ئێرانی دوای جەنگ.. عوسمانی حاجی مارف

ڕژێمی ئێران هەوڵ دەدات سەردەمی موجتەبا خامەنەیی وەک درێژەپێدەرێکی سروشتی پێکهاتەی دەسەڵاتی پێشوو بخاتەڕوو، بەڵام ئێستا ڕوبەڕوی کێشەیەکی بنەڕەتین، ئەویش ئەوەیە کە گوێڕایەڵی لەناو پێکهاتەی دەسەڵاتدا کە لە مێژوودا لەژێر ڕێبەرایەتی خامەنەیی باوکدا بەڕێوەچووە، چۆن دەتوانن پەیڕەی لێبکەنەوە، کە هێشتا نەیانتوانیوە شەرعیەتی هاوشێوە یان دەسەڵاتی چارەنوسساز بە موجتەبا ببەخشن؟
ناوەڕۆکی پەیامەکەی موجتەبا بۆ پەرلەمان بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی سێیەمی خولی ئێستای پەرلەمانەوە، لەسەر هەماهەنگی نێوان پەرلەمان و حکومەت و دوورکەوتنەوە لە ناکۆکی و گرنگیدان بە ئابووری و ئیدارەدان بوو. بە واتایەکی تر پەیامەکە بانگەوازێکی ئاشکرا بوو بۆ ڕێکخستنەوە، بەڵام لە ناوەڕۆکی خۆیدا، زیاتر وەک هەوڵێک دەرکەوت بۆ سەپاندنی “هاوئاهەنگی زۆرەملێ” بەسەر پەرلەمانێکدا کە خۆی ڕەنگدانەوەی دابەشبوون و دڵەڕاوکێکانی ڕژێمە بەدوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە.
ڕەنگه ئەمڕۆ ڕژێمی ئێران له بەردەم دابەشبوونێکی ئاشکرادا نەبێت، بەڵام چۆته قۆناغێکی مەترسیدارتر، قۆناغێکی گوماناوی لەنێو ڕیزەکانی خۆیدا، ئەم قۆناغە، لە دەسەڵاتێکدا کە زیاتر لە مشتومڕی ناوخۆیی لە شەقام و ناڕەزایەتی ڕێکخراو دەترسێت، دەکرێت سەرەتای درزێک بێت کە ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بیشارێتەوە.
ئەم بانگەوازەی موجتەبا لەناو ڕژێمدا دەرگای لێکدانەوە و ململانێی کردەوە، وەک پشتیوانیەکی بێدەنگ بۆ محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان، قالیباف خۆی هەوڵیدا بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش سوود لەو ساتەوەختە وەربگرێت، دەیەوێت وەک یاریزانێکی ناوەندی لە دانوستانەکاندا بمێنێتەوە، بەڵام ئەوەش دەزانێت کە هەر زمانێکی سازان بەرامبەر واشنتۆن دەتوانێت ببێتە ئامانجێکی ئاسان بۆ لایەنە توندڕەوەکان، بۆیە ڕایگەیاند کە ئیمتیازەکان لەڕێگەی دیالۆگەوە بەدەست ناهێنرێن، بەڵکو لە ڕێگەی هێزەوە بەدەست دەهێنرێن، ئەمە تەنها پەیامێک نییە بۆ جیهانی دەرەوە، بەڵکو پەیامێکە بۆ ناوخۆی ئێران، قالیباف بە نەیارەکانی دەڵێت کە پیاوی سازان نییە، تەنانەت ئەگەر بەشێکیش بێت لە تیمی دانوستانکار.
هەروەها هێشتا موجتەبا ڕوبەڕوی بەرەیەکی ڕێکخراو نییە کە بە ئاشکرا ڕەتی بکاتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە درێژخایاندا و لەدۆخی قەیراناوی ئێراندا، ڕوبەڕوی حاڵەتێکی زۆر جدیتر ببێتەوە، ئەویش واقعیەتی نەبوونی کۆدەنگی و یەکگرتنێکی سروشتیە لە ئایندەی ڕژێمی ئێراندا، ئەمەش بەو مانایەیە کە سەرکردایەتی نوێ هێشتا لە پرۆسەی سەپاندندایە نەک لە پرۆسەی قبوڵکردنی سەقامگیریدا.
تەحەدای ڕاستەقینەی ئەمڕۆی ڕژیمی ئێران، چۆنیەتی سەرکەوتنی شەڕ نییە، بەڵکو چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیە لەدوای زیان و کارەساتەکانی شەڕ. ئابوری ئێران بارگرانی قەیرانەکانی لەسەرە، متمانە و هیوای کۆمەڵگا زیاتر کەم بۆتەوە، دامەزراوەکان دووبارە بە ململانێ و دابەشکردنەوەی دەسەڵاتدا تێدەپەڕن، بۆیە قۆناغی داهاتوو یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانە لە دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیەوە.
کاتێک شەڕەکان کۆتاییان دێت، بەشێوەیەکی گشتی ئاوەدانکردنەوە دەست پێدەکات، بەڵام لە ئێراندا وێنەکە جیاوازە، لەگەڵ کۆتایی هاتنی دوایین ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی، پێناچێت وڵات بەرەو قۆناغێکی سەقامگیری بڕوات، بەڵکو ڕووبەڕووی ئاستەنگی ناوخۆیی دەبێتەوە کە رەنگە لە خودی شەڕەکە ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر بێت.
ئەگەر ڕژێمی ئێران سەرکەوتوو بووبێت لە تێپەڕاندنی ڕوبەڕوبونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و پاراستنی مانەوەی سیاسی خۆی بەدەست هێنابێت، بەڵام لە پرسیاری ئێستادا توانای بەڕێوەبردنی کاردانەوەکانی دوای شەڕە، بە لەبەرچاوگرتنی بونی ئابوریەکی پڕ لە قەیران، زیاتر بونی هەژاری، هەروەها پێکهاتەیەکی سیاسی کە گۆڕانکاریەکی بێوێنەی لە ناوەندەکانی دەسەڵات و بڕیارداندا لە ململانێکاندا بەخۆیەوە دەبینێت.
ئەتوانین بڵێین ئێستا ئێران لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامیەوە لەگەڵ یەکێک لە توندترین قەیرانە ئابوریەکانی بەرەوڕوو بووەتەوە. بەپێی داتا و بەیاننامە فەرمیەکان، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا نزیکەی دوو ملیۆن کەس کارەکانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە پێنچ ملیۆن زیاتر کەوتبونە بەر حاڵەتی نەبونی و هەژاریەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕادەی ئەو فشارە کۆمەڵایەتیانەی کە لە ئەنجامی ئەو قەیرانەوە دروستبون.
هەرچەندە خودی جەنگەکە کاریگەری لەسەر قوڵبونەوەی قەیرانەکەدا کردووە، بەڵام بەشێک لە زیانە ئابوریەکان بەهۆی هۆکاری ناوخۆییەوە پێشهاتووە، بە پلەی یەکەم پچڕانی درێژخایەنی ئینتەرنێت، داخستنی تۆڕەکە بۆ چەند مانگێک کەرتە گەورەکانی ئابووری دیجیتاڵی و خزمەتگوزاریە ئەلکترۆنیەکانی ئیفلیج کرد، کە ملیۆنان ئێرانی وەک سەرچاوەی سەرەکی داهات پشتیان پێدەبەستن.
شانبەشانی قەیرانی ئابووری، شەڕ واقعێکی سیاسی نوێی خوڵقاندووە، کە پەرەسەندنی کاریگەری دامەزراوەی سەربازی و ئەمنیە لەناو دەوڵەتدا. لەکاتێکدا کە سیستمە سیاسیەکان لەکاتی شەڕدا بەهۆی پێویستیە ئەمنیەکانەوە، زیاتر دەسەڵاتەکانی ئامێری نیزامی فراوانتر دەکەن، بەڵام بەردەوامی ئەم فراوانبوونە دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان، پرسیار لەبارەی هاوسەنگی هێزی داهاتووی ناو ڕێژیمی ئێران دەوروژێنێت. هەر بۆیە زۆرێک لە چاودێران پێشبینی ئەوەدەکەن، کە گواستنەوەی دەسەڵاتی زیاتر بۆ ئەو کەسایەتیانە دەبێت کە پێشینەی سەربازیان هەیە، لەهەمانکاتدا دەبێتە هۆی لاوازبونی دامەزراوە مەدەنی و یاسایی و سیاسیەکان.
بەڕێوەبردنی شەڕ جیاوازە لە بەڕێوەبردنی ئابووری و کۆمەڵگا و مەرج نییە سەرکەوتن لە بەرەکانی شەڕدا وەربگێڕێتە سەر ئەو شارەزاییەی کە پێویستە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی وەک بێکاری، هەڵاوسان، هەژاری و خزمەتگوزاریە گشتیەکان و چۆنیەتی وەڵامدانەوە بە خواست و ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران. ئەم فاکتەرە لەژێر ڕۆشنایی نەبوونی ئەو کەسایەتیەدا کە بۆ دەیان ساڵ ڕۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان ناوەندە جیاوازەکانی دەسەڵات لەناو سیستەمەکەدا گێڕاوە، تادێت گرنگتر دەبێت. عەلی خامنەیی، خاڵی جەوهەری هاوسەنگی نێوان دامودەزگاکان و کێبڕکێکارەکان بوو.
ئایا موجتەبا خامنەیی، بەناوی ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی دەتوانێت هەمان ڕۆڵ بگێڕێت و یەکگرتوویی قەوارەی سیاسی هەنووکەیی بپارێزێت؟!.
سەرەڕای دیمەنەکانی خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ لایەنگری بەرگریەکان کە لەکاتی شەڕدا لە ئێران شاهیدی بوین، مانای ئەوە نیە کە هەموو کۆمەڵگای ئێران لە پشت ڕژێمەوە کۆببێتەوە. چەندین دیاردە ئەوە پیشان دەدات کە بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئێران، چاوەڕوانی و بینینی دەرئەنجامی ڕوبەڕوبونەوەکەیان هەڵبژاردووە، نەک بەشێوەیەکی چالاکانە پشتیوانی یان دژایەتی ڕژێم بکەن.
ئەزموونی ڕابردوو دەریخستووە کە ناڕەزایەتیەکان لە ئێران بە شێوەیەکی گشتی لە کاتی شەڕەکان یان قەیرانە ئەمنیە گەورەکاندا سەرهەڵنادەن، بەڵکو لەدوای کەمبونەوە و هێوەربونەوەی دۆخەکە دەست پێدەکاتەوە، کاتێک پرسی بژێوی ژیان دەبێتە مەبنا، کاریگەری لەسەر ناڕەزایەتیەکان و ڕێکخستنی دەبێت، بەردەوامی هەڵاوسان و بێکاری و هەژاری بەربڵاو دەتوانێت ببێتە هۆی دووبارەبونەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتی، بەتایبەتی ئەگەر هاوڵاتیان و کرێکاران هەست بکەن قورسایی شەڕەکەیان لە ئەستۆ گرتووە و بەسەریاندا دەشکێتەوە. هەروەها لەکاتێکدا بەڵێنەکان بۆ باشترکردنی بارودۆخەکان یان چارەسەرکردنی قەیرانە کەڵەکەبووەکان بە بێ جێبەجێکردن بمێننەوە، ناڕەزایەتیەکان فروانتر دەبێتەوە.
لەلایەکی تریشەوە تەحەدیاتەکان تەنیا لە کۆمەڵگا و ئابووریدا قەتیس نین، بەڵکو درێژدەبنەوە بۆ خودی پێکهاتەی دەسەڵات. لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕدا، ڕەنگە دامەزراوە سیاسیە نەریتیەکان دەست بکەن بە وروژاندنی پرسیار سەبارەت بە سنووری ڕۆڵی سەربازی بەدەخاڵەتی ڕاستەوخۆ لەدەسەڵاتدا و لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، چونکە زۆرێک لە ناوەند و دامودەزگاکانی دەسەڵات کە لەکاتی شەڕدا فراوانبوونی کاریگەری دامەزراوەی سەربازیان قبوڵکرد، ڕەنگە خۆیان کەمتر ئامادەبن بۆ قبوڵکردنی بەردەوامبوونی ئەم دۆخە لە قۆناغی دوای جەنگدا.
بەگشتی قەیرانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری لە ئێراندا گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار، کە تێیدا ڕژیمی مەلاکان چیتر ناتوانن ترسە ڕاستەقینەکانی خۆیان لە پشت جەنجاڵی شەڕی ناوچەیی، دانوستان، یان پڕوپاگەندەی هێز و خۆڕاگری بشارنەوە. نیگەرانیە سەرەتاییەکانی ناو داڵانەکانی دەسەڵات هێندە پەیوەندی بە ڕووداوەکانی دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانەوە نییە، بەڵکو لە ئەگەری هەڵچوون و ئاڵۆزی ناوخۆیدایە. بەتایبەت دوای ئەو ڕاپەڕینە بەربڵاوانەی کە لەنێوان کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦دا تەواوی ئێرانی گرتەوە و مەترسیەکی بەردەوامە لەسەر مانەوەی کۆماری ئیسلامی.
زانکۆ لە ئێران هەرگیز تەنیا دامەزراوەیەکی خوێندن و پەروەردەیی نەبووە، فەزایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیە، تاقیگەی بیرکردنەوەی ئازادە، ناوەندێکی مێژوویی ناڕەزایەتییە، ئازادی بیرکردنەوە، مافی پرسیارکردن و توانای گۆڕینی تووڕەیی کۆمەڵایەتیە بۆ کاری ڕێکخراوەیی. دەسەڵاتداران شەپۆلێکی بەرفراوانی بانگهێشتکردن و ڕاگرتن و دەرکردنیان دەستپێکرد، لانیکەم ٣٥٢ خوێندکار لە چوار زانکۆی گەورەی تاران لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بانگهێشت کراون یان سزا دراون، ئەم هەڵمەتە تەنیا لە تاراندا قەتیس نییە، درێژبۆتەوە بۆ زانکۆکانی مەشهەد، شیراز، ئەسفەهان، گیلان، بیرجەند، و بابۆڵ، بەتایبەتی ئەو خوێندکارانەی کردۆتە ئامانج کە بەشداریان لە ڕاپەڕینەکانی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦دا کردووە یان هاوسۆز بوون. بەم شێوەیە لیژنەکانی بەڕێوەبردن لە زانکۆکان، چیتر تەنها میکانیزمی کارگێڕی نین لەناو زانکۆکاندا، بەڵکو گۆڕاون بۆ قۆڵێکی ئەمنی کە هاوتەریب لەگەڵ دەزگای دادوەری و ئەمنی کاردەکات بۆ دیاریکردنی خوێندکارانی ناڕازی، لەوەش ترسناکتر ئەوەیە کە حکومەتی مەسعود پزێشکیان لە دەرەوەی ئەم هەڵمەتە نییە، بەڵکو هاوبەشە لەو هەڵمەتەدا.
بەڵام هەموو ئەم سەرکوتکردنە نەیتوانیوە زانکۆکان بێدەنگ بکات، ڕێکخراوەکانی خوێندکاران ڕەتکردنەوەی خۆیان لەم هەڵمەتە فرەلایەنە دەربڕیوە و کۆبوونەوەی خوێندکارانیش بەردەوامە لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە سیاسەتەکانی ڕژێم. هەروەها داتاکان ترسێکی قووڵ لە ژنانی گەنجی ئێرانی ئاشکرا دەکەن کە لە پێشەنگی ڕاپەڕینەکانی ئەم دواییەدا بون. لە هەموش گرنگترە کۆماری ئیسلامی دوای ئەم شەرە، لە وەڵام بەرامبەر گەشە و رێکخرابونی بزوتنەوەی کرێکاری و ئامادەیی و یەکگرتویی کرێکاران بۆ نارەزایەتی بەرفراون و سەراسەری دەتوانێت چی بکات؟.




هەڵمەتی دژی چەکداری و گەندەڵی!.. عوسمانی حاجی مارف

بە ئامانجگرتنی دەوڵەتانی کەنداو لەلایەن کوتلەکانی سەر بە ئێران لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق شتێکی نوێ نییە، ئەم ڕێکخراوانە کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک گروپی تیرۆریستی دەستنیشانکراون و داوای هەڵوەشانەوەیان دەکات، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ئێران، بەردەوامن لە هەڵدانی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو نیمچە دوورگەی عەرەبی. هەروەها هێرشەکانیان ساڵانێکە کارمەندانی سەربازی و دیپلۆماسی ئەمریکیان لە عێراق کردۆتە ئامانج.
هێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەنداو، ئەزمونێکی گەورەی دەوری عەلی زەیدی دەبێت لە هەوڵدانی بۆ سنوردارکردنیان، وەڵامی پێشوەختەی بەغدا ئاشکرای دەکات، کە ئایا حکومەتەکەی زەیدی ئەتوانێ ڕێڕەوێکی نوێی بۆ حکومرانی لە بەغدا دابڕێژێت، یان درێژە بە سیاسەتی هێورکردنەوە و بێلایەنی خۆی ئەدات بەرامبەر بە کوتلە لایەنگرەکانی ئێران.
واشنتۆن وەها مامەڵە دەکات کە گەشبینە بە حکومەتی نوێی زەیدی، لەلایەکی ترەوە پێدەچێت تارانیش هەمان جۆش و خرۆشی هەبێت. مەسعوود پزێشکیان هیوای ئەوەی دەربڕی کە حکومەتی زەیدی “قۆناغێکی نوێی هاوکاری ستراتیژی” لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەستپێبکات. هەروەها زەیدی پشتیوانی یەکگرتووی لە “چوارچێوەی هەماهەنگی”وەرگرتووە، کە بلۆکی پەرلەمانی لایەنە شیعەکانە و نوێنەرانی ڕێکخراوە تیرۆریستیە دەستنیشانکراوەکانی ئەمریکا لەخۆدەگرێت و ئێران پشتیوانییان لێدەکات، وەک عەسائیب ئەهلی حەق، بزوتنەوەی حزبوڵڵای نوجەبا و کەتائیبی حزبوڵای عێراق.
ئیدارەی ترەمپ فشار دەخاتە سەر عێراق بۆئەوەی لە پێشینەی کارەکانی چەکداماڵینی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بێت، لە هەمانکاتدا تاران چالاکانە بەرەنگاری دەبێتەوە، هەر لەوبارەیەوە سەبارەت بە پرسی چەکداماڵینی میلیشیاکان هۆشداریاندایە گروپەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەرامبەر پۆستە حکومییەکاندا ئاگاداری پێشنیارەکانی ئەمریکا بن، هەروەها ئەو دەزگایانەی لایەنە شیعەکان تیا باڵادەستن و دەسەڵاتی بە کوتلەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی داوە، داوایان لێکردون وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بدەنەوە.
تاران جۆش و خرۆشێکی کەمتر لە واشنتۆن بۆ سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق نیشان نادات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دۆخی ئێستای بەغدا کە میلیشیاکان بەسەریدا زاڵن، ئەستەمە و بواری گۆرین نادات.
لە کاتێکدا داماڵینی چەک پڕۆژەیەکی درێژخایەنە لەعێراقدا و ئەگەری جێبەجێبونی زەحمەتە، بۆیە کەمترین مەرج لەئێستادا بۆ زەیدی ئەوەیە کە داوا لەم گروپە میلیشیایانە بکات، هێرشیان بۆ سەر دەوڵەتانی کەندا و کارمەندانی ئەمریکی و لایەنە کوردیەکانی عێراق و ئیسرائیل ڕابگرن و ئەوکارانە دوبارە نەکەنەوە.!
وەستانی شەڕی ئەمریکا و ئێران، دەرچونی ئێران بەجۆرێک لە سەرکەوتن، ئەگەری ئەوەش هەیە ببێتە هۆی ئازادکردنی ملیارەها دۆلار لە سەروەت و سامانی بەستووی تاران، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە گەشەیەکی زیاتر بەم میلیشیایانە دەدات و هەڵوەشاندنەوەیان قورستر دەکات. بەڵام ئەگەر زەیدی نەتوانێت کەمترین ڕێوشوێن بۆ سنووردارکردنی میلیشیان بگرێتەبەر، ئەوا بە ناچاری ئەم گروپانە زیانێکی گەورە بە پەیوەندیەکانی بەغدا لەگەڵ واشنتۆن و دەوڵەتەکانی گەنداو دەگەیەنن و ڕێگر دەبن لە گەشەسەندنی ئابوری عێراق. دەبنە هۆی لێدانی سەربازیی دەرەکی زیاتر لەسەر خاکی عێراق، لەهەمانکاتدا تاڵانچێتی و گەندەڵی پارێزراو دەبێت، گەر زەیدی چەندین هەوڵی هەلمەتی دژ گەندەڵی پەیرەوی بکات.
تا ئێستا زەیدی لە کۆی ٢٣ پۆستی وەزاری تەنها ١٤ پۆستی پڕکردۆتەوە و وەزارەتە گرنگ و هەستیارەکانی وەک بەرگری و ناوخۆ بە بەتاڵی ماوەتەوە. واشنتۆن و تاران بە وردی چاودێری ئەم دامەزراندنانە دەکەن بەهۆی ئەگەری کاریگەریە سیاسیەکانیانەوە. لەهەمانکاتدا بەدوای راگەیاندنی حکومەتی بەغدا بە ناتەواوی، زەیدی دوو کاری خستە بەردەم جێبەجێکردنەوە، یەکەم سنوردارکردنی هێزی چەکداری لەدەرەوەی دەزگاکانی دەوڵەتدا، واتە دەستکردن بە پرۆسەی هەڵوەشانەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی. دووەم بەرەنگاربونەوەو هێرش کردنە سەر گەندەڵکاران و دادگایی کردنیان.
هە ڵبەتە لەسەرەتا ئەوە نیشاندرا و کرایە ئەولەویەت، کە سنوردارکردنی ‌هێزی چەکدارانی سەربەخۆیە، بەڵام لەباری عەمەلیەوە بۆی دەرکەوت، کێشەو ناکۆکیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و فشار و کێشمەکێشی نێوان لایەنەکانی دەسەڵاتدارن لە عێراقدا، رێگەی پێنادات کارێکی لەوچەشنە ئەنجام بدات، بۆیە زەیدی بەخێرایی کەوتەبەر راگەیاندنی هەلمەتی دژی گەندەڵی.
ئەوەی لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا شاهیدی هەڵمەتەکە بوین، تەنیا ڕوداوێکی سەرپێیی نەبو، شەپۆلی دەستگیرکردنەکان کە سیاسەتمەداران و پەرلەمانتار وبەرپرسانی کردە ئامانج، لە چوارچێوەی ئەوەی حکومەتی عێراق هەڵمەتی دژە گەندەڵی ڕاگەیاندووە، پرسیارێکی لەناو و ژمارەی دەستگیرکراوەکان وروژاند، ئایا ئێمە شاهیدی دەستپێکی چاکسازیی دامەزراوەیی ڕاستەقینەین، یان ساتێکی سیاسیە کە دەسەڵات لەناو دەوڵەتدا لەژێر ئاڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا دەیەوێت نمایشێک بکات.؟
کاتێک عێراق بە دەسەڵاتی تایفەگەری و بنەماڵەیی و گەندەڵی و میلیشیایی و تێکەڵبونی پارە بە پۆستی سیاسی حزبیەوە بەستراوە، گومانی تیا نیە کە پێویستی بە ڕوبەڕوبونەوەیەکی جددی و شۆرشێک هەیە لەبەرامبەر دەسەڵات و گەندەڵکاران و گونجاندنی لە سیستمی حوکمرانیەکی نوێدا، کە بتوانێت شەفافیەتی داهات و خەرجی بەرجەستە و جێگیرکات. ئەزمونەکانی ئەم دواییە ئەوە دەردەخەن کە جدیەتی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی تەنها بە ژمارەی دەستگیرکردنەکان ناپێورێت، بەڵکو بە شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەکە و پلەی شەفافیەت و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و ئەو پایەیەی حکومەتی لەسەر راگیراوە، ئایا هەڵمەتەکە هەمان پێوەر بۆ هەمووان جێبەجێ دەکات یان دەبێتە ئامرازێک تەنها بۆ لاوازکردنی هەندێک لە نەیاران و بەهێزکردنی ئەوانی دیکە.!؟
گەندەڵی و تاڵانچێتی لە عێراق و کوردستاندا رەگی لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا داکوتاوە و بۆتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان، کە چاندنی نەمامی گەندەڵی، چۆنیەتی پێکهاتەی دەسەڵاتی تائیفی و بنەماڵەیی و دەسەڵاتی حزبی میلیشیایە کە تۆوەکەی رشتووە. سادەترین بیرکردنەوە ئەوەیە کەهیچ کەس لەبەرامبەر ئەو پرسیارەدا دۆشدانەماوە، کە بپرسین ئایا گەندەڵی هەیە؟، چونکە گەندەڵی لە عێراق و کورستاندا ناسراوە و بۆتە دیاردەیەکی رۆشن و نەشاراوە، لەبەر چاو و هەستی هەموکەسێکدا مۆرانەیەکی رۆچووە لە قوڵایدا. بۆیە پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە، کە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی چۆن بەڕێوەدەچێت؟ ئایا بەڵگەکان ئاشکرا دەکرێن؟ ئایا لێکۆڵینەوە و دادگایکردنەکان ئاشکرا و کراوە دەبن بۆ ڕای گشتی؟ ئایا پرۆسەی یاسایی ئەم هەڵمەتە هەموو لایەنەکان دەگرێتەوە، یان سنووردار دەبێت بە نەیارانی سیاسی یان تۆڕە تایبەتەکان.؟
هەڵمەتی دژی گەندەڵی بە ژمارەی دەستگیرکردنەکان ناپێورێت، بەڵکو بە توانای دروستکردنی متمانەی نوێ لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگادا دەپێورێت. خەڵکی تەنیا پێویستیان بە بینینی کەسانی گەندەڵ لە پشت مێزی دادگاوە نییە، بەڵکو پێویستیان بە بینینی دەسەڵاتی دادگاو دادوەری سەربەخۆیە، گرتنەبەری ڕێکارە ڕوونەکان و بەڵگەی بەردەست و ئاشکرا و دادگاییکردنی دادپەروەرانەی تاوانباران، شەفافیەت لێرەدا وردەکارییەکی یاسایی نییە، بەڵکو پێشمەرجێکی بنەڕەتیە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە، ئەم متمانەیە حکومەتی بەغداو هەرێم ناتوانن پەیرەوی لێ بکەن، چونکە خۆیان سەری مارەکەن و وەستا و مامۆستای گەندەڵکارانن.
ئایا شەڕی گەندەڵی دەبێتە سەرەتای چاکسازی دەوڵەت، یان تەنها دەرفەتێکی دیکە بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات فەراهەم دەکات؟ وەڵامەکە لە ڕۆژی دەستگیرکردندا ئاشکرا نابێت، بەڵکو لە هۆڵەکانی دادگا، لە شێوازی خستنەڕووی بەڵگەکان و لە توانای حکومەت بۆئەوەی خەڵک قەناعەت پێبکات کە یاسا لە سەرووی هەموو کەسێکەوەیە نەک تەنها کەسانی لاواز لەبەرامبەر دەسەڵات و لایەنە بەهێزەکاندا.
لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەمریکا هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراقیان کردە ئامانج وێرانیان کرد، جگە لە وەزارەتی نەوت، کەس نەیدەتوانی خەیاڵی ئەوە بکات کە دواتر ببێتە گەورەترین و چەسپاوترین دامەزراوەی حکومی بۆ دزی و تاڵانی و گەندەڵی. ئەم گەندەڵیە لە بۆشاییدا ڕووی نەداوە، لەشەری کەنداوی یەکەمی ١٩٩١ و داگیرکردنی عێراق پێش٢٣ ساڵ، گەورەترین کردەوەی تاڵانکاریەکی بێوێنەیە کە لە مێژودا رویدابێت و دژی دانیشتوانەکەی ئەنجام درابێت.
گەر ئەم هەڵمەتەی زەیدی کە ئاڵای بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بەرزکردەوە، گورزێکێش بوەشێنێت، بەڵام لەکۆتایدا رێکخسنەوەی هەمان ئەو دەسەڵاتدارانەیە کە رەگی بنەمای ئەو گەندەڵکاریەن.بۆیە هەڵمەتی دژی گەندەڵی و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی لە عێراق و کوردستاندا، دەتوانی کۆتایی دەسەڵاتی تائیفی و بنەماڵەیی و هێزی میلیشیایی سەرەتاکەی بێت.

عوسمانی حاجی مارف




چەسپاندنی ناجێگیری سیاسی کوردستان.. عوسمانی حاجی مارف

پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا میراتێکی دوورودرێژی ناکۆکیان لەسەر داهات و نەوت و گاز و بودجە و هێزی چەکداری و بەرێوەبەرایەتی کارگێری و سیاسی و یاسایی و دەستوری هەڵگرتووە. زۆرجار بەئاشکرا دەبینین کە مووچە دەبێتە مایەی دڵەڕاوکێ بۆ دەیان هەزار خێزان، کە وەک ڕێبوارێک چاوەڕێی هاتنی بەسەلامەتی هەموو مانگێکی دەکرێت. هەرکاتێک تەواوی ناوچەکە رووبەرووی گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوریە خێراکان دەبێتەوە، ناکۆکی و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر توندتر و ئاڵۆزتر دەبنەوە.
لە دۆخێکی ئەم جۆرە پەیوەندیە لەرزۆک و ناجێگیریەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کات بەدوای ئەوەدا نەبووە چۆن دەتوانێت دەستکەوتی بەرچاو و سەقامگیر بەدەست بهێنرێت، بەڵکو چۆن خۆی دەپارێزێت و ڕێگری لە پەرەسەندنی قەیرانەکان بکرێت، بۆ ئەوەی بەتەواوی ئیفلیج نەکرێت، یان بێئاسۆیی لە جوڵەی ژیاندا لەناو زریانی پشێودا بە بێ وەڵام دەسورێننەوە. گرنگ ئەوەیە بەهەر رێگایەک بێت دەستکەوتێکی دارایی خێرا بەدەست بهێنن.
بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وەزیران لەساڵی ٢٠١٩وە مەسرور بارزانی دامەزرێنرا، هەر لە سەرەتاوە لەبەرامبەر کۆمەڵێک کێشە روبەروو بوەوە، کە لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا دروست نەبوبون، بەڵکو بەسادەیی بە ئامادەیی لەسەر مێزەکەی دانرابون، ئەم پرسانە لە گرژیە سیاسی و ئابوریەکانی ساڵانێکەوەیە کە لە نێوان هەولێر و بەغدا سەرچاوەی گرتووە، هەروەها پرسەکانی دیکەی پەیوەست بە قەیران و نا جێگیری ئابوری و لاوازی خزمەتگوزاری و نالەباری ژێرخانی هەرێمی کوردستان و دوو ئیدارەیی و گەندەڵی فراوان، واقعیەتی پێکهاتەی خودی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانە، مەسرور نەک نەیویست ئەوانە تێپەرێنێت، بەلکو بونی خۆشی بەسەرۆک وەزیران و مانەوەی وەک کاربەڕێکەر بۆتە کێشەیەک و جێگای بۆهیچ پرنسیپێکی حوکمداری شارستانی نەهێشتۆتەوە.تا ئێستاش وەک حکومەتێکی کاربەڕێکەر و لە دۆخی چەقبەستوی پەیوەندی پارتی و یەکێتیدا، بەبێگوێدانە دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک، هەردوو حزب مامەڵە بە قەیرانە ناوخۆیی و پەیوەندیەکانی بەغداو هەولێرەوە دەکەن، لە دۆخێکی چاوەڕوانیادا خۆیان و خەڵکیان ڕاگرتووە.
قەوارەی سیاسی هەرێم هەمیشە لە ناکۆکی و تێڕوانینی جیاواز و بەردەوامی کێشەکان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی پرسە هەستیارەکان، کەمی نەهێناوە، دابەشبونی هەرێم بە زۆنی زەرد و زۆنی سەوز لە ناچاریدا هەمیشە مامەڵەی ئاستی هاوسانگی هێز و نفوزی سیاسیان بووە، زۆرجار حکومەتەکانی هەرێم خۆیان وەها دەبینی کە ناچار بوو بە کردەوەکانی هاوسەنگی سیاسیدا بڕوات و رێکەوتنێک پێکبهێنن و گرژیەکانیان بۆ دەورانێک رابگرن، بەڵام لە قەیرانێکی تردا هەمان لۆژێکی گرژیەکان دەست پێدەکاتەوە. گەورەترین تاوانی عەقڵی سیاسی حزبەکانی کوردایەتی ئامادەنەبون و نەویستن و نەتوانینیانە بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی دوو حزبی و هێزی میلیشیا و پاشکۆ بونیان بۆ لایەنێکی دەرەکی و دانەمزراندنی حکومەتێکی سەراسەریە لە تەواوی هەرێمدا.
کاتێک دوای شەری کەنداوی یەکەم، هێزەکانی پارتی و یەکێتی هاتنە ناو شارەکان و ناوچەی ئارام جێگیرکرا، چەکەکان بێدەنگ بون و فرۆکە جەنگییەکان لە دوای بەهاری پڕ لە گێژاوی ساڵی ١٩٩١ لە کوردستانی عێراق قیژەی خۆیان وەستاند، خەڵکی کوردستان کە لە دۆزەخی کۆچێکی بەرفراوان بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا هەڵاتبون، پێیانوابوو کە لاپەڕەیەکی نوێی ژیان دەستی پێکردووە. هەمووان دڵخۆش بوون بە ئاسۆی دانیشتنی بەرەی هێزەکان، کە لەسەر مێز گفتوگۆیان لەگەڵ سەدام حسێندا کرد، زۆرینەی خەڵک کەوتنە وەهمی ئەوەی “خەباتی” ئەو هێزانە بەرهەمی هێناوە، دەسەڵاتی “خۆبەڕێوەبەری” فراوانکراوەکانی ئامانجەکانە و کۆتا لوتکەی هیوایە.
بەڵام لە جەنجاڵیی گەرمی سۆزداری و خۆشحاڵی خەڵک بۆ دەربازبوون لە کابوسی ترس و بۆمب و کیمیاوی بەعس و سەدام، ئەوە لەبیرکرا کە بەگفتوگۆی حزبە ناسیۆنالستەکان و هێزی میلیشیا و دواتر جێگیرکردنی دەسەڵاتی سیاسیان، شەڕەکان و بارگرژی و نائارامی و ناجێگیری سیاسی کۆتایی نایەت، بەڵكو تەنیا کاتێک کۆتاییان دێت کە دەور و دەخالەتی راستەوخۆی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا جێکەوتبێت.
دانوستانەکانی بەغدا لە ساڵی ١٩٩١ کە شاندی پارتی و یەکێتی بە ناوی “شۆڕش” و بەدواداچوون بۆ دانپێدانان بە ئۆتۆنۆمی مامەڵەیان دەکرد و لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە ئەنجام ئەدران، تیشکی دەخستە سەر بونی تەمومژێک لە ئایندەی کوردستان و نارۆشنی لە چارەنوسی خەڵکی کوردستاندا، کە ئاکامەکەی لە ماوەی ئەم ٣٥ ساڵەی دەسەڵاتداریاندا چەندین کارەسات و بارگرانی دۆخی ژیان کرانە دیاری بۆ خەڵک.
هەر لەسەرەتاوە پارتی و یەکێتی بەتەواوی تەرکیزیان لەسەر هێڵکاریی سنوورەکانی خۆبەڕێوەبەری خۆیان و دەستەبەرکردنی دانپێدانانی سیاسی و دیاریکردنی چۆنیەتی جیاکردنەوەی دەسەڵاتی ئیداریان بوو، کە زۆر بەسادەیی و بە پەلە رەسمیەتیاندا بە دابەشکردنی هەرێم بە دوو زۆن، باسێک و ئاراستەیەک لەسەر دەوڵەتداری بەهیچ جۆرێک لە بیر و کاریاندا نەبوو. ئەم شێوازەش گونجاوترین رێرەوێک بو بۆ تاڵانی و دەستبەسەراگرتنی سەرەوەت و سامانی کوردستان و دابەشکردنی لە نێوان خۆیاندا، هەر بۆیە لەسەرەتاوە کەوتنە گیانی یەکترو چوار ساڵ خەڵکی کوردستانیان بە شەری ناوخۆوە سەرقاڵ کرد، ڕەگی ئەبەدی قەیران و قۆرخکردنی دەسەڵات و دابەشکردنی هەرێم، ئەو ڕێچکە وێرانکەرەیە کە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
ئەم پێکهاتە کوشندەیەی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم و لە ساڵی ١٩٩١وە تەنیا ڕووداوێکی تێپەڕ نەبوو کە بەهۆی بارودۆخی ئەو ساتەوەختە رێکخرابێت، بەڵکو بەردی بناغە و مۆدێلی دەسەڵاتی ناسیۆنالستی کوردە کە نە دەیەوێت و نەدەتوانێت لەوە زیاتر بەرهەم بهێنێت، هەرچەندە ماوەیەك لەژێر ناوی ئابوری سەربەخۆداو بەدیاریکراوی لەکاتی ریفراندۆمدا بارزانی بانگەوازی بۆ جۆرێك لە دوورکەوتنەوە لە عێراق دەکرد، بەڵام دوای شکستهێنانی ریفراندۆم و ئابوری سەربەخۆ، دوبارە گەرایەوە سەر ستراتیژی پاراستنی یەکگرتوویی عێراق.
لەلایەکی ترەوە وەک نەریتێكی سیاسیان، تەنها کەسانێک لە پۆستە سەرەکی و باڵاکاندا دادەمەزرێنن، کە ئەندامی بنەماڵەکەیان و دڵسۆزی حزبەکەو سەرۆکی حزبەکەیانە. لەوبارەیەوە کێشە لە نێوانیاندا دروست دەبێت، هەروەها ساڵانە ملیۆنان دۆلار دەچێتە سەر حسابەکانیان. چونکە دانانی کەسی ناکارامە و گوێڕایەڵ لە پۆستەکاندا کافیە بۆ ئەوەی دۆخەکە ڕاگرن و بەهیچ جۆرێک بیر لەدامەزراندنی دەوڵەت و خواستەکانی خەڵک نەکرێتەوە، تا سود لەو دۆخە ناجێگیرە وەرگرن، بۆ چەسپاندنی گەندەڵی و بازرگانی و قاجاخچێتی و دەستبەسەراگرتنی سەروەت و سامانی کوردستان.
کارەساتێکی گەورەی هەرێمی کوردستان لەسەرەتاوە ئەوەیە، لە ساڵی ١٩٩٢ەوە، ئەم “رێچکەی وێرانکەرە” جێبەجێکراوە. لەبری ئەوەی پێوەرەکانی لێهاتوویی و شارەزایی زانستی و کارگێڕی لە پڕکردنەوەی پۆستە هەستیارەکاندا بە بنەما وەرگیرێت بەڵکو بەپێی لایەنگری بنەماڵەیی و بەرژەوەندی تەسکی حزبی بەرەوپێشچون،
بەردەوامیشی تا ئەوڕادەیەی کە وەک نەخۆشییەکی ساری بەسەر تەواوی دامەزراوەکانی پێکهاتەی حکومەتدا بڵاوبۆتەوە، هیچ ئاسۆیەک لەخودی پێکهاتەی ئەو سیستمەدا نەک گۆڕانی تیا نابینرێت، بەڵکو ناتوانێت چاکسازیش لە خۆیدا قەبوڵ بکات.
ئێستا زیاتر لە جاران و هاوکاتی ئاڵوگۆری ناوچەکە بەتایبەتی لە دۆخی شەری ئەمریکا و ئیسرائیل لەبەرامبەر ئێراندا، دۆخی هەرێم و سیستمی حوکمرانیەکەی لێژتر و ململانێکانی قوڵتر بۆتەوە، رێکەوتنی پارتی و یەکێتی سەختر بووە، نا ئارامی فراوانترە، ئەم دۆخە بە نیەتی چاکی ئەکتەری حزبەکان و دەسەڵاتدارەکان و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرجوازی نە پاک دەکرێتەوە و نە دەتوانن ئاڵوگۆربکەن. ئەوەی دەتوانێت ئەم دۆخە بە حاڵتێکی ئەرێنی بگەیەنێت، نارەزایەتی و راپەرین و شۆرشێکە تەواوی دامودەزگاکانی ئەم حکومەتە هەڵوەشێنێت، راپەرینێک دەست پێبکات کە دابینی دەور و دەخالەتی راستەوخۆی خەڵک دابین بکات لە دەسەڵاتی سیاسیدا.

عوسمانی حاجی مارف




پێویستە کۆتایی بە حکومەتی تائیفی بهێنرێت.. عوسمانی حاجی مارف

واقعی گۆڕەپانی سیاسی عێراق تادێت بێسەروبەر و شێواو سەرگەردانتر دەردەکەوێت، تا ئەو ئاستەی مرۆڤ هەست دەکات کە هەرجارێک ئەم وڵاتە لە هەوڵی بۆ دەربازبون لە هەر تەنگانەیەکی سەخت، کە بەرەوڕوی دەبێتەوە، دەکەوێتە ناو تەنگانەیەکی قووڵترەوە، بە چەواشەکاری و فریوکاری، بەناوی چارەسەرەوە لە بازنەیەکی بۆشدا دەسوڕێتەوە.
تەواوی هاوپەیمانی نێوان لایەنەکان، وەک هێزی میلیشیای تائفی و ئیسلامی و نەتەوەپەرستی بەهاوپەیمانی کۆن و نوێیانەوە، نەک کێشەکانی دۆخی سیاسی عێراقیان چارەسەر نەکردووە و نایکەن، بەڵکو هەمیشە دیمەنی سیاسیان زیاتر ئاڵۆزتر و لێڵتر کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دۆخی سیاسی عێراق بەدوای کۆتایی دەسەڵاتی سەدامدا کە بۆتە ناوەڕۆکی کێشەکانی وەک سەرگەردانی و نەبونی ئاسایش و ناسەقامگیری بەردەوام، لەهەمانکاتدا هۆکاری توندوتیژی و مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان بووە.
دانیشتوانی عێراق پێویستیان بە هێزێکی جەماوەریە کە بتوانێت لە مەیدانی شەڕێکدا بێت بۆ کۆتایی بە دەور و دەسەڵاتی هێزی میلیشیای تائفی و ئیسلامی و نەتەوەپەرستی، لەهەمانکاتدا دامەزراندنی دەسەڵاتێک کە دابینی دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵکدا بکات لەدەسەڵاتی سیاسیدا. لەهەمانکاتدا ئامانجی ڕەخساندنی زەمینەیەک بێت بۆ دامەزراندنی دەستور و دەوڵەتێک کە لەسەر بنەمای غەیرە قەومی و سیکولار وهاووڵاتیبون بەڕێوەببرێت، پرۆسەیەک بێت بەرەو بەرجەستەکردنی، ئازادی و یەکسانی بڕواتە پێشەوە. بەڵام پێش هەر شتێک لە ئێستادا، پێویستە کۆتایی بە تەواوی هێزە ملیشیاکان بە هەر ناوێکەوەن، لە عێراق و هەرێمدا، بهێنرێت.
ئەزمونی حکومرانی ئێستای عێراق بەهەر دروشمێک کە لە هەندێک لایەنەوە ڕادەگەیەنرێت، کە دەڵێن چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت، نەک ئەو کارە لەسەر بنەمای پێکهێنانی حکومەتەکانی ئێستا ناکرێت، هێزە چەکدارە غەیرە دەوڵەتیەکانیش وەک خۆیان دەمێننەوە، لەهەمانکاتدا ئەو ژینگە سیاسی و فیکری و کۆمەڵایەتیەی لە حکومەتی ئێستای عێراق و کوردستاندا بەرجەستە بۆتەوە بە نوێنەرایەتی هێزی تائیفی و ئیسلامی و ناسیۆنالستی سەرمایە و سەرمایەداری دەپاریزن، بەردەوام ڕێگەیان پێدەدات دووبارە سەرهەڵبدەنەوە، واتە پێویستە ئەو ژینگەیە بنبەست بکرێت.
هەڵبەتە شانە سڕکراوەکانی داعش و هەر لایەنێکی توندڕەو و تیرۆرستی بەردەوامن بۆ ئامادەبونیان لە ئۆپەراسیۆنە پچڕپچڕەکان و لە ناو هێزە میلیشیاکان کە لە عێراق و سوریا کاری خۆیان دەکەن، ڕەنگە سڕبونی ئێستایان پرۆسەیەک بێت بۆ قۆناغێکی توندوتیژتری ئەو ڕێکخراوانەی تەنها باوەڕیان بە توندوتیژی و زاڵبون بەسەر کۆمەڵگەدا هەیە.
دانیشتوانی عێراق بەدوای کۆتایی زاڵبونی ئایدۆلۆژی بەعسی نەتەوەپەرستی و شۆفێنی، لە ماوە بیستوسێ ساڵی ڕابردودا، زیاتر بەدەست لە جۆرێک لە توندوتیژی ئایدیۆلۆژی تائیفی و ئیسلامی و نەتەوەپەرستیەوە دەناڵێنێت، دوای داگیرکاری عێراق لەلایەن ئەمریکاوە شایەتی شەڕێکی ناوخۆی خوێناوی و مەترسیدار بوین لەژێر دەنگی تائیفی سوننە و شیعە کە شیرازەی کۆمەڵگەی لەبەریەک هەڵوەشاند. تیرۆر لە بۆشایدا سەرهەڵنادات، بەڵکو بەزۆری خۆراک لە دابەشبون و ناسنامەی داخراو و هەستکردن بە جیاکاری و دوورخستنەوە وەردەگرێت. دەوڵەت تا زیاتر ببێتە لایەنێک لە ململانێی ناسنامە، وەک ناسنامەی شیعە یا سونە یا ئیسلامی و نەتەوەپەرستی، ئیتر لە دنیای واقعدا ناتوانێت ڕۆڵی ناوبژیوانێکی بێلایەن لەنێو لایەنە سیاسیەکان و هاووڵاتیانیدا بگێڕێت، ناتوانێت دۆخێک فەراهەم بکات مانای ئازادی بدات.
هەر بەو مانایەش دەوڵەتێک پێناسەکەی ئیسلامی بێت، چەند بانگەوازی پێکەوە ژیان بکات، هیچ کات پێکەوە ژیان مانایەکی عەمەلی نابەخشێت، بەهەمانشێوە بۆ دەوڵەتێكیش نەتەوەپەرستی پیرۆزکات، ئەو کۆمەڵگەیە ئاسودە نابێت. پیرۆزکردنی هەر ئایدۆلۆژیەک زەمینەی ڕاستەقینەی پەروەردەکردنی توندوتیژی و توندڕەویە و بەردەوام لە ژێر تەقینەوەی بورکانێکی مەترسیداردایە.
توندڕەوی، لە جەوهەری خۆیدا، بە شوناسی تائیفی یان ئایینی و هەر ئایدۆلۆژیەک ناپێورێت، بەڵکو دەبێتە بیرۆکە و سیستم و ڕەفتارێک لەسەر بنەمای نەهێشتنی بەرامبەرەکەی، بە پیرۆزکردن و سەپاندنی بیرۆکە و بۆچونەکانی بەسەر کۆمەڵگەدا، هەربۆیە توندوتیژی و زۆرداری و تیرۆر، نوێنەرایەتی دەربڕینی کردەیی ئەم سیستەمە دەکات.
جیاوازی نێوان توندوتیژی و توندڕەوی داعش و توندوتیژی و توندڕەوی کە لەلایەن گروپە تائیفیە چەکدارەکانەوە لە عێراقدا پراکتیزە دەکرێت، جیاوازیەکی تیۆری بەرچاویان نیە. هەردووکیان لە قەناعەتی خاوەندارێتی حەقیقەتی ڕەها سەرچاوە دەگرن، هەردووکیان هەوڵ دەدەن دیدگای خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن و هەردووکیان بۆ نەیارەکانیان وەک دوژمنێک دەڕوانن، کە دەبێت ژێردەستە بکرێن یان لەناوببرێن. هەردووکیان بە ناوی مەزهەب و ئایین توندوتیژی ئەنجام دەدەن.
دەوڵەتێک کە لە شوێنێکدا توندوتیژی و توندڕەوی سەرکۆنە بکات و بانگەوازی ئازادی بکات، بەڵام لە شوێنێکی دیکەدا ئایدۆلۆژیەکەی خۆی پیرۆزکات و بەرجەستەی کات و هەمان کرداری توندوتیژی بەکار بهێنێتەوە، بانگەوازی ئازادیەکەی پوچ و مامەڵە و بازرگانی دەردەچێت، لە هەمانکاتدا متمانە و کاریگەری خۆی لەدەست دەدات.
ئەگەر دەوڵەتێک دابەشبونە تائیفیەکان بەهێز بکات یان ناسنامەیەک بخاتە پێش هەر ناسنامەیەکی تر، ئەوا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدارن لە بەرێخستنی ئەو کەشوهەوایەی کە توندوتیژی و توندڕەوی بەرهەم دەهێنێت.
ئەمەش جەخت لەسەر گرنگی جیایی دین و تائیفی و نەتەوەپەرستی لە دەوڵەت دەکاتەوە، جیایی دین لەدەوڵەت بەمانای دوژمنایەتی بەرامبەر دینداران نیە یان سەرکوتکردنی تایبەتمەندیە کولتوریەکانی کۆمەڵگا نیە، بەڵکو بەو مانایەیە کە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبێ لە سەر بنەمای هاوڵاتیبونی یەکسان مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیان بکەن، نەک لەسەر بنەمای پەیوەندی تائیفی و ئاین و نەتەوە. کاتێک هاووڵاتیان هەست دەکەن مافەکانیان پەیوەستە بە پێگەی خۆیانەوە وەک هاووڵاتی نەک وەک ناسنامەکەی، یان نەک بە ئەندامبونی لە گروپێکی ئاینی یان تائیفیدا، پێویستی نابێت پەنابەرێت بۆ توندڕەوی و توندو تیژی. هەر دەوڵەتێک دیدگایەکی تائیفی و ناسنامەیەکی دیاریکراو لە یاسادانان و بەڕێوەبردن و دادوەریدا پەیرەوی بکات، ناتوانێت قەناعەت بە هیچ کەس بکات کە ئازادن و وەک یەک هاوبەش و یەکسانن لەو وڵاتەدا.
دادپەروەری لە بە فەرمی نەناسین و پیرۆزنەکردنی هەر ئایدۆلۆژیەک چەکی دژی جیاکاری و توندوتیژیە، ئەو جۆرە دادپەروەریە فەرشەکە لە ژێر پێی سەپاندنی تائفیەتی و ئیسلامی و عەشیرەتی و نەتەوەپەرستی دەردەکێشێتە دەرەوە، یەکسانی لە نێوان هاووڵاتیاندا زامن دەکات و دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان دەڕەخسێنێت، ئازادی تاکەکان دەپارێزێت و یاسا لەسەر هەمووان بەبێ جیاوازی جێبەجێ دەکات. لە ژینگەیەکی وادا تانە و تەشەرو قسەی زبر و کینە کەمتر سەرنجڕاکێش دەبێت، لە دواجاردا دین و تائیفی و نەتەوەپەرستی دەبێتە مەسەلەیەکی شەخسی.
عێراق و کوردستان، بەشێوەیەکی فراوانتر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیان بە شۆڕشێکی جەماوەریە، کە تەواوی ئەو لایەن مەیلانەی دین و هەر ئایۆلۆژیەک لە دەوڵەت جیاناکانەوە بە خۆیان و هێزە چەکدارەکانیان پاککرێنەوە.
پرسی سنووردارکردنی چەک، لە دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان تا ئێستاش، وەک نیگەرانیەکی درێژخایەن بۆ هەمووان ماوەتەوە و دۆخی ناوچەکەی داگیرکردووە و کێشەیەکی گەورەیە، چاوەڕوان لەوەی ئەمریکا کۆتایی بەو دۆخە بهێنێت، حاڵەتێکی نادروست و نەرێنیە، چونکە رۆڵی ئەمریکا شاراوە نیە، کە چۆن لەگەڵ ئەو لایەنانەو مەیلەکان و هێزە میلیشیاکان، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەکانی چۆن سەوداومامەڵە دەکات. تاقیکردنەوەی ئەمریکا نیشانی داوە نەک بەهیچ جۆرێک بیر لە کۆتاییهێنان بەو دۆخە ناکاتەوە و کاری لەسەر ناکات، بەڵکو بۆ خۆشی بەشێکی سەرەکیە لە داڕشتن و بەردەوامیدان بەو دۆخە، لەهەمانکاتدا هەلومەرجی هەوڵدانی بزوتنەوەیەکی جەماوەری بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە گرانتر و ئاڵۆزتر کردووە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەدا پێویستە هەوڵ و دەنگمان بەرزڕاگرین، کەمپینی بەرفراوان دەست پێبکەین، بزوتنەوەیەکی بەرگریکار و هێرشبەری جەماوەری بەڕێبخەین، ئەرکی هەموو کەسێکی ئازادیخوازە، بکەوێتە سەر ئەو ڕێگایەی چۆن عێراق و کوردستان و ناوچەکە لەم دۆخە دەردەکێشێن، هێزێک برەو پێبدەین، کە ناسنامەی دین و تائیفە و نەتەوەپەرستی بەهیچ جۆرێک لە ئەجندا و بەرنامەیدا نەبێت، ئازادی و گۆرانکاری، کۆتایهێنان بەتەواوی هێزە میلیشیاکان بەرنامەی کاری بێت، بەرەو دابینکردنی دەورودەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا هەنگاو بنێین.




شەر و دبلۆماسی لە سیاسەتی ئەمریکادا.. عوسمانی حاجی مارف

شەری چل رۆژەی واشنتۆن و تەلئەبیب، لە بەرامبەر تاراندا، کەمبونەوەی کاریگەری نەخشەی بەکارهێنانی ئەو ئامرازە سەربازیانە بوو کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانویست بە کورتماوە و دەستبەجێ بگەنە ئامانجە سیاسی و سەربازیەکانیان، ئەمەش بەکارهێنانی خاڵە گوشارە گرنگەکان لەلایەن ئێرانەوە بۆ نموونە داخستنی گەرووی هورمز و هەڕەشەکانی بۆ پەکخستنی کەشتیوانی لە گەرووی بابولەمەندەب هاوکێشەکەی تەواو گۆری، دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆزتر کرد و زیانی ئابوری زیاتری لێکەوتەوە، تا ئەو ئاستەی توانی دۆخی شەرەکە بە بەرەژەوەندی ئێران بشکێتەوە.
شەڕەکە هاوکێشەی خۆپارێزی لایەنەکانی نیشاندا، دیمان لایەنەکان پشتیان بە ئاڵوگۆڕی لێدانێکی حیسابکراو بەست بۆ ئەوەی نەکەونە ناو شەڕێکی تەواوەوە. ئەم شێوازە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاریە لە نێوان لایەنی شەڕکەرەکاندا، کە بەڕێوەبردنی پەرەسەندنیان هەڵبژاردووە نەک سەرکەوتنێکی سەربازی یەکلاکەرەوە. لە شەڕی ناهاوسەنگدا، ئامانجی ستراتیژی، بە تایبەت بۆ ئەو لایەنەی توانای سەربازی و ئابووری کەمتری هەیە، لە سەرکەوتنەوە دەگۆڕێت بۆ ڕێگریکردن لە شکست، لە تەسلیمبوونەوە بۆ بەرگری.
ئێران پشتی بە تۆڕی هاوپەیمانە ناوچەیەکانی خۆی بەستبو بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندیە ئابوریەکان، جا چ لە ڕێگەی هێرشی مووشەکی یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان بە هەڕەشەکردن لە ڕێڕەوی ئاو. ئەم تاکتیکە ڕوبەڕووبونەوەکەی گۆڕیوە بۆ شەڕێکی درێژخایەن کە کۆتاییکەی نادیارە وهێڵەکانی نێوان ئامانجە سەربازی و ئابوری و سیاسییەکانی کاڵ کردبووەوە و هەر ڕێگایەک بۆ دەرئەنجامێکی یەکلاکەرەوە مەحاڵ کردووە.
ئەو یاداشتنامەیەی کە لەم دواییانەدا ڕاگەیەندرا و نزیکبونەوەی لایەنەکانی لە رێکەوتن خستەروو، نیشانەی کۆتاییهاتنی ململانێکان نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی گواستنەوەیەک دەکات بۆ قۆناغێکی نوێ، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی بارگژیەکانی هاتوچۆی دەریایی و ئابووری و سەربازییە لەسەر هەموو لایەنەکان بە دابینکردنی بوار بۆ مانۆڕی دیپلۆماسی. جگە لەوەش، لەلایەکی ترەوە شەڕەکە دەریخستووە کە یەکگرتنی بەرژەوەندیەکان لە نێوان زلهێزەکاندا وەک پارێزبەندیەک دەمێنێتەوە لە بەرامبەر ئاگرێکی تەواو لە ناوچەیەکی گرنگی ستراتیژی جیهانیدا، کە رۆژهەڵاتی ناوەراستە و زلهێزەکان رکابەری تێدادەکەن.
ئەتوانین بڵێین سەرکەوتن و شکست بە مانای ئاسایی لەم شەڕەدا پێناسە ناکرێت. لایەنەکان دەستکەوتی تاکتیکی سنورداریان بەدەستهێناوە، بەگوێرەی ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی شەڕەکە، لەکاتێکدا ئامانجە ستراتیژیە سەرەکیەکان بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە. بۆ نموونە ئەمریکا و ئیسرائیل سەرکەوتوو نەبون لە سنووردارکردنی یەکلاکەرەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و ئێرانیش نەیتوانیوە بە زۆر دیدگای باڵادەستی ناوچەیی خۆی بسەپێنێت.
ئەم شەڕە ئەو وانەیەی نیشاندا، کە شەڕەکانی ئەم سەردەمە چیتر بە واقیعی مەیدانی سەربازی پێوانە ناکرێن، بەڵکو بە توانای بەڕێوەبردنی ململانێکان و کەمکردنەوەی زیانەکان دەپێورێت، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، دەسەڵاتی سەربازی بە تەنها بەس نییە بۆ داڕشتنی چارەسەری سیاسی لە ناوچەیەکدا کە بەرژەوەندی و مەترسیی بەیەکەوە گرێدراو بێت.
لەکاتێکدا ململانێی ئەمریکا و ئێران چووە قۆناغێکی زۆر هەستیارەوە، هەردوولا بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی ڕوبەڕوبونەوەیەکی گەورە بون و چەند هەفتەیەک بەردەوام بون، دوای شەڕێکی دڕندانەی ئاسمانی و دەریایی و سەربازیی، داخستنی گەرووی هورمز و سەپاندنی گەمارۆی بەرامبەری لەخۆگرتبوو، واقیعێکی سیاسی نوێی خستەروو، کە کێ قسەی کۆتایی و سەپاندنی مەرجە ستراتیژییەکانی لە دەستدایە.؟
لەپشت پەردەی ئەم دۆخەوە، کەلێنێکی قووڵ لەنێوان هەردوولادا ئەگەری هەیە. ئەمریکا پێداگری لەسەر ڕێکەوتنێکی توند دەکات، کە هەوڵ دەدات بە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کە ئەگەری هەیە بگاتە بیست ساڵ بۆ لابردنی کۆگا پیتێنراوەکانی لە وڵاتەکەدا، وەک پێشمەرجێک بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکە، تا خواستی ئەتۆمی ئێران سنووردار بکات. بەڵام تاران ماوەیەکی کاتی دیار دەکات و کۆنترۆڵکردنی ئاسان نیە، ئێران تواناکانی دابینکردنی پیتاندن و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیی خۆی بەو سەروەت و سامانە دەزانێت کە لە ڕێگەی خۆڕاگری خۆیەوە لەسەر زەوی دەستەبەری کردووە و لە بەرامبەر بەڵێنی زارەکی یان هەڵگرتنی بەشێکی گەمارۆی دەریایی دەستبەرداریان نابێت.
دیپلۆماسی ئەمریکی بەهۆی خواستی سەرکردایەتی لە واشنتۆن بۆ پڕۆژەکردنی وێنەیەکی دەسەڵاتی سەرسەخت و بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی سیاسی تایبەت، تا لە دەستکەوتەکانی ئیدارەکانی پێشوو زیاتر تێدەپەڕێت، ئەم سەرکەوتنە بە نیشاندانی ئەوەی کە فشاری ئابووری و سەربازی توندی تارانی ناچار کرد ئیمتیاز بدات و بەشێکی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانی نێودەوڵەتی و هاتوچۆی دەریاییدا بکاتەوە.
لەبەرامبەردا هەڵوێستی ئێران لەسەر لێکدانەوەیەکی جیاواز دامەزراوە، دەڵێت کەناڵە کراوەکانی پەیوەندی و هەوڵە بەردەوامەکانی نێوەندگیری ناوچەیی بەرهەمدار نەدەبوو، یان بەقازانجی ئێران نەدەبو ئەگەر لایەنی بەرامبەر سەرکەوتنێکی سەربازی یەکلاکەرەوەی بەدەستبهێنایە، جگە لەوەش ئێران ڕووبەڕووی ئەو واقیعە بووەتەوە کە ئابووری جیهانی چیتر ناتوانێت بەرگەی تێچووی لەڕادەبەدەری گیرانی ڕێڕەوی هورمز و بەرزبونەوەی نرخی وزە بگرێت. ئەمەش داخستنی گەرووەکەی گۆڕیوە بۆ کارتێکی فشاری زۆر کاریگەر، کەخەرجی واشنتۆن و هاوپەیمانە ناوچەیەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.
لەکاتێکدا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران هەنگاوێکی گرنگە بۆ پێشگرتن لە چوونەناو شەڕێکی ناوچەیی، بەڵام هێشتا وەک ڕێکەوتنێکی کاتیی و ئاڵۆز دەمێنێتەوە. ڕوبەڕوبونەوەی ئەم دواییەی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە، نوێنەرایەتی ساتێکی سەرەکی دەکات کە تەعبیرە لەو گۆڕانکاریانەی سروشتی ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا هێناویەتییە ئاراوە. ئەم ڕوبەڕوبونەوەیە تەنیا پێکدادانێکی سەربازی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بەرجەستەکردنی واقیعێکی ستراتیژی نوێ بوو کە ڕەهەندە ئەمنی و ئابووری و جیۆپۆلیتیکییەکان تێیدا تێکەڵ دەبن.
ئەم شەڕە دەریخست کە تێچووی شەڕ لە ژینگەیەکی ناوچەیی زۆر ئاڵۆزدا زۆر زیاترە لە دەستکەوتە ئەگەریەکانی هەر لایەنێکیان، بۆیە ئێران هەوڵیدا پیادەی ئەوەبکات، هاوکێشەی هاوسەنگی خۆی لەو روبەروبونەوەیەدا فراوانتر و بەربڵاوتر بکات، مەودای خۆی دابەشکرد بە کەڵک وەرگرتن لە دەوڵەتە عەرەبیەکانی کەنداو وەک گۆڕەپانێکی جیۆپۆلەتیکی و ئابووری پەیوەست بە تێوەگلانیان بە جەنگەوەکەوە، ئەمەش سیمایەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی بە ململانێکان بەخشی، وایکرد کە چارەسەری سەربازی ڕاستەوخۆ ببێتە بژاردەیەکی مەترسیدار و دەرئەنجامەکانی نادیار بێت.
ئەوەی رۆشنە ئەمریکا وەک سەرمایەیەکی ستراتیژیی گرنگ لە ناوچەکەدا سەیری ئیسرائیلی کردووە. بەڵام ئەمڕۆ ئەم گریمانەیە لەبەردەم لێکۆڵینەوەیەکی تری سەربازی و سیاسیدایە! نەزمی نێودەوڵەتی ئێستا لە گۆڕانکاری خێرادایە، دەیان ساڵە هاوبەشی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل، باری ئەمنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لە قاڵب داوە، ئەوەی کاتی خۆی وەک هەڵمەتێک بۆ هەژموونی سەربازیی ڕەها دەستیان پێکرد، بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاوە بۆ بەرگری سیاسی و مانەوە.
ڕاگەیاندنە سەرەتاییەکانی واشنتۆن و تەلئەبیب بەڵێنی گۆڕینی تەواوەتی هاوسەنگی هێزی ناوچەیییان دابو، بەڵام واقیع پاشەکشەی تیژی لەو مەبەستانەیان نیشاندا. ئێستا چوارچێوەی ئاشتی سەریهەڵداوە، کە لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە لە ئیسلام ئاباد دەکرێت، واقیعێکی جیۆپۆلەتیکی وەهای ئاشکرا کرد کە زلهێزەکان ناتوانن واقیعە سەختەکانی ئابووری جیهانی پشتگوێ بخەن. ئەم ڕێکخستی ستراتیژییە کاریگەری قووڵی لەسەر ناوچەکە هەیە، بەدواداچوونی بێوچانی دۆناڵد ترەمپە بۆ دەرچوونێکی دیپلۆماسی ڕاستەوخۆ، هەموو ئەو کاریگەرییە سیاسییە دەکاتە قوربانی کە بنیامین ناتانیاهۆ دروستی کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دابەزینی ئاستی هاوسەنگی ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
لەسەرەتای ململانێکاندا، قسەکانی کۆشکی سپی یەکلاکەرەوە و ڕەها بوو، داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکا داوای تەسلیمبوونی تەواوەتی تارانیان کرد، بە ئاشکرا باسیان لە سەپاندنی گۆڕانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی تەواوی تۆڕەکانی بەرگری ناوچەیی دەکرد، ئەمەش هەڵەی وەهمی ئاسۆیەکی بەخشی بە بەشێکی زۆری ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و خۆیان ئامادەدەکرد بۆ دۆرانی ئێران و روخانی کۆماری ئیسلامی لەم شەرەدا.
بەڵام ئامێری دەوڵەتی ئێران نەڕووخا، لەبری ئەوە، ئیدارەی واشنتۆن خۆی لە نقوم بونی شەڕێکدا تێوەگلانووە، کە کۆتایەکی ڕوونی لە بەرچاودا نەبوو، ئەمەش لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی کۆنگرێسدا فشارێکی زۆری ناوخۆیی بو لەسەر سەرۆکایەتی ئەمریکا، خەڵکی ئەمریکا ئیتر تاقەتی ئەوەیان نەمابوو کە بودجەی هەڵمەتێکی سەربازی دیکەی درێژخایەن لە ڕۆژئاوای ئاسیادا دابین بکەن. لە ئەنجامدا کۆشکی سپی بە شێوەیەکی سیستماتیکی داواکارییەکانی دابەزاند، پێداگری پێشوو لەسەر گۆڕینی ڕژێم بە دانوستانی پراگماتیک جێگەی گرتەوە، واشنتۆن ئامادە بوو گەرەنتی تایبەت سەبارەت بە کۆگاکردنی یۆرانیۆم و ئاسایشی دەریایی قبوڵ بکات، ئەمەش پاشەکشەیەکی بەرچاوە لە ئاواتەکانی جیۆپۆلەتیکی ئەمریکا، لە هەمانکاتدا گورزێکی گەورەبو بۆ ئەو ئومیدەی ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی چاوەروانی دەکرد.
بزوێنەری سەرەکی ئەم پاشەکشە دیپلۆماسییە گۆڕانکاری لە ئایدۆلۆژیای سیاسیدا نییە، بەڵکو واقیعی توندی جوگرافیای دەریاییە. داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە چەکێکی ئابووری بوو کە هێزە سەربازییە تەکنەلۆژییە بەرزەکان نەیانتوانی بێلایەنی بکەن، ئەم گەمارۆیە بە شێوەیەکی کاریگەر لەسەدا ٢٠ی دابینکردنی نەوتی خاو لە جیهانی ڕاگرت و لەسەدا ٣٠ی بازرگانی نێودەوڵەتی بە پێوانەی کیمیایی پەکخست.
کاردانەوەی ئابووری دەستبەجێ و توند بوو، نرخی بەنزینی ناوخۆیی لە ئەمریکا بەرزبووەوە و فشارەکانی هەڵاوسانیش دەستی کرد بە هەڕەشەکردن لە سەقامگیری دارایی ڕۆژئاوا، هەڵمەتی ئاسمانی ئەمریکا ملیارەها دۆلاری خەرج کرد لە هەوڵی پاراستنی ڕێڕەوی ئاوەکە، بەڵام سیستەمی بەرگری دەریایی پێشکەوتوو نەیتوانی بەسەر تۆپۆگرافیای بنەڕەتی کەنداودا زاڵ بێت، کەناراوەکانی باکووری شاخاوی ئێران پاراستنی پێکهاتەیی بۆ جبەخانەی مووشەکی ناهاوسەنگەکەی دابین کرد، سوپای ئەمریکا درکی بەوە کرد کە کردنەوەی ڕێڕەوی کەشتیوانی بە زۆر پێویستی بە شەڕێکی زەمینی بەرفراوان دەبێت، لە بەرامبەر هەڵبژاردنی نێوان داڕمانی ئابووری لە ناوخۆ و لەشکرکێشییەکی زەمینی درێژخایەن لە دەرەوەی وڵات، واشنتۆن دیپلۆماسی هەڵبژارد، ئەولەویەتەکان لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی سەربازی یەکلاکەرەوە گۆڕا بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی وزەی جیهانی. ئەم بڕیارە تیشک دەخاتە سەر وانەیەکی چارەنووسساز، کە جوگرافیا وەک تەکنەلۆژیای باڵادەست لە شەڕی ئەم سەردەمەدا دەمێنێتەوە و پلاندانەرانی سەربازی ئێستا دەبێ پشتبەستنیان تەنها بە هێزی ئاسمانی هەڵسەنگێننەوە.
ئەولەویەتەکانی جیهانی ئەمریکا بە ناچاری و لە دنیای واقعدا لە گۆڕاندان، واشنتۆن دەبێت هەڵاوسانی ناوخۆیی بەڕێوەببات و دابینکردنی وزە مسۆگەر بکات و سەرنجی ستراتیژی درێژخایەنی خۆی لەسەر بەرزبوونەوەی چین چڕبکاتەوە. ململانێ درێژخایەنەکەی ڕۆژئاوای ئاسیا خەریکە سەرچاوە بەنرخەکانی ئەمریکا دەڕژێنێت و واشنتۆن لە هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی دابڕێت.
لەکاتێکدا واشنتۆن کەمکردنەوەی پەرەسەندنی ناوچەیی بە شتێکی بنەڕەتی بۆ سەقامگیری ئابووری جیهانی دەزانێت، تەلئەبیب هەر چوارچێوەیەکی ئاشتی پێشوەختە وەک شکستێکی لە بونی خۆیدا دەیبینێت.
کاتێک ترامپ وەک دۆڕاوێک بەڵگەنامەی سەرکەوتن واژۆ دەکات، چوارچێوەى ئێستا “شەرعیەتى نێودەوڵەتى و هەرێمى” بە تاران دەبەخشێت وەک یاریزانێکى سەرەکى لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

عوسمانی حاجی مارف




پرۆژەی سنوردارکردنی چەکداری!.. عوسمانی حاجی مارف

عەلی زەیدی جەخت لەسەر پابەندبونی خۆی بە پڕۆژەی بەرتەسکردنەوەی چەک لە دەرەوی پێکهاتەی حکومەتدا دەکات، بەو مانایەی دەیەوێت بڵێت هەنگاوێکە و ڕەنگدانەوەی ئیرادەی حکومەتە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی دامەزراوە ئەمنی و یاسایەکان، بەڵام ئاشکرایە لە دۆخی سیاسی ئێستای عێراق و دەخالەتی ئێران لە عێراقدا، ئەم ئاراستەیە بۆ سنوردارکردنی چەکداری ڕوبەڕوی ئاستەنگی و تەحەدای جدی و بەرچاو دەبێتەوە، هەرئەوەی کە دەبینین بەشێکی زۆری میلیشیاکانی لایەنگری ئێران ڕەتی دەکەنەوە دەستبەرداری چەکەکانیان بن، تەنانەت هەندێک لە فراکسیۆنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەڕەشەیان کردووە کە ئەگەر ئەم ڕێبازە جێبەجێ بکرێت، لە هاوپەیمانی شیعە دەکشێنەوە.
گوتاری زەیدی لەبارەی چەکداماڵێنی هێزە میلیشیاکانەوە گوایە ئەولەییەتێکە ناتوانرێت دوابخرێت، بەمەش دەرگای بەڕووی شەڕێکدا کردۆتەوە، کە لە جێبەجێکردنیدا ئەگەری هەیە ببێتە دۆخێکی نالەبارتر. هەر دوای چەند ڕۆژێک، لەلایەن کەتایبی حزبوڵڵا وە لە عێراق وەڵام بەزەیدی درایەوە، کە دەڵێن ئەو چەکداریە ئەرکێکی بە کۆمەڵ و جیهادیە، ئەو کەسانەی هەڵیانبژاردوە و خۆیان رێکخستووە، وازی لێناهێنن. ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ڕەتکردنەوەی هەوڵەکانی حکومەتی زەیدی لە هەوڵیدا بۆ کۆنترۆڵکردنی بڵاوبونەوەی چەک. لەکاتێکدا کەتایبی حزبوڵڵا دەوڵەتێکیان دەوێت هێزی چەکداری سەربەخۆ قەبوڵ بکات.
ئەو هێزانەی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا عەلی زەیدیان گەیاندە سەرۆکایەتی، هەندێک پشتیوانی بۆ پرۆژەکانی قەبوڵ دەکەن. بەڵام ئەم پشتگیریە مەرجدارە و پڕە لە ڕەخنەی نەوتراو، چونکە هەندێک لە گروپەکان خاوەنی باڵی چەکدارین کە سەرچاوەی دەسەڵاتی موزایەدەکردنیان پێکدەهێنێت، واتە لەگەڵ هەر راگەیاندنی پشتیوانیەکیان بۆ پرۆژەکە، تەنها لەبەر ئەوەیە نایانەوێت ببێتە ململانێ و کێشەیەک کە پێشوەختە دەزانن ئاکامەکەی دۆراندنە، بۆیە هەوڵئەدەن ژێربەژێر بەر بەخودی پرۆژەکە بگرن.
لەلایەکی دیکەوە لیواکانی سەید شوهەدا هەڵوێستێک دەپارێزن کە هەر جۆرە گفتوگۆیەک لەسەر ئەو پرسە ڕەتدەکەنەوە، ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەڵوێستیان سەبارەت بە تەسلیم نەکردنی چەکەکان پتەو و نەگۆڕە. کەتایبی حزبوڵڵا لەوە زیاتر دەڕوات و پرسی چەک بە نیگەرانیەکانی ئەمنی ناوچەکە دەبەستێتەوە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە تا ئەوکاتەی هێزە بیانیەکان لە هەرێمی کوردستان جێگیرکراون وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئامادەنین گفتوگۆ لەسەر چەکەکانیان بکەن.
هەرچەندە پڕۆژەی سنووردارکردنی چەک پاڵپشتیەکی سیاسیشی هەیە لەنێو خودی هێزە میلیشیاکانیشدا وەک موقتەدا سەدر، بەڵام جێبەجێکردنی کردەیی و ئاسان نیە و زیاتر بە سیناریۆ دەچێت تا جدی بون بێت لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە، چونکە هێشتا بەربەستەکانی پەیوەست بە هەڵوێستی هەندێک کوتلە چەکدارەکان ڕەتی دەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن و نایانەوێت تێکەڵ بە دامەزراوە فەرمیەکانی حکومەت بکرێن.
لەنێو ئەو میلیشیایانەدا لیواکانی حزبوڵای عێراق و بزووتنەوەی نوجەبا لە بۆنە جیاوازەکاندا بەئاشکرا دووپاتی دەکەنەوە کە چەکەکانیان چەکی “بەرگریە” دەڵێن تا بونی سەربازی ئەمریکی لەسەر خاکی عێراق دەمێننەوە، چەکەکانیان رادەست ناکەن، هەڵبەتە ئاشکرایە کە دوای ئەوەش هەر رادەستی ناکەن!، ئەم هەڵوێستە جیاوازیەکی بنەڕەتی لەبەرامبەر هەوڵی عەلی زەیدیدا ئاشکرا دەکات، کە سنووردارکردنی چەک بە ئەرک و پێداویستیەک دەخاتەروو کە گوایە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتە، بەڵام دیدگا و ئاراستەی هەندێک لایەن، ئایندەی چەکەکانیان بە ڕەچاوکردنی ناوچەیی و ئەمنیەوە دەبەستنەوە کە سنوورەکانی عێراق تێدەپەڕێنن.
پێدەچێت پرسی کۆنتڕۆڵکردنی چەک بووبێتە تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی توانای حکومەت بۆ بەرجەستەکردنەوەی دەسەڵاتی خۆی، بەتایبەتی کە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دروشمی هاوشێوەیان بەرزکردۆتەوە، بەڵام ڕوبەڕوی ئاستەنگی سیاسی و ئەمنی بونەتەوە، کە ڕێگری لە جێبەجێکرنی ئەو ئاراستەیە کردوە. هەڵبەتە ئێستا تارادەیەک دۆخەکە بەجۆرێک جیاوارە، بەتایبەتی کە دۆخی دوای شەری چل رۆژەی ئەمریکا و ئێرانە، فرسەتی داوە بەزەیدی مراوەغەیەک لەوبارەیەوە بکات.
گومانی تیا نیە سەرنەکەوتنی پڕۆژەی کۆنتڕۆڵکردنی چەک پەیوەستە بە دۆخی سیاسی عێراق و پێکاهاتەی حکومەت لەسەرەتاوە بەتایبەتی باڵادەستی ئێران بەسەر عێراقدا و دەخالەتی بەردەوامی لە پێکهێنانی حکومەتەکاندا، لە هەمانکاتدا چۆنیەتی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و کوتلە چەکدارەکان و هاوسەنگی سیاسی لەناو خودی گروپە شیعەکاندا.
لەکاتێکدا حکومەتەکان وەهایان نیشانداوە بەو رێگایەدا دەرۆن کۆنترۆڵی چەکداری دەکەن و نەیانتوانیوە جێبەجێی بکەن، کێشەکە ئەوەیە کە خودی ئەو هێزە میلیشیایانە هەمیشە بەشێک بون لە پێکهێنانی حکومەتەکان، لەلایەکی تریشەوە کۆماری ئیسلامی لەرێگەی هێزەکانی پاشکۆی خۆی وەک هێزی میلیشیا دەوری سەرەکیان دیوە لە رەواجدان بە بونی هێزی چەکداری لەدەرەوەی دەزگاکانی حکومەتی عێراقدا، بەتایبەتی لە پێکهێنانی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا کە بۆتە وزەی دەسەڵاتی شیعە، ئیستاش جگە لە دۆخێ دوای راگرتنی شەری ئەمریکا و ئێران، چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی عێراق ئاڵوگۆری بەسەردا نەهاتووە، بەو مانایەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگئ کە رۆڵی سەرەکی لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا دەبینین و ئێران هاوپەیمان و پشتیوانیانە، دوای ئەو شەرەش لە شوێنی خۆیاندا ماون. حکومەتێک لە عێراقدا لەسەر بنەمای بەشبەشێنە و رێکەوتنی نێوان هێزە تائیفی و ئیسلامی و نەتەوەپەرستی پێکدەهێنرێت و جەختی لەسەرکراوەتەوە، ئاشکرایە کە حەشدی شەعبی پایەیەکە بۆ هێزە شیعەکان و ئێران، رۆشنە کە دەستبەرداری نابن، بۆیە عەلی زەیدەیش بە هەمان پرۆسەی بنبەستی حکومەتەکانی پێش خۆی هەنگاو دەنێت و لە هاوسەنگی نێوان پێداویستییەکانی ئاسایش و سەقامگیری و ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا دەرگیردەبێت، لە هەمانکاتدا لە دۆخێکی ئاڵۆزتری ناوچەکە و عێراقدا مامەڵە دەکات.
پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک تاقیکردنەوەی پێشوەختەیە بۆ حکومەتەکەی ئەلزەیدی، ئەمەش لەبەر ئەوە نیە کە تاکە پرس یان زەقترین پرسە لە کارنامەی عێراقدا، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە ئەو پرسەیە کە بە ڕوونی ئاشکرای دەکات کە ئایا دەوڵەت بە پرەنسیپی دامەزراوەیی و دەزگا فەرمیەکان بەڕێوەدەچێت یان بەپێی لۆژیکی بەردەوامی بەشبەشینە و هێزی میلیشیا و دابەشکردنی دەسەڵات بەردەوام دەبێت لە کارکردندا. پرۆسەی شکستهێنانی زەیدی لەسەر ئەم پرسە نەک هەر خەسارەیەکی سیاسیە بۆ حکومەتەکەی، بەڵکو بازنەی ئەو قەیرانانە بەرهەم دەهێنێتەوە کە عێراقی گرتۆتەوە، هەروەها ئەو هاوکێشەیە لاوازتر دەردەکەوێت کە بانگەشەی زاڵبونی یاسا و دەستور دەکات!.
ساڵانێکە عێراق لە ناوچەیەکی خۆڵەمێشیدا ماوەتەوە لەنێوان دوو وەڵامدا، هەر سەرۆکوەزیرانێک بەڵێنی ئەوە دەدات کە ئەم بوارە دیاری بکات و چارەسەری بکات بەڵام کە پۆستەکەی بەجێدەهێڵێت هێشتا ئەو پرسە لە شوێنی خۆیدایە. هاوکات ئەلزەیدی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە ئاڵۆزە بە ئامادەکاری بۆ کۆبونەوەیەکی فراوان لەگەڵ سەرکردە ئەمنیەکان و نوێنەرانی ئەو میلیشیایانە کە ئامادەیی خۆیان بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت ڕاگەیاندوو.
لەلایەکی تریشەوە ئەوەی سەرنجراکێشە، ئەو هێزانەی کە بڕیارە پشتگیری سیاسی لەم پرۆژەیەدا پێشکەش بە حکومەت بکەن، هەمان ئەو هێزانەن کە خاوەنی هێزی میلیشیان و حکومەت داوایان لێدەکات دەستبەرداری چەکەکانیان بن، ئەمەش ناکۆکی جێبەجێکردنی پرۆژەکە نیشان ئەدات، چونکە گەر لەباری عەملی و واقعیەوە کارێکی لەو چەشنە ئەنجام بدرێت، مانای کۆتایی دەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی و دەخالەتی ئێرانە، بۆیە هەوڵەکانی چونە ناو پرۆسەی ئەم پرۆژەیە زیاتر بە سیناریۆ دەچێت، تا ئەوەی پێشبینی بکرێت لەسەرەوە ئاڵوگۆر لە حکومەتی عێراقدا بکرێت، یان هەوڵێکی بێهودەیە وناکرێت.
ئاڵوگر لە حکومەتی عێراقدا پێش هەموو شتی دەبێت راماڵین و پاکردنەوەی ئەو هێزانە بێت کەلەسەر بنەمای تائیفی و ئیسلامی و نەتەوە پەرستێ و حکومەتی بەشبەشێنە و هاوسەنگی هێزەکانیان و بە رێکەوتن حکومەت پێکدەهێنن، تاڵانی دەکەن و دەستکەوتەکان دابەش دەکەن.
گەر بگەرێینەوە بۆ ڕێڕەوی حکومەتەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە، هەموو سەرۆک وەزیرانێک نیازی خۆی ڕاگەیاندووە لەبەرمبەر ڕێکخستنی بڵاوبونەوەی چەک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا، لە کۆتاییدا بەناچاری خۆیان دیوەتەوە کە لە پەراوێزی پرسەکەدا دانوستان دەکەن. مالیکی وەک ئامرازێکی تایبەت دەزگای بەرەنگاربونەوەی تیرۆری دامەزراند، عەبادی دوای شکستی داعش هەوڵیدا هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕێکبخاتەوە، کازمی بە ڕوونی پڕۆژەیەکی بۆ سنووردارکردنی چەک ڕاگەیاند، تەنها لەبەر ئەوەی ڕوبەڕوی هێرشی موشەکی دەبێتەوە.
داینامیکی دەسەڵات لەناو دامەزراوەی سیاسی شیعەدا، کە دەسەڵات و رکابەری لە بەرژەوەندیدا پێش عەلی زەیدی و دوای ئەلزەیدی بوونیان هەیە، جگە لەوەش پەیوەندی لەگەڵ ئێران کە پەیوەندیی دامەزراوەیی نزیک لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە گروپە چەکدارەکاندا دەپارێزێت، ڕەهەندێکی ناوچەییە کە بەردەوام دۆخی ناوخۆی عێراق ئاڵۆز دەکات.
ئەوەی شایانی باسە، لە ماددەی نۆی دەستووری عێراقدا بەڕاشکاوی باس لەوە دەکات کە پێکهێنانی میلیشیای چەکدار لە دەرەوەی چوارچێوەی دەزگا حکومیەکان قەدەغەیە. زەیدی دوای کاریگەری جەنگی ئەمریکا و ئێران لەسەر عێراق و ناوچەکە، دەیەوێت هاوسەنگیەک لە ململانێی ئەمریکا و ئێران لەسەر عێراق رابگرێت، بۆ ئەمەش هەوڵئەدات بەو مادە دەستوریە پرۆژەکەی جێبەجێ بکات، بەڵام واقیعی عێراق جیاوازە لە چوارچێوەیەکی تردا بەرێوەدەچێت و بە شێوەیەکی جیاواز کاردەکات، دەستور کاری پێناکرێت، بۆیە رێرەوەی زەیدی لەوانەی پێش خۆی باشتر نابێت.




سەردانی ترامپ بۆ پەکین!.. عوسمانی حاجی مارف

سەردانەکەی ترامپ بۆ پەکین، زیاتر تیشکی خستە سەر بەرژەوەندی و سودێکی ئاشکرا بۆ چین، هەردوو وڵات چین و ئەمریکا، گەڕاونەتەوە بۆ دۆخی ڕوبەڕوبونەوەی بازرگانی و ئابوری و ستراتیژی نێوان خۆیان، بە دوای لوتکەی شەڕی بازرگانی ساڵی ڕابردویان.
دوو ڕۆژ لە وتووێژی ترامپ و شی جین پینگ، دووپاتیان کردەوە کە تەنانەت دوای ئەو باجانەی کە ترامپ دایسەپاندووە، واشنتۆن و پەکین هێشتا لەو ململانێیەدا گیرۆدە بون کە ئاگربەستی بازرگانی لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتۆتە کۆتایی.
ئەم سەردانە، گرنگیەکی بەرچاوی بۆ بازاڕەکانی وزە و ئابووری جیهانی دروستکرد، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی گرژیەکانی دەوروبەری گەرووی هورمز و بازرگانی نێودەوڵەتی، بازاڕەکان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی هەر ڕێکەوتنێکن کە ڕەنگە نیگەرانیەکان کەم بکاتەوە و نرخی نەوتی جیهانی دابەزێنێت. گرنگی سەردانەکە، نەک تەنها لە کۆبونەوەی نێوان سەرۆکایەتی ئەمریکا و چیندا نیە، بەڵکو لە پەیامە ئابوری و بازرگانیە فراوانەکانیشیدا دەردەکەوێت.
پێشتر ترامپ لە سەردانەکەیدا بۆ سعودیە شاندێکی گەورەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا گەورەکانی جیهانی هێنابوو، ئەمەی ئێستاش نەخشێکە لەگەڵ چین دووبارە دەبێتەوە، ڕەنگدانەوەی بونی ئامانجی ئابوری و بازرگانیە، کە لە پرسە سیاسیە تەقلیدیەکان یان شەڕی بازرگانی تێدەپەڕێنن. ڕێگاکانی وزە، بازرگانی دەریایی، بابەتی دیار دەبن لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشنایی نیگەرانیەکاندا، سەبارەت بە گەرووی هورمز و ئەگەری پەککەوتنی پێداویستیە جیهانیەکان، هەروەها پرسی دەستپێکردنەوەی هاوردەکردنی نەوت و غازی ئەمریکا لەلایەن چینەوە.
گرنگی لوتکەی ئەمریکا و چین و بەرژەوەندیە جیهانیەکانی دەوروبەری، نەک تەنها لە کۆبونەوەی نێوان هەردوو سەرۆکی چین و ئەمریکاوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵکو لە سروشتی ئەو کەسایەتیە ئابوریانەی کە یاوەری ترامپن، کە سەرۆکی کۆمپانیا گەورەکان لەخۆدەگرێت، هەوڵدەدەن لێکتێگەیشتن و ڕێکەوتنی نوێ لەگەڵ لایەنی چینی ئەنجامبدەن. سەردانەکە ڕەهەندی ئابووری قووڵ لەخۆدەگرێت، کە پەیوەندی بە وزە و وەبەرهێنان و بازرگانی نێودەوڵەتیەوە هەیە، تەنیا باسێک نیە لەسەر ناکۆکیە سیاسیەکان یان گومرگی نێوان هەردوو وڵات.
پرسی هاوردەکردنی غازی سروشتی شل لەلایەن چین و نەوتی ئەمریکا لە دیارترین بابەتەکان بووە کە باسیان لێوەکراوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەکین لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی گرژیە بازرگانی و سیاسیەکانی نێوان هەردوولا کڕینی نەوتی ئەمریکای ڕاگرت. گەڕانەوەی چین بۆ هاوردەکردنی نەوت و غازی ئەمریکی، هێندە خواستێکی نوێ نییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ ئاستەکانی پێشوو، لەکاتێکدا ترامپ پێویستی بە دەستەبەرکردنی دەستکەوتی زیادە هەیە بۆئەوەی لە ماوەی داهاتوودا بیخاتە بەردەم ڕای گشتی و بازاڕەکانی ئەمریکا، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ڕۆیشتنی وزە و نرخی نەوتی جیهانی دەبێت.
سەردانەکە چۆن نرخی نەوت دادەبەزێنێت؟، بەوشێوەیە دەبێت کە ترامپ دەتوانێت ڕاستەوخۆ نرخی نەوت دابەزێنێت ئەگەر سەرکەوتو بێت لە قەناعەتپێکردنی چین، کە هیچ هەڕەشەیەک بۆ داخستنی گەرووی مالاکا یان درێژکردنەوەی قەیرانی گەرووی هورمز نیە.
قەیرانی ئێستا تەنیا پەیوەندی بە قەبارەی دابینکردنی نەوتەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بەو دڵەڕاوکێ و ترسە باوەی لەناو بازاڕەکانەوە هەیە، نیگەرایە جیۆپۆلەتیکیەکان، وڵاتان پاڵدەنێت بۆ کۆکردنەوەی یەدەگەکان لەبری ئەوەی ئازادیان بکەن بۆ بازاڕی جیهانی. دوای دواخستنی سەردانەکەی ترامپ بۆ چەند هەفتەیەک، بەو هیوایەی بەڵگەنامەیەکی تەسلیمبونی ئێران لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت کە بتوانێت دانوستان لەسەر ئیمتیازاتی گەورە لەگەڵ شی جین پینگ بکا،.بەڵام ئەمە ڕووی نەداو ناچاریش بوو بڕوات. سەردانەکەی ترامپ پێویست بوو، بەڵام جگە لە دیاری و یادگاری هیچی تری لەگەڵ خۆیدا نەهێنایەوە، لە هەمانکاتدا چینیەکان پێداگرن لەسەر دەربڕینی شێوازی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکان، لەباری عەمەلیەوە، هیچ ئەنجامێکی ڕاستەقینە و سوودبەخش نەبوو بۆ ئەمریکا.
لەڕاستیدا بۆ ئەمریکا سەردانەکەی ترامب ئەو مانایەی لێدەکەوێتەوە کە جددیترین پرسە حەساسەکان چارەسەر نەکراون، بەتایبەتی ئەو پرسانەی کە واشنتۆن بە سیاسەتی پارێزگاریخوازانە و قۆرخکاریەکانی پەکین وەسفی دەکات، بەتایبەتی پێگەو دەور و دەخالەتی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە ئەو دەخالەتە تائێستا بە ترامپ و ئەمریکا سنوردار ناکرێت.
یەکەم سەردانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ چین، لە ماوەی نزیکەی دە ساڵدا، کە بازرگانی، تەکنەلۆژیا و کۆمەڵێک پرسی تری گرتەوە، لەوانە گفتوگۆی ڕاشکاوانە لەسەر بابەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک پشتیوانی پەکین بۆ ئێران و کاریگەریە جیهانیە فراوانەکانی قەیرانی گەرووی هورمز.
لە کاتی جەنگدا پەکین لە دوو ڕێگەی سەرەکیەوە پشتیوانی خۆی بۆ تاران نیشانداوە، بە بەردەوامی لە کڕینی نەوتی ئێران و پێشکەشکردنی شێوەی جۆراوجۆری هاوکاری شاراوە بۆ هەوڵە سەربازیەکانی کۆماری ئیسلامی، هەروەها دابینکردنی پێکهاتەی دوو بەکارهێنان بۆ بەرنامەکانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ تاران، پەکین پانتایی ئاسمانی بە درێژایی شەڕەکە بۆ ئێران دابینکردوە، ئەمەش وایکردووە هێزەکانی ئێران بتوانن زانیاری هەواڵگری خۆیان لەسەر ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل باشتر بکەن. لەبەرامبەردا واشنتۆن هەنگاوی ناوە بۆ بەڕەنگاربونەوەی ئەم پاڵپشتیانەی پەکین، بە ڕێگری له کەشتیەکانی هەڵگری نەوتی ئێران، تا سەپاندنی سزا بەسەر کۆمپانیەکاندا.
هەڵبەتە ئەوە ئاشکرایە کەترامپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی لە دۆخێکی بنبەستدا دەبینێتەوە، کاتێ داوای هاوکاری لە سەرۆکی چین دەکات، چونکە چین زۆرترین کاریگەری لەسەر ئێران هەیە و بەرپرسانی ئەمریکا چەندین جار داوایان لە چین کردووە، ئەو کاریگەریانەی لەسەر ئێران هەیەتی بەکاربهێنێت لە کاتی ململانێی ئێستایاندا. بەڵام تا ئێستا پەکین وریا بووە لەو مامەڵەیەدا و پەرچەکردارێکی مەترسیداری بەرامبەر ئێران بە کار نەهێناوە، بەپێی زانیاریەکان، دیارترین دەستێوەردانی پەکین بریتی بووە لە فشارخستنە سەر تاران بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی ئاگربەستی مانگی نیسان، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سەرکردەکانی چین چاویان لەوەیە لە بەرامبەردا ئیمتیازاتێک لە ئەمریکا ڕابکێشن بەلای خۆیاندا.
سەردانی ترامب بۆ پەکین، لە دوای ڕاگەیاندنی توندترین سزاکانی واشنتۆن دێت لە دژی پەکین لەسەر ئێران، کە یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگەکانی نەوتی چین و ٤٠ کۆمپانیای کەشتیوانی پەیوەست بەوەوە کردە ئامانج، بەڵام ئەم سزایانە باس لەو ڕاستیە دەکەن کە پەکین هێشتا کاریگەریەکی بەرچاوی بەسەر تاراندا هەیە وەک گەورەترین هاوردەکاری نەوتی ئێران، کە هیچ گەرەنتیەک نیە ئەم فشارە ئابووریەی ئەمریکا لەسەر چین، ببێتە فشار لەسەر ئێران.! هەروەها ترامپ نەیتوانی پابەندبونی گشتی لەلایەن چینەوە دەستەبەر بکات بۆ یارمەتیدانی ئەمریکا بە یەکلایی بونەوەی شەڕ لە بەرامبەر ئێراندا. بەڵام دەتوانین بڵێین کە ئەم سەردانە بەجۆرێک مانای سەقامگیری نیشانداوە و تاڕادەیەک دۆخی ئێستای ڕاگرتووە.
بە سەرنجدان بە نەبونی دەرئەنجامە ئەرێنیەکانی شەڕ لەگەڵ ئێران، دەکرا هەر دواخستنێک یان هەڵوەشاندنەوەی زیاتری سەردانەکە، وەک نیشانەی لاوازی ئەمریکا هەست پێبکرێت. لەهەمانکاتدا هیچ کام لە پرسە ئاڵۆزەکان لەم کۆبونەوانەدا چارەسەر نەکران، یان لانیکەم ئەو پرسانە بە بنەڕەتی نەزانران. چینیەکان هیچیان پێشکەش بە ترامپ نەکرد، پەکین هیچ ئەنجامێکی بەرجەستەی بۆ ترامپ نەدا بەدەستەوە کە بتوانێت کارنامەکەی بەهێزتر بکات یان ئەمریکا لە تاڵاوەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا دەربهێنێت.!
ئەوەی شایانی باسە، ئەم سەردانەی ترامب بۆ پەکین هیچ لایەنێکی نەرێنی بۆ مۆسکۆ نیشان نەداوە، چونکە ڕووسیا و چین و ئێران ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە کە بریتیە لە کەمکردنەوەی ڕۆڵی جیهانی ئەمریکا و زیاتر بنبەستکردنی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە هەمانکاتدا بۆ روسیا ئەوە ڕۆشنە کە سەردانەکەی ترامب بۆ پەکین، ئاکامی ئەو قەیرانەیە کە ئەمریکا، لە شەڕی ئێران و گەروی هورمزدا دەرگیری بووە. وا دیارە ترامپیش، مەیلی دواخستنی کێشەکانی لەگەڵ چین هەیە، بەو هیوایەی خۆیان چارەسەری بکەن، یان بگوازرێنەوە بۆ سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا.
لە بنەڕەتدا چین، ڕۆژئاوا لە داڕمانی دەستبەجێی ئابووری ڕزگار دەکات و لە بەرامبەردا دەرفەتێک بۆ گەشەکردن و فراوانبوونی ئابووری بەدەست دەهێنێت، وەک ڕکابەرێک لەبەرامبەر ئەمریکا و زلهێزەکانی تری جیهاندا، بە هەوڵی بەدەسەتهێنانی زۆرترین باڵادەستی بەسەر بازاری جیهاندا.
سەرەڕای هەر ڕاگەیاندنێکی گەشبینانە و ئاهەنگێڕانە کە بە پرۆتۆکۆڵەوە بەڕێوەدەچن و چاوەڕوانی ترامپە لە پەکین، بەڵام ئاشکرایە لە ململانێی زلهێزەکاندا ئەم پەیوەندیە بە دوور دەبێت لە بەرهەمهێنانی یەکلایکردنەوەیەکی گشتگیر. ململانێی ئێران هێشتا چارە نەکراوە، گرژیەکان لەسەر تایوان بەرەو هەڵکشان دەچن، شەڕی بازرگانی زۆر دوورە لە کۆتایی، وزە و کانزاکانی زەوی دەگمەن، لە شەڕی دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێز، لە سەدەی بیست و یەکدا دەبنە چەکی جیۆپۆلەتیکی.
ڕۆشنە کە ترامپ بە پێگەیەکی بەهێزەوە ماڵئاوایی لە چین نەکرد، لەئاکامدا ئەوە ڕۆشنە کە پێناچێ ترامپ بە پێگەیەکی بەهێزترەو بۆ جارێکی تر بگەڕێتەوە چین، ئەمەش نیشانیداین پێگەی ترامپ لە بەرامبەر شی جینپینگ لاوازەو لاوازتر دەبێت.!




مەراسیمی رێزنان لە ژیان و خەباتی هاورێ جەلیل شاباز

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی ئایار لە هۆڵی…. لە سلێمانی کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان مەراسیمێکی رێزلێنانی بۆ ژیان وخەباتی هاورێ جەلیل شاباز( ناسراو بە جەلیل عبدال) بەرێوەبرد و ژمارەیەك لە ئەندامانی حزب و هاورێیانی هاورێ جەلیل بەشدارییان تێدا کرد.
هاوڕی جەلیل، سیمایەکی ناسراوی کۆمۆنیست و هەڵسوڕاوێکی بەرجەستەی کۆمۆنیزمی کرێکاریی و ڕوخسارێکی خۆشەویستی جەماوەری بوو. بەداخەوە بەرواری ٤ ی ئایاری ٢٠٢٦ بەهۆی جەڵدەی دڵەوە لە یەکێك لە نەخۆشخانەکانی هەولێر گیانی لەدەستدا.
هاورێ عوسمانی حاجی مارف سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزب ووتەیەکی پێشکەش کرد و ژمارەیەك لە هاورێیانی هاورێ جەلیل سەبارەت بە یادەوەری خۆیان لەگەڵ هاورێ جەلیل و رێڕەو و مێژووی خەباتی کۆمۆنیستی و شۆڕشگیڕانەی ووتەیان پێشکەش کرد.
فەرموون لەگەڵ دەقی ووتەی هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف:

ئامادەبووانی بەرێز
بەخێرهاتنتان دەکەم و هاوکات سوپاستان دەکەم بۆ ئامادەبوون لە مەراسیمی رێزنان لە ژیان و خەباتی هاورێ جەلیل شاباز ناسراو بە جەلیل عەبدال.
بێگومان ژیانئاوایی لە ناکاوی هاوڕێ جەلیل عەبدال شەهباز چەندە ناخ هەژێن و خەمێکی سەختە بۆمان، لە هەمانکاتدا بۆشاییەکی لە بەردەم هەڵسورانی سیاسی و فکری حزبمان دروستکرد، هەروەها مایەی کەلێنێکە بۆ هەڵسورانی بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە ناوچەی بادیناندا.
هاوڕێ جەلیل کەسایەتیەکی ڕابەرو ناسراوی کۆمۆنستی ناوچەی بادینانە، کە لە ماوەی چلوپێنچ ساڵ زیاتر دەوری دیوە لە ڕیزەکانی ڕێکخراوی کۆمۆنستی و خەباتی کۆمۆنستیدا و جەختکردنی لەسەر حزب و حزبیەتی کۆمۆنستی لە ڕابەریکردنی شۆڕشی کرێکاریدا، بەو مانایەی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری وەها ناسیوە کە ئامڕزای دەستی خەباتی چینی کرێکارە بۆ شۆڕشی سۆشیالستی.
دوای هەرەس هێنانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە ساڵی ١٩٧٥ دا لە ڕێگەی کەسوکاریەوە چووە سوریا و پەیوەندی کرد بە یەکەم دەستەی هێزی چەکداری یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، بە سەرکردایەتی برایم عەزۆ، هەروەها لە سوریا چووە ناو دەورەی دراسەی ئەلقە مارکسیەکانەوە.
لە مانگی شەشی ١٩٧٦دا ئەو دەستە چەکدارە هاتنە ناوچەی بادینانی کوردستانی عێراق، دواتر برایم عەزۆ هاوڕێ جەلیلی ڕاسپارد، کە نامەیەکی جەلال تاڵەبانی بگەیەنێت بە شاسوار جەلال ناسراو بە(ئارام) لەڕێگەی شازاد صائبەوە. لە گەڕانەوەیدا لە سلێمانیەوە بۆ دهۆک و لە هەوڵی پەیوەندکردنەوەی بە برایم عەزۆوە ماوەیەکی خایاند، پێش هەوڵدانی پەیوەند کردنەوەی بەدەستەکەوە، برایم عەزۆ تیرۆرکرا، هەروەها هاوڕێ جەلیلیش لەو ماوانەدا دوو جار دەسگیرکرا، کە توانی بەڕەنگاری بکات و بە سەلامەت دەرچێت.
پاشان هەوڵیدا خوێندی ئامادەیی تەواو کات و دواتر درێژە بە خوێندن بدات لە دانشگای موسڵ، کە لە بەشی کارگێڕی و ئابوری لە ساڵی ١٩٨٠- ١٩٨٤ بەشی ئابوری تەواو کرد.
لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیستەوە لە ڕێگەی ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوی یەکێتی تێکۆشانی کارگەران، دەبێتە ئەندامێکی چالاک، لە ساڵی ١٩٨١ لەگەڵ بەرپرسی بادینانی ڕێکخراوی کارگەران دێتە سلێمانی پەیوەندی بە عوسمانی حاجی مارفەوە دەکات، بۆ قسەو باس لەسەر کاروباری ڕێکخراوی کارگەران و چۆنیەتی ڕێکخستن لە ناوچەی بادینان و دانشگای موسڵ.
پاش ئەوەی بەرپرسی ڕێکخراوی بادینانی کارگەران لە ساڵی ١٩٨٢ئەمری گرتنی دەردەچێت، دهۆک بە جێدەهێلێت و پەیوەندی بە هاوڕێیانی دەرەوە دەکات لە ناوزەنگ.
هاوکات هاوڕێ جەلیل تەواوی پەیوەندیە ڕێکخراوەییەکانی کارگەران وەردەگرێت و سەرکەوتوانە بەڕێوەیان دەبات.
هاوڕێ جەلیل وەک کادرێکی پێشکەوتوی ڕێکخراوی کارگەران، توانی ڕۆڵێکی پێشڕەوانە، لە ناو دانشگای موسڵ و ناوچەی بادیناندا ببینێت، کەسانێکی زۆری لە ئەندام و دۆست بەدەوری خۆیدا ڕێکخست، جگە لە بەڕێوەبردنی هەڵسورانی سیاسی و ڕێکخراوەیی لە دانشگای موسڵ و ناوچەی بادینان، لە هەمانکاتدا پەیوەندی و هاوڕێیەتی فراوانی لە گەڵ کەسانی مارکسی غەیری ڕێکخراوی کارگەراندا هەبو.
بەدوای ساڵی ١٩٨٥ و هەڵوەشاندنی رێکخراوی کارگەران، دواتر لە دامەزراندنی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنستەوە، بەهەمان شێوە لە ڕیزەکانی ڕەوتی کۆمۆنستدا درێژەی بەکاروباری ڕێکخستنی ڕێکخراوەیی لە ناوچەی بادیناندا دا، هەروەها لە ڕێگەی دانشگاوە تۆڕێکی بۆ ڕەوت لە بەغدا دروست کرد
ئەوەی شایان باسە لە ساڵانی ١٩٨٨دا کارێکی لەگەڵ کۆمپانیایەک لە باشوری عێراق پەیداکرد، لە هاوینێکی گەرمدا وەک ئەرکێکی ڕێکخراوەیی بۆ پەیداکردنی سەرچاوەیەکی دارایی ئەو کارەی ئەنجامدا، لە ئەنجامدا دەستکەوتێکی باشی دارایی بۆ ڕەوتی کۆمۆنست بەدەست هێنا، لەو کارەیدا توانی زیاد لە بیست هەزار دیناری سویسری بەدەست بهێنێت، ئەتوانم بڵێم ئەو بڕە پارەیە ئاسۆی کاری سیاسی ڕەوتی کۆمنستی بەرزکردەوە، ڕەوتی خستە ئاستێکی تر لە خەباتی سیاسیدا، کە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی دڵسۆزی و بەرجەستەیی هاوڕێ جەلیل، چونکە توانیمان ئەو چاپخانە نهێنیەی پێشتر بومان، چاکی بکەین و گەشەی پێبدەین، کتێب و نوسراوەکانی ڕەوت چاپ بکەین و بڵاوی کەینەوە، ئەو چاپخانەیە و بڵابونەوەی نوسراوەکان بە شێوەیەکی فراوان لە نێو بزوتنەوەی کۆمۆنستی ئەو کاتەدا، سەروسەدایەکی تایبەتی دا بە ڕەوتی کۆمۆنست.
بەهەمان شێوە هاوڕێ جەلیل لە دامەزراندنی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری عێراقدا لە ساڵی ١٩٩٣وە، وەک کادرێکی پێشڕەوی حزب لە ناوچەی بادینان ڕۆڵی پێشڕەوانەی دی، لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی بیستدا،هاوڕێ جەلیل و هاوڕێ نەزیر عومەر دوو هەڵسوڕاوی پێشڕەوی حزب بون، بەڵام بەداخەوە کە ڕفاندنی هاوڕێ نەزیر عومەر و دواتر تیرۆرکردنی، مەحدودیەتی بۆ هەڵسورانی حزب پێکهێنا.
لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی بیستدا هاوڕێ جەلیل سەفەریکرد بۆ ئەڵمانیاو لە شاری بەرلین جێنشین بو، لە بەرلینیش وەک کادرێکی پێشڕەوی ڕێکخراوی دەرەوەی حزب کاروبارەکانی ئەنجام ئەدا.
لە دوای ژیانئاوای هاورێ مەنسور حکمت، ئختلافاتێک لەڕیزەکانی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری ئێران پێکهات و ئاکامەکەی لە ساڵی ٢٠٠٤دا جیابونەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێرانی لێکەوتەوە، ئەم جیابونەوەیە کاریگەری لەسەر حزبی کۆمۆنستی کرێکاری عێراقیش دانا، دواتر هاوڕێیانێک لە حزبی عێراق جیابونەوە و حزبی کۆمۆنستی کرێکاری چەپی عێراقیان دامەزراند، هاوڕێ جەلیل لەو ئختلافاتانەدا ڕیزی خەباتی سیاسی گواستەوە بۆ ناو حکک چەپی عێراق، لەو حزبەدا وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەردەوامی بە کاری سیاسی خۆیدا، ئەوەی جێگای تەقدیرە لەگەڵ ئەو جیابونەوەیشدا هاوڕێ جەلیل نەک پەیوەندی هاورێیەتی لەگەڵ هیچ کەسێک لە حزبی ئێمە دانەبڕی، بەڵکو بەردەوام فرسەتی دروست دەکرد بۆ قسەو باس لەسەر ئختلافاتەکان و باسی سیاسی، هەروەها بیرکردنەوە و هەوڵدان بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو حزب.
بە جیا لەوەی لە لندن و بەرلین یەکتریمان بینی، هەمو گەڕانەوەیەکی بۆ کوردستان بۆ چەندین جار دەهات بۆ لام بۆ سلێمانی و هەر دانیشتنێک تا شەوانی درەنگ قسەو باسمان دەکرد.
لەم دواییانەدا لەدوای ساڵی ٢٠٢٠وە هاتنەکانی بۆ سلێمانی فرسەتی زیاتری دروستدەکرد بۆ قسەو باس بە تایبەتی بەدوای ٢٠٢٢ وە بە تایبەتی کە بڕیاریدا بە یەکجاری لە دهؤک جێنیشین بێت، بەشێوەیەک باسەکانی دەکرد کە دەورو کاریگەریمان لەسەر ناوچەی بادینان بەگشتی و دهۆک بە تایبەتی چۆن بێت، لەم بارەیەوە ئاراستەی کارەکانی لەسەر ئەو ئەڵقە مارکسی و ڕۆشنفکرانەی لەم دواییانەدا سەریان هەڵداوە، کە لە دهۆکدا وەک گروپ پێکەوە دراسە دەکەن، هاوڕێ جەلیل پەیوەست بووە پێیانەوەو بەشدار بووە لە ڕۆشنکردنەوەی باسەکانیاندا، لە هەمانکاتدا بینینی ئەو کەسانەش کە هەریەک بە جۆرێک ناڕازین لەدەوری پارتی لە زۆنی زەردا.
بەگشتی دەربارەی دەورومان لە بادینان بەردەوام لە هەوڵدا بوین کە چۆن رێزی ئەڵقەکان و ناڕەزایەتیەکان ڕێک بخەین و کۆمۆنزمی کرێکاری لەو ناوچەیە پێگەیەکی بەهێز پەیدا بکات.
ئەوەی ڕاستی بێت بەدوای ٢٠٢٤وە هاوڕێ جەلیل باسی ئەوەی دەکرد لەگەڵ ئەو ئەڵقانەدا لەگەڵ هەر دراسەیەکدا دەیکەن بۆ خۆی تەئکیدی لەسەر ئەوە بووە لە گەڵیاندا، کە گرنگی بونی حزب بۆ شۆڕشی سۆشیالستی جێگاو ڕێگا و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، لەم پرۆسەیەدا مەبەستی کارکردنی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستانە، کە چۆن دەور ببینین لە چونیەتی ڕێکخستن لە دهۆک و ناوچەی بادیناندا، چۆنیەتی سەرپەرشتی کارەکانمان، کەلەم بارەیەوە لە دانیشتنی تایبەتدا قسەمان لەسەر ئەو نەخشانە بوو کە پێویستە ئەنجامی بدەین.
بەڵام بەداخەوە کە ژیانئاوای هاورێ جەلیل لە ٤/٥/٢٠٢٦ بۆ دواجار بەجێی هێشتین و کەلێنیكی بۆ ئەو کارانەمان دروست کرد، بەڵام خۆشبەختانە کە ڕایەڵەیەکی بۆ ناسین و پەیوەندی بۆ دروستکردین، کە هەوڵبدەین ئەو کەلێنە تێپەرێنین.
لە کۆتایدا ئەتوانم بڵێم کە هەوڵئەدەین دریژەدان بە دەوری خەباتی دژی سەرمایەداری و خەبات و ریکخستنی کۆمۆنستی هاوڕێ جەلیل ئەرکی ئێمەیە و پێویستە بۆشاییەکەی پڕ بکرێتەوە.
هاوکاتیش سەرەخۆشی لە هاوژینی هاوڕێ جەلیل، بیرڤان و کورەکانی نیبار و دلوار و نژیار و خوشک و برا و کەسوکار و هاورێکانی دەکەم
بەرز و بەڕێز بێت یادی هاوڕێ جەلیل
عوسمان
٢٤/٥/٢٠٢٦




ئایندەی حکومەتی عەلی زەیدی.. عوسمانی حاجی مارف

لێدانی ڕاستەوخۆی سەربازی بۆ سەر خاکی عێراق ئاماژەیە بۆئەوەی کە دەوڵەتانی کەنداو چیتر چاوەڕوانی، وەک بژاردەیەک نابینن، فڕۆکە جەنگیەکانی سعودیە لەم دواییانەدا ئەو ئامانجانەیان بۆردومان کردووە کە پەیوەندیان بەو کوتلە عێراقیانەوەیە کە پاشکۆی تارانن، هەروەها دوو مووشەک لە خاکی کوێتەوە بەرەو باشووری عێراق هەڵدراوە.
ڕاستە دەوڵەتی عێراق خاوەنی سوپا و دەزگای هەواڵگری و هێزی ئاسایشی ناوخۆ و هێزی مەشقپێکراوی دژە تیرۆرە، بەڵام دەوڵەتی عێراق یەکدەست نیە لە بڕیاردان، چونکە هاوکاتی پێکهاتنی هێزە سەربازیەکانی دەوڵەت، بەجیا لە میلیشیاکان، چەک لەناو سیستەمی فەرمی “حەشدی شەعبیشدا “دا هەیە و کاری خۆیان دەکەن، هەر ئەم چوارچێوەیە بە میرات بۆ عەلی زەیدی بەجێماوە، جا تا چەند دەتوانێ پرسی “داماڵینی چەک” تێپەڕێنێت؟ پرسیارێکی جددیە! کە پێناچێت وەک دەوری هەمان سەرەک وەزیرەکانی پێش خۆی بتوانێ بەو کارە هەستێت.
ئەوەی لێدانەکانی مانگی نیسان ئاشکرای دەکات، لاوازی تواناکانی عێراق نییە، بەڵکو کەموکوڕیە لە پێکهاتەی شاندی سەروەری دەوڵەت و دەسەڵاتی تایبەتە بۆ بڕیاردان لەسەر بەکارهێنانی هێزی چەکدار لە عێراقەوە، کەلێنی نێوان ئەو دووانە بۆشایی ڕێگەپێدانە، کە ڕێگە دەدات لە خاکی عێراقەوە کردەوەی سەربازی ئەنجام بدرێت، بەبێ ئەوەی بڕیارێکی فەرمی حکومەتی عێراق هەبێت، ئەمەش ئەو بۆشاییەیە کە بەغدا هیچکات نەیتوانی لە ناوەوە بەری پێ بگرێت، بۆیە ڕیاز و کوەیت هەوڵیانداوە لە دەرەوە سنور و پردێکیان بۆ دروست بکەن.
عەلی زەیدی، بنکەیەکی سیاسی تۆکمەی نییە، بۆیە ڕووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی و دارایی توند دەبێتەوە، لە ژینگەیەکدا کاری سەرەک وەزیران دەکات، کە ئەکتەرە بەهێزترەکان خەریکن پاڵ بە ئاراستەی جیاوازەوە دەنێن، بۆیە ئەو دۆخە و کێشەکانی نێوان لایەنەکان لە بەرژەوەندی زەیدی نین. سەروەری لەڕێگەی بانگەشە و ڕاگەیاندنەوە بەرجەستە نابێت، تا بە کاریگەری دەرەوەش، بەتایبەتی بەدوای جەنگی ئەمریکا و ئێران و عێراقێک کە بە فشار و بە وەکالەت بەڕێوەدەچێت بەدەست نایەت، ئەوە دەردەکەوێت کە دەرفەتەکان و سنووردارکردنەکان زۆرئاڵۆزن، بۆیە ناتوانرێت پێشبینی بۆ دەرئەنجامەکان بکرێت، کە ئایا زەیدی تیا سەرکەوتو دەبێت؟ هیچ حکومەتێکی نوێ لە چواچێوەی پێکهاتەی ئێستای عێراقدا و بەبێ ڕێباز و هێزێکی جیاوازی ئاوێزان بە خەڵکەوە هیچ گرنگیەکی نابێت بۆ دانیشتوانی عێراق.
یەکەم تاقیکردنەوە کە لە بەردەم عەلی زەیدیدایە و ڕوبەڕوی بۆتەوە، کێ بەڕاستی دەسەڵاتی وڵاتەکەی بەدەستەوەیە؟، ئایا عێراق خاوەنی ئازادی بڕیاری خۆیەتی، یان ئێران و ئەمریکا قسەی کۆتایی دەکەن؟! حکومەتی عەلی زەیدی لە یەکەم تاقیکردنەوەیدا ناجێگیر خۆی نیشاندا، کاتێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە خاکی عێراقەوە بەرەو سعودیە هەڵدرا، ئەمەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە تا چەند سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە بڕیارەکانی عێراق کۆنترۆڵ دەکات. بە کردەوە دەرکەوت کە هیچ گۆڕانکاریەکی ڕاستەقینە لە پێکهاتەی حکومەتی عێراق بۆ سەقامگیری نەک ڕووی نەداوە، بەڵکو دۆخەکە بەرەو نەرێنی تر دەبات، هەر بەو مانایە عەلی زەیدی ناتوانێت جیاوازی لەگەڵ حکومەتەکانی پێش خۆی دروست بکات.
عێراق لە ٢٠٠٣وە، بەدەست قەیرانێکی سیستماتیکیەوە دەناڵێنێت، کە مەترسی لەسەر پرۆسەی داڕشتنەوەی وڵات هەمیشە هەیە، بەهۆی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کە لەسەر بنەمای هێزی میلیشیای تائیفی و ئیسلامی و نەتەوەپەرستی دامەزراوە، کە لە بیست و سێ ساڵی ڕابردوودا، بوونەتە بەشێکی دانەبڕاو لەو سیستەمەی کە لە شوێنی خۆیدا ماوەتەوە و جەختی لەسەر دەکرێتەوە، بەردەوام عێراق بەرەو دۆخێکی نالەبارتر دەبات.
ئاشکرایە کە لە عێراق هیچ جۆرە لێپرسینەوەیەک نیە، بۆ نمونە محەممەد سودانی، باسی لەو دەستکەوتانەی کردووە کە حکومەتەکەی لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیدا بەدەستی هێناوە، کێ دەتوانێت لێپرسینەوە بکات و ئەو ڕاستیە ئاشکرا بکات کە ئەم دەستکەوتانە بونیان نییە، ئەو جۆرە لێپرسینەوەیە لە فەرهەنگی سیاسی عێراقدا مانادار نیە، هەروەک چۆن ئازادی و مافی مرۆڤ لە ڕژێمی سەدامدا لە خەو خەیاڵیشدا نەدەبو بیری لێبکرێتەوە. بۆیە قسەکانی زەیدی هیچ مانایەکی نابێت کە باسی بارگرانی دارایی قورس و گەندەڵی بەربڵاو و دابەزینی بەرچاوی خزمەتگوزاریەکان و فراوانبوونی نایەکسانی کۆمەڵایەتی دەکرد.
چوارچێوەی هەماهەنگی کە گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی عێراق پێکدەهێنێت، ئەگەر دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران لەڕێگەی فەرماندەی سوپای قودس نەبوایە، هێندە کێشەی نێوان خۆیان سایەی کردووە، توانایان نەدەبو لە نێوان سەرکردەکانیدا بگەنە ڕێکەوتن و عەلی زەیدی بۆ سەرۆک وەزیران کاندید بکەن. جگە لەوەش چوارچێوەی هەماهەنگی نەیانتوانی ئەو ڤیتۆیە تێپەڕێنێت کە لەلایەن ترەمپەوە بەسەر نوری مالیکیدا سەپێندرا.
عێراق بەکردەوە لە هەموو ئاستەکاندا بەدەست گەندەڵی فراوان و بنبەستی سیاسیەوە دەناڵێنێت، کاریگەری ئەم بنبەستە لەسەر لایەنەکانی ناسۆنالیزمی کورد و سوننە و شیعە لە پێکهێنانی حکومەتەکاندا بەڕۆشنی دەردەکەوێت.
دواجار زۆر شت بەندە بەوەوە کە ململانێی ئێستای ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە چۆن کۆتایی دێت. ئەمەش لەبەرئەوەی ئایندەی سیستمی ئێستای عێراق پەیوەستە بە ئایندەی ڕژێمی ئێران و توانای خستنەگەڕی نفوزی لە بەغداوە، ئەوە تارانە کە دەتوانێت تەمەنی ئەم ڕژێمەی ئێستای عێراق درێژ کاتەوە، بەڵام ئەمە ناتوانێت تا کاتێکی نادیار بەردەوام بێت، تەنها لەبەر ئەوەی هەر ناوچەیەک و هەموو پێکهاتەیەکی کۆمەڵگای عێراق بەدەست کێشە تایبەتەکانی خۆیەوە دەناڵێنێت. ئەم کێشانە ڕۆژانە لەناو کۆمەڵگادا خراپتر دەبن، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی نەبوونی پرۆژەیەکی سیاسی ڕوون کە باڵادەست بێت لە پێکهینانی حکومەتێک لەسەر بنەمای هاوڵاتیبون و کۆتایی بە دەسەڵاتی میلیشیای تائیفی و ئیسلامی و نەتەوەپەرستی بهێنێت.
ئێستا لای حکومەتەکەی عەلی زەیدی، چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان بژاردەیەکی ڕوبەڕوبونەوەیە، بەوپێیەی ئەم کوتلانە نوێنەرایەتی قوڵاییەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی دەکەن بۆ بەشێک لەو هێزانەی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدان کە عەلی زەیدیان قەبوڵ کردووە. بەڵام بڕیاری داماڵینی چەک بە مانای پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم هێزانە دێت، پێموایە کە زەیدی ناتوانێت ئەو ڕوبەڕوبونەوەیە بکات.
سەبارەت بە ئیدارەی ترەمپیش، ئەوەی لە زەیدی دەوێت داماڵینی چەکە لە گروپە چەکدارەکان و دورخستنەوەی حکومەت لە میحوەری ئێران لەڕووی سیاسی و ئابوریەوە بۆئەوەی نەخشەی نفوز لە عێراق بکێشێتەوە، چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان مەرجێکی قورسە بۆ جێبەجێکردنی ئەمریکا، بەوپێیەی نوێنەرایەتی پرسێکی سیاسی ئاڵۆز دەکات.
پێدەچێت ڕۆژانی داهاتووی حکومەتەکەی زەیدی گۆڕانکاری سیاسی بەخۆیەوە ببینێت، بەتایبەتی لەگەڵ پەرەسەندنی ناکۆکیەکانی نێوان بلۆکە سیاسیەکان و ئەگەری ڕژانی ئەو ناکۆکییانە بۆ سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی جەماوەری، هەروەها هێز و لایەن هەن نایانەوێت حکومەتێک لە ژێر چاودێری ئەمریکادا سەرکەوتوو بێت، ململانێکان توندتر دەبنەوە.
ئەوە ئاشکرایە کە حکومەتەکەی زەیدی بە بڕیارێکی ئەمریکی پێکهێنرا، بەڵام لە دنیای واقعدا هێشتا ئێران کۆنترۆڵکردنی عێراقی لەدەست نەداوە، هەرچەندە تۆم باراک واڕادەگەیەنێت کە مەلەفی عێراقی باش بەڕێوە بردووە و لە میحوەرەکەی ئێران دووری خستۆەتەوە، بەڵام ئەوە ئاشکرایە دەوری ئێران لەسەر عێراق تا ئێستا وەک خۆی ماوە.
حکومەتی زەیدی لەکاتێکدایە کە عێراق ڕوبەڕوی ئاستەنگیەکان بۆتەوە، لەوانە بێکاری، تێکچوونی ژێرخانی ئابووری، هەژاری و قەیرانی کارەبا و ئاو، تەندروستی و پەروەردە، ئەمە جگە لە گرژیە سیاسی و ئەمنیە بەردەوامەکان کە بەردەوامن لە سایەکردن بەسەر دیمەنی ناوخۆدا.
هەروەها لەباری سیاسیەوە زەیدی بەرەوڕوی تەحەدای پاراستنی هاوسەنگیە لە نێوان هێزە سیاسیە جیاوازەکانی ناو پەرلەماندا، بەتایبەتی کە حکومەتەکەی لە ئەنجامی ڕێکەوتنی ئاڵۆزی نێوان چەند بلۆکی ڕکابەردا پێکهێنراوە کە هێشتا پیكهێنانی حکومەتەکەی ماویەتی. سەرکەوتنی حکومەت نەک هەر بەندە بە ئەدای جێبەجێکردنی، بەڵکو بەندە بە توانای بەڕێوەبردنی ناکۆکیە سیاسیەکان و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنیان بۆ قەیرانەکان کە دامەزراوەکانی ئیفلیج دەکات. جگە لەوەش پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پرسی نەوت و بودجە وەک بابەتێکی هەستیار ماوەتەوە کە لە ماوەی داهاتوودا کاریگەری لەسەر سەقامگیری حکومەت دەبێت.
گرنگترین دەنگێک کە لەسەر شەقامی عێراقە: ئایا حکومەتەکەی عەلی زەیدی دەتوانێت ئەو خواستانە بەدەستبهێنێت کە حکومەتەکانی پێشوو نەیانتوانیوە بیکەن، یان جارێکی دیکە لەبەرامبەر خواستەکانی خەڵکدا دەوەستنەوە؟، کە گومانی تیا نیە خواستەکانی خەڵک لە چنگی زەیدیش نایەتە دەرەوە.




پەیوەندی ئێران بە روسیا و چینەوە.. عوسمانی حاجی مارف

بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی روسیا و چین و سەبارەت بە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، پێش هەموشتێ پێویستە لەوە تێبگەین کە روسیا و چین، وەک بەشێک لە ململانێیەکی گەورەتر لەسەر داڕشتنی نەزمی جیهانی سەیری شەڕەکە دەکەن. لە ئێستادا جیهان لەڕێڕەوی ئاراستەی گواستنەوە و کۆتاییهێنانە بە سیستەمێکی یەک جەمسەری، کە ئەمریکا لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە بەرجەستەی کردووە، ئەو ئاراستەیە بۆ سیستەمێکی نێودەوڵەتی فرە جەمسەری، کە لەلایەن ململانێی زلهێزە سەرهەڵداوەکانەوە خەریکە دەچەسپێنرێت.
لەئەنجامدا تێوەگلانی هەر قەیرانێک، کە ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەو ڕوی دەبێتەوە، دەرفەتی ستراتیژی بۆ روسیاو چین دەڕەخسێنێت. سەرەڕای ئەوەش، شەڕی بەردەوام نیگەرانی ڕوسیا و چین دەوروژێنێت، سەبارەت بەوەی کە ئەو قەیرانانە دەتوانێت، شەپۆلی ناسەقامگیری لە سنورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرچێت و بەجیهاندا بڵاو بێتەوە، وەک داخستنی گەرووی هورمز.لە لایەکی ترەوە پەیوەندی نێوان چین و روسیا لە گەڵ ئێران، لەسەر بەرژەوەندی بازرگانی و ئابووری و هاوسەنگکردنی نفوزی ئەمریکا، لە ناوچەکەدا بنیات نراوە.هەروەها هەرکام لە روسیا و چین، ئەولەویەتی تریان هەیە کە ئێران ناگرێتەوە. چین گرنگی بە پرسی تر لەبەرامبەر ئەمریکادا ئەدا، دیارترینیان دەریای باشووری چین و تایوانە، کە وەک هەڕەشە لەبەرامبەر ئەمریکادا مامەڵەی دەکات، لەلایەکی ترەوە ڕوسیا بە پلەی یەکەم، سەرنجی لەسەر ئۆکرانیایە کە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپایە و زاڵبوونە بەسەر دەریای ڕەشدا.
بەشداریکردنی ئەمریکا لە ململانێیەکی درێژخایەندا بەرامبەر زلهێزەکان، لە ئەنجامدا نوێنەرایەتی پێگەیەکی بەرەو پاشەکشە دەکات، لە دابەزینی ڕۆڵی ئەمریکا لە ئاستی جیهاندا، کە لەو حاڵەتەدا پەکین دەتوانێت خۆی وەک هێزێکی هاوسەنگی ئابووری و پیشەسازی، کۆنترۆڵی بازاڕی جیهان پیشان بدات، لەژێر ڕۆشنایی ئەگەری شکستی ئابووری ئەمریکا لە شەڕەکە و لە قەیرانەکاندا. بەڵام ئەوەش نابێت لە بیر بکەین، لەهەمانکاتدا درێژەی شەڕەکەو داخستنی هورمز هەڕەشە لە ئاسایشی وزەی چین و پڕۆژە ئابووریە زەبەلاحەکانی دەکات لە ناوچەکەدا، کە پەیوەندیان بە دەستپێشخەری پرۆژەی گەشەپێدان و ڕێگاوبانەوە هەیە، بەوپێیەی ڕێڕەوی دەریایی لە کەنداو نوێنەرایەتی خوێنبەرە سەرەکییەکانی بازرگانی جیهانی دەکات، کە بە خێرایی ڕەنگدانەوەی لەسەر ئابووری چین دەبێت.
سەبارەت بە ڕوسیا، لە کاتێکدا سەرقاڵبونی ئەمریکا بە شەڕ، پێگەی مۆسکۆ لە قەیرانی ئۆکرانیا و ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستی هێناوە بەهێزتر دەکات. لە کاتێکدا ئەمریکا سەرقاڵی شەڕە لە بەرامبەر ئێراندا، پێگەی مۆسکۆ لە قەیرانی ئۆکرانیادا بە‌هێز دەبێت، بەجیا لەوەی پەیوەندی ناتۆ و ئەمریکا لاواز دەبێت، لە هەمانکاتدا شەڕی ئەمریکاو ئێران و کاردانەوەکانی سەبارەت بە پەکخستنی بازاڕەکانی وزەی جیهانی دەبێتە هۆی دەستکەوتی ئابووری بەرچاو بۆ ڕوسیا. ئاشکرایە کە شەڕەکە بەرژەوەندیەکان لە ناوچەکەدا تێکدەدات، لە هەمانکاتدا ڕەنگە پاڵ بە ئابووریە گەورەکانەوە بنێ بۆ خێراترکردنی گواستنەوەیان لە سەرچاوە تەقلیدیەکانی وزە، ئەمەش لە درێژخایەندا زیان بە بەرژەوەندیەکانی ڕوسیا دەگەیەنێت.
قەیرانی درێژخایەنی ئەمریکا، ڕۆڵی چین و ڕوسیا گرنگتر دەکات، چونکە شەڕە درێژخایەنەکان فرسەت و پێویستیەکی زیاتر بۆ لایەنەکانی دەرەوەی شەڕەکە دەڕخسێنێت كە توانای دابینکردنی گەرەنتی سیاسی و ئابووریان هەبێت.
هەڵبەتە ڕژێمی ئێران بە باشی ئاگاداری سنووری دەستێوەردانی چین و ڕوسیایە، سەرەڕای ئەو هەڵسەنگاندنە باوەی کە هەردوو وڵات هاوپەیمانی ئێرانن، بەڵام ناکرێ تاران بە تەواوی پشت بە پشتیوانی چین و ڕوسیا ببەستێت. ئێران لەم شەڕەدا حساب بۆ ئەوە دەکات کە پشت بە درێژکردنەوەی شەڕەکە دەبەستێت بۆ پاڵنانی ڕای گشتی ئەمریکا و فشارخستنە سەر ئیدارەی ترەمپ تا بەو شێوەیە کۆتایی بە شەڕەکە بێت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی زیانە گیانیەکانی سەربازانی ئەمریکی و بەرزبونەوەی خەرجیەکانی. بە هەمان شێوە لەناو خودی ئیسرائیلدا، خەڵکەکەی تووشی ترس و دڵەڕاوکێیەکی بەرفراوان و زیانێکی قورس بونەتەوە، کە بووە هۆی زیادبونی کۆچکردن، ئەمەش دەتوانێت فشارێکی بەرچاوی گشتی و ئۆپۆزسیۆن لەسەر نەتانیاهۆ دروست بکات بۆ وەستاندنی شەڕەکە.
هەروەها شەڕێکی درێژخایەن دەتوانێت هاوسۆزی گشتی بۆ ئێران لە ناوچەکەدا دروست بکات، ئەو حکومەتانەی کە لە ململانێکاندا بێلایەن ماونەتەوە، بخاتە دۆخێکی چاوەروانی و سەختەوە، ئەمەش پاڵیان پێوەدەنێت بۆ گرتنەبەری هەڵوێستی دیپلۆماسی بەرامبەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل، وەک هەوڵەکانی ئیسلامئاباد بۆ دانوسەکان.
کاتێک شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران کەوتە بەر گرژیەکانی داخستنی گەروی هورمز، چیتر وەک ڕوبەڕوبونەوەیەکی دوولایەنە نەمایەوە، ئەوەی ئاشکرا کرد کە یاریزانی دیکەش لە نێو مەیدانکەدا هەن و پشتیوانی و پشتگیری پێشکەش دەکەن، بەڵام لە هەماکاتدا خۆیان لە ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ بەدوور دەگرن، لەبەر ئەگەری ئەوەی نەک ببێتە هۆی جەنگی جیهانی سێیەم.
ڕاپۆرتە هەواڵگریەکانی ڕۆژئاوا بە ئاشکرا باس لە پشتیوانی ناڕاستەوخۆی چین و روسیا بۆ ئێران لە کاتی ململانێ و شەڕەکان لەگەڵ واشنتۆن دەکەن، کەلە ڕێگەی کەناڵی تەکنیکی و تەکنۆلۆژی و ئابووریەوە بە ئامانجی درێژخایەنی جەنگ و ماندوکردنی ئەمریکایە. هەڵبەتە پەکین و مۆسکۆ باش دەزانن کە بەرژەوەندیەکانیان لە زیندوو ڕاگرتنی ململانێکاندایە، بەڵام لە چوارچێوەی سنوورێکدا کە ڕێگری لە ڕوبەڕوبونەوەی ئاشکراو ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن دەکات. ھیچ هێزێکی چینی و روسی لە تەنیشت سوپای پاسدارانی ئێران شەڕیان نەکردووە، تا ئێستا هیچ هێرشێکی مووشەکی لە پەکین و مۆسکۆوە ئەنجام نەدراوە کە بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو بکاتە ئامانج.
بەڵام بۆچی چین و روسیا ئەم پشتیوانیە دەکەن؟ بۆ مۆسکۆ هاوکێشەکە سادەیە، تا واشنتۆن زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گیر بخوات، فشارێکی کەمتر لەسەر روسیا لە ئۆکرانیاوە دەخرێتە سەری. ئێران لای پوتین هاوپەیمان نییە بە مانای ئایدیۆلۆژی، بەڵکو ئامرازێکی بەنرخە بۆ سەرقاڵکردنی بەرامبەرەکەی.
بەڵام چین حیساباتی جیاوازی هەیە، پەکین نەک هەر دەیەوێت ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بنبەست بکات، بەڵکو لە هەمانکاتدا دەیەوێت نیشانی بدات کە لە بەرامبەر ئەمریکادا هێزێکی گەورەیە و توانای تەحەدای نەزمی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی واشنتۆنی هەیە، پشتیوانی چین بۆ ئێران بەشێکە لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ تێکدانی هەژموونی ئەمریکا.
چین بۆ بەشێکی بەرچاو لە پێداویستیە نەوتیەکانی پشت بە کەنداو دەبەستێت، هەر شەڕێکی ناوچەیی بەرفراوان دەتوانێت دابینکردنی وزە تێکبدات و گەشەی ئابووری چین بخاتە مەترسیەوە. بۆیە پەکین بە وریاییەوە مامەڵەی دۆخەکە و ململانێی لە گەڵ ئەمریکا دەکات. پێشکەشکەری پشتیوانی تەکنیکی و ئابووریە، بەڵام بەدەر لە دەرکەوتن لە هەر هەنگاوێک کە دەتوانرێت وەک پەیوەستبوون بە شەڕەوە لێکبدرێتەوە. لە هەمان کاتدا، کەناڵە کراوەکانی پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن دەپارێزێت، ڕەنگدانەوەی جیهانبینی چینی کە هەوڵدەدات دەسەڵاتی نێودەوڵەتی دابەش بکاتەوە، بەبێ ئەوەی مەترسی ڕوبەڕوبونەوەی کارەساتبار بکات.
لە واشنتۆنیش دۆخەکە ئاڵۆزە، ترەمپ کە توڕەیی خۆی لە دەور و پاڵپشتی چین و رووسیا بۆ ئێران ناشارێتەوە، بەیاننامەیەکی پر هەڕەشەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند چین و روسیا باجێکی قورس ئەدەن!، بەڵام گومانی تیانیە کەجێبەجێکردنی ڕاستەقینەی ئەم هەڕەشانە، لەبەرامبەر روسیا و چیندا مانایەکی عەمەلی لێناکەوێتەوە.
هەڵبەتە واشنتۆنیش بەتوندی خۆپارێزی لە پەرەسەندنی شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەکین و مۆسکۆدا دەکات، چونکە دەتوانێت سیناریۆیەک بەدوای خۆیدا بهێنێت کە کەس نایەوێت، ئەویش جەنگی جیهانی سێیەمە، بۆیە زلهێزەکان لە ناچاریا بە وریاییەوە، سەما لەسەر لێواری چەقۆیەک دەکەن، کە هەر لایەک دەیەوێت بەهێز دەربکەوێت بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی داڕمانی کۆی زەوی.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم واقیعانە لەئێستادا زۆرترین ئەگەر ئەوەیە پشتیوانی چینی و روسیا سنووردارە و ناڕاستەوخۆ دەمێنێتەوە، ململانێ و بارگرژی لە ناوچەکە بەردەوامە و لە سنوردارکردنی واشنتۆن و تاراندا دەمێنێتەوە، ناوچەکەش لە دۆخێکی خراپ بونی هەمیشەیدا دەبێت. لەلایەکی تریشەوە ئەگەری ئەوە هەیە پشتیوانیەکانی روسیا و چین بۆ ئاستێکی بەرزتر هەنگاو بنێت، چین یان روسیا چەکی پێشکەوتوو، وەک سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئاڵۆز، یان موشەکی دوور مەودا، بۆ ئێران دابین دەکەن، ئەمەش هاوسەنگی هێز دەگۆڕێت و وەڵامێکی یەکلاکەرەوەتر لە واشنتۆنی لێدەکەوێتەوە، کە ئەگەری هەیە لێدانی ناڕاستەوخۆ لەناو خاکی روسیا یان چیندا لەخۆبگرێت!.
پاڵپشتی چین و روسیا بۆ ئێران پیلانێک نیە بۆ گڕدانی شەڕێکی جیهانی، بەڵکو بەشێکە لە گەمەیەکی ستراتیژی گەورەتر کە ئامانجی سەرلێشێواندن و ماندووکردنی واشنتۆنە، نەک لەناوبردنی سیستەمی نێودەوڵەتی. هەڵبەتە ئاراستەکە بەرەو ئەوە دەڕوات کە سیستەمی نێودەوڵەتی گۆڕانکاری قووڵی بەسەردا دێت لە ئەنجامی ململانێ و گۆڕانی هاوسەنگی جەمسەرەکان و شەڕی بەردەوامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە هەندێک لە ئەکتەرە نێودەوڵەتیەکان، لەوانەش روسیا و چین، هەوڵدەدەن ڕۆڵێکی سیاسی ئاڵۆز بگێڕن کە پاراستنی هاوسەنگی ستراتیژی خۆیان لە ناوچەکەدا، تێکەڵ بکەن لەگەڵ سوودوەرگرتن لەو دەرفەتانەی کە قەیرانەکان هیناویەتە پێشەوە، بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا.
چین و روسیا، دەیانەوێت ئەمریکا بە سەرقاڵی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە بمێنێتەوە و سەرنجی خۆی لە سەر ئەوروپا و ئاسیا لاببات، بەم شێوەیە سەرچاوە و تواناکانی تەواو بکات. بەڵام شەڕێکی تەواویان ناوێت کە بتوانێت بیانکێشێتە ناو تاڵاوێکەوە، هیچ ڕێگایەکی دەربازبونیان نەبێت. بۆیە پێدەچێت ئەو ململانێیە لە چوارچێوەی شەڕی بە وەکالەت و ڕوبەڕوبونەوەی ناڕاستەوخۆدا بمێنێتەوە، هەڵبەتە ململانێی وڵاتانی سەرمایەداری، لەوپەڕی قوڵبونەوەی قەیرانەکانیدا، هیچ گەرەنتیەک ناناسن، کە ژیانی مرۆڤایەتی تەواو دەشێوێنێت.
لەم چوارچێوەیەدا ئەتوانین بڵێین کە ئێران ئەوەندە ئامانج نییە، راستە ئێستا گەمەکە ئێرانی کردۆتە مەیدانی ململانێی زلهێزەکان، دواتر لەم گەمەیەدا ئەگەری ئەوە هەیە کوبا و کۆریا و گەرشوێنێک پێویستیان بێت ئەم گەمەیەی تیا گەرم دەکەن. کۆتایی ئەم گەمانەش تەنها لە پرۆسەی ئەو جەنگە جیهانیەدایە کە پەیوەندیەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری لێکدادەبرێ و بەتاڵی دەکاتەوە.




تەحەدداکانی بەردەم سەرۆک وەزیرانی عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

ناتوانین لە درێژەدان بە دۆخی ناسەقامگیری سیاسی عێراق، تێبگەین بەبێ ئەوەی باس لە دابەشبونی حوکمڕانی لەنێوان هێزە میلیشیا ئیسلامی و قەومی و تائفیەکان نەکەین، یان پێویستە پەردە لەسەر ڕۆڵی گەندەڵیان لابدەین، کە بەشێکی بنەرەتی پێکهاتەی سیستەمی سیاسی عێراقە. گەندەڵی لە عێراقدا تەنها دیاردەیەکی تێپەڕ و کاتی نیە، بەڵکو تۆڕێکی ئاڵۆزی چڕی بەرژەوەندیە ئابووری و سیاسیەکانە، کە دەوڵەت و لایەنە سیاسیەکان و بازرگانەکان و چەتەکان تێیدا بونەتە یەکەیەک.
هەڵبەتە هەوڵدانی ڕای گشتی بۆ گۆڕانکاری هێشتا نەیتوانیوە پێشکەوتنێکی ڕاستەقینە لە چۆنیەتی پێکهاتەی دەسەڵات بەدوای خۆیدا بهێنێت، هۆکارەکەی لە خودی چۆنیەتی پێکهاتەی پەرلەمان و هەڵبژاردنەکانیدا نیە، بەڵکو لە سروشتی ئەو سیستەمە سیاسیەدایە کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە لە سایەی داگیرکاری ئەمریکادا بەڕێوەدەبرێت، کە لەسەر بنەمای تێکەڵەیەکی ئاڵۆز و سازادان لەنێوان نوخبە و هێزی میلیشیاو دابەشکردنی دەسەڵات و پشکی سیاسی لەنێوان هێزە تائیفی و ئیسلامی و نەتەوە پەرستی دامەزراوە.
ئەم سیستەمە بەهیچ جۆرێک لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بەڕێوەناچێت، بەڵکو بە ئاستی هاوسەنگی هێزە دەخالەتگەرەکان لە پێکهێنانی حکومەتدا کاری لەسەردەکرێت، کە توانایەکی سەرنجڕاکێشیان بەخشیوە، لە هەڵمژین و بنبەستکردنی هەر گۆڕانکاریەک، تەواوی کۆمەڵگەیان کردۆتە بارمتە، بۆ پاراستنی دەسەڵات و تاڵانچێتی و جەردەیی، کە جگە لەراپەڕینێکی سەراسەری بەهێز ڕێگایەکی تر نیە بۆ ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی حکومەتدا.
لەم چوارچێوەیەدا هەڵبژاردن و دامەزراندنی سەرۆک وەزیران، نمونەیەکی ڕونە بۆ سنورداربونی دەور و کاریگەری هەڵبژاردن، هەڵوێستەکە لەبری ئەوەی ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی ئیرادەی دەنگدەران بێت، دەبێتە دەرئەنجامی حەتمی دانوستانە درێژخایەنەکانی نێوان سەرکردەکانی بلۆکە سیاسیەکان، لەڕاستیدا ڕۆشنە کە دامەزراندنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران ڕەنگدانەوەی ململانێ و خواستی نوخبەکانە بۆ پاراستنی پێگەی سیاسیان.
کاتێک نزار ئامیدی سەرۆک کۆماری عێراق ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی نوێی بە عەلی زەیدی سپارد، دوای چەند هەفتەیەک لە بنبەست و ئیفلیجی. ئەو دەستبەکاربوونە دوای ئەوە هات کە هێزەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” لەسەر عەلی زەیدی وەک سازشکردنێک لەنێوان خۆیاندا ڕێکەوتن، دوای کێشەی بەرچاو و ناکۆکی قووڵ و کێبڕکێی ڕوون بۆ ئەو پۆستە.
جگە لەوەش، دابەشبون لەسەر بنەمای هاوسەنگی هێز، لەناو بلۆکە سیاسیەکاندا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە بەردەوامکردنی ئەو دۆخە چەقبەستویەی لە ٢٠٠٣وە سایەی بەسەر حکومەتی بەغداد و حکومەتی هەرێمدا کردووە، هاوپەیمانەکان بەتایبەتی لەناو دامەزراوەی سیاسی شیعە و چوارچێوەی هەماهەنگی کە زاڵن بەسەر حکومەتدا، بۆ خۆشیان یەکگرتو نین، بەڵکو هەمیشە بە کۆبونەوەی هەلپەرستانە و سەوداو مامەڵە لە نێوان سەرکردە ڕکابەرەکاندا بەڕێوە دەچێت.
هەر لایەنێک لەو مامەڵەیەدا هەوڵدەدات کاریگەری خۆی بچەسپێنێت، بەبێئەوەی ڕێگە بە کەسانی دیکە بدات بەسەریدا تێپەڕن، ئەمەش زاڵبونی ئەو دۆخەیە، کە گۆڕانکاری لە چوارچێوە پێکهاتەی حکومەتی ئێستادا زەحمەتە، تا چاکسازیش قبوڵ بکات، لە چوارچێوەیەکی وەهادا، هەر بۆیە پاراستنی دۆخی ئێستایان کردۆتە ئەولەویەتێک بۆ وەستانەوە لە بەرامبەر هەر گۆڕانکاریەکدا.
ئەم تۆڕە میلیشیاییە تەواو سوودمەندن لە پاراستنی دۆخی ئێستایان، خاوەنی چەندین ئامڕاز و ئیمکاناتن بۆ وەستانەوە بەرامبەر هەر پرۆسەیەکی چاکسازی کە بزانن هەڕەشەیە بۆ سەریان، تەنانەت کاتێک هەتا گەر هەڵبژاردن ڕووخساری نوێ یان گوتارێکی جیاوازیش بهێنێت، بەئاشکرا دەتوانن پێچێکی سیاسی بخەنە گەڕو جارێکی تر هەمان پێگە و دەوری خۆیان لە پێکهێانی حکومەتدا بەرجەستە بکەنەوە. زۆربەی لایەنەکانی عێراق، بە ئاشکرا لە دەوری کەسایەتی یان سەرکردەیەک دەسوڕێنەوە، نەک بیرۆکە یان پڕۆژەیەکی سیاسی و ئابوری، هەر بۆیە جەختکردنیشیان زیاتر خەمی پاراستنی کاریگەری خۆیانە نەک بەدواداچوونی ئایندەکی ڕۆشن بۆ عێراق.
لە لایەکی دیکەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی تشرینی ٢٠١٨، لە ئاستێکدا دەور و کاریگەریان بو لە ڕاچڵەکاندنی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت، تا ئەو ئاستەی هەندێک لە هێزە سیاسیەکان ناچار بوون گوتارێکی ڕیفۆرمخوازانە بگرنەبەر، هەرچەندە بەشێوەیەکی ڕووکەش ڕایانگەیاند، لە دنیای واقعیشدا گوتارەکانیان وەرنەگێڕدرا بۆ پشتیوانی لە هەر ئاڵوگۆڕێک کە وەڵام بە خواستەکانی جەماوەری ناڕازی بداتەوە.
ڕۆڵی فاکتەری دەرەکی هەمیشە لایەنێکی بەرجەستەی ئاڵۆزکردنی دۆخی سیاسی عێراق و پێکهێنانی حکومەتەکانی بووە، عێراق لە سەنتەری ململانێیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدایە، بەتایبەتی دەرگیربونی لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێراندا لە دۆخێکی تەواو سەخت و ئاڵۆز و ناجێگیری بەردەوامدا بووە، ئەم هاوسەنگیە دەرەکیە لە ناوخۆدا لەسەر تەواوی لایەنەکان ڕەنگیداوەتەوە، بەتایبەتی بەشێکی زۆریان لە شیعەکان بە گشتی و چوارچێوەی هەماهەنگی بێپەردە پاشکۆبونی خۆیان بۆ ئێران ڕاگەیاندووە، هەمیشەش کاریگەری لەسەر پێکهێنانی حکومەتەکان داناوە. لەم چوارچێوەیەدا تاقیکردنەوەی دامەزراندنی عەلی زەیدی کە تواناکانی بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت ڕۆشن نیە، بۆیە زیاتر وەک کارێکی تایبەت بە ڕێکەوتن و سازشی نێوان لایەنەکان لێکدەدرێتەوە، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ناتوانێت گەرەنتی جێگیری سیاسی بەدەسەت بهێنێت، بەڵام ئەوەی شایانی باسە لەم دۆخەدا جێگای پەسەندی هەر یەک لە ئەمریکا و ئێرانە.
لەم نێوەدا یەکەم تەحەددایەک ڕوبەڕوی زەیدی دەبێتەوە پێکهێنانی حکومەتە، ئەمەش ئەرکێکی زۆر هەستیارە بە لەبەرچاوگرتنی وادەی دەستووری کە لە ٣٠ ڕۆژ زیاتر نەبێت، ئەم ئەرکە زیاتر ئاڵۆزتر دەبێت بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە، وەک کاریگەری هاوسەنگی هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بەتایبەتی هاوسەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئەمەش پێویستی بە بەڕێوەبردنی وردی ئەم هاوسەنگیانە دەبێت، تا کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری حکومەتی پێشبینیکراو نەبێت. هەروەها دابەشبوونە لەناو “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا، کە لە ناکۆکی لەسەر ناوەکان بۆ دیاریکردنی پۆستە حکومیەکان زیاترە، ئەمەش وا دەکات گەیشتن بە کۆدەنگی لەسەر هاوبەشکردنی پشکەکان لەنێوان پێکهاتە سیاسیە جیاوازەکان و بلۆکەکاندا پرۆسەیەکی ئاڵۆز بێت، تا گەیشتن بە ئەگەری بنبەست و شکست. ئەگەر ئەمە ڕووبدات، ئەو وادە دەستووریە یەک مانگیەی بۆ زەیدی تەرخانکراوە بۆ پێشکەشکردنی بەرنامەی کابینەکەی و حکومەتەکەی بۆ پەرلەمان بەبێ ئەنجام کۆتایی دێت. ئەمەش “چوارچێوەی هەماهەنگی” ناچار دەکات کاندیدێکی بەدیل دەستنیشان بکات، کە ئەگەری هەیە، جۆرێکی جیاوازی ململانێی سیاسی لێبکەوێتەوە.
تەحەددایەکی تر کە ڕوبەڕوی زەیدی دەبێتەوە، چاککردنەوەی پەیوەندیەکانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت دەوڵەتانی کەنداو کە لەم دواییانەدا شایەتی گرژیەکی بەرچاو بوون لەدوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی عێراق کە سەر بە ئێرانن، دژی هەندێک دەوڵەتی کەنداو لەماوەی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلایەکی ترەوە ئەنجامدرا. ئەمەش توانای زەیدی دەوێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕەفتاری کوتلە لایەنگرەکانی ئێران لە عێراق و پێناسەکردنەوەی پێگەی عێراق لە چوارچێوەی هاوسەنگی هێزی ناوچەییدا.
لەگەڵ ئەوانەشدا ئەو تەحەددایەش نابێت بە کەم بگیرێت کە زەیدی چۆن مامەڵەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکات، هاوکاتی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، کە یەکێکە لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین فایلەکان لە دیمەنی عێراقدا، تەحەدایەکە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ڕووبەڕووی هەموو حکومەتەکانی عێراق بووەتەوە، بەهۆی زیادبوونی فشارەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم گروپانە.
سەرەڕای هەموو ئەم تەحەددایانە، ناتوانرێت ئەوە فەرامۆش بکرێت کە ڕیزێکی بەرینی توڕە و ناڕازی جەماوەری بەرهەمهێنەری جۆرێکی تر لە تەحەدان بۆ گۆڕانکاری، کە خواستیان پاکردنەوەی تەواو ئەو هێزە میلیشیا تاڵانچیە تائیفی و ئیسلامی و نەتەوەپەرستانەن، لەپێناو هەوڵدان بۆ ژیانێکی ئازاد و ئاسایش و خۆشگوزەران و یەکساندا.
قەیرانی حوکمڕانی لە عێراق قەیرانی تاک و حکومەت نییە، بەڵکو قەیرانی پێکهاتەیەکی سیاسیە کە لەگەڵ هەر تەحەدایەکی نوێدا ناتەواوی خۆی و تاڵانی و گەندەڵی و قۆرخکردنی دەسەڵات لە لایەن هێزە میلیشیا ئیسلامی و نەتەوەپەرستی و تائیفیەوە بەرهەم دەهێنێتەوە، ئایندەیەکی تاریکی بەردەم بەشی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەبێت. ڕێگای ڕزگاری ڕاماڵینی تەواوی دامودەزگای سیستمی سیاسی و هێزە میلیشیاکانە، بە دابینکردنی دەورو دەخالەتی ڕاستەخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا، ئەمەش گەورەترین تەحەددا دەبێت نەک تەنیا بەڕوی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران، بەڵکو بە ڕوی تەواوی سیستم و پێکهاتەی حکومەتی ئێستای عێراقدا.




ئاستی هاوسەنگی شەڕی ئەمریکا و ئێران.. عوسمان حاجی مارف

ڕووداوەکانی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، زیاتر شەڕێکی پەرتبون بوو تائەوەی شەڕێکی چارەنوسساز بێت، تەلئەبیب هەر لەسەرەتاوە قوماری لەسەر ڕوخانی ڕژێم کرد، کە بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی دەستی پێکرد، دیارترینیان عەلی خامنەییە. ترامپ و ناتانیاهۆ بانگەوازی گەلی ئێرانیان کرد کە هەنگاو بنێن و خۆپیشاندان بکەن بۆ ڕوخانی کۆماری ئیسلامی، بەڵام واقیع چاوەڕوانیەکانی پێچەوانە کردەوە، سوپای پاسداران کۆمەڵکوژی جەماوەری ناڕازی و خۆپێشاندەرانی کرد، هەروەها تاران سەرەڕای ئەوەی کەوتە بەر گورزی لێدانی گەورەی هێزی ئاسمانی، بەڵام توانی خۆڕاگری خۆی نیشان بدات.
سەبارەت بە ئەمریکا و ئیسرائیل، بڕیاریان بوو شەڕێکی خێرا و سنووردار و کورتماوە ئەنجام بدەن، بەڵام بەخێرایی پەرەی سەند و بوو بە ڕوبەڕوبونەوەیەکی هەمەلایەنە و فرەبەرەیی، بڵێسەی ئەم شەڕە لوبنان و خەلیج و عێراق و کوردستانی گرتەوە، هەڕەشەی تێکدانی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی بێوێنە دروستکرد، ئیدارەی ئەمریکا سەرەتا گرەوی لەسەر سیناریۆی گۆڕانی خێرای ڕژێم دەکرد، بەڵام دواتر بۆ ئەمریکا و ترەمپ دەرکەوت، کە ڕێگای تاران بەو شێوەیە سادە و ئاسان نیە کە لە ژوری ئۆپەراسیۆنەکاندا پلانی بۆ داڕێژرابوو.
سەرەتا لێدانەکان بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی پێشوەختە، بە نەهێشتنی ڕەهبەری و سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی، وەک ئەمریکا دەستنیشانی دەکرد، بۆ پەکخستنی سیستەمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی ئێران بوو، بەڵام پێکهاتەی دامەزراوەیی ڕێژیمی ئێران توانایەکی خێرای نیشاندا بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو نەخشەیە، ئەو ماوە کورتەی ئەمریکا و ئیسرائیل پێشبینیان دەکرد، ئێرانی گۆڕی بۆ شەڕێک کە چل ڕۆژ درێژەی کێشا، هەروەها دیمان لێدانە ئاسمانیەکان بۆ فشاری زیاتر ناوچە مەدەنیەکانیشیان کردە ئامانج.
ستراتیژی ئێران، پشتی بە فراوانکردنی شەڕەکە بەشێوەی ئاسۆیی بەست، هێرشەکان لەڕووی جوگرافیەوە درێژبوونەوە و چواردە وڵاتی دراوسێی کردە ئامانج، بە بیانوی بە ئامانجگرتنی بنکە ئەمریکیەکانی بەشداربوو لە هێرشەکەدا، بەهەمەچەشنکردنی سروشتی ئامانجەکان بۆئەوەی ژێرخانی گرنگ لەخۆبگرێت، پانتایی شەڕەکەی بەربڵاوکردەوە، بەجیا لەوەی ستراتیژی خۆڕاگری پیادەکرد، لە هەمانکاتدا ئەو بەربڵاویە ئەمریکا و ئیسرائیلی خستە بەردەم واقعێکی سەرسامبونەوە و چونیەتی بنبەستبونیان لە هەوڵی ناچاری بۆ وەستانی شەڕەکە، دۆخەکە لە ئامادەیی بۆ ڕوخانی کۆماری ئیسلامیەوە گۆڕدرا بۆ ئامادەیی لەسەر ڕێکەوتن و کۆتاییهێنان بەشەڕەکە.
ئیسرائیل هەر لە سەرەتاوە هیچ نهێنیەکی لە ئامانجەکان و هەنگاوە عەمەلیەکانی، بۆ شەڕەکە نەشاردەوە، بە باوەڕێکی بێدوودڵیەوە، ئۆپەراسیۆنەکانی بەستەوە بە نەهێشتنی هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی و لە ناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی و سیستەمی موشەکی بالیستیکی و لێدان لە بنکە سەربازیەکان، لەهەمانکاتدا ئیسرائیل لەناوخۆیدا شایەتی کۆچی دەیان هەزار کەسی بوو، لە هەمانکاتدا خۆی لەبەرامبەر بەرزترین ڕێژەی ئاوارەبوون بۆ پەناگەکان لە نێوان تۆپباران و دزەکردنی بەردەوامی درۆنەکانی ئێراندا دییەوە، ئەمە جگە لەوەی کە هەفتانە بەرەوڕوی زیانی ئابووری بە نزیکەی سێ ملیار دەبوەوە.
کێشەی گۆڕانی هاوسەنگی سەرەکی شەڕەکە لە گەرووی هورمزدا سەریهەڵدا، کە لە خاڵێکی فشاری لاوەکیەوە گۆڕا بۆ ناوەندی ڕاستەقینەی قەیرانێک لەبەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیلدا، بەجیا لە خۆراگری تاران لە بەرامبەر لێدانە چرەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە هەمانکاتدا داخستن و تێکدانی گەرووەکەش قەیرانێکی پشێوی جیهانی وزەی لێکەوتەوە، کە ڕۆیشتنی نەوت بۆ ئاستێکی پەراوێزخراو دابەزی و بەرهەمی ناوچەکەش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد، ئەم واقیعە بووە هۆی ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە چڕی سەرنج بخەنە سەر لەناوبردنی تواناکانی ڕێگری ئێران و لەناوبردنی بەشێکی بەرچاو لە بنکەی پیشەسازی بەرگری و شوێنەکانی هەڵدانی موشەکەکانی ئێران ڕاگەیەندرا. تاران تۆڕە هاوپەیمانیەکانی لە ناوچەکەدا لەچوارچێوەی بەرەیەکی ستراتیژی یەکگرتوودا چالاک کرد، بۆ بڵاوەپێکردنی سەرچاوەکانی نەیارەکانی و بەردەوامکردنی دۆخێکی نادڵنیایی درێژخایەن لە ناوچەکەدا.
ئەوەی شایانی باسە ئەو کاتەی ئێران بڕیاری کردنەوەی هورمزیدا، ترەمپی گەڕانەوە بۆئەوەی دان بەوەدا بنێت کە ئێران وڵاتێکی بەهێزە و پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ ئەمریکا هەیە، ئەمەش گۆڕانکاریەکی بەرچاوبوو لە گوتاری سیاسیدا، ئەم ئاڵوگۆڕە تا ئەو جێگایەی ستایشی ڕۆڵی تارانی کرد لە کردنەوەی گەرووی هورمز، تەنانەت پێزانینی خۆی بۆ تاران بەوجۆرە دەربڕی کە بە کردنەوەی “گەرووی ئێران” وەسفی کرد، ئەمەش لە ڕوانگەی ئەمریکاوە وەک داننان بە هاوسەنگی نوێی هێز دەردەکەوێت، بەڵام دوای داخستنەوەی هورمز ترامپ گەرایەوە بۆ هەرەشەکانی.
بەم شێوەیە دەتوانم بڵێم تاران سەرەڕای گرانی شەڕەکە بەسەریەوە، لە کێشەی هورمزدا دەستکەوتێکی ستراتیژی و جیۆپۆلەتیکی بەدەستهێناوە، بەپێچەوانەی دابەزینی هەوڵەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ تەسلیم بونی ئێران، ئەمەش حیساباتی ئیسرائیل و دەوڵەتانی کەنداوی سەرلێشێواو کردووە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم ڕوبەڕوبونەوەیە، شەڕێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو شەڕێک بوو لەنێو ئاڵۆزیەکاندا، کە تێیدا هەر لایەنێک سەرنجی لەسەر شکاندنی ئیرادەی ئەوی دیکە بوو، نەک سەرکەوتنێکی سەربازی ڕاستەوخۆ بەدەستبهێنن، هەروەها سیاسەتێکی وێرانکارو دارمانی یەکتر بوو. لە سەرەتای شەڕەکەدا، حیساباتی ئیسرائیل لەسەر ئەو گریمانەیە بوو، کە بە ئامانج گرتنی سەرکردایەتی ئێران دەبێتە هۆی داڕمانی خێرای ناوخۆیی و ڕوخانی کۆماری ئیسلامی، بەڵام ئێران ئەو لێدانانەی هەڵمژی و بە خێرایی خۆی ڕێکخستەوە و سوودی لە مێژووی دوور و درێژی بەڕێوەبردنی ململانێ ناهاوسەنگەکانی وەرگرت.
ئەمەش بەشێوەیەکی بەرفراوان ڕوون بووەوە، سەرەڕای ئەو لێدانە توندانەی کە هەزاران شوێنی ناو ئێرانیان کردە ئامانج، وێرانکاری و قوربانی زۆری لێکەوتەوە، وەک چاوەڕوانیان دەکرد تاران نەک نەڕووخا، بەڵکو سەرپێچی هەموو پێشبینیەکانی کرد و پشتڕاستی کردەوە، کە گرەوەکان لەسەر داڕمانی خێرا زۆر دوورە لە واقیعەوە، لەهەماکاتدا ترەمپ خۆی بینیەوە کە بە هەموو پێوەرێک ڕوبەڕوی هاوکێشەیەکی زۆر ئاڵۆزتر بۆتەوە، جگە لەوەش، هەڵگیرسانەوەی شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵلا، بەشێک بوو لەم هاوسەنگیە ناوچەییە فراوانترە، کە لۆژیکی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی بەهێزتر کرد.
لەگەڵ گەیشتن بە دۆخە چەقبەستووەکان و چل رۆژ خایاندنی شەڕەکە لەو ئاڵۆزیەدا، بەناچاری ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی ڕاگەیاندرا، بەڵام بە خێرایی بە هێرشی توندی ئاسمانی پێشێلکرا، هەرەوها ئاراستەکەش گۆڕدارا بۆ مێزی دانوستان، کە واشنتۆن بە مەرجی توندەوە هاتە ناوەوە، بەداوای کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز و دەستەبەرکردنی ڕێگا بازرگانیەکان، داڕشتنی ڕێکەوتنێکی نوێی ئەتۆمی کە پیتاندنی یۆرانیۆم قەدەغە دەکات، لە بەرامبەردا تاران وەها لە دانوستانەکە نزیک بووەوە، مەرجەکانی تەسلیمبونی بە تەواویی ڕەتکردەوەو وەهای نیشاندا ئەو شەڕە پەرتبوونەی کە بەڕێوەبراوە، پێویستە ئەمریکا ناچارکات پاشەکشە بکات.
یەکێک لە دەرەنجامە هەرە بەرچاوەکانی ئەم شەڕە، نەخشە و سیاسەتی ئێران بو بە تێوەگلانی دەوڵەتانی کەنداو بۆ ناو شەڕەکە، ئەو وڵاتانەش کە خاوەنی توانای سەربازی بەرفراوان و هەزاران فڕۆکەی جەنگی بون، دەستوەرنەدانیان هەڵبژارد وە تۆڵە نەکەنەوە!.
ئاکامی ئەم شەڕە تا ئێستا لە ڕووی سەربازیەوە ئەوەی نیشاندا سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە نییە و ئەمریکا ئەو زلهێزە نیە بتوانێت لە شەڕەکاندا بە سەرکەوتویی دەرکەوێت، لە ڕووی سیاسیەوە ئێران لەم شەڕەدا خۆی لە داڕمان و ڕوخانی ڕژێمەکەی پاراست، وەک یاریزانێکی سەرکەوتو خۆی جێگیر کردەوە، لە ڕووی ستراتیژیەوە پێگەی بەهێزی ناوچەیی خۆی پاراست و دەرگای دانوستانەکانی فراوانتر کرد.
سەبارەت بە ئیسرائیل، خۆی بینیەوە کە ڕووبەڕووی واقیعێکی زۆر ئاڵۆزتر بۆتەوە لەوەی پێشبینی دەکرد، ئەوەی کە بتوانێت قەڵایەکی گەورەبێت و جەمسەرێکی سەرەکی بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەک خەوێک مایەوە.
لەم چوارچێوەیەدا براوە ئەو لایەنە دەبێت، بەرامبەرەکانی ناچار دەکات پێداچونەوە بە ستراتیژی هەڵگیرسانی شەڕ و نەخشە سیاسیەکانیدا بکات.
بەگشتی ئەم واقیعە تائێستا لە دۆخی شەڕو ناسەقامگیری بەردەوامدایە، ئەمڕۆ هەموو جیهان لەسەر گەورەترین بەرمیلە باروت وەستاوە، کە خەریکە دەتەقێتەوە و چاوەڕێی ئەوەن کە ڕۆژ و کاتژمێرەکانی داهاتوو چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئاخۆ وێرانکاریەکی تر بەرەوروودەبینەوە؟، بۆیە وەستانی بێمەرجی ئەم شەڕە، گرنگترین خواستی بزوتنەوەی دژی شەڕە، وەستان و کۆتایی شەڕ سەرکەوتنێکە بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان.

عوسمان حاجی مارف




ئەمریکا هێرش دەکاتەوە؟!.. عوسمان حاجی مارف

ئەمریکا و ئێران لە یەکەم دانیشتنی ئیسلام ئابادا، نەگەیشتنە ڕێکەوتن لەسەر چارەسەری بەردەوامی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش ئاسۆی ئاگربەستی دوو هەفتەیی زیاتر لێڵکرد، میدیاکانی دەوڵەتی ئێران پێشتر باسیان لەوە کردبوو کە خاڵە سەرەکیەکانی ناکۆکی، بریتین لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و تێپەڕین بە گەرووی هورمز و وەستانی شەڕی ئیسرائیل و حزبولڵا.
شکستی دانوستانەکان چاوەڕوانکراو بوو، بەوپێیەی ئاسان نییە لە خولێکی کورتی دانوستاندا چارەسەری پرسە دڕکاویەکانی ململانێی دەیان ساڵە بکرێت، بەتایبەتی کە هەردوولا بە لۆژیکی “سەرکەوتوو” لە شەڕەکەدا مامەڵە دەکەن، واتە کاتێک لایەنی سەرکەوتو دیاری ناکرێت، هەر لایەنێک دەیەوێت مەرجی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە بسەپێنێت، ئاشکرایە کە بەزوویی ناگاتە ئەنجام.
چۆنیەتی سەرنەکەوتنی دانوستانەکە، جێگەی سەرسوڕمان نەبوو، هەر لەسەرەتاوە بەڕێوەبردنەکە بە ئەنقەست بوە ململانێیەکی درێژخایەن تا بەکراوەیی بمێنێتەوە و وردتر ڕێکبخرێت، لەکاتی پێویستدا قسەی لەسەر بکەنەوە، لەڕاستیدا هیچ لایەنێک مەبەستی نەبوە فایلەکە بەو شێوەیەی کە لە وتارەکاندا ڕایانگەیاندوە دابخەن.
دەکرێ بڵێین، ئەو چەقبەستووەی ئێستا لەدانوستانەکاندا پێشهاتووە، ئەگەری سێ سیناریۆ دەخاتە ڕوو:
یەکەمیان گەڕانەوەیە بۆ شەڕ، کە ئیدارەی ئەمریکا و ترەمپ لە چەندین بۆنەدا ئاماژەیان پێکردووە، یان وەک هەڕەشەیەک بۆ دانوستانەکان بەکاریان هێناوە، ئێرانێش لەو بارەیەوە هیچ دودڵیەکی نیشان نەداوە و ڕایگەیاندووە ئامادەیە بۆ شەڕ.
دووەمیان، وەستانی یەکلایەنە بۆ شەڕ لە لایەن ئەمریکاوە، دوای ئەوەی زیانێکی بەرچاوی بە توانا سەربازیەکانی ئێران گەیاندوە وە بە ئامانجگرتنی ژمارەیەکی بەرچاوی سەرکردەکانی، بەڵام ئێران خۆی ڕادەستی ئامانجەکانی ئەمریکا نەکرد، لەهەمانکاتدا ئێرانیش ئەوە دەبینێت کە وەستانی شەڕ بەقازانجی دەبێت، هەربۆیە لەخۆئامادەکردنان بۆ خولی دووەمی دانوستانەکان، تاڕادەیەکیش هەندێجار نەرمیەک بۆ ڕێکەوتن پێشبینی دەکرێت.
سیناریۆی سێیەم، گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی دانوستان و بەکارهێنانی ئەوکاتەی کە لە ئاگربەستەکەدا ماوە، ئێستاش ئەوە دەبینرێت کە جگە لە ئامادەیی دوبارەی ئەمریکا و ئێران بۆ دانوستانەکان، لە هەمانکاتدا ئیسرائیلش لەگەڵ لوبنان چونەتە دانوستانەوە.
بەڵام لەنێو ئەو سیناریۆیانەدا، پێموایە مەیلی ئەمریکا بەجیا لەوەی بە مەرجەکانی ئێران بۆ ڕێکەوتن، لەسەر وەستانی شەڕ ڕازی نیە، بەڵام پێدەچێت بیانەوێت ڕێڕەوی دوخەکە لە ئاگربەستی کاتیەوە، بە شێنەیی بگۆڕن بۆ وەستانی شەڕ، بەمانایەک بەبێ ئەوەی دانوستانی تر دەکرێت یان نا، ئەگەری ئەوە هەیە لەباری عەمەلیەوە هەوڵبدەن پێداگری لەسەر هەڵنەگیرسانەوەی شەڕبکەن، کە دۆخەکە لە ئارامیەکی درێژماوەتردا ڕاگیرێت، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە بەکارهێنانی هەر توانایەکی سەربازی ئاسمانی بێوێنە، کە لەم شەڕەدا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە نمایشکرا، بەڵام نەیانتوانی ئێران ملکەچ کەن، بۆ بەدەستهێانی ئامانجەکانیان لە “ئێران و ناوچەکە و لە جیهاندا”.
لەلایەکی تریشەوە دوای کۆکردنەوەی هێزێکی سەربازی زەمینی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران، ناتوانێت پێشبینی مسۆگەرکردنی سەرکەوتن بە ئاسانی و لە کورتماوەدا بکات، جگە لەوەش ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی خەسارەتی هێزی سەربازی ئەمریکا دەبێت، کە دانیشتوانی ئەمریکا قەبوڵی ناکەن، واتە گەڕانەوە بۆ شەڕ نەک ناتوانێت سەرکەوتن بۆ ئەمریکا دەستەبەرکات، بەڵکو ئەگەری ئەوە هەیە لەبەرامبەر شکستێکی گەورەتردا خۆی ببینێتەوە.
ئەوەی شایانی باسە، دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی دانوستانەکانی ١١ی ئەپرێل، ترەمپ پێداگری لەسەر ئەوە کرد، کە ئەمریکا پێشتر بە کوشتنی سەرکردەکانی ئێران، وە لەناوبردنی ژێرخانی سەرەکی سەربازی و وێرانکردنی شارەکانی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، هەروەها جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، گەر بگەنە ڕێکەوتن یان ڕێک نەکەوتن، هیچ جیاوازیەکی نیە و ئەمریکا هەر سەرکەوتووە، واپێدەچێت ئەمەش بیانویەکی تربێت بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە، بەبێ ئەوەی بچنە ناو دانوستانێکی ترەوە.
لەهەمانکاتدا دوای ٢١ کاتژمێر وتووێژ لە ئیسلام ئاباد، ڤانس جێگری ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە گەیشتن بە ڕێکەوتن هێشتا مومکین نییە، بەڵام ئایا شەڕ دەکەنەوە؟، لەم دانیشتن و دانوستانەدا، ئەم پرسیارە بێوەڵامە! لەهەمانکاتدا دەرگای دانوستان دانەخرا.
هەڵبەتە گومانی تیا نیە، ئێران بە کۆنتڕۆڵکردن و داخستنی گەرووی هورمز فشاری ئابووری خستە سەر جیهان، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، هەروەها گوشارە سیاسیەکانی لە سەر ترامپ گەورەتر کرد، لەهەمان کاتدا داخستنی ئەم گەرووە بە شێوەیەک هاوسەنگی شەڕەکەی بە قازنجی ئێران گۆڕی، وەک ئەوەی زۆر کەس بە گاڵتەجاریەوە دەیانوت، پێشتر گەرووی هورمز کراوە و ئازادبوو، بەڵام ئێستا ئامانجی ئەمریکا بۆتە ئازادکردنی گەرووی هورمز!.
چۆنیەتی ئەم ململانێیەی دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، لەئاستێکدایە هەر یەک لە لایەنەکان ئەوەیان پێوەدیارە، توانای بەردەوامی شەڕەکەیان نییە، بەتایبەتی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دوای چل ڕۆژ لە سەپاندنی هێزی ئاسمانی و وێرانکاری، ڕێگای بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان بەتایبەتی بۆ باڵادەستی بەسەر ناوچەکەدا نەک بەدی نەهات، بەڵکو لەهەمانکاتدا ئەزمونی سەرنەکەوتنیان، پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان بە وڵاتانی عەرەبی و خەلیجیشەوە بێمتمانە و لاوازکردووە.
لە هەمانکاتدا گەر شەڕەکە دوبارەبێتەوە، وێرانکەرترو کارەساتبارتر دەبێت، دۆخی نائارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فروانتر و هەمەلایەنەتر دەکات، زەحمەتە ئەمریکا و ترامپ ڕیسکێکی لەو چەشنە بکەن، هەربۆیە دەبینین زیاتر باس لە ئامادەیی بۆ دانوستان دەکرێت.
ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تاران، دوای نزیکەی چل ڕۆژ لە لێدانی وێرانکەر لە ئێران، کوشتنی هێماکانی ڕژێمەکە لەسەرویانەوە هێمای ڕەهبەری، لە خامێنەییەوە بۆ خوارەوە، لەژێر ڕۆشنایی چارەنووسی نادیاری موجتەبا میراتگری تەختی خامێنەیی، ناتوانرێت وەک پێشەکیەک بۆ ڕێکەوتنی هەمیشەیی ئاشتی بخوێنرێتەوە، واتە لەهەر حاڵەتێکدا بەردەوامی بەدۆخێکی ناسەقامگیر و نائارام ئەدەن.
لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا، هیچ لایەنێکیان نایانەوێت بەو مەرجانە کۆتایی بەشەڕەکە بهێنێت کە لایەنەکەی دیکە داوای دەکات، واشنتۆن نایەوێت فایلەکە دابخات چونکە کاریگەری گرنگ لەدەست دەدات، تارانیش ڕادەستبون قەبوڵ ناکات چونکە ئەو پێگەیەی لەژێر ئاگردا دروستی کردبوو لەدەستی دەدا، لە نێوان ئەم دووانەدا ناوچەکە وەک گۆڕەپانێکی کراوە بۆ ململانێی هەمیشەیی دەمێنێتەوەو بەڕێوەدەبرێت، لەم نێوەشدا دەورو دەخالەتی روسیا و چین بەشێکی سەرەکی ململانێکەن.
بۆ ئامادەیی بە خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە پلانێکی سێ لاپەڕەیی بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بەردەوامە، کە یەکێک لە مەرجە پێشنیار کراوەکان، بریتیە لە ئازادکردنی نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار، لە سامانی بلۆککراوی ئێران، لە بەرامبەر دەستبەرداربونی تاران لە کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو، بەڵام ترەمپ ئەم زانیاریانەی ڕەتکردۆتەوە و ڕایگەیاند، کە تاران کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی بەبێ هیچ شتێک ڕادەست دەکات، لە هەمانکاتدا عراقچی ڕایگەیاند، هاوپێچ لەگەڵ ئاگربەستی لوبنان، گەرووی هورمز بەتەواوی بەڕووی هەموو کەشتیە بازرگانیەکاندا بۆ ماوەی ئاگربەستەکە بەتەواوەتی کراوەیە، بەڵام دواتر جارێکی تر ئێران دایخستەوە، هەرچەندە ترامپ ماوەی وەستانی شەرەکەی درێژکردەوە، بەلام چارەنوسی دانوستانی خولی دووەم تا ئێستا نادیارە.
ئیدارەی ترەمپ ئاگربەستەکەی قبوڵ کردوە، یان وردتر بڵێین، بەپەرۆشەوە بەدوایدا دەگەڕێ، بۆ ئەوەی خۆی لەو بنبەست و تەنگانەیە بپارێزێت کە خۆیی و نەخشە و سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروستیان کردووە. لە ڕووی لۆژیکیەوە هەرلایەنێک سەرکەوتنێکی ڕاستەقینەی لە شەڕێکدا بەدەست هێنابێت، پەلە ناکات لە کۆتایهێنانی، هەروەها پاش نائومێدبونی ترامپ لە کاریگەری درۆ و هەڕەشە پوچەکانی، کە وایکردووە ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی، دەبینین سواڵ دەکات بۆ دانوستان و ڕێکەوتن.
میدیاکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕۆژئاوا زیاتر لە میدیا ئێرانیەکان باس لە شکست و پاشەکشە و نائومێدیەکانی واشنتۆن و تەلئەبیب دەکەن، جگە لە میدیاکان جەماوەری ئەمریکا تادێت ناڕازیبون لە سیاسەتەکانی ترەمپ دەردەبڕن، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو فشارە ئابوریەی کە بەهۆی شەڕەکەوە دروست بووە، هەروەها گرتنی ڕەخنەی توند لە ترەمپ چیتر تەنها لە نەیارانی دیموکراتەکانیدا سنووردار نییە، بەڵکو تەنانەت ئەندامانی پارتی کۆماریەکانی خۆیشی دەگرێتەوە. ئێستا باس لە ئەگەری لێپێچینەوە لە پۆستەکەی بە شێوەیەکی بەرفراوان لەناو بازنەکانی سیاسی ئەمریکادا دەسوڕێتەوە. هاوکات ناتانیاهۆ بەردەوامە لە خۆدزینەوە لە دادگایکردنەکەی بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، لەگەڵ ئاماژەدان بە خراپبونی بارودۆخی ئەمنی.
کاردانەوەی شەڕی چل ڕۆژە هەر بەوانەوە ناوەستێت، ئەگەری ئەوە هەیە ترامپ و ناتانیاهو بخاتە خوارەوە، لە هەمانکاتدا نەخشەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە پەیوەند بە ململانێی لە بەرامبەر زلهێزەکانی دنیادا، پێویستیان بە پێداچونەوە دەبێت.
بەگشتی دۆخی ململانێکان ئەوە نیشان ئەدەن، کە ئاگربەست لە لێواری وەستانی جەنگدایە، لە هەمانکاتدا ئەگەری دوبارەبونەوەی شەڕیش چاوەڕونکراوە، ئەوەی لەم نێوەدا گرنگە، وەستان و کۆتایی شەڕەکەیە، بەردەوامی شەڕەکە هەر ئایندەیەک وەک دەستکەوت یان زیان بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران پێشبهێنێت، هیچ پەیوەندیەکی بە دانیشتوانی ئێران و ناوچەکەوە نیە، جگە لە خولقاندنی کارەسات و وێرانکاری و ماڵوێرانی زیاتر، بۆیە دژایەتیکردنی ئەم شەڕە و خواستی وەستانی ئەم شەڕە بەبێ مەرج و چونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، دروشمی سەرەکی بزوتنەی دژی شەڕە لە جیهاندا.




لایەنە کوردیەکانی ئێران لەبەردەم فرسەتێکدا..!.. عوسمانی حاجی مارف

بزووتنەوەی کوردایەتی، یەکێک لە کۆنترین پێکهاتەی هێزی ڕێکخراوەیی ئۆپۆزسیۆنیە لە ئێراندا، لە چالاکی سیاسیاندا وەک نوێنەرایەتی یەکێک لە کەمینە گەورەکان خۆی دەردەخات. کوردەکان، لە دوای فارس و ئازەریەکان، سێهەمین نەتەوەی ئەو وڵاتەن، پارتە کوردیەکان لە گەڵ ئەوەی لە مێژە بەناوی مەسەلەی کوردەوە، چالاکی سیاسی بەڕێوەدەبەن، لەهەمانکاتدا بەئاشکرا دژایەتیان بەرامبەر بزوتنەوەی یەکسانیخوازی و هێزی ڕادیکاڵ و کۆمۆنستی نیشانداوە، هەوڵیشیانداوە هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی بۆرجوازی ئێران دروست بکەن، کە ئامادەن دان بە فرەچەشنی نەتەوەیی ئێراندا بنێن و یەکگرتویی و دیموکراتی، بۆ ئێران و مۆدێلی حوکمڕانی ئۆتۆنۆمی و فیدراڵیان گرتۆتەبەر، بەڵام ئەوەی شایانی باسە، لاوازی و دوبەرەکی لەناو بزوتنەوەی بەرفراوانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرجوازی ئێراندا، ئەم هەوڵانەی ئاڵۆز کردووە، چونکە بەشێکی لایەنەکان بەردەوامن لە داکۆکیکردن لە دیدگایەک، کە تەنها جەخت لەسەر حوکمرانی ناوەندبونی دەوڵەتی ئێران دەکەن.
لایەن و هێزە کوردیەکان، پێیانوایە دۆخی ئەم جەنگەی ئێستا، ساتەوەختی فرسەت و دەرفەتێکی سنوورداری ئەرێنی بۆ ڕەخساندون، بۆیە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی ناسیۆنالستی کورد، لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکاندا، بەناوی هاوپەیمانی و بەرەی میللی کوردەوە خەریکن خۆیان ڕێکدەخەنەوە، لەکاتێکدا کە ڕێڕەوی ستراتیژی فراوانتری ململانێکانی ئەمریکاو ئێران و جەنگەکەیان، تا ئێستا نادیارە و یەکلایی نەبۆتەوە لە ئایندەیەکی تەواو ئاڵۆزدایە.
هەروەها سەرکردە سیاسیە کوردەکان دان بەوەدا دەنێن کە ئەگەر ناکۆکی ناوخۆی ئێران هەڵگیرسێت و بشێوێت، یان گواستنەوەی سیاسی کە دەسەڵاتی ناوەندگەرایی دابمەزرێنێتەوە، جارێکی دیکە ناوچە کوردستانیەکان، دەکەوێتەوە بەر مەترسی، واتە دەکرێت کوردستان ببێتە ئامانجی سەرەکی، هەر ڕژێمێکی تری دەسەڵاتداری لایەنە کۆنەپەرست و توندڕەوەکانی بۆرجوازی لە ئێراندا، هاوکات بەگشتی هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لایەنە کوردیەکان بۆ ئەگەری گۆڕانکاری خێرا، لە ناوخۆی ئێراندا هەوڵئەدەن بە پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل، خۆیان ئامادە و ڕێکخراوکەن بۆ ئامانجێکی ناتەبایی کە خۆیان دەیانەوێت، تا ئایندەی هێزەکانیان لە کوردستاندا پێگەیەک بۆ ئایندەی هەژمونی و دەسەڵات بەدەست بهێنن!، نەك گرتنەبەری ڕێڕەوێک کە ئایندەی خواستەکان و مافەکانی جەماوەری کوردستانی تیا بەدەست بێت، بە گەڕانەوە بۆ دەور و دەخالەتی ڕاستەوخۆی ئیرادە و ڕای خەڵک کە بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن.
لە تەواوی ٤٧ساڵەی حوکمرانی کۆماری ئیسلامیدا، خواستی لایەنەکانی ناسیۆنالستی کورد بۆ “ئۆتۆنۆمی و لامەرکەزیەت و فیدارلیەت”، لەهەمانکاتدا خواستەکانی خەڵکی کوردستان، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تەماشا کراوە، بە مەیلی جوداخوازی و دوژمنکاری ناوزەدکراوە، ئەمەش لەلایەک بووەتە هۆی ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی بەردەوام لە نێوان ڕێکخراوە سیاسیە کوردیەکان و کۆماری ئیسلامیدا، لەلایەکی ترەوە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی جەماوەری بەرفراوان.
لە دنیای واقعی سیاسی ئێراندا، کوردستان بووە بە یەکەم مەیدانی جەنگی گەورە بۆ سوپای پاسداران، ئۆپەراسیۆنە سەرەتاییەکانی سوپای پاسداران و سوپای نیشتمانی ئێران، شار و گوندەکانی کوردستانیان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا لە ساڵانی سەرەتای دوای شۆڕشی ١٩٧٩وە، دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی بونە قوربانی.
پێکدادانی چەکداری نێوان هێزە کوردیەکان و حکوومەتی ئێران، بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەردەوام بوو، بەڵام وردە وردە گۆڕانکاری بەسەرداهات و هێزە کوردیەکان، لەو دیوی سنورەکان لە کوردستانی عێڕاق بنکەکانیان جێگیر کرد، بۆ بەکارهێنانی خاکی کوردستانی عێراق بە مەبەستی چالاکیە سەبازیەکانیان. بەڵام لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا دوای دامەزراندنی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەکوردستانی عێراق، ئۆپەراسیۆنە سەربازیە بەردەوامەکانی سنوور بەزاندن، لەدژی ئێران سنووردار کران. لەهەمانکاتدا داخوازیەکانی لایەنەکانی ناسێۆنالستی کورد، لە چوارچێوەی بانگەوازی دروشمی دیموکراسی و مافی سیاسی و هەوڵدان، بۆ دانوسان لەگەڵ ڕژێم کاریان لەسەر کردووە.
لەسەروبەندی ئەم جەنگەی ئێستادا لایەنە کوردیەکانی ئێران، پێکهاتەی سەرکردایەتی ڕێکخراوەیی و باڵی چەکداری دەپارێزن، لەوانە “پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێرانKDPI”، “پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)”، “پارتی ئازادیی کوردستان (PAK)”، “سازمانی خەبات”، ” ڕێکخراوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان”، “حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران”، ئەم گروپانە هاوکاتی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هاوپەیمانی خۆیان ڕاگەیاند، بەڵام لەوە ناچێت هاوپەیمانیەکەیان سەنگین و مەحکەم بێت، زیاتر هاوپەیمانیەکی بەیناوبەینیە، ڕێکدەکەون و تێکدەچنەوە.
زۆرێک لەو گروپانە، بارەگا و بنکەیان لە کوردستانی عێراق جێگیرکردوە، لەوێش بەردەوامن لە مەشقی سیاسی و سەربازی، لەهەمانکاتدا پەیوەندیان لەگەڵ لایەنگرانیان لە ناوخۆی ئێراندا بەڕێوەدەبەن، خاڵێکی گرنگ کە هۆکاری چالاکبونی ئەم ڕێکخراوانەیە، پشت بەستنە بە شوێنی جوگرافی کوردستان، بە قۆستنەوەی ناوچە شاخاویەکان و بارودۆخی سیاسی تایبەتی ناوچەکە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سنووردار لە ناوخۆی ئێراندا، لەهەمانکاتدا بونی ئەو گروپانە لە کوردستانی عێراقدا، لە ناو تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندیەکاندا دەرگیرن، کە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئێران و تورکیا تێیدا بەشدارن، لەهەمانکاتدا وەک گروپی ناپەیوەند بە خەڵکەوە، هەمیشە چاوەڕوانی ئەوەبون هێزێکی دەرەکی کۆماری ئیسلامی بروخێنێت!.
هەروەها وێڕای دەیان ساڵ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەم لایەنە کوردیانە، بەرامبەر بەکۆماری ئیسلامی، هەمیشە دیالۆگ و دانوستانیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی، وەک بژاردەی ستراتیژیی پەسەندکراوی خۆیان لە پێشینە داناوە و هەوڵی وتووێژیان لەگەڵ حکومەتی ئێران داوە، بەڵام زۆرجار ئەم هەوڵانە بە توندوتیژی کۆتایی پێهاتووە، لەوانە تیرۆرکردنی عەبدولڕەحمان قاسملو، هەروەها سەرکردەکانی دیکەی بزوتنەوەی کوردایەتی، بەدرێژایی ساڵان لە ڕووداوە هاوشێوەکاندا کراونەتە ئامانج، ئەمەش بێمتمانەیی قووڵی نێوان ئەکتەرە سیاسیە کوردەکان و دەوڵەتی ئێرانی زیاتر چەسپاندووە، بەڵام کاریگەری لەسەر دوبارەبونەوەی وتوێژ لەگەڵ ڕژێم دانەناوە.
هەرچەندە هێزی سەربازی ئەم ڕێکخراوانە تاڕادەیەک سنووردارە، مەترسیەکی ستراتیژی ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕژێم دروست نەکردووە، بەڵام سەرچاوەیەکی بەردەوامی نیگەرانی ئەمنین، بەتایبەتی لە ناوچە سنووریەکان و لە ماوەی گرژی ناوخۆییدا.
ئەوەی شایانی باسە، هاوکاتی ئەوەی پێشهاتەکانی ئەم دەورانەی فۆکسی جەنگەکە، لەسەر لاواز کردنی کۆماری ئیسلامیە، واشنتۆن داوای لەو گروپانە کردووە خۆیان ئامادە بکەن، بۆ چونە ناو خاکی ئێران و ڕوبەڕوبونەوە بەرامبەر سوپای ئێران و سوپای پاسداران، ئەمەش لە هەنگاوێکی ئەمەریکا-ئیسرائیل، بە ئامانجی دووبارە ئیستغلالکردنەوەی کارتی لایەنە کوردیەکانە لە دژی تاران، لە چوارچێوەی ململانێیەکی ستراتیجی فرە بەرەیدا.
هەر بەو ئومێدە لایەنە کوردیەکان، لە هەوڵی ڕێکخستەوەی ئەندامان و دۆستانی ڕێکخراوەکانیانن لەناوخۆی ئێراندا، تا ئامادەکرنی خۆیان بۆ چونە ناو ئێران و ئامادەکاریەک، لە ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەیەکدا، لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هەڵگیرسانی شەڕی سەربازی، لەبەرامبەر سوپای پاسداراندا، ئامانج لەم کارەیان بە جیا لەوەی ئاکامەکەی بەچی دەگات و چ دۆخێک و کارەساتێک، بۆ دانیشتوانی ناوچەکە دەخولقێنێت، گرنگ بۆ ئەوان هەوڵدانە بۆ هەژمونی و باڵادەستی هێزەکانیان، بەسەر دۆخەکەدا و بەڕێوەبردنی هەر ناوچەیەک بەدور لەدەورو ئیرادەی خەڵکی.
بەدوای هەر پاشەکشەیەک کە سوپای پاسداران، لە هەر ناوچەیەکی کوردستاندا ناچار بێت بیکات، ئەو لایەنە کوردیانە وەک هێزی چەکدار هەژمونی خۆیان بەرجەستە دەکەنەوە، کە ئەگەری ئەوەش زۆرە، ناوچەکان لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن.
واتە ئەگەر دابەشبون و پاشەکشە لەنێو دامەزراوە ئەمنیەکانی ئێراندا سەرهەڵبدات، ناوچە کوردنیشینەکان دەتوانن ببنە فرسەتێک و خاڵی سەرەکی بۆ هێژمونی هێزە ئۆپۆزیسیۆنە کوردیەکان و ناوچەیەک بۆ هەر لایەنێکیان دابین بکات، بەڵام ئەمەش بە مەرجێ بۆیان سەردەگرێت کە پێشوەخت توانایی ڕێکخستنی جەماوەری بۆ دەسەڵات و هێزی سەربەخۆی جەماوەری ئامادەییان نەکردبێت و شوراکانیان دانەمەزراندبێت.
لەلایەکی ترەوە، بەو پێیەی هەرسیستەمێکی سیاسی، لە ئایندەی ئێراندا و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان نەگەڕێنەوە بۆ ڕای خەڵکی لە دیاریکردنی چارەنوسی نەتەوەکاندا، یان گەر ڕێگە بە دەسەڵاتی “لامەرکەزی و ئۆتۆنۆمی ناوچەیی” تا ئاستی جیابونەوە نەدات، پەیوەندیەکانی ناوخۆی ئێران وەها دەشێوێنێت، کە لە بری هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەی کورد، ئێران نوقوم دەکات لە شەڕی ناوخۆی قەومی، کەڕاگرتنی سەخت دەبێت.
ئەمەش ئەو ئەنجامگیریەی لێ بەرهەم دێت، کە چارەسەری یەکلایی کەرەوە، بۆ پرسی کورد گەڕانەوە بێت بۆ ڕای خەڵکی لە ڕفراندۆمێکدا، تابڕیار لەسەر مانەوە یان جیابونەوەی کوردستان بدات لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیدا، ئەوەی شایانی باسە لە دۆخی ئەم جەنگە وێرانکاری و دژە بەشەریەدا، خەو خەیاڵێکی کاڵفامانەیە، وەک فرسەتێک بۆ ئایندەیەکی ئەرێنی دەربارەی کیشەی کورد پێشبینی لێ بکرێت، بەڵکو هەڵوێستی ئینسانی ئێستا وەستانەوەیە دژی ئەم جەنگە و بەرزکردنەوەی خواستی بێ مەرجی کۆتایی جەنگە.




دابەشکردنی هەگبەکانی حکومەتی عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

سەرەڕای سروشتی دەستووری و ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرەک کۆمار و بەڕێوەبردنی لە پەرلەماندا، ئەوەی نەشاردەوە، کە قەیرانی سیاسی و کێشەکانی دەوروبەری لایەنەکانی دەسەڵاتدار لە بەغدا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تەنیا پرۆسەیەکی دەنگدان نەبووە، بەڵکو قۆناغێک بووە لە ململانێیەکی فراوانتری لایەنەکان لەسەر فۆڕمی دەوڵەت و ئاراستە سیاسیەکەی لە قۆناغی داهاتوودا.
وەها نیشان ئەدەن گوایە ئەم هەڵبژاردنە نوێنەرایەتی هەنگاوێکی دەستووری بەرچاو دەکات کە کۆتایی بە بۆشایی سیاسی چەند مانگی پێشو هێنابێت، بەڵام هیچ گومانی تیا نیە، نەک بەردەوامی قەیرانی سیاسی چارەسەر نەکردووە، بەڵکو دەرگای بەڕووی قۆناغێکی تازەی ململانێی ئاڵۆزتردا کردەوە، کە کێشەی پێکهێنانی حکومەت و دەستەبەرکردنی پۆستی سەرۆک وەزیران و سەقامگیری بونی پەیوەندی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی ئاڵۆزتر کردووە، حکومەتی بەشبەشێنەی لە نێوان هێزە سیاسیە گەورەکاندا خستۆتە بارگرژی و گرفتی زیاترەوە.
ئەم هەنگاوەی لە میانی دانیشتنێکی پەرلەماندا نرا، کە گرژی و بایکۆتی چەند بلۆکێکی سیاسی پێوە دیار بوو، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قوڵی ناکۆکی و نەبونی کۆدەنگی لایەنەکانە لە بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتوی عێراقدا، لە ڕاستای ڕێرەوی ئەم دۆخەی شەڕی ئەمریکا و ئێراندا، کە هۆکارێکی جدیە لە قوڵبونەوەی قەیرانەکان و کێشەکانیاندا.
هەر چەنده هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هەنگاوێکی گرنگە له سیستمی سیاسی عێراقدا، بەڵام لە ئێستادا و بەم شیوازە پەرتەوازیە، ناتوانێت کۆتایی بارگرژی وقه یرانەکان بێت، پێموایە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ و هەستیارتره، که دواتر کاریگەریەکانی لەسەر ململانێ و بەرژەوەندی لایەنەکان و دۆخی نەرێنی سیاسی عێراق دەردەکەوێت.
هەڵبەتە بەگوێرەی دەستوری عێراق، دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ئەرکی کاندیدی گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی دەداتە پێکهێنانی حکومەت لەماوەیەکی دیاریکراودا، ئاشکرایە کە لەم بارەیەوە پۆستی سەرۆک وەزیران چەقی ڕاستەقینەی کێبڕکێی سیاسی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیە، کە دەبینین لە دۆخی ململانێ و شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، قەیران و بارگرژی لە نێوان لایەنە شیعەکان بەگشتی و چوارچێوەی هەماهەنگیدا بەجۆرێک پێشهاتووە، ڕێکەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران و پێکهاتنی حکومەتی سەختتر بووە، بەبێ یەکلایی بونەوەی دۆخی جەنگ و کاریگەریەکانی ئەو جەنگە لەسەر ناوچەکە، لایەنە سیاسیەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر ئاڵوگۆرەکاندا نەخشە و سیاسەتەکانیان بەرجەستەو ڕۆشن نابێت.
لەکاتێکدا ناکۆکیەکی ڕون لەنێوان هێزە سیاسیەکاندا هەیە سەبارەت بە لێکدانەوەی چەمکی “گەورەترین بلۆک”، لە پێکهێنانی حکومەت کە بریتیە لە “چوارچێوەی هەماهەنگی”، بەڵام پێشتر و ئێستاش لە پەیوەند بەدۆخی شەڕەوە، ناکۆکی نێوانیان شاراوەنیە، کە کێشەکانیان دوای نزیکەی هەموو هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی دووبارە دەبێتەوە یەکێک لە هۆکارە هەرە دیارەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لە عێراق پێکدەهێنێت، هەر بلۆکێکی گەورە هەوڵدەدات پێگەی دانوستانکاری خۆی بەهێزتر بکات بۆ دەستەبەرکردنی پشکێکی گەورەتر لە حکومەتی داهاتوودا، جا چ لەڕوی سەرۆکوەزیرانەوە بێت یان دابەشکردنی وەزارەتەکانەوە، کە لە دۆخی ئەم شەڕەدا ناکۆکی و کێشەکانیان زیاتر یەخەی پێگرتون.
ناکۆکی سەرەکی بارزانی و تاڵەبانی، لەم دۆخەدا وەک فاکتەری بەرچاو سەریهەڵدا کە دیمەنی سیاسی و کێشەکانی نێوانیانی ئاڵۆزتر کرد، بەتایبەتی سەبارەت بە ڕێکەوتن لەسەر یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و لە هەمانکاتدا لەسەر پۆستی سەرەک کۆمار بەهیچ ئەنجامێک نەگەیشتن.
بەپێی ڕێکەوتنامەیەکی سیاسی کە لە دوای 2003 دامەزرا، سەرۆکایەتی لە عێراق لەسەر بنەمای کۆدەنگی و ڕێکەوتنە، کە سەرۆک کۆمار، تایبەتە بە پێکهاتەی کوردی، بەڵام ئەم لێکتێگەیشتنە نەنووسراوە و لەم ساڵانەی دوایدا ڕوبەڕوی تەحەددای زیاتر بۆتەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی کێبڕکێ لەناو خودی دامەزراوەی سیاسی یەکێتی و پارتیدا، کێشەکانی پێکهاتنی حکومەتی بەغدای زیادیکردووە.
لە هەمانکتدا پیكهاتەی حکومەتی بەغدا کە کاتی خۆی ئەمریکا لەسەر بنەمای ئیسلامی و تائفی و قەومی دایمەزراندوە، دەورو باڵادەستی کۆماری ئیسلامی، مایەی بەهێزکردنی پێگەی لایەنە شیعکان بوە، لەو نێوەدا پێکهاتەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدەخالەت و کاریگەری ئێران هێزی سەرەکی و باڵادەستی بەدەست هێنا لە پێکهێنانی حکومەتدا، بەڵام دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت بەدوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥ەوە، دۆخی سیاسی ناوچەکە و شەڕی ئەمریکا و ئێران، خودی چوارچێوەی هەماهەنگی خستە بەر حاڵەتێکی چاوەڕوانی، لە پەیوەند بە ئایندەی ئێران هاوکاتی شەڕ لەگەڵ ئەمریکادا.
هەربۆیە پێکهێنانی حکومەتی بەغدا لە قۆناغی داهاتودا، کە بە شێوەیەکی گشتی قورستر و ئاڵۆزتر دەردەکەوێت لە چاو دەورانی ساڵانی هەڵبژاردنەکانی پێشودا.
لەلایەکی ترەوە ئاماژە سیاسیەکان لە ئێستادا ئەوە دەردەخەن کە هێزە شیعەکان لە ناوخۆدا دابەشبون لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدێکی یەکگرتوو بۆ سەرۆکوەزیران، بەهۆی جیاوازی بەرژەوەندی و دیدگای نێوان گروپەکان، لە پەیوەند بە راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ململانێی ئەمریکا و ئێرانەوە، بە تایبەتی کە هێزەکانی حەشدی شەعبی بە ئاشکرا بونە بەشێک لە شەڕەکە و ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیەتی و بەرگری لە کۆماری ئیسلامی.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار سەرەڕای ئەوەی وەها نیشان ئەدەن کێشەیەکی سەرەکی کۆتایی هاتووە، بەڵام وەک دەستکەوتێکی کۆتایی نابینرێت، لەهەمانکاتدا هەنگاوێکی ڕاگوزەرە بەرەو کێشەو شەڕێکی سیاسی هەستیارتر لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتودا، ئەم قۆناغە بەردەوام بونە لە قەیرانی سیاسی و ناسەقامگیری زیاتر.
هەڵبەتە جەماوەری عێراق بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕوانی دەرئەنجامی ئەم پێشهاتە سیاسیانەن، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی جەنگ و ناجێگیری و گێژاوی سیاسی عێراق و ناوچەکە و ئەگەری شەڕی ناوخۆی لایەنە سیاسیەکان، بە هێزەکانی شیعە و سونە و کوردەکانەوە، هەوروەها نەبونی پێداویستیەکان و ئاستەنگی ئابووری و خزمەتگوزاریەکان، هاوڵاتیان داوای باشترکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و چارەسەری قەیرانی بێکاری و ژینگەیەکی سیاسی سەقامگیر دەکەن کە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی بە شێوەیەکی کاریگەر هەبێت.
بەڵام مێژوی چۆنیەتی پێکهاتەی حکومەتی عێراق لەو کاتەوە لەسەر بنەمای هێزی میلیشیای ئیسلامی و تائفی و قەومی بووە، سەرچاوەی گەورەترین نائاسودەیی و نەبونی ئاسایش و ناجێگیری سیاسی و کارەساتە بەسەر ژیانی خەڵکەوە، دانیشتوانی عێراق، پێویستیان بە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی بەرفراونی جەماوەری و ئاسۆی سەرکەوتن، بۆ کۆتایهێنان بە هێزی میلیشیای ئیسلامی و تائیفی و قەومیە، لە هەمانکاتدا دامەزراندنی حکومەتێک لەسەر بنەمای هاوڵاتی بون و دەور و دەخالەتی راستەوخۆی خەڵک، لە دەسەڵاتی سیاسیدا دابین بکرێت، هەروەها پاراستنی سەربەخۆیی عێراق لە دەخالەت و بونی ئەمریکا و ئێران و کردنە دەرەوەی هێزەکانیان.




دابەشکردنی هەگبەکانی حکومەتی عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

سەرەڕای سروشتی دەستووری و ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرەک کۆمار و بەڕێوەبردنی لە پەرلەماندا، ئەوەی نەشاردەوە، کە قەیرانی سیاسی و کێشەکانی دەوروبەری لایەنەکانی دەسەڵاتدار لە بەغدا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تەنیا پرۆسەیەکی دەنگدان نەبووە، بەڵکو قۆناغێک بووە لە ململانێیەکی فراوانتری لایەنەکان لەسەر فۆڕمی دەوڵەت و ئاراستە سیاسیەکەی لە قۆناغی داهاتوودا.
وەها نیشان ئەدەن گوایە ئەم هەڵبژاردنە نوێنەرایەتی هەنگاوێکی دەستووری بەرچاو دەکات کە کۆتایی بە بۆشایی سیاسی چەند مانگی پێشو هێنابێت، بەڵام هیچ گومانی تیا نیە، نەک بەردەوامی قەیرانی سیاسی چارەسەر نەکردووە، بەڵکو دەرگای بەڕووی قۆناغێکی تازەی ململانێی ئاڵۆزتردا کردەوە، کە کێشەی پێکهێنانی حکومەت و دەستەبەرکردنی پۆستی سەرۆک وەزیران و سەقامگیری بونی پەیوەندی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی ئاڵۆزتر کردووە، حکومەتی بەشبەشێنەی لە نێوان هێزە سیاسیە گەورەکاندا خستۆتە بارگرژی و گرفتی زیاترەوە.
ئەم هەنگاوەی لە میانی دانیشتنێکی پەرلەماندا نرا، کە گرژی و بایکۆتی چەند بلۆکێکی سیاسی پێوە دیار بوو، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قوڵی ناکۆکی و نەبونی کۆدەنگی لایەنەکانە لە بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتوی عێراقدا، لە ڕاستای ڕێرەوی ئەم دۆخەی شەڕی ئەمریکا و ئێراندا، کە هۆکارێکی جدیە لە قوڵبونەوەی قەیرانەکان و کێشەکانیاندا.
هەر چەنده هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار هەنگاوێکی گرنگە له سیستمی سیاسی عێراقدا، بەڵام لە ئێستادا و بەم شیوازە پەرتەوازیە، ناتوانێت کۆتایی بارگرژی وقه یرانەکان بێت، پێموایە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ و هەستیارتره، که دواتر کاریگەریەکانی لەسەر ململانێ و بەرژەوەندی لایەنەکان و دۆخی نەرێنی سیاسی عێراق دەردەکەوێت.
هەڵبەتە بەگوێرەی دەستوری عێراق، دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ئەرکی کاندیدی گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی دەداتە پێکهێنانی حکومەت لەماوەیەکی دیاریکراودا، ئاشکرایە کە لەم بارەیەوە پۆستی سەرۆک وەزیران چەقی ڕاستەقینەی کێبڕکێی سیاسی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیە، کە دەبینین لە دۆخی ململانێ و شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، قەیران و بارگرژی لە نێوان لایەنە شیعەکان بەگشتی و چوارچێوەی هەماهەنگیدا بەجۆرێک پێشهاتووە، ڕێکەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران و پێکهاتنی حکومەتی سەختتر بووە، بەبێ یەکلایی بونەوەی دۆخی جەنگ و کاریگەریەکانی ئەو جەنگە لەسەر ناوچەکە، لایەنە سیاسیەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر ئاڵوگۆرەکاندا نەخشە و سیاسەتەکانیان بەرجەستەو ڕۆشن نابێت.
لەکاتێکدا ناکۆکیەکی ڕون لەنێوان هێزە سیاسیەکاندا هەیە سەبارەت بە لێکدانەوەی چەمکی “گەورەترین بلۆک”، لە پێکهێنانی حکومەت کە بریتیە لە “چوارچێوەی هەماهەنگی”، بەڵام پێشتر و ئێستاش لە پەیوەند بەدۆخی شەڕەوە، ناکۆکی نێوانیان شاراوەنیە، کە کێشەکانیان دوای نزیکەی هەموو هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی دووبارە دەبێتەوە یەکێک لە هۆکارە هەرە دیارەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لە عێراق پێکدەهێنێت، هەر بلۆکێکی گەورە هەوڵدەدات پێگەی دانوستانکاری خۆی بەهێزتر بکات بۆ دەستەبەرکردنی پشکێکی گەورەتر لە حکومەتی داهاتوودا، جا چ لەڕوی سەرۆکوەزیرانەوە بێت یان دابەشکردنی وەزارەتەکانەوە، کە لە دۆخی ئەم شەڕەدا ناکۆکی و کێشەکانیان زیاتر یەخەی پێگرتون.
ناکۆکی سەرەکی بارزانی و تاڵەبانی، لەم دۆخەدا وەک فاکتەری بەرچاو سەریهەڵدا کە دیمەنی سیاسی و کێشەکانی نێوانیانی ئاڵۆزتر کرد، بەتایبەتی سەبارەت بە ڕێکەوتن لەسەر یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و لە هەمانکاتدا لەسەر پۆستی سەرەک کۆمار بەهیچ ئەنجامێک نەگەیشتن.
بەپێی ڕێکەوتنامەیەکی سیاسی کە لە دوای 2003 دامەزرا، سەرۆکایەتی لە عێراق لەسەر بنەمای کۆدەنگی و ڕێکەوتنە، کە سەرۆک کۆمار، تایبەتە بە پێکهاتەی کوردی، بەڵام ئەم لێکتێگەیشتنە نەنووسراوە و لەم ساڵانەی دوایدا ڕوبەڕوی تەحەددای زیاتر بۆتەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی کێبڕکێ لەناو خودی دامەزراوەی سیاسی یەکێتی و پارتیدا، کێشەکانی پێکهاتنی حکومەتی بەغدای زیادیکردووە.
لە هەمانکتدا پیكهاتەی حکومەتی بەغدا کە کاتی خۆی ئەمریکا لەسەر بنەمای ئیسلامی و تائفی و قەومی دایمەزراندوە، دەورو باڵادەستی کۆماری ئیسلامی، مایەی بەهێزکردنی پێگەی لایەنە شیعکان بوە، لەو نێوەدا پێکهاتەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدەخالەت و کاریگەری ئێران هێزی سەرەکی و باڵادەستی بەدەست هێنا لە پێکهێنانی حکومەتدا، بەڵام دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت بەدوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٥ەوە، دۆخی سیاسی ناوچەکە و شەڕی ئەمریکا و ئێران، خودی چوارچێوەی هەماهەنگی خستە بەر حاڵەتێکی چاوەڕوانی، لە پەیوەند بە ئایندەی ئێران هاوکاتی شەڕ لەگەڵ ئەمریکادا.
هەربۆیە پێکهێنانی حکومەتی بەغدا لە قۆناغی داهاتودا، کە بە شێوەیەکی گشتی قورستر و ئاڵۆزتر دەردەکەوێت لە چاو دەورانی ساڵانی هەڵبژاردنەکانی پێشودا.
لەلایەکی ترەوە ئاماژە سیاسیەکان لە ئێستادا ئەوە دەردەخەن کە هێزە شیعەکان لە ناوخۆدا دابەشبون لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدێکی یەکگرتوو بۆ سەرۆکوەزیران، بەهۆی جیاوازی بەرژەوەندی و دیدگای نێوان گروپەکان، لە پەیوەند بە راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ململانێی ئەمریکا و ئێرانەوە، بە تایبەتی کە هێزەکانی حەشدی شەعبی بە ئاشکرا بونە بەشێک لە شەڕەکە و ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیەتی و بەرگری لە کۆماری ئیسلامی.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار سەرەڕای ئەوەی وەها نیشان ئەدەن کێشەیەکی سەرەکی کۆتایی هاتووە، بەڵام وەک دەستکەوتێکی کۆتایی نابینرێت، لەهەمانکاتدا هەنگاوێکی ڕاگوزەرە بەرەو کێشەو شەڕێکی سیاسی هەستیارتر لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتودا، ئەم قۆناغە بەردەوام بونە لە قەیرانی سیاسی و ناسەقامگیری زیاتر.
هەڵبەتە جەماوەری عێراق بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕوانی دەرئەنجامی ئەم پێشهاتە سیاسیانەن، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی جەنگ و ناجێگیری و گێژاوی سیاسی عێراق و ناوچەکە و ئەگەری شەڕی ناوخۆی لایەنە سیاسیەکان، بە هێزەکانی شیعە و سونە و کوردەکانەوە، هەوروەها نەبونی پێداویستیەکان و ئاستەنگی ئابووری و خزمەتگوزاریەکان، هاوڵاتیان داوای باشترکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و چارەسەری قەیرانی بێکاری و ژینگەیەکی سیاسی سەقامگیر دەکەن کە توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی بە شێوەیەکی کاریگەر هەبێت.
بەڵام مێژوی چۆنیەتی پێکهاتەی حکومەتی عێراق لەو کاتەوە لەسەر بنەمای هێزی میلیشیای ئیسلامی و تائفی و قەومی بووە، سەرچاوەی گەورەترین نائاسودەیی و نەبونی ئاسایش و ناجێگیری سیاسی و کارەساتە بەسەر ژیانی خەڵکەوە، دانیشتوانی عێراق، پێویستیان بە ڕێکخستنی ناڕەزایەتی بەرفراونی جەماوەری و ئاسۆی سەرکەوتن، بۆ کۆتایهێنان بە هێزی میلیشیای ئیسلامی و تائیفی و قەومیە، لە هەمانکاتدا دامەزراندنی حکومەتێک لەسەر بنەمای هاوڵاتی بون و دەور و دەخالەتی راستەوخۆی خەڵک، لە دەسەڵاتی سیاسیدا دابین بکرێت، هەروەها پاراستنی سەربەخۆیی عێراق لە دەخالەت و بونی ئەمریکا و ئێران و کردنە دەرەوەی هێزەکانیان.

عوسمانی حاجی مارف




ئاراستەی شەڕی ئەمریکا و ئێران و ڕەهەندەکانی!.. عوسمانی حاجی مارف

بەدرێژایی هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، توانیویانە زیانی گەورەی بەرچاو بە ئێران بگەیەنن و ژێرخانی ئابوری وێران بکەن، هەروەها توانیان زۆرینەی کەسایەتیە سیاسی و سەربازیە پلە باڵاکان تیرۆربکەن، کۆگای مووشەک و توانای بەرهەمهێنانی ئێرانیان کەمکردۆتەوە و چەندین کەشتی جەنگیان لەناوبردووە. لەئێستادا، تاران بەردەوام تۆڵەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێرشی مووشەکی ئاراستەکراو، بۆ سەر ئیسرائیل و دامەزراوە سەربازیەکانی ئەمریکا، لە ناوچەکە و وڵاتانی کەنداودا کردۆتەوە.
ئەوەی بەرچاوە، دوای مانگێک زیاتر لە دەستپێکردنی هێرشە سەربازیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پاش چەند هەفتەیەک لە هێرشەکانی ئێران و خۆڕاگریان، ئاسۆیەکی سەرکەوتنی خێرا و یەکلاکەرەوە، بۆ کۆتایی جەنگەکە کاڵ بووەتەوە و دیاردەیەکی تەواو ئاڵۆزی نیشانداوە.
ئاراستەی دەرچوون لەم شەڕە، بەڕێگەی دیپلۆماسی و دانوسان، لە نزیک ماوەدا تاریک دەردەکەوێت، چونکە واشنتۆن و تاران کەوتونەتە بەر ئەو گێژاوەی کە دەبێت فشارێکی زیاتر بخەنە سەر یەکتر، بەتایبەی ئەمریکا و ئیسرائیل، پێویستیان بەوەیە پتەوتر کاربکەن لەسەر هەڵمەتی سەربازی زیاتر و بەردەوامی و ئامادەسازی بۆهێزی زەمینی، تا تەواو لەسەر لایەنی بەرامبەر کاریگەری ڕادەستبون دروست دەکەن، بۆئەوەی پاساو بۆ ئامانج و نەخشە سیاسیەکانیان لە ناوچەکە بەرجەستە بکەنەوە، بەتایبەتی ئێران دوای داخستنی گەروی هورمز، ڕێڕەوی شەڕەکەی لەبەرامبەر ئەمریکادا خستە دۆخێکی تازەی ئاڵۆزترەوە. بۆیە ترامپ ناچارە کە لەئێستادا، بیر لە جێگیرکردنی هێزی زەمینی بکاتەوە بۆ دەستبەسەراگرتنی دوورگەکانی ئێران، بۆئەوەی تاران ناچار بکات گەرووی هورمز بکاتەوە!، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا ئەمریکا ئەم کارەی بۆ دەکرێت؟.
شایانی باسە دەسەڵاتی ئاسمانی، دەتوانێت تواناکان تێکبدات و لاوازی بکات و ژێرخانی ئابوری بشێوێنێت، بەڵام ناکرێ وەک هێرشی زەمینی و داگیرکاری، کاریگەری یەکلاکەرەوەی هەبێت بۆکۆتایی شەڕەکە، دەبینین تائێستا شەڕی ئاسمانی لە ناوخۆی ئێراندا بێتوانایە لە سەپاندنی مەرجەکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا، بۆیە کاتێک ئەم شەڕی ئاسمانیە، ئەمریکای لە بنبەستێکدا ڕاگرتووە لەبەدەستهێنانی ئامانجەکانی و ڕاگەیاندنی سەرکەوتن، بەناچاری پێویستی بە هێزی زەمینی دەبێت، کاتێک ئەم ئاستەنگیە لە چەقبەستبوندایە و تەنها بەهێزی ئاسمانی تێپەڕێندراوە، سروشتی بنەڕەتی ململانێکان دەگۆڕێت بۆ ئاستێکی تر لەبەردەوامی شەڕەکە، بۆیە شەڕی زەمینی ئەگەرێکی دوور نیە!، بەڵام دۆخەکە وەها دەردەکەوێت، هێزی زەمینیش سەرکەوتنی ئەمریکا مسۆگەر ناکات.
بەجیا لەوەش لە ماوەی ڕابردوودا، گفتوگۆ سەبارەت بە ئەگەری شکاندنی بنبەستی دیپلۆماسی و دەستپێکردنی دانوستانەکان ڕوویداوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازیە بەرفراوانەکانی نێوان هەڵوێستەکانی واشنتۆن و تاران، ئاماژەیە بۆئەوەی ئایندەی شەڕەکە دیار نابێت، پێدەچێت پەرەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە بگرێت. بۆ ئەمریکا ئەم پەرەسەندنە، دەتوانێت بریتی بێت لە جێگیرکردنی هێزەکانی لەسەر خاکی ئێران، یان بۆ ئێرانیش ڕێگریکردنە لە بەردەوامی بەکارهێنانی گەرووی هورمز و ئامادەیی بۆ بەڕەنگاربونەوەی هێزی زەمینی ئەمریکا!، واتە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا شەڕەکە دەچێتە قۆناغێکی تەواو مەترسیدارترەوە.
پێموایە واشنتۆن سەرکەوتنە سەربازیە سەرەتاییەکانی، لەڕێگەی هێزی ئاسمانیەوە، بە هەڵە لێکدایەوە، ڕاستە ئێران خامەنەیی و فەرماندە سەربازیەکانی و ژێرخانی ئەتۆمی و سەروەت و سامانی بەرگریی و ژێرخانی ئابوری لەدەستدا، بەڵام پرسیارە چارەنووسسازەکە ئەوە نەبوو کە ئایا دەکرێت زیان بە ئێران بگەیەنێت، بەڵکو ئایا ئەو زیانانە، حکومەت ناچار دەکات خۆی ڕادەست بکات؟ کە تائێستا توانای خۆڕاگری ڕژێمی ئێران حاڵەتێکی لەوچەشنەی نیشان نەداوە و بەردەوامن لە خۆڕاگری.
لەهەمانکاتدا ئەگەر دامەزراوە سەربازیەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوبەڕوی فشارێکی بەردەوام ببنەوە، ئەوا تێچوی پاراستنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، ناردنی هێزی زەمینی بۆ ناو ئێران، مەترسی سیاسی و سەربازی بەرچاوی هەڵگرتووە و دەشێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی بێوێنەی ململانێکان. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بەرپرسانی ئەمریکا، تائێستا لەباری عەمەلیەوە هەستیارن بەرامبەر هەر نیازێک بۆ بڵاوەپێکردنی هێزی زەمینی، یان دەربارەی چۆنیەتی داڕشتنی نەخشەی هێرشبردن، ئەوەی زیاتر دەنگۆی لەسەرە، هەوڵە بۆ داگیرکردنی جەزیرەکانی ناو کەنداو، کە دوو نیاز لە خۆ دەگرێت؛ یەکەم: بۆ دەست بەسەراگرتنی نەوتی جەزیرەی خارک، دووەم: بۆ کردنەوەی گەروی هورمز، ئاشکرایە کە ئەم هەوڵە ماوەی شەڕەکە درێژتر دەکاتەوە.
لەکاتێکدا شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران بەردەوامە، تا ئەگەر بگات بە شەڕی زەمینی، ئاکامی کۆتایی ئەم ململانێیە هێشتا هەر نادیارە، لە نێوان لێدوانە سەرەتاییەکانی ترامپ، کە تیایدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە هیچ نیازی گۆڕینی ڕژێمی ئێرانی نییە، ڕاگەیاندنەکانی ئەم دواییەی کە هاوتەریبن لەگەڵ هەڵوێستی ئیسرائیل بۆ تێکدان، یان تەنانەت گۆڕینی ڕژێم، وا دیارە ئیدارەی ئەمریکا ستراتیژێکی ڕوونی نییە، نەک تەنها بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، بەڵکو بۆ بەرقەرارگرتنی ئاشتی لە ناوچەکەدا. پێدەچێت ئەم سەرلێشێواویە، لە قۆناغی داهاتوودا توندوتیژی و ناسەقامگیری زیاتری لێبکەوێتەوە.
ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا شەڕی ئاسمانی و زەمینی، لە دژی عێراق دەستیپێکرد، بە بیانووی ئەوەی کە خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژیە، ئەمەش ئیدیعایەکە دواتر سەلمێندرا کە درۆیە، هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق و پارتی بەعس، بوە هۆی بۆشاییەکی بەرچاوی سیاسی و ئەمنی، کە تا ئەمڕۆش عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت. بە واتایەکی تر، لاوازبوون یان گۆڕینی ڕژێمەکان بەبێ پلانی ڕون، بۆئەوەی چی لە دوای ئەوەوە دادەمەزرێت، گومانی تیانیە کە دەبێتە هۆی ئاژاوەو گێژاوی سیاسی وکۆمەڵایەتی و قەیرانی ئابوری، کە بنەما کۆمەڵایەتیەکان لێک دەترازێنێت، لەهەمانکاتدا فرسەت ئەدات، بە پێکهێنانی هێزی میلشیایی و مافیایی و تاڵانچێتی.
ئێران نەک ڤەنزوێلا نییە، ناکرێت بە نمونەی عێراقیش وێنا بکرێت، چونکە سیستەمێکە لەسەر بنەمای سوپای پاسداران و دامەزراوەی ئایینی، بە پتەوی و توندوتۆڵی دامەزرێنراوە، سیستەمێکە کە بە قوڵی لەناو بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئێراندا چەسپاوە، تەنیا بە ئامانجگرتنی سەرکردایەتیەکەی ناگۆڕدرێت. دەبینین سەرەڕای تیرۆرکردنی زۆرینەی سەرکردایەتیەکەی، بەڵام ڕژێم لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە و بەردەوامی بەشەڕەکە ئەدات.
ئێران پێویستی بەوەنیە لەم شەڕدا، بە هێرشی سەربازی سەرکەوتنێکی یەکلایکەرەوە بەسەر سوپای ئەمریکادا بەدەستبهێنێت، کە کارێکی لەوچەشنەی بۆناکرێت، بەڵام پێویستی بەوەیە بە خۆڕاگری و بەردەوامیدان بە شەڕەکە، ئەمریکا و ئیسرائیل بخاتە دۆخێکی چەقبەستوەوە و بەو ئاکامەیان بگەیەنێت، کە بە بنبەستی حەتمی ڕوبەڕوببنەوە، کە سەرەتاکانی ئەم دۆخە چەقبەستوە و دەرگیربونیان، لەئێستاوە بە ڕوخساری ئەمریکاو ئیسرائیلەوە دەردەکەوێت.
پێشبینی دەکرێت کە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەتایبەتی هەڕەشەی ترامپ بەوەی ئێران دەگەڕێنێتەوە بۆ چاخی بەردین، پەرەپێدانی ڕوبەڕوبونەوەکانیان لەبەرامبەر ئێراندا، بۆ هەڵمەتێکی هەمەلایەنەی لەناوبردن، کە ژێرخانی ئابووری و ئیمکاناتە گرنگەکان دەکەنە ئامانج، ئاراستەکەیان پاڵنانی وێرانکاری تەواوی ئێرانە بۆ لێواری داڕمان. هەروەها کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەکردوە، ئەگەر ڕێکەوتنێک نەکرێت، بە توندی لە هەر یەکێک لە وێستگەکانی کارەبا ئەدەن.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل کاتز، هەڕەشەیەکی توندی ئاراستەی ئێران کرد و سوێندی خوارد، ئەگەر هێرشە مووشەکیەکان کە ناخی ئیسرائیل دەکەنە ئامانج بەردەوام بن، تارانی پایتەخت بۆردومان بکات. تەلئەبیب فشار دەخاتە سەر ترامپ، بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی “کورت و بەهێز” پێش هەر دانوستانێک لەگەڵ ئێراندا.
سەرەڕای ئەو هاوبەشیە سیاسی و ئابووریانەی، کە ئێران وەک هاوپەیمانیەک بە هەردوو وڵاتی ڕووسیا و چینەوە دەبەستێتەوە، بەڵام نەبوونی ئەوان لە پێشکەشکردنی پشتیوانی سەربازی ڕاستەوخۆ، لەنێوان ئەو پەرەسەندنەی جەنگی ئێستادا، دوورکەوتنەوەیانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەبەرامبەر ئەمریکادا، درێژنەکردنەوەی ململانێکانە بۆ جەنگی جیهانی.
ئێران گۆشەگیر بووە و شەڕێک دەکات بۆ مانەوەی خۆی، چین و ڕووسیای هاوپەیمانی هێرشەکانی سەر ئێرانیان شەرمەزار و سەرکۆنە کردووە، خوازیاری کۆتاییهێنانن بە شەڕ و پێکدادانەکان، بەڵام خۆیان لە پشتیوانیە سەربازیە بەرچاوەکان بەدوور گرتووە. جگە لەوەش پێدەچێت هەردوو روسیا و چین، لە ڕوی ستراتیژەوە سودیان لەوەدا هەبێت، کە ئەمریکا زیاتر بە سەرقاڵی شەڕەکەوە بمێنێتەوە، بەم شێوەیەش ستراتیژی ئەمریکا، بۆ هەوڵی باڵادەستی بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەبەرامبەر شکستی گەورەدا خۆی ببینێتەوە.




