جەنگ و گەمارۆی ئابووریی ئەمریکا بۆسەر ئێران و چەند ڕاستییەک.. نوری بەشیر

ئەمریکا دەورەیەکی نوێی جەنگ و فشاری بۆسەر ئێران دەستپێکردووە؛ دەورەیەک کە لەگەڵ قۆناغی جەنگی ١٢ ڕۆژە و ٤٠ ڕۆژە، یان قۆناغی “نە شەڕ و نە ئاشتی” جیاوازییەکی گەورەی هەیە. ئەم قۆناغە تەنها بە هێرشە سەربازییەکان سنووردار نابێتەوە، بەڵکو بە توندکردنەوەی گەمارۆ و فشارە ئابوورییەکانیش درێژەی پێدەدرێت و دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵ لەسەر ئێران، کۆماری ئیسلامی، خەڵکی ئێران و هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا دابنێت.
جەنگەکە کە بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکرد، بەشێوەیەک پەرەی سەند و بووە هۆی فراوانبوونی کێشەکە بۆ بەشێکی زۆر لە ناوچەکە، لەبەرئەوەی ئێرانیش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی هەوڵیدا کێشەکە بگەیەنێتە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی. ئەنجامی ئەمەش دروستبوونی بارودۆخێکی ئاڵۆز و پڕ لە ترس و نائارامیی دروستکرد.
لە شوباتی ٢٠٢٦ەوە، پەیوەندیی نێوان ئەمریکاو ئێران بە قۆناغە جیاوازەکانی جەنگ، فشار، دانوسان و وەستانی جەنگدا تێپەڕیوە. ئەم گۆڕانکارییانە ئەم دوو لایەنەی خستووەتە بارودۆخێکەوە کە گەڕانەوە بۆ بارودۆخی پێش جەنگ ئاسان نییە. لەم چوارچێوەیەدایە، کە ئەمریکا زیاتر پشت بە گەمارۆ و فشارە ئابوورییەکان دەبەستێت.
رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی ئاب، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە قسەکانیدا دەربارەی توندکردنەوەی گەمارۆکان بۆسەر ئێران، ئەوەی خستەڕوو کە سزاکان دەبنە یەکێک لە گەورەترین هەوڵەکان بۆ دابڕین و گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێران، و فشارە ئابوورییەکان دەتوانن کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر رژێم دابنێن کە ببێتە هۆی ڕووخاندن و گۆڕانکاری لە دۆخی سیاسی.
بێسێنت هەروەها هۆشدارییەکی توندی بە هاوپەیمانانی واشنتن دا و گوتی: “یان لەگەڵمانن، یان دژمانن.”ئەمە نیشانی دەدات کە واشنتن نایەوێت تەنها لە سنووری خۆی و هاوپەیمانە نزیکەکانییەوە فشار بۆسەر ئێران دابنێت، بەڵکو دەیەوێت وڵاتانی جیهانیش رابکێشێتە ناو سیاسەتی گۆشەگیرکردنی ئێران و خنکاندنی لە باری ئابوورییەوە، بۆ دانوسان و رایزبوون بە رێکەوتن.
لە هەمان کاتدا، دوناڵد ترەمپ بەردەوامە لە هەڕەشە و هەڵوێستە توندەکانی خۆی بەرامبەر ئێران. قسەکانی لەسەر گەرووی هورمز نیشان دەدەن کە کێشەکە تەنها بە شەڕو گەمارۆی ئابووری سنووردار نییە، بەڵکو بابەتی وزە و بازرگانیی جیهانی، بەتایبەتی گەرووی هورمزو چەکی ناوەکی تێدایە.
گۆڕینی سیاسەتی ئەمریکا لە هێرشە سەربازییەکانەوە بۆ توندکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان، خۆی نیشانەیەکی گرنگی شکستی سیاسەتی ئەمریکایە. لە سەرەتای جەنگدا، ترەمپ باسی لەوە دەکرد کە ئێران دەبێت بگەڕێتەوە بۆ “سەردەمی چاخی بەردین”، ئەو هێرش و هەڕەشانە بە شێوەی ڕاستەوخۆ ژێرخان و توانای سەربازی و ئابووریی وڵاتەکەیان کردە ئامانج.
بەڵام لە شەڕ و گەمارۆدا، قوربانیی سەرەکی زۆربەی خەڵکی مەدەنییە. لێدان لە ژێرخانی ئابووری، گرانبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان و دابەزینی توانای کڕین، فشارێکی زۆر گەورە لەسەر ژیانی خەڵک دروست دەکات. بۆیە ئەگەر ئامانجی گەمارۆکان فشارخستنە سەر رژێم بێت، ئەنجامەکەی دەتوانێت زیاتر لەسەر خەڵک بکەوێت تا سەرانی دەسەڵات.
کۆماری ئیسلامی وەک رژێمێکی دڕندەی سەرمایەداری لە ماوەی پێنج دەیەدا ئەزموونی گەمارۆ، جەنگ، سەرکوت، کوشتن و تیرۆری پیادەکردووە، تەنها بۆ مانەوەی دەسەڵات، پەنا بۆ رێگای جۆراوجۆر دەبات، بەڵام ئەم ڕابردووە نابێت ببێتە هۆی ئەوەی خەڵکی ئێران وەک بەشێک لە رژێم سەیر بکرێن؛ لە ڕاستیدا خەڵکی ئێران یەکەم کەسانن کە لە ئەنجامەکانی ئەم سیاسەتە زەرەرمەندن.
خاڵێکی گرنگ لە قسەکانی بێسێنت ئەوەیە کە فشارە ئابوورییەکان بتوانن ببنە هۆی ڕووخانی رژێم. ئەمە دەتوانێت نیشانەی ئەوە بێت کە واشنتن هەڵسەنگاندنێکی نوێی بۆ بارودۆخی ناوخۆی ئێران کردووە، هەروەها دەکرێت نیشانەی ئەوە بێت کە فشارە سەربازییەکان بە تەنیا نەیتوانیوە ئەو ئەنجامەی واشنتن دەیەوێت بەدەستبهێنێت، بۆ شاردنەوەی شکستەکانی سیاسەتی توندکردنەوەی گەمارۆ ئابوریەکانی گرتووەتەبەر.
ئەمریکا خۆیشی لەگەڵ قەیران و کێشەی جۆراوجۆردا بەرەوڕووە. قەرزی گشتیی زۆر گەورە، ناکۆکیی سیاسی لە ناو کۆنگرێس و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، سنووری توانای واشنتن بۆ بەردەوامبوون لە جەنگێکی درێژخایەندا نیشان دەدەن.
لە هەمان کاتدا، جەنگی بۆ سەر ئێران و ئەمسیاسەتە دەبێت لە چوارچێوەی گۆڕانی سیستەمی جیهاندا بخرێتە بەرچاو. جیهان لە سیستەمێکی چەندجەمسەریدایە؛ چین و ڕووسیا و هێزە ناوچەییەکان هەر یەکەیان بەرژەوەندیی تایبەتییان هەیە، بۆیە ئەمریکا ناتوانێت هەمیشە وەک تەنها جەمسەرێکی بێهاوتا بڕیار لەسەر هەموو ناوچەکە بدات، بۆیە لە جەنگیدا بۆسەر ئێران تەنگەژەیەکی گەورەی بۆ دروستبووە.
شکستی ئەمریکا لە جەنگی بۆسەر ئێراندا کەمێک درەنگ کەوت، بەڵام شانسی ئەوەی هەبوو کە خەڵکی ئێران لەگەڵ رژێمی دڕندە و هاری کۆماری ئیسلامیدا نین. ئەگەر کۆمەڵگایەکی نەوەد ملیۆنی وەک ئێران بە تەواوی لە پشتی رژێمکەدا بوونایە، ئەوا شکستی ئەمریکا زووتر دەبوو.
هەروەها جەنگەکە بووەتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵێک ڕێکەوتن و هاوکاریی و کێشەی ناوچەیی لە نێوان هاوپەیمانەکانی ئەمریکا؛ لەوانە ڕێکەوتنی مەکە لەلایەن سعودیە، تورکیا و پاکستان، ڕێکەوتنی تورکیا و میسر، و هەروەها هاوکاریی ئیسرائیل، یۆنان و قوبرس لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کە لە ٢٠٢٦دا گرنگییەکەی زیاتر بووەو هەروەها کێشەی نێوان ئیسرائیل و تورکیا لەناو سوریادا.
تا بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگەڕێتەوە ئەم دەورەیە کێشەکانی ناوخۆی زیاتر دەردەکەون، قسەکانی قالیباف توندترە لە قسەکانی پزیشکیان، و ئەمەش نیشانەی جیاوازیی هەڵوێستی ناوخۆی دەسەڵات و هێزی باڵی توندڕەوە. ئەگەر جەنگەکە ئەم باڵانەی تا ڕادەیەک لە یەکتر نزیک کردبێتەوە، ئەوا دەورەی توندکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان دەتوانێت ئەم یەکڕیزییە لاواز بکات و ناکۆکییە ناوخۆییەکان زیاد بکات. بە تایبەتی ئەگەر جەنگ کۆتایی بێت، چی دەبێتە بەهانە بۆ رژێم بۆ ئەوەی وەڵامی خواست و داواکارییەکانی خەڵک نەداتەوە؟ لەو بارودۆخەدا، ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ناڕەزایەتیی ناوخۆ زیاتر دەبێت.
لە بەرامبەردا، لە چەند رۆژی رابردودا، مەیلی ئێران بۆ دانوسان لەقسەکانی سەرانیدا دەردەکەون، بۆ نموونە پزیشکیان جەختی لەوە کردووەتەوە کە دانوستان و ڕێگای سیاسی دەتوانێت باشترین ڕێگا بێت بۆ شکاندنی قەیرانی ئێستا. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە فشارە ئابووری و سیاسییەکان کۆماری ئیسلامی ناچار دەکەن زیاتر بیر لە دانوستان بکاتەوە.
لە کۆتاییدا، گۆڕینی سیاسەتی ئەمریکا لە هێرشە سەربازییەکانەوە بۆ توندکردنەوەی گەمارۆ و فشارە ئابوورییەکان، نیشانەی گۆڕانێکی گرنگ لە ستراتیژیی واشنتن دەخاتەڕوو. ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە بەردەوامبوون لە جەنگ بەو شێوەیەی لە سەرەتادا پلانی بۆ دانرابوو، ئاسان نییە و بۆیە هەوڵ دەدرێت بە فشارە ئابوورییەکان ئێران ناچار بکرێت بۆ دانوستان و قبوڵکردنی هەندێک مەرج.
بەڵام لە هەموو جەنگ و گەمارۆیەکدا خەڵک زۆرجار یەکەم قوربانییەکانن. گەمارۆ دەتوانێت فشار بخاتە سەر رژێم، بەڵام هەمان کات دەتوانێت بارودۆخی ژیانی خەڵک خراپتر بکات. بۆیە گرنگترین پرسیار تەنها ئەوە نییە کە کام لایەن لە جەنگدا سەرکەوتوو دەبێت، بەڵکو ئەوەشە کە ئەم قەیرانە بۆ خەڵکی ئێران و خەڵکی ناوچەکە چی بەرهەم دەهێنێت.
لە هەمان کاتدا، هەوڵە دیپلۆماسییەکان، بەتایبەتی لەلایەن پاکستانەوە، دەتوانن هەنگاوێک بن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەڕاندنەوەی هەردوو لایەن بۆ سەر مێزی دانوستان. بەپێی هەواڵەکانی ئەمڕۆ ٢٤ی ئاب ئەمریکا چوارچێوەیەکی توندی ئابوری بەسەر ئێراندا رادەگەیەنێت، لەکاتێکدا پاش ئەوەی لە چەند رۆژی رابردودا عاسیم مونیر، سەرۆکی سوپای پاکستان پەیوەندی بە ترامپەوە کرد، هەر ئەمڕۆ گەشتە تاران و چاوی بەسەرانی کۆماری ئیسلامی کەوت بۆ نزیکردنەوەی هەردوولا بۆ دانوسان.
لە کۆتاییدا، گەمارۆ ناتوانێ ئامانجەکانی ئەمریکا بهێنێتەدی و دانوستانیش بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی خەڵک ناتوانێت ئاشتییەکی پایەدار دابین بکات. چارەنووسی ئێران و ناوچەکە بەوە پەیوەستە کە جەنگ بۆ کێ دەبێتە ئامراز، و ئاشتی بۆ کێ دەبێتە ئەنجام.




تەنگەژەی ئەمریکا لە جەنگی بۆسەر ئێران!.. نوری بەشیر

خولی سێیەمی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران هاوکاتی دەورەی دانوسانەکانی نەشەڕ نەئاشتی نێوانیاندا بوو، کە ١٣هەمین شەوی خۆی تێدەپەڕێنێت کە لەم شەوەدا بەپێی سەرچاوەکانی ئەمریکا هێرشەکانی بۆسەر ئەم ناوچانە؛ ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازیی ئێران، کۆگاکانی درۆن، تۆڕەکانی پەیوەندی، بنکەکانی چاودێریی دەریایی و تواناکانی هێزی دەریایی ئێران، بووە.
ئەم خولەی هێرشەکان بەجیا لە دورگەکانی ئێران لە باشوری ئێرانەوە تا رۆژئاواو باکوری ئێرانی گرتۆتەوە، ئەمە دەورەیەکی گەورەی هێرشی دوای جەنگی ١٢ رۆژەو ٤٠ رۆژەی ئەمریکایە، کە کاریگەری زۆر گەورەی لە سەر ئێران داناوە. بە‌دوای هه‌ڕه‌شه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ، ئەم هێرشانە ئەگەرچی ئەمجارە سەرانی جمهوری ئیسلامی نەکردۆتە ئامانج، بەجیا لە دورگەکانی ناوچە ئاویەکان، زیاتر لە ژێرخانی ئابوری وڵاتەکەی داوە لە: وێستگەکانی کارەبا، پرد، تونێل، و ژمارەیەک شوێنی سەربازی و تەقەمەنی، بەجۆرێک خزمەتگوزاریەکانی کارەبا، تونێل و پردی گرتۆتەوە کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵكی ئێران داناوە، بۆ دابڕانی ناوچەکان لەیەکتری، کە کاریگەریەکانی لە دوو دەورەی پێشوو کەمتر نەبوون.
مارکۆڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، تاران لە دوای دروستکردنی ئاستەنگ لە گەرووی هورمز و تێکدانی ئاسایشی دەریاوانی، لە ناوخۆدا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی ئابووری، هەڵئاوسان و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی خۆراک بووەتەوە. لە درێژەدا دەڵێت: واشنتن بەرگری لە ئازادیی دەریاوانی دەکات و ئەو شوێنانە دەکاتە ئامانج کە هێرش دەکەنە سەر کەشتییەکان، هاوکات دەڵێت: وڵاتەکەی دەرفەتی بۆ چارەسەری دیپلۆماسی هێشتووەتەوە و دۆناڵد ترەمپ ڕێککەوتنی پێ باشترە وەک لە جەنگ، بەڵام تاران ڕێککەوتنەکانی پێشووی پێشێل کردووە. بەڵام لە راستیدا لەولاوە هەڕەشە توندەکانی ترەمپ و ‌هێرشە توندەکان بۆسەر ئێران بەردەوامە.
لەبەرامبەردا ئێران هێرشەکانی بۆسەر ناوچەکە فراوانکردۆتەوە لەوانە بۆسەر: ئەردەن، سوریا، عومان، قەتەر، سعودیە، ئیمارات، بەحرەین، ئەردەن، عێراق و کوردستان، هەرەها لە رێگای چەند گروپی میلیشیای عێراقەوە هێرش کراوەتەوە سەر وڵاتانی ناوچەکەو لەوانە ئەردەن، هەروەها هەوڵی ناردنی چەک و تەقەمەنی داوە لەرێگای سوریاوە بۆ حزبوڵای لوبنان، هەروەها حوسیەکانی یەمەن هێرشەکانیان بۆسەر دەریای سورو گەرووی باب ئەلمەندەب توند کردۆتەوە.
هەروەها بەدوای هەڕەشەکانی ترەمپ دا، حکومەتی ئێران و سەرانی لە: قه‌رارگای خاته‌مولئه‌نبیا و محه‌مه‌د باقر قالیباف، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران، هەڕەشەی ئەوە دەکەن، کە ژێرخانی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌نه‌ ئامانج و بەوە وەڵامی ترەمپ و هەڕەشەکانی دەدەنەوەو دەڵێن، لە بەرامبەردا سەرجەم ژێرخان و دامەزراوەکانی وزە لە ناوچەکەدا دەبێتە ئامانجی سەربازی ئەوان، کە ئەمریکا بەرژەوەندیی تێیاندا هەیە. ژێرخانی هیچ وڵاتێكی ناوچه‌كه‌ پارێزراو نابێت و ده‌شڵێن، لە ناوچەیەکدا کە ئێمە نەوت نەفرۆشین، هیچکەسێک نەوت نافرۆشێت، هێزه‌كانیان ڕێگە بە هەناردەکردنی یەک دڵۆپە نەوت نادەن و ژێرخانی نەوت، غاز، کارەبا و ئابوریی ناوچەکە ده‌كه‌ینه‌ ئامانج.
واتە هەروەک چۆن ئەمریکا هەڕەشە دەکات و دەیەوێت لە رێگای زۆرەوە ئاشتی بکات بۆ سەپاندنی خواستەکانی، بەهەمانشێوە ئێرانیش بۆ ملنەدان بە ئەمریکاو تەسلیم نەبوون بە خواستە و مەرجەکانی رێگای وەڵامدانەوەی توندو فراوانکردنەوەی دامەنەی جەنگەکە بۆ ناوچەکە و هێرشکردنە سەر بەرژەوەندیە ئابوری و بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەڵدەبژێرێت.
ئەم دۆخەی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا و نە ئاشتی و نە جەنگ دۆخی ناوچەکەی بە تەموومژاوی و نائەمنی هێشتۆتەوە و کاریگەری لەسەر دۆخی ئابوری جیهانیش کردوە. ئێستا نە ئەمریکاو نە ئێران، لە حاڵەتی پێش دەستپێکردنی جەنگەکەدا نین، واتە نە ئەمریکا دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگی ٤٠ رۆژە، نە ئەو هەیبەتەی ئەوسای ماوە لەئاستی دنیادا، نە ئێرانیش جێگاو رێگای دەسەڵاتێکی بەهێزی ولایەتی فەقێ کە هەیبوو، دەگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگی ١٢ رۆژە، لە جێگاوڕێگاو قسەڕۆشتوویی و یەکدەستی لەناو ئێران و ناوچەکەدا.
راستی ئەم جەنگەی ئەمریکا بۆسەر ئێران نە چەکی ئەتۆمی و نە گەروی هورمزە، ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بەتایبەت ئیسرائیل ئەم جەنگەی لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ دەستیپێکرد دەورەی دنیای چەند جەمسەریە، واتە کێشەی ئەمریکا لەگەڵ جەمسەرەکانی چین و روسیا کە ئێران لە پاڵ ئەم جەمسەرانەدابوو، وە ئێران لە ناوچەکەدا رێگربوو لە نەخشەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نوێ، نەک تەنیا لە ئێران بەڵكو بە دەخالەتی لە زۆریک لە وڵاتانی ناوچەکەداو بە رێکخستنی رێزێکی زۆر لەبەرەی مقاومە.
بەڵام هاوکێشەو هەلومەرجەکە ئەوەی ئەمریکا دەیویست bوچاوەڕوانی دەکرد، هەروا بە ئاسانی نەچووە پێشەوەو وا دەرنەچوو، وە کێشەو تەنگەژەی زۆری بۆ دروستبوو. ئەمریکا لە حساباتی خۆیدا وایدانابوو کە لە جەنگەکەی لەگەڵ ئێراندا لەماوەیەکی کورتدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت. بەپێی ئەزمونی جەنگەکانی لە عێراق و ئەفغانستان و هەروەها فڕاندنی سەرۆکی فەنزەیویلا خوێندنەوەی بۆ ئەم جەنگەی لەگەڵ ئێراندا کردبوو. بەڵام ڕاستیەکانی جەنگ دژی ئێران پێچەوانەی لێکدانەوەو حساباتەکانی ئەمریکای سەلماند و ئەمریکا دەرگیری جەنگێکی نەبڕاوە کرد کە ئاکامەکەی نادیارە.
ئەمریکا لە نەخشەکەیدا کە بەو چاوەڕوانیەوە رۆیشت، بەدوای جەنگی دوانزە رۆژە بەتەواوی تێڕوانینەکەی گۆڕا. ئەوەی بۆ دەرکەوت کە ئەو رژێمەی ئەم داینابوو بە لێدانی گورزی سەربازی و بە کوشتنی سەرانی پلە یەکی رژێمەکەی دەتوانێ تەسلیمی بکات و پرۆسەی گۆڕینی رژێم ئەنجام بدات بەپێی بەرژەوەندی و خواستی ئەمریکا، رووی نەدا و هیشتاش سەرباری ئەو زیانە مادی و ئابوریانەی لێی کەوتوەو سەرانی کوژروان، بەڵام رووبەڕووی ئەمریکا بوەتەوەو توانای زیان گەیاندنی بە ئەمریکاو دۆستەکانی هەیە لە ناوچەکەدا. ئێستا ئەمریکا بە کۆکردنەوەی هێزیكی زۆری سەربازی و هێنانی فڕۆکەی جەنگی وێرانکەرو هەڕەشەی گورزی کەمەرشكین لە توانای سەربازی و ئابوری و دامەرزاوە خزمەتگوزاریەکان دەیەوێت ئەو ئامانجەی بەدەست بهێنێت.
ئەمریکا کە هۆکاری هێرشەکانی بۆسەر ئێران بەوە پاساودەکرد کە بۆ رێگریکردنەوەی لەوەی ئێران دەستی بە چکی ئەتۆمی بگات و یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی رادەستی ئەمریکا بکات، ئێستا خواستی سەرەکی بووەتە کردنەوەی گەرووی هورمز. ئەگەرچی پرسی کردنەوەی گەروی هورمز هەروەکو مەسەلەی چەکی ئەتۆمی ئێران، ئەسڵی کێشەی نێوان ئەمریکاو ئێران نیە، بەڵکو ئەمریکا دەیەوێ ئێران بکێشێتە ژێر هەژمونی سیاسی و و ئابوری خۆیەوەو لە دژایەتی ئەمریکاو ئیسرائیل دەست هەڵگرێت و دوور بکەوێتەوە لە بەرەی چین و ڕوسیا، بەڵام بەکارهێنانی ئەو دوو پاساوە بۆ دانی شەرعیەتی سیاسیە بە پەلامارەکەی بۆ سەر ئێران بەناوی بەگریکردن لە جووڵەی ئازادی دەریایی و بازرگانی و دەست ڕاگەیشتنی تیرۆریستان بە چەکی ئەتۆمی!
نەخشەی رۆژهەڵاتی نوێ کە ئەمریکا دەیەوێ ئارایشی بداتەوە، بەبێ بوونی ئاسایش و ئیستقراری سیاسی ناتوانێت بچێتە پێشەوە، هەربۆیە ئەگەرچی ئێستا هەریەکە لە سعودیە، ئیمارات و کوێت و بەحرەین و قەتەر خەرێکی پڕۆژەکانیانن بەرەو سوریا و تورکیا و دەریای ناوەڕاست و بەستنەوەیان بە ئەوروپاوە، بەڵام بوونی ئەم جەنگە کاریگەری داناوەو رێگرە لە جێبەجێبوونی.
واتە ئەمریکا لەم جەنگەی بۆسەر ئێران توشی تەنگەژەیەکی چەند لایەنە بۆتەوە، کەکێشەی نەک لە ناوچەکەدا بۆ دروستبووە، بەڵكو لەناوخۆی ئەمریکا بەهەمانشێوە، وە لە ئاستی دنیادا لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی کە پێش جەنگی بۆسەر ئێران هەموویان و ناتۆشی خستبووە لاوەو فشاری بۆ دەهێنان، ئێستا بانگەوازیان دەکات بۆ هاوکاری دژی ئێران. هەربۆیە خەریکە سیاسەتەکانی دەگۆڕێت و لە ژێر ناو داواکاری ئەو وڵاتانەی بەرژەوەندیان لە گەروی هومرزدا هەیە بەشداری بکەن، کە ژمارەیەک وڵاتان ئامادەییان دەبڕیوە لەوانە فەرەنساو بەریتانیا..
ئەوەندەی بە ئێران و میلیشیاکانی ناوچەکە دەگەڕێتەوە شەڕی مانونەمان دەکەن، لەبەرئەوەی دەورەی ئێستای دەورەی لەدەستدانی دەسەڵاتی سیاسیە بەهەموو باڵەکانیەوە، بۆیە کێشەکەیان لەوەدا نیە کە بە ملیۆن خەڵكی ئێران بکوژرێت، ناوچەکەو ئابوریەکەی بەتەواوی دادەڕوخێت، گرنگ بۆیان ئەوەیە کە یەکدەستبن و ئەم جەنگەی ئەمریکا بەسەرکەوتویی تێپەڕێنن و بمێننەوە، کە ئەمەش سەختەو هاوکێشەکان لەبەرژەوەندیان ناچێتە پێشەوە.

نوری بەشیر




سوکایەتی و هەراسانکردن و دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ژنان دەبێت ڕابگیرێت!.. نوری بەشیر

کەیسی ریسوابوونەکەی عبدولەتیف کەسایەتی ئیسلامی و سەرۆکی سەلەفییەکان لە دەستدرێژی سێکسی بۆسەر کچانی زانکۆی سلێمانی، لەئاستێکی فراواندا دەنگی داوەتەوە. سەرەڕای بڕیاری وەزارەتی خوێندنی بالا بۆ دوورخستنەوەی لە ناوەندی زانکۆ و ئاکادیمی، هاوکات کەیسەکەی ڕەوانەی دداگاش کراوە. هەڵبەتە ئەمە هەنگاوێکی باشە، بەڵام کافی نیە.
بۆ یەکەمجارە لە ماوەی دەسەڵاتی ٣٥ ساڵەی حزبەکانی ناسیونالیزمی کوردا، کۆمەڵگە بەمشێوەیە بەدژی هێرشی سێکسی بۆسەر ژنان دێتە دەنگ. لەو ماوەیەدا حزبەکانی کوردایەتی نەک تەنها دەرگای کۆمەڵگایان بۆ ئیسلامی سیاسی ئاوەڵاکردووە، نەک هەر هەزارەها مزگەوت و وەزارەتی ئەوقاف و دەیان تەلەفزیۆنیان خستۆتە خزمەتی حزبە ئیسلامیەکان و مەلاو کەسایەتیە ئیسلامیەکان و پارەی خەیاڵیان بۆ هەڵڕشتوون، کە رۆژانە ژەهر بەڕووی کۆمەڵگاو بەتایبەتی ژناندا هەڵدەڕژن، بەڵكو ئەم حزبانەی کوردایەتی زۆر جار کارنامەی خۆیان لەو ئیسلامە سیاسیانە باشتر پیادە دەکەن و کێشمەکێشیانە لەکردنەوەی زۆرترین مزگەوت و گەورەترین مزگەوت لەسەر ئاستی دنیادا، بۆ بەرگری لە فەرهەنگی دواکەوتوو نەریتە کۆنەپەرست و دژە ژنەکان.
لەماوەی زیاتر لە سێ دەیەی رابردوودا لەئاکامی دەستگرتن بەو سونەت و فەرهەنگە دواکەوتوییەی کوردایەتی و ئیسلامیەوە، دەیان هەزار ژن بوونەتە قوربانی و بەردەوام ژنانیان لەئاستی ئاژەڵدا داناوە و رۆژانە نەک لەدەمی ناسراوترین ئەو کەسایەتیە ئیسلامی و زۆرێک لەسەران و کاربەدەستانی ناسیونالیزمەوە راگەیەنراوە، بەڵکو خودی سەرانی حزبەکانی کوردایەتی ژنانیان وەک سەرچاوەیەکی سێکس و منداڵ خستنەوەو بەخێوکردنی منداڵ و لەزەتی پیاوان داناوەو مامەڵەیان کردوون. کەسێک ناتوانێت لەکارنامەی دژی ژن بوونی ئەمانەدا ئینکاری بکات. ئەمانە هیچ کات ئامادە نەبوون قوربانی بەو فەرهەنگ و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیە دواکەوتوانەیە بدەن، بەڵکو بەردەوام قوربانیان داوە بە دەیان هەزار ژن و کچی منداڵ، هەر لە: سوکایەتی پێکردن، چەند ژنە، لێدان، تێزاب پێداکردن، لوت و گوێ بڕین، تاکو دەگاتە سوتاندن و تیرۆرکردنیان، گۆڕستانی ژنانی بێناونیشان ئەو راستیە نیشان دەدات.
بەڵام کەیسی ئەمجارەی عبدولەتیف سەلەفی، کە بەهەمانشێوە قوربانیەکانی کچانێکی زانکۆن، بەهۆی ناڕەزایەتیەکی ریزی سەدان هەزار کەسی یەکسانیخواز، مرۆڤدۆست، ئازادیخواز لەئاستی کوردستان و دەرەوەدا، لەگەڵ هەوڵی جۆراوجۆر بۆ بەڵاڕیدابردنی، نەتوانرا وەک ئەوانەی ساڵانێکی پێشوو تاوانبارانی سێکسی سەربەرز دەرچن و بێتاوان ریسوا بکرێت و ببێتە قوربانی. ئەمجارە سەرۆکی سەلەفیەکان کە بەوەوە نەوەستاوە سێ ژنی لەپاڵ یەکتردا ریزکردوە، بەڵکو چەندین کچی گەنجی زانکۆی هەڵخەڵەتاندووە، وە سودی لەجێگاو رێگاو پلەی ئاینی و زانکۆکەی وەرگرتوە، بۆ مەرامی چەپەڵی خۆی، رووبەڕووی سزادانی ئیداری بوەوەو لە زانکۆ دەرکراو ئەگەری ئەوەش هەیە کە دادگایی بکرێت و سزای زیندانی بەسەردا بسەپێنرێت!
کەیسی ئابڕوچونی سەرۆکی سەلەفیەکان، تەنیا ئابڕوچوونی سەلەفیەکان و عبدولەتیف نیە، کەیسی ئابڕوچوونی هەموو ئەو مەلاو ئیسلامیانەیە کە لەگەڵ تەمەنی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردا، هاوبەشن لە بەقوربانیکردنی نیوەی کۆمەڵگا کە ژنانن، کەیسی ریسواکردنی هەموو ئەو هێزو لایەنانەیە کە بە سەلەفی و غەیرە سەلەفی ئیسلامیەوە دەیانەوێت پەردەپۆشی ئەم ئابڕوچوونە بکەن، کەیسی ریسوابوونی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردە کە پشت و پەنای ئەو دژە ژنانە بوون لەماوەی ساڵانی رابردوودا.
کەیسی عبدولەتیفی ئیسلامی سەلەفی، کۆمەڵگای دابەشکردووە، لەنێوان کەمایەتیەکی دواکەوتووی کۆمەڵگا لە کەسانێك کە بەرگری لە کۆنەپەرستی و سێ و چوار ژنە دەکەن، یاخود دەیانەوێ ئیسلام و سونتەکانی لەو فەسادخانەیەی لەتیف سەلەفی پاکانە بکەن، لەپاڵ ئەو بەرپرسانەی کوردایەتیدا کە بەرژەوەندیان لە هێشتنەوەی دواکەوتوویی و یاساو نەریتە کۆنەپەرستەکاندا هەیە بۆ ڕاگرتنی پایەی دەسەڵاتی تاڵانچێتی و بۆرژواییانەی خۆیان لەگەڵ ریزی ملیۆنی خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە ژنان و پیاوان بەدژی نەک تەنیا کەیسی ئابڕوچوونی سەرۆکی سەلەفیەکان، بەڵکو هەموو ئەوانەی کە هەوڵدەدەن سوکایەتی و دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ژنان بکەنە ڕەسمی و ئاسایی لە کۆمەڵگادا.
هەربۆیە دەبێت پرۆسەی دادگایکردنی سەرۆکی ئیسلامیە سەلەفیەکان لەکوردستاندا بە ئەنجامی خۆی بگەیەنرێت و سزای یاسایی بدرێت، هەموو جۆرە هەوڵێک بۆ رزگارکردنی ئەم کەسە کە بە بەڵگەی جۆراوجۆر بەسەریدا سەپاوە، رێگای لێبگیرێت. سزادانی سەرۆکی سەلەفیەکان دەرگایەکە بۆ سزادان و چاوترساندنی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی دژی ماف و ئازادیەکانی ژنان دەوەستنەوە بەرگری لە کۆنەپەرستی دەکەن.




“یەکڕیزی ناوماڵی کورد” دەستەواژەیە بۆ فریودانی خەڵک!.. نوری بەشیر

خەڵکی کوردستان زۆرجار لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە دەستەواژەی “یەکڕیزی ناوماڵی کورد” دەبیستن، بەتایبەتی کاتێک حزبە ناسیۆنالستە کوردەکان، لەپێشیانەوە پارتی و یەکێتی، کە لەتەنگانە سیاسیایەکاندا دەکەونە بەرامبەر بەیەکەوەو سەنگەر لەیەک دەگرن و لەئاکامیشدا و لەژێر فشاری خەڵکدا باریان قورس و لاسەنگدەبێت. ئا لەم کاتانەدا ئەم دەستەواژەیە وەک “پەیامێکی کوردایەتی” و “پیرۆزی نەتەوەیی”، لەزمانی کۆمەڵێک لەڕۆشنبیرانێکی ناسیونالیست و تەنانەت بەشێك لە بەرپرسانی دوو حزبی دەسەڵاتداریش،دەردەبڕدرێت تا هەڵە سیاسیەکان و تاوان و تەنانەت “خیانەتی” حزبەکان و تاقمی فەرمانڕاوەو بنەماڵەکانیان دابپۆشن و واپیشانبدەن کە قسەکەر هەرخۆی “دڵسۆزی کوردە” و ئەوانەی کە لە دەسەڵاتدان ڕیزی کوردیان تێکداوە “دڵسۆزی کورد نین” و کوردایەتیەکەیان کاڵە! لەم بارەیەوە بە پێویستی دەدەزانین بۆ راستی دروستی ئەم قسانەمان وەک دوو نموونە ئاماژە بەدوو بابەت بدەین لە ئێستادا، کەئەوانیش بابەتی پۆستی سەرۆک کۆمار لە بەغداد و جێگۆڕکێی پارێزگاری کەرکووکە:
بێگومان هەموو کەس ئەوە دەزانێت کە یەکێتی و سەرۆکەکەی بەشێوەیەکی یەکلایەنە و بەبێ حساب بۆکردنی پارتی و تەنانەت وەک دژایەتیەکیش بۆی، لەبەرئەنجامی دۆخی جەنگ لەناوچەکەو کاردانەوەی لەسەر پێگەی هێزە عێراقی و کوردستانیەکان کە پاش لە ساڵ و نێوێک لەهەڵبژاردن نەیانتوانیوە کابینەی نوێیان پێکبهێنن!، توانی یەکلایەنە لەگەڵ لایەنە شیعەکان رێکبکەوێت و پۆستی سەرۆک کۆمار بۆخۆی یەکلابکاتەوە، پۆستێک کە پارتیش وەک “براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان” داوای دەکرد و مرخی خۆی لێخۆشکردبوو. لە کەرکووکیش، بەهەمان شێوە یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی پاش ڕێکەوتنی ژێربەژێر و ئاشکرا لەگەڵ لایەنە عەرەبیە شیعی و سونی و تورکمانەکان، پارتی و کیتلەکەی لە پڕۆسەکە کردە دەرەوە، بەبێ هیچ حساب بۆکردنێک پۆستی پارێزگاری کەرکوکی لە کوردێکەوە گۆڕی بۆ تورکمانێک و هەرئەمەشی ناولێنا “بەرژەوەندی کورد وادەخوازت”!!.
لەم دوو نمونەیەی باسکران ئەو خاڵەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە: چ سەرانی یەکیەتی و ئەو ڕۆشنبیرانەی لایەنگریان لە یەکێتی و سیاسەتەکانی لەپۆستی سەرۆک کۆمارو پاریزگاری کەرکوکدا دەکرد و چ سەرانی پارتی و قەڵەم بەدەستە لایەنگرەکانی ماڵی بارزانی کە دژبەری یەکێتین لە هەردوو سەرەوە باس باسی ” بەرژەوەندیەکانی کوردو یەکڕیزی ماڵی کورد”ە. واتە یەکێتی و لایەنگرانی دەیانوت پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی باشە چونکە هەر ئەو دەتوانێت “بیخاتە خزمەتی مەسەلەی کوردەوەو کێشە نەتەوەییەکانی پێچارەسەر بکات لەگەڵ بەغدا”!!. لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوکیش سەرۆکی یەکێتی بۆ پاساودانی سیاسەتەکەی باسی لەوە دەکرد کە “کەرکوک شاری ئاشتی و برایەتیەو ئەوەی کەکراوە لەبەرژەوەندی کورددایە”. لەبەرامبەریشدا پارتی و لایەنگرانی سەری زمان و بنی زمانیان، “تێکچونی یەکڕیزی ماڵی کوردو سپاردنی شاری کەرکوکە بە دوژمانی و کۆمەڵێک پڕوپاگەندەی قەومی و کینەتۆزی.. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کەئایا مەبەست چیە لە “بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان” و دەستەواژەی “یەکخستنی ناوماڵی کورد”؟ ئایا مەبەستەکە مانای پاراستنی بەرژەوەندی حزبەکان خۆیان و پاراستنی پێگەیانە لە دەسەڵاتدا، یان مەبەستەکە “نەتەوەی کوردە”؟
لەراستیدا پارتی و یەکێتی، وەک دوو حزبی بۆرژوازی کە نوێنەرایەتی چینی سەرمایەدار دەکەن، لەگرتنەبەری هەر سیاسەتێک و هەر هەنگاوێکیاندا، گەیشتن بە بەرژەوەندیەکانی ئەم چینەو حزبەکانیان لەسەر حسابی بێبەشکردنی زۆرینەی خەڵکی کوردستان شتێکیتر ئەنجام نادەن. وە هەموکاتێکیش هەموو سیاسەتەکانیان بەناوی “کوردو نەتەوەی کوردو خەڵکی کوردستانەوە” ئەنجامدەدەن تا نیشانی بدەن کە بەرژەوەندی ئەم چینەو حزبەکانیان هەمان بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە، لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان بە بەرچاویانەوەیە و رۆژانە هەستی پێدەکەن، کە خیزان و کوڕان و بەرپرسانی حزبی و حکومی بزوتنەوەی کوردایەتی چۆن لەسایەی دەستگرتن بەسەر سامان و داهاتی وڵاتدا، ژیانیکی فیرعەونانە دەژین و لەولاشەوە خەڵکی شەرافەتمەند، لە کوڕان و کچانی هەرئەم نەتەوەی کوردە کە ئەوان سوێندی بۆدەخۆن لە بێکاری و نەبونی و گرتنی ڕێگای هەندەران و هەزارویەک دەردەسەریدا ژیان دەکەن. تەنانەت ئەم حزبانە هەر کاتێک بەرژەوەندیەکانیان دەکەوێتە مەترسیەوە، بانگەوازی یەکخستنی ناوماڵی کورد دەکەن، ئەمەشیان بۆ ئەوەیە خەڵکی فریوبدەن و درک بە جیاوازیە چیانیەتیەکانی خۆیان لەگەڵ دەستەی فەرمان ڕەواو دەسەڵات بەدەستدا نەکەن.
کارنامەی ٣٥ ساڵی رابردوو، ئەوە بە ڕۆشنی نیشاندەدا کە هەریەک لە پارتی و یەکێتی چ سیاسەتێکیان گرتۆتەبەر و چۆن خەڵکی کوردستانیان بەچەندین کارەسات و شەڕو ماڵوێرانیدا بردووە، تا ئاستی ئەوەی کە هەریەکەیان دەستیان بۆ “داگیرکەرانی کوردستان” درێژکردوەو سوپا و لەشکری حکومەتانی ناوچەکەیان ڕاکێشاوەتە سەرژیانی خەڵک و هەموشیان هەربەناوی بەرژەوەندیەکانی کوردەوە بووە، لەکاتێکدا لەهەموو ئەو کارەساتانەدا خودی ئەم حزبانەو بنەماڵەو دەست و پێوەندەکانیان سەلامەت دەرچون و مەینەتیەکەش بەسەر خەڵکی هەژارو زەحمەتکێسی کوردستاندا شکاوەتەوە.
کەواتە ئەوەی کە ئەوان بەناوی کوردایەتی باس لەوە دەکەن کە گوایە هەموو کورد و ئەوانەی بەکوردی قسەدەکەن یەک بەرژەوەندیان هەیە، جگە لە درۆیەکی شاخدارو فریودانی خەڵك شتێکی تر نیە، چونکە کوردستان کۆمەڵگایەکی چینایەتیە و قسەکردن بەکوردی و بەکوردی زانینی کۆمەڵگا هەرگیز ئەم بەرژەوەندیە چینایەتیانە و ئەم جیاوازیە چینایەتیە ناسڕێتەوە.
سەبارەت بە دەستەواژەی “یەکخستنی ناوماڵی کورد”یش، دیسانەوە مەبەست لێی پەرەدەپۆشکردنی جیاوازیە چیانیەتیەکان و بەرژەوەندیەکانیان، بۆئەوەیە کە بەخەڵک بڵێن کە “هەمومان کوردین و دەبێ تەحەمولی سەختی و هەڵەکانی دەسەڵاتداران بکەین” دەبێ مامۆستا داوای موچە نەکات، لاوان داوای کارو ئازادی نەکەن، کرێکاران رازیبن بەوەی کە کارێکیان دەستدەکەوێ و ژیانێ کولەمەرگی پێ بەڕێدەکەنە، هەروەها لە دەرەوەی وڵات ناڕەزایەتی بەڕووی سەرانی حزبەکانی دەسەڵاتدا نەکەن… چونکە هەموو ئەمانە ڕوخاساری کوردو دەسەڵاتەکەی ناشیرین دەکات، ئەمە کورد لەبەرامبەر “دوژمنەکانماندا لاواز دەکات”.. لەکاتێکدا ئەوە هەر حزبەکانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردن کە دەستیان خستۆتە ناودەستی ئینسانکوژەکانی وەک ترەمپ، ئۆردوگان و پیاوانی کۆماری ئیسلامیەوە، ئەوە هەر ئەوانن کە “برا کوردەکانیان” لەسلێمانی و هەڵەبجەو هەولێر بێکار کردوەو ڕێگە لەئازادی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیان دەگرن و ڕۆژنامەنوسان تیرۆر دەکەن و سزایان بەسەردادەن کەچی لەولاشەوە دەستەوتاقمی شیعەو سونە و قەومیەکان بەدۆستی کورد بەخەڵک دەناسێنن!؟
لە کۆتاییدا، پرسیارێکی گرنگ دەمێنێتەوە: لە هەموو ئەو ململانێ و ڕێککەوتنانەدا، جێگای بەرژەوەندی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان لە کوێدایە؟ ئایا باسێک لە گوزەران، کار، موچە، خزمەتگوزارییەکان و ئایندەی باشتر بۆ خەڵک دەکرێت؟ یان هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵیاندا هەیە، بێگومان نەخێر. ئەی ئایا حزبە بەناو ئۆپۆزیسیۆنە ئیسلامی و قەومیەکان و رۆشنبیرانی ناسیونالیزمی کورد وەک زووڕناژەنی یەکخستنی ناوماڵی کورد چ جێگایەک لە هاوکێشەی سیاسەتی یەکێتی و پارتی و کارنامەی ٣٥ ساڵی رابردوویاندا وەک دوو حزبی ناسیونالیستی کورد دەگرن!؟، کە جیا لەشەریک بوون لەگەڵیان شتێکی تر نیە.
هەموو ئەمانە دەردەخەری ئەو راستیەیە کە ناسیۆنالیزمی کورد هەموو ئەوانە وەک ئامرازێک بەکاردەهێنێت بۆ فریودانی خەڵک. بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان خۆیان لەو سیاسەت و ئایدیۆلۆژیانە جیا بکەنەوە و بە شێوەیەکی سەربەخۆ ریزی ملیۆنی خۆیان رێکخراو بکەن بۆ ئەوەی بتوان بەرگری لە بەرژەوەندیەکانی خۆیان بکەن و دەستیان بە ماف و ئازادیەکانیان بگات و لەژیانێکی یەکسانی و شکۆمەند بەهرەمەند بن.

نوری بەشیر




کوردستانی سوریا؛ رێکەوتنی هەسەدە و حکومەت و ئایندەی دەسەڵات!.. نوری بەشیر

هەلومەجی سوریا پێیناوەتە قۆناغێکی نوێوە، چ لەپەیوەند بەجێگاوڕێگای حکومەتی سوریا یان مەسەلەی کوردەوە، کە هەردووکیان لەچوارچێوەی سیاسەتێکی جیهانی و ناوچەییدا دەچێتە پێشەوە کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیانە. واتە ئاڵوگۆڕەکان بۆ حکومەتی سوریا و دەسەڵاتەکەی جولانی ( ئەحمەد شەرع) وەک کەسایەتی و رژێمێکی ئیسلامی داعشی نوێنەرایەتی ئەو بەرژەوەندیانە دەکات و لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتانەدا کاردەکات، بەهەمانشێوەیەش لەم هەلومەرجەدا هەر رێکەوتن و سازانێکی حکومەتی جولانی لەگەڵ هەسەدە ناتوانێت لەدەرەوەی ئەو بەرژەوەندیە جیهانی و ناوچەییانەی ئەمریکادا بێت لەئێستادا.
بۆ هەمووان روونە کە سیستەمی چینایەتی دنیای چەند جەمسەری ئەمڕۆ چەند کۆنەپەرستانەو دژی مرۆڤایەتیە، بەشەڕو ئاشتیانەوە خاڵێك نابینرێت لەبەرژەوەندی چینی کرێکاو کەمدەرات و ئازدیخوازی و مرۆڤایەتیدا بێت. ئەم هەلومەرجە ترسناکە زۆر بەئاشکراو بەبەرچاوی جیهانەوە لە سوریاو کوردستانی سوریاو مامەڵەکردن بە مەسەلەی ژیان و گوزەران و ئایندەی خەڵكەوە دەردەکەوێت.
ئەوەندەی بە کێشەی کورد لە ناوچەکدا دەگەڕێتەوە، یەکێکە لە کێشە هەرە ئاڵۆزەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەک کێشەی فەلەستین کێشەیەکی ئاڵۆزو مەترسیدارە، مەسەلەی کوردیش بەردەوام بەهۆی سیاسەتی سیستەمی سەرمایەداری ئەمڕۆو لەچوارچێوەی ئەو بەرژەوەندیانەدا خۆی نیشاندەدات و دەچێتە پێشەوەو بەردەوام ترسی دووبارە بوونەوەی کوشتارو ئاوارەیی و برسێتی و پاشەکشە پێکردنی هەیە.
مانەوەی کێشەی کورد لە سوریا بەشێوەی ئەمڕۆو بە هەڵواسراوی و نادیاری، کاریگەری لەسەر خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی سوریا دادەنێت، کە دەلیلە لەسەر بوونی رژێمێکی ناوەندی کە جێگای خواستی خەڵکی هەموو سوریا نیە، هەروەک ئەوەی کە بوونی رژێمێکی قەومی ئیسلامی داعشی چۆن بەدژی زۆربەی خەڵكی سوریایە ئاواش بەدژی کوردی ئەو وڵاتەیە.
روونە کە حکومەتەکەی جولانی حکومەتێکی دڵخوازی ئەمریکاو هاوپەیمانە ناوچەیی و جیهانیەکانیەتی، نەک رێگر نیە لەبەردەم نەخشەکەیاندا لە ناوچەکەدا، بەڵکو بەهۆی ئەو نەخشەیەوە هاتۆتە سەرکارو بەتەواوی هاوکارو هاوڕایە لەگەڵیان. بۆ ئەوان مەسەلەی ئەساسی رژێمی ناوەندەو یەکپارچەیی سوریاو بوونی هەر هێزو لایەن و قەوارەیەک دەبێت لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەواندا بچێتە پێشەوە، واتە ئەگەر پێشتر هەسەدەو کوردەکانی سوریا هاوپەیمانی ئەمریکا بوون لە دژایەتی داعش و تیرۆردا، ئەوا ئەمڕۆ بۆخۆی داعش و تیرۆرەکەی کە جولانی نوێنەرایەتی دەکات لەدەسەڵاتدایە، بۆیە مەسەلەی هاوپەیمانی هەسەدە و کوردەکان بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی جێگایەکی نەماوە.
ئەگەر دەورەیەك هەسەدە لەچوارچێوەی شەڕ دژی داعشدا، جێگایەکی پەیدا کرد لە سیاسەتی ئەمریکاداو پشتیوانی و هاوکاری کرا، بەڵام ئێستا ئیتر سیاسەتی ئەمریکا ئەوەیە کە هەسەدە دەبێت بچێتە ناو حکومەتەکەی شەرع و هێزەکانی تێكەڵ بە وەزارەتی بەرگری سوریا بکات و کۆنترۆڵی حکومەتی سوریا بۆ سەرجەم ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە کە لەژێردەستی هەسەدەدا بوەو هەیە! بۆیە تەنها ئاسۆیەکی سیاسی کە هەسەدە هەیەتی لەم دەورەیەدا ئەوەیە کە لەگەڵ حکومەتی شەرعدا رێك بکەوێت. بەوجۆرەش ئەوەی پێی دەوترێت ئەزموونی رۆژاڤا، ئیتر ناتوانێ وەکو خۆی بمێنێتەوەو دەسەڵاتی هەسەدە دەبێتە بەشێك لە سیستەم و دەسەڵاتی حکومەتی سوریا!
واتە ئەمریکا ئەمەی دەیکات ئەوە نیە کە تەنیا دەستبەرداری کوردەکانی سوریا و هەسەدە بووە، بەڵکو لەبنچینەدا دەسەڵاتێکیان دامەزراندوە کە خۆی بە دەوڵەتێکی عەرەبی و ئیسلامی سونە دەزانێت و لەسەر ئەساسی هاوڵاتیبوون دانەمەزراوە، واتە دژی زۆربەی خەڵکی سوریایە بە کوردو ئەوەی پێی دەڵێن عەلەوی، دورزی، کریستیان، …هتد هەر بۆیە ناکرێت لەچوارچێوەی رژێم و دەسەڵاتێکی لەوجۆرەدا چاوەڕوانی زیاتر لەوە بکرێت کە خەڵكی کوردستانی سوریا بە مافەکانی خۆیان و هەتا مافە ئینسانیەکان بگەن کە خەڵکی سەراسەری سوریا لێی بێبەرین.
کێشەی کوردستانی سوریا بەدوای کۆبوونەوەکانی پاریس و میونیخ دا زۆر چووەتە دواوە، کراوە بە مەسەلەی ناوخۆیی سوریاو لە چوارچێوەی حکومەتی سوریادا دەبێت بچیتە پێشەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت.
کۆبوونەوەی پاریس کە لە ٦ی جەنیوەری ٢٠٢٦ ئەنجام درا، رێکەوتنی نێوان ئیسرائیل و حکومەتەکەی جولانی لەژێر سەرپەرشتی ئەمریکادا بوو لەبەرژەوەندی ئیسرائیل. ئەوەبوو ناوچەیەکی زۆری خوارو و خواروی رۆژئاوای سوریا درا بە ئیسرائیل لەبەرامبەر بێدەنگکردن لەمەسەلەی کوردا. دوای ئەوە هێرش کرایە سەر دوو گەڕەکی کوردنشینی حەڵەب (شێخ مەقسود و ئەشرەفیە)و فشاریان خستە سەر هەسەدە بۆ چۆڵکردنی هەردوو پارێزگای ڕەققەو تەبقە و تەنانەت ئەگەری هێرش بۆسەر باقی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە هەبوو. خەریک بوو کۆمەڵکوژیەکی گەورەی کوردەکان بکەن، چۆن لەدژی دورزەکان و عەلەویەکان ئەنجامیاندا، ئەگەر ناڕەزایەتیە جیهانی و ناو کوردستان و ئامادەیی بەرگری خەڵکی خۆڕاگری کودانی سوریا نەبوایە. ئەگەرچی هێرشەکانی حکومەتی جولانی وەستاوە بەڵام ئەگەری دووبارەبوونەوەی دوور نیە لەحاڵەتی رێكنەکەوتنی هەسەدەو حکومەتدا!
لەکۆبوونەوەی میونیخدا لە ١٣ تا ١٥ی فێبریوەری ٢٠٢٦، دا وا نیشاندرا کە کێشەی کورد لەسوریا چۆتە پێشەوە ئەویش بە بەشداری دوو سەرکردەی هەسەدە: مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە کۆبونەوەکەدا. بەڵام بەپێچەوانەوە هەر وەک کۆبوونەوەی پاریس، مەسەلەی کوردی بردە دواوە، بەڵام ئەمەیان بەشێوەی ئاشتی بووە و ناچارکردنی هەسەدە بۆ ملدان بە رێکەوتن لەگەڵ شەرع لە چوارچێوەی سیاسەتێکدا کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەسوریادا دەیانەوێت بیبەنە پێشەوە. بەڵام ئێستا کە هەسەدە بەرژەوەندیە سیاسیەکانی خۆی بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکادا گرێداوتەوە، دەتوانێ لەدەرەوەی سیاسەتی ئەمریکادا لە ناوچەکەو لە سوریادا و لەناو بەرژەوەندیە ناوچەییەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانە تەقلیدیەکانی وەکو تورکیاو وڵاتانی دیکەی عەرەبیدا شتێکی دیکە بکات!؟ ئەم ئەگەرە کەمتر لە واقعیەوە نزیکە بۆ هەسەدە.
ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر بەرەوپێشچوونی دۆزی کورد لە سوریا، وەکو هەندێ لە سیاسەتمەدارو رۆشنبیرانی ناسیۆنالسیتی کورد بانگەشەی دەکەن و هەروەها ستایشکردنی شێوازی دەسەڵاتدارێتی هەسەدە بە بەراورد بە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی، لەڕاستیدا سەرباری ئەوەی کە هاوسۆزیەك بۆ پرسی کورد لە سوریا دوای روداوەکانی ئەم دواییانەو خۆپیشاندانە جەماوەریەکان لە کوردستان و لە دەرەوەی ووڵات، دروست بووە، سەرباری ئەوەی کە هەسەدە لەچاو دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا چەندین لایەنی پۆزەتیفی هەیە، وەکو وەستانەوە بەرامبەر داعش و کۆنەپەرستی ئاینی، کاڵبوونەوەی گوتاری نەتەوەپەرستی کوردی و ڕەچاوکردنی پێناسەی هاوڵاتی و جۆرێك لە ئازادی بیروباوەر و هەروەها لەبەرچاوگرتنی پێگەیەکی یەکسانتر بۆ ژنان لەگەڵ پیاواندا … بەڵام سەرەنجام هەسەدە بزوتنەوەیەکی سیاسی ناسیۆنالیزمی کوردە لە سوریا و ناتوانێ دژ بە بنەماکانی سیستەم و دەسەڵاتی بۆرژوازی و یاساو نەریتەکانی بوەستێتەوەو بەرگریبکات… هەروەکو چۆن پرسی کورد لە سوریا ناتوانرێ لەچوارچێوەی کۆمەڵێك مافی کەلتوری و فەرهەنگیدا و بەشداری هەسەدە لە دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا چارەسەر بکرێ. کێشەی کورد لە سوریا سیاسیەو دەبێ بەشێوەی سیاسی وەڵام وەربگرێتەوە. سیاسەتی ئەمریکاو دەوڵەتانی رۆژاوا چارەسەری سیاسی ئەم پرسە نیە!
هەربۆیە حکومەتی ئێستای سوریا ئەگەرچی جێگیر نیە، حکومەتێکی دەورەی راگوزەرە چ بە حکومەتی سەرکوت و راوەستاو، یان جێگای خۆی دەدات بەهێزێکی دیکەی دڵخوازی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی، بەڵام چ بەجێگیربوونی، یان هەر دەستەوتاقمێکی تری قەومی یان ئیسلامی کە جێگای رەزامەندی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بێت ناتوانێت وەڵامی خەڵکی سوریا بداتەوەو لەوچوارچێوەیەشدا خەڵکی کوردستانی سوریا ناتوانرێت پارێزراوبێت، هەربۆیە هەلومەرجی سوریا ناتوانێت هەروا زوو سەقامگیر بێت.
بۆ وەڵام بەکێشەی خەڵكی کوردستانی سوریاو رێگری لە کوشتار دوو رێگا دەتوانێت کارا بێت: یەکەمیان ئەوەی کە دەوڵەتی سوریا لە دەوڵەتێکی عروبی- ئیسلامی بە ئاراستەی داعیشەوە نەمێنێ و حکومەتێکی غەیرە قەومی و سیکولار دابمەزرێت کە مافی هاوڵاتی یەکسان بۆ هەموو دانیشتوانی سوریا بەرەسمی بناسێت و جێبەجێ بکات! ئەمەش یان لەرێگای هاتنەسەرکاری حکومەتی کرێکاریەوە دەبێت لەو ووڵاتەدا یاخود فشاری بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری ئازادیخوازی سوریا دەتوانێ دەسەڵاتێکی سیکولار و غەیرە قەومی لە سوریا بەسەر بۆرژوایدا بسەپێنێ. لەکاتیکدا ئەم دوو سیناریۆیە دورەدەست دێنەبەرچاو، رێگای دووەم ئەوەیە کە خەڵکی کوردستانی سوریا لەرێگای بەرپاکردنی رێفراندۆمێکی گشتی و ئازادانەوە بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە چ جۆرە پەیوەندیەکی سیاسی و یاسایی لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا دادەمەزرێنن تا ڕادەی ئەوەی بڕیار لەسەر جیابوونەوەو دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بدەن.




بەڵگەنامەکان: لە ئپستینەوە تا ویکیلیکس، پەنەما و پاندۆرا یەک ناوەرۆک و چەند روخسار!.. نوری بەشیر

ئەگەر ئاوڕێکی خێرا لە هەلومەرجی ڕوودان و ئاشکراکردنی بەڵگەنامەکانی “ئپستین” بدەینەوە، دەرگا بە ڕووی ئەو ڕاستییەدا دەکاتەوە کە لە سیستەمی جیهانیی ئەمڕۆدا، ئەگەر قووڵتر بڕوانین و تەنیا سەیری ڕووکەش و چاوی میدیاکانی ئەمڕۆو لە فەزای زاڵی چینی دەسەڵاتی ئەمڕۆ دەرچین، دەتوانین ڕاستییەکانی پشت ئەم دۆکۆمێنتانە بناسینەوە کە دەرخەری چ راستی و چ واقعیەتیەکە، لەبەرئەوەی تا ئێستا ئەوانەی دەوترێت و وتراوە لەسەر بەڵگەنامەکان چ ئەمەی ئپستین تا ئەوانەی پێشترو ئەوانەی رۆژانە روودەدەن، دەرخەری ناوەرۆکی راستیەکان و خودی بەڵگەنامەکانیش نین. ئەم ڕووداوەی کە ئەمڕۆ هەواڵەکانی جیهانی داگرتووە، درێژکراوەو ناوەرۆکی هەمان زنجیرە کارەساتێکن کە هێزو سامان و تواناو کەسایەتی گەورەی حکومەتی لەپشتەوەیە، ناوەرۆکی هەموو ئەو بەڵگەنامەی وەک “ویکیلیکس، پەنەما و پاندۆرا” و رووداوە جیهانیەکانی رۆژانە کە خاڵی هاوبەشی تێدایە ئەو راستیە دەخاتەڕوو و دەکرێت جارێکی کە بەکورتیش بێت ئاماژەیان پێبکەین.
با بەخێراییەک خوێنەران بگێڕینەوە بۆ زنجیرە مەلەفێک یان بەڵگەنامەیەک کە بە دەیان ملیۆن لاپەڕەی لێبڵاوبۆتەوەو کەوتۆتە بەردەم کۆمەڵگای بەشەری و ئەو بەڵگانەی پێشوو چیان لێهات، کە تاوانباران هەمان دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانن، لەژیر سایەی دەسەڵاتدارێتی ئەواندا ئایا ٦ ملیۆن بەڵگەنامەی ئیپستینیش بە هەمان دەردی ئەوان ناڕوات؟.
• ویکیلیکس: لە ساڵەکانی ٢٠١٠ – ٢٠١١ دا بەسەدان هەزار مەلەفی سەربازی و دیپلۆماسیی نهێنیی ئەمریکا و وڵاتانی تری سەرمایەداری ئاشکرا کرد، لە پێشێلکاری و کوشتار.
• بەڵگەنامەکانی پەنەما: لە ساڵی ٢٠١٦ دا نزیکەی ١١.٥ ملیۆن بەڵگەی لەسەر دزی، تاڵانکاری و پێشێلکردنی یاسا لەلایەن سەرانی حزبە بۆرژوازییەکان و دەوڵەتە سەرمایەدارییەکانەوە بڵاوکردەوە.
• بەڵگەنامەکانی پاندۆرا: لە ساڵی ٢٠٢١دانزیکەی ١٢ ملیۆن فایلی لەسەر سامانی هەزاران ملیۆنێر و ملیاردێر و سەرانی حزب و دەوڵەتەکان و بازرگانەکان ئاشکرا کرد؛ ئەوانەی کە سەروەت و سامانی کۆمەڵگەیان بەتاڵان بردووەتە دەرەوەی وڵات، لە کاتێکدا %٩٩ی کۆمەڵگە لە ژیانێکی مەمرەومەژیدا دەژین.
ئەم بەڵگەنامانە دەریانخست چۆن ئەم دەسەڵاتدارانە بە ناوی “کۆمەک بۆ خەڵک” پارە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەردەگرن، بەڵام بۆ کڕینی کۆمپانیا، خانووبەرە و کێڵگەی تایبەت بۆ خۆیان و خێزانەکانیانی خەرجی دەکەن.
بە ملیۆن لە بەڵگەنامەکانی رووداوەکانی تری جیهان کە لەم دەیەیەی ئەخیردا کە رۆژانە روویانداوە لە کۆمەڵكوژی و بازرگانی بەژنان و ئاوارەیی و لە سێدارەدان کە لەلایەن؛ جمهوری ئیسلامی ئێران، داعش، بۆکۆحەرام، شەبابی سۆماڵ، حکومەتی ئیسرائیل، سوریاو تورکیاوە ئەنجامدراوە، میدیاکان حکومەتان و سەرمایەدارانی جیهان لە پشتیانەوە بوون، وە بێدەگەیان لێکردوون.
بەڵگەنامەکانی ئپستین (٦ ملیۆن بەڵگە کە تا ئێستا ٣ ملیۆنی خراوەتە ڕوو)، پاش دەستگیرکردنی “جێفری ئپستین” لە ساڵی ٢٠١٩ دا بۆ دووەم جار، بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەژێر دەستی (FBI) و وەزارەتی دادی ئەمریکادا بە نهێنی مانەوە تاوەکو لە جەنیوەری ٢٠٢٦ بڵاوکرانەوە. دەتوانرێت بوترێت تەنیا %٢٥ی بڵاوکراوەتەوە، ئەویش بەشێوەیەک کە زیان بە سەرۆک و سەرمایەدارە گەورەکان نەگەیەنێت. مردنی تەمومژاویی ئێپستین لە زینداندا، زیاتر گومانی ئەوەی دروست کرد کە مەبەست لە شاردنەوەی ناوی ئەو کەسایەتییە باڵادەستانەیە کە تێوەگڵاون و هەروەها بەرنامەیەک کە ئەم سەرۆکی وڵات و سەرمایەدارو دەسەڵاتی شاهانە هەیانبووە ونبکرێت، هەروەها ونکردنی کەیس و ئاسەواری ئەو هەزاران ژن و منداڵانەی براونەتە ئەوێ و چارەنوسیان، وە گەلێک بەرنامەو سیاسەتی شاراوە لە پشتیەوەیەتی بشارننەوە.
میدیاکانی بۆرژوازی هەوڵدەدەن ئیپستین وەک تەنیا “شەیتانێکی تاک” و بازرگانێکی منداڵان نیشان بدەن، بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموو ئەم بەڵگەنامانە (ویکیلیکس، پەنەما، پاندۆرا و ئپستین و ئەوانی تریش) شتێکی تریش دەخاتەروو: ئەویش بێدەنگی و شاردنەوەی تاوانی گەورەی وایە کە هیچ جێگایەکی بۆ مرۆڤایەتی سەدەی ٢١ نەهێشتۆتەوە، بۆ مانەوەی سیستەمەکە بە ئاڵوگۆڕی شکڵی. ئایا بەڵگەنامەکانی کۆمەڵکوژی کەمن لەسەر: فەلەستین، سودان، یەمەن، ئێران، عێراق، ئۆکرانیا، رۆژانەی چەوسانەوەی کرێکاران و کاری منداڵان، ئاوارەیی و برسێتی کە هەموویان لەژێر سایەی ئەم سەرۆک و حکومەتانەدا ڕوودەدەن.
هەموو ئەم تاوانانە؛ لە بازرگانی بە مرۆڤەوەو بە منداڵانەوە، تا کۆمەڵكوژی و برسێتی و جەنگ و ئاوارەیی و تا تاڵانکاری، لە چوارچێوەی سیستەمێکدا کە سیستەمێکی چینایەتی سەرمایەداریەی ئەم سەردەمەیە کە راسیزم و فاشیزمی قەومی و دینی بەڕێوەی دەبات، کە هەمووسەروەت و سامانی کۆمەڵگا تا دادگاکانیشیان لەدەستدایە، واتە ئەو کەمایەتیە دژی ئینسانیە، لەبەرامبەر لە ٪٩٩ی کۆمەڵگا راوەستاون و برسێتی و کوشتار و بێحورمەتی بە مرۆڤ دەکەن، هەر هەمان ئەو سەرمایەدارو سەرۆکانەن کە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە و بڕیاردەدەن. هەر ئەو دادگایەی لە لە ٢٠٠٨ ڕێگەی بۆ ئپستین خۆش کرد و رێگای نیشاندا تا لە سزا ڕزگاری بێت، تا ٢٠١٩ ئەو هەموو کارەساتە مرۆییە دژی ژنان و منداڵان ئەنجامبدەن، هەر ئەو دادگایانە بوو لە کەیسەکانی ویکیلیکسدا لەجیاتی سزادانی تاوانبارانی جەنگ و کوشتاری خەڵكی مەدەنی لە عێراق و ئەفغانستان، “جولیان ئاسانج”ی سزادا، ئەمەیە روخسارو ماهیەتی سیستەمی بەڕێوەبردن و دەسەڵاتی دنیای ئەمڕۆ، کە رووداوەکانی رۆژانە ناخی هەموو مرۆڤێکی ئینساندۆست و ئازادیخواز ئازار دەدات.
هەموو ئەو بەڵگەنامانەو ناوەرۆک و راستیەکانی پشتی واقیەتی کۆمەڵگای چینایەتی ئەمڕۆی جیهانە، کە سیستەمی سەرمایەداری تێیدا دەسەڵاتدارە، کۆمەڵگای جیهانی لە نێوان دوو ڕێگەدا راگرتووە: یان دەبێت مل بدات بۆ ئەم فەوزا و فاشیزمەی دەسەڵاتدارانی لە چەشنی؛ ترەمپ، پۆتین، خامنەئی و ئۆردگان، ناتانیاهۆ و هاوشێوەکانیان)، یان دەبێت ڕێگایەکی تر بگرێتەبەر؛ ئەویش خۆرزگارکردن لەهەموو خۆشخەیاڵیەک بە سیستەمی چەوسێنەرو دژی ئینسانی ئەمڕۆ و دەستبردن بۆ خۆڕێکخراوکردن و گۆڕینی ئەم سیستەمە سەرمایەدارییە دژی مرۆییە بۆ دنیایەکی ئازاد، یەکسان و خۆشگوزەران بۆ هەمووان، دوور لە کۆمەڵکوژی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، ئەویش سیستەم و کۆمەڵگای ئینسانی سۆشیالیزمە.
تێبینی: سەبارەت بە بەڵگەنامەکانی: ویکیلیکس، پەنەما و پاندۆراو داعش دەتوانن لەم لینکەی خوارەوە، کە پێشتر بڵاومکردوونەتەوە، کە بابەتەکانی تێدایە بۆ ئاشنابوونی زیاتری بگەڕێنەوە بۆی.

https://dengekan.info/archives/21261

https://dengekan.info/archives/author/nuribashir




ناڕەزایەتی ملیۆنی دژی ترەمپ و هاوپەیمانەکانی!.. نوری بەشیر

رۆژی ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی سەرانسەری ئەمریکای گرتەوە، بەپێی میدیا ئەمریکی و جیهانیەکان لە ٥٠ ولایەتەکەی ئەمریکا ئەنجامدرا، کە لە ٢٧٠٠ شوێنی جیاجیاو بە بەشداری ٧ ملیۆن کەس بەڕێوەچوو، بە دروشمەکانی “نەخێر بۆ پاشا” و “دیموکراسی نەک دیکتاتۆریەت” و “بەدژی دیکاتۆری و فاشیەتی ترامپ” و چەندین دروشمی دیکەی پشتگیری لە کۆچبەران و دژی سیاسەتی ئابوری ترەمپ، فەزای هەموو ئەمریکای داگیرکردبوو.
ئەمە دووەم ناڕەزایەتی گەورەی ئەمریکایە لە دوای خۆپیشاندانی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، کە بە بەشداری ٥ ملیۆن کەس بە دژی دۆناڵد ترەمپ و سیاسەت و حکومەتەکەی ئەنجامدرا. ئەم دوو خۆپیشاندانە چەندین ملیۆنیە لەلایەن بزووتنەوەی “نەخێر بۆ پاشا لە ئەمریکا” ڕێکخرابوو، کەدەیان رێکخراوی جۆراوجۆری مرۆڤدۆست و ئازادیخواز و چەپ تێیدا بەشدارە. ئەم خۆپیشاندانەی ئەمجارە، بۆ ترەمپ و حکومەتەکەی شۆک هێنەربوو، لەلایەک لەڕووی دروشمەکانی خۆپیشاندانەکەوەو لەلایەکی دیکەوە رێژەی زۆری بەشداربوان کە سەرجەم ئەمریکای گرتەوە لە شارە گەورەکانی: واشنتۆن، لۆس ئەنجلس، شیکاگۆ، بۆستن، ئەتلەنتا، میامی، ساراسۆتا کاونتی لە فلۆریدا، پیتسبورگ لە ویلایەتی پێنسیلڤانیاو هەروەها لە نزیک شوێنی مانەوەی ترەمپ لە مارالاگۆی فلۆریدا، کە تێیدا پشووی کۆتایی هەفتە بەسەر دەبات. هەروەها ئەم ناڕەزایەتیانە سنووری ئەمریکا تێدەپەڕێنێت، واتە جگە لە ئەمریکا، بزووتنەوەی ناڕەزایەتی “نەخێر بۆ پاشا” چالاکییان لە کەنەداش ئەنجامدا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە هەریەک لە شاری مالاگای ئیسپانیا و مالمۆی سوید بەڕێوەچوو.
ناوەرۆکی ناڕەزایەتی ئەمجارەی هێزی ناڕازی مرۆڤدۆست و ئازادیخوازی ئەمریکا، لەبەرامبەر سیاسەتی ترەمپ و حکومەتەکەی لە ئاستی ناوخۆو جیهاندا، بەتایبەت بەدژی باڵی توندڕەو و راسیستی، راستی بۆروژازیی ئەمریکایە، کە کەلێنی چینایەتی بەشێوەیەک فراوانکردۆتەوە و ژیانی بۆ چینی کرێکارو هەژاران نەهێشتۆتەوە. نەک دەیەوێت ئەم ئاراستە سیاسی و ئابوریە کۆنەپەرست و دژی ئینسانی و هێرشانە بۆسەر خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی ئەمریکادا فراوانبکاتەوە، بەڵکو دەیەوێت وەک بزوتنەوەیەکی بۆرژوایی ڕاستڕەو دنیا بگرێتەوەو کاری بۆدەکات، کە نموونەکانی لەبەریتانیا و ئیتالیاو فەرەنساو هەندێ وڵاتی تری ئەوروپا خەریکی ئەنجامدانی جوڵەن دژی زۆربەی زۆری کۆمەڵگەو مەدەنیەتی کۆمەڵگە بەشێوەی جۆراوجۆر.
لە یەکەمین رۆژەکانی دەورەی هەڵبژاردن و پلاتفۆرمی سیاسی و ئابوری کە ترامپ و لایەنگرانی و حزبەکەی خستیانە بەردەم کۆمەڵگەی ئەمریکی، بەدژی ئازادی سیاسی و هەڵسوڕان، بەدژی کۆچبەران، هەروەها سیاسەتی ئابوری بەدژی کرێکاران و لەبەرژوەندی سەرمایەداران، زیادکردنی باج، بەهێزکردنی مەیلی دینی لەبەرامبەر بە مەدەنیەتی کۆمەڵگەو… ریزی دەیان ملیۆن لەخەڵكی ئەمریکای جوڵاند کە ئەم سیاسەتانەی دۆناڵد ترەمپ کۆمەڵگەی ئەمریکا نوقمی گێژاوی بێکاری، دژی خاریجیان، بەهێزکردنی مەیلی راسیستی و فاشیستی، گرانی و دژایەتی مەفەکانی ژنان دەکات، هەربۆیە خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەت لە دژی سیاسەتی ترەمپ هاتنەمەیدان.
لەم دەورەیەی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و کۆنەپەرستیەی ترەمپدا، دەست براوە بۆ گۆڕینی سەرجەم یاسا؛ سیاسی و ئابوریەکان لەوانە: ٣٠٠ هەزار لە کارمەندی حکومی دەرکراوە، ٤٠٠ هەزار کۆچبەر بە زۆر لە ئەمریکا دەکراون، کەمکردنەوەی میزانیەی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان، ئیستغلالکردن و زیادکردنی باج لەسەر هاوڵاتیانی ئاسایی و کەمکردنەوەی لەسەر دەوڵەمەندان، قەرزەکانی حکومەت زیادی کردوە ئەمەش وادەکات بیشکێننەوە بەسەر خەڵكداو خەڵك باجەکەی بدات.
ئەگەرچی سەرانی حکومەتەکەی ترەمپ تۆمەت و ناوو ناتۆرە لەم خۆپیشاندانە دەدەن، مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گاڵتەی بە خۆپێشاندەران کرد و بە بڵاوکردنەوەی “رق لە ئەمریکا” تۆمەتباری کردن، هەروەها بە رۆژنامەوانانی راگەیاندو بۆ لێدان لە خۆپیشاندەران وتی: “ئێوەی دیموکراتە چەپڕەوەکان، کەسانی مارکسیست، سۆسیالیست، توندڕەوەکان و باڵی لایەنگری حەماس لەنێو پارتەکەتان کۆدەکەنەوە.”
لەبەرامبەردا خۆپیشاندەران گاڵتەیان بەو قسانە دەهات و دروشمەکانیان دەوتەوە لەوانە: دەبێت دۆناڵد ترەمپ بڕوات، داویان دەکرد جێبەجێکردنی رێکارە تووندەکان دژی کۆچبەران و سیستمی نوێی پێناسی گومرگی هەڵبوەشێتەوە، خۆپێشاندەران لافیتە و دروشمی جیاوازیان بەرزکردبوویەوە، هەندێکیان داوایان دەکرد دیموکراسیی ئەمریکا بپارێزن، و …تاد. ئەو دروشمەی کە زۆرتر ترەمپ و سەرانی حکومەتەکەی نیگەران کرد دروشمی “نەخێر بۆ پاشا و نا بۆ دیکاتۆرو فاشیست” بوو.
هەروەها خۆپێشاندەران رەخنەیان لەسەرجەم ئەو سیاسەتانەی حکومەتەکەی ترەمپ گرت، بەوەی ملیاردێرە کۆمارییەکان هێرش دەکەنە سەر میدیا و نەیارە سیاسییەکان و کۆچبەرە نایاساییەکان، هەر لەم رووەوە سیناتۆر بێرنی ساندەرز لە ویلایەتی ڤێرمۆنت، کە کەسایەتیەکی دیارە لە ئەمریکا، لە لێدوانێکدا قسەی بۆ خۆپیشاندەران کرد و ڕەخنەی لە ملیاردێرە تەکنەلۆژییەکان گرت و ڕایگەیاند لەوەتەی ترەمپ بووەتە سەرۆک ئەوان دەوڵەمەندتر بوون، لەوانە: ئیلۆن ماسک، جێف بیزۆس، مارک زوکەربێرگ “و ئەو فرە ملیاردێرانەی دیکەی کە لەکاتی دەستبەکاربوونیدا ڕاست لە پشت ترەمپەوە دانیشتبوون.
هەروەها لەژێر گوشاری خۆپیشاندانەکەدا ترەمپ لە یەکێک لە قسەکانیدا دەڵێ ئەوان وەک پاشا ئاماژەم پێدەکەن، من پاشا نیم وە وتی کارەکانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتێکی قەیراناوی پێویستن و ئەو تۆمەتانەی کە گوایە وەک دیکتاتۆرێک یان فاشیستێک ڕەفتار دەکات، بە هیستریا ڕەتیکردنەوە.
ئەم ناڕەزایەتیە گەورەیە ئەگەرچی لە ئەمریکابوو، ئەگەرچی دژی ترەمپ و حکومەتەکەی و دژی سیاسەت و بەرنامە ئابوریەکەی بوو، بەڵام لە ناوەرۆکدا بەدژی دەسەڵاتی پاشایەتی واتە دەسەڵاتی بێڕکابەری و سەرکوتی ئەوبوو، بەدژی سیاسەتی راسیستی دژی پەنابەری ئەوبوو، بەدژی سیاسەتی ئابوری دژی کرێکاران و کەمدەرامەتی ئەو بوو، هەروەها ئەم ناڕەزایەتیە بەرفراوانە پەیامی دژی هەموو ئەو حکومەت و سەرانی ئەو حکومەتانەی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە کە لەدەوری سیاسەتی ترەمپ، لەدەوری بەرنامەو بەژەوەندیەکانیان لەگەڵ بەرژەوەندی ترەمپ و حکومەتەکەیدایە، ئەوا ناوەرۆکی ئەم ناڕەزایەتیانە بەدژی هەموو سیستەمی سەرمایەداری و حکومەت و سەرانی ئەو وڵاتانەیەو لەبەرژوەندی خەڵكی کرێکارو برسی و هەژارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگەدایە لە ئاستی جیهانیدا، بۆیە پەیامی ناڕەزایەتیەکی جیهانی هەڵگرتووە لەگەڵ خۆیدا.




هێرشی ئیسرائیل و بێئەنجامی لوتکەی دۆحە!.. نوری بەشیر

ئێوارەی ڕۆژی ٩ی ئەیلولی ٢٠٢٥ نزیکەی ١٥ فڕۆکەی شەڕکەری ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر باڵەخانەکەیەک لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، کە بڕیاربوو ژمارەیەك سەرکردەی بزوتنەوەی حەماس لەوێ کۆببونەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیارێکی ئەمریکا سەبارەت بە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس و ئازادکردنی بارمتەکانی لای حەماس. بەڵام وەک دواتر ڕاگەیەنرا، سەرکردەکانی حەماس بەرێکەوت لەو هێرشە رزگاریان بوە، بەڵام چەند ئەندامێکی حەماس و چەند پاسەوانێکی ئەمنی قەتەری کوژراون. بێگومان سەرەڕای جۆرێك لە ڕاگەیاندنی نیگەرانی ترامپ بەرامبەر بەو هێرشە، بەڵام گومان لەوەدا نیە کە بەبێ ئاگاداری ئەمریکا ئیسرائیل ئەو هێرشەی ئەنجام نەداوە، چونکە ئاسمانی قەتەر لەژێر پاراستنی ئەمریکادایە.
ئەم هێرشەی ئیسرائیل لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتەدایە کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێ لەژێرناوی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەدا جێبەجێی بکەن. نەخشەیەكە کە لەناوچەکەدا هەر هێزو دەوڵەتێك لەبازنەی بەرژەوەندی و سیاسەتی ئەمریکادا دەرچێت، ئەوا ئیسرئیل وەکو نوێنەرو داردەستی ئەمریکا، ئەو دەورە دەگێڕێ کە ئەمریکا پێویستیەتی ئەویش هێرشی سەربازیە بۆسەر ئەو لایەن و دەوڵەتانە بەئامانجی ملکەچکردنیان. هەڵبەتە ئەم هێرشەی ئیسرائیل تەنیا هێرشێک نەبوو بۆسەر حەماس، تەنانەت تەنیا بەزاندنی سەروەری دەوڵەتێکیش نیە بەناوی قەتەر و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان وەکو خۆیان بانگەشەی بۆدەکەن، بەڵکو پەیامێکە لەرێگای هێرش بۆسەر وڵاتی قەتەرو لێدان لە حەماس، هەم بۆ خودی قەتەرو هەم بۆ سەرجەم وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە، کە ئەگەر دژی بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل یان سیاسەتەکانی ئیسرائیل لەناوچەکەدا بوەستنەوەو ملکەچ نەبن، ئەوا رووبەڕووی ملهوڕی و هەوسارپچڕانی ئیسرائیل دەبنەوە و هیچ رێگریەک لەبەردەم خۆیدا نابێنی بۆ هێرشکردنەسەریان. بوونی سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر تەنها پاساوو بیانوە بۆ شەرعیەتدان بە هیرش و ملهوڕیەکانی ئیسرائیل، دەنا ئەمریکا دەیانجار لە قەتەر لەرێگای ناوەنجگیری قەتەرەوە لەگەڵ حەماسدا گفتوگۆی کردوە و بڕیاریش بووە ئەو سەرکردانەی حەماس لەوکاتەدا تاووتوێی پێشنیاریكی ئەمریکا بکەن!
ئەگەرچی ئیسرائیل نەیتوانی ئەو سەرکردانەی حەماس کە جێگای مەبەستی بوو بکوژێت، بەڵام توانی پەیامەکەی کە مەبەستی بوو بگەیەنێتە قەتەر و ئەو وڵاتانەی کە مەبەستی بوو پەیامەکەی بگات پێیان. ئیسرائیل بەبیانووی لەنێوبردنی حەماس و پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، سەرەتا غەززەی کاولکردن و دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی کردە ژێر خانوە روخاوەکانەوە، دواتریش هەر بەناوی پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و پوچەڵکردنەوەی مەترسی لەناوچوون لەسەر ئیسرائیل هێرشی کردەسەر لوبنان و سوریا و ئێران و … ئێستاش هەڕەشەی لە هەموو وڵاتەکانی ناوچەکە دەکات. وەکو یەکێک لەسەرانی حکومەتی ئیسرائیل وتویەتی؛ هیچ شوێنێک بۆ هێرشی ئێمە هێڵی سور نیە کەبزانین ترسی هەیە بۆسەرمان، ئەمریکاش لەونێوەدا نەک کەمکاری کردووە بۆ رێگرتن لەو کارانەی ئێسرائیل، بەڵکو یارمەتیشی داوە لەڕووی چەك و لۆجیستی و دانی زانیاری و بگرە بەشداری عەمەلی لەشەڕەکانیدا بەتایبەتی لەگەڵ ئێراندا! هەر لەم کاتەدا گرێبەستێکی بازرگانی ٦ ملیار دۆلاری چەک و تەقەمەنی و فڕۆکەی لەگەڵ ئیسرائیلدا بەستووە. زۆرجار پاساوی بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل هێناوەتەوە وەک ئینکارکردنی کۆمەڵکوژی خەڵكی غەززە بەبیانوی ئەوەی کە سوپای ئیسرائیل دژی حەماس شەڕ دەکات و بەرگری لەخۆی دەکات.
ئەم هێرشەی سەر دۆحە، هاتوهاوارو نیگەرانیەکی زۆری لە ئاستی وڵاتانی ناوچەکەو جیهانیشدا دروستکرد. حکومەتە بۆرژوازیە بەرژەوەندخوازەکان، کە نان بە نرخی رۆژ دەخۆن، باسیان لەوە کرد کە ئیسرائیل هێڵی سوری بەزاندوەو یاسای نێودەوڵەتی شکاندووە بەوەی هێرشی کردۆتە سەر وڵاتی قەتەر. با لەوەگەڕێین کە ئەم یاسا نێودەوڵەتیانەی وڵاتانی سەرمایەداری خۆیان دایانڕشتووە ریسوا بووەو بازڕێکی نەماوە، بەڵام هێرشەکە بووە هۆی ئەوەی وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەت قەتەر داوای بەستنی لوتکەی دەمودەستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بکات دژی ئەم دەستدرێژیەی ئیسرائیل بۆسەر قەتەر.
لوتکەی دۆحە پێش ئەوەی ببەسترێت دەزانرا هیچی پێناکرێت:
رۆژی ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بەسترا. سەرانی وڵاتانی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی کە ٥٧ وڵاتن و وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی کەبەشێكن لە وڵاتانی ناو رێکخراوەکەو ژمارەیان زیاتر لە٢٠ وڵاتە، کۆبوونەوە. هاوکاتی ئەم لوتکەیە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ روبیۆ گەیشتە ئیسرئیل و لەگەڵ ناتانیاهۆ کۆبووەوە و کۆنگرەی رۆژنامەوانیان سازدا.
قسەکانی هەریەکە لە ئەمیری قەتەر، تەمیم بن حەمەد و مەسعود پزیکشیان، سەرۆکی ئێران، ئۆردوگانی سەرۆک کۆماری تورکیاو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ژمارەیەک لە سەرۆکی وڵاتانی تر لەوانە محەمەد جولانی سەرۆکی سوریا، شتێکی وای تێدانەبوو تەنها ئەوەنەبێ کە هەموو ترسیان لەخۆیان و هێرش بۆسەر وڵاتەکانیان هەیەو ئەم هەنگاوەیان بۆیە ناوە تا ترسی هێرشی ئیسرائیل بۆسەریان دوربخەنەوە، لەکاتێکدا خۆیان ئەگەر پەیوەندی ناڕاستەوخۆو ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیسرائیلدا نەبێ ئەوا بێگومان لەگەڵ ئەمریکادا خەریکی ساتوسەدان.
لەلایەکی دیکەوە قسەوباسەکان و بڕیارەکانی لوتکەی دۆحەو ئەو هەونگاوانەی بەدوایاندا هاتن، زیاتر وێستگەیەك بوو بۆ نزیک کەوتنەوەی ئەو وڵاتانەو وەلاخستنی هەندێ لە کێشەکانی رابردووی نێوانیان و دەستبردن بۆ دامەزراندنی پەیوەندی سیاسی و ئابوری نوێ، بەتایبەت پەیوەندیە بازرگانیەکان. لەئاکامی ئەو نزیکبونەوە سیاسیەوە پەیوەندی بازرگانی و سەربازی نێوان سعودیەو پاکستان و مانۆڕی سەربازی میسر و تورکیای لێکەوتەوە، لەگەڵ بوژاندنەوەی ویستنی زیندوکردنەوەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو کە لەلایەن ژمارەیەک وڵاتانی عەرەبی کەنداوە پێکهێنراوە. لەوە زیاتر ئەم لوتکەیە شتێکی نەکرد بەرامبەر بە ئیسرائیل و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی بۆسەر قەتەر.
ئەوەی رۆشنە زۆربەی ئەم وڵاتانەی بەشداری لوتکەی دۆحەیان کرد، لەناو چوارچێوەی نفوزو بەرژەوەندیەکانی ئەمریکادان و لەئێستادا هیچ بەرژەوەندیەکیان نیە بەتەواوی ئەو چوارچێوەیە جێبهێڵن و بکەونە ناو یاری جەمسەر جیهانیەکانی تری وەک روسیاو چین بەتایبەتی لەبواری سیاسی و سەربازیەوە، ئەوەی کە زیاتر بایەخی هەیە بۆیان لەئێستادا توندکردنەوەی پەیوەندیەکی بازرگانی نێوانیانە لەگەڵ چیندا بەپلەی سەرەکی و جۆرە مانۆرێكی شەرمنۆکانە بۆ فشارخستنە سەر ئەمریکا تا حسابێکیان بۆ بکات بەرامبەر بە ئیسرائیل! زۆربەی ئەو دەوڵەتانەی لوتکەی دۆحە جێگاوڕێگایەکی لاوازو قەیرانگرتوویان هەیە، چ لەئاستی ناوخۆی وڵاتەکەیان و لەئاستی ناوچەو جیهانیشدا، لەناو دۆخی ناجێگیرو قەیرانگرتووی جیهانی و ناوچەیی و کێشمەکێشی نێوان جەمسەرە جیهانیەکاندا. ئاسۆیان روون نیەو ترسی ئایندەیان هەیە. ترسی سەرەکیان ئەوەیە کە لەنەخشەی تازەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ئەمریکا دەیەوێ لەڕێگای ئیسرائیلەوە ئارایشی بداتەوە، هاوشانی ئیسرائیل جێگایەکیان پێببڕێت!
راگەیاندنی کۆتایی لوتکە، کە هیچ پەیامێکی کردەیی دژی ئیسرائیل تێدانەبوو، تەنها ئەوەنەبێ کە ئاماژەی بەوەدا دەستدرێژییەکە بەتەنها پێشێلکردنی سەروەری قەتەر نییە، بەڵکو دژی نێوەندگیریە بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی و داواکرا لە وڵاتان، ناردنی چەک و پێداویستی و کەلوپەلی سەربازی بۆ ئیسرائیل هەڵپەسێرن” تا قسەکانی جاسم محەمەد بەدیوی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو، کە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “چاوەڕێ دەکەین هاوبەشەکانمان وەک ئەمریکا کاریگەرییەکانی لەسەر ئیسرائیل هەبێت و دەست لەمکارانە هەڵبگرێت” ئاستی نزم و زەلیلی ئەم لوتکەیەو هەڵوێستەکانی دەوڵەتانی بەشداری نمایش کرد. وەکو یەکەم کاردانەوەی ئەمریکاش بەرامبەر بە لوتکەی دۆحە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە دووبارەی کردەوە کە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر قەتەر هیچ کاریگەریەك ناکاتە سەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا!

