کۆنگرەی بالیسان.. عومەر محەمەد

نازانم کەی کۆنگرەی بالیسان بەسترا، تەنانەت مانگ و ساڵەکەشیم لەیاد نەماوە، بەڵام دوای شەڕی ناوخۆ و پێش ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس، لەبن چادرێکی گەورەدا بوو، سەرزەنشتی خۆم دەکەم کوا ڕەوایە ڕۆژێکی ئاوا بایەخدارو مێژوویی میللەتەکەم لەیاد بکەم ! بەڵام دڵنیام هەرمن نیم بەڵکو تاقە کوردێک تەنانەت ئامادەکارانی کۆنگرەو سەرۆک و سەرکردەی حزبەکانیش لە بیریان نەماوە!.
بەهەرحاڵ منیش بانگهێشتکرابووم و ماڵیان ئاوابێت بەهۆی ئەوەی لە دۆسیه‌ی ئەنفالدا چالاکم، ووتەیەکیان بۆدانابووم، دەبوو لەماوەی ٥ خولەکدا لەکۆنگرە پێشکەشی ئامادەبووانی بکەم، ئەوە بۆمن دەرفەتێکی گرنگ بوو، چونکە حزب و ڕێکخراوەکان لە لوتکەدا بەشداربوون، بارزانی و تاڵەبانی لە پێشی پێشەوە دانیشتبوون، نەدەبوو دەرفەت لە دەست بدەم، هەرچەندە کاتەکەم زۆرکەم بوو، بەڵام ئامانجم پێکا. لە وتەکەمدا لەپێشەوە بە رەخنەیەک دەستم پێکرد، گوتم: دەبوو کۆنگرە لەژیر ئەم دروشمی ( شەرمە ! دەست ‌و پەنجەی ئازیزانمان لە بیابان تێكەڵ بەلم بن، ئێمەش لێرە دەست‌ و پەنجەی یەكتر بشكێنین ) بەرێوەچوبایە، تەماشام کرد لەنیگاو چاویاندا دیارە بەرپرسان قسەکەم قەڵسن، گوێم نەدانێ و درێژەم دایە، ڕووم لە هەردوو سەرکردەی یەکێتی و پارتی و سەرۆکی هەردوو حکوومەتی هەرێم کرد، چونکە ئەوکاتە هەرێمی کوردستان دوو حکومەت و دوو سەرۆک وەزیران و دوو وەزیری کارەباو دوو وەزیری تەندروستی و دوو وەزیری مافی مرۆڤی هەبوو، کەچی نە کارەبا هەبوو، نەتەندروستی هاوڵاتییەکانی باش بوو، نەبریندارانی چەکی کیمیایی چارەسەرکرابوون و مافی مرۆڤیش لەوپەڕی خراپیدا بوو! بەڵام کۆنگرەی بالیسان مژدەبەخش و بنیاتنەربوو، چونکە بۆهەتا هەتایە کۆتاییی بەشەڕی ناوخۆهێنا کە دەتوانم بڵێم ئەوتارە کورتەی من کۆتایی بەشەڕی ناوخۆ هێنا، کە ئەم چەند پەرەگرافە بوون :
بیرۆکەی بەستنی کۆنگرەی بالیسان، کە بۆ گەڕانەوەی شکۆی خەڵک و ئاشتی ومتمانە بوو، پێشنیازی من بوو کە داوام کردبوو لەناوچە ئەنفالکراو وکیمیابارانکراوەکاندا ببەسترێت بۆیە هەق بوو، رێزلەخاوەنداریتی گیرابا، ڕەخنەی ئەوەم گرت هەرلەبەراییەوە دزییەک هەیە، ئێستاش من گەردنتان ئازاد دەکەم بەمەرجێک (قات لەبەرێک نەهاتبێ وەک بیرۆکەی خۆی پێی فرۆشتبنەوە) بیرۆکەکەم بۆئەوە بوو وەک رێزلێنانێکی مەعنەوی و سەرمایەی رەمزی بۆ قوربانیانی ئەنفال وکیمیاباران وشەهیدانی سەنگەر بەتایبەتیش وەک رێزلێنانێک بۆ هەموو ئەو مرۆڤانەی لە بەرەکانی شەڕی ناوخۆدا گیانیان لەدەستداوە، یاخود ئەندامێکی جەستەیان لە دەستداوەو ئێستا خاوەن پێداویستی تایبەتن و پێیان دەگوترێت کەمئەندامی سەنگەر.
لە یەکێک لە شارەکان یاخود لە گوندە کیمیابارانکراوەکان (وەک شاری هەڵەبجەو گوندەکانی بالیسان وشێخ وەسانان، گۆپتەپەو عەسکەر، سێوسێنان) یان لەگەرمیان کۆنگرەیەکی ئاشتی ببەستن پەیمانی شەرەف بدەن و بۆ هەتاهەتایە، کۆتایی بەشەڕی ناوخۆ بهێنن .
ئامانج لەبەستنی کۆنگرە لە بالیساندا بۆئەوەیە چیتر مزایەدە کردن بەخوێنی شەهیدان وئەنفالکراوانەوە نەکرێت، بەهەر حاڵ، کۆنگرەی بالیسان کۆمەڵێک بڕیاری گرنگیدا بەم شێوەیەی خوارەوە :
0 لەبەر ڕۆشنایی کۆنگرەی بالیسان، پەرلەمانی کوردستانی پڕۆژە یاسایەک پەسەند بکات بۆئەوەی هەرحزبێک دەستپێشخەری شەڕی ناوخۆبکات، بخرێتە لیستی ڕەشەوەو پەرلەمانی کوردستان بەسوکایەتی کردن بەشەهیدو ئەنفالکراوان بریاری لێبدات.
1 لەبەرئەوەی هەموو لایەک كۆكن لەسەر ئەوەی ئەنفال گەورەترین هەڕەشەو بێحورمەتی بوو، بە مرۆڤ بوونی كورد، ئەوا پێویستە ئێمەش لەبەرامبەردا تائەوپەری مرۆڤدۆست‌و میهرەبان بین لەگەڵ یەكتر‌و لەگەڵ دەوروبەرو تەنانەت لەگەڵ هەموو مەل وباڵندەو زیندەوەرانیش، چونکە ئەوانیش وەک مرۆڤ بە چەکی کیمیایی مردن و تەنانەت وەک مرۆڤ سوکایەتیان پێکرا.
2 باشترین رێزگرتن لە شەهیدان و قوربانیانی تاوانی جینۆساید رێزگرتنە لە ماف ‌و ئازادی زیندووەكان، بۆیە پاراستنی ئازادیەکانی ئینسان دەبێت گرنگترین خاڵ بێت لە نوسینەوەی دەستوری هەرێمدا .
3 یادەکانی كیمیابارانی هەڵەبجەو كۆمەڵكوژی ئەنفال ناکرێنە پشوو، بەڵکو دەبێت زۆرترین کارو ئەرک بگرینە ئەستۆ، بەو پێیەی داواکردنی پشوو کۆمەڵگا دەکاتە تەمبەڵخانەو بۆ یادەکانی جینۆساید پێشنیارێکی هەژارە، بۆیە بەباشی نازانین، چونكە وەفاداری‌و ئەركی تێدانیە بەرامبەر قوربانیەكان بەپێچەوانەوە بڕیار دەدەین ئەو ڕۆژانە گەرم‌و گورتر كاربكەین‌، نەك هەر ئەوەندە بەڵكو بەلای كەمەوە لە1%ی داهاتی ئەو ڕۆژەی هەر تاکێکی کوردستان ببەخشرێتە بنیاتنانەوەی وڵات، یان چارەسەركردنی بریندارانی چەكی كیمیاوی، پێكهێنانی پڕۆژەی ڕۆشنبیری ‌و فریاگوزاری‌ و تەندروستی بۆ ئەو ناوچانەی بەر سیاسەتی جینۆساید کەوتوون، بۆئەوەی هەموو هاووڵاتیەك پشكی راستەوخۆی لەو پڕۆژانەدا هەبێ‌‌ و شەرەفی بەشداری كردنی راستەوخۆی بەربكەوێ‌‌ و شانازییان پێوە بكات .
4 لە هەر رٶژێکی یادەکانی جینۆسایددا،هەر کوشتنێکی بەئەنقەست بەدەر لە سزایی یاسایی خۆی دووساڵی رێزنەگرتن لە قوربانیانی ئەنفال وکیمیاباران وشەهیدانیشی بچێتە سەر.
5 هەردوو کەسێک لەو ڕۆژانەدا بەشەڕ بێن بە تۆمەتی رێزنەگرتن لە قوربانیانی جینۆساید دادگایی بکرێن .
6 هەر رێکخراووکەسایەتیەک ئەگەر دەرکەوت بازرگانیی بەسەر ئەو دۆسێیانەوە دەکات، مۆڵەتی کارکردنی لێ وەربگیرێتەوە و رێگەی بەشداریکردنی هیچ چالاکییەکی نەدرێت .
7 هەر ماڵێکی شەهیدان و ئەنفالکراوان ناوی هەموو شەهیدەکانی لەسەر پێناسی شەهیدەکەی بنوسرێ کە وارسی یاسایی هەڵیدەگرێت،
8 هەموو ماڵێکی شەهیدو ئەنفالکراوان لە سەر دیوارو دەرگای ماڵەکەی ناوی شەهیدەکان و ئەنفالکراوەکانیان بنووسرێت .
9 لەبەر ئەوەی یادەکان هی هەمووانن، بۆیە نابێت کەس بە نامەی فەرمی داوەتی ئەم یادانە بکرێن.
10 دەبێت بۆ کۆنگرەی داهاتوو لەبری ئەم چادرە مۆنۆمێنتێکی شایان و ڕێک وپێک دروست بکرێت وهۆڵی گەورەی بۆ کۆنگرەکان تێدابێت.
11 مەرج نیە ئەم کۆنگرەیە هەموو ساڵێک لەبالیسان بکرێت.

من لەم خەیاڵانەدا ون ببووم کە زەنگی تەلەفۆنەکەم وه‌ئه‌گای هێنام، یەکێک لە هاوڕێ خۆشەویستەکانم لە بالیسانەوە ئاگاداری کردم، کەسبەی بۆ یادی کیمیابارانی بالیسان داوەتکراویت و پێمانخۆشە ئامادە بیت. بۆ زانیاری خوێنەران هەتا ئیستا بالیسان نەک شوێنێکی شایان بۆ یادی کیمیابارانی تێدانیە، بەڵکو مۆنۆمێنتێک بۆ شەهیدانی کیمیابارانیش نەکراوە.

پێشکەش بە خۆپیشاندەرانی دۆڵی بالیسان

٩/٢/٢٠١٦ سلێمانی




دەتوانیت مرۆڤ بیت، نەک شتێکی دی.. عومەرمحەمەد

لەپەراوێزی کەمپەینی “ناوی من ناوی دایکمە”



لەبەرایدا دەستخۆشی لە ئامادەکارانی کەمپەینەکە دەکەم، رێزی ئەوانەش دەگرم کە دژن یان تێبینیان هەیەو هێشتا ئامانجەکەیان لاڕوون نییە. دەبێت کەمپەینەکەش ئامانجەكە ڕونتر بکاتەوە. دوو ڕێگا بۆ گەیشتن بە ئامانجەكە هەن. یان بەگفتوگۆ لەگەڵ حکومەت و پەڕلەمان بەبێدەنگی هەتا دەگەینە ئامانج، یان فشاری میدیایە. واتا وەک ئێستا دەیکەین بەبابەتی میدیاو سۆشیال میدیا، بەڵام بەبێ خۆنواندنی خەڵکی خۆشگوزەران بۆ فیزلێدان.
بێگومان ئەوەی بەیاسایی کردنی لەکن ئامانج بێت رێگای یەکەمیان دەگرێت. دەنا لەوەزیاتر ئارەقی بۆنارێژن و لەولاشەوە خەڵکانێک شەڕی ئایدۆلۆژی پێدەکەن و قوربانیەکان و بێ ناسنامەکانیش بابۆخۆیان سیربخۆن و زوڕنا لێبدەن.
من پشتگیری کەمپەینەکەم بێ ئەوەی شەڕی کەس بکەم، نەک هەربۆ منداڵانی باوک نادیار و چەسپاندنی ناوی دایک. بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی ناسنامەی ئەو مرۆڤانەی کە ناسنامەیان نییە، تۆ کە پشتیوانی ئەم کەمپەینە دەکەیت دەبێت ئازاری مرۆڤی پەراوێزخراوت چەشتبێ و بزانیت کە نەبوونی ناسنامە واتا مرۆڤ لە دۆزەخدا، مەگەر هەر ئەو مرۆڤانە بزانن بێ ناسنامەیی چەندە سەختەو چۆن فڕێی داونەتە خوار هەژاریەوەو چۆن لە مرۆڤەوە کردونی بەکۆتەرەداری وشکهەڵاتوو.

نمونەیەک دەخەمەڕوو:
دایکێک دەناسم، نەک منداڵەکانی، تەنانەت خۆشی ناسنامەی نییە، چیرۆکی ئەم دایکەو منداڵەکانی هێندە تراژیدیە گەلێک شەو خەوی لەچاوان تۆراندوم و هیچم لە دەستنەهاتووە.
دایکەکە چیرۆکی خۆی بۆ باسکردم وتی: (من دایک و باوکی خۆمم نەدیوەو نازانم کێن، لەپەلاماری ئەنفالدا جاشێک، کە دیوێتی دایکم و باوکم لەدۆخێکی خراپدان و منیان پێ ئیدارە نەدراوە، لەوکاتەدا کە دایکم و باوکمیان بەرەو خوار بردووە جاشەکە چاکەی کردووەو منی هەڵگرتووەو هێناومی بۆ سلێمانی لەماڵی خۆیاندا لە قلیاسان گەورەی کردم بەڵام لەتەمەنی ١٤ ساڵیدا دامی بەشوو، بەقسەی ئەو مێردم بەپیاوێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد. هەر لەلای مەلا مارەی کردم، ساڵی ١٩٩١ ڕۆیشتینەوە بۆ ئێران و لەوێش نەپەرژا گرێبەستی هاوسەرگیریم بۆنەکراو کۆچی دوایی کرد، ئیتر من دیسان بێکەس مامەوەو دیسان لەگەڵ منداڵەکانم (کوڕوکچێکن) هاتینەوە بۆ ئەمدیو ئێستا نەخۆم و نەمنداڵەکانم هیچمان ناسنامەمان نییە !! منداڵەکان ئێستا گەورەبوون هەتا شەشی سەرەتاییان خوێندو لەبەر بێ ناسنامەیی نەیانتوانی چیدی بخوێنن).

باشە گریمان سەرلەبەری ئەم چیرۆکە هەڵبەستراوە، ئێ خۆ سێ مرۆڤ بەگۆشت وئێسقانەوە بوونیان هەیەو لەناوماندا بەمەینەتی دەژین. بۆ دەبێت بێ ناسنامە بن؟ چۆن بژین و چۆن بخوێنن ؟ ئەی بەها مرۆییەکەیان ؟ ئەی بەهای ئیدارەو مافی مرۆڤ ؟ چ دەبێت ئەگەر ئەم ژنە ناسنامەی عێراقی و کوردستانی و مافی مانەوەی پێبدرێت و لەسەر ناوی خۆی ناسنامە بۆمنداڵەکانیشی دەربێت؟ ئەم چیرۆکە پێمان دەڵێت مەرج نیە ئەم کەمپەینە هەر بۆ ئەو منداڵانە بێت کە لەژێر جەبری داعش و لەو دۆخە نائینسانیەدا هاتبنە دونیاوە کە ژنی تێدا لاقەکراوەو منداڵی لەدەرەوەی خێزان تێدا هاتووەتە دونیاوەو باوکیان نادیارە. باشە واگریمان باوکیان دیارە کە داعشێکە، ئایا ئەو منداڵانە مافی ئەوەیان نییە کە قایل نەبن تیرۆرستێک وەک باوک ببێتە پاشگری ناوەکەیان ؟ ئیدی لەوەها حاڵێکدا چ پیرۆزی وبەهایەکی باوک دەمێنێ ؟

کۆمەڵگای دوای جەنگ مرۆڤی دەوێ بۆ بونیاتنانەوە، کورد لە مێژە لە جەنگدایەو زیاد لە جارێک پەلاماری جێنۆساید دراوە، لەدوای روخانی ڕژێمی بەعسیش قۆناغی راگوزەری دادوەری (مرحلة العدالة الانتقالیة)ی بەخۆیەوە نەدیوە، قوربانیەکان بەمافەکانیان نەگەیشتوون، دەنا هەزاران دۆسێی تراژیدی هەن پێویستیان بەچارەسەرە، هەزاران قوربانی هەن پێویستیان بەگەڕانەوەی ماف و شکۆیە، جا مەرج نیە قوربانیەکان راستەوخۆبن هەندێکیان ناڕاستەوخۆن، تەنانەت ناباون هەر بۆنمونە من کوڕی جاشێک دەناسم دەڵێت: ئەگەر بەدەست من بێت ناوی باوکم لەنفوس دەسڕمەوەو بەلابردنی ناوی باوکم ئەو پەڵەیە لەتەوێڵی خۆم دەکەمەوەو ناسنامەکەم و تەنانەت ناوی خۆشم دەگۆڕم، چونکە نەمن و نەدایکم هیچ دەسەڵاتمان نەبووە لەوەی باوکم دەبێتە جاش یان باش.
دەیان دۆسێ هەن باوک بەدڵرەقییەوە ماڵەی لەگەڵ هاوژین و منداڵی خۆی کردووەو بۆیان بووەتە مایەی شەرمەزاری بۆ لەوەها حاڵێکدا منداڵەکانی مافی ئەوەیان نەبێت کە بەناوی دایکیانەوە بناسرێنەوە نەک باوکە بەدکارەکەیان ؟ خۆئەوە بەدیوەکەی تریشدا هەر ڕاستە.
دەی ئەگەر زەمینە بۆئەم مرۆڤانە برەخسێ و ناوی دایک بەیاساو بە ئاسایی وەک ناوی باوک وەربگیرێت، هەم لەروی سایکۆلۆژییەوە ئەو مرۆڤانە ئاسودە دەبن هەم دەرفەتی زیاتریش بۆ ئەومنداڵانە دەرەخسێ کەلەدەرەوەی خیزان هاتوونەتە ژیانەوەو یاسا دەبێتە چەترێک کە لە ژێریدا کەمتر دەکەونە بەرتانەوتەشەری مرۆڤی جاهیل ودڵرەق.
ئێمە ئەگەر بەبێدەنگی و بەبێ چەلەحانێ و جنێودان و شەڕی ئایدۆلۆژی بەعەلمانی وئیسلامیەوە، بەدیندارو بێدینەوە، بەڵام بەویژدان و ئەخلاقەوە زەمینەمان بۆ شکۆداری مرۆڤ سازاندو بەردەرگای حکومەتمان گرت دەتوانین بە یاسایەکیش ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین.

بەڵام ئەوەش هەروا ئاسان نیەو کاتی پێویستە، چونکە ئەوە تەنها دیوێکی کێشەکەیەو تەنانەت بەیاسایی کردنیش تەواوی ئامانجەکە بەدی نایات، چونکە هێشتا لایەنە کلتوری و کۆمەڵایەتیەکەی دەمێنێت، واتا بەیاسایی کردنی پاشگری ناوی دایك ئەو منداڵانە لە بێ شکۆیی ڕزگار ناکات. بەپێچەوانەوە ئەگەر بەوردی کاری بۆ نەکرێت ڕەنگە ببێتە داوێک و لە ملیان بئاڵێ و بەئاسانی لێی ڕزگارنەبن، گریمان ئەمە بووە پڕۆژە یاساو لەپەڕلەمان تێپەڕی ئەو منداڵانە گەورەدەبن و لە نێو کۆمەڵگادا هەڵدەسوڕین و کاردەکەن و نان پەیدا دەکەن، پەیوەندی کۆمەڵایەتی دروست دەکەن، بەرخەڵکی جۆراوجۆر دەکەون، وەک هەرکەسێک توشی شەڕو ناکۆکی دەبن، لەناو کلتوری کۆمەڵایەتیدا کە زۆرینە ناسنامەیان بە ناوی باوکیانەوەیە، دەبنە کەمینە کە ناسنامەیان بە ناوی دایکیانەوە، ئەوسا بەسروشتی هەڵاواردنێکیش دێتە پێشەوەو دەکەونە ژێرپرسیار. ئەگەر بەوردی بیری لێنەکرێتەوە دەبنە جێگەی تانەوتەشەری خەڵکی جاهیل ودواکەوت و زوو هەستیان بریندار دەکرێت و شکۆیان دەشکێندرێ.

بۆیە دەبێت وریابین، لەهەنگاوی یەکەمدا دەبێت ئامانج ئەوەبێت ئەوانەی دایکیان هەیەو بێ باوکن ناسنامەیان بۆ بکرێت بەناوی دایکیانەوە دواتریش دەرفەت بکرێتەوە بۆئەوانەی دەیانەوێ ناوی باوکیان بگۆرنە سەرناوی دایکیان، گرنگە نەهێڵدرێت ئەنجامی ئەم کارە ببێتە هۆیەک بۆ شکاندنی شکۆی ئینسانەکان، ئەگەر ئەم کەمپەینە شکۆیان بۆنەگێڕێتەوە نابێت وابکەوێتەوە هەرچی ناسنامەکەی بەناوی دایکییەوە بوو نیشانەی پرسیاری بچێتەسەرو بەزۆڵ وبندیوار ناوزەد بکرێ و ببنە ئامانجی مرۆڤی بێ هەست و دەماخ سز.
بۆیە وای دەبینم کە یەکێک لەعەیبەکانی ئەم کەمپەینە ئەوەیە کە زەمینەسازی بۆنەکراوەو هێشتا نەیانتوانیوە بیکەن بەیاسا بەڵکو کردویانە بەژاوەژاو، فەرموون باتێبکۆشین زەمینەی یاسایی وکۆمەڵایەتی و رۆشنبیری بۆسازدەین و بیکەین بەیاسا ئینجا نەک لە فەیسبوک بچۆ لەفەرمانگەی باری شارستانیش جێگۆڕکێ بەناوی باوک و دایکت بکە.

عومەرمحەمەد
٢/٩/٢٠٢١ -سلێمانی




تەپڵی نابوتی.. عومەر محەمەد

سیاسەتی ئەمریکاو بانگەشەی دیموکراسی بازاری ئازاد دەمێکە تەپڵی نابوتی خۆی لێداوەو هەڵبژاردنی بازرگان و چاوچنۆکێکی وەک ترامپیش لێکەوتەی ئەو نابوتی و فەشەلەیە، دەنا بانگەشەی دیموکراسی بازارو هاتوهاواری مەرگی کۆمۆنیزم و ئایدۆلۆژیا جگەلە درۆیەکی گەورە لەگەڵ مرۆڤایەتی هیچی تر نەبوون. نەزمی نوێی جیهان نەژیانی هەژارانی باشتر کردو نە گەلە هەڕەشە لێکراوەکانی لە ستەمکاری و جێنۆساید پاراست. لەکوێ ئایدۆلۆژیا پاشەکشەی کردووە؟ ئەو هێرشەی لەسەر ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیزم بوو کوا لەسەر فاشیزم بوو ؟ ئەی مەگەر ئیسلامی سیاسی و ڕیکخراوی ئەلقاعیدەو داعش چی بوون ؟ ئەی بۆچی تێوریسەنە لاوازەکانی لای خۆمان لەسۆنگەی دکتاتۆرییەتی ستالینەوە هێرشیان دەکردە سەر کۆمۆنیزم و مەرایی ئیخوان موسلمینیان دەکرد ؟ هەندێکیان لەوە زیاتریش ڕۆیشتن و سەرکەوتنی ئاکەپەیان بەکرانەوەو دەستکەوتی دیموکراسی دەزانی .. ئێستاش زەق بەبەرچاوانەوەیە کە ئەردۆگانی دۆستی ترامپ بووەتە چ بەڵایەکی سەرزەوی !