شەڕێک لە گێژاوی یەکلایی نەبونەوەدا.. عوسمانی حاجی مارف

هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی شوبات دەستیپێکرد، کە عەلی خامنەییان کردە ئامانج، پاشان فراوانتر بوەوە و زۆربەی ناوچەکانی ئێرانی گرتەوە. سەرەتا بە تیرۆرکردنی سەرکردەکانی ئێران دەستی پێکرد، هاوکات بۆردمانی بنکە سەربازیەکان و وێرانکردنی ژێرخانی ئابوری، دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەی مووشەکی بالیستیک، بنکەی هەڵدانی مووشەک، ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی لەخۆگرت، ئەو هێرشە ئاسمانیانەی کە تاران و شارە گەورەکانی وەک ئەسفەهان، قوم و کرماشانیان کردە ئامانج، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئاسایی نەبوو، بەڵکو گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی بوو لە ڕێساکانی شەڕکردندا، کە لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ساردەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەڕێوەبردووە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر شەڕەکەدا، ڕێژیمی ئێران توانایەکی بەرچاوی بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ڕەوتی شەڕەکەدا نیشانداوە، دۆخەکەیان گۆڕی بۆ شەڕێکی درێژخایەن و کاتێکی نادیار، هەوڵەکانی نێوەندگیری و دانوسان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە سنووردار ماوەتەوە، شەڕەکە بە خێرایی پەرەیسەندووەو بەردەوامە، هێشتا هەنگاوێکی جدی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە دەرناکەوێت.
شەڕەکە بە هێرشی ئاسمانی توند دەستی پێکرد بە ئامانجی لاوازکردنی خێرای تواناکانی ئێران و ڕژێمەکەی، بەڵام دوای گەیشتنی شەڕەکە بە لوبنان و دەوڵەتانی کەنداو تا داخستنی گەروی هورمز، بە خێرایی گۆڕا بۆ ڕوبەڕوبونەوەیەکی تاڕادەیەک کراوەی ناوچەیی، دواتر لە هێرشە سەربازییە تەرکیزکراوەکانەوە بۆ سەر ئێران گۆڕدرا بۆ ململانێیەکی کراوە و فرە بەرەیی، ئەمەش وایکرد ئاڵۆزتر بێت و کەمتر ئەگەری چارەسەرکردنی پێوە دیار بێت.
ئامانجەکانی شەڕ بە درێژایی ڕێڕەوی خۆی بەردەوام لە گۆڕاندا بووە، لە سەرەتادا گرنگیدان بە گۆرانی ڕێژیمی ئێران، پاشان چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی، ئینجا قۆناغەکانی دواتر جەخت بو لەسەر نەهێشتنی هەڕەشەی مووشەکی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی بریکارەکانی ناوچەی ئێرانی بەخۆیەوە بینی، پاشان هەوڵ بۆکردنەوەی گەروی هورمز، گەمەی شەڕەکەی بردە ئاستێکیتر بۆ فشار لەسەر ئەمریکا. سەرەڕای ئەم گۆڕانکاریە و فرەیی ئامانجەکان، ناتوانرێت بگوترێ کە تا ئێستا هیچ کام لەو ئامانجانە بەدی هاتوون، شەڕەکە زیانێکی بەرچاوی بە ئێران گەیاندووە، بەڵام ئەم ئەنجامانە ناگاتە گۆڕانکاریەکی ستراتیژی یەکلایکەرەوە.
هێشتا گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی لە هاوسەنگی هێز، یان سروشتی دیمەنی ناوچەییدا بە شێوەیەک نەهێناوەتە ئاراوە کە شەڕەکە ئامانجە سەرەکیەکانی خۆی بەدەستهێنابێت. ئەوەی تا ئێستا بەدەست هاتووە، لاوازبوون و لەدەستدانی بەشێک لە تواناکانی ئێرانە بەبێ ئەوەی بە پەکخستن و ڕادەستبون بگات ، لە کاتێکدا پرسی ئەتۆمیش بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە!.
شەڕەکە هەر بەرەو هەڵکشان دەچێت، لەکاتێکدا واشنتۆن و تەلئەبیب هەوڵدەدەن مەرجی تەسلیمبون بەسەر ئێراندا بسەپێنن، بەڵام خوازیاری بۆ ئاگربەست و مەرجەکانی ئێران، ترامپی بنبەست و سەرسامکردووە. ئاماژەکانی پەرەسەندنی شەرەکە بە بەهێزی ماونەتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشەکان و فراوانبوونی مەودای گرژییەکان. بەڵام فشارە ئابووریە نێودەوڵەتیەکان و ترسی شەڕی ناوچەیی دەتوانن لایەنەکان بەرەو کەمکردنەوەی قۆناغ بە قۆناغ پاڵ بنێن.
ترەمپ بە چاوەڕوانی و ئامانجی بەرزەوە شەڕەکەی دەستپێکرد، بەڵام ڕوونی نەکردەوە کە چۆن ئەو ئامانجانە بەدەست دەهێنێت، واپێدەچیت کە ترەمپ پشتی بە باڵادەستی ئاسمانی هێزەکانی و ئەو لێدانانە بەستبوو کە ئاراستەی ئێرانیان دەکرد. زانراوە کە پێوەرەکانی سەرکەوتن لە شەڕەکاندا تەنیا لە کاریگەری لێدانەکان نییە، کۆماری ئیسلامی بە هێزی ئاسمانی ناکەوێت، بەو پێیەی ئامانجەکانی ئەمریکا تا ئێستا بەدی نەهاتووە، بە تایبەت کە ئومێدێکی گەورە بۆ گەیشتنیان هەبوو، کاتێک خامەنەیی و سەرکردایەتی سەربازی، ئەمنی و سیاسی لە ڕۆژەکانی ئەوەڵدا کوژران، بەڵام کاریگەری لەسەر ڕادەستبونی ئێران بۆ واشنتۆن، یان گۆڕانی دەسەڵات نەبو، ئەمەش وایکرد، شەڕەکە لەسەر ئەمریکا و ئیسرائیل قورسترکات.
کەواتە، تەڵەی ئێران توانای ڕاکێشانی ئەمریکایە بۆ ناو شەڕێکی تێچووی زۆر و درێژماوەیە، کە کۆتایی پێهێنانی بۆ ئەمریکا سەختە و خراپ لەسەری دەکەوێت، ترەمپ پێش جەنگ هۆشداری لە فەرماندەی باڵای سەربازی ئەمریکا وەرگرتووە، کە ڕەنگە ئێران بە پەکخستنی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزەوە تۆڵە بکاتەوە. بەڵام ترامپ گریمانەی ئەوەی کردبو کە ڕژێمی ئێران پێش ئەوەی بتوانێت گەروی هورمز داخات دەڕووخێت!.
کۆتایهێنان بە شەڕ لە دوای فراوانبونی قورستر بووە، بە تایبەت کە ئێران شەڕێکی ناهاوسەنگ بەڕێوە دەبات کە حیساباتی ئەمریکای تێکداوە، هاوشێوەی ئەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و ڤێتنام ڕووبەڕووی بووەوە.
شەڕەکە بووەتە بارگرانیەکی سیاسی و ئابووری و مۆراڵی لەسەر ئەمریکا و ترەمپ، پێدەچێت ئێستا کەمترین تێچوی بژاردە ئەوە بێت کە ترەمپ گەر بۆی بگونجێت بە خێرایی “سەرکەوتن” ڕابگەیەنێت و کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت!. دەنا ئەو گۆڕانکاریە بنەڕەتیەی لە ئامانجی ستراتیژی هێرش بۆ سەر ئێران ڕوویداوە، کاریگەری لە مەوقعیەتی ئەمریکا لە ئاستی جیهان و ناوخۆی ئەمریکادا بە نەرێنی دەشکێتەوە بەسەریدا.
پێشهاتە سەربازیەکان بە خێرایی کاریگەریان لەسەر بازاڕەکانی جیهانی و نرخی وزە هەیە، ئەمەش ئەو حاڵەتە دەهێنێتە پێشەوە، کە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پرسێکی ناوچەیی نییە، بەڵکو توخمێکی بنەڕەتییە بۆ سەقامگیری ئابووری نێودەوڵەتی. داخستنی گەرووی هورمز بە تەنیا بەسە بۆ ئەوەی شۆکی ئابووری جیهانی لێبکەوێتەوە.
هەڵبەتە ململانێی بەردەوامی ئەمریکا و ئێران، ڕەنگدانەوەی ململانێیەکی فراوانترە لەسەر بەئەنجام گەیاندنی شێوازیک بۆ نەزمی جیهانی داهاتوو و سنووری بەکارهێنانی هێز لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و ململانێی زلهێزەکانی دنیای سەرمایەداری، کە لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردۆتە گۆڕەپانێک بۆ ڕێکخستنەوەی هاوسەنگی هێزی جیهانی، کە ماڵوێرانی قوربانیەکی زۆر دەبێتە بەشی دانیشتوانی ئێران و ناوچەکە کە دژی ئەم شەڕەن.
ئەوەی گرنگە سەرنجی لەسەر بدەین، بە هیچ جۆرێک ئەم شەڕە نەک سودی بۆکرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش نیە و نابێت، بەڵکو بەڵایەکی گەورەیە بۆ سەر ژیان و گوزەران و ئاسایش و بێئیرادەکردنیان، بۆیە پێویستمان بە بە‌هیزکردنی بزوتنەوەی دژی شەڕە لەتەواوی جیهاندا و بەرزگردنەوەی خواستی بێ مەرج و دەستبەجێێ شەڕە.

عوسمانی حاجی مارف




دوو ئەزمونی شەڕی ئەمریکا لە عێراق و لە ئێران.. عوسمانی حاجی مارف

لەدوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، سوپای ئەمریکا بەخێرایی توانی ئامانجە سەربازیەکانی بەدیبهێنێت، لە ئامادەبونی بۆهێرشی سەربازی لە باشورەوە تا گەیشتنی بە بەغدا، هەرەسپێهێنانی حکومەتی عێراق لە ماوەی تەنها ٢١ ڕۆژدا، گەیشتن بە باڵادەستی تەواو بەسەر زەوی و ئاسمانی تەواوی عێراق، تا هەڵهاتنی سەدام، دواتر پێکهێنانی حکومەتێكی کاتی لە بەغدا، بە پێکهاتەیەکی بەشبەشێنەی هێز و لایەنی ئیسلامی و تائفی و قەومی، کە بووە بەڵایەکی گەورە بەسەر دانیشتوانەوە.
بەڵام پاش دوو دەیە لە شەڕەکە، ئەو سەرکەوتنە سەربازیانە نەک نەبونە هۆکاری سەقامگیری سیاسی بەردەوام، بەڵکو عێراقی خستە ناو گێژاوێکەوە کە تائێستاش ڕاست نابێتەوە، جگە لەوەش عێراق کەوتە ژێر کاریگەری کۆماری ئیسلامی و لە ماوەیەکی کەمدا تەواو کەوتە ژێر دەور و هێژمۆنی تاران و میلیشیاکانیەوە، لە پێکهێنانی حکومەتەکان و پێکهێنانی هێزی سەربازی و میلیشیاکان تا تاڵانی و دەست بەسەراگرتنی پرۆژە ئابوریەکانی، لە هەمانکاتدا بەرژەوەندیەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بە ئازادی لەسەر زەوی عێراقدا دەوردەبینن و کاردەکەن، تەنانەت هەندێکیان پۆستی فەرمیان لەناو حکومەتدا هەیە.
ئەمەش دوای جەنگی کەنداوی دووەم، تیشک دەخرێتەسەر بۆشایی چارەنووسساز لە نێوان سەرکەوتنی سەربازی و دەرئەنجامە سیاسیەکاندا، واتە کەلێنێک کە زۆرجار دەگۆڕێت بۆ شکستی ستراتیژی، بەو مانایەی لە درێژماوەدا، عێراق لەبری باڵادەستی ئەمریکا، بوو بە پاشەکشەی ئەمریکاو، بوونی عێراق بە بەشێک لە باڵادەستی ئیدارەی کۆماری ئیسلامی.
ئەو ئەزمونی جەنگەی لە عێراقدا ڕوویدا، هۆشداریەکی توند لە حاڵەتی نەرێنی و پوچەڵی لە ململانێی ئێستای ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا دەسەلمێنێت، لە عێراقدا هەڵوەشاندنەوەی حزبی بەعس و هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق بەبێ چەکداماڵین، زەمینەیەکی بەپیتی بۆ یاخیبونی چەکداری دابینکرد، سەرکەوتنی سەربازی کردە ئاژاوەی سیاسی و بڵاو بونەوەی میلیشیاکان و دروستبوون و باڵادەستیی حەشدی شەعبی.
ئەوەی لە عێراق ڕویدا، ئەو بۆشاییەی کە بەهۆی ڕووخانی ڕژێمەوە بەجێما، بە بەتاڵی نەمایەوە، بەڵام بەو لایەنانە پڕکرایەوە، کە لەسەرەتادا وەک ئۆپۆزیسیۆنی جۆراوجۆری سەیروسەمەرەی هاوپەیمانی بۆ ئەمریکا، هاتنە سەر شانۆی سیاسی، کەدوای داڕمانی تەواوی ژێرخانی ئابوری وداڕمانی پێگەی دەوڵەت و دەسەڵاتەکان لە عێراقدا، بە سەرپەرشتی ئەمریکا ئیدارەی حکومەتێکی تەوافقی بێسەروبەر دروستکرا، کە دواتر بەپێی ئاڵوگۆڕ لە هاوکێشەی سیاسی و هاوسەنگی هێزەکان، دەسەڵاتەکان و ناوچەکان دابەشکران، ئەوە دەبینین کەعێراقێکی “یەکگرتو” تائێستا کێشەیەکی بەردەوامە و یەکلایی نابێتەوە، یان گەر دروستتر بڵێین لە دنیای واقعدا عێراق تائێستا، هەر ناوچەیەکی بەدەست هێزێکی میلیشیاوەیە.
هەڵبەتە ئێرانیش زۆرترین ئامادەیی و زەمینەی هەیە بۆ دوبارەبونەوەی هەمان واقعیەت و ئەزمونی دۆخی عێراق، کە بەشێوەیەکی فروانتر و مەترسیدارتر لەسەر خەڵکی ئێران دەکەوێتەوە، بەتایبەتی لە باری جێۆپۆڵەتیکیەوە گەورەیی ئێران و بوونی نەتەوەی جیاواز و جۆرەها ئۆپۆزیسیۆن، لەهەموی گرنگتر بونی هێزێکی بەرفراونی عەقیدەتی شیعەگەرای بەرگریکەر لە کۆماری ئیسلامی، کەدوای نەمانی کۆماری ئیسلامی دەبنە چەند پارچەیەک و هەرلایەنێکیان وەک هێزی میلیشیا ناوچەیەک لە ئێران بەدەستەوە دەگرن.
هەر سەرکەوتنێکی سەربازی ئەمریکا نەک نابێتە سەرکەوتنی خەڵکی ئێران، بەڵکو هەر لەئێستاوە وێرانکاری و کارەساتەکان و تێکدانی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و کارگەریەکانی دەبینین، ئەمەش ئەو هەلومەرجەی دروستکردووە کە لەهەمانکاتدا بووەتە هۆی کارەساتی سیاسی، ئەم ئەزموونەش بنبەست و وانەیەکی توندە کە ستراتیژی ئەمریکا لە ناوچەکە بەدوای هەر بەرژەوەندیەکی سیاسی ناوچەیی و جیهانیەوە بوبێت، لە دواشیکردنەوەدا، سەرکەوتنی ئەمریکا بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی بەتایبەتی باڵادەستی تەواو بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرکەوتونابێت، یان گەر دەستەواژەیەکی تر بەکار بهێنین، ئەمریکا ناتوانێت سەقامگیری لە ناوچەکە بەباڵادەستی خۆی بەدەست بهێنێت، چونکە ململانێی زلهێزە جیهانیەکان کۆتاییان نایەت.
لەچوارچێوەی دۆخی ئێستای شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیل لەبەرامبەر ئێراندا، هەر لەئێستاوە کارەسات و مەترسیەکانی دەبینرێت، تا ئەوکاتەی شەڕەکە دەوەستێت، ئەو وێرانکاریەی بەسەر ئێراندا هاتووە، بەڕۆشنی پێشبینی گەورەترین ئاکامی درێژماوەی ناجێگیری سیاسی لێدەکرێت، دۆخی نائەمنی زیاتر و شەڕی ناوخۆ و قەیرانی ئابوری و پارچەپارچەبونی ئێران و سەختی پێکهێنانی حکومەت و گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەندی بەخۆیەوە دەبینێت.
لەلایەکی ترەوە ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین، سوپای پاسدارانی ئێران تەنیا دەزگاو هێزێکی سەربازی نییە، بەڵکو لەنێوان ٣٠ بۆ ٤٠ لەسەدی ئابووری ئێرانیان کۆنتڕۆڵ کردووە، کۆمپانیا گەورەکانی بیناسازی، پەیوەندیەکان و پترۆکیمیای بەڕێوەدەبات، ئەمە جگە لە تۆڕە دامەزراوەکان کە هاوتەریب لەگەڵ دەوڵەتدا دەڕۆن.
دوای کۆتایی ژیانی خامنەیی، لە سەرەتای هەڵمەتی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، سوپای پاسدارانی ئێران بووەتە دەسەڵاتی دیفاکتۆی حوکمڕانی. دانانی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەر، بەهەر گومان و لێکدانەوەیەک لەسەر دۆخی ئێستای ئێران و مان و نەمانی موجتەبا، گوزارشت لە درێژەدانی ڕژێمە نەک گۆڕانکاریەکانی، ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە سەرکەوتنی سەربازی ئەمریکا بەتەنیا گواستنەوەی سیاسی سەرکەوتوو بونی ناخوڵقێنێت، پرسەکە تەنها پەیوەندی بە گۆڕینی ڕژێمەوە نییە، بەڵکو لەسەر ئەوە وەستاوە بە کێ بۆشایی دەسەڵات پڕدەکاتەوە، ئەمەش ئەو پرسیاریە کە واشنتۆن هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە.
ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە دەرەوەی وڵات، وەک ڕێکخراوی موجاهدین و بزووتنەوەی پاشایەتی و گروپە چەپ و دیموکراتیەکان، ڕووبەڕووی هەمان ئەو کێشانە دەبنەوە کە ئۆپۆزیسیۆنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا ڕووبەڕووی بووەوە، ئاشکرایە پێگەی تەواوی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە ناوخۆی ئێراندا زۆر لاواز و بێکاریگەرن ، پێموایە ئەمریکاش ناتوانێ پێکهاتەیەکیان لێدروست کات، تا ئیدارەی حکومەتیان ڕادەست بکات. جگە لەوەش هەر جەنگ و هێرشێکی دەرەکی بەشێوەیەکی تایبەت خەڵك دەخاتە حاڵەتی چاوەڕوانیەوە، تەنانەت ئەگەر ناڕازیش بن و خواستی ڕوخانی دەسەڵاتیان هەبێت، ئەو جەماوەرەی سەردەمانێک دژی کۆماری ئیسلامی دروشمیان دەدا، ئێستا شایەتحاڵی کەوتنە خوارەوەی بۆمبەکان و وێرانبونی شارەکانیانن، ئەمەش زیاتر بە قازانجی پاراستن و مانەوەی سوپای پاسداران دەبێت، کە گۆڕانکاریەکی سیاسی لە ڕێگای شەڕو هێزی دەرەکیەوە، دۆخی ئێران و ناڕەزایەتی جەماوەری قورستر دەکات.
هەروەها ژمارەی دانیشتووانی ئێران لە ٩٢ ملیۆن کەس زیاترە و تۆڕەکانی بە وەکالەت نامێنن ئەگەر ڕژێم بڕوخێت، بەڵکو لە شێوازی تردا چالاکتر و زیندووتر دەبنەوە. جگە لەوەش ئێران خاوەنی کۆگایەکی گەورەی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوە، کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٥ەوە نەیانتوانیوە بەتەواوی لەڕێگەی دەزگای هەواڵگریەوە پەیدای بکەن. گومانی تیا نیە کە دوای داڕوخانی کۆماری ئیسلامی ئەو یۆرانیۆمە دەکەوێتە دەستی هێزە میلیشیاکان، کە نازانرێت بۆچی بەکاری دەهێنن و چۆن بەکاری بهێنن.
لەم هەلومەرجەدا هەر هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕژیمی سیاسی لە ئێران، یان کۆتایی سوپای پاسداران، بەبێ دامەزراندنی ئەڵتەرناتیڤێکی پتەو و جێکەوتو، بە ناچاری دەبێتە هۆی گەورەترین گێژاوی سیاسی و زیاتر داڕمانی ئابووری، لەهەمانکاتدا حکومەتێکی ڕاگوزەری سەقامگیر جێگای ناگرێتەوە. بۆیە ستراتیژی ئێستای واشنتۆن و دەوری ئیسرائیلی هاوپەیمانی لەم شەڕەدا، لەسەر بنەمای جۆرێک لەو گێژاوەی دەرگیری بون کاردەکەن، واتە بەبێ ئەوەی پلانێکی ڕوونیان هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەو بۆشاییە سیاسیەی کە لە کۆتایی شەڕەکەدا پێشدێت.
لە عێراقدا بۆشایی دەسەڵات، لەکاتی خۆیدا کاریگەری لەسەر بەهێزکردنی دەور و دەخالەتی ئێران کرد لە عێراق و ناوچەکەدا، لە لیبیا و سوریا و یەمەنیش شەڕی ناوخۆ و ناسەقامگیری سیاسی درێژە پێدا. ئێستاش پێدەچێت هەمان سیناریۆ لە ئێراندا لە شێوازی مەترسیدارتر و کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوبەروبێتەوە، بۆیە سەرکەوتنی سەربازی ئەمریکا بەتەنها بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسیەکان بەس نییە. بەم شێوەیە سەرکەوتنی سەربازی بەبێ پلانێکی سیاسی تۆکمە بۆ سەقامگیری، ڕێچکەیەکە بۆ بنبەست و شکست، لە پەیوەند بەدەوری ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.
بەڕۆشنی دەبینین هەر لەئێستاوە و شەڕێک لە دژی ئێران دەتوانێ هەمان ڕێبازی کارەساتبار بگرێتەبەر، کە ئایندەی ئێران بۆ درێژماوە لەوپەڕی گێژاو و ناسەقامگیریدا ڕابگرێت، ئەوەی شایانی شەرمەزاریە، ئەو بیرکردنەوە خۆشخەیاڵانەیە کە بانگەشەی ئەوە دەکات “کورد یەکگرتوو بێت دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساوە سوود لە دۆخی ئەم شەڕە کاولکاریەی ئەمریکاو ئیسرائیل دژی ئێران وەربگرێت”!
ئەزمونی واقعی هێزە ناسیۆنالیستە کوردیەکان، کە هیچ کات نوێنەرایەتی چارەسەری کێشەی کوردیان نەکردووە، ئەوە دەردەخات کە ناتوانن زەمینەی یەکگرتویی هێزەکانیان پێک بهێنن و هاوبەش بن لە خەباتێک کە مانای دیاریکردنی ئایندە و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بێت.

عوسمانی حاجی مارف




ئایا ئەم شەڕە کۆتایی دێت؟.. عوسمانی حاجی مارف

بەردەوامی شەڕی ناوچەکە بە ئاشکرا ئەوە دەسەلمێنێت، کە چیتر پابەند نییە بە هیچ کام لە یاسا نێودەوڵەتیەکان و هێڵە سورەکانی تێپەراندووە، ململانێکان تەواو چۆتە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە، بە واتای فراوانکردنی بازنەی ڕوبەڕوبونەوەکان، بەرەو ئەگەری نوقمکردنی ناوچەکەیە بۆ ناو سوڕێکی کراوەی چەنگێکی فراوانی ناوچەیی.
نایەکسانی هاوسەنگی هێزەکان لە ئارادایە، پێشکەوتنە ئاسمانی و تەکنەلۆژیەکان بە شێوەیەکی کاریگەر، جیاوازیان لەبەرامبەر هێزی سەر زەوی لە بەرژەوەندی ئیسرائیل و ئەمریکادا نیشانداوە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا تائێستا سەرکەوتنی لایەنێک لەم جەنگەدا دەرنەکەوتووە، هەرەوەها کۆتایی جەنگەکەش کاتێکی دیاریکراوی نیە.
مەسەلەیەک کە لەم ناهاوسەنگیەدا جێگای سەرنجە، ئێران هەوڵئەدات، لە رێگەی چۆنیەتی بەرگری لەخۆی، خەریکە بە خۆراگری لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا چەندە زەرەمەندیش بێت ڕاوەستاوبێت، تا بەم رێگەیە، سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
هەرچەندە ئێران ناتوانێت بەوەی کە موشەکەکانی دەگەنە ئامانجەکانی ناو ئیسرائیل، بە لێدانی دامەزراوەی ئابووری، سەربازی، یان مەدەنیەکان، سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، هەروەها بەو مانایە نییە کە پێگەی ئێران لەسەر زەوی ڕێگەی پێدەدات مەرجەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بسەپێنێت.
سێ هەفتەی تەواو لە بۆردومان و وێرانکاری، هێرشە ئاسمانیەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا فراوانتر بون، سەدان ئامانجی لە ناوخۆی ئێراندا گرتۆتەوە، ئەمەش گەورەترین هەڵمەتی ئاسمانی ئیسرائیلە بۆ سەر تاران لە دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیەوە، لە بەرامبەردا ئێران درێغی نەکردووە لە هەڵدانی موشەکی هایپەرسۆنیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو ئیسرائیل، هاوکات حزبولڵا بە هێرشی چڕوپڕی موشەکی، بەرەیەکی لە لوبنان کردۆتەوە و ڕوبەڕوبونەوەکەشی گۆڕیوە بۆ ململانێیەکی تەواو ناوچەیی. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئێران بە ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ لەبەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا نەوەستاوە، بەڵکو هەوڵی داوە تەواوی ناوچەکە بکێشێتە شەڕێکی ئاشکراوە، بۆ بە ئامانجگرتنی وڵاتانی کەنداو و لێدانی دامەزراوە نەوتیەکانیان، لە سعودیە و ئیمارات و قەتەر تا داخستنی گەروی هورمز، بووەتە هۆی دابەزینی ٩٠%ی هاتوچۆی دەریایی، ئەمەش پەیامێکی ڕوونە بۆ ڕوبەڕوبونەوە و بەبارمتەگرتنی ئابووری جیهانی.
لە ناو جەرگەی ئەم سیناریۆ جەنجاڵەی جەنگدا، پرسیارێک دێتە ئاراوە، کەی و چۆن ئەم شەڕە کۆتایی دێت؟ کە تائێستا لەم بارەیەوە پرسیارێکی ڕۆشن نابیستین، ئەمەش لەو شوێنەوەیە کە لەسەر بنەمای ئاڵۆزی و فرە ڕەهەندی دۆخی شەڕەکە ناتوانرێت وەڵامێکی یەکلایی کەرەوە پێشبینی بکرێت، بۆیە لە پەیوەند بە چەند ئەگەرێکەوە دەکرێت قەسەی لەسەر بکرێت.
هەردوولای شەڕەکە بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕی شەڕی ئاسمانی، هەریەکەیان هەوڵی ماندوکردنی ئەوی دیکە دەدات لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە. ئێران وەک عەقیدەیەک مانەوە و خۆرادەست نەکردن بە سەرکەوتن ئەژمار دەکات، واتە تەنیا درێژەدان بە دەسەڵاتەکەی، سەرەڕای لێدانی چرو زیان وخەسارەتەکانی، خۆی بە براوە دەزانێت، وەک هەمان نمونەی عەقیدەیی حەماس و حزبوڵڵا کە ساڵانێکە پەیڕەوی دەکەن، بەڵام ئەم ڕێگایە بە واتای خەسارەتێکی زۆری بێکۆتایی لە سەرچاوە مرۆیی و ئابووریەکان و وێران بون کارەساتێکی گەورەیە، کە بەڕاستی ڕێگایەکی ترسناکە، ئێرانیش تاکەی دەتوانێت خۆی لەبەرامبەریدا بگرێت!.
ئەگەرێکی تر ئەوەیە ئەگەر شەڕەکە لەوەی ئێستای فراوانتر بێتەوە، ڕاستەوخۆ وڵاتانی دیکەش ناچار دەکرێن بەشداربن، یان ئەگەر وڵاتانی تر وەک تورکیا یان ڕووسیا لە ڕێگەی پشتیوانی ناڕاستەوخۆوە دەستوەردان بکەن لەم شەڕەدا، ئەوا ناوچەکە دەتوانێت خۆی بخزێنێتە ناو ڕوبەڕوبونەوەیەکی هەمەلایەنە، کە کۆنترۆڵکردنی ئەستەم دەبێت، ئەگەری هەیە هاوسەنگی هێز لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابڕێژنەوە، لەم حاڵەتەشدا ناتوانرێت ئێران بە ئاسانی هێوەر بکرێتەوە.
هەروەها ئەو ئەگەرەش هەیە لە ناچاریا شەڕەکە بەشێوەیەکی کاتی ڕاوەستێنن لە ڕێگەی نێوەندگیری نێودەوڵەتیەوە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی لێدوانەکانی ئەم دواییەی ترامپ بەدوور نازانرێت، بەو جۆرەی ڕایگەیاند گوایە ئێران بەتەواوی دۆڕاوە و دەیەوێت ڕێکەوتنێک بکرێت. بەڵام جەختیشیکردەوە کە هێرشەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن و “هێشتا قورسترین لێدانەکانیش ماوە”. لەلایەکی ترەوە ئێران ڕەتیکردەوە تا ئەو کاتەی لێدانەکان بەردەوام بن ئاگربەست قەبوڵ بکات. ئەوەی شایانی باسە ڕەنگە نەتەوە یەکگرتووەکان یان زلهێزەکانی وەک چین و ڕووسیا پاڵ بە کەمکردنەوەی پەرەسەندنی شەڕەکەوە بنێن، بەڵام سەختی بەدەستهێنانی چارەسەری یەکلایی کەرەوە، دەشێ پێکدادانەکان لەگەڵ یەکەم پێشێلکاری یان وروژاندندا سەرلەنوێ هەڵگیرسێنەوە.
خاڵێکی تر داڕمانی ناوخۆی ئێرانە، کە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی فشارە سەربازی و ئابووریەکان، ئەگەری تەقینەوەیەکی ناوخۆیی دۆخەکە بشڵەقێنێت، بەڵام پرخوێناوی مەترسیدار دەبێت، چونکە ئێران دەخاتە ناو گێژاوێکی تر لە پێکهێنانی چەند ئەگەرێکی تر بەتایبەتی شەڕی ناوخۆ.
لە نێوان ئەو ئەگەرانەدا، لە کۆتاییدا هەرکامیان زاڵ بێت و کاریگەری هەر گۆرانێک لەسەردۆخەکە دانێت، بەڵام مەترسی لەسەر ڕاگرتنی کەشتیوانی جیهانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە جدیترین و هەستیارترینیانە، ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر هاتوچۆی کەشتیەکانی وەستاندووە، ئەمەش وایکردووە کۆمپانیا گەورەکانی کەشتیوانی ترانزێتی کەشتیەکانیان ڕابگرن، بۆیە لەم بارەیەوە ترەمپ ناچاربووە بە زویی بەڵێنی کردنەوەی هاتوچۆی گەرووەکە بدات، بۆیە ئەگەری فراوان بونەوەی شەڕەکە، ئەو ئاقارە بەخۆیەوە دەگرێت، کە ‌هێزی زەمینی لە جەزیرەکانی گەروی هورمز دابەزێنن، بەتایبەتی لە قەشم و خار، تا شەڕەکە دەچێتە ئاستێکی باڵاتر لە گەورەبونەوەی، هەر بەم رێگایەش، واپێدچیت ئەمریکا هەوڵبدات هەژمونی سەربازی بەسەر تەواوی کەنداوەکەدا هەبێت، واتە ئەم ئەگەرە دۆخەکە دەخاتە ناو شەڕێکی زەمینیەوە و دیارنەبونی کاتێکی زیاتر دەخاتە بەردەم کۆتایی شەڕەکە.
ئەمریکا بە جێگیرکردنی کەشتیەکی هێرشبەر بە ٢٥٠٠ سەربازەوە، ئامادەیی سەربازی خۆی بەهێزتر دەکات، ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە بەرفراوانەکانی، ئێرانیش بە مووشەکی نوێ وەڵام ئەداتەوە، ئەوەی زیاتر دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، نەبوونی هیچ ڕونکردنەوەیەکە سەبارەت بە ئامانجە کۆتاییەکانی جەنگ لە لایەنی ئەمریکاوە، ئایا ئەمریکا بە گەیشتن بە ئامانجی سترتیژای تاکرەوی بە باڵادەستی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنیا تێکدانی توانا سەربازیەکانی ئێرانە؟، یان گۆڕینی ڕژێم و دامەزراندنی حکومەتێکە، کە زیاتر هاوتەریب بێت لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا؟، ئەم ناڕۆشنیە و ئەگەرەکان وا دەکات پێشبینی ئەوە نەکرێت کە شەڕەکە کەی و چۆن کۆتایی دێت، لەهەر حاڵەتێکێدا ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەردەوام دەبێت.
ئەم شەڕە بەهەر ئاکامێک لە کۆتایدا کێ براوە و کێ دۆڕاو دەبێت، لە ئەنجامدا یەک کارەسات ئاشکرادەکات، خەڵکی مەدەنی دەبێتە قوربانی و باجی ئەو ململانێیە ئەدەن، کە هیچ پەیوەنیەکیان پێوە نیە و هەڵبژاردەی ئەوان نیە، لە ئەنجامدا ژیانیان دەخوات و ماڵیان وێران دەکات.

عوسمانی حاجی مارف




لایەنێکی تر لە شەڕی ئەمریکا و ئێران, ڕۆڵی روسیا و چین لەم شەڕەدا.. عوسمانی حاجی مارف

چین ئامانجی ئەوەیە پێش ناوەڕاستی ئەم سەدەیە، خۆی وەک پێشەنگی ئابووری جیهان جێگیر بکات، هەروەها نایەوێت دەستبەرداری هاوپەیمانێکی ئابووری چارەنووسسازی وەک ئێران ببێت، کە ڕێککەوتنێکی ٢٥ ساڵەی لەگەڵدا هەیە، ساڵی ٢٠٢٥ پەکین نزیکەی ٨٠٪ ی نەوتی ئێرانی لە ڕێگەی گواستنەوەی بارهەڵگری دەریاییەوە هاوردە کردووە.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوا چەندین جار چینیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە لە ساڵانی ڕابردوودا سیستەمی بەرگری ئاسمانی و پێکهاتەکانی سووتەمەنی مووشەکی بۆ ئێران دابینکردووە. هەر لە سەرەتای ململانێی ئێستاوە، هەمان ئەو دەزگا میدیایانە باسیان لەوە کردووە کە پەکین ئامادەکاری دەکات بۆئەوەی مووشەکی پێشکەوتووی دژە کەشتی بۆ تاران دابین بکات، پێشتریش چەکی بۆ ئێران دابینکردبوو، لەوانە مووشەک و فڕۆکەی جەنگی. لەهەمانکاتدا چین لەبەرامبەر داڕمانی ئەگەری یەکێک لە هاوپەیمانە گرنگەکانی بێدەنگ نابێت، هەربۆیە چین و روسیا لەم شەڕەشدا کۆمەکی زۆریان بە ئێران کردووە، لە پێدانی چەك و زانیاری سەربازی.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، کە بۆچی ڕژێمی ئێران بۆ چین ئەوەندە گرنگ و چارەنووسساز دادەنرێت؟ لەواقیعدا ئێران بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافیەکەی و گرنگیەکەی لە دابینکردنی سەرچاوەی وزە، شتێکی هاوشێوەی هێڵی بەرگری یەکەمە بۆ پڕۆژەی چینی کە هەوڵی سەرکردایەتیکردنی ئابووری جیهان دەدات، دەیەوێت سیستەمی نێودەوڵەتی بگۆڕێت بۆ سیستەمێکی فرە جەمسەری کە چیتر ئەمریکا زاڵ نەبێت.
ئەو میحوەرەی تاران لەماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دایمەزراندووە، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە سەرقاڵکردنی واشنتۆن بە تیشک خستنە سەر بەرگریکردن لە ئیسرائیل، ئەمەش وای لە ئەمریکا کردووە، کە دەخالەتی ڕاستەوخۆ لە ناوچەکەدا بکات و هەوڵئەدات بە هەمووجۆرێک کۆنترۆڵی ناوچەکە بکات، تا توانای پڕۆژەی چینی لاواز کات. بەم پێیە شاراوەنیە کە چین لە خەمی مانەوەی ڕژێمی ئێراندا بێت، بەوەی کە ئێران بە ئاشکرا دوژمنایەتی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات.
زەحمەتە بتوانین تێگەیشتنێکی هەمەلایەنە لەو شەڕە بەدەست بهێنین، کە ئەمریکا بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل دژی ئێران بەڕێوەی دەبەن، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی زەمینە نێودەوڵەتیە فراوانترەکەی نەکەین، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو هەڵوێستانەی کە لەبارەی شەڕەوە گیراوەتەبەر، پێویستە کاردانەوەکانی بۆ زلهێزەکانی دیکەی سیستەمی نێودەوڵەتی ببینین، بەتایبەتی لەسەر ڕووسیا و چین.
لە ماوەی ١٥ مانگدا چین دوو هاوپەیمانی لە سەر شانۆی نێودەوڵەتی لەدەستداوە، ئەوانیش بەشار ئەسەد لە سوریا و نیکۆلاس مادۆرۆ لە فەنزوێلا، هەروەها مەترسی لەدەستدانی سێیەم هاوپەیمانیشی نزیک دەبێتەوە، ئەگەر ئیدارەی ترەمپ سەرکەوتوو بێت لە گەیشتن بە ئامانجەکانی لە شەڕی دژی ئێراندا.
پێگەی ستراتیژێکی ئێران و پەیوەندی پتەوی لەگەڵ هەردوو ڕووسیا و چین، لە هۆکارە بنەڕەتیەکانی شەڕی ئەمریکایە لە بەرامبەر ئێراندا. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، کە هەڵوێستی ڕووسیا لە ئیدانەکردنی زارەکی تێنەپەڕیوە، چین تەنیا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا بە هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ ئێران یاسا نێودەوڵەتیەکان پێشێل دەکات!.
ئێران گرنگترین وڵاتی زلهێزی ناوچەییە لە ڕۆژئاوای ئاسیا، یەکێکە لە گەورەترین وڵاتەکانی ناوچەکە، ئێران خاوەنی دووەم گەورەترین یەدەگی غازی سروشتی جیهانە لەدوای ڕوسیا، سێیەم گەورەترین یەدەگی نەوتە دوای ڤەنزوێلا و سعودیە، هاوسنوورە لەگەڵ ١٩ وڵات و ڕووی لە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوی ئاوی جیهانە.
لەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٨، تاران سیاسەتی قوڵکردنەوەی هاوبەشی لەگەڵ مۆسکۆ و پەکین وەک پایەیەک لە دژی فشارەکانی ڕۆژئاوا گرتۆتەبەر. ئەم سیاسەتە بە ڕێکەوتنی درێژخایەن و هاوکاری سەربازی و تەکنیکی و مانۆڕی هاوبەش لە کەنداودا بەهێزتر بووە، بەڵام ڕاپۆرت و لێکدانەوەکانی ڕۆژئاوا کە لە هەفتەکانی پێش لێدانەکە بڵاوکراونەتەوە، بەڕوونی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم پەیوەندیانە سەرەڕای پەرەسەندنیان، ناگاتە هاوپەیمانیەکی بەرگری پابەندکەر، ڕەنگە مۆسکۆ و پەکین پێیان باشتر بێت قەیرانەکە بە شێوەیەکی سیاسی بەڕێوەببەن نەک بەشداری سەربازی بکەن.
وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا بە داننان بە گرنگی ئێراندا، لەدەستدانی هاوپەیمانێکی لە ئێران لە دوای ڕووخانی شا لە ساڵی ١٩٧٩ بە گەورەترین خەسارەتی ستراتیژی ئەمریکا بەدرێژایی شەڕی سارد وەسف کرد، وەرگرتنەوەی ئەم هاوپەیمانیە خەونی هەموو سەرۆکەکانی ئەمریکا بووە، لە جیمی کارتەرەوە تا جۆ بایدن، لەنێویاندا ڕۆناڵد ڕیگان، جۆرج بوش، بیل کلینتۆن، باراک ئۆباما، ئێستاش دۆناڵد ترەمپ، کە هیوادارە بە چارەسەرکردنی ئەم پرسە کە لەلایەن سەرۆکەکانی پێش خۆیەوە بەئەنجامێک نەگەیشتووە، هەوڵئەدات بەم شەڕە مێژوویەکی گرنگ بۆ خۆی تۆماربکات!.
لەکاتێکدا ترەمپ هیچ نهێنیەکی لە تەماحەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ئێران نەشاردۆتەوە، وەک ئەوەی لە فەنزوێلا کردی، بە هەمان شێوە هەوڵی لاوازکردنی چین دەدات بە بێبەشکردنی لە یەک بە یەکی هاوپەیمانەکانی و دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی وزە، ئەگەر ئەمریکا لەم شەڕەدا سەرکەوتوو بێت و بتوانێت ئێران کۆنترۆڵ کات، لە ٧٠٪ ی سەرچاوەکانی وزەی چین له هەردوو دیوی کەنداو کۆنتڕۆڵ دەکات.
لەلایەکی تریشەوە چین گەورەترین سوودمەند بووە لە شەڕەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و وڵاتانی ناوبراو بە ئیسلامیدا، لەنێوان ساڵانی “٢٠٠١ بۆ ٢٠٢١”، کەهاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی خێرای چین لەباری ئابووریەوە. چین پێی باشە ئەمریکا تێکەڵ بە شەڕێکی دیکەی درێژخایەن بێت لە ناوچەکەدا، ئەمەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە، کاتێکی زیاتر دەدات بە چین بۆ بەهێزکردنی تواناکانی لە داهاتوودا. لەهەمانکاتدا ڕووسیا دەخوازێت شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا درێژخایەن بێت و وڵاتانی زلهێزی ئەوروپا (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) ڕابکێشرێنە ناو ئەو شەڕەوە، تا سەرنجیان لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا لابدەن و سەرچاوەکانیان ئاراستەی مەیدانێکی تر بکەن. لەواقیعدا شەڕ لەگەڵ ئێران نوێنەرایەتی بەرچاوترین دەرفەتی پوتین دەکات بۆ لاوازکردنی ئەوروپیەکان و کۆتایهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا لەسەر مەرجەکانی، بەڵام ئەگەر واشنتۆن بەخێرایی ناکۆکی لەگەڵ ئێران بە قازانجی خۆی یەکلایی بکاتەوە، ئەوا حساباتەکان بۆ هەموو لایەک بە تەواوی جیاواز دەبن.
چین لە قبوڵکردنی ئەو واقیعەی ئەگەر واشنتۆن بە توانا سەربازیە ترسناکەکانی هەژمونی ئیرادەی خۆی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، هەروەها لە قبوڵکردنی هەندێک دەوری لە ڕێکخستن سەبارەت بە نەوتی ئێران، بە دڵنیاییەوە بۆ لە هەوڵەکانیدا بۆ هەژمونی بەسەر جیهاندا لە بەرامبەر ئەمریکادا لاوازتر دەمێنێتەوە. تاکە سوودێک کە چین دەتوانێت لەم ئەزموونەدا بەدەستی بهێنێت، وەرگرتنی وانە ستراتیژیە گرنگەکانە بۆ داهاتووی ململانێی لەگەڵ ئەمریکا، چونکە بێگومان چین ناتوانێت دەستبەرداری تەماحەکانی و پێگەی خۆی بێت لە جیهاندا.
هەڵبەتە ئەگەر شەڕەکە پەرە بسێنێت و چین بە ناچاری بچێتە ناو شەڕەکەوە، ئەوا پێش ئەوەی بەر فشارەکانی واشنتۆن بکەوێت، ئەو کارە دەکات، بەڵام ئەو کاتە جیهان دەچێتە ناو جەنگی جیهانی سێیەمەوە!. دەرئەنجامێکی لەو شێوەیە پێویستی بەوە دەبێت چین هەموو تواناکانی لەگەڵ ئەمریکادا لەدەست بدات، شتێک کە پێناچێت واشنتۆن بیەوێت جیهان بەرەو شەڕ پاڵ پێوە بنێت، بەتایبەتی کە هێشتا توانای سنووردارکردنی تەماحەکانی چین و هەڕەشەکردن و فشارخستنە سەری و سەرقاڵکردنی بە چەندین پرسەوە ماوە. جگە لەوەش واشنتۆن توانای ئەوەی هەیە کە بە ناچاری گۆڕانکاری لە سروشتی ڕژێمی ئێراندا بکات بەبێ ئەوەی چین لە سوودە ئابووریەکانی لە نەوتی تاران بێبەش بکات.
لە ساڵانی ڕابردوودا، ئێران هەوڵی داوە تۆڕێکی پەیوەندی ستراتیجی لەگەڵ ڕووسیا و چین بنیات بنێت، لەسەر ئەو بنەمایەی کە گۆڕانی پێکهاتەی سیستەمی نێودەوڵەتی بەرەو فرە جەمسەری دەچێتە پێشەوە، ئەمەش بوارێکی زیاتری پێدەبەخشێت بۆ مانۆڕ لە بەرامبەر فشارەکانی ئەمریکادا، ئەم هاوبەشیانەش لە ڕێکەوتنە درێژخایەنەکانی هاوکاری، ڕێکەوتنە سەربازییەکان، مەشقی هاوبەشی دەریایی و قووڵکردنەوەی هاوکاری لە بوارەکانی وزە و تەکنەلۆژیادا دەرکەوتووە.
ڕێڕەوی پەیوەندیەکانی ئێران و ڕووسیا و چین لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندیە تایبەتیەکان دامەزراوە، نەک پابەندبونێکی گشتگیر لە بواری بەرگریدا، کە مانۆڕە دەریایە هاوبەشەکان لە کەنداوی عومان و گەرووی هورمز، سەرەڕای هێما سیاسیەکانیان، لە ڕووی پانتایی و تواناکانیانەوە سنووردار ماونەتەوە، بەراورد ناکرێن لەگەڵ کۆکردنەوەی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەوە ڕۆشنە کە مۆسکۆ و پەکین زیاتر یارمەتی ئابووری و تەکنەلۆژیایان بۆ تاران دابینکردووە، نەیانگۆڕیوە بۆ ڕێگریەکی سەربازی کە لە درێژماوەدا، توانای بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتی ئەمریکای هەبێت. پێدەچێت روسیا و چین بژاردەی بەشداریکردنی سنوورداریان هەیە و خۆیان تەنها لە هەڵوێستێکی سیاسیدا قەتیسکردووە، نوێنەرایەتی ڕێبازێکی هاوسەنگ دەکەن لە نێوان پاراستنی هاوبەشییان لەگەڵ تاران و دوورکەوتنەوەیانە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە لەگەڵ ئەمریکادا.
ئەگەر گۆڕانی ڕژێم لە ئێران ڕووبدات، گورزێکی گەورەی جیۆپۆلەتیک لە مۆسکۆ و پەکین دەدات. بەمانای لەدەستدانی هاوپەیمانێکی سەرەکی کە بەشداری لە پڕۆژەکانی بنیاتنانی جیهانێکی فرە جەمسەریدا دەکرد، دەوریان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست سنوردار دەکات، هەروەها لەدەستدانی متمانەیانە لەنێوان چەند وڵاتێکی جیهاندا، لە ئاسیای ناوەڕاستەوە تا ئەفریقا، کە وەک هاوپەیمانی روسیا دەناسرێن. کاریگەریەکانی ئەمە لەسەر سروشتی ئەو نەزمە نوێیە جیهانیە دەبێت، کە ڕووسیا و چین هەوڵی دامەزراندنی دەدەن. لەهەمانکاتدا شکستی ئەمریکاش لەدوای شەڕی ئێران، نەتوانینی جێگیرکردنی سەقامگیریە لە ناوچەکەدا، هاوسەنگی پێگەی روسیا و چین بۆ بەردەوامی دەخالەتیان لە ناوچەکە و ململانێیان بەرامبەر جەمسەرە زلهێزەکان لە جیهاندا دەباتە پێشەوە.




کۆتایی خامنەیی و ئایندەی ئێران و ناوچەکە.. عوسمانی حاجی مارف

ئەو کەسەی کە بۆ ماوەی ٣٦ ساڵ حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی کردبوو، دوای کوژرانی لەڕێگەی بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، تیشکی دوبەرەکیەکی قوڵی لە ئێراندا نیشاندا، بەرەیەک شین و ماتەمینیان بۆ کۆتایی خامنەیی گێڕا، بەرەیەکی تر بە شایی و ئاهەنگ پێشوازیان لە مەرگی کرد!.
کاتێک لە ڕۆژی شەممە ٢٨/٢ کوشتنی خامنەیی ڕاگەیەندرا، گرتە ڤیدیۆییەکان لە تارانەوە قەرەباڵغیەکیان دەخستە سەر شاشەی تەلەفیزیۆنەکانیان کە لە گۆڕەپانێکدا بەشێکی زۆریان بە جلوبەرگی ڕەشەوە دەگریان، بەڵام لە ڤیدیۆی سۆشیال میدیادا ئەوە بڵاوکرایەوە کە کەسانی دیکە بە دڵخۆشی و ڕاوەشاندنی سەرپۆشەکانیان دەردەکەوتن.
دەسەڵاتی خامنەیی بەدرێژایی دەیان ساڵ ڕووبەڕووی شەپۆلی نائارامی بۆتەوە، لەوانە ناڕەزایەتیەکانی خوێندکاران لە ساڵانی ١٩٩٩ و ٢٠٠٢، لە ساڵی ٢٠٠٩ و ناڕەزایەتیەکانی “ژن، ژیان، ئازادی” ساڵی ٢٠٢٢ کە دوای مردنی مەهسا ئەمینی لە دەستبەسەربونی لە بنکەیەكی پۆلیسدا سەریهەڵدا.
خامنەیی کە دەیان ساڵە ڕۆژانە و هەمو ساتێک وەک نمونەی گەورەترین زاڵم لە دنیادا، ژیانی خەڵکی ئێرانی بە بارمتە گرتبوو، ئەم کوشتنەی ڕێگەی نەدا وەک تاوانبارێکی دژی ئینسانی لەلایەن خەڵکەوە دادگایی بکرێت،
هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان و گۆڕینی هاوسەنگی هێز نیشانەی موشەکەکانیان ڕوو لە خامنەیی کرد، بەڵام بەجیا لە دوو بەرەی ماتەمینی و بەرەی ئاهەنگ گێڕان، کوشتنەکەی بەم شێوەیە گێژاوێکی جیۆپۆلەتیکیشی دروست کرد، کە بە خێرایی لە بازاڕەکاندا ڕەنگدانەوەکەی دەرکەوت. لەهەمانکاتدا شەڕەکەی لەناوچەکەدا بەرەو فروانی برد، تاران بە بۆردومانکردنی شارەکانی کەنداو تۆڵەی کردەوە، هاوکات هێڵە ئاسمانیەکان گەشتەکانیان ڕاگرت و کەشتیە نەوتهەڵگرەکان ترانزێتیان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە ڕاگیرا، کە یەکێکە لە رێڕەوە ئاویە گرنگەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا، کەشوهەوایەکی تەواو جەنگی مەترسیدار سایەی بەسەر ناوچەکەدا کێشاو کۆتاییەکەی نادیارە!.
وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا هۆشداریدا لەوەی داخستنی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا، ڕەنگە ببێتە هۆی پەککەوتنی بەرفراوان بۆ بازاڕەکانی نەوت و غازی جیهانی، لەکاتێکدا گرژیە سەربازیەکان لە ناوچەکە بەرەو هەڵکشانی زیاترە، خەریکە گواستنەوەی کەشتیوانی لەڕێگەی یەکێک لە چارەنوسسازترین ڕێڕەوی ئاوی و وزەی جیهانەوە پەک دەخرێت و دۆخی ئابوری ناوچەکە دەرگیر بە قەیرانێکی سەخت دەکات، کە جگە لەوەی ئەم شەڕە دۆخێکی تەواو نالەبار و تراژیدی بۆ خەڵکی ناوچەکە خولقاندووە، لە هەمانکاتدا قەیرانی ئابوریش کاریگەری مەترسیدار لەسەر بژێوی خەڵکی ناوچەکە زیاد دەکات.
نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دابینکردنی نەوتی جیهان بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت، کە هەناردەکردنی گەورە لە سعودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، عێراق، کوەیت و قەتەرەوە دەگرێتەوە، ئەمە جگە لە ناردنی غازی سروشتی شل. هەر جۆرە پچڕانێکی ترانزێت فشارێکی بەرچاو دەخاتە سەر بازاڕە نێودەوڵەتیەکان.
لەلایەکی ترەوە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تاران هاوبەشێکی سەرەکیە بۆ مۆسکۆ لە پرسە ناوچەییەکاندا، بەڵام نەبوونی وەڵامێکی بەهێزی ڕووسیا لەبەرامبەر سیاسەتەکانی ئەمریکا، ئاماژەیە بەوەی کە خواستی کریملن، دوورکەوتنەوەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە بەرامبەر واشنتۆن و ئەم شەڕەی بەرامبەر بە ئێران. روسیا ئەوە باش درک دەکات کە دەخالەتی ڕاستەوخۆ لەم شەڕەدا بە قازانجی نابێت.
مەترسیی سەرەتایی لە نادڵنیایی ئایندەی حوکمڕانی لە ئێراندا لەوەی چی بەسەر دێت و چی ڕووئەدات و چۆن مانەوەی ناوەندبونی ئێران دەپارێزرێت.؟ مەسەلەیەکی واقعیە. بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزی پێکهاتەی سیستمی سیاسی، دەسەڵاتی سوپای پاسدارانی ئێران و سروشتی بنکە ئایدیۆلۆژیەکەی، هەرچەندە تائێستا خۆی ڕاگرتووە، بەڵام ڕێڕەوی سیاسی و ئابووریەکەی قورس بوە و ئیمکاناتی سەربازی دابەزیوە، پێشبینی دەکرێت ئێران بەرەو ئەگەری پارچە پارچە بوون ببات.
کۆماری ئیسلامی وەک گۆشەگیرترین وڵاتی جیهان هاتە ناو ئەم شەڕەوە، هیچ هاوپەیمانێکی نەبوو کە ڕاستەوخۆ پشتیوانی بکات و هاوپەیمانی بێت. پاشان سەرکردەکانی بە هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە دۆخەکەیان خراپتر کردو ئەو حکومەتانەی بێلایەنییان هەڵبژاردبوو، کردە نەیارێک کە خۆیان لە دژی ئێران ڕێکخست.
ئەگەری زیادبونی مەترسیەکان لە سەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەست پێدەکرێت، کە ڕەنگە بازاڕەکان بە پشتبەستن بە گریمانەی “شۆکی ڕژێم” لە ئێران نرخی سەروەت و سامانەکان دووبارە دابڕێژنەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو دۆخێکی سیاسی ناجێگیر و ئاڵۆزتر بەرێت، ئەگەر ئێران ئامادەیی بۆ دانوستان نیشان نەدات، دواتر بە ئەگەری داڕمانی ئێران ئەم شەڕە کۆتایی بێت.
تیرۆرکردنی خامنەیی، نوێنەرایەتی بوومەلەرزەیەکی سیاسی بێوێنە دەکات، کە دەتوانێ ئێران بخاتە قۆناغێکی تر لە داڕشتنەوەی پێکهاتەی هاوسەنگی دەسەڵاتی سیاسیەوە و دووبارە حیسابکردنەوەی دەورو ئەولەویەتی هێزە ناوچەییەکانەوە، بۆیە داڕمانی ئێران حەتمی نییە، بەڵام چیتر لە پرسیارێکی ناڕۆشن دەرناچێت و ئایندەیەکی ناڕۆشن و دۆخێکی پێچیدە بە ئێران و ناوچەکە دەبەخشێت.
لەم چوارچێوەیەدا ئەو گریمانەیە دێتە ئاراوە کە شەڕی بەردەوام لە لۆژیکی ڕێگری سەربازی تێدەپەڕێت و لە ئامانجێکی ستراتیژی فراوانتر نزیک دەبێتەوە، ئەویش لاوازکردنی ڕژێم و ڕەنگە تەنانەت ڕووخاندنی ڕژێمیشی لێکەوێتەوە.
ئەمڕۆ لەم شەڕەدا تەنها زنجیرەیەک لێدان نییە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئاشکرایە کە تا دێت شەڕەکە فراوانتر دەبێت، لەگەڵ هەر پچڕانێکی ئاستی هاوسەنگی هێز لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو پرسیارە چارەنووسسازە دەمێنێتەوە، کە ئایا دامودەزگاکانی ڕژێم دەتوانن یەکگرتوبن و بەردەوام بن، یان هەڵوەشاندنەوەیان دەست پێدەکات؟
ململانێی فراکسیۆنەکانی ناو سوپای پاسداران و ڕەوتە ئاینیەکان لەسەر فۆرم و دەسەڵاتەکانی سەرکردایەتی داهاتوو، دەرئەنجامەکەی ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی سنووردارە، کە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کاتی نفوزی ناوچەیی لاواز بکات بەبێ داڕمانی دەوڵەت، لەو کاتەدا ئەگەری ئەوە هەیە ئارایشێکی تر لەناو هەمان ڕژێمدا ڕێکخەنەوە، چونکە هیچ ئەلتەرنەتیفێک لەدەرەوی دەسەڵاتی ئێستا، ناتوانێت سەقامگیری لە ئێراندا ڕاگرێت.
بەکورتی، لە هەموو حاڵەتێکدا ئێران دەگۆرێت و ئێرانی سەردەمی خومەینی و خامنەیی نامێنێت، کە هەر لەئێستاوە چووەتە قۆناغێکی نوێوە، پرسیاری پێناسەکەری ئەو قۆناغە ئەوەیە، کێ شوێنی ڕێبەرایەتی دەگرێتەوە؟ داینامیکی چ هێزێک زاڵ دەبێت؟ ڕووخانی ڕژێم ئەگەرێگە، بەتایبەتی لەدرێژ ماوەدا و لە لەهەمانکاتدا لەڕووی تیۆری و واقعیەوە مانەوەشی مانای نابێت، ئەمەش ئەو دۆخە ئاڵۆزەیە ئایندەی ئێرانی بە لێڵی راگرتووە.
شایانی باسە قۆناغی داهاتوو لە هەوڵی ئەمریکادا گەر بۆی سەربگرێت، چارەنوسی ئێران لە چوارچێوەی بازنەکانی پێکهاتەی رژێم و دەسەڵاتی ئێستادا یەکلایی دەکاتەوە، واتە پێش هەر دەور و دەخالەتێکی خەڵکی و ناوخۆیی، ئەمریکا دەسەڵاتێکی ملکەچی خۆی لە پێکهاتەی سوپای پاسداران دادەمەزرێنێت. بەڵام پێموایە گەر هەر هۆکار و درزێکی قووڵی ناوخۆیی لە ئێراندا بە ئاراستەی گۆڕانی ڕژێم و لە دەسەڵاتدا رووبدات، واقعیەتی کاریگەری دۆخی شێواو ئاژاوە و ناجێگیری ئێران دەتوانێت نەخشەی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکێشێتە دۆخێکی ترەوە و شکستی سیاسی ئەمریکا بسەلمێنێت.

خامنەیی ڕۆیی و بە کۆتایی ژیان گەیشت، بەڵام سەدان تاوانبار و دوژمنی ئازادی و یەکسانی و ئینساندۆستی کە نەخشە داڕێژی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێرانن، یان دەوریان لەم شەڕەدا هەیە و سودمەند دەبن لەم شەڕە، جارێکی ترو لە چوارچێوەو شێوازیکی تردا زوڵم و ستەم و یاری بە ژیانی خەڵک زیاتر بەرجەستە دەکەنەوە.
خۆشحاڵی خەڵک لە ئێران بە کوشتنی خامنەیی و سەرکردەکانی دیکەی ڕژێم، مافی کاردانەوەی خواستی چەندین ساڵەیانە و لە شوێنی خۆیدایە، بەڵام ئەم کوشتنە کە لەلایەن تۆڕێک لە چەتە و ئینسانکوژ و تاوانبارانی جەنگەوه ئەنجامدراوە، نابێتە سەرکەوتن بۆ خەڵکی ئێران، نابێتە دیاریکردنی ئایندەیەک بۆ بەدیهێنانی خواست و ئارەزوەکانی خەڵک بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی، تاوانەکانی بکوژانی خەڵکی ئەفغانستان، عێراق، سوریا، فەلەستینن و ئێران کە هاوتای دەسەڵاتدارانی تاوانبارانن لە ئێران، ئێستا پاڵەوانی ئەم شەڕە وێرانکەرەن و بێئیرادەکردنی خەڵک توندتر دەکەنەوە.
ئەوەی ترامپ و ناتانیاهو ئەو گروپانەی کە داوا لە خەڵک دەکەن، لەژێر بۆردومانی بێوەستاندا بڕژێنە سەر شەقامەکان، بە ئاشکرا هاوئاهەنگی خۆیان بۆ دوژمنایەتی و نابەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە ژیان و ئەمنیەتی خەڵک دەسەلمێنن، خەڵکی دەکەنە قوربانی و سوتەمەنی بۆ ئامانجەکانیان.
ئەم شەڕە جگە لە دەرئەنجامە وێرانکەرەکانی و ئەو زەبر و زەنگە قورسە مرۆییانەی کە بەسەر خەڵکی ئێران و ناوچەکەدا دەسەپێنرێت، لەبەردەوامیدا، هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە قۆناغێکی خوێناوی پرکارەساتەوە، خەڵکی ئێران لە خەباتی ئازادیخوازانەی خۆیان لە دژی کۆماری ئیسلامی لە خراپترین بارودۆخی مومکین دادەنێن.
پێویستە لە سەرانسەری جیهان لە دژی ئەم شەڕە وێرانکەرە و بۆ کۆتاییهێنانی راوەستین.

عوسمانی حاجی مارف




کارەساتەکان لە ئایندەی ئێراندا.. عوسمانی حاجی مارف

کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ئەوەی بەهۆی هێرشە چڕەکانی ئاسمانی و تیرۆرکردنی خامنەیی و کوشتنی زیاتر لە پەنجا فەرماندەی باڵای دیکە، ئاستێک لە لاوازی پێوە دیارە، هاوکات سەرکردەکانی ئێران دوای ئەو ڕوداوانە بە چواردەوری خۆیاندا موشەک دەهاوێژن. جگە لەوەش چەند شوێنێکی مەدەنی لەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج و لە ئەنجامدا سەدان هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا، کە بەشێکی زۆریان منداڵ بوون. لەهەمانکاتدا تاران هێرشی موشەکی و سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەرەو ئیسرائیل ڕەوانەکرد، هەروەها بەرژەوەندیەکانی ئەمریکای لە چەند وڵاتێکی ناوچەکە کردە ئامانج.
ئەوەی دەیبینین هێشتا ئێران بەردەوامە لە شەڕ، تەنانەت ڕەتیکردۆتەوە دانوستان لەسەر ئاگربەست بکات. ئاشکرایە کە جەنگ جگە لە کەشوهەوای مەترسیدار، دیاردەیەکی زۆر ناجێگیرە، لە هەموو ساتێکدا ڕەنگەکانی دەگۆڕێت، کۆنتڕۆڵکردنی قورسە و هەرگیز لەسەر یەک فۆڕم جێگیر نابێت، هەموو جارێک دەوڵەتەکان بە متمانەیەکی شیکاریەوە دەچنە ناو شەڕەکەوە، کە بڕیاردەران دڵنیان لەوەی کاتەکە کورت دەبێت و تێچوونەکەی بەڕێوەدەچێت و دەرئەنجامەکانیش کۆنترۆڵ دەکرێن، ئەوە ڕاستە کە شەڕ درێژکراوەی سیاسەتێکی دیاریکراوە، بەڵام درێژکراوەیەکی میکانیکی سیاسەت نییە، بەڵکو بوارێکە کە ڕێکەوت لەخۆی دەگرێت، ئیرادەکان بەریەکدەکەون و گریمانە سەرەتاییەکان بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەرەوە دەڕوخێن، شەڕ هەموو ساتێک ڕەنگی دەگۆڕێت، کاتێک شەڕەکە دەست پێدەکات هەرگیز لە دەرکەوتنی سەرەتایی خۆی ناچێت و کێشەکانی بەهەر حساباتێکی پێشترەوە، لە ڕێڕەوی شەڕەکەدا دەردەکەون.
کاتێک لەشکرکێشی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا هاتە ئاراوە، لە پێشبینی ئیدارەی جۆرج بوشدا کە ڕوخاندنی ڕژێمەکەی (سەدام حوسێن) بە مانای کۆتایی هاتنی شەڕەکە دێت و بۆشایی سیاسی بە ئەندازیاری دامەزراوە نوێیەکان بە خێرایی پڕ بکرێتەوە. جارێکی تریش حیساباتی هەڵەی پلاندانەرانی ئەمریکی ئەو ڕاستیەی سەلماند، کە دەروازەی لافاوەکانی توندوتیژی مەدەنی کرایەوە و لەشکرکێشی تاکتیکی گۆڕا بۆ تاڵاوێکی ستراتیژی درێژخایەن لە عێراقدا، کەتائێستاش خەڵکی عێراق باجەکەی ئەدەن.
لەوەش گرنگتر ئاماجی ئەمریکا لە شەڕی کەنداوی یەکەمدا، وەک تاکە جەمسەرێک بۆ باڵادەسەتی بەسەر جیهاندا، نەک سەرکەوتو نەبو، دواتر جەمسەرەکانی تر وەک ڕکابەرانێکی زلهێزی دنیا دۆخی جیهانیان لەبەرامبەر باڵادەستی ئەمریکادا سنوردارکرد، هەر بۆیە شەڕی کەنداوی دووەم جیاواز بو لەگەڵ شەڕی کەنداوی یەکەم.
تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی، وەک ئەوەی ئیسرائیل و واشنتۆن پێشبینیان کردبوو، کە پێیانوابو دوای لەناوبردنی خامەنەیی ئێران هەرەس دێنێت، بەڵام نەک ئەم تیرۆرە نەبۆتە هۆی ڕووخانی ڕێژیمی ئێران، بەڵکو ئێران بەردەوام بوو لە خۆڕاگری خۆی. ئەم دەرئەنجامە بووە هۆی ئەوەی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل سیاسەتێکی “زۆرترین فشار” پەیڕەو بکەن، کە لە هەمانکاتدا بکەونە گیانی خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی کۆمەڵگە بکەنە ئامانج، بەو بڕواو مەبەستەی کە ترس و دڵەڕاوکێ بەڵکو ڕاپەڕینێکی ناوخۆیی دەستپێدەکات!.
ئەم هەنگاوە شڵەژاوی ئەمریکاو ئیسرائیل نیشانیاندا ئامانجە سیاسیەکانی خۆیان بەدی ناهێنێت، ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین، گەلی ئێران لەگەڵ ئەوەی بەدوای سەرنگونی کۆماری ئیسلامیەوەن، بەڵام لەگەڵ ئەم شەڕەدا نین و خواست و ئیرادەی ئەوان نیە، لەهەمانکاتدا دەستێوەردانی دەرەکیش ڕەتدەکەنەوە، بە ڕۆشنی جیاوازی لە نێوان ناڕەزایەتی خۆیان لە ڕژێم و هاوکاری لەگەڵ زلهێزە دەرەکیەکان دەکەن، ئەمەش پێگە و خۆڕاگری ڕژێم سەرەڕای گوشارەکان ڕوون دەکاتەوە.
هەڵبەتە هەوڵەکان بۆ ئیستغلالکردنی تووڕەیی گشتی و پەرەپێدانی هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی مەحکوم بەشکستە، پەنابردن بۆتیرۆرکردنی سەرکردەکان بۆ پەلەکردن لە ڕووخانیان لە دۆسیەی ئێراندا، ئاشکرایە سەرکەوتوو نەبووە.
بە شێوەیەکی نائاسایی، ئێرانیەکان توشی سەرسوڕمان بوون بەهۆی هەڵمەتێکی بۆردومانی ئیسرائیل-ئەمریکیەوە کە دەیان شوێنی مەدەنی و تەندروستی و پەروەردەییان کردە ئامانج، تەنها دوو ڕۆژ دوای دەستپێکردنی شەڕەکە بۆ سەر ئێران. سەرەڕای بەیاننامە فەرمیەکانی ئێران کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەنیا ئامانجە سەربازیەکان دەکەنە ئامانج، جا ئەمەریکایی بێت یان ئیسرائیلی لە ناوچەکەدا، پەنایان بردە بەر بۆردومانکردنی قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان، گۆڕەپانە گشتیەکان، ماڵەکان و باڵەخانەکان، لە ئەنجامدا سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش برینداربون لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا.
مەودای هێرشە ئاسمانیەکان بەشێوەیەکی بەرچاو فراوانتر بوو، دەیان شار و شارۆچکەی ئێرانی گرتەوە، زیاتر لە ١٣٠ شار و گوند لە ڕۆژانی یەکەمی شەڕدا بۆردومان کراون و لە ئەنجامدا سەدان کەسی مەدەنی کوژراون و بریندار بوون، ئەمە جگە لە زیانی بەرفراوان بە ناوچەی نیشتەجێبون و وێران بونی دامەزراوە خزمەتگوزاریەکان.
کارەساتترین ئاماری ئەو هێرشانە لە کەرتی پەروەردە بووە، وەزارەتی پەروەردەی ئێران کوژرانی ١٧٠ خوێندکار و مامۆستای لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیە بەردەوامەکانی ڕاگەیاند. کوشندەترین هێرش، قوتابخانەیەکی سەرەتایی کچانی شاری مینابی سەر بە پارێزگای هورمزگانیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە ١٦٥ کەس کوژران و ٩٦ کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆربەیان منداڵ و خوێندکار بون. وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە میدیاکانی ئێراندا بڵاوبوونەتەوە، دەریدەخەن دەیان کەس لە دەوری بەشێکی داڕماوی بیناکان کۆبوونەتەوە و لەناو داروبەردا بەدوای قوربانیەکاندا دەگەڕێن، لەکاتێکدا دوکەڵ لە ناو وێرانەی ساختمانەکانەوە دەهاتە دەرەوە، دوابەدوای ئەم هێرشانە، وەزارەتی پەروەردەی ئێران ڕاگرتنی دەوامی تا کۆتایی ساڵی خوێندن ڕاگەیاند.
واشنتۆن و ئیسرائیل هەوڵیانداوە سەرکردایەتی باڵای ئێران هەڵبوەشێننەوە و دامەزراوەکانی کۆنترۆڵکردنی ناوخۆیی ئێران لاواز بکەن. دوای تیرۆرکردنی خامنەیی، تەرکیزەکان گۆڕدرا بۆ ئامێری ئاسایشی ناوخۆ و کە لە بنەڕەتدا ئامانجی هێرشەکان بۆ ملکەچکردنی کۆماری ئیسلامی یان گۆڕینی ڕژێمی ئێران بووە.
گومانی تێدا نییە ئەمە شەڕێکە بۆ گۆڕینی ڕژێم، بەدوای هیچ کۆمەڵە ئامانجێکی تەسک و ئاسانەوە نین، پێدەچێت ئەمریکا و ئیسرائیل پلانێکی کردەیی دوای ململانێکانیان یان دوای شەرەکەیان نیە، لە کۆتاییدا رژێم و وڵاتی ئێران وێران دەکەن و بەجێی دەهێڵن، هەندێک پلانی دوای ڕووداوەکانمان دیوە، وەک لە عێراق و ئەفغانستان، بە کارەسات کۆتاییان هات، پێشبینی دەکرێت کە ئێرانیش بێ کارەسات تێنەپەرێت، کارەساتێک تەواو جیاواز و زیاتر لە کارەساتەکانی ئەفغانستان و عێراق و سوریا و فەلەستین دەبێت.
هەموو ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشداری لەم شەڕەدا بکەن و لایەنگری لە هەر لایەنێکی شەڕەکە بکەن، بەهەر نیازو مەبەستێکەوە ئەم کارە ئەنجام بدەن، دەبنە بەشێکی هاوبەشی تاوانباری ئەو کارەساتانەی کە ئاکامی ئەم شەڕە ژیانی خەڵکی ئێران و ناوچەکە دەکاتە قوربانی و سوتەمەنی.
ئەو لایەن و هێزانەی لە کوردستانی ئێران، لەم هەلومەرجەدا بۆ خزمەت بەسیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبنە بەشێک لە بەرەی هێرشی بەشی پێشەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ناو ئێران، تێوەگلانی خەڵکی کوردستانە لەشەڕێکەوە، کە ئاکامەکەی دەیانکاتە هاوبەشی وێرانکاریەکان و کوشتنی بە کۆمەڵ، بەشداریانە لە بەرامبەر ئایندەیەکی نادیاربۆ ئێران.
ئەم شەڕە یەکێکە لە بەڵا هەرە گەورەکانی سەدەی بیستویەک و کاریگەریەکانی لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت، کەشوهەوای پانتایی ئاگرێکی گەورەیان هەڵگیرساندوە، کە کوژانەوی ئاسان نابێت و درێژخایان دەبێت، بۆیە دەبێت ئەم شەڕە دەستبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێک بوەستێنرێت.




سەختیەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

بەدوای هەڵبژاردنی عێراق، کێشەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پێکهێنانی حکومەتدا، پێیناوەتە هەستیارترین تاقیکردنەوەی سیاسی، تائێستا لەسەر سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەت بە ئەنجامێک نەگەیشتون.
دوای ڕاگەیاندنی لەناکاوی کاندیدکردنی نوری مالکی، بۆ پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت، کە بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرا، بڕیاری ئەم هەڵبژاردنەی مالکی تەنیا هەڵبژاردنی کاندیدێک نەبوو، دیمان بەخێرایی پەرەی سەند و بوو بە قەیرانێکی ئاڵۆز، هەماهەنگی شیعەکانی خستە بەرامبەر فشارە ئاشکراکانی ئەمریکا، کە دژی کاندیدکردنی مالکی بوو، ئەمەش پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراقی گۆڕیوە بۆ گۆڕەپانێکی کراوەی ململانێی ناوچەیی.
لایەنە شیعەکان خۆیان لەبەردەم دووڕیانێکی ئەوپەڕی ئاڵۆزدا بینیەوە، ئەویش لەلایەک پاراستنی یەکگرتوویی ماڵی لایەنە شیعەکانە، لەلایەکی ترەوە بەرگرتنە بەخلیسکاندنی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی و ئابووری لە بەرامبەر واشنتۆندا.ترەمپ کاندیدکردنی مالکی بە سیاسەتێکی شێتانە پێناسەکرد، هەروەها هەڕەشەی کشانەوەی هاوکاریەکانی ئەمریکای بۆ عێراق ڕاگەیاند، چەندین هەڕەشە و پەیامی ئەمریکی ئەوەیان دەگەیاند کە بەدژی پێکهێنانی حکومەتێکن سەرۆکەکەی مالکی بێت.
دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سودانی زۆرترین کورسی بەدەستهێنا و خۆی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی کاندید کردەوە. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕکابەریە توندەی نێوان سودانی و مالکی، دۆخەکە بۆ سودانی ئاڵۆزتربو، بۆیە سودانی ڕێبازی سیاسی خۆی لە دەرەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەرامبەر مالکیدا دەستپێکرد.
لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی نەیانتوانی ئەو چەقبەستویەی نێوان مالکی و سودانی چارەسەر بکەن، لەهەمانکاتدا هەموو کاندیدەکانی دیکە ڕەتکرانەوە، بەمەش ڕکابەری بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرەک وەزیران تەنها لەنێوان مالکی و سودانیدا مایەوە، بەمشێوەیە سودانی بۆی دەرکەوت کە لە دۆخێکی سەختدایە و پێویستی بە چارەسەرە، بەناچاری سودانی بۆ دەربازبوون لەم دۆخە سەختە، پێی باشبوو لە کاندیدبونی خۆی بکشێتەوە و پشتگیری لە کاندیدکردنەکەی مالکی بکات، بەڵام قەیس خەزعەلی، عەمار حەکیم، حەیدەر عەبادی و موحسین مەندەلاوی دژی کاندیدکردنی نووری مالکی بوون، دوای ئەوەی کاندیدبونی مالکی ڕەتدەکرایەوە، جارێکی تر سودانی کاندیکرایەوە.
مالکی پشتیوانی هێزەکانی دیکەی چوارچێوەی هەماهەنگی مسۆگەر کردبوو، دیارترینیان ڕێکخراوی بەدر بوو بەسەرۆکایەتی هادی عامری هاوپەیمانێکی نزیکی ئێران لەگەڵ ژمارەیەک کوتلەی چەکداری شیعە کە تاران پشتیوانی لێدەکردن. بەڵام لەمیانی کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدکردنی مالکی بۆ پێکهێنانی حکومەت، پەیامێک لە ئەمریکاوە گەیشت، لە پەیامەکەدا هۆشداری دراوە بەسەرکردەکانی چوارچێوە، لە سەر کاندیدکردنی مالکی و بە ڕوونی ڕەتکردنەوەی ئەم کاندیدکردنە لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە خراوەتەڕوو. پەیامەکەی ئەمریکا چەند خولەکێک پێش تەواوبوونی دەنگدان لەسەر کاندیدکردنی نوری مالکی گەیشتۆتە کۆبونەوەکە، کاتێک پەیامەکە لە کۆبوونەوەکەدا خوێندراوەتەوە، مالکی تووڕە بووە و پەیامەکەی ڕەتکردۆتەوە، پێداگری لەسەر تەواوکردنی کۆبوونەوەکە و پشتگوێخستنی پەیامە ئەمریکیەکەی کردووە، لەهەمانکاتدا ترەمپ ڕایگەیاند کە ئیدارەی ئەمریکی کاندیدکردنی مالکی ڕەتدەکاتەوە، ئەمەش یەکەمجارە کە ئیدارەیەکی ئەمریکا بە ئاشکراو ڕاستەوخۆ دەستوەردان بکات لە پێکهێنانی حکومەت لە عێراقدا.
لەنێوان ڕەتکردنەوەی ئەمریکا و پشتیوانی ئێران، مالکی و لایەنگرانی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، خۆیان بە کاندیدبونی مالکیەوە چەسپاند و هەر هەوڵێکیان بۆ کشانەوە ڕەتکردەوە. دوای پێداگری مالکی و چەند لایەنێکی چوارچێوە بۆ کاندیدکردنی مالکی، پەیامێکی ئەمریکی لەڕێگەی باڵیۆزخانەکەیەوە لە بەغدا گەیاندرایە سەرکردەکانی چوارچێوە، کە تیایدا واشنتۆن بڕیاریداوە ڕێگری لە مالکی بکات لە دەستبەکاربونی لە حکومەتی داهاتودا. لە پەیامەکەدا ئەوەش ڕاگەیەنرابوو، ئەگەر چوارچێوە بەردەوام بێت لە بڕیارەکەی بۆ کاندیدکردنی مالکی، ئەمریکا لە مانگی ئازاری ٢٠٢٦ەوە سزا بەسەر کۆمپانیای نەوتی عێراقی سۆمۆ و بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی نەوت و هەروەها کەسایەتیە سیاسیەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەپێنێت. دوای ئەم پەیامه چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبونەوه، هەوڵیاندا مالکی ڕازی بکەن خۆی له کاندیدکردن بکشێنێتەوه و عێراق له قەیرانی ئابووری وێرانکەر بپارێزێت، به ڵام مالکی ڕازی نه بووه.
بەگشتی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، تەنانەت ئەوانەش کە دژایەتی کاندیدبونی مالکیان دەکرد، نەیاندەویست لەبەردەم دەنگدەرەکانیان و هێزە سیاسیەکانی تر واتە لایەنەکانی سونە و کورد لاواز دەربکەون، خۆیان لە دۆخێکی سەختدا بینیەوە، ناچاربون لەنێوان تاران و واشنتۆندا یەکێکیان هەڵبژێرن. بەم جۆرە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کەوتنە ناو قەیران و ناو بیرێکی قووڵەوە، ئەگەر پێداگری لەسەر بەردەوامبون لە کاندیدبونی مالکی بکەن، مەترسی ئەوە دەکەن پەیوەندی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە پشتیوانی و هاوسەنگییەوە بگۆڕن بۆ دوژمنایەتیەکی ڕاشکاوانە. ئەمەش دەتوانێت کاردانەوەی جددی هەبێت، وەک سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر نەوتی عێراق و سەرچاوەکانی دۆلاری ئەمریکی و ڕێگریکردن لە هاوکاری سەربازی و هەواڵگری نێوان هەردوو وڵات. پاشان عێراق دەبێتە بەشێک لەنێو ململانێی سەربازی ئەگەری شەڕی نێوان تاران و واشنتۆن.
لەلایەکی ترەوە ئەگەر سەرکردەکانی چوارچێوە پابەندبن بە ڕەتکردنەوەی ئەمریکا لەسەر کاندیدکردنی مالکی، سەرەڕای پشتیوانی ئێران لە مالکی، وەک ئەوە وایە کە بە ئاشکرا نیازی خۆیان بۆ پەیوەستبوون بە کەمپی ئەمریکی لە دژی ئێران ڕاگەیەنن، ئەمەش کاردانەوەی جددی هەیە، کوتلە چەکدارەکانی عێراقی هاوپەیمانی تاران بێدەنگ نابن و کار بۆ زیاتر ناسەقامگیرکردنی عێراق دەکەن، وەک سزایەک لەبەرامبەر تەسلیمبونی چوارچێوەی هەماهەنگی بە فشارەکانی ئەمریکا.
ئەو بنبەستەی ئێستا کە هەڕەشەی تێکدانی سەقامگیری عێراق و تێکدانی یەکگرتوویی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە و قەیرانی پێکهێنانی حکومەت دەکات، سەرکردەکانی چوارچێوە بیر لە چارەسەرێک دەکەنەوە، بۆ دەربازبونیان لەم دۆخە سەختە بە کەمترین زیان. لەنێوان لایەکانی چوارچیوە زیاتر قسە لەسەر دواخستنی کشانەوەی مالکی کراوە تا ئەوکاتەی وادەی یاسایی سەرۆك وەزیران تەاو دەبێت، پاشان هەنگاونان بۆ چارەسەرێک کە بریتی بێت لە پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی ڕاگوزەر بە سەرۆکایەتی سودانی، دواجاریش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی عێراق بکەن.
هەروەها سەرکردەکانی چوارچێوە پێیانوایە باشترە پێکهێنانی حکومەت ڕاگرن تا ئەوکاتەی دانوستانەکانی ئێستای نێوان تاران و واشنتۆن بە هەر ئەنجامێک دەگات، ئەمە بە باشترین چارەسەر دەزانن بۆ دەرچونیان لەو قەیران و چەقبەستبونەی ئێستایان! لەهەمانکاتدا پێکهێنانی حکومەتی هەرێمیش لە هەمان بازنەو قەیران و کێشەکانی پێکهێنانی حکومەتی بەغدادا، چاوەڕوان دەکات، چارەنوسیان پەیوەستە بە دۆخی سیاسی عێراق و ململانێی ئەمریکا و ئێرانەوە.
هەڵبەتە لە ڕۆژانی داهاتوودا هاوکاتی کێشەکان و ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران، بەدڵنیایەوە مالکی ناتوانێت پۆستی سەرەک وەزیران بەدەستبهێنێت. دۆخەکە بەجۆرێک سەخت دەردەکەوێت کە مەسەلەکە چیتر تەنها پەیوەندی بە کەسایەتی مالکی و پێشینەی سیاسیەوە نییە، بەڵکو دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە لەو واوەتر و پێجیدە ترە تائەوەی بتوانرێت مەسەلەی سەرەک وەزیرو حکومەتی عێراق یەکلایی کرێتەوە، بۆیە پێویستە تەواوی هێزو لایەنە شیعەکان و هاوپەیمانەکانیان لە دەسەڵاتدا، واتە هێزەکانی ئیسلامی سیاسی سونە و ناسیۆنالیستە کوردەکان و ئۆپۆزیسیۆنەکانیان کۆتایی بە دەوریان لە دەسەڵاتی سیاسیدا بهێنرێت. لەهەمانکاتدا پێشئەوەی عێراق ببێتە قوربانی مانۆڕەکانی نێوان تاران و واشنتۆن و خولقاندنی کارەساتی گەورە، پێشوەخت پێوستە خەڵکی عێراق و کوردستان بەتەنگ ئەمنیەت و ژیانی خۆیانەوە بن، هیچ ئومێدێکیان بەو هێزو لایەنە سیاسیانە نەبێت، کە دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا لەسەر بنەمای تائیفی و ئیسلامی و قەومی دادەمەزرێنن. ئەو جۆرە دەسەڵاتانە بەبێ هێزی میلیشیاو و دزی و جەردەیی و تاڵانی و کۆکردنەوە دەسکەوتەکانی جەنگ، ناتوانن خۆیان بپارێزن.
لەم دۆخەدا زۆر گرنگە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لە عێراق و کوردستان زیاتر لەهەوڵی ئامادەکاری و فراونبون و رێکخراوبونەوە بن لە مەیداندبن و خۆیان لە کاریگەریەکانی جەنگ و کارەساتەکانی بپارێزن.

عوسمانی حاجی مارف




یاریەکانی ئەمریکا لە ئێران و ناوچەکەدا!.. عوسمانی حاجی مارف

دوای هەشت مانگ لە شەڕی ١٢ ڕۆژە، کە ئەمریکا و ئیسرائیل بەناوی هەوڵدان بۆ لێدانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکیەکانی ئێران بەرێیانخست، ئێستا واشنتۆن جارێکی تر لە لێواری شەڕ لەگەڵ تاران وەستاوەتەوە. وەستانی شەری ١٢ رۆژە مانای کۆتایی گرژیەکان و وەستانی نەخشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل نەبوو لە ناوچەکە بەگشتی و ئێران بە تایبەتی، هەربۆیە ئێستا دەبینین گەورەترین گردبونەوەی سەربازی ئەمریکا لەڕێگەی ئاسمانی و دەریاییەوە بۆ فشارخستنە سەر ئێران، بە ئاشکرا نمایشێکی مەترسیدارتر نیشان ئەدات.

بە ئاماژەدان بە ئاستی دڵەڕاوکێی ڕژێمی ئێران لەبەرامبەر کردەوەی سەربازی ئەمریکادا، کۆماری ئیسلامی ئامادەیی دانوستانیان نیشانداوە، بەبێئەوەی دیاربێت کە ئاستی دانوستانەکان بەچی دەگات و دواتر چی ڕووئەدات!

هەڵبەتە بەردەوام چاوەڕوانی ئەوە دەکرا که له مانگەکانی داهاتوودا خولێکی دیکەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەست پێبکاتەوە، وەها نیشان ئەدرێت ئامانجی ئیسرائیل زیاتر بۆ لاوازکردنی توانا موشەکیەکانی ئێران بێت. جگە لەوەش، چاوەڕوان دەکرا ئەگەری هەر لێدانێک بەهەوڵی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بێت، کە ئامانجی فراوانتری بەدواوەیە، بەتایبەتی بۆ ملکەچکردنی ئێران و ئاڵوگۆڕێک لەڕژێمی ئێڕان بە قازانجی ئەمریکا و ئیسرائیل تەواو ببێت، بەڵام وەک لە حوزەیرانی ٢٠٢٥دا، ترامپ ڕێگایەکی دیپلۆماسی بۆ دەربازبون خستەڕوو، بەهەمانشێوە ئەمریکا پێشنیاری ئەوە دەکات، تاران دەتوانێت خۆی لە لێدانەکان بەدوور بگرێت، ئەویش بەمەرجی قەبوڵکردنی تەواوی خواستەکانی ئەمریکا.

لە تەواوی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، پەیوەندی دیپلۆماسی هەردوولایان، هەمیشە پڕ بووە لە ئاستەنگی و سەختیی ڕێکەوتن، ئەو پرسانەی کە لە کارنامەی دانوستانەکاندا هاتووە، وەک بەرگرتن بە بەرنامەی ئەتۆمی و بەرنامەی مووشەکی، سنوردارکردنی دەخالەتی ئێران لە ناوچەکە و پشتیوانیکردنی لە میلیشیاکان و گروپە تیرۆریستیەکان، بۆ دەیان ساڵە لە بەرنامەی کاردا ماونەتەوە و بە ئەنجامێکی عەمەلی نەگەیشتون. هەڵبەتە گومانی تیا نیە گەر ئێران لەوانەش زیاتر بخاتە بەرنامەی کاری سیاسیەوە، بە مەرجێک، پەیوەند بە پاراستنی دەور و نفوز، دەخالەت و باڵادەستی ئەمریکاوە جێبەجێیان بکات، بەمانایەک وەک هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەنگاوەکانی بنێت، بەدوور بوەستێت لە پەیوەندی بە بەرژەوەندیەکانی روسیا و چینەوە، هاوکێشەی سیاسی ناوچەکە دەوراێنكی تر لە باڵادەستی ئەمریکای بەسەر ناوچەکەدا بەرجەستەکرێتەوە، ئەوا ئەمریکا کێشەیەکی نابێت لەگەڵ ئێراندا.

بەمانایەک ئەو پرسانەی دەخرێتە ناو دانوستانەکانەوە بۆ ڕێکەوتن دەربارەی ئەتۆمی و موشەک و هەربابەتێکی تر، ناوەڕۆکی کێشەکانی ئەمریکا و ئێران نیە، دەکرێت ئەو پرسانە هەبن و هۆکارێک بن لە بارگرژی دانوستانەکانی ئێستا، بەڵام گەر ئێران وەرچەرخانێک بەرامبەر هاوپەیمانی لەگەڵ روسیا و چین نیشان بدات، وەک هاوپەیمانی ئەمریکا پێناسەی خۆی کاتەوە، تەواوی هاوکێشەکە گۆڕانی جدی بەسەردا دێت. ئەوەی شایانی باسە ئەم کێشمەکێشە کە مەسەلەیەکی بنەمایی و جدیە لە ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی لە خاڵەکانی نێو دانوستانەکاندا پێنەدراوە، یان ئاشکرا ناکرێت!، ئەتوانین بڵێین کێشەی بنەڕەتی ئەمریکا بەهەر شێوەیەک بۆی بگونجێت لێدانە لە دەورو نفوزی روسیا و چین لە ناوچەکەدا، کە ئێستا فۆکسی لەسەر ئێران داناوە.

گەر بڕوانینە ئەم دۆخەی ئێستای گەمارۆدانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، بەڕواڵەت دوو بژاردە بۆ ترەمپ لەئارادایە، “لێدانی سەربازی یان مامەڵەیەکی گەورە”، لە ڕاستیدا ئەم دوو بژاردەیە ناتوانێت نیگەرانیەکانی واشنتۆن چارەسەر بکات، بەتایبەتی کە جۆری پەرچەکرداری ئێران، توانیویەتی ئاستەنگی بۆ بژاردەکانی ترامپ پێکبهێنێت، بۆیە پێناچێت هیچ کام لەو دوو بژاردەیە یەکلایی کەرەوەبن و نەخەشەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتن بگەیەنێت! ئیدارەی ئەمریکا بەتەواوی دڵنیا نیە لەوەی کە بە هێرشی ئاسمانی و هێرشی مووشەکی ئەتوانێت ئامانجەکانی بەدی بهێنێت، چونکە ئاسان نیە بەو ڕێگایە بتوانێت کۆنترۆڵی تەواو بەسەر ئێراندا بەدەست بهێنێت.

لەلایەکی ترەوە سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی، کە بەشێکی زۆری یۆرانیۆمی ئێران پیتێنراوە و لەژێر داروبەردا نێژراوە و بە سەلامەتی لە تونێلە قەڵادارەکاندا شاردراوەتەوە، بۆیە ئەمریکا پێویستی بە هێزی زەمینی، پشکنەر، یان لایەنی سێیەم دەبێت بۆ چوونە ناو ئەو شوێنانە، ئەمەش لەباری عەمەلیەوە مانای ئەوەیە کە پێوست دەکات ئەمریکا هێرشی سەرزەمینی و سەربازی بکات، هەڵبەتە کارێکی لەم چەشنە بۆ وڵاتێکی گەورەو بەرفراونی وەک ئێران، ئەو فرسەتە نادات بە ئەمریکا بتوانێت نەخەشەیەکی لەو چەشنە داڕێژێت، چونکە حەتمیە کە توشی شکستێکی گەورە دەبێت. جگە لەوەش، ئەمریکا ناتوانێت دڵنیابێت لەوەی چ جۆرە لێدانێکی سەربازی دیاری بکات، کە ئایندەی دەوڵەت و دۆخی سیاسی ناوخۆی ئێران، چیان بەسەر دێت و تاچەند هێرشە سەربازیەکانی سودی دەبێت بۆ نەخشەو سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا. ئەگەری ئەوەش هەیە، ئەو لێدانە ببێتە هۆی گۆڕینی ڕژێم و ئێران پارچە پارچە بکات، یان حکومەتێکی نوێ بەرهەم بهێنێت، بەڵام وەڵامدەرەوەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا نابێت، بۆیە ترەمپ زیاتر لەهەوڵی دانوستان و رێکەوتنێکدایە، بۆ ملکەچکردنی دەسەڵاتی ئێستای کۆماری ئیسلامی، کە دیار نیە نەخشەکانی ئەمریکا لە مەیدانی ئەم ململانێیەدا ئاراستەی دۆخەکە بەرەو کوێ دەبات.

لەهەمان کاتدا “سەودا و مامەڵەیەکی گەورە” ئەرکێکی زۆر قورسترە بۆ ئەمریکا، لە داواکردنی ئەوەی کە ڕژێمی ئێران دەستبەرداری توانا موشەکیەکانی و بەرنامە ئەتۆمیەکەی بێت، یان بە یەکجاری دەستبەرداری هاوپەیمانی  روسیا و چین ببێت.

ئەگەری ئەوە هەیە سیاسەتی گۆڕینی ڕواڵەتی ڕژێمی ئێران گەر سەربگرێت، شوێنێک بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بکاتەوە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە لەم دۆخە ئاڵۆزەدا، ئایا بە دەخالەتی ئەمریکا  و کاریگەریەکانی لەسەر ناوچەکە، دەتوانێت خزمەت بە بەرژەوەندیە درێژخایەنەکانی ئەمریکا بکات؟ بەبەبێ پلانێکی بژاردەیی بۆ بەرجەستەکردنەوەی “گۆڕینی ڕژێم”، بەبێ دابینکردنی ئەڵتەرنەتیفێکی بەتوانا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، سیاسەتێک دەبێت بۆ ئەمریکا و ترامپ، لە بەرامبەر ئەزمونێکی تر لە شکستەکانیان بەرەو ڕوو دەبنەوە و کارەساتی تر لە ناوچەکە بەرهەم دەهێنێتەوە.

 ئەو سیناریۆ جۆراوجۆرانەی کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەمریکا پێشنیارکراون، یان لە چوارچێوەی سیاسەتی ئێستای ئەمریکادا خەریکە بەڕێوە دەبرێت، کە تیشک خستنە سەر لەشکرکێشیەکی تەواوە، گومانی تیا نیە ناواقیعیە، یان لەڕادەبەدەر کات بەفیڕۆدەر دەردەکەون، نمونەی فشاری ناسەربازی بۆ سەر ڕژێم و بانگەوازی ساختە بۆ پشتیوانی ڕاپەرینەکانی خەڵکی ناڕازی ئێران، کارەساتی کوشتنی بەکۆمەڵی لێکەوتەوە و دۆخەکەی ئاڵۆزترکرد.

ئەگەر ئەمریکا بەم شێوەیە بەدوای ئامانجی دیاریکراوی گۆڕینی ڕژێمەوە بەردەوام بێت، ئەنجامەکانی دەکرێت پێچەوانەی ئەوە دەرچێت کە ئەمریکا مەبەستیەتی. لەوانەیە ڕژیمی ئێران سەرکوتی خۆپیشاندەران و کوشتنی بە کۆمەڵ زیاترکات، مووشەک و بریکارەکانی بەهێزتر کات و تەنانەت ڕەنگە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بگەڕێت بۆ ئەوەی لە لەناوچون خۆی بیپارێزێت.

لەکاتێکدا ترەمپ لەلایەک بە ئاشکرا ئەگەری “سڕینەوەی ئێران لەسەر ڕووی زەوی” دەخاتە ڕوو، ئەگەر ئێران پابەند نەبێت بە مەرجەکانی ئەمریکا، لەلایەکی تریشەوە دەرگاکە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە بۆ “مامەڵەیەک”، لە دانوستانێکەوە بۆ دانوستانێکی تر.

هەڵبەتە ئەم هەوڵە سەربازیە مەبەست لێی هێرشێکی خێرا نییە، بەڵکو بۆ دامەزراندنی واقیعێکی سەربازی درێژخایەن و زۆرەملێیە کە ئامانج لێی ناچارکردنی ئێرانە مەرجەکانی واشنتۆن لە پێگەی لاوازییەوە قەبوڵ بکات.

پێشبینیەکان وەها نیشان ئەدەن، ئێران لەبەردەم ئەگەری هەڵمەتێکی فشاری سەربازی گشتگیردایە، کە درێژخایەنتر و فراونترە لە ڕووی پانتاییەوە و بە توانایەکی تەواو بەرزی ئەمریکاوە بەڕێدەکەوێت، گەر لە کۆتایدا مامەڵەکەیان شکستی هێنا.

ئەم گۆڕانکاریە  ئاڵۆزتر دەبێت بەهۆی جێگیرکردنی بەرفراوانی هێزی دەریاییەوە، کۆکردنەوەی ئەم هێزەش کە لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دەستیپێکرد، ئاسمان و دەریای بەیەکەوە گرێداوە، لە دوای جەنگی کەنداوەوە، ئەمە گەورەترین شانۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. ئەم یاریکردنە بە ئایندەی ناوچەکە، ڕێرەوی بەردەوامی ئەو کارەساتانەیە کە چەندین دەیەیە دانشتوانی ناوچەکە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، لەمەش قێزەوەنتر، دەوری ئەو هێزو لایەنە سیاسیانەیە کە بەرژەوەندی سیاسی و پێگەی خۆیان بەتەواوی گرێداوە بە ئاکامەکانی ئەم یاریانەوە.




هەسەدە و شەرع لە رێکەوتنێکی ئاڵۆزدا.. عوسمانی حاجی مارف

هەوڵی حکومەتی ئەحمەد شەرع بۆ ڕێکەوتنی لەگەڵ هەسەدە، وەک خاڵی هاتنە ژوورەوە بەئارامی بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری و یەکخستنی هێزە چەکدارەکانی لە تەواوی سوریادا دەبینێت، هەسەدەش وەک چوارچێوەیەک لە دامەزراندنی پێگەی سیاسی خۆی لەناو دەوڵەتی سوریادا مامەڵە دەکات.
کۆبوونەوەی نێوان تۆم باراک و مەزڵوم عەبدی، تەنیا بە چەسپاندنی ئاگربەست لەسەر زەوی سنووردار نەبوو، بەڵکو دەرگای بەڕووی گفتوگۆیەکی سیاسی فراوانتردا کردەوە سەبارەت بە پەیوەندیەکانی داهاتووی نێوان هەسەدە و دەوڵەتی سوریا، هەرچەندە ئاگربەست ڕاگەیاندراوە، بەڵام سیاسەتی ڕێکەوتنی ترەمپ و ئۆرگان و شەرع، نەگۆڕدراوە!.
هەنگاوەکانی دەوروبەری درێژکردنەوەی ئاگربەست، بەحساب هەوڵدانێکە بۆ گۆڕانکاری چۆنایەتیەک کە بەبەراورد بە هەوڵەکانی پێشوو، هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنی شەڕی ناوخۆ، گوایە ئەمجارە لە هەنگاوی دانوستانەکاندا، ڕێڕەوی بەڕێوەبردنی ململانێکان بۆ گەڕان بەدوای سروشتی پەیوەندی سیاسی و دامەزراوەیی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەبات، کە زیاتر بەرەو سنوردارکردنی پێگەی هەسەدەیە لە سوریا.
بەڵام ئەو ڕێکەوتنەی کە لە ١٨ی کانونی دوەمدا واژۆ کرا، چوارچێوەی ئەم گۆڕانکاریەی پێکهێنا، کە شەرع وەک پێشەکیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی سەربازی هەسەدە سەیری دەکرد، لەکاتێکدا چاوەڕوانی هەسەدە بەوشێوەیە دەردەکەوت کە هێزەکەی وەک بەشێکی سەربەخۆ لەناو دەوڵەتدا بە فەرمی بناسرێت.
لەلایەکەوە هەسەدە هەوڵدەدات خۆی وەک هاوبەشێک پیشان بدات کە ئامادەیە بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، لە لایەکی دیکەوە، ئامانجی هەسەدە دەستەبەرکردنی پێگەیەکە لەناو ناوەندەکانی بڕیاردانی ناوەندیدا، کە پێیانوایە، بەم شێوەیەش دەتوانن کاریگەری سیاسی و ئەمنی خۆیان لە قۆناغی دوای یەکگرتندا بپارێزن.
پارێزگای حەسەکە وەک هەستیارترین خاڵ لەم پرۆسەیەدا دیارە، کە ناوەندی کێشکردنی جوگرافی و سیاسیە بۆ ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە، هەر دامەزراندنێک لە حەسەکە ناتوانرێت لە هاوسەنگیە ئاڵۆزە ئەمنیەکان و خێڵەکی و ئابووریەکان جیا بکرێتەوە، ئەمەش وادەکات کاندیدکردنی پارێزگارێک لەلایەن هەسەدەوە، یان ئاماژەیەکە بۆ هاوبەشیەکی درێژخایەن لەگەڵ دەوڵەت، یان دەستپێکی دانوستانە سەختەکانە، لەسەر ئەوەی کێ دەسەڵاتی ڕاستەقینەی لە ناوچەی جەزیرەی سوریا بەگشتی و لە حەسەکە بەتایبەتی بەدەستەوە دەبێت؟.
واشنتۆن پاڵ بە یەکلایکردنەوەیەکی وردەوە دەنێت، کە گەرەنتی یەکگرتنی هێزەکانی هەسەدە لە دەوڵەتی سوریادا جێبکاتەوە، بەڵام دەیەوێت لەژێر هەلومەرجێکدا ئەم یەکگرتنە پێکبێت، کە ڕێگری نەبێت لە دەوری نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا، لەم چوارچێوەیەدا پێداگری ئەمریکا، لەسەر بە کراوە هێشتنەوەی دەرگای ئاگربەست و دابینکردنی بەرگێکی سیاسی دەبێت، تا ڕێگە بە گواستنەوەی وردە وردە لە بەرەکانی جەنگەوە بۆ مێزی دانوستان هەنگاو بنرێت.
گومانی تیانیە کە دیمەشق بە وریاییەوە لە پرسی درێژکردنەوەی ئاگربەست نزیک دەبێتەوە، ڕەتیدەکاتەوە بیکاتە ڕێکارێکی سادە و ئۆتۆماتیکی و بێمەرج، سەرچاوەیەکی حکومی لە لێدوانی تایبەتدا ڕایگەیاندووە، کە هۆکاری سەرەکی ڕازی نەبوون بە درێژکردنەوەکە، پێگەی بەرزی ئێستای سوپای سوریایە، گوایە تێڕوانینی شەرع پێگەی دەوڵەتی سوریا چ لە ڕووی سەربازی و چ لە ڕووی سیاسیەوە بەهێزتر دەیبینێت.
کۆبونەوەی ئەم دواییەی هەولێری نێوان نوێنەرانی واشنتۆن و هەسەدە لە چوارچێوەیەکی سەربازی نائاسایدا ڕووی نەدا، بەڵکو لە چوارچێوەیەکی سیاسی ناسکدا پێشهات، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدوای بەڕێوەبردنی دۆخێکی ئاڵۆزترن، هەوڵدانێکە لە قۆناغێکی ڕاگوزەری ناوچەکە بەرەو سەقامگیری بۆ ئەمنیەتی سەرمایەگوزای، نەک تەنها ئاگربەست. درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان دیمەشق و هەسەدە، ڕەنگدانەوەی هەوڵێکە بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی فورات، لەنێوان گۆڕانی هاوسەنگیە ناوچەییەکان و زیادبونی فشارە نێودەوڵەتیەکان، کە بەدوای سوریایەکی یەکگرتوەوەن لە پرۆسەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی شەرعەوە. بۆیە هەر درێژکردنەوەیەکی ئاگربەست دەبێت مەرجی ڕوونی هەبێت، بەپلەی یەکەم بونی گەرەنتی پابەندبونی هەسەدەیە، کەجێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ١٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦ مسۆگەر بکات!.
هەڵبەتە بونی گەریلاکانی پەکەکە لە نێو هەسەدەدا، کاریگەری لەسەر ڕێکەوتنەکان و ئاگربەست دەبێت، بەتایبەتی پەکەکە بەشێوەیەکی وەها کاریگەر لەنێو هەسەدەدا هەیە، کە دەتوانێ بڕیاردان لەناو هێزەکانی هەسەدەدا کۆنترۆڵ بکات، ئەمەش ئەو ئاراستەیە بۆ هەسەدە پێشبینی دەکرێت، ئاگربەست دەرفەتێکی پێئەدات، خۆی بۆ پێکدادانێکی درێژخایەن لەدژی سوپای سوریا ئامادە بکات!.
پێشتر لە ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی سوریا ڕونکرایەوە، هێزەکانی سوریا ناچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ، بەڵکو لە پەراوێزی شارەکانیان دەمێننەوە ئەگەر ڕێککەوتنەکە یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام دواتر باسی هێڵی کاتی و وردەکاری یەکگرتنی ئاشتیانەی پارێزگای حەسەکە بە شاری قامیشلۆشەوە دەکرا، لەهەمانکاتدا هێزەکانی سوریا چونە ناو حەسەکە و کۆبانی و قامشلۆ، گوایە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لەوی دەمێننەوە.
سەرچاوە سەربازیەکانی سوریا ئاماژە بەوە دەکەن، هێشتا چانسی ڕێکەوتن دەتوانێت بەردەوام بێت، بە مەرجێ هەسەدە پابەند بێت بە دوو خاڵی سەرەکیەوە، یەکەم پێشکەشکردنی لیستی کەسایەتیە بێلایەنەکان بۆ پۆستە سەربازی و ئیداری و پەرلەمانیەکان، دووەم هەنگاوی جددی بنێت بۆ بێلایەنکردنی کادرەکانی سەر بە پەکەکە، بەتایبەت کەسە بیانیەکان.
دەوترێت، مەزڵوم عەبدی ئامادەیە پابەند بێت بەڕێکەوتنەکە! بەڵام ڕوبەڕوی ڕەوتێکی توندڕەوە لەناو هەسەدەدا، کە پەیوەندی هەرێمی و نێودەوڵەتیان هەیە، ڕەنگە ئاستەنگی لەبەردەم جێبەجێکردنیدا دروست بکات، بەتایبەتی سەبارەت بەو لیستانەی بڕیارە پێشکەشی ئەحمەد شەرع بکرێن، لەوانەیە ئەو ناوانە لەخۆ بگرن، کە لەئاستی ناوچەییدا ڕەت دەکرێنەوە، بەتایبەتی لەلایەن تورکیا و سعودیەوە، ئەمەش دەرگا بەڕووی فشارە مەیدانیەکاندا دەکاتەوە کە ئاگربەستەکە نەتوانێ بەردەوام بێت.
هەرەوەها کۆبانی وەک بەربەستێکی هەرە بەرچاو لەم پرۆسەیەدا دەمێنێتەوە، وەزارەتی بەرگری سوریا وەک کانتۆنێکی جیا لەو کەرتە سنووریەی حەسەکە لەژێر دەستی هەسەدە دایە دەڕوانێت، پێیوایە کە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ئێستا زۆر گرنگە، هەروەها دیمەشق چارەنوسی کۆبانی بە چارەنووسی قامیشلیەوە دەبەستێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی سیمبۆلیزمی سیاسی و نەتەوەیی ئەوان، کە هەر چارەسەرێک، چ ئاشتیانە بێت یان سەربازی، دەگاتە چارەسەرێکی هاوبەش.
لەبەرامبەردا دیمەشق و ئەنقەرە گومانیان هەیە لە نیازەکانی هەسەدە، پێیانوایە هەوڵی کڕینی کات دەدات بۆ سود وەرگرتن لەئاگربەست، هاوکات هەڵمەتی میدیایی خۆی بۆ کۆکردنەوەی دانیشتوانی کورد لەسەر ئاستی ناوچەیی پەرەپێدەدەن بە ناسینی سوپای سوریا بە هەوڵی بۆ ئەنجامدانی پاکتاوی نەتەوەیی، هەرچەندە پێدەچێت ڕێکەوتنەکە بۆ ئێستا بەردەوام بێت، بەڵام ناتوانرێت پێشێلکاریەکان ڕەت بکرێتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە چونە ژوورەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە.
بەجیا لە هەر دەورێک کە ململانێ و نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا بنەمای کاریگەری دەبینێت لەسەر ناوچەکە، پێدەچێت لە کورتخایەندا، دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە بە درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەیەک بەردەوام بێت، هەنگاوی ڕەمزی بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە گیراوەتەبەر، بەڵام یەکگرتنی هەمەلایەنە، ناڕۆشن و ڕاگیراو دەمێنێتەوە، چونکە ئەوە نەزانراو نیە کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، دۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی تەواو جیاوازە لەبەرامبەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادا، سادەترینیان، واقعیەتی هێزە سەربازیەکانی سوریا ئیمکانی نیە قەبوڵی کەن، بۆنمونە بوونی ژنان لە ڕیزەکانی هێزی سەربازیدا، جگە لە زۆرلایەنی تر لە جیاوازی سکولاری و ئازادی و شارستانیەت و مافەکانی ژنان، کە ناکۆکە لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیدا. ئەو دۆخەی بۆ شەرع هەزم ناکرێ، واقعیەتی پێکهاتەی دەسەڵاتەکەیەتی، کە هۆکار و زەمینەیەکی واقعیە، ئەو رێکەوتن و ئاگربەستە تووشی شکست دەهێنێتەوە، دووبارە کێشە و هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاوا وەها دەست پێدەکاتەوە، ئایندەی سیاسی ناوچە کوردنیشینەکان و سوریا روبەرووی بارگرژی و کارەساتی زیاتر دەکاتەوە.




کێ دەبێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق؟.. عوسمانی حاجی مارف

بەردەوامی ڕکابەری نێوان مالکی و سودانی بووە هۆی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سیناریۆی حکومەتێکی کۆدەنگی لاواز، هەوڵەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی زیاتر لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان دەچێت، نەک چارەسەرکردنی قەیرانەکان.
هاوپەیمانی سیاسی شیعە لە دەورانێکی خراپدا نوقم بوون، تا ماوەیەکی زۆر نەیانتوانی لەسەر کاندیدێکی کۆدەنگی بۆ سەرۆکوەزیران ڕێکبکەون، ئەم دۆخە ڕەنگدانەوەی ئەو دابەشبونە قووڵانەیە، لەناو ئەو هاوپەیمانیەدا کە لەڕووی دەستوریەوە ئەرکیان سەرکردایەتیکردنی پێکهێنانی حکومەتە، دوای چەند هەفتەیەک لە پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، ناکۆکی ناوخۆییان هەڕەشەی درێژکردنەوەی بۆشایی حکومەتی دەکرد.
ئەو چەقبەستنەیان بەجیا لە کێشە ناوخۆییەکانی نێو لایەنەکانی چوارچێوەی هەمامەنگی، بەپلەی یەکەم، لەسەر ڕکابەریە توندەکەی نێوان سودانی و مالکیە، کە مالکی کاریگەریەکی بەرچاوی لەناو هاوپەیمانیەکەدا هەیە، ململانێکان زیاتر شەڕی دەسەڵات و دیدگا جیاوازەکانە سەبارەت بە پێکهاتنی حکومەت، کە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ کوتلە چەکدارەکان و ڕۆڵی ناوچەیی عێراق لەخۆدەگرێت.
پێشتریش لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا، چوارچێوەی هەماهەنگی خۆی وەک گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی ڕاگەیاند، کە بەپێی لێکدانەوەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ دەستووری عێراق، مافی پێکهێنانی حکومەتی داهاتویان هەیە، بەڵام سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر کاندیدێکی نوێ بۆ سەرۆک وەزیران ماوەیەکی زۆریان تێپەراند تا ڕێکەوتن.
لەکاتێکدا سەرکردەکانی چوارچێوە، هەوڵی چارەسەرکردنی ناکۆکیە ناوخۆییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی ڕکابەری نێوان مالکی و سودانی ئەدەن، هەموو ئەو ناوانەی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان خرانەڕوو، مانۆڕێک بوو بۆ کڕینی کاتێکی زیاتر، بەڵام لە واقعدا کێبڕکێ لەسەر ئەو پۆستە تەنها لە نێوان سودانی و مالکیدا سنووردارکراوە.
هۆکاری سەرەکی ئەو بنبەستە سیاسیانە، بەهۆی ڕکابەری نێوان سودانی و مالکیەوە بەردەوامی هەیە، کە هەردوکیان بڕیاریان داوە بە هەر شێوەیەک بۆیان سەربگرێت پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرنەوە، هەریەکەیان لایەنگری خۆیان هەیە و لە لایەن هەندێک لایەنەوە ڕووبەڕووی دژایەتی دەبنەوە.
مالکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، کاریگەریەکی بەرچاوی لە دیمەنی سیاسی عێراقدا هەیە، حاشا هەڵنەگرە مالکی وەک یاریزانێکی سەرەکی، لە زۆر بابەتی ناو هاوپەیمانی سیاسی شیعەدا دەمێنێتەوە، پێگەیەکی تایبەتیشی لە ناو لایەن و هێزە شیعەکاندا هەیە.
هەرچەندە مالکی، بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی داهاتوو کاندید کراوە و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەکەدا کۆمەڵێک لایەنگری هەیە، بەڵام لەهەمانکاتدا دژایەتیەکی بەرچاویشی هەیە، وەک قەیس خەزعەلی و هەندێک سەرکردە و کوتلە چەکدارەکانی دیکەی شیعە لەخۆدەگرێت.
کەسانێک هەن لە چوارچێوەی هەماهەنگی ناڕەحەتن بە کاریگەری مالکی، هەروەها ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە کۆنترۆڵکردنی مالکی بەسەر زۆر شتدا، ئەوان نایانەوێت ئەو پۆستەی پێبدەن، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەزمونی پێشینەی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە، کە پڕە لە هەڵەی گەورە.
کاریگەری مالکی لە تۆڕی بەهێزی پەیوەندیەکانی لەگەڵ دامەزراوە ئەمنی و سیاسیە کاریگەرەکانی ناو حکومەتدا سەرچاوە دەگرێت، هەروەها پەیوەندیە بەرفراوانەکانی لەناو دەسەڵاتی دادوەری عێراقدا، بەتایبەتی پەیوەندیە نزیکەکانی لەگەڵ فایق زیدانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، هەروەها بنکەیەکی تاڕادەیەک فراوانی پشتیوانی لەنێوان شیعە توندرەوە کۆنەپەرستەکان لە بەغدا و باشوور هەیە، هەروەها بەهرەمەندە لە پەیوەندی نێوان گروپە هۆزیەکان و هەندێک لە کوتلە چەکدارەکانی وەک لیواکانی سەید شوهەدا.
مالکی تاوانبار دەکرێت بەوەی کە دەوری هەبووە لە گەورەکردنی گرژی و شەڕی تائیفی نێوان سوننە و شیعە، وڵاتەکەی لە دۆخێکی گەندەڵی بەربڵاو و نەبوونی خزمەتگوزاری گشتی و بێکاریدا بەجێهێشتووە.
مالکی بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی سەرۆکایەتی حکوومەتی داهاتووی دەکات، پێیوایە مافی خۆیەتی لەم پۆستەدا بەردەوام بێت تا ئەوکاتەی کۆتایی بە ژیانی سیاسی خۆی دەهێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەزانێت گەڕانەوە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەبێ ڕەزامەندی هەردوو واشنتۆن و تاران کارێکی قورسە.
مالکی لەم دواییانەدا هەوڵی ناردنی پەیامی ناڕاستەوخۆ و نهێنی بۆ واشنتۆن داوە، بۆئەوەی ئیدارەی ترەمپ قەناعەت پێبکات کە ئەگەر ئەو پۆستەی پێبدرێت، دەتوانێت پرسی چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکانی عێراق چارەسەر بکات.!
ئەوەی شایانی باسە بەگشتی واشنتۆن ڕەزامەندی لەسەر ئەوە نیە مالکی ببێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق، چونکە دەزانێت دڵسۆزی سەرەتایی ئەو لەگەڵ ئێراندایە و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی کوتلە چەکدارەکانی عێراق نیە و ئامادە نیە ئەو کارە ئەنجام بدات، بۆیە لەهەمانکاتدا ئێرانیش لەم دۆخەی ئێستادا، دودڵی هەیە لەسەر ئەوەی کە پاڵپشتی پێویست بکات، بەوەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران بە مالکی بدرێت یان نا.
ئەگەر مالکی فرسەتی بەدەستهێنانی ئەو پۆستەی نەبێت، هەوڵ ئەدا رێگە لە سودانی بگرێت، تانەتوانێت پاڵپشتی هەندێک فراکسیۆن لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا بەدەست بهێنێت، تەنانەت ئەگەر مالکی ئەو پۆستەی وەرنەگرێت، هیچ کاندیدێکی تر پەسەند ناکات، گەر پەیوەندی بە خۆی و یەکێک لە لایەنگرانیەوە نەبێت، بۆئەوەی پاپەندبونیان بەخۆیەوە لە حکومەتی داهاتوودا مسۆگەر بکات.
دوایین کۆبونەوەی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە لە کۆتایی مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٥دا لە ماڵی هادی عامری بەڕێوەچوو، هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی نەبووە لە بڕیاردان لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆکوەزیران، بەهۆی داواکاریە زۆرەکانی گروپە چەکدارەکانەوە، کە نزیکەی ٨٠ کورسی پەرلەمانیان مسۆگەر کردووە، بەدوای کۆنترۆڵکردنی چەند پێگەیەکی هەستیاری ئەمنی و وەزارەتێکی سەرەکیدا، دۆخی کارەکان ئاڵۆزتر بون، گروپە چەکدارەکان سەرەڕای فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، پێداگرن لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانێک دەکەن کە پشتیوانیان لێبکات.
دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی، وەها پێشبینی دەکرا هاوپەیمانی لە ئایندەیەکی نزیکدا توانای چارەسەرکردنی کێشەی سەرۆکوەزیرانیان نەبێت و کێشەکان لەناو هاوپەیمانیدا خراپتر دەبن، هەموو هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە تا ئەوکاتەی بڕیار لەسەر کاندیدبونی مالکی بڕانەوە، بە جۆرێک بەبنبەست گەیشتبون، بۆیە سیناریۆی گەیشتن بە کاندیدێکی کۆدەنگی بەدوور دەزانرا، لە کۆتایدا هەرچەندە لەسەر مالکی ڕێکەوتن، بەڵام مانای ئەوە نیە یەکەم: پێکهێنانی حکومەت بە ئاسانی تێپەریت. دووەم: گەر حکومەتێش پێک بێت دەورانێکی پڕ بە کێشەو ناسەقامگیری بەرەو ڕوو دەبن. پێشبینی ئەوەی ئایا مالکی دەتوانێت ئەم دۆخە بەسەلامەتی تێپەرێنێت؟، پێشبینیەکی قورسە.
هەڵبەتە کاریگەری دۆخی ئێستای ناڕەزایەتیەکانی ئێران و بارگژی لە ناوچەکەدا و لاوازی پێگەی ڕەوتی شیعە، گومانی تیا نیە کە سایە دەکاتە سەر هێز و لایەنە شیعەکانی عێراق لەمانەوەی کێشەکانی نێوانیان، ئەو دۆخی بارگرژیە کاریگەری جدی لە سەر بەڕێوەبردنی حکومەتی بەغدا دادەنێت، کە بە ناچاری دەکەوێتە بەر هەڕەشەی زیاتری بنبەستێک، کە ڕێکەوتنی تەواوی لایەنەکان، دوای بڕیاردانیش لەسەر مالکی بۆ پێدانی پۆستی سەرەک وەزیران، کارێکی سەخت دەبێت، لە پیکهێنانی حکومەتێکی یەکدەست، کە چەندین ساڵە نمونەی ئەزمونێکی تەواو نەرێنی و پڕگێژاویان نیشانداوە.
هەرچەندە لە دواجاردا، چوارچێوەی هەماهەنگی رێکەوتن لەسەر کاندیدبونی مالکی بۆ سەرۆكوەزیران، بەڵام مانای کۆتاییهێنان بە کێشەکانی نێوانیان نیە و تارمایی ئایندەکی ناڕۆشن لەسەر دۆخی عێراق و پێکهێنانی حکومەت سایە دەکات! بەتایبەتی لە ئێستادا کە ترەمپ هەڕەشە دەکات لەسەر بونی مالکی بە سەرۆک وەزیران، هەر ئەم هەرەشیە ناکۆکی خستۆتە نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆیە جارێكی تر پێداچونەوە بە کاندیدبونی مالکیدا دەکەن، پێکهێنانی حکومەتی ئێستای عێراق لە چاوەڕوانی دیاریکردن و یەکلاییبونەوەی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماردا گیری کردووە!.




ئێران لە ژێر چەتری نەخشەکانی ئەمریکادا.. عوسمانی حاجی مارف

دورخستنەوەی عەلی خامنەیی لەدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بۆ ترەمپ خاڵێکی وەرچەرخان دەبێت لە بردنە پێشەوەی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەلای ترەمپەوە خامەنەیی پیاوێکی بەهێزە و چەقۆی ڕژێمە، بۆیە دوورخستنەوەی، جا لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسیەوە بێت یان هێرشێکی سەربازی، دەتوانێت ڕێگە زیاتر خۆش بکات بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی ئێراندا.
لە لایەکی دیکەوە، هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەتوانێ ڕژیمی ئێران بخاتە ناو قەیرانێکی درێژخایەنی یەک لە دوای یەک، یان پشێوی ململانێیەکی ناوخۆیی دەسەڵات لە نێوان کوتلە ڕکابەرەکانی ناو سوپای پاسداران بخولقێنێت، دەرفەتێکیش بۆ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناو دەسەڵات دەرەخسێنێت بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆیان، ئەمەش پەیامێکی ڕونە بۆ ئەوانەی پشتیوانی خامەنەیی دەکەن، بەمەش ڕێگری لە بەردەوامبونی پشتیوانیان دەگرێت.
لە هەمان کاتدا، واشنتۆن بیر لە توندکردنەوەی جێبەجێکردنی سزاکان دەکاتەوە لە ڕێگەی لادانی کەشتیە نەوت هەڵگرەکان، یان بە ئامانجگرتنی چەند تێرمیناڵێکی هەناردەکردنی نەوت بەدرێژایی کەنارەکانی باشووری ئێران، کە دەتوانێت داهاتی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.
دانوستانە پێشبینیکراوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران تەنها لە چوارچێوەی تەقلیدی پرسی ئەتۆمیدا نابێت، بە ڵکو دەست دەخاتە سەر خودی پێکهاتەی ڕژێمی ئێران و ئاراستە ستراتیژیەکەی لە ناوچەکە و جیهاندا، ترەمپ ئەم پرۆسەیە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ جێبەجێکردنی گۆڕانکاریەکی قوڵی سیاسی لەناو ڕژێمی ئێراندا.
لە پشتی ئەم یاریەوە سیاسەتی ڕەچاوکردنی نێودەوڵەتی بەرفراوانتر دەبزوێ، دیارترینیان هەوڵەکانی واشنتۆنە بۆ کەمکردنەوەی نفوزی چین لە ناوخۆی ئێراندا، ئەمەش دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران دەکاتە بەشێک لە ململانێیەکی جیۆپۆلەتیکی فراوانتر.
ئەو ڕێڕەوی دانوستانەی کە ئێستا لە نێوان ئەمریکا و ئێران ئامادە دەکرێت، تەنیا بە فایلە ئەتۆمیەکە، بەرنامەی مووشەکی بالیستیک، یان تۆڕی کاریگەری ناوچەیی تاران سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ باسکردنی گۆڕانکاریە قووڵترەکان کە کاریگەرییان لەسەر خودی پێکهاتەی ڕێژیمی ئێران و هاوسەنگی هێز لەناو دامەزراوەکانیدا و ئاراستەی ستراتیجیەکەی لە ناوچەکە و جیهاندا هەیە.
ترەمپ، لەسەر بنەمای ئەو قەناعەتە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکات، کە کێشەی بنەڕەتی لەگەڵ ئێراندا تەنیا تەکنیکی یان سەربازی نییە، بەڵکو سیاسی و پێکهاتەی سستمەکەیەتی، ئەمەش سیاسەتی ڕێبازی گۆڕانکاری لە ناوەوەی ئێران ڕوون دەکاتەوە.
ئەم ڕێبازە ئەمریکیە بە ئاشکرا لەلایەن ترەمپەوە دەربڕا، کاتێک گوتی “ئێران پێویستی بە گۆڕینی سەرکردایەتیەکەی هەیە”، بە ئاماژەدان بە گۆڕانکاری لە ڕێڕەوی حوکمڕانی و سروشتی بڕیاردان لە ناو ڕژێمدا، بەبێ ئەوەی مەرج بێت ئاماژە بە ڕووخانی سەربازی بکات، لەبەرامبەردا تاران ئاگادارە کە واشنتۆن هەوڵدەدات هاوکێشەیەکی فشار بسەپێنێت لە رێگەی ئابڵوقەی سەربازی و دانوستانەوە.
سەرکردایەتی ئێران لە ئاست هەر دانوستانێک کە لە ژێر هەڕەشەی کردەی سەربازیدا ئەنجام ئەدرێت، لە ڕادەبەدەر هەستیار و دودڵن، ترسی ئەوەیان هەیە لە ئاکامدا دانوستانەکان ببنە بەرگێک بۆ کردەوەی سەربازی، یان ئامرازێک بۆ وەستان و زیاتر قەیراناویکردنی دۆخی ناوخۆ، بۆیە تاران دانوستانەکان وەک پرۆسەیەکی تەکنیکی تەماشا ناکات، بەڵکو وەک تاقیکردنەوەی ئایندەی مانەوەی خۆی بۆی دەڕوانێت.
ئەتوانین بڵێین، ئێران دانوستانی لەگەڵ ئەمریکا وەک تاقیکردنەوەی پاراستنی مانەوەی خۆی مامەڵە دەکات، نەک ڕێکەوتنێک بۆ هەڵگرتنی سزاکان یان ڕێگریکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی.
واشنتۆن گرژیەکان زیاتر دەکات بۆ ئەوەی ئێران ناچار بە ملکەچی گەورەتر بکات، هەروەها تاران، ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی کە کاردەکات بۆ پاڵنانی ئەمریکا بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی.
سەبارەت بەئایندەی پەیوەندیەکانی ڕژێمی ئێران لەگەڵ ئەمریکا، مشتومڕێکی نێوخۆیی بێوێنه لەنێو ڕابەرانی کۆماری ئیسلامیدا قسەی لەسەر دەکرێت، هەندێک پێیان وایە ئێران ناتوانێت بەرگەی شەڕێکی دیکە بگرێت و جەخت لەسەر دانوستانی هەمەلایەنە دەکەن کە بابەتی جۆراوجۆر لەخۆ بگرێت، لەوانە بەرنامەی ئەتۆمی، مووشەک، کاریگەریی ناوچەیی و تەنانەت دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات لەناو ڕژێمدا.
بەشێکی تریان پێداگری لەسەر سنووردارکردنی دانوستانەکان، تەنها لە سەر پرسی ئەتۆمی دەکەن، لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆ ئابووریەکان، هەروەها ڕەتیدەکەنەوە چارەسەری ئەو پرسانەی دیکە بکەن کە تاران بە هێڵی سووری دەزانێت.
بەشێکی توندڕەو، هەر جۆرە دانوستانێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن هەر ئیمتیازێک دەبێتە هۆی زنجیرەیەک ئیمتیازات کە دواجار ڕژێم لە ناوەوە لاواز دەکات.
بەڵام بەگشتی بۆچونی باو لەناو بازنەکانی بڕیاردان مەیلیان بەرەو دوورکەوتنەوە لە شەڕ دەڕوات، لەگەڵ ئەوەی ڕۆڵی عەلی لاریجانی زیاتر بەرچاو دەکەوێت لە بەڕێوەبردنی ئەو پرسەدا، لە چوارچێوەی ڕێبازێکدایە، کەهەوڵبدەن لەسەر بنەمای سازشکردن لەسەر هەندێک بنەمای بنەڕەتی بێت بۆ پاراستنی ڕژێم.
دانوستانەکان تەنها لە پرسی ئەتۆمیدا سنووردار نین، چونکە واشنتۆن پێداگری لەسەر چارەسەرکردنی فایلی مووشەکی بالیستیەکە دەکات، لە نێوان پێگەی ئەمەریکا و ئێرانیشدا تورکیا هەوڵدەدات ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت بە گەڕان بەدوای فۆرمولەیەکدا کە گەرەنتی ئەوە بکرێت کە بەکارهێنانی مووشەک سنووردار بکرێت، لە بەرامبەردا ئەمەریکا گەرەنتی ئەوە بکات کە ئێران نەکرێتە ئامانج!.
هەروەها دانوستانەکان باس لە پرسە هەستیارەکانی ناوچەکە دەکات، دیارترینیان غەززە، لوبنان و عێراق و یەمەن، لە چوارچێوەی هەماهەنگی نێوان ئەمریکا، تورکیا، قەتەر و سعودیە، ئەم هەماهەنگیە ئامانجی چەسپاندنی ئاگربەستە لە غەززە و گفتوگۆکردن لەسەر ئایندەی چەکەکانی حەماس، کە دەکرێت کاریگەری لەسەر لوبنان هەبێت سەبارەت بە چەکەکانی حزبولڵا، لە بەرامبەردا گەرەنتی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل و دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسی ناوخۆیی بدرێت.
جگە لەوەش پێشبینی دەکرێت هەر ڕێکەوتنێکی نێوان ئەمریکا و ئێران کاریگەری لەسەر عێراق هەبێت بە پاڵنانی بەرەو یەکلایکردنەوەی سیاسی، سەبارەت بە سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەت و ئایندەی هێزەکانی نزیک لە تاران.
مەسەلەیەک کە زۆر گرنگە بۆ واشنتۆن لە پرۆسەی دانوستان لەگەڵ تاران، بەستراوەتەوە بە کۆمەڵێک مەرجی ئاشکرانەکراوی پەیوەست بە پەیوەندی ئێران لەگەڵ چین، بەبێ ئەوەی وەک خاڵی دانوستانی ڕاستەوخۆ یان نووسراو خراتەبێتە ڕوو. ئیدارەی ئەمریکا ئەم پرسە وەک بەشێک لە دیدگای ستراتیژی فراوانتری خۆی بۆ بەڕەنگاربونەوەی کاریگەریەکانی چین، بەتایبەتی لە کەرتی وزە و ڕێڕەوی بازرگانیدا مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
ئەم مەسەلەیە تیشک دەخاتە سەر سنووردارکردنی پشتبەستنی چین بە نەوتی ئێران و کۆنترۆڵکردنی هەناردەی وزەی ئێران بۆ پەکین بە نرخێکی ئیمتیاز لە دەرەوەی چوارچێوە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، بەمەش ڕێگری لە ئێران دەکرێت کە ببێتە سەرچاوەیەکی وزەی هاوتەریب لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەمریکا.
هەروەها واشنتۆن هەوڵدەدات ڕێگری بکات لە چەسپاندنی هاوبەشیەکی ستراتیژی درێژخایەنی نێوان تاران و پەکین، لە ڕوانگەی ئەمریکاوە ئەم شەریکایەتیە چەترێکی ئابووری و سیاسی بۆ ئێران دابین دەکات کە لە سزاکانی ڕۆژئاوا دەیپارێزێت.
ئەمەریکا ئامانجی ئەوەیە، وردە وردە ئێران لەپەیوەند بە ڕۆژئاواوە، بخاتەوە ناو سیستەمی ئابووری جیهانیەوە، هەروەها تێکەڵبونی بە سیستەمی چینی کەم بکاتەوە، ئەمەش توانای پەکین سنووردار دەکات بۆ بەکارهێنانی ئێران وەک سەکۆیەک بۆ کاریگەری ستراتیجی لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها هاوسەنگی وزە و هاوسەنگی بازرگانی ناوچەکە لە چوارچێوەی نفوزی ئەمریکادا ڕێکبخاتەوە.
ئەم دانوستانانە پەیوەستن بە دیدگای نەخشەی سیاسی فراوانتری ئەمریکا بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، هەوڵدەدات ئێران بخاتە ناو ڕێڕەوێ سنوردانکردنی لەگەڵ چیندا، تا ڕۆڵی زیاتر بە ئەمریکا بدرێت لە کۆنترۆڵکردنی ڕۆیشتنی وزە و گاز، لەوانەش چۆنیەتی هەناردەکردنی غازی ئێران بۆ بازاڕەکانی ئاسیا.
لەم چوارچێوەیەدا، ترەمپ کار لەسەر بنیاتنانی چوارچێوەیەکی نوێی ناوچەیی دەکات کە لەسەر بنەمای لێکنزیکبوونەوەی سیاسی، ئەمنی و ئابووری بێت و ئەم ڕێگایە بە فراوانکردنی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەبەستێتەوە، بەمەش گۆڕانکاری لە ڕێکخستنە تەقلیدیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات.
لە کۆتایدا دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران وەک پرۆسەیەکی تەکنیکی تەنها بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەتۆمی بەڕێوەناچێت، پرۆسەیەکی سیاسی هەمەلایەنەیە بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی پێگەی ئێرانە لە ناوچەکە و جیهاندا، هێنانەدی گۆڕانکاریە لە چوارچێوەی پێکهاتە سیاسیەکەیدا، بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە شەڕ لە لایەک و سەپاندنی هاوسەنگی نوێ لە لایەکی دیکە.
هەڵبەتە ئەگەری پارچە بەبونی هێزی سەربازی ئێران هۆکارێکی چارەنوسساز دەبێت لە هەر جۆرە گواستنەوەیەک یان گۆڕینی ڕژێم لە ئێراندا، بەڵام زەحمەتە پێکهاتەی ناو سەرکردایەتی سوپای پاسداران لە دژی خامنەیی کار بکەن، چونکە ئەم پێکهاتەیە نزیکەی لەسەدا ٢٠ی دانیشتووانن کە عەقیدەیی و دڵسۆزترین لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی پێکدەهێنن.
بێجگە لە نزیکەی لەسەدا ٨٠ی ئەو ئێرانیانەی کۆماری ئیسلامیان ناوێت، بە دڵنیاییەوە نایانەوێت لەلایەن هێزێکی سەربازیی وڵاتێکی ترەوە حوکمڕانی بکرێن، یان بەگشتی بەشێکی زۆرینە لە دانیشتوانی ئێران، ئەوە ڕەت دەکەنەوە،هەرهێزکی چەکداری دور لە دەورو ئیرادە و خواست و ئومێدی دانیشتوان دەسەڵات بگرنە دەست.
خەڵکی ئیڕان ئێستا بە جیا لە سیناریۆی دانوسانەکان، لە چوارچێوەی دۆخی شەڕێکی مەترسیداردا ڕۆژانیان بەسەر دەبەن، لە چاوەڕوانی ڕودانی گەورەترین کارەساتدان، کە ئایا شەڕ دەقەومێت و وڵاتەکایان وێران دەبێت، یان بەری پێدەگیرێت، پرسیارێکە، مان و نەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر نەخشەکانی ئەمریکا وەڵام دەداتەوە، نەک دانوستانەکان.




ڕوداوەکانی ئێران.. عوسمانی حاجی مارف

ئێران خۆی لە بەردەم شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی گەرمدا بینیەوە، کە لە دڵی ئابوری ڕۆژانەوە دەستی پێکرد، ناڕەزایەتیەکان بەهۆی دابەزینی بەهای دراو و بەرزبونەوەی خێرای تێچووی بژێویەوە بووە، کە ژمارەیەکی پێوانەیی شکاندووە.
ناڕەزایەتیەکان لە 28ی کانونی یەکەمی 2025، لە دوو بازاڕی گەورەی ناوەڕاستی تاران دەستیپێکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی نرخی تمەن بەرامبەر بە دۆلار بۆ نزمترین ئاستێکی پێوانەیی دابەزی، فشارەکانی هەڵاوسانی توندتر کردووە و نرخی کەلوپەلی سەرەکی بەرزبۆەتەوە، هەروەها بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لە سەرەتای مانگی کانونی دووەمدا بەشداری کردووە لە قووڵبونەوەی ناڕەزایەتیەکاندا.
پزیشکیان ساڵی ڕابردوو، هۆشداریدا لەوەی کە ڕەنگە بەهۆی کەمی ئاوەوە تەواوی تاران چۆڵ بکرێت، چەند مانگێکە لە یەک کاتدا بۆ چەند کاتژمێرێک کارەبا دەبڕدرێت، کەمی غازی سروشتی- کە کێشەیەکی گەورەیە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا- دەسەڵاتدارانی ناچارکردووە وێستگە پیشەسازیەکان دابخەن کە بە غاز کاردەکەن و کرێی کرێکارانی کارگەکان کەمبکەنەوە، هەروەها بەکارهێنانی نەوت لەبری غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا، پیسبونی شارەکانی هێندە خراپ کردووە، کە زۆرێک لە خوێندنگاکان ناچاربوون زیاتر لە پەنجا ڕۆژ لە ساڵێکدا دابخرێن.
ئێران لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا تووشی گورزی قەیرانی ئابوری بەرفراوان هات، داڕمانی دراوی پێش ناڕەزایەتیەکان، تەنیا ئەو پەڕۆیە بوو کە پشتی حوشترەکەی شکاند، بۆیە توڕەیی و ناڕەزایەتیەکان بەردەوام دەبن، تەنانەت ئەگەر ئەمەی ئێستا بەهەر جۆرێک لە سەرکوت و دەخالەت دامرکێتەوە، حەتمیە کە لە ئایندەدا سەرهەڵەداتەوە، کۆماری ئیسلامی شایستەی خەڵکی ئێران نەبووە و نابێت.
بودجەی دارایی ساڵی ٢٠٢٦ کە پزیشکیان پێشنیاری کردبوو، تەنیا خوێی خستۆتە سەر برینەکانی خەڵکەوە، چونکە دوای سێ ساڵ لە زیادکردنی موچە لەکاتی داڕمانی دروای ئێران، داهاتی کرێکاران بەچەند قات کەمتر لە موچەی ساڵی ٢٠٢٣ شکایەوە، لە هەمانکاتدا ترس لە بەردەوامی ناڕەزایەتیەکان، پزیشکیانی ناچارکرد جارێکی دیکە نرخی بەنزین دابەزێنێت، بەڵام هێشتا کەمتر لە سەدا ٥ی ئەو نرخانەیە کە لە وڵاتانی دراوسێدا دەبینرێن. ئێران ئێستا ساڵانە ٦ ملیار دۆلار بۆ هاوردەکردنی بەنزین خەرج دەکات، دیارە ئەو پارەیە دەتوانێت لەبری ئەوە زۆر شت بکات بۆ باشترکردنی دۆخە ترسناکەکانی کارەبا و ئاو، هەڵبەتە پێشنیارەکانی حکومەت بۆ چاکسازی لە نرخەکانی ئاڵوگۆڕدا ناتوانێت باوەڕپێکراوبن، تەنها سودی بۆ کەسانێکی دیاریکراو دەبێت لە بازاڕدا، لە هەمان کاتدا کورتکردنەوەی ئەو سندوقەیان کە بڕیار بوو قەرەبوی ئێرانیە ئاساییەکان بکاتەوە بۆ تێچووی زیاتری کاڵاکان سەرکەوتونەبو، بۆیە سەیر نییە کە شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان، تەشنە بکات و فراوانتر بێت، ڕژێمێک نەتوانێت ئاو، کارەبا، هەوای پاک، سووتەمەنی، یان کرێی باوەڕپێکراو دابین بکات، ناتوانێت پێداگری لەسەر بانگەشەی لێهاتویی بکات.
کاتێک بژێوی ژیان دەڕوخێت، زۆرەملێ دەبێتە ئامڕازی سەرەکی مانەوەی ڕژێم، بەڵام ئێستا سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی ڕوبەڕوی واقیعێک دەبنەوە کە سەرکوتکردن چیتر توانای گەڕاندنەوەی سەقامگیری دۆخەکە و قەیرانی ئابوری نیە، ئەم کێشەیە هەر بەردەوام دەبێت تا ئەگەر ناڕەزایەتیەکانی ئێستاش کۆنتڕۆڵ بکرێن، کە بە جۆرێکی زۆر مەترسیداری کوشتاری بە کۆمەڵ ناڕەزایەتیەکانیان دامرکاندۆتەوە.
دروشمەکانی نێو ناڕەزایەتیەکان لە هەندێک بواردا فراوانتر بون، داواکاریە سیاسیەکانیشی لەخۆگرتووە، چونکە فشارە ئابووریەکان هاوکاتن لەگەڵ هەستکردن بە بێهیوایی، ئەگەری ئەوە هەبو ئاراستەی ناڕەزایەتیەکان بەرەو کۆتایی ڕژێم بروات.
سیستەمی ئاسایشی ناوخۆی ئێران کە لەنگەر گرتووە لە فەیلەقی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، یەکەکانی بەسیج، یەکەی پاسەوانی تایبەت کە بەشێکە لە فەرماندەیی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها ئامادەکرنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی عێراق بۆ کاتی پێویست، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سەرپەرشتی و پشتیوانی دەکرێن.
تا ئێستا درزی گەورە لەناو ئامێری سەرکوت و زۆرەملێدا دەرنەکەوتووە، کارمەندانی پلە باڵاکانی IRGC و بەسیج هیچ دوودڵیەکیان نیشان نەدا لە تەقەکردن بۆ کوشتن، دوای ئەوەی عەلی خامنەیی فەرمانی سەرکوتکردنی خێرای دەرکرد، کە مەزەندەی کوشتارێکی بێ شومار دەکرێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر خاوبونەوەی ناڕەزایەتیاکان داناوە.
بەڵام ئەوە ڕۆشنە کە توندکردنەوەی سەرکوت لەدۆخێکی ناڕەزایەتی زۆر فراواندا نیشاندەری لاوازیە، لە کاتێکدا پەرەسەندنی ناڕەزایەتیەکان کۆماری ئیسلامی وەها ڕاتەکاند، ڕژێم هەستی بە ناچاری کرد کە تاکتیکی قوربانی بەکۆمەڵ بەکاربهێنێت، کە هێشتا ژمارەی کوژراوەکان ئامارێکی ڕۆشنی نیە، کە باس لە چەندین هەزار و دەهەزار دەکرێت.
لە هەمانکاتدا خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و مۆبایل و تەنانەت تەلەفۆنی زەمینیشی کردۆتە ئامانج، کۆماری ئیسلامی مێژویەکی بێوێنەی کارەساتی قیزەونی کوشتاری بەکۆمەڵی دانیشتوانی ئێرانی تۆمارکرد.
ڕژێم توانیویەتی لە قەیرانەکانی پێشوودا ڕزگاری بێت، ئەم جارەش بەو دڕندەییەی پیادەی کرد، کاریگەری دانا لە کپکردنی ناڕەزایەتیەکان، بەڵام توڕەیی خەڵک لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەها قووڵتر بۆتەوە و قڵشتی دروست کردووە، کە هەر ناڕەزایەتیەکی دواتر، بەبێ گیانی تۆڵە سەندنەوەی توند لە ڕژێم تێناپەڕێت.
هەر بەهانەیەک دەیهێننەوە بۆ ئەو دڕەندەییەی بەرامبەر دانیشتوان کردیان، بە ناوی دەخالەتی ئەمریکا و ئیسرائیل و هەوڵدان بۆ هەڵگیرسانی جەنگێک، ناتوانن شەرعیەتی ناوخۆیی بگەڕێننەوە، یان داڕمانی ئابووری پێچەوانە بکەنەوە، هەروەها ناتوانن ئێران لە پارچەپارچەبون و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بپارێزن، دانیشتوانی ئێران لێیان خۆش نابن.
هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، ئەو سیناریۆ کارەساتبارەیە کە دۆخی سیاسی ئێران دەباتە ئاستێکی باڵاتر لە ناجێگیری و گێژاوی سیاسی، لە هەمانکاتدا بەرزبونەوەی ئاستی بەشێک لەو لایەنانەی تیا هەڵدەکەوێت، کە دەیانەوێت بە هێزی چەک و شەڕی ناوخۆ ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بە لاڕێدا بەرن، ئەو ئاراستەیە لەنێو خۆپێشاندەراندا بینرا، کە هەندێ لایەنی نابەرپرس بەژیانی خەڵک، ڕیزەکانی خەڵکی ناڕازیان بە چەک بارگاوی کرد.
گومانی تیا نیە کە هەڕەشەکانی ترەمپ و هێرشی ئاسمانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و لێدان لە بنکەی سەربازی و شوێنە پێشەسازیەکانی ئێران، تا هەڵگیرسانی شەڕ بۆ ڕوخانی کۆماری ئیسلامی، بەناوی فریاکەوتنی خەڵکی ناڕازی، جگە لە تێکدانی ئامادەیی بەرفراونی ناڕەزایەتیەکان و وەلانانی خەڵکی ئێران لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان، نەک هیچ ئاکامێکی ئەرێنی بە قازانجی ناڕەزایەتیەکان و ڕاپەڕین ناداتەوە، بەڵکو ئەمریکا دەیەوێت دەستتێوەردان بکات بۆ بەرژەوەندی دەور و دەخالەت و نفوزی کۆنەپەرستانەی خۆی لە ناوچەکەدا، لەهەمانکاتدا هەوڵئەدات ئێران لە پەیوەند بونی بە روسیا و چینەوە داببرێت.
هەر پەیوەندیەکی دیپلۆماسی ئەمریکا لەم دۆخەدا لەگەڵ تاران بەستنەوەی ئێرانە بۆ ملکەچ بونی بە نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، لە هەمانکاتدا هەوڵدان بۆ باڵادەستی ئیسرائیل بەسەر ناوچەکەدا، ئەو نەخشەو سیاسەتەیە، کە وەک بەشێک لە ئاراستەی ئەمریکا دەناسرێتەوە، تا قەڵایەک بۆ ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر بکرێت، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە نیازی ئیسرائیل پاکتاوکردنی دەوری ئێرانە لە ناوچەکەدا تا کۆتایی هێنان بەکۆماری ئیسلامی.
گوشارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر واشنتۆن چیتر نهێنی نین، بژاردەی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران بۆ ئیسرائیل تا ئێستا لەسەر مێزە، کە ئامانج لێی نەک تەنیا تێکدانی توانا ئەتۆمیەکانە، بەڵکو تێکشکاندنی تاران و ترسی خۆخلیسکاندن بۆ شەڕێکی نوێ هەیە، ناتانیاهۆ، داوای لە ترەمپ کردووە شەڕێکی لەو شێوەیە دەستپێبکات.
ئەمریکا پێی باشە سیستمی سیاسی ئێران بگۆڕدرێت، بەڵام لە ڕێگایەکەوە کە دووربکەوێتەوە لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی، لە هەمان کاتدا دەیەوێت لایەنێک دەسەڵات لە تاران بەدەستەوەبگرێت، گوێ لەمستی خۆی بێت وبگونجێ لەگەڵ دروشمی “ئەمریکا یەکەم”ە.
بۆ نمونە هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ تێکدانی ڕژێمی ئێران بەبێ ئەوەی تێوەگلێت لە شەڕێکی سەربازی، ترەمپ باجی لەسەدا ٢٥ی بەسەر ئەو وڵاتانەدا سەپاند کە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن، وەک ڕێگەیەک بۆ دەربازبون لە بژاردەی شەڕی سەرتاسەری.
لەلایەکی ترەوە دەوڵەتانی کەنداو هەوڵ دەدەن پشتیوانی لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بکەن، لە ترسی ئەوەی کە ڕوخانی حکومەتی ئێران ببێتە هۆی شەڕی ناوخۆ، ئەمەش دەتوانێت ئاسایشی تەواوی ناوچەکە زیاتر بخاتە مەترسیەوە، لە ئەزمونەکانی ڕابردوودا دەرکەوتووە کە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و دانیشوانەکەیان تەواو فەرامۆش کردووە.
لەگەڵ چڕبونەوە و خەستبونەوەی ئەو بارگرژیە لە دۆخی ئێستای ئێراندا، پێم وایە ناڕەزایەتیەکانی ئێستای شەقامی ئێران، لانیکەم لە داهاتویەکی نزیکدا، توانای ڕووخاندنی ڕژێمیان نییە، بەجیا لە کپ بونەوەی ناڕەزایەتیەکان لە ئێستادا، لە هەمانکاتدا خۆپیشاندەران دیدێکی ڕونیان بۆ سیستەمی دەوڵەتی دوای کۆماری ئیسلامی نیشان نەداوە، جگە لەوەش ئەو گروپە ئۆپۆزسیۆنانەی کە واشنتۆن پشتیوانیان دەکات، ئەوانەی پەیوەستن بە میراتی شا، نەک لە پشتیوانیەکی بەربڵاوی جەماوەری بەهرەمەند نین، بەڵکو تۆمەتبارن بە خیانەت.
دیاردەیەک، کە ئاماژەیە بۆ لاوازی ڕژێمی ئێران، هەوڵی کردنەوەی کەناڵێکی دانوستانە لەگەڵ ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا و ڕێگریکردن لە هێرشی سەربازی ئەمریکا، کە ڕژێمی ئێران ترسی هەیە لێدانەکانی ببێتە هۆی ڕووخانی ڕژێمەکەی.
کۆتایی هێنانی ڕژیمی ئێران، گەر لە ڕێگەی ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتیانەشەوە ئەنجام نەدرا و دواتر گەر کۆماری ئیسلامی بیەوێت بە هاوکاری ئەمریکا بمێنێتەوە، دەبێت لە بنەڕەتدا پێکهاتەی خۆی بگۆڕێت، کە لانی کەم دەبێت کەسایەتیە سەرەکیەکانی کۆماری ئیسلامی دورخاتەوە.
ڕووخانی ڕژێمی ئێران بە مانای گۆڕانکاریەکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا، کە پێچەوانەی ئەو ساتەیە کە کۆماری ئیسلامی دامەزرا. ڕۆیشتنی ئێران لە کایەی نفوزی ئەمریکا لە دوای ڕوخانی شا لە ساڵی١٩٧٩دا، نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەی کەنداوی عەرەبی گۆڕی، لە ئەنجامدا شەڕی درێژخایەن و جۆری نوێی ململانێی سیاسی لێکەوتەوە. ئەمەش لە ڕێگەی سیاسەتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیەوە هەوڵی هەژمونی بوو بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام دۆخی ئێستا ئەوەی پێچەوانە کردووە کە دەبێتە سنوردارکردن و شکستی گەورە لە کۆتایی هێنان بە هەژمونی ئێران لە ناوچەکەدا، کە درندەیی و کۆنەپەرستی سیاسەتی دژی مرۆڤانەی ئەمریکاو ئیسرائیل جێگەی دەگرێتەوە، ئەو درندانەی تا ئێستا حزبەکانی کوردایەتی مایەیان لەسەر داناوە.

عوسمانی حاجی مارف




دۆخی سوریا و ناڕەزایەتی سەدان هەزاری.. عوسمانی حاجی مارف

هەسەدە نەچووە ژێر باری ئەوەی دیمەشق بانگەوازی کرد، کە دەبێت خۆیان ڕادەستی ڕێکەوتن لە گەڵ حکومەتی ئەحمەد شەرعدا بکەن، واتە پێش واژۆکردنی مەرجەکانی ڕێکەوتن، هەسەدە پێداچونەوەی کرد و پاشگەز بوەوە و ڕێکەوتنەکەیان قەبوڵ نەکرد.
ئاشکرایە ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد گۆڕانێکی جدی بەسەر سوریادا هێنا و کاریگەری لەسەر گۆڕانی دەور و پێگەی هەسەدەش کرد، نەک لەبەرئەوەی هەسەدە ڕێکەوتنێکی لەگەڵ ڕژێمی پێشووی سوریادا هەبو کە دۆخەکە رابگرن، بەڵکو لەبەر ئەوەی دوای ڕوخانی ئەسەد چۆن دەکرێ و دەتوانێ دۆخی ئێستا بەڕێوە بەرێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی حکومەتی سوریا ڕادەستی هێزەکانی ئەحمەد شەرع کرا.
دیمان دۆخەکە وردە وردە گۆڕدرا، ململانێکانی ناوخۆی سوریا، لە پەیوەند بە دۆخی گشتی ناوچەکە و دەخالەت و هەوڵەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەخشەو سیاسەتەکانی، ئالوگۆڕو یاریکردنێکی تازەی بەخۆوە نیشاندا، کە هێزێکی وەک هەسەدە لەو نەخشەو سیاسەتانەدا جێگە و دەورێکی نامێنێت، دوای داعش و ڕوخانی ئەسەد، ترەمپ پێداگری لەسەر یەکگرتویی سوریا بە باڵادەست بونی شەرعەوە دەکات، بە جێگیر بونی حکومەتی ناوەندی لە دمەشق و هەڵوەشانەوەی تەواوی ئەو هێزو لایەنانەی لە ژێر هێژمۆنی دیمەشقدا نین، ئاراستەیەکە بە جێگیر بونی حکومەتێک کە سەرچاوەو پاشخانە ئاشکراکەی داعشیە.
هەر پێشنیار و بانگەشەیەک شەرع دەیکات بۆ ڕێکەوتن، جگە لە هەوڵی دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی بۆ هەژمونی دیمەشق بەسەر ناوچەکانی تردا، هیچ نەخشەیەکی سیاسی تری لێ بەرهەم نایەت، جگە لەسەپاندنی ئیسلامی سیاسی بەسەر تەواوی سوریادا، لەم بارەشەوە ترەمپ نەک کێشەی نییە، پشتیوانی جدیش لە شەرع دەکات.
مادەی چوارەمی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ی نێوان شەرع و مەزلوم عەبدی، ناڕون و کراوە بوو بۆ چەندین لێکدانەوە، لەداوای یەکخستنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازیەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئیدارەی دەوڵەتی سوریا، هەروەها داوای بۆ هەژمونی بەسەر دەروازە سنووریەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتیەکان و گازیەکاندا. لەم هەلومەرجەدا حەتمی بوو، کە لە هەر ساتێکدا ئەو ململانێیە بە شەڕێک بگات، کە شەڕەکە ڕویدا.
پشتبەستنی ڕژێمی سوریا بە ئەمریکا ئەم شەرەی هەڵگیرساند، چونکە شاراوە نیە کە ئەمریکا لە ئاڵوگۆرەکانی دۆخی ئێستا، کۆتایی بە هاوپەیمانی لەگەڵ هەسەدە هێناو سوکانەکەی گۆڕی بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ شەرعدا، لە ئێستادا بۆ ئەمریکا هاوپەیمانی بۆ شەرع زۆر گرنگترە لە هاوپەیمانیەکەی لەگەڵ هەسەدەدا.
پریشکی شەڕەکە لە ٦ی جانیوەریدا هەڵگیرسا، دوای فراوان بونەوەی شەڕەکە، کە ئامانج لێی دەرکردنی یەکجارەکی هەسەدەیە و کۆنترۆڵ کردنی ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی باکورە، پێدەچوو ئەم هەنگاوە پێشەکیەک بێت بۆ فراوانبونی زیاتری شەڕەکە بەرەو ڕۆژهەڵات بۆ پارێزگاکانی حەسەکە و دێرەزۆر.
لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، هێڵەکانی پێشەوەی هەسەدە پاشەکشەیان کرد، دەرئەنجامەکەی سوپای سوریا دەستی گرت بەسەر کێڵگە نەوتیەکانی سۆفیان و ثورە لە نزیک شاری تەبقە لە پارێزگای ڕەقە، هەروەها گرتنی شاری تەبقە و بەنداوی فورات.
دوای کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر و گرتنی کەمپی ئەلهۆڵ، ڕێکەوتنێکی نوێ لەنێوان حکومەتی سوریا و هەسەدەدا کرا، کە تیایدا یەکخستنی هێزە چەکدارەکان و هێزە ئەمنیەکانی هەسەدە بێت لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆدا، ڕادەستکردنی پارێزگاکانی دێرەزۆر و ڕەققە لەلایەن خۆبەڕێوەبەری خەڵکی ئەو ناوچەیە بە حکومەت، بەڵام دواتر، هەسەدە لەو ڕێکەوتنە پاشگەز بووەوە و ئیدیعای کرد کە دیمەشق دەیەوێت هەسەدە خۆی بە تەواوی ڕادەست بکات.
لەگەڵ کشانەوەی هەسەدە لەو ڕێکەوتنە، پێشهاتێکی سیاسی بەرچاو ڕوویدا، کە لە ئەمریکاوە سەرچاوەی گرتبوو، تۆم باراک، جەختی لەوە کردەوە کە “گەورەترین دەرفەت لەبەردەستی کوردەکاندایە، کە لە سوریا لە ژێر سایەی سێبەری دەسەڵاتی حکومەتی نوێدابن، ئەو سوریایەی ئەحمەد شەرع سەرۆکایەتی دەکات”، هەر لە هەمان ڕۆژدا ترەمپ، ئەحمەد شەرعی، بە “پیاوێکی بەهێز و توند و ماندوونەناس” وەسفکرد.
ئەم لێدوانانە پاڵپشتی گشتی ئەمریکایان بۆ دەوڵەتی سوریا لەسەر حیسابی هەسەدە پێکهێنا، کە هێنایانە سەر مێزی دانوستان بۆ ئاگر بەستێک کە چەند ڕۆژێک بخایەنێت، دواتر پانزە ڕۆژ دەێژکرایەوە، بەڵام لە باری عەمەلیەوە هێرشەکانی حکومەتی سوریا نەوەستاون.
بەناوی سوریایەکی بەهێز و یەکگرتوو، ترەمپ دەیەوێت ئیمتیازێکی ستراتیژی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ببخشێتە ئەحمەد شەرع، شەرعێک کە بۆخۆی گەورەترین سەرچاوەی ناجێگیر و نا ئەمنیە بۆ دانیشتوانی سوریا.
گومانی تیا نیە ڕێگای سەقامگیری لە سوریا دەبێت لەسەر بنەمای مافی هاوڵاتیبونی یەکسان بۆ هەموان بێت.
ئەوەی شایانی باسە کاتێک ڕیزی سەدان هەزار کەسی دەڕژێنە سەر شەقام و بە دەنگی بەرز دەڵێن نا بۆ ترەمپ و جۆلانی و ئۆردگان..، ئازادی بۆ کوردستان، تەنها پەیامێک نیە پەیوست بێت بە هەوڵدان بۆ پاراستنی کوردانی دانیشتوی سوریا، پەیامێکە بۆ چارەسەری کێشەی خەڵکی کوردستان لە ناوچەکەدا، پەیامێکە دژ بە کۆنەپەرستی لە بەرامبەر زاڵمی و دڕندەیی تەواوی ئەو دەسەڵاتدارەی مافەکانی دانیشتوانی سوریا بە فەرمی ناناسێت، پەیامی ئیرادەی هاتنە مەیدانی جەماوەری ناڕازیە بۆ گەیشتن بەدەسەڵاتی خەڵک، هەوڵدانە بۆ وەلانانی ئەو هێزو لایەنانەی کە لە سەرو ئیرادەو پێگەی خەڵکیەوەیە، گوندەیی و کەڵەگایی بەسەر خەڵکیەوە دەکەن، دژ بە دەسەڵاتێکە کە بە ویست و ئارەزوی کەمایەتیەک خۆیان دادەمەزرێنن، ئەو کەمایەتیەی گۆشەگیرکردنی ئیرادەی خەڵکی و شکاندنی شکۆی خەڵک گەورەترین ئامانج و دەستکەوتی سیاسیانە، تا بتوانن قۆرخی سەروەت و سامانی وڵات کەن و داگیری کەن.
ئەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە گەورە و فروانەی تەواوی کوردستان و بەشێکی جیهانی گرتۆتەوە، پەیامێکە دژ بە یاری کردن بە ژیان و گوزەرانی خەڵک، پەیامێکە لەبەرامبەر یاریکردنی چەندین ساڵە بە مەسەلەی کورد.
ئەوەی ئەمڕۆ لە تەواوی شارەکانی کوردستاندا دەبینرێت بە جیا لە خرۆشان و توڕەیی و ناڕەزایەتی، بەشداریەکی بەرفروانی جەماوەریە لە کۆکردنەوەی جۆرەها کۆمەک و ناردنی بۆ ئاوارەکانی ڕۆژئاوا، ئەمە مانۆری مرۆڤ دۆستی و ڕیفراندۆمێکی مەزنی جەماوەریە دژ بە بەربەریەتی نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا و ترەمپ لە ناوچەکەدا، ئەو ترەمپەی کە خەریکە دەوڵتی داعش لە سوریا بەهێز دەکات و ژیان و کێشەکانی خەڵکی کوردستان دەکاتە قوربانی.
ئەوەی ئەمرۆ ئامادەبونی ڕیزی سەدان هەزاری بۆ بەرگری لە رۆژئاوا نمایشکرا، سەلماندی کە هاوچاره‌نوسی مرۆڤەکان سنوور ناناسێت. بۆیە پێویستە ئەم توانا و وزە جەماوەریە ببێتە هەوێنی یەکڕیزی خەباتی جەماوەری بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی، گۆڕانکاریەک دابینی بەرژەوەندیەکانی ژیان و پێداویستی و ئاسایش و خواستەکانی خەڵک بکات، ئازادی و مافە سەرەتاییەکان بەدەست بێنێت و جێگیری کات، کۆتایی بەهێزی میلیشیای ئیسلامی و قەومی بهێنێت، شەڕی قەومی و تائیفی و نایەکسانی ژنان و پیاون لە ناوچەکەدا بسڕێتەوە.
پشتیوانیمان لە خەڵکی ڕۆژئاوا تەنها لەبەر ئەوە نییە کە کوردن، بەڵکو لەبەر ئەوەیە نوێنەرایەتی ژیانێکی ئازاد و پێشکەوتنخوازی و شارستانی دەکەن، یاساو رێسایەک بەرێوە دەچێت کە تێیدا حیجاب بەزۆر نییە، ژنان پلە دوو و کاڵا نین، جیاکاری زمان و نەتەوەو دین و تائیفی و کەمایەتی ناناسن. گومانی تیا نیە تێکەڵ بون لەگەڵ حکومەتی ئێستای سوریا، تەواوی ئەوانە دەسرێتەوە!.




ڕۆڵی لایەنە شیعەکان لە سیستمی دوای ٢٠٠٣وە.. عوسمانی حاجی مارف

ئەو سیستەمەی لە دوای ٢٠٠٣ وە لە عێراقدا دامەزرا، بەناوی بنەمای مۆدێلی دیموکراسی، هێزی میلیشیایی نەتەوەیی و تائیفی و ئیسلامی، دەسەڵاتی بڕیاردانیان هاوبەش بوو. ئەم ڕەوتە دەستی بە جۆرێک لە هەڵکشان کرد، لەکاتێکدا هێزو لایەن و فراکسیۆنە شیعەکان، وردە وردە دەسەڵاتی دەوڵەتیان لە سەر حسابی گروپە نەتەوەیی و تایەفەگەریەکانی تر چەسپاند و فراوانتر بون، بە بیانوی بەهێزکردنی سەروەری عێراق و ڕێکخستنی کاروباری دەوڵەت. هاوکات ڕۆڵی ئێران لە داڕشتنی کایە سیاسی و ئەمنیەکانی عێراق، بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کرد.
پرۆسەیەک دەگوزەرا کە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرا، لەهەمانکاتدا هاوکات بوو لەگەڵ دابەزینی نفوزی ئەمریکا و کردنەوەی دەرگا بۆ نفوزی ئێران، دواتر هاوکاتی ئەو ئاڵۆگۆڕانەی لە ناوچەکەدا پێشهات، ئاکامی توندبونەوەی ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی کۆدەنگی هێزو لایەنی”عەرەب و کورد، شیعە و سونە” وە، ململانێی بەردەوام و ناجێگیری لە چۆنیەتی ئیدارەکردنی دەوڵەتدا.
لە ساڵی ٢٠٠٣ وە عێراق نەیتوانیوە دامەزراوەی بەهێز بنیات بنێت، کە توانای داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی هەبێت بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی. دەوڵەت تائێستا دیدێکی هەمەلایەنە و پلانێکی درێژخایەن و یەکگرتوو و ستراتیژی نییە، بۆ ڕێنمایکردنی کردار و سیاسەت و شێوەی گەشەپێدان، لەم چوارچێوەیەدا، کابینەی لایەنەکانی شیعە بەپێی دەستوور بەهێزترین دامەزراوەی جێبەجێکاریە لە عێراقدا، بە ئاشکرا ئاراستەی سیاسی دەوڵەتیان لە قاڵبداوە و سیاسەتێکی یەکگرتوی لەسەر بنەمای دید و ئایدۆلۆژیای کەسایەتیە باڵادەستەکان یان هێزە باڵادەستەکانی شیعە جێبەجێکردووە، بۆ نموونە ئیبراهیم جەعفەری یەکەم سەرۆک وەزیران، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، دیدگایەکی ئیسلامی گرتەبەر و مەیلی بەدواداچوونی جۆرێک لە هاوسەنگی پراگماتیکی هەبوو، دواتر لە هەلومەرجی سەربازی و سیاسی ئەمەریکادا، مالیکی دووەم سەرۆک وەزیرانە، تا ئێستاش کەسایەتیەکی دیارە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، مەیلی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران و گرێدانی عێراقە، بە چارەنوسی کۆماری ئیسلامیەوە.
حەیدەر عەبادی جێنشینی مالیکی، لەبەرامبەر هەڕەشەی تیرۆر و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، هەوڵیدا هاوسەنگیەکی گونجاو لەنێوان دەستەبەرکردنی پشتیوانی ئەمریکا و هاوکاری لەگەڵ میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران دروست بکات.
ئەم ڕێبازە له سەردەمی عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی، هەڵوێستی زیاتری لایەنگری ئەمریکایان گرتەبەڕ و مامەڵەیان لەگەڵ ئێران و دەخالەتی له عێراقدا کرد. لە کۆتایدا محەمەد شیاع سودانی، بەدوای ناڕەزایەتی ڕاپەرینەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٣وە، کە سەرەتا کاندیدکرا و لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگیەوە پاڵپشتی کرا، بەڕوونی ڕایگەیاند کە سیاسەتی ئیدارەکەی لەسەر بنەمای بێلایەنی و پاراستنی هاوسەنگیەکی گونجاو لە نێوان بەرژەوەندیە ناوخۆییەکان و پاڵپشتی ئێران و فشارەکانی ئەمریکادایە، بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا شایانی باسە لەبەر ئەوەی باڵادەستی ئێران بەسەر عێراقدا زیاتر سایەی کردوە، ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگیەی نێوان ئەمریکا و ئێراندایە بۆ هیچ لایەنێکیان ئاسان نەبوو.
ڕەوتی سەدریش بە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی دامەزراوەی سیاسی لایەنەکانی شیعەی عێراق هەژمار دەکرێت، موقتەدا سەدر خۆی وەک کەسایەتیەکی ئایینی و سیاسی دژە دامەزراوەکان نیشان دەدات، کە کێبڕکێ لەگەڵ کوتلە لایەنگرەکانی ئێران دەکات، بە بایکۆتکردن و ڕێکخستتنی خۆپیشاندانی جەماوەری و گردبونەوە لە شەقامەکاندا، ئەمەش چەندینجار ماڵی هێزو لایەنی شیعەکانی وەک یەک بەرە لاواز کردووە.
دەنگهێنانەوەی لیستی سودانیش ئەوە دەردەخات، بەشێک لە دەنگدەرانی شیعەی عێراق خوازیاری پاراستنی ئەو هێڵە سیاسیەی ئێستان کە سودانی نوێنەرایەتی دەکات، سودانی لەژێر دروشمی “عێراق یەکەم” خۆی بۆ هەڵبژاردن کاندید کردوە و تاڕادەیەک خۆی لە هەڵوێستە تائیفیە ئاشکراکان بەدوور گرتوە و پەیامێکی گەیاند کە دابەشبونە نەتەوەیی و تائیفیەکانی تێپەڕاندووە. بەمپێیە بەرنامەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی لەسەر گەیشتن بە ئاوەدانکردنەوەی بەردەوام و بەهێزکردنی ئابووری و بەڕەنگاربونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایش بوو. بۆ ئەم بەرنامانە بە پێویستی دەزانن کە ژینگەیەکی سەقامگیر و پارێزراو لە عێراقدا بپارێزن!.
لەو چوارچێوەیەشدا یەکێک لە دەستکەوتەکانی حکومەتی پێشووی سودانی توانای ئەوەی بوو کە عێراق نەکێشێتە ناو ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بەو پێیەی زۆرێک ترسیان لەوە هەبوو کە کردەوە و هەڵوێستی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران، عێراق بکاتە ئامانجی داهاتوی ئیسرائیل. هەروەها ئەوە دەردەکەوێت بەشێک لە دەنگدەرانی شیعە کەسایەتی تەکنۆکراتیان پێ باشترە کە سەرنجی لەسەر خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاریە گشتیەکان بێت، وە توانای هەبێت بەرامبەر ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان داخوازی ناوخۆیی بۆ سەروەری و داخوازیە نێودەوڵەتیەکان بۆ خۆگرتن لە نفوزی ئێران، وە یەکلایکردنەوەی ستراتیجی بەدوادا بێت.
لەبەرامبەردا لایەنەکانی تری”چوارچێوەی هەماهەنگی” ئێران، وەک سپۆنسەری سەرەکی ڕەهەندی سیاسی، ئەمنی و سەربازی شیعەگەری، لە عێراقدا دەڕوانن. هەروەها عەلی خامنەیی بە ئاماژەیەکی سەرەکی، خۆیان بە نەریت و ڕێبەری ڕەهای ئیسلامی شیعەی جیهانی دەزانن.
ئەوەی شایانی باسە، هێز و لایەنە سیاسیە سوننەکان نەیانتوانیوە دیدێکی سیاسی ڕون و یەکگرتوو، بۆ پرۆسەی سیاسی فراوانتر لە عێراقدا بخەنەڕوو، پەیامی سیاسی سوننە، تیشکیان خستۆتە سەر گرژی نێوان خۆیان و لایەنە کوردیەکان، لایەنە کوردیەکانیش بەتایبەتی بارزانی لە هەمان سەرچاوەی پشتیوانی ناوچەی سونە سودمەندە کە تورکیا و دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبیە.
زۆرێک لە هێزی سوننەکان پێیانوایە لە ئاکامدا زلهێزە ئیقلیمیەکان، هەوڵی لاوازکردنی لایەنە کوردیەکان دەدەن لە عێراقدا، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی پرسی کورد و ناوچەکە و خواستی دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو و تورکیا بۆ بەهێزکردنی سوننەکان لە عێراقدا لەسەر حیسابی کورد.
بارزانی و تاڵەبانی تاڕادەیەک گرژیەکانی قۆناغی دوای ڕیفراندۆمیان تێپەڕاندووە و بە تەواوی، تێکەڵ بە پڕۆسەی سیاسی عێراق بون وچارەنوسی خۆیان گرێداوە بە بەغداوە، لایەنە کوردیەکان و شیعەکان، وەک دوو لایەنی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی سەدام، دوای داگیرکاری ئەمریکا و وێرانکردنی عێراق، ڕۆڵی سەرەکیان بوو لە بنیاتنانی حکومەت عێراقدا، لە دوای ٢٠٠٣وە بەشداریان کردوە لە پێکهێنانی ناوەندی سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی لە ڕێگەی ڕێکخستنی دابەشکردنی دەسەڵاتەوە، لەسەر بنەمای مەزهەبی و تائیفی و قەومی، بەڵام ئەم پەیوندیه ورده ورده دەستی به تێکچوون کرد، ئەم تێکچونە لەژێر کاریگەری نالەباری و ئاڵوگۆڕ لە دۆخی سیاسی ناوچەکە و گۆڕینی ئاستی هاوسەنگی لایەنەکان و شەڕو ناکۆکی لەسەر بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکان و فراوانکردنی نفوزیان، عێراق و کوردستانیان لە گێژاو و نائارامی سیاسی و نەبونی ئاسایشدا ڕاگرت.
سەرهەڵدانی ڕژێمێکی سوننە لە سوریا بە پشتیوانی تورکیا و دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو و سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، دواتر لاوازی جیۆستراتیژی تاران، لەدوای لە شەڕی دوانزە ڕۆژەدا، کەشێکی ناجێگیری بۆ زۆرێک لە لایەنە شیعەکانی عێراق دروستکردوە و لەلایەکی ترەوە فشاری هەڵوەشانەوەی هێزە میلیشیاکانیان لەسەرە، لایەنە شیعەکانیش دۆخێکی ئاڵۆز و نائارام بەسەر دەبەن، وەک دەبینین قەیرانێک بە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی ئێستای بەغداوە دیارە، لەهەمانکاتدا دەتوانین بڵێین بەهەر هەوڵێک بگەنە پێکهێنانی حکومەت، نالەبارترین و نەگونجاوترین حکومەت دەبێت لە تەواوی دەورانی دەسەڵاتی ئەو حکومەتانەی لە ٢٠٠٣وە تا ئەمڕۆ پێکهێنراون.
گومانی تیانیە کە حکومەتی داھاتوی دوای ئەم هەڵبژاردنەی ١١سێپتەمبەری ٢٠٢٥، ڕوبەڕوی دۆخێکی یەکجار سەخت دەبێتەوە بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگیەک لە نێوان ڕازیکردنی ئەو گروپە شیعانە و ڕازیکردنی جەماوەری ناڕازی کە بە گشتی ڕەتیان دەکەنەوە. لەهەمانکاتدا، بەجیا لە کێشەکانی نێوان خۆیان واتە چوارچێوەی هەماهەنگی، ناچار دەبن لەگەڵ فشاری ئەمریکیەکان و نێودەوڵەتیەکان، تەنانەت ناوچەییەکانیش، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپە چەکدارانەی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا ململانێ دەکەن. هەر لەم پەێوەندیەدا، ڕۆژانی داهاتوو ڕادەی کاریگەری سیاسی ئەم گروپانە لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و کاریگەریەکانیان لەسەر هەڵبژاردنی پۆستە سەرەکیەکانی سەرکردایەتی کە ئێستا لەژێر گفتوگۆدان ئاشکرا دەبن.
لەلایەکی تریشەوە بارگرژی دۆخی کۆماری ئیسلامی ئێران، کاریگەری زیاتر لەسەر ئایندەی دەسەڵاتی تەواوی لایەنەکانی شیعە و دەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی بەو ئاراستەیە دادەنێت، کە عێراق دەخاتە سەر لێواری دەورانێکی تازە لە گێژاوی سیاسی و فەراهەمهێنانی ململانێیەک کە هاوسەنگی لایەن و هێزە سیاسیەکان لە ئیدارەی حکومەتدا دەگۆڕێت.
بەهاتنەناوەوەی کۆمپانیا نەوتیە ئەمریکیەکان پەیوەندی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەتەواوی گۆڕا، دیارترینیان کۆمپانیای( شیڤرۆن)، بۆ ناو دڵی کێڵگە نەوتیەکانی عێراق لەڕێگەی گرێبەستی بەرفراوانەوە. ڕەنگە ئەم وەبەرهێنانانە وەک دەرفەتێک دەرکەون بۆ بوژاندنەوەی ئابووری، بەڵام ڕێڕەوێکە ناچاری وابەستەیی بە ئەمریکاوە بەرجەستە دەکات.
واشنتۆن بەردەوامە لە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی سوپای عێراقیەکان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی لۆجستیکی، بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە دەکرێت، ئایا ئەم هاوکاریە تواناکانی دەوڵەت بەهێز دەکات؟، یان وابەستەیی بە زلهێزە دەرەکییەکان بەردەوام دەکات؟ عێراق هێشتا لە مەترسی ئەوەدایە ببێتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێ و یەکلایکردنەوەی پرسەکان، نەک دامەزراندنی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری.




ڕێکەوتنی هەسەدە و حکومەتی دیمەشق!.. عوسمانی حاجی مارف

گرژیە سیاسی و سەربازیەکانی نێوان حکومەتی سوریا و هەسەدە بەشێوەیەکی بێوێنە پەرەیسەندوە، بەڵام لەهەمانکاتدا دانوستان لەنێوان هەردوولادا لە دیمەشق بەردەوامە.
سەرەڕای ئاگربەست لە حەلەب، لە دوای پێکدادانەکانی ئەم دواییە، دۆخەکە بە ناجێگیری ماوەتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە زیاتر کڵپە بسەنێت، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی پابەندنەبونی مەزلوم عەبدی، بە مەرجەکانی ڕێککەوتنامەی مانگی ئازاری ٢٠٢٥ کە لەگەڵ ئەحمەد شەرع واژۆکراوە، لەو رێکەوتنەدا شەرع دیمەشق بە تاکە چوارچێوەک دەزانێت بۆ هەر چارەسەرکردنێک، ئەمەش لە دنیای واقعدا بۆ هەسەدە و مەزلوم عەبدی قەبوڵ ناکرێت.
کاتێک وەزارەتی بەرگری سوریا و هەسەدە، فەرمانی ڕاستەوخۆیان بۆ هێزەکانیان دەرکرد کە تەقە ڕابگرن، دوای ئەو تێکهەڵچونە خوێناویەی لە حەلەب ڕویدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا داوایکرد لە “کوردەکان”، کە ڕێگری نەکەن لە یەکڕیزی و سەقامگیری سوریا!، ئەتوانین بڵێین ئەمە ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەو ڕۆڵەی که هێزەکانی سەربازی هەسەدە له باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بینیان، لە بەرگرتن بە هێزەکانی حکومەتی سوریا کە دەیانویست ئەو ناوچانە کۆننترۆڵ بکەن. لەهەمانکاتدا پارێزگاری حەڵەب، داوای لە هاوڵاتیانی مەدەنی و ئەندامانی کۆمەڵگەی مەسیحی کرد، کە لەنزیک ناوچەکانی پێکدادانەکاندا نیشتەجێن، بەشێوەیەکی کاتی خۆیان لە گردبونەوە و ئاهەنگێڕان بەدوور بگرن، تا ئەو کاتەی ناوچەکان پارێزراو دەبن و مەترسیەکان نامێنن.
گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان حکومەتی سوریا و هەسەدە، بەردەوامن بە حساب تا ئەو کاتەی دانیشتنێکی سەرەکی دانوستان لە دیمەشق بەڕێوەبچێت، کە تائێستا کاتەکەی دیاری نەکراوە. گوایە ئەم دانیشتنە بە بەشداری نوێنەرانی سوپای سوریا و حکومەتی سوریا و هەسەدە بەڕێوەدەچێت، لەلایەن تۆماس باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا و هەروەها نوێنەرانی تورکیا چاودێری دەکرێت. هەروەها خولی پێشبینیکراوی دانوستانەکان، هاوکاتی سەردانیکردنی هاکان فیدان و وەزیری بەرگری تورکیا بوو بۆ دیمەشق، کە تێیدا دیداری ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع و ئەسەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا ئەنجامدا.
هەڵبەتە ئەم سەردانە، تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی وردەکاریەکانی خولی داهاتوی دانوستانەکان، لەگەڵ هەسەدە و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەسەر سیناریۆکانی دوای دانیشتنەکە، بەتایبەتی لە ئەگەری ئەوەی کە هەسەدە پێداگری لەسەر ڕەتکردنەوەی پابەندبونی تەواو بە ڕێکەوتننامەی ئازاری ٢٠٢٥ دەکات.
گفتوگۆی سەرەتایی، سەبارەت بە دیاریکردنی وادەی نوێ، کە بۆ کۆبونەوە و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان ئەنجامدرابوو، بەڵام ئەم پرۆسەیە توشی پاشەکشەی کتوپڕ بوو لەدوای پەرەسەندنی هێرشی هێزەکانی هەسەدە لە حەلەب و سەرهەڵدانی ئەو پێکدادانانەی، کە بە خوێناوی وەسفکران لەگەڵ یەکەکانی سوپای سوریا، ئاشکرایە دیمەشق پێیوایە ئەم بارگرژیە وەک پەیامێکی سیاسی و ئەمنی ڕاستەوخۆیە لەلایەن هەسەدەوە، واتە ڕەتکردنەوەیەکە لە پەرەسەندنی فشارەکان بۆ پابەندبون بە ڕێکەوتنی مانگی ئازار، هەوڵێکە بۆ دەستکاریکردنی کارتەکان پێشئەوەی لەسەر مێزی دانوستان دابنیشن.
مەزلوم عەبدی دەڵێت، کۆبوونەوەی داهاتو نوێنەرایەتی خاڵێکی سەرەکی دەکات، کە ڕەنگە زۆرێک لە کارەکانی دواتری لەسەر بنیاتبنرێت، کۆبونەوەکە بەشێوەیەکی یەکلایکەرەوە ڕێڕەوی ڕووداوەکان دیاریدەکات، واتە یان ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی بەرفراوان، یان گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی نوێ کە پەیوەندی نێوان هەردوولا ڕێکبخاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەدەرەوەی چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئازاری ٢٠٢٥ەوەیە. دەشڵێت، لەڕوانگەی سەرکردایەتی هەسەدەوە، ئەم ڕێکەوتنە ئێستا بەشێوەیەکی کاریگەر پووچەڵە، لەبەرئەوەی چیتر کەمترین داواکاریەکانی هەسەدە بەدیناهێنێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشهاتە مەیدانی و سیاسیانەی کە لەدوای واژۆکردنیەوە ڕویداوە.
لەلایەکی ترەوە حکومەتی سوریا لایوایە بەهێزبونی هەسەدە، تەنها هەوڵێکە بۆ سەپاندنی واقیعێکی نوێ لە سوریا، بە پێچەوانەی خواستی باڵادەستی حکومەتی سوریاوەیە، ئەمەش وەڵامێکە بۆ زیادکردنی فشاری سیاسی و سەربازیی لەسەریان، پێش دانیشتنیان لەسەر مێزی دانوستان. لەهەمانکاتدا ئاشکرایە، پرسی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لە پێکهاتەی سوپای سوریادا، چیتر کراوە نابێت بۆ گفتوگۆ و دانوستان، کە بژاردەی کۆتایی ستراتیژەکەیە، ئەو بژاردەیەی ئەحمەد شەرعیش پەسەندیکردوە، وەک بەشێکی سەرەکی لە هەوڵی پڕۆژەی یەکگرتنەوەی دامەزراوە سەربازی و درێژکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر هەموو خاکی سوریادا.
پێکدادانەکانی ئەم دواییەی حەلەب و دەوروبەری، ڕووداوێکی گۆشەگیر یان تەقینەوەی کتوپڕی دۆخەکە نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامی کەڵەکەبوی پێشهاتە سەربازی و سیاسیەکان بووە، کە ماوەیەک بوو هێزەکانی هەسەدە چاودێریان دەکرد، ئەم پێشهاتانە پەیوەستن بەو هەنگاوانەی کە سوپای سوریا بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی خۆی دەیخوازێت، لە نزیک سنوورەکانی ئەو ناوچانەی لەلایەن ئیدارەی خۆسەریەوە، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆنترۆڵکراون. سەرکردایەتی هەسەدە بەوردی چاودێری پێشڕەوی یەکەکانی سوپای سووریا و جێگیرکردنەوەیان لە خاڵە هەستیارەکاندا کردووە، لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەمەش قەناعەتێکی پتەوی لەناو هێزی هەسەدەدا دروستکردووە، کە دیمەشق تەنیا جێگیرکردنەوەی بەرگری ئەنجام نادات، بەڵکو خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی هەسەدە ئامادە دەکات، ئەگەر پرۆسەی دانوستانەکانی ئێستا شکستی هێنا.
لەم چوارچێوەیەدا، دیمەشق دەیەوێت وێنایەکی وەها بدات بەسەر هەسەدەدا كە ڕێگری لە هەر هەوڵێکی جدی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی نوێ دەکات، هەروەها دەرفەتەکانی دەستپێکردنی پڕۆژەی گەشەپێدان یان دەستپێشخەری گەشەپێدانی ئابوری و سیاسی بەردەوام سنووردار دەکات، یان بونی هێزێکی سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی فەرمی دەوڵەت، ژینگەیەکی دوژمنکار بۆ وەبەرهێنان دروست دەکات و بەردەوامی بە ناسەقامگیری ئەدات، بۆیە دیمشق زیاتر جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی هەسەدە دەکات لە ژێر ناوی پێکهێنانی هێزێکی یەکگرتو بۆ دەوڵەتی سوریا.
حکومەتی سوریا هەوڵدەدات یەکگرتنی دامەزراوەیی تەواو بەدەستبهێنێت کە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەپێی پرەنسیپی سەروەری ناوەندی ڕێکبخاتەوە، لەهەمانکاتدا فۆرمێک لە لامەرکەزیەتی ئیداری دەدات بە دانیشتوانی ئەو ناوچانە. بەڵام لەبەرامبەردا هەسەدە مۆدێلێک پێشنیار دەکات کە نزیکترە لە نیشتەجێکردنی تەواوەتی سەروەت و سامانی سەربازی و مەدەنی خۆیان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی لامەرکەزیدا، ئەمەش گەرەنتی پاراستنیان و بەردەوام بوونیان مسۆگەردەکات، بەتایبەتی کە هەسەدە، وەک قەوارەیەکی یەکگرتوو لەناو دەوڵەتی سوریادا بمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە پێکهاتەی دامەزراوەیی دەوڵەتی سوریادا.
پێدەچێت خولی داهاتوی دانوستانەکان ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە پەیوەندیەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدەدا، واتە یان دەبێتەهۆی یەکلایکردنەوەی کۆتاییەک کە بەپێی مەرجەکانی حکومەت یەکگرتویی تەواو بسەپێنێت، بەدەوری ئەمریکا و سوریا، یان ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا، ململانێی سیاسی و تەنانەت شەڕی سەربازی فراوانتر ڕوبدات.
لەنێوان ئەم دوو ئەگەرەدا، چاوی ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان، بەتایبەتی ئەمریکا و تورکیا، لەسەر دیمەشق جێگیرە، هەموو لایەنەکان بۆ خۆپاراستن لە خلیسکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاشکراو شەڕی ناوخۆ دەڕوانن، کە بە یەکێک لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین دۆخی سوریا و ناوچەکە وەسفی دەکەن.
ئیدارەی ئێستای سوریا هەوڵدەدات سیستمی سیاسی خۆی جێگیر بکات، ڕێگایەک کە خواستەکانی لەگەڵ بەرژەوەندی هەندێک ئەکتەری ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بگونجێنێت، بەڵام بژاردەکانی دیمەشق بۆ گەیشتن بەم ئامانجە هێشتا سنووردارە، بەکردەوە لە گفتوگۆ و دانوستاندا قەتیس ماوە و ئاراستەیەکی یەکلاکەرەوە لەنێو ناکۆکیەکان و دابەشبونی سوریا بە چەند ناوچەیەک و دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، فرسەتی بۆ سەقامگیری نەهێشۆتەوە.
هەوڵدان بۆ ڕادەستکردنی قۆناغ بە قۆناغی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە، دەستپێکردن لە پارێزگای دێرەزۆرەوە، لەوانەش ڕادەستکردنی کێڵگە نەوتیەکانی و تەواوکردنی ڕێککەوتنی حەلەب سەبارەت بە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی تێکەڵبونی یەکەی سەربازی هەسەدە و سوپای سوریا، ئەم سیناریۆیە پاڵپشتی ئەمریکای هەیە و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، تۆماس باراک، بە بژاردەیەکی واقیعی و جێبەجێکراو دەزانێت. ئاشکرایە سیناریۆیەکی لەم چەشنە ئەو ڕێرەوەیە کە سنوردارکردن یان کۆتایی دەوری هەسەدەی لێدەکەوێتەوە.
لەلایەکی ترەوە لەسەر بنەمای پاراستنی دۆخی ئێستای سوریا، واتە بەردەوامبونی چەقبەستوویی و کەمکردنەوەی گرژیەکان، بەتایبەتی نێوان ئەنقەرە و هەسەدە هەروەها لە نێوان دیمەشق و تەلئەبیب، ئەمەش ڕێگایەکە ئەمریکا لە ئێستادا پاڵپشتی دەکات. لەهەمانکاتدا پێشبینی ئەوەش دەکرێت کە داڕمانی پڕۆسەی دانوستان و کردنەوەی دەرگای ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی و شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان هەسەدە و هێزەکانی حکومەتی سوریا بەردەوام بێت، بەڵام بۆ ئەحمەد شەرع سەختە بتوانێت بەم رێگەیە بەهێزی سەربازی بۆ درێژکردنەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر هەموو خاکی سوریادا بەکاری بهێنێت.
لەهەمانکاتدا مێژووی دەخالەتی سیاسی ئەمریکا لە هەر شوێنێکدا، پڕ بووە لە داسەپاندنی کۆنەپەرستی و فەراهەمهێنانی نائارامی و گێژاوی سیاسی، هەروەها شکست هێنان بە هەر ڕێکەوتنێک کە بەرژەوەندیەکانی خۆی تیا بەرجەستە نەبینێت. لەم نێوەدا سیاسەتی ئەمریکا نەک بەرهەڵستی یەکگرتویی سوریا لە ژێر دەسەڵاتی تەواوی ئەحمەد شەرعدا ناکات، بەڵکو بە ئاراستەیەکی ئەرێنی و رولەپێش مامەڵەی دەکات بۆ یەکلاییبونەوەی تێپەراندنی ئەو گێژاوە سیاسیەی بەسەر دۆخی سیاسی ئێستای سوریادا زاڵە، گەر کۆتایی پێگەی هەسەدەشی لێکەوێتەوە!.




ئایدۆلۆژیا گەدەی برسی تێرناکات.. عوسمانی حاجی مارف

ئەو ڕۆژانەی ڕاپەڕینی جەماوەری لە تونس، میسر، لیبیا، سوریا و یەمەن سەریان هەڵدا، هەنگاونانی ئامادەیی بو، بۆ هەڵگیرسانی شۆڕشێک دژ بە برسیەتی، هەربۆیە ناوی لێنرا بەهاری عەرەبی، بەمەش وەستانەوەیەکی بەرفراونی جەماوەری دژ بەو ڕژێمانە هاتە مەیدان، کە دەیان ساڵ، لەسەر حسابی برسی کردن و پێشێلکردنی ئازادی، لە ژێر پەردەی پیرۆزکردنی عروبەوە، سەرمایەگوزاری و کەڵەکەی سەرمایەیان بەڕێوە بردووە. ئەم هەڵچونە جەماوەریە نیشانیدا، خەڵکی ستەمدیدە توانای سەپاندنی ئیرادەی خۆیان هەیە و سەلماندیان پیرۆزکردنی عروبە وەڵام بە گەدەی خاڵیان ناداتەوە. لە هەمانکاتدا ئەوەش بەرچاوکەوت کە گردبونەوەی بەرفراوانی جەماوەری و شەپۆلی ناڕەزایەتی لە مەیدانی شارەکان و شەقامەوە دەتوانێت ئاڵوگۆڕ بکات، بەڵام بەبێ ئامادەیی لە ڕێکخراوبون و ئاسۆیەک بۆ سەرکەوتنی ئەوڕاپەڕینە، بۆ گەیشتن بەرەو دابینکردن و چەسپاندنی دەسەڵاتی خەڵک، پاشەکشەی پێدەکرێت. هەر بۆیە بەهاری عەرەبی، بوبە دۆزەخی عەرەبی، دیمان لە لیبیا و سوریا و یەمەن شەڕی ناوخۆی نێوان هێزە میلیشیاکان، چەندین ساڵە وێنایەکی قێزەون لە بەرامبەر ئایندەی ڕاپەڕینی جەماوەریدا نیشان ئەدات.
لە هەمانکاتدا دیمان چۆن شەپۆلی ئەو ناڕەزایەتیانە بەر بە تەشەنەکردنی گیرا، لەبەر ئەگەری فراون بونی بەرەو ووڵاتە عەرەبیەکانی تر و ووڵاتانی ناوچەکە، هەروەها ڕژێمەکانی دیکە وەک ئێران و هەندێک دەوڵەتی عەرەبی توانیان لە ڕێگەی ڕێوشوێنی توندی ئەمنی یان لە ڕێگەی گوتارێکی ئایدیۆلۆژیەوە، مانەوەی ڕێژیمەکانیان بە پاراستنی ناسنامە، ئایین، یان قەومی گرێدا، توانیان شەپۆلەکانی ناڕەزایەتی کۆنترۆڵ بکەن. هەر بۆیە لەو سەردەمەدا ئەم ڕژێمانە توانیان زریانەکە تێپەڕێنن. سەرەڕای توڕەیی و ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵک ئەو ڕژێمانە توانیان بەردەوامی بە دەسەڵاتەکەیان بدەنەوە. هەڵبەتە ئەم دواخستنە لە هەڵچونی ناڕەزایەتی لەو ووڵاتانە هۆکارەکەی ئەوە بو کە ناڕەزایەتیەکانی تونس و میسر، نەیانتوانی چارەسەری ڕەگ و ڕیشەی ئەو قەیرانە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیانە بکات، کە لە پلەی یەکەمدا ناڕەزایەتیەکانی لێکەوتەوە، لە هەمان کاتدا دۆخی لیبیا و سوریا و یەمەن وێنایەکی تەڵخ و بێ ئاسۆیی دابەدەسەتەوە.
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە ڕژێمەکانی ناوچەکە و جیهان ڕووبەڕووی شەپۆلی بەرفراوانی ناڕەزایەتی بوونەوە، هەندێکیان لە چوارچێوەی ئەوەی بە بەهاری عەرەبی ناوزەد کران و هەندێکی دیکەیان لە قەیرانە ناوخۆییە کەڵەکەبوەکانەوە سەرچاوەیان گرت، زۆرێک لەو ڕژێمانە لە ڕێگەی هەڕەشە و سەرکوتی ڕاستەوخۆ و بانگەشەی ئایدیۆلۆژی و ئایینی و ناسیۆنالیستی، ڕەخساندنی گەندەڵکاری لە پەیوەندیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا، یان هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و سود وەرگرتن لە ململانێی زلهێزەکان، بەجۆرێک دەستیان بەسەر شەقامەکاندا توندکردەوە و دەرگایان بەڕووی هەر هەوڵێکی گۆڕانکاری ڕیشەیی داخست. بەڵام ئەم کۆنترۆڵە ڕەگی قەیرانەکانی ئەو وڵاتانەی وەڵام نەدایەوە، تەنها دوایخست. ئەمڕۆ فاکتەرێکی نوێ و مەترسیدارتر سەریهەڵداوە، ئەویش داڕمانی ئابووریە، کە ناتوانرێت نە بەهێز سەرکوت بکرێت و نە بەکاریگەری دروشمەکان بێدەنگ بکرێت.
گەیشتنی قەیرانی ئابوری بە ئابووریەکی داڕماو، بە فیشەک و پڕوپاگەندە ناتوانێت ڕێگایەک بۆ رزگاربونی دەسەڵاتی سیاسی و سەرمایەداران بەدەست بهێنێت، کاتێک قەڵشتی نێوان دەوڵەمەند و هەژار، کرێکار و سەرمایەدار فراوانتر دەبێت، کاتێک دراو دەڕوخێت و بێکاری بەرز دەبێتەوە، ئاستی بژێوی دادەبەزێت و برسیەتی فروان دەکات، مانای شکستهێنانی حکومەتەکانە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیانی خەڵک، ئیتر شەقامەکان کۆنترۆڵ ناکرێن، برسێتی بێدەنگ ناکرێ و گەدەی بەتاڵیش بە ئایدۆلۆژیا فریو نادرێت.
ئەوەی ئەمڕۆ لەئێران دەبینرێت، نمونەیەکی بەرجەستەیە کە ناڕەزایەتی جەماوەری هاوشانی بازرگانان لە بازاڕی گەورەی تاراندا دەستیپێکرد، ناڕەزایەتیەک بەداڕمانی دراو و گرانی تێچووی بژێوی ژیان، بە خێرایی بڵاوبۆتەوە بۆ شارەکانی دیکە. ماوەی چەند ڕۆژێکە ناڕەزایەتیەکان بەردەوامیان هەیە و پێشبینی ئەگەری فراوانتری بۆ دەکرێت، ئەم شەپۆلە گەورەترین شەپۆلە لە دوای ناڕەزایەتیەکانی مەهسا ئەمینی ساڵی 2022، بەڵام ئەمجارەیان بەهۆی داڕمانی ئابوری هەمەلایەنەوەیە، نەک ئەنجامی هیچ ڕوداو و پرسێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی و سیاسی.
داڕمانی ئابوری نەک هەر سەقامگیری دارایی بەڵکو پەیکەری کۆمەڵایەتی و سیاسیش دەخاتە مەترسیەوە، کاتێک پێداویستی مرۆڤەکان بەردەست نیە و برسی دەبن، بۆچونە پێرۆزەکان دەڕووخێن و ئایدۆلۆژیا هێزی قایلکەری خۆی لەدەست دەدات. چینی ناوەڕاست کە سەردەمانێک قەڵغانی سەلامەتی بون بۆ سەرمایە و دەسەڵات، کاتێک ئەو قەیرانە توانای گوزەرانی بێ ئاسۆ دەکات، دەبنە سووتەمەنی بۆ ناڕەزایەتیەکان.
کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێکاران، کاتێک بە یارمەتی و بەرنامە کۆمەڵایەتیەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵدا ڕادەگیرێن، بەڵام لەدەورانێکدا کە ئەم یارمەتیانە، لە بەرامبەر هەڵاوساندا بەهای خۆیان لەدەست دەدەن، ناچار دێنە سەر شەقامەکان. لەم خاڵەدا ڕژیم ڕووبەڕووی دوڕیانێک دەبێتەوە کە ناتوانێت بەسەرکوت چارەسەری بکات، یان دەبێت ئابوری چاک بکات، یان ڕوبەڕوی داڕمانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە.
ئەگەر ئەم قەیرانە ئابوریەی ئێران بەردەوام خراپتر بێت، شاهیدی شەپۆلی بەرفراوانی ناڕەزایەتی لە تەواوی شارەکانی ئێراندا دەبین، ئەم شەپۆلانە لە چاو شەپۆلەکانی پێش خۆیان توندوتیژتر دەردەکەون، چونکە لە نەبونی پێداویستیەکانی گوزەرانی زۆرینەی دانیشتوانی ئێرانەوە سەری هەڵداوە، ئەم قەیرانە بەتەواوی بەسەر زۆرینەی دانیشتواندا شکاوەتەوە، برسێتی گفتوگۆ و دانوستانی نییە و داڕمانی ئابوریش ناکرێت دوابخرێت. کۆماری ئیسلامی گەر پێیوایە کۆنترۆڵی ئاسایش چارەسەرە، دواتر بۆیان دەردەکەوێت کە شکستی ئابوری بەهێزترە لە چەک.
ناکرێ دانیشتوانی برسی بە هێز ملکەچ بکرێن، ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەوە بگەن کە سەقامگیری سیاسی بەبێ سەقامگیری ئابووری بەدی نایەت، دەبێت دەستبەجێ دەست بە چاکسازی جددی بکەن، بەڵام ئایا فریا دەکەون یان مەیدانەکە بەجێ دەهێڵن بۆ ئایندەی ئەو هێزانەی جارێکی تر سواری سەری ئێرادەی خەڵک دەبنەوە و ئێران پارچە پارچە دەکەن.
لەم نێوەدا ئەوەی گرنگە، ئەرکی ئازادی خوازان و یەکسانخوازانە هەوڵ بدەن ئەم شەپۆلە بۆ بەدەستهێنان و سەرکەوتنی دەورو دەخالەتی دەسەڵاتی خەڵک یەکلایی بێتەوە، بە جیا لەهەر دەخالەتێکی دەرەکی و هەوڵی هەر لایەن و هێزێکی سیاسی کە دەیانەوێت دەسەڵاتی سەرو خەڵکی لە شێوازێکی تردا دامەزرێننەوە.

عوسمانی حاجی مارف




بارزانی لە نێو پرسە ئاڵۆزەکاندا.. عوسمانی حاجی مارف

مەسعود بارزانی لەمیانەی وتارەکەیدا لە کۆڕبەندی “مەلای جزیری” وەها نیشانیدا کەجەخت لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە دەکات، ئەمەش لە هەوڵدانەکانی بارزانیە کە خۆی وەک نوێنەری سەرەکی پرسی کورد لە ناوچەکەدا بناسێنێت!.
ئەم هەنگاوەی لەم کاتەدا لە تورکیادا بۆئەوەیە کە پەیوەندیەکی کراوەتر و هاوپەیمانیەکی فراوانتر لەگەڵ تورکیادا ئەنجام بدات، ڕۆڵی خۆی لە ململانێیەکی بەرفراوانتری ناوچەیی جێگیر بکات، تا وەک سەکۆیەک بۆ بەرزکردنەوەی نفوزی خۆی بەکاریبهێنێت. ئەم هەنگاوە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا هاتووە، تەنها دوو ڕۆژ دوای هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سلێمانی، کە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان موشەکەوە ئەنجامدرا، ئەمەش شۆکێکی ئابوری و ئەمنی بۆ هەرێم دروستکرد. هێرش بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر هۆشداریەکە بۆ بارزانی و تاڵەبانی کە هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی خۆیان یان فراوانکردنی هاوپەیمانیەکەیان ئەدەن، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر لاوازی بارزانی و تاڵەبانی بەرامبەر بەو هێزانەی کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری ئابووری و سیاسی ناوچەکە ئەدەن.
لەنێوان نزیکبونەوەی زیاتر و هاوپەیمانی لەگەڵ تورکیا و فشارە ئەمنیەکاندا یاریەکی ئاڵۆز هەیە، سەردانەکەی بارزانی بۆ دورگەی بۆتان ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پلانی هەیە هاوپەیمانیەکانی فراوانتر بکات، بارزانی دەیەوێت ڕۆڵی نێوەندگیری لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا بگێڕێت، هاوکات یاریزانێکی کارا بێت لە پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەکەدا! بەڵام گومانی تێدا نیە، هەڵوێستی فەرمی تورکیا ئەوەیە کە کوردستان و هێزە کوردیەکانی وەها دەوێت، ئامادەبن بۆ پشتیوانی لە داسەپاندنی پڕۆسەی بەناو ئاشتی لەگەڵ پەکەکەدا، کە بە ویست و نەخشەی تورکیا بە شوێنێک بگەیەنرێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕێکەوتنێکی بێدەنگە لەسەر پێگە و ڕۆڵی هەرێم، وەک سەکۆیەک بۆ نێوەندگیری یان سازدان لە پرسە ئاڵۆزەکانی ناوچەکەدا.
هێرشەکانی سەر کێڵگە گازیەکان، بوونی هێزی ناوخۆیی یان ناوچەیی ئاشکرادەکات، کە پێشوازی لەو جۆرە هەنگاوانەی بارزانی ناکەن، ئەو هێزانە ئاسایشی وزە وەک ئامرازێکی گوشار بەکاردەهێنن بۆ ناردنی پەیامێک، ڕایدەگەیەنێن هەر هەنگاوێکی سەربەخۆ یان هاوپەیمانیەکی نوێ دەبێت تێچووی سیاسی و ئابووری بەرچاوی لەگەڵدا بێت!.
نزیکبونەوەی زیاتری ئێستای هەولێر و ئەنقەرە لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە، دوابەدوای پێشهاتەکانی سوریا و پێگەی هەسەدە و دەخالەتی ئیسرائیل و ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران و دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەیە، کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی تورکیا هەیە، کاریگەری لەسەر سەردانەکەی بارزانیش دەبێت، کەنەتوانێ مەبەستەکەی بهێنێتە دی!.
لەو چوارچێوەیەدا بارزانی، هەرێم وەک زەمینەیەکی ناوەند پیشاندەدات، خۆی دەخاتەناو جەرگەی پرسە بەرفراوانە بێوەڵامەکانی مەسەلەی کوردەوە. بەڵام هێرش بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر تیشک دەخاتەسەر ئەو تەحەدایەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە، واتە بەرگرتن بە فراوانکردنی هاوپەیمانیەکانی بارزانی، لەهەمانکاتدا ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ دەبێتەوە بۆ سەر ژێرخانی ژیان و ئاسایشی دانیشتوانی هەرێم، بۆیە پرسیار ئەوەیە بارزانی دەتوانێ لەم دۆخە ئاڵۆزەدا چی بکات بۆ تورکیا، چۆن لە ئایندەی کوردستان دەڕوانێت؟. ئەوەی لەلایەکی ترەوە لە چاوەڕوانی بارزانیدایە، کارکردنە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دەخالەت و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بە تایبەتی کە ئەمریکا گەورەترین قونسڵخانەی لە هەولێر کردۆتەوە، بەڵام یاریەکە لەنێوان دەوری ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ناوچەکەدا بە ئاسان بۆ بارزانی بەدەست نایەت.
پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، یان بەرگری لە پرسێکی خوازراو، لە دۆخی ئێستای ناوچەکەدا، پێویستی بە ئاستی هاوسەنگیەک هەیە کە لەنێو هاوکێشە سیاسیەکان و ململانێکاندا وەک لایەنێکی سەرەکی یاری بکەیت، نەک سەر بەلایەنێک یا پشتیوانی بۆ لایەنێک بچیتەناو یاریەکەوە، ئەوەی بارزانی دەیکات پاشکۆبوونە بۆ لایەنە سەرەکیەکان و لەپێناو پاراستنی هێزەکەی بە هەرنرخێک بێت، ئایندەی ئەم ڕێبازە بە نادیاری ماوەتەوە بەهۆی هەوڵی هەولێر بۆ هاوپەیمانی نوێ و داڕشتنەوەی پێگەی ناوچەیی خۆی، بەچاوەڕوانی بۆ ئەو پێشهاتانەی کە ئەمریکا بۆ دەخالەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دایرشتووە، بۆ هێشتنەوەی ناوچەکە لە چوارچێوەی باڵادەستی ئەمریکادا و پشتیوانی و پاراستنی ئیسرائیلدا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا سەردانەکەی بارزانی بۆ دورگەی بۆتانی تورکیا، هەنگاوێکی ستراتیجیە بەرەو بەهێزکردنی زیاتری هێزەکەی بەناوی پرسی کورد لە ناوچەکەدا و پشتیوانیکردن لە پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکە، ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر ژێرخانی ئابوری و ئاسایشی هەرێم هەیە، کە کاریگەری لەسەر نەبونی ئاسایش بۆ سەرمایەگوزاری و پێگەی هەرێم لە عێراق و ناوچەکەدا داناوە، وەک نموونەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، کە ڕەنگدانەوەی گۆڕینی غاز و نەوتە بۆ لێدان لە نفوزی سیاسی.
هەوڵدانی بارزانی بۆ پتەوکردنی هاوپەیمانیە دەرەکیەکان و پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی تەنها بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی ژێرخانی ئابووری و کەڵەکەی سەرمایە و ئاسایشی خۆیەتی، بۆ جێگیرکردن و بەفەرمیکردنی دەسەڵاتی بنەماڵە لە چوارچێوەی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، کە پڕە لە مەترسی و پشێوی زیاتر بۆ هەرێم، بۆیە ناتوانێ ستراتیژێکی ڕون و یەکگرتوو، بۆ کۆتایی بە ناجێگیری سیاسی لە هەرێم و لەم دۆخەدا دەستەبەر بکات، کە سیاسەت و ئاسایش و ئابووری لەبەرامبەر هەڕەشەکاندا بەیەکەوە دەبەستێت.
هێرش بۆ سەر کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر ئەوە نیشان دەدات، کە هاوکێشەی “سەرکەوتن یا دۆڕان” لە ڕادەبەدەر ئاڵۆزە. لەکاتێکدا ڕەنگە هەندێک لایەن دەستکەوتی سیاسی یان ئابووری کورتخایەن بەدەست بهێنن، بەڵام زیانە درێژخایەنەکان کاریگەریان لەسەر هەموو لایەنەکان دەبێت و دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات، تا ئەو ئاستەی کاریگەری لەسەر هەوڵدانی ئەمریکا بۆ سەقامگیری لە ناوچەکەو عێراق دادەنێت، لەلایەکی تریشەوە ئەو دەورەی بارزانی دەیەوێت لەو ململانێیەدا یاریزانێکی باش بێت، دەكەوێتە بەر سێڵاوی ناکۆکی نەخشەو ڕێکەوتنی سیاسەتەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران و تورکیا و ووڵاتانی عەرەبی.
بەئامانجگرتنی کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر، ڕووداوێکی زۆر بەرچاو لەچوارچێوەی ململانێ جیۆپۆلەتیکیە هاوچەرخەکاندا پێکدەهێنێت. هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە تەنیا لە چاویلکەی ئەمنی ڕاستەوخۆوە سەیر ناکرێت، بەڵکو هەڵگری کاریگەریە سیاسی و ئابوریەکانیش دەگرێتەوە. لەهەمانکاتدا شەڕی بەردەوامی نێوان لایەنە شیعەکانی سەربە ئێران لە حکومەتی بەغدا بەرامبەر بارزانی لە حکومەتی هەولێر دەبینرێت، بۆیە کۆمپانیەکان بەئاگان لەوەی خۆیان لە سەرمایەگوزاری لە عێراق و کوردستان بپارێزن.
دەتوانین بڵێین هێرشکردنە سەر کێڵگەی غاز، دەسەڵاتە هێرشبەرەکان هەوڵدەدەن دەستکەوتی سیاسی بەدەستبهێنن لەڕێگەی نیشاندانی توانای خۆیاندا، بۆ لێدانی ئامانجە ستراتیژیەکان و بەکارهێنانی ڕووداوەکە وەکو هێرشبەرێک لە دانوستانەکاندا، یان وەک ئامرازێک بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێز لەنێوان بەغدا و هەرێمدا، لایەنە میلیشیاکانی پابەندن بەدەوری ئێران لەعێراقدا، ئەو ڕووداوە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی شەرعیەتی حکومەت تێکبدەن، یان گومان بخەنە سەر توانای پاراستنی سەرچاوەکانی ووزە و دروستکردنی نائەمنی بۆ سەرمایەگوزاری.
بێگومان بەهۆی وەستانی بەرهەمهێنان یان دابەزینی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری و بازرگانی زیانی ئابووری لێدەکەوێتەوە، ئەمە جگە لە زیانە سیاسیەکانی پەیوەست بە دۆخی عێراق، وەک ژینگەیەکی ناپارێزراو بۆ وەبەرهێنان، نادڵنیایی لە بازاڕە جیهانیەکان دروست دەکات و کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە لە دەوروبەری عێراقدا دەبێت. جگە لەوەش هێرش بۆ سەر کێڵگەی غاز دەرگا بەڕووی پەرەسەندنی نائەمنی و دەستوەردانی دەرەکی لە عێراقدا زیاتر دەکات، لەهەمانکاتدا هەولێر و بەغدا بیروڕای گشتی بە وەهمی چاکسازیەک کە هیچ بناغەیەکی نیە، لە قاڵب دەدەن.
لەم کاتەدا ڕاگەیاندنی ئەمریکا لە دانانی مارک ساڤایا وەک نێردەی تایبەت لە عێراق توخمێکی نوێی بۆ هاوکێشەکە زیادکردوە. ساڤایا ئەوە ڕادەگەیەنێت کە واشنتۆن ڕێگە بە پێکهێنانی حکومەتێکی عێراقی نادات کە ملکەچی دیکتاتۆری کوتلە چەکدارەکان یان کاریگەری دەرەکی بێت، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی سنووری ڕۆڵی ئێران لە عێراقدا، نەک لە ڕێگەی ڕوبەڕوبونەوە، بەڵکو لە ڕێگەی فشاری سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسی، کە تائێستاش دۆخەکە رێگەی بەو پلانە نەداوە و لە ئایندەیەکی نادیاردایە.
عێراق و کوردستان، لە ماوەی تەواوی دەسەڵاتی “کوردایەتی و سونە و شیعە”دا، شاهیدی یەک ڕێکەوتنی ڕاستەقینەی نێوان نوێنەرانی خەڵک نەبون، کە بەرژەوەندی دانیشتوان لە پێشینەی بەرژەوەندیە حزبیەکان دابنێن، تەواوی ژیانی سیاسیان سەوداو مامەڵە و نائارمی بووە. شەڕی ڕاستەقینەی خەڵکی عێراق و کوردستان لەبەرامبەر تەواوی سیستمێکدایە کە پێکهاتەی نەتەوەپەرستی و تائیفی و ئیسلامیە، کە دەخالەتی ئەمریکا و ئێرانە، چەندین ساڵە لە پاراستنی خۆیدا سەرکەوتوو بووە لەسەر حسابی قوربانیەکی بێشومار لە دانیشتوان، بە نەبونی ئاسایش و ناجێگیری و ژیانێکی سەخت.
لەکۆتایدا دەتوانین بڵێین بەگشتی چەندبارە دەرگیربونی بارزانی بە تێکەڵبونی لە یاری نێوان زلهێزەکاندا و کێشە ناوخۆییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق و تاڵەبانی، بە ڕکابەری و مامەڵەی لەگەڵ هێزو لایەنەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە ناوچەکەدا، نەک ناتوانێ نوێنەری کێشەو پرسی مەسەلەی کورد بێت، بەڵکو بەردەوامی بە ئایندەیکی نارۆشن لەسەر چارەنوسی کوردستان ئەدات، لەهەمانکاتدا هیچکات ناتوانێت دابینکەری ئارامی و سەقامگیری سیاسی و ئاسایش بێت لە هەرێمدا.




دەوری ئەمریکا لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا.. عوسمانی حاجی مارف

واقعی سیاسی ناوخۆی عێراق دوای هەڵبژاردن، بۆتە ئاوێنەیەکی ململانێی قوڵتری نێو دەسەڵات، ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە، بوار بە هیچ لایەنێک نابەخشێت بەتەنها دەسەڵات یەکلایی بکاتەوە، بەبێ هاوپەیمانی لەگەڵ چەند بلۆکی دیکەدا، ئەمەش فرسەتی زیاتری کردۆتەوە بۆ ئەو هێزو گروپانەی حەشدی شەعبین و سەر بەئێرانن هاوبەش بن لە حکومەتدا، کە لەم هەڵبژاردنەدا رێژەیەکی زیاتر لە هەڵبژاردنەکانی رابردو دەنگیان هێناوە، بۆتە ناچاریەک بۆ بەشداری پێکردنیان لە هاوپەیمانی بلۆکەکاندا، لەکاتێکدا خواست و فشاری ئەوەیان لەسەر دەبێت، هەڵوەشێنەوە یان نابێت بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتدا بکەن، ئەمەش ناکۆکیەکە، قەیرانی لە پێکهێنانی حکومەتدا دروست کردووە.
لەسەر واقعیەتی ئێستای دوای هەڵبژاردن و کێشەکانی پێکهێنانی حکومەت لە عێراق، ئاستی دابەزینی هاوسەنگی زۆربەی هێزو لایەنەکان، دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە، پێدەچێت هۆکار بێت تا کۆشکی سپی مەیلی پاراستنی دۆخی ئێستای عێراقی هەبێت، لەهەمانکاتدا وردە وردە هەوڵبدات نفوزی ئێران سنووردار بکات، یان ناچار بە رێکەوتنی جۆرێک لە هاوسەنگی بێت لە گەڵ ئێراندا.
ئەمریکا لە هەوڵەکانی بۆ فشارخستنە سەر بەغدا دەیەوێت ڕێگەیەک پەیدا بکات، بۆ ئەوەی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران، لەخۆبگرێت و بیانخاتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندیەوە!. لەهەمانکاتدا ئاشکرایە سزا و ڕێوشوێنی سەپاندووە تا تۆڕەکانی پشتیوانی لە هێزە میلیشیاکان بکاتە ئامانج، هەوڵی بەرزکردنەوەی بەهای تێچوی بەردەوامبونی ئەم گروپانە دەدات، لە کۆنترۆڵکردنی بڕیاردان و ڕای گشتیدا. تەنانەت دۆخەکە گەیشتوەتە ئەو ئاستەی کە مارک ساڤایا، نێردەی ترەمپ، زنجیرەیەک ئاگاداری لەبارەی هەوڵی میلیشیاکان، بۆ کۆنترۆڵکردنی بڕیاردانی سیاسی لە عێراق بڵاوکردۆەتەوە. لە دوایین پۆستی مارک ساڤایادا لەسەر ئەوە جەختی کردوە گوایە هیچ ئابووریەک ناتوانێت گەشە بکات، هیچ هاوبەشیەکی نێودەوڵەتیش ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، عێراق لە ژینگەیەکدا قەتیس بووە، دەخالەت و سیاسەتی میلیشیاکانی ئێران، تەواو لەگەڵ سەرچاوە نافەرمیەکانی دەسەڵاتدا تێکەڵ بووە. بۆیە ساڤایا ئەم پرسیارە دەخاتە ڕو، بژاردەکانی ئەمریکا لە دەخالەتی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئێستای عێراقدا چین؟، ئایا دەتوانێت فشاری ئابووری زیاتر بکات؟، دەتوانرێت چالاکی و توانای میلیشیاکان تێکبدات؟ یان بژاردەی تر هەیە، وەک ڕێگەدان بە ئیسرائیل، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ میلیشیا عێراقیەکان بەو شێوەیەی کە بە گونجاو دەزانرێت، وەک ئەوەی تەلئەبیب لە زیاتر لە بۆنەیەکدا هەڕەشەی لێکردون؟.
لەنێو ئەم جەنجاڵیە، ئەو پرسیارانەی لەمرۆدا بۆ دۆخی سیاسی عێراق دێنەپێشەوە، بەتایبەتی لە دەور و دەخالەتی ئەمریکا بۆ جەختی باڵادەستی بەسەر عێراق و ناوچەکەدا، ئایا دەستێوەردانی سەربازی سنووردار یان بەرفراوان، وەڵام بە چارەسەری کێشەکانی عێراق و پێکهێنانی حکومەت ئەداتەوە؟، لەبەرژەوەندی ئەمریکا بێت؟، یان بەردەوامی بە پەرەسەندنی گەمارۆ ئابووریەکان بدات؟ یان قبوڵکردن و بەردەوامبونی دۆخی ئێستا لەگەڵ کوتلە چەکدارەکان کە نفوزی خۆیان دەپارێزن سازش بکات؟، بەڵام بەشێوەیەک کە کەمتر زیان بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بگەیەنێت!.
هەڵبەتە هەر بژاردەیەکی ئەمریکا بۆ چۆنیەتی دەخالەت و هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی حکومەتی عێراق، کاردانەوەی جیۆپۆلەتیکی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئاڵۆزی بەرچاوی دەبێت، کە بە ناچاری بە جۆرێک عێراق لەنێو شانۆی سیاسی ململانێی ئەمریکاو ئێراندا دەهێڵێتەوە و کاریگەری نەرێنی زیاتر لەسەر ناجێگیری سیاسی عێراق و ژینگە ناوچەییەکەی دەبێت.
ئەو سزا نێودەوڵەتیانەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەیسەپێنن بەسەر عێراقدا، تەنیا بەربەستی ڕەمزی نین، بەڵکو ئابووری عێراق پەکدەخەن، ئەگەر کەرتی وزە، یان کۆمپانیا بیانیەکانی نەوت کە لە عێراق کاردەکەن بکەنە ئامانج، ئەم جۆرە سزایە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق هەبێت، بەمشێوەیەش مەترسی لەسەر داهاتی دەوڵەت دروست دەکات، کە نزیکەی٩٠٪ ی داهاتی ئێستای عێراق، پشت بە نەوت دەبەستێت. جگە لەوەش پێشنیارکردنی ئەو سزایانەی، کە لەلایەن ئەمریکاوە پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ١١ ی ئەم مانگە دواخرا، پێشبینی دەکرێت سیستمی ئابووری عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو ئیفلیج بکات، ئەمەش مەترسی ئاڵۆزبونی دۆخەکە زیاتر دەکات، ناتوانێت بژاردەیەکی سەرکەوتوبێت لە هەوڵی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی سیاسی عێراق، یان پێکهێنانی حکومەتێک پاشکۆی تەواوی ئەمریکا بێت.
ئەوەی شایانی باسە، گومانی تیا نیە لەبەرامبەردا، دەسەڵاتی سیاسی ئێستای عێراق، بە تایبەتی لە پێکهاتەی هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران، بێدەنگ نابن و بەناچاری لەگەڵ قەیرانە ئابوریەکاندا دەجەنگن، پارێزگاری لە پاراستی دەسەڵاتەکەیان و جەردەیی و تاڵانی و کەڵەکەی سەرمایە بۆ هێزەکانیان دەکەن، کە لەڕێگەی پاوانخوازی تەواو بەسەر دەسەڵاتدا، توانیویانە دەستبگرن بەسەر سەرەوت سامانێكی بێشوماردا، بەردەوام بەهۆی داهاتی زۆری نەوتەوە کوتلەکان هاوپەیمانی پێکدەهێنن. عێراق لەئێستادا رۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، ئەمە جگە لە هەناردەکردن و ئۆپەراسیۆنی قاچاخچێتی، کە لەلایەن حزب و هێزەکانی ناو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم و سیاسەتمەداران و سەرکردەکانی میلیشیاکانەوە، لەڕێگەی ڕێڕەوی قاچاخی جۆراوجۆرەوە ئەنجام دەدرێن، هەندێکیان لەڕێگای دەریاوە، هەندێکی دیکەشیان لەرێگای وشکانیەوە، زۆرینەی ئەو هەناردەکردنانە لە داهاتی خەزێنەی عێراقدا نین.
هەر دابەزینێکی نرخی نەوت یان پچڕانی گرێبەستی کارکردن لە کێڵگە نەوتیە گەورەکاندا دەستبەجێ کاریگەری دەبێت لەسەر توانای حکومەتی عێراق بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران و دابینکردنی بودجەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان.
لەلایەکی ترەوە تێبینی ئەوە دەکرێت کە بژاردەی سەربازی ئەمریکا، بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئەو هێزانەی ئەمریکا قەبوڵ ناکەن، ئەمەش بژاردەیەکی قورسە و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، تەنانەت هێرشێکی ئامانجداریش بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کێشەی میلیشیاکان و دەورو دەخالەتی فراوانبونی ئێران، لە چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر ناکات، بە پێچەوانەوە، ڕەنگە متمانە بە بانگەشەی میلیشیاکان بدات کە بڵێن پیلانێکە لەسەر عێراق و بەرگری دەکەین، پەنا بۆ دوا بژارەدی مانەوەی خۆیان ببەن، ئەمەش کارەساتی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
هەڵبەتە ئەو بژاردەیەی ئەمریکا، گەر بیەوێت جەخت لە سەر پاراستنی دۆخی ئێستا بکات، دەبێت هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پێکهاتەی حکومەتدا قبوڵ بکات، لەلایەکی تریشەوە ڕێوشوێنی کەمکردنەوەی نفوزی میلیشیاکان پەرەپێبدرێت، دواجار ئامانجی کەمکردنەوەی بازنەی کاریگەریەکانی ئێران بەسەر عێراقدا هەبێت، کە بۆ ئەمریکا گرنگیەکی هەیە. ئەوەی ئەمریکا لەئێستادا دەیەوێت، کەمکردنەوەی گرژیه نێوخۆییەکانه بۆ مسۆگەرکردنی کارکردن بهشێوەی پێکهێنانی حکومەتێک، که دەبێت لە دواجاردا ئەرکی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و چالاکیەکیەکان و چەسپاندنی چەک لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بگرێته ئەستۆ. بەشێکی زۆری هێزەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” شیعە پێیانوایە ئەمە مومکینە، بەڵام دەبێت وردە وردە جێبەجێ بکرێت، نەک لەناکاو و بە زۆر، بەڵام ئەم بژاردەیە چەند دەخایەنێت و تاچەند سەرکەوتن مسۆگەر دەکات، وەڵامێکی ڕۆشنی نیە!.
کێشەکە لەوەدایە کە بەدوای بۆردومانکردنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سلێمانی، بەشێوەیەکی بەرچاو “چوارچێوەی شیعە”ی تێکداوە، هەرچەندە هێزەکانی “چوارچێوە” ڕایانگەیاندووە کە میلیشیاکان هیچ پەیوەندیەکیان بەو هێرشەوە نەبووە، بەڵام بەڵگە هەیە کە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە گروپێکی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی بەرپرسیار بووە، هەروەها ئەم گروپە فەرمانی ڕاستەوخۆی لە هێزە ناوخۆییەکان وەرگرتووە، کە پەیوەندیەکی بەهێزیان لەگەڵ ئێراندا هەیە. ڕەنگە ئەم بۆردومانە واشنتۆن بخاتە سەر بژاردەکانی تر، بەتایبەتی کە کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە کێڵگە نەوتیەکان و گازیەکان دەستیان بە کارەکانیان کردووە، بۆیە بۆردومانکردنی کێڵگەی غازی سلێمانی وەک پەیامێکی ئاگرین کاریگەربوو، کە توانای ئەو میلیشیایانە بۆ ئیفلیجکردنی کارەکانی کۆمپانیاکان، ئەوە نیشان ئەدات، ئەگەری ئەوە هەیە فشاری زیاتر بکەن.
دەتوانین دەربارەی هەوڵدانی بژاردەکانی ئەمریکا، بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی سیاسی عیراق ئەوە بڵێین، نەک بە ئاراستەی ئایندەیەکی رۆشن و ئارام و دابینکردنی ئاسایش هەنگاو نانێت، بەڵکو دەخالەتی ئەمریکا بەردەوامی هەمان ئەو ڕێڕەوەیە کە لەجەنگی کەنداوەوە عێراقی وێرانکرد.
لایەنێکی گرنگی ئەم دۆخە ئەوەیە پێشبینی ئەوەش دەکرێت، توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵک دۆخەکە بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ناڕەزایەتیەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ و بەشێوەیەکی فروانتر، کە حکومەتی عێراق بە فەرمی و نافەرمی دەخاتە نێو چاڵی قەیرانێکی قوڵترەوە، لەهەمانکاتدا دەوری ئەمریکاش بۆ کۆنترۆڵکردنی عێراق دەباتە دواوە، هەر بۆیە دەکەوێتە بەر بژاردەی ئاڵۆز و پێچیدە ترەوە، بۆ دەورو دەخالەتی لە عێراقدا.




