گشتگیریی!.. شیعری: یۆوانا سکلەڤینیتی.. و: ئومێد قەرەنی

واژەکان وەل گشتگیرییەکان دەجەنگن *
ئەمن تامەزرۆی ڕابوونەوەم
لەو رێیەی ’پێداگریی’ وەبەرچاوانم تێپەڕین.
کات قۆشمە دەکا
ئەوان لە کاتژمێرە لمینەکان وێڵدەبن…
نێوەڕۆکە ڕووکەشەکان لە تۆزێم وەردەپێچن
ناونیشانە ڕواڵەتییەکان هەڵدەگێڕمەوە
هەمووی تێکڕا گشتگیرییە
چوارڕیانی ڕێکەوت یان جادووی خاپاندن؟
دەترسێم چیدی ئەو کیژە نەبینمەوە
وەسەر دەریادا دەڕۆیشت و گازی دەکردم
“دە وەرە، وەرە، هوون ژی دکارن” !
لە هیکڕا باران دەبارێ
یارۆیان دەبینم سەمادەکەن و سترانان دەچڕن
هاوڕێم، ئەوان بە دین و دەلوت دەزانن**
شمشێرەکەت لەبیرنەکەی
ئەگەر نیتە کوریکە سۆرەیێ بشەکێنەوە.
شەوەکان تەنیان
پڕن لە ڕاز و پاڕانەوە و پەرستن
ئازار گەمارۆتدەدا
روخساری رەنگ لەبەربڕا و دەمامکی دووڕوویی
مەگری چونکێ گشتگیرگەرایان خڕیان وێرانکرد
ئەو ماڵە هێشتا ڕۆناکە
درەختەکان باوەش بە ڕێبواراندا دەکەن
گۆڕەکان هاتنەگۆ
لێ ئەوانەی لە سەرەمەرگن نایژنەون
ڕاوی سێبەری خۆیان دەکەن
یان سێبەر ڕاویاندەکا !
با پیاسەیەک بکەین
دەمەوێ چاوزارێ لە لمدا وەشێرم
نهێنییەک لەمێژە سەرگەردانە
چاوەڕێی جەستەیەکە بیگرێتەخۆی…
ئەمن تامەزرۆی یەك ڕابوونەوەم
لێ ئەتۆ وە زوانێکی دیکە دەدوێی !

*وەل: لەگەڵ، دەگەڵ، پێڕا، پێکڕا، وێکڕا، پێکەوە
*دین و دەلو: شێت، کەسێک کە لە ڕووی دەروونییەوە کەموکورتی هەیە

و: ئومێد قەرەنی

یۆوانا سکڵەفینیتی: هۆزانڤان و شانۆکارە لە ساڵی ١٩٨١ لە لێفکادا لە یۆنان لەدایکبووە. تا ئێستا دوو کۆمەڵە هۆزانی هەیە: یەکەمیان ”مانگەکانی چێژ”، بڵاکراوەی (پنۆنی) ٢٠١٧، دووەمیشیان ”دوا شەوی پۆمپیاس”، بڵاوکراوەی (کیما) ٢٠٢٤. هەنووکە لە ئەسینا دەژی. بەشی شانۆی لە یۆنان و بەریتانیا خوێندوە.

  • وەل: لەگەڵ، دەگەڵ، پێڕا، پێکڕا، وێکڕا، پێکەوە..
    ** دین و دەلوو: شێت، دێوانە، ئەو کەسەی لە ڕووی دەروونییەوە کەموکوڕیی هەیە.



وەک مۆلۆتۆڤ لەسەر شەقام!.. ئومێد قەرەنی

ئەو شیعرەم بۆ خۆمە؛
ئەتۆ بڵێی
لەبری هەموو ئەو شەوە تاڵانەی
کە سەرخۆش بووم بۆ خنکاندنی ترسەکانم
جیهانێکی دیکە هەبووبێ بێ پۆلیس؟
هەسارەیەک بێ توندوتیژیی؟
ئەستێرەیەک بێ بەدبەختیی؟

ئەو شیعرەم بۆ یارە؛
کاتێ تەنیاییم وەک تیغێکی تیژ
لەسەر دەماری ملی ڕووتی دادەنێم.
ئەو شیعرەم بۆ هاوڕێیەکانمە؛
کاتێ ئارەقە لە هەنیەیانەوە دادەچۆڕێ
سەختە بزانی رەنگی پانتۆڵەکانیان چیە،
ژێر نینۆکەکانیان ڕەنگاوڕەنگە
هەڵسوکەوتیان بە دڵی تۆ نییە،
نازانن سیستەم چیە!
کەچی دەوڵەت، هەموو ڕۆژێ
لە ڕێی تەزووی کارەباوە
لە ڕێی بۆڕیی ئاوەڕۆوە
دێتە نێو ماڵەکانیانەوە!