ئەی مەگەر بریار نەبوو دیموكراسی بەواتای ئاشتی و دادپەروەری بێت؟ بەڵام کوا لە کوێی ئەم دونیای دیموکراسیە پەرۆشی بۆ ئاشتی و بۆ دادپەروەری هەیە ؟ ئەم درۆگەورەیە چی بوو لەگەڵ مرۆڤایەتی ؟ ئەی خێرە بانگەشەکارانی دیموکراسی لە ئەمریکاو رۆژئاوا پەکەکەیان خستووەتە لیستی تیرۆرەوەو مەرایی بۆ ئاکەپە دەکەن و چاو لە تاوانەکانی دەپۆشن؟ لە کاتێکدا بەپێشجاوی دونیاوە پەکەکە تێکشکێنەری ئەو هێزە تیرۆرستیە بوو، کەهەموویانی تۆقاندبوو، زەق بەبەرچاویانەوەیە کە هێشتا ئەردۆگان پشتیوانی تیرۆر دەکات !
کورت و کوردی دیموکراسی به‌ بێبوونی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی جگەلە بانگەشەیەکی پوچ، هیچ به‌هایه‌كی نییەو مرۆڤایەتیش حاڵی لە ئێستا باشتر نابێت .

٨/١/٢٠٢١ سلێمانی




پاڵەوانەکانی پشتی کۆمپیتەر.. عومەر محەمەد

پاڵەوانەکانی پشتی کۆمپیتەرو ئەو ترسنۆكانەی پلار بۆ ئەم پاڵەوانانە دەهاون، کێن ؟

بریا لەبری پاڵەوانەکانی پشتی تفەنگەکان هەزار ئەوەندە پاڵەوانی پشتی کۆمپیتەرمان دەبوو، لە مێژە گوێ لە حیکایەتی جەنگاوەرەکان دەگرین و هیچیشمان دیارنییە. لەوەش تراژیدی ترو بە ئازارتر پاڵەوانی پشتی تفەنگەکان هێندەی بۆ خەڵک و دەوڵەتانی ئیقلیمی لە دژی خۆمان جەنگاون، نیوهێندەیان بۆخۆمان بکردایە ئێستا تابلۆیەکمان بۆ شانازی دەبوو هەڵیبواسین. بەڵام کە گۆڕستانەکان دەبینین پڕن لە کوژراوی شەڕی ناوخۆ، لە(جاش و باش) لە جەلادو قوربانی و هەموویان پێکەوە نێژراون ئیدی کەڵکی شانازی ونیشاندانی نامێنێ.
ناڕەوایە گوێ لە کەسانێک بگرین کە کارەکتەرەکانی پشتی کۆمپیتەر نادیدەو بە سوک دەگرن، ئاخر ئەم ستەمە بۆ؟ ئەم ناو زڕاندنە خزمەت بەکێ دەکات ؟ ئەمە چ عەقڵ و زمانێکی هەژارو دواکەوتووە؟ بێگومان پاڵەوانی پشتی کۆمیتەریشمان زۆرن، وەلێ ئەفسوس لەژێر هەژمونی ئەو زمانە خێلەکیە جوان نایان بینرێن. وەک خۆیان ناناسرێن، کۆچەر بیرکارتان بیرچوو هەی سەلامەت بن ؟ مەگەر ئێوە شانازی بەم پاڵەوانەی پشتی کۆمیتەرەوە ناکەن؟ ئەو کیژو کوڕە پیتچنانەی دەیان کتێبی باشیان نوسیوەتەوە، ئەوانەی هەڵەچنی دەکەن، ئەوانەی دیزاین دەکەن، ئەو نوسەرانەی مێژوو قەرزداریانەو لە پشت کۆمپیتەرەکانەوە شەڕی شوناسی کلتوری دەکەن، ئەو دیزاینەرانەی لە پشت کۆمپیتەرەکانیانەوە کاری مۆنتاژ و دەنگ و ڕەنگی فیلمەکانمان بۆ دەکەن، تەنانەت ئەو ڕۆژنامەنوسە بوێرانەی خۆیان دەخەنە نێونێڵەی ئاگری جەنگ و کێشە ئاڵۆزەکانەوە هەردەبێت بگەڕێنەوە پشتی کۆمیتەرەکانیان. ئیدی بۆ دەبێت کارەکانیان ئاوا سوک وێنابکرێن؟
کێن ئەوانەی کاری پشت کۆمپیتەر بەکەم دەگرن ؟ بێگومان ئەوانەن ئێرەیی و تەمبەڵی و تەماحی پۆست و پوڵ کوشتوونی، مرۆڤ کە لەکاردا هیچی لەباردا نەبوو، لەقسەشدا هەروایە بۆیە بێ ئەوەی بیری لێبکاتەوە قسە فڕێ دەدات. ئەوانەی کارێکی گرانیان لە دەست نایات بەچنگ و نینۆک هەوڵدەدەن کاری قورسی ئەوانیدی سوک تەماشا بکەن.

ڕوونە بەشێکی ئەم ڕەفتارو گوفتارە هەرزانە، ئێرەیی و دڵپیسی و توندڕەفتارییە، نەرجسیەتی کەسانێکە، کە وەهمی خۆبەپاڵەوان زانین هۆشی لێسەندون بۆیە بێ سڵکردنەوە بەم زمانە قسە بکەن، ڕوی ڕۆژگار ڕەش بێت کە بەبێ حیکمەتیش بەڕێوە دەچێت، بەبێ فیکرو مەعریفە مرۆڤ دەکات بەنوسەر بەهونەرمەند بەپاڵەوانی شاشەو مەیدان ! ئەوانەی خەونی ئەوەیان هەیە هەموو کەس لە پشت خۆیان بێت لەهەموو شتێکدا و لەهەموو کارێکدا هەر خۆیان بن و کەسی دی نا، زمانیان لە دژی هەرکەسێک دەگەڕێ کە بەهەموو دوعایەکیان ناڵێن ئامین.

بەزۆر کەس وتراوە پاڵەوانی پشت کۆمپیتەر و منیش بەر ئەو پلارە کەوتووم، بەڵام هەمیشە فەرامۆشم کردون و ئاوڕم لێنەداونەتەوە، لەوەتای من خەریکی دۆسێی ئەنفالم هەندێک مرۆڤی کارنەکەرو تەوەزەل بەڵام کاسەی ناو هەموو ئەسکوێکان و زۆربڵێی ناو ماڵپەڕو پەیجە بێ فلتەرەکان، ئەم قسە سوکەیان پێگوتووم (پاڵەوانی پشتی کۆمپیتەر) هەر لەم ڕۆژانەشدا دۆستێک لە هەڵچونێکدا کەهەرگیز نەیدەهێنا هەمان ئەو قسەی پێگوتمەوە (کاکە من پاڵەوانی پشتی کۆمپیتەرنیم) کورە هەی سەلامەت بیت من شانازی دەکەم پاڵەوانی پشتی کۆمپیتەربم، چونکە ئەگەر سەدان چیرۆکی ئەنفالم لە پشتی کۆمپیتەرەوە نەنوسیبێتەوە دەیانم نوسیوەتەوە. سەیرە ! ئەوانەی وایان پێگوتووم بەبێ ئەوەی خۆیان نە وشەیەکیان بۆ “ئەنفالستان” نوسیبێ و نە دینارێکیان پێ بەخشیبێ و نە ئۆفێکیان بۆ ئەنفال دیدەیەک کردبێ ! لەوەش ئەستەمترو ناخۆشترو بەئازارتر، ئەو کەسانە بە چالاکوانی مافی مرۆڤ و نوسەرو رۆژنامەنوسی بوێرو دژە دەسەڵات، خۆیان دەناسێنن کەچی هەر کەدەم هەڵدەهێننەوە رێزومافی مرۆڤ لە بیردەکەن و سوکایەتیەک بەمرۆڤ دەکەن ! لەوەش سەیرو ئەنتیکە تر خۆشیان هەر لەپشتی کۆمپیتەرێکەوە ئەم قسانە دەکەن .

عومەر محەمەد
٩/١/٢٠٢١ سلێمانی




دیموکراسی دڕندەکان … عومەرمحەمەد

سەرمایەداری سیستەمێکە لەرواڵتدا شارستانی ولەناوەرۆکدا دواکەوتوو بێڕەحمە، بەو رێکخراوانەشییەوە کە گوایا پارێزەری مافی مرۆڤ و ژینگە پارێزن، زاناو داناو ئاکادیمیست وتیوریسەنەکانی ئەم سیستمە بە ئەندازەی جەلادەکان و کۆلۆنێل وسوپاسالارەکان تاوانبارن، ئەوان ناتوانن هەتا سەر لە پەنای بروانامەیەک ولە ناو پۆشتەیی و ڕێکپۆشییدا لاوازی و خۆپارێزی بشارنەوە، ناتوانن ناخی وێران وگەمژەیی لە خەڵکی سادەوساکاریش بشارنەوە.
کاتێک باس لە رێکارەکانی توێژینەوەی زانستی و ئەتەکێتی دانیشتن و نانخواردن و چونەبەردەم دادگاو سەرۆک و مایک و هەندێک فڵتەفڵتی تردەکەن، ئەمانە نە بەهای خۆیان دەزانن ونەهی زانستیش، چونکە لەبەرانبەر پیسبوونی ژینگەو جەنگ و قوربانییەکانی زۆر خوێنساردو بێ هەست و بێ مۆڕاڵن.*
(کوشتاری عێراق وسوریا) و دڕندایەتی داعش و بەرخۆدانی رۆژئاواو شکاندنی داعش و دیلەکانیان و بەجێهشتنیان بۆ رۆژئاواو ئیدارەی خۆسەری باشترین نمونەی درندایەتی و ناسەروەری یاسای سەرمایەداری رێکخراوەکانێتی.
لە باشوری کوردستانیش، ئەمانە لە سەرەتای بانگەشەی بازاری ئازادو گڵۆبالیزمدا بە مەکرو حیلەبازی و خۆنواندنێکی لێنەهاتووەوە باسی شنەبای دیموکراسی و نەمانی دونیای دیکتاتۆرەکانیان دەکرد، کەچی لە پەنای دیکتاتۆرە لۆکاڵییەکانیانەوە، سەردەمە وێرانبووەکەی مرۆڤیان بەکرانەوەو دیموکراسی و تەکنۆلۆژیا وچەرخی مۆبایل، ناودەبرد و چاویان لەو راستیانە دەنوقاند ژنکوژی دیاردەیەکی مەترسیداری ولات بوو، ئەم گەمژەیەتییە هەتا سەردەمی کۆرۆناش هەربەردەوامە ..!
جارێک یەکێک لەم گەمژانە لە سوڵحێکی عەشایەریدا دانیشتبوو، باسی پێشکەوتنی دونیاو دیموکراسی بۆ مەجلیسەکە کردبوو، گوتبوی : ئێستا دەوڵەتەکان پێشبڕکێیانە لە ناردنی مووشەکەکانیان بۆ سەرمانگ، ئامۆزایەکم لەو مەجلیسە دانیشتبوو پێی گوتبوو:

  • کاکە تۆ هێشتا لەسوڵحی عەشایەریدا دانیشتووی ئێمە ئیستا ساروخمان بۆ نانێردرێتە سەرمانگ، با ئەم کێشەیەی سەرزەوی نەهێڵێن. مەبەستی ئەوکێشە کۆمەڵایەتیە بوو کەبۆی کۆببونەوە.
    بەهیوام کۆرۆنا بیرێک بەمرۆڤی زەحمەتکێش بکاتەوەو چیدی بە دوای قسەی بفدراوی سیاسی درۆزن و مەلای بێویژدان و هەڵوەری حزبەکان فریونەخوات و بە ئازایەتیەوە بڵێت : زانست ودیموکراسی وئاین بە تورێکی قوڕاوی ئەگەر بۆبەرژەوەندی گشتی نەبن .
  • جارێکیان لەهەولێر لەکۆنفرانسێکدا بەیەکێک لەم ئەکادیمیە مەکربازانەدا تەقیمەوە کە قسەی لەسەردادگایی کردنی سەدام و رێکارە نادیموکراسییەکەی دەکرد، تەنانەت فڵتەفڵتی ئەوەشی کرد کە دادگای باڵای تاوانەکان، پەلەی کردووە لە بریاردان و لەوەش ئەنفالی بەجێنۆساید ناساندووە.. عەجایەب ئەوهەموو ئەکادیمیستە قاتلەبەرەی پایتەخت فزەیەکیان نەکرد!! ئەمەچییە کابرا دادوەری دادگای نێودەوڵەتیی وئەکادیمییە ؟! چۆن دەبێت قسە لەقسەی چاوشین وقژ زەردەکاندا بکرێ !

٣١ی ئازاری ٢٠٢٠ سلێمانی




ئێمەی دوای کۆرۆنا … عومەر محەمەد

ئەمرۆ جیهان لەبەردەم کارەساتێکی جیهانیدایە، پەتای کۆرۆنا ژیان وپەیوەندی کۆمەڵایەتی وئابوری جیهانی خستووەتە دۆخێکی نائارام و جیاوازترەوە، بێگومان پەیوەندی سیاسیش لەسەر ئاستی دونیادا گۆڕانکاری بەسەردادێت و کاریگەری وکاردانەوەکانی لە سەرەتای دەرکەوتندان، ئەوەی کە هەتا ئیستا بەزەقی دیارە نائارامی جیهانە بەدەست ڤایرۆسی کۆراناوە، دەنا هێشتا نائارامی سیاسی وەک پێویست بەدیار نەکەوتووە. بەڵام سەرەتاکانی لە لێدوانەکانی کۆشکی سپی و مۆسکۆو پەکیندا دیارن.
ئەگەرچی هێشتا رێژەی مردن بەهۆی کۆرۆناوە کەمە، بەڵام وروژاندنی لەراگەیاندندا دڵەڕاوکێ وترسێکی زۆری بەجێهێشتووە، ئەمەش بێ هۆکار نییە، بەهەرحاڵ ئێستا مرۆڤایەتی لەبەردەم پرسیاری ئالۆزدایە، ژیان و بەرێوەبردن بەرەو کوێ دەچێت ؟ چارەنوسی مرۆڤ بەتایبەتیش مرۆڤی کەم دەرامەت چی وچۆن دەبێت؟ ئیدی مرۆڤ چۆن دەژی و چۆن دەمرێت ؟ ئەمە پرسیاری هەموو مرۆڤێکە جا کەسێکی سادەی ناو کۆمەڵگابێت یاخود سیاسی، مرۆڤەکان هەرچییەک بن (ئاینی وئایدۆلۆژیی بن، هەر پێگەیەکیان هەبیت، یان نەیانبێت ؟ دینداربن یان بێدین چەپن یان ڕاست) هەموو بەدوای وەڵامەوەن.
لەباری گەنگەشەوە ڕاوبۆچۆنەکان جیاوازن، مەلاکان سەرەتا بەغەزەبی خوداو دواتر بەڕەحمەتیان دەزانی، رایەکیش هەیە بەدەستکردی وڵاتان و جەنگی بایۆلۆژی دەزانن، هەندێکیش وای لێک دەدەنەوە زەوی بەدەست بەرهەمهێنان و پیسکردنی ژینگەوە ماندووە، بەڵام گرفتی ئەم تێڕوانینە لە سەرباری دیوەزانستییەکەشی زیاتر لە ئایدیالیزم و خورافیاتەکەیدایە کەوەک تۆڵەیەکی یەزدانی لێکدانەوەی بۆدەکرێت، لە کاتێکدا ئەمە بەرهەمهێنانەوەی جارێکی تری تراژیدیای مرۆڤە بۆناودونیای خەون وخەیاڵ و چاوەڕوانی و بێدەسەڵاتی مرۆڤ، لەکاتێکدا کە هەر هەژمونی مرۆڤە دەستکاری سروشتی کردووەو کەوتووەتە وێزەی و ئاسمان و زەوی ودەریا دەپشکنێ و ڕاوی قازانج دەکات، جەنگی گەورە هەڵدەگرسێنێ .راستە مرۆڤ وزەوی پێویستیان بەپشووە. بەڵام ژیان بۆمرۆڤ و پاکی بۆ ژینگە، بە دوعاو پاڕانەوەی ئاینداران و خەون وخەیاڵی ڕۆمانسیانە ناگەڕێتەوە، بەڵکو بەپلان وهوشیاری وکەم بوونەوەی تەماح وهەڵپەی قازانج دەبێت.
نیولیبرالیزم و بازاری ئازاد مرۆڤایەتی هەڵداوەتە پەراویزەوەو قازانی کردووەتە سەنتەر، بازاریش قازانج وجوڵەی دەوێ، هەرەوەک چۆن جەنگە گەورەکانی مۆدێرنە خوێن وجەستەی ملیونان مرۆڤ رایدەگرن وماشێنی گەورەی جەنگ هاڕینی مرۆڤ و خەرجکردنی باروت وعەقڵی زاناکان و نەخشەو پلانی ژەنەراڵەکانی جەنگی دەوێ، بازاریش پسپۆڕو زانای گەورەی ئابوری وبازرگانی و بەرهەمهێنان و دۆزینەوەی کڕیارو بەکاربەرو هونەری بازاڕکردنی پێویستە.
لەراستیدا ئەم دۆخەی جیهانگیری مرۆڤایەتی ماندوو دڕدۆنگ کردووە، هەمووشتێک لەپێناوی قازانجدا، لەکاتێکدا مرۆڤی ئاسایی هەموو شتێکی لەپێناوی ژیاندا دەوێت، ئەوەی قازانج لە خوێنیدا دەگەڕێ سەرمایەدارە نەک هەموومرۆڤێک، زۆرینەش ئەوەی هیوای بۆ دەخوازن ژیانێکی شکۆمەندانەی ئارامە نەک قازانجی زۆرو وێرانکردنی زۆر، جەنگاوەرانی سوریاو عێراق ئەوەی هیوای بۆدەخوازن وەستانی جەنگ و گەڕانەوەیە بۆ ژیانێکی بێسەرئێشە، بەڵام کۆمپانیا گەورەکانی بەدەستهێنانی وزە ئەوەی هیوای بۆ دەخوازن بەدەستهێنانی گازونەوتە لەسوریا نەک سەلامەتی گیانی مرۆڤەکان!
لەدوای کۆرۆنا دەوڵەت وکۆمپانیا زەبەلاحەکانی دونیا بەجۆرێکی تر نەخشەی ژیان وجەنگ وململانێکان دەکێشنەوە، بەڵام بەدڵنیایی ئەوەی بیری لێدەکەنەوە بەرژەوەندی تایبەتیە نەک گشتی، قازانجە نەک سەلامەتی مرۆڤایەتی، بەڵام ڕەنگە شێوازی جەنگ وململانێکانیان بگۆڕن، دەرمان وفاکسین دەچنە پاڵ نەوت وگاز ودکتۆرو نێرس وکارمەندانی تەندروستی لەپاڵ سەربازو ژەنراڵەکانی جەنگ دادەنرێن، کارگەی چەکسازی و زانایانی بۆمبەکان و زانایانی بایۆلۆژی ئەرکیان گرانتر دەبێت، فایرۆسی کۆرۆناو ئەوانەی تریش کەلە داهاتودا ناوێکیان بۆ دەدۆزرێتەوە جێگەی ساروخە زیرەکەکان دەگرنەوە.
هەرچۆنێک بێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لەروی فیزیکییەوە لە ئێستا کوشندەتر نابێت، بەڵام نائارامی ودڵەراوکێ و جەنگی دەرونی زەمینەسازییەکی باش دەکات بۆ جەنگی داهاتوو، زۆربەى پسپۆڕانی ئابوورى پێیان وایە “جەنگی سارد” کە ئێستا سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکان، دۆناڵد ترامپ دژى چین بەتایبەتى بەرپاى کردووە، بۆ هەردوو لایەن “وێرانکارە دەبێت “.بەڵام پێدەچێت جەنگەکە بۆ هەموو جیهان وێرانکار دەبێت ئەم گرنگی دانەش بەکۆرانا ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە کە مرۆڤ ئامادەبێت بۆ مەرگی دەستەجەمعی و بێرەحمی، کەهەر ئێستا هەست وسۆزی مرۆیی رولەلێژییە، دەوڵەتەکانیش خوێنساردانە تەماشای مەرگی مرۆڤەکان دەکەن، ئیدی دیکتاتۆرەکان وەک سەدام وهیتەلەرومیلۆسۆڤیچ وئەردۆگان نامێنن، کە ئەوانەی بەکۆمەڵ دەیانکوشتن دەبوو پاساوێکیش بۆ ڕەوایەتی تاوانەکەیان بدۆزنەوە، بەتۆمەتی ( رەگەزە پیسەکەو خیانەتکارانی نیشتمان)دەکوژران، ئیدی مەرگی بەکۆمەڵی مرۆڤ دەچێتە دۆخێکی ترەوە بەپێشچاوی ئازیزانەوە دەبێ و دەوڵەت و پیاوانی ئاینیش وەک قەدەری خوایی و کارەساتی سروشتی و پەتاوتاعونی سەراسەری وێنای دەکەن.