تێبینیەک لەسەر دادگایی ناتانیاهو!.. عوسمانی حاجی مارف

جگە لە دادگایکردنی ناوخۆیی بۆ ناتانیاهۆ، دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەکان لە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناتانیاهۆ دەرکرد، بەهۆی بەرپرسیارێتی لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژی فەلەستینیەکان لە کەرتی غەززەدا، لە شەڕێکی دوو ساڵەدا کە ئیسرائیل زیاتر لە ٧٠ هەزار فەلەستینی کوشت و ١٧٠ هەزار کەسی دیکەی بریندارکردوە، چونکە ئەم تاوانەی دژ بە دانیشتوانی غەزە بە گەورەترین و قیزەوەنترین تاوان بە حساب دێت لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا.
بەڵام پێدەچێت ناتانیاهۆ بڕیاریدابێت کە دۆستایەتی خۆی لەگەڵ ترەمپدا، بۆ ئەو پشتگیریە بەهێزەی لەکاتی شەڕی درندانەی دژ بەغەززەدا وەریگرتبوو، بەکاربهێنێت، بۆئەوەی لەچەندین بۆنەدا فشار بخاتە سەر حکومەتی ئیسرائیل تا لێی خۆشببن! لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، ترەمپ نامەیەکی فەرمی بۆ نووسینگەی هێرزۆگ سەرۆکی ئیسرائیل نارد و بە فەرمی داوای لێبوردنی ناتانیاهۆی کرد. ترەمپ، ناتانیاهۆی بە سەرۆک وەزیرانێکی درەوشاوە و یەکلایکەرەوە لە سەردەمی جەنگدا وەسفکرد، گوایە دوای ئەو هەموو هێرشە دژە مرۆڤایەتیە، ئێستا ئیسرائیل بەرەو سەردەمی ئاشتی دەبات!
پارێزەرانی ناتانیاهۆ لە نامەکەیاندا بۆ ئیسحاق هێرزۆگی سەرۆککۆمار ڕایانگەیاندووە، لێخۆشبون دەبێتەهۆی ئەوەی ناتانیاهۆ هەمووکات توانا و وزەی خۆی بۆ پێشخستنی ئیسرائیل لەمکاتە سەختانەدا تەرخانبکات، هەروەها دەڵێن “پێشبینی پێشهاتە نائاساییەکان دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”. بۆیە وەها بەیان دەکەن، کە ئەو لێکتێگەیشتنانەی کە لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی و وڵاتانی دیکەدا شێوە دەگرن، پرۆسەیەک پێکدەهێنن کە پێویستی بە ئامادەکاریەکی بەرفراوان و هەوڵی دیپلۆماسی و ئەمنی و گرنگیدانی بەردەوامی دەبێت، واتە چاوپۆشی بکرێت لە تەواوی ئەو تاوانانەی ناتانیاهو کە دنیای هەژاند.
لەلایەکی ترەوە نەیارانی ناتانیاهۆ پێشنیاری ئەوە دەکەن کە پێویستە ناتانیاهۆ لە سیاسەت خانەنشین بکرێت، یان بانگەوازی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات و دان بە تاوانەکەیدا بنێت پێش ئەوەی داوای لێبوردن بکات. بەڵام ناتانیاهۆ ڕایگەیاندووە کە داوای لێبوردن ناکات بۆ ئەو تۆمەتە تاوانکاریەی کە ئاراستەی کراوە.
ئەم داوایە کە بۆ ناتانیاهۆ خراوەتەڕوو، درزێکی لە ئیسرائیل دروست کردووە، بەشێک لە وەزیرەکانی حکومەت پشتگیری لە پێدانی لێبوردنەکەی دەکەن، هاوکات ئۆپۆزسیۆن داوایان لە هێرزۆگ کردووە کە پەسەندی نەکات، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ڕەتکردنەوەی ناتانیاهۆ لەداننان بە تاوانەکەی و کشانەوە لە ژیانی سیاسی.
میدیا ئیسرائیلیەکان لەزاری بەرپرسانەوە ڕایانگەیاندووە، پێداچوونەوە بە داواکاریەکەدا ماوەیەکی زۆری دەوێت، ئایا ناتانیاهۆ لێخۆشبوون وەردەگرێت لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە؟ وە بنەمای یاسایی ئەم داواکاریە مشتومڕاویە چیە؟
نووسینگەی ئیسحاق هێرزۆگ، لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا ڕایگەیاند، سەرۆککۆمار “هیچ مەرجێکی دانەناوە” بۆ داواکاریەکەی ناتانیاهۆ، بۆ لێخۆشبون لە دادگایکردنی گەندەڵیەکەی و کوشتاری بە کۆمەڵ، لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە هێرزۆگ هێشتا دەستی بە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە نەکردووە، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ناچێتە ژێر کاریگەری فشارەکانی هیچ لایەنێکەوە و بەرپرسیارانە و بە جدیەکی پێویستەوە داواکاریەکە لەبەرچاو دەگرێت!.
ڕۆژنامەی عیبری هارێتز بڵاویکردەوە، پێدەچێت هێرزۆگ داوای ئیمتیازات لە ناتانیاهۆ بکات لەبەرامبەر لێخۆشبوونی سەرۆکایەتیدا، وەک دامەزراندنی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی حکومەت لە ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر، ڕاگرتنی یاسادانان دژی دەسەڵاتی دادوەری، یان ڕێگریکردن لە کۆنترۆڵکردنی حکومەت بەسەر میدیاکاندا.
بەپێی سەرچاوە نزیکەکانی هیزرۆک کە پێشتر قسەیان لەگەڵ کردووە، ئەو بەو بڕوایە هاتۆتە دەرەوە کە کراوەیە بۆ بەدواداچوونی ڕێککەوتنی لێخۆشبوون، کە کۆتایی بە دادگاییکردنی ناتانیاهۆ دەهێنێت. هێرزۆگ مەبەستی خۆی ڕون نەکردۆتەوە، بەڵام ڕەنگە هەوڵی ئەوە بدات “پاکێجێک” لە بەڵێننامەکان لە ناتانیاهۆوە دەستەبەر بکات وەک بەشێک لە هەر لێخۆشبوونێک.
گومانی تێدانییە کە ناتانیاهۆ هەوڵی کڕینی کات و تێکەڵکردنی کارتەکان ئەدات، داواکاریەکەی لەکاتێکی هەستیاردایە، چونکە ئیسرائیل بەشێوەیەکی کاریگەر چووەتە ناو ساڵێکی هەڵبژاردنەوە کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت، مەگەر هەڵبژاردنەکان نەهێنرێنە پێشەوە، لەهەمانکاتدا داواکاری ناتانیاهۆ بۆ لێخۆشبوونە بەبێ داننان بە تاوانەکانیدا، ئەمەش بۆ ناتانیاهو مەبەستی سیاسی ڕوونی هەیە، بۆ پاراستنی مانەوەی لەدەسەڵاتداو وەستانەوە لەبەرامبەر ئۆپۆزیسیۆندا.
لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا، خۆپیشاندەران خۆپیشاندانێکیان لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبونی ناتانیاهۆ لە قودس ئەنجامدا، داوای ڕەتکردنەوەی داواکاریەکەی بۆ لێخۆشبونی کرا، لە دۆسیەکانی گەندەڵی دژی ناتانیاهۆ، خۆپیشاندەران داوای دادگایکردنی ناتانیاهۆیان کرد، بە ئاماژەدان بەوەی کە “ئیسرائیل لەژێر پاراستنی ترەمپدا نییە”، ئەمەش لە بەرامبەر داواکاریەکەی ترەمپە بۆ لێخۆشبوون. هەروەها داوای “تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و گەیاندنی بەرپرسان بۆ دادگا و پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی فەرمی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣”یان کرد.
ئەم دۆسیەیەی دادگاییکردنی ناتانیاهو بووەتە تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسساز بۆ راستی دیموکراسی لە ئیسرائیلدا، کە دابەشبووە لەنێوان لایەنگرانی سیستەمی دادوەری و لایەنگرانی ناتانیاهۆ، هەروەها ڕوی نامرۆڤانەی ترامپ و دیموکراتخواز و سۆشیال دیموکراتەکانی ڕۆژئاوای ئاشکراکرد، دادگایکردنەکەی ناتانیاهۆ، توانای سیستەمی دادوەری تاقیدەکاتەوە بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆکوەزیرانی دانیشتوو لەسەر ئەو تاوانانەی کە ئەنجامیانداوە، بەڵام چۆنیەتی لێپرسینەوەو پرۆسەی دادگایی و داوای لێخۆشبون، بۆتە لادانی ئەو روپۆشەی کە ئیسرائیل و ڕۆژئاواو ئەمریکا نمونەی دیموکراسین!.
ئەوەی شایانی باسەلە ٣٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥نوسینگەی ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا، ڕایگەیاندوە کە ناتانیاهۆ بەشێوەیەکی فەرمی داواکاری لێخۆشبونی ئاراستەی ئیسحاق هێرزۆگ کردووە، ڕاستەخۆ داواکاریەکەی گوێزراوەتەوە بۆ بەشی یاسایی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە دۆسیەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون.
ڕاگەیەندراوەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ناتانیاهۆ دانی بەو تۆمەتانەدا نەناوە کە ئاراستەی کراوە، لەبری ئەوە پاساوی سیاسی پێشکەش کردووە نەک یاسایی بۆ بڕیاردان لەسەر لێخۆشبوونەکەی، ئەمەش لە دۆخی وێرانکاری و کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی غەززە کە یاریەکی سیاسیە ئەمریکا و ترامپ و ناتانیاهۆو ئیسرائیل نمایشی دەکەن. دەیان هەزار ئینسان بونەتە قوربانی و چەندین شارو ماڵ وێران بون، بێباکانە لەبەرامبەر ئەو کارەساتانەدا، باسوخواز بۆتە دادگاییکردن یان لێبوردن لە ناتانیاهۆ، ئەمەش ریسوابون و ئابڕوچونێکی مێژوویی سەرەتای سەدەی بیست و یەکی ململانێکانی سیستمی سەرمایەداریە.
ناتانیاهۆ لە داوای لێبوردنەکەیدا، نە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و نە پەشیمانی خۆی دەربڕیوە، بەوپێیەی سەرۆککۆمار دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە تەنانەت بەبێ سزادانیش لێی خۆشبێت. هێرزۆگ وەڵامی داواکاریەکەی ناتانیاهۆی دایەوە و ڕایگەیاند “بەجدی بیری لێدەکاتەوە”، بەڵام داواکاریەکەی ناتانیاهۆ بۆ لێخۆشبون، مشتومڕێکی بەرفراوان و نیگەرانیەکی گەورە” ی لەناو کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا دروست کردووە.
بەگوێرەی ڕاپرسیەک کە کراوە، دەریخستووە، ٪٤٤ی ئیسرائیلیەکان، دژایەتی پێدانی لێبوردن بە ناتانیاهۆ دەکەن، لەبەرامبەر ئەو تۆمەتی گەندەڵیەی ئاراستەی کراوە، هاوکات ٪٣٩ پشتگیریان کردووە و ٪١٧وەڵامیان نەبووە.
ماوەیەک لەمەوبەر ترامپ نامەیەکی بۆ هێرزۆگ ناردوە، داوای لێ کردووە بیر لە پێدانی لێخۆشبوون بە ناتانیاهۆ بکاتەوە. هەروەها ترەمپ دۆسیەکانی دژی ناتانیاهۆی بە “دادگاییەکی سیاسی و ناڕەوا” ناو بردووە.
هێرزۆگ، داواکاریەکەی ترەمپی ڕەتکردۆتەوە ڕایگەیاندوە، ئەگەر ناتانیاهۆ ئارەزووی لێخۆشبوونی هەیە، ئەوا دەبێت داواکاریەک پێشکەش بکات کە دان بە تاوانەکانیدا بنێت.
واقعیەتی دادگاییکردن یان لێخۆشبونی ناتانیاهۆ، لە چوارچێوەی ئەو نەخشە سیاسیەدایە کە ئەمریکاو ئیسرائیل، دوای داگیرکاری و هەوڵی زیاتر بۆ بەرجەستەکردنەوەی باڵادەستیان بەسەر ناوچەکەدا وفەرامۆشکردنی چارەنوسی فەلەستین و کوشتاری بەکۆمەڵ، کێشەکە بەرتەسک دەکەنەوە، کە ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی سێ تۆمەتی تاوانکاری دەبێتەوە، کە بریتین لە بەرتیلدان، ساختەکاری و پێشێلکردنی متمانە لە سێ دۆسیەی جیاوازدا. بەڵام لە دنیای واقعی هێرشی لەشکرکێشی و بۆردمانی غەزە و کوشتاری بەکۆمەڵ ئەو کەیسەیە کە پێویستە تەواوی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لێپرسینەوەیان لێبکرێت و دادگایی بکرێن.




کتێب\ ملمالنێی ئەمریكا و ئێران لە خۆرهەاڵتی ناوەڕاستدا.. عوسمانی حاجی مارف

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




هێزو لایەنە شیعەکان لە دەورانێکی هەستیاردا!.. عوسمانی حاجی مارف

گروپە ئیسلامیە شیعەکان لە ساڵی ١٩٧٩وە وەک ئەکتەری سیاسی و ئایدیۆلۆژی کاریگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەریان هەڵداوە.
پێش چوار دەیە، بەدوای سەرکەوتنی بزوتنەوەی ئیسلامی شیعە بە ڕابەری خومەینی لە ساڵی ١٩٧٩دا، گرووپە ئیسلامیە شیعەکان پێشوەخت وەک ئەکتەری سیاسی و ئایدیۆلۆژی کاریگەر لە ئێران، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیان دامەزراند، دواتر لە پرۆسەیەکدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەریان هەڵداو تەشەنەیان کرد، ئیتر بوونی ئەوان تەنیا لە کایەی عەقیدەیی و تائیفی و داکۆکیکردن قەتیس نەمایەوە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی لە بەزاندنی سنورەکاندا، کە ئێران وەک دەوڵەتێکی ناوەندی بەهێز پاڵپشتی دەکات، کۆماری ئیسلامی ئێران، کە پرەنسیپی “هەناردەکردنی ئیسلامی و شیعەگەرا”ی وەک بەردی بناغەی ئایدیۆلۆژیای سیاسی خۆی گرتۆتەبەر، لەوێشەوە نەخشەی نفوزی گروپەکان شێوەیان گرت و خۆیان ناساند، لە تارانەوە تا بەغدا درێژ دەبێتەوە و بە دیمەشق و بەیروتدا تێدەپەڕێت، لە چوارچێوەی ئەوەی لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە “هیلالی شیعە” ناسراوە.
گروپە ئیسلامیە شیعەکان لە پێکهاتە و ڕێکخراو و ئەرکە سیاسیەکانیاندا جیاوازن، لە عێراق پارتە شیعەکانی وەک پارتی دەعوە و ئەنجومەنی باڵا و ڕەوتی سەدری و رێکخراوی بەدر بڕبڕەی پشتی سیستمی سیاسی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ پێکدەهێنن، لە لوبنان حزبوڵڵا نوێنەرایەتی یەکگرتوترین مۆدێلی گروپە ئیسلامیە شیعەکان دەکات، کە عەقیدەی ئایینی و بەرگری و سیاسەت تێکەڵ دەکەن و دەبنە دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتێکدا، لە یەمەن، بزووتنەوەی ئەنسار الله (حوسییەکان) بە سود وەرگرتن لە لاوازی دەوڵەتی یەمەن و پارچەبونی هێزە ناوخۆییەکان، بۆئەوەی ببێتە دیارترین باڵی ئێران لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا، لە بەرامبەر بەحرەین و کوەیت و سعودیەدا.
لەدوای داگیرکاری ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣، هێزە شیعەکان بوونە کاریگەرترین هێز لە پڕۆسەی سیاسیدا و خۆیان بینیەوە لەبەردەم پرسیارێکی بنەڕەتی سەبارەت بە ئایندەی حوکمڕانی لە عێراقدا. عێراق هەرگیز دەوڵەتێکی سەربەخۆی ڕاستەقینە نەبووە، دوور لە دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیدا، بەڵکو وەک گۆڕەپانێکی کراوە بۆ پڕۆژە ناوچەیی و نێودەوڵەتیە تێکەڵاوەکان ماوەتەوە، کە زلهێزەکان هەوڵدەدەن داهاتووەکەی بەپێی حیساباتی ستراتیژی خۆیان لە قاڵب بدەن. ئەو فیدرالیزمەی وەک بژاردەیەکی سیاسی ناوخۆیی پێشنیار کراوە، تەنها بەرهەمی دیدگای لایەن و هێزە سیاسیە عێراقیەکان نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پڕۆژە نێودەوڵەتی و هەرێمیەکان کە هەوڵی دووبارە داڕشتنەوەی سیستەمی سیاسی بەغدا دەدەن، بۆئەوەی لەگەڵ بەرژەوەندیەکانیاندا بگونجێت. ئەمریکا و ئێران و ئیسرائیل هەموویان وەک ئامرازێک مامەڵەیان لەگەڵ فیدراڵیزمی عێراق دەکرد بۆ خزمەتکردنی ئەجێنداکانیان. پرسیار لە ناوەندە گەورەکانی بڕیاردان ئەوە نەبوو کە ئایا فیدرالیزم ڕوودەدات یان نا، بەڵکو ئەوە بوو کە کەی و چۆن و کێ زۆرترین سوود لە داڕشتنی نەخشەی سیاسی عێراق وەردەگرێت، کە زیاتر بووە دەستکەوت بۆ کۆنترۆڵی دەسەڵات لە بەغدا و باشوری عێراق لەلایەن هێزە میلیشیا شیعەکان و کۆماری ئیسلامی ئێران.
لەڕووی ئابووریەوە باشوری عێراق بڕبڕە پشتی ئابوری عێراقە و زیاتر لە ٪٨٠ ی یەدەگی نەوتی عێراقی تێدایە و خاوەنی کێڵگە ستراتیژیەکانی وەک ڕومەیلە لە بەسرە و مەجنون لە میسان و ئەلغەرەف و ناسریە لە زیقار، هەربۆیە لایەنە شیعەکان زۆر جەختیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی چاڵەنەوتەکانی باشور کرد، توانیان پشکی شێری داهاتی نەوت کۆنتڕۆڵ بکەن.
ناوچەی پارێزگاکانی باشوری بەغدا، بابل، کەربەلا، نەجەف، قادسیە، موسەننا، واست، میسان، و بەسرە لەخۆدەگرێت، بەمەش ئەو شریتە دەگرێتەوە کە لە بەغدای پایتەختەوە تا کەنداوی عەرەبی درێژدەبێتەوە. ئەم ناوچەیە ناوەندی سیاسی و ئابووری و ئایینی شیعەگەری لە عێراقدا دەگرێتەوە، لەوانە مەزارگە ئاینیە گەورەکان، دامەزراوە سەروەریەکان لە بەغدا و دەروازە سەرەکیە نەوتیەکان لە بەسرە، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی عێراق، هەروەها نوێنەرایەتی هێزێکی دیمۆگرافی بەرچاو دەکات، کە دانیشتوانەکەی لە ٢٠ ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت، کە زۆرینەی ڕەهایان شیعەن، کەمینە سوننە و مەسیحی، بەتایبەت لە بەغدا. ئەمەش کاریگەری لەسەر توانای حکومەت هەیە بۆ دابینکردنی بودجە، جگە لەوەش، کۆنتڕۆڵکردنی بەندەرەکانی دەریایی بەتایبەتی لە بەسرە، دەبێتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ هاوردە و هەناردەکردن، ئەمەش ئەگەری کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە داناوەو بووە دەستکەوتێکی گەورە بۆ هێزە شیعەکان و ئێران.
بەڵام ئەم باڵادەستی و فراوانبونە، ئێستا لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانی خێرای دیمەنی جیۆپۆلەتیکی ناوچەی عەرەبیدا ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆتەوە، وەک گۆڕانکاری لە هاوپەیمانیە ناوچەییەکان، کەمبوونەوەی ناوەندگەرایی ململانێی ئەمریکا و ئێران، گۆڕانی ئەولەویەتەکانی دەوڵەتانی کەنداو، شەری ئیسرائیل و ئێران، قەیرانی ئابوری ،هەموویان هۆکارن بۆ سنوردارکردنی نەخشەی کاریگەری شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جگە لەوەش، گۆڕانکاریەکانی ناو وڵاتانی عەرەبی، دوای زیاتر لە دوو دەیە ئەزمونی ڕۆڵی نەرێنی ئیسلامی لە حوکمڕانیدا سەلماند، هەروەها سنورداربونی ئاستی واقعی بێتوانایی ئایدۆلۆژیەکانی بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەرخست، کە سەلماندیان بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان لە پێش هەر دروشم و بانگەوازێکی ئایدیۆلۆژی ئاینیەوەیە.
هەروەها ئەو گروپە ئیسلامیانەی دوای ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی هاتنە سەر دەسەڵات، یان بەشداریان لە حکومەتدا کرد، و هیچ پەیوەندیەکیان بە ئیسلامی شیعەوە نەبوو، مۆدێلێکی دیکەی شکستهێنانیان لە پڕۆژەی ئایدۆلۆژی ئایینی خۆیان لە حوکمڕانیدا خستەڕوو.
لە میسر، دەسەڵاتی ئیخوان ئەلموسلمین تەنها ساڵێکی خایاند (٢٠١٢ – ٢٠١٣) پێشئەوەی لە کودەتایەکی سەربازیدا بڕوخێنرێن، لەهەمانکاتدا پڕۆژەکەیان لەگەڵ بۆچونیان بۆ پێکهێنانی دەوڵەت و واقعیەتی خواستی خەڵکدا بەریەککەوتن. لە تونسیشدا بزووتنەوەی هەستانەوە (النهظة) ڕووبەڕووی تەحەددای هاوشێوە بووەوە، چونکە ناچار بوو لە زۆرێک لە ویستە ئایدۆلۆژیەکانی پاشەکشە بکات بۆ خۆپاراستن لە ناسەقامگیری سیاسی.
شکستی مۆدێلی عێراق کە هاوپەیمانی هێزە شیعەکانە، لە ساڵی ٢٠٠٣وە تائێستا سەرکردایەتی عێراق دەکەن، دۆخی سەختی ئیسلامی سیاسی شیعە بەڕوونترین شێوە خۆی ئاشکرا دەکات. دوای زیاتر لە دوو دەیە لە دەسەڵات، حکومەتە یەک لە دوا یەکەکان شکستیان هێنا لە بنیاتنانی دەوڵەتێک کە توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و ئارامی سیاسی و بەڕەنگاربونەوەی گەندەڵی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەبێت، بەجیا لەوەش سیستمەکە جەختی لەسەر ڕێکخستنێکی تائیفی کردەوە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات، کە هێزە شیعە و کورد و سوننەکان غەنیمەتە سیاسی و ئابوریەکانیان دابەشکرد، لەکاتێکدا متمانەی هاوڵاتی عێراقی بە تەواوی لەبەرامبەر دەسەڵاتداراندا، بەو لایەنانەشەوە کە پاڵپشتی “بەهێزکردنی شیعە”یان دەکرد، زۆر دابەزی، دووبارەبوونەوەی ڕاپەڕینە جەماوەریەکان لە بەغدا و بەسرە و شارەکانی باشور، کە زۆرینەی شیعە بون، لە جەوهەردا ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینێک بوو لە دژی ئەم سیستمە میلیشیا تائیفی و نەتەوەپەرستیە.
لە لوبنان حزبولڵا هەرچەندە خۆی وەک هێزێکی بەرگری لە دژی ئیسرائیل نیشاندا، بەڵام خۆی ئاشکراکرد کە تێوەگلاوە لە ململانێ ناوخۆیی و دەرەکیەکاندا، لە چوارچێوەی ژینگەی لوبناندا خۆی قەتیس کردبو، دەخالەتی لە سوریا و عێراق و یەمەن هەبوو، بارگرانی لەسەر داڕمانی ئابووری و دابەشبوونی تائیفی بەرجەستە کردبووەوە، بو بە بەشێک لەو دەسەڵاتەی کە ئێستا جەماوەری لوبنان دژایەتی دەکات، چەکەکانی بونە بارگرانیەکی سیاسی و ئابووری لەسەر دەوڵەت و کۆمەڵگا.
لەکاتێکدا حزبولڵا ڕوبەڕوی قەیرانی ناسنامەی ناوخۆیی دەبێتەوە لەنێوان “بەرگری و دەسەڵات”دا، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەشێکی زۆری کاریگەریەکانی لەدەست دەدات، کە بە شەڕێکی خوێناوی لەگەڵ ئیسرائیل بە تیرۆرکردنی سەرکردە باڵاکان و فەرماندە باڵاکانی مەیدان کۆتاییهات. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم هۆکارانەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دێتەپێشەوە، ئایا ئێمە شاهیدی کۆتاییهاتنی گروپە ئیسلامیە شیعەکانین.؟
پێوەرەکان ئەوە پیشان دەدەن ئێران سەرەڕای گوشارەکان و گەمارۆکان و دابەزینی ئاستی هاوسەنگی لە ناوچەکەدا، هێشتا خاوەنی ئامرازی کاریگەرە لە نفوز و چەک، تا ئابووری نافەرمی. بەڵام ئەو بنکە جەماوەریە ئایدۆلۆژیەی کە سەردەمانێک پاڵپشتی شیعەی ئێران و لایەنە شیعەکانیان دەکرد، بەهۆی گەندەڵی و هەژاری و تێکشکان و کورتهێنان و پوچەڵبونەوەی دروشمەکانیان لەبەرامبەر جەنگدا، دەستی بە وەرچەرخان کرد، کە چیتر ئەو لایەنانە وەک بەرجەستەی ناڕەزایەتی و بەرگریکار و دڵسۆز بۆ ئاینەکەیان نابینن، بەڵکو وەک بەشێک لە سیستمێکی شکستخواردو دەبیننەوە و لەبەرامبەریاندا ڕادەوەستن.
هەڵبەتە ئەو لایەنە ئیسلامی و تائیفیانە و کۆماری ئیسلامی ئێران دوای دوو دەیە لە ڕاگەیاندنی خەیاڵاتی ئایدۆلۆژی بۆ بنەمای بەرژەوەندی سیاسیان، دوای ئەوەی دروشمە ئاینیەکانیان، لە پانتاییەکی بەرفراوندا ڕەواجی نەما، گەرکۆتایی بەدەسەڵاتشیان نەیەت، ناچار دەبن بگەڕێنەوە بۆ شێوازێکی تر لە پێکهێنانی دەوڵەت، گەر بۆیان گونجاوبێت لە ژێر ناوی “مەدەنیەتیشدا”! نمایشێک دەکەن.
پێموایە ڕێڕەوی ئەم پرۆسەیە گەر هاتنە مەیدانی کرێکاران و جەماوەری ناڕازی وەک هێزێکی کاریگەرو بەتوانا و یەکگرتو لە مەیداندا نەبێت، ئیسلامی سیاسی شیعە لە گۆڕەپانەکەدا لە ئاستێکدا خۆی ڕادەگرێت و دەمێنێتەوە، هەوڵدەدات ڕۆڵی خۆی لە جیهانێکی عەرەبی گۆڕاودا پێناسە بکاتەوە، هەڵبەتە ململانێ و سیاسەتی ئەمریکاش لە ناوچەکەدا کۆتاییهێنان نیە بە ئیسلامی سیاسی شیعە.
لە دوا شیکردنەوەدا لۆژیکی هەر دەوڵەت و دەسەڵات و ڕابەر و هێزێکی سیاسی، کاتێك ئایدۆلۆژیەکەی بە شکست و بنبەست دەگات، بۆ ئەوەی دانەڕمێ ناچارە واقعی گۆڕانێک لە خۆیدا پیادە بکات، چونکە گەر لەسەر هەمان بنەمای ئایدۆلۆژی و دروشمە سیاسیەکانی پێداگری بکات، ناتوانێ رابەرییەکەی یا دەسەڵاتەکەی بپارێزێت.




کشانەوەی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوخۆی تورکیا.. عوسمانی حاجی مارف

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ئۆکتۆبەر، پەکەکە کشانەوەی سەرجەم گەریلاکانی لە خاکی تورکیا بۆ باکووری عێراق ڕاگەیاند! ئەم ڕاگەیاندنە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا سەرکردەکانی پەکەکە لە ناوچەی چیای قەندیل لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا خوێندیانەوە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوەکرا، کە بڕیاری کشانەوەکە بۆ دورکەوتنەوەیە لە مەترسی پەرەسەندن یان پێکدادانی نەخوازراو لەناو تورکیادا.
ئەم پێشهاتە نوێنەرایەتی وەرچەرخانێکی بێوێنە دەکات لە ململانێی چوار دەیەی نێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکەدا، بەشێوەیەکی کاریگەر کۆتاییە بە بوونی سەربازی لە سنوورەکانی تورکیا و گواستنەوەی چەکدارەکان بۆ ناوچە شاخاویەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
ڕاگەیاندنی کشانەوەی پەکەکە لە خاکی تورکیا، کاردانەوەی بەرفراوانی بازنە سیاسیەکانی ئەنقەرە بەدوای خۆیدا هێنا، ئەم هەنگاوە بە وریاییەوە پێشوازیەکی فەرمی لێکرا و حکومەت بە نیشاندەرێکی ئەرێنی زانی بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکەی کە پاراستنی تورکیایە لە “تیرۆرو تیرۆرستان”، بەتایبەتی کە پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە تورکیا دەستنیشان کراوە! ئەنقەرە چاودێری جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە دەکات، بۆ دڵنیابوون لە جدیەت و بەردەوامیەکەی و کۆتاییهێنان بەهەر گروپێکی چەکداری لە تورکیادا.
ئەم ڕاگەیاندنە بڕگەیەکی گرنگە لە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە، کە زنجیرەیەک هەنگاوی وردە وردە بە دەوری ئۆجەلان لەناو خانەی زیندانەکەیەوە کۆتایی پێدەهێنێت، ڕێگە خۆش دەکات بۆ داخستنی یەکێک لە ئاڵۆزترین حاڵەتەکانی توندوتیژی لە مێژووی کۆماری تورکیادا.
لەلایەکی ترەوە ئەم بڕیارەی پەکەکە بەهەر سەرنجێ لەسەر پێگەو ململانێی لەبەرامبەر حکومەتی تورکیادا، وەرچەرخانێکی مێژوویی لە هاوکێشە ئەمنی و سیاسیەکانی تورکیادا نیشان ئەدات، کە وەک داخستنی دیفاکتۆی خەباتی چەکداری دەیان ساڵەیە و گۆڕانکاریەکی ڕاگەیەندراو بەرەو کردەوەی هەڵبژاردەی سیاسی لە بواری تردا دەخوێندرێتەوە!.
پەکەکە لە یەکی ئازاردا ئاگربەستی تاکلایەنەی دەستبەجێی ڕاگەیاند، دوای دوو مانگ، ئەو حزبە دوازدەهەمین کۆنگرەی خۆی لە چیای قەندیل بەست، لەوێ بڕیارێکی چارەنوسسازانەی دا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتایهێنان بە خەباتی چەکداری. ئەم هەنگاوە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە گۆڕانکاریە ناوچەییەکان، دیارترینیان گۆڕانی دۆخی سیاسیە لە سوریا دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە دیمەشق بە پشتیوانی تورکیا، دەرفەتێکی داوە بە ئەنقەرە لە پێگەیەکی سەقامگیرتر و متمانە بەخۆبونەوە خۆی لە ئاستی ناوچەیدا دامەزرێنێتەوە و جێگیر بکات، هەربۆیە بە شێوازێک کە بۆخۆی گونجاو بێت بانگەشەی ئاشتی دەکات و باس لە هەنگاوەکانی کۆتایهێنان بە تیرۆر دەکات.
لەڕووی سەربازییەوە، ئەو بڕیارە دانپێدانانی ناڕاستەوخۆیە بە پاشەکشەی پەکەکە، کە لەباری عەمەلیەوە لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنە سەربازیە بەردەوامەکانی تورکیا لە هەرێمی عێراق و باکوڕو رۆژهەڵاتی سوریا بەرجەستەبۆتەوە، پاشەکشەی گەورەی بە هێزەکانی پەکەکە کردووە لە ناوخۆی تورکیادا. ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەناو پەکەکەدا ڕوویداوە، چیتر توانای بەردەوامی یاخیبونی چەکداری نەماوە، بەهۆی ئەو لێدانە قورسانەی بەریکەوتووە، بەتایبەتی لە دوو دەیەی ڕابردوودا.
ئەتوانین بڵێین پەکەکە کشانەوەیەکی ناچاری هەڵبژارد، بۆئەوەی ڕوبەڕوی گورزی ڕوخانی یەکجاری نەبێتەوە، هاوکات ئەنقەرە توانیویەتی هاوسەنگیەک لەسەر بنەمای دابەشنەکردنی ئاسایشی تورکیا دابمەزرێنێت، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و هەولێر و فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە پێشوەختەکان دژی بنکەو بارەگانی پەکەکە.
لە ڕاستیدا تەحەدای ڕاستەقینە لە دوای کشانەوەی پەکەکە لەناوخۆی تورکیا دەست پێدەکات، هەنگاوی داهاتوو پەیوەستە بە توانای ئەنقەرە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو کوتلانەی کە لەدەرەوەی تورکیان، بەتایبەتی ئەو هێزانەی لە قەندیلە و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، کە سەختە بۆ تورکیا لەنێو ئەو ململانێ جیهانیەی کاریگەری لەسەر ناوچەکە هەیە، بەئاسانی هەنگاوەکانی بەرێتە پێشەوە، لەکاتێکدا کە تەواو دەرگیرە لەبەرامبەر ڕۆڵی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
جگە لەوەش سیاسەتی تورکیا لەبەرامبەر کێشەی کورد گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەردۆغان هەندێ دەستپێشخەری لەوبارەیەوە کردووە، کە تاڕادەیەک دەرگای بۆ پارتە کوردیەکان بۆ ناساندنی ناسنامەی کوردی کردۆتەوە، هەروەها بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ڕۆڵی هەبووه، لەسەر پرسی کورد له ناوچەکە بەگشتی و تورکیا بەتایبەتی، لەهەمانکاتدا ئەوەی زیاتر ئارامبونەوەی نێوان تورکیا و پەکەکەی خۆشکرد، بونی پێگەی هەسەدەیە وەک هیزێکی بەتواناو دەسەڵاتدار لە سوریا، کە فشارێكی گەورەیە بە نەرێنی لەسەر دەوری تورکیا لە سوریادا.
ئەوەی شایانی باسە هەواڵ هەیە کە کارەکانی لیژنە پەرلەمانیەکەی تورکیا، لەسەر مەسەلەی ئاشتی خاو بووەتەوە یان وەستاوە، تا ئێستا هیچ پرۆژە یاسایەکی سەبارەت بە گەڕانەوە و تێکەڵکردنی چەکدارانی پەکەکە بۆ ژیانی مەدەنی، یان لێبوردن بۆ سەرکردە دیارەکانی باسی نیەو ڕانەگەیەندراوە!. لەلایەکی تریشەوە جوڵەو کشانەوەکانی پەکەکەش زیاتر ڕەمزیە تائەوەی ئاراستەی جدی لە گۆڕانکاریەکەی نیشان بدات، بەوپێیەی لە نمایشەکاندا تەنها ژمارەیەکی سنوورداری چەکداری تێدا بەشداربووە، لەکاتێکدا ئەو حزبە هێشتا چەک و تەقەمەنیە قورسەکان و کەمپەکانی خۆی لە چوارچێوەی خاکی عێراقدا پاراستووە.
جگە لەوەی سەرکردایەتی پەکەکە گواستنەوەی بۆ دەرەوەی تورکیا هەڵبژارد، بەتایبەتی بۆ کوردستانی عێراق کە هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا، پێشتریش بۆتە هۆی دروستبونی خۆلێدانێکی قووڵ لەنێوان ئەنقەرە و حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر، بەڵام خودی کشانەوەکە تاڕادەیەکی زۆر ڕەمزییە، ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە پێگەکانیان لە ناوچە سنووریەکانی تورکیا بەجێهێشت و ڕوویان لە کوردستانی عێراق کرد، تەنیا چەند دە کەسێکە، بە بەراورد بەو ژمارە زۆرەی چەکدارەکان کە لە ناوچە شاخاویەکان بەدرێژایی سنووری تورکیا-عێراق-سوریا جێگیرکراون. جگە لەوەش، کشانەوەی ئەو هێزانەی کە ماون، لەلایەن هەواڵگری تورکیاوە ژمارەیان بە هەزاران مەزەندە دەکرێت، کە پەیوەستە بە پابەندبوونی تورکیا بە پرۆسەی ڕێکەوتن لەگەڵ ئۆجەلان.
ئەم کردەوە ڕەمزیە جیاواز نیە لەوەی کە پەکەکە لە ١١ی تەمووزدا کردی، کاتێک لە مەراسیمێکی ڕەمزیدا لە جاسەنە بەڕێوەچوو، گروپێکی ٣٠ کەسی لە ئەندامانی چەکی سووکیان سووتاند. ئەم هەنگاوە ئامانجی دووپاتکردنەوەی پابەندبونی پەکەکە بوو، بە “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی” کە لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ٢٧ی شوباتدا دەرچووە. ئۆجەلان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە و تەسلیمکردنی چەکەکانی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی کرد، ئەمەش ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ تێکەڵبون بە پرۆسەیەکی سیاسی کە ئایندەکەی بۆ خودی پەکەکەو ئۆجەلان ڕون نیە.
پەکەکە تائێستاش چەکی قورس و ئۆردوگای مەشق و توخمە چەکدارەکانی خۆی لە دەستدایە، تائێستا هیچ ڕاگەیاندنێک سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە ئیداری یان سەربازیەکەی نەدراوە، هەروەها وادەیەکیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی لەو شێوەیە دیاری نەکراوە، ئەمانە داواکارین کە ئەنقەرە پێشتر ڕایگەیاندووە کە دەبێت بەجێی بهێنن!.
ڕاگەیاندنی پەکەکە لە کشانەوەی خۆی لە خاکی تورکیا، پرسیاری لەبارەی ئایندەی نفوزی ئەو ڕێکخراوە لە عێراق و سوریا کە بنکەی لقە چەکدارەکانی لێیە، دروستکردووە. ئەم هەنگاوە دەتوانێت هاوسەنگی هێز لە هەرێمی کوردستان و باکوڕو رۆژهەڵاتی سوریا بە جۆرێکی تر دابڕێژێتەوە، لەکاتێکدا ئەنقەرە هەوڵدەدات ئەم گۆڕانکاریە بۆ یەکلایکردنەوەی ئەمنیەتی ناوچەیی بە قازانجی خۆی بە فراوانتر وەربگێڕێت.
لە واقیعدا تورکیا سەرکەوتنی بەرچاوی لە بەرەنگاربونەوەی گەریلاکانی پەکەکەدا بەدەستهێناوە، ئەمەش بەهۆی پێشکەوتنەکانی لە بواری تەکنەلۆجیا و پیشەسازی بەرگریدا. لەماوەی پێنج شەش ساڵی ڕابردوودا پەکەکە لە ناوخۆی تورکیادا گورزی قورسی بەرکەوتووە و ناچاربووە پاشەکشە بکات، تەنانەت بەهۆی ئەو بنکە سەربازیانەی تورکیا کە بە دووری ٣٠ بۆ ٥٠ کیلۆمەتر لەناو خاکی عێراق دامەزراون، پەکەکە نەیتوانیوە هێرشێکی بەرچاو ئەنجام بدات.
هەرچەندە باس لە چارەنووسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەکراوە و تا ئێستاش بارودۆخەکەی بە نهێنی پۆشراوە. ئایا ئازاد دەکرێت؟ ئایا دوورگەکە بەجێدەهێڵێت؟، بانگەشەی ئەوەی کە بۆ بەشداریکردن لە چالاکی سیاسیدا دێتە ئەنقەرە، بانگەشەیەکی تەواو بێبنەمایە.
بونی پەکەکە تەنیا قەیرانی تورکیا نیە؛ قەیرانێکی ناوچەییە کە ئێران و عێراق و سوریاش دەگرێتەوە. بەدرێژایی چەندین ساڵ، ئەم قەیرانە بۆتە حاڵەتێکی درێژخایەن کە ناوچەکە لەگەڵیدا ڕاهاتووە، سەرەڕای ئەو نائارامی و وێرانکاریە بێئەندازەیەی کە بەدوای خۆیدا هێناوە. گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس و پەکخستنی ژیانی سەدان هەزار کەس لە هەموو وڵاتێکدا لێکەوتەی دڵتەزێنی مرۆیی بەجێهێشتووە. لەهەمانکاتدا ناسەقامگیری، نائەمنی، هەژاری، بێکاری، خراپی دۆخی خوێندن و ئاژاوەگێڕی..، هەموویان دەرئەنجامی ئەم دۆخەی شەڕی نێوان ناسیۆنال فاشستی تورک و پەکەکەیە.
هەڵبەتە ئۆجەلان وەک سەرۆکی دیفاکتۆی ئەو ڕێکخراوە دەمێنێتەوە، کشانەوەی لە تورکیا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ئەو ئەنجام دراوە، هەروەها چۆڵکردنی هەندێک ئەشکەوت کە وەک ناوەند بەکاردەهێنرێن لە باکووری عێراقیش ڕاگەیەندراوە.
خاڵێک جێی سەرنج و پرسیارە ئەو گەریلایانەی چەکیان دانا و لە شاخەوە دابەزین پێویستیان بە چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە کە چۆن و لە کوێ دەژین، دیاری بکات؟ یان چیان لێدێت؟ قسەیەکی لەسەر نەکراوە.
پێشوازیکردنی ئەنقەرە لە کشانەوەی پەکەکە لە تورکیا و بنکەکانی لە نزیک سنوورەکان، لەهەمانکاتدا جەخت لەسەر پێویستی دانانی چەکەکانیان لە عێراق و سوریاش دەکات، بەڵام پێدەچێت “کشانەوە لە تورکیا” پاشەکشەیەک بێت لە “هەڵوەشاندنەوەی هێزی چەکداری پەکەکە”، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پەکەکە لە عێراق و سوریا بەردەوام دەبێت لە چالاکیەکانی. واتە پێچەوانەی پڕۆژەی “تورکیای ئازاد لە تیرۆر”ە، کە ئامانجی نەک تەنها کۆتایهێنان بە چالاکیەکانی پەکەکە لە چوارچێوەی خاکی تورکیا بەڵکو لە سەرتاسەری ناوچەکەشدا.
بۆیە کشانەوەی پەکەکە لە خاکی تورکیا پێشهاتێکی بەرچاو نیەو هێزە چەکدارەکانی دەتوانێت لە داهاتوودا ئەندامانی خۆی لە وڵاتانی دراوسێوە ڕەوانەی تورکیا بکات بۆ ئەنجامدانی کاری چەکداری.
ئەم دۆخە تائێستا بە ناجێگیری بەڕێ دەکرێت، نە پەکەکە هەنگاوی جدی و یەکلاییکەرەوە دەنێت، نە حکومەتی تورکیا پێشوازیەکی عەمەلی و جدی و کۆتاییهێنان بە ڕوبەڕوبونەوە لە بەرامبەر پەکەکە نیشان ئەدات، لەهەمانکاتدا هەنگاوی خوازراو دروست بە کێشەی خەڵکی کوردستانی تورکیا ناداتەوە.




کێشە لەسەر سەرۆک وەزیران!.. عوسمانی حاجی مارف

دوای چەند ڕۆژێک لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، لە 17ی نۆڤەمبەردا، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە خۆی وەک گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی ڕاگەیاند، کە بە کۆی لیستەکانیان توانیان زۆرینەی دەنگی زیاتر لە ١٧٠ کورسی کۆبکەنەوە، لەهەمانکاتدا لیستی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی سودانی پەیوەندیان بە چوارچێوەکەوە کردەوە.
بەپێی لێکدانەوە یاساییەکان، گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی ئەو بلۆکە دەتوانێت هاوپەیمانی دروست بکات، کە زۆرترین کورسی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە، بەمەش مافی پێکهێنانی حکومەتی نوێ مسۆگەر دەکەن، هەڵبەتە سودانی وەک لیستەکەی خۆی نەیتوانی بە تەنیا گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی پێکبهێنێت، بۆیە سەرەتا بەدوای هاوپەیماناندا دەگەڕا بۆ بەرپەرچدانەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، بۆیە هەوڵیدا پارتی دیموکراتی کوردستان و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پارتی پێشکەوتن وەک گەورەترین حزبی کوردی و سوننە ڕازی بکات بۆ ئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ لیستی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دروست بکەن و گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی پێکبهێنن.
پارتی دیموکراتی کوردستان و حەلبوسی پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ سودانی نییه، ڕازی نەبون بەو هاوپەیمانێتیە و نەشیانویست ڕوبەڕوبونەوه لەبەرامبەری چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەدا بکەن.
سودانی هەوڵیدا ئەوەی لە ساڵی 2021 ڕوویدا دووبارەی بکاتەوە، وەک هاوپەیمانی نێوان سەدر و بارزانی و حەلبوسی، سودانی بۆ خۆشی بە باشی دەیزانی هەوڵێکی مەحکومە. تەنانەت ئەگەر پارتی دیموکرات و محەمەد حەلبوسی ڕێکبکەون بۆ هاوپەیمانی لەگەڵیدا، ئەوا توانای ئەوەیان نەدەبوو دژی چوارچێوەی هەماهەنگی بوەستنەوە، کە ئێران پشتیوانیان دەکات!.
هەر بۆیە ئەوەی جێگای سەرنجە سودانی لە ناچاریا پەیوەندی بە چوراچێوەی هەماهەنگی کردەوە، بەڵام لەم پەیوەندی و هاوپەیمانیەدا، چەند دەتوانێت جارێکی تر ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران و حکومەت پێکبهێنێت؟، ئەمە پرسیارێکی جدیە!، لەنێو ئەو کێشەو کێشمەکێشانەی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگیدا، سودانی پێگەیەکی بەهێزی نیە و دۆخەکە وەها نیشان ئەدات فرسەتێکی وەهای بەدەستەوەنیە و شاناسی بونەوەی بە سەرۆک وەزیران زۆر بەرتەسک بۆتەوە.
هەڵبەتە ئاشکرایە کە سودانی ڕووبەڕووی دژایەتیەکی توند دەبێتەوە لەناو لیژنەی هەماهەنگی شیعەدا و لەنێو توندترین نەیارەکانیدا، وەک نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیب ئەهلی حەق و باڵە سیاسیەکەی بزووتنەوەی سادقون..، ئەوانە سەرۆک وەزیرانێکیان دەوێت کە هیچ بەرنامەیەکی سیاسی و حزبی و سەربەخۆی نەبێت و بڕیارەکانی جیا نەبێت لە رێکەوتنەکانی نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی.
عەلی موسەوی، سیاسەتمەداری شیعەی سەر بە ڕێکخراوی بەدر، کە کوتلەیەکی چەکدارە و باڵێکی سیاسیی نزیک لە ئێرانە و هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات، ڕایگەیاندووە، خەزعەلی چاوەروانی سیاسی گەورەی هەیە، سودانیش هەڕەشە لەو چاوەروانیە دەکات، بۆیە سروشتیە کە خەزعەلی دژایەتی پێدانی خولی دووەمی سودانی بکات.
جگە لەو ئۆپۆزسیۆنەی کە سودانی لە لایەن مالیکی و خەزعەلیەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هێزە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران، پێدانی خولی دووەم بە سودانی ڕەتدەکەنەوە و تۆمەتباری دەکەن بەوەی کاردەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی واشنتۆن بۆ چەکداماڵینی میلیشیاکان.
عەلا حەدادی، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ئاشکرای کرد کە چەند فراکسیۆنێک لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا بە ئاشکرا دژی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکوەزیرانی سودانین. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو کوتلەیانە نوێکردنەوەی خولی سودانی ڕەتدەکەنەوە و کاندیدێکی دیکەیان پێ باشترە.
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدوای سەرۆکوەزیرانێکدا دەگەڕێن، کە بەردەوامیی بەرژەوەندییەکانیان مسۆگەرو پاریزراوبێت، بەتایبەتی بەرژەوەندیەکانی هێزە میلیشیاکان.
جگە لەوەی پەیوەندیی شەخسی مالکی و سودانی لەڕادەبەدەر خراپە، گومانی تیا نیە کە مالیکی بە تەواوی ڕەتیدەکاتەوە خولی دووەمی سەرۆکایەتی بدرێتەوە بە سودانی، مالیکی و خەزعەلی و زۆربەی کتلەکانی چوارچیوەی هەماهەنگی نایەوێت سەرۆکوەزیرانی نوێ، بڕیارەکانی سەربەخۆ بێت، لە ئەنجداو و سیاسەتی چوارچێوەی هەماهەنگی و دەوری ئێران.
لە کاتێکدا ڕاستە کە هاوپەیمانی سودانی سەرکەوتنی بەرچاوی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوە، بەتایبەتی لە باشووری عێراق، بەڵام ئەم سەرکەوتنە گەرەنتی خولی دووەمی بۆ ناکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دژایەتییە توندەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە لەلایەن سەرکردە باڵاکانەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، تەنانەت بە پشتیوانی ئەمریکاش دانانی سودانی ئاسان نابێت.
لە کاتێکدا پشتبەستنی سودانی بە پشتیوانی ئەمریکا یان بە دەستکەوتەکانی لە خولی یەکەمیدا ناتوانێت ڕووبەڕووی چوارچێوە و فراکسیۆنەکان ببێتەوە، بەڵام گەرانەوەی بۆ چوارچێوەکە بۆ پێکهێنانی گەورەترین بلۆکی پەرلەمانیە، کە ڕەنگە یەک یان دوو وەزارەت بۆ لیستەکەی بەدەست بهێنێت.
دانوستانە سیاسیەکان لە چوارچێوەی بلۆکی شیعە بە سەرۆکایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوامن، سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، گەر پێشتر بە سودانیەوە هەشت کاندید بەرچاو بون، لەم پرۆسەیەدا ئێستا سێ ناو وەک کاندید دەرکەوتوون: عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، وەزیری ناوخۆ، حەمید ئەلشەتری، بەرپرسی هەواڵگری، هەروەها قاسم ئەعەرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەم سێ بژاردەیە دیارترین بژاردەن.
لەلایەکی ترەوە پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە قەیرانێکی ئابوری لە ئارادایە بەهۆی کەمی نەختینەیی و بەرزبوونەوەی قەرزە ناوخۆییەکان و ترس لە دابەزینی نرخی نەوت و دابەزین بەهای دیناری عێراقی لەبەرامبەر دۆلاردا، وەها پێشبینی دەکرێت حکومەتی داهاتوو ناچار دەبێت بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار دابەزێنێت، لە 141 دینارەوە بۆ دەوروبەری 200 دینار، بەمەبەستی پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینی و چاودێری کۆمەڵایەتی. هەنگاوێکی لەو شێوەیە، ئەگەر ڕووبدات، قەیرانێکی شۆککەر لە عێراقدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دەشێت ڕوبەڕوبونەوەیەکی نوێ لە نێوان حکومەتی داهاتو و تەواوی سیستەمی سیاسی لەگەڵ ڕای گشتی عێراقدا بهێنێتە ئاراوە.
سێبەری گفتوگۆکانی سۆشیال میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عێراقی سەبارەت بە ناسنامەی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق ئەوەیە کەسودانی دووبارە دەستنیشان دەکرێتەوە، یان هێزەکانی هاوپەیمانی (شیعە) کاندیدێکی دیکە هەڵدەبژێرن؟
لە کاتێکدا سەرنج هەیە لە سەرسودانی بەوەی کە لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا خەزێنەی عێراقی کەمکردۆتەوە و ملیۆنێک عێراقی بۆ کارە حکومییەکان دامەزراندووە، وەک هەوڵێک بۆ دامرکاندنەوەی ناڕازیبونی گەنجانی بێکار و بەرگرتن بە گەرانەویان بۆ سەر شەقامەکان، بەمانایەک کاری لەسەر وەڵام بە قەیرانی ئابوری نەکردووە.
خاڵێکی دیکەی پەیوەندی نێوان پرسەکانی کەسایەتی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، پەیوەستە بە قەیرانی ئابووریەوە، کە قەوارە سیاسیە شیعەکان مەرجیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران داناوە، پێدەچێت هەوڵێک بێت بۆ دابەزاندنی ئەو سەقفەی کە سودانی کاری لەسەر دەکرد. سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت پێگەی سەرۆک وەزیران زیاتر بەرتەسک کەنەوە، تا مالکی یا هەرکەسێکی تر نەتوانێت تەواو کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتەکەی بکات. لەلایەکی تریشەوە شیکارییە ئابوریەکان ئەوە دەردەخەن کە بۆ هەر بەرمیلێک نەوت تەنیا ٩٠ دۆلار دەتوانێت هەموو پێداویستیە دارایەکانی حکومەتی داهاتوو دابین بکات، نرخی ئێستای نەوت لە دەوروبەری ٦٢.٥٦ دۆلاردایە، هیچ ئاماژەیەک بۆ بەرزبوونەوەی لە داهاتویەکی نزیکدا نیە، لە ڕاستیدا پێدەچێت ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت زیاتر بێت.
واقیعەکە ئەوەیە کە دانیشتووانی عێراق و کورستان چاوەڕوانییان لە سیستەمی سیاسی ئێستا نیە، کە پێکهاتەیەکە لە لایەن و هێزی تائفی و قەومی میلیشیا، هەڵبژاردنەکان و خواستەکانی هاوڵاتیان بۆ ئاسایش و ئازادی و دادپەروەری و باشبژێوی و خۆشگوزەرانی و لێپرسینەوە لە گەندەڵی و گەندەڵکاران ئاسۆیەک نیشان نادات، ، ئەمەش کەشوهەوای دۆخێکە لە ئێستاوە گرژی و ئاڵۆزی زیاتر خراپتر دەکات.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەنجامی هەڵبژاردن ئاشکرای دەکات کە میلیشیا چەکدارەکان و هاوپەیمانە سیاسیەکانی سەر بە ئێران زیاتر نفوزی خۆیان چەسپاندووە، بە سەرکەوتویی باڵادەستی مەیدانی شەڕەکانیان بۆ دەسەڵاتی فراوانتری پەرلەمانیش گواستۆتەوە. ئەم دەرئەنجامە ڕێگە خۆش دەکات میلیشیاکان لە چوارچێوەی پێکهاتە سیاسیە فەرمیەکان کاربکەن، ڕێگەیان پێدەدات کاریگەرییان لەسەر پێکهێنانی حکومەت هەبێت و سیاسەتەکان ئاراستە بکەن بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیەکانیان و فراوانکردنی کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر دامەزراوە سیاسی و ئەمنیەکانی عێراقدا.
ئەم چڕبونەوەی دەسەڵات بە هێزە میلیشیاکان دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی زیاتری دەسەڵات لە بەرژەوەندی ئەو قەوارانەی کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کاردەکەن و بە شێوەیەکی سیستماتیکی دامەزراوە حکومیەکان لاواز دەکەن، سنور بۆ هەر سەرۆک وەزیران دادەنێن گەر بەدوای هەڵوەشانەوەی میلیشیاکانەوە بێت.
لە هەمان کاتدا دانوسان و رێکەوتنی نێوان لایەنەکان لەسەر بنەمای شیعە و سونە و کورد، لەلایەکی ترەوە دەوری دەخالەتی بەردەوامی ئەمریکاو ئێران لە سەر چارەنوسی عێراق، تاچەند پێشبینی ئەوەی لێدەکرێت کە بتوانرێت سەقامگیری و ئاسایش لە عێراقدا بەدەست بهێنرێت؟. بەئاشکرا دەبینین ململانێی نێوان “شیعە و سونە و کورد” هەمیشە پرە لە گرژی. بۆیە پێویستە ئەو پێکهاتە تائیفی نەتەوەیی و ئیسلامی سیاسیە لە ریشەوە لەسەر پێکهاتەی حکومەت داببرێت. پێکهێنانی حکومەتێک بکرێتە رێگەی چاکسازی، کەلەسەر بنەمای هاوڵاتی بون و غەیرە دینی و غەیرە نەتەوەیی بەبێ بونی دەسەڵاتی میلیشیا دامەزرێت.




عێراق لەبەردەم ئایندەی حکومەتێکی ئیفلیجدا!.. عوسمانی حاجی مارف

١١ی ئەم مانگە ماراسۆنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێکرا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دووبەرەکی قوڵ هەیە لەنێوان کوتلە سیاسیە شیعەکاندا کە هاوپەیمانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” پێکدەهێنن. ململانێی دەسەڵات لەنێوان هەردوو کاندیدی شیعە بۆ سەرۆک وەزیران، سودانی و مالیکی چڕتر بۆتەوە. بەدوای ئەم هەڵبژاردنەدا لە ئێستاوە کاردانەوەکانی زیاتر دەبینین، بەتایبەتی کە هیچ لایەنێکیان نەیانتوانی دەنگی یەکلاییکەرەوە بۆ پێکهاتنی حکومەت بەدەست بهێنێت، جگە لەوەش وەک کوتلەیەکیش لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگیدا ناتوانن پێکهێنەری حکومەت بن، ئەمە قوڵبونەوەی ئەو قەیرانەیە کە پێشبینی دەکرا.
لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی مانگی کانونی دووەمی ساڵی٢٠٢٣دا، سودانی بەنیاز بوو بە لیستی جیاواز خۆی کاندید بکات، بەڵام لەژێر فشاری لایەنە شیعەکان و لە هەوڵێک بۆ پاراستنی حکومەتەکەی، بەشدارینەکردنی هەڵبژارد. بەڵام لە ڕێڕەوی ئەم هەڵبژاردنەدا بە لیستی تایبەتی خۆی بەناوی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان بۆ ڕکابەریکردن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی بەشداریکردو زۆرترین دەنگی هێنا. لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥دا ئەم هاوپەیمانیەی دامەزراند کە لە حەوت بلۆکی سەرەکی پێکهاتووە و سەرکردەی سەربازی و خێڵەکی و سیاسی لەخۆدەگرێت، ئەم هەنگاوە بووە هۆی دابەشبونی بەرچاو لەناو پارتە شیعەکاندا، کە بڕیاریاندا بە زیاتر لە دە لیستی جیاواز لە هەڵبژاردنەکان بەشداری بکەن.
عێراق دەچێتە قۆناغێکی هەستیاری دانوستانەکانی نێوان لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، قۆناغێک کە زیاتر شاهیدی پەرەسەندنی گرژیە سیاسیەکانە و مامەڵە و ئاڵوگۆڕی تۆمەت لەنێوان بلۆکەکاندا دەردەخات، ئەگەر ئەم قەیرانە بەردەوام بێت، ئەوا دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی ژیانی خەڵک زیاترکات، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئاستی بێزاری و ناڕەزایەتی بەرز دەکاتەوە، بەتایبەتی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن بە خێرایی کاڵ دەبنەوە.
ئێستا پێکهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا بووەتە پێویستیەکی سیاسی، ئاکامی ئەم هەڵبژاردنە پەرتی و پەرشوبڵاوی هەمەلایەنەی نیشانداوە، ئەمەش بازاڕی دانوستانی کردۆتە ناچاریەک، لیستە کێبڕکێکارەکان نوێنەرایەتی کۆمەڵێک پەیوەندی تائیفی و نەتەوەیی جۆراوجۆر دەکەن، لەوانە شیعە، سوننە، کورد و چەند کەمایەتیەک، بەگوێرەی ڕێکەوتنی ئەم پێکهاتانە لە دامەزراوەی سیاسەتی عێراقدا لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، ئەوەی بەرچاوە بەزۆری بلۆکی شیعە حکومەت پێکدەهێنێت.
ئەوەی پێویستە لەم دۆخەدا سەرنجی بدەین، ئەستەمە بلۆکە سیاسیەکانی بەشدار لە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتدا دەورو هەڵوێستی ئەمریکا پشتگوێ بخەن، واشنتۆن بەردەوام داوای داماڵینی چەک لە لایەنەکانی سەر بە ئێران دەکات، بەڵام هیچکام لەو داواکاریانە جێبەجێ نەکراون. هەڵبەتە دۆخەکە ئاڵۆزترە، بەتایبەتی کە ئەم گروپە چەکدارانە پەیوەستن بە زۆرێک لە پارتە شیعەکانەوە کە دەستکەوتی بەرچاویان لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوە، ئەمەش مانای دەوری سەرکەوتوی دەخالەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لەم هەڵبژاردنەدا.
لەهەمانکاتدا ئەو بلۆکە میلشیاییانەی سەر بەئێرانن، کورسی زۆرتریان بەدەستهێناوە لەچاو هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، بۆیە تاران ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە فاکتەرێکی یەکلایکەرەوە بۆ ڕاگرتنی پڕۆژەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە مامەڵە دەکات و لەهەوڵی دەخالەتی زیاتری خۆیدایە، هەروەها ئێران هۆشداریداوە لەوە کە عێراق جارێکی دیکە ببێتە گۆڕەپانی شەڕ، ئەگەر بلۆکە سیاسیەکان ئەم قۆناغە بە باشی بەڕێوەنەبەن، هەر بۆیە بلۆکە شیعەکانی نزیک بە تاران لەنێو گێژاوی ئەوەدان کە دەبێت کاندیدێکان بۆسەرۆک وەزیران هەبێت کە واشنتۆن قەبوڵی بکات.
دیارترین تەوەر کە ئێستا زاڵ بووە بەسەر دۆخەکەدا ئەو ئاڵۆزیەیە کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن داویەتی بەدەستەوە، وە ئەو پرسیارە دەخاتە بەردەم هەر عێراقیەک؛ ئەم گێژاوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، چۆن حکومەتی لێ پێکدێت؟
ئەوەی ئێستا شاهیدی دەبین، ململانێیەکی بێدەنگ و سەختە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە، هێزە کاریگەرەکان تواناکانیان لە پشتی پەردەوە خەرجدەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێگە چارەیەک، لە پاراستنی هێزەکانیان و پێگەیان لەدەسەڵاتدا، چونکە درک بەوە دەکەن کە دابڕینی ڕاستەوخۆ دوای پرۆسەی هەڵبژاردن، دەتوانێت پێگەو دەستکەوتەکانیان بخاتە مەترسیەوە، بۆیە ئەوان تاکتیکی خۆڕاگری سیاسیان پێباشترە، لەوەی دەستبەجێ حکومەت پێکبهێنن، ئەمەش ئاراستەیەکی ساختەی ئارامی بە دیمەنەکە دەبەخشێت، چونکە دۆخێکی ئاڵۆزو پێچیدە نیشان ئەدات.
بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە دوای ئەم هێمنیە هێزە میلیشیاکان کۆببنەوە بە ئاراستەی خولێکی دیکەی درێژبونەوەی بارگرژی هەنگاو بنێنن، کە لە نێوان لایەنەکاندا بەتایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگی دەردەکەێت، بۆ نمونە سەردانی سودانی بۆ لای بارزانی و بەدوایدا مالکیش سەردانی بارزانی دەکات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە تائێستا کێشەکانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی نەیتوانیوە بەلایەکدا ساغ بێتەوە، ئەوا بە ناچاری دیمەنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ململانێیەکی توند، بەڵام ئەمجارە ڕەنگە چڕتر بێت و لێکەوتەی قووڵتری هەبێت بۆ داهاتووی پێکهاتەی دەوڵەتی عێراق و یەکگرتوییەکەی، مەگەر لەژێر فشاری ئەمریکاو ئێراندا بە ناچاری پێکهاتەیەک پێک بهێنن.
ئێستا لەڕووی ژمارەییەوە وەها دەردەکەوێت کە سودانی بگەڕێتەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەکاتێکدا ڕاستە کە لیستەکەی زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە و ٤٦ کورسی لە کۆی ٣٢٩ کورسی مسۆگەر کردووە، بەڵام بەهەمانشێوە ئەوەش ڕۆشنە کە سودانی بەشێوەیەکی کاریگەر ٣٨ پەرلەمانتاری سەر بە بلۆکەکەی بۆ کۆنترۆڵ ناکرێت. ئەم ٣٨ پەرلەمانتارە لەنێوان فالح ئەلفەیاز سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی و ئەحمەد ئەسەدی سەرۆکی بلۆکی جوند ئەلئیمام و شێخ حەیدەر غەریفی نوێنەری فراکسیۆنی عوفیە دابەشکراون. ئەمەش بەو مانایەیە کە سودانی بلۆکێکی یەکدەستی نییە و نەیتوانی لەڕێگەی ئەو هەڵبژاردنانەی کە ئەو سەرۆکایەتی و سەرپەرشتی دەکرد، خواستەکانی خۆی بەدیبهێنێت.
پێشبینی دەکرێت لە ماوەیەکی درێژخایەندا بەر لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ئەم قۆناغە ئاڵۆزەی عێراق پیاتێپەر دەبێت، ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی بلۆکەکەی سودانی بەدور نازانرێت، کە بە “لیستی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” ناسراوە، بەتایبەتی گەر لەدەرەوەی چوارچێوە هەماهەنگی، هاوپەیمانی تر پێک بهێنێت.
بەگشتی دەتوانین بڵێین نوێنەرایەتی پەرلەمان فاکتەری یەکلاکەرەوە نیە و نابێت بۆ پێکهێنانی حکومەت و داڕشتنی قۆناغی داهاتوو، بەڵکو دانوستان و ڕێکەوتنی زۆرینەی کوتلەکانە، هاوکاتی خۆگونجاندنیان لەبەرامبەر ململانێی ئەمریکاو ئێراندا، ئەمە تەواو سروشتی واقیعی سیاسی عێراق و پێداویستیەکانی سیستمی پەرلەمانی وڵاتێکە کە بە باڵادەستی هێزی میلیشیای تائفی و نەتەوەیی دەناسرێتەوە.
سەرەڕای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، سودانی هێشتا ناچارە مامەڵەی پاراستنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بکات، هەرچەندە ئەم بابەتە لە دەستی دەنگدەراندا نەماوە، بەڵکو ئێستا لای هێزە سیاسیەکانە، بەڵام بەهۆی کێشەکانی ئێستای سودانی لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگیدا، پەلدەهاوێت بە هەمو لایەکدا تا هاوپەیمانیەکی تر بۆ پێکهێنانی حکومەت دامەزرێنێت، ئەمەش لەدەرەوەی شیعەکان و چوارچێوەی هەماهەنگی مامەڵەیەکی سەختە.
هەرچەندە سودانی لەماوەی سەرۆکایەتیەکەی سەرکەوتوو بوو لە بەهێزکردنی پێگەی خۆی، لەلایەک بە گواستنەوەی هاوسەنگی هێز لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا لە بەرژەوەندی خۆی، لەلایەکی ترەوە ڕاگرتنی هاوسەنکی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا، بۆیە توانی هاوپەیمانیەکی نوێی بەهێز پێکبهێنێت بۆ بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنەدا.
دەستپێکردنی دانوستانەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، ئاشکرایە کە سەخت و ئاڵۆز دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی کێبڕکێی نێوان خودی هێزە شیعەکان لەلایەک و لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە سوننە و کوردیەکان لەلایەکی دیکەوە.
بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندیەکانی حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەمەریکا و ئێران، هەرلایەنێک بەجۆرێک وێنای بەرژەوەندیەکانی دەکات و مامەڵەی دەکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی فشارەکانی واشنتۆن بۆ سەر بەغدا بۆ سنووردارکردنی کاریگەری هێزە میلیشیاکانی پەیوەست بە تاران، کە ڕۆڵێکی کاریگەریان لەسەر شانۆی سیاسی عێراق هەیە، هەندێکجاریش دەسەڵاتی دەوڵەتی فەرمی تێدەپەڕێنن. پێشبینی دەکرێت چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسانە بەشێکی سەرەکی بێت لە دانوستانەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران.
لەنێوان ڕەچاوکردنی دۆخی ناوخۆیی و کاریگەری دەرەکی و تەحەددیاتی ئاسایش و ئابووری و بنیاتنانی پەیوەندی لەنێوان حکومەت و هاووڵاتیانیدا، ڕێگای پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو ڕۆشنە کە درێژ دەردەکەوێت. هاوکات، ڕاگەیاندنی هەمان چوارچێوەی هەماهەنگی وەک گەورەترین بلۆکە بۆ جارێکی تری زاڵبوونی بەسەر دیمەنی سیاسیدا، ئەمەش لە ئەگەری پێکهێنانی حکومەتدا گرفتی گەورە دەخاتە سەر ئایندەی بەڕێوەبردنی حکومەت لە عێراقدا، گەر حکومەتیش پێکبهێنن، نەک ناتوانن ئارامی و سەقامگیری بەرجەستەکەنەوە، بەڵکو باگرژی زیاتر دەخەنە بەردەم ئایندەی عێراق و کوردستان.




عێراق لە گێژاوی هەڵبژاردندا.. عوسمانی حاجی مارف

هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی عێراق ژینگەیەکە تەواو جیاوازی هەیە لەچاو خولەکانی پێشوودا، ئەم هەڵبژاردنە لەکاتێکدایە کە موقتەدا سەدر، داوای لە لایەنگرانی کردووە بەتەواوی بایکۆتی بکەن، ئەمەش هەنگاوێکە کاریگەری بێوێنەی لەسەر دیمەنی سیاسی عێراق دەبێت.
بانگەوازی ئەمجارەی موقتەدا سەدر بۆ بایکۆت فراوانترە، لەبەرئەوەی بانگەشەی قەدەغەکردنی نمایشی لافیتەی بانگەشەی کاندیدەکانی لە شاری سەدر (مەدینە ئەلسەورە) کردووە، کە بارەگای سەرەکی بزووتنەوەکەی لێیە. لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ئەم دیمەنە نەبینراوە، تەنانەت لە گرژترین قۆناغەکانیشدا.
بایکۆتکردنی ڕەوتی سەدر، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کاریگەریە جەماوەریەی کە نوێنەرایەتی دەکات، گورزێکی گەورە لە رەوتی بەرێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەدات، کە تەنیا هەڵوێستێکی “سیاسی هەلومەرجی” نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی ستراتیژیەکی ڕوون دەکات کە ڕەنگدانەوەی بەرزترین ئاستەکانی ناڕەزایەتیە لە نێو ململانێی هێزە سیاسیەکانی شانۆی سیاسی ئێستای عیراقدا، بەرامبەر بە پرۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حکومەتی دوای هەڵبژاردن.
ئەم هەڵبژاردنە دۆخێکی ناوازەی هەیە، نەک تەنها لەسەر ئاستی ناوخۆیی، بەڵکو لەچوارچێوەیەکی ناوچەیدا کە شاهیدی پەرەسەندنی گرژی و ململانێ جیۆپۆلەتیکیە و ئەگەری ئەوە هەیە عێراق تیادا پارێزراو نەبێت.!
بەهۆی دەخالەتی زلهێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکانەوە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا، لەهەمان کاتدا ئاستی چۆنیەتی ململانێی لایەنەکان لەم هەڵبژاردنەدا، پرۆسەی هەڵبژاردن وەک ناچاری و مەرجێکی دەستووری مامەڵەی دەکرێت، وەک ئامرازێک بۆ نیشاندانی ڕۆتینی گۆڕینی شێوازی دەسەڵات. بەڵام پارتە سیاسیەکان ترسیان لەوە هەیە کە ئەگەر هەڵبژاردن نەتوانێ دەسەڵاتێکی سیاسی بەهێز یان نوێنەرایەتیەکی هاوسەنگ بەرهەم بهێنێی، ئەوا رەنگە کوتلە چەکدارەکان ئەم بۆشاییە بە دەرفەتێک بزانن بۆ فراوانکردنی کاریگەری خۆیان و باڵا دەستیان بەسەر حکومەتی عێراقدا. ئەوان ترسیان هەیە سیناریۆی ئاژاوە یان ململانێ و شەری ناوخۆیی دروست بێتەوە، کە ڕەنگە دۆخی سیاسی عێراق لە پرسە هەستیارەکاندا وەک شەری ناوخۆ و شەرێک لە ناوچەکەدا لە قاڵب بداتەوە، بەتایبەتی سەبارەت بەو کوتلە چەکدارانەی کە بەجۆرێک پەیوەستن بە ئێرانەوە.
پێشوەخت لایەنە سیاسیەکان هۆشداری ئەوەیان داوە کە دواخستن یان هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردن، دەکرێت دەرگای بۆشایی دەستوری بکاتەوە و ئەگەری ئەوە هەیە ئاژاوەی سیاسی و ئەمنی زیاتر بکات، بۆیە بەگشتی هەموویان جەختیان لەسەر ئەوەکرد کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت. بۆیە هەر لەو چوارچێوەیەدا نوری مالیکی جەختی لەوەکردەوە کە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا پێویستییەکی “نیشتمانیە بۆ پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی وڵات”!، لەهەمانکاتدا ئەوەی جێگای پرسیارە کەدوای هەڵبژاردن هیچ گەرەنتیەک نیە بۆ ڕوونەدانی ئاژاوەو ناجێگیری سیاسی و پێکهێنەهاتنی حکومەت.
هەڵبەتە بەشداری ئەو گروپانەی لەئاستی نێودەوڵەتیدا وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشان کراون، قەیرانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە گەورەتر دەکات، ئەمەش وا دەکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە حەزەرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردن بکات، کە لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە بە چەک کۆنتڕۆڵ دەکرێن. بەمشێوەیە هەڵبژاردنی ئەمساڵ ئەگەر لەوادەی دیاریکراویشدا ئەنجام بدرێت، دەکرێت دەستپێکی قۆناغێکی نوێی ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت لە عێراقدا، کە پرۆسەی هەڵبژاردن و حکومەتەکەی لەژێر چاودێری و پرسیاردا دەهێڵێتەوە.
لەڕاستیدا گۆڕەپانی سیاسی عێراق شاهیدی زیادبوونی گرژیەکانە لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی هەڵبژاردن، بەجیا لەبایکۆتی سەدر، لەهەمانکاتدا دابەشبوون و ململانێی توند لەناو هاوپەیمانیە تەقلیدیەکانی وەک “چوارچێوەی هەماهەنگی” دا پێشهاتووە، کە بە باڵادەستی هێزی حەشدی شەعبی و بوونی لایەنەکان هەوڵدەدەن توندوتیژی سیاسی بقۆزنەوە وەک ئامرازێک لەدووبارە کردنەوەی نەخشەی کاریگەر بۆ باڵادەستی لایەنە شیعەکانی سەربە ئێران.
ئەو لایەنە سیاسیە ئیسلامیانەی وەک هێزی شیعەکان هاتنەوە ناو عێراق و حکومەتیان پێکهێنا، هاوکات بوو لەگەڵ لەشکرکێشی ئەمریکا، بەشێک لە سەرکردەکانی هیوایان خواست سەرکردایەتی ئەو گۆڕانکاریە نەخوازراوە بکەن کە بە لەشکرکێشی ئەمریکا ئەنجام درا، بۆیە هیچ بژاردەیەکیان نەبوو جگە لە دابەشکردنی دەسەڵات و کاریگەریان لەڕێگەی بەرجەستەکردنی پشکی تائیفی و نەتەوەییەوە.
ئەم سیستەمە لە دابەشکردنی دەسەڵاتی سێ سەرۆکایەتی سەرەکی و سەروەریەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە کێبڕکێکردن بۆ پۆستەکانی تر، ئەمەش ئەگەری هەیە، ململانێیەکی خوێناوی لەنێوان باڵەکانی کوتلە چەکدارەکاندا بەدوای خۆیدا بهێنێ.
ئیستغلالکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و دەستبەسەراگرتنی تەواوی جومگە ئابوریەکان و بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و نەبوونی یاسا، هەموو ئەو هۆکارانەن کە قەیرانی پێکنەهێنانی حکومەت و رەسمیەتدان بە حکومەت قووڵتر و سەختترکردوە، لەدوای ئەم هەڵبژاردنەدا زۆر زیاتر ئەو کێشانەیان بەرەوڕو دەبێتەوە.
لەبەرئەوەی هێزە میلیشیاکان، باڵادەستی سەربازی و سیاسیان بەدەستهێناوە، ئەستەمە بەئاسانی کۆتاییان پێبهێنرێت. هەڵوەشاندنەوەی ئەوان بەبێ بونی بەدیلێکی بە‌هێز و ڕوون و دەورو دەخالەتی ڕاستەخۆی خەڵک و جەماوەری ناڕازی، دەتوانێت بۆشاییەک بەجێبهێڵێت کە هەڕەشەی جدی لە سەقامگیری دەکات و عێراق دەخاتەناو گێژاوی زریانێکی ترەوە.
لەم چوارچێوەیەدا کە “هێزی میلیشیاو پرسی چەک” بۆتە یەکێک لە کێشە هەستیارەکانی دۆخی سیاسی ئێستای عێراق و کاریگەری لەسەر ئەم هەڵبژاردنە داناوە، دوای ئەم هەڵبژاردنە گەر مامەڵەیەکی ژیرانە نەکرێت، ئەگەری خولقاندنی کارەساتی هەیە.
بەردەوامبوونی ئەو کەسایەتیانەی ئێستا حکومەتی عێراق بەڕێوەدەبەن، هەوڵدەدەن لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە خۆیان بەرهەمبهێننەوە و هیچ ئاماژەیەکیش بە گۆڕانکاری نادەن، جگە لەوەی بەربەستێکی گەورە لە بەردەم ئاڵوگۆڕ بۆ سەقامگیری و هەر چاکسازیەک پێکدەهێنن، لەهەمانکاتدا پرسیاری جدی دەخاتە بەردەم ئایندەی عێراق لەدوای ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە، چونکە ئیستغلالکردنی نفوزی هێزی میلیشیا و بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، هۆکارێکن کە بوونەتە هۆی وەرینی دەوڵەت.
پێگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە گرنگترین پۆست دادەنرێت بۆ شیعەکان، ئەوانیش پاساو بۆ ئەوە دەهێننەوە بەئاماژەدان بەوەی کە گەورەترین ژمارەن لە عێراقدا، دەبێت پۆستی باڵای جێبەجێکردنی (تنفیذی) وڵات (سەرۆک وەزیران) بۆ شیعەکان بێت.
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا گۆڕەپانی سیاسی عێراق شاهیدی زیادبوونی گرژیەکانە لەنێو بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بە دابەشبونێکی توند لەناو خودی چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەرکەوتووە.
لەگەڵ ئەوەی بڕیارە لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام لەکاتێکدایە کە گرژی سیاسی و بێهیوایی و فەرامۆشی و بەربڵاوی گشتی زاڵە بەسەر پرۆسەی ئەم هەڵبژاردنەدا. سەرەڕای ئەوەی شەقامەکان بە پۆستەری هەڵمەتی هەڵبژاردن ڕازێنراونەتەوە، بەڵام حەماسەتی گشتی کەم بووە و پێشبینی دەکرێت بەشێکی زۆر لە عێراقیەکان لە ماڵەوە بمێننەوە. هەڵبژاردنی ئەمجارە بەڕۆشنی وەک فۆرماڵیەك دەبینرێت، کە بەئاشکراو بێپەردە تیشک خراوەتەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان نوخبە سیاسیەکاندا.
“پێکهاتەی هاوپەیمانی عێراق” لە دوای یەکەم هەڵبژاردنی دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە، وەک هێزێک بەرزبونەوەی ئاستی هاوسەنگی بەرچاوی نیشاندا، وەک هاوپەیمانی یەکگرتوی عێراقی کە هەموو گروپە شیعەکانی لەخۆگرتبوو بە پاڵپشتی عەلی سیستانی، هەروەها لیستی تەوافوق کە نوێنەرایەتی هەندێک عەرەبی سوننەیان دەکرد، لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراق بو بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی بوو. ئەمڕۆ ئەم بلۆکانە پارچەپارچە بوون، دەیان لیست و حزبی سەربەخۆ کێبڕکێیان لەسەرە، هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٥ نزیکەی ٣١ هاوپەیمانی و ٣٨ حزب و ٧٥ کاندیدی سەربەخۆ لەخۆدەگرێت.
لە هاوپەیمانی عێراقی یەکگرتووەوە ململانێ و کێبرکێی کوتلە شیعەکان سەریانهەڵدا، دیارترینیان هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بوو، بە سەرۆکایەتی سودانی، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، هاوپەیمانی صادقون بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، لیواکانی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری، هاوپەیمانی هێزە نیشتمانیەکان بە سەرۆکایەتی عەمار ئەلحەکیم، بەشێک لەو فراکسیۆنانە پەیوەندی مێژوویی و سیاسیان بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەیە.
ئەم لایەنانە کە پێکەوە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە پێکدەهێنن، پاڵپشتی پێکهێنانی حکومەت دەکەن و پۆستەکانی جێبەجێکردن دیاریدەکەن، سەرەڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەجیا خۆیان کاندید دەکەن، هاوکات موقتەدا سەدر سەرکردایەتی بزووتنەوەی بایکۆت دەکات، ئەمەش ئەگەری بەشداریکردنی بەشێکی زۆری دەنگدەرانی شیعە کەمدەکاتەوە، کە بنکەیەکی فراوانی هەڵبژاردن پێکدەهێنن.
لایەنەکانی حزبە کوردەکانیش دابەشبون بەسەر کۆمەڵێک حزبی جیاوازدا و بە لیستی جیاوازەوە بەشداریدەکەن، ڕۆشن نین لەوەی لەم هەڵبژاردنەدا ڕۆڵیان چۆن دەبێت و نەخشەیان چییە، بەتایبەتی کە تائێستا بۆ خۆشیان نەیانتوانیوە حکومەتی هەرێم پێکبهێنن.
سیستەمی هەڵبژاردنی عێراق لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە زۆر ئاڵۆزە لەڕووی تیۆریەوە ڕێگە بە هاووڵاتیان دەدات ٣٢٩ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێرن، کە دواتر سەرۆککۆمار و پاشان سەرۆکوەزیران کاندید دەکات. بەڵام لە پراکتیکدا پێکهێنانی حکومەت پشت بە دانوستانێکی درێژخایەن و ڕێکەوتن لەنێوان لایەنەکاندا دەبەستێت، کورسیە بەدەستهێنراوەکان دەبنە ئامرازێک بۆ دیاریکردنی پۆستە وزاریەکان و پۆستە جێبەجێکاریەکانی دیکە، ئەم سیستمە ئاشکرایە لەم هەڵبژاردنەدا، کێشەکانی جێبەجێکردنی پێکهێانی حکومەت ئاڵۆزتر دەکات.
واقیعی سیاسی عێراق بەستراوەتەوە بە چوارچێوەی باڵادەستی ناسنامەی هێزە تائیفی و قەومیەکانەوە، شیعەکان بەشێوەیەکی ئاسایی دەنگ بە پارتەکانیان دەدەن، سوننە بە پارتەکانی خۆیان و کوردەکان دەنگ بە پارتەکانیان دەدەن. ڕێککەوتنێکی نافەرمی لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە هاوسەنگی لەنێوان پۆستە باڵاکاندا دەپارێزێت، سەرۆکوەزیران شیعەیە، سەرۆککۆمار کوردە، سەرۆکی پەرلەمانیش سوننەیە، ئەم هەڵبژاردەیە بۆ ئەو سێ سەرۆکایەتیە، ئاشکرایە دوای ئەم هەڵبژاردنە کێشەی گەورە بەداوی خۆیدا دەهێنێت.




ئاڵۆزی پەیوەندی هەسەدە و حکومەتی سوریا.. عوسمانی حاجی مارف

شاری حەلەب شایەتی گرژیە ئەمنیەکانی نێوان سوپای سوریا و هەسەدە بوو، دوای پێکدادانی توندوتیژی کە لەنێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و هەسەدە لە گەڕەکەکانی شاری حەلەب بەتایبەت شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ڕویدا، حکومەتی سوریا و فەرماندەی هەسەدە، بە ڕێکەوتنی هەردوولا ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، ئاگربەستێکی هەمەلایەنەیان ڕاگەیاند، ئەمەش پرسیاری لەسەر چارەنوسی ئەو ڕێکەوتنە دروستکرد کە لە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا پێشنیارکرابوو.
ئەوەی شایانی وەبیرهێنانەوەیە، لە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥دا، ئەحمەد شەرع و مەزلوم عەبدی، ڕێکەوتنێکی هەشت خاڵییان واژۆکرد کە ئامانج لێی تێکەڵکردنی پێکهاتە ئەمنی و سەربازیی و مەدەنیەکانی سەر بە هەسەدەیە لەگەڵ دەوڵەتی سوریا، لە ڕێکەوتنەکەدا گەرەنتیکردنی مافە سیاسی و مەدەنیەکان بۆ هەموو سووریەکان بەبێ جیاوازی ئاینی و نەتەوەیی دیاریکرابوو، هەروەها دووپات کرایەوە کە کورد پێکهاتەیەکی دانەبڕاوی دەوڵەتی سوریایە و بەهرەمەندە لە هاوڵاتیبونی تەواو و مافە دەستووریەکان! هەروەها ئاگربەستێکی هەمەلایەنە لە سەرانسەری هەموو خاکەکانی سوریا و دەستپێکردنی یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازیەکانی باکووری ڕۆژهەڵات بۆ ئیدارەی دەوڵەتی ناوەندی لەخۆگرتبوو، لەوانە دەروازە سنووریەکان و فڕۆکەخانەکان و کێڵگە نەوتی و گازیەکان.
لە ڕێکەوتنەکەدا جەخت لەسەر مافی ئاوارەکان کراوەتەوە بۆ گەڕانەوەیان بە سەلامەتی بۆ ناوچەکانی خۆیان، بە گەرەنتی پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتەوە، هاوکات داوای پاڵپشتیکردنی حکومەت لە شەڕەکانیدا کراوە لەدژی پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەد و هەموو ئەوانەی هەڕەشە لە ئاسایش و یەکڕیزی سوریا دەکەن. هەروەها بڕگەیەکی ڕوونی لەخۆگرتبوو کە قسەی ڕق و تایفەگەری و بانگەوازی دابەشبوون ڕەتدەکاتەوە و جەخت لەسەر چەسپاندنی بنەماکانی پێکەوەژیان لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریادا کراوە!
بەمشێوەیە ڕێکەوتنی مانگی ئازار چوارچێوەیەکی سیاسی و ئەمنی بۆ بنیاتنانەوەی دەوڵەتی سوریا لەسەر بناغەکانی بەناو هاوبەشی ‘نیشتمانی” نیشاندا، کە لەسەرەتاوە هەسەدە بەشداری دانوستانەکانی بۆ بەهێزکردنی کۆنترۆڵی حکومەتی سوریا بەسەر ئەو وڵاتەدا کردبوو، بەڵام لەوکاتەوەی ڕێکەوتنەکە واژۆ کرا، جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنە بەردەوام لە دۆخێکی خراپدا دەرکەوتووە، وردەکاریەکانی “یەکگرتن”ی سەربازی و ئیداری تا ئێستا بەناڕونی ماونەتەوە و میکانیزمەکانی گواستنەوەی دامەزراوەیی بەڕوونی دیارینەکراون، ئەم ناڕوونیە، وایکردووە ڕێکەوتنەکە ئامادەبێت بۆ لێکدانەوە ناکۆکەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە، ئەمەش کەلێنی دروستکردووە کە بەکاردەهێنرێت بۆ پاساوهێنانەوە بۆ دواکەوتن یان خاوکردنەوەی جێبەجێکردنی، هەروەها وایکردووە پەیوەندی نێوان ئەو دوو لایەنە، هەسەدەو حکومەتی سوریا لە دۆخێکی ناسکی ئاگربەستدا بمێنێتەوە، نەک یەکلایکردنەوەیەکی سەقامگیری بۆ سوریا.
گەر وا پێشبینی بکرێت کە ئەم ڕێکەوتنەی ١٠ ی ئازار، تەنها چوارچێوەیەکی فۆرمی وگشتیە بۆ باسکردن لەسەر چارەسەر، کە وردەکاری تێدا نیە و هیچیشی لێدەرناکێشرێت، لەهەمانکاتدا هێندە ناڕۆشنە کە لە کۆبوونەوەکانی دواتر لە نێوان حکومەتی دیمەشق و هەسەدە بەهۆی نەبوونی فۆرمولەی کۆتاییەوە کۆسپیان بۆ دروست بوو.
کاتێک هەسەدە ڕێکەوتنەکەی واژۆکرد، پێدەچێت ئەو ساتەوەختە مێژوویەیان لەبەرچاو گرتبێت و وەک مانۆڕێکی هەلومەرجی مامەڵەیان لەگەڵدا کردبێت، نەک پابەندبونێکی یەکلاییکەرەوەو کۆتایی. ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە لەئێستادا هەسەدە هەوڵدەدات تا دەتوانێت مانۆڕ و وەستانی زیاتر لەگەڵ حکومەتی ئێستای دیمەشقدا بەڕێ بکات. چونکە ڕێکەوتنێک لەسەر بنەمای یەکگرتنی تەواو، لە دۆخی پێکهاتەی ئێستای حکومەتی شەرع و پاوانخوازی ئیسلامی سیاسیدا، بە مانای کۆتایی هەسەدە دەبێت.
لەدوای واژۆکردنی ڕێکەوتنەکەی مانگی ئازار، چوار خولی دانوستان لەنێوان نوێنەرانی حکومەتی سوریا و هەسەدە ئەنجامدراوە، کە دوو کۆبوونەوە لە حەسەکە و دوو دیدار لە دیمەشق ئەنجامدراوە. دوایین کۆبونەوە کە لە سەرەتای مانگی تەمموزدا بەڕێوەچووە، هیچ ئەنجامێک تیا بەدەست نەهاتووە.
کێشەکە ئەوەیە ئەحمەد شەرع و حکومەتەکەی پێیانوایە یەکگرتنەوە بە واتای هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەیە، واتە چەکدارەکان تاکەکەسی تێکەڵی سوپای سوریا ببن، هەڵبەتە لە لایەن هەسەدەوە جەخت لەسەر ئەوەهەیە کە پێکهاتە ڕێکخراوەییەکەی وەک بناغەیەکی یەکگرتوو بمێنێتەوە و پارێزراوبێت، نەک بە تەواوی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەڵبوەشێتەوە، ئەمەش لەلایەن حکومەتی سوریا قەبوڵ ناکرێت و ڕەتدەکرێتەوە، کە بە هەڕەشە بۆ سەر ناوەند بونەوەو یەکگرتوویی سوریا دەزانێت.
خاڵێکی دیکەی بنەڕەتی مشتومڕ، پرسی لامەرکەزییە، دیمەشق تارادەیەک مامەڵە لەگەڵ لامەرکەزیەت دەکات وەک ڕێکخستنی کارگێڕی لەناو دەوڵەتێکی یەکگرتوودا، لەکاتێکدا هەسەدە هەوڵدەدات بیگۆڕێت بۆ فۆرمۆلەیەکی سیاسی فراوانکراو کە دەسەڵاتی سەربەخۆی پێبدات لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووری و پەیوەندیەکانی دەرەوەدا، ئەو لامەرکەزییەی کە لەلایەن هەسەدەوە دانوستانی لەسەر دەکرێت، فیدراڵی یان دەوڵەتێکی فیدراڵی نییە، بەڵکو کۆنفیدڕاڵیە، واتە دانوستانی نێوان دوو دەوڵەت کە هەریەکەیان سەروەری سەربەخۆیان هەیە و ڕێککەوتن لەسەر پەیوەندی هاوبەش لە ژێر یەک چەتردا، حکومەتی سوریا ئەمە بە پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەت و یەکگرتوویی دامودەزگاکانی دەزانێت، گومانی تیا نیە کە تورکیاش قەبوڵ ناکات.
هاوکات ناکۆکی لەسەر پرسی ئابووری و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان بەتایبەتی نەوت و گاز و دەروازە سنووریەکان قووڵتر دەبێتەوە، لەکاتێکدا کە ڕێکەوتنی مانگی ئازار گەڕانەوەی ئەم سەرچاوانەی بۆ ئیدارەی ناوەندی دەوڵەت دیاری کردبوو، هەسەدەش پێشنیاری هێشتنەوەی پشکەکانی ناوخۆیی لە بواری کارکردن و دارایدا دەکات.
هەسەدە و حکومەتی سوریا لەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ١٠ ی ئازاری ٢٠٢٥ ەوە سەرقاڵی دانوستانێکی قورس بوون، بە ئامانجی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی پرۆژەی “بەڕێوەبردنی خۆیەتی” لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. سەرەڕای پێکهێنانی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا، بەڵام دواتر دانوستانەکان وەستان بەهۆی پەرەسەندنی ناکۆکیەکانیان لەسەر شوێن و سروشتی دانوستانەکان.
هەسەدە پێداگری کرد لەسەر گواستنەوەیان بۆ پاریس لەژێر چاودێری فەرەنسا، دیمەشق ڕەتیکردەوە ئەو پرسە بەنێودەوڵەتی بکات و پێداگری لەسەر ڕاگرتنی ئەوان لە چوارچێوەی خاکی سوریادا کرد. جگە لەوەش، ناوبەناو پێکدادانێکی سنووردار بەهۆی پێشێلکاری مەیدانی و تۆمەتی یەکتر بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە سەریهەڵداوە، واتە ئاگربەستەکە بەشێوەیەکی ناسەقامگیری ماوەتەوە و هەرواش دەمێنێتەوە، ئەم پێکدادانانە درێژەپێدەری شێوازێکە کە ماوەیەکە بەردەوامە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب و دێرحەفەر، ئەم ناوچانە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لەلایەن هەسەدەوە کۆنترۆڵ کران و لەوکاتەدا هەسەدە بەرەو حەلەب پێشڕەویان کرد، ئەوان کۆبونەوە و بووە هۆی پێکدادانی پچڕپچڕ لە نێوان هەردوولادا.
ئەوەی شایانی باسە پێکدادانەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەو رەهەندە سیاسیە ئەدات کە حکومەتی سوریا جۆرێک لە گەمارۆدانی بەسەر گەڕەکەکاندا سەپاندووە، لەبەرامبەر ڕۆڵی هەسەدە لە حەڵەبدا، واتە دەرکردنی نفوزی هەسەدە لە حەڵەب، ئەمەش بەشێکە لەو سیاسەتەی کەشەرع دەیەوێت تەواوی سوریا کۆنترۆڵ کات.
پێکدادان و تۆپبارانەکانی ئەم دواییە بونەتە هۆی ئاوارەبونی خەڵکی مەدەنی لەو گەڕەکانەی زیانیان لێکەوەتووە، هەربۆیە ئاماژەن بۆ مەبەستی حکومەت بۆ زیادکردنی فشاری سەربازی لەو ناوچانەدا، لەگەڵ ئەوەشدا هەسەدە، هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە هەر کۆنتڕۆڵکردنێک بەسەر ئەو گەڕەکانەدا بێت، واتە مانای کۆتایی بە ڕێکەوتنەکەی ١٠ی ئازار دەهێنێت!.
دەستێوەردانی ئەم دواییەی ئەمریکا لەڕێگەی نێردەی تایبەت تۆم باراک و فەرماندە “براد کوپەر” لە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی پرۆسەی سیاسی و رێکەوتنی حکومەتی سوریا و هەسەدە، ئەمەش ئاشکرایە گەر پێشبێت لە بەرژەوەندی واشنتۆندایە.
ئاشکرایە کە تورکیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە تەواوی هاوکێشەکەدا، هەوڵ و خواستێکی بەهێزی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە هەسەدە، بۆیە پاڵپشتی هەر هەنگاوێکی حکومەتی سوریا دەکات کە ئاماجی کۆتایی هەسەدە لە نەخشەکانیاندا بێت.
دیداری نێوان مەزلوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاهیدی بوین، وەزیری بەرگری و بەشێک لە ئەندامانی حکومەتەکەی، بە نێوەندگیری ئەمریکا، بۆ کەمکردنەوەی بارگرژی دۆخەکە دوای تێکهەڵچونی چەکداری نێوان هەسەدە و سوپای سوریا لە حەلەب، دۆخەکە لەسەر زەوی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، بەردەوامە لە هەنگاونان بەرەو ئامادەکاریەکان بۆ ململانێیەکی نوێ لەگەڵ دیمەشقدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی کە سەرکردایەتی هەسەدە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی تر لەگەڵ سوپای سوریا یان کوتلەکانی سەر بە تورکیا لە باکووری ئەو وڵاتە.
پێدەچێت هەسەدە زیاتر لە چوارچێوەی کایەی نفوزی ئەمریکادا خۆی ڕادەگرێت بەبێ ئەوەی ئاسۆیەکی سیاسی ڕوونی هەبێت، ئەمەش پێداگری مەزلوم عەبدیە لەسەر پاراستنی هاوسەنگی و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ململانێ لەگەڵ دیمەشق و ئامادەکاری بۆ هەر سیناریۆیەک بەرەوڕویان بێتەوە.
ئارامی ئێستای شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و دێرەزور ئاگربەستێکی کاتیە، کە واشنتۆن لەڕێگەی فشاری دارایی و سیاسیەوە سەپاندویەتی، هۆکارە بنەڕەتیەکانی ئەو ململانێیە وەک خۆیان ماون، سەرەڕای سەرکەوتنی کاتی واشنتۆن لە ڕاگرتنی گرژیەکان، بەڵام تا ئێستا چارەسەری ڕەگ و ڕیشەی قەیرانەکانی نەکردووە.
چانسی گەیشتنی هەسەدە بە ڕێکەوتنێکی سیاسی لەگەڵ دیمەشق ئاڵۆزە، ئاشکرایە کە ڕژێمی سوریا ئامادە نییە دەستبەرداری “ناوەندگەرایی ڕەها”ی خۆی بێت یان دان بە هەر ئیدارەیەکی سەربەخۆدا بنێت کە ڕەنگە ببێتە هۆی دابەشبوونی سوریا لە داهاتوودا.
ئەتوانین بڵێین ناوچەکە بەڕووی چەند ئەگەرێکدا بەکراوەیی دەمێنێتەوە، ئارامی پچڕپچڕ یان هەڵکشانێکی نوێ کە لەوانەیە لە دێرەزور یان گەڕەکە کوردیەکانی حەلەب سەرهەڵبداتەوە، ڕێکەوتنەکانی ئێستا بەرگەی فشارەکانی بارودۆخی ئاڵۆزی سیاسی سوریا و ناوچەکە ناگرن و دۆخێ سوریا لەم گێژاو و ناجێگیریە سیاسیە لە سایەی دەسەڵاتی ئیسلامیدا نایەتە دەرەوە.




پشتیوانی ئەمریکا لە ئیسرائیل.. عوسمانی حاجی مارف

گومانی تیا نیە کە ئەمریکا هەوڵدەدات لەڕووی سەربازی و ئابووریەوە پشتیوانی ئیسرائیل بکات، ئەمەش لە کۆنگرێسی ئەمریکادا وەک یاسایەک مامەڵەی دەکرێت، بەتایبەتی لەگەڵ قوڵبونەوەی گۆشەگیری نێودەوڵەتی ئیسرائیل بەهۆی بەردەوامی شەڕی دژی غەززە و بەردەوامی پلانەکانی بۆ داگیرکاری و وێرانکردن و کوشتاری زیاتر لە کەرتی غەززە، ترامب پشتیوانی و هاوکاری چڕتر کردۆتەوە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دوای هێرشەکەی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، پشتیوانی ئەمریکا بۆ تەلئەبیب شێوەی جۆراوجۆری بەخۆیەوە بینیوە، ئەمریکا لە پلەی یەکەمدایە لەنێوان وڵاتانی ڕۆژئاوا کە فڕۆکە و بۆمبی ڕێنمایکراو و مووشەک بۆ ئیسرائیل دابین دەکەن، کە بۆ سوپای ئیسرائیل زۆر گرنگن، ئەو چەکانە لەڕێگەی ئیمکاناتی سەربازی دەرەکی ئەمریکاوە دابین دەکرێن، ئیسرائیل زۆرینەی چەکەکانی کە دروستکراوی ئەمریکایە بە پارەی باجدەرانی ئەمریکا دەکڕێت، کە ساڵانە بە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێت.
لەوکاتەی چەند وڵاتێک خۆیان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئامادە دەکرد، ڕاپۆرتە ئەمریکیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیدارەی ترەمپ بڕیاریدا بە بڕی شەش ملیار دۆلار چەکی نوێ بە ئیسرائیل بفرۆشێت.
ئەم پاڵپشتیە تەنها ڕێکەوتن لەسەر چەك ناگرێتەوە، بەڵکو سەردانێکی ٢٥٠ پەرلەمانتاری ئەمریکی بۆ تەلئەبیب و دوو پڕۆژە یاساش دەگرێتەوە، کە یەکێکیان ئامانجی خێراکردنی گەیاندنی چەکە بۆ سوپای ئیسرائیل، لەکاتێکدا ئەوی دیکەیان ئامانجی سزادانی ئەو کۆمپانیایانە کە پاڵپشتی هەوڵەکانی بایکۆتکردنی نێودەوڵەتی دژی ئیسرائیل دەکەن.
ئەمریکا تەنها لەماوەی یەک ساڵدا کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ تا مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، بری ١٧ ملیار دۆلار زیاتری هاوکاری سەربازی بۆ ئیسرائیل خەرجکردووە، جگە لە ڕێکەوتنی چەکداری، ئەمریکا بەنیازە بەکارهێنانی میکانیزمێکی نهێنی بۆ گواستنەوەی چەک بۆ ئیسرائیل فراوانتر بکات. شایانی باسە کە ٥٠٪ ی خەرجیەکانی گرێبەستی حکومەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤دا، لەڕێگەی پنتاگۆنەوە ڕۆیشتووە.
پڕۆژە یاسای بودجەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕگەیەک لەخۆدەگرێت، کە لە داهاتی ساڵی داهاتوودا ڕێگە بە گواستنەوەی بێسنوری چەکی ئەمریکی بۆ کۆگایەکی تایبەت لە ئیسرائیل دەدات، ئەمەش ڕێڕەوێکە دابینکردنی چەکی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بەهێزتر دەکات و لەهەمانکاتدا چاودێری گشتی سووک دەکات.
کاتێک ئەمریکا داوای چەک لە کۆگای یەدەگی جەنگ بۆ هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل دەکات، وەزیری بەرگری دەتوانێت پێشوەختە ئەو داواکاریە پەسەند بکات بەبێ ئەوەی پێویست بکات هەنگاوە ئاساییەکان پەیڕەو بکات، وەک ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس یان تەنانەت کۆشکی سپی.
لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە ئیسرائیل بەنهێنی بڕێکی زۆر چەکی ئەمریکی کڕیوە، ئەمەش ئاسانکاری کردووە بۆ شەپۆلی هێرشی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل لە غەززە، کە بە چڕترین هەڵمەتی بۆردومانی سەدەی بیستویەکەم دەناسێنرێت.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، گیدۆن سەعر، فشاری خستووەتە سەر یاسادانەرانی ئەمەریکا بۆ دەرکردنی یاسایەک دژی ئەو بزووتنەوەی بایکۆتەی بەرامبەر ئیسرائیل دەکرێت، لەکاتێکدا سەرکردەکانی ئیسرائیل زیاتر هۆشداری دەدەن بەوەی، وڵاتەکەیان گۆشەگیر دەبێت لەسەر شانۆی جیهانیدا، سەعر بە یاسادانەرانی ڕاگەیاندوە، ئیسرائیل دەخرێتە ژێر “هەوڵێکی جیهانی هاوئاهەنگ، بۆ نەهێشتنی دەوڵەتی ئیسرائیل”، هەروەها ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی دەبێت لە دەرەوەی وڵات بەرپەرچی ئەم هەوڵە بدەنەوە.
ئەوەی شایانی باسە لە درێژەدان بە دۆخی شەڕەنگێزی ئیسرائیل بۆ پاکتاوکردنی غەززە و باڵادەستی لە ناوچەکەدا، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشێکی لەناکاوی بە ئامانجی تیرۆرکردنی شاندی دانوستانی بزووتنەوەی حەماس دەستپێکرد، لە کاتێکدا کە لە کۆشکێک لە دۆحە کۆدەبونەوە، ناتانیاهۆ ڕایگەیاند، ئەم هێرشە بەتەواوی ڕەوایە، چونکە سەرکردە باڵاکانی حەماسی کردۆتە ئامانج کە هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەریان ڕێکخستبوو!.
هەرچەندە ئەگەری گرتنەبەری ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل بەدوور نەدەزانرا، بەڵام ئەم هێرشە بە خاڵی وەرچەرخانێک دەبینرێت کە نابێت کاریگەریە ئەمنیەکانی لە درێژماوەدا بەکەم سەیربکرێت، ئەم هێرشە نیشاندەری هەڵسوکەوتی حکومەتی ئیسرائیلە، کە پەیامێکی هۆشداری بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەنێرێت، بەوەی دەبێت باڵادەستی لە ناوچەکەدا بۆ ئیسرائیل بێت، لەهەمانکاتدا تیشک دەخاتە سەر ئەو توانایەی کە ئامێری ئەمنی ئیسرائیل لە دەرەوەی هاوسەنگی هێزی ئەمریکا بەکاری دەهێنێت، پێدەچێت هێرشەکە لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە پشتیوانی نەکرابێت، چونکە ترەمپ مەیلی ئەوەی هەیە هێز و بوێری خۆی نیشان بدات، نەک دەرچون لە نەخشە داڕێژراوەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەم هێرشە عەقڵیەتی باڵادەستی و کاریگەری گۆڕانکاری ستراتیژیە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، بەبێ گوێدانە ئایندەی پەیوەندیەکانی ئیسرائیل لەگەڵ دراوسێکانی یان کاریگەریەکانی لەسەر وێنەی نێودەوڵەتی ئیسرائیل، لەکاتێکدا ئەولەویەت هەر دەمێنێتەوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ستراتیژیانەی کە پەیوەندیان بە سەپاندنی هاوکێشەیەکی نوێی ئەمنی ناوچەییەوە هەیە کە تێیدا ئیسرائیل پێگەی باڵادەستی سەربازی خۆی دەپارێزێت، کە ئەمەش ڕوبەڕوبونەوەی ئاستەنگیەکانە؛ وەک بارگرانی دیمۆگرافیای غەززە، سەروەری لە کەرتی ڕۆژئاوا، ئاسایش لە باشووری سوریا و باشووری لوبنان و هەڕەشەی ئێران و هەڕەشەی پەیوەست بە هێزەکانی حەشدی شەعبی و حوسییەکان دەگرێتەوە.
هەڵسوکەوتی شەڕانگێزی گشتیی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، پێدەچێت وردە وردە لانیکەم هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە هەوڵی بەهێزکردنی هاوکاری بەرگری لە دژی ئیسرائیل بدەن، نەک هاوبەشی لەگەڵدا بکەن، لە چەند مانگی ڕابردوودا دۆحە دووجار بۆردومان کرا، جارێک بەشێوەیەکی ڕەمزی کاتێک ئێران بنکەی ئاسمانی ئەلعودەیدی کردە ئامانج، دووەم جاریش لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیلەوە.
واپێشبینی دەکرێت دۆحە هەوڵی یاسایی نێودەوڵەتی بە ئامانجی ئیدانەکردنی دەستدرێژی ئیسرائیل دەدات، لەوانەش سەپاندنی سزا بەسەر تەلئەبیبدا، بەتایبەتی کە هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی هاووڵاتیەکی قەتەری، دۆحە کاریگەری دارایی خۆی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و پەیوەندیە دامەزراوەکانی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکان بۆ سزادانی ئیسرائیل لەڕووی ئابوریەوە بەکاردەهێنێت.
پێدەچێت دۆحە هەوڵی دیپلۆماسی دەستپێبکات بە ئامانجی دابڕانی سیاسی ئیسرائیل و ئیدانەکردنی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بەتایبەتی کە هێرشکردنە سەر خاکی ناوبژیوانێک ئیسرائیل دەخاتە دۆخێکی لاوازەوە. هێرشەکەی ئیسرائیل لە ساتێکی هەستیاردا بوو لە هەوڵەکانی ئاگربەستدا، ئەمەش کاریگەری بە قەتەر بەخشی بۆ کشانەوە لە ڕۆڵی خۆی وەک نێوەندگیریەکی سەرەکی، بەمەش کاریگەری لەسەر چانسی گەیشتن بە ڕێکەوتن سەبارەت بە ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان هەبوو، ئێستا ترامپ ئەم دەورە بۆ ئاگربەست دەگێرێت کە زیاتر پشتگیریە لە پاراستنی ئیسرائیل.
هێرشەکە کاردانەوەی بووە لەسەر متمانەی قەتەر بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکا، بەجیا لەوەی کە قەتەر و ئەمریکا رێکەوتنامەی ئەمنیان واژۆکردوەو بەپێی ئەوە هەر هێرشێك بۆسەر قەتەر هێرشە بۆسەر ئەمریکا، پێشبینیش دەکرێت ئەمە هەوڵەکانی دۆحە بەهێزتر بکات بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی سیاسی لەگەڵ زلهێزە جیهانیە ناوەندەکان، وەک وڵاتانی جی ٢٠*، هەروەها هاوسەنگی پەیوەندیەکانی لەگەڵ زلهێزەکان بەتایبەت ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش.
ترەمپ، پلانێکی نوێی ٢٠ خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززە خستۆتەڕوو، کە زۆرێک لە وردەکاری و خاڵەکانی بە ناڕونی ماونەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نیگەرانی هەیە بەرامبەر ئەوەی هاوتەریبە لەگەڵ مەرجەکانی ناتانیاهۆ، دەربارەی کۆتایهێنان بە شەڕەکە.
هەرچەندە حەماس بە چەند مەرجێکەوە پێشنیازەکەی ترامپی قەبوڵ کردووە!، بەڵام پلانەکەی ترەمپ بڕگەیەکی مەترسیدار لەخۆدەگرێت لە ئەگەری ئەوەی حەماس پێشنیازەکە ڕەتکاتەوە دەڵێت: ئەگەر حەماس ئەم پێشنیازە دوابخات یان ڕەتیبکاتەوە، فراوانکاری هاوکاریەکان بەردەوام دەبن کە ئیسرائیل وەک هێزێکی ئەمنی پتەو دەپارێزێت.
مادەکانی ٢ و ١٦ باس لە پرسی کشانەوەی ئیسرائیل دەکەن، بەڵام جێبەجێکردنی پەیوەستە بە تەواوبونی داماڵینی سەربازی کەرتی غەززە، جگە لەوەش، لە پلانەکەدا هاتووە کە ئیسرائیل لە دەورەیەکی ئەمنیدا دەمێنێتەوە تا غەززە بەتەواوی لە هەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستی نوێ پارێزراو دەبێت. ئەم بڕگەیە بیانو دەداتە ئیسرائیل لەسەر پابەندنەبونی بە جێبەجێکردنی بڕیاری کشانەوەی گشتی، واتە هێزەکانی ئیسرائیل لە دەورەیەکی ئەمنیدا لەناو غەززەدا دەمێننەوە، تا غەززە بەتەواوی لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی “تیرۆریستی” پاک دەبێتەوە، ئەمەش دەتوانێت مانای مانەوەی ئیسرائیل لە غەززە بە نادیار بهێڵێتەوە. ئەو پێشنیازەش کە کشانەوەی ئیسرائیل بە پێشکەوتن لە چەکداماڵینی حەماس دەبەستێتەوە، ئەوە ئاشکرایە کە دەسەڵاتی ڤیتۆی بە ئیسرائیل داوە بۆ مانەوەی بەردەوامی لە غەززەدا.
بەرپرسانی وڵاتانی سعودیە و میسر و تورکیا لەو گۆڕانکاریانە توڕەبون و تەنانەت قەتەریەکان هەوڵیانداوە ئیدارەی ترەمپ ڕازی بکەن کە بەهۆی ئەو ناڕەزایەتیانەوە وردەکاری پلانەکە بڵاونەکاتەوە، بەڵام کۆشکی سپی بەهەر شێوەیەک بێت بڵاوی کردەوە و فشاری خستۆتە سەر وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کە پشتیوانی لێ بکەن!.
پشتیوانی ئەمریکا لە ئیسرائیل بەهەر شێوەیەک و بە خولقاندنی هەر کارەساتێک لە هەر دۆخ و هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، مەسەلەیەکی چارەنوسسازە بۆ دەور و پێگەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، ئیسرائیل ئەو قەڵایەیە کە جێگای متمانەی تەواوی ئەمریکایە کە بەرژەوەندیەکان و پلانەکانی بۆ پاراستنی باڵادەستی لە ناوچەکەدا کاری لەسەر بکات.

——————

گرووپی (جی )٢٠ لە ئێستادا کۆمەڵێکە لە وڵاتانی خاوەن بەهێزترین ئابووری جیهانن، هەروەها یەکێتی ئەورووپا لەخۆدەگرێت. ئەو وڵاتانە بریتین لە: ئەرجەنتین, ئوسترالیا, بەرازیل, چین, ئەڵمانیا, فەرەنسا, شانشینی یەکگرتوو, هیندستان, ئەندۆنوسیا, ئیتاڵیا, ژاپۆن, کەنەدا, مەکسیک, ڕووسیا, عەرەبستانی سعودی, ئەفریقای باشوور, کۆریای باشوور, تورکیا, ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.




حکومەتی دوای هەڵبژاردن لە عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

سندوقەکانی دەنگدان لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دەکرێنەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ، بەڵام ئایا ئەمە کاتێکی گونجاوە و دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت؟ بەتایبەتی کە عێراق لە دۆخێکی پر ئاڵۆزی و بارگرانیدایە، بەهۆی کێشەکانی ناوچەکە و ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرامبەر ئێران و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق، لەهەمانکاتدا قەیرانی ئابوری و سیاسی و کورتهێنانی دارایی و هەژمونی گەندەڵی لەتەواوی جومگە و دامودەزگاکانی دەوڵەتدا سایەی کردووە، لەلایەکی ترەوە بەرزبونەوەی ئاستی کێشە و ململانێی لایەنە سیاسیەکان، لە هێزە میلیشیا تائفی و ئیسلامی و قەومیەکان کە قەیرانی دەسەڵاتی سیاسیان قوڵتر کردۆتەوە، هەروەها فشاری شەقام و توڕەیی و بێزاری ناڕەزایەتی دانیشتوان کاریگەری جدیی لەسەر ئەم هەڵبژاردنە هەیە.
داتاکانی دارایی گشتی کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن کە حکومەتی ئێستا هاوشێوەی حکومەتەکانی پێشخۆی پێشکەوتنێکی کەمی لە گەیشتن بە هەریەک لە ئامانجەکان بەدەستهێناوە. لەئەنجامدا عێراق ڕوبەڕوی کورتهێنانێکی دارایی نوێ دەبێتەوە کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوەیە، واتە بەمانەوەی نرخی نەوت لە دەوروبەری ٦٧ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، داهاتی نەوت کە زیاتر لە ٩٣٪ ی کۆی داهاتی حکومەت لە ساڵی ٢٠٢٥ پێکدەهێنێت، چیتر بەس نییە بۆ دابینکردنی خەرجییە گشتیە پلان بۆ داڕێژراوەکان.
ئەم فشارە داراییە ئاماژەیە بۆئەوەی کە حکومەتی سودانی هێشتا لە میراتی وابەستەیی بە نەوت ڕزگاری نەبووە، هێشتا خەرجکردنی موچە لە داهاتی نەوت دابین دەکات و نەیتوانیوە چاکسازی پێویست بۆ بنیاتنانی ئابووریەکی گەشەسەندو بەدەست بهێنێت. لەهەمانکاتدا چاوەڕوان ناکرێ هیچ حکومەتێک لەماوەی یەک خولی چوار ساڵی داهاتودا دوای ئەم هەڵبژاردنە چارەسەری ناهاوسەنگی باری ئابوری عێراق و پرسە داراییەکانی بکات، بەڵام گەر هەر حکومەتێک پێکهات، دەبێت بتوانێت دەرفەت بقۆزێتەوە و بەرپرسیارێتی دەستپێکردنی چاکسازی ئابوری لە ئەستۆ بگرێت، ئەمەش لەم دۆخە نالەبارەی ئێستاو دەسەڵاتێکی پەرشوبڵاوی چەند جەمسەری پێکهاتو لە هێزی میلیشیا، نەخشەیەکی سەخت دەبێت.
لە دوای ڕووخانی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣وە، بە حساب دەبوایە عێراق دوو ئامانجی گەشەپێدان بەیەکەوە گرێبدات، یەکەمیان دوورکەوتنەوە لە مۆدێلی ئابوری ڕەیعی بە بوژاندنەوەی کەرتەکانی وەبەرهێنانی غەیرە نەوت و کەمکردنەوەی پشتبەستنی زۆر بە هەناردەی نەوتی خاو. دووەمیان دابینکردن و پەرەپێدانی ژێرخانێک کە پێویستە بۆ بەدیهێنانی ئەم گۆڕانکاریە.
هەڵبەتە چارەسەرە پێویستەکان ناسراون، گەر بەمجۆرە حوکمرانیەی لایەنە سیاسیەکانی ئێستا عێراق قەتیس نەبوایە، بۆیە ئاڵوگۆڕەکان سەختی لەخۆیان دەگرن بەهۆی سروشتی ئابووری و سیاسی کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ سەریهەڵدا، کە داگیرکاری ئەمریکاو وێرانکاری عێراق و دواتر دەخالەت و باڵادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران، دۆخێکی تەواو جیاوازی لە ململانێی هێزی میلیشیای تائفی خستە سەر شانۆی سیاسی عێراق، کە جگە لە تاڵانچێتی و بازرگانی بە نەوت ڕێگایەکی تریان نەگرتەبەر، لەپێناو بەدەستهێنانی داهاتێکی زۆر لە کورترین ماوەدا، ئەمەش گەورەترین بەربەست بووە بۆئەوەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان نەتوانن و نەیانەوێت چاکسازی ئابوری و گەشەپێدانی جددی جێبەجێ بکەن.
جگە لەوەش سیستەمی پارچەپارچەکراوی پشکی سیاسی کە دامەزراوەکان بە درێژایی هێڵە تائیفی و نەتەوەییەکان دابەش دەکات، بەردەوامە لە بەهێزکردنی تۆڕی تایبەتی بەرپرسانی لایەنەکان کەوەک بەشی دەرەبەگەکان خۆی دەنوێنێ، لەهەمانکاتدا وەزارەتەکان وەکو وەزارەتێکی حزبی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، کە زیاتر خزمەت بە بەرژەوەندیە حزبیەکان دەکەن، نەک بەرژەوەندی گشتی.
ئەم پارچەپارچەبونە دامەزراوەییە ڕێگری دەکات لە بڕیاردانی یەکگرتوو و تا ڕادەیەکی زۆر بەرپرسیارە لە تەحەدای بنەڕەتی گەندەڵیەکی بەربڵاو، زۆرجار گرێبەستی دابینکردن بریتیە لە هەڵاوسانی بودجە و دەستکاریکردن و بەرتیلدانی سیاسی بۆ دابینکردنی بودجە بۆ پارتە سیاسیەکان و گروپە چەکدارەکان. هەروەها دەزگاکانی چاودێری وەک کۆمسیۆنی دەستپاکی و دەستەی باڵای وردبینی دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان نییە، پەرلەمان لێرەدا ناتوانێت ڕۆڵێکی چارەنوسساز بگێڕێت و دەوری هەبێت، جگە لە پاشکۆبون بۆ بەرپرسە میلیشیاکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان.
داڕشتنی یاسای دارایی نیشتمانی و دیاریکردنی چۆنیەتی دابەشکردنی سامانی گشتی، تادێت نرخێکی بەرزتر لەسەر بودجەی دەوڵەت دەکەوێت و قەیران زیاتر دەهێنێت، ئەمەش حکومەتی فیدراڵی دەکاتە بارمتەی ناجێگیری بازاڕەکانی وزەی جیهانی، کە لە ئێستاوە بووەتە هۆی دووبارەبوونەوەی قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠١٥.
نەمانی متمانە بە دامەزراوە گشتیەکان بەهۆی کڕین و فرۆشتنی پۆستە وەزاریەکان لەکاتی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتدا خراپتر و گەندەڵتر بون، کە بەجۆرێک ئەم پرۆسەیە ڕۆشتووە هیچ حکومەتێکی ئایندە ناتوانێت بەرەنگاری بکات یان دەستبەرداری بێت، بەڵکو تەنها رێگا ئەوەیە کە دەبێت تەواوی پێکهاتەی حکومەتی ئێستا ڕاماڵرێت.
ئەوەی جێگای سەرنجە، ئابوری سیاسی عێراق ڕەگ و ڕیشەی لاوازی ئیدارە داراییەکەی وەها ڕون دەکاتەوە، کە داینامیکی رەیعی خەرجێکی زیاد لە پێویستی بۆ دەوڵەت دروست کردووە، هەروەها زیاتر لە٤٠٪ هێزی کاری عێراق لە کەرتی گشتی یان کارگە دەوڵەتیەکان دامەزراون و ئەم دووەمەیان ٥٩٪ی کۆی خەرجیەکانی حکومەتی فیدراڵی لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا پێکهێناوە، ئەمەش بوارێکی کەم بۆ وەبەرهێنانی درێژخایەن دەهێڵێتەوە، لەکاتێکدا هەر هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی یارمەتیەکان یان داڕشتنەوەی مووچە دەتوانێت کاردانەوەی نەرێنی گشتی لێبکەوێتەوە.
هەرچەندە حکومەت چەند ڕێوشوێنێکی کورتبینانەی گرتۆتەبەر، بەڵام ناتوانێت کە ڕەگ و ڕیشەی دووبارەبوونەوەی قەیرانە داراییەکان چارەسەر بکات، لەوانە کەمکردنەوەی خەرجیەکانی وەبەرهێنانی گشتی، ئەولەویەتدان بە کەمکردنەوی خەرجیە بنەڕەتیەکانی ئێستای وەک مووچە و خانەنشینی، کە زیاتر لە ٦٠٪ ی کۆی خەرجیەکانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ی پێکهێنابوو، لەهەمانکاتدا کەمکردنەوە یان دواخستنی بودجە بۆ پڕۆژەکانی گەشەپێدان کە گرنگن بۆ بنیاتنانی ئابوریەکی هەمەچەشن.!
ئەم نەخشانە ڕەنگدانەوەی ئابوریەکی سیاسیە کە بەرژەوەندی تەسک و کورتبینانە و ڕەفتاری رەیعی و دیسیپلینێکی دارایی ناسک بەڕێوەی دەبات، کە هەموو ئەمانە ڕێگرن لە بەردەم گەشەی ئابوری و لەهەمانکاتدا ڕێگرن لە چارەسەرکردنی ناهاوسەنگیە ئابووریەکان.
حزبە دەسەڵاتدارەکان و هێزە میلیشیاکان کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر وەزارەتەکاندا قۆستۆتەوە بەدامەزراندنی کەسانی سەربەخۆیان لە پۆستە باڵاکانی خزمەتگوزاری شارستانی کە بە “پلەی تایبەت” ناسراون، ئەم پۆستانە وەک ڕێڕەوێک بۆ دەستڕاگەیشتن و دابەشکردنی سەرچاوە گشتیەکان، بۆ چەسپاندنی تۆڕی تایبەت و توندکردنەوەی دامەزراوە گەندەڵیەکان کاردەکەن.
بەجیا لەم دۆخە ئابوری و داراییەی بیست ساڵە لەژێرسایەی ڕەحمی کۆنترۆڵی بەڕیوەبەرایەتی حزبە دەسەڵاتدارەکان و هێزە میلیشیاکاندایە، کە ئێستا گەیشتووە بەوپەڕی قەیران و نائارامی و کاریگەری لەسەر ململانێی لایەنەکان دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا، لەهەمانکاتدا گۆڕانی هاوکێشەی سیاسی و هاوسەنگی هێزەکان، دۆخێکی تازە لەدۆخی سیاسی ئێستای عێراق و ناوچەکە هێناوەتە پێشەوە، کە ململانێی لایەنەکان لەم دەورەی هەڵبژاردنەدا، تەواو جیاواز دەبێت لەچاو دەورەکانی ساڵانی پێشودا، واتە بەجیا لەم ئاڵۆزی دۆخە ئابوریە، لەهەمانکاتدا گروپەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کە ئێستا پێکهێنەری حکومەتی عێراقن، هەروەها هێزەکانی حەشدی شەعبی، دەرگیری چەندین کێشەی جدین، لەلایەک زەحمەتە ئەو هێزانە دوای ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ئاکامی شەڕی ئیسرائیل و ئێراندا پێشهاتووە، بتوانن یەکگرتوبن و یەک لیست بن لەم هەڵبژاردنەدا، هێزەکانی حەشدی شەعبیش لە ژێر کاریگەری مەترسی هەڕەشەی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەن لە ڕێگەی لێدانی ئەمریکاو ئیسرائیلەوە.
جگە لەوانەش لایەنە کوردیەکان هەرچەندە تائێستا نەیانتوانیوە، لە هەرێمدا حکومەت پێکبهێننەوە، لەهەمانکاتدا دۆخی ئابوری و سیاسیان لە دۆخی ئابوری و سیاسی لایەنەکانی عێراق باشتر نیە، بۆیە ناتوانن ڕۆڵێکی ئەرێنی و بەشداریەکی سەرکەوتویان هەبێت لەم هەڵبژاردنەدا.
هەرچەندە لەسەرەتادا پێشبینی ئەوە دەکرا کە موقتەدا سەدر بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکات، بەڵام پاش هیرشکردنێکی توند بۆ سەر تەواوی لایەنەکان بەوەی دزو گەندەڵن و بە هۆکاری شێواوی دۆخی عێراق وەسفیان دەکات، جارێکی تر ڕایگەیاند کە بەشداری ناکات.
لە رۆژی ٣ی ئۆکتۆبەر لە سەرانسەری عێراق و هەرێم، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستی پێكرد، تاوەكو ٨ـی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت، بەجیا لەوەی پێشبینی ئەرێنی ناکرێت کە ئەم بانگەشەیە بە دۆخێکی ئارامدا تێپەڕێت، لەهەمانکاتدا بەگشتی مەترسی ئەوە هەیە، گەر هەڵبژاردن تێپەرێنرێت، یان دوای هەڵبژاردن گەر حکومەتیش پێکبێت، دۆخی سیاسی ناوچەکە و عێراق سەختی دەخاتە بەردەم چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتێک کە بتوانێت عێراق لە پێکدادن و شەڕو گێژاو نا سەقامگیری سیاسی بپارێزێت.




ئیسرائیل و ئێران لە شەڕێکی بەردەوامدا!.. عوسمانی حاجی مارف

ئەو هێرشەی شاندی دانوستانکاری بزوتنەوەی حەماسی لە دەوحە کردە ئامانج، پێشینەیەکی مەترسیدار و سەرپێچیەکی مەترسیداری خستە بەرچاو، ناتانیاهو دەڵێت هیچ کەسێک ناتوانێت ڕێگربێت لەوەی ئیسرائیل لە دوژمنەکانی بدات. ئەمەش هەموو ئەو هەوڵانە دەبەزێنێت کە دراون بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژی و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر غەززە و ڕێگەدان بە چونەژورەوەی یارمەتیەکان بۆ ڕزگارکردنی منداڵان و ژنان لە شەڕی برسیکردن، کە دیمەنەکانی خەڵکی ئازادیخوازی جیهانی لە تەواوی کیشوەرەکاندا تووشی شۆک کردووە.
ئیسرائیل تائێستا نەیتوانیوە بارمتەکان لە ژێردەستی حەماس دەربهێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش نەک نایەوێت و ناتوانێت وێنەی خۆی بگۆڕێت، بەڵکو تادێت نامرۆڤانەتر و ناشرینتر و دوژمنکارانەتر مامەڵەی خەڵکی بێتاوان و مناڵانی غەززە دەکات، لە هەموو گۆشەیەکی جیهاندا وێنایەکی تەواو قێزەوەنی خۆی ناساندووە و نیشانداوە.
ئەوەی شایانی باسە و ئاشکرایە پێناچێت ئیسرائیل لە ئەنجامی شەڕی ئەم دواییەی بەرامبەر ئێران ڕازی بێت، تا ئێستا جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە ئێران وەک هەڕەشە و مەترسیەک بەرامبەر بەخۆی پێناسە دەکاتەوە، بۆیە بە هەموو ئاراستەکان و لە هەموو ئاستەکاندا هەوڵئەدات و هەنگاو بنێت بۆ نەهێشتنی ئەم هەڕەشەیە و ڕێگریکردن لە پەیوەندیکردنی ئێران بە یانەی دەوڵەتە ئەتۆمیەکانەوە. ئیسرائیل هەوڵئەدات شوێنی ئێران لە باڵادەستی بەسەر ناوچەکەدا بگرێتەوە و قسەی کۆتایی لە ناوچەکەدا تەنها قسەی خۆێ بێت! کۆتایی بە هەر دەورێکی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بهێنێت.
بەڵام ئایا ئیسرائیل توانای ئەوەی هەیە شەڕێکی نوێ لە دژی ئێران ئەنجام بدات؟ ئایا ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ترەمپ شوێن تەواوی ئامانجەکانی نەتانیاهۆ دەکەوێت؟ ئایا ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا ئاگاداری مەترسیەکانی گۆڕانکاریە بەردەوامەکانی هاوسەنگی هێزی جەمسەرە جیهانیەکان نییە؟ لەکاتێکدا دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە وێرانکاری و تێکدان و شەڕی قڕکردن، نەتانیاهۆ نەیتوانیوە بگات بەو ئامانجەی ئاڵای سپی بە حەماس هەڵبکات.
ئێستا لەکاتێکدا کە ئیسرائیل لەنێو هێرشە پەرشوبڵاوەکانی بۆ سەر غەززەدا نوقم بووە، ئایا دەتوانێت هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە؟، سەرەڕای ئەوەی درێژترین شەڕی لە مێژووی خۆیدا دژی غەززە ئەنجامداوە و دەستە تاوانکاریەکەی بۆ سەر دانیشتوانی لوبنان، سوریا، ئێران و یەمەن درێژ بووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەیارمەتی و پشتیوانی ئەمریکاش نەیتوانیوە بەرهەمی شەڕەنگێزیەکەی بچنێتەوە و لە باری عەمەلیەوە کۆتاییەک بۆ ئەم هێرشانە دیاری بکات و ئارامی بۆ ئیسرائیل بەدەست بهێنێت، جگە لەوەی بۆ پێداگری لەسەر کۆتایی بە حەماس هەرچی لەدەست بێت دەیکات، گەر تەواوی دانیشتوانی فەلەستینیش ببنە قوربانی.
ئەمریکا و ئیسرائیل هەموو ڕێگایەکی مومکینیان گرتۆتەبەر بۆ زیانگەیاندن بە ئێران و لاوازکردنی، لەم دواییانەدا تێبینیمان کرد کە چۆن باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بووەتە شوێنی مەبەست و شوێنێکی پەسەندکراو بۆ دانوستانەکان کە هەموویان خزمەت بە ئیسرائیل دەکەن و دژایەتی ئێران و هاوپەیمانەکانین. ئازەربایجان بووەتە شوێنێکی پەسەندکراو بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر ئاستی ستراتیژی و هەواڵگری و دیپلۆماسی، پڕۆژە نوێیەکانی کۆریدۆر و ڕێگاوبان کە ئیدارەی ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات، ئامانجی دوور مەودایان هەیە، نەک هەر هەوڵی لاوازکردنی ئێرانن بەڵکو کار دەکەن لەسەر پوچەڵکردنەوەی سەرهەڵدانی ئەو بلۆکانەی ئێرانیان خستۆتە ناو بازنەی خۆیانەوە، کە مەبەست لە روسیا و چینە.
کاری ئەمریکا لەسەر ڕێڕەوی زەنگێزور* لە خاکی ئەرمەنستان بەردەوامە، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە پەیوەندیکردنی ئێرانە لەگەڵ ڕووسیادا لەڕێگەی ئەرمینیاوە. کارێکی چڕوپڕ بۆ چالاککردنی ڕێڕەوی ٥٠ کیلۆمەتری لە پارێزگای سونیانی ئەرمەنستان بەردەوامە. ئەوەی جێگای سەرنجە، نێردەی ئەمریکا لە سوریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە، باس لە بەکرێدانی کۆریدۆرەکە دەکەن کە بۆ ماوەی ٩٩ ساڵە. ڕێڕەوی زەنگێزور بەدیلێکە بۆ ڕێڕەوی ئاراس کە پێشبینی دەکرێت خاکی ئازەربایجان لەڕێگەی خاکی ئێرانەوە بە ناوچەی نەخچیڤانەوە ببەستێتەوە، ترەمپ سەرکەوتوو بوو لە پەکخستنی ڕێڕەوی ئاراس بە سەرپەرشتیکردنی ڕێکەوتنێکی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، ئەمریکا بەم کارە هەوڵدەدات خۆی لە باشووری قەفقازدا جێگیر بکاتەوە. هەروەها ڕێڕەوەکە کۆنترۆڵی هەمەلایەنەی ئەمریکا بەسەر ناوچەکە و دەستڕاگەیشتنی بە ئاسیای ناوەند دەستەبەر دەکات، لەلایەکیترەوە هێز و تواناکانی روسیا لەو ناوچەیە سنووردار و لاواز دەکات.
هەموو ئەم هەنگاوانە ئامانجیان گەمارۆدانی ئێران و قووڵکردنەوەی ئازارە جیۆپۆلەتیکیەکەیە، ئەمریکا بە دووبارە کێشانەوە و داڕشتنەوەی نەخشەکان بەپێی دیدگای ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵات و نفوزی ئێران دەدەن بە تەواوی لە ناوچەکەدا. بەڵام ئەو مانۆڕەی نمایشکرا لە لوتکەی ئەم دواییەی شەنگەهایدا، کرانەوە و دەرکەوتنێک بوو، سەرەتای لەدایکبوونی جەمسەرێکی نوێ لە دووبارە داڕشتنەوەی ئەو هاوسەنگیە جیهانیە ڕادەگەیەنێ، کە لەدوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت و بلۆکی ڕۆژهەڵات داڕما، کە وەها نیشان ئەدەن بەشێوەیەکی بەردەوام بەرەوپێش دەچێت و کایەیەکی نوێ و بەدیل بۆ بازرگانی و چالاکی دراوی دادەمەزرێنن، دوور لە کۆنترۆڵی ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، کە جیهانی پڕکردووە لە سزا و گومرگ، تەنانەت هاوپەیمانەکانیشی لە کاریگەریەکانیان ڕزگاریان نەبووە.
لوتکەی شەنگەهای کە هەوڵی ڕکابەری گروپی هەشت* دەدات، هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند و بووەتە بازاڕێکی گەشەسەندوو بۆ بەرهەمە نەوتیەکانی ئێران، کە بەهۆی سزا توندەکانی ئیدارەی ئەمریکاوە بارگرانیان لەسەر بووە. ترۆیکای ئەوروپی خۆی ئامادە دەکات بۆ چالاککردنەوەی سزاکانی “سناپباک”. ئێران باش دەزانێت کە لە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی ئاشکرادایە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەوروپیەکاندا، لەسەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی، ترۆیکای ئەوروپی بە هەڕەشەی چالاککردنی میکانیزمی سناپباک لەسەر ئێران، نەوتی بەسەر ئاگرەکەدا ڕشتووە.
جگە لەو هەلومەرجە مەترسیدارەی کە هەرسێ وڵاتی ئەورووپایی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا، پەنایان بۆ پەرەسەندنی دۆخەکە بردووە، بەتایبەتی دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێران، ئێران ڕێبازی وڵاتانی ئەورووپایی بە شیاوی یاسایی و ئەخلاقی نازانێت بۆ پەنابردنەبەر بڕیاری گەڕانەوە بۆ سەر گەمارۆکان.
ئێران وهاوپەیمانەکانی، کە لە شەڕی پاڵپشتیکردنی غەززە دەرگیربون، درک بەوە دەکەن کە لە بارودۆخی ئێستادا زیاتر پێویستیان بە دیپلۆماسی هەیە، بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو توانایانەی کە لەناوچون. لەڕاستیدا وڵاتانی ئەوروپا بە هەڕەشەکردن لە ئێران بە سەپاندنەوەی سزاکان، لایەنگری ئیدارەی ئەمریکا و ئیسرائیلیان هەڵبژاردووە و بونەتە بەشێک لە کێشەکە. بەو مانایەی دوای شەڕی داونزە ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران، بە هەر ئاڵوگۆڕێک لە ناوچەکە پێشهاتبێت و کاریگەری دانابێت، دوای وەستانی شەڕەکە ململانێکان و کێشەکان بە زیادەوە وەک خۆی ماون و مەترسی دوبارە بونەوەی شەڕ ئەگەرێکە گەر ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە نەتوانێ بە قازانجی ئیسرائیل کۆتایی پێ بهێنێت!.
ئێران و هەروەها ئەمەریکا و ئیسرائیل، درک بەوە دەکەن کە شەڕەکە بە هەموو فۆرم و شێوازەکانی خۆی بەکراوەیی ماوەتەوە، بەڵام ئەوە ئایندەی شەڕی غەززەیە ڕۆشنایی دەخاتە سەر چارەنوسی هەڵگیرسانەوەی شەڕ بەدژی ئێران. سەرکەوتن لە پاکتاوکردنی غەززە دەیانگەڕێنێتەوە بۆ کاری دیبلۆماسی، شکست لە هێرش بۆ سەرغەززە، ئیسرائیل کێش دەکاتەوە بۆ لێدان لە ئێران.
لە هەمانکاتدا ئەمریکا و ئیسرائیل دەرگیرن لە بەرامبەر کۆبونەوەی نەتەوە یەکگرتوەکاندا، کە لەم مانگەدا زۆربەی رەهای ووڵاتەکانی ئەندام دەنگیان دا بە بڕیارنامەیەك بۆ جێبەجێکردنی بەکردەوەی چارەسەری دوو دەوڵەت. بەوجۆرە دەردەکەوێ کە ئاراستەیەکی بەهێزی جیهانی هەیە بۆ بەرگیرکردن لە پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستین. بەمانایەک هەنگاوەکانی پاکتاوکردنی غەززەو و وەستانەوەی ڕاستەوخۆی ئەمریکاو ئیسرائیل بەرامبەر بە دەوڵەتی فەلەستین، ناجێگیری سیاسی و گرژیەکان لە ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات، ئاستی ململانێکان مەترسیدارتر دەبێت، بۆیە ئاراستەی هێرشکردنە سەر ئێران بە ئاسانی پێک نایەت و بە ئاسانیش کۆتایی نایەت.
نیگەرانی هەرە جددی ناتانیاهۆ و هاوپەیمانەکانی ئەوەیە کە ئەم هەموو کوشتار و تاوانکاریەی ئەنجام دراوە، ئاراستەکەی چۆتە سەر گۆشەگیری و ئیدانەکردنی بەربڵاوی دەسەڵاتەکەی لە ناو ئیسرائیل و لە ئاستی جیهاندا. لەوەش مەترسیدارتر بۆ ئیسرائیل ئەوەیە کە وڵاتانی ئەوروپا دەستیان کردووە بە گۆڕینی هەڵوێستی خۆیان و ئێستا دژایەتی بەها و پرەنسیپەکانیان دەکەن لە بەرگریکردن لە یاسا نێودەوڵەتیەکان و مافەکانی مرۆڤ. ئیسپانیا لە پەیوەند بەم شەڕانەوە، هەموو جۆرە پەیوەندیەکی بازرگانی ڕاگرتووە، دیارترینیان تێپەڕبوونی کەشتیە پڕ لە چەک و تەقەمەنیەکانە لە ڕێگەی بەندەرەکانیەوە.
ئیسرائیل لە دۆخێکی تەواو ناتەباو ئاڵۆزدایە و ناتوانێت دیاری بکات ئایندەی ناوچەکە چۆن یەکلایی دەکاتەوە و چۆن دەتوانێت ببێتە باڵادەستی یەکەم لە ناوچەکەدا و کۆتایی بەدەوری ئێران بهێنێت!.
—————————-

*زەنگێزور- کۆریدۆری زەنگێزور ڕێگایەکی گواستنەوەی بەپڕۆژەکراوی ناوچەی سیونیکی ئەرمینیایە، کە زەوی وڵاتی ئازەربایجان بەشێکی سەرەکیی ڕێڕەوەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت و بە ناوچەی نەخچیڤانەوەی دەبەستێتەوە کە بەشێکی ڕێڕەوەکە بە خاکی ئەرمینیادا تێپەڕ دەبێت.
*گروپی هەشت (G8)، کۆڕێکی سیاسی نێوان حکومەتەکان بوو کە لە ساڵی 1997 تا 2014 بوونی هەبوو، کە لە وڵاتانی پیشەسازی جیهانی گەورە پێکهاتبوو: ئەمریکا، ژاپۆن، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، فەرەنسا، کەنەدا، ڕووسیا کە(هەڵپەسێردرا).
*سناپباک – میکانیزمی سناپباک شەش بڕیارە لە ئەنجومەنی ئاسایشەوە دژی تاران لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٠، بەڵام دوای ڕێککەوتنی ئەتۆمی و بەپێی بڕیاری ٢٢٣١ هەڵپەسێردرا. ئیدارەی ترەمپ پەنای بۆ ئەم میکانیزمە بردوە، ئەمەش بۆ گەڕانەوەی سەرجەم سزاکان بۆ سەر تاران، لەنێویشیدا سەپاندنی کۆت و بەند لەسەر بەرنامەی موشەکی بالستی ئێران، کڕین و فرۆشتنی چەک و هەڵپەساردنی پیتاندنی یۆرانیۆم.
*واتە ئەگەر ئێران ئامادە نەبێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی لە بەرامبەریدا، گوایە میکانیزمی سناپباک دەستپێدەکاتەوە.




نمایشی سەربازی چین*.. عوسمانی حاجی مارف

شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە بەردەم زیاتر لە پەنجا هەزار بینەر لە گۆڕەپانی تیانامین، وتی ئەمڕۆ مرۆڤایەتی لەبەردەم هەڵبژاردندایە لەنێوان ئاشتی و شەڕدا! کە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣ ی ئابی ٢٠٢٥، سێ لە سەرکردە دیارەکانی جیهان- شی جین پینگ، ڤلادیمێر پوتین و کیم جۆنگ ئون- لە گۆڕەپانی تیانامین لە پەکین هەنگاویان نایە سەر شانۆ و زیاتر لە ٢٠ سەرکردەی دیکەی جیهانیان بردە سەر شانۆ بۆ بینینی نمایشی ڕۆژی سەرکەوتن، بۆ یادی ٨٠ ساڵەی کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم.
شی جین پینگ پێش نمایشەکە بە چاکەتێکی ستایلی ماو تسیتۆنگەوە لەسەر فەرشی سور سڵاوی لە زیاتر لە بیست و پێنج سەرکردەی ووڵاتەکان کرد، شی جین پینگ لەسەر شانۆی سەرەکی لەنێوان ڤلادیمێر پوتین و کیم جۆنگ ئون دانیشتبوو، کە هەزاران سەرباز و سەدان ئامێر بەلای ئەواندا تێدەپەڕین، یەکەکانی سوپا نمایشی نوێترین ئامێرەکانی سەربازیان کرد، لە مووشەکی هایپەرسۆنیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ژێر ئاوەوە تا چەکێکی نوێ کە ناوی لێنراوە ئۆتۆمبێلی شەڕکەری “گورگی ڕۆبۆتیک”. بۆ ماوەی ٧٠ خولەک کۆپتەرەکان لافیتە زەبەلاحەکانیان ڕاکێشا و فڕۆکە جەنگیەکانیش بە پێکهاتەی ورد ڕیز بوون، دواتر نمایشەکە بە ئازادکردنی هەشتا هەزار کۆتری ئاشتی کۆتایی پێهات. لەکاتێکدا کۆترە سپیەکان ئازاد دەکران بۆ ئاسمان، لە هەمانکاتدا پەیامی ڕاستەقینە بە پێکهاتەکانی مووشەک و تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش ڕادەگەیەنرا کە بە گۆڕەپانەکەدا تێپەڕدەبون.
هەڵبەتە ڕۆژئاوا ئەم دیمەنی مانۆڕەی چین وەها لێکدەدەنەوە کە زیاتر وەک ڕاگەیاندنی ناسینی ڕوونی پێگەی نوێی چینە، کە وەک زلهێزێک نایەوێت تەنها وەک وڵاتێکی سەرمایەداری گەشەسەندوی ئابوری باڵای پێشکەوتو بناسرێت، بەڵکو هەوڵدەدات وەک یاریزانێکی تەکنەلۆژی و سەربازیش خۆی جێگیر بکات، کە توانای دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێزی جەمسەرە جیهانیەکانی هەیە.
چین ئێستا “داهێنەر و پێشەنگی تەکنەلۆژیایە لە بواری ڕۆبۆتیک، ئۆتۆمبێلی کارەبایی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، وزەی خۆر و زیرەکی دەستکرد”، تەکنەلۆژیای سەربازیشی بۆ ئەم لیستە زیادکردووە، هاوکاتی پەردەلادانەکە فڕۆکەی جەنگی کە لەسەر بنەمای فڕۆکە هەڵگرەکان بوون، چوار مۆدێلی نوێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستەمی مووشەکی پێشتر نەبینراو و ژێردەریایی بێ سەرنشین و تۆرپیدۆی پێشکەوتووی لەخۆگرتبوو.
هەروەها ڕۆژئاوا پێیانوایە نمایشکردنی چەکی پێشکەوتوو لە پەکین، ناسینی چینە وەک داهێنەرێکی پێشەنگ لە بوارەکانی ڕۆبۆتیک، ئۆتۆمبێلی کارەبایی، وزەی ئەتۆمی و خۆر، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، شەمەندەفەری خێرا و تەنانەت زیرەکی دەستکردیشی ئاشکرا کرد. لەوەش گرنگتر، پەکین پەردەی لەسەر تەکنەلۆژیای سەربازی پێشکەوتوو لادا، پەیامێک کە لەلایەن هەندێک لە شرۆڤەکارانی ڕۆژئاواییەوە لێکدراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوسەنگی هێزی ناوچەیی کە دەیان ساڵە مەیل بەرەو ئەمریکا و هاوبەشەکانی بووە، ئیتر ئەگەری ئەوە هەیە چین بتوانێت ئەو مەیل و سەقامگیریەی ئەمریکا بشێوێنێت.!
کەواتە، ئایا ڕوداوەکانی پەکین نیشانەی ڕاستەقینەی لەدایکبونی دەورەیەکی نوێیە کە چین سەرکردایەتی دەکات، یان تەنها زیادەڕەویەکی لێکدانەوەی ڕۆژئاوایەکانە، کە هەموو ڕیزبەندیەک لە دەرەوەی ئۆردوگای خۆیان وەک هەڕەشەیەکی وجودی لێکدەدەنەوە تا بتوانن ڕوبەڕوی ببنەوە؟
تیشک خستنە سەر وێنەی شی جینپینگ و ڤلادیمێر پوتین و کیم جۆنگ ئون لە گۆڕەپانی تیانامین، کە ئەم وێنەیە تەنها چەند ساڵێک لەمەوبەر بیری لێنەدەکرایەوە، ئێستا ئەتوانین بڵێین ئەم کۆبونەوەیە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاریە بنەڕەتیەکانی هاوسەنگی هێزی جەمسەرە جیهانیەکانی ئەم دەورەیەی ململانێ و پەیوەندیەکانی وڵاتانی سەرمایەداریە.
هەرچەندە پەکین ئاواتەخوازی خۆی بۆ بنیاتنانی سەربازیەکی ئاست بەرزی جیهانی تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە ڕادەگەیەنێت، بەڵام زۆربەی پێوەرەکان ئەوە نیشان ئەدەن کە گرنگیە سەرەکیەکەی هێشتا ناوچەیی دەمێنێتەوە.
سوپای چین لە زۆر بواردا بازدانی چۆنایەتی بەخۆیەوە بینیوە، هەرچەندە ئەدای شەڕکردنی زیاتر لە چوار دەیەیە بەبێ تاقیکردنەوە ماوەتەوە، لە هەمانکاتدا خەرجیە فەرمیەکانی بەرگری تا ساڵی ٢٠٢٥ بۆ نزیکەی ٢٤٧ ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەمەش ڕێگە بە فراوانکردنی وەبەرهێنان لە ئامێر و ڕاهێنان و کارمەندان دەدات، تاڕادەیەک جیاوازی لەگەڵ ئەمریکادا کەمکردووەتەوە، بەڵام هێشتا ئەمریکا وەک هێزی باڵادەست دەمێنێتەوە لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمندا، هەورەها پەکین چەند هێندە لە هەردوو ژاپۆن و کۆریای باشوور زیاتر خەرج دەکات، ئەمەش تاڕادەیەک هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی چین نیشان ئەدات.
ئەم فراوانبونەی چین بە ڕونی لە توانا دەریاییەکانیدا ڕەنگدانەوەی هەبووە، بەوپێیەی چین گۆڕاوە بۆ “هێزێکی ئاوی شین” کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هاوتا ئەمریکیەکەی تێپەڕاندووە، بەتایبەتی لە گەروی تایوان ئەم پێشهاتانە بەشێوەیەکی ڕیشەیی هاوسەنگی هێزیان گۆڕیوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی شی جین پینگ فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد کە خۆیان بۆ ئەگەری داگیرکردنی دوورگەکە تا ساڵی ٢٠٢٧ ئامادە بکەن.
جگە لەوەش، کۆگای ئەتۆمی چین بۆ ٦٠٠ سەری ئەتۆمی گەشەی کردووە، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٥ بگاتە ١٥٠٠ سەری ئەتۆمی، بەمەش لە ئاستی ئەمریکا و ڕووسیا نزیکتر دەبێتەوە. هاوکات هێزی مووشەکی چین ئێستا خاوەنی گەورەترین جبەخانەی مووشەکی ئاسایی و دووەم بەکارهێنە لە جیهاندا. لە بەرەی بۆشایی ئاسمانیش، پەکین هەڵدانی مانگە دەستکردە سەربازیەکان و دوو بەکارهێنانەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی سیستەمی پەیوەندیەکان، هەواڵگری و کەشتیوانی. لەهەمانکاتدا قەبارەی هێزی زەمینی کەمکراوەتەوە لە بەرژەوەندی بەهێزکردنی توانای ئاسمانی و دەریایی، لەکاتێکدا گەندەڵی وەک تەحەدای پێکهاتەیی لەناو سەربازیدا دەمێنێتەوە سەرەڕای هەڵمەتە چڕەکانی شی جین پینگ بۆ بەرەنگاربوونەوەی.
جگە لە کۆبوونەوەی نێوان شی و پوتین و کیم، کۆبوونەوەی سەرکردەکانی زیاتر لە بیست وڵات لە پەکین بەڕێوەچوو، مانای دەرکەوتنی واقیعێکی نوێی جیۆپۆلەتیکی بوو کە دەیەوێت شێوەی خۆی بگرێت و دامەزرێنێت، لە ململانێ و بەرامبەرکێی نێوان زلهێزەکانی دنیادا.
لە هەمانکاتدا پەکین ئەم مانۆر و کۆبونەوەیە وەک بەڵگەیەک تەماشا دەکات و بەیانی دەکات کە چین بووەتە “هێزێکی جیهانی و سەرچاوەی سەقامگیری”، لەکاتێکدا سەرچاوەی ئەو گێژاوەی ئەمڕۆ وەک ئەمریکا وێنا دەکرێت، کە شەڕی بازرگانی لەگەڵ هەمووان ئەنجام دەدات و تۆڕەکانی هاوپەیمانیە ئەمنیەکانی لاواز دەکات. ڕەنگە ئامادەبوونی کەسایەتیەکانی وەک ڤلادیمێر پوتین، مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران و ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بیلاڕوسیا، جگە لە کیم جۆنگ ئون، شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبێت، بەڵام لە هەمووی ورووژێنەرتر ئامادەبوونی سەرکردەکانی ئەو وڵاتانەن کە بەشێوەیەکی نەریتی لایەنگری ڕۆژئاوان، وەک تورکیا و میسر و ڤێتنام و لە هەمووی سەرنجراکێشتر بەشداری سەرۆکی هیندستان بوو، ئەستەمە بتوانرێت کۆبوونەوەیەکی ‌هندستان و چین بەم شێوەیە لە خەیاڵدا بێت، بەدوای چەندین ساڵ لە پێکدادانی خوێناوی سنوری و گرژیە سەربازییەکانیان بەدرێژایی هیمالایا.
شی جین پینگ، ڕۆڵی ئەمریکا بە سەرچاوەیەکی سەرەکی ناسەقامگیری جیهانی وەسف دەکات، گوایە شەڕی بازرگانی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکاندا دەوروژێنێت و هاوپەیمانیە ئەمنیەکان تێکدەدات، بەتایبەتی دۆناڵد ترەمپ دیارترین بەرجەستەی ئەم ڕێبازەیە. قسەکردنی ترامپ دەربارەی سەپاندنی باجی پێوانەیی بەسەر تەنانەت نزیکترین هاوپەیمانەکانیدا، لەهەمانکاتدا پەیوەندی بە نەیارەکانیانەوە دەکات، وایکردووە زۆرێک لە سەرکردەکان بە ڕێبازەکەیاندا بچنەوە و ڕوو لە ڕۆژهەڵات بکەن بەرەو پەکین.!
بۆ نموونە ترەمپ باجی سزای بەسەر هیندستاندا سەپاند لەکاتێکدا ستایشی ڕکابەرە تەقلیدیەکەی پاکستانی کرد، ئەمەش وایکرد سەرۆکوەزیرانی هیندستان خۆی بەرەو چین جێگیر بکاتەوە. ئەتوانین بڵێین ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکی وەڵامێک بوو بۆ توڕەیی گومرگی ترەمپ. هیندستان دان بەوەدا دەنێت کە توانای سەربازیی نییە بۆ ئەوەی بەمتمانەوە ڕووبەڕووی چین ببێتەوە، لە جیهانێکی سیاسەت و نەخشەکانی ترامپدا ڕەنگە نیودەلهی هاوپەیمانێکی دەرەکی متمانەپێکراو پەیدا نەکات، بۆیە هەوڵدەدات پەیوەندیەکی ئارامتر لەگەڵ پەکین دابین بکات.
هندستان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چیندا دەستکەوتێکی زیاتری هەیە، زۆربەی پلانەکانی نارێندرا مودی سەرۆکی هندستان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی هندستان پشت بە کەرەستەی خاو و توخمە زەوییە دەگمەنەکان دەبەستێت کە لە چینەوە سەرچاوەیان گرتووە، لەکاتێکدا پەکین دەتوانێت لەڕوی ئابورییەوە سوودمەند بێت بە دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی هیندستان.
ئەوەی شایانی باسە بەرەی” جیهانی غەیرە ڕۆژئاوایی تائێستا نەیتوانوە بەرەیەکی یەکگرتوو بێت لە پشت چین یا ڕوسیاوە، بەڵکو بەپلەی یەکەم ئامانجیان کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە ڕۆژئاوا، بەبێ ئەوەی بگۆڕێت بۆ هاوپەیمانیەکی یەکگرتوو هاوشێوەی ناتۆ. تەنانەت دوو هاوبەشی نزیکی وەک ڕووسیا و چین، پەیمانی بەرگری فەرمیان نییە و پەیوەندی نێوانیان زیاتر هاوبەشی بەرژەوەندیەکانە نەک هاوپەیمانیەکی سەربازی تۆکمە، بۆ نموونە پەکین سەرەڕای پاڵپشتی سیاسی و ئابووری بۆ مۆسکۆ، وریا بووە کە ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕی ئۆکرانیا نەکات.
کۆریای باکوور سەرەڕای پشتبەستنی ئابوریی نزیکەی تەواو بە چین، هەمیشە لە ڕێگەی تاقیکردنەوە ئەتۆمی و موشەکیەکانی پەراوێزی و سەربەخۆیی خۆی راگرتووە، ئەم پەیوەندیەی کۆریا و روسیا وچین نەک وەک هاوپەیمانیەکی یەکگرتو و یەکلایەنە، بەڵکو وەک هاوبەشییەکی دینامیکی و پەرەسەندو کە بەهۆی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان دەجوڵێنەوە.
لەکاتێکدا هەر سێ وڵاتی چین و ڕوسیا و کۆریا خواستێکی هاوبەشیان هەیە بۆ بەڕەنگاربوونەوەی کاریگەریەکانی ئەمریکا و دووبارە داڕشتنی نەزمی نێودەوڵەتی، بەڵام ڕەنگە پاڵنەر و ئەولەویەتەکانی هەر لایەنێکیان جیاواز بێت، کە مەرج نییە ئەو بلۆکە نوێیانەی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا دروست دەبن، یەکسان بن، چونکە ئاڵۆزی ناوخۆیی و ململانێی جیهانی و پاڵنەرە جیاوازەکان چۆنیەتی ئەو پەیوەندیانە دەجوڵێنن. تەنانەت وڵاتە گەورەکانیش کە بەشداری نمایشە سەربازیەکەی پەکینیان کرد، وەک هیندستان و تورکیا، پەیوەندیەکی نزیکیان لەگەڵ ڕۆژئاوا هەیە کە بە ئاسانی بەدەر ناکرێن، هیندستان ئەندامی دیالۆگی ئاسایشی “Quad”* لەگەڵ ئەمریکا و ژاپۆن و ئوسترالیا بۆ بەرپەرچدانەوەی نفوزی چین لە ئاسیا، تورکیاش ئەندامی ناتۆیە سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ مانۆڕکردنی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن.
چیتر بەس نییە بڵێین سوپای چین، خەریکە دەچێتە پێشەوە یان دیزاینی ئامێرە سەربازیە بیانیەکان کۆپی دەکات. چین ئێستا داهێنان دەکات، و پێشەنگایەتی دەکات. لە پرۆسەکەدا، ئەو هاوسەنگیە سەربازیە ناوچەییەی کە بۆ دەیان ساڵە لە بەرژەوەندی ئەمریکا و هاوبەشەکانیدایە، بە شێوەیەکی بەردەوام دەگۆڕدرێت. گەورەترین نمایشی سەربازی لە مێژووی چیندا بە هێزێکی پیادەی ڕێپێوان دەستیپێکرد و زیاتر لە ١٠ هەزار کارمەند بەشدارییان تێدا کرد، پەکین خاوەنی گەورەترین سوپای جێگیر و فەرمیە کە بە نزیکەی دوو ملیۆن سەرباز مەزەندە دەکرێت، هەرچەندە هێشتا تواناکانی سەنگەرەکانی تاقی نەکراونەتەوە. پێکهاتە بەشداربووەکان بریتی بون لە هێزی فەزای ئەلیکترۆنی و هێزی ئاسمانی کە دوو لقی نوێی سوپای چینن کە لە ساڵی ٢٠٢٤ دامەزراون.
چین وەك وڵاتێکی زلهێزی دنیای سەرمایەداری بە ڕوونی خواستی خۆی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سەربازی – پیشەسازی تەواو ناوخۆیی نیشان ئەدات. سەرکردایەتی چین بە ئاشکرا ئاواتەکانی خۆی بۆ بنیاتنانی سەربازیەکی ئاستبەرزی جیهانی تا ناوەڕاستی سەدە ڕاگەیاندووە. بێگومان ئەمەش پێویستی زیاتر لە تەکنەلۆژیا بۆ سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و کۆنترۆڵی بازاڕی کاڵاکان هەیە، پاکتاوکردنی ئەم دواییەی ئەفسەرە باڵاکان ئاماژەیە بۆ گەندەڵی و کێشەی ئەدای جددی لەناو سوپاکەیدا، لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستی بە مۆدێرنکردنی خۆی کردووە و لەو کاتەوە خێراترین گۆڕانکاری تەکنەلۆژی لە هەموو هێزێکی سەربازی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەزموون کردووە، دۆزینەوە نوێیەکان لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە ئەم ڕەوتە بەهێز دەکەن.
چین خەریکە هێزێک دروست دەکات کە ڕاستەوخۆ تەحەددای ئەمریکا بەتایبەتی و ڕۆژئاوا بەگشتی دەکات، تاهاوسەنگیەکی سەربازی جیهانی بە قازانجی خۆی بگۆڕێت، ئایا ئەمە پێشبینی دەکرێت، یاجەنگێکی جیهانی وێرانکاری بەدوای خۆیدا دەهێنێت!؟

—————————

*بۆ ئەم وتارە بۆ هەندێ زانیاری سود لە راپۆرتێکی “عربي بوست” وەرگیراوە بە ناونیشانی (بكين تتحدى واشنطن.. دليل الأسلحة الصينية الجديدة التي كشف النقاب عنها في أضخم عرض عسكري بتاريخ البلاد).
*Quad پێکهاتەی کۆڕێکی ستراتیژیە کە لە چوار وڵات پێکهاتووە: ئەمریکا، ژاپۆن، هیندستان و ئوسترالیا. ئامانجی QUAD کە هاوبەشیەکی پشتگیریکردنە لە هیند- ئاسیای هێمن و سەقامگیر و ئاوەدان، کە گشتگیر و خۆڕاگر بێت لە بەرەوپێشبردنی ئاسایشی ناوچەکە و هاوکاری ئابووری.




هەڵبژاردنی سوریا.. عوسمانی حاجی مارف

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل لە سوریا، دواخستنی هەڵبژاردنی ئەندامانی سێ پارێزگای سوریای ڕاگەیاند، لەوانە سوەیدا و ڕەقە و حەسەکە. بڕیارە لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ ی ئەیلولدا هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ* بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێی گەل ئەنجام بدرێت، کە یەک لەسەر سێی ئەو ئەندامانە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە دەستنیشان دەکرێن. ئەو ٢١٠ ئەندامە بەپێی ژمارەی دانیشتوان بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراون، هەڵبژاردنەکان لە چوارچێوەی ئەو ناوچانەدا بەڕێوەدەچن کە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدان.
ئەو دواخستنەش لە سویدا و ڕەقە و حەسەکە بەو بیانوە ڕاگەیەندراوە کە لە ژێردەسەڵاتی دیمەشقدا نیە و گوایە ئاڵەنگاری ئەمنی هەیە، بەتایبەتی ڕەقە و حەسەکە کە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدایە، لیژنەی باڵا بڕیاریداوە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکانی پێشوودا دوابخرێت تاوەکو مەرجی گونجاو و کەشێکی سەلامەت بۆ پرۆسەکە لەبەردەستدا دەبێت. لەهەمانکاتدا دەڵێن کورسیە تەرخانکراوەکانیش دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی هەڵبژاردن لەو شوێنانە بەڕێوەدەچێت!.
بەگوێرەی ڕێنماییەکانی هەڵبژاردن، پێویستە ئەندامێکی دەستەی هەڵبژاردن لە دوای ساڵی ٢٠١١ خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری یان ئەنجوومەنی گەل کاندید نەکردبێت، مەگەر سەلمێندرابێت کە هەڵاتووە، هەروەها نابێت لایەنگری ڕژێمی پێشوو یان ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان بێت!
هۆکاری گرتنەبەری سیستمی ناڕاستەوخۆ لەبری دەنگدانی ڕاستەوخۆ، گوایە لەبەرئەوەیە زۆرێک لە خەڵکی سوریا، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی سوریا، بەهۆی ئاوارەبوون و وێرانکاری و سووتاندنی تۆمارە مەدەنیەکان لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە، خاوەنی کارتی ناسنامە نین، ئەمەش وایکردووە میکانیزمێک دابڕێژن کە ڕێگە بە ئەنجومەنی گەل بدات سیستمەکە بکات بە ناڕاستەوخۆ.
گومان هەیە کە ئەو ١٤٠ ئەندامەی پەرلەمان کە ماونەتەوە ڕاستەوخۆ هەڵنەبژێردرێن، بەڵکو لەلایەن ئۆرگانەکانی هەڵبژاردنی ناوخۆییەوە دەستنیشان دەکرێن. لەڕاستیدا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ لە ئێستاوە جێگەی پرسیارە، بە لەبەرچاوگرتنی لاوازیە بەرچاوەکانی دۆخی سوریا، ئەحمەد شەرع پابەندە بە وادەی هەڵبژاردن، سەرەڕای توندوتیژیەکانی ئەم دواییەی ناوچەی دروز، تاوەها نیشاندات کە سوریا بەرەو دۆخێکی ئارام هەنگاو دەنێت.هەروەها شەرع لەژێر فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدایە، بەهۆی توندوتیژیەکانی ئەم دواییەوە، حکومەتەکەی متمانەیەکی زۆری لەدەستداوە، شەرع دەیەوێت ئەو متمانەیە بەدەست بهێنێتەوە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە، هەڵبەتە تەواوی هێزە میلیشیاکان لە دنیادا دەیانەوێت ئەوە نیشان بدەن کە پەرلەمانیان هەیە!.
گومانی تیا نیە کە هەڵبژاردنەکان شاهیدی بەشداریەکی شەفاف و دادپەروەرانەی گروپە نەتەوەیی و ئایینیە جۆراوجۆرەکانی سووریا نابێت، جۆری مامەڵەی سیستمی هەڵبژاردنەکە و باڵادەستی شەرع و نەبوونی متمانە بە حکومەت و نەبوونی متمانە بە تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردن ڕێگری لەم کارە دەکات، لەهەمانکاتدا ڕەنگە لەداهاتودا نەک دواخستنی هەڵبژاردن لەو ناوچانەدا، بەڵکو دواتر ڕێگری تەواو بکات لە بەشداریکردنی خەڵکی ئەو ناوچانە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، بە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناخۆوە.
ئەم دواخستنەی هەڵبژاردن لە سویدا و رەقە و حەسەکە تەریککردنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە لەم هەڵبژاردنەدا، مایەی نیگەرانی وتوڕەیی دانیشتوانەکە و لایەنە سیاسیەکانیەتی، هەربۆیە هەسەدە بەئاشکرا بەیانیکردووە کە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان بە نادیموکراسی وەسف دەکات، چونکە ڕێگری دەکات لە خۆکاندیدکردن بۆ پۆست و بەشداریکردن لە دەنگدان، داواش دەکات دان بە هەڵبژاردنەکاندا نەنرێت.
لە بەیاننامەیەکدا، گروپە سیاسیە کوردەکانی سوریا ڕەخنەیان لە میکانیزمی هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی نوێی ئینتقالی گرت و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو میکانیزمە نادیموکراسیە، چونکە لە خۆکاندیدکردن و بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکان بێبەشیان دەکات. ئەم مامەڵەیەی شەرع مشتومڕێکی بەرفراوانی لەسەر ئایندەی پڕۆسەی سیاسی لە سوریا دروستکردوە ، کە ئەم جۆرە لە هەڵبژاردن نوێنەرایەتی هەنگاوێکە بەرەو قوڵبونەوەی قەیران و زیاتر دابەشبونی سوریا .
ئەم بڕیارە کەمتر پەیوەندی بە ئاسایشەوە هەیە وەک لە فەرمانێکی سەرۆکایەتی کە ڕێگری لە کاندیدکردنی کەسایەتی کورد، دروز، یان عەلەوی دەکات کە پێشتر هەڵوێستیان ڕاگەیاندووە و داوای جیابوونەوە و دابەشکردنی سوریایان کردوە. ئامانج، ڕێگریکردنە لە کەسایەتیە دیارەکانی سویدا و حەسەکە تا نەبنە ئەندامی ئەنجومەنی گەل.
ئەم جۆرە لە هەنگاونان بۆ هەڵبژاردن نەک هیچ پەیوەندیەکی بە دیموکراسی و جێگیری سیاسیەوە نیە، بەڵکو هەوڵی ئەحمەد شەرعە وەک هێزێکی میلیشیا و داعشی و ئەوپەری کۆنەپەرست و دڕندە، بازاڕی دیموکراتیەت دەفرۆشێتەوە، بەم شێوەیە دەیەوێت کۆنترۆڵی تەواوی سوریا بکات، ئەم هەنگاوەی شەرع نەک بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە دەورو ئیرادەی گەلی سوریا ناکات، بەڵکو وەستانەوەیە لەبەرامبەر ئیرادەی خەڵک و هەر لایەنێکدا کە هەڕەشەو مەترسی بێت بۆ دەسەڵاتەکەی. لەهەمانکاتدا ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمکاتەدا لە سوریا و بە بەرنامەڕێژی شەرع، گومانی تیانیە واتای دەرکردن و دورخستنەوەی نزیکەی نیوەی خەڵکی سوریایە لەم پرۆسەیە و بێئیرادەکردنی دەوردەخالەتی خەڵکە لە دیاریکردنی ئایندەی سوریا، جا چ لەڕێگەی ئاوارەبونی زۆرەملێ یان لە ڕێگەی سیاسەتی سیستماتیکەوە بێت، بە ئامانجی ڕێگریکردنە لە بەشداریکردنی پێکهاتەکان و هێز ولایەنەکان لە داڕشتنی داهاتووی حکومرانی لە سوریا، هەروەها هەنگاوێکە بۆ جێکەوتنی دەسەڵاتی ئێستای دیمەشق بە باڵادەستی شەرع.
ئەگەرچی بەیاننامە دەستوریەکەیان سەرەڕای ئەوەی بنەمای “جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان”ی تێدابوو، بەڵام دەسەڵاتێکی نزیک بەڕەهای بەخشی بە یاسای شەریعەت، لە پێکهێنانی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریدا، ئەمەش نیگەرانی و ڕەخنەی، لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پێکهاتەکانی سوریاوە لێکەوتەوە، بەتایبەتی لای کوردەکان.
هەرچەندە لای دەسەڵاتدارانی دیمەشقەوە ئاماژە بەوەدراوە کەئیدارەی ناوچەی کوردەکان نائارامە، بەڵام کوردەکانی سوریا ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدایە بەئارامترین شوێن لە سوریادا وەسف دەکەن. لەهەمانکاتدا دەڵێن ئەمە پاساو هێنانەوەیە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی تەریکخستنەوە و بەشدارینەکردنی زیاتر لە پێنج ملیۆن سوری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەم هەڵبژاردنەدا.
ئیدارەی خۆسەری کورد کە پارێزگاکانی ڕەقە و حەسەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، لەلایەکی ترەوە پەیوەندیەکی ئاڵۆز و ناتەندروستیان لەگەڵ دەسەڵاتی شەرعدا هەیە. سەرەڕای ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ١٠ی ئازاردا واژۆیان کرد بۆ یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازیەکان، بەڵام تائێستا مەرجەکانی ڕێکەوتنەکە جێبەجێ نەکراون بەهۆی ناکۆکی نێوان هەردوولا. هەسەدە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە یەکگرتنەوەکە یەک بلۆکی سەربازی بێت لەناو وەزارەتێکی بەرگریدا، لەکاتێکدا دیمەشق بە پاڵپشتی ئەنکارا پێداگری لەسەر هەڵوەشانەوەی هێزەکانی هەسەدە دەکات.
ئەم مەرجانەی شەرع بۆ بەشدارینەکردنی دروزیەکان لە سوەیدا، ئاماژەیەکی ڕوونە بەوەی کە لەم دواییانەدا دروزەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و داوای چارەنووسی خۆیان کرد و ئاڵای ئیسرائیلیان هەڵکرد، هەروەها بۆ هەسەدەش کە کۆنفرانسی کەمینەکانی لە شاری حەسەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا سازکرد و داوای پەسەندکردنی دەستوورێکی دیموکراسیان کرد کە گەرەنتی حوکمڕانی لامەرکەزی و بەشداری کاریگەرانەی هەموو پێکهاتەکان بکات. ئەمەش دیمەشقی تووڕە کرد و وای لێکرد ئەو کۆبونەوانە هەڵبوەشێنێتەوە کە بڕیار بوو لە پاریس ئەنجام بدرێت.
پرۆسەی ئەم جۆرە هەڵبژاردنە لە سوریا نەک چارەسەری دۆخێکی ئاڵۆزی پڕگێژاوی سیاسی نیە، بەڵکو سوریا بەرەو نائارامی زیاتر کێشدەکات، بەرهەمهێنانەوەی هەمان سیاسەتە کۆنەکانە بە مەترسی زیاترەوە، لەلایەکی ترەوە ئەوەی بەهەند وەرنەگیراوە لە حساباتی تەواوی لایەنەکاندا، دەورو دەخالەتی خەڵکە وەک هاووڵاتی لەتەواوی پرۆسەی سیاسیدا، بەدور لە هەر پێناسەیەکی دینی و رەگەزی و تائیفی و نەتەوەیی، یانی زیاتر باس لە دابینکرنی بەشداری پێکهاتەکانە، تا ئەوەی ناساندنی هاووڵاتی بوون بێت. بەفەرمی ناسینی هاووڵاتیبونیش مەبنایە بۆ پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر کە سوریا بتوانێت بەرەو ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی هەنگاو بنێت.

——————————————

  • دەنگدانی ناڕاستەوخۆ سیستەمێکە کە تێیدا هاوڵاتیان ڕاستەوخۆ نوێنەرەکان هەڵنابژێرن، بەڵکو کۆمەڵێک دەنگدەر هەڵدەبژێرن یان دادوەر دیاری دەکەن کە لە بەرامبەردا ئەوان سەرکردە یان نوێنەرەکان هەڵدەبژێرن. بە واتایەکی تر دەنگدەران نوێنەرایەتی کۆمەڵێک هاوڵاتی دەکەن و دواتر ئەو دەنگدەرانە نوێنەرەکان یان سەرکردەکان هەڵدەبژێرن. ئەم سیستەمە جیاوازە لە مافی دەنگدانی ڕاستەوخۆ، کە تیایدا ڕاستەوخۆ دەنگ بە کاندیدەکان دەدرێت.



روداوەکەی ئوتێل لالەزار!.. عوسمانی حاجی مارف

ڕووداوەکانی ٢٢ی ئابی سلێمانی لە ئوتێلی لالەزار، تەنها تێپەڕاندنی دۆخێکی ئەمنی نەبوو وەک ئەوەی بافڵ پاساوی بۆ دەهێنێتەوە، بەڵکو نوێنەرایەتی ساتێکی گرنگی لە مێژووی ململانێی ناوخۆی یەکێتی نیشتمانی نیشاندا، کە بە یەکێک لە خوێناویترین تەقینەوەکانی ناو دڵی شارێک دادەنرێت کە پایتەختی ناوچەی سەوزە و بە پاوانخوازی بنەماڵەی تاڵەبانیەکان دەناسرێتەوە.
قەیرانێک کە جەلال تاڵەبانی و یەکێتی نیشتمانی لە دروستبونیەوە وەک بەشێک لە بزوتنەوەی کوردایەتی لە ژیانی سیاسیاندا بەسەریان بردووە، مانەوەیان بووە وەک هێزی دووەم لە میانەی ململانێیان لەبەرامبەر بارزانیەکاندا، هیچ کات بەو ئامانجە نەگەیشتن کە لە دەورانی هەر ئاڵوگۆڕ و هاوکێشە سیاسیەکاندا بتوانن پێگەیان لەبەرامبەر بارزانی و پارتیدا بەرزکەنەوە، لەگەڵ هەر شەڕو ڕیسک و قومارێکی سیاسی و شێواندنی چارەنوسی کوردستان، هەمیشە بەشکستەوە لێی دەرچوون، ئەوەندەیان بۆ ماوەتەوە بەهەر بەهایەک بێت هێزەکەیان بپارێزن و شوێنێک لە کوردستانی عێراقدا بەدەستەوە بگرن بۆ بەردەوامی بە تاڵانی و قاچاخیکردن بەنەوتەوە.
دیارترین کێشە ناوخۆییەکانی یەکیتی لە مێژوی دروستبونیەوە تا ئێستا هەر لەو ململانێیەوە سەرچاوەی گرتووە کە نەیتوانیوە پلەیەک پێش پارتی و بارزانی سەرکەوێت، یان باشتر بڵێین کە بونی خۆی لە هێزو تاڵانچێتی و قاجاخچێتیدا پێش بارزانی بکەوێتەوە. هەربۆیە بەتایبەتی دوای کۆتایی ژیانی جەلال تاڵەبانی وەک کاریزمایەکی ئەو حزبە لە ساڵی ٢٠١٧ دا، یەکێتی چووەتە قۆناغێکی تەواو گێژاوی سیاسی و پەرشوبڵاویەوەو قەیرانەکەی قوڵتربۆتەوە، تا ئەو ئاستەی وەک حیزبێکی بێ سەرکردە دەناسرایەوە، هیچ کەس لەسەرکردایەتی ئەو حزبە بەتاک و بەکۆ شایەنی ئەوە نەبون خۆیان وەک خاوەنی ئەو حزبە بناسێنن، تا بتوانن ڕۆڵی ڕابەر ببینن لە دریژەدان بە پرۆسەی مانەوە و پاراستنی هێزە میلیشیاکەی تاڵەبانی! ئەمە دیفاکتۆی هێزێکی ناسیۆنالیستی میلیشیاییە کە خۆی ناوناوە ڕابەری شۆڕشی نوێ و سوشیال دیموکرات!
هاتنەمەیدانی کەسانێک لە بنەماڵەی تاڵەبانی بۆناو مەیدانی سیاسی، کە پێشتر دەورێکی بەرچاوی سیاسیان نەبووە لە زۆنی سەوزدا، وەک بافڵ، لاهور، قوباد، شاناز، لەتیف رەشید، …ناچاریەک و دێکۆرێک و ئەلتەرناتیفێک بوو بۆ ڕاگرتن و مانەوەی یەکێتی وەک هێزێکی تاڵانچی دەسەڵاتداری پاوانخواز لە زۆنی سەوزدا. ئەمەش ئەو پرۆسەیەیە کە سەرکردایەتی یەکێتی دوای جەلال تاڵەبانی حزبەکەیان بەهەر شێوەیەک بێت لە هەڵوەشان پاراست.
لە ساڵی ٢٠٢٠دا بافڵ و لاهور وەک هاوسەرۆکی ئەو حزبە هەڵبژێردران، ئەمەش هەوڵێک بوو بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی ناوخۆییان، بەڵام هاوبەشیەکە زۆر بەخێرایی گۆڕا بۆ ململانێ و پاشقولگرتن لەیەکتر، چونکە دۆخی ناوچەکە بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، لەهەمانکاتدا ئاستی پێگەی یەکێتی لەو ململانێیانەدا ئەو پرسیارە دەهێنێتە پێشەوە کە تا چەند یەکێتی دەتوانێت پێناسەی خۆی بکاتەوە و لەو ململانێ و ناکۆکیانەدا بەسەلامەتی بمێنیتەوە، تاچەند دەتوانێت خۆی لەبەرامبەر دەستەکەوتەکانی بارزانیدا ڕاگرێت، ئەمەش دوو کابتن لە کەشتیەکدا قەبوڵ ناکات، کە هەر یەکێکیان لە ونبونی کەشتێکە لە ئۆقیانوسێکدا سوکانەکە بەلایەکی تردا با بدات، ئاشکرایە کە کاپتنێکیان کاپتنەکەی تر دەخاتە ناو ئاوەکەوە.
لە هاوینی ٢٠٢١دا فراکسیۆنی بافڵ بەشێوەیەکی سیستماتیکی وەدەرنانی لاهوری ئەنجامدا و لە سەرجەم پۆستە حزبی و ئەمنیەکانی دوورخستەوە. بەڵام لاهور نەک ون نەبوو؛ بەڵکو بە دامەزراندنی پارتێکی نوێ بەناوی “بەرەی گەل” ەوە گەڕایەوە سەر شانوی سیاسی وەک هێزێکی چەکدار خۆی ناساند و لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٤دا کورسیەکی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەدەست هێنا. لێرەوە لاهور دۆخەکەی بۆ بافڵ ئاڵۆزکرد و کاریگەری زیاتری لەسەر جەماوەری یەکێتی دانا، کە مایەی مەترسیەکی ڕاستەقینە بۆ ئایندەی دەسەڵات و پێگەی بافڵ پێکهێنا.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥، ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمنیەی کە بە پاڵپشتی “هێزە تایبەتەکان” و چەکی قورس ئەنجامدرا، بە دەستگیرکردنی لاهور و براکانی، دوای پێکدادانی خوێناوی لەگەڵ چەکدارانی میلیشیاکەی کە بە “هێزی دووپشک” ناسراوە، کۆتایی هات.
سەرەڕای لایەنە یاساییەکانی پەیوەست بە دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگیەوە، کرۆکی ململانێی نێوان ئامۆزاکانی ناو بنەماڵەی تاڵەبانی لە ڕووبەڕووبونەوەی نێوان میلیشیاکان لێکدانەوەی زیاتری بۆناکرێت، جگە لەوەی کە جەنگە لەسەر دەسەڵات و نفوز، دوور لەوەی تەنها ڕکابەریەکی سیاسی یان ناکۆکیەکی سیاسی بێت، ململانێی تۆڕە چەکدارە قاچاخچی و بنەماڵەییەکانە کە بە تاڵانچیتی و لەدەرەوەی هەر چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستوری چارەنووسی نیوەی هەرێمی کوردستانی عێراق کۆنتڕۆڵ دەکەن. بەم مانایە سلێمانی تەنیا شایەتحاڵی ناکۆکی لەناو حزبێکی سیاسیدا نەبووە، بەڵکو ململانێی نێوان ئاغا چەکدارەکان بووە کە لەلایەن ئامۆزاکانەوە کێبڕکێی لەسەر دەکرێت، کە یاسا و دادگای سەربەخۆ مانایەکی نیە، بەڵکو باڵادەستیی هاوسەنگی هێز و کێ باشترین چەکی بەدەستەوەیە و زۆرترین توانای سەپاندنی دۆخی ئێستای هەیە، یان پشتیوانی لەلایەن هێزی دەرەکیەوە دەکرێت، شەڕەکە دەباتەوە.
دەتوانین بڵێین ململانێی نێوان باڤڵ و لاهور تەنیا ناکۆکیەکی سیاسی نییە، بەڵکو درێژکراوەی دابەشبوونێکی بنەماڵەییە لەناو بنەماڵەی جەلال تاڵەبانیدایە. لەکاتێکدا بافڵ نوێنەرایەتی باڵی “ناوەندی” حزبەکە دەکات کە باڵادەستی خۆی بەسەر یەکێتی لەپێکهاتە و ئۆرگانەکانی دا کردە ئامانج، لاهور پشت بە پاشخانی مێژوویی خۆی دەبەست کە لە دەزگا ئەمنی و هەواڵگریەکان ڕۆڵی دیار و بەرچاوی لە شەڕی داعشدا بووە.
بافڵ سیاسەتێکی پراگماتیکتر و هاوپەیمانی ناوچەیی لەگەڵ ئێراندا گرتەبەر، لەکاتێکدا لاهور بە نزیکتر لە ئەمریکا و هەندێک بازنەی ڕۆژئاوا دەبینرێت، ئەم دابەشبوونە بنەماڵەیی- سیاسیە، ململانێی نێوانیانی کردووە بە شەڕێک و کۆتاییەکەی شکست هێنان بوو بە لاهور، لە زۆنی سەوزدا تا باڵادەستی کۆماری ئیسلامی رۆڵی سەرەکی ببینێت، مامەڵەکردنی هێزەکان لەگەڵ ئەمریکا ئاسان نابێت بۆیان.
دوورخستنەوەی لاهور و هەڵوەشاندنەوەی هێزە چەکدارەکانی و حزبە تازەکەی بە ئامانجی پلەیەک لە چەسپاندنی هەژموونی ڕەهای بافڵ تاڵەبانی و یەکێتیە بەسەر زۆنی سەوزدا، وەک ناوەندی نفوزی ئەو حزبە، هەروەها ئەم هەنگاوه هەوڵێکی بەرچاوی پێوە دیارە بۆ سنووردارکردنی نەیاران و ئەو ڕکابەرانە که لایەنی تر وەک نەوەی نوێ و بزووتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکان نوێنەرایەتی دەکەن، واتە بافل بە‌هێزی میلیشیا ڕێگری له هەر لایەنێک دەکات بکەوێتە بەرامبەری، ئەم شەڕەش ناردنی پەیامێکی ڕوونی ڕێگریە بۆ هەر بزووتنەوەیەکی ناوخۆیی کە بیر لە تەحەدای دەسەڵاتی بافڵ تاڵەبانی بکاتەوە، یان هەڕەشە لە پێگەی بافڵ تاڵەبانی بکات لەناو حزب و ناوچەکەدا.
مەسەلەیەک کە پێویستە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە کە بۆ لەئێستادا ئەم هێرشەی بافل بۆ سەر هێزەکانی لاهور و دەستگیرکردن شاسوار ئەنجامدرا؟ گەر لە پەیوەند بە دۆخی سیاسی ناوچەکە و ئەگەری ئاڵوگۆڕەکانەوە بۆی بڕوانین، بەتایبەتی بەدوای شەڕی دوانزە ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران، دۆخێکی ئاڵۆزتر پێشهاتووە، کە ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران لەشێوازی جۆراوجۆردا دەردەکەونەوە، دانوسانەکانی نێوانیان نەگەیشتۆتە بڕیارێکی عەمەلی یەکلاییکەرەوە، ئیسرائیل هەڕەشەکانی بەردەوامە، دەخالەتی تورکیا و کێشەکانی سوریا وەک خۆی ماون، نەخشی ئێران لەسەر عێراق و ئایندەی دەسەڵات لە بەغدا گرفتێکی جدیە و بەلایەکدا نەکەوتووە، هەڵبژاردنی عێراق لە گێژاوێکدایە، بەمانایەک ئەتوانین بڵێین دۆخی سیاسی ناوچەکە و کاریگەری لەسەر عێراق و کوردستان پێشبینی جیاوازی لێدەکرێت، کە لەنێو جەنجاڵی کێشەکان و ململانێکاندا، بوودەڵەترین و ناجێگیرترین هێز، بنەماڵەی تاڵەبانی و یەکێتی نیشتمانیە، کە بەو واقعەی زۆنی سەوز پەرشوبڵاوی و ناجێگیری زیاتر و گێژاو بەخۆیەوە دەبینێت، ناتوانێ هاوشانی ئاڵوگۆڕەکان هەنگاو بنێت، لەهەمانکاتدا نەیارەکانیشی لە شاسوار و لاهور دەیانویست ئەو دۆخە بقۆزنەوەو پێگەیەکی زیاتر بەدەست بهێنن، بەڵام پێشبینی بافڵ و یەکێتی وردتر مامەڵەی ئەو دۆخەیان کردو بارگرانیەکیان لە کۆڵ خۆیان کردەوە، بەتایبەتی ئەم هەنگاوە بەبێ پشتیوانی ئێران ئەنجام نەدراوە.
ئەوەی دەمێنێتەوە ئایا یەکێتی دوای ئەم ڕوداوانە دەتوانێ هەماهەنگ بێت لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی لە ناوچەکە بەرەوڕوی دەبێتەوە، بەتایبەتی بافڵ ناتوانێ لە زۆنی ئێران دورکەوێتەوە، ئێرانێک کە لە دۆخێکی تەواو نەرێنیدایە!؟ هەرچەندە واپێدەچێت گوایە کۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانی دوای لابردنی نەیارەکانی زیاتر هێزەکەی چەسپاندبێت، بەڵام ئەمە باجێکی قورسی لەسەر دەور و ئایندەی پێگەی یەکێتی لەزۆنی سەوز و ناوچەکەدا هەیە، قوڵکردنەوەی دابەشبونێکی کۆمەڵایەتی لەنێوان لایەنگرانی بافڵ و لایەنگرانی لاهور پێکدەهێنێت، ئەگەری ئەوە هەیە ترس لە پێکدادانی پچڕپچڕ یان تەنانەت تیرۆری سیاسی لە داهاتوودا زیاد بکات.
لەسەر ئاستی هەرێم بەگشتی، سێبەرێکی قورسی خستە سەر دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان یەکێتی و پارتی سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، دەرگای بەڕووی ئاڵۆزی زیاتردا کردەوە. لە عێراقدا ململانێکان خەریکە دیمەنی کورد لە بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو ئاڵۆزتر دەکات و بەرەی کوردایەتی لە بەغدا لاواز دەکات. ئەمەش دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر هاوسەنگی هێز لەنێوان هێزە شیعە و سوننەکاندا هەبێت و ناسکی پرۆسەی سیاسی بەگشتی زیاتر بکات.
ئەوەی لە سلێمانی ڕوویدا تەنها “جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن” نەبوو. بەڵکو ساتێکی سەرەکی بوو کە قووڵایی ململانێکانی ناو بنەماڵەی تاڵەبانی ئاشکراکرد و چۆن کێبڕکێی سیاسی گۆڕا بۆ ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازی کە هەڕەشە لە سەقامگیری شارەکانی ناوچەی زۆنی سەوز دەکات. لەکاتێکدا بافڵ هەوڵدەدات کۆنترۆڵی تاکلایەنە بەسەر حزب و شارەکەدا بسەپێنێت، بەڵام ئایندەیەکی نزیک ئاشکرای دەکات کە ئایا سلێمانی بەرەو قۆناغێکی سەقامگیری زۆرەملێ لەژێر دەسەڵاتی بافڵدا دەڕوات، یان خولێکی نوێی ململانێکان کە ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ کایەی ململانێی ناوخۆیی، وەک ئەوەی ئاماژەمان پێدا!؟ ناتوانین دۆخی سیاسی کوردستان و پێگەو پەیوەندی لایەنەکان لە ئاڵوگۆڕو دۆخی ناوچەکە لەیەک جیاکەینەوە.

عوسمانی حاجی مارف




ئایا تەواوی میلیشیاکان هەڵدەوەشێنەوە؟.. عوسمانی حاجی مارف

شتێک نەماوە لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی عێراقدا لە دەستی ئێراندا نەبێت، هاوپەیمانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” کە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسیە لە بەغدا، گروپی حزبی و میلیشیاکانی حوکمڕانی عێراق و حەشدی شەعبی، بەتەواوی پاشکۆ و دڵسۆز و ملکەچی ئێرانن، سەرکردەی لایەنەکانی هەماهەنگی پێیانوایە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئاو و هەوایان بۆ دابین دەبێت، هەر بۆیە تەواو چارەنوسی خۆیان بەهەموو شێوەیەک گرێداوە بە ئێرانەوە.

بەدوای شەڕی دوانزە ڕۆژە، هەوڵەکانی ئێستای ئێران لەچاو ساڵانی ڕابردودا بەرفراوانتر دەردەکەوێت، نەک تەنها بۆ دابینکردنی چەکی پێشکەوتو بۆ هاوپەیمانەکانی، بەڵکو دامەزراندنی سیستەمی هەواڵگری و هەماهەنگی کە ئۆپەراسیۆنی سێ قۆڵی لە نێوان تاران و حزبوڵای لوبنان و کوتلە عێراقیەکان لە خۆدەگرێت.

ئەم هەنگاوانە دوای ئەوە دێت کە عەلی لاریجانی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرکردە دیارەکانی کوتلە چەکدارەکان کۆبووەوە، دیدارەکانی لە بەیروت بەردەوام بون و لەگەڵ سەرکردەکانی حزبوڵلا وتوێژی کرد، ئەم کۆبوونەوانە دوو بڕیاری سەرەکیان لێکەوتەوە کە بریتین لە پێکهێنانی شانەی هەماهەنگی سێ قۆڵی و پەرەپێدانی سیستەمێکی پێشکەوتوی چەک بۆ ئەو کوتلانە، لەوانەش تەکنەلۆجیای دروستکردنی چەکی ناوخۆیی لەژێر چاودێری ئێراندا.

تاران لەبری ئەوەی چاوەڕێی ئاڵوگۆڕی دۆخی ناوچەکەو دانوستانەکانی بێت لە گەڵ ئەمریکا، هەوڵدەدات جارێکی تر ژێرخانی سەربازی نافەرمی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێز کاتەوە و پێگەی هاوپەیمانەکانی بەهێزتر دەکات، وەک وەستانەوەیەک لەبەرامبەر ئەو فشارەی جەخت لەسەر چەکداماڵینی هێزە میلیشیاکان دەکرێت.

ئەم هەنگاوانە لەکاتێکدایە کە زیاتربونی گرژیەکانی نێوان ئێران و زلهێزەکانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا لە پەرسەندندایە، لەسەر پرسی ئەتۆمی و سەرهەڵدانەوەی هەڕەشە سەربازیەکانی نێوان تەلئەبیب و حزبولڵایە، کە فشارە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، ئەمەش وادەکات ئەو ئەگەرە پێشبینی بکرێت کە پێکهێنانی شانەیەکی هەماهەنگی سێ قۆڵی لە نێوان ئێران و هاوپەیمانەکانیدا دەتوانێت هەوڵی گەڕانەوەی قۆناغێکی نوێی دەوری ئێران بێت، نەک تەنها لە لوبنان و عێراق، بەڵکو لە سەرانسەری ناوچەکەدا بە گشتی.

هێزە میلیشیاکانی سەر بەئێران لە ناوچەکە بەرەو هەڵگرتنی چەکی پێشکەوتوو دەڕۆن، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەر پرۆژەیەک بۆ چەکداماڵین یان تێکەڵکردنی فراکسیۆنەکان لە ئامێرە فەرمیەکانی دەوڵەتدا ڕەتدەکەنەوە.

سەرەڕای هەوڵە ناوخۆیەکانی لوبنان و عێراق بۆ بنیاتنانەوەی چەمکی دەوڵەت، کە هاوکاتی زیادبونی بارگرژی و نائارامیە، کە ئەم پێداگریەی ئێران لەسەر بەهێزکردنەوەی میلیشیاکانی دەتوانێت ببێتە هۆی دابەشبوونی زیاتر، کە ئاسۆی سەقامگیری سیاسی لە هەردوو وڵات ئاڵۆزتر بکات و پرسی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بکاتە شەڕێکی درێژخایەن و ئەگەری تەقینەوە.

بەمانایەک ئەم هەوڵانەی ئێران ئەوەی لێدەکەوێتەوە کەهەموو هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پچڕاندنی پەیوەندیەکانی عێراق له ئێران و دەرهێنانی لە تونێلی ئێران بێهودە دەبن، تەنانەت ئەگەر ئەو هەوڵانه بگەنه ئاستی وێرانکردنی  عێراق لەڕووی داراییەوه، ئەتوانین بڵێین گەر دۆخەکە بەم شێوەیە تێپەڕێت، ئەوە عێراق و لوبنان لە پرۆسەی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێراندا دەورانێکی سەخت و دژوار بەسەر دەبەن.

هەڵبەتە ڕۆڵی کەسێکی وەک نووری مالکی، لەلایەک بەستنەوەی تەواوی دامودەزگاکانی عێراقە بەئێرانەوە، لەلایەکی ترەوە عێراقی بە یاسایەکەوە بەستەوە و قەتیسکرد کە ئابوریەکەی تا ئاستی مەرگباری دەڕژێنێت، لەوانە بڕینەوەی مووچە بۆ زیندانیانی سیاسی و شەهیدان و موجاهیدین و دەستبەسەرکراوانی رەفح و ئەوانەی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و لە ڕوی سیاسیەوە  دەربەدەرکراون، ئەمە جگە لە مووچەی چەکدارانی هێزەکانی حەشدی شەعبی کە بودجەکەیان لە سێ ملیار دۆلار تێدەپەڕێت و بەردەوام لە زیادبووندایە، ئەمەش ئەو تاوانەیە کە مالکی و هێزە شیعەکان عێراقێکی “نوێیان” لە پەیوەند بە ئێران و حزبولڵای لوبنانەوە دامەزراند.

پێش ئەوەی ئەمریکا عێراق ڕادەستی ئێران بکات، کارگێڕی مەدەنی دەسەڵاتی ئەمریکی، پۆڵ بریمەر، ئەنجومەنی حوکمڕانی دامەزراند، کە پێشەکیەک بوو بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی تایەفەگەری و مەزهەبی و قەومی کە بە شێوەیەک داڕێژرا، بووە مایەی دەستکەوێكی گەورە بۆ لایەنە شیعەکانی سەر بە ئێران. واتە ئاشکرایە کە پڕۆژەکە لەو کاتەدا ١٠٠٪ ئەمریکی بوو، ئێران ئەمریکای ناچار نەکرد دەسەڵات ڕادەستی شوێنکەوتوانی بکات، بەڵکو ئەمریکا بە ڕاوێژکاری بەریتانیا ئەوکارەی ئەنجامدا کە عێراق بخاتە ناو تەڵەیەکی تائیفیەوە کە بۆ ماوەیەکی زۆر نەتوانێت لێی دەرچێت. بەڵام خەیاڵی سیاسی و نەخشەی ئەمریکا لە وێرانکردنی عێراقدا، ئاراستەکەی بەرەر ئەو ئاقارە برد، کە عێراقی زەلیلی ژێردەستی ئێران کرد و لە هەمانکاتدا باڵادەستی ئێران توانی ببێتە هەڕەشەیەکی گەورە و مەترسیدار بۆ سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندیەکانی خودی ئەمریکاش. “عێراقی نوێ” لە بنەڕەتدا مامەڵە و هەڵەو تاوانێکی ئەمریکی بوو، کاتێک هێزەکانی لە ساڵی ٢٠١١دا ڕۆیشتن، دانیان بەو شکستەدا نا کە لە بەرژەوەندی هەژموونی ئێران شکایەوە.

هەشت ساڵی سەرۆکایەتی ئۆباما ئەو سەردەمە زێڕینە بوو کە ئێران چالاکانە بوونی هەمیشەیی خۆی لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن دامەزراند، ئەمڕۆ ئیدارەی ترەمپ له نیگەرانی بارودۆخی ناوچەکه و پێویستی ئیسرائیل بۆ چاوخشاندنەوه به مەسەلەی ئاسایشی خۆی لە ناوچەکەدا، ترامپ ڕوبەڕوی دۆخێکی دڕکاویە، بەوەی کەدەیەوێت دیسان کۆنترۆڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاتەوه و عێراق بگەڕێنێتەوە ژێردەستی خۆی.

لایەنە شیعەکانی دەسەڵاتدار لە عێراق، لەکاتێکدا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەم ئەنجام بدرێت، پەنایان بردۆتە بەر واژۆکردنی ڕێکەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئێراندا، تا ڕێگەیان پێبدات هێزەکانی ئێران بانگهێشت بکەن ئەگەر هەڕەشە لە دەسەڵاتەکەیان بکرێت.!

ئاشکرایە کە ئەم واقعە لە ئاگاداری عەقڵی سیاسی ئەمریکا تێپەڕ نابێت، چونکە هەوڵ و پلانی بۆ گەڕانەوەی باڵادەستی بەسەر عێراقدا داڕێژراوەو کاری لەسەر دەکات، کە سەرەتا لە چەکداماڵینی میلیشیاکانیەوە دەستپێدەکات.

ئێران بۆ خۆی ئەوە دەزانێت بڕیاری داماڵینی چەک لە میلیشیاکانی سەربە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەڕانەوەی نییە، هەروەها ئەوەش دەزانێت، کە ترامپ نزیکەی سێ ساڵ زیاتر لە کۆشکی سپی دەمێنێتەوە. ئەمەش کاتێکی دوورودرێژ و سەختە بۆ ئێران کە چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕی تر لە نەخشەو سیاسەتی ئەمریکا بکات. هەرچەندە ترەمپ بەشێک لە بڕیارەکانی پێشووی پێچەوانە کردووەتەوە، بەڵام تەنها بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی باشترە کە سوودی بۆ ئابووری ئەمریکا هەبێت، لە ئەگەری سەرکەوتنی ترامب لە داماڵینی چەکی میلیشیاکانی ئێراندا، ئەتوانێت ئاڵۆگۆڕێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قازانجی باڵادەستی ئەمریکا لە ناوچەکەدا تۆمار بکات، لەهەمانکاتدا دەبێتە دەستکەوتێک بۆ هەلی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و بازرگانی لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

گومانی تیا نیە کە تا کۆماری ئیسلامی باڵادەستی حکومەتی ئێران بێت، هەروەها دەسەڵاتی سیاسی عێراق لە چوارچێوەی پێکهاتەی هێزە تائفی و مەزهەبی و قەومیەکاندا بمێنێتەوە، دۆخی عیراق هەر بە ناجێگیری و ئاژاوەی سیاسی و نا ئەمنی و کارەسات بەسەر دەبات، عێراق وەک گۆڕەپانێکی بەردەوام و کراوە بۆ پێکدادانی پڕۆژەکانی نفوزی نێوان ئێران و ئەمریکا دەمێنێتەوە، ئەم ململانێیە له لایەن خودی لایەنە شێعە و سونەکان و کوردەکان کە ئەمڕۆ ئیدارەی عێراق و کوردستان دەکەن، بەردەوامن لەوەی خەڵکی به دەست قەیرانە ئەمنی و ئابوری و سیاسی یەک بە دوای یەکەکاندا قەتیس بکەن.

واقیع ئەوەیە کە عێراق و کوردستان و لوبنان و تەواوی ناوچەکە لەم دۆخەدا بەردەوام ڕوبەڕوی ئاستەنگی دەبێتەوە و ئاسۆی ئارامی دیار نیە، پرسی چەکی میلیشیا یەکێکە لە گەورەترین بەڵا بۆ سەر ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و نەداری ناوچەکە، ئاشکرایە واشنتۆن هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپانە بە مەرجی پێشوەختە بۆ پابەندبون بە بەرژەوەندیەکانی خۆی مامەڵەی دەکات، ئەمریکا دژی هێزی میلیشیا نیە، دژی ئەو هێزە میلیشیایانەیە کە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدا نابێت، یان دژ بەوانەیە کە دۆژمنایەتی ئەمریکا دەکەن، ئێستا هەوڵی ئەوە دەدرێت ئەو هێزە ملیشیایانە هەڵوەشێتەوە کە سەربە ئێرانن و دوژمنایەتی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن، هەرهێزێکی میلیشیا دوژمنایەتی ئەمریکا نەکات، بەر ئەو هێرشە ناکەوێت، باشترین نمونە هێزە دڕندەکەی ئەحمەد شەرعە لە سوریا.




لە خواستی موچەوە بەرەو شۆڕش!.. عوسمانی حاجی مارف

پرسی نەوت و داهات و مووچە و ئەمنیەت، دیاردەی ناکۆکی و کێشەیەکی بەردەوامی بێکۆتایی نێوان بەغداو هەولێرە، کە ئاکامی دامەزراندنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقە لەسەر بنەمای تائفی و ئیسلامی و بنەماڵەیی و نەتەوەپەرستی لە پێکهاتەیەکی فیدراڵیدا، کە بەڵایەکە گەورەترین زیانی بە ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی کوردستان و عێراق گەیاندووە.
نائارامی و ناجێگیری سیاسی هەمیشە بەرهەمی نەگونجان و ناتەبایی ململانێی دەسەڵاتی هێزە میلیشیا تاڵانچیەکانە، کە کوردستان و عێراقیان داگیرکردوە، خەڵکیان کردۆتە قوربانی ململانێ و شەڕی بەرژەوەندیەکانیان، بە بارمتەگرتن و ڕاگرتنی خەڵکە لە چاوەڕوانیەکی بێهودە و نادیاردا، سەپاندنی مۆتەکەیەکە کە چەندین تراژیدیای بەدوای خۆیدا هێناوە و دەیهێنێت، نمونەی نابەرپەرسترین سەرکردەو جۆری دەسەڵاتێکن لەبەرامبەر هەست و نەست وشکۆ و ئێرادەی خەڵکدا، کەرامەتی ئیسانەکان دەشکێنن و دەڵێن کەرامەت گرنگە…!
گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامی هەردوو حکومەت کە هیچکات نەیتوانیوە کێشەکانیان یەکلایی بکاتەوە و بنەبڕبێت، زیاتر بەشێوەی سەوداو مامەڵەی بازاڕێک دەردەکەوێت کە نرخی کاڵاکانی بە سەعات دەگۆڕێت، تائەوەی سیفەتێکی سیاسی وەرگرێت، ئاشکراشە کە نالەباری دۆخی سیاسی و گۆڕانی هاوسەنگی هێزەکانە، کە ئەم یاریکردنە بەچارەنوسی خەڵک هەروا دەمێنێتەوە.
کاریگەری گەمەی سیاسیان و کاری بێوەستان و بێبەرهەمی هەردوو حکومەت و هێزو حزب و لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە دەسەڵاتدا بووە، کە هەستکردن بە نائارامی و مەترسی لە نەبونی ئاسایش مەترسیەکی بێوێنەیە لە ژیان و بیرکردنەوەی هەر تاکێکی کۆمەڵگەدا، هەر سەرکردەیەک کە لە چوارچێوەی باڵادەستی دەسەڵاتی بنەماڵەدایە، بۆ یەک چرکە ئەوپەری پێداویستی گریانی ساوایەک بۆ شیرەکەی گەر نەیخوات، گیان لەدەست ئەدات، نایان لەرزێنێت، ملێۆن لیتر شیری منداڵ دەگۆڕنەوە بە قاچاخی لیترێک نەوت.
لەم دۆخەدا توڕەیی و بێزاری و ناڕەزایەتی و قێزهاتنەوە لەم جۆرە لە دەسەڵات و سەرکردەکانی، فشارێکی گەورەیە لەسەر ژیان و زهنی خەڵکی، کەچۆن و کەی ڕزگاریان دەبێت لە بەڵای ئەم دەسەڵات و هێزانە و بەرپرسەکانیان، جەماوەری ناڕازی بەدوای هەلێکەوەن بەوەی کام ڕێگا دەتوانێت لەزوترین کاتدا ئەم بەڵایانەیان لە کۆڵ کاتەوە.
چەندین ساڵە شاند بەدوای شاند، دانوستان بەدوای دانوستان، بۆتە مایەی سەرەگێژە و ناڕەحەتیەک، جگە لە بێئومێدی هیچ ئاکامێکی لێ ڕەچاو نەکراوە و ناکرێت، هەر لەم ماوەیەدا و لەدوای وەستانی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستانەوە لەڕێگەی بۆری کەرکوک – جەیهانەوە، دانوستانەکان وەستاون و گرژیەکان زیاتر پەرەیان سەندبوو. ئەم وەستانە لە دانوستان کە زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوام بوو، بووەتە هۆی زیاتر تێکچونی دۆخی ئابووری هەرێم، زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەر بە هۆی دواکەوتنی موچەوە ڕوبەڕوی ئاستەنگیەکی بەرچاو بونەتەوە. بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵیش سەبارەت بە جێگیرکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان، نەک نەتوانرا بەدواداچونی جدی بۆ بکرێت، بەڵکو کەلێنێکی تری لە بەڕێوەچونی گفتوگۆو دانوسانەکاندا زیادکردووە، ئەمەش ناکۆکی و کێشەکانیانی لە ئاراستەی ململانێکانیاندا فراوانتر کردووە، هۆکاری ئەم ناتەباییەو نەگەیشتن بە چارەسەر، کاریگەری پێکاهاتەی حکومەتەکانە، کە لەسەر بنەمای تائفی وئیسلامی و قەومی و بنەماڵەیی جەردەیی و تاڵانچێتی دامەزراوە، کە پاشکۆی بەرژەوەندی ووڵاتانی ترن.
هاووڵاتبوون لە دەستوری عێراق و کوردستاندا هیچ پێگەو جێگایەکی نەبووە، واتە وڵاتێکن لەسەر بنەمای بەشبەشێنەی تائیفی و دینی و قەومی پێناسەی دەسەڵاتی سیاسی کراوە، بۆیە دەسەڵاتێکە هەمیشە مەترسیدارە، هیچ کات ناتوانێت بگات بە سەقامگیری و ئارامی سیاسی.
لە دواین کۆبونەوەی ئەمجارەیاندا لە ڕۆژی سێشەمە ١٩/٠٨گوایە پێداچوونەوە بەو هەنگاوانە کراوە لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا، لەوانە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، داهاتی غەیرە نەوتی، هەروەها بە جێگیرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەیان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتووە، بەتایبەتی لە پرسی بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمەوە. گوایە هەموو مەرج و پێداویستیە پێویستەکان جێبەجێکراون بۆ دەستپێکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لە ڕێگەی کۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجەو شاراوە نیە گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ تەواوکردنی ئەو پێداویستیانەی ماونەتەوە کەپەیوەندیان بە پرسەکانی دیکەوە هەیە لە نێو ئەو کێشانەی هێچ کات چارەسەر نابن، لەگەڵ ئەوەشدا تائێستاش بەیانێکی ڕۆشن لەسەر موچە نیە.!
سەرەڕای چۆنیەتی ڕاگەیاندنەکەیان لەسەر مەلەفی نەوت، ئاستەنگەکان وەک خۆی ماوەو هەنگاوی بۆ نەنراوە و ڕێگە چارەیەکیش لەو بارەیەوە دیار نیە، ئەتوانین بڵێین دۆخەکەیان ئاڵۆزە، چونکە دەستپێکردنەوەی ڕاستەقینەی هەناردەکردنی نەوت بەندە بە دانوستانەکانی حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ حکومەتی تورکیا، لە هەمانکاتدا چۆنیەتی ئایندەی حکومەتی بەغدا لە پەیوەند بە پاشکۆبونی بە ئێرانەوە، لەلایەکی ترەوە ئاڵۆزی دۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە، ناتەبایی لەسەر کێشەکانی بەغداو هەولێر چڕترکردۆتەوە.
پرسی داهاتی نانەوتی لە شوێنی خۆی ماوە، یەکلاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەنها باسی دانی موچەی مانگی شەش کراوە و دیار نیە کەی دەدرێت، بۆ چەندین جارە وای ڕادەگەیەنن کە پێویستیان بە گفتوگۆی زیاتر هەیە بۆ تەواوکردنی ئەو مەرجانەی کە ماون، واتە ئەو گفتوگۆیانەی بونەتە نەخۆشی درێژخایەن، لەکاتێکدا گەر موچەی مانگی شەش بدەن، هەمان سەریەشەو دەردیسەری بۆ موچەی مانگی حەوت دەست پێدەکاتەوە، ئەمە واقعی ململانێ هەمیشەیی هەولێر و بەغدایە، لە پەیوەند بە هاوکێشە سیاسیەکان و ئاڵوگۆڕ لە دۆخەکە و هاوسەنگی هێزیان بەم جۆرە سەوداومامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەن.
ئەم قەیرانە بەردەوام سێبەری تاریکی دەخاتە سەر زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر لە هەرێمدا، کە چاوەڕوانی مووچەی ناڕێکوپێکی خۆیان یان فەوتاندنی موچەکانیان دەکەن لە نێوان دۆخێکی هەمیشە پێشبینیکراوی گرژی گشتیدا، کاریگەری لەسەر بارگرانی دۆخی زۆرینەی دانیشتوان داناوە.
ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ناوچەکەدا بەهۆی کاریگەری شەڕی ئیسرائیل و ئێران و چۆنیەتی دەخالەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا پێشهاتووە، مایەی دۆخێکی تەواو ئاڵۆزتر و ناجێگیرترە، ئەزمون و واقعیەتی دەسەڵاتەکەیان ئەوەی سەلماندووە کە چاکسازی و ئاڵوگۆڕ بەقازانجی خەڵک بەهیچ شێوەیەک جێگای ئومێد نیە و نابێت، بۆیە ناڕەزایەتی جەماوەری بەجیا لەوەی دەبێت لە هەوڵی ئەوەدا بێت بۆ بەدەستهێنان و ڕێکخستنی موچەکانیان لە هەمانکاتدا پێویستە هەنگاوەکانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بەرەو شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی هەنگاو بنێت و بڕواتە پێشەوە، یەکەم ئەو شۆڕشە بۆ کۆتاییهێنان بێت بەم دەسەڵاتە و تەواوی سیستەم و پێکهاتەکانی، دووەم دابینکردنی دۆخێک بێت کە دابینی دەخالەتی ڕاستەو خۆی جەماوەری خەڵک بێت لە کرێکار و زەحمەتکێش و هەژار و نەدار،لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان، لەهەمانکاتدا ڕۆڵی ڕاستەوخۆ وسەرەکیان هەبێت لە چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیدا، دۆخێک بە دەورو ئیرادەی خەڵک بێتە دەست، تەواو ئاواڵادەبێت لە هەوڵدان بۆ فەراهەمهێنانی ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی. ئەوە شۆڕشی کۆمەڵایەتیە، دەتوانیت رێگای ڕزگاری دانیشتوانی عێراق و کوردستان بێت لەم دۆخە پڕ ئازار و سەخت و گێژاوەی کە چەندین دەیەیە ژیانیان لەگەڵدا بەسەربردووە.