نوری بەشیر




لە کۆبوونەوەی ئالاسکاوە بۆ واشنتۆن و سیناریۆ شاراوەکان!.. نوری بەشیر

هەواڵی میدیا دەستەڕاستەکانی بۆرژوازی و حکومەتەکانیان، لە کۆبوونەوەکانی ئالاسکای نێوان ترامپ و پۆتیندا لە ناوەڕاستی ئەم مانگەداو بەدوایدا قسەوباسی تەلەفونی ترەمپ لە ١٦ی ئۆگەست لەگەڵ بەشێك لە سەرۆکەکانی ئەوروپا و دواتریش کۆبوونەوەی ترامپ لەگەڵیاندا بە ئامادەبوونی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا و زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە ١٨ی ئۆگەستدا، ئەوەیان دا بەگوێی جیهاندا ڕاگەیاند کە ئەم کۆبوونەوانە بۆ چارەسەری کێشەی ئۆکرانیاو روسیاو بابەتی ئاگربەست و شەڕ وەستانە.
میدیا جیهانیەکان ئەوەندەی باسی باری روکەشی چاوپێکەوتنەکانی ترمپ و پۆتین، زەلیلی سەرانی ئەوروپا لەسەردانیان بۆ ئەمریکاو وەستانیان بەکزی لەبەردەم بارەگای ترەمپ دا کردە نیشانە، ئەوەندەی دەهۆڵی چارەسەری کێشەی روسیاو ئۆکرانیان لێدەدا، ئەوەندەی هەندێ لایەن ئەم دانیشتنانەی لەبەرژەوەندی ترەمپ و ئەمریکاو هەندێکی دیکەش کە لەبەرژەوەندی پۆتین و روسیاو هەبوون کە بە زەرەری ئەوروپان وەسفیاندەکرد، بەقەدەر سەرە دەرزیەك نەچوونە سەر راستی و دیوەکانی ناوەوەی بەرنامەو سیاسەتی ئەمریکاو روسیا کە بەشوێن چیەوەن و لەبارەی چی شتێکی ئەساسی کۆبوونەتەوە و شتێکی رۆشنیان نەخستەبەردەم کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی!.
بێگومان ئەوەی حکومەت و میدیاکانیان ئیشارەیان پێداوە لە باسی چارەسەری ئەوەی ناوی دەبەن کێشەی روسیا و ئۆکرانیا، لەهەردوو دانیشتنی ئالاسکاو واشنتۆندا، باسکراوەو راستی تێدایە، چ ئەمریکاو روسیا، چ ئەوروپاو ناتۆ و ئۆکرانیا دەیانەوێت کۆتایی بەو ناکۆکیە بهێنن کە هەیە و درێژەدانی زۆر لەسەریان دەکەوێت. ئەوەشی میدیاکان هەڵسوکەوتی دانیشتنەکانی سەرانی ئەو وڵاتانەو وێنەکان کە زۆر شت نیشاندەدا، شیکار دەکەن خاڵی دروستی تێدا هەیە، بەڵام ئەمانە هێشتا هەموو راستیەکان نین. کۆمەڵێک بەرنامەی سیاسی و ئابوری و نەخشەی ئەمریکاو روسیا لە پشتی هەموو ئەم رووداوانەوە هەیە کە راستی هەلومەرجی دنیای چەند جەمسەری ئەمڕۆیە. ئەمریکا وەک ئەمری واقیع ناچاربووە بەڕەسمی بناسێت و حسابی لەسەر بکات، بۆ ئەمەش روسیا وەک جەمسەرێکی بەهێزی ناو جەمسەرەکان بەرەسمی دەناسێت و لەگەڵی ساتوسەدا دەکات.
سەرەتا ئەوەی لە چ هەلومەرجێکدا ئەمریکاو روسیا کۆدەبنەوە، ئەوەیە کە دنیای ئێستا دنیای فرە جەمسەریە، هەلومەرجێکە کە دنیای یەکجەمسەری بەڕابەرایەتی ئەمریکا کۆتاییهاتووە. ئەو دەورەیەی ئەمریکا رابەرایەتی وڵاتانی ئەوروپای دەکردو بەناچار بۆ زۆرێک لە پەیوەندیە ئابوری و سیاسیەکانی جیهان کە لە ناتۆدا کۆی کردبوونەوە، لەگەڵیان دادەنیشتن و پرسوڕاو دەخالەتی پێدەکردن لە کارەکاندا، ئێستا ئەو هەلومەرجە گۆڕانی بەسەردا هاتووەو تەواو بووە.
ئێستا دۆخەکە بەجۆرێکە کە دەتوانین بڵێین دنیای چەند جەمسەریە، کە ئەگەر جەمسەرێکی بەهێزی ئەمریکا بێت، ئەوا چەندین جەمسەری دیکەی جیاواز لە هێزو توانا و ئیمکانات بەشێوەی جیا لەمەیداندا هەن و لە حاڵی شکڵگرتندان، لە روسیاوە بگرە تا هندستان، چین و ئەوروپا. ترەمپ و حکومەتەکەی بەجۆرێک ئەوەیان قبوڵکردوە کە ئیتر بۆ نەخشەی نوێی جیهان و سازدانەوەی ناتوانێت بەتەنیا ئەنجامی بدات و ناتوانێت پشت بە ئەوروپا ببەستێت، هەرەوها مونافسی گەورەی هەیە، بەتایبەت گەورەترینیان روسیاو چینە. ئەمریکا بۆ داڕشتنەوەی بەرنامەی نوێی جیهان کە بەرژەوندیەکانی بپارێزێت و سیاسەت و ئابوری بچێتە پێشەوە دەبێت بێتە پای ئەوەی لەگەڵ هێزی سەرەکی ئەو جەمسەرانە نزیک بێتەوە، ئەوەی کە دەورەی پێشوو چ کێشەو ململانێیەکی هەبووە لەگەڵیان، دەورەیەکی نوێ لەگەڵیدا دەست پێبکات، بەتایبەت لەگەڵ روسیادا.
لێرەوەیە کۆبوونەوەکانی ئالاسکا تا واشنتۆن، سیاسەتی ترەمپ و ئەمریکا بەرجەستە دەکاتەوە. سیناریۆیەک هەیە و دیوی ناوەوەی تائێستا راگەیەنراوە، ئەویش خستە سەرەوەی مەسەلەی کێشەکانیەتی لەگەڵ روسیا کە مەیدانەکە ئۆکرانیایە، دەرگایەکی گەورە بەسەر زۆرێک بابەتی تردا دەکاتەوە، هەروەک چۆن دەورەی پێشوو رێکەوتنی لەگەڵ روسیا لەسەر مەسەلەی سوریا ئەنجامی دا، بەبێ ئەوەی حساب بۆ وڵاتانی ئەوروپا بکات، کە روسیا بەبێ هیچ کێشەیەک لە پشتیوانی رژێمی سوریا کشایەوەو ئەو شوێنە کە چەندین ساڵ ناوچەی نفوزی بوو، دەرفەتێکی دا بە ئەمریکا کە نەخشێکی کاریگەتری تێدا بگێڕێت. ئەمریکا لە چوارچێوەی نەخشەی رۆهەڵاتی نوێدا هاوپەیمانیەکی دروستکرد بەبێ ئەوروپا لەگەڵ وڵاتانی: ئیسرائیل، تورکیا، سعودیەو قەتەر، هێزێکی ئیسلامی سیاسی وەک بەرەی نوسرەو محەمەد جولانی، کە پێشتر ئامادەیان کردبوو لەسوریا هێنایانە سەر دەسەڵات.
ئەوەی بە ئۆکرانیا دەگەڕێتەوە، ئێمە لە یەکەمین رۆژەکانی هێرشی روسیا بۆ ئۆکرانیا وتمان شتێک نیە بەناوی شەڕی روسیاو ئۆکرانیا، بەڵێ هەر ئەوکات وتمان ئەوە کێشەو شەڕی ناتۆ و روسیایە کە مەیدانەکەی ئۆکرانیایە بە ڕابەری ئەمریکا. ئێستاش ئەوە ئەمریکایە کە بڕیار لەسەر کۆتاییهاتنی شەڕ و رێکەوتن لەگەڵ روسیا لەپەیوەند بە کێشەی ئۆکرانیاوە دەدات. ئەوروپا، سەرباری ئەوەی کە هاوکاری سەربازی و دارایی و لۆجستی ئۆکرانیای کردوەو هێشتاش بەردەوامە، جێگایەکی نیە لەم پرسەدا و شێوازی کۆبەنەوەی ترامپ و پۆتین لە ئالاسکاو کۆبونەوەی ترامپ و سەرانی ئەوروپا و ئۆکرانیا لە واشنتۆن، ئەو راستیەی پشتراستکردەوە.
بەرنامەی ئایندەش ئەوەیە کە لەسەر پرۆسەی رێکەوتنی سێ قۆڵی؛ روسیا، ئۆکرانیاو ئەمریکا دانیشتن بکەن و ئەوروپا سەرەڕای هەر پرتەو بۆڵەیەک ناچاربوە ئەوە قبوڵ بکات، بەڵام بۆ ڕەچاوکردنی پرتەوبۆڵەکانی ئەوروپاو ناتۆ، ئەمریکا فرسەتێکی هێشتۆتەوە بەوەی بەناوی گەرەنتی ئەمنیەوە جێگایەك بۆ ڕاو سەرنجی ئەوروپا قایل ببێت! ئەوەش بەڕوونی لە پەیوەندی تەلەفونی ترەمپ لەگەڵ زێلێنسکی و سەرانی ئەوروپادا ڕاگەیەنرا و سەرانی ئەوروپاش جەخت لە ئامادەیی خۆیان بۆ كاركردن لەگەڵ سەرۆك ترەمپ و سەرۆك زێڵێنسكی بۆ ئەنجامدانی لوتكەی سێقۆڵیی نێوان ئەمریكاو روسیاو ئۆكرانیا و بە پشتیوانی ئەوروپا، دەکەنەوە. ئەم راگەیاندنەش ئەوە دەردەخات کە وڵاتانی ئەوروپا بە لاوازیەوە بەشداری ئەم رێکەوتنە دەکەن کە دەبنە پاشکۆی بڕیاری ئەمریکا.
واتە بۆئەم دەورەیەی سیاسەت و بەرنامەی؛ ئەمریکاو روسیا، مەسەلەی ئۆکرانیا یەکێک لە کلیلەکانە بۆ دانیشتن و رێکەوتنەکانی ئەمریکاو روسیا وەک دوو جەمسەری بەهێزی ناو دنیای چەند جەمسەریدا، کە بۆ هەریەکە لەم دوو وڵاتە گەورە زلهێزە سەرمایەداریە بەرنامەو چوارچێوەی سیاسەتی خۆیان هەیە، کە چۆن ئەو وڵاتانەی لەناو شکڵگرتنی جەمسەرەکاندا هەن لە وڵاتانی ئەوروپا، تا چین و هندستان و ئەفریقا دەخەنە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانیان و حسابیان لەسەر دەکەن. ئەمەش پرۆسەیەکی درێژخایەنەو توانایی سیاسی و ئابوری ئەو وڵاتانە دەتوانێ ئەوە دەستنیشان بکات کە ئایا وەک جەمسەرێکی گەورەی حساب بۆکراو یان لە نێوان جەمسەری ئەمریکاو روسیادا جێگایەکیان پێدەبڕێت!
پرۆسەی یەکلاکردنەوەی کێشەی ناتۆ و روسیا لە کەیسی ئۆکرانیادا، بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دەستی پێکردوەو رەنگە کات بخایەنێت، بەڵام جیا لەوەی ئەمریکا بەرژەوەندیەکانی خۆی دەپارێزێت و هێزی زیاتری لێدەگرێت، بەنیازە ئەوروپا بکاتە پاشکۆی خۆی نەک هاوبەش، ئەوا بەهەمانشێوە روسیاش هیزی لێدەگرێت و بەتوانای زیاترو بەرژەوەندی زیاترەوە دێتە پێشەوەو هەوڵدەدات لە پاڵ چین و هندستان و وڵاتانی “بریکس” ەوە ئەو ئامانجەی بەدەستبهێنێت.
بەمشێوەیە سیناریۆکانی پشتی راگەیاندنەکان لە دانیشتنی روسیاو ئەمریکا تا دەگاتە بەشداری ئۆکرانیا، لە چوارچێوەی سیاسەتێکی گەورەتردایە بۆ سەرلەونوێ داڕشتنەوەی نەخشەی جیهانی چەند جەمسەری لەبەرژەوەندی خۆیاندا، کە بەداخەوە لەئێستادا دنیا لە غیابی هێزی گەورەی رێکخراوی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا یان جەمسەری سۆشیالیستیدا لەبەرژەوەندی ئەو هێزە سەرمایەداریانەدا دەچێتە پێشەوە، کە ئەوەش نازانرێت چ ئایندەیەکی رەشتر لەمڕۆ چاوەڕێی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەکات.

نوری بەشیر




کاریگەری ناڕەزایەتی جیهانی لەپەیوەند بە برسیکردن و کوشتار لە غەززەوە!.. نوری بەشیر

کۆمەڵکوژیەک لە ٢٢ مانگی رابردوودا لەژێر سایەی حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل و بە هاوکاری حکومەتەکانی؛ ئەمریکاو زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپاو بەریتانیا لە غەززە دەستی پێکرد، بەردەوامەو لە چەند مانگی رابردوودا پێی نایە دەورەیەکی نوێ لە برسیکردن و کوشتاری ژن و منداڵ و پیرو لاو لەسەرەی یارمەتی خۆراک وەرگرتندا. وێنەی برسێتی و مردن و کوشتاری منداڵان و دایک و باوکان لە میدیا حکومی و غەیرە حکومیەکان هەناوی هەموو مرۆڤێک کە یەک تۆز هەستی ئینسانی تێدا بێت، هەژاند.
ئەوەی دەورەی رابردوو لە روخانی خانوو و و نەخۆشخانەو قوتابخانەکان بەسەر خەڵکی ئەو ناوچەیەدا، تەنها کارو کردەوەی وەحشیانەی حکومەتەکەی ناتانیاهۆی نەدەخستەڕوو، بەڵکو کارنامەی حکومەتەکانی؛ ئەمریکاو بەریتانیاو ئەوروپاشی خستەڕوو، لە دیموکراسی و مافی مرۆڤێک کە ناوی دەبەن و ئیدعای بۆ دەکەن، ئەوە پێشێلکاری هەموو مافە جیهانیەکانی مرۆڤە کە هەموو ئەو وڵاتانە خۆیان بەشداربوون لە داڕشتنیدا، ئەمە ترس و تۆقاندنی تەنیا خەڵکی فەلەستین نیە، بەڵکو ترسە بۆسەرجەم مرۆڤایەتی لەدنیادا.
حکومەتە هارەکەی ناتانیاهۆ کۆمەڵكوژی ئەنجامدەداو سەرانی حکومەتەکان لە: بایدن و ترامپ، سوناک و کییەر ستارمەر، ماکرۆن و هەروەها سەرۆکەکانی ئەڵمانیا، ئیسپانیاو ئیتالیا بەهانەیان دەهێنایەوە کە حکومەتی ئیسرائیل بەرگری لەخۆی دەکات و بەم بیانوەش بەردەوام کۆمەکی مادی و مەعنەویان دەکرد، حکومەتەکان و حزبە ئیسلامیەکانی وڵاتانی عەرەبی یان شەرمنۆکانە قسەیان دەکرد، یان راستەوخۆ خەریکی بەرنامەی سیاسی و ئابوری خۆیان بوون لەگەڵ ئەمریکاو سەرانی حکومەتانی ئەوروپاو ناوچەکەداو تەنانەت ئیسرائیلیشدا.
ئەم هەڵوێستانەی حکومەتانی سەرمایەداری و حزبە بۆرژوازیەکان و وەستانیان لەپاڵ کۆمەڵكوژی خەڵكی فەلەستیندا بەتایبەت لە غەززە کە لەلایەن حکومەتی هاری ئیسرائیلەوە ئەنجامدەدرا، تاکە شانۆ نەبوو کە نمایشی تێدا دەکرا، بۆ سەرکەوتنی ناتانیاهۆو ئەمریکا لە بردنەپێشەوەی نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لەلایەکی ترەوە شانۆیەکی تر، مەیدانێکی تر، هەڵوێستێکی تر لە بەرامبەر ئەو تراژیدیا ئینسانیەدا کە بێپەردە بەبەرچاوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ئەم سەدەیەوە ئەنجامدەدرێت کاردانەوەیەکی تری هەبوو، واتە بزوتنەوەیەکی ئینسانی کە دژی ئەو کۆمەڵكوژی و تراژیدیایەیە، دژی سیاسەتی ئەو حکومەتانەیە کە هاوبەشن لەو کۆمەڵكوژیەدا، ئەویش ریزی دەیان و سەدان ملیۆنی خەڵکی ناڕازی جیهانە لەیەکەمین رۆژەکانی ئەنجامدانی کۆمەڵكوژی خەڵكی غەززەدا، تا برسیکردن و کوشتاری سەرەگرتنی خەڵکی مەدەنی بۆ هاوکاریە مرۆییە جیهانیەکان، شێلگیرانەو بەردەوام ناڕەزایەتی نیشانداوەو لە فراوانبووندایەو کاریگەریەکانی دەرکەوتوون.
بزوتنەوەو رێزێک لە خەڵكی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست کە ریشەیەکی مێژووی هەیە لە خەباتی چینی کرێکارو ژنان بۆ مافەکانی مرۆڤ، رێزێک لە چینی کرێکارو یەکێتیەکانیان و ریزێک لە چەپ و سۆشیالیستەکان کە بەردەوام لەماوەی ئەم کۆمەڵكوژیەی خەڵكی غەززەدا ناڕەزایەتیان دەربڕیوەو لە شەقام و ناوەندی شارەکانی جیهاندا، نەک تەنیا بەدژی ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی، بەڵکو بەدژی حکومەتە بۆرژوا کۆنەپەرستەکانی وڵاتانی خۆشیان وەستاونەتەوە و سەرانی حکومەتەکانیان بە هاوبەشی ناتانیاهۆ داناوە لەو کۆمەڵکوژیەدا.
ئەم ناڕەزایەتیانە لە ئەمریکاوە تا ئەوروپا، بەریتانیا، ئوسترالیا، یابان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا و ئەفریقا تا تەلئەبیب لە ئیسرائلی، گرتەوە. سەرانی ئەمریکاو ئەوروپاو بەریتانیا بە هاوبەشی تاوانی کۆمەڵكوژی لەگەڵ ناتانیاهۆ دەزانن و دەڵێن بەناوی ئێمە شەڕ مەکەن و بەناوی ئێمەوە کۆمەڵكوژی ئەنجام مەدەن. لەژێر کاریگەری ئەو ناڕەزایەتیانەدا بوو کە لەسەر داوای حکومەتی ئەفریقای باشوور و چەند ووڵاتی دیکە، دادگای دای نێودەوڵەتی بڕیاری دەستیگکردنی بۆ ناتانیاهۆ و وەزیری جەنگی پێشوی ئیسرائیل دەکرد. ئێستاش و لەئاکامی بەردەوامی دەوڵەتانی رۆژاواییدا بۆ ئیسرائیل و جینۆسایدی خەڵکی غەززە، خواستەکە فراوانتربۆتەوە بۆ داوای دادگاییکردنی سەرانی حکومەتەکانی خۆیان کە هاوکاری ئابوری و سیاسی و چەک و تەقەمەنی حکومەتی ئیسرائیلیان کردوە بە تاوانی بەشداریکردن لە جینۆساید و برسیکردنی خەڵی غەززە. ئەم فشارەش بەجۆرێك کاریگەری لەسەر دەوڵەتانی ئەوروپی و رۆژاوا داناوە کە خەریکە هاوکێشەکان بەجۆرێک لە هەڵوێستی حکومەت و سەرانیاندا دەگۆڕێت. بەوەی داوا لە ئیسرائیل دەکەن شەڕەکە رابگرێ و رێگا بە چونەناوەوەی کۆمەکی مرۆیی بۆ ناو غەززە بدات و تەنانەت باس لە دان نا بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەکەن.
ئەم ریزە ملیۆنیە مرۆڤدۆست و ئازادیخوازیە، رۆژانەو هەفتانە بەردەوام لە ئاستی دنیادا بەدژی حکومەتی ئیسرائیل و هاوکارانی مەوجود بووە، وێنەی سەرانی حکومەتەکانیان لەپاڵ ناتانیاهۆدا داناوە و میدیای حکومەتەکانیان تاوانبار کردوە کە راستی هەلومەرجی غەززەو هەلومەرجی برسێتی و کوشتارو تراژیدیایەک لەوێ ئەنجامدەدرێت راناگەیەنن، پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمانیان خستۆتە ژێر فشارەوە کە هەڵویست بنوێنن، بەڵام کاریگەریەکان لەم چەند هەفتەیەی دوایی شتێکی دیکە نیشاندەدات.
لە ئاکامی ئەم فشارە جیهانیەوە سەرانی ٢٨ وڵات، داوای راوەستانی کوشتاری ئێسرائیل دەکەن لە غەززە، داوای کردنەوەی دەروازەکان و ناردنی ئەو هەزاران بارهەڵگرە دەکەن کە حکومەتی ئیسرائیل ناهێڵێت بگەنە خەڵکی برسی، داوای دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل دەکەن، هەندێ لەو وڵاتانە قەدەغەی سەردانی سەرانی ئیسرائیل دەکەن و ئەگەر بچنە وڵاتەکانیان دەستگیر دەکرێن، میدیاکان خەریکن ئاماری قوربانیەکان دەخەنەڕوو! لە راگەیاندنی ٥/٧/٢٠٢٥ی وێبسایتی DW ی ئەڵمانی بەزمانی عەرەبی، تەنها کوژراوانی لە غەززە بە زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس راگەیاندووە، ئاماری مناڵانی کوژراو بە نزیکەی ١٩ هەزار دادەنرێت، ئەوە ژمارەی بریندارو ونبوو و داروخانی ئابوری و کۆمەڵایەتی زیاتر لە دوو ملیۆن ئینسان هەر باس ناکرێت. زیاتر لەسەد رێکخراوی مرۆڤدۆستی راگەیاندنیان دژی پێشێلکاری حکومەتی ئیسرائیل دا، کەشتی مرۆڤدۆستی لە دەریای ناوەڕاستدا بۆ شکانی گەمارۆی سەر غەززە بەردەوامە، ناڕەزایەتیەکانی ناوخۆی ئیسرائیل بەدژی کۆمەڵكوژی ناتانیاهۆ لە غەززە لەزیادبوندایە.
کاریگەریەکانی ئەم ریزە فراوانە لە ناڕەزایەتی لەدنیادا نەک تەنها لەشەقام و ناوەندەکانی شاردا قەتیس نەماوەتەوە، بەڵكو چۆتە ناو کابینەکانی حکومەت و پەرلەمان و خودی حزبەکانی دەسەڵاتیشی گرتۆتەوەو ترسی لەبەریەک ترازانیان هەیە، ئەگەر دەورەی پێشوو تەنیا بە قەدەر ژمارەی پەنجەی دەستەکان ئەندام پەرلەمانی وڵاتەکان ناڕازی بوون، ئێستا بەسەدان ئەندام پەرلەمان داوای مەحکومکردن و پەیوەندی پچڕاندن لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل دەکەن، داوای دەستگیرکردنی سەرانی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ دەکەن، واتە ئەم ناڕەزایەتیانە بووەتە یەک ئەمری واقیع و یەخەی هەموو حکومەتە سەرمایەداریەکانی گرتۆتەوە، بۆتە بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی لەناو هەموو خێزانێک، لە ناو یەکێتیە کرێکاریەکان، لەناو نەک تەنیا حزب و کەسایەتی چەپ بەڵکو ناو حزبەکانی دەسەڵاتیشی گرتۆتەوە.
ئەم ناڕەزایەتیانە لە ناو هونەرمەندان و کۆنسێرتەکانیاندا، لەناو رۆژنامەنوسان، دکتۆر، قوتابیان، مافناس، رێکخراوە حکومی و ناحکومی و ئینسانیەکانی وەک ئەمنستی ئینتەرناسیۆناڵ و هیومن رایت وەچ و یونیسێف، رێکخراوەکانی یوئین و دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان و هەتا چۆتە ناو خودی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە، لەوەش زیاتر سەرانی وڵاتەکان هەڕەشە لە ئیسرائیل و ناتانیاهۆ دەکەن، کە گەمارۆی سەر ئەو هەزاران بارهەڵگرە لابەرێت کە ناهێڵێت بگاتە خەڵكی برسی غەززە، لەوەش واوەتر ژمارەیەکی زۆریان بڕیاریان داوە کە لەمانگی ٩دا لە کۆبوونەوەی نەتەوە تەکگرتووەکاندا مەسەلەی دان نان بە دەوڵەتی فەلەستین لەپاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا بەرگری لێبکەن.
ئەم ئاڵوگۆڕانەی ئەم چەند هەفتەیە لە هەڵوێستی حکومەتان و سەرانیان کە تا دوێنێ بەهانەیان بۆ کۆمەڵكوژی ئیسرائیل دەهێنایەوە ئێستا تاوانباری دەکەن، ئەوەی تەنیا حکومەتی ئیسرائیلیان بە رەسمی دەناسی، ئەمڕۆ روخسارو هەڵوێستێکی نوێیان گرتۆتەبەر کە سەدو هەشتا پلە جیاوازە لەوەی پێشوو لە بەرگری لەدەوڵەتی فەلەستین، بێگومان بۆ دەربازکردنی خۆیانە لەژێر باری ئەو فشارە جەماوەریەی لەلایەن هاوڵاتیانی خۆیانەوە سەبارەت بە مەسەلەی غەزە خراوەتە سەریان و تەنانەت داوای لێپێچینەوەیان دەکەن بە تۆمەتی بەشداریان لەو تاوانەدا کە دژی غەزە دەکرێ!
ئەم فشارە جیهانیە بوو کە ئیسرائیل و ئەمریکاو پشتیوانەکانی لەناو دەوڵەتانی ئەوروپا بەجۆرێك لەباری سیاسی و دیپلۆماسیەوە تەریک خستەوە کە ترامپ ناچاربێت فشار لە ناتانیاهۆ بکات بۆماوەیەکی کاتی ئاگربەست ڕابگەیەنێ و رێگا بەچونەناوەی کۆمەکەکان بۆ غەزە بدات. ئەم بزوتنەوە جیهانیە ئەو هێزە مەزنەیە کە دەتوانێ ئەم بەربەریەتەی ئیسرائیل و ئەمریکاو ووڵاتانی ئەوروپی دژی خەڵکی غەزە و فەلەستین رابگرێ و پرسی فەلەستین و بەرەسمیناسینی دەوڵەتی فەلەستین، سەرەڕای ملبادانەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل، بکاتە واقیع. بەوەش زەربەیەك لەم شەقاوەچێتیەی بۆرژوازی و ئیمپریالیزم بدات کە دەیانەوێ جیهان گیرۆدەی کارەسات بکەن لەپێناو بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی خۆیاندا.
٩ی ئۆگەستی ٢٠٢٥




جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا دژ بەئێران و ئاکامە زیانبارەکانی!.. نوری بەشیر

بەدوای توندبوونەوەی کێشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە پێی نایە قۆناغێکی توندی پڕوپاگەندەی شەڕو هێرش و بۆمبارانی بنکە سەربازی و ئابوریەکانی یەکتر و هەروەها پێشبڕکێ لە کوشتاری خەڵکی مەدەنی لە ئێران و ئیسرائیل، کە وایکرد مەسەلەی بەردەوامی کوشتاری خەڵكی فەلەستین و بەتایبەت غەززە لەگەڵ بەردەوامیدا بشارێتەوە، وە ناڕەزایتەکان بەرێتە دواوە، بەڵام بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جیهانی بەدژی جەنگ و کوشتارو ملهوڕی ئیسرائیل کە بە پشتیوانی ئەمریکا و وڵاتانێکی ئەوروپا، مەترسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی لەخوێنهەڵکێشراو وێنەیەکی ئینسانکوژیی فراوان دەخاتە بەردەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتیەوە، نەک تەنها بەدژی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ، بەڵکو بەدژی خودی ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا سەری بەرزکردەوە.
ئەمریکاو دەوڵەتانی ئەوروپی بەبیانوی ئەوەی کە گوایە هاوکاریکردنی ئیسرائیل بە چەك و پشتیوانی سەربازی بۆ “بەرگریکردنە لە ئەمنیەتی ئیسرائیل” و ” پێشگرتنە لە دەستڕاگەیشتی ئێران بە چەکی ئەتۆمی”، بیانویەکی پووچە، چونکە ئەوەی ئەمنیەتی ناوچەکەو خەڵکی ناوچەکەی رووبەڕووی مەترسی کردۆتەوە، هاوڵاتی مەدەنی کۆمەڵکوژ دەکات، شارەکان وێران دەکات، کۆمەڵگاکان لەبەریەك هەڵدەوەشێننەوە، ئەوە خودی ئەمریکاو دەوڵەتانی ئەوروپی و ئیسرائیلە کە سڵ ناکەنەوە لەهیچ تاوانێک. لەکاتێکدا ئیسرائیل بە بەرچاوی جیهانەوە مناڵی برسی فەلەستینی لەسەرەی خواردن وەرگرتندا دەکوژێت، ئەوان بە مافی ئیسرائیل بۆ پارێزگاریکردن لەخۆی ناوزدەی دەکەن، ئیسرائیل هێرشە دەکاتە سەر ئێران و ناویان لێناوە مافی ئیسرائیل بۆ پاراستن لەخۆی، هەر بزوتنەوە و ناڕەزایەتیەك دژی دەرکەوتی فاشیستی ئیسرائیل و تاوانەکانی لە غەززە بە دژایەتی جولەکە تاوانبار دەکەن و هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە غەززە دەستگیر دەکەن!
بەڵام سەرەنجام هێزی ناڕەزایەتی مرۆڤایەتی ئاشتیخواز و ئازادیخواز و مرۆڤدۆست لە دەنگی دەنگی فڕۆکەو بۆمبەکانی ئەوان بەهێزترە. سەرەنجام ئەو هێزە جیهانیە ئینسانیەیە کە توانی سنورێك بۆ ملهوڕی ئەمریکاو ئیسرائیل دابنێ، تا دەستیان بلەرزێ لەوەی ناوچەکەو جیهان بەرەو وێرانکاری ڕابکێشن. ئەو دەنگەی ناڕەزایەتیە بوو کە دەوڵەتانی ئەوروپای پشتیوانی ئەمریکاو ئیسرائیلی ناچارکرد بکەونە بۆڵەبۆڵ بەرامبەر بە تاوانەکانی ئیسرائیل و هێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل و بە هۆکاری تێکدانی دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکەو جیهانی بزانن. باسی مەترسی تەنینەوەی نائارامی و ئاژاوە بکەن بەهۆی درێژەکێشانی جەنگەکەو هێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلەوە بۆسەر ئێران و وێرانکاری لە غەززە. سەرەنجام ترامپ، دوای نیشاندانی هێزی بازووی شەقاوەچێتی ئیمپریالیزمی ئەمریکی، بانگەشەی ڕاگرتنی جەنگ و بۆمبارانەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکات!
هەڵبەتە، لەنێوان جەنگ و وەستانی شەڕدا، بەهەموو پێوانەیەکی مرۆڤایەتی وەستانی شەڕ مایەی خۆشحاڵیە، ئەگەرچی ئەم هەنگاوەی ترەمپ و ئەمریکا لەلایەک جێگای گومانە، لەلایەکی ترەوە لەبەرژەوەندی ئەمریکاو ئیسرائیل و بۆ مانەوەی رژێمی ئێرانە، بەڵام بەرژەوەندی خەڵک لەوەدایە کەبەڵای کوشتار بەسەر خەڵكی ئەم دوو وڵاتەو بەڵای جەنگ بەسەر سەری خەڵکی ناوچەکەوە بڕواتە دواوە. خەڵكی ئێران و ئیسرائیل و ناوچەکەش بەرژەوەندیان لە جەنگی ئەم دوو حکومەتە کۆنەپەرستە سەرمایەداریەدا نیە، ئەگەرچی ئاشتیشیان لەوەوە نیە کە لەبەرژەوەندی خەڵكەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵكو لەبەرژەوەندیەکانی خۆیانەوەیە. کۆمەڵگای جیهانی و ریزی خەڵكی مرۆڤدۆست و ئازادیخواز و یەکێتیە کرێکاری و لایەنە چەپ و سۆشیالسیتەکان ئەمە باش دەزانن، هەربۆیە ناڕەزایەتی جیهانی نزیک بەدوو ساڵ بەدژی کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە غەززە و هاوپەیمانە ئەمریکی و ئەوروپاییەکانی بەردەوامبوو لەشێوەیەکی تردا، ئەگەرچی بەشێوەیەکی کاتی فەزای جەنگ چ لە ئیسرائیل و چ لە ئێران ناڕەزایەتی خەڵکی لەو دوو رژێمە بردە داوە، خەڵکی هەردوو ووڵات بەهۆی ترسی بۆمباران و مووشەکەکانی ئێران و ئیسرائیل ناچاربوون ماڵو حاڵی خۆیان چۆڵ بکەن یاخود ژیان لەژێر زەمینەکاندا بەسەر بەرن، بەڵام سەرەنجام دوورکەوتنەوەی بەڵای شەڕ دەتوانێ ئومێدیك لای خەڵکی ئەو دوو وڵاتە و ناوچەکەش دروست بکاتەوە بۆئەوەی بتوانن ناڕەزایەتیەکانی خۆیان، رەنگە لە هەلومەرجێکی سەخت تردا دووبارە دەست پێبکەنەوەو فراوانی بکەنەوە.
ئێمە کۆمۆنیستەکان دەزانیین، خەڵكی هەروەک چۆن بەرژەوەندی لە جەنگی ئەو وڵاتە سەرمایەداری و کۆنەپەرستانەدا نیە بێجگە لە کوشتارو ئاوارەیی و کاولکاری، بەهەمانشێوە ئاشتی نێوانیشیان لەبەرخاتری خەڵک نیە بەڵکو رێکەوتنیانە لەسەر دابەشکردنی ئەو تالانی و دزیەی کە لە رەنجی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشدا دەستی بەسەردا دەگرن!، بەڵام نەبوونی فەزای جەنگ بۆ خەڵک لەبارترە بۆ رێکخراوبوون و ناڕەزایەتی، وە خەڵكی مرۆڤدۆستیش ئەمە دەزانن، هەربۆیە فەزای وەستانی جەنگەکە دەتوانێت ریزی ناڕەزایەتیەکان گەورەتر بکات، خەڵک لە جێگاو رێگاو شوێنی کاری خۆیدا بێت.
٢٤ی جونی ٢٠٢٥




کوشتارو برسیکردنی خەڵکی غەززە و ناڕەزایەتی جیهانی!.. نوری بەشیر

رۆژی ٢٠ی ئایار، “تۆم فلێچەر”؛ یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی بە “بی بی سی” ڕاگەیاند؛ کارەساتێکی مرۆیی گەورە لە کەرتی غەززە بەڕێوەیە، نزیکەی ١٤ هەزار منداڵ مەترسی مردنیان لەسەرە ئەگەر لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا هاوکاری مرۆیی و خۆراکیان پێنەگات. ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشداریی دەدەن لەوەی سەرەڕای کوشتار، برسێتی “مەترسییەکی گەورەیە لەسەر کەرتی غەززە”. لەم ڕووەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لەم هەفتەیەدا ڕەزامەندی لەسەر ٤٠٠ بارهەڵگر دراوە بۆ چوونە ناو غەززە، بەڵام ئەو پێداویستیانەی چوونەتە ناو غەززە، تەنها ١١٥ بارهەڵگر بووە. ئاماژەی بەوەشکرد تائێستا هیچ شتێک نەگەیشتووەتە “بەشی باکوری گەمارۆدراو”، هەرچەندە هەندێک ئارد و خۆراکی منداڵان و پێداویستی پزیشکی گەیشتوونەتە غەززە و هەندێک لە نانەواخانەکانی باشوور دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە. گۆتێرێس وتی ئەمە دەکاتە “کەوچکێک لە هاوکاری لەکاتێکدا دەریایەک لە هاوکاری پێویستە”. هەروەها رێکخراوە مرۆییەکان تەئکید دەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە هەرئێستا زیاتر لە نیوملیۆن کەس لەبەردەم هەڕەشەی مەرگدان و سەرجەم خەڵکی غەززەش لەهەلومەرجێکی زۆر ترسناکدا ژیان بەسەر دەبەن، بەهۆی نەبوونی خۆراک و دەرمان و لەژێر هەڕەشەی تۆپباراندان. هەروەها تەئکید لەوە دەکەنەوە کە رۆژانە پێویستە زیاتر لە ٤٠٠ بارهەڵگر، لە خواردن، دەرمان، بگەیەنرێتە ‌غەززەو ئەو ناوچانەی برسێتی تێدا پەرەی سەندووە.
راگەیاندنی ئەم هەواڵە ترسناکانە لەلایەن رێکخراوە گەورە جیهانیەکانی وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ئەمریکی و ئەوروپیەکانەوە، کە دڵی هەموو مرۆڤێکی ئینساندۆست دادەخورپێنێ، هاوکاتە لەگەڵ سەردانی ترەمپ بۆ وڵاتانی کەنداو باسکردن لە ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچەکە! بەڵام لەناوەرۆکدا ئاشتیەکە بۆ سازدانی بازرگانی نێوانیان لەسەر حسابی خەڵکی ناوچەکەو بەتایبەت خەڵکی فەلەستین.
هەلومەجی فەلەستین و بەتایبەت غەززە، بەدوای زیاتر لە ٤٦٠ ڕۆژ لە کۆمەڵکوژی و ئاوارەیی و برسێتی، لەلایەن حکومەتی سەرمایەداری و فاشیستی دژی ئینسانی ئیسرائیلەوە، کە سەدان هەزار کەسی کردە قوربانی، ناڕەزایەتی جیهانی لێکەوتۆتەوە، نەک هەر بەدژی حکومەتی ناتانیاهۆ، بەڵکو بەدژی حکومەتانی سەرمایەداری جیهانی و لەسەروی هەموویانەوە بەدژی: ئەمریکا، بەریتانیاو وڵاتانی ئەوروپا کە کۆمەكی حکومەتی ئیسرئیلیان دەکەن و لەپاڵ کوشتارەکانیدا راوەستاون. لەژێر ئەم فشارانەدا بوو کە بە ناوبژیوانی وڵاتانی قەتەر و ئەمریکا لە ١٥ی کانونی یەکەمی ئەمساڵدا ئەوە ڕاگەیانرا کە لەنێوان حکومەتی ئیسرئیل و حەماسدا ئاگربەست دەکرێ و ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە شەڕی ١٥ مانگە و ئازادکردنی دەستبەسەرکراوانی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلە فەلەستینیەکاندا. ئەوەش لە ئاستی فەلەستین و جیهاندا بوە جێگای خۆشحاڵی خەڵک و ئومێدیان خواست کە بەو ئاگربەستە کۆتایی بەکوشتارو برسیکردن بهێنرێت.
بەڵام هەر لەیەکەمین رۆژەکانی ئاگربەستەوە هەواڵێک لە وەستانی شەڕی حکومەتی ئیسرائیل دژ بەخەڵكی غەززە نەبوو، تاکو ئێستا ئیسرائیل بەردەوامە لەسەر کوشتارو کاولکاری و برسێتی خەڵكی غەززە، بەپێی هەندێ سەرچاوە، کوشتارو برسێتی لەم چوارمانگەی ئاگربەستدا بە نسبەتێکی زۆر بەرزبۆتەوە! لێکۆڵینەوەیەکی شۆکهێنەر ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانیانی شەڕی حکومەتی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە زیاتر لە ٦٤ هەزار کەس دەخەمڵێنرێت، بەجیا لەبێسەروشوێن بوونی هەزاران کەسی دیکە. بەبەراورد بە ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین بە ڕێژەی ٪٤١ زیادی کردووە. لەو رێژەیە ٪٥٩.1ی قوربانییەکان ژن و منداڵ. سیما باهوس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکسانیی رەگەزی و بەهێزکردنی ژنان هۆشداری دا : “لە غەززە، لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ وە زیاتر لە ٢٥ هەزار ژن و کچ کوژراون، بەتێکڕا هەر کاژێرێک ژنێک و کچێک کوژراون.” هەروەها نوسینگەی ناوەندی ئاماری فەلەستین تەئکید لە کوژرانی ١٨ هەزار منداڵ دەکاتەوە.
برسێتی لە غەززەدا لەئاستێکی ترسناکدایە! لەگەڵ ئەوەی کۆمەکێکی جیهانی زۆر لەسەر سنورەکانی غەززە لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە راگیراون. مەزەندەدەکرێ بە ٩ هەزار بارگەڵگر، لە پێداویستی خواردن و دەرمان و شیری منداڵ. بەڵام سەرباری هوشداری نەتەوە یەکگرتوەکان سەبارەت بە مەترسی برسێتی لەغەززەدا، بەڵام حکومەتی ناتانیاهۆ رێگای تەنها بەنزیکەی ١٠٠ بارگەڵگر داوە لە رۆژی چوار شەممەی رابردوودا کە بچنە ناو غەززەوە. لەم رووەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس زۆر نیگەرانەو ئەو هەلومەرجە بە بەربەیەت ناو دەبات و هەروەها رێکخراوە مرۆییەکان تەئکید لەوە دەکەنەوە کە بۆ بەرگرتن بە برسێتی و کارەسات لە غەززە، رۆژانە پێویست بە زیاتر لە ٤٠٠ بارهەڵگر لە کۆمەک هەیە. ئەگەرچی قسەش لەسەر دزینی بارهەڵگرەکان هەیە، بەوەی بەشێک لەبار هەڵگرەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەرەو شوێنێ نادیار دەبرێن و هەروەها چەکداری نەناسراویش هەوڵی بردنی بارهەڵگرەکان دەدەن. لەپاڵ ئەوەدا ئەو یارمەتیانەی خەڵكی غەززە بووە بە سەرچاوەیەکی بازرگانی بۆ هەندێ لایەن و لەوانە حکومەتی ئەردەن بەرامبەر گومرگێکی زۆر وەردەگرێت.
ئەم وەحشیگەریەی لەغەززە بەڕێوەدەچێت، تەنیا ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی لێێ بەرپرس نیە، بەڵکو دەولەتانی سەرمایەداری ئەورپا و ئەمریکا شەریکی ئەم تاوانەن بەناوی ئەوەی کە ئیسرائیل بەگری لەخۆی دەکات بەرامبە ربە تیرۆر! لەکاتێکدا بەپێی راگەیاندنی دەزگاکانی بۆرژوازی چواردە هەزار منداڵ و نیو ملیۆن مرۆڤ لەبەردەم مەرگدان، کەچی چەند سەد کیلۆمەترێک لەولای غەزەوە، لەسەر مەرگی ئەو منداڵانە لە وڵاتانی کەنداو شادی و خۆشی بازرگانی بەناوی ئاشتی بۆ رۆژهەڵات ناوەڕاست سازدەکەن!
بەڵام ناڕەزایەتی خەڵکی مرۆڤدۆستی جیهان دژ بەم بەربەریەتە بەردەوامە، ئەوەبوو ئەم هێزە بەرفراوانە، لە خەڵكی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست، لە چەپ و سۆشیالسیت، رۆژەکانی ١٧ و ١٨ی ئایار ناڕەزایەتیەکی بەرچاو و گەورەی سەدان هەزاری لەدڵی ئەوروپادا بەدژی حکومەتی ئیسرائیل و هاوپەیمان و هاوکارانی دەستپێکرد. لەبەریتانیا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس و لە هۆڵەندا زیاتر لە سەد هەزار کەس کۆبوونەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین رژانە سەرشەقام. دژی برسیکردن و کوشتاری خەڵی غەززەو خوازیاری ڕاگرتنی پەیوەندی و هاوکاری ئەو حکومەتانەیان دەکرد لەگەڵ حکومەتی ئیسرئیلدا، هەروەها داوای چارەسەری یەکجاری کێشەی فەلەستینیان دەکرد بۆ ئەوەی کۆمەڵكوژی و برسێتی رابوەستێت و دووبارە نەبێتەوە.
ئەم هێزە ئازادیخوازو مرۆڤدۆستە لە ١٩ مانگی رابردوی جەنگی ئیسرائیل بەدژی خەڵكی فەلەستین بەردەوام بووە لە ناڕەزایەتی و لەمەیداندابووە، نەک تەنیا فشاربووە بۆسەر حکومەتەکەی ناتانیاهۆ، بەڵكو فشاربوون بۆسەر ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپاو رێکخراوەکانی UN و دادگای دادی نێودەوڵەتی، کەهەندێ رێکار بگرنەبەر. هەر لەژێر ئەم فشاری هێزەدایە کە وڵاتەکانی؛ بەریتانیا، کەنەداو فەرەنسا دەیانەوێت پەیوەندیە بازرگانیەکانیان کەمبکەنەوە لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیلدا، هەر لەژێر ئەم فشارەی ئازادیخوازاندایە کە بڕیارە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەرۆژەکانی ١٧ بۆ ٢٠ی حوزەیران لە نیویۆرک بەڕێوەببات بۆ کاراکردنەوەی بیرۆکەی چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ ئیسرائیل و فەلەستین.
بەداخەوە هەموو ئەم کارەساتە مرۆییانە لە غەززەو لە جیهاندا، لەکاتێکدا ڕوودەدەن کە مەیدان بۆ هێرشی سەرمایەداری بۆسەر مرۆڤایەتی رۆژانە توندتر دەبێتەوە بەهۆی لە مەیداندا نەبوونی رێکخراوی بەهێزی کۆمۆنیستی و کرێكاری و نەبوونی حکومەت و حزب و رێکخراوی خۆیان کە هێزی ئەوەیان هەبێت رێگە بگرن لەو بەربەریەتەی دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆ، کە بە بەرچاوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیەوە ئەنجامدەدرێت. ئەوەی هەیە هێزێکی جەماوەری فراوانی مرۆڤدۆستە لەئاستی دنیادا بەدژی ئەو فاشیەتەی دنیای سەرمایەداری و کۆمەڵكوژی و برسیکردن لەلایەن ناتانیاهۆو هاوپەیمانەکانیەوە، دێتە سەر شەقام و ناوەندی شارەکان و دەڵێت نا بۆ کۆمەڵكوژی مرۆڤ، نا بۆ برسیکردن و کاولکاری، نا بۆ بەربەریەتی دنیای سەرمایەداری، بەڵێ بۆ چارەسەری یەکجاری کێشەی فەلەستین.




دانوسان و ململانێکانی ئەمریکا و ئێران و کاریگەریە ناوچەیی و جیهانیەکان!.. نوری بەشیر

دانوسانی نێوان ئەمریکاو ئێران لە دوو هەفتەی رابردوەوە جەنجاڵترین هەواڵی جیهانە، لە میدیاکانەوە زیاترین قسەوباس و لێکدانەوەی جۆراوجۆری لەگۆشەی جیاوازەوە لەسەر دەکرێت، وە بە یەكێک لە بابەتە گرنگەکان دادەنرێت لەو ڕووەوە کە لە ململانێی توندی نێوان ئەو دوو وڵاتەوە، کە بەردەوام ترسی روودانی توندوتیژی و پێکدادان باڵی کێشابوو بەسەر ناوچەکەداو لە ئەگەری روودانیدا کاریگەری زۆر گەورەو خراپی دەبوو لەسەر خەڵکی ناوچەکە، گۆڕا بۆ دانوسانێکی بەناو ناڕاستەوخۆ، کە زۆرترین وڵاتان و میدیاکانی جیهان و لێکۆڵەرەوەکان تا دەگاتە خودی سەرانی ئەمریکاو ئێران گەشبینن، بە ئایندەی دانوسان و گفتوگۆکان و لێک تێگەیشتنەکانیان.
سەرەتا دەکرێت بپرسین ئەم دانوسانە لە چ هەلومەرجێکی جیهانی و ناوچەییدا ئەنجامدەدرێت، وە جێگاوڕێگای ئەم دوو وڵاتە لە هاوکێشەی ئێستای جیهان و ناوچەکەدا لە کوێدا وەستاون، ئایا ئەو هەموو ململانێیە یان ناکۆکییە زۆرەی نێوان ئەمریکاو ئێران کۆتایی پێدێنیت، وە بەرژەوەندیەکانی هەریەکەیان لەم دانوسانەدا لە چیدایە، وە کاریگەریەکانی لە ئاستی دنیادا چیە، ئایا بەرژەوەندی حکومەتانی سەرمایەداری یان بەرژوەندی جەماوەر لە رێکەوتنیاندایە یان لە شەڕیاندا؟
دەکرێت لەوێوە دەستپێبکەین، کە هەلومەجی جیهانی لەگەڵ ئەوەی قەیرانێکی گەورە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ وە یەخەی سەرمایەداری جیهانی گرتووەو بەردەوامە، بەڵام دەورانێکی نوێی دەستپێکردوە ئەویش، دنیای تاک جەمسەری بەڕابەری ئەمریکا کۆتایی هاتووەو دنیای چەند جەمسەری خەریکی بەرجەستەبوونە، لەم دەورە نوێیەدا جێگاوڕێگایەک کە ئەمریکا هەیبوو چووەتە دواوەو ئەمریکا خۆیشی ئەمە باش دەزانێت، بەڵام ئەمریکا یەکێک لە کاراترین حکومەتانی سەرمایەداریە کە دەیەوێت جێگاوڕێگایەک لەم دەورە نوێیەی سیستەمی دنیای چەند جەمسەریەی و قەیران گرتوەدا بگرێت، بۆ سەرلەونوێ سازدانەوەی جیهان و لێرەوە زۆرترین دەوری هەبێت و سودمەندیش بێت لێی. هاتنە سەردەسەڵاتی ترەمپ لە ئەمریکا لەو پێداویستیانەوە بۆ بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداری و بەتایبەت سەرمایەداری ئەمریکا هاتووە.
هەر لەم دەورە نوێیەدا جێگاوڕێگای هاوپەیمانی ئەمریکا و وڵاتان گۆڕانی بەسەردا هاتووەو وڵاتانی سەرمایەداری لەبەرژەوەندی ئێستایانەوە دەستدەبەن بۆ هاوپەیمانی یان لایەنگری کە ئەمریکا نوێنەرایەتی ئەمە دەکات لەئێستادا، ئەوەتا ئەمریکا هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، کار لەسەر هەڵوەشانەوەی ناتۆ کردوەو دەکات لەبەرژەوەندی بلۆکبەندی و جەمسەرێکی نوێی ئەم دەوریە، بەپێی بەرژەوەندیەکانی خەریكی هاوپەیمانی نوێیە، پەیوەندی و نزیکبوونەوەکانی لە روسیا چ لەسەر ئاستی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت سوریا، یان لەسەر حسابی ئۆکرانیاو خاک و سەروەت و سامانەکەی. هەوڵی زیادکردنی هاوپەیمانەکانی لە رۆژەهەڵاتی ناوەڕاست و گێڕانەوەی نفوزو ئیعتباری لەم ناوچەیەداو راکێشانی ئێران بۆ ناوچەی نفوزی خۆی یان لانی کەم دژایەتی نەکردنی، کە ئێران یەکێک بوو لە رێگری سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لەناوچەکدا، بۆیە دانوسانی لەگەڵ ئێراندا لەمڕوەوەیە، بەڵام بێکێشەو دەردیسەری نیە!. لەولاوە جەمسەری روسیاو چین خەریکی خۆسازدانی ئابوری و سیاسی خۆیانن، بەجۆرێکی تر لەبەرامبەر جەمسەری ئەمریکادا کاردەکەن، بەتایبەت چین وەک بەشێک لەم جەمسەرە لەباری ئابوریەوە قورسایی لەسەر ئەمریکا داناوە.
یەکێک لە تایبەتمەندیاکانی هەلومەرجی ئەمڕۆ لاوازی و لەمەیداندا نەبوونی بەهێزی چینی کرێكاریی هوشیارو رێکخراو و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریە، کە ئەمە ساڵانێکە فرسەتی هێرشی جۆراوجۆری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی داوە بە حکومەتانی سەرمایەداری بۆ هێرش بۆسەر چینی کرێكارو رادیکالیزمی کۆمەڵگاو لێسەندنەوەی دەستەکەوتێک کە چینی کرێکارو ژنان و کۆمۆنیزم بەخەباتی خۆیان بەدەستیان هێنابوو، تا داسەپاندنی فەزای میلیشیایی و عەسکەرتاریزم و شەڕو کوشتارو کاولکاری و کۆمەڵكوژی و بەهێزی راسیزم و فاشیزم و نزیکبوونەو هاتنە سەر دەسەڵات، لە نموونەکانی وەکو؛ ترەمپ، ناتانیاهۆ، ئۆردوگان، خامنەئی، پۆتین و نایجل فاراج و جۆلانی….
واتە ئەمریکا لەو هەوڵ و پێشڕەویانەی بۆ ئەم دەورە نوێیەی کە دنیا بەسەری دەبات، لە کێشەکانی لەگەڵ جەمسەری روسیا و چین دا، لە دانانی باجی جیهانیدا، لە ساتوسەداو کوشتار لە ئۆکرانیاو غەززەدا، لە مەسەلەکانی جەزیرەی گرینلاند و کەناڵی پەنامادا، لە پەیوەندی بە کەنەداو وڵاتانی ئەوروپاوە، لەبەرامبەر سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکاو ناڕەزایەتیەکان دا، ئەمریکا ئەگەرچی وادەردەکەوێت کە تەنیا هێزی گەورەی جیهانیەو بەم جێگایەوە لەدانوسان لەگەڵ ئێراندا دەردەکەوێت، وە قسە لەسەر ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات و داوای ئاشتی و خۆشی بۆ خەڵکی ئێران دەکات هەروەک خامنەئی کە هەمانشت بۆ خەڵكی ئێران دەڵێت لەلابردنی گەمارۆ لەسەر ئێران، بەڵام لە راستیدا ئەمریکا رێگری و کێشەی زۆری لەبەردەمدایە، وە ململانیەک لەگەڵ ئێران و هاوپەیمانەکانیدا هەیەتی بەرزو نزمی بەخۆوە دەبینێت و هەر لایەکیان بەشوێن بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە لە دانوسان و ناوەندگیریەکاندا کاردەکەن.
حکومەتی ئێرانیش لەم هاوکێشە نوێیەی جیهان و ناوچەکەدا، جێگاوڕێگای جارانی نەماوە، کە پەلی دەکێشا بۆ دەخاڵەت لەهەلومەرجی جیهانی و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنیا وڵات بوو لەناوچەکەدا گەورەترین رێگری لەبەردەم بەرژەوەندیەکانی ئەمریکادا دروستدەکرد، هێزو دەسەڵاتێکی بۆرژوا ئیسلامی کە لەکوشتارو ئێعدام و برسیکردنی خەڵكی ئێراندا هیچکات دەستی نەپاراستووە، هەربۆیە نەدەکرا لە ناوچەکەدا حسابی لەسەر نەکرێت، یەکێک بوو لەو وڵاتانەی بۆ چەندین ساڵ رژێمی بەشار ئەسەدی راگرت، دەخالەت و کاریگەریەکانی لە سەر لوبنان و فەلەستین و یەمەن و عێراق و تا دەگاتە کوردستانی عێراق و بڕیاردان لە بڕیارو کارەکانیاندا، زۆر بەرچاو بوو، بەڵام لە رێگای لێدان و پاشەکشەکردن بە لایەنگرانی کە بە پرۆکسیەکانی سەر بە ئێران دەناسرێن، گورزی گەورەی بەرکەوت بەتایبەت لە لوبنان، فەلەستین، سوریاو هەروەها ئەمانە وایانکردوە رۆژانە پاشەکشەی زیاتریش دەکات کە خەریکە لە یەمەن و عێراقدا بەسەریدا دەسەپێت، کە ئێران بەم جێگایەی ئێستایەوە لە دانوساندایە، لە خاڵەکانی دانوسان و قسەوباسی سەرانیادا بەتایبەت خامنەئی پێوەی دیارەو بێدەنگە.
دانوسانی ئێستای نێوان ئەمریکاو ئێران لەزەرورەتی جێگاوڕێگای هەردوولاوەیە لەمڕۆدا، ئەگەرچی تەوازنی نێوانیان یەکسان نیە، جێگای ئەمریکا لە سەروترو لەئاستی دنیادا سازدانەوەی دنیای ئەمڕۆی چەند جەمسەریە، لە ناوچەکدا بۆ نەخشەی نوێیە لە رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستدا بەڕابەری خۆی و هاوپەیمانانی لە ئیسرائیل، سعودیە، قەتەرو وڵاتانێکی کەی وەک تورکیاو میسرو ئیمارات، وە بۆ چاوترسێنی ئێران؛ کەشتی جەنگی و فڕۆکەی ئێف بی ٥٢ و موشەکی پێشکەوتوی هێناوەتە ناوچەکەو مۆڵەتی دوو مانگی داوەتە ئێران و ترەمپ وتویەتی بودجەی جەنگی ئامادەیە. ئەوەی ئەگەر جەنگ رووبدات کاولکاری نەک تەنیا لە ئێران بەڵکو هەموو ناوچەکە دەگرێتەوەو سەد بەرابەری کۆمەڵکوژیەک لە لە غەززە ئەنجامی دەدەن دەبێت. جێگاو خواستەکانی حکومەتی ئێران لە دانوساندا بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیەتی وەک سەرەکیترین بابەت، بەڵام لەگەڵ ئەم لاوازیانەی ئێراندا هێشتا بەمانای ئەوە نیە کە بەرژەوەندی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی هەر لە شەڕدا بێت.
واتە بەهۆی تەوازنی لەسەرەوە بوونی ئەمریکا، لاوازی و پاشکشەی ئێران، ئەمریکاو زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپاو ناوچەکە دەیانەوێت پرۆسەی رێکەوتنی نێوانیان بە ئاشتی لەپێناو بەرژەوەندی کە وەگەڕخستنی سەرمایەو نەخشەی نوێی رۆژەڵاتی ناوەڕاستە لە کەشوهەوای ئاشتیدا بڕواتە پێشەوە، ئەم هەنگاوە پێش هەموو شتێک لەبەرژەوەندی حکومەتی ئەمریکاو وڵاتانی سەرمایەداری هاوپەیمانیەتی وەک بلۆکێک لەناوچەکەدا کاری بۆ دەکەن، نەک لەبەرژوەندیەکانی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتەوە، کە ئەمریکاو ئێرانیش باسی بەرژوەندیەکانی خەڵکی ئێران دەکەن، بەرژەوەندی خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگە نە لەشەڕو نە لەئاشتی نێوان وڵاتانی سەرمایەداریدا نیە، بەڵام پرۆسەی ئاشتیەکەیان کەمتر زیان بە خەڵک دەگەیەنێت.
ئەم دانوسانە بەبێ گرفت و دەخالەتی وڵاتانێکی تر وەک نێوەندگیری ناچێتە پێشەوە، لەلای ئەمریکاوە جیا لە نێوەندگیریەکانی وڵاتی عومان و سعودیە، وڵاتانی ئەوروپاش هەیە وەک هاوپەیمانی پێشوو یان خۆ ئامادەکردن بۆ هاوپەیمانی نوێ. بۆ ئێرانیش ئامادەیی و نێوەندگیری روسیاو چین وەک هاوپەیمان و بوونی بەرژەوەندیان لەناوچەکەدا زۆر بەرچاوە، هەربۆیە سەردان و دانیشتەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی لەگەڵ هەریەکە لە وەزیرەکانی دەرەوەی روسیا سیرگی لافرۆڤ و لەگەڵ دینگ شیانگ، جێگری یەکەمی سەرۆکوەزیرانی چین و وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین کۆبوویەوەو عەباس عێراقچی دەڵێ؛ “چین و رووسیا دوو دوو هاوپەیمانی ستراتیجى و گرنگن بۆ ئێمە، لە کاتە سەختەکاندا دۆستی نزیکی ئێمەن، ئاساییە راوێژی بەردەواممان لە بوارە جیاوازەکاندا هەبێت، بەتایبەتی ئێستا کە گفتوگۆمان لەگەڵ ئەمریکا بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لەسەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمی هەیە”.
بێگومان چوونەپێشەوەو یەکلایکردنەوەی ململانێکانی نێوان ئەمریکاو ئێران لەڕوانگەی ئێمە کۆمۆنیستەکانەوە لە رێگای ئاشتی و دانوسانەوە بێت تا جەنگ، لەبەرژەوەندی خەڵكی ئێران و ناوچەکەدایە، هەربۆیە جێگای خۆیەتی کە دەبێت ئیشارە بەوە بدەین کە کێشەکانی نێوان ئەمریکاو ئێسرائیل لەگەڵ ئێران بەشێوەی توندوتیژی و تیرۆرو موشەک بارانی یەکتر، لەدەورەی پێشوودا نوێنەرایەتی دوو بەرژەوەندی جیاوازی دەکرد، لەلایەک بەرژەوەندی حکومەتانی بۆرژوازی و سەرمایەداری و نوستوو لەسەر پارەی کەڵەبووی نەوت و سامانی کۆمەڵگە، لەگەڵ برسیکردن و کوشتاری خەڵکی مەدەنی و بێتاوانی ئێران و ناوچەکەدا.
خاڵێک کە جێگای ئاماژەیە، دانوسان و رێکەوتنی ئاشتیانەو بەرژەوەندیخوازانەی ئەو دوولایەنەی دانوسکار، ئەمریکاو حکومەتانی هاوپەیمانی ناوچەکە بەڕابەری ئەمریکاو بەنەخشەی نوێی ناوچەکەوە بۆ کەڵەکەی سەرمایەو مانەوەی دەسەڵاتی سەرمایەداریانەیان و خواستی دەست نەگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ٪٦٠ وە بۆ ئاستی ٪٣.٦٧ کە ئەمانە وەک مەسەلەی بنچینەیی بۆ پاشەکەشە بە ئێران، ئەگەر نا زۆر بابەتی تر هەیە ئەمە لەلایەک و بەرنامەی ئێران بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی کە بەهەر شێوەیەک بێت لە خواستی لابردنی سزاکانی سەر ئێران و هەناردەی نەوت، گەڕاندنەوەی پارە بلکۆکراوەکانی لە جیهانداو گەرەنتی رێکەوتنەکەو تەسلیمکردنی یۆرانیومی پیتێنراو بە روسیا یان چین کە ئەمە خاڵێکە بۆ گەرەنتی کە ئێران داوای دەکات، ئەمانە هەمووی لەبەرژەوەندی حکومەتی جمهوری ئیسلامی ئێرانەوەیە، بۆ مانەوەی خۆی، کە دەسەڵاتێکە هیچ چاوەڕوانیەکی لێناکرێت کە لەبەرژوەندی خەڵک هەنگاوێک هەڵبنێت، تەنها لەژێر فشاردا نەبێت، بەڵام لاچونی گەمارۆکان بەتایبەت ئابوری لەسەر ئێران کە قورسایی لەسەر خەڵك داناوە لەبەرژەوەندی خەڵكدایە کە هەم هەناسەیەک بدات و هەم رێگایەکە بۆ وشیاری و خۆ رێکخستن، کە جمهوری ئیسلامی ئێران درەنگ یان زوو دەبێت بڕوات.
بەڵام بەهەر شێوەیەک بێت، بەرژەوەندی خەڵكی کرێكارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگەی ئێران و ناوچەکەو هەتا کۆمۆنیزمێکی رێکخراو لە ئاشتیدایە تا شەڕ، بەرژەوەندی خەڵكی ئێران لە نەبوونی گەمارۆی ئابوری و بوژاندنەوەی کەمێک زیاتری هەلومەرجی ژیان و گوزەرانیانە لەوەی ئێستا کەهەیە، خەڵک لە هەلومەرجی جەنگیدا ناتوانن زۆر بیربکەنەوەو خۆیان رێکخراو بکەن، لەچاو هەلومەرجێکی ئاسایی و لەباردا، کە هەلومەرجێکی نوێ لەئێراندا فرسەتێکە بۆ رێکخراوبوونی زیاتری چینی کرێکارو کۆمۆنیزم لەکۆمەڵگەدا.

نوری بەشیر




رێکەوتنی ئەمریکا و روسیا.. نوری بەشیر


ئۆکرانیاو چەند راستیەک لە قەیرانی سەرمایەداری!

ئەو سیاسەت و بەرنامانەی ئەمریکاو سەرۆکە نوێکەی دۆناڵد ترەمپ، بانگەشەی بۆدەکات، لەوانە دروشمی “دوبارە ئەمریکا گەورە دەکەینەوە” یاخود” ئەمریکا لەپێش هەمووشتێکەوە”، هێرشکردنە سەر مافەکانی ژنان و نایاسایکردنی لەباربردن، هێرش بۆسەر هاورەگەزخوازەکان و… ڕاگەیاندنی جەنگێکی ڕاسیستی دژی پەنەبارانو کۆچکردوان و تا دەگات بە هەڕەشەی سەپاندنی باج و گومرک بەسەر ئەو ووڵاتانەی کە مل بە سیاسەتی ئابوری ئەمریکاو کابینە ملیاردێرەکەی نادەن، یاخود هەڕەشەی کردنی کەنەدا بە ویلایەتی (٥١) هەمینی ئەمریکاو فشارخستنە سەر دانمارک بۆ فرۆشتنی گرینلاند بە ئەمریکا و داگیرکردنی نۆکەندی پەنەما و… پێشنیاری کۆچی زۆرەملێی خەڵکی غەززە لەژێرناوی بنیاتنانەوەی غەززەدا و تاد… هەموو ئەمانە رەنگدانەوەی دۆخی قەیرانگرتووی سەرمایەداری ئەمریکا و شکستی دنیای تاکجەمسەری بە سەرۆکایەتی ئەمریکاو سەرهەڵدانی دنیای چەند جەمسەریە کە جێگاوڕێگایەکی نزمتر لەجاران بۆ ئەمریکا دادەنێت.
ئەم روولەخواربونەی پێگەی ئەمریکا لەوەدا خۆی بەرجەستە دەکات کە ترامپ وەکو نوێنەری سیاسی بۆرژوازی ئیمپریالیستی ئەمریکا، دوای ئەوەی کە بۆماوەی (٣) ساڵ، ئەمریکاو ووڵاتانی ناتۆ، سەدان ملیار دۆلاریان خەرجی جەنگی ئۆکرانیا کرد دژی ڕوسیا و بەهەموو شێوەیەکی سەربازی و لۆجستیکی و هەواڵگری و تەنانەت ناردنی پێشکەوتوترین جۆری چەکی ستراتیژی ئەمریکا و ئەوروپی و شارەزای سەربازی هاوکاری سوپای ئۆکرانیایان کرد، کەچی ترامپ، لەپشتی هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ و هەروەها بە بێ حسابکردن بۆ ئۆکرانیان و زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕاستەوخۆ دەستی بە وتوویژ کردوە بۆ کۆتاییهێنانی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا.
بێگومان زۆرێک لەمیدیا گوێ لەمستەکانی بۆرژوازی و سەرمایەداری، ترەمپ وا نیشان دەدەن کە خەڵکی ئۆکرانیا لە کوشتار و کاولکاری رزگار دەکات و کۆتایی بە جەنگ دەهێنێ و کەسایەتیەکی ئاشتیخوازەو ئەگەری ئەوە هەیە کە شایستەی خەڵاتی نۆبڵ بێت بۆ ئاشتی! هەروەکو ئەو سەرۆکەی دەناسێنن کە دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی ئەمریکا باشتر دەکات بەوەی کە ئابوری ئەمریکا باشتر دەکات و رێگا لە کۆچی نایاسایی دەگرێت! بەڵام راستی رووداوەکان ئەوەیە کە ئەم هەنگاوانەی ترامپ و دەستەی فەرمانڕەوای بۆرژوازی ئەمریکا بۆ دەربازکردنی ئەمریکا و سەرمایەی ئەمریکیە لەو قەیرانە ئابوریەی تێیکەوتوەو دۆخی ژیانی خەڵکی بەرەو خوارەوە پاڵ پێوەناوە و سەرمایەی ئەمریکی لە کێبڕکێی سەرمایەی جیهانیدا لاوازو کەم کاریگەر کردوە. ئەمریکا بەناچاری دەبێت ئەوە قبوڵ بکات کە لەگەڵ روسیا رێك بکەوێ، چونکە لەلایەکەوە دنیای فرەجەمسەری ئاراستەیەکی نەگەڕاوەیە و ڕوسیا یەکێکە لەو جەمسەرانەی دنیای سەرمایەداری و دەبێ ئەمریکا ئەوە قبوڵ بکات، هەروەها ئەو ملیار دۆلارەی کە لەشەڕی بێسودی ئۆکرانیادا ئەمریکا خەرجی کرد، تەواوی بکات و دەستی بە ملیارەها دۆلار کانزای گرنگ بگات لە ئۆکرانیا و لە ململانێی ئابوری لەگەڵ چیندا پێگەیەکی باشتر پەیدا بکات و روسیا لە چین دوربخاتەوە….
ئۆکرانیا مەیدانێکی ئاشکراو بێپەردەیە کە ترەمپ و دارودەستەکەی سازشی لەسەر دەکەن لەگەڵ روسیا، زۆر راشکاوانەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی ئۆکرانیا و تەنانەت هێرشی توند بۆ سەر زیلینسکی و بە دیکتاتۆر و فاشیل ناوزەدکردنی، وە تەنانەت بەبێ گەڕانەوە بۆ ووڵاتەکانی ناو هاوپەیمانی ناتۆ لەگەڵ ڕوسیادا خەریکی رێکەوتنە و بڕیارە لە داهاتوی نزیکدا ترامپ و بۆتین کۆبونەوەی لوتکە ئەنجام بدەن لە سعودیە.
ئەمریکاو ناتۆ کە بەبێ حسابکردن بۆ خەڵکی ئۆکرانیا، لەسەر قوربانی دەیان هەزار هاوڵاتی و سەربازی ئۆکرانی و کاولکردنی هەموو ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزاری ئۆکرانیا، بەناوی وەستانەوە بەرامبەر بە شەڕخوازی و هێرشی دڕندانەی بوتین بۆسەر خەڵکی ئۆکرانیا، ئۆکرانیایان پەلکێشی جەنگێکی خوێناوی کردو زیلیسنکی سەرۆکی ئۆکرانیاش وەکو بوکەشوشەی ناتۆ دەوری بینی و هەر رۆژەی لەپەرلەمانی وڵاتێکی ئەوروپادا و لە کۆنگرێسی ئەمریکادا لەلایەی سەرەوە دایان دەناو چەپڵەیان بۆ لێدەدا، بەڵام ئێستا لەدەرەوەی یاریەکە جێگایان بۆ داناوە و هیچ حسابێکی بۆناکەن!
واتە رێکەوتنی ترەمپ لەگەڵ بۆتین لەچوارچێوەی رێکەوتنێکە کە پڕۆژەی زۆرتری بەدوادا دێت. رێکەوتنێک هەتا ترەمپ ئەو بڕیارانەی لەسەر ئۆکرانیا داویەتی، ئەگەر سەبارەت بە خاكی ئەمریکا بیدایە، خەڵكی ئەمریکاو حزبەکانی موخالفی بەدژی دەوەستانەوە و لێیان قبوڵ نەدەکرد. ئایا خەڵکی ئەمریکا ئەوەیان قبوڵ دەکرد کە بەشێك لە ناوچەکانی ووڵاتەکەی بدرێ بە ووڵاتێکی دیکە!؟ وەکو ئەوەی ئەمریکا لە ڕوسیای قبوڵ کرد کە نزیکەی ٢٠٪ ی خاکی ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە داگیرکراوە و دەیەوێ گرێیبداتەوە بەخۆیەوە. ترامپ و ئەمریکا لەم رێکەوتنەدا وەکو رێکەوتنی دوو چەتەو رێگر هەڵسوکەوتی کردوە، بەوەی رەزامەندی لەسەر ٢٠٪ خاکی ئۆکرانیا بدرێ بە ڕوسیا و ئەمریکاش ٥٠٪ ی هەموو سەرچاوە کانزاییەکانی ئۆکرانیا بۆخۆی ببات! چونی ئۆکرانیا بۆ ناو ناتۆش بە مەحاڵ دەسپێردرێت و مەرجەکەی پۆتین بۆ دەستلەکارکێشانەوەی زیلینسکی و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەندجام دەدرێت. هەموو ئەم رێکەوتنانە لەسەر حسابی سێ ساڵ لەکوشتاری خەڵكی مەدەنی و سەربازی و کاولکاری بەشێکی زۆری وڵاتەکەو ئاوارەیی زۆری خەڵک بۆ ناوچەکانی ترو بۆ دەرەوەی ئۆکرانیا بەڕێوەچوو.
ئەم دۆخە ئابوریە قەیرانگرتووەی دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆ و ئەمریکا وەک یەکێک لەزلهێزەکانی دنیا، ترەمپ و هاوشێوەکانی لە ناتانیاهۆ و ئۆردوگان و بۆتین و هاوشێوەکانی لە حزبە راسترەوەکانی ئەوروپاو بەتایبەت لە بەریتانیا و ئەڵمانیا دێنێتە پێشەوە. واتە سەرمایەداری، لەکاتێکدا چینی کرێکاری وشیارو رێکخراو و کۆمۆنیزمێکی شۆڕشگێڕ لەمەیدانی جەنگی چینایەتیدا لاوازو کەم کاریگەرە، ئەوجۆرە فاشیزمەی ئەمڕۆی بەرهەم هێناوە.
سەرمایەداری و حکومەتەکانیان و سەرۆکەکانیان لەوێنەی ترەمپەکان ئایندەیەکی تاریکتر لەبەردەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا دادەنێن! بەرگرتن بەم بەربەریەت و فاشیزمەی سەرمایەداری و ئیمپریالیزم و جەمسەر و بلۆکەکانی، تەنها بەبەهێزبوونی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیزمی چینی کرێکارە کە دەتوانێ ئایندەیەکی دیکەی بەدەر لەو ئایندە تاریکەی سەرمایەداری، بۆ مرۆڤایەتی بەدیاری بهێنێت!

نوری بەشیر




ئاگربەستی غەززەو ئایندەی خەڵکی فەلەستین.. نوری بەشیر

دوای ١٥ مانگ لە کۆمەڵکوژی، ئاگربەستی غەززە بەپێی رێکەوتنی نێوان حکومەتی ئیسرائیل و حەماس لە ١٩ی جەنیوەریدا چووە بواری جێبەجێکردنەوە کە بەسێ قۆناغ دەستنیشانکراوە. لە قۆناغی یەکەمدا تا ئێستا دوو وەجبە ئاڵوگۆڕی دیلەکان دەستی پێکردووەو بەدوایدا قۆناغەکانی دووەم و سێهەم دێت، لەکاتێکدا ئەوە ڕوون نیە لەو دەوریەدا چی دێتەپێشەوە لەپەیوەندی و کێشەی نێوان ئەو دوولایەنەدا، هەرئەو کوشتارەی لەم رۆژانەدا حکومەتی ناتانیاهۆ لە جەنین ئەنجامی داو نازانرێ لەداهاتودا چیتر ڕوودەدات.
هەواڵی ئەم ئاگربەستە لەرۆژی ١٥ی جەنیوەریەوە خەڵکی فەلەستینی لەگەڵ خۆشحاڵیەکی زۆرەوە ڕووبەڕوو کردەوە، هاوکات ریزی ملیۆنی ئینسانی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستیش لەدنیادا لەپاڵ ئەم خۆشیەی خەڵکی فەلەستیندا راوەستاون.
ئامارەکانی کوشتارو کاولکاری غەززە لەدوای ئاگربەستی غەززە، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتی تەندروستی غەززەوە زیاتر لەوەی تا ئێستا بەیانکراوە ئاشکرا دەکات. بەپێی ئەو ئامارە ژمارەی کوژراوەکان لە کەرتی غەززە زیاتر لە ٦٦ هەزار کەسە، واتە بەجیا لەو ٤٧ هەزار و ٢٨٣ کوژراوەی کە پێشتر راگەیەنرابوو، زیاتر لە دە هەزار کەس لەژێر بینا روخاوەکاندان و تائێستاش تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگری شارستانی نەیانتوانیوە دەستیان پێیان بگات. هەروەها ژمارەی بریندارەکان بۆ ١١٢ هەزار کەس بەرزبووەتەوە. رێژەی کاولکاری غەززە بە زیاتر لەسەدا نەوەد دادەنرێت. لەنێویاندا زیاتر لە سەدا هەشتا لە قوتابخانەو نەخۆشخانە کاول بوون. ئاوارەی غەززە بە یەک ملیۆن و نۆسەد هەزار کەس خەمڵێنراوە، واتە لەسەدا نەوەدی دانیشتوانی غەززە.
بەم هۆیەوەیە دەربڕینی خۆشی و شادی بەبۆنەی ئاگربەستەوە، ئەگەرچی ئایندەیەکی رۆشن لەبەردەم خەڵكی غەززەو فەلەستیندا بەگشتی دیار نیە، بەڵام لەئێستادا بەمانای وەستانی کۆمەڵکوژیەکە بەسەرسەری خەڵکی غەززەوە. ئاگربەست مانای وەستانی هەموو ڕۆژەی برسێتی و مردن و کاولکاری و ئاوارەیی دێت، بۆیە بۆ خەڵکی فەلەستین و جیهانیش وەستانی یەک چرکە تۆپباران و کاولکاری و کوشتن، شایستەی شادی و دڵخۆشیە.
ئەگەرچی زۆر لایەن و حکومەت بەپێی بەرژەوەندی خۆیان، ئەم ئاگربەستە بە وەستانی جەنگ ناودەبەن و هەریەکەیان بە سەرکەوتنی حکومەتی ئیسرائیل و ئەمریکا یاخود حەماس ناوزەدی دەکەن و بەپێی جێوڕێی خۆیان لەپاڵ ئەو دوو لایەنەدا، خۆیان وەکو بەشێك لە بەرەی سەرکەوتوو هەژمار دەکەن و پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن، بەڵام سەرەتا دەبێت ئەوە روون بێت کە ئاگربەستی غەززە بەمانای وەستانی جەنگی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی غەززە و فەلەستین نایەت، کە ئەمە پرسێکی ئاڵۆزترەو کاری گەورەتری دەوێت. هەروەها ئەم ئاگربەستە دەکرا زوتریش ئەنجام بدرایە و گیانی دەیان هەزار کەس بپارێزرایە و رێگای لەو هەموو کاولکاریە بگرتایە، بەڵام ملهوڕی و جڵەوپچڕاندانی حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسرائیل دەرگای لەبەردەم ئەم فرسەتە داخست! لەکۆتاییدا بەپێی هەلومەرجێکی ناوخۆیی ئیسرائیل و فەلەستین و ناوچەکەو جیهان دەستی بۆ براوە و ئیسرائیل ناچار بە قبوڵکردنی بووە، کە زەرورە زەمینەکانی روونبکرێتەوە.
یەکەمین شتێک لەدەستبردن بۆ ئاگربەست، کەوتنە ژێر فشارێکی زۆری حکومەتی ئێسرائیلە لەلایەک و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بوو لەلایەکی دیکەوە، کە جیهانی شارستانی لە ریزی ملیۆنی خەڵکی ئازادیخواز، مرۆڤدۆست، یەکێتیە کرێکاریەکان، حزبە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەئاستی دنیادا، نەک بەدژی کۆمەڵکوژی ناتانیاهۆو حکومەتەکەی وەستانەوە، بەڵكو یەخەی حکومەتەکانی هاوپەیمانی ئیسرائیلیان گرت، وە هەرجارە بەڕیزی سەدان هەزاری و ملیۆنی لەئاستی جیهاندا دەرژانە سەر شەقامەکانی؛ ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و زۆرێک لە وڵاتانی دنیا، و سەران و حکومەتی ئەم وڵاتانەیان بەهاوبەش دەزانی لەو کۆمەڵکوژیەدا، تا ناڕەزایەتیەکان گەیشتە ئەوەی لەناو دەزگاکانی خۆیاندا لەوانە؛ لەناو رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە لە ‘ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی’یەوە بڕیاری دەستگیرکردن و دادگایکردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ و یائۆڤ گالانت وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیل دەرکرا.
هەروەها رووبەڕووبوونەوەی ناتانیاهۆ لەگەڵ دووجۆر ناڕەزایەتی لەناوخۆی ئیسرائیلدا؛ لەلایەک ناڕەزایەتی خەڵكی ئازادیخوازو چەپی ئیسرائیل و خێزانی بارمتەکان، لەلایەکی ترەوە کێشەی ناوخۆی حکومەتی ئیسرائیل و دژایەتیکردنی ناتانیاهۆ.
لەلایەکی ترەوە ئەگەرچی ناتانیاهۆ بەهەندێ لە بەرنامەکانی خۆی گەیشت بۆئەوەی درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات ئەویش لە؛ لاوازکردنی حەماس بەکوشتنی بەشێك لە سەرکردە و ئەندامەکانی و پاشەکشەپێکردن و لاوازکردنی ئەو هێزانەی لەپاڵ حەماسدا وەستابوون، لەوانە؛ حزبوڵای لوبنان و کوشتنی سەرکردەکانی و کەوتنی بەشار ئەسەد و لاوازبونی دەوری ئێران لە لوبنان و سوریا وەکو دوو وڵاتی دراوسێی ئیسرائیل کە بووبوە پێگەی هێزەکانی دژ بە ئیسرائیل و تەنانەت داگیرکردنی بەشێك لەسوریا و لوبنان بەناوی پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلەوە، بەڵام نەیتوانی حەماس لەناو ببات و هەموو بارمتەکان بگێڕیتەوە کە دوو ئامانجی هێرشەکەی ئیسرائیل بوو بۆسەر غەززە و کۆمەڵکوژی هاوڵاتیانی غەززە بوو!
هاوکات بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا بەتایبەت بەدوای هەلومەرجی سوریادا، ئیتر نەخشەیەک کەئەمانە هەیانە بەناوی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، پێویست بە هەلومەرجێکی ئارام دەکات بۆ خستنەگەڕی سەرمایەو بازرگانی و بازاڕەکانیان، بۆیە ئیتر بازاڕی جەنگی ئیسرائیل بەدژی خەڵكی فەلەستین بەوشێوەیە ناتوانێت بەشێوەی کۆمەڵکوژی بەردەوام بێت.
هەربۆیە ئەگەر سەرکەوتنێک بۆ ناتانیاهۆو حکومەتەکەی و ئەمریکاو و رۆژئاوا تۆماربکرێت، سەرکەوتنیانە لە کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی و کاولکاری ماڵ و قوتابخانەو نەخۆشخانەکاندا لەم سەدەی بیست و یەکەدا کە هاوتوهاواری دنیای دیموکراسی بۆرژوازی و حزب و حکومەتەکانی سەرمایەداری و سەرکردەکانی وەک؛ ترەمپ، ستارمەر، پۆتین،… خەڵكی دنیایان سەرقاڵ کردوە، ناوەرۆکی بۆش و گاڵتەجاڕی دیموکراسیەکەیان لای خەڵکی ئازادیخوازی جیهانی ریسواتر بووە.
حەماسیش بەهەمانشێوەی ئیسرائیل سەرکەوتوی شکستخواردووەکانە، دەبێت بە کۆمەڵکوژیەک و وێرانکاریەك کە لەغەززە روویدا کام سەرکەوتنی تۆمارکردبێت، جگە لەوەی ئیسرائیل ئاگربەستی لەگەڵدا کردوە!؟ ئەگەرچی ئەمە جۆرێك داننانی ئیسرائیلە بەتوانای مانەوەی حەماس وەکو هێزێکی سەربازی، بەڵام بە بەراورد بەو وێرانکاری و جینۆسایدەی لە غەززە ڕویدا، تەنانەت بە بەراورد بە دەسەڵاتی پێشووی حەماس لە غەززە، تەنها دڵخۆشکردنە بەوەی کە ماونەتەوە و هیچی دیکە! بەڵام دیارە بۆ حەماس وەکو هێزێکی ئیسلامی بۆرژوازی، کە بەرژەوەندیەکانی خۆی لەسەروو ژیان و گوزەران و سەلامەتی وئایندەی خەڵکی فەلەستینەوە دەبینێ، مانەوەی خۆی بە قیمەتی کاولبوون و کوشتاری دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی وەکو سەرکەوتن و بردنەوە هەژمار دەکات!
بێگومان ئایندەی خەڵكی فەلەستین، بە غەززەو جەنینیشەوە کەئێستا لەژێر ئاگری جەنگی ئیسرائیلدایە، بەستراوە بە چارەسەری کێشەی فەلەستینەوە، بۆ دووبارەنەبوونەوەی کۆمەڵکوژی ١٥ مانگی رابردوو و دەیان ساڵەی پێشتریش، ئەویش بەچارەسەری یەکجاری ئەم کێشەیەو دامەزراندن و بەڕەسمیەت ناسینی دەوڵەتی فەلەستین لەپاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا، ئەمەش کاری نەک تەنها خەڵکی فەلەستین، بەڵکو ئەو ریزی ملیۆنیەی خەڵکی ئازادیخوازی دنیایە کە زیاتر لە ساڵێکە لەپاڵ خەڵک فەلەستیندا وەستاون و بەدژی کۆمەڵكوژی ئیسرائیل و پشتیوانی بێدرێغی ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاوا لە ئیسرائیل وەستاونەتەوە.