(فەیلەسوفی ئیتالی جیرۆرجیۆئاگامبێن خاوەنی کتێبی، بیرکردنەوە لەڕوانگەی چەپەوە، لەوتارێکی ڕۆژی ٢٦ ی فێبریوەریدا پێیوایە ئەمە لەلایەن دەسەڵاتەوە گەورە کراوە بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئازادی لەخەڵک و ڕاهێنانیان بۆ دەسەڵاتی زیاتری دەوڵەت بەسەریانەوە، هەمان بۆچونی هەبوو لەساڵی ٢٠١٦ دا کاتێک بە هۆی هێرشە تیرۆرریستییەکانی داعشەوە، دەوڵەتەکانی ئەوروپا باری نائاسییان ڕادەگەیاند.) بروانە لینکەکەی خوارەوە ماڵپەڕی ئاوێنە رۆژی ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٠- ئەنوەر حمەودارا عەزیز. بەپێچەوانەشەوە ژیژاک دەڵێت ڤایرۆسەکە پاشەکشە بەسەرمایەداری دەکات ومرۆڤایەتی یەک دەخاتەوەوسنورێک بۆسەرمایەداری دادەنێت، هەر لەئاوێنەدا ئاماژە بە وتارێکی سلاڤۆی ژیژاک، کراوە کە (ڕەخنە لەم بۆچونە ئەگرێت وپێیوایە ئەم پەتایە جدییەوەو لە دواجاردا زیاتر برەو بەکۆمۆنیزم دەدات، چونکە سەرکەوتن بە سەر کۆرۆنادا هاوکاری وڵاتانی دونیائەخوازێت)
زاهیرباهیر نوسەریی دیاری ئەنارشیست لەوتاری ئەمرۆیدا کەلە واڵەکەیدا بڵاوی کردووەتەوە، باس لە رەوشی لەندەن و هەنگاوەکانی دەوڵەت دەکات بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و بێمشوری وخوێنساردی لەبەرانبەر توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆناو دەست ئاواڵاکردنی پۆلیس بۆ ئیجرائاتی توند لەگەڵ سەرپێچی کاران، باهیر نوسیوێتی : (دیمانەی دوێنی شەوی کاتژمێر ٧ی کەنالی 4Tv لەندەن لەگەڵ وەزیری تەندروستی و دکتۆرەکان بەتایبەتی کە ڕاپۆرتی خەستانەیەكیش خوێنرایەوە دەریخست کە هیچ ئامادەکارییەك نەکراوە. تەنانەت هەندێک لە دکتۆرو نێرسەکان لەسەرحسابی خۆیان پێداویستی خۆپاراستنیان کڕیوە. ئێستا ڕونە کە حکومەت خەمی هاووڵاتیانی نیە)
جاک ئەتالی گەورە ئابوریناس و سوسیۆلۆجیستی فرانسی و راوێژکاری پێشوی سەرۆک شیراک لە بلۆگی خۆیدا بابەتێکی گرنگ وئومێد بەخشی بڵاوکردووەتەوەو هاورێم نەوزادشوانی وەریگێڕاوەتە سەرزمانی کوردی رای وایە کە لەسەرەتاوە بەوریایی وهۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە تەندروستیەدا بکەین کەسبەی دەگۆڕێت بە دۆخێکی سیاسی گرنگترین کارێک کە پێویستە بکرێت کۆنترۆڵکرنی شەپۆڵەکانی هەڵچونە تەندروستی و ئابورییەیە کە جیھان دووچاری بووە.
جاک ئەتالی دەڵێت : “ھیچ شتێک گەرەنتی سەرکەوتنمان ناکات و لە کاتی شکستماندا گیرۆدەی ساڵانێکی سەخت و تاریک دەبینەوە ئەمە بەواتای ئەوە نیە کە کارەساتەکە حەتمیە، بەڵام بۆئەوەی بتوانین رێگری لێ بکەین پێویستە دوور بڕوانین، بۆ رابردوو و داھاتویش هەتا بەرچاو روون بین لەمەڕ رووداوەکان ”
ئەوەی جیگەی مەترسییە درندایەتی و بێویژدانی سەرمایەدارییە، پێدەچێت جەنگێکی بایۆلۆژی هەڵبگیرسێنێ و جارێکی دی دونیای دوجەمسەری دروستبکەنەوە بەڵام ئەمجارە ململانێی جەمسەری چینی وئەمریکی مرۆڤەکان بهاڕێت، ململانێی بازرگانی چین وئەمریکا لە ئازاری ساڵی ٢٠١٨ ەوە هەتا دێت گەرمتر دەبێت، (دوابەداوای بڕیاری ترەمپ بۆ داسەپاندنی نرخی کاڵای چینی بەتایبەتیش بە سەر پۆڵاو فافۆنی ھاوردە کە لە چینەوە دەچوونە ئەمریکا دەستی پێکردوە)بروانە ماڵپەری سەحر ١٦ی تەموزی ٢٠١٨ (هەرئەوسا یانگ جچی سەرۆکی لێژنەی کاروباری دەرەوەی پارتی کۆمۆنیستی چین لەبەرانبەر ئەمریکادا گوتی : بەرژەوەندییە گرینگەکانمان ھێڵی سووری پەکینە، ھەرلەبەر ئەمەش ھیچ وڵاتێک، لەوانە ئەمریکاش نابێ لە بارەی لاوازکردنی بەرژەوەندییەکانی چین تووشی وەھم ببێت. وتیشی پەکین سەرباری ھەڵسوکەوتی سیاسیی ئاشتیانەی خۆی داکۆکی لە بەرژەوەندییە گرینگەکانی خۆی دەکات.) هەمان سەرچاوەی پێشوو.
چونکە سەرەتاکانی ئەم جەنگە دیارە هەرچی چینە شەرمنۆکانە باسی ئەوە دەکات کە ئەمریکا ڤایرۆسەکەی پیتاندووەو هەرچی ئەمریکاشە حزبی شیوعی چین بەوە تۆمەتبار دەکات زانیارییان پێنادات لەسەر نەخۆشەکانی کۆرۆنا پۆمپیۆ دەڵێت: (حیزبی شوعی چین بەشدارە لەپێنەدانی زانیاری تەواو لە سەر نەخۆشیەکە بۆ ئەوەی خەڵکانیتر تووش نەبن، کاتی ئەوەش دێت چین تاوانبار بکەین بەم قەیرانە، بە درێژایی ھەزار ساڵی رابردوو ھەموو پەتایەکی گەورە بۆتە ھۆی گوڕانکاری بنەڕەتی لە سیستمی سیاسی میللەتان و ئەو بەھایانەی کە سیستەمەکانیان لەسەر بنیات نراوە. ئەگەر پەتای کۆلێرای سەدەی چواردە لە ئەروپا وەک نمونە لەبەرچاوبگرین کە بووە ھۆی لەناوبردنی نزیکەی سێ یەکی دانیشتوانی کیشوەرەکە ، دەکارین بێ زیادەڕۆیی بڵێین کە رۆڵێکی گرنگی گێڕا لەوەی ئەروپای کۆن چاوبخشێنێتەوە بەپایەی سیاسی پیاوانی ئاینیی و گۆڕانکاری رێشەیی تیا بکات. لە ئەنجامدا دەزگاکانی پۆلیس ھاتە کایەوە بەوەی تاکە شێوازێک بوو بۆ پارێزگاریکردنی گیانی دانیشتوان. ئەوەش بوو بە ھۆی لەدایکبوونی دەوڵەتی ھاوچەرخ و لە گەڵیدا بڵاوبونەوەی توێژینەوەی زانستی وەک بەرئەنجامی راستەوخۆی ئەو کارەساتە تەندروستیە مەزنە) ڕای ئەم ئابوری ناسە ئومێدبەخشە هاوکات رێنیشاندەریشە بەوەی کەمتر کالای ناپێویست بکڕین و بگەڕێینەوە بۆ پێداویستیە بنەڕەتیەکان، بەرای جاک ئیدی لە پۆست کۆرۆنادا ” فێردەبین رێزی مرۆڤ وزەوی بگرین، لەراستیدا ئەوە گرفتی مرۆڤی هاوچەرخ بووە کە غرورانە یاخود گێلانە بەسەرزەویدا رۆیشتووەو نرخی بۆ دانەناوە، ئیدی رۆڵی مرۆڤ بریتی دەبێت لەیارمەتیدانی یەکتری بۆ ڕودانی ئەو گۆڕانکاریەکی باشترو جدی ، نەک ئەم ئەستێرەیە وێرانبکەین.

عومەر محەمەد
٢٥ی ئازاری ٢٠٢٠ – سلێمانی

—————————————————————–
سەرچاوەکان

  1. ماڵپەڕی ئاوێنە رۆژی ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٠- ئەنوەر حمەو دارا عەزیز.
  2. وتارێکی هاوڕێم زاهیر باهیر رۆژی ٢٥ی ئازار لەواڵی تایبەتی خۆی.
  3. http://kurdish.sahartv.ir/news/%D8%AC%DB%8C%D9%87%D8%A7%D9%86-i345268 تەلەفزیونی سەحر- کوردی
  4. سەرچاوەی قسەکانی پۆمپیۆ کەناڵی (CNN) ە کە هاوڕێم جەبارئەحمەد وەریگێراوەتە سەر زامانی کوردی ولەواڵی خوی بڵاوی کردووەتەوە.
  5. جاک ئەتالی گەورە ئابوریناس وسوسیۆلۆجیستی فرانسی و راوێژکاری پێشوی سەرۆک شیراک کە لە بلۆگی خۆیدا بەخش وبڵاوی کردووەتەوە، نەوزاد شوانی وەریگێڕاوەتە سەرزمانی کوردی ورۆژی ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٠ لە واڵی خۆی بڵاوی کردووەتەوە.



ئەزمون و تراژیدیا … عومەر محەمەد

عومەر محەمەد
٢٥ی ئازاری ٢٠٢٠ سلێمانی

دەڵێن کۆرۆنا هەژارو دەوڵەمەند ناناسێت، ئەگەرچی دەزانم گەیشتووەتە ماڵی سەرۆک و وەزیرو پەرلەمانتارانیش، بەلام هێشتا بڕوا بەوە ناکەم هەژارو دەوڵەمەند نەناسێت، بە هیوام دۆخەکە هێندە خراپ نەبێت وەک چاوەروان دەکەم، چونکە من بە ئەزمونی خۆم لەناو تراژیدیادا بەدەرئەنجامێکی ناخۆش گەیشتووم، بەتایبەتی کاتێک لەرێکخراوێکی بیانی کارم دەکرد، خەڵک موچەو نانی نەبوو ئێمە بەدۆلار موچەمان وەردەگرت، ئەو دڵرەقییەی ئێستا لەپەرلەمانتاران و بەرپرسان دەیبینن، لە کارمەندە خۆشگوزەرانەکانی رێکخراوەکانم دیووە، جا ئەگەر ئێمە لە (N.G.O)کان مانگانە ٢٠٠ دۆلارێکمان وەردەگرت وخۆمان بە پاشا دەزانی، ئەوانەی لەوسەروەختەدا کارمەندی (UN) بوون لە سەروی ١٠٠٠ دۆلاریان وەردەگرت، ئەم نوخبەیە لەهەموو کەس زیاتر بەر مرۆڤی هەژارو شکستخواردوو ئاوارەی ناو سەربازگەو قوتابخانەکان دەکەوتن. ئەو رۆژانە هەژاری هەتا نزیک مەرگ کوشندە بوو، لەبەرانبەریشدا، دڵرەقی و بەدکاری دەسەڵات و سەرمایەداران هەتا لوتکە ڕۆیشتبوو.
کۆی دۆسێی ئەنفالم بە فەرامۆشکراوی وبەبزنسکردن وبازرگانی پیوەکردنەوە دیوە، بازرگانەکانی ئێسک وکەللەسەرم بە ئۆتۆمبیلی های مۆدێل و بە شیکی وبەچاکەت وپانتۆڵ وبەرگی زۆرگرانبەهاوە دیوە، لە ناو دۆسێی ئەنفالدا خوێنساردی و بێباکی نزیکترین کەسی ئەنفالکراوانم دیوە، بەگشتی مرۆڤی بێهەست و بێ ویژدان و بە درەفتارو بێ مۆراڵم زۆردیوە، لەلایەک مرڤ هەبوون لە ناو کۆمەڵگاکاندا هەروا کەمێک لەم لای مەرگەوە دەژیا، بەگشتی ژیانیان لەناو کۆمەڵگا زۆرەملێکان هێندە سەخت وتوش بوو، جیاوازییان لەگەڵ نوگرەسەلمان تەنها ئاوهەوا بوو، دەنا هەمان ژینگەو تاسو حەمام بوو، تەنانەت لەناو خزم وعەشرەت و ماڵەکانیشدا حەجاجێک هەبوو. بەناز* لە تۆپزاوا لە دایک ببوو، دوای ئەنفالکردنی باوکی مامەکانی رێک لە ژورەوە زیندانیان کردبوو، موچەکەی باوکیشیان دەخوارد، ئەگەر لە تۆپزاوا لە باوەشی دایکیدا بوو، لەکۆمەڵگە زۆرە ملێکەدا بینینی دایکیشیان لێ زەوت کردبوو. عەدالەت تاقە دەربازبووی خێزانێکی ٥ کەسییە هەر بۆمەینەتی بەجێماوە ئەو حەجاجی عروبەی نەدیوە بەڵام دەیان شەق وقامچی حەجاجەکانی کوردی بەرکەوتووە، حەجاجەکان عەرەب نەبوون، کوردبوون، ئامۆزای بوون موچەکەشیان دەخواردو تێشیان هەڵدەدا. خاتوون تاقانە دەربازبووی ماڵی باوکێتی هەرئەوەندەی گوتیان موچەی ئەنفالکراوان دێت مامی لەنفوس ئەویشی مراندبوو، لەبەرئەوەی موچەکەی هەڵلوشێت !
ئەم مرۆڤە شکستخواردوانە پێویستیان بەهەستانەوەو شکۆ بوو، کەچی راگەیاندنەکان وا وێنایان دەکردن، کە داوای موچەوئیمتیاز دەکەن ! بەلام نا ئەوان داوای شکۆو دادپەروەرییان دەکرد داوای هەناسەیەکیان دەکرد بۆیان بگەرێتەوە ئاخر خۆ هەموو جارێک هەناسە هەوایەکی پاک نیە، هەندێک جار قسەیەکی خۆشە، سڵاوێکە،
لەڕوی دۆکێومێنت و رۆشنبیریی وبەجیهانی کردنی دۆسێکەو بەجیهان ناساندنەوە گوێم لە فشەوفیشاڵ وفڵتەفڵتی جیاوازبووە، لەزۆر کۆڕوکۆمەلیش بەشداربووم، بەڵام نیازو ئامانج لەدواییدا دەردەکەوت (سەفەر، پارە، پاداشت) و هەندێک جاریش دادەبەزی بۆ خواردنەوەی تەنها بیبسییەک بەبەلاش، بۆفێی ناوهۆتیلەکان و خەون وخەیاڵی بۆفێ خۆرەکان و ژیانی قوربانییەکان لەناو کۆمەڵگەی زۆرەملێی شۆرش و صمودو پیرەمەگرون و بەحرکە زۆر زۆر لێک دورو جیاوازبوون.
کاتێک دەستم دایە تۆمارکردنی چیرۆکەکانی ئەنفال، هێندە خۆشخەیاڵ بووم، وامدەزانی نەک هەردەستم دەگرن بەڵکو رەنگە نەپەرژێمە سەر دۆستان و دڵدانەوەی ئەوانەی دێن هاوکاریم دەکەن، برواتان بێت هەر چالاکوانەکان خەریک بوو سەرم بەفەتارە بدەن، ئەوەی بەراستی و بەدڵ بەتەنگەوە هات کەسە زۆر سادەو ساکارەکانی ناوکۆمەڵگا بوون نەک دەزگا رۆشنبیری وحکومیەکان وڕێکخراوەکانی تایبەت بەئەنفال ! سەدام وبەعس روخان و ئەم بێباکی وخۆدزینەوەیە هەر بەردەوام بوو، ئەوە ٣٣ ساڵ تێپەڕی و ئێوەش وەک من شاهیدی دروستکردنی سەدان مزگەوتن لەلایەن حزبە ئیسلامیەکانەوە، شاهیدی دەیان کافێ و مۆڵ و مەلەوانگەو باخو ڤێلای گرانبەهان لەلایەن دەوڵەمەندانی نیشتمان پەروەرەوە، بەڵام کوا سەنتەرێک بۆ دۆکێومێنت و توێژینەوە ؟ کاتێک قسە دەهاتە سەر ئەنفال وهەڵەبجە هەموویان دەمەوەربوون بەلام کوا خەرمانی چیرۆکە تۆمارکراوەکان ؟ دەیان رێکخراو بۆ ئەو پرسە دروستکران کوان لە کوێن و چییان کرد ؟ هەموویان گوتویانە گۆڤارەکەتان گرنگە، کارێکی باشە و گۆڤاری ئەنفالستان مێژووی ئەنفال دەنوسێتەوە، بەڵام بەلایانەوە ئاساییە ئەم گۆڤارە بووەستێ و چاپ نەکرێت ! حکومەت هاوکاری چەندین کەسی ناچالاکی کردووە بەناوی ئەنفالەوە ئۆفیس دانێت، بەپارەو پولی حزب و حکومەت گەشت بکات، کتێبی خراپ چاپ بکات، ئەمە بۆچی ؟ خراپترین کتێب دەربارەی ئەنفال وهەڵەبجە چاپکراون و سەدان کەس دەڵێن دەستتخۆش بێت کەس نییە بڵێت ئەو کارە خراپەت بۆکرد ؟!
هەتا ئێستا خاوەنی دوو فیلمی زۆرباش نین چیرۆکی ئەنفال وهەڵەبجە بگێڕیتەوە، بەڵام ئامادەبوون هونەرمەندی بیانی، سەماکاری بێ ئەزمون، لۆتی و سۆزانی و دەڵاڵی هەموو شتێک بانگ بکەن بۆکوردستان و بەبەستە دۆلاری لە گیرفان بنێن، لەکاتێکدا دایکان وباوکانی ئەنفالکراو پێویستیان بە سەلامێک بوو، بەرپرسانی وڵات ! دەست ودیاری بەهاداریان بۆ خوشکی گێلفرێندەکەی بریمەر دەنارد ئەگەر باوەرناکەن (برۆن یادەوەریی “ویداد فرانسیس” دیاری پێبەخشراو بخوێننەوە!) .
بەهەرحاڵ، ئەمەم تەنها وەک پێشبینی کارەسات نوسی، بەهیوام ڤایرۆسی کرۆنا هەتا ئێرەبێ و ببڕێتەوە وکارەسات رونەدات، چونکە ئەگەر رویدا لەناوئەم دڵڕەقیەدا مرۆڤایەتی دوابزمارلە تابوتی خۆی دەدات، بە هیوام دوای کۆرونا مرۆڤایەتی وەک ئێستا بێباک وخەمسارد نەمێنێتەوە، خەڵکی هەژار بەتەنگ خۆیانەوە بێن وخۆیان نەدەنە دەست دوعاوپاڕانەوەیاخود وەهمی چاوەروانی لە خێروسەدەقەی دەوڵەمەندان و بەرپرسان. بەڵکو هەژارانیش بەخۆیاندا بچنەوەو ژیانی خۆیان لەسەر بەرژەوەندی گشتی رێکبخەنەوەو دۆخەکە بەبارێکدا وەرچەرخێنن تیایدا مرۆڤ بەشکۆوە بژی و مردووەکانیان بەحورمەتەوە ئەسپەردەی خاک بکەن.

*- هەموو ناوی بەنازو خاتون و عەدالەت خوازراون، بەڵام چیرۆکەکانیان راستیە .




دۆزینەوەی قارەمان … عومەرمحەمەد

لەبەرنامەیەکی کەناڵی (کەی ئێن ئێن)دا بوو، لەوەڵامی پرسیاری پێشکەشکارەکەدا کە ویستی وەک ئازایەک پێشکەشی بینەرانم بکات، ئاوا وەڵامم دایەوە : (تکایە کەس لەسەر دۆسێی ئەنفال مەکەن بەقارەمان، هێشتا دۆسێی ئەنفال، قارەمانی بۆدروست نەبووە، ئەگەر قارەمان لەناوئەنفالدا هەبن ئەو کەسانەن کە دەربازبوون و رۆژگار چۆکی پێدانەداون) ئەم وەڵامەی من چەند (چالاکوان)ێکی ئەنفالی تورەکردبوو بەناوی خوازراوەوەو بەناوی خۆشیانەوە بەڵام ترسنۆکانە پەلاماریاندام وەلێ من وەک ئەوەی نەمبیستبێ بەرپەرچم نەدانەوەو هیچ قسەیەکم دەربارەیان نەکرد، تەنیا وەڵامێکم ئەوساو ئێستاش هەر ئەم قسانەیە کە ئێستا دەیانکەم.

نەئەوساو نەئێستاش ئامانجم لەو قسانەم شکاندنی کەس نەبووە، بەڵکو بینینی شکۆی مرۆڤە ئازاکان بوو، ئێستاش هەمان بیرورام هەیە ئەی خۆ نابێت ئێمە بەگێرانەوەی چیرۆکەکان خۆمان وەک قارەمان نیشانبدەین ؟ نابێت ڕێگە بدەین کەوا کەس بە هۆی چیرۆکی مەینەتیەکانی مرۆڤەوە ببێتە قارەمانی سەرشاشەکان و لە راستیشدا کارنەکەربێت چ جای بەهۆیەوە خۆشگوزەران و دەوڵەمەند بێت !؟. کەوامان کرد رێک وەک ئەو دکتۆرەمان لێدێت کە خەون بەنەخۆش کەوتنی مرۆڤەکانەوە دەبینێ بۆئەوەی خۆی سودمەندبێت و ناوبانگ وپول سامان لەسەر جەستەی ناساغی ئەوانی دی زیاتر بکات .
لە گەرانم بەدوای چیرۆکەکانی ئەنفالدا، بەتێگەیشتنێکی باش گەیشتم، من کە ژنە ئازاکانم دەدۆزییەوە و قسەیان بۆدەکردم و دواتر بڵاوم دەکردەوە، زۆرجار کە کاردانەوەکانم دەبینینەوە هەستم بە خاڵێکی لاواز کرد، ئەویش ئەوە بوو هێندەی دەستخۆشی لەمن دەکرد هێندەو زیاتریش ئەو ئازایانە پەراوێزدەخرانەوەوەو بە چاویی بەزەیی و وەک گوناه تەماشایان دەکرا، لەکاتێکدا من هەمیشە ویستوومە ئازاکان وەک بەرپەرچدانەوەی ئەنفال و ئازایەتی و بەرگری لەبەرانبەر دڵرەقی و فاشیزم نیشانیان بدەم .. ئیدی هەوڵم دەدا کارەکتەرەکان و خاوەن چیرۆکەکان خۆیان چیرۆکی خۆیان بنوسنەوە بۆئەوەی شەرەفی ئەو ئازایەتیەش هەر بۆخۆیان بێت نەک بۆ ئەو کەسانەی چیرۆکەکانیان دەنوسنەوە .

رۆژێک ژنێک پێیگوتم : بۆ دەتەوێ ژیانی من خۆم بینوسمەوە ؟ ئەی بۆتۆ ناینوسیتەوەو بییکەی بەفیلمێک ؟ دەمەوێ تێبگەم جیاوازییەکە چییە ئەگەر من بینوسمەوەو لەگەڵ ئەوەی تۆ دەینوسیتەوە ؟
لەوەڵامدا گوتم : لەبەرئەوەی خۆت بەقەرزداری من نەزانی، خۆت خوێندەواری ، خۆت چیرۆکی خۆت باشتر دەزانی، باشترە هەر خۆشت پاڵەوانی نوسینەوەی چیرۆکی خۆت بێت.. چونکە من کەسان دەناسم لە فیلمسازو چالاکوان و نوسەر، کاتێک بە دوای کارەکتەرەکاندا دەگەرێن و دەیانکەنە بەرهەمی هونەری وئەدەبی لەبەرئەوەی نیە کە زۆر خەمی مرۆڤایەتیەتی، بەڵکو لەبەر ئەوەیە بەو کارەکتەرەو چیرۆکەکەی بگاتە ڤیستیڤاڵێک، یان ئامانجێک کە بەرژەوەندی تایبەتی تیایدا هەیە . لەڕاستیدا ئەمەش مەترسیدارە !




تکایە بەهەڵە وەری مەگرن … عومەر محەمەد

ئیدی وەختی کردنەوەی دوکانەکانی یادەوەرییە، ئەوەی گوێمان لێی دەبیت قەوانە سواوەکەیە، کە خاڵییە لەفیکرو مەعریفەوهێندەی لەکۆڵ خۆکردنەوەیە نیو هێندە پەرۆشی نیە، ئیدی ئەوەی لەم ماوەیەدا زۆر دەبیسترێن کۆمەڵێک قسەی بەتاڵن لە زمانێکی هەژارانەدا کە پێیەکیان لەنێوقوڕی فیودالیزمدا چەقیوەو فەرماندەو سیاسیەکان پێی دەدوێن و پێکیشیان لە نێومۆدێرنەدایە رۆشنبیرە خۆشگوزەرانەکان پێی دەدوێن، کە بریتین لە خاڵانە:

١- بەرزو پیرۆزبێت یادی ئەنفال !!

ئەمە گوایە رێزیان نواندووە! لەبری ئەوەی بنوسن رێز بۆ قوربانیانی تاوانی ئەنفال، چونکە ئەنفال خۆی نەک پیرۆز نیە بەڵکو نەفرەت لێکراوە ! ئەنفال تاوانە، ئیتر بەرزو پیرۆزی تاوان لە کوێدایە ؟! لەوەش گرانترو بەئازارتر دامەزراوەی تایبەت بە ئەنفال نوسیوێتی : بەرزو پیرۆزبێت ڕۆژی جینۆسایدی گەلی کورد !

٢-کارەساتی ئەنفال دەبێت بە جێنۆساید بناسێندرێ ؟

کورە ماڵوێران بەردی گەورە نیشانەی نەهاویشتنێتی، تۆ هێشتا بەناوخۆی کوردستانت نەناساندووە، ئیتر بەکوێی جیهانی دەناسێنێ و چۆنی دەناسێنی !؟ تۆ هێشتا بەتاوانەکە دەڵێی کارەسات، وەک ئەوەی ئەو هەموو خەڵکە بومەلەرزە کوشتبنی و لافاو بردبنی ! بەبێ ئەوەی هێندە تێفکرینت هەبێت ئەنفال جەلادی هەیە، پێمناڵێی قوربانیەکانی کارەساتێکی سروشتی جەلادوبکەرەکانی کێن ؟ ئەی پێمناڵێی کارەسات چۆن دەبێتە وەسفی تاوانێکی نێودەڵەتی ؟

٣- کارەساتی ئەنفال زامێکە هەرگیز لەیاد ناچێت!

ئەمەش هەرقسەیەکی باوەو دەکرێت، دەنا میللەتێک تاوانی ئەنفالی لە یاد نەکردبێت چۆن (بەعسیانە رەفتار دەکات، میللەتێک ئەنفالی لەیاد بێت چۆن شەڕی ناوخۆ بۆ حزبی بنەماڵەکان دەکات ؟! ئاخر شەرم نیە میللەتێک دەست و پەنجەی ئازیزانی لە بیابان هەڵوەری بن لێرە خەریکی شکاندنی دەست وپەنجەی یەکتربن ؟ دەی لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا دەردەکەوێ مرۆڤی کورد چەندە بەعسیانە ڕەفتار دەکات،ئەمەش بەڵگەیە کە یادی ئەنفالیان بۆ ئازادی و دادپەروەری ناوێ، بەڵکو وەک کەلوپەل بۆ بەرژەوەندی حزبەکانیان دەیانەوێ، بۆیە بەعسیانەش پەلاماری یەکدی دەدەن . حکومرانی حزبی بنەماڵەکانیش دەری خستووە چەندە مرۆڤی کوردیان لەکن بەرێزو بەهادارە!