عوسمانی حاجی مارف




ناتەبایی و گێژاوی هەڵبژاردنی عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

بەدوای شەڕی دوانزە ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران و بە لەبەرچاوگرتنی بارگرژی ناوچەکە و بەردەوامی ململانێکان، ئاڵۆزی پرسە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و شلەژانی دیمەنی سیاسی، گومانی تیا نیە هەڵبژاردنی ئەم جارەی عێراق، سەختترین هەڵبژاردن بێت.
لەنێو کەشوهەوای گۆڕەپانی سیاسی ئێستای عێراقدا، شاهیدی هەوڵی چڕوپڕی هێز و لایەنە جۆراوجۆرەکانی شیعە و سونە و کوردەکانین، کە بۆ دووبارە داڕشتنی هاوپەیمانیەتی تازە و هەوڵدان بۆ زاڵبون بەسەر دۆخەکەدان، تا پێش هەڵبژاردن خۆیان جێگیر کەنەوە.
بەڵام ئەم هەڵبژاردنە، لەم هەلومەرجە مەترسیدارە ناوچەیی و ناوخۆییەدا، ناتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاییکەرەوە ببینێت لە ئایندەی پێکهاتنی جێگیربونی دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا، چونکە نەخشەی هاوپەیمانی نوێ و دابەشبونی ناو هێزە سیاسیە جیاوازەکانی عێراق و کوردستان وە گوڕانی هاوسەنگی هێزیان، کاریگەری لەسەر توانای دووبارە داڕشتنەوەی دەسەڵات لە عێراقدا دەبێت.
ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە لە چەند گروپێکی شیعەی هاوپەیمانی ئێران پێکهاتووە، بەدور نازانرێت بەهۆی دۆخی ناجێگیری ئێرانەوە ڕوبەڕوی تەحەددای زیاتر دەبنەوە، کە هەڕەشە لە سەر هاوپەیمانی و یەکگرتوییان دەکات، توانای پاراستنی پێگەی دەسەڵاتیان سەختە، بۆیە پێشبینی دەکرێت کە گۆڕەپانی سیاسی شیعە، بەتایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگی لەهەوڵیاندا بۆ باڵادەستیان بەسەر تەواوی عێراقدا سەرکەوتونابن.
لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و باشوری لوبنان و کوشتنی سەرکردەکانی حەماس و حزبولڵای لوبنان، هێزە شیعەکانی عێراق درکیان کرد کە بەرەوڕوی تەحەددای جدی و سەرسورهێنەر دەبنەوە، ئەم تەحەددایانە لە ململانێی ناوخۆییدا ناوەستن و قووڵتر دەبنەوە، بەهۆی گۆڕانکاریە ناوچەیە گەورەکان کە وایکردووە سەرکردە شیعەکان لە عێراقدا بە حیساباتی ستراتیژیاندا بچنەوە.
ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران و کوشتنی زانا و سەرکردەی سەربازی ئێران، پێکهاتەی هێزە شیعەکانی عێراقیشی لەرزان، ئەمەش بەڕونی کاریگەری لەسەر دۆخی دەرونی و سیاسی هاوپەیمانانی تاران لە بەغدا دانا، کە ئێستا ترسیان لە لەدەستدانی ئەو پێگەو قازانجە سیاسیانەیان هەیە کە لەدوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا بەدەستیان هێناوە.
دابەشبون لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا گەیشتووەتە قۆناغێک، زۆربەی لایەنەکان بڕیاریان داوە لیستی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بەڕێوەببەن، لە ترسی زیانێکی چاوەڕوان نەکراو. یەکێک لە تایبەتمەندیە دیارەکانی ئەم دابەشبونە، پەرەسەندنی ململانێی نێوان نوری مالیکی و سودانیە، کە سەردەمانێک سودانی پاشکۆی سیاسەتەکانی مالکی بوو، ئێستا خۆی لێ جیا دەکاتەوە و سیاسەتێکی سەربەخۆ دەگرێتەبەر، ئەمەش بۆ مالکی ترسی دابەزینی پێگە و نفوزیەتی.
لە هەوڵێکدا بۆ سنوردارکردنی تەماحەکانی سودانی، مالیکی دەستیکرد بە فراوانکردنی چالاکی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی کە زۆرینەی سونەن لە ڕێگەی لیست و حزبی نوێوە. مالیکی درک بەوە دەکات کە هاوپەیمانی لەگەڵ هاوکارەکانی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا ئیتر گەرەنتی نیە، بۆیە هەنگاو دەنێت بۆ بەهێزکردنی چانسەکانی لە دەرەوەی بازنەی شیعە، هەوڵدەدات لە ڕێگەی ئامرازە یاساییەکانەوە نفوزی سودانی تێکبدات، ئەمەش مانای ئەوەیە کە درزێکی گەورە لە نێوان ڕیزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەبینرێت. هەروەها مالیکی هەوڵیدا یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار بکاتەوە بۆئەوەی بەرپرسانی جێبەجێکار ناچاربکات پێنج مانگ پێش خۆکاندیدکردن دەست لەکاربکێشنەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دورخستنەوەی سودانی. هەروەها پشتگیری لە پڕۆژە یاسایەک کرد کە داوا دەکات سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا خانەنشین بکرێن، کە ئەگەری هەیە فالح ئەلفەیاد، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە و هاوکارێکی نزیک لە سودانی دوربخرێتەوە.
بەڵام ئەم هەوڵانە سەرکەوتو نەبون، مالیکی ناچار بوو بەدوای هاوپەیمانی بەدیلدا بگەڕێت، دیارترینیان لەگەڵ قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیب ئەهلی حەق و بلۆکی صادیقون لەپەرلەمان، ئەوەی شایانی باسە خەزعەلی بۆ خولی دووەم بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی سودانی، ئەمەش پەیوەندیەکەی لەگەڵ مالیکی ئاڵۆزتر کردووە، لەهەمانکاتدا مالیکی هەوڵئەدات لەنێو بازنەی شیعەکانی تردا نفوزی خۆی بپارێزێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر نەیارەکانی لەناو دەوڵەتدا داناوە.
لەم دواییانەدا گۆڕانکاریەکی بەرچاو لە ئاراستەکانی قەیس خەزعەلی، سەریهەڵداوە، لە سەرۆکی فراکسیۆنێکی چەکدارەوە بۆ سیاسەتمەدارێک کە ئاواتەخوازە ڕۆڵێکی ناوەندی لە ئیدارەی دەوڵەتدا بگێڕێت، ئەم لێکنزیکبونەوەیەی نێوان سودانی و خەزعەلی بەبێ پێکدادانی ناوخۆیی تێنەپەڕی، ئەم هاوپەیمانیە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و مالکی تووڕە کرد، کە بە جیابوونەوە لە ئۆردوگای یەکگرتوی هێزە شیعەکانیان زانیوە.
لەهەمانکاتدا خەزعەلی بەکراوەیی ماوەتەوە بەڕووی ئەگەری دووبارە یەکگرتنەوە لەگەڵ سودانیدا، پێیوایە هێشتا هاوپەیمانی لەگەڵ سودانی باشترە لە هاوپەیمانی لەگەڵ مالیکی، چونکە چانسی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی لەناو حکومەتدا زیاتر دەبێت.
هاوکات خەزعەلی کار بۆ چەسپاندنی نفوزی خۆی لەدەرەوەی چوارچێوەی شیعە دەکات بە پتەوکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پەرەسەندنی پەیوەندی خەزعەلی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، بە ڕوونی لە کاتی هاوکاریکردنیان لە هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوکدا دەرکەوت، کە دەکرێت گەرەنتی پشتیوانی دەنگی کوردەکانی بۆ بکات لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتودا.
بەم شێوەیە وا دیارە مالیکی، خەزعەلی، سودانی… بەرەو ڕوبەڕوبونەوەی ئاشکرای هەڵبژاردن دەڕۆن، کە لە نێوان حیساباتی ئاڵۆز و گۆڕانی هاوپەیمانیەکان و هاوسەنگی هێز لەناو ئۆردوگای شیعەدا لەبری هاوپەیمانی بەرەو روی یەکتر دەبنەوە.
سودانی تاڕادەیەک ڕێبازی سیاسی جەماوەری بەدەستهێناوە، هەرچەندە بەربڵاو نەبووە، بەڵام بە وێنەی دەوڵەتدارێک ڕۆڵێکی هاوسەنگی و سەقامگیری نیشانداوە تا ئەو ئاستەی توانیویەتی هاوسەنگیەک لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا ڕاگرێت، سودانی هەوڵدەدات ڕێگەیەکی سیاسی نوێ دوور لە هێزە شیعەکانی تر نیشان بدات کە متمانەی ڕای گشتی عێراقیان لەدەستداوە. هەر لەم چوارچێوەیەدا، سودانی هاوپەیمانیەکی ستراتیژی لەگەڵ فالح ئەلفەیاد، سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی دروستکردووە، کە پەیوەندیەکی کاریگەری لەگەڵ هۆزەکانی پارێزگا سوننەکاندا هەیە، بەتایبەتی لە ئەنبار و سەڵاحەدین.
ئەگەر سودانی سەرکەوتو بێت له پێکهێنانی هاوپەیمانیەکی سەربەخۆی هەڵبژاردن و کێشەکانی لەگەڵ هەولێر بە ئەنجامێکی ئەرێنی بگەیەنێت، دەبێتە دەستکەوێک بۆی لەسەر سندوقی دەنگدان، بەڵام ئەوەی پێش ئەم هەڵبژاردنە جێگای سەرنجە تائێستا کێشەکانی بەغدا و هەولێر بە ئاڵۆزی و ناجێگری و ناڕۆشنی ماوەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی موقتەدا سەدر پێشتر، بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕاگەیاند بە ناوی ئەوەی گەندەڵی بەربڵاو لە ژیانی سیاسی عێراقدا زاڵە، ئەگەری ئەوە هەیە کە سەدر پشتیوانی لە بزووتنەوەیەکی سەربەخۆی شیعە بکات کە پەیوەندی بە چوارچێوەی حوکمڕانی ئێستاوە نیە، ڕاستە پێشتر بایکۆتیان کردووە، بەڵام ئێستا بۆ خۆیان دەڵێن دۆخەکە لە گۆڕاندایە.
ئەگەر سەدر لە ڕێگەی پشتیوانی ناڕاستەوخۆوە بچێتە ناوەوە، ئەوە هاوسەنگی هێز تێکدەدات و تەنانەت نەیارەکانی وەک مالیکی و سودانیش ڕەنگە ناچاربن هاوپەیمانیەک پێکبهێنن بۆ بەرپەرچدانەوەی کاریگەریە ئەگەریەکانی سەدر لەسەر هەڵبژاردن.
لە لایەکی دیکەوە، کوتلە میلیشیا شیعەکانی سەربەئێران، لە ساڵی ٢٠٠٣وە عێراقیان داگیرکرد، دواتر لە تشرینی ٢٠١٩ ڕوبەڕوی سەختترین تەحەدای هەڵبژاردنی خۆیان بوونەوە، جەماوەر لەبەرامبەریاندا هاتنە سەر شەقام، لەهەمانکاتدا زیادبونی فشارەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەکدارەکانیان، هاوسەنگیان لەدەستداوە. ئەتوانین بڵێین ئەم کوتلانە لە دوای شەڕی ئیسرائیل و ئێران زیاتر بەدەست پارچەپارچەبونی ناوخۆییەوە دەناڵێنن و فرسەتی سەرکەوتنی سەربەخۆییان نابێت بۆ بەشداری لە هەڵبژاردندا.
بەم شێوەیە هێزە سیاسیە شیعەکان بەگشتی و چوارچێوەی هەماهەنگی بەتایبەتی، لەگەڵ ڕەوتی سەدری و کوتلە میلیشیاکان لە نێو دیمەنێکی زۆر ئاڵۆزدا دەچنە ناو هەڵبژاردنەکانی داهاتووەوە، کە بە حیساباتێکی ناوخۆیی و بە تێکەڵاویەکی نەگونجاوی لاواز دەکەونە بەر ڕکابەری لایەنەکانی تر لە بەرامبەر سونەکان و کوردەکاندا، بەو مانایەی هیچ گەرەنتیەک لە چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی عێراق دابین نابێت. پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو پەیوەستە بە توانای ئەو لایەنانەی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هاوپەیمانیەکانیان لە ژێر ڕۆشنایی ئاستەنگە نوێیەکاندا، گەر بتوانن هاوپەیمانی و ئاسۆیەک لە پێکهینانی حکومەت نیشان بدەن.!
بەپێچەوانەی هێزە شیعەکان کە هەوڵی دووبارە جێگیرکردنەوەی خۆیان دەدەن، پێناچێت گۆڕەپانی سونەی عێراق ئامادەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو دابەشبونانەی کە ساڵانێکە دەرگیری بون، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لایەنە سونەکان بە هەمان دابەشبوونە کۆنەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ڕکابەری دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەکی جددی بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو هەبێت.
چاوەڕوانی هیچ نیشانەیەکی هاوپەیمانی و یەکگرتویی نێوان لایەنە سونەکان ناکرێت، هەرچەندە پرسیارەکە ئێستا لە سەر سونەکان پەیوەندی بە هاوپەیمانیەوە نیە، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کێیە کە دەتوانێ دەنگ بۆ سونەکان بەدەست بهێنێت، ئایا محەمەد حەلبوسی دەتوانێ خاوەن نفوزێکی بەتوانا بێت بۆ بەدەستهێنانی دەنگی پێویست، یان لایەنە بچوکەکانیش دەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر ڕکابەری لەگەڵدا بکەن!؟
حەلبوسی لە چەند ساڵی ڕابردوودا توانی هەژمونی خۆی بەسەر گۆڕەپانی سیاسی سوننەدا بچەسپێنێت، پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١دا ٣٧ کورسی بەدەستهێناوە، هەروەها سەرۆکی پەرلەمانیش بوو تا ئەوکاتەی لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بە بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، سەرەڕای ئەم لێدانەش، چاوەڕوانیەکان ماونەتەوە کە حەلبوسی وەک کاریگەرترین هێزی سوننە بمێنێتەوە.
لەکاتێکدا کە هێزە سیاسیەکانی شیعە و سوننە بەرەو هاوپەیمانی و بلۆکی ناتەقلیدی هەنگاو دەنێین، هەوڵێکی بێ سەمەرو ناتەبا لەناو هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی کورد لەپێش هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت، کە بافڵ تاڵەبانی بە ناچاری باس لە هاوپەیمانیەک بە سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی دەکات، تا کاریگەرترین لایەنی هەرێم دروست بکەن.!
بەڵام سەرەڕای گرنگی ستراتیژی ئەم هەنگاوە بۆ خودی پێگەی بارزانی و تاڵەبانی لەم دۆخەدا، ئاشکرایە کە بەهۆی مێژوی دور و درێژی ناکۆکی نێوان هەردوولا، وەک دوو هێزی میلیشا و خاوەن بەرژەوەندی بنەماڵەیی و پێگەی تایبەت لە دوو زۆندا، چانسی گەیشتن بەو هەنگاوە بەڵگە نەویستە کە سنووردار دەمێنێتەوەو جێبەجێ ناکرێت. بارزانی بە دیفاکتۆ کۆنترۆڵی خۆی بەدەستەوەیە و ئاستەنگی بۆ هەر هاوپەیمانیەکی هاوسەنگ دروست دەکات، فشار دەبێت لەسەر تاڵەبانی، کە ناچار دەبێت ملکەچی بارزانی بێت.! به دەستهێنانی یه کگرتویی بارزانی و تاڵەبانی به دڵنیایەوه ئەستەمە، به تایبەت له ژێر ڕۆشنایی دووبەرەکی قوڵ و ناکۆکیه دێرینەکانیانن، هەروەها دوو هێزی ناسیۆنالستی کۆنەپەرست و نائیسانی و جەردە و گەندەڵ لەسەر حسابی کێشەی کورد مامەڵە و بازرگانی و قاچاخچێتی دەکەن، ئەمەش کاریگەری لەسەر دۆخی هەڵبژاردنەکە دەبێت. بەمجۆرە یەکڕیزی کورد بە ملکەچی دانوستانی نێوخۆیی دەمێنێتەوە، لەنێو ئاڵۆزیە سیاسی و ئابوریەکانی بەردەم هەولێر و گرژی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ بەغدا.
لەکۆتایدا تائێستا ئامادەکاریەکی داڕێژراو و گونجاو بەرەیەکی یەکگرتو لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمساڵی عێراقدا بەدی ناکرێت، لە کاتێکدا دۆخی ناوچەکە لە لوتکەی قەیران و گێژاوی سیاسیدایە، ئاراستەکەی نەک هیچ ئاسۆیەکی گەش لە ئارامی ناخاتە پێش چاو، بەڵکو چاوەڕوانی ناجێگیری و کارەساتی زیاتر دەکرێت.!




عێراق بەرەو زریانێکی تر!.. عوسمانی حاجی مارف

هەڕەشەی حزبولڵا لە ناو حکومەتی بەغدا، بۆخواستی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەماوەی دوو مانگدا، واتە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە عێراقدا. لەلایەکی ترەوە سودانی وەک نوێنەری هەڵوێستی حکومەت کە بەردەوامی مانەوەی ئەو هێزانەی ئەمریکا لە بنکەکانیاندا بە پێویستیەک بۆ پاراستنی سیستەمی سیاسی ئێستای عێراق دەزانێت، ئەمەش نیشاندانی ناکۆکی نێوان هێزەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگیە” کە لە حکومەتی عێراقدان، کە واقیعی دۆخی سیاسی ئاژاوە و سەرلێشێواوی زیاتر بەخۆوە دەبینێت و ئەگەری ئەوە هەیە قوڵتر بێتەوە، وە پەرتبونەکەی زیاتر بێت و دابەشبون لە نێوان پایەکانی سیستەمی حوکمڕانیدا فراوانتر بکات.
دۆخی عێراق ئاڵۆزتر بووە، کاتێک دوو پێچەوانە لە یەک کاسەدان، لایەک کە بەشێکە لە بڕیاردەری سیاسی، نەتوانێ خۆی لە نفوزی ئێران دوور خاتەوە، لەهەمانکاتدا لاکەی تر کە هەمان بڕیادەری سیاسیە، بەڵام چاوەڕوانی لە دەوری ئەمریکا هەبێت لە عێراقدا، ئەتوانین ئاڵۆزی و گێژاوی دۆخەکە بناسین.
لەم چوارچێوەیەی ئێستادا کە دەسەڵاتداریەتی لە بەغدا درێژە بە ڕێڕەوی ئاڵۆزی خۆیان ئەدەن، بە ساغ نەبونی یەکدەستیان لە سەر پاشکۆبون بۆ ئێران یا ئەمریکا، لەلایەکی ترەوە لە چوارچێوەی ململانێی بەردەوامی نێوان حکومەتی بەغدا و هەولێردا ئەمسەرو ئەوسەر دەکرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی بارزانی و حکومەتی هەرێم خاوەنی زانیارین سەبارەت بەو ناکۆکی و هەڕەشە جدیانەی کەدەتوانن هەڕەشە لە سەر حکومەتی ئێستای بەغداد بکەن، بۆیە لەهەر فرەسەتێکدا بارزانی یاریەک دەکات و کارتێک فرێ ئەداتە سەرمێزی قومارخانەی دەسەڵات.
ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی پێداگری لەسەر پابەندبون بە خواستی ئەمریکا بۆ ڕادەستکردنی چەکی میلیشیای حەشدی شەعبی بە حکومەتی عێراق نەکات، دەرگیری واقعیەتێکی ناتەندروست دەبێت، رادەستیشی بکات پێگەی دەسەڵاتی تەواو لەق دەبێت!.
ئەمریکا جەختی لەسەر جدیەتی هەڕەشەکانیەتی سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی، هەر لەم بارەیەوە ئەمریکا نیگەرانە بە دواخستنی یاسای پێشنیارکراو کە لە پەرلەمانی عێراقدا تاوتوێ دەکرێت و تائێستا نەخراوەتە دەنگدانەوە، چەند جارێکە دەنگدانەکە دوادەخرێت لەبەرئەوەی نوێنەرانی سوننە و کورد لە دانیشتنەکانی پەرلەمان دەرچوون، بەگوێرەی نوێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت ئەو یاسایە بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق بناسێنن.
بە مانایەک ئەم دەستێوەردانە دەرەکیەی ئەمریکا لە عێراقدا و هەوڵدان بۆ هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی لەگەڵ ویست و دەوری ئێراندا نایەتەوە، هەروەها داوای حزبولڵای عێراق بۆ خێراکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەمەبەستی ئەوەیە لەڕێگەی بنکە سەربازیەکانی ئەمریکاوە کە دەکەوێتە سەر خاکی عێراق، ئێران نەکرێتە ئامانج.
بەڵام واپێدەچێت حکومەتی عێراق چیتر فرسەتی وای بەدەستەوە نەمابێت، چونکە بەڵگە و پێوەرەکان ئەوە دەگەیەنن کە سیاسەتی ئەمریکا لە بڕیاردان بۆ دابڕانی عێراق لە ئێران پێداگری خێرا دەکات، واتە ئەم سیناریۆیە گەیشتوەتە ئاستێک لە هەوڵ بۆکۆتاییهێنان بە حەشدی شەعبی و فشارهێنان بۆ جێبەجێکردنی.
هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، هەنگاوەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر کاریگەری خۆیان و سەرەتای داڕمانی سیستەمی سیاسیان دەزانن، پێیانوایە چەکداماڵینی حەشدی شەعبی جیاوازی نیە لەگەڵ نمونەی “شێواندنی ڕوخساری مرۆڤدا”، وەک ئەوەی لەبەرامبەر هەندێک نەتەوە و مەزهەب لە سوریا کراوە، کە دەبێتە زریانێک بۆ سەر پێکهاتەی دەوڵەتی عێراق.
ئەگەری زریانی داهاتوی ڕوو بە عێراق، کە بە بەڵگە و نەخشە سیاسیەکانەوە دەخرێتە ڕوو، کاریگەریەکەی تەنها لەڕێگای ململانێی ئێران و ئەمریکاوە دروست نابێت، بەڵکو لە هەمانکاتدا لە سایەی ئەو دەستە میلیشیاییانەوەیە کە دوو دەیە زیاترە حوکمڕانی عێراق دەکەن، جگە لە تاڵانچێتی و جەردەیی و وێرانکاری و ئاژاوە و خولقاندنی کارەسات هیچی دیکەیان لێ ناچنرێتەوە.
بوونی میلیشیا چەکدارەکان لە پەرلەمانی عێراق هەمیشە نوێنەرایەتی دۆخێکی نائاسایی مەترسیدار دەکەن، کە ئاماژەیە بۆ قەیرانێکی سیاسی بەردەوام کە لە ئەنجامی شەڕی نێوانیان و باڵادەستی بە هێزی چەکداری و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بارگرژی و ڕێزنەگرتن لە ئاسودەی و ئارامی دەبێتە هۆی ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی، کە چەندین ساڵە خەڵکی عێراقی پێ زەلیلکراوە.
ڕژێمی عێراق ئەمڕۆ لە گۆڕەپانێکدا وەستاوە، ڕێڕەوەکەی زیاتر لە سەر پاوانخوازی هێزە میلیشیاکانی سەربەئێران و باڵادەستی مەزهەبی شیعەیە، کە بەردەوام هەڕەشەیە لە ناسەقامگیری خودی دەوڵەت و قەبول نەکردنی ناساندنی دەستورە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبون، بەم شێوەیە عێراق لە ئایندەیەکی تاریک و ناڕۆشن و نادیار ڕادەگیرێت.
ئێران و ئەمریکا لەسەر چاودێریکردنی دۆخەکەن، لەململانێی نێوانیان و بە گەمەی سیاسی خۆیان پشتیوانی لایەنە جۆربەجۆرەکانی عێراق دەکەن، کە ئەو لایەنە سیاسیانەیان کردۆتە پاشکۆی بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی خۆیان، ئەمەش عێراقی خستۆتە ناو بازنەی ململانێیەک کە ئیرادە و ڕێبازی سەربەخۆی تەواوی هێزو لایەنەکانی خاڵی کردۆتەوە، چارەنوسی عێراق تەواو گرێی خواردووە بە ئایندە و ڕێرەوی ئەو ململانێیەی ئێران و ئەمریکا کە نازانرێت کەی یەکلایی دەبێتەوە.
لایەنێکی دیکەش کە پەیوەندی بە دووبارە ڕیزکردنەوەی هێزە شیعەکانەوە هەیە، بزووتنەوەی سەدریەکانە، سەرەڕای کشانەوەیان لە پەرلەمان، وەک یاریزانێکی بەهێز لەسەر شەقامەکان ماونەتەوە بە پشتبەستن بەوەی هەوڵدەدەن شەرعیەتی هەڵبژاردن پێناسە کەنەوە، بە نیازن لەم دۆخەی ئێستادا گەر بۆیان بلوێت گەمەیەکی تر لە گۆرەپانەکەدا بکەن، هاوکات هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵدەدەن پێگەی خۆیان بپارێزن، بەڵام ئاشکرایە ڕوبەڕوی ئاستەنگی زۆر و فشاری ناوخۆیی و دەرەکی دەبنەوە.
ئەوەی شایانی باسە ڕۆڵی لایەنە کوردیەکان و سونەکان لە هاوکێشەی سیاسی داهاتوی عێراقدا و لە نێوان دەخالەتی ئێران و ئەمریکا لە عێراقدا بێ بایەخ نیە، بەتایبەتی لەگەڵ سەرهەڵدانی هاوپەیمانی نوێ لە دەرەوەی سەرکردایەتی ئێستای حکومەتی عێراقدا، بە ئەگەرێکی زۆرەوە هاوسەنگی هێز لە بەغدا بگۆڕدرێت. لەم دۆخەشدا هێزە کوردیەکان بەدەست دووبەرەکی و ململانێی ناوخۆییەوە دەناڵێنن، ئەمەش وەک هەمیشە پێگەیان لە یاریەکان و دانوستانەکاندا لاواز دەکات، یان ئەگەری زۆرە زیاتر بارزانی بەکارتی قومارەکانی دەتوانێت یاریزانێکی بەتواناتر بێت و سود لەم دۆخە وەرگرێت.
لەلایەکی ترەوە هێزە سوننەکان هەوڵدەدەن خۆیان لە قاڵب بدەنەوە و خۆیان لە چوارچێوەی دیمەنی سیاسیدا جێگیر بکەن و لەڕیزی هاوشێوەی حکومەتی ئێستای سوریادا، خۆیان لەگەڵ ئەمریکا بگونجێنن، کە دەورانێکی تر و بە ڕۆڵێکی تر گێژاوی سیاسی و نائارامی لە عێراق درێژە پێدەدەن.
لە ڕاستیا ئەتوانین بڵێین دیمەنی ئێستای عێراق و ئایندەکەی زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە لە وێنەی سیناریۆکانی واقیعی ئێستادا دەبینرێت، لەنێوان هێزە سیاسیەکانی دەسەڵاتداری ئێستا و فراکسیۆنەکانی دیکە، واتە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هەر هێزێکی چەکداری تر، ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی عێراقدا شەڕی دواین موزایەدەی مان و نەمانی ئێران دەکرێت.
ئەوەش کە جێگای ئاماژە پێدانە هەموو ئەو قسانەی لە ئێستادا لەبارەی داواکاریەکەی ئەمریکا و نێودەوڵەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا و کوتلە عێراقیەکان بڵاودەکرێنەوە، نابینرێت کەزۆر بەجدی مامەڵەی دەکرێت و بەم زووانە جێبەجێ بکرێت، دیداری ئەم دواییەی نێوان سودانی و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، باشترین بەڵگەی کشانەوەی ئیدارەی بایدن بوو لە مەلەفی عێراق و ڕەوانەکردنی بۆ ئیدارەی نوێی ترەمپ، پێموابێ هەر ئەمەشە کە سودانی و حکومەتی عێراق فرسەتی ئەوەیان هەیە خاوەخاوی تیا بکەن.
بۆیە واپێدەچێت جارێ چەکی میلیشیاکان لە ئێستا زیاتر بۆ پاراستنی “دەسەڵات” لە ناوخۆدا بهێڵنەوە، نەک بۆ هەڕەشەی دەرەکی، هەروەها تاران متمانەی بەو چەکانە و کاریگەریەکانی نیە بۆ بەردەوامی دەخالەتی لە عێراقدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تەواوی عێراق بارمتەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە و چاوەڕێی نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا و ترەمپ دەکات.
سەردان و چالاکیەکانی سودانی لە دەرەوەی وڵات تەنیا “نمایشێک” و هەوڵێکە بۆ بەبازاڕکردنی وێنەی سەرۆکوەزیران وەک فریادڕەسێک بۆ ڕای گشتی عێراق، لە هەمانکاتدا هەوڵێکی سودانیە بۆ پاراستنی پێگەی چوارچێوەی هەماهەنگی و میلیشیاکانی.
لەلایەکی ترەوە ژینگەی هەڵبژاردن لە عێراقدا لە قەیرانێکی قوڵتردایە، بەهۆی دابەزینی متمانەی گشتی بە دەسەڵاتی سیاسی و تەواوی لایەنە سیاسیەکان و دامەزراوەکان، بەردەوامی لە کەڵەکەبونی دۆسیەی گەندەڵی، ئەزمونەکانی پێشوتریش، بەتایبەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١، دەرکەوتووە کەلێنی قووڵتربونەوەی زیاتری نێوان هاووڵاتیان و دەسەڵاتە، لەگەڵ ڕێژەیەکی بەرزی بەشدارینەکردن لە دەنگداندا، هاوکات لەگەڵ تۆمەتی ساختەکاری و نەبوونی شەفافیەت لە ئەنجامەکاندا.
دەشێ هەڵبژاردنی داهاتوو نوێنەرایەتی ساتێکی هەستیار لە مێژووی سیاسی عێراقدا بکات، کە بەردەوامی لە سوڕی دوبەرەکی و ئیفلیجی سیاسیدا دیاری دەکەن، شکستی زیاتری حکومەتی فیدراڵی بەرجەستە دەکەنەوە، بۆیە گرەوەکانی ئەمڕۆ تەنها لەسەر ئەوە نیە کە کێ سەردەکەوێت، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کە ئایا ئەوانەی سەردەکەون دەتوانن سەقامگیری لە دۆخی سیاسی عێراقدا بەدیبێنن؟ لەکاتێکدا کە زریانێک لە ئاڵوگۆڕ لەسەر ڕێگای دۆخی سیاسی عێراق لە ململانێی ئێران و ئەمریکادا شەپۆل ئەدات.
کلیلی گۆڕانی سیاسی لەدۆخی ئێستای عێراق و دەرکێشانی لەو گێژاوەدا، هاتنەمەیدان و سەرهەڵدانی هێزی سەربەخۆی جەماوەریە وەک هێزەکانی تشرین و بزوتنەوە مەدەنیەکان و خۆپیشاندانی جەماوەری بەرفراوان کە تەحەدایەک بۆ دەسەڵاتی ئێستا دروست دەکەن، ئەمەش وەک بزوتنەوەیەک کە هەوڵ ئەدات دەورو دەخالەتی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا بەدەست بهێنێت و جێگیر بکات، گەربتوانن لە ژێر بەرنامەی واقیعی ئینساندۆستی و ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی و هاوپەیمانی فراواندا رێکخراوبن و یەکگرتوبن، ئەتوانن پێشکەوتن و پێشڕەوی و مرۆڤایەتی لەسەر نەخشەی سیاسی لە هەر شوێن و پارچەیەکی عێراقدا بەدەستبهێنرێت و بەر بەهەر زریانێک بگرن کە تەحەددای دانیشتوانی ناوچەکە دەکات.

عوسمانی حاجی مارف




ڕۆڵی تورکیا لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا!.. عوسمانی حاجی مارف

زیاتر لە دە ساڵە پەیوەندی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیلدا گرژی قووڵی بەخۆیەوە بینیوە، لەهەمانکاتدا چەندین سەدە قۆناغی دوژمنایەتی ئاشکرا، یان کێبڕکێی لەگەڵ ئێراندا هەبووە، بەم پێیەش لەئێستادا لە بەرژەوەندی هیچ کام لە ئیسرائیل و ئێران هەڵوێستی نەگرتووە. لە شەڕی ئەم دواییەی هەردوو وڵاتدا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەنقەرە لایەنگری ئەوەیە نفوزی ئەتۆمی ئێران سنووردار بکرێت، لەلایەکی تریشەوە نیگەرانی سەرسەختی باڵادەستی سەربازی ئیسرائیلە لە ناوچەکەدا و ترسی هەیە لە دەرئەنجامی ئەگەرەکانی داڕمانی کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاری ئەمریکاو ئیسرائیلدا.
لە سەردەمی ئەردۆغانەوە، ئێران و تورکیا لە سوریا خەریکی ململانێیەکی درێژخایەنی بە وەکالەت بون، تاران پشتیوانی لە ڕژێمی ئەسەد دەکرد و ئەنقەرە بەتەنگ پشتیوانی ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە بوو، بەڵام ئەمە دوو ڕۆڵی جیاوازە هیچ گۆڕانکاری و کاریگەریەکی لە بیرکردنەوەی ستراتیژیان لە تەواوی ناوچەکە نەکردووە، وەک دوو زلهێزی ئیقلیمی و یەکسان لە دەسەڵاتدا و یەکسان لە هاوسەنگیدا مامەڵەی یەکتریان کردووە، بەوهۆیەوە خۆیان لە دوژمنایەتی ڕاستەوخۆ بەدوور دەگرن.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هاوسەنگیە مێژوویە و ڕکابەری هەردولایان بۆ دەخالەتیان لە ناوچەکە، بیرۆکەی بونی ئێران بە هێزێکی ئەتۆمی لای تورکیا، هێڵێکی سورو مەترسیداربووە. ئەگەر تاران سوودێکی لەو شێوەیە بەدەست بهێنێت، ئەوا بە شێوەیەکی کاریگەر ئێران هاوسەنگی هێزی سێ سەدە لە بەرامبەر تورکیا کۆتایی پێدەهێنێت. بۆیە ئەنقەرە بەشێوەیەکی گشتی پشتیوانی لەو ڕێوشوێنانە کردووە کە ئامانجیان ڕێگریکردنە لە بە ئەتۆم بونی ئێران.
ئێران و تورکیا هەرلایەکیان پەیوەست بە سیاسەت و بەرژەوەندیان لە ناوچەکەدا بە شێوازی جیاواز دژایەتی ئیسرائیلیان کردووە.
ئەوەی جێگای سەرنجە پەیوەندیەکانی تورکیا و ئیسرائیل لە سەردەمی ئەردۆغاندا بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچوو، ئەو سیاسەتەی تورکیا روبەدەرەوە پەیڕەوی دەکرد، پشتکردنە ئەوروپای ناوەندی و دەستهەڵگرتن لە یەکێتی ئەورپا و ڕوکردنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، ئەتوانین بڵێین لەم پرۆسەی ئاوێزان بونەی بە ناوچەکەوە، لە هەمان کاتدا وەک ڕکابەرێکی بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاوی ناوە.
هەر لە ساڵی ٢٠٠٦ ئەردۆغان بە میوانداریکردنی شاندێکی تاقمی تیرۆریستی حەماس گرژی و ئاڵۆزیەکانی لە بەرامبەر ئیسرائیل هەڵگیرساند. کاتێک هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کەشتیەکی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٠دا، کە ئیسرائیل هەوڵی ئەدا شکاندنی گەمارۆی کەرتی غەززە لە ژێر کۆنترۆڵی حەماسدا دەربهێنێت، هەشت هاووڵاتی تورکیا و دوو هاووڵاتی ئەمریکی کوژران. بە دوایدا پەیوەندیەکانی تورکیا و ئیسرائیل بە تەواوی داڕما، هەروەها بەردەوامی دەسەڵاتی ناتانیاهۆ، بەوەی پەرچەکرداری بەرامبەر دەخالەتی تورکیا لە ناوچەکە نیشان ئەدا، تێکچوونی پەیوەندیەکانی خێراتر کرد، ڕق و کینەی قووڵ و وەستانەویان بەرامەبەر یەکتر، کەنێوانی ناتانیاهۆ و ئەردۆغان گەێشت بەوەی گەڕاندنەوەی پەیوەندیە هەمیشەیەکان نزیک کردەوە لە مەحاڵ. هاوکات ئیسرائیل کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ هەسەدە دامەزراند، ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل وەک بەشێکی لەوەڵامدانەوە بە پەیوەندیەکانی ئەنقەرە بوو لەگەڵ حەماسدا.
ڕووداوەکانی دوو ساڵی ڕابردوو زیاتر پەیوەندی نێوان تورکیا و ئیسرائیلی ئاڵۆزترکرد، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا تورکیا یارمەتی هێزی میلیشیای ئەحمەد شەرعی دا و گەیاندنی بە ڕووخاندنی ئەسەد، بەمەش دیمەشق کەوتە دەست گروپە ئۆپۆزیسیۆنە میلیشیاکان بە سەرۆکایەتی هەیئەت تەحریر شام، ئەم هەنگاوەش داڕێژەرانی سیاسەتی ئیسرائیلی توڕە کرد و هەندێکیان بەو ئەنجامە گەیشتن کە تورکیا یەکێ لە ڕکابەری سەرسەختی ڕۆڵی ئیسرائیلە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی دوای ڕوخانی ئەسەد و دەخالەتی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی تورکیا لە سوریا ئەم حاڵەتی بارگرژی و ململانێیە هەردوولای بەرجەسەتەکردەوە.
لەهەمانکاتدا بۆ ئەنقەرەش هەمان هەستی پەرچەکردار لەبەرامبەر ڕۆڵی ئیسرائیل راگەیەندرا، کە هێزه سەربازیەکانی ئیسرائیل له تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ وه نیشانی داوه هەر له وێرانکردنی سەرکردایەتی و ژێرخانی حەماس و حزبولڵا تا به ئامانجکردنی فەرمانده باڵاکانی سەربازی ئێران و کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئاسمانی ناوچەکە، ئەمەش دەکاتە ئەوەی ئیسرائیل جەمسەرێکی مەتریسدارە و جێگای هیچ متمانەیەک نیە لەبەرامبەر تورکیاشدا.
هەرچەندە ئەنقەرە دژایەتی هەر هەنگاوێکی تری سەربازی ئیسرائیل لە دژی ئێران دەکات و نیگەرانە لەهەر کردارێکی سەربازی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، بەڵام هێشتا پێدەچێت زیاتر پشتیوانی لە ڕێوشوێنە ناسەربازیەکانی ئەمریکا بکات کە بە ئامانجی کۆتاییهێنانی تەماحە ئەتۆمیەکانی تارانە، بە یەکجارەکی و بۆ هەمیشە، لەوانەش تەنها لەڕێی دانوسان وتووێژ و گوشاری ئابووری و سزای زیاترەوە، نەک بۆردمان و هێرشی سەربازی، بۆیە ئەگەر ترامپ پابەند بێت بە ڕێبازی دیپلۆماسی و فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی هەمان کار بکات، ئەوا ئەگەری هاوپەیمانیەک لە نێوان تورکیا و ئیسرائیلدا پەیدا دەبێت.
بەڵام لەو حاڵەتەشدا بۆ واشنتۆن ئەوە گرنگە کە متمانەی ئەوەی هەبێت تورکیا دەتوانێت یان تەواو قەبوڵی بکات، بچێتە ناو سنوری بازنەی سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، دۆخێکی ئارام بۆ دەوری باڵادەستی و سەرمایەگوزاری بۆ ئەمریکا لە ناوچەکەدا پەیڕەو بکەن، لایەنەکان دڵنیایی ئەوە بدەن کە لە ئەگەری پەرەسەندنی سەربازیدا خۆیان بە دوور بگرن.
تورکیا لە ئێستادا نزیکەی چوار ملیۆن پەنابەری لەخۆ گرتووە کە زۆربەیان خەڵکی سوریا و وڵاتانی ناسەقامگیرن و باش دەزانێت کە هەڵکشانی سەربازی لەگەڵ ئێران دەتوانێت ببێتە هۆی لێشاوی زیاتری پەنابەران. هەرچەندە زۆربەی ناوەندە گەورەکانی دانیشتوانی ئێران بە سەدان میل لە سنووری تورکیاوە دوورن، بەڵام زۆرێک لەو هاووڵاتیانەی کە لە ماوەی دەیان ساڵدا لە کۆماری ئیسلامی هەڵاتوون، تورکیایان وەک پەناگەیەکی پەسەندکراوی خۆیان هەڵبژاردووە، وەک ڕێڕەوێک بەرەو ئەوروپا و ئەمریکا، کە دۆخی دوای ڕوخانی کۆماری ئیسلامی دۆخێکی وەها نالەبار پێشبینی دەکرێت، بە ملێۆن ئێرانی ڕووبکەنە تورکیا.
هەروەها ئەوەش کە زیاتر جێگای نیگەرانی ئەنکارایە ئەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنانەی ئێرانە کە لەهەمانکاتدا دژی حکومەتی تورکیان، داڕمانی ڕژێمی ئێران بقۆزنەوە لە پلاندانانی هێرشی سنووربەزانن بۆ سەر تورکیا، وەک پێکهاتنی هێزی میلیشیای ئیسلامی و لایەنگرانی پەکەکە بۆ تێکدانی ئاسایشی تورکیا بە بەکارهێنانی خاکی ئێران.
ئەردۆغان زۆر سوپاسی ترەمپ دەکات، کە سزاکانی سەر سوریای هەڵپەساردووە و ئەحمەد شەرع لە لیستی تیرۆر دەرهاتووە، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ سەقامگیرکردنی سنوورە دوور و درێژەکانی لە باشوری تورکیا، جگە لەوەش بڕیارەکانی ترەمپ و هەڵوێستە ڕاگەیەندراوەکان سەبارەت بە نە ڕوخانی ڕژێم تا ڕادەیەک لەگەڵ هێڵی سووری ئەردۆغان سەبارەت بە ڕووخانی دەوڵەتی ئێران یەکدەگرێتەوە، بۆیە پێدەچێت ئۆردوغان زیاتر هاوتەریب بێت لەگەڵ پلانە دیپلۆماسیەکانی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر ئێران.
ئەوەش شاراوە نیە کە ئەردۆغان سوکایەتی بە حکومەتی نەتانیاهۆ دەکات و زۆرجار قسەی توند لە دژی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی ئیسرائیل بەکاردەهێنێت. لەم دواییانەدا ناتانیاهۆی بە “گەورەترین بەربەست لەبەردەم ئاشتی ناوچەکە” وەسف کرد و هەڵسوکەوتی ئیسرائیلی بە “باندێکی ئاشکرا” بەراورد کرد.
دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران هاوکاری پرۆسەی دیپلۆماسی دەکات، کە لەم بارەیەوە بەگشتی دۆخی ناوچەکە و چاوەڕوانی لایەنەکان بەستراوەتەوە بەو دانوستانەی کە دەبێت ئەمریکاو ئێران ئەنجامی بدەن، کە تائێستا لەوبارەیەوە کاتێکی گونجاو دیاری نەکراوە، هەر بۆیە دۆخەکە بەگشتی بە هەڵواسراوی و ناڕۆشنی ماوەتە، تا باسکردن لە ئەگەری ئەوە هەیە شەڕەکە ڕوبداتەوە.
لە هەمانکاتدا چاوەڕاون دەکرێت ئەمریکا تەواوی پرسەکانی ئێران بخاتە نێو وتووێژە ستراتیژیە دوو قۆڵیەکانی لەگەڵ تورکیادا، تا بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ تورکیا جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە کە ئامانج لێی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران نیە، بەڵکو فشارخستنەسەریەتی بۆ ئەوەی لاواز بێت، دواجار واز لە تەماحە ئەتۆمیەکانی بهێنێت، دەرئەنجامێک کە بەرپرسانی تورکیاش پشتیوانی لێدەکەن، هەروەها ئەمریکا هەوڵئەدات ئیسرائیلیش پاپەند بکات بەو ئەنجامگیریەی کە ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا ڕێکەوێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران، هیچکات وەک ئێستا لە پێگەیەکی وەها لاوازدا نەبووە، دوبارە بونەوەی لێدانی یەک لە دوای یەک دەتوانێت بەرەو لێواری داڕمانی بەرێت. لەم سیناریۆیەدا تورکیا دەرفەتێک لەدەست ئەدات بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیەکانی ئەگەر ئیسرائیل شەڕی ئاسمانی خۆی نوێ بکاتەوە، مەترسی هاوشێوەی دوانزە ڕۆژی شەڕەکە زیاتر دروست دەبێتەوە.
لە هەر حاڵەتێکدا، گەر واشنتۆن پشت بە پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان تورکیا و ئیسرائیل ببەستێت تا گرژیەکانی هەر دوولایان پەرە نەسەنن، بۆ تورکیا ئەوە کارسازترە ئیدارەی ترەمپ کار لە سەر بەهێزکردنی هەوڵە بەرفراوانەکانی بۆ دروستکردنی متمانە لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا بەرجەستەکاتەوە. بە کۆکردنەوەو ڕێکەوتنی هەردوولا بۆ گفتوگۆی زیاتر لەسەر چالاکیە سنووربەزێنەکانی ئەنقەرە لە باکور و باشووری سوریا، کە سەرچاوەیەکی دیکەی گرژی هەردوولایەنە.
ئەردۆغان هەوڵئەدات بە بێدەنگی ململانێکان وەک شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و ئێران بقۆزێتەوە، هەم بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئەنقەرە لە ناوچەکەدا و هەم بۆ سەرقاڵکردنی لە پرسە ناوخۆییەکان.
تورکیا هەڵکشانی سەربازی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و ئێران بە دەرفەتێک بۆ بەرزکردنەوەی گرنگی دیپلۆماسی خۆی دەزانێت، ئەردۆغان ویستویەتی لە ئیستانبوڵ میوانداری وتووێژی ڕاستەوخۆی نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێران بکات، بەڵام ئەو هەوڵانە شکستی هێنا، جگە لەوەش بە گشتی دۆخەکە بە جۆرێک ئاڵۆزی و بارگرژی پێوە دیارە، واپێدەچێت لە ئێستادا ڕێرەوی ڕووداوەکان لە چاوەڕوانی دانوستانی ئەمریکا و ئێراندایە!.

عوسمانی حاجی مارف




ئاڵۆزی پەیوەندی بەغدا و هەولێر!.. عوسمانی حاجی مارف

لەکاتێکدا حکومەتی عێراق لەلایەک سەرقاڵی کێشەکانی نێوان لایەنەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” و هەڵبژاردن و چاوەڕوانی ئایندەی پەیوەندیان بە کۆماری ئیسلامی ئێران و ناجێگیری دۆخی ناوچەکە و کاریگەری ئەم دۆخە لەسەر عێراق و هەڕەشە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبیە، لەلایەکی ترەوە دەبینین حکومەتی بەغدا وەک گەمەیەکی سیاسی بۆ ململانێی لەبەرامبەر حکومەتی هەرێمدا بەمەبەست پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوادەخات، کە بە هەولێر و بەغدا هەردولایان دانیشتوانی هەرێمیان بە بارمتە گرتووە و کردویانە بە قوربانی ململانێ و کێشەکانی نێوان خۆیان.
حکومەتی هەرێم کەوتۆتە بەر هەڕەشەی گەمارۆی ئابوری و پەرەسەندنی نائەمنی لەبەرامبەر بەغداو دۆخی ناجێگیری ناوچەکەدا، کە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بە بیانوی ناکۆکی پەیوەست بە هەناردەکردنی نەوتەوە، دەیەوێت دەسەڵاتی هەرێم سنوردار کات.
ئەم سیاسەتە لە ساڵی ٢٠٢٤دا زیاتر دەستی پێکردوە، کاتێک حکومەتی بەغدا لەڕێی دادگای فیدراڵیەوە ناچار کرا ڕێبازێکی سیستماتیک بۆ تەرخانکردنی دارایی مانگانە بۆ هەرێم دەستەبەر بکات، سەرەڕای بوونی ڕێکەوتنی بودجەی فیدراڵی کە حکومەت پابەند دەکات بە پێدانی مووچە بە گوێرەی دەستوور، بەڵام چەندین جار بە تایبەتی لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ بە بیانووی “نەگەیاندنی داهاتی نەوتی هەولێر” ڕاگیراوە. لەئەنجامدا زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار فەرمانبەر لە کوردستان بۆ ماوەی چەند مانگێک لە یەک کاتدا بێ مووچە خۆیان ببیننەوە، ئەمەش ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی جەماوەری لە هەولێر و سلێمانی و دهوک بەدوای خۆیدا هێنا، بەهۆی دابەزینی ئاستی بژێوی و هێزی کڕین کە بە ڕێژەی لەسەدا ٤٠ دەخەمڵێنرێت.
لەناو ئەم قەیرانە داراییەدا، هەرێم شایەتی هەڵکشانی ئەمنی مەترسیدار بووە. لە چەند ڕۆژی ڕابردودا چەند کێڵگەیەکی گەورەی نەوتی لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەناسراوەوە هێرشیان کرایە سەر و زیانی ماددی بەرفراوان و ئاگرکەوتنەوەیان لێکەوتەوە، کە بووە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەیەکی کاتی.
لەبارەی ئەم هێرشانەوە وەڵامی حکومەتی فیدراڵی تەنها سنووردار بوو بە داوای بەدواداچون بۆ “لێکۆڵینەوە”، بەبێ ئەوەی هیچ ئیدانەکردنێکی ڕون و ئاشکرای هەبێت، ئەمەش پرسیار لەسەر هەڵوێستی بەغدا دروست دەکات سەبارەت بە نابەرپرسیاریەتی بەرامبەر ئاسایشی هەرێم.
سیاسەت و ئابووری و ئاسایش لە شەڕێکی کراوەدا لەنێوان بەغداو هەولێردا مامەڵەی پێدەکرێت، کە تەنها لە بەڕێوەبردنی ساماندا سنوردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ داڕشتنی پەیوەندی ئاڵۆزتری نێوان بەغدا و هەرێم، بەرۆشنی پرسی مووچە وەک ئامرازێکی فشار بەکاردەهێنرێت، ئەمەش هەوڵێکە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندیەکەیان لەسەر بنەمای زیاتری وابەستەیی و ملکەچی هەرێم بۆ بەغدا، کە بەدوای ڕفراندۆمەوە ئەم پرۆسەیە کاری لەسەر دەکرێت. لە گۆڕێنی ئاستی هاوسەنگی هەرلایەک لە بەغداو هەولێر، ئەم چیرۆکی گەمەیەی نێوانیان بە چەندین شێوە سەر هەڵئەداتەوە.
لە نێو ئەو ململانێیانەدا، هاوڵاتی کوردستان وەک گەورەترین قوربانی دەمێنێتەوە، وەک فەرمانبەرێکی سادە لە قوتابخانە یان نەخۆشخانە و لەهەر فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەکدا، هیچ پشکێکی لە نەوت و ململانێ سیاسیەکاندا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ناچار دەکرێت باجی پەیوەندی جوگرافی و سیاسی جیاوازی نێوان هێزە میلیشیاکان بدات، بەئاسانی و بێشەرمانە موچەکانیان دەبڕدرێت و نانبراو دەکرێن.
لە ڕاستیا پەیوەستکردنی بژێوی ژیانی خەڵک بە بەردەوامی لەسەر پەیوەندی بە ناکۆکی سیاسیانەوە، دەتوانین بڵێین پڕۆژەیەکی ریسوای شکستخواردوی دەوڵەتی فیدراڵیە لە عێراقدا، کە بەپوچترین و نائیسانیترین حکومرانی خۆی دەسەلمێنێت، تەنها بەرگێکی فەرمیە و کاردانەوەی لەسەر ململانێکان هەمیشە خراپتر دەبێت.
کۆتایی هێنان بەم قەیرانە پێویستی بە هەڵوەشانەوەی ئەم فیدراڵیەتە کۆنەپەرستانەیەیە لە ڕەگوڕیشەوە، کە لەسەر بنەمای قەومی و تائفی و دین دامەزراوە، پێویستی بە نەمانی تەواوی هێزە میلیشیاکانە. بەڵکو پێویستی بە دانپێدانانی تەواوە بە مافی هاووڵاتیان، لە ڕێگەی دامەزراندنی دەوڵەتێک کەلەسەر بنەمای ناسنامەی هاوڵاتی بون دەستورەکەی بناسێنێت و جێگیر بکرێت.
لە سەرەتای دامەزراندنی سیستەمی سیاسی نوێ لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، شەرعیەتی خۆی لە سەر پرەنسیپی نوێنەرایەتی قەومی و تائیفی و دینی دەستوریان پەسەند کردووە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی وەرگرتووە و حکومەتی فیدراڵیان دامەزراند. بەڵام دیمەنی سیاسی ئێستای عێراق پارادۆکسێکی مەترسیدار ئاشکرا دەکات، زۆرێک لەو پارتانەی ئەمڕۆ پەرلەمان پێکدەهێنن تەنها چەکی ڕێکخراوە چەکدارەکانن و نوێنەرایەتی لایەنی ئاینی و تائفی و قەومی دەکەن، ئەمەش پرسیاری جددی لەسەر شەرعیەتی تەواوی سیستەمەکە دەوروژێنێت، بە لە بەرچاوگرتنی شکستی دەستوور و شکستی بەشێکی زۆری دامەزراوەکان و چاودێری و دادوەری، جیاوازی نێوان لایەنە سیاسیەکان و میلیشیا چەکدارەکان کەلە چوارچێوەی پێکهاتەی ئێستای عێراقدا قوڵتر بۆتەوە، ئەم میلیشیایانە لە دامەزراوە یاسادانانەکاندا باڵادەستیان هەیەو چەمکی نوێنەرایەتی سیاسیان کاڵ کردووەتەوە و گومانیان لەسەر شەرعیەتی سیستەمەکەیان چڕکردۆتەوە، هەرچەندە فشار لەسەر ئەوە هەیە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی هەڵوەشێتەوە بەڵام لەو بارەیەوە هەنگاوێکی عەمەلی نیە کەجەخت لەسەر ئەو هەڵوەشانەوەیە بکات.
بونی میلیشیا چەکدارەکان لە پەرلەمان نوێنەرایەتی دیاردەیەکی نائاسایی و مەترسیدار دەکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامی قەیرانێکی سیاسی بەردەوام کە لە ئەنجامی پابەند نەبون بە سەروەری یاساکانی خۆیان و ڕێکەوتنەکانی نێوانیان، ئەمەش بەردەوام هۆکاری نا سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتیە لە عیراق و کوردستاندا.
ڕژێمی عێراق ئەمڕۆ لە جەنجاڵیەکدا وەستاوە، بە ملکەچی هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی دیفاکتۆ دەمێنێتەوە. ئەمەش مەترسی لەسەر خودی بوونی ئایندەی دەوڵەتەکەیان دروست دەکات نەک تەنها دامەزراوەکانی بەڵکو داهاتووی عێراقیش دەخاتە لێواری داڕمانەوە، چونکە چارەنوسی عێراق بەم شێوازی حوکمرانیە بەستراوە بە ئایندەی ئێرانەوە.!
بەرپرسانی ئەمەریکا گوشارەکانیان بۆ سەر حکومەتی عێراق و سودانی چڕتر دەکەنەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کۆتایهێنان بە هێرشەکان بۆ سەر کۆمپانیا بیانیەکانی نەوت، لەنێویاندا کۆمپانیای ئەمریکی، کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاردەکەن. ئەم هەنگاوانە لە دوای زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دێت کە دامەزراوە نەوتیەکانیان کردە ئامانج، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاماژەکان جەخت لەسەر تێوەگلانی لایەنە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانە.
واپێدەچێت بە ئامانجگرتنی کۆمپانیا ڕۆژئاوایەکان کە لە کوردستان کاردەکەن، دوو پەیامی سیاسی هەڵدەگرێت، لە لایەک فشار دەخاتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناکۆکی بەردەوامی لەگەڵ بەغدا لەسەر دابەشکردنی داهات و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان، لە لایەکی دیکەشەوە هۆشداریەکی پەردەپۆشکراو بۆ واشنتۆن دەنێرێت بە زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیە ئابوریەکانی.
هەرچەندە سودانی خۆی لە نێوان چەقۆی هەڕەشەکانی ئەمریکا و سەنگەری کاریگەری پەرەسەندنی کوتلە چەکدارەکانی ناو وڵاتدا دەبینێتەوە، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ پاراستنی پەیوەندی هاوسەنگ لە نێوان تاران و واشنتۆن، هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا هەڕەشەی تێکدانی ئەم هاوسەنگیە ناسکە دەکات و خودی سودانیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەو هێرشانە لەکاتێکدایە کە هەرێم هەوڵدەدات گەمەی سیاسی لەبەرامبەر بەغدادا بەقازانجی زیاتر بەرزکردنەوەی پێگەی بارزانی و حکومەتی هەولێر لەرێگەی پەیوەندی بە کۆمپانیە جیهانیەکانەوە مامەڵە بکات، بەتایبەتی سەبارەت بە مەلەفی نەوت و داهاتی ناخۆیی هەرێم. بەم شێوەیە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان کە زیاتر لە ٨٠ ڕۆژە، لەم کەین و بەینەدا بێ خاوەنە و مەسەلەیەکی هەستیارو جدی نیە بۆ هیچ لایەنێکیان.
قەیرانی مووچەی هەرێم لەوە زیاترە کە تەنها ناکۆکیەکی ئیداری یان دارایی بێت، وەک ئامڕازێکی ڕەشبگیری سیاسی کە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی و بارزانی و حکومەتی بەغداو هەولێرەوە بۆتە زیاتر تێکدانی سەقامگیری ئابووری و سیاسی هەرێم، تا دێت بازاڕەکان ئیفلیچ دەکات و بارودۆخی خراپی ژیانی فەرمانبەران و هاووڵاتیان بە هەمان شێوە قووڵتر دەکاتەوە، زۆر بێدەربەستانە و نابەرپرسانە مامەڵە بەبژێوی خەڵکەوە دەکەن.
هەرچەندە لەم ڕۆژانەدا هەواڵی ڕێکەوتنێک لە نێوان بەغدا و هەولێر ڕاگەیەندرا، کە سودانی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی پەسەندکرد، کە لەگەڵ حکومەتی هەرێم واژۆ کراوە، سەبارەت بە نەوت و داهاتە نانەوتیەکان و خەرجکردنی مووچە، ئەوەی گومانی تیانیە ئەم ڕێکەوتنەش کاتیە و ناتوانێ چارەسەرەی بنەڕەتی ئاڵۆزی پەیوندی بەغداو هەولێر بێت.هەروەها ئەم ڕێکەوتنە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان شاهیدی چەندین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە کە کێڵگە نەوتیەکانیان کردۆتە ئامانج، بەتایبەتی ئەو کێڵگانەی کە لەلایەن کۆمپانیا بیانیەکانەوە بەڕێوەدەبرێن. هاوکات تەیف سامی، ڕایدەگەیەنێت”هەرێم پابەندە داراییەکان جێبەجێ ناکات”، بۆیە “ئامادەکردنی خشتەکانی بودجە سوودی نابێت ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندیە داراییەکانی جێبەجێ نەکات”.!
لەکۆتایدا دۆخەکە وەها وێنا دەکرێت کە کێشەکە تەنها بودجەو موچەیە، هەرلایەنێکیان لە هەولێرو بەغدا یەکتر تاوانبار دەکەن، بەڵام ڕاستیەکەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا پێکهاتەی شێوازێک لە دەسەڵاتداری و حوکمڕانیە لە عێراق و کوردستاندا، کە هێزە میلیشیا قەومی و دینی و تائیفیەکان، هۆکاری ئەم دۆخەیە، کەلەسەر ئاستی توانایی و پێگە و هاوسەنگی هێزیان، سەروەت و سامانی عێراق و کوردستان دوای هەر تاڵانیەک دابەشی دەکەن، تا ئەم جۆرە هێزانە وەک داگیرکەر لە دەسەڵاتدا بن ئەم کێشانە نەک چارەسەر نابن ئاڵۆزتر دەبن.

عوسمانی حاجی مارف




غەززە چاوەڕێی فریاگوزاریە!.. عوسمانی حاجی مارف

دوای زیاتر لە ٦٥٠ ڕۆژ لە شەڕی جینۆساید لە غەززەدا، دانیشتوانەکەی شەو و ڕۆژ لە دنیایەکی زۆر سەخت و بێبەزەییانە بەسەر دەبەن. ژیانی داماوی ڕۆژانەیان لەسەر ڕوخساری برسێتی و تینوێتی وێنا دەکرێت، کە بە سیاسەتێکی سیستماتیکی دڕندانەی ئیسرائیل و ئەمریکا داڕێژراوە، بێ خۆراکی دەکەنە ژەهر و چەکێکی کوشەندە، کە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا هەڕەشە لە ژیانی دەیان منداڵ دەکات.
ژیان لە غەززەدا وەها بەفیڕۆ دەچێت وەک ئەوەی مرۆڤ هیچ بەهاو مانایەکی نیە وهەرگیز نەیبووە. منداڵان بەربەرچاوی دایک و باوکیان دوا هەناسە ئەدەن، هاوکات هێرشە ئاسمانیەکان ئاوارەکان لە چادرێکەوە بۆ چادرێکی دیکە ڕاودەنێن، هیچ نیشانەیەک لە پێناو مانەوەدا بەدی ناکرێت.
لە سەدەی بیست و یەکدا غەززە لە لێواری هەڕەشەی گەورەترین کۆمەڵکوژیدایە لەبەرامبەر برسێتی و بەدخۆراکیدا، هەزاران کەس لە ژێر خۆری سووتێنەردا لە ڕیزێکی کوشندەدەدایە، سەدان کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ناوەندەکانی دابەشکردنی خۆراک دەکوژرێن، کە لەلایەن بەکرێگیراوانی ئەمریکی و سەربازانی ئیسرائیلەوە پاسەوانی دەکرێت.
نزیکەی ٢ ملیۆن کەس لە ئێستاوە بەدەست ئەوپەڕی برسێتیەوە دەناڵێنن، کەرتی غەززە بووەتە مەترسیدارترین شوێنی جیهان بۆ منداڵان، کە بە “گۆڕستانێک بۆ منداڵان و دۆزەخێک بۆ دانیشتوانی غەززە” وەسف دەکرێت.
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکیەوە لەم گەمارۆیەدا گیانیان لەدەستداوە بۆ 122 کەس بەرزبووەتەوە کە ٨٣یان منداڵن، تیمە تەندروستیەکان بەهۆی برسێتیەوە ڕۆژانە چاودێری گیان لەدەستدان دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ پەرچەکردار و وەڵامدانەوەیەکی نێودەوڵەتی کاریگەر لە ئارادا بێت.
بارودۆخی مرۆیی لە غەززە بە خێرایی بەرەو خراپتر دەڕوات و هەواڵەکان باس لە داڕمانی خەڵک لە شەقامەکان دەکەن بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکیەوە.
لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ ەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٩٥ هەزار کەس کە دەکاتە ٩٣%ی دانیشتوانی غەززە، بەدەست نائاسایشی خۆراکی ناتەندروستەوە دەناڵێنن، کە پێویست بە فریاگوزاری بە پەلە و دەستبەجێ دەکات.
ئەم کارەساتانەی نێو غەززە جێگای شەرمەزاریەکی ئەو پەڕی بێوێنەیە، کە ناکرێت بەبەرچاومانەوە بەبێدەنگی و بە ئاسایی بگوزەرێت.
پێویستە تەواوی جیهان دەستبەجێ داوای شکاندنی گەمارۆی سەر غەززە بکەن، فشاری زۆر توند بخڕیتە سەر ئیسرائیل بۆ شکاندنی ئەم گەمارۆیە و ڕێگە بدرێت یارمەتیە مرۆییەکان بە تایبەت شیری منداڵان دەستبەجێ بگاتە ئەو دوو ملیۆن کەسەی کە بارمتە گیراوی گەمارۆکەن.
بەڕاستی تەواو جێی داخ و شەرمەزاریە کەڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند ئیسرائیل بەردەوامە لە بەکارهێنانی برسێتی وەک شێوازێکی شەڕ و ئامرازێک بۆ ئەنجامدانی جینۆساید دژی فەلەستینیەکان لە غەززە.
ژیانی خەڵکی غەززە لە جاران زیاتر لە ژێر هەڕەشەدایە، لەگەڵ هێرشە توندوتیژەکانی بەردەوام بە دژی خەڵکی مەدەنی، هاوکات برسیەتیش هەڕەشەیەکی مەترسیدارترە بۆ داڕمانی خەڵک لەسەر شەقام و کۆلانەکان.
دەبێت بەهۆی ئەم شێوازی شەڕە، تەواوی سەرکردایەتی ئیسرائیل و هاوکارانی وەک تاوانباری جەنگ و بکوژی بە ئەنقەست مامەڵە بکرێن و سزا بدرێن.




ئاراستەی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران.. عوسمانی حاجی مارف

هەرچەندە قەیرانی سیاسی و ئابوری لە ئێراندا هێشتا ئەو دۆخە ئاشکرا ناکات کە ئاماژەبێت بۆ لاوازی کوشندە لە ڕژێمدا، بەڵام بەهۆی گۆڕانی بارودۆخی بەرەکانی شەڕ، لەسەر شەقامەکان یان لەناو هۆڵەکانی دەسەڵات لە تاراندا، ئەگەری ئەوە هەیە دۆخەکە گۆڕانێک بە خۆیەوە ببینێت.
سەبارەت بە گۆڕینی ڕژێم لە ئێران، سەرەتای شەڕ، ئیسرائیل سەرقاڵی ئەوە بو لە بانگەوازەکانیدا، ڕایدەگەیاند: “کاتی ئەوە هاتووە کە گەلی ئێران لە دەوری ئاڵاکەی و میراتی مێژوویی خۆی بە وەستانەوە بۆ ئازادی لە بەرامبەر ڕژێمی خراپ و چەوسێنەردا یەکبگرن”. پێدەچێت ئیسرائیل بە هیوای ئەوە بوبێت کە بۆ سەرکەوتن لەو شەڕەدا، چاوەڕێ بوبن لەڕێگەی ڕاپەڕینێکی جەماوەریەوە کۆتایی و داڕمانی ڕژێمی ئێران بێت!، بەڵام دواتر بەدوای لێدانی موشەکەکانی ئێران لە تەلئەبیب و حەیفا و قودس… بۆردومانکردنی ئەتۆمەکانی نەتەنز و ئەسفەهان و فۆردۆی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، دوای دوازدە رۆژ ئیسرائیل و ئێران ناچار بە ئاگر بەست بون، کە ترەمپ لەڕێگەی نێوەندگیری قەتەرەوە ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی ئاگربەست کراوە، بۆماوەیەکی نادیار.
لەگەڵ ئەوەشدا دیمان کە سەعاتەکانی کۆتایی پێش جێبەجێکردنی ئاگربەست لە هەردوولاوە بۆردومانێكی چڕی بێوێنەی بەخۆیەوە بینی، لەسەرەتای ڕوبەڕوبونەوەکەوە توندترین و توندوتیژترین لێدانیان ئاڵوگۆڕ کرد و ژمارەی قوربانیەکان و گرژیەکانیان زیادی کرد.
پرسیارێک کە بۆ دوای ئەم ئاگربەستە دەکرێت ئەوەیە، کە ئایا ئێرانیەکان لەڕاستیدا جارێکی دیکە ڕادەپەڕن، وەک چۆن لە ڕابردوودا چەندین جار هەیانبووە، لەوانە ڕاپەڕینی خوێندکارانی ساڵی ١٩٩٩، بزووتنەوەی سەوزی ٢٠٠٩، ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ تا مانگی ژانویەی ٢٠١٨، ناڕەزایەتیەکانی “نۆڤەمبەری خوێناوی” لە ساڵی ٢٠١٩ و ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” ساڵی ٢٠٢٢. لەوەش گرنگتر، ئەگەر ئەوان هەستن، ئایا کۆماری ئیسلامی ئەوەندە ناسکە کە ڕەنگە ملکەچی بزووتنەوەیەکی جەماوەری لەو شێوەیە بێت؟.
هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە سەرەڕای ڕزینی ناوخۆی رژێمی ئێران بەهۆی گەندەڵی سیستماتیکی و دزەکردنی هەمەلایەنەی سیخوڕی ئیسرائیل، هاوکات کۆماری ئیسلامی لە ژێر هەندێک بارودۆخدا تا دێت لاوازتر دەبێت، بەڵام بۆ تائێستا لە ژیاندایە؟ بۆیە پێویستە گرنگترین نیشانە لاوازیەکانی ڕژێم پێشبینی بکرێت تا بگەین بەو ئەنجامەی کە گۆڕینی رژێم ئەکرێت بەرجەستە دەرکەوێت.
کاتێک هێزە ئەمنیەکان نەتوانن بەشێوەیەکی کاریگەر کۆببنەوە یان لەوەش خراپتر دەست بکەن بە چۆڵکردنی سەربازگە و بنکەکانیان، دابەشبوونی گشتی لەنێوان نوخبە سیاسیەکان سەرهەڵبدات و بەرپرسان بە ئاشکرا کشانەوەی خۆیان ڕابگەیەنن (ڕاپۆرتێکی نوێی “واشنتۆن پۆست” باس لەوە دەکات کە ئیسرائیل هەڕەشەیان لێدەکات بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەن)، کەمبونەوەی خۆراک و سوتەمەنی و لاوازبونی زیاتری خزمەتگوزاریەکان، گەر جارێکی تر بەشێوەیەکی بەرفراوان ناڕەزایەتی جەماوەری سەرهەڵداتەوە، لە هەمانکاتدا هێرشکردنە سەر باڵەخانە سەربازی و حکومیەکان، لەوانەش گرنگتر گەر کرێکارانی ئێران لە پیشەسازیە گەورەکانی نەوت و وەبەرهێنان مان بگرن، کاریگەری جدی و خێرا لە ڕژێمی ئێراندا روئەدا.
بەڵام ئەوەی شایانی باسە تا ئێستا هیچ کام لەم نیشانانە نەبۆتە دیاردەیەکی بەرچاو، زۆربەی دانیشتوانی ئێران هەناسەیان ڕاگرتووە و چاوەڕێی ئەوەن بزانن ئایا ئاگربەستەکە دەتوانێت بەردەوام بێت و دەرگیری هێرش و شەڕێکی تر نابنەوە، بەتایبەتی کە ململانێکان بە قوەتی خۆیان ماون و هیچ شتێک یەکلایی نەبۆتەوە، بەتایبەتی لە حاڵەتی دوبارە بونەوەی شەڕ و ڕاگرتنی یەکسانی ئاستێک لە هاوسەنگی لە شەڕەکەدا بۆ ئێران، شانسی مانەوەی ڕژێم زیاتر دەکات. لەلایەکی تریشەوە حکومەتی ئەمریکا ئەوە لەبەرچاو دەگرێت کە پێشهاتی گۆڕانکاری لە ئێراندا ئەگەرێکی دور نیە، بۆیە چاودێری ئەوە دەکات بۆ ئەگەرەکان خۆیان ئامادەدەکەن. ئەمریکا لەدۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نایەوێ دەرگیری جەنگێکی درێژخایەن بێت لەگەڵ ئێراندا، بەڵکو چاوەڕی روداوەکان دەکات. بەڵام ئەگەری ڕووخانی ڕژێمێکی پاوانخواز کە زیاتر لە چوار دەیە وێرانکاری لە ناوچەکەدا کردووە، گەورەترین ناهەقی و سەرکوتکردنی بە دانیشتوانی ئێران کردووە، هەیەو راگرتنی ڕژێمێکی لەو چەشنە ئاسان نیە! بەڵام پێناچێت لەم بارەیەوە تا ئێستا ئەمریکا توانیبێتی ئامادەکاریەک ئەنجام بدات و ئەلتەرنەتیفێکی بەمتمانەو سەرکەوتوی پاشکۆی بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی خۆی بۆ دوای ڕوخانی ڕژێمی ئێران ڕاگەیەنێت، هەر بەو مانایەش ڕوخانی کۆماری ئیسلامی ڕاناگەیەنێت.
ڕاگەیاندنی یەکلایەنەی ئاگربەست لەلایەن ترەمپەوە، بەبێ ڕاگەیاندنی هاوکات لەلایەن لایەنەکانی دیکەی شەرەکەوە، ترامپ ئامانجی ئەوەبو، وەک لایەنی دەستپێشخەر وەسفبکرێت، بەبازاڕکردنی ڕۆڵی خۆی کە هەوڵی ئاشتیی داوە، تاپێگەی خۆی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەهێزتر بکات!.
لەگەڵ ئەوانەشدا هەرلایەک چۆن ئاکامی ئاگربەستەکە بەسەرکەوتن بۆ خۆی هەژماردەکات، یان ئێران توانی گورزی توند لە ئیسرائیل بدات و هاوسەنگیەک لە ئاستێکدا راگرێت، بەڵام لەم نێوانەدا ئەتوانین بڵێین ئێران بەبێ مەرج و دەستکەوت لە ڕووی سیاسیەوە تەسلیم بووە، ئەمەش لێکدانەوەیەکە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵی سەپاندنی دەدەن، بەوپێیەی پێشتر پێشنیاری بژاردەی تەسلیمبونی سەربازی یان سیاسی لەلایەن ئەمریکاوە پێشکەش بە تاران کرابوو، بەڵام ئەنجامگیری واقعی بۆ ئەم تەسلیم بونە، دواتر ململانێ و دانوستانەکانی نێوانیان دەریدەخات!.
دوابەدوای ڕێکەوتنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، لایەنە جیاجیاکان کار بۆ ئامادەکردنی زەمینە بۆ قۆناغی داهاتوو دەکەن. بەرپرسانی ئەمەریکا ئاماژەیان بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمیەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتودا کردووە.
ئەگەرچی ڕێژیمی ئێران بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لاواز بووە، زیانێکی بەرچاوی ئابووری لە ئێران کەوتوەو وێرانبوونی ژێرخانی ئابووری لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا ڕوویداوە. ئەوەی جێگای سەرنجە تائێستا ئێران خۆراگری پێوەدیارە، ئەمەش بۆ چین و روسیا پێشهاتێکی ئەرێنییە. هەرچەندە هیچ کام لەو وڵاتانە ئامادە نەبوون لە ڕووی سەربازیەوە یارمەتی ئێران بدەن و دەستوەردان بکەن لە شەڕێکدا بە دژی ئیسرائیل، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە لەڕێگەی پەیوەندیەکانیان بە ئێرانەوە لە دانوستانەکاندا پشتیوانی بۆ ئێران نیشان بدەن.
لە ماوەیەکی نزیکدا ئێران بۆ پتەوکردنی هەڵوێستەکانی لە وتووێژەکانی داهاتوو لەگەڵ ئەمریکا، گومانی تیا نیە کە داوای پشتیوانی دیپلۆماسی لە پەکین و مۆسکۆ دەکات. واپێدەچێت هەردوولایان روسیا و چین زیاتر لە ئامادەیدا دەبن بۆ ئەوەی ئەم داواکاریە لەخۆبگرن، تەنانەت ئەگەر تەنها بۆ ڕوبەڕوبونەوەی واشنتۆن و هاوپەیمانەکانیشی بێت. هەروەها چین داوای دڵنیایی دەکات کە ئاگربەستەکە بەردەوام بێت و بازرگانیکردن لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بێبەربەست بمێنێتەوە. جگە لەوەش چین هەوڵدەدات ئەم ڕووداوە بقۆزێتەوە بۆ پێشخستنی دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی خۆی لە دژایەتیکردنی ڕێبازی ئەمریکا لە کاروباری نێودەوڵەتیدا.
بەهەمانشێوە، پێدەچێت ڕوسیا بەجۆرێک فەرامۆشی ئیدانەکردنی فەرمی چالاکیە سەربازیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بکات، زیاتر پێشنیاری چونەپێشەوەی دانوستانەکان دەکات.
هەڵبەتە بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕۆڵە ئەگەرییانە، لە هەمانکاتدا ئەمریکاش هەوڵی دوورخستنەوەی چین و ڕوسیا ئەدات، چونکە بەشداریکردنی چین و روسیا تەنیا پێگەی دانوستانکاری ئێران بەهێزتر ناکات، بەڵکو لەهەمانکاتدا کاریگەریی پەکین و مۆسکۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاد دەکات.
لە کۆتاییدا، ڕەنگە دانوستانەکانی داهاتوو بە پلەی یەکەم لەسەر داهاتووی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران بێت، بەڵام لە سەردەمی ئەم ململانێ جیهانیە بەرفروانەدا، ئیدارەی ترەمپ ناتوانێت ئاگاداری ئەوە نەبێت کە کاردانەوەکان زۆر زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژدەبێتەوە. بەم پێیە دەبێت بەرپرسانی ئەمریکا ئامادەبن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئارگیومێنتەکانی ڕوسیا و چین، وەک تۆمەتبارکردن بەوەی واشنتۆن یاسا نێودەوڵەتیەکانی پێشێل کردووە.
لەهەمانکاتدا دوای ئاگربەست کۆماری ئیسلامی بمێنێتەوە یان نا، دۆخەکە لە ئێران زۆر جیاواز دەبێت، چونکە ئەو زەمینەیەی کە ئێران تێیدا دەژیا، گۆڕانکاری جدی بەسەردا هاتووە، هەربۆیە لەودیو پەردەوە لە ناو سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامیدا باس لە جێنشینی خامەنەیی دەکرێت، باس لەسەر سەرکردەیەکی گونجاوە بۆ ئەوەی ئێران بە ئاراستەیەکی نوێدا ببات، ئەمەش پێشهاتێکی چاوەروانکراوە.




مەترسیەکانی سەر کوردەکانی سوریا!.. عوسمانی حاجی مارف

هەسەدە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥ ڕێکەوتنێکیان لەگەڵ حکومەتی ئەحمەد شەرع واژۆکرد، کە لە ڕێکەوتنەکەدا ئاماژە بە یەکخستنی هێزەکانی هەسەدە لە گەڵ سوپای نیشتیمانی و پێدانی کۆنترۆڵی کێڵگە نەوتیەکان و فڕۆکەخانەکان بە حکومەتی ناوەندی ئەدات، ئەم ڕێکەوتنەی وەها نیشان ئەدات هەوڵێکە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردزمان لەناو دەوڵەتی سوریادا، بەڵام لە ناڕوونیدا داپۆشراوە و نیگەرانی ڕاستەقینە لە پابەندبونی لایەنەکان بە جێبەجێکردنی دەوروژێنێت.
دوای ئەوەی لەماوەی دەیەی ڕابردودا ئەمریکا پشتیوانیەکی سەرەکی و لایەنگری هەسەدە بووە، ئێستا لەگەڵ داخستنی بنکەکان و کەمبوونەوەی ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکا، توانای هێزەکانی هەسەدە لاواز دەکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر هەڕەشەیەک کە لە لایەن تورکیاو ئەحمەد شەرعەوە بێت یان بەرەو ڕوی هەر ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بوەستێت، ئەم دۆخەش بە ڕوونی ڕەنگدانەوەی گۆڕانی چونیەتی دەخالەتی ئەمریکایە لە سوریا، بەتایبەی دوای ئاگربەستی شەڕی ئیسرائیل و ئێران.
ئەمریکا کە ماوەیەک سەرمایەگوزاری لە بنیاتنانی هێزێکی کوردی و عەرەبی لە باکوری سوریا بۆ بەڕەنگاربوونەوەی داعش دەکرد، ئێستا پێی باشترە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ڕژێمی نوێی سوریا ڕێکبخات و پتەوتری بکات، بە ئامانجی پاڵنانی دیمەشق بەرەو هەوڵدان بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل. لەچوارچێوەی فراوانتری ستراتیژیەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە تیشکیان خستۆتە سەر سەقامگیرکردنی ڕژێمی سوریا و بەهێزکردنی هاوپەیمانی دەوڵەتانی ناوچەکە، کە دژایەتی ئەمریکا ناکەن، بە مانایەک ئەولەویەتی ئەمریکا چیتر بەناو پاراستنی کوردەکان و پشتیوانی لە هەسەدە نییە. بەڵکو گەیشتن بە ئامانجی ستراتیژی گەورەترە، لە هەر ئاڵوگۆڕێکدا. گومانی تیانیە تورکیاش هەوڵئەدات سوود لەو گۆڕانکاریانەی کە بە دەخالەتی ئەمریکا پێشدێت وەربگرێت، ئەردۆغانیش سیاسەتەکانی خۆی بەرامبەر بە کوردەکانی سوریا پێوانە دەکات، بە قۆستنەوەی ڕاگەیاندنەکەی ئۆجالان لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوی پەکەکە و هێزە چەکدارەکانی، کە تورکیا بۆ ئارامکردنەوی دۆخەکە سودی لێوەردەگرێت، بەقازانجی نەخش و سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا تەواو دەبێت.
لەهەمانکاتدا پێدەچێت ئەردۆغان بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی ئەمریکا و تورکیا، پەرۆشی هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیایە، تا ڕێگەی پێبدرێت بۆ خولێکی دیکە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، بۆ ئەمەش پێدەچێت لەئێستادا جارێ خۆی لە شەڕێکی بەرفراوان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدوور بگرێت.
مەزلوم عەبدی، لەژێر ڕۆشنایی کەمبوونەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی و زیادبوونی فشارەکانی تورکیا، لە هەوڵی پاراستنی هەسەدەیە لە هەلومەرجێکی سەختدا، بۆیە ناچار بوو ڕێکەوتنی مانگی ئازاری 2025 قبوڵ بکات، توانیویەتی تا ئێستا خۆیان ڕاگرن و بە وریاییەوە ماونەتەوە، بەوپێیەی هێزەکانی هێشتا دەستبەرداری پێکهاتە سەربازیی و چەکەکانیان نەبوون، بەڵام چارەنووسی ڕێکەوتنەکەش نادیارە.
بەیاننامەکانی بەرپرسانی ئەمەریکا جەخت لەسەر گرنگی یەکخستنی هێزەکانی هەسەدە لە گەڵ حکومەتی نوێی سوریا دەکەنەوە، ئەمەش پەیامێکی ناڕاستەوخۆیە وەها ڕادەگەیەنێت کە پشتیوانیکردنی ئەمریکا لە هەسەدە چیتر ئەولەویەتێکی تاسەر نیە، بەڵکو بەشێکە لە ئەجێندایەکی فراوانتر، کە لە سوریایەکی یەکگرتودا بەڕێوە بچێت.
تورکیا لە سەرەتای ڕاپەڕینەکانی سوریا لەڕووی سەربازی و سیاسیەوە بەردەوام هەوڵیداوە دەخالەت لە سوریادا بکات. دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، هەژمونی تورکیا بەسەر فەرمانڕەواکانی دیمەشقدا ڕوون بووەوە، کاریگەریەکەی لە وردەکاریەکانی نەخشەڕێگای بردنی سووریا بەرەو دامەزراندنی ڕژێمێکی ئیسلامی ناوەندی ژێردەستەی ئەنقەرە بەرجەستە دەبێتەوە. ئۆردۆغان ئێستا گڵۆپی سەوزی لەلایەن ترەمپەوە بۆ هەڵکراوە، کەدەسەڵاتی ئەحمەد شەرع دەرگای سوریا بە کراوەیی بۆ تورکیا بەجێبهێڵێت. نفوزی تورکیا لە سوریا، لە ڕێگەی دامەزراندنی بنکەی سەربازی و بەدەستهێنانی گرێبەست و ڕێکەوتن بۆ وەبەرهێنان و پڕۆژە ئابووریەکان و ڕاهێنان و پڕچەککردنی سوپای سوریا ئەنجام بدات، ئەمەش وادەکات تورکیا لە سوریاوە ڕۆڵی ئێران بگێڕێت و ببێتە هێزێکی باڵادەست و کاریگەر لە ناوچەکەدا.
هەروەها ئەردۆغان هەوڵدەدات فشار بخاتەسەر ئەحمەد شەرع بۆ داماڵینی چەک و دواتر تەواوی هێزە چەکدارەکان وەک ئەندامانی سوپای سوریا یەکبخات. لەهەمانکاتدا بەردەوامە لە هەڕەشەکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی دژیان، یان پاڵنانی حوکمرانی دیمەشق و کوتله چەکدارەکان بۆ ناو شەڕێک له دژی ناوچه کوردیەکان و کۆنترۆڵکردنیان، بە مەبەستی مسۆگەرکردنی دەستڕاگەیشتنی تورکیا به سەرچاوه نەوتی و گاز و هەروەها کۆنترۆڵی جیۆپۆلتیکی به سەر ئەو ناوچانەدا.
سەرەڕای ڕێکەوتنی شەرع لەگەڵ مەزلوم عەبدی، لە ١٠ی ئازاردا، کە بە نێوەندگیری لەژێر چاودێری ئەمەریکا لە پنتاگۆنەوە پێکهات، بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنی ڕێکخراوەیی لە ماوەی ساڵێکدا، هەسەدە پێیوایە، ئەتوانێ وەک هێزێکی سەربازی لە چوارچێوەی ناوچەکانی نفوزی خۆیدا و لەژێر دەسەڵاتی دیمەشقدا ڕێگەپێدراو بێت و بمێنێتەوە، ئەمەش لەلایەن تورکیاوە قەبوڵ نەکراوە، چونکە بەردەوامبونی هەسەدە مانای ئەوەیە پێگەی کوردەکان بەرز ڕادەگیرێت و ڕێگە بە دەخالەتی تورکیا دەگرێت.
لەلایەکی تریشەوە مەسەلەی هێزەکانی هەسەدە و چەکەکانی، لە پەیوەست بە شەڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕێگەپێدراو بووە، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی داعش و سەرهەڵدانی هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکان لە سووریا و بوونی دەیان هەزار جیهادی بیانی، پێویستی مانەوەی هەسەدە دەهێڵێتەوە. بەڵام لەکاتێکدا ئەمریکا گەیشت بەوەی شەرع بەهێز کات و سوپا و دەزگاکانی بتوانن کۆنترۆڵی زیندانەکانی داعش بکەن و شەڕی داعشیش بکەن، لەو حاڵەتەدا کارێکی بە هەسەدە نامێنێت و دەستبەرداری دەبێت.
جگە لەوەش، ئایا دەسەڵاتی دیڤاکتۆی ئێستای شەرع ئەگەری ئەوە نیشان ئەدات کە ئەتوانێت سوریا یەکبخات و ئاسایشی ناوخۆ بەدەستبهێنێت؟، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و ئاسایشی ئەمریکا و ئەوروپا دەبێت. هەروەها کوردەکان و هەسەدە ، متمانەیان بە دەسەڵاتدارانی دیمەشق نیە، بە تایبەت دوای کوشتنی بەکۆمەڵی عەلەویەکان و هێرش و کوشتنی دروزەکان، بێمتمانەیی زیاتر بووە، مامەڵە لەگەڵ شەرع یاریەکی سەختە بۆ هەسەدە.
هەرچەندە ئیسرائیل بانگەوازی بۆ پشتیوانیکردن لە کوردەکان و کەمینەکان لە سوریا راگەیاندووە، ئەمەش ستراتیژێکی جیۆپۆلەتیکی دژ بە تەماحەکانی تورکیا و ئێران و پلانەکانی ئەردۆغانە بۆ هەژمونی و کاریگەریان لە سەر سوریا، هەڵبەتە ئیسرائیل بەرژەوەندی مامەڵە و یاری باڵادەستیەتی لە ناوچەکەدا، بۆیە بەئاسانی پشت دەکاتە کوردەکان، هەروەها ئیسرائیل هەوڵدەدات لە ڕێگەی ڕێکەوتنی ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بەدەستبهێنێت، کە ترەمپ کار بۆ بەدەستهێنانی دەکات.
لەبەر ڕۆشنایی هەوڵەکانی تورکیا بۆ زاڵبوون بەسەر سوریا و دوورخستنەوەی هەسەدە لە بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی سوریا بە چەکداماڵینیان، بە جەختکردن لەسەر جێگیرکردنی دەسەڵاتی شەرع، ئایندەیەکی زیان بەخش بۆ هەسەدە و دانیشتونی تەواوی سوریا پێشبینی دەکرێت.
هەرچەندە هێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ناوچەکەی خستە حالەتێکی مەترسیدارو ئاڵۆزەوە، هاوکاتیش سەرقاڵی ئەو جەنگە سەرنجی تەواوی هەمولایەکی گۆڕی بۆ سەر جەنگەکە، باسی دۆخی سوریاو کێشەکانی خرانە لاوە، ئێستا بەدوای ئاگربەست، تەواوی پرسە و بابەتەکانی تر دێنەوە نێو ململانێی هێزو لایەنی جیهانی و ناوچەییەوە. بەتایبەتی مەسەلەی سوریا لە دەستێوەردانەکانی تورکیا و داگیرکردنی ناوچەکانی سوریا و هەژموونی دەسەڵاتی لە دیمەشق، کە سوریا بەرەو ناسەقامگیر و گێژاوی سیاسی زیاتر دەبات، لەگەڵ ئەگەری زۆری شەڕی ناوخۆ، پرسێکی جدیە بۆ ئایندەی ناوچەکە.
بەردەوامی داگیرکردنی سوریا لەلایەن تورکیاوە بە بیانووی شەڕی پەکەکە درۆیەکی گەورەیە، ئاشکرایە کە ئامانجی زاڵبونی بەسەر سوریا، بۆ سەروەری تورکیایە لە ناوچەکەدا، بۆ جێخستنی باڵادەستیە بەسەر بازاری ناوچەکە و گۆڕینی بە بازاڕێکی تەواو کاریگەر لە بەرژەوەندی تورکیا، بە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەی وزە و گاز و ئاوی سەرزەوی و جوگرافیایەکی گرنگ کە ئەردۆغان بتوانێت هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی دراوسێکانی بکات و ببێتە یاریزانێکی سەرەکی کاریگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام ئەمەی بەبێ پشتیوانی و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا بۆ ناچێتەسەر، پێموایە لە هەلەومەرجی ئێستاو دۆخی شەڕو ململانێ لە بەرامبەر ئێراندا، تورکیا ئامادەبێت بچێتە ژێر باری ئەو هاوپەیمانیە.
ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، ئایا کوردەکانی سوریا لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکاریانەدا دەتوانن دەستکەوت و مافەکانی خۆیان بپارێزن، یان دەبنە قوربانی گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا؟.
پێموایە ئایندەی ناوچەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوەو ناوچەکە پڕە لە تەحەددا و مەترسی، پرسی زۆرهەن یەکلایی نەبۆتەوە، بەتایبەتی کێشەی فەلەستین و کێشەی کورد، چارەنوسێکی دیاریکراویشیان نیە، کێشەی کوردەکانی سوریا و ئایندەی هەسەدەو باکوری سوریا بەهەمان شێوە لە هەمان ناڕۆشنیدا دەمێنێتەوە و ئەگەر ئەوەش هەیە ببێتە قوربانیەکی تر.
لەم نێوەدا مەسەلەیەک کە گرنگە لەبەرچاومان بێت، لەتەواوی ئەم ململانێ و شەڕو مەترسیانەدا، خەباتی جەماوەری نەک نەیتوانیوە ڕۆڵی سەرەکی ببینێت، بەڵکو دۆخی شەرو مەترسی و نائارامی و پێگەی هێزی میلیشیا، گەورەترین گورزی هاویشتوە کە جەماوەری نارازی خامۆش و بێدەنگ بێت و بچێتە دواوە، یان نەتوانی لە هاوکێشە سیاسیەکاندا رۆڵی خۆ ببینێت، کە دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک ڕێڕەوی ڕوداوەکان بە قازانجی بە‌هێزبونی خەباتی جەماوەری و دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خەڵک بگۆڕێت!.




ئاڵوگۆڕێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا!.. عوسمانی حاجی مارف

ئەو ساتەی بینەری ڕووداوەکانی بەغدا بووین، لە ساڵی ٢٠٠٣دا، یان وەک مێژوویەکی نزیک بۆ نەوەکانی ئێستای دەگێڕینەوە، یان گەر وەک فلیمێک نیشان بدرێن، کاتێک هێزەکانی سوپای بەرفراوانی ئەمریکا لەدەروازکانەوە هاتەناوەوە، پێشوەخت بە تێکشکاندنی تەواوی دامەزراوەکانی وەکو وێستگەکانی کارەباو بە بۆردمان و وێرانکاری تەواوی شارەکانی عێراقیان تاریک کرد، هەرئەوکاتە ڕۆشن بوو بەوەی سەردەمێک دەسڕێتەوە و سەردەمێکی دیکە لەناو ڕەحمی ئاژاوەیەکی بێسەروبەر و بێوێنەدا لەسەر دەستی ئەمریکا لەدایک دەبێت.
ئێستاش لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥دا، بەدوای هێرشی ئاسمانی بێبەزیانەو نامرۆڤانەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، بە لێدانی یەک لە دوای یەکی بۆمبی وێرانکەر کە دڵی نائارامی خەڵکی ئێرانیان کردۆتە ئامانج، دەشێ بەسادەیی بڵێین لە بەردەرگای گۆڕانکاریەکی هاوشێوەی عێراقدا وەستاوین، بەڵام بە قەبارەیەکی گەورەتر و بە ئەگەری کاردانەوەی قووڵتر و نائەمنی زیاتر.
ڕەنگە نەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە لەڕۆژە سەختەکانی داهاتودا چی ڕوئەدات، بەڵام لەڕاستیدا شاراوەنیە کە دۆخەکە مایەی مەترسیەکی گەورەیە، ئەو ڕژێمەی چواردە دەیەیە خەریکی نەخشەی پانئیسلامی و پەروەردەی تیرۆرستان و هێزی میلیشیایە، کاریگەری خۆی لەسەر فەلەستین و لوبنان و عێراق و یەمەن دانا، بەڵام ئێستا لەبەرامبەر زریانێکی زۆر بەهێزدا دەلەرزێت، بۆ ئایندەیەکی ناڕۆشنی مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدۆلۆژیەکەی بەرگری دەکات، جا بەهێزی سەربازی بێت یان بەدانوستان و ڕێکەوتن، هەوڵی جدی ئەدات ئەوکارەی بەسەرکەوتن بگەیەنێت، وەک وەستانەوەو پەرچەکرداری هێرشی بۆمبارانی چەند رۆژی رابردو لەبەرامبەر ئیسرائیلدا!.
ئەم دۆخە کە ئەمریکاو ئیسرائیل خولقاندویانە، ئەگەری ئەوە هەیە بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕوات کۆتایی پێکهاتەی ئێستای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بێت، کە چل ساڵ زیاترە پاراستنی سەرمایەداری بە ئایدۆلۆژیای ئیسلامی بەڕێوەدەبات، بەڵام پرسیاری جدی ئەوەیە دوای کۆتایی پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێستای ئێران لەرێگای ئەم شەڕە وێرانکەرەوە، دەسەڵاتی سیاسی بە چ شێوازێک بۆ پاراستنی سەرمایەداری دەتوانێت خۆی ڕێکخاتەوە و لە ئێرانێکی پڕ گێژاودا چۆن دەسەڵاتێکی تر دادەمەزرێننەوە، واتە دوای ئەوە چی ڕووئەدات؟. سیناریۆی جیاواز قابیلیە پێشبێت، ئەزمونی ژیانی سیاسی ئەوەمان بیردەخاتەوە، کە ڕووخانی ڕژێمە دکتاتۆر و پاوانخوازەکان بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەڕێگەی جەنگ و کاریگەری دەرەکی و سەرو ئێرادەی جەماوەری خەڵكەوە، بەدەگمەن فەراهەمهێنی ئارامی و سەقامگیری سیاسیە، بەئاشکرا و بە فراوانی دەروازەکانی دۆزەخ بۆ دانیشتوان دەکەنەوەو بەدڕندانەترین شێوە کەڵەکەی سەرمایە بەڕێوەدەبەنەوە.
هەڵبەتە ئەوە لەبەرچاوە، کە دۆخی ئێران وەک وولاتێکی پان وبەرین و دامەزراوەیەکی حکومرانی بە هێژمۆنی سەراسەری و ناوەندبون، خاوەن ئایدۆلۆژیەکی ئیسلامی، کاریگەریەکی توندی پەیوەندی کۆمەڵایەتی داڕشتوەو ڕێکخستوە، خاوەن بەرژەوەندی سەرمایەگوزاریەکی زەبەلاحی جیاوازە لە ناوچەکەدا، لەهەماکاتدا دانیشتوانی هەشتاوپێنچ ملێۆن کەسە و پێکهاتەیەکی فرە ئاینی و فرە نەتەوە لەخۆدەگرێت، لەحاڵەتی داڕمانی کۆماری ئیسلامی لەم کاتەدا، ئەو هێژمۆنی ناوەندبونەی، تەواو دەشێوێت و لێک دەترازێت و بەزەحمەت بەیەکەوە دەبەسترێتەوە. هەربۆیە لەگەڵ هەر وەستانەوەیەکی ئەمریکا لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا، ئەوە ڕادەگەیەنێت کە نایانەوێت حکومەت بروخێنن!.
ئەوەی شایانی باسە، کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا گرنگترین دەسەڵاتی ناوچەیی خۆی لەدەست داوە، لەلایەک، ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد وەک پشتیوانێکی گرنگی ئێران، گورزێکی گەورەیدا لەپێگەی ئێران لە ناوچەکەدا، هەروەها پردی وشکانی پچڕاند کە ئێرانی بە لوبنانەوە دەبەستەوە، داڕمانی حەماسیش لە غەززە بووە هۆی ئەوەی کە ڕژیمی ئێران دوا هێزی مانەوەی خۆی لە دژی ئیسرائیل لەدەست بدات. وەک ئەوە وایە کە گەڵاکانی پاییزی ئێران یەک بە یەک بکەونە خوارەوە، تا دارەکانی لەبەردەم بای توندی گۆڕانکاری وەرزدا ڕووت بمێننەوە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دیمان کە پەرچەکرداری ئێران لەبەرامبەر ئیسرائیلدا، سەرسامیەکی نیشاندا، کە چاوەڕوانکراو نەبوو، بەجۆرێک هاوسەنگی هێزی پێچەوانە کردەوە، بەڵام ناکرێ ئەو ڕاستیە لەبەرچاو نەگیرێت، پێوەرەکانی ئێستا ئەوە دەردەخەن کە ڕژیمی ئێران قەیرانێکی قوڵی ئابوری یەخەی گرتوە و دانیشتوانەکەی لە ناوەوە دەکوڵێت و نوخبەی دەسەڵاتدار یەکدەست نین و کێشەیان هەیە، ئەم دۆخی شەڕە وێرانکاریەش ئابوریەکەی زیاتر و زیاتر دادەڕمێنێت، بۆیە بەرگەگرتنی هەموو ئەوانە بۆ کۆماری ئیسلامی ئاسان نییەو ناتوانێ وەک پێکهاتەی ئێستای دەسەڵاتەکەی بپارێزێت، کە یان دەبێت خۆی بگۆڕێت یان دەبێت بڕوخێت!
ڕژیمی ئێران بۆخۆشی باش درک بەوە دەکات، لە سۆنگەی هاوسەنگی هێزەوە درێژەدان بەم شەڕە لەلایەک خودکوژی خۆیەتی، لەلایەکی ترەوە زیاتر داڕمان و وێرانکردن و کوشتنی بەکۆمەڵە، لەهەمانکاتدا پاشەکشە بەمانای لەدەستدان و شکستی ئەو شەرعیەتەیە کە لەسەر بنەمای ئیسلامی و خۆڕاگری بنیاتیان ناوە. بەڵام لە کۆتایشدا ناچار بو ئاگربەست قەبوڵ بکات.
لەڕاستیدا پێویست نیە ئەو پرسیارە بکەین، کە کۆماری ئیسلامی کەی دەڕوخێت، بەڵکو ئەو پرسیارە گرنگە، دوای ڕووخانی چی ڕوودەدات؟، دۆخی ئێران چی بەسەردێت؟. بێگومان دۆخەکە لەبەردەوامی جەنگ و فراوانبونەوەی ململانێکان و لێدوان و هەڕەشەی لایەنەکانی بەشدار لە جەنگ و دەرەوەی جەنگ، زیاتر ئەوە نیشان ئەدەن کە کێبرکێ بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دەکەن کە دوای جەنگ دروست دەبێت. ئەمەش لەپەیوەند بە دۆخی ئێرانی دوای جەنگ ،هاوسەنگیەک لەنێوان لایەن و هێزەکاندا نابینرێت تا بتوانن حکومەتێک پێکبهێنن، کە ناوەندبون و ئارامی و یەکگرتویی و سەقامگیری ئێران بپارێزێت، بۆیە ئاژاوەو گێژاوێک پێشبینی دەکرێت کە ساغبونەوەی سەقامگیری دەکەوێتە بەر ئایندەیەکی نادیارەوە.
ئەمریکا وەک لایەنێکی سەرەکی لەشەڕەکەدا، سەرەڕای دوژمنایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هەوڵدان بۆ دەستەمۆکردنی ئێران لەرێگەی هێرشکردنە سەری، درک بەوە دەکات کە ڕوخانی ئێران وەک دەوڵەتێکی یەکگرتوو، ئاژاوەی بەربڵاوی ناوخۆیی و ناوچەیی دروست دەکات، ئەمەش دواتر بەقازانجی ستراتیژی ئەمریکا نابێت کە باڵادەستی خۆی لە ناوچەکەدا بسەپێنێت، بۆیە تابۆی بگونجێت تەنها ئالوگۆڕێکی شکڵی لە هەمان دەسەڵاتی سیاسی ئێستای کۆماری ئیسلامیدا دەکات، کە ملکەچی خۆی بێت.
لەلایەکی تریشەوە ڕوسیا و چین، هاوپەیمانی تەقلیدی تاران، نایانەوێت دەستوەردانێکی سەربازی ڕاستەوخۆ بکەن بۆ ڕزگارکردنی کۆماری ئیسلامی، بەڵام لەهەمانکاتدا، ڕێگە بە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی ئەمریکا بەسەر ووڵاتێکی گەورەی وەک ئێراندا نادەن، کە ئێران تایبەتمەندی ستراتیژی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەت دەوڵەتانی کەنداو، لەدۆخێکی دوودڵیدان، لەلایەک پێشوازی لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەکەن، کە دەیان ساڵە لە ژێر کاریگەری هەڕەشەدان بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکانیان، لەلایەکی تریشەوە ترسیان لەو ئاژاوە هەیە کە لە ئەنجامی جەنگێک و نائامادەیی و نەتوانینی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە رەنگە بۆیان بێتە پێشەوە، وەک ئاگری پوشی دەشتێک کە لە سەرانسەری ناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە. عەرەبستان و ئیمارات بەتایبەتی درک بەوە دەکەن کە سەقامگیری ئێران وەک دەوڵەتێک لە سروشتی ڕژێمی دەسەڵاتدارەکەی گرنگترە. دراوسێیەکی کێشەدار لە دراوسێیەکی دوژمنکار مەترسیدارترە.
لەم دیمەنە ئاڵۆزەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە ئاراوە، ئایا هێزەکانی ناوخۆی ئێران لە بەڕێوەبردنی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵاتدا سەرکەوتوو دەبن؟ یان بەرەو شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن دەڕۆن، کە دەتوانێت ببێتە هۆی دابەشبوونی وڵات؟ فاکتەرێک کە پێشبینی ئەگەری ئەو دابەشبونەی تیا دەکرێت، بەجیا لە نەبونی هێزێکی پتەو بەرجەستە کە بتوانێ ڕژێمێکی تر دامەزرێنێت، لەهەمانکاتدا بونی هێزێکی بەرفراوانی سەدان هەزاری عەقیدەتیە کە دەیان ساڵە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پەروەردەیان دەکات، ئەگەر ئەم هێزە بڕیار بدات و بیەوێت تا کۆتایی شەڕ بکات و پارێزگاری لەدەسەڵات بکات، ئێران دەتوانێت شایەتحاڵی کارەساتێکی گەورەتری پەرشوبڵاوی ناوچەکانی ئێران بێت، لەوەی کە لە سوریا و عێراق ڕوویدا.
پێموانیە هیچ کەس نکوڵی لەوە بکات کە دوای کۆتایی ئەم شەڕەو گۆڕانێک لەنێو هەمان پێکهاتەی ئێستای دەسەڵاتی سیاسی ئێران، یان ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، بە تەواوی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە باڵادەستی ئەمریکا دادەڕێژێتەوە، لەهەمانکاتدا کاریگەری لەسەر چۆنیەتی دۆخی ململانێی زلهێزکانی دنیا دەبێت.
لەڕووی ئابووریەوە ڕووخانی ڕژێمی ئێران کاردانەوەی جیهانی دەبێت. لەبەرئەوەی ئێران خاوەنی چوارەم یەدەگی نەوتە لە جیهاندا، هەر جۆرە پەککەوتنێک لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنیدا کاریگەری لەسەر نرخی وزەی جیهانی دەبێت.
چین کە بڕێکی زۆر لە نەوتی ئێران هاوردە دەکات، ناچار دەبێت بەدوای بەدیلدا بگەڕێت، ئەمەش ئەگەری گۆڕینی دیمەنی بازرگانی وزەی جیهانی هەیە. لای خۆیەوە ڕووسیا ڕەنگە سوود لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز وەربگرێت، بەڵام هاوپەیمانێکی ستراتیژی گرنگ لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ڕۆژئاوادا لەدەست دەدات.
هەرچەندە ئەمریکا لەدوای هێرشەکانی بەرەبەیانی ٢٢ی ئەم مانگە، واڕادەگەیەنێت کە کۆتایی بە کاریگەری یۆرانێۆم هێناوە، بەڵام پمێوایە هێشتا بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران تەحەدای دیکەی لێدەکەوێتەوە، ئەگەر ئێران بکەوێتە بەر گێژاوی شەڕی ناوخۆی لایەنەکان و هێزە میلیشیاکان، چی بەسەر پاشماوەی دامەزراوە ئەتۆمیەکان و ماددە تیشکدەرەکان دێت؟ ئایا زلهێزە نێودەوڵەتیەکان دەتوانن کۆنترۆڵی ئەو ماددانە بکەن و ڕێگربن لەوەی نەکەوێتە دەستی گروپه توندڕەوە میلیشیاکانەوە؟ یان لە ناوچەیەکی پڕ لە ململانێ و گرژی و ئاڵۆزی، ڕووبەڕووی کابوسێکی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دەبینەوە؟ بەگشتی ئێران و ناوچەکە، بەتایبەتی بەدوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، دۆخەکەی ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر کردووە.
لەنێو ئەو هەموو گێژاو و ئاڵوۆزی و تەحەدا ترسناکانەدا، پرسیار لە کۆمۆنستەکان و ئازادیخوازان و رێکخراوە جەماوەریەکان ئەوەیە، ئامادەن بۆئەوەی دوای هەر ئاڵوگۆڕێک، یان ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆڵێکی پێشڕەوی ئینسانی و ئازادیخوازی ببینن، تا پێگەی دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی جەماوەری لەئایندەی پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لەئێراندا دابین بکەن؟ لەڕاستیدا کۆمەڵگەی ئێران بەگشتی و چینی کرێکار بە تایبەتی، ئاستێکی بەرینی پێشڕەوی جەماوەری لە رادیکالی و ئازادیخوازی و یەکسانخوازی تیا بەهێزە، بەڵام ناڕێکخراو و پەرشوبڵاوە ونائامادەیە، پێش هەموو شتێک هەر لایەنێک و ڕێکخراوێکی کۆمۆنستی، پێویستە لەڕیزی پێشەوەی ڕێکخستن و یەکخستنی ئەو هێزە جەماوەریەدا بێت کە بە ئاسۆی سؤشیالستی و ئازادیخوازی و یەکسانخوازی لە مەیدانی ململانێ و خەباتی چینایەتیدایە.
ئەوەی لەمڕۆدا پێویستە، کە ئێران لە دۆخی جەنگێکی وێرانکاری و کۆمەڵکوژیدایە، هەرچەندە شەرەکە لە ئێستا راگیروە، بەڵام بەردوامی ململانێکان و نالەباری دۆخی سیاسی، هێشتا کاتی خۆپاراستنە لە کاریگەریەکانی ئەو جەنگە و نەبون بە سوتەمەنی ئەو شەڕە. دورکەوتنەوە لەو هێزو لایەنانەی دەیانەوێت لە نێوەندی ئەو شەڕەدا بکەونە بەرامبەر هێزەکانی دەسەڵات و پێکدادان ئەنجام بدەن، ئێستا سەردەمی یەکڕیزی و خۆڕێکخستن و هوشیاربونەوەیە، ئەگەرچی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەڕووی هاوسەنگی سەربازیەوە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئەمریکای نییە، بەڵام لەم بارودۆخەدا دەتوانێت لەبەرامبەر هەر ناڕەزایەتیەک سود لە توندترین و خوێناویترین سەرکوت وەرگرێت. بۆیە ئامادەکرنی هەر ڕێکخراوێک لە ئێستادا بۆ شەڕکردن لەگەڵ ڕژێمدا، کارێکی گەمژانەو نابەجێیە، بە زیانی خەباتی جەماوەری تەواو دەبێت.
پێویستە خۆڕێکخستن لە دژی شەڕ و هەلومەرجی شەڕ و ئازارەکانی، بەرەوپێش بچێت، خەبات بۆخواستی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ، بەرزکردنەوەی دروشمی دژی شەر دوبارە نەبونەوەی شەر پێوێستی بە بزوتنەوەیەکی بەرفراونی جەماوەری جیهانیە.
ئەمڕۆ پێویستە کۆمۆنستەکان و ئازادیخوازان، ڕێکخستنی خەڵکی ناڕازی بەدژی شەر بکەنە ئەولەویەتی کارنامەی خۆیانەوە، بۆ هاوکاریکردنی یەکتر لە بەرامبەر سەختیەکانی شەڕ، دابینکردنی ئامڕاز و ئاسانکاری بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە ناچارن ماڵ و شارەکانیان بەجێبهێڵن و پێدانی پێداویستی تەواوی بۆیان، دابینکردنی بژێوی ژیان و ئیمکاناتی تەندروستی، هاوکاریی دەستبەجێی خەڵک لە ئەگەری بۆردومانکردنی ماڵەکانیان، خەبات دژی ئەو ناسیۆنالیستە ڕەنگاوڕەنگانەی کە بە شەڕ و وێرانکردنی کۆمەڵگا وروژێنراون و ئومێد بە لایەنگری بۆ جەنگ دەبەخشنەوە.
دوورخستنەوەو پاراستنی کۆمەڵگا لە دروستبونی هەر سیناریۆیەکی تاریک و هەلومەرجی شەڕهەڵگیرسانی هێزە میلیشیاکان، لەهەمانکاتدا لە هەر جێگایەک بۆشاییەک بەهۆی نەمانی هێزەکانی ڕژێم دروست دەبێت، پێویستە جەماوەری خەڵک بۆ پاراستنی خۆی و بۆ ئیدارەکردنی کاروبارەکانیان رێکخراو و چەکدار بن، تا بتوانن ئەمنیەتی خۆیان بپارێزن و کاروباری خۆیان بەڕیوەبەرن.




ئەمریکا و سیاسەتی شەر و ماڵوێرانی!.. عوسمانی حاجی مارف

باڵادەستی ئیسرائیل لەسەرەتای هێرشەکانی بۆ سەر ئێران، بەپلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ دزەکردنی بەرفراوان لەناو دەزگای ئەمنی و سەربازیەکاندا، کە بووە هۆی لەناوبردنی ژمارەیەك فەرماندەی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی و چەند بەرپرسێکی پلەبەرزی دیکەی رژێمی ئێران! ئەوەش ئەو مەیلەی لای ئیسرائیل بەهێزکرد کە دەتوانێ بەردەوامی پێبدات بەجۆرێك کە ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسانی ئێران لەناوبەرێت تەنانەت خودی خامنەییش بەئامانج بگرێ! بەڵام ئێران توانی ئەو زەربەیە لەئاستێکدا ڕابوەستێنێ و خامنەیش لەشوێنێکی پارێزراودا دابنین!
ئەم دۆخە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەو دزەکردنە پێشهاتێکی نوێ نییە و پەیوەندی بەو هێرشەی ئەم دواییەوە نییە، هەروەها موساد ساڵانێکی زۆرە لە بنیاتنانی تۆڕەکان لەناوخۆی ئێراندا کاری کردوەو سەرکەوتوو بووە.
ڕوونە کە ناوەندە ئەمنی و هەواڵگریەکانی ئێران، پەیامی ئیسرائیلیان سەبارەت بە تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە لە دڵی تاراندا بەهەند وەرنەگرت، ئەم پەیامە ئەوە دەردەخات کە دزەکردن و سیخوڕی، بوونی هەیە و ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە ناو پۆستە باڵاکانی دەسەڵاتی ئێراندا داکوتیوە. هەروەها موساد خاوەنی توانای چاودێریکردنی جموجۆڵی سەرکردە باڵا سەربازیەکانی ئێرانی هەیە، بە کردنەوەی کۆدی دەرگای پەیوەندی و پەیامەکان و چوونە ناو ژینگەی کارکردنیان.
هەڵبەتە لەگەڵ ئەوەشدا پەرچەکرداری ئێران بە موشەکبارانی شارەکانی ئیسرائیل، ئەمریکاو ئیسرائیلی سەرسامکرد، ئەمەش ئەوە نیشان ئەدات کە کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی شەڕەکە قورس بوە، دەرگای ئاژاوە و نائارامی ناوچەیی بەجۆرێك کردۆتەوە کە نازانرێ کۆتاییەکەی کەی دەبێت.
دوای ڕووخانی ئەسەد و ڕوبەڕوبونەوەی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و حزبولڵا، نەخشەیەکی نوێی نفوزی ناوچەیی دەستی بە دەرکەوتن کرد، لەهەمانکاتدا هەوڵدانی کێشکردنی ئێران بۆ هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوچەیی، بەردەوام نەخشەو ویستی ئیسرائیل بووە و ئەمریکا پشتیوانی لێکردووە.
ئەمریکا وەک زلهێزکی دنیا بۆ جەختکردن لەسەر باڵادەستی لە ناوچەکەدا، لەهەمانکاتدا زلهێزه ناوچەییەکانیش وەک تورکیا و سعودیە، بۆ به هێزکردنی پێگەی بوونی خۆیان، هەوڵیاندا دابەزینی پێگەو نفوزی ئێران بقۆزنەوه، ئەمەش ململانێکانی لە سوریا، لوبنان، عێراق و یەمەن لەگەڵ دابەزینی پێگەو نفوزی ئێراندا بردە قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزییەوە.
ئەم وێنە گشتیە جەخت لەسەر پێویستی دووبارە داڕشتنەوەی هاوپەیمانیەکان و ڕەوتی ململانێکان و هاوبەشکردنی کاریگەریەکان دەکاتەوە، بۆ دەستەبەرکردنی دەخالەتی لایەنەکان و سەقامگیری ڕێژەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەسایەی باڵادەستی ئەمریکادا.
لەژێر ڕۆشنایی ئەم گۆڕانکاریانەدا، فشارو ململانێیەکی زیاتر لەلایەن ئەمریکاوە خرایە بەردەم کۆماری ئیسلامی ئێران، تا ڕادەستکردن و ملکەچی بۆ بەرژەوەندی و نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پەیڕەوی بکات، بەمانایەک لە ململانێی ووڵاتانی زلهێزی دنیادا، ئەو پێگەیە بە ئێران نیشان ئەدرێت کە قەبوڵی بکات بچێتە ڕیزی پابەندبون بە تەواوی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاوە، لەهەمانکاتدا پەراوێز خستنی لە ڕیزی چین و روسیادا.
رۆڵی شەڕ دژی “کۆماری ئیسلامی” لەوەدایە کە ئیسڕائیل دواجار بڕیاریدا یاریەکی تەواو جیاواز لەسەر ئاستی ناوچەکە بکات، یاریەک کە لە بەرژەوەندیەکان و ستراتیژی ئەمریکا لەناوچەکە لانەدات، بەڵام ڕادەی سەرکەوتنی ئەم شەڕە بەقازانجی باڵادەستی ئەمریکا لە ناوچەکەدا جێگای پرسیارە، گەر ئارامی و سەقامگیری بەدوادا نەیەت!
“کۆماری ئیسلامی” چۆن وەڵامی ئەو شەڕە دەداتەوە کە تووشی بووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دواجار خۆی بووەتە لایەنێکی شەڕەکە، دەبێت ئێستا باجی ئەو یاریە بدات کە نەیویست یان نەیتوانی، خۆی ڕادەستی خواستەکانی باڵادەستی ئەمریکا بکات و ملکەچی سیاسەتەکانی ئەمریکا بێت. ئەم یاریە لەسەر بنەمای ئیستغلالکردنی ڕووداوە ناوچەییەکان بەتەواوی ئێرانی لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیلدا بێوەڵام و سەرسام ڕاگرت، ئێران لە ئێستادا لەبەردەم ئەو سیناریۆیەدایە کە هەمیشە هەوڵی داوە لەم شەڕە دوور بکەوێتەوە، بەڵام ئیسرائیل فرسەتی بۆ نەهێشتەوەو لەناو شەڕێکی وێرانکاریدا گیری کرد!
ئێران پێشتر لە هەموو وەرچەرخانێکدا ئامرازەکانی خۆی بەکارهێناوە بۆ نائارامکردنی وڵاتانی ناوچەکە، تا لەم دواییانە ئەرکی هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێکی عەرەبی لە لوبنانەوە بە حیزبوڵڵا دەسپارد. مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسیەکان لە خاکی یەمەنەوە، عەرەبستان و وڵاتانی دیکەی عەرەبی وەک ئیماراتیان دەکردە ئامانج. میلیشیا تائیفیە عێراقیەکانی سەر بە سوپای پاسداران لە هەر کاتێکدا ئامادە بوون هەڕەشە لە ئوردن و هەرێمی کوردستان بکەن.
تەواوی ئەو میلیشیایانەی بەرگریان لە ڕژێمی ئێران دەکرد، بەبێئەوەی بنکەیان لە ناوخۆی ئێراندا هەبێت، داواکاریەکانی کۆماری ئیسلامیان جێبەجێ دەکرد، بەڵام هەموو ئەوانە بەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززەو باشوری لوبنان و کەوتنی ئەسەد، لەدەست ئێران چون و ناتوانن کارێک بۆ ئێران بکەن، بەتایبەتی کە ئێستا تاران ڕاستەوخۆ بۆ خۆی لەناو جەرگەی شەڕەکەدایە و یاری بە چارەنوسی دەکرێت.
ئەم شەڕە کە بۆ کۆماری ئیسلامی ئەگەری زۆرە وەک دۆڕاوێک لێی بێتە دەرەوە، بەڵام کەی ئەو دۆخە کۆتایی دێت؟ پرسیارێکی بێوەڵامە! ئەوەی ڕۆشنە ئەم شەڕە هەر کات کۆتایی هات بە دڵنیاییەوە لەدوای ئەم شەڕەوە ئێرانێکی تەواو جیاواز دەردەکەوێت، که دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە خۆی لێ بپارێزێت، دەسەڵاتێک کە ناتوانێ بە ئاسانی ئێرانێکی سەربەخۆ و یەکگرتو دامەزرێنێتەوە، بێگومان بۆ ماوەیەکی نادیار لە گێژاو و نائارامی سیاسیدا دەبێت.
لە شەوێکدا کە پڕ بوو لە گرژی، خەڵکی ناوچەکە لەسەر نووکی پێ وەستابون و سەیری ئەو پێشهاتەیان دەکرد کە لاپەڕەیەکی نوێی هاوکێشەی دەسەڵاتی نێوان ئیسرائیل و ئێرانیان دیاریکرد، شەوی ١٣ی حوزەیران شەوێکی ئاگرباران و پڕ دوکەڵ و مووشەک بارانبوو، ئەمەش مەترسیدارترین ساتەوەختە لە دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بەو پێیەی تاران خۆی بووەتە گۆڕەپانێک بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازیە چڕەکان، ناتانیاهۆ ڕایگەیاندوە کە ئامانجی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تێکدانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکە بالیستیەکانی ئێرانە، بەڵام ڕەوتی ئۆپەراسیۆنەکان بەتایبەتی دەوری پشتیوانی ئەمریکا ئاماژە بە ئامانجی فراوانتر و ستراتیژیتر دەکات، کە دەکاتە پڕۆژەی سەپاندنی “ملکەچکردنی ستراتیژی” بەسەر ئێراندا.
ئامانجی ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل ڕاگرتنی توانای تاران و ئیفلیجکردنی بەڕێوەبردنی تۆڕی هاوپەیمانیەکانیەتی لە ناوچەکەدا، زەمینە خۆشکردن بۆ پرۆسەیەکی درێژتر و کەڵەکەبوو بەرەو ڕادەستبونی بێمەرجی تاران بە ئەمریکا، یان کۆتایی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، گەر بۆیان بچێتە سەر!.
پێدەچێت سوپای ئیسرائیل بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی تا لاوازبوونی هاوپەیمانانی تاران و دابەزینی چەتری بەرگریی تاران، بۆئەوەی ناچاری بکات بە ملکەچ بون و ڕادەستبون بە دانوستانێک، ئێران تەواوی مەرجەکانی ئەمریکا پەسەند بکات.
لە هەمانکاتدا ئەگەری ئەوە هەیە لەبەرامبەردا، ئێرانیش درێژە بە دژە هێرشەکانی بدات و بەرگری بکات، ئەمەش پێویستیەکە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی ناوخۆیی و دوورکەوتنەوە لە تێڕوانین بۆ داڕمان، یان بە لە دەستدانی کاریگەری ڕژێمەکەی دەزانێت، چونکە لە حاڵەتی ڕادەستبونی بە وەستانی شەڕەکە، مەترسی هاندانی ناکۆکی ناوخۆیی و چەسپاندنی ئەو تێڕوانینەی هەیە کە ڕژێم ئامادەیە بۆ داڕمان.
کاتێک تاران بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی خاکی ئیسرائیلی گرتەبەر و قوربانی مەدەنی لێکەوتەوە، بۆتە فشارێک لەسەر ئیسرائیل، پلەیەک هاوسەنگی بۆ تاران دروستکرد، کە گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە ڕەنگە هاوکێشە نوێیەکانی خۆپاراستن بسەپێنێت و ببێتە هۆی وەستانی هێرشەکانی ئیسرائیل!، هەربۆیە هاوکێشەکە بەوبارەدا درێژەی دەبێت کەئەمریکا دەخالەتی ڕاستەوخۆ بکات، یان شەڕەکە بوەستێنن، بەلام دیمان ئەمریکا لە بەرەبەیانی ٢٢/٠٦/٢٠٢٥ بە هێزە ئاسمانیەکانی ئەو ناوچانەی یۆرانیۆمی تێدایە بۆردمان کرد، واتە ئەمریکا بێجگە لە پشتیوانی بۆ ئیسرائیل، ڕایگەیاند بەشێکی سەرەکیە لەم شەڕەدا بە دژی ئێران، دوای ئەمەش چیتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و چیتر ڕوئەدات؟، پێشبینیکردنی ئاسان نیە!، بەڵام ئەوە نکوڵی لێ ناکرێ کە دۆخەکە لە ناوچەکە و جیهاندا دەچێتە دۆخێکی ئاڵۆزتر و مەترسیدارترەوە، ئەگەری سەرهەڵدانی سیناریۆی جۆراوجۆرە.
بەگشتی ئاسۆی یەکلاییبونەوەی ستراتیجی ئەو شەڕەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە بەرامبەر ئێراندا پیادەی دەکەن، تا ئێستاش ناڕونە، لەکاتێکدا ترس لە ناو ئیسرائیلدا هەیە لەوەی مۆدێلی هێرشەکانی بۆ سەر غەززە دوبارەببنەوە، هەروەها دۆخی ناوچەکە بەدەخالەتی ڕاستەو خۆی ئەمریکا و ئەگەری دەخالەتی لایەنی تر بەدژی ئەمریکا، مەترسی تەواو لەسەر ژیانی دانیشتوانی ئیسرائیل دابنێت
ئەوەی لەم نێوەدا جێگای سەرنجە، ناتانیاهۆ و ترامپ ڕایدەگەیەنن کەهیچ دوژمنایەتیەکیان لەگەڵ خەڵکی ئێراندا نیە، ئەمەش کە جگە لە درۆیەکی شاخدار و پڕوپاگەندەی ساختەی سیاسی هیچی تر نییە. کاتێ ناتانیاهۆ لەلایەک دەڵێت دوژمنی خەڵک نیم و لەلایەکی ترەوە دەڵێت تاران دەسوتێنم..!؟ ئاشکرایە حکومەتی ئیسرائیل و ئەمریکا بە هیچ جۆرێک ژیانی کەسیان بۆ گرنگ نەبوە. هەروەها هەڕەشەی ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا و پاڵپشتی تەواوی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئەم کارانە تەنها مایەی زیادبونی بارگرژی و نائارامی و ماڵوێرانیە لە ناوچەکەداو قوربانیەکی زۆری خەڵکی لێکەوتۆتەوە.
حکومەتی ئەمریکا و ئیسرائیل کە بکەری سەرەکی تاوانی جینۆسایدی دوای کارەساتەکانی ٧ی ئۆکتۆبەرن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وڵاتانی زلهێزی دنیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان کە بە دووڕوییەوە خۆیان وەک ئاشتیخوازو دیموکراتخواز پیشان دەدەن، بەکردەوە لە ئاست ئەم تاوانانەدا نەک بێدەنگن، بەڵکو وەک تەواوی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی و لۆژیکی قازانجخوازی زلهێزە ئیمپریالیستەکان، لە هۆکارە سەرەکیەکانی شەڕ و کارەساتی مرۆیی و تێکدانی ژینگەدا بەشدارن.
بەپێچەوانەی ئەو هێزو لایەنانەی کە ئومێد و ئامانجی سیاسیان لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامی لە پەیوەند بەم شەڕەوە دامەزراندووە، گەوجیە بۆیان کە لە سروشتی ئەزمونی ئەم جۆرە شەڕانەدا ئەو وانەیە وەرناگرن، کەئەم شەڕە نەک هیچ سودێکی بۆ دانیشتوانی هیچ وڵاتێکی ناوچەکە نابێت، بەڵکو خەڵکی بەرەوڕوی زیانێکی زۆرتر و نائەمنی و مەترسی دەکاتەوە، کە زیاتر بەسەر دانیشتوانی ئێراندا دەشکێتەوە.
درێژەدان بەم ڕێڕەوەی ئێستای شەڕ، جگە لە وێرانکردنی زیاتر و زیانێکی قەرەبوونەکراو بە ژینگە و دووبارەبوونەوەی کارەساتی مرۆیی، هیچ دەرئەنجامێکی تری نابێت. چینی کرێکار و خەڵکی بێبەش، لە قوربانیە سەرەکیەکانی ئەم دۆخەن، بۆیە دەبێت دەستبەجێ ئەم شەڕە بوەستێت.

عوسمانی حاجی مارف




چارەنوسی ئێران لە پەیوەند بە باڵادەستی ئەمریکاوە.. عوسمانی حاجی مارف

دوابەدوای هێرشی دڕندانەی حکومەتی ئیسرائیل، بۆ سەر دانیشتوانی ئێران، دۆخی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کەوتە بەردەم ڕاگرتنێکی نادیارەوە، کە بڕیار بوو لە 15ی حوزەیران خولی شەشەمی دانوستانەکانی لە عومان بەڕێوە بچێت. تاران چەندە ئارەزوی ڕێکەوتنی هەبێت و مەیلی نزیکبونەوە بۆ ئەمریکا نیشان بدات، لە هەلومەرجی هەڵگیرسانی شەڕێکی ئێستاداو کێشکردنی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ ناو ئاگری ئەو شەڕە، هەرچەندە چین بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە داوای کردوە تاران بچێتە ناو دانوستانەکەوە، بەڵام ئەستەمە بۆ تاران بتوانێ بچێتە ناو دانوستانێکەوە کە بۆخۆی ئەمریکا بە هۆکاری ئەو هێرشانە بناسێنێت. لەلایەکی تریشەوە ئەگەر ئێران لە ڕاستای دۆخی ئەم شەڕەدا هەر جۆرە هێرشێک بکاتە سەر بەرژەوەندی ئەمریکا یان کردەوەیەکی بێباکی ئەنجام بدات، ئەگەری ئەوە زۆرە کە دانوستانەکان بە تەواوی دابخرێن و کردنەوەی دەرگای شەڕەکەش فروانتر دەبێت.
لە جیهانی دوای ٧ی ئۆکتۆبەردا، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل وەها نیشان ئەدەن، چیتر ئامادە نین هیوای باشترینیان هەبێت، لە بەرامبەر ئەو دوژمنانەی سوێندیان خواردوە بۆ لەناو بردنی ئیسرائیل، کەچەکی پێویست بۆ گەیشتن بەو ئامانجە کەڵەکە دەکەن. لێرەوە ناتانیاهۆ وەها ڕادەگەیەنێت کە گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە “دەوڵەتی ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی لەبەردەستدا نەماوە” جگە لە بەرگریکردن لە هاووڵاتیانی، بە خۆئامادەکردنی بۆهێرشکردنە سەر دوژمنەکانی.
حکومەتی ئێران لەناو جەرگەی ئەم شەڕە خوێناوی و وێرانکاریەدا، ئێستا خۆی لە مەوقعێکی بەرگریدا دەبینێتەوە، نەک تەنها لەبەر ئەوەی نەیتوانی خەڵکی مەدەنی و بەرپرسە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بپارێزێت، لەهەمانکاتدا دەرگیرە لە وەڵامی دەرئەنجامی ئەو سیاسەتانەی کە ئێرانیان لە کۆمەڵگەی جیهانی زیاتر دابڕاوکردوە، لەمێژە ئاکامی بێزاری زۆرێک لە ئێرانیەکان دەیانەوێت ببینن کۆماری ئیسلامی کۆتایی دێت، بەڵام ئەوەی گرنگە زۆربەیان نایانەوێت ئەم دەرئەنجامە بە نرخی خوێنڕشتن و شەڕێکی لەم جۆرەی ئێستا بێت.
وەستانەوەی تاران بەرامبەر ئیسرائیل، بە دروشمی بەرگری لە خۆی، کە زیاتر بۆ ئەم بەرگریە جەختی لەسەر شوێنە مەدەنیەکان و کوشتنی هاوڵاتیان و وێرانکردنی شارەکانە، ڕۆژانی داهاتوو ئاشکرای دەکات کە ئایا تاران دەتوانێت سەقامگیری ناوخۆ بپارێزێت؟!، کە هەڵبژاردنی ئەم ڕێگایە ئەگەری مەترسیەکی بەرچاویان لەسەر مانەوەی کۆماری ئیسلامی هەیە، بەتایبەتی لەبەردەوامی ئەم ڕێڕەوەدا ئەمریکا دەخاتە بەردەم دەخالەتی ڕاستەوخۆ بۆ لێدان لە تاران.
دەتوانین بڵێین لەهەر هەنگاوێکی هەڵکشانی ئەم وەستانەوەیەی ئیسرائیل و ئێران بەرامبەریەک، ئەوە لەبەرچاوە کە بە شێوەیەکی بەردەوام ئەمریکا پشتیوانی بۆ ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت، ئەمەش مەترسی گەورەبونەوەی شەڕەکە دەخاتە بەردەم دەسەڵاتدارانی ئێران، بەوەی هێزەکانی ئەمریکا ڕاستەوخۆ بێنە ناو شەڕەکەوە، لە سەردانەکەی ترامپ بۆ کەنداو لە مانگی ئایاردا، بە حکومەتەکانی کەنداوی گوتووە لایەنگری ئیسرائیلە سەبارەت بە پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێن لە دژی ئێران، سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو هاوسۆزیان بۆ ئێران دەرنەبڕیوە، لە دنیای واقعیشدا ئەمریکا نەک پشتیوانی ئیسرائیل دەکات، بەڵکو ترامپ لە ڕاگەیاندنەکانیدا ئەوە نیشان ئەدات کە ئامادەیە بۆ چونە ناو شەڕەکە.
.ناتانیاهۆ دەڵێت “توانای ئەوەی نییە ڕێگە بدات بە دانوستان لەگەڵ ئێران یاری بکات”، بۆیە درێژەدان بە هاوشێوەی هێرشەکانی بۆ سەر غەززە و لوبنان، لە ئێرانیش بەهەمان شێوە بەردەوام دەبێت، ناتانیاهۆ وەها ڕادەگەیەنێت کە هیوای ئەوەیە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران تەواو لەناو بچێت، کە هەرگیز نەتوانێت بگەڕێتەوە، ئەوەش دەبێتە ڕەوایەتیدان لە خەیاڵاتی ناتانیاهۆدا. ئەگەر ئەو ئەتۆمە لە ئێران کۆتایی نەیەت، ئەوە دەبێت خەڵکی و حکومەتی ئیسرائیل لەگەڵ ئەو ڕیوایەتانەدا بژین کە ناتانیاهۆ دروستیان دەکات، لە کاتێکدا کە دەوڵەتانی کەنداو دیدێکی نوێ بۆ جیهانی عەرەبی پێشنیار دەکەن، کە لەسەر پێکەوەژیان لەگەڵ ئیسرائیل بنیات بنرێت، کە لە سەرمایەگوزاری و گەشەسەندنی ئابووریەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام ئەم هێرشانەی ئیسرائیل بەناوی پاراستنی ئیسرائیل و ڕزگارکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هێرشکردنە سەر ئێران، مەترسی زیاتری وێرانکاری و توندوتیژی و کوشتنی بەکۆمەڵ و ناسەقامگیری دەخاتە ناو بازنەیەکەوە، کە مەترسیەکی گەورە لەسەر کەنداو و بونی ئیسرائیلیش دروست دەکات. ئەوەی ترامپ و ئەمریکای خستۆتە ناو ئەم بازنەیەوە و لایەنگری لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات، ئەجندای باڵادەستی ئەمریکا و هەوڵدانی بنەبڕکردنی پێگەی ڕوسیاو چینە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەر بۆیە ئەم هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەتوانێت “قومار” ێکی گەورە بێت، بە لەبەرچاوگرتنی کاردانەوەی ئەگەری ناوچەیی و جیهانی، لە ئەنجامدا چارەنوسی ئێران دەخاتە ناو گێژاوی گۆمێکی قوڵەوە.
وەڵامدانەوەی ئێران بەتایبەتی ڕوبە تەلئەبیب بە سەدان مووشەکی بالیستی کردۆتە ئامانج، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئێران هێشتا لە توانایدا ماوەتەوە زیانی بەرچاو بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەرانسەری جیهاندا بگەیەنێت، بۆیە ئیسرائیل پێویستی بە هێزی زەمینی یان هاوکاری ئەمریکا دەبێت بۆ پەکخستنی هێرشی موشەکی و بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران، ئەگەر ئەم دۆخە گەشە بکات و ببێتە شەڕێکی ناوچەیی، دەکرێت لێکەوتەی ترسناکی ناسەقامگیری بەرفروان بۆ باقی جیهان بەدوای خۆیدا بهێنێت، کە ڕوخانی ڕژێمی ئێرانیش لەڕێگەی ئەم هێرشانەی ئیسرائیل و ئەمریکاوە، دەکرێت تا ڕادەیەکی زۆر ئاکامی ناسەقامگیری زیاتر و گێژاوێکی سیاسی بەرینتر بێت لە ناوچەکەدا، هەروەها ناتوانرێت پێشبینی ئەوە بکرێت لە ئەنجامی ئەم دۆخە پڕئاژاوەیەدا چی تری بەدودا دێت و چی لێدەکەوێتەوە.
ترەمپ چەندین جار ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئێران ڕازی بێت بە داواکاریەکانی ئەمریکا بۆ قبوڵکردنی سنوردارکردنی توند بۆ بەرنامە ئەتۆمیەکەی، هێرشەکەی ئیسرائیل بە خێرایی کۆتایی دێت، بەڵام ئەوەی ترەمب و ئەمریکا دەیانەوێت لە سەرو بەرنامەی ئەتۆمیە، ئەویش دەرچونی ئێرانە بە یەکجاری لە بازنەی چین و روسیا، لەهەمانکاتدا گواستنەوەی ئێران بۆ ناو بازنەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، گەر ئێران ئەو کارە بکات و ملکەچی ئەمریکا بێت، پێم وایە ئەمریکا بەر بەرنامە ئەتۆمیەکەشی ناگرێت.
ئەم شەڕە وێرانکاریە بەبێ دانانی هیچ سنورێک بۆ ناوچەی نیشتەجێبون و ناوەندە پیشەسازیەکان، کە شوێنی کار و ژیانی خەڵکی گرتۆتەوە، گورزێکی گەورەیە لە ژیان و ئەمنیەتی خەڵکی ئێران، بەهیچ جۆرێک ناتوانرێت مژدەی سبەینێیەکی باشتر لە دوای بۆردومان و ئاگر و وێرانکاری بدرێت. هێرشەکانی ئیسرائیل و پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئەم هێرشانە پەیوەندی بە ئایندەی مان و نەمانی کۆماری ئیسلامیەوە نیە، پەیوەندی بە یارمەتیدان بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران نیە، هێرشێکە بۆ باڵادەستی و پاوانخوازی ئەمریکا لە ناوچەکەو جیهاندا، بۆ زاڵبوونی ئیسرائیلە بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لێرەوە ئەتوانین بڵێین پرسی ئەتۆمی ئێران هەمیشە بیانویەک بووە بۆ هەڵگیرسانی شەڕو لێدان لە ئێران، کە لەئاکامدا گەورەترین قوربانی خەڵکی کرێکارو زەحمتکێشی ئێران دەبن.
هەڵبەتە بەردەوامی ئەم هێرشانە، ڕاکێشانی تەواوی ناوچەکەیە بۆ قۆناغێکی ئاڵۆزتر و تاریکتر و مەترسیدارتر، وەک هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و لوبنان و سوریا و کوشتنی سەدان هەزار کەسی بێتاوان، بارینی موشەکەکانی ئێران بۆ سەر ناوەندە سەربازی و نیشتەجێ جیاوازەکانی ئیسرائیل، سەرەتای شەڕێکە کە ڕەهەند و پانتایی و داهاتوو و هەروەها ڕادەی قوربانیە مرۆییەکان و ڕادەی زیاتربونی وێرانکاری و دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی بۆ خەڵکی ئێران و ناوچەکە، نادیارە.
گومانی تیا نیە کە ئەم هێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران زیانێکی زۆر بە بزووتنەوەی ئازادیخوازی و ناڕەزایەتی و خەباتی جەماوەری لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا دەگەیەنێت، جگە لە دەرئەنجامی وێرانکاری و گێژاو و ناسەقامگیری، ترس و دڵەڕاوکێ و نەهامتی و بێئومێدی بەسەر خەڵکی ئێراندا دەسەپێنێت، لە هەمانکاتدا دەستی کۆماری ئیسلامی زیاتر دەکاتەوە کە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بەرێتە دواوە.
بەشێک لە خەڵکی ئێران کە لە ژێر کاریگەری ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەوەکاندان لە نمونەی مجاهیدین و بەشێکی زۆر لە ناسیۆنالستەکان، ئێستا زۆر دڵخۆشن بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەو هێرشانەی کەبریتین لە وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری، سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی گاز و نەوت، بەندەرەکان و کوشتاری بە کۆمەڵ، ئانیدەی ڕێژیمی خستۆتە حاڵەتێکی هەستیارەوە و ئەگەری داڕمانی ئەو ڕێژیمە لە ئارادایە، بۆیە ناردنی خەڵک لە ئێستادا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دەستبەجێ لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەم دۆخەدا، کردەوەیەکی نامرۆڤانە و تاوانکاریە، تەنیا ئەو هێز و لایەنانە کارێکی لەوچەشنە دەکەن کە نابەرپرسانەو وەک تاڵانچی و چەتە، مامەڵەی دۆخەکە دەکەن، لەم هەلومەرجەدا هەوڵ ئەدەن خەڵک کێشکەن بۆ ناو مەیدانی ڕوبەڕوبونەوە لەبەرامبەر ڕژێمداو بیانکەنە قوربانی بەرژەوەندی ئامانج و سیاسەتەکانیان، کە ئاکامەکەی شکستی سەرسەختی هیوای ئینسانی ناڕەزایەتیەکانە و دەبێتە هۆی نائومێدیەکی تەواو، ئەمەش کاری ئەو لایەنانەیە کە خۆیان لەسەرو ئیرادەی خەڵکەوە دەبینن، دژی دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵکن لەدەسەڵاتی سیاسیدا.




بەغدا و هەولێر لەژێر فشاری ململانێیەکی بەردەوامدا.. عوسمانی حاجی مارف

لەدوای ٢٠٠٣وە ناکۆکی و ئاژاوە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق هەرگیز نەوەستاوەو ناوەستێت، لەدڵی ئەو ناکۆکیانەدا پەیوەندیە گرژییەکەی نێوان بەغدا و هەولێر، چەندین بێ‌هیوایی تێدا چێندراوە و مانایەک بۆ ئارامی سیاسی جێگەی نابێتەوە، پێکهاتەو دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسی لە بەغداو هەولێر ڕۆشناییەک نادا بەدەستەوە کە ئاسودەیی بۆ دانیشتوانی عێراق و کوردستانی تیا بەدیبکرێت.
هەڵبەتە هیچ گومانی تیا نیە کاتێک پێکهاتەی دەسەڵاتێک بە هێزی تائیفی و ئیسلامی و قەومی و بنەماڵە ومیلیشیا دامەزرابێت، بێگومان بەردەوام جەردەو مافیا و گەندەڵی بەرهەم دەهێنێتەوە، پەیوەندیەک کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٥ بە شەراکەتێک بە ڕوخساری ساختەی هیوا دەستیپێکرد، بەناوی فیدراڵی و پێکەوەژیانی “عەرەب و کورد و شیعە و سونە” ڕاگەیەندرا، حەتمیە کە ئەم ڕۆژگارە ناهەموارەی ئێستای لێ بەدەست دێت، کە خەڵکی ناتوانن ساتێك بە بێنیگەرانی بخەون.
ئەم شەراکەتە کۆنەپەرستانەیە لە پێکهاتەی هەردوو حکومەتی بەغداو هەولێر بۆ بەشداری لە دامەزراندنی “عێراقێکی نوێدا”، وایانڕاگەیاند کە فیدراڵی و دەستوور دەبێتەهۆی زامنی ئەو مافانەی کە لەمێژە خەباتیان بۆ کراوەو قوربانی بۆدراوەو ڕاپەڕینی بۆ کراوە! ئەوەی دەیبینین تەواو پێچەوانەکەی پیادەکراوە و پیادە دەکرێت. بەڵام بەدوای بەخشینی ئەو هیوا ساختانە، دیمان کە چۆن وردە وردە بەریەکدەکەوتن و درزی ناکۆکیەکانیان کراوەترە لەناو لیتاوێکی خەستدا، لەبەرامبەر واقعێکی سیاسی ئاڵۆزدا، یەکتر دەخلیسکێنن، هەرلایەک گوریسەکە بۆ بەرژەوەندی زیادبونی پێگەو نفوزی سیاسی خۆی ڕادەکێشێت، لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین بەرهەمی دزی و تاڵانی و قۆرخکردنی زۆرترین سەروەت وسامانی عێراق و کوردستان، هەر ئەمەش ئاراستەیە بۆ کەڵەکەبونی سەرمایە و سەرمایەگوزاری بۆ بەرپرسەکان.
یەکەم نیشانەکانی لیتاوی فیدراڵیزم لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە دەستیپێکرد، کاتێک پەسەندکردنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی، کە یاسایەکە لە دەستووری عێراقدا هاتووە (ماددەی ١١١ و ١١٢). بڕیار بوو ئەم یاسایە پەیوەندی نێوان ناوەند و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ڕێکبخات. بەڵام لەوکاتەوە نەوت لە سەرچاوەیەکی هاوبەشەوە گۆڕاوە بۆ سەرچاوەیەکی درێژخایەن بۆ ململانێ و داگیرکاری چاڵەنەوتیەکان لەلایەن هێزە میلیشیاکانەوە، کە تێیدا هەموو شتێک لە سیاسەت و یاسا و پێکهاتەی هێزە سیاسیەکان و دەسەڵاتی سیاسی وەها تێکەڵاوبون، بەرژەوەندیەکان ئەوەندە ئاڵۆزبون، جگە لەکۆتاییهێنان بە تەواوی هێزە میلیشیاکانی کوردستان و عێراق، ڕێگایەکی تر نیە کە بتوانێت زاڵبێت بەسەر ئەم ناجێگیری و گێژاو و کارەساتانەدا. لەڕاستیا تەواو بونەتە مایەی جۆرێک لە دەردیسەری و بارگرانی بۆ دانیشتوان، کۆتایەکەشی نادیارەو نەزانراوە. دواتریش پێکهاتنی ئەو دامودەزگایانەی بەناوی دەستەی دەستپاکی دەوریان درایە، تا کارێک دژی گەندەڵی رێکبخەن، بەڵام بەبێ توانایی و شەرمەزاری و شکستەوە کارمەندەکانی دەزگای دەستپاکی بێدەنگیان لە کارەکەیان هەڵبژارد.
پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەی لێ ناکرێت لە ڕێگەی بڕیاری دارایی و دانوستان و گفتوگۆ لەسەر دان و نەدانی مووچە ئاسایی بێتەوە و ڕێکبخرێت، هیچ بوارێک بۆ زەمینەی ڕێکخستنیان نیە و نابێت، چونکە سروشتی پێکهاتەی هێزو دەسەڵاتیان پاشکۆبونیانە بە بەرژەوەندی وڵاتانی ترەوە، کە ڕێگەیان پێنادت بتوانن مامەڵەی یەکڕیزی و هاوبەشی بکەن، بۆیە لەهەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسیدا و گۆڕینی هاوسەنگی هێزیان دەکەونە گیانی یەکترو شەڕی ئاشکرای بەرژەوەندیەکانیان دەکەن. لەهەمانکاتدا بێئرادەکردنی خەڵک و شکاندنی شکۆی هاوڵاتیان هەمیشە ئەنجامی کارەکانیانە.
لەدوای ساڵی ٢٠١٤ ەوە، قەیرانەکە وەرچەرخانێکی توندتری بەخۆیەوە بینی، حکومەتی فیدراڵی پشکی هەرێمی لە بودجەی هەرێم ڕاگرت، ئەوەش بەهۆی وەڵامنەدانەوەی هەولێر لە گەیاندنی داهاتی نەوت بۆ کۆمپانیای سۆمۆ بوو. پاشان ساتی گەورەترین تەقینەوە لە ساڵی ٢٠١٧ هات، کە هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا، هەنگاوێک کە پەیوەندیەکانی نێوان بەغداو هەولێری تەواو ئاڵۆزکرد، بواری لێکتێگەیشتن و دانوسانی تەواو داخست، لەهەمانکاتدا وەڵامی بەغدا زۆری نەخایاند، کە چ سەربازی و چ سیاسی لە وەرگرتنەوەی کەرکوک و بڕینی بودجەی تەواوەتی درێغی نەکرد، تەنانەت سەپاندنی ڕێوشوێنێک بوو کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بێئومێدی و مەترسی زیاتر بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیان دانا.
ئێستاش لە دەستبەکاربونی مەسرور بارزانی، دوایین دەستپێشخەریەکەی سەردانێکی بوو بۆ واشنتۆن لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، کە لەئەنجامدا دوو گرێبەستی وەبەرهێنانی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکیەکان واژۆکراوە، لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی پەرەپێدانە بۆ دەرهێنانی غاز لە کوردستان، کە کاریگەری لەسەر سیستەمی وزە لە سەرانسەری عێراقدا دەبێت، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە مەسرور و حکومەتی هەرێم جارێکی تر هەوڵی شکاندنی سووڕی دوورکەوتنەوەیان داوە لەبەرامبەر حکومەتی بەغدادا، لەبەرامبەر ئەو ڕێکەوتن و بڕیارانەی کە پێشتر دەربارەی وەبەرهێنان و نەوت و بازرگانی و کۆنترۆڵی سنورەکان دراوە.
ئەمەش ئێستا دەرگاکانی دیالۆگی نێوان بەغدا و هەولێری داخستووە، مانای ڕەنگدانەوەی دۆخێکی تازەیە لە عێراق و ناوچەکەدا، کە لە یەکەم هەنگاودا، بەدوای گەڕانەوەی مەسرور لە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگرتنی بودجەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوی ئەمساڵ ڕاگەیاند، لە بەیاننامەیەکدا کە لە ٢١ی ئایاری ئەمسالدا بڵاوکرایەوە. کاتەکەی بەڕێکەوت نەبووە، ڕۆشنە کە پەیامێکی سیاسیە و مووچەی سەدان هەزار فەرمانبەر دەکرێتە کەرەستەیەک لە سەوداومامەڵەی قۆڵبڕینی سیاسی و فرتوفێڵی نێوان بەغداو هەولێر، هەربۆیە ئەمڕۆ هاوڵاتی هەرێم باجی ناکۆکی و ململانێی نا سەقامگیری و بژێویەکی سەخت ئەدەن کە بۆخۆیان هەڵیان نەبژاردووە.
گرێبەستەکانی ئەم دواییەی مەسرور کە لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی لە کەرتی غازدا واژۆیان کردووە، جارێکی دیکە ناکۆکیەکانی بەغداو هەولێری بەرەو هەڵکشان بردەوە، ئەم بڕیارەی بارزانی دۆخەکە بەرەو کام ئاراستەیە دەبات و پەیوەندی هەوڵێرو بەغدا چۆن پێناسە دەکرێتەوە و چ بەڵایەکی تر دەکەنە دیاری بۆ دانیشتوان، جارێ وەڵامێکی ڕۆشنی نیە!
ئەم هەنگاوەی بارزانیەکان لەو شوێنەوە بەدواداچونیان بۆ کردووە، کە دەخالەتی ئەم دەورەیەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئەوە نیشان ئەدات، فشاری گەورە لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران و حکومەتی شیعەی عێراق هەیەو پاشەکشەیان پێدەکرێت، لە هەمانکاتدا ئەگەری هەڵوەشاندنی حەشدی شەعبی بەدور نازانرێت، لەلایەکی ترەوە ئەمریکا بەزارەکی پشتیوانی بۆ هەرێم نیشانداوە، کە بەشێوەیەکی گشتی دۆخەکە ئەوە نیشان ئەدات لەم ئاڵوگۆرانەدا هاوسەنگی هێزی بارزانی تەکانێکی بۆ پێشەوە داوە و جارێکی تر لەبەرامبەر هێزە شیعەکانی عێراقدا سەرکێشی دەکاتەوە، بارزانی بۆ ئەم هەنگاوەی سەبارەت بە گرێبەستەکانی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی، بەئاشکرا ئەو سنورەی پچراند کە دەبوا بگەرێتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێکەوتنانەی لەگەڵ حکومەتی عێراق کردویەتی. بەغداش لەبەرامبەریدا سزای فەرمانبەرانی هەرێم ئەداو موچەکانیان بە بارمتە دەگرێت، بەڕاستی ئەوەی جێگای پرسیارە تاکەی هاوڵاتیان وەک تاکە قوربانی ئەم ململانێ بەردەوامانە دەمێنێتەوە؟.




کتێب\ پرۆژەی گەشەپێدان لە پێدان عێراق.. نووسینی عوسمانی بحاجی مارف

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




کراوەیی ئێران هاوشانی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا.. عوسمانی حاجی مارف

تاران کراوەیی خۆی بۆ دانوستان و بەشداری ئابووری و تەنانەت وەبەرهێنانی ئەمریکی نیشان دەدات، هاوکاتی قوڵبونەوەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی نائارامی ناوخۆیی لە ئێراندا، کۆماری ئیسلامی ناچارکردوە بەپیرەوەچونی ئەم کراوەییە بەهەند وەرگرێت، لەم رۆژگارەداو لەدۆخی سیاسی ناوچەکەدا کۆماری ئیسلامی زیاتر لەسەر مەترسی کۆتایی دەسەڵاتەکەی مایەی پەیوەندی و دانوسانەکانی دادەنێت، نەک مایەدانان لەسەر ئەوەی لە رێرەوی خواستی چاکسازیدایە و بەخەمی دانیشتوانی ئێرانەوەیە.

سەردەمانێک ئێران بە سەرپێچیکردنی نەزمی نێودەوڵەتی ناسرابوو، بەڵام کە ئێستا هاوسەنگی دەرەکی و ناوخۆیی ڕژێم لە گۆڕاندایە، ڕەنگە کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ململانێی زلهێزە جیهانیەکان  دیاری بکات کە ئایا پێشهاتەکانی ئەم دۆخە ڕێگا بۆ گۆڕانکاریەکی درێژخایەن دەکاتەوە، یان بە مانایەک مانەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەتوانێت پارێزراو بێت!

کۆماری ئیسلامی ڕەزامەندیی خۆیان بەرامبەر بە خولی یەکەمی دانوستانە ئەتۆمیەکان لەگەڵ ئەمریکا دەربڕیوە کە لە عومان بەڕێوەچووە، سەردەمانێک عەلی خامنەیی جەختی لەوە کردەوە کە دانوستان لەگەڵ واشنتۆن نە ژیرانە و نە شەرەفمەندانەیە. لە هەمان کاتدا بەرپرسانی دیکەش لەوەش زیاتر ڕۆیشتون و دەستبەرداری ئەو بنەما ئایدیۆلۆژییانە نەدەبون  کە دەیان ساڵە تیۆریزەی دەکەن و ڕژیم بە گەرمی پابەند بووە پێیەوە، بەم شێوەیەش لایەنگرانی خۆیان پێ فریوداوە. ئێستا دەڵێن دژایەتی وەبەرهێنەرانی ئەمریکی ناکەین و ئەم جۆرە پەیوەندیە ئابوریە پێویستی بە گەڕاندنەوەی پەیوەندیە دیپلۆماسییەکان دەبێت کە چل و پێنج ساڵ لەمەوبەر پچڕابون.

خومەینی لە کۆتایی شەڕ لەگەڵ عێراقدا گوتی: “وەک چۆن خواردنەوەی ژەهر قبوڵ دەکەم ئاگربەست قبوڵ دەکەم”، ئەمڕۆ پێناچێت خامنەیی هەموو جامەکەی خواردبێتەوە، بەڵکو تەنها نیوەی خواردۆتەوە. نایەوێت تەسلیمبونی تەواو خۆی ڕابگەیەنێت، بەڵکو یەک بە یەک بازرگانی بە کەرەستەی خۆیەوە دەکات بۆ پاراستنی سەری ڕژیمەکەی، لە ئیستادا دەتوانین بڵێین جارێ دۆخەکە ڕوون نییە جگە لەوەی خامنەیی نیوەی پەرداخەکەی خواردووەتەوە، و ترامپ نیوەکەی تری دەجوڵێنێت.

سەبارەت بە داواکاریەکانی ئەمریکا، ترامپ بە دوای جێبەجێکردنی زۆرترین ئاستی مومکینەوەیە، هەوڵئەدات لە هەر پرسێکدا هەموو شتێک بەدەستبهێنێت کە خزمەت بە نەخشەو بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئەمریکا بکات، کە داواکاریە سەرەکیەکانی لەم دانوسانەدا بریتین لە کەمکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، سنووردارکردنی توانا مووشەکیەکانی و بەدەستهێنانی ئەو گەرەنتیانەی کە ئێران دەستهەڵگرێ لە پاڵپشتی و سیاسەتی پڕچەکردنی هێزە میلیشیاکانی ناوچەکە.

هەروەها لە پشت پەردەوە ئەمریکا هەوڵێکی جدی ئەدات ئێران لە ڕووسیا و چین دابرێنێت، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ ڕاکێشان و ملکەچکردنی ئێرانە لە ڕووی سیاسییەوە بەرەو ئەمریکا، ئەم ئاراستەیە سیمایەکی پراگماتیک بە دانوستانەکان دەبەخشێت و پاڵ بە واشنتۆنەوە دەنێت کاریگەرییەکانی پەکین و مۆسکۆ لە ناوچەکەدا لاواز کات.

لەراستیا ڕێبازی ئیدارەی ئەمریکا بۆ دانوستان، جۆرێکە لە شەڕی دەرونی و سیاسەتی “یان شەڕ یان دانوستان”، کە لەبەرامبەر ئێراندا پیادەی دەکات، لە ڕێگەی ئەو پەیامە ناکۆکانەی رایاندەگەیەنێت، بەم شێوەیە کۆماری ئیسلامی دەخاتە ناو چوارچێوەیەکەوە، دەرچونی لە ژێر سیاسەتەکانی ئەمریکا بە سەختی لەسەریدا بشکێتەوە.

ستراتیجی ئەمەریکا داوای دانوستانە لە نێوان توندتربونی سزا ئابورییەکان و هەڕەشە سەربازییەکان، بە ئامانجی فشارخستنە سەر ئێران بۆ ئەوەی ملکەچی دانوستان و بریارەکان بێت، جەختیش لەوە دەکات کە دەرئەنجامی ئەم ستراتیژە سەپاندنی ئیرادەی لایەنێکە بەسەر لایەنێکی دیکەدا، کە لە کەشێکی هەڕەشە و شەرەنگێزیدا بەیاندەکرێت.

ئەوەی پێویستە بیهێنینەوە پێشچاو کاتی خۆی دوای تیرۆرکردنی قاسم سولێمانی خامنەیی سوێندی “تۆڵەی توند”ی لە بەرامبەر ئەو کەسانە خوارد کە بەرپرسن لەو کاری تیرۆرکردنە، بە تایبەتی لە بەرامبەر ترامبدا، بەڵام دوای پێنج ساڵ، ڕژیمی ئێران ئێستا لەگەڵ هەمان ئەو گرووپانەدا دانوستان دەکات و ئامادەیە بۆ رێکەوتن، کە پێشتر سوێندی لەناوبردنی خواردبون.

مەسعود پزیشکیان لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە “ڕێبەری مەزنی شۆرش” دژایەتی وەبەرهێنەرانی ئەمریکی ناکات، هەڵبەتە نووسینگەی خامنەیی ئەمەی ڕەت نەکردەوە، کە پێچەوانەی لە مێژینەی گوتارەکانی خامنەئیە، کە ئێران بە هەموو هێزی خۆیەوە بەرەنگاری هەر جۆرە هاتنە ناوەوەیەکی ئابووری یان سیاسی ئەمریکای بە بنەما وەرگرتبو.

لەلایەکی ترەوە ئاراستەی ڕژیمی ئێران بە هەر پەرشوبڵاویەکەوە لەبەرامبەر دانیشتوانی ئێراندا پیادەی دەکات، نیشانەکانی شلکردنەوەی جێبەجێکردنی توندوتیژی بە ئاشکرا پێوەدیارە، ئەو بابەتانەی بەدژی ئیسلام پێناسەی دەکردن و سەردەمانێک بە توندی کۆنترۆڵ دەکران، ئێستا بە دەستێوەردانی کەمتر (وەک فێستیڤاڵەکانی کولتووری و مۆسیقا و گەشت و گوزار) بەڕێوەدەچن، هەرچەندە حکومەت ڕێوشوێنی نوێی بۆ چاودێریکردنی پابەندبون بە حیجاب هێناوەتە ئاراوە، بەڵام زۆرێک لە ژنانی شارە گەورەکان بەردەوامن لە سەرپێچیکردنیان بە ئاشکرا و دەسەڵاتداران لە جێبەجێکردنی تەواوی سنووردارکردنەکان وەستاون، ئێستا سۆشیال میدیای زمانی فارسی پڕ بووە لەو گرتە ڤیدیۆیانەی زۆرێکیان لە ناوخۆی ئێراندا تۆمارکراون، کە شارەزایان، چالاکوانان و بەرپرسانی پێشوو بە ئاشکرا باس لەو بابەتانە دەکەن کە سەردەمانێک ئەوانەی ئێستا لەناوخۆی ئێراندا دەبینرێت، بە حەرام دادەنراو و بەیاسا قەدەغە کراون.

بەرچاوترین بێدەنگی ڕژیم پەیوەندی بە پۆشینی زۆرەملێی حیجابەوە هەیە، بەرپرسان بەشێوەیەکی کاریگەر زەمینەیان بە زۆرینەی ژنانی ئێران رەخساندوە کە دژایەتی ئەو  ڕێسا و یاسایانە دەکەن، ڕژێم ترسی هەیە لە سەرهەڵدانەوەی ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی”، ئەم دڵەڕاوکێیە بە تایبەتی لە وتاری جەژنی ڕەمەزاندا بە خامنەیەوە دەبینرا، بە مانایەک دان بە ئەگەری ڕاپەڕینێکی ناوخۆی ئێراندا دەنێت.

سازدانی ئیمتیازات بۆ پاراستنی مانەوەی کۆماری ئیسلامی و شیعەگەرا، ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامیدا داکوتاوە، خومەینی لە ساڵی ١٩٨٣دا ئاماژەی بەوەدا کە “پاراستنی کۆماری ئیسلامی لە پاراستنی هەر کەسێک گرنگترە، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە ئیمامی ئەو سەردەمەش بێت”، بە ئاماژەدان بە ئیمامی دوانزەهەم کە لە دڵی عەقیدەی شیعەی ئێراندایە. خومەینی توانی ئەم ئارگیومێنتە بخاتەڕوو، چونکە کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ خودی ئیسلام یەکسان کرد.

لەگەڵ دەستهەڵگرتن لە درێژەدان بە ئیمتیازاتی قووڵی ڕژیم لە ناوخۆ و دەرەوە، پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە ئاراوە، تا چ ڕادەیەک دەتوانرێت پارێزگاری لەم بە “ئیسلامی” کردنە بە هەند وەربگیرێت؟ لەکاتێکدا کە ئێستا هەڕەشەی وەرینی شوناسی “شۆڕشگێڕانە”ی رژێمی ئیسلامی دەستی پێکردووە، وا دیارە تا دێت ئامادەیی پووچەڵکردنەوەیان زیاتر دەبێت، ئەگەر ڕژێم دەستبەرداری جێبەجێکردنی توندی بنەما ئاینیەکەی بێت، ئەوا رابەران و دڵسۆزانی رژێمی ئێران لە کەشتیەکە دادەبەزن.

پەرەسەندنی ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە توخمەکانی ناو ناوەڕۆکی ڕژیمی ئێران زیاتر بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێت لە بەرژەوەندی مۆدێلێکی کۆماری ئیسلامین کە لە سیمای دەرەکیی ڕژیمەکەیاندا، لە توندڕەوترین توخمی ئایدۆلۆژی ئیسلامی پاشەکشە بکەن. هەرچەندە خامنەیی بە شێوەیەکی نەریتی هاوپەیمانی توندڕەوەکان بووە، بەڵام پێشهاتەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن کە دەنگی پراگماتیکتر دەست دەکەن بە کاریگەری لەسەر ئایندەی ئێران، ئەمەش بیرۆکەی ئاسایبونەوەیە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری ئێراندا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک ئامرازێکی پێویست بۆ پاراستن و مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە شێوازێکی گونجاوتردا، گەر بۆیان بچێتە سەر.

هەر لەو چوارچێوەیەدا گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر چین بۆ ڕاگرتنی کڕینی نەوتی ئێران بەشێکە لە سیاسەتێکی بەرفراوانتری ئەمریکا کە ئامانجی خنکاندنی ئابووری ئێرانە لەڕێگەی کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانەوە، لەڕێگەی کاریگەری دانان لەسەر هاوبەشە بازرگانیە گەورەکانی وەک پەکین. ئەمەش ڕێبازێکی سیاسیە نەک سەربازی، لە کۆتاییدا ئەگەری ئەوە زۆرە کە ئێران و ئەمریکا ڕەنگە بەم زووانە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە پڕۆژەی ئەتۆمی ئەنجام بدەن.

ئەوەی پێشبینی دەکرێت ئەمریکا نایەوێت راستەخۆ گوشارو هێرشی سەربازی بخاتە ناوخۆی ئێرانەوەو کۆتایی بەدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بهێنێت، زیاتر جەختکتردنە لەسەر کۆتاییهێنان بەو هێزە میلیشیایانەی بە پشتیوانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بڵاوبونەتەوە. ئەوەش کە ئێستا ترامب لە رێرەوی ئەم دانوستاندا دەیەوێت بەسەر ئێراندا بیسەپێنێت، هەوڵی کۆتاییهێنانە بە حوسیەکان لەیەمەن و حەشدی شەعبی لە عێراق، تا زیاتر لاوازکردنی ئێران بسەلمێنێت و ناچار بە تەسلیمبونی بکات.

ئەم کێشەو ململانێیە بەچی دەکات و چەند دەخایەنێت؟، کاتێکی دیاریکراوی نیە، چونکە تائێستا ئێران نەچۆتە ئەو فازەی ئەمریکا هەرچی وت، ملکەچی دەبێت، لەلایەکی ترەوە ململانێکە تەنها ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێرانیش لەلایەنێک نیە، بەڵکو لەئاستێکی فراواندا ململانێ و کێشەی گەورەی جەمسەرەکانی ووڵاتانی ئیمپریالیە، کەدەور دەبینین لە پرۆسەی گەیشتن بە یەکلایی کردنەوەی دۆخەکە، کەلەم بارەیەوە پەیوەندیەکانی روسیا و چین بە ئەمریکاوەو رێکەوتنیان لەسەر نەخشەی ناوچەکە کاریگەریەکی بەرچاوی هەیە، لەسەر ئایندەی ناوچەکە بەگشتی و ئێران بەتایبەتی.

ئەوەی لە ئێستادا بۆ کۆماری ئیسلامی هەستیارە، هەوڵی هەڵمژینی قسە توندەکانی ترەمپە و پێشگرتنە بە ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ لە بەرامبەر ئەمریکادا. بۆیە لەم دواییانەدا چەندین ئاماژە بە چەکداماڵینی حزبولڵا لە لوبنان و میلیشیاکانی ژێر چەتری هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق کراوە، بۆیە ئاماژە بەوە دەکرێت کە ئێران کلیلی یارییەکەی بەدەستەوەیە و توانای بەستنی چالاکیەکانیانی هەیە، هەرکات لەگەڵ ئەمریکا بە رێکەوتن گەیشتن دەکرێ جێبەجێیان بکات، بەڵام لەگەڵ هەمو ئەوانەدا لەدوا شیکردنەوەدا ناتوانرێت کۆماری ئیسلامی لەژێر تورەیی نارەزایەتی جەماوەریدا رزگار بکرێت.




کتێب\ بیرمەندی ناشۆڕشگێڕ.. عوسمانی حاجی مارف

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




پرۆسەی ئاشتی و هەڵوەشاندنەوەی چەکداری.. عوسمانی حاجی مارف

پەکەکە لە ١٢/٥/٢٠٢٥ ڕۆژی دووشەممە، بە ناوی هەنگاوێک بەرەو ئاشتی، هەڵوەشاندنەوەی خۆی و کۆتاییهاتنی چالاکی چەکداری ڕاگەیاند، کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە بەڕێوەی دەبات. بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە تورکیا چۆن وەڵامی ئەم بژاردەیەی پەکەکە دەداتەوە و چۆن مامەڵەی دەکات؟ بەتایبەتی کە تائێستا وەک هێزێکی تیرۆرست دەیانناسێنێت،لەهەمانکاتدا ئەو پرسیارەش دێتە پێشەوە کە ئایندەی هێزە چەکدارەکان و ڕێکخراوەکانی پەکەکە دەیانەوێت چی بکەن و ئەتوانن چی بکەن؟! بەهەمان شێوە بە نارۆشنی ماوەتەوە.
ئۆجەلان وتی، “لەم کەشوهەوایەدا داوای وازهێنان لە چەک دەکەم، بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازەش لە ئەستۆ دەگرم”، قسەکانی خۆی ئاراستەی پەکەکە کرد، “کۆنگرەی خۆتان ئەنجام بدەن و بڕیاری پێویست بدەن بۆ تێکەڵبون لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگەدا، “دەبێت هەموو گروپەکان چەک دابنێن، ڕێکخراوەکەش خۆی هەڵبوەشێنێتەوە”، پەکەکە، ئەم پێشنیارەی لەکۆنگەرەکەیاندا پەسەند کرد و بڕیاریاندا ئەمکارە جێبەجێ بکەن، بەڵام بۆ ئەنجامدانی، تەمومژێکی چڕی بەدوای جێبەجێبونی ئەم کارەدا بەخشیوەتەوە. هەرکەس و لایەنێک بەجۆرێک لەسەر لایەنی باش و خراپی ئەم کارە لێکدانەوەی خۆی ئەدات، کە خودی ڕابەرانی پەکەکە بە ئۆچەلانیشەوە، ئایندەی دوای ئەم کارەیان ڕون و وردناکەنەوە، لە هەمانکاتدا هیچ وردەکاریەک لەبارەی چۆنیەتی داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە کردەوە تائێستا قسەی لەسەر نەکراوە. لەلایەکی تریشەوە دوای ئەو کۆنگرەیەو بڕیاردانی کۆنگرە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، هێزە سەربازیەکانی تورکیا بۆردومانی ئەوناوچانەیان کرد کە لەسنوری هێزەکانی پەکەکەدایە!.
پێشنیاری ئەم پرۆژەی ئاشتیە، دەیەوێت پرۆسەیەک بێت کە هەرکەس بەناسنامەی قەومیەوە لەحکومەتێکی دیموکراتی تورکیادا بەئاشتی بژین! واتە کۆکردنەوەی ناسنامەی کورد و تورک بەناوی پێکەوە ژیان جەوهەری پرۆژەی ئاشتی و دیموکراسیە کۆمەلایەتیەکەی ئاپۆیە، لەکاتێکدا ناسیونالیزم و ناسنامە قەومیەکان لە هەر توندپێچی و گوڕانکاریەکدا دەکەونە بەرامبەر یەک و کارەسات دەخولقێنن.
تا ئێستا ڕوون نییە کە دوای ئەم پرۆسەیە ڕێبەری کارەکانی دواتریان، ئەو کارانەی کە نەزانراوە چین، کێ دەبێت، ئاخۆ ئوجەلان وەک ڕێبەرێک پەسەند دەکرێتەوە، لە کاتێکدا ئوردغان و حکومەتی تورکیا تائێستا باسی ئازادکردنی ئۆجەلانیان لە بەندی ڕێکەوتنەکانیاندا ئاماژەی پێنەداوە. لە لایەکی تریشەوە واپێدەچێت حکومەتی تورکیا دوای سەپاندنی هەڵوشانەوەی پەکەکە و چەکدارەکانی و کۆتایی هێنان بەم پرۆسەیە کارێکی وەهایان بە ئۆجەلان نامێنێت.
تا ئێستا ڕون نیە کە ئەنقەرە ڕەزامەندی بدات بە بەردەوامبونی ڕۆڵی داهاتوو بۆ ئۆجالان کە ڕێبەری بکات،لەهەمانکاتدا پێشبینی ئەوە دەکرێت تەنها ئەوەندە پێویستیان پێی بو سەرکردایەتی قۆناغی هەڵوەشآنەوەی پارتەکەی بکات و دەستبەرداری بژاردەی چەکداری ببێت، ئەمەش لە هەنگاوی یەکەمدا دەستکەوتێکە بۆ حکومەتی تورکیا. لەهەمانکاتدا بە سەرکەوتنێکی سیاسی بۆ ئوردغان ئەژمار دەکرێت، تا شانازی بە خواستی درێژەدان بە خولی سەرۆکایەتیەکەی بکات.
بەگشتی زۆرینەی دەوڵەتان و لایەن و کەسایەتیە سیاسیەکان ئەم بڕیارەی پەکەکە بە گرنگ وەسف دەکەن، دواتر ڕادەگەیەنن ئەگەری هەیە “ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام” بۆ ناوچەکە بهێنێتە ئاراوە!
دامەزراندنی پەکەکە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٨ کە لە لایەن عەبدولڵا ئۆجالان و کۆمەڵێک خوێندکاری چەپەوە دامەزرا و لە ساڵی ١٩٨٤وە پێکهێنانی هێزی چەکداریان لە دژی دەوڵەتی تورکیا ڕاگەیاند. دواتر وەک هێزێک لە ڕیزی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، نفوزی خۆی لە کوردستانی تورکیا و سوریا و عێراق و ئێراندا فراوانکرد.
دوای زیاتر لە ٤٠ساڵ چالاکی چەکداری پەکەکە لەبەرامبەر حکومەتی تورکیادا، بەناوی پرسی کوردەوە نەیانتوانی چارەسەری ئەو کێشەیە لەڕێگەی چالاکی چەکداریەوە بە ئەنجامێک بگەیەنن، لەهەمانکاتدا بەگشتی کەمبونەوەی بایەخی چالاکی چەکداری درێژخایان بۆ چارەسەری هەر پرسێک لە دنیادا ناتوانێت دەستکەوتی ئەرێنی بدات بەدەستەوە، بەمانایەکی تر ئەوە بەبنبەست گەیشتنی خەباتی چەکداریە، کە ئەوەی لێ بەرهەم دێت ئیتر ناسیۆنالستەکان ناتوانن بە چالاکی چەکداری وەڵامدەرەوەی نوێنەرایەتی کردنی پرسی کورد بکەن، بۆیە پەکەکەش ئامادەیە بەناوی ئاشتیەوە دەست لەناوی پارتەکەیان هەڵگرن و شێوازی چالاکی سیاسی ئێستایان بگۆڕن، ئۆجالان کە دەیەوێت چەکدابنێ و شەریک بێت لەدەسەڵاتدا، ئەمەی ناوناوە “پرۆسەی ئاشتی “تورک وکورد”!، بەڵام دواتر ئەتوانن چی بکەن و چی دەکەن؟ پرسیارێکی جدیەو ڕۆژگار وەڵام ئەداتەوە.
لە دنیای واقعدا ئەوەی لە تەواوی ماوەی ٤٠ساڵی چالاکی چەکداری پەکەکەدا تێپەڕی، جگە لە شەڕو کوشتار و نەهامەتی و کارەسات و پاکتاوکردن و زیندانی و ئەشکەنجە و قوربانیەکی بێشومار و کوشتنی زیاد لە ٤٠هەزار ئینسان، ئاسۆیەک بۆ ئارامی خەڵکی کوردستان بەدی نەکراو زاڵبونی حکومەتی فاشستی تورکیا بەری پێنەگیرا، پرسی کوردیش لە شوێنی خۆیدا ماوەتەوەو خەڵکی کوردستان دەستکەوتێکیان نەبو.
هەڵبەتە دۆخی سیاسی ناوچەکەش ئاڵوگۆڕی جدی بەخۆیەوە دیوە، بەتایبەتی بەدوای ڕوخانی ئەسەدو پاشەکشە بە ڕۆڵی باڵادەستی ئێران، بەرزبونەوەی پێگەی ئیسرائیل، هەوڵی گەڕانەوەی هەژمونی ئەمریکا بەسەر ناوچەکەدا، هەموو ئەمانە کاریگەریان لەسەر تەواوی پێکهاتەی هێزە سیاسیەکان و حکومەتەکانی ناوچەکەدا داناوە، کە لەدۆخێکی وەهادا پەکەکە ناتوانێت وەک هێزێک لە شێوازی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و چالاکی چەکداریەکەیدا، خۆی لەگەڵ ئەم دۆخە بگونجێنێت و جەخت لەسەر پێداگاری نوێنەرایەتی خۆی بۆ پرسی کورد نیشانبدات، بۆیە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە، پەکەکە وەک نوێنەری پرسی کورد دەخاتەلاوە، پێگەی سیاسی لەم ئاڵوگۆڕانەدا لەدەست ئەدات.
دوای ئەو هەموو ساڵە لە سیاسەتەکانی پەکەکە وەک هێزێک لە چوار چێوەی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، بەناوی بەرژەوەندی و چارەنوسی کوردستانەوە چالاکیان کردوە، دواجار ستراتیژی بزوتنەوەکەی سەلماندی ئەو چالاکیانەی کردویانە ئاماجێکی تریان بووە، بۆیە بە هەنگاوێکی گەورە دەربارەی مەسەلەی کورد دەڕۆنە دواوە و واقعیەتی خۆیان دەسەلمێنن، بەڵام ئەو ئامانجەی کە وەک نمونەی هەر هێزێکی ناسیۆنالستی کورد بۆ خۆی دانابو هاوشێوەی هەرهێزێک و حزبێکی ناسیۆانالستی کورد کە دەیانەوێت شەریک بن لەگەڵ دەسەڵاتی حکومەتی ناوەنددا، ئەگەری ئەوەش هەیە فرسەت بهێنن و بەناوێکی ترەوە ئەو شەراکەتە لە گەڵ حکومەتی ناوەندا بەدەست بهێنن!.
ئەم بابەتە بە ڕوونی لە کۆنگرەی ١٢ی پەکەکەدا هاتووە، جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەو ئامانجانە دەکەنەوە کە هەیانبوو. پەکەکە ڕایدەگەیەنێت کە ئەرکی مێژوویی حیزبەکەی بریتیە لە گەیشتن بە هەلومەرجی دیموکراسی لە ناو حکومەتی تورکیادا، لەم بارەیەوە ئەوە شاراوەنیە کە مەبەست لەگەیشتن بەهەلی دیموکراسی ڕێکەوتنە لەگەڵ حکومەتی ناوەندا بۆ شەراکەت لەدەسەڵاتی سیاسیدا بە ناو و فۆرمی دیکەوە، بە واتای گەیشتن بە داخوازیەکانی مافی بۆرژوازی کورد، تا پشکی لە بازاڕ و دەسەڵاتی سیاسی لە تورکیادا هەبێت، هاوشیوەی ئەحزابی نایسونالیستی کورد لەکوردستانی عێراقدا.
ئەوەی شایانی باسە لەلایەن پەکەکەو لایەنگرانیەوە ئەم هەڵوەشاندنەوەیە وەک پرۆژەیەکی سیاسی داهێنەرانەی عەبدولڵا ئۆجالان پێناسە دەکرێت، بەناوی چونیەتی گۆڕانی پرۆسەی خەباتی سیاسی لەسەر بنەمای بناغەکانی “ئاشتی و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی”، واڕادەگەیەنین کە پرۆژەیەکە نوێنەرایەتی بەردی بناغەیەک دەکات بۆ بەدەستهێنانی کاریگەریەکی بەرچاو لەسەر پرسی کورد.
ڕێکخراوێک کە زیاتر لە چوار دەیە بە ناوی داکۆکیکردن لە “مافی” خەڵکی کوردستانی تورکیا چالاکی چەکداری ئەنجامداوە، ڕێکخراوێک کە زیاتر لە چوار دەیە لە بەرامبەر حکومەتی تورکیا وەستاوەتەوەو شەڕی کردوە، ڕێکخراوێک کە بە هاوکاری ڕژێمێکی فاشیستی وەک کۆماری ئیسلامی بژێوی و هێز و مانەوەی خۆی پاراستبوو، ئەم بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیە، کە دەیەوێت لە میلیتاریزمەوە ڕوو لە خەباتی سیاسی بکات، کارێکی هێندە سادەو ئاسان و باوەرپێکراو نیە، تا وەک پرۆژەیەکی سیاسی بە بیروباوەڕو نەخشەی سیاسی ئۆجالان لێکبدرێتەوە، بەڵکو واقعیەتی بنبەستی چالاکی چەکداری و ناچاربونی پاشکۆ بونی تەواوی لایەنەکانی بزوتنەوەی ناسیۆنالستی کوردە بە سیاسەتی پاراستنی یەکپارچەیی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا، بەم شێوازەش خۆیان پێناسە دەکەنەوە، بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕاو دەوری خەڵکی لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆیاندا.
هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی هێزەکانی پەکەکە لەلایەن فەرماندە و سەرکردەکانی ئەو حزبەوە لە قەندیل، چیرۆکێکی سەرسورهێنەرە، گوایە هەوڵێکە بۆ دەستپێکردنی فۆرمێکی تری خەباتی سیاسی لە تورکیا، چونکە ئایندە ئەوە دەردەخات کە ئەم ڕەوتە لە درێژەی کردەوەی سیاسیدا بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات، یان لە دنیای جەنجاڵی سەرمایەداری وڵاتێکی وەک تورکیا دەتوانێ چی بکات یان چۆن دەتوانێ نوێنەرایەتی سەرمایەدارانی کوردزمان بکات لە تورکیادا، داستانێکە ئایندەکەی ناتوانێ نیشانی بدات کە ئۆجالان و هەڤاڵەکانی ئەتوانن نوێنەرایەتی بکەن، ئەوەی ئەو هێزەی لە قەندیلەوەو نوێنەرایەتی ئامانجێکی سیاسیان دەکرد، ناتوانێت لەشارەکاندا بەو هێزەی ئایندەکەی نەزانراوە ئەنجام بدرێت.
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی باڵی چەکداری ئەو حزبە ناتوانرێت لە گۆڕانکاریە ناوخۆییەکانی ناو قەوارەی حزبەکە و کاردانەوەکانی گۆڕانی ناوچەی کوردی لە باکوری عێراق و سوریا جیابکرێتەوە، سەبارەت بە بوونی پەکەکە لە سوریا و لایەنگرانی لە عێراق و ئێرانیش دوای جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە لە باری عەمەلیەوە، بە تێپەربونی کات دەبینین کە ئەم بڕیارە چۆن کاریگەری لەسەر لقەکانی پەکەکە لە ئێران و سوریا و عێراق دەبێت.
هەڵبەتە لەلایەکی تریشەوە درێژەدان بە چالاکی چەکداری لە بەرەکانی شەڕدا لە ژێر بارودۆخێکی نایەکساندا و بە لەبەرچاوگرتنی پێشکەوتنی کەرەستەی سەربازی و تواناییە گەورەکانی حکومەتی تورکیا، بە بەراورد لەگەڵ هێزی سەربازیی پەکەکە، هەرگیز بەردەوامی ئەو چالاکیە لە بەرژەوەندی هێزێکی وەک پەکەکەدا نابێت، درێژەدان بەم شەڕە بە کەرەستەی شەڕی سوک و نیمچە قورس لە دژی یەکێک لە ئەندامە سەرەکیەکانی هێزەکانی ناتۆ، کە بە مۆدێرنترین و وردترین چەکی ئەم سەردەمە تەیار کراوە، بەردەوامیدان بەو چالاکیە کارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی باڵە چەکدارەکەی پەکەکە خێزانەکان لە شاری دیاربەکر لە تورکیا کۆبوونەوە، ژمارەیەکی زۆریان بە گریانەوە وێنەی ئازیزانیان بەرزکردەوە. لەهەمانکاتدا دەیان وت چەک دانان باشە، بەڵام نازانین لە داهاتوودا چی ڕوودەدات، “ئاخۆ ڕۆڵەکانیان دەتوانن بگەرێنەوە ماڵەوە، “ئایا زیندانیەکان ئازاد دەکرێن”؟ هێشتا ڕوون نییە!.
بەمانایەک ئەم بڕیارەی هەڵوەشاندنەوەی هێزی چەکداری پەکەکە، ئاکامەکەی بۆ خودی پەکەکە هەرچیەک بێت و بەچی دەگات، بەڵام لە کۆتایدا بڕیارێکە هەزاران ئینسان لەسەرگەردانی و مەترسی بۆسەر ژیانیان دور دەخاتەوە.

عوسمانی حاجی مارف




مووچە لە هەواڵەکاندا!.. عوسمان حاجی مارف

تا ئەو کاتەی پرسی موچە لە ناو هەواڵی میدیاکاندا بێت، مانای وایە کێشەی موچە چارەسەر نەبووە!

بارگرانیەکی قورس و ناچاریەکی سەخت و دیاردەیەکی شەرماوەرە، کە مامۆستایان و فەرمانبەران و هەر کارمەندێکی حکومی، دوای دەوام بەهۆی دواکەوتن یان نەدانی موچە، لە هەوڵی کارێکی تردا بن بۆ دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی خێزانەکەیان، چونکە ناتوانن پشت بە مووچەکانیان ببەستن، لەبەرئەوەی لە وادەیەکی دیاریکراودا مووچە نادرێت، هەندێکجاریش زیاتر لە ٧٠ ڕۆژ دوادەکەوێت، یان مانگێکیان دەفەوتێ، ئیتر چۆن دەتوانرێت بەبێ ئاسایشی دارایی ژیان بەسەر ببرێت؟
سەرەڕای چەندینجار بایکۆت و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و مانگرتن کە لەلایەن مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە ڕێکخرابوو، بەڵام ئەم قەیرانی کێشەی موچەیە تائێستا بەشێوەیەکی ڕیشەیی لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە چارەسەر نەکراوە، هیچ کەسێک دڵنیانیە لەوەی کەی کۆتایی ئەم کێشەیە دێت!.
هەرچەندە لەلایەک کێشەی موچەی هەرێمی کوردستانی عێراق هەر لەسەرەتای باڵادەستی بارزانی و تاڵەبانیەوە و لەسەرەتای نەوەدەکانەوە زۆر نەرێنی و نامرۆڤانە مامەڵەی کراوەو کاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی داناوە، لەلایەکی ترەوە هەردوو بارزانی و تاڵەبانی بە غەرقبوونیان لەنێو گەندەڵی و داگیرکردن و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی کوردستان، زۆر نابەرپرسانە و بێباکانە و زۆر بێبایەخ مامەڵەی موچەی تەواوی کارمەندانیان کردوە.
لەلایەکی ترەوە ڕەگ و ڕیشەی قەیرانی موچە لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤، کە ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر لە سەر نەوت و داهاتی گومرکی ناوچە سنوریەکان و بەڕێوەبردنی بودجە پەرەی سەند. ململانێکان زیاتر ئاڵۆزتر بوون بەهۆی کاردانەوەکانی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت، کە بووە هۆی ڕاگرتنی تەرخانکردنی دارایی بۆ حکومەتی هەرێم، تا ئێستاش ململانێ و کێشەیەکی نەوەستاوی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقە، بەگوێرەی هاوسەنگی هێزیان مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەن، نەك پێداویستیەکانی ژیانی هاوڵاتیان.
ئاواتی شێخ جەناب، لە ٣ ی شوباتی ئەمساڵدا ڕایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی گەیشتونەتە چارەسەر بۆ پرسی موچەی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ فەرمانبەرانی هەرێم، بەجیا لەوەی کە تائێستا کێشەکانیان لە هەموو مانگێکدا سەرهەڵئەداتەوە، هیچ مانگیك دڵنیایی نیە کەی موچە دابەشدەکرێت و نەچۆتە ناو پرۆسەی جێگیر بونەوە، کارمەندان دەبێت لە رێگەی هەواڵەکانەوە بۆ هەرمانگێک ببیستن موچەکانیان کەی و چۆن ساغ دەبێتەوە، لەلایەکی ترەوە باسکردن لەسەر ئەوەی “گەیشتونەتە چارەسەری پرسی موچەی ساڵی ٢٠٢٥” واتە دەبێت لە ٢٠٢٦دا دوبارە تاوتوێی بکەنەوە، واتە ئەم پرسە دەردێکی شێرپەنجەییە و چارەسەری درێژخایانە و نەزانراوە کەی بەلایەکدا دەکەوێت.
بەگشتی فەرمانبەران وەک ئەزمونێکی سی ساڵەیان بەرامبەر دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی و چۆنیەتی پێکهاتەی حکومەتی هەرێم و پەیوەندیان بە حکومەتی عێراقەوە، دڵنیان لەوەی ئەم ڕێکەوتنەش لەسەر موچەی ئەمساڵ هاوشێوەی ڕێکەوتنەکانی تر دەبێت، کە لەنێوان هەردوولا ئەنجامدراون و لەئەنجامدا چارەسەری کۆتاییان لێنەکەوتۆتەوە، تا گەرەنتی پێدانی موچە ئاسایی بکات.
بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەران بۆ سیستەمی پارەدانی ڕاستەوخۆ تا ئێستا جێبەجێنەکراوە و هەواڵێکێش لەسەر جێبەجێکردنی نیە، بەهۆی گەندەڵی و نەبونی شەفافیەت لەناو ئیدارەی هەرێم و ئیدارەی حکومەتی عێراق و کێشەکانی نێوان بارزانی و تاڵەبانیدا، تائێستا پارەدانی راستەوخۆ و “بانکی هەژماری من” لە ململانێ و سەوداو مامەڵەدایە.
ئەوەی بەرچاوە داتا فەرمیەکان بەدەگمەن دەگۆڕدرێن بۆ چارەسەری کۆتایی تا متمانە بدات لەوەی موچە بە دڵنیایی لە کاتێکی دیاریکراوی مانگانە دەگاتە دەست فەرمانبەرانی کەرتی حکومی. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، کارمەندان، بەتایبەتی لە کەرتی پەروەردەدا، هەمیشە لە ئامادەباشی و خۆ ریکخستندان، هەر کات پێویست کات شێوازی جۆراوجۆر لە نارەزایەتی پیادە دەکەن.
ئومێد خۆشناو بەجیا لەوەی تەنها حکومەتی ناوەندی بەرپرسیار دەکات دەربارەی پرسی موچە، لەلایەکی ترەوە حکومەتی هەرێم بە بێتاوان وەسف دەکات لە دواکەوتنی دابینکردنی بودجەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. ناوبراو لەکاتی نارەزایەتی و مانگرتنەکانی مامۆستایاندا ئەوەشی بە ڕۆژنامەنوسان ڕاگەیاند: “کەس داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانی لە هەولێر نەکردووە، پرسی خۆپیشاندان و گردبونەوە و دەربڕینی ڕەتکردنەوەی پرسێکی دیاریکراو پێویستی بە ڕێکاری دروست هەیە، ئێمەش بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ بابەتێکی لەو جۆرەدا دەکەین ئەگەر هەر کەسێک داوا بکات”. بەلام ئومێد خۆشناو بێوێژدانانە ئەوە فەرامۆش دەکات کە بۆخۆیان تائێستا بە کام یاسا لە ماوەی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتداریاندا مامەڵەیان لەگەڵ موچە و گوزەرانی هاوڵاتیاندا کردووە.!؟ یان موچە و گوزەرانی خەڵکیان کردوە بە ئامرازی ململانێکانیان، لە هەمانکاتدا بێشەرمانە موچەی چەندین مانگیان خواردوە.
لە بەرامبەر ئەو شەرمەزاریەی کە ڕوبەڕوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆتەوە و بێتوانایی خۆیان نیشان ئەدەن لە چارەسەرکردنی قەیرانی بەردەوامی موچە، بافل و قوباد تاڵەبانی، بەسەردانیان بۆ لای مانگرتوەکان، هەوڵیاندا توڕەیی خۆپیشاندەران هەڵبمژن و بەلارێدا بیانبەن، ئەوەی شایانی باسە مانگرتوەکان تەواو شەرمەزاریان کردن، لە هەمانکاتدا مانگرتوەکان نارازیەتیەکەیان گواستەوە بۆ رێگرتن لەو تەنکەرە نەوتانەی سەرچاوەیەکی داهاتی ماڵی تاڵەبانیە، تاڵەبانی بیئەوەی هیچ ئومێدێک دەربارەی جێگیربونی موچە بخاتەروو، بە‌هێزی میلیشیای تایبەت بە خۆیان سەرکوتی نارەزایەتیەکانی کرد، پرسی موچەش لە شوێنی خۆیدا بە نارۆشنی ماوە.
هاوڵاتیان بەردەوام لە مەراقی گوێبیستی ئەوەن بزانن هەواڵەکان چۆن باسی موچە دەکات و کەی موچە دەگات و کەی دابەش دەگرێت، ئەوەی جێگای باس و سەرنجە لە هیچ شوێنێکی دنیادا باسی موچە لە هەواڵەکاندا نیەو موچەکان لە کاتێکی دیاریکراودا دەگاتە دەستی فەرمانبەران، کە بەشێوەیەکی گشتی لە زۆربەی وڵاتەکاندا بەشێوەی تەکنیکی پێشکەوتوانە کاری لەسەر دەکرێت. ئەوەی شایانی باسە ئەو داهاتە بێشومارەی لە بازرگانی و قاچاخچێتی و تاڵانی سەروەت و سامانی کوردستان دەچێتە گەنجینەی ماڵی بارزانی و تاڵەبانیەوە، دەتوانێ موچەی فەرمانبەران و ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دابین بکات، بەڵام هەرگیز کاری واناکەن.
تا موچەی فەرمانبەرانی کوردستان پرسێک بێت هەواڵەکانی پێ برازێنرێتەوە، واتە پرسێکە بێچارەسەر ماوەتەوە و بێچارەسەر دەمێنێەوە.
بەجیا لەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق تائێستا کێشەکانیان یەکلایینەبۆتەوە، ئاشکرایە کە لەسایەی دەسەڵاتی هیزی میلیشایی ئیسلامی و نەتەوەپەرستی و بنەماڵە و حکومەتی بەشبەشێنە و تەوافوقیدا هەرگیز یەکلایینابێتەوە، خەڵکی کوردستان و عێراق لەسایەی ئەم دەسەڵاتە میلیشیا بنەماڵەییە و تائیفیەدا پێویستیان بە شۆرشێکە، بۆئەوەی کۆتایی بەم جۆرە دەسەڵاتە بهێنن. حکومەتێکی بێباک و مشەخۆری بنەماڵەیی و تائیفی، نەیەوێت گوێ بەداواکاری هاولاتیانی بگرێت و وەڵامی کێشەکانیان نەداتەوە، نەک شایەنی دەسەڵاتداریەتی نیە، پێویستە ریسواو دادگایی بکرێن.




دەرگیربونی عێراق لەنێو دانوستانی ئەمریکا و ئێراندا.. عوسمانی حاجی مارف

لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا عێراق جێهێڵرا بۆ پاوانخوازی و باڵادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە کاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی سیاسی عێراق و چۆنیەتی پێکهاتنی حکومەت و ململانێی و رێکەوتنی هێزە سیاسیەکان دانا. کۆمەڵێک حیزب و میلیشیا کە بەئاشکرا پاشکۆی ئێرانن وەک “چوارچێوەی هەماهەنگی”، پرسی حوکمڕانیان بۆ خۆیان یەکلاییکردەوە. هەروەها قاسم سولەیمانی، سەرۆکی سوپای قودس تا لە ژیاندا بوو و زۆربەی کاتەکانی لە عێراق بەسەردەبرد، تا ئەو کاتەی لەوێ کوژرا.
موقتەدا سەدریش درکی بەوە کرد کە ناتوانێ یاری و ململانێ لە نێومەیدانی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتدا بکات و ئاکامەکەی دەبیتە ئاژاوەگێڕی و پێگەی سیاسی خۆی بەفیڕۆ ئەدات و هەموو دەستکەوتەکانی دەشێوێت، ناچار بوو بەوەی کشانەوەی خۆی لە هەڵسورانی سیاسی راگەیەنێت. لەهەمانکاتدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ریزی پاشکۆبون بەئێران گیرسایەوە.
هەموو ئەو کارانەی کۆماری ئیسلامی کردوویەتی و دەیکات بەنهێنی ڕوویان نەداوە، عێراقی لەچوارچێوەی بازنەی نفوزی خۆی و لە ژێر پاراستنی خۆیدا هێشتەوە، بە بەرچاوی ئەمریکا و جۆرێك بێدەنگەلێکردنی ئەمریکاوە ئەنجام دراون، کەدوای جەنگی کەنداوی دووەم و روخانی حکومەتی سەدام، ئەم پرۆسەی گواستنەوەو دەستێوەردانی ئێران لە عێراق جێگیرکرا.
ئەوەی هەر لە سەرەتاوە ڕوون بووە ئەوەیە کە عێراق هەمیشە سەرچاوەی دراوی قورسی ئێران بووە لە پاڵ ئەو سزا ئابوریانەی کە لە لایەن ئەمریکاوە سەپێندراوە بەسەر ئێراندا. لەکاتێکدا دەسەڵاتداری عێراق لە دابینکردنی پارەی دراوی قورس بۆ ئێران لەرێگەی ئاواڵەکردنی بازاری عێراق و بازرگانی و قاچاخچێتی بە نەوتەوە دەرفەتێکی گەندەڵی و پاشکۆبونیان بۆ ئێران رەخساند و بەردەوام بون لە پیادەکردنی، بەڵام ئیدارەی ئەمریکا بەتەواوی ئاگاداربوو لە هەر دۆلارێک کە دەگوزرایەوە بۆ ئێران، کە ڕێگەیان بە عێراقدا مامەڵەی ئابووری لەگەڵ ئێران لە دەرەوەی یاسای سزاکان ئەنجام بدات.
هەرچەندە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١ بەشێک لە هێزەکانی لە عێراق کشاندەوە، بەڵام بەردەوامبونی سەربازی لەڕێگەی بنکە هەمیشەیەکانیەوە مانەوە، لەهەمانکاتدا هەناردەی نەوتی عێراق بۆ نیویۆرک تا ئێستاش دەچێت و پێداویستییەکانی حکومەتی عێراق دابیندەکرێت، ئەمەش ئەو بیرۆکەیە دەهێنێتە ناو باسەوە یان ئەگەری ئەوە پێشبینی دەکرێت کە لەسەر هەموو شتێک ڕێکەوتبن، بۆیە ئەتوانین بڵێین کە ئەمریکا و ئێران لەگەڵ هەر ململاێیەکیاندا بەدور نازانرێت هاوکاری یەکتریان کردبێت بۆ داڕشتنی داهاتووی عێراقێک کە تەواو ئێرانی بێت، یان ئەمریکا تەواو ئەوەی فەرامۆش کردبێت کە ئێران کۆنترۆڵی عێراق دەکات. ئەو دەنگۆیانەی کە ترەمپ داوای لە ئێران کردووە دەستێوەردان لە کاروباری عێراقدا نەکات و ڕێز لە سەربەخۆیی و سەروەری بگرێت و میلیشیاکانی وەک حەشدی شەعبی لە عێراق هەڵبوەشێنێتەوە، پێموایە بەهایەکی ئەوتۆی نیە وەک مەرجێک بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکانیان بۆ دامەزراندنی پەیوەندیە ئاساییەکان و گەڕانەوەی ئێران بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەڵگرتنی سزاکان لەسەری، چونکە هەموو ئەمانە بەهیچ شێوەیەک سوودی بۆ عێراق نیە. بۆ نموونە گەر میلیشیاکان هەڵبوەشێنرێنەوە، بەڵام ئەوەی کە دواتر ڕودەدات ئەگەری ئەوە هەیە خراپتربێت.
لەواقیعدا ملیشیاکانی ئێران پاراستنی حکومەتی ئێستای عێراق کۆنترۆڵ دەکەن بە هەموو دەزگاکانیەوە، بۆیە ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان لەڕێگەی بانگەوازی ئێرانەوە ڕووبدات، ئەوە مانای هەڵوەشانەوەیەک دەبێت کە دەچیتە ناو جەستەی دەوڵەتی عێراقەوە، دوای ئەوە چیتر رووئەدات؟، جگە لە نیشاندانی غافڵگیریەکی تر و کارەساتی تر لە بەرامبەر دانیشتوانی عێراقدا شتێکی تر نابینرێت.
ئەمریکیەکان ئاگاداری زۆر شتن لەبەرامبەر ئێراندا، ئاراستەیەکی وەهاش لە ئارادا نیە ئەو دانوستانەی کە لەنێوان لایەنی ئەمریکی و ئێرانی بەڕێوەدەچێت، هەوڵی تێکچونی ئێران بدرێت، ئەوانەی لە چوارچێوەی ئەو هاوکێشەیەدا خەریکن کارێک دەکەن هیچ گرنگیەک لە بەرژەوەندی عێراق وەک دەوڵەت یان خەڵکی عێراق بەهەند وەرناگرن، عێراق تایبەتمەندی خۆی لەدەستداوە، لەنێوان دەورو دەخالەتی ئەمریکا و ئێراندا لە قاڵب دراوە و بێئیرادەکراوەو شکۆی شکاوەو مانایەک بۆ هاوولاتیبون نەماوەتەوە.
گەیشتن بە هەر ڕێکەوتنێکی نوێ کە باس لە سەروەری عێراق نەکات و ئەو سەروەریە دابین نەکات، مەترسی دووبارەبونەوەی نەخشە کۆنەکەیە بەشێوەیەکی تر و ئەگەری کارەساتی لەسەرە. لێرەدا عێراق کە بەهیچ جۆرێک ئامادەبونی لەسەر مێزی دانوستان نابێت، ئاشکرایە کە کاندیدە بۆئەوەی تەنها باجەکەی بدات لە هەر ڕێکەوتنێکی نێوان ئەمریکاو ئێراندا.
گفتوگۆکانی نێوان سودانی و سەرکردەکانی میلیشیاکان سەبارەت بە تێکەڵکردنی حەشدی شەعبی بۆ ناو سوپای عێراق، بەهۆی فشارەکانی ئەمریکاوە، دەتوانێت بە شێوازێکی تر کاریگەریی ئێران لە چوارچێوەی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی عێراق فەرمی کاتەوەو بە مانایەکی تر دەستێوەردانی ئێران بچێتە قالبێکی ترەوە.
عێراق لەمێژە کە لە شەڕێکی جیۆپۆلەتیکی نێوان واشنتۆن و تاران دەرگیر بووە، جارێکی دیکە خۆی لە دۆخێکی لاوازدا دەبینێتەوە بەهۆی تێگەیشتن و مامەڵەی نوێی ئەمریکا لە بەرامبەر ئێراندا. ترس لەوە هەیە کە دوبارە عێراق وەک موزایەدەیەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێتەوە، نەک وەک یاریزانێکی سەربەخۆ ، یان وەک بەشێک لەسەر ئەگەری ڕێکەوتنی ئەتۆمی، جێگایەک بۆ حکومەتی عێراق قایل بن، فرسەتی سەربەخۆبونی بۆ فەراهەم نابێت.
هاووڵاتیانی عێراق بەگشتی لە ئەگەری هەر ڕێکەوتنێکی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، وەک پیلانێک سەیری دەکەن ترسی ئەوەیانە کە جارێکی دیکە داهاتووی عێراق بکەنەوە قوربانی. بەڵگەکانی باشتربونی پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمریکا تادێت بەهێزتر دەردەکەون. لەکاتێکدا ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئەمریکاو ئێران زیاتر لەیەک نزیک دەکاتەوە، بەڵام ئەم رێکەوتنە ئەو ئەنجامەی لێناکەوێتەوە، کە ئێران واز لەدەستێورەدانی عێراق بهێنێت، دەکرێ دەستێوەردانی ئێران بۆ عێراق بەشێوازی تر بەردەوامی هەبێت.
لەکاتێکدا ئەمریکا و ئێران لەم زەمینە ناسکە دیپلۆماسییەدا هەنگاو دەنێن، داهاتوو و سەربەخۆیی عێراق بەشێوەیەکی دانەبڕاو بە بڕیارەکانی دوای دانوسانەکان بەستراوەتەوە. ئاشتی و سەقامگیری ڕاستەقینە دەبێت دڵنیایی بێت لەوەی هەموو وڵاتانی ناوچەکە بە عێراقیشەوە ئازادبن لە داڕشتنی چارەنووسی خۆیان، کە ئەم تروسکایی ئازادبونە بۆ هیچ شوێنێک لەجەرگەی ململانێکاندا دیار نیە.
ماوەی چەندین ساڵە داواکاریەکانی “مافی مرۆڤ” لە سایە حکومەتی عێراق و شەری تائیفیدا، زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە و هیچ مانایە لە دەستەواژەی مافی مروڤدا جێگای نەماوە، سونەکان داوای مافی سونە تیرۆرستەکان دەکەن و شیعەکان داوی مافی قۆرخکردنی زیاتری دەسەلات بە شەریعەی شیعە دەکەن. ئاشکرایە کە مرۆڤ وەک مرۆڤێک، هیچ بەهایەکی لە عێراقدا نەماوە، مەگەر سەر بە گروپێک بێت کە لە ململانێی خۆیدا لە بەرامبەر گروپەکانی تردا پێناسەو ناسنامەیەک بۆ خۆی داتاشێت.
تاکە ئومێدێک بۆ دەربازبونی عێراق لە ململانێی ئەمریکاو ئێران بەسەر چارەنوسی عێراقەوە، پەیوەستە بە هاتنەمەیدانی جەماوەری بەرفراوانی خەڵکەوە کە بتوانێت حکومەتێک دامەزرێنێت کە بە دەورو دەخالەتی راستەوخۆی جەماوەری خەڵکەوە بەرێوە ببرێت، کەجیابێت و دوربێت لە کاریگەری تائیفی و مەزهەبی و نەتەوەیی و هەر ئایدۆلۆژیەک، خۆی جیاکاتەوە لە سەوداو مامەڵە و ململانێی زلهێزەکانی دنیاو ناوچەکە و کێشەکان و رێکەوتنەکانی ئەمریکا و ئێران.
مافی مرۆڤ لە ئێستای عێراقدا بەئاشکرا لە نێو قەفەسێکدایە کە داواکاری مافەکان مەرجدار بوو بە ناسنامەی تائیفی و مەزهەبی و نەتەوەیی، لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە بەردەمان، چۆن دەتوانین سروشتی هەڵاواردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لاببەین و بیگۆڕین بۆ واقیعێکی گشتگیر و جیهانی، و مەدەنی، مرۆڤایەتی، ئەویش لە ئێستادا، ئامادەییە بۆ کۆتاییهێنان بە پاوانخوازی و دەسەڵاتی شیعەگەرا لە عێراقدا، بۆ ئاڵوگۆڕێک کە دەسەڵاتی راستەوخۆی جەماوەری خەڵک دابین بکات، لە هەمانکاتدا پەیوەست بونە بەو نارەزایەتیانەی کە جەماوەری بەرینی ئێران لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا نیشانی ئەدەن، دامەزراندنی دەوڵەتێک کە دەستورەکەی لەسەر ناسانامەی هاوڵاتی بون دامەزرێت.




کێبڕکێی سودانی و مالکی لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٥ی عێراقدا.. عوسمانی حاجی مارف

ئایا ئێران دەستبەرداری مالیکی دەبێت و سودانی هەڵدەبژێرێت!؟
پەرلەمانی عێراق ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ی وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکرد. مانگی ڕابردوو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەستپێکردنی پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە پڕۆسەکە یەک مانگ دەخایەنێت.
لەگەڵ دانانی وادەی فەرمی بۆ هەڵبژاردنەکان، ئێستا سەرنج دەچێتە سەر سروشتی ئەو هاوپەیمانیانەی کە پێکیدەهێنن و ڕادەی بەشداری جەماوەر لەم بۆنەیەدا کە وەک شتێکی سەرەکی بۆ داهاتووی پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا سەیر دەکرێت، بەڵام ئەوەی پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بەشداربوان زۆر کەم دەبێت.
سودانی، کاندیدبوونی خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، هەنگاوێک کە ڕەنگە لە بەرامبەر ویستی نوری مالیکیدا بوەستێتەوە، کە مالکی بەنیازە ببێتە کەسایەتی قۆناغی داهاتوو لە عێراق، لەڕێگەی ئەم ‌هەڵبژاردنەوە جارێکیتر هەوڵی سەرکردایەتی بۆ ئایندەی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگی بەدەستەوەبگرێت، لەهەمانکاتدا پارێزگاری لە مانەوەی حەشدی شەعبی بکات، ئەم ئەجندایەش لە دۆخی ئێستای ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێراندا بۆ مالکی کارساز نیە.
کاندیدبونی سودانی، خوازیاری بەردەوامی مانەوەیەتی لە چوارچێوەی گۆڕەپانی سیاسی و وەستانەوە بەرامبەر بە مالیکی، پێدەچێت لە لێواری درێژەدان بە پۆستی سەرۆک وەزیراندا سودانی ئەو فرسەتەی زیاتربێت، کە لە نێوان نەبوونی کەسایەتیە دیارەکانی شیعە و ناکۆکی بەردەوامی نێوان لایەنەکان ، هیچ کەسێکیان بوێری ئەوەیان نەبێت دواتر خۆیان کاندیدکەن بۆ سەرۆک وەزیران، لەهەمان کاتیشدا بزووتنەوەی سەدری و موقتەدا سەدر، جارێکی تر هەڵویستی بایکۆت وەردەگرنەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.
ئەوەی مالیکی نیگەران دەکات لە کێبڕکێی لەبەرامبەر سودانیدا ئەوەیە کە سەرۆکوەزیرانی ئێستا بەو ڕۆلەی لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا لە سەردانەکان و پەیوەندیەکانیدا دیویەتی چێژ لە قەبوڵکردنی ناوچەیی و نێودەوڵەتی وەردەگرێت، بە پێچەوانەی مالیکی کە بوونی تەنها بەستراوەتەوە بە پشتیوانی ئێران و حزبی دەعوە، لەهەمانکاتدا ئەرکی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی بەستنەوەی عێراق بە کارنامەی ئێرانەوە، بەڵام دۆخەکە بەتەواوی گۆڕاوەو زیاتر بە زیانی مالکیەو و خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی سودانی دەکات، چونکە ئایندەی شێوەی دەستێوەردانی ئێران لە عێراقدا ئاڵوگۆڕی جدی بەخۆیەوە دەبینێت.
ئێران کە ئێستا نایەوێت ڕووبەڕوی ئەمریکیەکان ببێتەوە لە عێراقدا، ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کاتیش، دەتوانێت دەستبەرداری هاوپەیمانەکانی وەک مالیکی بێت و ڕەنگە زیاتر پشتگیری لە مانەوەی سودانی بکات بۆ ماوەیەکی تریش وەک سەرۆکوەزیران، تا ئەو کاتەی زریانەکە تێدەپەڕێت، چونکە لەم دۆخەدا سودانیان پێباشترە، باشترە لە کاندیدکردنی کەسایەتیەکی دیکە کە دوژمنایەتیان لەگەڵدا بکات، ئاشکرایە کە سودانی دەستبەرداری ئێران نەبووەو هەوڵی داوە هاوسەنگی نێوان ڕۆڵی ئەمریکاو ئێران لە عێراق ڕاگرێت.
ئێران بۆ فشارخستنە سەر میلیشیاکانی ژێر چەتری حەشدی شەعبی، پاڵدەنێت بۆئەوەی خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانیان تەسلیم بکەن و وەک تاک پەیوەندی بە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانەوە بکەن، ئەمەش وای لێدەکات گرنگی بە مالیکی نەدات و سودانی بەسەر ئەودا هەڵبژێرێت. مالکی کاغەزێکی سووتاوە کە بوونی پەیوەستە بە غەرقبون لە گەندەڵیدا، بەڵام سودانی لە پەیوەند بە ڕێکەوتنی ئەمریکاو ئێرانەوە تاڕادەیەک دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە گرنگەی کە حەشدی شەعبی خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانیان تەسلیم بکەن و وەک تاک پەیوەندی بە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانەوە بکەن، ئەمەش وا لە ئێران دەکات پێگەی مالیکی بە هەند وەرنەگرێت و فەزڵی سودانی بەسەر ئەودا بە باشتر بزانێت.
کاندیدبونی سودانی، هەڵگری پەیامێکی ڕوونە کە بەردەوام دەبێت لە بنیاتنانی پەیوەندی هاوسەنگ بۆ عێراق لەگەڵ ژینگەی ناوچەیی و هاوبەشە نێودەوڵەتیەکانی بەتایبەت ئەمریکا. ئەمەش فاکتەرێکی بەرچاوە لە بەرژەوەندی سودانی، بەپێچەوانەی مالیکی کە بەهۆی خراپی پێشینەی لەگەڵ ڕەوتی سەدری و پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ ڕەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم و دابەزینی متمانەی لە نێو کورد و سوننە ڕووبەڕووی دژایەتی ناوخۆیی دەبێتەوە.
مالیکی نیگەرانی خۆی لە سەرکەوتنی سودانی ناشارێتەوە لە کۆکردنەوەی پشتیوانی لە چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا، ئەمەش مەترسی لەسەر پێگەی ئەو وەک سەرۆکی باڵای چوارچێوەکە و کاندیدەکەی بۆ قۆناغی داهاتوو دروست دەکات. هەروەها مالیکی ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوەی دەرەکی دەبێتەوە، کە لە دەوڵەتانی ناوچەکەوە دەست پێدەکات، لەنێویاندا دەوڵەتانی کەنداو، بوونی مالکی بە مانای وەستانی وەبەرهێنان لە عێراق و ڕەتکردنەوەی هاوکاریکردنی دەبێت لەو قۆناغە سەختەی کە ئێستا بەسەریدا هاتووە. ئه مه جگه له نادڵنیایی تورکیا و ئەمریکا لەبەرامبەر مالکیدا.
سودانی لەمیانی بەشداریکردنی لە نۆیەمین کۆڕبەندی سلێمانی، نیازی خۆی بۆ کاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە “هەڵبژاردن دەرفەتێکە بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژەیەکی چاکسازی بۆ عێراق”. جەختیشی کردەوە کە “بەهای ڕاستەقینەی هەر چاکسازیەک گەیشتنە بە گروپە هەژار و پەراوێزخراوەکان و ڕزگارکردنیان لە چنگی هەژاری”.!
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لەلایەکی ترەوە ئەتوانین بڵێین خەریکە کە سودانی وەک مۆدێلێکی ئەفسانەیی و حاکمێکی بێ کەموکوڕی و پاڵەوانێکی بێ هەڵە دەخرێتەڕوو، یان سیاسەتەکانی وەک ئاماژەیەکی زیندو بۆ ئەگەری گەڕاندنەوەی دادپەروەری پێشکەش دەکرێن نەک موزایەدە، لەراستیدا، ئەو هاوسەنگی و میانڕەویەی سودانی قسەی لەسەر دەکات، ناتوانێ لەناو دەریای جەنجاڵی و دۆخی نالەبارو ناجێگیری عێراقدا جێگای بێتەوە، کە سودانی بۆ خۆشی داینەناوە لەسەر ڕێرەوی هەڵوەشانەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی هەنگاو بنێت، ناتوانێت لە دۆخی ئێستای عێراقێکی دابەشبودا دەرگایەک بکاتەوە هێوای داهاتویەکی سەقامگیری لە عێراقدا وەک سەرۆک وەزیران بەدەست بهێنێت.
پێگەی سودانی لەنێو جەنجاڵی زیادەڕۆیی و شەڕ و پێکدادانەکاندا ئەو پەنجەرەیە نیە کە گەشبینی پێشکەش بکات، سەروەری و سەربەخۆیی عێراق تەنیا دروشمێکە کە لە بەرامبەر ئەمریکاو ئێراندا و کێشمەکێشی باڵەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا مامەڵەیەکی سادە نیەو بواری ساغبونەوەی زەحمەتە.
ئامادەکاری پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کە بڕیارە لە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، چاوەڕوان دەکرێت هاوپەیمانی نوێ لە غیابی ڕەوتی سەدریدا دروست بکرێت، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ هێزەکانی دیکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە.
پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆرینەی دەنگەکانی سەدری بۆ هاوپەیمانی یان هێزە تازە پێگەیشتوەکانی سودانی دەچێت، کە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای مالیکی لە دەستکەوتی بەرچاو لە کورسیەکانی پەرلەمان بێبەش دەکات و تەنانەت ڕەنگە هەڕەشە لە توانای مالیکی بکات بۆ پاراستنی قەبارەی ئێستای لە پەرلەمانی داهاتوودا.
کاندیدبونی سودانی بۆ هەڵبژاردنەکان شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبوو، بەڵام کاتی خۆی و پەیامە سیاسیەکانی و ئەو هاوپەیمانیەی کە لە دەوروبەری پێکهاتوون، ئاماژەن بۆ شەڕێکی ئاڵۆزی هەڵبژاردن کە کراوەیە بۆ چەندین ئەگەر.
لە نێوان ئەم تەحەددایانەدا، سودانی هەوڵدەدات خۆی وەک “حکومەتێکی سەقامگیر” پیشان بدات، گوایە لەڕێگەی دەستکەوتەکانیەوە حکومەتەکەی بنیات دەنێت و گوتارێک پێشکەش دەکات کە ئەتوانێ هاوسەنگی دۆخەکە ڕاگرێت. بەڵام ئەوەی بەداوی سیاسەت و دەخالەتی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشهاتووە و پشتیوانی لە ئیسرائیل مەبنا بووە بۆ ئەمریکا، هەڕەشەکانی ترەمب لە سەر هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی و ئایندەی ڕێکەوتنی ئەمریکاو ئێران، گومانی تیا نییە کە دۆخی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بە نائارام دەبینرێت، لەهەمانکاتدا پێکهێنانی حکومەتی عێراق لەبەردەم قەیرانێکی هەمەلایەنەدا بەرەو ڕوو دەبێتەوە، جا پێکهێنانی حکومەت لە سایەی مالکی بێت یا سودانی ، دۆخەکە بە ئاسانی تێناپەرێنرێت.

عوسمانی حاجی مارف




دامەزراندنەوەی دەسەڵاتی بێئیرادەکردنی خەڵک لە سوریا!.. عوسمانی حاجی مارف

کاتێک باسی هەیئەی تەحریر شام یان بەناو “سوپای نیشتمانی سوریا” دەکرێت، باس لە پێکهاتە سەربازیە ئایدۆلۆژیە ئیسلامیە توندڕەوەکان دەکرێت کە لە شوێنە جیاوازەکانەوە پەیوەستبون بە سوپاوە. ئەم گروپانە ئەگەر بەبێ پشتیوانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تورکیا نەبوایە نەدەگەیشتنە ئەم ئاستەی ڕاگەیاندنی “سوپای نیشتمانی” کە بریتیە لە چەکدارکردنیان و دابینکردنی بەرگێکی سیاسی بۆیان، لە هەمانکاتدا بەکارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی نفوزی ئەحمەد شەرع و هەیئەی تەحریر بەسەر باکووری ڕۆژئاوای سوریادا.
ئەم گروپانە کە بریتین لە حەمزات و عەمشات، میلیشیای بەناو “سوڵتانەکان”، نەک دواجار کۆنترۆڵی دەسەڵاتیان کرد لە دیمەشق، بەڵکو لە عەفرین و گرە سپی و سەرێ کانیە، دڕندەییەکی تەواویان بەرامبەر خەڵکی سڤیل ئەنجامدا. هەروەها بەشداریان لە کۆمەڵکوژیە تائیفیەکان لە کەناراوەکانی سوریادا کردووە، بەتایبەتی دژی عەلەویەکان کە تائێستا ئەحمەد شەرع لە بێدەنگیەکی گوماناویدایە، هەتا حکومەتەکەی نەیویستوە بەڕاگەیاندنێک ئەو تاوانانە ئیدانە بکات، یان داوای لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرەکانیان بکات.
دوای ئەو کارە دڕندانەیەو لەم هاوکێشە ناڕۆشن و ناجۆرەی دۆخی ئێستای سوریاو بەردەوامی لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی سوریا، شەرع و حکومەتەکەی بژاردەیەکی تریان نەبوو جگە لەوەی لە ناچاریدا ڕوو بکەنە تاکە هێزێکی دیسپلینکراوی وەک هەسەدە، کە خاوەنی پاڵپشتیەکی نێودەوڵەتیە. ئەمەش تەنیا لەبەرئەوە نیە کە ئەم هێزانە خاوەنی توانای پاراستنی ئاسایشن، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە بەهرەمەندن لە پاڵپشتی نێودەوڵەتی و لەڕێگەی ئەزموونی سیاسی خۆیانەوە، نوێنەرایەتی جۆرێک لە دەسەڵاتی دیموکراسی نیشان ئەدەن کە لەئێستادا زلهێزەکان پشتیوانیان لێدەکەن.
تێوەگلانی هەسەدە لەم پەیوەندیە و تێکەڵکردنی لە بەشداریکردن و بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسی و ئەمنی، بۆ حکومەتی شەرع ئەو سودەی دەبێت کە ڕووخسارێکی دیموکراسی بەخۆی ببەخشێت! تا بەمشێوەیە تۆمەتی لایەنگری یان هاوکاری لەگەڵ گروپە توندڕەوەکان لەخۆی دورخاتەوە و وەک بەرپرسێکی جددی دەربکەوێت کە دەیەوێت سوریا دامەزراو بکات، هەر بەمشێوەیەش ڕێگری لە دابەشبوونی سوریا بکات!؟.
بەڵام ئەو سوریایەی کە لە هەموو لایەکەوە خوێنی لێدەڕژێت، لە رێگەی دەخالەتکردنی ووڵاتانی زلهیزی دنیا و ووڵاتانی ناوچەکەوە، بە پڕۆژەکانی ئیسلامی سیاسی و ململانێ و ناکۆکیەکانیان، ڕژاندنی ئەو خوێنە نەک ناگیرسێنێتەوە، بگرە خاکی سوریا سورتر دەکات، کاتێ حکومەتێکی ئینتقالی، پارێزەرو بارمتەی میلیشیاکان بێت، هەڵبەتە گومانی تیانیە کە ئەمە نائارامی زیاتر پێکدەهێنێت و مەترسیدارتریش دەبێت.
گومانی تیانیە کە سوریا بە پڕۆژەیەکی تۆکمەی دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا، دەتوانێ ئارام بێتەوەو ڕزگاری بێت، بەومەرجەی کە بەدوربێت لە هەر کاریگەریەکی ئیسلامی و تائیفی و نەتەوەپەرستی، هیچ ووڵاتێک لەسەر وێرانەی مەزهەبەکان و ئایدۆلۆژیای کۆنەپەرستی و دژی ئینسانی ناتوانێ بە سەقامگیری و دوور لە گێژاوی سیاسی دامەزرێت.
ئایندەیەکی گەش بۆ سوریا نابێت ئەگەر لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون حکومەت ڕانەگەیەنن، نەک تەنها لەسەر کاغەز، بەڵکو لەسەر زەوی، لە دەق، لە دەسەڵات و لە سیمبولەکاندا، زەمانەتی ئەمەش دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵکە لەدەسەڵاتی سیاسیدا، نەک دانوسان و گفتوگۆو ڕێکەوتنی نێوان ئەو هێزانەی لە سەروو ئێرادەو خواستی خەڵکەوەن، ئەوجۆرە ڕێکەوتن و ئاشتیانە لە هەر توندپێچ و ئاڵوگۆڕێک لە هاوسەنگی هێزەکاندا، ئەگەری ئەوە هەیە وێرانکاری زیاتر بەدوای خۆیدابهێنێت.
ئەوکاتە سوریا دەتوانێت لە تونێلی ئاژاوە دەربچێت کە ئەو گروپانەی بەناوی مەزهەبەوە دەکوژن و بەردەوامن لە سەربڕینی بەرامبەرەکانیان، دەبێت دەستیان ببەسترێت و بەریان پێبگیرێت و وەک تاوانبار دادگایی بکرێن، دەنا سوریا لەنێوان هەرەشەی ستەمکاری و پیرۆزیەکاندا وێراندەبێت و لەنێوان ترسی تیرۆر و وەسوەسەی هەژموونیدا دەمێنێتەوە! بەمجۆرەش پڕۆژەی شارستانیەت و ئاشتی لە سوریا دەبێتە وەهمێکی سادە، بە خۆڵەمێشی دەبێت و خوێنی بێتاوانەکان پەرش و بڵاو دەبێتەوە.
ئەوەی ڕاستی بێت پێویستە بڵێین لەنێو ئەم جەنجاڵی و وێرانکاریەدا کە زۆربەی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا لەئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا داڕماون، ئەوە هەسەدەیە کە وەک هێزێک و ئەزمونێک لەدەسەڵات، لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەلماندی کە تاکە پڕۆژەی سیاسیە هاوسەنگی خۆی پاراستووە و مۆدێلێکی سەقامگیری بۆ حوکمڕانی و ئیدارەی خۆجێیی دابینکردووە، کە پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە، لەم دۆخەشدا تا ئێستا توانیویەتی لە بەرامبەر دڕندەکاندا خۆی ڕاگرێت.!
ڕێککەوتنی نێوان مەزلوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، بەوشێوەیەی کە دەستوور نەبۆتە بەڵگەنامەیەکی نێوان هەردوولایان، دۆخەکە بە هەڵواسراوی و ئایندەکی ناڕۆشن بۆ سوریا دەهێڵێتەوەو ڕادەگرێت، دەچێتە ئەو ئاستەی وەک ئاگربەستێک ببینرێت، لەهەمانکاتدا درێژەپێدەری پرۆسەیەکە کە سوریای کردۆتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێیەکی بێکۆتایی.
ناساندنی ئەم دەستورەی ئێستا بۆ “کۆماری عەرەبی سوریا” و بە ئیسلامیکردنی سوریا تەنها دەربڕینێکی فەرمی نییە، بەڵکو سەپاندن و پیرۆزکردنی ڕێبازێکی کەمینەی ئیسلامیە بەسەر زۆرینەی دانیشتوانی سوریادا.
ئەوەی ئەمڕۆ لەڕێگەی دەسەڵاتی شەرع و دەخالەتی تورکیاوە دەگوزەرێت، تەنها گۆڕانکاریەکی سیاسی نییە، بەڵکو توانەوەی زۆرەملێی گەلی سوریایە بۆ قاڵبێکی نوێی پاوانخوازی مەترسیدار، کە دڕندەتر دەردەکەوێت لە هەموو شتێک کە پێشتر هاتبێت. بۆیە پرسیارێک کە پێویستە بکرێت تەنیا ئەوە نییە کە “حوکمڕانی داهاتووی سووریا چۆن دەبێت؟” ئاخۆ چەند کارەسات و چەند جەستە و دەروونی تر وێراندەکرێت پێشئەوەی ئەم پاوانخوازیە بوەستێت؟.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سوریا، ئەحمەد شەرع، خۆی لە دۆخێکی بێوێنەدا بینیەوە، لەناکاو بوو بە حاکمی دیفاکتۆی وڵاتێک، بەرپرسیارێتی بنیاتنانی دەوڵەتێکی لەنێوان ئاڵۆزیە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکانی لە ئەستۆ گرت. بەڵام شەرع کە لەناو سنگی ئایدۆلۆژیای جیهادێکی توندڕەودا گەورە بووە، ئەمڕۆ خۆی دەبینێتەوە لەنێوان چەقۆی میراتی توندڕەویەکەی و پەیوەندی ئایدیۆلۆژی خۆی بە قاعیدە و سەنگەری واقیعێکی نوێ لە سوریادا، کە هەوڵدەدات وەها نیشان بدات خەریکە ببێتە دەوڵەتێکی “فرەیی، مەدەنی، دیموکراسی”!

شەرع هەوڵ دەدات وەک سەرکردەیەکی سیاسی لەدوای ڕووخانی ئەسەد لە بەڕێوەبردنی سوریا خۆی نیشان بدات، بە تێگەیشتنی ئەوەی جیهان دەوڵەتێکی ئیسلامی ڕادیکاڵ لەدڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قبوڵ ناکات. بەم شێوەیە دەستی کرد بە سەوداومامەڵەی وێنەیەکی جیاواز لە خۆی، وێنەیەک کە دوورە لە ڕابردووی جیهادی خۆی، هەوڵ ئەدات هەم ئامادەبوانی ناوخۆیی و هەم بینەرانی نێودەوڵەتی قەناعەت پێبکات کە دەوڵەتێکی فرەیی و مەدەنی بنیات بنێت کە ڕێز لە مافەکان و یاسا بگرێت، ئەمەش لە سەردانە بەردەوامەکانی وەزیری دەرەوە بۆ چەندین وڵاتی عەرەبی و ووڵاتانی تر، بۆ دڵنیاکردنەوەی کۆمەڵگە عەرەبی و نێودەوڵەتیەکان، بەڵام لە هەمانکاتدا شەرع ناتوانێت بە ئاسانی خۆی لە ڕەگ و ڕیشەی فیکریی خۆی جیابکاتەوە، لەو ژینگە جیهادیەی کە بۆ ماوەی دە ساڵێکی تەواو لە باوەشیدا بووەو نەوەیەکی دڕندەی تیا پێگەیاندووە.
شەرع ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، لەلایەکەوە توێژە بەرفراوانەکانی دانیشتوانی سوریا کە زۆر ماندوو بوون، داوای دەوڵەتێکی مەدەنی و دیموکراسی و ئازادیخوازی دەکەن کە ستەمی ئایینی ڕەت دەکەنەوە، لە لایەکی دیکەوە شەرع پشت بە هاوپەیمانێتیە نێوخۆیەکانی جیهادیەکان و سەرکردە سەربازیە توندڕەوەکان دەبەستێت، کە هەر جۆرە کرانەوەیەک بەڕووی ئازادی و دیموکراسیدا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر پڕۆژە ئیسلامیەکەی خۆیان دەزانن.
لەسەر ئاستی ناوچەیی، یادەوەری ئازاربەخشی ئەزموونەکانی دەسەڵاتی توندڕەوی ئیسلامی لە ئەفغانستان، ئێران، یان نمونەی داعش و شەڕی تائفی لە عێراق دێننەوە یاد، کە بە ئاسانی مۆدێلێکی هاوشێوە لەم حوکمڕانیانە لە سوریا قەبوڵ ناکرێت.
ئێستا، لە بواری پەروەردەدا، زانکۆ و قوتابخانەکان دەستیان کردووە بە گرتنەبەری شێواز و ئامرازی توندی ئایینی، هەروەها داوا دەکەن ژنان جلوبەرگی ئیسلامی لەبەر بکەن و لە شوێنە گشتیەکاندا پیاوان لە ژنان جیابکەنەوە.
لەکایەی گشتیدا، شارەکانی سوریا کە لەلایەن هەیئەی تەحریر شامەوە کۆنترۆڵکراون، ڕێساکانی جلوبەرگی گشتی توندترکراونەتەوە، سنووردارکردن بۆ بۆنە کەلتووری و هونەریەکان دانراون و فەزای گشتی بۆ داکۆکیکردن لە ئایین دیاریکراوە. ئێستا بازنەی بانگەوازی ئیسلامی و وتاری ئیسلامی لە گۆڕەپان و شەقامە گشتیەکاندا بڵاوبووەتەوە، کەشێکی گشتی دروست دەکات کە وا لە هاوڵاتیان دەکات هەست بکەن کە دەوڵەت گۆڕاوە بۆ قەوارەیەکی ئایینی، ئەو سیاسەتانەی هەیئەی تەحریری شام پەیڕەوی لێدەکەن، ڕەنگدانەوەی ڕەوتێکە بەرەو گۆڕینی سوریا بۆ دەوڵەتێکی ئاینی توندڕەو نەك دەوڵەتێکی مەدەنی!
ئەم دووفاقیە لە واقعیەتی دەسەلاتی شەرعدا، دەیخاتە دۆخێکی سەختەوە، چونکە خۆی دەبینێتەوە لەنێوان بەرداشێکدا کە لە شوێنێکی سەختدا گیری خواردووە. ئەگەر هەوڵی ئیمتیازاتی ڕاستەقینە بدات بەرامبەر بە مۆدێلی دەوڵەتی مەدەنی، ئەوا ڕووبەڕووی یاخیبوونی ناوخۆیی دەبێتەوە لەلایەن کەسانی توندڕەوی ناو ڕێکخراوەکەیەوە، کە ئەمە وەک خیانەتێک لە پڕۆژەی جیهادیدا حسابی لەسەر دەکرێت، ئەگەر بەردەوام بێت له پەیڕەوکردنی دیدگای توندڕەوی ئیسلامیەکەی، ڕووبەڕووی دابڕانی نێودەوڵەتی و ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکی دەبێتەوە بۆ ڕێگرتن له بونی سوریا به دەوڵەتێکی ئایینی سەلەفی توندرەو.