٢٤ی جەنیوەری ٢٠٢٥




یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان سەردان و پەیوەندیەکانی لەگەڵ حکومەتی تورکیا!.. نوری بەشیر

دوو هەفتەری رابردوو جارێکی تر میدیاکانی کوردستان، سەردانی ئەمینداری یەکگرتوی ئیسلامی سەلاحەدین بەهادینیان بۆ تورکیاو بینینی سەرانی حکومەتی ئۆردگانیان بڵاوکردەوە، لەمجۆرە سەردانانەو کۆبوونەوە لەگەڵ سەرانی ئەک پارتی شتێکی نوێ نیە بۆ یەکگرتوی ئیسلامی و بەتایبەت سەلاحەدین بەهادین. ئەم حزبە ئیسلامیە ئەم پەیوەندیانەی نەشاردۆتەوەو بەردەوام لایەنگری جدی و هاوبیر و هاوهەڵوێستی بۆ ئۆردوگان و حزبەکەی دەبڕیوە، هەتا لەوکاتانەشدا کە ئۆردوگان گەورەترین سەرکوتی خەڵكی تورکیاو کوردەکانی تورکیای کردووە، سەلاحەدین و حزبەکەی لایەنگری ئەک پارتی کردوە کە سنورەکانی کوردستانی عێراق و سوریا و کوردستانی سوریایشی بڕیوەو کوشتاری خەڵكی مەدەنی کردووە، لەپاڵ حکومەتی تورکیادا وەستاون.
سەردانی یەکگرتوی ئیسلامی لە نیوەی دووەمی مانگی ١٢ی ساڵی پاردابووە، بەڵام لەم چەندڕۆژەی هەفتەی یەکەمی ساڵی نوێدا، بەهەمانشێوە، شاسوار عبدولواحید لە نەوەی نوێ و مەسرور بارزانی لە پارتی، رێگای تورکیایان گرتەبەر. هاوکات میدیاکان هەواڵی لایەنگری و پەیوەندی سەرانی بزوتنەوەی ئیسلامی (عیرفان عبدولعەزیزو مونیرە عبدولعەزیز) یان لەسەر پەیوەندیان بەجۆلانیەوەو پیاهەڵدان و لایەنگریان بۆ جۆلانی و حزبە ئیسلامیەکەی و پەیوەندی کۆنیان بڵاوکردەوە.
پەیوەندی و سەردانی ئەمجارەی حزبە ئیسلامی و ناسیونالیستەکان بۆ تورکیا، بەهۆی گۆڕانی هەلومەرجی ئێستای ناوچەکەوەو وەزعی سوریاو جیگاوڕێگای تورکیا لەئاڵوگۆڕەکانداو هەروەها پاشەکشەی ئێران و قەیرانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدایە، کە حکومەتی تورکیا دەستپیشخەری کردووە، بۆئەوەی کاریگەری و نفوزی خۆی زیاتر بکات.
بۆهەمووان ڕوونە کە پەیوەندی حزبە ئیسلامیەکان و ناسیونالیستەکانی کوردو لەسەرویانەوە؛ حزبەکانی بارزانی و تاڵەبانی، لەگەڵ حکومەتەکانی؛ تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا، تەنیا پەیوەندی لە نێوان دوولایەنی یەکساندا نەبووە، بەڵکو خۆشخزمەتی و پێشلەشکری و نۆکەرایەتی بووە بۆ ئەو دەوڵەتانە. ئەگەر هەر حزبێکیش لەباوەشی ئەم حزبانەی کوردایەتی لە قەومی و ئیسلامی کە دەرزەنێکن، کەوتبنە خوارەوە، ئەوا هەمانکاری حزبەکانی دەسەڵاتیان کردوە.
ئەوەی لێرەدا باسی ئێمەیە دەورو جێگای حزبە ئیسلامیەکانە لەکوردستان بەگشتی و یەکگرتووی ئیسلامی بەتایبەتی وەک حزبێکی نزیک و شوێنی متمانەی ئۆردوگان.
هەموو حزبە ئیسلامیەکان بەجیا لەوەی لە ٣٤ ساڵی رابردوودا پاشکۆی سیاسەتی ناسیونالیزمی کورد بوون، وە لەنێوان دوو زۆنی زەردو سەوزدا یاریان کردووە، بەردەوام پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتانی ئیسلامیدا لەچەشنی: تورکیا، ئیمارات، سعودیە، پاکستان و ئێراندا هەبووەو یاریان کردووە، هەروەها شەریکە بەشبوون لەدزی و گەندەڵی و کوشتارو راووڕووتی خەڵکی کوردستان، بەتایبەت یەکگرتوی ئیسلامی سەرەڕای وەرگرتنی بودجەو شەریکە دزیی دەسەڵات، ئەوا لەو وڵاتانەش کۆمەکیان وەرگرتووە. ئەوەی جێگای باسە لەهەلومەجی ئیستادا تورکیا چی دەوێت لە یەکگرتوی ئیسلامی و یەکگرتوش بەشوێن چیەوەیە لە ئێستادا!؟
هەرچەندە یەکگرتوو هەموو کاتێك لەپاڵ تورکیادا ڕاوەستاوە و پاکانەی تاوانەکانی لەدژی خەڵکی کورد بۆ کردوە، وە هیچ کاتێك دەستدرێژیەکانی بۆسەر شارو دێهاتەکانی کوردستانی عێراق و بگرە بۆسەر کوردستانی سوریا سەرکۆنە نەکردوەو دژی نەوەستاوەتەوە، بەیەك وشە دژی پاڵپشتی تورکیا بۆ داعش و دژی هاوڵاتیانی کوردی سوریا و بەتایبەتی شاری کۆبانی ناڕەزایەتی دەرنەبڕیوە، بەڵام ئێستا لەچوارچێوەی ئەو دۆخە سیاسیەی لە عێراقدا وەکو ئاکامی روخانی بەشار ئەسەد هاتۆتە پیشەوە، تورکیا ئەرکی تازەی بۆ یەکگرتوو داناوە.
لەم پەیوەندەدا دەورو ئەرکی تازەی یەکگرتوو ئەوەیە کە تورکیا دەیەوێ بە سوود وەرگرتن لەو دۆخەی سوریا و جۆرێك لە باڵادەستی لە بڕیاری سیاسی سوریادا، لە کوردستانی عێراقیشدا جێپێی خۆی زیاتر قایم بکات و نفوزی خۆی بە سەر سەرجەم کوردستانی عێراقدا زاڵ بکات. ئەوەش لەڕێگای هاوکاریکردنی پارتییەوە دەبێت لەلایەن هەریەکە لە یەکگرتوی ئیسلامی و هەروەها نەوەی نوێ وە کە سەرۆکەکەی لەهەمانکاتدا و بۆهەمان مەبەست بانگێشتی تورکیا کرا و کۆبونەوەی لەگەڵدا سازدرا، ئەمەش لەپێناو ئەوەدا کە حکومەتێکی هەرێم دروست بکەن هەژمونی پارتی تێدا زامن ببێت و یەکێتی لەژێر فشاردا دابنێن و ناچاری بکەن مل بە بە مەرجەکانی پارتی بدات کە راستەوخۆ لەچوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی تورکیادا لەناوچەکەو عێراقدا هەنگاو دەنێت. بەوجۆرەش نفوزی ئێران بەسەر کوردستانی عێراقدا لەرێگای ملکەچکردنی یەکێتیەوە دەستەبەر بکەن.
هەر لەچوارچێوەی ئەو هەلومەرجەی لەناوچەکەدا هەیە، کەدەورانێکی ناجێگیرەو بەپێی هاوسەنگی هێز قابیلی ئاڵوگۆرە، هەموو هێزە جیهانی و ناوچەییەکان و حزبە ئیسلامی و قەومیەکان دەیانەوێ بەرژەوەندیە سیاسی و ستراتیژیەکانیان مسۆگەر بکەن و خۆیان بۆ بەئاکام گەیاندنی ئامادە دەکەن. بەوجۆرە دەیانەوێ لەلایەکەوە ئەو دەسەڵاتەی ئێستا هەیانە بیپارێزن و بەهێزی بکەن و لە ئایندەشدا نەخشی سیاسی خۆیان کاریگەرتر بکەن. یەکگرتووی ئیسلامیش وەکو هێزێکی بۆرژوازی، لەرێگای سوودوەرگرتن لە هەژمونی تورکیاوە دەیەوێ دەستێکی لە دەسەڵاتی هەرێم گیر ببێت و بەشی خۆی لە داهات و دەسەلاتی هەرێمدا دەست بکەوێ. پڕوپاگەندەکانی یەکگرتوو بۆ پاکانەکردنی کۆبوونەوەی ئەمیندارەکەی لەگەڵ بەرپرسانی رژێمی فاشیست و شۆڤێنیستی ئیسلامی تورکیا و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئاك پارتی و حکومەتی ئۆردوگاندا بەکارهێنانی پەیوەندیەکانیانە لەگەڵ تورکیا لە بەرژەوەندی چارەسەری کێشەی کورد لە کوردستانی عێراق و چارەسەری کێشەکانی تورکیا لەگەڵ هەسەدە! بەڵام ئەم پڕوپاگەندەیەی یەکگرتوو تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوی ئەندامانی و لایەنگرانی خۆی و خەڵکی کوردستانی عێراقە تاکو وەکو خزمەتکار و بەکرێگیراوی رژێمێکی کۆنەپەرست و فاشیست و شۆڤێنسیتی وەکو تورکیا ناوزدەیان نەکەن و نەفرەتیان نەکەن. دەنا کام مرۆڤی هوشیار هەیە کە نەزانێ لە قاموسی سیاسی رژێمی تورکیاو دەسەڵاتی ئاک پارتیدا شتێك نیە بەناوی مافی خەڵكی کورد و چارەسەری پرسی کورد!؟ لەوەش واوەتر هەر ئومێدو خواستێکی خەڵکی کوردزمانی ناوچەکە بە تیرۆریزم و پیلانگێری بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی وێنا دەکەن و بەهەموو توانایانەوە هەوڵی سەرکوتکردن بێدەنگکردن و لەناوبردنی دەدەن. دەبێ خەڵکی کوردستان ئەم خۆشخزمەتیەی یەکگرتوو بۆ رژێمی فاشیستی تورکیا قبوڵ نەکەن.




دەورەیەکی تازەی هێرشەکانی تورکیاو میلیشیاکانی دەوری بۆسەر ناوچە کوردیەکانی سوریا.. نوری بەشیر

هێرشەکانی ئێستای حکومەتی تورکیاو میلیشیا کۆنەپەرستەکانی دەوری بۆسەر ناوچە کوردیەکان لەسوریا، درێژەی هێرشەکانی پێشوویەتی، بەڵام بەتایبەتمەندی ئەم دەورەیە کە تورکیا دەورەی پێشوو وەک ئێستا نەیدەتوانی ئەنجامی بدات، بەڵام ئێستا خۆی بەبراوەو سودمەندی سەرەکی لەم ئاڵوگۆڕەی سوریا دەزانێت هەلومەرجەکە بۆی ئاوەڵاترە.
هەلومەرجی نوێی سوریا زۆر ئاڵۆزو پر پێچ و پەنایە، بەپێی ئەو هەواڵ و پڕوپاگەندانەی حکومەتە بۆرژوازیەکان و میدیا گوێ لەمستیان رۆژانە بڵاوی دەکەنەوە، بەپێی ئەو سەرەیەی کە گیراوە بۆ دیمەشق و دانیشتن و قسەوباس و وێنەگرتن و هەواڵ بڵاوکردنەوە لەگەڵ ئەبو محەمەد جۆلانی و بەرزکردنەوەی خۆی و گروپەکەی هەیئەی تەحریری شام و کردنی بەڕابەری حکومەتی نوێی سوریای دوای بەشار ئەسەدو دانانی دەسەڵات و وەزیرەکان هەمووی لەلایەن هەتەشەوە.
هەر بەپێی ئەو هێرش و دەخالەتەی حکومەتی تورکیا وەک ئەوەی خۆی بەخاوەنی سوریا دەزانێت بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی سوریای دڵخوازی خۆیان و هەڕەشەو هێرش بۆسەر ناوچە کوردیەکان و هەسەدە و ئامادەن کۆمەكوژی ئانجامبدەن، هەروەک لە هەڕەشەکانی ئێستای ئۆردگاندا دەڵێ: یان دەبێت چەکەکانیان دابنێن، ئەگەرنا بەچەکەکانیانەوە لەناو خاکی سووریادا دەیانێژین.
یان وەک ئەوەی کە حکومەتی ئیسرائیل لە باشوری سوریا ئەنجامی دەدات دەیان کیلۆمەتر هاتۆتە ناو سوریاوە، هەروەک ئەوەی کە قەتەر ئەنجامی دەدات بۆ جێخستنی جۆلانی و وەک ئەوەی کە ئەمریکا هێزەکانی زیاد دەکات و وڵاتانی عەرەبی هەوڵی زوو داسەپاندنی جۆلانی بەسەر سوریادا دەدەن و یان هەڕەشەکانی ئەم چەند رۆژەی ئێران، ئەوا هەموو ئەوانە جیا لە سیناریۆیەکی تاریک و کۆنەپەرست و تەسلیم بوون کە دەیخەنە بەردەم کۆمەڵگەی سوریا بەگشتی و هەموو حزب و لایەنە مەدەنی و ئینسانیەکان، بۆئەوەی بەو هەلومەرجەی هەیە و ئەو بەرنامەیەی کە هەیانە بۆ سوریا خۆیان بەدەستەوە بدەن و لەدەوری ئەو بەدیلە کۆببنەوە کە ئەوان دەیانەوێت، شتێکی تر نیە.
بەڵام ئەمە هەموو هاوکێشەو سیناریۆکە نیە، لەو کۆمەڵگایەدا تەنیا ئەوە نیە کە هێزە سەرمایەداریە جیهانی و ناوچەییەکان و بەتایبەت تورکیا تەپڵی بۆ دەکوتن، بەڵکو لەسەراسەری سوریاوە دەنگی ناڕەزایەتی دەبیسترێت؛ لە رۆژئاواوە لە لازقیەو دەوربەری، لە خوارەوە لە ناوچەی سوەیدا و دەرعاو لە رۆژەهەڵاتەوە ناوچە کوردیەکان و لەناو شارەکانی حەڵەب و حەماو دیمەشقیشدا، جیا لەوەی خەڵکی مەدەنی و ئینساندۆست، حزب و لایەنی کە دەنگی ناڕەزایەتی هەڵدەبڕن و پەیامێکی دیکە ڕادەگەیەنین کە جیاوازە لە سیناریۆکانی بۆرژوازی جیهانی و ناوچەکە.
لە کاتێکدا ئەم هێزانەش تەنیا نین و پشتگیری ریزی ملیۆنان لە خەڵک و هێزی ئازادیخوازو کرێکاری و مرۆڤدۆستی ناوچەکەو جیهانیان لەگەڵدایە، ئەو هێزەی کە لەپاڵ خەڵکی فەلەستیندا وەستان، ئاواش لەپاڵ ئەماندا دەوستن.
ئەوە تەنیا تورکیا نیە کە دەیەوێت ئایندەی سوریا بەوشێوەیە بڕوات کە بەرژەوەندیەکانی خۆی دەخوازێت، بەڵکو دەخالەتی ژمارەیەک وڵاتانی جیهانی و ناوچەیی و هەتا ئێرانیش کە لەئاوەڵایی ئێستای سوریادا، لەهەوڵی جێگا گرتندان و دەیانەوێت مۆری خۆیان بدەن لە شکڵی حکومەتی داهاتوو و بەرژەوەندیەکانیان لەسوریا بڕواتە پێشەوە. ئەوە تەنیا هەتەشەو میلیشیاکانی دەوری تورکیا نیە، بەڵکو بەپێی هەواڵەکانی العربیەو چەندان میدیای تر کە لە نێوان ٨٠ بۆ ١٠٠ هێزو گروپ و لایەنی جیا لەسوریادا بوونی هەیە، ئەمانە هەمووی تورکیاو جۆلانی چۆن کۆیاندەکەنەوەو چۆن بەو بەرنامە کۆنەپەرستانەیەی جۆلانی و فاشیەتی تورکیا رێکدەخرێن لەژێر ناوی سوریایەکی تازەدا.
ئەگەرچی تورکیا دەیەوێت سوریا بکاتە دەروازەیەک بۆ مەرامە سیاسی و ئابوریەکانی و لەوێوە بۆ ناوچەکەش، هەربۆیە بەو شێوەیە کاری بۆ دەکات؛ بەتایبەت ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی و هێرش بۆسەر ناوچە کوردیەکان گەورەکردنی ئەو شەڕەی کە دەستیپێکردووە؛ لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەرێگای میلیشیاکانیەوە زیادبکات و پاشەکشە بە قەسەدە بکات، واتە شوێن پێی خۆی بەرەسمی قایم بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت کاریگەری زیاتر لەسەر جۆلانی و حکومەتی ئایندە دابنێت، بۆ ئەمەش نەک هەر وەزیری دەرەوەی هاکان فیدانی ناردە دیمەشق و بەڵکو ئۆردوگان خۆیشی بەنیازە بڕواتە دیمەشق و لەگەڵ جۆلانی کۆبێتەوەو قونسوڵگەریش لە حەڵەب بکاتەوە.
ئەگەرچی سوریا لەنێوان کێشەی ناوخۆو ناوچەکەدا گیریخواردووە، بەتایبەت جێگاوڕێگای ئەمریکا کە دەستبەرداری سوریا نابێت، نەک هێزە سەربازیەکانی لە ٩٠٠ وە کردوە بە دوو هەزار سەرباز، بەڵکو چەک و تەقەمەنی بەکاروانی گەورەشدا ناردۆتە ناوچە کوردیەکان. هەربۆیە بەشێکی شانسی تورکیا دەبێت لەچوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکادا بڕواتە پێشەوە.
هەوڵەکانی تورکیاو میلیشیاکانی بۆ هێرشی ناوچە کوردیەکان و داگیرکردنی و پاشەکشە بەهێزەکانی قەسەدەش، ئەمەش ناتوانێت بەتەواوی لەناو ئەو کێشە جۆراوجۆرانەی کە سوریادا هەیە وە تا ئەمریکا لەو ناوچانەدا بێت، تەنها ئەوە نەبێت لەگەڵ ئەمریکادا رێکەوتن بکات و ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبكات، بڕواتە پێشەوە.
جێگاوڕێگای ئێستای کورد لە سوریاو هەتا وڵاتەکانی تردا، وەک جاران نەماوەو هەربۆیە تورکیا ئەگەرچی براوەی ئاڵگۆڕی سوریایەو هێزەکانی کە خستیانە پێشەوە، بەڵام هەموو شتێک ناتوانێت بە بەرنامەی ئەو بڕواتە پێشەوە. ئەوەی کە دەیەوێت جۆلانی هاوڕا بێت لەگەڵ تورکیاو جێگاوڕێگایەک نەدرێت بە کوردەکان و هەسەدە لەدەورەی حکومەتی راگوزەرو کاتی و حکومەتی ئایندەدا، کە ئەمەش لەچوارچێوەی هەلومەرجی بەشداری هەموو هێزو لایەنەکانی تری سوریادا بەبێ بەشداری هێزە کوردیەکان لەکۆنگرەیەکی نیشتمانی کە قەرارە بگیرێت ناتوانێت بەخواستی تورکیا بەتەواوی بچێتە پێشەوە. جۆلانی وەک رێویەکی فێڵباز لەناو داعش و قاعیدەو لەچوارچێوەی سیاسەتی ئەمریکا لەناوچەکەدا گەورە بووەو هاتۆتەپێشەوە ئەو راستیە باش دەزانێت و ئەوە دەرک دەکات.
ئەم هەنگاوەی تورکیاو میلیشیا کۆنەپەرستەکانی دەوری، بەشێکە لەو فاشیەتە قەومی و ئیسلامیەی کە لەتورکیادا بەدژی کوردەکانی پیادەی دەکات، بەتایبەت هەوڵەکانی ئێستای لەسوریادا تەنیا هەنگاو و لێدان نیە لە هەسەدە وەک چوارچێوەیەکی سیاسی و سەربازی بۆ بەرگری لەخەڵكی کورد، عەرەب و خەڵکانی ئەو ناوچانە، بەڵکو راستەوخۆ بۆ لێدان و خستەژێرپێی ماف و خواستەکانی خەڵكی کوردی سوریاو ناوچە کورد نشینەکانە و ئەمەش بەدژی ئیدعای ئەمریکاو غەرب و وڵاتانێکە کە گوایە هاوپشتی سوریایەک دەکەن کە هەموو پێکهاتەکان بەشداری تێدا بکەن و بەدژی بڕیاری ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکانیشە.
هەربۆیە ئەگەر تورکیا بیەوێت سوریا بەو ئاکارەدا بڕوات کەخۆی دەیەوێت، لەژێرناوی لێدان لە تیرۆرو پەکەکەو هەسەدەو دژی کوردەکان، دەبێت هەموو دەسەڵاتی سوریاو سوریا بەئاکاری دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و خەلافەتی ئیسلامی سەرکوتگەری لەچەشنی خۆی بەرێت، کە ئەمەش بەپێی ئەو هەلومەرجەی سوریاو هەموو لایەنە ناوچەیی و جیهانیەکان دەیانەوێت سوریایەکی ئارام دروستبکەن بۆ مسۆگەری بەگەڕخستی سەرمایەو بازرگانیەکانیان و لەلایەکی تریشەوە سوریا وەک کۆمەڵگایەکی مەدەنی، ئەوا تورکیا بەئاسانی ناتوانێت ئەو بەرنامەیەی دایناوە بە ئارەزوی خۆی بچێتە پێشەوە.
کەواتە ئاڵوگۆڕەکان مەرج نیە تەنیا بەو ئاکارەدا بڕوات کە بەرنامە داڕێژەرانی وەک ئەمریکاو تورکیا و قەتەرو روسیا دەیانەوێت، بەڵكو دەکرێت کۆمەڵگا بە ئاراستەیەکی تردا ببرێت، راستە ئەوان ئەمڕۆ هێزی زاڵن و دەیانەوێت حکومەتی سوریا بەو شێوەیە دروست بێت کە خۆیان دەیانەوێت، کە بۆیان گرنگ نیە دەسەڵاتی جۆلانی و ئایندەی ئیسلامی میانەڕەوە یان توندڕەوە، بەڵکو ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە بەرژەوەندیەکانیان پارێزراو بێت، بەڵام خەڵك و ناوچەکش تەجروبەی دەسەڵاتی ئەم هەموو هێزانەو هێزە ئیسلامیەکانی لەبەردەمدایە لەچەشنی؛ داعش، قاعیدە، تاڵیبان، جمهوری ئیسلامی ئێران، حزبوڵا، حوسیەکان و حەماس و دەیان گروپی ئیسلامی تیرۆریست و تا دەگاتە دەسەڵاتی کۆنەپەرستی حکومەتی ئێستای تورکیا، رۆشنە کە خەڵكی سوریا کۆمەڵگایەکی ئازادو خۆشگوزەرانیان دەوێت و لەبەرژەوەندیاندایە، نەک دەسەڵاتێکی ئیسلامی و کۆنەپەرست و سەرکوت و لەژێر کاریگەری تورکیادا.




کێشەی کوردستانی سوریا لەناو کێشەیەکی گەورەتردا؟.. نوری بەشیر

ئەوەی لەسوریا روویدا بەپێی رێکەوتنێکی پێشوەختەی ئەمریکا، تورکیا و روسیا و هەروەها لەرێگای تورکیاوە لەگەڵ هەیئەی تەحریری شام بۆ لابردنی بەشار ئەسەدو ماوەنەوەی پاشماوەی دەسەڵاتەکەیەتی بەهاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک گروپ و حزبی ئیسلامی و قەومی کۆنەپەرست، لەسەریانەوە هەیئەی تەحریری شام، واتە رژێمێک نەڕووخاوە، بەڵکو لەچوارچێوەی بەرنامەو بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری جیهانی؛ ئەمریکاو روسیا لەلایەک و وڵاتانی تری کۆنەپەرست و سەرکوتی سەمایەداری ناوچەکە لەوانە؛ تورکیاو ئیسرائیل، ساتوسەودایەك بەڕیخراوە؛ بەشار ئەسەد لابراوەو گوێزراوەتەوە بۆ وڵاتی روسیا و بە هێنانەپێشەوەی هێزێکی کۆنەپەرست بەسەرکردەیەکی پێشینە داعش و قاعیدەی وەک محەمەد جۆلانی، کە قەرارە لەلیستی تیرۆری ئەمریکادا دەربهێنرێت بۆبردنەپێشەوەی ئەو بەرنامەیەی کە دایانناوە بۆ سوریاو لەوێوە بۆ نەخشەیەکی گەورەتر لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کەبەرژەوەندیەکانی ئەو هێزانە بپارێزێت.
لەگۆڕانکاریەکی وادا، بەمانەوەی بەشێکی زۆری دامودەزگاکانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، وەک سەرۆک وەزیران محەمەد غازی جەلالی و بەشێکی زۆری تری وەزیران و سەرانی دامودەزگا سەربازی و ئەمنیەکان، بەڵام ئەمجارەیان لەژێر دەسەڵاتی جۆلانیدا، هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی نوێی هێزێکی ئیسلامی لەسوریا کە تەجروبەیەکی باشیان لە پێشڕەویی و شکستی هێزە ئیسلامیەکانی پێشوو و لەپەیوەندیەکانیان بە ئەمریکاوە وەرگرتووە تا بەهێزکردنی دەسەڵاتیان. ئەم ئاڵوگۆڕانە لەقسەکانی محەمەد جۆلانیدا زۆر بە ئاسانی هەستی پێدەکرا لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ سی ئێن ئێن دا، بەڵام رۆژی گواستنەوەی بەشار ئەسەد بۆ مۆسکۆ لە ٨ی دیسەمبەردا کە لە وتارەکەی لە مزگەوتنی ئەمەوی لە دیمەشق، چووەوە سەر ئەسڵەکەی خۆی وەکو سەرکردەی هێزێکی ئیسلامی و داعشی و قاعیدەیی.
قوربانیەکانی ئەم ساتوسەدایەی ئیسلامیەکان و باقی هێزە کۆنەپەرستەکان و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەمریکاو وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، لەپێشیانەوە تورکیاو ئیسرائیل، خەڵکی مەدەنی سوریاو کوردستانی سوریا و ناوچەکەیە. کەواتە لەم لابردنەی بەشار و هێنانی هێزی ئیسلامیەکاندا، لەسەر ئەساسی بەرژەوەندیەکانی ئەو هێزانەدا، ئەوا خەڵکی جارێکی ترو بەشێوەیەکی دیکە دەکەونەوە بەردەم پشێوی و هەڕەشەی ئەم هێزە نوێیانە لەژێر ناوی روخانی دەسەڵاتی ٥٤ ساڵەی بەشار ئەسەدی دیکتاتۆردا. واتە هاوکاتی سەرکوت و ترساندن و دروستکردنی فەزای شەڕوپێکدادانی هێزەکان لەسوریادا؛ ئەمریکا لەژێرناوی دژایەتی تیرۆر کە بەحساب مەبەستی داعشە، لەسوریا دەمێنێتەوە. تورکیا لەژێرناوی دژایەتی تیرۆر هێرشەکانی بۆناوچە کوردیەکانی باکوری سوریا درێژەپێدەدات کە هێزەکانی یەپەگەو قەسەدەی لێیە. ئیتر هێزە ئیسلامیەکانی تری سەر بە جۆلانی لە سبەینێیەکدا هێرشەکانی لەژێرناوی بەرگری لەدینی ئیسلام، دژی جیاوازیخوازی، دژی ژن و بێدینی، توندەکاتەوەو ئەوکات تورکیاو ئیسرئیل و ئەمریکاش ئەمە بەڕەسمی دەناسن بۆی وەک مەسەلەی ناوخویی سوریاو هەروەها بۆ ئەمن و ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی سوریا لەقەڵەمی دەدەن. کاریگەریەکانی ئەمەش بۆناوچەکە لەچوارچێوەی سیاسەت و بەرژەوەندی ئەمریکاو تورکیاداو ئیسرائیلدا دەبەنە پێشەوە.
لەیەکەم رۆژی راگەیاندنی جێهێشتنی دیمەشق لەلایەن بەشار ئەسەدەوە، ئیسرائیل لە باشورەوە بەرزاییەکانی جۆلانی تێپەڕان و نزیکەی ١٤ کیلۆمەتر هاتۆتە ناوخاکی سوریاوە. تورکیاش لەباکوری سوریاوە هێرشی کردۆتەوە سەر ناوچە کوردیەکانی ژێر دەسەڵاتی قەسەدە. لەئاوا هەلومەرجێکدا جێگاوڕێگای کوردستانی سوریا، کە جێگایەکە بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و لەژێرناوی ئەوەی کوردەکان هاوبەشمانن، بەرەو کوێ دەڕوات، ئایا دەکرێت ئەم پەیوەندیە لەوەباشتر بێت کە لە ١١ ساڵی رابردوودا راگیراوە کە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکای تێداچووەتە پێشەوە و پارێزراوە، ئایا ئایندەی خەڵکی کوردستانی سوریا لەناو گێژاو و سەرگەردانی و ئایندەی تاریکی ژێر دەسەڵاتی هێزە دینی و قەومیە کۆنەپەرستەکانی سوریادا بەرەو کوێ دەڕاوت و رێگای پارێزگاری لەخەڵکی ئەم ناوچەیە و ئایندەی چۆن پارێزراو دەبێت؟.
سەرەتا دەبێت ئەو هێزو حزبە کوردیانەی کوردستانی سوریا کە ماوەیەکە سیاسەتی خۆیان گرێداوەتەوە بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاوە لە سوریادا، ئەوە بزانن کە دۆخی سیاسی و ئەمنیی داهاتووی سوریا بەجۆرێک گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە کە دوورنیە ئەمریکا لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیدا لەگەڵ تورکیا لە ناوچەکە و لە سوریادا هەمان ئەزمونی هێنانەوەی تاڵیبان لەلایەن ئەمریکاوە بۆ گیانی خەلکی ئەفغانستانیان دوبارە نەکاتەوە. یان وەکو چۆن لە پرۆسەی ریفراندۆمی کوردستانی عێراقدا پشتی کردە ناسیۆنالیستە کوردەکان لەبەرخاتری تورکیاو عێراق و دەستی حەشدی شەعبی و ئێرانی ئاواڵەکرد بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان.
بێگومان لەهەلومەرجێکی ترسناکی وادا کە خەڵكی سوریاو ناوچەکە لەژێرسایەی بەرژەوەندیەکانی ئەو هێزانەدا دەدرێتە دەستی دەسەڵاتێکی ئیسلامی وەک هەیئەی تەحریر شام، سەرباری هەر ئاڵوگۆڕێک کە لەناوەکەیدا دەیکات، ناکرێت هیچ چاوەڕوانیەک و خۆشخەیاڵیەک بە ئایندەیەکی باش بۆ خەڵکی سوریا بەگشتی و خەڵکی کوردستانی سوریا چاوەڕوان بکرێت.
ئەوەی لە راگەیاندنی ژمارە یەکی ئەو هێزانەدا هاتووە کە ناوەرۆکەکەی بڕیاری٢٢٥٤ی جنێفە بۆچارەسەری کێشەی سوریا کە لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی وڵاتانی؛ روسیا، تورکیاو ئێران لە دۆحە، تەئکیدی لێکرایەوە، هیچ شتێک نیە جگە لەچاو بەست و فریوکاری و دەیانەوێ ڕوو بەجیهان بڵێن کە چارەسەری شەڕی ناوخۆی سوریا و دامەزراندنی ئارامی سیاسی و حکومەتێکی جێگاپەسەندی خەڵکیان مەبەستە! بەڵام راستی ناوەرۆکی خاڵەکانی ئەم راگەیاندنە ئەگەرچی ئیشارە بە بەشداری هەموو پێکهاتەکان دەکات، بەڵام هیچ جێگاوڕێگایەکی تایبەتی بۆ مافەکانی خەڵكی کوردستانی سوریای تێدا نیەو ناشبێت، بەتایبەت کە لەخاڵی یەکەمیدا باسی یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات.
ئەم فەزا ترسناکەی سوریا دەرگا بەڕووی جۆرەها گروپ و دەستەجاتی ئیسلامی و قەومی کۆنەپەرستدا دەکاتەوە لەسوریا کەنوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی وڵاتەجۆراوجۆرەکان بکەن و ببنە هۆی شەڕو کوشتارو ماڵوێرانی بۆخەڵکی سەراسەری سوریاو خەڵكی کوردستاینش، ئەگەر خراپتر نەبن ئەوا هەمان چارەنوسیان دەبێت و ئەگەری ئەوەش هەیە کە ناوچەکەش بگرێتەوە. بەتایبەتی ئەوەی کە هێزە جیهانی و ناوچەییەکان و سەرجەم میدیا بۆرژوازیەکانیان لەدەورەی ٢٧ی نۆڤەمبەر تا ٨ی دیسەمبەر، رۆژی گوێزانەوەی بەشار ئەسەد بەشێوەی نهێنی بۆ روسیا، هێزی هەیئەی تەحریرزی شامیان بەجۆرێک گەورەکرد، کە ئەبو محەمەد جۆلانی بوو بەبەڕێز ئەحمەد شەرع و لە میدیاکانەوە گەورەیان کرد، پاشەکشەکانی هێزەکانی بەشار ئەسەد لە ناوچەکان و گرتنی لەلایەن هێزەکانی تەحریری شامەوە گەورەکران و بە دەستکەوت و پێشڕەوی ئەم هێزە بەدنیایان ناساد! لەکاتێکدا ئەم هێزە ئیسلامیە ئامادەکراوە دەورێکی وای نەبوو، هەمووی سیناریۆی پێشوەختەی ئامادەکراو بوو. ئەم هێزە جیا لە رابردویەکی ڕەش، شتێکی تری نەبووە. بەڵام بۆ یەکجاریش هێزەکانی یەپەگەو قەسەدەیان وەکو هێزێکی کاریگەری لەسەر گۆڕەپانی سوریا لە دژایەتیکردنی تیرۆرو داعش باس نەکرد، ئەمەش دیارە کە بۆ ڕازیکردنی تورکیایەو هەروەها نیشانەی زاڵبوونی سیاسەت و دەوری تورکیایە لەم ئاڵوگۆرانەو دەوری لە داهاتووی سیاسی سوریادا!.
ئەوەی لەبەردەم ئەم خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی سەراسەری سوریادا و هەموو ئەو هیزانەدا خۆی بەرجەستە دەکات کە ئایندەیەکی ڕۆشن و یەکسان و ئینسانی بۆ کۆمەڵگای سوریا ئامانجی خەباتیانە، ئەوەیە کە لە دەرەوەی سیاسەت و ئەجێندای هەموو ئەو لایەنە جیهانی و ناوچەییەنادا دەست بۆ گۆڕانکاری لە ژیان و گوزەران و لە ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی ئەو ووڵاتەدا بەرن. دەبێت خەڵکی سوریا جاوی لە پشتیوانی خەڵکی ئازادیخوازی جیهان بێت نەك لە ساتوسەودای دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و بۆروازیی ناوچەیی و هێزە کۆنەپەرستە نەتەوەیی و ئیسلامیەکان… ئەرکی خەڵکی ئازادیخوازی دنیاو بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی و کۆمۆنیستیە کە لەپاڵ خواستە ڕواکانی خەڵکی سوریادا بوەستنەوە بۆ ئایندەیەکی یەکسان و ئازاد و خۆشگوزەران… دوور لە شەڕ و کارەسات و تەدەخولی سیاسی و سەربازی و ئەمنی دەوڵەتانی بۆرژوایی جیهانی و ناوچەیی!




سوریا مەیدانی کێشەی جەمسەرە جیهانی و حکومەتانی ناوچەکە!.. نوری بەشیر

ئەوەی کە ئێستا لەسوریادا روودەدا، شەڕێکی ناوخۆیی نیە بە ئەندازەی ئەوەی کە مەیدانێکە بۆ کێشەی جەمسەرەکانی دنیا و حکومەتانی ناوچەکە کە کاریگەریان بەسەر سوریاوە هەیە. بەتایبەت بەدوای چەند ساڵ، لانی کەم لە شەش ساڵی رابردوودا لەگەڵ کەشێکی نیمچە ئارام کە هەموو هێزەکان لەناوچەکانی خۆیاندا بێدەگ بوون، لەگەڵ ئەوەی سوریایان دابەشکرد بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی؛ ئەسەد، روسیا، ئێران و حزبوڵا لەلایەک، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی؛ تورکیا و هەیئەی تەحریری شام و دەیان حزبی ئیسلامی تر، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەو یەپەگەو ئەمریکا لەلایەکی ترو هەندی ناوچەی بچوکی تر لەلایەن هێزەکانی داعش و هەندێ هێزی ئیسلامی ترەوە. بەڵام بۆچی لەمکاتەدا ئەمە روودەدات و بەخێراییەک هێزە ئیسلامیەکانی وەک هەیئەی تەحریری شام و ژمارەیەکی تر، بەیارمەتی تورکیا، حەڵەب و چەند ناوچەی دەوروبەری دەستبەسەردا دەگرن و هێزەکانی سوریا، روسیا و ئێران و حزبوڵا بەبێ بەرگری دەردەکەن، کە ئەمانە زۆر هەڵدەگرن و زۆر شکوگومان باسدەکرێت و لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆدەکرێت، کە شوێنی باس نیە لێرەدا، بەڵام دەکرێت هەندێ لە هۆکارەکان و زەمینەکانی لە کۆمەڵێک لایەنی ناوخۆو ناوچەیی و جیهانیدایە بخرێتەڕوو.
هەر ئەوەی لە ٢٠١١وە لەسوریادا حکومەتێکی جێگیرو دەسەڵاتی تەواوی هەتا بەسەر ناوچەکانی خۆیشیدا هەبێت نەبووەو نیە، ئەوەی بەشار ئەسەدی راگرتووە روسیاو هاوپەیمانەکانیەتی لە ئێران و حزبوڵایە، بەڵام جێگاورێگای هەریەک لەم هێزانە وەک دەورەی پێشوو نەماوەو گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سوریا لە سیانزە ساڵی رابردوودا لەلایەن روسیاو ئێران و حزبوڵاوە ماوەتەوە، ئەسەد ئیدامە بەژیانی نەگریسی خۆی دەدات لە سوریایەکی پارچە پارچەبووی ژمارەیەک هێزو لایەنی جیهانی و ناوچەیی رایانگرتووە. لەو ماوانەدا کۆبوونەوەکانی جنێف لەلایەن ئەمریکاو رۆژئاواوە شکستی هێنا. کۆبوونەوەکانی ئاستانە لەلایەن روسیا، ئێران و تورکیاوە بۆ چارەسەری کێشەی سوریا شکستی هێنا، هەروەها هەوڵەکانی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی بۆ هێنانەوەی سوریا بۆناو کۆمەڵگەی عەرەبی و نێودەوڵەتی و ئارامکردنەوەی سوریا، سەرکوتوو نەبوو، هەوڵەکانی تورکیا بۆ دانیشتن لەگەڵ بەشار ئەسەد بۆ رێکەوتن و دانانی شەرت بۆ سوریا شکستی هێنا. هەر لەم ماوانەدا گۆڕانکاری لە جێگاوڕێگای روسیا، ئێران و حزبوڵا نەک تەنها لە سوریا بەڵکو لە ئاستی دنیادا گۆڕانی بەسەردا هات.
ئەم هێرشانەی ئێستای هەیئەی تەحریری شام و دەیان گروپی کە بە ١٢ گروپ دەستنیشان دەکرێت کە هەموویان دەستەجاتی ئیسلامی وەک هێزی کۆنەپەرست و دژی مەدەنیەتی کۆمەڵگان، هەروەها بوونی هێزەکانی تورکیا لەوناوچانەدا، کە هەموو ئەو لایانەش بەیارمەتی و دەستپێشخەری حکومەتی ئۆردوگان لە تورکیا دەچەرخێن و کۆمەک دەکرێن. رێک بەدوای ڕێکەوتنی ئیسرائیل و حکومەتی لوبنان بۆ ئاگربەستی ٦٠ رۆژەو کشانەوەی هێزەکانی حزبوڵا لە باشوری لوبناندا، کە لێدانەکانی حزبوڵاو کوژرانی حەسەن نەسروڵاو ژمارەیەک لەسەران و ئەندامانی حزبەکەی و کوژرانی هەزاران لەخەڵكی مەدەنی و کاولکردنی بەشێکی زۆری کۆمەڵگای لوبنان و ئاوارەیی، هەر حزبوڵا خۆی بێهێز نەکرد لە لوبنان و سوریا بەڵكو جێگاوڕێگای ئێرانیشی لە لوبنان و سوریا لاوازکرد. هاوکات روسیاش جێگاوڕێگای پێشووی لەسوریادا نەماوە بەهۆی کێشەکانی لەگەڵ ناتۆدا لە ئۆکرانیا وە زۆرترین قورسایی لەسەر ئەو کێشەیە داناوە، کە کە کێشەی لەگەڵ ناتوادا و سەرکەوتنی دەتوانێت چارەنوسی هێزی لەدنیادا بگۆڕێت.
بێگومان ئەم هەنگاوەی حکومەتی تورکیا بۆ جوڵاندنی هێزەکانی هەیئەی تەحریری شام بەڕابەری ئەبو محەمەد جولانی پەروەردەی دەستی زەرقاوی و ئەبوبەکر بەغدای لە قوتابخانەکانی قاعیدەو داعشدا و ئیسلامیەکانی تر کۆمەكکردنیان بەهەموو شێوەیەک، بەبێ گڵۆپی سەوز لەلایەن ئەمریکا نەبووە، کە کاتو فرسەتێکی باشە بۆ تورکیا کە سود لە بێهێزی روسیاو ئێران و پاشەکشەی حزبوڵا لەناوچەکەدا وەرگرێت، ئەمە بۆ تورکیا لە پاشەکشەیەک لەناوچەکەدا بەشێوەیەک کردویەتی و هەلومەرجێکی قەیرانی تورکیا کە هەیەتی، دەویەوێت جێگایەک بگرێت، وە ئەمریکاش پێویستی بەمە هەیە.
لەولاوە هەموو وڵاتانی ناوچەکە لەپەیوەندو سەردانی یەکتردان لەم پەیوەندەدا لەئاستی باڵادا، ئێران لەرێگای وەزیری دەرەوە، لەگەڵ تورکیا و عێراق و سوریا و روسیا لەچاوپێکەوتندایەو بەنیازی سەردانی وڵاتانی عەرەبیە، سەرانی عێراق لەگەڵ تورکیاو ئێران لەپەیوەندیدایەو هێزەکانی سوپاو حەشدی شەعبی عێراقی لەسنورەکان و هەتا هەندێ لە ملیشیاکانی حەشدی شەعبی سنوری سوریایان تێپەڕاندوە بۆ یارەمەتی بەشار ئەسەد، پەیامی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئارامی و یەکپارچەیی خاکی سوریا بەرچاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی هەموو ئەو هێزانەو حکومەتانی ناوچەکەو جەمسەرەکانی روسیاو ئەمریکاش بە بەرنامەو بەرژەوەندی جیاوازی خۆیانەوەن و دەخالەت لەسوریا دادەکەن و کێشەیان هەیە، بەڵام هەموویان هاوڕان لەسەر چەند خاڵێک ئەویش دژایەتی تیرۆریزم و یەکپارچەیی خاکی سوریاو نەڕوخانی رژێمی بەشار ئەسەدە لەئێستادا.
دنیای دووڕوویی و درۆزن و چاوبەستی سەرمایەداری و حکومەت و سەران و حزبەکانیان، جارێکی کە هەرەوەک ئەوەی لە ئۆکرانیا روویدا بەردەوامە. ئەوا هەموولایەنەکان لەجەمسەرە جیهانی و حکومەتانی ناوچەکە، لەسوریا دووبارەی دەکەنەوە. سوریا لە ٢٠١١ وە نزیەکەی نیوەی لە خەڵكەکەی کە لەجێگاوڕێگای خۆیان هەڵكەنراون، لەوانە نزیەکەی ٧ ملیۆنی چۆتە درەوەو بە دنیادا بڵاوبوونەتەوەو لەوانە نزیکەی سێ ملیۆن و نیوی لە تورکیادان و هەروەها چەند ملیۆنی تر لەناوچەکانی تری سوریا ئاوارەو سەرگەردانن، جیا لە ملیۆنان کەس لە کوشتارو بریندار، بەجیالەوەی کە کۆمەڵگە کاولبووەو برسێتی و هەژاری پێشێلکاری کەیشتە ئەوپەڕی خۆی چ لەلایەن رژێمی بەشار ئەسەدو حزبوڵای لوبنان و ئێران و روسیا لەلایەک و لەلایەکی ترەوە بەهۆی هێزە ئیسلامیە جۆراوجۆرەکان و تورکیاو ئەمریکاوە لەلایەکی ترەوە، بەڵام ئەوە ئەمەی ئێستاشی هاتەسەر.
بەڵام حکومەتان و میدیا گوێ لەمستە بۆرژوازیەکانیان هەریەکەو لەگۆشەنیگای بەرژوەندیەکانی خۆیانەوە کەئێستاش کوشتارو ئاوارەیی دەچێتەسەر، بەڵام بەشوێن بەرنامەی خۆیانەوەن کە تورکیاو ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ دژایەتی روسیاو ئێران، کێشەیان نیە هێزێکی تیرۆریستی وەک هەیئەی تەحریری شام کە لە ناو قاعیدەو داعشەوە هاتووە بەشداری دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی پێبکەن و وەک هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن دەیناسێنن و قبوڵیانە. روسیاو بەشار ئەسەد کە پاشەکشەیان پێکراوە لە حەڵەب و دەوروبەری و تەنیا فرۆکە جەنگیەکانیان بەدەستەوەیە ئەوا خەڵك لەگەڵ باڵەخانەو زەویدا تەخت دەکەن، لەژێر ناوی لێدان لە ئۆپۆزیسیۆن.
هەموو ئەو لایەن و هێزانە قسەوباسی رۆژانەیان دژی تیرۆر یان بەرگری یەکپارچەیی سوریایە، بەڵام بابزانین خۆیان لەکوێی تیرۆرو دابەشکردنی سوریادا راوەستاون. دیارە ئەوان بەپێی ئەو یارمەتیەی کە هی هەیئەی تەحریری شام و ئیسلامیەکانی تری دەدەن کە رۆژانە ژەهری دژی ژن و ئینسان دەڕژن و فتوا دەدەن و مرۆڤ دەکوژن و لە ٢٠١٧ وە ناوچەی ئەدلیب و باکوری سوریان جیاکردۆتەوەو ژەهری کۆنەپەرستی و جیاکاری تێدا دەچێنن، مەبەستیان ئەمانە نیە، لەهیچ شوێنێکدا باسی داعشیش ناکەن بە جیاوازی خوازو تیرۆریست ناویان نابەن.
دیارە قسەی ئەمانە لەسەر تیرۆرو تیرۆریزم و دابەشکاری خاکی سوریا، بەرنامەو سیاسەتیان دژی هێزێکی کەیە ئەویش هەسەدەو یەپەگەیە، کە لەسوریادا ئەگەر هێزگەلێک هەبێت باسی دابەشکردنی سوریا نەکات ئەمانەن، ئەگەر هێزگەلێک هەبێت دژی تیررۆ بێت هەرئەمانەن، کە بەکردەوە دژی تیرۆریزمی داعش و قاعیدە جەنگابن و ئەمەش جێگاورێگای ئێستای پێبەخشیون.
بەڵام ئەوەی تورکیا پێشڕەوایەتی بزوتنەوەی دژی تیرۆر دەکات و داوای یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات، کێشەی خۆیەتی لەگەڵ هێزیکدا لانی کەم لەسوریا نیشانیداوە کە جیاوازە لە ئیسلامیەکانی هەیئەی تەحریری شام و ئیسلامیەکانی ترو ئەمە بەجیا لەوەی تیرۆریست نین و جیاوازی خواز نین، بەڵام بۆ ئایندەی نەک تەنیا سوریا بۆسەر خۆیان و تورکیا بەترس دەیبیننەوە.
تا بە هەسەدە دەگات ” هێزەکانی سوریای دیموکرات” کە ناوچەیەکی زۆریان بەدەسەتەوە لە رۆژئاوای سوریا بەناوچە کوردیەکان و ناوچەی عەرەب زمان، کە ژمارەیەکی زۆر لە ‘ کوردو عەرەب بە وەی جیا دەکرێتەوە بە مەسیحی و موسڵمان و هەتا شیعەشیان تێدایە’، کە ژمارەیەک لە حزبی عەرەبی و کورد لەخۆدەگرێت لەوانە یەپەگە ‘ یەکینەکانی پاراستنی گەل’ وەک یەکێک لەو هێزانەیە کە وەک هێزێکی کوردی ناوچەی رۆژئاوا.
هێزەکانی هەسەدە، بەجیا لەهەر تێبینیەک و جیاوازیەک من کەهەمبێت لەگەڵیاندا، بەڵام نیشانیان داوە ناوچەکانی ئەوان جیاوازە لەناوچەکانی ترو خەڵكەکەی لەهەندێ ئازادی و ماف بەهرەمەندن بەتایبەتی ژنان، بەتایبە لەم هیرشانەی دواییدا بۆسەر حەڵەب و ناوچەکان خەڵكێکی زۆری ناوچە عەرەبیەکان روویانکردوەتە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە، کەبەپێی هەندێ سەرچاوە ئێستا ناوچەی رۆژئاوای سوریا نزیکەی زۆرترین دانیشتوانی سوریای لەخۆگرتووە، بەوەی کە ئاسایش ترە بۆ ئینسان. دیار ئەو حکومەت و میدیانە وەک هێزی سەرمایەداری و کۆنەپەرست چاویان بەجۆرێک لەناوچەی وادا هەڵنایەت و بۆ خەڵكەکەی بەڕەوا نابینن، بەڵام باسی ئەوە ناکەن بۆ ئەو خەڵکە عەرەبانە رووناکەنە ناوچەی ئیدلیبی ژێر دەسەڵاتی ئیسلامیەکان.
هەروەک ئەوەی لە ئۆکرانیا روودەدات جەنگی نێوان روسیاو هاوپەیمانەکانێتی لەگەڵ ناتۆ کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەلایەکی ترەوەیە، کە مەیدانەکەی وڵاتی ئۆکرانیایە. سوریاش مەیدانێکە بۆ کێشەی نێوان ئەو هێزە جیهانی و ناوچەییانە، کە قوربانیەکانی خەڵکی سوریا بەردەوام دەیدات، کە ترس و دڵەڕوکێی لەوڵاتانی ناوچەکە بۆ نائارامیەکی زیاتر دروستکردوە، کە چارەسەر نە بەمانەوەی بەشار ئەسەد بەتەنیاو هەتا دەسەڵاتیشی سەراسەری بێتەوە نیە، یان ئەوەی تورکیا پێشنیاری دەکات بۆ رێکەوتنی بەشار ئەسەد لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی وەک هەیئەی تەحریری شام و هەموو لایەنە ئیسلامیەکانی تر هەر نەک ئایندەیەکی باش بۆ سوریا ناهێنێت، بەڵکو ناوچەکەش تێکدەدات، خەڵک تەجروبەو دەرسی جمهوری ئیسلامی ئێرانی لەناوچەکەدا لەبەردەستدایە. کەواتە چارەسەر لای ئەوان نیە.
ئەم هەلومەرجەی سوریا بۆ ئێمە کۆمۆنیستەکان و کرێکاران زۆر گرنگە نەک وەک تەجروبەیەک بەڵكو وەک مەیدانێکی عەمەلی، ئەم هەلومەرجە بە ئێستایەوەو بەهەر ئایندەیەک کە دێتە پێشەوە کاریگەری گەورەی لەسەر هەلومەرجی باوچەکە دەبێت، بۆیە زەرورە لە نەزەری ئێمە بۆ رێگاچارە بەشوینیەوە بین بزانین چیە؟ لەهەلومەجێکی ئێستای سوریداا کۆمەڵگەیەکی نۆرماڵ نیە، واتە وڵاتێکی ئارام، یان خاوەن حکومەتێکی جێگیر ئەگەر دیکتاتۆریش بێت نیە، کە خەڵک لەشوێن و جێگای خۆیدا بێت و لەگەڵ رژێمێکی وادا دەستوپەنجە نەرمبکات، وەک لە ئێراندا هەیە، بۆیە دەبێت لەسەر هەلومەرجێکی وادا کە چینی کرێکار لەشوێن و جێگای خۆیدا نیە، کۆمەڵگا باری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی داڕوخاوە، حزبی چینی کرێکارو کۆمۆنیستی نیە، دەبێت لەکوێدا بۆ چارەسەر بگەڕێین.
ئێمە بۆ ئۆکرانیاش لێکدانەوەیەکی دروستمان کرد، هەربۆیە ئەگەر بۆ چارەسەری راستی کێشەی سوریا بگەڕێین، هەڵویستی دروستمان هەبێت، دەبێت لەبەرژوەندی خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی سوریاوە سەیر بکرێت، ئەبێت لەئێستا بۆ رێگایەک بگەڕێین کۆمەڵگا لەو سەرگەردانیە دەربهێنێت بۆ باشتر لەم هەلومەرجەی هەی، ئەبێت کاریگەری زیانباری خراپتر کە چاوەڕێی سوریا دەکات و کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت رێی پێبگیرێت، کەواتە ئەگەر رێگایەک هەبێت بۆکاتیهێنان بە کوشتارو کاولکاریەک کە نزیکەی ١٥ ساڵە بەردەوامەو هیچ بەهایەکی ئینسانیان لەو کۆمەڵگایەدا نەهێشتۆتەوە، مەدەنیەتیان لەوکۆمەڵگایەدا بڕیوە، ئەوا دەبێت بڵێین کە ئەمە تەنیا لەدەست خەڵكی زوڵملێکراوی ئەو کۆمەڵگایەدایە بەهاوپشتی بزوتنەوەیەکی ئینسانی و ئازدیخوازو کرێکاری و چەپ و رادیکال لەدنیادا، ئەوەی کراو دەکرێت بۆ فەلەستین، کەبەرژەوەندیان لەگەڵ ئەو جەمسەری جیهانی و حکومەتانی ناوچەکەو بەشار ئەسەدو ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی و حکومەتی تورکیادا یەک ناگرێتەوە.
زەرورە هەموو ئەو حزبانەی سوریا بە کوردی و عەرەبیەوە کە مەدەنی و عەلمانی و رادیکال و چەپن، بتوانن هێزی خۆیان بهێننە مەیدان، ناوچەو هێزێک کە قەسەدەو یەپەگە تێیدا هەیە نەک هەر بپارێزرێت بەڵكو بەرەو ناوچەکانی ترو فراوانتر بڕوات و لە هێزە ئیسلامیەکان و تورکیا لەلایەک و لە بەشار ئەسەدو ئێران و حزبوڵا پاکبکرێتەوەو. هاوپشتی جیهانی بۆیان رابکێشرێت، بۆ ئاڵوگۆڕێکی تر بەپێچەوانەی ئەوەی هێزە جیهانی و حکومەتانی ناوچەکە کە ئێستا دەیانەوێت، بۆ مسۆگەرکردنی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەموو خەڵكی سوریا.

٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٤




کاریگەری رێکەوتنی ئێران و عێراق و حکومەتی هەرێم بەدژی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی.. نوری بەشیر

لە ١٣ی تەمموزدا، کازم غەریب ئابادی، جێگری کاروباری نێودەوڵەتی دەزگای دادوەری ئێران لە دانیشتنێکدا له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له‌ پارێزگای ئه‌لبه‌رز له‌ باكوری ئێران، قسەی لەسەر لیستێکی ١٢٠ کەسیی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کردووە، کە داویانەتە عێراق بۆ رادەستکردنەوەیان بە جمهوری ئێسلامی و ئه‌و كه‌سانه‌ی ناویان له‌م لیسته‌دا هاتووه‌ به‌ “تیرۆریست” وه‌سفكردوە و وتویەتی کە لەنزیکترین فرسەتدا دەبێت دادگایی بكرێن.
ئەم هەواڵە لەزۆرێک لەمیدیا عێراقی و کوردیەکاندا بڵاوبۆتەوە، هەرچەندە ناوەکان لەو لیستەدا ئاشکرا نەکراوە و هەروەها حکومەتی هەرێم لەوبارەوە هیچ رونکردنەوەیەکی نەداوە، بەڵام هەواڵەکە لەکەناڵی “روداو”یشەەوە بڵاوکرایەوە! چەند مانگ پێش ئێستاش دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە حکومەتی ئێران بەنیازە ناوی سەرکردەکانی حزبە کوردییەکان بەمەبەستی ڕادەستکردنیان بە ئێران بۆ دادگاییکردن بداتە بەغدا و هەولێر.
داواکردنی ئەو کەسانە بۆ ڕادەستکردنەوە و دادگاییکردنیان لەچوارچێوەی ڕێککەوتنێکدایە کە لە مانگی چواری ئەمساڵ لە نێوان ئێران، عێراق و سوریا، لەژێرناوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لەلایەن کازم غەریب ئابادی، جێگری کاروباری نێودەوڵەتی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، حەسەن شاش، سەرۆکی دادگای باڵای سوریا و لیث جەبر حەمزە، سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی دادوەری عێراق واژۆیان کردوە. هەواڵی ئەو کۆبونەوەیەی نێوان ئەو سێ وڵاتە، لەمانگی چواری ئەمساڵدا لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ووردەکاری دانیشتنەکە نەخراوەتەڕوو.
جمهوری ئیسلامی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە بوونی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان لە هەرێمی کوردستان هەڕەشەی ئاسایشی بۆ سەر ئێران دروست دەکات. ئەو حزبانە بەوە تۆمەتبار دەکات کە چالاکی سەربازی دژی وڵاتەکەی دەکەن، بەو بیانووەوە چەندینجار بنکەکانی ئەو حزبانەی موشەک بارانکردوە لەناوچەکانی سلێمانی، کۆیەو هەولێر. هەروەها لەچەندین ساڵی رابردوودا بەسەدان ئەندامی حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی لەناو شارەکانی هەرێمی کوردستان تیرۆرکردووە.
ئەگەرچی حکومەتی عێراق بەردەوام باسی هاوئاهەنگی ئەمنیی نێوان ووڵاتەکەی و ئێران دەکات، بەڵام هێشتا دیار نیە کە دەربارەی ئەم داوا تازەیەی ئێران چ هەڵوسێتێکی دەبێت، یاخود تا چ ئەندازەیەك دەتوانن فشار بخەنە سەر حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی و تا چ رادەیەك دەسەڵاتدارانی هەرێم دەتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن! بەڵام فشارەکان بۆ تەنگەبەرکردنەوە و رێگری دروستکردن بۆ حزبە کوردیە نەیارەکانی ئێران لە هەرێم بەشێوەی جۆراوجۆر پیادەکراوە. لەساڵی ٢٠١٨ وە جموجۆڵی سیاسی و دەرکەوتنی چەکداری حزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردیەکانی نەک تەنیا لەسەر سنورەکان، بەڵكو لەناو بارەگاو کەمپەکانیاندا مەحدود کردۆتەوەو تا ئاخرینجار لە ١٩ی ئازاری ٢٠٢٣دا لە بەغدا، عێراق و ئێران یاداشتێکی ئاسایشی هاوبەشیان واژۆکرد کە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران واژۆکەیان کرد. یاداشتەکە وا هاتووە کە هاوئاهەنگی لەرووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی لەخۆگرتووە.
کازم غەریب ئابادی لە زمانی ئێرانەوە وتوویەتی ئەم جووڵەیە بەشێکە لە هەوڵێکی بەرفراوانتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ” تیرۆر “! وتوویەتی داوای هاوشێوەی ئەم داوایە لە وڵاتانی دیکەی پەیوەندیدار کراوە. بەڵام ئەم جووڵە تازەیەی ئێران دوای دەورەیەك لە هێرشی مووشەکی و ئاسمانی ئێران دێت بۆسەر بارەگاو کەمپەکانی ئەو حزبانە لە هەرێمی کوردستان و هەروەها بۆ سەر شارەکانی کوردستان بەتایبەتی هەولێر، بەبیانوی لێدان لەگروپە چەکدارەکانی نەیاری خۆی و بنکەو بارەگاکانی ئێسرائیل!
هەر لەساڵی ٢٠٢٣ دا بڕیاری چۆڵکردنی شوێنەکانیان و کۆکردنەوەی هەموو ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی لە کەمپی گەورەدا درا کەلەلایەن حکومەتی عێراقەوە سەرپەرشتی بکرێت. ئەم کارەشیان بە حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان سپاردوە. ئەگەرچی حکومەتی هه‌رێم حزبە دەسەڵاتادرەکانی ناوی نایانەوێ ئاماژە بەو هەوڵانە بکەن و هیچ قسەیەکی لەسەر ناکەن، بەڵام شاراوە نیەو ئێران بەئاشکرا ئەمەی راگەیاندووە. تەنانەت بەرپرسانی حکومەتی ئێران ئەوەش ناشارنەوە کە هێرشەکانیان لەچەند ساڵی رابردوودا بۆسەر بارەگاکانی حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکان لە کوردستانی عێراقدا، لەچوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئاسایشیدا بووە لەگەڵ حکومەتی هەرێم و عێراقدا.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رۆژی ٢٨ی ٨ی ٢٠٠٢٣ لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، عێراق رێککەوتنی لەگەڵ ئێران واژۆ کردووە و تێیدا باس لە رێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران، رادەستکردنی داواکراوان، چەکداماڵین و لابردنی سەربازگەکان کراوە و پابەندبوونی خۆشیانی بۆ جێبەجێکردنی راگەیاندووە. بەدوای ئەودا قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ، رۆژی ٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە هەولێر لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم و لە شاری سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبۆتەوە؛ تووندتۆڵکردنی سنوور یەکێک لە مژارەکانی نێوانیان بووە. ئەمانە لە رۆژی ٦ی ٩ی ٢٠٢٣دا لە ماڵپەڕی روداودا بڵاوکراتەوە. دیارترین خاڵی رێککەوتنەکەش دوورخستنەوەی هێزە کوردیەکانی ئێران بوو لەسەر سنوورەکان و چەکداماڵینیان بوو.
بێگومان توندکردنەوەی فشارەکانی جمهوری ئیسلامی ئێران بۆسەر حزبە کوردیەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە هەرێم، لەلایەکەوە لەچوارچێوەی هەلومەرجێکی سیاسی و ئەمنیی ناوچەیی و جیهانیدا روودەدات کە ئێران ئیحساسی توانایی و دەخالەتی زیاتری خۆی دەکات لەناوچەکەدا و بەتایبەتی لەعێراقدا، کە ئەمریکا بەشێوەیەکی دراماتیکی پاشەکشەی پێکراوە. لەلایەکی دیکەوە، بەسوود وەرگرتن لەو فاکتەرەی یەکەم، دەیەوێ لەڕێگای کۆتاییهێنان بە بوونی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی رژیمەکەی لە کوردستانی عێراقەوە، ئەو دۆخە سیاسیەی بەدوای ناڕەزایەتیەکانی دووساڵ لەمەوبەری ئێران کە دەسەلاتی رژێمی ئیسلامی هەژاندووە، بە قازانجی دەسەڵاتەکەی هێور و دابمرکێنێتەوە، بەتایبەت کە کوردستانی ئێران مەیدانێکی سیاسی گەورەی ناڕەزایەتیەکان و خرۆشانی جەماوەری بەناوی بزوتنەوەی”ژن، ژیان، ئازادی” بوو و فەزای گشتی ناڕەزایەتی دژی رژێمی ئیسلامی بەشێوازی دیکە بەردەوامە کە زیاتر خۆی لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و مانگرتنە کرێکاریەکان و خانەنشینان و مامۆستایان و … تاد. بەرجەستە دەکات!!
داواکردنی لیستێکی سەدوبیست کەسی لەرابەرانی حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکان و توندکرنەوەی ئەم فشارو هێرشانەی ئێران بەدوای هەڵبژاردنی مەسعود پزیشکیاندا دێت، کە بەڵێنی جۆرێك لە “ئاشتبونەوەی گشتی” ڕاگەیاند! هاتە کوردستان و بە زمانی کوردی وتاری دا تە سیمایەکی نوێ لە سیاسەتی تازەی حکومەگتی ئیسلامی نیشان بدات! بەڵام ئەو داوایەی رژێم بۆ ڕادەستکردنەوەی بەرهەڵستکارانی رژێم، بەڵگەیەکی بێگومان لەسەر ئەوەی کە ئەم سەرۆکە بەناو ریفۆرمخوازە، درێژەپێدەری رێگای هەمان سەرۆکی کۆنەپاریز و توندڕەوو مرۆڤکوژی پێشوو، ئیبراهیم رەئیسیە!
کاریگەریەکانی ئەم بڕیارو هێرشانەی جمهوری ئیسلامی ئێران و ئەو رێکەوتنانەی کە لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمدا ئەنجامی داون، تەنیا ئەوە نیە کە ژیانی ئەو ١٢٠ کەسە لەڕابەرانی حزبە سیاسیە کوردەکانی ئێران دەخاتە مەترسیەوە، تەنانەت هەرئەوەش نیە کە ژیانی هەزاران ئەندامی ئەم حزبانە و خێزانەکانیان دەخاتە بەر مەترسیەوە، بەڵکو ژیان و ئەمنیەتی خەڵكی کوردستانیش روبەروی مەترسی دەکاتەوە و دەستی جمهوری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان زیاتر ئاوەڵا دەکات بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتە گڵاوەکانی خۆی و کردنی هەرێمی کوردستان بە مەڵبەندی تەراتێنی هێز و گروپە تیرۆریستیەکانی سەربەخۆی و بۆ مەیدانێکی کێشمەکێش و ململانێی خۆی لەگەڵ نەیارەکانی خۆیدا.
بۆ رێگریکردن لەم پیلان و هێرشانەی رژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران و رێکەوتنی قێزەونی سێقۆڵی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق و ئێران، پێویستە ڕیزی فراوانی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کوردستان و عێراق بەهاوپشتی جیهانی بەرەی ئازادیخواز و کرێکاری و چەپ و سۆشیالیست، بێنەمەیدان و بەشێوازی جۆراوجۆر دژی ئەو پیلانە ناڕەزایەتی جەماوەری فراوان بەرێبخرێت، تا حکومەتی هەرێم و عێراق ناچار بکرێن لەو ڕێکەوتنە شەرماوەرو کۆنەپەرستانەیە بێنەدەرەوەو ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی بۆ سەرجەم هێزو حزبە سیاسیەکانی نیشتەجێی کوردستانی عێراق زامن بکرێ و بەرامبەر بە هەڕەشەکانی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە پارێزراوبن.
تەمموزی ٢٠٢٣




هەڵبژاردنەکانی ئێران و پەیامەکانی!.. نوری بەشیر

جمهوری ئیسلامی ئێران لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆککۆماردا سەخترین دەورانی خۆی بەسەربرد. کێشەکانی خەڵک لەگەڵ دەسەڵاتدا بەڕادەیەکی بەرچاو توندبوونەوە. دەسەڵاتی بۆرژوازی ئیسلامی و سیاسەتی ولایەتی فەقیە ٤٥ ساڵی دەستی لە سەرکوت، راونان، زیندانی، ئەشکەنجە و سێدارە نەپاراستووە. بەرژێمی سەدهەزار زیندان و سێدارە ناسراوە. دڕندانەترین یاسای دژی ژنانی بەڕێوەبردوە و بەرژێمێکی دژە ژن ناسراوە! بەڵام سەربارەی هەموو ئەو وەحشیگەریە نەیتوانی خەڵک بێدەنگ بکات و ناڕەزایەتیەکانیان خەفە بکات. هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتی کۆمار، لەدوای خرۆشانێکی فراوانی جەماوەری دێت کە بە شۆڕشی ژینا ناودەبرێ و تەلاری دەسەڵاتی ئیسلامی لەرزاند! بۆیە سەرباری سەرکوتی وەحشیانەی ئەو خرۆشانە جەماوەریە لەرێگای زیندانیکردنی هەزاران خۆپیشاندەر و کوشتن و لەسێدارەدانی دەیان کەسیان، بەڵام گیانی ئەو ناڕەزایەتی و بەرەنگاریەی خەڵك لە بایکۆتی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریدا خۆی بەشێوەیەکی درەخشاند نواند و خەڵکی ئێران “نا” یەکی گەورەیان لە ناوچەوانی ئەو رژێمە دڕندەیە دا! “نا”یەکی گەورە بەدەسەڵاتی ولایەتی فەقیەو سوپای پاسداران و هەموو دەسەڵات و باڵە جیاوازەکانی بۆرژوازی ئیسلامی ئێران، لە ریفۆرمخواز و میانەڕەو و توندڕەویانەوە!
تاقیکردنەوەی ئەمجارەی هەڵبژاردن سەرباری هاتوهاوار و پروپاگەندەی هەموو باڵەکانی بۆرژوازی ئێران و میدیاکانیان بۆ هەڵبژاردن و هاندانی خەڵك بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەدەوری یەکەمدا لەلایەن خودی ڕاگەیاندنەکانی رژێمی ئیسلامیەوە بە رێژەی٤٠٪ ی ژمارەی دەنگدەران راگەیەنرا، ئەگەرچی چاودێرانی سیاسی لە ناوخۆی ئێران و بەشێک لەمیدیای جیهانی، بەکەمتر لە٣٠٪ مەزەندەیان کرد! ئەوە وایکرد کە سەرانی رژێمی ئیسلامی ترسیان لێبنیشێت و خودی خامنەئی لەخەڵك بپاڕێتەوە کە بەشداری هەڵبژردن بکەن، گوایە حکومەت دەبێ خەڵك هەڵیبژێرێت و ئەگەر خەڵك بەشداری نەکەن ئەوا ئەوکارە ناکرێ! سەرەنجام لەجەولەی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا، بە رێنمایی علی خامنەئی رابەری باڵای رژێم، لەنێوان دوو بەربژێری سەرۆکۆماردا، مەسعود پزیشكیان وەک باڵی ریفۆرمخواز و سەعید جەلیلی وەک باڵی توندڕەو، لەرێگای منازەرەی تەلەفزیۆنیەوە هەوڵیاندا کەشوهەوای هەڵبژاردن گەرم بکەن، وا نیشان بدەن کە ئەگەر دەنگ بدرێ بە مەسعود پزیشکیان، ئەگەری ئەوە هەیە کە گۆڕانکاری لەزۆر پرسی گرنگی ژیان و گوزەران و تەنانەت مافە سیاسیەکانی خەڵکدا رووبدات، ئەوە سەرەڕای ئەگەری کرانەوە بەڕووی رۆژاواو ئەمریکاو ئومیدی کەمکرنەوەی فشارە ئابوریەکان لەسەر خەڵکی ئێران کە بەهۆی گەمارۆی ئابوری ئەمریکاوە، ژیانی خەڵکی ئێرانی بەرەو وێرانی و هەژاری رەها بردوە. بەوجۆرە هەوڵیان دا لە جەرگەی توندکردنەوەی پڕوپاگەندەی نێوان باڵی ریفۆرمخواز و باڵی توندڕەودا، بتوانن بەشێکی زیاتر لە خەڵك ڕابکێشنە ناو گاڵتەجاری هەڵبژاردنەکەیانەوە.
ئەوەبوو پزیشکیان رەخنەی لە جیاوازی و نایەکسانی نێوان ژیانی بەرپرسانی رژێمەکەی و خەڵك دەگرت، باسی نەرمکردنەوەی رێگریەکان لەسەر پۆشینی حیجابی زۆرەملێ دەکرد. بۆ نیشاندانی نیازپاکی رژێمەکەی و ئاشتکردنەوەی لەگەڵ خەڵکی کوردستان، پزیشکیانیان ڕەوانەی کوردستان کرد تا بەزمانی کوردی وتاربدات و بۆ جوڵاندنی هەستی خەڵک بڵێت بژی کوردستان! باسی ئەوەی دەکرد کە دەستی ئاشتی بۆ هەموان درێژدەکات، چ لەناو خۆی وڵات و چ لەدەرەوە! بەوجۆرە ئەوە نیشان بدات کە ئەگەری شلکردنەوەی کۆتو بەندە سەرکوتگەریەکانی رژێم دژ بە خەڵك کەمتر بکاتەوەو تەنانەت دەرگا بۆ گەڕانەوەی نەیارانی سیاسی رژێمەکەی بکاتەوە و تاد… بەوجۆرە سەرەنجام، لەتاریکستانی رژێمی ئیسلامیدا، توانییان رێژەیەکی دیکەی خەڵك بەو ئومێدەی کە بەقەدەر سەردەرزیەك گۆڕانکاری بکرێ و بەشێکی یەجگار کەمیش لەو بەڵێنانە جێبەجێ بکەن، بەشداری پێبکەن! بەتایبەتی کە ئێستا رژێمی ئیسلامی پێویستی بەوجۆرە لە پروپاگەندە و هەنگاونان هەیە، چونکە رژێمەکەی لەوە زیاتر ناتوانێ بەشێوازی کۆن بەرگە بگرێ و رووبەڕووی ئەو هەموو قەیرانە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و حکومەتیە ببێتەوە.
ئەم باڵانەی جهموری ئیسلامی ناکۆکیەکانیان لەسەر ئەوەیە رێگاکانیان بۆ رزگارکردنی دەسەڵاتە لەو قەیرانە قوڵەی کەیەخەی بەهەموو دەسەڵاتی بۆرژوازی گرتووە، ئەوەی کە دەیانەوێت خۆشخەیاڵی لەناوخۆی ئێران و ئاستی دنیادا دروستبکەن، بەوەی کە پزیشکیان ریفۆرمخوازەو ریفۆرم و ئاڵوگۆڕ، لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەدا دەکات، شتێك نیە بێجگە لە ئەرکێکی نوێی ڕابەری باڵای رژێمەکەی لە هەلومەرجی سیاسی و ئابوری ئێستای ئێراندا، کە ئامانجی راگرتن و پاراستنی رژێمی ئیسلامی لەدەستی توڕەیی و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و لاوان و ژنانی ستەملێکراوو بێمافکراوی ئێران!
گومان لەوەدا نیە کە دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی ریفۆرمی بنچینەیی کە ژیانی خەڵك باشبکات هەڵناگرێت، ئەوەی پزیشکیان وەک سەرۆککۆمار بەبێ ئاگاداری و رێگەپێدانی خامنەئی هیچ ئاڵوگۆڕێک، چەندە بچوکیش بێت ناتوانێت دەستی بۆ ببات، چونکە ئەوەی هەمەکارەیە لە رژێمی ئیسلامی ئێراندا، خامنەئیە نەك حکومەت و سەرۆککۆمار. خامنەئی ڕابەری رژێمی ئیسلامیە، کە هەموو دەزگاکانی رژێم بە حکومەت و سوپای پاسداران و ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندیی نیزام و ..تاد. دەستنیشان دەکات.
رژێمی ئیسلامی تووشی قەیرانێکی کەمەرشکێنی ئابوری هاتووە کە ناڕەزایەتی فراوانی کرێکار و زەحمەتکێشی بەرەوڕوو کردونەتەوەو رۆژانە یەخەی دەسەڵاتەکەیان دەگیرێت لەناوخۆی ئێراندا. پایەی رژێمەکەی لەسەر ئاستی ناوخۆ لەسەر بنەمای سەرکوت و کوشتار و زیندانی و سێدارە دامەزراوە، لەسەر بنەمای سەرکوتی هەر جۆرە مافێکی سەرەتایی مرۆڤ دامەزراوە، لەسەر بنەمای سەپاندنی حجابی زۆرەملێ دامەرزاوە، کە سادەترین کرانەوەو ریفۆرمی سیاسی و ئابوری و کەلتوری و فەرهەنگی، پایەی رژێمەکە لەقتردەکات. لەسەر ئاستی ناوچەکەش دەستی بەچەند هێزی ئیسلامی تیرۆریستی نۆکەری خۆیەوە گرتووە کە بەشێکن لە نائارامی و سەپاندنی ئاژاوەگێڕی و بێمافی و کۆنەپەرستی لەناوچەکەدا، لەوانە حوسیەکان، فاتمیەکان، میلیشیا چەکدارەکانی عێراق، حزبوڵای لوبنان و تاد. ئەمانە بەشێكن لە پایەکانی ڕاگرتنی دەسەڵاتی ئەم رژێمە هارەی ئیسلامی سەرمایە و نفوزی لەناوچەکەدا، بۆیە ناتوانێ دەستبەرداری ئەمانە بێت، بۆئەوەی دەستی ئاشتی و دۆستایەتی بۆ ناوچەکە درێژبکات! هەروەها لەگەڵ ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاوادا کێشەی چەکی ناوەکی و فشارەکانی گەمارۆی ئابووری رووبەڕووە، ئەو فایلەش فایلێکی پێچیدەیەو پێناچێت بەو زووانە بەجێگایەك بگات کە فشارە ئابوریەکان و گەمارۆی ئەمریکا لەسەر ئێران لابەرێت! هەموو ئەمانە ئەو گرێوگۆڵ و رێگریانەن کەرووبەرووی ئەو بانگەشەیەی رژیم دەبێتەوە بۆ کرانەوەو درێژکردنی دەستی دۆستایەتی بۆ هەمووان!
بەڵام سەرەڕای ئەوانەی باسکران، رژێم ناچارە و دەبێت بەدوای ئەم هەڵبژاردنانەدا لەئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا هەندێ هەنگاوی بە ئاقاری هێورکردنەوەی فشارەکان لەسەر رژێمەکەی هەڵگرێت، چونکە بوار بۆئەوە نەماوەتەوە کە رژێم بەوشێوەیەی تائێستا ئەنجامی داوە، درێژە بە دەسەلاتی بدات، بۆیە دەستی بۆ گوایە باڵی ریفحۆرمخواز بردوە، تا وەکو رەخنەگرێکی شێوازی حکومڕانی پێشوو دەربکەوێ و دەرگایەك بۆ خودی رژێمی ئیسلامی بکاتەوە تا پاشەکشەیەکی شەرمنانە بەرامبەر بە خەڵک بکات.
بەڵام ئاستی پاشەکشەی جمهوری ئیسلامی بەدوای هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، بەندە بە هەموو ئەو ناڕەزایەتیانەیە کە سەراپای کۆمەڵگای ئێرانی داگیرکردووە، بەتایبەت لە سەروی هەموویانەوە ناڕەزایەتی کرێکارانی بەشەجۆراجۆرەکانی ئێران و ناڕەزایەتیەکانی ژنان، کە رۆژانەییەو یەخەی ئەم رژێمەی بەردەوام گرتووە، ئیتر ئەم ناڕەزایەتیانەیە کە بڕیاردەدات تا چەندە خامنەیی و رابەری دەسەڵات لەئێراندا، بواردەکەنەوە تا پزیشکیان، ئەوەی بۆی دیاریکراوە لە کرانەوە بەرووی هەمواندا جێبەجێ بکات!

تەمووزی ٢٠٢٤
نوری بەشیر




گرژیەکانی نێوان حکومەتی ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان بەرەوکوێ؟.. نوری بەشیر

بەپێی بڕیارێک کە ئەنجومەنی سیاسی حکومەتی ناتانیاهۆ داوێتی بۆ شەڕ لەدژی حزبوڵای لوبنان، هەروەها بەپێی وەڵام و قسەکانی حەسەن نەسروڵا بۆ ئامادەیی شەڕ، هەروەها هەر بەپێی راگەیاندنەکانی میدیا و سیاسەتمەدارە گوێ لەمستە بۆرژوازیەکان و لایەنگرانی هەردوو بەرەکە لە حکومەتان و حزبە ملیشیاکان، دەبێت جەنگێکی ترسناک کە پڕە لە کوشتارو کاولکاری لەدرێژەی ئەوەی لە غەززە تا ئێستا بەردەوامە، رووبدات.
گرژیەکانی تائێستای نێوان هەردوولای کۆنەپەرست و دژی ئینسانی حکومەتی ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان ئەگەرچی لە ٨ی ئۆگەستی ساڵی پارەوە بەدوای هێرشەکانی حکومەتی نەتەنیاهۆ بۆ غەززە بەردەوامە، بۆتەهۆی ماڵوێرانی و کوشتارو ئاوارەبوونی خەڵکی باشوری لوبنان و باکوری ئیسرائیل کە نزیکەی دووسەد هەزار کەس شوێن و جێگای خۆیان بەجێهێشتووەو ئاوارەی ئۆردوگاکان بوون، بە هەزاران کەس لە خەڵکی مەدەنی هەردوولا جیا لە هێزە میلیشیاکانی حزبوڵاو حکومەتی ئیسرائیل کوژراو و برینداربوون، بەڵام لە دوو هەفتەی رابردووردا کێشەکان پێیناوەتە دەوریەکی نوێیوە. دیارە ئیسرائیل زۆر لەمەزیاتری پێویستە کە لە کۆمەڵکوژی غەززەدا روویداوەو دەیەوێت کە بەردەوامبێت.
ئەم ئامادەکاریەی نەتەنیاهۆ بۆ بەرزبوونەوەی گرژیەکان و بەپێی هەواڵەکانی هەموو میدیاکان بۆ ئاستی شەڕێک لەناوچەکەدا ملدەنێت. ئەگەرچی کارێکی ئاوا لەهەلومەرجێکدایە کە نەتەنیاهۆ لە هەشت مانگی رابردوودا لە هێرشەکانی بۆسەر غەززە، ویستوویەتی چوارچێوەی هێرشەکانی بۆ ناوچەکە فراوانبکاتەوە، کە ئەمە پێداویستیەکی حکومەتی ئیسرائیل بووە، لەگەڵ هەموو ئاستەنگیەک و شکستێک کەبەرەوڕووی بۆتەوە، لەگەڵ هەموو ئاگادارکردنەوەیەک لەلایەن دۆستەکانیەوە لە وڵاتانی ئەوروپاو بەتایبەت ئەمریکاوە، لەگەڵ هەموو ئەو ناڕەزایەتیە جیهانیەی بەرەی ئازادیخوازو چەپدا لە ئاستی دنیاو ناوەوەی ئیسرائیلدا، لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتی و دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا، بەڵام وەک پێداویستیەکی حکومەتەکەی و مانەوەی دەسەڵاتەکەی بەردەوامبوونی کێشمەکێش و بارگرژی و جەنگ وەکو رێگای دەربازبوون تەماشا دەکات.
لەگەڵ ئەو هەموو هەوڵە جیهانیەدا بۆ وەستانی ئاگربەست و تا دەگاتە بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بۆ بەڕەسمیەت ناسینی دەوڵەتی فەلەستین، بەڵام تاکو ئێستا هێرشەکانی بۆسەر غەززەو رەفەح نەوەستاندوەو تەنیا چەند رۆژ لەمەوبەر و لەیەک رۆژدا ٦٠ کەس کوژارو و زیاتر لەسەدان کەس بریندارن زیان لە هێزەکانی ئەنروا -دەزگای فریاگوزاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین کەوتوە. ئەگەرچی نەتەنیاهۆ بۆمانەوەی دەسەڵاتەکەی پێویستی بە شەڕ هەیە، تا نائارامی لەناوچەکەدا زیاتر بێت، بۆلابردنی زەینی دنیا لەسەر کۆمەڵکوژی و هێرشەکانی بۆسەر فەلەستین، ئەگەرچی کێشەکانی لەگەڵ حزبوڵا کۆنترن و هەردوولا بۆ هەیمەنەو دەسەڵاتیان لەناوچەکەدا هەوڵدەدەن، بەڵام لەبەرامبەر هەلومەرجی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییدا هاوپەیمانانی هەردوولای هاوکێشەکە لەو گرژیەیەی دروستیان کردوە بۆ ئاستی شەڕێکی فراوان شتێکی تر دەڵێت.
هاوپەیمانانی حکومەتی نەتەنیاهۆ لە ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا، کە تێوەگلاون لەکێشەیەکی گەورە، بەپێچەوانەی خواستی نەتەنیاهۆ بەرژەوەندیان لە درێژەی ئەو گرژیانەدا بۆئاستی شەڕ لەگەڵ حزبوڵا نیە، ئەوان و ناتۆکەیان ئێستا لە شەڕێکی سەختدان لەگەڵ روسیادا کە مەیدانەکەی ئۆکرانیایە، کە رۆژانە لە پاشەکشەدان، دەیانەوێت هیچ بەرەیەکی تریان بۆ دروست نەبێت، تائەوەی بەشێوەیەک لەژێر باری ئەو کێشەیەدا دەردەچن. ئەوەندەی بە ناوچەکە دەگەڕێتەوە کە خۆی بەهۆی بەردەوامی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، نائارامیەکی فراوانی تێدا دروستکردوە، نەک تەنیا بۆ کەشتیە بارهەڵگرو بازرگانیەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان، لە دەریای سورو کەنداوی عەرەبیدا، بەڵکو هەموو هەلومەرجەکە بۆ هەموو حکومەتانی ناوچەکە نائارامە کە سەرمایەی خۆیانی تێدا بەگەڕ بخەن، بۆیە بە پێچەوانەوە هەلومەجێکی ئارامیان دەوێت.
تا بەناوخۆی ئیسرائیل و لوبنان دەگەڕێتەوە، حکومەتی نەتەنیاهۆ بەجیا لەناڕەزایەتیە جیهانی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، رووبەڕووی ناڕەزایەتی ناوخۆی جەماوەری و ئۆپۆزیسیۆن بۆتەوە، کە رۆژی شەممە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بەدژی حکومەتی نەتەنیاهۆ نزیکەی سەدوپەنجا هەزار کەس لە تەلئەبیب خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیان ئەنجامداو داواکاری؛ وەستانی هێرشەکانی سەر غەززە و ئاگربەست، ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان و داوای دەستبەجێ هەڵبژاردن و رۆشتنی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتەنیاهۆیان کردووە.
تا بە حزبوڵاش دەگەڕێتەوە وەک هێزێکی شیعەگەرای میلیشیایی کۆنەپەرست، لەخوارووی لوبناندا هێزی خۆی زاڵكردوە. حکومەتی لوبنان کە خۆی چەندین ساڵە دەرگیری قەیرانێکی قوڵە بەهیچ شێوەیەک بەرژەوەندی لە شەڕدا نیە، واتە گرژی و چونە شەڕی حزبوڵا لەگەڵ ئیسرائیل بەمانای هەموو خەڵكی لوبنان ناکات.
گرژیەکان بەشێوەی ئیستا و تا ئەوەی بەرەو ئاستی شەڕ کە ئیسرائیل دەیەوێت، بروات، قوربانیەکانی خەڵکی مەدەنیە، کە ریزی ملیۆی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی ئازادیخوازو مرۆڤدۆست و چەپ لە جیهاندا بەدژی هەردوو بەرەکە و هاوپەیمانەکانیان دەوەستنەوە کە کاولکاری و کۆمەڵکوژیەکی تریان قبوڵ نیە.
٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤




ئیسرائیل و دادگای نێودەوڵەتی!.. نوری بەشیر

رۆژی دووشەممە ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٤ داواکاری گشتی لە دادگای تاوانی نێودەڵەتی لە لاهای داوای دەستگیرکردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یۆواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و چەند سەرکردەی حەماس لەوانە؛ یەحیا سینوار سەرۆکی حەماس لەغەززە، ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس و محەممەد مەسری سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی حەماس بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، خستۆتە بەردەم دادگاکە.
ئەم هەنگاوەی داواکاری گشتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەکان دوای سکاڵاکەی ئەفریقای باشور دێت کە لە مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵدا لەسەر کۆمەڵكوژی ئیسرائیل خستیە بەردەم دادگای دادی نێودەوڵەتی و دوبارەش ئەفریقای باشوور داوای ئاگربەستی “دەستبەجێ” و ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ئیسرائیل کرد. رۆژی٢٣ی ئایار واتە سێ رۆژ بەدوای داواکەی داواکاری گشتی لەسەر ئەم داوایەی ئەفریقای باشور، دادگای دادی نێودەوڵەتی کە باڵاترین دەزگای دادوەرییە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە داواکاریەکەی ئەفریقای باشور دەخاتە بەردەم نزیکترین دانیشتنی دادگاکە. کەریم خان رایگەیاند، بەدوای حەوت مانگ لە دۆخی فەلەستین و ئیسرائیل، بەڵگەی کافی لەبەردەستە کە حەماس و ئیسرائیل تاوانی دژی مرۆڤایەتییان ئەنجامداوە.
بۆئەوەی ئەم داوایەی داواکاری گشتی بڕیاری لەسەر بدرێت، دەبێت زۆربەی ئەو وڵاتانەی ئەندامی دادگاکەن کە ١٢٤ ووڵاتن، رەزامەندی لەسەر بدەن. لەئەگەری قبوڵکردنی ئەم داوایەو دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەرانی حکومەتی ئیسرائیل، سەرکەوتنێکی گەورە بۆ پرسی فەلەستین و ناساندنی سەرانی حکومەتی ئیسرائیل وەکو تاوانبارانی جەنگ، تۆمار دەکرێت، کە دەتوانێ کێشەی فەلەستین هەرچی زیاتر نزیك بکاتەوە لە چارەسەر. هەر ئەوەی کە سێ دەوڵەتی ئەوروپایی( ئیسپانیا، ئیرلەنداو نەرویج) دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن و فەرەنسا ڕادەگەیەنێ کە دان نان بە دەوڵەتی فەلەستیندا قەدەغە نیە بەڵام هێشتا کاتی نەهاتوە، دەتوانێ ئاماژەیەك بێت بۆ دروستیی ئەو ئەو لێکدانەوەیە. ئەگەریش ئەو بڕیارە رێگری لێبکرێ، بەڵام تەنها ئەوەی کە بابەتی تاوانباربوونی سەرانی پلە یەکی حکومەتی ئیسرائیلی دۆستی هەڵبژاردەی ئەمریکاو رۆژاوا، چووتە سەر مێزی دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی کە لە بنەڕەدا دەزگایەکە بەدەستی ئەمریکاو ووڵاتانی بۆرژوازی رۆژاواوە، دیسانەوە ئەوەش سەرکەوتنێکە بۆ مەسەلەی فەلەستین و هاوکات سەرکەوتنێکی بەرەی ئازدیخوازی جیهانیە کە چەند مانگە شەقامەکانی ووڵاتانی رۆژاواو ئەمریکای کردۆتە مەیدانی بەرگری لە خەڵکی فەلەستین و دژ بە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی ئیسرائیل دژی خەڵکی فەلەستین.
هەڵبەتە ئەم داوایەی داواکاری گشتی دادگای تاوانەکان تەنها ناتانیاهۆو حکومەتەکەی توڕە نەکردوە، بەڵکو سەرانی حکومەتی ئەمریکاشی توڕە کردوە، بۆیە واشنتۆن تاوتوێی سەپاندنی سزا بەسەر دادگای نێودەوڵەتیدا دەکات بەهۆی پێشنیاری فەرمانی دەستگیرکردن لەدژی بەرپرسانی ئیسرائیلی! ئەوەبوو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لەگەڵ یاسادانەرانی ئەمریکا گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا.
ئەم هەنگاوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەرهەمی ئەو فشارە جیهانیەیە کە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، بێپسانەوەو ماندووبوون، یەخەی دەوڵەتان و حکومەتە بۆرژواییەکانی گرت و دژی کۆمەڵکوژی ئیسرائیل و بۆ خواستی ئاگربەستی دەستبەجێ و بەرگری لە خەڵکی غەززە و پرسی فەلەستین هاتنە مەیدان. بەرهەمی دەنگی ناڕەزایەتی ئەو ملیۆنەها ئینسانە بوو کە تەنها مرۆڤایەتی و بەها مرۆییەکان دەیجوڵاندن، لە هەموو گۆشەیەکی زەویەوە و بگرە لەناو خودی ئیسرائیلەوە، بەرگرییان لە خەڵکی فەلەستین دەکردو دژی شەڕ و کاولکاری و کۆمەڵکوژی ئیسرائلی لە غەززە لە شەقامەکان، زانکۆکان، کارگاو ناوەندکانی کار و لە بەندەرەکانەوە رۆژانە و هەفتانە بێدەنگ نەبوون، داوای ئاگربەستی دەستبەجێیان دەکردو بەرهەمی ئامادەنەبوونی کرێکارانی بەندەرەکانی ووڵاتانی رۆژاوا بوو بۆ بارکردنی چەك بۆ ئیسرائیل!
هەربۆیە ئەم هەنگاوەی داواکاری گشتی و ئەو ناڕەزایەتیە جیهانیەی کە ماوەی چەند مانگە بەردەوامەو بەردەوام فراوانتر دەبێتەوە، جێگای ئومێدە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی جدی ترو عەمەلی تر بۆ کۆتایهێنان بە کۆمەڵكوژیەک کە لە فەلەستین ئەنجامدەرێت و پەیداکردنی رێگاچارەی یەکجاری بۆ رێگرتن لە دووبارەنەبوونەوەی ئەو هەموو کارەساتانەی کە لە فەلەستیندا ڕوودەدات و رزگارکردنی خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل لەم کوشتار و شەڕ و نائارامیەی کە بەهۆی چارەسەر نەبوونی کێشەی فەلەستینەوە گیرۆدەی بوون!
هەڵبەتە داواکەی داواکاری گشتی بۆ دادگاییکردنی سەرانی حەماس لەپاڵ سەرانی حکومەتی ڕاستڕەو و تاوانباری ئیسرائیلدا، نیشانەی ئەوەیە کە داواکاری گشتی دەیەوێ جۆرێك لە هاوسەنگی ڕابگرێت لەنێوان تاوانەکانی ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسدا! ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەو خاسیەتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، کە لەڕاستیدا دادگایەکی سەربەخۆ نیە، بەڵکو روخسارێکی یاسایی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانی ناتۆیە، بەرامبەر بە نەیارەکانی ئەوان. گومان لەوەدا نیە کە حەماس هێزێکی ئیسلامی تیرۆریستە، ئەگەرچی وەکو بەرگریکاری پرسی فەلەستین و بەرەنگاری داگیرکاری ئیسرائیل خۆی نمایش دەکات و لە نەبوونی هێزێکی ڕادیکاڵی شۆڕشگێڕی بەرەنگار دژ بە داگیرکاری ئیسرائیل، بەجۆڕێك لەلایەن بەشێکی خەڵکی فەلەستینەوە بەوجۆرە تەماشادەکرێ، هەروەها تاوانی کوشتار و بە دیلگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل ئەنجام داوە، بەڵام ناکرێ ئەو تاوانە بەراورد بکرێ لەگەڵ تاوانێکی کۆمەڵکوژی و جینۆساید و کاولکردنی سەدان هەزار بیناو ماڵوحاڵی خەڵك و ئاوارەکردنی سەرجەم هاوڵاتیانی غەززەو وێرانکردنی سیستماتیکی خەستەخانەو خوێندنگاو بڕینی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە و خۆراك و کارەباو… لە هاوڵاتیانی غەززە!
لەکۆتاییدا ئەم هەنگاوەی داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و ئەفریقای باشور بۆ ئاگربەست و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ نەتەنیاهۆو وەزیری بەرگریەکەی و هەروەها داننانی سێ دەوڵەتی ئەوروپی بە دەوڵەتی فەلەستیندا هەنگاوێکی ڕوولەپێشەو دەتوانێ سنورێك بۆ دەسەڵاتی بێڕکابەری ئەمریکاو دەوڵەتانی ناتۆ بەسەر ئەو دادگایەدا دابنێ نەك تەنها ئامێرێکی یاسایی بێت بە دەست ئەمریکاو رۆژاواوە بۆ تەسفیە حسابی سیاسی لەگەڵ نەیارەکانی خۆیان، هەروەکو دەرفەتێك دەکاتەوە بۆئەوەی ئەو دەوڵەت و لایەنانەی دژی خەڵکی خۆیان یان ووڵاتانی دیکە تاوان و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی ببنەوە، لەهەمانکاتدا پرسی فەلەستینیش لەچارەسەر نزیك دەکاتەوە!