٤- دەبێت ئەنفال وەک هۆڵۆکۆستی جولەکەکان کاری لەسەر بکرێت !

بەڵام جولەکەکان وەک ئێمە ساڵی جارێک بەم قسە سواوانە یادی هۆلۆکۆست ناکەنەوە، قسەی ئەوانەش بەهایەکی نیە کە هەرئامۆژگاری دەکەن و فەرمان دەردەکەن، بێ ئەوەی خۆیان ئامادەی کارێک بن .

٥- ئەنفال زامێکە هەرگیز سارێژ نابێت !

هەڵبەت ئەگەر ئیرادە هەبێت سارێژ دەبێت، بەڵام کە ئینسان لەگەڵ ستەمکاری ونادادپەروەری هەڵبکات و بەشداری شەڕی ناوخۆ بکات طبعا سارێژنابێت .
٦- رۆشنبیرانی خۆشگوزەرانیش لە ٢٧ ساڵی ڕەبەقە لە یادی ئەنفالدا باسی جینۆسایدی ئەرمەن وهۆڵۆکۆستی جومان بۆ دەکەن نەک ئەنفال.! ئەی سەیرنیە ئەو رۆشنبیرانە دەربارەی ئەرمەن وجو زۆر دەزانن ودەربارەی ئەنفالیش هێچ ؟! لەراستیدا ئەمەیان کارەساتە .

ئەی یادی ئەنفال بەم هەموو ماڵوێرانیە ئەخلاقی و فیکرییەوە بکرێتەوە، ئیتر ئەم کۆستە چۆن راست دەبێتەوەو ئەم برینە چۆن سارێژ دەبێت ؟ ئاخر ڕۆشنبیری کورد رێز لەپێگەی خۆی نەگرێ و بەزمانێکی نزم بە کەسوکاری ئەنفال بڵێت (پاشماوەی ئەنفال) ئیدی چۆن شکۆ بۆ ئینسانی کورد دەگەڕێتەوە ؟!
من گرفتەکە هەر دەسەڵاتدا نابینمەوە، راستە ئەو بەرپرسی یەکەمە، بەڵام هەموو کۆمەڵگە ئەنفال و بەهای زیندووەکانیشی فەرامۆش کردووە، ئەگەرنا خۆ کەسوکاری ئەنفال خۆیان دەتوانن بەبێ حکومەت، یادێکی شکۆ مەندانە بکەنەوە ؟ بۆمەگەر یادکردنەوە هەر دەبێت خەرجی زۆرو بودجەی زۆری هەبێت ؟! خۆ دەتوانن لە یادی ئەنفالدا ماڵبەماڵ بگەرێن و سەردانی یەکتری بکەن و ئەوانەش ئاشت بکەنەوە کە دڵیان لێک ئێشاوە ئەمەش بۆ ئاسودەبوونی ڕۆحی قوربانیەکان و بەهای کەسوکارەکانیان، خۆدەتوانن بۆ بەرزراگرتنی گیانی قوربانیەکانیان لەیەکدی ببورن !




سێوسێنان بەر لەپەلامارەكانی ئەنفال‌و دوای ئەنفال … عومەرمحەمەد

سەرلە ئێوارەی ٢٢ لەسەر ٢٣ی ئازاری ساڵی ١٩٨٨ گوندی سێوسێنان گازبارانکرا، دوای ئەوەی گوندنشینەکان بە نیازی نانی ئێوارە چوونەوە ماڵەکانیان، رێک لەکاتی نانی شێوان بە زرمەو نرکەی کاتوێشا بە ئاگا هاتن،کە لە سەربازگەکەی دەربەندیخانەوە بۆیان هەواڵە کرا، هەرچەندە بۆمبەکان دەنگیان نزم بوو، بەڵا تراژیدیای گەورەیان بە دوای خۆیانداهێنا، بەجۆرێک نەک نانی ئێوارەی لێشێواندن، بەڵکو کەس فریا نەکەوت پارویەک قوتبدات، جگە لە کۆمەڵکوژییەکی ترسناک کە هەر لە جێدا ٦٥ کەس شەهید و نزیکەی ٤٠ کەس بریندار بوون، بەیەکجاری شیرازەی گوندەکەی شێواندن. هەرئەو شەوە ٤کەسی تری گوندی کۆشک لەکاتی بەهاناوەچونیان بۆخەڵکی سێوسینان ٤کەسیان برینداربوون و گیانیان لەدەستدا بۆیە هەمیشە شەهیدەکانی سێوسێنان ٦٩ کەس ناودەبرێن . نابێت ئەوەشمان فەرامۆش بکەین کەوا هەرلەو کیمیابارانەدا پێشمەرگەیەکی خەڵکی هەوارامانیش شەهید بوو. ……
بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن ….




عیفرین سەرکەوت …. عومەر محەمەد

لەروی سۆزدارییەوە ناڵێم، مەجبورنیم دڵێ کەس بدەمەوە، بەپێجەوانەی ئەوانەوە دەیبیم کە چۆن سۆزدارانە تەماشای روداوەکان دەکەن ئاواش ئێستا کەوتوونەتە شین وگریان و تف باران، بەڵکو بە بروایەکی قوڵەوە دەڵێم : عیفرین سەرکەوت، چونکە ئەو تەنها سێ بژاردەی لەبەردەمدا بوو چوارەهەم لە ئارادانەبوو، کەبریتی بوون لەم بژاردانە :
یەکەم: چەک دانان وتەسلیم بوون بەئەسەد.
دووهەم : رادەستکردنی عیفرین و ڕێیککەوتن و تەسلیم بوون بەدەوڵەتی تورک لەبەرانبەرسەرقەیەکدا.
سیهەم: شەڕوبەرخۆدان .
ئەوە بۆهەموومان ڕونە یەکەم هەنگاوی سەرکەوتنی عەفرینیەکان، رەتکردنەوەی خاڵی یەکەمە کە خواستی روس و بەشارە ئەسەدبوو، دووەم هەنگاوی سەرکەوتنیش رەتکردنەوەی خاڵی دووەمە، کە خواستی تورک بوو، بەڵام بینیمان ئەوەی هەڵیان بژارد خاڵی سێهەم بوو، کە سەرباری هەرزیانێکیش بەرشەڕڤان و خەڵکی مەدەنی کەوتبێ شکۆمەندی بۆ بۆیەشەڕڤانەکانی و خەڵکەکە خۆراگرەکەی بەدەستهێنا. ئێستاش کە جەنگەکە چووەتە قۆناغێکی نوێ وجگەلەسەرکەوتن ناتوانین پێشبینیەکی ترمان هەبێت، بەڵام وەنەبێت هەتا ئێرە ٥٨ رۆژی بەرخۆدان بێ دەستکەوت بووبێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، جگەلە سەرکەوتنە مێژووییەکەی چەند دەستکەوتێکیشی هەبووە، کەمن لەم چەندخاڵەی خوارەوەدا کۆیان دەکەمەوە .
1- لەعیفرین تێگەیشتین کە قۆناغی ملکەچی کۆتایی هات و پاشەکشەو هەڵاتن لەبەرەی جەنگ وەک ئازادی و بەرەڵایی دوو واتای جیاوازن .
2- خەیاڵی تەندەرلێدەرو بازرگانەکانیان لە گۆڕنا کە خۆیان بۆ چیرۆکی قوربانیان لەبۆسەنابوو، هەتا بێن و لە ژێر پەردەی مافی مرۆڤدا بەچاوساغی دەڵاڵە سەر رەشەکان قژزەردو چاوشینەکان، بێن و چیرۆکی ژنە فرۆشراوەکانمان یان ئاهوناڵەی پیرەمێردو پیرەژەنەکانی ئەنفال و شەنگال بقۆزنەوەو بەفرمێسکی تیمساحیەوە قوربانیەکان لەدۆزەخدا بخەنە سەرخەیاڵی بەهەشت وخۆشیان لە هۆتیلە راقیەکاندا هەڕاجیان بکەن و قازانجی مادی لەسەر بچننەوە، ئەگەر غیرەتێکیان مابێ دەبێت ئیدی بێن و بەناچاری چیرۆکی ئازایەتی ژنە شەرڤانەکانمان بنوسنەوەو بیگێڕنەوە.
3- پەردەیان لەسەر مێژووی فتوحات هەڵدایەوەو هەموو ئەو چیرۆکانەشیان توردایە زبڵخانەی مێژووەوە کە لەشکری ئیسلام بە ئاوەژوو نوسیونیەوەو ئازاو قارەمانەکانی کردووەتە کافرو شەرنگێزو درندەکانی هاوشیوەی داعشیان کردووەتە ئەسحابە.
4- نیازی ژێر مەندیلی مەلا خۆفرۆش و بەکرێگیراوەکان ئاشکرا کردوو، مەلا بەشەرەفەکانیشی لە بەرەی خەڵک و هەق وراستیدا نیشانداینەوە .
5- ئەو قەناعەتەی چەسپاند کەژن زەعیفە نەبوو وەک پیاوانی ئاینی لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە هاواری پیاوسالاریان دەکرد، بەڵکو وەک هێلکەی پاککراو راستیەکەی خستە دەستی دنیاوە کە پێچەوانەکەی راستەو ئەوانەی ژن بە زعیفە دەزانن خۆیان و دنیابینیان زەعیفە.
6- ئەوقەناعەتەی چەسپاند لە جەنگدا ژن یان دەبێت شەرڤان بێت یان بە بازاری کۆیلە فرۆشی و کەنیزەک بوون قایلبن.
7- ئەو قەناعەتەی چەسپاند کە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی کاسبکارو محافەزەکارو هیچ لەباردا نەبوون و لە تەنگانەدا فریای ستەملێکراو ناکەون، بەڵکو دوای تاوانەکان دێن و روی دەوڵەتە ستەمکارەکان سپی دەکەنەوە.
8- پەردەی لەسەرهەموو تەمومژەکان لاداو دەری خست حزبەکانی هەریم، زیاتر بنەماڵەیین نەک نیشتمانی، وای کرد دنیا هەموو کورد بەچاوی ئەوانەوە نەبینێ.
9- باشتر دەریخست کە ئەگەر سەرکەوتنی کۆبانێ نەیتوانیبێ هەڵاتن لەشەنگال وەک رێکەوتنی سیاسی ببینێ ئەوا جەنگی عیفرین هیچ گومانێکی نەهێشتەوە.
10- جەنگی عیفرین بەتەوای دەمامکی لەسەر روخساری تورکیاو ناتۆو روسیاو ئەمریکا هەڵماڵی.
11- جەنگی عیفرین دەریخست کە گرتنی موسڵ وشەنگال و پەلاماری کۆبانێش، هەر تورکیابووەو داعش وەک میلیشیایەکی تورک بەوەکالەت بەناوی سوننەو بەبەرگی دینیەوە جوڵا. بەڵام لەجەنگی عیفریندا ئەو دەمامکەشیان کەوت، وەلێ جیاوازیەکە لە بەرخۆدانی شەڕڤانان و هەڵاتن و بەجێهێشتنی شەنگالیەکاندا رونتر دەرکەوت.
12- تێیگەیشتین، کە بانگەشەی دیموکراسی درۆیەکی گەورەیەو جیهان پڕە لە دەسەڵاتداری هەرچی وپەرچی و روناکبیری کارتۆنی و جیاوازییەکی زۆر لەنێوان دیکتاتۆرەکانی روس وئەمریکاو تیرۆرستەکانی ئیخوان موسلمیندا نیە.
بۆیە عیفرین سەرکەوت، چونکە وەک کۆمەنەی پاریس بووە وەرچەرخان لەمێژووی مرۆڤایەتیداو تیایدا شانازییەکی گەورە بەر ژنی کورد دەکەوێت.

١٨ی ئازاری ٢٠١٨
سلێمانی




بۆ دەبێت یادی گازبارانی هەڵەبجە بکەینەوە ئامانج لەیادەوەری چیەو دەستكەوتەکانی چین ؟


عومەر محەمەد- سلێمانی
١٦/٣/٢٠١٨

—————————————

ئەرکی ئێمەیە یادەوەرییەکانی جینۆساید هەرلە فەیلیەکانەوە، هەتا بارزانیەکان و هەڵەبجەو ئەنفال وشەنگال، بەگرنگیەوە تەماشایان بکەین و بەگرنگیەوە بەرەو پیریان بچین و یادیان بکەینەوە، بەڵام لەوەگرنگتر ئامانجی یادەوەرییەکانە، چۆنێتی ئاراستەکردن و پەیامی یادەوەرییەکانە، پەیام بۆناوخۆی خۆمان و بۆ دەرەوەی خۆمان، ئایا بەراست ئێمە هەتا چەند ساڵی تر دەبێت بگرین ؟ گریان جێمان پێدەبەخشێ ؟ ئەی پەیام چیمان پیدەبەخشێ هونەری یادکردنەوە چیە، بۆچی باشە ؟ ئەم کۆستانە لەیاد بکەین باشترە یان بەزیندویی بیانهێڵینەوە ئەگەروامان کرد چ بەرهەمێکیان دەبێ ؟ ئەم پرسیارانە هەموویان گرنگ وجەوهەرین، ئەمانە تەنها پابەندنین بەهەستی ساتەوەختی یادەکانەوە، وەک چاولێکەریی، بەڵکو پابەندن بەئایندەمانەوە، هەلبەت بەئاوردانەوەیەکی ڕەخنەگرانەی ئازایانەی رابوردومان .

ئەمساڵ ١٦ی ئازاری ٢٠١٨ یادی سیهەمین ساڵەی یادەوەری گازبارانی هەڵەبجەو ئەنفالە واتا ٢٦ ساڵی رەبەقە خۆمان بەبێ سانسۆری بەغدا یادی هەڵەبجە دەکەینەوە، بەڵام دەبێت ئازایەتی ئەوەمان تێدابێت بپرسین هەتا ئێستا چۆن یادمان کردووەتەوە ؟ چیمان بەدەست هێناوەو چێمان لەدەستداوە؟ ئەگەر بە ئازایانە وەڵاممان وەرگرتەوە، ئینجا دەبێت هەلوەستەیەکی ئازایانەش بکەین و لەخۆمان بپرسین ئەی لەمەودوا چۆن یادەکان بکەینەوە؟ چۆن قەرەبووی کاتی لەدەستچومان بکەینەوە، ئایا ئێمە بوێری ئەوەمان هەیە دەستکاری ماڵی خۆمان بکەین ؟ لەبنەرەتەوە بوێری ئەو پرسیارانەمان هەیە لەخۆمانی بکەین ؟ یان لێیهەڵدێین و وەک رابوردو یادێکی پڕخەرجی بێبەرهەم دەکەینەوە !؟ ئاخر یادەوەری بەهای ئەخلاقی و سیاسی و یاسایی هەیە، ئەگەر یادەوەریمان بوێت دەبێت ئەم بەهایانەمان بۆگرنگ بێت، دەنا کەس بروا بە خۆنمایشکردن و خۆنواندن و فرمێسک و وتاری بێکردارمان ناکات .!

ئەی کەوایە گرنگی یادەوەری چیە؟

یەکەم : با باسەکەمان لە فەلسەفەوە نە ئاڵێنین و زۆر بەسادەیی بدوێین، گرنگی یادەوەری لەبنەرەتەوە پابەندە بەمافی مرۆڤەکانەوە، چ ئەوانەی بوون بەقوربانی تاوانەکەو چ ئەوانەی لەژیاندا ماون و چ ئەوانەی زەرەمەند بوون، تەنانەت ئەوانەشی زەرەرمەندی راستەوخۆنەبوون و تارادەیەک سەلامەتن، بەڵام ئایا ئەمانە بەبێ دادپەروەری و سەروەری یاسا بەدی دێن ؟ کەواتە مەرجی یەکەمی یادەوەری دادپەروەریی و گەرانەوەی شکۆیە بۆ ئینسانەکان و ژیانێکی سەلامەت و شکۆدار بۆهەمووان.

خۆ رەنگە بەدەستهێنانی هوشیاریش لەم بارەیەوە هەروا ئاسان نەبێت، بەلای کەمەوە پێویستی بە قۆناغی دادوەری راگوزەری (عدالة الانتقالیة) وە هەیە. بەڵام دۆخی ئێمە وەک هی کەس نیە، نەوەک هی ئەرمەنەو نەوەک هی جووەکان، بەلای کەمەوە ئەوان دوڵەتیان هەیە، بەڵام ئێمەی کورد وەک دەوڵەتمان نیە، دەسەڵاتی خۆجێیەتیش هێشتا خاوەنی تێورێک نیە بۆ سیاسەت و دەوڵەتی میراتگریش هێندە سەرۆکاری لەگەڵ دیموکراسیەت و بنەماکانی مافی مرۆڤ نیە، کەواتە هەر دەبێت خۆمان قۆڵی لێهەڵماڵین و چاوەروانی دەوڵەت و دەسەڵاتداران نەبین .ئەی کەواتە خۆمان کێین ؟ لەپێشەوە هەموو ئەوانەی هەست بەگرنگی یادەوەری و دروستکردنی مێژوو و داهێنانی کەلتورێکی باڵا دەکەن . ئەرکی ئەوانەیە یەکەم هەنگاوهەڵگرن .

دووهەم : دۆکێومێنتکردن و لێکۆلینەوە لەتاوانەکە و ناسینی مەرجعی فیکری ئەنجامدەری تاوانەکەو خۆ دورخستنەوەو خۆداماڵین لە رەفتاری جەلاد – بە بریاردەرو ئەنجامدەرەوە، ئاخر ناکرێت جەلادو قوربانی هەردوکیان هەڵگری یەک فکرو یەک رەفتاربن ! کەواتە ئەرکێکی گرنگ و هەنووکەیی لەمەوداوامان لە یادەوەریدا بەعس ناسییە! ئینجا ریشەکیشکردنی بەعسیزم و رەفتارەکانی نەک هەر لەو شوێنانەی تاوانەکەی لێ ئەنجامدراوە، بەڵکو لەتەواوی هەریمی کوردستاندا، لەناوخانەوادەو فەرمانگەو دەزگاکانی خۆبەرێوەبەرێتیدا دەبێت بەعسیزم ببێتە شەرمێکی گەورە، دەبێت ببێتە شەرمێکی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی .

سێهەم : بەو پێیەی لەماوەی ٢٦ ساڵی دەسەڵاتدارێتی خۆماڵیدا، لەیادەکاندا زۆرترین بەڵێندراوەو کەمترینیان جێبەجێکراون، زۆرترین درۆکراوەو کەمترین کارکراوە، دەشێت یادەوەری داهاتوو ئەم نەنگیەشمان چارەسەر بکات و بەپێچەوانەی رابوردووەوە، راستگۆیی و پابەندی ئەخلاقی بەرهەم بهێنێت، ئێمە ئەگەر بۆ هەر شەهیدێک بۆ هەر ئەنفال کراوێک تەنها یەک درۆ لەخۆمان یاساغ بکەین، ئەوا ئەوەندەمان شەهیدو ئەنفال هەیە ڕاستگۆترین میللەتی سەر روی زەمین دەردەچین خاوەنی ٢٦ ساڵ بەلێنێ جێبەجێنەکراونین ؟ کەواتە با دەست پێبکەین و رابووردو لەبیر بکەین .

چوارەم : یادەوەری دەبێت لێبوردەیی بەرهەم بهێنێت ئاشتبوونەوەی گشتی بەدوای خۆیادا بهێنێ و ببێتە چەک وئامرازێکی باش وکاریگەری دژایەتی گەندەڵی وچاوچنۆکی، لەپێشەوە داب ونەریتێک دابهێنێ کەوا هەموو قوربانیەکان تیدا هەست بەشکۆمەندی بکەن، بۆنمونە لە رۆژی ١٦/٣دا خەڵکی شار بەتایبەتی خەڵکی شار وەک رۆژانی جەژن بەماڵانەوە بگەڕین وگەردن ئازایی لەیەکتری بکەن، ئەوانەی بەهەر هۆیەکەوە دڵیان لەیەک رەنجاوە ئاشت ببنەوەو دڵێ منداڵەکانیان خۆش بکەن و رۆحی گیان بەخت کردووەکان و شەهیدەکان ئاسودەبکەن و بریندارانی چەکی کیمیایی دڵخۆش بکەن و سەروەری و ئاسودەییەک بهێننە کایەوە کە نەوەکانی ئایندە لەسەری بڕۆن .

ئەمانەو بەگشتی پێویستە شارێکی وەک هەڵەبجە بکرێتە شارێکی مێژوویی نەک بە تابلۆیەک بکرێتە پارێزگاو لەناوەرۆکیشدا هەر قەزاکۆنەکەی جاران بێت، ئەمەش هەربەتەنها بەهۆی گازباران و ئەو تاوانەوە نا کە دەرهەقی کراوە بەڵکو هۆكاری مێژوییشی بەتەنیشت ناوە مەعنەوییەكەی هەڵەبجەوە هەیە، كە لە سۆنگەی پرۆسەی جینۆسایدوئەوتاوانە گەورەیەی دەرهەقی كراوەو هەڵەبجەی بەدنیادا ناساندوە.
ئەوەی دەبێت لە بەرچاوبگیرێت لەپێش هەموو هۆكارەكانی ترەوە هەڵەبجە بەرلە تاوانەکەش شاری شاعیران بووە، نابێت ئەم سامانە مەعنەوییەی لێ دابماڵدرێت ئینجا تاوانی گەورەی دەوڵەتی عێراق‌و ناوە مەعنەویەكەی ئێستاشی بخرێتە سەر، كە دەبوو زۆر زووتر وەكو هەنگاوی یەکەم بۆ خۆ بنیاتنانەوەو گیانی بەرەنگاری بكرایەتە شارێكی مێژویی وەک قودسی فەلەستینیەكان‌و نەجەفی شیعەكان‌و هیرۆشیمای ژاپۆنیەكان، بۆئەوەی بەڕوی دكتاتۆرییەتی بەعس‌و شۆڤێنێتی عەرەبی‌و بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بخرایەتە سەرپێ .

هەركەس بڵێت پێشتر وەها پرۆژەیەك لە توانادا نەبووە راست ناكات، چونكە دەیان بەڵگەی حاشا هەڵنەگر بەردەست وئامادەن، كە پێچەوانەكەی بسەلمێنن، دەبوو ئەوسا یەكێتی و پارتی کە خۆیان بەنوێنەری خەڵكی كوردستان دەزانی، لەبری خۆسەپاندن نەك لە بودجەی حزبەكانیان تەنانەت لە قورگی ئەندام‌و كادرەكانیشیان بگرتایەتەوە بۆ وەها تەحەدایەك‌ و بنیاتنانی پرۆژەیەكی (سومبل)ی نەتەوەیی، بەلای كەمەوە، ئەگەر بڵێن ئەوەمان پێنەدەکرا خۆ دەیانتوانی شەڕی ناوخۆ نەكەن‌و ئەگەركردیشیان دەیانتوانی هەڵەبجەو گەرمیان و ناوچە ئەنفالکراوەکان نەیكەن. بزانە ئەگەر وەها هەستێکیان هەبوایە سنوری شەریشیان بەرتەسک نەدەبووە ؟ ئایا مەیدانێکیان دەما بۆ سەنگەر لەیەکگرتن ؟ بەڵام بەداخەوە ئەو سەروەختە ئاستی تێگەیشتن نەك لە مافی مرۆڤ و تاوانی جینۆساید بەڵكو لەوەها پرۆژەیەكیش لەخاڵی سفردا بوو. ئەو داهات‌و هاوكاریانەش كە بەناوی هەڵەبجەوە كۆیان دەكردەوە نەیانخستە خزمەتی ئەو شارەو خەڵكەكەیەوە. دەنا هەرگیز رۆژمان بە ئێستا نەدەگەیشت.