ئەو شیعرەم بۆ خۆمانە؛
کاتێ ئایندەمان تا سبەی دەڕوا
ئێستامان تا دوێنێ
ئەمڕۆمان لە بۆشاییدایە.

ڕەنگە دوا جار ئەو شیعرەم هەر بۆ خۆم بێ؛
هیچم نییە لێی بترسم
هیچم نییە لە دەستی بدەم
دەمەوێ سبەی ئومێدێکی دیکە بم
یەک دەم بژیم و ونببم
وەک یاریی ئاگرین لە ئاسماندا
وەک مۆلۆتۆڤ لەسەر شەقام!

ئومێد قەرەنی




نامەیەک بۆ مرۆڤە رامنەکراوەکە! بۆ خریستۆس براڤۆ2.. نووسینی: لێفتێریس چۆنیس1.. وەرگێڕانی لە یۆنانییەوە: ئومێد قەرەنی

ئەگەر ئەم نامەیەت پێگەیشت
هەر چۆن هەیە دڵنیامکەوە لەو پەیامەی
لەو چارەنووسەی دەیزانم و دەیبوغزێنم
خەونەکانم بۆ لێکدەوە
لە شنەبای پەنجەرەکە تێپەڕە و
بە دزییەوە گەڵایەکان بلاوێنەوە
وەگەرنا با وە سەمایان دەخا.

ئەو شەوانەی خەستەخانە دەروونییەکان دەدرەوشێنەوە
بە گۆرانییەک لە پشتی پەرژینەکەوە دەستپێدەکەی
بە دێڕەکان هێرشدەبەی.. لە تاریکیی هەنگاودەنێی
زایەڵەی نیشتمانی یاخییە غەمگینەکانی.

من لە گۆرانییە ناسازەکەی ئێستاوە بۆت دەنووسم
ناوم (لێفتێریس)ە و نە پەرژینێک دەبینم نە ئاسمان؛
لێرە برووسکەکان لە سینەدا دەگرمێنن.

میکانیزمە نامۆیەکان.

گوتی ”وەرە ژوورەوە”
ئەمنیش وەمکرد
دەتگوت ئەوە یەکەم جارە بەر ”با” کەوم
دەنگیشی دەهات ”وەرە ژوورەوە”
ئەو پێیگوتم.. ئەمنیش وەمکرد..

پازلی هەزار پارچەیی.

هەڵەگەلێک ڕوویاندا
لە نێوەڕاستی ژوورەکەدا
لەسەر بەڕەکە پەرشوبڵاوبوونەوە
پارچەکانی، بە هەزار ناوەوە
ڕوخساری مە بوون.

سوور .

لە دیمەنەکە
تەنیا شتێک کە وەبیرم نایە
ئەو گوڵەیە کە پۆشیبووت
بۆنی سرووتی لیتانی ٣
لە هەموو شوێنێک دەپڕژاند.
ئەرێ وەبیرمە، پەلکەکانی پەژموردە بوون
ئەوەشم لەیادە!

دەکۆشام پێت بڵێم، دەڵێ
کە مردبووم

یان، ڕەنگە… نا!

سوور بوو.


١- لێفتێریس چۆنیس (Lefteris Tsonis – Τσώνης Λευτέρης): ساڵی ١٩٨٤ لە ئەسینا لە دایکبووە. هەر لەوێش دەژیێ و کاردەکا، دوو کۆمەڵە شیعری بڵاوکردۆتەوە: (”مەیزانیی”، بڵاوکراوەی ئێکاتی، ٢٠١٥) و (”کرتەی تاریکییبەخشی دوگمەکە”، بڵاوکراوەی ئێکاتی، ٢٠٢٣). لێفتێریس چۆنیس بەوە دەناسرێتەوە کە خوێنەر پەلکێشی نێو گێژەلوولکەی وشە و زمان دەکا، جیهان لە شیعرەکانیدا وەک ڕەنگدانەوەیەک لە پڕێکدا دەکرێتەوە و وندەبێ.. چونکە وێنەکان وەکو ئەوەن کە لە ناکاو هەڵکرێن و بکوژێنەوە، لە شیعرەکانی تەنها جەخت لەسەر ڕووی دەرەوەی شتەکان ناکاتەوە بەڵکە رەهەندە ناوەکییەکانیش ئاشکرادەکا، چیڕۆکی گچکەگچکەن کە گەشتی دەروونیی شاعیر و خەڵکی دەوروبەری وێنە دەگرن، بێدەنگییەکان هەڵدەکۆڵن. شیعرەکانی لێفتێریس لە ئەنتۆلۆژیایی شیعری هاوچەرخی یۆنانیی جێگیرکراون و بەردەوام لە ڕۆژنامە و گۆڤارە چاپکراو و ئەلیکترۆنییەکان بڵاودەکرێنەوە.