سودانی دەتوانێت چی بکات لە تورکیا؟.. عوسمانی حاجی مارف

ئامادەکاری محەمەد شیعە سودانی بۆئەوەی لەم ماوەیەدا سەردانێکی فەرمی بۆ تورکیا ئەنجام بدات، لەکاتێکی هەستیاردایە، چونکە ناوچەکە شایەتی گۆڕانکاریە سیاسی و ئەمنیە گەورەکانە، کە کۆمەڵێک بابەتی گرنگ نیگەرانی هەردوو تورکیا و عێراق دەخاتەڕوو. دیارترینیان پەرەسەندنی دەخالەتی ئیسرائیلە لە سوریاو ناوچەکە و بەردەوامی شەڕی غەززە، زیادبوون و هاتنەناوەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، هەڕەشەکانی ئەمریکا لە ئێران، هەروەها داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی.
جگە لەوانەش بۆ ڕێکەوتنی هەردوو ووڵات دەربارەی هاوکاری ئاسایشی سنوورەکان، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، بەهێزکردنی هاوکاریە ئابووریەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، تا کێشەی ئاوی نێوان عێراق و تورکیا کە ئاماژەی پێدەکرێت، گرنگیان دەبێت لە سەردانەکەی سودانیدا.
ئەم سەردانەی سودانی بۆ تورکیا لەکاتێکدایە کە لەلایەک فراوانبونەوەی دەخالەتی بەرچاوی ئیسرائیل لە سوریا لە پەرەسەندایە، لەلایەکی ترەوە ململانێی ئیسرائیل بەرامبەر رۆڵ و دەخالەتی تورکیا لە سوریاو ناوچەکەدا بەروونی دەبینرێ، ئەمەش گوزارشت لە بەرزبوونەوەی زیاتری ئاڵۆزی و گرژیەکانی ناوچەکە دەکات. ئەم هەڵکشانە بۆخۆی نیشانەی مەترسیە بۆ سەر ناوچەکە، بەتایبەتی بۆ عێراق و تورکیا کە بەهۆی دۆخی ناجێگیری ئەمنی ناوچەکەوە کاریگەریان لەسەرە، بۆیە ئەم دۆخە دەرگای بەدواداچون و هاوکاری زیاتری نێوان هەردوو ووڵات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بە پشتیوانیکردنیان لە دیمەشق دەکاتەوە.
ئیسرائیل لە شەوێکدا هێرشە ئاسمانیەکانی بۆ سەر سوریا چڕتر کردەوە و هێرشەکانی وەک هۆشداریەک بە فەرمانڕەوایی شەرع لە دیمەشق دا ناساند. هەروەها ئەنقەرەی بە هەوڵدان بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر دیمەشق دا ئاگادارکردەوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئیسرائیل زۆر بەجدی کار بۆ بێکاریگەرکردنی تورکیا لە سوریا دەکات. بەڵام چۆن دەتوانێت ئەم کارە بکات بەبێ شەڕێکی سەرتاسەری، لەکاتێکدا تورکیا نەوەستاوە لە پەیڕەوکردنی ستراتیژی زاڵبون بەسەر سوریادا؟ پرسیارێکە ئاستی توانایی و پێداویستی ململانێکان وەڵامی ئەداتەوە.
ئیسرائیل لەدوای ڕووخانی بەشار ئەسەد و پاشەکشەی ئێران لە ناوچەکەدا، ترسی لە کۆنترۆڵکردنی ئەنقەرە بەسەر دیمەشقدا هەیە، بۆیە زیاتر هەوڵئەدات کار بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە سوریا بکات. دەستی بەسەر خاکی باشووری ڕۆژئاوای سوریا گرت و ئامادەیی خۆی بۆ پاراستنی کەمینەی دروزەکان ڕاگەیاند. ئامادەیی پشتیوانی لە هەسەدە نیشاندا و فشاریشی خستە سەر واشنتۆن بۆئەوەی سوریا بە لاوازی بهێڵێتەوە و بەشێکی زۆری چەکی قورس و کەرەستە سەربازیەکانی سوریای لە ڕۆژانی دوای ڕووخانی ئەسەدەوە لەناوبرد.
هەوڵەکانی ئیسرائیل دژی بنکە سەربازیەکانی سوریا دوای ئەوە دێت کە باس لەوە دەکرێت تورکیا بەرنامەی هەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی بنکەی ئاسمانی T4 لە سوریا و پلانی هەیە سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەوێ جێگیر بکات. لە ئێستاشەوە دەستیکردووە بە پلاندانان بۆ کاری بیناسازی لەم شوێنە ستراتیژیەدا. ئیسرائیل ئەوە باش دەزانێت ئەگەر تورکیا لە بنکەی T4 و شوێنە سەربازیەکانی دیکەی سوریا جێگیر بن، ئەوا لێیان ناکشێنەوە. بەڵام ئەگەر تورکیا ڕاستەوخۆ لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ئامانج بگیرێت و بۆردومانی هێزەکانی لە سوریا بکرێ، قەیرانێکی سەخت لە نێوان تەلئەبیب و ئەنقەرەدا دروست دەکات.
ماوەی چەند مانگێکە ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەردەوام هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سوریا ئەنجام دەدات و خەڵکی سڤیل دەکوژێت و شوێنی سەربازی و ئۆتۆمبێل و تەقەمەنی سوریاش لەناو دەبات.
سودانی لەم دۆخەی ئێستای ململانێی نێوان تورکیاو ئیسرائیلدا بۆ دەخالەتیان لە سوریا، جگە لەوەی کێشەیەکی لەسەر ئامادەبونی سەربازیی تورکیا نیە لە سوریادا، لەهەمانکاتدا بەدوور نازانرێت لەبەرامبەر ڕووبەڕووبونەوەی دەخالەتەکانی ئیسرائیلدا پشتیوانی لە ئامادەبونی سەربازی تورکیا لە سوریا بکات.!؟
وەزارەتی دەرەوەی عێراق هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر سووریا سەرکۆنەکرد، وەک پاڵپشتیەک له حکومەتی سووریا. سودانی چەندینجار داوای لە شەرع کردووە کە کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژیەکانی ئیسرائیل بکات، وەک پێشمەرجێک بۆ بەرەوپێشبردنی هاوکاریەکان، هەر لێرەشەوە لە هەوڵی توندکردنەوەی پەیوەندیەکانە لە گەڵ تورکیادا.
لە دیارترین ئەو پرسانەی کە سودانی لەم سەردانەدا بۆ تورکیا و لەم دۆخە نالەبارەدا دەیەوێت باسی بکات تابتوانێ پەرە بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیا بدات، بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری نیوانیان تورکیاو عێراقە لەبەرامبەر کێشە ئەمنیەکاندا، لەوانە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و بەڕەنگاربونەوەی چالاکی گروپە چەکدارەکان، بەتایبەتی لەبەرامبەر پەکەکە لە ناوعێراقدا و هەسەدە لە ناو سوریا. ئەم پرسە کە پێویستی بە هەماهەنگی ئەمنی ئاست بەرز هەیە، یەکێک دەبێت لە گرنگترین بابەتەکانی گفتوگۆی نێوان سودانی و ئەردۆغان، بەتایبەتی دوای بانگەوازی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان.
بەغدا له ڕاگەیاندنەکەی باخچەلی و ئەردۆغان لەگەڵ ئۆجەڵان بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە، پاڵپشتی کرد و پێداگری لەسەر ئەوەکرد که ئەو هەنگاوە کاریگەری ئەرێنی له سەر باشبونی دۆخی ئاسایشی تورکیا و عێراق و ناوچەکە دەبێت، هەروەها بەغدا داوای لە سوپای تورکیا و سەرکردایەتی پەکەکە کرد، دوای جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە، هەردوولا لە خاکی عێراق بکشێنەوە.
ئەوەی کە زۆر بەرچاوە تورکیا یەکێکە لە هاوبەشە بازرگانیە دیارەکانی عێراق، بەتایبەتی لە هەناردەکردنی نەوتدا. ئەمەش وایکردووە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە کوردستانی عێراقەوە بۆ تورکیا گرنگیەکی زۆری هەبێت. جگە لەوەش پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” کە یەکێکە لەو پرۆژە گەورانەی عێراق و تورکیا بەوپەڕی چاوەڕوانیەوە پێشوازی لێدەکەن و کاری لەسەر دەکەن، وەها دەردەکەوێت کە لەم سەردانەی سودانیدا گرنگیەکی تایبەتی پێدەدرێت، بەڵام پێناچێت کە جێگایەك بۆ حکومەتی هەرێم لەو پەیوەندەدا قایل بن. ئەم پڕۆژەی گەشەپێدانە کە ئامانجی بەستنەوەی عێراق و تورکیایە لە ڕێگەی تۆڕێکی ڕێگاوبان و گواستنەوەی بازرگانی بە ئەوروپاوە، دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و بەشداری دەکات لە باشترکردنی ژێرخانی ئابووریان.
ئەم سەردانەی سودانی بۆ تورکیا بەهەر نەخشە عەمەل و پرتۆکۆلێکی ئامادەکراوەوە ئەنجام بدرێ، لەم دۆخە هەستیارەی ئێستادا ناتوانێ بە سادەیی بۆ عێراق تێپەرێت و پرسەکان یەکلایی بکرێنەوە و ڕێکەوتنەکانی لەگەڵ تورکیا بەئاسانی بچنەبواری جێبەجێبونەوە، لەکاتێکدا کە هەردوو تورکیا و عێراق لەبەرامبەر بەرژەوەندی و سیاسەت و نەخشەکان و دەخالەتی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سوریاو ناوچەکەدا ناکۆک و جیاوازن و دەورانێکی ململانێی سەخت لەبەرامبەر نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بەسەر دەبەن.
هەر لەم ڕۆژانەدا فشارە زیادەکانی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق و سودانی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و بڕیار بۆ کۆتایهێنان بە هەژموونی ئێران بەسەر سیستمی سیاسی لە عێراقدا، ڕێگریکردن لە لایەن و فراکسیۆنە شیعەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی حکومەتی عێراق، چ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ئەم هەنگاوە بە ڕاگەیاندنی ڕاستەوخۆی گۆڕانکاری لە ڕێساکانی پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ نفوزی ئێران لە عێراق وەسف دەکرێت، ئەم بڕیارو هەنگاوەی ئەمریکا کێشەی گەورەی لەنێو ڕیزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێکهێناوە و دۆخی سیاسی عێراقی شڵەقاندووە بەجۆرێك کە بەرەنجامی سەردانەکەی سودانیش بۆ تورکیا و بڕیاردان لەسەر بەسەرەنجام گەیاندنی هەر گفتوگۆیەک لەناو ناڕۆشنیدا داهێڵێتەوە، بەتایبەتی کە سودانی ناتوانێ بەیەکجاری دەستبەرداری باڵادەستیی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بێت لە حکومەتی عێراقدا. لەهەمانکاتدا یەکلاییکردنەوەی کەنارخستنی دەخالەت و دەوری کۆماری ئیسلامی لە حکومەتی عێراقدا، بۆسودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی گرفتێکی گەورەیە و ناتوانن بەئاسانی دەستبەرداری ئێران بن. زەحمەتە بتوانن بەم زووانە ئەو دۆخە بەئاسانی تێپەرێنن. ئەم سەردانەی سودانی بۆ تورکیا و خۆسازانی لەگەڵ ئەردۆغان، ئایندەی ململانێ و ئەگەری ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکەدا روودەدات دیاری دەکات تاچەند سەرکەوتوو دەبێت، کە سودانی لە پەیوەند بەدەسەڵاتی چوارچێوەی هەمانگیەوە تا چەند دەتوانێت نەخشەکانی بگونجێنێت و پارێزەری لەدەسەلاتی خۆی و چوارچێوەی هەماهەنگی و میلیشیاکانیان بکات؟ ئەمەش سەردانەکەی بۆ تورکیا و رێکەوتنەکانی لەگەڵ ئۆردگان سنوردار دەکات.




ئایندەی شەڕی غەززە.. عوسمانی حاجی مارف

هاوکاتی ڕاگرتنی شەڕی داگیرکاری ئیسرائیل بۆ سەر دانیشتوانی غەززە، فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل لەناکاو هێرشی ئاسمانیان لە سەرانسەری کەرتی غەززە دەستپێکرد، زیاتر لە ٣٦٠ فەلەستینی کوژران، کە زیادبونی ژمارەی قوربانیەکان تائێستاش بەردەوامە.
ڕێکەوتنی ئاگربەست بە نێوەندگیری ئەمریکا، میسر و قەتەر، لە قۆناغی دووەمیدا نەچووە پێشەوە، بڕیاری گەڕانەوە بۆ شەڕ لە دژی غەززە زیاتر بەهۆی کاریگەری سیاسەتی ناوخۆییەوە بووە، کە ناتانیاهۆ بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی و یەکگرتوویی هاوپەیمانیەکەی دەیقۆزێتەوە.
ناتانیاهۆ، بە سەرکەوتوویی ئیفادەی بەرنامە بۆ داڕێژراوەکەی لەبەردەم دادگای ناوچەی تەلئەبیب دواخست، کە دەبوا وەڵامی ئەو تۆمەتانە بداتەوە کە دەربارەی گەندەڵی لەسەری تۆمار کراون، هاوکات ئیتامار بن گڤیر وەزیری دەستلەکارکێشاوەی ئیسرائیل، بە دەستپێکردنەوەی شەڕی غەززە، مەرجەکانی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆشەڕ وەک هاوپەیمانیەکی ڕاستڕەو، کە ڕووبەڕووی قەیرانی ناوخۆ بووەتەوە، جێبەجێکرد.
داگیرکاریەکانی ئیسرائیل لەکاتی چوونە ناو قۆناغی دووەمی ئاگربەستەکەدا ئاگربەستی وەستان، هاوکات ناتانیاهۆ ڕەتیکردەوە کۆتایهاتنی شەڕەکە ڕابگەیەنێت، چونکە دەزانێت کە هەڕەشە لە بەردەوامیدان بە حکومەتەکەی دەکات و ڕەنگە ببێتە هۆی دادگایکردنی و دواتر زیندانیکردنی.
ئەم هێرشە بەرفراوانترین هێرشە لەدوای ڕێکەوتنی ئاگربەستەوە کە قۆناغی یەکەمی لە ١٩ ی ١ ی ٢٠٢٥ دەستیپێکرد، بەدوای ١٦ ڕۆژ لە داخستنی دەروازەکان و سەپاندنی گەمارۆ بەسەر هاوڵاتیانی غەززەدا هات، هاوکاتی ئەو هەموو هۆشداریە کە دەربارەی برسیەتی لە غەززە درا، بەڵام ئەو هێرشە هەر ئەنجامدرا.
هێرشەکان و گەڕانەوەی ناتانیاهۆ بۆ شەڕ بۆ سەر غەززە لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل دوو هەفتەی نیگەرانکەری بەسەربرد لە بەرامبەر سیستەمی سیاسی خۆیدا، کە دەرگیر بە قەیرانە ناوخۆییەکانە لە بودجە و یاسای وەرگرتنی سەربازی، دەبێت تا کۆتایی مانگی ئازاری ٢٠٢٥ بودجەی دەوڵەت پەسەند بکات,،گەر بەپێچەوانەوە بێت ئیسرائیل بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات، ئەگەر بودجە پەسەند بکرێت، ناتانیاهۆ دەتوانێت تا هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.
لەلایەکی ترەوە لەلایەن داواکاری گشتیەوە دەربارەی دورخستنەوەی ناتانیاهو لە پۆستەکەی گەراوەتەوە بۆ پێشەوە، هەرلەم بارەیەوە لەگەڵ سەرۆکی دادوەردا قەیرانێک پێشهاتووە، کە لەلایەن حکومەتەکەی ناتانیاهۆوە باوەرپێکراو نیەو دانی پێدانانێن.
هەروەها پێشنیار هەیە کە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان ڕێککەوتنێکی هاوبەش بۆ ڕووخاندنی حکومەت واژۆ بکەن، جگە لەوەش ئۆپۆزسیۆن بڕیاریان دابوو ناڕەزایەتی بەرفراوان ڕێکبخەن، کە لە سەرەتادا بڕیاربوو لە ڕۆژی چوارشەمە ١٩ی ئازاری ٢٠٢٥ دەست پێبکات.
حکومەتی ناتانیاهۆ بەمەبەست ڕێکەوتنی ئاگربەستی لە غەززە پێشێلکردووە، بە ڕەزامەندی ئەمریکا، چونکە نەیدەویست تەواوی ئەو مەرجانە جێبەجێ بکات کە دوو مانگ لەمەوبەر پابەندی بووە.
٤٨ کاتژمێر بەر لە دەستپێکردنی گفتوگۆی بودجە، ناتانیاهۆ گەڕانەوەی بۆ شەڕی غەززە ڕاگەیاند، ناچاربوو پارتەکەی بن گڤیر بهێنرێتەوە ناو هاوپەیمانیەکەوە بۆئەوەی حکومەتەکەی نەڕوخێت.
پارتەکەی بن گیڤیر پێشوازی لە گەڕانەوەی شەڕ بۆ سەر غەززە کرد و بە هەنگاوێکی دروستی زانی بۆ “لەناوبردنی حەماس و گەڕانەوەی بارمتەکان، دەڵێن نابێت حەماس قبوڵ بکرێت و دەبێت تێکبدرێت”.
ئەتوانین بڵێین کۆمەڵێک ئامانجی سیاسی بەپەلە هەن کە بووە هۆی گەڕانەوەی هێرش بۆسەر غەززە، وەک گەڕانەوەی ئیتمار بن گڤیز و پارتەکەی بۆ ناو حکومەت، هێشتنەوەی بێزالێل سمۆتریچ* لە حکومەتدا، پەسەندکردنی بودجە و لابردنی مەترسی دەستبەجێ لەسەر حکومەت، دواخستنی دادگایکردنەکەی و وەستاندنی ئیفادەی لە دادگا، هەوڵی بۆ دوورخستنەوەی داواکاری گشتی و ڕونین بار سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ناوخۆ، هەوڵی بۆ لادانی کارنامەی ڕاگەیاندن لە نێو ناڕەزایەتیەکانی دژ بە حکومەت، هەروەها هەوڵ دەدات بە پاراستنی شەڕێکی هەمیشەیی لە چەند بەرەیەکدا تا مانەوەی ئەو ڕژێمە مسۆگەر بکات، جگە لەوەش، دواتر توانی ئیفادەکەی لەبەردەم دادگای ناوچەی قودس هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە شەڕی دژی غەززەی دەستپێکردەوە.
پێدەچێت شێرپەنجەی ململانێکان و شەڕەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەشەنە بکات، هێشتا لە دۆخێکی گێژاوی ئەوپەڕیدایە و بە ئاسانی دانامرکێتەوەو کەم نابێتەوە، ناوچەکە لەناو دیمەنی ئاڵۆزیەکاندا نوقم کراوە.
ئەم دۆخەی غەززە و فەلەستین و کارەساتی گەورەی دژی ئینسانی، شکستی تەواوەتی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی و تەواوی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکانی بۆرجوازیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێ و شەڕەکان و بێتوانایی لە وەستاندنی سووڕی نوێبوونەوەی بەرفراوانی خوێنڕشتن. ئەوەی ڕوودەدات تەنها ململانێیەکی سیاسی و مانۆڕی سەربازی نییە، بەڵکو ئەڵقەیەکی نوێیە لە سووڕێکی بەردەوامی دژی مرۆڤایەتی، کە شەڕەکان دەبنە خولگەیەکی دووبارەبوەوە کە تەنیا بە گۆڕانکاری بچووک لە سیناریۆ و پاڵەوانەکاندا خۆیان بەرهەمدەهێننەوە.
ئەوەی نمایشدەکرێت و دەیبینین تەنها بەڕێوەبردنی ناکۆکیەکانە، نەک هەوڵدان بۆ چارەسەرکردن، کە لەسەر مێزی دانوسان و دیالۆگی لایەنەکان جێهێڵراوە، گەمارۆدان، پاشان پەرەسەندنی شەڕ، ئارامبوونەوەیەکی کاتی، پاشان گەڕانەوە بۆ شەڕ، هەر لایەنێکیان لە هەوڵی ئەوەدان موزایەدەکردن بەکاربهێنن، لەکاتێکدا ڕێژەی قوربانیەکان بەردەوام زیاترو زیاتر دەکات.
سەبارەت بە خەڵکی غەززە، هەرچەندە چیرۆکەکە لە ئەوانەوە دەستی پێکردووە، بەڵام چیتر بەشێک نین لە هاوکێشەکە، کەس بیر لە خەڵکی غەززە ناکاتەوە کە پێداویستی و ژیان و خەونیان هەیە، هیچ ئاماژەیەک نیە کە غەززە سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت. بەپێچەوانەوە، هەموو بارودۆخەکان پاڵدەنێن بەرەو تراژیدیاو کارەساتی زیاتر لە ئێستاو لە داهاتودا، بەردەوامی شەڕەکە دەبێتە هۆی خراپتربونی بارودۆخی ئابووری و مرۆیی، فەرامۆشکردن و گۆشەگیرکردنی کەرتی غەززە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا.
لەلایەکی تریشەوە حەماس بۆخۆی لە دۆخێکی تەواو ناکۆک و سەختدایە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشە توندوتیژەکانی بۆسەر کەرتی غەززە دەستپێکردەوە، کە دەیەوێت ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان لەژێر هەڕەشەدا خێراتر بکات، ئەمەش دەبێتە خەسارەتێکی سیاسی گەورە بۆ بزووتنەوەی حەماس، یان گەر پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات، دەبێتە کردنەوەی دەرگایەک بۆ ناتانیاهۆ تا هەڕەشەکانی ئەنجام بدات و هەزاران هاوڵاتی تر ببنە قوربانی.
گەر بارمتەکانیش ئازاد بکرێن، هیچ شتێک ڕێگری ناکات لە ئیسڕائیل لە درێژەدان بە پلانە بنەڕەتیەکەی بۆ هێرشکردنە سەر غەززەو زیاتر وێرانکردن وئاوارەکردنی دانیشتوانەکەی، هەروەها هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەماس و نەهێشتنی سیستمی سیاسی و ئامێرە سەربازیەکەی، جێبەجێکردنی پلانێکە کە دوای جەنگ لەسەر بنەمای ڕێگریکردن لە هەر کاریگەریەکی حەماسە کە بەسەر حوکمڕانی غەززەدا هەیبێت، جا بە ئاشکرا بێت یان بە نهێنی.
سەرەڕای بانگەوازە نێودەوڵەتیەکان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی، بەڵام ناتانیاهۆ بەپشتیوانی هاوپەیمانە ئەمریکیەکەی دووپاتیکردەوە کە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان “پێویستە” بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی بارمتەکان. ئەگەر بارمتەکان لەژێر فشاری هێرشەکانی ئیسرائیلدا ئازاد بکرێن، ئیتر حەماس هیچ گەرەنتیەکی نامێنێت.
سەرکردەکانی ئیسرائیل پشتگیری لە نەمانی حەماس دەکەن وەک هێزێکی سەربازی و دەسەڵاتدار لە غەززە، لەکاتێکدا حەماس ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ گۆڕینی شێوەی حکومەت لە غەززە لە قۆناغی دوای جەنگدا، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە چەکەکانی دابنێت، ئیسرائیلیش لێی قەبوڵ ناکات.
بەڕاستی و بەکورتی حەماس لە دۆخێکی تەواو ناکۆک و سەختدایە، جا بارمتەکان ئازاد بکات یان بیانهێڵێتەوە! ئەگەر بارمتەکان ئازاد بکات، هیچ شتێک نیە ڕێگری بکات لەوەی بکرێنە ئامانج، یان ئەگەر بیانهێڵێتەوە، پاساوێکە بۆ ناتانیاهۆ بۆ لێدانیان.
ناتانیاهۆ لە هێرشی بەردەوامی بۆ سەر غەززە سود لە قسە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر بە حەماس وەردەگرێت، هەروەها هەڕەشەی نەهێشتنی بارمتەکان لەبەرامبەر حەماسدا دەکات، تا شەرعیەتێک بۆ هێرشی توندوتیژی کە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی بکوژێت، دەهێنێتەوە.
لەم نێوەشدا بە هیچ جۆرێک باسێک لەسەر ئایندە و چارەسەری کێشەی فەلەستین ناکرێت و لە ئارادا نیە، تەنها بەدوای رێگریکردن و وەستاندنی تەواوی هاوکاریە مرۆییەکانن بۆ دانیشتوانی غەززە، لە هەوڵی جێبەجێکردنی ئەو پلانەی ترەمپەوەن بۆ ئاوارەبوونی دانیشتوانی فەلەستین لە غەززەدا.
.——————————-
*بێزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتیمانی ئیسرائیل هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەیان لە حکومەتی ئێستای ئیسرائیل کرد، ئەگەر بێت و ناتانیاهو، ڕازیبێت بە پێشنیارەکەی جۆو بایدن، لە بارەی ئاگربەستی غەززەوە.




لە لێواری پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا.. عوسمانی حاجی مارف

لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان شاهیدی ڕاشکاوانەی بنبەستی ڕاوێژ و دانوسان و کۆبونەوەکانی نێوان زۆنی زەردو زۆنی سەوز بووە، کە لەدوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ وە بەڕێوەچوو، پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، تائێستا گفتوگۆکان نەیانتوانیوە ئەنجامی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ بەیان بکات، بەڵام لەم ڕۆژانەدا وەها ڕادەگەیەنن، خەریکی لێکنزیکبونەوەیەکی سیاسی نێوان هەردوو بارزانی و تاڵەبانین.!
لەدواین کۆبونەوەیاندا لەنێوان هەردوولادا وەها نیشان ئەدەن کە کەشوهەواکە ئەرێنیە، مەسرور بارزانی دوپاتی ئەوەی کردەوە کە دیدارەکەی لەگەڵ تاڵەبانی “زۆر ئەرێنی و باش بووە”. لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا دوای کۆبونەوەکەیان لە هاوینەهەواری سەلاحەدین ئەوەی ڕونکردەوە، کە تیشکیان خستۆتە سەر لێکنزیکبونەوە و لێکۆڵینەوە لە پرسە گرنگەکان. لەهەمانکاتدا باڤڵ تاڵەبانی کۆبونەوەکەی بە “زۆر باش” وەسف کرد و ئاماژەی بەوەدا کە لێکتێگەیشتن لەسەر هەندێک بابەتی ستراتیژی کە “خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی خەڵک” دەکەن کراوە…!”، هەروەها باڤڵ دەڵێت “بڕوام وایە گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن، بەوپێیەی ئامانجی هاوبەشمان ئەوەیە کە بەزووترین کات حکومەت پێکبهێنین بۆ خزمەتی گەلەکەمان”.!
لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا هەردوولا چەند خولێکی دانوستانیان ئەنجامداوە، گوایە گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بە ئامانجی داڕشتنی ڕەشنوسی ڕێکەوتن لەسەر بەرنامەی حکومەتی داهاتوو میکانیزمێک بۆ دابەشکردنی پۆستە باڵاکان لە ناو حکومەتی هەرێمدا بە ئەنجامێکی عەمەلی گەیشتون، بەڵام ئەوەی شایانی باسە هیچ جۆرە خاڵێکی ڕۆشن بەرچاوناکەوێت و مانایەکی واقعی بۆ چۆنیەتی ڕێکەوتنیان نادەن بەدەستەوە، کە ئایا ئەو حکومەتەی دەڵێن بڕیارە خزمەت بە خەڵک دەکات، نمونەو وێنەکانی لەگەڵ ئەو حکومەتانەی کە لەماوەی سی ساڵ زیاتردا هیچی بۆ خەڵک نەکردووە، جیاوزای چیە و چیتر دەکات؟ لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکەوتنەکەیان هیچ ئەنجامێکی وەهایان نیشان نەداوە کە بتوانن بۆ کاروباری خۆشیان پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت خێراتر بکەن.
ئەوەی شاراوە نیە کێشەو ململانێیان لەسەر پێکهێنانی حکومەت، ئەوەندە پەیوەندی بەخەڵکەوە هەیە، کە فشاری خەڵک لەبەرامبەر یەکتردا بەکاربهێنن بۆ گوڕێنی بەرزبونەوەی هاوسەنگی سیاسان و بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر لەبەرامبەر یەکتردا، تا ئەو ئاستەی چەندین ئینسان ببنە قوربانی لە پێناو کێشەکانیاندا، هەستیان نایان جوڵێنێ و ئازار ناکێشن و بێدەربەستن.
لەگەڵ ئەوەی وەها نیشان ئەدەن کە “کۆبونەوەکانی نێوانیان لە ئەرێنیترین کۆبوونەوەکانە لەڕووی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەسەر شێوەی حکومەتی داهاتوو”. بەڵام تا ئێستا ناکۆکیەکانیان لەسەر دابەشکردنی پۆستە باڵاکان ناڕۆشن و بێچارە ماوەتەوە. “یەکێتی بۆ مسۆگەرکردنی بەشداری ڕاستەقینە لە حکومەتدا، لەدانوستانەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامە لەسەر پێداگری بۆ پۆستە باڵاکان و دەبێت دەسەڵاتی ڕەهایان هەبێت”.
لەلایەکی ترەوە سەرکردایەتی یەکێتی دووپاتی ئەوە دەکەنەوە کە سەرەڕای بوونی خاڵە هاوبەشەکانیان، بەڵام ئەوە پلانی گەورەی دەرەکیە کە ڕێگرن لە پێکهێنانی حکومەتەکەیان، بە وتەی خۆیان کورد دوژمنی زۆرە!.
ناکۆکیەکانی نێوان هەردوولا وەک دابەشبونیان بە دوو زۆن و دوو هێزو دوو دەسەڵاتی میلیشیایی جیاواز و ئاستی هاوسەنگی هێزیان و پاشکۆبونیان بە بەرژەوەندی ووڵاتانی ترەوە، سادە نیە بە ئاسانی بگەنە ئەنجامێکی یەکلاییکەرەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە دۆخێکی ئارام فەراهەم بهێنێت، ئاشکرایە کە سی ساڵ زیاترە لە شەڕو ململانێ و پیلانگێڕی و هەندێ جار ڕێکەوتن لە گەڵ یەکتر، هەمیشە سەرچاوەی نائارامی و ناسەقامگیری سیاسی و تالە توانایاندا بێت بەڵان بەسەر خەڵکی کوردستانەوە.
پێش هەڵبژاردنیش باڤڵ هەوڵیدا گۆڕانکاریەکی هەمەلایەنە لە ئاستی سەرکردایەتی حکومەتدا بکات، تەنانەت بیری لەوە دەکردەوە، یان بانگەشەی ئەوەی دەکرد، گۆڕانکاریەک بێت لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە کۆتایی دەسەڵاتی بارزانی بە ئەنجامێک بگەیەنێت، بەڵام واقیعی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، نەک هیچ هاوکاریەکی نەکرد بۆ ئەو بانگەشەیە، بەڵکو کەسایەتی باڤڵی زیاتر خستە ژێر پرسیارەوە و لە بنبەستێکدا سەرگەردان بەجێماوە، ئەمەش وای لێکرد بەجیا لەوەی بانگەوازەکەی چۆن بەیان دەکات، بەڵام ناچارە بۆ بە دەستهێنانی دەستکەوتی بچووکترو ڕاگرتنی هێزەکەی. بەڵام لەلایەکی ترەوە یەکێتی دەیەوێت حکومەتێک پێکبهێنێت کە نەک هەر بەشداری تێدا بکات، بەڵکو هاوبەش بێت لە بڕیاردانی گرنگ و چارەنووسسازدا، هەروەها بۆخۆشی بەتەنیا فرسەتی ئەوەی نیە بە تاک قەوارەیەکی سیاسی کۆنتڕۆڵی هەموو توانا و بڕیارەکانی حکوومەت بکات، قەبوڵی ئەوەش ناکەن سنوردار بکرێن و بڕیارەکان بەسەریاندا بسەپێنرێت، ئەمەش ئەو کێشەیەیە کە باڤڵ و یەکێتی ناتوانن بە ئاسانی بارزانی ناچار بکەن.
پارتیەکان ئەوە ڕادەگەیەنن کە بەم نزیکانە دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، لە پەیوەند بە هێزە سیاسیە جیاجیاکانەوە دەست پێدەکەن، هەروەها دەڵێن هەوڵدەدەین زۆربەی لایەنە براوەکان بەشداربن لە حکومەتدا بۆ ئەوەی سەرکەوتن لە پێکهێنانی حکومەتێکی پتەو مسۆگەر بکەن و هیچ ئاستەنگیەک نەخەنە بەردەمی ئەم پرۆسەیە، گوایە لیژنەی دانوستانکار کە لەلایەن سەرکردایەتی پارتیەوە پێکهێنراوە، ئەرکی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان لە ئەستۆ دەگرن، بەڵام پێشوەخت ئەوە ئاشکرایە کە زۆربەی لایەنەکانی تر ڕایان گەیاندووە بەشداری لەم حکومەتەدا ناکەن، ئەمەش گرێیەکی تر دەخاتە پێشچاو کە لە دانوسانەکانی نێوان تاڵەبانی و بارزانی بۆ پێکهێنانی حکومەت نەگەیشتونەتە ڕێکەوتنی کۆتایی و پێویستیان بە بەشداری و ملکەچی لایەنەکانی ترە.
هەڵبەتە ئەتوانین ئەوە بڵێین کێشەکان تەنها بەدەوری ئەوەدا ناسوڕێتەوە کە ئایا بارزانی و تاڵەبانی دەگەنە ڕێکەوتن لەسەر ئەنجامگیریەک یان نا؟ بەڵکو گۆڕانکاری و نالەباری و ئاڵۆزی دۆخی سیاسی ناوچەکەو کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان لەم دەورانەدا، کەوتۆتە بەردەم ئەگەری چاوەڕوانی پێشهات و ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوو، وە ململانێی نێوان ووڵاتانی زلهێزی دنیا و ووڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتی کە هەردوو لایەنی بارزانی و تاڵەبانی، لە تەواوی هەڵسوڕانی سیاسی و سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتی سیاسیاندا،هیچ کات لە پرۆسەی دامەزراندنی حکومەتێکی یەکگرتو لە هەرێم نەبون و ئایندەی بەرژەوەندی سیاسیان هەمیشە بەستراوە بە پاشکۆبون بە بەرژەوەندی و نەخشەی سیاسی ووڵاتانی ترەوە.
ئێستاش پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم ئاسان نابێت، بەڵکو پڕۆسەکە لەڕادەبەدەر ئاڵۆز دەردەکەوێت، لەوانەیە دانوستان ماوەیەکی زۆر درێژتری پێبچێت، بەتایبەتی کە هیچ لایەنێکیان زۆرینەی ڕەهای بەدەست نەهێناوە، ئەمەش پێویستی بە پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەک هەیە کە جگە لەوەی دەبێت توانای بەدەستهێنانی زۆرینەی ڕەهای هەبێت لەناو پەرلەماندا، لەهەمانکاتدا پێویستە بتوانن خۆیان لە گەڵ ناکۆکیەکان و ئاڵوگۆڕەکان و نالەباری دۆخەکەدا بگونجێنن، بەڵام پێکهاتەی زۆنی زەردو زۆنی سەوز، وە دابەشبونیان بە پەیوەندی و بەرژەوەندی ووڵاتانی جیاوازەوە و لە پەیوەند بەبەغداوە، گەر حکومەتێکی ناچاریش پێک بهێنن، بەهیچ جۆرێک نەک ناتوانن نمونە و ئەزمونی حکومەتێکی باشترو جیاواز لە حکومەتەکانی پێشویان نیشان بدەن، بەڵکو نمونەی حکومەتێکی شێواوتر و پەڕپوتتر و نابەرپرسیارتر، لە مێژووی حکومڕانیان لەبەرامبەر خەڵکدا دەخەنە بازاڕو مامەڵەی سیاسیەوە. کە نەک نایانەوێت وەڵام بە پێداویستی و دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک بدەنەوە، ئانیدەیەکی تاریکتر دەکەنە بێ ئاسۆیی و درێژەدان بە سەرگەردانی.
پێویستە خەڵکی کوردستان دوای سی ساڵ زیاتر لە ئەزمونی دەسەڵاتی میلیشیایی بارزانی و تاڵەبانی، کۆتایی یەکجارەکی بەو ئومێدانە بهێنن کە لە هەڵبژرانەکاندا پێیان دەفرۆشنەوە، رۆشنایی ئایندەی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکی کوردستان لە رێرەوی دەورو ئیرادە و دەخالەتی راستەوخۆی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا مانا پەیدا دەکات.




ناوەندیکردنەوە یا فیدراڵیەت لەئایندەی حکومەتی سوریادا!.. عوسمانی حاجی مارف

لە پرۆسەی کاریگەری دۆخێکی پر لە گێژاوی سیاسی و نالەباری چواردە ساڵەی سوریا و بەردەوامی شەری ناوخۆدا، شتێک نەماوە بە ناوی دەوڵەتی ناوەندی و یەکگرتوو، ناوچەکانی سوریا تەواو لەیەک دابراون.
ئەحمەد شەرع و گروپەکەی هەیئەی تەحریری شام کە وەک نوێنەری ئیسلامیەکی سونە مۆریان داوە لە پێگەو هەڵسورانی سیاسیان، دانیشتوانی سوریاش زیاتر لە دوو لەسەر سێی لە سونە پێکهاتووە، هەر بەناوی ئەو نوێنەرایەتیە و زۆرینەی دانیشوانی عەرەبی سونەوە، ئەحمەد شەرع لە هەوڵی پاوانخوازی دەسەڵاتدایە و بانگەشەی ناوەندیبونەوەو یەکگرتوویی دەوڵەت و حکومەت دەکاتەوە. بەڵام ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ئایا ئەحمەد شەرع دەتوانێت لەژێر عەبای عەرەبی سونەدا و لە دۆخی ئێستای ناوچەکەدا پارێزەی سەرمایەو سیستمی سەرمایەداری بێت؟ ئایا دەتوانێ سوریا یەکگرتوو بکاتەوە؟ یان بەشێک دەبێت لە درێژەدان بەشەری ناوخۆ و بەو گێژاو و دۆخە نالەبارەی کە چواردەساڵە گیرۆدەی سوریا بووە.
دوای ئەوەی شەرع سەرکردایەتی ئەو هێرشەی کردکە شارەکانی حەڵەب و دیمەشقیان گرتەدەست و ئەسەد دەستبەرداری دەسەڵاتەکەی بوو، پاشان بەزوویی ئەحمەد شەرع حکومەتی راگەیاند، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە شەرع بیرۆکەی سیستەمی فیدراڵی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەگونجاو نازانێت، لەبەرئەوەی ئاواتەخوازە سیستەمێکی سیاسی ناوەندی دروست بکات و لایەنەکانی تر بەشدار بن لە حکومەتەکەیدا ! هێزە چەکدارەکانیان بکەنە بەشێک لە “سوپای نیشتمانی” واتە ئەو سوپایەی کە میلیشایاکانی خۆی سەرکردایەتی دەکات.
حکومەتی شەرع کۆنترۆڵی بەشێك لە خاکی سوریای بەدەستەوەیە، کە زۆربەی شارەکانی ڕۆژئاوا و بەشێک لە لادێکانیش دەگرێتەوە. بەڵام لە دۆڵی فوراتەوە بەرەو رۆژهەڵات هیچ مەیلێکی لایەنگری بۆ هەیئەت تەحریر شام بەدی ناکرێت. لەکاتێکدا هێزەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەحمەد ئەلعەودەی یاخیبووی پێشوو لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی باشوور، نایانەوێت لەگەڵ سوپای نوێی سوریا یەکگرنەوە، لەباکوری ڕۆژهەڵاتیش هەسەدە، گەرچی سەرقاڵی گفتوگۆن لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا، بەڵام بەهەستیاریەوە مامەڵەی ئەو پەیوەندیە دەکەن و مەیلی یەکگرتن لەگەڵ سوپایەکی ناوەندی نیشتمانیدا لەژێر دەسەڵاتی هەیئەی تەحریری شام دا نیشان نادەن
لە شوێنەکانی دیکەی باکوور، میلیشیاکانی لایەنگری تورکیا بەناوی “سوپای نیشتمانی سوری” یەوە، دەستیان بەسەر شوێنە سەربازیە ستراتیژی و قەڵا سەرەکیەکان لە عەفرین، جەرابڵوس و ناوچەیەکی جیا لەنێوان تەل ئەبیاد و ڕەئس ئەلعەین دا گرتووە. ڕۆژی ٢٩/١/٢٠٢٥، تورکیا سەرۆکی ئەم گرووپە، سەیف ئەبوبەکری ناچار کرد لە دیمەشق پیرۆزبایی شەخسی لە سەرۆک کۆماری نوێ بکات، بەڵام تائێستا ئەمە تاکە ئیمتیازێکە کە بە ئەحمەد شەرعیان داوە. ئەم دوو سەرکردەیە شەرع و ئەبوبەکر، مێژوویەکی دوورودرێژیان لە دوژمنایەتی بەرامبەر یەکتر هەیە، بەتایبەتی کە زۆرێک لە چەکدارانی سوپای تازەی سوریا کە چەکدارە کۆنەکانن لە شەڕە خوێناویەکانی دژی هەیئەی تەحریر شام بۆ کۆنترۆڵکردنی پارێزگای ئەدلەب لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٠ بەشدارییان کردووە.
ئەوەی دەیبینین سەرەڕای هەر هەوڵێک لە گفتوگۆو دانوسان لەنێوان هەسەدەو شەرع دا، بەڵام هەسەدە مەیلی بەلای پاراستنی سەربەخۆیی و پێگەی دەسەڵاتی خۆیدایە لە بەرامبەر حکومەتی ئێستای سوریادا، لەهەمانکاتدا دروزەکان کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر پارێزگای سویدەدا درێژکردووەتەوە و ڕێگری دەکەن لە چوونە ناوەوەی هێزەکانی هەیئەی تەحریر شام. لە ناوچە کەناراوەکانی عەلەوییەکان، لەکاتی سەردانەکەی شەرع بۆ لازقیە و تەرتووس لە ١٦ی شوباتدا تەنها لەلایەن پێکهاتە عەرەبە سوننە ناوخۆییەکانەوە ئاهەنگ گێڕدرا. عەلەوییەکان – مەزهەبی بنەماڵەی ئەسەد و بنکەی کۆمەڵایەتی ڕژێمی پێشوو- بەشدارییان لە ئاهەنگەکاندا نەکرد، خۆیان لە گەڕەک و گوندەکانیاندا گۆشەگیرکرد. هەروەها بەرپرسانی پێشووی ڕژێم میلیشیای نوێیان دروست کردووە بۆ پاراستنی ناوچەکە وەک پەناگەیەکی شاخاوی قەڵادار بۆ عەلەوییەکان، ئێستاش لەشەرێکی خوێناویدان و کوشتارێکی زۆر لە هەردوولایاندا هەیە.
ئەم بارودۆخە ناوخۆییە هەمەچەشنە و هەروەها دەستێوەردانی بەردەوامی ئیسرائیل و تورکیا ئەوە دەردەخات کە شەرع ناتوانێ ئایندەیەک لە سوریا بەدەست بهێنێت کە حکومەتێکی ناوەندی و یەکگرتوو لەسایەی پێشرەوی هەیئەی تەحریردا دامەزرێنێت. تێکەڵکردنی هەموو ئەو کوتلە و گروپە نەتەوەیی و تائیفیە چەکدارانە لەژیرسایەی هێزێک بە ناوی نوێنەرایەتی عەربی سونەدا هیچ گرەنتیەکی نیەو ئیمکانی نیە بتوانێ نیشاندەری ئەزمونی حکومەتی ووڵاتێک بێت کە ئازادی و پێکەوەژیان تیادا گونجاو بێت. بەڵام ئەوەی شایانی باسە دانیشتوانی سوریا خۆیان مەیلیان هەیە بە هەر پێکهاتەیەکەوە، سەربەخۆ و بەجیا و بەدور لە دەسەڵات و رۆڵی هەر هێزێکی نەتەوەیی و ئیسلامی و تائیفی، بسازێن و پێکەوە ژیان بکەن، بەڵام ئەحمەد شەرع و رێکخراوەکەی کە لە پاشماوەکانی داعش و قاعیدەن لەدواجاردا سەرکەوتنیان لەوەدایە کە لەرێگەی پاوانخوازی بۆرجوا ناسیۆنالستی عەرەبی و سونە مەزهەبەوە بەریوەبەرایەتی سەرمایەگوزاری لە سوریادا بکەن، بەم شێوەیەش مانایەک نامێنێتەو بۆ ئەزمونێکی سەرکەوتو بەناوی حکومەتی ناوەندی و جێگیربونی ئازادی و پێکەوەژیان.
ئەتوانین بڵێین کە پرۆژەی شەرعیەتی سیاسی لەسەر بنەمای ناوەندیبونەوەی دەسەڵات و یەکگرتنەوەی سوریا لەگەڵ واقیعی ئێستای دۆخی سیاسی سوریاو پێگەی هەیئەی تەحریر ناکۆک و نەگونجاوە. شەرع وەک ‌هێزێکی ئیسلامی ناسراو بە تیرۆریست ناتوانێ نوێنەرایەتی یەکگرتنەوەی سوریا بکات، مەگەر ئەمریکاو ئیسرائیل پشتیوانی بکەن؟!.
لەئێستادا هەوڵی سەرەکی یەکخستنی گروپە جیاوازەکانی عەرەبی سوننە بۆ سوپایەکی نوێی نیشتمانی دوای هەڵوەشاندنەوەی سوپای پێشوو، چەسپاندنی داهاتووی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعە بە رێگایەکی بیرۆکراسی کە لە دیمەشق و ناوچەکانی دەوروبەریدا جێبەجێی دەکات، بەگرتنەبەری ئەو ڕێبازە توندەی کە پێشتر لە ئەدلەب پیادەی کردووە. هەرچەندە شەرع پرۆسەی”دیالۆگی نیشتیمانی” دەستپێکرد، بەڵام لە گفتوگۆکانی دەستپێکردندا بەهۆی هەوڵدانی بەپەلەو جۆری تەرحەکانی بۆ رێکخستنەوە، پرسیارو گومانی لەسەر شەرع دروستکردو زیاتر پەرچەکرداری لێکەوتەوە.
هەرلەم دۆخەدا پێشنیارێکی تر کە بۆ ئایندەی حکومەتی سوریا دەخرێتەروو، پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵیە، پێدەچێت ئەم پێشنیارە زیاتر بەشێك بێت لە هەوڵەکانی ئەمریکا، کە لەو سەرچاوەیەوە دەخرێتەروو کە هەستی دژە ئیسرائیل لەنێو سوریەکاندا کەم بێتەوە و ئیسرائیل بتوانێ مامەڵەو گەمەی سیاسی خۆی لە سوریا پەیرەوی بکات، هەروەک چۆن ئەمریکا دوای روخانی سەدام فیدرالیزمی بەسەر عێراقدا سەپاند، تا لە بەرژەوەندی ئیسرائیل عێراق لاواز بکات، ئەزمونی ئەم فیدرالیە و حکومەتی بەشبەشێنە لە عێراقدا بۆتە بەڵایەکی گەورە بەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان و عێراقەوەو سەرچاوەی بەردەوامی ناجێگیری و گێژاوی سیاسیە، کە لە هەر ئاڵوگۆرێکی سیاسیدا پێگەو هاوسەنگی هێزەکان دەبێتە مایەی توندبونەوەی گرژی و ئاڵۆزی و سەرگەردانی، هەربەم شێوەیەو نمونەی ئەزمونی عێراق و دوبارەبونەوەی لە سوریا، ئاکامێکی نەرێنی لە دۆخی سوریادا دەخولقێنێت.
بونی ئەحمەد شەرع و هەیئەی تەحریر لە هەردوو حاڵەتی ناوەندیکرنەوەی حکومەتی سوریا یا حکومەتی فیدراڵی و دابەشکردنی سوریا لەسەر بنەمای نەتەوەو ئاین و تائیفە، هەرگیز ناتوانێ نمونەو ئەزمونێكی سەقامگیری و ئارامی سیاسی بێت، دانیشتوانی سوریا بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە ناتوانن بە ئاسودەیی ژیان و گوزەران بکەن، فیدرالیزم داسەپاندنی سیستمێکی کۆنەپەرستانەو دژ بە ئینسانیەتە، فیدراڵیزم یارمەتیدەرە لە دابەشبونی تائیفی لە سوریا و پەرەپێدانی دابەشکردنی دەسەڵاتە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانەتر، تەحەدایەکی گەورەیە لەبەرامبەر دەخالەت و بریاری خەڵک بۆ دیارکرنی چارەنوسی خۆیان.
لەم بارەیەوە هەر هەوڵێك لە سوریا و عێراق بدرێت بۆ حکومتێکی ناوەندی لە یەکگرتنی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئیسلامی و تائیفی یا حکومەتێکی فیدراڵی دابەشکراو لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئیسلامی و تائیفی هەمیشە لەسەر تەقینەوەی بورکانی جەنگ و کارەسات و تراژیدیایەکدا راوەستاو دەبێت، دامەزراندنی حکومەتی ناوەندی دەبێت لەسەر بنەمای بەرەسمی نەناسینی هەر دین و نەتەوەو ئایدۆلۆژیەک بێت لە دەوڵەتدا، دەوڵەتێک بێت بەمانای رەسمیەتدان بەناسنامەی هاوڵاتیبوون و ئازادی و پاراستنی شكۆی ئیسانەکان کە سەر بە هەر دین و نەتەوە تائیفەو هەر بیروباوەر و بۆچونێک بن، پێکهێنانی دەوڵەتێکی سکولار و نانەتەوەیی و بەرەسمیەت ناسینی ناسنامەی هاووڵاتیبون دەتوانێ زەمانەتی یەگرتوویی و پێکەوە ژیان بکات.




بانگەشەی ئاشتیەکی ئاڵۆز.. عوسمانی حاجی مارف

لەم دۆخەدا کە رۆژهەڵاتی ناوەراست ئاڵۆگۆركی سیاسی بە خۆوە دیوەو پێشبینی ئاڵوگۆری زیاتریش دەکرێت، ململانێکان لە ئاستێکی باڵادا نمایش دەکرێن و هاوسەنگی هێزەکان و بەرژوەندیەکان رۆژانە سینارێۆیی جیاوازمان دەخاتە پێش چاو، روداوەکان چاودێریەکی ورد دەخوازێت، ئەگەرەکان پەرشوبڵاون، یاری لایەنەکان سەرنجراکێشن، پلانەکان و دەخالەتەکان جەماوەریان وەک تەماشاکەرێک لە چاوەروانیدا راگرتووە، ئاڵۆزیەک وێنا دەگرێت، کەکاتی کۆتایی ئەم یاریە نادیارەو ئاکامەکانی نارۆشنە و نەزانراوە کێ یاریەکە دەباتەوە، ناوچەکە لە دەورانێکی ئاڵۆزو ناجێگیر و سەگەردانیدایە، لەمێژوی ژیانی بەشەریەتدا کارەساتەکان و قوربانیەکانی بێوێنەن.
بەجیا لە گۆرانی تارادەیەکی هاوکێشەی سیاسی کە لە ئێستادا بە قازانجی تورکیایە و پاشکشەیە بە ئێران، بەڵام مانای ئەوە نیە مەیدانەکە بۆ تورکیا خاڵیەو دەتوانێ چی دەوێت ئەنجامی بدات، لەم ناوچەیە کە بەرژوەندی سیاسی و پلانی جیاوازی تیا نمایشدەکرێت، ئۆروغان لە بەرامبەر هەڵبژاردەی نێو جەنجاڵیەکی بێوێنەدا قومار دەکات، لەلایەک لە بەینی رێکەوتن یا شەر لەگەڵ ئیسرائیل تیاماوە، لەلایەکی ترەوە دەخالەتی لە چونیەتی رێکخستەوەی حکومەتی سوریا نەک لەبەرامبەر ئیسرائیل بەڵکو لەبەرامبەر فەرەنساو ئەڵمانیا و یونان… کێشەی هەیە.
بەمانایەک دیارنیە تورکیا لە نێو ئەم ململانێیەئ کە هەوڵئەدات لە ناوچەکەدا رێگایەک بۆ چارەسەری قەیرانەکانی پەیدا بکات، دەتوانێ سەرکەوتوبێت!. بەتایبەتی کەلە زۆرلاوە ئاستەنگی بۆ دێتە پێشەوە، ناچار بووە سوکانی جوڵەی نەخشە سیاسیەکانی ئاشتەوایی لەگەڵ ئۆجەلان و پەکەکە بخاتە دەستوری پلانەکانیەوە، ئۆردغان جگە لەوەی ناسیۆنالستێکی فاشست و ئیسلامیە، هیچ کات ئاشتی خوازنەبوەو نیەو نابێت، بەجۆرێک پێویستی بە بانگەشەی راگەیاندنی ئاشتیە بەڵکو رێگاکانی دەخالەتی لە ناوچەکەدا بۆ ئاواڵەترکات!. هەروەها بەکارهێنانی شێوازی ترە لە فشار بۆ سەر ئۆجەلان و پەکەکە، کە داوای کۆتایی هەڵسورانی چەکداری و هەڵوەشانەوەی حزبەکەیان دەکات، بێ ئەوەی چۆنیەتی چارەنوسێکی دیارکراو بۆ ئایندەی پێکەوەژیانی ‘کورد و تورك” ساغکاتەوە.
ئۆروغان گەر بەهەر نرخێک و کارەساتی ئینسانیش بێت، جگە لەوەی لە هەوڵی هەڵسانەوەی تورکیایە لە قەیرانە ئابوری و سیاسیەکانیدا، لە هەمانکاتدا لە هەوڵی ئەوەدایە مانەوەی لەدەسەڵاتدا جێگیرکات.
هەڵبەتە ئەردوغان جگە لە پلان و دەخالەتی لە ناوچەکەدا لە هەمانکاتدا ئەوەشی بە هەند وەرگرتووە کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٨ ئەنجام دەدرێت و ئەردۆغان ناتوانێت خۆی کاندید بکاتەوە، بۆیە دەبێت دەستوور هەموار بکاتەوە، بۆئەم پلانەش پێویستی بە دەنگی کورد و هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی گەلی کورد هەیە، چونکە لەم بارودۆخەی ئێستادا کوردەکان پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەکەن کە “پارتی کۆماری گەل (جەهەپە)یە” و دیمان کە لە دوایین هەڵبژاردنیشدا پارتەکەی ئەردۆغان بە جیاوازییەکی زۆر کەم سەرکەوت و شارەوانیەکانی لە زۆرێک لە شارە گەورەکاندا دۆڕاند. بۆیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا مەترسی زۆر هەیە بۆ ئەوەی ئەردۆغان و پارتەکەی بە تەواوی لە دەسەڵات لە تورکیا دووربخرێنەوە. هەروەها دۆخی ئەوپەڕی گرینگی ئابووری تورکیا و تێچووی گەورەی شەڕ لە بەرە جۆراوجۆرەکانی ناوخۆ و دەرەکیدا، ئەردۆغانی ناچار کرد ئەمجارە لە ڕێگەی حکومەتی باخچەلییەوە قسە بکات، بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی بۆ ئەوەی هەم دڵنیاکردنی ناسیۆنالیستەکان و هەم ڕاکێشانی کوردەکان بەدەست بهێنێت.
باخچەلی کە پێشتر دژی دەستپێکردنی دانوستانی نوێی ئاشتی نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا بوو، بەم جۆرە لێدوانانە نیشانیدا کە نەتەوەپەرستترین لایەن لە ئەنجومەنی پەرلەماندا ئامادەیە بۆ دانوستان بۆ رێکخستنی ئەم پرسە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە. پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپە کە هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغانە، یاریزانێکی سەرەکییە لە هاوپەیمانی دەسەڵاتدا، ناچارن لەم دۆخەدا سیناریۆیەک بەناوی ئاشتیەوە نیشان بدەن.
باخچەلی ئاماژەی بەوەداوە کە ” ڕەنگە هەوڵەکانی ڕێڕەوی مێژوو بگۆڕن و کۆت و بەندەکانی تورکیا بشکێنن، بۆیە دەبێت هەموو پرسێک و هەموو قەیرانێک لە پەرلەمان بوروژێنرێت و پێویست دەکات چاکسازی دیموکراسی ئەنجام بدرێت بۆ وەڵام بەنیگەرانیەکانی هاووڵاتیانی کورد!.
لە کاتێکدا کەس نەیدەویست گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە دەستپێبکات. پەکەکە هیچ هیوایەکی بە حکومەتی تورکیادا نەبوو، تا ئەو کاتەی دەڤلەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی کۆمیسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان، ڕایگەیاند “با ئۆجالان بێت و لە پەرلەمان قسە بکات”. “ئەوە راگەیەنێت کە تیرۆر بە تەواوی کۆتایی هاتووە و ڕێکخراوەکەی هەڵبوەشێنێتەوە”. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەگەر ئۆجەلان وتارێکی لەو شێوەیە پێشکەش بکات، ڕەنگە ڕێگەیەک هەبێت بۆ ئەوەی لە زیندان ئازاد بکرێت”.!
لە راستیا وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد فاکتەری گرنگ و نوێ لەسەر ئاستی ناوچەکە سەریان هەڵداوە. دۆخەکە لە وڵاتانی دەوروبەری تورکیادا گۆڕاوە، لەوانە سوریا، لوبنان و عێراق. لەم بارەیەوە ئیسرائیل و ئەمریکا پلانیان بۆ ئەو ووڵاتانەو ناوچەکە هەیە کە هیچ جێگایەک بۆ تورکیا دانانێن. بوونی کوردە چەکدارەکانی سوریا لەسەر سنوورەکانی تورکیا، کە ئەمریکا و ئیسرائیل پشتیوانیان لێدەکەن، بەربەستێکە بۆ پلانەکانی تورکیا، بۆیە هاوکات دیمشق و تورکیا لە هەوڵی ئەوەدان کە ئەو هێزە کوردیانە چەکدار بکرێن و یان بیانکەنە پاشکۆی هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا، چونکە حکومەتی ناوەندی سوریا و دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە هەموو ئەمانە بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان دەزانن، ئەنقەرە بەناوی ئاشتەوایەوە دەیەوێت پێگەیان لاوازکات. ئەمەش تا چەند دەتوانێ لەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە قەبول کرێت، پرسیارێکە لە چۆنیەتی سەوداومامەڵەیاندا وەڵام وەردەگرێتەوە.
دواجار پەیامەکە ئۆجەلان خوێندرایەوە بە خێرایی لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە سەرانسەری جیهاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو، ئاستی نارۆشنی پرۆسەکەو شێوازی مامەڵەی ئۆروغان و باخجەلی و شێوەی پەیامەکەی ئۆجەلان و وەڵامی پەکەکە، لێکدانەوەو بۆچونی جیاوازی خستۆتە ناو میدیاکان و لایەنە سیاسیەکان و جەماوەری خەڵکەوە، لە هێوایی و بێ هیوایی!، لە هەمان کاتدا گومان لەسەر پراکتیکی بوونی ئەو بڕگەیە دروست بووە، کە ئاماژە بە داماڵینی چەک لە باڵی سەربازیی و هەڵوەشانەوەی پەکەکە دەکات.
حکومەتی تورکیا، کە لە ماوەی ڕابردوودا سەرەڕای بەڵێنەکانی هەرگیز دان بە مافەکانی کوردەکان لەم وڵاتەدا نەناوە، ئەم بەناو هەوڵدانەی ئێستاش بۆ ئاشتی پەیامێکی رۆشن بەدی ناکرێت کە راشکاوانە دان بە مافەکانی کورد و کێشەی کورد بنێت. تەنانەت بە بیانووی جۆراوجۆر نوێنەرانی یاسایی کوردەکانیان لە شارەوانییەکان و پەرلەمان لە پۆستەکانیان دوور دەخەنەوە و ساڵانە هەزاران گەنج و خوێندکاری کورد دەگرن و دەیانێرن بۆ زیندانەکان، بۆردومانەکانی بۆسەر بنکەکانی پەکەکە نەوەستانووە، هەروەها هێرشەکانی بۆ سەر هەسەدە بەردەوامە.
لە ڕاستیدا پرسی چەکداماڵینی پەکەکە یەکێکە لە ئاستەنگە گرنگەکانی بەردەم پرۆسەی ئاشتی، چونکە لە نەورۆزی ٢٠١٥ ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەکەکانی دابنێت، بەڵام پرسی کۆبانی و دروستکردنی ئیدارەیەکی سەربەخۆی کوردی لەسەر سنووری تورکیا بووە هۆی عەمەلی نەکردنەوەی ئەم پرۆسەیە. هەر بۆیە ئۆجەلان لە ساڵی ٢٠١٥دا نەیتوانی پەکەکە ناچار بکات کە چەک داماڵێت.
هەرچەندە جەمیل بایک ئەندامی ئەنجوومەنی فەرماندەیی پەکەکە لەم دواییانەدا لە چاوپێکەوتنێکدا وتی ئۆجەلان سەرکردەی ئێمەیە و وەڵامی داواکارییەکانی دەدەینەوە، بەڵام پەکەکە گەرەنتی دەوێت. گەرەنتییەک کە چارەنووسی ئۆجەلان و سەرکردەکانی دیکەی پەکەکە دیاری بکات کە ساڵانێکە لە چیای قەندیل دژی تورکیا شەڕیان کردووە.
هەروەها ئایندەی هێزه چه کدارەکانی پەکەکه که دەوترێت ژمارەیان زیاتر له چەند هەزارێکه، چۆن دەگەڕێنەوه بۆ تورکیا؟.
خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لە نێو کۆمەڵگای تورکیا لەسەر بنەمای ناسیۆنالستی و شۆڤێنیزم و دەستووری کەمالیستی پەروەردەکراون کە پێیانوایە تەنانەت لە دەستووری تورکیاشدا نابێت دان بە بوونی کورددا بنرێت. لەبنەڕەتدا پێیانوایە نەتەوەیەک نییە بە ناوی کورد، بەڵکو ئەوانە تورکی شاخن، ئەم دابەشبوونە کۆمەڵایەتیە لە تورکیادا پرسێکی ئاڵۆزەو بەئاسانی چارەسەر ناکرێت.
لەم هەلومەرجەداو بەهەر ئاڵۆزیەک وەک سەرەتایەکیش، ئەگەر تورکیا هەنگاوی کردەیی لەم بوارەدا رۆشن نەکاتەوە و مافەکەنی خەڵکی کوردستان بەرەسیمی نەناسێت و دەستبەجێ بەیانی نەکات، بە متمانەیەکی باوەرپێکراوەوە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانیەکانی خەڵکی کوردستان مامەڵەیەکی شەفاف و بێئەملاولا و دروست نەکات، کە ئەمەش ئەگەرێکی سەختە بۆ ناسیۆنالیستی تورکی دانیان پێدابنێت، ناکرێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە تەنها بە بانگەشەیەکی ئاشتەوایی هەنگاو بە ئاقاری چارەسەری کێشەی کورد دابنرێت، وەک ئەوەی بەشێکی زۆر لە لایەنە ناسیۆنالیستەکان قسەی لەسەردەکەن.
ئەمجۆرە ئاشتەواییە بە هەر ئاڵۆزیەکەوە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و پلانی یەکلایەنەی تورکیا هەنگاوی بۆ دەنرێت و زیاتر مانۆرێکە، کە پەیوەندی بە مافەکانی خەڵکی کوردستان و کێشەی کوردەوە نیە، سەوداو مامەڵەیەکە لەسەرو ئیرادەی خەڵکەوە نەخشەی بۆ دارێژراوە و کاری لەسەر دەکرێت، ئەگەر هەندێ دەستکەوتیشی بۆ پەکەکە تێدابێت!




ململانێی زلهێزەکان و کێشەی کورد.. عوسمانی حاجی مارف

ئەردوگان هەوڵدەدات هەژموونی خۆی لە سوریادا بسەپێنێت، بەمەبەستی بەدواداچون بۆ نەهێشتنی کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکانی تورکیا، هەروەها دەیەوێت لەڕێگەی زاڵبون بەسەر ئیدارەی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرعەوە دەور ببینێت، تا پێگەیەک لە سوریا بەدەست بهێنێت، بۆئەوەی کۆمپانیاکانی بەشداری بکەن لە ئاوەدانکردنەوەدا، لەهەمانکاتدا ئۆردوگان چاوی لە بەدەستهێنانی ناوچە نەوتیەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریایە، وە دەیەوێت بەشێکی سەرەکی هەبێت لەو پرۆژەیەی کە سوریا دەتوانێ ببێتە دەروازەیەکی گرنگی گواستنەوە بۆ بەستنەوەی ناوچەی کەنداو ئێران بە ئەوروپاوە، بۆ ئەم مەبەستانەش هەوڵ ئەدات بەهەر شێوەیەک بێت بەربەستەکانی بەردەم پلانەکانی لابەرێت، کە پەکەکەو هەسەدە بەربەستێکی گەورەی پڕۆژەکانی تورکیان.
دابەزینی دراماتیکی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دۆلار، هەروەها بەرزبونەوەی ڕێژەی هەڵاوسانی دارایی، بوونی ملیۆنان پەنابەری سوری و عێراقی و ووڵاتانی تر لە تورکیا، بەرزبونەوەی ڕێژەی بێکاری، ناجێگیری دۆخی سیاسی ناوچەکە، کێشەکانی لە بەرامبەر پەکەکەو هەسەدەدا، تورکیای دەرگیر کردووە لەبەرامبەر قەیرانی ئابوری و دارایی و سیاسیدا.
لەڕاستای ئەم دۆخە پڕگێژاو و نالەبارەدا، ئۆردوگان ململانێ و شەڕێکی بەربەریانە بەڕێوەدەبات لە بەرامبەر ناوچەکانی کۆبانی و عەین عیسا و تەل تەمردا، بەڵام ئەوەی شایانی باسە تائێستا لە لایەن خەڵك و هێزەکانی هەسەدەوە تونراوە بەرگریەکی توند بەرامبەر بە هێزەکانی تورکیاو بەکرێگیراوەکانی بکەن.
ئیدارەی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، بە نیشاندانی هەر هەوڵێک بۆ دانوسان لەگەڵ هەسەدەدا، ئاواتەخوازە ئەو پیلانانەی تورکیاو هاوپەیمانەکانی دژ بە هەسەدە، هەسەدە ناچار بکات ملکەچی دەسەلاتەکەی ئەحمەد شەرع بێت ئەو حکومەتە بێت کە دەیەوێ لە سوریادا دایبمەزرێنێ. لەلایەکی دیکەوە دەیەوێت سنوورە ئاویەکانی سوریا لەناو دەریای سپیدا دیاریبکات، کە ملیارەها مەتر سێجا نەوت و گاز لەخۆدەگرێت، لەهەمانکاتدا پەلە دەکات بۆئەوەی پێشئەوەی حکومەتێکی دەستوری لە سوریا پێکبهێنرێت، باڵادەستی هەیئەی تەحریری شام جێگیربکات.
لەهەمانکاتدا تورکیا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لەو قەیرانانەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەمارۆداوە. هەوڵدەدات هەژموونی خۆی لە سوریادا بسەپێنێت بەمەبەستی نەهێشتنی کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکانی خۆی، هەوڵیش ئەدات بنکە سەربازیەکان لە سوریا دابمەزرێنێت و جێگیریان بکات.
ئۆردوگان چاوەڕێی ئەوە دەکات کاروباری ناوخۆی تورکیا هەر لەو چوارچێوەیەدا بەرێتە پێشەوەو ڕێکیبخات، بۆئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا سەربکەوێت و ببێتە سەرکردەیەکی نمونەیی تورکیا و بگاتە پلەی کەمال ئەتاتورک و دەسەڵاتی تاکڕەوی ڕەهای خۆی بسەپێنێت!.
هەنگاوێکی تری ئۆردوگان ئەوەیە کە لەگەڵ دەوڵەتی باخچەلی هەماهەنگیان کردووە، کە پێشنیاری دیداری عەبدوڵڵا ئۆجالانیان کردووە، بۆئەوەی هێزەکانی پەکەکە چەک دانێن. ئەمەش بە خواست و نەخشەیەک کە ئۆردوگان بەدواداچونی بۆ دەکات، کە دوو مەسەلەی بە خۆیەوە گرێ داوە، یەکەم: کۆتاییهێنان بە هەڵسورانی پەکەکە وەک هێزێکی چەکدار. دووەم: ئۆردوگان هەوڵ دەدات، لە ڕێگەی ئەم مامەڵەیەوە لە گەڵ ئۆجەلان و پەکەکەدا، جگە لە هێزی هەیئەی تەحریری شام، هیچ هێزێکی تری سەربازی کە ناکۆك بێت لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی تورکیا لە سوریا نەمێنێت، بەتایبەتی هێزەکانی هەسەدە . هەر بۆ ئەم مەبەستە لایەنگری لە پێشنیارەکەی ئەحمەد شەرع دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو گروپەچەکدارەکان و تێکەڵکردنیان بە سوپای سوریا. بەڵام ئەم ئاواتەی کە ئۆردوگان بەدوایدا وێڵە، لەنێو ململانێ و دەخاڵەتی ووڵاتانی زلهێزی دنیا و ناوچەکەدا، لەهەمانکاتدا دەوری ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمریکا، ئەگەر مەحاڵ نەبێت، بەدەست هێنانی ناڕۆشن و ئاڵۆزە بۆ تورکیا. پەیامەکەی ئۆجەلانیش بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە کاریگەریەکی ئەوتۆی لە سەر پێگەی تورکیا نابێت کە کێشەکانی لە بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکاو ووڵاتانی رۆژئاوادا بباتە پێشەوە.
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، تورکیا هەوڵی زاڵبون بەسەر سوریادا ئەدات، بەڵام لەگەڵ ڕۆڵ و نەخشەکانی ئیسرائیلدا ناکۆک دەکەوێتەوە، بەتایبەتی ئیسرائیل ڕێگەنادات تورکیا بنکەکانی لە ناوەڕاستی سوریا دابمەزرێنێت، لەلایەکی تریشەوە تورکیا لەبەرامبەر فەرەنسا، ئەڵمانیا و یۆنان… دەستەوەستان ماوەتەوە، کە بانگەشەی هەڵوێستی هاوپەیمانیان بەرامبەر بە کورد و هەسەدە دەربڕیوە. بەمانایەک کە دەڵێن کوردەکان هاوبەش بون لە هاوپەیمانی دژ بە تیرۆر. بەڵام ڕاستی مەسەلەکەیان بۆ کورد نیە، لوتکەی ئەوروپا لە کۆرسیکا، ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە پێشێلکاریەکانی تورکیا لە گەڕان بەدوای سەرچاوە نەوتی و گازیەکان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و دەخاڵەتی ڕاستەوخۆ لە ئایندەی پێکهێنانی حکومەتی سوریا.
لوتکەی ئەوروپا کە لە دوورگەی کۆرسیکا لە فەرەنسا، بە سەرۆکایەتی ماکرۆن بەڕێوەچوو، بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگیە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و گەڕاندنەوەی تورکیایە بۆ سنوورە ناوچەییەکان لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاستدا. چونکە سوریا بە دەرچەیەکی سەرەکی بۆ ڕۆژئاوای ئاسیا لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست دادەنرێت، پەیوەندیەکە لەنێوان ناوچەی کەنداوی عەرەبی و ئەوروپا لەڕێگەی وشکانی و دەریاوە بەیەکەوە دەبەستێت، هەروەها ئەتوانێ دەروازەیەکی گواستنەوەی وزە لە ناوچەی کەنداو و ئێرانەوە بۆ ئەوروپا بە هەرزانتر ڕێکبخات. بێجگە لەوە دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی گواستنەوە، بۆیە سوریا خاڵی ترانزێت و ڕێڕەوێکی سروشتی بۆ سەرچاوەکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئێران و ناوچەی کەنداوی عەرەبی) بۆ ئەوروپا پێکدەهێنێت.
بەم هۆیەوە یۆنان و قوبرس لە بەرامبەر تەماحەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست وەستاون. ماکرۆن بەڕوونی لەڕێگەی لێدوانێکی توندەوە پێویستی کۆتاییهێنان بە سەرپێچیەکانی تورکیا دەربڕیوە. تورکیاش ئەم لێدوانانەی بە بێئەدەبی وەسف کردووە. فەرەنساش ئامادەییە سەربازیەکانی بەرەو سەربردوە وەکو پێشبینیەك بۆ پەرەسەندنی ئاڵۆزیەکان لەگەڵ تورکیادا.
لەگەڵ ئەوەی دۆخەکە ئاڵۆزیەک و ناڕۆشنی و نادیاری ئایندەی ناوچەکەی پێوە دیارە، ناتوانرێ ئاراستەی یەکلاییبونەوەی ململانێی لایەنەکان ساغکرێتەوە، هەر لەم نێوەشدا کێشەی کورد جارێکی تر لەنێو جەنجاڵی ئەم دۆخەدا بۆتەوە بە مەسەلەیەکی دیاری نێو ئەم ململانێیانە، کە هەر لایەنێک، لە پەیوەند بە گونجاندنی دەخالەتی لە ناوچەکەو بەرژەوەندیەکانیانەوە مامەڵەی پێدەکات، کە بەشێک لەڕۆژئاواو ئەمریکا و ئیسرائیل پارێزگاری لە کوردەکانیان کردوە بە باسێک.
هەروەک لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێکرد، ئۆردوگان لەگەڵ ڕەوتی هەنگاوەکانی بۆ دەخالەتی لە ناوچەکەدا، خەریکە جۆرێکی تر یاری بە پرسی کورد لە تورکیاو سوریادا دەکات. لەلایەک لەڕێگەی هەوڵدان لەگەڵ ئۆجەلاندا خەریکە سێناریۆیەک سازدەکات بە مەبەستی چەکدانانی هێزەکانی پەکەکە، لەلایەکی تریشەوە هێرشێکی دڕندانە دەکاتە سەر هێزەکانی هەسەدە. بەمشێوەیە هەوڵ ئەدات کێشەی کورد بخاتە ناو چوارچێوەی سەرکەوتنی نەخشەو سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا، کە سەبارەت بە خودی کێشەی کورد پێش پەیامەکە و دوای پەیامەکەی ئۆجەلان هیچ قسەیەکی جدیان نیە، جگە لە هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە بۆ بەڕێوەچونی پلانەکانیان، کارێکیان بە کوردو کێشەی کورد نیە.
لەلایەکی ترەوە تەواوی ئەو لایەنانەی تر کە هاوئاهەنگی بۆ کورد نیشان ئەدەن، ئەوەندە دۆستایەتی خۆیان دەنوێنن، کە دەڵێن کوردەکان ئازان و شەڕی دژی داعشیان کردووە و پێویستە پارێزگاریان لێبکرێت، بەڵام کێشەی کورد بەگشتی لە ناوچەکەدا بەکوێ دەگات، جگە لە پێشنیاری پارێزگاریکردن باسێکی تر نەهاتۆتە سەرمێزی هیچ لایەنێک، دیاریش نیە ئەو پارێزگاریە چۆن دەکەن.
ئەوەی جارێکی تر حزب و لایەنە ناسیۆنالیستەکانی کوردستان، لە کەین و بەینی ئەم سەوداو مامەڵەیەدا جگە لە فرۆشتنی خۆشخەیاڵی و فریودانی خەڵک، جگە لە هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی ئیمتیازێکی سیاسی زیاتر بۆ خۆیان، شتێکی دیکەیان لەبەرچاو نیە کە پەیوەندی بە مافی خەڵکی کورد و چارسەری کێشەی کورد و ئایندەی سیاسی خەڵکی کوردستانەوە بێت.
ئەوەش کە ئێستا زیاتر خەریکە یاری و مامەڵە بەم کەیسەوە دەکات و بەناوی “نوێنەری کورد”ەوە دەستپێشخەری دەکات، بارزانی و پارتیە، کە هیچ لاریەکیان نەک لە سیاسەت و دەخالەت و پیلانەکانی تورکیا نیە، بەڵکو لەڕیزی پێشەوەی هاوکاریکردنن بەو پیلانانەو دەیانەوێت ئەنەکەسە بکەنە ئەڵتەرنەتیفی هەسەدە و خۆشیان لەگەڵ حکومەتی ئایندەی سوریا ڕێکەوتن ئەنجام بدەن و سود لە پەیامەکەی ئۆجەلان وەرگرن.
وەڵام بە کێشەی کورد و مامەڵە بە کێشەی کورد دوو کەیسی زۆرجیاوازن. تەواوی مێژووی ئەزمونی هەڵسورانی سیاسی بزوتنەوەی ناسیۆنالستی کورد، مامەڵەکردن بووە بەم کەیسە و بەژیانی خەڵکی کوردستانەوە، بە پاشکۆبون و تێکەڵبونیان لەنێو گەمەو ململانێی بەرژەوەندی ووڵاتانی سەرمایەداری زلهێزی دنیادا، حساباتی وردیان بۆ دەستکەوتەکانیان کردووە.
پێویستە خەڵکی کوردستان فریو نەخۆن بەوەی کە پێیانوابێت لەم دۆخەدا لایەک لە کێشەی کورد دەکرێتەوە. پێویستە ڕێگە نەدەن ئەم ئەزمونە چەندبارە بێتەوە. چاوەڕێی قەدەری ململانێکان نەبن کە پێیانوابێت سودێکی بۆ کورد دەبێت، بەڵکو لە هەموو کات زیاتر کاتی ئەوە هاتووە، بە یەکجاری دەسبەرداری ئەو خۆشخەیاڵیە بن کە ئومێدو چاوەڕوانییان ببەستنەوە بە سیاسەتی حزبەکانی کوردایەتیەوە.
بەجیا لەوەی لە هەر بەشێکی کوردستاندا کە کێشەی کورد بۆتە واقعیەتێک و مەسەلەیەکە پێوێستە وەڵام بدرێتەوە، دروسترین و کارسازترین رێگا گەرانەوەیە بۆ رای خەڵکی کوردستان کە لە ریفراندۆمێکدا بریار لەسەر جیابونەوە یان مانەوە لەگەڵ ئەو ووڵاتەدا بدەن، هەر بۆیە پێویستە ئەوە ببینین کە لە هەگبەی بانگەشەی ئاشتی ئۆردگان و باخجەلیدا بەرێکەوتن یا رێنەکەوتن لەگەڵ پەکەکە و ئۆجەلاندا، باسێک لەسەر چارەسەری کێشەی کورد و مافەکانی دانیشتوانی کوردستانی تیا نیە.
لەهەمانکاتدا دانیشتوانی هەرێم لەگەڵ خەباتیان بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی حزبە ناسیۆنالیست و ئیسلامیەکان، پێویستە خۆیان بڕیار بدەن لەسەر دامەزراندنی دەسەڵاتی خەڵکی و دیاریکردنی ئایندەو چارەنوسی سیاسیان.

عوسمانی حاجی مارف




مانگرتن و سەرکەوتنی ئینساندۆستی.. عوسمانی حاجی مارف

ڕۆژی ١١ی شوباتی ٢٠٢٥، دوای پانزە ڕۆژ مانگرتن لە خواردن، مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو، مانگرتنیان هەڵپەسارد. ئەم هەنگاوە لەچوارچێوەی زنجیرەیەک ناڕەزایەتی بەردەوامی جەماوەری ناڕازی کوردستاندا دێت کە دوای هەڵبژاردن و قەیرانی پێکنەهێنانی حکومەت، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ڕووبەڕووی قەیرانی دواکەوتنی موچە و پاشەکەوتی موچە و وەستانی پلەبەرزکردنەوە کردۆتەوە، کە بۆتە مایەی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و توڕەبونیان. بەرزبونەوەی توڕەیی و ناڕەزایەتی گەیشتووە بەو ئاستەی کەسانێک تەندروستی و ژیانی خۆیان بخەنە مەترسیەوە.
مانگرتن لە خواردنیان هەڵپەسارد، بەڵام هەوڵدان بۆ بەردەوامی بە ناڕەزایەتی و گەشەدان و فراوانبونەوەی ڕێکخستن و بەهێزکردنی ناڕەزایەتیەکان، لە بیرکردنەوەی جەماوەری ناڕازی و ئازادیخوازاندایە تا ئەو کاتەی داواکاریەکان جێبەجێ دەکرێن، هەروەها هەوڵدان بۆ دەسکەوتی زیاتر و سەرکەوتن بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە کۆمەڵگەدا ئومێدێکی گەورەیە.
هەڵپەساردنی مانگرتن و داخستنی خێمەکە، بە کاریگەری بانگەوازو داوای جەماوەری شاری سلێمانی و هەڵەبجەوە ئەنجامدرا، کە بۆ سەعاتێک دوکان و بازاڕیان داخست، بە مەبەستی پشتیوانی لە خواستەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران، هەروەها بۆ داوای کۆتایهێنان بە مانگرتن لە خواردن، بەتایبەتی دوای تێکچوونی باری تەندروستی مانگرتوان و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان. مانگرتوان پێشوازیان لە داوای دڵسۆزانەی جەماوەری توڕەو ناڕازی لە دەسەڵات کردو مانگرتنەکەیان هەڵپەسارد.
پانزە ڕۆژی مانگرتنەکەو ڕۆژانی دواتریش، میدیاکان بەشێوەی جۆراوجۆر وێنەو هەواڵی مانگرتووەکان و خەیمەکەو کارمەندانی تەندروستی و ئامادەبوانی پشتیوانی لە مانگرتوان ڕۆماڵ دەکرد، وێنایەکی سەربەرزی و ئیرادەو شکۆی جەماوەری ناڕازی بەرامبەر بەدەسەڵاتی میلیشیای تاڵانچی گەندەڵ و مشەخۆری نابەرپرس نیشاندرا. ئەم ڕوماڵە کە دەنگدانەوەیەکی سەرنجڕاکێشی بە خەڵکی کوردستان و دەرەوەی کوردستان بەخشی، دۆخێکی جیاوازی پڕ شانازی خستە سەر شانۆی ناڕەزایەتی جەماوەری و ئامادەیی وەستانەوە بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی زۆنی زەردو و زۆنی سەوز.
لەلایەکی ترەوە ململانێی حزبە دەسەڵاتدارەکان و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان، لەبەرامبەر یەکترو لەبەرامبەر جەماوەری ناڕازیدا، لەسەر ئەوەبوو کە تا چ ڕادەیەك هەر لایەنێکیان دەتوانن بەناوی پشتیوانیکردن یان دژایەتیکردنی مانگرتنەکەوە، کاریگەری لەسەر مانگرتوان و مانگرتنەکە جێبهێڵن و وەک ئەکتەرێکی سەرکەوتو بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری بهێنن! بەڵام ئاستی ئەم ناڕەزایەتیەو ئیرادەی مانگرتوەکان و هێزی پشتیوانی، بەربەستێکی گەورە بون کە ئەکتەرەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەکەیان لە پەرلەمان بتوانن یاری بەم حەرەکەتە بکەن.
مەسەلەیەک کە لە ڕۆماڵی میدیاکاندا نەتوانرا بە فراوانی و بە باشی ڕۆماڵ بکرێت، ئەو ململانێیە بوو کە لە نێوان ئەوانەی پشتیوانیان لەو مانگرتنە دەکرد، وەک دوو ئاراستەی جیاواز لە پشتی پەردەی ئەو شانۆیە دەوریان دەبینی:
یەکەمیان ئەو بۆچونەی لایەنە ئیسلامیەکان و ناسیۆنالیستەکان بوو کە بۆچوونێکی کۆنەپەرستانەو دژی ئینسانی بوو وە هانی مانگرتوانی دەدا بەردەوام بن لە مانگرتن لە خواردن! بەنیازی ئەوەی بەڵکو کەسانێک گیانیان لەدەست بدەن و بیانکەنە قوربانی شڵەقاندنی دۆخەکە، بەو ئاراستەیەی کە دۆخەکە بە ئاقارێکی تردا بڕوات و نیازەکانی خۆیانی تیا بهێننەدی، کە لەم بارەیەوە حزبە دەسەلاتدارو ئۆپۆزسیۆنەکانی ناو پەرلەمانەکەیان هاوبەش بوون. ئەمانە نابەرپرسانەو بێباک مامەڵەی مانگرتوانیان دەکرد، کە هەر لایەنێکیان بۆ مەبەستێکی سیاسی تایبەت بەدەوری ئەم ئاراستەیەدا دەسوڕانەوە.
دووەمیان ئەو بۆچون و ئاراستەیە بوو کە تەندروستی و پاراستنی ژیانی مانگرتوان بنەمای پشتیوانی و دەخالەتیان بوو، کە لەڕۆژی یەکەمەوە تەواوی هەوڵەکانیان هەنگاونان بوو بەگۆڕینی دەستبەجێی ئاراستەی مانگرتن لە خواردن، بۆ شێوازێکی شارستانی و گونجاوترو کارسازتر، کە لەڕاستای هەوڵەکانیاندا دەورێکی پێشڕەوانەو ئەرێنیان بینی لە رێکخستنی ناڕەزایەتی جەماوەری، بەداخستنی دوکانەکان و کۆکردنەوەی جەماوەرێکی چەند هەزاری بەدەوری خەیمەکاندا، کە داوا لە مانگرتوان بکەن، مانگرتن لەخواردن ڕاگرن. ئەم کارەیان ئەنجامداو سەرکەوتنێکی مەزنیان بۆ مانگرتوان لە خواردن تۆمارکرد، ئەم ئاراستەیە ڕۆڵ و ململانێی ئازادیخوازان و ئینساندۆستان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان و رێكخراوەکانی ژنان و کۆمۆنستەکان بوو.
مەیدانی ناڕەزایەتی و مانگرتن و کۆبونەوەی جەماوەری لە تەواوی ئەو پانزە ڕۆژەدا، بەهەر پێشرەوی و کەموکوریەکەوە، جگە لە بەرزڕاگرتنی ئیرادە و پێداگری بۆ داخوازیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران، ململانێی ئەو دوو ئاراستەیەو سەرکەوتنی ئازادیخوازی و ئینساندۆستی و رادیکاڵیزم و بەشداری ئاستێکی بەرچاو لە ڕابەرانی ژنانی ئازادیخواز، سیمایەکی گەشی ئاسۆی ناڕەزایەتی ئایندەمان پێدەناسێنێت، کە لە هەنگاونانی بەردەوامی ناڕەزایەتیەکاندا ئەتوانین وەک ئەزمونێک هەوڵی زیاتر بدەین کە بەر بە هەر دەخالەتێکی نائیسانی و کۆنەپەرستی بگرین، کە دەیانەوێت یاری بەچارەنوسی ناڕەزایەتیەکان و ژیانی خەڵک بکەن و بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەکاری بهێنن.




داعشی دوای ئەسەد.. عوسمانی حاجی مارف

ئەو دۆخەی لە ناسەقامگیری و گێژاوی سیاسی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد هاتۆتە ئاراوە، ئەگەری فرسەتی زیاتر بە داعش ئەدات کە لە مۆڵگە بیابانیە دوورەکانیەوە بگەڕێتەوەو لە ناو سوریادا فراوانتر بێت، ئەمەش دوای نزیکەی شەش ساڵ لە ڕووخانی. “خەلافەت”ەکەی، ئەگەری ئەوە هەیە پێگەیەکی تر بەدەست بهێنێتەوە.
بنکەی داعش کە لە ئەفغانستانە، دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢١دا، هێزی خۆی گەشاندەوە، هەروەها کەسانی توندڕەوی لە دانیشتوانی ئاسیای ناوەڕاستیش قۆستۆتەوەو ڕێکیخستون.
ئەو هێرشەی داعش کردیە سەر مۆڵێکی بازرگانی مۆسکۆ لە ئازاری ٢٠٢٤دا، هێرشێکی وێرانکەر بو کە ١٥٠کەس کوژران و زیاتر لە ٥٠٠کەس بریندار بون، لەهەمانکاتدا ڕاگەیاندنێکە تواناو هێزی تیرۆرستی و مەترسی داعش نیشاندەدا بۆ سەر جیهان، لەبەرامبەر ئەو بانگەوازەی کە دەڵێن داعش کۆتایی هاتووە.
ئەوەی زانراوە داعش بەشێکی زۆری سوریا و باکووری عێراقی کۆنترۆڵکردووە و لە هەمان کاتدا، لقەکانی لە سەرانسەری ئەفریقا و ئاسیا هەیە وەبە زنجیرەیەک هێرشی تیرۆرستی کوشندە لە شارەکانی ئەوروپادا بەردەوام بووە.
لەو کارەساتە گەورانەی داعش لە ساڵی ٢٠٢١دا خولقاندی، ئەو کارە خۆکوژیە بو لە فڕۆکەخانەی کابول، کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی ٢٠٠ کەس، لەنێوانیاندا ١٣ سەربازی ئەمریکی پاسەوانی فڕۆکەخانەکە بوون. هەر لەو کاتەوە خولگەی خۆیان فراوانتر کردووە، هەروەها هەوڵیانداوە ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمریکا بکەنە ئامانج.
ئاکامی بۆشاییەک کەبەدوای ڕوخانی ئەسەد سەری هەڵداوە و سوریا لە گێژاوێکی سیاسی و دۆخێکی تەواو ناجێگیر و ناڕۆشندایە، ئەگەری شەڕی ناوخۆ لە سوریا، فرسەتی ئەوە ئەدات بە داعش لە سوریا کۆبێتەوەو فراوانتر ببێت، بەتایبەتی کە هەیئەی تەحریری شام بۆ خۆشیان لە پاشماوەکانی داعشن، وەها مەزەندە دەکرێت کە هێرشەکانی داعش لە سوریا لە ساڵی ٢٠٢٤دا بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو سێ هێندە زیادی کردووە، هێرشەکانی لە ڕووی جوگرافیەوە زیاتر فراوان بۆتەوە.
یەکێک لە مەترسیەکان ئەوەیە ئەو زیندانیانەی لای هێزە کوردیەکانە کە هەزاران ئەندامی داعشی تێدایە، لە کاتێکدا کە ئەو هێزە کوردیانە گەمارۆدراون، پاراستنی زیندانیەکان بۆیان زەحمەت دەبێت، لەلایەکی تریشەوە ئەحمەد شەرع لە هەوڵی مامەڵکەکردنە بە زیندانەکانەوە، ئەمەش خاڵێکی تری پێکهێنانی نالەبارکردنی دۆخەکەو بەهێزکردنی تیرۆرستانە بە داعش و قاعیدەو هاوشێوەکانیانەوە.
لەلایەکی ترەوە لەم دۆخەدا مەسەلەیەک کە جێگای سەرنجە بەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، وایکردووە لایەنە هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق بە هەوڵەکانیاندا بچنەوە، سەبارەت بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، چونکە کەوتنی ئەسەد کە هاوپەیمانی ئێرانە، بۆتە هۆی لاوازبونی نفوزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا، ئەمەش وایکردووە ئەو گروپانەی هاوپەیمانی ئێرانن لە عێراق هەست بە لاوازی بکەن، بەتایبەتی مەترسیان لەبەرامبەر جوڵەکانی داعشدا.
زۆرێک لە لایەنە عێراقیەکان ترسیان لەوە هەیە کە داعش ئەو بۆشاییەی دوای ئەسەد پێشهاتووە کەڵكی لێوەربگرێت بۆ گەڕانەوە، لە کاتێکدا گەر سەرکردایەتی نوێ بە دەوری هەیئەی تەحریری شام و بە پشتیوانی تورکیا لە سوریا خۆی دامەزرێنێت، مەترسیەکە زیاتر دەبێت، چونکە دەبێتە مایەی بەهێزبونی هێزە سونیەکان لە عێڕاقدا، کە کاریگەری دەبێت لەسەر لاوازکردنی زیاتری پێگەی هێزە شیعەکان لە حکومەتی عێراقدا.
بەرپرسێکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان ئەوەی ڕایگەیاندووە، زۆربەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئێستا پشتگیری لە بەردەوام بوونی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن. بەڵام ئاشکرایە کە پێشتر زۆربەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دژی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بون لەعێراق و داوای چونە دەرەوەی ئەمریکایان دەکرد، ئەوەیان ڕادەگەیاند کە هێزە سەربازیەکانی عێراق بە حەشدی شەعبیەوە ئامادەن و ئەتوانن شەڕی داعش بکەن!.
بەڵام ئەم بادانەوەیەی شیعەکانی عێراق بەرامبەر بەبونی هێزەکانی ئەمریکا، ترسیان لەوە هەیە داعش ئەو بۆشاییە ئەمنیە بقۆزێتەوە کە بەدوای جێهێشتنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر پێکهاتەی حکومەتی ئێستای عێراق و لە هەمانکاتدا کاریگەری لەسەر چۆنیەتی دەخالەتی کۆماری ئیسلامی لەعێراقدا دەبێت.
دەتوانین بڵێین ئێران لەم دۆخەدا دەکەوێتە بەردەم ناکۆکیەکەوە، کە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، یان چونە دەروەی لە عێراق، لە بەردەم دۆخێکی پر گێژاودا بەرەو روو دەبێتەوە، بەتایبەتی کە دوای کۆتایی ئەسەد پاشەکشە بە پێگەو نفوزی کراوە.
بەرپرسێکی باڵای “دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق” ڕایگەیاند، لە میانی کۆبونەوەیەکی حکومەتی عێراقدا، ئاماژە بەوەدراوە، کە ئێستا لە بەرژەوەندی عێراق نیە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بکات.
ئەمەریکا نزیکەی ٢٥٠٠ سەربازی لە عێراق هەیە لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانیەتەی کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا بۆ بەرەنگاربونەوەی تاقمی داعش پێکهێنرابوو. هاوپەیمانیەکە هێزەکانی وڵاتانی دیکە بەتایبەتی فەرەنسا و بەریتانیا لەخۆدەگرێت.
دوابەدوای دەستپێکردنی داگیرکاریەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان، لایەنە چەکدارەکانی پاشکۆی ئێران ئەو بنکەیەیان لە عێراق و سوریا کردە ئامانج کە هێزەکانی ئەمریکایان تێدایە، لە تۆڵەی پشتیوانی واشنتۆن بۆ ئیسرائیل.
ئەم فراکسیۆنانەی کە داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایان دەکرد، بەڵام لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، بە ئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکایان راگرتووەو ناشخوازن ئێستا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەرچێت. ئەمەش ئاکامی سەوداو مامەڵەیەکە کە جگە لە مەترسیان لە داعش، لەهەمانکاتدا لە زۆرلایەنەوە چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزەکانی حەشدی شەعبی کەوتونەتە بەر لێشاوی لاوازبون و هەڕەشەی هەڵوەشانەوە.
هەنگاوە سیاسیەکانی ئەمریکا لە ململانێ و دەخالەتی بەردەوام و هەڵگیرسانی جەنگی گەورەو دواتر كشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان و پشتیوانی لە داگیرکاریەکانی ئیسرائیل و کوشتاری دەیان هەزارو وێرانکاری و ڕێگاخۆشکردن بۆ هەیئەی تەحریر شام…هتد جگە لە فەراهەمهێنانی ناسەقامگیری و گێژاوی سیاسی درێژماوەی دەیان ساڵە لە ناوچەکەدا شتێکی تر نەبووە، کە مایەی ڕودانی گەورەترین کارەسات و سەدان هەزار قوربانی بووە، لەهەمانکاتدا بەرجەستەکردنەوەی بێئیرادەکردنی دەوری جەماوەری خەڵک بووە لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان و دەوور دەخاڵەتیان لە دەسەڵاتی سیاسیدا.
سەرباری ئەم هەموو ڕۆڵە نائینسانیەی ئەمریکا دەیبینێت، لە درێژەدان بە داگیرکاری کارەسات و وێرنکاری و کوشتاری بە کۆمەڵ و مامەڵەکردن و یاریکردن بە چارەنوسی خەڵك، ئەوەی جێگای شەرمەرزاریە، کە هێزو لایەنە ناسیۆنالستەکانی کوردستان لە تەواوی ژیانی سیاسیاندا ، جگە لە ئەزمونی مەزنی کۆبانی ، چاوەڕوانی و تەواوی ئومێدی سیاسیان لەسەر دەوری نەخشە و سیاسەتەکانی ئەمریکا داڕشتووە، هەموو سەرشۆڕی و ملکەچیەک قەبوڵ دەکەن لە پێناو مامەڵەیەکی سیاسیدا، یان دەستکەوتێکی دارایی، گەر هەزاران کەسیش ببنە قوربانی.
ئێستاش لەبەرامبەر مەترسی داعش و دۆخی ناجێگیری سوریا و ناوچەکەدا، گەر شەنگالێکی تریش دوبارە بێتەوە، چاوەڕوانن لەڕێگەی نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلەوە دەستکەوتێکی “زێڕینیان” هەبێت.!
بەدوای وێرانکاری شاری موسڵ و کوشتارێکی بێشومار و ڕوخانی خەلافەتی داعش، هێشتا داعش ماوەو مەترسیەکی گەورەیە، سەرمایەداران و هێزە سیاسیەکانی بۆرجوازی، لەگەڵ ئەوەی بانگەوازی دژی داعش ڕادەگەیەنن، بەڵام لەبەرامبەر ناڕەزایەتی و خرۆشانی جەماوەریدا پێویستیان بە داعشە، توڕدانی مەترسی داعش و پاکردنەوەیان پێویستی بە شۆڕشی جەماوەریە.




پلانی کۆتایی حەشدی شەعبی و ئایندەی عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

لەوکاتەوەی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق زیادیکردوە، بۆتە فشارێک لەسەر سەرکردەکانی حەشد و تیاماون و نازانن چ بڕیارێک بدەن. ئەوە باش دەزانن کە بە هەڵوەشاندنەوەیان یان یەکگرتنیان لە سوپای عێراقدا، کۆتایی ئەو پێگەیەیەی ئێستایانە کە لە حکومەتی عێراقدا هەیانە. ئەوەی دەبینرێت سەرکردەکانی چەکدارە شیعەکانی سەر بە ئێران لێدوانەکانیان لە میدیا ناوخۆییەکانی عێراقدا چڕتر کردووە و جەخت لەوەدەکەنەوە کە هەرگیز چەکەکانیان دانانێن!.
شایانی باسە محەمەد شیعە سودانی، چووەتە دانوستان لەگەڵ سەرۆکی کوتلە چەکدارە شیعەکان، سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسی هەڵوەشاندنەوەیان. لەم بارەیەوە زیاتر خەریکە شەڕێک لەسەر پۆستی سەرۆکی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی بەڕێوەدەچێت.
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حزبوڵڵای نوجەبا دەڵێت، ئێمە چەکەکانمان دانانێین. مەگەر فەرمانی ڕاستەوخۆ و ئاشکرای دەسەڵاتی ئاینی”عەلی سیستانی”، داوامان لێبکات ئەوکاتە ناچاردەبین ئەو کارە ئەنجام بدەین. بە وتەی سەرکردەیەکیش لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، ئەوە بەیان دەکات کە ڕێکەوتنێک لە ئارادایە کە بچنەناو گفتوگۆوە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی کردوە کە شەڕی ئابووری و سزا بەسەر بەغدادا دەسەپێنێت.
ئەو کوتلانەی کە ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان دابنێن یان تێکەڵ ببن لەگەڵ سوپای فەرمی عێراقدا، بە “فراکسیۆنە یاخیبووەکان” ناودەبرێن و ئەم کوتلانە لەخۆدەگرێت: “لیواکانی سەید شوهەدا، لیواکانی حزبولڵای عێراق، بزوتنەوەی حزبولڵای نوجەبا”
لەلایەن سەرکردەیەکی لیواکانی حزبوڵای عێراقەوە جەخت لەسەر ئەوە کراوە کە دەستبەرداری چەکەکانیان نابن، تا ڕێکەوتن لەسەر مەرجەکان دەکرێت، بەبێئەوەی وردەکاریەکانی مەرجەکانیان بخەنەڕوو، لەکاتێکدا سەرچاوەکانی تر ئەوەی ڕایانگەیاندووە کە مەرجەکان پەیوەستن بە پۆستە باڵاکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، لەنێویاندا سەرۆکایەتی هێزەکان، کە چیان بەسەردێت.
لەوکاتەی هەڕەشەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ سەر عێراق زیادی کردووە، پەیوەندی بەغدا لەگەڵ واشنتۆن زۆر خراپ بووە، لەهەمانکاتدا هێزە شیعەکان مەترسی ئەوەیان هەیە کە ترەمپ هەمان ڕێوشوێنی تیرۆرکردنی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی بگرێتە بەر لەدژیان.
بەگوێرەی سەرچاوە عێراقیەکان، تائێستا هیچ چارەسەرێکی عەمەلی و کۆتایی و یەکلاکەرەوە سەبارەت بە پرسی فراکسیۆنە چەکدارەکان، لە دانوستانیان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا نەگەیشتۆتە ئەنجامێک و بڕیارێکی دیاریکراو. سەرۆکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دەڵێت، “ناکرێت قەیرانی کوتلە چەکدارەکان لە شەوێکدا چارەسەر بکرێن، پرسەکە زۆر ئاڵۆزە، حکومەتی عێراقیش نایەوێت بچێتە ناو ململانێ لەگەڵ ئەو فراکسیۆنانەوە، بەڵام لانیکەم دەیانەوێت دۆخەکە هێور کەنەوە تا هیچ ڕێوشوێنێکی سزایی لەلایەن ترەمپەوە نەگیرێتەبەر.”
جگە لە چارەسەرنەکردنی قەیرانی کوتلە چەکدارەکان، لەلایەکی تریشەوە، قەیرانی سەرکردایەتی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی سەریهەڵداوە، لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەوڵ هەیە بۆ گۆڕینی فالح فەیاض سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، کە ماوەی ١٠ ساڵە پۆستی بەرپرسی حەشدی شەعبی بەدەستەوەیە.
سەرچاوەیەکی سیاسی لە چوارچێوەی هەماهەنگیەوە، نوری مالیکی تۆمەتبار دەکات بەوەی کە بەتوندی لە پشت هەوڵی گۆڕینی فالح فەیاضەوەیە، بەهۆی توڕەیی ئەوەی کە فەیاض لە هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانیەکی سیاسیە کە پشتگیریە لە محەمەدسودانی. هەروەها ئەو سەرچاوەیە جەخت لەسەر ئەوەش دەکات کەهێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر دوو تیم دابەش بوون سەبارەت به فالح فەیاض، تیمێک که نوری مالیکی و قەیس خەزعەلی لەخۆ دەگرێت، پاڵپشتی له لادانی فەیاض دەکەن، تیمەکەی تریش کە دەیانەوێت فەیاض بەردەوام بێت، سودانی سەرۆکایەتی دەکات!
شایانی باسە، قەیس خەزعەلی، سەرۆکی عەسائیب ئەهلی حەق، سەرەڕای پشتیوانی بۆ سودانی، لەمێژە فشار دەخاتە سەر فالح فەیاض بۆ وازهێنان لەسەرۆکایەتی حەشی شەعبی، بۆئەوەی فراکسیۆنەکەی خۆی پۆستی سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی کۆنترۆڵ بکات. لەلایەکی ترەوە ئەو تیمەی پشتیوانی لە لادانی فالح فەیاض دەکەن، دەڵێن ئەم گۆڕانکاریە پێویستە بۆ وەڵام بە فشارەکانی ئەمریکا، کە داوای داڕشتنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەن.
هەروەها سەرچاوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەشیان ئاشکرا کردوە کە ئەبو فەداک محەمەداوی فەرماندەی لیواکانی حزبوڵای عێراقی کە پۆستی سەرۆکی ئەرکانی دەسەڵاتی جموجۆڵی جەماوەری هەیە، دەیەوێت فالح فەیاض لەناوببات و پۆستەکەی بەدەستبهێنێت. بەڵام نوری مالیکی دانانی ئەبوفەداک محەمەداوی لەجیاتی فالح فەیاض قەبوڵ ناکات، بەوپێیەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەئێستادا دەیانەوێت نفوزی ئێران بەدور بگرن لەنێو دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدا، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵی دورکەوتنەوەیە لەو ڕێوشوێنانەی کە ڕەنگە ئیدارەی ترەمپ لە دژی ئەوان بیگرێتەبەر.
سەبارەت بە چارەنووسی فالح فەیاض، پێشبینی ئەوە دەکرێت دەست لەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بکات، چونکە بەگشتی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، دەیانەوێت بڕیارەکە جێبەجێی بکەن، بەڵام ئەمەش دەرگای ململانێ دەکاتەوە لەسەر پێگەی فەیاض لە نێوان کوتلە چەکدارەکاندا، بۆیە ئەنجامی ئەم بڕیارە تائێستا دیار نیە!
ئەوەی لە دۆخی ئێستای کێشەکانی نێو فراکسیۆنەکانی حکومەتی عێراق بەرچاودەکەوێت، بەتایبەتی دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، دانوسانەکان و ڕێکەوتن لەسەریان ئاسان نیە، بەوپێیەی فراکسیۆنەکان بەو مەرجە پابەند دەبن بە دانانی چەکەکانیان، کە لەبەرامبەریدا ئیمتیازێکی زۆر بەدەست بهێنن لە دەسەڵاتی سیاسیدا، داوایانکردوە بگۆڕدرێن بۆ کوتلەی سیاسی و بەدەستهێنانی پۆستی گرنگ و هەستیار لەناو حکومەتدا، کە زۆربەیان پەیوەندیان بە خزمەتگوزاریە ئەمنیەکان و بەڕەنگاربونەوەی تیرۆرەوە هەیە. بەدیهێنانی ئەو داواکاریانە بۆ حکومەتی عێراق زۆر قورسە، بەتایبەتی ئەم پۆستانە بەسەر پارتە سیاسیەکاندا دابەش کراون.
لەهەمانکاتدا لەباری عەمەلیەوە ئەوەش ناگونجێت بۆ هەر فراکسیۆنیک کە سەرکردەکانیان بەوە بگەن بڕیاری دانانی چەکی هێزەکەی قبوڵ بکات یاخود لەناو سوپای عێراقدا بتوێنەوە و سەرکردەکانیان بڕۆنە ماڵەوە دانیشن. بۆیە حکومەتی عێراق لەبەرامبەر دەورانێکی ناکۆک و سەختدایە لە پەیوەند بە چارەسەری ئەم کێشەیەوە.
لەڕاستیدا ئەنجامدانی کارێکی لەو چەشنە دەبێتە مایەی لاوازیی پێکهاتەی حکومەتی ئێستای عێراق، کە پێکهاتەیەکە لە چەند هێزێکی میلیشیا. لەهەمانکاتدا ئەوەش جێگای پرسیارە کە کاریگەری لەسەر پاراستنی مانەوەی سەرۆک وەزیران بۆ محەمەد سودانی دادەنێت لە ئێستاو لە هەڵبژاردنەکانی مانگی دوانزەی ئەمساڵدا.
بەگشتی ئەو ئاڵوگۆرانەی لە ناوچەکەدا بەدوای روخانی ئەسەد پێشهاتووە، هاوکێشەی سیاسی، بەدوای چەندین ساڵ لەهەوڵی بەرجەستەکردنەوەی دەسەڵاتی شیعەگەرا و فراوانکردنی نفوزی ئێران، بەجۆرێک گۆڕدراوەو بەزیانی ئێران و حکومەتی عێراقە، کە حکومەتی عێراق کەوتۆتە بەردەم پاشەکشەیەک پێویستی بەوە دەبێت خۆی لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی ئێستای ناوچەکە بگونجێنێت، گەر بتوانێت، چونکە نەگونجاندن، دەسەڵاتی سیاسی چوارچێوەی هەماهەنگی بەرەوڕووی کۆتاییهاتن دەکاتەوە.
هەر لەم دۆخ و ئاڵوگۆڕەدایە کە حکومەتی عێراق لەژێر فشاردایە، بارزانی و پارتی ڕێڕەوی مامەڵەیان لەبەرامبەر حکومەتی بەغدادا خستۆتە سەر سکەی فشارهێنان لەسەر حکومەتی عێراق، دەربارەی هەناردەکردنی نەوت و بودجەو بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و یاریکردن بە موچەو گوزەرانی فەرمانبەران و خانەنشینان.
لەکاتێکدا هەر لەسەرەتای دامەزراندنی حەشدی شەعبی و گوندەیی دەسەڵاتی شیعەکان، کارەسات بووە بۆ ژیانی ئینسانی ‌و هاوچەرخی دانیشتوانی عێراق، لەهەمانکاتدا هەڵوەشانەوەشیان لە ڕێڕەوی ململانێ و شەڕی ئێستای کۆنەپەرستانەی نێوان لایەنە ئیسلامی و نەتەوەپەرستی و پێکهێنانی عێراقێکی فیدراڵیدا و لە دۆخێ ئاڵوگۆڕەکانی ئێستای ناوچەکەدا بەردەوامی تراژیدیاو کارەساتەکانە لە چوارچێوەو شێوازی تردا.
ئەم دۆخەی ئێستا عێراق لەبەردەم دەورانێکی ڕاگوزەردایە، بەتایبەتی لە میانەی توندبونەوەی ململانێ ئیسرائیل و ئەمریکاو ئێراندا، ئەگەری پێشهاتنی ئاڵوگۆڕی ترو کارەسات و تراجیدیایە بە ژیان و ئایندەی دانیشتوان، بۆیە عێراق لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە هەڵسانەوەی ئەو خرۆشانە جەماوەریەیە کە لە ئۆکتبەری ٢٠١٨دا حکومەتی عێراقی لەرزاند، هەڵسانەوەیەکی ڕێکخراوتر و فراوانتر بە ئاسۆ و ئامانێجکی ڕۆشن، کە ئاراستەکەی کۆتاییهێنان بێت بەپێکهاتەی حکومەتی بەشبەشێنەی هێزە قەومی و ئیسلامی و تائیفیە میلیشیاکان، هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە بەدەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا جێکەوێت، بەرەو ڕێڕەوی بەرجەستەکردنەوەی هاووڵاتیبون و ئازادی و یەکسانی هەنگاو بنێت.




داوای چەکدانانی هەسەدە.. عوسمانی حاجی مارف

ئیدارەی نوێی سوریا پێداگری لەسەر چەکدانانی هێزو لایەنە چەکدارەکان لە سوریا دەکات، هەر لەم بارەیەوە ئەحمەد شەرع پێنج شەمە لە ٢٣/١ لە بەیاننامەیەکدا بۆ میدیاکانی تورکیا، جەختی لەوە کردەوە کە دیمەشق بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە بوونی چەک نادات لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا، هەروەها ڕێگە بە دابەشکردنی سوریاش نادات.
هەر لەم بارەیەوە ئەحمەد شەرع دوپاتی کردەوە کە هەسەدە تەنها لایەنە وەڵامی بانگەوازی ئیدارەی سوریای نەداوەتەوە بۆ چەکدانان، هەروەها شەرع دەڵێت کە پەکەکە و یەپەکە پرسی ڕێکخراوی داعش بەکار دەهێنن بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان.
لەهەمان کاتدا بەرپرسێکی باڵای هەسەدە ڕایگەیاندوە کە ئامادەنین هێزەکانیان هەڵبوەشێننەوە و چەک ڕادەستی حکومەتی دیمەشق بکەن. بەڵام دەتوانین بەشێک بین لە سوپای داهاتووی سوریا، بە مەرجێک حکومەتی ناوەندی نوێنەرایەتی هەموو نەتەوە و گروپەکان بکات!.
لەڕاستیدا ئەم سەوداو مامەڵەیەی هەیئەی تەحریری شام دەیکات، ئاماجی سەرەکیان ڕۆشنە بەدوای چیەوەن، دەیانەوێت چۆن و کام جۆر لە دەسەڵاتی سیاسی لە سوریا یەکلایی کەنەوە، ئەو هەنگاوانەش ئێستا دەیانەوێت پیادەی بکەن، ئاشکرایە سەپاندنی باڵادەستی دەسەڵاتی یەکلایەنەی هەیئەی تەحریری شامە بەسەر تەواوی سوریادا، کە لە ڕێگەی هێزە میلیشیاکانی خۆیانەوە بەرجەستەی دەکەنەوە.
هەیئەی تەحریر لەلایەک بە ووردی خەریکی دامەزراندنی حکومەتی سوریایە بە جۆرو شێوازێک کە دەبێتە بەهێزکردنی پێگە و نفوزی سیاسی هێزەکەیان، کە خەریکن دەستوری ئیسلامی دەکەنە بنەمای پێکهێنانی “دەوڵەتێکی نوێ” لە سوریادا و لەسەر بنەمای شەریعەی ئیسلامی کۆمەڵگە بەڕێوە ببەن. هەر لەو ئاراستەیەوە لە هەوڵی ئەوەدان هێزو لایەنەکانی تر لە سوریا تەریک کەنەوە بەناوی پاراستنی یەکگرتویی سوریا.
ئەوەی جێگای سەرنجی جدیە لە بەرامبەر بانگەوازی هەیئەی تەحریر بۆ چەکدانانی هەسەدەو هەر لایەنێکی تر و بە دەوڵەتکردنی هێزی سەربازی، هیچ گومانی تیا نیە کە ئەم جۆرە لە بانگەوازیان ئاشکرایە، یەکەم دەیانەوێت هیچ هێزێکی چەکداری لە بەرامبەرایاندا نەمێنێت، بەم شێوەیە نەکەونە بەرامبەر شەڕی چەکداریەوە. دووەم ئەو هێزە سەربازیەی دەیانەوێت فەرمی کەنەوە و حکومی بێت، ئەوە، هێزە میلیشیاکەی هەیئەی تەحریرە کە دەیانەوێت شەریعەی ئیسلامی پێ بسەپێنن، نایانەوێت هیچ هێزێکی تری جەکدار لە بەرامبەریاندا هەبێت، کە رەتی پەیڕەوکردنی شەریعەی ئیسلامی کاتەوەو بەر بەدەسەڵاتی یەکلایەنەیان بگرێت، هەڵبەتە لەوبارەیەوە ئاسۆی شارستنی بونی هەسەدە ڕۆشنە، بەتایبەتی دەربارەی یەکسانی ژنان و پیاوان کە پێچەوانەی شەریعەی ئیسلامیە.
هەروەها لەلایەکی ترەوە ئەم بانگەوازەی هەیئەی تەحریر هاوکاتە لەگەڵ ئەو هەڕەشەو هێرشانەی حکومەتی تورکیا دەیکات بۆ سەر هەسەدە و لە هەوڵی کۆتایی هێنانیانە، تورکیاش بەدوای جێگیرکردنی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعەوەیە بۆ دڵنیابون لە پاراستنی دەخالەتی بەردەوام لە سوریا و لە ناوچەکەدا، وە بۆ ئەم ئامانجەیان، مانەوەی هەسەدە بەقازانجیان نیە.
ئەو ئاڵوگۆڕانەی لەدۆخی سوریا پێشهاتووە بەدوای داگیرکاریەکانی ئیسرائیل و پاشەکشە بەدەوری ئێران، وێنایەکی تایبەتی لە ناوچەکەدا پێکهێناوە، کە لە بەردەم ئاڵۆزی و ئایندەیەکی نادیاردا وەستاوە، هاوکێشەی سیاسی لە ناوچەکەدا دەورانێکی تازەی بەخۆوە دیوە، کەهاوسەنگی هێزەکان مانایەکی تر لە پێگەو دەوری هەڵسورانی سیاسیاندا بۆ هاتۆتە پێشەوە.
هەیئەی تەحریر بەدوای چونە ناو دیمەشق و ڕوخانی ئەسەد لە پرۆسەی پێکهێنانەوەی دەسەڵاتەوەیە، هەر لەو ئاراستەیەوە هەنگاوەکانی بۆ پەیگیریکردنی دەسەڵاتی یەکلایەنەیە، تا بە بەرژەوەندی ئەحمەد شەرع تەواو ببێت، هەروەها لایەنەکانی تر کێش دەکەن بۆ ژێر ڕکێفی ئەو سیاسەت و ئامانجانەی دەسەڵاتی سیاسی هەیئەی تەحریر بەرجەستە دەکاتەوە، لەهەمان کاتدا ئەو دۆخەی بۆ هەسەدە هاتۆتە پێشەوە، لەنێو کێشمەکێش و گەمەی سیاسی و دەخالەتی ئیسرائیل و ئەمریکا و تورکیا و دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعدا دەرگیر بووە، لە چاوەڕوانی پشتیوانی ئەمریکا و ڕۆژئاوادایە تا لەو قەیرانە دەریانکێشن، واتە چارەنوسی خۆی داوتە دەست ئایندەی ململانێ و دەخالەتی ئەو ووڵاتانەی چۆن پارێزگاری لەبەرژەوەندیەکانیان دەکەن و دۆخەکە بەرەو کوێ دەبەن، ئەم ئاراستەیەش لە درێژماوەدا ناتوانێ جێگای متمانەی پاراستنی ئیدارەی خۆجێیی لایەنە کوردیەکان بێت.
بەجیا لەوە هەر ئاڵوگۆڕێک و پێشهاتێکی تر لەناوچەکەدا دێتە پێشەوە، گرنگترین هەنگاو و هەڵوێستێک کە هەسەدە لەم دەورەیەدا پێویستە پەیگیری لەسەر بکات، یەکەم بەهیچ جۆرێک لە سایەی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعدا نەچێتە ژێر باری ئەوەی هێزە چەکدارەکانی هەڵوەشێنێتەوە یان بیکات بە بەشێک لە هێزی سوپای حکومی، بەناوی ئەوەی دەبێتە هۆی سوریایەکی یەکگرتوو! . دووەم پەیگیری کردنە لەسەر ئەو ڕێبازە سوکولار و شارستانیەی پەیڕەویان کردوە، تا ئەو ئاستەی بیکەنە فشار لەسەر حکومەتی ئێستای سوریا کە بەدوای چەسپاندنی شەریعەی ئیسلامیەوەن، لەهەمان کاتدا ئایندەی سیاسی خۆیان گرێ نەدەنەوە بە سیاسەتەکان و بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە.
ئەوەی لە هەمانکاتدا پێویستە جەختی لەسەر کەینەوە پرسی ئەو داعشانەیە کە زیندانین، حکومەتی تورکیا و حکومەتی ئێستای سوریا داوادەکەن مەزلوم عەبدی تەسلیمیان بکات، ئەم داوایەش مەترسیەکەی لەوەدایە کە گومانی تیانیە دواتر ئەو زیندانیانە دەکەنە بەشێک لەو هێزی سوپایەی ئەحمەد شەرع ناوی ناوە سوپای فەرمی و نیشتمانی.




کۆبونەوەی عەبدی و بارزانی لەژێر ناوی دەستپێشخەریەک بۆ یەکخستنی کورد لە سوریا و ئاشتبوونەوە لەگەڵ تورکیا.. عوسمانی حاجی مارف

سەردانەکەی مەزڵوم عەبدی بۆ هەولێر و دیدارەکەی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەردانێکی ئاسایی نەبوو، بەتایبەتی لە دۆخی ئێستای سوریا کە تورکیا دەخالەتێکی ڕاستەوخۆی هەیە لەبەرامبەر ئەو گۆڕان و پێشهاتانەی لە سوریا و ناوچەکەدا دەگوزەرێت. لەهەمانکاتدا ئەوەش شاراوە نیە کە بارزانی پەیوەندیەکی تایبەتی لەگەڵ پاشکۆبون بە سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی تورکیاوە دامەزراندوە، بۆیە هاوکاتی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی تورکیا، بارزانی ئەو هەلە دەڕەخسێنێ کە بەناوی نێوەندگیری لەنێوان تورکیا و هەسەدەدا جێگایەک بۆ دەخالەتی خۆی لەگەڵ ئیدارەی هێزە کوردیەکاندا بکاتەوە. لەهەمانکاتدا بارزانی لە هەوڵی ئەوەدایە بەناوی یەکخستن و یەکڕیزی کورد لە سوریا، ڕۆڵی ئەنەکەسە لە سوریا بەرێتە پێشەوەو تێکەڵ بە یەپەگە و هەسەدەی بکات، بە مانایەک دۆخێکی گونجاوتر بۆ دەخالەتی تورکیاو بەرژەوەندیەکانی دابین بکات.
هەڵبەتە ئەوەی شایانی باسە حكومەتی توركیا پێشوەخت لەم دیدارەی عەبدی و بارزانی ئاگاداركراوەتەوە، مەسرور لە کاتی سەردانەکەی بۆلای ئۆردوگان ئۆكەی بۆ ئەو دیدارە وەرگرتووە. ڕاستە بارزانی ئەو دیدارە بەفشاری ئەمریكا و فەرەنسا ئەنجامداوە، بەڵام ئەمەش وەک یەكێك لە هەوڵەكانی توركیا و بارزانیە بۆئەوەی بتوانن هێزە چەکدارەکانی ئەنەکەسە بنێرنە ناو ناوچە کوردنشینەکانی سوریا و بیکەن بە هێزێك لە بەرامبەر هەسەدەدا، بەمشێوەیە لە هەوڵی ئەوەدا دەبن دۆخەکە بەقازانجی تورکیا و بارزانی بچەرخێنن، تا ئەو ئاستەی گەر شەڕی ناوخۆی لێکەوێتەوە!
لە هەواڵی میدیاکانەوە بەگشتی ئەوە ڕادەگەیەنرێت “ئەم دیدارە وەک هەنگاوێکی زۆر گرنگ بۆ گەیشتن بە یەکڕیزی کورد لە سوریا سەیر دەکرێت، هەروەها مەرجی پێشوەختە بۆئەوەی کورد بتوانێت مافەکانی خۆی لە سوریای نوێدا دووپات بکاتەوە. لەژێر ڕۆشنایی ئەم قۆناغە ناسکەدا، هاوکاری لە نێوان سەرکردەکانی کوردا دەرفەتێکە بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی کورد لە ناوخۆ و دەرەوە”!!.
ئەوە شاراوەنیە کە تەواوی مێژووی هەڵسوڕانی سیاسی بارزانی لە کوردستانی عێراق و باڵادەستی لە زۆنی زەردا بەرجەستەکردنی ئەوجۆرە لە یەکڕیزی و یەکخستنی کورد بووە کە جگە لە دابەشکردنی دەسەڵات و شەڕکردن بۆئەو مەبەستەو بەرجەستەکردنید ەسەڵاتی دوو زۆنی و کەڵەکەی سەرمایەو تاڵانی سەروەت و سامانی کوردستان و قاچاخچێتی و بازرگانی بە نەوت و کۆنترۆڵکردنی سنورەکان، هیچ شتێکید یکە نەبوە و هیچ کاتیش یەکڕیزی کورد مانایەکی عەمەلی و واقعی نەداوە بەدەستەوە. هەر ئەم ئەزمونەی بارزانی لە هەرێمدا و سێ دەیەی دەسەڵاتەکەی و پێکهێنانی حکومەتەکانی و سیناریۆی سەوداو مامەڵە سیاسیەکانی نیشانیداوین، کە تاچەند بە تەنگ بەرژەوەندیەکان و ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانەوەیە، یان تاچەند کێشەیەکی هەبووە بەناوی یەکڕیزی کوردەەوە!؟ ئەوە حاشا هەڵنەگرە کە یەکڕیزی بۆ بارزانی مانای کۆنترۆڵکردنی تەواوی هێزو لایەنە سیاسیەکان و دەسەڵاتی ڕەهای بنەماڵەکەی بووە بەسەر خەڵکی کوردستاندا.
ئێستاش دوای ڕوخانی ئەسەد و ئەو دەورو دەخاڵەتەی تورکیا لە سوریا گێڕاویەتی، گۆڕانی هاوکێشەی سیاسی بە قازانجی تورکیا و پاشەکشە بە ئێران، دەروازەیەک بۆ بارزانی کراوەتەوە کە پاشکۆبونی خۆی بۆ تورکیا زیاتر بەرجەستەکاتەوەو پێشخزمەتی زیاتر نیشان بدات، هەر بەم مانایە گەر بارزانی چاوەڕوانی دەستکەوتێک لە پێشوازیکردنی مەزڵوم عەبدی نەبێت، کە هەوڵی بەرزکردنەوەی پێگەو نفوزی سیاسی خۆیەتی، تا لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریا هەلێکی زێڕین بەدەست نەهێنێت، ئامادە نیە نێوەندگیری نێوان تورکیا و هەسەدە بکات، بارزانی ئێستا بەهەر ئاڵۆزیەک لەدۆخی سیاسی ناوچەکە، پێشبینی ئەوە دەکات لە ڕێگەی سەرکەوتنەکانی تورکیا لە ناوچەکە، دوای چەندین ساڵ لە ناکۆکی لەبەرامبەر هەسەدەدا، ئێستا هەلی دەخالەتی بۆ ڕەخساوەو دەتوانێت جێگایەک بۆ ئەنەکەسە بکاتەوە.
لە گەڵ هەموو ئەو بانگەشە درێژخایەنە لە نمایش بەناوی ئاشتیەوە دەکرێت، سیناریۆی دەستێوەردانی سەربازی تورکیا بە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی فراوان لەدژی هێزە کوردیەکانی سوریا لە شوێنی خۆی ماوە، بۆیە هیچ دڵنیاییەک لە ئارادانیە لەوەی کە بڵێین هەڕەشەی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر کوردەکان لە سوریا نەماوە، گەر بونی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و هەڵکردنی چرای سوری ئەمریکا نەبێت لەبەرامبەر لەشکرکێشی تورکیادا، تورکیا بە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی هەیئەی تەحریری شام، شەڕێکی گەورە لە بەرامبەر هەسەدە و پەیەدە و پەکەکەدا ڕێکدەخات، بەدور نازانرێت کە بارزانی و ئەنەکەسەش هیچ بۆیان شەرمەزاری نیە، بەشداری لە ئەگەری هێرشێکی لەو چەشنەدا بکەن.
سەردانەکەی عەبدی بۆ هەولێر هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ئەنقەرەبە ناوی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی نوێ لە تورکیا و کۆتایهێنان بە پرسی کورد و ململانێی چەکداری تورکیا و کورد، کە زیاتر لە ٤ دەیەیە بەردەوامە، لەهەمانکاتدا هەوڵدانە بۆ چەکدانانی پەکەکە لەڕێگەی بانگەشەی ڕێکەوتن لە زیندانی ئەمیراڵیەوە!.
هەروەها مەسرور بارزانیش سەردانی تورکیای کرد، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و هاکان فیدان و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای تورکیا کۆبوەتەوە، بێجگە لەوەرگرتنی ئۆکەی بۆ دیدارەکەی بارزانی و عەبدی، سەبارەت بە دوو فایل، بابەتی دۆخی سوریا و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیان باسکردووە.
کۆبونەوەکەی نێوان عەبدی و بارزانی نزیکەی دوو کاتژمێری خایاندوە، پێدەچێت دواتر قسەوباسەکانیان دەربارەی کشانەوەی چەکدارانی پەکەکە بووبێت لە سوریا، بەحساب بۆ دوورخستنەوەی بیانووەکانی تورکیایە، کە تورکیا ناڕەزایی دەردەبڕێت بەرامبەر بە بوونی پەکەکە لە نێو هێزە کوردیەکانی سوریادا، بەمشێوەیەش هەوڵئەدات کەوتنی ڕژێمی ئەسەد بقۆزێتەوە بۆ نەهێشتنی ڕێکخراوە کوردیەکان لە هەردوو وڵاتی سوریا و تورکیادا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامبونی ناکۆکیەکانی ئەمریکا و تورکیا لە مەلەفی “هەسەدە”دا کە ئەمریکا لەم دۆخەدا بە پێویستی دەزانێت پشتیوانی مانەوەی هێزەکانی هەسەدە بکات.
ئەوەی جێگای سەرنجە تورکیا زۆر پێداگری لە دورخستنەوەی دەوری پەکەکە دەکات، بەڵام لە هەمانکاتدا ئامادەیە ئاسانکاری بۆ دەوری ئەنەکەسە بکات گەر شەڕی ناوخۆش ڕووبدات.
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین هەلومەرجی سیاسی سوریا بەدوای ڕوخانی ئەسەد لەنێو گێژاوێکدا سەری دەرهێناوە، کە ئایندەکەی لەبەردەم ململانێ و دەخالەتی ووڵاتانی ئیمپریالستی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکە بە ئیسرائیل و تورکیاوە ڕۆشن نیە چۆن یەکلایی دەبێتەوە، سوریا کەوتۆتە بەردەم چەندین گەمەو سەوداو مامەڵەو دەخالەتەکانەوە، کە ئەم دیدارەی بارزانی و عەبدی، بەشێکە لەو دۆخەی کە تورکیا و بارزانی دەیانەوێت یاری تیا بکەن و عەبدی و هێزە کوردیەکانی سوریا بخەنە ناو تەڵەی ئەو پلانەی بە بەرژەوەندی تورکیا تەواو دەبێت، هەرچەندە مەزلوم عەبدی دووپاتی کردۆتەوە کە “هێزەکانی هەسەدە بەنیازی هەڵوەشاندنەوەی خۆیان نین لە قۆناغی ئێستادا، هەر ڕێکەوتنێکیش لە ئەگەری ڕادەستکردنی کێڵگە نەوتیەکان بە ئیدارەی نوێی دیمەشق مەرجدار دەبێت، هاوکات ڕێکەوتن هەیە لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا سەبارەت بە بەستنەوەی دامودەزگاکانی خۆبەڕێوەبردن بە دامەزراوە ناوەندیەکانی دیمەشق، بۆ پاراستنی تایبەتمەندی ئەو دامەزراوانە بە شێوەیەک کە لەگەڵ تایبەتمەندیەکانی ناوچەکەدا بگونجێت “، بەڵام واقعیەتی دۆخی سیاسی سوریا ڕۆڵی یاریکەرانی ئێستای نێو مەیدانی سیاسی لە سوریا و ناوچەکە بەدەوری بارزانیشەوە کە غیابی هێزی چینی کرێکارو کۆمۆنستەکان و ئازادیخوازانە بەهیچ جۆرێک جێگای متمانە نیە کەچارەنوسی هێزە کوردەکانی سوریا لە کوێدا ڕادەوستن و دانیشتوانی ئەو ناوچانە چیان بەسەردێت.

عوسمانی حاجی مارف




پلانی ئیسرائیل لە سوریا.. عوسمانی حاجی مارف

سیاسەتی داگیرکاری، وێرانکاری، کوشتاری دەیان هەزار دانیشتوانی غەززە و لوبنان، ئاوارەبونی ملیۆنی، کارەسات و تراژیدیا، کە ئیسرائیل وەک پاڵەوانی مەیدانی جەنگ و ململانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە سەدەی بیست و یەکەمدا، لە پیادەکردنی کاری ئەوپەڕی دژی مرۆڤایەتی و دڕندانەدا دەرکەوت. لە هەمانکاتدا سیناریۆی سەرکەوتنێکی ئابڕوبەرانە و بێشەرمانەیان لە مێژووی بەشەریەتدا بۆ خۆیان تۆمارکرد.! هاوکاتیش نیشانەکانی ڕیسوابون و ئابڕوبەرانەی بێوێنەی ڕوخساری دیموکراتیزمی ڕۆژئاوا و ئەمریکایەکی لێدەرهات کە دەیان ساڵە لەژێر پەردەی ڕەشی دیموکراتیزمەکەیاندا دژایەتی یەکسانیخوازی و بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی دەکەن.
لە ئاکامی ئەو گورزانەی بەسەر پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا شکایەوە، ئەسەد کۆتایی هات و سوریا و ناوچەکە پێیان نایە دۆخێکی سیاسی تازەو جیاوازەوە، هاوکێشەی سیاسی ناوچەکە گۆڕدرا، دەرگای فرسەتی دەخالەتی زیاتر بۆ تورکیا کرایەوە، ململانێیەک لە مەیدانی شانۆی سیاسی ناوچەکەدایە، کە یاریەکە، بۆ داسەپاندنی پێگەو نفوزی سیاسی کەوتۆتە نێوان تورکیاو ئیسرائیلەوە، بەڵام ئەوەی شەڕ دەکەن یا ڕێکدەکەون، پرسیارێکە ئایندەیەکی ناڕۆشن نیشان ئەدات.
هاوکاتی ئەو دۆخە لە ناوچەکەدا، ئیسرائیل لە هەوڵی بەداوداچونە بۆ پیادەکردنی چەند پلانێکی پەیوەست بە پرسی سوریاوە، بەتایبەت لە ڕوبەڕوبونەوەی کاریگەریەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا، کە هاوکاتی هێرشەکانە بۆ ڕووخانی ئەسەد و دوای ڕووخانی ئەسەد، لەڕێگەی کوتلە چەکدارەکانی سوریاوە کە لە پێشەنگیاندا، هەیئەی تەحریری شام دەوری بینی. ئاشکرایە کە تورکیا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەریان هەبووە، بۆتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ تورکیا و ئیستاش لە پێگەیەکی باڵاترەوە بەردەوامی بە یاریە سیاسیەکانی ئەدات.
هەڵبەتە چوارچێوەی پلانەکانی ئیسرائیل، بریتین لە دامەزراندنی ناوچەکانی هێژمۆنیکردن و کۆنتڕۆڵکردن، بەدابینکردنی ئەوەی دۆخە کە لە ژێرکۆنترۆڵی دەسەڵاتی ئیسرائیلدا بێت، ئامادەکاری بۆ ئەگەری ڕوبەڕوبونەوە لەبەرامبەر ئەنقەرەدا دەکات، هەروەها لە هەوڵی پلانێکی نهێنیشە بە ئامانجی چەسپاندنی دابەشکردنی سوریا بەسەر چەند ناوچەیەکدا، یان جەختکردن و چەسپاندنی ئەو واقعیەتەی ئێستای سوریا کە بۆخۆی بە دابەشکراوی ماوەتەوە.
هەروەها سوپای ئیسرائیل، ئامادەیی خۆی دەپارێزێت بۆ دڵنیابون لەوەی هاوپەیمانەکانی ڕژێمی ئێستا لە سوریا نەتوانن موشەک بەرەو بەرزایەکانی جۆلان بتەقێنن، بەنیازن ئەو ناوچەیە دابمەزرێنن کە ناوی دەنێت “ناوچەی کۆنترۆڵ” لە ناوخۆی سوریا کە نزیکەی ٦٠ کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە، بۆ چاودێریکردن و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ئەگەری هەر هەڕەشەیەک، ئەمەش لە ئاکامی نەبوونی متمانەیە بە ئیدارەی ئێستای سوریا.
حکومەتی ئیسرائیل، بە ئیدعای ئەوەی کە تورکیا تەماحی فراوانبونی هەیە بۆ گەڕاندنەوەی نفوزی زیاتری خۆی لە ناوچەکەدا، لەهەمان کاتدا مەترسی پشتیوانیکردنی ئەو کوتلە سوریانەی کە هاوپەیمانی لەگەڵدا دەکەن، ئیسرائیل پێیوایە دەبێت پلانی خۆی بۆ ئەگەری ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ تورکیا و هاوپەیمانەکانی ئامادە بکات، چونکە تەماحەکانی دەخالەتی تورکیا لە ناوچەکەدا و ڕەقابەتی بەرامبەر ئێران بۆ زیاتر فراوانکردنی نفوزی، دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژیەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا.
ئەم پلانە سەرچاوەکەی ڕاپۆرتێکە کە لەلایەن “لیژنەی پشکنینی بودجەی ئاسایش و بنیاتنانی هێز”ەوە پێشکەش کراوە، کە لە ئیسرائیل بە “لیژنەی ناگل” ناسراوە، دوای ئەوەی سەرۆکی ئەو لیژنەیە یاکۆڤ ناگل، لە ڕاپۆرتێکدا پێشکەشی بنیامین ناتانیاهۆی کردوە، سەبارەت بە بودجەی بەرگری و ستراتیژی ئەمنی، بەپێی “ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست”.
لەلایەکی ترەوە پێشنیاری ئەوە هەیە کە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا ساڵانە تا ٤.١ ملیار دۆلار بۆ بودجەی بەرگری زیادبکرێت، بۆئەوەی دڵنیابن لەوەی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل توانای پێویستیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو تەحەددایانە دابین دەبێت لەبەرامبەر تورکیا و هەڕەشەکانی دیکەی ناوچەکە کە بەرەوڕوی دەبنەوە.
بۆ خۆئامادەکردن و ئەگەری ڕوبەڕوبونەوە لە بەرامبەر تورکیا، ئەم ڕێوشوێنانە پێشنیارکراون، لە بەدەست هێنانی زیاتری چەکی پێشکەوتو لە فڕۆکەی جەنگی ئێف 15، پڕکردنەوەی سووتەمەنی فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مانگی دەستکرد بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی هێرشی دوور، بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری ئاسمانی و سیستەمی بەرگری لەیزەری تازە و کارا…هتد.هەروەها، پاراستنی زیاتری ئاسایشی سنوورەکان، کە پێشنیاری دروستکردنی بەربەستێکی ئەمنی بەهێزکراوی کراوە بەدرێژایی دۆڵی ئوردن، کە نوێنەرایەتی گۆڕانکاریەکی گەورە دەکات لە ستراتیژی بەرگری ئیسرائیلدا.
لەلایەکی تریشەوە وەها دەوترێت، کە وەزیرانێکی ئیسرائیل لە کۆبونەوەیەکدا بۆ تاوتوێکردنی پلانە نهێنیەکان بۆ زیاتر دابەشکردنی سوریایە بەسەر ناوچە جیاکاندا، وەزیری بەرگری سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی بچووکی وەزاری کردووە ، کە تیایدا تیشک خراوەتە سەر دەستێوەردانی تورکیا لە سوریا، هەرەوەها نیگەرانیان سەبارەت بە مەبەستەکان و نەخشەی داهاتوی ئەحمەد شەرع لەسوریا و لەبەرامبەر ئیسرائیلدا.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە پێش گفتوگۆیەکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ ناتانیاهۆ بەڕێوەچوو، دەوترێت وەزیرەکان پلانێکی ئیسرائیلیشیان تاوتوێ کردوە کە بۆ یەکەمجار لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو لەلایەن “میدل ئیست ئایە”وە ئاشکراکراوە.
بەپێی ئەو پلانە، هەوڵئەدەن سوریا دابەشبێت بەسەر ناوچە جیاجیاکاندا، یان کانتۆنەکاندا، کە ڕۆژنامەی ئیسرائیل حەیۆم بە ڕێگەیەک بۆ پاراستنی ئاسایش و مافەکانی هەموو نەتەوەکانی سوریا وەسفیکردووە، لەنێویاندا دانیشتوانی دروز و کورد.
لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا، “ماڵپەڕی میدل ئیست ئای” لە زاری سەرچاوە ئەمنیەکانی ناوچەکەوە کە ئاگاداری ئەو پلانە بون و ڕایگەیاند، ڕووخانی حکومەتی ئەسەد، پلانێکی ئیسرائیلیە، کە لەو کاتەوە هەبووە بۆ دابەشکردنی سوریا بۆ سێ بلۆک، بە مەبەستی پچڕاندنی پەیوەندیەکانی سوریا لەگەڵ ئێران و حزبوڵلایە، بۆ پوچەڵ کردنەوەی پشتگیریان لە ئەسەد.
پێش ئەو ئاڵوگۆڕانە لە سوریا پێشبێت، ئیسرائیل بەنیازی ئەوە بوو پەیوەندی سەربازی و ستراتیجی لەگەڵ کورد لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و دروزەکان لە باشوور دروست بکات، بەمەش ئەسەد لە دەسەڵاتی دیمەشق لەژێر بودجە و کۆنترۆڵی ئیماراتیدا جێبهێڵێت.
هەروەها ئەمەش یارمەتیدەر دەبو بۆ سنوردارکردنی کاریگەریەکانی تورکیا لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا، کە قەڵایەکی بەهێزی هەیئەی تەحریر شام و ئەو کوتلانەن کە تورکیا پشتیوانیان لێدەکات، بەڵام هێرشە لە ناکاوەکەیان کەبووە هۆی ڕووخانی ئەسەد، ئیتر دەبێت ئیسرائیل بەدوای پلانی ترەوە بێت، هەڵبەتە ئەو جۆرە پلانانەی کە مایەی مەترسی زیاترە بۆ سەر ناسەقامگیری و گێژاوی سیاسی لە ناوچەکەدا.
بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی دەڵێت “ڕۆژئاوا بە ئەنقەست نابینایی هەڵدەبژێرێت و مامەڵە لەگەڵ مەترسیدارترین کەسایەتیەکانی جیهان دەکەن، هەروەها جیهانی عەرەبی دەوروبەرمان لە هەڕەشەکە تێدەگەن و ڕۆژئاواش ئاگادار دەکەنەوە، بەڵام ڕۆژئاوا ڕەتیدەکاتەوە ببینن و گوێبگرن.”
هەروەها ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیە، سەبارەت بە ئیدارەی نوێی سوریا ئەوەش دەڵێت کە “هیچ کەسێک ناتوانێت گەرەنتی ئەوە بکات کە لە کۆتایدا دژی ئیسرائیل نەوەستنەوە، چونکە ئەوانە کەسانێکی زۆر مەترسیدارن، بەتایبەتی ئەوە حاشا هەڵنەگرە کە ئەمریکا پێشتر “پاداشتێکی ١٠ ملیۆن دۆلاری بۆ سەری ئەحمەد شەرع دیاری کردبو، ئێستاش چاوپۆشی لێدەکات.
دۆخی سوریا و پلانەکانی ئیسرائیل و دەورودەخالەتی تورکیا و باڵادەستی ئەمریکا، بەجیا لەوەی ئاسۆیەکی ڕۆشن ناخاتە بەرچاو کە بەم نزیکانە ناوچەکە ناسەقامگیری سیاسی تێپەرێنێت، لە هەمان کاتدا پێشبینی دۆخێکی خراپ و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سوریا و شەڕی ناوچەیی، مەترسی زیاتر دەخاتە بەردەم چارەنوسی ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی ناوچەکەوە، کە لە بەرژەوەندی هێزە کوردیەکان نابێت گەر بگلێنە ناو یاری ئەو ململانێ و شەڕانەوە، بەتایبەتی گەر بکەونە ژێر کاریگەری پلانەکانی ئیسرائیلەوە.




ئەگەری هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی!.. عوسمانی حاجی مارف

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، کوتلە شیعەکانی عێراق دڵەڕاوکێ لەنێو ڕیزەکانیاندا زیادیکردوە، بەتایبەتی کەپرسی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، مشتومڕێکی بەرفراوانی لە گۆڕەپانی عێراقدا بەدوای خۆیدا هێناوە.لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکاریانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن گفتوگۆ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق دەستیپێکردووە، ئەمەش وەک بەشێک لە زنجیرەیەک داواکاریی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئەمریکا و ئیسرائیل.هەرچەندە تائێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی حکومەتی عێراق لەسەر ئەو پرسە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام ڕاوێژکارانی سودانی، هەندێک واقیعیەت بەو لێدوانانە دەدەن.
هێزەکانی حەشدی شەعبی لە کۆمەڵێک میلیشیا و فراکسیۆنەوە دامەزراون کە لەڕووی ئایدیۆلۆژی و مەزهەبیەوە پەیوەستن بە عەلی خامنەئیەوە، بوونەتە یەکێک لە کارتە فراوانخوازیەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، هەرچەندە بەناوی شەر لەبەرامبەر داعشدا بانگەوازی بۆ کرا، بەڵام هەر لەسەرەتادا بۆ ئەنجامدانی تیرۆر لە دژی خۆپیشاندەرانی ئۆکتۆبەر بەکارهێنران، هەروەها هێزێکە بۆ شەڕکردن لە بەرژەوەندی رۆڵی ئێران لە عێراق و ناوچەکەدا رێکخراوە.
بەشێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی عێراق، کە سەر بە ئێرانن، چەند ڕۆژێک پێش ڕووخانی ئەسەد داوا دەکەن پشتیوانی لە ئەسەد بکرێ، داوایان لە محەممەد شیاع سودانی کردووە کە هێزەکانی حکومەت بنێرێت بۆ سوریا بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ چوونە ژوورەوەی خۆیان لەڕێگەی هێزەکانی حکومەتەوە، بۆ پشتگیریکردن لە بەشار ئەسەد. بەڵام سودانی ڕازیکردون کە دەستێوەردان نەکەن و دەستبەجێ لە سووریا بکشێنەوە، بۆئەوەی عێراق نەکێشێرێتە ناو شەڕێکەوە، لەکاتێکدا کەڕوسیا دەسبەرداری ئەسەد بوەوە، ئێرانیش هیچی پێناکرێت، کە هەردوکیان روسیاو ئێران هاوپەیمانە متمانەپێکراوەکانی بەشار ئەسەد بوون.
دوای ڕووخانی ئەسەد، ئەگەری ئامادەکاری بۆ پیلانگێڕی گەورە هەیە لە بەرامبەر پێکهاتەی حکومەتی ئێستای عێراق و لە هەوڵی داڕمانی سیستمی سیاسی عێراقدا دەبن. هەروەها واشنتۆن داوای لە حکومەتی عێراق کردوە یەکینەکانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە، چەند ڕۆژێک دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، بلینکن رایگەیاند کە تەنها یەک داواکاریان هەیە ئەویش هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبیە و بەمشێوەیە ڕوبەڕوی کاریگەریی ئێران دەبنەوە لە سەر عێراق.
بلینکن، سودانی ئاگادارکردەوە کە ئیسرائیل بەتوندی بڕیاریداوە بۆ لێدان لە هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق، هەروەها واشنتۆن ئامادەیە هێزەکانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە بۆئەوەی عێراق نەکێشرێتە ناو ناوەندی ململانێکانی ئێستاوە. ئەمریکا لەسەر ئەم پرسە یەکلابۆتەوە، داوایان لە سودانی کردووە، کە فراکسیۆنە چەکدارەکان ئاگاداربکاتەوە تا هێزەکانی حەشدی شەعبی، جا بە ئیرادەی خۆیان بێت یان بە زۆر، دەبێت حەشدی شەعبی هەڵوەشێتەوە.
ئەمریکا ئەوەشی ڕاگەیاندوە کە نەتانیاهۆ بڕیاریداوە ئەو هێزە چەکدارە عێراقیانە بکاتە ئامانج، جا پێشئەوەی ترەمپ دەسەڵات بگرێتەدەست یان دوای ئەوە ئەو کارە هەر دەکات، بۆیە واشنتۆن نایەوێت عێراق وەک ناوەندێکی نوێی ململانێ ببینێت.! لەهەمانکاتدا بۆئەوەی دەستتێوەردانی تاران لە عێراقدا سنوردار بکرێت.
ئەم پرسە دوای زنجیرەیەک هەڕەشەی ئیسرائیل بۆ بۆردومانکردنی ئەو چەکدارە عێراقیانەی کە موشەکیان بەرەو ئیسرائیل هەڵدەدا، هاتە ئاراوە و لە مانگی تشرینی دووەمدا توانیان دوو سەربازی “ئیسرائیلی” لە جۆلان بکوژن. لەم بارەیەوە سودانی کەوتووەتە بەردەم سەرلێشێواویی و قەیرانێکی گەورەوە، بەوپێیەی نە خۆی و نە هیچ سەرۆکوەزیرانێکی تر ناتوانن بەرگەی دەرئەنجامەکانی ئەوە بگرن کە ئەگەر حکومەتی عێراق هێزەکانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە چی ڕوودەدات؟.
شایانی باسە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە جگە لە مالکی هیچ لێدوانێکیان سەبارەت بە پرسی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی نەداوە، مالیکیش دەڵێت بەهیچ جۆرێک حەشدی شەعبی هەڵناوەشێتەوە!، بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵ لەسەر ئەو بابەتە، سەرچاوە سیاسییە شیعەکان ڕایانگەیاندووە، لە کۆبونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، ئەم بابەتە باسکراوە، هەندێکیان بەهێمنی ڕێکەوتون لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی.!
هەندێک سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەن کە پێیانوایە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، عێراق لە هەر ململانێیەک دور دەخاتەوە، هەروەها دەرفەتێکە بۆ کەمکردنەوەی نفوزی ئێران لە وڵاتەکەدا، جگە لەوەش سەقامگیری عێراق لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دروست دەبێت.!؟ لەهەمانکاتدا بەشێک لە فراکسیۆنه چەکداره شیعەکان پشتیوانی لە مالکی دەکەن و ئەم بابەتی هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبیان قەبوڵ نیە، وەها قسەدەکەن کە مەحاڵه حەشدی شەعبی هەڵوەشێتەوە، نه بەفەرمانی واشنتۆن و نه به گوشاری نارەزایەتی جەماوەریش .
لەم بارەیەوە سودانی لە نێوان دوو هەڵبژاردنی تاڵدا گیری کردوە، لەبەرامبەر بریاری ئەمریکا، کە بۆ سودانی سەختە بتوانێ ئەو بریارە جێبەجێ بکات، هەروەها ناتوانێ لەبەرامبەر چوارچێوەی هەماهەنگی و ئێراندا بوەستێتەوە، چونکە هیچ حکومەتێکی عێراقی بەرگەی دەرئەنجامەکانی چوونە ناو ململانێ لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی ناگرێت .
جێگای سەرنجە کە ژمارەیەک سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی شیعەی عێراق دیارنەماون، بۆنمونە قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیب ئەهلی حەق ماوەیەکی زۆرە دەرنەکەوتووە، دەنگۆی ئەوە هەیە کە تیرۆر کرابێت، هەروەها ئەبو عەلا وەلایی سەرکردەیەکی دیار لە لیواکانی سەید ئەلشوهەدا، دیار نەماوە!.
هەرچەندە هیچ ڕاگەیاندن و بەیانامەیەکی فەرمی لەبارەی ئەم پرسەی هەڵوەشانەوەی حەشدەوە لەلایەن عێراق و ئەمریکاوە بۆ بەرزکردنەوەی متمانەی ئەم هەواڵە دەرنەچووە. بەڵام ئەوەی ئیعتباری ئەم هەواڵه زیاتر دەکات، ئەوەی دەیبینین کاردانەوەی سەیر هەیە له سەر ئاستی سەرکردەکانی لایەنە شیعەکان، کە دوای کۆتایی شەری حزوبوڵلای لوبنان و ئەو سیگناڵانەی سودانی دەیدات، شاهیدی دیارنەمانی سەرکردەکانی حەشدی شەعبین له میدیاکان و ئامادەنەبوونیانە لە کۆبوونەوەکاندا، کە راستی ئەو هەواڵە دەسەلمێنن.
بەوپێیەی عەلی سیستانی کە باڵاترین دەسەڵاتی شیعەیە لە عێراقدا، هەر خۆشی لە ساڵی ٢٠١٤دا فەتوای دامەزراندنی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەرکرد، لەم بارەیەوە هەوڵەکان ئاراستەی سیستانی کراوە بۆئەوەی ڕازی بکەن دەستور بدات بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، محەمەد ئەلحەسەن، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، دووجار سەردانی سیستانی کردوە، لە مانگی نۆڤەمبەر و دووبارە لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ دوای کەوتنی ئەسەد، تا سیستانی ڕازی بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، بەڵام تائێستا سیستانی وەڵامی ئەو پێشنیارەی نەداوەتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوە سیاسیە عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە، هەمووان چاوەڕێی دەستبەکاربونی دۆناڵد ترەمپن، سەبارەت بە داواکاری واشنتۆن بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی عێراق، تا بزانن چ بریارێک دەردەکات. پێشبینی دەکرێت ئیدارەی نوێی ئەمەریکا فشاری ئابووری و سەربازی بخاتە سەر عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، هەروەها قسە لەسەر ئەوەش دەکرێت کە ترەمپ هاوکاریە سەربازیەکانی ئەمریکا بۆ عێراق ڕادەگرێت، ئەگەر حکومەتی عێراق کێشەی حەشدی شەعبی چارەسەر نەکات.
باس لە بوونی ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی دەکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو کوتلە چەکدارانە و لەناوبردنی چەکەکانیان کە ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایان لە عێراق و ناوچەکەدا کردۆتە ئامانج.
ئیدارەی ئەمریکا بە دڵنیاییەوە ئەوە دەزانن کە سودانی ناتوانێت هێزەکانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە یان دەستوەردان لە کارەکانیان بکات. چونکە ئەم داوایە پێچەوانەی خواستی ئێرانە و دژایەتی خواستی ئەو لایەنانەیە کە پاشکۆی ئێرانن، دەبێتە شکستێکی گەورە بۆ ئێران و دەسەڵاتی شیعەکان لە عێراقدا.
کارێک کە سودانی دەتوانی بیکات کڕینی کات و هەوڵدانە بۆئەوەی وەک بێلایەنێک لە نێوان خواستی ئەمریکا و خواستی ئێراندا بوەستێت، میتۆدێکە کە هەموو سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە کاریان پێکردووە. بەڵام پێدەچێت ئەمجارە جیاواز بێت لە جارەکانی پێش سودانی، بەوپێیەی ئیدارەی ئەمریکا ئەمجارە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد جدیە لە نەهێشتنی میلیشیا عێراقیەکانی سەر بە ئێران، دەکرێ ئەمڕۆش نۆرەی میلیشیاکانە لە عێراق و پێیانوایە کاتێکی باشە بۆ ئەو کارە.!
بەڵام ئەوەی ئاشکرایە بڕیارێکی لەو چەشنە دەبێتە هۆی بوومەلەرزەیەک لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا، کە لە ئێستاوە پڕ لە کێشە و گرفتە، واتە چۆن هێزێکی چەکدار هەڵدەوەشێنریتەوە کە بە هاوتەریبی سوپا بە پارێزەری دەسەڵاتی شیعە دادەنرێت. هەروەها سەختە بۆ سیستانی بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات، لەبەر زۆر هۆکار؛ یەکەمیان تائیفییە، دووەم لەڕاستیدا بیرۆکەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی قەیرانێکی گەورە لەناو خودی حەشدی شەعبیدا دروست دەکات و کاریگەری لەسەر حکومەتی عێراق و هەڵبژاردنەکان و دۆخی سیاسی عێراق دادەنێت، لە هەمانکاتدا پاشەکشەیەکی زیاترە بە ئێران.
واتە دەورانێکی تر عێراق دەخاتە ناو گێژاوێکەوە کە هاوتا دەبێت لە گەڵ ئەو گۆرانگاریانەی دوای ئەسەد لەناوچەکەدا پێشدێت، بەدەورو دەستێوەردانی ئەمریکاو ئیسرائیل و تورکیا لە ناوچەکەدا، بەرەو گۆرانکاریەك کە ئایندەکەی چۆن یەکلایی دەبێتەوە لە ژێر پرسیاردا دەمێنێتەوە.




کاریگەری قەیرانی ئابوری ئێران لەسەر عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

تاران بەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕوی کردە بەغدا، بەجیا لەوەی بە ئامانجی دامەزراندنی پێگەو نفوزی سیاسی کۆماری ئیسلامی بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەهەمانکاتدا لەباری ئابوریەوە لە هەوڵی ئەوەدا بوو قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کە تووشی هاتبوو لە ئاکامی زنجیرەیەک سزاوە کە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە بەسەریدا سەپێندرابوو ، لە سەر دۆسیەی بە بارمتەکردنی دیپلۆماتکارە ئەمریکیەکان کە لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران، دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دەستبەسەر کرابون.

لەهەمانکاتدا ئەو سزایانە و جەنگی هەشت ساڵەی ئێران- عێراق و ناڕەزایەتی جەماوەری..، ئێرانی دەرگیری قەیرانی گەورەی ئابوری کردبوو، ئەم ڕوکردنەی کۆماری ئیسلامی بۆ بەغدا بەتایبەتی دوای ئەوەدێت کە گروپە نزیکەکانی ئێران دوای ڕوخانی حکومەتی سەدام گەیشتنە پۆستی سەرکردایەتی لە حکومەتی عێراقدا. هەرزوو ئێران ئەو هەلەی قۆستەوەو هەموو قورسایی بازرگانی خۆی ئاراستەی عێراق کرد، سنورەکانی عێراقی ئاوەڵاکردو بازاڕەکانی عێراقی پڕکرد لە بەرهەمە هەرزانەکانی خۆی.

تێوەگلانی ئێران لە شەڕێکی درێژخایەندا لەگەڵ عێراق زیانەکانی بە ٤٠٠ ملیار دۆلار مەزەندە کراوە، هەروەها ئەوسزایانەش کە بەپێی فەرمانی (١٢١٧٠)* لە ساڵی ١٩٧٩سەپێندراون بوونە هۆی ڕاگرتنی سامانی ئێران بە بەهای ١٢ ملیار دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە.

ئەوەی شایانی باسە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بەشێوەیەکی پچڕپچڕ سزا بەسەر ئێراندا سەپێنراوە، ئەمەش بەگوێرەی ئەو پێگەیەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا بەدەسەتی هێنابوو، کە ململانێ و مامەڵەی ئەمریکا و ووڵاتانی دەوروبەری پێدەکرد. لە هەمانکاتدا بەهۆی بەرنامە ئەتۆمیەکەی و پشتیوانیکردنی بۆ ئەو گروپانەی کە وەک تیرۆریست دەستنیشان کراون. دواین سزا لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە سەپێندرا، ئەوەش بەهۆی پاڵپشتیکردنی بوو بۆ ڕوسیا لە جەنگی دژ بە ئۆکرانیا.

بەردەوامی کارەکانی ئێران لەبارەی دۆسیە ئەتۆمیەکەی بووەهۆی زیادبوونی سزاکانی سەری، دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام، ئێران توانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە کە نفوزی خۆی لە عێراق دامەزرێنێت و هەوڵبدات بە شێک لە زیانەکانی قەرەبوکاتەوە، هەڵبەتە تێکچونی ئابوری ئێران بووە هۆی داڕمانێکی سەرسوڕهێنەری تمەنی ئێرانی، کە گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی، بەجۆرێک نرخی ئاڵوگۆڕی دراو گەیشتە هەشتا هەزار تمەن بۆ هەر دۆلارێک. ئەمەش لە بازاڕی ناوخۆیدا لەماوەی درێژخایەندا بووەهۆی هەڵاوسانی دارایی لە ئەنجامی بەرزبونەوەی بەردەوامی نرخی کاڵا و خزمەتگوزاریەکان، هەروەها کاردانەوەی کۆمەڵایەتی بەهۆی تێکچوونی ئابووریەوە هەبووە، دیارترینیان بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و نەداری و هەژاریە لە ناوخۆی ئێراندا، هەروەها ئەم دۆخە بووە هۆکاری بڵاوبونەوەو بەرزبوونەوەی ڕێژەی گەندەڵی.

ئەم گەمارۆیانە ئێرانیان ناچارکردوە کەڕێگا نایاساییەکان بگرێتەبەر بۆ ڕزگاربون لەو قەیرانەی دەرگیری بووە، پەنای بۆ پێکهێنانی چەندین قەوارە و کۆمپانیای خەیاڵی لە عێراقدا بردووە، بڕێکی زۆر دۆلاری لە ڕێگەی بەشێک لە بانکەکان و بانکی ناوەندی عێراقەوە بۆ ئێران گواستۆتەوە، لەم بارەیەوە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٣دا فشاری خستووەتەسەر بانکی ناوەندی عێراق بۆ توندکردنەوەی ڕێکارەکان لەگەڵ ئەو بانکانەی کە پارەی ئەو قەوارانەیان دابینکردووە.

تاران بۆ ساڵی ٢٠٢٤ باسی لە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران بە ٢٠ملیار دۆلار مەزەندە کردوە. ئەو جۆرە ئاڵوگۆڕە بازرگانیە کێشەی بۆ عێراق دروستکردوە، چونکە ئێران فرۆشتن بە تمەن و دیناری عێراقی قبوڵ ناکات و بەدۆلار مامەڵە دەکات، دەیەوێت بەدۆلار بازرگانی دەرەکی خۆی بەڕێوەببات، پاڵ بە بازرگانانەوە دەنێت کە پەنا بۆ بازاڕی ڕەش ببەن بۆ دەستەبەرکردنی دۆلار.

پڕۆسەی گەیاندنی دۆلار بۆ بازرگانانی ئێرانی لە عێراقەوە پاڵی بە بازرگانەکانەوە ناوە بۆ بەکارهێنانی شێوازی نایاسایی وەک “ئۆپەراسیۆنی قاچاخچێتی و شێوازی نافەرمی”، بەتایبەتی کە نزیکەی ٢٠ دەروازە لە نێوان عێراق و ئێراندا هەیە، کە هەندێکیان لە ژێر چاودێری حکومەتدا نین، ئێران هەناردەی غەیرە نەوتی بۆ عێراق زیاد کردووە و بە سوودوەرگرتن لەو سنورەی کە درێژدەبێتەوە بۆ زیاتر لە ١٢٠٠ کم.

ئۆپەراسیۆنی قاچاخچێتی بە هەموو جۆرەکانیەوە وە قاچاخچێتی بە دۆلار لە ڕێگەی دەروازە نافەرمیەکانەوە بەردەوامە، سەرەڕای ئەو هەوڵە زۆرانەی کەدەسەڵاتدارانی عێراق داویانە بۆ کۆنترۆڵکردنی قاچاخ بە دۆلار، بەڵام تائێستا کۆنترۆڵ نەکراوە.

پەیوەندینەگرتنی عێراق بە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی و کۆنترۆڵ نەکردنی سنورەکان وایکردووە ببێتە ئامانجێکی ئاسان بۆ کۆمپانیا ئێرانیەکان تا بێسانسۆر وەبەرهێنان بکەن، هەروەها بازاڕەکانی عێراقیان بە بەرهەمەکانیان پڕکردوە، لەهەمانکاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق نەتوانێ بەرگری لە بەرهەمە ناوخۆییەکانی بکات بۆ وەستانەوە بەرامبەر وڵاتانی دەرەوەدا.

دابینکردنی غاز بۆ عێراق بۆ بەرهەمهێنانی ٨٠٠ مێگاوات کارەبا ئەمە پرۆسەیەکە بڕێکی زۆری دراوی قورس “عملە صعبە” بۆ تاران دابین کردووە، ئێران سوودمەند بووە لە “بازرگانی بازاڕی ڕەش” وەک سەرچاوەیەکی دیکە بۆ دەستکەوتنی دراوی قورس، سەرەڕای فشارخستنە سەر حکومەتی عێراق بۆ بەقاچاخ بردنی پارە بۆ دەرەوەی وڵات. هەروەها ئێران توانی بازاڕی کاری عێراقی بقۆزێتەوە بۆ بەدەستهێنانی دراوی قورس، بە دابینکردنی ناردنی هەزاران کرێکاری ئێرانی بۆ عێراق، لە ڕێگەی فەرمی و نافەرمیەوە.

لەهەمانکاتدا ئێران پەنای بۆ بازرگانی چەکیش بردووە بۆ دەستەبەرکردنی دراوی قورس، لەگەڵ ئامادەبوونی گروپە چەکدارە دڵسۆزەکانی خۆی کە لە عێراق، یەمەن، سوریا و لوبنانن، هەروەها مامەڵەی لەگەڵ ڕووسیاش کردووە، کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ دابین کردوەو بەملیۆنان دۆلار سودی لێوەرگرتوە.

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە بەجیا لەوەی قەیرانی ئابوری ئێران کاریگەری لەسەر عێراق داناوە، لەلایەک لەباری ئابوریەوە بەجۆرێک لەڕێگەی باڵادەستی سیاسی بەسەر پێکهاتەی حکومەتی عێراقدا، جگە لە پاشکۆکردنی حکومەتەکان بۆ ژێر هێژمونی کۆماری ئیسلامی توانیویەتی بازاڕێکی کراوە دابین بکات، لەلایەکی ترەوە پێگەیەکی نفوزی سەربازی و سیاسی لە هێزەکانی حەشدی شەعبی دامەزراندوەو کاریگەری زۆری لەسەر ناجێگیری دۆخی ئابوری و سیاسی و نەبونی ئاسایش لەسەر عێراق داناوە.

دەتوانین بڵێین لە ساڵی ٢٠٠٣وە عێراق بۆتە مەیدانێک بۆ ئێران توانیویەتی وەک قەڵغانێک لەبەرامبەر قەیرانە ئابوری و سیاسیەکانیدا بەکاری بهێنێت، لەهەمانکاتدا جێگاو پێگەیەک بۆخۆی و بۆ ململانێ لە بەرامبەر ڕەقیبەکانیدا  پەیدابکات، لەهەمانکاتدا وەک بەرەیەکی پێشەوەی هێرشی شەڕ بەکاری بهێنێت، هەر بۆیە توانیویەتی ڕۆڵی سەرەکی لە دۆخی نائارامی عێراقدا هەبێت.

ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی بەدوای ڕوخانی ئەسەد، کۆماری ئیسلامی ئێرانی تەواو خستە بەردەم دوڕیانێکی ترەوە لە پاشەکشەی ئەو پێگەو نفوزەی بەکاری دەهێنا، بەتایبەتی لەدەستدانی ئەو هێژمونی و نفوزەی لە ناوچەکەدا بەدەستی هێنابوو، کە ئێرانی خستۆتە دەورانێکەوە ئەگەری ئەوەی لەبەردەمدایە، عێراقیش لە نێو ئەو ململانێ و بارگرژیانەدا لەدەست بدات، ئەمەش حاڵەتێکی نەگونجاوتر بۆ باری زیادبونی قەیرانی ئابوری و سیاسی بۆ ئێران دێنێتە پێشەوە، ئەگەری لەدەستدانی عێراقیکیش کە چەندین ساڵە قەیرانەکانی پێ پینەدەکات ، بەتایبەتی لە ئەگەری جێکەوتنی پرۆژە ئابوری و سیاسیەکانی تورکیا کەخەریکە لە عێرقدا جێگای ئێران دەگرێتەوە، پێدەچێت لە دۆخێکی وەهادا کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەوێتە بەردەم قەیرانێکی بنبەست و سەخترەوە!.

—————————–

*چەند وڵاتێک کۆمەڵێک سزایان بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بەتایبەتی ئەمریکا و قەوارە نێودەوڵەتیەکان. ئەمریکا یەکەم سزای خۆی بەسەر ئێراندا سەپاند لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٩ دوای ئەوەی کۆمەڵێک خوێندکار دەستیان بەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران گرت. ئەو سزایانەی کە بەپێی فەرمانی جێبەجێکاری ١٢١٧٠ سەپێندراون بریتی بوون لە بەستنی نزیکەی ١٢ ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی ئێران، لەوانەش پارەی بانکی و زێڕ و موڵک و ماڵی دیکە و سەپاندنی گەمارۆی ئابووری. ئەم سزایانە لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٨١ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی جەزائیر هەڵگیرا کە تێیدا ئەمریکا موزایەدەی ئازادکردنی بارمتەکانی کرد.

ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨٧ لە سەردەمی ڕۆناڵد ڕیگان خولی دووەمی سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە بەهۆی کردەوەکانی ئێران لە ساڵانی ١٩٨١-١٩٨٧ لە دژی ئەمریکا و دەوڵەتانی کەنداو، هەروەها پشتیوانیەکانی لە تیرۆر. ئەم سزایانە لە ساڵی ١٩٩٥ توندتر کران بۆ ئەوەی ئەو دامەزراوانەش بگرێتەوە کە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی ئێران دەکەن.




ڕوداوەکان و ئایندەی سوریا.. عوسمانی حاجی مارف

ئایا سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی سوریا، تورکیا وەک گەورەترین براوە لە گۆڕەپانەکەدا جێگیر دەکات؟

لەگەڵ کۆتایی ڕژێمی ئەسەد، تورکیا هەوڵئەدات ببێتە یەکێک لە گەورەترین سودمەند لە سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆنی چەکدارانی ئیسلامی سونەی سوریا، بە لەبەرچاوگرتنی نیازو نەخشەکانی لە ناوچەکەدا کە بریتین لە لاوازکردنی زیاتری پێگەی ئێران و فراوانکردنەوەی نفوزی خۆی لە ناوچەکەدا، دەستەبەرکردنی سنوورەکانی و لێدان لە ئیدارەی کوردەکان و چارەسەرکردنی پرسی پەنابەران، ئەمەش لەژێر ڕۆشنایی گۆڕانکاریە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکاندا بەدواداچونی بۆ دەکات.
هاکان فیدان ڕایگەیاند، ئەو سەردەمە ناسەقامگیریەی کە سوریا بۆ ماوەی ١٤ ساڵ بەسەریدا هاتبوو، کۆتایی پێهات، ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی کە ئەنقەرە بەنیازە لەگەڵ ئیدارەی نوێ کاربکات بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی قۆناغی ڕاگوزەر، بە پشتیوانیکردن لە دامەزراندنی حکومەتێک کە هەیئەی تەحریری شام بەڕێوەی بەرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا لە نزیکەوە چاودێری جموجۆڵەکانی داعش و پەکەکە لە سوریا دەکات، تا دڵنیابن لەوەی مەترسیان لەسەر تورکیا نیە.
تورکیا لەم ماوەیەدا بەشێوەیەکی سەرەکی سەرنجی لەسەر دوو بابەتی گرنگە؛ ڕوبەڕوبوونەوەی هەڕەشەی پەکەکە و یەپەگە، لەهەمانکاتدا چارەسەرکردنی پرسی ناردنەوەی پەنابەرانی سوری لە تورکیا.
ئەوەی شایانی باسە پەنابەران وردەوردە دەستیانکردوە بە گەڕانەوە بۆ سوریا. هاوکات چانسی مانەوەی ڕێکخراوە چەکدارەکان لە سوریا ناڕۆشنە، ئەمەش گوزارشت لە سەرکەوتنی گەورەی سیاسەتەکانی تورکیا دەکات لەو چوارچێوەیەدا. هەروەها دابەزینی نفوزی ئێران لە ناوچەکەدا، دەرفەتێکی ستراتیژیە بۆ تورکیا کە زەمینەسازی بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی خۆی لە ناوچەکەدا زیاتر دابین بکات، ئەمەش ڕێگە خۆشدەکات کە تورکیا دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لە دامەزراندنی ڕژێمێکی نوێ لە سوریا بکات، کە کاریگەری ئەنقەرە دەتوانێت بەشێوەیەکی بێوێنە فراوان بێت، واتە تورکیا لەقۆناغی داهاتودا دەبێتە یاریزانێکی بەتوانا لەژێرڕۆشنایی گۆڕانکاریە خێراکانی سوریا و ناوچەکەدا.
تورکیا بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی نەک تەنها لەڕێگەی ستراتیژیە سەربازیەکانیەوە، بەڵکو لەهەمانکاتدا بە پاڵپشتیکردن بۆ دامەزراندنی حکومەتێک لەسوریا کە زیاتر سودمەند بێت بۆ تورکیا، ئەویش بە دەوری دەسەڵاتی هەیئەی تەحریری شام و ئەگەری بەرەوپێشبردنی سەقامگیری درێژخایەن لەڕێگەی ئەو دەسەڵاتەوە.
تورکیا قبوڵ ناکات پەکەکە لە باکووری سوریا وەک هێزێکی هەمیشەیی بمێنێتەوە، ئەم پرسە بەجۆرێک بەبنەمایەکی بنەڕەتی دادەنێت کە دانوستانی لەسەر ناکات. واپێدەچێت لەم بارەیەوە بۆ ئەنقەرە هەڵوێستی ئەمریکا گرنگیەکی ئەوتۆی نەبێت، چونکە تورکیا پێیوایە بوونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کاتیەو، درەنگ یان زوو کۆتایی دێت، یان ڕێکەوتنی لەگەڵدا دەکات کە بە شێوەیەک کۆتایی بە ئیدارەی کوردەکان بهێنن.
ئەسەد ووڵاتێکی دابەشکراوی لەدوای خۆی بەجێهێشت و ناسەقامگیری سوریا بۆتە واقعیەتێک و تەحەدایەک بۆ ئۆپۆزسیۆن و دانیشتوانی سوریا، کە چۆن ئەتوانن حکومەتێکی ناوەندی کە بتوانێ سوریا لەو گێژاوە بپارێزێت، دامەزرێنن؟ تائێستا هیچ ڕۆشناییەک لەوبارەیەوە بەدی ناکرێت. داڕمانی ڕژێمی ئەسەد لە گەمەی سیاسی ناوچەکەدا، تەنیا ماوەیەکی کەمی تێپەڕاندوە، بۆیە ئەستەمە بەدڵنیاییەوە بتوانین، لەم دۆخەدا بڵێین چ دەرئەنجامێک بەبێ بونی هێزی چینی کرێکار و ئازادیخوازان لە مەیدانی سیاسیدا، ئەتوانرێت سەقامگیری لە سوریا بەدەست بهێنرێت.
ئەندامانی گروپی ئیسلامی هەیئەی تەحریری شام کە تورکیا پشتیوانی لێکردن، سەرکردایەتی بەشێکی زۆری دەستکەوتەکانی ئۆپۆزسیۆنیان کرد لە سوریا و لەبەرامبەر سوپاکەی ئەسەدا شەڕیان کرد، تورکیا بەدرێژایی شەڕی ناوخۆی سوریا ڕۆڵی سەرەکی دیوە، لەپارچەپارچەبونی ناوخۆیی سوریا و ئۆپۆزسیۆنەکەی، کە توانای هێنانەدی سەقامگیری بۆ سوریا سەخت کردووە.
ویست و توانای هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرجوازی بۆ پاراستنی یەکگرتویی لە گواستنەوە بۆ دەورانی سوریای دوای ئەسەد لەژێر پرسیاردایە و پرۆسەیەکی سەخت نیشان ئەدات، بۆیە شەڕی ناوخۆش ئەگەرێکە، چونکە زۆرێک لە کوتلە ئۆپۆزسیۆنەکانی بۆرجوازی سوریا بەهۆی جیاوازی بەرژەوەندی سیاسی و بەرژەوەندیەکانی پشتیوانانی دەرەکیەوە، دابەشبوون، ئەمەش جارێ هەروا دەمێنێتەوە، واتە سەرەڕای سەرکەوتنی ئێستایان لە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەسەد، ئاشکرایە کە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بە ئاستی هاوسەنگی هێزیان و چۆنیەتی ئەو پشتیوانیەی دەیانپارێزێت لەم دۆخە ڕاگوزەرەی سوریادا، ئەتوانرێت پێگەوڕۆڵیان لە ئایندەی سوریادا دیاری بکرێت.
هەرچەندە ئۆپۆزسیۆن بەسەرکردایەتی هەیئەی تەحریری شام کۆنترۆڵی دیمەشق و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای سوریایان کرد، بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە دێتەپێشەوە، ئایا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی باقی ناوچەکانی ئەو وڵاتە ئەدەن؟ یان دەتوانن ئەنجامی بدەن؟ ئەگەر وابێت، ئایا دەتوانن لە درێژخایاندا پارێزگاری لێبکەن؟ ئەزموونی ئیسلامی و جیهادیەکانی پێشوو لە ناوچەکەدا، لەڕووخانی خەلافەتی داعشەوە تا دەگاتە شکستی ئیخوان موسلمین لە میسر، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە چەسپاندنی کۆنترۆڵ ڕەنگە کارێکی قورس بێت بۆیان.
بەدرێژایی شەڕی ناوخۆی سوریا، ئێران، ئەمریکا، ڕوسیا و تورکیا ڕۆڵی سەرەکیان بووە لە درێژەدان بەو دۆخە، بەڵام دوایین هێرشی ئۆپۆزسیۆن لەکاتێکدا بوو کە سێ هاوپەیمانی سەرەکی ئەسەد، کە ڕوسیا، ئێران و حزبوڵای لوبنانن، نەیانتوانی پارێزەری ئەسەد بن. لەهەمانکاتدا کۆتایی ئەسەد زیانی گەورەی گەیاند بە نەخش و بەرژەوەندیەکانی هەرسێ لایان لە ناوچەکەدا.
گرنگیدانی ڕوسیا بە ئۆکرانیا و پاشەکشەی ئێران بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، توانای پاڵپشتی بەهێزی بۆ ئەسەد نەهێشتەوە، هاوکات حزبوڵڵاش توانای ناردنی هێزە چەکدارەکانی نەبو وەک ئەوەی پێشتر دەیکرد. لە ٢ ی کانونی یەکەمدا، لەگەڵ جوڵەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، ڕوسیا دەستیکرد بە کشانەوەی کەرەستە دەریاییەکانی خۆی لە بنکە ستراتیژیەکەی لە دەریای ناوەڕاست لە تەرتوسی سوریا، ئەم وەرچەرخانە لە پاڵپشتی ڕوسیا بەرامبەر سوریا، توانای ئەسەدی تەواو داڕمان و ناچار بە هەڵاتن کرا.
گومانی تێدا نیە کە ئەمریکا پێشوازی لەم دابەزینەی نفوزی ڕوسیا و ئێران لە سوریا کرد، بەڵام لەلایەکی ترەوە پێشوازی لە سیناریۆی “سەرکەوتنی کارەساتێک” کرد، کە تێیدا ڕێکخراوێکی ئیسلامی دڕندەی پاشماوەی قاعیدە جێگەی ئەسەد دەگرێتەوە، لەکاتێکدا خودی ئەمریکا و زۆرێک لەووڵاتانی ڕۆژئاوا ئەو ڕێکخراوەیان بە “تیرۆریست” ناساندووە.
ئەو ڕاستیەی کە گرووپە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆن، دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەدا گرت، کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا بون، ئاماژەیە بۆ ڕاستیەکی چارەنوسساز کە سوریا بە دیفاکتۆ دابەشبووە، ئاراستەی پێکهێنانی حکومەتێک کە هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی بۆرجوازی سوریا بەشداری تیا بکەن، ناتوانێ نمونەیەکی سەرکەوتو نیشان بدات، زیاتر ئەوە پێشبینی دەکرێت ئەحمەد شەرع سەرکردەی هەیئەئ تەحریر باڵادەستی لە مەیدانی سیاسی سوریادا بکات و ئایندەیەکی ئاڵۆزو ناڕۆشن بکاتە چارەنوسی سوریا.
بەگشتی داهاتووی سوریا تا ئێستا ناڕون و نادیار ماوەتەوە، چەندین سیناریۆ ئەگەری ڕودانی هەیە لە داهاتودا، دەکرێت ململانێی دەسەڵات لەنێوان ئەو کوتلە جیاوازانەی کە لە سوریا کاردەکەن، سەرهەڵبدات، یان هێزێکی یەکگرتوتر کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەیئەی تەحریر شام سەرۆکایەتی دەکات، دەسەڵات بگرێتە دەست. لە هەر حاڵەتێکدا پێدەچێت سوریا بە لاوازی بمێنێتەوە و لە کێشەو ململانێ ناوخۆییەکاندا نوقم بێت، ئەگەری ئەوە هەیە کە دیاردەکانی بەم زوانە دەرکەون، هەروەها گۆڕەپانێکی کراوە دەبێت بۆ دەستێوەردانی دەرەکی، ئەمەش دەبێتە هۆی زیاترکردنی ئەو تەحەددایانەی کەڕووبەڕووی هەوڵەکان دەبنەوە بۆ بەدیهێنانی بوژانەوە و دامەزراندنی سەقامگیری لە وڵاتەکەدا.
هەروەها ئەم گۆڕانکاریانە دەرفەتێکی بۆ بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی کردۆتەوە کە لە گۆڕەپانی سیاسی سوریادا دەوریان هەبێت، هەرچەندە قەبارە و فۆرمی ئەم ڕۆڵە هێشتا دیاری ناکرێت و ئەحمەد شەرع وەک شێوەی ڕێکخراوێکی پراگماتیز و پێگەیشتووتر و قبوڵکەرتری گرتۆتە بەر، بەڵام لەئاستی سەرکردایەتی هەیئەی تەحریری شامدا، لەبنەڕەتدا، داوای سیستەمێکی بەدیل لە حکومەت دەکات کەڕەگ و ڕیشەی لە ئیسلامدا هەبێت. لە سایەی هەمان ئەو پشتیوانیە گەورەیەی تورکیا و قەتەر کە پشتیوانی ئیسلامی سیاسی دەکەن.
لەگەڵ ئەوەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سوریا پێگەی ئێرانی لاوازکرد، لەهەمانکاتدا پێگەی تورکیای وەک میحوەرێکی سەرەکی لە ناوچەکە بەهێزتر کردووە، تورکیا ئامادەیە هەر هەنگاوێک بە پێویست بزانێت، لەوانە بەکارهێنانی هێزی سەربازی، ئەگەر هەست بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ لاواز کردنی پێگەی بکات لە ناوچەکەدا، لەهەمانکاتدا پشتیوانی ئەو لایەنە دەکات لە دەسەڵاتی سیاسی لە سوریا کە هاوئاهەنگی لەگەڵ تورکیادا دەکەن.
لەلایەکی ترەوە ئەوەی گرنگە سەرنجمان لەسەری بێت پێگەی ئیسرائیلە لە ناوچەکەدا، بەجۆرێک چۆتەپێشەوە دوای وێرانکردنی غەززەو باشوری لوبنان، بە کەوتنی ئەسەدیش دۆخەکەی زیاتر بۆ ئاواڵەبووە، گومانی تیا نیە پێگەی ئێستای ئیسرائیل کاریگەری لەسەر ئایندەی پێکهێنانی حکومەت لە سوریا دەبێت، ئەحمەد شەرع بەهەر ڕەخنەیەک لەسەری بێت، وەک لایەنێکی ئیسلامی دژ بە “ئیسرائیل” ، ناتوانێت بچێتە مەیدانی شەڕو ململانێی ئیسرائیلەوە، ناچارە بەشاردنەوەو ڕاگرتنی ئەو دژایەتیە، ئەمەش لە دنیای چواردەوری بزوتنەوەی ئیسلامیدا بۆی دەبێتە خاڵێکی جیاوازو لاواز.
هەروەها ئێران باش ئاگاداری ئەو گۆڕانکاریانەیە کە لە گۆڕەپانی ناوچەکەدا ڕوویانداوەو بە زیانێکی گەورە بۆی تەواو بووە، ڕەنگە هەوڵبدات بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنقەرە سیاسەتەکانی خۆی دابڕێژێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی بەدیهێنانی بەرژەوەندیەکانی، بەتایبەتی لەڕێگەی نفوزی خۆی لە عێراقدا. ئەمەش تاچەند جێگای پێشوازی تورکیا دەبێت؟ بەتایبەتی کە تورکیا لە هەوڵی باڵادەستی زیاتری خۆی دەبێت لە ناوچەکەدا، بۆیە ئەنجامی هەوڵی ئێران جێگای پرسیارە.
لەم نێوەدا ڕوسیا بە پشتبەستن بە ئامادەبوونی سەربازی و بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانی لە دەریای ناوەڕاست، هەوڵ دەدات لەڕێگەی پتەوکردنی هاوکاری و دیالۆگ لەگەڵ تورکیا، هەوڵی پاراستنی نفوزی خۆی لە سوریا بداتەوە.!
ئەتوانین بڵێین لەم جەنجاڵی و دۆخە ئاڵۆزەی سوریادا جگە لەوەی ناتوانرێت ئایندەیەکی دیاریکراو بۆ سوریا دیاری بکرێت، لەهەمان کاتدا سوریا و ناوچەکە لەسایەی ململانێ و دەخالەتی جەمسەرە ئیمپریالیەکان بە ئاسانی نایەتەدەرەوە، بەتایبەتی کە ئەمریکاو ئیسرائیل گرەوێکیان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بردۆتەوەو هاوکێشەی سیاسی بە قازانجیان گۆڕدراوە، فرسەتی زیاتر هاتۆتە بەردەستیان کە دەخالەتی زیاتر لە ناوچەکەدا بکەن.
کۆتایی ئەم دۆخە دژوارو پرکارەساتەی سوریا و ناوچەکە کارێکی سادە و چاوەڕوانکراو نیە مەگەر ئەوەی شۆرشێکی کۆمەڵایەتی و جەماوەری بەرفراوان لە ناوچەکەدا بەرپا ببێت، کە ئەم هەلومەرجە بە قازانجی تەواوی دانیشتوانی ناوچەکە بگۆرێت.




ئایا حکومەتی هەرێم پێکدێت؟.. عوسمانی حاجی مارف

ڕێگای پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، “کابینەی دەیەم”، درێژ و دڕکاوی و ئاڵۆزە، دوای ئەوەی هەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی کوردستان، کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئەنجامدرا، ئەنجامێکی دا بەدەستەوە کە ڕێژەی یاسایی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت لەلایەن هەر لایەنێکەوە بە تەنیا، بووەتە حاڵەتێکی نەگونجاو، تا بتوانن بەبێ دواکەوتن حکومەت پێکبهێنن.
بارزانی کە ٣٩ کورسی لە کۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەدەستهێناوەو بەزۆرینە ئەژماری دەکات، ئیتر بەناوی ئەوەی زۆرینەیە، وامامەڵە دەکات کە مافی خۆیەتی پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەژێر دەستی خۆیدا بمێنێتەوە، هەروەها پۆستە لاوەکیەکان بەسەر لایەنە براوەکانی تردا دابەشبکات.
لەڕاستیدا واقعی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە سێ دەیەیە دەسەڵاتی بنەماڵەو میلیشیایە، ئاماژەیە بۆئەوەی حکومەتی هەرێم بەبێ ڕێکەوتنی هەردوو لایەنی سەرەکی کە بارزانی و تاڵەبانیە، ئەگەری پێێکهێنانی حکومەت ئەستەمە، بۆیە هەرێم بە واقعێکی تاڵ و دژوار پێناسە دەکرێت.
ناکۆکی و داواکاری هەردوولایەنی سەرەکی لەسەر هاوبەشی پۆست و پێکهێنانی حکومەت، سەقامگیری و کۆتاییەکی دیاریکراوی نیەو هەمیشە دەکەوێتە بەر چارەنوسێکی ناچاریەوە، کە هەمیشە لەدەرەوەی خواست و ویست و ئیرادەی خەڵکەوە ڕێکدەخرێت.
لەبەر ڕۆشنایی سەقفی بەرزی داخوازیەکانی تاڵەبانی پێدەچێت ئەمجارە ڕێکەوتنەکانی بارزانی و تاڵەبانی ئاسان نەبێت، چونکە لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، یەکێتی کە ٢٣ کورسی بەدەستهێناوە، سەقفی داواکاریەکانی پێشووی، کە بریتی بوو لە سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگری سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لە حکومەتی پێشوودا، بەرزکردۆتەوە بۆ ئەو ئاستەی داوای پۆستی سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکومەتی هەرێم بکات لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، یان پۆستە سیادیەکان بە خول لەگەڵ پارتی بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ هەر لایەکیان بێت، ئەمەش داوایەکی گران و سەختە لەسەر بارزانی.
زۆربەی ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کورسیان بەدەست هێناوە، جگە لە یەکێتی و پارتی، ڕایانگەیاندووە کە نایانەوێت بەشداری حکومەت بکەن. هاوسەنگی هێز لەم هەڵبژاردنانەدا گۆڕاوە، هیچ براوەیەکی ڕەها نیە کە بتوانێت حکومەت بەتەنیا پێکبهێنێت، هەروەها دۆخی پڕگێژاوی سیاسی ناوچەکەش حاڵەتێکی چاوەڕوانی داوە بە بارزانی و تاڵەبانی تا ئەوەی بتوانن بەڕۆشنی دیاری بکەن کە پێکهاتەی حکومەتەکەیان چۆن بێت.؟
دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لەوانەیە هەرێم بخاتە دۆخێکی سەختی یاسایی نوێوە، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان پەنا بۆ دادگای فیدراڵی ببەن بۆ فشارکردن بەرەو پێکهێنانی حکومەت، یان هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ئەم حاڵەتەش فشارێک دەبێت لەسەر بارزانی و تاڵەبانی.
هەرچەندە ئەم هەرێمە زیاتر لە دوو دەیەیە کە بە فەرمی لەلایەن عێراقەوە بەهرەمەند بووە لە پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمان، بەڵام لەتەواوی ئەو ماوەیەدا واقعێکی تر دەبینین کە هەرێم بەسەر دوو بواری نفوزدا دابەشبووە، بارزانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکی کۆنتڕۆڵکردوە، تاڵەبانی کۆنتڕۆڵی سلێمانی و هەڵەبجەی کردوە، هەر حزبێکیان هێزی ئەمنی و سەربازی تایبەتی هەیە، داهاتی ناوخۆی پارێزگاکان و دەروازە سنووریەکان کۆنترۆڵ دەکەن و بڕیاردەرن تێیدا.
ئەم هەڵبژاردنە دیمەنێکی سیاسی ئاڵۆزی دەرخست، بەوپێیەی هیچ کام لە دوو لایەنی سەرەکی، بارزانی و تاڵەبانی نەیانتوانی زۆرینەی ڕەها بەدەست بهێنێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەرچەندە بارزانی ئەمجارەش بەجۆرێک لە لوتکەدا هاتە دەرەوە، بەڵام بەوەی زۆرینەی رەهای بەدەست نەهێنا، فرسەتی بە تاڵەبانی داوە بۆ هاوبەشی لە پێکهێنانی حکومەتدا کە بە ئاسانی خۆی نەدا بەدەستەوە و خواستێکی بەرزتر دەکاتە مەرجی دانیشتنەکانیان و بە مەرجەوە لە پێکهێنانی حکومەتدا لەگەڵ بارزانی دەمێنێتەوە. هەرچەندە لایەنی تر وەک نەوەی نوێ ١٥کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام لە ئێستادا کاریگەریان لەسەر پێکهێنانی حکومەت تەواو سنووردار دەردەکەوێت.
بارزانی لە دروستکردنی هاوپەیمانی فراواندا، بەتایبەت لەژێر ڕۆشنایی ڕەتکردنەوەی زۆربەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، بۆ بەشداریکردن لە هەر حکومەتێک کە بارزانی و تاڵەبانی سەرکردایەتی بکەن، ڕووبەڕووی ئاستەنگیەکی گەورە دەبێتەوە. هەر لەم ئاراستەیەوە تاڵەبانی هەوڵدەدات ئەو هەلومەرجە بقۆزێتەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە دانیشتنەکاندا بۆ بەدەستهێنانی پێگەی گرنگتر لە حکومەتی داهاتوودا.
بەغدا چاوی لەسەر پێشهاتە سیاسیەکانی هەرێمە و بەردەوام دەخالەت دەکات و کێشەکانیشان بە هەڵواسراوی هێشتۆتەوە، بەڵام لە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا، سودانی، هەوڵدەدات پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەرێم پتەوتر بکات و ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بارزانی و تاڵەبانی.
سودانی دەبینێت کە دۆخی ناوچەکە دوای کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد ئاڵوگۆڕی تازەی هێناوەتەئاراوە، ئاشکرایە ئەو ئاڵوگۆڕانەش کاریگەریان لەسەر دۆخی ناوچەکە فراوانتر کردۆتەوە، بۆیە سودانی لەم نێوەندگیریەدا مەیلی لەسەر ئارامکردنەوەی دۆخی عێراق و کوردستانە گەر بتوانێ ئەنجامی بدات!.
ئەوە ڕاستە کە سودانی هەوڵئەدات بۆئەوەی بەشداری بکات لە خێراکردنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەڵام لەنێوان هەرێم و ناوەنددا چەندین فایلی هەڵپەسێردراوی تر هەن، لەوانە بودجەو مووچە، دانانی یاسای نەوت و گاز، پێشمەرگە، سنورەکان و مادەی ١٤٠ی دەستوور، تا دەگات بە بەشداری لە “پرۆژەی گەشەپێدان”دا، هەروەها کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراق دادەنێت، کە سودانی هەوڵئەدات وەک سەرۆکوەزیران بمێنێتەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا سودانی تاچەند دەتوانێ ئەوانە یەکبخات و تیا سەرکەوتوبێت؟، بەتایبەتی کە ئێستا بۆخۆشی دەرگیرە بە کێشەکانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕۆڵ و پێگەی ئێران لە عێراقدا، بۆیە ئەم نێوەندگیریەی سودانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ڕاوەستاو دەیهێڵێتەوە.
ڕۆڵی سودانی کاتێک ئەتوانێ کاریگەر بێت لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا، کە دەوری هەبێت لە جێگیرکردنی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو پێکهاتەی حکومەتی عێراقدا، حکومەتی هەرێم بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو لەگەڵ کێشەکانی بەغداد ژیاوە و ناچار بە پابەندبون بووە بە گەڕانەوە بۆ بەغدا، بۆیە پێویست دەکات سودانی بتوانێ هاوسەنگی ڕاگرێت لەبەرامبەر نەیارەکانی لەناو حکومەتی بەغداو بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و بارزانی و تاڵەبانی و چارەنوسی خۆیدا، هەروەها دیاریکردنی بودجە و فرۆشتنی نەوت و گەیشتنی داهاتی هەرێم بە حکومەتی عێراق، کە لەم بارەیەوە ئەنجامگیریەکی ڕۆشن نە بۆ عێراق نە بۆ هەرێم دیار نیە.!
لەژێر ڕۆشنایی ناکۆکیە گەورەکانی نێوان بارزانی و تاڵەبانی، یەکێتیەکان ئاماژە بەوە ئەدەن، کە پارتی هەوڵدەدات کۆنتڕۆڵکردنی حکومەت و بەتایبەت داهاتی هەرێم و نەوتی هەرێم، بە هەر شێوەیەک خۆی دەیەوێت پیادەی بکات، بۆئەوەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو لایەکدا بسەپێنێت. ئەمەش بەدرێژایی ساڵانی پێشوو بینراوە کە هیچ هاوبەشیەکی ڕاستەقینە لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا نەبوە، بەڵکو زیاتر شتەکان بەپێی باڵادەستی پارتی و بەرژەوەندیەکانی بەڕێوەچوە.
باڤڵ ئاماژەی بەوەکردووە، کە خوازیاری شەراکەتێکی واقعین، بۆ کارکردنی هاوبەش لە حکومەت و پەرلەماندا، شەراکەت بۆ باڤڵ بەمانای بەدەستهێنانی ئیمتیازێکی زیاتر و پاراستنی پێگەو نفوزی سیاسیانە، شەراکەتی واقعیش بۆ بارزانی پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان و مانەوەی ئیمتیازەکانیەتی لە حکومەتدا. ئەوەی ئاشکرایە هەردوولایان ئەوە باش دەزانن و دان بەوەدا دەنێن کە بەبێ ڕێکەوتنی هەردوولایان حکومەت پێکنایەت، بۆیە لە دوائەنجامدا چاریان نیە و لەژێر فشاری پێکهێنانی حکومەتدا دەبن، تا قەیرانی سیاسی و ناڕەزایەتی خەڵک لولیان نەدات، بەڵام چۆن ڕێکدەکەون؟ پرسیارێکە جارێ بەجێماوە.
مەسعود بارزانی لەمیانەی وتارێکیدا وتی “پێویستە حکومەتی داهاتوی هەرێم بەپێی پرەنسیپی یەک هەرێم و یەک حکومەت و یەک پەرلەمان پێکبهێنرێت، بەئامادەبونی هێزێکی یەکگرتوی پێشمەرگە”. بەڵام ئەمە چۆن کاری لەسەر دەکرێت و چۆن پێکیدەهێنن؟، دیارە کە دوای سی ساڵ زیاتر لە ئەزمونی دەسەڵات و حکومەتەکانیان نیشانیان داوە هیچ زەمینەیەکیان ئامادە نەکردوە کە بتوانن یان بیانەوێت کارێکی لەو چەشنە ئەنجام بدەن.
هەرێم بەدەست دابەشکردنی نفوز و دەسەڵات لە نێوان بارزانی و تاڵەبانیدا دەناڵێنێت، کە هەندێکجار خەریک بووە بگاتە ئەو ئاستەی بەفەرمی بکەوێتە سەر هەڕەشەی جیاکردنەوەی پارێزگای سلێمانی لە حکومەتی هەرێم، یان بەردەوام ئەم جیاکردەنەوەیە وەک خواست و فشارێک دەدرێتەوە بەڕوی بارزانی و حکومەتی عێراقداو خولقێنەری قەیرانێکی بێچارەسەرە.
کێشە و قەیرانی سیاسی هەرێم لە دابەشکردنی ناوچەکانی نفوزی نێوان هەردوو حزبی سەرەکیدایە، بەناوی زۆنی زەردو زۆنی سەوز، بۆیە هیچ لایەنێک ناتوانن بەبێ لاکەی تر مانایەک بە پێکهینانی حکومەت بدەن، تەنانەت ئەگەر یەکێکیان بەتەنها حکومەت ڕاگەیەنێت، ئەوکات دەبێتە دابەشبونی فەرمی ئەو دوو زۆنە لە یەکتر و دۆخێکی نائارامتر ڕادەگەیەنن.
حکومەتی ئەمجارەش، چ لە پارتی بێت یان یەکێتی، بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت ناوچەکانی لایەنی بەرامبەر کۆنتڕۆڵ بکات، دوو هێزی میلیشای پاشکۆیە بە بەرژەوەندی وڵاتانی تر و پابەند بە غداوە، لەم دۆخەی ئێستای بارگرژی ناوچەکەدا، گەر حکومەتیش پێکبهێنن، لە دابەشنەکردنی مووچە و نەبونی خزمەتگوزاریەکان و نائەمنی و ناسەقامگیری زیاتری لێ سەوز نابێت. بۆیە کۆتایی دەسەڵاتیان ئاسودە بەخشە بۆ دانیشتوانی هەرێم.




ئۆجەلان لەبەردەم بانگەشەی ئاشتیخوازی ئەردۆگاندا.. عوسمانی حاجی مارف

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا نومان کورتولموش، لە پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدار، پشتگیری لە پێشنیازەکەی دەوڵەت باخچەلی کرد، کەسەرۆکی پارتی مەهەپەیە، بۆ چارەسەرکردنی گرژیە لەمێژینەکانی حکومەتی تورکیا لەگەڵ پەکەکەدا.
پێشتر باخچەلی پێشنیاری کردبوو کە عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە، لەبەرامبەر ڕاگەیاندنی کۆتایهێنان بە یاخیبونی پەکەکە، لە سزای هەتاهەتایی ئازاد بکرێت. هەروەها بەهەمانشێوە ڕێگەی پێبدرێت لە پەرلەمانی تورکیا قسە بکات، کورتولموش لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەو پێشنیارە کردەوە.
واپێدەچێت پێشنیارەکەی باخچەلی بۆ ئەوە بێت کە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی کوردەکان بدات لە گۆڕینی دەستوور بۆ هەڵبژاردنەوەی ئەردوگان، بۆئەوەی لەلایەک لەئایندەدا ئەردۆگان وەک سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێتەوە، لەلایەکی ترەوە ئەنقەرە دەیەوێت بەرەی ناوخۆیی خۆی لەبەرامبەر کاردانەوەی ئەگەری شەڕی ئیسرائیل و ئێران و بارگرژی زیاتری دۆخی ناوچەکە بەهێزتر بکات. هەروەها لەترسی ئەوەی کە ئیسرائیل لەکۆتایدا کاریگەری زیاتر لەسەر پەکەکە دانەنێت، بۆیە هەوڵئەدات بە بانگەوازی ئاشتیخوازی ئەم پرسە بخاتە بەردەم مامەڵەیەکی سیاسیەوە.
لەگەڵ ئەوەی ناوچەکە بەتایبەتی لە سوریا تووشی هەڵچوونێکی بەرچاو بووە، ئەو هەڵچوونەی کە لە ئاکامی هێرشەکانی هەیئەی تەحریری شامەوە، کە نزیکی تورکیان، هەروەها روخانی ئەسەدو هەڵاتنی، دۆخێکی تازەی بۆ لایەنە کوردیەکانیش هێناوەتە پێشەوە، ڕەنگە کاریگەری لەسەر خولقاندنی دۆخێکی تر لە ئاڵۆزی دابنێت. ئەم گۆڕانە دەتوانێت ببێتەهۆی ئەوەی زلهێزە جۆراوجۆرەکانی ناوچەیی و جیهانی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ لایەنە کوردیەکاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەکانیان بەئاراستەیەکی جیاوازدا بەرن، کە چارەنوسێکی نادیارتر چاوەڕوانیان دەکات، هەر لەم چوارچێوەیەدا دەبینین کورتولموش و باخچەلی و ئەردوگان دەربارەی پێشنیاری ئازادکردنی ئوجەلان بێدەگیان لێکردووەو مامەڵەکەیان ڕاگرتووە.
تورکیا بەئامانجی دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانەیە کە لە ڕۆژئاوای فوراتە و تائێستاش لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان، لەوانە مەنبەج، تەل ڕیفعەت و چەندانی تر، بەشێک لەنەخشەی ئەردۆگان، بەدوای کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد و دەورەیەکی راگوزەر و نادیار لە دۆخی سوریادا، بەدەستهێنانی فرسەتێکە بۆ تێکدانی ئیدارەی دەسەڵاتی هێزە کوردیەکان، کە پێی دەوترێت باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. گەر ئەمەی بۆ چووە سەر، ئەوکات پێشنیارەکەی باخچەلی بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان دادەخات، لەهەمانکاتدا لە پرۆسەی لاوازبونی پێگەو نفوزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا، پەکەکە زیاتر دەخاتە ناو کەمینی سوپاکەیەوە.
تورکیا، ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە جموجۆڵەکانی هیئەی تەحریری شام لە حەلەب و ناوچەکانیدا تا کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد، گەر ڕۆڵ و نەخشەی تورکیا نەبوایە هەیئەی تەحریر شام نەیدەتوانی سەربەخۆ ئەو جموجۆڵانە بەو فراوانیە بکات، یا بەردەوام درێژە بە هێرشەکان و دەستبەسەراگرتنی شارەکانی تر بدات و بچێتە ناو شاری دیمەشقەوە.
بەگشتی ئەتوانین بڵێین بەکردەوە تورکیا لەم دەورانەدا سەرکەوتوو بووە لە فریودانی هەموو لایەنەکان، لە هاوپەیمان و نەیارەکانی بۆ گەیشتن بە سێ ئامانجی سەرەکی:
ئامانجی یەکەم: بریتیە لە نەهێشتنی میلیشیا ئێرانیەکان لە سوریا، ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بەرژەوەندیەکان و دەوری ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەیە، کە دوای حزبولڵاو حەماس و هەسەدە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە دوای یەکلاییبونەوەی دۆخی سوریا، هێزەکانی حەشدی شەعبیش لە عێراق بکاتە ئامانج، کە لەهەمانکاتدا لەم پرۆسەیەدا ڕەنگە لە هەنگاوی داهاتودا حوسیەکانی یەمەنیش بگرێتەوە.
ئامانجی دووەم: بەدوای روخانی ئەسەد، تا ئەوکاتەی دۆخی سوریا ئارام دەبێتەوە و حکومەتێک لە سوریا دادەمەزرێت کە بەئاراستەی بەرگری لە بەرژەوەندی و پەیوەندی لەگەڵ تورکیا بێت، هێزەکانی لە خاکی سوریا ناکێشێتەوە، بۆ ئاسانکاری ئەم پرۆسەیە ڕەنگە تورکیا هەیئەی تەحریر شام لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەدا تێکەڵ بکات لەژێر چەترێکی نوێدا بەناوێکی وەک سوپای نیشتمانی ئازادی سوریا، تورکیای پێ بپارێزێت و پێگەی خۆی لەسوریا فراوانتر بچەسپێنێت. هەر لەم رێگەیەشەوە ئیدارەی لایەنە کوردیەکان شکست پێبهێنێت.! لەهەمانکاتدا لە پرۆسەی هاندانی گەرانەوەی پەنابەرانی سووریە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا بۆ ماڵوحاڵی خۆیان، ئەوەی دەبینرێت گەرانەوەی ئاوارەکان دەستی پێکردووە.
ئامانجی سێیەم: کە گرنگترینە بۆ تورکیە، سنووردارکردنی ڕۆڵی هێزەکانی (هەسەدە)یە لە ڕۆژئاوای فورات وەک هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات لە داهاتوودا. ئەم قۆناغە بۆ ئەردۆگان بە چارەنوسساز هەژمار دەکرێت. هەر لەم دۆخەدا کە جموجۆڵەکانی هەیئەی تەحریر سایەی کردووە، دەسەڵاتی ئەسەد کۆتایی هاتوە، بەم شێوەیە تورکیە بەبیانوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی، تەواوبوونی پڕۆژەکەی بۆ داگیرکردنی باکووری سوریا و نەهێشتنی پرسی کورد بە لاوازکردنی ئیدارەی لایەنە کوردیەکان و دەرکێشانی دەوری پەکەکە لەو ناوچانە، مسۆگەر دەکات.
جگە لەوەش ئەردۆگان ڕایگەیاندوە ڕەنگە تورکیا هێرشێکی نوێ لە باکووری سوریا دەستپێبکات بۆ دامەزراندنی ناوچەی پارێزراو بەدرێژایی سنوورەکانی، بەتایبەتی بەدوای ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا. لەهەمانکاتدا ئاڵۆزیەکانی پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکا- تورکیا لە پشتیوانیە درێژخایەنەکانی ئەمریکا بۆ هەسەدە سەرچاوە دەگرێت، لەکاتێکدا هەردووکیان پەکەکەیان خستۆتە ناو لیستی تیرۆرەوە.
پرۆسەی بەناو ئاشتی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەم هەلومەرجەدا بەو مانایەی سەوداومامەڵەیەکی سیاسیە و لە نەخشە فروفێڵەکانی ئەردوگان و حکومەتی تورکیایە، ناتوانێت نیشاندانی ئومیدێک بێت بۆ سەقامگیری و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیادا.
پلانەکانی تورکیا بەڕوونی ئەوە دەردەخەن کە تورکیا هەنگاوی خێرا بۆ گەیشتن بە ئامانجە فراوانخوازیەکانی دەنێت، بە کەڵکوەرگرتن لەو بارودۆخە شێواوەی ناوچەکەدا، کە لەئاکامی ئەو هێرش و داگیرکاری و ویرانکاریانەی ئیسرائیل لەبەرامبەر دانیشتوانی غەززەو لوبناندا پیادەی کردوەو ناوچەکەی لەبەردەم دۆخێکی تازەی پر ئاڵوگۆڕی و ئاڵۆزدا ڕاگرتووە، لە هەمانکاتدا دەخالەت و باڵادەستی ئەمریکای لە ناوچەکەدا بەرجەستەو فروانترکردووە.
گومانی تیا نیە ئەم هەنگاوانەی ئەردوگان بەشێکە لە خزمەت کردن بە بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا کەسەرچاوەی خولقاندنی ئەو بارگرژی و کارەساتانەن.
تەماحەکانی تورکیاش وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کاریگەری زیاتر دادەنێت، کە بەئاشکرا دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکەدا بەری پێناگیری، لەهەمانکاتدا لەبەر ڕۆشنایی وەڵام نەدانەوەی بەردەوامی بە مەسەلەی کورد لە تورکیا و بەبیانوی پاراستنی ئاسایشی تورکیا، هێزەکانی لە سوریاو عێراق دەهێڵێتەوە. هەروەها پشتیوانیکردن و پەیوەندیکردن بە ئۆپۆزسیۆنە ئیسلامیە چەکدارەکانی سوریا بە داعشیشەوە دەگرێت و پتەوتری دەکات، ئەمەش مانای مەترسیەکانی دەورو کاریگەری تورکیایە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی بەدوای زیاتر لاوازبونی رۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا، کاریگەری لەسەر دۆخی عێراق و حکومەتی هەرێم و چونیەتی مامەڵە لە بەرامبەر زۆنی زەردو زۆنی سەوز بە شێوەی جیاواز دادەنێت، لەهەمانکاتدا دەبێتە پشتیوانیەکی بە‌هیز بۆ سیاسەتی داسەپاندنی پێگەو نفوزی ئیسرائیڵ لە ناوچەکەدا.




ئەمریکاو جۆلانی.. عوسمانی حاجی مارف

ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە پاداشتێکی دە ملێۆن دۆلاری، بەڵام دوای کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد، دیداری نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ جۆلانی، کە سەرۆکی ڕێکخراوێکی چەکداریە و تا ئێستاش ناویان لە لیستی ئەو کەسانەدایە کە دادپەروەری نێودەوڵەتی وەک تیرۆریست داوایان دەکات، لەڕاستیا بە گاڵتەجاڕیەکی بێتام و ئابڕوبەرانە و سەیروسەمەرە لە مێژووی ڕژێمی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بۆرجوازیدا تۆمار دەکرێت، کە بە ئاشکرا نیشانی ئەدات جیهانی سەرمایەداران کارگەیەکە بۆ بەرهەم هێنانی ساختەکاری و فروفێڵ و چەسپاندنی تەواوی بێ بەهایی لە بەرامبەر ژیانی مرۆڤایەتیدا، ئەمەش لەم مامەڵەیەی ئێستایان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گاڵتەجاریەکە مانای بۆگەناوی سیستمی دیموکراتیمان بۆ شی دەکاتەوە، گاڵتەجاری و ساختەکاری بووەتە پراکتیزەکردنێکی شەفاف و شەرماوەر.
بەڵام ئەو پرسیارە پڕ لە ئازارەی کە نە ئەمریکیەکان و نە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان نە بەشێکی زۆر لە ووڵاتانی ڕۆژئاوا بیری لێ ناکەنەوەو بۆیان مەسەلە نیە، ئایا ئەزمونی پڕتراژیدیای دەسەڵاتی ئەسەدی باوک و ئەسەدی کوڕی لە حوکمڕانی سوریا، دوای ٥٤ ساڵ لە کۆتایی دەسەڵاتیان، دەتوانرێت لەسایەی دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی بۆرجوازی دۆخێکی ئاسودە بۆ خەڵکی سوریا دابینکرێت؟، کاتێک باش دەزانین ئەو چەکدارانەی پێشتر مەشقی کوشتنی دڕندانەی خەڵکی مەدەنیان لەبەرچاوی خەڵکدا ئەنجامداوە و تیرۆریان دەکرد، گەر لەدەسەڵاتدا بن جێمان نیشان ئەدەن؟.
بەشار ئەسەد هەڵات، بەڵام دەوڵەتی ئەسەد لە ماوەی ٥٤ ساڵی بوونی خۆیدا چی کردووە بۆ بەهێزکردنی مانەوەی خۆی لە ژێر دروشمی دەسەڵاتەکەی “بۆ هەمیشە”؟. بەڵام لەشکرێک کە پێی دەگوترا “پارێزەری نیشتمان” لە شەو و ڕۆژێکدا ون بوو؟ ئایا دەوڵەتی ئەسەد، دوای ٥٤ ساڵ لە دامەزراندنی، تەنیا پێکهاتەیەکی کارتۆنی بوو، وا بە یەک لێدانی سووک خرایە خوارەوە؟
بەشار و باوکی سەرکەوتوبون لە دابینکردنی پیسترین و خراپترین شێواز و کەرەستەی ئەشکەنجەدان کە لە ماوەی ٥٤ ساڵدا بەرامبەر بە هاووڵاتیانی بێتاوانی سوریا پراکتیزە دەکران، ئەمەش وایکرد بەشار ئەسەد سەرۆکایەتی دەوڵەتێک بێ کە قەسابخانەی مرۆڤ بو، هەمو ساتێکی جوانی و خۆشی سوریای زەلیل کردبو.
ئەو سوریایەی جۆلانی و هاوەڵانی دەستیان بەسەردا گرت و دەیانەوێت نوێنەرایەتی بکەن، ڕزگارکردنی دانیشتوانی سوریایەک نیە کە ٥٤ ساڵ دانیشتوانەکەی لە زیندانێکی گەورەی پانتایی ووڵاتەکەیاندا بون، چونکە جۆلانی و ڕێکخراوەکەی بە پشتبەستن بە پراکتیزەکانی پێشوویان، وەک ڕێکخراوێکی ئیسلامی کۆنەپەرست، ڕێکخراوەکەیان لەلایەن ئەمریکاوە بە تیرۆریست ناسێنراوە، بە پشتیوانی تورکیاو قەتەر چونە ناو شارەکان و بە سیناریۆی شكاندنی دەرگای زیندانەکان دەسەڵاتی ڕێکخراوەکەیان ڕاگەیاند. ئەگەر لەسەرەتادا بەم شێوەیە ٥٤ ساڵ هەژموونی ئەسەدیان نەکردایەتە نیشانە، نەیاندەتوانی سەرکەوتن بەسەر سوریادا بەدەستبهێنن. چاوی جیهان ئەمڕۆ لەسەر سوریایە، بەتایبەتی لەگەڵ ئاشکرابونی هەر خولەکێک وردەکاری نوێ سەبارەت بە ڕادەی ئەو ئازارانەی کە سوریاییەکان لە ماوەی ٥٤ ساڵ دەسەڵاتی بەعس و بنەماڵەی ئەسەددا تووشی بوون، کە لەلایەن ڕژێمی ئێران و ڕوسیا پشتیوانی دەکران.
ئێستاش جێگای سەرسوڕمان نیە کە ئەمڕۆ شاهیدی کێبڕکێی نێوان وڵاتانی جیهان و بەتایبەت ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپاین بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن لە ئاڵۆزکردنی ڕووداوەکان لە ناوخۆی سوریادا، لە هەمانکاتدا بەدوای شکستی ڕوسیا و ئێران، ئاساییە هەڵوێستێکی دژایەتی لەبەرامبەر جۆلانی و ڕێکخراوەکەیدا دەرنەبڕن، ئەمەش ئەو پرۆسەیە دەخاتەوە رێ کە تاچەندین ساڵی تر خەڵکی سوریا لە ژێر عەبای ئیسلامێکی جیابوەو لە قاعیدە وداعش، شێوازێکی تر لە زێندانیان بۆ بنیات دەنێتەوە.
تەنیا نۆ ڕۆژ دوای دەرکردنی ئەسەد بوو کە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەستیان کرد بە کردنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتە نوێیەکەدا، یەکەم هەنگاو لە لایەن حکومەتی بەریتانیاوە هات، کە شاندێک لە بەرپرسانی باڵای نارد، لەگەڵ جۆلانی کۆبونەوە. جۆلانی لە میدیاکانەوە وەها ڕێکخراوەکەی ڕاگەیاند کە کۆمەڵێک لێهاتوو و تەکنۆکراتن، قسەکانی لەگەڵ شاندەکە تیشکی خستە سەر پێویستی بنیاتنانی دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەکان و دامەزراندنی ئاسایش، هەروەها باسی لە ڕۆڵی گرنگی نێودەوڵەتی بەریتانیا و پێویستی گەڕاندنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات و هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا و بەستنەوەی ئەم بابەتە کرد بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا، هەڵبەتە پەیامەکانی جۆلانی تەنیا دڵنیایی نەبو بۆ شاندی بەریتانیا، لەهەمان کاتدا پەیامی دڵنیایی بون بۆ شاندەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا.
ئەمریکا ئەوەی نەشاردۆتەوە کە پەیوەندی لەگەڵ هەیئەی تەحریر شامدا هەبووە. لە هەمانکاتدا یەکێتی ئەوروپا هیچ شەرمەزاریەکی نەبینی لە ڕاگەیاندنی ئامادەیی خۆی بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە دیمشق.
سوریای دوای ٥٤ساڵ لە دەسەڵاتی پڕمەینەتی ئەسەددا دەرگاکانی کراوەتەوە بۆ دەورەیەکی تازە لە پیادەکردنی ململانێ و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، ئەورپا، تورکیا و ئیسرائیلدا، ئەو ئیسرائیلەی بە هێرشەکانی بۆسەر غەززەو لوبنان زیاد لە ٤٥هەزاری کوشت و دوو ملێۆن ئاوارەبون، جۆلانی و هەیئەی تەحریری شام وەک هێزێکی ئیسلامی بە گۆڕینی ڕوخساریان، سوریا دەخەنە ناو گەمەی سیاسی ئەم دەورە پڕ ئاڵۆز و گێژاوەوە، کە تائێستا ڕون نیە دۆخی سوریا چۆن یەکلایی دەبێتەوەو خەڵکی سوریا دەبێت چەندی تر قوربانی بدەن.




کۆتایی ئەسەد و ئاکامەکانی.. عوسمانی حاجی مارف

هەرچەندە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و باشوری لوبنان لەماوەی زیاتر لە ٤٢٠ ڕۆژدا سەرنجی تەواوی جیهان و میدیاکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشابوو، بەڵام ڕوداوەکانی ئەم دواییەی حەڵەب و ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سوریا لە کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەک لە باکووری سوریا، توانی ببێتە هەواڵی تەواوی میدیاکان و مانشێتی ڕۆژنامەکان.
ڕۆژی شەممە ٣٠/١١، نیشاندانی شکستێکی گەورەی هێزەکانی ڕژێمی سوریابوو لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، کە لەلایەن هەیئەی تەحریری شام بەڕێوەبراو توانیان دەست بەسەر شاری حەڵەبدا بگرن و دواتر چونە ناو شارەکانی حەماو حومصەوە، لە درێژەدان بەم هێرشانەدا، لەئاکامدا کۆتایی رژێمی حکومەتی ئەسەد لە شاری دیمەشق راگەیەندرا.
هەرچەندە لەسەرەتادا لە زاری هێزەکانی ڕژێمی سوریا ئەوە بڵاو کرایەوە، کە ڕژێم بەڵێنی هاوکاری سەربازی زیاتری ڕووسیای وەرگرتووە بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی سوریا، لەهەمانکاتدا پێشبینی ئەوەیان دەکرد لەماوەی ٧٢ کاتژمێردا کەرەستەی سەربازی نوێی ڕوسیا بەدەستیان بگات، بەڵام لە مبارەیەوە روسیا هیچ هەنگاوێکی نەنا.
ئەو هێرشەی (هەیئەی تەحریر شام) دەستیپێکرد بۆ سەر شاری حەڵەب و شارەکانی تر، لە هەمانکاتدا تورەیی و نارەزایەتی جەماوەری سوریا لە رژێم، نەک تەنها کۆتایی بە رژێمی ئەسەد هێنا، بەڵکو نەخشەیەکی سیاسی نوێ لەسەر سنورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل دەکێشێت. ئەوەی شایانی باسە ڕووسیا و ئێران لەم دۆخی جەنجاڵیەی ناوخۆی سوریادا نەیانتوانی هێزەکانیان لە سوریا جێگیر بکەن و ئەسەد بپارێزن.
ئەو گروپە نوێیەی کە لە کۆمەڵێک هێزی ئۆپۆزسیۆنی میلیشیای بەرفراوان پێکهاتووە، لە کوتلە ئیسلامیەکانەوە تا دەگاتە میانڕەوەکان، هێرشەکەیان بۆ سەر حەڵەب و شارەکانی تر ئەنجامداوە، کە لە لەلایەن (هەیئەی تەحریری شام)ەوە سەرکردایەتی دەکرێن، یەکێکە لە ڕێکخراوەکانی قاعیدەیە لە سوریا، کە پێشتر بە (بەرەی نوسرە) ناسرابوو، ئەو گروپانەی کەبەشداریان لەم هێرشەدا کردوە بەشێکیان لەلایەن تورکیا و بەشێکی دیکەشیان لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، بەتایبەتی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن بە شێوەیەکی بەرچاو لەم شەڕەدا کاریگەریان هەیە. تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ قەتەر، هاوپەیمانیەکیان پێکهێناوە بۆ دابەزینی ئاستی پێگەی ئێران لە سوریا.
لەم نێوەدا تورکیا تۆمەتبار دەکرێت بەوەی پەنای بۆ کۆکردنەوەی کوتلە چەکدارەکان بردووە لە ناوچەکانی نفوزی خۆیدا، بۆئەوەی لەلایەک کۆنترۆڵی سوریا بکەن و گورزێک لە پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا بدەن، لەلایەکی ترەوە، ناوچەی نفوزی هێزە کوردیەکان کۆتایی پێبهێنێت یا لاوازبکرێن. لەهەمانکاتدا ئێران لە هەوڵی ئەوەدا بوو دوای شەڕی لوبنان، ئامادەیی خۆی لە سوریا بپارێزێت، بەڵام تورکیا نەك تەنها لە سوریا، بەڵکو لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیەوێ پێگەی ئێران لاوازو کەم کاریگەر بکات.
ئەو لایەنانەی کە پشتیوانی ئەسەدیان دەکرد، وەک ڕووسیا و ئێران، لەئێستادا سەرقاڵی کێشەی دیکەن، ئەویش بۆ روسیا شەڕی ئۆکرانیایە، بۆ ئێرانیش دۆخی لوبنانە کە حزبوڵای لوبنان وەک هێزێكی سەر بەئێران دوای ئەو هێرشە چڕانەی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری لوبنان بەجۆرێک لاواز بووە کە نەیدەتوانی پشتگیری لە ئەسەد بکات.
هەڵبەتە تورکیا و (هەیئەی تەحریری شام)، هاوکاتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززەو لوبنان و لێدانی گورزی گەورە لە حەماس و حزبولڵا، هەستیان بەجۆرێک لە لاوازی هێزەکانی حکومەتی ئەسەدیان کردبو، بۆیە دەرفەتێکیان دیوەتەوە بۆ لێدانی هێزەکانی حکومەتی سوریا، لەکاتێکدا واپێدەچیت ئەم هێرشانەی (هەیئەی تەحریری شام)، لە حساباتی ڕوسیا و ئێراندا نەبوبێت.!
هێرشی کوتوپڕو بەلێشاوی زۆری گروپە چەکدارەکان بۆ ناوچەی شەڕ لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، هێز و میلیشیاکانی ئێران لە باشووری حەڵەب سەرسامکرد، لەهەمانکاتدا کۆبونەوەی سەربازی عێراق لەسەر سنوورەکان وەها نیشان ئەدات، دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵ دەرچووەو مەترسی بۆ سەر ناوچەکە پێکهێناوە، هەرچەندە حەڵەب زۆر دورە لە سنوری عێراقەوە، بەڵام حەشدی شەعبی بەدەوری ئێران و بە بیانوی بەرگریکردن لە عێراق خەریکە تیوە دەگلێت.
هەڵبەتە ناردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەلایەن عێراقەوە، دەبێتە هۆی کردنەوەی بەرەیەکی تر لەبەرامبەر ئیسرائیلدا، خەریکە ڕاستەوخۆ حەشدی شەعبیش دەکەوێتە ناو ئاگرەکەوە، ڕەنگە ئێران ئەمەی بە هەلێک زانیبێت بۆ هەوڵی قەرەبوکردنەوەی ئەو زیانانەی بەر حزبوڵڵا کەوتووە، بەناوی پاراستنی ئەسەد، جوڵەی بە حەشدی شەعبی کردوە، بەڵام کەوتنی رژێمی سوریا، ئەو ئومێدەی ئێرانی بردە دواوە. چی دەتوانێ بە حەشدی شەعبی بکات، نادیارە!.
لەلایەکی ترەوە دەسەڵاتی ئەسەد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قەڵایەکی گرنگ بو پارێزگاری لە پێگە و نفوزی ئێران، بەتایبەتی لەبەرامبەر دەوری تورکیا لە ناوچەکەدا. لەهەمانکاتدا تورکیاش بەردەوام لە هەوڵی کێبڕکێی لاوازکردنی ئێراندایە، بۆیە ئێران تا دوا هەناسە بەوجۆرەی بۆی لوابێت، وازی لە سوریا و ئەسەد نەدەهێنا. ئێستا ئێران لەبەرامبەر دۆخێکی تازەدا بەرەو رووە.!
هەروەها ئێران بەشێوەیەکی دیپلۆماسی هەنگاوی دەنا بۆ ڕاگرتن و ڕێگریکردن لە کۆنترۆڵکردنی ئەو شوێنانەی کە ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سوریا دوای حەڵەب دەستیان بەسەردا دەگرت، بەتایبەتی کە هێزەکانی حکومەتی سوریا پاشەکشەیان کردوەو نەیانتوانیوە بەرگری بکەن، یان چاوەڕێی هێرشی بەرپەرچدانەوەی ڕۆڵێکی کاریگەر لە ڕوسیایان دەکرد، بەڵام وەڵامدانەوەی ئەو هەنگاوە دیپلۆماسیانەی ئێران سنووردار بوون و جێگایەکی نەگرت.
لەبەرامبەر بارگرژی دۆخەکەو ململانێی زلهێزەکان و رۆڵی تورکیادا، کۆماری ئیسلامی زیاتر بەو باوەڕە گەیاندووە کە شەڕی سوریا و کۆتایی ئەسەد زیاتر ئامانجی گەمارۆدانی نفوزی ئێرانە، بۆیە ئێران تەنیا لایەن بوو بەرژەوەندی لە مانەوەی ئەسەدا هەبوو.
کۆماری ئیسلامی و ئەسەد، زیاتر چاوەڕوانی ڕۆڵی کاریگەری ڕووسیایان دەکرد لە پوچەڵکردنەوەی هێرشەکانی ئۆپۆزسیۆندا، بەوپێیەی ئێران دوای هێرشە چۆنایەتیەکانی ئیسرائیل کە دیارترین کادیرانی سوپای پاسدارانیان کردە ئامانج، یان دوای لێدانەکانی ئیسرائیل کە کەسایەتیەکانی حەماس و حزبولڵای تیرۆر کرد، ئێران ئامادەیی سەربازی کاریگەرانەی لە سوریادا نەما. هەروەها بۆ تاران زەحمەت بووە کە دەخالەتی ڕاستەوخۆبکات و ناشتوانێت بەئاسانی هێزەکانی حەشدی شەعبی کێش بکات بۆ ناو سوریا، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕوناکیەی کە لە هەموو ئاڕاستەکانەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە سەرنجی لەسەرە، ئەگەری ئەوە زۆرە کە ئیسرئیل هەر جوڵەیەک لەسەر فەرمانی ئێران بکرێت، لێی ئەدات.
بەڵام ئەوەی دیمان ڕوسیا بێدەنگ بوو، لەهەمانکاتدا ڕێگەی بە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکان نەگرت، لەو ناوچانەی بڵاوبوبونەوە، بۆیە ساردی ڕووسیا تەنیا بە قەتیس بوون لە ئۆکرانیا ڕوون ناکرێتەوە. واپێدەچێت روسیا لەنێو ململانێ جێهانیەکاندا مامەڵەیەکی تایبەتی کردبێت لە نێوان دەستکەوتێک لە ئۆکرانیا و پاشەکشەیەک لە سوریا.
دوای ئەوەی کونسوڵخانەکەی ئێران لە حەڵەب کرایە ئامانج، توڕەیی ئێران بەرامبەر بەو شتانەی کە لە دژی بەرژەوەندیەکانی لە سوریا ڕوودەدەن، زیاتر بوو. ئیسماعیل باغایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد کە لەلایەن کوتلە چەکدارەکانەوە بۆ سەر کونسوڵخانە دەستی پێکرد، باغایی جەختیشی لەوە کردەوە، ئێران بە جددی لە ڕێگەی یاسایی و نێودەوڵەتیەوە بەدوادا چون بۆ ئەم هێرشە دەکات!
ئەوەی ئێرانی نیگەران کردووە، ئەوەیە کە ڕووسیا فشارێکی بەرچاوی نەخستە سەر تورکیا بۆئەوەی ناچاری بکات و داوا بکات ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکان هێرشە بەرفراوانەکەی ڕابگرێت، ئەمەش وا دەردەکەوێت کە مۆسکۆ خەمی نییە لەوەی کە ڕوودەدات. لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بە زاراوەی گشتی و فراوان ڕازی بوو کە ناڕەحەتی ڕووسیای نیشان نەدا دەربارەی ئەوەی ڕوودەدات.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەدا کە لاڤرۆڤ و فیدان “نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە پەرەسەندنی مەترسیداری دۆخی سوریا سەبارەت بە پەرەسەندنی هێرشی سەربازی بۆسەر پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلب.”
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی هەماهەنگی هاوبەش و گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردووەتەوە، لەچوارچێوەی “فۆرمۆلەی ئاستانەدا” نەک ئەوەی چارەنوسی ئەسەد چی بەسەر دێت.
هەرچەندە سوپای سوریا لە بەیاننامەیەکدا پێش کەوتنی دیمەشق ئاماژەیان بەوەکردووە، ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنی هێرشی پێچەوانە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکان، لەهەمانکاتدا دوو سەرچاوەی سەربازی ئاماژەیان بەوەکردوە که ڕووسیا بەڵێنی هاوکاری سەربازی زیاتری به دیمەشق داوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی چەکدارەکان لە ماوەی 72 کاتژمێردا، بەڵام کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد، فەرامۆشی روسیای بەرامبەر بە چارەنوسی سوریا نیشاندا.
گەر هێرشەکانی هەیئەی تەحریری شام بۆسەر شارەکان و دواتر کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد دۆخێکی تازەی پێکدادان و بارگرژی و ناسەقامگیری زیاتری هێناوەتە ئاراوە بۆ سوریاو ناوچەکە، ئەوە ڕۆشنە لەپەیوەند بە ناکۆکی و کێشمەکێشی وڵاتانی زلهێزی دنیاو کاریگەریان لەسەر ناوچەکە، ناتوانرێت کۆتایی ئەم دۆخە و کارەساتەکانی دیاری بکرێت، هەر لایەنێک لە ڕوانگەی بەرژەوەندیەکانی و فروانکردنەوەی نفوزو پێگەی سیاسی خۆیەوە مامەڵەی دۆخەکە دەکات، بەتایبەتی ئیسرائیل بەجۆرێکی تر لەپێناو بەرژەوەندیەکانیدا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە درێژە پێئەدات. کۆتایی ئەسەد، پتەوبوونی پێگەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا مسۆگەرتر دەکات. لەهەمانکاتدا فراوانبونەوەی نالەباریی زیاتری دۆخەکەو مەترسیەکانی لە ئاستی ناوچەکەدا سنورێکی دیاریکراوی نیە، شەری ناوخۆ ئەگەرێکی نزیکە لە واقعیەتی دوای چۆنیەتی کۆتاییهێنانی دەسەڵاتی ئەسەد و بلاوبونەوەو دەوری هێزی میلیشیایی و تائفیەکان لە شارەکاندا.
هەڵبەتە ئەم دۆخە بێکاریگەر نابێت لەسەر عێراق، هەربۆیە چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەڵاتدار لە عێراقدا کە هێز و کوتلە هاوپەیمانەکانی ئێران لەخۆدەگرێت، ڕایانگەیاند: “ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات داگیرکاریە لەلایەن تیرۆریستانەوە”، هەروەها دەڵێن: “ئاسایشی سوریا درێژکراوەی ئاسایشی عێراقە”، چونکە دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا لە بازنە بەرژەوەندیەکانی ئێراندایە.
بەجیا لە ململانێی جەمسەرە ئیمپریالیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و خوڵقاندنی دۆخێکی بەردەوامی ناجێگیری سیاسی و شەری گروپی تائیفی، لەهەمانکاتدا بڵاوبونەوەی چەندین گروپ و هێزی میلیشیای ئیسلامی و تائیفی لە ناوچەکەدا، مایەی دروستکردنی گەورەترین ماڵوێرانی و تراژیدیای مرۆییە کە هەر وەرزە پەردەی کارەساتێک لادەدات و ئاکامەکەی دانیشتوانی ناوچەکە دەکاتە قوربانی.