بەهەرحاڵ هەنگاوەكان هەرچۆنێك بن گرنگ ئەوەیە بۆ لەمەولا كۆسپی بەردەم بەمێژوویی کردنی شاری هەڵەبجە نەبن .
ئیدی ئەورۆژە بەسەرچوو بە دنیا بڵێین ئێمە بەوئەندازەیە ستەمكاریمان دەرهەقكراوە، چونکە ئێستا هەم هەلومەرج جۆرێکی ترەو هەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش باشتر دەناسین بەڵكو لەو تێگەیشتنەوەبێ‌ ، كە كورد خۆی لەسەربنیاتبنێتەوەو هەرجۆرە توندرەوی‌و دڵرەقی‌و بەدكارییەك بەسوكایەتی بۆسەر زیندووەکانی و یادەوەری و قوربانیەكانی ببینێ‌ وئاگاداری بەهای مرۆڤ بێت و لەهەر هەنگاوێكیدا بەرپێی خۆی ببینێ‌‌و جیهانبینی بنیاتنەرانە بێت، بۆیە پێویستە لەو دیدگایەوە تەماشای هەڵەبجە وەک شوێنێک بۆیادەوەری بكەین نەك هەموو بەهای ناوە مەعنەویەكەی هەڵەبجەو دۆسێ گرنگەكەی لە ئیمتیازی بە پارێزگابونیدا كورتبكرێتەوەو لە هەموو كاتێكدا بەچاویاندا بدرێتەوەو بڵێین لەوە زیاتر چیترتان دەوێ‌ ؟ ئەوەنیە كردوومانە بەپارێزگا. ئەگەر وایان گووت ئیدی ناوچەکانی تریش مافی خۆیانە بڵێن ئەی ئێمە ؟

ئێستا هەموو لەوە تێدەگەین کە هەڵەبجە تەنها ناوی شارێك نیە، بەڵكو رەمزێكی گەورەی یادەوەری جینۆسایدی ئێمەیەو ناوێكی مەعنەوی کوردە، ئەوەش فاكتەرێكی گرنگە كە بكرێتە شارێكی مێژویی ، راستە یەكەم هەنگاو بەپارێزگابوونێتی، هەرچەندە من زۆر ترسم لەو هەنگاوەش هەیەوهەر زوو ئەم ترسەم بەبۆنەی بەپاریزگابوونیەوە نوسی، (ئەم ئیمتیازە لەبری ئەوەی خەونەكانی بەرەو سەرەوە بەرن بیكوژن لەبری ئەوەی گەورەی بكەن تەواو بچوكی بكەنەوە، ترسم لە پێنەگەیشتنی ڕەگەزەكانی هەیە).

ئیدی بۆیادەوەرییەکانی ساڵانی داهاتوو دەبێت ئەم شارە رێگاوبانی باشی هەبێت، هۆتێلی شایستەو چێشتخانەی باشی هەبێت كە توانای قەرەباڵغی هەبێ‌. هۆڵی شایستەی بۆ كۆبونەوە وسمیناری تێدابێت. بە هیوام دوای یادی سی ساڵە نەك هەر بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بەڵكو هەموو ئەو كەسایەتی و رێكخراوانەی كەمتەرخەم‌و بەرژەوەندی خوازبوون، شەرم لە كردەوەكانی رابوردویان بكەن ئیدی یادەوەرییەکان لەبری ئەوەی تۆوی ئومێدی بچێنن ئومێدومتمانە ببەخشنەوە، ئەمەش هیچ خۆشخەیاڵی نیە بەڵکو ئومێدو ئیرادەیەو ئێمەش هیچمان لە نەتەوەکانی تر کەمترنیە دەسەڵاتێکی دادپەروەرنەبێت .

ئەگەربخوازن دەتوانن لە ئێستا بەدواوە كات بەفیڕۆ نەدەن. چیدی بۆیان نالوێت و ناكرێت تەنها بە تابلۆیەك‌و دانانی پارێزگارێك‌و بەرێوەبەرە گشتیەكان كە هەموویان پیكەوە كاندیدی حزب بن ئارایشتی قەزایەك بكەن‌و ناوی پارێزگای لێبنرێت، بەڵكو دەبێ‌ پارێزگای هەڵەبجە لە ناوەرۆكدا لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان جیاواز بێت، پارێزگایەك خاڵی بێت لەبارەگای حزب‌وهێزی چەكدار بەو واتایەی بكرێتە شارێكی سیمبولی‌و مێژویی‌و لە خزمەتی دۆزی سیاسی كوردستانیشدا بێت. وەک بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە نەبووە دەستپێكی بەخۆداچوونەوە بایادەوەری سی ویەک هەمین ساڵە، چ لەروی روخسارەوە چ لە ناوەرۆكدا شارێك بێت جیاواز لەوانی دی. ئەرکی هەڵەبجەییەکانیشە بێ گوێدانە جیاوازی حزبەکان تەنانەت بێ گوێدانە جیاوازی ئاین و ئایدۆلۆژیا هەنگاوی بۆهەڵهێنن بەتایبەتی ئەمە بۆهەڵەبجە زۆر پیویستە چونکە لەوێ جگەلە ئیسلام کاکەیی زۆرهەن وجگەلەیەکێتی وپارتی حزبی تریش زۆرن .

پارێزگایەكی نوێ‌ داماڵراو لە چەك

ئەگەر هەتا ئێستا لەباری مەعنەوییەوە هەڵەبجە نەبووەتە سەنتەری پاراستنی مافەكانی مرۆڤ، دەبێ‌ لەمەولا وای لێبكرێت تەنانەت لەوە زیاتر بڕوات‌وببێتە دەروازەی ئاشتبوونەوەی گشتی بۆهەموو هێزە ناكۆكەكان‌و عەقڵیەتی خوێنرێژی بگۆرێتە سەركێبەركێی مەدەنی‌و خزمەتگوزاری، چەندە كارێكی جوان دەبێت ئەگەر هەڵەبجە ببێتە پارێزگایەكی لەچەكدا ماڵراو، هەرهیچ نەبێت بۆ رێزگرتن لەومرۆڤانەی بەگازی كیمیایی كوژران وبرینداربوون، پاراستنی مافی مرۆڤ لە ناوخانەوادەو خیابان‌و فەرمانگەكانیدا لە لوتكەی واتاكانی خۆیدابێ‌. لە سەر ئاستی دەرەوە تەحەدایەكی گەورەی بیری شۆڤێنی و دەمارگیری بێت، لە ناوخۆش ببێتە بنیاتنەرەوەی تاكی كوردو دوربێت لە هەموو پێشێلكاری‌و توندوتیژییەك.

كۆبونەوەو كۆنگرە گرنگ‌و چارەنوسسازەكان لە هەڵەبجە ئەنجامبدرێن بەو واتایەی پابەندی ئەخلاقیان بەراسپاردەو ئەنجامەكانیەوە هەبێ ‌‌و هێڵێكی سوربێت بۆ هەرجۆرە نیازخراپیەك‌و لە بەرامبەریشدا پێگەیەكی شایستەی هەر نیازپاكیەك بێت. وەك شەرەفێك وەزارەتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان ببرێتە ئەو شارەو تیایدا وەزیر بەجۆرێك بجوڵێتەوە لەبری بێباكی ئەژنۆی بلەرزێ‌ لە هەنگاوو بریارەكانیدا، هۆڵی ستانداردی بە باشترین‌و پێشكەوتوترین ئاست لێ‌ دروستبكرێت‌و كۆنگرەو كۆنفرانسە نێودەوڵەتیەکانی جینۆسایدی لی ببەسترێ‌. هەڵبەت نابێت ئەم گرنگی پێدانە بەتەنها لە هەڵەبجەدا کورتبکرێتەوەو نابێت ئەم ئیتیازانەش بەجۆرێک مامەڵەیان لەگەڵدا بێت لەبری رێزوشکۆ سوکایەتی بەشوێنانی تر لێبکەوێتەوە.

زۆرگرنگتر دەبوو وەک بایەخی یادەوەری هەڵەبجە لە بری پارێزگا بکرایە بەشارێكی مێژوویی هەتا لە باری سمبولییەوە لە پارێزگا هەڵكشاوترولە باری مەعنەویشەوە لە ئاستی پایتەختی هەرێمی كوردستاندا بێت و فرۆكەخانە‌و یاریگای نێودەوڵەتی‌و رێستۆرانت‌و هۆتیل وکافتریای باشی تێدابێت، تەنانەت بكرێتە شوێنی بریاردانی سیاسی و پەیمانی ئاشتی نێوان حزبەكانی كوردستان‌و لەوانەش گرنگتر داوا لە بەغدا بکرێت بەشێكی دادگای تایبەت بەتاوانە گەورەكانی لێ دابمەزرێ‌ .

ئەگەر دەسەلاتدارانی كورد بیانەوێ‌ دەتوانن هەڵەبجە و شوێنەكانی تریش وەك كارتێك لەبەرامبەر دەوڵەتی عێراقدا بەكاربهێنن و بیكەنە شاری مێژویی‌وسمبولی ئەوكاتە، بە سروشتی خۆی وەك قەرەبووكردنەوەیەكیش دەبووە دەستكەوتێكی سیاسی، بەڵام ئەگەربەبێ‌ ناسنامەی جینۆساید بكرێتە پارێزگا ئەوسا ئەگەر دەستكەوتیش بێت هیچ بۆ كوردو هەڵەبجەییەكان ناگۆرێت بەڵكو تەنها دەبێتە دەستكەوتێكی ئیداری نەك سیاسی‌و مەعنەوی .

لەراستیدا هەق نیە رۆشنبیرانی كورد بەگشتی‌و هەڵەبجەییەكان بەتایبەتی بەوە قایل بن شارەكەیان كە گەورەترین تاوانی سەدەی بیستەمی دەرهەقكراوە بكرێتە پارێزگایەك‌و بەس، چونكە ئەو دەستكەوتە نە هێندە گەورەیە هەتا لەئاستی ئەوتاوانەدا بێ‌ كەدەرهەقی كراوە نە هەڵەبجەیەكانیش لەمەینەتی ڕزگار دەكات، بەداخەوە رۆشنبیران و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیش لەو ئاستەدابوون كە بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەیان بەدەستكەوتی مەزن ناوبرد. ئەمە ئاماژەبوو بۆئەوەی چەندە لە جێنۆسایدو قەرەبووی ئەو تاوانە تێگەیشتوون، دەنا هەڵەبجە شایانی ئەوەیە بکرێتە شارێك كە دنیا سەرسام بكات نەك بیكەنە قەزایەكی گەورەتر لە ئێستاو ناوی پارێزگای لێبنێن.

سەرباری ئەو مایەپوچیەی رابوردوشمان، هیشتا ئومێدم هەیە، ئاورێک لە ٢٦ ساڵی یادەوەری تاوانەکان بدەینەوەو بەبیرێکی فراوانترو نیازێکی جوانتروئامانجێکی بایەخدارەوە بەپیر یادەکانمانەوە بچێن ونەک هەر دادپەروەری بەڵکو کۆمەڵێک نەتریتی جوان وبەرز بهێنینە ئاراوە کە هەم خۆمان دڵخۆش بکات وهەم دنیا سەرسام بکات، کۆمەڵێک ئەرکی زۆر ئاسان بەڵام زۆر واتادار لە ئەستۆ بگرین و هەموولایەکمان لێی سودمەند بین.

بەهیوام لەیادەوەرییەکانی ساڵانی داهاتوودا هەڵەبجە بەراستی ببێتە پایتەخی ئاشاتی و خەڵکەکەی قۆڵی لێهەڵبماڵن و شارەکەیان لەچەک دابماڵن و ئاشتی و میانرەوی و ژینگە دۆستی ببێتە شوناسی شارەکە وهەموو ئەم خەسڵەتانە لەشارەکانی تریشدا رەنگ بدەنەوە.

بەهیوام لە یادەکانی تری تاوانی جێنۆسایددا کۆمەڵگەیەکی تری پێچەوانەی ئێستابین راستگۆو ژیاندۆست و میانرەوبین، ناتوندوتیژو رەفتار بەرز، لاشەرو ژینگە دۆست بین. رۆژانی یادەوەری بکەینە رۆژانێک بۆ خوێن نەرشتن وسەربرین رۆژانی یادەوەری قوربانیەکانمان نەک هەرمرۆڤەکان تەنانەت پەلەوەرو ئاژەڵەکانیش ژیانیان پارێزراوبێت، رۆژانێک بێت نەک قەسابخانەکان ودوکانی مریشک سەربرەکان تەنانەت چێشتخانەو کەبابخانەکانیش خاڵی بن لەگۆشت . رۆژانێک پراوپربن لە رێزو شکۆی مرۆڤ و زیندەوەرانی دی یادەوەرییەک بەرێوەبەرین هەموو دنیا شەرم لەبێدەنگی خۆی لەبەرانبەر تاوانەکان بکات کە دەرهەقمان کراون .




خۆزگەو هیوا … عومەر محەمەد

لە پەراوێزی دووەمین ڤیستڤالی فیلمی سلێمانیدا ….

ئامانجی ئەم وتارە ئەوەیە بەتەنیشت لێکۆڵینەوەی زانستییەوە بۆ ئەم تراژیدیایە، هونەریش ڕۆڵی خۆی ببینێت و وەک تاوان و تراژیدیاکانی تری هاوشێوەکانی مرۆڤایەتی بۆ نمونە تاوانی هۆڵۆکۆست و جینۆسایدی ئەرمەنەکان بەراورد بکرێت و داهێنانی ئەدەبی و هونەری لەبارەیەوە بکرێت .
ئەگەر سینەماکار زۆریش رۆنەچیتە ناو مێژووەوەو تەنها لە سەر ئەو ستەمکاریانە بووەستێت، کە لە ناوەراستی هەشاتاکانی سەدەی رابووردووەوە دەرهەق بە کورد دەکرێن، ئەوا هەزاران چیرۆک دەبنە ئایدیاو خەونی کارکردنی، با تەنها هەڵوەستەیەک لە گازبارانی هەڵەبجەو ئەنفال بکەین، لەوکاتەوە هەتا ئێستا لەگەڵ مردنی هەرمرۆڤێکی ئەودەڤەرانەدا چیرۆکێکیش دەمرێت، کەچی زۆر بێباکین !
ئەگەر لە دوای ڕاپەرینەوە هەتا ئێستا کە شەنگالیشی هاتووەتە سەر چیرۆکەکانمان دۆکێومێنتکردبا، ئێستا خاوەنی خەرمانێکی گەورە لە چیرۆکی جەلادو قوربانی دەبووین، خاڵی جەوهەری ئەوەیە کە هەموویان زەلیل بوونمان ناگێڕنەوە،بەڵکو لەناویاندا قارەمانی گەورە هەن، نمونەیەک دەکەمە یارمەتیدەر ( ئێوارەی گازبارانی هەڵەبجە، خانەوادەی حاجی رەحمانی نارنجەڵە هەموویان بریندار بوون و تەنانەت بیناییان لەدەستدابوو،کەچی کە سوپای عێراق شکا سەربازێک بەناوی خالد عەبدولکەریم عەلوان چەکەکەی فرێداو وەک هەڵاتووی بەرەی جەنگ بە (خاتراللە خاتراللە ساعدونی) خۆی هاویشتە ماڵی حاجی ڕەحمان، ئەم پیاوە بەو پەری میهرەبانیەوە لەبری تۆڵە ئامێزی بۆکردەوەو دەستێک جلی کوردی پێداو وەک کوڕێکی خۆی لەگەڵ ماڵ ومنداڵەکەی خۆیدا بردی بۆکەمپی ئاوارەکانی ئێران، لەوێ کاتێک کەوتە بەر سوسەی سیخورەکان، حاجی ڕەحمان، گوتبووی (ئەم کوڕەم هەر بە سکماک بێ زمانەو ناتوانێ قسە بکات) چیرۆکەکە درێژەو لێرە دەیبڕینمەوە بەڵام دەمەوێ سەرنجی سینەماکاری کورد ڕابکێشم، چونکە ئەگەر بخوازێ دەتوانێ بەفریا بکەوێ و هەتا ( سەربازەکە) لە ژیانداماوەو وەک حاجی ڕەحمان دنیای بەجێنەهێشتووە، هەوێنی فیلمێکی جوان و بایەخدارە بۆ ئاشتی ولێبوردەیی.
لەهەمان کاتدا بەپێجەوانەی ئەو دیدە باوەشەوەیە کە هەمیشە کورد وەک زەلیل و قوربانی بێدەسەڵات دەخاتەڕوو، بە هیوام لە داهاتوودا بەشی فیلمسازی زانکۆی سلێمانی بتوانێ پێشەنگایەتی بکات و بەدیقەتەوە رەگەزەکانی ئازایەتی و خەونە جوانەکانی مرۆڤایەتی لەو تراژیدیایە)دا بدۆزێتەوەو ببێتە هەوێنی بەخشندەیی ومهیرەبانی،خۆزگە یەکەمین فیلمی ڤیستڤاڵ دەربارەی تاوانەکانی جینۆساید (هەلەبجە، ئەنفال، شەنگال) یان هەر یەکێک لەو تاوانانە دەبوو، ئەمەش نەک وەک ئەوەی بەدنیا بڵێین ئێمە ستەممان لێکراوە بەڵکو بەو هیوایەی لە ناو چیرۆکەکانی ئەم تاوانانەدا قارەمان بدۆزنەوەو ببێتە جێگەی سەرنجی سینەماکارانی کوردو ئەوانی دی.

تێبینی :
ئەم بابەتە لە لاپەرە ٦ی ژمارە ٥ی شارسینەما کەبڵاوکراوەیەکی رۆژانەی فیستیڤاڵە لە ریکەوتی ٢٠١٧/١٠/٥ بڵاوکراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی گۆڕینی تایتڵەکەی هەڵەیەک رویداوە ئەوان لە بری “خۆزگەو هیوا” ئەم تایتڵەیان نوسیوە : (فریای بکەون تا حاجی ڕەحمان دنیای جێ نەهێشتووە) هەڵەکەش ئەوەیە، کە بەداخەوە حاجی رەحمان لە ساڵی ١٩٩٩ دا کۆچی دوایی کردووە، ئەو بریندارەی گازباران نەیکوشت بەڵام گەرماو ئاوی گەرمی ئۆردوگای زۆرەملێی گردەچاڵ کوشتی.

٣/١٠/٢٠١٧ سلێمانی




گەڕانەوەی شکۆی سینەما … عومەر محەمەد

مێژووی سینەما لە مێژووی شانۆش جوانترو باشترە! چونکە ئەگەر شانۆ لەلای گریکەکان سەرەتا بۆ چینی ئەرستۆکراتەکان بووبێت، ئەوا مێژووی سینەما پێچەوانەیە، ئەگەر دەوڵەمەندان لە “هۆڵەکانی شانۆدا شوێنی تایبەت و کورسی تایبەتیان بۆماوەی چەندساڵێک کڕی بوو”، ئەوا لە سینەمادا ئەمەیان بۆ نەچووەسەر، لەسەرەتای سەدەی بیستەم هەر زوو چینی دەوڵەمەندان و ئەرباب و بۆرژواکان بەتایبەتی لە ئەمریکاو ئەوروپا، دەیانویست هۆڵەکانی سینەماش وەک هۆڵەکانی شانۆ تابۆ بکەن و شوێنی تایبەتیان هەبێت .
ئەوان بە پاساوی ئەوەی ناچنە شوێنێک “هەموو کەس” بۆی بچێت، هۆڵەکانی سینەمایان بە شوێنی شیاوی خۆیان نەدەزانی، هەموو کەس مەبەستیان لە خەڵکی زەحمەتکێش کریکارو کۆچبەرو چینی خوارەوەی کۆمەڵ بوو، کە ئەوسا زۆرینەی خەڵکیان پێک دەهێناو بەپارەیەکی کەم دەیانتوانی بچنە هۆڵەکانی سینەماو فیلم ببینن، هەر ئەمەش بووە گەورەترین پاڵپشتی و پشتیوانی سینەماو بازارگەرمی سینەما وەک ” پیشە- هونەر” گەشەی کردو هاندەری دروستکردنی فیلم و چاککردنی هۆڵەکان و باشترکردنی شوێنی حەوانەوە و بەرهەمهێنانی فیلم بۆ فرۆشتن بوو.

وەک هونەرمەندی جوانە مەرگ تەها کەریمی دەنوسێت : (لەهیچ هونەرێکدا ڕۆڵی وەرگر هێندەی سینەما، چارەنوسساز نەبوو، پەیوەندی سینەماو جەماوەر ئەوەندە بەهێز بوو، هەر زوو بووە جێگەی سەرنجی سەرکردەکانی جیهان، لینین لە وتارێکیدا دەڵێت (سینەما بۆ ئێمە هونەری یەکەمە) هیتلەریش هەموو ئیمکانیاتێکی خستە بەردەستی ژنە دەرهێنەری ئەڵمانی (لینی ریفشتاڵ) ئەم دەرهێنەرە ٤٠ کامێرای لەیەک کاتدا بۆ دروستکردنی دوو فیلم دانابوو، کە باسیان لە شکۆمەندی سوپاو وەرزشکارانی ئەڵمان دەکرد.) بروانە تەها کەریمی سینەماتیک -٢٠١٣

حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقیش بەتایبەتی بەعسیەکان،هەموو ڕێگەیەکیان دەگرتەبەر بۆ دواخستنی کوردو چەواشەکردنیان، کاتێک زانیان سینەما ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێ لە پشخستن و پێگەیاندنی هزری ئازادیخوازیدا، هەربەوەندە نەوەستان کە فیلمەکان سانسۆر بکەن و هۆڵەکان بخەنە ژێرچاودێرییەوە، بەڵکو سیاسەتی بێزراندنی سینەماو شکاندنی شکۆی بینەرو بە نگی زانی چوونەسینەمایان گرتەبەرو ناوهۆڵەکان و دەوروبەری سینەماکانیان پڕکرد لە سیخورو کەسانی سەرسەری و هەرچی و پەرچی و ئاژاوەگێر، ئامانج لە تێکەڵکردنی ئەم خەڵکە خراپەکارانە بە بینەران، بۆ ئەوە بوو ئەو خەڵکەی دەچوونە سینەما بەدگومان بن و بە ئارامی لە هۆڵەکانی سینەما دانەنشین و لەبینینی فیلم دوربکەونەوە، ئەم سیاسەتە تارادەیەک سەری گرت و زۆر بینەر لەسینەما تەکینەوەو زۆریش بە نهێنی دەچوونە سینەما بۆ ئەوەی بەهۆی چوونە سینەماوە ئابرویان لەکەدار نەبێ و کەسایەتیان نەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. سینەما بە جۆرێک کەوتە ژێر پرسیارەوە هەتا وای لێهات بەهەر کەسێکی ناپەسەندیان دەگووت : دەڵێی ئەهلی بەردەم سینەماکانە .

لەم بارەیەوە ڕێنوێنکارو سینەماکاری کورد، ئاوات نامیق ئاغا لە ژمارە ٩٣ گۆڤاری مەڵبەند، بابەتێکی مێژوویی گرنگی لەبارەی سینەماوە نوسیوە لە بەشێکی نوسینەکەیدا هاتووە : ( لێرەشەوە ئافرەتانی کۆمەڵی کوردەواری کەئەمێستا پابەندییەکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیان بە پیاوانەوە هەیە، نەیان دەتوانی خۆیان لەوان جیا بکەنەوەو بەبێ ئەوان و بێباکانە هاموشۆی شوێنە گشتیەکان وەک سینەماکان بکەن، وای لێهات بۆ سینەماچوونی خێزانی بووە شتێک لە رابوردو. ئەمە وای کرد بینەری مشەخۆرو بێ دەربەست بەسەر شانی بینەری پۆزەتیڤ وئارەزومەند زۆرببن، سەرەرای پەیدابونی نەریتی دزێوی قەزوان، جگەرە، محەلەبی هاویشتن، سەبارەت بە سەرکوتکردنی توخمی لەکۆمەڵگای کوردەواریدا، هەندێک لە نێرینەی هەراش وایان لەخۆیان ڕادەپەرموو، کە سینەما بکەنە ئەو شوێنەی ئارەزووەکانیانی تێدا دابمرکێننەوە، وردە وردەش سینەما وا ناوی بە جۆرێکی وابزرێندرێ کە هەرە خەڵکی خراپ بە “شەللاتی بەرسینەما ناوزەدبکرێ” بروانە مەڵبەند ژمارە ٩٣ – نەورۆزی ٢٧٠٥ی کوردی – مارتی ٢٠٠٥ . ئاوات نامیق ئاغا – سلێمانی کوردو سینەما .