٢- خریستۆ براڤۆ: لە (لێفتێری – نووسەری شیعرەکە)م پرسی: – بۆچی ئەم شیعرەت بۆ خریستۆس براڤۆیە؟ گوتی: – ئاخر خریستۆس بە شیعرە کورتەکانی راستەخۆ لەگەڵ دڵمان قسەدەکا تەواوی یادەوەریمان زیندوو ڕادەگرێ، زۆر جار بەسەر نەوەی وێژەیی هەفتایەکان هەژمار دەکرێ.. لێ ئەو زۆر تایبەت بوو و ڕێچکەیەکی جیاوازی شیعرییشی هەیە، شیعرەکانی چڕوپڕ و مۆسیقا ئامێزن و دەچنە قووڵایی ڕووداوەکان، ئەو سەختیی و نائومێدییەی کە ئەو کات خەڵکەکەمان تێیدا دەژیان زیندووڕاگرتوە.
خریستۆس لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا نەژیاوە، لێ باوکی و هاوگوندییەکانی ڕووداوەکانی شەڕیان بۆ گێڕاوەتەوە کە کاریگەرییان لەسەری درووستکردوە، ئەو لە ساڵی ١٩٤٨ واتە ساڵێک بەر لە کۆتاییهاتنی جەنگ لە دایکبووە، باوکی جەنگاوەری سەر بە سوپای دۆڕاوەکان بووە لە شەڕی ناوخۆدا، داپیری فێری گێڕانەوەی سەربردە و ئەفسانە و گۆرانییە میللیەکانی کردوە، بیروەرییەکان و نووسینەکانی بە شێوەیەکی فرە سەرنجڕاکێش دەچنە نێو ناخ و جێپەنجەی خۆیان دەنەخشێنن. خریستۆس لە ساڵی ١٩٨٧ بە نەخۆشیی لە تەمەنی ٣٩ ساڵیی کۆچی دوایی کرد.
٣- لیتانیا (λιτανεία): واتە ڕێپێوانی ئایینی، سرووتێکی دینیی مەسیحییەکانە.

لە یۆنانییەوە: ئومێد قەرەنی




کۆنە ستران… ئومێد قەرەنی

کۆنە ستران…

پێویست ناکا لەبیرت بێ،
ئێمە دەزانین

مردن، شەوێکی کێوی و
پارچەیەک نانی ساردە
کە لە هەوادا هەڵواسراوە

ئەوەشی کە هەرگیز ناگەرێیتەوە،
بەردەوام ژیان شیرین دەکات…

خائینی بچووک

من
هەرگیز بەشداری
ئەو جەنگانە نە دەبووم
کە منداڵانی گەڕەک بەرانبەر
گەڕەکێکیتر بەرپایان دەکرد،
ئەویش بەخاتری
هۆیەکی بــــچـــووک،
چونکە
هاوڕێگەلێکم
لە گەڕەکی دوژمن هەبوون
لەگەڕەکی خۆمان
‌بەردەوام بە خائینیان دەزانیم !

