

(ره‌هه‌ند)ه‌كانی نووسین و نووسینه‌كانی ڕه‌هه‌ند

كاتێك گۆڤارێك هه‌ڵگری پڕۆژه‌یه‌كی تیۆریی و ڕاڤه‌كاری ده‌بێت، له‌و ساته‌دا ده‌بێت له‌ به‌رده‌م ئاسۆیه‌كی نوێی نووسین بین، نه‌ك ئه‌و دروشمه‌ به‌ته‌نیا له‌ناو نووسینی مه‌یوان و به‌ختیار و ئاراس به‌دوایدا بگه‌ڕێین، نه‌شتوانین پڕه‌نسیبی نووسین له‌ هه‌ندێك كاردا بدۆزینه‌وه‌، لێره‌دا ئه‌و ڕوانینه‌مان ده‌سه‌پێته‌ سه‌ر وه‌رگێڕانه‌كانی هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵا، ئاخۆ وتاری وه‌رگێڕدراو ئاسۆیه‌كی گرنگمان بۆ ده‌كاته‌وه‌؟ یان وتارێكه‌ له‌ (ره‌هه‌ند)یش بڵاو نه‌بێته‌وه‌، ده‌كرێت له‌ هه‌ر رۆژنامه‌ و گۆڤارێكی تر بڵاو ببێته‌وه‌؟ ئاخۆ دوای ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌دا ده‌چینه‌وه‌، ستافی ئه‌و گۆڤاره‌ كه‌ هه‌ڵگری خه‌ونی نه‌وه‌ی ئێمه‌ بوون، ئه‌و پرسیاره‌یان له‌ خۆیان نه‌كردووه‌؟ ئه‌گه‌ر نه‌یانكردووه‌ له‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و گۆڤاره‌دا پێویسته‌ ئێمه‌ لێیانی بكه‌ین. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، گۆڤارێكی له‌و شێوه‌یه‌ كولتوور و تیۆر و ڕاڤه‌كردن دنیابینییه‌كه‌ی بێت، چۆن ده‌كرێت له‌ وه‌رگێڕانی وتاردا بنووسرێت وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردن؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ بۆ هه‌ر ڕۆژنامه‌ و گۆڤارێك بواری هه‌بێت بۆیان بچێته‌ سه‌ر، ئاخۆ (ره‌هه‌ند) چۆن ئه‌وه‌ی قبووڵ كردووه‌؟

ئه‌و پرسیارانه‌ هێنده‌ی قسه‌كردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ساته‌وه‌ختی ئێمه‌ وه‌ك خوێنه‌ر، هێنده‌ ڕه‌خنه‌ نییه‌ ئێسته‌ ئاراسته‌ی (ره‌هه‌ند)ی بكه‌ین، به‌ڵام گۆڤارێك به‌و هه‌موو نووسینه‌ و ئه‌و هه‌موو لاپه‌ڕه‌یه‌ كه‌ ساڵه‌كانی ژیانمان له‌ خوێندنه‌وه‌ پێی دا، ئێسته‌ به‌ مافی خۆمان بزانین چییان پێبه‌خشین و ستراتیجی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ چی بوو، ناكرێت به‌سه‌ر ساڵه‌كاندا نه‌چینه‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌ ئاستی وه‌رگێڕاندا ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ ئاراسته‌ی هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵا بكرێت، له‌ ئاستی نووسیندا به‌هه‌مانشێوه‌ ڕووبه‌ڕٍووی كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری تر ده‌بێته‌وه‌ كه‌ جگه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانیان له‌ (ره‌هه‌ند) له‌ ژماره‌یه‌كیان دووان هێنده‌ی به‌شدارییه‌ هێنده‌ ناچنه‌ ناو پڕۆژه‌كه‌.