بەداخەوە ڕاپەرینی ئازارو دەسەڵاتی خۆماڵیش لەدرێژەی ٢٦ ساڵی ڕابوردویدا، هەوڵێکی بۆ لابردنی ئەو تەمومژە نەداو بینەری تۆراوی لەگەڵ سینەما ئاشت نەکردەوە، هەربۆیە هێشتا هۆڵەکان کەم بینەرو شاشەکانی تیڤیش بە فیلمی دۆبلاژکراوی تورکی وئێرانی گەمارۆدراون . بەهیوام کردنەوەی بەشی فیلم سازی لە کۆلێژی هونەرەجوانەکان و ڤیستیڤاڵی ساڵانەی فیلم و بەرێوبەرایەتی سینەمای سلێمانی هەنگاوەکانیان بایی ئەوە تەندروست وکاریگەر بێت شکۆ بۆ سینەما بگێڕنەوە .

٥/١٠/٢٠١٧ سلێمانی

———
ئەو وتارەی لینین مامۆستا ئاوات نامیقیش لەنوسینەکەیدا ئاماژەی پێکردووە 1-
————————————
سەرچاوەکان

1- تەهاکەریمی – سینەما تیک – ٢٠١٣
2- ئاوات نامیق ئاغا، سلێمانی کوردو سینەما. بڵاوکراوەی مەڵبەند ژمارە ٩٣ –نەورۆزی ٢٧٠٥ – مارتی ٢٠٠٥ ل ٤٢ .




لە ئەنفالەوە بۆ شەنگال … عومەر محەمەد

پێدەچێت کوردەکان بۆ نەگبەتی و مەینەتی هاتبنە دنیاوە، لە دوای روخانی رژێمی سەدام حوسینەوە رەنگە سەدان کۆنگرەو کۆنفرانسی گەورەو بچوک دەربارەی تاوانەکانی بەعس لەمەر هەڵەبجەو ئەنفال یاخود راستترە بڵێین بەناوی ئەوانەوە سازدرابن، لەدوای تاوانی شەنگالیشەوە هەروا، بەڵام ئەم کۆنگرەو کۆنفرانسانە وەک هەمیشە پێشبینی کراوە هیچیان لێ شین نەبووەو پێناچێت لەداهاتووشدا هیچیان لێ شین ببێت، چونکە دڕندایەتی دەسەڵاتداران و حکومەتەکانیان گەیشتووتە ئاستێک هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتیان توڕداوەو جەنگەکانیان هەر بەتەنها ماڵوێرانی وکوشتنی لێناکەوێتەوە بەڵکو دەبنە هۆی بەرهەمهێنانی درۆزانی کارامە و درۆی زل زل.

داعش لێرەوە هاتن

هیچ گومانی تێدا نیە کە داعش وبەعس بەرهەمی ناسیونالیزمی دەمارگیری عەرەبین کە سەرچاوەی فیکریی ئەم ناسیونالیزمەو بزووتنەوە ئاینیە دەمارگیرییەکانی تریان ئیسلامەو هەر جارەی لەبەرگێکدا خۆی دەنوێنێ، هەر بۆیە لە دوای روخانی بەعسەوە زۆربەی فەرماندەو پلەدارەکانی سوپاو دەزگاکانی ئەمن و هەواڵگریش لەریزەکانی قاعیدەو بزووتنەوە دینیە توندرەوەکانی تردا خۆیان رێکخستەوەو دەرفەتی کاری توندوتیژیان زیاتر بۆرەخسایەوە، ئەو توندوتیژییەی دەرهەق بەکورد دەکرێت پێش داعش بەعسیەکان لە ئەنفالدا کردیان و دوای بەعسیش داعش لەشەنگال بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی تورکیاو ئاکپارتی و ئەردۆگان ئەنجامیاندایەوە، یەکێک لەو نەوارانەی کە لە راپەرینەکەی ئازاری ساڵی ١٩٩١ دەستیان بەسەردا گیرا، دەریدەخات عەلی حەسەن مەجید هەمان نیاز دەخاتە روو کە داعش لە شەنگال کردوویەتی، هەڵبەتە پێش داعشیش گروپە ئیسلامیەکانی تر زۆریان لەو کوردە ئێزدیانە کوشت کە لەموسڵ و دەوروبەری دەژیان، لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ لێپرسراوانی حزبی بەعسدا کە ناویان نەبراوە لە رێکەوتی ١ی ئابی ١٩٨٨ گلەیی لە پارێزگاری موسڵ دەکات و دەڵێت : (داوامان لێكردوون هەموو ئەو كوردانەی لەوێ‌ دەژین بیاننێرن بۆ چیاكان بۆ ئەوەی وەك بزن بژین. داكیان بگێن! بۆچی خۆتان جەنجاڵ‌و شپرزە كردووە بەمانەوە؟

ئێمە لە مووسڵ دەرمان كردن بێ‌ هیچ قەرەبوو كردنەوەیەك خانووەكانمان تەختكردن و وتمان ئادەی بڕۆن! خێراكەن داكێشن! بەڵام ئەوانەی ئێستا جەنگاوەرن لە سەرەتاوە پێیان دەڵێین كەوا دەبێ‌ لە كۆمەڵگاكاندا نیشتەجێ‌ ببن، پاشان پێیان ڕادەگەیەنین بڕۆن بۆ ناوچەی ئۆتۆنۆمی. بێ ئەوەی هیچ قسەو بێنەوبەرەیەكیان لەگەڵ بكەین، بەڵێننامەكەیان بۆ دەخوێنمەوەو ئەوانیش دەبێ‌ ئیمزای بكەن. پاشان لە هەر شوێنێ ببینم (نەوارەكە لێرەدا ڕوون نیە)، سەریان پاندەكەمەوە، ئەم سەگانە هەر دەبێ‌ سەریان پانبكەینەوە. ئێمە بەڵێننامەكەیان بۆ دەخوێنینەوە: من كە لە خوارەوە ئیمزام كردووە قایلم بەوەی كە لە ناوچەی ئۆتۆنۆمیدا بژیم و جێگیر بم، بە پێچەوانەوە ئامادەم هەموو جۆرە سزایەك، بە سزای ئیعدامیشەوە قوبووڵ بكەم. ئەوجا بەڵێننامەكە دەخەمە گیرفانم و بە بەڕێوەبەری ئەمن دەڵێم لێگەڕێ‌ بۆ هەركوێ‌ دەڕوا با بڕوا. پاش ماوەیەك دەپرسم لە كوێیە؟ پێم دەڵێن ئەوەتا لێرە، لێپرسراوی حیزب دەبێ‌ بۆم بنووسێ‌ و بڵێ‌ ئەم خەڵكانەی خوارەوە لە فڵانە شوێن دەژین. منیش دەسبەجێ‌ دەڵێم ئادەی بیكوژن و وەك خەیار لەتی كەن.

دەتانەوێ‌ دانیشتوانی عەرەب بەم خەڵكە خوێڕیو هیچ‌وپووچانە زیاد بكەن؟. پێویستە ناوچەكەتان (واتە مووسڵ) بكەینە عەرەب، بەڵام عەرەبی ڕاستەقینە نەك ئێزیدی كە ئەمڕۆ دەڵێن كوردین و بۆ سبەینێ‌ دەڵێن عەرەب. ئێمە لە سەرەتاوە چاومان لە خەڵكی ئیزیدی پۆشی، بچنە لای جاش بۆ ئەوەی نەهێڵین تێكدەران زیاد بكەن، بێجگە لەمە ئیتر یەزیدی بە كەڵكی چی دێن؟ بێگومان بە كەڵكی هیچ نایەن.) میدیل ئێست وۆچ – ٢٠٠٤ –ل ٤٤٤-٤٤٥
خۆشخەیاڵی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

لە پێشەکی کتێبەکەیدا دەربارەی کارێکی ژەهراوی ئەمریکاو عێراق و گازبارانی هەڵەبجە یوست هێڵتەرمان، نیگەرانی خۆی لە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەشاردووەتەوە،لەم بارەیەوە دەنوسێت ئەم کتێبەم بە دڵساردییەکی زۆرەوە نوسی لەبەرئەوەی لە کتێبێکی پێشتردا کە بەشێکی باشی لێکۆڵینەوەم بۆ کرد بوو، بەناوی تاوانی جێنۆسایدی عێراق،پەلاماری ئەنفال بۆسەر کورد، کەلەلایەن هێومان رایتس وۆچەوە چاپ وبڵاوکرایەوە، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو ئەوروپا بایەخێکی کەمی پێدرا،کاتێک لەساڵی ١٩٩٣ بڵاوکرایەوە من نەمتوانی لەوە تێبگەم بۆچی کتێبێک کە تاوانی جێنۆسایدی دۆکێومێنت کردبێت،نەیتوانی هەستی خەڵک بوروژێنێت؟! ئەمە لەکاتێکدا بوو کەوا گرنگیەکی زۆر درابوو بە جێنۆسایدەکانی پێشتر،بەتایبەتی هۆڵۆکۆست، کە لەناوبردنی جووەکانی ئەوروپا بوو، ئاخۆ جیهان لەم ئەزموونە هیچ فێرنەبووە ؟) هێڵتەرمان – کارێکی ژەهراوی -٢٠٠٨ .

ئەوەی هێڵتەرمانی نیگەران کردووە هەروا سادەو ساکارنیە، بەپێچەوانەوە کێشەیەکە تەواو مایەی تێڕامانە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە چارەنوسی مرۆڤەکان و گەلە هەرەشە لێکراوەکان و ئابڕومەندی مرۆڤایەتیەوە هەیە، سەیرە ! جینۆسایدی کورد هیچ كاردانەوەیەكی نێودەوڵەتیی لێنەكەوتەوە و بێدەنگیی نەشكاند. لەو ڕاپۆرتە گرنگەدا، كە لە ماوەی هەژدە مانگ زیاتردا كۆكراوەتەوە، میدڵ ئیست وۆچ ‌و هێڵتەرمان دەگەنە ئەو قەناعەتەی كە ئێستا بەدڵنیاییەوە نیاز و مەبەستی تەواوی حوكوومەتی سەدامیان دەرخستووە سەبارەت بە لە ناوبردنی كوردی باشور؛ ) کەچی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک کاتی تاوانەکان دەرهەق هەڵەبجەو ئەنفال بێدەنگ بوون لەدوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکەش دنیا هەر بێدەنگە ! ئەوکاتەی بەرژەوەندی ئەمریکا لەگەڵ عێراقدا هەوڵێک هەبوو گازبارانەکە بخەنە ئەستۆی ئێران و هاوپەیمانەکەیان بێ تاوان بکەن، من ئەوسا بەهەڵەدا چوو بووم کە پێموابوو هێڵتەرمان ناهەقی دەکات کە ئەوقسەیە دەکات، چونکە کتێبەکەی بایەخدارەو بێگومان رۆژێک دێت بایەخی پێدەدرێت .

بەلام دیاربوو من بەهەڵەدا چوو بووم . چونکە ئەوسا هێشتا خۆشخەیاڵ بووم بە ڕۆڵی دەوڵەتە بەناو دیموکراتیەکان و وام دەهاتە پێشچاو کەوا کوردەکان هێندەی دەرفەتی سەربەخۆییان لەبەردەمدایە هێندە لەبەردەم مەترسی پاکتاوکردندانین .
خۆ بەدڵنیاییەوە ئەگەر بیانخواستایە هەروا دەبوو، بەڵام ڕوخانی رژێم و ئارەزوی سەرکردەی حزبە دەسەڵاتدارەکان بۆ یەکپارچەیی و یەکێتی خاکی عێراق و روداوەکانی دوای گۆڕینی رژێم و ئەو توندوتیژیانەی بەدوایداهاتن، هەروەها روداوەکانی بەهاری عەرەبی و جەنگی سوریاو دەست تێوەردانەکانی تورکیاو گرتنی موسڵ و هاوکاری حزبێکی دەسەڵاتداری کوردستان، جارێکی تر کوردی خستەوە ناو ماشینی کۆمەڵکوژی و کوردانی ئێزدی کرانە ئامانج، بەڵام دەتوانرا چ بکرێت ؟

ئایا لەتوانادا هەبوو پێش بەم تاوانانە بگێرێن ؟ بێگومان دەبوو دەسەڵاتداران و قسە ڕۆیشتووی ناوحزبەکان ئەزمونیان لە لایەنداری ئێران بکردایە کە لەجەنگی ئێران عێراقدا پاساویاندایە دەست سەدام حوسێن کە بەدراندایەتی ناوبانگی دەرکردبوو، سەرباری ئەوەش ئەگەر لەدوای تاوانی ئەنفالیشدا بوایە هەم کوردو هەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەبێباکییەوە تەماشای روداوەکانیان نەکردایەو مەترسی فاشیزم لەناوچەکەدا فەرامۆش نەکرایە کورد جارێکی تر نەدەکەوتەوە بەر چەقۆی سوننەتوندرەوەکان و نەدەبوونەوە شمشیری دەستی دەوڵەتی تورکیا بۆ جینۆسایدیێکی تر، هەر زوو “ئەندرۆ وایتلی” بەڕێوەبەری ڕاپەڕاندنی میدڵ ئیست وۆچ لە پێشەکی ڕاپۆرتەکەیاندا دەربارەی جینۆسایدکردنی کورد نوسیوێتی ( كوردەكانی عێراق وەك كەمایەتیەكی هەمیشە هەڕەشەلێكراو پاشەڕۆژیان مەترسیی لە سەرەو بە هەمان شێوەش ژیانیان،لە كاتی ئەم نووسینەدا، فشارێكی زۆر توندی سزاكانی UN لە سەر عێراق‌و ئابڵووقەیەكی ئابووریی ناوخۆ كە هێزەكانی حوكوومەت سەپاندوویانە، هەڕەشەی برسێتییەكی بەكۆمەڵ دەكا لەو سێ‌ ملیۆن‌و نیو دانیشتوانەی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی كوردە شۆڕشگێڕەكاندا دەژین. هێزەكانی حوكوومەت كە بە درێژایی هێڵی ئاگربەست مۆڵیانداوە بە ئاسانی دەتوانن ناوچەكە داگیربكەنەوە پێش ئەوەی ڕۆژئاوا بتوانێ فریایان بكەوێت. ) بڕوانە مێدڵ ئێست وۆچ – جینۆساید لەعێراق وپەلاماری ئەنفال بۆسەر کورد ٢٠٠٤ چاپی دووەم خانەی وەرگێران .ل ١٧.

لەیەکێک لەو کۆنفرانسانەدا کە رۆژی ١١ی شوباتی ٢٠١٦ بۆ توێژینەوە لە کۆمەڵکوژی ئێزدیان بەناو نیشانی (ئێزدیەکان دوای داعش) لە زانکۆی ئەمریکی لەشاری سلێمانی سازدرابوو، تیایدا چوار پانێڵ پێشکەش کران، لەماوە مداخەلەکەمدا پرسیارێکم رووبەروی توێژەرە بیانیەکان کردەوە، دەبێت کورد چ بکاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکی چییە ؟
ئایا ئێمە هەر دەبێت کۆمەڵکوژبکرێین و چیرۆکەکانمان بۆ دنیا بگێڕینەوە یان نیازێک هەیە بۆ کۆتایی هێنان بەم تراژیدیایەی زوو زوو دوبارە دەبێتەوەو دنیاش لە ئاستیدا بێدەنگە ؟ ئەگەرچی بەرێوەبەرانی کۆنفرانسەکە ئەم مداخلەی منیان پێخۆش نەبوو، هیچ بایەخێکیان بەم قسەیەی من نەداو توێژەرەکانیش وەڵامیان نەدامەوە. بەڵام ئامادەبوان بەچەپڵەکانیان پرسیارەکەمیان پەسەند کرد، من ئەمڕۆ لە یادی کۆمەڵکوژی ئێزدیەکان هەمان پرسیار ئاراستە دەکەمەوە ئایا ئێمە چی بکەین هەر چیرۆکەکانمان بۆ خەڵک بگێڕینەوە یان ئیدی وەختی ئەوە هاتووە کۆتایی بەتراژیدیا بهێنین و بیرێک لە حاڵی خۆمان بکەینەوەو دۆست و دوژمنەکانمان لەیەکتری جیابکەینەوە ؟
بەتایبەتیش لەدوای کۆمەڵکوژی ئێزدیەکان کە لەسەردەمی جیهانگیری و بانگەشەی دیموکراسیدا ڕودەدا، نەک لەسەردەمی جەنگی ساردو دنیای دکتاتۆرەکان . ئێستا ئەگەر داعشیش کۆتایی بێت ئەوا توندوتیژی فاشیانەی گروپەکان و دەوڵەتە فاشستەکان هەر لە ئارادان وەک چۆن ئەنفال نەیتوانی پارێزبەندی (حصانە) بۆ کورد دروست بکات ، پێناچێت شەنگالیش دروستی بکات، وەک چۆن عەلی حەسەن مەجید لەسەروەختی دنیای دکتاتۆرەکاندا دەیگوت ( من دەمگوت لەوانەیە خەڵكی باشمان لێهەڵكەوێ‌ لە ناویاندا (واتە لە ناو كورددا)، چوونكە ئەوانیش گەلی خۆمانن. بەڵام هەرگیز كەسمان نەدۆزیەوە، خۆ ئەگەر دەربارەی كوردە لێپرسراوە پایە بەرزەكان پرسیارم لێبكەن، كامیان باش و دڵسۆزن, من دەڵێم تەنها هەردوو پارێزگارەكەی هەولێرو سلێمانی، بێجگە لەم دوانە كەسیان نە باش و نە دڵسۆزن.) نەوارەکانی عەلی حەسەن مەجید ١٩٨٩-میدیل ئێست وۆچ ل ٤٤٥ فەرماندەیەکی داعش لە جەنگی کۆبانیدا دەیگوت ئەبوخالد فەرماندەیەکی داعش بوو لە کۆبانێ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەیگووت :

(کورد، ئێرانین نازانم لەسەر خاکی عەرەب چی دەکەن ؟ هەمان ئەو حوکمەی کە لەسەر شیعە و ئێزدی و مەسیحی جێبەجێمان کرد لەسەر ئەوانیش جێبەجێی دەکەین، فەرمانمان بە موجاهیدەکانمان کردووە، لەگەڵ کچان و ژنانی کورد، هەروەک ژنان و کچانی ئێزدی و مەسیحی و شیعە هەڵسوکەوت بکەن) . پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم تێفکرینە هەر بەتەنها هی داعشە یان هی هەر نەیارێکی تری کوردەکانە جا سەربەهەر نەتەوەو ئاین و ئاینزایەک بن ؟

——————————-

سەرچاوەکان :

1. کارێکی ژەهراوی ئەمریکاو عێراق وگازبارانی هەڵەبجە – ٢٠٠٨ وەرگێرانی محەمەد حەمەساڵح توفیق- چاپخانەی ئاوێنە . بەرایی نوسینی دانەری کتێبەکە لاپەرەی نادیارە.
2. میدڵ ئێست وۆچ- جینۆساید لەعێراق و پەلاماری ئەنفال بۆسەرکورد . وەرگێرانی محەمەد حمەساڵح توفیق ٢٠٠٤ چاپی دووەم خانەی وەرگێران .ل ١٧.
3. هەمان سەرچاوە ل ٤٤٤-٤٤٥
4. هەمان سەرچاوە ل ٤٤٥
5. گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئەبوخالد، کە لەکاتی شەری کۆبانێدا لە تۆرەکانی فەیسبوک بڵاوکرایەوە




مێژووی بێ دۆکۆمێنتی قارەمانەکان … عومەر محەمەد


لەیادی لەیلا قاسم وهاوڕێکانی دا

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن ….




کوردو ئەنفال و ئەفراندن … عومەر محەمەد

هۆکارەکانی نائافراندنی شاکاری ئەدەبی و سینەمایی لەمەر تاوانێکی گەورەی وەک ئەنفال مایەی تێڕامانێکی قوڵە، ئامانجی ئەم وتارە ئەوەیە بەتەنیشت لێکۆڵینەوەی زانستییەوە بۆ ئەم تراژیدیایە، هونەریش ڕۆڵی خۆی ببینێت و وەک تاوان و تراژیدیاکانی تری هاوشێوەکانی مرۆڤایەتی بۆ نمونە تاوانی هۆڵۆکۆست و جینۆسایدی ئەرمەنەکان بەراورد بکرێت و داهێنانی ئەدەبی و هونەری لەبارەیەوە بکرێت .

دوای ٢٩ ساڵ لە تێپەڕینی تاوانی ئەنفال و ٢٥ ساڵی بەناو (ئازادی) و دەسەڵاتی خۆبەڕێوە بەرێتی هێشتا ئەنفال نەبووەتە خەم و پرسێکی نەتەوەیی چ جای ئەوەی بکرێتە پرسێکی نێودەوڵەتی ! ئەم پرسە بۆ هەموو تاکێکی کورد؟ وەک یەکە هەموومان لێی بەرپرسیارین، بەداخەوە هەتا ئەمڕۆ گوتاری ئێمە دەربارەی ئەنفال ناچێتە خانەی چالاکبوونمانەوە، ئەگەر چالاکی وەک پرۆسەیەکی رۆشنبیری باس بکەین نەک وەک جوڵەیەکی ئەبستراکت، ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا، کەمە کارێک کرابێ ئەوا هێندەی گێرانەوەیەکی کرچ وکاڵ و بێ دیقەت بووە (لەزمانی قوربانیەوە) هێندە کارێک نەبووە نەک دەرەوەی خۆمان بەڵکو خۆشمان ڕاچڵەکێنێ . تەنانەت ڕێگەمان نەداوە قوربانیەکان وەک خۆیان بدوێن بەڵکو هەوڵمانداوە بەخواست وبۆ خواستی ئێمە بدوێن !
هەر لەسۆنگەی ئەو بێ دەربەستیەوەیە، کە ئێمە نەک نەبووینە خاوەنی یادەوەری بگرە نەبووینە خاوەنی ڕۆژێکیش بۆ یادەوەری، راستە هەموو ساڵێک لەهەڵەبجە یادی ١٦/٣ دەکرێتەوە بەڵام خۆ ئەو یادەوەرییە نەیتوانیوە بەلای کەمەوە بەرپرسانی هەڵەبجە لەرۆتینات دابماڵێ وبیانکات بەکەسانێکی نمونەیی! تەنانەت هەڵەبجەی نەکردووەتە شاری ئاشتی بەڵکو تابلۆیەکی بۆدروستکراوە بەناوی پایتەختی ئاشتی، ١٤ی نیسان هێشتا نەبووەتە یادەوەری سەراسەری بۆیە لە مانگی ئازارو نیساندا هەر رۆژەی لە شوێنێک یادی ئەنفال دەکرێتەوە.

هێندەی تێبینیم کردووە خاڵێک زۆر جێگەی تێڕامانمە، هەتا ئێستا تاوانی ئەنفال برینێکە بە جەستەو ڕۆحی کوردەوە نەک بە جەستەی مرۆڤایەتیەوە ؟! نازانم بۆ وایە ئایا ئەمە کەمکاری خۆمانە یان خوێنساردی ئەوانی دی، زۆر جار لەخۆم دەپرسم مەگەر ئێمە بەشێک نین لەمرۆڤایەتی ؟! پرسیارەکەم سیاسی نیە هێندەی ئینسانیە ئەگەرچی دۆسێی ئەنفال بۆخۆی وەک (جینۆسایدوتاوانی نێودەوڵەتی) کێشەیەکی سیاسی یاخود دەرئەنجامی ململانێی سیاسیە، کەچی ئەفسوس لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەش نابێتە کێشەیەکی نەتەوەیی ! ئەوەیان کەمتەرخەمییەکەو سەرباری ڕێگرییەکان و لێکدابرانیش راستەوخۆ یەخەی ڕۆشنبیرانی کورد دەگرێت، بەتایبەتی هونەری سینەما یاخود سینەماکاران، ئەرکیانە لەڕێگەی فیلمەکانیانەوە کارێک بکەن بەلای کەمەوە هەموو کوردێك ئەوەندەی پێویستە زانیاری دەربارەی ئەنفال بدەنێ. من زۆر دەترسم ئەم بێباکیە ببێتە نەخۆشییەک و وەک دەردەدارێک ساڵانێکی درێژ هەتا مردن پێمانەوە بێ و لەگەڵیدا رابێین و لەگەڵ ئازارەکانیدا هەڵبکەین .