کۆڵانەکانی دنیا

دنیا ئێمەی
بەرەو ئەم کۆڵانانە برد
یان ئەم کۆڵانانە
ئێمەیان گەیاندە دنیا؟




“وێنەی ژن لە چەند گۆشە نیگایەکەوە” … ئومێد قەرەنی

لە کۆمەڵگە بابسالاری و ئایینەکان ڕوانگەی عەقڵی کۆ پتر لەپێکھاتەی بایۆلۆژی ژنەوە سەرچاوەدەگریت، ئەم شێوە ڕوانینەش لەوەوە سەرچاوەی گرت کاتێک جیاوازییە بایۆلۆژیەکان کرانە بنەما و ھۆکاری جیاوازی کۆمەڵاتی، واتە دابەشکردنی کار، ڕۆڵ، پێگە و دەستنیشانکردنی مافەکان لە نێوان ژن و پیاودا لە قۆناغە بەراییەکانی مرۆڤایەتی و بەسترانەوە بەجۆر و ڕۆڵی بایۆلۆژی. ئەمە بووە سەرچاوەیەک بۆ ھاتنەکایەی بابەت و پرسی جیاوازی ڕەگەزی.
جیاوازی ڕەگەزی بەو واتەیە نزیک دەبێتەوە لە چەمکی جیاوازی کۆمەڵایەتی، کەبریتیە لە جیاوازی نێر و مێ، بەھۆی ستەمی باڵادەستی ڕەگەزێک و پەسندکردنی تاک ڕەچەڵەکی بەسەر ڕەگەزەکەی تر، کە ژنە سەری ھەڵداوە. بەدەر لەمەش جیاوازی لەسەر بنەمای ڕەگەز سەرەڕای ھۆکارە بایۆلۆژیەکان، بەرھەمی کۆمەڵگەو بارودۆخێکی دیاریکراوە،پاڵپشت بە جیاوازیە کولتووریەکان کە ئەزموونێکی مرۆیی دوور و درێژی ھەیە،وای کردووە ڕەگەزێک لەبەرانبەر رەگەزێکی دیدا لەزۆرێک ئەرک و ماف بێبەشبێت.

ڕاستیەکەی ئەو کەلەپوورەی حوکمی نێر و مێ دەکات کەلەپورێکی دواکەوتووە و دەگەڕێتەوە بۆسەردەمی ھێزی جەستەیی،دەنا ئەوی پێی وابێت پیاو لە ژن باڵاترە ئەوە ھێشتا لەئەفسانە تەمەن درێژەکانی سیستەمی بابسالاری دەربازی نەبووە. ھەڵبەتە لێرەدا نابێت ڕۆڵی ئایینە ئاسمانی و زەوینیەکان لە پشتگرتن و ڕەوایەتی دان بە سیستەمی بابسالاری لەبیر بکەین کە بەردەوام ڕۆل و شوێنی ژنیان لە زۆربەی بوارەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەبێ گەڕانەوە بۆ پەیوەندیە فەرھەنگی و سایکۆلۆژی و کولتوریەکانی ئەو کۆمەڵگەیەی کەژن تێیدا دەژێت بە بەراورد بە پیاو تەواو نادیدە دەگرێت، و نکۆڵی دەکات لەوەی ژن وەک مرۆڤێکی پێگەیشتوو و سەربەخۆ، یەکسان و ھاوبەش تەماشای بکرێت،ڕۆڵی ژن لە و کۆمەڵگەیانەدا پارێزەریەتیە لە چەمکە باوەکانی ناو ئەو کۆمەڵگەیە وەک (ناموس و شەڕەف)

مێژووی ئەو ئەفسانەیەش کە گوایە پیاو لەژن باڵاترە، ھەر بۆسەر ھەڵدانی سیستەمی بابسالاری دەگەڕێتەوە. بەگوێرەی لێکدانەوەی ئەنترۆپلۆگەکان، ئەگەر ھەشت ھە زار ساڵێک بێت، بابسالاری سەری ھەڵدابێت، لە پێش ئەو وەرچەرخانەدا، نزیکەی دووسەد ھەزار ساڵێک، ژن وپیاو لە ماف و ئەرکدا یەکسان و ھاوبەش بوون. فرێدریک ئێنگلس لەکتێبی (ڕەچەڵەکی خێزان و موڵکی تایبەت و دەوڵەت)دا، پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت چەوساندنەوەی ژن و بابسالاری ھاوکات لەگەڵ سەر ھەڵدانی کۆمەڵگەی چینایەتی پەیدابوون(٢) ھەروا لە بن سایەی سیستەمی کەپیتاڵیزمیشدا،بنیاتی ڕەگەزی ژن لەجەستەیدا کورتکراوەتەوە و وەکو بەروبوم چاوی لێ دەکرێ ئەوی گرنگە توێکڵەکەیەتی دەنا کاکڵەکەی ھەر بۆ توڕھەڵدانە، و ژن تەنێ بۆ بۆئەوە باشە منداڵی ببێت بۆئەوەی وەچە بۆ چەرخاندی مەکینەو کارگەکانی بخاتەوە،