كێشه‌ی به‌شێكی زۆری نووسه‌رانی كورد ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گۆڤارێك ده‌رچوو گرنگ ئه‌وان بابه‌تیان تیێدا هه‌بێت، جا رانانی كتێب بێت دیمانه‌ بێت، گرنگ پَیوه‌ندییه‌كی هاوڕێیه‌تی هه‌بێت و ئه‌وان بتوانن لێیه‌وه‌ بچنه‌ ژووره‌وه‌، (ره‌هه‌ند) خاڵی نه‌بووه‌ له‌و كێشه‌یه‌. وه‌ك چۆن گۆڤاره‌كه‌ بۆ نووسه‌رێكی وه‌ك فاڕووق ره‌فیق بووه‌ته‌ ده‌رگه‌یه‌ك تا له‌ پشت ناوی فه‌یله‌سووفه‌كانه‌وه‌ بانگه‌شه‌كانی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت، به‌هۆی پێشتر له‌ كتێبی (نووسه‌ر و نووسینه‌وه‌ی زمان) به‌درێژیی له‌سه‌ر نووسینی فاڕووق قسه‌م كردووه‌، بۆیه‌ لێره‌دا ته‌نیا تیشك ده‌خه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و دیده‌ پانۆراماییه‌ی فاڕووق له‌ناو فه‌لسه‌فه‌دا تووشی بوو له‌ نێوان نیتچه‌ و هایدگه‌ر و ئه‌فڵاتوون كه‌ كۆتایییه‌كه‌شی به‌و مه‌یله‌ ئاینییه‌ ته‌واو بوو كه‌ به‌ بڕوای ئه‌و، كوردایه‌تی و ماركسیزم پێكه‌وه‌ بۆگه‌نیان كردووه‌.

ئه‌و روانینه‌ ئینفعالییه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ده‌نووسێت گوایه‌ ئیتر بۆ ئه‌و شوێنی گومان نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شوێنی گومانه‌ ئه‌وه‌یه‌ فاڕووق چۆن كوردایه‌تی وه‌ك گوتارێكی ناسیۆنالیستی و ماركسیزم وه‌ك فه‌لسه‌فه‌ ده‌كاته‌ یه‌ك گوتار و به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌یانكوژێت؟ ئه‌وه‌ ره‌نگه‌ كه‌سێكی تر بیڵێت فاڕووق به‌ بیانووی نه‌بوونی ئه‌رگۆمێنت تۆمه‌تباری بكات، به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆی جگه‌ له‌ بانگه‌سه‌كردن بۆ ئه‌رگۆمێنت شتێكی ترمان له‌و باسه‌ ئینفعالییه‌ بۆ بخاته‌ ڕوو تا خۆی ده‌گه‌یه‌نێت به‌ میراتی ئیسلامی.

په‌راوێزه‌كانی ژیان و كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بی

قسه‌كردن له‌ دیارده‌ په‌راوێزه‌كانی ناو ژیان دیدێكی گرنگ بوو كه‌ به‌شێكی نووسه‌رانی (ره‌هه‌ند) فه‌رامۆشیان كرد، له‌ پشت فه‌یله‌سووفه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ده‌خوێنرایه‌وه‌ ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵات و تێگه‌یشتن بوو لێی، ئه‌وه‌ی فه‌رامۆشیش ده‌كرا یاده‌وه‌ری ناو ماڵه‌كانی ئێمه‌ بوون، ترس بوون له‌و فانتازیای تۆقینه‌ی دوای بردنی كه‌سێكی ماڵه‌كانمان بۆ گرتووخانه‌كانی به‌عس، چی له‌ودیو روو ده‌دا كه‌ ئێمه‌ نایبینین؟ چونكه‌ كه‌سه‌ رۆیشتووه‌كه‌مان جارێكی تر نایه‌ته‌وه‌ ناو ژیان، ئه‌وه‌ ڕێك ئه‌و دنیایه‌ بوو رێبوار سیوه‌یلی كاری تێدا ده‌كرد، ئه‌و جۆره‌ كاركردنه‌ هێنده‌ی قسه‌كردن بوو له‌ په‌راوێزه‌كانی ناو ژیان، به‌ باڵاكردنی گوتاری فه‌لسه‌فی نه‌بوو، كه‌ له‌و رۆژگاره‌دا په‌راوێزه‌كان راستییه‌كه‌ی په‌راوێزی گوتاری رۆشنبیریمان بوون، پڕۆژه‌كه‌ی سیوه‌یلی كه‌ تا ئێسته‌یش له‌ كتێب و وتار و نووسینی كورتدا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌وتووه‌ته‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی زۆرترین ڕه‌خنه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ ئێمه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و ڕه‌خنانه‌مان له‌ سیوه‌یلی گرتبێت، به‌تایبه‌ت له‌ ئه‌زموونه‌ ئه‌ده‌بییه‌كه‌یدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌ بێبه‌هاكردنی پڕۆژه‌كه‌ی نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌ گرنگی نووسینی ئه‌و نووسه‌ره‌ بووه‌ كه‌ زۆرترین گفتوگۆی ڕه‌خنه‌ی بۆ خوڵقاندووین، به‌ڵام هێمنی پڕۆژه‌كه‌ی وایكردووه‌ ئارامگری ئه‌و ببێت به‌ جێی سه‌رنجمان، ئه‌گه‌ر تووڕه‌یی خوێنه‌رانێك له‌ نووسه‌رێك به‌هۆی هه‌ڵوێستی سیاسییه‌وه‌ بێت، بۆچی كاتێك نووسه‌رێك هاوهه‌ڵوێست بێت له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسییه‌كه‌ی تۆ ئه‌ویان به‌ شۆڕشگێڕ ده‌زانیت و ئه‌ویتر ناپاك؟ ئه‌وه‌ ته‌نیا فاشیزمێكی ره‌مزییه‌ كه‌ له‌ناو دنیای ئێمه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و به‌بیانووی ره‌خنه‌گرتن له‌ نووسه‌رانێك به‌ناوی هه‌ڵوێسته‌وه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت.