بەهیوام کردنەوەی بەشی فیلم سازی لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی، بەردێک بۆ بناغەی ئاپارتمانی ئەو خەونە ئینسانی ونەتەوەییە دابنێ، چونکە سینەما دەتوانێ زیاتر لەکۆی هونەرەکانی تر ببێتەزمانی قوربانیەکانی ئەنفال، ئەو گرێیانەی لە نێوچیرۆکی قوربانیەکانداهەن، هەڵگری توخمی ژیانێکی تەواو جیاوازن لە ئێستا، ئەو رەگەزەگرنگانەی هەوێنی لێبوردەیی وپێکەوە ژیانن، سینەماکار دەتوانێ وەک سامانێکی بەهادار بەهی خۆی بزانێ، ئایدیاو چیرۆکی گەورەیان لێهەڵبهێنجێ، ئەگەر هەتا ئێستا سینەماکاری کورد بەهۆی کەم ئەزموونیەوە تەنها ئازارەکانی پیشاندابین ئەوا لەمەودوا دەتوانێ قارەمانەکانمان بۆبدۆزێتەوە، دەتوانێت (کوبرای حەمید پورو کەریمەی ئال ئعێشم) بکاتە هەوێنی پێکەوە ژیانی نەتەوەکان، رەنگە لێم بپرسن ئەم دوو مرۆڤە کێن وچ کارە بوون ؟ با پێتان بڵێم ئەو مرۆڤانە کێ بوون (کەریمە فالح) ژنە مامۆستایەکی لەچک بەسەرە ئێستاش لە پارێزگای سەماوە دەژی، ئەو ژنەیە کە بە (قاموس) فەرهەنگێکی کوردی عەرەبی خەریک بوو، تەیموری منداڵی فێری زمانی عەرەبی دەکرد، کاتێک تەیمور لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ ڕزگاری ببوو، گەیشتبووە بن دەواری ماڵە مەڕدارێکی عەرەب، ئەوماڵە دەوارنشینە ماڵی ساڵح ئال ئعێشم بوو، واتا ماڵی مامی کەریمە فالح بەڵام لە چیرۆکی ڕزگاربوونی تەیموردا هێندەی بەشان وباڵی پیاوەکانیاندا هەڵگوت سەد هێندە ڕۆڵی ژنە ئازاکانیان فەرامۆشکرد. قەڵەمەکانی کورد هێندەی نێرانە باسی تەیموریان کرد هێندە پەیامە ئینسانیەکانیان فەرامۆش کرد، خۆزگە تەیمور هەر کەریمە پەروەردەی کردبا نەک لێرە ببێتە ڕاوچی و تفەنگ چی، کوبرای حەمیدپور ئەو ژنە قارەمانە بوو، کە لە شاری مەشهەدی وڵاتی ئێران (زمناکۆ هەڵەبجەیی) پەروەردەکردو ماوەی ١٩ ساڵ وەک دایکێکی میهرەبان ئامێزی بۆگرتەوە. خۆزگە هەموو کەس وەک من زمناکۆی دەناسی ئاشنای دیدە ئینسانیەکەی دەبوو، وەنەبێ ئەم ئازایەتی ومیهرەبانیە هەر لەوانیدی وەشابێتەوەو کوردەکان کە ببوونە نێچیری ئەنفال وگازی خەردەل لەو ئازایەتی و میهرەبانیە خاڵی بن، نا نەخێر من شاهیدی زۆر قارەمانی کوردم، بەڵام لێرەدا تەنها ئاماژە بەیەکێکیان دەدەم بۆ هەوێنی ئاشتی ولێبوردەیی، ئەویش چیرۆکی حاجی رەحمانی نارنجەڵەو سەربازێکی عێراقیە بەناوی (خالد عەبدولکەریم عەلوان نەجەفی) .

کاتێک لە ١٦ی ئازاری ساڵی ١٩٨٨ هەلەبجە کیمیابارانکرا ماڵی حاجی ڕەحمان هەموویان برینداری گازی کیمیایی بوون و زۆربەی ئەندامانی خانەوادەکەیان بەهۆی کیمیابارانەوە بیناییان لە دەستدا بوو. لەو کاتەدا کە سوپای عێراق شکابوو خالد عەبدولکەریم عەلوان چەکەکەی فرێدابوو، وەک سەربازێکی هەڵاتوو لەجەنگ بە (خاتراللە خاترللە ساعدونی ) خۆی بە حەوشەی ماڵی حاجی ڕەحماندا کردبوو، حاجی رەحمان بەوپەری میهرەبانیەوە لەبری تۆڵە ئامێزی بۆکردەوەو دەستێک جلی کوردی دایەو وەک کوڕێکی خۆی لەگەڵ ماڵ ومنداڵەکەی خۆیدا بردی بۆ بیارەو لەوێشەوە بۆکەمپی ئاوارەکانی ئێران، لەوێ کاتێک کەوتە بەر سوسەی سیخورەکانی ئیتلاعات، حاجی ڕەحمان دیسانەوە فریای کەوتبوو، گوتبووی (ئەم کوڕەم هەرلەمنداڵییەوە سکماک بێ زمانەو ناتوانێ قسە بکات) چیرۆکەکە درێژەو لێرە دەیبڕینمەوە بەڵام دەمەوێ سەرنجی رۆشنبیرو سینەماکاری کورد ڕابکێشم چونکە ئەگەر بخوازێ دەتوانێ بەفریا بکەوێ و هەتا (خالید عەبدولکەریم) لە ژیانداماوەو وەک حاجی ڕەحمان دنیای بەجێنەهێشتووە هەوێنی فیلمێکی جوان و بایەخدارە بۆ ئاشتی ولێبوردەیی.

بە هیوام لە داهاتوودا بەشی فیلمسازی زانکۆی سلێمانی داهێنەری باش بەرهەمبهێنێ و بتوانێ پێشەنگایەتی بکات لەو تراژیدیایەدا و بەدیقەتەوە رەگەزەکانی ئازایەتی و خەونە جوانەکانی مرۆڤایەتی بدۆزێتەوە، چونکە ترژیدیای ئەنفال بەتایبەتی و ئەوانیدی بەگشتی دەتوانن هەوێنی هەزاران شاکاربن، بۆیە چاوم لە سینەماکارە چونکە وای بۆدەچم هیچ کام لە بەشەکانی تری هونەرو ئەدەب لەسەردەمی جیهانگیریدا ناتوانن وەک سینەما سنورەکان ببڕن، ئەگەر چیرۆکەکان کاریگەرییان بەسەر ئەدەبی کوردیشەوە هەبێت، ئەوا ناتوانن سنوری ناوماڵی کوردی ببەزێنن بەلای کەمەوە ناتوانن سنوری کوردستانی گەورە تێپەڕێنن بەڵام سینەما بەئاسانی دەتوانێ بچێتە بەردیدەی ئەوانی دی .

٩/٣/٢٠١٧ سلێمانی




وەرگرین یان ببەخشین … عومەرمحەمەد

دووقسە بۆ کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەو وئەوانی تریش

ویستم لە بارەی خەڵاتی ڕێزلێنانەکەی هەڵەبجە بێدەنگی هەڵبژێرم، بەڵام دوای ئەوەی دۆستان و هاوڕێیانم بەسەر سوڕمانەوە پەیوەنیان کردو هەندێکیان لەدوروڵاتەوە خەمیان بوو، پرسییان داخۆ بۆمنی تێدانیم و هەندێک نارەزایەتی نوسەرانم لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک خوێندەوە، منیش پێمباشە دوو قسە بۆ کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەو ئەو نوسەرانەش بکەم کە گللەییان لە کۆمەڵەکە هەیە .
بەشبەحاڵی خۆم ئەو شایەتیەیان بۆ دەدەم و سوپاسیان دەکەم کە بەنامەی تایبەتی ئاگاداری نامەکەیان بۆ ناردم، تیایدا داوایان کردبوو هەرچی نوسین و کتێب وگۆڤارێکم هەیە لەماوەی ئەوەندە رۆژدا بۆیان بنوسم و بۆیان بنێرم (بۆکاری پێویست) ،بەڵام من وەڵامم نەدانەوە ! چونکە تێگەیشتم مەبەستەکە چیە، هەرچەندە ڕونیان نەکردبووەوە کە (کارە پیویستەکەیان) چییە و ئەم زانیاریانەیان بۆچییە! بەڵام زانیم بۆ خەڵات بەخشینە. ئاخر خۆ من بۆ خەڵات نانوسم، بەڵکو بۆیە دەنوسم کە خەڵک بابەتەکانم بخوێنێتەوە، جا ئەگەر بزانم (کۆمەڵەیەکی تایبەت بە جینۆساید) هەتا ئێستا نەیزانیبێ من چیم کردووەو چیم نوسیووە؟ ئیدی بۆچی خەڵاتی لێوەربگرم ؟ بۆچی گللەییم لە خەڵکێک هەبێت کە گرنگی بەو زانیاریانە نادات و نوسین و زانیاری لەبارەی ئەنفال وکیمیابارانەوە بۆ گرنگ نیە ! من ئەوە بەسوک تەماشاکردنی خۆم دەزانم بە ئیمایلێک کارەکانم رێزبکەم و پێیان بڵێم ئەوە کاری چەند ساڵی منە بەبێ ئەوەی بزانم بۆچی لێم داوادەکەن ! پرسیار ئەوەیە کە کۆمەڵەیەک نەزانێ من چیم نوسیوەو چۆن نوسیومەو هەتا ئێستا ئاگای لەپەرێزی رەنج وماندووبوونم نەبێ، حاڵی حازر کتیبەکەم لە بارەی گازباران و مەینەتی میللەتەکەمەوە ئێواران لەسەر شاشەی تەلەفزیون و لەهەندێک ماڵپەر پەخش بکرێت و ئەو ئاگای لێی نەبێ، ئیدی خەڵاتی ڕێزڵێنانەکەی چ بەهایەکی دەبێ ؟ ئەرکی کۆمەڵەی قوربانیانە لە خۆی بپرسێت کارەکانی ئەو نوسەرە چەندن وچۆنن هەتا شایانی رێزلێنانی ئەوان بێت ؟ بۆکۆمەڵەی قوربانیان ئەرکێتی بزانێ کێ چی لەبارەی کیمیابارانی هەڵەبجەوە نوسیوەو چۆنی نوسیوە .
دڵنیام کەسانێک نەک هەر بەدەنگ وەها بانگەوازێکەوە دەچن، بەڵکو زۆر بەمەمنونییەوە تەلەفۆنیشیان بۆ دەکەن ورەنگە خەڵکیشیان بەگژەوە بنێن روگیریشیان بکەن هەتا ناوی بخرێتە ناو لستی ریزلێنراوانەوە . بەڵام دەبێت دڵنیاش بن لەوەی هەموو کەس قایل نابێت بەو شێوەیە بەدەم بانگەوازیانەوە بچێت و پێویستی بێت بەوەها ڕێزلێنانێکیش نیە .
قسەی دووەمم بۆ ئەو نوسەرانەیە کە گللەیی لە کۆمەڵەکە یان خەڵات بەخشەکە دەکەن، بە بڕوای من ئەوەیان ناهەقییە، تەنها ئەوکاتە هەقی گللەییان هەیە کە بۆ خەڵات و ناوبانگ بنوسن و وەڵامی بانگەوازەکەیان دابێتەوەو کۆمەڵەکە بەئەنقەست فەرامۆشیان کردبێ. ئەو کەلەسەر بنەمای بانگەواز خەڵات ببەخشێ کەواتە (هاتن بۆهەمووانە) و ئەوە خۆتی ئاگات لێ نەبووەو دواکەوتوویت.
دواقسەم بۆ هەموو لایەکە، خەڵاتی چی دەبەخشن وخەڵاتی چی وەردەگرن کە لە دوای ئەنفال و کیمیاباران هەرێمی کوردستان نەبووبێتە ئامێزێکی گەرم بۆ کەسوکاری قوربانیەکان و نەبووبێتە وێنەیەکی جوان کە هەموومان وەک یەک ڕێزلێگیراوبین و وەک یەک شانازی پیوە بکەین ؟ خەڵاتی چی دەبەخشن وخەڵاتی چی وەردەگرن کە جەلادەکان هەزارجار لە قوربانیەکان شکۆدارترن .

١٤/٣/٢٠١٧ سلێمانی




شەڕی موسڵ و پلانی دووەمی تورکیا لەکەرکوک عومەرمحەمەد

لە ٢٧ی ئابی ئەمساڵدا وتارێکم بەناوی (وانەی جەرابلس و سیناریوی گرتنەوەی موسڵ) لەبەشی بیروڕای ماڵپەری (N.R.T) بڵاوکردەوە، تیایدا پێشبینی ئەوەم کردبوو، لە گرتنەوەی موسڵدا هێزەکانی کورد سنوری بەشداریکردنیان دیاریکراو دەبێت، هەڵبەت ئەوەشم لە وردبوونەوە لە قسەکانی ئەردۆگان وبن عەلی یڵدرم و روداوەکانی دوایی و گرتنی جەربلوس هەڵهێنجابوو.
هەژارییە کە بە گرتنەوەی موسڵ چاوەروانی ئارامی بین، ڕاستە ئەوە پێویستیەکی ئەم قۆناغەیەو هەردەبێ تێپەڕێت، بەڵام ئەنجامی شەرەکە ئارمی و ئاشتی ناهێنێ، بەڵکو هەندێک گۆڕانکاری لە شێوازی شەڕی دی دێنێتە ئاراوە کە لەبەرژەوەندی کورد نابن. رێگری کردن لەگەریلای داعش شکێن، هەروا خواستێکی لە خۆڕایی تورکیا نیە، بەڵکو ئامانج لێی دەربازکردنی داعشە، شەری موسڵ مەترسیدار دەبێ و دوای ئەوە کاڵەک بە ئەژنۆشکاندنی هەندێک لایەنیش دەبینین” چونکە بەشداری گەریلا دەستی تورکیا لە هاوکاری کردنی داعش و دەربازبوونیان بۆ رۆژئاوا کورت دەکاتەوە، جەختکردنەوەی تورکیا بۆئەوەی پەکەکە بەشداری شەری موسڵ نەکات بۆئەوەیە داعش بەشەڕە تەقەیەک دەربازی ڕۆژئاوا بکەن و ئەو هێزە بەربدەنە گیانی یەپەگەو یەپەژە، تورکیاو هاوپەیمانەکانیشی هەرچیان ویست بۆ هاوکاری داعش بیکەن، دەنگۆی ئەوەش هەیە کەوا لە ئێستادا سەربازی تورک لەیەک کاتدا دوو دەست جلی سەربازییان پێیە، یەکێک بۆخۆیان و ئەوی تر بۆ چەکدارانی داعشە کە خۆیان ڕادەستی هێزەکانی تورکیا دەکەن بۆئەوەی بیانشارنەوە.
هەر زوو تورکیا رایگەیاند ئەگەر رێگە نەدەن بەشداری گرتنەوەی موسڵ بکەین ئەوا پلانی دی چیبەجێدەکەین کە بەپلانی (B)ی ناسراوە، هەتا ئێستا رێگە بە تورکیا نەدراوە، بەشداری شەڕی موسڵ بکات، بۆیە دەستی بۆ پلانەکەی برد بەڵام سەرکەوتوو نەبوو ( رەنگە ویستبێتی هەوڵێک تاقیبکاتەوە بزانێ دەتوانێ بەرەیەکی تری جەنگ بکاتەوە ئەگەر لە کەرکوک سەرکەوتوبونایە و جومگە هەستیارەکانیان بگرتایە ئەوا کەرکوک دەبووە مەیدانی جەنگ و شەری موسڵ دوا دەکەوت) مادام سەرنەکەوت ئێستا دەیەوێت بە کوردەکان بڵێت: دەتوانم لە کەرکوک گێچەڵتان بۆ بنێمەوە، بۆئەوەی هەرهیچ نەبێت بتوانێ بەهۆی مەترسی سەر کەرکوکەوە هەندێک لە گەریلاو هێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی بکشێنەوە بۆ کەرکوک و بەرەی جەنگی ئازادکردنەوەی موسڵ چۆڵ بکەن، چونکە ھێزی پێشمەرگە ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت لە ئازادکردنی گوندو ناحێکانی دەوروبەری موسڵدا کە لە میانەی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژە تیرۆردا بە سەرکردایەتی ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
لە ئێستا دەتوانین بڵێین هێرشی تورکیا بۆسەر کەرکوک پەیامێکی سیاسی بوو، بەلای کەمەوە ئەوەیە کە ناهێڵێت داعش لەناو بچێت، بۆئەوەی وەک هەرەشەیەک بیانهێڵێتەوەو لە عێراق شەری بۆ بکەن ئەگەر لە موسلیش نەمێنن ئەوا لەشارەکاندا دەتوانن بڵاوببنەوەو هێرشبەرن،کورت و کرمانج ئەوەی لە کەرکوک رویدا هەم پەیامێکی سیاسی بوو، هەم پەلامارێکی سەربازی ئامانجدار بوو، بەڵام تیرۆرستان نەیانتوانی بەو هێزەوە کەرکوک داگیر بکەن، بەڵام توانیان پشێوی بنێنەوەو خەڵک بکوژن، بەداخەوە میدیای کوردی رۆڵێکی خراپیان لە گەورەکردنی تاقمە تیرۆرستیەکەدا گێرا کە هاتبوونە ناوکەرکوکەوە.
تورکیا ئامانجی گەورەتری هەیە، ئامانجی ویلایەتی موسڵ وگەراندنەوەی ئەو ویلایەتەی هەیە بەکەرکوکیشەوە، هەمووان شاهیدی لێدوانەکانی ئه‌ردۆگان و به‌رپرسه‌ باڵاكانی توركیان کە هەڕه‌شه‌ی ئه‌وەیان دە‌كرد ” ‌ئه‌گه‌ر ڕێگه‌یان پێ نه‌درێت به‌شداری گرتنەوەی موصڵ بكه‌ن ، ئه‌وا (پلانی B ) جێبەجێ ده‌كه‌ن ! بێگومان پلانەکەیان گەراندنەوەی ویلایەتی موسڵە بۆسەر تورکیا، ئەوەی کردیان و پلانه‌كه‌یان شكستی خوارد. بەشێکی بچوکی ئەو هەوڵەیە، بەڵام ئەمە دواهەوڵ و دوا پلانی تورکیاو ئەوانی دی بەتایبەتی عەرەبی سوننە مەزهەب نابێت، ئیدی تاکە رێگەی سەنگ وپێگەی کوردی باشور لەم دۆخە مەترسیدارو پڕ لە ئاست تەنگەدا بەخۆداچوونەوەو خۆکۆکردنەوەیە بە ئاقاری یەکگرتوویی، نەک دابەشبوون بەسەر وەهمی سوننەو شیعەدا، رێککەوتن لەسەر خاڵە هاوبەشەکان . بەلای کەمەوە لە داهاتوودا شەڕ لەگەڵ یەکتری نەکەن، ئەفسوس ئەمە خەونێکەو پێناچێت بێتەدی، چونکە هێشتا ماویەتی پارتە کوردییەکانی باشور پەند لە رابوردوو وەربگرن، ئەمەش لەبەر یەک هۆکاری سەرەکی، کە ئەوان خەونی سەربەخۆییان نیەو دەستەو گروپی جیاوازن و بە دوای کیشەی سیاسی کوردەوە نین، بەڵکو کێشەی ڕەوای کوردیان کردووەتە کارت بۆ بەرژەوەندی حزب وکەسایەتی و بنەماڵەکانیان. بەڵام ئیدی دەبێت سەرکردایەتی حزبەکان لەوە تێبگەن کە ئەم سەردەمە ئاڵۆزو جیاوازترە لە سەدەی رابوردوو. ئەگەرچی مێژوویەکی دورودرێژیشیان لە کڵاولەسەر نان وقۆڵبرین و دەست چزان بەئاگردا هەیەو دەیان جار پشتتێکردنی هێزە ئقلیمی ونێودەوڵەتیەکانیان ئەزموون کردووە، بۆیە هەقە ئیدی پەندێک لە ئەزموونی پێشووتر وەربگرن، شەڕی کوردان جا هی پارتی و پەکەکە بێت یان هەر دوو هێزیکی تر لە دژی یەکتر، ئەگەر بەفیتی تورکیاو ئێرانیش نەبێ دەچێتە خانەی بەرژەوەندی ئەوانەوە، ئەگەر کورد بەقوڵی بیر لە ئایندەی خۆی نەکاتەوە یەکەم زیانلێکەوتوی جەنگەکە دەبێت، بەتایبەتیش لە دوای ئەوەی داعش موسڵ بەجێدەهێڵێت، چونکە زۆر هاوکێشە دەگۆڕێن و هاوکێشەو بەرژەوەندی تر دێنە گۆڕێ، بەتایبەتیش لەنێوان تورکیاو ئەمریکاو ئێران وعێراق و روسیاو سوریادا، ئیدی دۆخەکە تێرامانی قوڵی دەوێ و هەتابڵێی ئاڵۆزەو بۆکورد پڕئاستەنگە. چونکە نە دەوڵەتە ئیقلیمیەکان ونە هێزە هاوپەیمانەکان، باکیان بە زیان و کۆمەڵکوژی کوردان نەبووەو نییە.
ئەوەی لە وتارەکەی دوو مانگ پێش ئێستامدا نووسیومە، تەنها پێش بینی بوو، بەڵام ئێستا واقعێکی تاڵە، ئەوسا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی بانگهێشتی تورکیا کرا، سەردانە کە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی تورکیاو گرتنی جەربلوس، لەوکاتەدا کەناڵە فەرمییەکانی پارتی و میدیاکانی سەر بەو حزبە وایان بڵاو دەکردەوە کەوا سەردانەکەی بارزانی بۆ تورکیا بۆ پرسی دەوڵەتی کوردی و پرۆسەی چارەسەری کوردو تورکیایە ! بەڵام هێشتا بارزانی لە تورکیا بوو کە ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی ئەوەی ژێربەرەشی خستە سەر بەڕەو شتێکی پێچەوانەی خستەڕوو کە مەبەست لەم سەردان و کۆبونەوە دوو سەعاتیەی بارزانی لەگەڵ ئەرۆدغان بۆ شەڕە .! نەک بۆ ئاشتی .
ئەرێ تورکەکان چ پێویستیان بەدەوڵەتی کوردییە ؟! ئەوان لەکەناڵەکانیانەوە رایانگەیاند کە بە ڕاشکاوی بە مسعود بارزانیان گوتووە لەگرتنەوەی موسڵدا سنوری تۆ دیاری کراوەو نابێت بچیتە ناو موسڵەوە. هەرواش بوو، رایانگەیاندووە بارزانیش وەک ئێمە دژی پەکەکەیەو پێمانگوتووە سنورەکان توندبکات و رێگەنەدات پەکەکە هێز بگەیەنێتە رۆژئاوا (بن علی یلدرم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا گوتی) ئەمەش کارقایمی تورکیایە بۆ شەری داهاتووی رۆژئاوا، ئەردۆگان بەراشکاوی رایدەگەیەنێ (کەوا دژی هەرقەوارەیەکی کوردە) ئێرانیش بەهەمان شێوەو ئەوانی تریش عێراق و سوریا هەروەها دژن، سەیرە ! نەیارانی کورد بەئاشکرا رای خۆیان لە دژی کورد دەڵێن و سەرانی حزبە سیاسیە دەسەڵاتدارەکانی باشوریش بەئاشکرا دەڵێن تورکیاو ئێران دۆستن ! بۆیە ئەگەر ئەحزابی کوردی ئەو راستیە لەبەرچاو نەگرن کە دەوڵەتانی ئێران و تورکیا دۆست نین، زەرەر دەکەن، بەلای کەمەوە هەتا ئەوکاتە دۆستن کە دژی خواستەکانیان نەبن، دەنا ئەوانە زیاتریان دەوێ بۆنمونە تورکیا هەتا ئەو ئاستەی شەری رۆژئاواو یەپەگەو پەکەکەی بۆ بکات دۆستی پارتیە،ئەمە بۆ یەکێتی و ئێرانیش هەر راستە، پرسیاری جەوهەری ئەوەیە مەگەر داعش وتورکیا خۆیان توانیویانە شەری یەکلایی کەرەوە لەگەڵ پەیەدەو هێزە شەرکەرەکانی بکەن ؟ ئەگەر ئەوان سەرکەوتوو بونایە چ پپێویستیان بە بارزانی دەبوو ؟ ئایا کوردەکان یەکتر بکوژن چ ئازارێک بەئەردۆگان وئێران و سوریا دەگات ؟ بەپێچەوانەوە کورد دەڵێت : چ بابێت چ باران هەر لەبەفر کەم دەبێتەوە.
هەمیشە گریمانەی ئەوە هەیە دەوڵەتە ئیقلیمیەکان لە دژی کورد یەک بگرنەوە، ئەمە خاڵێکی هاوبەش و ستراتیژی مێژوویی نێوانیانە، لەم دۆخەشدا رەنگە یەکێک لە بژاردەکانی تورکیاو ئێران ئەوەبێت کە لەسەر موسڵ وئایندەی عێراق ڕێک بکەون، لە ئێستادا پێشمەرگە بەشێوەیەکی سنوردار بەڵام کاریگەر بەشداری شەڕی موسڵ دەکات و رێگە بەگەریلای پەکەکەش نادەن بەشداری شەڕی موسڵ بکات، هاوکات تورکیاش لە رۆژئاوا رێگەی پێدراوە هێزەکانی پەیەدە بۆردومان بکات، هەندێک سەرچاوە لە زاری ئەمریکیەکانەوە بڵاویان کردەوە کەوا فەرماندە باڵاکانی داعش موسڵیان بەجێهێشتووە، داعشەکانیش هەروا دەکەن ڕیشیان دەتاشن وجل وبەرگیان دەگۆڕن، وەک چۆن لە جەرابلس کردیان دەچنە بن باڵی تورکیا، بەڵام جیاوازی ئەوەیە وەک جەرابلس موسڵ لەبن دەست و هەژموونی داعشدا نامێنێتەوە، خۆ ئەگەر تورکیاو عێراق لەسەر بەشداری تورکیا لەشەری موسڵدا بگەنە ڕێککەوتن ئەوا تورکیاو ئێران دەتوانن سیناریۆیەکی هاوشێوەی جرابلس داڕێژن،هەموو ئاماژەکانیش وا نیشان دەدەن کە تورکیاو عێراق ڕێک دەکەون، بێگومان ئێستا دەسەڵاتی شیعەکان لە عێراقدا باڵادەستە، بۆیە بەبێ ئۆکەی و بەرژەوەندی ئێران هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ تورکیادا ناکەن. دوای رێککەوتنیان موسڵ ڕادەستی عێراق دەکرێتەوەو زۆربەی چەکدارانی داعشیش دەچنە ناو رۆژئاواوەو بەشێکیش وەک مەترسی لەسەر کەرکوک دەهێڵدرێنەوە، ئەمەش نە زەرەری بۆ پەزەکانی تورکیا هەیەو نەبۆ ئێران و نە بۆ سوریاش . بۆ عێراقیش سودی ئەوەی دەبێت کە بەبیانوی بونی تیرۆرەوە بێتەوە کەرکوک سەرباری هەرناکۆکییەکیان ئێران وتورکیا و سوریا لە دژایەتی پرسی کورددا هاوبەش و هاوهەڵوێستن. ئەمەش مێژوویەکی درێژی هەیە. ڕێکەوتنی عێراق و تورکیا و بەشداری کردنی تورکیا لە جەنگی موسڵدا دۆخێک دێنێتە پێشەوە بەگشتی بۆ کورد لە باشورو رۆژئاوا مەترسیدار دەبێت، چونکە لەوەها حاڵیکدا ئەمریکاو هێزە هاوپەیمانەکانیش بێ باک دەبن لە و خوێنەی لەکورد دەرژێ لەم جەنگەو ئەوەشی لەدوای گرتنی موسڵدا رودەدەن .