٢٤ی ئایاری ٢٠٢٤




شوراکان وەرچەرخانێکی نوێ لەمێژووی بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری لە کوردستان!.. نوری بەشیر

دوای ٣٣ ساڵ، باسی شوراکان زەرورەت و تایبەمەندی خۆی هەیە، چ لەباری سیاسی و چ لەباری کۆمەڵایەتیەوە، شوراکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەورەیەکە ئەگەرچی کورتخایەن، بەڵام تا ئێستاش لەژیانی خەڵكی کوردستاندا بەشانازیەوە پەنجەی بۆ رادەکێشرێت. ئەگەرچی لەم ماوەیەدا دنیا هێندەی سەدەیەک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەتایبەتی کۆتایی بەدەورەیەک هات کە ئەمریکا دەوری تاکجەمسەری دەبینی، بۆ دنیایەکی چەندجەمسەری، چ ئەوکات و چ ئێستاش دنیا لەژێر سایەی دەسەڵاتی سەرمایەداری و حکومەت و حزبەکانی چینی بۆرژوازیدا دەچەرخێت، چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش، ژنان، منداڵان و لاوان، قوربانیەکانی ئەو سیاسەت و سیستەمەیە کە زەرورەتی بۆ مرۆڤایەتی نەماوە، هەربۆیە باسی شورا وەک شێوەیەکی رێکخرابوونی بزوتنەوەیەکی چینایەتی چینێکی کۆمەڵاتی لەدەرەوەی چینی بۆرژوازی و هێزەکانی جێگای پێداگریە.

 بۆرژوا ناسیونالیستی کوردو حزبەکانی، لەهەردوو دەورەکەدا، لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتە دژی ئینسانیانەی سەرمایەداری و شەڕوکوشتارو کاولکاریەکانیدا، بەتایبەت لەدەوری سیاسەتی ئەمریکادا خۆیان گرێداوە، هەموو دنیاش سیاسەتی ئەمریکایان لەم سێ دەیەدا بینیوە کە دەستیان خستبێتە هەر شوێنێکی دنیا، ئەوە ماڵوێرانی و برسێتی و کۆنەپەرستی و سەرکوت و دەسەڵاتی میلیشیا چارەنوسیان بووە، ئەفغانستان، عێراق، سوریا، کوردستان نموونەیەکی زیندووە و لەبەرچاوی هەموواندایە.

هەربۆیە لەم ماوەی زیاتر لەسێ دەیەدا ناسیونالیزمی کورد بەڵایەکیان بەسەر خەڵكی کوردستاندا هێناوە کە زۆربەی کۆمەڵگە بەخوێن و گۆشتی خۆیان تەجروبەیان کردوە، ئەوەی رژێمی بەعسی سەرمایە نەیتوانی تەواوی بکات ئەمان کردیان، کۆمەڵگەی کوردستانیان لەهەلومەرجێکدا راگرتووە بۆئەوەی بتوانن دەسەڵاتی نەگریسی خۆیان بەردەوام تازەبکەنەوەو بسەپێنن؛ هێندە حزب و گوێ لەمستی خۆیان دروستکردوە، هێندە بیروبۆچونی دواکەوتوانەیان سەپاندووە، هێندە رۆشنبیری قەڵەم فرۆش و بندیوارو دزو مافیایان دروستکردوە، هێندە بوونەتە نۆکەری وڵاتانی دراوسێ، هێندە ژنانیان کوشت، هێندە رۆژنامەنوس و کۆمۆنیستەکانیان کوشت، بەوەش کارنامەی خۆیان کردووەتە فەزایەکی زاڵی کۆمەڵگە، کە خەڵكیان بێئیرادە کردوە کە نەتوانێت رێگای خۆی بدۆزێتەوە، تەنیا بۆئەوەی دەسەڵاتی خۆیان لەسەرەوە بمێنێت، کە لەدوای ڕاپەڕینەوە لە شاخ و سنورەکانی ئێران هاتن و شوراکانیان سەرکوت کرد، بۆئەوەی ئەم رۆژە دروستبکەن و چارەنوسی کۆمەڵگە لەدەستی خۆیاندا بێت و دەوری جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش ئەوەندەبێت کە لەخزمەتی خۆیان و دەسەڵاتەکەیاندا بێت.

لێرەوەیەو دوای ئەم هەموو ساڵە گرنگی شوراکانی ساڵی ١٩٩١ بۆجارێکی کە زەرورەتی خۆی دەردەخات، ئەویش رێکخراوبوونی خەڵکە لە خوارەوەی کۆمەڵگە، مەسەلەی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشە. شوراکان دەستیان بۆ ئەوە برد، کرێکاران رێکخراوبوون لە کارگەکاندا و دەستیان برد بۆ بەڕێوەبردنی کارگەکان لەلایەن خۆیانەوەو رێگریان لە مودیرە کۆنەبەعسیەکان کرد بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان، بۆ ئەمەش دەرگای کارگەکانیان بەڕوویاندا داخست، بەڵام بەرەی کوردستانی و حزبەکانی کوردایەتی هەموو مودیرو بەعسیە کۆنەکانیان دانایەوە، هەموو موستەشارو سەرۆک عەشرەتەکان و سەرمایەدارەکانیان کۆکردەوە لەدەوری خۆیان و وەرقەی بەرەیان دا بەهەموویان کە پارێزراوبن. جەماوەری زەحمەتکێش لەگەڕەکاندا لە؛ کارمەندان و ژنان و لاوان، کۆبوونەوەی گشتی گەڕەکەکانیان ئەنجامداو شوراکانی خۆیان دروستکرد و نوێنەرانیان هەڵبژاردو بەرنامەو کاری بەڕێوەبردنی کارو پێداویستیەکانیان لە کۆبوونەوە گشتیەکانی خۆیاندا دیاریکرد. شورای سەراسەی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش بەرنامەی شوراکانیان خستەبەردەم کۆمەڵگە و دروشمی؛’هەموو دەسەڵاتێک بۆ شوراکان’ سەرتاسەری کوردستانی گرتەوە؛ یەکسانی ژنان و پیاوان، جیایی دین لەدەوڵەت، ئاسایشی خەڵکی، دابەشکردنی داهاتی کۆمەڵگە بەیەکسانی، چەکدارکردنی خەڵك لەشوراکاندا، بەشێک بوو لەبەرنامەی شوراکان. ئەم کارانەو بانگەوازی شوراکان وەک؛ هەورە بروسکەو دیاردەیەکی گەورەو زیندو خەڵکی لەدەوری شوراکان کۆکردەوە، شوراکان وەك ئەلتەرناتیفێکی نوێی چینایەتی و سۆسیالیستی چینی کرێکارو بێىەشانی کۆمەڵگە سەری دەرهێنا و بەشێکی بەرچاوی خەڵکی کوردستان لەدەوریان کۆبونەوە، ئامادەیی هەزاران کەسی لە شوراکان و ریزی دەیان هەزاری لەیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا بزووتنەوەی ناسیونالیستی خستە لایەک و لەولاوە هێزو بزوتنەوەیەکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەری دەرهێنا، ئەویش بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بە بەرنامەو ئەلتەرناتیفی چینی کرێكارەوە.

کۆمۆنسیتەکان و چەپەکان بۆئەوە دەستیان برد بۆ شوراکان و هاتنەمەیدان، بۆئەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی ژێرەو ژوورکەن، بۆیە نەگەڕانەوەی رژێمی بەعس یەکێک لە خۆئامادەکردنەکان و چەکدارکردنی خەڵك بوو لەشوراکاندا، کۆمۆنیستەکان و چەپەکان شەو و رۆژ لەشوراکاندا وا کاریان دەکرد، واتدەزانی کە  دەرس و تەجروبەیان بەزیندووی لە کۆمۆنارەکانی پاریس وەرگرتووە کە دروشمی؛ سەرمایەدار چەک دانێ لەشولارت ناتوانێ، هەر کرێکار دەتوانێ دنیایەکی نوێ دانێ، شوراکان وا هاتنەمەیدان کە بۆرژوا ناسیونالیزمی کورد نابێت دەسەڵات بگرێتەدەست، لەبەرئەوەی ئەوەیان لەبەرچاوبوو کە ئەگەر ئەوان دەسەڵاتداربن ئەمڕۆژە بەسەر خەڵكی کوردستاندا دێنن کە ئێستا هەیە، شوراکان هەر بۆئەوەش هاتنەمەیدان، کەژیانێکی نوێ بۆ جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش لەکۆمەڵگەدا دامەزرێت، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد بۆ هەمیشە لە ساحەکە دەرکرێت.

ئێستا کەیادی شوارکان دەکەینەوە، سەرەتای ساڵێکە کە ناسیونالیزمی کورد لەهەموو کاتێک زیاتر رسواترو نەفرەتلێکراوە لەلایەن خەڵكی کوردستانەوەو کەوتونەتە بەردەم ناڕەزایەتی بەرفراوان و رۆژانەی جەماوەر، بەڵام ئەم نەفرەتەو ئەم ناڕەزایاتیانەی ئەمڕۆ کافی نیە، بەڵكو رێکخراوبوونی دەوێت لەخوارەوە، کرێکاران لە شوێنی کاریاندا، جەماوەری زەحمەتکێش لە گەڕەکەکاندا رێکخراوبن، نوێنەرانی هەمووشیان لە رێکخراوی سەراسەریدا کۆببنەوە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، ئەمە خەون و خەیاڵ نیەو شوراکانی روسیا ئەمەیان کرد، بەڵام رێکخرابوون بە وشیاری چینایەتی و کۆمۆنیستی.

کەواتە دەتوانین بڵێین ئەو بزوتنەوە شوراییە و شوراکان، وەرچەرخانێکی چینایەتی مەزن بوو لە مێژووی کوردستاندا، کە کۆمۆنیستەکان و کرێکاران و جەماوەری ئازادیخواز لەساحەی سیاسیدا لەدەرەوەی سیاسەت و کارنامەی حزبەکانی ناسیونالیستیدا خۆیان رێکخراو کردو بە ئەلتەرناتیفی چینایەتی کرێکاران و سۆشیالسیتیەوە خۆیان هاتنەمەیدان. ئەم تەجروبەیەی شوراکان، بەپێچەوانەی تەجروبەی ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی، کە لەسەرەوە خۆیان سەپاند بەیارمەتی؛ سەرۆک عەشیرەت، شێخ و مەلا، کۆنەبەعسیەکان، مستەشارو سەرمایەدارەکان، وەک هێزی جەماوەر هاتنەمەیدان وەک بەدیلێکی چینایەتی و سۆسیالیستی لەدەرەوەی قەڵەمڕەوی ئەوان بۆ ئایندەیەکی باشترو بەرنامەدانان لەبەرژەوەندی زۆربەی خەڵكی کەمدەرامەتی کۆمەڵگە.

کۆمەڵگە پێویستی بەئاڵوگۆڕی ریشەیی هەیە، ئەویش رزگاربوونە لە دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی، کە ئەمەش لە قسەی رۆژانەی خەڵكی لە ناڕەزایەتیەکاندا دەبیسترێت، بۆئەمەش لەهەنگاوی یەکەمدا وشیاری چینایەتی و رێکخراوبوونی چینایەتی دەوێت، دابڕانی چینایەتی دەوێت لە ئاسۆو سیاسەتی ناسیونالیزمی کردو حزبەکانی، رێکخراوبوونی  دەوێت لەدەوری ئاسۆو ئامانجی کرێکاریی و سۆشیالیستی، کە هەنگاوی یەکەمی ئەم خۆڕێکخراوکردنە لە شوراکانی کرێکاران لە کارگەکان و شوراکانی گەڕەکداو یان هەرجۆرێک لە رێكخراوی پیشەیی و پەیوەندی توندوتۆڵی یەکدەست و سەراسەری دەوێت.




کارنامەی کوردایەتی و حزبەکانی دوای ٣٣ ساڵ لە ڕاپەڕین!.. نوری بەشیر

حزبە ناسیونالیستەکان بەدوای داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراق و بەدوایدا لەچوارچێوەی شەڕی ئەمریکا لە عێراق لە هەلومەرجی دوای شکستی بلۆکی رۆژهەڵات و پێویستی ئەمریکا بۆ سازدانی دنیای تاکجەمسەری، هەلومەرجێک هاتەپێشەوە لەلایەن ئەمریکاوە دەسەڵاتی بەشێك لە کوردستانی عێراقیان درایە دەست.
لەو هاوکێشە کۆنەپەرستانەیەدا جێگاوڕێگای حزبەکانی ناسیونالیستی کوردی و دەسەڵاتەکەی نەک لەپاڵ ئەو کوشتارو کاولکاریەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکاندا گیرسانەوە کەبەرامبەر خەڵکی عێراق ئەنجامدرا، بەڵکو خۆیان لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا جووتکرد، هەمان شتیان پیادەکرد کە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە لەچەشنی؛ سەدام حسێن، بەشار ئەسەدو جمهوری ئیسلامی ئێران ئەنجامیانداوە، نەک ئەوەش ئەوەی ئەوان نەیانکردبوو، ئەمان بەزیادیشەوە کردیان و بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندیان لە؛ لە تاڵانی، گەندەڵكاری، سەرکوت، کوشتار، تیرۆرو نۆکەرایەتی نەک تەنیا بۆ ئەمریکا، بەڵکو بۆ وڵاتانی ناوچەکەش، کە هەموو ئەوانە سیمای جیانەکراوەی دەسەڵاتداریە لەکوردستان تاکو ئێستا.
ئێمە دەڵێن ناسیونالیزم شەرمەزاریە بۆ بەشەریەت، با چەند لایەنێکی ئەو شەرمەزاریانەی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردو هەموو حزبەکانی بخەینەڕوو، دەڵێم چەند لایەنێک، لەبەرئەوەی ئەگەر تەواوی کارنامەیان کۆبکرێتەوەو بخرێتە بەردەم خەڵكی کوردستان و کۆمەڵگەی جیهانی، ئەوە هەزاران کتێب و فیلمی دەتوانرێت لێبەرهەم بهێنرێت. لێرەدا هەندێک لە ماهیەتی سیاسی و کارنامەی یەکێتی و پارتی و باقی حزبە قەومی ئیسلامیەکان و رۆشنبیرە ناسیونالیست و زوڕناژەنەکانی دەوروبەریان بەکورتی دەخەینەڕوو:
سەرەتای هاتنەخوارەوە ئەم حزبانەی کوردایەتی لەشاخ و کەوتن بەسەر دەسەڵاتدا بە دزی دەستیپێکرد، بە تاڵانی پێداویستی دائیرەو نەخۆشخانەو شوێنە دەوڵەتیەکان، لە دزینی پارەی بانکەکان و دزینی شۆفڵ و ئامێری نەخۆشخانەکان و شتومەکی بەنداو و محاولەی کارەبایی و ئاودیوکردنی بۆ وڵاتانی ناوچەکە.
سیاسەتێک کە هەیانبوو وەک هێزی بێمونافیس لە شاخ، دەیانویست لە شارەکان هەر وابکەن، ئەوەبوو یەکەمین شت کە دەستیان پێکرد، داسەپاندنی فەزای کۆنەپەرستی بوو بەسەر کۆمەڵگەدا لەژێرناوی ناموسپەرستی و بەعسی بوون، کەوتنە ژنکوشتن، کە کۆمەڵگە شاهیدی کوشتنی زیاتر لە بیست هەزار ژنە لەژێر دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیدا، قەبرسانی ژنانی بێناونیشان مۆری شەرمەزاریە بە نێوچەوانیانەوە.
هەروەها ئەوەی کە زانیان خۆیان دەورێکیان لە ڕاپەڕیندا نەبوو وە ڕووبەڕووی هەلومەرجێکی نوێ لە شار دەبنەوە، ئەویش خەباتی مەدەنی و شاری لە هاتنەمەیدانی کۆمۆنیستەکان و جەماوەری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشە لەدەرەوەی قەڵەمڕەوی سیاسەت و بەرنامەی ئەواندا، شوراکان نموونەیەکی بەرجەستەی ئەو بزوتنەوە نوێیە بوو کە ترسی خستبۆوە دڵی هەموویان و داوای؛ دەسەڵاتدارێتی جەماوەریان دەکرد، داوای دادگایی هەموو تاوانبارانی دەکردو کرێکاران رێگایان نەدا لە گەڕانەوەی مدیرە کۆنە بەعسیەکان، بەڵام بەرەو حزبەکانی کوردایەتی کەوتنە دژایەتی شوراکان و بە تابوری پێنجەم و سەر بەرژێمی بەعس ناوزەدیان دەکردن. هەموو ئەو ماهیەت و گەندەڵكاری و کۆنەپەرستیەی خۆیان وەک سونەت و رەوشتی ناسیونالیزمی کورد شۆڕکردەوە بۆ ناو کۆمەڵگە.
بەڵام خەڵكی کوردستان شاهیدن کە ناموسێک بۆرژوازی و حزبەکانی کوردایەتی باسیان دەکردو جاڕی بۆ دەدەن، وە نیوەی کۆمەڵگایان کردوەتە قوربانی، خۆیان چ ناموسێکیان هەیەو چۆنە!. خەڵكی کرێکارو ئازادیخوازانی کوردستان، دەزانن ئەم حزبانەی کوردایەتی نەک تەنیا نۆکەرایەتیان، بۆ ئەمریکا و رژێمی بەعس و سەدام حسین کردوە، بەڵکو سەدامیان بە ئەندیازیاری حکومی زاتی دایە قەڵەم و پێشلەشکریان بۆ هەموو حکومەتانی ناوچەکەو کۆنەپەرستیەکانیان کردووە. خەڵكی شاهیدن کە زۆربەی سەرانیان بەردەوام دەستیان تێکەڵ بووە لەگەڵ رژێم بەعس و بە ئێستاوە لەگەڵ هێزە میلیشیا شیعەکان و ئۆردوگان و جمهوری ئیسلامیدا.
دوای ئەوەی پاشەکشەیان بەشوراکان کرد، ئیتر شەڕی ناوخۆیان دەستیپێکرد، کە لەسەر قەڵەمڕەوی دەسەڵات بوو، کە کوشتاری وەحشیانەی یەکتریان کردو بێسەروشوێنی سەدان کەسی لێکەوتەوە، کە تاکو ئێستاش کەسوکاری ئەو قوربانیانە چاوەڕوانی تەرمەکانیان.
کۆتایی ئەم شەڕە ماڵوێرانکاریە بە ٣١ی ئاب کۆتایی هاتوو دوو زۆنی زەردو سەوزی لێدروستبوو. هەر لە چوارچێوەی شەڕی دەسەڵاتدا هەر جارەی لەسەر خواستی وڵاتانی ئێران و تورکیا شەڕی حزبێکی تری کوردیان دەکرد، هەرجارەو هەر شەڕەش کوشتارێکی زۆر لەخەڵكی کرێکارو زەحمەتکێشی لێکەوتۆتەوە.
هەروەها ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر دوو پەڵەی گەورەی شەرمەزاری ماهیەت و کارنامەی حزبەکانی کوردایەتیە، کەچۆن پێشتر پارتی دەستی رژێمی بەعس گرتوو پێشلەشکری بۆ دەبابەکانی کردو هێنایەوە کوردستان لە ٣١ی ئابدا، یەکێتیش هەمان سیناریۆی گاڵتەئامیزی دووبارەکردەوە لە هێنانی سوپای پاسدارانی جمهوری ئیسلامی ئێران بۆ ناو قوڵایی کوردستان و بۆسەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی ئێران. هەر لەم ساڵانەیی دواییداو لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا دەستگرتنی حەشدی شەعبی و هێنانەوەی بۆ کەرکوک و تەسلیمکردنەوەی زۆربەی ناوچە کێشە لەسەرەکان.
هەروەها سەرکوت و چاوترساندن، زیندانیکردن، رفاندن و تیرۆر یەکێک لە سیما بەرجەستەکانی میلیشیاکانی حزبەکانی کوردایەتیە، کە لەشاخەوە لەگەڵ خۆیان هەڵیانگرتبوو، کەم نین ئەو کەسانەی لە؛ رۆژنامەنوسان، ئازادیخوازن، کۆمۆنیستەکان و ژنان کە بەر هێرشی ئەم حزبانەی کوردایەتی کەوتن و تیرۆرکران.
دەسەڵاتدارێتی پارتی و یەکێتی و حزبەکانی تری دەوریان کە ئەم هەموو سەروەت و سامانەی نەک تەنیا کوردستان بەڵكو عێراقیشیان دزیوە لە زیاتر لە سێ دەیەدا لە داهێنانەکانیان کە نموونەی نیە لە جیهاندا لە؛ نەدانی موچە، چارەکە موچە، پاشەکەوت، چەند مانگ جارێک موچە، دانەمەزراندن، پلەبەرزنەکردنەوەی کارمەندان، سیماکانی ئەم دەسەڵاتەی نوێنەرانی بۆرژواکان، مەلاو شێخ و عەشایەر، کۆنە بەعسی، مستەشارەکان و لێپرسراوانی حزبەکانە کە خۆیان بێخەمن لە موچەو داهاتی کەڵەبوونی دزراوی خەڵک، کە هەموو کەسێک دەزانێت خۆیان و منداڵ و خێزانەکانیان چۆن یاری بەپارەی دزراوی خەڵكی کوردستان دەکەن، گوندەکانی فیرعەوناوا، دۆلاراوا، سپیکردنەوەی پارەو ناردنەدەرەوەی بۆ هەموو خەڵک رۆشنە.
لەهیچ وڵاتێکدا لەنموونەی ئەم حزبانەی کوردایەتی نیە، لە ٣٣ ساڵدا نەتوانێ ئاو، کارەبا، گاز، رێگاوبانی گونجاو بۆ هاوڵاتی دابین بکات، ئایا ئەمانە جگە لە مافیا ناوێکی ترهەیە پێیان بوترێت.
بەڵام ئەگەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان لە سەرەتای ساڵەکانی نەوەدەکاندا بەهۆی پێشینەی سەرکوت و کوشتارو دیکتاتۆری رژێمی بەعسەوە، خۆشخەیاڵیەکیان بەدەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردو حزبەکانی هەبووبێت، ئەوا ساڵ لەدوای ساڵ ماهیەتی دژی خەڵکی و گەندەڵی و مافیایی ئەوانیان بۆ دەرکەوتووە، کە بەردەوام ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران، مامۆستایان، کارمەندان، ژنان و قوتابیان گۆشەیەکی رۆژانەی ژیانیان بووە. ناڕەزایەتیەکانی ئەم دەورەیەی مامۆستایان بۆ ماوەی پێنج مانگ و ١٧ی شوباتی ٢٠١١ نموونەی ڕۆشن و ڕاشکاوانەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستانە کە بەهەموو زمانێک دەریدەخەن و دەڵێن کە دەسەڵاتی کوردایەتی لای ئەوان بایەخێکی نەماوەو دەبێت بڕۆن.
ئێستا ئومید بە راماڵین و کۆتایی ئەو حزبانەی دەسەڵات خواستێکی گەورەی زۆربەی خەڵكی کوردستانە. جەماوەری خەڵکی ناڕازی بەدەیانشێوەو زمان ئەو ئومێد و ئارەزوەیەیان ڕاگەیاندوە. ئەوەی ماوەتەوە بۆ جێبەجێکردن و بەدیهێنانی ئەو ئاواتە، ئامادەیی زیاتری سیاسی خەڵکە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە؛ ئەویش لەڕیگای خۆرێکخراوکردنی جەماوەرەوە دەبێت لەناو رێکخراوە جەماوەریە کرێکاریەکان و رێکخراوەکانی مامۆستایان و باقی توێژە زەحمەتکێش و ناڕازیەکانی کوردستان و پووچەڵکردنەوەی سیاسەتی چەواشەکاری ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی بۆ بەلاڕێدابردنی نارەزایەتی جەماوەر و دەستبردنە بۆ سازدانی جەماوەر لە شوراکانی کرێکاران و خەڵكی زەحمەتکێشدا لە ناوەندەکانی کارو گەڕەکەکاندا بۆئەوەی سەرەنجام دەسەڵات لە ئەحزابی کوردایەتی وەربگرنەوەو دەسەلاتی شوراکانی خۆیان دابمەزرێنن. دەسەڵاتێك کە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی نوێنەرانی ڕاستەقینەو دڵسۆزی خەڵك بنیاتنرابێت کە کارنامەی سیاسی و ئابوریەکەی دابینکردنی خۆشگوزەرانی و ئازادی بێت بۆ خەڵکی کوردستان.




ناڕەزایەتیەکان بەدژی رادەستکردنی جولیان ئەسانج بە حکومەتی ئەمریکا.. نوری بەشیر

رۆژەکانی ٢٠ و ٢١ی فێبریوەری لەسەر بانگەوازی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، پەیامنێرانی بێسنوور، سەندیکای نیشتمانی ڕۆژنامەنووسان، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان و دەیان ڕێکخراوی دیکەی مافی مرۆڤ و ئازادی قسەکردن، هەروەها بەبەشداری ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراوە کۆمۆنیستیەکان، ئەندام پەرلەمانی بەریتانیاو ئەوروپا، ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنوسان و نوسەران، لەبەردەم دادگای باڵادا لە لەندەن بۆ هاوپشتی لەگەڵ جولیان ئەسانج کە تانەدانبوو لەدادگادا بۆ رادەستکردنی بەئەمریکا، لە ٨ی بەیانیەوە تا کاتژمێر ٥ی ئێوارە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا.
لەو دوو رۆژەدا بەجیا لەبەرزکردنەوەی سەدان دروشم و بەدەنگی بەرز ووتنەوەی دورشمی ” تەنیا بڕیار ئازادی ئەسانجە، بەڵێ بۆ ئازادی ئەسانج، بەڵێ بۆ ئازادی رۆژنامەگەری و نا بۆ رادەستکردنەوە بە ئەمریکا”و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام پەرلەمانی بەریتانیاو ئەوروپا لەوانە جێرمی کۆربن ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا، رۆژنامەنوسان، نوسەران و تریسا ئەسانج هاوسەری ئەسانج، قسەوباسیان کرد.
وتاربێژان باسی ئەوەیانکرد جولیان ئەسانج رۆژنامەنوسێکی ئازاو بوێر بوو، کە زۆرێک لە تاوانەکانی جەنگ و ساختەکاری و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و گەندەڵی لە سەرانسەری جیهان و لەوانە حکومەتی ئەمریکای خستەڕوو، لەوانە ٧٠٠ هەزار بەڵگەنامەی لەسەر حکومەتی ئەمریکا بوو، وتیان ئەوەش بەشێکە لەکاری رۆژنامەگەری، بۆیە زیندانیکردن و رادەستکردنەوەی بەدژی ئازادی بەیان و ئازادی رۆژنامەگەریە، وە لەسەر ئەو تاوانانە دەبێت ئەوان سزا بدرێن نەک ئەسانج.
پەیامنێرانی بێسنوور نوسیبویان: “تا جولیان ئەسانج دەستبەسەر بێت ئەم دۆسیەیە پابەندبوونەکانی ئازادی میدیای بەریتانیا تێکدەدات”. وتاربێژان بەتایبەت رۆژنامەنوسان تەئکیدیان لەوەکردەوە زیندانیکردنی ئەسانج زیندانیکردنی هەموومانە.
هەر لەم ڕووەوە لەم دواییانەدا زیاتر لە ١٨٠٠ ڕۆژنامەنووس لە زیاتر لە ١٠٠ وڵاتەوە ئیدانەی لێپێچینەوەی ئەسانجیان کردووە و بە “هەڕەشە بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان لە هەموو شوێنێک” ناویان بردووە.
لە دووەم رۆژی خۆپیشاندانەکەدا لە کاتژمێر ٥ی ئێوارەدا هەموو لەدادگای باڵاوە بە رێپێوان بەناو شاری لەندەندا بەرەو ماڵی سەرۆک وەزیران بەڕێکەوتن و لەوێشدا تا درەنگانێک ناڕەزایەتیەکە بۆ بەرگری لە جولیان ئەسانج بە وتاردران و بە دروشم بەرزکردنەوەو وتنەوەی تا درەنگانێکی شەو بەردەوام بوو.
وا بڕیارە دادگای باڵا لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات لەبارەی کەیسی ئەسانجەوە، لەحاڵەتی ڕادەستکردنەوەی، ڕووبەڕووی سزای زیندانیی درێژخایەن دەبێتەوە، بەپێی ئەو ١٨ تۆمەتەی کە ئەمریکا خستویەتیتە پاڵی کە زانیاریی نهێنیی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکایە، ڕەنگە ماوەی زیندانییەکەی 175 ساڵ بێت. خۆپیشاندەران لەبەردەم ماڵی سەرۆک وەزیراندا تەئکیدیان لەوە کردەوە کە ناڕەزایەتیەکان بەشێوەی جۆراوجۆر بەردەوام دەبێت، وە هەوڵدەدەن فشار بۆ پەرلەمانی بەریتانیاش بهێنن بۆ رادەستنەکردنەوەو ئازادی ئەسانج.
ئەسانج کەسێکی ئوسترالیەو ساڵی ٢٠١٠ دوای ئەوەی دەچێتە سوید بۆ دەستئاوەڵایی کارەکەی، بەڵام بۆ شکاندنی شەخسیەتی تۆمەتی ئەخلاقی بۆ دروست دەکەن، ئەگەرچی دوایی دادگایی سوید لەبەر نەبوونی بەڵگەی پێویست کەیسەکە دادەدەخات، بەڵام ئاسانج ئەوکات بەناچار دەچێتە بەریتانیاو داوای پەنابەری دەکات، بەڵام بەریتانیا مافی پەنابەرێتی پێنادات، بۆیە لە ٢٠١٢ دەچێتە سەفارەتی ئیکوادۆر لە لەندەن و مافی پەنابەری وەردەگرێت و بۆماوەی ٧ ساڵ لە سەرەفارەتدا ژیان بەسەردەبات، لە ٢٠١٩ دا حکومەتی تازەی ئیکوادۆر لەگەڵ ئەمریکا رێکەدەکەون و مافی پەنابەری لێدەستێنننەوەو هەر بەدوای ئەوەدا پۆلیسی بەریتانی دەچنە سەفارەت و دەستگیری دەکەن. تاکو ئێستا کە ئەم دادگاییە دەکرێت لە زیندانی بێلمارش دایە لە لەندەن. لەگەڵ ئەوەشدا بەزۆرینەی دەنگ پەرلەمانی ئوسترالیا و سەرۆک وەزیرانەکەی داوای ئازادکردنی ئەسانجی لە بەریتانیاو ئەمریکا کردووە.
لەماوەی ئەم ٧ ساڵەدا چەندینجار دادگاییکراوە بۆ رادەستکردنی بەئەمریکا، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاسانج تەئکیدی لەسەر ئەوە کردووە کە بەڵگەنامەکان تەنها پێشێلکاریی لەلایەن سوپای ئەمریکاوە ئاشکرا دەکەن و کردنەوەی دۆسیەی زیان گەیاندن بە ئەمنیەتی ئەمریکا لەدژی، پاڵنەرێکی سیاسیی لەپشتیەوەیەتی، وە پارێزەرەکانی دادگاییەکەیان دواخستووە بەدەلیلی ئەوەی ئەگەر ببرێت بۆ ئەمریکا باری دەرونی تێکدەچێت و رەنگە بمرێت یان خۆی بکوژێت.
ئەگەرچی لەساڵی ٢٠٢١ دادگای باڵای بەریتانیا بڕیاری ڕادەستکردنەوەی دەرکرد و ئەو قسانەی ڕەتکردەوە کە گوایە کێشەی تەندروستی دەروونی دەتوانێت ببێتە هۆی خۆکوشتنی ئەگەر لە ئەمریکا زیندانی بکرێت. لە ساڵی ٢٠٢٢ دادگای باڵای بەریتانیا بڕیارەکەی پشتڕاستکردەوە و پریتی پەتێڵ وەزیری ناوخۆی ئەوکاتە بڕیاری ڕادەستکردنەوەی ئەو وڵاتەی پشتڕاستکردەوە. بەڵام بەهۆی خراپی باری دەرونی و ناڕەزایەتیە جیهانیەکان و بەتایبەتی لەبەریتانیادا رادەستکردنەوەی بە ئەمریکا دواخرا. ئەسانج بەهۆی باری تەندروستیەوە نەیتوانی لەدادگادا ئامادەبێت، بەڵام پارێزەرەکانی لەم دادگایکردنەدا تانە دەدەن بۆ رێگرتن لەداوای ئەمریکا بۆ رادەستکردنەوەی. هەروەها پارێزەرانی ئاماژەیان بە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کرد و داوایان لە دادگاکە کرد دەنگ بدات بۆ ڕێگریکردن لە ڕادەستکردنەوەی.
لە ٢٤ساڵی رابردوودا بەڵگەنامەکانی ویکیلیکس تەنیا بەڵگەنامە نەبوون لەسەر ماهیەتی دژی ئینسانی سیستەمی سەرمایەداری، حکومەتەکان، سەرۆکەکان و حزبە بۆرژوازیەکانیان، بەڵكو بەدوای ئاشکراکردنی بەڵگەنامەکانی ویکیلیکسدا، بەڵگەنامەکانی پەنەماو پاندۆرایش ئاشکرابوون.
بەڵگەنامەکانی پەنەما ‘Panama Papers’ دزەکردنی یانزە ملیۆن و نیو بەڵگەنامەی تربوون کە بەگەورەترین ئاشکراکردنی بەڵگەنامەی نھێنی دادەنرێت، کە دزەکردنی بەڵگەکانی ویکیلیکس ھیچ نیە لەچاویدا. ئەم بەڵگەنامانەی پەنەما لەسەر دزی و بەتاڵانبردن و پێشێلکردنی یاساگەلێکن، کە دەوڵەت و دەسەڵات و سەرۆکەکانی وڵاتە سەرمایەداریەکانی ئەمڕۆ و کاربەدەستە ‌باڵاکانی نوێنەرانی چوارساڵ جارێک ‌ھەڵبژێراو یان خۆسەپێنی دیکتاتۆر، دەخاتەڕوو.
بەدوای بەڵگەنامەکانی ویکیلیکس و پەنەمادا بەڵگەنامەکانی پاندۆرا “Pandora Papers” ئاشکرا کرا، لەلایەن یەکێتی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنوسانی لێکۆڵەرەوە International Consortium of Investigative Journalists – ICIJ کە ١٢ ملیۆن فایلە، بەردەوام لەبڵاوکردنەوەدایە لەسەر سامانی هەزاران لە ملیۆنێرو ملیاردێر لەسەرانی حزبە بۆرژوازیەکان و سەرانی دەوڵەتانی سەرمایەدار و بازرگان و کەسانی جۆراوجۆری تری دەوریان کە بەشێکیان هێشتا لەدەسەڵاتدان و بەشێکیان پێشتر هەبوون، کە چۆن سەروەت و سامانی کۆمەڵگا بەتاڵان دەبەن و دەیبەنە دەرەوەی وڵاتەکانیان و بۆ خێزانەکانیان بەکاری دەهێنن.
بەڵگەنامەکانی ویکیلیکس لە مێژووی ئەمریکادا یەکەمین جارە بەوشێوەیە و بەو گەورەییە نهێنیەکان دزەپێبکات، کە لەو بەڵگەنامانەدا هاتووە وە بووە شوێنی سەرنجی جیهان لەکاتێکدا ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی هەواڵی ئەوەیان دەدا بەگوێی جیهاندا کە هێزەکانیان چوونەتە عێراق و ئەفغانستان بۆ رزگارکردنی خەڵك لەدژی دەسەڵاتی سەرکوتگەری ئەو وڵاتانە، بەڵام لەو بەڵگانەدا لەساڵی ٢٠١٠ دا بڵاوبۆتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٧ گرتەیەکی ڤیدیۆیی پیشان دەدرێ کە دوو هێلیکۆپتەری سەربازی ئەمریکی ١٨ هاوڵاتی مەدەنی دەکوژن یان بریندار دەکەن کە لەناویاندا منداڵ و تیمێکی میدیای رۆیتەرز هەیە بەناوەکانی؛ نمر نورالدین، کامێرامان و سەعید شەماعی شۆفێری تیمەکە لەعێراق. لەبەڵگەنامەکاندا هاتوە کە سوپای ئەمریکا لەکاتی شەڕی ئەفغانستان سەدان هاوڵاتی مەدەنی کوشتووە. هەروەها ڤیدیۆ و وێنەی ئازاردانی عێراقییەکانی لە زیندانەکانی ”ئەبوغرێب” بڵاوکردۆتەوە، کاتێک لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە بە شێوازێکی دڕندانە ئەشکەنجە دەدرێن.
کوردستان لەبەڵگەنامەکانی ویکیلیکسدا، چوار رۆژ دوای کودەتاکەی ٢٠١٦ی تورکیا بەدژی ئۆدوگان، ٣٠٠ هەزار بەڵگەی پارتی دادو گەشەپێدانی تورکیا بڵاودەکرێتەوەو چەند بەڵگەی لەسەر حکومەتی هەرێم و حزبەکانی یەکێتی و پارتی تێدایە لەوانە؛ مەسعود بارزانی بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار لە حکومەتی ئوردوگان وەردەگرێت، بۆئەمەش سەفین دزەیی وتەبێژی ئەوکاتی حکومەتی هەرێم پشتڕاستی دەکاتەوەو تەنانەت دەڵێت ٢٥٠ ملیۆن بووە نەک ٢٠٠ ملیۆن، بەڵام ئەمە قەرزبووە بۆ دانی موچەی فەرمانبەران. هەر لەدۆسییەکی تر لەساڵی ٢٠٠٨دا لەسەر حکومەتی هەرێم باسی گەندەڵی و فەسادی ئەو دووحزبەی کوردایەتی دەکات و نەوشیروان مستەفاش کە خۆی یەكێک لەسەرانی ئەو حزبانەبوو باسی دەکات، کە مانگانە هەریەکە لەو دوو حزبەی یەکێتی و پارتی ٣٥ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە تەنها بۆخۆیان.
ویکیلیکس بەشێکی ئەم بەڵگەنامەنەی لەرێگای چێڵسی مانینگ، شرۆڤەکاری هەواڵگری سەربازی ئەمریکاوە دابینکردبوو، دواتر ئاشکرا بوو بە ٣٥ ساڵ زیندانیی دادگای ئەمریکا حکومیدا.
ئەمەیە راستی دنیای سەرمایەداری! ئەمەیە دیموکراسی دەوڵەتانی زلهێزی دنیا کەرۆژانە دەیدەن بەگوێی ئینسانی ئەمڕۆداو حزبە بۆرژوازیەکان و میدیاو رۆشنبیرە زوڕناژەنەکان بانگەوازی بۆدەکەن، ئەمەیە دنیای چوارساڵ هەڵبژاردن و چەواشەکاریەکانی، کەتاوانی جولیان ئەسانج و پێکەی ویلیلیکس ئەوەیە، کە بەدوای ئەوەی ساڵی ٢٠٠٦ پێگەی ویکیلیکس دروستدەکەن، لەساڵی ٢٠١٠دا ئەوە رادەگەیەنێت کە زیاتر لە ١٠ ملیۆن بەڵگەنامەیان لایەو بڵاویانکردۆتەوە، کە بە ملیۆن ڕاپۆرتی لە پەیوەند بە شەڕ و سیخوڕی و گەندەڵی و جەنگ و کوشتار بووە کە زۆربەیان لەسەر ئەفغانستان و عێراقە، کە لەوانە ٧٠٠ هەزار بەڵگەی نهێنی حکومەتی ئەمریکاو کارە نهێنی و کوشتارو جەنگ و کاولکاریە. ٩٠ هەزاری لەسەر ئەفغانستان و ٤٠٠ هەزار بەڵگەی تایبەت بوو بەجەنگی عێراق کە بەڵگەی تێدایە کە زیاتر لە ٦٦ هەزار هاوڵاتی مەدەنی کوژراوە.
لەساڵی ٢٠١٩ وە بەردەوام ناڕەزایەتی لەلایەن؛ چەپ و کۆمۆنیست و بەرەی ئازادیخوازی دنیاوە، هەبووە بەدژی زیندانیکردنی ئەسانج و داوای ئازادکردنی کراوە، بەتایبەت بەدژی رادەستکردنی بە حکومەتی ئەمریکا، بەردەوام تەئکید لەوەکراوەتەوە؛ کە پێویستە لەبری دامەزرێنەری ویکیلیکس، هەریەکە لە بەریتانیا و ئەمریکا دادگایی بکرێن کە بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبارکراون و وە وتویانە؛ “بەهۆی ئاشکراکردنی تاوانەکانی جەنگی ئەمریکا و بەریتانیا لە عێراق و ئەفغانستان، ئەسانج زیندانی کراوە، داوا لە هەموو جیهان دەکەین بۆ ئازادکردنی جولیان ئەسانج، بێنە سەر هێڵ.
لەدنیای ئەمڕۆی دەسەڵاتی سەرمایەداران و حکومەت و حزبەکانیان، ئاشکرابوونی ئەم بەڵگە رەسمیانە کە چ تاوانێک ئەنجامدراوە، بە تاوان ئەژمار ناکرێت، کە خۆشیان خۆیان و حکومەتانی دنیاش حاشای لێناکەن، ئەوە بە تاوان ئەژمار ناکرێت بەهاوکاری ئەم حکومەتە زلهێزانە حکومەتی ئیسرائیل چی لەخەڵكی غەززە دەکات، حکومەتی ئۆردوگان چی لەبەرامبەر خەڵكی تورکیا بەگشتی و کوردەکان دەکات لەوەش زیاتر هەموو رۆژێک درۆنەکانی چۆن خەڵکی کوردستانی عیراق و سوریا دەکاتە ئامانج، ئەوە لەبەرچاوناگرن لەژیر سایەی دەسەڵاتی بۆرژوازی و حکومەتەکانیان کە ئەمنیەتی و ژیانی ملیار ئینسانی ئەم گۆی زەمینەیان خستۆتە مەترسی و لە بەردەم مردنی شێنەییدان، بەڵام ئەوەی ئەم تاوانە غەیرە ئینسانیانەی ئاشکرا کردووە تاوانبارەو دەبێت هەموو ژیانی لەزینداندا بێت، لەوەش واوەتر هیلاری کلینتۆن وتبووی ئایا ناکرێت ئەسانج بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بکوژرێت.
تێبینی: لەسەر بەڵگەنامەکانی پەنەماو پاندۆرا بەجیا لەکاتی خۆیدا نوسیمەو بڵاوکراوەتەوە.
٢٣ی ئەپریلی ٢٠٢٤




پارتی و یەکێتی لەبەرامبەر ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و وانەبێژاندا یەکهەڵوێستن!.. نوری بەشیر

ناڕازەیەتیەکانی مامۆستایان و وانەبێژان بۆ مووچەو دەرماڵەکانیان لە پێنجەمین مانگدایە، ئەم ناڕەزایەتیانە لەلایەن حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵات؛ یەکێتی و پارتیەوە نەک وەڵامیان پێنەدراوەتەوە، بەڵكو ڕووبەڕووی دەیانجۆر لە هەڕەشە و دەستبەسەرکردن و رێگریان کردونەتەوەو دەیان تۆمەتیان بۆ دروستکردوون و هەوڵیانداوە کۆمەڵگا بەدژیان سازبدەن.
ناڕەزایەتیەکان و بایکۆتی ئەم ماوەیەی مامۆستایان بەشێکە لە ناڕەزایەتیە جەماوەریە کرێکاری و کەمدەرامەتەکانی کۆمەڵگا لە سێ دەیەی رابردوودا بەردەوام بەرامبەر دەسەڵاتدرانی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد هەبووە. ناسیونالیزمێک کە لەسایەی کەلێنێکی نێودەوڵەتیدا کە دروستبوو لەعێراقدا، ئەمریکا دەستی گرتن و هێنانی و هاتنەسەر دەسەڵات و بوونە هێزێکی جێگرەوەی دیکتاتۆرەکانی پێشوو، وەک هێزی میلیشیاو مافیا کەوتنە تاڵان و بردنی هەموو سەروەت و سامانی کۆمەڵگاو سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی و مستەشارو دەیان و سەدان ملیاردێرو ملیۆنیریان لەپاڵ خۆیاندا دروستکرد بۆ بێبەشکردنی خەڵكی کوردستان لەداهات و سەروەت و سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی.
بەڵام لەولاوە نەبونی و هەژاری و برسێتی و سەرکوت و کۆچی بەکۆمەڵی لاوان بۆدەرەوە کردە بەش و چارەنوسی خەڵكی کوردستان، کە لە چ شوێنێکی دنیادا مانگ زیاتر لە ٣٠ رۆژە بۆ موچە؟ لەکوێ ئەبیسترێ چارەکە موچە لە داهێنانی حکومەتی هەرێم و حزبەکانی نەبێ؟ لەکوێی دنیا پاشەکەوتی مووچە هەیە؟ لەکوێی دنیا هەیە مامۆستا، کارمەند و کرێکار کار بکات بەبێ موچە، یان لەساڵێکدا چەند موچەی مانگ نەدرێت؟ ئەمانە لە داهێنانەکانی پارتی و یەکێتی و حزبە موچەخۆرەکانی دەوریانە. بەجیا لەوانەش کەمیان نەکرد لە سەرکوت و ترساندن و زیندانیکردن تادەگاتە تیرۆرکردنی رۆژنامەنوسان و دەنگە ناڕازیەکان و کۆمۆنیستەکان.
ناڕەزایەتی ئێستای مامۆستایان بەشێکە لەناڕەزایەتی چینایەتی کرێکاران و کەمدەرامەتی کۆمەڵگا کە رۆژانە بەرپادەبێت، بەشێکە لەناڕەزایەتی کرێکاران و کارمەندانی نەخۆشخانەکان، کرێکارانی نانەواخانەکان، کرێکارانی ژینگەپاریز، قوتابیان و بەشێکە لەناڕەزایەتیەکانی دژی کەمی موچە و بەشێکە لە ناڕەزایەتیەکانی ژنان، بەشێکە لە داخوازیەکانی خوێندکاران. هەر بە چاوگێڕانێکی خێرا بە مووچەی ئەم چینەی کۆمەڵگا، لەگەڵ چینی باڵادەستی پارێزەری دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی، هەر لەمکاتەدا کە خواستەکانی مامۆستایان بەڕەسمی ناناسن، موچەی لێپرسراوانی حزبی، ئەندام پەرلەمان، بندیوارەکان و حزبە گوێلەمستەکانی دەوریان لە ئیسلامیەکان و وەزارەتی ئەوقاف و مەلاکان و.. تاد، چەندە ئەوەندەی مووچەی مامۆستایان و کرێکاران و کارمەندانە. کۆمەڵگا دەزانێت ئەم کەمایەتیە مشەخۆرە منداڵەکانیان لەباشترین و تایبەترین قوتابخانەکان دەخوێنن، لە چۆن ژیانێکدا دەژین، کە خەرجی رۆژێکی تەنیا منداڵێکی لێپرسراوانی حزب و سەرمایەدارانێکی دەوریان، موچەی مانگێکی دەیان و بگرە سەدان مامۆستایە، ئەمە کارمانەو سیاسەت و دڵسۆزی حزبەکانی کوردایەتیە بۆ خەڵكی کوردستان و ئەمە راستی فرمێسکی تیمساحیانە بۆ منداڵان و خوێندکاران لە کوردستان.
ئەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و بایکۆتە، ئاخرین رێگای ناچاری مامۆستایانە کە دەسەڵات وەڵام بەخواستەکانیان ناداتەوە، نەک ئەمەش بەڵکو ئەوە تەنیا یەکێتی نیشتمانی نیە کە بەدژی خواست و داوکاریەکانی مامۆستایانە، بەڵکو پارتی دیموکراتی کوردستانیش، هەم بێدەنگیەکەی کە خۆی بەخاوەن حکومەتی هەرێم دەزانێت و کابینەی نۆیەم لەژێر سایەی بارزانیدا دەڕواتە پێشەوە، کە لە چەندین مانگی ئەم ناڕەزایەتیانەدا نەهات لەسەر خواستەکانیان قسەبکات، بەڵکو ئاگرە سوورە لەخۆم دوورەی پەیڕەوکردوەو بەعس ئاسا ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی کۆنترۆڵ کردوە نەک بۆ ناڕەزایەتیش بەڵکو بۆ هەرجۆرە هاوپشتیەکی مامۆستایان و وانەبێژان کە هەبێت سەرکوتی دەکات.
ئەوەبوو رۆژی ٥ی مانگ بەمەستی پشتیوانیکردن لە خواستەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران قەراربوو لەهەولێر کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران سازبدرێت، بۆ ئەم مەبەستە چەکدارەکانی سەر بە پارتی گەمارۆی دەوری بارەگای مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستانیان داو ڕێگەیان نەدا، کە بەشداربوانی گردبونەوەکە بەرەو ئەنجومەنی وەزیران بەڕێبکەون. ئەم کردەوەیەی پارتی کارنامەیەک بووە کەبەردەوام هەیبووە. ئەمە بەیانی ئەو راستیەیە کە پارتیش چەندە دژی خواستەکانی خەڵکی کوردستانە، ئەمە پەیامی پارتییە بۆ مامۆستایان و کارمەندانی سنوری دەسەڵاتی زۆنی زەرد کە هچ ناڕەزایەتیەک دەرنەبڕن، هاوکات پەیامێکە هەم بۆ یەکێتی کە ئێمە یەکدەستین لەگەڵتان لەبەرامبەر هەر ناڕەزایەتیەکی جەماوەری و بەتایبەتی وەڵامنەدانەوە بە خواستەکانی مامۆستایان.
ئەمە وەک پیشەی هەمیشەیی پارتی و یەکێتی و کارنامەیان کە لەشاخ هاتنەخوارەوە، هەر ناکۆکیەکیان هەبێت ئەوا لەبەرامبەر هەر ناڕەزایەتی و خواست و یەکگرتوویی و هاتنەمەیدانی جەماوەری کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگادا دەست لەناودەست بوون. هەردوو یەکێتی و پارتی و بەهاوکاری بزوتنەوەی گۆڕان بەفریوکاری و سەرکوت و کوشتاری ناڕازیان لە شوباتی ٢٠١١ دەستیان سوور بوو، تا دەگاتە وەڵامنەدانەوەو سەرکوتی هەر ناڕەزایەتیەکی گەورەو بچوک لە کۆمەڵگادا، ئەمەی ئێستاش بەشێکە لەو کارنامەیەیان و مۆری شەرمەزاری نێوچەوانیانە.
پارتی و یەكێتی دەزانن ناڕەزایەتیەکانی ئەمڕۆی مامۆستایان بەشێکە لە ناڕەزایەتی و خواستی زۆربەی کرێکاران و کارمەندانی کوردستان، ئەگەر وەڵام بەم خواست و داواکاریانە بدەنەوە ئەوە گەلێک خواستی تری بەدوادا دێت، لە نەبوونی ئاو و کارەبا و گازو گرانی و موچەی کەم و نەدانی موچەو پاشەکەوت و چارەکە موچەو خواستی بەشەکانی تری کۆمەڵگا، بۆیە هاوهەڵوێست وەڵامی نەخێری پێدەدەنەوە.
ئەوەی کە ئەم دەیان هەزار ئینسانە لە کۆمەڵگادا کاردەکەن و دەبێت موچە وەرگرن، ئەوەی کە دەرس دەڵێنەوەو نابێت بیریان لای موچەو بیریان لای قەرزاری بێت، ئەوەی کە ژیانی رۆژانەیان بکەن و خەیاڵیان لای کرێخانوو و خواردن و پێداویستیەکانی رۆژانە نەبێت، بەڵام یەکێتی و پارتی ئەمانە لەبەرچاو ناگرن، بەڵام فرمێسک بۆ قوتابیان کە منداڵانی ئەم مامۆستایانەو کرێكاران و کەمدەرامەتانی کۆمەڵگایە، دەرێژێن، وە دەڵێن مامۆستایان لێپرسراون بەرامبەر چارەنوسی قوتابیان، کە ئەمە لە درۆیەکی گەورە زیاتر هیچی تر نیە، بەڵكو لێپرسراوی ئەم هەلومەرجە یەکێتی و پارتی و حکومەتی هەرێمە.
کێشەی مامۆستایان و وانەبێژان، کێشەی هەموو خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگایە، ناڕەزایەتیەکانیان بەشێکە لەناڕەزایەتی چینایەتی بۆ خواستەکانی جەماوەر، کە ئەم بەشەی کۆمەڵگا موچەیان نەبوو، ناتوانن خەرجی پێداویستیەکانیان بدەن لە؛ کرێخانوو، ئاوو کارەباو خواردن و جلوبەرگ و تا دەگاتە پێداویستیەکانی رۆژانە کە لەدوکان و مارکێتەکان دەیکڕن، تاکو وەڵامدانەوە بەخواستی منداڵەکانیان. کێشەی مامۆستایان کێشەی قوتابیانە، کێشەی دایکوباوکی خوێندکارانە، کێشەی دوکانداران و کێشەی فەرمانبەران و کرێکارانە، هەربۆیە هەموو ئەم ڕیزە فراوانە ملیۆنیەی کۆمەڵگا بەشێکن لە چینێکی کۆمەڵاتی کە بێبەشن لەلایەن کەمایەتیەکی میلیشیاو دزو مافیا کەدەبێت پاشەکشەیان پێبکرێت، ئەویش راوەستانە لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتیە مەزن و پێشڕەوانەی مامۆستایان و وانەبێژان کە بۆ چەند مانگە بەردەوامە.
ئەوە دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیە هۆکاری ناڕەزایەتیە لە؛ خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایان و وانەبێژانە، ئەوە دەسەڵاتە هۆکاری داخستنی قوتابخانەکانەو بێبەشکردنی قوتابیانە وەک منداڵانی کرێکاران و کەمدەرامەتانی کۆمەڵگا، کەواتە با هەموو لە پاڵ مامۆستایاندا بوەستینەوە تاکو بەدەستهێنانی خواست و داواکاریەکانیان، کە خواستی زۆربەی کۆمەڵگایە، هاوکات ئەم بزوتنەوە و ناڕەزایەتیە گەورەیەی مامۆستایان هێزێکی جیهانیشی لەپاڵدایە کە رۆژانە بەشێوەی جۆراوجۆر پشتگیری خۆیان بۆ خواستەکانیان دەردەبڕن.
٩ی شوباتی ٢٠٢٤




کاریگەریەکانی ناڕەزایەتی مرۆڤدۆستی لەسەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە جیهاندا.. نوری بەشیر

بزوتنەوەیەکی مەزن و گەورەی جیهانی هەر لەسەرەتای هێرشە دژی مرۆڤایەتیەکانی حکومەتی ئیسرائیلەوە، بەردەوام بۆماوەی زیاتر لە سێ مانگە شەقامی شارەکانی جیهانی داگرتووە، کە داوای ئاگربەست دەکات، ئەمەش بەمانای؛ نا بۆ کوشتار، نا بۆ کاولکاری و نا بۆ جینۆساید کە لە غەززە ئەنجامدەدرێت.
هەلومەرجێکی جیهانی و ناوچەیی دنیای چەندقوتبی کە هەم جەنگی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی فەلەستین و بەدوایدا فراوانبوونەوەی گرژی ناوچەکە، وایکردووە نەک تەنیا تەنگەژەی ئیسرائیل بەڵكو ئەمریکاو وڵاتانی غەربیشی توشی هەژان کردووە، ئیتر هەر بەو هێندەی کە ئەمریکا وەک تاک جەمسەری جێگاو رێگای خۆی لەچاو پێشوودا وەک زلهێزی دنیا لەدەستداوە، جێگاوڕێگای ئیسرائیلیش بۆ ئەمریکا وەک پێشوو نەماوە، بۆیە پشێویەک کە لەجیهاندا هەیەو بەتایبەت لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، ئەو پشێویەی ناوچەکەی زیادکردووە، چ بۆ جەمسەری ئەمریکاو جەمسەری بەرامبەر لە روسیاو چین و وڵاتانی ناوچەکە ئەوە ناخوازێت، بەدوای رێگاچارەدان بۆ ئارامی زیاترو بەرژەوەندی سەرمایەکانیان لەم دەورەیەدا. لەگەڵ ئەوەی حکومەتی ئیسرائیل توشی قەیرانێک بووە بەتایبەت چۆنیەتی دەرچوون لەم جەنگەی بەرپای کردووە، بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جیهانی یەخەی گرتووە چ لەناوەوەو چ لەئاستی دنیادا هێندەی تر قەیرانەکەی بەڕوویدا قوڵتر کردۆتەوە.
ناڕەزایەتیەک وەک بزوتنەوەیەکی مرۆڤدۆستی و ئازادیخواز سەڕەڕای کۆمەڵکوژی خەڵكی غەززەو چونەسەرەوەی کوشتار لە ئیسرائیل، وە داوای هاوکاری زیاتر لەهاوپەیمانانی و چونەسەرەوەی ناڕەزایەتیەکان لە ئیسرائیل و لەئاستی ناوچەکەدا، قەیرانەکانی لەسەر ئیسرائیل و ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاواوی زیاتر کردووەو تا دەگاتە کەوتنەمەترسی رێگای بازرگانیان لە ناوچەکەدا لەدەریا و لەزەویەوە.
بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی لەدەرەوەی خواستی حکومەتەکان و حزبەکانی بۆرژوازی بۆ بەرگری لە مافی مرۆڤ کە ریشەیەکی مێژوویی هەیە، بەرئەنجامی چەند سەدە لەخەباتی چینی کرێكارو ژنان و هەروەها کاریگەریەکانی شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ بە ڕابەری لینینە، هەرچەندە سۆسیال دیموکرات پاشەکشەی کرد، هەرچەندە باڵی راستی بۆرژوازی ئەمڕۆ لەدنیادا زاڵە، بەردەوام هێرش بۆسەر ئەم دەستکەوتە جیهانیە دەهێنێت، لە هێڕشەکانی ریگان و تاتشەرەوە بە فراوانی دەستیپێکرد، تا ئەمڕۆ سەرانی وەک؛ ترامپ و بایدن، بلێرو بۆریس و سوناک، ماکرۆن و تا دەگاتە پۆتین، بەڵام بەردەوام ئەم بزوتنەوەیە هێشتا ئاڵا هەڵگری مافەکانی ئینسانە.
ئەم ناڕەزایەتیانە ئەگەر راستەوخۆ کاریگەری دانەنابێت لەوەی هەنگاوە جەنگخوازی و دژی ئینسانیەکانی سەرمایەداری حکومەتەکانیان بوەستێنێت، بەڵام لەدریژماوەدا ئەو حکومەتانەو سەرانی ئەو حکومەتانەی ریسوا کردوە، هەموو ریسوایی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دەبینین کە لە جەنگی عێراقدا کردیان لەژێر پاساوی هەبوونی چەکی کیمیایی، تا دەگاتە، جەنگی ئێستای ئۆکرانیاو ئیسرائیل و ئەوەی لە ئەفغانستان و سوریا ئەنجامیاندا، وە ئەنجامە کارەستبارەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەیبینێت، کە چ ریسواییەکە بۆ سیستەمی سەرمایەداری بەهەر هاتوهاوارێکی مافی مرۆڤ و پێشکەوتنەوە، رووبەڕوویان دەبێتەوە.
ئەم بزوتنەوەیەی خوارەوەی کۆمەڵگا کە لەنەبوونی تەنیا یەک حکومەتی ئینساندۆست و رادیکاڵ لەدنیادا، هێشتا خۆی دەردەخات، بۆخۆی ئومێدو تاوێک بە مرۆڤایەتی لەئاستی دنیادا دەدات کە ئەم دنیای سەرمایەداری و رابەرایەتیەی بۆرژوازی کە جیا لەبەربەریزم هیچی تری لەدەست نایەت و بۆ مرۆڤایەتی بەکەڵک نەماوەو دەبێت، بڕوات. ئەم بزوتنەوەیە لە درێژەی خۆیدا بەشێوەی جۆراوجۆر خۆی نیشاندەدات و یەخەی سەرمایەداری و پیشێلکاریەکانی دەگرێت هەر لە؛ ئامادەیی یەک ملیۆنی لەلەندەن بەدژی لێدانی عێراق، تاکو ئامادەیی سێ مانگ لە شەقامەکانی بە سەدهەزاری و ملیۆنی لە ئاستی دنیادا بۆ غەززەو دژی ئیسرائیل و تا دەگاتە ناڕەزایەتی سەدان هەزار کەسی زیاتر لە پەنجا ناوچەی ئەڵمانیادا دژ بە پارتی ئەڵتەرناتیف AFD راستڕەوو راسیست و فاشیستی دژی پەنابەری، کە وەک هێزێکی گەورە خۆی نیشاندا، تا دەگاتە هێزی بەرگری لەخەڵكی کۆبانی.
ئەم بزوتنەوە ئینساندۆستی، ئازادیخواز، چەپ، کرێكاری و کۆمۆنیستیە، ئەوەتا کاریگەریەکانی نەک تەنیا لە ریسواکردن و لاخستنی حکومەتی ئیسرائیل و پاساوی کۆمەڵكوژی لەژێرناوی بەرگری لەخۆی دەکات، کاریگەریەکانی لەئاستی دنیادا لەسەر حکومەتەکان و حزب و لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیسرائیل داناوە. ناڕەزایەتیەکانی ئەم هێزە سەدان هەزاری و ملیۆنیە تەنیا هاوارو ناڕەزایەتیەکانی ڕووبە کوشتاری ئیسرائیل نیە کە ئەنجامی دەدات، بەڵکو یەخەی ئەو دەسەڵاتانەشی گرتووە کە لەپاڵ کوشتارو کاولکاری حکومەتی ئیسرائیلدا وەستاوەن لەچەشنی ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا.
ئەم بزوتنەوە جیهانیە ئومێدبەخشە کاریگەرە کە داوای ئاگربەست دەکات و دەڵێت نا بۆ کوشتنی منداڵان لەژێر هەر پاساوێکدا بێت، لە چوارەهەمین مانگی خۆیدا دەڵێت نا بۆ جینۆسایدی خەڵکی فەلەستین و بەڵێ بۆ رێگاچارەی یەکجاری دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل، کە جیا لە کەلێنخستنە ناو یوئێن، وڵاتانێکی وەک باشووری ئەفریقا دێنێتە پێشەوە کە لە دادگای دادوەری نێودەوڵەتی (دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای) دا شکات لە ئیسرائیل بکات و بیباتە بەردەم دادگا و لەسەر کۆمەڵکوژیەکانی لە غەززە لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت. ئەم هێزە گەورەیە بەجۆرێک خۆی نیشانداوە کە نە حکومەتانی هاوپەیمانی ئیسرائیل دەتوانن پاشەکشەی پێبکەن، نە ئیسرائیل دەتوانێت، لەناوخۆدا بێدەنگیان بکات.
ئەم بزوتنەوەیە جیهانیە کە ریشەکەی لە خەباتی چینی کرێکار و سۆشیالیزمەوە سەرچاوەی گرتووە، کە نایەوێت جارێکی تر کێشەی فەلەستین برینی قوڵ و کۆمەڵکوژی لەنێوان خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستیندا بەردەوام بێت و دووبارە بێتەوە، ریزی خۆی بێماندووبوون بە دروشم و دەنگی بەرزەوە دەڵێت ئاگربەست و چارەسەری یەکجاری کێشەی فەلەستینی خستۆتەر بەردەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، هەربۆیە کاریگەری داناوە، هەر ئێستا ئەوروپای هێناوەتە سەر ئەوەی کە قسەوباس لەسەر چارەسەری کێشەی فەلەستین بکەن. رۆژی دوو شەممە ٢٢ی جەنیوەری ٢٠٢٤ وەزارەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا وەرەقەیەکی گفتوگۆی بۆ وڵاتانی ئەندام ناردووە کە نەخشەڕێگایەک بۆ ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل پێشنیار کردووە لە ژێرڕۆشنایی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی سەر کەرتی غەززە بۆ زیاتر لە ٣ مانگ. پلانێکی ١٢ خاڵییان خستۆتەبەردەم کە داوای “کۆنفرانسی ئامادەکاری بۆ ئاشتی” دەکات کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا، میسر، ئوردن، سعودیە و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی ڕێکدەخرێت، هاوکات بانگهێشتی ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات بۆ بەشداریکردن لە بەڕێوەچوونی. لە پلانی پێشنیارکراوی ئاشتیدا جەخت لە ئاگربەست کراوەتەوە و هەروەها دەڵێت “جگە لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی کە شانبەشانی ئیسرائیل بژی، هیچ چارەسەرێکی هەمەلایەنە و متمانەپێکراو نییە”.
ئەم بزوتنەوەیە سەرەڕای ئەوەی کە لە پشتیوانی دەوڵەتێکی شۆشیالیستی بەهرەمەند نیە، سەرەڕای ئەوەی کەلەچاو ئەو هێزە گەورەیەدا، چینی کرێکار بەرێزێکی سیاسی یەکپارچەو بە ڕابەری بزوتنەوەیەکی کۆمۆنیستی بەهێز تێیدا بەشدارنیە، بەڵام بەو ئاسۆ مرۆڤدۆستیەوە کە هەیەتی لەمەیداندایە، هەربۆیە گرنگە لەهەر گۆشەیەکەوە ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە بەهێزبکرێت، بەشداری تێدا بکرێت، بانگەوازی بۆ بکرێت و لەپاڵیدا بین تا ئەوکاتەی کە چینی کرێکارو کۆمۆنیستەکان بە هێزێکی زیاترەوە دەتوانن زیاتر چارەنوسی نەک تەنها کێشەی فەلەستین بەلایەکدا بخات، بەلکو ئەو کێشەو جەنگانەی کە سەرمایەداری بەرپای دەکات و مرۆڤایەتی لەبەردەم چارەنوسی نادیاردا ڕاگرتووە، بگۆڕێت بۆ کۆمەڵگایەکی شیاوی ئینسانی.

٢٤\١\٢٠٢٤




حکومەتی ئیسرائیل و بنبەستی رێگاچارە!.. نوری بەشیر

شەڕی حکومەتی ئیسرائیل بەدژی خەڵكی غەززە سێ مانگی تێپەڕاند، هێرشەکانی لە کوشتارو بریندارو کاولکاری و ئاوارەیی تابێت دەچێتەسەرەوە. ئاخرین ئامارەکانی کوشتاری خەڵكی غەززە بەرزبۆتەوە بۆ ٢٣٢١٠ کەس کە دوولەسەر سێی کوژراوەکان ژن و منداڵن. ئاماری بریندارەکان نزیکبۆتەوە لە ٦٠ هەزار کەس، وە بە هەزاران کەس لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکانی غەززەدایە. زۆربەی ئەو شارە کاولبووەو بە هەزاران بریندار بەپێی راپۆرتی پزیشکانی بێسنوور لە کاتوسەعاتدا لەبەردەم مەرگدان. هەروەها ژمارەی ڕۆژنامەنووسە كوژراوەكانی غەزە گەیشتۆتە ١٠٥ كەس. لە ٨٥٪ ی دانیشتوانی غەززە کە دوو ملیۆن و سێ سەدهەزار کەس بوون، ئاوارەبوون. ژمارەیەکی زۆر بەهۆی تینوێتیو برسێتیەوە بەپێی راپۆرتی یوئێن، مردوون.
درێژەکێشانی شەڕو هێرشەکانی لەهەموو روویەکەوە لە بەرژەوەندی ئیسرائیلدا نیە، هەروەک چۆن راگرتنیشی لەئێستاو بەپێی فشارێک رووبەڕووی دەبێتەوە شکستێتی، ئەگەرچی وانیشاندەدات کە دەیەوێت شەڕەکەبەردەوام بێت و دامنەی فراوانبکاتەوە، بەڵا بەجیا لەزیادبوونی ناڕەزایەتی جیهانی و ناوخۆی ئیسرائیل بەدژی نەتەنیاهۆ و حکومەتەکەی و هاوپەیمانەکانی، ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیلیش رۆژانە بەرزدەبێتەوە، خەرجیەکانی شەڕەکەی دەچێتە سەرەوەو داواکاری کۆمەكی جیهانیە لە هاوپەیمانەکانی. هەروەها درێژەی ئەم هەلومەرجە ئاڵۆزی ناوچەکەی زیادکردووە کەئەمەش لەبەرژەوەندی ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاوای هاوپەیمانی ئیسرائیلدا نیە، بۆ ئەمەش ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل و چەند وڵاتی عەرەبی کردوە.
حکومەتی ئیسرائیل لە قەیرانێکی گەورەدایە لە بەردەوامی شەڕەکەی یان وەستانیدا، لەبەرامبەر هەلومەرجی درێژەکێشانی شەڕ، کۆمەڵێک هەنگاو و پلان و بەرنامەی نوێی خستۆتە بەرنامەی کاریەوە کە ناوەرۆکی رێگاچارەی یەکلایەنەی بەرژەوەندیەکانیەتی بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی لەم شەڕەدا بەرۆکی گرتووە. لەوانە شوێنکەوتنی سەرانی بزوتنەوەی حەماس و بەدرۆن لێدانی کەسایەتی حەماس و سوپای پاسداران و حزبوڵا، کوژرانی ژمارەیەک لە سەرانی ئێران و هێزەکانی لایەنگری ئێران، لەوانە؛ ساڵح عاروری، جێگری سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس لەباشوری بەیروت، وە کوژرانی وسام حسن الطویل لە سەرانی حزبوڵاو هەروەها کوژرانی رازی موسەوی لە سەرانی سوپای پاسداران لە سوریا، هەروەها موشەکبارانی باشوری لوبنان، بەمەبەستی فراونکردنەوەی شەڕەکەو ململانێی لەگەڵ ئێراندا.
هەروەها لەژێرناوی لەناوبردنی حەماسدا بەرنامەی کۆچی بەزۆری خەڵكی غەززەی بۆ ناوچەی سنوری نێوان میسرو ئیسرائیل لە بەرنامەدایەو بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ میسرو سعودیە و وڵاتی کۆنگۆ لە گفتوگۆدایە. بەپێی وتەی یوئاف گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بەدوای کۆتایی شەڕەکەدا بەرنامەی ئەوەیان هەیە کە ئیدارەی مەدەنی کەرتی غەززە دەگوازرێتەوە بۆ دامەزراوەیەکی فەڵەستینی بۆ بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی غەززە بەڵام لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕێنمایی و سەرپەرشتی دەکرێت.
لەبەرامبەر ئەو هەلومەرجەی ئیسرائیل دروستیکردوە، کێشە بۆ ئەمریکا دروستبووە، هەم وەڵامی ئیسرائیل بە موشەک دەدرێتەوە، هەم حوسیەکان و هێرشی درۆنی کێشەیەکی زۆری بۆ پاپۆڕە بازرگانیەکانی ئیسرائیل، ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاوا دروستکردوە، وە میلیشیا شیعەکانی لایەنگرانی ئێران لە عێراق هێرشە درۆنیەکانیان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق، کوردستان و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی و لە سوریا زیادی کردووە.
لەلایەکی ترەوە ناڕەزایەتیەکان لەدنیادا تەنیا بەڕووی حکومەتی ئیسرائیلدا نیە، بەڵکو یەخەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەشی گرتۆتەوە کە هاوپەیمانی لەگەڵدا دەکەن. ئەو ریزە ملیۆنیەی لەدنیادا دێنە شەقامەکان و داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و چارەسەری کێشەی فەلەستین دەکەن، بەرۆکی حکومەتی ئەمریکاو هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی گرتوە کە بەدژی ئاگربەستن، ئەوەش بۆخۆی درزو کەلێنی خستۆتە نێوان حزب و حکومەتەکانیان لەسەر قبوڵکردنی ئاگربەست یان درێژەدان بەشەڕ. ئەو ناکۆکیەش ناو یوئێنیشی گرتۆتەوە. ریزی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان بەرەو زیادبوون دەچێت لەو شوێنانەی کەبەرهەمی چەک و تەقەمەنیان هەیەو دەنێرێت بۆ ئیسرئیل. ناڕەزایەتی ریزی مرۆڤدۆستی بەدژی ئەو لایەن و کۆمپانیانەی کە کۆمەكی حکومەتی دەکەن فراواندەبێتەوە.
هەموو ئەمانە لە کاتێکدا روودەدەن، کەئەمریکاو رۆژئاوا لە دنیادا رووبەڕووی شکست و پاشەکشەیەک بۆتەوە بەتایبەت لە ئاسیاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەلایەک و بەبیانوی کۆمەكی حکومەتی ئیسرائیل پشتکردنە حکومەتی ئۆکرانیا، کە لەئاخرین قسەکانی زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا وتی کە ناتۆ بەتەنیا جێیان هێشتین، وە پێشڕەویەکانی روسیا لە ئۆکرانیا، بەناچار ئەمریکاو ناتۆ بۆ رێگاچارە دەگەڕێن، لەکاتێکدا لەگەڵ ئەو هەموو قەیرانەدا قەیرانی حکومەتی ئێسرائیلیش یەخەی گرتوون. بەناچار ئەمریکا لەبەرامبەر ترسی هێرشە درۆنیەکانی حوسیەکانی یەمەنداو مەترسی بۆسەر بەرژەوەندی بازرگانیان لە کەنداودا، هاوپەیمانیەکی نوێی دروستکردوە لە ١٠ وڵات لەژێر سەرپەرشتی خۆیدا، لەژێرناوی ئۆپەراسیۆنی پاسەوانی خۆشگوزەرانیدا، لەکاتێكدا کە لە هاوپەیمانی پێشوو بەسەرۆکایەتی سعودیە بۆ بەرگری لە حکومەتی یەمەن و بەدژی حوسیەکان شکستیان هێنا.
درێژەکێشانی شەڕی ئیسرائیل و هەوڵی فراونکردنەوەی بۆ ناوچەکە و جینۆسایدی خەڵكی غەززەو راگوێزانی زۆرەملێ تا دەگاتە پلانەکانی بۆ دوای شەڕەکەی، ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، وەک هاوپەیمانەکانی لە ئایندەی دەترسن و بۆیە بەناچاری، هوشداری دەدەن بە ئیسرائیل.
هەربۆیە درێژکێشانی شەڕ و بەرنامەو پلانێکی یەکلایەنە بۆ غەززە و فەلەستین، بەپێی بەرنامەی بەرژەوەندیەتی حکومەتی ئیسرائیل لە کوشتارو کۆچی زۆرە ملێ و نەخشەی ئێستاو دوای شەڕ، چەندە هاوکاریەکانی ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاواش بەردەوام بێت، کە ناتوانێت هەر بەردەوام بێت، ناتوانێت ئارامیەک لەو ناوچەیدا بەدیبێنێت، بەتایبەت بەبێ رێگاچارەی یەکجاری ٧٥ ساڵەی کێشەی خەڵكی فەلەستین، ئەوا ئەو برینە سارێژ نابێت و بەچەندین شێوەی تر لەلایەک حکومەتی ئیسرائیل کوشتارو کاولکاری دووبارە دەکاتەوە، لەلایەکی ترەوە ئیسلامی سیاسی هێز لە کێشەی فەلەستین وەردەگرن، وەک ئەوەی ئێستا لەناوچەکدا دەبینرێت، کێشەکانی ئەمانە وەک ئێستا دەیبینین ئاگرەکەشی ناوچەکە دەگرێتەوە، بۆیە رێگاچارەکانی حکومەتی ئیسرائیل لە بنبەستێکی گەورەدایە بەو دەلیلەی کە جێگاورێگایەکی چەند دەیەی لەمەوپێشی بۆ ئەمریکاو غەرب نەماوە، هەروەها جارێکی تر کێشەی فەلەستین بە کەیسێکی گەورترەوە کە ئەویش جینۆسایدی ئینسانە لەدنیای هاتوهاواری سەرمایەداریدا، هاتۆتەوە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە.
بەبێ چارەسەری کێشەی فەلەستین هەمیشە قوربانیەکانی خەڵکی مەدەنی فەلەستین و ناوچەکە دەبن، هەربۆیە زەرورە بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جیهانیەکان، بۆ ئاگربەست و رێگاچارەی یەکجاری کێشەی فەلەستین بەڕوویاندا بەهێز بکرێت.
٩ی جەنیوەری ٢٠٢٤




هەفتەی شەشەم و شەپۆلی فراوانی خۆپیشاندان بۆ ڕاوەستانی ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەززە!.. نوری بەشیر

سەڕەڕای ئەو رێگری و رێکارانەی کە حکومەتانی لایەنگر لە شەڕو حکومەتی ئیسرائیل بۆ خۆپیشاندان دروستیان دەکرد، بۆ جارێکی کە بەرەی ئازادیخوازو مرۆڤدۆست لە سەراسەری دنیا لە شەممەی ١٨ی نۆڤەمبەردا ڕژانە ناوەندی شارەکان بەتایبەتی لە بەریتانیا، فەرەنساو ئەمریکا. هەفتەی شەشەم لە زۆربەی شارەکانی بەریتانیادا خۆپیشاندان کە بە خۆپیشاندانی سەدان ناوبرا ئەنجامدرا.
لە لەندەن لە کامدن و ئیزلینگتن و ترافڵگار سکوێرو دەیان شوێنی جیاجیا کۆبوونەوەو ناڕەزایەتی بە ڕووی حکومەتی بەریتانیا رویدا بەتایبەت کە لە دانیشتنی پەرلەماندا دەنگیان بە ئاگر بەست نەدا، لە یەكێک لەم خۆپیشاندانانەدا کە لەناوچەی کامدن لە لەندەن بوو بەردەم نوسینگەی لەیبەر پارتی کۆبونەوەو دروشمی دژی لەیبەر پارتی و کیر ستارمەری سکرتێری ئەو حزبە درا، کە ژمارەیەکی زۆر ئەندام پەرلەمانی وازهێنانیان راگەیاند کە ئەم حزبە و سکرتێرەکەی دژی راوەستانی جەنگن.
ئەم خۆپیشاندانەی لەندەن دەیان ناوچەی تری گرتەوەو لەوانە ناوەندی شاری لەندەن ترافڵگار سکوێرو لەوێوە بۆ بەردەم ماڵی سەرۆک وەزیران ڕیشی سوناک کە کابینەو حکومەتەکەی لە قەیرانی قوڵدایە، کە ئاخرین قەیرانەکەی دورخستەوەی وەزیری ناوخۆ سوێلا برایڤەرمان کە کەسێکی دژی پەنابەرو دژ بە خۆپیشاندانەکانی لایەنگری ئاگربەستن. ئەم حکومەتە ئەزمە گرتووەی بەریتانیا بەبێ هیچ هەڵبژاردنێک و بەرئەنجامی قەیرانێکی پێشتر کە بەردەوامە دەیڤید کامیرۆنی سەرۆک وەزیرانی پێشووی هێنایەوەو کردیان بەوەزیری دەرەوە.
خۆپیشاندانی ئەم هەفتەیە شارەکانی تری بەریتانیا لە: نیوکاسڵ، شفێڵد، لێڤەرپوڵ، مانچستەر، بریستۆڵ، کاردیف، دەندی و کاردیف، نۆتینگهام و والساڵ و هەروەها لە گلاسگۆ کە گەورەترینیان بوو نزیەکەی بیست هەزار کەس تێیدا بەشداری کرد لە خەڵكی ئازادیخواز و چەپ و مرۆڤدۆست و یەکێتیە کرێکاریەکان لەوانە دەیڤ مۆکسهام، جێگری سکرتێری گشتی فیدراسیۆنی یەکێتی TUCی سکۆتلەندا کە بەشدار بوو و لە کۆبوونەوەکەدا وتی “یەکێتییە کرێکارییەکانی سکۆتلەندا پشتیوانی لە ئاگربەستی دەستبەجێ دەکەن، هەروەها دیک پیت ڕێکخەری کەمپەینی هاوپشتی فەلەستین (PSC) بە خەڵکەکەی گوت، “خەڵک ناتوانن هیچ نەکەن لە کاتێکدا ئیسرائیل تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات.”
” ✺
هەروەها بەردەوام یەکێتیە کرێکاریەکان بەشداری ئەم خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیانەی کردوەو لە خۆپیشاندانی ملیۆنی لەندەن لە ١١ی نۆڤەمبەردا میک لینچ سکرتێری یەکێتی کرێکاریی RMT بەشداری کردو لەبەردەم سەفارەتی ئەمریکا لەلەندەن داوای ئاگربەستی دەستبەجێی کرد.

هەر لەم رۆژەدا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا خۆپیشاندانی گەورەی ناڕەزایەتی بوو بەدژی کوشتاری حکومەتی ئیسرائیل و بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ. لە ئەمریکاش لە چەند شار خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا.
ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەوەیە لەگەڵ چونەسەرەوەی هێرشەکانی حکومەتی ئیسرئیل بۆسەر خەڵکی مەدەنی غەززەو چوونە سەرەوەی کوشتارەکان بۆ نزیکەی سیازدە هەزار نزیکبۆتەوە کە لەسەدا حەفتای ژن و منداڵن، بریندار بۆ سی هەزار سەرکەوتوە بێجگە بێسەروشوێنی ژێر باڵەخانەو خانو نەخۆشخانەو قوتابخانەی رووخاو بەسەریاندا و هەورەها کاولکاریەکانی نەخۆشخانەو قوتابخانەو برسێتی و تینوێنتی خەڵكی غەززە، کە لەلایەک لایەنگرانی سەرمایەو بازاڕی ئازادی بۆرژوازی و حکومەتەکانی لەچەشنی ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا سورن لەلایەنگری کوشتارو کاولکاری بەڵام لەولاوە بەرەی ئازادیخوازو مرۆڤدۆست و چەپ و کۆمۆنیستی و کرێکاریی دنیا زیاتر پێدادەگرن لەسەر ئاگربەستی فەوری و گەیاندنی پێداویستیە فەوریەکان بە خەڵكی غەززە. ئەوەی بەرچاوە لەناو خۆپیشاندانەکانی بەگشتی خەڵکی ئیسرائیلە ( یان ئەوەی پێی دەڵێن یەهودی یان جولەکە) لەم وڵاتانەدا لەپاڵ رێزی سەدان هەزاری کە بەهەموو شێوەیەک لەبەرانبەر کوشتارو کاولکاری دەوەستنەوە کە لە وێنەکانی لەگەڵ ئەم بابەتەدا دایدەنێن بە کامێرای خۆمان گیراوە لە لەندەن، ئەمە دەریدەخات کە ئینسان لەهەموو شتێک بەنرخترە و هیچ بەهانەیەک نیە بۆ کوشتنی ئینسان، ئینسان لەسەرو هەموو پیرۆزیەکی قەومی و دنییەوەیە، ئیتر ئەمە جێگایەک بۆ قەومگەرایی و دینیی ناهێڵێتەوە.
ئەم شەپۆلیە ملیۆنیەی هەفتانە لەشەقامەکاندایە هەر بە ئاگر بەست و گەیاندنی کۆمەک بۆ لیقەوماوان و بیریندارانی غەززە ناوەستێت و داواکاری رێگاچارەیەک دەکات کە ئەم کوشتارو ملهوڕیەی ئیسرائیل کۆتایی پێبهێنرێت بە چارەسەری کێشەی فەلسەتین ئەویش پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستینە لەپاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلداو بەمەش ساڕێژی ئەو برینە لەمێژینەیە دەکات و چیتر وڵاتانی بۆرژوازی و سەرمایەداری عەرەبی نانی لێناخۆن و هەروەها سەرچاوەکانی سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی لەچەشنی حەماسیش دەباتە دواوە.

✺ ئەمەم لە پەیجی هاوڕێ توانا نوری وەرمگرتوە

٢٠/١١/٢٠٢٣




کاتێک هێزی سێهەم بەدژی ئینسانکوشتن دێتە مەیدانەوە!.. نوری بەشیر

بەجیا لە لایەنگرانی دوو هێزی ئینسانکوژو کاولکەر و کۆنەپەرستی حکومەتی ئیسرائیل و حەماس، هێزێکی دیکە لەمەیداندایە، ئەویش هێزی سێهەم، هێزی سەدان ملیۆنی ئینسانی ئازادیخوازە لەسەراسەری جیهاندا. ئەم هێزە نە لایەنگری کۆمەڵکوژیەکان و کاولکاریەکانی حکومەتی تیرۆیستی ئیسرائیلە بەبێ دەست پاراستن لە ژن و منداڵ و پیرو قوتابخانەو نەخۆشخانە و دانانی گەمارۆی ئاوو کارەبا و خواردن دژ بە خەڵكی غەززە، نە لایەنگری کاری کوشتن و رفاندن و تەقاندنەوەی حەماسە بەدژی خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل.