دۆستایەتی بافڵ و ئەعرەجی.. عوسمانی حاجی مارف

بەغدا و تاران حسابێکی تایبەت بۆ بافڵ و یەکێتی دەکەن، چونکە بێدودڵی هەڵدەستن بە پێشخزمەتیەکی ئەمنی گەوره و ڕۆڵێکی سیاسی دەگێرن بۆ بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنەی له مانگی ئازاری ساڵی ڕابردودا ڕایانگەیاندبوو، لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ئاسایشی ناوچه سنووریەکانی نێوان ئێران و هەڕێم، بە چەکداماڵین و دورخستنەوەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژ بەئێران لە سنورەکانی ئێران و هەرێمدا، کە دەیانەوێت بەمجۆرە دڵسۆزی و پابەندبونی زیاتری خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامی بسەلمێنن، تا لەسایەی کۆماری ئیسلامیدا پارێزگاری لە پێگەی سیاسیان بکەن،هەر بەم شێوەیەش بافڵ دەتوانێت دەسەڵاتی سیاسی بەڕێوەببات.
بافڵ بەجیا لەوەی پێداگری و جەخت لەسەر دڵسۆزی سی ساڵەی بەردەوامی ڕێبازی یەکێتی دەکاتەوە بۆ کۆماری ئیسلامی، لەهەمانکاتدا بەدوای ڕۆڵێکی کاریگەریەوەیە تا ئەوە مسۆگەر بکات لە نێو هاوپەیمانەکانی لە ئێران و لە عێراق جێگایەکی دامەزراو بچەسپێنێت! تا بەم ڕێگەیە هاوسەنگی هێزەکەی لە بەرامبەر ڕکابەرەکەی کە بارزانی و پارتیە بە قازانجی خۆی بگۆڕێت بۆ بەرزبونەوەی ئاستی ئەو هاوسەنگیەی كە چەندین ساڵە خەوی پێوەدەبینن.
لەهەمانکاتدا بارزانی و پارتی بەهەمانشێوەی پێشخزمەتی بۆ تورکیا توانیویانە هاوسەنگی هێزو سیاسیان لەبەرامبەر تاڵەبانی و یەکێتیدا بپارێزن، بەهەمانشێوە تورکیاش حسابێکی تایبەت بۆ بارزانی و پارتی دەکات.
ئەتوانم بڵێم هەوڵی پاراستنی سنوورەکانی ئێران ڕۆڵێکی کارای هەیە، کە جێگەی تایبەت بۆ تاڵەبانی لەنێو هاوپەیمانەکانی لەتاران و لە عێراق مسۆگەر دەکات.
دوای گەڕانەوەی قاسم ئەعەرەجی لە ئێران، کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقە، سەرپەرشتی جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە دەکات کە لەنێوان ئێران و عێراق و هەرێمدا پەسەندکراوە، هەروەها سەبارەت بەو دۆسیەی دەربارەی بونی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا لەئارادایە، ئەعرەجی بەرەو سلێمانی بەڕێکەوت و لە دەباشان گفتوگۆی لەگەڵ بافڵ و ژمارەیەک بەرپرسی سیاسی و ئەمنی ئەنجامدا، قاسم ئەعرەجی کە سەر بە ڕێکخراوی بەدرە، یەکێکە لە کوتلە بەهێزەکانی شیعەی عێراقی دڵسۆز بۆ ئێران، بافڵ پەیوەندی زۆر نزیکی لەگەڵدا پەرەپێداوە، هەوڵئەدات لە ململانێی لە بەرامبەر بارزانیدا پشتیوانیەکی بەهێزی هەبێت، بەو هیوایەی ئەوە نیشان بدات کە بەم ڕێگەیە دەست بەسەر سەرکردایەتی هەرێمدا بگرێت! ئەوەی لەم هەڵبژاردنەی ٢٠/١٠/٢٠٢٤دا بۆی نەچووە سەر، هەوڵئەدات بەڵکو لەڕێگە ئەعرجیەوە قومارێکی تر بەرامبەر بارزانی بکات و دەستکەوتێکی هەبێت! یان لەدواجاردا گەر دۆخەکە نەشێوێنن، پێگەیەکی زیاتر لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا بەدەست بهێنن.
لەڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ئەعەرەجیدا ئاماژە بەوەکراوە، کە بەڕێنمایی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سودانی، بەیاوەری شاندێکی ئەمنی، سەردانی سلێمانیان کرد، بۆ بەدواداچوون لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، هەروەها لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەعرەجی و ئەندامانی شاندی ئەمنی یاوەری، لەگەڵ سەرکردەکانی دەزگا ئەمنیەکانی یەکێتی بە ئامادەبونی بافڵ کۆبوونەتەوە و باسیان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و سەرجەم وردەکاریەکانی تێدا کردووە.
میدیاکانی ئێران لە زاری ئەعرەجیەوە ڕایانگەیاندووە کە ئاسایشی عێراق ئاسایشی ئێرانە، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم ئامادەن ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ببنەوە، لەهەمانکاتدا بافڵ باسی لەپێشهاتە ئەمنی و سەربازیەکانی ناوچەکە و پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنیەکان لە هەرێم و عێراق کردووە.
چەکداماڵینی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و دورخستنەوەیان لە سنوورەکانی ئێران خاڵێکی سەرەکی لەڕێکەوتنی ئەمنی نێوان بەغدا و تاران بوو، سەرچاوە عێراقیەکان ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەیان لە سێ خاڵی سەرەکیدا کورتکردۆتەوە: ڕێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران و ڕادەستکردنی داواکراوەکان بەپێی یاسا، چەکداماڵین و لابردنی کەمپەکان و کۆکردنەوەیان لە کەمپەکانی دوور لە سنوور.
دۆسیەی ئۆپۆزیسیۆن لە ناوچە سنوریەکانی نێوان ئێران و هەرێم، دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر، بەڵام ئەوەی زیاتر پرسی سنوورەکانی چڕکردەوە، دەورانی دوای ئەو ناڕەزایەتیانە بوو کە بەدوای تیرۆری (مەهسا ئەمینی) لە ناوخۆی ئێراندا سەریان هەڵدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا، کۆماری ئیسلامی بەجیا لەسەرکوتی ئەو ناڕەزایەتیانە لەهەمانکاتدا پەنایبردە سەر سنوردارکردنی هەڵسورانی ئۆپۆزیسیۆنەکانی و دەستیکرد بە هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئێستاش ئێران بەڕێکەوتن و بە هاوکاری بافڵ و حکومەتی عێراق ئەوکارەی بۆ ئەنجام ئەدرێت. سەرەڕای سەختی ئەرکەکە، دەسەڵاتدارانی عێراق دەتوانن پشت بە خزمەتگوزاریەکانی یەکێتی نیشتمانی ببەستن بۆ بەرتەسکردنەوەی جموجۆڵی ئەو چەکدارانە.
بەغدا هەوڵئەدات بە کۆنترۆڵکردنی جموجۆڵی چەکدارە کوردەکان لەناو خاکی عێراقدا، تا تاران و ئەنقەرە ئارام کاتەوە، کە هەردووکیان پەرۆشی ئەو پرسەن.
ئێران پێشتر هەڕەشەی ئاشکرای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی لە ناوخۆی عێراقدا کردبوو، ئەگەر عێراق و هەرێم دەستپێشخەری نەکەن بۆ کۆتایهێنان بە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری ئێران لەسەر خاکەکەیان، وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو گەر ڕێکەوتنەکە لکاتی خۆیدا جێبەجێ نەکرێت، ئەوا بەرپرسانی ئێران خۆیان بەرامبەر بەهێزو لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە هەرێم ئەو چەکداماڵینە جێبەجێ دەکەن.
زیادبونی پێویستی بافڵ و یەکێتی بە پشتیوانیکردنی ئێران و ئەعرەجی، لەو ڕووەوەیە کە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ململانێی سیاسی بەکاریان دەهێنن کەلە بەرامبەر بارزانی و پارتیدا نمایشی دەکەن، نمایش لەبەرامبەر ئەو ڕکابەریەی کە تائێستا تاڵەبانی لە تەواوی ژیانی سیاسی جەلالیەتدا، نەیتوانیوە بەسەریدا سەرکەوێت.
واقعی حکومەتی هەرێم و زۆنی زەرد و سەوز، پێکهاتەیەکە لە باڵادەستی حزبەکانی بورجوا ناسیۆنالستی کورد، بە ڕابەری بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی، بەهێزی میلیشیاو بە پشتیوانی و پاشکۆبوون بە دەوڵەتی ووڵاتانی تر، پارێزگاری لەخۆیان دەکەن و سەرمایەگوزاری و تاڵانچێتی و قاچاخچێتی دەکەن، ئەمە نمونەی ئەزمونی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتە لە کوردستاندا، کە هیچ هەنگاوێکی پێویستی بۆ خواستەکانی خەڵک نەنراوە.
لەوە گەوجانەتر نیە کە هەندێ لایەن و ڕۆشنفکر، ئومێدی ئەوە دەبەخشنەوە کە گۆڕانی ئەم دەسەڵاتە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت، زیانی ئەمجۆرە ئومێدانە دامرکانەوەی ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریانەیە کە داوای کۆتایهێنانی ئەم دەسەڵاتە دەکەن، کۆتاییەک کە لەڕیگەی ڕاپەرینەوە تەواوی دامودەزگاکانیان هەڵدەوەشێنێت، دامودەزگایەک بەدەورو ئیرادەو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک دادەمەزرێننەوە.




چەقبەستنێک لە کوردستان!.. عوسمانی حاجی مارف

کێشە سیاسیەکانی هەرێم لە دوای هەڵبژاردنەکان

لەگەڵ کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکان، پێشبینی دەکرێت کۆمەڵێک کێشەی سیاسی سەرهەڵبدەن کە ڕەنگە کاریگەریان هەبێت لەسەر پێکهێنان و هەڵبژاردنی حکومەتی نوێ و دۆخی ژیانی خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٢٠/١٠/٢٠٢٤ جارێکی تر جەختی لەسەر هەژموونی بارزانی و تاڵەبانی کردەوە، ئەو هەژمونیەی کە پێشتر بەهێزی چەکداری و لەچوارچێوەی کایەی نفوزی خۆیاندا بەدەستیان هێناوە و سی ساڵ زیاترە قۆرخی دەسەڵاتیان کردووە.
گومانی تیانیە کە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بۆ ڕێگریکردن لە زۆرینەی رەهای بارزانی ئەنجامدراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دیمان بارزانی نزیکەی دوو ئەوەندەی دەنگی تاڵەبانی هەیە.
ئەم دیمەنە سیاسیە نوێیەی لە ئاکامی دۆخی هەڵبژاردنەکاندا پێشهاتووە، دەتوانێت وەک ئاکامێک بەدوای واقعیەتی کێشەکانی ئەو هەڵبژاردنەندا ببێتە هۆی درێژەدان لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتدا، چونکە بەو پێیەی کە یەکێتی بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەمان تەرخانکردنی پۆستە حکومیەکان وەک کابینەکانی پێشوو قەبوڵ ناکات. بەوەی کە تائێستا لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، یەکێتی پۆستی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی بەدەست نەهێناوە، ئێسا هەوڵ ئەدات ئەو پۆستانە بەدەست هێنێت، لەهەمانکاتدا لە بەرامبەریدا پارتی هەمیشە پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی بەدەستەوەیەو تەنها هەرخۆی بە خاوەنی ئەو پۆستە پێناسەدەکات، لەراستیدا نیشانەی مانەوەی دەسەڵاتی بارزانی و پێگەی سیاسیەتی. لەلایەکی ترەوە، یەکێتی لە بەغدا لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە پۆستی سەرۆکایەتی عێراقی بەدەستەوەیە، بەڵام پارتی لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠٢٢ کێبڕکێی بۆ ئەو پۆستەش کردووە.
هەڵمەتی ئەم دواییەی تاڵەبانی ئاشکرایە کە زیاتر جەختی لە سەر کەمکردنەوەی هەژموونی بنەماڵەی بارزانی کردووە. تاڵەبانی لەدوای ئەو بانگەشە توندەی لەکاتی هەڵبژاردندا بەکاریهێنا، ئامانجی تەنها پۆستی باڵای زیاتر نییە، بەڵکو ئامانجی پۆستە سەرەکیەکانیشە، وەک ئەو پۆستانەی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٣ بەدەستی هێنابوو، کە بەرهەم ساڵح بۆ ماوەی دوو ساڵ وەک سەرۆک وەزیرانێكی بێدەسەڵات خرایە سەر کار. بەڵام پێناچێت بارزانی جارێکیتر دان بەوەدا بنێت، هەرچەندە دەربارەی سەرۆکایەتی هەرێم، ئەگەری ئەوە هەیە جێی گفتوگۆ بێت.!
ئاماژەکان بە لەبەرچاوگرتنی ململانێی قوڵی نێوان بارزانی و تاڵەبانی ئەوە دەردەخەن کە پێکهێنانی حکومەتی نوێ درێژخایەن و پڕ کێشمەکێش دەبێت، سەرەڕای ئەمەش هەردوولا ئەوە باش دەزانن کە حوکمڕانی هەرێم هیچ لایەکیان بەتەنیا بۆیان ناچێتەسەر، ئەمە پێویستی بەوەدەبێت هەردوولایان سازش بکەن و نەرمی نیشان بدەن، بۆئەوەی حکومەتێک پێکبهێنن کە بتوانێ ئامادەبێ بۆ سەوداو مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاستەنگە بێشومارانەی کە لە ململانێیان لەبەرامبەر بەغدا دەرگیری بوون، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە بەهەر شێوەیەک بگەنە ئەو ئەنجامەی حکومەتکەیان پێکبهێنن، زۆنی زەردو زۆنی سەوز ئەو بەڵا سەرسەختەیە کە هیچکات ڕێگە نادات بەیەکدەستی لەبەغدا دانیشن، ئەمەش گەورەترین بەربەستە لە کۆتاییهێنانی مامەڵکردن بە بودجەو مووچەو زۆربەی کێشەکانیان و مانەوەی ناسەقامگیریدا.
هیچ لایەنێک لە بارزانی و تاڵەبانی ناتوانێت بە تەنها و بە ئاسوودەیی حکومەت پێکبهێنێت، هەروەها پێکنایەت تەنها بە ڕێککەوتن و تەوافوقی نێوان ئەوان و لایەنە سیاسیەکانی تر نەبێت، لەلایەکی ترەوە هیچ یەکێک لەو دوو لایەنە سەرەکیە دەستبەرداری دەسەڵات نابێت. یەکگرتوی ئیسلامی، کە ئاماژەی بەوەدا بەهۆی ناڕازیبون لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەشداری حکومەتی داهاتوو ناکات، بەڵام یەکگرتوو ئەوە باش دەزانێت کەهیچ پێگەیەکی لە حکومەتدا نابێت، تەنها بەکار دەهێنرێت، بۆیە نارەزایەتی دەکات، کە ئەم نارەزایەتیەش لەو قەیرانەی تێیکەوتووە رزگاری ناکات.
لەهەمانکاتدا نەوەی نوێ بەجیا لەوەی لە لیستی سێیەمدایە، بەڵام پێگەیەکی سیاسی وەهای نیە کە بتوانێ لەپێکهێنانی حکومەتدا مامەڵە و گەمەیەکی جدی و یەکلایکەرەوە بکات، نەوەی نوێ لەگۆمێکی لێڵدا مەلە دەکات. واتە پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بەدوای ململانێیەکی سەختەوە ئەنجامی پێکهێنانی رادەگەیەنرێت، کە ڕەنگە چەند مانگێک بخایەنێت، ئەمەش لەئەنجامی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکانە، بەتایبەتی نێوان هەردوو حزبی سەرەکی، لە هەمانکاتدا هەلومەرجی سیاسی هەرێمی و عێراق و ناوچەکەش کارگەری دەبێت.
لەکاتێکدا کە بارزانی دەبێت هەوڵی زۆر گەورە بدات بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی پێشوتری و پاراستنی پێگەی سیاسی خۆی لە حکومەتی هەرێمدا، تەنانەت ئەگەر ئەو ناچاریەش هەیە، کە دەستبەرداری ڕێککەوتنەکانی پێشوەختە بێت لەسەر کەرکوک، یان پشکی هەرێم لە بودجەو چۆنیەتی دابەشکردنیدا، هەروەها ڕاگرتنی کێبڕکێی لەسەر پشکی سەرۆک کۆمار لە حکومەتی عێراقدا، ئەوەی گرنگە بۆ بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران نابێت، چونکە ئەگەر دەستبەرداری پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆک وەزیران ببێت، ئەوا شکۆی سیاسی لەدەست دەچێت و پێگەی دادەبەزێت.
لەهەر حاڵەتێکدا گەر دواجار حکومەت پێکبهێنرێت، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تەحەدا دەبنەوە کە گرنگترینیان بریتین لە:
دەرگیربونیان لەگەڵ قەیرانی ئابوری، کە کێشەکانی پەیوەندی بەغداو هەولێر واپێدەچێت ئەو قەیرانە بگەیەنێت بە ئاستێکی باڵاتر، بەتایبەتی بەشێکی زۆر لەسەرچاوەی داهاتەکانیان کۆنترۆڵکراوە، لەم حاڵەتەدا کەمبونەوەی داهات یەخەیان پێدەگرێت، لەلایەکی تریشەوە دیار نیە کە حکومەتی هەرێم لە ڕێرەوی “پرۆژەی گەشەپێدان” کە پرۆژەیەکی گەورەی ئابوریە لە عێراقدا بەشی چۆن دەبێت، ئەگەر کابینەی حکومەتی نوێ نەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر بچێتە سەر کێشەکانی، ئەوا بەرزبونەوەی ڕێژەی بێکاری دەتوانێت ببێتە هۆی ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی جەماوەری و ناسەقامگیری ئابوری و دارایی زیاتر لە هەرێمدا.
لەهەمانکاتدا گومانی تێدانیە کە داواکاری هاووڵاتیان بۆ موچەو باشترکردنی بارودۆخی ژیان و پێداویستی و خزمەتگوزاریەکان زیادیکردووە. هەر دابەزینێک لە وەڵامی ئەم داواکاریانەدا بێمتمانەیی زیاتر دەکات و دەبێتە هۆی ناڕەزایی بەربڵاو لەئاستێکی بەرفراوانی جەماوەریدا، ناکۆکی کێشەکانی “تەوتین و هەژماری من” ئاسۆیەکی ئەرێنی ناخوێنێتەوە.
لەهەمانکاتدا بەردەوامی هەڕەشە ئەمنیەکانی دۆخی ناوچەکە لەبابەتی داعش و مەترسی فراوانبونەوەی شەڕو هێرشکاری ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، حکومەتی هەرێمی لە چاوەڕوانیدا ڕاگرتووە، جگە لەوەی کە حکومەتی هەرێم مەیلی بەرامبەر بە لایەنێکی نێودەوڵەتی هەیە و دوژمنایەتی لایەنێکی دیکەی نێودەوڵەتی دەکات، ئەم حاڵەتە دەیخاتە سەر ڕێڕەوێک بۆ ململانێ و تەسفیەکردن، هەروەها دابەشبونی پاشکۆبونیان، بارزانی بۆ تورکیا و تاڵەبانی بۆ ئێران، دەرگاکردنەوەی زیاتری سنورەکان بۆ لەشکرکێشی سەربازی تورکیا و ئێران، بەردەوامی بۆردومانەکان کە دۆخی ئەمنی کردۆتە تەحەدایەکی گەورە. هەر شکستهێنانێک لە پاراستنی ئاسایشدا، ململانێ ناوخۆییەکان زیاتر دەکات و دۆخی هەرێم دەخاتە بەردەم چەقبەستنێک و رودانی کارەسات.
سەردانی سودانیش بۆ هەرێم و دیداری لەگەڵ چەند لایەنێکدا، جگە لە نمایشێک و هەوڵی دەستەمۆکردنی زیاتری لایەنەکان، تروسکایەکی تیا نەبوو لە پەیوەند بە ژیان و بەرژەوەندی خەڵکەوە.
حکومەتی داهاتووی هەرێم، ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە کە مەترسی لەسەر ئایندەی هەرێم دروست دەکات. تەنانەت خەونی بانگەوازی یەکڕیزی “کورد” بە ئەبەدی خراوەتە دوڕیانێکی بنبەست و چەقبەستوەوە، ئەو یەکڕیزیەی کە گوایە کۆتایی بە زۆنی زەردو سەوز بهێنێت!، بەڵکو ئەگەری ئەوە زیاتر نیشان ئەدرێت کە ببێتە دوو هەرێم.
هەڵبەتە ئەوە ڕۆشنە کە ئەم دۆخە نالەبار و پڕقەیرانە لە دواجاردا وەک هەمیشە بەسەر ژیان و گوزەران و نەبونی ئاسایش بەسەر کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و هەژارو بێکارو نەداردا دەشکێتەوە، بۆیە پێویست دەکات، جەماوەری ناڕازی بە ئامادەیی یەکڕیزی و ڕێکخراوەیی و سەراسەری ناڕەزایەتیەکانیان بەرنە پێشەوەو دەخالەتی ڕاستەوخۆ بکەن لە دابینکردنی ژیان و چارەنوسی خۆیاندا، ئەم هەڵبژاردنەو پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتەکەیان ئەوەی زیاتر رۆشنکردەوە کە هیچ ئاسۆیەکی لەبەردەم بەرژەوەندی دانیشتوانی هەرێمدا نەهێشتۆتەوە، جگە لەوەی نارەازتەیەکانیان بەهێز کەین.




تورکیا چی لە سوریا و عێراق دەوێت؟.. عوسمانی حاجی مارف

لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، لە بەرژەوەندیە ئەمنیەکانی تورکیادا نەبوون. ململانێ ناوخۆییەکانی عێراق کە دوای لەشکرکێشی و سەرهەڵدانی ئەلقاعیدە و داعش و شەڕی ناوخۆی سوریا، هەموو پێکەوە بوونە هۆی دۆخی ناسەقامگیری ناوچەکە، کە زیاتر لە دوو دەیەی خایاندوە، لەم نێوەدا پەکەکە کە لەلایەن ناتۆوە وەک قەوارەیەکی تیرۆرستی دەستنیشانکراوە، دەیانساڵە شەڕی ئەنقەرە دەکات، سوودی لەو دۆخە گێژاوەی عێراق وەرگرت بۆئەوەی بوونی خۆی بەدرێژایی سنوورەکان لە نێوان تورکیا و کوردستانی عێراقدا جێگیر بکات.
لەسەر سنوورەکانی تری باشووری تورکیا، لە هەڵمەتی شەڕی بەرفراوانی دژ بە داعش، بووە هۆی ئەوەی کە هاوبەشی نێوان ئەمریکا و یەپەگە دروست ببێت کە بە باڵی چەکداری پەکەکە لەسوریا ئەژماردەکرێت، کە دواتر هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆنترۆڵکردنی ناوچە سنووریەکانیان بەدەستهێنا. ئەم هاوبەشیە بووەتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم دووبارە دانانی پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا.
هەرچەندە تورکیا، پێشبینی ئەوە دەکات کە بوونی سەربازی ئەمریکا له عێراق و سوریا بەشێوەیەکی بەرچاو لە کەمبونەوەدایە، بۆیە بەدواداچون بۆ ئامانجی فراوانتر دەکات، که بریتین له کۆنتڕۆڵکردنی ئەو نائارامیەی له سنوورەکاندا هەن، بۆیە هەوڵئەدات بۆ بێبەشکردنی پەکەکه لەهەر پانتاییەک بۆ هەڵسورانی چەکداری.
لەلایەکی ترەوە تورکیا هەوڵئەدات یەکەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە سوریا پاککاتەوە، چونکە تورکیا پەیوەندیەکانی یەپەگە بە پەکەکەوە وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ داهاتوی خۆی سەیردەکات. دواتریش دوای کۆتایی شەڕەکەی لەگەڵ یەپەگە، ڕەنگە دانوسان لەگەڵ دیمەشق و واشنتۆن بکات، بەڵام ئەمریکا و یەپەگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات لەئێستادا بەشێک لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆنترۆڵ دەکەن، بەڵام تورکیا دەیەوێت لەو ناوچانە خۆی لە گەڵ واشنتۆدا هەماهەنگی بکات. لە کۆتایدا ئەنقەرە پێیوایە لەدرێژخایاندا حکومەتی سوریا خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی دەکات. بۆیە پێیوایە ڕژێمی ئەسەد دەبێتە لایەنێکی بەشدار لە چارەسەری کێشەکانیدا.
ئەنقەرە کە شایەتحاڵی دوو دەیە ناسەقامگیریە، بەدرێژایی سنووری باشووری وڵاتەکەی، لە پێشبینیکردنی بۆ کشانەوەی ئەمریکا، پلانی هەیە هەنگاو بنێت بۆ کۆتاییهێنان بەم نادڵنیاییە، بە ئەگەری ئەنجامدانی ڕێککەوتنی فراوان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەددا.
داواکاری سەرەکی تورکیا لە ڕژێمی ئەسەد، سەرکوتکردنی یەپەگەیە و گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەی کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکراون بۆ ژێر دەسەڵاتی ئەسەد. لەکۆتاییدا ئەنقەرە دەیەوێت ئەسەد لانیکەم بەشێک لە پەنابەرە سووریەکان بگەڕێنێتەوە کە زیاتر لە دە ساڵە لە تورکیە نیشتەجێن. بەڵام لەبەرامبەریشدا ئەسەد دەیەوێت هێزەکانی تورکیا سوریا بەجێبهێڵن.!
نزیکەی شەش ملیۆن سووری کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی تورکیا لە باکووری سوریا دەژین، نایانەوێت دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەد بەم زووانە بگەڕێتەوە، ئەگەر هەر ڕووبدات. بەهەمان شێوە زۆرێک لە پەنابەران لە تورکیا نایانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
یەکێک لە نیگەرانیە سەرەکیەکانی ئەنقەرە ئەوەیە کە کشانەوەی خێرا لە باکوری سوریا دەتوانێت ببێتە هۆی داڕمانی ئەمنی هاوشێوەی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان. ئەم سیناریۆیە، دروستکردنی لێشاوی زیاتری پەنابەرانە بۆ ناو تورکیا.
بۆ دوورکەوتنەوە لەم سیناریۆیە، ڕەنگە ئەنقەرە داوا لە ئەسەد بکات کە “ناوچەی خۆڵەمێشی” کاتی لە باکووری سوریا دابمەزرێنێت، هەروەها هێزە سەربازیەکانی تورکیا و ئەو هێزە میلیشیایانەی هاوپەیمانی تورکیا دەکەن، دەستیان بە هەندێک لە دەسەڵاتی ناوخۆیدا بگات، لەکاتێکدا دیمەشق خزمەتگوزاریە گشتیە سەرەکیەکانی وەک پەروەردە، خزمەتگوزاریەکانی گەیاندنی پۆست و هتد بەڕێوەدەبات. دواتر بەدوای کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ، گەڕاندنەوەی کۆنترۆڵی تەواوی ڕژێم لە باکووری سوریا دابین کەنەوە.
بەڵام بەشێوەیەکی سروشتی “دەستەی ڕزگاری شام” کە لایەنێکی ئیسلامی سونەن، بە هەموو شێوەیەک هەوڵئەدات هەر ڕێکەوتنێک کە ئەنقەرە لەگەڵ ئەسەد ئەنجامی بدات، تێکی بدەن. هەڵبەتە دژایەتیەکانی دەستەی ڕزگاری شام بووەتە ناچاری هاوکاری نێوان سوریا و تورکیا، ئەمەش دەتوانێت تورکیاو سوریا زیاتر لێک نزیک بکاتەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندیەکانی ئەم دەستەیە لەگەڵ قاعیدە و زیادەڕەوی ئەم دەستەیە، ڕەنگە هێزی دەرەکیش دەستێوەردان بکەن بۆ یارمەتیدانی تورکیا لە دامرکاندنەوەی هەوڵەکانی ئەو دەستەیە، کە ئەمریکا و تەنانەت ڕۆژئاوا تا ئێستاش نیگەرانن لە مەترسی کۆچکردنی بەکۆمەڵ لە سوریاوە.
تەنانەت لەکاتێکدا تورکیا لەگەڵ ئەسەد دانوستانەکانی ئەنجام دەدات، هەروەها بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە داهاتووی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەگەری هەیە واشنتن ئامادەبوونی سەربازیی خۆی لەوێ کەم بکاتەوە یان بە تەواوی بکشێتەوە. ئەنقەرە قۆناغێکی ڕاگوزەر پێشبینی دەکات کە تیایدا باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە شێوەیەکی نافەرمی دابەش بکرێت و لەلایەن خۆی و سوریاوە بەڕێوەی بەرن.
لەئێستادا لەگەڵ کەمی سەربازی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە هاوبەشیکردن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات کاردەکەن بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش. لە چوارچێوەی ئەم هەوڵەدا، یەپەگە و لایەنەکانی دیکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات پارێزگاری لە زیندان و کەمپی دەستبەسەرکردن دەکەن کە نزیکەی ٧٠ هەزار چەکداری داعش و ئەندامانی خێزانەکانیان تێدا نیشتەجێیە.
بۆ هەندێک ناوچەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا – بەتایبەت دۆڵی ڕووباری فوراتی ناوەڕاست – ئەنقەرە هاوکار دەبێت لەگەڵ ئەمریکا و ڕێگری لە گەڕانەوەی داعش بە هاوکاری هۆزە عەرەبیەکانی دۆستی تورکیا.
سەبارەت بە بەشەکانی دیکە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەنقەرە گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق دەکات سەبارەت بە ڕێکخستنی گەڕانەوەی ڕژێمەکە و کۆتاییهێنان بە کۆنترۆڵی یەپەگە، ئەمەش لە چوارچێوەی یەکلایکردنەوە و کۆتایهێنانە بە شەڕ.
یەکێک لە ئاستەنگیەکانی بەردەم هەوڵەکانی تورکیا، ئێرانە کە تا ئێستاش وەک پشتیوانێکی گەورەی دەرەکی ئەسەد دەمێنێتەوە، بەڵام ئێران بێهیوا بووە لە فراوانکردنی نفوزی خۆی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەتایبەتی بەدوای هەڵگیرسانی شەڕ لەلایەن ئیسرائیلەوە دۆخەکە لەناو سوریا بۆ ئێران سەختر بووە، لەڕاستیدا ڕەنگە ئامادەبوونی سەربازی تورکیا بەشێوەیەکی بەرچاو “پردی وشکانی” ئێران پەک بخات کە سوریا بە عێراق و لوبنانەوە دەبەستێتەوە.
وەک ئاڵۆزیەکانی دۆخەکە وەها دەردەکەوێت، بژاردەیەکی سیاسەتی ئاسان بۆ ئەمریکا لە سوریادا نییە تا بتوانێت کۆنترۆڵی تەواوی خۆی بسەپێنێتەوە، چونکە لەبەرامبەر نەخشەی واشنتۆندا هیچ یەک لە ئێران و ڕوسیا و چین … ئامادە نین پێشوازی لە هەر ڕێکەوتنێک بکەن بەناوی ئەوەی کە ڕژێمی ئەسەد بگۆڕدرێت.
لەلایەکی ترەوە هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەنقەرە لە سوریا و عێراق، لەسەر ڕێڕەوی بردنەپێشەوەی پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” کە تۆڕێکی بازرگانیە بە عێراق و تورکیادا تێدەپەڕێت، بازاڕەکانی ئاسیا و ئەوروپا لەڕێگەی زەریای هیندی و دەریای ناوەڕاستەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش پەیوەندیەکی تایبەت بەجیالەوەی سوریا کە بەشێوەیەکی ئاسانتر پەیوەندی تورکیا بە عێراق دەبەستێتەوە، جگە لەو پەیوەندیەش کەسی ساڵ زیاترە تورکیا بە بارزانیەوە گرێیداوە.
لەهەمانکاتدا لەم دواییانەدا ئەنقەرە بڕیاریدا پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەغدا باشتر بکات، بەغداش گڵۆپی سەوز بۆ پرۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” هەڵکردوەو لە هەمانکاتدا پەکەکە وەک “رێکخراوێکی قەدەغەکراو” پۆلێن دەکات.
ئەنقەرە پێیوایە گرێبەستی بیناسازی قازانجبەخش بۆ بەندەر و ڕێگاوبان و ژێرخانی هێڵی ئاسنی پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” لە هەردوو شاری بەغدا و حکومەتی هەرێم بۆ ناو بازنەی خۆی ڕادەکێشێت، هاوکات داوای پاڵپشتی ئەمەریکا دەکات بۆ بەهێزکردنی نفوزی تورکیا وەک هێزێک بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لەبەرامبەر ئێراندا. ئەگەر هەموو ئەم ئامانجانە بەدی بهێنرێت، ئەنقەرە داوا لە بەغدا دەکات ئامادەبونی سەربازی تورکیا لە باکوری عێراق قبوڵ بکات.. لە هەمانکاتدا داوا لە تاڵەبانی دەکات کە پەناگەی ئارام لەسەر خاکەکەی بۆ پەکەکە ڕەتکاتەوە.
به ڕژەوەندیەکانی ئەمریکا و تورکیا له عێراق بەئاسودەتر و بەئاسانیتر یەکدەگرنەوە له چاو سوریا، پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” بەشێکی سەرەکی ئەم هەوڵەیە. بێگومان هەموو ئەم هەوڵانەی تورکیا کاریگەری لەسەر ئەو دۆخە دەبێت کە عێراق و سوریای کردۆتە گۆڕەپانی سەرەکی کێبڕکێ بەرامبەر بە ئێران. ئەگەر واشنتۆن و ئەنقەرە بگەنە ڕێکەوتن لەسەر ئایندەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە دڵنیاییەوە تاران هەنگاو دەنێت بۆ تێکدانی هەوڵەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا، تاران جگە لە فشارخستنە سەر ڕژێمی ئەسەد بۆ ڕەتکردنەوەی هەر ڕێککەوتنێکی بەرفراوان لەگەڵ ئەنقەرە، لەهەمانکاتدا بە پەیوەندیە درێژخایەنەکانی لەگەڵ تاڵەبانی کەڵک وەردەگرێت بۆ ڕێگریکردن لە پلانەکانی تورکیا دژی پەکەکە لە عێراقدا.
هەروەها ئێران لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانی لە بەغدا کەڵک وەردەگرێت بۆ تێکدانی سیاسەتی پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان”، یان بە خاوکردنەوەی پرۆسەی بیناسازی یان دواخستنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
دەستپێشخەری ئەم دواییانەی (دەڤلەت باخچەلی)، سەبارەت بە ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان، کە تێیدا ئامادەیی خۆی بۆ ئازادکردنی ئۆجالان ڕاگەیاند بەو مەرجەی “عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە زیندان دەربهێنرێت و لە پەرلەمانی تورکیا چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت.”
“ئۆجەلان وتوویەتی، من ئامادەم بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆم جێبەجێ بکەم، داوا لە ڕێکخراوەکە دەکەم چەکەکانی دابنێت”.
ئێستا پرسی گەرمی تورکیا چەکدانانی پەکەکەیە، تورکیا دەیەوێت ئەو کارە لەسەر دەستی ئۆجەلان بکرێت، (دەڤڵەت باخچەلی) یەکەم کەس بوو ڕێگەی چەک دانانی پەکەکەی ڕاگەیاند و وتی “با ئەو گۆشەگیریەی سەر ئۆجەلان هەڵگیرێ و ببرێتە ناو پەرلەمان و لەبەردەم هەموو نوێنەرانی پەرلەماندا بڵی من کۆتایم بەو ڕێکخراوە هێناو چەکەکانتان دابنێن”.

ئەمە چەندە واقعی دەبێتەوە بەڵام پێشنیازی باخچەلی بەشێکە لەو سیاسەت و هەنگاوانەی تورکیا هەوڵئەدات کە ڕۆڵێکی زیاتر بگێڕێت لە دۆخی سیاسی ناوچەکە و ئەو ئاڵوگۆڕانەی پێشبینی دەکرێت، تا پێگەی خۆی قایم بکات، بەتایبەتی کە داگیرکاری ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و باشوری لوبنان و هەوڵدانی ئیسرائڵ بۆ فراوانکردنی شەڕ لە ناوچەکەدا، دۆخێکی تازەی فەراهەم هێناوەو هاوکێشەکان گۆڕانیان بەسەردا هاوتووە، تورکیاش وەک لایەنێک بۆ بردنەپێشەوەی دەستتێوەردانەکانی لە ناوچەکەدا و لەڕاستای ئەم دۆخە دژوارەدا، لە هەوڵی دەستکەوتی بەرژەوەندی زیاترە، تا دوای وەستانی شەڕ لە ناوچەکەدا هاوسەنگی خۆی باڵاتر کات و پێگەی خۆی بە هێزتر کات، کە لەم بارەیەوە قسەکردن لەسەر هەندێ مافی خەڵکی کوردستانی تورکیا و ڕێکەوتن لەگەڵ ئۆجەلان و پەکەکە بکاتە زەمینەیەک بۆ ئەو ستراتیژەی کە دەیەوێت باڵادەستی بەسەر عێراق و سوریدا بسەپێنێت، ئەوەی بۆ تورکیا بێبایەخە مافی خەڵکی کورستانە.

بۆ هەندێ زانیاری بۆ ئەم وتارە سود لە وتارێکی “سونر چاغاپتاي” وەرگیراوە بە ناونیشانی “تركيا تريد إعادة ربط العراق وسوريا”




حکومەتی دوای هەڵبژاردن.. عوسمانی حاجی مارف

حکومەتێک گەر یەکێتی نیشتمانی بەشداری تێدا نەکات، ئەو حکومەتە ناتوانێت پێکهاتەیەک بێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو ناوچەکانی هەرێمدا درێژکاتەوە، بەتایبەتی سلێمانی و هەڵەبجە، چونکە دەسەڵاتی یەکێتی بە هەر هاوسەنگیەک بێت لەبەرامبەر پارتیدا ڕایگرتووە، لەئەنجامدا وەها چڕبووەتەوە کە توانیویەتی تەواوی دامودەزگاکانی ناوچەی سەوز کۆنترۆڵ بکات. هەروەها هێزی تایبەتی خۆی لە پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس دابینکردووە.
ئێستا هەرێم لەبەردەم تاقیکردنەوەی چارەنووسێکی دیکەدایە، ئەویش پێکهێنانی حکومەتی نوێیە لەژێر ڕۆشنایی ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا کە بووە هۆی سەرکەوتنی بارزانی بەسەر ڕکابەری ڕاستەوخۆی خۆی، کە تاڵەبانیە، ئەمەش خوڵقێنەری پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، بۆیە نازانرێت سەقامگیری هەرێم چۆن دابین دەکرێت.
دەرکەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردن نەک هەر نائومێدی بۆ بافڵ و یەکێتی هێنایە ئاراوە، بەڵکو نائومێدی بۆ هاوپەیمانیە عێراقیەکانی و تەنانەت بۆ ئێرانیش دروستکرد، کە هیوایان ئەوە بوو لەو ڕێگەیەوە نفوزی خۆیان بۆ تەواوی هەرێم درێژ کەنەوە و پاشەکشەیەکی تر بە بارزانی بکەن.
ئەو هێزە عێراقیانەی هاوپەیمانی ئێرانن، کە بەهیوای ئەوە بوون هاوسەنگیە سیاسیەکانی هەرێم بە قازانجی یەکێتی، لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بگۆڕن، بەڵام سەرکەوتوو نەبون، بۆیە ڕەنگە دوای شکستی هەوڵەکەیان، بەنیازی ئاڵۆزکردنی پێکهێنانی حکومەت بن لە هەرێم، تا ڕێگری بکەن کەجارێکی تر پارتی لە دەسەڵاتدا جێگیر نەبێتەوە.
ئەم گۆڕانکاریە جۆراوجۆرانەی کە لەلایەن یەکێتیەکەی تاڵەبانیەوە داواکرابوو، هیوای دەخواست هاوکاربێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی هەڵبژاردنێکی جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بۆئەوەی بتوانێت ڕەوتی حوکمڕانی بگۆڕێت، بەو دروشمەی کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا بەرزیدەکردەوە.
سەختی پرۆسەکەش لەوەدایە کە بەشداری هەردوو پارتی و یەکێتی لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا، ناچاریەکی دۆخی سیاسی هەرێمە، ئەمەش چۆن ساغ دەبێتەوە ئاکامەکەی لە ئێستادا ڕۆشناییەک نیشان نادات.
بازنەی سیاسی عێراق بەگشتی ترسی ئەوەیان هەیە کە تاڵەبانی و یەکێتی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی دوای ئەم هەڵبژاردنە بەجۆرێک لە هەرێم ئاڵۆزتر بکات، بەوەی کە ئیمتیازاتێک زیاتر لە قەبارەی خۆی داوابکات، بە بەرزکردنەوەی سەقفی داواکاریەکانی و خستنەڕووی مەرجی مەحاڵ بۆ بەشداریکردن لە حکومەتدا. بۆیە پێشبینی دەکرێت پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ماوەیەکی زۆر بخایەنێت و ڕەنگە دۆخێکی نوێ بسەپێنێت.
تۆنی نێوان پارتی و یەکێتی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا زۆر تیژ بوو، ئەگەر ئەم دۆخە هەروا بمێنێتەوە، کە تائێستا ئەوەی پێوە دیارە، وەک ڕەتکردنەوەی “هەژماری من” و قسەکردن لەسەر ڕێگەنەدان بە حکومەتی تاکڕەو…، ئەوە مانای ئەوەیە کە پارتی دەبێت لەجیاتی یەکێتی بەدوای هێزی دیکەدا بگەڕێت کە هاوپەیمانی لەگەڵدا بکات.! ئەمەش دۆخێکی تەواو نالەبار دەخولقێنێت.
واتە ئەگەر ئەمە ڕووبدات، مەترسی دیکە سەرهەڵدەدەن کە بۆشایی نێوان سلێمانی و هەولێر فراوانتر دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی درز و شکاندنی پێکهاتەی حکومەتی هەرێم، دەبێتە هۆی لاوازکردنی پێگەی حکومەتی عێراقی لە ئاستی ناوچەکەو تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا.
مەسعوود بارزانی، دوای دەرەنجامە سەرەتاییەکان وەک سەرکەوتوویەک لە هەڵبژاردنەکاندا، پابەندبونی خۆیان بە پێشخستنی گوتارێکی میانڕەوانە، لەکرانەوەی بۆ هاوبەشی و هاوکاری لەگەڵ هێزە سیاسیە جیاوازەکانی هەرێم بۆ پێکهێنانی حکومەت راگەیاند، بەڵام هاوکات تاڵەبانی تائێستا ناڕونی هەڵوێستی خۆیانی پاراستوە و قسەیەکیان لەسەر هەڵوێستەکەی بارزانی نەکردوە، بەردەوامن لە بەرەوپێشبردنی هاژوهوژی سەرکەوتنەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی کورسیەکانیان پێچەوانەکەی نیشان دەدەن
لە کۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمان، ٣٩ کورسی بارزانی، ٢٣ کورسی تاڵەبانی، بەرزبوونەوەی بزووتنەوەی نەوەی نوێ بۆ پلەی سێیەم بە ١٥ کورسی، باقی کورسیەکان بەسەر لایەنەکانی تردا دابەشکران، هەروەها یەکێک لە دیاردەی سەرسوڕهێنەری ئەم هەڵبژاردنە لەدەستدانی کورسیەکانی بزووتنەوەی گۆڕانە کە چاوەڕوانکراو بوو، ئەمەیە کە پێشوەختە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی خستە ناو شێوازێکی تر لە گێژاوی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، چونکە هیچ گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی لە ئاسۆی دۆخی سیاسی هەرێمدا نیشان نەدا، یەکەم: بەپێچەوانەی ئەو بانگەشانەی کە ئۆپۆزیسیۆن دەیان کرد بۆ کۆتایی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردن پێچەوانەکەی نیشاندا. دووەم: بەوپێیەی بارزانی و تاڵەبانی وەک دوو لایەنی سەرەکی زۆرینەیان بەدەست نەهێنا، تا لایەنێکیان بتوانێ حکومەت پێکبهێنێت، مەگەر پێکهێنانی حکومەت دوبارە بە ڕێکەوتنی نێوانیان یان لەنێوان یەکێکیان و لایەنە سیاسیەکانی دیکەدا ڕێکخەنەوە! بەوپێیەی بارزانی جگە لە هاوپەیمانی لەگەڵ تاڵەبانی هیچ بەدیلێکی نییە، پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو قورس و ئاڵۆز دەبێت و کاتێکی زۆری دەوێت.
هەڵبەتە ئەو لایەنە بچووکانەش ڕۆڵی گەورەیان نابێت لە پێکهێنانی حکومەتدا، چونکە کورسیەکانیان کەمە و ئەو کورسیانە هاوکاری بارزانی و تاڵەبانی نابن بۆ پێکهێنانی زۆرینە کە بتوانن حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت، واقیعی کوردستانیش بەجۆرێک پێشهاتووە کە حکومەت هەر بەسەر بارزانی و تاڵەبانیدا دەسەپێت، کە ئایا حکومەت پێکدەهێنن یان نا، تەنانەت ئەگەر هەریەکەیان توانای ئەوەی هەبێت کە زۆرینە کۆکاتەوە، بەڵام ناتوانێ حکومەتێک بێت لە تەواوی جوگرافیای هەرێمدا ڕاوەستێت و دەسەڵاتی بەسەر تەواوی هەرێمدا بسەپێنێت.
ئەوەی لەم کەینوبەینەدا جێگای سەرنجە پێگەی نەوەی نوێیە لەم هەڵبژاردنەدا، ڕاستە وەک لایەنی براوەی سێیەم هاتۆتەپێشەوە، بەڵام لە حاڵەتێکی تەواو ناکۆک و سەرەگێژیدایە، کە ڕوون نیە چۆن مامەڵە بە کورسیەکانیەوە دەکات، چونکە گەر بەشداری لە حکومەتدا بکات، پێگە و نفوزی کۆمەڵایەتی تەواوی دادەبەزێت، هەر هەوڵێکی بزووتنەوەی نەوەی نوێ بۆ پەیوەستبوون بە حکومەتەوە، هاوتای خۆکوشتنی سیاسی دەبێت بۆ ڕێکخراوەکەی، هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ڕوویدا، گەر بەشداریش نەبێت دەبێتە لایەنێکی هیچکارە و ناتوانێ ئۆپۆزسیۆنێکی سەرکەوتوبێت.
ئەوەش ئاشکرایە هیچ یەکێک لە بارزانی و تاڵەبانی بەقازانجیان نیە ڕوو لە ئۆپۆزسیۆن کەن، ئەستەمە حکومەت بەڕێگەی ئۆپۆزسیۆن پێکبهێنرێت بەدەرکردنی یەکێکیان. بۆیە پرۆسەی دانوستان بۆ پێکهێنانی حکومەت لە هەرێم ماوەیەکی زۆری دەوێت.
هەرچەندە یەکێتی هاوبەشێکی سەرەکی بوو لەگەڵ پارتی لە حکومەتی پێشوودا، بەڵام وەک نەیارێکی بەهێز خۆی نیشانداو بەشێوەیەکی توند هێرشیان کردە سەر ڕکابەرەکەی، بەوپێیەی تاڵەبانی بانگەوازەکەی بۆ دەنگدەران دووباتکردەوە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی پارتی لەڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نائومێدکەر بوون بۆ یەکێتی، دوای ئەوەی بارزانی دوو هێندە دەنگی تاڵبانی بەدەستهێنا.
پڕۆسەی بەڕێوەبردنی هەرێم بەرەو پشێوی و دۆخێکی دژوار هەنگاو دەنێت، چونکە ئەگەر حکوومەتی داهاتوو لەلایەن هەردوو بارزانی و تاڵەبانی نوێنەرایەتی نەکرێت، ئەوە بابەتەکە ئاڵۆز دەبێت و وادەخوازێت کە پێویست دەکات بارزانی، ئیمتیاز بدات و نەرمی نیشان بدات بۆ ئەوەی بتوانێت حکومەتێک پێکبهێنێت تا ئیختیارێکی بەهێزی هەبێت کە بتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات و مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات، گەر وەها نەکات ئەو مامەڵەیە لەگەڵ بەغدا، پێگەی پارتی دەباتە دواوە.
ئەم دۆخەی ئێستا لەکێشەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا، دیاردەی ڕوودانی گۆڕانێکی بێپێشینە نیە، زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ واقعی ئەو قەیرانە ئابوری و سیاسیەی کە حکومەتی هەرێم و بارزانی و تاڵەبانی لەچوارچێوەی کێشەکانیان لەبەرامبەر ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان و فشارەکانی حکومەتی عێراقدا بەرەوڕووی بوون، کە بێدەسەڵات و بێچارە ڕاوەستاون، دووساڵ دواخستنی هەڵبژاردن، کێشەکانی بودجەو موچەی فەرمانبەران، فشارەکانی بەغداو ناچارکردنیان بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی سنورەکان لەلایەن بەغداوە، ئامادەنەبون یان نەتوانینی وەڵامدانەوە بە خواستەکانی خەڵک لە پێداویستی و خزمەتگوزاریەکان و دابینکردنی ژیان و گوزەرانیان، تادەگات بە ململانێکانی نێوان خۆیان وەک دوو دەسەڵات لە زۆنی جیاوزدا، لەهەمانکاتدا ئاڵۆزی و بارگرژی دۆخی سیاسی ناوچەکە، ناتوانێ نیشاندەری ئاسۆ و ئایندەیەک بن، کە لەم هەلومەرجە سیاسیەی ئێستای ناوچەکەو عێراق و کوردستاندا، کە حکومەت پێکبهینن یان پێکنەهێنن، دەتوانن دابینی ئارامی لە هەرێمدا بکەن، واتە نەک کاریگەریان نابێت لەسەر کۆتایی نائارامی و ناجێگیری و گێژاوی سیاسی لە کوردستاندا، بەڵکو بەردەوامی هەمان ڕیسوایی و شەرمەزاری چۆنیەتی حکومڕانی و بەڕێوەبردنی سیوسێ ساڵەی کۆمەڵگەدا ئەوە دوپات دەکەنەوە کە خۆشیان هۆکارێکی بێوێنەن لە بەرجەستەکردنەوەی نائەمنی و نائارامی و ستەم و چەوسانەوەو بێکاری بەسەر خەڵکی کوردستانەوە، نیشاندەری گەورەترین نمونەی بەرگریکارو ڕاگرتنی کۆمەڵگەیەکی نایەکسانن.




لکاندنی هەرێم بە حکومەتی عێراقەوە کارەساتە!.. عوسمانی حاجی مارف

حیزبی دەعوە و لایەنە شیعەکان لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە هەوڵیانداوە عێراق وەک دەوڵەت و کۆمەڵگا لەناوببەن و لە بازنەی دواکەوتویی و هەژاری و بێکاریدا بیهێڵنەوە تا هەر هەوڵ وهەنگاوێک بەرەو ڕێکخستنەوەو دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازادو پێشڕەو و شارستانی و یەکسان بەپێی دوو ئاراستە پووچەڵ کەنەوە.
ئاراستەی یەکەم کە هەوڵی خوڵقاندن و درێژەدان بە دابەشبون و ڕکابەری نێوان مەیلی تائیفی و قەومی، تائاستی خولقاندنی شەڕی تائفی و قەومی، لەم ئاراستەیەوە مشتەکۆڵەی دەسەڵاتی ئاسنینی شیعەی سەر بەئێرانیان دامەزراند، لەژێر “ناوی چوارچێوەی هەماهەنگیدا”.
ئاڕاستەی دووەم کە حیزبی دەعوە بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی دوو خولی(٢٠٠٦-٢٠١٤) گرتیەبەر، بریتییە لە دامەزراندنی هێزی ئەمنی تایبەت بە لایەنە شیعەکان بەهاوتەریبی لەگەڵ هێزە فەرمیەکان، کە لە کوتلە و میلیشیا شیعەکان پێکدێت، بەئامانجی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی جومگەکانی دەوڵەت و زاڵبوون بەسەر بڕیارە چارەنووسسازەکانیدا. مالیکی خۆی دانی بەوەدانا کە ئەو دامەزرێنەری ڕاستەقینەی ئەو میلیشیا و کوتلانەی سەر بە دەوڵەتە “هێزەکانی حەشدی شەعبی” کە ژمارەیان زیاتر لە ٧٩ کوتلەی چەکدارە.
بۆئەوەی ئەم دەوڵەتەی کە بەدەسەڵاتداری لایەنە شیعەکان ڕێکدەخرێت، هێز و کاریگەری و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدیاتی هەبێت هاوپەیمانیەکی بەهێزیان پێکهێنا، کە حزب و کوتلە شیعەکانی سەر بەئێران لە هاوپەیمانیەکەدا کۆدەکاتەوە بەناوی “چوارچێوەی هەماهەنگی”، بۆ ڕوبەڕووبونەوەی ئەو هاوپەیمانیە سێ قۆڵییەی کە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا؛ وەک ڕەوتی سەدر(٧٣ کورسی) پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان (٣١ کورسی)، هاوپەیمانی سەروەری (٦٥ کورسی)، بەڵام دوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە هاوپەیمانیەکەی، دەنگەکان گەڕایەوە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی کە دۆڕاوی ناو هەڵبژاردن بون. بەمشێوەیە “دۆڕاو” گۆڕا بۆ گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی. ئەمەش وای لێکرد حکومەت لەسایەی دەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی پێکبهێنرێت. بەمشێوەیە حکومەتێک دامەزرا کە حکومەتی فەرمی بە سەرۆکایەتی محمد شیاع سودانیە، حکومەتی سێبەریش بە سەرۆکایەتی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و فراکسیۆنەکان پێکهێنرا!
ئەم پێکهاتەیە لە دەسەڵاتی حزبی، بە ناوی چوارچێوەی هەماهەنگی و لە سایەی هێزی حەشدی شەعبیدا، لە جۆری بەرێوە بردنیان بۆ سەرمایەگوزاری لە عێراقدا، رەخساندی دۆخێکی گونجاوە بۆ درێژەدان بە گەندەڵی لە کۆمەڵگا و دەوڵەتدا، لەهەمانکاتدا خنکاندنی خەڵکە لە تاڵاوی جەهل و بێکاری و ئاژاوە و مادەی هۆشبەر و تیرۆرکردن و چەرخی ململانێ و شەڕی تائیفی و قەومیدا.!
لەماوەی حوکمڕانی درێژخایەنی ٢١ ساڵی ئەم حزبە دەسەڵاتدارانەدا، نەک هیچ خزمەتێکی بەرچاویان بە شارەکانی عێراق نەکردوە، بەڵکو وێرانکاریان تێدا بڵاوکردۆتەوە. بۆخۆشیان گەورەترین سەرمایەیان کەڵەکە کردوە. ئەوەی کە تا ئێستا بە ڕوونی دەیبینین تاڵانکردنی سامانی گشتی و دزینی خەزێنەی دەوڵەت و کۆنترۆڵکردنی جومگە ئابوری و دارییەکانی عێراقە.
حزبە دەسەڵاتدارە پێکهێنەرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لاوازبونی هاوسەنگی هێزیانەوە و بەناوی پێکەوەژیانی ئاشتیانە، ملکەچی دەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی بوون و ناچارکراون کە تاڵانکردنی سامانی هەرێمیش بخەنە ژێردەستی حکومەتی عێراقەوە.
لەکاتێکدا باس لە پەیوەندی مشتومڕاوی نێوان بەغدا و هەولێر دەکرێت، بەتایبەتی لەسەر لکاندنەوەی تەواوی سەرچاوە ئابوری و داراییەکانی هەرێم بە عێراقەوە، وەفدێک بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی حکومەتی عێراق (تەیف سامی) لە هەولێر، لەسەر سەرچاوە و پرۆژە ئابوریەکانی هەرێم لە گێژاوێکدان، کە تائێستا بە ئاراستەیەکی شەفاف و ڕۆشندا تێناپەرێندرێت، ناشزانرێت کەی یەکلایی دەبێتەوە. ئەمەش چارەنوسی مامەڵەکردن بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی وەها ئاڵوز کردوە، کە هەر مانگە جۆرە پاساوێک دەکەنە هۆی دواکەوتنی موچە. وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەران بۆتە ڕووداوێکی ناوازە کە لەلایەن میدیاکانەوە وەک هەواڵێکی خۆش بۆ دانیشتوانی هەرێم بڵاودەکرێتەوە، لەهەمانکاتدا پرسی موچە بۆتە کێشەیەکی بێوەڵامی ململانێی نێوان بارزانی و تاڵەبانی.
لەهەمانکاتدا شیعەکان هەوڵئەدەن پێی هەرێمیش بکێشنە ناو تاڵاوەکانی عێراقەوە، بە گەمارۆدان و برسێتی و دواکەوتویی بڵاوکردنەوەی دوو بەرەکی و دژایەتی هەرجۆرە سیمایەکی شارستانیە لە ناوچەکەدا وەک سەپاندنی یاسای باری کەسێتی، لەهەمانکاتدا قوڵکردنەوەی کێشەکان و ململانێکانی نێوان بارزانی و تاڵەبانی تا ئەو ئاستە کە ململانێکانیان هۆکاری زیاتر توندبونەوەی بارگرژی نێوان هەردوو لایان بووە، وەک لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا دیمان.
لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە عێراق شایەتی ململانێی نێوان داکۆکیکارانی دەوڵەتی مەدەنی و داکۆکیکارانی دەوڵەتی ئایینی نەبووە و دەوڵەتی مەدەنی هەتیو کەوتوە. ئەمریکا ئەو بابەتەی بەوشێوەیە یەکلاییکردەوە کە دەسەڵاتی ڕادەستی نووری مالیکی کرد کە بە توندڕەوێکی مەزهەبی ناسراوە. مالکیش دەیزانی کە دەسەڵاتێک بەڕێوەدەبات دەکەوێتە نێوان دوو دوژمنەوە، ئەمریکا و ئێران، بەڵام بەئاشکرا لەسەر باڵادەستی ئێران بەسەر عێراقدا گیرسایەوە.
دۆخەکەش بەرەو شەڕێکی ناوخۆ کێشرا کە تێیدا هەزاران کەسی بێتاوان کوژران و شەڕێک، کە هێزەکانی عێراق پێشئەوەی بتوانن چەکەکانیان لە شەڕدا تاقی بکەنەوە، شکستیان هێنا. عێراق بەشێکی زۆری سەروەت و سامانەکەی لەدەستدا لەبەرامبەر ئەوەی تا مالیکی دەوڵەتەکەی دامەزرێنێت، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. هەموو ئەو یاسا ناوازانەی کە لەلایەن مالیکیەوە دەرچووە بە مەبەستی خزمەتکردنی بەرژەوەندیەکانی گروپەکانی خۆیەتی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی لە حکومەتی عێراقدا بە پاشکۆبونی بە ئێرانەوە. کاتێک مستەفا کازمی هەوڵیدا بە بەشێکی کەم بەو یاسایانەدا بچێتەوە، میلیشیاکان ماڵەکەیان بۆردومان کرد.
ئەمریکا عێراقی کێشایە ناو زەلکاو و تەڵەیەکی تائیفیەوە. کەوتنە ناو ئەو تەڵەیە، دەبێتە هۆی کوێربون، ئەوەی لەناو ئەو تەڵەیەدا یاری بکات واقیع بین نابێت، ناتوانێ مامەڵە لەگەڵ حەقیقەتدا بکات. بۆیە هەموو ئەو ڕاستیانەی کە لەلایەن شیعەکانی عێراقەوە پیادەدەکرێت، لە واقیعێکی ناکۆکەوە وەرگیراوە کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە بە ئیرادەی ئەمریکی و ئامۆژگاری ئێران، دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە.
شیعەکانی عێراق بەشێوازێکی ئێرانی بیردەکەنەوە. ئەگەر شەڕێک لە دژی ئێران دەستپێبکات، لەگەڵیدا دەوەستن و شەڕی بۆدەکەن، ئەمە هاوکێشەیەکی سەیرە جێگای سەرسورمان و تێڕامانە کە پاشکۆبون بۆ دەوڵەتێک دەوڵەتی خۆت بکەیتە قوربانی، بەڵام وڵاتێک کە سێ ملیار دۆلار بۆ سەردانی حوسێنیە خەرج بکات، ئیتر پێوەرێکی گونجاوی تیا بەدی ناکرێت بۆ بیرکردنەوەیەکی عەقڵانی و ئینسانی.
ئەم پێکهاتەیە لە حکومەتی ئێستای عێراق بەهیچ جۆرێک جێگای متمانە نیە، کە پێوەرێک بێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک بەبێ ئێران، جێگیرکردنی دەسەڵاتێک بێت بەبێ هێزی میلیشیا، بەبێ ستەمی سیاسی، یان ئایندەیەک بێت بۆ ئارامی و خۆشگوزەرانی دانیشتوان، نمونەی دەسەڵاتێکی تەواو نەرێنیە لە گۆشەکیردنی دەور و ئیرادەی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا، بێئیرادەکردنی خەڵک بۆ بەدەستهێنانی سادەترین خواست دەچەسپێنێت. ئەم چوارچێوە سەروخەڵکیە شایستەی ژیانی بەشەریەت نیە و پێویستە هەڵوەشێتەوەو کۆتایی پێبهێنرێت، چونکە مۆرانەیەکە بۆ کەڵەکەی سەرمایەو پاراستنی سەرمایەداری، ژیانی مرۆڤەکانی عێراق دادەڕزێنێت.
هەر ئەم مۆرانەیە لەڕێگەی ئاست نزمی و ڕیسوایی و تاڵانچی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانیەوە، خەریکە پەلدەهاوێت بۆ هەرێمێکی شەقوشڕی وەک کوردستان بەناوی ناوەندکردنەوەی عێراقەوە، ئەو ناوەندبونەی کە ئایندەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران و گوزەران و قوتی خەڵک دەخاتە ناو پرۆسەیەکی پێچیدەو نادیارترەوە.
پێویستە ڕێگە نەدرێت هەرێمی کوردستان بەناوی موچەو هەر بیانویەکی ترەوە بکەوێتە ژێردەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگیەوە، رێگە نەدرێت بارزانی و تاڵەبانی خەڵکی کوردستان بخەنە ناو ململانێی نێوان خۆیان و حکومەتی عێراقەوەو یاری بە چارەنوسی ژیانێکی پڕ لەگێژاوی ترمان بکەن. خەڵکی عێراق و کوردستان پێویستیان بە شۆڕشێکە لە هەنگاوی یەکەمدا کۆتایی بەتەواوی هێزە میلیشیاکان لەکوردستان و عێراق بهێنن.

عوسمانی حاجی مارف




سیاسەتی ئیسرائیل لە شەڕەکانی غەززە و لوبناندا کۆتاییەکی ڕوونی نییە!.. عوسمانی حاجی مارف

لە سەعاتەکانی دوای ڕاگەیاندنی کوژرانی یەحیا سنوار بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، چەند ناوچەیەک لە کەرتی غەززە گەمارۆدراو کەوتە بەر بۆردومانی چڕەوە و کوشتاری خەڵکی مەدەنی نەوەستا. تەواو بەپێچەوانەی ئەوانەی باوەڕیان وابوو دوای تیرۆری سنوار شەڕ کۆتایی دێت و ژیان ئاسایی دەبێتەوە. دڕندەیی و ستراتیژی ناتانیاهۆ بۆ داگیرکاری و وەستانەوەی بەرامبەر چارەنوسی فەلەستین، لەوە واوەترە بە تیرۆری سەرکردەکانی حەماس و حزبوڵڵا، بۆردمان و کوشتارو شەڕی وێرانکەر ڕاگرێت، یان بەئاسانی دەست لە هەڕەشەکانی بەرامبەر ئێران هەڵبگرێت. بەداخەوە شەڕەکە نەوەستاوە و کوشتار بەردەوامەو لەهەمانکاتدا ئەگەری فراوانکردنەوەی شەڕەکە ئەگەرێکی زیاترە.
کوشتنی سنوار هیوای بەهەندێک دا کە ڕەنگە ڕێگە خۆش بکات بۆ زیندووکردنەوەی دانوسان بەئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، گوایە بایدن لەمێژە هەوڵی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان دەدات، بەڵام دەرئەنجامێکی لەوشێوەیە بەهیچ شێوەیەک دڵنیا نییە. ئەمەش لە لێدوانەکانی بایدن دا ڕەنگدەداتەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوبەڕوی کێشەی یەک لە دوای یەک و ئاڵۆز دەبنەوە.
هەروەها پلانی ناتانیاهۆ زیاتر بۆ پاراستنی ئیسرائیلە بۆ دوای جەنگ، تاگەر ئیسرائیل سەرکەوتنی گەورەتریش بەدەست بهێنێت، هەوڵئەدات بەشی باکووری غەززە لە ژێر داگیرکاری هەمیشەیی ئیسرائیلدا بهێڵێتەوەو دەستەیەکی حوکمڕانی دامەزرێنن کە حەماس لەخۆنەگرێت، بەڵام بزوتنەوەی حەماس دوای ساڵێک لە ئۆپەراسیۆنە سەربازیە چڕەکان هێشتا چالاکە. تا ئێستا ١٠١ بارمتەی ئیسرائیلیان ڕادەست نەکردۆتەوە.
پلانی ناتانیاهۆ لە باکووری کەرتی غەززەدا سەپاندنی گەمارۆیەکی تەواوە، کە داوادەکات هەموو هاوڵاتیانی مەدەنی غەززە ناوچەکە بەجێبهێڵن، هەموو ئەو کەسانەی کە لەم ناوچە سەربازیە وێرانکراوە داخراوانەدا ماونەتەوە، بە شەڕکەری دوژمن هەژمار بکرێن و دەرگای هاوکاریان لێداخرێت. هێزەکانی ئیسرائیل ناوچەیەکی بەرفراوانی باکووری غەززەیان گەمارۆداوە و داخستنی ڕێگاکان ڕێگری لە گەیاندنی پێداویستیەکان بۆ خەڵکی ناوچەکە دەکات، تا فەلەستینەیەکانی غەززە ناچاربن ناوچەکە بەجێبهێڵن و چۆلی کەن بۆ ئیسرائیلیەکان.
ئامانجی سەرەکی حکومەتی ئیسرائیل لە غەززە کۆتاییهێنانە بە حەماس، گەر ئەو کۆتاییهێنانەی حەماس لەسەر کوشتاری تەواوی دانیشتوانی غەززە بکەوێت، دەست ناپارێزێت، چونکە ناتانیاهۆ باش دەزانێت تا وەڵام بەکێشەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین نەداتەوە، کە نایەوێت بیداتەوە، زمینەی دووبارە بوژانەوەی حەماس هەیەو خاوەنی بنکەی فراوانی پشتیوانی جەماوەریە لەنێو دانیشتوانی فەلەستیندا.
ئیسرائیل لە مانگی سێپتەمبەری ڕابردودا بە فەرمی ڕایگەیاندوە، کۆتایهێنان بە هێرشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر باکووری ئیسرائیل ئامانجێکی شەڕەکەیەتی. بەڵام بە دوای تیرۆرکردنی بەشێک لە سەرکردەکانی حزبوڵڵا، پلانێکی دیاریکراوی ڕۆشنی نیە. دەیانەوێت ناوچەیەکی پاراستن لە دیوی سنوری لوبنانیش دابمەزرێنن، کە حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی فەلەستین وەک حەماس نەتوانن چالاکی تێدا بکەن.
لە کاتێکدا کە لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بە هێواشی بەرەوپێش دەچێت، بەڵام پلانێکی رۆشنی بۆ پاراستنی ناوچەی پارێزراو نەخستۆتەڕوو، جگە لەوەی بەردەوام دەبێت لە پەسەندکردنی فشارە سەربازیەکان دژی حزبوڵڵا لە لوبنان، تا ئەوکاتەی تواناکانی ئەو گروپە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبنەوە یان لەناو دەچن .
ئەگەر ناتانیاهۆ ڕایبگەیەنێت کە دواجار لە غەززە یان لوبنان دەکشێتەوە، ئەوا مەترسی لەدەستدانی پشتیوانی ڕاستی توندڕەو دەبێت، بەمەش لایەنگرانی ڕاستی ناوەڕاست لەدەست دەدات و مەیلی وەستانەوەی ئۆپۆزسیۆنێک لەبەرامبەر خۆیدا دەجوڵێنێت، کە دواتر ئەو ئۆپۆزسیۆنە سوود لە ماندوێتی سەردەمی جەنگ وەردەگرن لە بەرامبەر ناتانیاهۆدا.
لایەنە ڕاست توندڕەوەکان زیاتر پشتگیری لەو بژاردەیە دەکەن و ئاواتەخوازن بۆ نیشتەجێکردنی ئیسرائیلیەکان لەغەززەدا، هەروەها فراوانکردنی نیشتەجێبونی ئیسرائیلیەکان لە باشووری لوبنان بۆ دەستەبەرکردنی ناوچەیەکی پارێزراو.
ناتانیاهۆ مێژوویەکی دوور و درێژی تۆمارکرد لە پشتگوێخستنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ و یاسا نێودەوڵەتیەکان، بە پەسەندکردنی نیشتەجێبونەکان لە کەناری ڕۆژئاوادا، بەبێئەوەی بەڕوونی سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی هەمیشەیی بەسەر ئەو ناوچانەدا ڕابگەیەنێت. بۆیە ئەم سیاسەتە زیاتر بەوە وەسف دەکرێت کە کاریگەری لەسەر یەکلایکردنەوەی کۆتایی هێنان بە چاوەڕوانکردنی نێوان فەلەستینیەکان و ئیسرائیلیەکاندا دەهێنێت، کە نیشتەجێکردنی ئیسرائیلەیەکان لەو ناوچانەی بۆ پارستنی ئیسرائیل پێویستیانە لای ناتانیاهۆو راسترەوە توندرەوەکان مەسەلەیەکی براوەیە.
ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لەسەر ئاراستەی داگیرکاریەکی سەربازی کراوە لە غەززە، کە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی لەگەڵ میسر و غەززە لەخۆدەگرێت، ئەمەش وادەکات گواستنەوەی فەرمی دوای جەنگ بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی فەلەستین لە کەرتی غەززە لەلایەن هەر هێزێکی فەلەستینیەوە قورس بێت. لەم نێوەندەدا پێدەچێت ئیسرائیل درێژە بە ستراتیژی هەڵکوتانەسەر و کشانەوە بدات بە بەکارهێنانی هێزێک کە لە هەزار بۆ چوار هەزار سەرباز پێکهاتووە، نەک ئەو یەکە بچوکانەی کە تایبەتمەندی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانین لە کەناری ڕۆژئاوادا.
لەکاتێکدا ئەم ستراتیژە لە داگیرکردنی کەرتی ڕۆژئاوا لەلایەن ئیسرائیلەوە جێبەجێدەکرێت، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل بەشێوەیەکی یاسایی وەک داگیرکاری پێناسەی ناکات. لەبری ئەوە وەک بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی شەڕێکی درێژخایان کە لە دژی یاخیبونێکی ناوخۆی ئیسرائیل ئەژماری دەکات و حکومەتەکەی لەو یاخیبوونە دەپارێزێت، بەڵام ئەم ستراتیژە دەبێتەهۆی ئەوەی کە گواستنەوەی دەسەڵات لە دوای شەڕی غەززە قورس بێت، چونکە پێناچێت حەماس بەبێ قایلبوونی پێگەیەک لە دەسەڵاتی غەززەدا بە ئاگربەست ڕازی بێت، لە لایەکی تریشەوە پێدەچێت ئیدارەی ناتانیاهۆ ئامانجەکانی جەنگی خۆی لە لوبنان بە فراوانی بهێڵێتەوە تا ئەوکاتەی کە بتوانێ حزبوڵڵا گۆشەگیرکات.
ئەم ئامانجە لەگەڵ وێرانکردنی بەربڵاوی ژێرخانی سەربازی و مەدەنی لە باشووری لوبنان دەبێت، بۆئەوەی ناوچەکە نەگونجاو بێت بۆ جێگیرکردنی هەر هێزێکی میلیشیایی. دواتریش بەوشێوەیە سود لە دانوسان وەردەگرێت. ئەمەش ئیسرائیلیش پابەند دەکات بە بەردەوامی ململانێیەکی سەربازی ئاشکرا لە باشووری لوبنان لەگەڵ حزبوڵڵادا، تا دواتر بە چارەسەری دیپلۆماسی یان داڕمانێکی شکستخواردوی یەکێک لە لایەنەکان کۆتایی دێت، ئەم دۆخەش کۆتاییەکەی نادیارە.
توندڕەوانی نێو حکومەتی ئیسرائیل بەبێ سیاسەتێکی دیاریکراو هەوڵدەدەن ئەجێنداکانیان بۆ نیشتەجێکردنی ئیسرائیلیەکان لەغەززە و ئاسایکردنەوەی بنیاتنانی نیشتەجێبون لە باشووری لوبنان بەرەوپێش ببەن. ئەمەش پەیوەندیەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی زیاتر ئاڵۆز دەکات.
ئاسایکردنەوەی بیرۆکەی نیشتەجێبونی ئیسرایلیەکان لە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە ساڵانێکی زۆری خایاندووە لە کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا، پاش دەیان ساڵ لە فراوانبوون و گۆڕانکاری لە ڕای گشتیدا، زۆربەی ئیسرائیلیەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە نیشتەجێبونەکان بە تایبەتی لە کەناری ڕۆژئاوا، لە هەر ڕێککەوتنێکی کۆتایدا لەگەڵ فەڵەستینیەکان هەمیشەیی دەبن، واتە دەبێت فەلەستینیەکان بەشێک بن لە ئیسرائیل.
بەوپێیەی حکومەتی ئیسرائیل وردەکاری سیاسەتی نیشتەجێکردنی خۆی لە غەززە یان لوبنان ناخاتەڕوو، پێدەچێت لایەنگرانی ڕاستی توندڕەو و بەشێک لە وەزیرەکان لایەنگری بۆ پێشخستنی ئامانجی نیشتەجێبون لە هەردوو ناوچەکەدا بکەن، بۆ ئەم نەخشەیەش بۆیان گرنگ نیە شەرەکە چەند دەخایەنێت و پێیان گونجاو نیە دانوسان بکرێت.
نەبوونی هیچ سیاسەتێکی ڕونی حکومەتی ئیسرائیل لە چۆنیەتی نیشتەجێکردن ئیسرائیلیەکان لە غەززەو لابردنی فەلەستینیەکان، بەو مانایەیە کە بەگەڕانەوەی دانیشتوانی ئیسرائیل بۆ غەززە، دەبێتە هۆی ئاوارەبونی هەمیشەیی فەلەستینیەکان لەو ناوچانەدا.
لە کاتێکدا پێدەچێت بەهۆی درێژەکێشانی شەرەکە لە ماوەیەکی نزیکدا نیشتەجێبونەکان لە باشووری لوبنان لەنێو بەشێکی زۆری ئیسرائیلیەکاندا بە ناپەسەند بمێننەوە، بەڵام لایەنگرانی نیشتەجێبون، هەوڵدەدەن باشووری لوبنان وەک ئامانجێکی داهاتووی داگیرکاری و نیشتەجێبون لە گوتاری گشتیدا ئاسایی بکەنەوە، بەتایبەت کە شەڕی لوبنان بەردەوامە، لەملاشەوە نەک هەوڵێکی عەمەلی و جدی لە ئەمریکاو ڕۆژئاوا بۆ کۆتایی ئەم شەڕە نەخراوەتەڕوو، بەڵکو پێداگری بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل و تاوانەکانی ڕێچکەیەکی بەردەوامە. لەهەمانکاتدا ململانێی زلهێزەکانی دنیا، تائێستا ڕەنگدانەویەکی وەها نیشان نادات کە دۆخەکە بەرەو کۆتایی ئەم شەڕە بێت، واتە دەتوانین بڵێین کۆتایی ئەم شەڕە ڕوون نیە، مەگەر گەورەبون و فراوانبونەوەی فشارێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی جەماوەری جیهانی بەر بەم کارەسات و هێرشانەی ئیسرائیل بگرێت.

عوسمانی حاجی مارف




دەنگدان نارەزایەتی دەسوتێنێ.. عوسمانی حاجی مارف

بایکۆتی بارزانی، هەڵبژاردنی خستە سەر ڕێگایەکی بنبەست و داخراوەوە، ئەوەی نیشاندا کەبەبێ بەشداری پارتی هەڵبژاردن ناکرێت، بۆیە دادگای فیدراڵی ناچارکرد، دەستبەرداری بەشێک لە بڕیارەکانی بێت و گۆڕانی تیا بکات، تا بارزانی بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکات، واتە زۆر بەسادەیی دەتوانین بڵێین هەرکات بارزانی بەرەوڕوی هەڵبژاردنێک بێت زیانی هەبێت بۆی، ئەتوانێ ئیفلیجی بکات، ئەمەش واقعی سروشتی جۆری دەسەڵاتی سیاسیە لە کوردستانی عێراقدا، کە خاوەن هێزی میلیشیا باڵادەسەتە، نەک دەنگ و دەخالەتی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا، ئەزمونی جۆری دەسەڵاتی سیاسی زۆنی زەردو زۆنی سەوز لە سیوسێ ساڵی ڕابردودا ئەوەی نەشاردۆتەوە، کە هەڵبژاردن چ گاڵتەجاریەکەو هیچ کات نەیتوانیوە هیچ گۆڕانێک یا کۆتایی هێنانبێت بەدەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی.
واتە پێش هەر شتێک پێویستە ئەوە بە هەند وەرگرین کە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نەیتوانی سیاسەتەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” کە پێکهێنەری حکومەتی عێراقن، لەبارەی هەڵبژاردنەوە خۆی بسەپێنێت، نەیتوانی بارزانی ملکەچ کات بۆ ئەو سیاسەتەی تاڕادەیەک بە بەرژەوەندی تاڵەبانی دەشکایەوە.
واتە بڕیاری بەشداری نەکردنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا، ئەوەی راگەیاند کە هەڵبژاردن ناتوانێ دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بگۆڕدرێت، چونکە گەر وانیە، ئەوە ئاسانترین فرسەت بو، پارتی تەریک بکرێتەوەو هەڵبژاردن بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ئەنجام بدرایەو دەسەڵاتی پارتی کۆتایی پێ بهێنرایە، بەڵام دیمان کە ناتوانرێت کارێکی لەو چەشنە ئەنجام بدرێت، دادگای فیدراڵی بەناچاری بڕیارەکانی گۆڕی.
ئەو خەیاڵات و چەواشەکاریانەی ئۆپۆزسیۆن وەک ئومێدێک بۆ کۆتایی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی بانگەشەی بۆدەکەن، بێناوەڕۆک و بێ مانان، چونکە لە گەڵ هەر ئاڵوگۆڕێک کە لەدۆخی سیاسی کوردستاندا ڕویدابێت، یان پەیوەندیەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم بارگرژی تێکەوتبێت، هەروەها حکومەتی عێراق و هێزەکانی شیعە فشارێکی زۆریان لەسەر بارزانی و تاڵەبانی دانابێت و میلی هاوسەنگی هێزیان بەقازانجی حکومەتی عێراق وەرچەرخاندبێت، مانای ئەوە نیە کۆتایی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانیە، دەسەڵاتی زۆنی زەردو سەوز لاوازن لەبەرامبەر حکومەتی عێراقداو ناچارکراون ملکەچی ئەو واقعیەتەبن، حکومەتی عێراق ئەم دووهێزە میلیشیایەی بزوتنەوەی کوردایەتی بەو شێوەیە لاپەسەندە کە پاشکۆی سیاسەتەکانی حکومەتی عێراقبن، پارتی و یەکێتیش لە چوارچێوەی ئەو ململانێیانەی لە چەند ساڵی ڕابردودا لەبەرامبەر حکومەتی عێراقدا هەولیان بۆداوە، نەک مایەپوچ مانەوە، هەنگاوبەهەنگاو ئایندەی بەرژوەندیەکانیان لە ژێر سێبەری سیاسەتی حکومەتی عێراقدا پێناسەدەکەنەوەو پێگەی خۆیان دەپارێزن، بەڵام لەبەرامبەر خەڵک و ئەولایەنانەی وەک ئۆپۆزیسۆن خۆیان پێناسە دەکەن، پارتی و یەکێتی بەداخەوە کە توانایان نەگۆڕدراوەو بەردەوامی بەدەسەڵاتەکەیان ئەدەن و بەهیچ جۆرێک هەڵبژاردن ناتوانێ ئەو پرۆسەیەبێت مانای کۆتایی دەسەڵاتەکەیانی لێکەوێتەوە. لەلایەکی تریشەوە ئۆپۆزسیۆن بانگەشە بە ئومێدێکەوە دەکات کە گوایە لەڕێگەی پشتیوانی بە حکومەتی عێراق و دادگای فیدراڵیەوە ئەتوانن سەرکەوتن بەدەست بهێنن، بەڵام ئەوەی زۆر ڕۆشنەو حکومەتی عێراق و هێزەسیاسیەکانی عێراق بەهیچ جۆرێک حسابی لەسەر ناکەن، ئەو لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنەی کوردستانە کە جێگای متمانەی سیاسی و بەرێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی نین، ئەو ئەرک و کارەو پێشخزمەتیەی بارزانی و تاڵەبانی ئەتوانن بۆ حکومەتی عێراق ئەنجامی بدەن، ئۆپۆزسیۆنەکەیان کۆمەڵێ لایەنی بێکارو هیچ لەبارانەبون.
هەروەها شێوازی ئەم هەڵبژاردنە ٢٠/١٠ی ئەمساڵ بە هەر جۆرێک بەڕێوەببرێت و هەرلایەنێک بەڕێوەی بەرێت، مانای ئەوە نیە ئەتوانرێت دەرگای ساختەکاری بەرامبەر بەهێزی میلیشیا ببەسترێت، ئەوەش بەدوور نازانم کە لایەنەکانی حکومەتی عێراق یارمەتی پارتی و یەکیتی لە ساختەکاریدا بدەن، جگە لەوەش هەردوو هێزی دەسەڵاتدار نفوزێکی تایبەتی بەخۆیان هەیە کە وەک دەنگدەری جێگیر حسابیان لەسەر کراوە، کە ناتوانن دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی و یەکێتی نەدەن کە ژماریەکی کەم نین، کە ئۆپۆزسیۆنەکان لەم جۆرە دەنگدەرانە بێبەشن، دەنگدان بۆیان پەیوەستە بە مەزاجی دەنگدەرانەوە، بۆیە داوا دەکەن زۆرترین کەس بەشداری بکات.
نابێت فریوی ئەوە بخۆێن کەبە دەنگدان ئەتوانن ئەم دەسەڵاتە ئاڵوگۆڕ پێبکەن، بۆیە نەچون بۆ بەردەم سندوقەکان و دەنگ نەدان بەشێک دەبێت لە پیادەی ئەو ئاڕاستەیە کە خەڵکی ناڕازی لەڕاستای ئەو ئامانجەدان کە بە ڕاپەڕینی جەماوەری دەیانەوێت ئەم دەسەڵاتە کۆتایی پێبهێنن.
ئەوەی ئاشکرایە دەنگدان سەنگی مەحەکی مانەوە یان نەمانەوەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی نەبووە نابێت، هەڵبژاردن لەکوردستان ئەو تایبەتمەندیەی هەیە کە تەنها ئامرازێکە بەدەستی بارزانی و تاڵەبانیەوە کە بەناوی هەڵبژاردنەوە شەرعیەت بەدەسەڵاتەکەیان بدەن، دەنا هەلبژاردن بکرێت یان نەکرێت زۆنی زرەدو و زۆنی سەوز باقیە، فرسەتدان بەبەشداری لایەنەکانی تریش بەهەر ناوێکەوە یان بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە، تەنها ئارایشکردنی شێوازی هەڵبژاردنەکەیە. ئاشکرایە کە ئەنجامی دەنگدانی ئەم هەڵبژاردنەش هەر جۆرێک بێت ناتوانێ ئاڵوگوڕ لەدەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی پێشبینی بکرێت، بەڵام دیارە ئەم دۆخی بێزاری و تورەیی و ناڕەزایەتیە فراوانەی خەڵک لەبەرامبەر حکومەتی هەرێمدا، ڕێژەی دەنگدەر کەمدەکاتەوە، ئەمەش زیاتر بەزیان بۆ لایەنەکانی بە ناو ئۆپۆزسێۆن تەواو دەبێت، چونکە ئۆپۆزسیۆنی بەشدار لەم هەڵبژاردنەدا، تەنها ئومێدیان بەدەنگدانە، نەچونی خەڵک بۆ دەنگدان، بی ئومێدیان دەکات لەو چاوەروانیەی کە بە هەڵبژاردن بۆ بەدەست هێنانی چەند کورسیەک هەیانە، ئەمەش مایەی ئەو مەترسیەیە بۆیان کە نەتوانن کورسی پێویست بەدەست بهێنن.
نەچون بۆ دەنگدان پێویستیەکی گەشەسەندنی نارەزایەتیەکانی خەڵکە، کە لە ڕۆژی دەنگداندا نەچینە دەرەوە و نەچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان، نەچون بۆ دەنگدان مانای نایەکی گەورەیە بۆ ئەم دەسەڵاتە، چونکە تەواوی لایەنەکان بۆ ساختەکاری و بەسەرکەوتن گەیاندنی هەڵبژاردنەکەیان پێویستیان بە نیشاندانی وەستان و ڕیزبونی خەڵکە لە بنکەکانی دەنگداندا، پێویستە لەبەرامبەر ئەو ڕاستیەدا بەئاگابین کە دەنگی ئێمەیان ناوێت، تەنها وەک ئەکتەرێک بەکارمان دەهێنن، بۆیە یەکەم؛ نەچون بۆ دەنگدان ڕیسواکردنی تەواوی پرۆسەی گاڵتەجاری هەڵبژاردنەکەیانە، چونکە ئەوان بەهەر فروفێڵ و شێوازێکی ناشایستەو ساختەکاری بێت ئەتوانن یاری بەدەنگەکان بکەن. دووەم؛ ئەوان پێویستیان بە کۆبونەوەی خەڵکە بەدەوری بنکەکانی دەنگدان تانیشانی بدەن کە هەڵبژاردنەکەیان شەرعیەتی هەیە. بەڵام ئەوانەی بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا دەکەن و کاندیدیان هەیە، بە فریودانی ئەوەی دەنگی خەڵک نەسۆتێ لەخەڵک دەپاڕێنەوە بچن دەنگ بدەن، بەڵام کەسی ناڕازی بچێت بۆ دەنگدان یا نەچێ دەنگەکەی هەرسوتاوە، نەچون بەهێزکردنی پرۆسەی ناڕەزایەتیەکانمان نیشان ئەدات، چون بۆ دەنگدان دەنگی ناڕەزایەتی دەسوتێنێت.
بانگەشەی ئەم جارەیان بۆ هەڵبژاردن، ناتوانن بە بەڵێنی دابینکردنی خواست و موچەو پیداویستیەکانی ژیانی خەڵک فریوکاری بکەن، چونکە بە لاوازی پێگەیان لە بەرامبەر حکومەتی عێراقدا ئەو هەلەیان لەدەستداوە کە ڕویان بێت بانگەشەیەکی لەو چەشنەبکەن، زیاتر لە گۆشەیەکەوە بانگەشەکانیان ڕادەگەیەنن، کە ڕیسواکردن و تاوانبارکردن و شکاندنی یەکترە تائاستی دروشمی کۆتایی دەسەڵات، بەمجۆرە بانگەشەکەیان زیاتر نیشاندانی دۆخی شەڕە تا ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بێت، ئەتوانم بڵێم هەڵخڕاندنی دۆخێکی لەم چەشنە زیاتر پێویستی بە نەچون بۆ دەنگدان و ڕیسواکردنی پرۆسەکەیانە، گەر ئۆپۆزسیۆنێکیش هەستی دڵسۆزی و پشتیوانی بۆ خواست و ئایندەی خەڵک هەبێت، لەڕیزی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا دەوەستێت بۆ کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە لە ڕێگەی ڕاپەڕین و شۆڕشی جەماوەریەوە، نەک بەشداری لە هەڵبژاردنێکدا کەدەسەڵاتداران بۆ شەرعیەتدان بەدەسەڵاتەکەیان بەکاری دەهێنن.




گۆڕانکاری لە ڕوخساری ناوچەکەدا.. عوسمانی حاجی مارف

ئەو زنجیرە ڕووداوانەی لە سێپتەمبەری ٢٠٢٤دا بەتایبەتی لە لوبنان بینراون، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ڕووخساری ناوچەکەدا.
تیرۆری حسن نەسرولڵا، لەکاتێکدایە کە گرژیەکی بێوێنە لەسەر بەرەی باکوری ئیسرائیل لەگەڵ لوبناندا لەئارادایە، ئەمەش بەردەوامی پەرەسەندنی سەربازی و هاوکێشە نوێیەکان لە چڕکردنەوەی لەشکرکێشی و کارەساتی کۆمەڵکوژی و وێرانکاری بێبەزیانەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان نیشان ئەدات، کە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا دەگۆڕدرێت، چونکە ئەم ڕوداوە بە پێشهاتێکی مەترسیدار دادەنرێت، سەبارەت بە لێکەوتەکانی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی لە لوبنان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەهەمانکاتدا ترسی کاردانەوەی توندی حزبوڵڵا و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و لەلایەکی ترەوە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا دروست دەکات، بەمانایەک بەرزکردنەوەی ئاستی دۆخی جەنگ و ئەگەری کێشکردنی ناوچەکەیە بۆ شەڕێکی گەورەو وێرانکەرو کوشتنی بە کۆمەڵ و خوێناوی.
پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ، زنجیرەیەک هەڕەشەی لە دژی ئێران و هێزەکانی سەر بەئێران بڵاوکردەوە. لە هەڕەشەکانیدا حیزبوڵڵای بەتایبەتی هێنایە ئاراوە، “بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە حیزبوڵڵا ڕێگای شەڕی هەڵبژاردوە، واتە ئیسرائیل جگە لە شەڕ هیچ بژاردەیەکی دیکەی نیە”. جگە لەوەش حکومەتی ئیسرائیل بانگهێشتکردنی دوو لیوای یەدەگی بۆ بەرەی باکوور ڕاگەیاند، کە ئامادەیە بۆ لەشکرکێشی زەمینی بۆ سەر خاکی لوبنان!، بەمشێوەیە فراوانکردنی داگیرکاریەکانی ئیسرائیلە بۆ دەرچون لەو قەیرانەی لە غەززەدا دەرگیری بووە، کە لەمبارەیەوە بە تیرۆری حەسەن نەسروڵلا و بەشێک لەسەرکردەکانی حزبوڵڵا، ناتانیاهۆ سەرکەوتنێکی بەدەستهێنا و کاریگەری لەسەر بەرزکردنەوەی کەسایەتی لە ناو ئیسرائیلدا دانا، لە هەمانکاتدا هەلی بۆ هەڵکەوتوە کە درێژە بەم شەڕە دڕندانەیەی بدات.
نەتانیاهۆ، لە ماوەی پانزە ساڵدا، ئیسرائیلی خستۆتە ناو جۆشی وەستانەوە لەبەرامبەر ئێراندا، تا ڕادەیەکی زۆر بەکاری هێناوەو دەرفەتی ئەوەی قۆستۆتەوە بیسەلمێنێت کە بوونی ئێران چەندە مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر بوونی ئیسرائیل. بۆیە هەموو ناکۆکیە سیاسی و ستراتیجیەکان بەپێی دیدگای ئیسرائیل، هاوکاتە لەگەڵ ئەم هەڕەشانە و مەترسی ئێران بۆ سەریان، ئەگەر لە خەڵکی ئیسرائیل پرسیار بکرێت کە زیاتر هەست بە متمانە لەگەڵ کێ دەکات، ئەوا زۆرترینیان ناتانیاهۆ هەڵدەبژێرن، تەنانەت ئەگەر لە چەپ بن یان نەیاری سەرەکی ناتانیاهۆش بن.
گرنگترین پرسیار لەم چوارچێوەیەدا، پێوانەی سەرکەوتن بۆ ئیسرائیل لە شەڕی لوبناندا چیە؟ بەشێک لە خەڵکی ئیسرائیل ئەوە دەبینن کە ئامانجی سەرەکی لابردنی چڕبونەوەو دورخستنەوەی حزبوڵایە لە ناوچەکەدا، بەشێکی تریش زیاتر پێداگری لەسەر سەرکەوتن بە ڕوخاندنی حزبوڵڵا و کۆتایهێنان بە بوونی حزبوڵڵا دەبینن.
لە گۆڕەپانی دیپلۆماسیدا، تەنانەت، ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیلیش دان بەوەدا دەنێنن کە چوونە ناو ڕێڕەوی دیپلۆماسی تەنیا دوای نیشاندانی هێز دەتوانرێت ئەنجام بدرێت، بەتایبەتی لەبەرامبەر ئەو ڕێکخراوانەی کە بە ڕێکخراوی تیرۆرستی وەسفیان دەکەن، بەومانایە کاتێ ئامادەی ئەگەری دانوسانن لەگەڵ ئەو هێزانەدا کە تەواو هیلاکیان کەن، هەر بۆیە ئەم ماوەیە ناتانیاهۆ باسێکی لەسەر دانوسان نیەو لە تاوانەکانی بەردەوامە.
ناتانیاهۆ و ئیسرائیل، بە پشتیوانی ئەمریکا و رۆژئاوا، پاراستنی ئیسرائیل وەک سەنگەر و قەڵایەک لە بەرامبەر ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو لەلایەکی ترەوە وەستانەوە لە بەرامبەر ململانێ و دەخالەتی ووڵاتانی زلهێزی وەک روسیا و چین لە ناوچەکەدا حسابی لەسەر دەکەن، لەم بارەیەوە سەرکەوتنی ئیسرائیل لەم شەڕەدا دەبێتە دەستکەوتێکی گەوەرە بۆ ئەمریکا، کە قەرەبوی بەشێکی گەورە لە شکستەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکاتەوە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا ئیسرائیل بزوتنەوەی حەماسی لاوازکردوە، هەروەها بەشێکی زۆر لە توانا و چەک و سەرکردەکانی حزبوڵڵای لەناوبردوە، کەوەک هێزێکی چەکدار وەها لاوازی کردوە، کە بۆ ئێران زەحمەتە بتوانێت بۆ ساڵانی داهاتوودا هەڕەشەی لە ئیسرائیل پێبکات. لێرەوە دەتوانین بڵێین ئیسرائیل گەورەترین گورزیدا لە هەوڵی بیست ساڵەی ئێران لە بنیاتنانی ئەو هێزە میلیشیایانەی ڕیکیخستبون و دایمەزرانبون.
ستراتیجی ئێران لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردودا چڕ بووەتەوە لەوەی کە لەسەر بنیاتنانی ئامرازی کاریگەر لە دەرەوەی سنورەکانی دامەزرێنێت، تا لەو ڕێگەیەوە توانایی بەربەستێک دادەمەزرێنێت کە ڕێگری لە نەیارەکانی دەکات لە هێرشکردنە سەری. ئێران بە قۆناغ چەندین هێڵی بەرگری بنیاتناوە، لە دوای لەشکرکێشی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٨٢لە لوبنانەوە دەستی پێکرد بە دامەزراندنی حزبولڵای لوبنان،، پاشان لەعێراق کەدوای لەشکرکێشی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣، فراکسیۆنەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی پێکهێنا، هەروەها لە سوریا و یەمەنیش لە دوای بەهاری عەرەبی ٢٠١١ هەوڵیدا بۆ دروستکردن یان پشتگیریکردنی میلیشیا ناوخۆیی و هاوردەکراوەکان، هەڵبەتە حزبولڵا هەرە گرنگترین و کارامەترینی دەستکردەکانی ئێرانە. ئێران لە ڕێگەی ئەوانەوە شەڕی بە وەکالەت لە دژی نەیارەکانی دوور لە خاکی خۆی ئەنجامدا، بەبێ ئەوەی خۆی ڕاستەوخۆ تێوەگلابێت. ئەم ستراتیژە بۆ ماوەی نزیکەی دوو دەیە سەرکەوتو بوو لە ڕاگرتنی ئیسرائیل و ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر ئێران، تا ئەو کاتەی لە سێپتەمبەری ٢٠٢٤، ئیسرائیل توانی هێرشی توند بکاتە سەر حزبولڵا، کە پێدەچێت هەمان کاریگەری ڕووداوەکانی سێپتەمبەری ٢٠٠١ لەسەر سیستەمی ناوچەیی هەبێت، بەتایبەتی لەسنووردارکردنی ئێران، بەم شێوەیە لە ئاکامدا دۆخی ئێران تەواو دەشێوێنرێت.
ئیسرائیل بەوردی پلانی داڕشتووە بۆ لەناوبردنی سەرکردەکانی حزبوڵلا و ئەوهێزانەی پاشکۆی ئێرانن لە ناوچەکەدا، ئەم شەڕە لەگەڵ ئەوەی زۆر توندوتیژو خوێناویە، لەهەمانکاتدا زۆربەی هێرشە سەربازیەکان ئاراستەی حزبولڵا و سەرکردەکانی و لەناوبردنی چەکەکانیانە، بەڵام بەگشتی لەسەرەتای ئەم هێرشە دڕندانەیەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەو لوبنان تائێستا بەجیا لە کوشتاری زیاد لە چل هەزاری دانیشتوانی غەززە، ژمارەی ئەو ئاوارانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە ناچارکران بۆ هەڵاتن زیاترە لە ملیۆنێک، ناسینەوەی ئەم شەڕە پێویستە لەو شوێنەوە لێکدانەوەی بۆ بکرێت کە هێرشی دڕندانەی ئیسرائیلە بۆ سەر خەڵکی فەلەستین و ڕەتکردنەوەی چارەنوسی خەڵکی فەلەستینە لە خواستی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین.
شێوەی خۆبەدورگرتنی حزبوڵڵا لە شەڕی غەززە نەبووە هۆی ئەوەی ئیسرائیل نەیکاتە ئامانج، ناتانیاهو بڕیاری داوە تواناکانی ئەو حزبە نەهێڵێت، دەتوانرێت دوای چەندین خولی هێرش بگوترێ کە زۆربەی سەرکردەکانی بەبێ شەڕ کوژراون و زۆربەی چەکەکانی حزبەکەش لەکاتێکدا لەناو فرۆشگاکانیاندا بون لەناوچوون، ئەمەش دۆخێکی سەختە بۆ حزبوللآو ئێران، کە چۆن بەبێ شکستی تر لەم دۆخە دێنە دەرەوە.
ئێران نەگەیشتووەتە قۆناغێک کە دەستبەرداری حزبوڵڵا بێت، وە دەستبەرداریشی نابێت، تەنها کاتێک نەبێت کە گۆڕانکاریەکی گەورە لە تاران ڕووبدات، چونکەحزبوڵڵا گرنگترین سەروەت و سامانی سەربازی کۆماری ئیسلامیە لە دەرەوەی ئێراندا، هەربۆیە ئیسرائیل هەوڵ ئەدات لەڕێگەی چڕکردنەوەی لێدانەکانی لە حزبوڵڵا بەجیا لەوەی دەیەوێت حزبولڵا کۆتایی پێبهێنێت، لەهەمانکاتدا لە هەوڵی ئەوەدایە ئێران کێشکات بۆ ناو شەڕەکەو لەم ڕێگەیەوە دۆخەکە زیاتر بخاتە ناو چوارچێوەی شەڕێکی ناوچەیی و فروانەوە، ئەوەی جێگای سەرنجە لەم هەلومەرجەدا ئەوە تەنها ئیسرائیلە کە هەڵگیرسانی ئەم شەڕە لە ناوچەکەدا بۆ بەرژوەندیەکانی حساب دەکات و پێداگری لەسەر شەڕی ناوچەیی فراوان دەکات.
پێشبینی دەکرێت ئێران زیاتر هەوڵبەدات ئاستی ململانێکانی لە دژی ئیسرائیل کەم بکاتەوە و بەقازانجی نیە بگلێتە ناو شەڕێکی فراوانەوە، سەرکردایەتی ئێران بۆ خۆیان ئاگاداری ئەوەن کە هاوسەنگی هێز لەبەرامبەر ئیسرائیلدا لە قازانجیان نەماوە. شەڕی لەگەڵ ئیسرائیلدا چوار ڕاستی ئاشکرا کرد: یەکەمیان ئەوەیە کە ئیسرائیل توانای ئەوەی هەیە شەڕێکی درێژخایەن ئەنجام بدات، ئەگەری ئەوە هەیە ئەم شەڕە نزیکەی ساڵێک بخایەنێت. دووەم: بیروڕای گشتی ئیسرائیل گۆڕاوە و تارادەیەک پاڵپشتی شەڕەکە دەکەن، لە ئەنجامی ئەمەشدا نەتانیاهۆ، بوو بە سەرکردەیەکی مێژوویی لەنێو بەشێکی زۆری هاووڵاتیانیدا. سێیەم: ئیسرائیل زۆر گرنگی بە زیانە مرۆیەکانی نەداوەو نادات، بەبیانوی ئەوەی کە هەزاران کوژراو لەنێو ڕیزەکانیدا ڕوویانداوە. چوارەم: شەڕی ئێستا ئەو ڕاستیەی پشتڕاست کردەوە کە ئیسرائیل بۆتە هێزێکی سەربازی بەتواناو بێڕکابەر لەناوچەکەداو ئەمریکاو ڕۆژئاوا پشتیوانی جدی لێدەکەن.
کاتێک بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی لافاوی ئەقسای دەستیپێکرد، لە ئەنجامدا، ئاشکرابوو کە پەرچەکرداری وێرانکاری ئیسرائیل لە سەر غەززەو دواتر هێرش بۆ سەر لوبنان، ئێران هەموو ئەو هێزو گەنجینانەی لەدەست ئەدات کە لە ماوەی دوو دەیەدا دروستی کردون، ئەگەر شەڕەکە نەشگاتە ناوخۆی ئێران،بەڵام پێگە و هاوسنگی هێزی ئێرانی تەواو هێناوەتە خوارە، هەروەها مەترسی کۆتایی دەسەڵاتەکەشی ئەگەرێکە!.
بەشێوەیەکی بێوێنە لە دوای ڕووداوەکانی ١١ی سیپتەمبەری (٢٠٠١)ەوە. لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردودا، ئێران سودی لە جەنگی کەنداوی دووەمی ئەمریکا وەرگرت، کە لە ئەنجامدا دوو دوژمنی سەرەکی ئێران لە ناوچەکەدا (ڕژێمەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان و سەدام حوسێن)ی ڕووخاند، ئەتوانین بڵێین کە دوای شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و دەخالەتی رۆژئاوا و ئەمریکا لە گۆرینی ڕێرەوی ئەو شۆرشانە بەرەو شەڕی ناوخۆ. دۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجۆرێك ئاڵوگۆڕی بەخۆوە بینی، لەلایەک مایەی پشێوی و ناجێگیری سیاسی و کارەساتەکانی فەراهەمهێنا لە ناوچەکەدا، لەلایەکی ترەوە دەرگای بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ئاواڵەکرد، کە نفوزی خۆی بەرفراوانکاتەوەو گروپ و هێزی چەکدار جێنیشین بکات، بەڵام بەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەو باشوری لوبنان، دوای ئەوەی ئیسرائیل توانی هێڵی بەرگری ئێران لە هەموو گۆشەکانەوە لاوازبکات و یەک لە دوای یەک هاوپەیمانەکانی ئێران لاوازو بێکاریگەر بکات، ئیتر هیچ شتێک نیە ڕێگری بکات کە ڕاستەوخۆ ئێران بکاتە ئامانج، ئەگەرچی ئێران لەلای خۆیەوە پێیوایە ئەگەر خۆی لە چوونە ناو ڕوبەڕوبونەوەیەکی ڕاستەوخۆ بەدوور بگرێت لەوانەیە لە ژیاندا بمێنێتەوە، بەڵام واپێدەچێت ئیسرائیل بەم ئاستەی ئێستا واز لە جمهوری ئیسلامی نەهێنێ چ بە پەلکێشکردنی بۆناو جەنگێکی ڕاستەوخۆ یاخود بە سەپاندنی کۆمەڵێك مەرج بە هاوکاری ئەمریکاو رۆژاوا بەسەریدا کە باڵادەستی ئێران لەناوچەکەدا کۆتایی پێبێنێت و بگرە ئەگەری ئەوەش فەراهەم بکات کە دەسەڵاتەکەشی ڕوبەرووی لەناوچوون بێتەوە!
لەڕاستای هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوانی وێرانکەرو قوربانیەکی بێشومار لە خەڵکی سڤیل و بێتاوانەوە، گۆڕانکاری لە ڕوخساری ناوچەکەدا مانای چونە ناو دەورەیەکی تر لە ململانێ سیاسی نێوان ووڵاتانی زلهیزی دنیاو خولقاندی شێوازێکی نەرێنی تر، لە چرکردنەوەی گێژاو و ناجێگیری سیاسی لەناوچەکەدا بەگشتی و لە ئێراندا بەتایبەتی، پێشبینی دەکرێت.
رێرەوی بەرگرتن بەم کوشتارگایەی ئیسرائل بەڕێیخستوە و گرنگترین هەلوێست و کاردانەوەی کاریگەر بۆ بەرگرتن بەم شەڕە، فراوانکردن و بەهێزکردنی بەرەی دژی داگیرکاری و هێرشەکانی ئیسرائیلە لە جیهاندا کە بەرامبەر خەڵکی فەلەستین و ناوچەکە ئەنجامی ئەدات.




دەسەڵات بۆ گەڕان بەدوای ساماندا.. عوسمانی حاجی مارف

حزبەکانی کوردایەتی بە قۆستنەوەی مەسەلەی کورد و بەکارهێنانی ئەم مەسەلەیە لە هەڵسوڕانی سیاسیاندا، ڕەسمیەتیان بە خۆیان داوەو خۆیان بەناوی کێشەکانی کوردستانەوە ناساندوە. دوای شەڕی یەکەمی کەنداو و هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٢، هەلێک هەڵکەوت لەئەنجامدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراو هەر دوو پارتی و یەکێتی گەیاندە دەسەڵاتی سیاسی. هەرچەندە لە مێژوی هەڵسورانی سیاسیاندا خۆیان وەک نوێنەری چارەسەری ستەمی میللی و چەوسانەوەی خەڵکی کوردستان ناساندوە، بەڵام ئەم کێشەیە تا ئێستا نەک چارەسەر نەبووە، بەڵکو ناسیۆنالستەکان بەردەوام سەوداو مامەڵەی پێوەدەکەن و نانی لێدەخۆن و سامانی پێ کۆدەکەنەوەو هیچ کات نوێنەرایەتی ستەمی نەتەوایەتیان نەکردوە.
دوای ئەوەی جەنگی کەنداوی ساڵی ١٩٩١ فەراهەم بونی بۆشایی لە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستانی عێراق خولقاند، بووە هۆی باڵادەستی پارتی و یەکێتی، وەک دوو هێزی میلیشیا. لە لەشکرکێشیەکەی ساڵی ٢٠٠٣ی ئەمریکاوە بۆ سەر عێراق، خزمەتێکی بێوێنەیان بە ئەمریکا کرد، لە هەمان کاتدا دۆخێکی تەواو ئاواڵا کرایەوە بۆیان، کەلە رێگەی گەندەڵی و تاڵانچێتی و قاچاخچێتی و بازرگانی بە نەوتەوە سامانێکی بێ شوماریان کەڵەکەکرد، هێزەکانیان و دەسەڵاتیان لە دوو ناوچەی جیاوازدا بە ناوی زۆنی زەردو سەوزەوە لە ئاستێکی باڵادا چەسپاند و سنورەکانیان بۆ سامان پەیداکردن کۆنترۆڵ کرد.
شاراوە نیە بەشداریەکی جدیان لە پێکهێنانی حکومەتێکی نەتەوەیی و ئیسلامی و تائیفی و کۆنەپەرستی کرد لە عێراقدا، دەورو کاریگەری بەرچاویان لە چوارچێوەی پێکهێنانی دەوڵەتی عێراقدا بینی. بەڵام دوای سی ساڵ زیاتر لە دەسەڵات و ٢٠ ساڵ دوای لەشکرکێشی ئەمریکا، حکومەتی هەرێم و بارزانی و تاڵەبانی، دیدێکی ڕوونیان بۆ داهاتووی خۆیان نییە و لە نێو گێژاو و قەیرانێکدا گیریان کردوە، نازانن بە کوێدا دەیان بەن و چۆن سەردەردەهێننەوە. ئێستا جگە لە دابەزینی دەورو پێگەیان لە حکومەتی عێراقدا، لە هەمانکاتدا مەترسی لەدەستدانی پێگەو نفوزی سیاسیان لە ناو هەرێمیشدا چاوەڕوانیەکی تریانە.
شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٨، ئیعتباری هەردوو حزبی تێکشکاندو شتێک نەمایەوە بە ناوی حکومەتی هەرێم، تا دوای ساڵی ٢٠٠٣، کە توانیان لە پاڵ ئەو تاڵان و برۆیەی ئەنجامیان ئەدا، ئەو هەلەش بقۆزنەوە، بۆ پێکهاتن لەسەر ئەوەی کە چەند نمونەیەک لە شێوازێکی حکومەتی هەرێم ڕاگەیەنن، هاوکات لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردودا نەوەیەکی نوێ لە هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی ڕۆڵی سەرکردایەتیان وەرگرتووە، بە مانایەک هەردوولایان کە بانگەوازێکی چەواشەکاریان بۆ دیموکراسی دەکرد، هەر بۆ خۆیان پوچەڵیان کردەوەو دەسەڵاتی بنەماڵەیان چەسپاند.
تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢، حکومەتی هەرێم نزیک ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنا، کە زۆرینەی لە ڕێگەی بۆری سەربەخۆی هەرێمەوە لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردە دەکرا. تەنها لە چارەکی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢دا، فرۆشی نەوت لە کوردستانی عێراق کۆی داهاتی ٣.٧٧ ملیار دۆلاری بەدەستهێناوە. لەکاتێکدا تەنها لەسەدا ٤١ی ئەو داهاتانە گەیشتە خەزێنەی حکومەتی هەرێم. سەبارەت بە غازی سروشتیش، ئەو بەرهەمەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیخاتە بازاڕەوە لە ساڵی ٢٠٢١دا ساڵانە گەیشتووەتە نزیکەی 5.3 ملیار مەتر سێجا.
بارزانی و تاڵەبانی وەک دوو هێزی میلیشیاو خاوەن دەسەڵات، سودێکی زۆریان لە هەڵکەوتەی جوگرافی و سنورەکان وەرگرت، کە وەک دوو کۆمپانیای قاچاخچی بۆیان بوو بە ڕێڕەوێکی بازرگانی ناوچەیی و شوێنی مەبەست. تورکیا کە تاکە سنووری وشکانی لەگەڵ عێراق بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، گەورەترین هاوبەشی بازرگانی دەسەڵاتی بارزانیە، کە لە ساڵی ٢٠١٧ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیە و کوردستانی عێراق گەیشتە دوو ملیار و پێنج ملیۆن دۆلار، کە نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەنقەرەیە لەگەڵ عێراقدا. بەهەمان شێوە یەک لەسەر سێی هاوردەکردنی عێراق لە ئێرانەوە – کە ساڵانە بە دوو ملیار و چوارسەد ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت – دەگاتە کوردستانی عێراق. جگە لەوەش 50%ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە دەروازە سنووریەکانی ژێر دەسەڵاتی تاڵەبانی تێدەپەڕێت.
ئیدیعای خاوەندارێتی لە نەوتی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی ناچار کرد بەهۆی مەترسیە سیاسیەکانەوە بە نرخێکی کەم نەوت بفرۆشێت. جگە لەوەش ناکۆکیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی نەوت و گومرگ لە ساڵی ٢٠١٤بەرەو خراپتر دەردەکەوت، ئەمەش وایکرد بەغدا پشکی حکومەتی هەرێم لە بودجەی نیشتمانی ببڕێت. لە ساڵی ٢٠٢٢ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە فەرمی بڕیاریدا کە یاسای سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم و گرێبەستە نەوتیەکان و هەناردەکردنی نادەستوریە. هەروەها حکومەتی عێراق سکاڵای یاسایی لەسەر تورکیە لە دادگاکانی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی تۆمارکرد لەسەر ڕێگەدان بە “حکومەتی هەرێم” بۆ بەکارهێنانی بۆری عێراق-تورکیا بەبێ ڕەزامەندی بەغدا. لەکاتێکدا ئەم بابەتە دەنوسرا، دادگا هەڵوێستی عێراقی پشتڕاستکردەوە و تورکیای ناچارکرد هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت. بەم جۆرەش ئایندەی کەرتی سەربەخۆی وزەی حکومەتی هەرێم بە نادیاری ماوەتەوە.
سەرەڕای دەستکەوتە سەرنجڕاکێشەکانی بارزانی تاڵەبانی لە ماوەی ئەو سی ساڵەدا لە کەڵەکەکردنی سەرمایە، بەڵام بەبێ بایەخدان بە دامەزراندن و جێگیرکردنی چەسپاندن و جێخستنی حکومەتێکی یەک دەست و سەراسەری لە هەرێمدا، یان بەرگری نەکردن لە سەربەخۆیی کوردستان، ئاشکرایە دواجار مایەپوچ سەریان دەلەقێنن.
ئەم پرۆسیەی لە دۆخی ئێستای عێراقدا دەیبینین، کە هەوڵدانی جدیە بۆ ناوەندبوەنەوی عێراق و سنوردارکردنی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی، لە چوارچێوەی کۆتایی دەورەیەکدایە کە ناوچەکە بەگشتی و عێراق بە تایبەتی، دەگوێزێتەوە بۆ دەورەیەکی تازە، کە هەوڵدانی کۆنترۆڵکردنی ئاسایشە بۆ سەرمایەگوزاری و چونە ناو دۆخێکی تازە لە گەشەی پرۆژە ئابوریەکان، بەبێ ئەوەی لەم پرۆسەیەدا حساباتێک بۆ حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی لە خاڵێکی دیاریکراودا جێگایەکیان بۆ دیاری کرابێت.
بەگشتی لەم ئاڵوگۆڕانەی ناوچەکە و جەختکردن و هەنگاونان بۆ ناوەندکردنەوەی حکومەتی عێراق، ڕۆشنە پێگەی هەرێم زیاتر خۆی لە پاشکۆبونی هەنگاوبەهەنگاوی بەغداوە دەبەستێتەوە، بارزانی و تاڵەبانیش ئەمەیان قەبوڵ کردوە، گرنگ ئەوەیە بۆیان دەسەڵاتێکیان هەبێت، بەهەرجۆرێك بێت سامانێکیان بۆ دابین کات، هەر بۆیە باسێک نەماوە لە بەکار هێنانی مەسەلەی کوردو دەوڵەتی سەربەخۆ.
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا نیشانەکانی بازاڕی ئازاد و سیستەمی گەندەڵی بەربڵاو نیشان دەدەن. لەم نێوەندەدا دەستڕاگەیشتنیان بە سەروەت و سامان و کەڵەکەی سەرمایەیان پەیوەست کردوە بە دەسەڵاتی سیاسیەوە، تا لە ڕێگای دەسەڵاتی سیاسیەوە تاڵانی و بازرگانی و قۆرخکردنی تەواوی سەرمایە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا بەڕێوە دەچێت.
لەگەڵ بەرجەستەبونەوەی زیاتری دوو ئیدارەیی و گۆڕینی هاوسەنگی هێزی بارزانی و تاڵەبانی لە بەرامبەر حکومەتی عێراقدا، ئەوەی شایانی باسە لە دوای ڕیفراندۆمەوە سەرکردەکانی حکومەتی هەرێم بۆچونیان سەبارەت بە پێگەی خۆیان لە چوارچێوەی نەخشەکانی حکومەتی عێراقدا ناکۆکن، بەتایبەتی لەسەر چۆنیەتی گەڕانەوەیان بۆ بەغداد و مامەڵەی ئایندەیان لە پەیوەندیان بە حکومەتی عێراقەوە چۆن دەبێت، کە ناڕۆشن و ناتەبان، وەک ئەوەی لە چاوەڕێی قەدەرێکدا دۆشدامابن، چونەکە ئەزمونەکەیان بە شكست گەیاندوە، هەر بۆیە ئەو پرسیارەش لێرەدا دێتە پێشەوە، ئایا ئابوری هەرێم لەم کەین و بەینەی وابەست بون و پاشکۆبون بۆ بەرنامەو بڕیارەکانی حکومەتی عێراق و بە پشتبەستن بە هاوکاری دەرەکی و گواستنەوەی بودجە لە بەغداوە بۆ هەرێم، ئایا دەتوانن بمێننەوە؟، یان چۆن دەمێننەوە؟ واتە لە رێرەوی ئەم پرۆسەیەدا چۆن لەرێگەی دەسەڵاتەوە دابینی سامان و داهاتیان دەکەن، کاتێک دەسەڵات لە حکومەتی عێراقدا کۆنترۆڵی تەواوی جومگە ئابوریەکان بکات.!




دوای دەساڵ لە کارەساتی جینۆسایدی یەزیدیەکان.. عوسمانی حاجی مارف

لەنێو یەزیدیەکاندا زۆرجار ئەو دەستەواژەیە دەبیستیت: “شەنگال دوا قەڵامانە؛ مانەوەمان بەم خاکەوە بەستراوەتەوە.” ئەم خاڵە جوگرافیە، هەمیشە گرنگیەکی ستراتیژی هەبووە لە بوونیانەوە لە میزۆپۆتامیادا تا ئەمڕۆ. ئەم کەمینەیە لە یەزیدیەکان لە عێراقدا کە لە مێژوودا گۆشەگیریان بەسەردا سەپێنراوە، هەربۆیە خۆشیان گۆشەگیری و بێلایەنیان هەڵبژاردوە، بۆئەوەی خۆیان لەو کارەسات و پێشێلکاریانە بپارێزن کە بەدرێژایی سەدەکان ڕوبەڕویان بۆتەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیدا تووشی جینۆساید بوون، جارێک بەهۆی بەرگریکردن لە ئەرمەنیەکان کە لە جینۆساید هەڵهاتبون لە تورکیا، زۆرجاریش بەهۆی بیروباوەڕی ئایینی جیاوازیانەوە. دوای کۆتایی عوسمانیەکان و هاتنی بەریتانیا، بارودۆخیان زۆر باشتر نەبوو، چونکە لە هەندێک ناوچەدا گرژیەکان بەردەوام بوو و قوربانیەکی زیاتریان دا.
لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی کۆماری عێراق، پەراوێزخستنی یەزیدیەکان بەردەوام بوو. لە سەردەمی بەعس شەنگال گۆڕانی دیمۆگرافیای گەورەی بەخۆیەوە بینی، بەوپێیەی دانیشتوانەکەی لە گوندەکانیان گواستراونەتەوە بۆ ئەو کەمپە زۆرەملێیانەی کە سەرەتایترین خزمەتگوزارییان تێدانەبوو. دوای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی ٢٠٠٣ بارودۆخەکەیانی بۆ باشتر نەگۆڕی، دواتر جگە لە ئاستی هەژارییان تا ساڵی ٢٠١٤، داعش شەنگالی داگیرکرد برینێکی قووڵتری لەدڵی یەزیدیەکاندا هەڵکەند.
٣ی ئاب ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی یەزیدیەکانە، کە لە ساڵی٢٠١٤دا دەستی پێکرد، بەڕاستی زۆر ئەستەمە وەسفی ئەو ئازارە گەورەیە بکرێت کەیەزیدیەکان تووشیان بوو. گەورەیی ئەو جینۆسایدە، نەک تەنیا لە ژمارەکانیدا، بەڵکو لە ڕەهەندە فرەییەکانیشدا دیارە. تاوانەکانی جینۆساید دژی یەزیدیەکان زۆرن و سەختن.
بەپێی ڕێکەوتننامەی ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید، کە لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکراوە، جینۆساید واتە هەر یەکێک لەو پێنج کردەوەیەی کە بە مەبەستی “لەناوبردنی بە تەواوی یان بەشێکی، گروپێکی نەتەوەیی،ڕەگەزی، ئایینی ئەنجامدراون، جا بەکوشتنی ئەندامانی گروپەکە بێت، یان بەدروستکردنی مەترسی جەستەیی یان گیانی بێت بۆیان، یان بەئەنقەست خستنەڕووی گروپەکە بۆ بارودۆخی ژیانێک کە مەبەست لێی لەناوبردنی جەستەیی بەتەواوی یان بەشێکی بێت، یان سەپاندنی ڕێوشوێن بەئامانجی ڕێگریکردن لە لەدایکبونی منداڵ لە ناو گروپەکەدا، یان گواستنەوەی منداڵان بەزۆر لە گروپەکەوە بۆ گروپێکی تر”. ئەوەی جێگای داخە لە دۆسیەی یەزیدیەکاندا، ئەو پێنج کردەوەیەیان لەسەر جێبەجێکراوەو وەک بەڵگەی جینۆسایدکردنیان خراوەتەڕوو.
ژمارەی یەزیدیەکان پێش جینۆساید بە نزیکەی ٥٥٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت کە زۆربەیان لە قەزای شەنگال لە عێراق نیشتەجێ بوون. کۆمەڵگا و ڕێکخراوە ناحکومی و ناوخۆییەکان کۆی ژمارەی قوربانیان بە زیاتر لە پێنج هەزار کەس خەمڵاندووە. هێشتا لانی کەم٢٠٠ هەزار یەزیدی لە کەمپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان دەژین، لەسەدا ٢٥ی کۆی گشتی یەزیدیەکان واتە ١٢٠ هەزار یەزیدی بەشێوەیەکی هەمیشەیی کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی وەک ئوسترالیا، ئەمریکا، کەنەدا و وڵاتان لەیەکێتی ئەوروپا. شایانی باسە لەڕۆژی ٣ی ئابی٢٠١٤ کە یەکەم ڕۆژی هێرشی داعش بوو بۆ سەر شەنگال،١٢٦٨ یەزیدی کوژران. بەڵام تائێستا ئاماری کۆتایی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەکاتی کەوتنی شەنگالدا کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕێکخراوەوە، سەرژمێری کۆتایی بۆ نەکراوە، بەوپێیەی هێشتا گۆڕی بەکۆمەڵ دەبینین کە ژمارەیەکی زۆریان تائێستا نەکراونەتەوە و هەڵنەدراونەتەوە.
داعش زیانی جەستەیی توندی بەسەر ٣٥٤٨ ژن و کچی ئێزیدی گەیاندووە، ئەوان تووشی ڕفاندن و کۆیلەیی سێکسی لەڕادەبەدەری توندوتیژی و کارکردنی زۆرەملێ کراون. تائێستاش٢٦٠٠ ژن و منداڵ بە دیل گیراون لەوێشدا ڕوبەڕوی توندوتیژی سێکسی و ئەشکەنجە دەبنەوە. هەروەها کۆنترۆڵی لەدایکبوونیان دەکردن. جگە لە ٢٨٦٩ پیاوی یەزیدی ڕفێنران و بەزۆر لە کۆمەڵگاکەیان دوورخرانەوە بۆ ئۆردوگا ئایدیۆلۆژیەکانی ڕێکخراوی داعش، هەروەها داعش ٦٨ شوێنی ئایینی یەزیدی وێرانکردووە.
بەگشتی مەزەندەی ئەوە دەکرێت کە زیاتر لە ١٠ هەزار یەزیدی کوژرابن، هەروەها جینۆسایدەکە بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس لە شەنگالەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستانی عێراق.
یەزیدیەکانی شەنگال هەست دەکەن شکستی گەورەیان هێناوە، جگە لەو جینۆسایدەی کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە بەرامبەریان ئەنجامدرا، ئەم ئەزموونە ترسناکە کاریگەری قوڵی لەسەر حاڵەتی دەرونی یەزیدیەکان بەجێهێشت، بەوپێیەی ئەوان شاهیدی فەرامۆشی پشتگوێخستنی گەورە بوون لەلایەن هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراقیەوە، کاتێک ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆیان بونەتەوە لە ناوچەیەکدا کە دوژمن لە هەموو لایەکەوە گەمارۆیان دەدا، لایەنێک نەبوو بەر بەو کارەساتە بگرێت…!
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمساڵ یەکەم دادگایکردن بۆ ئەندامانی داعش لە وڵاتانی وەک هۆڵەندا و سوید دەستپێدەکات، فەڕەنساش لە ساڵی٢٠٢٥ دا بەدواداچوونی بۆ دەکات، ئەمەش دەرفەت دەدات بەڕزگاربوانی یەزیدی کە لەبەردەم دادگا ئامادەبن بۆئەوەی شایەتحاڵی بدەن و باس لەوەبکەن کە چۆن ژیاون، لەکاتێکدا لەلایەن ڕێکخراوەکەوە دەستبەسەرکراون. تائێستا لە ئەڵمانیا نۆ حوکم بەسەر ئەندامانی داعش و هاوسەرەکانیاندا دەرچووە، هەروەها سێ کەسیش بە تاوانی جینۆساید دژی یەزیدیەکان سزادراون.
بەڵام تائێستا عێراق بە حکومەتی بەغدا و بە حکومەتی هەرێمەوە چوارچێوەیەکی یاساییان نییە بۆ دادگایکردنی ئەندامانی داعش بەتۆمەتی جینۆساید. لەو چوارچێوەیەشدا نووسینگەی سەرۆک وەزیران، ڕەشنووسی یاسای سزادانی جینۆساید و تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی خستۆتەڕوو، بەڵام هێشتا نەبووەتە یاسایەکی نیشتمانی. تائێستا تەنیا چەند دۆسیەیەکی تایبەت بە تاوانەکانی تیرۆر گەیشتوونەتە دادگا، کە ڕزگاربوانی یەزیدی بەشداریان لەو دادگایکرنەدا نەکردوە و شایەتیان نەداوە. ڕاستە یاسای ژنانی ڕزگاربوانی یەزیدی دانی بە ئازارەکانی ئەو ڕزگاربوانەدا ناو میکانیزمی یاسایی بۆ قەرەبووکردنەوەیان لەڕووی دارایی و ئەخلاقیەوە دانا، بەڵام هێشتا ئەو بڕگانە جێبەجێ نەکراون و پێموانیە جێبەجێش بکرێن!.
ماوەی حەوت ساڵە تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومیەکانی یەزیدی وەک”یەزدا”، هەوڵی کۆکردنەوەی بەڵگە و بەڵگەنامەکردنی ئیفادەی ڕزگاربوان و شایەتحاڵەکانیان داوە. جێگای سەرنجە کە بڕی ئەو بەڵگانەی کە کۆدەکرێنەوە زۆر گەورەیە، بەمجۆرە توانایەکی گەورە بۆ ناسینەوە و دەستگیرکردن و دادگایکردنی چەکدارانی ڕێکخراوەکە دەڕەخسێنێت، بەهۆی بەشداریکردنیان لە کوشتن و ڕفاندن و کۆیلەکردنی یەزیدیەکان.
بەداخەوە لەدوای مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە ئەرکی تیمی لێکۆڵینەوەی یونیتاد نوێ ناکرێتەوە، لە غیابی بودجەی پێویست بۆ دامەزراندنی ئەرشیفێکی کارگێڕی کە بە ئاسانی لەبەردەستی داواکاری گشتی و حکومەتەکاندا بێت. ئەمەش هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری خاو دەکاتەوە، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پشتگیری لە هەوڵەکانی داکۆکیکردن لەڕێکخراوە ناحکومیەکان و ڕزگاربوانی یەزیدی بکات، بۆ پاراستنی تۆمارێکی سەربەخۆ و بەردەست کە بەڵگەی کوالیتی بەرز و پشتڕاستکراوە لەخۆبگرێت.
ئەوەی کە ئەو ڕووداوانەی لە عێراق و سوریا شاهیدیان بۆ دراوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا لە سوریا و تا ڕادەیەکی کەمتر لە عێراق، گرنگیدانیان بەم جینۆسایدە تەمومژاوی کردووە.!
ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و چەسپاندنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی تێیدا کارێکی نزیک لە مەحاڵ دەبێت، گەر دانیشتوانەکەی نوێنەرایەتی سیاسی و دەسەڵاتی بڕیاردانیان نەبێت، بۆیە داوای هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئازاد و نوێنەرایەتی پێویستیەکی بەپەلەیە.
ڕێکەوتنی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاسایکردنەوەی دۆخی قەزای شەنگال کە بڕیاربوو ئیدارەی کاریگەرانەی ئەم هەرێمە کێشە لەسەرە، لەنێوان حکومەتی ناوەندی لە عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنێت، بەڵام لە ئاستی پلاندانان و جێبەجێکردندا شکستی هێناوە.
ئەم دۆخە بووە هۆی بۆشایی دەسەڵات و هاتنی کۆمەڵێک گروپی چەکداری بەرفراوان بۆ درێژکردنەوەی نفوزی ئەمنی و ئیداری خۆیان لە شەنگال. هاوکات تورکیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی گوندەکانی یەزیدی بە بیانووی ئەوەی شوێنەکانی سەر بە پەکەکە دەکاتە ئامانج، هاوکات ئێرانیش بە پشتیوانیکردنی هەندێک لە گروپی چەکداری حەشدی شەعبیەوە دەستی بەسەر شەنگالدا توندتر دەکاتەوە.
کەواتە ئەگەر حکومەتی عێراق بودجەیەکی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئەمنیەتی تەرخان نەکات، شەنگال بە کەمی ژێرخان و پێداویستیە سەرەتاییەکانی دەمێنێتەوە. لەگەڵ دیاریکردنی ڕۆژی٣١ی تەمموزی ڕابردووکە وەک وادەی داخستنی کەمپەکانە بۆ ئاوارەکانی ناوخۆ، ئەوەی پێشبینی دەکرێت هیچ ماڵێک نایەوێت بگەرێتەوە، چونکە هیچ سەلامەتیەکیان بۆ دابین نەکراوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو دۆخە نالەبار و بڕیارانەدا، ئەگەری ئەوە زیاتر دەبێت کە یەزیدیەکان ناچاربن بۆ هەمیشە شەنگال و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێبهێڵن.
یەزیدیەکان لە شەنگال بوونە گەورەترین قوربانی ململانێی سیاسی، لەبەرامبەریشدا هیچ قەدرزانینێک نیە و هەنگاوێکی جدیش نیە بۆ قەرەبوکردنەوە، جگە لەوەش هیچ گەرەنتیەک نیە کە کارەساتی لەوجۆرە دوبارە نەبێتەوە. گومانی تێدا نیە کە ئەم دۆخە درێژکراوەی ململانێیەکی بەرفراوانتری ناوچەییە، ململانێیەک کە دوای ئەو گۆڕانکاریە گەورانەی کە داعش لە عێراق و سووریادا هێنایە ئاراوە، چڕیەکەی زیاتر بوو.
یەزدیەکان پێویستیان بە پشتیوانی بەردەوام و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایش هەیە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە ئەم جۆرە کارەساتە نامرۆییانە لە داهاتوودا دووبارە نابنەوە. لەئێستاشدا بەرپرسیارێتیەکە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم، بەڵام ئەوەی لە بەرچاوە پێکهاتەی حکومەتی عێراق لە لایەنە تائیفیەکانی شیعە و سونە و هێزە میلیشیاکانیان و حەشدی شەعبی، نەک لەو باخەدانین پاریزگاری لە خەڵکی غەیری موسڵمان بکەن، بەڵکو لە ململانێی سیاسیدا دەبنە قوربانی، هەربۆیە هیچ گەرەنتیەک نیە کە بۆ جارێکی تر یەزیدیەکان لەسایەی حکومەتی ئێستای عێراقدا توشی کارەساتی تر نەبنەوە، ئەزمونی لایەنەکانی حزبەکانی کوردایەتی و پێکهاتەی حکومەتی هەرێمیش شاراوە نیە، کە دیمان چەند قارەمانانە لە شەنگال یەزیدیەکانیان بەجێهێشت، لە هەمانکاتدا لە هەر سەودا و مامەڵەیەکی سیاسیدا شەرم نیە بۆیان کە بەهەرزان بیانفرۆشن.

ئەوەی جێگای داخە دوای دەساڵ لەو کارەساتە، دۆخێکی وەهایان بۆ یەزیدیەکان فەراهەم نەهێناوە کە بەئارامی دانیشن و دڵنیابن ئەو کارەساتە دوبارە نابێتەوە.

بۆ ئەم وتارە سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە

  • الإيزيديون في سنجار: حين تتحكم السياسة في مصير الأقليات/ عزت نوح
  • إبادة جماعية متعددة الأبعاد/ لين زوفيكيان



ئامانجی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری نوێی ئێران بۆ عێراق لە کاتێکدایە کە پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات شایەتی گرژیو ئاڵۆزیەکی زۆرە، وە هاوکاتە لەگەڵ زۆرێک لە گرژیە ناوچەییەکان، بە تایبەتی بەردەوامی ئاڵۆزی شەڕو کوشتاری بە کۆمەڵی دانیشتوانی غەززەو ناکارامەیی ئێران لە وەڵام بە ئیسرائیل و دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی تورکیا وەک ڕکابەرێکی ئێران لە عێراقدا، لە هەمانکاتدا لەبەرامبەر واقعیەتی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە بەدەخاڵەتی وڵاتانی زلهێزی دنیاو ململانێی نێوانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشبینی دەکرێت، لەم بارەیەوە کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵئەدات جێگایەک بۆ ئێران دیاری بکات.
هەڵبژاردەی پزیشکیان لەسەردانی بۆ عێراق، وەک دەرکەوتەی بەردەوامی تەرکیزی سیاسەتی ئێرانە، لەسەر زیاتر چەسپاندنی نفوزو دەخاڵەتی لەگۆڕەپانی سیاسی عێراقدا ، کە لە ڕووی ئابووری و دارایی و باڵادەستی سەربازی لە ناوچەکەدا بۆ ئێران، عێراق بۆتە بوارێکی پربایەخ و گرنگ، لەهەمانکاتدا بووەتە مەیدانێک بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکانی و یەکلایکردنەوەی بەرکەوتەکانی لە بەرامبەر ڕکابەرەکانیدا، هەروەها بۆ بردنە پێشەوەی دەورو کاریگەریەکانی لە ناوچەکەدا.
بەتایبەتی کە عێراق لەم دەورانەدا جێگایەکی تایبەتی بۆ پڕۆژەی گەشەپێدان تەرخانکردوە، ئەم پڕۆژەیە زیاتر پێگەی تورکیا لە عێراق دەباتە پێشەوە، بەڵام تائێستا جێگایەک لەم پڕۆژەیەدا بۆ ئێران دیاری نەکراوە، ئەمەش خاڵێکی گرنگی سەردانەکەی پزیشکیانە بۆ عێراق. پزیشکیان ئاماژەی بەوەداوە کە لەگەڵ سودانی لەسەر پڕۆژەی ستراتیژی درێژخایەن گفتوگۆیان کردووە کە دەبنە هۆی هاوکاری زیاتری نێوان هەردوو وڵات.
هەوڵەکانی حکومەتی پزیشکیان بۆ پاراستنی عێراق وەک دەرچەیەکی ئابووری بۆ ئێران و دەرچەیەک بۆ خۆدزینەوە لەو سزا توندانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەریدا سەپێنراوە، جگە لەوەش جێگیرکردنی ئەو ڕێچکەیەی کە سەرکەوتو بێت لە بەرامبەر، ڕکابەری و دەخاڵەتی وڵاتانی زلهێزی دنیا لە ناوچەکەدا و پێگەی زیاتری لە عێراقدا بسەپێنێت، لە هەمانکاتدا فرسەتی ڕوبەڕوبونەی بزووتنەوە چەکدارەکانی ئۆپۆزسێۆنی ڕژێمەکەی فراوانترو مسۆگەرتر بکات.
دوای ئەوەی پزیشکیان لە لایەن سودانیەوە پێشوازی لێکرا، پزیشکیان چووە شوێنی کوشتنی سولەیمانی و ئەلموهەندیس، لەوێ تاجە گوڵینەی لە شوێنەکە داناو مۆرێکی تاوانبارکردنی ئەمریکای بۆ ئەو ڕووداوە بەرجەستەکردەوە.
یەکەم ڕۆژی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق شایەتحاڵی چوار یاداشت بو، کە لە بوارەکانی پەروەردە، ڕاگەیاندن، پەیوەندیەکان، کشتوکاڵ و ناوچە ئازادەکان واژۆکران.
سودانی ئەم یاداشتانەی شانبەشانی یاداشتەکانی کە پێشتر واژۆکراوە وەسف کرد، جەختی لەوە کردەوە کە “هەرچەندە ئەم هاوبەشیانە زیاتر فراوانتر بن، ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئاستی سەقامگیری ناوچەکە دەبێت”!.
سەرۆکی ئێران بەڵێنیدا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی گۆشەگیری نێودەوڵەتی ئێران و کەمکردنەوەی کاریگەری گەمارۆکانی ڕۆژئاوا، لەسەر ئابووری کۆماری ئیسلامی ئەولەویەت بدات بە پتەوکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، ئەمەش ئەوە ڕادەگەیەنێت کە ئێران و عێراق پێویستیان بە بازاڕی یەکترە بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانیان تەنانەت لە بواری وزەشدا.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، قەبارەی بازرگانی نانەوتی نێوان ئێران و عێراق نزیکەی پێنج ملیار دۆلار بووە لە نێوان مانگی ئازاری 2024 تا تەمووزی 2024.
هەروەها ئێران ڕۆژانە ملیۆنان مەتر سێجا گاز هەناردەی عێراق دەکات بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا. عێراق پاشەکەوتی هەیە لە پێدانی ئەو هاوردەکردنانە، کە لەسەدا ٣٠ی پێداویستیەکانی کارەبا دەگرێتەوە، کە دەکاتە ملیارەها دۆلار.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2023، هەردوو وڵات پڕۆژەی هێڵی ئاسنی بەسرە- شەلەمچەیان دەستپێکرد، ئەو هێڵەی کە شارە گەورە کەناریەکانی باشووری عێراقیان بە دەروازەی سنووری شەلەمچە دەبەستێتەوە، کە مەودای زیاتر لە 32 کیلۆمەتر دەبێت.
سودانی هەوڵدەدات هاوسەنگیەکی گونجاو لە نێوان پەیوەندیە بەهێزەکانی لەگەڵ ئێران لە لایەک و پەیوەندیە ستراتیژیەکان لەگەڵ ئەمریکا لە لایەکی دیکەوە بپارێزێت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش کە لەگەڵ پزیشکیان بەڕێوە چوو، ڕایگەیاند: “بەغدا و تاران ڕەتیدەکەنەوە ململانێی بەردەوامی غەززە بەرفراوان بکەن”.
هەروەها “هەڵوێستی پرەنسیپی، دەستووری و یاسایی حکومەتەکەی دووپاتکردەوە کە ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادات دەستدرێژی، کردەوەی چەکداری، یان هەڕەشەیەکی سنووربەزێن لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای خاکی عێراق ئەنجام بدات”. ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی هاوکاریە ئەمنیەکانی نێوان هەردوو لایان لە ڕوبەڕوبونەوەی بزووتنەوە چەکداریەکانی دژبە ڕێژیمی ئێران کە دەیان ساڵە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق چالاکن.
بەڵام ئەوەی کە زیاتر پێویستە جێگای سەرنجمان بێت، هەڵبژاردنی پزیشکیان بۆ یەکەم سەفەری دەرەکی دوای دەستبەکاربوونی بۆ عێراق، لەخۆوە نەهاتە ئاراوە، هەروەها پاڵنەری پەیوەندیە جیاجیاکانی نێوان هەردوو وڵاتیش نەبووە، بەڵکو مەبەستێکی تایبەتی ترە، کە دوای ئەم سەردانە بۆ عیراق، سەرۆکی ئێران بەرەو نیویۆرک دەڕوات، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەش هۆکارێکی گرنگ و جدیە بۆ ئەوەی عێراق یەکەم شوێنی مەبەستی پزیشکیان بێت، تا جەخت لەسەر گرنگی جیۆپۆلەتیکی عێراق بکاتەوە بۆ ئێران، تا پێگەیەکی بەرزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتوەکان نیشان بدات. ئەوەی ڕاستی بێت زۆربەی ئەو نوسەرانەی دەربارەی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق لێکؤلێنەوەیان لەسەرکردوە، هەریەک لای خۆیەوە خاڵی گرنگیان ئاماژە پێداوە، بەڵام ئەو ئامادەکاریانەی کە پزیشکیان و کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی بۆئەدەن، تا ئێران لە نیۆرک و نەتەوە یەکگرتوەکان بەدەستکەوتەوە ڕاوەستێت، سەرنجیان نەچۆتە سەری.
بەشێکی دیکە لە سەردانەکەی بۆ عێراق دوای ئەوە هات کە بەغدا لە ڕێگەی ڕاوێژکاری ئەمنی سودانی، گفتوگۆیان لەگەڵ واشنتۆن بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕاگەیاندوە، ئەمەش پەیامێکە بۆ واشنتۆن کە تاران ویستویەتی لە ڕێگەی سەردانەکەیەوە بیگەیەنێت. واتە پەیامەکە ئەوەیە کە ئێران لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکادا، هەوڵئەدات ئەو بۆشاییە پڕکاتەوە، واتە دەخاڵەت و پەیوەندی لەگەڵ عێراق لە پێشینەی کارەکانی دەبێت و سەردانەکەشی گوزارشت لەو ئاراستەیە دەکات.
بەڵام ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین کە پەیوەستە بە واقیعی ئەمنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە چاوەڕوانی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق ناکرێت، ، چونکە ئەمریکا ئامادە نیە لە عێراق بکشێتەوە، هەروەها ئامادە نییە دەرفەت بە تاران بدات تا زیاتر بچێتە ناو عێراقەوە. “ئەمە قسەی ئەمریکیەکانە”.
هەڵبەتە تورکیاش لایەنێکی زلهێزی ناوچەییە و وەک ڕکابەرێکی ئێران مەیدانەکە چۆڵ ناکات، لە هەمان ململانێ و پەیوەندیە جیهانیەکاندا یاری دەکات.
لەلایەکی دیکەوە سەردانەکەی پزیشکیان لە هەلومەرجێکی زۆر هەستیاردایە سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عێراق، بە پێی ئەو زانیاریانەی لەسەر پەیوەندی نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دزەپێکراوە، چڕبونەوەی ناکۆکی نێوان بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و سودانیدایە، کە ئاماژەیە بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمەش لە ئێستادا لە بەرژەوەندی تاران نابێت، بۆیە بەشێک لەبەرنامەی سەردانەکە، کۆبونەوەیە لەگەڵ سەرکردەکانی بلۆکە سیاسیەکان، هەڵبەتە سەردانەکە زیاتر بۆ جێخستن و پشتیوانیکردنە لە هەڵوێستی ئەو لایەنانەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە نزیکن لە ئێرانەوە. ئەوەش ئاشکرایە کە سودانی زۆر لە ئێران نزیک نەبووەتەوە، زیاتر هەوڵیداوە مەودای نێوان بەغدا و تاران بپارێزێت، لە هەمان کاتدا لە هەوڵی ڕاگرتنی هاوسەنگی بەغدایە لە گەڵ ئەنقەرەو و تاران و واشنتن، ئەم ئاراستەیەش هەمیشە جێگای نیگەرانی ئێرانە کە ناتوانێ باڵادەستی تەواو بەسەر عێراقدا دابین بکات، لە هەمان کاتدا ئێران ناشتوانێ بەئاسانی پەرچەکرداری خۆی لەو سیاسەتانەی سودانی عەمەلی کاتەوە، چونکە ئاشکرایە کە ئەمریکا و تورکیا پشتیوانی لەو سیاسەتانەی سودانی دەکەن کەلە بەرژەوەندی خۆیانە.
لایەنێکی گرنگی ترلە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، جەختکردنە لەسەر دیداری سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، واتە دادوەر “فایق زەیدان”، بۆیە ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ئاخۆمەبەست لە کۆبوونەوەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق و سەرۆک کۆماری ئێران چییە؟ پزیشکیان لە ڕێگەی ئەم کۆبونەوەیەوە دەیەوێت چی بگەیەنێت؟ لەژێر ڕۆشنایی ئەو تۆمەتانەی کە ئەمریکا زەیدان بەوە تاوانبار دەکات لەڕێگەی دادگاوە هاوسۆزی لەگەڵ ئێران کردوە، چونکە پێشتر واشنتۆن لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا پرۆژەیەکی پێشنیار کرد بۆ سزادانی بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی عێراق بە تۆمەتی ئەوەی “دڵسۆزی” و خزمەتکردنی بەرژەوەندیەکانی ئێرانیان لە عێراق کردوە، واپێدەچێت ئەم پڕۆژەیەی ئەمریکا زیدانی لە سەروی لیستی ئەو ئامانجی سزادانەدا دانابێت، ئەمەش مەترسیە بۆ سەر سنوردارکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراقدا. کە دەیەوێت باڵادەستی خۆی بەسەر تەوای دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری مسۆگەر بکات.
سەبارەت بە مەلەفی سیاسی و پەیوەندیەکانی ئێران لەگەڵ جیهان، ڕێبازی چاکسازی کە سەرۆک کۆماری ئێران دەیەوێت پەیڕەوی بکات، ڕەنگدانەوەی هەوڵی نیشاندانی باشترکردنی وێنەی ئێرانە، لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و دروستکردنی پەیوەندی ئەرێنی زیاتر لەگەڵ وڵاتاندا، کەهەنگاوە بۆ بەشداریکردنی داڕشتنی ستراتیژیەکانی ئێران لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، بەڵام لەلایەک بەرجەستەکردنەوەی ئاراستەی چۆنیەتی دەخاڵەتی لە عێراق و پشتیوانی لە ‌هێزە میلیشیاکان لەناوچەکەدا، لەلایەکی ترەوە چڕ بونەوەی زیاتری کێشە ناوخۆیەکانی لە قەیرانی ئابوری و سیاسی،هەروەها بونی ناڕەزایەتیەکی فراوانی جەماوەریە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمەش شایەتی پێشبینی بارگرژی و ئاڵۆزی زیاتر و ئایندەیەکی نا جێگیری سیاسی و قەیرانی گەورەترە لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا.
پزیشکیان چۆن دەتوانێ شێوازی حکومەتەکەی بەسەرکەوتن بگەیەنێت؟، ئەمەش ئەو پرسیارەیە کە ئەتوانین بڵێین بەردەوامیدان بە دەسەڵاتی سێدارەو شیعەگەرا کام جۆرە لە سەرکەوتن بەدەسەت دەهێنێت؟.




کەرکوک چۆن روناکی دەبینێت!.. عوسمانی حاجی مارف

بارزانی سەرەڕای ناڕەزایی حکومەتی بەغدا، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی عێراق بە کەرکوکیشەوە ئەنجامدا. حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق فەرمانی بە هێزەکانی عێراق کرد، دەست بەسەر کەرکوکدا بگرن و لە ژێر کۆنتڕۆڵی تاڵەبانی و بارزانی دەری هێنا، هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمیش بەبێ ئەوەی بەرەنگاریەکی ئەوتۆ بکەن، کشانەوە، بەم شێوەیە حکومەتی هەرێم باجێکی زۆریدا، لە ئاکامی ئەو هەوڵە شکستخواردوەی کە بانگەوازی سەربەخۆیی راگەیاند. پارتی و یەکێتی گرنگترین سەرچاوەکانی داهاتی نەوت و ڕووبەرێکی زۆری خاکەکەیان لەدەستدا، هاوسەنگی هێزیان لەبەرامبەر حکومەتی عێراق و هێزە میلیشیاکانی عێراقدا گۆردراو لە ئاستێکی زۆر نزمدا هێزەکەیان نمایشیان کرد، تەواوی مێژووی کوردایەتی خۆیان شەرمەزارکرد.
دواتر دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم پاش ملکەچیان بۆ بەغدا، بەرێگەی دیبلۆماسی و دانوسانەوە لە هەوڵی پاراستنی مانەوەیان بون لە کەرکوکدا، لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ساڵی ٢٠٢١، مەسعوود بارزانی هاوپەیمانی لەگەڵ موقتەدا سەدر کرد، لە بەرامبەر کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکوکدا. بەلام دوای کشانەوەی ئەلسەدر لە پڕۆسەی سیاسی، بارزانی ناچار بە دانوستان بوو لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیدا، پاڵپشتی خۆی بۆ محەمەد شیاع ئەلسودانی راگەیاندو پاشەکشەی لەهەوڵەکانی بۆ گەرانەوەی دەوری لە کەرکوکدا کرد. تاڵەبانی بەو دەلیلەی زوتر خۆیدا بەدەستەوەو هاوکاری چوارچێوەی هەماهەنگی و کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد، پێیەکی لە کەرکوکدا مایەوە.
بەگشتی تەواوی هێزە میلیشا دەسەڵاتدارەکانی عێراق و کوردستان هۆگری پارێزگای کەرکوکن و هەرلایەنێکیان خواستی خۆی هەیەو لە کێبرکێیەکی بەردەوامدان بۆ دامەزراندنی پێگەیان لە کەرکوکدا، لەگەڵ ئەوەی پارتی و یەکێتی بنکەیان لە پارێزگاکەدا هەیە، بەڵام بەدوای ٢٠١٧وە و خۆرێکخستەوەی هێزە سەربازیەکانی عێراق و داسەپاندنی حەشدی شەعبی، هاوکێشەکە بەجۆرێک گۆرانی بەسەردا هات، کە ئێستا یەکێتی و پارتی لەرێگای رکابەری لە هەڵبژاردنەوە هەوڵئەدەن پێگەیان لە کەرکودا دامەزرێندنەوە، ئەمەش لە واقعی دەسەڵاتی هێزی میلیشا و باڵادەستی حکومەتی عێراق بەسەر کەرکوکدا، ئەمجۆرە هەوڵانە بەزوویی پوچەل دەبێتەوە، یان بە شێوازێکی فۆرماڵی لە ئەنجومەنی پارێزگادا بەشداریان پێدەکەن.
هەستیاری دۆخی پارێزگای کەرکوک و ئایندەکەی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هیچ پرۆژەیەکی سیاسیی رێکەوتن لە نێوان هێزەکاندا، ئەو هێزانەی کە لەسەر بنەمای دینی و تائیفی و نەتەوەیی لەشانۆی سیاسی عێراق و کوردستاند هەڵسورانی سیاسی دەکەن، تا ئەو ئاستەی کەرکوک چۆتە لیستی ناوی ناوچە کێشە لەسەرەکان و تائێستاس هەربەو ناوەوە دەناسرێتەوە. لەگەڵ ئەوەی لەم دواییانەدا بەشداریکردنی چەند لایەنێک لە پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگا و دامەزراندنی پارێزگاردا رێکەوتنێکیان ئەنجامدا، بەڵام هێشتا ناکۆکیەکانیان لەسەر چارەنوسی کەرکوک و تاڵانچێتی لە کەرکوکدا وەک خۆی ماوە، بۆیە ئەم ناکۆکیەش دەرگا بەڕووی ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێی نوێدا بەکراوەیی دەهێڵێتەوە.
بەمەبەستی شکاندنی ئەو دۆخە چەقبەستووەی لەکەرکوکدا بەدوای هەڵبژاردنی پارێزگار و دابەشذکردنی پۆستەکانی پارێزگا پێشهات، سودانی رایگەیاند کە دەبێ دانیشتنێکی ئەنجومەنی پارێزگا لە ١١ی تەمموزدا بەڕێوەبچێت. داواشی کرد هێزە سیاسیە پەیوەندیدارەکان هاوکار بن لە تەواوکردنی ئەو کێشانەی هەبووە لە گفتوگۆ سیاسییەکانیاندا، ئەم هەڕەشەیە بووەهۆی ئەوەی بلۆکە براوەکان هاوپەیمانی خۆیان بکەن و هاوپەیمانیەکی نەتەوەیی و تائیفی پێکبهێنن. لایەنەکان بەسەر دوو میحوەردا دابەشبوون، یەکەمیان بارزانی، بەرەی تورکمانی و هێزەکانی هاوپەیمانی سەروەری بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر و ڕاکان جەبوری لەخۆدەگرت. دووەمیان، تاڵبانی و بزووتنەوەی بابلی مەسیحی سەر بە حەشدی شەعبی و سێ ئەندامی عەرەبی سەر بە پارتی تەقەدوم، بە سەرۆکایەتی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی، هەروەها هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە.
لە ١٠ی ئابدا هێزەکانی میحوەری دووەم توانییان ئەنجومەنی پارێزگاو پارێزگار دامەزرێنن، لەسەر بنەمای حوکمی زۆرینە. شایانی باسە لە دانیشتنی هەڵبژاردنەکەدا بە ئامادەبوونی، بافڵ تاڵەبانی و سەرۆکی عەسائیب ئەهلی حەق، قەیس خەزعەلی، و بەرپرسی پارتی تەقەدوم، محمد ئەل- حەلبوسی بەرێوە چوو، کە دەنگیان بە ئەندامێکی یەکێتی نیشتمانی دا، ڕێبوار تەها بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار . رێبوار تەها لە دانیشتنێکی مشتومڕاویدا هەڵبژێردرا کە تێیدا نوێنەرانی پێکهاتەی تورکمان و نیوەی هێزە عەرەبییەکان ئامادەنەبوون، جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان.
حەلبوسی ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو لە پێدانی پۆستی پارێزگار بە یەکێتی، دوای ئەوەی دەنگی سێ کورسی حزبەکەی لە بەرژەوەندی ئەم کاندیدکردنە بەخشی، ئەمەش دەتوانین بڵێین لەچوارچێوەی وەڵامدانەوەی حەلبوسیە بەرامبەر نەیارەکەی، کە خەمیس خەنجەرە، کەپەیوەندی لەگەڵ بارزانیدا کردوە، بەمەش تۆمەتباری دەکەن بەوەی کە هاوسەنگی پرۆسەی سیاسی کەرکوکی تێکداوە. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە هەوڵەکانی حەلبوسی زیاتر گەڕانەوەی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان زاڵن بەسەر هەموو دانوستانەکانی ئێستایدا. بەمشێوەیە حەلبوسی مەرجی دابینکردنی پشتیوانی خۆی بۆ سەرکەوتنی ڕێبوار تەها دانا، لەبەرامبەر بەدەستهێنانی پشتیوانی هاوپەیمانە نوێیەکانی بۆ گەڕانەوەی پارتەکەی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان.
لەبەرامبەردا ئەو گروپانەی ئامادە نەبوون، سکاڵایان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکە تۆمارکرد کە لە هۆتێل ئەلڕەشیدا بەرێوەچووە، بەهۆی شکاندنی یاسای تەوافوق و ئامادەنەبوونیان لە دانیشتنەکەدا، بەڵام دادگای فیدراڵی ئەو داوایەی ڕەتکردنەوە.
هەرچەندە وانیشان ئەدرێت ناکۆکیە سیاسییەکانی کەرکوک تەنها لە سروشتێکی ناوخۆییدا بێت، بەڵام ئەوە شاراوە نیە کە زلهێزە ئیقلیمییەکانیش دەستێوەردانیان لە پرسی کەرکوکدا کاریگەرەو پێگەو نفوزی خۆیان هەیە، ئەم کاریگەریەیان لە ئەنجومەنی پارێزگاکەدا نیشاندا. ئەو قەیرانەش کە کەرکوک دەرگیریەتی، درێژکردنەوەی کێبڕکێی ناوچەیی نێوان تورکیا و ئێرانە لەسەر ناوچەکە، هەردووکیان هەوڵدەدەن بگەنە دۆخێکی سیاسی کە خزمەت بە مەبەستەکانیان لە کەرکوکدا بکات، ئەنقەرەو تاران لە هەوڵی ئەوەدان ئەو لایەنە لە ئەنجومەنی پارێزگادا باڵادەست بێت کە سەر بەخۆیەتی.
بەگشتی بارزانی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەیە، هاوکات تاڵەبانی پەیوەندییەکی نزیکی بە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە و ئێرانەوە هەیە، لەم پرۆسەی پێکهێنانی ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوکدا ئێران گرەوی بردەوە، بەڵام ئەمە کۆتایی یاریەکە نیە و دۆخی کەرکوک لە بەردەم چەندین سیناریۆی گەمەی سیاسیدا خۆی دەبینێتەوە..
ئەو ژمارە زۆرەی لە هێزی چەکداری جیاواز بەسەر ئەو شارەدا دابەشبووە و پارچە پارچەبوونی هێزە ئەمنیەکانە بۆ گرووپە جیاوازەکان، ئاشکرایە ئەمجۆرە لە باڵادەستی هێزەکان بە ناوی دین و تائیفەو نەتەوەوە دەتوانێ سەقامگیریی ناوچەکە تێکبدات و ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئارامی سیاسی بگرێت، بەردەوام لە دۆخێکی دژواردا ئەو شارە وێنا دەکرێت، ئەم دۆخە پر جەنجاڵ و نائەمنە رۆشنە کە دابەشکردنی دانیشتوانی ئەو شارەیە بەزۆر بەناوی دین و تاتیفەو نەتەوەوە، لەهەمانکاتدا بەهۆی بەردەوامی دەستوەردانەکانی وڵاتانی دراوسێ لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا ، دۆخەکە خراپتر دەبێت، کە هەردوو تورکیا و ئێران لەوبارەیەوە هەمیشە رۆڵێکی مەترسیداریان هەیە.
واتە بەمشێوەیە لەباری هەلومەرجی سیاسی ئێستای شاری کەرکوک، ئەوەمان نیشان ئەدات سیناریۆی ئەم پارێزگایە ڕووناکی بەخۆیەوە نابینێت، مەگەر حکومەتێکی ناوەندی بەهێز کە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون سەرکردایەتی بکات و توانای جێبەجێکردنی یاساکانی پارێزگاری لە مرۆڤایەتی هەبێت، یان لەڕووی سیاسییەوە لە حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر داببڕێت لە سیستەمێکی نیمچە سەربەخۆدا کە خەڵکی شارەکە خۆیان بەڕێوەی بەرن. حکومەتی عیراق و کوردستان و بەرێوەبەرایەتی شارەکانی عێراق و کوردستان پێویستە لە سەر بنەمای هاووڵاتی بوون دامەزرێت.




ئەو هەڵبژاردنەی هەموو لایەنەکان دۆڕاو دەبن!.. عوسمانی حاجی مارف

هەرچەندە ڕۆژی بیستی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری کراوە بۆ هەڵبژاردن لە کوردستان، بەڵام جارێکیتر گومان هەیە لە ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە لەکاتی خۆیدا، لەبەر ڕۆشنایی دۆخی چەقبەستووی سیاسی و ئەو قەیرانە سیاسیەی حزبە دەسەڵاتدارەکان و دەسەڵاتدارانی بنەماڵە دەرگیری بون، لەبەرامبەر بارگرژی دۆخی سیاسی کوردستان و عێراق لە لایەک و هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ کەمکردنەوەو شکاندنی شکۆی حکومەتی هەرێم لەلایەکی ترەوە. لە هەمانکاتدا کێشەی دواکەوتنی موچەو دابەزینی ئاستی گوزەرانی خەڵکی کاریگەری لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدان و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە پارتی و یەکێتی خەرجیەکی زۆر لە بانگەشەی پێشوەختەی ڕاگەیاندن دەکەن، بەمەبەستی ڕاکێشانی دەنگدەران، بەبێئەوەی ڕەچاوی بارودۆخی گوزەرانی خەڵک و داواکاریەکانی خەڵکی ناڕازی و توڕە لە دەسەڵاتەکەیان بکەن. لەهەمانکاتدا ڕۆشناییەک لەسەر ئایندەی ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئایندەی دەسەڵاتیان زیاتر بە نەرێنی پێشبینی دەکرێت، هەروەها لەبەردەم گەمەیەکی سیاسی دژواردا لایەنەکان بەگشتی لاسەنگ وەستاون.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن، دیمەنی سیاسی و میدیایی زیاتر گەرم دەبێت، کە زیاتر لایەنەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی زیاتر جەخت لەسەر ڕیسواکردنی یەکتر دەکەن، بەگێڕانەوەی ئەو تاوانانەی لەبەرامبەر خەڵکی کوردستان و لەبەرامبەر یەکتردا پێیهەستاون، واتە بەجیا لە ڕۆڵی حکومەتی عێراق لە هێرشکردنەسەر حکومەتی هەرێم و سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی، لەهەمانکاتدا پارتی و یەکێتی بۆ خۆشیان لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە بەهیچ جۆرێك درێغی ناکەن لەسەر ئەوەی چۆن ئابڕوی یەکتر بکەنە ئامڕزای یەکتر شکاندن. ئەمجۆرە لە بانگەشە، دۆخی جەنگ نیشان ئەدات تا ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بێت.
هاوکات پێشبینی ئەوە دەکرێت کە ئاستی توڕەیی و ناڕەزایەتی بەجۆرێک دەنگدانەوەی هەیە، کە ڕێژەیەکی زۆر بەرزی هاوڵاتیان بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنانە بکەن، کە لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا بێوێنە دەبێت، ئەمەش خەجاڵەتی و شەرمەزاریەکی بەرچاو بۆ لایەنەکانی بەشدار لەم هەڵبژاردنە دروست دەکات.
نزیکەی دوو مانگ بەر لە وادەی هەڵبژاردن، پێدانی مووچەی فەرمانبەران دواکەوتوە، کارەبا باش نەبوە، قەیرانی کەمی ئاو توندتر بۆتەوە، پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان وەستاون، هیچ چاکسازیەکیش لە ئارادا نیە، حکومەتی ئایندەی هەرێم جگە لە کڕنوشبردن بۆ بەغداد، ڕێگایەکی تری نەماوەو بێتوانایی و زەلیلی خۆی بەئاشکرا نیشان ئەدات، واتە شتێک نەماوە کە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی گەر بە ساختەو درۆش بێت، پەیمانێک بە هاوڵاتیانی کوردستان بدات کە لە ئاستی جێبەجێکردنی حکومەتەکەیدا بێت. ئەمانە ئاماژەن بۆئەوەی ئەو هەڵبژاردنەی کە چوار جار دواخراوەو ئەنجام نەدراوە، دیسانەوە ئەگەری ئەوە هەیە کە لەو کاتەدا کە دیارکراوە، ئەنجام نەدرێ! بەپێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی پێشووەوە هیچ ئاماژەیەک نییە کە هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا ئەتوانرێت ئەنجام بدرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کە هێزی میلیشیان و ناتوانرێت بە هەڵبژاردن ئاڵوگۆر بەدەسەڵاتەکەیان بکرێت، بۆ تێپەراندنی ئەو دۆخەی ئێستا دەرگیری بون، بە ئەگەری رازاندنەوەی سیناریۆی تر و رێکەوتن لە نێوان خۆیاندا ئەم هەڵبژاردنەش ئەنجام ئەدەن بە سەلامەتی لێی دەردەچن.
ئەوەی شایانی باسە هیچ بەربەستێکی ئەمنی نییە کە ڕێگری لە هەڵبژاردنەکان بکات، بەڵکو بابەتەکە تەنها پەیوەستە بەڕادەی حەماسەتی بارزانی و تاڵەبانیەوە، وەک دوو لایەنی سەرەکی کە ئایا دەیانەوێت ئەم هەلبژاردنە ئەنجام بدەن یان نا؟ بەتایبەتی کە دۆخەکە بۆ هەردوو لایان زۆر هەستیارە و بۆیان رۆشن یە کە چۆن لەم گێژاوە بەسەلامەتی بێنە دەرەوە.
ئەوەی جێگای سەرنجە لەگەڵ ئەو دۆخە دژوارو نالەبارە و ئەو قەیرانە سیاسیەی کە هەردوو بنەماڵە لە زۆنی زەردو زۆنی سەوزدا تێیکەوتون، ئەمجارە لە شێوازی پڕوپاگەندەیاندا هەر لایەنێکیان لە پارتی و یەکێتی وەها ڕادەگەیەنن کە سەرکەوتنی ئەمجارە بەوشێوەیە دەبرێتەوە کە پێکهێنانی حکومەت یەکلایەنە بۆ لایەنێکیان دەبێت، واتە دوای سی ساڵ زیاتر لەدەسەڵاتی میلیشیاییان لە دوو زۆنی جیاوازدا، بەدوای ئەم هەڵبژاردنە کۆتایی بەجۆری حکومەتەکانی پێشوو، لەنمونەی حکومەتی بنکە فراوان و حکومەتی تەوافقی و بەشبەشێنە… دێت! ئەم حکومەتەی دوای ئەم هەڵبژاردنە بە قەولی هەر لایەنێکیان یا بۆ بنەماڵەی بارزانی دەبێت یان بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی دەبێت، ئەمەش ئەو دروشمە ناواقعیەیە کە نەک دوای ئەم هەڵبژاردنە، بەڵکو دۆخی سیاسی ناوچەکەو عێراق و کوردستان هیچکاتێک لەم دەوران و هەلومەرجەدا ئەو هەلە بۆ هیچ لایەنێکیان ناڕەخسێنێ کە بتوانن خەونی حکومەتی یەکلایەنە دامەزرێنن، بەڵکو هەمان دەسەڵاتی میلیشیایی لە دەورانێکی لاوازتر و ملکەچی بۆ حکومەتی عێراق درێژە بەدەسەڵاتیان لە هەردوو زۆنەکەدا ئەدەنەوە. ئەمەش بەشێکە لە دۆڕاندنی هەردوولایان لەم هەڵبژاردنەدا!.
هەڵبەتە کاتێک دەبینین حکومەت بەشێوەیەکی سەرەکی لەلایەن بنەماڵەی بارزانیەوە کۆنتڕۆڵکراوەو دەکرێت، لەو بارەیەوە بنەیەکی بەهێزیان داکوتیوە، بەڵام لەم دۆخەدا ئەو هێرشانەی لەزۆر لایەنەوە دەکرێتە سەریان جۆرێک لە ملکەچی بەسەریاندا سەپێنراوە، بنەماڵەی تاڵەبانی بە هەموو شێوەیەک و پلانێک بێت، بەهەر بەهایەکی نامۆراڵیش بێت لە هەوڵی ئەوەدان ئەو هاوکێشەیە بگۆڕن. ئەم هەوڵەی یەکێتی لەپەیوەند بەو پێشهاتانەی لە ڕێڕەوی ئاڵوگۆڕی دۆخی ناوچەکەدایە، نەفی ئەوە ناکاتەوە کە دۆخەکە ئیمتیازاتێکی زیاتر لەجاران بکاتە دەستکەوتێک بۆ تاڵەبانی، بەڵام کێشە حزبی و ناوخۆییەکانی هێزەکەیان ئەو هەلە کەمتر دەکاتەوە. بەمانایەک لە هەرحاڵەتێکدا یەکێتی هەر دەستکەوتێکی هەبێت، ناتوانێت بەو شێوازەی وەها بانگەشە دەکات، وەک براوەی پێکهێنانی حکومەت براوەی یەکەم بێت، ئەمەش دۆڕانی یەکێتیە لەم هەڵبژاردنەدا.
بەهەمانشێوە بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ گێچەڵی حکومەتی عێراق و پلانەکانی یەکێتی بەجۆرێك دەرگیرە کە ناتوانێ گەرەنتی ئەوە نیشان بدات گەر هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێت، بەرەوڕوی چ دەردیسەریەک دەبێتەوە، بەم مانایە پارتیش دۆڕاو دەبێت.
ئەو لایەنانەش کە بەشدارن لەم دەسەڵاتەدا یان دەیانەوێت بەشداربن، لەم هەلومەرجەی بوونی بارگرژی لە هەڵبژاردنەکاندا، خەونی ئومیدێکیان لا گەڵاڵەبووە، وەها چاوەڕوان دەکەن ئەم هەڵبژاردنە شکستی گەورەی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەو حزبەکانیان بێت. لەم بۆشاییەدا ئەگەری دەستکەوتێکی زیاتری کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن، بەشێوەیەکی سەیروسەمەرەتر “نەوەی نوێ” بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم هەڵبژاردنە مایەی گەورەترین سەرکەوتنە بۆیان و دەبنە هێزی یەکەم و دەسەڵات دەگرن!
لەمبارەیەوە پێموانیە ئەم بانگەشەیەی نەوەی نوێ لەو ئاراستەیەوە بێت کە خۆشخەیاڵن بەو دۆخەو مانای باڵادەستی هێزی میلیشیا حاڵی نەبون، بەڵکو جۆرێکە لە فێڵی بانگەشەی هەڵبژاردن، چونکە ئاشکرایە کە ناتوانن هیچ ئومێدێکی عەمەلی و واقعی ببەخشن بە دانیشتوانی کوردستان تا نیشانی بدەن کە ئەتوانن داخوازی و پێداویستیەکانیان دابین بکەن، لەهەمانکاتدا ئەو هێزە نین کە هاوسەنگی هاوكێشەکان لەنێوان هەرێم و بە‌غدادو دەوڵەتانی ناوچەکەو جیهان ڕێکخەن و ڕاگرن، جگە لە بەنزین فرۆشتن بەهەرزان و ئاودابەشکردن بەسەر ماڵاندا، کارێکی تریان پێناکرێت، ئەهلی حکومەت بەڕێوەبردن نین! بەڵام ئەم دۆخە دژوارە و ئەو قەیرانە سیاسیانەی هەردوو بنەماڵە دەرگیری بون، بۆشاییەکی بۆ نەوەی نوێ و هەندێ لایەنی تر دروست کردووە، گەر هەڵبژاردن ئەنجامدرا، بەڵکو بەم ڕێگەیە دەستکەوتێکی زیاتر لە کورسی پەرلەمانیان پێ ببەخشرێ. ئەوەی شایانی باسە هیچ یەک لەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشداری لەم پەرلەمانەدا بکەن، هیچکات لایەنی یەکلاییکەرەوە نەبون و نابن کە پەکی ئەنجامدانی پەرلەمان بخەن.
کاتێک پارتی ڕایگەیاند بایکۆتی هەڵبژاردن دەکات گەورەترین قەیرانی لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن پێکهێنا، هەڵبەتە بەهەمانشێوە یەکێتیش لەمبارەیەوە ئەتوانێ قەیرانێکی لەو چەشنە دروست بکات، بەڵام لەناو ئەم هاوکێشەیەدا تەواوی لایەنەکانی ترو بەتایبەتی ئەوەی کە بیەوێ بایکۆتی هەڵبژاردن بکات، بە تایبەتی لایەنێکی وەک “نەوەی نوێ” هیچ لە هاوکێشەکە ناگۆڕێت و ناتوانێ هیچ قەیرانێک دروست کات، واتە ئەوەی لەباری نفوزی کۆمەڵایەتی و لەنێو گەمەی سیاسی لەم هەڵبژاردنەدا، کە هیچ کێشوقەبارەیەکی نیە، بەکارهێنانی هەنگاوی بایکۆت لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەدەستی بەتاڵ دێتە دەرەوە.
هەڵبەتە بەبێ هیچ لێکدانەوەیەک، ئەوەی زۆر سادەیە پێگەی لاوازی گۆڕانە کە ناتوانێ خاوەنی هیچ جۆرە گەمەیەکی سیاسی بیت و هیچ ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبێت، ئایندەیەکی زۆر نەرێنی هەیە.
بەهەمانشێوە لایەنە ئیسلامیەکان، نەک نەیانتوانیوە قەیران و شکستەکانیان لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو ڕاستکەنەوە، بەڵکو زیاتر چونەتە دواوەو پاشەکشەیان کردوە، چونکە نەیانزانی و نەیانتوانی لەناو شەپۆلی دەریای ناسیۆنالستیدا مەلە بکەن، بۆیە ئەمجارەش لەبەردەم پاشەکشەیەکی تردا بەرەو ڕوو دەبنەوە. هەڵبەتە ئاشکرایە لەم نێوەدا لایەنێکی وەک بەرەی گەلیش کە لاهور رابەرایەتی دەکات، هیچ جۆرە شانسێک یاوەری نابێت.
ئەم هەڵبژاردنە و تەواوی هەڵبژاردنەکانی پێشوی کوردستان، بەشێکە لەو گەمە سیاسیانەی بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی وەک مانۆڕۆ گەمەیەکی سیاسی بۆ گۆڕانی ئاستی هاوسەنگیان لەبەرامبەر یەکتردا کاریان لەسەرکردوە، تا لە هاوکێشەی سیاسیدا نفوزی خۆیان لەبەرامبەر یەکتردا تاقی کەنەوە، تا ئەم ئەزمونە و ئەم گەمە سیاسیە بەمشێوەیە لە هەرێمدا بەڕێوە بچێت و دەسەڵاتی میلیشیایی زۆنی زەردو زۆنی سەوز چارەنوسی هەرێم دیاریبکات، هەڵبژاردن هەر کارتۆنی دەمێنێتەوەو پەرلەمان ئەو جێگایە دەبێت کە کورسیەکانی تەنها شوێنی موچەخۆرانی پلە بەرز دەبێت!




یاسای جەعفەری چی لە دەوڵەتی مەدەنیدا دەهێڵیتەوە؟.. عوسمانی حاجی مارف

یەکەمجار نییە کە داکۆکیکارانی ئاینی لە ئەدامانی حزبە “ئیسلامیەکان” هەوڵ دەدەن جێپەنجەی خۆیان لەسەر سیماکانی کۆمەڵگەی عێراق بەجێبهێڵن، هەروەها کار بۆ تێکدانی ئەو سیما مەدەنی و شارستانیە دەکەن کە عێراقیەکان لە دێر زەمانەوە هاوشانی گەشەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری خۆیان لەگەڵدا گونجاندوەو پەیڕەوی دەکەن.
ئەمجارە ئەم ڕەوتی پیاوسالاریە دژە ژنە ئیسلامیانەی خەریکن خۆیان کۆدەکەنەوە بۆئەوەی شەڕی نەهێشتنی دوا هێمای مەدەنی کۆمەڵگە لە ڕێگەی پەرلەمان و دەوڵەتەوە پیادەبکەن، کە لەیاسای باری کەسیدا بەرجەستەی دەکەنەوە. دەیانەوێت پەیوەندی کارو سەرمایە و بازاڕی سەرمایەی ئازاد لە داسەپاندنی شەریعەی جەعفەریەوە بەڕێوەبەرن. بەڵام دانیشتوانی شارستانی و ناڕازی عێراق بەبێ ڕەچاوکردنی جیاکاری تائیفی و نەتەوەیی، مافەکانی ژنان و منداڵان دەپارێزن. هەروەها یارمەتیدەرن بۆ چەسپاندنی یەکگرتویی کۆمەڵگا دژ بە شەڕی تائفی و دینی و نەتەوەیی، یاسای جەعفەری لە ژیانیاندا جێگای نابێتەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ پیاوسالارانی حزبە “ئیسلامیەکان” دەیانەوێت، شەرعیەتدان بە هاوسەرگیری کچانێک بدەن کە تەمەنیان ساڵی نۆیەمی تێپەڕ نەکردووە، بە ئاماژەدان بە فەتوایەک کە لەلایەن دەسەڵاتی عەلی سیستانیەوە دەرچووە، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی دیکە لەگەڵیاندا ناکۆکن، بە تایبەت کە گەشەسەندنی کۆمەڵگاکان بڕگەی نوێیان دابینکردووە کە ڕێزگرتنە لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی ژنان و پیاوان.بەڵام ئەو ڕەوتی پاراستنی مافی ژنان و مناڵان و سیمای مەدەنی و شارستانیە، گەر بەیاساو یاسادانان و هێزی دەسەڵاتی خەڵک نە سەپێندرێت، ئاشکرایە کە لەژێر کاریگەری هێزە میلیشیا تائیفیەکاندا پێشێل دەکرێت و کۆمەڵگە بە ئاقاری بەرژەوەندی کۆنەپەرستانەی خۆیاندا کێش دەکەن، ئەم کارە پێویستی بە ئیرادەو دەوری ڕاستەخۆی خەڵکە لە دەسەڵاتی سیاسیدا.
ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیەی ئەمڕۆ لەلایەن پێشنیاری میلیشیا ئیسلامیەکانەوە بەردەوام بێت لە پەرلەماندا، پێشبینی دەکرێت هیچ شتێک لە پێکهاتەکانی دەوڵەتێکی مەدەنی نەهێڵنەوە کە عێراقیەکان بتوانن بە سەلامەتی بژین و ژیانی خۆیان بەو شێوەیەی کە دەیانەوێت پراکتیزە بکەن، بەم شێوەیە بەغداو شارەکانی تری عێراق دەکەنە قەندەهار.
نەتەوە یەکگرتوەکان باس لەوە دەکات کە بەشێک لە پیاوانی ئاینی عێراق لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا هەزاران هاوسەرگیریان لەگەڵ کچانی خوار تەمەنی نۆ ساڵان ئەنجامداوە، ئەم دیاردەیە وەک تاوانێک لە ئاستی فەرمیدا سنووردار نەبووە، لەئەنجامدا بووەتە هۆی ڕووداوی بەربڵاوی جیابوونەوەی فراوانی هاوسەرگیری، مایەی سەرگەردانی و نەهامەتی و قوربانیدان بووە بۆ ژنەکان. لەماوەی ساڵێکدا (٢٠٢٢) زیاتر لە ٧٣ هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە عێراقدا تۆمارکراوە. چالاکوانان هۆشداریاندا لەوەی ئەگەر هەموارکردنەوەی پێشنیارکراوی یاسای باری کەسێتی پەسەند بکرێت، پێشبینی دەکرێت ئەم کارانە فراوانتربن و زیاتر گەشە بکەن، هەروەها نەوەکانی کچانی خوار تەمەنیش بەر دەستدرێژی و زەلیلکردن دەبنەوە بەپێی یاسا پێشنیارکراوەکە. ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر دۆخی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی خەڵکی عێراق دادەنێت، کەوەک بەشێک لە پلانی لەناوبردنی “دەوڵەتی مەدەنی” مانا پەیدا دەکات.
مەترسی سەپاندنی ئەو بڕیارانەی دەربارەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیەتیە، لەو شوێنەوە ببینین کە هێزەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” (شیعە) لە پێکهاتەی حکومەتی عێراقدا پشتیوانی لێدەکەن. چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو دەستەیەن کە پێداگری لەسەر دەرکردنی یاسا نوێیەکە دەکەن، تا سیستەمێکی سیاسی تائیفی کە دەرفەتی مانەوەی دەسەڵاتیان پێدەدات دامەزرێنن، تەنیا لە ڕێگەی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری تائیفیەوە دەتوانێت سەقامگیری بەدەستبهێنێت، کە ژنان لە مافەکانیان بێبەش کات، بزوتنەوەکەیان بە ئیفلیجی پاشەکشە پێبکات، یان ژنان دورخاتەوە لە بیرکردنەوەی پاراستنی کۆمەڵگایەکی هاوچەرخ و شارستانی، کە لە نێوان ئەندامەکانیدا یەکسانی واقعیە و جیاکاری قەبوڵ ناکرێت.
بۆیە دەکرێ بگوترێ کە بنبڕکردنی توانای ژنان بۆ بیرکردنەوە لە ئازادی و یەکسانی و پێشێلکردنی مافەکانیان لە کۆمەڵگادا، هەر لە منداڵیەوە گرنگترین ئامانجی ئەم یاسا نوێیە، کە هاوسەرگیری مێینە لە تەمەنی نۆ ساڵیدا پەسەند دەکات، ئەمەش جۆرێکە لە کۆیلایەتی کە ڕێکخراوە تیرۆریستیە ئاینیە توندڕەوەکانی وەک داعش پێشتر هەوڵیان داوە بەسەر پێکهاتەکاندا بسەپێنن کە لە ڕێگەی پیلانگێڕیەوە توانیویانە کۆنتڕۆڵی بکەن و مافەکانیان زەوت بکەن.
لەژێر پاراستنی پەیوەندی تائیفی، خێڵەکی، یان بنەماڵەدا ئەو دەوڵەتە ئایینیەی کە لایەنە شیعەکان هەوڵی سەپاندنی دەدەن بەسەر عێراقیەکاندا، جۆرێکی تایبەتی دەوڵەتە و دواکەوتوییەکەی بریتیە لە زیادەڕەویەکی زۆر لە هەژاری و نەداری و جیاکاری و بێئیرادەکردن و گۆشەگیری ژنان. واتە دەسەڵاتێکە بێباکە بەرامبەر دانیشتوانەکەی، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە پارێزگاکان کە زۆرینەی شیعەیان هەیە، بەرپرسەکان دواکەوتوترینن لە دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری و پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیدا، لەهەمانکاتدا لە بەرامبەریدا چەک و مادەی هۆشبەر لەناویاندا بڵاو دەکەنەوە،. ئەتوانین بڵێین ئەمریکا سیستەمێکی سیاسی سەپاند کە ئامرازی بەردەستیان بوو بۆ لەناوبردنی عێراق بە دڕاندنی پەیکەرە کۆمەڵایەتیەکەی.
یاسا نوێیەکە بە هەوڵێک دادەنرێت بۆ سەپاندنی بناغەکانی دەوڵەتێکی ئاینی کە لەوانی دیکە توندتر بێت، هەروەها سەرەتای ملکەچکردنی کۆمەڵگەی عێراقیە بۆ زاڵکردنی ئیرادەی میلیشیاکان کە دامەزراندنی دەوڵەتی مەدەنی بە دوژمنی بەرژەوەندیەکانیان پێناسە دەکات. لە ڕێگەی ئەم هەموارکردنەوە، پێناسەی شارستانیەت بە ئاژاوەگێڕی دادەپۆشرێت. ئەمەش توندترین و قێزەوەنترین ناونیشانە بۆ ژنان، دوای ئەوەی لە زۆرێک لە قوتابخانە سەرەتاییەکان پۆشینی حیجاب بەسەر کچاندا سەپێنرا. ئەمەش بەو مانایەیە کە نەوەیەک لە ژنان گەورە دەبن کە باوەڕیان بە ئازادی ژنان نیە و ئەو بڕوانامە دەرونیەیان نیە کە ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بە هەڵاواردن. ئەمە ئەو نەوەیەیە کە هەژاری وەک چارەنووس و نەخۆشی وەک تاقیکردنەوە و نەزانی وەک حیکمەت قبوڵ دەکات. بابەتەکە تەنها پەیوەندی بە باری مەدەنیەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە چارەنووسی عێراق و کۆمەڵگاکەیەوە هەیە.
بەڵام ئەو خۆپێشاندانانەی لەدژی پێشنیازی هەموارکردنەوە ڕوویاندا بەتایبەتی لە خودی شاری نەجەفیشدا کە قەڵای دیارترین دامەزراوەی ئاینی شیعەیە، نموونەیەکی بەرجەستەیە لە ڕەتکردنەوەی ئەو بڕیارانەی پێشنیارکراوە، لەهەمانکاتدا ئومێدبەخشە کە فشارێکی گەورەبێت لەسەر پەرلەمان، تا دەرگای دەنگدان لەسەر ئەو بڕیارانە داخات.
کاتێک خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا ڕویاندا ئەنجامی کتوپڕی ئەو ساتەوەختە نەبوو، بەڵکو ئاکامی کەڵەکەبونی توڕەیی و ناڕەزایەتیەک بو لەبەرامبەر سیاسەتی ئەو هێزە میلیشیا شیعانەی ئامۆژگاریان لە کۆماری ئیسلامی ئێران وەردەگرت، ئێستاش لەبەرامبەر ئەو بڕیارانەدا بەدور نازانرێت کە هەمان ناڕەزایەتی بە گوڕوتینێکی ترەوە ڕوبدات.
پێویستە خەڵکی ناڕازی بەفراوانکردنەوەی نارەزایەتیەکانیان، بەهیچ جۆرێک ڕێگە نەدەن ڕەشنووسی نوێی یاسای باری کەسێتی دەنگدانی دووەمی لە پەرلەمان بۆ بکرێت و پەسەندبکرێت. ئەو کەسانەش ئەو پێشنیارانەیان کردوە، پێویستە مافی ئەندامێتی پەرلەمانیان لێوەربگیرێتەوە، پێویستە دڵنیابین لەوەی چوارچێوەی یاسایی عێراق ژنان و کچان دەپارێزێت بەگوێرەی پابەندبون بەو یاسا نێودەوڵەتیانەی بەرگری لە یەکسانی ژنان و پیاوان دەکات. چونکە پەسەندکردنی یاسای جەعفەری هەنگاوێکی کارەساتبار و مەترسیدارە و بەڕەسمەیەت ناسینی جیاکاریە بۆ ژنانی عێراق، ڕێگە خۆشدەکات بۆ نایەکسانی بە یاسا، لەوەش مەترسیدارتر سەوداومامەڵیە بە مناڵان.
ئەم دۆخە جگە لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و ڕەسمیەتدان بە باڵادەستی پیاو سالاری و بە یاساکردنی نایەکسانی، لەوەش واوەتر شیرازەی کۆمەڵگەیەکی شارستانی تەواو دەشێوێنی، بەو مانایە ژنان دەکاتە کۆیلەیەک و کەرەسەیەک، تەنها بۆ چێژوەرگرتنی پیاوان، ئەمەش بەرەو ڕووی ئەوپەڕی دڕندەیی ئەو لایەنە ئیسلامیانەمان دەکاتەوە کە داعش لەباری عەمەلیەوە نمونەیەکی قێزەوەنی ئەوپەڕی دژی ئینسانی نیشانداین، ئەو داعشەی بەر نەفرەتی تەواوی جیهان کەوت، ئێستا بەشێک لە شیعەکانی دەسەڵاتدار لە عێراقدا، خەریکن بێشەرمانە و بەئارامی ئەو یاسایانە لەڕێگەی پەرلەمانەوە دەخەنە ناو پرۆسەی دەنگدانەوەو دەیانەوێت فرسەت لەسەر ئەوە بهێنن کە زۆرینەن لە پەرلەماندا، بەڵام پێویستە دانیشتوانی عێراق ئەوەنیشان بدەن کە زۆرینەی دژی ئەو بڕیارو یاسایەن لەدەرەوەی پەرلەمانن و ڕێگا نادەن ئەو جۆرە بڕیارانە بەسەر چارەنوسی ئازادی ژیانی ژنان و پیاوانەوە مامەڵەیان پێبکرێت.
مشتومڕ لەم بارەیەوەو لە شەقامی عێراقی و لەناو داڵانەکانی پەرلەماندا لەسەر ترسی تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی دەکرێت، کە بەناوی دەنگی زۆرینە لە پەرلەماندا مامەڵەی پێدەکرێت، پێشتریش چەندینجار هێزەکانی سەر بەچوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیاریان کردووە، بەڵام دەنگدانەوەی ئێستای، متمانەی ئەولایەنانەیە کە پێیانوایە دەتوانن دۆخی عێراق لە کۆمەڵگەیەکی شارستانیەوە بەم ڕێگەیە بگۆڕن بۆ باڵادەستی دەوڵەتێکی ئیسلامی و جێبەجێکردنی یاسای جەعفەری بسەپێنن، بە ڕابەری ئەولایەنە شیعانەی پاشکۆی ئێرانن. هەوڵی خەڵکی ناڕازی عێراق پێش هەر شتێک لە ئێسادا پێویستە ڕێگە نەدات ئەم هەموارکردنەوەیە تێپەرێت. بەڵام ئەوەی شایانی باسە گەر بەهەر فڕوفێڵ و ساختەکاریەک ئەم هەموارکردنە لە پەرلەماندا پەسەند کرا، ناتوانێت ببێتە یاسایەک لە نێو زۆرینەی کۆمەڵگەی عێراقدا جێبەجێ بکرێت، ناتوانێت بەر بە گەشەی شارستانی بونی عێراق بگرێت، ناتوانێت ململانێی ڕەوتی ئازادی و یەکسانی ژنان و پیاوان بوەستێنێت، بەجیا لەوانەش ڕۆژێک ڕاپەڕینی جەماوەری تەواوی دامودەزگاکانی ئیسلامی بۆ دەسەڵاتی سیاسی و یاساو شەریعەتەکانیان لە ئێران و عێراق و هەر دەوڵەتێکی ئیسلامی دەپێچنەوەو لە مۆزەخانەدا دایدەنێنن.




پرۆژەکانی جیهادی شیعە لە عیراقدا!؟.. عوسمانی حاجی مارف

ئەوهێزە میلیشیایانەی ناوەکی بلۆکی دەسەڵاتداری لە عێراق پێکدەهێنن کە “چوارچێوەی هەماهەنگیە”، لە ئەندامانێک پێکهاتون بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سەر بە بەرەیەکی جیهادین، ئەو بەرەیەی ئامانجیان فراوانکردن و قۆرخکردنی دەسەڵات و باڵادەستی ئیسلامی سیاسیە و لە ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران دەستی پێکردووە. چوارچێوەی هەماهەنگیش درێژکراوەی پڕۆژەی شیعەکانە، کە ئێستا خۆی لە کۆماری ئیسلامی ئێران، حزبوڵای لوبنان، گرووپی ئەنسارولڵا کە بنکەکەیان لەیەمەنە و گرووپە تیرۆریستیە عێراقیەکان و “چوارچێوەی هەماهەنگی”و میلیشیاکانیدا دەبینێتەوە.
سەرکەوتنی”چوارچێوەی هەماهەنگی” لە پێکهێنانی حکومەتدا، لە دوای هەڵبژاردنی ٢٠٢١وە، قۆرخکاری وکۆنترۆڵی هەموو لقەکانی حکومەتیکردوە، بووەتە باڵادەستێکی بێوێنە لە دوای داڕوخانی دەوڵەتی عێراق لە ٢٠٠٣دا، بە دەسەڵاتێکی ڕەهای حوکمڕانی پێناسەدەکرێت. ڕابەرە ڕاستەقینەکان لە لوتکەی “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا، بە سێ سەرۆکی جیهادی دەناسرێتەوە کە هەریەکەیان پەیوەندیەکی نزیکیان بە ئێرانەوە هەیە، نوری مالیکی، قەیس خەزعەلی، هادی عامری.
“چوارچێوەی هەماهەنگی” دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و دوو لیستی هەرە ئاشکرا و بەهێزەکەی، “هاوپەیمانی ئەلفەتح” و “هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا” کۆنترۆڵ دەکات. هەروەها دەسەڵاتی دادوەری لەڕێگەی سەرۆکی دادگاکانی ژێر کۆنترۆڵی میلیشیاکان، دادوەر فایق زیدان کۆنترۆڵ دەکات. هێزە سەربازیە ئاسایەکان (سوپا، دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هێزی دەریایی، و هێزی ئاسمانی) و خزمەتگوزاریە هەواڵگریەکان، بە خێرایی لەلایەن گروپ و میلیشیا تیرۆریستیەکانی سەر بە ئێرانەوە دزە دەکرێن. هێزەکانی حەشدی شەعبی بە سەرۆکایەتی تیرۆریستان، سوپایەکی هاوتەریبن کە لەسەر مۆدێلی سوپای پاسدارانی ئێران بنیات نراون. بەرپرسانی وەزارەتەکان ڕۆژانە بە فەرمانی گروپە تیرۆریستی و میلیشیاکان دەگۆڕدرێن. پارێزگارەکان لەڕێگەی چوارچێوەی هەماهەنگیەوە دەستنیشان دەکرێن.
زۆرینەی میلیشیاکان کە بە “الطلیعیە” ناودەبرێن، بەشێوەیەکی زۆرکاریان لەسەر دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەت و پێکهاتەکانیدایە، لەوانەش وەک ڕێکخراوی بەدر و عەسائیب ئەهلی حەقو باڵە جۆراوجۆرەکانی میلیشیاکان بەپلەی یەکەم سەرنجیان لەسەر چالاکیە سیاسی و ئابوریەکانە، کارەکانی “عەسایب ئەهلی حەق” و تەنانەت “ڕێکخراوی بەدر” هەندێکجار “وەک بزووتنەوەیەک بۆ پەرەپێدانی بزووتنەوەکەیان بەناوی هێزی بەرگری خۆیان دەردەخەن، کە بەتوندی سەرنجیان لەسەر قۆرخکردنی حوکمڕانی و دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەتە، ئامانجی سەرەکیان تاڵانی سەروەت و سامانی ژێر دەستی دەسەڵاتی دەوڵەتە، لە عێراقدا ئەم گروپانە دڕندەترینی بزوتنەوەی جیهادین کە باشترین شارەزاییان هەیە لە چالاکیە بازرگانی نایاسایی و قاچاخچێتیەکاندا. لە ساتەکانی شەڕی ئێستای غەززەدا، خۆیان وەک ئەندامێکی سەرسەختی میحوەری بەرگری ڕادەگەیەنن.!
ئەوەی جێگای سەرنجە کە “حیزبوڵڵا”ی لوبنانی و هاوبەشە عێراقیەکانی وەک “لیواکانی ئیمام عەلی” لە ژینگەی عێراقدا تەواو سەرنجیان لەسەر بازرگانی و دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەتە، کەخۆیان لە سیاسەتی بەرەنگاری دژی ئەمریکا لە عێراقدا نادەن، وەها مامەڵە دەکەن ک عێراق گامێشێکە شیرەکەی بدۆشن بۆ ئەندامانی هێزی بەرگری لە لوبنان، ئەمەش تاڕادەیەک “ڕێکخراوی بەدر” ناڕەحەت دەکات.
ئەبو فەداک و هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر لە پرۆژە بازرگانیەکان و خۆدزینەوە لە گومرگەکان لە هاوردەکردن و گواستنەوەی دۆلار بۆ ئێران، بەردەوام هاوکاری دەکرێن. لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نوخبەی هێزەکانی حەشدی شەعبی سەر بە ئەبو فەداک ڕۆڵێکی باڵا دەگێڕن لە هێرشە تیرۆریستیەکان بۆ سەر ئامانجە ئەمریکیەکان و عەرەبەکانی کەنداو. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە یەکێک لە بەرپرسانی پڕوپاگەندەی سەر بە لیواکانی حزبوڵلا و عەسائیب ئەهلی حەق یەکەم ڕاوێژکاری سودانی سەرەک وەزیرانن.
پێدەچێت “لیواکانی حزبولڵا” لە عێراقدا نەتوانن بەتەواوی بڕیارەکەیان یەکلایی بکەنەوە، و لەڕاستیدا دابەشبوون بەسەر دوو باڵدا، هەرچەندە هێشتا ئەو دوو باڵە پەیوەندیەکی نزیکیان هەیە. باڵێکیان کە کە ئەبو فەداک سەرۆکایەتی دەکات، بەپلەی یەکەم سەرنجی لەسەر کۆنترۆڵکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبیە و بودجەی ساڵانەی ٢.٦ ملیار دۆلارە و پەرەپێدانی بازرگانیەکانی بیناسازی و گرێبەستکردنە کە پەیوەندیان بەحەشدی شەعبیەوە هەیە. یەکێک لەو کارانە “کۆمپانیای ئەندازیاری گشتی” بوو کە پلانی بۆ داڕێژرابوو، کە لەسەر مۆدێلی کۆمەڵەی خاتەم ئەلئەنبیا لە IRGC دامەزرا.
سەبارەت بە باڵەکەی تری “حیزبوڵڵا کەتایب” کە ئەبو حوسێن سەرۆکایەتی دەکات، زیاتر مەیلی پێشڕەوی ئاشکراتری هەیە، پێش قەیرانی غەززە لە عێراق و سوریا و ئوردن هێرشی زۆری لە دژی ئەمریکا ئەنجامداوە، ئەم باڵە ئەندامانی پەرلەمان لەخۆدەگرێت و لەیەکەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا چڕ دەبێتەوە، بەتایبەتی لەڕۆڵی ئەمنی و هەواڵگریدا. لەو حاڵەتانەی کە کوتلەی ئەبو حوسێن تێوەگلاون لە چالاکیە ئابوریەکاندا، ئەم چالاکیانە تاڕادەیەکی زۆر پەیوەندیان بە قاچاخچیەکانەوە هەیە، لەوانە هەناردەکردنی نەوتی نایاسایی و ساختەکاری لە خانووبەرەدا.
ئەندامانی میحوەری بەرگری،یان”شبکة التهدید الایرانیة” تۆڕی هەڕەشەی ئێران، ڕەنگە تەحەدایەکی زۆر ئاڵۆزتر و کاریگەرتر لە هەریەکێک لە گروپە جیهادیەکانی دیکەی بەشدار لە حوکمڕانی عێراقی ئەمڕۆدا دروست بکەن، ئەمەش بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆئاستی قەبارەی خاوی ئەو سەرچاوانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندایە، ئەو گروپانەی پاشکۆی ئێران بە ئاسانی دزە دەکەنە ناو پێکهاتە دەوڵەتیەکانەوەو کۆیان دەکەنەوە، کە توانای قەرزکردنیان لە بازاڕە نێودەوڵەتیەکان و فرۆشتنی نەوت و گاز (بە دۆلار) و کۆنترۆڵکردنی سندوقەکانی سەروەت و سامانی سەروەریان هەیە. لە لوبنان و یەمەن تۆڕە جیهادیە شیعەکان کۆنترۆڵی ئابوریە لەرزۆکە توندەکان دەکەن، لە ئێران و عێراقیش کۆنترۆڵی بەرهەمهێنەرانی وزەی جیهانی دەکەن کە هەریەکەیان توانایەکی یەکجار زۆریان هەیە لە بواری بازرگانی و بەرهەمهێناندا.
کۆنترۆڵکردنی عێراق، بەشێوەیەکی تایبەت لەلایەن “شبكة التهديد الإيرانية” تۆڕی هەڕەشەی ئێرانەوە، یاری گۆڕینێکە بەمانای کۆنتڕۆڵکردنی هێزەکانی بەرگریە بەتایبەتی ئەوانەی پاشکۆی ئێرانن بەسەر حکومەتی عێراقدا، بەبێ ئەوەی هیچ هاوبەشیەک لەگەڵ موقتەدا سەدر بکەن، چونکە ئێران میلیشیا عێراقیەکان لە هاوپەیمانیەکی تایبەت بەخۆیاندا دادەنێت، وەک هێزی ئابووری بۆ هێزە هاوبەشەکانی ئێرانە، ئەوەش کە تۆڕی هەڕەشەی ئێران تازە بەدەستی هێناوە، ئێرانی کردۆتە ئێرانێک کە بە ئاسانی ناچێتە ژێر کاریگەری گەمارۆکانی ئەمریکاوە.
حیزبولڵای لوبنان و بزوتنەوەی حوسیەکان، یاریزانی بچوکی ئابورین بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا. یەکەم بودجەی حکومەت بە سەرۆکایەتی “چوارچێوەی هەماهەنگی” گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عێراقدا، کە ١٥٣ ملیار دۆلار خەرجی ساڵانەیە بۆ ماوەی سێ ساڵی لەسەریەک، کە نزیکەی ٪٥٠ زیادی کردووە بە بەراورد بە دوایین بودجەی عێراق کە لە ساڵی ٢٠٢١ ەوە پەسەند کراوە. بەڵام خەرجیە چاوەڕوانکراوەکانی لوبنانی ئیفلاسکراو لە ساڵی ٢٠٢٢دا کەمتر لە دوو ملیار دۆلارە، هەروەها وڵاتەکە بەهۆی ئەو زیانە داراییە گەورەیەی کە لە ساڵی ٢٠٢١ەوە تووشی بووە، بە بەهای ٧٢ ملیار دۆلار قەرزارە.هەروەها بودجەی “حوسیەکان” لەیەمەن کەمە و ساڵانە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە.
گەر بەگشتی حکومرانی جیهادی توانیبێتی لە ڕێگەی دەسەڵاتی ڕەهای چوارچێوەی هەماهەنگیەوە باڵادەستیەکی بێوێنە لە حکومرانی لە عێراقدا بەرجەستەکاتەوە، لەهەمان کاتدا دەتوانێت سیاسەتی دەرەوەیش بگرێتەوەو هاوسەنگیەک لە نێوان وڵاتانی زلهێزی دنیا ڕاگرێت. دەنگدەرترین سەرکردەی بەرگری دژە ئەمریکی لە عێراق، ئەکرەم ئەلکەعبی، لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە سەردانکەرێکی پێشوازی لێکراوی مۆسکۆ بووە، هەر بەم ئاراستەیە پەیوەندی نێوان هێزەکانی بەرگری عێراق و ڕووسیا بە خێرایی پێکهات، دوای ئەوەی هێزەکانی بەرگری بە توندی پشتگیریان لە داگیرکردنی ئۆکرانیا کرد. باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە بەغدا بەردەوام کار دەکات بۆ قوڵکردنەوەی ئەم پەیوەندیە، بەتایبەتی لە سەرەتای دەستپێکی قەیرانی غەززەوە، کە دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ ئیستغلالکردنی توڕەیی عێراق بۆ لاوازکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا.
چین کە زیاتر سەرنجی لەسەر وەبەرهێنانی ئابوریە، هەروەها دەستکەوتی گرنگی لەگەڵ هێزە بەرگریەکاندا بەدەست هێناوە، پشتگیری خۆی بۆ پڕۆژە لاوەکیەکان ڕاگەیاندوە، هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ دەستپێشخەری لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، پڕۆژەکانی بەندەر و هێڵی ئاسن، هەروەها هەر پارەدانێکی دیجیتاڵی، بەڕێوەبردنی بەرمیلی نەوت، و سیستەمی بەدواداچوونی کەشتیە دەریاییەکان، وەک ڕێگەیەک بۆ گواستنەوەی پشتیوانی چینی بۆ کۆمپانیاکانی سەر بەڕێکخراوی بەدر و عەسائیب ئەهلی حەق.
لەڕاستیا ئەم پرۆژە ئابوریانەش بۆ خۆیان پێوستیان بەدۆخێکی گونجاویی ئاسایشە، سەختە سەرمایەگوزاری لە دۆخێکی نائاسایشدا کارەکانی برواتە پێشەوە، بۆیە ئەم پڕۆژە ئابوریانە کە بەشێکی گرنگە بۆ ئایندەی عێراق، لە کاتی خۆیدا کێشە بۆ پرۆژەی جیهادی شیعە دروست دەکات، ئەمەش هۆکارێکی واقعی دەبێت کە جیهادی شیعە دەخاتە ناو ناکۆکیەکەوە، کە ناچار بە پاشەکشەیەک دەبێت.
بەگشتی ئەوەی لەپێش چاومانە پرۆژەی جیهادی شیعە کە لە ساڵی ١٩٧٩ لە ئێرانەوە دەستی پێکردوە، ئەوەش لەو سەرکەوتنەوە مەترسیەکانی ئەم پرۆژەیەی نیشاندا، کە کۆماری ئسلامی لە ئێراندا دامەزراو توانی لە رێگەی پێکهێنانی دەوڵەتەوە و دەست بەسەراگرتنی سەرچاوە دارایەکان و داهاتی ئێران، بە ململانێ لەگەڵ روداو و دۆخە جیاوازەکانی جیهان ناوچەکەدا جیهادەکەی فراوانکاتەوە، لەهەمان کاتدا هەردوو جەنگی کەنداو و روخانی حکومەتی سەدام، گەورەترین هەلی رەخسان بۆ کۆماری ئیسلامی کە شەپۆلی پانتایی جیهادەکەی لەرێگەی دامەزارندنی بنکەیەکی بەهێز لە عێراقدا فروانتر کات و دۆخەکە بشڵەقێنێت.
سەرکەوتنی پڕۆژی ئەم جیهادە لە عێراقدا بەناوی هێزەکانی بەرگری، ئەو دەستتێوەردانە ڕاستەوخۆیەیە کە ئێران لە پێکهاتەی حکومەتی عێراقدا ڕۆڵی بنەرەتی بینی و لە هەمانکاتدا ئەندامەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەیوەند بە پاشکۆ بون بەئێرانەوە کارەکانیان بە ئەنجام دەگەیان.
ئەم پڕۆژەی جیهادەی ئێستا لە عێراقدا دەگوزەرێ بە پێکهاتەی حزب و ڕێکخراوەکانی و هێزە میلیشیاکانی و پاشکۆکانی تریەوە ناکرێ نەک کەمتر لە مەترسی نمونەکانی بن لادن و قاعدەو داعش بەڵکو پێویستە زیاتر حسابی لەسەر بکرێت بۆ ئایندەی سیاسی ناوچەکە، ئەو ئیمکاناتەی کە ئێستا لەبەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی و ئێراندایەزۆر زیاتر لەوەی لەبەردەم بن لادن و قاعدە و داعشدا بو.
بەڵام ئاسۆیەک کە پێچەوانەی ئەم مەترسیەمان نیشان ئەدات، لەلایەک هاوچەرخی و شارستانیەتی کۆمەڵگەی ئێران و عێراق و سوریاو لوبنانە..کە ناتوانرێت ئەو جیهادە لەگەڵ ژیانیاندا ئاوێزان بێت، باشترین نمونە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی خودی ئێرانە کە چوار دەیە زیاترە بە زۆرداری چەك و سەرکوت و سێدارە، جیهادی شیعە نەیتوانیوە پەیوەندی هاوچەرخی کۆمەڵایەتی لە بەرژەوەندی ئەو جیهادە بشێوێنێت.
بە هەمان شێوە عێراقیش لە ناڕەزایەتیەکانی ٢٠١٩وە سەلماندیان کە جیهادی شیعەو دەسەڵاتی شیعە لەکۆمەڵگەی عێراقدا قەبول ناکرێت، ئەوەی شایانی باسە زۆرینەی نارەزایەتیەکان لەو ناوچانەدا بەرپابون کە بە ناوچەی شیعە نشین ئەژمار دەکرێت.
لەلایەکی ترەوە پێداویستیەکانی گەشەی ئابوری عێراقە، کە ناکرێت گەشەی ئابوری لەگەڵ پڕۆژەی جیهادا بگونجێنرێت، بەڵکو پڕۆژەی جیهادە کەدەبێت خۆی لەگەڵ پڕۆژە ئابوریەکاندا بگونجێنێت.

بۆ ئەم ووتارە سود لە نوسراوێکی “مايكل نايتس”وەرگیراوە بە ناونیشانی “السيطرة الجهادية الشيعية على الدولة في العراق”.
دکتۆر مایکل نایتس، پسپۆڕە لە کاروباری سەربازی و ئەمنی عێراق و ئێران و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی.




تیرۆر هاوکاتی زریانێکی جەماوەری.. عوسمانی حاجی مارف

لەبەرامبەر تاوانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکادا، زریانێکی گەورەی خۆپیشاندەرانی جەماوەری بێوێنە بەتایبەتی لە شاری واشنتن لەبەرامبەر تاوانی گەورەی پاکتاوکردن و ڕژانی خوێنی بەکۆمەڵی خەڵکی غەززە و منداڵەکانیاندا شەپۆلیدا، ئەو زریانە داوای دەستگیرکردن و دادگایکردنی ناتانیاهۆیان دەکردو بایدنیان ڕیسوا دەکرد بەهاوبەشبونی لەو تاوانەدا.
زریانی ئەو خۆپیشاندانە مەزنەی نمایشکرا، بریتی بوو لە بەشداری ئەمریکیەکان بە هەموو گروپ و تەمەنێکەوە، جولەکەکان کە دروشمی”بەناوی ئێمەوە نا” لەسەر کراسەکانیان نووسرابوو، هەروەها کەسانی دیکەی ئایینی کە باوەڕیان بە”ئیسرائیل’ نییە وەک دەوڵەتێک بۆ جولەکەکان، بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەریی کە ئەمریکا لەدوای جەنگی ڤێتنامەوە شاهیدی هاوشێوەکانی نەبووە، داوای “دەستبەجێ ئاگربەست”یان کرد لە کەرتی گەمارۆدراوی غەززە و ڕەخنەیان لە سیاسەتی واشنتۆن گرت کە پشتگیری لە داگیرکاری ئیسرائیل دەکات.
لەکاتێکدا ئەم زریانە واقعیەتێکی خەڵکی ناڕازی ئەمریکایە، سەیروسەمەرەیی ئەندامانی کۆنگرێس دەبینین، کەبە دانیشتن و وەستانەوە لە لاپەڕەیەکی گاڵتەجاڕانەی کارەساتەکاندا چەپڵەیان بۆ ناتانیاهۆ لێدا، لەهەمانکاتدا ڕاستەوخۆ دوای سەردانی ناتانیاهۆ بە ٢ ڕۆژ، کردەوەی تیرۆری ئیسماعیل هەنیە ڕادەگەیەنرێت، ئەمەش لەکاتێکدایەکە ناتانیاهۆ لەلایەن دادگای دادی نێونەتەوەیەوە، لێکۆڵینەوەی دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی دەکرێ لەسەر ئەنجامدانی تاوانیکوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی فەڵەستین لە غەززەدا.
هەڵبەتە ئامانجێکی ئەم کارە تیرۆریستیە چڕکردنەوەی زیاتری ململانێی نێوان حکومەتی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیە بۆ گۆشەگیرکردنی ئەو زریانە جەماوەریەو خواستی جیهانی بۆ کۆتایهێنان بە کۆمەڵکوژی لە غەززە و چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین.
ئەوە ئاشکرایە کە ئەم کارە تیرۆریستیانە دەتوانێت هەلومەرجەکە دژوارترو ئاڵۆزترکات، چونکە شەڕی تیرۆریستی و ئامانجەکانی بەتەواوی دڕندانەو دژەکۆمەڵگە و کۆنەپەرستانەیە، مایەی نائاسودەیی و نائارامیە و ئاکامەکەی جگە لەخولقاندنی فەزای ترس و وێرانکردنی ژیانی خەڵک هیچی تر نیە.
ئەو زریانە جەماوەریەش بانگەوازێک ڕادەگەیەنێت کە دەنگەکانی پشتیوانی لە فەلەستینیەکان بەشێوازێکی فراوانی جەماوەری لە ئەمریکادا گەشەیان کردوە و لەهەمانکاتدا پێشنیاریان کرد کەپێویستە جیهان دان بە مرۆڤایەتی کەسی فەلەستینیدا بنێت تا گەلی فەلەستین، مافی خۆیان لە خاکی فەلەستیندا بەدەست بهێنن. ئەم هاوسۆزیە جەماوەریە بۆ دۆزی فەلەستین لەسەر شەقامی ئەمریکا سەرنجڕاکێشە. ئەم بزوتنەوەیە بۆ پشتیوانی لە مافەکانی خەڵکی فەلەستین، بە نمایشکردنی خۆی وەک زریانێکی گەورە بەرامبەر بایدن و پەنتاگۆن بوو، لەهەمانکاتدا گۆڕینی ڕای گشتی ئەمریکیەکانە لەبەرامبەر دەوڵەتی ئیسرائیلدا.
بەوپێیەی ژمارەیەکی بەرچاو لە خۆپیشاندەرانی جوولەکە بەشداربون لەم زریانەو سەرکردایەتیان دەکرد، ئەو کارە دڕندانەیە ڕەتدەکەنەوە کە قەوارەی داگیرکەرێکی وەک ناتانیاهو بەرامبەر گەلی فەلەستین دەیکات، ئەمەش مانای ئەوەیە کە گۆڕانکاری قووڵ لە ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەگشتی ڕوویانداوە، تەنانەت کردەوە سەرکوتکەرەکانی دەسەڵات و پۆلیسیش لە هەموو شوێنێکدا سەرکەوتوو نەبون لە بەرگرتن بەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتیەکان.
سەرەڕای بونی ئەو زریانی ناڕەزایەتیە جەماوەریەی کەخواست و هەوڵدانی بۆ ئاگربەستی ئەو شەڕە داگیرکاریە و دژ بەتاوانەکانی ناتانیاهۆ بەڕێخستوە، بەڵام ئەمجارە ناتانیاهۆ وەک فرسەتێک ئەوکارە تیرۆریستیەی لەبەرامبەر ئیسماعیل هەنیە و فواد شوکر ئەنجامدا، تا دۆخەکە بخاتە ناو چوارچێوەیەکی ترەوە بۆ ڕانەگرتنی ئەو شەڕەی دەبێت ڕاگیرێت، کە ئێران و حزبولڵاو حەماس لەبەر تێڕامانێکی سەرسوڕهێنەردا ڕاگرت، لەلایەک دەرگای لە بەردەم ئەگەری شەڕێکی کراوەی فراوانی لە ناوچەکەدا بۆکردنەوە، لەلایەکی ترەوە گورزێکی بەهێزە کەئێران، حیزبوڵڵا، یان حەماس ناتوانن وەڵامی نەدەنەوە.
هەرچەندە ئەم کارە تیرۆرستیە گورزێکی گەورەیە لە کۆماری ئیسلامی و پێویستی بە پەرچەکردارە لەلایەن ئێرانەوە، بەڵام پێدەچێت لایەنی ئەمەریکا قورسایی خۆی بخاتەسەر ڕێگریکردن لە شەڕێکی بەرفراوان کە لە ناوچەکەدا ڕوبدات، تابتوانێ زیانەکان لەڕووبەرێکی سنوورداردا بهێڵێتەوە، نەک لێدانی وێرانکەر کە ببێتە هۆی شەڕێکی بەرفراوان و زیان بەپێگەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بگەیەنێت، بەهەمانشێوە شەڕی فراوان بە قازانجی ئێرانیش نیە، بەڵام کێشەکە لەو ئاستەدایە، کە دۆخەکە بەجۆرێک شڵەقاوە وردبونەوەی ئەگەرەکان و بەرگرتن بەو گێژاوە ئاسان نیەو سەختی نیشان ئەدات.
ناتانیاهۆ دوای دیارنەبونی ئاسۆی ئەو شەڕە بە قازانجی حکومەتەکەی، هەوڵدەدات گرێبەستی ئاڵوگۆڕی دیلەکان تێکبدات، هەوڵئەدات کۆتایی بە شەڕەکە بەو شێوەیە بهێنێت کە بە زیانی درێژکردنەوەی تەمەنی حکومەتەکەی نەبێت، چونکە بە لێپرسینەوە لەگەڵیدا، بە تۆمەتی گەندەڵی و شکستی ئەمنی، جۆری مامەڵەی لەبەرامبەر”لافاوی ئەقسا’، هەروەها قەیرانی”چاکسازیی یاسایی” و ناساندنی وەک تاوانباری جەنگ، نادیاری کۆتایی داگیرکاری غەززە، ناتانیاهۆی لە دوڕیانێکی وەها بنبەستدا ڕاگرتوە، مەبەستیەتی شەڕەکە فراوانتربێت و درێژە بکێشێت، تا ئەوکاتەی کە خزمەت بە بەرژەوەندیە سیاسیەکانی دەکات! تا دووریخاتەوە لەوەی کە لە ناوخۆدا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت. ئەمەش ئاراستەی بیرۆکەیەکە کە لەسەرەتای شەڕەوە لە تەلئەبیب و واشنتۆن دەسوڕێتەوە بۆ بەدەستهێنانی جۆرێک لە سەرکەوتنی ئیسرائیل لە دژی”حەماس”، تا بتوانێت بەشێک لە شکۆی لەدەستچوی خۆی لە “لافاوی ئەلئەقسا”دا وەربگرێتەوە، بەڵام ئەوەی دەیبنین تائێستا ناتانیاهو لەگەڵ ئەوەی سەرکەوتو نەبوە، لەهەمانکاتدا بەردەوام قومارێکی گەورە بە ژیانی خەڵکی دەکات.
هەڵبەتە ئەم کارە تیرۆریستیەی ئیسرائیل، بەر بە کۆتایهاتنی جەنگ و ڕێگای چارەسەری سیاسیانەی کێشەی فەڵەستین دەگرێ، کە بۆ ماوەیەکی زیاتر دۆخی ناوچەکە بەرەو ناجێگیری سیاسی و مەترسی ڕودانی جەنگ ڕادەکێشێت و ژیانی ملیۆنەها ئینسان نەك تەنها لە فەڵەستین، بەڵکو لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی مەترسی و ئاوارەیی و کوشتار دەکاتەوە. لەهەمانکاتدا زەمینەیەکی گونجاو بۆ گەشەکردن و بەهێزبوونی ڕەوت و گروپە کۆنەپەرست و ئیسلامی و فاشیست و نەتەوەپەرستەکان دەکاتەوە کە لەسەر حسابی بەرگرتن بە گەشەی بزووتنەوە ئینساندۆستی و ئازادیخواز و گەشەی بزوتنەوەی کرێکاری خۆیان زیندووڕادەگرن.
لە ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، واشنتۆن پێشبینی بەشداری زیاتری بەشێک لە ووڵاتانی عەرەبی دەکات لە خستنەخوارەوەی هەندێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی، وەک ئەوەی شەوی ١٣ی نیسانی ڕابردوو ڕوویدا. ئەمەش ئامانج لێی خێراترکردنی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی عەرەبی و ئیسرائیلی و ناتۆیە، بە سپۆنسەری ئەمریکا، بۆڕووبەڕووبوونەوەی ئێران، ئەمەش بە نەرێنی کاریگەری لەسەر پرسی فەڵەستین دەبێت. لەهەمانکاتدا پاراستنی پەیوەندی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل لەسەر حسابی پاکتاوکردنی خەڵکی غەززە بۆ خۆی کارەساتە بۆکێشەی فەلەستین و خەڵکی فەلەستین!
حکومەتەکەی ناتانیاهۆ نزیکەی ١٠ مانگە کوشتارێکی بەرنامەداڕێژراوی وەک دۆزەخێک بۆ خەڵکی فەلەستین بەڕێخستووە، بەڵام بێئەنجام بووە لە بەدەستهێنانی ئامانجە جەنگیەکانی کە خۆی لە کۆتاییهێنان بە حەماس و گێڕاندنەوەی دیل و بارمتەگیراوەکانی لای حەماس ڕایگەیاندوە. لەڕووی سەربازیشەوە توشی بنبەستێکی گەورە بووە. لەلایەکی ترەوە لەپاڵ ناڕەزایەتیەکی ڕای گشتی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستی جیهانیدا، کەوتۆتەژێر فشارێکی گەورەوە، بۆیە نەتانیاهۆ و حکومەتەکەی لەناو ئەم گێژاوەدا پەل دەکوتێ و هەرچی لەدەست بێت بۆ بەرگری لە سیاسەتەکانی درێغی ناکات. هەوڵئەدات ناوچەکە ڕابکێشێ بۆناو جەنگیكی فراوان،لەهەمانکاتدا ئەمریکاش لەو شەڕە فراوانەوە بئاڵێنێت، تا لەم ڕێگایەوە خۆی لەو دوڕیانە داخراوە سەربازی و سیاسیە بێنێتەدەرەوە.
ئەم کارە تیرۆریستیە، شەپۆلێکی نوێی هەڕەشە و پڕوپاگەندەی شەڕی بەڕێخستوە، کە حکومەت و هێزە تیرۆریستیەکانی ناوچەکە ئەنجامی ئەدەن، درێژەی شەڕی کۆنەپەرستانەی تیرۆرستی دەوڵەتی و تیرۆری ئیسلامیە کە گیانی خەڵکی ناوچەکەیان بە بارمتە گرتووە، لەبارەی ئەم تیرۆریزمە دەوڵەتیەوە ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی خاوەنی ئەزمونێکی پێشینەی بەرچاون کە پێویستە سەرکۆنەو ڕیسوا ودادگایی بکرێن.
بەڵام بەجیا لە هەر لێکدانەوەو تێگەیشتنێک لە واقعی ئەم شەڕە، سەرکۆنەنەکردنی ئەمکارە تیرۆرستیەی بەرامبەر ئیسماعیل هەنیە کراوەو لێنەپرسینەوەو دادگایینەکردنی ئەو لایانەی ئەم کارەی ئەنجامداوە، مانای وایە ژیانی هەر کەسایەتی و هەڵسوراوێکی سیاسی سەر بە هەر ڕەوت و بۆچونێک بێت، لەهەرشوێنێکی دنیادا بێت، لەبەردەم مەترسی تیرۆرستی دەوڵەتیدا خۆی دەبینێتەوە، وەستانەوەش بەرامبەر بەهەر کارێکی “تیرۆرستی دەوڵەتی” پێویستی بەکەمپینێکی گەورەی جیهانیە.
لە درێژەدان بەم دۆخی شەڕەو کارەساتەکانیدا، پێویستە بانگەوازی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکەو دنیا،بەهێزکردن و فراوانکردن و ڕێکخستنی شەپۆلی ئەو زریانە ناڕەزایەتیە جەماوەریانە بێت لە ئاستی ناوچەکەو جیهاندا، کە هەوڵبدات دەستبەجێ ئەو داگیرکاریەی ئیسرائیل لەبەرامبەرخەڵکی فەلەستین ڕاگرێت.