———-

٢١/١٠/٢٠١٦ – سلێمانی




لەبانەم هێناوە … عومەر محەمەد

ئەو پیاوەی لە تراژیدیادا سەرسامی کردم، هەردوای ئەوەی لە سڵێمان بەگی بانە بەخەمباری گەراینەوە، هەموومان بەماتەمی و دڵی پڕخەمەوە چووینەوە بەردەرگای ماڵی مام ئەحمەدی دڵشکاوو تەزیوو بەمەرگی ناوەختی هاورێ، هەرچەندە بۆ ئێمە زۆر زەحمەت بوو، بەڵام هەردەبوو، چاومان بە دایە عادیلە و خوشکە ڕەشپۆشەکانمان کەوتبا، هەتا لەم کۆستە ناوەختەش هەرهیچ نەبێت کەمێک لە روخساری رەش هەڵگەراوی یەکتری هەڵڕوانین ! لە دوای ئەوەی قەدەرێک پێکەوە دانیشتین، خوڵقیانکردین بۆ شوێنی خەوتن ئێمەش لەگەڵ هەموو ئەوپیاوانەی لەدەوریان خرببووینەوە هەستاین بۆ رۆیشتن، لەبەر دەرگا مامۆستا ناسری ڕەحمانی کە لەشاری سەقزەوە بۆ هاوخەمی هاتبوو، لەگەڵ یەک دوکەسی دی بەیەکی ناساندین، (ئەمە مامۆستا عومەر محەمەدە، بەدوای ئەنفالدا دەچێ و لەگەڵ تەهای کەریمی جوانەمەرگ هاورێ بوون و راوێژکاری دوو فیلمی بووە، لەو کاتەدا پیاوێک هاتە لامەوەو بە گەرمی بەخێرهاتنی کردین، پرسی :
– ئێوە لەودیووەوە هاتوون ؟
– بەڵێ لە باشورەوە هاتووین .
– کەی دەرۆنەوە ؟
– سبەینێ ئەگەر نەرۆین ئەوە دوو سبەی دەبێ بگەرێینەوە .
– پێشئەوەی برۆنەوە زۆر پێویستە بتان بینم ؟ من گومانێکم هەیەو دەمەوێ بگەمە یەقین
– باشە بەچاوان سبەینێ دەتبینمەوە، بەدلنیایی پێشئەوەی بڕۆین چاومان بەیەکدی دەکەوێتەوە، بەڵام من نەمدەزانی ئەم پیاوە چ پەیوەندییەکی بەبنەماڵەی کەریمیەوە هەیە .
– سەرلەبەیانی رۆژی دووهەم ئەو پیاوەم دیتەوەو چومە لای، گوتم فەرموو من لە خزمەتتدام هەتا گوێت لێبگرم، چونکە ئێمە دوو سەعاتێکی دی دەبێت بگەڕێینەوە . کابرا گوتی بابچینە دەرێ لەراستیدا من خۆم بۆ ئەوە ئامادەکردبوو لەبارەی مەرگی تەهاکەریمی و ئومێدی کەریمی جوانەمەرگەوە پرسیارم ێبکات، چونکە ئەوشەوە باسی (گومان)ی کرد، کەچووینە دەرێ قامکی راکێشاو گوتی مامۆستا ئەتۆ ئەوگردەت لێ دیارە ؟
– بەڵێ
– لەوێ کانییەک هەیە پێی دەڵێن چاوگی دوو برا، ئەمن هیچ سەرچاوەیەکی مێژووییم وەچنگ نەکەوتووە کە لەبارەیەوە نوسرابێت، وەلێ لە زاری پیرو ئختیارانم بیستووەو لەسنگی ئەواندا تۆمارکراوەو گەلێک جاران بۆیان باسکردووم و دەڵێن : ئەو چاوگە بۆیە پێی دەڵێن دوبرا چونکە لە کۆندا دوو برا هەبوون جوتیار بوون، ئەمما زۆر هەژاربوون، برا گەورەکەی ژن و منداڵی هەبوون، شەوێ کە براگچکەکەی دەنوست دەچوو ئاوی لە زرعاتەکەی خۆی دەبرێ و دەیخستە سەر زرعاتی براگچکەکەی، لەخودای دەپاڕایەوە بەشکو بەرهەمێکی باشی هەبێ و براکەم ژنی پێبهێنێ، وەلێ کەئەویش دەنوست و براگچکەکەی خەبەری ببوایەتەوە ئەویش دەچوو ئاوەکەی لە زرعاتی خۆی دەبرێ و دەیخستەوە سەر زرعاتی برا گەورەکەی و بەو نیازەی زرعاتەکەی کاکی بەرهەمداربێت ، لە خودای دەپارایەوە کە زرعاتەکەی کاکم بەرهەمداربێ چونکە ئەو منداڵی زۆرن بۆئەوەی ئحتیاج بەکەس نەبن و ژیانیان خراپتر نەبێ .
ئەو پیاوەی بەدوادا چوونی بۆ ئەم چیرۆکە دەوێ کاک حوسینی حەکیمی (بۆیەن)ە، خزمی نزیکی تەها کەریمی سینەماکارەو فەیمەی کەریمیش هاوژینی مامۆستا مەجیدی کوڕی کاک حوسێنە، کەلەناو ئەو کۆستەگەورەیەدا هێشتا خەمی ساغکردنەوەی چیرۆکێکی مێژوویی میللەتەکەیەوەیەتی و بەدوای سەرچاوەی مێژوویدا دەگەرێ ! ئەمە بۆمن گەلێک بایەخدارو جێگەی رێزە چونکە من لەم بەشەی کوردستان کە ئازادکراوەو زانکۆکانی بە پۆل دکتۆراو ماستەر دەبەخشن ئەو خەون و خولیایە بۆ بەدواداچوون و ساغ کردنەوەی مێژوویان لێ چاوەڕوان ناکەم .
بەهیوام ئێوەش هاوکارم بن لەپەیداکردنی سەرچاوەو زانیاری لەمەر چاوگی دووبرا لە نزیک گوندی بۆیەنی شاری بانە

٢ی ئەیلولی ٢٠١٦ – سلێمانی




دڵپیسی و نیازپاکی لە نێوان نادیە مورادو ئەوانی دیدا … عومەر محەمەد

١٦ی ئەیلولی ٢٠١٦ – سلێمانی

نادیە موراد کچێکی کوردی ئاین ئێزیدییە،لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٣یە،ئەولەگوندی کۆچۆی ئێزدی نشین لە دایک بووە، کەلە ٣ی ئابی ٢٠١٤ دا گوندەکەیان لەلایەن چەتەکانی داعشەوە گەمارۆدراو لە ١٥ ئابدا هەموو پیاوەکانیان کۆمەڵکوژکران و ژنەکانیشیان بردن، نادیە موراد یەکێکە لەوکچانەی لەدەستی داعش ڕایکردو ئەمرۆ ١٦ی ئابی ٢٠١٦ لەبارەگای سەرەکی نەتەوەیەکگرتووەکان و لەمەراسیمێکی تایبەتدا شەرەف ونازناوی باڵیۆزی نیازپاكی عێراقی لەنەتەوە یەكگرتووەكان پێبەخشرا، بێگومان ئەمەش پەرچەکردارێکی گرنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە بۆ داعش و دەستکەوتێکی گەورەیە هەم بۆ کوردوهەم بۆ عێراق .
ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆکورد، ئەگەرچی هەمیشە بەگومانەوە دەڕوانمە هەرجوڵەو قسەیەکی ئەوکەسانەی پێگەی نێودەوڵەتیان هەیە،گومانەکەشم لەوەیە لە مێژە ئەم میللەتە بەپێشچاویانەوە پێشێلکاری گەورەی هەتا ئاستی کۆمەڵکوژی دەرهەق دەکرێت و هەوڵی سڕینەوەی دەدرێت و بەپێشچاوی جیهانەوە نەک جارێک، دەیانجار تاوانی کۆمەڵکوژی کوردان ئەنجامدراوە، وەلێ ئەم کەسایەتیە نێودەوڵەتیانە تەنها لەبەر بەرژەوەندی ئابورییان لەپێش هەموویانەوە لەبەر (بۆنی نەوت) نەخۆیان و نە دامەزراوەو رێکخراوەکانیشیان قسەیەکیان نەبووە بەقازانجی کوردی ستەملێکراو بێت. هەر هیچ نەبێت هەڵوێستێکیان هەبێت بۆ رێگرتن لەوتاوانانەو رێزگرتن لەو پەیماننامانەی خۆیان لەمەر قەدەغەکردنی تاوانی جینۆسایدو پاراستنی مافەکانی مرۆڤ وئابڕوی مرۆڤایەتی دەریانکردوون و واژۆیان کردوون.
بۆیە ئێستا کە نادیە موراد لەباوەشی بانکی مۆندا دەبینم،ناتوانم میهرەبانی و ئینساندۆستیان بخەمە پێش ئازایەتی نادیەموراد، چونکە ئەوەی نادیەی رزگارکرد ئازایەتی خۆی بوو بە هاوکاری ماڵێکی عەرەبی بەویژدان، نەک هەوڵ وکۆششی سیاسیەکان، کاتێک لەدەستی چەتە بەدرەفتارەکانی داعش هەڵهات و گەیشتەوە کوردستان، ئازایەتی خۆی بوو کەوا دەستەوسان دانەنیشت،هەر هیچ نەبێ نەبووە پاڵەوانی زەلیلی سەرشاشەکانی تیڤی ومیدیای کوردی، کەهەمیشە شاشەکانیان پڕن لەم قوربانیە زەلیلانەو کارەکتەرە چالاکەکانیشیان فەرامۆش کردووە، ئەوە ئازایەتی خۆی بوو قایل نەبوو ببێتە ژنێکی زەلیلی ناو کەمپی ئاوەرەکان، قایل نەبوو بەپیتاکی ئاوارەیی ژێرچادرەکان بژی وشەوان بەداماوی ڕۆژ بکاتەوە،ئەی ئەگەر وانەبووایە چۆن دەبووە کارەکتەرێکی ئەکتیڤ ؟
نادیە موراد بەپێچەوانەی لۆژیکی ئەوانەی ژنیان پێ زەعیفەوکەم عەقڵە،دەڵێت: ئەوەی من گەیاندمە ئەنجوومەنی ئاسایش و وڵاتانی دیكە، ئەو كارەساتانە بوون كە داعش بەسەر كچ و ژنی كوردی ئێزدی هێنا و من بەچاوی خۆم بینیبوومن. هاواری من لەو شوێنانە تەنیا بۆ گەلەكەم نەبوو، بەڵكو مەبەستم بوو بە جیهان بڵێم كار بۆ هەموو ئەوانە بكەن كە بوونەتە قوربانیی دەستی داعش. من وا هەست دەكەم هەتا ئێستا بە ئامانجەكەم نەگەیشتووم، كارێكم نەكردووە بۆ ئەو پیر و گەنجانەی كەوتوونەتە دەستی داعش. ئەوەی من مەبەستم بوو بیگەیەنم ئەوە بوو كە داعش دژی مرۆڤایەتییە، دژی ژنان و منداڵانە، دژی هەموو ئاینێكە. ) کە ئێستا نادیە موراد لەباوەشی (بانکیمۆن)ی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا دەبینم هەست بەجۆرێک دڵنیایی دەکەم،لەبەرئەوەنیە کە ئامێزی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان سەلامەتیمان دەپارێز نا لەبەرئەوەیە ئەو ئامێزە هێندەی سیاسیە، هێندە هاوسۆزییەکی فریودەرانە نیە. واهەست دەکەم دەبێت مرۆڤایەتی هەلوەستەیەک لە ناپەسەندی خۆی بکات و دەستی داعش وداعش رەفتارو ئەوانەش کورت بکاتەوە کەلەپشتیەوەن . ئەوانیش تێگەیشتوون کەمەترسییەکە لەعێراق وسوریادا قەتیس نابێ بەڵکو مەترسیەکی جیهانیە.
نادیە موراد بەهەموو جیهانی گوت ژن لاوازو کەم عەقڵ نیە، سەرچاوەی فەسادو داوێن پیسی نیە، بەڵکو ئەوانە کەم عەقڵ و لاوازن کە ژن تەنها وەک کەرەستەیەکی سێکسی ومنداڵ خستنەوە دەبینن، تەنانەت لەدیلکردنیشیاندا هەروا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، راستە ئەوە بۆيه‌كه‌مجاره‌ لەدوای تاوانێکی جینۆساید بەم شێوەیە گوێ لەکورد دەگیرێ و ژنێكى كورد به‌هۆى ئازایی و ئازادییەوە هەنگاوەکانی سنوری ناوخۆدەبەزێنێ و ناوپێگەی دەترازێتە کایەی نێودەوڵەتییەوە و متمانه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌ده‌ستدەهێنێت و نازناوى باڵێۆزى نياز پاكى پێ دەبه‌خشرێت.
نادیە لەخۆرا ناڵێت: “متمانەم بە حكومەت و سیاسەتی كوردی نەماوە” ئەو باش دەزانێت لەهەرێم چ دەگوزەرێ بێگومان ئەگەر سیاسەتمەداری کورد بیویستایە تێبگات لەدوای ساڵی (١٩٩١)ەوە دەرفەتی هاوشیوە بۆ دەربازبوانی ئەنفال وکیمیابارانیش، هەبوون بەڵام نەیانویست تێبگەن و گوێی خۆیان لەهەر دەنگێکیش کەڕکرد کە دەیویست لە دەردی شەرمنی وتێگەیشتنی کۆڵەواری رزگاریان بکات، بۆیە هەموو ئەو دەرفەتانەیان کوشتووەو خستنەروی ئەوکەسایەتیانەیان بەپێویست نەزانیوە. خۆئەگەر دەرفەتێکیش هەڵکەوتبێت بەرپرسان و وەزیرو گزیرەکان لەبری کارەکتەری گرنگ و شایەتحاڵی گرنگ کادیروخزم وناسیاوەکانیان ناردووەتە دەرەوەو دۆسێی کۆمەڵکوژیان بەقوربانی گەشتی ئەوروپاوئەمریکای خزم و کەسەنزیکەکانی خۆیان کردووە، دەنا لەتاوانی ئەنفالیشدا نەک نادیەمورادێک بەڵکو دەیان نادیە موراد هەبوون کە دۆسێی ئەنفال بگەیەننە ناوەندە گرنگەکانی جیهان و هەموو ئەوانەش شەرمەزاربکەن کە هاوسۆزبوون لەگەڵ بەعس وشۆڤێنیزمی عەرەبی و تورکی وفارسی .
بەگرتنی شەنگال نەک هەر پەردە لەسەر روی چەتەکانی داعش بەڵکو لەسەر کۆی بیرو ڕەفتاری شۆڤینیزمی عەرەبی و ئیسلامی پەردەیان هەڵماڵدرا، ئەوەی لەمێژودا لەتەموومژدا مابووەوە تاوان و بەدرەفتاریەکانی داعش بە وێنەی دیجیتاڵی خستیانەوە بەردەم رای گشتی، ئەوەی لە بارەی ئەتکردن وکرین وفرۆشتنی ژنانەوە لە ئەنفالدا دیزە بەدەرخۆنەکرا ئەمجارە داعش بەلاقەکردنی ژنانی ئێزدی بەئاشکراو بەبێ پەردە سەلماندیانەوە، ئەوان چ لە ئەنفال وچ لە شەنگال ویستیان زیاتر ئابڕوی کوردو ئاینی ئێزدی بەرن، بەڵام بەو تاوان و بەردرەفتارییەیان نەک هەرخۆیان لەسەر ئاستی جیهان ریسواترکرد بەڵکو نیشانەی پرسیاریان لەسەر پیرۆزیەکانیشیان داناو ژنانی ئێزدی نەک هەرداعش و لاقەکارانیان ریسواکرد، بەڵکو هەموو ئەوانەشی ریسواکرد کەهاوسۆزو داعش ڕەفتارن.
هەرچۆنێک بێت مەرجعی فیکری سوننی عەرەبی بەتایبەتی و مرجعی فکری عەرەبی وتورکی دۆڕا داعش و هاوپەیمانەکانی و ئەوانەشی هاوسۆزو هاوپەیمانیانن لەجەنگدا بردیانەوە بەڵام ئەخلاقیان دۆراند، موصڵ وشەنگالیان گرت بەڵام ئابروی دەسەڵاتدارێتی تورک وعەرەبیان برد. ناديه‌ موراد لەلایەن داعشەوە گیراو دەستدرێژی کرایە سەرناموسی بەڵام ئێستا بووەتە شەرەفی هەموو کوردێکی بەشەرەف و هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز بۆیە ئێستا هەر نوێنەرایەتی ئەو ژنانە ناکات، کە دەستدرێژیان کراوەتە سەر بەڵکو نوێنەرایەتی هەموو کوردێک وعێراقییەکی بەشەرەفیش دەکات لە نەتەوەیەکگرتووەکان . ئەوکچەی داعش ویستی ئابروی بەرێت ئەو ئابروی داعش وهەموو داعش رەفتارێکیشی برد بەتایبەتی لەماوەی ئەم چەند مانگەدا هەنگاوەکانی هێندە گەورە بوون هەرگیز پێشتر لەسیاسەتمەداری کوردی باشور نەوەشاونەتەوەو وبیریان لێی نەکردووەتەوە.
سەیرە ..! لەکاتێکدا سیاسەتمەدارانی خێلەکی کورد نادیەمورادیان فەرامۆش کردووەو لێی ناپرسنەوە، کە ئەو چ پێویستی بەوان نیە، بەڵکو ئەگەر سیاسەت وحیکمەتی سیاسی لەگۆرێ بێت ئەوا ئەوان پێویستیان پێیەتی ! ئەو کچە ئێستا بووەتە رەمزێکی گرنگ کەچی نەک هەرشانازی پێوەناکەن بەڵکو هەستیشی پێناکەن ! لەکاتێکدا دەزگاکانی راگەیاندن هەواڵی سەردانی فەرماندەو سەرۆک خێلەکانیان بۆ وڵاتان گەرم کردووە، کەلەماوەی ٢٥ ساڵی رابوردوودا ئەم سەردانانە هێج بەرهەمێکیان بۆکورد نەبووە، کەچی نادیە موراد وڵاتان دەگەرێ و له‌ناو هۆڵى په‌رله‌مان و ناوه‌ندى نێوده‌وڵه‌تى و ڕێکخراوەنیودەوڵەتیەکان و لەوانەش گرنگتر له‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى و كۆنگرێسى ئه‌مريكادا دەردەکەوێ و قسەدەکات و پێگەو ئابروی کورد بەرەو هەوراز هەڵدەکێشێ. سەیرە تەنانەت په‌رله‌مانى وڵاتی كوێت پێشوازى لێدەکات و رێزى لێدەنێ، به‌ڵام له‌هەرێمی کوردستاندا نەک هەر سەرۆکایەتیەکان و حزب و رێکخراوەکان بەڵکو کەناڵەکانی میدیاش، بەبايه‌خەوە تەماشای ناکەن و گرنگی پێ نادەن ! ئەوەی نادیە دەیکات وئەوەی دەسەڵات ومیدیا لێی بێدەنگ و بێباکن ئاماژەیەکی رونە کەوا لەهەرێمی کوردستان سیاسەت بایەخیکی بۆئەوان نیە،ئەوەی هەیە بازرگانی ودامەزراندنی پێگەی خێڵەکی بازرگانەکانە. نەک بەهای مرۆڤ و چارەنوسی کورد وپێگەی سیاسی کوردان چ جای دەوڵەتی کوردی. بەدڵنیایی ئەگەر نادیە موراد هەمیشە لەکەناڵەکاندا ئامادەی گریان وکروزانەوە بوایە، ڕەنگە زیاتر جێگەی بایەخ بووایە، چونکە ئەم میدیایەی باشور هێندەی بەدوای لایەنی سۆزداری مرۆڤەوەیە هێندە بەدوای سەرخستنی دۆسێ گرنگەکان و عەقڵانیەت وکارەکتەری بنیاتنەروبەهێزەوە نیە . گومانی ناوێ ئەگەر نادیە موراد کچی سەرۆک خێڵێک بوایە یان دەکوژرا، یان چیرۆکەکەیان بۆ ئاوەژو دەکردەوە ئەوسا دەبووە قارەمانێکی لۆکاڵی و خاوەن پێگەی بنەماڵەیی نەک خاوەن پێگەی نێودەوڵەتی .