بەڵام راستیەکان تەنیا ئەوەنیە کە میدیای دەستەڕاستی بۆرژوازی دەربارەی ئەوەی کە لەغەزەو ئیسرائیلدا ڕوودەدات و بڵاویدەکەنەوە و سەرانی حکومەتەکانی بۆرژوازی رۆژاوا پاکانەی تاوانەکانی ئیسرائیل دەکەن بەبیانوی بەرپەرچدانەوەی تیرۆرەوە. خەڵكی هوشیارو بەئاگای جیهان ماهیەتی دژی ئینسانی و کۆنەپەرستانەی حکومەتە بۆرژواییەکانی رۆژواو سەرۆکەکانیان بە ڕادەیەک بۆ دەرکەوتووە کە مەگەر تەنها لایەنگرانیان باوەڕیان پێ بکەن و چەپڵەیان بۆ لێبدەن. ئەگەر تەنیا راستیەکانیش هەر لە سۆشیال میدیاوە کە مەحدودە وەربگرین؛ ئاستی ئەو کوشتارو کاولکاریەی حکومەتی ئیسرائیل بەرامبەر خەڵکی مەدەنی غەززە بەڕێیخستووە، دەردەکەوێت. ئەو تاوانەی ئیسرائیل لە نەخۆشخانەی مەعمدانی ئەنجامیدا، ڕادەی دڕندەیی ئەو دەوڵەتەو ریسوایی سەرانی بۆرژوازی رۆژئاوایی نمایش کرد.

بەڵام هەر لە سەرەتای رۆژی ٧ی ئۆکتۆبەرو هێرش و کوشتن و رفاندنەکانی حەماس و دواتر کۆمەڵکوژیەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە لەناو تەپووتۆزو هاتوهاواری حکومەتانی بۆرژوازی و میدیا چەواشەکاریەکانیانەوە، هێزێکی تر، ریزێکی تر نای بۆ ئینسانکوشتن وت، نای بۆ کوشتنی خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل و نای بۆ کۆمەڵکوژی خەڵکی فەلەستین و غەززە وت، بەدژی کوشتارو کاولکاری وەستایەوە. بەڵام لێرەولەوێ و بەشێوەی بچوک و بەبێ میدیا، بەڵام دوو هەفتەی رابردوو ئەم هێزە وەک کێوێک کە لە بیاباندا بەرزبێتەوە، هاتە مەیدانەوەو دەرکەوت، بەتایبەت ئەم هەفتەیەی دوایی لە ٢١ی ئۆکتۆبەردا ریزی چەند ملیۆنی خۆی لەسەراسەری دنیا نمایش کرد.

ئەم هێزە وەک هێزی سێهەم بەدژی کوشتار و بەدژی شەڕو تیرۆریزمی دەوڵەتی و غەیرە دەوڵەتی وەستایەوە، نایەکی گەورەی لەدژی ناتانیاهۆو حکومەتەکەی وت، ئەم نایە لەناو ئیسرائیلەوە تا دەگاتە ئەمریکاو ئەوروپاو سەرجەم دنیا. ئەم هێزە وەک بەرەی سێهەم و رادیکال و ئینساندۆست و ئازادیخوازو کۆمۆنیست و کرێکاری هاتنە سەر شەقامەکانی وڵاتەکانیان و بەردەم شوێنە سەرەکیەکان لە وڵاتەکاندا. ئەم هێزە خۆی نیشاندا لە: ئەمریکا لە واشنتۆن و نیۆرک، کەنەدا، بەریتانیا لەلەندەن و چەندین شاری دیکە، لە فەرەنسا، ئوسترالیا، لە یابان، ئیسپانیا، لە نیوزیلاند، لە ناوخۆی ئیسرائیلدا، لە ئەڵمانیا لە دوسڵدورف، بەهێزو بە دروشم و بانگەوازی گەورەی وەستانی دەستبەجێی کوشتارو کاولکاری سەر غەززە، بە بەرزکردنەوەی سەدان هەزار پلاکارتەوەو هەروەها لە ئەمریکا چوونە ناو بینای کۆنگرێس.

خۆپیشاندانەکان و رژانە سەرشەقامەکانی ئەم هێزە وەک نمایشێکی هێزێکی رادیکال، ئینسانی و دوور لەهیچ فەزایەکی قەومی و ئاینی و رەگەزپەرستی بوو. ئەگەر بۆ کەسێک لەنزیکەوە بەشداری کردبێت، وەک ئێمە لەبەریتانیا، بەجیا لە دروشم و وتنەوەی دروشمەکان بەدەنگی بەرز لە زۆربەی وڵاتەکان، یەک ناوەرۆکی هەبوو. ئەوەی جێگای خۆشحاڵی و سەرنج بوو ریزێکی فراوان لە ئینسانەکان وەک ئەوەی لەسەراسەری جیهان دەعوەت کرابن بۆ کۆنگرەیەکی بەرگری لە ئینسان و پێکەوە یەک بیرو یەک رێگای دژی شەڕو کوشتارو کاولکاریان هەبێت، بەجیا لەرەنگی پێست و نەتەوە و نەژادو دینیان، لە رێزێکی فراواندا دژی جەنگ و کاولکاری و تاوانەکانی ئیسرائیل لە غەزە وەستانەوە.

ئەوەی جێگای سەرنج بوو، لە خۆپیشاندانی لەندەندا، کە ژمارەیەکی زۆر گەورەو بەرچاو بەشدارییان کرد، مۆرکێکی مرۆڤدۆستانەو چەپی پێوەبوو… رێکخراوە کرێکاریەکان و سۆشیالیست و چەپەکان بەشداری بەرچاویان هەبوو. بگرە ژمارەیەکی بەرچاو خەڵکی جولەکە بەشداری خۆپیشاندانەکە بوون! ئەو دروشمانەی دەوترانەوە بریتی بوو لە: وەستانی کوشتاری خەڵکی غەززە، نا بۆ داگیرکاری فەلەستین، حکومەتی ئیسرائیل حکومەتێکی تیرۆیستە، ئازادی بۆ فەلەستین، شەرم بۆ بایدن، شەرم بۆ ماکرۆن و ریشی سوناک کە لایەنگری ناتانیاهۆو حکومەتی ئیسرائیل دەکەن.

ئەم هێزە ئینسانیە بۆیە گرنگە چونکە لەسەروو هەموو ئایدۆلۆژیەکی قەومی و دینیەوەیە. ئەم هێزە نەک تەنیا لە ئەمریکاو بەریتانیاو ئیسپانیاو بەڕۆشنی پەیامی خۆیان دا، بەڵکو لە ناو ئیسرائیلدا بەهەزاران کەسی ئینساندۆست و ئازادیخوازو چەپی خەڵكی ئیسرائیلی، چۆن لەسەراسەری دنیادا نایان بۆ کوشتاری ئینسان وت، لەوێش یەخەی ناتانیاهۆو حکومەتەکەیان گرت و رژانە سەرشەقامەکان و نایان بۆ کوشتارو کاولکاری ئیسرائیل لە غەززە وت و داوای دەستبەجی وەستانی کوشتارو کاولکاریان کرد لە غەززە.

هەربۆیە زەرورە کە ئەم ریزە ملیۆنیە ئازادیخواز و مرۆڤدۆستیەی هەر وڵاتە بەهێز بکەین، لەدەوری خواست و داواکاریە ئینسانیەکانیان کۆبینەوە بۆئەوەی وەک هێزێکی فشاری گەورە بۆ وەستانی هێرشەکانی حکومەتی ئیسرائیل بۆسەر غەززە راوەستین، هەر ئەم هێزو بەرەی سێهەمەش دەتوانێت دوای فشاریان لەوەستانی کوشتارو کاولکاری غەززەو بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە، بتوانێت بارێکی تر بێتەوە مەیدانە بۆ چارەسەری یەکجاری کێشەی فەلەستین، ئەویش بە دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین لەپاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا، ئەمە تەنیا پەیام و رێگاچارەی دروست و ئینسانیە بۆ کۆتاییهێنان بە کۆمەڵکوژی و کاولکاری لە ئیسرائیل و فەلەستین.

٢٤/١٠/٢٠٢٣




ناڕەزایەتی نوێی سوریا و داوای ڕوخانی بەشار ئەسەد!.. نوری بەشیر

ناڕەزایەتیەکی جەماوەری فراوان کە دەچێتە سێهەمین هەفتەوە و بەردەوام و بەرەو فراوان بوونەوە دەچێت، لە سوریا دەستی پێکردوە. سەرەتا ئەم خرۆشانە جەماوەریە لەشاری سوەیدا و دێهات و شارۆچکەکانی دەوروبەری بەدژی هەلومەرجی گرانی، هەژاری و گەندەڵی دارودەستەکانی دەسەڵات، دەستیپێکردو لەیەکەمین رۆژەکانەوە بەفراوانی ئەم ناڕەزایەتیانە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تەنیەوە. دروشمەکان بەرەو دروشم و خواستی سیاسی بەدژی بەشار ئەسەدو حزبی بەعس رۆیشت.
ناڕەزایەتیەکانی ئەمجارە هاتنەمەیدانێکی یەکدەنگ و یەک هەڵوێستە بەشێوەیەکی فراوان کە خۆپیشاندەران وێنەی بەشار ئەسەدیان لەناوەندی شاری سوەیدا داگرت و سوتاندیان و بارەگای حزبی بەعس دەستی بەسەردا گیرا و دروشمی ” بڕۆ بڕۆ بەشار ئەسەد”، “بروخێ دەسەڵاتی بەعس” و ” جەماوەر ئەیەوێت رژێم بڕوخێنێت” هەرزوو بەزویی بەرەو شاری دەرعا و دواتر بۆ بەشی باکوری رۆژئاوای سوریا و دواتر زۆرێک لە شارۆچکەو ناوچەکانی دەوری سوەیدا و هەندێ لە دیهاتەکانی دەوروبەری حەڵەب و دیمەشق و ناوچەکانی ئەدلب و بەرەو رەقەو حەسەکە رۆیشت.
ئەم ناڕەزایەتیانەی سوەیدا بەدوای بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنیدا دێت کە رژێمی بەشار ئەسەد بەشێوەیەکی خەیاڵی بردیە سەرەوە، لەکاتێکدا کۆمەڵگە خۆی سەرتاپای لە گرانی و برسێتی و نەخۆشی و بێئاو و کارەبا و بێکاری ڕادەبەدەر نقوم بووە. بەپێی ئامارەکانی رێکخراوە جیهانیەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٩٠٪ی کۆمەڵگە لەژێر هێڵی هەژارەیەوە دەژی. لیرەی سوری بەجۆرێک دابەزیوە کە لە ساڵی ٢٠١١ دا ٤٧ لیرە بەرامبەر بوو لەگەڵ یەك دۆلار، بەڵام ئێستا یەك دۆلار ١٥٥٠٠ لیرەیە! کە زیاتر لە ١٥ ملیۆن ئینسان کە لەسەدا هەفتای دانیشتوان دەکات پێویستیان بەیارمەتیە و زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەس پێویستیان بە کۆمەکی خۆراکیە. بانگەوازی رێکخراوی یونسێف بۆ بە هاناوەچوونی خێرای نزیکەی شەش ملیۆن و نیو منداڵ پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەیە.
ئەم ناڕەزایەتیانەی سوەیداو ناوچەکانی، لەکاتێکدا ڕوودەدات بەجیا لە هەژاری و برسێتی دەستی ناوەتە گەروی خەڵکی سوریا، دەستی بەشار ئەسەدو رژێمەکەی لەلایەن وڵاتانی کۆمکاری عەرەبیەوە گیراو بردیانەوە ناو یەکێتی وڵاتانی عەرەبی لەچوارچێوەی سیاسەتی قوتبەندی نوێی جیهانی کە سەرێکی ئەمریکا و هاوپەیمانانی و لەوسەری روسیاو چینە، وە رێکەوتنی سعودیە و ئێران سەرمەشقی ئەو کارانەبوون بۆ بەرژوەندی خۆیان رژێمی بەشار ئەسەد سەربەرزانە بهێننەوە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە ئاسانی لەو تاوانانەی ئەنجامیداوە ڕزگاری بکەن.
تا دێت ئەم ناڕەزایەتیانە بەشۆڕو شەوقەوە بەردەوامە، ئەمڕۆ هەینی ٨ی سەپتێمبەر لەگەڵ رێگری هێزەکانی رژێمدا لەشارۆچکەو دیهاتەکانی سوەیداوە بەلێشاو خەڵک بەرەو سوەیدا و مەیدانی کەرامە کە بەهەزاران خەڵکی لەخۆ گرتبوو بە یەکریزی و داواو خواست و دروشم و پلاکارت و قسەوباسی سیاسی وەک: “روخانی بەشار ئەسەدو دامەزراندنی دەسەڵاتی مەدەنی لەلایەن خەڵکەوە” و “ئێمە ئازادیمان دەوێت.. بەپێچەوانەی ویستی تۆ بەشار ئازادیمان دەست دەکەوێت”، هەروەها هاتنی ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی ئەم ناڕەزایەتیانە لەشاری دەرعاوە. هاوکات خۆپیشاندەران بینای یەکێتی کرێکاری و بینای یەکێتی جوتیارانی سەر بە رژێمیان داخست و وێنەی بەشار ئەسەدیان لەسەربانەکان داگرت و داوا لەو یەکێتیانە دەکەن کە بەگری لە مافەکانی کرێکاران و جوتیاران بکەن و بەدژی سیاسەتی دەسەڵات هەڵوێست بنوێنن. هەروەها نوێنەرانی ناڕەزایەتیەکان چەند زیندانی سوپای بەشار ئەسەدیان لابوو ئازادکردو داواوی ئازادکردنی ژمارەیەک کەس لە دەسەڵات دەکەن.
هاتنەمەیدانی خەڵک بەم یەکڕیزی و دروشمە سیاسیانەوە راپەڕینی بەهاری عەرەبی ٢٠١١ دێنێتەوە یادی خەڵكی سوریا و دنیا، ئێستا مەیدانی کەرامە پاش ١٢ ساڵ یادی راپەڕینی میسر کە دەیانوت ئێرە ساحەی تەحریرە دەهێنێتەوە بیری خەڵکی، بەڵام ئێستا خەڵک دەڵێت ئێرە مەیدانی کەرامەیەو داوای روخانی دەسەڵات بەیەکجاری و دامەزراندنی دەسەڵاتی مەدەنی جەماوەری دەکەن.
فراوانبوونەوەی ئەم ناڕەزایەتیانە رژێمی سوریاو هەموو هێزەکانی دەخالەتگەری سوریای ترساندوە، هەربۆیە پرووپاگەندە لەوەی کە سوەیدا ناوەندی دورزیەکانە دەیانەوێ مۆری قەومی لە ناڕەزایەتیەکان بدەن. هەروەک لە ٢٠١١دا ئەو کارانەیان کرد بەدابڕانی خەڵكی سوریا بە دەستەوتاقمی دینی و قەومی و تایفی و دەستگرتنی کۆنەپەرسترین ملیشیای سەر بە رژێم و هەتا دەخالەتی راستەوخۆی تورکیا، ئێران، حزبوڵای لوبنان و روسیا لەولاوە ئەمریکا بەهێزەکانی و دەستگرتنی چەندین جۆر تاقمی قەومی و دینی تا دەگاتە داعش. بەڵام بەوە دەچێت ئەمجارە ئەمە دادی دەسەڵات نەدات و هاوکاتی ئەم ناڕەزایەتیانەی سوریا لە شارەکانی لاذقیە و طرطور کە بە کەناراوەکانی سوریا ناسراوەو دەکەونە سەر دەریای سپی ناوەڕاست و بەحسابی دەسەڵات و هاوپەیمانەکانی بەناوچەکانی عەلەویەکان دەیناسێنن کە هێمایە بۆ بەشار ئەسەد کە عەلەویە، لەسەرەتای خۆپیشاندانی سوەیداوە هاوپشتیان ڕاگەیاندوەو چەند خۆپیشاندانی لێرەو لەوێ لەمانگەکانی پێشودا ئەنجام دراوە.
هەربۆیە ترسی فراوانبوونەوەی زیاترو سەرتاسەری بوونەوەی ئەم ناڕەزایەتیانەی ئەمجارە، ترسی خستۆتە ناو ریزەکانی بەشار ئەسەدو سەرەتا بە هەڕەشەلێکردن لە رێگای لونا شبلی راوێژکاری ئەسەدەوە کە خۆپیشاندەرانی بە بەکرێگیراو ناو بردووە و بەدوایدا بەناچاری پارێزگاری سوەیدا وتویەتی داواکان دەخەینە بەردەم دەسەڵاتی بەشارو دواتر بەناچاری چەند وەفدی رژێم بۆ راوێژ لەگەڵ خۆپیشاندەراندا کۆبونەوە، بەڵام شکستیان خوارد. جارێک لەڕێگای پارێزگاری سوەیدا و جارێکی تر پارێزگاری دیمەشق و جارێکی کە بەڕێوەبەری هەواڵگری گشتی رژێم و دواتر بۆ ناوەندگیری دەسەڵات پەنایبردوە بۆ سەرۆکی پارتی یەکێتی لوبنان وئام وهاب و دوایی لەرێگای حزبی دیموکراتی لوبنانی طلال ئەرسەلانەوە بەڵام ئەمانیش بەدەستی بەتاڵ گەڕاونەتەوە.

بەشار ئەسەد و دەسەڵاتەکەی دەوریەکی ئەزمەی سیاسی و ئابوری گەورە بەسەر دەبات کە بۆ ئەم دەورەیە هیچ توانای وەڵامدانەوەی نیە. هێزەکانی ئێران و حزبوڵای لوبنان بەدەرجەیەک ریسواو لاکەوتە بوون، ئێستا سوپای پاسداران بەناوی فەیلەقی ٤ی سوپای سوریاوە خۆی دەناسێنێت، هەربۆیە بەدوای ئەو هەوڵە جۆراوجۆرانەی حکومەتی بەشار ئەسەدو شکستهێنانی، یەکێک لە ئەفسەرە پلەباڵاکانی رژێمی داناوە بۆ دۆزینەوەی رێگاو خستنەڕووی چارەسەر بۆ ئەم ناڕەزایەتیانەی سوەیدا!
ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە تەجروبەی ١٢ ساڵ بەر لەئێستای هەیە کە ڕاپەڕینەکەیان بەشکست برا. بەپێی بانگەوازەکانیان بەجیا لەوەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بەیەکڕیزی و یەکدەنگی بەشداری دەکەن و داوای دەسەڵاتی جەماوەری خۆجێی بۆ سوەیدا و ناوچەکانی دەوروبەری دەکەن، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەرانی خانەنشین پەیوەست بوون بە خۆپشاندانەکەوە، مەیدانی کەرامە بوتە شوێنی ناڕەزایەتی و کۆکردنەوەی جەماوەری ئەو ناوچەیە و شوێنی قسەوباس و داواکاریەکان و نیشاندانی چالاکی جۆراوجۆرو لەدەوری یەکتر کۆبونەوە و داواکاری یەکریزی سەرتاسەری و روخانی رژێم دەکەن، خۆرێکخستن لە خوارەوە لە کۆمیتەکانی گەڕەکدا بۆ بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاریەکان و کاروباری ئابوری و سیاسی شاری سوەیدا، شێوەیەک لە هوشیاری لەم خۆپیشاندانە بەدیدەکرێت لە تەجروبەی بەشکست کێشانی راپەرینی پێشویان و هەروەها لە تەجروبەکانی ئێران و سودان، وە تەجروبە شکستخواردوەکانی لوبنان و عێراق وە دەرسێکی گەورە لەبەردەمیاندایە ئەگەر بە شکست نەبرێت.
ئەم بزووتنەوە چینایەتیە ناڕەزایەتیەی خوارەوەی کۆمەڵگە بۆ نان و ئاو و کارو بەدژی برسێتی و دیکتاتۆری و بەدژی گرانی و گەندەڵی کە خواستی زۆرێک خەڵکی خوارەوەی کۆمەڵگەیە لە ناوچەکەو لەجیهاندا بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاو ئاسیادا، دەورەیەکی نوێیە نەک بۆ سەرتاسەری سوریا بەڵکو بۆ ناوچەکە، بۆیە هاوپشتی و لەپاڵدا وەستانی هەموو هێزە مەدەنی و چەپ و کۆمۆنیستەکانی سوریا و ناوچەکە و دنیا دەخوازێت، هەر ئەم هێزە هوشیارو رێکخراوەی خوارەوەی کۆمەڵگەیە، کە دەتوانێ رێگا لە هەرجۆرە سیناریۆیەک بگرێت کە دەیانەوێت مۆری قەومی و دینی و ئاژاوەگێڕی لێبدرێت، هەر ئەم هێزەیە دەتوانێت بەشار ئەسەد بروخێنێ و کۆمەڵگایەکی ئازادو خۆشگوزەران دامەزرێنێت و ببێتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ ناوچەکە و جیهان.
٨ی سەپتێمبەری ٢٠٢٣




جەنگی دژە شۆڕشی سوپا و میلیشیاکان لە سودان!.. نوری بەشیر

جەنگی نێوان سوپا و میلیشاکان پێی نایە چوارەمین هەفتەوە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاگاداری دا کە ئەم جەنگە زیاتر لە ٧٠٪ی نەخۆشخانەکانی لەکار خستووە. خەڵک لە برسێتی و نەبوونی پێداویستیە رۆژانەییەکانی خۆراک و نەبوونی ئاو و کارەبا بەسەر دەبەن. زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارەی وڵاتە دراوسێکانی وەک: چاد، میسر، سودانی باشور، ئەسیوبیا، ئەریتریا و لیبیا و ئەفریقای ناوەڕاست، بوون. زۆرێک لە وڵاتە گەورەکان بەپەلە هاوڵاتیانی خۆیان لە سودان کێشایەوە. نزیکەی زیاتر لە چوار ملیۆن کەس لە جێگاو ڕێگای خۆیان رایان کردوەو ئاوارەی ناوچەکانی تری سودان بوون. ژمارەی کوژراو خۆی دەدات لە هەزار کەس و بریندار چەند هەزاری تێپەڕاند کە لە نێویاندا منداڵانێکی زۆرن هەن. خەرتومی پایتەخت لەژێر رەحمەتی دەسەڵاتی سەرباز و هێرشی میلیشیاکاندایە بەردەوام. ناوچەی دارفور جەنگی خێڵەکی زۆر تێیدا توند بۆتەوە. زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەری وڵاتانی تر کە لە سودان دەژیان ئاوارەی وڵاتانی ناوچەکە بوون، بە هەزاران تەن لە یارمەتی رێکخراوە خێرخوازیەکان بۆ خەڵکی سودان لەلایەن سوپا و هێزە ملیشیاکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، نەدراوە بە بەخەڵکی.
ئەم جەنگە کە لە ١٥ی ئەپریلی ئەمساڵدا لەنێوان هێزەکانی سوپا بە ڕابەرایەتی عەبدولفەتاح بورهان و هێزە میلیشیاکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتی محەمەد حەمدان دەقلو ناسراو بە حەمیدێتی دەستپێکرد و پێش ئەم بەروارە هەردووکیان وەک یەک هێزی سوپای چەکدار لە بەرەیەکدا بوون لەبەرامبەر جەماوەری ناڕازی و ڕاپەڕیوی سودان و حزب و هێزە مەدەنیەکاندا کە بەرگرییان لە ناڕەزایەتیەکانی خەڵک دەکرد، لە گفتوگۆدا بوون بۆ گوێزانەوەی دەسەڵات بۆ دەسەڵاتی مەدەنی.
ئەم جەنگە ترسناکەی ئێستا بەدژی خەڵکی سودان دەستی پێکردووە بۆ کۆتایهێنانە بەو خرۆشان و شۆڕشە جەماوەریەی کرێکاران و زەحمەتکێشان دژ بە نایەکسانی ئابوری و هەژاری و سەرکوتی سیاسی بەرپایان کردو لە ئەپریلی ٢٠١٩دا دەسەڵاتی چەندین دەیەی عومەر حەسەن بەشیریان لەدەسەڵات هێنایەخوارەوە. بەڵام بەکۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشیر کۆتایی بەدەسەڵاتی بۆرژوازی نەهات، بەوهۆیەوە کە شۆڕش ئەرکەکەی خۆی تەواونەکرد. بۆرژوازی ئامادەترو بەتەجروبەتربوو، سیناریۆی جۆراوجۆری بەکارهێنا. سەرەتا سوپا بۆ رزگارکردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی لەژێر زەبری شەپۆلی شۆڕش و خرۆشانی جەماوەری رازیبوون بە قوربانیدان بە دەسەڵاتی عومەر حەسەن بەشیر و زیندانیکردنی و دواتر لیژنەی هاوبەشی سەربازی و مەدەنی پێکهێنا کە گوایە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دەسەڵات بگوێزرێتەوە بۆ دەسەڵاتێکی مەدەنی.
لەم دەوریەدا وەک دەورەیەکی شۆڕشگێڕانە لەخوارەوەی کۆمەڵگادا رێکخراوبوون دەستیپێکرد لەکۆمیتەکانی بەرگری گەڕەک و لەمەیداندابوونی هێزەکانی رێکخراوە مەدەنیەکانی وەک کۆمەڵەی پیشەگەرانی سودان و رێکخراوە کرێکاریەکان و هێزی ئازادی و گۆڕان، بەردەوام فشاری جەماوەر لەسەر هێزەکانی سەربازی زیادی دەکرد و ئەمەش ترسی خستبوە دڵی دەسەڵاتی سەربازی و میلیشیاییەکان. ترسیان لەم دەسەڵاتە دوولایەنە و ناڕەزایەتیەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا هەبوو کە دەست بەرن بۆ راماڵینیان، بۆیە لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ کۆدەتایەکی سەربازیان کردو کوشتارێکی زۆریان کردو دەسەڵاتی سەربازی خۆیان یەک دەستکردەوە. عەبدولفەتاح بورهان بووە سەرۆک و محەمەد حەمدان دەقلو بووە جێگری. بەڵام ئەمە نەیتوانی پاشەکشە بە هەلومەرجی ناڕەزایەتیەکان بهێنێت و بەدوای سێ رۆژ لە کۆدەتاکە لە ٣ی ئۆکتۆبەردا ناڕەزایەتی سەرتاسەری سودانی گرتەوەو زیاتر لە چوار ملیۆن خەڵک ڕژانە شەقامەکانی شارە گەورەکان و بەدروشمی “نا” بۆ دەسەڵاتی سەربازی و خوازیاری دەستبەجێ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ دەستی حکومەتێکی مەدەنی بوون.
هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانە بەردەام بوو. لەسەر هەر بانگەوازێکی کۆمیتەکانی بەرگری گەڕەک لەگەڵ هەموو فشارێکی دەسەڵات و بڕینی هێڵەکانی ئەنتەرنێت و سەرکوتی خۆپیشاندانەکاندا، بەڵام ناڕەزایەتی ملیۆنی بەدژی دەسەڵاتی سەربازی ئەنجامدەدرا. بەوهۆیەوە هێزەکانی سوپا بەناچار کەوتنەوە سازش و چاوبەست و جارێکی تر بانگەوازی پێکەوەکارکردنی دەسەڵاتی دوولایەنەی سەربازی و مەدەنییان کرد. بەڵام دەسەڵاتدارانی سەربازی کە خۆیان دەستیان بەسەر بەشێکی بەرچاوی ئابوری سوداندا گرتوە، قبوڵکردنی ئەو دۆخە کارێكی پەسەندکراو نەبوو.
کەموکوڕی سەرەکی شۆڕش و جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی ڕاپەڕیو، کە لە نەبوونی ئاسۆی سیاسی سۆشیالیستی و رێکخراوی سیاسی کۆمۆنیستی و شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکاردا خۆی بەرجەستە دەکرد، کە ئەوەش وایکرد جەماوەر لەناو وەهمی حکومەتی مەدەنیدا گیربخۆن، نەك شۆڕشەکەیان تا ڕاماڵینی سەرجەم دەسەڵاتی بۆرژوازی بە سەربازی و مەدەنیەوە درێژە پێبدەن، وایکرد کە سەرەنجام فرسەت بداتە دەست بۆرژوازی کە لەڕێگای هێزەکانی سوپا و میلیشیاکانی سەر بە عەبدولفەتاح بورهان و محەمەد حەمدان دەقلو، شەڕێکی ناوخۆیی بەسەر خەڵکی سوداندا بسەپێنن کە لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکەو هێزە ئیمپریالسیتیەکانەوە ئاگرەکەی خۆش دەکرێت. ئامانجی ئەم شەڕەش لەباربردنی هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەو کۆتاییهێنان بە دەورو نەخشی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش لەمەیدانی سیاسیدا و بێ ئیرادەکردنیان. دوای ئەوەش هێزە شەڕکەرەکان خۆیان وەک ئەوەی ئێستا لە سعودیە لە دانیشتندان و بە پاڵپشتی وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری جیهانی و ناوچەیی رێکبکەون و دەسەڵاتێکی سەربازی بەهێزی سەرکوتگەری بۆرژوازی جێگیربکەنەوە لەژێرناوی سودانی یەکدەست و یەکپارچەدا و جارێکی دیکە دەسەڵات و سەروەت و سامانی کۆمەڵگا لەنێوان خۆیاندا دابەشبکەنەوە.

سەرەتای ئایاری ٢٠٢٣




ناڕەزایەتی کرێکارانی فەرەنسا و پێشڕەویەکانی!.. نوری بەشیر

ناڕەزایەتی ملیۆنی ئەم دەورەیەی کرێکارانی فەرەنسا لەبەرانبەر زیادکردنى تەمەنى خانەنشینى لە ٦٢ ساڵیەوە بۆ ٦٤ ساڵ دەستیپێکردوە و پێیناوەتە سێهەمین مانگەوە. لەناو ئەو ناڕەزایەتیانەدا تەنیا لەمانگی جەنیوەریدا لە٢٤٠ ناوەندی جیاوازدا خۆپیشاندان لەسەراسەری فەرەنسادا ئەنجامدراوە. لە ٧ی مارسدا فەرەنسا خۆپیشاندانی سێ ملیۆن و نیوی بەخۆیەوە بینی. ئەوەی بەرچاوبوو لەم ناڕەزایەتیانەدا ریزی یەکگرتووی سەرجەم یەکێتیە کرێکاری و سەندیکا و کۆنفدراسیۆنە کرێکاریەکان و مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەران بوو کە بەگشتی لەدەوری بانگەوازی یەکێتیە کرێكاریەکان کۆبوونەتەوە و هەتا حزب و لایەنە چەپەکانیشی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. بەگشتی فەزای کۆمەڵگا و ناڕەزایەتیەکان ڕوخسارێکی رادیکال و سۆسیالیستی پێوەدیارە لە دروشم و خواستەکان و داواکاری رۆشتنی ماکرۆن و حکومەتەکەی و وتنەوەی سروودی ئەنتەرناسیوناڵ لە ناڕەزایەتی ملیۆنیدا. هەروەها لەمانگی جەنیوەریدا بەپێی راگیریەک کرابوو لە ٧٥٪ خەڵک لایەنگری ئەم ناڕەزایەتیانە و بەدژی سیاسەتی دەوڵەتن. ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانی ئێستا بۆ بۆرژوازی و چینی کرێکاریش مەیدانێکی شەڕی چینایەتی گەورەیە کە پریشکەکەی ئەوروپاشی گرتۆتە و هەر زوو کاریگەریەکەی گەورەترین ناڕەزایەتی کرێکارانی بەشەکانی خزمەتگوزاری و رێگاوبانی ئەڵمانیای بەدوای خۆیدا هێنا کە لە سی ساڵی رابردوودا بێوێنەبووە و کاریگەریەکانیشی لەسەر ناڕەزایەتیەکانی ئیسپانیا و بەریتانیاش و وڵاتانی تریش ووردە ووردە دەردەکەوێت.
ئەم ناڕەزایەتیە کرێکاری و جەماوەریە بەرفراوانە بەدوای ئەو سیاسەتە دژی کرێکاریەی ماکرۆندا دێت کە لەسەرەتای ئەمساڵدا بێئەوەی بگەڕێتەوە بۆ حکومەت و پەرلەمان بڕیار لەسەردا بەزیادکردنی تەمەنی خانەشینی. ئەم ناڕەزاتیانە ئەگەرچی سەرەتا لەسەر بانگەوازی یەکێتیە کرێکاری و سەندیکاکان دەستی پێکرد، بەڵام هەرزوو لە کۆمەڵگەدا تەقیەوەو بووە بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری بەرفراوان و زۆربەی کۆمەڵگای گرتەوە. بەجیا لەم هێرشەی ماکرۆن لە زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی کە هێرشە بۆسەر هەموو کۆمەڵگا، بەردەوام لە دەورەی رابردوودا بۆرژوازی فەرەنسی و حکومەتەکەی هێرشێکی فراوانی بۆسەر کۆمەڵگا بەشێوەیەکی سیستماتیک و رێکخراو دەستپێکردوە کەبەشێوەیەکی سەرەکی خۆی لەزیادبوونی نرخی شتومەک و پێداویستیە رۆژانەییەکان دەبینێتەوە بەدوای قەیرانی دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا. سەرباری ئەوە حکومەتی ماکرۆن دەستی داوەتە هێرش بۆسەر لاوان و بێکاران و پەنابەران و کۆچکردوان و کردەوەی راسیستانە بەرامبەریان. سەرباری کردەوەی توندوتیژی پۆلیس دژ بە خەڵك و خۆپیشاندەران. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لەساڵی رابردوودا ١٥٠٠ حاڵەتی توندوتیژی پۆلیس تۆمار کراوە، هەموو ئەمانە کۆمەڵگەی فەرەنسا زۆر بە فراوانی وشیارن پێی و هەستی پێدەکەن.

هەواڵەکانی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانی ئەم دەورەیەی فەرەنسا، لەگەڵ هاتووهاوار و تۆمەت هەڵبەستن و پڕوپاگەندەی ئاژاوەگێڕی و دەستی دەرەکی لەپشتەوەبوون لەلایەن باڵەکانی بۆرژوازی و میدیاکانیانەوە نەیتوانیوە نەك هەر ناڕەزایەتیەکان پاشەکشە پێبکات، بەڵکو نەیتوانیوە رێگربێت لەوەی پشتیوانی جەماوەری و گشتی بۆ ناڕەزایەتیەکان بەرین و فراوان بێتەوەو ببێتە مەسەلەیەکی گرنگی میدیای ناوخۆی فەرەنسا و ئەوروپا و هەتا جیهانیش. گرنگی ئەم ناڕەزایەتیانە؛ تەنیا لە مانگرتنە سەراسەریەکان و خۆپیشاندانی ملیۆنی و ئیدامەکاریەکەیدا نیە، بەڵکو بەجیا لەوانە روخساری میلیتانتی هەبوو لەبەرامبەر هێرش و توندوتیژی و سەرکوت و رشتنی گازی فرمێسک رێژ و دەستگیرکردنەکانی پۆلیسدا. خۆپیشاندەرانیش بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانە وەڵامی پۆلیسیان داوەتەوە و هێرشیان کردۆتە سەر بنکەکانی سەرکوتی بۆرژوایی و لە ناوەندەکانی شارە گەورەکاندا رێگاکانی هاتووچۆیان گرتووە و مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی کرێکاران ئیستگاکانی هاتوچۆی شەمەندەفەرەکان و پاسەکان و بەنزینخانەکان و زانکۆکان و زۆر شوێنی تری دەوڵەتی پەکخستووە…

خەسڵەتی ناڕەزایەتیە ئیدامەکاریەکەی کرێکاران و جەماوەری بەشمەینەتی فەرەنسا ترسێکی زۆری لەسەر هەموو بۆرژوازی دەسەڵاتدار داناوە، بۆیە باڵی توندڕەو و راستڕەوی فەرەنسا داوا لە ماکرۆن دەکەن کە بەهەر شێوەیەک بووە ئەو ناڕەزایەتیانە پاشەکشە پێبکات. بەمە مەیدانی کێشە چینایەتیەکەی نێوان بۆرژوازی و کرێکاران رۆشنتر بووە و کرێکاران سورترن لە بەردەوامی ناڕەزایەتیەکانیان بۆ داواکاریەکانیان و پاشەکشەی ماکرۆن و حکومەتەکەی لە سەپاندنی ئەو یاسا نوێیەدا.
رێشەی ئەم ناڕەزایەتیانەی فەرەنسا لە گەورەیی و مەزنیەک کە هەیەتی کاریگەری مێژوویەک لە شۆڕش و دەوروجێگای چینی کرێکارە لەو وڵاتەدا کە هەیبووە لەوانە شۆڕشی فەرەنسا و کۆمۆنەی پاریسە کە وەک دەرس و دەستکەوتێکی چینایەتی گرنگ کاریگەری بەسەر کۆمەڵگاوە هەیە .
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو پێشڕەویانەی چینی کرێکاری فەرەنسا لەم ناڕەزایەتیانە و جەماوەری بوونەوەی لەئاستی هەموو کۆمەڵگادا و هاتنەمەیدانی چینایەتی و شۆڕشگێرانە و وەستانەوە لەبەرامبەر سیاسەتی سەرکوتگەرانەی بۆرژوازیدا نیشانی داوە، بەڵام ئەم بزوتنەوەیە لاوازیەکی گەورەی هەیە لەڕووی ڕێکخراوبوونی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستیی چینی کرێکارەوە، کە بتوانێت ناڕەزایەتیەکانی ئێستای چینی کرێکارو جەماوەری ناڕازی فەرەنسا بەرەو سەرکەوتن و بەرێت و پاشەکەشەیەکی جدی بە حکومەتی بۆرژوازی فەرەنسا بکات و هاوکات چینەکە ئامادەبکات بۆ شەڕی کۆتایی لەگەڵ بۆرژوایدا کە ١٥٠ ساڵ لەمەوبەر چینی کرێکاری پاریس یەکەم ئەزمونیان کرد و نمونەیەکیان لە شۆڕشی چینایەتی پرۆلیتاریا بە کرێکارانی جیهان نیشان دا. ئەرکی سەرەکی کۆمۆنیستەکانی چینی کرێکار لە فەرەنسا ئەوەیە کە ئەم ئەرکە مەزنە مێژووییە وەڵام بدەنەوە.

ئەپریلی ٢٠٢٣




مانگرتنەکانی بەریتانیا بەردەوامە.. نوری بەشیر

ئەمڕۆ چوار شەممە ١٥ی مارس لە سەراسەری بەریتانیا مانگرتن ئەنجامدرا کە پیشتر راگەیەندرابوو. مانگرتنی ئەمڕۆ بۆ داواکاری موچە و هەلی کار و خانەنەنشینی و باشکردنی هەلومەرجی کاردنە. مانگرتنەکە لەسەراسەری بەریتانیا لەم بەشانەدایە؛ کرێکارانی شەمەندەفەر و ئیستگاکان، مامۆستایان، بەشی خزمەتگوزاری حکومی، پزیشکانی مقیم و ڕۆژنامەنووسانی بی بی سی. دکتۆرە مقیمەکان کە لە ١٣ی مانگەوە بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر لەمانگرتندان تاکو ١٦ی مارس و مامۆستایان تەنیا لە ئینگلترەدا لەمانگرتندان لەبەر ئەوەی لە وێڵز و سکۆتلەند توانیویانە لە گفتۆکانیادا بەشێکی باش لە خواستەکانیان بسەپێنن.
لەسەر بانگەوازی؛ یەکێتی کرێکارانی شەمەندەفەر و دەریایی و گواستنەوە ( RMT ) مانگرتنی کرێکاران و کارمەندانی ئیستگاکان و شۆفێرانی شەمەندەفەرەکان لەندەنی توشی تەنگوچەڵەمەی هاتووچۆ کردەوە و دەرگای ئیستگاکان داخراون و کۆبوونەوەی فراوان لەبەردەم لە زۆرێک لە ئیستگاکانی شەمەندەر ئەنجامدراوە و هەروەها لە دوو لاوە کرێکاران مانگرتنەکانیا بە رێپێوان بەرەو ناوەندی لەندەن ترافڵگار سکوێر رۆشتن و لەوێدا کۆببنەوەو رابەرانی یەکێتیە کرێکاریەکان قسەوباسیان کردووە کە بە وتەی پۆلیس کۆبونەوەی ناوەندی لەندەن لە تراڤلگار سکویر چل هەزار کەس بووە و بە قسەی هەڵسوڕاوانی مانگرتنەکەزیاترە بووە.
ئەم مانگرتنە فشارێکی زۆری بۆ هاتوچۆ دروستکردوە بەتایبەت بۆ هاتوچۆی پاسەکان لەنەندا و یەکێتی کرێکارانی هاتوچۆ ئاگاداری داوە لەم رووەوە. RMT قەرارە لە رۆژەکانی ١٦، ١٨، ٣٠ مارس و ١ی ئەپریل ناڕەزایەتیەکانیان لە ئاستی سەراسەیدا بەردەوام بێت.
هاوکاتی ئەم مانگرتنەی کرێکارانی شەمەندەفەرەکان مانگرتنی دکتۆرەکان بەردەوامە کە هەزاران بەشدار دەبن لەم مانگرتنەدا و زۆرێک لە دکتۆرەکانی تریش پشتگیری خواستەکانیان دەکەن و ئەمەش کاریگەری زۆر لەسەر هەلومەرجی نەخۆشخانەکان و نەخۆش داناوە کە حکومەتی بەریتانیا و کۆمپانیاکان زۆر خەمساردن لە بەرانبەریدا.
کرێکارانی شەمەندەفەرەکان لەماوەی ساڵیکدا کە نزیکەی حەوت جار مانگرتنیان کردووە لە بەرانبەر ئەو هەڵئاوسانە گەورەیەدا کەبەریتانیا بەخۆیەوە دەبینێت لە بەرزبوونەوەی زۆری نرخی کاڵاکانداو بەتایبەت پێداویستیە رۆژانەییەکانی خەڵکدا، بەڵام موچە زیاد نەکراوەو ئەگەر لەژێر فشاری ناڕەزایەتیەکاندا کۆمپانیا تایبەت و دەزگا دەوڵەتیەکان ملیان دابێت بەکەمێک زیادکردن ئەوا بڕەکەی ئەوە نەبووە کە یەکێتیە کرێکاریەکان رازیبووبن پێی لەهەندی بەشی کەمدا نەبێت، بۆیە مانگرتنەکان تا مانگی داهاتووش لەچەند رۆژدا بەردەوام دەبێت.
ئەم مانگرتنانە لەبەریتانیا بەجیا لە کرێکارانی شەمەندەفەر لەچەندین بەشی تردا بەردەوام دەبێت لەوانە: پاسەکان، پۆست، پەرستاران و ستافی ئەمبولانس و مامۆستایان و دکتۆرەکان و کرێکارانی بەشی خزمەتگوزاری.
حکومەتی بەریتانیا کە لەگەڵ قەیرانێکی قوڵی ئابوری و سیاسیدا بەرەوڕووە ناتوانێت و نایەوێت وەڵامی خواستەکانی کرێکاران بەوەی دەیانەوێت بداتەوە یان لەبەرانبەر ئەو هەڵئاوسانە کە یەخەی بەخەڵک و کرێكاران گرتووە وەڵام بداتەوە، لە کاتێکدا خەڵک هاواری لێهەستاوە و چەندین ناوەندی یارمەتی خواردن دان و کۆمەک کراوەتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو خەڵكانە کاردەکەن بەڵام لەبەرامبەر گرانیدا ئەو کرێیەی وەریدەگرن بەش ناکات، یان وەک لە یەكێک لەدروشمەکاندا هاتووە ١٧٩٠٠٠ هەزار کەس لەژەمە خواردنێکی رۆژ بێبەشن.
لەکاتێکدا جێرمی هانت وەزیری دارایی لەپەرلەماندا نەخشەی ماڵی خۆی بۆ ئەمساڵ دادەنێت بەڵام لەنزیک ئەوەوە دەنگی کرێکاران و رابەرانی یەکێتیە کرێکاریەکان نا بۆ ئەو هەلومەرجە دەڵێن کە ژیانیانی سەخت کردوە لەژێر سایەی حزبەکەی هانتدا کە حزبی پارێزگارانە ئەوپەڕی ژیانی سەخت بەسەردەبەن.
سکرتێری RMT میک لینچ وتویەتی: پیرۆزبایی لە هەموو ئەندامانی هێڵی شەمەندەفەرەکانی لەندەنمان دەکەم کە ئەمڕۆ بەشدارییان لەم چالاکییە مانگرتنەدا کردووە. وە وتی ” ئەمە ئەوە دەردەخات کە ئێمە چەندە ئیرادەمان هەیە بۆ ئەوەی بە دانوستان بگەینە یەکلاییکردنەوەی ئەم ناکۆکییە درێژخایەنە” و ئاماژەی بەوەشکردووە، ” تا ئەو کاتەی کە پێویستە دەبێ بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتیەکانمان”.
وە مارک سێروتکا، سکرتێری گشتی سەندیکای خزمەتگوزارییە گشتی و بازرگانییەکان PCS هۆشداری دا لەوەی ئەم کارە تەنها سەرەتای مانگرتنەکانە کە ڕەنگە تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بێت.
وە وتی ئێمە 2% زیادکردنی مووچەمان پێدراوە لەکاتێکدا هەڵاوسانی خۆراک هەفتەی ڕابردوو 16% بوو. ٤٠٠٠٠ هەزار فەرمانبەری حکومی یارمەتی خواردن لە بانکی خۆراکی وەردەگرن و ٤٥٠٠٠ داوای یارمەتی لە کاتی کاردا دەکەن چونکە زۆر هەژارن.
بەوهۆیانەوە کرێکاران لەساڵی رابردوەوە دەورەیەکی نوێیان لەناڕەزایەتی دەست پێکردوە کە زۆر کاریگەری لەبەشەکانی خزمەتگوزاری کۆمەڵگادا داناوە، هەربۆیە کێشەکە بووەتە کێشەیەکی گەورە لەنێوان کرێکاران و خەڵک لەلایەک بەگشتی کە گرانی تەنگی بەخۆیان خێزانەکانیان هەڵچنیوە، وە کێشەی سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکان و لەبەشەکانی حکومیدا کە نایانەوێت لەم دەورەیەی قەیراندا سودەکانیان بێتەخوارەوە، بۆیە ئەم کێشەیە لە ئاستی کۆمەڵگادا وەک کێشەیەکی چینایەتی گەورە دەبینرێت.
ئەوەی جێگای ئاماژەیە زۆرێک لە یەکێتیە کرێکاری و سنفیەکانیش بەشداری و هاوپشتی خۆیان لە مانگرتن و کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا کردوە لەوانە RMT و هەریەکە لە PCS و یەکێتی Prospect و هەروەها حزبە کۆمۆنیستیە کرێکاریەکانیش بەشداری و هاوپشتی خۆیان کردووە.

١٥ی مارسی ٢٠٢٣




مانگرتنە کرێکاریەکانی بەریتانیا لە ساڵی نوێدا!.. نوری بەشیر

ساڵی نوێ لە بەریتانیا لە درێژەی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانی ساڵی پار بەرفراوانی بەشێوەی مانگرتنی گەورە بەرنامەی خۆیان خستۆتە ڕوو بەتایبە لەم مانگەدا تا ئێستا لە بەشە جیاوازەکانی: کرێکارانی شەمەندەفەرەکان، رێگاوبانە خێراکان، پەرستاران، ئەمبولانسەکان، پاسەکان و رێگاوبان و بەشەکانی تر، دەستپێدەکان کە لەچەند دەیەی رابردوودا بێوینە دەبێت بەتایبەت ئەگەر لەگەڵ خاوەن کۆمپانیا و دەوڵەتدا نەگەنە رێکەوتن.
ئەمڕۆ سێ شەممە ٣/١/٢٠٢٣ یەکەم رۆژی مانگرتنی کرێکارانی شەمەندەفەرەکان دەستی پێکرد کە بڕیارە شەش رۆژی تر بەردوام بێت. مانگرتنی ئەمڕۆ کە تەنیا لە پێنج شەمەندەفەر یەک دانەیان کاری کردبوو، بووە هۆی ئەوەی گەورەترین ئیستگاکانی شەمەندەفەر بەتایبەت لەلەندەن وەک لەندەن برج و کینکس کرۆس کە وەک رۆژنامەی سەن نوسیویەتی وڵاتەکە دەکاتە شارۆچکەیەکی جنۆکەیی
لیستی ناڕەزایەتیەکانی جەنیوەری تا ئێستا بەم شێوەیە دەبێت: کرێکارانی شەمەندەفەرەکان رۆژانی: ٣، ٤، ٥، ٦، ٧ و ١٢ی جەنیوەری. کرێکارانی پاسەکان: ١٠، ١٦، ١٨، ٢٥ و ٢٦ی جەنیوەری. ئەمبولاسەکان: ١١ و ٢٣ی جەنیوەری. پەرستاران: ١٨ و ١٩ی جەنیوەری. کرێکارانی رێگاو بان و بەشەکانی تر: ٨ی جەنیوەری. بەپێی هەندێ سەرچاوە کە بەسەدان هەزار کرێکار ماندەگرێت کاریگەری گەورە لەسەر هەم ئابوری وڵاتەکە دادەنێت، هەم کاریگەری لەسەر رێگاوبان و خزمەتگوزاریەکانی وەک نەخۆشخانەکان دەبێت.
لەگەڵ ئەوەی حکومەتی بەریتانیا و سەرۆک وەزیرانەکەی ڕیشی سوناک دەیەوێت لە ساڵی ٢٠٢٣ یاسای توند بۆ سنووردارکردنی مانگرتنەکان دابنێت، بەڵام ئەوە ناتوانێت رێگا لە مانگرتنەکانی کرێکاران تا ئێستا بگرێت، ئەگەرچی هەر لەئێستاوە نیەت بۆ ئەو یاسایانە تانەی زۆری لەسەرە.
حکومەتی بەریتانیا وەک حکومەتی سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکان تا ئێستا ئامادە نیە بەوجۆرەی کە کرێکاران لەبەرامبەر ئەو هەڵئاوسانە گەورەیەی کە ئەم وڵاتە بەخۆیەوە بینیوە و بەتایبەت کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی زۆرینەی کۆمەڵگەی داناوە، کە داوای زیادکردنی کرێ و باشکردنی هەلومەرجی کارکردن دەکەن وەڵامبداتەوە. حکومەتی پارێزگاران دەیەوێت لەرێگای زیادکردنی بڕێکی زۆر کەم لەهەندێک کەرتی تایبەتدا یان دانی بڕێک پارە لەم وەرزی سەرماو سۆڵەیەدا وەک یارمەتی بۆ دانی کارەبا و گاز، یان لە رێگای هەڕەشەی گۆڕینی یاسای توند بەدژی کرێکاران و مانگرتنەکان وەڵامبداتەوەو پاشەکشە بەکرێکاران و ناڕەزایەتیەکانیان بکات، بەڵام لە ئاخری ساڵی پارەوە یەکێتیە کرێکاریەکان و رابەرانیان و خودی کرێکارانیش پەیامیان دا بە حکومەتەکەی ڕیشی سوناک کە نامانەوێت پارەی بیڵمان بۆ بدەن بەڵکو موچەکەمان بۆ زیادبکەن و هەلومەرجی کارمان بۆ چاک بکەن.
لە ساڵی پارەوە کرێکارانی بەریتانیا دەورانێکی نوێی ناڕەزایەتی و مانگرتنیان دەستپێکردوە کە ئاسۆیەکەی خستۆتە بەردەم کرێکاران و یەکێتیە کرێکاریەکانەوە لە هاتنەمەیدان و سوربوون لەسەر خواستەکانیان و رۆژ دوای رۆژ بەشە جیاوازەکان پەیوەست دەبن بە ناڕەزایەتیەکان و خستەڕووی داواکانیان چ لەکەرتی دەوڵەتی یان کەرتی تایبەتدا، ئەمەش فشارو کاریگەری زۆری لەسەر حکومەتی پارێزگاران و هەتا ئۆپۆزیسیۆنیش کە خۆیان لەقەیرانێکی گەورەدان داناوە، بەتایبەت حکومەتی تازەی ڕیشی سوناک هاتووە وەڵام بەو قەیرانە بداتەوە کە حکومەت و حزبەکەی دەرگیریەتی وە دەیەوێت ئەزمەکە لەسەری خەڵکدا بشکێنێتەوە هەر بۆیە تا ئێستا لەبەرامبەر خواست و داواکانی کرێکاراندا بێوەڵامە.
٣/١/٢٠٢٣




ناڕەزایەتیەکانی ژنانی ئەفغانستان بەدژی یاسا ئیسلامیەکانی تاڵیبان.. نوری بەشیر

بەدوای یاسای قەدەغەکردنی خوێندنی کچان لە زانکۆکاندا لە هەفتەی رابردوودا، تاڵیبان یاسا ئیسلامیەکان توندتر دەکاتەوەو یاسای کارکردنی ژنان لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان – NGO– دەردەکات. بەپێی ئەم یاسایەش ژنان نابێ لە رێکخراوە نا حکومیەکاندا کار بکەن چونکە لەو رێکخراوانەدا رەچاوی یاسای پۆشینی حجاب ناکرێ یان شل دەبێتەوە.
داسەپاندنی ئەم بڕیارە دژە ژن و دژی ئینسانیانە ناڕەزایەتیەکی زۆری ژنانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی بەدوای خۆیدا هێنا. ژنان لە ٢٢ی دیسەمبەردا بەرامبەر بڕیاری بێبەشکردنی کچان لە خوێندن لە زانکۆکاندا، دروشمی خوێندن، کارکردن و ئازادی، خوێندن مافێکی سەرەتاییە بەرزکردەوە، بەڵام بەدوای بڕیاری قەدەغەکردنی کاری ژنان لەناو رێکخراوە ناحکومیەکاندا چوارچێوەی ناڕەزایەتیەکان فراوانتر بوەوە و زۆربەی ناوچەکانی ئەفغانستانی گرتەوە. چونکە بەپێی ئەم بڕیارەی تاڵیبان ژمارەیەکی زۆر لە ژنان ڕەوانەی ماڵەوە دەکرێن و خێزانەکانیان ڕووبەڕووی برسێتی دەبنەوەو ژنانێك کە پێشتر ئازادی کارکردن و چونەدرەوەیان بەدەستهێناوە دەکرێنە کۆیلەی ناو چواردیواری ماڵ!
ژنانی ئەفغانستان لە ناڕەزایەتیەکانیادا داوایان لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کرد کە هاوپشتی لە ژنانی ئەفغانستان بکەن لەبەرامبەر ئەم بڕیارە قەرەقوشیەی تاڵیبان دا بەرگری لە مافی خوێندن و کارکردنی ژنان بکەن.
ئەم یاسا دژە ژنانەی تاڵیبان دەیەوێت بیسەپێنێت بەسەر ژنان و کۆمەڵگای ئەفغانستاندا لەکاتێکدایە کە یاساکان و شەریعەتی ئیسلام لەئێران کەوتۆتە بەر نەفرەت و زەبری شۆڕشگێڕانەی ژنان و لاوان و کرێکارانی ئێرانەوە و ژنانی ئەفغانستانیش وەکو سەنگەرێکی خەباتی خۆیان دژی دەسەڵاتی دڕندانەی دژە ژنی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی بەچاوی ئومێدەوە لێی دەڕوانن، بۆیە ئەوان لە بەشی ئەو کەسانە بوون کە لەسەرەتای دەستپێکردنی خرۆشانی شۆرشگێڕانەی ژنان و لاوان و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێرانەوە هاوپشتی خۆیان بۆ خواستەکانی ژنان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی ئێران دەربڕیوەو لەیەكێک لە خۆپیشاندانەکاندا دروشمی “ژنانی ئێران ڕاپەڕیون ئیتر نۆرەی ئێمەیە”بەرزکردبۆوە. دەسەڵاتی تاڵیبانیش هەروەکو سەرجەم بزوتنەوەو رەوتەکانی ئیسلامی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ترسی روخانی جمهوری ئیسلامی ئێران هەراسانی کردوەو بەمجۆرە یاساو بڕیارە کۆنەپەرست و دژە ژن و دژە مرۆییانە دەیەوێ فریای خۆی بکەوێ و دەسەڵاتەکەی لە زەبری شۆڕشێكی جەماوەری ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئەفغانستان بپارێزێ.
دەسەڵاتی تاڵیبان بەم بڕیارانەی دەیەوێت جێگاوڕێگایەک کە ژنانی ئەفغانستان لە دنیای شارستانی ئەمڕۆدا بەدەستیان هێناوە، پاشەکشە پێبکات و بەوجۆرە کۆمەڵگای ئەفغانستان لەناو زەلکاوی کۆنەپەرستی ئیسلامیدا و دەسەڵاتی شەریعەتدا نغرۆ بکات و هەموو تروسکاییەکی ژیانی هاوچەرخ لە خەڵکی ئەفغانستان بکوژێنێتەوە.
گومان لەوەدا نیە کە دوای ڕوخانی تاڵیبان لەلایەن ئەمریکاوە، بەهۆی ئەوەی کە نەدەکرا هەمان یاساو رێسای تاڵیبان بەسەر سەری خەڵکدا ڕابگرنەوە، سەرباری ئەوەی کە دەسەڵاتی قەبیلەیی بۆرژوازی کۆنەپەرستیان بەسەر سەری خەڵکی ئەفغانستاندا سەپاند، بەڵام دەرفەتێكی بچووک پەیدابوو تا ژنان هەناسەیەك بدەن و کەمێك لە ئازادیە فەردیەکانیان بەدەست بهێنن، بەڵام دوای ڕادەستکردنەوەی دەسەڵات بە تاڵیبان لەلایەن ئەمریکاوە، هەمان یاساو رێسای شەرع و ئیسلام دوبارە بەسەر خەڵکی ئەفغانستاندا دادەسەپێتەوەو دوبارە و دوای قوربانیەکی زۆر ژنان راپێچی کونجی ماڵەوە دەکرێن! بەڵام ئەوەی کە رێگادەگرێت لەوەی تاڵیبان بەهەمان هەوسارپچڕوای پێشووەوە دەسەڵاتی رەهاو دژە ئینسانی و دژە ژنی خۆی بەسەر خەڵکدا زاڵبکاتەوە، ئەزمونێکی خەباتکارانەیە کە لەماوەی روخانی دەسەڵاتی تاڵیباندا بەدەستیان هێناوە سەرباری ئەو دەروازەی هیواو ئومێدەی کەلەناو ژنان و خەڵکی ئەفغانستاندا لەئاکامی خرۆشان و هەڵسانی شۆڕشگیڕانەی ژنان و لاوان و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێراندا دروست بووە.

٢٤/١٢/٢٠٢٢




فراون بوونەوەی مانگرتنە کرێکاریەکان بەریتانیای هەژاندووە!.. نوری بەشیر

قەیرانی بەریتانیا بەشێکە لە قەیرانی دنیای سەرمایەداری:

لەگەڵ درێژەکیشان و قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابوری و سیاسی سەرمایەداری لە جیهاندا و بەتایبەتی قەیرانی ئێستا کە درێژکراوەی قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨ ە، هەموو هەوڵ و رێگاکانی بۆرژوازی و حکومەتەکانیان بۆ شکاندنەوەی ئەم قەیرانەیە بەسەر کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەتی کۆمەڵگە لەڕێگای بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستیە رۆژانەییەکانی خەڵک و لەوەش واوەتر بەرزبوونەوەی خەیاڵی نرخی خواردن و سوتەمەنی و جیا لەخراپی هەلومەرجی کارکردن و زیادنەکردنی موچە و زیادکردنی تاکس و بەرزبوونەوەی سودی بانک، خەڵکی بەگشتی توشی هەلومەرجێکی وا خراپ کردووە کە هەموو هاواری لێهەڵساوە بەوانەشەوە لەسەر کارن کە موچەکانیان بەشی لانی کەمی ژیان ناکات.

بەریتانیا یەکێکە لە وڵاتەی کە قەیرانی ئابوری و سیاسی سەراپاگیرە و لەم چەند ساڵەدا چەندین جار سەرۆک وەزیرانی گۆڕیوە و حکومەتی چەندجار لەبەردەم هەڵوەشانەوەدا داناوە. قەیرانی ئابووری بەشی خوارەوەی کۆمەڵگەی هەراسانکردوە، هەربۆیە ناڕەزایەتیەکی سەراسەری و توڕەیی کۆمەڵگای داگرتووە، بەتایبەت لەمانگی جوڵایەوە مانگرتنی کرێکاران بە بەردەوامی دەستی پێکردوە. لەبەرانبەر ئەو هەلومەرجە سەختەدا ناڕەزایەتیە کرێكاریەکان لە ئەوروپا و ئەمریکا وە بەتایبەتی لەبەریتانیا پێی ناوەتە دەورەیەکی نوێ لە مانگرتن و رۆژانە فراونبوونەوەی چوارچێوەی ئەو ناڕەزایەتیانە.

فراوانبوونەوەی مانگرتنە کرێکاریەکان لە بەریتانیا:
مانگرتنەکانی ئێستای کرێکارانی بەریتانیا بەفراوانی کە هەموو کۆمەڵگەی هەژاندووە بۆ زیادکردنی موچەیە و باشکردنی هەلومەرجی کارە، کرێکارانی خستۆتە بەردەم ئەم هەڵوێستە کە رێگاچارەی جیا لەخۆ رێکخراوکردن و ناڕەزایەتی بۆ خواست و داواو مافەکانیان نیە، رێگایەک کە شێلگیرانە راوەستان لەبەرامبەر حکومەتی ریشی سوناک کە هاتووە کە دەسەڵاتی بۆرژوازی لەو قەیرانەی تێیدایە رزگار بکات لەسەر حسابی ژیانی کرێکاران و بەشی خوارەوەی کۆمەڵگا.
مانگرتنەکانی کرێکارانی هاتۆچۆ لە قیتار و پاسەکان و هێڵی ئاسن لە بەریتانیا کە لە چڵ ساڵی رابردوودا بێوێنەیە، هاوکات مانگرتنی کرێکارانی پۆست، فڕۆکەخانە، هێزەکانی سنوور، زۆرێک لەبەشی خوێندن و مامۆستاکان، کارمەندانی زانکۆکان، کرێکارانی ڕێگای خێرا … و لەم مانگەدا پەرستاران بڕیاری مانگرتنیاندا کە لەیەک سەدەی رابردوودا بێوێنەیە کە لەسەرانسەری بەریتانیادا پەرستاران لە رۆژەکانی ١٥ی دیسەمبەردا مانیانگرت و لە ٢٠مانگیشدا قەرارە مانگرتنەکە بەردەوام بێت و بەپێی قسەوباسی سەندیکای پەرستاران نزیکەی سەد هەزار پەرستار مانیانگرت و بەردەوام دەبن ئەگەر نەگەنە رێکەوتن لەگەڵ حکومەتدا لەسەر ئەو رێژەیەی پەرستاران داوای دەکەن ئەوا چەندین بەشی تر لە ئەمبولانس و دکتۆر و فریاگوزاری پەیوەست دەبن بە مانگرتنەکەوەو قەرارە رۆژەکانی ٢١ و ٢٨ دیسەمبەریش کرێکارانی ئەمبولانس مانبگرن.

لە کاتێکدا بەریتانیا بەدەست کەمی کرێکار، دکتۆر، پەرستار، ئەمبولانس، کارمەندی نەخۆشخانە دەناڵێت، حکومەت زۆر لە خزمەتگوزاریەکانی گرتۆتەوە و ئامادە نیە دامەزراندن بکات و ئامادەش نیە لەبەرامبەر هەڵئاوسانێکی کەمەر شکێندا موچە زیاد بکات، بۆیە رێگایەکی لەبەردەم کرێکاراندا نەهێشتۆتەوە جیا لە ناڕەزایەتی و ئەوەی کە بڵێت یەکێتی بەهێزیە وەک لەو دروشمەی کرێکاراندا دیارە.
ئەم مانگرتنانە لە دیسەمبەردا گەشتۆتە ئەوپەڕی و قەرارە هەر لە ئێستاوە بەردەوامبێت تاکو جەنیوەری ساڵی نوێ ٢٠٣٣. ئەم خشتەیە مانگرتنەکان تاکو ساڵی داهاتوو بەڕۆشنی نیشاندەدات. وە بەشێکی تری سەندیکا و یەکێتیە کرێکاریەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی لەسەرانسەری بەریتانیا لە کۆبونەوەکانیاندا قسەوباسی ئەوەیان کردووە پشتگیری ئەم مانگرتنانە بکەن یان پەیوەیست بن پێیەوە. وە لەچەند بەشی جۆراوجۆری تر کرێکاران دەستیان داوەتە مانگرتن یان بەنیازی مانگرتنن بۆ زیادکردنی موچە، لەوانە کرێکارانی کۆمپانیای خواردن ئامادەکردن بۆ مارکێتە گەورەکان.

سیاسەتی دەوڵەت لە وەڵامنەدانەوە و تێکشانی ئەم مانگرتنە کرێکاریانە:
ئەم مانگرتنە کۆمەڵگای هەژاندوە، کۆمەڵگا بەو مانایەی کە دەوری کرێکاران بەگشتی و کرێکارانی هاتۆچۆ لە قیتار و پاسەکان چەندە گرنگە، پەرستاران و ئەمبولانسەکان چەندە لە ژیانی خەڵکدا گرنگە، بەتایبەتی نیشانی دا کە ئەگەر کرێکاری ئەم بەشانە کار نەکەن چۆن کۆمەڵگە توشی ئفلیجی دەبێت، بەڵام دەسەڵاتی حزبی پارێزگاران و حکومەتەکەی ئەمە نابینن یان باشترە بڵێین نایانەوێت وەڵام بەخواستەکانیان بدەنەوە کە لەبەرژەوەندی سەرمایەداراندا نیە، لەکاتێکدا خەڵک هەژار و هەژارتر دەبێت بەڵام سەروەتی سەرمایەداران زیاد دەکات. بەڵام ترس و دڵەڕاوکێی حکومەتی پارێزگاران و سەرۆک وەزیرانە دژی کرێکاریەکە ڕیشی سوناک لە فراوانبوونەوەی ئەم مانگرتنانە و ئامادەییەکانی یەکێتیە کرێکاریەکان و رابەرانی و سەندیکای پەرستاراندا، خەریکی هەڵخراندنی هەلومەرجی کۆمەڵگایە بەدژی کرێکاران و یەکێتیە کرێکاریەکان و لەچەند رێگایەکەوە بۆ شکاندنی مانگرتنەکان و داواکاریەکانیان و پاشەکشە پێکردنیان:

• لەهەندێک بەشدا کرێکاران کێشەکانیان لەگەڵ خاوەن کار چارەسەر کردوە و وەڵامیان داوەتەوەو موچەیان زیادکردووە بەپێی رێكەوتنی کرێکاران لەو بەشانەدا مانگرتنەکەیان وەستاندوە، وەک پارێزەرانی کەیسی تاوان، شۆفێری پاسی ئاریڤا، هەندێک بەشی کارمەندانی تەندروستی و کرێکارانی پاک کردنەوەی خۆڵ و خاشاک.
• حکومەت خەریکی تۆمەت دروستکردنە لەبەرامبەر مانگرتنەکانی کرێکارانی شەمەندەفەر و پاسەکان دا لەلایەک، ئەم هەنگاوە بەدژی خەڵک و وەستانی کاروکاسپی ناوزەد دەکات، لەلایەکی ترەوە لەبەرامبەر مانگرتنی پەرستاراندا لەم هەلومەرجەی شەڕی روسیا و ئۆکرانیا لەبەرژەوەندی روسیا ناوزەدی دەکات. یەکێک لە رابەرانی کرێکاران دەڵێت ئێمە دژی خەڵک نین و نامانەوێت کریسمسەکەیان لێ تێک بدەین ئەوە ئێوەن موچە زیاد ناکەن و ئەو وەزعە دروستدەکەن.
• هەوڵی داوە سود لە هێزی سەربازی و هەندێک خەڵکی مەدەنی بکات و دەخالەت پێبکات بۆ شۆفێری ئەمبولانسەکان، یان دانانیان لە جێگای کرێکار و کارمەندانی فڕۆکەخانەکاندا کە ئەمەش هەمووی شارەزایی و مەهارەتی دەوێت لە ڕاهێنانی چەند مانگە و بەڵام تەنها بۆ بەڕێکردن سێ رۆژی داناوە بۆ ئەم راهێنانە.
ئەمە هەر ئەو هەنگاوانەیە کە لەدنیادا و بەتایبەت لەوڵاتانی رۆژهەڵاتنی ناوەڕاست و ئاسیادا کە بۆرژوازی و حکومەتە قەومی و ئیسلامیە سەرکوت وکۆنەپەرستەکان لەبەرامبەر هەموو ناڕەزایەتیەکی هەقخوازانەی جەماوەردا، هەموو رێگایەک دەگرنە بەر بۆ وەڵامنەدانەوەو تێکشانی ناڕەزایەتیەکان و لەوانە تۆمەتێکیان بۆ دادەتاشن یان دەڵێن ئەمە دەستی دەرەکی لەپشتە.
ئەم ناڕەزایەتی و مانگرتنانەی کرێکارانی بەریتانیا سەرجەم حکومەتی بەریتانیا بە دەسەڵاتدارێتی حزبی پارێزگاران و هەتاکو ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیشی تووشی قەیران کردووە خەریكە لەبەرامبەر ئەو ناڕەزایەتیە فراوانەی کۆمەڵگا و بەتایبەت کرێکاراندا زیاتر لێک نزیک دەبنەوە. بەڵام لە هەندێ لایەنی ترەوە قەیرانەکە و مانگرتنەکان هێندە گەورەن و ترس لەبەردەوامی هەیە ناکۆکی خستۆتە نێوان دەسەڵات، لەوانە ئادەم رادکین سەرۆکی دەزگای سەربازی بەریتانی دەڵێت ئەم شەڕە شەڕی ئێمە نیە، ئێمە ئەرکی ترمان هەیە وەک هێزی سەربازی و فریای کاری تر ناکەوین.
حکومەتی نوێنەری بۆرژوازی و سەرمایەداران ئەمڕۆ لە میدیاکانەوە رایگەیاندوە کە لەم نزیک سەری ساڵەدا بەهۆی مانگرتنەکانی کرێكارانەوە تەنیا لەلەندەن دوو بلیۆن پاوەند زەرەر دەکرێت، بەڵام ترس لەوەڵامدانەوە بە خواستەکانیان و جێگاوڕێگای چینی کرێکار لەئایندەدا ئامادە نیە موچە زیاد بکات، لەکاتێکدا نرخی هەموو شتێک چەند قات چۆتە سەرەوە.
دەورەیەکی نوێی هاتنەمەیدان و ناڕەزایەتی کرێکاری:
ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتیە سەرانسەریەی کرێکاران لەبەریتانیا نیشانەی دەورەیەکی نوێیە لەهاتنەمەیدانی چینی کرێکار بەگشتی، بەتایبەت کە ئۆپۆزیسیۆنی چەپی حزبی لەیبەر بەتەواوی بەرەو راست وەرگەڕاوەو کرێکاران هیچ چاوەڕوانیەکانیان لێی نیە، هەر لەم دەورەی چالاکبوونەوەی یەکێتیە کرێکاری و رابەرەکانیان ژمارەی ئەندامانیان زیادی کردوە و یەکێتیە کرێکاریەکانی بەشە جیاوازەکان نزیکایەتی زیاتریان دەست پێکردووە. ئەم دەورەیە بۆ چینی کرێکاریی بەریتانیا ڕاوەستانە بۆ خواست و داواکانیان چ لەکەرتی تایبەت لەگەڵ سەرمایەدارانی خاوەن کۆمپانیاکان و چ لەکەرتی گشتی لەگەڵ دەوڵەتدا، بۆ چاکردنی رەوشی کار و زیاکردنی موچەدا پیشنیاری خۆیان کردوەو چەندین جەولە دانشتنیان کردوەو لەو شوێنانەی لەکەرتی تایبەتدا کە توانیویانە رێژەی زیادکردنی موچە بەدەست بێنن مانگرتنیان راگرتوە، ئەمە بەمانای ئەوەنیە پشت بکە مانگرتنەکانی کرێکارانی ئێستا. بەڵام لەو شوێنانەی کە تاکو ئێستا لەبەرامبەر پیشنیارەکانی دەوڵەت و سەرمایەداراندا کە بەڕێژەیەکی کەم موچەیان زیادکردوەو شوێنی رەزامەندی کرێکاران نیە وەک مانگرتنەکانی کرێکارانی قیتار و پاسەکان بۆیە کرێکاران رازینەبوون.
هاوکات کرێکاران و یەکێتی و سەندیکاکانیان هیچ باکێکیان بۆ تۆمەت دروستکردن نیە کە دەوڵەت هەوڵی بۆ دەدات، لەبەرئەوەی کرێکاران و یەکێتیەکانیان یەک دەستن و دووەم رێژەی هەژاری و برسێتی و گرانی و سەرماو سۆڵە لەسەر خوارەوەی کۆمەڵگا ڕوو لەسەرەوەیە و سێهەم درۆو بەڵێنی زۆری ئەم دەسەڵات و حکومەتەیان و قەیرانەکەیان زۆر بیستووە باوەڕ بە قسەکانیان ناکەن.
یەکێک لە دروشمەکانی ١٥ی دیسەمبەری پەرستاران ئەوەیە کە پارەی پسوڵەمان بۆ مەدەن موچەکانمان زیاد بکەن.

خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە کرێکارانی بەریتانیا لەم دەورەیەدا بەجیا لەوەی لەگەڵ خواست و داواکانی سەرانسەری کرێکارانی بەریتانیادان، هەروەها لە هەوڵی هاوپشتیدان لەگەڵ کرێکارانی وڵاتانی تردا لەوانە: نامەی هاوپشتی بۆ مانگرتنی کرێکارانی قیتاری فەرەنسا، هاوپشتی لەگەڵ کرێکارانی ئێران و بەدژی سەرکوتی جمهوری ئیسلامی ئێران.
هەربۆیە هاوپشتی و لەپاڵدا وەستانی ئەم مانگرتنە کرێکاریانەی بەریتانیا چ لەناوخۆی بەریتانیا و دەرەوەدا، شتێکی گەورەو گرنگە. بەسەرکەوتن گەیشتنی ئەم مانگرتنە کرێکاریانە و بەدەستهێنانی خواستەکانیان دەتوانێت گورزێکی توند بێت لە حکومەتی پارێزگاران و سەرمایەداران و ئۆپۆزیسیۆن و دەستەکەوتێکی گەورە بێت نەک تەنها بۆ هەموو چینی کرێکار لەبەریتانیا بەڵکو بۆ باشتر کردنی هەلومەرجی ژیانی سەرجەم خەڵکی کەمدەرامەتی کۆمەڵگە لە ئێستا، وە دەرسێکی باش دەبێت بۆ کرێکارانی سەرجەم ئەوروپاش.

١٩/١٢/٢٠٢٢




ڕوخانی جمهوری ئیسلامی ئێران لەبەرژەوەندی هەموو خەڵکی ناوچەکەدایە!.. نوری بەشیر

بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی ئازادیخوازی سەرانسەری لە ئێراندا کە دەسەڵاتی بۆرژوازی ئیسلامی ئێرانی هێناوەتە لەرزە و داوای ڕوخانی دەکات، ڕۆژبەڕۆژ خواستەکانی بەدژی ئەم رژێمە هارەی سەرمایە دەچێتە سەرەوە و لە پێشڕەویدایە. ڕوخاندنی ئەو ڕژێمەو کۆتاییهاتنی تەنیا خەڵکی ئێران نیە کە سودمەند دەبن لێی، بەڵکو خەڵکی ناوچەکە و جیهانیش لە ڕژێمێکی ئیسلامی تاسەر ئێسقان کۆنەپەرست و دژی ژن و دژی کرێکاران رزگاریان دەبێت.
هەموو ئەو ناڕەزایەتی و هاتنەمەیدانە ملیۆنیەی خەڵک لە ئاستی دنیادا بەدژی رژێمی هارو دڕندەی ئێران ئەو راستیە دەخاتەڕوو کە جمهوری ئیسلامی ئێران تەنیا رژێمێکی دژی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەت، ژنان و لاوان، بەساڵاچوان و منداڵانی ئێران نیە، بەڵکو ڕژێمێکی دڕندەو دژی ئینسانی سەرمایەداریە کە بەدژی مەدەنیەت و مرۆڤایەتیەیە لەئاستی دنیادا.
ئەوە راستیەکی حاشە هەڵنەگرە لە ناڕەزایەتیەکانی ساڵی ٢٠١٩ی خەڵکی لوبنان و عێراق دا یەكێک لە دروشمەکان و داواکاریەکان وەدەرنانی دەخاڵەت و دەستدرێژیەکانی جمهوری ئیسلامی ئێران بوو لەو دوو وڵاتەدا، هەروەها جمهوری ئیسلامی ئێران لە وڵاتەکانی یەمەن و فەلستین و سوریا و کوردستان دا وەک هێزێکی کۆنەپەرستی دژی خەڵکی لەپاڵ دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکان و هێزە میلیشیا قەومی و ئیسلامیەکان دا وەستاوە و وەک دەسەڵاتی کۆنەپەست و سەرکوت بەشدارە لە کوشتارو برسیکردنی خەڵکی ئەو وڵاتانەدا.
ئەم رژێمە هارەی سەرمایە ئاستی دەخالەتی کۆنەپەرستی بە ناوچەکەشەوە نەوەستاوە، بەڵکو لە ئاستی دنیادا خەریکی رژاندنی ژەهری کۆنەپەرستی بووە بەدژی مەدەنیەت و شارستانیەتی ئەم سەردەمە و لەپاڵ هەموو هێزێکی کۆنەپەرستدا خۆی بینیوەتەوە، دەستی هەبوو لە تیرۆردا نەک تەنیا لە ئێران و ناوچەکەدا بەڵکو لە ئاستی دنیادا ئەو کارەی ئەنجامداوە.
ڕژێمێک کە لەزیاتر لە چوار دەیەی تەمەنی نەگریسیدا جیا لەبرسیکردن و سەرکوت و ئیعدام و بێحورمەتی بەژنان و بێمافی کرێکاران و لە گۆڕنانی خەونەکانی لاوان و نەهێشتنی مەدەنیەتی کۆمەڵگا لە ئێران دا شتێکی تری نەکردووە، ئیتر جێگایەکی لەناو خەڵکی ئێراندا نەماوەتەوە. خەڵکی زەحمەتکێش و ژنان و لاوانی ئێران بە تەواوی هێزیانەوە هاتونەتە مەیدان بۆ ڕاماڵینی ئەم رژێمەو کۆتایی پێهێنانی. ئیتر هاتووهاواری سەرانی رژێم و لەسەروو هەموویانەوە خامنەئی بەوەی ناڕەزایەتی فراوانی جەماوەری ئێستای ئێران کە بە خرۆشانی ژنان لە ئاستی جیهاندا ناسراوە دەستی لە پشتەوەیە، نەك ئەم جوڵانەوە جەماوەریە شۆڕشگێڕانەیە سارد و خاو ناکاتەوە، بەڵکو گڕی توڕەیی و ناڕەزایەتیەکان دەباتەسەرەوە. حکومەتەکانی ناوچەکەش پێش ئەو دەسەڵاتە سەرکوتگەرەی ئێران ئەوەیان تاقیکردۆتەوە کە هەر ناڕەزایەتیەکی جەماوەری دەسەڵاتەکەیان بخاتە مەترسیەوە بە دەستی دەرەکی تاوانباریان دەکردن، بەڵام ئیتر ئەو قسە پوچانە نەك لای خەڵکی ئازادیخوازی ئێران، تەنانەت لای ئەندامانی سوپای پاسداران و دۆستەکانیشیان مشتەریەکیان بۆ پەیدا نابێت.
ئەم خرۆشانە جەماوەریەی ئێستای ئێران دەورەیەکی نوێیە لە درێژەی ناڕەزایەتیەکانی دەورەی پێشوو کە ڕۆژانە ڕیزەکانی فراوانتر دەبێتەوە لە ئێران و ئاستی دنیادا، بە پێچەوانەی جمهوری ئیسلامیەوە کە دەیەوێت ڕەنگی قەومی و دەستی دەرەکی بخاتە پاڵی؛ هەموو چوارچێوەیەکی قەومی و دینی تێپەڕاندووە و دروشمەکانی” نا “یە بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئیسلامی لەئێراندا.
بەم هۆیەوە لەهەرشوێنێکی دنیادا ڕاوەستان لەپاڵ ئەو بزوتنەوە ناڕەزایەتی و ئازادیخواز و شۆڕشگێڕیەدا و بەدژی جمهوری ئیسلامی و لە گۆڕنانی رژێمێکی دڕندەی وا لەبەرژەوەندی چینی کرێکار و ژنان و لاوان و لەبەرژەوەندی بەرەی شۆڕشگێڕ دایە لە ئاستی ئێران و ناوچەکە و جیهاندا.
٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢




ڕاپەڕینی خەڵكی سریلانکا و دوبارەبوونەوەی ڕاستیەك!… نوری بەشیر

قەیرانێکی ئابوری و سیاسی کە یەخەی وڵاتی سریلانکای گرتووە، هەمان قەیرانی سیستەمی سەرمایەداریە کە یەخەی زۆرێک لەوڵاتانی گرتووە، کە نەهامەتیەکانی بەسەر خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگادا دەشکێتەوە. ئەم قەیرانانە لەهەر وڵاتێکدا بەجۆرێک یەخەی سەرمایەداری دەگرتێت و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکیش بەپێی هەلومەرج و ئامادەییەکان و ئاستی ناڕەزایەتیەکان لەخوارەوە شکڵ دەگرێت و پێدەنێتە مەیدانەوە.

ناڕەزایەتی گەورەی جەماوەری سریلانکا کە بۆ ماوەی ١٠٠ رۆژ لە سەرتاسەری وڵاتدا بەردەوام بوو، بەتایبەت لە کۆڵۆمبۆی پایتەختدا، ناوەندەکانی دەسەڵات و شوێنی سەرانی دەسەڵات گەمارۆ درابوو، تا سەرەنجام سەرۆکی ئەو وڵاتەیان ناچار بە هەڵاتن کرد. ئەم ناڕەزایەتیانە بەدژی هەلومەرجی نالەباری ژیان و گوزەران بوو لەلایەن فەرمانڕەواکانی  بۆرژوازی ئەو وڵاتەوە بەسەر خەڵکدا سەپێنراوە و لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەیەکی ترسناك زیادی کردبوو.

بەهۆی کەمیی پێدوایستیە رۆژانەییەکانی خەڵک لە دەرمان و سوتەمەنی و خۆراک و کارەبا و بەنزین، لەلایەك و بەرزبوونەوەی بێکاری و هەژاریەکی زۆر و هەروەها بەرزبوونەوەی ڕادەی هەڵئاوسان بەجۆرێك کە گەیشتبوە نزیکەی لە سەدا شەست، دۆخی ژیانی خەڵك بە تەواوی ڕووی لەنابووتبوون کردبوو.. رێکخراوی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکاتە کە نزیکەی ٥ ملیۆن کەس لە دانیشتوانی سریلانکا پێویستیان بە کۆمەکی خۆراک هەیە و زۆربەی خێزانەکان ناتوانن لە رۆژێکدا خواردنی تەواو بخۆن. ئەو وڵاتە لەژێر قەرزێکی زۆری سندوقی دراوی نێودەوڵەتیدایە و لە مانگی نیساندا قەرزە دەرەکیەکانی ٥١ ملیار دۆلار بووە.

لەماوەی ئەو چەند مانگەی ناڕەزایەتی جەماوەریدا دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی سریلانکا دەستیان نەپاراستووە لەگرتن و راونان و کوشتنی خۆپیشاندەران و روخاندن و سوتاندنی جێگەوڕێگەی ڕابەرانی خۆپیشاندەران. بەڵام هەموو ئەوانە نەیانتوانی پاشەکشە بە ناڕەزایەتیەکان بکەن. رۆژ بەڕۆژ بڵێسەی خرۆشانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتكێش بەتینتر دەبوو تا سەرەنجام لەسەر بانگەوازی ڕابەران و هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکان و بەتایبەت دەوری چەپەکان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی گشتی لە کۆڵۆمبۆی پایتەخت، سەرباری رێگریەکانی هێزە سەرکوتگەرەکانی سەربازی و ئاسایش و چەقۆکێشەکانی دەوری سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیران و وەزیری بەگری، لەرۆژی ٩ی تەمووزدا بەڕێوەچوو کە دەیان هەزار کەس خۆیان گەیاندە پایتەخت و توانیان کۆشکی سەرۆککۆمار دەست بەسەردا بگرن. بەدوای ئەودا ماڵی سەرۆک وەزیران و چەندین سەرانی دیکەی دەوڵەت و باڵەخانەی تەلەفزیۆنی فەرمی وڵات بخەنە ژێردەستی خۆیانەوە.

بەدوای دەست بەسەراگرتنی کۆشکی سەرۆککۆمار (گوتابایا راجابکسا) لەلایەن خەڵکەوەو هەڵاتنی ناوبراو بۆ دورگەی ماڵدیف وە نیشاندانی ئەم دیمەنانە لە ناو کۆشک و شوێنەکانی حەوانەوەی سەرۆک و نیشاندانی جۆرەها سەیارەی گرانبەها کە نرخەکانیان دەگاتە دەیان ملیۆن دۆلار، ئیتر دەسەڵاتداری بۆرژوازی ئەو وڵاتە لەوە گەیشت کە رێگایەکیان لەبەردەمدا نەماوە بۆئەوەی پێش بە پەرەگرتنی ناڕەزایەتیەکان و توندبونەوەی قەیرانی سیاسی سەرەنجام سەرکێشانی بۆ شۆڕشێکی جەماوەری کە تەختی دەسەڵاتی بۆرژوازی لە ریشە هەڵکەنێت، دەستیان دایە مانۆری سیاسی و بە قوربانیکردنی سەرۆكکۆمار، ویستیان توڕەیی خەڵك دابمرکێننەوەو دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن. ئەوەبوو دوای هەڵاتنی سەرۆكکۆمار، سەرۆک وەزیرانیان وەک جێگرەوە دیاریکرد، بەڵام خەڵك ئەمەی قبوڵ نەکرد و سەرەنجام سەرۆک وەزیران و بەدوایدا وەزیری دارایش ناچاربوون دەست لەکاربکێشنەوە!

بۆرژوازی دەسەڵاتدار و بەیارمەتی بۆرژوازی دەرەکی و بەپێی ئەزمونێك کە لە شۆڕش و خرۆشانە جەماوەریەکانەوە بەدەستیان هێناوە، بۆئەوەی دەسەڵات لەدەست بۆرژوازیدا بمێنیتەوەو نەکەوێتە دەست خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەت، سیناریۆیەکی دیکەیان خستەڕێ ئەویش ئەوەبوو کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە بانگەوازی ئەوەبکەن کە سەرۆککۆمار لەناو نوێنەرانی حزبەکاندا هەڵبژێدرێت. بۆ ئەومەبەستە چەند کەسیان دیاریکرد و لە کۆتاییدا لەناو پەرلەمانەوە (رانیل ویکریمیسینگ) وەکو سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرا.

لەڕوانگەی بۆرژوازیەوە ئەمانە هەموویان لەناو خێزانی بۆژوازیدان و هەرکامیان هەڵبژێرێت، مانەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی مسۆگەر دەکات. سەرباری ناڕەزایەتی خەڵک بەرامبەر بەم تەرحە، بەڵام دواجار (رانیل) وەکو سەرۆك وەزیران هەڵبژێردرا کە چەندین دەورە لە لەدەسەڵاتدا بووە و بەشداربووە لە هەموو نەهامەتیەکانی خەڵکدا.

بەدوایدا لەژێرناوی بەشداری هەموو هێزولایەنەکان بۆ باشکردنی باری ئابووری وڵات و پاراستنی ئاسایش، هێزەکانی خۆیان لە سەرباز و پۆلیس هێنایەوە مەیدان و کەوتنە پاشەکشە بە خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتیەکان و دەستگیرکردنی هەڵسوڕاوان و بەمەیشەوە نەوەستان، دەستیان کردە هێرشکردنە سەر ماڵان و نوسینگەکانی ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەت چەپەکان و رابەران و هەڵسوڕاوانیان و تاڕادەی قەدەغەکردنی هەڵسوڕانی لایەنە چەپەکان و هەوڵدان بۆ قەدەغەکردنی چالاکیەکانیان. بەتایبەت کە لەدەورەی ناڕەزایەتیەکاندا هەندێ لایەنی چەپ بە چەند دروشمی وەکو؛ هەموو دەسەڵاتێک بۆ شوراکان، بەڵێ بۆ پێکهێنانی شوراکانی گەڕەک و هەروەها هەموو کۆنەپەرستان دەبێت دادگایی بکرێن، رۆڵی کاریگەریان هەبوو. 