هه‌ڵبه‌ت له‌ كاتێكدا ئه‌و فاشیزمه‌ ره‌مزییه‌ بوونی هه‌بووه‌، به‌ڵام ره‌خنه‌ی ئێمه‌ له‌ شوێنێكی تر بووه‌، له‌وه‌ی له‌رووی چه‌مكی ده‌قئاوێزانه‌وه‌ هاتووین ئیش له‌ چیرۆكه‌كانی سیوه‌یلی و شێرزاد حه‌سه‌ن بكه‌ین، یا ئه‌و نزیكی مانایه‌ی كه‌وتووه‌ته‌ نێوان شیعره‌كانی سیوه‌یلی له‌گه‌ڵ ماغووت، ده‌نا ئه‌و له‌ قسه‌كردن له‌ ئه‌زموونی تاراوگه‌ و به‌رپرسیارێتی نووسین، دیدێكی ئه‌خلاقی گرنگ به‌ نووسینی كوردی ده‌به‌خشێت، خوێندنه‌وه‌ی ته‌ئویلكاری بۆ دنیای شیعری نالی رزگاركردنی ره‌خنه‌ی شیعری كلاسیكییه‌ له‌ لێكدانه‌وه‌ی ماناكانی شاعیر بۆ ته‌ئویلكردنی زمان و پێوه‌ندی به‌ پرۆسه‌ی نووسینه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی ویستی ئه‌و ئه‌زموونه‌ له‌گه‌ڵ شیعری حاجی قادری كۆیی ئه‌زموون بكاته‌وه‌، به‌ڵام به‌ بڕوای ئێمه‌ له‌وێدا ئیشكردنه‌كان سنووری راڤه‌كردنیان جێنه‌هێشتووه‌ و نه‌په‌ڕیونه‌ته‌وه‌ ناو ته‌ئویل، به‌ڵام كۆی پرۆسه‌ی نووسینی سیوه‌یلی هه‌وڵێكی گرنگی نێوان په‌راوێزه‌كانی ژیان و كۆمه‌ڵناسی ئه‌ده‌بییه‌، ئه‌وه‌ش پڕۆژه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بووه‌ كه‌ له‌ناو ڕه‌هه‌ند نه‌شونمای كرد و خێرا جیا بووه‌وه‌، ئاراسته‌ ستراتیجییه‌كه‌یشی بۆ خۆی پڕۆژه‌ی كارێكی سه‌ربه‌خۆی نووسه‌رێك بوو كه‌ پێویستی به‌ توندترین گفتوگۆی ڕه‌خنه‌یی بووه‌، هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و ده‌رگه‌یه‌مان به‌ڕووی نووسینه‌كانیدا كردووه‌ته‌وه‌.