مارکس پێیوایە ژێردەستەیی و پاشکۆیی ژن لەسروشت و پێکھاتە بایۆلۆژیەکەی سەرچاوەناگرێت کە نەگۆڕن، بەڵکو ئەو میکانیزمە کۆمەڵایەتییەیە کە مێژوو و پێشینەیەکی ئاشکراو و دیاریان ھەیە و شیاوی گۆڕانن(٢) کەواتە جیاوازیە بایۆلۆژیەکان جیاوازی سروشتین واتەی ئەوە ناگەیەنن کە پیاو لە ژن باڵاترە و نابێت بکرێنە بنەمایەک بۆ درووستکردنی جیاوازی لەنێوان نێر و مێ لەژیانی کۆمەڵایەتیدا و ئەگەر جیاوازی رەگەزی بەرھە می بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی بێت،ئەوەدەبیت گۆڕانی بەسەردابێت و لێرەوە چەمکێکی دی دێتە پێش ئەویش بریتیە لە یەکسانی ڕەگەزی، واتە ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ نێر و مێ لەڕاپەڕاندنە کۆمەڵایەتیەکان و پێشڤەچوونی کۆمەڵگە ئەم یەکسانیەش بەتەنێ بریتی نەبێت لە (لێکچوون) بەلکو وەک بەھا و، ڕێزگرتن و، بە واتەیەک دادگەری یەکسانی ھە بێت لەنێوان ھەردوو ڕەگەز.

ئومێد قەرەنی

———————————–
سەرچاوەکان:
١-حەمە سەعید حەسەن، مێ لەسایەی ستەمدا، چاپخانەی موکریانی،ھەولێر، ل ٦٩
٢-نەسرین حەسەن، من و تۆ یەکسانین،چاپخانەی رۆژھەلات، ھەولێر، ٢٠١٠ ل١٨
_____________________________________________________




بۆرژان … ئومێد قەرەنی

١.خۆر
گیرفانەکانی لەپاڵتۆی
ڕووناکی خاڵی دەبن

تارمایی ڕوانینەکان
لە برژانگەکانی ڕێگە دەشۆیتەوە،
وەکو پرسی دەرنگ کەوتووی بێگانەیەکیت
لە نێو نەڕڕەی ڕەشەبادا بۆ ھۆتێلێک
خۆت و جانتایەک نیگەرانی
لە نێو خەونەکانی سبەی دەنووی .

(بەسەر ترسی-ئیستا- بێ دەنگ کەوتووی،
چەندین پرسیاری ڕەنگاو ڕەنگ
لە دۆڵەکانی مێشکت گەشت و ڕەو دەکەن).

٢.ژیان
بەسەر خاچی ڕابردووەوە
باڵەکانی ڕاخستووە

لەنیو پەراسوی مێژووت
شانمداوە بەسوپایەکی بەفرین،
بە نەختێک گۆرانی غەمگینەوە
بە نەختێک تلاوەیی ناو ئاگر و دوکەڵەوە
بە نەختێک کۆخەی ڕاوەدووکاری
خەو و گەرمی ناونوێنەکەتەوە
لەوێدا داستانێک تاوان
بەو گوناھانەی من دەم چنین
دیکۆمێنت کراوە.

*بۆرژان :نێوان بێداری و خەو، بیرە خەو
______________________________________
ئومێد قەرەنی




بەرزاییەکانی فەرامۆشی … ئومێد قەرەنی

لەبەرزاییەکانی فەرامۆشیەوە
با بەسەر وشەکانمەوە دەمرێت و
گوریسەکان گەمارۆی هەڵاتن دەدەن

هێشتا دایکم لەچیاکانە،
دڵی لەشمشاڵێکی قامیشدا
هێدی هێدی لێدەدا
بەناو کێڵگەی مینەکاندا
بەپێ دزکێ دێت و دەچێت،
تەڵە بۆ خۆشبەختی دەنێتەوە !

باهۆز هه‌ڵدەکا و
چیمەنەکان دەبن بەبەرد
زیخی جیایی باریونەتە چاوەکانی
وەک ئەسپێکی کێوی گلاو
:باوکم دەیویست بڕبڕەی پشتی
چارەنووس بکات بە کاڵانی شمشێرەکەی

قەلە ڕەشێکی پایزی
لەسەر بانێژەکە نیشتووە
با بەسەر باڵەکانیەوە دەمرێت
لەبەرزاییەکانی نادیاریەوە

بابەسەر نەستەوە دەمرێت
وەک مێوژی بەرهەتاو
وشک دەبنەوە ، خەونەکان
لەبەرزاییەکانی فەرامۆشیەوە
تەنانەت وەک خەونیش نامێننەوە
خەونەکان
_________________________________________

ئومێد قەرەنی