ئەوەی لە سریلانکا روویدا دووبارەبوونەوەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی عێراق و لوبنان و پێشتریش وڵاتانی باکوری ئەفریقایە، لەوەی توانیان دەسەڵات ناچاربکەن بە ئاڵوگۆڕ لە شێوازی حکومەتدا، بەڵام نەگەیشتە گۆڕانکاری لە خەسڵەتی حکومەت و دەسەڵاتدا. لە سریلانکا هەروەکو ئەو وڵاتانە روخسارەکانی سەرەوەی دەسەڵاتیان گۆڕی، بەڵام جەوهەری ئەوانیان نەگۆڕی! هیچیان دەستیان نەبرد بۆ ئاڵوگۆڕی ریشەیی و دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری. هۆکاری سەرەکی ئەم کەمبودەش بەتایبەت نەبوونی هوشیاری سیاسی چینایەتی و رێکخراوبوونە کە مەرجی ئەساسی سەرکەوتنی ئەو بزوتنەوانەیە لەبەرژەوەندی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی کۆمەڵگادا. هەڵبەت نزیکەی ١٠٥ ساڵ لەمەوبەر کرێکاران و جەماوەری بەشمەینەتی ڕوسیا لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا ئەو ئەزمونەیان بەدەست هێنا کە خەبات و ناڕەزایەتیەکانیان دژی ستەم و نایەکسانی بەسەرکەوتن بگات، ئەویش رێك دابینبوونی ئەو دوومەرجە بوو، کە لەلایەکەوە چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتكێش خاوەنی ڕادەیەك لە هوشیاری سیاسی چینایەتی و سۆشیالیستی بوون و لەلایەکی دیکەوە خاوەنی ئاستێك لە ڕیکخراوبوونی سیاسی و جەماوەری بوون کە شوراکان و هەروەها حزبی بەلشفەی بوو بە ڕابەری لینین.

کەواتە بۆئەوەی ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش لەپێناو باشترکردنی ژیان و گوزەران و کۆتاییهێنان بە چەوساندنەوەو نایەکسانی سەرمایەداری، چەندبارە توشی شکست نەبنەوە، پێویستی بە هوشیاری و رێکخراوبوون هەیە، پێویستی بەوەیە کە جەماوەری زەحمەتکێش و چینی کرێکار لەژێر سایەی سیاسەتی هێزو حزبە بۆرژواییەکان کە لەژێرناوی ئۆپۆزیسۆندا خۆیان بەخواستەکانی ئەوانەوە هەڵدەواسن، دەربازببن و هوشیاربن بە بەرژەوەندیە چینایەتیەکانی خۆیان و لە دەوری سیاسەتی ڕادیکاڵی کۆمۆنیستی خۆیان رێكخراو بکەن لەناو شورا و سەندیکاو نەقابەکانی خۆیاندا و لەدەوری حزبی پێشڕوی کۆمۆنیستی بۆ بەدیهێنانی خواستەکانیان و گۆڕانکاری لە ژیان و گوزەرانیان و ژێرەوژوورکردنی سەرجەم دەسەڵاتی سەرمایەداری و دامەزراندنی دەسەڵاتی سۆسیالیستیە لە شوراکانی خۆیاندا، کە کۆتایی بەهەموو نەهامەتیەکانی کۆمەڵگا دێنێت.

٩/٨/٢٠٢٢




پەیکەری مارگرێت تاچەر بە هێلکە و رەنگ پێشوازی لێکرا!… نوری بەشیر

پاش کەمتر لە دوو کاتژمێر لە دانانی پەیکەری مارگرێت تاچەر سەرۆک وەزیرانی پێشوو لە بەریتانیا، لە رۆژی ١٥ی ئایار ٢٠٢٢ لەشاری گرانسام کە شوێنی گەورە بونێتی بە هێلکە پێشوازی لێکرا. دوو هەفتە دواتر واتە لە ٢٩ی ئایاردا بۆ جاری دووەم ڕەنگی پێدا ڕژێنرا.
ناڕەزایەتی بە تاچەر وەک یەكێک لە سیما دیارەکانی دەسەڵاتی بۆرژوازی چ ئەوکاتانەی لەدەسەڵاتدا بوو چ دوای مردنیشی لە ئاستی کۆمەڵگادا زۆر بەرینە. ئەم پەیکەرە پێشتر بڕیار بوو لە نزیک پەرلەمان لە لەندەن دابنیرێت، بەڵام بەهۆی ترس لە ناڕەزایەتی و هێرش بۆسەر پەیکەرەکە شارەوانی وێستمنستەر لە لەندەن ڕازینەبوو بەدانانی، لەبەرئەوەی کە بەردەوام ناڕەزایەتی بەرەی ئازایخواز و چەپەکانی بەریتانیا بە تاچەر هەبووە بەتایبەت لە کاتی مردنیدا ناڕەزایەتیەکان شەقامەکانی لەندەنی داگرت.
لە ساڵەکانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ هەوڵی زۆریان دا بۆ ئەوەی لە ساحەی پەرلەمان دایبنێن، بەڵام رەتکرایەوە، لە ساڵی 2020دا لە ڕێوڕەسمی ئاشکراکردنی بڕی سەد هەزار پاوەند کۆکردنەوە لەلایەن ئەنجومەنی ناوچەی باشووری کێستێڤن پەسەند کرا بۆ ڕێوڕەسمی دانانی، بەدوایدا گروپێکی فەیسبووک پێشبڕکێیەکی ‘هەڵدانی هێلکە’یان لە پێشنیار کرد کە زیاتر لە ٢٤٠٠ کەس دووپاتیان کردەوە کە ئەوان بەشداری دەکەن لە ‘فڕێدانی هێلکە’ و ” لەوانەیە هونەری گرافیتی” بکرێت، بۆ ئەمەش ئەنجومەنەکە کامێرایەکی کامێرایی بە راستەوخۆ لە بەرامبەر پەیکەرەکە دانا و بۆ پارێزگاری لەبەرزی سێ مەتریش دانرا.
ئەگەر چی بۆرژوازی و بەتایبەت حزبی پارێزگاران هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە کە لەکۆمەڵگادا ئەم سەرۆک وەزیرانە بە کەسایەتی گەورە پێناسە بکات و بە ژنە ئاسنینەکە بیناسێنێت، بەڵام لای زۆربەری خەڵکی کۆمەڵگە بەتایبەت لای چینی کرێکار و بەرەی ئازیخواز و سۆشیالیستەکان ” بە شیر دز ” و بە کەسێکی خراپ و رەزاگران و دژی کرێکاران ناوی براوە و ناڕەزایەتیەکی فراوان بەدژی هەبووە.
لە کاتێکدا کۆمەڵگای بەریتانیا بە قەیرانێکی گەورەی ئابوری و سیاسیدا تێدەپەڕێت، نرخی کەلوپەل و پێداویستیەکانی خەڵک چەند بەرابەر بەرزبۆتەوە، دەسەڵاتی حزبەکەی تاچەر کە بۆریس جۆنسن ئێستا سەرۆک وەزیرانەکەیەتی بەئەزمەیەکی قوڵ و گەورەترین دەورەی بێ ئیعتباریدا تێدەپەڕێت، بەڵام ٣٠٠ هەزار پاوەند تەرخان کراوە بۆ دروستکردنی پەیکەرەکەو ١٠٠ هەزار پاوەند بۆ دانانی پەیکەرەکە. ئەمەش وایکرد سەرەڕای ناڕەزایەتی بە مارگرێت تاچەر وەک یەکەم سەرۆک وەزیرانی ژن کە نوێنەرایەتی باڵی راستی بۆرژوازی دەکرد و لەبەرژەوەندیەکانی ئەم چینە، هەرچی لەدەستهات بەدژی کرێکاران و کەمدەرامەتانی کۆمەڵگا کردویەتی. ناڕەزایەتی خەڵک بە خەرجکردنی پارەیەکی زۆر لەو پەیکەرەکەدا بۆ کەسێک کە بەشی زۆری کۆمەڵگا خۆشیان ناوێت و نایانەوێت گوێبسیتی ناوی بن هەتا لەو شارەی تێیدا گەورە بووە نیوەی خۆشیان ناوێت، لەبەرئەوەی بەدژی کرێکاران و کەمدەرامەتانی کۆمەڵگا و ژنانی ستەمدیدەی کۆمەڵگەی بەریتانیا بووە.
بۆرژوازی و سەمایەداران لەهەرکوێیەک بن دەیانەوێت سەرانی دزێو و دژی کرێکاریەکانی خۆیان بەگەورە و باش نیشان بدەن، هەروەک ئەوەی بیانەوێ بۆریس جۆنسن وا بە پاڵەوان پێناسە بکەن، بەڵام کۆمەڵگای چینایەتی هەر مێژوو بەئارەزوی ئەوان نانوسێتەوەو بەدوای مردنیشیاندا ناڕەزایەتیان بەدژ دەکرێت و تا دەگاتە دادگایی کردنیشیان.

٣٠ی ئایاری ٢٠٢٢
بۆ زانیاری زیاتر لە لەسەر تاچە رو ناڕەزایەتیەکان بەدژی لەم لینکەوە ئەم بابەتەش دەتوانن بخوێننەوە.
https://emrro.com/margirettatcerew.htm




هێرشی روسیا بۆسەر یوکرەینیا.. نوری بەشیر

دەورەیەکی نوێی کێشەکانی دنیای چەند جەمسەری

هەڕەشەکانی چەند هەفتەی رابردوی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا و کۆکردنەوەی هێزێکی سەربازی ١٥٠ هەزاری بە جۆرەها چەکی قورس و سوکەوە، بردنی ژمارەیەک کەشتی جەنگی بۆ دەریای رەش، ئامادەکردنی چەکی ئاسمانی و مەشقی سەربازی لە ناوچەکانی بێلاڕوسیا، خۆئامادەکردن لە نیمچە دورگەی کرایمیا و ئامادەکردنی لایەنگرانی لە هەرێمی دۆنباس و چەکدارکردنیان، بەدوایدا رۆژی ٢١ فێبریوەری پۆتین یەک لایەنە سەربەخۆیی هەردوو ناوچەی دۆنيتسك و لۆگانسكی لەهەرێمی دۆنباس راگەیاند و هێزی زیاتری بۆ ناردن، ئەمە سەرەتای هێرش و جەنگێکی فراوانترە بۆسەر ئۆکرانیا. بەمە پۆتین یەکەم هەنگاوی جەنگێک کە رەنگە دوور ماوەبێت، نەک تەنیا دەبێتە کوشتارگای خەڵکی ئۆکرانیا بەڵکو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی خستۆتە دڵەڕوکێ و ترس کە بەدوایدا ناوچەی جوگرافیایی جەنگەکە گەورەتر بێت.
بەو خۆئامادەکردنەی پۆتین و پڕوپاگەندەی جەنگی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە جۆرێک چاوەڕوانی لە داگیرکردنی ئۆکرانیا، خەڵکی ئۆکرانیا و کۆمەڵگای مرۆڤایەتیان لەبەردم مەترسیەکی گەورەدا داناوە کە بووە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هەرێمی دۆنباس ناوچەکانی تری ئۆکرانیا. پاش ئەوەی پۆتین چەکی کاریگەری شەڕی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئەوروپای بە پڕوپاگەندەی جەنگی و گەمارۆ بیست کە یەکەم؛ بەناردنی هێزێکی زۆرتر لە سەرباز و چەک و هێزی ئاسمانی بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا دووەم؛ دانانی گەمارۆی ئابوری و سیاسی، کە لەلایەن ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئەمریکا دەستی پێکرد، روسیای نەترساند وەک ئەوەی بە شێوەیەک لەم گەمارۆیەی پێشتر تاقی کردۆتەوە بەڵام بەهۆی ئەوەی کە روسیا ئابوری گازی بۆ ئەوروپا لەدەستدایە، وە لەباری سیاسیەوە لە دنیادا پێشڕەوی سیاسی و سەربازی کردبوو و بازاڕی چەک فرۆشی پەیداکردووە هەروەها کاری لەناوخۆی ئۆکرانیا کردووە سورە لەسەر پێشڕەویەکانی لە هەڕەشە و هێرشی بۆسەر ئۆکرانیا.
لەکاتێکدا کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هێشتا کوشتاری بەکۆمەڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا یەخەی بەرنەداوە، هێشتا کوشتار و برسێتی و ئاوارەیی و هەژاری لە: یەمەن، سوریا، عێراق و ئەفغانستان لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئەم دەوڵەتە سەرمایەدارە گەورانە بەسەریاندا سەپاوە بەردەوامە، ئەمانە هەڕەشەی جەنگێکی گەورەتر دەکەن کە دەبێ چ سیناریۆیەکی ترسناک چاوەڕێی کۆمەڵگای ئینسانی بکات!.
ئێستا جەنگێک کە روسیا لەبەرامبەر ئۆکرانیادا بە بەهانەی شکاندنی رێکەوتنی مینسک و ئەندامێتی ناتۆ و کوشتاری خەڵکی هەرێمی دۆنباسەوە دەستی پێکردوە، کە هەموو ئەوانە پاساوێکن بۆ جەنگێک کە ئامانجی گەورەتری لەپشتەوەیە، وەستانەوەیە لەبەرامبەر ئەمریکادا.
ئەم هێرشەی ئێستای روسیا بۆسەر ئۆکرانیا بەرئەنجامی هەلومەرجی دەیەیەی رابردووە. دەیەیەک کە زۆر شت لەدنیادا گۆڕاوە بەتایبەتی دەورەی کۆتایی دنیای یەک جەمسەریە ( قطب )ە کە ئەمریکا رابەرایەتی دەکرد، دەیەی دەرکەوتنی چین وەک جەمسەرێکی ئابوری گەورەیە و کاریگەری هەیە، دەورەی هاتنەمەیدانی روسیا لەسەرەتادا وەک جەمسەرێکی سیاسی و دەخالەتەکانی لەزۆرێک لە وڵاتان بەتایبەت سوریادا و بەدوایی دا وەک جەمسەری ئابوری و ناردنی گاز بۆ وڵاتانی ئەوروپا. هەر لەم دەیەیەدا لەگەڵ پاشەکشەی ئەمریکادا جەمسەری رۆژئاوا و بەتایبەت وڵاتانێکی وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا هەوڵیانداوە لەژێر سایەی ئەمریکا بێنە دەرەوە و بڵێن ئێمەش هەین.
هەر لەو دەساڵەدا ئەمریکا مۆری شکست و پاشەکشەکانی لە عێراق، سوریا و ئەفغانستان دا تۆمار کردوە، بەرامبەرکێی ئابوری لە مەیدانی چەک و هێزی ئاسمانی و تەکنیکی پێشەکەوتودا بۆ پەیدابووە، ئەمریکا شکستی هێنا لە رێکەوتن لەگەڵ حوسیەکاندا لەیەمەن. سازشی کرد لەگەڵ کۆریای باکور، رێکەوتنی لەگەڵ تاڵیبان و هێنانەوەیان بۆ سەرسەری خەڵکی ئەفغانستان وەک هێزێکی کۆنەپەرستی دژی ئینسانی. داپۆشینی کۆمەڵگای عێراق و سوریا و یەمەن و کوردستان لە زۆنگاوی هێزە میلیشیا قەومی دینیەکان، پاشەکشەو لاوازی ئەمریکا لەبەرامبەر ملهوڕیەکانی جمهوری ئیسلامی ئێراندا، هەموو ئەوانە راستی ئاوابونی خۆری ئەمریکا و کۆتاییهاتنی دنیای یەک جەمسەریە کە ئەمریکا رابەرایەتی دەکرد.
دنیای ئەمڕۆ دنیای چەند جەمسەریە کە ئەمریکاش خۆی ناتوانێت حەشای لێبکات، وە میدیاکانی دەستەڕاستی بۆرژوازیش لە کێشەی ئێستای هێرشی روسیادا تاکیدی لێدەکەنەوە، کێشەی ئێستا دەورەیەکی نوێیە لە کێشەی نێوان جەمسەرەکان کە روسیا دەستپێشکەری کردوە، دەستپێشکەری سیاسی و سەربازی و ئابوری روسیایە لەبەرامبەر ئەمریکا و هاوپەیمانانی دەڵێت ئەو دەورەیە تەواو و ناتوانن لەسنوری ئێمە و بەرژوەندی ئێمە نزیک ببنەوە و ئێمەش دەخالەت لە هەلومەرجی جیهان دا وەک جەمسەریکی گەورە دەکەین، ئەم هەنگاوەی هێرش بۆسەر ئۆکرانیا لەو راستایەدایە.
لە کێشەی ئێستادا وڵاتان و جەمسەرەکان، لەدەوری لایەنگری و دژایەتی ئەو دوو جەمسەرەی روسیا و ئەمریکا وەستاون، لەدرێژماوەی ئەو کێشەو جەنگەدا زیاتریش دەبینرێت. لەسەرەتای هەڕەشەکانی روسیاوە وڵاتانێکی ئەوروپا و بەتایبەت ناتۆ لەدەوری سیاسەتی ئەمریکا کۆبونەتەوە، بەجیا لەوەی بەرەی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست دژی ئەم سیاسەت و هێرش و شەڕەیە. لەولاوە چین لەدەوری روسیا خۆی دەبینێتەوە بەوەی گەمارۆی لەسەر دوو کۆمپانیای گەورەی ئەمریکی دادەنێت کە چەک بە تایوان دەفرۆشن و بەپاساوی ئەوەی ئەو کارە لەدژی چینە!. واتە ئەم کێشە و هەڕەشەی جەنگە چوارچێوەیەکی جیهانی هەیە کەسەرەتایەکی نوێیە لە هەڕەشە و جەنگی جەمسەرەکان بەدژی کۆمەڵگای ئینسانی و وڵاتانی کەمهێز، وە لەدرێژماوەدا کێشەو شێوەی جۆراوجۆر لایەنگری جەمسەرەکان هاوسەنگی هێزی جیاواز بەخۆیەوە دەگرێت.
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە رۆشن بێت، کە ئەم لەشکرکێشێ و جەنگە کە روسیا دەستی پێکردووە نە شەڕی خەڵکی روسیا و نە ئۆکرانیا و نە ئەوروپایە، لەگەڵ ئەوەی زیندوکردنەوەی گیانی قەومپەرستی روسی و ئۆکرانی زیاد دەکات، بەڵام جەنگێکە بەدژی سەرجەم کۆمەڵگای بەشەریە لە کرێکاران و ڕێزی ملیۆنی خەڵکی بەشمەینەتە کە بەدەست قازانجپەرستی و شەڕ و برسیەتی ئەم جەمسەرانەی سەرمایەداریەوە دەناڵێن و لە ئایندەدا شێوەی جیاواز لە کۆنترۆڵی سیاسی و ئابوری و سەربازی لە جیهاندا بەخۆوە دەگرێت و کوشتار و ماڵوێرانی زیاتر دەسەپێنێ بەسەر مرۆڤایەتیدا.
هەربۆیە دروشم و کاری ئێمە؛ کۆمۆنیستەکان و کرێکاران و رێزی هەزاران ملیۆنی خەڵکی ئازادیخواز بۆ ئەم دەورە نوێیەی دنیای چەند جەمسەری سەرمایەداری نایە بە جەنگێک روسیا لە ئۆکرانیا دەستی پێکردوە و نایە بە هەڕەشە و ناردنی هێزی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ شەڕێکی ترسناک و ماڵوێرانکەر. ئەم دەورەیە دەورەی هاتنەمەیدانی ئێمەیە و لەهەمووکات زیاتر زەرورترە کە کرێکاران و کۆمۆنیستەکان و بەرەی ئازدیخواز و کەمدەرامەت لەهەر شوێنێکی ئەم دنیایەدا هەین خۆمان رێکخراو بکەین بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سۆشیالسیتی خۆمان دامەزرێنین و مرۆڤایەتی لە جەنگ و کاولکاری و کوشتار و برسیەتی بۆرژوازی و دنیای چەند جەمسەری سەرمایەداری رزگار بکەین.

نوری بەشیر
٢٣/٢/٢٠٢٢




سەرکەوتنی چەپی شیلی و نەخشی کرێکاران!.. نوری بەشیر

 

سەرکەوتنی هاوپەیمانی چەپ و دەنگهێنانی گابریل بوریکی ٣٥ ساڵە کە هەڵسوڕاوێکی چەپی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران بوو وەک سەرۆکی ئەو وڵاتەو لە هەمانکاتدا شکستی خوان ئەنتۆنیۆ کاست وەک نوێنەری بۆرژوازی و لایەنگری سیاسەتی ئۆگۆستۆ پینۆشێتی دیکتاتۆر لە ١٩ی دیسەمبەردا وەک یەکێک لە گەورەترین ڕووداوەکان لە جیهاندا قسەوباسی لەسەردەکرێت.

ئەم ئاڵوگۆڕەی شیلی لەبردنەوەی چەپەکان لە هەڵبژاردنی ئاخری ساڵی ٢٠٢١دا لە میدیاکانی ئەمریکای لاتین، میدیای بۆرژوازی لەئاستی ئەوروپا وەک بی بی سی و یۆرۆنیوز، میدیای چەپ لەئاستی دنیادا تا دەگاتە میدیای وڵاتانی عەرەبی؛ لە عەرەبیە و جەزیرەوە لەگۆشەی جیاجیاوە وەک سەرکەوتنی چەپ و شکستی راستی بۆرژوازی لەو وڵاتەدا ناویان برد. هەندێک “گابریل بوریکی” چەپی براوەی بە سۆشیالیست و کۆمۆنیست و هەندێکیتر بە چەپی نوێ و بەشێکیتر بە سۆسیال دیموکرات ناویان بردوە.

ئەم سەرکەوتنەی بەرەی چەپ و بەتایبەت گابریل بەرهەمی ناڕەزایەتیەکانی سێ ساڵی رابردوو بوو کە کۆمەڵگەی شیلی لە کرێکاران، قوتابیان، ژنان و کەمدەرامەتانی کۆمەڵگە لەبەرامبەر دەسەڵاتی سێ دەیەیی دوای دەسەڵاتی پێنوشێی سەرکوتگەری بۆرژوازیدا کە سەرکوت و کوشتارو برسیکردنی کردبووە نسیبی خەڵک، هاتبونەمەیدان. لەم سێ ساڵەی ناڕەزایەتیدا بەدەرەجەیەک کۆمەڵگا جەمسەرگیری چینایەتی بەخۆوە بینی، زۆرتر چەپەکانی لەبەردەم ئامادەیی زیاتر و هەتا رۆشنتربوونەوەی کێشەکانی ناوخۆیان و ناچارکردنی کۆنگرێسی چیلی بۆ رێفراندۆم لەسەر دەستورێکی نوێ و ئاڵوگۆڕ لە دەستورێک کە دریژکراوەی دەستوری سەردەمی “پێنوشێی” دژی کرێکاران و کۆمۆنیستەکان بوو.

کۆبوونەوەی زۆربەی چەپەکانی شیلی لە هاوپەیمانی چەپەکاندا و وەستانەوەی زۆربەی کۆمەڵگە بەرامبەر سیاسەتی بۆرژوازی و نیولیبراڵیزمەکەی و بەتایەبت بەشداری زیاتری کرێکارانی کانەکان لە دەنگداندا وایکرد دەورەی دووەمی هەڵبژاردنی لەبەرژەوەندی چەپەکان بێت و” بوریکی ” لاو سەرکەوتنی بەدەستهێنا بە ٪٥٦ لەبەرامبەر لە ٪٤٤ شکستی ئەنتۆنیۆ کاست وەک نوێنەری بۆرژوازی و راستی کۆمەڵگە. ئەمە تۆڵەی کرێکاران و خوێندکاران و ژنان بوو لە دەسەڵاتی دژی ئینسانی بۆرژوازی و سەرمایەداران و نیولیبراڵیزمەکەیان.

ئەوەی گرنگە لەم هەڵبژاردنەی شیلیدا بەرەی چەپ سەرکەوتنی بەدەستهێناو دەسەڵاتی گرتە دەست، لەبەرئەوەی هەر لەم ساڵەدا لەژمارەیەک وڵات چەپەکان دەنگیان چووە سەرەوە، بەڵام دەسەڵاتیان نەگرتە دەست. لەکاتێکدا چەپەکان لەشیلی لەبەرژەوەندی خەڵک دەنگ دەهێنن، سەرمایەداری لەدنیاداو بەتایبەت وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا، روسیا، چین و ئەوروپا خەریکی سازدانەوەی دەسەڵاتەکانیانن و پشتگیری بۆرژوازین لە وڵاتانی تردا، بۆ ئەمەش دەست بۆ دژی ئینسانیترین سیاسەتی کوشتارو برسیکردن و هێنانی دەسەڵاتی وەحشیگەری قەومی و ئیسلامی دەبەن لەچەشنی هێنانەوەی تاڵیبان و سازدانەوەی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی لە سودان، عێراق، لوبنان، کوردستان و لیبیا، بەڵام  لە شیلی بەپێچەوانەوە هاتنەمەیدان و تۆڵەی کرێکاران و قوتابیان و ژنان بوو کە  بۆ بەرژەوەندی  خەڵک و بۆ دەسەڵاتێک کە تێدا ئاڵوگۆڕ لەبەرژەوەندی خەڵک بڕواتە پێشەوەو سەرکوتی دژی ئینسانی سەرمایەداری پاشەکشەی پێبکرێت.

بەڵام خاڵیک کە بۆ ئێمە کۆمۆنیستەکان گرنگە لەبەرچاوی بگرین ئەوەیە کە لەپاڵ ملیۆنان خەڵکی دنیاو شیلیدا ئەم سەرکەوتنەی چەپ کە سەرکەوتنی جەماوەری ملیۆنی شیلەیە خۆشحاڵمان دەکات، بەڵام نابێت خۆشخەیاڵ بین و ئەم سەرکەوتنەی هەڵبژاردن بەکۆتایی سەرکەوتنی کرێکاران و جەماوەری بەشمەینەت بزانین.

لەجیهاندا لەم چەند ساڵەی رابردوودا زۆرگۆڕانکاری روویاندا، بەڵام لەبەرژەوەندی خەڵک نەبوون. هەندێ لە چەپەکان هێزیان گرت، بەڵام بەردەوام نەبوون. بردنەوەی “سریزا” لەیۆنان وەک حزبێکی چەپ هاتە دەسەڵاتیش، بەڵام نەیتوانی سەرکەوێت. هەموومان چەپی ناو حزبی کرێکارانی بەریتانیامان بینی کە هاوبەشی دەسەڵات بوو هێزی زۆریشی گرت، بەڵام لەبەرئەوەی چەپێکی ریفۆرمیست بوو لەبەرامبەر سیاسەتی بۆرژوازیدا کە حزبی پارێزگاران بوو خۆی نەگرت و خراپ پاشەکشەی کرد.

گابریل بوریک لە خۆپیشاندانەکاندا بە دروشمی: من بە کەرامەتی مرۆڤ دەنگ دەدەم و بەدوایدا لە دەورەی هەڵبژارندا بەبەڵینی چاکسازی لە کەمکردنەوەی کاتژمێری کار لە ٤٥ بۆ ٤٠ کاتژمێر، دژی ناعەدالەتی، چاکسازی لە سیستەمی تەندروستی و خانەنشینی و لەیەکەمین قسەیدا دوای هەڵبژاردن وتی: شیلی پێگەی نیولیبرالیزم بوو لەمەودوا دەبێتە گۆڕەکەی.

ئەم وتەیەی دوایی بوریک وەک دروشم گرنگە، بەڵام  لەواقیعیکدا کە بۆرژوازی و سەرمایەداران زۆرێک لەجومگەکانی کۆمەڵگایان لەدەستدایە، دەسەڵاتی بوریک یش لەناو پەرلەمان و چوارچێوەی سیاسەتی بۆرژوازیدایە، دەسەڵاتی بانکی نێودەوڵەتی و دەخالەتی بۆرژوازی لە دنیادا هەیە، ئەگەر ئەو وتەیە نەکاتە پراکتیک بۆ ئاڵوگۆڕی ریشەیی کۆمەڵگە، ئەوا شیلی نەک نابێتە گۆڕی نیولیبرالیزم بەڵکو ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە خاڵی کۆتایهێنانی ناڕەزایەتیەکانی ئەو چەند ساڵەی رابردو.

لێرەدا تەنها قسە لەسەر ئەوە نیە کە چەندە هێزی بۆرژوازی دەبەیتە دواوە یان دەیڕوخێنیت، بەڵکە قسە لەسەر ئەوەیە کە خۆت چی لەجێگای دادەمەزرێنیت. لەهەلومەرجی ئێستادا بوریک و دەسەڵاتە چەپەکەی گرنگیەکەی لە هاتنەسەر دەسەڵات ئەوەیە کە فەزای دیکتاتۆری سەرکوتی بۆرژوازی دەچیتە دواوە و فەزای ئاوەڵای سیاسی بۆ کرێکاران و کۆمۆنیستەکان دێتە پێشەوە کە بتوانن هیزی تێدا بگرن، لەوانە زەرورە کرێکارانی سەرتاسەری شیلی هەم لەرێکخراوی کرێکاری خۆیاندا سازماندراو بن هەمیش کۆمۆنیستەکانیش حزبی کۆمۆنسیتی و کرێکاریی خۆیان پێکبهێنن و مۆری خۆیان بدەن لەو دەورەیەو شوراکانی خۆیان لەگەڕەک و کارگەکاندا سازبدەن بۆ دەسەڵاتدارێتی جەماوەری و کۆتایهێنان بەدەسەڵاتی بۆرژوازی و سەرمایەداران.

سەرەتای جەنیوەری ٢٠٢٢




سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەسەر درۆکانی لە پەرلەماندا داوای دەستلەکار کێشانەوەی لێدەکرێت.. نوری بەشیر

ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی بەریتانیا نمایشی خستنەڕووی درۆکانی سەرۆک وەزیران بوو، ئاشکرابوونی درۆگەلێک کە تاماوەیەک لەمەوبەر ئەو ئیدعایانەی لەسەریبوو رەتیدەکردنەوە، بەڵام رێگایەک لەبەردەمیدا نەما ئەوە نەبێت کە داماوانە داوای لێبوردن بکات.
ئەوە یەکەمین جارە کە بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کە لەوکاتەوە هەڵبژێردراوە، ئاوا کەساس و داماوانە، لە پەرلەماندا ببینرێت. جۆنسن کەوتە بەر ناڕەزایەتی و رەخنەی نەک تەنها ئەندام پەرلەمانەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەڵکو کەوتە بەردەم ناڕەزایەتی بەشێک لە ئەندام پەرلەمانی حزبەکەی خۆشی حزبی پارێزگاران.
ئەم فشارەی ئەمڕۆی پەرلەمانی بەریتانیا بەشێکی فشاری ئۆپۆزیسیۆنەکانی حزبی پارێزگاران و جۆنسنە، بەشێکی سەرەکی فشاری خوارەوەی کۆمەڵگەیە لەخەڵکی کرێکارو کەمدەرامەت و چەپەکانی بەریتانیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا. ئەم ناڕەزایەتیانە بە جۆنسن و حزبەکەی و حکومەتی بەریتانیا، پێش ئاشکرابوونی درۆی سەرانی ئەم وڵاتە کە خۆیان یاسا دادەنێن و خۆیان یاسا شکێنن، لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، بەدوای برێکست دا کە قەیرانێکی قوڵ و فراوان رووی لەکۆمەڵگە کرد، باجی ئەم قەیرانەش خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی کۆمەڵگە داویەتی.

کەوتنەبەر رەخنەو ناڕەزایەتی ئەمڕۆی سەرانی حکومەتی بەریتانیا بەتایبەت سەرۆک وەزیران لەپەرلەماندا، لەوەوە سەرچاوەی گرتوو و تەقیەوە لەکاتێکدا لە ٢٠٢٠ دا بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی توشبوون و مردن بەکۆرۆنا، حکومەت ناچاربوو بڕیاری توند دەربکات کە بەهەموو شێوەیەک کۆبوونەوە قەدەغەکرا، چ لەماڵان و چ لەشوێنە گشتیەکان، رێکاریی یاسایی توند گیرایەبەر.
ئەم یاسا توندانە لەپەرلەمانەوە دەرچوون، جۆنسن خۆی ئیمزای لەسەرکردبوو، بەڵام هەر لەکاتی ئەم یاسا توندانەدا خۆیان یاسایان شکاند، لە داونین ستریت کە جێگای نیشتەجێبوونی سەرۆک وەزیرانە، کۆبوونەوەو ئاهەنگ سازدراوە، کە خودی سەرۆک وەزیران خۆی و هاوسەرەکەی بەشداریان تێدا کردوە.
پاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەرۆک وەزیران بەشێک لە سەرانی تری حزبی پارێزگاران حەشایان لێکرد و داوای لێکۆڵینەوەیان کرد لەسەری، بەڵام بەخت یاوەری بۆریس و حزبەکەی نەبوو، هەر زوو ڤیدیۆکەی ئاشکرا بوو، نەک ئەوەی خۆی بەشداری کردووە، بەڵکو قسەیشی تێدا کردوە، هەر زوو ئەلێگرا ستراتون وەک وتەبێژی سەرۆک وەزیران دەستی لەکار کێشایەوە، دوای دزەکردنی ڤیدیۆیەکەی و گاڵتەکردنی.
ئەمە یەکەمین دەست لەکارکێشانەوەی نەبوو بەڵکو لە دوو ساڵی رابردوودا ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارە پلەبەرزەکان و ڕاوێژکارانی حکومەت دەستیان لە پۆستەکانیان کێشایەوە هەر لەسەر پێشێلکاریەکانی شکاندنی یاساکان و رێکارەکانی کە خۆیان بۆ کۆرۆنایان دانابوو.

ئەمە یەکەمین جار نیە کە بۆریس و حزبەکەی درۆ لەگەڵ خەڵک دەکەن. لەدەورەی برێکست هەم بۆریس و هەم نایجل فاراج درۆی زۆریان کرد و فریوی خەڵکیان زۆردا بەڵام بەهۆی ئەوەی کە حزبی پارێزگاران وەک حزبی راستی بۆرژوازی و چالاکترین حزب کە رکەبەری بەهێزی نەبووەو نیە، هەمویان لە پەرلەمان و یاسا و لە پۆلیسیشدا تێپەڕاندووە.
لە دانیشتنی پەرلەمانی ئەمڕۆشدا سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئەوەی لەژێر فشارێکی زۆردا بوو، بەناچار بۆ دۆزینەوەی رێگایەک و رێکەوتن و ساتوسەداکردن لەپشتەوە کارەکەیان سپارد بە لێکۆڵینەوە، لانیکەم بۆ ئەوەی ئەندامانی خۆیان قەناعەت پێبکات کەپشتی بەرنەدەن. بۆرژوازی بۆ مانەوەی لەدەسەڵاتدا پەنا بۆ هەموو شێوەیەکی چەواشەکاری و درۆ دەبات، بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپادا کە کەمترین زەمینە هەیە بۆ سەرکوتی راستەوخۆ.
بەریتانیا بە قەیرانێکی گەورەی ئابوری و درۆی سەرانی حکومەتدا تێدەپەڕێت، بەتایبەت بۆریس پاڵەوانی برێکست بوو، ئێستا ئیتر ناتوانێت وەڵام بە قەیرانی ئێستا بداتەوە، بۆرژوازی بەشوێن بەدیلدا دەگەڕێت، ئیتر دەکرێ بۆریس بکەنە قوربانی لەپێناو دەسەڵاتی بۆرژوازیدا. هەموو ئەو رێگایانە دەگرنە بەر بۆ شکاندنەوەی قەیران و ئاکامەکانی بەسەر خەڵکدا، هەروەها درۆ و چەواشەکاریش هەر بۆ پاشەکشە بەناڕەزایەتیەکانی خەڵک و سەپاندنی بێکاری و هەژاری زیاتر بەسەر خەڵكدایە. هەربۆیە دور نیە ئەم درۆیانە و شکاندنی رێکارەکانی کۆرۆنا، سەرۆک وەزیران بکەنە قوربانی بەرژەوەندی سیاسەتی بۆرژوازی دەسەڵاتدار و مانەوەی سیستەمەکەیان، بەتایبەت لە ئێستادا کە بزوتنەوەی کرێکاری لەبەریتانیا لەهەمووکات زیاتر دەورەیەکی لاواز بەسەردەبات و حزبی کۆمۆنیستی و کرێکاری مەیداندار نیە، ئەوەی هەیە چەپە ئەویش تەنیا هێزێکی فشاری لاوازە، بۆیە ئەزمەیەک کە رووی کردۆتە حکومەتی بەریتانیا و خودی حزبی پارێزگاران کەسایەتی وەک جۆنسنی پێویستە.

١٢ی جەنیوەری ٢٠٢٢




تۆنی بلێر و قاسم سولەیمانی تاوانبارن نەک پاڵەوان.. نوری بەشیر

ئەم ڕۆژانە لەلایەن هەردوو حکومەتی بەریتانیا و ئێران و دارودەستەکانیانەوە خەریکی پاڵەوانسازین بۆ دوو تاوانبار، تاوانبارانێک کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، کۆمەڵکوژی و تاوانی ئەمانەی بیرناچێتەوە.
ئەم حکومەتانەی کەمایەتی کە کۆمەڵگە بەزۆری دەسەڵاتی نەگریسی سیاسی و ئابوری و سەربازی بەڕێوە دەبەن، هەر بەو شێوەیەش دەیانەوێت تاوانبارانی کۆمەڵکوژی بکەنە پاڵەوان.
ئەم دەسەڵاتدارانەی سەرمایەداری پێیانوایە بەرەی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست لە دنیادا نوستووە. لەکاتێکدا ئەم حکومەتانە لە هەندێ شوێنی دنیادا بەکرێگیراوی سەربەخۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەم مەیدانی پاڵەوان بازیە، ئەوا ڕیزی ملیۆنی خەڵک لەدنیادا پێچەوانەی ئەمانە ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

یەکەم:
لە بەریتانیا خەڵاتی پاڵەوانێتی لەسەر پێشنیاری دەوڵەت و لەلایەن مەلیکەوە درایە تۆنی بلێری سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا. بلێر لەگەڵ جۆرج بوشی سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا کە بەگەورەترین تاوانبارانی کۆمەڵکوژی لە کۆمەڵگەی عێراق دادەنرێن بەوەی بڕیاری جەنگی عێراقیان دا.
ئەو تاوانبارانە و حکومەتەکانیان هۆکاربوون لە کوشتنی سەدان هەزار ئینسان و ئاوارەیی چەندین ملیۆن کەسیتر و نوقمکردنی کۆمەڵگای عێراق و کوردستان لە گیژاوی ئایندەی نادیارو دەسەڵاتداری هێزی ملیشیای ئیسلامی و قەومی تاسەر ئێسقان کۆنەپەرست و دژی ئینسان کە تا ئێستاش درێژەی هەیە.
لە کاتێکدا هەر ئەوکات ریزی چەندین ملیۆنی خەڵک لە بەریتانیا و دنیادا ڕژانە سەر شەقامەکان بەدژی جەنگ بەڵام تۆنی بلێر و بۆشی کوڕ بێباکانە جەنگێکیان بەڕێخست کە تا ئێستاش خەڵکی عێراق و کوردستان باجەکەی ئەدەن، هەروەک چۆن گەمارۆی ئابوری لەسەر عێراق خەڵکەکەی باجەکەیان دا.
لە یەکەم ساتەکانی بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵەی دانی خەڵاتی پاڵەوانی بە تۆنی بلێر وەک پاڵەوانی بۆرژوازی و حکومەتی سەرمایەداران لە جەنگ و کۆمەڵکوژیدا، ناڕەزایەتی زیاتر لە یەک ملیۆن ئیمزا بەدژی ئەم بڕیارەی حکومەتی بەریتانیا و مەلیکەی دەستپێکراوە، کە دەڵێن بلێر بەهیچ شێوەیەک شایستەی خەڵات نیە.

لەکاتێکدا لە ئاستی دنیادا بەرەی ئازادیخوازو مرۆڤدۆست ناڕەزایەتیان بەم بڕیارە دژی ئینسانیە دەردەبڕن، داوای دادگاییکردنی ئەم تاوانبارانەی بەڕێخستنی جەنگ و پاڵەوانە دەستخۆێناویانە دەکەن کە دەستیان لەبرسیکردن و کوشتاری خەڵکدا هەبووە، بەڵام ئەم حکومەتانە تاوانباران دەکەن بە پاڵەوان بۆ ئەوەی ڕوخساری دزێوی ئینسانکوژی و برسیکردنی خەڵک و جەنگەکانیان لە سوریا، یەمەن، عێراق، ئێران، سودان، سۆماڵ و کوردستان بە جوانی نیشانبدەن، ئەمەیە کارنامەی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەیان لەهەر جێگایەکی ئەم دنیایەدا.

دووەم:
لە یادی دوو ساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی کە فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی جمهوری ئیسلامی ئێران بوو لەلایەن ئەمریکاوە کوژرا. ئەم پاسدارەی جمهوری ئیسلامی وەک فەرماندەیەکی تیرۆریست لەدنیادا دەناسرێت. جمهوری ئیسلامی ئێران خۆی وەک رژێمێکی هاری سەرمایەداری ئیسلامی سەرچاوەی نەهامەتیە نەک تەنها بۆ خەڵکی ئێران بەڵکو لەناوچەکەدا کە بەردەوام تاوانباری وەک سولەیمانی دروستدەکات. حکومەتی ئێران بۆ ساڵیادی ئەم فەرماندە تاونبارە تیرۆریستەی لەناوخۆی ئێران و دەرەوەدا لەرێگای سەفارەتەکانی و ئەلقە لەگوێکانیەوە بە یادکردنەوە و پەیکەر بۆ دروستکردن و وێنە هەڵواسینی دەیەوێت، وەفای خۆی بۆ ئەم ئینسانکوژە بخاتە بەردەم هاوشێوەکانی ئەم پاسدارە.
ئەوەی جێگای دیاربوو لەم یادەی سولەیمانی تیرۆریستدا حزبەکانی کوردایەتی؛ یەکێتی و پارتی و سەرانیان وەک نۆکەرێکی ئەڵقە لەگوێی جمهوری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە گەرمتر لە جمهوری ئیسلامی ئەم یادە دەکەنەوە و فراوانتر و دڵسۆزانەتر لە جمهوری ئیسلامی ئێران شێوەن بۆ ئەم تیرۆریستە دەکەن و وەک پاڵەوانی رزگارکەری خەڵکی کوردستان نیشانی دەدەن.

لە کاتێکدا لەلایەن خەڵکی ئازادیخوازی؛ ئێران و عێراق و کوردستانەوە پەیکەر و وێنەی ئەم جەلادە تیرۆریستە دەسوتێنرێت. بەڵام سەرانی حزبەکانی ناسیونالیزمی کورد بەگەورەو بچوکەوە شیوەنی بۆ دەکەن و دەیانەوێت بە پاڵەوان بیناسێنن.
خەڵکی عێراق، لوبنان، سوریا، یەمەن و کوردستان کە گەلێک نەگبەتیان بەسەردا هاتووە بەهۆی سولەیمانی و حکومەتە تیرۆریستەیەکەیەوە، کەچی ناسیۆنالیزمی کورد یادی دەکەنەوەو بە کەسێکی باش دەیناسێنن. لەکاتێکدا سولەیمانی یەکەمین کەسێک بوو کە خومەینی بۆ سەرکوتی شۆڕشگێران و ئازادیخوازانی کوردستان ئەو ئەرکەی پێسپارد.
قاسم سولەیمانی و حکومەتە ئیسلامیە تیرۆریستەکەی بەسەدان کەسیان لەئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە کوردستان تیرۆر کرد. ئێستاش حکومەتەکەی قاسم سولەیمانی رۆژانە ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستانی ئێران و کوردستان لە زیندانەکان توند دەکات و لە سێدارە دەدات، بەڵام سەرانی حزبەکانی کوردایەتی مەراسیم بۆ قاسم سلێمانی دەگێڕن.
سەرانی ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی کوردایەتی فێرن ڕۆژێک بەسەری سەدامیاندا هەڵداو رۆژێکیتر لەسەر قەبری خومەینی ئەگریان و جارێکیتریش بەسەر ئۆردوگاندا هەڵدەدەن کە هەموویان نەک تەنیا دژی خەڵکی کوردستانن بەڵکو دژی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی عێراق و ئێران و تورکیاشن.

ئەم حزانەی کوردایەتی هەرگیز درێغیان نەکردوە لەپێناوی مانەوەی دەسەڵاتی میلیشیاو بنەماڵەیی خۆیاندا ئەگەر کوشتارگەی ئینسانیش دروست بکرێت، هەروەک چۆن پێشلەشکریان کرد بۆ هێنانەوەی حەشدی شەعبی بۆ کوردستان، پێشلەشکریان کرد بۆ دەبابەکانی دەوڵەتی تورکیا، پێشلەشکریان کرد بۆ دەبابەکانی سەدام حسین و هەروەها کاتێک بوش و بلێر ویستیان لە عێراق بدەن ئەمان دەستەودامان چاوەڕیی بڕیاری جەنگ بوون بەرامبەر خەڵکی عێراق، ئەوەش ئەنجامدراو ئێستا ئەوان لەسەر خوێن و لاشەی ملیۆن ئینسان دەژین و بە دەستکەوتی دەزانن.
لەکاتێکدا ئەم دوو حکومەتەی سەرمایەداری لە ئێران و بەریتانیا ژمارەیەک لە ئەڵقەلەگوێیان لە چەشنی ناسیونالیزمی کورد، وەک کەمایەتیەکی نوێنەرانی بۆرژوازی و سەرمایەداران دەیانەوێت تاوانبارانی وەک تۆنی بلێر و قاسم سولەیمانی بکەنە پاڵەوان، بە ملیۆن خەڵکی ئازادیخوازو مرۆڤدۆستی جیهان نە بلێر بە شایستەی خەڵاتی پاڵەوانێتی دەزانن و نە سولەیمانی بە شایەنی یادکردنەوە و رێزگرتن دەزانن، بەڵکو ئەمانە وەک تاوانباری جەنگ و کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی مەدەنی دەناسن و هەر حکومەت و حزب و کەسایەتیەکیش بەرگری لەمانە بکات، وەک ئەوان سەیریان دەکەن.

٩ی جەنیوەری ٢٠٢٢




فریودان و سەرکوتی ناڕەزایەتیەکانی خوێندکاران دادتان نادات!.. نوری بەشیر

تایبەتمەندیەکانی ئەم دەورەیە و ناڕەزایەتیەکانی خوێندکاران
ناڕەزایەتی ئێستای خوێندکاران نیشانەی ئەو راستیەیە کە کۆمەڵگای کوردستان بە قەیرانێکی گەورەی سیاسی و ئابوریدا تێدەپەڕێت، قەیرانێک کە دەسەڵات لەسەرەوە هەموو سەروەت و سامانی کۆمەڵگای لەدەستدایە، بەڵام ناتوانێت ئیدارەی کۆمەڵگا بکات و وەڵام بە خواستەکانی کرێکاران، مامۆستایان، قوتابیان و ژنان بداتەوە. خوارەوەی کۆمەڵگایش کە لەهەموو پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیان بێبەرین، ئیتر ئەو هەلومەرجەیان پێ قبوڵناکرێت و بەشێوەی جۆراوجۆر لە ناڕەزایەتیدان. خۆپیشاندانی خوێندکارانی پەیمانگاو زانکۆکان بۆ دەرماڵەو باشبوونی هەلومەرجی خوێندن لەگەڵ هەر هەوڵێکی فریودان و سەرکوتێک لەلایەن دەسەڵاتدارێتی حزبەکانی کوردایەتیەوە، بەردەوامە. ئەم خۆپیشاندانانە لەدرێژەی ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریانەدایە کە لەکۆمەڵگادا شەپۆل دەدات کە بۆ؛ موچە، هەلی کار، پێداویستیە سەرەتاییەکانی خەڵک لە ئاو و کارەبا و رێگاوبان، بەدژی دزی و تاڵانی مافیاگەرێتی کەمایەتیەکی دەسەڵاتدارانەوە کە نوێنەرایەتی بۆرژوازی و سەرمایەدارانی کۆمەڵگا دەکەن. ئەم دەورەیەی خۆپیشاندانی خوێندکاران دەوریەکی نوێیە لەوەی لەلایەک سەرتاسەریەو لەلایەکی ترەوە هاوپشتی کۆمەڵگا بۆ خواستەکانیان و بەشداری بەشێکی بەرچاوی لاوان و خوێندکاران بەگشتی لەپشتە.
بۆرژوازی کورد و فریودان و سەرکوت بۆ کۆتایی بە ناڕەزایەتیەکان
بۆرژوازی کورد وەک باقی بۆرژوازی زۆرێک لە وڵاتانی سەرکوتگەر، لەبەرامبەر خواست و داوکاریەکانی جەماوەری کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگادا دوو رێگا دەگرنەبەر بۆ ئەوەی وەڵام بە ناڕەزایەتی و خواست و داواکاریەکان نەدەنەوە، ئەویش یان فریودانە یان سەرکوت کردنە. تا ئەوکاتەی بۆیان بکرێت بە فریودان و خۆڵکردنە چاوی خەڵک، بە ئاشکراو بێشەرمانە درۆ دەکەن بۆ فریودان و دەمکوتکردن و بردنە دواوەی ناڕەزایەتیە بەرحەقەکان، لە تەمەنی سی ساڵەی دەسەڵاتیان بۆرژوا ناسیونالیستی کوردا، کەم خۆپیشاندان هەبووە نەڵێن دەستی دەرەکی لەپشتە، نەڵین چواردەورمان دوژمنە، نەڵێن ئێستا کاتی ئەمە نیە. کە ئاخرین جار لەم خۆپیشاندانانەی خوێندکاراندا سەرۆکی حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی بە ئاشکرا درۆی شاخداری کردوو و وتی کە لە هیچ شوێنێکی دنیادا خوێندن بە خۆڕایی نیە، واتە دەرماڵەش نیە. بەڵام هەر زوو لە ئاستێکی فراواندا وەڵامی درایەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە میدیای ئەمریکا بڵاویانکردەوە کە خودی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ویلایەتی میامی ئەو وڵاتە ڤێلایەکی کڕیوە کە بەهاکەی ١٨ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلارە.
بەڵام خۆ ئەم سەرمایەدارانەی کوردایەتی درۆ و خۆڵکردنە چاوی خەڵک لایان بۆتە کاری رۆژانە، هەربۆیە دەستوبرد دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی زۆنی سەوز کە خەریکی سەرکوتی خۆپیشاندانەکان بوو و بەسەدان کەسیان راپێچی زیندانەکانیان کردبوو، بۆ پاشەکشە بە خوێندکاران، بە پەلە پەنایان بۆ فریودان برد، ئەویش بە بانگردنی ژمارەیەك خوێندکار و کۆبوونەوە لەگەڵیاندا بۆ ماوەی دوازدە کاتژمێر و بە قسەی زل و گفتی فریودەرانە بۆ پاشەکشە بە خۆپیشاندانەکان بەڕێیان کردن.
بەڵام چ ئەم ناڕەزایەتیانەی قوتابیان و چ مامۆستایانی وانەبێژ و چ باقی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی کۆمەڵگا بە تەجروبەی سێ دەیە لە فریو و سەرکوتی ئەم دەسەڵاتە، بەو بەڵێنە درۆیانە پاشکەشەیان پێناکرێت، هەربۆیە جارێکی دیکە لە رۆژی ٧ی دیسەمبەر دێنەوە شەقامەکان و بەردەم زانکۆو پەیمانگەکان دەگرن بۆ خواستەکانیان. ئەم جارەش بە رەشبگیری دەستگیریان دەکەن و ڕەوانەی زیندانیان دەکەن.
ناڕەزایەتیەکانی خوێندکاران پێویستیان بە هاوپشتی هەیە
دنیای ئەمڕۆ دنیای دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازیە، کە چەندە سەرمایەدار لەنێوان خۆیاندا لەسەر پشکی زیاتری دزی و بەرژەوەندیەکانیان کێشەیان هەبێت، بەڵام کە رووبەڕووی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر دەبنەوە، هەموویان یەکدەست و یەک هەڵوێستن. خەڵکی کوردستان زۆر بەئاشکرا ئەم هەڵوێستەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی دەبینن کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی هەموو بۆرژوازی و سەمایەداران دەکەن، نەک هەر ئەمانە بەڵکو هەموو ئەو هێزانەی بەناوی ئۆپۆزسیۆن و بەرژەوەندیان لەمانەوەی ئەو دەسەڵاتەدا هەیە بەشێوەیەکی شەرمنۆکانە رەخنە لە سیاسەتەکانی دەسەڵات دەگرن کە دژی جەماوەری کرێکاران و مامۆستایان و خۆیندکاران و ژنانە و لەبەرەی دەسەڵاتدا دەوەستنەوە.
بەڵام ئەم دەورە سەراسەریەی خۆپیشاندان، خوێندکاران وەک منداڵی کرێکاران و کەمدەرامەتی کۆمەڵگا، بەشێکە لە خەباتی سەرجەم چینی کرێکار بۆ باشبژێوی و وەڵام بە پێداویستیەکانیان، بۆیە ئەم ناڕەزایەتیانە بە جیا لە رێکخراوبوونی خوێندکاران خۆیان، بەشداری و پشتیوانی هەموو هێزو لایەن و کەسایەتی کە ناڕازین بە سیستەم و دەسەڵاتی بۆروژا ناسیونالیستی کورد دەخوازێت، ئەم ناڕەزایەتیانە بۆ یەکلاکردنەوەی لەبەرژەوەندی خوێندکاران و هەموو خێزانە کەمدەرامەتەکانی کۆمەڵگا دەخالەت و هاتنەمەیدانی چینی کرێکار دەخوازیت کە چینی سەرەکی بەرهەمهێنی کۆمەڵگایە لەبەرامبەر دەسەڵاتی چەوسێنەرانی حزبەکانی کوردایەتیدا.
سەرەتای دیسەمبەری ٢٠٢١




سودان کۆتایی دەورەیەک و سەرەتای دەورەیەکی نوێ!.. نوری بەشیر

دەسەڵاتی سەربازی پاشەکشەی پێکرا

هەلومەرجی رابردوو و گۆڕانکاریەکانی یەک مانگ:
ناڕەزایەتیەکانی چەندین ساڵەی رابڕدوو لەبەرامبەر گرانی نان و نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و سەرکوت و بێکاری و برسێتیدا، لە ئەپریلی ٢٠١٩ دا دەسەڵاتی سەربازی و دیکتاتۆری ناچارکرد بۆ رزگارکردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی لەهێرشی جەماوەری کرێکارو کەمدەرامەت و ژنانی ستەمدیدە کە هاتنەمەیدان، قوربانی بدەن بە عومەر حەسەن بەشیر و بکەونە ساتوسەوداو چاوبەست بەوەی کە دەسەڵاتی دوولایەنەی مەدەنی و سەربازی تاکو هەڵبژاردنی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ قبوڵ بکرێت.

ئەم دەورەیە کورتخایەن بوو بۆ دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی و سەربازی و دەوریەکی تاقیکردنەوە بوو لەلایەک بۆ ئەوان و لەلایەکی ترەوە بۆ جەماوەری تووڕەو ناڕازی. سوپا بەسەرپەرشتی عبدولفەتاح بورهان بەردەوام ترسیان هەبوو دەسەڵات لەدەستیان دەربهێنرێت، لەبەرئەوەی ناڕەزایەتیەکان بەردەوام لە فشارهێناندا بوون و داواکاری و خواستەکان و ناڕەزایەتی زیاتری رێکخراوە کرێکاری و پیشەییەکان و ترسێکی جدی بۆسەر دەسەڵات دروست کردبوو، بەتایبەتی کە خەڵک توانیان لە خوارەوەو لەگەڕەکەکاندا خۆیان رێكخراوبکەن .
دەسەڵاتی سەربازی بۆ فرسەتێک دەگەڕا دەسەڵات لەبەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە. لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١دا کۆدەتایەکی سەربازیان ئەنجامدا. عبدوڵا حەمدۆکی سەرۆک وەزیران کە کەسایەتیەکی ناسراو و شێوەیەک بەرگری لە دەسەڵاتی دوولایەنەی مەدەنی و سەربازی دەکرد، لەگەڵ ژمارەیەک کەسی دەوروبەری دەستبەسەرکران. جەماوەری ناڕازی سودان لەم بەرنامەیەی دەسەڵاتی سەربازی بە ئاگابوون، بەتایبەت هێزە رێکخراوەکانی دەرەوەی دەسەڵات لە رێکخراوە کرێکاری و پیشەییەکان و کۆمیتەکانی بەرگری گەڕەک کە تازە سەریان دەرهێنابوو. لەسەر بڕیاری کۆمەڵەی پیشەگەرانی سودان و کۆمیتەکانی بەرگری گەڕەک و هێزی ئازادی و گۆڕان، بانگەوازی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی سەرتاسەریان کرد. رۆژی ٣٠ی ئۆکتۆبەر خۆپیشاندانی ملیۆنی ئەنجامدرا. دەسەڵاتی سەربازی بە سەربازو ئاسایش و پۆلیس و هێزە میلیشیا ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە، کەوتنە سەرکوت و راونان و گرتنی خۆپیشاندان و پاشەکشەیان بە خۆپیشاندان کردو ژمارەیەک کوژراو بریندار و دەستگیرکران و هێڵەکانی ئینتەرنێت بڕان. خۆپیشاندان پاشەشەی کرد، بەڵام ناڕەزایەتیەکان و پەیوەندیەکان لەرێگای کۆمیتەکانی بەرگری گەڕەکەوە بەردەوامبوو.

جارێکی دیکە کۆمەڵەی پیشەگەرانی سودان و کۆمیتەکانی بەرگری گەڕەک بانگەوازی خۆپیشاندانی سەرتاسەریان کرد. سەدان هەزار کەس لە زۆربەی شارەکاندا لە ١٧ی نۆڤەمبەردا هاتنەمەیدان و ئەگەرچی ئەمجارەیان کوشتارو دەستگیرکردنی زۆر ئەنجامدرا، بەجیا لەبڕینی ئەنتەرنێت، خەتی تەلەفونیشیان بڕی، بەڵام خۆپیشاندانەکان بەردەوام بوون. بەشێوەیەکی رێکخراو لەخوارەوە کە لەهەموو گەڕەکێکدا بەرنامەی خۆپیشاندانی رێکوپێک و گرتنی شەقامە سەرەکیەکان و پەیوەندیەکانیان بەیەکەوەو پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوە پیشەیی و کرێکاریی و جەماوەری و ژناندا هەبوو. دروشمی بە ئاشتی بە ئاشتی کە لە٣٠ی ئۆکتۆبەردا بەرزکرابۆوە، ئەمجارە گۆڕا بە: هیچ دانوستانێک نیە هیچ ڕێکەوتنێک نیە! هیچ هاوبەشییەک نیە، نا بۆ دەسەڵاتی سەربازی بەڵی بۆ دەسەڵاتی مەدەنی، ناڕەزایەتیەکان بەردەوام بوو.
ئەم ناڕەزایەتیە فراوانە بەردەوام کۆمەڵگای دەخستە ژێر کاریگەری خۆی و بە نیازی خۆپیشاندانی گەورەتر تربوون. هێزی سەربازی و میلیشیاکان و ئۆپۆزسیۆنە میانەڕەوەکان فشاریان بۆ دەهات و فشاری ئەم ناڕەزایەتیە رادیکالانە ناوەوەی وڵات و دەرەوەی لە وڵاتانی دراوسێ و تا دەگاتە ئەمریکای ترساند، کە ئەم ناڕەزایەتیە بەرەو ڕاماڵینی یەکجاری دەسەڵات بڕوات و دەسەڵاتی جەماوەری رێکخراو لەخوارەوە دامەزرێت، کە ترسی بۆ سەر حکومەتەکانی ناوچەکەش دەبێت.
دەسەڵاتی سەربازی بەناچار کەوتنە پلانێکی تر کە بەکەمترین زیان و دەسەڵاتیی بۆرژوازی لە توڕەیی خەڵکی رێکخراو لەخوارەوە رزگار بکەن، هەربۆیە کەوتنە گفتوگۆ و ئازادکردنی عبدوڵا حمدۆک کە لە کۆدەتا سەربازیەکەیاندا دەستبەسەر کرابوو و گەڕانەوەی بۆ پۆستەکەی. هەروەها بەناچاری بڕیاری ئازادکردنی دەسگیرکراوەکان و بەدوایدا دانیشتینی نێوان هێزە سەربازیەکان و حەمدۆک و ژمارەیەکی تر لە ئۆپۆزسیۆن بۆ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی دوولایەنەی مەدەنی و سەربازی تا کاتی هەڵبژاردن لە کۆتایی ساڵی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت. ئەمە پاشەکشەیەکی سوپا بوو لەبەرامبەر درێژەی ناڕەزایەتیەک کە سەرتاسەری سودانی داگرتووە بەدژی دەسەڵاتی سەربازی و کە تا ئێستاش ئەو هێزانەی کە بانگەوازی خۆپیشاندانیان دەکردو هەروەها زۆربەری جەماوەری سودان لەسەر دروشمەکانی خۆیان دەسەڵاتی مەدەنی بەردەوامن. هەروەها لەکاتی ئیمزاکردنی رێکەتنی نێوانیان لە ٢١ی نۆڤەمبەردا خۆپیشاندانی ملیۆنی بۆ جارێکی کە بەبەرزکردنەوەی ئەو شیعارانە بەردەوام بوو بەتایبەت بەڵێ بۆ دەسەڵاتی مەدەنی.
دەورەی داهاتوو پێشڕەوی چینی کرێکار دەخوازێت:
ئەوەی تائێستا لەسودان روویدا کۆتایی دەورەیەکە کە هێزە سەربازیەکان لەبەرامبەر ناڕەزایەتیە جەماوەریەکاندا لە دوو پلاندا بۆ مانەوەی دەسەڵاتی دریژماوەی سەربازی شکستیان خوارد و پاشەکشەیەکی گەورەیان بەسەردا سەپێنرا، کە ناتوانن هەروا بەئاسانی دەسەڵاتی دوولایەنەی مەدەنی و سەربازی نەهێڵن و دەسەڵاتی یەکلایەنەی سەربازی و دیکتاتۆری بسەپێنن. بۆ جەماوەری فراوانی خەڵک دەورەیەک بوو کە تێیدا خۆشباوەڕی بەهێزو دەسەڵاتی سەربازی و توندوتیژیەکانی وەستانەوە بوو، وە خاڵێکی بەرچاو لەم دەورەیەدا سەرهەڵدانی رێکخراوبوونی کۆمەڵگا لەخوارەوە لە کۆمیتەکانی بەرگری گەڕەکەکان یان ” دەرکەوتنی لەم دەورەیەدا” و بەردەوامی ژمارەیەک لە رێکخراوە مەدەنیەکانی وەک کۆمەڵەی پیشەگەرانی سودان و رێکخراوە کرێکاریی و هێزی ئازادی و گۆڕان بوو، ئەگەرچی ئەمەی ئاخری هەندێک کێشەیان تێکەوت بەڵام زۆربەی لەپاڵ ناڕەزایەتیەکانی جەماوەردا ماونەتەوە.

هەموو ئەو پێشڕەویانەی لەژێر کاریگەری ناڕەزایەتیەکاندا بەدەست هاتن، دەورەیەکی نوێ دەخاتە بەردەم جەماوەری کرێکارو مەحرومانی کۆمەڵگا کەخۆی بۆ سیناریۆکانی داهاتوو ئامادەبکات، لەبەرئەوەی بۆرژوازی چەکی لەدەستدایە، سەربازی هەیە و میلیشیاو وڵاتانی سەرمایەداری ناوچەکەی لەدەورە بۆ پاشەکشە بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان و داواکانیان. بۆ جەماوەری ناڕازی بۆئەوەی ئەگەری گەڕانەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی لەرێگای سەربازە پلە باڵاکانەوە نەتوانێت دیکتاتۆری بێپەردە بسەپێنێت، زەرورە کە چینی کرێکار پێبنێتە مەیدانەوە بۆ ئەوەی مۆری خۆی بدات لە ئایندەی کۆمەڵگا. بۆ ئەوەی چارەنوسی کۆمەڵگای سودان بەتەواوی بگۆڕێت، بەتایبەت کۆمیتەکانی بەرگری گەڕەک بەجیا لەکرێکاران کە رێژەیەکی زۆری بێکارو کەمدەرامەتی تێدایە، بگۆڕێت بەوەی کۆمیتەکانی بەرگری کارگەو ناوەندەکانی کشتوکاڵ بگرێتەوەو بەرەو پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی چینی کرێکاران بڕوات تا کرێکاران بتوانێت مۆری خۆی بنێت بەو کۆمیتانەو ناڕەزایەتیەکانەوە کە رێگایەکە بۆ دەسەڵات لەخوارەوەی کۆمەڵگا، ئەمە دەتوانێت نەک چارەنوسی کۆمەڵگا لەبەرژەوەندی کرێکاران و ژنان و کەمدەرامەتی کۆمەڵگای سودان بگۆڕێت، بەڵکو مۆری خۆیشی بنێت بە ناڕەزایەتیەکانی دەورەی داهاتووی وڵاتانی ناوچەکەوە.

نوری بەشیر

٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١




دەرسەکانی ناڕەزایەتی ملیۆنی سودان, کۆمیتەکانی بەرگری گەڕەک.. نوری بەشیر

رۆژی ٣٠ی ئۆکتۆبەر واتە سێ رۆژ لەمەوبەر ناڕەزایەتی سەرتاسەری وڵاتی سودانی داگرت کە بە ٤ ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێت بەدژی کۆدەتای سەربازی کە بۆ لەباربردنی دەسەڵاتی مەدەنی لەرۆژی ٢٥ی ئۆکتۆبەردا روویدا. زۆربەی خۆپیشاندانە گەورەکان لە شارەکانی؛ خەرتوم، بەحری، ئومدورمان، زەلینگی، نیاڵە، ئیل عوبێد، بەندەری سودان، کاسەلا، گەدەریف، ئەربەجی، ئیبری، دۆنگۆلا، ئەلنەهود، مەدانی و کۆستی بوون هەروەها لە ٥٠ شاری جیهان خۆپیشاندانی هاوپشتی نێودەوڵەتی ڕوویدا، لەوانە؛ واشنتۆن دی سی، ئۆتاوا، پاریس و لەندەن.
ئەم خۆپیشاندانە لەسەر بانگەوازی یەکێتیە کرێکاریەکان، ژنان، ڕێکخراوە پیشەییەکان و کۆمیتەکانی بەرگری گەڕەکەکان بوو، ناڕەزایەتی ئەمجارە دەورەیەکی نوێی خۆپیشاندانی لە سوداندا بەخۆوە دەبینێت ئەویش جەماوەری رێکخراو بوو بەنوێنەرایەتی کۆمیتەکانی بەرگری گەڕەکەکان.
ئەمە دەوریەکی نوێیە لەهاتنەمەیدانی خەڵکی مەدەنی و ڕێکخراوە کرێکاریی و جەماوەریەکان، ئەم هاتنەمەیدانە لەناوچەکدا نوێیە. ئەم ناڕەزایەتیە لەدرێژەی ناڕەزایەتیەکانی ٢٠١٩ دا بەدژی دەسەڵاتدارێتی سەربازی لەو وڵاتەدا کە عومەر حەسەن بەشیر و ژمارەیەک لەسەرکردە سەربازیەکانی هێنایەخوارەوە، بۆ ماوەی دوو ساڵ دەسەڵاتێکی دوولایەنە لە مەدەنی و سەربازی دامەزراند، بەڵام دەسەڵاتی سەربازی لەو دوو ساڵە زیاتر چاویان بە هاوبەشی لەگەڵ دەسەڵاتی مەدەنی هەڵنایەت و ترسە بۆسەر ئایندەیان بۆیە کۆدەتای سەربازیان کرد بۆ لەباربردنی دەسەڵاتی مەدەنی و جەماوەری.
هاتنەمەیدانی ریزی ملیۆنی بە ناڕەزایەتی توندو دروشمی نا بۆ دەسەڵاتی عەسکەری و بەڵی بۆ دەسەڵاتی مەدەنی، نەک تەنها ترسی خستە بەردەم دەسەڵاتی عەسکەری تازە کۆدەتا چیەکان و هێزە میلیشیاکان، بەڵکو ترسی خستەبەردەم دەسەڵاتدارانی دەوڵەتە سەرمایەداریە گەورەکانی وەک “ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و روسیاو چین” ش. بۆیە هەموو هێزە سەربازی و میلیشیاو عەشایەرە چەکدارەکانی سەر بەدەسەڵاتی سەربازی بەپۆشینی جلوبەرگی تایبەت و دەمامکەوە بەرامبەر ئەم ناڕەزایەتیە لە خۆپیشاندانی گەورەی شارەکان وەستانەوە هەروەها دەستیان برد بۆ بڕینی خەتی تەلەفون و سۆسیال میدیای وڵاتەکەو لە رێگای میدیای چەواشەکاری خۆیانەوە دەیانویست خۆڵ بکەن چاوی خەڵک، بەڵام خەڵک لەرێگای پەیوەندیەکانی کۆمیتەکانی گەڕەکەوە لەپەیوەندا بوون.
سەربازانی چەکداریان بەجلی مەدەنیەوە ناردە ناو خۆپیشاندانەکان تا لەپشتەوە هاوکاتی تەقەکردن و هێرش بۆسەر خۆپیشاندەران لەناوەوەش لێیان بدرێت، کە ئەمە بووە هۆی پاشەکشە بە خۆپیشاندانەکان و بریندارکردنی زیاتر لە ١٠٠کەس و کوژرانی ژماریەکیترو دەستگیرکردن و هەتا چوونە نەخۆشخانەکان بۆ دەستگیرکردنی بریندارەکان و چوونە سەرماڵانی هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکان و بەزۆری چەک دەستگیرکردنیان و ترساندنی خێزانەکانیان بەکوشتن وە دەستگیرکردنی هەڵسوڕوانی مەدەنی هەر لەرۆژی کۆدەتاکەوە لە دوو شەممەی پێشووەوە دەستی پێکردبوو.
ئەم خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیە جەماوەریە گەورەیەی کرێکاران و ژنان و بێبەشانی کۆمەڵگا لە خوارەوە، بەدوای دوو ساڵ لە ناڕایەتیەکاندا کە ئەوکات سوپای ناچارکرد بە بەرزکرنەوەی “بەئاشتی بەئاشتی” بۆ ئاڵوگۆڕو دامەزراندنی حوکمی هاوبەشی مەدەنی و سەربازی بۆ ئەوەی خەڵک دەست بۆ چەک نەبات، بەڵام لەم خۆپیشاندانەشدا جەماوەر هەمان دروشمی “بەئاشتی بەئاشتی” ڕووبەڕووی هێرشی هەمان سەربازانی دوێنێی ئەو دروشمانە کردەوەو ئەمە خاڵی لاوازی ناڕەزایەتی ئەمجارە بوو.
هاتنەمەیدانی ملیۆنی لە خەڵک لە سەرتاسەری وڵات بەشێوەی مەدەنی و بێچەک و بەدروشمی “بەئاشتی” لەبەرامبەر جەنڕاڵەکان و سەربازانێکی کۆدەتاچی کە چاویان بەدەسەڵاتی مەدەنی هەڵنایەت و بەردەوام هەموو ڕوکنە بنچینەییەکانی ئابوری و سیاسی کۆمەڵگایان لەدەستدایە، هەروا بەئاسانی دەستهەڵناگرن و مل نادەن بەدەسەڵاتی جەماوەری. بەهەمانشێوە هێزو دەوڵەتە سەرمایەدارە ناوچەیی و جیهانیەکانیش لەلایەکی ترەوە دەسەڵاتێکی مەدەنی لە بەرژەوەندایاندا نیە، بەڵام بەناچاری و ترس لەو هێزە گەورە رێکخراوەی جەماوەری لەخوارەوە کەوتونەتە ناوەندگیری و جارێکی کە قسە لەسەر دەسەڵاتی دوولایەنەی جەماوەری سەربازی دەکەنەوە لەژێر ناوی بۆ کۆتایی بەو هەلومەرجە پشێویەی کە سودانی تێدایە، بەڵام لە راستیدا ترسە لەو هێزە گەورەیەی کە هاتۆتە مەیدان و دەزانن کە ناتوانن پاشکشەی پێبکرێت بە یەکجاری.
ئەگەر دەستکەوتی ئەمجارەی ئەم ناڕەزایەتیەی سودان سەرهەڵدانی لەکۆمیتەکانی گەڕەک و هەڵسوڕاوانی ئەم کۆمیتانە لە گەڕەکدا بێت و هاوکات لایەنەکانی تر بانگەوازی خۆپیشاندانی کردووە بەدژی دەسەڵاتی سەربازی، کە خاڵێکی گرنگ و وەرچەرخانێکی گرنگە بۆ هاتنەمەیدانی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا کە سوپا هەروا بەئاسانی ناتوانێت تاسەر پاشەکشەی پێبکات؛ خاڵی لاوازی ئەم ڕیزە ملیۆنیەو پاشەکشەپێکردنی ئەم خۆپیشاندانە گەورەیە ئەوەیە کە ڕێزێکی چەند ملیۆنی و بەرامبەر دەسەڵاتی سەربازی کۆدەتاچی بەدژی دەسەڵاتی مەدەنی لەژێر ناوی لابردنی ژمارەیەک جەنەراڵ و دورخستەوەیان، بە دروشمی “بەئاشتی” لە باتی چەکداربوون و چەکداربوونی کۆمیتەکانی گەڕەکە، ئەم بزوتنەوەیە لەبەرامبەر هێزە سەرکوتگەرو میلیشیا کەمایەتیەکاندا خستە بەردەم پاشەکشەی کاتی.
ئەم ناڕەزایەتیە جەماوەریەی سودان و دەرسەکانی بە خاڵە پێشڕەوی و لاوازەکانیەوە، بەتایبەت لەنەبوونی ڕێکخراوبوونی حزبی کۆمۆنیستی و کرێکاریی بۆ ڕابەرایەتی هێزێکی جەماوەری وا گەورە بەتایبەت لەگەڕەکەکانداو گۆڕینی بەشۆڕش بۆ ئاڵوگۆڕی بنچینەیی لەکۆمەڵگەدا نەک تەنیا دەرسەکانی و کاریگەریەکانی بۆ سودان بەڵکو بۆ وڵاتانی ناوچەکەش دەبێت. خۆپیشاندانی ئەمجارەی سودان بە رێکخراوبوونی جەماوەری و کۆمیتەی بەرگری گەڕەکەکان، ناڕەزایەتیەکانی ٢٠١٩ی سودانی تێپەڕاندو هەروەها ناڕەزایەتیەکانی دوو ساڵ لەمەوبەری لوبنان، ئۆکتۆبەری عێراق و ١٧ی شوباتی کوردستانیشی تێپەراندا کە زەروورە لەو خاڵەوە بۆ رێکخراوبوونی جەماوەری مەدەنی و چەکداری لە گەڕەکاندا دەست پێبکات، ئەمە دەتوانێت ئاڵوگۆڕی بنچینەیی لەبەرەژەوەندی خەڵک مسۆگەر بکات.

٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١
.




کرێکارانی ئیتالیا و ناڕەزایەتیەکی چینایەتی مەزن.. نوری بەشیر

رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە ناڕەزایەتیەکی بێوێنەدا لە مێژووی بیست ساڵی رابردوی ئیتالیادا، لەسەر بانگەوازی سەرتاسەری پێشتری یەکێتیە کرێکاریەکان، نزیکەی دووسەد هەزار کەس لەسەرتاسەری وڵاتەوە بەرەو رۆمای پایتەخت رۆشتن و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیان دژ بە هێزە فاشیستەکانی ئیتالیا بەڕێخست.
ئەم خۆپیشاندانەو توڕەیی کرێکارانی ئیتالیا بەدوای ئەوەدا دێت کە رۆژی ٩ی ئۆکتۆبەر هێزە فاشیستەکانی ئیتالیا هێرشیان کردە سەر نوسینگەی یەکێک لە گەورەترین یەکێتیە کرێکاریەکان بەناوی کۆنفیدراسیۆنی گشتی کرێکارانی ئیتالیا “CGIL”.
ئەم هێرشەی فاشیستەکانی ئیتالیا بەئاشکراو لە سۆسیال میدیای خۆیانەوەو بەئاگاداری دەوڵەتی سەرمایەدارانی ئیتالیا ئەنجامدراوەو پۆلیس هیچ هەڵوێست و کاردانەوەیەکی نەبوو.
ئەمە یەکەم هێرشی راستڕەوە فاشیستەکانی ئیتالیا نەبوو، بەڵکو پێشتریش هێرشی جۆراوجۆریان کردووە بۆسەر کرێکاران، پەنابەران و کۆچبەران و خەڵکانی جیاوازی وڵاتان کە لە ئیتالیا دەژین. بەپێچەوانەی هێرشەکانی پێشوو، ئەم هێرشەی ئەمجارەیان وەڵامی دەمودەستی کرێکارانی وەرگرت و لەسەر بانگەوازی یەکێتیە کرێکاریەکان کە بانگەوازی سەرتاسەریان کرد بۆ ناڕەزایەتی بە فاشیەت کە وەڵامی شیاو بە فاشیزم هەر لای چینی کرێکارە.
رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەسەرتاسەری ئیتالیاوە، بەپێی سەرچاوەکانی یەکێتیە کرێکاریەکان نزیک بە هەزار پاس و بە دەیان شەمەندەفەر لە خزمەتی گوێزانەوەی خەڵکدا بوون بۆ رۆما. ئەگەرچی پۆلیس ئاسمان و زەوی رۆمای بە کۆپتەرو پۆلیس گرتبوو، بەڵام رۆما مەیدانی ناڕەزایەتی چینایەتی کرێکاران بوو بەدژی فاشیزم و راستڕەوی لەو وڵاتەدا.
یەکێک لە ڕابەرانی یەکێتیە کرێکاریەکان وتی؛ “یەک سەدە پێشتر هێرشی حزبی فاشیست بۆسەر بنکەی یەکێتیە کرێکاریەکان کە ئەوکات مۆسۆلینی رابەری ئەو حزبە فاشیستەبوو لە ئیتالیا” دەخاتەوە بیرمان، بەڵام سەردەمی فاشیەتی مۆسۆلینی بەسەرچووە.
هەر بۆیە دروشمەکانی ئەم خۆپیشاندانە بەدژی هەموو هێزە فاشیستەکان ئەمانە بوون: “نابێت لێرە بەدواوە فاشیەت بمێنێت”، ” هەرگیز فاشیەت نابێت بگەڕێتەوە”، ” نا بۆ فاشیەت بەڵی بۆ ئاسایش”، ” بۆ بەرگری لە ئاسایش و ئازادی و خۆشگوزەرانی ئەبێ یەکگرتووبین”.
دەرکەوتنی ئەم هێزە فاشیستانە لەسەدەیەک دوای حزبەکەی مۆسیلینیەوەو لەژێر دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی و سەرمایەداران و دەوڵەت و دەسەڵاتەکانیاندا بەجیا لە “بازاڕی ئازاد”ەکەیان کە کۆمەڵگایان نوقمی چ برسێتی و هەژاری و شەڕو کوشتار کردۆتەوە، ئەمە نیشانەی دژە ئینسانی سیسەمی سەرمایەداری و زیندوکردنەوەی هەرچی کۆنەپەرستی و دواکەوتوویی و سەپاندنیەتی بەرسەر کۆمەڵگادا کە فاشیزم و راسیزم و کۆنەپەرستی قەومی و ئیسلامی بۆرژوازی و سەرمایەداری لەسەراسەری جیهاندا حوکم دەکات. هەموو ئەمانە مانای ئەوەیە کە ئەم سیستەم و دەسەڵاتە بە هێندەی سەرە دەزیەک سودی بۆ مرۆڤایەتی نەماوەو دەبێت بڕوات.
ئەوروپا ئەم ساڵ تەنیا شاهیدی هاتنەمەیدانی چینایەتی کرێكارانی ئیتالیا نەبوو، بەڵکو لەم ساڵدا دەنگهێنانی زۆرێک لە حزبە چەپەکان و پاشەکشەی حزبە راستەکانی بەخۆیەوە بینی. رۆژەکانی ٢٠، ٢٢و ٢٣ی ئۆکتۆبەر، بەریتانیا مەیدانی ناڕەزایەتی خەڵکی مرۆڤدۆست و ئازادیخواز و سۆسیالسیتەکان بوو بەدژی سیاسەتی کۆنەپەرستانەو دژی ئینسانی دەوڵەتی بەریتانیا لەبەرامبەر بە پەنابەراندا.
کرێکارانی ئیتالیا لەناوەڕاستی ئۆکتۆبەردا نەبەردێکی چینایەتیان نیشاندا نەک تەنیا بۆ کرێکاران و خەڵکی ئیتالیا، بەڵکو بۆ هەموو ئەوروپاو جیهانیش کە ئەوە هەر هێزی چینی کرێکاری وشیارە بە یەگرتوویی و رێکخراوبوونی دەتوانێت کۆمەڵگایەکی جیاواز لەکۆمەڵگای سەرمایەداری بهێنێتەدی. دەرسەکانی ئەم ناڕەزایەتیەی کرێکارانی ئیتالیاو ئێستای بەریتانیا و دووساڵی رابردووی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە حکومەتەکانی سودان، لوبنان و عێراقیان لەبەریەک هەڵوەشانەوە بەڕۆشنی ئەوەی نیشان داوین کە دەسەڵاتدارێتی ئەمڕۆی سەرمایەداری تەمەنی نەگریسی بەسەرچووەو دەبێت بڕوات.
ئەو راستیەی کە کۆمەڵگای سەرمایەداری ئەمڕۆی تێدایە، کە مرۆڤایەتی لەبەردەم چ هەلومەرجێکی سەخت و دژی ئینسانیدا راگرتووە، تەنانەت بیرمەند و دەمڕاست و ئەڵقە لەگوێیەکانی بۆرژوازی ناتوانن وەک ئاخری سەدەی بیست بێت و بەرگری لەبازاڕی ئازادەکەی و سیاسەتی شەڕەنگێزی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری بکەن و سەرمایەداری هەتاهەتایی بناسن. بۆ خەڵكی جیهان ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر سەرانی دەوڵەتانی سەرمایەداری لاوازو تەنانەت بەهێزەکانیش لەهەموو کات ریسواترن هەر لە: بایدن، بۆریس جۆنسن، ئۆردوگان، پۆتین و ئیبراهیم رەئیسی و تا مەسعود بارزانی و هەموومان رۆژانە لە سۆشیال میدیاکانەوە دەبینین و دەبیستین کە لەبەردەم چ ناڕەزایەتیەکدان.

ئەم هاتنەمەیدانەی چینی کرێکاریی ئیتالیاو کۆکردنەوەی بەرەی رادیکال و سۆشیالیستی کۆمەڵگاو وەستانەوە بەرامبەر بەرەی راستڕەوی بۆرژوازی کۆمەڵگا، پەیامێکە کە کۆمەڵگا زیندوێتی و زەرورەتی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم و مارکس دەخاتە بەردەم چینی کرێکارو مرۆڤایەتی.
هاتنەمەیدانی چینی کرێکاری ئیتالیاو پەیامەکانی بەدژی فاشیزم و راستڕەوی کۆمەڵگا لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا پێش هەموو شتێک وەرچەرخانە لە سیاسەتی کرێکاران و یەکێتیە کرێكاریەکان بەدژی سیاسەتی دەورانی پێشووی سازشی یەکێتیە کرێکاریەکان. ئەم هەنگاوە نوێیەی کرێکاران لە ناڕەزایەتی چینایەتی رووی لە کرێکاران و مەحرومانی کۆمەڵگایە کە بۆرژوازی چۆن دەیەوێت قەیرانەکانی بەسەر کرێکاران و زۆربەی خەڵکدا بشکێنیتەوە، هاتنەمەیدانی دەوێت. ئەمەش رێگاچارەی وشیاری چینایەتی و رێکخراووبوونی حزبی و سۆسیالیستانەی دەوێت، ئەمە تاکە وەڵامی چینایەتی و ئاڵوگۆڕی کۆتاییە بۆ کۆمەڵگای دوور لە فاشیستی و خۆشگوزەران و یەکسان.

٢٤/١٠/٢٠٢١




بەڵگەنامەکانی پاندۆرا پێمان دەڵێت: بۆرژوازی و سەرمایەداران هەموویان گەندەڵکارن!.. نوری بەشیر

بەدوای بەڵگەنامەکانی ویکیلیکس و بەڵگەنامەکانی پەنەمادا، کە ویکیلیکس بەسەدان هەزار مەلەفی سەربازیی و دبلۆماسی نهێنی ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی سەرمایەداری ئاشكرا کرد، بەدوایدا ئاشکرا کردنی بەڵگەنامەکانی پەنەما کە نزیکەی ١١ ملیۆن و نیو بەڵگە لەسەر دزی و بەتاڵانبردن و پێشێلکردنی یاسا لەلایەن سەرانی حزبە بۆرژوازیەکان و سەرانی دەوڵەتە سەرمایەداریەکانەوە ئاشکرابوو، ئەوا ئەمڕۆش جارێکی تر میدیای جیهانی بۆرژوازی بێشەرمانە لای سەرەوەی لاپەڕەو یەکەمی هەواڵەکانیان وەک هەمیشە ڕووی گەندەڵکاری دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی و سەرمایەداری لە ئاستی دنیادا لە بەڵگەنامەیەکی نویدا بەناوی بەڵگەنامەکانی پاندۆرا ” Pandora Papers ” کە ماهیەتی دژی ئینسانی نیزامی سەرمایەداری لە قێزەونترین و گەورەترین گەندەڵی و دزی لەئاستی دنیادا خستەڕوو.
بەڵگەنامەکانی پاندۆرا لەسەر گەندەڵی و کاری مافیایی و دزینی سەروەت و سامانی کۆمەڵگە و وەرگرتنی پارە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەلایەن حزب و دەوڵەتەکانەوە بەناوی کۆمەک بۆ خەڵکی وڵاتەکانیان، بەڵام بردن و سەرفکرنی بۆخۆیان و کڕینی کۆمپانیا و خانووبەرەو کێڵگەی جۆراوجۆر بۆ شەخسی خۆیان و خێزانەکانیان، لەولایشەوە زۆربەی کۆمەڵگا کە لەسەدا نەودونۆ پێکدەهێنن ژیانی مەمرەومەژی بەسەردەبەن.
ئەم بەڵگەنامانە ” Pandora Papers ” لەلایەن؛ یەکێتی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنوسانی لێکۆڵەرەوە International Consortium of Investigative Journalists – ICIJ کە ١٢ ملیۆن فایلە دەستکەوتووەو بەردەوام لەبڵاوکردنەوەدایە لەسەر سامانی هەزاران لە ملیۆنێرو ملیاردێر لەسەرانی حزبە بۆرژوازیەکان و سەرانی دەوڵەتانی سەرمایەدار و بازرگان و کەسانی جۆراوجۆری تری دەوریان کەبەشێکیان هێشتا لەدەسەڵاتدان و بەشێکیان پێشتر هەبوون، کە چۆن سەروەت و سامانی کۆمەڵگا بەتاڵان دەبەن و دەیبەنە دەرەوەی وڵاتەکانیان.
بەڵگەنامەکانی پاندۆرا بەگەورەترین بەڵگەنامە دادەنرێت لەسەدەی بیست و یەکدا کە بۆرژوازی و دەسەڵاتەکانیان هەربەوەشەوە ناوەستن بەڵکو لەگەڵ تاڵیبان و حوسیەکان دادەنیشن و وڵاتیان تەسلیم دەکەن و دەستی بەشار ئەسەدو دەیان سەرانی خوێنڕێژو ئینسانکوژی وەکو “ئیبراهیم رەئیسی” سەرۆک کۆماری تازەی ئێران دەگرن و بەڕەسمی دەیانناسێنن و هەروەها سەروەت و سامانی کۆمەڵگا بەشێوەی جۆراوجۆر کە موڵك و ماڵی خەڵکی کرێکارو زەحمەتكێشی کۆمەڵگایە تەسلیمیان دەکەن و ئەوانیش دەیدزن و رەوانەی وڵاتانی دیکەی دەکەن بەشێوەی جۆراوجۆر.
لەناو ئەم بەڵگەنامانەدا گەندەڵی و کاری مافیایی دەیان سەرۆک وەزیران و سەرۆکی وڵاتانی تێدایە، سەدان بەرپرسی گەورەی دەسەڵاتی پلە باڵای سەربازی، وەزیر، دادوەر، ملياردێری جیهانی و سەرۆکی بەشەجیا جیاکانی وڵات و دادوەری تێدایە کە نزیکەی سەد وڵاتی جیهانی لەخۆگرتوە.
لەو گەندەڵکارانە سەرانی ئوردون، سەران و حزبەکانی ئێستا و رابردووی بەریتانیا و روسیا و چەندین وڵاتی دیکەشی تێدایە، کە بە تریلیۆن دۆلار لەلایەن کەسایەتییە سەرمایەدارە جیهانییەکانەوە بەنهێنی و لەرێگەی کڕینی موڵکەوە شاردراوەتەوە. بۆ ئەم بەڵگەنامانە بە هەزارن لە میدیا و رۆژنامەنوس و دامەزراوەی لەئاستی نزیکەی ١٢٠ وڵاتدا بەشداریان لە لێکۆڵینەوەکەدا کردووە.