شكانی پیرۆزی باوك و به‌ پیرۆزكردنی ڕۆشنبیر

(ره‌هه‌ند) دیارترین پڕۆژه‌ی رۆشنبیریی دنیای ئێمه‌ بوو، نووسه‌ره‌كانی زیاتر له‌ خۆرئاوا بوون، زمانی تریان ده‌زانی و سه‌رچاوه‌ی تیۆریی و فه‌لسه‌فییان به‌ زمانی تر به‌ده‌ست ده‌گه‌یشت، ئه‌وه‌ وایكرد ئاشنامان بكه‌ن به‌ مه‌عریفه‌ و فیكری نوێ و فه‌یله‌سووفی نوێ بناسین، ئه‌وان ڕووبه‌ڕووی نووسینی نوێ و فیكری جیاواز و خوڵقاندنی گومان و پرسیاریان كردینه‌وه‌. ئێمه‌ به‌ تامه‌زرۆیییه‌وه‌ ده‌مانخوێنده‌وه‌، خۆمان دابه‌ش كرده‌ سه‌ر دوو به‌ره‌دا، نه‌وه‌ی ئێمه‌ زیاتر له‌ناو ستایش و سه‌رسامیدا بووین، چونكه‌ هێنده‌ تامه‌زرۆ بووین ده‌مانویست شتێكی نوێ فێر بین، ئه‌وانی تر كه‌ زیاتر ئه‌دیبانی نه‌وه‌ی پێشوو بوون، ده‌یانویست سه‌رزه‌نشت بكه‌ن و كاره‌كان به‌ لاساییكردنه‌وه‌ و دزیكردن ناو به‌رن.
ئێسته‌ كه‌ پڕۆژه‌كه‌ وه‌ك بڵاوبوونه‌وه‌ و چاپكردن كۆتایی هاتووه‌، ستایش و سه‌رزه‌نشتكردنه‌كانیش چوونه‌ته‌ دۆخی بێده‌نگییه‌وه‌، بۆ ئێمه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ به‌گرنگ ده‌زانین، بۆیه‌ هه‌وڵمان دا له‌سه‌ر پێداچوونه‌وه‌ به‌ یاده‌وه‌ری خوێندنه‌وه‌ وه‌ك خوێنه‌رێك به‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌دا بچینه‌وه‌، ئێسته‌یش كه‌ ئه‌و وتاره‌ ته‌واو ده‌بێت، پرسیارێكی تر ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌، پرسیارێك ده‌رگه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی نوێ ده‌كاته‌وه‌: (ره‌هه‌ند) چیی كرد؟
ئه‌و پرسیاره‌ پێوه‌سته‌ به‌ تێگه‌یشتنی هه‌ر یه‌كێكمانه‌وه‌ بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌، ده‌شێت له‌ كورترین وه‌ڵامدا ئه‌وه‌ بخه‌ینه‌ ڕوو، ڕه‌هه‌ند چه‌مكی پیرۆزگه‌رایی باوكی سیاسی تێكده‌شكاند، كاتێك په‌یكه‌ری باوكی سیاسی له‌ زهنی ئێمه‌دا تێكشكاند، هه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بوو ماناكانی پیرۆزیی له‌ ژیانی ئێمه‌دا كۆتایی بێت، به‌ڵكو به‌و شكاندنه‌ پیرۆزییه‌كی تری لا خوڵقاندین، ئه‌مجاره‌ په‌یكه‌ری ڕۆشنبیری به‌ پیرۆز كرد، ڕۆشنبیرێك نه‌یتوانی بوونه‌وه‌ری ئازاد بێت، به‌ڵكو وه‌ك هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌یویست ڕوانینه‌كانی بچنه‌وه‌ ناو ئایدیۆلۆجیای گرووپێكی سیاسی، به‌ڵام له‌ شكاندنی په‌یكه‌ری پیرۆزی سیاسییه‌وه‌، بۆ پیرۆزكردنی په‌یكه‌ری ئه‌وی ڕۆشنبیر.




ڕه‌خنه‌گرتن له‌كۆمه‌ڵگای مۆدێرنیتی … نیهاد جامی


هەر جارەو بابەتێک لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە …..

http://dengekan.com/doc/2005/8/aug2005.htm
———————————–

له‌دوای ئه‌وه‌ی مۆدێرنصتی له‌سه‌ر شێوازی سڕینه‌وه‌ هه‌وڵی كۆمه‌ڵگایه‌كی تریدا, كه‌له‌خه‌سڵه‌ته‌ مرۆییه‌كان دووری كردینه‌وه‌و كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵ درووستكرا, ئه‌وه‌ش بیركردنه‌وه‌و پایه‌دانی به‌ عه‌قڵداو ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ڕابردوودا هه‌بوون, كه‌دواجار نه‌یتوانی ئه‌و كۆمه‌ڵگا عه‌قڵانیه‌ دابمه‌زرێنێت, …..

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن …..




رۆمان … لە ئۆکتۆبەردا کوژرام … نیهاد جامی


“رۆمان”

لە ئۆکتۆبەردا کوژرام
نیهاد جامی …

بۆ خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە کلیکی ئێرەبکەن …..