لە ناو سەرکردەی دەوڵەتانەدا کە ‘ مەلیک حسێن ‘ ی ئۆردنی تێدایە وەک باقی سەرانی حزبەکانی کوردایەتی و سەرانی میلیشیایی عێراق و مەلاکانی جمهوری ئیسلامی ئێران نزیکەی سەد ملیۆن دۆلاری رەوانەی بازاڕەکانی ئەوروپا و ئەمریکا کردووەو خانووی پێکڕیووە.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کۆمەکی کوردستان دەکات و سەرانی حزبەکانی کوردایەتی چۆن دەیخۆن و کۆمپانیای جۆراوجۆری پێدەکڕن و دەینێرنە دەرەوە، پادشای ئۆردۆنیش هەمانکاری ئەمانی کردووە. سەرانی دەسەڵاتی بۆرژوازی لەهەر شوێنێک بن یەک ماهیەتی دزی و گەندەڵکاریان هەیە و لەکاتی دەنگدانیشدا بەردەمی کۆچەو شەقامەکانی ماڵە هەژاران دەگرن بۆ دەنگدان و دوای دەنگدانیش لەسەر حسابی خەڵک سەروەت و سامانی کۆمەڵگاو ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش وەک کۆمەک ئەینێرێت بۆ خەڵک، ئەوا دەیدزن و رەوانەی دەرەوەی وڵاتەکانیانی دەکەن، بۆئەوەی ئەگەر وەک حوسنی موبارک و زین العابدین و قەزافی و عومەر حەسەن بەشیر کەوتنەبەر شاڵاوی توڕەیی خەڵک ئەو پارە دزراوانە سەلامەت بن.
ئێمە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی لەهەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا کەهەین، تەنیا رێگایەک لەبەردەمماندا بۆ رزگاربوون لەو دەستەوتاقمە گەندەڵکارو مافیاو دزی و گەندەڵ و شەڕو کوشتاریان، خۆجیاکردنەوەیە لە سیاسەت و کارنامەی حزبەکانیان و بەریزی چیانەیەتی سەربەخۆوە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆمان رێکخراو بکەین لە شوراو رێکخراوەو حزبی کرێکاری و کۆمۆنیستی و خۆماندا.

٤/١٠/٢٠٢١
بۆ ئاشنابوون بە به‌ڵگه‌نامه‌کانی په‌نه‌ما لینکی خوارەوە کیلک بکە:
https://www.hkkurdistan.org/?p=2302




دەوری حزبە کوردیەکان لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا!.. نوری بەشیر

٣٣ ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارنی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت و کاریگەری و ئاسەوار و تراژیدیا دژی ئینسانیەکانی ئەم کۆمەڵکوژیە کە راستەوخۆ ئەنجامدەرەکەی رژێمی بۆرژوا ناسیونالیستی بەعس بوو، لەهەر یاداوەریەکدا بەردەوام دڵ و دەرونی هەموو ئینسانێکی مرۆڤدۆست و ئازادیخواز لە کوردستان و جیهاندا ئازار دەدات.
بەجیا لە کۆمەڵکوژی پێنجهەزار کەس لە ماوەیەکی کەمدا، بەجیا لە دەهەزار برینداری ئەم کیمیابارانەو بێسەرو شوێنبوونی دەیانی دیکە، یادوەری ناخۆشی ئەم کارەساتە لەلایەن کەسوکاری قوربانیان و میدیاکانەوەو ئاشکرابوونی بەڵگەی نوێ لە شەریکبوونی حزبەکانی کوردایەتی لەو کارەساتەدا دەدرێت بەگوێی خەڵكی کوردستان و کۆمەڵگای مرۆڤایەتیداو برینەکان دەکولێتەوە.
بێگومان ئەمە تەنها کارەسات و کۆمەڵکوژیەک نیە کە رژێمی دڕندەی بۆرژوازی بەعس ئەنجامی دابێت، بەڵکو ئەنفالەکانی کوردستان، خاپورکردنی سەدان هەزار دێهات، سەرگەردانی دەیان هەزار کەس و لە زیندان توندکردن و ئیعدامی فەردی و دەستەجەمعی و زیندەبەچاڵکردنی هەزارانی تر کە تا ئێستاش لە ئاستی کوردستان و سەرتاسەری عێراقدا ساڵانە دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ دەدۆزرێتەوە، بەشێکی تری تاوانە دژی ئینسانیەکانی ئەو رژێمەیە لە کوردستان و عێراق. هەڵبەت رژێمی بەعس بەهاوکاری دەوڵەتانی بۆرژوازی و هێزە ئیمریالیستیەکانی وەکو ئەمریکا ئەو تاوانەی ئەنجام داوەو بەناوی ئەوەی کە ئێران بەوکارە هەستاوە پاکانەی رژێمی بەعس و سەدام کراوە لەلایەن دەوڵەتانی رۆژاوای دۆستی ئەو کاتەی سەدامەوە. بەڵام لەوە بەئازارتر دەوری حزبەکانی کوردایەتی و ئیسلامیەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆنی بەعس بووە لە ڕودانی ئەم تاوانە کۆمەڵکوژیەدا. ئەمە تەنیا قسەی دەستە و تاقمێکی دیاریکراو نیە کە دژی ئەم حزبانەی ناسیونالیستی کورد بێت، بەڵکو قسەی زۆربەی خەڵکی کوردستان و بەدەیان بەڵگە هەیە لەسەریان و لەهەمووی سەرنجراکیشتر سەران و ئەندامانی حزبەکانی خۆیان پشتڕاستی دەکەنەوە.

بەڵگەکان سەبارەت بە دەوری حزبەکانی کوردایەتی لەو کارەسات و تاوانانەدا!

هیچ شەڕو کێشمەکێشێک بێ پاساو و یەکلایەنە نیە! راستە کیمیابارانی هەڵەبجەو پێشتر دەیان شوێنیتری وەک سێوسێنان و بالیسان و شیخ وەسانان و ئەنفال و خاپورکردنی هەزاران دێهات راستەوخۆ رژێمی ناسیونالیستی عەرەبی بەعس بەسەرکردایەتی سەدام حسین ئەنجامیداوە، بەڵام بەپێی بەڵگەنامەکان و شایەدحاڵەکان، حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامیەکانی کوردستان و عێراق دەوریان هەبووە لە ڕوودانی ئەم کارەساتە مەرگبارەدا. ئەوەتا سەرکردەکانی کوردایەتی و ئیسلامیەکان کاتێك کە دەکەونە بەرامبەر یەکتری هەندێك لەڕاستی ئەو تاوانانەی یەکتر هەڵدەماڵن کە بەرامبەر بە خەڵك ئەنجامیانداوە.

یەکێتی کاتێك لە رێکەوتن لەگەڵ رژێمی بەعسدا ساڵی ١٩٨٤ بێئومێد دەبێت، بە سەرانی بەعس دەڵێن کە دەستی سوپای کۆماری ئیسلامی دەگرن بۆسەر سوپای عێراق و دەیهێنینە کوردستان و ئەوانیش پێیانوتوون ئێمەش کیمیایی دەکەین بەسەر شارەکانی کوردستاندا. ئەوەبوو ئەم حزبانەی بزوتنەوەی کوردایەتی نەک گوێیان بەم هەڕەشانەو دووبارە بوونەوەی کارەساتەکان نەدا، بەڵکو سوربوون لەسەری و دوای کارەساتەکەش خۆزگەیان بە چەندین کارەساتی تری وەک کیمیابارانی هەڵەبجە دەخواست. سەرەنجام بەپێش لەشکرییان بۆ جمهوری ئیسلامی بۆناو هەڵەبجە بیانویان دایە دەست سەدامی تاوانبار تا ئەو تاوانە بێوێنەیە ئەنجام بدات. بەسەراحەت و بە بەرچاوی سەدان ئەندامانی یەکێتیەوە جەلال تاڵەبانی لەساڵی ٢٠٠٩ دا لە پلینۆمی چوارەمی یەکێتیدا لە سەر كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێت:

نەوشیروان مستەفا بەبێ رەزامەندی سكرتێری گشتی كە فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە بوو هەروەها بەبێ رەزامەندی زۆربەی مەكتەبی سیاسی و سەركەردایەتی یەكێتیش، فەرمانی عەسكەری دابوو بە فەرماندەو هەڤاڵانی دەڤەری هەڵەبجە، كە وەكو بەشێك لە هاوكێشە عەسكەرییەكانی جەنگی عێراق – ئێران هەوڵی رزگاركردنی هەڵەبجە بدەن؛ گوایە بۆ كەمكردنەوەی گوشار بوو بۆ سەر سەركردایەتی كە رژێم پەلاماری دەدات، بەتایبەتی حكومەت پێشتر هەڕەشەی بۆ ناردبوین كە ‌هەر پەلامارێك لەگەڵ پاسداران بۆ سەر هەر شوێنێك، بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی جوابی دەبێت، تەنانەت گەر شاری سلێمانیش بێت.
نەوشیروانیش لە وەڵامدا دەڵێت: لەو سەردەمەدا كە ئێمە بە دڵی شكاو و دەرونی بریندارەوە باسی‌ ئەوەمان ئەكرد چۆن هەوڵی‌ ‏”ئازادكردنی‌ هەڵەبجە” بوو بە “كارەساتێكی‌ ئینسانی”‌،‌ تاڵەبانی‌ بێ هیچ ‏سڵەمینەوەیەك وتوویەتی: “كیمیابارانی هەڵەبجە مەسەلەی‌ كوردی‌ بردە ناو مەیدانی‌ نێودەوڵەتیەوە… ئاخ بۆ دووسێ هەڵەبجەی‌ تر”.

ئەم حزبانەی کوردایەتی هەر ئەمەیان نەکرد کە لایەنێک بوون لەکارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، بەڵکو بوونەهۆی کوژرانی نزیکەی ٧٠ کەس لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران کە لەو ناوچەیە بوون، بەهۆی ئەوەی یەکێتی لەو پیلانەی خۆیان و جمهوری ئیسلامی ئێران ئاگاداریان نەکردبوونەوە و غافڵگیرکران.
سەرباری کارەساتی هەڵەبجە، یەکێتی بەسەرپەرشتی نەوشیروان مستەفاو کۆکردنەوەی هێزێکی زۆری پێشمەرگەو سوپای پاسداران بەرەو کەرکوک رۆشتن بۆ لێدان لە بۆریە نەوتەکان و ئەمەش وەک کارەساتی هەڵەبجە، ئەنفالی ناوچەکانی ئەو دەوروبەرەو کیمیابارانی تری بەدوای خۆیدا هێنا. هەموو ئەوکارانە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی یەکێتی بەسەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ جمهوری ئیسلامی ئێراندا ئەنجام دراون کە لەمانگی‌ ‏‏١٠ ی‌ ١٩٨٦ دا لەتاران واژووکرابوو.
دەوری حزبەکانی کوردایەتی هەر بەوەوە ناوەستێ کە دەوریان هەبووە لە روودانی کارەساتی هەڵەبجەدا، بەڵکو خۆشیان تاوانیان بەرامبەر بەو خەڵکە ئەنجام داوە کە کیمیایی قەتڵوعامی کردبوون.

برای یەکێک لە قوربانیەکانی هەڵەبجە بەناوی مامۆستا كۆسار محەمەد دەڵێت: لە كیمیابارانی هەڵەبجەدا خۆی و خانەوادەكەی بەركەوتوون دەڵێت: باوكم، دایكم، دوو خوشك، براگەورەكەم و برازایەكم لە ساڵی ١٩٨٨ شەهید بوون. خوشكەكەم لە كیمیابارانی هەڵەبجە شەهید بوو، بەڵام پێشمەرگە دەستیان بڕی و بازنەكانی دەستیان دزی” خوشكەكەم چەندین جار خزمەتی ئەو پێشمەرگانەی كردووەو کە هێشتاش لە ژیاندا ماون”.
مەلا بەختیار کە ناوبەناو کارنامەی سەرانی حزبەکەی و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەشاخ و لەشار کەمکەم دەردەخات، ئەمجارە لەسەر کارەساتی هەڵەبجە و کارنامەی حزبەکەی و پێشمەرگەکانی یەکێتی و لێپرسراوانیان ئاوا دەڵێت: کە یادی هەڵەبجە دەکرێتەوە جگە لە فاشیەتی بەعس، لە ناخمدا برینێکیتر دەکولێتەوە، ئەویش زامی ئەو تاوانبارانەیە کە لەکاتی مەرگەساتەکەدا بەناو شارەکەدا گەڕاون و تەرمیان هەڵداوتەوەو ملوانکە و ئەنگوست و سەعاتی دەستی ژنەکانیان کۆکردۆتەوە، دەستی تاوانیان بردۆتە گیرفانی قوربانیەکان و پارەکانیان دزیووە.

مەلا بەختیار لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت لە خەڵکی باوەڕ پێکراوم بیستووە کە تاوانباری وا هەیە کە هێشتا لە ژیانیشدا ماوە پەنجەی ئاوساوی دەستی ژنانیان بڕیووە، هەتا ئەڵقەو ئەنگوستیلەکانیان ببەن. ماڵانیان تاڵان کردووە و لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا فرۆشتویانە. لەم تاوانبارانە هەیە کاربەدەست و پلەی سەربازی گەورەیان هەیە! من ئێستاش قسەیان لەگەڵ ناکەم!!
سەرباری ئەمە حزبەکانی کوردایەتی بوونە پەناگەی هەموو ئەو تاوانبارانەی سەر بە رژێمی بەعس کە دەوریان هەبوو لە تاوان و کۆمەڵکوژی و کیمیاباران و ئەنفالی خەڵکی کوردستاندا لەپاڵ هێزە سەربازیەکانی بەعس… بەشێکی بەرپرسانی فەوجە خەفیفەکان دواتر بوونە سەرکردەو بەرپرسی هەریەکە لە پارتی و یەکێتی و قوربانیەکانی هەڵەبجەو ئەنفالیش لە بێمافی و هەژاری و پەراوێزخراندا ڕاگیراون و ئازاری یادەوەریەکان و نەخۆشیەکانی دوای ئەو کارەساتەو ئازاری بینینی تاوانباران لە پۆستی بەرزی حزبی و حکومیدا، ژیانیانی تاڵ و سەخت و پڕ ئازار کردوە.




یادی ٩ ساڵەی ١٧ی شوبات … نوری بەشیر


هەلومەرجی کوردستان و ناوچەکە و دەرسەکانی!

١٧ شوباتی ٢٠٢٠ نۆ ساڵ بەسەر ئەو خرۆشانە جەماوەریە گەورەیەی خەڵکی کوردستاندا تێدەپەڕێت کە وەرچەرخانێکی مێژوویی گەورەو گرنگ بوو لە ئاڵوگۆڕی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی و جەماوەری کرێکارو کەمدەرامەتی کوردستاندا.
ئەم ناڕەزایەتی و راپەڕینە جەماوەریە هەمان هەلومەرجی شۆڕشگێرانەی هەبوو کە راپەڕینەکانی وڵاتانی باکوری ئەفریقا لەوانە میسرو تونس هەیبوو. ناوەرۆکی هەموو ئەم ناڕەزایەتیانە لە میسرو تونس و تا دەگاتە کوردستان، فرانبوونەوەی کەلێنی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی نێوان دەسەڵات و جەماوەر بوو کە لەلایەک دەسەڵاتەکان کەمایەتیەکی کەم لە سەرانی حزبە بۆرژوا قەومی و ئیسلامیە میلیشیا و سەرمایەداران و دەسەڵاتی بنەماڵەکانیان کەهەموو سەروەت و سامانی کۆمەڵگایان لەدەستدا بوو، لەولاوە زۆربەی کۆمەڵگا لە کرێکاران و کەمدەرامەتانی کۆمەڵگا لە مامۆستایان و کارمەندان و کاسبکاران و لاوان خراپترین بارودۆخی ژیان و نەبونی و نەداری و سەرکوتیان بەسەر دەبرد.
لەباری سیاسیەوە هەموو دەسەڵات و جومگە سیاسیەکانی کۆمەڵگا هەمووی لەدەست ئەو کەمایەتیەدا بوو وە جێگایەکیشی نەهێشتبووەوە بۆ خەڵک کە بتوانێت بەرگری لە خواست و داواکاریەکانی خۆی بکات، ئەگەر ناڕەزایەتیەکیشیان بکردایە ئەوە بە ئاژاوەگێڕ و دەستێکی لەپشتەوەیە سەرکوت دەکرا.

لەباری کۆمەڵایەتیەوە کەلێنی نێوان دەوڵەمەندان و هەژاران لە ژیانی ڕۆژانەو لە خانووبەرەو لە تازەترین مۆدیلەکانی تەکنەلۆجۆیا و سەفەرو سیاحەت و پێداویستیەکانی کۆمەڵگا هێندە بەرچاوبوو کە زۆربەری خەڵکی کۆمەڵگاو خێزانەکانیان توشی جۆرەها کێشەی دەرونی و ئابوری و کۆمەڵایەتی دەکردەوە. ئەمە وای کردبوو کەکەلێنی نێوان ئەو دوو چینە، چینی بۆرژوازی و سەرمایەداران و بەرپرسان لەلایەک و چینی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگا لەلایەکی ترەوە ئەرزو ئاسمان بێت، ئەوەبوو لە میسرو تونس دەسەڵاتی چەند ساڵەیان کۆتایی پێهێنا ئەگەرچی نەگەشتنە خواستەکانیان، وە لە کوردستانیش پاشەکشەی پێکرا، بەڵام خواستەکانی خەڵک هەر لەجێی خۆیدایە.
ئێستا کە ٩ ساڵ بەسەر ناڕەزایەتیەکانی ١٧ شوباتی ٢٠١١ دا تێدەپەڕێت، هەلومەرجی کوردستان خراپتر بووە باشتر نەبوو، دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردی زیاتر شەفاف و رۆشنتر و یەکگرتوو تر لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئەو دەورەیەدا حکومەتیان تەشکیل داوەو لەبەرامبەر بە خواستەکانی خەڵک و کوشتارەکانی ١٧ی شوبات و کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و برسیکردن و بێئاو و کارەبایی و بێکاری و چارەکە موچەو بێموچەیی هیچ وەڵامیكیان نیە.
تا ئەو جێگەیەی بە هەلومەرجی ناوچەکە دەگەڕێتەوە لە ٩ هەمین ساڵیادی ١٧ شوباتدا لە درێژەی هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و وڵاتانی میسر و تونسدا، ئێستا وڵاتەکانی لوبنان، عێراق و ئێران هەمان هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی لەبەرامبەر دەسەڵاتداری حزبە قەومی و ئیسلامیە میلیشیاکاندا هەیەو خەڵک ڕاپەڕینێکی جەسورانەی دەستپێکردووە کە ئەم دەورەیەو ئەم ڕاپەڕینانە تایبەتمەندی خۆیان هەیە لە پێشڕەوی و کەموکوڕیدا، هەروەها خاڵی هاوبەشیشان هەیە لەگەڵ ناڕەزایەتیەکانی کوردستان و میسر و تونسدا.

دوای نۆ ساڵ لە راپەڕینەکانی کوردستان و میسر و تونسدا، راپەڕینەکانی ئەم بزوتنەوە شۆڕشگێڕایەنەی ئێستای ناوچەکە و سودانیش چەندین مانگ تێدەپەڕێنێت، کە بەجیا لە وەستانەوە بەرامبەر سیاسەت و دەسەڵاتی حزبە بۆرژوا قەومی و ئیسلامیە میلیشیاکان لە لوبنان و عێراق و ئێرانداو فشارهێنان لە لوبنان و عێراق بۆ لەسەر کارلابرنی حەریری و عادل عبدولمەهدی، لە سودان لابردنی عومەر حەسەن بەشیرو خەبەری دادگایی کردنی بەفراوانی میدیاکانی دنیای گرتۆتەوە هەر ئەم رۆژانەدا، بەڵام هێشتا نەگەشتووە بەو داواکاریانەی کەبۆی هاتنەمەیدان.

هاوکات ئەو راپەڕینانەی ناوچەکە خاڵی هاوبەشیان هەیە بەدژی دەستێوەردانی ئێران و ئەمریکا لەناوچەکەدا و لە وڵاتەکانیاندا بەتایبەت دەستێوەردانی ئێران لەعێراق، سوریا، لوبنان، یەمەن و کوردستاندا، وەک هێزێکی ئیسلامی کۆنەپەرست و دژی ئینسانی لەناوچەکەدا مۆری کۆنەپەرستی و کوشتوبڕی خۆی لەناوچەکە داوە و هێزە کۆنەپەرستە قەومی و ئیسلامیەکانی لەدەوری خۆی سازداوە.
بۆیە بزتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئەمڕۆ بە دژی ئەو هێزە کۆنەپەرستانە راستەوخۆ دژایەتیە بەرامبەر بە جمهوری ئیسلامی ئێران و ئەمەریکا کە هەریەکەیان لەگۆشەیەکەوە بوونەتە چەتری پارێزگاری لەو هێزە میلیشیا دژی کرێکاریی و جەماوەریانەی ئەو وڵاتانە.
خۆپیشاندانی ئەمڕۆ ١٣ی شوباتی عێراق و هاتنەمەیدانی ڕیزی فراوانی ژنان و داواکاری مافەکانی ژنان و دەستورێکی عەلمانی، هەم ئەم راپەڕینانەو هەم ئەم هاتنەمەیدانەی ژنان نیشانەی دەوریەکی تازەیە لەژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتی سەرجەم ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

خاڵە لاوازەکانی ئەم هەلومەرجە شۆڕشگێڕانەیە و ناڕەزایەتیەکان کە لە وڵاتانی ناوچەکەدا هەیە بە ئێستای کوردستانیشەوە، ئەوەیە کە ئەم ناڕەزایەتیانە لە عێراق، لوبنان و ئێران، تا دەگاتە میسرو تونس و سودانیش، وشیاری چینایەتی و هەم رێکخراوبوونی چینایەتی بەخۆیەوە نەگرتووە، واتە ئەوەبوو کە خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی کۆمەڵگا راستە بەهۆی کەلێنێکی گەورەی نێوان بۆرژوازی دەسەڵاتدار و جەماوەری کرێکارو مەحرومانی کۆمەڵگاوە ناڕەزایەتیان نواندو لە دوو وڵاتی تونس و میسر دەسەڵاتیان روخاند، بەڵام نەیانتوانی دەسەڵاتی جەماوەری خۆیان بگرنە دەسەت، بەمەش نەیانتوانی ئەو خواست و دواکاریانەی کە بۆی هاتنەمەیدان بەدەستی بهێنن.

بەهەمانشێوە لە کوردستان بەهۆی ناوشیاری چیانەیەتی و نا ڕێکخراوبوونەوە، کە بەرئەنجامی لەمەیداندا نەبوونی چینی کرێکار وەک هێزی چینایەتی کەمۆری خۆی بدات لەو بزوتنەوەیە و زاڵ نەبوونی سیاسەتی کۆمۆنیستی و مارکسی بەسەر بزوتنەوەکەدا و قەتیسمانەوەی ئەو ناڕەزایەتیانەی لە ناوچەیەکی دیاریکراو مەیدانی دیاریکراودا کە مەیدانی ئازادی سلێمانی بوو، لە جیاتی رێکخراوبوونی خەڵک لە شوراکانی خۆیاندا لەگەڕەک و کارگەو کارخانەو زانکۆ و قوتابخانەکانداو کۆکردنەوەیان لەرێگای شەبەکەکانی پەیوەندی ئەم شوێنانەو سەرتاسەری بوونەوەی ناڕەزایەتیەکان و کۆکردنەوەو رێکخستنی زۆربەری کۆمەڵگا لەدەورری خواست و داواکاریەکان، فرسەتی دا بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی سازشکار کە کۆنترۆڵی ئەو ناڕەزایەتیانە لەو شوێنە دیاریکراوانەدا بکات و ناڕەزایەتیەکان پاشەکشە پێبکات. خاڵی لاوازی بزتنەوەی ناڕەزایەتی ئەمڕۆی عێراق هەمان سیناریۆی ١٧ی شوباتی کوردستانە، ساتوسەوداکانی رەوتی سەدری ئێستای عێراق دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی ١٧ی شوباتی بزوتنەوەی گۆڕانە لەکوردستان.

راستە ناڕەزایەتیەکانی ١٧ی شوبات پاشەکشەی پێکرا، بەڵام لەماوەی ئەم نۆ ساڵەدا بەردەوام خەڵک بەشێوەی جۆراوجۆر ئەگەرچی پەڕشوبڵاو بووە بەڵام لە نارەزایەتیەکان بەردەوام بووە، ناڕەزایەتیەکانی ئەم ماوەیەی ناوچەکانی سەید سادق، عەربەت، چەمچەماڵ و پێنجوین. راستە لە ١٧ی شوباتدا خەڵک خۆشخەیاڵی بە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی گۆڕان هەبوو بەڵام ئێستا هەمان ئۆپۆزیسیۆن لەسەر حسابی پاشەکشە پێکرتدنی خۆپیشاندان و ناڕەزیەتیەکان و کوژران و سەرکوتەکانی ئەوکات شەریکی دەسەڵاتە. بەڵام بەدوای ٩ ساڵ لە ١٧ شوبات و سی ساڵ لەدەسەڵات و کارنامەی حزبەکانی کوردایەتی بەهەموو باڵەکانیەوەو بەکابینەی هاوبەشی سێ لایەنی پارتی، یەکێتی و گۆران، بەسەرکوت و چەواشەکاریەکانی هەموو بۆژوازی بە قەومی ئیسلامیەوە، خەڵک ڕۆژوانە زیاتر نەفرەتیان لێدەکات. راپەڕین و ناڕەزایەتیەک کەئێستا ناوچەکەی داگرتووە هەمان هەلومەرج لەکوردستاندا هەیە و ئەگەربمانەوێت ئەو هەلومەرجە بگۆڕێت دەبێت بە ئامادەیی زیاتر لەو ناڕەزایەتیانەی ناوچەکە بێینە مەیدان تا بتوانین ئایندەیەکی باشتر بۆ خۆمان و نەوەی داهاتوو دابین بکەین.




ئەم دۆخە تازەیەی ناوچەکە بۆ سەرکوتی ڕاپەڕینی جەماوەریی و تێپەڕکردنی ئەم دەورە شۆڕشگێرانەیەیە! … نوری بەشیر

پێم وابێت هەموومان لەسەر ئەوە هاوڕابین کە کوشتنی قاسم سولەیمانی سەرەتایەکە بۆ هاتنەکایەوەی گۆڕانکاریەکی گەورە لەدۆخی ناوچەکە بەگشتی و کێشمەکێشی پێشوتری نێوان ئەمریکاو ئێران، بەڵام ڕەنگە لێکدانەوەی هەمووان بۆ ئەم دۆخە تازەیە و ئەو ئاڵوگۆڕانەی کەبەڕێوەیە وەک یەک نەبێ هەرکەس و لایەنە پێشبینی جیاواز بکاو لێرەشەوە سیاسەتی تایبەت بە خۆی بخاتە ڕوو. من لێرەدا کورتەی لێکدانەوە و بۆچونی خۆم دەخەمەڕوو:
هەمومان ئاگاداری ئەوەین کەساڵانیکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە مەیدانی جەنگ و کێشمەکێشی نێوان هێزە ئیمپریالیستی و ناوچەییەکان و چالاکبوونەوەی چەندین ڕەوتی لۆکاڵی بۆرژوازی و لەم نێوەشدا چەندین قوتبی سیاسی و ئابوری و سەربازی سەریان دەرهێناوە و بەدوای خۆشیاندا دەوڵەتانی ناوچەکەو بزوتنەوە بۆرژوازیەکانیان ڕاپێچی جەمسەرگیری و هاوکێشەیەکی ئاڵۆز کردووە. ئەم دۆخە کە لەسەر زەمینەی قەیرانێکی ئابوری جیهانی سەرمایەداری شکڵی گرتووە، هێزە جیهانی و ناوچەییەکانی بەتوندترین و خوێناویترین شێوە لەپێناو دووبارە دابەشکردنەوەی جیهان و بەدەستهێنانی ناوچەکانی نفوز و بازاری زیاتری کار و سەرمایە، خستۆتە بەرامبەر بەیەکەوە. بێ ئاسۆیی بۆرژوازی جیهانی لەسازدانەوەی دونیای چەند قوتبیدا، لە بێ ئەلتەرناتیڤیدا بۆ مەسەلە سەرەکیەکانی وەک قەیرانی حکومەتی لەڕۆژهەڵات، ئاسۆی پەرەسنەدنی سەرمایە، چۆنیەتی سەرکوتی ئیعترازی نوێی کۆمەڵایەتی کە لە بەهاری عەرەبیەوە سەری لەشۆڕش و راپەڕینەکان دەرهێناوە، ڕەنج دەبات.
لەم نێوەدا سیاسەت و ستراتیژی ئەمریکا وەک ‌هێزێکی سەرەکی لەناوچەکەدا، بەردەوام روو لەخوار و شکستە. خودی سەرهەڵدانی روسیا و چین وەک قوتبی سەربازی و ئابوری لەبەرامبەر ئەمریکادا، هەروەها دوورکەوتنەوەی ئەوروپا لەئەمریکا، تەنانەت دەرکەوتنی تورکیا و ئێران وەک دوو هیزی ناوچەیی.. هەموو ئەمانە خۆی بەمانای شکستهێنانی ڕۆڵی باڵادەستی جیهانی ئەمریکا و ستراتیژیەکە کەلەم پێناوەدا گرتبوویەبەر.
ئەمریکا لەعێراقدا بۆ دەورەیەک کەوتە زەواجێکی سیاسیەوە لەگەڵ ئێراندا، تا پێکەوە لەهاوسەنگیەکی سیاسی و سەربازیدا وڵات بەڕێوە ببەن و قەیرانی حکومەتی لەعیراقدا رابگرن، بەڵام ئەم زەواجە زۆری نەخایاند و گۆڕدرا بە کێشمەکێشێکی سەرەکی نێوان ئێران و ئەمریکا، بەتایبەتی بەدوای دەرچونی ئەمریکا لەڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئیران و تەواوبوونی شەڕی داعش و کشانەوەی لەسوریا و دەستبردن بۆ سیاسەتی میلیتاریزەکردن و لەشکرکێشی بۆ ناوچەی خەلیج.. لێرەوە جارێکیتر عێراق وەک پێگەیەکی سیاسی و عەسکەری قورسایەکی زیاتری لەسیاسەتەکانی ئەمریکادا داگیرکرد و بووە مەیدانێک بۆ هەستانەوەی باڵادەستی و قودرەت نمایی ناوچەیی و جیهانی ئەمریکا لەبەرامبەر حەریفەکانیدا.
سەرهەڵدانی ڕاپەڕینە جەماوەریەکان لەڕۆژهەلاتی ناوەراست (لوبنان، عێراق، ئێران) و سەرهەڵدانی دەورەیەکی شۆڕشگێرانە، لەدژی سەراپای دەسەڵات و سیستەمی ئابوری لەم وڵاتانە، کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگەی لەیەک خەباتی چینایەتیدا خستە بەرامبەر بۆرژوازی و دەسەڵاتەکەیەوە. ئەمە تەنها دەرکەوتنێکی چینایەتی کرێکار و زەحمەتکێش نەبوو، بەڵکو فاکتۆرێکی سەرەکی بوو لە ئاڵوگۆڕپێدانی هاوکێشەی سیاسی نێوان هێزە بۆرژوازییەکان لەئاست ناوچەکەدا. واتە ئیتر ئەوە تەنها کێشمەکێشی نێوان دەوڵەتان و هێزە ئیمپریالیستەکان نییە کە لەمیژووی ئێستادا کایە دەکەن، بەڵکو ئەوە هاتنەمەیدانی شۆڕشگێرانەی جەماوەر و دەرکەوتنی چینی کرێکار و زەحمەتکێشە کە دەسەڵاتی بۆرژوازی خستۆتە بەردەم مەترسیەوە و خەریکە بۆن بە شۆڕشی کرێکاریەوە دەکات، ئەمەش هەموو چینی بۆرژوازی (جیهانی و لۆکەڵی) سەرەڕای ناکۆکیەکانی نێوانیان، خستۆتە بەرامبەر بەخۆیەوە. بەڕادەیەک کەبەبێ سەرکوت و کۆتاییهێنان بەم ڕاپەڕینە جەماوەریە، بۆرژوازی ناتوانێ هیچ هەنگاوێک بەئاراستەی پڕۆژە و سیاسەتەکانی بۆ سازدانەوەی سیستەمی سیاسی و ئابوری لە ڕۆژهەڵاتدا بنێ. لەم ڕوانگەیەوە من پێم وایە هەرجۆرە لێکدانەوەیەکی دۆخەکە و گرتنەبەری هەر سیاسەتێک لەبەرامبەریدا، بەبێ ئەوەی کە ئەم راپەڕینە جەماوەریە و خواستەکانی، وەک محیوەرێکی سەرەکی جێگا نەگرێ، ئەوا ئەو لێکدانەوە و سیاسەتە لە لێکدانەوەیەکی ژورنالیستی و نا دەخالەتگەری تێپەڕ نابێ.
ئەوە ڕاستە کە کوشتنی قاسم سلێمانی و رووداوەکانی دوای ئەمەش، فەزای میلتاریزم و تیرۆریزم و لەشکرکێسی لەئاست ناوچەکەدا پەرە پێدەدا و توندی دەکاتەوەو دەورەیەکی تر لەکێشمەکێش و خوێنڕێژی و بۆمب گوزاری و ئینسانکوژی و وێرانی و تەنانەت جەنگی نیابەتی و دەستبردن بۆ گەمارۆی ئابوری… خۆش دەکات، هەروەها ڕێگا خۆش دەکات کە دەستەوتاقمی میلیشیایی و گروپە سێکتە ئاینی و قەومییەکان لەسایەی ئەم دۆخەدا جارێکی تر بەرببنەوە گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی، تەنانەت ئەوەش راستە کەلەم دەورە تازەیەدا هەم ئەمریکاو هەم ئێران وەک دوو جەمسەری تیرۆریزمی دەوڵەتی، بەشوێن ئامانجە ناوچەیی و ستراتیژیەکانی خۆیانەوەن، بەڵام تەواوی ئەم دۆخە تازەیە لەئێستادا بۆ سەرکوتی راپەڕینی جەماوەری و تێپەڕکردنی ئەم دەورە شۆڕشگێرانەیەیە لەیەک فەزای جەنگی تیرۆریزم و میلیتاریزمدا، ڕاپەرێنێکی جەماوەری و دەورەیەکی شۆڕشگێرانە کە دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە و حوکمەتەکانی عێراق، ئێران، لوبنان و خستۆتە ترس و لەرز و داڕمانەوەو هەتا ترسی خستۆتە هەناوی حکومەتانێکی تری ناوچەکەش.
ئەوەی کە حەسەن نەسروڵا تا دوێنی زەلیل و ریسوای بەردەم خەڵکی ڕاپەڕیوی لوبنان بوو، ئێستا زمانی دژی ئەمریکایی و ئیسرائیلی درێژکردووە و فەزای خۆپیشاندانەکانی لەترس و دڵەراوکێی تۆڵەسەندنەوەدا راگرتووە. لەعێراق ڕیزی لەبەریەک ترازاوی ئەحزابی شیعەی یەکخستووە و لەژێر پەرچەمی دژی ئەمریکایدا کۆی کردوونەتەوە و بەم پەرچەمەوە کەوتونەتە هەڵپێچانی خەیمەی خۆپێشاندەران لەبەسرەو ناسریە. لەئێران سیناریۆی بەخاک سپاردنی سولەیمانی و موهەندیس سەدان هەزار کەسی بەپەرچەمی دژی ئەمریکایی و تۆڵەکردنەوەوە هێناوەتە سەر شەقامی شارەکانی ئێران کەدوێنی جێگای خەڵکی ڕاپەڕیو بو… هەموو ئەمانە دەرکەوتە سەرەتاییەکانی سیاسەتی سەرکوتکردنی راپەرینی جەماوەری ئەم دەورە شۆڕشگێرانەیەیە کە لەناوچەکەدا هەیە کەدیارە لەگەڵ تەقاندنی هەر موشەک و کردەوەیەکی تیرۆریستانەدا، لەلایەن ئەم دوو لایەنەوە واتە ئەمریکاو ئێرانەوە، فەزا زیاتر لەدژی جەماوەری راپەڕیو و خواستەکانی توند دەبێتەوە، تا سەرەنجام خەڵکی ناڕازی ناچار بکەن دەست هەڵبگرن و بڕۆنەوە ماڵەوە. ئەمە خاڵی جەوهەری و ئامانجی سەرەکی ئێستای توندبوونەوەی ئەو کێشمەکێشەی نێوان ئەمریکاو ئێرانە کە بەدوای کوشتنی قاسم سولەیمانیدا هاتۆتەکایەوە.
بەبڕوای من دیفاع لەراپەڕینی جەماوەری و خواستەکانی لەئاست ناوچەکەدا میحوەری هەر سیاسەتێکی کۆمۆنیستی و کرێکارییە، تەنانەت لەئێستادا خەبات لەدژی ئەم فەزا جەنگی و تیرۆریستیە، دەبێ بۆ هەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەم پێشڕەویەکان و فروان بوونەوە و رادیکاڵ بوونەوەی ئەم جوڵانەوەیە بێت.
دیفاع لەراپەڕین و خواستەکانی، یانی بەدەستەوەگرتنی هەمان خواستی چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکاو ئێران و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەیە، یانی خواستی ڕوخانی ڕژێم و سەراپای دامودەزگاکانی بۆرژوازی، یانی هەڵوەشانەوەی میلیشایی حزبەکان و سپاردنی چارەنوسی عێراقە بەدەستی خەڵکەکەی. لەیەک وتەدا دیفاع لەراپەرینی جەماوەری و خواستەکانی خەباتە بۆ بەدەستهێنانی ئەمنیەت و پاراستنی پایەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرگرتن لەداڕمانی زیاتری.. بەبڕوای من کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازان چ لەئاستی جیهان و چ لەناوخۆی هەر وڵاتەدا (دیارە هەر وڵاتە بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی خۆی) لەجیهەتی ڕێبازێکی سیاسی وادا دەتوانن ئەرکە محەلی و ئەنتەرناسیونالیستەکانیان بەرنەپێشەوە. ئەمە بانگەوازی شۆڕشی بەردەوامی مارکسە، کەوایە نابێ ڕێگا بەسەرکوتی ئەم بزوتنەوەیەی بەڕێکەوتووە بدەین. لەیەک وتەدا ڕاپەرێن و خەباتی جەماوەری لە ڕۆژهەڵات چینی کڕێکار و کۆمۆنیزمی جیهانی بانگەواز دەکات کە لەدڵی قەیرانی ئێستای بۆرژوازی جیهانیدا، بەرەو گرتنەبەری ستراتیژی شۆڕشی کرێکاری بڕۆن.
لەکۆتاییدا خاڵیک کەدەمەوێت باسی بکەم ئەوەیە کەئایا ئەگەری “جەنگی سێهەمی کەنداو” لەئارادایە؟ ئایا ئەم دۆخە بەرەو جەنگێکی ڕاستەوخۆ لەدژی ئێران دەڕوات؟
پێدەچێت ئەمریکا بەو ئەنجامە گەیشتووە کەسیاسەتی گەمارۆدانەکان لەدژی ئێران کافی نییەو دەبێ فشارەکانی بباتە ئاستێکی ترەوە، ئەویش لەڕیگای توندکردنەوەی فەزای جەنگی و تیرۆریزمەوە، تا هەم ڕۆڵی ئەوروپا لەبەرامبەر ئێراندا بەرێتە دواوە و بیانخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی، وەهەم ڕۆڵی ناوچەیی ئێران کەم بکاتەوە. بەڵام ئەوەی کە ئەم دۆخە لەئێستادا بەشەڕێکی سەربازی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا بگۆڕدرێ ئەگەرێکی نامحتەمەلە، چونکە نە ئێران دەیەوێت جەنگ بچێتە خاکەکەیەوە و نە ئەمریکاش سیاسەتی ڕاگەیەندراوی ئێستای جەنگە لەدژی هیچ یەک لەوڵاتانی ناوچەکە.
لەسەریکی ترەوە هەروەک پێشتر ئاماژەم پێکرد توندبوونەوەی کێشمەکێشی نێوان ئێران و ئەمریکا لەئێستادا بۆ سەرکوتی راپەڕینە و بەدژی فەزای شۆڕشگێڕانەی ناوچەکەیە بۆ پشت ڕاستکردنەوەی حاکمیەتی کۆنەپەرستی زەربەخواردووی بۆرژوازی ناوچەکەیە کەلەژیر کارگەریەکانی جوڵانەوەی سەرنگونی خوازی جەماوەرەوە لەئاست ناوچەکەدا لەق بووە..

تێبینی: قسەوباسی نوری بەشیر لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لە پانێڵێکدا لەلەندەن کە بۆ ژمارەیەک لە کۆمۆنیستەکانی ئێران، کوردستان، عێراق و بەریتانیا سازدرا رۆژی ١١/١/٢٠٢٠ لەسەر کێشەی نێوان ئەمریکاو ئێران و کاریگەریەکانی بۆسەر ناڕەزایەتیەکان




دژایەتی جۆنسن بەدژی چەپ! … نوری بەشیر

درێژەی قەیرانی برێگزیت لە هەڵبژاردنی بەریتانیا

قەیرانێک کە سێ ساڵ زیاترە یەخەی دەوڵەتی بەریتانیا گرتووە و حکومەتەکەی لەبەریەک هەڵوەشانۆتەوە کە سێ سەرۆک وەزیرانی بەخێرایی بەدوای یەکدا هێنا و دەیان وەزیر و ئەندام پەرلەمان وازیان هێناو دەرکران، وە ئاخرین سەرۆک وەزیرانێک کە بۆریس جۆنسنە هیچ تەرح و پێشنیارێکی لەپەرلەماندا نەڕۆشتە پێشەوەو دەنگی لەسەر نەدرا جگە لە داخستنی دەرگای پەرلەمان بە پاڵپشتی شاژنی بەریتانیا ئەویش رەدکرایەوە، ئاخرین ویستگەی ئەو ئەزمەیە بە هەڵبژاردنی پێشوەخت گەیشت، بەڵام ئەم هەڵبژاردنەش بە شێوەی برێگزیت بە ئەزمەیەکی قوڵ و توندو قوتبیکردنی کۆمەڵگاوە تێدەپەڕێت.
هیستریا و هێرشێک کە باڵی راستی حزبی پارێزگاران بەرامبەر چەپ و کۆمۆنیزم دەستی پێکرد هەر لە رۆژەکانی هاتنە سەرکای جۆنسنەوە نەوەستاوە، ئەوەتا لەم هەڵبژاردنەدا کە قەررە لە ١٢ی دیسەمبەردا ئەنجامبدرێت لەبەرامبەر مخالفەکانیدا کە حزبی کرێکارانەو بەتایبەت سەرۆکی ئەو حزبە جێرمی کۆربن کە نوێنەرایەتی باڵی چەپی ناو ئەو حزبە دەکات، رۆژانە لەهەر مناسەبەو کەمپینی هەڵبژرادنیکدا هێرش دەکاتە سەر چەپ، ئەمەش لەلایەک بە ئامانجی شکاندنی کەسایەتی حزبی لیبەرە و دەنگ نەهێنانێتی لەهەڵبژاردا بەڵام لە ئەساسدا هێرشە بۆ ناڕەزایەتیە بەرهەقەکانی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی کۆمەڵگا لەبەرامبەر سیاسەتی لێگرتنەوە و برسیکردنی کۆمەڵگادا.
ئێستا لەدنیادا هەر حزب و لایەنێک، هەر کەس و کۆمەڵێکی ناڕازی کە تۆزێک دیفاع خواستەکانی خەڵکی کەمدەرامەتی کۆمەڵگا بکات، باسی چاکسازی و گۆڕانکاری هەلومەرجی مەوجود بکەن کە بۆرژوازی و سەرمایەداران و نیولیبرازمەکەیان خەریکە هەناسە هەڵمژینیش بۆ ئینسانە مەحرومەکان قەدەغە دەکەن، لەلایەن بۆروژوازی و حکومەتەکانیانەوە ناتوانن بە چەپ و ئاژاوەگێڕ و دەستێک لەپشتیانەوە هەیە تاوانبار نەکەن، هەتا گێلترین کەسانی قەومی و میلیشیایی و ئیسلامیش، لەچەشنی حەسەن نەسروڵا، روحانی، عەمار حەکیم و تا دەگاتە علی باپیری بن دەستی یەکێتی و پارتی، هێرشیان بۆسەر مارکس و لینین و سۆشیالێزم و کۆمۆنیزم و چەپ لە گوێیان نزیکترە کە ناوی بهێنن و توانجی تێبگرن و بڵیین ئەوانە بەسەر چوون.
راستە لە مێژووی کۆمەڵگای بەشەریدا، سیاسەت و ئایدۆلۆژی زاڵ لە کۆمەڵگادا، ئەوەیە کە بۆرژوازی و سەرمایەداری سەپاندوییانە، لەبەرئەوەی رۆژانە لە هەموو میدیاکانەوە تەلەفزیۆن، رادیۆ، رۆژنامە، سۆشیال میدیاکان، و پارە ڕشتن و تاڵانکاری کۆمەڵگا، ترس و گرتن و زیندان و تیرۆر و سەپاندن و گێلکردنی خەڵک لەرێگای پیرۆزی سەرۆک، خاک، ئاڵا، دین، هەموو فەرهەنگێکی دواکەوتوانە دەرخواردی کۆمەڵگا دەدەن و دەیسەپێین، هەر بۆیە لە هەرجێگایەکی کۆمەڵگا دەنگێکی ناڕازی بەدژی ئەوانە بەرز ببێتەوە ئەوە بە چەپ و کۆمۆنیزم ناوزەدی دەکەن و واشیان لەخەڵک گەیاندووە کە ئەو کۆمۆنیزم و چەپە، ترسناکە و نابێت رێگای پێبدرێت سەر دەربهێنێت و قسە بکات و بێتە سەر دەسەڵات، چونکە ترسناکە بۆ کۆمەڵگا، بەڵام لە راستیدا و بەعەمەلی زۆربەی کۆمەڵگا بەگۆشت وخوێنیان تەجروبەی کارنامەی سەرمایەداری و دەسەڵات و سیستەکەمەیان دەکەن.
ئەوان سەرمایەداران و دەوڵەت و حزبە سیاسیەکانیان نا هەقیان نیە کەبترسن لە چەپ و کۆمۆنیست و کرێکارن، لەبەر ئەوەی بەبێ بوونی رابەریەکی کۆمۆنیست و کرێکاری کە لەپێشەوەی ئەو ناڕەزایەتیانەی ئێستادا بێت لەدنیا، بەڵام بە کردەوە ناڕەزایەتیەکانی ئەم بزوتنەوەیە بۆخۆی بەسەر سەری هەموویانەوە دەسوڕێتەوە و مەرگی ئەوان جاڕ دەدا، بەبێ ئەوەی ناوی مارکس و کۆمۆنیزم و چەپ بهێنن، خواستەکانیان بۆ نەمانی دەسەڵاتی سەرکوت و کوشتار و تاڵانکاری و دژی زیندان و کوستن و تیرۆری حکومەتەکانیان لەمەیداندان و داوای چاکردنی هەلومەرجی ملیۆنان ئینسان دەکەن لە وڵاتەکانیان، هەر ئێستا لە فەرەنسا، چیلی، سودان، جەزایر، هۆنگ کۆنگ، لوبنان و عێراق و ئێران ترسی خستۆتە دڵی هەموو بۆرخوازیەوە. لە هەموو ئەم ئەم وڵاتانەدا رۆشنە کە کێ لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدایە و کێ لە دەسەڵات و سەرکوت و کوشتاردایە، کێ داوای ژیانی باشی ئینسانی بۆ هەموو خەڵک دەکات، کێ داوای ئاو و کارەبا و موچە بۆ هەمووان دەکات و کێ دەیەوێت قوتابخانەو شوینە رەفاهیەکان و نەخۆشخانەکان دابخات بیانکاتە پارەو گرانیان بکات، کێ دەیەوێت موچە و کار بە هاوڵاتیان نەدات و سەروەت و سامانی کۆمەڵگا بۆ کەمایەتیەک ببات؟!.
بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیران لەحزبی پارێزگاران لەمە تۆقیوە، دەیەوێت بەشی تەندروستی بکاتە سیستەمی ئەمریکی و لەسەر خەڵکی بکاتە بارگرانیەک کەنەتوانن چارەسەر بکەن، قوتانخانەو زانکۆکانی سەخت کردووە بۆ مناڵان و لاوان، خزمەگوزاریەکانی گرتۆتەوە، گرانی یەخەی خەڵکی گرتووە، رێژەی بێخانەو لانەکان و نوستن لە شەقامەکان و رەقبونەوەیان زیادی کردووە، باندی چەقۆکێش، گروپی توندەڕەوی ئیسلامی زیادی کردووە، راسیزم زیادی کردوە و هێرش بۆسەر پەنابەران و خاریجیان زیادی بووە، ئەمانەو دەیان شتی تر کە لەمیدیاکانی بەریتانیا باس دەکرێت و رۆژانە لە شەقام و نەخۆشخانە و شوێنە گشتیەکاندا یەخەی دەگیرێت و رەخنە لەم نوێنەرەی باڵی راستی بۆرژوازی دەگیرێت و بە کەسە درۆزنەکە ناوی دەبەن.
لە کاتێکدا باڵی چەپی ناو حزبی کرێکاران کە زۆر ئیدعای چەپ و کۆمۆنیزمی نیە، هەروەک کە بیرنی ساندرز لەئەمەریکا نیەتی، تەنها لەبەرامبەر وەزعی مەوجودا داوای چاکسازی دەکەن، ئەمەش بەهەر دەرەجەیەک بتوانن بەدەستی بهێین لەبەرژەوەندی خەڵک و دەرگا کردنەوەیەکە بەڕووی رادیکالیزمی کۆمەڵگادا، بەڵام چ ترەمپ و چ جۆنسن بەردەوام بۆ لێدان لەخواست و دواکاریەکانی خەڵک هێرشیان بۆسەر چەپ و کۆمۆنیزم هێرشە بۆسەر خواستەکانی خەڵك و بۆتە قسەی رۆژانەیان. چەپ و کۆمۆنیستێک کە بەهەردەرەجەیەک بچوکیش بن و لە هەر شوێنێک هەبن بەڵام قسە لەسەر قورسایی هەلومەرجی ئێستا لەسەر ژیانی خەڵک بکەن و داوای چاکسازی و ئاڵوگۆڕ بەرەو ژیانێکی باشتر بکەن، روخساری دزیۆی دەسەڵاتی بۆروازی دەردەخات. ترسی بۆرژوازی و بەتایبەت هیستریای جۆنسن و هێرشی دژی ئینسانی خۆی دەبارێنێت بەسەر ئەو خواست و داوایانەی کەخەڵک هەیەتی بۆ باشترکردنی ژیانێکی ئینسانی و ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر سیستەم و دەسەڵاتەکەی جۆنسن و ترەمپ، کە خەڵکی ناڕازی نایانەوێ سەروەتی کۆمەڵگا بۆ کەسانێک بێت کە لەپەنجەکانی دەستان و لەسەدا نەوەدو نۆی خەڵکش لەهەژاریدا بژین، بەڵام ئەمەیان پێ قبوڵ ناکرێت و ژەهری دژی خواستەکانی خەڵک لەژێر ناوی دژی چەپ و کۆمۆنیزمدا هەڵدەڕێژن، ئەمەش روونی دەکاتەوە کە ئەگەر بۆریس جۆنسن، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بهێنێت و دەسەڵاتی بکەوێتە دەست، ئەو خواستانەی خەڵک بە خواستی چەپ و کۆمۆنیستی دەزانێت و هەر وەک دەورەی پێشوو هێرشەکانی بۆسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك چەند بارە زیاد دەکات.

نوری بەشیر
٩/١٢/٢٠١٩




سۆشیالیزم تەنیا وەڵامە بە نا عەدالەتی کۆمەڵگای سەرمایەداری! … نوری بەشیر

بەچاوگێڕانێکی خێرای ئەم رۆژانە بە هەواڵی میدیاکانی جیهان، هەلومەرجێک کە دنیای ئەمڕۆی کۆمەڵگەی پێدا تێدەپەڕێت و بەربەریەتێک کە لەلایەن سیستەمی سەرمایەداریەوە بەڕێخراوە بەدژی مرۆڤایەتی، هیچ جێگایەک ناهێڵێتەوە بۆ هیچ کەسێک ئەگەر کەمێک لایەنگری لە خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگە بکات، کەسێک ئەگەر نیگەران بێت بەبینی تراژیدیاکانی ئەم رۆژانەی کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستانی سوریا، کوشتاری خۆپیشاندەرانی عێراق، چیلی، یەمەن، لیبیاو زیندان و ئیعدامی جمهوری ئیسلامی ئێران و دەخالەتی کۆنەپەرستانەی لە ناوچەکەدا، ژیانی هەژاری و بێدەرتانی خەڵکی زۆربەی وڵاتانی هندستان، پاکستان، ئەفغانستان. ئەگەر ئەوە واقعیەتی ئەو وڵاتانە بێت بەجیا لەسەرکوتی بێپەردەی بۆرژوازی وڵاتەکان، ئەوا دەوری وڵاتە ئیمپریالیزمەکان و فەزایەکی جەنگ و برسێتی و ئاوارەیی کە لەدنیادا بەڕێیان خستووە بەتایبەت لەلایەن ئەمریکاو روسیاو یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیانن لەدنیادا وەک چەند قوتبێکی سەرمایەداری کە چ کارەساتێکیان بەسەر کۆمەڵگەی ئینسانیدا هێناوە، بۆیە ئینسان ناتوانێت نەفرەتیان لێ نەکات و خوازیاری روخانی دەسەڵاتی سەرمایەداری نەبێت و دڵخۆش نەبێت بە جێگرەوەی بە کۆمەڵگەیەکی شایستەی ئینسانی.

ئەو هەلومەرجە نائینسانیەی کە لەباری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیاو ئەفریقادا بەڕێیان خستووە لە جەنگ، برسێتی، کوشتنی بەکۆمەڵ، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، ئاوارەیی ملیۆنی خەڵک، سەپاندنی هێزی میلیشیایی و سەربازی، دزینی سەروەت و سامانی کۆمەڵگە، گەڕان بەدوای دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی خراپترین کاڵا بۆ سودی زیاتر، گەڕان بەدوای بازاڕی هەرزانی هێزی کاردا، هەرەشەی نەخۆشی و مردن لە دەیان ملیۆن ئینسان لە یەمەن، شەڕو کوشتاری لیبیا و کۆیلەکردنی ئینسانەکان، خراپترین هەلومەرجی ئینسانی چەندین ساڵەی سوریا و هێرشی فاشیانەی و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خەڵکی مەدەنی، ناڕەزایەتی ملیۆنی عێراق و لوبنان و کوشتارو برینداری زۆر لەعێراق، کوشتارو سەربڕین و ئاوارەیی و سەپاندنی خراپترین هەلومەرجی نا ئیسنانی بەسەر ژنانەوە لەلایەن هێزە ئیسلامیەکانی؛ قاعیدە، داعش، بۆکۆحەرام، حوسیەکان، حەرکەی شەباب و حەشدی شەعبیەوە. هەموو ئەمانە دنیایان لەبەردەم مەترسیەکی گەورەو ئایندەیەکی تاریکتردا راگرتوە، کە هەڕەشەن بۆسەر مرۆڤایەتی و لە دنیادا. کۆمەڵگە لەلایەن کەمایەتیەکەوە کەبەشوێن بەرژەوەندی ئابوری و دەسەڵاتی سیاسی خۆیان و مانەوەی سیستەمی سەرمایەداریەوەن، بانگەوازی بۆ دەکرێت و بە کردار بەڕێوە دەبرێت.

ئەمانە لایەکی هاوکێشەکەن کە دەسەڵاتداران و میدیاکانی بۆرژوازی تراژیدیاو روخساری ترسناکی دنیا دەخەنە ڕوو بۆترساندنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆ مانەوەی خۆیان لەدەسەڵاتدا هەزاران چەواشەکاری و خۆڵکردنە چاوی کۆمەڵگە ئەنجام دەدەن بۆ خستنەڕووی دەسەڵاتی نەگریسی سەرمایەداری و سیستەمە دژی ئینسانیەکەیان. بەڵام ئەولای هاوکێشەکە بەپێچەوانەی خواستەکانی بۆرژوازی و میدیا چەواشەکارەکانیانەوەیە. ئەوەی لەبەرامبەر ئەو هەلومەرجەدا کۆمەڵگە لەژێرەوە وەک بورکان وایە و لێرەولەوێ دەتەقێتەوە و ریزی ملیۆنی خەڵک شەقامەکان داگیر دەکەن، لە ناڕەزایەتی بەدنیای جەنگ و کوشتارو هەژاری و برسێتی و زیندان و تیرۆر و ئاوارەیی سەرمایەداری، راستی بەرەیەکی فراوان دەردەخات کە هیچ نزیکایەتیەک و بەرژەوەندیەکیان بەچینی دەسەڵاتدارەوە نییە. بەرەیەکی چینایەتی مەوجود لە کۆمەڵگە کە بەدەنگی بەرز هاوار دەکەن و دەڵێن دنیای ئەمڕۆ دنیای شایستەی ئینسان نییە، دەسەڵاتەکانی ئەمڕۆ دەبێت بڕۆن و گۆڕیان گومکەن، هاواری دنیایەک دەکەن کە دنیای خۆشگوزەران و یەکسان و ئازاد بێت بۆ هەموون.

ئەگەر ناڕەزایەتیەکانی هەر ئێستاو لەمساڵدا وەرگرین لە ناڕەزایەتی کرێکاران و باقی بەشەکانی کۆمەڵگەی ئێران، ناڕەزایەتیەکانی ئەم مانگەی عێراق و لوبنان، رژانە سەرشەقامی ملیۆنی خەڵکی کرێکارو لاوان و ژنان لە شارەکان و داوای ڕوخانی دەسەڵات دەکەن و ترسیان خستۆتە ناو دڵی هەموو حزبەکانی بۆرژوازی دەسەڵاتدار بە ئیسلامی و قەومیەوە، ناڕەزایەتیەکانی ئەم ماوەیەی چیلی بەدژی فەسادو حکومڕانی گەندەڵ کە دەسەڵاتداران ترسیان لەم ناڕەزایەتیانە هەیەو بەدوژمنی چینایەتی خۆی دەزانێت و نایشارێتەوە، ناڕەزایەتیەکانی سودان کە دەسەڵاتی ناچار بەپاشەکشەکرد، ناڕەزایەتیەکانی ئەم ڕۆژانەی یۆنان و هێلەک زەردەکانی فەرەنسای چەند مانگە، ناڕەزایەتیەکانی کرێکارانی ئەمریکاو بەریتانیاو باقی وڵاتانی ئەوروپا، بەدژی بێکاری و کرێی کەم و جەنگ و دژی خراپی ژینگە بە دژی گرانی، ناڕەزایەتیەکان بۆ دیفاع لە پەنابەران، ناڕەزایەتیەکان بەدژی کارکردنی رۆژانەی منداڵان و گەورە ساڵان لە وڵاتانی پاکستان، ئەفغانسان و بەنگڵادش رۆژی بە یەک دۆلار لە لایەن خاوەندارێتی سەرمایەدارەکانی ئەم وڵاتە زلهێزانەوە و سەعات کاری زۆر، ناڕەزایەتیەکان بەدژی نایەکسانی ژنان… ئەمانەو سەدان ناڕەزایەتی تری چینی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگە کە رۆژانە دەڕژێنە سەر شەقامەکان و کە پانتایی لاپەڕەی میدیاکان داگیر دەکەن. هەموو ئەو ناڕەزایەتیانە چ لە وڵاتانی زلهێزی ئابوری و چ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئاسیادا، ناڕەزایەتیە بۆ ژیانێکی باشتری ئینسانی و ئازادی و دابینکردنی کارو کرێیەکی شایستە بە ژیانی ئینسانی سەردەم و دژی جەنگ و کوشتارو ئاوارەیی و تیرۆر و سەرکوتە. بەڵام دەسەڵاتداران لەمە دەترسن و دەزانن ئەم ناڕەزایەتیانە هەڕەشەیە لە ئایندەی دەسەڵاتیان و ئەم ناڕەزایەتیانە بە تارمایی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم دەبینن بەسەر سەری خۆیانەوە.

ترمپ و بۆریس جۆنسن و نایجل فراژ، تا دەگاتە بۆرژوازی میلیشیاو بنەماڵەیی وڵاتانی رۆژهەڵات بەئاشکرا خەتەری ئەم سۆشیالێزم و کۆمۆنیزمە لە ئایندەی ناڕەزایەتیەکاندا دەبینن بەدژی دەسەڵاتی خۆیان، ناڕەزایەتیەکانی لوبنان و عێراق لەوەی هەڕەشەی ڕوخانی دەسەڵات دەکەن، بە ئاشکرا دەسەڵات و حزبەکان پاشەکشەی زۆریان کردوەو بەڵینی زۆریان داوە. لەو ناڕەزایەتیانەدا کەبەدژی دەخالەتی جمهوری ئیسلامی ئێرانە لە عێراق و لوبنان، حەسەن نەسروڵای لەبەرامبەر خۆپیشاندەراندا راگرتووەو لە عیراقیش میلیشیاکانی سەر بەئێران و حەشدی شەعبی و سەدری خستۆتە بەردەم ترس و نیگەرانیەوە، ترەمپ و جۆنسن ترسی ئەم ناڕەزایەتیانەو بەهێزبوونی چەپێکی سۆشیالیست لەخوارەوەی کۆمەڵگە دەبینن و بۆیە بە راشکاوانە لە مناسەبات و کۆنفراسەکانی خۆیاندا هێرش بۆ سەر سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم ناشارنەوە، واتە بۆرژوازی هەر بزوتنەوەیەک بەدژیان بێتە مەیدان و هەر حزبێکی ئۆپۆزسیۆن لەبەرژەوەندی خەڵکەوە دواکاری چاکسازی بکات ئەوە بە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم ناوزەدیان دەکەن.
نەک تەنها ئەوە، بەڵکو دنیای ئێستا کە دنیای دەورەی چەند قوتبیەو چاوەڕێی جەمسەری ترو جێگۆڕکێی وڵاتان لەم جەمسەرانە لە وینەی بەریتانیا و جیهێشتنی قوتبی رۆژئاواو هەوڵی رۆشتنی بەرەو ئەمریکا، هەروەها جێگۆڕكێی جێگای هاوپەیمانان، بۆیە بۆرژوازی ریزە یەگرتوو و بەهێزەکانی لە جەمسەرەکاندا نەماوە، نەک ئەوەی بەریتانیا یەکێتی ئەوروپا جێدەهێڵێت، بەڵکو بۆرژوازی لەهەلومەرجێکی ئەزمەی سیاسی و ئابوریدایە، هەتا لەناوخۆیاندا کە ئەگەر سیاسەتی بەرامبەرەکەی بەدڵ نەبێت ئەوا بە کۆمۆنیست ناوزەدی دەکات، نموونەی ئەم رۆژانەی نایجڵ فراژ لە حزبی برێگزت لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپادا لەبەرامبەر هەندێ کاندیدی وڵاتەکاندا هەڵدەستێتە سەرپێ و بۆ کۆمۆنیست ناوزەدیان دەکات.

هەلومەرجی ئێستا لە ئەوەی ئەمریکاو ترەمپ لەهەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ فاشیەتی دەوڵەتی تورکیا و ئوردوگان، هەڵوێستی دووفاقی روسیا لەسەر سوریاو سەردانەکانی روسیا بۆ سعودیە و پەیوەندی خۆشکردن لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، لاوازی دەوری غەرب لەئاستی ناوچەکەدا، لەسایەی بەرژەوەندی و چاوچنۆکی ئەم قوتبانەو هاوپەیمانەکانیاندا، بێ ئیعتبار بوونیان لەئاستی دنیادا بە ناڕەزایەتی و بەردبارانکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و کوردستاندا، ناڕەزایەتیەکانی جیهانی تەقاندۆتەوەو کۆمەڵگەی جیهانی لەبەرامبەر هێزە ئیمپریالیستی و بۆژوازیە ناوچەیی و محلیەکاندا بەشێوەی بەرچاو و روو لەسەر داناوە. نەک هەرئەمە، بەڵکو ریزی قوتبەکان (جەمسەرەکان ) و هاوپەیمانەکانی لەبەریەک ترازاندووە و ڕیزەکانی بۆرژوازی یەک وڵات و هەتا یەک حزبی بۆرژوازی دەسەڵاتداریشی لەبەریەک هەڵوەشاندۆتەوە، هەموو ئەوانە دەرگای بە ئاوەڵایی بۆ جێگۆڕکێی هێزو وڵاتانی جەمسەرەکان و هاوپەیمانیەتەکان کردۆتەوە. ئەم هەلومەرجە جیهانیە بەهەمانشێوە هەلومەرجێکی هێناوەتە مەیدانەوە کە دەرگای بەڕووی کرێکاران و ژنان و لاوان و جەماوەری کەمدەرامەت و ناڕازی کۆمەڵگە کردۆتەوە بۆ ناڕەزایەتی فراوانترو هەتا هەڵپێچانی سیستەم و دەسەڵاتدارێتی ئەمڕۆ، داوکاریەکانی رۆشتی دەسەڵات، نا بۆ حکومی میلیشیا و بنەماڵە، نا بۆ هەژاری و نەبوونی نەداری و ئاوارەیی و بەدژی چەکی کیمیایی و نا بۆ سەرمایەداری و بەڵێ بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی، کۆمەڵگەی لەبەردەم ئەلتەرناتیڤێکی تردا راگرتووە.

هاتنەمەیدان و داواکاریەکانی ئازادی و خۆشگوزەرانی لەدنیادا بۆخۆی لە خواستەکانی سۆشیالیزمە، وە لە کۆمەڵگەکانی لوبنان، عێراق، چیلی، ئێران، سودان، تونس و ئەفغانستان، زۆرێک لەمانە لە زۆرێک لە وڵاتەکاندا وەکو ئەوەی ترسیان لەسەر حزبوڵای لوبنان و جمهوری ئیسلامی، موقتەدا سەدر و بۆریس جۆنسن و ترمپ و ‌‌هێزەکانی تاڵیبان، دەسەڵاتی یۆنان و چیلی داناوە. بەڵام ئەمە هێشتا سەرەتای کارێکە کە بەشی خوارەوەی کۆمەڵگە داوای دنیایەکی شایستەی ئینسانی بۆ خۆیان و نەوەکانیان دەکەن، واتە هێشتا لەسەرەتای کارێکدان چەندە پاشەکشە بە دەسەڵاتداران بکەن و چەندە خواست و داواکانیان بسەپێنن دەستکەوتە، بەڵام ئەمە ئایندەیەکی باشی ئینسانی لەژێر چاکسازیەکانی بۆژوازیدا کە لەژێر فشاردا ئەنجامی دەدەن، بۆ هەمیشە مسۆگەر ناکات.

ئەم هاتنە مەیدان و داوایانە کە بۆ ئایندەیەکی باشتری ئینسانی بۆ هەموو کۆمەڵگەیە، کە تاکەکان دەتوانن لەویدا بەهرەمەند بن لە ژیانێکی باشتر، ئەمەش بە ڕوخانی سیستەمی سەرمایەداری و جێگرەوەی بە سیستەمێکی نوێی سۆشیالیستی بەدەست دێت، کە بۆ ئەمەش لەمەیداندا بوونی کرێکارانی وشیارو رێکخراو بوونی جەماوەری کەمدەرامەتی کۆمەڵگە کە ئێستا لە شەقامەکاندان، بە رابەرایەتی حزبی کۆمۆنیستی و مارکسی بە سەرئەنجام و سەرکەوتن دەگات. هەربۆیە ئەوەی دەوترێت دەسەڵات دەبێ بڕوات باشە، بەڵام دەبێ چ هێزو دەسەڵاتێک شوێنی بگرێتەوە مەسەلەیەکی گرنگ و حەیاتیە. هەڵپێچانی سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتدارێتی بۆرژازی بە خەباتی فەردی و جەماوەری بەرشوبڵاو و نارێکخراو چەندە فراوانیش بێت کە ئێستا لەدنیادا ریزی سەدان ملیۆنی ئینسانەکان هەوڵی بۆدەدەن بەبێ رێکخراو بوون و لەدەوری ئەلتەرناتیڤی سۆشیالیستی و بەبێ بزوتنەوەیەکی کرێکاری و بزوتنەوەیەکی کۆمۆنیستی مەیداندار، لە بازنەیەکدا دەخوڵیتەوە و دووبارە دەبێتەوە و دەسەڵات هەر لە دەستی بۆرژوازیدا بە رەنگ و جۆری ترەوە ئاڵوگۆڕ دەکات.

٢٨/١٠/٢٠١٩




برێگزت و درێژەی قەیرانی بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە بەریتانیا … نوری بەشیر

قەیرانی سیاسی و ئابوری حکومەتی بەریتانیا لەچوارچێوەی قەرێرانێکی فراوانی جیهانیدایە و کێشەکانی ئێستای بۆرژوازی بەریتانیا بەتایبەت لەسەر مەسەلەی برێگزت زیاتر فراوان بۆتەوەو حزبەکانی دەسەڵاتی قوتبەندی کردۆتەوە، بەتایبەت بەدوای ئەوەدا کە بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیران بڕیاری داخستنی پەرلەمانی بۆ ماوەی پینچ هەفتە راگەیاند بەپاڵپشتی شاژنی بەریتانیا، ئەمە کۆمەڵگەی لەسەر گاڵتەجاڕی دیموکراسی و پەرلەمانی هێنایە ژێر رەخنەی جۆراوجۆرو هەر بۆیە دادگای باڵای بەریتانیا بەناچار ئەم کارەی بۆریس جۆنسنی بەنایاسایی ناساند. سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا ڕۆژی ٢٤/٩ ڕایگەیاند پەرلەمان دەوامی خۆی دەست پێدەکاتەوەو ئەمەش سەرۆک وەزیرانی ناچارکرد کە کۆبوونەوەی نەتەوە یەگرتووەکان بەجێبهێڵێت و بە توڕەیی و قسەی ڕەقەوە بەشداری دووهەم ڕۆژی دانیشتنی پەرلەمان بکات کە بووە شوێنی نیگەرانی و رەخنەی زیاتری ئەندامانی پەرلەمان و حزبەکان و کۆمەڵگەش. وە ئەمەش وایکرد هێندەی تر ئەم سێهەم سەرەک وەزیرانە و حزبەکەیشی بکەونە بەر نەفرەت و ناڕەزایەتی و هەتا لەناوخۆشیاندا زیاتر لەیەک بترازێن و تا دەگاتە ئەوەی جۆن بیركۆ، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا رایبگه‌یەنێت کە ده‌ست له‌كار ده‌كێشێته‌وه‌.

بەڵام جێگەی خۆیەتی ئیشارەتێکیش بەوە بکەین کە ئەم هەنگاوەی دادگای باڵا بەنایاسایی ناساندنی هەڵپەساردنی پەرلەمان لەژێر ناوی پێشێلکردنی یاسا و دیموکراسی وڵاتدا، شتێکە کە روویەکی تری ئەو قەیرانە دەردەخات کە کە بۆرژوزای بەریتانیا تێیدا ژیان بەسەر دەبات و حکومەتی نەهێشتووە لەم وڵاتەدا، بۆیە بەناچار دەبێ قوربانی بە بۆریس جۆنس و هەتا حزبەکەشی بدەن بۆ رزگارکردنی حکومەت و دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی لەو هەلومەرجەی کەتێیدایە، کە حزبی پارێزگاران نەیتوانی رزگاری بکات، هەر بۆیە خەریکن فایلی کۆنی بۆریس جۆنس کە کاتێک مەیەری لەندەن بووە هەڵدەدەنەوە، بۆ دۆزینەوەی رێگایەک کە حکومەت و دەسەڵاتی بۆرژوازی پێ نەجات بدەن، ئەم رێگایەش ئێستاش لەبەردەم حکومەتی ئەمریکادایە لەبەرامبەر شەڕ ئەنگێزی و پەلامارەکانی ترەمپدا، کە بۆریس لەبەریتانیا لاسایکەرەوەیەکی گاڵتەجاڕی ترەمپە!.

ئەم قەیرانەی بۆرژوازی بەریتانیای تێکەوتووە، تەنیا لە ناو پەرلەمان و قوتبیبوونی حزبەکاندا نەماوەتەوەو شۆڕبۆتەوە بۆ خوارەوە و کۆمەڵگەی قوتبی کردۆتەوەو دەوارانێکی پر جەنجاڵی و ئاڵۆزی هەموو میدیاکانی ناوخۆو جیهانی داگرتووە. لەلایەک ناڕەزایەتیەکان کۆمەڵگەی داگرتووە، حزبەکانی تری بە راست و چەپەوە خستۆتە بەردەم خۆکۆکرنەدەوە، لەوەش واوەتر لە چەندین مناسەبەی جیادا خەڵک لە نەخۆشخانەکان و سەر شەقامەکاندا ڕووبەڕووی بۆریس جۆنسن دەبنەوەو یەخەیان گرتووە کە کۆمەڵگەیان داغان کردووەو خزمەت گوزاری نەماوەو پێیان وت کە ئێوە یاری بە چارەنوسی کۆمەڵگە دەکەن.

لەلایەکی ترەوە ئەم قەیرانەی کە بۆرژوازی بەریتانیا پێدا تێدەپەڕێت، کۆمەڵگەی خستۆتە هەلومەرجێکی ناجێگیرو تاریکەوە، حزبەکانی لیبراڵ دیموکرات و حزبی کرێکاران “لەیبەر پارتی” لەبەرامبەر حزبی پارێزگاراندا زیاتر بەرچاو خستووە و ئەندام پەرلەمان لە حزبی دەسەڵاتەوە بەرەو حزبەکانی تر دەڕۆن و ئەندامانێکی تر بەدژی سیاسەتی جۆریس جۆنسن دەوەستنەوەو وە حزبەکانی خستۆتە بەردەم کۆنفراس و خۆئامادەکردن بۆ شەڕەکانی دواتری هەڵبژاردن و یەکدەست بوونی باڵەکانی ناویان. لەوانە کۆنفراسی چەند رۆژی رابردووی حزبی کرێکاران کە باڵی چەپی گەیاندە ئەو رادەیەی وەک هێزی سەرەکی ناو ئەم حزبە خۆی نمایش بکات و وەک باڵی سۆسیالیست خۆی بناسێنێت و لەناو کۆنفرانسەوە بانگەوازی ئەوە بکات کە دەکرێ داهاتوو سۆشیالیستی بێت، ئەمە نەک تەنیا ڕاچڵەکانی حزبی دەسەڵاتدار “پارێزگارن” بوو، بەڵکو بووە هۆی ڕاچڵەکان و پاشەکشەی باڵی ڕاستی ناو حزبی کرێکاران کە بە بلێریستەکان ناسراون.

کاریگەریەکانی برێگزت تەنیا کۆمەڵگەی بەریتانیای لە ڕووی سیاسیەوە نەگرتۆتەوە وەک سەرخەتەکانمان باسکرد، بەڵکو لە ڕووی ئابووریەوە پاوەندی بەریتانی لە خوارترین ئاستدا ڕاگرتووەو نرخی کەلوپەل و پێداویستیە ڕۆژانەییەکانی خەڵک لە بەرزبوونەوەدایە. ڕۆژانە هەواڵی داخستنی کۆمپانیاکان دەبیسترێت و بیکاری کرێکاران فراوان تر دەبێت، ئەمانە لە ئێستادا بوونەتە خواست و بەرنامەیەک بۆ حزبی کرێکاران ئەگەر بێنە سەر دەسەڵات چاکسازی بۆ دەکەن.
لەبەرامبەردا حزبی پارێزگارانی دەسەڵاتدارو سەرۆک وەزیرانەکەی هیچ کێشەیەکیان نییە لەبەرانبەر ئەو هەلومەرجە ڕوو لە خوار و قەیرانەی کۆمەڵگە، بەڵکو تەنیا قسەیان لەسەر ئەوەیە کە چۆن لە ٣١ی ئۆکتۆبەردا بێنە دەرەوە لەئەوروپاو بەم هەنگاوەیان حزبەکەیان لەو قەیرانەی کە تێی کەوتووە رزگار بکەن.

بەجیا لەوانەش لەناو ئەو کێشانەدا بەریتانیا، حزبی دەسەڵات و حکومەت ڕووبەڕووی کێشەی سکۆتلەنداو ئێرلەندا بۆتەوە کە پێداگری مانەوەیان لە ئەوروپای یەکگرتوو دەکەن، بەپێچەوانەی حزبی پارێزگارانی دەسەڵاتدار کە بەهەموو شکستەکانیەوە سەرۆکەکەیان هەر سورە لەسەر برێگزت واتە دەرچوون لە ئەوروپای یەکگرتوو.
لەم قەیرانە سیاسی و ئابوریەی ئێستادا بەجیا لەو فرسەتەی کە هاتۆتە بەردەم باڵی چەپی حزبی کرێکاران کە ئێستا خۆی لە پەرلەماندایە، کە خەریکی خۆ یەکدەستکردن و ئامادەکردنە بۆ هەڵبژرادنی داهاتوو تا بتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست، وە قسەوباس و ئامادەکاری دەکەن بۆ چاکسازی کەلەبەرنامەیدایە. هەروەها ئەمەش فرسەتێکە کەچینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان خۆیان ئامادە بکەن، وە لەم دەورانەی نەبوونی رێکخراوی چینایەتی کرێکاران و کۆمۆنیستی و مارکسیستی خۆیاندا، دەتوانرێت فرسەت و دەرسێک بێت بۆ خۆئامادەکردن بۆ دەورەی داهاتوو و هاتنە مەیدانی سیاسیان بۆ دەرکردنی باڵی راستی بۆرژوزای لەدەسەڵاتداو نواندنی هێزو نفوزی چیانیەتی خۆیان نمایش بکەن و خۆیان ئامادە بکەن بۆ دەسەڵاتی سیاسی کۆمەڵگە، کە فرسەت و خواستەکانی کۆمەڵگە بۆ رزگار بوون لە زەلکاوێک کە سەرمایەداری دروستی کردووە کۆمەڵغا لەبارە بۆ کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی هەر ئێستا.

٢٩ی سێپتێمبەری ٢٠١٩




یەمەن کارەساتی مرۆیی گەورە! نوری بەشیر:


لە یەمەن چ دەگوزەرێ؟

هەواڵ و وێنەکانی منداڵان و ڕادەی بەرزی مردن کە مانشێت و تایتڵی لاپەڕەی رۆژنامەو گۆڤار و میدیاکانی خودی بۆرژوازی ناچارن رای بگەیەنن، وە هوشداری دانی سەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی منداڵان و مافی مرۆڤ لە پەیوەند بە یەمەن، نیشانی دەدات چ کارەساتێکی مرۆیی دەگوزەرێ. بیستن و بینینی ئەو هەواڵانە هیچ مرۆڤێک جگە لەسەرانی حکومەت و حزبەکانی بۆرژوازی و سەرمایەدارن نەبێت ناتوانێت تەزوو بە گیانیدا نەیەت و ئازار نەبینێت. ئەگەر ئەو هەلومەرجە وا بڕوات لەئایندەیەکی نزیکدا کارەساتێکی مرۆیی وا چاوەڕوان دەکرێت کە بەوتەی زۆرێک لە میدیاکان و هەتا سەرانی زۆر لە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان گەورەترین کارەسات دەبێت لە سەد ساڵی رابردودا.
ئەمەی لە یەمەن روودەدات و پشتگوێ خراوە هیچ بوارێک بۆ گاڵتەجاڕی مافی مرۆڤ و دیموکراسی بۆرژوازی و سەرمایەداران و حکومەتانی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان ناهێڵێتەوە. وڵاتێک لەژێر سایەی بەرژەوەندیخوازی و چاوچنۆکی سەرمایەداران و دەوڵەتە کۆنەپەرستە سەرمایەداریە جیهانی و ناوچەییەکاندا کە ڕۆژانە تەپڵی مافی مرۆڤ لێدەدەن، بەرەو داروخانێکی بێوێنە دەڕوات.

سێ لەسەر چواری دانیشتوانی لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندان، وڵاتێک کە هاتوهاواری رۆژانەی دایک و باوکی مناڵانێک کە پەراسوەکانیان یەک بەیەک دەژمێرێن و مێشو و مەگەز تێی داون، لەبەر بێ ئاوی و بێ خۆراکی و کولێراو دەیان نەخۆشی ترو رۆژانە ئەگەر بەخت یاوەریان بێت بەبرسێتی نەمرن ئەوا لەبەردەم رەحمەتی هێرشی فڕۆکەی جەنگی و تۆپەکانی لایەنی شەڕکەرانی وڵاتانی ناوچەکەدا دەبنە قوربانی، کە لەیەمەندا جەنگێکی خوێناوی و برسێتیان هەڵگیرساندووە کە دوورو نزیک هیچ پەیوەندیەکی بە خەڵکی ئەو وڵاتەوە نییە، کەچی رۆژانە دەبێ چاوەڕێی مەرگی دەیان و سەدانی منداڵەکانیان بن، کە لاشەی پەرچە پارچەی مناڵ و تێکەڵ بە خانوو و جلوبەرگ و گۆشتی ئاژەڵ بووە، ئەم تراژیدیە ئینسانیە جیا لە ترامپ و میرکل و تریزا و ئۆردوگان و مالکی و شێخ سەلمان و مەسعود و خامنەئیەکان کێ دەتوانێ لە دیمەن و هەواڵەکانی دڵگران و پەست نەبێت و لەئایندەی خۆی و مناڵەکانی لەدنیای ئەمڕۆدا نەترسێت.

ئەوە تەنیا هەواڵەکانی رێکخراوە ئینسانیەکانی وەک رێکخراوی مافی مرۆڤ و یونیسێف و رێکخراوەکانی منداڵان و چەندان رێکخراوی تر نییە کە خەبەری ٢٢ ملیۆن ئینسان لەیەمەندا لەکۆی ٢٨ ملیۆن کەس کە لەبەردەم ترسی مردندان بەهۆی بەدخۆراکی و نەبوونی دەرمانەوە پشت راستدەکەنەوە کە لەژێر هێڵی هەژاری و برسێتیەوە و نەخۆشیدا دەژین، ئەوە تەنیا ئەو رێکخراوە ئینسانیەکان نین ئەمە پشت راستدەکەنەوە، بەڵکو خودی نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆرێک لەسەرانی وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری کە یەمەنیان پشتگوێ خستووەو تەسلیمی وڵاتانی هاوپەیمانی عەرەبیان کردووە لە ناوچەکەدا بەسەرپەرشتی سعودیە، زۆربەی کوشتارەکانی یەمەن و لەبرسا مردنەکان و ئاوارەبوونەکان لەژێر سایەتی هێرشەکانی ئەو هاوپەیمانیەدا لەلایەک و لەلایەکی ترەوە حوسیەکانی هاوپەیمان و کۆمەکەکانی جمهوری ئیسلامی ئێراندا ئەنجامدەدرێت، ئەوە کارنامەکانیانە و بەڵام هەریەکە لە سعودیە و ئێرانیش بەرگی ئەوە دەکەن بەبەریدا کە یارمەتی خەڵکی یەمەن دەدەن، ئەمە هەروەک هەمان ئیدعانامەو کارنامەکانی ئەمریکاو وڵاتانی غەرب بوو لەپەیوەند بە سوریا و عێراق و ئەفغانستانەوە کە چەندە پوچ و بێناوەرۆک دەرچوون.

بەپێی راپۆرتە جیهانیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی منداڵان رزگار بکەن ” ٨٥٠٠٠” هەشتاو پێنج هەزار مناڵ کە لە پێنج ساڵ بەرەوخوار بوون بوونەتە قوربانی سیاسەتی برسیکردنی شەڕی سعودیەو ئێران لە یەمەندا لە سێ ساڵی رابردوودا. هەواڵەکان ئاوارەیی سێ ملیۆن خەڵكی ئەو وڵاتە و کوشتاری دەیان هەزار کەس و برینداری بێئەژمار و دیل باس دەکەن، کە لە رێکەوتنی سویدی ئەم هەفتەیەدا بڕیاری ١٥٠٠٠ پانزە هەزار دیل رادەستی یەکتری بکەنەوە.
هەواڵی تراژیدی لەبرسا مردنی زیاتر لە دە ملیۆن ئینسان تا کۆتایی دیسەمبەری ئەمساڵ بەگوێی دنیادا دەدرێت. دەيفيد بيسلی لێپرسراوی بەرنامەی خواردنی جیهانی لەنەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: یەمەن لەرێگای کارەساتێکی ئینسانی گەورەدەایە بەهۆی برسێتی دانیشتوانەکەی و ئەگەر بەپەلە جەنگی ئەو وڵاتە نەوەستێت، ئەوە شەرمەزاری دەبێت بۆ بەشەریەت.

ئەمانە دیوێکی کارەساتەکانە، دیوێکی تری ئەو ناوچانەی کەلەژێر سایەی حکومەتی بەناو شەرعی یەمەندایە بەسەرۆکایەتی عەبد رەبە مەنسور هادی کە سەربە سعودیە و هاوپەیمانەکانە و ئەو ناوچانەی تریش کە لەژێر سایەی دەسەڵاتی ” ئەنسار ئەڵادایە” واتە حوسیەکان، هەریەکەیان بەجۆرێک هەرکەس سەر بەوان و چەکداری ئەوان و لایەنگری ئەوان نەبێت ئەوا دەکوژرێت یان زیندانی دەکرێت یان لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەواندا دەردەکرێت. هەواڵەکان رادەگەیەنن کە حوسیەکان لە سەپتێمبەری ئەمساڵدا زیاتر لە ٣٥٠٠٠ سی پێنج هەزار کارمەندیان دەرکردوەو شوێنەکانیان بە لایەنگر و ئەندامانی خۆیان پڕکردونەتەوە.

بەدوای دەستبەراگرتنی سەنعای پایتەختی یەمەن و لەم دواییەدا شارو بەندەری حودەیدەی سەر کەناری دەریای رۆژئاوای ئەو وڵاتە کە جێگایەکی ستراتیژیە، تەنیا لە شەڕی ئەم چەند مانگەی ئەخیردا لە شاری حودەیدە زیاتر لە ١٠٠٠٠٠ سەد هەزار کەس ئاوارە بووەو هەزارەها کەس کوژراون، لەلایەک حوسیەکان ناردنی یارمەتی خواردن و دەرمان کە شارێگایەکی سەرەکیە کە لە سەدا حەفتا و پێنجی پێداویستیەکان لەوێوە دێت راگرتووە، یان سعودیە رێگا نادات ئەو یارمەتیە مرۆییەکانی دەرمان و خۆراک بڕوات بۆ ناوچەکانی کە لەژێر دەستی حوسیەکاندایە، ئەمانە کارەساتی مردن و نەخۆشی جۆراوجۆری زیاتر کردووە.

لایەنەکانی جەنگ لە یەمەندا!

جەنگێکی ماڵ وێرانکەر کە لە چوار ساڵ لەمەوبەرەوە واتە لە ٢٠١٤ وە لەنێوان دەوڵەتی یەمەن بە سەروکایەتی عەبد رەبە مەنسور هادی لەلایەک و حوسیەکان لەلایەکی ترەوە دەستی پێکردو بەدوای گرتنی سەنعای پایتەختدا لەلایەن حوسیەکان و راکردنی عەبد رەبە بۆ سعودیە لە ٢٠١٥ دا ئەوا گۆڕانی تەوازنی هێز لەبەرژەوەندی حوسیەکان و ئێران روویدا، جەنگ لەو وڵاتەدا پێی نایە قۆناغێکی نوێ و بەهۆی پەراوێزی یەمەنەوە ئەمریکاو غەرب سەرپەرشتی جەنگیان بە سعودیە سپارو هاوپەیمانی عەرەبیان لەدەور سازدا، وە جەنگەکە بوو بەجەنگی راستەوخۆی هاوپەیمانی عەرەبی بەسەرپەرشتی سعودیە و لەولاوە کۆمەکە زۆرەکانی ئێرانیش بۆ حوسیەکان جێگاو رێگای حوسیەکانی دەبردە سەرەوەو تا ئەوەی حوسیەکان دوای سەنعا بتوانن چەند شاری تر بگرن لەوانە بەندەری حودەیدە، ئەمانە وایانکرد هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانی عەرەبی زیاتر بکات بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسیەکان، کە هێندەی خەڵکی مەدەنی دەکوشت هێندە حوسیەکان بەر نەدەکەوتن، وە ئەمانە گەمارۆی سەر خەڵکی مەدەنی زیاتر دەکرد و دەبووە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی جۆراوجۆر و برسێتی و مردنێکی زۆر، کە یەمەن بە ترسناکترین شوێنی دنیا بۆ برسێتی و مردن وەسف دەکرێت، وە زۆرترین کوشتاری منداڵان بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ئینسانیەکان لە سێ ساڵی رابردوودا روویداوە.

بەهۆی ئەوەی جێگاو رێگای یەمەن تاسیری لەسەر سیاسەتی وڵاتە زلهێزەکانی وەک روسیاو ئەمریکا نییە، جێهێڵراوە بۆ کێشەکانی نێوان سعودیەو هاوپەیمانەکان لەلایەک و لەولاوە ئێران و حوسییەکان، وە یەمەن بۆ ئەمریکا وەرەقەیەکە کە هەم لەبەرامبەر سعودیە بەکاری دەهێنێت و هەم لەبەرامبەر ئێراندا، ئەوەتا سات و سەداکانی ئەمریکا لەگەڵ سعودیەدا رۆشنەو لەولاشەوە “براین هوك” نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران دەڵێ:”ئەگەر بزانین ئێران هێرش دەكاتە سەر بەرژەوەندییەكانمان لەو ناوچەیەدا ئەوا هەڵوێستی بەکردەوەمان دەبێت لەبەرامبەریدا”، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت واتە ئەگەر ئێران دەست نەبات بۆ بەرژەوەندی ئەمریکا، ئەوا کێشەیان نییەو ناوبەناو تاوانباری دەکەن کەیارمەتی حوسیەکان دەدات، کە بەدڵنییاییەوە بەیارمەتی ئێرانە حوسییەکان ئێستا باڵا دەستن. ئەگەر هاوپەیمانی وڵاتانی عەرەبی بەسەرپەرشتی سعودیە نەبێت، حکومەتی بەناو شەرعی عەبد رەبە دەمێک بوو بەدوای گرتنی شاری سەنعاو راکردنی بۆ سعودیە دەکەوتە دەست حوسیەکان و گەمەکانی قاسم سلێمانی وەک لە سوریا و عێراق و کوردستان بە ئاشکرا نیشان دەدرا.

کۆبوونەوەی سوید بۆ رێکەوتنی یەمەن!

بەدوای چەندین هەوڵ بۆ ئەوەی ئاگربەست رووبدات لەنێوان دەسەڵاتی عەبد رەبەو حوسیەکان و رازی نەبوونی حوسیەکان بەوەی کە دەسەڵاتی عەبد رەبە بەرەسمی ناناسن و دانیشتنی راستەوخۆ لەگەڵ سعودیەدا کە سەرپەرشتی شەڕەکە دەکات بە ئەنجام نەگەیشت، توندبوونەوەی جەنگی یەمەن و بەرزبوونەوەی رێژەی مردنی منداڵان و ترسی مردنی ملیۆنی خەڵکی ئەو وڵاتە و هەموو ئەمانە جیا لەچوونە سەرەوەی خەرجیەکان لەیەمەن بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانانی، وە هەروەها هەریەکە لە سعودیەو ئێران لەبەردەم ئەزمەی ناوخۆیی خۆیاندان، بۆیە دەخالەتی ئەمریکا لەرێگای نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە هەشت مانگی رابردوودا بۆ ئەوەی رێگایەک بۆ خەرجیەکانیان دابنێن و یاریەکەیان لە یەمەن بگۆڕێت بەشێوەیەک دەستی ئێران کەمبکەنەوە، گەیشت بەوەی کە ئەمریکا کۆمەڵێک داواکاری حوسیەکان جێبەجێ بکات بۆ دانیشتنی راستەوخۆ بەسەرپەرشتی مارتین گریفیس نێردەی تایبەتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لە یه‌مه‌ن.
بۆ ئەمەش لە ٦ی دیسەمبەردا بەسەرپەرشتی نەتەوە یەگرتووەکان لە سوید دانیشتن بۆ ماوەی یەک هەفتە کە ١٣ دیسەمبەر ئاخرین رۆژ بوو ئەنجام درا. پێشترو وە لەم دانیشتنەدا وەڵام بە کۆمەڵێک داواکاری حوسیەکان درایەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی بەشداری بکات و ئەوە بوو بۆ هێنانی نوێنەری حوسییەکان بۆ دانیشتنی سوید، خودی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەیەمەن مارتن گریفیس خۆی رۆشتۆتە سەنعاو وەفدی مفاوزی حوسییەکانی هێناوە بۆ سوید و هەروەها ژماریەکی زۆری بریندارەکانیان بۆ چارەسەر ناردووە بۆ عەممان.
کە بۆ ئەمریکا ئێستا لەگەڵ گەمارۆی دووەمی سەر ئێراندا، دەیانەوێت بەم رێکەوتنە حوسییەکان لە ئێران دوربخەنەوەو دەخالەتی ئێران لەیەمەن ببڕن، بەڵام جێگاو رێگای حوسیەکان دەچێتە سەرەوە. سەبارەت بە کۆتایی جەلسەکەش، ئەگەرچی حوسیەکان بە راوەستانی شەڕ ناڕازین، بەڵام ئەنتۆنیۆ گوتیرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، دەڵی لە رێکەوتنی یەمەن لە سوید لایەنەکانی یەمەن گەشتوون بە چەند خاڵێک و بە خۆشبینیەوە سەیری دەکات بۆ لێتێگەشتنی لایەنەکان و نزیکبوونەوەی بڕواکانیان بۆ وەستانی جەنگ لە ئایندەدا. نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی سەرپەرشتی هەندێ شوێنی وەک بەندەری حودەیدە دەکات وهاتوچۆی ئاسمانی ناوخۆ لەسەنعا دەست پێدەکات.

کام رێگا چارەی خێراو ئینسانی بۆ هەلومەرجی ئێستای یەمەن!

لەهەلومەرجێکی ئاڵۆزو پڕکێشەی ناوچەکەو جیهانیدا، باڵادەستبوونی دەوڵەتانی سەرمایەداری کۆنەپەرست و دژی ئینسانی بەهەموو ئەزمەو کێشەیەکی ناوخۆیانەوە کەهەیانە، هەریەکەیان دەیەوێت خۆی رابەری ناوچەکە بەدەستەوە بگرێت، بەهەر رێگایەک جەنگێک کە لەیەمەندا بەرێخراوە بەدژی خەڵكی مەدەنی ئەو وڵاتەو هیچ نزیکایەتی بە چارەنوسێکی باشەوە بۆ خەڵک نییە.
وەستانی شەڕ لەو وڵاتەدا لەبەرژەوەندی خەڵكدایە، کە بتوانرێت شەڕ و بەڵای تۆپباران بە سەریانەوە بوەستێت، کوشتن و لەبرسا مردنی ملیۆنی منداڵان بوەستێ، لەبەرئەوەی ئەم شەڕە شەڕی خەڵک نییە، وە خەڵک هیچ هێزو ئیرادەی نەک نییە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی خۆی، بەڵکو لەبەردەم لەناوچوونی بەکۆمەڵی ملیۆنیدایە، وە ئەم کارەساتە بۆ شکاندنی شکۆی ئینسانی نەک تەنیا لە یەمەندا، بەڵکو لەناوچەکەدا مەترسیدارترین شت دەبێت، بۆیە وەستانی ئەم جەنگە و نەمانی بەڵای کوشتارو ئاوارەیی و برسێتی ملیۆنی زیاتر کە بەڕێوەیە دەوەستێنێت، ئەگەرچی رێکەوتنی ئێستای مەیەن کە لەسوید ئەنجامیانداوەو درێژەی دانیشتنەکە بۆ مانگی جەنیوەری ٢٠١٩ دانراوەو هەندی خاڵ رێکەوتنی لەسەر کراوە، وەک نیشاندانی سەرەتایی کۆتایی جەلسەکە پاشەکشەیەکی زۆری هاوپەیمانی عەرەبی و هەتا ئەمریکاو غەربە لەبەرامبەر حوسیەکانداو جێگاو رێگای حوسیەکان دەباتە سەرەوە، بەڵام ویستی خەڵکی یەمەن لە ئێستادا راستەوخۆ وەستانی بەڵای جەنگە بەسەر سەریانەوە، کە ئەمەش داواکاری هەموو بەرەو ئینسانی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستە لەدنیادا.

ئەگەر کۆمەڵگەی بەشەری بیەوێت بەڵای یەکجاری شەڕو کوشتار بەسەریانەوە نەمێنێت، وە کارەساتەکانی سوریا، ئەفغانستان، عێراق، کوردستان و یەمەن بۆ یەکجاری کۆتایی بێت ئەوە بە رێکخراوبوونی کرێکاران و جەماوەری بەشمەینەت و رابەرایەتی کۆمۆنیستی لە شۆرشی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا، دەبێت.

١٤/١٢/٢٠١٨




هەڵبژاردن شکستی خوارد دوای ئه‌وه‌ دەبێ چی بکەین!؟ … نوری بەشیر

دوو هەفتە لەمەوبه‌ر واته‌ ٣٠ی سێپتێمبەر، ڕۆژێکی گرنگ و هەنگاوێکی روو لەپێشی خەڵكی کوردستان بوو له‌ڕاستای بردنه‌ پێشه‌وه‌ی ئایندەی خۆیان بەرامبەر به‌چینی بۆرژوازی و هەموو حزبە رەنگاو رەنگەکانی، توانیان وەک هێزو بەرەیەکی گەورە خۆیان نیشان بده‌ن و جه‌ماوه‌ری ناڕازی”نا” یەکی گەورە بنێ به‌نێوچه‌وانی ده‌سه‌ڵات و سه‌رتاپای سیسته‌مێکی ده‌سه‌ڵاتدارێتیه‌وه‌ که‌حزبه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی ٢٧ ساڵه‌ به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن. دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر بایکۆتی هەڵبژاردن ئه‌و هێزه‌ی خه‌ڵک بوو که ‌له‌ده‌رگای گۆڕانکاریه‌کی گه‌وره‌ی داوه‌ و به‌عه‌زمه‌وه‌ چاوی بۆ ئاینده‌یه‌کی ئومێد به‌خش بڕیوه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ و ئه‌م ئومێده‌ سه‌ره‌ڕای کاریگه‌ریه‌که‌ی هێشتا کافی نییە و ده‌بێ وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک له‌راستای لێسه‌ندنه‌وه‌ی شەرعیەت لەحکومه‌ت و پەرلەمان و مه‌وجودیه‌تی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان له‌لایه‌ن خه‌ڵکی ناڕازیه‌وه‌ سه‌رنج بدرێ و لێره‌شه‌وه‌ نه‌خشه‌ و ئۆمیدێ هه‌نگاو هه‌ڵهینانه‌وه‌ی گه‌وره‌تری له‌سه‌ر هه‌ڵبچنرێت. کەواتە گرنگی ئەم بایکۆت و به‌شداری نه‌کردنه‌ی خه‌ڵک له‌چیدایه‌و دەبێ هه‌نگاوه‌کانی دواتر چی بێت؟.

یەکەم: واتای بایکۆتی جه‌ماوه‌ری له‌چیدایه‌؟

بایکۆتی هه‌ڵبژاردن ته‌نها به‌مانای به‌گاڵته‌جاڕگرتنی ده‌نگدان و دیموکراسی و خودی ئه‌و سیناریۆیه‌ نییه‌ که‌ناویان نا هه‌ڵبژرادن، به‌ڵکو به‌مانای مایه‌پوچ گرتنی هەموو حزبەکانی په‌رله‌مان و حکو‌مه‌ت و سیسته‌مێکه‌ که‌ له ‌کوردستاندا کراوه‌ته‌ ڕووپۆشێک بۆ دوو حزبی میلیشیاو بنه‌ماڵه‌، به‌مانای ڕیسوابوونی حزبە گەورەکانی دەسەڵاتداری دوو زۆنی زەرد و سەوز و هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌ که‌ناوی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازیان له‌خۆیان ناوه‌. به‌واتایه‌کی تر ئه‌و ڕێژه‌یه‌ له‌به‌شداری نه‌کردنی خه‌ڵک و بایکۆتکردنی هه‌ڵبژاردن شۆکێکی گەورە بوو بۆ حزبەکانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایەتی و ئیسلامیەکان و ریسوابوونی کارنامه‌ی هه‌ڵبژاردنیان.
بێگومان ڕووداو و هه‌قیقه‌تێکی ئاواش گشت سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی و حزبه‌کانی سه‌ر شانۆی سیاسی کوردستان ده‌خاته‌ نێو قه‌یرانێکی خنکێنه‌ری سیاسیه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌مه‌ به‌مانای له‌ده‌ستدانی ڕازیبوون ومه‌قبولیه‌تی ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می ئێستایه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌و وه‌لانانی بۆته‌‌ خاڵێکی مه‌رکه‌زی له‌زهنی جه‌ماوه‌رێکی ناڕازیدا. مێژووش نیشانی داوه‌ ئاڵوگۆڕه‌ سیاسیه‌کان له‌هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکدا له‌وێوه‌ ده‌ست پێده‌کات که‌سیسته‌م و حوکمه‌ت له‌ هوشیاری و زهنی خه‌ڵكدا جێگایه‌کی گشتیگرو “زۆربه‌” بگرێ. به‌واتایه‌کی تر شۆڕشه‌کان، ڕاپه‌ڕینه‌کان و هه‌ستانی جه‌ماوه‌ری کاتێک مومکینه‌ خه‌ڵک له‌خواره‌وه‌ نه‌یه‌وێ و رازی نه‌بێت به‌ده‌سه‌ڵاتی مه‌وجود و ئه‌مه‌ش له‌کرده‌ی جه‌ماوه‌ریدا خۆی عه‌کس بکاته‌وه‌، بایکۆت نیشانه‌ی ئه‌م نه‌ویستنه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌خواره‌وه‌و عه‌کس که‌ره‌وه‌ی ئه‌م زهنیه‌ته‌ گشتیگره‌ی جه‌ماوه‌ره‌.

دووەم: بایکۆت سەرکەوت، بەڵام حزبەکانی کوردایەتی ماون!

جەماوه‌ری ناڕازی بایکۆتیان کرد و ده‌نگیان نه‌دا، به‌م کاره‌شیان سه‌رکه‌وتنێکیان تومارکرد و سیناریۆ و سیاسه‌تێکی حزبه‌ بۆرژوازیه‌کانیان ڕیسواکردو به‌گاڵته‌جاڕی گرتیان، به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نها شه‌قێک بوو له‌م حزبانه‌و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان، ئه‌مه‌ ته‌نها سەنگه‌ر گرتنێک بوو، بەڵام حزبه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی له‌ شوێنی خۆیاندا ماون، هێشتا هه‌ر بازاڕی تاڵانچێتی و قاچاغچێتی کردن به‌ده‌رمان و وه‌گه‌ڕخستنی کۆمپانایا و دزی و راو و روتیان هه‌ر ده‌چه‌رخێ، هێشتا حکومت و ده‌زگای سه‌رکوتگه‌ر و یاساو په‌رله‌مانیان به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵکه‌وه‌ سێبه‌ری گرتووه‌، هێشتا هه‌ر ئه‌م حزبانه‌ و ده‌سه‌ڵاتیان موقه‌دەرات و نانی خه‌ڵکیان له‌ده‌ستایه ‌و هێشتا بۆ دابینکردنی خزمه‌تگوزاری و کارو موچه‌ ده‌بێ هه‌ر یه‌خه‌ی ئه‌وان بگیرێ، که‌وایه‌ هه‌روه‌ک وتمان بایکۆت هه‌ڵهێنانه‌وه‌ی هه‌نگاوێک بوو له ‌پرۆسه‌ی خه‌باتێکدا که‌جه‌ماوه‌ری ناڕازی له‌ ١٧ی شوباته‌وه‌ بۆی هاتونه‌ته‌ مه‌یدانه‌وه‌ و هه‌رجاره‌ به‌جۆرێک و له‌ده‌وری خواستێک و بۆ بابه‌تێک یه‌خه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌گرێ و شه‌قی خۆی ده‌هاوێت.

بێگومان ئه‌م هه‌نگاوانه‌ و سه‌نگه‌رگرتنه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیشانه‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌کی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ریه‌ بۆ نان و ئازادی و خۆشگوزه‌رانی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا پایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و هێزیکی گه‌وریه‌ و له‌ناوه‌خنی خۆیدا خواسته‌کانی، ژنان و لاوان، کرێکاران و کارمه‌ندان و هه‌موو به‌شه‌ مه‌حرومه‌کانی کۆمه‌ڵگەی له‌خۆ گرتووە‌‌، به‌ڵام به‌م حاڵه‌یه‌وه‌ هێشتا نه‌بۆته‌ بزوتنه‌وه‌یه‌ک بۆ وه‌لانانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌، هێشتا خواستی کۆتاییهێنان به‌ده‌سه‌ڵات ئاسۆ و په‌رچه‌می ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی جه‌ماوه‌ر نییه‌ هه‌ربۆیه‌ هه‌ر شه‌ق هاویشتن و هه‌ر سه‌نگه‌ر گرتنیك به‌ته‌نها ناتوانێ چاره‌نوسی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا یه‌کلابکاته‌وه‌. به‌واتایه‌کی تر کاتێک ده‌ڵێین حزبه‌کان ماون، یانی هێشتا بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری نه‌یتوانیوە‌ هاوکێشه‌ی هێزی خۆی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی مه‌وجودا یه‌کلا بکاته‌وه‌ و چاره‌نوسی کۆمه‌ڵگە له‌لایه‌ن خه‌ڵک خۆیانه‌وه‌ به‌ده‌سته‌وه ‌بگیرێ و جۆرێک له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی جه‌ماوه‌ری شوێنی ئۆرگانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا بگرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ ئه‌و خاڵه‌یه‌ که‌ده‌بێ جێگای سه‌رنجی هه‌ڵسوڕاوان و رابه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی ناڕازی جه‌ماوه‌ری بێ.
کەواتە ده‌بی چی بکرێ و رێگا چارەی خەڵک چیە!

ئاشکرایه‌ که‌رێگاچارەی حزبەکانی دەسەڵات بە پارتی و یەکێتی و ئۆپۆزسیۆنەوە بەدوای هەڵبژاردندا، هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌پێکه‌وه‌ پایه‌کانی ده‌سه‌ڵات ڕابگرن و ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌جه‌وهه‌ردا بمێنێته‌وه‌. ئه‌مه حزبانه‌ بە هەموو خیلاف و گلەیی و گازندەو هەڵدانەوەی فایلی تیرۆر، گەندەڵکاری، تاکید کردنەوە لە ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ کۆنەپەرسترین حکومەتانی ناوچەکە و ئەمریکادا، لەبەرامبەر داواکاری و خواستەکانی خەڵكدا، یه‌ک مه‌سه‌له‌ی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ ئه‌ویش درێژەدانە بە دەسەڵات و پەرلەمانەکەیان، له‌م ڕێگایه‌شه‌وه‌ هەموویان نانی بڕاوی سەر سفرەی خاڵی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دەخۆن، خۆیان لە جۆرەها حزبی کۆنەپەرستی قەومی و ئیسلامی بازرگانی و سەرمایەدارو کۆنەپەرستدا رێکخراو دەکەن، کۆمەڵگە بە حزبی دەکەن، لەپشتی پەردەو ژوورە تاریکەکاندا رێدەکەون،… له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م راستیه‌دا یه‌که‌مین کار که‌ده‌بی خه‌ڵکی ناڕازی بیگرێته‌ به‌ر جیاکردنه‌وه‌ی ڕیزی خۆیان و خه‌باته‌که‌یانه‌ له‌م حزبانه‌ و نابێ به ‌هیچکام لەو ‌حزبانه‌ فریو بخۆن و حساب بۆ به‌ڵین و سیاسه‌ته‌کانیان بکرێ.

له‌که‌نار ئه‌مه‌شه‌وه‌ ده‌بێ خه‌بات بۆ وه‌لانان و کۆتاییهێنان به ‌ده‌سه‌ڵاتی ئێستا وه‌ک ئاسۆ و سیاسه‌تێکی شۆڕشگێرانه ‌سایه‌و سێبه‌ری ناڕه‌زایه‌تی گه‌وره‌و بچوکی جه‌ماوه‌ریمان بێت و ته‌واوی هێزی بۆ کۆبکرێته‌وه‌. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ هه‌وڵدان بۆ خۆرێکخراوکردن لە شوراکان و کۆمیتە و ئەنجومەنەکانی شوێنی کارو ژیاندا وه هه‌ڵبژاردنی نوێنەرانی جه‌ماوه‌ری له‌ گەڕەک و کارگەو زانکۆکان و هێنده‌ش ته‌وازنی هێز ڕێگامان پێده‌دات ده‌ستبه‌رین بۆ کۆنترۆڵی ناوه‌نده‌کانی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردنی داهاته‌کان و سه‌ره‌نجام لێسه‌ندنه‌وه‌ی مه‌شروعیه‌تی ده‌سه‌ڵات له‌خواره‌وه‌ له‌حزبه‌کانی ئێستا.. ئه‌توانرێ هه‌نگاوگه‌لێک بن که‌ به‌شوێن خۆیدا بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی جه‌ماوه‌ری شۆڕشگێرانه‌ بۆ وه‌لانانی ده‌سه‌ڵات پێ بنێته‌ مه‌یدانه‌وه‌و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو پێشڕه‌وی خه‌باتی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی ناڕازی به‌ره‌وپێشه‌وه‌ به‌رێ… بێگومان ته‌وای ئه‌م کارانه‌ به‌پشتیوانی و کۆبوونه‌وه‌ له‌ده‌وری حزبێکی شۆڕشگێڕی خه‌باتکار و کۆمۆنیستی هه‌رچی زیاتر له‌سه‌رکه‌وتن نزیک ده‌کاته‌وه‌.

له‌یه‌ک وته‌دا ئەبێت هوشیار بین بەوەی کە کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگایەکی چینایەتیەکە ئەوان ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی کوردایەتیان کەمایەتی کۆمەڵگان، بەڵام رێکخراو و یەکدەستن لەبەرامبەر بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا، بەدژی زۆربەی زۆری کۆمەڵگە، بەڵام ئێمە زۆربەین و دەبێ بە‌هێزی ملیۆنی خۆمان و تواناکانی خۆمان ئاگادار بین و لەحزبی چیانەیەتی خۆماندا رێکخراو و ئامادە بین، کە خۆشبەختانە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەپێشەوەی ئەم خەباتەدایە و زەروورە لە دەوری کۆبینەوەو خۆمان لەدەوری رێکخراو بکەین.




لە ساڵی مارکسدا … نووسینی: نوری بەشیر

دنیا لەهەموو کات زیاتر پێویستی بە مارکس و کۆمۆنیزمە!
—————-

ئەمساڵ لە ٥/٥ دا دنیا باوەشی بۆ بیرمەندێکی مرۆڤایەتی کردەوە، کەسایەتیەک کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی زۆربەی کۆمەڵگە دەکات و لە گۆشە نیگای چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگە کە زۆربەی زۆری کۆمەڵگە پێکدەهێنێت کە چینی کرێکارە وەک چینێکی شۆڕشگێڕ دەوری سەرەکی هەیە لە ئاڵوگۆڕی ریشەیی و شۆڕشگێڕانە بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازادو یەکسان، ئەویش کارڵ مارکسە.

باوەشکردنەوەی دنیا بۆ مارکس و دووبارە گەڕانەوە و رووهێنانی کۆمەڵگە بۆ چەپ و کۆمۆنیزم، لەلایەکەوە بەرهەمی فاسدبوونی رۆژ بەرۆژ زیاتری نیزامی دیلهێنەری سەرمایەدارییە بەهەموو بەرگ و مۆدیل و شێوەکانیەوە، بەرهەمی بنبەستی سەرمایەدارییە لە وەڵام دانەوە بەو قەیرانە قوڵ و سەراپاگیرە و لێکەوتەکانی، لە هەژاری و برسێتی و بەرینبوونەوەی بێکاری و جەنگ و تیرۆریزم و نائەمنی و دەیان دەردو موسیبەتی تر… لەلایەکی تریشەوە راست و دروست بوونی لکێدانەوەو بۆچوونەکان و تیزەکانی مارکسە، لەسەر کۆمەڵگەی سەرمایەداری…
بانگەشەکانی تیۆریسێۆنە بۆرژوازییەکان، کە بەدوای شکستی بلۆکی شەرقدا جاڕی” کۆتایی مێژوویان” دا، بانگەوازی دنیای” ئاشتی و ئارامی و کۆتاییهاتنی دیکتاتۆریەکانیان ” راگەیاند… بەکردەوە نەک پوچی خۆی سەلماند، بەڵکو ئەوە راستیەشی سەلماندەوە کە تا نیزامی سەرمایەداری و شێوە بەرهەمهێنانی سەرمایەداری هەبێت… ململانێی چینایەتی، تایبەتمەندی کۆمەڵگەیەو مێژووی کۆمەڵگەش مێژووی بەرامبەرکێی چینی کرێکاریی کرێگرتەیە لەبەرامبەر بە نیزامی سەرەوخواری سەرمایەدارییدا… جەنگ و کوشتار، دیکتاتۆریەتی شاراوەی دەسەڵات و سەرمایە لە ئەمریکاو ئەوروپادا، تا دیکتاتۆریەتی بێ پەردەی دەسەڵاتی رژێمەکانی ئەمریکای لاتین و وڵاتانی ئەفریقیاو ئاسیا… لە تایبەتمەندیەکانی نیزامی سەرمایەدارین و جەنگ و کوشتار و نائەمنی و تیرۆر، تەنها دەتوانێت دەرهاویشتەو یەکێک لە لێکەتەکانی خودی ئەم نیزامە چاوچنۆکە بێت… ئەم دەورانە دەورانی بەکردەوە داکوژانی هەموو ئەو تێزو بۆچوونە دژە مارکسیانەیە، کە چەندەی توانیان ویستیان دنیای پێ گێژبکەن و ماهیەتی چینایەتی چاوچنۆکانەی سەرمایەداری دابپۆشن… بەڵام لەدڵی خودی ئەم نیزامەدا، چینی کرێکار و بێبەشان، ئۆردوی بێ ئەژماری دژی جەنگ و تیرۆریزم، خوازیارانی دنیایەکی تر… ئەمڕۆ چاویان لە چەپ و کۆمۆنیزم و مارکسیزمە، وێڵی ئازادی و بەرابەرین… پێشوازی لە دوو سەد ساڵەی یادی مارکسدا، پێشوازییە لە یادی و رۆڵی خەباتکارانەی مارکس لەهەموو زەمینەکانی فەلسەفەو سیاسەت، فکر و تیۆری شۆرشگێرانە، پراکتیکی کۆمۆنیستی و کاری ڕێکخراوەیی، وە دووبارە بەدەستەوەگرتنی مانیڤێستی کۆمۆنیستە.

بەڵێ پاش ٢٠٠ ساڵ لەدایک بوونی مارکس و سەرهەڵدان و کۆتاییهاتنی جەنگی ساردو هاتوهاوار و جاڕی سەرجەم بۆرژوازی و دەوڵەت و بیرمەندو دەسەڵاتەکانیان بۆ مەرگی مارکس و کۆمۆنیزم، جاڕی ناساندنی سیستەمی سەرمایەداری بەدوا نیزام و بە ئەبەدی و ئەزەلی نیشاندان و هەوڵدان بۆ رتوشی دیموکراسی و بازاڕی ئازادو پەرلەمان و دنیای یەک قوتبیەکەیان بەنەمری و هەتا هەتایی، بەڵام ئەمساڵ لە ” مارکس ٢٠٠ ” دا هیچ جێگایەک بۆ ئەو پڕوپاگەندە و چەواشەکارییە دژی کرێکارو خەڵکی مەشمەینەتی کۆمەڵگەیە نەمایەوە، تەنانەت ئەوە تەنها داواکاری و باسی کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی پێشڕەو زۆرێک لە کەسایەتیەکان نین لەدنیادا باسی مارکس و تیۆرییەکان و رێگاچارەی ئەو دەکەن لەبەرامبەر ئەزمەی سەرمایەداریدا، بەڵکو ئەوە خودی بیرمەندانی سەرمایەداریشە کە قەیرانە دەورەییەکان یەخەیان دەگرێت و لە دابەزینی قازانج و ترسی دەسەڵاتەکانیان، لە هەوڵی داشکاندنەوەی بەسەر کۆمەڵگەدا لە بێکارکردن و کرێی کەم و برسیکردنی کۆمەڵگە بۆ مانەوەی خۆیان پەنا بۆ مارکس و راستی و دروستی تیۆری ئابوری مارکس دەبەن کە راست و دروستی وتووە و دەگەڕێنەوە بۆی. دەیانەوێت مارکس تەنیا بە بیرمەند، فەیلەسوف، ئابوری ناس، زانا و نوسەر و بلیمەت بناسێنن و هەلومەرجی ئەزمەکانی خۆیانی پێ لێکبدەنەوە و بەمە دەیانەوێت مارکس لە راستی خۆی داماڵن لە پەیوەندیەکی توند و هەڵپێکاوی لەگەڵ چینی کرێکار و شۆڕشگێڕێتی چینایەتی بۆ ئاڵوگۆڕی کۆمەڵگەی سەرمایەداری بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازادو یەکسانی کۆمۆنیستی.

ئەگەرچی ٦- ٧ مانگی پێشوو ناوی مارکس و راستی تیۆریەکانی مارکس تایتڵی سەرەکی زۆرێک لە میدیا جیهانیەکانی داگرتبوو تا یادی لەدایک بوونەکەی وە کۆمەڵێک چالاکی زۆری جۆراوجۆر خرابووە دەستورەوەو لە نوسینێکی ئاخری مانگی ئەپریل دا ئیشارەم پێدا و لە ٥ ئایاردا زۆرێک لە چالاکی و باسی جۆراوجۆری سیاسی و تیۆریکی لەسەر مارکس و باسەکانی و ژیاننامەی خراونەتە ڕوو، وە بەشێوەی فەرمی پولێکی بەریدی تایبەت بە وێنەی مارکسەوە لە ئەلمانیا بڵابۆتەوە. هەروەها شاری تریر بۆ پەردە هەڵماڵین لەسەر پەیکەرە گەورەکەی مارکس کە لەوڵاتی چین دروستکراوە بووە نمایشی مارکس و کۆمۆنیزم و لەشوێنی جۆراوجۆرەوە خەڵک ئامادەبوون، وە کۆمەڵێک چالاکی تاکو کۆتایی ئایار لە یادی مارکسدا ئەنجام دەدرێت.

هەر کەسێک چاوێکی خێرا بە پەیجی گاردیانی بەریتانیدا بگێڕێت بە خێرایی بۆی دەردەکەوێت کە جێگاو رێگای مارکس پاش لە دوو سەدە لەدەمی زۆرێک لە نوسەران و بیرمەندانێکی دنیاوە لەسەر نیزامی چەوسێنەرانەی سەرمایەداری و هەژاری و برسیکردنی کۆمەڵگە راستیەکی حاشا هەڵنەگرەو هەر ئەوەشە لەجیهاندا روو هێنان بۆ مارکس و خوێندنەوەو لەچاپدانەوەی بابەتەکانی مارکس لە کاپیتاڵ و مانیڤێست و تێزەکانی فیورباخ و ئایدۆلۆژی ئەڵمانی و هەژاری فەلسەفەو… لە چاپدانەوەو بڵاوبوونەوەی روو لەزیادبوون و بەردەوامیدایە، ئەوە جیا لە ئیکۆنۆمیست و ئیندپێندنت و رادیۆ و تەلەفزیۆنی جۆراجۆر لە ئاستی دنیادا بابەتی تایبەتیان بڵاوکردۆتەوەو هەتا زۆرێک لە لایەنگرانی سیستەمی سەرمایەداری هێناوەتە قسە کە ناتوانن راستەوخۆ رەخنە لەمارکس بگرن، بەڵام شەرمنۆکانە باسی ئەوە دەکەن کە هەندێک لە شتەکانی مارکس راستە.

بەڵام هێشتا هەموو ئەوانە وەڵامدەرەوەی راستیەکان نین لەسەر مارکس وەک بیرمەندێکی چینێکی دیاریکراو چینێکی شوڕشگێڕ کە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا مەوجودە، بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە، شانبەشانی ئەنگڵز پێکەوە کاریان کردووە، دەیانەوێت کە تەنیا وەک کەسایەتیەکی جیهانی و بیرمەندێکی بێ مونافسی جیهانی لەسەر تیۆری ئابوری و قەیرانەکان باسی بکەن، بەڵام نایانەوێت ئەو رێگایەی کە خستویەتیە بەردەم کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆ دەرچوون لە قەیران و برسیکردنی ئینسانەکان و شەڕو کاولکاری کە بەڕۆشنی لەمانیڤێستی حزبی کۆمۆنیست و تێزەکانی دەربارەی فیورباخ باسی کردووە، باسی بکەن، واتە تا ئەو جێگایە دەیانەوێت وا باسی بکەن کە دایبڕن لەچینی کرێکارو ئاڵوگۆڕێک کەپێویستە لەدنیای سەرمایەداریدا رووبدات، واتە وەڵامدانەوە لە دیدگای چینێکەوە کە هەموو بەرهەمهێنانی کۆمەڵگە ئەو بەرهەمی دەهێنێت و کەڵەکەی دەکات.

بەڵام لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ بیرمەندێک بەوێنەی مارکس لە یادەوەریەکەیدا جێگاو رێگای بەرزو مەزن رانەگیراوە، هەر ئەم دەیەیی ئەزمەی سەرمایەداری و هەوڵی سەرمایەدارن بۆ شکاندنەوەی ئەزمەکانیان بەسەر چینی کرێكارو بێکارکردن و نانەوەی شەڕو کوشتار و لەبەرامبەریدا بوونی ناڕەزایەتی فراوان لەدنیا و بێزاری زۆربەی خەڵكی کۆمەڵگە لە دەوڵەت و دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی و نەفرەت لە هەڵبژاردن و شەڕو کوشتاریان، نیشانەی زیندوویی تێکەڵبوونی مارکس و تیۆریەکانی مارکسە بۆ ئاڵوگۆڕی ریشەیی کۆمەڵگە بۆ سۆشیالیزم، کە ئەویش بە چینی کرێکاری هوشیارو رێکخراو دەکرێت. هاتنەوەی مارکس و گرنگی دەورو جێگای مارکس بەمانای گرنگی دەورو جێگای ئەو چینە کۆمەڵایەتیەش دێت کە دەتوانێ ئەو ئاڵوگۆڕە بەوجود بهێنێت و مارکس بەرۆشنی نیشانی داوە، هەموو ئەوانە راستی زەرورەتی مارکس و کۆمۆنیزم دەخوازێ لەساڵی ٢٠١٨ دا کە وەک ساڵی مارکس ناسراوە کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەمڕۆ لەهەموو کات زیاتر پێویستیەتی.
١٣/٥/٢٠١٨




ساڵی مارکس ساڵی گەڕانەوەی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکارە … نوری بەشیر

دەیەیی رابردوودا لە دنیادا بەردەوام قسە بوو لەسەر لەگەڕانەوەی مارکس و دنیا پێویستی بە مارکسە و مارکس راست بوو و ئێمە دەمانەوێت دنیا بگۆڕین بە وێنەی مارکسەوە.
دەکرا لەو ماوەیەدا باسەکانی مارکس و لەچاپدانەوەی سەرچاوەکانی مارکس لە مانیڤێست و کاپیتاڵ و بیۆگرافی مارکس و دانانی ناوی ئەو لە پێشبڕكێی بیرمەندانی دنیا و روولەسەری خوێندنەوەی سەرچاوەکانی مارکس و شانۆگەری مارکس لە سۆهۆ و فیلمی کارل مارکسی لاوو بەردوام تەرجومەکردنی سەرچاوەکانی بەزمانی جۆراوجۆری دنیا و کاپیتاڵ و مانیڤێست یەكێک لە پڕ فرۆشترین کتێبەکان بوو، کە لاپەڕەی سەرەوەی میدیاکانی دادەگرت.
هەروەها زۆرێک لە کەسایەتی ناودار تا دەگاتە مامۆستایانی زانکۆکان و کەسایەتی کۆمپانیاو بانکە جیهانیەکان باسی کاپیتاڵ و دروستی باسەکانی مارکسیان لەسەر ئابوری و قەیرانەکانی سەرمایەدارییان باسکردووە .

قەیرانێکی سەرمایەداری کە لە ساڵی ٢٠٠٨ وە دەستی پێکردووە و یەخەی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان و سەرتاپای سیستەمەکەی داگرتووە، بە کردەوە مارکس و تیۆر و باس و رێگا چارەی ئەویان لە لێکۆلێنەوەکان و دانپیانانەکانی ئەزمەو رێگا چارەی شۆڕشگێڕانەی تیۆری مارکس بۆ دنیای سەرمایەداری ساڵی ٢٠١٨ ی بەکردەوە کردە ساڵی مارکس، ئەمە تەنها لەچوارچێوەی میدیاکاندا نەمایەوە وەک ساڵانی رابردوو کە لاپەڕەکانی گاردیان و BBC و ئیکۆنۆمیست و ئیندپێندنت و دەیان میدیای تری جیهانی گرتبۆوە، بەڵکو بە کردەوە بووەتە گفتوگۆیەکی فراوان و پراکتیکی گەورە و نمایشی ئاشکراو روو بەدەرەوە لەچەند مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ وە تاکو ئێستا.

٥/٥/٢٠١٨ یادی ٢٠٠ ساڵەی لەدایک بوونی مارکسە کە دنیای لەبەردەم چالاکی جۆراوجۆردا داناوە لەوانە؛ لە شاری “تریر”ی ئەڵمانیا کە لە ٥/٥/١٨١٨ لەدایک بووە هەر لەلاوێتیەوە لەسەر باسە رەخنەییەکانی لە ئەڵمانیا وەدەرنراوەو ماوەیەک لە فەرەنسا و دوایی لە بەلجیکا بووەو،دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ئەڵمانیاو فەرەنسا و دواجار لە لەندەن دەگیرسێتەوە و بە ژیانێکی کۆلەمەرگی و هەژاری خێزانەیەکی و لەگەڵ فردریک ئەنگلزی هاوڕێی درێژە بە کارە سیاسی و ئابوری و کۆمۆنیستیەکانیان دەدەن.

باسی مارکس ٢٠٠ بووەتە گەورەترین باسی ئەو شارەو ئەڵمانیا و جیهان کە لەناوەندی ئەو شارەدا جگە لەوەی کە پەیکەرێکی ٢.٦ مەتری لە برۆنز بۆ کراوەو قەرارە لە ٥ی ئایاردا پەردەی لەسەر لابدرێت وئەم پەیکەرە لەلایەن وڵاتی چینەوە بە هەدیە بۆ یادی ٢٠٠ ساڵەی مارکس ئامادە کراوە و نموونەیەکی تەختەیی پێشتری ئەم پەیکەرە پێشکەش کراوە.
هەروەها لە ١٩ی مارسدا ترافیک لایتی شەقامی ئەو شارەی ئەڵمانیا کە ناوی تریرەو مارکسی تێدا لە دایک بووە وێنەی مارکس لە ناو ترافیک لایتەکەو لە تراڤیکی سوردا مارکس هەردوو دەستی کراوەتەوەو ئیشارەتە بە وەستان.
هەروەها ئیشارەتی سەوزی ترافیکەکەش بەهەمان شێوە وێنەکەی تێدا دەبینرێت کە وێنەی کتێبی کاپیتاڵەکەی بەدەستەوەیەوەو ئیشارەتە بۆ ڕۆیشتن.
هەروەها وێنەی مارکس خراوەتە سەر پارەی یۆرۆ و ژمارە سفری خراوەتە سەر کە نموونەیەکە بۆ پارەو لەسەرەتاوە پێنج هەزار خراوەتە بازاڕەوە، لەبەر ئەوەی داواکاری زۆری لەسەر بووە بەزویی لەبازاڕدا نەماوە.
Marx

ئەم پارەیەی یۆرۆیە لایەن کۆمپانیایەکی سیاحیەوە خراوەتە بازاڕەوە کە قەرارە تا ئاخری ئەم مانگە بیست هەزار دانەی تری لێ چاپ بکرێت و نرخەکەی لەبازاڕدا چۆتە سێ یۆرۆ. ئەم یۆرۆیە بە ” یۆرۆی مارکس ” ناسراوە و ناوی ئەو وێنەی ئەوی لەسەرە.
جگە لەمانە وێنەکەیان لەسەر موستیلەش بۆ جوانکاری و لەبیرنەکردن بۆ یادی ٢٠٠ ساڵەی هەڵکەندووەو لە دوکانەکانی شتومەکی تۆریستەکان دەفرۆشرێت.
هەروەها لە ٨ تا ی١٢ مارسیش لە زانکۆی بەرلین ژمارەیەک بەرنامەی جۆراوجۆر ئەنجامدارا.
Marx_euro

لە مۆزەخانەی شاری راینی ئەڵمانیا قەرارە ٥ی مانگ نماشیگایەک لەژێر ناونیشانی ” ژیاننامە، نوسراوەکان، زمان و بیۆگرافی” مارکس پێشەکەش بکرێت کە زیاتر لە ١٠٠ دەزگا لە ١٠ وڵاتی جۆراو جۆرەوە نمایشی شتەکانی مارکس لەو وڵاتانەی کە تێیدا بووە پیشەکەش بکەن.
رێکخەرانی ئەو نماشگایە دەیانەوێت بەشێوەیەکی سەرنج ڕاکێش و زیندوو چالاکیەکانیان پێشکەش بکەن هەر لە شاری تریر کە لەدایک بووە هەتا بۆن، بەرلین، پاریس، برۆکسل و لەندەن کە قەرارە ١٢٠ وتار بێژو کۆنفراس لەخۆی بگرێت.

يورجن هيريس لە بەشی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی بەرلین برانبورغ بۆ زانست و مرۆڤایەتی کە سەرنوسەرە لە مارکس – ئەنگلز جيسام توسجابی کە گەورەترین بەرهەمەکانی مارکس وئەنگلز بەزمانی ئەڵمانی و زمانەکانی تر لە ٢٠ ساڵی رابردوودا بڵاوکردۆتەوەو هیریس کاری لەسەر کۆکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە دەستنووسە بڵاو نەکراوەکانی مارکس کردووە.

هەروەها هیریس بۆ دەنگی ” شینخوا ” وتویەتی لە چەندین ساڵی رابردوودا خوێنەرانی سەرچاوە ئەساسیەکانی مارکس روو لەسەرە و خەڵک بە ئاشکرا لەسەر مارکس و داس کەپیتاڵ قسە دەکەن و رۆژنامەنوسانیش زیاتری لەسەر دەنوسن لە میدیاکاندا.
جگە لەمانە کۆنفراسی ئەکادیمی زۆر لەسەر مارکس و تیۆریەکانی دەکرێت و هێریس تاکیدی لەوە کردۆتەوە کە لەمساڵدا سێ ژیاننامەی تایبەتی لەسەر نوسراوەو لەساڵی داهاتوودا زیاتریش دەکرێت.

هەروەها دەزگای رۆزا لۆکسەمبۆرگ کۆمەڵێک خوێندنەوەی لە کاپیتاڵ رێکخستوەو بەشێوەی رێکوپێک لە قوتابخانەی بەهارەی مارکسدا بەشداری کردووەو لاپەڕەیەکی ئەنتەرنێتی بۆ یادی لەدایک بوونەکەی داناوە بەناوی marx200.com
مارکس لە فیلمە دۆکۆمێنتاری و فیلمەکانی ئەڵمانیادا دەرکەوتوە کە ئەڵمانیا و فەرەنساو بەلجیکا لەگەڵ “مارك كارل ماركس” بۆ یەکەمین جار لە میهرەجانی بەرلینی سینەماییدا لە شوباتی ئەمساڵدا بەشداریان تێد اکردوە. وێنەکەی مارکس لەسەر کارتێکی بانکی باوەڕپێکراو کە لە بانکێکی محەلی لە كيمنتس دەرچووە کە ناونیشانی “Das Kapital” لەسەرە بۆ فرۆشتن لە گەورەترین کتێبخانەی دوسڵدۆرف هەیە.

وەک رێنسانسێک لەبەرامبەر ئەزمە جۆراوجۆرەکانی چەند ساڵی رابردوودا لە قەیرانی مالی، جیهانگیری، قەیرانی یۆرۆ و هی تردا خەڵک لە تیۆریەکانی مارکسدا دەگەڕێن بۆ تێگەیشتن و بەدوادا چوون بۆ هەولومەرجی ئێستا.
هیریس تاکید لە تیۆریەکانی مارکس دەکاتەوە کە کاریگەری گەورەی لە سەر ئابوری و زانستی کۆمەڵگا و کاریگەری زۆری لەسەر سیستەمی ئابوری و کۆمەڵایەتی ئەڵمانیای ئێستا هەیە.
هەروەها بۆ یادی ٢٠٠ ساڵەکەی لەبەریتانیادا بە شێوەیەکی بەرفراوان لەچەند مانگ لەمەوپێشەوە لاپەڕەکانی میدیاکان لە بی بی سی و گاردیان و ئیندپێندنتی بەریتانی و ئیکۆنۆمیست تا دەگاتە کتێبخانەو لایەنە سۆشیالسیت و زانکۆکان قسەوباس لەسەر ٢٠٠ ساڵەی مارکس و جێگەو رێگەی دەکەن.
زۆرێک لە بانک و کۆمپانیاکان جێگای تیۆری مارکس بەرز دەنرخێنن لە قەیرانی ئابوری سەرمایەداری ئەمڕۆدا هەر بۆیە ئیندپێندنتی بەریتانی لە ١٤ی نیسانی ٢٠١٨ دا لە وتارێکدا لە زمانی مارک کارنی ( پارێزگاری بانکی ئینگلتەرە) قسەوباس لەسەر ئەوە دەکات.
Marx_guardian

وە هەریەکە لە کتێبخانەی مارکس و زانکۆی سەواس چەندین چالاکی و کۆڕو سمینارو نمایش دەکەن کە بۆ ٥/٥ لەئاستێکی فراواندا بەبەشداری دەیان کەسایەتی جیاواز لە گۆشەی جۆراوجۆرەوە لە یادی ٢٠٠ ساڵەی مارکسدا باسی تیۆر و باسەکانی دەکەن.

ڕێکخراوی یونیسکۆ لە نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەروەردەو فێرکردن و رۆشنبیریی- لە کۆنگرەی ساڵانەی خۆیدا لە کۆریای باشوور بریاریداوە کە هەردوو پەرتووکی کەپیتال و مانیفیستی حزبی کۆمۆنیست بکاتە ریزی ئەو نووسراوە کاریگەرانەی کە لە ماوەی سەدەی نۆزدە و بیست گەورەترین کاریگەریان بووە لەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و بە دەستکەوتی گەورەی مرۆڤایەتی هەژمار دەکرین.

ئاخرین کتێبێک لەسەر بیۆگرافی کارل مارکس لەلایەن یۆرگن نفە کە لە ٦٠٠ لاپەڕە پێکهاتووە بڵاوبۆوەو تیایدا نوسیویەتی؛ کام بیرمەند لە دنیادا توانیویەتی دڵی خەڵکی گۆی زەوەی وەک مارکس بە قوڵی جێگا داگیر بکات.
لەگەڵ ئەوەی دنیای سەرمایەداری چ بە بازاڕە ئازادەیەکی و سەرمایەداری دەوڵەتیەوە کە هەموو مەرگی مارکس و کۆمۆنیزمیان راگەیاندبوو، ئێستا خۆیان لەسەر گەڕانەوەی مارکس و زەروورەتی دەنوسن. هەروەها وڵاتانێکی وەک چین و روسیاش بایانداوەتەوە بەلای مارکس و ناتوانن جێگاو رێگای ئەو لە دنیای هاوچەرخی سەدەی ٢١ و پاش دوو سەد ساڵ بخەنە کەنارەوە.

ئەوە هەر چین نیە پەیکەری گەورەی مارکس دەکاتە دیاری، ئەوە لیژنەی سیاسی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی روسیاشە بەبۆنەی یادی ٢٠٠ ساڵەی مارکسەوە هەیئەتی ناوەندی ڕاسپاردوە بۆ بەرێکخستنی کۆنفراسی زانستی و عەمەلی نێونەتەوەیی و باقی ئۆرگانەکانی لەسەرتاسەری روسیا کە کۆبووەو سمینار و نمایشگا و شادی رابگەیەنن.
بەڵام بە هەموو ئەو راستی و کارانەی لەسەر مارکس لە یادی ٢٠٠ ساڵەی وتراوەو دەوترێت ،هەموو واقعیەتی جێگاو ڕێگای مارکس و بیرو تیۆری مارکس دەرناخات.
بۆ ئێمە کۆمۆنیستەکان ئەو راستیە، کە باسەکان و کارەکان و تیۆریەکانی مارکس هەم تیۆری زانستی و هەم شۆڕشگێڕانەن، ئەو بیرمەندێک نەبوو تەنیا بنووسێت بەبێ ئەوەی شتێک بخاتە بەردەم کۆمەڵگا،بەڵکو ئەو تاکیدی لەوە کردووە کەفەیلەسوفەکانی پێشتر تەفسیری دنیایان بەشێوەی جۆراوجۆر کردووە ، بەڵام گرنگ گۆڕینی دنیایە.

هەروەها ئەوەشی خستۆتە بەردەم کە ئاڵوگۆڕی ریشەیی لە کۆمەڵگای سەرمایەداری و چینایەتی ئەمڕۆدا بە چینێکی شۆڕشگێڕەوە بەستراوەتەوە کە بەرهەمهێنانی کۆمەڵگا و چەرخەکانی بەرهەمهێنان دەسوڕێنن، ئەویش چینی کرێکاریی وشیارو رێکخراوە لە حزبی چینایەتی خۆیانداو مانیڤێستی حزبی کۆمۆنیستیش بۆ ئەمە نوسراوە.
لێکدانەوە ئابوریە سیاسیەکانی مارکس لە کاپیتاڵدا ئەو رێگایە دەخاتە بەردەم کۆمەڵگا کە سەرمایەداری و هۆکانی بەرهەمهێنان چەندە گەشە بکات و خۆی تازە بکاتەوە بەڵام ناتوانێت لە قەیران رزگاری ببێت چەندەش خۆی سازبداتەوەم دواجار بەهێزی چینی کرێکار دەبێت ژێرەو ژوور بکرێت.

لەکۆتایدا لە یادی ٢٠٠ ساڵەی مارکس و خستنەڕووی دنیا کە پێویستی بە مارکسە و گەڕانەوەی مارکسە، واتە پێویست بوونی ئاڵوگۆڕی دنیا دەگەیەنێت لە دنیای سەرمایەداری ئەزمەگرتووی پڕ لە شەڕو کوشتارو کاولکاری و برسێتی و هەڵاواردن و نەهامەتیەکانی بۆ دنیایەکی ئازادو یەکسان، کە بەدنیایەکی سۆشیالیستی مەیسەر دەبێت، ئەمەش بە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە دەکرێت کە پایەی ئەساسی ئەم ئاڵوگۆڕەش چینی کرێکاریی وشیارو رێکخراوەو جێگاو ڕێگای مارکس لە یادی ٢٠٠ ساڵەی مارکسدا گەڕانەوەی شۆڕشگێڕانەی ئەو چینە دەگەیەنێت.

٢٨/٤/٢٠١٨
نوری بەشیر




چۆن کوشتارو ئاوارەیی لە بۆرما دووبارەو سێ بارە نابێتەوە! … نوری بەشیر:

ئەوەی لەبۆرما ( میانمار ) روودەدات، کوشتارێکە لەسەر بناغەی دینی و قەومی سەری هەڵداوە، ئەوەی کەدەوترێ خەڵکی ئەو ناوچانەی کە ئێستا دەکوژرێن و ئاوارە دەبن و کەمایەتین و بەرگی ئیسلامیان بەبەردا کراوەو ناو دەبرێن بەوەی ئەوەی کەخەڵکی رۆهینگای خەڵکی رەسەنی وڵاتەکە نین و غەیرە دینن، ئەوەی کە رەسمیەت دەدرێت کە زۆربەی وڵاتەکە بەرگی بودی بەبەردا بکرێت، ئەوە حکومەت و دەسەڵاتەکەی رەسمیەت بەوە دەدات و لەشکرکێشی بەناوی حکومەتی زۆربەی بۆدیەوە دەکات و لەنێوان کۆمەڵکوژیەکاندا لایەنگری زۆربەی دەسەڵاتداری قەومی یان دینی دەکات بەدژی کەمایەتی، ئەوە بەرنامە بۆ داڕێژراوە و دەیەوێت شەڕو کوشتار لەسەر ئەساسی قەومی و دینی درێژە پێبدات، ئەوەی فرمێسکی تیمساحی تەنیا بۆ هاو دینەکەی یان هاو قەمەکەی دەڕێژێ، ئەوە ناتوانێت و نایەوێت لەو شوێنانەدا کۆتایی بە کوشتارو ئاوارەیی بێنێت.
بۆ هەموو ئینسانێکی بەویژدان و ئینساندۆست، رۆژانە هەواڵەکانی میدیا لەو تراژیدایایەی ئێستای بۆرماوە، تا کوشتاری بەکۆمەڵی یەزیدیەکان و کوشتارگاکانی تری موسڵ و سوریا چ لەلایەن هێزەکانی بەشار ئەسەدو هێزە ئیسلامیەکانی ترو لەسەرویانەوە داعش لەوڵاتەدا بەرێیان خستووە، تا دەگاتە کوشتاری رۆژانەی یەمەن، ناتوانێت فرمێسک و ئاهو حەسرەت یەخەیان نەگرێت و دژی نەبن، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەگەر کەسانێک نیگەرانیان بۆ ئەو کوشتارە لە نیگای قەومی بوون یان ئیسلامی بوونەوە بێت، نەک ئینسانی بوونەوە، ئەوە تەنیا گۆشەیەک لەکوشتارەکە نیشاندەدات کە رەنگە دووبارەو سیبارە بێتەوە.

ئەوەی کوشتارو ئاوارەیی میانمار، وەک ئەوەی بەرگی بودی زۆربەو ئیسلامی کەمایەتی، قەومی دەسەڵات و بێدەسەڵات، خەڵکی رەسەنی وڵاتەکە و خەڵکی ناڕەسەنی وڵاتەکە و دینی ئەسڵی و غەیرە دینی بەبەردا کراوە و دەبینێت و نایەوێت ئەوە ببینێت کە ئەو کوشتارە چەند بارە دەبێتەوە، ئەوەی کە ئیسلامیەکان لەجیهاندا تەنها فرمێسکیان بۆ ئەوەیە ئەوە ئیسلامیەکانن لە لەوێ دەکوژرێن، ئەوە کوشتی یەزیدیەکان نابینن کەبەدەستی ئیسلامیەکانی داعش کۆمەڵکوژ کران و ژنان کرانە کۆیلەی جنسی، ئەوەی کوشتاری کوردەکان بەدەستی سەدام حسین لەلایەن دەسەڵاتی زۆربەی دەسەڵاتی بۆرژوا قەومی عەرەبیەوە نەدەبینی، بۆ هەمیشە دابەشبوونی کۆمەڵگا لەسەر ئەساسی قەومی بەزۆربەو کەمایەتی دابەشدەکات و لەگۆشەیەکدا رەوایەت دەدات بەکوشتارەکە. ئەوەی کە بۆکۆحەرامی کەمایەتی ئیسلام دەبینێ و کوشتاری ژنان و تیرۆری غەیرە ئیسلام لە نایجیریا رەسمیەت پێدەدات، بەهامەن شێوە تیرۆرو تەقاندنەوەکانی ئەو کەمایەتیە لە جەرگەی ئەوروپا لەژێر ناوی کوشتاری غەیرە دینی ئیسلام رەواج و رەوا نیشاندەدات کە وڵاتانی ئەوروپای گرتۆتەوە لەلایەن داعشی ئێستا و گروپە ئیسلامیەکانی پێشوتری لەچەشنی قاعیدەوە.

کەواتە رۆشنتر بڵێین، کوشتارەکانی ئەمڕۆی جیهان بەبۆرمای ئێستاوە، کە سەرمایەداری و دەسەڵاتە چاوچنۆکە بۆرژوازیەکانیان و کوشتتارو جەنگەکانیان، دەسەڵاتەکانیان بە دەسەڵاتی زۆربەی کۆمەڵگای فڵانە قەوم و فڵانە دین دەناسێنێ و ناونانی ئەوانی تر بەکەمایەتی فڵانە دین و فڵانە قەوم، هەر ئەو دەسەڵاتانەن کەکۆمەڵگا بە دەسەڵاتی بەهێزی پیاو زەعیفری ژنان پێناسە دەکەن و ژنان دەکەن قوربانی بەهەموو شێوەکان و مناڵان رەوانەی بازاڕی کاری گەورە دەکەن.

کاتێک دەسەڵاتی بۆرژوازی و سەمایەداران لەهەر شوێنێکی دنیادا، نایانەوێت کۆمەڵگا لەسەر ئەساسی هاوڵاتی بوون دامەزرێت و ئەم بەرگەی دەکەن بەبەردا، بەرگ کردنە بەری دەوڵەتی هەموو قەوم و دینەکان و هەموو پێکهاتەکان، بۆخۆی ناو هێنانی پێکهاتەیە بەزۆربەو بەکەمایەتی، بە قەومی گەورەو بەقەومی بچوکەوە، بە دینی زۆربەو بەدینی بچوکەوە، وە ئەو کۆمەڵگایە ئامادەیە هەموو کات وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو بتەقێتەوە، هەموو تراژیدیەکانی رەوەنداو بۆسنیامان بیست و بینی و ئێستاش نموونەی بۆرماو، روودانی کارەسات لە عێراقێک کەلەسەر ئەساسی فیدراڵیەتی قەومی و دینی دامەزراوە، لەبەردەمدایە.

بەداخەوە لەغیابی کۆمۆنیزمێکی بەهێز و لەمەیداندابوونی چینی کرێکاری هوشیارو رێکخراو، دەرگای بەڕووی سەرمایەداریدا بەهەموو ئەزمەو فەسادو گەندەڵی و تیرۆرو کوشتارو جەنگ و جیاوازی خوازیەکانیەوە، درێژە بە کوشتارەکانی دەدات و بەردەوام دەبێت لەچەشنی کۆمەڵکوژی یەزیدیەکان، سوریەکان، موسڵیەکان، کوردەکان، یەمەنی و نایجیریەکان و تا دەگاتە کوشتاری رۆژانەی ژنان و بێحومەتی رۆژانە پێیان و نەبوونی هیچ مافێکی مناڵان، ئەم سیناریۆ و تراژیدیە ئینسانیانە بێشەرمانە لە خودی میدیای حزب و دەسەڵاتە بۆرژوازی و سەرمایەداریەکانەوە بڵاودەبێتەوەو نیشانی کۆمەڵگای بەشەری دەدرێت.

ئەگەر هەر ئینسانێکی ئازادیخوازو مرۆڤدۆست، هەر حزب و لایەنێک بیەوێت، کوشتاری میانمارو هاوشێوەکانی دووبارە چەند بارە نەبێتەوە، ئەبێ داوا بکات، یاساکانی بۆرما و هەموو وڵاتەکان بگۆڕێت لەسەر ئەساسی هاوڵاتی بوون دامەزرێت و هیچ بەرگێکی قەومی و دینی و تایفی بەبەردا نەکرێت، ئەمەش بۆ سوریاو یەمەنی سبەینێک و بۆ عێراق و هەروەها کوردستانی دوای جیابونەوەش رەوایە و راستە، ئەگەرنا شەڕەکان هەموو رۆژێک بەبەهانەیەکی قەومی و دینی و تایفی ئامادەیە بەردەرگا بەخەڵکەکەی بگرێت و کۆمەڵکوژی ئاوارەیی ئینسانەکان لەمیدیاکانەوە نیشانبدرێت.

١٤/٩/٢٠١٧




٣١ی ئاب لەکارنامەو سیاسەتی پارتی! … نوری بەشیر

میژووی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی، لەسەرو هەموویانەوە پارتی ویەکێتی سیخناغە لە سیاسەتی نۆکەرایەتی و خۆشخزمەتی بە وڵاتانی ناوچەکەو زلهێزەکانی دنیا… ئەم کارنامەو سیاسەتەشیان بەشێکە لە ماهیەتی چینایەتی ئەم حزبانە وەک حزب گەلێک کەنوێنەرایەتی بەرژەوەندی و سیاسەتی بۆرژوازی و سەرمایەداران و بنەماڵەیی کوردستان دەکەن، ئەمانە بەشێکن لەماهیەتی ئەم حزبانە چ لەشاخ و چ لەشارو لێیان جیانابێتەوە.

٢٧ ساڵی دەسەڵات و کاروکردەوەی سیاسی و نەخشەو کارنامەی ئەم حزبانە لەشارو بەسەر ژیانی خەڵكەوە، پڕاوپڕە لەساتوسەودا و نۆکەری لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە لەچەشنی حکومەتی بەعس، دەسەڵاتەکانی حکومەتانی تورکیا، دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی ئێران و بردنە پێشەوەی ئەجیندای ئەمریکاو غەرب. کۆمەڵگەی کوردستان و هەموو کەسێکی ئاگا شاهیدی سیاسەتی ئەم حزبانەیە، کەچۆن هەمیشە لە بۆشایی و قڵشتی نێوان دەوڵەتەکانی ناوچەکەدا، خەریکی بەهرەبەردارین و هەرجارەی لەگەڵ یەکێک لەو دەوڵەتە چنگ بەخوێن و دڕندانەی سەرمایە دەست تێکەڵ دەکەن و دەبنە جێبەجێکەری سیاسەت و نەخشەکانیان… دەبنە ئەڵقەلەگوێیان و پێش لەشکریان بۆ دەکەن… تا سەدام حسێن و رژێمی بەعس مابوو، هەمیشە ئومێدێکیان پێوەی گرێدابوو تا لەدەسەڵاتی رەشی خۆیان بیانکات بە هاوبەش. کە ئەم دەسەڵاتەش کەوتە بەر سیاسەتی ملهوڕانەو جەنگی ئەمریکا و غەرب، هەر ئەو حزبانەی سەدام حسێنیان بە ئەندازیاری حکومی زاتی دەزانی، ئەم جارە بوونە خۆشخزمەت بە سیاسەتی جەنگی و ملهوڕانەی ئەمریکاو غەرب و لەسەر لاشەی لەخوێن هەڵکێشراوی خەڵکی عێراقدا، بەدوای بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە بوون، وە بوونە بەشێکی بەشدار لە مێژوویەکی رەشی جەنگ و ئابڵۆقەی ئابوری و …تاد. بەدوای نەمانی دەسەڵاتی سەدام حسین و رژێمەکەشیدا، ئیمزایان دا لەدەسەڵاتێکی قەومی عەرەبی مەزهەبی لەچوارچێوەی فیدراڵیزمێکدا کەکێشەی قەومی بەهەڵواسراوی هێشتەوە و بەردەوام خەریکی چەواشەکاری بوون. لەجیاتی ئەوەی کەڵک لە بۆشایی دەسەڵات لە کوردستاندا بەئاقاری سەربەخۆیی کوردستان و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ وەربگرن، بوونە هاوبەش لە دەسەڵاتی عروبی ئیسلامی و شاگەشکەی پۆست و داهات و بەشداری سیاسی لە بەغدا بوون. بەو کارەشیان هەم کێشەی قەومیان بەهەڵواسراوی هێشتەوە لەچوارچێوەی عێراقدا و هەم بوونە ئەژدیهای هەزار سەر بۆ دزینی هەموو داهاتی سەرزەوی و ژێر زەوی کوردستان… قایمکردنی جێپێی سیاسیان بۆ سەرکوتی هەر دەنگ و بزوتنەوەیەکی رەوای خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش لەدژی دەسەڵاتی مافیایی و تاڵانکاریان.

ئەگەر ماهیەت و سیاسەت و نەخشەو کارنامەی ئەو حزبە بۆرژوا ناسیونالسیتە کوردیانە، تاکو دەیەیەک لەمەوبەر لەلایەن کۆمۆنیستەکان و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە ریسوا کرابێت و ئەو کارنامانەیان وەک عادەتێکی هەمیشەییان ناسرابێت. ئەوا ناڕەزایەتیەکانی تا ئێستای خەڵك، دژی پارتی و یەکێتی و بووەتە یەک پەیام و قسەوباسی رۆژانەی جەماوەری بەدژی ئەم هێزانە و ریسوا بونیان، بەتایبەت لەلایەن جەماوەری کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگە لەکارمەندو مامۆستا ولاوان و ژنان و خانەنشینانەوە، کەرۆژانە لەمیدیاکانەوە هاوارو ناڵەیانە بەدەسەت دەسەڵاتی حزبە کوردیە خۆماڵیەکانەوەیە، کەهەموو جومگە ئابوری و سیاسیەکانی کۆمەڵگەیان دەست بەسەردا گرتووەو مافیا ئاسا خەریکی تاڵانکارین.

٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ یەکێک و گۆشەیەکە لە درێژەی ئەو کارنامەو سیاسەتە کە خەڵکی کوردستان شاهیدیەتی… وە بەشیکە لە عادەتێکی هەمیشەیی و کارنامەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە چوارچێوەی جەنگی دەسەڵاتدا. پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسعود بەرزانی، دەستی عادەت ئاسای راکێشا بۆ دەسەڵاتی بۆرژوا قەومی دڕندەی بەعس بەسەرۆکایەتی سەدام حسێن، بۆ تێکشانی رەقیبی هاوبزوتنەوەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی کەئەویش ببوە هاوکاری جمهوری ئیسلامی ئێران و هێزەکانی ئەم رژێمەی سەنگسارو سێدارەیەی پەلکێش کردبوو بۆ کوردستان… بەم کارەشیان کارەساتێکی لەبیرنەچووەوەیان خستە سەر خەرمانی مێژووی رەشیان.

٢١ ساڵ لەمەوبەر پارتی بەئاشکرا دەستی ڕەشی ڕژێمی سەدامی گەیاندەوە سەرخەڵکی کوردستان و کوشتارێکی زۆری لە ئازادیخوازان کرد بە بەرچاوی خەڵکی ناوچەکەو جیهانەوە، کەخەڵکانێکی زۆر، لەمەدەنی و ئەندامانی حزب و لایەنی ئۆپۆزسیۆن لەهەولێر بوونە قوربانی سیاسەت و بەرژوەندیەکانی شەڕخوازانەو دژی خەڵکی پارتی و بەدەستی هێزەکانی رژێمی دڕندەی بەعس، کەزۆرێک لەوانە ئیعدام کران و زۆرێکی تر تا ئێستا بێسەرو شوێنن. وەخەڵکی کوردستان و ئۆپۆزسیۆنی رژێمی بەعسی ئاوارەو خەڵتانی خوێن کرد، تەنها بۆ ئەوەی هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی پاشەکشە پێبکات و تەوازن هێز لەبەرژەوەندی خۆی هاوسەنگ بکات، کەلەوکاتەوە تا ئێستا بەشەڕو کێشەی نێوان ئەم دوو حزبەی کوردایەتی، بەنۆکەریان بۆ وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا، بە تاڵانکاری سەروەت و سامانی کوردستان و عێراقەوە، بەڵام لەبەرامبەر خەڵکی کوردستاندا یەک هەڵوێست و دەست لەناو دەست بوون، هاوکار بوون لەهەژارکردن، برسیکردن، بێ ئاو و کارەبا و بێ موچەیی خەڵکی کوردستان و تیرۆرو راووڕووت و کاری مافیایی و دابەشکردنی کوردستان بەزۆرنی زەردو سەوز. واتە ٣١ ئاب تاکە کارنامەو عادەتی حزبەکانی کوردایەتی نەبووە، پارتی چەندین جاری تر پێشلەشکری بۆ دەبابەو هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا کردوە، شەڕی هێزەکانی حزبەکانی تری کردوە. ساتوسەدای لەگەڵ رژێمی بەعس کردوە. حزبەکانی تری کوردایەتی بەتایبەتیش یەکێتی بەهەمان شێوە، تەنیا لەبەرامبەر مانەوەی دەسەڵاتیان بۆ بەرژەوەندی کەمایەتیەک و برسیکردنی زۆربە لەکۆمەڵگەدا، دەستیان لەهیچ تاوانکارییەک و نۆکەرایەتیەک نەپاراستووە.

راستە خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگە دژی یەکێتی و پارتی و سیاسەتەکانیان هەن، دژی کارنامەی پارتین لەوانە ٣١ ئابن لە هێنانەوەی بەعس بۆ کوردستان، بەڵام هێشتا ئەم خەڵکە بەش مەینەتە ئەم برسی و ڕەش و رووتە، ئەم خەڵکە بێ موچەو ئاوو کارەبایە، ئەو خەڵکە کەسوکار تیرۆرکراوانە، هێز گەلێکی کوردایەتی کە دژی مەدەنیەت شارستانیەیە یارمەتی دەری کۆنەپەرستیە، بەڵام هێشتا ئەو خەڵكە ریزی خۆی لەسیاسەت و ماهیەت و کارنامەی بۆرژوا ناسیونالیزمی کورد جیا نەکردۆتەوە، خۆشخەیاڵی بەو هێزانەو بزوتنەوەی کوردایەتی لەکۆمەڵگەدا وقعیەتێکی تاڵە. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی هەر کاتێک ئەم هێزە ناسیونالیستانە روپۆش و ناوی خۆی بگۆڕێت و لەژێر روپۆشیکی تردا سیمای درۆزنانەی بشارێتەوە، قابیلی ئەوە هەیە خەڵك شوێنی ئەو خەتە نوێیەو ئەو دەموچاوە تازەیەی ناسیونالیزمی کورد بکەوێت کەهەمان کارنامەو سیاسەتی پارتی هەیە.
٣١ی ئاب وەک کارنامەو سیاسەتێکی پارتی کە ناتوانێت لە ماهیەت و کارەکانی ناسیونالیزمی کورد و پارتەکانی جیابێتەوە، قابیلی فەرامۆشکردن نیە، قابیلی ئەوەیە لەلایەن حزبەکانی کوردایەتیەوە دووبارەو سێ بارە بێتەوە. پەڵەیەکی ڕەش و شەرمەزاریە بەنێوچەوانی پارتی و ناسیونالیزمی کوردەوە.
بۆیە رێگاچارەی خەڵك بۆ دووبارە نەبوونەوەی کارەسات و مەرگەسات و یاریکردن بەچارەنوسیان، هاتنە مەیدانێکی ئاگایانەو رێکخراوبوون و خۆجیاکردنەوەیە کە لەکارنامەو سیاسەت و ماهیەتی ناسیونالیزمی کورد. خەڵکی کوردستان بۆ رزگاریان لەدەست ئەم دەسەڵاتەو ئەو مەرگەسات و تراژیدیایانەی لە چەشنی ٣١ ئاب، پێویستە دەستبەرن بۆ رێکخراوکردنی رێزەکانیان لەدەرەوەی سیاسەت و بەرنامەی ئەم حزبانە، و پێویستە بەشوێن رێگاچارەی گونجاوو کارسازی خۆیانەوە بن کەهێزو دەسەڵاتی ئەم نوێنەرانەی بۆرژوازی لەکوردستان بۆ هەمیشە دەستکۆتا بکەن.




ناڕەزایەتی دژی سەرمایەداری وڵاتانی G20 لە هامبۆرگ …. نوری بەشیر


هەلومەرجی بەستنی کۆبوونەوەی ئەمساڵی گروپی ٢٠:

کۆبوونەوەی ئەمساڵی گروپی ٢٠ لەکاتێکدا دەبەسترێت، کەسەرمایەداری لەدرێژەی ئەزمەیەکی ئابووری کە لە ٢٠٠٨ وە دەستی پێکردوە دەورانی خۆی بەسەر دەبات، هەروەها دەوڵەتانی سەرمایەداری دەرگیری کێشمەکێش و لێکدابڕانێکی ریزەکانی بووە بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوری و سیاسیەی کە یەخەی گرتوون، کەدەورەی یەک تا جەمسەری و یەک قوتبی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا دەورانی خۆی تەواو کردوەو ئێستا دەورانی چەند جەمسەری خۆی نیشاندەدات. لەلایەک جەمسەری روسیاو چین و هاوپەیماننانی، لەلایەکی ترەوە جەمسەری ئەمریکاو هاوپەیمانانی و هەروەها ریزەکانی ئەوروپای یەکگرتوو وەک پێشوو لە جەمسەری ئەمریکا بەهۆی لەدەستدانی جێگاو رێگای سیاسی و ئابوری ئەمریکا وەک پێشوو نەماوەو هەم ریزەکانی شلوێ بووەو وڵاتانێک دەیەوێت بەتەنیاو لەبەرژەوەندی ئابوری و سیاسی خۆی روو لەبەرژەوەندییە تەنیاکانی خۆی بکات لە چەشنی بریکزست کە حزبی پارێزگاران و حزبی قەومپەرستی بەریتانی UKIP دەستی بۆبرد، هەروەها کێشەکانی ئەوروپا لەگەڵ تورکیا و زۆرێکیان لەگەڵ روسیا، وە کێشەکانی ئەمریکاو روسیا لەسەر سوریاو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها نەبوونی ئەلتەرناتیفی حکومەتی ئەمریکاو غەرب بۆ وڵاتانی ئەزمە گرتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کێشەکان لەسەر کۆریای باکور، هەموو ئەمانە کێشە گەلێکی چاوچنۆکی دەوڵەتانی سەرمایەدارین لەبەرامبەر بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی خۆیاندا و ئەزمەیەک کەتێیدان.

بەڵام هاوکاتی ئەم کێشە ناوخۆییانەیان، سەرانی سەرمایەداری دەگیری ناڕەزایەتی بەرفراوانن لەدنیادا، کەنموونەی ناڕەزایەتی جەماوەری کرێکار و کەمدەرامەتی کۆمەڵگاو حزب و رێکخراوە چەپ و سۆشیالسیت و بەرەی ئازادیخوازە لەدنیادا، کە جیا لە ناڕەزایەتیە فراوانە جەماوەریەکانی ئەمریکاو بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و تورکیاو وڵاتانی کە لەدنیادا لەچەند مانگی ئەمساڵدا بەشێوەی ناڕەزایەتی پۆپۆلیستی دەرکەوتن، هەروەها ناڕەزایەتی بەرچاو بە سەرانی دەوڵەتانی سەرمایەداری جیهانی وڵاتان لە گروپی ٢٠ کە رۆژەکانی ٧و٨ی ئەم مانگە لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا ئەنجامدارا، نموونەیەکی واوەتر لە ناڕەزایەتیە پۆپۆلیستیەکانی دەورەی پیشوتر چەپانەتر بوو.

سەرانی گەورە وڵاتانی سەرمایەداری، کە جیهانیان لەناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا کۆنترۆڵ کردوەو هەروەها بازاڕی جیهانیان بەپێی بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداری دەبەن بەڕێوەو کۆمەڵگەیان بۆ کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەت کردووە بە جەنگەڵستان و زیندان و کوشتارگە، رووبەڕووی ناڕەزایەتیەکی گەورە بوونەوە کە لەچەند رۆژی پێش کۆبوونەوەی گروپی ٢٠ و تا چەند رۆژ دوای کۆبوونەوەکەش سەرنجی دنیای بەرەو خۆی راکێشا. ئەم ناڕەزایەتە نەک لە لایەن دەوڵەتی ئەڵمانیا و مێرکلەوە چاوەڕێ نەدەکرا، نەک بۆ سەرانی وڵاتانی جی ٢٠ یش چاوەڕوانی ئاوا ناڕەزایەتیەک نەبوون، بەڵکو بۆ هەموو وڵاتانی سەرمایەداری جیهان و دەوڵەت و دەسەڵاتیان زەنگێک بوو، کە سیستەمی سەرمایەداری و چەوسانەوەو سەرکوت و کوشتارو نابەرابەری و جەنگەکانی بەجۆرێکە بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی قابیلی قبوڵ نەماوەو مرۆڤایەتی بەمشێوەیەی ئەمڕۆ و لەژێر سایەی ئەو دەسەتەجاتە مافیایەی ئەمڕۆ کە دەسەڵاتدارانی دنیان، هەناسەی لە زۆربەی زۆری کۆمەڵگەکان بڕیوەو زەرورەتی ئەوەی هەیە کە هەڵپێچرێن و بڕۆن.

سەرانی وڵاتانی سەرمایەداری گروپی ٢٠ ئەوەیان دوپات کردەوە لەگەڵ هەرکێشەو و ناکۆکیەک هەیانە، بەڵام لەبەرامبەر بەرژەوەندی و یەکریزی چینی کرێکارو چەپ وکۆمۆنیزمدا یەک هێزن و ناکۆکیەکانیان دەخەنە لاوەو وەڵامێكیان بۆ باشترکردنی ژیان و نەهامەتیەکانی کۆمەڵگە نییە.

گروپی ٢٠ لەکێ پێکاتوەو کارەکانی چیە؟

وڵاتانی گروپی ٢٠ کەپێکهاتووە لەم وڵاتانە ” ئەڵمانيا، بەريتانيا، ئەمریکا، فەرنسا، ئیتاليا، توركيا، روسيا، چین، يابان، ئوستراليا، هندستان، كەندا، ئەرجەنتين، بەرازيل، مەكسيك، كۆريای باشور، ئەندەنوسيا، ئەفریقای باشور، سعوديە و هەروەها یەکێتی ئەوروپا”، کەبەجیا لەسەرانی ئەم وڵاتانە کۆمەڵیک لەرێکخراوە جیهانیەکانی تریش بەشداری دەکەن، وەک ” بانکی نێودەوڵەتی، رێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی، رێکخراوی گەشەپێدان و هاوکاری ئابوری، رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان، سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی، و هەروەها سەرانی وڵاتانی بەشدار مافی ئەوەیان هەیە سەرانی وڵاتانی تر لەدەرەوەی گروپی ٢٠ بانگێشت بکەن و هەروەها بەدوای ئەزمەی ئابووری ٢٠٠٨ دا کەیەخەی سەرمایەداری گرت بەناچار کۆبوونەوەکانی چووە ئاستی سەرانی وڵاتەکان و کۆبوونەوەکانی ساڵانە دەکات بەئامادەبوونی وەزیرەکانی ئابووری و مدیری بانکە گەورەکان.
ئەگەرچی گروپی ٢٠ بەناو وەک چوارچێوەیەکی هاوکاری و کۆمەکی ئابووری پێکهات بۆ هاوکاری ئابوری و ماڵی و کاری بازرگانی وڵاتانی ئەندام، کە لە وەزیرە ئابوری و سەرانی بانکەکانی ٧ وڵاتی گەورە پێکهات، بەڵام لە کۆبونەوەی سەرانیان لە ١٩٩٩دا بڕیاریاندا لە سەرانی ١٩ وڵات و ئەوروپای یەگرتوویان بۆ زیادکرد وە وەک وڵاتانی گروپی ٢٠ بەردەوامی بەکارەکانیان بدەن و بەو ناوەوە ناسرا. کاری ئەم گروپە و کۆبوونەوە ساڵانەکانی، بەهۆی ئەوەی ئەزمەیەک یەخەی گرتوون لەدنیادا و بەسەریاندا نەشکێتەوەو پێچەوانەی کەنەوە بەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و چینی کرێکار بەتایبەتی بزوتنەوە سۆشیالستی و ئازادیخوازەکان لەدنیادا، بۆیە مەسائیلە سیاسیەکانیش لەپاڵ کاری ئابوری و بازرگانی ئەولەویەت پەیدا دەکات بۆیان، کۆبوونەوەی ئەمساڵ لەدەوری ئەم چەند خاڵە تەوەرەی بەستبوو: بازرگانی جیهانی، جەنگی سوریا، تاقیکردنەوەکانی چەکی کۆریای باکور، ئەزمەی پەنابەران، ئاڵوگۆڕی ئاو و هەوا.

ناڕەزایەتی چەپ و ئازادیخوازان بەسەرمایەداری لە هامبۆرگ:

لەچەند رۆژ پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی سەرانی سەرمایەداری گروپی ٢٠ لە هامبۆرگ، چەپەکان کەپێشتر ئامادەکاریان بۆ کردبوو و هەروەها کۆبوونەوەی بەرەی ئازادیخواز لەدەوریان و لە چەند جێگا بەرەسمی شوێنیان گرتبوو و توانیبوویان چادری تێدا هەڵدەن و بەکەمپی دژی سەرمایەداری ناودەبرا، توانیان بەچالاکی جۆراوجۆر بە بەدژی وڵاتانی بەشداری گروپی ٢٠ و دنیای سەرمایەداری و نەهامەتیەکانی بۆ مرۆڤایەتی بنوێنن و نەک تەنیا نەزەری خەڵکی ئەڵمانیا و حکومەتی سەرمایەداری ئەڵمانیا و مێرکڵ راکێشن، بەڵکو روو بەدنیا و میدیا لەجیهاندا ببێتە گەرمترین باسەکانی رۆژ، وە ئەو بەرە فراوانە کە گەورەترینی خۆی لەچەپەکانی ئەڵمانیا و ئازادیخوازانی ئەو وڵاتەدا دەبینیەوەو هەروەها چالاکوانی کۆمۆنیستی وکرێکاری و کوردەکانی سەر بە پەکەکە و پەیەدە و ئەنارشیستەکانیش بەشدار بوون تیادا، هەروەها بەهەزاران کەسی تریش لەچەپ و ئازادیخوازانەوە لە وڵاتانی تری دنیاوە پەیوەست بوون پێیانەوە. ئەگەرچی پۆلیس و دەزگاکانی تری حکومەتی ئەڵمانیا هەر لەرۆژەکانی ٤ی مانگەوە ویستیان ئەو شوێنانە بەناڕازیان چۆڵ بکات و ویستی بەزۆرو هەڕەشەو هێنانی چەک و ماشێنی جەنگی و هەلیکۆپتەرو چەکی گازی فرمێسک و ئاو رێژ و دەیان هەزار پۆلیس لەسەرتاسەری ئەڵمانیاوە بۆ چاوترسێن ئامادە بکات، بەڵام ئەمانە دادی نەدا، وە بەبەشداری سەدان هەزار کەس ئیشارەی پێدەدرێت، ئەگەرچی هەندێ لە میدیای بۆرژوازی دەیەوێت بچوکی کاتەوە بۆ ٧٥٠٠٠٠ هەزار بەڵام زۆربە لەسەر ئەوە کۆکن کە بەشداربوانی ناڕازی بەسەرمایەداری سەروی ٠٠٠ ١٠٠ هەزاری کەسی تێپەڕاندووە.

ناڕەزایەتیەکانی رۆژانی ٤ تا رۆژی ٨ مانگ کە تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی سەرانی سەرمایەداری وڵاتانی گروپی ٢٠ بوو، تەنیا ناڕەزایەتی نەبوو بەسەرانی ئەو ٢٠ وڵاتە، بەڵکو ناڕەزایەتی بوو بە کولی نیزامی سەرمایەداری و نەهامەتیەکانی، ناڕەزایەتی بوو، یەک بەیەک وڵاتانی سەرمایەداری جیهانیی و سەرانیان کەبەهەموو کێشەو ناکۆکی و بەرژوەندیە ئابوری و سیاسیە جیاوازەکانیانەوە لەجۆرەها بەرەو گروپ و دەستەجاتی بازرگانی مافیایی کۆبوونەوەتەوە لەبەرامبەر چینی کرێکار و بزوتنەوەی رادیکال و چەپ و ئینساندۆستی و کۆمۆنیستی چینی کرێکاردا.

ئەگەر نموونەی رۆشنتر بهێنینەوە؛ لەکاتێکدا حزبی پارێزگارانی بەریتانیا و تریزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ریزی ئەوروپای یەکگرتووی هاوەڵانی جێدەهێڵێت بۆ بەرەژوەندی وڵاتی خۆ، بەڵام لە گروپی ٢٠ دا دەمێنێتەوەو بەشداری دەکات. لە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکاو وڵاتانی تردا بۆ بۆ بەرێخستنی کوشتارگا لە عێراق و سوریا و یەمەن و لیبیادا بەرەی دژی خەڵکی و بۆ بەرژەوەندی خۆیان پێکەوەن. ئەوەتا بۆ هەموویان ئاشکرایە کە ئۆردوگان و دەوڵەتی تورکیا نەک بەدژی سەرجەم خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی تورکیا و کوردەکان دەکوژێت و دەبڕێت، هەروەها لەبەرەی داعش و کۆنەپەرستیدایە، بەڵام لەگەڵ خۆیاندا لەگروپی ٢٠ و چەندین دەستەجاتی تری بۆرژوایدا دایدەنێین. کێشەکانی ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ روسیا و پۆتین کەم نین، بەڵام لە گروۆی ٢٠ و کۆبونەوەکانی ئەستانەو جنێف هاوکارن و پێکەوەن بەدژی بەرژەوەندیەکانی خەڵک مانەوەی بەرژەوەندی خۆیان دەپارێزن. بۆ حزب و دەستەجاتە ئیسلامی و قەومیەکانی عێراق و کوردستانیش وایە لەگەڵ هەر ناکۆکی و کێشەیەکدا هەیانە، بەڵام لەبەرامبەر پاراستنی کورسی و دەسەڵات و دژایەتی خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتدا یەکدەست و ناکۆکیەکانیان دەخەنە لاوەو یەکدەگرن و خۆیان سازدەدەنەوە.

دەرسەکانی ناڕەزایەتی دژی سەرمایەداری لەهامبۆرگ:

ناڕەزایەتیە جۆراوجۆرەکانی چەند رۆژی هامبۆرگ بەدژی سەرمایەداری و سەرانی سەرمایەداری وڵاتانی گروپی ٢٠، چەندین بەش و شێوەی بەخۆوە گرتبوو، وە دەرسێکی باش دەخاتە بەردەم کۆمۆنیستەکان و چینی کرێکار. چالاکیەکان لەنمایشی سەرشەقامەکان بەشێوەی زومبی ” مردووە زیندوەکان ” و نمایشی ناو ئاو بە بەلەم و رێگا گرتن و شکادنی تەوقی پۆلیس و ئاهەنگ و دانسی شەوانەو رووبەڕوو بوونەوەو تا دەگاتە لافتەو شیعارەکانی ” بەخێر بێن بۆ دۆزەخ، نا بۆ سەرمایەداری، نا بۆ کۆبوونەوەی گروپی ٢٠، بەڵی بۆ یەکێتی و هاوپشتی جیهانی، نا بۆ جەنگ”، بەو دەلیلە ناڕەزایەتیەکی بەرەی چەپ و ئازادیخوازو هەتا چینایەتی بوو لە شیعارەکاندا وە کۆبوونەوە بوو لەدەوری چەپ و لەسەر بانگەوازی چەپەکانی ئەڵمانیا بوو.

ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیە بەپێچەوانەی ناڕەزایەتیەکانی دەورەی دوای دەنگهێنانی ترامپ کە زیاتر پۆپۆلیستی بوون و هەتا ناو و جێگاو رێگای چەپەکانی تیدا چووە سەرەوەو بەجۆرێک دەورەیەک بوو هەتا دەتوانیین بڵێین لەچەپی ناو لەیبەر بەڕابەری جێرمی کۆربنی زیاتر هێنایە سەرەوە. بەڵام دەرسەکانی یۆنان لەهاتنە مەیدانی ناڕەزایەتیەکانیی چینی کرێکار کە چەپی وەک سریزای بردە سەرەوەو تاسیری ناوچەیی دانا و پۆدیمۆسی لەئیسپانیا و جیرمی کۆربنی لەبەریتانیا هێنایە سەرەوە، بەڵام بەداخەوە خۆی نەیتوانی وەڵامدەرەوەی هەلومەرجی یۆنان بێ لەزەمینەسازی بۆ دەسەڵاتی چینی کرێکار کەزۆر لەبار بوو، یۆنان بە روسیای ١٩١٧ دەچوو، بەڵام ئەمیان لە حزبی بەلشەفی و رابەرەکەی لینینن بەهەرەمەندبوو، بەلام یۆنان نا.

ناڕەزایەتیە چەپیەکەی هامبۆرگ و دەنگدانەوەی جێگاورێگای چەپ بەدژی سەرمایەداری و بێبەهەرەمەند بوون لەحزبی کۆمۆنیستی و کرێکاری رێکخراوو مەیداندار، جارێکی تر چەپ دەبێتە زەخیرەیەک وەک بزوتنەوە پۆپۆلیستیەکان و دەچێتە گیرفانی هێزە سوشیال دیموکرات و چەپێک تەنیا شیعارە ریفۆرمیستیەکان بەرزدەکاتەوە و دەبێتە ئۆپۆزسیۆن لەبەرامبەر باڵی راستی بۆرژوازی بۆ چوونە دەسەڵات. چەپێک کە ئێستا لەدنیادا مەوجودە هێندەی حاشیەیی و مەیدانداری کەمپینی ناڕەزایەتیە هێندە چەپی دەسەڵات نییە، بۆ ژیرەوژورکردنی سەرمایەداری و دامەزراندی سۆشیالیزم نییە، بۆیە بەدوای ناڕەزایەتیەکان دەچێتە ماڵەوەو لەباشترین حالدا باڵی سۆشیال دیموکراتی ناو دەسەڵات و هێزی پۆپۆلیست تیادا مەیداندار دەبێت. بەبێ بوونی حزبی کۆمۆنیستی چینی کرێکار بۆ دەسەڵاتی سیاسی، چەپ لە کێشەکانی کۆمەڵگەدا ئەنجامەکەی لەبەرژەوەندی دەسەڵاتی بۆرژوازیدا تەواو دەبێت.

١٣/٧/٢٠١٧