داگیرکاریەکانی سوپای تورکیا.. عوسمانی حاجی مارف

ئەنقەرە بەهەمان ئەو ئاستەی لەبەرامبەر سوریادا ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدات، هەوڵدەدات بە قەبارەیەکی بەرفراوانتر کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر سنوورەکانی لەگەڵ عێراقدا بسەپێنێت.
ئەم هەڵکشانە زیادەڕەویە لە سیاسەت و نەخشەی ئەردۆغاندا، بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی گەورەیە، کە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بۆ یەکجارەکی و بۆ هەمیشە لە پەکەکە پاکبکاتەوە. هەرچەندە ئامانجی ئەم داگیرکاریەی ئێستای تورکیا بۆ سەر هەندێ ناوچەی هەرێم واوەترە لەوەی پاکردنەوەی پەکەکەبێت، ئەوەش کە جێگای سەرنجە بەرپرسانی عێراق، ئەم هێرشانەی هێزەکانی تورکیا، تەنها وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری وڵات ڕادەگەیەنن، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ ناڕەزایەتیەک دەربڕن، یان هیچ فشارێک لەباری عەمەلیەوە لە دژی ئەنقەرە نیشان بدەن.
ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لەچوارچێوەی هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، فراوانترە لەوەی تەنها پەیوەند بێت بە شەڕ لەگەڵ پەکەکەدا، بەڵکو بەدوای ئەو ئامانجەوەیە دەخالەتی لە ئایندەی ئاڵوگۆڕی دۆخی سیاسی ناوچەکەدا هەبێت، بەتایبەتی لە عێراقدا بەرجەستەی دەکاتەوە. گواستنەوەی هێزی زەمینی لە ناوچەی هەکاری تورکیا، بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی بنکە و شوێنی نیشتەجێبونی هێزەکانی تورکیایە لە دەوروبەری پارێزگای دهۆک، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات، کە ئامادەیە جێگیرکردن و دامەزراندنی هێزەکەی بۆ ماوەیەکی درێژخایان لە ناوچەکەدا و لە پێناو بەدەست هێنانی ئامانجەکانیدا نمایش کات ومناوەرەی پێبکات، وە بێباکە لەوەی گەر لەهەمانکاتدا وێرانکاریەکی زۆری بۆ ناوچەکانی هەرێم لێکەوێتەوە!
سیناریۆی لەشکرکێشیەکانی تورکیا سەقفێکی دیارکراوی نیە، کە لەسەر خاکی عێراق ئەنجامی ئەدات، لەهەمانکاتدا مایەی خوڵقاندنی دۆخێکی مەترسیدارو دژوارە لە شارەکاندا، دوای تێپەڕاندنی چەند ئامانجێک ئەگەری ئەوە هەیە هەوڵبدات بگاتە شنگال و دەستبەسەر ئەشکەوتەکانی چیای قەرەندا بگرن، کە “سەدام حسێن” لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کۆشکێکی تێدا دروستکردوە”، هەڵبەتە مەبەستی ئەم دەست بەسەراگرتنەی شنگال دەبێتە سەنگینکردنی پێگەی سەربازی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا.
لەشکرکێشی تورکیا لەلایەک دەستی کردووە بە فراوانکردن و دامەزراندنی هێزەکانی لە زەویەکانی باکوری عێراقدا، لە لایەکی ترەوە گرنگی بە چارەسەری دیپلۆماسی لە سوریا دەدات. لایەنە سیاسیەکانی عێراق ڕەتی ناکەنەوە کە ئەردۆغان ڕەزامەندی ئەمریکا و ڕۆژئاوای بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنی لەشکرکێشیە بەدەست هێناوە.
دەستێوەردانەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق، هەرچەندە یەکەم دەستێوەردان نیە لە جۆری خۆیدا، نموونەیەکی بەرچاوی ململانێ جیۆپۆلەتیکیەکانە لە ناوچەکەدا. ئەم دەستێوەردانە کە بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە بەڕێوەدەچێت، دەتوانرێت تا ڕادەیەکی زۆر بگەڕێنرێتەوە بۆ پەرەسەندنی دەخالەتی ئێران لە عێراقدا. تێگەیشتن لە داینامیکی نێوان زلهێزەکانی ناوچەکە لەبەرامبەر دۆخی سیاسی عێراقدا، زۆرجار دەبینین لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە کێبڕکێ دەکرێت و دەخالەتی ڕاستەوخۆ دەکەن، بەتایبەتی هەردوو تورکیا و ئێران لە عێراقدا تەماح و بەرژەوەندیان هەیە و ڕکابەری دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی عێراق.
لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا عێراق بووەتە دیارترین گۆڕەپانی دەستێوەردانی ئێران و تورکیا، جگە لە وڵاتانی دیکە. هەموو ئەمانە لە ئەنجامی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق بوو لە ساڵی ٢٠٠٣ کە کاریگەریەکی گەورەی لەسەر دروست بونی گێژاوی سیاسی و پێگەی حکومەتی عێراق بەجێهێشت، بەتایبەت دوای ئەوەی بە تێپەڕبونی کات شتەکان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لە بەرژەوەندی ئێران گۆڕدرا، وردە وردە نفوزی ئێران گەیشتە لوتکە، هەندێک وەها تەعبیری لێدەکەن کە ئەمریکا، بە ڕووخانی ڕژێمی سەدام “عێراقی لەسەر سینیەکی زێڕین ڕادەستی ئێران کردووە”.
دەوری ئێران لە عێراقدا، کە بەرجەستە بووەتەوە بە پاڵپشتیکردنی میلیشیا حزبیە جۆراوجۆرەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندا سیاسیەکانی لە ناوچەکەدا، کە بوو بە فاکتەری سەرەکی بۆ تێکدانی پێکهاتەی حکومەتێکی جێکەوتە لە عێراقدا. میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەسەڵاتی ئابووری و کۆنترۆڵی بەرچاویان بەسەر دەوڵەتی عێراقدا بەدەستهێناوە. هەروەها ئێران لە ڕێگەی بازرگانی، پڕۆژەی ژێرخانی، و ڕێککەوتنی وزە، خۆی جێگیر کردووە، کە کاریگەریەکانی بەهێزتر کردووە. هەر بۆیە لە بەرامبەردا ترس و ئامانجەکانی تورکیا زیاتربون، بەتایبەتی کە بوونی پەکەکە لە کوردستانی عێراق پشتیوانیەکی ئاشکرای ئێرانی بەدەست هێناوە.
ئەوەی پێویستە لەم کەینوبەینەی کێشمەکێشی لایەنەکاندا، لە ئێستادا سەرنجی بدەین، بەغداو ئەنقەرە زیاتر نزیک لەیەکن و هاوکارن دەربارەی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، کە بۆ هەردولایان ئەم پڕۆژەیە گرنگیەکی ستراتیژی هەیە، بۆیە حکومەتەکەی سودانی لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و داگیرکاریەکانیدا پەرچەکردارێکی جدی و عەمەلیان نیە.
ئەوەی جێگای سەرنجە سوپای تورکیا لەم هێرش و داگیرکاریەدا هەر ناوچەیەک کۆنترۆڵ دەکات لە سەر تابلۆیەک دەنوسن: “هاتنە ناو خاکی تورکیا قەدەغەیە”! تەواوی دانیشتوانی گوندەکانیش ئاوارەدەبن، ئەمەش نیشاندانی واقعێکی تەواو بێباکی لایەنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقە و کردنەوەی ئاشکرای دەرگای سنورەکانی عێراقە بۆ هێزەکانی تورکیا، ئەو هێزەی کە بە فەرمانی ئەردۆغان هەوڵئەدات دەخالەت و دەورێکی سەرەکی ببینێت لە ئاراستەی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشبینی دەکرێت، هەروەها درێژەدانی گفتوگۆی ئەنقەرە لەگەڵ بەغدا هاوکاتە لەگەڵ ستراتیژی فراوانترکردنی تورکیا و مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق و نزیکبوونەوەی لە بەغدا و کۆتایهێنان بە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.
لە دیمەنێکی سەیردا کە پێکەنین دەوروژێنێت، بەوەی واقعی سیاسەت لە عێراقدا لە ئاستی چ گاڵتەجاریەکدایە، فالح ئەلفەیاد، سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی، لەکاتێکدا کە هاتنە ناوەوی هێزەکانی تورکیا داگیرکاری بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت، پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا لە بەغداد کرد، دیاریەکی لە شێوەی قەڵغانێک بەناوی حەشدی شەعبیەوە پێبەخشی، وەک ئەوەی ئەلفەیاد داوای لێبوردن لە داگیرکاری داگیرکەری تورکیا بکات!.
ئەوەی جێگای سەرنجە، زیاتر لە ملیۆنێک سەربازی عێراقی هەن کە سەرباز و پۆلیس و هێزی ئەمنی و حەشدی شەعبی تێدایە، بەڵام ئەوەیان سەلماندوە کە ناتوانن بەهیچ جۆرێک بچنە مەیدانێکی شەڕەوە و لە بەرامبەر بە هەرداگیرکاریەکی عێراقدا بوەستنەوە، هیچ ئامادەیەک بۆ بەرگرتن بەداگیرکاری سوپای تورکیاش نیشان نادەن و نایانەوێت کارێکی لەو چەشنە ئەنجام بدەن، ئاشکرایە ئەم بەرگری نەکردنە تەنها ناتوانایی و نائامادەیی هێزەکانی عێراق نیە، بەڵکو مەسەلەیەکی سیاسیە کە پێشوەخت، ڕێکەوتنی ئەنقەرە و بەغداد چوارچێوەکەیان دیاری کردووە.
لە پرۆسەی ئەم ئاڵوگۆڕانەو سنوربەزاندنی زیاتری سوپای تورکیا بۆ ناو کوردستانی عێراق، تورکیا هەوڵ دەدات لەلایەک پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی سوریا ئاسایی کاتەوە، لەلایەکی تریشەوە هەوڵئەدات ئەزمونی دەسەڵاتی هێزە کوردیەکانی کوردستانی سوریا کۆتایی پێبهێنێت.
تورکیا بەجیا لەو هێرشە سەربازیانەی کە پانتاییەکی فراوانی کوردستانی عێراقی داگیرکردووە، لەهەمانکاتدا دەیەوێت نفوزی ناوچەیی خۆی بە باشترکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لە چوارچێوەی کێبڕکێ یان هاوکاری لەگەڵ زلهێزەکانی دیکەی ناوچەیی وەک ئێران و ڕووسیا، زیاتر بکات، بەمانای پەڕینەوە بۆ ئەو شوێنەی کە بە دیمەشقدا تێدەپەڕێت و بە ڕێکەوتن لەگەڵ دیمشقدا دەتوانێت پڕۆژەکانی بەرێتە پێشەوە.
تاران ترسی ئەوەی هەیە ڕۆڵی خۆی پەراوێز بخرێت، بۆیە دوا ووڵات دەبێت کە بیەوێت ئاشتەوایی لە نێوان دیمەشق و ئەنقەرەدا ئەنجام بدرێت، بەڵام بابەتەکە بۆ مۆسکۆ جیاوازە کە هەوڵدەدات پەیوەندیەکانی نێوان سوریا و تورکیا بگەڕێنێتەوە.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ەوە مۆسکۆ کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە وەک بەشێک لە ستراتیژیەک کە بتوانێت ڕوبەڕوی ناتۆ ببێتەوە. ئەگەر مۆسکۆ بتوانێت لێکنزیکبونەوەی سوریا و تورکیا بگەڕێنێتەوە، پێگەی خۆی بەرامبەر ئەمریکا بەهێزتر دەبێت، ئەمەش بوونی ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزتر دەکات، تورکیاش دەیەوێت لەم پرۆسەیەدا سودمەندبێت بۆ جێگیربونی پێگەی سیاسی و ئابوری لە ناوچەکەدا.
بەکورتی دەتوانێن بڵێین کە نەخشەی ئێستای تورکیا لەم هێرش و داگیرکاری و کوشتارو ماڵوێرانی کردنەدا، پێش هەمو شتێک دەستپێشخەریە بۆ چەسپاندنی مەوقعیەتی تورکیا لە سەر بنەمای ئایندەی ئەو ئاڵوگۆڕ و پێشهاتانەی لەعێراق و ناوچەکەدا پێشبینی دەکرێت. بۆ ئەم ئامانجەش تورکیا هێرش بۆسەر پەکەکە دەکاتە پاساوێک، تا بنەکە سەربازیەکانی لە عێراقدا دامەزرێنێت. لەلایەکی ترەوە بە گوڕێکی زیاترەوە ڕکابەری بەرامبەر کۆماری ئیسلامی گرتۆتەبەرو هەوڵ ئەدات پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا بکێشێتە دواوە، پەیوەندیشی لەگەڵ سوریا لە ڕێگەی ڕوسیاوە ڕێکدەخات نەک ئێران.
ڕێڕەوی ئەم کێشانە، ناوچەکە بەرەو کوێ دەبات؟، لە حاڵەتی بەرجەستە نەبونی هێزی یەکگرتوی رێکخراوی چینی کرێکاردا، ئایندەی بەرژەوەندی و کێشمەکێشی نێوان وڵاتانی زلهێزی دنیا، دۆخەکەو ئاڕاستەی ئاڵوگۆڕەکان دەیبڕێننەوە!




عەسائیب ئەهلی حەق و خوێندنی باڵا!.. عوسمانی حاجی مارف

بزووتنەوەی”عەسائیبی ئەهلی حەق” هەوڵی ئەوە دەدات بەرپرسیارێتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ئەستۆ بگرێت، کە سەرپەرشتی زیاتر لە ملیۆنێک خوێندکاری عێراقی دەکات.
هەرچەندە ئەمەریکا عەسائیبی ئەهلی حەقی خستۆتە لیستی ڕێکخراوێکی تیرۆرستیەوە، هەروەها سەرکردەکەیان، قەیس خەزعەلی کەوتۆتە ژێر لیستی سزاکانەوە، بەڵام ئەم گروپە بەهۆی چالاکیەکانی لەناو هەندێک کەرتی حکومەتی عێراقدا، ئیمتیازێکی بەهێز و کاریگەری فراوانیان هەیە و لە سوودی دارایی بەهرەمەندە.
پێشتر گروپەکانی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق کۆنترۆڵی وەزارەتی گەشتوگوزار و ڕۆشنبیری و ئاسەوارەکانیان دەکرد، کە لە گەشتوگوزاردا قازانجێکی بێشوماریان لە بازرگانی خواردنەوە کحولیەکان بەدەست دەهێنا، بەڵام دواتر لەبەرامبەر کۆنترۆڵکردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستبەرداری ئەو وەزارەتانە بوون، چونکە بەمشێوەیە دەیانەوێت پێگەی نوێی خۆیان لە خوێندنی باڵادا بسەپێنن، تا دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت قەرەبوی کەمی گەنجان بکەنەوە لەناو هێزە میلیشیاکانیاندا. لەهەمانکاتدا هەوڵدەدەن ئەو بزووتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەی گەنجان کە هەڵوێستی ئەرێنی و لایەنگریان هەیە بەرامبەر بە کۆمەڵگەی شارستانی و مەدەنی نێودەوڵەتی کە لەنێو خوێندکارانی زانکۆدا کاردەکەن، تێکبدەن. ئەو گەنجان و خوێندکارانەی کەڕۆڵی سەرەکیان بینی لە ناڕەزایەتیەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا، بەمەبەستی تێکدانی دەسەڵاتی میلیشیاکان و کۆتاییهێنان بە حکومەتی تائفی، لەپێناو خواستە ڕەواکانی هاووڵاتیانی عێراق بۆ ژیانێکی باشتر و دەوڵەتێکی دوور لە نفوزی ئێران، مەیدانەکانی ناوشاریان بەدەستەوەگرت. بۆیە وەرگرتنی وەزارەتی خۆێندنی باڵا لەلایەن عەسائیبی ئەهلی حەقەوە لەڕێڕەوی سیاسەتی تێکدانی ناڕەزایەتیەکانی گەنجانی عێراقەوە، تێکدانی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە بە دوای خوڵقاندنی تۆمارکردنی ژیانێکی شایستەو هاوچەرخ و باشترەوەن بۆ دانیشتوانی عێراق، کردۆتە ئامانج.
بەمشێوەیە عەسائیبی ئەهلی حەق و میلیشیاکانی کاردەکەن بۆ سنووردارکردنی نفوزی ئەو گروپە خوێندکارانە و دەمکوتکردنیان، بەتایبەتی لەدوای تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە ساڵی ٢٠٢٠دا، فراکسیۆنەکانیان کاردەکەن بۆ لاسایکردنەوەی مۆدێلی ئێرانی ناسراو بە ولایەتی فەقیه(ولایة الفقیە)، وێنەی ئەبومەهدی موهەندیسیان وەک “پاڵەوانێکی نیشتمانی” بەشێوەیەکی فراوان لە شوێنی جیاواز لەعێراقدا نمایشکردوە، وێنەکان لە شەقام و گۆڕەپان و پارکە گشتیەکان و وەزارەتەکانی دەوڵەت و زانکۆکاندا هەڵواسراوە، ئەوەش کە بەکۆبوونەوەی “گروپی کوڕانی موهەندیس” وەک دامەزراوەیەک ناسراوە، بەشێوەیەکی سەرەکی مامەڵە لەگەڵ کارەکانی ناو زانکۆ و پەیمانگاکان دەکات و هەوڵدەدەن گەنجان بۆ پرسە جیاوازەکانی پڕۆژەی “ولایەتی فەقیه” کێش بکەن بۆناو چەکدارە میلیشیاکان بەبیانوی ڕوبەڕوبونەوەی داگیرکاری ئەمریکا و ڕوبەڕوبونەوەی هەوڵەکانی ڕۆژئاوا لەبڵاوکردنەوەی کلتورەکەی لە کۆمەڵگەی عێراقدا. ئەوەی شایانی باسە کۆبوونەوەی گروپی “کورەکانی موهەندیس” لە نێو زۆرینەی خوێندکارانی زانکۆکاندا بێوەڵام ماوەتەوە. هەرچەندە نەعیم ئەلعەبودی کە بەرپرسیارە لەڕێنماییە ئایدۆلۆژیەکانی بزووتنەوەی عەسائیب، بەشداریکرد لە بەهێزکردنی کۆبوونەوەی کوڕانی موهەندیس لە دابینکردنی کەڤەرێکی حکومەتی بۆ ئەنجامدانی چالاکیەکانیان، هەروەها پاڵپشتی دارایی و سیاسی پێویستی بۆ دابینکردن.
چۆنیەتی چالاکی و گردبونەوەی کوڕانی موهەندیس هەوڵیانداوە لاساییکردنەوەو هاوشێوەی ئەو چالاکیانە بێت کەڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق ئەنجامی دەدەن، بەڵام بە سروشتێکی جیاواز لە ناوەڕۆکدا دەستیان پێکرد. بۆنمونە سپۆنسەری و ۆرکشۆپی ڕاهێنان و دانیشتنە گشتی و تایبەتەکان و فێستیڤاڵ و کۆنفرانس ساز دەکەن، بەڵام بە ئەجێندایەک کە گرنگی بە چەسپاندنی وێنەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەدەن لەبەرامبەر باقی دامەزراوە ئەمنیەکانی دەوڵەتدا، لەهەمانکاتدا جگە لە گرنگیدان بە بابەتەکانی فیقهی کەڕەهەندی سیاسیان هەیەو پەیوەندیان بەو هەڵوێستەوەیە کەبەرامبەر بە وڵاتانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، و باقی وڵاتانی ئەوروپا و هاوپەیمانە عەرەبیەکانی لە ناوچەکەدا وەها دەوستنەوە، کە ڕەواجدانە بە دامەزراندنی هەڵوێستێکی دوژمنانەو نەرێنی بەرامبەریان. لە لایەکی دیکەوە وەها ئێران دەناسێنن، کە وەک تاکە پارێزەری عەقیدەی شیعە و پێویستی هاوسۆزی شیعەکانی عێراقە. جگە لە پڕوپاگەندەی تەقلیدی بۆ”وەلایەتی فەقیه”، کۆبوونەوەی کوڕەکانی موهەندیس میوانداری سیاسەتمەداران و سەرکردەکانی ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەن بەناوی ئەوەی کە مەیلی دڵسۆزیان بۆ خوێندکارانی زانکۆ هەیە!.
لەلایەکی ترەوە کوڕەکانی موهەندیس هەوڵدەدەن کاریگەری لەسەر گەنجانی شیعە هەرە کۆنەپەرستەکان دروست بکەن، کە بە نەریتی خۆیان دەسەڵاتی نەجەف پەیڕەو دەکەن، بۆیە لەو لایەنەوە سەرکەوتوو دەبن لەڕاکێشانی خوێندکارە کۆنەپەرستە شیعەکان بەرەو مۆدێلی ئێرانی، بەڵام نەیانتوانیوە کاریگەریان هەبێت لەسەر خوێندکارانی عەلمانی و ئەوانەی کە پابەند نین بە ئاینەوە.
پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی و کۆمەڵەی کوڕانی موهەندیس هەیە، وەک یەکێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، وەک کۆمەڵەیەکی خوێندکاران، کوڕانی موهەندیس وەک فەرمانبەرانی دەزگای ئەلحەشد مووچە وەردەگرن و سەرچاوەی داراییان هەیە، پشتیوانی ئەم گروپە کە لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبیەوە وەک دامەزراوەیەک دەدرێت، بە مەبەستی دابینکردنی بەرگێک کەڕێگە بدات چالاکیەکانیان بەڕێوەبچێت.
لەچەندین بۆنەدا، حەشد ئامڕازێکیان بۆ کۆبونەوەی کوڕەکانی موهەندیس دابینکردوە، کە بریتی بووە لە ئاسانکاری بۆ چوونەژورەوەی وێنەی قاسم سولەیمانی و هێما سیاسیەکانی دیکەی دەوڵەت بۆ ناو کەمپی زانکۆ، هەروەها لۆبیکردن بۆئەوەی ڕێگە بدرێت بە بەکارهێنانی پۆلەکانی کۆلێژ بۆ میوانداری لە ۆرکشۆپ، خول و کۆبونەوە بۆ کوڕانی موهەندیس ڕێکبخرێت.
لەبەرامبەردا، کۆمەڵەی کوڕانی موهەندیس پەنجەرەی گونجاو بۆ هێزەکانی حەشد دابیندەکەن بۆ دەستنیشانکردنی خوێندکارە سەرکەوتوەکان لە بوارەکانی ئەندازیاری و ڕاکێشانیان بۆ کارکردن لەسەر پڕۆژەکانی پەیوەست بە دروستکردنی”کۆمپانیای ئەندازیار”، هەروەها پڕۆژەکانی دروستکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ میلیشیاکان.
یەکێک لەو فاکتەرانەی کە دۆخەکەی زیاتر ئاواڵاکردەوە بۆ کوڕەکانی موهەندیس لە ئەنجامدانی چالاکیەکانیان، پێش دامەزراندنی ئەم گروپە واتە کوڕانی موهەندیس، وەزیری پێشووی خوێندنی باڵا (عەلی العادیب) بڕیاریدا سەرجەم هێزە ئەمنیەکانی بەرپرسیار لە پاراستنی زانکۆکان بگۆڕن بە کوتلە چەکدارەکانی دیکەی سەر بە زانکۆکان. لەوکاتەدا ئامانجی ئەم هەنگاوە ڕوبەڕوبونەوەی پەرەسەندنی زەریای مەدەنی و شارستانی بو لە نێو خوێندکارانی زانکۆدا، بە مەبەستی هەوڵدان بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادیە گشتیەکان لەناو زانکۆدا و هەڵوەشاندنەوەی دەرکەوتنی دیاردەی شارستنی لە زانکۆدا.
هەرچەندە لەوکاتەدا هیچ نیازێکی ڕاستەوخۆی پەیوەندیدار بە کوڕانی موهەندیس نەبو، بەڵام ئەم هەنگاوە ئێستا سوودی بۆ کورانی موهەنیس هەبوو، ئاسانکاری کرد بۆ چوونە ناو دامەزراوە پەروەردەییەکان و ڕووماڵکردنی چالاکیەکانیان لە زانکۆدا. هەمان ئەندامانی فراکسیۆن لەسەردەمی عەلی ئەلعادیەوە تائێستا بەردەوام بوون و هاوسۆزیەکی زۆریان بۆ گروپی کوڕانی موهەندیس و ئەو ئامانجانە هەیە کە هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن.
نەعیم العبودی وەرگرتنی بەرپرسیارێتی وەزارەتی خوێندنی باڵای وەک بەشێک لە حکومەتی محمد شیاع ئەلسودانی بەدەست هێنا، گەورەترین گۆڕانکاری ئیداری لە مێژووی وەزارەتەکەدا بە قازانجی “ولایەتیەکان” بەکارهێنا، نەعیم العبودی، ناسراوە بەوەی سەر بە میلیشیای (عەسائیبی ئەهلی حەق) و وتەبێژی فەرمی و نوێنەری ئەو بزووتنەوەیەیە، جگە لەوەی بەرپرسیارێتی سەرپەرشتی عەقیدەیی لە بزووتنەوەکە لە ئەستۆ گرتووە، بووە پاڵپشتی ڕۆڵی کوڕەکانی موهەندیس، لەوڕێبازەی لەنێو خوێندکاراندا پەیڕەوی لێدەکەن.
سەرەڕای ئەو دەستکەوتانەی لایەنگرەکانی ئێران لەناو ئیدارەی زانکۆدا بەفەرمی بەدەستیان هێناوە، بەڵام هیچ قبوڵکردن و هیچ جۆرە ڕەزامەندیەک لەنێو خوێندکاراندا نیە بەرامبەر بەو کارەی کە کۆمەڵەی کورەکانی موهەندیس دەیکەن، یان هەریەکێک لەو گۆڕانکاریە ئیداریانەی کە دەوریانداوە. لەیەکێک لە نمونە تۆمارکراوەکاندا، کۆبونەوەی کوڕانی موهەندیس ئاهەنگێکیان لە زانکۆی واست – کۆلێژی پزیشکی ددان سازکرد، تەنها (٣) خوێندکار لە کۆی ٨٣ خوێندکار لەیەکێک لە قۆناغەکانی کۆلێژەکەدا بەشداریان کرد. ڕێژەی هاوشێوە لە پارێزگا و زانکۆ جیاوازەکاندا بەردەوامە و فۆڕمی ڕەتکردنەوەی خوێندکاران لە ئامادەنەبون و بایکۆتکردنی ئەم بۆنانە و تەنانەت هێرشکردن و تێکدانیان لە هەندێک حاڵەتدا درێژدەبێتەوە.
لەیەکێک لە دیمەنەکانی ڕەتکردنەوەی خوێندکاران لەبەرامبەر ولایەتیەکاندا، ئەوەبو کە لە بەشی ئەندازیاری شارستانی- زانکۆی تەکنەلۆجیا ڕوویدا، لەسەر وێنەی ئەبومەهدی موهەندیس بوو، تەنها بۆئەوەی لەلایەن خوێندکارانەوە تێک بدرێت هێمای “X ” ێکی گەورە درا بەسەر وێنەکەدا. خوێندکاران وەک دروشمێکی دژە ئێران تەعبیریان لێکرد.
لەلایەکی ترەوە چالاکیەکانی کوڕانی موهەندیس کاریگەریان لەسەر ژنان هەیە، ڕێگەیان داوە چەندین خوێندکاری کچ بۆ خۆیان ڕابکێشن و کلتوری نیقاب و حیجابی توند لەناو زانکۆکاندا بڵاوبکەنەوە. بەڵام گروپی خوێندکاری ژنان کە بەشدارن لەم چالاکیانەدا دەگۆڕدرێن بۆ گروپی دابڕاو لە باقی خوێندکاران، ئەمەش سەرلێشێواوی بۆ کۆمەڵگەی زانکۆی گەنجان پێکدەهێنێت.
گەنجانی پێشڕەوی ناڕازی کە مەیدانی تەحریری بەغداو ناوەندی شارەکانی خواروویان لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩وە هەژاند، پێویستە زیاتر مەترسی کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکان بەسەر خوێندکارە گەنجەکانی عێراقدا بە هەڕەشەیەکی ستراتیژی درک پێبکەن، کە هەوڵەکان بۆ هەبونی کۆمەڵگەیەکی شارستانی و هاوچەرخ و ئازاد و خۆشگوزەران تێکدەدەن. ئەم کۆنتڕۆڵە میلیشیایە هەڕەشە لەئاسۆ و خواستی گەنجانی عێراق دەکات بۆ کرانەوە بەڕووی جیهان و ژیانێکی ئاسودەو هاوچەرخدا، ناسینەوەی مەترسیداری ئەم گروپە بەوڕادەیە پێویستە کەوەک داعشێکی تازە پێناسەبکرێت و مامەڵەی بکرێت.

گرنگترین فرسەتێک بۆ گەشەپێدانی ناڕەزایەتی گردبونەوەو خۆڕێکخستنی خوێندکاران و گەنجانی عێراق، خۆڕێکخستنە بەدەوری ڕێکخراوێکی جەماوەری سەربەخۆ، کە بەدەستهێنانی دەسەڵاتی خەڵک ئامانجی بێت، هەنگاوێکی پێشڕەوانەیە لەڕاستای کۆتاییهێنان بە تەواوی دەسەڵاتی هێزە ئیسلامی و تائیفی و نەتەوەپەرستی میلیشیاکان و هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی ئێستای عێراق، وەک بزوتنەوەیەکی بەرفراوانی جەماوەری و کۆمەڵایەتی بەڕێ بخات.

بۆ هەندێ زانیاری سود لە وتارێکی جەواد مەهدی کە توێژەرێکی عێراقیە، وەرگیراوە بە ناونیشانی:
“الاستيلاء التدريجي على التعليم العالي في العراق”




بەخشینەوەی ئومێد بەم هەڵبژاردنە خەتایە!.. عوسمانی حاجی مارف

پاش دوو ساڵ لە چەقبەستن و دەرگیربونی بارزانی و تاڵەبانی بۆ بڕیاردان لەسەر دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن، دواجار نێچیرڤان بارزانی فەرمانێکی هەرێمی دەرکرد کە وادەیەکی نوێی لە٢٠-١٠-٢٠٢٤ دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان. لەهەمانکاتدا داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە.
ئەوەی شایانی باسە ئەمە پێنجەمین فەرمانی نێچیرڤان بارزانیە بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی کوردستان، کە دوو ساڵە ماوەی خولەکەی کۆتاییهاتووە. بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی “سیستەمی کۆتا” بۆ کەمینەکان لە پەرلەمانی هەرێمدا کە لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا دراوە، بووە هۆی ئەوەی زیاتر ئەو بابەتە ئاڵۆزتر بێت، بەتایبەتی ئەو ناڕەزایەتیە توندەی کە بارزانی دەریبڕی، بەڕاگەیاندنی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنەکاندا، دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، پاش ئەوەی دادگا لە سەرەتای مانگی ئایاردا بڕیارەکەی هەموارکردەوە، دواتر بارزانی گەڕانەوەی بۆ بەشداریکردن پەسەندکرد.
ئەوەی ڕاستی بێت ئەتوانین بڵێین ئاڵۆزی پرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم تەنیا پەیوەندی بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵەوە نەبووە، بەڵکو زیاتر پەیوەندی بە ململانێ و کێبڕکێی نێوان خودی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیەوەیە، کە چەندین ساڵە شەڕی گۆڕینی هاوسەنگی هێزەکانیان لەبەرامبەر یەکتردا دەکەن و هۆکاری فەراهەمهێنانی دۆخی بارگرژی و ناڕەحەتی گوزەرانی دانیشتوانی کوردستانی عێراقی لێکەوتۆتەوە. هەر لایەنێکیان لە هەر دەورەو دۆخێکدا بەدوای ئەو هەلەدا دەگەڕێن بەهەر بەهاو کردارێکی نامۆراڵی بێت، چۆن ئەتوانن و چۆن بۆیان دەلوێت نفوزو پێگەی هێزەکەیان لە ئاستێکی باڵاتردا نیشان بدەن. ئەمەش لە دۆخی گێژاوی پرۆسەی ئەم هەڵبژاردنەی ئێستادا کاریگەری زیاتری لەسەر پرسی دواکەوتنی ئەم هەڵبژاردنەو کێشەکانی نیشانداوە، بەڵام دواجار بارزانی ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە شێوازی دابەشکردنی کۆتاکان، کە بەو ناڕەزایەتیە توانی فشار خاتە سەر دادگای فیدراڵی و بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر کوتاکان هەموارکرێتەوە، هەر لەم بارەیەوە بارزانی توانی بڕیارێک لە دادگای فیدراڵی وەربگرێتەوە، کە هەرێمەکە دابەش بکات بۆ ٤ کەرتی هەڵبژاردن، دابەشکردنی پشکەکەش بەسەرهەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆکە.
ئەوەی کە بۆمان ڕۆشنەو گومانی تیانیە، لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردودا هەرکاتێک بەبەشداری بارزانی و تاڵەبانی وەک دوو هێزی بنەماڵەو میلیشیا ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوەبرابێت، ئاشکرایە کە نەتوانراوە هیچ ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی لە پێکهاتەی حکومەتی هەرێم و چۆنیەتی دەسەڵاتی زۆنی زەردو زۆنی سەوزدا پێشهاتبێت، بۆیە ناکرێت لە خۆشخەیاڵی ئەوەدابین کە لە هەڵبژاردنی ئەم جارەشدا پێشبینی ئەوە بکەین کە گۆڕانکاری ڕیشەیی لە هەیکەلی حکومەتی هەرێمدا ڕووبدات. بنەماڵە لە شوێنی خۆیدایەو میلیشیاکانیش کاریان بۆ پاراستنی ئەم دوو بنەماڵەیە نەوەستاوە، بۆیە سەرەڕای ئەو هەموارکردنە بچووکانەی کە دەسەڵاتی دادوەری عێراق بۆ یاساکەی کردووە، بەڵام گومانی بەردەوامی گەندەڵی و دزیکردن و تەزویرو کۆنترۆڵکردنی دۆخی هەڵبژاردن، لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە ڕاناگیرێت. دوو ساڵە پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام سەرۆکایەتی مەسرور بۆ حکومەتی هەرێم لەرزەیەکی تێنەکەوتوە.
وادەی هەڵبژاردن بە گرنگ وەسف دەکەن وەک ئامرازێک بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دەستووری و پێدانی شەرعیەت بە دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەو مانایەو تا لەچوارچێوەی یاساکانی دەوڵەتی فیدراڵی عێراقدا بەهرەمەندە بن لە بەڕێوەبردنەوەی هەرێمدا..!.
سەبارەت بە پرسی ئەو بۆشاییە دەستوریەی کە بەهۆی نەبوونی پەرلەمانی هەرێمەوە دروست بووە، ئێستا بەناوی ئەوەی کە گوایە بە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن شەرعیەت بۆ حکومەت دەگەڕێننەوە، شاراوەنیە کە لەسایەی دەسەڵاتی هێزە تائفی و نەتەوەپەرست و بنەماڵە میلیشیاکاندا گەڕانەوەی شەرعیەت بۆ حکومەت مانایەکی نیە، چونکە ئاماژەکردن لەسەر ناوهێنانی شەرعیەت بۆ ئۆرگانە هەڵبژێردراوەکان بۆ هێزە دەسەڵاتدارەکان لە عێراقدا، بەگشتی لەڕادەبەدەر فۆرماڵیە، چونکە ئاشکرایە کە دەستور و یاساکان ئەوە نین کە ژیانی سیاسی و کاروباری دەوڵەت ڕێکخەن، بەڵکو فاکتەری شکڵی و لاوەکین لەبەرامبەر ئەو هێزانەی لەئێستادا بە ئاستی هاوسەنگی هێزە میلیشیاکانیان دەسەڵاتی سیاسی ڕادەگرن، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانیش هەر ئەو میکانیزمە زاڵە بەسەریدا.
ئەوەی شاراوە نیە یاسا و یاسادانان فاکتەری یەکلاکەرەوە نەبوون بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ململانێکانی نێوان ئەو هێزە سیاسیانەی لە عێراق و کوردستاندا دەسەڵاتدارن، بەڵکو مامەڵەکردن بووە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیە سیاسی و ماددیە ڕاستەوخۆکان، لەلایەکی ترەوە چۆنیەتی ئاستی هاوسەنگی پەیوەندی نێوان حزبەکان بە شەڕ یا بە دانوسان و ڕێکەوتن لەگەڵ کێشەکان مامەڵەیان کردوە، نەک گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی ڕابردودا بۆ پێکهێنانی بەرێوەبردنی پارێزگاکان ئەنجامدرا، بەوپێیەی نەبوونی ڕێکەوتن لەنێوان هێزە سیاسیە کێبڕکێکارەکاندا نەگەیشتە ئەنجامێکی دیاریکراو، بەئاشکرا ڕێگری هەیە لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی بۆ هەردوو پارێزگای دیالە و کەرکوک، ئەمەش بەڵگەیەکی بەرجەستەیە لەسەر گرنگی نەبوونی سندوقەکانی دەنگدان.
بارزانی و تاڵەبانی بەجیا لە درێژەدان بە ململانێی مانەوەو پاراستنی زۆنی زەردو زۆنی سەوز، لەهەمانکاتدا لەبەرامبەر ئەو دۆخەی لە ئاراستەی ناوەندبونەوەی عێراقدا گیریان کردوە، لە قەیرانێکی تەواو سیاسی و ئابوریدا بەرەوڕوون. ئەتوانین بڵێین، ئەم قەیرانە لەئێستادا هۆکارێکی تەواو کاریگەرە لە دابەزینی ئاستی هاوسەنگی پێگەی بارزانی و تالەبانی، لەلایەک لە پەیوەندیان بە بەغداوە، ئەمەش گۆڕانی دەورانێکی وەها جیاوازە کە ناچار کراوان زیاتر ملکەچی سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق بن، لە لایەکی ترەوە چۆنیەتی پەیوەندیان بە تورکیا و ئێران و ئەمریکا و وڵاتانی ترەوەکە دەکەوێتە بەر سەوداو مامەڵەی دەورەیەکی ترەوە، ناتوانن دژایەتی حکومەتی عێراق بکەن، لەهەمانکاتدا پەیوەندی نێوان خۆشیان، واتە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە پرۆسەی ئەم ئاڵوگۆڕانەدا لەبەرامبەر چاوەڕوانی چارەنوسیانن کە بە ئایندەی بەغداوە چەقی بەستووە.
لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵوگۆڕو پێشهات و چاوەڕوانیانەدا، دانیشتوانی زۆنی زەردو زۆنی سەوز زیاتر لە بەرامبەر وەحشیەتێکی ناسەقامگیردا بە بارمتە گیراون، نیشانەکانی ڕزگاری لەدەسەڵاتی بنەماڵە هیچ ئاسۆیەک لە ڕێگەی ئەم ئاڵوگۆڕانەوە نیشان نادات، بۆیە ئەتوانین بڵێین ئەو هێزو لایەنانەی دەیانەوێت ئومێد ببەخشن بە دانیشتوانی هەرێم، کە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە ئەتوانێ کۆتایی بەدەسەڵاتی زۆنی زەرد و زۆنی سەوز بهێنێت، خەتایەکی گەورە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان و ناڕەزایەتیەکان دەکەن، ئەو ناڕەزایەتیانەی کە ڕێگای ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی و پاکتاوکردن و کۆتایی دەسەڵاتی بنەماڵەیان گرتۆتە بەر.




عێراق لە پرۆسەی سەردەمێکی نوێدا.. عوسمانی حاجی مارف

بەغدا بەنیازە ئەو کەمپانە دابخات کە بوونە شوێنی نیشتەجێبونی ئاوارەکانی شەڕی داعش، لەهەمانکاتدا لەسەر داوای بەغدا، فەرمانی ڕاگرتنی چالاکیەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریەکانی عێراق (یونامی) دراوە.
لەلایەکی تریشەوە بەشێوەیەکی بەرفراوانتر، عێراق هەوڵدەدات چالاکیە دیپلۆماسیەکانی خۆی لە ناوچەکەدا ئاسایی بکاتەوە، کە لەم دواییانەدا نێوەندگیریی دانوستانەکانی نزیکبونەوەی تورکیا و ڕژێمی سوریای لەخۆگرتبوو.
لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، لەگەڵ ئامادەبونی سەربازی ئەمریکا لە عێراق و سوریادا، کە پەیوەست بوو بە شەڕی داعشەوە، شەڕێکی گەورە یەخەی عێراقی گرت کە گەورەترین وێرانکاری و کوشتاری مرۆیی لێکەوتەوە، عێراق و ناوچەکە کەوتنە دۆخێکی تەواو دژوارەوە.
دوای کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی داعش بەسەر هەندێ ناوچەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ و کۆتایهێنانی لە سوریا لە ساڵی ٢٠١٩، توانای ئەمنی و دۆخی دارایی بەغدا بەرەو هەڵکشان چوون. حکومەتی بەغدا توانی هێزەکانی باشتر ڕێکخاتەوەو ئیدارەی کەرکوکیان لەژێر دەستی بارزانی و تاڵەبانی دەرهێنا. بە شێوازێک لە چەند لایەنێکەوە نیشاندانی هەنگاوەکانی ئارامی سیاسی گرتەبەر.
بەڵام دەوری ئیسرائیل لە داگیرکاری و وێرانکاری و کوشتاری بە کۆمەڵی خەڵکی غەززە دوبارە گرژی و نائارامی سیاسی بۆ جارێکی تر ڕوبەڕووی ناوچەکە کردەوە، چونکە پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بووە هۆی نوێبونەوەی هێرشی میلیشیا عێراقیەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، لەکاتێکدا کە مشتومڕێکی بەردەوام لە واشنتۆن سەبارەت بە مەرجەکان و مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و ناوچەکەدا هەیە. لە لایەکی تریشەوە فشارێکی زۆر هەیە لەلایەن هێزە ئیسلامیە میلیشاکانی عێراق کە سەر بەئێرانن بۆ کردنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، بۆیە پەرەسەندنی توندوتیژیەکان، بەغدا دەخاتە دۆخێکی مەترسیدار و ناجێگیرەوە، چونکە سودانی لە جێگایەکدا وەستاوە کە هەوڵدەدات هاوپەیمانی خۆی لەگەڵ هەردوو ئەمریکا و ئێران بپارێزێت. لەم بارەیەوە سودانی تا چەند دەتوانێ لەنێو ئەو دۆخەدا هاوسەنگی ڕاگرێت، مەسەلەیەکی جدیە بۆ ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا، بەتایبەتی کە لە پەناوە نوری مالکیش هەوڵ ئەدات گەڕانەوەی خۆی وەک سەرۆک کۆماری عێراق بەدەست بهێنێتەوە، بۆیە سەرکەوتن بۆ ساغکردنەوەو دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سیاسی بەمانای دابیکردنی ئارامی سیاسی بۆ سودانی لەبەردەم ململانێیەکی توندا بەرەو ڕووە.
لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، لەلایەک سودانی ڕایگەیاند کە پێویستیان بە هاوپەیمانی نەماوە بۆ دابینکردنی ئاسایشی ووڵات، بەڵام لەلایەکی ترەوە هەر لەو مانگەشدا ئەمریکا و عێراق لە ڕێگەی لیژنەی باڵای سەربازیەوە دەستیان بە دانوستانی فەرمی کردوە بۆ گۆڕینی ئەرکی هاوپەیمانی بۆ دانانی “هاوبەشیەکی ئەمنی دوولایەنەی هەمیشەیی”. هەڵبەتە ئەم جۆرە کارانە بۆ هەردولایان حکومەتی عێراق و ئەمریکا شتێکی سەرسوڕهێنەر نیە، چونکە هەردوولایان لە هەمانکاتدا ئاماژەیان بە مەسەلەی کەمکردنەوە یان کۆتایهێنان بە ئامادەبونی سەربازی ئەمریکا کردووە لە عێراقدا، کە تائێستا نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەرەوەها پەرلەمانی عێراقیش هەر لە ساڵی ٢٠٢٠دا دەنگی لەسەر پڕۆژە یاساکان داوە کە ئامانجیان دەرکردنی هێزە بیانیەکانە.
هەرچەندە ئەوە ڕۆشنە کە داعش چیتر ناتوانێ وەک هێزێکی داگیرکەر مەترسی بۆ سەر عێراق دروست کاتەوە، بەڵام هێزە ئەمنیەکانی عێراق تەنیا توانایەکی سنوورداریان هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوەکانی ئەم گروپە تیرۆرستیە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کێشەی نێوان بەغداو هەرێمی لەسەرە، هەربۆیە پێویستیان بە پشتیوانی هاوپەیمانان دەبێت لە پلاندانان بۆ ئەرکە سەربازیەکان و دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی هەواڵگری و… ئەرکە سەرەکییەکانی تر، لەلایەکی ترەوە ئاشکرایە کە گروپەکانی داعش هەوڵدەدەن سوود لە کەلێنەکانی حوکمڕانی هەولێرو بەغدا و دابەشبوونی تائیفی وەرگرن.
بەگوێرەی راگەیاندنی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی دەربارەی کۆمەک بە کاروباری مرۆیی لەعێراقدا، ئاماژە بەوەکراوە کە ئەو هەوڵە مرۆیە نێودەوڵەتیانە کەم کراوەتەوە، بۆ نمونە بودجەی دەرەکی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٠ لەسەدا ٩٥ی پێداویستییەکانی هاوکاری بۆ عێراق بەدیهێناوە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠٢٢دا بۆ ٦٧% دابەزیوە، لەهەمانکاتدا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆی دەنگ، دەنگیانداوە کە یونامی ئەرکەکانیان بۆ هەوڵی کۆمەکی مرۆیی لە ساڵی ٢٠٢٥ بۆ عێراق راگرن و کۆتایی پێبهنن.
ئەمەش ئەو دۆخە دێنێتە پێشەوە کە هاوکاتی بەرێوەچونی پرۆژە ئابوریەکانی عێراق و دامەزراندنی سەرمایەگوزاری و پرۆسەی ئاراستەی نوێبونەوە بۆ کەڵەکەی زیاتری سەرمایە، تاچەند سودانی لە توانایدا دەبێت لە نێو ئەم ململانێ ناوچەیی و جەنجاڵی و ململانێی لایەنەکانی ناوخۆی عێراق، سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بەتایبەتی کە سودانی هەوڵئەدات بۆ خۆی پێشرەوی ئەم پرۆسەی گەشەپێدانە بێت.
ئەوەی پێویستە لەم بارەیەوە جەختی لەسەر بکەین گەر لەکاتێکدا سودانی نەیتوانی ئەم پێشرەویە بە ئەجام بگەیەنێت، مانای وەستانی هەوڵدان بۆ بەدەست هێنانی ئەمنیەت بۆ سەرمایەگوزاری و دامەزراندنی پرۆژەکان نابێت، چونکە ئاراستەی پرۆژەی گەشەپێدان لەسەروی سودانیە و لە رێرەوە بەرژەوەندی گۆرانی ئایندەی سیاسی و ئابوری عێراقە کە بۆ دەورانێکی تازە حسابی لەسەر دەکرێت .
بەغدا هەوڵیداوە لە نزیکەوە لەگەڵ ووڵاتانی ناوچەکە، وەک قەتەر و سعودیە و تورکیا کەلەم دواییانەدا ڕۆڵی ئابووری و سیاسییان لە عێراق زیاتر بووە، کاربکات، ساڵی ڕابردوو ڕیاز هاوبەشییەکی سێ ملیار دۆلاری لە کەرتە جیاجیاکاندا ڕاگەیاند بۆ یارمەتیدانی هەمەچەشنکردنی ئابووریی وابەستە بە نەوتی عێراق، هاوکات دۆحە چەند یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ بەغدا لە بواری وزەدا واژۆکرد. هەروەها قەتەر و تورکیا بەشداری لە دروستکردنی “رێگای گەشەپێدان” دەکەن، کە پڕۆژەیەکی هێڵی ئاسنین و ڕێگاوبانە و ئامانج لێی بەستنەوەی ئاسیا بە ئەوروپایە.
کاتێک سودانی یەکەم سەردانی خۆی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن ئەنجامدا، هەوڵیدا پاڵپشتی بەردەوامی ئەمریکا بۆ گەشەپێدان و گەشەی ئابووری و خۆڕاگری عێراق مسۆگەر بکات، هاوکات خۆی لە سیناریۆیەک بەدوور دەگرێت کە وڵاتەکەی ببێتە سەنگەرێکی هەمیشەیی نێوان ئەمریکا و ئێران. بەڵام سودانی ئەم بابەتە لەکاتێکدا دەوروژێنێت کە ڕەخنەی دژە ئەمریکی لە عێراق لە لوتکەدایە بەهۆی تێڕوانینی ئەو لایەنانەی کە دژایەتی ئەمریکا بۆ پشتیوانی هەڵمەتی سەربازی ئیسرائیل لە غەززە دەکەن، بەم مانایە، بڕیارەکەی سودانی بۆ سەردانی واشنتۆن پێش ئەوەی هیچ باسێک بکرێت دەربارەی وەستانی شەر لە غەززە، بۆتە جێگای سەرنجی ئەو لایەنانەی دژی ئەمریکان.
سودانی سەرنجی لەسەر ڕاکێشانی کۆمپانیا ئەمریکیەکانە بۆ کەرتی ژێرخانی عێراق و خزمەتگوزاریەکانی عێراق، لەهەمانکاتدا مسۆگەرکردنی بەردەوامی پشتیوانی ئەمریکا بۆ چاکسازیەکانی بانکی و کارەبا، هەوڵدەدات هاوسەنگی لە نێوان ئەو فشار و ڕاکێشانەدا دروست بکات کە لە تاران و واشنتۆنەوە کێشەی بۆ دروست دەکەن.
سودانی ناڕەزایەتیشی دەربڕیوە بەرامبەر بە زیادەڕۆیی پەرلەمانی عێراق بۆ دابیکردنی سەرچاوەی پێداویستیەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی کە هاوپەیمانی ئێرانن، چونکە سودانی ئەوە باش دەزانێت کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆخۆیان ئەو توانا سەرەتاییانەیان نیە، لەبەرامبەر ئەو ئیمکاناتە لۆجیستیانەی کە ئەمریکا لەئێستادا دابینی دەکات، وەک پلاندانان و کەرەستەی هێرشی ئاسمانی و سەربازی پێشکەوتوو و ئەزموونی ئامانجگرتن… لەبەر ئەم هۆکارە و هۆکارەکانی تریش سودانی پشتیوانی لە دیدگای کۆمیتەی باڵای سەربازی دەکات، بۆیە بەشێوەیەکی هەنگاوبەهنگاو مامەڵە لەگەڵ پرسی کەمکردنەوەی بوونی سەربازی ئەمریکا لە عێراق دەکات، نەک لەناکاو لە عێراق بکشێنەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی فشاری زیاتری لایەنە لایەنگرەکانی ئێران دەبێتەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیە سیاسیەکەیدا بۆ خێراکردنی ئەم دەرچوونە.
پێدەچێت سودانی هەوڵی ئەوە بدات بیسەلمێنێت کە کۆنترۆڵی میلیشیاکانی هەیە و وردە وردە کاردەکات بۆئەوەی بەتەواوی بیانخاتە ناو دەزگای دەوڵەتەوە. بەڵام پێویستی بەوە دەبێت کە بەکردار پشتگیری بکرێت، بۆ نموونە تەرخانکردنی پشکێکی گەورەتر لە بودجەی ئەمنی عێراق بۆ هێزە ئەمنیەکانی ئاسایی و زیادکردنی شەفافیەتی گرێبەستە دەوڵەتیە قازانج بەخشەکان، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ڕێگری لە گروپەکانی سەر بە ئێران دەکرێت، لە دەستبەسەردا گرتنیان بەسەر سەرچاوەی زیاتردا.
هەروەها بڕیارە سودانی پابەندبونی حکومەتەکەی بۆ پاراستنی کارمەندانی ئەمریکی پشتڕاست بکاتەوە. ئەمەش بۆ پاراستنی باڵیۆزخانە لە بەغدا و دابینکردنی کەشێکی سەلامەت بۆ ڕاوێژکارە سەربازیەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەگرێتەوە.
پێدەچێت سودانی جەخت لەسەر هاوکاری حکومەتەکەی بکاتەوە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانی وزە (بۆ نموونە، تۆتال و جەنەراڵ ئێلیکتریک) و تۆڕەکانی وزەی ناوچەیی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق بە هاوردەکردنی کارەبا و گازی سروشتی ئێران. جەختی تایبەت لەسەر هاوکاریەکانی لەگەڵ دەستپێشخەریەکانی گەنجینەی ئەمریکا و یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا بە ئامانجی چاکسازی لە کەرتی دارایی و کەمکردنەوەی ڕۆیشتنی نایاسایی دۆلار بۆ ئێران دەکرێت.
بەگشتی دەتوانین بڵێن بەهەر بارگرژی و دۆخی نالەباری ئێستای عێراق و ناوچەکە و شەڕی غەززە، سودانی هەوڵئەادت وەک نوێنەری ئەو ئاراستەیەی لە پرۆسەی نوێبونەوەی عێراقدایە بۆ ئەمنیەتی سەرمایەگوزاری دەرکەوێت و خۆی بگونجێنێت، بەڵام توانای بەردەوامی یان بێتوانایی بەردەوامی سودانی لەم ئاراستەیەدا، هۆکاری ڕاگرتنی پرۆسەکە نابێت.




پەیوەندی هەولێر و تاران!.. عوسمان حاجی مارف

سەردانی فەرمی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران هەرچەندە وەها نیشاندرا کە لەپەیوەند بە هەڵبژاردنی هەرێم و کێشەی هەولێر لەبەرامبەر بریارەکانی دادگای فیدرالێدایە، هەڵبەتە لەو بارەیەوە قسەکراوەو بارزانی داوای جدی هەبووە لەو بوارەدا، بەڵام ئەم سەردانە زیاتر ئاکامی سەردەمێکی نوێیە لەو ئاڵوگۆرانەی لە ناوچەکەدا پێشبینی دەکرێت، هەروەها پەیوەندی نێوان تورکیا و عێراق لە پەیوەند بە پرۆژەی گەشەپێدانەوە، لەهەمانکاتدا ئاماژەیە له ئەگەری گۆڕانی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و عێراق و ئێران.
سەرەڕای بەردەوامی ناڕەزایەتی یەکێتی بەرامبەر بە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەکان، پێدەچێت تاران لەدوای ئەو سەردانەی نێچیر ڕۆڵی نێوەندگیری کاریگەر بگێڕێت، بۆ فشار لەسەر یەکێتی و حکومەتی بەغدا، هەوڵی تاران بە یارمەتیدان بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی سەخت لەسەر پرسی هەڵبژاردن، پشتیوانیەکی پێویست لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەدەست دەهێنێت، کە ئەمەش دواتر ڕێگە بە تاران ئەدات داوای ئیمتیازات بکات لەسەر هەردوو ئاستی ئەمنی و ئابووری.
دەمێکە خامنەیی هەڵوێستێکی دوژمنکارانەی بەرامبەر بە ئاراستەی لایەنگری بارزانی بۆ ئەمریکا گرتۆتەبەر، ئەم گۆڕانکاریە کتوپڕە بەشێوەیەکی تاڕادەیەک خێرا لە دوای هێرشی موشەکی بالیستی ئێران بۆ سەر هەولێر جێگای سەرنجە، وێڕای ڕابردوی پڕ لە گێژاویان، ئێستا لەبەرامەر بەرژەوەندیەکی تایبەتدا بەرەوروون، لە مامەڵەی بەشێک لەو ناکۆکیانەی کە تایبەتمەندی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و تاران و ئەنقەرەیە، کۆماری ئیسلامی ئەمە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی رکابەری لە بەرامبەر رۆڵی تورکیا لە ناوچەکەو عێراقدا.
دوای ئەوەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕژێمی سەدامی ڕووخاند، ئێران دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا پەیوەندی سیاسی و ئابووری بە فەرمی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکات، لەهەمانکاتدا دوو کونسوڵخانەی لە هەولێر و سلێمانی کردەوە. حکومەتی هەرێم توانی نوسینگەی نوێنەرایەتی لە تاران بکاتەوە، کە وەک “باڵیۆزخانەی دیفاکتۆ” کاردەکات.
بەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە بە هۆی پێشهاتە ناوچەییەکان، سەرهەڵدانی ڕێکخراوی “داعش” و ململانێی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، لەلایەکی ترەوەو پاشکۆبونی بارزانی بۆ دەخالەتی راستەوخۆی تورکیا لە ناوچەکە، پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و حکومەتی هەرێم بەردەوام دابەزین و بارگرژی بەخۆوە بینیوە.
هۆکارێک لە ناسەقامگیریی پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و تاران، بونی لایەنە چەکدارە کوردیەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانە لە ناوچەی کوردستانی عێراق. بەڵام دوای واژۆکردنی “رێککەوتنی ئاسایشی ستراتیژی” لە نێوان بەغدا و هەولێر و تاران لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٣، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کە بنکەکانیان لە هەولێر و سلێمانیە، تاڕادەیەکی زۆر پابەندبوون بەو ڕێککەوتنە، بەڵام هێشتا پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەمنی بەردەوامە، لەم رۆژانەشدا کۆماری ئیسلامی داوای لە یەکێتی کردوە کەسوکاری بەشێک لە ئۆپۆزیسۆنەکان بخاتە ناو کەمپەکانەوە، قەبولکردنی ئەمەش لەلایەن یەکێتیەوە بەکارێکی نامرۆیی و قێزەون و ریسوا بەسەریدا دەشکێتەوە، لەلایەکی تریشەوە مەترسیەکی گەورە دەبێت لەسەر ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و خەڵکی کوردستان.
هەرچەندە بارزانی بە ناوی حکومەتی هەرێمەوە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ هاوکاریکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاستێکی سنوورداردا، بەڵام جۆری پەیوەندی پاشکۆبونی هەولێر بە تورکیا و ئەمریکاوەو پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو، مایەی وروژاندنی بەردەوامی نیگەرانیەکانی ئێرانە بەرامبەر بارزانی.
ئەوەی شایانی باسە تاران هەرێمی کوردستانی عێراق بە “ئیسرائیلی دووەم” دەناسێنێت و بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەولێر هێلانەیەکی بریکارەکانی “مۆسادە”. ڕوانگەی ئەمنی ئێران بەرامبەر بە هەولێر لە کاتی ڕیفراندۆمی ٢٠١٧دا ڕونتر بووەوە، عەلی ئەکبەر وێلایەتی، یەکێک لە ڕاوێژکارە باڵاکانی خامنەیی لەوکاتەدا ڕایگەیاند کە کۆمەڵگەی موسڵمانان ڕێگە بە دامەزراندنی ئیسرائیلێکی نوێ لە ناوچەکەدا نادەن.
هەڵوێستی پەرچەکرداری ئێران بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم تەنها قسەکردن نییە، دیمان کە سوپای ئێران بە مووشەکی بالیستی ماڵی دوو بازرگانی کردە ئامانج و بانگەشەی ئەوەی کرد کە بریکارەکانی ئیسرائیل ئەو بینایانە بەکاردەهێنن، لەهەمانکاتدا موشەکی لایەنە شیعەکانی سەر بەئێران کە ئاراستەی هەولێر کران. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، سەرۆک کۆماری ئێران کە بە بارزانی ڕاگەیاندووە، چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە حکومەتی هەرێم رێگری لە ئیستغلالکردنی خاکەکانیان لە لایەن ئیسرائیل و گرووپە دژبەرەکانی ئێرانەوە بکات.
لەمیانی کۆبونەوەکەدا کە لە تاران بەڕێوەچوو بارزانی دووپاتی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان ڕێگە نادات زەوی و زارەکانی ببنە مایەی نیگەرانیی ئاسایشی نیشتمانی بۆ دراوسێکانی، دەشڵێت، لە ڕووی پرەنسیپەوە قبوڵکراو نییە هیچ گروپێکی چەکدار هێرش بکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ و دواتر کشانەوە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێران لە میوانداریکردنی بارزانی هەوڵدانە بۆ دوورخستنەوەی حکومەتی هەرێم لە بازنەی تورکیا، چونکە ساڵانێکی زۆرە هەولێر زیاتر لەگەڵ ئەنقەرە هاوتەریب بووە نەک لەگەڵ تاران. هۆکارێکی هەڵوێستی ساردی حکومەتی هەرێم بەرامبەر ئێران دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەردەمی دەسەڵاتی نوری مالیکی (٢٠٠٦-٢٠١٣) کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرا، هەروەها لەو ماوەیەدا هەرێم لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە لە پەیوەندیەکی نزیکدا لەگەڵ تورکیادا بووە. سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتی و کاردانەوە توندەکانی حکومەتی ناوەندی عێراق، هەولێر ڕێککەوتنێکی ستراتیژی بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ لەگەڵ تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوت واژۆکرد، لە هەنگاوێکدا کە بەغدای بەتەواوەتی بەدەرکرد، لەلایەکی تریشەوە ئێران زیاتر لە رێگەی یەکێتیەوە پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەرێمدا رێکخستوە.
بەهۆی ئەو ئاڵوگۆرانەی کە لە دۆخی سیاسی ناوچەکەدا پێشهاتوەو بارزانی و حکومەتی هەریم دەرگیر بە قەیرانێکن، لە بەرامبەر چونە پێشەوەی سیاسەتی بە ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق، ناچار بە گەرانەوە بۆ بەغدا و پاشکۆبونی حکومەتی عێراق بون، لە هەڵپەکردنی ئەوەدان لە رێگای پەیوەندی دیبلۆماسیەوە خۆیان لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێنن.
ئەوەی کە ئێستا زیاتر بەرجەستە بۆتەوە، لە چوارچێوەی پرۆژەی گەشەپێداندا هەولێر ڕێگای ترانزێته بۆ پرۆژەیەکی گرنگ که دهبێته هۆی بەهێزکردنی نفوزی تورکیا له عێراق، هەرچەنده تا ئێستا ڕادەی بەشداریکردنی هەڕێم له پرۆژەکەدا نادیارە. بەڵام پێویست دەکات ئاماژە بەوە بکرێت کە جێبەجێکردنی پڕۆژەی “رێگای گەشەپێدان” تەوەری سەرەکی سەردانەکەی ئەردۆغان بوو بۆ بەغدا و هەولێر، لە کارنامەی نێوان بەغدا و ئەنقەرەدایە، هەروەها بەشداری دارایی ئیمارات و قەتەر لەم پڕۆژەیەدا چاوەڕوانیەکانی بەرزکردۆتەوە، بەڵام هێشتا هەڵوێستی ئێران لەم بارەیەوە ڕوون نییە، لەهەمانکاتدا جێگەی هەولێر لەم پرۆژەیەدا تا ئێستا هیچ رێکەوتنێکی فەرمی بۆی رانەگەیەنراوە.
بارزانی لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ تاران، ئەو پەیامەشی بە بەرپرسانی ئێران گەیاندوە کە پڕۆژەی “رێگای گەشەپێدان” ئامانجێکی ستراتیژی بۆ ئێران نییە.
هەروەها نیگەرانیەکی تر کە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە، ئەگەری ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیایە بۆ سەر چەکدارانی پەکەکە لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر، چونکە ئەم پرۆسەیە ڕێگە خۆشدەکات بۆ پەرەسەندنی نفوزی ئەنقەرە لە عێراقدا. ئێران بۆ پوچەڵکردنەوەی نفوزی ئەنقەرە لە کوردستانی عێراق، لەژێر ئاڵای نیمچە فەرمی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا، ئامادەیی بۆ پارێزگاری لە هەندێ شوێندا بۆ پەکەکە نیشانداوە، ئەمەش ئەو ئاکامەی لێدەبێتەوە هەر هێرشێکی داهاتوو کە تورکیا ئەنجامی بدات بۆ سەر پەکەکە، زیاتر ئاڵۆزی لێدەکەوێتەوە.
ئێران هەمیشە بۆ فشارخستنەسەر بارزانی هەوڵیداوە توانای هەولێر لە پەیوەند بە حکومەت لە بەغدا و کاریگەری لەسەر یەکێتی لە سلێمانی تێکبدات، بەڵام ئێستا وا دەردەکەوێت ئێران ئامادەیە دەست لەسەر کێشەکانی بەرامبەر هەولێر راگرێت و قۆناغێکی نوێی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەستپێبکات.
هەرچەندە هەولێر دەیەوێت هاوسەنگ لە نێوان ڕکابەری نێوان ئەنقەرە و تاران لە ناوچەکەدا دروست بکات، بەڵام پێدەچێت ئێران بەردەوام بێت لە گوشارەکانی لەسەر هەولێر کە لە هەوڵدا بووە بۆ بەدەستهێنانی هەمان ئەو نفوزەی کە لە سلێمانی هەیەتی. ئەمەش ئالۆزی ئەو دۆخە نیشان ئەدات، کە لە بەرامبەر ئەو ئاراستەیەی لە پێداویستی گۆرانکاریەکان لە ناوچەکەدا پێشبینی دەکرێت، کە ململانێ و چۆنیەتی سەپاندنی بەرژەوەندی و پرۆژە ئابوریەکان و هاوسەنگی لایەن و هێزەکان بەلایەکیدا دەخات.




گۆرستانی دەریای ناوەڕاست.. عوسمانی حاجی مارف

سەنتەری لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە تێکڕای ساڵانە ٣٢ هەزار کەس لە ڕێگەی قاچاخەوە هەرێمی کوردستانی عێراق بەجێدەهێڵن، ئەم ژمارەیەش لە ماوەی سێ ساڵدا گەیشتووەتە نزیکەی ٩٦ هەزار کۆچبەر، دەزگای لوتکە بۆ پەنابەران و ئاوارەکان ئاماژەی بە ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەر کردوە کە زیاتر لە ٧٦٠ هەزار کەس لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراقەوە کۆچیان کردووە، گومانی تێدا نیە سەختی باری ئابوری و بژێوی هۆکارێکی دیاری ئەم قەیرانەیە، بە تایبەت ئاستی بەرزی بێکاری لە نێو گەنجاندا بەشداریەکی بەرچاوی لە قەیرانی کۆچکردندا هەیە، نادڵنیایی لە دیمەنی دۆخی ناجێگیری سیاسی و نائەمنی کار لە هۆکاری ئەم کۆچکردنەن.

ژیانی فرعەونی و سەختی ژیانی نەبونی و هەژاری و کاری تاقەت پروکێن و نائەمنی، وێنایەکی ئەوپەڕی نایەکسانیە  کە لە عێراق و هەرێمدا دامەزراوە. ئەم واقعە مایەی داڕشتنی بێئومێدیەکە ، بێکاران و نەداران نازانن لەکۆێی ئەم کۆمەڵگەیەدا بەڕەنگاری بکەن،  تا نەبنە قوربانی، قوربانی بونی خەڵکی زەحمەتکێش بۆتە نیشانەکانی مانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵە.

 ئینسانەکان کاتێ رێکخراونین وەک تاك لە کوردستاندا خۆیان لە نێوان دوو بژاردەدا دەبیننەوە، یان خۆیان ئەدەنە پاڵ پارتە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان بۆ ئەوەی دەستکەوتێک لە ژیانیاندا بەدەستبهێنن، کە ئەم ئیمتیازە بۆ هەمو کەس مسۆگەر نیە، یان لەبەردەم بێئومێدیەکی چەسپاودا رێگایەکی تر بۆ چارەنوسێکی نادیار دەگرنە بەر، بریارێک بۆ ژیانێکی نادیار و خەیاڵی یا مردن. ئەم سیستەمە نادادپەروەرە، ڕق و کینە و ژینگەیەکی ژەهراوی بۆ گەنجان و خێزانەکان دروست کردووە.

باڵادەستی و سەپاندنی تاڵانی و گەندەڵیەکی سیستماتیکی بەربڵاو، لە هەمان کاتدا نەبوونی هیچ جۆرە لێپرسینەوەیەک، ئەو داینامیکەیەیە کە بێئومێدی تەواو دەچەرخێنی و بازاڕی دڕندانەی قاچاخچیەکان گەرم دەکات، پەنابردن بۆ دەریای ناوەڕاست  دەبێتە شانسی مان و نەمان.

کۆچکردنی بەکۆمەڵ و ئاوارەبون لە عێراقدا و بەرێگەی قاچاخ، دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ئێران و عیراق، کە فشاری سەربازی بە زۆر و ناردنی سەربازەکان بۆ بەرەکانی شەڕ، ناچاری هەڵاتن لە سەربازی کردە ئەمری واقع، ڕێگایەک بۆ خۆپاراستن لە پەلاماری دەزگا سەربازی و سیخوریەکانی حکومەتی بەعس، بەجیا لە خۆشاردنەوە لە لادێکان و شاخەکان و ئەهوارەکان کە پەناگایان بون، کۆچکردنیش بۆ دەرەوەی ووڵات هەڵبژاردەیەکی تر بو.

بەدوای جەنگی خەلیج و ڕاپەڕینی جەماوەری لە عێراق و کوردستاندا، دیاری کردنی نۆفلایزۆن بۆ کوردستانی عێراق و دامەزراندنی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی ، هەڵگیرسانی شەڕی چوار ساڵەی نێوان بارزانی و تاڵەبانی، ئاکامی خوڵقاندنی دۆخێکی تەواو پرکارەسات و نائەمن و وێرانکاریان خستە بەردەم ژیانی دانیشتوانی کوردستانەوە، ئەم هەڵبژاردەیە بۆ دەرەوەی ووڵات،  بووە هەڵبژاردەیەکی سەرەکی.

ئەو دۆخە خوڵقێنەری تەواو بێئومیدی و نەمانی ڕۆشنایی لە ئایندەی کوردستاندا کردە چارەنوسی ژیان و گوزەرانی ئەو خەڵکە، هەر لەو دەورانەدا کۆچکردنی بە کۆمەڵ بووە شەپۆل و هێرێش و نەریتێک کە تا ئێستا ئارام نابێتەوە ودانامرکێتەوە.

هەزاران کۆچبەر کە تامەزرۆی دەربازبونن لەو واقیعە سەختەی کە پێی ناڕازین و بەدوای پەناگەیەکی ئارامدا دەگەڕێن لە ڕۆژئاوا، بەتایبەتی لە ئەوروپادا، بۆ ئەو پەناگایە دەریای ناوەڕاست بۆتە گۆڕستانێکی ئاوی. وەرگەڕانی بەلەمە قەرەباڵغەکانی ئەم دواییە، کە گیانی زیاتر لە ٧٠ کەسی لێ کەوتەوە، بەهەر قوربانی دانێکەوە تیشک دەخاتە سەر پەرەسەندنی ژمارەی کۆچبەرانی خەڵکی کوردستان بۆ ئەوروپا.

واتە دوای ٣٢ساڵ زیاتر لەدەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی، بە دوای تاڵانی و کەڵەکەکردنی گەوەرترین سەرمایە لە داهاتی کوردستان، بەهیچ جۆرێک نەیان ویست و هەوڵیان نەدا ئاوڕێک لە نائارامی و ناجێگیری و نائەمنی ژیانی دانیشتوانی کوردستان بدەنەوە، نمونەی بێپرەنسیپترین و بێبەرپرسیارترین دەسەڵاتن، بەردەوام ژیان و گوزەرانی خەڵکیان بە بارمتە گرتووە بۆ بەرژەوەندیەکانیان، بۆیە بەبێ کۆتایی دەسەڵاتی ئەو دوو بنەماڵیە، حەتمیە کە کۆچکردن و ئاوارەبون و قوربانیدانی بە کۆمەڵ ڕاناگیرێت، چونکە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری یاسا لە کوردستاندا پێناسەکەی لە پەیوەند بە خەڵکەوە بە هیچ جۆرێک بەئەرێنی مانایەکی نەماوە.




“ڕێگای گەشەپێدان” و ئۆپەراسیۆنی تورکیا دژی پەکەکە.. عوسمانی حاجی مارف

ڕەچاوکردنی ئەمنی و ئابوری دوو بابەتی هەرە گرنگن لە پەیوەندیەکانی تورکیە لەگەڵ هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقدا، تورکیا لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوەوە بنکەی سەربازی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دژ بە پەکەکە لە ناوچەی زۆنی زەرد لە دهۆک و هەولێر دامەزراندووە، کە بارزانی کۆنترۆڵی تەواوی هەیە لەو زۆنەدا.
تا ساڵی ٢٠١٦ ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا لە ناوچەی دەسەڵاتی بارزانیدا زۆرتر کورتخایەن بون، ئەنقەرە بەدوای دامەزراندنی بنکەی هەمیشەیی نەبوو. بەڵام دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ وە ڕاگەیاندنی ئیدارەی ترەمپ لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، هەڵسورانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی، ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا لە هەولێر و دهۆک زیادی کرد. لە ساڵی ٢٠١٨ تورکیا دەستی کرد بە دامەزراندنی بنکەی هەمیشەیی.
ئەردۆغان، بەڵێنیدا ڕێڕەوێکی ئەمنی بە درێژایی ٣٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و سوریا دروست بکات و دامەزرێنێت، بەمجۆرە ئەنقەرە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی تەواوی سنووری تورکیای لەگەڵ عێراق خستەبەرنامەی جێبەجێکردنەوە، هەروەها ئەم هەوڵانە نوێنەرایەتی دوایین هەوڵی کردنەوەی دەروازەیەکی سنوری نوێی لەگەڵ عێراق کرد، کە سێگۆشەی تورکیا- عێراق-سوریا پێکدەهێنێت.
بەهۆی خۆئامادەکردنی تورکیا بۆ هێرشێکی کاریگەر بۆ سەر پەکەکە، ئەنقەرە سەرقاڵی دیپلۆماسیەکی چڕ بووە لەگەڵ بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق و سەرکردە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران، دوابەدوای سەردانەکەی ئەم دواییەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا، عێراق بەیاننامەیەکی هاوبەشی لەگەڵ تورکیا بڵاوکردەوە و تیایدا پەکەکەی بە ڕێکخراوێکی “قەدەغەکراو” و “مەترسی ئەمنی” بۆ تورکیا و عێراق وەسفکرد، کە ئەمەش بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ ئەنقەرە ئەژماردەکرێت.
ئەنقەرە بەهۆی بێدەنگی بەغداوە هەلی گونجاوتری بۆ هەڵکەوتوە، بۆیە پێدەچێت ئۆپەراسیۆنەکەی لە دژی پەکەکە لە قەزای کارا چڕ بکاتەوە کە دەکەوێتە پارێزگای دهوک، گرنگترین ئامانجی ئۆپراسیۆنەکەی تورکیا زیاتر بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ڕێگای “گەشەپێدانە”، کە بە موسڵدا تێدەپەڕێت، نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر لە کاراوە دورە.
ئەنقەرە بەتایبەتی نیگەرانە لەوەی کە بوونی پەکەکە لە شەنگال لە ڕۆژئاوای موسڵ، پرۆژەکە پەک دەخات، بەم شێوەیەش جەخت دەکات ئۆپەراسیۆنەکانی لەو ناوچانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دەشتی موسڵ و ڕێگای گەشەپێدانەوە کۆنترۆڵ کات.
هەروەها، بەپێی بەیاننامە هاوبەشەکە، بەغدا و ئەنقەرە بڕیاریانداوە لیژنەی هەمیشەیی هاوبەش پێکبهێنن بۆ کارکردن لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەنقەرە تائێستا نەیتوانیوە لەگەڵ بەغدا بگاتە ڕێککەوتنێکی ئەمنی هاوشێوەی ئەو ڕێککەوتنەی کە عێراق پێشتر لەگەڵ ئێران واژۆی کردبو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەرجەم گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی ئێران، سەرەڕای ئەمەش تورکیا پێیوایە لە هاوکاریە ئابوریەکان لەگەڵ بەغدا و فشارە دیپلۆماسیە هاوبەشەکان بۆ ڕوبەڕونەوەی پەکەکە، وردە وردە سوودەکانی دەچنێتەوە. جگە لەوەش ئەگەری ئەوە هەیە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق زەمینە بۆ ڕێکەوتنێکی لەو شێوەیە خۆش بکات کە ناوەندێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەخۆ بگرێت.
ئەوەی لەم نێوەدا بایەخێکی جدی هەیە، تورکیا بۆیە هەوڵدەدات لەگەڵ عێراقدا پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” بەرەو پێشەوە بچێت، هەوڵدەدات پەیوەندی ناوچەیی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەردوو وڵاتدا لەڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە بەدەستبهێنێن و پێگەیەکی باڵا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابمەزرێنن.
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین، پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان پێویستی بە ١٧ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی بیانی دەبێت، ئەو پرۆژەیەی کە بە بەسرە، دیوانیە، نەجەف، کەربەلا، بەغدا و موسڵدا تێدەپەڕێت و لە ڕێگەی ڕێڕەوێکی وشکانیەوە بەغدا و ئەنقەرە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، دەرفەتی پێشڕەوی لەباری ئابوریەوە بۆ هەردوو ووڵات دەڕەخسێنێت.
بەرپرسانی تورکیا لەم بارەیەوە دەڵێن، ئەگەر ڕێڕەوەکە بکرێتەوە، لە پرۆسەکەدا هەولێر و موسڵ و کەرکوک و بەغدا بە هاوبەشی ئاوەدان دەکرێنەوە.
هەر لەم بارەیەوە لەبەرئەوەی لە ڕێڕەوەکەدا هەولێریش هاتۆتە ناوانەوە، ئەنقرە و بەغدا پێویستیان بەوەیە مامەڵەیەکی گونجاوتر بەکاربهێنن بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی پێگەی بارزانی و حکومەتی هەرێم لە هاوکێشەی سیاسی ناوچەکەدا، هەرچەندە بارزانیش ناچاربووە بکەوێتە بەرەی دژی پەکەکەوە، بەڵام دیاریکردنی پێگەو بەشی هەولێر لە پرۆژەی گەشەپێداندا تائێستا ڕۆشن نیە.
هەرچەندە تورکیا دەڵێت ئاسایشی کۆریدۆرەکە لەلایەن قەوارە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها حکومەتی ناوەندی عێراقەوە دابین دەکرێت، بەڵام ئەو ڕۆڵەی کە هەرێم لە کۆریدۆرەکەدا دەیگێڕێت، ڕوون نیە کە چۆن دەبێت.
بەوپێیەی ئەم ڕێگایە بەشێوەیەک داڕێژراوە کە بەدەر لە ناوچەی کوردستانی عێراقە، پچڕاندنی پەیوەندی وشکانی دەکات لەگەڵ ئەو هێزانەی سەر بە پەکەکەن، ئەو هێزانەی کە کۆنترۆڵی هەردوو دیوی سنووری عێراق و سوریا دەکەن، ئەو ناوچانەش هەڵگری ڕەهەندێکی ئەمنی گرنگن بۆ تورکیا بەتایبەتی لە پەیوەند بە پڕۆژەی گەشەپێدانەوە.
ڕێگای گەشەپێدان کە بەسرە بە بەغدا و موسڵەوە دەبەستێتەوە، پێش ئەوەی سنووری تورکیا ببڕێت، تەواوی هەرێمی کوردستانی عێراق بەدەر دەکات، فاکتەری تۆپۆگرافی و ئابووری لە پشت ئەم بڕیارەوە بووە. لەلایەکی دیکەوە، مەسرور بارزانی، جەختی لەسەر پێویستی “لکاندنی” هەولێر و بەدەستهێنانی “ڕەزامەندی” بۆ جێبەجێکردنی ڕێبازی گەشەپێدان کردەوە، ئاخۆ ئەم جەختەی مەسرور تاچەند وەڵام وەردەگرێتەوە، بەمانەوەی پەکەکە لە ناوچەکەدا، ئاسۆیەکی ئەرێنی لەبەردەمیاندا نابێت.
پێویستە بگوترێ ئیدارەی هەولێر لە دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ ەوە بەهۆکاری سیاسی و ئەمنی و ئابووری لە دۆخێکی لاوازدا بووە و پاشکۆبونێکی یەکجاری بۆ بەغدا نیشانداوە، بەڵام کێشەکانیان هەر ڕۆژە لە بوارێکدا ڕەنگ ئەداتەوە، هەڵبەتە پێدەچێت لەم پرۆژەیەشدا بە مەرجێکی تەواو خۆڕادەستکردن بە بەغداو ئەنقەرەوە، هێزەکانی بارزانی وەک پاسەوانێک دەمێننەوە.
هەڕوەها جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەی گەشەپێدانە و کردنەوەی ڕێڕەوەکه، ناوچەکانی نێوان کوردەکانی عێراق و سوریا له یەکتر دادەبڕێت. تورکیا چەندین جار ڕایگەیاندوە کە دەیەوێت بە کردنەوەی دەروازەی ئۆڤاکۆ ڕێڕەوی پەکەکە لە عێراقەوە بۆ سوریا ببڕێت.
لەلایەکی تریشەوە ئەنقەرە دەیەوێت بگاتە ناوچە سوننە و تورکمانەکان لە باکووری عێراق، وەک موسڵ کە بنکەی سەربازی بەعشیقەی تورکیای لێیە، هەروەها کەرکوک کە تورکمانەکانی تێدا نیشتەجێیە. تورکیا لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە دەتوانێت پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکمان و عەرەبی سوننە دروست بکات بۆئەوەی لە ڕێگەی پەیوەندیە ئابوریەکانەوە کاریگەری سیاسی زیاتر لەسەر ئەم پێکهاتانە بەدەستبهێنێت.
هەرچەندە تورکیا دەڵێت ئاسایشی کۆریدۆرەکە لەلایەن قەوارە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها حکومەتی ناوەندی عێراقەوە دابین دەکرێت، بەڵام ئەو ڕۆڵەی کە هەرێم لە کۆریدۆرەکەدا دەیگێڕێت ڕوون نییە، بەو پێیەی ئەم ڕێگایە بەشێوەیەک داڕێژراوە کە پچڕاندنی پەیوەندی وشکانیە لەگەڵ ئەو هێزانەی سەر بە پەکەکەن، کە کۆنترۆڵی هەردوو دیوی سنووری عێراق و سوریا دەکەن. هەرچەندە هەڵگری ڕەهەندێکی ئەمنی گرنگە بۆ تورکیا، بەڵام مەترسی هەیە لە سەر حکومەتی هەرێم.
ئایندەی پێکهاتەی هەرێم لەم پڕۆژانەدا چۆن دەبێت هێشتا لە مامەڵەدا ماوەتەوە، هەتا گەر وەک پاسەوانێکش قەبوڵ بکرێن، حکومەتێکی تەواو کارتۆنی بەڕێوە دەبەن، ئەمەیە حاڵەتی ئەو حکومەتەی کە بارزانیەکان سی ودوو ساڵە بەڕێوەی دەبەن و هەر ڕۆژە پردی بەرژەوەندی و سیاسەتی وڵاتێکن، ئەو حکومەتەی کە جەماوەری ناڕازی کوردستان کەی هەلیان قۆستەوە پاکتاوی دەکەن.




هاوبەشی لە تاواندا.. عوسمانی حاجی مارف

ڕێکخراوی “بتسێلم” ناوەندی زانیاری ئیسرائیل بۆ مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاندوە ٢.٢ ملیۆن کەس ڕۆژ و شەو بەبێ خواردن لە غەززە تێدەپەڕێنن، لەوانەش کۆرپە، منداڵ، ژنانی دووگیان یان شیردەر و بەساڵاچوان…، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان، هۆشدارییان داوە سەبارەت بەو دۆخی ئەو برسێتیەی لە غەززەدایە، لەهەمان کاتدا فشارێکی زۆری جیهانی دەخرێتە بەرامبەر ئەم کردارە درەندانەیەی ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییە گرنگەکان بۆ غەززە.
ئەمریکا دەتوانی برسێتی و کوشتار و برسێتی لە غەززە ڕاگرێت، بەڵام نایکات، واتە هەڵوێستی عەمەلی دەربارەی بەر نەگرتن بەو کوشتار و برسێتیەی کە بەرامبەر بە دانیشتوانی غەززەی دەکرێت هەڵبژاردووە، ئەتوانین بڵێین ئەمریکا بەهاوبەشی جینۆسایت دادەنرێت. هاوبەشە لە درێژکردنەوەی داگیرکاریەک کە تێیدا ئیسرائیل تەواوی فشاری خۆی دەخاتە سەر خەڵکی غەززەو برسیان دەکات بۆ ئەوەی ملکەچ بن.
بەپێی ڕێکەوتنامەکانی (حوزەیرانی ١٩٧٧)ی جنێڤ و پەیمانامەی ڕۆمای دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، برسیکردنی خەڵکی مەدەنی وەک شێوازێکی شەڕ قەدەغەیە و تاوانی جەنگ پێکدەهێنێت، ئەم تاوانانەی ئیسرائیل و هاوبەشی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان قیزەونترین کردارێکە، دەرکەوتەی ئەو پەری شەرمەزاریە لە مێژوی بەشەریەتدا کە لە بەرامبەر مافەسەرەتاییە مرۆییەکان ئەنجام دەدرێت، ئەمەش بە ئاشکرا هەڵوەشاندەوەی تەواوی ئەو رێکەوتننامانەو پەیماننامانە نێو دەوڵەتیانەیە کە لەبەرامبەر جەنگەکاندا بریاریان لەسەر دراوە، پێشەنگی ئەم پێشێلکردنەش دەوڵەتی ئیسرائیل و دەوڵەتی ئەمریکایە، بایدن و ناتانیاهۆیە.
ئەمریکا دەتوانێ ئەم کوشتار و برسیتیە راگرێت بەڵام هیچی نەکردووە. دەکرێت ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل ڕابگرێت و ئیسرائیلیەکان ناچار بکات ئاگربەست قبوڵ بکەن، بەڵام لەبری ئەوە ڕێگری لە هەموو پێشنیارەکانی هێنانەدی ئاگربەستی هەمیشەیی لە غەززە کردوە. هەروەها دەکرا پاڵ بە ئیسرائیلەوە بنێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە کاتیەی کە لەلایەن دادگای نێودەوڵەتییەوە دەرچووە، بەڵام لەبری ئەوە هەوڵیدا بڕیارەکە بێ بایەخ بکات. واشنتۆن دانی بەوەدا ناوە کە ئیسرائیل لانی کەم هاتنی خۆراک بۆ غەززە سنووردار دەکات، ئەمەش کارێکە کە تەنانەت ڕێکخراوە ئیسرائیلیەکان وەک سیاسەتی برسێتی وەسفیان کردووە، بەڵام بەردەوام بووە لە دەربڕینی پشتیوانی خۆی بۆ ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لەم کارە قێزەونانە.
سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا باش دەزانێت ئیسرائیل لە سەرەتاوە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام داوەو دەیدات، وەک بە ئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی و هەوڵدان بۆ پاکتاوکردنی دانیشتوانی غەززە، لە کاتێکادا بایدن بە ئاشکراو بێباکانە چاوی خۆی لەم جینۆسایتە خەواندووە، پێوێستە پێش هەر لایەنێک دانیشتوانی ئەمریکا بە توندی لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەی حکومەتەکەیان هەڵوێست بگرن و پەرجەکرداری توند نیشان بدەن.
ئەمریکا بەردەوام بووە لە بەکارهێنانی ڤیتۆی خۆی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لە دژی هەموو ڕەشنوسی ئەو بڕیارنامانەی داوای ئاگربەست کرواە لە غەززە. ئەمریکا دژی ئەو دۆسیەیە بوو کە ئەفریقای باشوور پێشکەشی دادگای نێودەوڵەتی کرد و ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی کردەوەی جینۆساید تۆمەتبار کرد. لە هەمان کاتدا بەردەوامە لە دابینکردنی ئەو چەکانەی کە سوپای ئیسرائیل بۆ بۆردومانی خەڵکی مەدەنی لە غەززە بەکاری دەهێنێت.
پێویستە فراوان بونەوەی نارەزایەتی جەماەری لە تەواوی دنیادا ئەم ملهوریەی ئیسرائیل و ئەمریکا ریسواکات و راگرێت، کۆتایی بە داگیرکاری غەززە بهێنرێت، ناکرێت پەرجەکردار لە بەرامبەر ئەم برسێتی و کوشتارە بەکۆمەڵەدا نیشان نەدەین و لە بەرامبەر بەرەی دژی مرۆڤایەتی کە ئێستا ئیسرائیل و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان نوێنەرایەتی دەکەن نەوەستینەوە.
پێویستە بایدن و ناتانیاهۆ و ئەندامانی حکومەتەکانیان دادگایی بکرێن.




گێژاوێک لە بڕیار بۆ هەڵبژاردن.. عوسمانی حاجی مارف

یەکێک لە نیگەرانیەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق، پەرەسەندنی گرژیەکانی ئێستای تورکیا و هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنە سەربازیە نوێیەکانیەتی لەدژی چەکدارانی پەکەکە، هەروەها ترسی دووبارەبونەوەی هێرشەکانی ئێرانە بۆ سەر ناوچەکە، کەلەم کەشوهەوا هەڵاوساوە و پشێوییەدا، مایەی مەترسیەکی جدیە لە سەر ژیانی ئەم خەڵکە، لەهەمان کاتدا هەر جموجۆڵێکی سەرکردەکانی هەولێر و سلێمانی بەبێ ئەولەویەت بۆ ئەم دۆسێیەیە، کە هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجی سیاسی حزبەکانیان و پاشکۆ بونیانە لە جێبەجێکردنی سیاسەت و بەرژەوەندی ئەو ووڵاتانە، ناتوانن کەشوهەوایەکی بێ مەترسی نیشان بدەن، شتێکیان نیە ناوی پاراستنی دانیشتوان بێت، لەهەمانکاتدا ناتوانێ دۆخێکی ئارام بێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم، بەتایبەتی هەڵبژاردنێک لەنێو گێژاوێکدا چەقی بەستوە.
دانیشتوانی هەرێم بەگشتی پێیانوایە دوو لایەنی سەرەکی، بارزانی و تاڵەبانی پێش ئەوەی هەر هەنگاوێک بنێن سەبارەت بە یەکلاییبونەوەی دۆخی ناوخۆی هەرێم، بەتایبەتی ئێستا لەپەیوەند بە هەڵبژاردن و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، تەنها پێگەو نفوزی سیاسی خۆیان لەهەر بوارێکدا بێت پێ گرنگترە لە ژیانی تەواوی دانیشتوان. بێمتمانەیی لە بەرامبەریاندا لەو ئاستەدایە، لەبری ئەوەی ئەو دوو لایەنە ئەگەری دووبارەبونەوەی هێرشی سەربازیی لابەرن، ئەوە چاوەڕوان دەکرێت هێرش بکرێتە سەر هەرێم و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان بۆ چەندەمین جارە بکەنەوە قوربانی بەرژەوەندیە حزبیەکانیان و ململانێی نێوان خۆیان و حکومەتی بەغدا.
بێتوانایی بارزانی و تاڵەبانی لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و نەتوانینیان لە دەستەبەرکردنی ئاسایش لە ناوچەکەدا، لەهەمانکاتدا کاریگەری ڕۆڵی ململانێی نێوان خۆیان لەسەر زیاتربونی ناسەقامگیری و نەبونی ئاسایش، بێدەسەڵاتیان لەبەرامبەر حکومەتی بەغداو دەرگا ئاواڵەکردن بۆ ئێران و تورکیا، وەها چاوەڕواندەکرێت لێیان کەخەریکن لەهەر مەیدان و کێشەیەکدا گرژیەکان توندترو نائەمنتر دەکەنەوە، بەمانایەکی ڕۆشن بارزانی و تالەبانی ڕۆڵی سەرەکی دەبینین، لە هەر کارەساتێک لە هەرێمدا ڕووبدات.
ئەم ڕۆژانە هەرێمی کوردستان زیاتر شاهیدی جموجۆڵە سیاسیە دەرەکیەکانی هەردوو بنەماڵەیە، بینیمان کە لەم دواییانەدا نێچیرڤان بارزانی، بە هەنگاوێکی جێی سەرنجەوە چووەتە ئێران و لەمیانەی گەشتە دوو ڕۆژەکەیدا بۆ پایتەختی ئێران لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس و کاربەدەستانی سیاسی و حکومی و فەرماندە دیارەکانی سوپای پاسداران دیدار و وتووێژی کردوە.لەلایەکی دیکەوە، بافڵ تاڵەبانی، بە گەشتێک گەیشتە واشنتۆن کە پێشوەختە ڕانەگەیەندرا بوو، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئەنجامداوەو بەدەستی بەتاڵ گەڕایەوە.
جوڵەکانی ئێستای هەردولایان زیاتر پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە قەیرانی سیاسی هەرێمەوە هەیە کە لەبەرامبەر ئاراستەی نەخشەو سیاسەتی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق و بچوکردنەوەی حکومەتی هەرێم بەرەوڕوون، هەروەها کێشەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمان، کە لەنێو قەیران و چارەنوسێکی نادیاری وەها دەرگیر بون، کە جێبەجێکردنی ئەم هەڵبژاردنە، یان جێبەجێ نەکردنی، لە هەڵوێستەیەکی خواروخیچدا ڕایوەستاندون، نازانن بە چ بارێکدا خۆیان ڕاست کەنەوە.
ئێستا بارزانی بڕیاری بایکۆتکردنی ئەم هەڵبژاردنانەی داوە، بەڵام تاڵەبانی پێداگری لەسەر ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنانە دەکات، جوڵەکانیشیان پەنابردنە بۆ ئەوەی هەرلایەکیان هەل بقۆزنەوەو بۆ بەرزکردنەوەی هاوسەنگی هێزەکەیان لە بەرامبەر یەکتردا، ئەمەش درێژبونەوەی هەمان ئەو دۆخەیە کە سی و دوو ساڵە لە کوردستان پیادەی دەکەن، بەجۆرێک سورن لەسەر شێوازی نائسوڵی ئەو بەرامبەرکێیە، بۆ هەموو کەس و لایەنێک ڕۆشنە کە کۆتایی زۆنی زەردو سەوز، تەنها هێزی ناڕەزایەتی جەماوەری بۆ ڕاماڵین مسۆگەری دەکات.
گەندەڵی بەرفراوان و سیستماتیک و بێکۆتایی کە لە لوتکەی سەرکردایەتی هەردولایاندا جێگیر کراوە، لەهەمانکاتدا بۆتە سەرچاوەیەک لە ناکۆکیەکانی نێوانیان، چونکە ناتوانن ئەو تاڵانی و قۆرخکرنەی سەروەت و سامانی کوردستان بە یەکسانی لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن، کە سەرچاوەیەکی مەترسیدارە لە ململانێی نێوانیاندا، هەروەها کێشەیەکی گەورەیە لە ڕێکخستنی پەیوەندیەکانیان بە حکومەتی بەغداوە، کە هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا، عێراق و کوردستانیان کردووە بە گەندەڵستان، وڵاتانی ناوچەکەش لەلایەک سود لەم بێدەسەڵاتی و ململانێیەی هەردوو بنەماڵە وەردەگرن، لەلایەکی تریشەوە لە گەڵ هەردولایاندا ڕێک دەکەون و ملکەچی بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەکەن.
بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لەمێژە بێزاری خۆیان دەربڕیوە لە بەرامبەر مامەڵەی بێباکی ئەمەریکا بەرامبەر بە بارودۆخە نالەبارەکانیان، نامەکانیان بێوەڵام ماونەتەوە، سەردانەکانیان بۆ ئەمریکا بایەخی جدی پێنادرێت، ئەمریکا هیچ ئاسۆیەک لە پاراستنی پێگەیان لە ناوچەکەدا نیشان نادات.
ئەم بێباکیەش مێژوویەکی هەیە، هەر لەکاتی هێرشی داعشدا، ئەمریکا بێباک بووە بەرامبەریان، ئەگەر دەخالەتی ئێران نەبوایە حکومەتی هەولێر دەکەوت. لەڕاستیدا ئێستا قووڵایی گەندەڵیان و فشارەکانی دەسەڵاتی بەغدا، لەلایەکی ترەوە سەرقاڵبونی ئەمریکا لە ناوچەکانی دیکەی جیهان وایکردووە هەولێر زیاتر گۆشەگیر بێت، ئەمریکا چیتر گرەنتی کەشوهەوای پاراستنی ئابوری و دارایی و سەربازی هەرێم نیەو کارێکی پێیان نەماوە.
هۆکارێک کە وەک دوو حزب دەیان هێڵێتەوە، پێویستیەکانی بەغدایە بە بارزانی و تاڵەبەنی کە ئیدارەی هەرێمی بۆ بکەن، بە باڵادەستی و بەرنامەی حکومەتی عێراق دەبێ ئەوکارە ئەنجام بدەن.
له‌ساڵی‌ ٢٠٠٦ەوە ئه‌مه‌ریكا به‌رپرسانی‌ باڵای‌ یه‌كێتی‌‌و پارتیان له‌پێویستی‌ بونی‌ هێزێكی‌ به‌رگری‌ نیشتمانی‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاگاداركردۆ‌ته‌وه‌، هاوكات هانی‌ هه‌ردو حزبه‌كەی داوە، هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ یه‌كبخه‌نه‌وه‌و له‌ژێر یه‌ك فه‌رمانده‌یدا هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن. له ‌زنجیره‌یه‌ك كۆبونه‌وه‌ی‌ لاوه‌كیدا له‌مه‌راسیمی‌ (٦٠)ه‌مین ساڵیادی‌ دامه‌زراندنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستاندا له‌هه‌ولێر، له‌ڕۆژی‌ ١٦ی ئابی‌ ٢٠٠٦، باڵیۆزی‌ ئه‌مه‌ریكا باسی‌ پلانی‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ كردوە.
تاڵه‌بانی‌‌و بارزانی‌ ڕه‌زامه‌ندبوون‌ و باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ له‌كۆتایی‌ مانگی‌ ئابی‌ ئه‌و ساڵه‌دا به‌نیازن پلانێك پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ژێر یه‌ك فه‌رمانده‌یدا، هه‌روه‌ها وا له‌و هێزه‌ یه‌كگرتوه‌ بكه‌ن سه‌ربه‌خۆبێت له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌ردوو حزب. هه‌ردوو لایەن، داوای‌ یارمه‌تیان له‌باڵیۆزی ئەمریکا كردوە بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و پلانه‌، له‌ڕێگه‌ی‌ ڕاهێنانی‌ هێزه‌ یه‌كخراوه‌كه‌وه‌ كه‌ ده‌بێته‌ “هێزێكی‌ پاسه‌وانی‌ نیشتمانی‌”.
ئەمەش ئەو خەون و ئەفسانەیە بوو کە ئاستی قوڵی گەندەڵی و تاڵانی و قۆرخکردنی سەروەت و سامانی کوردستان و بەکارهێنانی هێزە میلیشیاکانیان لەو پێناوەدا، بە هیچ جۆرێک بواری نەهێشتەوە بەڵێنەکەیان بۆ ئەمریکا جێبەجێ بکەن. دوو هێزی میلیشیا لە دوو زۆندا تەنها بەرژەوەندی و گەندەڵیەکانی دوو بنەماڵە دەپارێزن.
ئەوە گەورەترین هەڵەیە کە لە بیرکردنەوەی ئەو کەس و لایەنانەی چاوەڕوانن لەو دوو هێزە میلیشیایە، “هێزی پاسەوانی نیشتمان”ی دروست کەن.!
ئێستاش لەپەیوەند بە بڕیاردان بۆ هەڵبژاردن و دانوسان و گفتوگۆ لە گەڵ حکومەتی عێراق و هێزە سیاسیەکانی عێراق، بە چاوەڕوانیان لە ئەمریکا و ووڵاتانی ناوچەکە، دوای سی ودوساڵ لە پۆزلێدانی دەسەڵات، لەبەردەم سەرگەردانی و گێژاوێکدا سەرەتاتکێ دەکەن، ڕۆژانە ئارەقی ڕیسوایی و شەرمەزای دەسڕن، نازانن چۆن لە قەیرانی ئەم هەڵبژاردنە بێنەدەرەوە.




سیستمی گەندەڵی عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

لە پێوەرەکانی تێڕوانینی گەندەڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کە لەلایەن ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتیەوە دەرچووە، عێراق لە ڕیزبەندی گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندا پۆلێن کراوە، بەو پێیەی لە ئێستادا عێراق لە ڕیزبەندی پێنجەمی گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندایە. ئەم گەندەڵیە لەگەڵ هەر گۆرانکاریەکدا هێشتا بەردەوامەو پەرچەکردارێکی جدی لە بەرامبەریدا نەکراوە.
بەرپرسانی عێراق بۆ خۆشیان، لە ڕێگەی وتارە سیاسی و سیمینارەکانیانەوە بۆ میدیاکان، بێشەرمانە، نکۆڵی لە بونی گەندەڵی بەربڵاو لە دەزگاکانی دەوڵەت ناکەن.
ئاشکرایە تاکە پرسێک کە هێزە سیاسیە بەشدارەکانی حکومەت لەسەری ڕێککەوتون، دابەشکردنی وەزارەت و دامودەزگاکانی دەوڵەتە، وەک کردنە سەرچاوەی داهات بۆیان.
ئەم چەسپاندنی گەندەڵیە وەها ڕەگی داکوتاوە بەربەستێکی بەرچاوە لەبەردەم گەشەسەندنی وڵاتدا، چونکە متمانەی خەڵکی تێکداوە و هەموو هەوڵەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان بە هاووڵاتیان ئیفلیج کردوە.
لە ساڵی ٢٠٠٣وە دوای ڕوخانی حکومەتی بەعس بەدەوری ڕاستەوخۆی ئەمریکا، گاڵتەجاریەک لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لە پێکهاتەی ئیسلامی و تائیفی و نەتەوەچێتی ڕیزبەندی کرا، کە بووە گەورەترین سەرچاوەی نەهامەتی بۆ دانشتوانی عێراق، لە خولقاننی شەڕی قەومی و تائیفیدا، ڕەخساندنی باڵادەستی فەزای تاڵانی و گەندەڵیەک، کە ڕێگایەک بۆ کۆتایی هێنانی ڕوناکی تیا بەدی نەدەکرا، هەرچەندە گۆڕانکاریەک لە ئارامکردنەوەی دۆخی شەڕی تائفی و قەومی تاڕادەیەک خاوبۆتەوە، بەڵام زەمینەی بەردەوامی بە گەندەڵی لە شوێنی خۆیدا نەجوڵاوە.
ئەم گەندەڵیە درێژبۆتەوە بۆ ناو تەواوی دەزگا قانونیەکان و دەزگا ئەمئی و سەربازی و حەشدی شەعبی و پێکهاتەی هەر‌ هێزێکی چەکداری، کە حاڵەتێکی تەواو ناجۆری بەرهەم هێناوە، بواری لێپرسینەوەی بە تەواوی قفڵ کردوە.
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا نوخبە سیاسیەکان سەرپەرشتی سامانێکی بەرفراوانیان خستۆتە ژێر دەستی خۆیان و بەتاڵانیان بردوە، لە هەمان کاتدا نەیان ویستوە زەحمەتی ئەوە بکێشن، خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان وەک ئاو و کارەبا و تەندروستی و خزمەتگوزاریە گشتیەکانی دیکە پێشکەش بکەن.
تاڵانی و دزینی سامانی گشتی کە هۆی کەم وەبەرهێنانی درێژخایەن بوە لە ژێرخانی ئابووریدا، گەشەی ئابووریی خنکاندووە و بەمەش هەژاری و بێکاری زیادکردوە.
پراکتیزەکردنی سیستماتیکی گەندەڵی، بەو پێیەی پەیوەندی متمانەی نێوان هاووڵاتیان و دەوڵەت لەناو دەبات، گەندەڵی یەکێکە لە هۆکارە بنەڕەتیەکانی لاوازی دەوڵەت و دامەزراوەکان و هاووڵاتیان، دواجاریش باجەکەشی هەر بەشی هاووڵاتیانە.
گەورەترین ئامرازی بە سیستماتیککردنی گەندەڵی لە عێراقدا بەکارهێنانی هێزو سود وەرگرتنە لەدەزگا باڵاکانی حکومەت، هەربۆیە لەئاستی یەکسانی هاوسەنگی هێزی لایەنەکاندا، ناچار بون حکومەتی بەشبەشێنە دامەزرێنن.
هەندێ جار دامەزراوەی تایبەت بۆ بەڕەنگاربونەوەی گەندەڵی پێکهێنراوە، بەڵام ئەوەی نەشاردۆتەوە کە بۆ بەئامانجگرتنی نەیارانی سیاسی بەکارهاتون، لە هەمان کاتدا هەنگاوەکانیان بۆ وەستانەوە بەرامبەر گەندەڵی ئەوەی سەلماندوە کە بەربەستێکی لاوازن لەبەردەم بەرپرس و وەزارەتەکانی حکومەتدا، چونکە لەسەر بنەمای پەیوەندی تائیفی و حزبی و میلیشیای پارێزراون.
لەلایەکی تریشەوە بۆ بەڕەنگاربونەوەی گەندەڵی هەندێ هەوڵی نێودەوڵەتیش دراوە بۆ چاکسازی و بەرزکردنەوەی شەفافیەت و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پشتیوانی لە دەستپێشخەریەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. بەڵام ڕوبەڕوی بەڕەنگاریەکی بەرچاو بووە لەلایەن دەوڵەت و حزب و هێزە میلیشیاکانەوە کە لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسی عێراقدا چەسپاوە.
گەندەڵی بۆتە سیستەمێکی کارکردنی یاسایی، بۆ پاراستنی دەستکەوتی حزبەکان و قۆرخکردنی دەسەڵات بە پارەدارکردنی بەرپرسەکان و میلیشیاکانیان، لە هەمان کاتدا گەندەڵی لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە پارتەکانی پاڵپشتی ئێرانەوە دەپارێزرێت و بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی داهاتەکانیان، کە تیرۆر و ڕفاندن و جۆرەکانی تری توندوتیژی ئەنجام دەدەن.
چەسپاندنی گەندەڵی بە جؤرێک ئاوەکەی ڕشتووە، کەسەرۆک وەزیرەکان لە حەیدەر عەبادیەوە تا دەگات بە سودانی، نەیان توانیوە لە بەرامبەر نەهەنگی گەندەڵی و حزبەکانی و میلیشیاکانی هەڵوێست گرن و بوەستنەوە، ئیرادەی پێویستیان نیە بۆ جێبەجێکردنی چاکسازیەک لەم بوارەدا، سەرەڕای ئەوەی کە لێدوانەکانیان نەیتوانیوە لە ئاسمان بێتە خوارەوە، لە هەمان کاتدا گەرەنتی ئەوەش نیە گەر لەئاسمان بێتە خوارەوە چی ڕوئەدات.
ئەوەش سەیر نیە گەر بڵێین لە تەواوی ئەو پرۆژە ئابوریانەی ڕێڕەوی گەشەپێدانی گرتۆتە بەر بۆ گۆڕانکاری و دامەزراندنی عێراقێک کە سەقامگیری و ئاسایش دابین کات بۆ سەرمایەگوزاری، بەرەو ڕوی سەختیەکی پڕ زەحمەت دەبێتەوە لە دامەزراندی پڕۆژەکاندا، گەر نەتوانێ ئاڵوگۆڕ لەم سیستمی گەندەڵیەدا نەکات، یاخود بە شێوازێکی تر سەرکەوتوانە هەمان ئەو پڕۆژانەش تێکەڵ بە شێوازێکی تر لە گەندەڵی بکەنەوە.
بۆیە ئاسان نیە بە شێوەیەکی ڕیشەیی تاڵانی و گەندەڵی، حکومەتی عێراق و کوردستان بنەبڕ بکرێت، گەر ئەو حکومەتانە بە پێکاهاتەی هێزە میلیشیاکانی ئیسلامی و تائیفی ونەتەوەچێتی و بنەماڵیەوە بنەبڕنەکرێن.




ئیسرائیل و ئێران.. عوسمان حاجی مارف

ئەو هۆکارە بنەڕەتیانەی کە بوونە هۆی زیاتر پەرەسەندنی بارگرژی نێوان ئیسرائیل و ئێران، دەرئەنجامی ئەو گێچەڵانە بوون کە ئیسرائیل دژ بە بوونی ئێران لە سوریا بەڕێوەی دەبرد، ئەم گێچەڵانەی ئیسرائیلیش کێشکردنی ئێرانە بۆ شەڕێکی فراوانی ناوچەیی.
دەیان ساڵە ناوچەکە توانیویەتی ژیان لەگەڵ ململانێی سێبەری نێوان هەردوو ئێران و ئیسرائیلدا بەسەر بەرێت. بەڵام هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆی، زەنگێکی هۆشداری مەترسیدار دەربارەی توندبونەوەی ئەو بارگرژیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێدەدا، ئەوەی لە ڕابردوودا وا بیردەکرایەوە مەحاڵە ئەو بارگرژیە بتەقێتەوە، بەڵام ئەو هێرشانەی بەرامبەر یەکتر نمایشیان کرد، پەیامێکی وەهای ڕاگەیاند، کە هەندێ لێکدانەوە پێیان وایە، ئەو تەقینەوەیە لە هەر ساتێکدا بێت، ئەگەری ئەوەی هەیە ببێتە واقیع، بەم شێوەیە ململانێی سێبەری درێژخایەنی نێوان هەردوو وڵات بەئاشکرا ڕوویدا.
ئەو باوەڕەش کە جەخت دەکات لەسەر ئەوەی ئەم ململانێیە ناتەقێتەوە، لە لایەک لەسەر بنەمای ئەو ئاراستەیەی کە ئەمریکا ڕێگە نادات شەڕی ئیسرائیل و ئێران هەڵبگیرسێت، هەروەها لە ئاستی دنیاو ناوچەکەدا بە هیچ جۆرێک لایەنگری بۆ ئەو شەڕە لە ئارادا نیە، ئێرانیش لەئێستادا بەرژەوەندی نیە بچێتە شەڕێکی گەورەی ناوچەییەوە، چونکە شەڕێکی لەو شێوەیە، ئێرانی دەکێشایە ناو ململانێەکی بێکۆتایی وێرانکارو مەترسیدار، بۆ سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.
خولقاندنی شەڕێکی فراوانی ناوچەیی گێژاوێکە تەنها ئسیرائیل بە نوێنەرایەتی ناتانیاهۆ بەدوایەوەیە، ئەوەش بۆ دەرچون لەو قەیران و بنبەستیانەی لەناو غەززەو لە ناوخۆی ئیسرائیلدا دەرگیری بووە، دەنا هیچ ووڵاتێک بە ڕەچاوکردنی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ناوچەکەدا پێشبینی دەکەن، رودانی ئەو شەڕە لە دژی بەرژەوەندی خۆیان و دژ بە گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ دامەزراندنی سەرمایەگوزاری لە ناوچەکەدا دادەنێن. هەرچەندە وڵاتانی ناوچەکە تاڕادەیەکی گونجاو سەرکەوتوو بوون لە دابڕاندنی خۆیان لە کاردانەوەو ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەڵام لە بەردەم ئەگەری توندبوونەوەی دەورەیەکی دیکەی ململانێدان کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دەهێنێتە ئاراوە.
لەهەرحاڵدا ئەو گۆڕانکاریەی لە ململانێی ئێران و ئیسرائیل بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بارگرژیەکی مەترسیداری نیشاندا، بەو مانایەیە کە پێویستە ئەو وڵاتانە خۆیان ئامادە بکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەگەری سیناریۆی شەڕی ئیسرائیل و ئێران، نەک بەردەوام بن لە گرەوکردن لەسەر ئەوەی کە ئەم شەڕە ڕوونادات.
لە هەمان کاتدا ترسی ئەوەش هەیە کە دەیان ساڵەی دوژمنایەتی ئیسرائیل و ئێران، بەجیا لەوەی لێکدانەوەکان و دۆخەکە ئەوە نیشان ئەدات، کە ئەگەری ڕوودانی ئەم شەڕە بە دور دەبینرێت، بەڵام لێکدانەویەکتش هەیە، ڕەتی ئەوەش ناکاتەوە کە ئەم ململانێیە لەدەست دەرچێت و بگۆڕێت بۆ شەڕێکی هەمەلایەنە، بەتایبەتی کە سوپای ئیسرائیل هێرشە دڕندانەکانی بۆسەر غەززە بەردەوامە.
ساڵانێکە ئیسرائیل و ئێران شەڕی بە وەکالەتیان ئەنجامداوە، تاران تۆڕێکی میلیشیای هاوپەیمانی لە سەرانسەری ناوچەکەدا دروستکردووە، کە هێرشەکانیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، لە بەرامبەریشدا گومانی کوشتنی زانایانی ئەتۆمی لە ئێراندا هەیە و سەدان هێرشی ئاسمانی دەستپێکردووە لەسەر هێزەکانی ئێران و هاوبەشە چەکدارەکانیان بەتایبەت لە سوریا، سەبارەت بەو سیناریۆیانەی کە ئیسرائیل بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران بکاتە ئامانج، بەشێوەیەکی بەرچاوە.
ستراتیژی ئێران لەسەر بنەمای بەکارهێنانی تۆڕی میلیشیاکانی خۆی، هەوڵیداوە بۆ دەرکردنی ئەمریکا لە ناوچەکە و فشارخستنە سەر ئیسرائیل، لە هەمان کاتدا دەیەوێت خۆشی لە شەڕەکە دوور بخاتەوە. تاقمەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بریتین لە حەماس و جیهادی ئیسلامی لە غەززە، حزبوڵڵا لە لوبنان، حوسییەکان لە یەمەن و چەند گروپێکی چەکدار لە عێراق و سوریا، و وەک هێڵی پێشەوەی بەرگری ئێران کاردەکەن.
ئێران لە ڕێگەی ئەم میلیشیایانە سەرکەوتوو بووە لە کێبڕکێ لەگەڵ زلهێزە تەقلیدیە ناوچەییەکان لە ناوچەکەدا، بەو پێیەی پشتیوانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی زیاتر لە ٢٠ گروپی چەکدار دەکات، کە زۆرینەیان واشنتۆن بە تیرۆریست پۆلێنی کردون.
خالێکیش کە پێویستە بە هەند وەریگرین، ئیسرائیل توانای ئەوەی نییە بە تەنیا بچێتە ناو ئۆپەراسیۆنی شەڕێکی فراوانی ناوچەییەوە، بەڵکو پێویستی بەیارمەتی ئەو هێزەی ئەمریکا دەبێت کە لە کەنداو جێگیرکراون، بەڵام ئیدارەی ئەمریکا ئامادەیی نیشان نەداوە بەشداری هەر پرۆسەیەکی شەڕی فراوان لەوجۆرە بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل بکات.
گورزی ئێران ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە پڕۆژەی پاراستنی ئیسرائیل هێشتا پشت بەو زلهێزانە دەبەستێت کە لەڕووی سیاسی و ئەمنی و سەربازیەوە سپۆنسەریان کردووە، بەتایبەتی بە دەستێوەردانی ئەمریکا و بەریتانیا لە خستنەخوارەوەی زۆربەی ئەو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لەلایەن ئێرانەوە هەڵدەدرێن.
دوای هێرشە موشەکیەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ناتانیاهۆ دەگەڕێتەوە بۆ گێڕانەوەی وێناکردنی ئیسرائیل وەک “قوربانی”، بۆئەوەی شەرعیەتێکی نوێ لەناو ئیسرائیل بەدەستبهێنێت و هاوسۆزی بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە، بەتایبەتی لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە، بەڵام بەگشتی وەها دێتەبەرچاو کە ناتانیاهو شەرعیەت و متمانەی خۆی لەدەستداوە بە تایبەتی دوای شکستی ستراتیژی لە غەززە.
بۆیە ئەو پرسیارە دێتەپێشەوە کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەم کاتەدا تا چەند سوودی لە لێدانی ئێران وەرگرتووە بۆ گەڕاندنەوەی وێنایەکی ئەرێنی لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا، بەتایبەت کە هەمیشە بزووتنەوەی حەماس خۆی بە ئێرانەوە گرێداوە، هەڵبەتە پاکتاوکردنی خەڵکی غەززە هەلی کردنەوەی هیچ دەرگای شۆردنەوەی ریسوایی بۆ ناتانیاهو نەکردۆتەوە، دوای وەستانی شەڕی داگیرکاری غەززە، ناتانیاهۆ وەک تاوانبارێک لە بەردەم دادگادا ڕوبەروو دەبێت.
هەروەها ڕۆژنامەی ئەمریکی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەدا کە بایدن لەبەرامبەردا متمانەی بە نەتانیاهۆ لەدەستداوە، بە شێوەیەکی تایبەت نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە هەوڵەکانی نەتانیاهۆ بۆ ڕاکێشانی ئەمریکا بۆ ناو شەڕێکی فراوان.
وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشی ئێران بەپلەی یەکەم پشت بەستن بوە بە هەڵوێستی ئەمریکا و حیساباتی واشنتۆن و جۆ بایدن، بەڵکو حساباتێک بۆ دۆخەکە بکەن، ئەوەش لە هەستیاری دۆخی ناوچەکەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە حیساباتی هەڵبژاردن لە ئەمریکا، بەڵام بایدن لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا هۆشداری داوەتە ناتانیاهۆ کە ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل بەشداری لە هێرشی پێچەوانە بۆ سەر ئێران ناکات.
لەکاتێکدا ئەمریکا لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ ئێران، لە ڕێگەی بەشی بەرژەوەندیەکانی باڵیۆزخانەی سویسرا و جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆنتڕۆڵنەکردنی ململانێکان ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی کارەساتبار لە ناوچەکەدا، بەرپرسانی ناوچەکە هۆشداری دەدەن لەوەی کە پەرەسەندنەکان ڕەنگە ببێتە هۆی جەنگێکی بەرفراوان.
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم دۆخەی بارگژی ئێستای نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەتوانین بڵێین بەجؤرێک لە هەوادا هەڵواسراوە، تا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە بەردەام بێت، بەشێک لە ئیسرائیلتەکان بیر لەوە دەکەنەوە کە چ وەڵامێکی تر بۆ هێرشەکەی ئێران بکەنە ئامانج، ئەگەرەکانی دوبارەبونەوەی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشەکانی ئێران، ئاماژە بەوە ئەدا کە گوایە بیر لەوە دەکەنەوە، لەوانەیە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە سەربازیەکان یان بارەگاکانی حکومەت، یان هێرشکردنە سەر بارەگاکانی سوپای پاسدارانی ئێران لەخۆ بگرێت.
لە کاتێکدا ناتانیاهۆ و بەرپرسانی ئیسرائیل داوای دەستپێکردنی هێرشێکی گەورە بۆ سەر ئێران دەکەن کە ڕەنگە بەرنامە ئەتۆمیەکەش لەخۆ بگرێت، بەڵام بەگشتی ئیسرائیلیەکان جۆری هێرشەکانی ئێران بۆ سەریان، بە سەرکەوتن بۆ خۆیان ئەژمار دەکەن، دوای ئەوەی نزیکەی هەموو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران خراونەتە خوارەوە بەبێ ئەوەی هیچ کاریگەریەکی بەرچاویان هەبێت. بەگشتی دەتوانم ئەوە بڵێم لە گەڵ هەر بارگرژی و بونی دۆخێکی دژواردا، هەڵگیرسانی شەری گەورەی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەدوور دەزانم.
لەبەر ڕۆشنایی هەڵوێستە نێودەوڵەتیەکان و نەبوونی جۆش و خرۆشی ئەمریکا بۆ پەرەسەندنی شەڕەکە، ئیسرائیل خۆی لە دووڕیانێکدا دەبینێتەوە کە ڕاگرتنی لێدان لە ئێرانیان یان دواخستنی، نە گونجاندنە بۆ ئەوەی کە ناتانیاهو لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا خۆی ڕێکبخات، چونکە دواتر سەختە بۆی بتوانێت شەڕێکی گەورە بخولقێنێت کە ئومێدی دەرچونیەتی لەو قەیرانەی بەرەوڕویەتی.
ئیسرائیل بە لاوازترین ساتەکانی خۆیدا تێدەپەڕێت، هاوسۆزی ڕەوتی شەڕی غەززە و بەرەی ناوخۆ هەڵوەشاوەتەوە، هەروەها هیچ کۆدەنگیەکی سەربازی و سیاسی ئیسرائیل لەسەر لێدانی کونسوڵخانەی دیمەشق نەبوو، بەڵکو وەک شکستێکی تر بۆ ناتانیاهۆ تۆمار کرا.
ئەم هێرشانە ڕوبەڕوبونەوەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلیان لە سێبەر و لە ڕێگەی بە وەکالەتەوە هێنایە دەرەوە، بە ئاشکرا ئیسرائیل هەوڵئەدات بیکاتە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لە بەرامبەر یەکتردا.
ئەو ڕێگایانەی کە ماونەتەوە بۆ ڕزگارکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سیناریۆیەکی کارەساتبار، لە ڕێگەی ڕێکخستنی ناڕەزایەتی جەماوەری بەرفراوانی جیهانیەوە هەوڵدانە بۆ ڕێگرتنی تەواوی ئەگەرەکانی ڕودانی شەڕی فراوان لە ناوچەکەدا، وەستانی داگیرکاری ئیسرائیل بۆسەر فەلەستین، هەڵوەشانەوەی میلیشیاکان، دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین،…
ئەوەی لەم نێوەشدا بە گشتی بۆ ئارامی لە ناوچەکە، دەبێت حساباتی جدی لەسەر بکرێت، پێویستی بە ئاڵوگۆڕێکی جدی هەیە لە پێکهاتەی هەردوو حکومەتی ئێران و ئیسرایئل، هەتا ئەگەر لە ڕێگای چاکسازیشەوە بێت لە گۆڕانی ئارایشی پێکهاتەی هەر دوو ئەو حکومەتەدا، ئەتوانێ ڕێگایەک بێت بۆ کۆتایی هێنان بە دۆخی جەنگ و ناسەقامگیر کە دوو دەیە زیاترە ناوچەکە تیا غەرق بووە.




هەڕەشەکانی تورکیا لەسەر یەکێتی.. عوسمانی حاجی مارف

ڕۆژنامەی خەباتی پارتی، لە مانشێتێکی گەورەدا لە ماڵپەڕی خۆیدا ڕایگەیاندووە، پارتی کرێکارانی کوردستان گروپی چەکدار لە سلێمانی پێکدەهێنن و دەیاننێرن بۆ چیای قەندیل و ناوچە کوردیەکانی سوریا. ئەمەش بەجیا لە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر هەڵبژاردن، بەو ئاکامەی گەیاندوە کە پەیوەندیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی چووەتە ناو قۆناغێکی بارگرژی زیاترەوە.
هەروەها ڕاپۆرتێکیش کە ڕۆژنامەیەکی سەر بە پارتی بڵاویکردۆتەوە، گوایە شاری سلێمانی وەک بنکەی دواوەی پەکەکە بەکاردەهێنرێت، بۆیە سەرسوڕمان و توڕەیی سەرکردەکانی یەکێتی لێکەوتەوە، کە ئەو ڕاپۆرتە وەک هاوکاری هەواڵگری بۆ تورکیا لێک ئەدەنەوە، هاندانێکی ڕاشکاوانەیە تا حکومەتی تورکیا بکەن بەگژ یەکێتیدا.
ئەوەی هۆکاری زیاتر تووڕەیی یەکێتیە لەسەر ئەو ڕاپۆرتە، ئەوە بوو کە یەکێتی دەڵێت هەڵمەتێکی تۆمەتبارکردنی لەگەڵدایە، کە گوایە یەکێتی باوەشی بۆ پەکەکە کردۆتەوەو پشتیوانی پەکەکە دەکات دژ بە تورکیا، کە پێشتر بەرپرسانی باڵای تورکیاش وێنایەکی لەو چەشنەیان لەسەر یەکێتی داوەو دەرگای هاتوچۆیان لەسەر داخستون.
گرژیی نێوان بارزانی و تاڵەبانی کە لەم دواییانەدا بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمەوە لە نێوانیاندا پێشهات، بەوەی یەکێتی پێداگری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات، بەقەبوڵکردنی هەموارکردنی یاسایی و ڕێکارەکان، کە بەم دواییە لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە پەسەندکرا، بەڵام پارتی پێداگری لەسەر دواخستنی دەکات و بڕیاری لەسەر بایکۆتکردن داوە ئەگەر ئەم هەموارکردنانەی دادگای ناوبراو هەڵنەوەشێنەوە. هەربۆیە مەسرور بارزانی هەوڵی داوە لەڕێگەی داوای سکاڵا لەسەر بڕیارەکانی ئەو دادگایە، هەڵبژاردن بخاتە کاتێکی دواترەوە، کە لەم رۆژانەدا ئەو سکالایەش لەلایەن دادگاوە رەتکرایەوە.
ئەوە شاراوە نیە کە کێشەو ململانێی پارتی و یەکێتی، لە یەکەم ڕۆژی دەسەڵاتیان لە هەرێمدا وەک دوو هێزی میلیشیای ناسیۆنالست لە ماوەی سی ودوو ساڵدا، زۆر بەچڕی لە هەوڵی ئەوەدا بوون بە هەر بەهاو شێوازێک بۆیان لوابێت لە هەوڵی شەڕی ئەوپەڕی بێشەرمانە و دڕندانەو تێکشکان و ڕیسواکردنی یەکتریدا بوون. هاوکاری بەعس بۆ پارتی، هاوکاری کۆماری ئیسلامی بۆ یەکێتی لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ نمونەیەکی لە بیرنەکراوی ڕیسوایی هەردوولایانە، کە تائێستا ئەم ڕێبازەیان نەریتێکە بۆ چەندەمین جار دوبارە دەبێتەوەو شەرمەزاریش نابن.
هەروەها بافڵ، پارتی بەوە تۆمەتبارکرد کە زانیاری ناڕاستی بە تورکیا داوە و لەڕادەبەدەر بە چەواشەکارانە و نادروست و بێبنەما وەسفی کرد.!
هەڵبەتە ئەم جۆرە لە راپۆرت و سیخوری لە بەرامبەر یەکتردا کارێکی تازەو نامۆ نیە، نەریتێکە لە ململانێی حزبەکانی کوردایەتی، کە لەکاتی جیاوازی فکری و سیاسی و نەتەبابوونی بەرژەوەندیەکانیان جگە لە ملشاکاندنی یەکتر ڕێگایەکی تریان بەدەسەتەوە نیە.
لەگەڵ پەرەسەندنی بەرچاوی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە ناوچەکە، ئەو جۆرە تۆمەتانە، کە لەلایەن سەرکردە حزبی و ئەمنیەکانی یەکێتی لە سلێمانی ڕەتدەکرێنەوە، بەڵام لەهەمانکاتدا بوونەتە مایەی نیگەرانی و ترس لەوەی تورکیا ئامادەکاری زیاتر دەکات بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی، لە لایەکی تریشەوە فشارەکانی بۆسەر ناوچەی یەکێتی زیاتر دەبن، ئەوەش ڕۆشنە کە پارتی بۆ خۆی ئەوە باش دەزانێت کە تورکیا بە هیچ جۆرێک دەست لە خەڵکی سڤیل ناپارێزێت.
لە کاتێکدا بارگرژی یەکێتی و پارتی لەئێستادا کە خەریکن مامەڵەکردن لەسەر هەڵبژاردن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیەوە دەکەن و لەبەردەم دۆخێکی دژواردان لە پەیوەند بە ئایندەی هەرێم و پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتی بەغدادا، کێشەکە لەلایەن پارتیەوە بەئاشکرا پەلدەکێشت بۆ تۆخکردنەوەو ڕوبەڕوکرندەوەی یەکێتی لەبەرامبەر تورکیادا، چونکە لەلایەک ئەو نەخشەو هەوڵانەی حکومەتی بەغدا لە گەشەی ئابوری لە پەیوەندی لەگەڵ تورکیا واژۆیان کردوە، بەئاراستەی کاڵبونەوەی پێگەی پارتیە و بۆشاییەک لە پەیوەندی نێوان بارزانی و تورکیادا پێکدەهێنێت، یەکێتیش زیاتر خۆی ڕادەستی نەخشەو سیاسەتەکانی حکومەتی بەغداکردوە، پارتی فرسەت دەهێنێت لەو قەیرانەی دەرگیری بووە لەلایەک سەرنجی دڵسۆزی خۆی بۆ تورکیا نیشان بدات، لەلایەکیترەوە یەکێتی بخاتە ناو تەڵەی گێژاوی هەڕەشەکانی تورکیاوە.
بەرپرسێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی یەکێتی بە تووڕەییەوە وەڵامی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی خەباتی دایەوە، و ڕادەگەیەنێت کە ئەوەی ڕۆژنامەی خەبات بڵاویکردۆتەوە تەنیا پەیامێکی درۆ و چەواشەکارانەیە و بانگهێشتکردنێکە بۆئەوەی دەوڵەتی تورکیا خەڵکی سڤیل لە سلێمانی و هەڵەبجە بکوژن و ئاسایش و ئارامی ناوچەکە تێکبدەن، لەهەمانکاتدا ئاماژە بەوەش ئەدات کە پەکەکە لەنێوان سنوری عێراق و تورکیادایە، هەروەها تورکیا و پارتی خۆشیان دەڵێن کە ٤٠٠ گوند لەژێر کۆنترۆڵی پەکەکەدایە، واتە پێویستی بە ناوچەی سەوزی یەکێتی نیە!؟.
لەدوایین ئاگادارکردنەوەی تورکیا بۆ یەکێتی بەوەی هاوکاری پەکەکە دەکات، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، لەوماوەیەدا داوای لە پارێزگاری سلێمانی کردوە، کە دەسەڵاتداران واز لە پشتیوانیکردنی پەکەکە بهێنن و لێی دوورکەونەوە، ئەگەر وانەکەن ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بەردەوام دەبن و ئۆپەراسیۆنەکان لە دڵی سلێمانیدا ئەنجام دەدرێن.
ئەو وەزیرە جەختی لەسەر ئەوەش کردوە، وڵاتەکەی لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ یەکێتی ڕوون بووە و هۆشداریشی داوە لە بەردەوامبونیان لەیاریەکان و خۆخستنە ناو تەڵەی هاوکاری پەکەکەوە. داوای لێکردون پاڵپشتیەکانیان بۆ پەکەکە ڕابگرن و بانگهێشتیان نەکەن بۆئەوەی بێنە سلێمانی، نەهێڵن سوود لە نەخۆشخانەکانی پارێزگاکە وەربگرن. هەروەها هەڕەشەی ئەوەشی کردوە کاتێک “ئێوە لەگەڵ پەکەکە کار دەکەن و ئێمە ئەمە دەبینین، دەبێت شتێک لە دژی ئێوە بکەین، چونکە ئەم ڕێکخراوە بۆ ئەوە دروست بووە کە ئێمە بکاتە ئامانج، بۆیە ناتوانین ڕێگە بدەین ئەمەڕووبدات”.
تورکیا لەم دواییانەدا دەستیکرد بە دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی نوێ لە پارێزگای دهۆک، لە ژێر ڕۆشنایی بێدەنگی فەرمی حکومەتی بەغدا کە ڕەنگدانەوەی بوونی گڵۆپی سەوزە لە بەغداوە بۆ ئەنقەرە، بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی لەگەڵ پەکەکە، لەژێر ڕۆشنایی گەشەسەندنی بەرچاو کە لە پەیوەندیەکانی تورکیا و عێراقدا تۆمارکراوە، بەتایبەتی لە بواری گەشەپێدان و ئابووریدا.
هێزەکانی تورکیا لەم دواییانەدا ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانیان لە ناوچەکانی باکوری عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەپێداوە، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانیان لەگەڵ ڕێوشوێنی دامەزراندنی ئامادەبوونی سەربازی جێگیر لەو ناوچانەدا بە دامەزراندنی بنکەی سەربازی.
تورکیا چالاکانە کاردەکات بۆ گۆڕینی ناوازەیی هەڵوێستی یەکێتی نیشتمانی سەبارەت بە شەڕەکەی دژی پەکەکە، بەڵام لەم نێوەدا یەکێتی لەڕێگەی پاشکۆیی و پەیوەندیەکانی بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ناتوانێ هەڵوێستێکی پەیگیرو ڕۆشن و یەکلاکەرەوە نیشان بدات، پارتیش ئەم دۆخەی قۆستۆتەوە لە هەوڵی توندکردنەوەی کێشەکانی نێوان تورکیاو یەکێتیە.
ئەم هەڕەشانەی تورکیا لەسەر یەکێتی بۆ بەرژەوەندیەکانی پارتی لەم دۆخەدا کە کێشەکان پەرشوبڵاون، هەلێکی داوە بە بارزانی پاشقولێک لە یەکێتی بگرێت لەبەرامبەر ئەو پاشقولانەی یەکێتی لەسەر هەڵبژاردن لە پارتی دەگرێت. لەهەمانکاتدا بەردەوامی ئەو پرۆسەو کێشانەیە کە یەکێتی و پارتی لەبەرامبەر یەکتردا لە هەوڵی شکاندنی هاوسەنگی هێزی یەکتردان، وەک هەر جارێکی ترو نمونەیەکی پەرچەکردار لەبەرامبەر یەکتردا ئاکامەکەی چ کارەساتێک دەخولقێنێت، قوربانیەکان چەندن و دۆخەکە بەرەو کوێ دەبات، بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت لە بیرکردنەوەی بارزانی و تاڵەبانی و سەرکردەکانی یەکێتی و پارتیدا بێت.
ئەنقەرە لە ئەنجامی ناکۆکی بەربڵاوی نێوان پارتی و یەکێتی هەوڵ دەدات تا دەتوانێت سوود لە دۆخی لاوازی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، لەبەرامبەر دوژمنایەتیەکی ئەوپەڕی خۆی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیدا، ئەنقەرە تاڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە لەوەی بارزانی و پارتی دیموکراتی بکاتە هاوپەیمان و هاوکارو پاشکۆ، لەهەمانکاتدا پارتیش وەک دڵسۆزی بۆ تورکیا دژایەتیەکی بێپەردە لە بەرامبەر پەکەکەدا نیشانداوە.
هەرچەندە هیچ ڕێکەوتنێکی نووسراوی نێوان لایەنەکانی تورکیا و عێراق سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە شەڕی دژی پەکەکە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام سەرچاوە سیاسیەکان ڕەتیان نەکردەوە کە ئەردۆغان بەڵێنی زارەکی لە بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتی فیدراڵی و هەروەها لە هەرێمی کوردستانی عێراق وەرگرتبێت تا ڕادەیەک هاوکاری سوپای تورکیا بکەن لە بواری زانیاری سەبارەت بە پێگەی چەکدارانی پەکەکەو جموجۆڵەکانیان.
دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتی تەنها سەوداو مامەڵەکردن و پاشکۆبوونیان نیە بۆ دەوڵەتان، لەوە واوەتر سیو دوو ساڵە بونەتە بەڵاو دەردیسەری و بەدبەختیەکی وەها بۆ دانیشتوانی کوردستان، کە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان گەیشتۆتە ئاستێک خەڵکی ئامادەن پەنا بۆ شەیتانیش بەرن تا بارزانی و تاڵەبانیان لەکۆڵ بێتەوە!




ئاڵوگۆڕ لە ڕێگەی پرۆژە ئابوریەکانەوە.. عوسمانی حاجی مارف

لە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٤،وەزیری گواستنەوەی تورکیا و عێراق و قەتەر و ئیمارات، واژۆی یاداشتێکی چوارلایەنەیان کرد لە بەغدا، سەبارەت بە پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیژی، بە ئامادەبونی ئەردۆغان و سودانی.
پڕۆژەی ڕێڕەوی گەشەپێدان نوێنەرایەتی یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژیەکانی گواستنەوەی نێوان ئاسیا و ئەوروپا دەکات، جێگاورێگای جیۆپۆلەتیکی عێراقیش ئەوە نیشان دەدات کە ئەم پرۆژەیە بۆ زیاتر تێکەڵکردنی عێراقە لەگەڵ پڕۆژە ستراتیژیە ناوچەییەکان.
ئەم پڕۆژەیە کە پشتگیری لە چین وەردەگرێت، دەچێتە ناو کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی نێودەوڵەتیەوە، بەئاشکرا کێبڕکێی پڕۆژەی ڕێڕەوی ئابووری دەکات، کە لەلایەن بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت، بۆ بەستنەوەی هیندستان و کەنداو و ئەوروپا لەڕێگەی بەندەری حەیفای ئیسرائیلەوە.
پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” ئامانجی بەستنەوەی کەنداو بە ئەوروپایە لەڕێگەی تۆڕێک لەڕێگەی وشکانی و هێڵی ئاسنین کە درێژیەکەی ١١٩٠ کیلۆمەتری لە خاکی عێراقدایە و لە فیش خاپور لە باکووری عێراق کۆتاییدێت، لەڕێگەی ڕێگاوبان و تۆڕی شەمەندەفەری تورکیاوە دەچێتە ئەوروپا. بەندەری ئەلفاو وەک خاڵی دەستپێکی پرۆژەکە هەڵبژێردرا بەهۆی قووڵیەکەیەوە کەڕێگە بە کەشتیە گەورەکانی بارهەڵگر دەدات بەکاریبهێنن.
پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کە تورکیا بە کەنداوەوە دەبەستێتەوە، بەڕوونی ڕکابەری پرۆژەی ڕێڕەوی “هیندو- کەنداو-ئەوروپا” دەکات. هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی: “کۆریدۆرەکان… “ی ووزە و گواستنەوە، ناتوانرێت لە ناوچەکەدا کارا و بەردەوام بێت بەبێ بەشداریکردنی تورکیا.
واژۆکردنی ڕێکەوتنی “ڕێگای گەشەسەندن” هاوکاتە لەگەڵ پەرەپێدانی هاریکاری ئەمنی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، دژ بە بوونی پەکەکە لە باکووری عێراق، هەروەها فشارەکانی ئەنقەرە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی نێوان ئەو حزب و لایەنە عێراقیانەن کە پەیوەندیان بەئێرانەوەیە. گرنگی ئامانجی جیۆپۆلەتیکی ئەم پرۆژەیە لەئایندەدا لەلایەک دەبێتە دورخستنەوەی عێراق لە کایەی نفوزی ئێران، لەلایەکی ترەوە بەرزکردنەوی نفوزی تورکیایە لە عێراقدا و دامەزراندنی پەیوەندیەکی پتەوترە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، بەتایبەتی سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە لەباری عەمەلی و ئابوریەوە تورکیا زیاتر بە ئەوروپاوە گرێ ئەدات، بۆیە تورکیا گرنگیەکی تایبەت بەم پرۆژەی گەشەکردنە نیشان دەدات، لەهەمانکاتدا پەیوەندی لەگەڵ بارزانی دەچێتە خانەی فەرامۆشیەوە.
پێش واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی چوارقۆڵی لەسەر ڕێڕەوی گەشەپێدان، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق قەدەغەکردنی پەکەکەی ڕاگەیاند، دوای کۆبوونەوەی سیاسی و ئەمنی چڕ لە نێوان لایەنی تورکیا و عێراقی، کە باس لە گەیشتن بەڕێکەوتنێکی تۆکمەی ئەمنی کراوە، کە ئاسایشی ئاو و هاوکاری دژی داعش لەخۆدەگرێت.
قەتەریش شەریکێکی ستراتیژی تورکیایە، دۆحە بەڵێنی بە بەغدا داوە کە١٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان بکات لە دابینکردنی دارایی پڕۆژە و خزمەتگوزاریەکانی ژێرخانی عێراق، ئەمەش لەچوارچێوەی پلانەکانە بۆ بەرزکردنەوە و هەمەچەشنکردنی وەبەرهێنان و سەرچاوەکانی. واپێدەچێت لە داهاتوودا پرۆژەکە ڕێگە بە دروستکردنی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت و گاز لە کەنداو و عێراقەوە بۆ ئەوروپا بدات، کە بەشداری دەکەن لە گواستنەوەی غازی قەتەر بۆ ئەوروپا، و لەگەڵ ستراتیژی یەکێتی ئەوروپادا یەکدەگرێتەوە بۆ وازهێنان لە غازی ڕووسیا.
ئەگەری ئەوە هەیە کە چەند ئاستەنگێک بەرەوڕوی “ڕێگای گەشەپێدان” بێتەوە، ئەویش وەک زاڵبونی گەندەڵیەکی بەرفراوانە لەسیستمی حوکمرانی عێراقدا، کە کێشەیەکی گەورەیە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا، هەروەها نائارامی سیاسی و ترس لە سەقامگیری دۆخی ئەمنی عێراق، لەلایەکی تریشەوە ئاڵۆزی پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغدا، بەتایبەتی کە لە بارەی ئەم پرۆژەیەوە هیچ جۆرە باس و ڕێکەوتنێک لە گەڵ هەرێمدا نەکراوە.
هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی ئەو هێزە میلیشیاییانەی لەعێراقدا پاشکۆی خۆیەتی، پەنا بۆ بەربەست خستنە بەردەم ئەو پرۆژەیە ببات.
کێشەیەکی تریش مەسەلەی تێچونی کەمی گواستنەوەی دەریایی بە بەراورد بە گواستنەوەی زەمینی، بەو پێیەی ڕێگایەکی گەشەپێدانی فرە شێوازە، و پێویستی بە بارکردنی کۆنتێنەر هەیە لەسەر کەشتیەکان بۆ بەندەری فاو و دواتر بارکردنیان لەڕێگەی وشکانیەوە لەڕێگەی بارهەڵگر یان هێڵی ئاسن، ئەمەش پێویستی بە تێچونی کارپێکردنی زۆر هەیە بە بەراورد بە کەشتیوانی لەڕێگەی کەناڵی سوێسەوە. هەرچەندە لەڕووی کاتەوە سوودێکی بەرزی کێبڕکێی دابین دەکات، چونکە ماوەی گواستنەوەی کەشتیوانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا کورت دەکاتەوە بۆ نزیکەی نیوەی کاتی ئەوەی کە ئێستا لەڕێگەی کەناڵی سوێسەوە دەکرێت.
ڕێڕەوی ئەم پرۆژانە کە بەداوی سی ساڵ زیاتر لە ناسەقامگیری و گێژاوی سیاسی لە عێراق و ناوچەکەدا قسەیان لەسەر دەکرێت و دەچێتە بەر پرۆسەی جێبەجێبونەوە، نیشانەی هاتنەپێشەوەی دەورانێکی ترە، دەورانێک کە شکستی میلیتاریزمی ئەمریکا و پاشەکشەی لە ناوچەکە، هەروەها کۆتایی ئەو جەنگانەی باڵیان بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە، لەلایەکی ترەوە مانای رەوینەوەی کابوسی شەڕ و سیناریۆی کارەساتباری کوشت و کوشتاری قەومی و مەزهەبیە، کە پێداویستیەکی حەیاتیە بۆ سەرمایەو سەرمایەگوزاری، ملهوڕی میلیشیاکان بەرەو پەراوێز پاڵپێوەدەنێ. ئەمەش بوار بەڕوی شەفافبونەوەی ناکۆکی و گەشەی خەباتی چینایەتی و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لە عێراق و کوردستان ئاوەڵا دەکات.
دوای دەیان ساڵ جەنگ و وێرانکاری، ئیتر ناوچەکە لەڕوانگەی بەرژەوەندی قازانج و کەڵەکەی سەرمایەوە پێویستی بە دەورەیەک لە ئارامی و ئاسایش هەیە. بۆیە ڕەوەندی سەرەکی بارودۆخەکە ڕوی لەوەیە دەورەیەک لە سەقامگیری سیاسی و ئاسایش بۆ کەڵەکەی سەرمایە لە ناوچەکە فەراهەم بێت.
دوای زیاتر لە سێ دەیە سەرگەردانی و گێژاوی سیاسی، کوردستان و عێراق و ناوچەکە پێدەنێتە قۆناغێکی تازەوە و نیشانەکانی ئەو دەورە تازیەش رۆژانە خۆی بەیان دەکات، دەورەی پێشوو کە بە جەنگی ئەمریکا لە دژی عێراق لە ساڵی ١٩٩١ و لە درێژەی ئەو ڕەوەندەشدا ڕاپەرینی ئازار و پاشان هاتنەکایەی “ناوچەی ئارام” دەستیپێکرد، بە کۆتایی گەیشتووە. لەو قۆناغەدا کوردستان بە کردەوە لە عێراق دابڕا بەبێ ئەوەی وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ دانی پێدابنرێت. ئەم دۆخە ژێرخانی ئابوری و بنەماکانی ژیانی مەدەنی لەبەریەک هەڵوەشاندەوە، دەسەڵاتی حزبە بۆرژوازیە بنەماڵەیی و میلیشیایانی بەسەر کومەڵگەدا سەپاند و بووە مایەی پاشەوپاشگێڕانەوەی کومەڵگە لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەوە.
ئاراستەکانی ئەم ئاڵوگۆڕە لەدۆخی سیاسی ئەم دەورەیە و دابینکردنی ئاسایش بۆ سەرمایەگوزاری، حەتمیە کە خەباتی کرێکاری و کۆمۆنستی دەخاتە بەردەم لێپریسنەوەیەک کە دەبێت بەئاگاو هوشیاربێت لە تواناو چۆنیەتی هەڵسوڕانی سیاسیدا، کە لەمیانەی هاوکێشە سیاسیەکاندا و گۆرینی هاوسەنگی هێزەکاندا، ئەرک و مەسائلی سیاسی تازەتر لە خەباتی سیاسی دێتە پێشەوە، ئەم دۆخە ئەرکێک دەخاتە بەردەم تەواوی هەڵسورانی سیاسیەوە کە پێویستە وەک ئەلتەرنەتیفێک بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە مەیداندا حزوری سیاسی و میکانیزمەکانی خەباتی سیاسی لەم ئاڵوگۆڕانەدا بۆ شۆرشی کرێکاری دەست نیشان بکرێت.




یاریکردن بە هەڵبژاردن!.. عوسمانی حاجی مارف

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ناڕەزایەتیەک بەرامبەر بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ناکات.
ئەم بڕیاری بایکۆتەی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا کە بڕیارە مانگی حوزەیرانی داهاتوو ئەنجام بدرێت، دۆخی هەرێمی خستۆتە سەر لێواری قەیرانێکی سیاسیەوە، چونکە پارتی وەک هێزێکی بۆرژوا ناسیۆنالستی میلیشیایی، نوێنەرایەتی دیارترین هێزی چەکداری سیاسی هەرێم دەکات، ئەو حزبەیە کە کۆنتڕۆڵی زۆرترین دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کردوە.
پارتی لە هەوڵیدا بۆ دەرچوون لەو سەختیانەی لە چوارچێوەی ئەم هەڵبژاردنەدا چاوەڕوانی دەکات، ئەوە باش دەزانێت گەر بەمەرجەکانی دادگای فیدراڵی بەشداری لەم لە هەڵبژاردنەدا بکات، هەڕەشە دەبێت لەسەر دەسەڵاتەکانی، چونکە وەک یاری قومارێک بۆی دەڕوانێت، کە پێش وەخت دەزانێ خۆی دۆراو دەبێت. بۆیە خۆی و دۆخەکەو لایەنەکانی تری بەم بایکۆتە خستۆتە نێو دوڕێیانێکەوە کە پێشبینی ناکرێت ئەم یاریە بەچ سەرەنجامێك دەگات!
ئەم بڕیارەی بارزانی لە کەشێکی سیاسی پڕ لە ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها ململانێی حزبی لەناو خودی هەرێمدایە کە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا بەڕێوەیە. ئەم بڕیارەش کێشەکانیان دەباتە ئاستێک کە ڕێنەکەوتنی نێوانیان دژوارتر دەکات! ئەو دوو حزبە خەریکی شەڕێکی کەمەرشکێنن لەبەرامبەر یەکتردا. بەمانایەک یاریەکە بەجۆرێکی وەها مامەڵە دەکەن کەدەبێت لایەک بدۆڕێت و لایەک براوە بێت. وا پێدەچیت بارزانی لە ئێستادا ئامادەی ئەم جۆرە یارییە نیە، هەربۆیە بەشدارینەکردنی ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی لەم هەڵبژاردنەدا، دەورانێکی ئاڵۆزتر دەخاتە بەردەم چارەنوسی زۆنی زەردو زۆنی سەوز.
بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق کەلێنی نێوان پارتی و یەکێتی فراوانترکردوە، بەتایبەتی کە یەکێتی لەمیانەی بەرژەوەندیەکانی هێزەکەی و بە ئاراستەی لاوازکردنی پێگەی پارتی پێشوازی تەواوی لەو بڕیارانە کردوە، لەهەمانکاتدا یەکێتی وەک ئەوەی هەنگوینی لەداردا دۆزیبێتەوە، پەلەدەکات و وەها نیشان ئەدات براوەی یاریەکە دەبێت. ئەمەش لە نائامادەیی پارتیەوە ئەم سنگ دەرپەڕاندنە نمایش دەکات، دواینجار بافڵ لەڕێگەی کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسیەوە پەیگیری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات. بەڵام لە دواجاردا مەسرور بارزانی لە رێگەی دانی سکاڵایەک بە دادگای فیدراڵی، توانی تا کاتی دەرچونی بریاری دادگا، هەڵبژاردن هەڵپەسێرێ.
بریارەکانی دادگای فیدراڵی قەیرانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان خستە بەردەم وەرچەرخانێکی نوێوە لەبەرامبەر بارزانی و پارتیدا، ئەمەش پارتی ناچارکرد بە هەڵوێستی بەشداری نەکردن، رێگە بەجێبەجێبونی پرۆسەی هەڵبژاردن بگرێت و دۆخەکە دژوارتر بکات، پابەندبونی پارتی بە بڕیاری بایکۆتەوە، ھەرێمی کوردستانی خستە بەردەم چەند سیناریۆیەک، کە لەوە دەچێت، عێراق بەرەو پڕۆسەی کێشەی سیاسی زیاتر لە پەیوەندی بەغداو هەولێردا پێکبهێنێت، دواتر چونەکانی نیچیرڤان بارزانی بۆ بەغداو تاران هەوڵێکە بۆ راگرتنی ئەو هاوکێشیەو پاراستنی دەسەڵاتەکانی پارتی، تا لە کەین و بەینی ئەو قەیرانەی بەبەشداری لە هەڵبژاردندا دەرگیری دەبێت بەسەلامەتی بێتە دەرەوە.!
هەڵوێستی بێسازشی بارزانی و وەستانەوەی لەبەرامبەر بافڵدا کە هاوبەشن لە حوکمڕانی لە هەرێمدا، دەرگای بەڕوی کۆمەڵێک پرسیاردا کردەوە سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کە ئایا بەبێ بەشداری پارتی کە لایەنی زاڵە لە حکومەتی هەرێمدا، مانایەک بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دەمێنێتەوە؟ یان پارتی کە کاریگەریەکی قووڵی هەیە لەسەر ئاستی ئیداری و سەربازی، ئاخۆ ئەم دۆخە ئاڵۆزە ناگەڕێنێتەوە بۆ سیستەمی حوکمڕانی ئەو دوو ئیدارەیەی کە لە دوای شەڕی ناوخۆ لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا زاڵ بوو؟ گەر دووئیدارەیی بێت چۆن ڕەنگدانەوەیان دەبێت لەسەر شەرعیەتی داهاتووی دامودەزگاکانی هەرێم و پێگەی یاساییان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
بایکۆتی هەڵبژاردن لەلایەن پارتیەوە کاردانەوەیە لەبەرامبەر ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی عێراق، کە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم دەرچوو. دادگای فیدراڵی بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی هەرێم بۆ سەد کورسی دەرکرد، بە هەڵوەشاندنەوەی یازدە کورسی تەرخانکراو بۆ کەمینەکان، جگە لەوەی هەرێمەکە بۆ هەڵبژاردن دابەش دەکات بۆ چوار بازنە، لەبری بازنەیەک، هاوکات ئەو بڕیارانەش گۆڕینی شێوازی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لەخۆگرتبوو، ئەم بڕیارانەش ئاشکرایە بە سنوردارکردنی دەوری بارزانی و دەسەڵاتەکەی لە هەرێمدا دەشکێتەوە، بەشداری لەهەڵبژاردنێک کە دادگای فیدراڵی بڕیاری لەسەرداوە کاریگەری جدی لەسەر پێگەی پارتی و بارزانی دەبێت، بۆیە داوای دواخستنی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی بایکۆتیان کردۆتە قەڵغانی بەرگری.
بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق دژی بەرژەوەندی بارزانیە، کە کۆنترۆڵی سەرەکی دەسەڵاتە لە هەرێمدا، بە بیانووی ئەوەی کە لەڕووی هەڵبژاردنەوە سوودمەند بووە لە کورسیەکانی کۆتاکان بۆ زیادکردنی قەبارەی بلۆکەکەی، هەروەها لەلایەن نەیارانی سیاسی و ڕکابەرەکانیەوە تۆمەتبارکراوە بە دەستکاریکردنی سەرچاوە داراییەکانی هەرێم، مەبەست لەوپارەیەیە کەلە بەغداوە دەگوێزرێتەوە بۆ هەرێم، کە دابینکردنی دارایی مووچەی فەرمانبەران دەگرێتەوە.
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین، خودی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەرەنجامی سیاسەتێکە کە حکومەتی ئێستای عێراق پیادەی دەکات، لە ڕێڕەوی سیاسەتی ناوەندبوونەوەی عێراقدا لەسایەی دەسەڵاتی لایەنە شیعەکان، بەتایبەتی “چوارچێوەی هەماهەنگی” کە ئێستا لەدەسەڵاتدایە، بە پابەندبونی بە سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە دەوردەبینێ لە پیادەکردنی بەرژەوەندیەکانی لە ناوچەکە بە گشتی و عێراق بە تایبەتی.
هەر ئەم ئاراستەیە لە نەخشەو سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق، کاریگەری تەواوی لەسەر قەوارەی هەرێم و پێگەی بارزانی و پارتی داناوە. ململانێکانی بەغداو و هەولێر لە دۆخ و ئاستێکی تر لە پەیوەندیدایە، کە دوای چەندین ساڵ لە بانگەوازی دەسەڵاتی سەربەخۆی بارزانی، ناچار بە ملکەچی و گەڕانەوە بۆ حکومەتی ناوەندی کراوە.
سەردانی ئەم دواییەی نێچیرەڤان بارزانی بۆ بەغداو چاوپێەکەوتنی لەگەڵ سودانی و وەزیرەکان و کۆمەڵێک سەرکردەی حزبە سیاسیەکان لە کۆبونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا، وە زۆرێک لەو لایەنانەی هاوبەشن لە دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا، بۆ ئەوەبوە کە هەڵبژاردن دوابخرێت بۆ مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، بەڵام لەم بارەیەوە وەڵامێک کە دۆخەکە بۆ پارتی یەکلایی کاتەوە تائێستا بەدەست نەهاتووە، بارزانی پێداگری لەسەر بایکۆت و بافڵ پێداگری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە کاتی خۆیدا. لەهەمانکاتدا پارتی تەنها هەڕەشەی بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمدا ناکات، لە هەمانکاتدا تێدەپەڕێت بۆ کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق بە گشتی.
لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان کاتەکانی بە دواخستنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بەسەر دەبات، پێداگری یەکێتی و لایەنەکانی تر لەسەر هەڵبژاردن ناتوانن مانای عەمەلیبونەوەی هەڵبژاردنێك بە بێ پارتی ڕۆشن کەنەوەو دەتوانن چی بکەن؟ لەهەمانکاتدا بارزانیش ئایندەی سیاسەتی ئەم بەشداری نەکردنە تاکەی بەسەر دەبات و چیتر دەکات ڕۆشن نیە، ئەمە تەنها فشارێکە وەک گەمەیەکی سیاسی بۆ پاراستنی هێزەکەی بەکاریدەهێنێ.
لە واقعیەتی سی ودووساڵەی دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتیدا،هەمیشە بە بارمتەگرتنی ژیانی خەڵکی کوردستان بەشێکی سەرەکی بووە لە ململانێ و مامەڵەی سیاسی نێوان خۆیان لەبەرامبەر حکومەتی بەغدادا، ئێستاش لە یاریکردنیان بەم هەڵبژاردنە بەردەوامی بە هەمان پرۆسەی بەبارمتەگرتنی ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە دەدەن، بەئاشکرا بنبەستی بەئاکام نەگەیشتنی هەڵبژاردن بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکیدا دەشکێننەوە.
لەلایەکی تریشەوە ئەم مامەڵەیە لە پەکخستنی هەڵبژاردنەکان دەچێتە ناو بۆشاییەکی سیاسی و پەرلەمانی مەترسیدارەوە کە دەستی دادگای فیدراڵی لە بەغدا ئازاد دەکات بۆ بەردەوامبوون لەفشارەکانی لەسەر هەرێم، گەر هاوسەنگی هێز لەنێو هەلومەرجی سیاسی ئێستای عێراق و ناوچەکەدا بە قازانجی حکومەتی عێراق بێت، فشارەکان لەسەر بارزانی زیاتر دەبێت.
ڕێگایەک کە لەبەردەم ئازادیخوازان و جەماوەری ناڕازیدایە ناکرێ وەک تەماشاکەرو دادوەرێک چاوەرێی کۆتایی ئەم یاریەو زیانەکانی بن، بەڵکو بە ڕێکخستن و یەکدەستی و ئامادەیی بۆ دابینکردنی دەسەڵاتی خەڵک و سەپاندنی ئیرادەی خەڵک، هەوڵدانە بە کۆتاییهێنانی یەکجارەکی هەموو دەسەڵاتێکی سەروخەڵکی..




ڕکابەری چین و هندستان.. عوسمانی حاجی مارف

ڕێکەوتنی هیندستان و ئیمارات، بەشدارە لە بەرزکردنەوەی چانسی پێشکەوتنی پڕۆژەی ڕێڕەوی ئابووری نێوان هیندستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، کە لەچوارچێوەی ستراتیژی فراوانی ئیدارەی جۆ بایدنە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کاریگەری چین لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، جێگیربونی چین بووەتە واقعێکی حاشا هەڵنەگر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمریکاش بەدوای هەلی ڕوبەڕوبونەوەیە لە ڕکابەری بەرامبەر پرۆژەکانی چین. سەرهەڵدانی بەرچاوی چین لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سنووری ئابووریدا ناوەستێت، بەڵکو لەم دواییانەدا درێژبووەتەوە بۆ لایەنی سیاسی، ئەمەش لە ڕێککەوتنی نێوان سعودیە و ئێران بە نێوەندگیری پەکین دەرکەوت، نێوەندگیریەک کە چینی بەڕکابەرێکی گەورە لەسەر شانۆی جیهانی لە بەرامبەر ئەمریکادا نیشاندا.
هەرچەندە ئەمریکا لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بێباکیەکی ڕونی لە پاراستنی پەیوەندی و نفوزی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نیشانداوە، بەڵام لەبەر ڕۆشنایی گرنگیە جیۆپۆلەتیکی و ئابووریە زەبەلاحەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ململانێ لەگەڵ چین بووە هۆی ئەوەی ئیدارەی بایدن بیر لەو ستراتیژە بکاتەوە، کە پڕۆژەی “ڕێڕەوی ئابووری” وەک ڕکابەرێکی ستراتیژی لەبەرامبەر، دەستپێشخەری “پشتێن و ڕێگاوبان”ی چینی ببینێت، کە دواجار دەبێتەهۆی دروستکردنی زنجیرەی نوێی دابینکردن بۆ ئەوروپا، کە پشت بە هیندستان دەبەستێت لەبری پشتبەستن بە چین، بۆیە ئیدارەی بایدن دەیانەوێت بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ دۆخەکاندا بکەن.
لە ڕۆژی سێشەمەی ١٣ی شوبات، هیندستان و ئیمارات ڕێکەوتنێکی چوارچێوەیان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێڕەوی ئابوری نێوان هیندستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا واژۆکرد، ئەو رێرەوەی پێشتر لە “لوتکەی گروپی G20” لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا راگەیاندرا، کە لە نیودەلهی بەڕێوەچووە.
هەرچەندە ئامانجە ئابووری و سیاسیەکانی ووڵاتانی بەشدار لە کۆریدۆرەکەدا هەن، کە بریتین لە بەرزکردنەوەی پەیوەندیی ناوچەیی و هاوکاری ئابووری، بەڵام سەرکەوتنی کۆریدۆرەکە تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە دیمەنی ئاڵۆزی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
بە سەرنجدان بەوەی کە بەندەری حەیفای ئیسرائیلی، پێشبینی دەکرێت دەروازەی سەرەکی ئەو کۆریدۆرە بێت، بۆیە لەگەڵ بەندەرەکانی باشوور و ڕۆژئاوای ئەوروپا، پەرەپێدان و تەواوکردنی ڕێڕەوی ئەو پرۆژەیە زیاتر پەیوەست دەبێت بە ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل، یان لانیکەم گەیشتن بەڕێکەوتن و لێکتێگەیشتن سەبارەت بە بەشی باکووری کۆریدۆرەکە، کە بەدەستهێنانی ئەمەش ئەستەمە، مەگەر بەڕێکخستنی دۆخی غەززەی دوای جەنگ دەکرێت کاری لەسەر بکرێت، شەڕی ئیسرائیل لەسەر غەززە کاردانەوەی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر پڕۆژەکان، کەڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە، کە وا دەکات جێبەجێکردنیان لە ماوەیەکی نزیکدا ئاسان نەبێت.
تەماحە ئابوورییەکانی هیندستان کە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٦ ئەڵمانیا تێپەڕێنێت و ببێتە چوارەم گەورەترین ئابووری لە جیهاندا، پاڵی بە سەرۆکوەزیرانی هیندستانەوە ناوە کە قووڵکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی لە پێشینەی کارەکانیدا دابنێت، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندیەکانی پەیوەست بە هاوردەکردنی وزەو هێزی کارە لە هیندستان.
گەشەی پەیوەندیەکانی چین لە ناوچەی کەنداوی عەرەبی، هاندەری هیندستان بووە بۆ چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسیەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی نیگەرانی هیندستان سەبارەت بە هەوڵەکانی چین بۆ درێژکردنەوەی کاریگەریەکانی لەڕێگەی ئەو بەندەرانەی کە دەڕواننە “دەریای عەرەبی و گەروی باب المندب” بۆ دامەزراندنی بنکەی سەربازی، کە گرنگترین هێڵەکانی بازرگانی هیندستانە لەڕێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا.
ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو، لە ئێستادا گەورەترین بلۆکی هاوبەشی بازرگانیە بۆ هیندستان، بەهای بازرگانی دوو قۆڵی لە ساڵی دارایی ٢٠٢١-٢٠٢٢ گەیشتووەتە زیاتر لە ١٥٤ ملیار دۆلاری ئەمریکی، هەروەها ئیمارات و سعودیە بوونەتە سێیەم و چوارەم هاوبەشی بازرگانی بۆ هیندستان.
لەناو وڵاتانی “ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو”دا بەتایبەتی سعودیە، ئیمارات و قەتەر، هەڵپەکانی “طموح” هیندستان دەنگی دایەوە، کە بە گرنگیدانێکی زیاترەوە سەیری هیندستانیان دەکرد، وەک بازاڕێکی گرنگی گەشەسەندو بۆ هەناردەکردنی وزە، هەروەها دابینکردنی پڕۆژەی هاوبەش کە لەگەڵ ستراتیژیەتی وڵاتانی ناوچەکە لەسەر بنەمای کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت و گاز و گواستنەوە بگونجێت، بۆ وەبەرهێنانێکی زیاتر لە کەرتەکانی وزەی نوێبوەوە و تەکنەلۆژیادا.
وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵەکانی هیندستان بۆ کێبڕکێ لەگەڵ کاریگەری چینی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆمپانیایەکی هیندی بەندەری حەیفای ئیسرائیلی کڕی، بۆئەوەی ببێتە بەدیلێک بۆ گرێبەستێکی هاوشێوەی چینی کە لەلایەن واشنتۆنەوە ڕاگیرا، کە هەوڵدەدات نیودەلهی بکاتە بەدیلێک بۆ پەکین. پێدەچێت واشنتۆن هەوڵی ئەوە بدات هیندستان وەک ڕکابەرێک بۆ چین لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاربهێنێت، کە نیودەلهی پەیوەندیە سەربازی و ئابووری و کارەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی دەپارێزێت.
کۆنترۆڵکردنی بەندەری “ستراتیژی” ئیسرائیلی حەیفا” لەلایەن هندستانەوە بەشێکە لە ستراتیژیەکی نوێی ناوچەیی کە هەوڵئەدات دەوری هەبێت بۆ سنوردارکردنی کاریگەری چین، لەلایەکی تریشەوە تێکەڵبوونی ئیسرائیل بەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خێراتر دەکات.
لەژێرڕۆشنایی هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ گەمارۆدانی کاریگەریەکانی چین لە هەموو شوێنێک، هیندستان یەکێکە لە ئامڕازەکان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، بە هەوڵدان بۆدیاریکردنی بەدیلێک لەبەرامبەر پەکیندا.
لەگەڵ باشتربوونی پەیوەندیەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دراوسێ لەبەرڕۆشنایی خێراکردنی ئاسایبونەوە، دەرفەتی بازرگانی نوێ بۆ ئیسرائیل دەکرێتەوە، حەیفاش لە دۆخێکی باشدایە بۆئەوەی گەشە بکات بۆ ناوەندێکی ناوچەیی و ئیستغلالکردنی شوێنی ستراتیژیی خۆی کە ڕکابەری میسر و کەناڵی سوێس دەکات
بۆیە بوونی کۆمپانیاکە لە ئیسرائیل ئاماژەیە بۆ زیادبوونی بازرگانی دەریایی لەنێوان ئاسیا و ئەوروپا و هەوڵەکانی نیودەلهی بۆ ئەوەی ناوەندێک لە دەریای ناوەڕاستدا هەبێت، بەندەری حەیفا نزیکەی ٥٠٪ی سەرجەم کاڵای ئیسرائیلی لێوە دەگوێزرێتەوە.
بەندەری حەیفای ئیسرائیل لەڕوانگەی ستراتیژیەوە بە چەند هۆکارێک بە گرنگ دادەنرێت، دیارترینیان لەبەرئەوەی دەکەوێتە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست وەک گۆڕەپانێکی گرنگ بۆ بازرگانی نێوان ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا. هەروەها بەندەری حەیفا دەستگەیشتنێکی خێرا بۆ شارە گەورەکان و ناوەندە پیشەسازیەکانی ئیسرائیل دابین دەکات، ئەمەش ئاسانکاری دەکات بۆ گواستنەوەی کارامەی کاڵا و سەرچاوەکان.
خاوەندارێتی هیندستان لە بەندەری حەیفا ئەگەری ئەوەی هەیە بێتەهۆی ئاڵوگۆڕی زیاتری کاڵا و خزمەتگوزاری و وەبەرهێنانی دارایی لەنێوان هیندستان و ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا، ئەمەش ئابووری هیندستان بەرزدەکاتەوە.
هیندستان لەگەڵ بەدەستهێنانی کۆنترۆڵی بەندەری حەیفا، دەتوانێت پەیوەندیەکانی بە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا باشتر بکات. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵک و کاڵا و سەرچاوەکان لە نێوان ئەو ناوچانەدا ئاسانتر هاتوچۆ بکەن.
کۆنترۆڵکردنی بەندەری حەیفا دەبێتە هۆی ئەوەی کە هیندستان سوودێکی ستراتیژی لە ناوچەکەدا هەبێت، ئەمەش ئاسایشی دەریایی بەرز دەکاتەوە و ڕێگەی پێدەدات بگاتە ڕێڕەوی کەشتیوانی گرنگ، هاوشێوەی هەوڵەکانی چین.
ئیمارات بزوێنەری سەرەکی ئاسایکردنەوەی وڵاتانی عەرەبیە لە ناوچەکەدا، لەبواری هاوکاری ئابووری و بەتایبەتی لە بواری گواستنەوەدا لەگەڵ تەلئەبیب دانوستانی چالاک ئەنجام دەدات و لەهەمانکاتدا پەیوەندیەکی نزیکیشی لەگەڵ پەکین هەیە.
ئەمریکا هەوڵدەدات یەکگرتنی ناوچەیی لەنێوان هاوبەشەکانیدا بەرزبکاتەوە، ئەمەش بەشدارە لە کەمکردنەوەی بڕی ئەو سەرچاوانەی کە ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەرجیان دەکات، لە درێژخایەندا بەبێ ئەوەی بەرژەوەندیە سەرەکیەکانی خۆی بکاتە قوربانی. بەهێزکردنی یەکگرتنی ناوچەیی یەکێکە لە پایەکانی ستراتیژی نوێی بایدن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمە جگە لە پاراستنی هاوبەشی ناوچەیی و ڕاگرتن و کەمکردنەوەی گرژیەکان و هەوڵدان بۆ ئارامبونەوەی دۆخی سیاسی ناوچەکە.
پێشنیاری ئەمریکا بۆ بەستنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هێڵی ئاسنین، پەیوەستە بە دەستپێشخەری “هاوبەشی بۆ ژێرخانی جیهانی و وەبەرهێنان”، کە واشنتۆن و گروپی حەوت وڵاتی (G7) لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوودا ڕایانگەیاند، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی “دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگا”ی چین، کە کاریگەری نێودەوڵەتی زیاتر بە پەکین دەبەخشێت.
هۆکارێک کەڕێگرە لە پێشکەوتنی پڕۆژەکانی “ڕێڕەوی ئابووری” لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم پڕۆژانە سەرکەوتوو نین لە چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی کە دەبنە هۆی ناسەقامگیری سیاسی و گرژیە بنەڕەتیەکانی ناوچەکە، ئەوەش ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێرانە، ئەو ڕاستیەی کە هەڵمەتی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە هەوڵەکانی ئەمریکای پووچەڵکردۆتەوە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبی، لەلایەکی ترەوە ڕکابەری سعودیە و ئێرانە.
بەگشتی دوای چەندین ساڵ لە ناجێگیری دۆخی سیاسی ناوچەکەو ململانێی وڵاتانی زلهێزی دنیا و کاریگەریان لەسەر زیاتر وێرانکاری عێراق و سوریاو لیبیا و یەمەن و لوبنان، ئاراستەیەک لە ڕێڕەوی ئاڵوگۆڕ لە دۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا هاتۆتە بەرەوە، کە ئەوە دەخاتەبەر ئەجندای نەخشەو سیاسەتی لایەنەکانی دەخیل لە ناوچەکەدا، کە لەدواشیکردنەوەدا پێویستیان بەوەیە بۆ دامەزراندن و جێگیرکردنی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و ڕکابەری نێوانیان، دەبێت دۆخی ناوچەکە سیمایەکی ئارامی و سەقامگیری سیاسی بەخۆیەوە ببینێت، بۆنمونە پەیوەندی و پرۆژەکانی “ڕێڕەوی ئابووری” و دەستپێشخەری “پشتێن و ڕێگا” کە ڕێڕەوێکی پێشڕەوی لە دامەزراندنی سەرمایەگوزاری چین و هندستان نیشان ئەدات، هەرچەندە کێبڕکێ و وەستانەوە لەبەرامبەر یەکتردا لەلایەن هەرلایەنێک لە پرۆژە ئابوریەکانیدا دەبینرێت، کە لەوێنەی ڕکابەری و بەرامبەرکێی ئەمریکا و هندستاو چین و روسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەردەکەوێت، بەڵام لە دواجاردا لە دامەزارندنی ڕێڕەوی ئابوری بەستنەوەی هندستان و چین و کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە ئەوروپاوە، پێویستی بە دابینکردنی ئاسایشێکی پتەوە بۆ گواستنەوەو وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا، هەر بەم ئاراستەیەش ئەگەری کۆتاییهێنان بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەکاتە پێداویستیەکی حەتمی.




سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی.. عوسمانی حاجی مارف

هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە. دوای ئەوەش بایدن دەستیکرد بە قسەکردن لەسەر هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمەش هەر لەسەرەتاوە دژایەتی نێوان هەردوکیانی بەڕوونی نیشاندا.
بایدن جەخت لەسەر بەشداری وڵاتەکەی دەکاتەوە لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل لەبەرامبەر هێرشی ئێراندا، لەکاتێکدا هەڵوێستی حکومەتی عێراق وەک پەیوەستبونی بە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، دژی ئیسرائیل و سیاسەتەکانیەتی لە هێرشکردنی بۆ سەر غەززە.
سودانی سەرۆکایەتی حکومەتێک دەکات کە لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، بەڵام عێراق وەک وڵاتێکی گرنگ بۆ ئەمریکا پێگەیەکی تایبەتی هەیە، بۆیە بایدن، سودانی دەخاتەبەر ئەو واقعەی کە بتوانێ هاوسەنگی نێوان هەردوولایان ڕاگرێت، ئەم بانگهێشتەی سودانی بۆ کۆشکی سپی دەستەبەرکردنی ئەو ئاراستەیەیە کە دەخالەتی ئێران و هێزە میلیشیاکانی لە عێراقدا سنورداربکات.
سەردانەکەی سودانی کە لە سەختترین کاتدا بەڕێوەبرا، هاوکاتە لەگەڵ ئەم گرژیەی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەلایەک و ئێران لە لایەکی ترەوە، ئەم سەردانە قورساییەکی گەورەی خستەسەر ئەرکی سیاسی سودانی کە بتوانێ دامەزراندنی پەیوەندیەکی گونجاو و پتەو لەگەڵ هەردوو ئێران و ئەمریکادا جێبەجێ بکات، هەرچەند دۆخی نێوان واشنتۆن و تاران گرژتر بێت، ئەو ئەرکە بۆ سودانی قورستر دەبێت.
سودانی هەوڵئەدات بتوانێ نوێنەرایەتی ئەو سەقامگیریە ئەمنی و سیاسی و ئابوریە بکات لە عێراقدا، کە ئاراستەیەکە بۆ ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بەتایبەتی لە ئارادایە، کە چەندین ساڵە ناوچەکە بەگشتی لەسایەی داگیرکاری ئەمریکا بۆ عێراق و دەخالەتی لە ناوچەکەدا، خولقێنەری گەورەترین کارەسات و نەهامەتی و نائارامی و ئەوپەڕی گێژاوی سیاسی بووە، هەروەها ناوچەکە شایەتحاڵی شەڕێکی وێرانکەر بوو لەگەڵ داعش. پێش ئەوەش قۆناغەکانی دەرگیر بە شەڕی تائیفی و قەومی لە عێراقدا کە دوای داگیرکاری ئەمریکا پێشهات، بەدوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە، عێراق چوە ناو دەورەیەکی تەواو جیاواز لە بارگرژی و ناسەقامگیری سیاسی بەردەوامدا، بەڵام ئەو ئاراستەیەش کە لەڕێڕەوی فەراهەمکردنی ئارامیە بۆ سەرمایەگوزاری لە عێراق و ناوچەکەدا، دڕەنگ یا زوو ناوچەکە دەخاتە دۆخێکی تەواو جیاوازو تازەوە.
لەو سەردانەی سودانی بۆ واشنتن، پرسی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل زاڵ بوو بەسەر پرسیارەکاندا، بەتایبەتی کە هێرشەکە بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕیوە، لەوێشەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێرانی لەڕێگەی عێراقەوە چوونەتە ناو ئیسرائیلەوە، ئەوەی شایانی باسە سودانی لەو بارەیەوە تەنها هەوڵیداوە بەڵانسێک ڕاگرێت و نەکەوێتە بەرامبەر ئەمریکا.
مەسەلەیەکی تر، بیرۆکەی کشانەوەی ئەمریکا بوو لە عێراق، چونکە سودانی بۆخۆی لەژێر فشاری هێزە عێراقیەکانی نزیک لە ئێراندایە، کە دەیانەوێت هێزەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی هەمەلایەنە لە عێراق بکشێنەوە، بەڵام ئەمریکا هەرگیز دەستەواژەی کشانەوە بەکارناهێنێت، بەوپێیەی بوونی سەرباز گەرەنتیەک بۆ واشنتۆن پێکدەهێنێت، لە بەردەوامی دۆخی سەربازیی ئێستای عێراق و سوریادا، کە دوای هەڵمەتی دژی داعش بەدیهات، سودانی لەسەر کشانەوەی ئەمریکا ئەوەندە قسەی کردوە کە ئەوە تەنها داوای چەند لایەنێکە.
ئەوەی شایانی باسە، ئامانجی سەردانەکە، بەپێی بەیاننامەکەی سودانی، ئەوە نیشان ئەدات کە پەیوەندیەکان لەگەڵ ئەمریکا بگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ کە بریتیە لە چالاککردنی بڕگەکانی ڕێکەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی کە هاوتەریب بن لەگەڵ بەرنامەی حکومەتی عێراقدا، کە تیشک دەخاتە سەر چاکسازیە ئابووری و داراییەکان، هەروەها لەسەر هاوبەشی بەرهەمدار لەگەڵ وڵاتە جیاوازەکانی جیهان بۆ سەرمایەگوزاری، لەهەمانکاتدا دەستەبەرکردنی دۆخێک، مانا بە ئاسایش و پاراستنی حکومەتی عێراق بدات.
ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین پەیوەندیەکانی لە نێوان عێراق و ئەمەریکادا سودانی دەیەوێت، چاوپۆشی لە ڕابردوو بکات، لەسەر بنەمای پەیوەندیە ئابوریە ڕاستەوخۆکان و دەرفەتی وەبەرهێنانی بەرهەمدار بگونجێنێت، دامەزراندنی پەیوەندی بانکی تۆکمە لەنێوان هەردوو وڵاتدا کە یارمەتیان دەدات تادۆخی چەرخاندنی سەرمایەگوزاری زیاتر فەراهەم بکات.
ڕەنگە ئەم سەردانە سەختترین سەردانی سودانی بێت بۆ کۆشکی سپی، لە هەلومەرجێکی دژواردایە کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت و واشنتۆنی سەرقاڵ کردووە، دیارترینیان شەڕی غەززە و گرژیی نێوان ئێران و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و ئیسرائیلە لەلایەکی ترەوە، بەتایبەت کە کەسانێک هەن لە واشنتۆن جەخت لەسەر پێناسەی حکومەتی سودانی دەکەن، حکومەتێکە کە لەلایەن کوتلە چەکدارەکانی ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت، بە ئاماژەدان بە سروشتی پێکهێنانی حکومەتێکە کە لەدایکبونێکی سەختی هەبووە دوای کارکردنی زیاتر لە ساڵێک، بەهۆی ناکۆکی سیاسی شیعە و شیعە، هەروەها لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی دیکەو، لەهەمانکاتدا کێشەکانی بەغداو هەولێر ڕۆڵێکی بەرچاوی بووە.
سێ دۆسێی سەرەکی هەن کە واشنتۆن لەم سەردانەی سودانیدا گرنگی پێداوە، کە لە بەیاننامەی بانگهێشتکردنی کۆشکی سپی بۆ حکومەتی عێراق ئاماژەی پێکراوە، یەکەمیان دۆسیەی ڕێکخستنەوەی پەیوەندی عێراقە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، واتە ئەمریکی و بوونی هێزە سەربازیەکەی لە عێراق. دووەمیان ئەو دۆسیەی پەیوەستە بەو چاکسازیە داراییانەی کە حکومەتی سودانی جێبەجێی دەکات، بەوپێیەی واشنتۆن دەیەوێت جموجۆڵی دۆلار کۆنترۆڵ بکات، چونکە واشنتۆن پێیوایە عێراق کاری پێویست ناکات بۆ ڕاگرتنی قاچاخی دۆلار بۆ ئێران، هەروەها سپیکردنەوەی پارە ، جگە لە هاوکاری دارایی تیرۆر، بە ئاماژەدان بەو سامانەی کە لەلایەن کوتلە چەکدارەکانەوە لە عێراق کۆکراوەتەوە. دۆسیەی سێیەمیان تایبەتە بە سەربەخۆیی عێراق لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبادا، بەتایبەتی پرسی هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە بۆ بەرهەمهێنانی ووزە یان هاوردەکردنی کارەبا لە ئێرانەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، کە ئەمەش ناکۆکە لەگەڵ سزاکانی واشنتۆن بەسەر تاراندا.
سەبارەت بە دۆسیەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە پێشینەی کارەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی”دایە، هەربۆیە حکومەتی عێراق ئەم دۆسێیە ڕادەگرن و سودانیش ناتوانێ قسەی یەکلاییکەرەوەی لەسەر ئەم بابەتە هەبێت.
مەلەفی ئەو سزایانەی کە بەسەر بانکە ئەهلیەکانی عێراقدا سەپێندراوە بەهۆی تێوەگلانیان لە دۆسێکانی قاچاخی دۆلار بۆ ئێران، لەنێو ئەو دۆسێیانەی کە لە سەردانەکەشدا باسیان لێوەکراوە، دۆسێی دارایی و ئەوانەی پەیوەستە بە بڕیارەکانی گەنجینەی ئەمەریکا و کاریگەری بانکەکانی عێراق و قەرزەکانی عێراق دەگرێتەوە.
پێش ئەو سەردانەی سودانی، چوار ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا نامەیەکیان ئاراستەی بایدن کردوە داوایان لە بایدن کرد کە دۆسیە سەختەکان لەگەڵ سودانی تاوتوێ بکات، لەنێوانیاندا پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر، کە بۆ یاسادانەران لە واشنتۆن دۆسێیەکی گرنگە، ئەم بابەتە زۆرجار باسی لێوەکرا لەو نامەیەی کە یاسادانەران بۆ بایدنیان ناردبوو، هەڵبەتە سودانی نەیدەویست بچێتە واشنتۆن تا لەگەڵ بەرپرسانی کورد کۆبونەوەی ڕێکخست و لایەکیشی لە کێشەی مووچەکردەوە، باڵیۆزی ئەمریکاش پاڵپشتی بۆ کۆبونەوەی نێوان سودانی و بارزانی کرد، بۆیە سودانی سەرکەوتوانە توانی لەو سەردانەدا ئەو دۆسێیە تێپەرێنێت
واتە ئەو ئومێدو چاوەڕوانیەی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم هەیانە، لەم سەردانەی سودانیدا، بەڵکو ئاوڕێک لە ئایندەیەکی تر بۆ حکومەتی هەرێم بدرێتەوە، مایەپوچ مایەوە. ئاشکرایە کە هەر لەسەرەتاوە ئەوە بۆ ئەمریکاو هەرلایەنێکی تری دەخیل لە دۆخی سیاسی عێراقدا پێشبینی لێدەکرێت، جگە لە جەختکردن لەسەر یەکپارچەیی عێراق و دامەزراندنەوەو جێگیرکردنی ناوەندبونەوەی عێراق، نەخشەو بەرنامەیەکی تر بۆ پەیوەندی بەغداو هەولێر لە ئارادانیە، هەر بەو مانایەش خۆرادەستکردنی حزبە کوردیەکان بە چارەنوسێک کە زیاتر بە حکومەتی بەغداوە دەیانبەستێتەوە ڕێگایەکی تریان نیە.




پيرۆز بێت يادی رۆژنامەگەری کوردی .. سەردار جاف

بەر لە ١٢٦ ساڵ و لە وڵاتی غوربەت و لە،قاھیرەی پایتەختی میسر یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی بەناوی
” کوردستان ” لە سەر دەستی ڕەوانشاد میقداد بەدرخان بەچاپ گەیشت و بڵاوکرایەوە، نەتەوەی کوردیش وەک گەلانی دونیا بوو بە خاوەن ڕۆژنامەی چاپکراوی تایبەت بەخۆی ، وەلێ جیا لە نەتەوە و گەلانی دی ئێمەی کورد دوور لە زێد و نیشتیمانی خۆمان ئەو دەرفەتەمان بۆ ڕسکا ، ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ زەبر و زەنگی داگیرکەرانی خاکی کوردستان کە ستەم و زوڵمیان دەرھەق ئەنجام داوین، و لە ھەموو جۆرە ئازادییەک تەحریمکراین، و نکوڵیان لە بوونی نەتەوەییمان دەکرد، بەڵام کورد بوون و مانەوەی خۆی سەلماند و دەسەلمێنێ، سەپاندنی ھزری تاکڕەوی داگیرکەرانی کوردستان و دیکتاتۆریەت و زەبر و زەنگیان نەیتوانیوە چۆک بە بواری گەشەی ڕۆشنبیری کوردی بدەن، ھەرکاتێکیش کورد ئازاد بووبێ بواری ڕۆژنامەگەری کوردی گەشەی کردووە و پێشکەوتوو بووە ، بەڵگەیش کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەھاباد و بەیاننامەی ١١ ی ئاداری ١٩٧٠ و پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١، ھاوکات وشە و فەرھەنگی کوردیش ھەنگاوی مەزنی پێشکەوتنی لە ڕێی ڕۆژنامەرییەوە ناوە، لەم بۆنە پیرۆزەدا ، دروود بۆ گیانی پاکی میقداد بەدرخان و ھەموو ئەو ڕۆشنفکرانە دەنێرین ڕۆژێک لە ڕۆژان بەدیار ڕۆژنامەگەری کوردییەوە ماندوو بوون، سڵاو و ماندوو نەبی لە ھەموو ئاوانەیش دەکەین بەردەوامن لە خزمەت بە دونیای ڕۆژنامەگەری کوردی ، بەرز و پیرۆز بێ یادی ڕۆژنامەگەری کوردی و گەشاوەتر بێت وشەی کوردی ..




پڕۆژەی گەشەپێدانی ئابوری عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

دەستپێشخەری”پشتێن و ڕێگاوبان” کە بە دەستپێشخەری ڕێگای ئاوریشمی نوێ ناودەبرێت، پڕۆژەیەکی جیهانیە بۆ دروستکردنی تۆڕێکی فراوانی ژێرخانی بەیەکەوە گرێدراو، کە لەلایەن سەرۆکی چین”شی جین پینگەوە” لە ساڵی ٢٠١٣ دەستیپێکردوە، ڕێڕەوی ئابووری هیندستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا نوێترین پڕۆژەیە کە ئامانجی یەکخستنی هاوبەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیایە بۆ یەک بلۆکی ئابووری جوگرافی، پڕۆژەیەکی هاوبەشی گەورەیە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری.
هەریەک لە وڵاتانی سعودیە، یەکێتی ئەوروپا، هیندستان، ئیمارات، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئەمریکا یاداشتێکیان واژۆ کردووە کە هێڵکاریە بنەڕەتیەکانی تۆڕی گواستنەوە ئاشکرا دەکات لە گواستنەوەی کەشتیەوە تاوەکو هێڵی ئاسن. پڕۆژەکە ئامانجی بەستنەوەی هیندستانە بە ئەوروپا لەڕێگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، پڕۆژەکە بریتیە لە هێڵی شەمەندەفەر کە ئیمارات، سعودیە، ئوردن و ئیسرائیل بە ئەوروپا دەبەستێتەوە، هەروەها ڕاکێشانی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا و کێبڵی گواستنەوەی داتا بۆ بەرزکردنەوەی پەیوەندی دیجیتاڵی، هەروەها بۆری بۆ هەناردەکردنی هایدرۆجینی پاک لە نێوان هیندستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپادا .
لەهەمانکاتدا پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی عێراق ئامانجی دروستکردنی تۆڕێکی گواستنەوەی سنوور بەزاندنی عێراقە، کە کەنداو بە تورکیا دەبەستێتەوە. ئەم تۆڕە پێگەی جیۆپۆلەتیکی عێراق وەک ڕێڕەوێکی بازرگانی بەرزدەکاتەوە و داهاتی دارایی دابین دەکات.
ڕێگای گەشەپێدان پڕۆژەیەکی عێراقیە کە هەوڵدەدات ژێرخانی ڕێگاوبان و هێڵی ئاسن دروست بکات، بەمشێوەیە سوود لە جوگرافیای عێراق و چەندین سنوور وەردەگرێت.
ڕێگای گەشەپێدان هەوڵێکە بۆ ناساندنی مۆدێلێکی نوێی گەشەپێدان بۆ سەقامگیرکردنی عێراق لەڕووی سیاسییەوەو هەوڵدان لە پێکهێنانی دۆخێکی ئەمن و ئارام و لەبار بۆ سەرمایەگوزاری، واتە سەقامگیری سیاسی بەمانای کۆتایی کێشمەکێش و ناکۆکیەکان نیە، لەسایەی نەزمی چەند جەمسەری تازەی جیهاندا، لەئاستی ناوچەکە و جیهانیشدا کێشمەکێشی جەمسەرەکان لەسەر ناوچەی نفوز و بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانیان درێژەی دەبێت.
عێراق زۆر پێویستی بە هەمەچەشنکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات هەیە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی تەواوەتی بە داهاتی نەوت، هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، عێراقیش وەک سعودیە و میسر و وڵاتانی دیکەی کەنداو، شاهیدی گۆڕانی بەرژەوەندیە بەرەو پڕۆژەی گەورە و بازرگانی سنور بەزاندنن.
دوای چەندین ساڵ لەدەسەڵاتی حکومڕانی بەشبەشێنەی هێزی میلیشیای نەتەوەیی و تائیفی، حکومەتی فیدراڵی بەپێکهاتەی حکومەتی بەغداو حکومەتی هەرێم، دوای چەندین ساڵ لە دۆخی شەڕو نائارامی و گێژاوی سیاسی، حکومەتی عێراق بەدوای سەرچاوەی نوێدا دەگەڕێت، بیرۆکەی “گەشەپێدان” جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە ناو ناوەڕۆکی گوتاری لایەنەکانی دەسەڵاتداران لە حکومەتی عێراقدا، بەرەو ئاراستەیەک هەوڵئەدرێت کە زیاتر مەیلی بەرەو بازاڕە کراوەکان و تێکەڵکردنی ئابووریە ناوخۆییەکانە بە ئابووری جیهانەوە دابین بکات.
هەروەها ڕێگای گەشەسەندن پەیوەستە بەو قەناعەتە باوەی کە بۆرجوازی عێراق و گەشانەوەی زیاتری سەرمایە زۆر پێویستی بە هەمەچەشنکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات هەیە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی تەواوەتی بە داهاتی نەوت، هەر لەم ئاراستەیەشەوە مەسەلەی سەقامگیری و ئارامی سیاسی دەبێتە پێداویستیەک بۆ سەرکەوتنی ئەو پڕۆژەیە.
عێراق ڕێگای گەشەپێدانی سەرمایەگوزاری دەستپێکردوە، کە پڕۆژەیەکی گەورەیە و هەوڵدەدات سوود لەپێگەی جوگرافی وڵات و چەندین سنوور وەربگرێت. ئامانجی پڕۆژەکە دروستکردنی تۆڕێکی گواستنەوەیە کە کەنداو بە تورکیە دەبەستێتەوە و یەکێکە لەو جۆرە کارانەی کە ئەمڕۆ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باس دەکرێت بۆ پەرەپێدانی بازرگانی سنووربەزێن و پەیوەندیکردن نەک تەنها لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکو لە نێوان وڵاتانی ئاسیاشدا.
ڕێگای گەشەپێدان ئەگەر سەرکەوتوو بێت، پێگەی جیۆپۆلەتیکی عێراق وەک ڕێڕەوێکی بازرگانی بەرز دەکاتەوە و گەڕانەوەی دارایی و سەرمایەگوزاری و هەلی کار دابین دەکات، لە بنەڕەتتردا، پڕۆژەکە هەوڵێکە بۆ ناساندنی مۆدێلێکی نوێی گەشەپێدان کە بتوانێت عێراق لەڕووی سیاسییەوە سەقامگیربکات.
وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش زیاتر ئارەزوی خۆیان نیشان دەدەن بۆ دروستکردنی ئەم ڕێڕەوە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێودەوڵەتی لە سنوور بەزاندن، بەجۆرێک ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فراوان دوای ئەو هەموو شەرو کارەسات و گێژاوە سیاسیە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە گۆڕەپانێک بۆ کێبڕکێی جیۆ-ئابووری نێوان وڵاتانی زلهێزی دنیا، ئەمەش لە پەیوەندی و کێشمەکێشی چین و ئەمریکادا ڕەنگی داوەتەوە، لەم چوارچێوەیەدا، کۆڕیدۆرە بازرگانیەکانی نێوان وڵاتان و ناوچەکان زیاتر و زیاتر پەیوەست دەبن بە هاوتەریبیە جیۆپۆلیتیکیەکانەوە.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای سەرهەڵدانی ململانێکان لە ئۆکرانیا، قەناعەتێکی گشتی هەیە کە مۆدێلی عێراق بۆ دابەشکردنەوەی سامانی نەوت کەموکوڕی تێدایە و ئەگەر ڕاست نەکرێتەوە، ڕەنگە قەیرانی سیاسی داهاتوو زۆر توندتر بێت.
هەرچەندە داهاتی عێراق لە هەناردەکردنی نەوت لە نێوان هەشت بۆ نۆ ملیار دۆلاردایە لە مانگێکدا، ئەمەش بەهۆی گرانی نرخی نەوتەوەیە، لەلایەکی تریشەوە وەبەرهێنان و بازرگانی نەوت نەک نەیتوانیوە سەرچاوەیەک بێت بۆ ئەمنیەت و پاراستنی یەکپارچەیی عێراق، بەڵکو بەردەوام مەیدانی کێشەو شەڕی نێوان هێزە میلیشیاکان بووە لەسەر باڵادەستیان بەسەر بیرە نەوتیەکاندا.
بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئایا توانای دەوڵەت بۆ دابینکردنی دارایی و جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی وەها گەورەی تێکەڵبون بە ئابوری جیهانەوە ئیمکانی هەیە، یان ئەو ئاستەنگیانە چین کە بەرەوڕوی ئەم پرۆژەیە دەبنەوە؟.
ئەو ئاستەنگیانەی ڕێگا بە خێرایی چوونە پێشەوەی ئەم پرۆژەیە دەگرێت کەم نین و وەلانانیان ئاسان نیە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ڕادەی گەندەڵیەکی تەواو زاڵ و بەربڵاو و سیستماتیک کە لە تەواوی عێراقدا سایەی کردووە. هەروەها ئاستەنگی ئەوەی عێراق تائێستا شایەتحاڵی دۆخێکی وەها نائەمنی و بونی هیزی میلیشیاو ناسەقامگیریە کە تێپەڕاندنی بە ئاسانی نایەت بەدەستەوە، چونکە هەوڵی گروپە میلیشیاکان کە بەشدارن لەدەسەڵاتدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆنترۆڵی دەوڵەت و سەرچاوەکانی بەشێوەیەکە کە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و تێکدانی توانای حکومەت بۆ هەماهەنگی وردی پرۆسەی پلاندانان و جێبەجێکردن، بۆیە دور نیە ببێتە هۆی کشانەوەی وەبەرهێنەرانی بیانی، یان کشانەوەی ئەو وڵاتانەی کە هەوڵی سودمەندبوون لەڕێڕەوی گەشەپێدانی سەرمایەگوزاریەوە ئەدەن.
هەروەها سروشتی کوتلە سیاسیەکانی عێراق زیاتر ئاسانکاری بۆ حسابات و قازانجی کورتخایەن دەکەن، تائەوەی پشت بەستن بە پڕۆژەی درێژخایەن، بەڵام دەخالەت و پرۆژەکانی وڵاتانی زلهێزی دنیا بەتایبەتی چین بە ئاراستەی پرۆژە درێژخایەنەکان هەنگاو دەنێن.
لەهەمانکاتدا بەربەستی سەرکەوتنی پڕۆژەکە بریتیە لە سەختی دابینکردنی بودجەی بەردەوام بۆ پڕۆژەیەکی وەها گەورە، کە ناکارایی و گەندەڵی بەربڵاو لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا، کێشەی گەورەی بۆ دروست دەکات، ڕەنگە ئەگەری نائەمنی و نادڵنیایی وەبەرهێنەران لەڕێگای گەشەپێدان و ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێت سوودی لێ وەربگرن، بێهیوایان کات.
ئەوەی بەرچاوە حکومەتی محەمەد شیاع سودانی ڕێگەی گەشەپێدانی لەباوەشگرتووە، کە بە ئامرازێکی دەزانێت بۆ خێراکردنی گەشەسەندنی ئابووری عێراق و پتەوکردنی پەیوەندی وڵات بە بازاڕە جیهانیەکان و دروستکردنی سەرچاوەیەکی گەورەی نوێی داهات، لەباری عەمەلیشەوە هەوڵ ئەدات بەم ڕێگەیە سەرۆکایەتی خۆی و دەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی جێگیر بکات.
ڕێگای گەشەپێدان بەوپێیەی پڕۆژەیەکی ئابووریە کە لە دەوری ئامانجێکی سیاسیدا دەسوڕێتەوە، ئەویش سەرکەوتنی گۆڕینی دۆخی سیاسی ئێستای عێراقە لە نائارامی ئێستایەوە بۆ ئارامی و گەڕان بەدوای چارەسەری ئاستەنگە ئابوری و سیاسیەکان، ئامانجی ڕێگای گەشەپێدان زیاترە لەوەی پەیوەندی بازرگانی سنووربەزێن بەدەستبهێنێت، جگە لەڕێگاوبان و هێڵی ئاسنی کە بەندەری فاو لەباشووری عێراق بە سنووری عێراق و تورکیا دەبەستێتەوە، دەبێتە هۆی دامەزراندنی کارگە و وەرشەکان، کە ڕێگەی زیاتر بە چالاکیە ئابوری بازرگانیەکان دەدات، سودانی ڕایگەیاند کە ڕێگای گەشەپێدان تەواوکەرێکی پێویستە بۆ بەندەری فاو لەناوخۆدا بەرەو تورکیا و ئەولاتری تورکیا.
لەوەش زیاتر، پڕۆژەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێناسەکردنەوەی سنوورەکانی باشوور و باکووری عێراق، هەربۆیە حکومەتی عێراق بەرنامەڕێژی دەکات بۆ ناوەندبونەوەی عێراق و کۆنترۆڵکردنی سنورەکان.
هاوکات ڕێگای گەشەپێدان، وەک پرۆژەیەکی گەورە کە کاریگەری ستراتیژی لەسەر عێراق هەیە، ڕەنگە ببێتە دەرفەتێک و هاندەرێک بۆ حکومەتی عێراق بۆ درێژکردنەوەی کۆنترۆڵی ئەمنی خۆی بەسەر ناوچە پەراوێزەکان و فراوانکردنی دەستڕاگەیشتن بە دەسەڵاتە ناوەندیەکان. هەر لەم چوارچێوەیەدا هەوڵدان بۆ بچوککردنەوەی قەبارەی هەرێم مانا پەیدادەکات، حکومەتی عێراق پێویستی بەوەنابێت حکومەت و دەسەڵاتێکی تر لە چوارچێوە عێراقدا لە پاڵیدا بێت و ببێتە هاوبەش لەم پرۆژەیەدا، ئەوەندە بارزانی و تاڵەبانی دەوێت کە سەر یەشە بۆ پرۆژەکە دروست نەکەن و بتوانن ئەمنیەتی هەرێم بپارێزن، جگە لەوەش ڕێگاوبان و هێڵی ئاسنی نوێ ئامڕازی خێرای پەیوەندی نێوان پارێزگاکانی عێراق پێویست دەبیت، دروست بکرێن، بۆ باشتر تێکەڵکردنی شارەکان لەگەڵ یەکتر و پەرەپێدانی چالاکیە ئابووریە ناوخۆییەکان و پڕۆژە بەرفراوانەکان.
عێراق دەبێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ بازرگانی نێودەوڵەتی و ڕێڕەوێکی سەرەکی بۆ کاڵاکان، کە ئابووریەکەی هاندەدات و هەلی کار دروست دەکات و سەرچاوەی نوێی داهات بۆ سەرمایەداران و دەوڵەت بەرهەم دەهێنێت. کاربەدەستانی عێراق داهاتی ساڵانەی پرۆژەکە بە نزیکەی چوار ملیار دۆلار مەزەندە دەکەن، کە کۆی تێچووی پڕۆژەکەش بە نزیکەی 17 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
قەتەر وڵاتێکی سەرەکیە لە کەنداودا کە ئارەزووی پێشخستنی ئەم پڕۆژەیە دەکات، بەتایبەتی پاش ئەو ئەزمونە تاڵانەی کە تێیدا ژیاوە لەکاتی ئەو گەمارۆیەی کە لەلایەن سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحرەین لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢١ بەسەریدا سەپێنراوە، ئەمەش وای لە قەتەر کرد بەدوای ڕێگەی بەدیلدا بگەڕێت بۆ بازرگانی. جگە لەوەش قەتەر پەیوەندیەکی نزیکی لەگەڵ تورکیا هەیە کە هاوپەیمانی سەرەکی ناوچەکەیە لە پێش و لە کاتی گەمارۆکەدا.
تورکیا بە جۆش و خرۆشەوە پشتگیری لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان دەکات، چونکە ڕێگایەکی کورت بۆ ناوچەی کەنداو دابین دەکات و هەروەها خواستەکانی ئەنقەرە بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێک بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی جیهانی جێبەجێ دەکات.
هاوکات ئیمارات دەتوانێت لەم پرۆژەیەدا هاوبەشی بکات، بەتایبەتی دوای ئەوەی محەمەد شیاع سودانی، داوای هاوکاریی کرد بۆ بەڕێوەبردنی بەندەری فاو کە بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیە پێکدەهێنێت. ڕەنگە ئەمە لەگەڵ بەرژەوەندی ئیماراتدا بگونجێت بۆ بەهێزکردنی بوونی خۆی لە عێراق، و پاراستنی پێگەی خۆی وەک لایەنێکی سەرەکی لە بەڕێوەبردن یان سەرپەرشتیکردنی بەندەرەکان لەسەر ئاستی جیهانی. بەڵام واپێدەچێت ئیمارات کەمتر مەیلی بەشداریکردنی لەو پرۆژەیەدا هەبێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری ئەوەی کە بەندەری فاو ببێتە ڕکابەری بەندەرەکانی خۆی، هەروەها ئەو کاریگەریەی کە گروپە میلیشیاکانی لایەنگری ئێران و دژە ئیمارات لە عێراقدا دەور دەبینن. بۆیە ئیماراتبە لەبەرچاوگرتنی ئەو بەرژەوەندیەی کە ڕێڕەوی ئابووری لە نێوان هیندستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا لە کاتی شەڕی غەززەدا وەریگرتووە، ئەوەی پێباشترە چاوەڕێ بکات پێش پابەندبوونی بە پڕۆژەیەکی لەوچەشنە.
لەم کەین و بەینەشدا، کوێت بەندەری فاو بەڕکابەرێکی بەندەری موبارەک ئەلکبیر لە دوورگەی بوبیان لێک ئەداتەوە، کە بەردەوامی دروستکردنی گرژی لەنێوان عێراق و کوێتدا دروستکردووە. هۆکاری ئەمەش تەنها ناکۆکی لەسەر سنوورە دەریایەکانی نێوان هەردوو وڵات نییە، بەڵکو ئەو بۆچوونەی عێراقیشە کەڕەنگە بەختی بەندەری موبارەک ئەلکەبیر تێکبدات. ئەم ناکۆکییانە بووە هۆی ڕاگرتنی کارکردن لەسەر پڕۆژەی بەندەری کوێت بۆ ماوەیەک، بەڵام لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٣ حکومەت دەستپێکردنەوەی کارەکانی تەواوکردنی ڕاگەیاند.
“هەنگاونان بەرەو چین” بووەتە بەشێک لە گوتاری سیاسی هەندێک لە کوتلە سیاسیەکانی عێراق، بەتایبەت ئەوانەی لە ئێرانەوە نزیکن، کە ئەمەیان وەک ئامرازێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئەمریکا نیشانداوە، لەلایەکی تریشەوە بە سەرکەوتنی پرۆژەی گەشەپیدان دەخەمڵێنرێت.
لە ساڵی ٢٠٢١ عێراق بووە گەورەترین سوودمەند لەو پارەیەی کە چین بۆ دەستپێشخەری “پشتێن و ڕێگا” تەرخانی کردووە، لە کۆی نزیکەی ٦٠ ملیار دۆلار ١٠.٥ ملیار دۆلاری وەرگرتووە. پێش ئەوە حکومەتی عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ چین ڕێککەوتبوو لەسەر دامەزراندنی سندوقێکی هاوبەش کە تێیدا داهاتی سەدهەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا لە هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکانی چین و وەبەرهێنانەکانی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و پڕۆژەکانی گەشەپێدان لە عێراق بەکاربهێنرێت.
حکومەتی عێراق بەنیازی ئەوە بوو کە بەندەری فاو وەک پڕۆژەیەکی تەواوکەری دەستپێشخەری “پشتین و رێگاوبان” پیشان بدات، ڕێڕەوێکی دەریایی نوێ دابین بکات کە بتوانێت خزمەت بە چین و زلهێزە ئابووریە تازەپێگەیشتوەکانی ئاسیا بکات، بەو پێیەی بڕیارە کاتی گواستنەوەو گەیشتنی کاڵاکان بۆ ئەوروپا کەم بکاتەوە. بۆیە لەم نێوەدا عێراق ڕووبەڕووی کێبڕکێی توندی وڵاتانی دراوسێ دەبێتەوە، کە هەندێکیان زیاتر لە بازرگانی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبردنی بەندەر و کەشتیوانیدا بەشدارن، وەک ئیمارات و هەندێکی دیکەش وەک تورکیا، ئێران و کوەیت،کە توانای ئەوەیان هەیەڕێگری لە پلانەکانی عێراق بکەن.
حکومەتی عێراق وەها نیشان ئەدات ئەوپەڕی گرنگی بە شەفافیەت دەدات لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا. بەڵام ئەمە شتێک نادات بەدەستەوە گەر حکومەت نەتوانێت پشتگیری سیاسی بەردەوام دەستەبەر بکات و بودجە بۆ ڕێگای گەشەپێدان ڕێکبخات، ئەمەش پێویستی بە بنیاتنانی کەیسێکی بەهێز هەیە لە بەرژەوەندی پڕۆژەکە تا گومانی سەرنەکەوتنەکەی کەمکاتەوە.
لە دواجاردا ئەتوانین بڵێین ئەم پرۆسەیە لە گەشەپێدانی ئابوری عێراق دەستی پێکردوە، سەرکەوتن یا شکست لەبەردەم چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕێکی تەواو جیاوزادا بەرەوڕوە، کە لە چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕو دۆخێکی سیاسی وەهادایە کە هاوکێشەی سیاسی دەخاتە بەردەم دەورانێكی تازەوە، کاریگەری جدی لەسەر رۆڵ و نەخش و هاوسەنگی هێزەکان دادەنێت، کە چۆن مامەڵەی دۆخەکە دەکەن. هێزە شیعەکان بە تایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگی لە حکومرانی و دەسەڵاتی سیاسیدا دەستی بەم ڕەوتەوە گرتووە، نەخشە سیاسیەکانی لەسەر ئەو بنەمایە پیادە دەکات، لە هەوڵی هەنگاوەکانی ناوەند بونەوەی عێراقدایە.
هەرێمی کوردستان خۆی ڕادەستی ئەوەکردوە کە بەشێکە لە عێراق و گەڕاوەتەوە ژێرڕکێفی دەوڵەتی ناوەندی، ئەم ئاڵوگۆڕە هەلومەرجێکی تازە دەهێنێتەکایەوە کە کاریگەری لەسەر هەمو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی دادەنێت و بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری پێدەنێتە قۆنا‌غێکی تازەوە.

حکومەتی ناوەندی ئەو دەرفەتەی پەیداکردوە کە هێژمونی خۆی بەسەر هەمو جوگرافیای عێراق بە کوردستانیشەوە بسەپێنێ، لەڕوی سیاسی و ئابوریەوە حزبە بورژوازیە کوردەکانی ناچار کردوە مل بەم دۆخە بدەن، دواجار بەو مەرجە دەتوانن بەردەوامی بە پێگەی سیاسیان بدەن، کە ببنە پاسەوانی پرۆژەی گەشەپێدانی ئابوری عێراق وبە ڕەسمی قەبوڵی ناوەندبونەوەی عێراق بکەن، هەلومەرجی تازەش گرێخواردنەوەی کوردستانە بە عێراقەوە.

عوسمانی حاجی مارف

نوسینی ئەم وتارە بۆ ڕۆشناییە لە سەر گۆشەیەکی ئەو بڕیارنامەیەی کە لە کۆنگرەی شەشەمی حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستاندا دەنگی پێدرا، سەبارەت بە “بارودۆخی سیاسی و سەرخەتی سیاسەتەکانی حزب”




ناکرێ بێدەنگ بین بەرامبەر کۆمەڵکوژیی خەڵکی غەززە.. عوسمانی حاجی مارف

لەبەردەم دیاردەی گەورەترین کۆمەڵکوژین کە لە غەززە ڕوودەدات، بەوپێیەی داگیرکاری ئیسرائیل تائێستا زیاتر لە ٣١ هەزار فەلەستینی کوشتووە کە ٧٠٪ یان ژن و منداڵن. هێشتا ئیسرائیل هەڕەشەی کۆمەڵکوژی زیاتر و کارەسات و ئازاری زیاتر دەکات.
بەجیا لەوەی چەندین مانگە ئەم جینۆسایدە بەڕۆژی ڕوناک و بەبەر چاوی خەڵکەوە ڕووئەدات، ئەمڕۆ سۆشیال میدیا وەک یەکێک لەو ئامرازە بەهێزانەی جێگای سەرنجی پانتاییەکی بەرفراوانی جیهانیە، کاریگەری تەواوی لەسەر بیروڕای گشتی و ڕۆشنکردنەوەی ئەو پەلامارە بێشومارانەی کە هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیل لە فەلەستین ئەنجامی دەدەن، داناوە. لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەنوسان لە میدیای تەقلیدی تێپەڕین و بە بەڵگەنامەکردنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئێشوئازاری کارەساتەکان لە فەلەستین گەیشتن بە هاوڵاتیانی ئاسایی لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم کاریگەریە ئەوەندە توند بووە، کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پلاتفۆرمی “تیک تۆک” ناچار بوو لێدوانێک بدات و بڵێت؛ “زۆرینەی ڕەهای بەکارهێنەرانی تیک تۆک ئەوانەن کە ڤیدیۆی لایەنگری فەلەستین بڵاودەکەنەوە”. بەجیا لەوەش تەواوی کەناڵی هەواڵگری جۆراوجۆری جیهان ناتوانن ڤیدیۆکانی ئەو هەواڵانەی پاکتاوکردنی غەززە نیشان ئەدەن، بڵاو نەکەنەوە.
کاریگەریەکانی ئەو ڕوداوانە، کەوتۆتە ناو سیاسەتی ناوخۆی زۆر وڵاتەوە، بۆنموونه جەماوەری جۆ بایدن، بەهۆی هەڵوێستی له سەر پرسی فەلەستین بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوه، بەشێکی زۆر لە هاوپەیمانان و لایەنگرانی پارتی دیموکرات لە ئەمریکا داوای بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەکەن و دەنگ بە بایدن نەدەن، ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری ئەمریکا فشارێکی گەورەیە لە سەر حکومەتەکەی بایدن.
بڕیارنامەکەی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا کە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دەکات، سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی بەریتانیای شەرمەزار کرد، کە لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا خۆیان لە ئاماژەکردن بە بۆردومانی کوشندە بۆ سەر غەززە بەدوور گرتووە. ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا ڕوون و بێدوو دڵی و بە تەواوی لەگەڵ ڕای گشتی باو و ناڕەزایەتیەکان لە دوورگەکانی بەریتانیا و ناڕەزایەتی جیهاندا دەگونجێت.
پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا داوای ئاگربەستی دەستبەجێی کرد بەبێ مەرج. لەکاتێکدا کە ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی پارتی کرێکارانی بەریتانیا دەسەڵاتی ڤیتۆی بە حکومەتی ئیسرائیل بەخشی، بە پێداگری لەسەر ئازادکردنی زیندانیەکان لەلایەن حەماسەوە وەک پێشمەرجێک بۆ دەستپێکردنی ئاگربەست، ئەمەش نیشاندانی ڕیسوایی حکومەتی بەریتانیا بوو، لەبەرامبەر خەڵکی ناڕازی بەریتانیا کە شەقامەکانیان هەژاند دژ بە هێرشەکانی ئیسرائیل.
لەهەماکاتدا تورکیا و سعودیە بەهەمانشێوە کەوتونەتە ژێر فشاری جەماوەریەوە و لەژێر کاریگەری ئەو فشارەدا مامەڵەیان لەگەڵ قەیرانەکەدا کردوە. هەرچەندە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، هەوڵیدا بێلایەن بمێنێتەوە و پێشنیاری نێوەندگیری بۆ چارەسەری ململانێکانی کرد، بەڵام ڕای گشتی لە تورکیا و خۆپیشاندانە گەورەکانی لایەنگری فەلەستین هەر زوو وای لێکرد هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت و بە ئاشکرا ئیدانەی ئیسرائیل بکات.
لە میسر و ئوردن و زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی جیهان شاهیدی هەمان ڕێگا بوون. بۆ نموونە قەتەر کە هەر زوو پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، بەڵام دواتر ناچاربو باڵیۆزی خۆی لە تەلئەبیب بانگهێشتکردەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دابەزینی پەیوەندی و دەستکەوتە سیاسیەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا. ڕاپرسیەکانی بیروڕا کە لە لایەن پڕۆژەی بارۆمێتری عەرەبی کە بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی پرینستۆن ئەنجام دراون، ئاشکرایان کردووە کە بیروڕای گشتی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهانی عەرەبی پاڵپشتی خۆی بۆ فەلەستین زیادکردووە، لە هەندێک ووڵاتدا پشتیوانی لە حەماس، وەک هێزی بەرەنگاری نفوزە جەماوەریەکەی زیادیکردووە، و یەکێک لە هۆکارە دیارەکانی ئەمەش ئەوەیە کە میدیاکانی سۆشیال میدیا و دەزگاکانی هەواڵی ناوخۆ دەیخەنە ڕوو. هەر ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی ناچارکردنی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و عەرەبی بۆ گۆڕینی هەڵوێستەکانیان سەبارەت بە ئیسرائیل و ململانێکان، گەر بەشێوەیەکی ناچاری و شکڵیش بێت، بەڵام گومانی تێدا نیە کە لە داهاتوودا کاریگەریەکی بەرچاوتری دەبێت.
لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا وا دیاربوو کە فەرامۆشی لە پشتیوانیکردن لە دۆزی فەلەستین ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگربوو، بەڵام سەرهەڵدانی میدیای بەدیل و سۆشیال میدیا لەخستنەڕوی ڕوداوە دوژمنکاری و تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لەبەرامبەر خەڵکی فەلەستیندا، پاڵنەرێکی بەهێز بوو بۆ گەڕانەوەی پشتیوانی لە دۆزی فەلەستین. بۆیە سەرکردەکانی وڵاتان دەبێت لەکاتی بڕیاردان سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێکان لە داهاتوودا، بەتایبەتی شەڕەکانی پەیوەست بە داگیرکاری ئیسرائیل، مەزاج و بۆچوونی جەماوەری ناڕازی وڵاتەکەیان لەبەرچاو بگرن.
ئیسرائیل بێوچان پێداگری لەسەر هەڵوەشاندنەوە و تێکدانی دەسەڵاتی فەلەستین دەکات و هەوڵدەدات ڕێگری لە ڕێڕەوی “چارەسەری دوو دەوڵەت” بکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە لایەنی فەلەستینی نوێنەرێکی گونجاوی نیە بۆ هاوبەشیکردن لە ئاشتیدا، بەڵام ئاستی گەورەبونەوەی هێرشەکانی ئیسرئیل و زۆری کارەساتەکان و ڕۆڵی میدیا لە ڕۆماڵکردنی ڕوداوەکان، “چارەسەری دوو دەوڵەت” خەریکە دەبێتە پێشەنگی پێشنیارو فشاری ناڕەزایەتیەکان و ناچارکردنی جیهان بۆ ڕەسمیەتدان بەو چارەسەرە بۆ خەڵکی فەلەستین، تا ئەو ئاستەی ئەوروپاو ئەمریکاش گەر ڕوکەشیش بێت خەریکن دان بەو ڕێگە چارەیەدا دەنێن.
لەڕاستیدا ئەوەی پێویستە جێگای پرسیارو سەرنجی جدیمان بێت، ئایا ئینسان لەبەرامبەر مەسەلەیەکی وەها هەستیاردا ئەتوانێ بێدەنگ و بێهەڵوێست بێت، لەکاتێکدا بزانێت کۆمەڵکوژیەکی گەورە لە شوێنێکی دونیا ڕوودەدات، کە پێویستە هاوبەشی و پەرچەکردار بۆ ئازارەکانی دانیشتوانی غەززە هاوپشتی مرۆڤایەتیمان بێت.
پێویستە هەڵوێست بگرین و ڕیزی ناڕەزایەتی جەماوەری فراوانترو بەهێزتر کەین، لەبەرامبەر ئەو دەوڵەت و سەرکردانەدا، کە بانگەشەی پوچی ڕزگاری و دیموکراتی دەکەن و پێداگری لەسەر لەناوبردنی تەواوەتی بوونی گەلی فەلەستین دەکەن؟ بۆچی ئەمریکا پێداگری لەسەر دابینکردنی ئەو چەک و تەقەمەنیانە دەکات کە ئەم جینۆسایدە دەکاتە مومکین؟ بۆچی ئەورووپا کە ڕۆژگارێک پێیان دەگوتن تاجی شارستانیەت، بەم شێوەیە بەربەریەت بەرەوپێش دەبات؟ ئەوە ناوەڕۆکی پێکهاتەو ناکۆکیەکانی دڕندەیی سەرمایەداری و بازاڕو بەرژەوەندیەکان و ڕکابەری سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیانە، کە ئێستا لە نیولیبرالیزم فرە جەمسەری و قەیرانەکانیاندا سیستەمەکەی ڕێکەدەخات…، دەبێت جیهان وەرچەرخانێکی گەورە بەخۆیەوە نیشان بدات، ئەم وەرچەرخانەش دەکرێ ئەمرۆ لە ڕیسواکردن و وەستانەوە بەرامبەر شەڕەنگیزی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی سەرهەڵدات، وەستانەوەیەک کە هێزی ناڕەزایەتی جەماوەری بەهەر جۆرێک ئیمکانی هەیە، ئەم هێرشانەی ئیسرائیل ڕاگرێت و شکست بە نەخشەو سیاسەتەکانیان بهێنێت، بەڕاستی پێویستە بڕیاربدەین ڕووبەڕووی ئاستەنگیە گەورەکانی سەردەمی خۆمان ببینەوە و بەرەیەکی ناڕەزایەتی جەماوەری جیهانی بەرینەپێشەوە. بەهێزکردنی ئەو بەرەیە دەتوانێت وەڵامدەرەوی نەک ئاستەنگەیکانی کارەساتەکانی ئێستای فەلەستین بێت، بەڵکو ئەو ئاستەنگیانەی لە هەر شوێنێکی دنیادا بەرژەوەندیەکانی سەرمایە و ناکۆکیەکانی زیان بە مرۆڤایەتی و خەڵکی نەدارو هەژار دەگەیەنێت وەڵام بداتەوە.
وەستانەوە لەبەرامبەر شەڕی ئێستای ئیسرائیل لە دژی فەلەستینیەکان، نەبێتە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی فەلەستین، ئەوا پێویستە هەموومان چاوەڕوانی کارەسات و لێکەوتەی خراپتر بین.




ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی.. عوسمانی حاجی مارف

بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە هەرێمی کوردستان مشتومڕێکی زۆری نێوان لایەنگران و نەیارانی لێکەوتەوە، دادگا دوو بڕیاری دەرکرد لە دوو داوای یاسایدا سەبارەت بە قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەو مشتومڕەش مانای لایەنی سیاسی بڕیارەکانی خستەڕوو.
هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان خۆیاندا خەریکی مامەڵەو چارەسەرکردنی قەیرانی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمن، بڕیاری خۆجێیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بانکە فیدراڵیەکان، هەروەک باقی فەرمانبەرانی عێراق، ئەمەش پەرچەکرداری توندی پارتی لێکەوتەوەو یەکێتی پێشوازی لێکرد، لەلایەکی تریشەوە جەماوەری ناڕازی بە سەرکەوتن بۆ خۆیان زانی و داوای جێبەجێکردنی خێرای بڕیارەکە دەکەن.
ئەو هەڵمەتەی لە لێدوانی سیاسیەکان و ڕاپۆرتی میدیاکانی سەر بە بارزانی بەرجەستە بۆتەوە، ڕەنگدانەوەی حاڵەتێکی توڕەییە کە ماوەیەکە کەڵەکە بووە، بەهۆی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم.
ئەم بڕیارانە بە تەواوی پێچەوانەی ویستی بارزانیە، لەوەی دەیەوێت باڵادەستی بنەماڵەو حزب و هێزەکەی بەسەر حکومەتی هەرێمدا کەم نەکرێتەوەو کورت نەهێنێ، هەڵبژاردن بکرێت یان نەکرێت، بارزانیەکان دەیانەوێت وەک خاوەنی حکومەتی هەرێم بمێننەوە، سەلاحیەتەکانی بنەماڵەو حزبەکەیان بەهیچ شێوەیەک کەم نەکرێتەوە. هەر لەڕاستای ئەم چاوەڕوانیەوە ناساندنی خۆی وەک هێزی یەکەم بانگەوازی سەپاندنی مانەوەی دەسەڵاتەکەی ڕادەگەیەنێت، بەڵام بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی زیانێکی بێپەردەیە بۆ بارزانی و قەوارەی حکومەتی هەرێم.
مەسعود بارزانی بەپشتیوانی حزبەکەی سەرکردایەتی هەڵمەتێک دەکات کە لەبەرامبەر بڕیارەکانی دەسەڵاتی فیدراڵی عێراق دەوەستێتەوەو بەڕەنگاری دەکات، گەر ئەم گەمە سیاسیەی وەک قومارێک لەئاکامدا زیانێکی گەورەش بە خەڵکی کوردستان بگەیەنێت، لە بیرکردنەوەی بارزانی و حزبەکەیدا بایەجێکی نیەو بە هەر بەهایەک و بە هەر شێوازێک بێت مانەوەی دەسەڵاتی پاوانخوازی هێزی میلیشیای بنەماڵەکەی کێشەی سەرەکیانە.
ئەو لایەنانەی کە گوایە نوێنەرایەتی کەمینەکان دەکەن و بەدەنگی کۆتا دەچنە ناو پەرلەمانی کوردستانەوە، کە بەردەوام لەگەڵ پارتیدا هاوهەڵوێست بوون، لەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پشکی کەمینەکان ناڕازین و خۆیان بە هاوبەشی پارتی دەزانن لەم پرسەدا، بۆیە ناچارن هاوبەشی توڕەییەکانی پارتی بکەن لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانی بەغدا و دژ بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بوەستنەوە.
بەڵام بڕیارەکەی دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان ئەنجامی داوایەکە کە لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە پێشکەش کراوە، بۆ لاوازکردنی توانای ڕکابەری پارتیە لە هەڵبژاردندا بەرامبەر بە یەکێتی، هەربۆیە پارتی ئەو بڕیارە بە بڕیارێکی نادەستوری و ناڕەوا دادەنێنن و دژ بە پێکهاتەکان و دیموکراسی ناوزەدی دەکەن، چونکە زیانێکی گەورەی لێدەکەن.
بڕیارەکان کە لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە دەرچوون، لەسەر ئەو پرسانەی کە ڕەواڵەتێکی یاساییان هەیە، بەڵام لە جەوهەردا پەیوەندیەکی نزیکیان بەو ناکۆکیە سیاسیەوە هەیە کە لە ململانێی نێوان لایەنەکان لە هەرێم و بەغدا مامەڵەی پێدەکرێت، لەسەر بنەمای پشکەکان و دیموکراسیەکی فەرمی کە بە فۆرمی حکومەتی قەومی و ئیسلامی و تائیفی جێبەجێ دەکرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراقی سەبارەت بەیاسای هەڵبژاردن بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕەتکردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە “پێچەوانەی ڕۆحی دەستوورە”، لەکاتێکدا گەورەترین ڕکابەرەکەی، کە یەکێتی نیشتمانیە ، پێشوازی لە بڕیارەکان دەکات، بەناوی ئەوەی کە یارمەتیدەرن بۆ گەیشتن بە پرەنسیپی یەکسانی دەرفەتی هەڵبژاردن و دەستەبەرکردنی مووچە بۆ خاوەنەکانیان!.
هەر لەم بارەیەوە مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایدەگەیەنێت بەشداری هەڵبژاردنێک ناكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەدەچێت. هەر بەم شێوەیە پێش هەموو شتێک پێویستە بڵێین ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی قووڵتر دەبێتتەوەو دۆخی سیاسی کوردستان شێوازێکی تر لە ململانێی ئەو دوولایەنە بە خۆیەوە دەگرێت.
بڕیاری بەشدارینەکردنی بارزانی لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبوو، بەڵکو هەوڵێکە بۆئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانێک کە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دیاریکراوە و بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەکرێت، لە بەرامبەر دۆڕانێکدا بەرەوڕوو نەبێتەوە، کە نەتوانن حکومەتی ژێردەسەڵاتی دەزگاکانی بارزانی دامەزرێنن.
بارزانی نیگەرانی و پەرچەکرداری خۆی نەشاردەوە لەبەرامبەر ئەو بڕیارانەی کە ڕێگاکانیان لێتەسک کردەوە و ئەو کەلێنانەیان لێداخرا کە بۆباڵادەستی حزبەکەی پیادەی دەکرد، جا لەڕێگەی پشکەوە بێت یان بەهەر شێوەیەکی تر کاریان لەسەر کردبێت، ئەم بڕیارەی ئێستای دادگای فیدراڵی ئاماژە بە ترسی لەدەستدان و پێدانی شوێنی زیاتر لە کێبڕکێ و دەرفەتەکانی یاریکردن بە هەڵبژاردن دەکات، بەمانەیەک کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوتردا بۆ هەمو کەس ڕۆشن و ئاشکرابو، کە لە ناو گەمەی هەڵبژاردنەکاندا، پێشوەخت و پێش هەڵبژاردن هەموو شت لە بەرژەوندی بارزانی بڕاوەتەوە، بەڵام ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە و لە کاتی خۆیدا بەپێی ئەو میکانیزمانەی کە دادگای فیدراڵی دیاریکردوە، مانای گۆڕانکاریەکە کە کەمترین دەرفەت ئەدا بە بارزانی کە هاوکێشەی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندی پارتی بسەپێنێت، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین، بۆ ئەوەی قورسایی و گێژاوێک بخاتە نێو مەیدانی ململانێکان، تا لایەنەکانی بەرامبەری لە کوردستانی و عێراقی ناچارکات بێنە بەردەم مێزی گفتوگۆ و دانوسان و ڕێکەوتن لە ژورە داخراوەکاندا.
هەموو ئەو بڕیارانە بەگشتی لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی هەولێرەوە بە پێشێلکردنی دەستوور دادەنرێن، بارزانیش بە هەوڵێکی بەغدا یان هەوڵی هەندێک لە لایەنە سەرەکیەکانی بەغدا بۆ بچوککردنەوەو تێکدانی قەوارەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مامەڵەی دەکات، بەتایبەتیش بە لێدان لە پێگەی بارزانی دەیخەمڵێنن
دوای ئەوەی دادوەرێکی سەر بەپارتی لە دادگای فیدراڵی دەستی لەکار کێشایەوە، هەروەها لە بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتیدا کە هەڕەشەی کشانەوە دەکات لە پڕۆسەی سیاسی، واتە کشانەوە لە پەرلەمانی عێراق و حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی، هەروەها هەڕەشەی کشانەوەی لەڕێککەوتنی بەناو هاوپەیمانیش کردوە، تا گۆمی قوڵی کێشەکان تەواو بشڵەقێنێت.
لەلایەکی تریشەوە بارزانی وەها نیشان ئەدات بەرەوڕاگرتنی هەموو گفتوگۆ سیاسیەکان لەگەڵ بەغدا هەنگاودەنێت، هەندێک زانیاری باس لەوە دەکەن کە بارزانی دەستیکردووە بە بەهێزکردنی هەندێک هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسەر سنوورەکانی هەرێم لەگەڵ پارێزگاکانی ژێر دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا، بە تایبەتی پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک.!
هەر لەم بارەیەشەوە سەرکردایەتی سیاسی لە هەولێر هەوڵی قسەکردن لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا ئەدات، بۆ ئەوەی نێوەندگیری بکەن لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پەیوەستن بە بڕیارەکانەوە کە لەدادگای باڵای فیدراڵی و ئەو کارانەی لەبەرامبەر هەرێم لەلایەن بەغداوە ئەنجامدراون.
بارزانی لە ئێستاوە لە هەوڵی دەستپێکردنی پەیوەندیەکانیەتی لەگەڵ ڕەوتی موقتەدا سەدرو پیاوانی ئاینی شیعە، هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاوپەیمانیەی نێوانیان کە پێشتر بویانە،ڕەنگە لە بۆچونی بارزانیدا ڕەوتی سەدر یەکێک بێت لە بژاردە گرنگەکان بۆ فشار خستنە سەر حکومەتی بەغداو دادگای فیدراڵی، واتە تەواوی هەوڵەکانی بارزانی لەو قەیرانەی بە فشارەکانی حکومەتی عێراق و ئێران و دادگای فیدراڵی و یەکێتی نیشتمانی دەرگیری بووە، نایەوێت بە ئاسانی خۆی ملکەچ و ڕادەستی ئایندەیەک کات کە پێگەی دەسەڵاتی لە کوردستاندا لاواز دەکات، بەڵام ئەوەی لە ئەزمونی ژیانی سیاسی بارزانیدا ناوبانگی هەیە، ناتوانێ لە نمونەی تاقیکردنەوەی شکستی ڕفراندۆمەکەی زیاتر هەنگاو بنێت.
بەڵام لەم بارەیەوە سەبارەت بە بەغدا، بژاردەکانی پەرەسەندنی ناوەندبونەوەی عێراق بە ئاراستەی خۆیدا بەڕێ دەخەن، بەتایبەتی هەندێک هێز لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەدا بە پشتیوانی ئێران توندن لەسەر ئەوەی هەوڵدەدەن سزای تەکنیکی و ئابووری بەسەر هەرێمدا بسەپێنن و یەکێتی نیشتمانیش لاری لەم هەنگاوانەی چوارچێوە هەماهەنگی و ئێران نیە.
ئەوەی شایانی باسە سەختترین بژاردە ئەوەیە کە هەندێک لە کوتلە چەکدارەکانی شیعە لە بەغدا،یان لایەنەکانی بەناو بەڕەنگاری ئیسلامی عێراق، بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجەکانی هەولێر و سەنگەرەکانی پێشمەرگە و شوێنە گرنگەکانی ژێر دەسەڵاتی بارزانی وەک هەڕەشەیەک بکەنەوە ئامانج، ئەم بژاردەیەش بۆ بەغدا لە ئێستادا کارێکی ئاسان نیە.
ئەوەی لەم ململانێیەدا جێگای سەرنجە یەکێتی نیشتمانی پشتیوانی تەواوی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکەن و لە بەرژەوندی گۆڕینی هاوسەنگی هێزەکەیان لە بەرامبەر پارتیدا حسابی لەسەردەکەن، بەمانایەک لە بەردەوامی ئەو هەوڵانەدان چۆن لە هاوکێشە سیاسیەکاندا جارێکی تر بەڵکو بتوانن پارتی و بارزانی بخەنەلاوە.! ئەمەش چەند مایەی دەستکەوت دەبێت بۆ تاڵەبانی، ئەو ئاستی ململانێ و ڕووداوەکان دیاری دەکات، ئەم هەڵبەزو دابەزەی نێوان بارزانی و تاڵەبانی سنورێکی دیاریکراوی نیە، مەگەر ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی بەرفراوانی جەماوەری بە کۆتایی هێنانی ئەم دوو دەسەڵاتە میلیشیایە، ئەم بەڵایە لە کۆڵ خەڵکی کوردستان بکاتەوە
ئەو هێزە سیاسیانەی کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتیان لە عێراقدا بەدەستەوەیە، کە زۆربەیان حزبی شیعە و کوتلە چەکدارەکانی سەر بەئێرانن، ئەو ڕەواڵەی لە بردنە پێشەوەی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق گرتویانەتە بەر، بەدوای ئەو دەرفەتانەوەن کە دەسەڵاتەکانی هەولێر سنوردارکەن، لەم پرۆسەیەدا فشارەکانی بەغدا وەک گەمەیەکی سیاسی جەخ تلەسەر سندوقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و موچەی فەرمانبەران دەکەن.
لەلایەکی تریشەوە ناکۆکیەکی گەورە لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم سەبارەت بە پشکی هەرێم لە بودجەی دەوڵەتی عێراق، و میکانیزمەکانی ژماردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم، بووەتە هۆی پشێوی لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران، ئەمەش دۆخێکی سەختی سیاسی کۆمەڵایەتی دروستکردوە لە کوردستانی عێراق و ڕیسوایی و شەرمەزاریەکی زۆری بۆ حکومەتی هەرێم دروست کردوە، لەهەمانکاتدا مایەی ناڕەزایەتیەکانی بەرفراوانی جەماوەریە. ئەم بابەتەش فرسەتی داوە بە دەستێوەردانی دادگای فیدراڵی و دەرکردنی بڕیارێک بەگواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ بانکە حکومیەکانی عێراق، لە بەرامبەریشدا پارتی پێداگری لەسەر “هەژماری من” دەکات.
هەروەها بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە بەوەی کە سەرجەم داهاتی نەوت و نانەوتی ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵی بکرێت.
دەرچونی ئەم بڕیارانەی دادگای فیدراڵی، لەگەڵ ئەو دەستوورەی عێراقدا یەکدەگرنەوە و پێچەوانەی پرەنسیپەکانی نین،کە دەستورێکە لەسەر بنەمای پشکی بەشبەشێنەی نەتەوەیی و دینی و تائیفی و هاوسەنگی هێزەکان داڕێژراوە، دەستورێکی تاسەر ئێسقان کۆنەپەرست و دژی ئینسانیە، کە کاتی خۆی بارزانی و تاڵەبانی بە هەردەپەنجە مۆریان کردوە، بەو مانایەش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی تەعبیر لە پیادەکردنی سیاسەت و ئامانجی ئەو هێزە سیاسیانە دەکات کە حکومەتی ئێستای عێراق بەڕێوەی دەبات، پارتی و یەکێتیش هاوپەیمانی ئەو حکومەتەن، بەڵام ئێستا هاوکێشە سیاسیەکان و ئاستی هاوسەنگی هێزەکان و بەرژەوەندیەکان، پێگەی سیاسی لایەنەکان و ئاڵوگۆڕ لە دۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکەدا بەرەوڕوی کێشەی ترن، هەرلایەنێک لە هەوڵی دابینکردن و گونجاندنی بەرژەوەندیەکانیەتی، بۆیە ڕووداوەکان بە بێ دەخالەتی سەربەخۆ و ڕاستەوخۆی جەماوەری ناڕازی، دەمانخاتە بەردەم ململانێی ئەو ئاڵوگۆڕانەی ئاستی هاوسەنگی هێزەکان دەیبرێنێتەوە.




بارزانی لە واشنتۆن.. عوسمانی حاجی مارف

سەردانەکەی مەسرور بارزانی، بۆ ئەمەریکا بە پشتبەستن بە بانگهێشتنامەیەکی فەرمیە، کە لە ئیدارەی جۆ بایدن وەریگرتبوو، پەیامێکی ڕوون و ئاشکرای ئەمەریکایە سەبارەت بە نوێکردنەوەی بەرژەوەندیەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە پەیوەندیەکانی واشنتۆن لەگەڵ بەغدا، ئاماژەی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکایە بۆ ناوچەکە، هەروەها مامەڵەی ئیدارەی بایدنە دەربارەی فشارەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی لەسەر هەرێم، بەڵام بایدن بۆ خۆی چاوپێکەوتنی لەگەڵ مەسروردا نەکرد.
ئیدارەی بایدن هەوڵئەدات ناوچەکە بکاتە ناوەندێکی سەرەکی کێشکردن بۆ نفوزی زیاتری ئەمریکا لە عێراقدا، بە تایبەتی کە حکومەتی عێراق و هێزە میلیشیاکانی سەر بەئێران، لەئێستادا کاردەکەن بۆ کۆتایهێنان بەڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا. سەردانەکە لەژێرڕۆشنایی ئەو مشتومڕە بەردەوامەشدایە، لەسەر کاریگەری لایەنە شیعەکانی نزیک بە ئێران، کە شوێنەکانی هێزەکانی ئەمەریکایان لە سوریا و عێراق کردۆتە ئامانجی هێرشەکانیان.
ئەمەریکا سزای بەسەر زۆرێک لە بانکەکانی عێراقدا سەپاندوە، لەهەمانکاتدا بەسەر کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی لەلایەن بازرگانێکی عێراقیەوە بەڕێوەدەبرێت کە تۆمەتبارە بە نزیکبونەوە لە میلیشیاکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە سوپای پاسدارانی ئێران.
بەردەوامی حکومەتی سودانی، کە “پەیوەندیەکی نزیکی بە پارت و لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێرانەوە هەیە”، لە پرۆسەی دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە لە عێراق، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕۆیشتنی ئەم هێزانە نوێنەرایەتی کەمبوونەوەی کاریگەری ئەمەریکا دەکەن لە عێراقدا بو پاکردنەوەی زیاتری مەیدانەکە بۆ ئێران.
هێزە میلیشیا شیعەکان بەئاشکرا دژایەتی دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکەن، تا هاوسەنگی زیاتر بە قازانجی ئێران و هاوپەیمانەکانی بێت. هەر بۆیە ئەمەریکا هەوڵی زیاتر ئەدات تا لە هەرێمی کوردستان، گۆڕەپانێکی گونجاو بۆ پاراستنی نفوزی خۆی لە عێراقدا جێگیر بکات.
لە چەندساڵی ڕابردوودا بەدەورو دەخالەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناوچەکە زیاتر لەژێر فشاری توندی هێزە شیعە دەسەڵاتدارەکانی عێراقدا ڕاگیراوە، بە ئامانجگرتنێک کە سوپای پاسدارانی ئێران زیاتر لە جارێک بەئاراستەکردنی مووشەکی بالیستی تێوەگلاون، لەلایەکی ترەوە لەڕێگەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیەوە ڕاستەوخۆ حکومەتی عێراق بڕیارەکانی بە ئاراستەی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم هەنگاوی ناوە.
ئەم فشارانە ناسەقامگیری زیاتری خستۆتە بەردەم ئایندەی قەوارەی هەرێم، کە لەمبارەیەوە ئەمەریکا هەڵوێستێکی جدی نیەو ناڕۆشنە چۆن مامەڵەی ئەو دۆخە دەکات، لەهەمانکاتدا کاردانەوەیەکی جدی لەوبارەیەوە نیشان نادات، بۆیە بانگهێشتی واشنتۆن بۆ بارزانی ئاماژەی ئەوەیە ڕێگەیەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخەدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی لە ناوچەکەدا پەیدا بکات، چونکە هەرجۆرە فەرامۆشکردنێکی دەخالەتەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، ئاستی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا، بە پاشەکشەی زیاتری دەوری ئەمەریکا دەشکێتەوە.
هەرچەندە ئامانجی سەردانەکەی مەسرور بارزانی پەنابردنە بۆ ئەمریکا لە بەرامبەر ئەوەی ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بۆتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا کۆبوونەوەکانی بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی بایدن لەباری عەمەلیەوە نەیتوانی ئاسۆیەکی ڕۆشن بخاتەبەردەم ئایندەی پێکهاتەی هەرێم، هەروەها هەوڵدانێک نابینرێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی بەغدا لەسەر هەرێم، کە ئێران و لایەنە شێعەکانی دەسەڵاتدار لە حکومەتی عێراقدا لە هەوڵی جێگیرکردنی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق و بچوکردنەوەی قەوارەی هەرێمدان، لەمبارەیەشەوە ئەمەریکا هیچ هەڵوێستێکی پەرچەکرداری نیشان نەداوە.
بلینکن لە کۆمێنتێکی سەر ئەکاونتی خۆی ئاماژەی بەوەداوە کە “ئەمریکا پشتیوانی له ناوچەیەکی سەقامگیر دەکات وەک بەردی بناغەی پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا”. واتە دەبێت هەرێم خۆی لەگەڵ ناوەندا بگونجێنێت، لەلایەکی تریشەوە نابێت بەرەنگاری بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت. بۆیە لەو وتووێژانەی لەنێوان بلینکن و بارزانیدا ئەنجامدراون، سەبارەت بە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەداراییەکان و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و ڕێزگرتن له قەوارە دەستووریەکەی هەرێم، پاراستنی مافی پێکهاتەکانی تیاکراوه، جگە لەوەی هەردوولا، مەسرور و بلینکن دەڵێن دەبێت ڕێز لە قەوارەی دەستوری هەرێم و سیستمی فیدراڵی بگیرێت، بەڵام باس لەئەنجامدانی هیچ هەنگاوێکی عەمەلی لەوبارەیەوە نەکراوە، هەروەها هیچ پشتیوانیەکی جدی ئەمەریکا بۆ هەرێم نیشان نەدراوە، هیچ بەڵێنێکیش لەوبارەیەوە نەخراوەتە ڕوو، بەڵکو هەوڵی ئەمەریکا تەنها بۆ پێداچونەوەیە لە چۆنیەتی پاراستنی بەرژەوەندیەکان و مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و ناوچەکەدا.
واتە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە لوتکەی چڕبونەوەی فشارەکان بۆ سەر ناوچەکە، کە دۆخێکی تازە بەخۆیەوە دەبینێ و بە قۆناغێکی گرنگدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی بەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر دانیشتوانی غەززە، ئەمەریکا پێویستی بەوەیە ئاراستەیەکی گونجاو بگرێتەبەر کە چۆن دەتوانێت بەڕێوەبردنی ململانێ و کێشەکانی لە ناوچەکەدا بەسەرکاتەوە، ئەوەی پێشبینی دەکرێت، حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەم ئاڵوگۆڕانەدا، پێگەو جێگاو شوێنێکی وەهایان نەماوە کەڕۆڵیان هەبێت لەنێو هاوکێشە سیاسیەکاندا، بانگهێشتکردنی بارزانی تاقیکردنەوەیە بۆئەوەی تا چەند ئەتوانێ ملکەچی ئەو ئاڵوگۆڕانەبێت و بچێتە ژێر باری قەبوڵکردنی ناوەندبونەوەی عێراقەوە، لەهەمانکاتدا سەرکێشیەک نەکات، کێشە بۆ بونی ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەکەدا دروست بکات.
سەردانەکەی بارزانی بۆ ئەمریکا، بۆ بارزانی ئەو مانایەی لێدەبێتەوە تا چەند ئەتوانێ متمانەو پشتیوانی ئەمریکا بەلای بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتی بارزانی لە هەرێمدا ڕاکێشیت، کە لەمبارەیەوە بەدوای ئەوەی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدارڵی لەباری عەمەلیەوە خەریکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەتوانین بڵێین سەردانەکەی بارزانی بۆ ئەمریکا وەک کارێکی ڕۆتینی و بێبەرهەم بۆ هەرێم ئەژمار دەکرێت.
ئەو بەڵێنانەی کە ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا ئەیدات، سیاسەتەکانی نائومێدیەکی گەورە بۆ زۆربەی هاوپەیمانەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا دروست دەکات، چونکە ڕۆڵی خودی ئەمەریکاش لە ناوچەکەدا کەوتۆتە بەر پاشەکشەیەکی زیاتر لە بەرامبەر ململانێی ڕەقیبەکانی لە ووڵاتانی سەرمایەداری زلهێزی دنیادا، بۆیە ناتوانێ پاراستنی هاوسەنگی باڵادەستی ئەمەریکا بەسەر دنیاو ناوچەکەدا دەست پێوە بگرێت.
لەهەمانکاتدا لەسەر ئاستی دارایی ئەمەریکا ئامادە نابێت، یان پێویستی بەوە نیە کە لەم ئاڵوگۆڕانەدا بەردەوام بێت کەقورسایی خەرجی مووچەی پێشمەرگە هەڵگرێت.
ئەتوانین بڵێین قەوارەی هەرێم و دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی لەبەردەم ئایندەی ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانەی بەڕێوەیە، لەسەرو بەندی فشاری سنوردارکردنی پێگەی دەسەڵاتی سیاسیدان، ناچار دەکرێن بکەونە ژێر ئاراستەی قەبوڵکردنی ناوەندبونەوەی حکومەتی عیراق و دەستگرتن بەقەوارەیەکی تەواو لاوازو شکڵیەوە، ئەمەش ئەو ئاکامە دەخاتەڕوو کە یەکەم: پەنابردن بۆ ئەمەریکا و هەر ووڵاتیکی تر بەفریایان ناکەوێت و ناتوانن سەربەخۆیی قەوارەی هەرێم ڕاگرن و لەبەردەم پرۆسەیەکی نزمبونەوەی ئاستی دەسەڵاتەکاندا دەبن، ناچار دەکرێن لە سایەی حکومەتی عێراقدا پەناگایەک پەیدا بکەن. دووەم: نە دووبەرەكی و نە یەکگرتنی بارزانی و تاڵەبانی و هەر لایەنێکی بزوتنەوەی کوردایەتی، فرسەتی ئەوەیان نادات، بتوانن ئاڵوگۆڕێک بە بەرژەوەندی پێگەی قەوارەی حکومەتی هەرێم ببەخشن. سێیەم: لەبەردەم هەڵبژاردنەکاندا بەجۆرێک سنوردار دەبن، کە هەر جۆرە ڕێکەوتنێک لە پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن ناتوانێ ئاکامێکی ئەرێنی بۆ بەڕێوەبردن و دەسەڵاتیان بەدەست بهێنن.




کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی غەززە، پەیوەندیەکانی ئەمریکاو عێراق وەرچەرخانێکی ئاڵۆزتری بەخۆیەوە بینیوە، بەوپێیەی هێزە میلیشیا عێراقیەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، وەک حزبوڵای عێراقی، زیاتر لە ١٧٠ هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا کە لە عێراق و سوریا جێگیرن، بە کەڵکوەرگرتن لە مووشەکی مەودا کورت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
جگە لەوەی حزبوڵا بەناوی پشتیوانیکردن لەغەزەو حەماس ئەم هێرشانەیان ئەنجانمداوە، لەهەمانکاتدا سودیان لە بەرزبوونەوەی هەستی توڕەیی و نارەزایەتی خەڵکی ناوچەکە بەرامبەر بە ئەمریکاو ئیسرائیل وەرگرتوە، بەمەبەستی زیادکردنی فشارەکان لەسەر بوونی ئەمریکا لە عێراقدا، بەئامانجی پاشکشە پێکردن و پاڵنان بە واشنتۆنەوەیە بۆکۆتاییهێنان بەو ستراتیژە درێژخایەنەی کە چەندین ساڵە بەدوای گوشاری ملکەچکردنی ئێرانەوەیەوە بۆ بردنەپێشەوەی نەخشەو سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا، ئەو نەخشەو سیاسەتەی کە نەیتوانیەوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
هەرچەندە سەرکردەیەکی حزبی دەعوە ئاشکرایکردوە کە سەرکردەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێکەوتون لەسەرئەوەی دەبێت تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم هێزە بیانیەکان بەگوێرەی خشتەیەکی کاتی لە عێراق بڕۆنەدەرەوە، بەڵام کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق نزیک نیە، هەڵبەتە ئەوە ئاشکرایە کە ئەو هێزانە لەژێر فشاردا دەمێننەوە، چاوەڕوانیش ناکرێت گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ئەمریکا ببنە هۆی کشانەوەی کتوپڕی ئەمریکا لە عێراقدا.
بەردەوامبونی شەڕ لە غەززە و پەلهاویشتنی شەڕەکە بۆ لوبنان و بانگەوزای ئەوەی مەترسی ئەوە هەیە ئەم شەڕە فراونتر بێتەوە لە ناوچەکەدا، ئەو بیانوە ئەدات بە ئەمریکا کە پاراستنی بنکە سەربازیەکانی لە ناوچەکە بە گشتی و لە عێراق بەتایبەتی بهێڵیتەوە، گەر فشاری زیاتریش لەسەر بوونی ئەمریکا لە عێراقدا لەلایەن هێزە میلیشیاکان و ئێرانەوە بەکاربهێنرێت، ناچارە بمێنێتەوە.
لەلایەکی ترەوە واشنتۆن ترسی ئەوەی هەیە کە کشانەوەی لە عێراق، لە نێوان ململانێکان و کێبڕکێی بەردەوامی نێوان گروپە عێراقیەکان، مانای زیاتر گواستنەوەی عێراق و هەرێمە بەرەو ڕادەستبونی تەواو بە نفوزی ئێران.
سودانی کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی دۆخێکی سەخت بووەتەوە، پێویستی بەوەیە هاوسەنگی پەیوەندی حکومەتەکەی لەگەڵ هەردوو ئەمریکا و ئێران بپارێزێت، لەهەمانکاتدا فشاری هێزە میلیشیاکانیش لەخۆبگرێت، لەلایەکی تریشەوە بەردەوامی ئەدات بەفشارەکانی خۆی بەسەر حکومەتی هەرێمدا، بەهاوکاتی چونەپێشەوەی سیاسەتی ناوندبونەوەی حکومەتی عێراق.
پەرەسەندنی سەربازی ئەمەریکا لە دژی میلیشیا عێراقیەکان، لە کاردانەوەی کوشتنی سێ سەربازی ئەمریکی لە بنکەیەکی ئەمریکی لە ئوردن، گۆڕینی عێراق بۆ ژینگەیەکی دوژمنکار بەرامبەر بە بوونی ئەمریکا خێراترکرد، هاوکات جۆری داواکانی حکومەتی سودانی بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی ئەمریکا، ناچاریەکە بۆ موجامەلەی هێزە میلیشیاکان و ڕاگرتنی ئێران، تا بەجۆرێک لەئێستادا خۆی لە هەڕەشەی زیاتر ناسەقامگیری سیاسی بپارێزێت، بەمشێوەیە دۆخی قەیرانی نێوان پێکهاتە سیاسیە جیاوازەکان لە عێراقدا کە چەندین ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنن بەردەوامەو بەئاسانی کۆتایی نایەت.
لەلایەکی تریشەوە ئەوە شاراوە نیە کە هەوڵەکان بۆ خواستی کۆتاییهێنان بە ئامادەبونی سەربازی ئەمریکا سەرچاوەیەکی دووبەرەکی نێوان بەغدا و هەولێرە. حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەهەر ئاستێک لە گەیشتن بەبێ ئاسۆیی لە بەرامبەر ئەمریکادا، بەڵام دژایەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن، چونکە دەمێکە لە گۆڕانی هاوسەنگی هێزیان بەو ئاکامە گەیشتون کە بەبێ بونی ئەمریکا ناتوانن لە بەرامبەر هێزە میلیشیاکانی عێراق و هەر هێرشێکی ئێراندا خۆیان بپارێزن و قەوارەکەیان ڕاگرن.
گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان کوتلە شیعەکان و هێزە ئەمریکیەکان لە عێراق زیاتر بووە، ئەوەش دوای تیرۆرکردنی “موشتاق جەواد ئەلسەعیدی” ناسراو بە “ئەبو تەقوە”، کە بە سەرکردەیەکی دیاری هێزەکانی حەشدی شەعبی دادەنرێت.
فراکسیۆنە عێراقیەکان کە لە دژی بوونی ئەمەریکا چالاکن، بەتایبەتی”بەرەنگاری ئیسلامی لە عێراق” بە شێوەیەکی سەرەکی لە هێرشەکانی دژی هێزەکانی ئەمریکادا دەورێکی زۆر دەبینێت، هەروەها بەشێکن لە هێزەکانی حەشدی شەعبی، بەڵام پەیوەندیان بە “چوارچێوەی هەماهەنگی” شیعەکانەوە نییە.
جگە لە حزبوڵای عێراقی کە وەستانی هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند، بەڵام “بەرەنگاری ئیسلامی لە عێراق” هێشتا بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان.
عێراق شاهیدی پەرەسەندنی گرژیەکانی نێوان ئەمریکا و کوتلە چەکدارە شیعەکانە کە ئێران پاڵپشتیان دەکات، بەسەرۆکایەتی یەکینەکانی حەشدی شەعبی بەمەبەستی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا، ئەمەش گوشارەکانی بۆ سەر حکومەتی بەغدا زیاد کردووە.
گوشارەکان لەم چوارچێوەیەدا تا دەگاتە بەکارهێنانی بژاردەی چەکداری، هەوڵدانی هێزە میلیشیاکان و ئێرانە بۆ سەپاندنی بڕیارێکی سیاسی تا لەلایەن سودانیەوە دەرکرێت بۆدەستپێکردن بە دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام سودانیش لە هەوڵی ئەوەدایە کە لە ڕێگەی دیبلۆماسی، مەسەلەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا مامەڵەبکات.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە واتە ٢٠٢٤ گرژی و ئاڵۆزی لەسەر مەسەلەی چونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا زیادی کردووە، زۆربەی لێدوانەکانی سودانی کە داوا لە واشنتۆن دەکات هێزەکانی بکشێنێتەوە، لەئەنجامی فشاری لایەنە چەکدارەکان و ئێرانە، بەڵام ئەوە پێشبینی دەکرێت کە سودانی ئەو نیازەی نیە ئامادە بێت بریارێکی لەوچەشنە دەرکات، کە داوابکات هێزەکانی ئەمریکا بەم نزیکانە عێراق بە جێبهێڵن.
ئەمریکا چەند هەفتەیەک پێش جەنگی غەززە لەگەڵ حکومەتی بەغدا چووبووە گفتوگۆ، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دانانی خشتەی کاتی دەرچوونی هێزەکانی، بەڵام گفتوگۆکان وەستا دوای ئەوەی لایەنە شیعەکان دوای ٧ی ئۆکتۆبەر هێزەکانی ئەمریکایان کردە ئامانج، واشنتۆن لەوکاتەدا بە سودانی ڕاگەیاندوە کە ئیدارەی جۆ بایدن هیچ نیازێکی نییە لەئێستادا وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی ئەم دانوستانانە دیاری بکات.
سەرچاوە ئەمنیەکان لە هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕایانگەندووە، ئەو لایەنانەی بەشدارن لە هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، ئێستا لە بارەگا سەرەکیەکانیان لە شارەکان دەکشێنەوەو بەشێک لە سەرکردەکانیان بۆ خۆپاراستن ڕۆشتن بۆ ئێران.
هەروەها جەختیشیان لەوە کردوە کە دۆخی عێراق ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مەترسیدارتر دەبێت، بەتایبەت لەگەڵ ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر، لەکاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت کە ئەمریکیەکان لە ئاست ئەو هێرشانە بێدەنگ نەبن، چ لەسەر بنکەکانیان لە عێراق، یان لەسەر شوێنەکانی نزیک لە شوێنەکانیان لە هەولێر.
سەرچاوەیەکی سیاسی لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە ئەوەی ڕاگەیاندوە، پرسی دوورخستنەوەی ئەمریکیەکان لە عێراق دەستیکردوە بە بردنی وڵات بۆ قۆناغێکی ئاڵۆزتر و مەترسیدار، لەکاتێکدا هەمووان لەبەردەم خەڵکدا دەڵێن کە دەیانەوێت هێزە ئەمریکیەکان بچنە دەرەوە، بەڵام لە واقیعدا جیاوازی هەیە لەسەر چۆنیەتی کردنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەتایبەت لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزەکانی حەشدی شەعبیدا.
شایەنی باسە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بە چەترێکی سیاسی دادەنرێت کە هەموو لایەنە تەقلیدیە شیعەکانی عێراق کۆدەکاتەوە، سەرکردایەتی حکومەتی ئێستای عێراق دەکات، جگە لەڕەوتی سەدر،هەروەها گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی عێراقیان هەیە.
قەیس خەزعەلی کە سەرۆکایەتی فراکسیۆنی عەسائیب ئەهلی حەق دەکات، یەکێکە لە بەهێزترین کوتلە چەکدارەکانی شیعەیە، بە یەکێک لە دیارترین سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دادەنرێت، خاوەنی ژمارەیەکی زۆرە لە کورسیەکانی پەرلەمان، هاوکات بەتایبەتی پشتگیری لەسودانی دەکات، ژمارەیەکی زۆر پۆستی گرنگی لە حکومەتی بەغدادا هەبووە، لە ئێستادا لەگەڵ ئەوەدا نیە بە لێدانی چەکداری ئەمریکا لە عێراق بکرێتە دەرەوە.
هەندێک لەو لایەن و هێزە میلیشیایانە دەیانەوێت ئەمریکیەکان بەزۆر، بە چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەریان دووریان بخەنەوە، بەڵام هەندێکی تریان دەڵێن کە توندوتیژی لەم بابەتەدا دەبێتە هۆی دەرئەنجامێک کە عێراق بەرگەی ناگرێت.
یان هەندێکی تریان دەڵێن ئێمە دەمانەوێت هێزە ئەمریکیەکان وڵاتەکەمان بەجێبهێڵن، بەوپێیەی ئێستا عێراق وڵاتێکی سەربەخۆیە، باشترین چارەسەر بۆ گەیشتن بەم ئامانجە چارەسەری “دیپلۆماسیە” و فشاربخرێتە سەر حکومەتی سودانی بۆئەوەی بچێتە دانوستانەوە لەگەڵ ئەمریکیەکان بۆ دانانی بەرنامە بۆ دەرچوونی هێزەکانیان.
لەلایەکی دیکەوە، فراکسیۆنەکانی دیکەی ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی، دیپلۆماسی بە نیشانەی لاوازی دەبینن، بژاردەی چەکداری وەک چارەسەرێکی ئایدیاڵ بۆ دەرکردنی هێزە ئەمریکیەکان لە عێراق دەبینن و چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەریان دەتوانێت ئەم ئامانجە بەدیبهێنێت.
لیواکانی حزبوڵڵای عێراق و بزووتنەوەی نوجەبا دوو کوتلەی بەهێزن لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا، کە بە گوتەی سەرکردەکانیان دەیانەوێت هێزەکانی ئەمریکا بەزۆر لە وڵات دووربخەنەوە، هەروەها دەڵێن هەرکەسێک لە حکومەت و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەدا دەبینێت کە دیپلۆماسی و دانوستان باشترین چارەسەرە بۆ دەرچوونی ئەمریکیەکان لە عێراق وەهمیە، و هەوڵدەدات بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەکانی بپارێزێ، بۆیە چڕکردنی هێرشەکان چارەسەری ئایدیاڵە، بەوپێیەی کە داگیرکەر لەڕێگەی دیپلۆماسی و دانوستانی سیاسی وڵات بەجێناهێڵێت، بەڵکو لەڕێگەی بەرەنگاریەوە وڵات بەجێدەهێڵێن. لەهەمانکاتدا دەڵێن “ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی و سودانی دەیانەوێت لەڕێگەی دیپلۆماسیەوە ئەمریکیەکان دەربکەن، ئەوا ئازادن، با چارەسەری چەکداری بۆ ئێمە بەجێبهێڵن بۆ دەرکردنی داگیرکەران لە وڵاتەکەمان”.
لەکاتێکدا کوتلەی عەسائیب ئەهلی حەق ئامادەنەبوو بەشداری لە هێرشکردنە سەر هێزە ئەمریکیەکان لە عێراقدا بکات، ئێران و حزبوڵڵای لوبنان فشارێکی زۆر دەکەن بۆ دەرکردنی ئەمریکیەکان، حزبوڵڵای لوبنان نوێنەری خۆی ڕەوانەی عێراق کردووە بەمەبەستی داڕشتنی پلان بۆ دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا.
فشاری حزبوڵای لوبنان لە عێراق بۆ لابردنی هێزەکانی ئەمریکا، فشاری زیاترە بۆ سەرلایەنگرانی سودانی، دەشڵێن: “پێداگری حزبوڵای لوبنانی و عێراقی و ئەلنوجەبا بۆدەرکردنی ئەمریکیەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاددەبن و ئەمەش وامان لێدەکات پێکدادان ڕەت نەکەینەوە. ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەوان و واشنتۆن ئەگەری ئەوە هەیە بەشێوەیەکی توندتر لەڕۆژانی داهاتوودا بەرەوڕوی یەکتر ببنەوە”!؟
لەگەڵ ئەو بۆچون و جیاوازیانەی لە بەرامبەر بونی ئەمریکا کە بۆتە کێشەیەکی جدی بۆ حکومەتی عێراق، بەڵام ئاستی ململانێکان و ئاراستەی پێداویستی ئەمریکا بۆ مانەوەی لەعێراقدا، ئەوە پێشبینی دەکرێت کشانەوەی ئەمریکا لە عێراقدا وەک کەیسێک بە هەڵوسراوی دەمێنیتەوە.
واقعیەتی بوونی ئەمریکا و ئەم ململانێیەی نێوان هێزە شیعەکانی عێراق، لەسەر چونەدەرەوەی ئەمریکا، بەجیا لەوەی فشاری ئێران ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت، بەڵام شەڕی غەززە، ئەم دۆخی ململانێیەی چڕترکردۆتەوە، فرسەتی داوە بە ئیران کە لەوبارەیەوە بتوانێت فشارەکانی زیاتر بکات، بۆ زیاتر شکستهێنان بەدەوری ئەمریکا لە عێراق و لە ناوچەکەدا، بەمجۆرە کە زیاتر ئاڵۆزبونی دۆخەکەمان نیشان ئەدات، لەدواجاردا بە بەرژەوەندی هەر لایەنێکیاندا بشکێتەوە، جگە لە درێژەدان بە نەهامەتی و کارەسات و قوربەسەری بۆ ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی عێراق و ناوچەکە، کە چەندین ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنن، هیچ شتێک بۆ بەرژەوەندی خەڵک لێ بەدەست نایەت.


بۆئەم وتارە بۆ هەندێ زانیاری سود لە https://arabicpost.net/ وەرگیراوە




کێشەکانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک.. عوسمانی حاجی مارف

کۆبونەوەکانی پارتی و یەکێتی لەپەیوەند بە پرسی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بەردەوامە، تائێستا ڕێکەوتن لەسەر ئەنجامێکی ڕۆشنی یەکلاییکەرەوە نەکراوە، لە دانوسانەکاندا یەکێتی وەها نیشان ئەدات کە لەوبارەیەوە بەڕوی هەموو لایەنەکاندا دەرگای کراوەیە، بەڵام دەیانەوێت لەگەڵ پارتیدا خۆیان بەنزیکتر نیشان بدەن تا لەگەڵ لایەنەکانی تری بەشدار لە ئەنجومەنی پارێزگادا، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو پۆستەی پارێزگار “شایستەیەکی کوردیە”.
لە کۆبونەوەی چوارشەممەدا ١٤/٢/٢٠٢٤، یەکێتی چارەسەرکردنی خۆی بۆ پرسی پۆستی پارێزگاری کەرکوک ئاشکرا دەکات .ئەوەش ڕادەگەیەنن کە دەبێت ئەم فایلە بەزووترین کات یەکلایی بکرێتەوە، هەروەها دەڵێن کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی تەواوی پۆستەکانی پارێزگای کەرکوک.
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە لە ١٨ی کانونی دووەم بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداری لە کەرکوک گەیشتە ٦٩% ، بەرزترین رێژەی بەشداری بوو لەعێراقدا، لەهەمانکاتدا بە سودوەرگرتن لە هەڵخراندن و رێکخستنی نەعرەتەی کوردایەتی، یەکێتی توانی زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنێت، بەڵام ناتوانی بەبێ رێکەوتن لەگەڵ لایەنی تردا، لایەنی یەکلاییکەرەوە بێت، ئەم رێکەوتنەش لە ئەنجومەنی ئێستای پاریزگای کەرکوک سەخت و پێچیدەیە.
ئەوەی جێگای سەرنجە یەکێتی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو پۆستەی پارێزگاری کەرکوک شایستەیەکی کوردیە و دەبێت بۆ یەکێتی نیشتمانی بێت، لەبەرئەوەی زۆرترین کورسیان بەدەستهێناوە، ئەوەش دوپات دەکەنەوە کە بەدڵنیاییەوە لەگەڵ هەموو لایەک ڕێکدەکەون! واتە ڕێکەوتن لەگەڵ هەر لایەنێکدا کە قەبوڵی پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتی بکات! ئەمەش بۆ لایەنکانی تر قەبوڵکردنی سەختە، بەتایبەتی بۆ پارتی.
بەگشتی تائێستا بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق ڕێکنەکەوتون و بڕیاریان نەداوە لەسەردیاریکردنی پرسی پۆستەکانی پارێزگاکان، بەتایبەتی وەک کێشەیەک ئەم مەسەلەیە بۆ کەرکوک ئاڵۆزترە، چونکە تێکەڵەیەکیان لە ناسیۆنالیزمی عەرەبی و تورکمان و کوردی داوە بەسەریەکدا، کە ڕێکەوتن لەسەر پۆستەکان زەحمەتی زۆر بەدوای خۆیدا دەهینێت، بەردەوام دانیشتنەکان دوادەخرێت، ڕێکەوتن و بڕیار لە دۆخێکی وادا کە هەر لایەنێک بەهەر بەڵگەیەک بێت خۆی بە شایستەی ئەو پۆستە دەزانێت، ڕێگە نادات ئەم پرسە یەکلایی بێتەوە، ئەمەش قوڵبونەوەی ئەو دەردەیە کە هەر لەسەرەتاوە بەدەوری ئەمریکا, حکومەتی عێراقیان لەسەر بنەمای قەومی و دینی و تائفی دابەشکرد.
ئەم ئاڵۆزیە بەجیا لەوەی لە ژێر کاریگەری هەڵبژاردنێکدایە کە عێراقیان لەسەر بنەمای نەتەوەیی و دینی و تائفی دابەشکردوە، لەهەمانکاتدا دەستوەردانی تورکیا و ئێرانیش لە عێراق بەگشتی و لە کەرکوک بەتایبەتی، ئەم پرسەی پارێزگاری کەرکوکی ئاڵۆزتر و داخراوتر داوەبەدەستەوە.
ئەنقەرە بەڕاشکاوی خواستی خۆی لە وەرگرتنی سەرکردایەتی پارێزگاکە بۆ پێکهاتەی تورکمان دەربڕیوە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا پێشتر داوای پەسەندکردنی پرەنسیپی خولانەوە”نۆبە”ی کردبوو لە هەڵبژاردنی پارێزگاردا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو پۆستە پێشتر بۆ کورد و عەرەب بووە، واتە بەبێ گوێدانە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، نۆرەی تورکمانەکانە ئەو پۆستە سەرکردایەتیە لە کەرکوک بەدەست بهێنن، پێشتریش سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا، ئیبراهیم کالین، کە لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا سەردانی عێراقی کردوە، لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتە عەرەبی و تورکمانەکان کۆبۆتەوەو داوای لێکردبون هاوپەیمانی یەکتر بن بۆئەوەی پێکهاتەی کورد نەتوانێت پۆستی پارێزگار بەدەست بهێنن.
لەهەمانکاتدا تورکیا ئەوەندەی سەرنجی لەسەر تورکمانەکانی ناوچەی کەرکوکە کە کێشەی لەسەرە، گرنگی بە پێکهاتەی تورکمان کە دانیشتوانی هەرێمی کوردستانن نادات، واتە بۆ ئەنقەرە مەسەلەکەی چارەنوس و مافی تورکمانەکان نیە، بەڵکو پەیداکردنی هۆکارێکە بۆ دەخالەت و دەست تێوەردان لە کێشەکانی شاری کەرکوک و پەیداکردنی جێگایەک بۆ جێکەوتنی بەرژەوەندیەکانی.
لەهەمانکاتدا کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بەدوای جێگیرکردنی پشکی شیعەوەیە، کە دەتوانێت لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە کاری لەسەر بکات، بەڵام ئێران لەم بارەیەوە کێشەیەکی وەها دروست ناکات، چونکە باڵادەسەتی حکومەتی عێراق بەسەر شاری کەرکوکدا بەرژەوەندیەکانی ئێرانی پاراستوە، ئەوەی بۆ ئێران جێگای بایەخە بەرگرتنە بە دەخالەتەکانی تورکیا لە کەرکوکدا.
کەرکوک دوای بەسرە، دووەم دەوڵەمەندترین شاری عێراقە لەڕووی نەوتەوە، کە ئیدارەکەی ناکۆکی لەسەرە لەنێوان بەغدا و هەولێر، لەچوارچێوەی ئەوەی کە دوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق بە مادەی ١٤٠ی دەستور، بە ناوچە کێشە لەسەرەکان ناسرا، کە لەساڵی ٢٠٠٥ پەسەندکرا.
کەرکوک لەنێو پارێزگاکانی عێراق جیاکراوەتەوە، بەوپێیەی ٦ کێڵگەی نەوتی زەبەلاحی تێدایە کە یەدەگەکانیان بە نزیکەی ١٣ ملیار بەرمیل مەزەندە دەکرێت، ئەم داهاتە سروشتیەی شاری کەرکوک، بەدوای ڕوخانی حکومەتی بەعس و لە پرۆسەی پێکهێنانەوەی حکومەتی عێراقدا، سەرچاوەی کێشەیەکی گەورەی نێوان هێزە میلیشیاکانە بۆ دەست بەسەراگرتن و بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی ئەوشارە، کە هەر لەسەرەتاوە یەکێتی و پارتی ئەو فرسەتەیان قۆستەوە، کە لەلایەک کۆنترۆڵکردنی چاڵە نەوتیەکان و بازرگانی و قاچاخچێتی بەنەوتەوە کردە بنەمای بەهێزکردنی پێگەی سەربازی و سیاسیان لە هەرێمدا، لەلایەکی تریشەوە، دەوریان دی لە وێرانکردنی ئەو شارەو فەرامۆشکردنی ژیان و گوزەرانی دانیشتوانەکەی، لەهەمانکاتدا ڕەواجدان و باوەشێنکردن بە ململانێ و دوبەرەکی نەتەوەییان بە ڕێخست.
بەڵام بەدوای ٢٠١٧وە، بە شكستی بانگەوازی سەربەخۆی کوردستان، کۆنترۆڵی ئەمنی لە پارێزگاکەدا گواسترایەوە بۆحەشدی شەعبی و هێزەکانی سوپای عێراق، هێزە چەکدارەکانی پارتی و یەکێتی پاشەکشەیان پێکرا و کەرکوکیان دۆڕاند، کەیسی بریاری ١٤٠یش لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان پێچرایەوە، یەکەم هەنگاویش بۆ کاریگەری لە بچوکردنەوەی قەوارەی هەرێم دەستی پێکرد.
تائێستا نەتوانرە دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگا بەرێوە ببرێت، بەهۆی نەتوانینی ئامادەبونی رێژەی نیوە زائد یەک، ئەم نائامادەییەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی لایەنەکان نەیانتوانیوە لەسەر هیچ پێشنیارو کلێشەک لەنێوان خۆیاندا ساغ ببنەوەو پێکبێن، گەر وارێکەوت توانیان ئەو دانیشتنە بکەن، ئەو ئەنجومەنە لەگەڵ گێژاوێکدا دەرگیرە، رێگا چارەیەکیان لە بەردەمدا نیە رێرەوی جێکەوتنی پۆستەکانی پارێزگا جێگیرکەن.
هەردوو لایەنی سەرەکی هەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی لەسەر ئەوە ڕێکن کە پۆستی پارێزگاری نوێی کەرکوک کورد بێت، بەلام هیچ بەڵگەیەک لەبەینی خۆیاندا ناسەلمێنن کە ببڕێنەوە لەسەر ئەوەی پارێزگار سەر بە کام لایان بێت، کۆتایی ئەم کێشمەکێشە وەک زۆبەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دیار نابێت و لە بۆشایی بازنەیەکی داخراودا دەخولێنەوە.
لەگەڵ هەموو ئەو کێشانەشدا، گەر وا ڕێکەوێت پۆستی پارێزگاری کەرکوک لە هەر ڕێگایەکەوە بۆ یەکێتی دیاری کرا، پارێزگارێکی زۆر لاوازو بێدەسەڵات و کلێشەیی دەبێت، چونکە دەسەڵات لە شاری کەرکوکدا و بەدەستەوەگرتنی چاڵە نەوتیەکان و بازرگانی بە نەوتەوە، لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی حکومەتی بەغدادایە، پارێزگاری کەرکوک پارتی بێت یا یەکێتی، نەک لە بەرزبونەوەی ئاستی هاوسەنگی هێزی هیچ لایەنێکیان ناگۆڕێت، بەڵکو زیاتر ملکەچی پرۆسەی جێکەوتنی ناوەند بونەوەی حکومەتی عێراق دەبنەوە.
ئەوەی شایانی باسە ئەو هەرایەش کە یەکێتی پیادەی کرد لە هەڵبژاردنی پاریزگاکان لە کەرکوکدا، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو قەیرانە ناوخۆیەی پەرشوبڵاوی ڕیزەکانی حزبەکەیان بوو، تا گوژمێک بەئارایشی ڕیزەکانی بداتەوە، بەڵام لە باری عەمەلیەوە بۆ گەڕانەوەی دەوری لە ناو کەرکوکدا هیچ بەرهەمێکی نابێت.




عێراق گۆڕەپانی گەمەی هاوبەشی ئەمریکاو ئێرانە!.. عوسمان حاجی مارف

عێراق نەک شوێنێکی ستراتیژی گرنگ و تایبەتی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دابینکردوە، بەڵکو بەهۆی ئەو سامانەی لەڕێگەی ئەو هێزە میلیشایانەی کە سەربەخۆیەتی و کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقیان کردوە، ئێران گەورەترین سودیان لێ بەدەست دەهێنێت، بەمشێوەیەش سەرچاوەی توانا داراییەکانی بۆ دابیندەکات، تاڕادەیەک قەرەبوی سزا ئابوریەکانی ئەمریکای پێدەکاتەوە.
پرۆژەی فراوانخوازی ئێران، ڕەهەندێکی جوگرافی نوێ و فراوانتری وەرنەدەگرت ئەگەر ئیدارەی جۆرج بوش لە ساڵی ٢٠٠٣ وە لە ڕێگەی هێزە میلیشیا ئیسلامیەکانەوە عێراقی ڕادەستی ئێران نەکردایە، کە ئێستا بۆتە بنکەی هێرشکردنە سەر شوێنە سەربازیەکانی ئەمریکا لەسەر سنوری عێراق و سوریا و ئەردەن.
ڕووخانی حکومەتی بەعس و گۆڕینی تەنها بۆ ژێردەستی ئێران، ڕێگایەکی لە بەغداوە بۆ بەیروت لە ڕێگەی دیمەشقەوە کردەوە، هەروەها بە پشتیوانی بەشار ئەسەد هێزە میلیشیاکان بەتەواوی خۆیان ڕادەستی “کۆماری ئیسلامی ئێران” و پلانەکانی لە ناوچەکەدا کرد، کە تا ئەمڕۆش ووڵاتانی عەرەبی باجی کەوتنی عێراق بە دەستی ئێران ئەدەن.
ئەگەر ئەو بومەلەرزە عێراقیەی کە بە داگیرکاری لەلایەن ئەمریکاوە پێشهات، نەبوایە، کە دواتر لەسایەی دەورو دەخالەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی گێژوای سیاسی هەموو ناوچەکەی گرتەوە، “کۆماری ئیسلامی” ئازاد نەدەبو کە ڕاستەوخۆ دەورو دەخالەتی لە عێراق و ناوچەکەدا سەرکەوتوانە بسەپێنێت، لەهەمانکاتدا توانی لەم هەلومەرجە تایبەتەشدا بەوشێوەیە هێرش بکاتە سەر ئەمریکیەکان لە سنوری سوریاو ئەردەن. بە دڵنیاییەوە ئەوەی ئاشکرایە ئێران بەبێ سەپاندنی خاوەندارێتی عێراق، نەیدەتوانی بونی خۆی لە ناوچەکەدا فراوان کات و دەخالەت بکات.
لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێکدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئێران توانای مومارەسەی ڕۆڵی پارێزەری عێراق و سوریا و لوبنان و بەشێکی یەمەنی هەیە. هەرچەند ئەمریکا دەستی بە هێرشە موشەکیەکانی کردوە، بەڵام تائێستا نازانرێت ئیدارەی بایدن چۆن ئەم پرۆسەیە یەکلایی دەکاتەوە، یان چۆن بەو لێدانە لە سنووری سوریا و ئوردن گرفتەکانی لەبەرامبەر ئێراندا ساغ دەکاتەوە. گرنگ ئەوەیە هیچ وەڵامێکی ڕۆشنی نییە کە بتوانێت لە سەر زەویدا ئەنجامی هەبێت بەبێ گەڕانەوە بۆ عێراق و هەژموونی ئێران بەسەر عێراقدا، کە لەڕێگەی حکومەتی ئێستای بە سەرۆکایەتی محمد شیاع ئەلسودانیەوە جێبەجێ دەکرێت، کە ئەم سەرۆکایەتیەش ئەجێندایەکی ئێرانیە و هیچی تر.
هێرشێکی لەمشێوەیە دەرخەری ئەوەیە کە ئێران زیاتر بەرەوپێش دەچێت لە هەوڵەکانیدا بۆئەوەی ئەوە دووپات کاتەوە کە دەسەڵاتی باڵای بەسەر ناوچەکەدا بپارێزێت، ئەو هەوڵانەش بۆ دەرکردنی ئێران لە سوریا و بەتایبەت لە باشووری سوریا دەدرێن تائێستا هیچ سوودێکی نییە.
هه ڕوه ها ئەوەی تائێستا جێگیر بووە ئەوەیە کە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عێراقدا بەگشتی بە بەرژەوەندی ئێران شکاوەتەوە، لەکۆتایدا ئەوانەی ئێستا حوکمڕانی عێراق دەکەن میلیشیای تائیفی عێراقین کە ئێران لە ڕابردودا لە باوەشی گرتبون، هەر ئەم میلیشیایانەن، کە دەیانەوێت هێزی ئەمریکی لە عێراق دەربکەن و هێرشە موشەکی دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
هەرکەسێک لە پراکتیکەکانی ئەمریکادا بپشکنێت، بۆی دەردەکەوێت کە ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئامادە نیە ڕۆڵی هەبێت لە گەیشتن بە ئاگربەست لە شەڕی غەززەدا، وەک ئامادەکاریەک بۆ لێکۆڵینەوە لە داهاتووی کەرتی غەززە، کە بەرەوڕووی شەڕێکی وێرانکەری ئیسرائیل بۆتەوە، ئەمریکا لەم بارەیەوە لە گێژاوێکدایە هیچ ئاسۆیەکی سیاسی نییە، لەهەمانکاتدا بەدوای ئەوەشەوە نیە و لە بەرژەوەندی نیە ئەم شەڕە فراوان بێتەوە.
ئەمریکا باجی پراکتیزەکردنی سیاسەتێک دەدات، کاتێ کە مامەڵەی لەگەڵ حوسیەکان کردووە، وەک ئەوەی هیچ پەیوەندیەکی نزیک و دووریان لەگەڵ ئێراندا نەبێت، لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی نێوان واشنتۆن و تاراندا، باڵادەستیەکی ڕونی ئێرانی هەیە کە هاوتای بێتوانایی ئەمریکایە کە ڕەنگدانەوەی نائامادەیی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی پاش ئەو شکستانەی لە چەندساڵی رابردودا بەسەری هاتووە.
چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئەمریکا لەگەڵ عێراق هێمای سروشتی ئەو گێژاوەیە کە دەرگیرە لەگەڵ هێزە میلیشیاکانی “حەشدی شەعبی” کە دەست بەسەر عێراقدا توندتر دەکەن، هەروەک چۆن “سوپای پاسداران” زۆر بەتوندی دەستیان بەسەر ئێراندا توندتر کردوە. حەشدی شەعبیش فەرمانێکی بەسەر حکومەتی عێراقدا سەپاند بۆ چوونە ناو دانوستانەکان بە ئامانجی کردنەدەرەوەی هێزی سەربازی ئەمریکا لە عێراق، ئەم ئامادەبوونە بۆ کردنەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا ڕۆشنە کە لەسەر بنەمای نەخشە و خواستی “کۆماری ئیسلامی ئێران” ە.
هەر لەم بارەیەوە سەرۆکی پەرلەمانی ئەمریکا دەڵێت؛ سەرۆک نەبوە هێندەی بایدن سیاسەتی رازیکردنی ئێران درێژە پێندات.
بەپێی ئەو زانیاریەی کە حزبوڵای عێراق پلاندانەرو جێبەجێکاری هێرشی سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق و سوریا و ئوردنە، ئەمریکا دوای کوژرانی سێ سەربازەکەی تۆمەتەکانی ئاراستەی ڕژێمی ئێران و هاوپەیمانەکانی کرد.
ئەم هێرشەی پێشتر باسمان کرد لە چەند مانگی ڕابردوودا یەکەمین هێرشی لەم جۆرە نەبووە و دواهەمین هێرشیش نابێت، هەروەها ناتوانرێت لە دەرەوەی چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی ئێران و ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
دوایین پێشهات لەم هێرشەدا ژمارەی کوژراوانی ئەمریکیەکانە، ئەمەش وردەکاریەکە واشنتۆن ناتوانێت پشتگوێی بخات، چونکە وەڵام نەدانەوە بە مانای لاوازی ئەمریکا و بوێری ئێرانی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش لە داهاتودا هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی واشنتۆن لە ناوچەکەدا.
لەکاتێکدا واشنتۆن ڕایگەیاند کە وەڵامی ئێران دەداتەوە، و ئامانجی داناوە کە بە فەرمی ئاشکرای نەکردووە، ئایا بژاردەکان لەنێوان بە ئامانجگرتنی هاوپەیمانەکانی ئێرانە، یان بە ئامانجگرتنی شوێنەکانی ناو دڵی ئێران دەگۆڕێت!؟، هەرچەندە ئێستا هێرشە ئاسمانیەکانی بۆسەر هێزەکانی هاوپەیمان ئێران دەستپێکردوە، ئایا واشنتۆن شەڕێک هەڵدەگیرسێنێت کە لەگەڵ ئاستی هەڕەشەکاندا بگونجێت؟ گەر پێداچوونەوە بە ڕاستیەکاندا بکەین، ستراتیژی ئێستای ئەمریکا بەهیچ جۆرێک بە قازانجی نیە خۆی لە شەڕێکەوە بئاڵێنی، کە بگوازرێتەوە بۆ ناوخۆی ئێران، ئەمریکا بەدوای سەرنەکەوتن و چەقینی نەخشەکانی لە بەرامبەر روسیا لە ئۆکرانیا، هەروەها تێوەگلانی لەگەڵ بنبەستی ئیسرائیل لە غەزەدا، گواستنەوەی شەرەکە بۆ ناوخۆی ئێران، حەتمیەتی شکستێکی گەورە دەخاتە بەر ئایندەی دابەزینی پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەمریکا ناچارە جێبەجێکردنی ‌پەرچەکردار و هەرەشەکانی، جگە لە ئاستی ڕوبەروبونەوە لە بەرانبەر هێزە میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران نەچێتە ناو شەڕێکی فراوانی ناوچەییەوە، لەمەشدا چەند سەرکەوتو دەبێت، دەرگایەکی کراوە لەبەردەمیدا نیە تا هەنگاوەکانی چونە پێشەوەی بسەلمێنێت.
سەرچاوە ئاگادارەکان لە یەکەم هێرشی ئەمریکی – بەریتانیا بۆ سەر گروپی حوسیەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا پێش ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانیان حوسیەکانی ئاگادارکردۆتەوە، کاتێکی تەواویان پێداوە بۆ چۆڵکردنیان! ئەمەش دەگۆڕێت بۆ هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ قۆڵێکی هاوپەیمان لەگەڵ تاران.
هەربۆیە هێرشەکان کاریگەریان لەسەر توانا سەربازیەکانی حوسیەکان نەبوو، لەهەمانکاتدا ئامانجی واشنتۆنیان بۆ دەستەبەرکردنی کەشتیوانی دەریای سوور بەدی نەهێنا!
بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئێران بەهۆی بوونی سەربازی و سیاسی هەردووکیان لە یەک وڵاتدا تێکەڵاو بوون، ئەوە دەبینین ئەو بەرژەوەندیانە بەهۆی هەندێک جیاوازیەوە تێکدەچن، بەڵام زۆری پێناچێت دەگەڕێنەوە بۆ دیپلۆماسی و ئارامی.
ئەم ململانێ و گەمە سیاسیەی ئێران و ئەمریکا بەدوای شەڕی کەنداو و داگیرکاری عێراق، لە ماوەی سێ دەیەدا مایەی پێشهاتی گەورەترن کارەسات و وێراکاری و نەهامەتی بوە بۆ دانیشتوانی عێراق و کوردستان، تا ئێستاش، بەتایبەتی لە هێرشی دڕندانەی ئیسرئیل بۆ سەر غەزە ئەم ملاملانێیە، توندپێچی و دۆخێکی پێچیدەتری بە خۆوە نیشانداوە، جگە لە ئیسرائیل لایەنەکانی تر لایەنگری فروانبونەوەی شەرەکە نین، بەڵام مامەڵەیان لە گەڵ دۆخەکەدا مەترسی گەوروبونەوەی ئەو شەرە دەخاتە بەر ئەگەرێکی مەترسیدارەوە.
بەگشتی لە پەیوەند بە دۆخی ناوچەکەوەو دەوری جەمسەرە جیهانیەکان بەتایبەتی روسیاو چین، واپێدچیت دواجار ئەمریکا بژاردەیەکی تری نەبێت جگە لە ناچاری تەسلیم بوون بە ئێران، گەر هێرشیش بکاتە سەر چەند بنکەیەکی هێزە میلیشیاکان کە دەستیپێکردوە، بەڵام لەپەیوەند بە فراوان نەبونەوەی شەڕی غەززەوە، ناهاوسەنگیەک پێشهاتوە کە کاریگەری لەسەر هاوکێشەی سیاسی لە ناوچەکە داناوە لە کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەدوای کەوتنی عێراق بۆ باڵادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمریکا ناتوانێ بەرەی شەڕی دژی ئێران گەرم کات، هەروەها شەڕی پاکتاوکردنی دانیشتوانی غەززە لە لایەن ناتانیاهۆوە، ریسوایی و گۆشەگیریەکی بێوێنەی لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیلی لە ئاستی جیهاندا نیشانداوە، لەهەمانکاتدا پەیوەندی نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکاش تەواو ئاڵۆز بووە، تا ئەو ئاستەی کە بەریتانیا نزیکترین دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکایە، لەڕێڕەوی نیشاندانی جیاوازی سیاسیە لە بەرامبەر ئەمریکادا.
بەڵام لە گەڵ هەموو ئەوانەشدا کۆتایی ئەم ململانێ و بارگرژیە، چونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە و کۆتایی هێنانە بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران.




کاریگەری هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمریکا لە سەر هەرێم.. عوسمانی حاجی مارف

ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانیەکانی ئەم رۆژانەی ئەمریکا بۆسەر هێزەکانی حەشدی شەعبی و ئەو هێزە میلیشیایانەی پەیوەستن بە ئێرانەوە، کەلە ناوچەکانی هەردوو ووڵاتی سوریا و عێراقدان، لە نزیک سنورەکانی هەرێمی کوردستانەوە نەبووە. بەڵام حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم ، مەترسی ئەوەیان هەیە کە ئەم هێرشانەی ئەمریکا دواتر کاردانەوەی سەربازی و سیاسی بە ئەگەرێکی زۆرە لەلایەن حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبیەوە لێبکەوێتەوە و پەیوەندی نێوان هەرێم و ناوەند ئاڵۆزتر بکات، هەروەها ئەگەری ئەوەش هەیە شوێنە ئەمنی و سەربازیەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بخاتە بەر مەترسی هێرشی هێزە میلشیاکانی عێراقەوە، کە پێشتر ئەو هێزە میلیشیایانەی سەر بەئێرانن، چەندینجار هێرشیان کردۆتە سەر بنکە ئەمریکیەکان لەناوچەکانی دەسەڵاتی زۆنی زەرددا، یان لەوێنەی ئەو هێرشەی کە راستەوخۆ ئێران کردیە سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی لە هەولێر.
تائێستا لەم بارەیەوە هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لە لایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا دەرنەچووە، وە پێدەچی لەم بارەیەوە زیاتر بێدەنگی هەڵبژێرن، بەومانایەی دەیانەوێت خۆیان بێلایەن نیشان بدەن، کە لەباری واقعیەوە خۆشیان بەشێکن لەو دۆخە! ئەمەش بۆ پەیوەندیەکانیان بە حکومەتی عێراقەوە کاریگەری نەرێنی دەبێت. وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، یەحیا ڕەسووڵ، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێ: “شارەکانی ئەلقائیم و ناوچە سنووریەکانی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە بەهێرشی ئاسمانی کەوتون، ئەمە لەکاتێکدایە کە عێراق هەوڵدەدات بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچەکە، ئەمەش پێشێلکردنی سەروەری عێراقەو تێکدانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە، هەروەها هەڕەشەیەک کە عێراق و هەرێم بخاتە بەردەم دەرئەنجامە نەخوازراوەکانەوە، کە دەرئەنجامەکانی کارەساتبار دەبن بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە”…!، ئەم جۆرە لێدوانەی یەحیا، هەڵوێستی هەرێم دەخاتە ناو چوارچێوەیەکەوە کە بێدەنگی ناتوانێ هاوسەنگی پەیوەندی نێوان بەغداو هەولێر ڕاگرێت، ئاکامەکەی بەچی دەگات؟ دەکرێ بڵێین وردبینیەک لەحساباتی حکومەتی هەرێمدا نیە، یان ناچاریەکە کە ڕۆڵی کارو پێگەی سیاسی حزبەکانی هەرێم لە ناوچەکەدا دەبێت لەم ململانێیەی ئەمریکاو ئێراندا ئێستا باجەکەی بدەن، ئەمەش بۆ ئایندەی دوای ئەم هێرشانەی ئەمریکا بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پەیوەند بە حکومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، هەرێم دەکەوێتە بەر لێپرسینەوەو فشارێکی زیاترەوە لەلایەن ئێران و حکومەتی عێراقەوە.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتی دوای ئەم شەڕەی غەززە، هەرێم و ناوەند پێگەیەکی ناسکیان لەسەر ئاستی جوگرافی و سەربازی نێوان ئێران و ئەمریکا داگیرکرد، لەوماوەیەی کە پەیوەندیە ئابووری و سیاسی و سەربازیەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێم پەرەی سەند، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ناوچەکە بەجۆرێک پابەندبون بۆ واشنتۆن پێناسە دەکرا، ئەمریکا وەک دۆستی کوردو پشتیوانیەکی بەهێزو هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو پۆلێن کرابوو لە لایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمەوە، لەلایەک بەگشتی وەک پارێزەری کوردستان و قەوارەکەی ملکەچی نەخشەو سیاسەتەکانی بون، لەلایەکی تریشەوە لەڕووی سیاسی و بەناوی شەڕ دژی تیرۆرەوە، حزبەکانی دەسەڵاتدار لە هەرێم خۆیان تەواو ڕادەستی پشتیوانیکردن بە ئەمریکا هەڵواسیبوو. بەڵام ئەم حاڵەتە بۆ باقی ناوچەکانی تری عێراق کە لەڕووی سەربازی و سیاسیەوە ملکەچی نفوزی ئێرانن، تەواو جیاواز مانای سیاسی و عەمەلی پەیدا دەکات، نەک ئەمریکا جێگای متمانەیان نەبووە، بەڵکو تاران و هێزە هاوپەیمانیەکانی لەبەردەم پۆلێنکردنی ئەم پەیوەندیەدا، بۆتە ململانێیەکی بەردەوام و هەڕەشەکردن لە بونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا، چونکە بنکەکانی ئەمریکا هەڕەشەیەکی ستراتیژی دەکاتە سەر نفوزی ئێران لە سوریا و عێراقدا.
ئێران فشارێکی چڕی یەک لە دوای یەک لەڕووی ئەمنی و سیاسی و ئابووریەوە لەسەر هەرێم داناوە، بەبیانوی ئەوەی هەرێم بۆتە شوێنی بنکەی سەربازی ئەمریکا و داڵدەدانی ناوەندو شوێنەکان بۆ موسادی ئیسرائیل، لەهەمانکاتدا بەبیانوی وەستانەوەی هەرێم بە قەبوڵنەکردنی میلیشیا عێراقیەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە لە ناوچەکانی هەرێمدا، یان قەبوڵنەکردنی داوای دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە لەلایەن حکومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کاری لەسەر دەکرێت، جگە لەمانەش وەک ڕێگرێک لەبەردەم خێراکردنی پرۆسەی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق و باڵادەستی هێزی شیعەکان کە لە “چوارچێوەی هەماهەنگ”یدا بەرجەستە بۆتەوە، مامەڵەی دەکەن.
نیوەی ئەو هێرشانەی بە چەکی پەیوەست بە ئێران بۆ سەر بەرژەوەندی و بنکەکانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق و باقی وڵاتانی ناوچەکە دەستیپێکردووە، شوێن و ناوەندەکانی ناوچەی کوردستانیان کردۆتە ئامانج و سروشتی گشتیشیان بە تەنها ئامانجگرتنی ئەمریکا نەبووە، بەڵکو زیاتر ناوچەکانی کوردستانی گرتۆتەوە، بۆیە پێشبینی ئەوە دەکرێت لە قۆناغی داهاتوودا وەک فشارێک لەسەر هەرێم بەردەوام بێت.
بەدرێژایی ئەم ماوەیەی پێکدادانی هێزە سەربازیەکانی ئەمریکاو هێزە میلیشاکانی سەر بەئێران، هەرێم خۆی لە هەر دەستپێشخەریەکی سەربازی بەدوور دەگرێت، بە بێلایەن ماوەتەوە لە ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکادا، هیچ بەرژەوەندی و ئامادەیی و توانایەکی نەبوو کە بەشێک بێت لەو ململانێیە، بەڵام لە ڕاستیدا واقعیەتی شکستەکانی ئەمریکا و دواتر پشتتێکردنی لە پشتیوانی هەرێم، پێگەی هەرێمی تەواو دابەزاندو بێئعتباری کردوە، هەر بۆیە پەیوەندیەکانی بە حکومەتی ناوەندی عێراقەوە سروشتێکی ملکەچی بەخۆیەوە نیشان ئەداو ناچاربوو پابەند بێت بە هێڵی گشتی حکومەتی ناوەندی لە ڕووی دەستووریەوە.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەمەریکا بنکەیەکی سەربازی سەرەکی لەناوچەی هەریر لە باکووری شاری هەولێر هەیە، هەروەها سەنتەری لۆجستی بۆ ڕێنمایی لە نزیک فڕۆکەخانەی مەدەنی نێودەوڵەتی هەولێر هەیە، ئەمە جگە لەوەی چەندین ناوەندی ڕێکخستنی بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی ئابوری و بنکە سەربازیەکانی لە سوریاو ناوچەکەدا هەیە، کە پەیوەستن بە دەیان کۆمپانیاوە.
دوای ئەو هێرشانەی کە فڕۆکە ئەمریکیەکان کردیانەسەر شوێنەکانی هێزی حەشدی شەعبی عێراقی، خێرا بانگەشەی دژی هەرێم و تۆمەتبارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزە چەکدارو سیاسیەکانی کرا لەسەر بنەمای نەبوونی دڵسۆزی و بەرگریکردن لە عێراق، ئەمەش بەرهەمی ناتەباییە لە سەرانسەری عێراقدا، کەدوای ئەم هێرشانە بیانوەکانی هێرشکردنە سەر قەوارەی هەرێم لەلایەن حەشدی شەعبی زیاتر بێت.
بەدوای هێرشی درۆن و موشەکەکانی ئێران بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەدان بڵاوکراوە و نووسین و کلیپی هەڵبەستراویان لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا لەیەککاتدا بڵاوکرایەوە، بەمەبەستی ئەوەی دواتر لێپرسینەوەی تر لە هەرێمی کوردستان بکرێت، لەلایەکی تریشەوە وێناکردنی هەڵوێستی ئێرانە بەناوی پارێزگاری لەخۆی.
ئەم دۆخەی ململانێی ئەمریکاو ئێران لە عێراق و کوردستان و ناوچەکە، بە هەر بارگرژی و ناکۆکیەک و چۆنیەتی دەورو دەخالەتی جەمسەرەکانی تر لە ووڵاتانی سەرمایەداری زلهێزی دنیا بەرجەستە دەبێتەوە، بەجیا لەوەی دواتر ئاراستەکەی بە کاری دیبلۆماسی و سەوداو مامەڵە ڕێڕەوی ئارام بونەوە بگرێتە بەر، بەڵام ئاسۆیەک لە بەردەم قەوارەی هەرێمدا کە بەچوارچێوەی حکومەتێکی سەربەخۆ بەڕێوەبەرایەتی ناوچەی کوردستانی عێراق بکات، قفل ئەدرێت. پارتی و یەکێتی و هەردوو بنەماڵە وەک دوو هێزی باڵادەست لە چوارچێوەیەکی تردا مەئموریەتی تریان پێدەسپێرن.




سزادانی مامۆستایان تاوانە.. عوسمانی حاجی مارف

حکومەتی هەرێم لەگەڵ خراپترین قەیرانی نەدانی موچەدا، ڕوبەڕوی واقعیەتێکی ئاڵۆزتربۆتەوە، بێجگە لە حساباتی ساڵانی پێشو، هەر لە ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤دا نەدانی پارەی چوارمانگ قەرزارە، ئەگەری ئەوە هەیە ئەم قەرزە زیاتر بێت.
لەگەڵ ئەوەی ناڕەزایەتیەکان بەردەوامن، بەڵام هیچ هەنگاوێکی جدی و ڕۆشنی نیە بۆ پێدانەوەی ئەو قەرزە، لە هەمان کاتدا گرێی چارەسەری پەیوەندی کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند نەکراوەتەوەو نیشانەیەکیش نیە بۆ کردنەوەی. ئەوەی جێگای سەرنج و ڕیسوایی و گاڵتەجاریە، بڕیاری سزادانی مامۆستایان پەیامی هەڕەشەی حکومەتە بۆ شکاندنی بایکۆت بەبێ وەڵامی داواکاریەکانیان!.
دیارنەبونی ئاسۆیەک بۆ دانەوەی قەرزەکان و دانی موچە لەکاتی خۆیدا، دەنگێکی ناڕەزایەتی بەرزبۆتەوە، کە داوا دەکەن مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بگوازرێتەوە بۆ بەغدا، بۆ ئەو مەبەستەش واژۆی بەشێکی زۆری مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم کۆکرایەوە، چەندین کۆبونەوە بۆ نوێنەرەکانیان لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس لە بەغداد ڕێکخراوە، داواجاریش ئەنجامێکی ئەرێنی نەداوە بەدەستەوەو دۆخەکە وەک خۆی بە ئاڵۆزی ماوەتەوە!.
ئاسۆی دابینکردنی دانی موچە لەکاتی خۆیدا، پلەبەرزکردنەوە کە زیاتر لە ٩ ساڵە ڕاگیراوە، دانەمەزراندن بەگشتی و دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.. بۆتە گرێ کوێرەیەکی حکومەتی هەرێم مەبەستی نیە بیکاتەوە.
هەرچەندە حزبەکان و حکومەتی بەغدا و هەولێر دەیان کۆبونەوەی فەرمیان ئەنجامداو سەردانیان ئاڵوگۆڕ کردوە، بەڵام نەگەیشتونەتە چارەسەری یەکلایی کەرەوە، لەهەمان کاتدا ئاسۆیەک دیارنیە بۆ نیشاندانی هاوڵاتیان کە چارەیەک پەیدادەبێت و ئەم دۆخە ئاڵۆزە تێدەپەڕێت. زیاتر کێشەکان بە لاسەنگی و بێ وەڵام و بێ چارەسەر دەبینرێن، ئەمەش بۆتە سەرچاوەی ئەوپەڕی بێئومێدی و نادڵنیایی دانیشتوان لە بەرامبەر قوڵبونەوەی زیاتری قەیرانەکانی هەرێم کە بە دەسەڵاتدارانی میلیشیای نابەرپرسی بنەماڵەکان بەڕێوەدەبرێت.
ناوچەی زەرد بە پێشێلکردنی ئازادی و تۆقاندن بەر بە ناڕەزایەتیەکان دەگرێت، وەک بە بارمتەگیراوو کۆیلە مامەڵەی فەرمانبەران و مامۆستایان دەکات، ناوچەی سەوز بە چەواشەکاری فەرامۆشکردن و تاوانبارکردنی مامۆستایان، یا هەڕەشەی سزای لەکار دەرکردن فشار بۆ مامۆستایان دەهێنێت دەوام بکەنەوە، ئەمەش جۆرێکی ترە لە مامەڵەی بە کۆیلە کردن.
لە هەمان کاتدا جگە لە کەمتەرخەمی بەرامبەر بە پێدانی موچەو ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران، ئاستی دابینکردنی پێداویستی و خزمەتگوزاریەکان بۆ دانیشتوان لە تەندروستی و کارەباو.. تابڵێی شەرماوەرو بە ئازارە.
دەسەڵاتێک بە هەر پێوەرو شێوازو میکانیزمێک پێکهاتبێت و بەرێوەبردنی کۆمەڵگەی گرتبێتە ئەستۆ، نەیەوێت و نەتوانێ سادەترین پێداویستیەکان دابین بکات، نەک نابێت بەهیچ جۆرێ ڕێگای ئەوەی پێبدرێت، کە لەبەرامبەر ناڕەزایەتی بۆ داواکاریە ڕەواکانی پەیوەند بە پێداویستیە حەیاتیەکانی خەڵکەوە، بەهیچ جۆرێک باس لە سزا بکات و بڕیاری سزادان دەرکات، بەڵکو ئەو دەسەڵاتە بۆ خۆی دەبێت بدرێت بەدادگاو لێپرسینەوەی لە گەڵدا بکرێت و سزا بدرێت.
دوای سێ دەیە زیاترلە ئەزمونی حکومڕانی لە هەرێمدا بە رۆشنی ئەوە لەبەرچاوە، کە حکومەت و حزبە دەسەڵاتدارەکان و دەسەڵاتی بنەماڵە و سیاسەتمەدارانی هەرێم، بەجۆرێک لە گەڵ گەندەڵی و جەردەیدا قاڵبون و ئاڵاون، هیچ ڕێگایەک بەرەو چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە لەدەستوری کاریاندا نیەو ناتوانێت ببێت، بەتایبەتی کە ئێستا ئاستی کێشەکان بارگرژی ناوچەکەو هێرشی درۆنی موشەکیشی هاتۆتە سەر.
سزادانی مامۆستایان و فەرمانبەران گەر دەسەڵاتی ئیستای حزبەکان بەهەر جۆرێک هەوڵی جێبەجێی کردنی بدەن، نابەجێ و نافەرمیە، ئەمەش دەچێتە لیستی ئەو تاوانە قێزەوەنانەی کە چەندین ساڵە بەرامبەر دانیشتوانی هەرێم جێبەجێیان کردوە.




جەنجاڵی هەڵبژاردنی سەراسەری هەرێم.. عوسمانی حاجی مارف

چەندین ساڵە هێزە قەومی و ئیسلامی و تائفیە میلیشیاکانی عێراق بەهەر جەردەیی و تاڵانچێتیەک کردویانە و دەیکەن و حکومەتیان بەڕێوە بردوە، لەهەمانکاتدا بە بەکارهێنانی دروشمی نیشتمان پەروەری و بانگەشەی وەهمی دینی و چەواشەکارانە کە خەڵکی ماندوکردوە، کاریگەریەکی تەواویان لەسەر توندکردنەوەی دۆخێکی تەواو نالەبار داناوەو ناجێگیری سیاسیان پەرە پێداوەو عێراقیان بەرەو کارەسات بردوە. هەڵبەتە لەسەر ئەم ڕێچکەیە بەرەو کارەساتی زیاتریشی دەبەن.

ئامانجی ئەم بانگەشە چەواشەکاری و ناعەقڵانیە، هاندانی هەستی مرۆڤە ئاساییەکان و کێشانی وێنەیەکی خەیاڵیە، بۆئەوەی هەست و سۆزی نەتەوەیی و ئاینی و نەتەوەپەرستانەی خەڵک بجوڵێنن تا کاریگەری لەسەر بڕیارو هەڵوێستەکانیان دابنێن، بە ئامانجی ئیستغلالکردن و کۆنترۆڵکردنیان.

عێراقی یەکپارچەو حکومەتی فیدراڵی و دادگای فیدراڵی و پەرلەمان، ئەو شێوازو ڕێڕەوەیە کە لایەنە شیعەکان لە پەیوەند بە دەورو دەخالەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەعێراقدا وەک نوێنەرانی ئێستای بۆرجوازی، گەورەترین دەزگای دزی و جەردەیی و تاڵانیان پێکهێناوە، لە بەرزبونەوەی ئاستی هاوسەنگی هێزو پێگەیان بەرەو چەسپاندنی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق، کار بە نەخشەو سیاسەتەکانیان دەکەن، فشارهێنانیان لەسەر حکومەتی هەرێم بۆ بەئەنجام گەیاندنی هەڵبژاردنی ئێستا لە هەرێمدا، هەر لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتانەدایە، کە ڕێگاکانی ملکەچکردنی زیاتری حزبەکانی کوردایەتی بەدەست بهێنن بۆ هەنگاوەکانی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق.

حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا لەڕێگەی دادگای باڵای فیدراڵیەوە، هەوڵدەدات بەشێوەیەکی یاسایی دامودەزگا سەرەکیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێکبدات. هاوکات ئەو سنووردارکردنانەی بەغدا سەپاندویەتی، دۆخێکی دژواری لێکەوتۆتەوە. چەند مانگێکە زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەری حکومەت مووچەیان وەرنەگرتووە، ئاشکرایە کە ناڕەزایی گشتی گەورەتر کردووەو ناڕەزایی بەرامبەر حکومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکان زیاتر خۆی دەنوێنێت، ئەمەش بۆ خۆی کێشەیەکە لە چوونە پێشەوەو دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردندا.

هەردوو حزبی دەسەڵاتدارو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی کە سێ دەیە زیاترە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا پێگەی سەرەکیان هەیە، لەم دۆخەدا لەبەردەم کۆمەڵێک تەحەدای سیاسی و ئابووری بێوێنەو گێژاوی دیارنەبونی چارەنوسی سیاسی و سەرگەردانیدان، بۆیە بوێری ئەوەیان نیە بەئاسانی و ڕاستەوخۆ بەدەوری ئامادەییەکانی ئەمجارەی هەڵبژاردندا کۆببنەوە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان کە بڕیاربوو مانگی شوباتی ٢٠٢٤ بەڕێوەبچێت، ڕوبەڕوی ئاستەنگی گەورە بونەتەوە، ئەمجارەش هەلبژاردنیان خستە کاتێکی تری نادیار. ئێستا زیاتر لەژێر فشاری وەڵامدانەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیدان، لەبەردەم جەنجاڵی دۆخەکەدا گیریان کردوە.

هەرچەندە ئەو دوو بنەماڵەیە لەژێر کاریگەری فشاری بە ئەنجام گەیاندنی ئەم هەڵبژاردنەدان، بەڵام بۆ هەموان ئەوە ڕۆشنە کە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە کۆتایی بەدەسەڵاتی ئەو دوو بنەماڵەیە ناهێنرێت، بەڵام ئەم دەورەیە فشارەکانی حکومەتی عێراق و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، تەحەداو سەرلێشێواویەکی بێچارەی خستۆتە بەردەم هەردوو بنەماڵەی بەرزانی و تاڵەبانیەوە، کە چۆن بۆیان دەلوێت ئامادەکاریەکانی هەڵبژاردن بخەنە بەرنامەی کاریانەوە؟

لەگەڵ هەر توندپێچ و گرفتێک کە دێتە بەردەم پرۆسەی ئەم هەڵبژاردنە، مانای ئەوە نیە کۆتایی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانیە، ئەمەش لەو واقعیەتەوە سەرهەڵدەدات کە ئەم دوو بنەماڵەیە خاوەن هێزی میلیشیان و باڵادەستن لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی دەزگا گرنگەکاندا، وەک سوپا، دادگا، هێزەکانی ئاسایش و سکێتەرو دارایی و ئابووری، تا دەگات بە پەرلەمانیش، لەهەمانکاتدا حکومەتی عێراق پێویستی ئەوەی پێیانە کە کوردستان بەڕێوەبەرن، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا ئەو گرفتانەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا بۆیان پێشهاتوە، چۆن تێدەپەڕێنن؟ بۆخۆشیان جێگای تێڕامان و بە کێشەیە!.

لەگەڵ ئەوەی ئەمجارەش هەڵبژاردنەکەیان دواخست، بەڵام هەوڵدان بۆ خۆگونجاندنیان لەگەڵ سەردەمێکی سیاسی نوێ لە ڕێڕەوی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق، ڕووبەڕووی جۆرێک لە سەرگەردانی بونەتەوە، کە بۆیان زەحمەت و بارگرانیە، چۆن ئەتوانن یان بۆیان دەگونجێت لەگەڵ ناوەندبونەوەی دەسەڵاتی بەغدادا خۆیان ڕێکخەنەوە، ئەوەی دەبینرێت هەنگاو بە هەنگاو حکومەتی عێراق. حکومەتی هەرێم سنوردارتر دەکات و بنەماڵەکان دەستەمۆی نەخشەو سیاسەتەکانی خۆی دەکات، کێشەکانی ئەم هەڵبژاردنەش بەشێکە لەو واقعە جەنجاڵەی کەتێی کەوتون.

لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش لە گۆڕان و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ لە نێو ئەم گەمە سیاسیەی باڵادەست بونەوەی حکومەتی عێراقدا سەرسام و بێچارەو بنبەستن، حکومەتی هەرێم سێ نمونەی ئۆپۆزسیۆنی جیاوازی هەیە، هەریەکەیان کۆمەڵە کۆت و بەندێکی تایبەتی خۆی هەیە، ناشتوانن یەکگرن یا بەرەیەک پێکبهێنن، بۆیە ئەم هەڵبژاردنەش بکرێت یا نەکرێت نیشاندانی ئەزمونی بێتواناییان وەک ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمان و حکومەتدا نیشانداوە، فرسەتی ئەوەیان نەماوە، لە ململانێی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدادا وەک ئۆپۆزیسیۆن جێگایەک پەیداکەن. ناکۆکیان لەسەر سەرکردایەتی، بێمتمانەیی لە نێوان کەسایەتیەکانی ئۆپۆزسیۆن و نیگەرانیەکان لە کێشەکان و زیانەکانی هەڵبژاردن، بێئومێدی لەبەرامبەر ئایندەی سیاسی کوردستان، مایەی ڕێگریە لە پێکهێنانی ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتووی بە ئیعتبار، هیچ لایەنێکیشیان بە تەنها لەم دۆخەدا بواری بەکارهێنانی چەواشەکاری بۆ نەماوەتەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی پەرلەمانی عێراقدا، تەنها ٢٢.٧٪ کۆی دەنگی مافی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانیان بەدەستهێناوە، ڕێژەیەکی زۆر لە ٧٧.٣٪ی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە، واتە هەڵبژاردنێک بە کەمترین ئاست لە بەشداری دەنگدەران تێپەڕێنراوە، کە نیوەی زیاتری ئەو ڕێژەیەش ئارەزومەندانە و لە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیەوە نەچۆتە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، واتە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە بەدوای سێ ساڵ ئاماژەیە بۆئەوەی لە بەجێگەیاندنی ئەم هەڵبژاردنەدا ئەوپەڕی بێهیوایی بەربڵاو لە دۆخی ئێستادا، وەک ناڕەزایەتیەک ڕووبەڕووی ئەو دوبنەماڵەیە دەبێتەوە، واتە هەستیاری بۆ ڕێژەی بەشداربون لە ئەگەری هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، گومانی تیا نیە کە لێدانی مۆری ڕیسوایی لە ئێستاوە پێشبینی دەکرێت، بۆیە ئەم دەورەیە لە زۆرترین ڕێژەی بایکۆت و کەمترین ڕێژەی بەشداربوان بەرەو ڕون، ئەمەش گرفتێکی سەرسوڕهێنەر دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا.

وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە چارەنوسسازە کە ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان گەر بە هەر جۆرو شێوازێک لەم هەڵبژاردنەدا دۆڕان، ئایا خۆبەخشانە دەسەڵات ڕادەست دەکەنەوە؟، ئەوەی گومانی تیا نیە نەک دەسەڵات ڕادەست ناکەن، بەڵکو دەبێت چاوەڕوانی ئەگەری خولقاندنی کارەساتیش بین.

مەسرور بارزانی، لە لێدوانێکی ئاشکرایدا سەبارەت بە گرنگی مانەوەی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، پێچەوانەی ئەو هەڵوێستەن کە بەرپرسان لە بەغدا دەریانبڕیوە، هاوکات حکومەتی ناوەندی بە سەرۆکایەتی محەمەد ئەلسودانی، داوای کشانەوەی هێزە بیانیەکانیان کردوە، ئەوەی دەیبینین کاردانەوەی بەغدا لەم بارەیەوە تەنیا قسەکردنەو نەیتوانیەوە مانایەکی کرداری بەدوای خۆیدا بهێنێت، چونکە سودانی ناتوانێ هەڵوێستێکی تری هەبێت جگە لەو هەڵوێستەی کە تەنها وەک ڕاگەیاندنێک بانگەشە دەکات، نەک تەنها لەبەر نزیکی خۆی لە ئێرانەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بۆخۆشی سیاسەتمەدارێکی عێراقیەو بەرژەوەندی وەها پێویست دەکات، تەحەدا وەک هێمایەک بۆ پێگەی حکومەتەکەی نیشان بدات، تا پابەند بێت بە پاراستن و بەهێزکردنی ئەو لایەنەی باڵادەستەی لە حکومەتی عێراقدایە، کە دەسەڵاتی ئەو لایەنەش هێزێکی شیعەیە، کە بە “چوارچێوەی هەماهەنگی” ناسراوە، لەهەمانکاتدا بۆ بەرزانیش مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا وەک پاڵپشتیەکە لەپێناو پاراستنی پێگەو نفوزی دەسەڵاتی پارتی و هێزە چەکدارەکانی، لەهەمانکاتدا بۆ پاراستنیانە لە هەر گێژاوێک کە لە پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامگیری هەلبژاردندا دەرگیری دەبن.

گریمانەی کشانەوەی ئەمریکا بەگشتی چیرۆکێکە کە هەمیشە لە باسە ناوخۆییەکان دەوروژێنرێت، بەڵام ململانێیەکە نەتوانراوە یەکلایی بکرێتەوە، لە دۆخی ئێستاشدا ئەو کێشمەکێشەی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت، ئەمریکا نیازی کشانەوەی لە ناوچەکەدا نیە، بەتایبەتی بەدوای ئەم شەڕەی ئێستای ئیسرائیل دژ بە خەڵکی فەلەستین. ئەوەی کە پێویست ناکات لە خەو و خەیاڵی جەماوەری حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بێت، پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن، ئەمریکا بەهیچ جۆرێک بەنیاز نیە لەدەرەوەی پرۆسەی جێگیری ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق، ئیمتیازاتێک بۆ حزبە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان بە فەرمی بناسێت، مانەوەی هەرێم لە هەر قەوارەیەکدا بێت بۆ ئەمریکا و ئیران، گرێدراوە بە دامەزراندنی عێراقێکی یەکگرتووەوە!




هێرش بە درۆن و موشەک.. عوسمانی حاجی مارف

سوپای پاسدارانی ئێران بە بەئامانجگرتنی شوێنی نیشتەجێبوونی بازرگان و ملیاردلێر پێشرەو دزەیی، کە لە بنەماڵەی بارزانیەوە نزیک بوو، نیشانیدا کە توانای لێدانی موشەکی بەشێوەیەکی وردو دەقیق هەیە. سوپای پاسداران بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی لە ئەستۆ گرت کە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٥/١/٢٠٢٤، شوێنەکانی شاری هەولێری کردە ئامانج، بانگەشەی ئەوەیان کرد کە “بارەگایەکی سیخوڕی” ئیسرائیلی کردۆتە ئامانج لە کوردستانی عێراق!
وردی و دیقەتی پێدانی ئامانجەکان وەک پەیامێک کاردەکات کە سوپای پاسدارانی ئێران نەک تەنها دەتوانێت بینا مەدەنیەکان بکاتە ئامانج، بەڵکو دەتوانێت هێرش بکاتە سەر دامەزراوە سەربازیەکانی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، کە چەند میلێک لە بنکەیەکی سەرەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکاوە دوورە.
ئەم هێرشەی پاسداران خزمەت بە ئامانجە ناوخۆییەکانی دۆخی ئێران دەکات، بە تایبەت لە ژێرڕۆشنایی و وەڵام بەهێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە سووریا.
لە بەیاننامەیەکدا کە میدیا فەرمیەکانی ئێران بڵاویکردۆتەوە، سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، هێرشەکە “ناوەندێکی ستراتیژی ئیسرائیل”ی لە عێراق کردووەتە ئامانج.
هەڵبژاردنی شوێن و سیستەمی موشەکی “خەیبەرشێکان” ئاماژەیە بۆئەوەی ئێران دەیەوێت توانای گەیشتن بە شوێنە جیاوازەکانی ئیسرائیل کە هاوسێی سوریایە بۆ جیهان ئاشکرا بکات.
بەڵام ئەمەریکا هێرشەکانی ئێرانی بە مووشەکی بالیستیک لە نزیک شاری هەولێر لە باکووری عێراق ئیدانە کرد و بە “کۆمەڵێک لێدانی بێبایەخ و بێباکانە و نادروست” وەسف کرد، ڕایانگەیاند کە هیچ دامەزراوەیەکی ئەمریکی نەکراوەتە ئامانج، هەروەها هیچ زیانێکی گیانی ئەمریکی نەبووە، ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەمریکا پشتگیری لە سەروەری و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات و هێزەکانیشی لە عێراق ناکشێنێتەوە.
هەڵبەتە ئەم هێرشانە پێویستە لە ئێستادا لەچوارچێوەی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و کاردانەوەکانی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا ئاماژەی پێبکرێت، بەتایبەتی ئیسرائیل زۆر لە هەوڵی ئەوەدایە پانتایی ئەم شەڕە فروانکاتەوە، تا لەرێگەی بەرپاکردنی جەنگێکی فراوانەوە خۆی لەو بنبەست و قەیرانەی لەم شەرەدا دەرگیری بووە، رزگاربکات.
ئەم هێرشە مووشەکیانە لەکاتێکدایە کە ئەگەری ترسی پەرەسەندنی ململانێکان هەیە، کە لە سەرەتای دەستپێکردنی بۆردمان و هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆسەر خەڵکی غەزە پێشبینیکراوە، لەژێر ڕۆشنایی هاتنەناوەوەی هاوپەیمانەکانی ئێران لە لوبنان، سوریا، عێراق و یەمەن کە بەشێوازی جۆراوجۆر چوونەتە ناو ململانێکانەوە، ئەتوانین بڵێن ئەم هێرشە موشەکیانە ئاستێکی دیاریکراوە لە چۆنیەتی هەوڵدان بۆ فراوانبونەوەی ئەم شەڕەی ئیسرائیل بەدژی دانیشتوانی غەززە، کە بەردەوامیدانە بە شەڕەکە، فەرامۆشکردنی وەڵام بە کێشەی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە کاریگەری لەسەر بێئومێدی و نالەباری دۆخەکە داناوە، لەلایەکی تریشەوە فەزایەکی پڕمەترسی و سامناک و نالەبارو دڵەڕاوکێی لەسەر ئاسایش و ناحەسانەوەی تەواوی دانیشتوانی ناوچەکە داناوە، وێنای ئەگەری خولقاندنی جەنگێکی گەورە بە خەڵکی نیشان ئەدات.
ئەوەی جێگای پرسیارە، ئاکامی ئەنجامدانی ئەم هێرشە موشەکیانە لە هەموو ئەو لایەنانەی بەجۆرێک پەیوەستن بەململانێی ئەم شەڕەوە، لەکاتێکدا فەزایەکی مەترسیدار لە بونی درۆن و هێرشی موشەکی خولقاندوە، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە ببێتە بەریەکەوتنی ڕاستەوخۆی شەڕێکی گەورەو فراوان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا؟.
هەرچەندە واشنتۆن دەستبەرداری ئامانج و بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانی خۆی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لە عێراق بەتایبەتی نابێت، بەڵام واشنتۆن چەندینجار ڕایگەیاندبوو کە هەوڵ نادات بازنەی ململانێی دەرەوەی سنوورەکانی ئیسرائیل تێپەرێنێت، بەتایبەت بۆ هەوڵدان لە پاراستنی گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ سەرمایەگوزاری و دەستەبەرکردنی سەقامگیری لەم ناوچە گرنگەی جیهاندا، لەدوای ئەم جۆرە هێرشانەی ئێران و هێزە میلیشیاکان، ئەمریکا دەستبەرداری دابینکردنی ئەو پرۆسەی ئارامبونەوەیە نابێت، لە هەمانکاتدا ڕۆژئاواو ووڵاتانی تری زلهێزی دنیا لایەنگری فراوانبون و گەورەکردنەوەی ئەم شەڕە نین، هەروەها لایەنگرو پشتیوانن لە ئارامبونەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئیسرائیل هەوڵدەدات ئێران بۆ ناو ڕوبەڕوبونەوەکە ڕابکێشێت و مەودای شەڕەکە فراوانتر کات، بە چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی تیرۆرکردن دژی بەرپرسە باڵاکانی لە ناوچەکەدا، بەڵام ئێران لەگەڵ گەورەبونەوەی ئەم شەڕە نیەو تاران ملکەچی ئەو کارە ئیستفزازیانەی ئیسرائیل نابێت، ئاستی پەرچەکردارەکانی ئێران لە هێرشی موشەکی و درۆن تێناپەڕێت، هەرچەندە کاربەدەستانی ئێران بۆ خۆیان چەندینجار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بە دوای فراوانکردنی شەڕکەوە نین، بەڵام شەپۆلی تیرۆرەکانیان بەردەوامە، لە هەر حالەتێکدا رودانی فروانبونەوەی ئەم شەرە بەدور دەزانرێت، بەلام پێویستە لە ئاگاهی ئەوەدابین کە ئاڵۆزی و توندپێچی دۆخە ئەگەری ئەوەمان دەخاتە بەردەم، کە لە شوێنکدا پەتی کۆنترۆل لەدەست دەربچێت، بۆیە پێویستە هەوڵبدرێت بەرەی دژی شەر فراوانتر فروانتر رێکخراو بکرێت.
زنجیرە هێرشە یەک لە دواییەکەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، کە بووە هۆی دەیان قوربانی لەنێو سەربازو کارمەندانی ئەمریکیدا، پاڵ بە واشنتۆنەوە نانێت هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەنجام بدات، جگە لە ئاستی لێدان و هێرش بۆسەر هیزە میلیشیاکانی سەر بەئێران لە سوریا و عێراق و لوبنان و یەمەن، نەک هەوڵێکی تر نادات، بەڵکو ژێربەژێر لەهەوڵی ڕێکەوتن دەبێت لە گەڵ ئێراندا.
ئەمریکا ناتوانێت لە عێراق بکشێتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە بوونی سەربازی لەوێ لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکی هاوبەشی ستراتیژیە لەگەڵ بەغدا کە لە ساڵی ٢٠٠٨ واژۆ کراوەو لەڕاستیدا تا ئەمڕۆش ئامادەیەکی سەرەکیە لە ستراتیژیەکانی کاریگەری ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان، بەو پێیەی باس لە ناوچەیەک دەکەین کە نوێنەرایەتی پەیوەندیەک دەکات لە نێوان کیشوەرەکانی جیهان و خاوەنی قورسایی ئابووری و جیۆپۆلەتیکیە.
هەروەها واشنتۆن بوونی خۆی و ڕوبەڕوبونەوەی لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی سەربە تاران بەهێزتر دەکات، کە بە هەنگاوی بەئامانجگرتن بۆ لاوازکردنی هێزە میلیشیاکان لە سوریاو عێراق کاردەکات، بەم شێوەیەش دەیەوێت دەورو دەخالەتی ئێران لە ناوچەکەدا سنوردار کات، بەبێ ئەوەی بچێتە مەیدانی شەرێکی گەورەوە.
هەرچەندە حکومەتی عێراق و هێزە شیعەکان بەگشتی پێداگری لەسەر چونەدەرەوەی هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا دەکەن، بەڵام کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق بە هیچ شێوەیەک لەسەر مێز نیە لە بازنەکانی بڕیاردان نە لە واشنتۆن و نە لە بەغدا.
ئەمەریکا دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق جێگیرکردووە، لەنێویاندا شاری هەولێر بەشێکە لە هاوپەیمانی دژ بە داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، هەروەها واشنتۆن وەها ڕادەگەیەنێت، بوونی هێزی سەربازی لە عێراق بۆ پاڵپشتی هێزە ناوخۆییەکان و ڕێگریکردنە لە گەڕانەوەی داعش، کە پێشتر ناوچە بەرفراوانەکانی عێراق و سوریای کۆنترۆڵکردبوو، ئێستاش لە زیاتر ئاڵوزبونی دۆخەکە بە هەڵگیرسانی شەڕی غەززە، ئەمریکا پێداگری زیاتر دەکات بۆ مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و ناوچەکەدا.
ئەم هێرشەی ئێران لە هەولێر وەڵامێکی ئێرانە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، بە وتنی ئەوەی توانای فراوانکردنی بازنەی ململانێی لە ناوچەکە و لە دەرەوەی غەززەش هەیە، سەبارەت بە بوونی بارەگای مۆساد لە هەولێر، گەر لە ناوچەی دەسەڵاتی بارزانیدا بونیشی هەبێت! بەڵام ڕاگەیاندنی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، تەنها مەبەست پڕوپاگەندەیەکە ئاراستەی ناوخۆی ئێران دەکرێت، کە بەدەست هەلومەرجێکی سەختی ئابووری و ناڕەزایەتی جەماوەریەوە دەناڵێنێت.
ئەو کارە تیرۆریستیانەی ئیسرائیل لەبەرامبەر کەسایەتیەکانی ئێراندا پیادەی دەکات هەوڵدانە بۆڕاکێشانی ئێران بۆ ناو شەڕەکەو بەرەو هەڵکشانی زیاترو کرانەوە بەرەی نوێ، بەڵام وەڵامدانەوەی ئێران جگە لە کاری تیرۆرستی و هێرشی موشەکی ئاراستەیەکی تر ناگرێتە بەر، ستراتیژی ئەنجامدانی تیرۆرەکان لە هەر لایەنێکەوە، ئامرازێک نابێت بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی هەمەلایەنە، بەڵکو هەنگاوێکی تاکتیکی دەبێت کە لە کورتماوەدا هەندێک پێگەی هێزی سەبازی نیشان ئەدات و ناتوانێ ئیسرائیل و ئەمریکا لە قەیرانی شەڕی غەززە دەرباز بکات، ناشتوانێ بەمانای شکست بێت بۆ لایەنەکانی تر.
ئەتوانم بڵێم ئەم ململانێەی کەلەڕێگەی دەخالەتی هێزە میلیشیاکانی سەر بەئێرانەوە دەچێتە ناو هەرای شەڕەکەوە، وەک کۆتایی ئەو جەنگانە وایە کە شەڕەکە ڕاگیراوە، بەڵام لە هەندێ شوێنی بەرەکاندا هەوڵی وەستانی جەنگەکەیان پێ نەگیشتوەو بەردەوامن لە شەڕ، یان لایەنە سەرەکیەکانی شەڕەکە باوەڕیان بە بەشێکی هێزەکانیان نەهێناوە کە دەبێت ئەو شەڕە بوەستێت و سەرکەوتو نین لە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە.
ئیسرائیل هەوڵی فراوانکردنی مەودای شەڕەکە دەدات و هەروەها هەوڵی تێوەگلانی لایەنەکانی دیکەش دەدات، بەڵام هەتا ڕۆژئاواو ئەمریکاش کە پشتیوانی ئیسرائیلن، نایانەوێت جگە لە پاکتاوکردنی غەززە، شەڕەکە بەرەی تری لێ دروست ببێت.
هەوڵدان بۆ سەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سەرمایەگوزاری، دوای چەندین دەیەکە واقعیەتێکە لە جەنگ و گێژاو ناجێگیری سیاسی، ئیتر مانای وەستان و کۆتایی ئەو شەڕە پێداویستیەکە لە پەیوەند بە هاتنەپێشەوەی هەلومەرجێکی تازە، لایەنە سەرەکیەکانی دەرگیر لەو شەڕەدا بە تایبەتی دەوری ئەمریکا هەڵکردنی ئاڵای سپیە بۆ وەستانی شەڕ، هەلومەرجی سیاسی لە ناوچەکەو جیهاندا لەراستای ئاڵوگۆڕێکی تەواو جدی و جیاوازدایە، کە شکستی خواستی باڵادەستی جەمسەری ئەمریکایەو هاتنەمەیدانی فرە جەمسەریە، ململانێ جەمسەرەکان ئیتر ناتوانێ بەردەوامی بدات بە جەنگی ئۆکرانیا و فراوانبونەوەی شەڕی ئیسرائیل لە غەززە، درەنگ یازوو دەبێت ئەو شەڕانە بوەستێت.
سەرەڕای بۆردومانی تاران بۆ سەر هەولێر، بەڵام پەیوەندیەکانی ئێران و عێراق نە تێکدەچێت و نە ئاڵۆزی تێدەکەوێت، پێشبینی هیچ تێکچوونی بەرچاو لە دیالۆگەکانی تاران لەگەڵ بەغدا ناکرێت، حکومەتی عێراق پاشکۆی بەرژوەندیەکانی ئێرانەو حکومەتی هەرێم و بارزانیش دەبێت ملکەچی نەخشەو سیاسەتی ناوەندبونەوەی حکومەتی بەغدا بن، پابەندبونی هەرێم بەم سیاسەتەوە ڕەزامەندی ئەمریکاشی لەسەرە.
حکومەتی عێراق ناچارە لەنێوان ئێران و ئەمەریکادا هەماهەنگیەک بکات، ئیمتیازێک بە واشنتۆن بدات، لە هەمان کاتیشدا ناچارە بە شێوەیەکی بە‌هێزو نەریتی پەیوەندی نزیک لەگەڵ تاران بپارێزێت، ئەوەی لەم ململانێ و دۆخە ئاڵۆزەدا ئایندەو چارەنوسی بەشمەینەتی و چەوسانەوە و مانەوەیەتی لە دۆخێکی نائاسایشدا، جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی عێراق و کوردستان و تەواوی ناوچەکەیە، جگە لە بەرپاکردنی شۆرشێکی کۆمەڵایەتی و کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی سەرمایەداران و نوێنەرەکانیان و دامەزراندنی دەسەلاتی جەماوەری رێگایەکی تر بۆ رزگاری نیە.




بنبەستی ئەمریکا و ئیسرائیل هاوکاتی وێرانکەرترین بۆردومان لە مێژوودا.. عوسمانی حاجی مارف

لە ماوەی سێ مانگدا، دەستدرێژی داگیرکەری ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، بە جینۆسایدێکی بێوێنە ئەژمار دەکریت، بۆردومانەکەی ئیسرائیل وێرانکاریەکی گەورەتری لەوەی ئەڵمانیا لێکەوتەوە، کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە لە جەنگی جیهانی دووەمدا تووشی بوو.
ژمارەی ئەو فەلەستینیانەی لە غەززە بوونە قوربانی زیاتر لە ٢٢٠٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە و تا ئێستاش ئەو ژمارەیە ڕۆژانە، یان تەنانەت هەر کاتژمێرێک لە زیادبووندایە، بۆیە بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای ئاگربەستی دەستبەجێی ئەم داگیرکاریە دەکەن.
لەنێوان ساڵانی ١٩٤٢ بۆ ١٩٤٥ کاتێ هێزەکانی هاوپەیمانان هێرشیان کردووەتە سەر نزیکەی ٥١ شار و شارۆچکەی گەورەی ئەڵمانیا، نزیکەی ٤٠% بۆ ٥٠%ی ناوچە شاریەکانیان لەناوبردووە، ئەم ڕێژەیە یەکسانە بە١٠%ی کۆی بیناکانی ئەڵمانیا، لەکاتێکدا تا ئێستا وێرانکاریەکانی غەززە کاریگەریان لەسەر نزیکەی ٣٣%ی بیناکانی هەبووە، هەڵمەتی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، یەکێکە لە توندترین هەڵمەتی سزادان بە دژی خەڵکی مەدەنی لەمێژوودا، بێگومان دەتوانرێت بخرێتە ڕیزی یەکەمی لیستی وێرانکەرترین هەڵمەتەکانی بۆردومانی تائێستا لە جیهاندا.
ئیسرائیل وەها بانگەوازی هەڵمەتە سەربازیەکەی دەکات کە دوو ئامانجی هەبووە: یەکەم نەهێشتنی هێزەکانی حەماس و دووەم ڕزگارکردنی زیندانیەکان (نزیکەی ١٢٩ زیندانی) کە تائێستاش لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن.
ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەش دەکات کە زۆرێک لە پێگەی حەماسی وێران کردوە و سەدان تونێلی کردۆتەوە و ٧ هەزار چەکداری حەماسیشی کوشتووە، کە ژمارەیان بە نزیکەی ٥٠ هەزار چەکدار دەخەمڵێنرێت!. بەڵام هێشتا سەرکردەکانی ئیسرائیل دەڵێن تاکە ڕێگە بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان لەڕێگەی بەکارهێنانی فشاری سەربازیی توندترەو بە ئەنجام دەگات!.
لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان ترسیان لەوە هەیە کە تەقینەوەکان ژیانی ئازیزانیان بخاتە مەترسییەوە. ئەو دەستگیرکراوانەی مانگی ڕابردوو لەکاتی ئاگربەستی هەفتەیەکدا ئازادکران، ڕایانگەیاندوە، کە چەکدارانی حەماس لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەیانگوازنەوە، بۆئەوەی لە بۆردومانەکانی ئیسرائیل دوور بکەونەوە، ئاماژەشیان بەوە کردووە کە هەندێکیان لەکاتی ئەم بۆردومانەدا بریندار بوون. ئەمەش بەشێوەیەکی بەردەوام چڕی ڕەخنە ناوخۆییەکان لە سەر حکومەتی ئیسرائیل زیادی کردووە.
هەر لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی پاکتاوکردنی خەڵکی غەززە، ئیسرائیلیەکان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان لە ڕۆژئاوا، پەرە بەو شتە دەدەن کە پێی دەڵێن “ڕۆژی دوای کۆتایی هاتنی شەڕەکەیان” لەم بارەیەوە تیۆریزەی ئەوە دەکەن کە ئەتوانن حەماس لە کەرتی غەززە بە تەواوی لەناو ببەن، پاشان ئیسرائیل هەربۆ خۆی چارەنووسی حوکمڕانی لە غەززەدا دیاری دەکات. ئەم پلانە لەسەر بنەماکانی ئاوارەکردنی زۆرەملێ و کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی فەلەستین لە غەززە دامەزراوە. پاشان دەیگۆڕێت بۆ شوێنی نیشتەجێبونێکی نوێ، هەر وەک چۆن ئیسرائیل پێشتر لە قودس و کەناری ڕۆژئاوا و لە باقی ناوچەکانی فەلەستین کردبووی. بەڵام واقیعی مەیدانی سەربازی و مەیدانی شەڕ لە غەززە و باشووری لوبنان و دەریای سوور ئەم خەونەی ئیسرائیلی کردۆتە کابوسێک و بۆخۆیان دییان کە زیاتر لە ناو غەززەدا نوقم بون و چەقیون، کە پاشەکشەکردن شکستەو چونەپێشەوەشیان هەر شکستە، لەهەمانکاتدا بوو بە بەخشین و پێدانی ئیمتیازاتێک بە حەماس!.
ئیدارەی ئیسرائیل گوایە وەها کاردەکات بۆئەوەی بتوانێت هیوای دانیشتوانەکەی بەدیبهێنێت و ئاسایشیان بۆ دابین بکات، هەروەها خەونەکانی بایدنیش بەهەمانشێوە، وەک ئیدارەی ئێستای ئەمریکا تەنها لە چاویلکەی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە سەیری ئەو شەڕە دەکات، بۆی گرنگ نیە گەر تەواوی دانیشتوانی غەززەش لە ناوبچن، ئەمڕۆ بایدن بە پشتیوانیکردنی بۆ تاوانەکانی ئیسرائیل، بەشێوەیەکی چالاکانە دەستی بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی کردوە، بەمەبەستی بەدەستهێنانی هاوسۆزی و دەنگی دەنگدەرانی ئەو ئەمریکیانەی لایەنگری ئیسرائیلن، هەڵبەتە لایەنگرانی ئیسرائیل ڕێژەیەکی بەرچاون.
ئەمریکا لە بڕیارەکانی پەیوەست بە شەڕی غەززەوە پشکێکی زۆری هەبووە لە زیادکردنی سەختی ئەم شەڕەدا، لەلایەکی ترەوە تەواو دەستی حکومەتی ئیسرائیلی ئاواڵا کردوە کە بۆردومانە بێوێنەکانی ئەنجام بدات، بۆیە بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئەمریکا ڕووبەڕووی ناکۆکی و شەڕێکی سەخت بۆتەوە، جۆ بایدن لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە دۆخێکی هەستیاردایە تائەوەی تەنها پشتیوانی بە لایەنگرانی ئیسرائیل ببەستێت.
ئێستا بەشێکی زۆر لە هاوپەیمانان و لایەنگرانی پارتی دیموکرات لە ئەمریکا، داوای بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەکەن تا دەنگ بە بایدن نەدرێت، چەندین ڕاپرسی ئاشکرایان کردووە کە ٧٠%ی دەنگدەرانی تەمەن ١٨ بۆ ٣٤ پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین دەکەن. پشتیوانی حکومەتی ئیسرائیل ئیتر کۆدەنگی لە نێوان خودی گروپ و ڕێکخراوە جولەکەکانیشدا نییە. گەورەترین بەڵگەی ئەمەش بەشداریی زۆری جولەکەکان بوو لە نێوان هەزاران خۆپیشاندەردا کە لەبەردەم ماڵی جاک شومەری سیناتۆری ئەمریکی کۆبوونەتەوە، بۆئەوەی داوای لێبکەن تا سیاسەتمەداران چیتر، هاوکاریەکانیان بۆ سوپای ئیسرائیل ڕابگرن.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هیچ کاندیدێکی دیموکرات ناتوانێت لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بەبێ پشتیوانی زۆرینەی دەنگدەرانی گەنج و ئەمریکیەکانی بە ڕەچەڵەک عەرەب، ئەمە جگە لەوەی جیاوازی پشتگیریکردن لە ئیسرائیل ڕژاوەتە ناو پێکهاتەکانی جولەکەکانیشەوە، پێدەچێت چاوەڕوانی بایدن بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوە، پێداگری بێت لەسەر پێشکەشکردنی پشتیوانی کوێرانە بۆ ئیسرائیل، کە لە کوشتاری بەکۆمەڵی هاوڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی ناوەستێت، ئەم حاڵەتە دودڵی لە نێو رۆژئاواشدا پێکهێناوە کە وەک هاوپەیمانی ئەمریکا ناسراون.
ڕەنگە باشترین شێواز کە ئێستا لەبەردەستی سەرۆکی ئەمریکادایە، ئەگەر بیەوێت لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، دەبێت دەستبەجێ ڕێگا کوێرەکەی خۆی لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل بگۆڕێت وپێچەوانەی کاتەوە.
ئاشکرایە ئێستا لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەگشتی ئیسرائیل وەک حکومەتێکی تیرۆریستی سەیری دەکرێت، لە هەمانکاتدا ئیسرائیل بێوچان پێداگری لەسەر هەڵوەشاندنەوە و تێکدانی دەسەڵاتی فەلەستینی کردووە، ئێستاش ڕێگەی پاکتاوکردنی خەڵکی غەززەی گرتۆتەبەر، هەوڵی بەربەستکردنی ڕێبازی “چارەسەری دوو دەوڵەتی” دەدات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە لایەنی فەلەستینی نوێنەرێکی گونجاوی نییە بۆ هاوبەشیکردن لە ئاشتیدا.
بەڵام ئەوەی دەیبینین لەناوبردنی تەواوەتی حەماس لەڕووی واقیعیەوە بووەتە مەحاڵ، لەو کاتەوە شەڕی بەربەریانەی بەردەوامی ئیسرائیل لە دژی فەلەستینیەکان لە غەززە ئەنجام دراون، وەک پەرچەکردارێک ئاماژە بەوە کراوە کە جەماوەری حەماس زیادی کردووە، بە تایبەت لە دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییە، ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی کە بزووتنەوەکە هێشتا کاریگەری و پشتیوانیەکی گەورەی لەناو کۆمەڵگەی فەلەستین وەک هێزێکی خۆڕاگری هەیە لە بەرامبەر داگیرکاری ئیسرائیلدا.
ئەوەی حەماس و باڵە سەربازیەکەی لە ٧ی ئۆکتۆبەردا کردیان، بەهەر شێوازێکی تیرۆرستی و ئەوپەڕی دڕاندانە ئەو کارەی ئەنجام دابێت، بەڵام نەک هەر زەلیلکردنی ئیسرائیل بوو، بەڵکو لەهەمانکاتدا ئاوابونی زیاتری باڵادەستی تاک جەمسەری ئیمپریالیزمی ئەمریکیشی لێکەوتەوە کە بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی جەمسەری ئیمپریالیزمی یەکێتی سۆڤیەتەوە بەدەستی هێنابو.
پێدەچێت ئەمریکا و نەتانیاهۆ تێگەیشتبن لەوەی کە چارەسەرێکی سەربازی لە غەززەدا نییە و شکستەکەیان بووەتە گشتی و ئەمری واقع، جیهانیش بەگشتی چاویان لە ئاکامی شکستی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانە لە غەززەدا. بۆیە ئەمڕۆ بەجیا لەوەی ئەمریکا پشتیوانی لە گەورەترین وێرانکاری دەکات، لەهەمانکاتدا خەریکن شانۆگەریەکی نوێ نمایشدەکەن تا هەوڵی پەردەپۆشکردنی شکستەکەیان بدەن، لەڕێگەی یاریەکی کۆنەوە کە ڕۆژئاوا بانگەشی دەکات، ئەویش گەمەی مافی مرۆڤە، دوای کوژرانی زیاتر لە ٢٢٠٠٠هەزار کەس و وێرانکاری و ئاوارەیی، نەک گەمەی مافی مرۆڤەکەیان بەدەرد ناخوات، بەڵکو دیموکراتیەکەشیان نمونەی چارەنوسی هەمان هەڵوەشانەوەی جەمسەری یەکێتی سۆڤیەتە.
ئۆپەراسیۆنی لافاوی ئەقسا گورزێکی پڕ لە ئازار بوو لە پێگەی بەناوبانگی ئیسرائیل و هاوپەیمانانی، بەتایبەتی دوای ئەو شکستانەی کە ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە هەردوو وڵاتی ئەفغانستان و عێراقدا تووشی بوون، لە سەر چارەنوسی شەری ئۆکرانیاش بێ ئومێد وەستاون، ئەم لافاوەش سەرسامی کردن و نازانن چۆن پێگەو ئعتباری بەرەکەیان بگەرێننەوە، لە ناو گەورەترین کوشتار وێرانکاریدا شەری جەمسەرەکان دەکەن.
لە دواشیکردنەوەدا ئەگەر شەڕی ئێستای ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە دژی فەلەستینیەکان لە ئاکامدا نەبێتە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئازاد و سەربەخۆ و سەروەری فەلەستین و چارەسەری کێشەی فەلەستین، ئەوا پێویستە هەموومان چاوەڕوانی دەرئەنجامی خراپتر بین لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا.




دەوڵەت وەک سەرچاوەیەک بۆ نەبونی ئاسایش.. عوسمانی حاجی مارف

لە هەر شوێنێ هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری بکرێت و ناجێگیری ببێتە واقعیەتی بەردەوامی ژیانی هاوڵاتیان، دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانەی تەواو بە دەوڵەت و دامودەزگاکانی، یان بەشێوازێكی تر ئەتوانین بڵێین هەمان ئەو دامودەزگایانەی ئەو دەوڵەتە، بەشێکی هەڵسوڕاو دەبن لە خولقاندنی مەترسی و نائەمنی لەسەر هاوڵاتیان.
بەدوای ڕوخانی حکومەتی بەعسی ناسیۆنالست، ئەو حکومەتەی سێ دەیە زیاتر سەرچاوەی مەترسی و نائەمنی بوو لەسەر ژیانی دانیشتوان، بەڵام کاتێ لەڕێگەی داگیرکاری ئەمریکاوە کۆتایی بەدەسەڵاتی هات، کۆمەڵێك هێزی قەومی و ئیسلامی و تائفی میلیشیایی جێگایان گرتەوە کە بوونە مایەی سەرلێشێواوی سیاسی و توندوتیژی کە دوبارە درێژەیان دا بەنەبونی ئاسایش و ناجێگیری سیاسیان لە شێوازێکی تردا وەکو شێوازی حکومەتکردن پەرە پێدا. لەهەمانکاتدا مایەی ئەوپەڕی تراژیدیاو کارەسات و گاڵتەجاریە کە ئەم داگیرکاریەی ئەمریکا لەژێرناوی دژی سەرکوتی بەعس و سەدامدا، کراوەتە بانگەوازی پرۆسەی دامەزراندنی سیستمی سیاسی دیموکراسی لە عێراقدا. دیارترین نمونەکانی بەردەم گواستنەوەی ئەم دیموکراسیە لە عێراقدا لە وێنەی دەوڵەتدا، گەندەڵی بەربڵاوو جەردەیی و دزی و قۆرخکردنی سەرمایەو دەسەڵاتی سیاسیە بەهێزی میلیشیا، لەهەمانکاتدا مایەی ئەوپەری بیدەربەستی و نابەرپرسیاریەتیە بەرامبەر ژیان و گوزەران و ئاسایشی دانشتوان.
دیموکراسی تەنها بۆ ئەوەیە لەم هەلومەرجە پڕ گێژاوە سیاسیەدا، هەرچۆنێک بێت چەند ساڵێ جارێک ڕێژەیەک لە دانیشتوان کێشکەن بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردانەکاندا، بۆ رەسمیەتدان بە دەسەڵاتی میلیشیاکانیان. هەڵبەتە ئاراستەی ئەمریکاو ڕۆژئاوا وەک ‌هێمای گواستنەوەی بانگەوازی دیموکراتیزمن بۆ ئەو شوێنانەی داگیری دەکەن، دیمان کە لەم نمونەیەی دەسەڵاتی سیاسی وەک عێراق باشتری لێ سەوز نابێت.
عێراق لە ٢٠٠٣وە، بەدەست گرژی سیاسی و خولقاندنی کێشمەکێش و توندکردنەوەی فەزای تائیفیەوە دەناڵێنێت کە حکومەتی عێراقیش هەر لەو چوارچێویەدا خۆی بە دەسەڵاتی بەشبەشێنە پێناسەکردوە، کە بێجگە لە نەبونی ئاسایش و ڕودانی کارەسات و بارگرانی گوزەران، لەهەمانکاتدا هەناسەی ئازادی سیاسی و ئازادی بیروباوەڕ بووە بەژێر دەست و پێی هێژمونی ئیسلامی سیاسی و شەڕی تائفی هێزە میلیشیاکانەوە.
لەهەمانکاتدا پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند لەسەر بنەمای ئاستی نفوزو هاوسەنگی هێزە میلیشیاکان و سەوداو مامەڵەی سیاسی نێوان لایەنەکان بەڕێوەدەبرێت و هاووڵاتی بون مانایەکی نەماوە. ئەوەش لەئاکامدا ئەوە دەسەلمێنێت کە هاووڵاتیان درک بەوە دەکەن بەڕاستی بە هیچ جۆرێک بەشدارنین بۆ دەخالەت و بڕیاردان لەسەر چارەنوسی سیاسی وژیانی ڕۆژانەی ئێستایان. لەهەمانکاتدا یاری بە چارەنوس و ژیان و موچەکانیان دەکرێت. دەنگدانیش لە هەڵبژاردنەکاندا تەنها بەکارهێنانی کردارێکە بۆ بە فەرمی ناسینی ئەو دۆخە دژوارو گەندەڵخانەیەی کە پێیان دەڵێن حکومەتی فیدراڵی عێراق وحکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو حکومەتەی کە لە ڕێرەوی زیادکردنی ڕێژەی بێکاریە و ئاستی فراوان بونەوەی هەژاری بەرز ڕادەگرێت بە شێوازێکیتر ، هەژاریش نەبونی ئاسایش بەرجەستە دەکاتەوە، هەر ئەمەشە کە ماناو پێناسەی پرۆسەی دامەزراندنی دیموکراسیە لە عێراقدا، لەژێر پەردەی پشتیوانی ئەمریکاو ڕۆژئاوادا مۆردەکرێت و بە دەخالەتی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە دەبرێت، کۆمارێکی ئیسلامی کە خۆشی وەک دەوڵەتێک گەورەترین سەرچاوەی سەپاندنی نەبونی ئاسایشە لە ئێران و عێراق و ناوچەکەدا.
لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و کوردستاندا ڕووداوەکان بە هۆی یەکتربڕینی زۆر فاکتەرەوە خێراتر دەبن، کە وا دەکات هەموان هەست بە نیگەرانی و دڵەڕاوکێ بکەن، بەتایبەتی بەدوای شەڕی غەززەو وێرانبونی غەززە، واپێدەچێت کە ئەگەری رودانی کارەساتەکان زیاتربێت و ڕواڵەتی کاریگەریەکانی لەسەر ناوچەکەو عێراق دەرکەوێت، بۆیە پریشکی ئەو شەڕەی غەززە، ئومێد بە ئاسایش و سەقامگییر لە عێراق زیاتر دور دەخاتەوە، هەروەها کاریگەری گۆڕانکاریەکان و پیادەکردنی نەخشەی میلیتاریزمی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زیاتر بەڵای ناوەڕۆکی پرۆسەی گواستنەوەی دیموکراسی ئەمریکاو ڕۆژئاوا بە نەرێنی و قێزەون شیدەکاتەوەو پێویستە لایەنی دژی مرۆڤایەتیەکەی باش بناسین، ئەتوانین بڵێین دەوڵەت بەناوی دیموکراتیەتیشەوە مانایەکی نیە بۆ دابینکردنی ئاسایش.
سیاسەتمەدارانی لایەنە سیاسیەکانی باڵادەست لە عێراق و کوردستان، سەرەڕای هەوڵدانی هەرلایەنێکیان بۆ گەڕان بەدوای تروسکایی هیوایەکدا کەوەک پاڵەوانی یەکلاییکەرەوە بناسرێن، لە ناوەڕاستی قەیرانە یەک لە دواییەکەکاندا، بەردەوامن لەڕاڕایی و بڕیارە جیاوازەکانیان، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی پێگەو نفوزی سیاسیاندان، نەک دامەزراندنی جێگیری سیاسی.
گێژەڵۆکەی سیاسی بە پرسیارێکی دووبارەبوەوە خۆی دەسەپێنێت، ئاخۆ کێ لە شەڕی غەززەدا سەردەکەویت؟، دوای شەڕ، هێزی سەرکەوتو چۆن سەرکردایەتی ناوچەکەو دۆخەکە دەکات؟ سیاسەتمەدارانی لایەنەکانی باڵادەست لە حکومرانیدا وا دەردەکەون وەک ئەوەی یاری مار و پەیژە بکەن، لەو شوێنەی کە هەندێکیان بەرز دەبنەوەو هەندێکی تریش دادەبەزن، ئەمەش وا دەکات شێوازی حوکمڕانی لە بازاڕی دۆلارەکە بچێت، لە چۆنیەتی مامەڵەدا هونەری قازانج و زیان پێچیدەو نادیارە، نە دەوڵەتی ئەمریکا و نە دەوڵەتی ئیسرائیل و نە ئێران و نەعیراق بەهیچ جۆرێک ئاراستەی جیگیر سیاسی لە پەیوەند بە مامەڵەی کێشەی فەلەستینەوە ناکەن.
کۆمەڵگا لە دۆخێکی چەقبەستووی ناکۆکی نێوان هاووڵاتیان و بەرپرسەکاندا دەژی، لەمەترسی تەشەنەی شەڕەکە بۆ ناوچەکە سەرسام ماون، ئیسلامیەکان و بەرپرسەکانیش لە دوڕیانی شەڕی داگیرکاری ئیسرائیل و میلیتاریزەی ئەمریکادا خۆیان دەکەنە خاوەنی بەڕەنگاری، لە هەر ڕووداوێک چاودێری دەکرێت و بەدوای نیشانەکانی سەرکەوتن یان شکستدا دەگەڕێن. تەحەدای سەرەکی هەر ئەوەیە کە گەڕان بەدوای هاوسەنگی لەدەرەوی دەوری دەوڵەتەکان و بەرژەوەندی لایەنە ئیسلامیەکان، پێویستە لەبەرژەوەندی گشتی کاری لەسەر بکرێت، کەڕەنگدانەوەی جەنجاڵی واقیعی سیاسی ئێستا پێویستی بە خرۆشانی جەماوەریە بۆ کردنە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
لەناو ئەم چوارچێوە ئاڵۆزەدا دەبێت خەڵکی عێراق بپرسێت و بە دوای ڕێچکەیەکی واقیعی بۆ گەیشتن بە گەشەپێدان و سەقامگیری و دابینکردنی ئاسایش بگەڕێت. لێرەدا ڕۆڵی هاوڵاتی هۆشیار دێتە ئاراوە لە بەرامبەر دەوڵەتدا، کە ئاواتەخوازە داهاتویەکی باشترو داوای گۆڕانی بنەڕەتی لەڕوانگەی سیاسیدا دەکات. گۆڕانی ڕاستەقینە تەنیا لەڕێگەی تێگەیشتن لە دۆخەکە و بەشداریکردنی بەردەوام لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی و هەڵگیرسانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دەبێت. بۆیە دەورو دەخالەتی هاوڵاتی پێویستە هاوبەشێکی کاراو بەکۆمەڵ و سەراسەری و ڕێکخراو بێت لە داڕشتنی داهاتووی خۆی و دەور و دەخالەتی لە دەسەڵاتی سیاسیدا.
هەروەها پێویستە فشار بخرێتە سەر دەسەڵاتداران ئەوەیان بەسەردا بسەپێنرێت و لەوە تێبگەن کە گوێگرتن لە داخوازیەکانی هاووڵاتیان و وەڵامدانەوەی خواستەکانیان گەیشتنە بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بنەمای سەقامگیری ووڵات پێکدەهێنێت، کاتێک بڕیارەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هەموو دانیشتوان بن و مانای گەشەسەندنی بەردەوام بەخۆیەوە ڕاگرێت، ئارامی و ئایندەیەکی باشتر و پێشڕەوانەتر لەگەڵ ڕەوتی ڕوداوەکان بەدوای خۆیەوە دەهێنێت، بەڵام ئەوەی دەسەڵاتداران لە عێراق و کوردستان پیادەی دەکەن، نمونەی ئەزمونێکە یەک زەڕە هەست بە بەرپرسیاریەتی تیا بەدی ناکرێت و بەتەنگ هیچ جۆرە چاکسازیەکیشەوە نین، کە بۆنی ئاسایش و مرۆڤایەتی پێوە بێت، بۆیە تەنها ڕێگا، کردنەدەرەوی هێزەکانی ئەمریکا و ڕوخانی دەسەڵات و ڕێکخستنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی کەچارەنوس و ئایندەی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش ساغ دەکاتەوە.
گفتوگۆکردن سەبارەت بە ئایندەی سیاسی عێراق و کوردستان و گۆڕانکاریەکانی لەپەیوەند بە کۆتاییهێنان بەدەسەڵات کە خواستێکی ڕاستەقینەیە بۆ گۆڕینی هەلومەرجی ئێستا، هەوڵدانە بەرەو دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی کە بەڕاستی ڕەنگدانەوەی خواستەکانی هاوڵاتیان بێت، دامەزراندنی دەسەڵاتێک لەسەر بنەمای دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک بەڕێوە بەرێت و لە ڕێرەوی بەدەستهێنان و داسەپاندنی ژێانێکی باشتردا هەنگاو بنێت، بە مەرجی مسۆگەرکردنی یەکسانی تەواوی هاوڵاتیان.
زۆرێک لە میلیشیا شیعەکان بەشێکن لە حکومەتی ئێستای عێراق – پێگەیەک کە دوای ساڵانێک لە بەکارهێنانی چەکەکانیان، پشتیوانیە لە کۆماری ئسلامی ئێران، وەک زۆربەی میلیشیا شیعەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خۆیان بە بەشێک لە بەرەنگاری دژە ئەمریکی و دژە ئیسرائیل ڕاگەیاندووە، وەک حزبوڵای لوبنان، بوونەتە ئەکتەری باڵادەست لە سیاسەتی وڵاتەکەداو داوای چونەدەرەوی هیزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەن، بەردەوامن لە چەسپاندنی خۆیان و چنینەوەی سەروەت و سامانی عێراق و هەوڵدان بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات و ناوەندکردنەوەی حکومەتی عێراق و کۆتایی هێنان بە قەوارەی هەرێم، تەواوی ئەم سیناریۆیانە لە عێراق و لە کوردستان لەڕێگەی هاتنە مەیدانی خرۆشانی جەماوەریەوە دەبێت کۆتاییان پێ بهێنرێت، دەبێت دەرگای پێکهێانی هەرجۆرە حکومەتێک بەڕویاندا داخرێت، کە سەرچاوەیەکی مەترسین لە بەرامبەر ئاسایش و سەقامگیریدا.




ڕیسوایی و بنبەستی ئەمریکا و ئیسرائیل..عوسمانی حاجی مارف

غەززە تەواوی ململانێی چەند ساڵەی فەلەستین و ئیسرائیلی لەخۆگرت، تیشکی خستەسەر ئەو دژایەتیە بنەڕەتیەی دەوڵەتی ئیسرائیل کە لە بەرامبەر خەڵکی فەلەستیندا هەیەتی. پاکتاوکردنی دانیشتوانی غەززە بووە زیاترکردنەوەو نیشاندانی دڕندەیی و فاشیزمی ئیسرائیل لە بەرامبەر خەڵکی فەلەستیندا. لەدوای هێرشی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر شارۆچکەو بنکە سەربازیەکانی باشووری ئیسرائیل، هەڵوێست و کاردانەوەی دژە ئینسانی دەوڵەتی ئیسرائیل، شکاندنی دەرگای درۆی دیموکراسی و مافی مرۆڤیان نیشانداین. دڕندەیی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل و گەورەیی زیانە مرۆیی و مادییەکان، خراپترین کابوسی نیشان داین. ئەو ململانێیە بووەهۆی گیان لەدەستدانی هەزاران منداڵ لە غەززە و بووە هۆی وێرانکاریەکی بەرفراوان بۆ کەرتی غەززە. لێکەوتەکانیش کاریگەریان لەسەر تەواوی جیهان دانا، بەو پێیەی پایتەخت و شارەکانی ڕۆژئاواو ئەمریکاو ووڵاتە عەرەبیەکان ڕێپێوان و خۆپیشاندانی بەرفراوانی بێوێنەیان نمایشکرد. ئەو نمایشەی کە دەوڵەتانی ڕۆژئاواو ئەمریکاو ئیسرائیل و بانگەوازی دیموکراتیەتەکەیان و شەڕەکەیانی تیا شەرمەزار کرا.
بەرزبونەوەی ئاستی ئێستای ئەم ململانێیەی فەلەستین و ئیسرائیل دەوری بینی لە قووڵکردنەوەی زیاتری ئەو بۆشاییە گەورەیەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر وڵاتانی ڕۆژهەڵات لەیەکتر جیادەکاتەوە. ڕۆژئاوا جگە لە سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و کاری هەرزان شتێکی تری لە ڕۆژهەڵات ناوێت. بۆ ئەمەش بەهەر بەهایەکی نامرۆیی بێت دەیانەوێت کاری لەسەرکەن. دەوڵەتی ئسرائیل بەو قەڵا پتەوە دەبینین کە لەلایەک بۆ پاراستن لە ململانێ و مەترسیەکانی شەڕی جەماوەری ڕۆژهەڵات بیان پارێزێت، لەلایەکی ترەوە هاوسەنگی هێز لەبەرامبەر جەمسەرە زلهێزەکانی بەرامبەریان راگرن، بەڵام لایەنگری ئێستای ئەمریکاو ڕۆژئاوا بۆ ئەو دڕندەییەی ئیسرائیل ئەنجامی ئەدات، بەرگریە لە ترسی هەرەس هێنانی قەڵاکەیان.
لەهەمانکاتدا ئەم شەڕە پرسی فەلەستینی کردە دەرەوەی بیرچوونەوە، جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە پێشەوەی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و مشتومڕی سیاسی، کە ناڕەزایەتیەکان و دۆستانی خەڵکی فەلەستین داوادەکەن، دەبێت بە ڕێگا چارەیەکی ئینسانی هەنگاو بنرێت بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەم کێشەیە، بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا بۆ ئەمریکاو ڕۆژئاواو ئیسرائیل ڕۆشنە کە ڕێگاچارەی ئینسانی مانای شکستی پێگەو نفوزی سیاسیانە لە ناوچەکەدا، مانای ڕۆشناییە لەسەر پوچەڵی ئەو دیموکراتخوازیەی کە سەدەیەک زیاترە جێگای شانازی سەرکەوتنی سیستمی سەرمایەداری و بازاڕی ئازادە بۆیان.
لایەنگرانی خەڵکی فەلەستین پێیانوایە ناتوانرێت ململانێی ئێستا لە چوارچێوەی گشتی خۆی جیابکرێتەوە، ئەمەش بۆ کۆمەڵێک هۆکاری ئاڵۆز دەگەڕێتەوە کە گرنگترینیان هەستکردنە بە ئیدانەکردن لە بەرامبەر کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی مەدەنی لە غەززەدا، بەو پێیەی فەلەستینیەکان دەیان ساڵە لەژێر قورسایی داگیرکاری و زەوتکردنی مافەکاندا دەناڵێنن، ئێستاش دانیشتوانی غەززە گەمارۆدراوە لە گەورەترین زینداندان، لەژێر ڕۆشنایی نایەکسانیەکی بەرفراوان لە هاوسەنگی هێزی سەربازیدان، نەبوونی هیچ ئاسۆیەکی سیاسی بۆ دەربازبون لەم شەڕو داگیرکاریەدا، ژمارەی کوژراوان بۆ زیاتر لە ١٩ هەزار کەس بەرزبووەتەوە، بۆیە بە پیرەوەچونی ئەم پرسە مەسەلەیەکی جدی جیهانیەو پیویستی بە بەرینترین فشارو ناڕەزایەتی بەردەوام هەیە، لەهەمانکاتدا پێویست دەکات بانگەوازی شانازیکردن بە دیموکراتیزمەوە ڕیسوا بکرێت.
ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە ئەنجامی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی بەرفراوان لە سەرانسەری ئەوروپادا، ئەمەش دابەشبوونی زیاتری نێوان دانیشتوان و حکومەتەکانی ئاشکرا کرد. حکومەتەکان لایەنگری ڕوانگەی ئیسرائیلن، لەکاتێکدا بیروڕای گشتی سۆزو لایەنگریە بۆ خەڵکی فەلەستین.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەستەکان و قووڵبوونەوەی دووبەرەکی، ئاسان نیە بزانین یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت چ ڕۆڵێک بگێڕێت، یەکێتی ئەوروپا هەرگیز لە دۆخێکدا نەبووە کە کاریگەری لەسەر پرۆسەی گەیشتن بە چارەسەری سیاسی ململانێکان هەبێت، بەڵکو لەبری چارەسەری ڕیشەیی، بەردەوام لە هەوڵی دیبلۆماسی و ڕێکەوتنی نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا بووە، ئەم جۆرەش لە مامەڵە بە پرسی فەلەستین بە دابڕان لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین ئاساییە شەڕێکی وێرانکاری وەک ئێستای لێبەرهەم بێت.
لەوکاتەی دەرکەوتی لاوازیەکانی ئۆکرانیا پێشهاتوە، دیمەنەکە بۆ ڕۆژئاواو ئەمریکا تاریکتر بووە، بەوپێیەی دەزانن شەڕی غەززە تاکە هۆکار نییە کە کاریگەری لەسەر بەردەوام بونیان بۆ پشتیوانی لە کیێڤ هەبێت. چونکە ئەو بڕیارەی دادگای دەستووری ئەڵمانیا سەبارەت بە خەرجکردنی پارەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ سندوقی کەشوهەوا تەرخان کرابو، کە لە سەرەتادا مەبەست لێی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا بو، بووە هۆی قەیرانێکی گەورە لە بودجە ئابووری یەکێتی ئەوروپادا.
جگە لە سەرچاوە مادیەکان، وا پێویست دەکات بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا کاتێکی بەرچاو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەرخان بکەن، لەسەر حیسابی ئەولەویەتەکانی دیکەیان، لەوانەش پشتکردنە ئۆکرانیا. ئەوکاتەی کە سەرۆکی ئەمریکاو سەرکردەکانی دیکەی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٢٢دا بۆ دۆخی ئۆکرانیا تەرخانیان کرد، یارمەتی کیێڤ بوو بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا. بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە جیاوازە، چونکە ئەم کێشەیە بەهۆی پێویستی گرنگیدانیان بە شەڕی غەززە، جگە لە پەرەسەندنی قەیرانە ناوخۆییەکانی وڵاتانی گەورەی ڕۆژئاوا، دۆخەکەیان بەرەو خراپتر دەچێت.
دوابەدوای ئەو هێرشانەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، ئیدارەی بایدن بە ڕوونی دەرکەوت کە لە پاڵ ئیسرائیل وەستاوە و گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرد بەناوی ئازادکردنی سەدان بارمتەی مەدەنی و ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی هێرشی هاوشێوەی حەماس لە داهاتوودا. بەڵام لە ماوەی چەند هەفتەی دوای هێرشەکە، هەڵمەتی ئاسمانی و زەمینی کە ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەستیپێکرد، شەرمەزارکردنی بەربڵاوی لە سەرانسەری جیهاندا بەدوای خۆیدا هێنا، تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگی لەسەردرا، بەهۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی، کە هەزاران منداڵی فەلەستینیان تێدابوو، بۆیە بەیاننامە فەرمییەکانی ئەمریکا لەوبارەیەوە بەناچار کەمێ گۆڕانکارییان بەسەردا هات، ئیسرائیلیش کە هاوپەیمانێکی دێرینی ئەمریکایە، وەها نیشان ئەدات شەڕی گروپێک دەکات کە واشنتۆن وەک تیرۆریست دەستنیشانی کردووە، بەڵام بەردەوامی پشتیوانیكردنی بایدن لە درێژەدان بە تاوانكاری و خوێنڕێژیی حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل لە غەززەدا، نیشاندانی شکستی میلیتاریزمی ئەمریکا و شکست و بنبەستی ستراتیژی حکومەتی ئیسرائیلە لەم ململانێیەدا، سەرەڕای کوشتنی دەیان هەزار کەس و كاولكردنی کەرتی غەززە. دژایەتیکردنی حکومەتی ئەمریکا بۆ ئاگربەست و هەر وه‌ستانێك له‌ تاوانكاریدا، هەوڵدانێکی بێ هودەیە بۆ قەرەبوکرنەوەی بن بەست و شکستەکانیان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا.
هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا كه‌ پشتیوانی جینۆسایدی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیلن، دەبینین لەژێر فشاری ناڕەزایەتی جەماوەری و قەیران و دووبەرەکی كه‌ لە نێو دەسەڵاتدارانی خۆیان و حیزبەکان و پەرلەماندا دەرکەوتوە، لە ژێر فشاری ئەوەی نەوەک نارازەیەتیەکان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی فه‌ڵه‌ستین بگۆڕدرێت بۆ بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی لەدژی خۆیان و نه‌بێتە قەیرانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناوخۆی خۆیاندا، ناچاربوون یەک لە دوای یەک، بەڕواڵەت خۆیان لەم تاوانە و ئەنجامدەرانی بەدوور بگرن، ناچاربوون نمایشێک بکەن تالە پێش چاوی کامێراکان ئاماژە بەهەندێ لە تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل بدەن.
ڕیسوایی فاشیزمی ئیسرائیلی، بەدوای خۆیدا تەریک كه‌وتنەوە و بێبایەخی زیاتری ڕۆڵی ئەمریکا وەک جەمسەرێکی بالادەست بەسەر جیهاندا بەدوای خۆیدا نیشانداوە، ئەمەش لە ئاکامی بەرفراوانی ناڕەزایەتی و مانگرتنی چینی کرێکارو ناڕەزایەتی جەماوەری ئازادی خوازە لەدژی تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل.‌ ئەو ناڕەازایەتیەی کە بەرگری لە خەڵکی فه‌ڵه‌ستین دەکەن بۆ ژیانێکی ئازاد و ئینسانی.
بەردەوامی هەمەلایەنە و بەرفراوانی ئەم ناڕەزایەتیانە لەلایەن چینی کرێکارەوە لە سەرتاسەری جیهاندا، نەک هەر حکومەتی ڕەگەزپەرست و فاشیستی ئیسرائیل، بەڵکو ئەمریکا و هەموو ئەو وڵاتانەی پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن، پاشه‌كشه‌ پێده‌كات.




پاش دە ساڵ، هەڵبژاردنێک بە نەعرەتەی قەومی.. عوسمانی حاجی مارف

ئەوەی جێگای ئاماژەپێکردنە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران جار لەگەڵ جار زۆر کەمتربۆتەوە، گەر بەشداری بۆ ئەنجومەنی نوێنەران کە لەساڵی ٢٠٠٥ ئەنجامدرا ڕێژەی بەشداربوانی بەرێژەی %٨٠ بوبێت!، دەبینین ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ دا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی بۆ لە %٣٠ کەمتر، ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دوای دە ساڵ لە خەوتن و فەرامۆشی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان، کە لە ١٨ی ئەم مانگەدا ئەنجامدرا، بۆخۆیان ڕایانگەیاندوە کە لە %٤٠ بەشداریان کردووە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لەکاتێکدا دەزگا بایۆمەتریەکانیان کاری پێنەکرابێت و هێزێکی وەک سەدر بایکۆتی ڕاگەیاندبێت، دۆخی نالەباری ژیانی دانیشتوانی شارەکانی عێراق لە ناڕەحەتی و نەهامەتی بێت، هەروەها نەبوونی هێزی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە بۆ کێبڕکێ لەگەڵ لایەنەکانی دەسەڵات، نەبونی هیوا بۆ گۆڕانکاری، ناکرێ ئەو ڕێژەیە جێگای بڕوا بێت، جگە لە شاری کەرکوک کە لەدۆخێکی تایبەتی هەرای دەمارگیری نەتەوەپەرستیدا ڕەواجی پێدرا.
بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، زیاتر لە٢٣ ملیۆن هاووڵاتی هەن کە ناویان لە لیستی دەنگدەراندایە، بەڵام هەر لەسەرەتاوە ئەوە ئاشکرابو تەنها %٦٠ یان کارتی بایۆمەتریان وەرگرتووە، واتە زیاتر لە٩ ملیۆن هاوڵاتی هەیە کەلە%٤٠ دەکات پێش دەستپێکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن مافی دەنگدانیان لەدەستداوە، واتە ئەو لە %٤٠ی بەشداربوان لەسەر حسابی ١٤ملیۆن کراوە نەک ٢٣ ملێۆن.!؟.
جگە لەوەش لایەنە دەسەڵاتدارەکان پارەو وزەیەکی زۆری خۆیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان خەرج کردوە، بەتایبەتی یەکێتی نیشتمانی لە کەرکوکدا.
ئەوەی کە بەدوای ئەم هەڵبژاردنەشدا ڕون و ئاشکرایە، داهاتوەکەی ڕۆڵێکی نابێت لە کۆتاییهێنان بەو دۆخە ناسەقامگیریە سیاسیەی کە عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، چونکە هێشتا بەدەست گەندەڵیەکی بەربڵاوو ململانێی دینی و تائفی و نەتەوەیەوە دەناڵێنێت، کە بوەتە هۆی وێرانکردنی ژیانی خەڵک و وەرینی فەرمیەتی ڕژێمێکی سەراسەری کەلە سایەی دەسەڵاتی میلیشیادایە. جگە لەوەش زۆرینەی دانیشتوانی عێراق هیچ قەناعەتێکیان بەو ڕژێمانە نییە کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ دامەزراون.
پێگەی فەرمی ناوچە جێناکۆکەکان– لەوانەش کەرکوک، تەلعەفەر، حەمدانییە، شەنگال، زەممار، مەخموورو خانەقین ململانێیەکی گەرمی لەسەرە، کەرکوک و بەشێک لە سێ پارێزگاری دیکەی باکوورکە بە “ناوچەی جێناکۆک” دادەنرێت، دۆخی کۆتایی ئەم ناوچانە کە هەردوو حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێم بە بەشێک لەناوچەی خۆیانی دەزانن، بۆیە پرسی ئیدارەدانی هەڵبژاردنی ناوچە جێناکۆکەکان بۆتە چەقی ململانێی سیاسی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە بەشێوازێکی غەیرە فەرمی دەیبەستنەوە بە شەرعیەتی هەڵبژاردنەوە، بەڵام گەرەنتی نیە ئەم شەرعیەتە پارێزراو بێت و بچێتە سەر، لەحاڵەتی ململانێی توند و نەخوازراودا هیچ حسابێک بۆ هەڵبژاردن ناکرێت.
هەڵبژاردن لەم ناوچانە هەمیشە دەرفەتێک بووە بۆ لایەنە سیاسیەکان و هاوپەیمانێتیەکان لە بەرزکردنەوەی ئاستی گوتاری تایفەگەری و دەمارگیری نەتەوەیی، واتە ڕەنگدانەوەی بانگەوازو نەعرەتەی قەومی و تائیفی بە ئامانجی گەیاندنی دەنگدەر بۆ سندوقەکانی دەنگدان، لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا زۆربەی لایەنەکان و کاندیدەکانیان ئاماژە بە بوونی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و گەشەسەندوو ئەدەن! لەواقیعدا زۆرینەی دەنگدەران لەسەر بنەمای ئاراستەی نەتەوەیییان تائیفی دەنگ بە کاندیدو لیستەکان دەدەن، نەک لەسەر بنەمای بڕوانامەیان بەرنامەی سیاسی و هاووڵاتیبون، گوتارەکانی باڤل تاڵەبانی زۆر بە حەماسەوە لەوەدا بەرجەستەی کردەوە کە کەرکوک قودسی کوردستانە و شاری کوردانە!، کە لەوبارەیەوە کاریگەری خۆی دانا لەسەر هەست و مەزاجی لایەنگران و دەنگدەرانی یەکێتی.
دانیشتوانی ناوچە جێناکۆکەکان بەدەست کێشەیەکی لایەنە سیاسیەکانەوە دەناڵێنن، چونکە نوێنەرەکان لەسەر بنەمای جەختکردنەوەو خۆناسینیان لەسەر پابەندبونیان بە نەتەوەکەی یا تائفەکەی، بۆیە دەبنە بەڵاو سەرچاوەی دژی پێکەوە ژیان، هەر بەرپرسێک پێش هەموو شتێک بە خەمی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەوەیە بۆ دەنگدەرانی سەر بە نەتەوەکەی و تائفەکەی خۆی، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی وبەربەستێکی سەرەکیە لەبەردەم دەستەبەرکردنی سەلامەتی هاوڵاتیانی مەدەنیدا.
جۆری ئەم هەڵبژاردنە بۆخۆی بەڵێنی ئەوە دەدەن کە پرۆسەیەکی قورس و گرژو دەرئەنجامێکی ناشایستە دەبەخشنە دانیشتوانی ئەو ناوچانە، لەهەمانکاتدا ئەنجومەنی پارێزگاکان دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تەحەدای نوێ دەبنەوە. لێرەوە مامەڵە نەکردن لەگەڵ هاوڵاتی لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و کارکردن لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەو تائیفی کێشەی زۆر لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ناوچە جێناکۆکەکان دروست دەکات.
واتە ڕەگی کێشەکانی ناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەتی لە کەرکوک، کێشە نائەمنیەکەی ئاکامی کێشەیەکی سیاسیە، لە ڕەواجدان و چاندنی دوبەرەکی نەتەوەیی و تائفی، کە بانگەوازەکانی یەکێتی نیشتمانی بەدوای شکستی بزوتنەوەی کوردایەتی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر ٢٠١٧، لەم هەڵبژاردنەدا بە ئاراستەی دوبارە دەمەزەردکردنەوی هەڵگیرسانی شەڕی قەومیە، بەڵام زیاتر پێدەچیت سیناریۆیەکی دروستکراوی ڕێگە پێدراوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
یەکێک لە مەترسیە دیارەکان کە پەیوەندی بە قۆناغی دوای هەڵبژاردنەوە هەیە، ئەگەر پێکهاتە ناوخۆیەکان نەتوانن لە ماوەیەکی کورتدا بگەنە ڕێککەوتن لەسەر دابەشکردنی پارێزگارو پۆستەکانی تر، ئەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی بارگرژی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیش دەخاتە مەترسیەوە. جگە لە مەترسیەکانی دەستێوەردانی دەرەکی لە ناوچە جێناکۆکەکان، بەتایبەتی دەستوەردانی تورکیا و ئێرانە لە کەرکوکدا.
جگە لەوەش هیچ ئەجێندایەکی هاوبەش لەناو ئەم هەرێمانەدا نیە لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو بودجەیەی بۆ بەڕێوەبردنەکەیان تەرخانکراوە، ئاشکرایە گەندەڵیەکی سیستماتیکی ئیداریی لەماوەی ئەو دەساڵەدا تەواو سایەی کردوە، کە بەسەدان هەڵبژاردن پاک نابێتەوە.
گەر لەم هەڵبژاردنەدا کەمێك لەسەر کەرکوک ڕابوەستین، بەتایبەتی لە چۆنیەتی دەوری یەکێتی نیشتمانی و ململانێی لە گەڵ لایەنەکانی تر و چونیەتی بانگەشەی دەمارگیری نەتەوەیی بۆ هەڵبژاردن، ڕاستە ئاکامەکەی دەستکەوت و سەرکەوتنێکی بۆ یەکێتی نیشتمانی نیشانداین، بەڵام ئەم دەستکەوت و سەرکەوتنە، لەم دۆخە نالەبارەی عێراق و دۆخی ئێستای کەرکوکدا، جێگای تیڕامان و پرسیارە؟.لەلایەکی تریشەوە ئەتوانین بڵێین جۆرێک دەرگایەکی بۆ یەکێتی کردەوە کە بەشێوەیەکی کاتیش بێت خۆی لە بنەبەست و پاشەکشەیەکی گەورە پاراست، لەم هەڵبژاردنەدا یەکێتی نیشتمانی توانی بە گەمەو و قومارێکی گەورەو خەرجێکی زۆرەوە لە مەیدانەکەدا بە ڕاوەستاوی خۆی ڕاگرێت، ئەوەی لەم نێوەدا پێویستە قسەی لەسەر بکرێت، ئەم شانسە چی بو جارێکی تر دۆخەکە فرسەتێکی تری دایەوە بە یەکێتی لەو قەیرانەدا گەر بۆ ماوەیەکیش بێت سەربێنێتە دەرەوە و لەبەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستاندا نیشانەیەکی پێشرەوی بەقازانجی حزبەکەی بپێکێت.
ئەم یاریەی یەکێتی لە مەیدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا، ئاشکرایە یەکلایەنەو بێ پشتیوانی و بێ ڕێکەوتنی تایبەت نەبوە.
گەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو ئاراستەیەی دەسەڵاتی لایەنی شیعەی سەر بەئێڕان لە باڵادەستیان بە سەر حکومەتی عێراقدا، لەهەمانکاتدا هەوڵی ناوەندبونەوەی عێراق بە باڵادەستی چوارچێوەی هەماهەنگی، هەروەها لەلایەکی ترەوە لایەنگری یەکێتی نیشتمانی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و لایەنگری یان بێدەنگی لە بەرامبەر نەخشەو سیاسەتەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، بەشێک بو لەو قەیرانەی کە یەکێتی بە ململانێی لەبەرامبەر پارتی و تورکیادا تێوەگلابو، یان لەبەرامبەر بنبەستیەکدا دەستەوستان لە چاوەڕوانیدا بو.
ئەم هەڵبژاردنەی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک ئەو هەلە ئاڵتونیە بو، کە یەکێتی بتوانی بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئێران و چوارچێوەی هەماهەنگیدا بگاتە ئەو ئەنجامەی جادەی بۆ چۆڵ کەن و گڵوپی سەوزی بۆ هەڵکەن، گەر هەر جۆرە بانگەشەیەکی بریقەداربکات لەسەر کەرکوک لەم “هەڵبژاردنە”دا ناچێتە بابی لێپرسینەوە، چونکە هەم ئێران و هەم چوارچێوەی هەماهەنگی وەک حکومەتی ئەردۆغان حەساسن بەرامبەر بەوەی کەرکوک قودسی کوردستان بێت، بۆیە لەم هەڵبژاردنە جگە لە چاوپۆشی لە دروشمەکانی باڤل، چاوپۆشی لە سەرپێچی و ساختەکاریەکانیش کرا، تا یەکێتی بە ئەنجامێکی وەها بێتە دەرەوە وەک پاداشتێک قەرەبوی تەواوی خزمەت و هاوکاریەکانی چەند ساڵەی بۆ کۆماری ئیسلامی و حکومەتی عێراق بۆ بکەنەوە، بە مانایەک ئەم هەنگاوە لە ناوەڕۆکی خۆیدا سیاسەتێکە لە بەرژەوەندی ئێران و حکومەتی عیراقە، لەلایەکی تریشەوە بەم شیوەیە گورزێکی تر بدەن لە پێگەی پارتی و پاشەکشەیەک لەسەر تورکیاش تۆمارکەن.
بەو پێوانەیەی لەم هەڵبژاردنەدا یەکێتی سەرکەوتنێکی بەدەست هێناوە، ناتوانێ سەنگی مەحەک بێت بۆ دەسکەوتی تر، لەسەر بنەمای دۆخیك کە ناوچەکەو عێراقی پێداتێپەڕ دەبێت، یەکێتی ناتوانێ ئێستگەی تر بۆ گەڕانەوەی پێگەی نفوزی خۆی لێ بەدەست بێنێت، لەنێو ڕەوتی ئەو ئاڵوگۆڕو ململانێ سیاسیانەی لە ناوچەکەدایە، لەبەرامبەر ئەو قەیرانەش کە بەگشتی بزوتنەوەی کوردایەتی هاوشانی ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانەی لە ئایندەی ناوچەکەدا دەرگیر بووە، ئەم هەنگاوەی یەکێتی لە کەرکوکدا ناتوانێ لەو قەیرانە گشتیەی بزوتنەوەی کوردایەتی دەربازیان کات.
ئەگەری ئەوە هەیە لە بەردەوامی ئەم پاداشتەدا، یەکێتی تا بەدەستهێنانی پارێزگای کەرکوکیش بەدیاری وەرگرێت، بەڵام کەرکوک وەک ئەو شارە دەمێنیتەوە کە هێزە چەکدارەکانی حکومەتی عێراق بەڕێوەی دەبەن، ئەو پارێزگارەش دەبێت لە خزمەت سیاسەتەکانی ئێران و چوارچێوەی هەماهەنگیدا موچەکەی وەرگرێت، ئەمەش لە ئاکامدا قەیرانەکانی یەکێتی لە کەرکوکیشدا دەخاتەوە ناو قاوغەکەی خۆی.




پێگەی هەرێم لە ناوەندبونەوەی عێراقدا.. عوسمانی حاجی مارف

حکومەتی عێراق بە دەسەڵاتداری هیزە شیعەکان لە پرۆسەی هەوڵدان بۆ ناوەندکردنەوەی دەسەڵات، لە یەکەم هەنگاویدا هەناردەکردنی نەوتی لە حکومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکان قەدەغەکرد. دواترلە رێگەی بریاری دادگای باڵای فیدراڵیەوە پەرلەمانەکەشیانی هەڵوەشانەوە، مەسرور بارزانی نیگەرانی خۆی لە توانایی هەرێم بۆ بەرگەگرتن و پاراستنی خۆیان لەو دۆخە دەربڕیوەو هێمای بۆ ئەوە کردوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابوری و سیاسیەوە لە حاڵەتێکی نەخوازراودایە. هەروەها هۆکاری ئەو “هەڵمەتە شەرمەزارکەرە”ی خستووەتە ئەستۆی بەغداد، کە بە دژی هەولێر ئەنجامی ئەدات.
لەڕاستیدا لە ساڵانی دوای ڕووخانی داعش، پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەوڵە شکستخواردووەکەی بۆ سەربەخۆیی، حکومەتی هەرێمی بە بنبەسەت گەیاندو بەئاراستەی هەڵوەشاندەی نزیک کردۆتەوە. هەر ڕۆژە هەواڵەکان گەمەیەکی سیاسیمان نیشان ئەدات.
پاش ئەوەی ئەمریکاش خۆی لەبەردەم شکستی نەخشەو سیاسەتەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بینیەوە، دەمێکە لە هەوڵی پرۆسەی ئاساییکردنەوەو سەقامگیری عیراقێکی یەکپارچەدایە. لەهەمانکاتدا بایەخ نەدان و فەرامۆشی لە خاڵە لاوازەکانی حکومەتی هەرێمیش کردووە، کە خۆی لە دووبەرەکی ناوخۆیی، گەندەڵی و ناشەفافی و جەردەیی و دزی ئاشکراو یەک نەگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەو نەگەیشتن بە یەک ئیدارەیدا قەتیس کردووە. ئەمانەو نەتوانینی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، نزمبونەوەی ئاستی هاوسەنگی هێزیان لەبەرامبەر هیزە میلیشیاکانی عێراقدا، وێنایەکی تر لە نەبونی متمانەی بە هەرێم نیشانداوە. بۆیە دوای چاوپۆشی ئەمریکا لە هەرێم، بایەخدان بەهەولێر زۆر لەخوارەوەیە. بووەتە هۆی قەیرانێکی کوشەندە بۆ دەسەڵاتی ئێستای هەرێم. ئەمریکا بەرژەوەندیەکی ستراتیژی هەیە بۆ بەردەوامبوون لە بەرەوپێشبردنی سەقامگیری ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی. ئەمەش ئەو ناکۆکیەیە کە حزبە ناسیۆنالستە میلیشاکانی کوردستان نەیانتوانی و نەیانویست پێشبینی بکەن و لێی حاڵی بن.
دوابەدوای ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧وە، بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەغدا هەوڵەکانی بۆ تێکدانی قەوارەی هەرێم خێراتر کرد، کە لەسەرەتادا لەڕێگەی کردەوەی سەربازیەوە پەیامێکی مەترسیداری خستە بەردەم ئایندەی حکومەتی هەرێم. میلیشیای هێزە کوردیەکانی لە کەرکوک دەرپەڕاندو گورزێکی گەورەی وەهای لێدان، کە دواتر ناچاریکردن بە ملکەچی بگەرێنەوە بۆ بەغدادو مەرجەکانی پاوانخوازی هێزە سیاسیە ئیسلامیە شێعەکان قەبوڵ بکەن. ئەمەش بە هاوکاری و بەرچاوی ئێران و تورکیاوە پەسەندکرا. لەدوای هەڵبژاردنەکانی٢٠٢١، بەغدا وەستانەوەی لە دژی پارتە سەرەکیەکانی کوردستانی خستە دەستوری کاریانەوە. لەوکاتەوە هاوسەنگی هێز بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە لە بەرژەوەندی بەغدا داشکایەوە. دادگای باڵای فیدراڵیش لە بەرژەوەندی ئەنجومەنی نوێنەران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران سەنگەریان گرت و دژ بە حکومەتی هەرێم هەنگاوی نا. لاوازکردنی هەنگاوبە هەنگاوی دەسەڵات لە هەرێم لەسەر پرسەکانی نەوت و شکاندنی شکۆی دەسەڵاتیان بەئاشکرا گرتەبەر.
بۆنموونە لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ بڕیارێک دەرچوو کە پیشەسازی نەوت و غازی لە هەرێمدا نایاسایی کرد. دوای ساڵێک ئەنقەرە بۆریەکەی بەڕووی باکووری عێراقدا داخست، هەروەها حکومەتی هەرێم ٥ ملیار دۆلاری داهاتی لەدەستدا. لەدوای داخستنی بۆریەکەوە، جگە لە هێزی موزایەدەی گەورەی بەغدا، دامەزراوەی نەوتی و گازیەکانیش چەندین جار کەوتونەتە بەر هێرشی مووشەکی لەلایەن میلیشیاکانەوە.
جگە لەوەش، ئەنجوومەنی نوێنەران و دادگای باڵای فیدراڵی لەم دواییانەدا ڕێگریان لە ڕێکەوتنی بودجەی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق سودانی و سەرۆکی هەرێم مەسرور بارزانیدا کرد، بە هۆی نەبوونی شەفافیەتی دارایی حکومەتی هەرێم. ئەمەش ئەو بیانوەی داوە بەدەست هەولێرەوە ماوەی سێ مانگە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگەی نەداوە.
جگە لەو توندوتیژیەی میلیشیاکان، بەسەر حکومەتی هەرێمەوە، کوردستان تووشی هێرشی وڵاتانی دراوسێی تورکیا و ئێرانیش بووە، کە هێرشەکانیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ سەر گروپە چەکدارە کوردیەکانی ئۆپۆزسیۆن چڕتر کردووەتەوە. کاتێک بەرپرسانی تورکیا مانگی ڕابردوو سەردانی عێراقیان کرد، بەڵێنیان نەدا کۆتایی بەو هێرشانە بهێنن یان کێشەی نەوت چارەسەر بکەن، بەڵکو فشاریان خستە سەر حکومەتی هەرێم بۆ هاوکاریکردنیان لە دژی دوژمنی ناوخۆی ئەنقەرە کە پارتی کرێکارانی کوردستانە. ئێران هۆشداریەکی هاوشێوەی دەرکردووە، چەک داماڵینی ئەو گرووپە کوردیە ناوخۆییانەی ئێران کە دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن. دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بژاردەکانی بنبەست بون و تەواو بوون، ڕێگەیدا بە پاسەوانی سنووری عێراق کە بەرپرسیارێتی لە پێشمەرگە وەربگرنەوە، واتە بڕیارێکە کە کاریگەریەکەی ئەوە بوو، نیوەی داهاتی گومرگی هەرێم ڕادەستی حکومەتی بەغداد بکات.
حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەبری ئەوەی لە بەرامبەر زیادبوونی ئەو دەستدرێژیانەی لەلایەن بەغداوە لەسەریانە، بیر لە ڕێکەوتن یا ریگاێک بۆ وەلانانی بەڵاکانی سەریان پەیداکەن، زیاتر یەکتر دەشکێننەوە، بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، لە بەردەوامی ململانێیەکی تاڵ و بێهودەدان. لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی هاوسنگی هێزەکەیان، هەمیشە لە بەرامبەر یەکتردا وەستاونەتەوە، هەمو ئەگەرێکی نەرێنی دەخەنە نەخشەکاریانەوە کە یەکتر وێرانتر کەن، هەتا گەر ملکەچی تەواو بێت لە بەردەم “دوژمنەکانیاندا”. بۆنمونە ڕێکەوتن لەبەکارهێنانی بەغدا و ئەنقەرەو تاران بۆ تێکدانی یەکتر کارێکی سادەو پەسەندکراویان بووە. ئەمەش وایکردووە کە حکومەتی هەرێم کەمتر ئامن بێت و کەمتر توانای پاراستنی دەستکەوت و پێداویستیەکانی خۆشیان هەبێت. بونەتە سەرچاوەی زیاتری نائەمنی و نیگەرانی توند لەسەر دانیشتوان، ئەو دوو حیزبە و بارزانی و تاڵەبانی لە ئێستادا لە دۆخێکی شەڕی ساردان، وەها ڕەفتار دەکەن وەک دوو دوژمن لە ئاگربەستان، نەک ئەوەی هاوبەشن لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمێکدا.
هەرێمی کوردستان بۆ توانای ڕێکخستنیان لە هەڵبژاردندا دەرگیری گێژاوێک و نا جێگیریەکی سیاسین. ناچارن بە چاوەڕوانی بۆ ئاڵوگۆرێک یا موعجزەیەک، بەڵکو یارمەتیان بدات ئەم هەڵبژاردنەش بێدەردی سەر تێپەڕێنن! بەڵام هەڵبژاردنی ئەمجارە لە حاڵەتێکی تەواو سەخت و دژواردایە کە نەتوانن بە ئارامی تێیپەرێنن، ئاڵوگۆڕو موعجەزەش فریادرەسیان نابێت، یان وەک هێزێکی چەکدار دەبێت ڕاستەوخۆ لە خزمەت پێداویستیەکانی حکومەتی ناوەندیدابن.
ئەوەی شایانی باسە لە بارەی ئابوریشەوە حکومەتی هەرێم هەلی وەبەرهێنان و باج و دەستکەوتەکانی لەپارەی نەوت و بودجە، خۆی لە بێسەروبەری و گەندەڵی ودزی و خانەنشینی و بندیوار بەفیڕۆ داوە، کە زۆرتر بۆ دڵسۆزانی حزبەکانیان تەخشان و پەخشانی دەکەن و ناتوانن لێی بێنە دەرەوە. دروستبوونی بیرۆکراسیەکی زەبەلاح لە هەرێمێکدا کە ژمارەی دانیشتوانی ٥ ملیۆن ونیو کەسە، بەڵام خاوەنی یەك ملیۆن و چوارسەد هەزار کارمەند و خانەنشینی سەرسوڕهێنەرە بە تێچووی ٧٥٠ ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا. سەرەڕای پێویستیی ڕێوشوێنی خۆپارێزی لەم بەرەیەدا، حکومەتی هەرێم ناتوانێت لەماوەیەکی نزیکدا مووچەی ئەو کەسانە بدات بەبێ داهاتی نەوت، دەبێت پشت بە بودجەی حکومەتی بەغدا ببەستێت.
بەو پێیەش ئەمڕۆ لەبری خەونی سەربەخۆیی حکومەتی هەرێم، زیاتر پێشبینی دەوریەکی تازە لە دۆخی کوردستان دەکرێت، دەورەیەک کە تەواوی رۆڵی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی و ئەزمونێک کە شانازی پێوە دەکەن، دەکەوێتە بەر شەپۆلی سیاسەتی ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەرەو ناوەند بونەوەی عێراق نەخشەی بۆ داڕێژراوە.
هەروەها سەبارەت بە واشنتۆن و ڕۆژئاوا بەجیا لەوەی ئێستا شەڕێک لە فەلەستیندا بەرپابووە، بەڵام لە بەرامبەر دۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر پشتیوانی لە ئارامبونەوەی دۆخەکە دەکەن. هەر لەم ئاراستەیەشەوە لایەنگری لە هێزەکانی هەرێم ناکەن گەر ملکەچی یەکپارچەیی و ناوەند بونەوەی عێراق نەبن. ڕێگە بە حکومەتی هەرێم نادەن کە بخلیسکێتە ناو ئاژاوە یان ململانێی مەترسی توندوتیژی نەتەوەپەرستی و ڕووبەڕووبوونەوەو دوبارە بونەوەی نمونە خوێناویەکەی ئەم دوایەی کەرکوک.
ئەتوانین بڵێین ئەم دەورانە لە چوارچێوەی ئەو ئاڵۆگۆڕانەی لە ناوچەکەدا پێشبینی دەکرێت، بەتایبەتی لە هەوڵی ئارام بونەوەی ناوچەکە بۆ دابینکردنی ئەمنیەت بۆ سەرمایەگوزاری، لەهەمان کاتدا پرۆسەی کۆتایی هاتنی پێگەو دەسەڵاتداری حزبە کوردیەکانە لە کوردستانی عێراقدا، چونکە شانوشەوکەت و ئەزمونێک نیشانیاندا شایستەی ئەو جێگاوڕێگایەنین لە پاراستنی ئارامی بۆ سەرمایەگوزاری، ئەوە ئاشکرایە کە کاریگەری بنبەست و شکستی ئەم ئەزمونە تەنها لەسەر بزوننەوەی کوردایەتی نیە لە کوردستانی عێراقدا، بەڵکو کاریگەری لەسەر بنبەستی تەواوی بزوتنەوەی کوردایەتی لە کوردستاندا دادەنێت.
ئەوەی گرنگە ئاگاهی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشانی کوردستانە، کە ئیستا لە ناڕەزایەتی مامۆستایاندا بەرجەستەبۆتەوە، چۆن خۆیان لە بەڵای ئەم ململانێیەو پاشەکشەی ناسیۆنالستی کورد دەپارێزن. واتە نەکەونە بەر گەمەی سیاسی نێوان بەغدا و هەولێرەوە، فریوی بەناو ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی نەکەون، خۆڕێكخستن و ئامادەسازی بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی ئێستای هەرێم و دامەزراندنی دەسەڵاتێک کە نوێنەری ڕاستەقینەی ئەو جەماوەرە ناڕازیە بێت کە دژ بە هەژاری و فەلاکەتە و پێداگری لەسەر خۆشگوزەرانی و ئاسایش و ئازادی دەکات.




چەند هەنگاوێک لە راستای ململانێی جەمسەرەکاندا، بە قازانجی چین و رووسیا.. عوسمانی حاجی مارف

ئەوەی لەشەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیادا دەگوزەرێ، واشنتۆنی خستۆتەبەردەم ستراتیژێکی نارۆشن بەرامبەر بە ئۆکرانیادا. هەموو پێوەرەکانیش ئەوە دەردەخەن کە ئۆکرانیا توانای پێشکەوتنی لە شەڕەکەدا لەدەستداوە، بەو پێیەی تواناکانی نزیکە لە نەبوون، ئومێدی سەرکەوتن تەواو لە تاریکیدایە بۆ ئۆکرانیا. هەربۆیە هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژئاوا، ئیتر ئەو جۆش و خرۆشەیان بۆ سەرکەوتنی ئۆکرانیا شەڕەکە نەماوە. واشنتۆنیش تا ئەو ڕادەیەی کە قەناعەتی بەوەیە ڕووسیا لەم شەڕەدا سەرکەوتووە، پێیانوایە دەبێت سەرۆکی ئۆکرانیا ئەو ڕاستیە قەبوڵ بکات.
گەر پێمانوابێت ئێستا جیهان بەجۆرێک لە شەڕدایە، بەتایبەتی سیناریۆی ئەو شەڕەی ئیسرائیل دژ بە خەلکی غەززە پیادەی دەکات، ئەوا تایبەتمەندی سیاسەتە نێودەوڵەتیەکان لە ئێستادا دیاری دەکات. ئەمریکا بەهۆی بێتوانایی و پاشەكشەی ئۆکرانیا لە ڕوبەڕوبونەوەی لەشکرکێشی ڕووسیادا، زیاتر جەخت لەسەر پشتیوانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەکات ، چونکە چاوەڕوان دەکرێت ئەو شەڕەی ئیسرائیل دریژخایان بێت. گەر ئەمریکا ڕاستەوخۆ دەخالەت نەکات، ئەوە ئاشکرایە کە پێگەی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا دەکەوێتە بەر پاشەکشەو شکستی زیاترەوە.
شەڕەکەی ئوکرانیا لە ئەیلولی ٢٠٢٢ەوە بە هەموو پێوەرە پەسەندکراوەکانەوە لە ڕووی سەربازی و سیاسیەوە بە قازانجی ڕووسیا ڕۆیشتووە. ئێستا ڤلادیمێر پوتین کۆنتڕۆڵی خێرایی یاریەکەی کردووە. واشنتۆن لە شەڕی ئێستایدا زیاتر پێداویستی بەوەیە تەقەمەنی و خەرجی شەری ئیسرائیل دابین بکات. ناچار بوو ئۆکرانیا لەو پێداویستیانە بێبەش بکات کە پێش دەستپێکردنی شەڕی غەززە بۆی دانرابوو. ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی بەرچاوی پێگەی سەربازی ئۆکرانیا لە بەرامبەر ڕووسیادا.
لەهەمانکاتدا چین توانای ڕووسیا بۆ بەردەوامبوونی شەڕ دەباتە سەر. شی جین پینگ سەرۆکی چین، جەختی لەسەر هاوبەشیەکی بێسنور لەگەڵ ڕووسیادا ڕاگەیاندو دانی بەوەدانا کە هەردوو وڵات بەردەوام دەبن لە کارکردنی پێکەوەیی دژی ئەو بلۆکە سیاسیانەی کە ئەمریکا پشڕەویان دەکات. لەلایەکی ترەوە چین لە چەند ڕوویەکەوە سوود لە ململانێی جیهانی وەردەگرێت و لەهەمانکاتدا پاڵپشتی ڕووسیاو ئێران دەکات. هەروەها سەرکەوتنی پڕوپاگەندەی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنێت لەو ناوچانەی جیهان کە لایەنگری دەخالەت و سیاسەتی دەرەوەی بلۆکی ڕۆژئاوا نین. لەلایەکی تریشەوە فشارەکانی بۆ سەر تایوان و ژاپۆن و فلیپین چڕتر کردۆتەوە.
گەر کەمێک لەسەر پەیوەندی ئابوری نێوان چین و ڕووسیا وردبینەوە، دەبینین قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان پەکین و مۆسکۆ لەماوەی ئەمساڵدا بەڕێژەی لەسەدا ٣٠ زیادیکردووە. پێشبینیش دەکرێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی ئابووری نێوان هەردوو وڵات لەماوەی هەمان ساڵدا لەو ژمارەیە پێوانەیی زۆر زیاتر بێت لەوەی ساڵی ڕابردوو کەبە ١٩٠ ملیار دۆلار تۆمارکرابوو.
ئێستا زیاتر لە یەک لەسەر سێی کۆی هەناردەکردنی نەوتی ڕووسیا بۆ چین دەڕوات. ئەمەش دڵنیایی دەدات لە بەردەوامی ڕۆیشتنی پارە بۆ حکومەتی ڕووسیا بۆ دابینکردنی دارایی شەڕەکەی لە ئۆکرانیا. چین بووەتە یاریزانێکی سەرەکی لە بازاڕی بەکاربەرانی ڕووسیادا. لە سەدا پەنجای فرۆشی ئۆتۆمبێل لە بازاری ڕووسیا ئۆتۆمبێلی دروستکراوی چینییە. ئەم جۆرە لە ئاستی پەیوەندی ئابوری، ئەو سزا ئابوریانەی ئەمریکا دەیەوێت بیسەپێنێت، پوچەڵ و بێمانا و بێکاریگەر دەهێڵێتەوە.
سەرقاڵبوونی ئەمەریکا بە پشتیوانیکردنی شەڕەکانی هاوپەیمانەکانی لە جیهاندا، دەرگایەکی ئاواڵای بۆ چین دابین کردوە کە جموجۆڵە سەربازیەکانی لە هەردوو دیوی زەریای هێمن چڕتر بکاتەوە. لە ڕووی سیاسیەوە کاتێ چین پاڵپشتی هاوپەیمانەکانی بکات لە ئەوروپا و ناوەڕاستی ڕۆژهەڵاتدا، ئەمەش پێگەی واشنتۆن لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا وەک جەمسەرێک لاوازتر کردوە. ئەو هێرشانەی لە ڕێگەی ڕێکخراوە پاشکۆکانی ئێرانەوە لە ناوچەکەدا لە دژی ئامانجە ئەمریکی و ئیسرائیلیەکان دەستی پێکردووە، ئەگەری زۆرە مەودای ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر بکات و سەرگێژەی زیاتر بۆ ئەمریکا دروست بکات. لەلایەکی ترەوە چین خۆی وەک ناوبژیوانێکی دادپەروەرانە بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا پیشان ئەدات، بە پێچەوانەی ئەمریکا کە بە ئاگری بنکای ئەم شەڕانە دادەنرێت.
جگە لەوەش باس لەوە دەکرێت کە چین یارمەتی ئێران دەدات بۆ پەرەپێدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی و هەناردەکردنی بۆ ڕووسیا، جەختی لەوەش کردەوە کە ڕووسیا بەشێکی سەرەکیە لە ستراتیژی درێژخایەنەکەی بۆ پەرەپێدانی هاوبەشیەکی ستراتیژی هەمەلایەنە لە نێوان چین و ڕووسیا.
چین و ڕوسیا وەک هاوبەشێکی پتەو لە پڕۆژەی خۆیاندا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هاوپەیمانی ئەمریکی و دامەزراندنی نەزمێکی جیهانی خۆیان وەک جەمسەرێک بە بەدیل دەبینن. بۆیە سەرکەوتنی ڕووسیا لە شەڕی دژی ئۆکرانیا بۆتە ئەولەویەتی سەرەکی بۆ چین.
لەهەمانکاتدا ئێران بەرەو ستراتیژێکی هێرشبەرانە و بەهێزکردنی “میحوەری خۆڕاگری” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاو دەنێت. لەکاتێکدا ڕێکخراوەکانی هاوپەیمانی تاران هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئیسرائیلیەکەیان لە ناوچەکەدا. لە سایەی هاوکاریەکانی چین، ئێران دەتوانێت بۆ ماوەیەک بەردەوام بێت لە دابینکردنی دارایی ستراتیژی خۆی. لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین گەڕاوەتەوە بۆ ئاستەکانی پێش سەپاندنی سزا نێودەوڵەتیەکان بەسەر تاراندا.
هاوردەکردنی نەوتی ئێرانی، لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بۆ چین گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ. بووەتە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئێران. لەهەمانکاتدا پەکین پاڵپشتی سەربازی و دیپلۆماسی تاران دەکات. ئێران بە هاوکاری چین بە فەرمی پەیوەندی بە ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای کرد کە بلۆکی ئەمنیە بە سەرۆکایەتی چین و ڕووسیا. هەروەها پەیوەندیە سەربازیەکانی نێوان پەکین و تاران لە گەشەکردندایە. ئێران لەم دۆخەدا ئێستا پشت بە چین دەبەستێت وەک دەمەوانە(صمام)ی سەلامەتی ئابووری.
ئیدارەی بایدن هیچ ئاماژەیەک نابینێت کە سەرۆکی ڕووسیا ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا. بەرپرسانی ڕۆژئاوا پێیانوایە کە پوتین هێشتا پێیوایە دەتوانێت “چاوەڕوانی ڕۆژئاوا” بکات، یان بەردەوام بێت لە شەڕکردن تا ئەو کاتەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پشتیوانی ناوخۆیی بۆ دابینکردنی بودجەی ئۆکرانیا لەدەست دەدەن. ئۆکرانیا لە شەڕێکی درێژخایەندا گیری خواردووە. زیلێنسکی دان بەوەدا دەنێت کە ڕووسیا باڵادەستی لەوەدا هەیە. لەهەمانکاتدا تەواو نیگەران و بێئومێدە لەو دۆخەی کە ئەمریکاو رۆژئاوا پاشەکشەو بنبەستی ئۆکرانیا قەبوڵ دەکەن. بەڵام زیلێنسکی زارەکیش بێت پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئۆکرانیا هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە پاراستنی پێشڕەوی خۆی بە مانەوە لە هێرشبردندا، تەنانەت ئەگەر ڕۆژانە تەنها چەند مەترێک بجوڵێت.
بەجیا لە نیگەرانیەکانی نێوان بەرپرسانی ئەمریکی و ئەوروپی کە شەڕەکە گەیشتۆتە بنبەست، هەروەها ئۆکرانیا لەگەڵ فراوانکردنەوەی هێزی سەربازیدا کێشەی هەیە، لەم دواییانەدا ناڕەزایەتی گشتی بەخۆیەوە بینیوە لەسەر هەندێک لە مەرجە ئاشکراکانی بۆ فراوانکردنەوی هێزی سەربازی کە لەلایەن زیلێنسکیەوە سەپێنرا. لەهەمان کاتدا ئەوەش ئاشکرایە کە ڕووسیا لەڕووی توانایی سەربازی و کەرەستەو کۆکردنەوەی چەکەوە باڵادەستی سەربازی بەسەر کیێڤدا هەیە، بۆیە فراوانکردنی شەڕەکە و بەردەوامیدانی چیتر بژاردەیەک نییە بۆ ناتۆ.
پێموایە لەم نێوەدا ئەوەی هۆکاری سەرەکیە کە پۆتین چاوەڕوان دەکات، ئۆکرانیا و ئەمریکا و ڕۆژئاوا شکستی خۆیان لەم شەرەدا ڕابگەیەنن، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ئەو ناسەقامگیریە مەترسیدارەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە تووشی بوەو لەبەردەم دۆخێکی دژواردایە. هەروەها واپێدەچێت پۆتین بیەوێت لەم فەزایەدا فرسەت بە بایدن و ڕاوێژکارەکانی بدات بۆئەوەی لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی بنیامین نەتانیا بن، ئەو قەیرانە مرۆییە دڵتەزێنەی ئێستا لە غەززەدایە بەجۆرێک بخەنە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکاوە.
دۆخی ئێستای جیهان لە چڕی ئەم ململانێیەدا، بلۆکە ئیمپریالیەکان ئەو ئاقارە نیشان ئەدەن کە کۆتایی باڵا دەستی ئەمریکای تیا بەرجەستە بۆتەوە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا بینیمان کە پێشبینیەکان سەبارەت بە دابەزینی ئەمریکا گەیشتونەتە لوتکەو پێدەچێت هەژموونی ئەمریکا لە ڕاستیدا گەیشتبێتە کۆتایی. لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا لەئەفغانستان و ڕادەستکردنەوەی بە تاڵیبان، دوای ٢٠ ساڵ لە شەڕو خەرجکردنی ٢ تریلیۆن دۆلار لە گەنجینەی ئەمریکا، ئێستا خۆری دەسەڵاتی ئەمریکا ئاوا بووە. ئەوەش کە دەیانوت؛ بە “هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت، ئەمریکا دوا زلهێزی جیهان دەبێت”، بەڵام دوای ٣٠ ساڵ و سەرهەڵدانەوەی بلۆکی تر، گەرمبونی ململانێکان لەبەرامبەر ئەمریکادا، بەتایبەتی لە لایەن ڕووسیاو چینەوە، ئەو پێشبینیەی کە ئەمریکا دوا زلهێزی جیهان دەبێت، پێشبینیەکی نادروست و پێچەوانە بوو، چونکە لە کۆتایدا لەگەڵ شکستەکانی ئەمریکا لە شەڕە بێکۆتاکانیدا، ئەمریکا گازێکی گەورەتری لە دەمی خۆی دەرهێناوەو کەوتۆتە ژێر فشارێکی توندەوە، لەلایەکی تریشەوە تەواوی زلهێزەکانی لە ململانێ و ڕکابەریدا پێش بە یەکتر دەگرن، لە کۆتایدا دەیانەوێت تۆپەکە لە دەسەتی ئەمریکا بهێننە دەرەوە، لە رستیدا دەبینین خەریکە هاوسەنگی هێزی جیۆپۆلەتیکی لە واشنتۆنەوە بەرەو میحوەرێکی تر دەگۆڕێت، بۆ مۆسکۆ، پەکین، تاران، ئەمەش ئاڵوگۆڕێکی سەرنجڕاکێشە، بەرەو ئەوەمان دەبات کە بڵێین جیهان، بە “ئەمریکی-سەنتەری” دەوری نەماوەو زیاتر لە فرە جەمسەریدایە، کە ململانی جەمسەرەکان نیشانی ئەدەن کە دنیا ئێستا لە دوبارەبونەوەی پەرەسەندنی ململانێی بلۆکەکاندا دەردەکەوێتەوەو لە چوارچێوە نەزمێکی سەرمایەداریدایە، کە فۆرمۆڵەکەی رۆشن نیە. ئاخۆ هەر بلۆکی یا جەمسەرێک نوێنەرایەتی کام مۆدێل لە پەیوەندیەکانی سەرمایەداری دەکات.
هیوادارم ئەم وتارە لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە وەک سەرەتایەک بێت بۆ قسەوباس لەسەر ئەو ئاڵوگۆڕو پێشهاتنەی دنیای سەرمایەداری کە لەسەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە دەورانێکی جیاوازی لەخۆ گرتووە.




دادگای باڵای فیدراڵی ئامرازی دەستی لایەنێکی سیاسیە.. عوسمانی حاجی مارف

ڕۆژی 14ی نۆڤەمبەر دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، جەنجاڵیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، کاتێک بڕیاری سکاڵایەکی لەسەر محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەرکرد، لە کۆتایدا بڕیاریدا ئەندامێتی حەلبوسی لە ئەنجومەنی یاسادانان هەڵبوەشێنێتەوە، لە بەرامبەر ئەم بریارەشدا فرسەتی هیچ تانەدانی بۆ حەلبوسی نەهێشتەوە.
دەمەزراندنی دادگای باڵای فیدراڵی لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، بەو ناوەی هێڵی بەرگری بۆ سەروەری یاسا لە عێراقی دوای سەدامدا دەبێت. دەسەڵاتێکی فراوان بەخشرا بەم دادگایە لە دیاریکردنی دەستوریەتی یاساکانی یاسادانان و ڕێکخستنەکان، ناوبژیوانی گرفتەکانی نێوان بەغدا و پارێزگاکانن، پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری تایبەت بەسەر لێپێچینەوە دادوەریەکان دژی دەسەڵاتە باڵاکانی حکومەت. هەروەها دادگا چەندین گەرەنتی بۆ سەربەخۆیی خۆی (وەک دەسەڵاتێکی دادوەری) پێدرا، لەوانە لەسەر ئاستی کارگێڕی و دارایی.
بەڵام شەرعیەتی دادگای باڵای فیدراڵی و دەوری لە بریارەکانیدا هەمیشە جێگای نیگەرانی و مشتومڕی لایەنە سیاسیەکان بووە، هەروەها ڕەخنە لەو دادگایە بە هێمای پەیوەست بونی تائیفەگەری گیراوە، چونکە لە هەمان کاتدا ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەکتەرەکانی دیکەی پێکهاتنی حکومەت لە چوارچێوەی هەمان تائیفەگەریدا رێکخراون و بە قازانجی دەسەڵاتی شیعە گەرای سەر بە ئێران بڕیارەکانیان گونجاندوە.
دیارترین نموونەی ئەمەش ئەوەیە کە ئەم دادگایە لە ساڵی ٢٠١٠دا ڕێگەی بە دووبارە دانانەوەی نوری مالیکی وەک سەرۆک وەزیران داوە، سەرەڕای ئەوەی پارتەکەی ئەیاد عەلاوی زۆرینەی دەنگەکانی لە کێبڕکێی پەرلەمانی ئەو ساڵەدا بەدەستهێناوە، بەڵام کەوتە ژێر پەردەی بە سیاسی بونی ئەو دادگایەی کە بڕیار وابو بەرگری لە سەروەری یاسا بکات.
دادگای باڵای فیدراڵی لە ساڵانی ڕابردوودا بە تایبەت لە سەرکردایەتی دادوەر فایق زەیدانەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٧ بووە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و هاوپەیمانی ئۆردوگای لایەنگری ئێران، توانیان جێگا بە سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی مەدحەت مەحمود لێژکەن وە ناچارکرا خانەنیشین بێت، لە هەمان کاتدا بووە هۆی زیادبوونی ژمارەی دادوەرە شیعەکانی سەر بە ئێران کە لە پارێزگاکانی باشوورەوە دیاریکران، بەم شێوەیەش خزمەتگوزاریەکانی ئەم دادگایە، بێ پەردە کەوتە خزمەت بەرنگاری دەسەڵاتێک کە بڕیاەکانی لە پەیوەند بە بەرژەوەندیەکانی ئێرانەوە دەردەچێت.
دواتر دادوەر فایق زەیدان دەسەڵاتە نوێیەکەی بەکارهێنا بۆ جێبەجێکردنی گۆڕانکاریە گەورەکانی دادوەری، بۆ نموونە ئەنجومەنی باڵای دادوەری لیژنەیەکی بۆ “بەڕێوەبردنی پیشەکان” دروستکردو دەسەڵاتی فراوانی پێدرا بۆ بەرزکردنەوەو درێژکردنەوەی دەسەڵات و نفوزی، هەروەها خانەنشینکردنی دادوەرو داواکاری گشتی، لە بنەڕەتدا زەیدان دەسەڵاتی دانان و دوورخستنەوەی سەرجەم دادوەرەکانی وڵاتی پێ بەخشرا. هەروەها پێگەی نفوزی خۆی بەکارهێنا بۆ کاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی، لەوانە دەستنیشانکردنی سەرۆکی نوێی دادگای باڵای فیدراڵی، جاسم محەمەد عەبود، کە بە کەسێکی دڵسۆز بۆ زەیدان ناسراوە.
کاتێک لە ساڵی ٢٠٢١دا دوای چەند مانگێک کە بانگەوازی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانیان کرد، ئامادەکاریەکانی حکومەت بۆ ئەو دەنگدانەش بریتی بوو لە چاکسازی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان. زەیدان بە خێرایی سوودی لەم پرۆسەیە وەرگرت و دڵنیای کردەوە کە ئەنجومەنی کۆمسیۆن “مجلس المفوضية” لە دادوەرەکان پێکدێت بۆ ئەوەی خۆی و بازنەکەی بتوانن کاریگەریان هەبێت لەسەر بڕیارە گرنگەکانی پێش هەڵبژاردنەکان.
لە چەند هەفتەی دوای دەنگدانی مانگی ئۆکتۆبەر، زەیدان بە شێوەیەک دادگای باڵای فیدراڵی ئاڕاستە کرد کە پشتیوانیان لە بلۆکی لایەنگرانی ئێرانی دەکرد،. لەسەرەتادا وادەرکەوت دادگاکە هەڵوێستێکی هاوسەنگی گرتۆتەبەر بە پەسەندکردنی سەرکەوتنی هەڵبژاردن کە بلۆکی سەدریەکان بەدەستیان هێناوە، بەڵام زۆری نەخایاند دادگای باڵای فیدراڵی زنجیرەیەک بڕیاری لە بەرژەوەندی “چوارچێوەی هەماهەنگی” دەرکرد، بە قازانجی شیعەکانی سەر بەئێران و بە پەراویز خستن و دژایەتی کردنی سەدریەکان تەواو بو.
ڕەنگە گرنگترین ئەوە بڕیارەی کە پەیوەندی بە هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێوە هەیەو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بڕیار دەدرێت، کەهەنگاوی یەکەمی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتە، دادگا بەجۆرێک بڕیاری چۆنیەتی بڕوانامەدان بە دەنگدان بۆ سەرەک کۆمار لە بەرژەوەندی “چوارچێوەی هەماهەنگی” گۆڕی، لە بەرامبەردا زەمینەی بۆ دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدرو هاتنی “چوارچێوەی هەماهەنگی” بۆ دەسەڵات خۆشکرد.
هەروەها دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری دەرکرد کە بووە هۆی سزادانی نەیارانی سیاسی ئۆردوگای لایەنگری ئێران، لە شوباتی ٢٠٢٢ دادگا یاسای سامانە سروشتیەکانی ساڵی ٢٠٠٧ی حکومەتی هەرێمی بە نادەستووری ناساند، بە شێوەیەکی کاریگەر ئەو چوارچێوەیەی هەڵوەشاندەوە کەحکومەتی هەرێم بتوانێت نەوت بفرۆشێت، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی پاڵنەرێکی سیاسی ڕوونیشی هەبوو، ئەویش گوشار خستنە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وازهێنان لە ئۆردوگای سەدر، هەر ئەمەشە کە سەدرو حەلبوسی و بارزنی نەیانتوانی حکومەتێک پێکبهێنن تا فراکسیۆنە لایەنگرەکانی ئێرانی بکاتە دەرەوە، لە ئاکامدا ئەم دەستێوەردانە پەرچەکرداریە دەرگای بۆ “چوارچێوەی هەماهەنگی” کردەوەو گەیشتە ئامانجەکەی و حکومەتی پێکهێنا.
لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا کە گواستنەوە لە بودجەی فیدراڵیەوە بۆ حکومەتی هەرێم نادەستووریەو لە مانگی ئایاریشدا هەوڵێکی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکی ئەنجومەنی نوێنەرانی هەرێمی هەڵوەشاندەوە.
ڕۆژی 4ی ئەیلول، دادگای باڵای فیدراڵی ئەو یاسایەی هەڵوەشاندەوە کە ڕێککەوتنی عێراق و کوێت لە ساڵی 2012 بۆ ڕێکخستنی کەشتیوانی دەریایی لە ڕێڕەوی ئاوی خورعەبدوڵڵا پەسەند دەکرد. دۆسیەکە لەلایەن نوێنەری “بلۆکی حوقق”ەوە تۆمارکراوە، کە دەزگایەکی سیاسیە و سەر بە میلیشیای “کەتیبەکانی حزبوڵڵا”یە، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، ڕەنگە ئەو پرسە لە ئاڵۆزیەکانی ئەم دواییەی نێوان تاران، کوێت و عەرەبستانی سعوودیە سەبارەت بە ئیستغلال کردنی کێڵگەی گازی سروشتی “دۆڕە” سەرچاوەی گرتبێت. لە هەر حاڵەتێکدا ئەو بڕیارە هەڕەشەی پەکخستنی توندی پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی نێوان بەغدا و کوەیت دەکرد، ئەمەش وایکرد محەممەد شیاع سودانی، دەستوەردان بکات. لە کۆتایدا زەیدان ئاماژەی بە ئەگەری پێچەوانەکردنەوەی ئەو بڕیارە کرد.
بڕیارەکەی دژی حەلبوسی لە ١٤ی نۆڤەمبەردا بەزیادەوە درێژەپێدەری هەمان ڕەوتی سیاسی بونی ڕێوشوێنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی سەلماند، حەلبوسی بەدرێژایی ساڵان توانی ببێتە سەرکردەی سیاسی سونەکان، سەرەڕای گۆڕانکاری زۆر لە حکومەت و هەوڵی دووبارە بۆ دەرکردنی، توانی ڕۆڵی سەرکردایەتی خۆی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بپارێزێت، بەڵام لە کۆتایدا بە بڕیارێکی دادگای باڵا لە کارەکەی دوور خرایەوە.
بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی کە هاوتەریبە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی تاراندا، لەلایەکی ترەوە نابێت ئەوەش لە بیربکەین ، زۆرجار مەیلێک بەرەو هەنگاوەکانی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی عێراقی ئاشکرا دەکەن، تا چوارچێوەیەک لە دابینکردنی ئەمنیەت بۆ سەرمایەگوزاری بەڕێوەبەرن، بەتایبەتی ئامانجەکانی هەوڵدان بۆ ناوەندکردنی دەسەڵات لە بەغدا و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی هەرێم، چاکسازی لە دەستوور بۆ شکاندنی سووڕی درێژخایەنی قەیرانەکانی دوای هەڵبژاردن، هەوڵدانە لە کۆتایی هێنان بە ناسەقامگیری لە سایەی دەسەڵاتی یەکلایەنەی چوارچێوەی هەماهەنگیدایە.
زەیدان بەناوی بەدواداچوون بۆ باڵادەستی دادوەری یاریکردنی بە یاساکان نیشانداوە، کە یەک بگرێتەوە لەگەل بەرژەوەندی و دەخالەتی ئێران لە عێراقدا، هەروەها گونجاندنی لەگەڵ ئەو لایەنانەی نوێنەرایەتی سیاسەتەکانی ئێران دەکەن، بەم پێیە سیستمی قەزایی نەخستۆتە بەرامبەر ئەو میلیشیایانەی ئێران پاڵپشتیان دەکات
هاوکات ئەو هاوبەشانەی دەیانەوێت دەستی ئێران لەسەر عێراق شل بکەنەوە، دادگا بە وردی و بە ئارامی مامەڵەی پاشەکشەکردنیان پێدەکات، چونکە دادگای باڵای فیدراڵی لە چوراچێوەی حوکمرانی ئێستای عێراقدا سنووری خۆی تێپەڕاندووە، لەگەڵ دەورەیەکی تازەی هەوڵدان بۆ ناوەندکردنەوەی حکومەت لە عێراقدا بڕیارەکەنی دەگونجێنێت، واتە هەڵبژاردن و پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت، ناکۆکی جۆراوجۆری نێوان بەغدا و هەولێر و لایەنە سیاسیەکان لە عێراقدا نیشان ئەدات، بۆیە دەبێت پابەند بێت بە بەرجەستەکردنەوەی دەسەڵاتێک کە باڵا دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەر عێراقدا قەبوڵ کات، بەرەنگاربوونەوەی نفوزی ئێران لەناو خودی دەسەڵاتی دادوەریدا پێویستی بەوە دەبێت کە دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا لە دەست هێژمونی چوارچێوەی هەماهەنگی بهێنرێتە دەرەوە.

ئەوەی پێویستە لە ئاکامی سەلماندنی پاپەندی بونی دادگای باڵا، کەبە لایەنگرو پشتیگیرکردنی بۆ لایەنێک لە دەسەڵاتدا دامەزراوەو پێچەوانەی نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی عێراقە، شەرمەزاریە ببێتە جێگای ئومێدی هەرلایەنێکی سیاسی کە چاوەڕوانە لە ڕێگەی بڕیارەکانی ئەم دادگایەوە دەستکەوتێکی هەبێت، ئەم حاڵەتە لە تایبەتمەندی لایەنە ئیسلامیەکانی کوردستان و بزوتنەوەی نەوەی نوێدا زۆر بەرجەستە بۆتەوە، کە بە دروستکردنی تەوەهومی داوای سکاڵا لەو دادگایە باس لەوەرگرتنی خواستەکانی خەڵک دەکەن و ئومێدی بێ پایە دەبەخشنەوە لەسەر ئەو دادگایەی یەک هەنگاو نانێت گەر لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران نەبێت، راشکاوانە ئامرازێکی دەستی شیعەگەرایە لە پەیوەند بە “چوارچێوەی هەماهەنگیەوە”.

بۆ ئەم وتارە سود لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە
فهم قرارات “المحكمة الاتحادية العليا” المسيسة في العراق
سيلين أويسال
https://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/fhm-qrarat-almhkmt-alathadyt-allya-almsyst-fy-alraq




لە ئۆکرانیاوە بۆ فەلەستین.. عوسمانی حاجی مارف

ڕۆژئاواو ئەمریکا بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیەکانیان، پێشوازی بێشەرمانەو تەواویان لە دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کرد، بەمەش بزماری کوشندەیان لەو نەزمە جیهانیەی دوای کۆتایی بلۆکی ڕۆژهەڵات بانگەوازی بۆ دەکەن داکوتا، تەنانەت پێش شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، نەزمی ئێستای جیهانی بە سەرکردایەتی ئەمریکاو ڕۆژئاوا گەشتی داڕمانی خۆی دەستپێکردبوو.
لە نێوان شەڕی ئۆکرانیا و دەستدرێژی ئیسرائیلدا، کاتێک هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی ٢٠٢٢ دەستی پێکرد، سەرکردەکانی نەزمی جیهانی ئێستا، بە لەشکرکێشیەکی شەڕانگێزی وەسفیان کرد، واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی هەوڵەکانیان چڕکردەوە بۆ ڕازیکردنی هەموو جیهان بە یەکگرتن لە دژی ڕووسیا.
لۆژیکی ئەمریکی-ڕۆژئاوا سادەو ڕاستەوخۆ بوو بەو مانایەی چۆن جیهان لە تەنیشت خۆیان بوەستێنن، تا سەیری وڵاتێکی گەورە بکەن کە هێرش دەکاتە سەر دراوسێ بچووکەکەی و زەویەکانی داگیر دەکات.
زیاتر لە ١٩ مانگە، ئەوە ڕوون بووەتەوە کە ئەو لۆژیکەی کە ڕۆژئاوا پشتی پێ دەبەستێت بە پشتیوانی ڕەهای خۆی بۆ ئۆکرانیا و سزاکانی بەسەر ڕووسیادا، بەتایبەتی بەداوی پشتیوانیان بۆ هێرشی بەربەریانەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، لۆژیکێکی پوچ و بێمانای لێدەرهات، بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە ئێوارەی سێشەممە ١٧ی تشرینی یەکەمدا، نموونەیەکی توند بوو لەوەی کە وەک تاوانێکی جەنگی تەواو وەسف بکرێت، لۆژێکی چۆنیەتی وەستانەوەیان بەرامبەر بە ڕووسیا، جگە لە خەجاڵەتی و ڕیسوایی و شەرمەزاری شتێکی تری لێدەرنایەت، هەرئەمەش دنیای ناڕەزایەتی جەماوەری لە جیهاندا وروژاند، کە تەنها لە وەستانەوە بەرامبەر هێرشی درندانەی ئسرائیل بۆ سەر غەززە خۆی پێناسە بکات.
سروشتیە ئەو تاوانانەی کە ئیسرائیل بەرامبەر فەلەستینیەکان لە کەرتی غەززە ئەنجامیداون، لە ڕێگەی هەڵمەتێکی سیستماتیک و ڕێکخراوەوە کە پایتەختەکانی ڕۆژئاوا بەشداریان تێدا کردوە، بەتایبەتی واشنتۆن، لەندەن، پاریس و بەرلین، بە پەرەپێدانی فێڵ و درۆو خستنەگەڕی میدیایەکی بەرفروان، تائەو ئاستەی وەسفکردنی خەڵکی فەلەستین لەڕیزی تیرۆرستاندا بکەنە بیانوی ئەو تاوانە کۆمەڵکوژیانەی ڕۆژانەو بێوەستان لە غەززە بۆ ئامانجی داگیرکاری و کۆنەپەرستانەیان کاری لەسەر دەکەن، ڕاشکاوانەو ڕاستەوخۆ دەڵێن؛ کاتێک فەلەستینیەکان لە غەززە حەماسیان هەڵبژاردوە دەبێت بەرگەی دەرئەنجامەکانیشی بگرن. نەتانیاهۆ بەیانیان و ئێواران بانگەشە دەکات، کە ئاشتی لەگەڵ فەلەستینیەکان پێویست نییە، واتە ئیسرائیل پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئاسایی بکاتەوە، بەبێ ئەوەی لەگەڵ لایەنی فەلەستینی بگاتە هیچ چارەسەرێک.
ئەمریکا و رۆژئاوا دروشمی پشتیوانیان بۆ ئیسرائیل بەرزکردەوەو گلۆپی سەوزیان بۆ هەلکرد، تا بتوانێت تۆڵەی کەرامەتی بەفیڕۆچووی و زەلیلبونی خۆی بکاتەوە لەبەرامبەر ئەو شكۆشکاندنەی لە هێرشی حەماسدا بەرەوڕوی کرایەوە.
لە ماوەی ٤٠ ڕۆژ زیاتریی دەستدرێژی دڕندانەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، نەزمی جیهانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکاو ڕۆژئاوا تووشی پاشەکشەیەکی بەرچاوی وێرانکەر بووە لە ئاست ڕای گشتی جیهانیدا، کە جگە لە هاوپەیمانەکانی واشنتۆن، دەگمەن بووە کەسێک بدۆزیتەوە کە پێیوابێت ئەم سیستەمە جیهانیە ئەتوانێ شەرعیەتی متمانەی سیاسی بەدەست بهێنێت. چونکە ئاشکرایە کە یاساکانی تەنها خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی ڕۆژئاوا دەکەن، بۆیە زەحمەتە بتوانن لەگەڵ باقی جیهاندا هاوئاهەنگی بکەن و بەڵانسی هاوکێشەی سیاسی لە ناوچەکەو جیهاندا ڕاگرن. بەتایبەتی کە حاڵەتێکی دووفاقی بۆ هەڵوێستگرتن لەسەر شەڕی ئۆکرانیاو شەڕی ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکاو ڕۆژئاواوە بە ڕۆشنی خۆی تەعبیردەکات.
هەرئەمەش ئەو ئارگیومێنتە پوچەڵ دەکاتەوە کە دەڵێت “ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بکات”، ڕۆژئاوا تەنها سەرنجیان لەسەر ئەو بیرۆکەیە داناوە کە پێش هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس، گوایە لە نێوان فەلەستینیەکان و ئیسرائیلیەکان دنیایەکی تەواو ئارام و سەقامگیریان هەبوە، بەڵام ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوەو باس لەوە دەکات کە چۆن حکومەتی ڕاستڕەو و توندڕەوی ئیسرائیل مەترسیەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستیندا زیاد دەکات، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی هێرشەکانی دانیشتوانی ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاواو دانانی شوێنی نیشتەجێبون لە پێشەنگی فایلەکانی حکومەتدایە.
حکومەتی ئیسرائیل لە قودس و کەناری ڕۆژئاوا بەردەوام بووە لە مامەڵەی خراپ بەرامبەر فەلەستینیەکان، تەنها لەم ساڵدا نزیکەی ٣٠٠ فەلەستینی و سەرکردەکانی “جیهادی ئیسلامی”ی لە غەززە تیرۆر کردووە.
هەموو ئەم پێشهات و ڕووداوانە هەستی باڵادەستی ڕەهای نەتانیاهۆو حکومەتەکەی و سوپاکەی و پۆلیس و دانیشتوانەکەی چەسپاند، تا کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر بارودۆخی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستیندا بکەن، هاوکات هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژئاواو ناوچەکە دڵنیاکرانەوە ئەوەی کە لەم دۆخەدا بەڕێوەدەچێت باشە، چیتر سەرئێشەی پرسی فەلەستین کاریگەری نامێنێت، بەڵام ئەم داگیرکاریە بەربەریەتەی ئیسرائیل بۆ سەر دانیشتوانی غەززە، کێشەی فەلەستینی بردە قۆناغێکی تری سەریەشە بۆیان، کەدەبێت لەبەرامبەر ڕای گشتی جیهاندا ڕێگایەکی تر نیشان بدەن، کێشەی فەلەستین بۆتە مەسەلەیەکی جیهانی و خواستی ناڕەزایەتیە فروانە جەماوەریەکان لە تەواوی دنیادا، هەرچەندە شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە هێشتا بەردەوامە و کەس نازانێت کەی و چۆن کۆتایی بێت، بەڵام بەمانەیەک دەتوانین ئەوە بڵێین ئەمریکاو ڕۆژئاواو ئیسرائیل لە ئاکامی ئەم شەڕەدا بەشکستێکی ترەوە دێنەدەرەوە.
ساڵانێکە پەکین و مۆسکۆ نەزمی جیهانی ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا ئیدانە دەکەن و داوای گۆڕینی دەکەن بە سیستەمێکی فرەجەمسەری نوێ کە “دادپەروەرتر” بێت…؟ بەڵام ئەم دۆخەی کە ئیسرائیل بەسەر خەڵکی غەززەدا خولقاندویەتی، ئەو سیستمە فرە جەمسەریەی بەسادەیی پوچەڵ و بێمانا دەرهێنا، هەروەها دنیای ململانێی قوتبەکان لە ئاستێکی ترو مەیدانێکی تری ئامادەکاریدا دەبن بۆ گەورەبونەوەی ئەو جەنگەی کە ئەگەری هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوان و بەرجەستە بێتەوە.
هێرشە لەناکاوەکەی حەماس کە لە٧ی ئۆکتۆبەردا بۆسەر شارۆچکەکانی ئیسرائیلی دەوروبەری غەززە ئەنجامدرا، چەندین داینامیکی ناوچەیی ناسەقامگیرکردەوە کە لە ساڵانی ڕابردوەوە لە ئارادا بووە.
یەکەم : دیارترینیان ئەو تێڕوانینە هەڵەیە بوو کە گوایە پرسی فەلەستین چیتر جێگای سەرنجی دانیشتوانی ووڵاتانی عەرەبی نەماوە، گوایە گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەبێ چارەسەری کێشەی فەلەستین مومکینە، لەکاتێکدا کە فەلەستینیەکان لە ژێر بارگرانیەکی بەربەری ئیسرائیلیدا دەناڵێنن.
کاردانەوەی جەماوەری بۆ ئەوە هات کە پرسی فەلەستین و ئەو نادادپەروەرییانەی کە فەلەستینیەکان بەدەستیەوە دەناڵێنن، هێشتا هێمایەکی سیاسی بەهێزی هەیە کە توانای هەڵگیرسانی شەپۆلی گەورەی توڕەیی لە سەرانسەری جیهانی عەرەبیدا لەخۆدەگرێتەوە، کەدەرکەوتەکەی زیاتر لە هەر پرسێکی دیکە هاتۆتەوە مەیدان.
ناڕازیبوونی بیروڕای گشتی دانیشتوانی ووڵاتانی عەرەبی لە مامەڵەی خراپ و پێشێلکاریەکانی ئیسرائیل بەرامبەر بە فەلەستینیەکان تەنانەت پێش ٧ی ئۆکتۆبەریش بەشێوەیەکی بەرچاو دیاربوو، بەڵام ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆ لە غەززە ڕوودەدەن، هەستی ناڕەزایەتی لە ناوچەکەدا زیاترکردووە. ئەوەی جێگای سەرنجە هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، پەرەسەندنی مەزاجەکانی دژە ڕۆژئاواش دەبینرێن، لەئەنجامی ئەو پشتیوانیە بێمەرجەی کە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆردومانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی بڕیاردانی ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوادا بەدەستی هێناوە.
کەواتە فەلەستین گەڕاوەتەوە پێشەنگی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و ناوەندی گوتاری گشتی، لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی زەبری بانگەوازەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی دادپەروەرانە بۆ پرسی فەلەستین، واتە جارێکی دیکە بەرەو جێخستنی چارەسەری دوو دەوڵەتی لە بەرامبەر ڕۆشنایی سیاسەتەکانی ئیسرائیل کە یەک دەوڵەتیان لەسەر بنەمای ئاپارتاید دامەزراندووە.
دووەم: ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل هێشتا لە دانوستاندا بوو کاتێک هێرشەکە ڕوویدا، بەڵام هێرشی دڕندانە بۆسەر غەززە بووە هۆی ڕاگرتنی ئەو دانوستانانە بۆ ماوەیەکی نادیار. ئەو وڵاتانەش کە پێشتر ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ کردووە، لەبەرامبەر داگیرکاری غەزەدا سەرسام ماون و تاڕادەیەکی زۆر لە چاوەڕوانی ئەو ئاڵوگۆڕانەدان کە دوای جەنگ پێشهاتەکان چی دەنوێنێت.
سێیەم: ڕاگرتن و دواخستنی ئەو هەوڵانەی بۆ ئارامکردنەوەی ناوچەکە هەوڵی بۆئەدرێت، کە سی ساڵ زیاترە لە ناجێگیری و گێژاوی سیاسی بەسەردەبات، لە نمونەی نزیکبوونەوەی نێوان سعودیە و ئێران، دیالۆگ و دانوسەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەمو ئەوانە چونە ناو ئایندەیەکی نادیارەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دۆخە هەموو جیهانی پاڵناوە بۆ ئەوەی لە لێواری ململانێیەکی ناوچەیی و ڕەنگە جیهانیدا بلەرزێنێت.
لەڕاستیا لەم دۆخە دژوارو ناهەموارەدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێ تاسەر بەردەوام بێت لە بێدەنگی و چاوپۆشیکردن لە سەلماندنی مافە سیاسی و مرۆییە ڕەواکانی خەڵکی فەلەستین، لەکۆتاییهێنان بە داگیرکاری ئیسرائیل بۆسەر غەززە، دواتر چاوەڕێی ئەوە بکەن کە لایەنی فەلەستینی بە ملکەچی بمێنێتەوە. ڕاستیە زەقەکەی ئەمڕۆ ئەوەیە کە فەلەستینیەکان لەگەڵ تێپەڕبونی کاتدا داگیرکاری و ڕەگەزپەرستی و ئاپارتایدی ئیسرائیل بە هیچ جۆرێک قەبوڵ ناکەن، بەڵکو ئەمڕۆ دەیسەلمێت کە فاکتەری کات لە بەرژەوەندی گەیشتن بە خواستەکانیان کاردەکات.
حکومەتی ئیسرائیل ئەمڕۆ لە لوتکەی فاشست بون و توندڕەوی و ڕەگەزپەرستیدایە، هیچ هەنگاوێک نیشان نادات بۆ ئامادەیی هەرجۆرە دانوسانێک بۆ وەستانی ئەم هێرشە دڕندانەیەی.
سەبارەت بە دەسەڵاتی فەلەستین، لاوازیەکەی لەبەرامبەر ئەو کارانەی حەماس کردوویەتی زیاتر بون و ناتوانێت ئیدیعای نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆی بۆ گەلی فەلەستین دەربڕێت. لەهەمانکاتدا بایدن و ئەمریکاش هیچ نیازێکیان نییە و هیچ هەوڵێکی سیاسی نادەن ببێتە هۆی کۆتایهێنان بەم داگیرکاریە.
هەرچەندە دۆخەکە لەبەردەم ململانێیەکی نوێدایە، بەڵام خەڵکی فەلەستین هەست بە هیچ ئاسۆیەکی سیاسی ناکەن، بەڵام ڕای گشتی ناڕەزایەتی بەرفراوان و ناکۆکیەکانی ئەم شەڕە لە درێژخایەندا ڕەهەندی دیمۆگرافی بە شێوەیەکی ئەرێنی خۆی لە بەرژەوەندی فەلەستینیەکان دەسەپێنێت.




ئەو سیاسەتەی لەپشت گۆشەگیرکردنی حەلبوسیەوەیە!.. عوسمانی حاجی مارف

بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامەتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان، سێبەرێک دەخاتە سەر دیمەنی سیاسی لە عێراقدا، کە دەرگای ئەگەری گۆڕانکاری ئاڵۆز لەبارەی ئایندەی حکومەت و هێزو لایەنە سیاسیەکان و لەهەمانکاتدا پرسیاری لەسەر ڕەوتە سیاسیەکانی عێراق وروژاندوە، بەتایبەتی ئەو هەوڵدانەیە کە بۆ جێگیرکردنی باڵا دەستی هێزی “چوارچێوەی هەماهەنگی” لە ئایندەی حکومەتی عێراقدا جەختی لەسەر دەکرێت.
هاوکات “پارتی تەقەدوم” پارتەکەی حەلبوسی دەست لەکارکێشانەوەی وەزیرو جێگرەکانی لە پۆستەکان ڕاگەیاند، ئەمەش گرژیەکانی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا زیاتر کردوەو لە ئایندەی دۆخی سیاسیدا چاوەڕوانی بارگرژی زیاتریش دەکرێت. ئەم هەنگاوە جۆرێکە لە پاشەکشەی حزبەکەی حەلبوسی لەنێو پێکهاتەی حکومەتی ئێستای عێراقدا.
لەژێر ڕۆشنایی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵیدا، لایەنە سونەکان دۆشداماون لە چۆنیەتی دەربڕینی هەڵوێستی خۆیان، بەتایبەتی لەگەڵ کۆتایهاتنی ئەندامەتی حەلبوسی و ئەندامێتی نوێنەرەکەی، لەیث دولەیمی، لایەنە سونەکان ڕەوەندی جۆراوجۆر لەخۆدەگرن، لەدۆخێکی گومان و پێشبینی جیاوازدا دەژین سەبارەت بە پێشهاتە سیاسیەکانی عێراق لە داهاتوودا.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکی هەستیاردا ڕویداوە، کە حکومەت ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لەگەڵ پەرەسەندنی گرژیەکان و گۆڕانکاریەکان لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا، وا دیارە قۆناغی داهاتوو پڕ دەبێت لە ململانێ و تەحەدا. ئەو پرسیارە دێتەپێشێ، ئایا ڕێڕەوی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو عێراق تووشی دۆخی ناسەقامگیری سیاسی زیاتر دەکات؟ ئەم پرسیارە تارماییەک دەخاتە سەر ئایندەی نادیاری عێراق، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەوڵە بەردەوامەکان بەناوی ڕوبەڕوبونەوەو بەڕەنگاربونەوەی گەندەڵی دەچێتە ژێر پەردەیەکی ڕەشەوە.
ئەوەی ئاشکرایە ڕۆڵی “چوارچێوەی هەماهەنگی” لە گۆرەپانی سیاسی عێراقدا زیاتر بەرچاوەو تەواو خەریکی پاوانخوازی دەسەڵاتی یەکلایەنەیە لە حکومەتی ناوەندیدا، بەوپێیەی توانای پێکهێنانی حکومەتی هەیە بە هاوپەیمانیەکی باڵادەستی خۆی بەسەر لایەنەکانی دیکەدا، وایکردووە ‘چوارچێوەی هەماهەنگی” ببێتە یاریزانێکی سەرەکی و بەتوانا لە گۆڕەپانی سیاسیداو کاریگەریان هەیە لەسەر هاوسەنگیە سیاسیەکانی ئێستا و داهاتووی حکومەت لە عێراقدا، بەتایبەتی لە پرۆسەی هەوڵدانیان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەناوەندکردنی حکومەت لە عێراقێکی یەکپارچەدا. لەم بارەیەشەوە پشتیوانی تەواوی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەدەست هێناوە.
بۆیە لەمکاتەدا هەرچەندە لەڕێگەی دادگای باڵای فیدراڵیەوە حەلبوسی لەکارخراوە، بەڵام ناتوانین پێشبینی ئەوەنەکەین، کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لەو گەمە سیاسیانەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دامەزرندانی حکومەتی عێراق لەژێر هەژمونی باڵادەستی خۆیاندا بەرێوەی دەبەن.
حەلبوسی بەشێک بوو لەو هاوپەیمانیە سێ قۆڵیەی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان، شانبەشانی بارزانی و سەدر، کە ئامانجیان پێکهێنانی حکومەت بوو دوور لە هەموو هێزە سیاسیەکانی سەر بە ئێران. ئەم بابەتە جگە لەوەی زۆر قورس بوو، تەحەدایەکی گەورەی هەڵگرت، پێموایە لەوە دەچێت ئەوانەی لەگەڵ ئەم هاوپەیمانیەدا بوون تا ئەمڕۆش لە بەرامبەر ئێران و چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەبێت باجەکەی بدەن.
بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمە کاتێکی گونجاو بوو بۆ لابردنی حەلبوسی، چونکە لەگەڵ ڕێکەوتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دێتەوە، بەتایبەتی کە بایکۆتی هەڵبژاردن لەلایەن ڕەوتی سەدریەکانەوە راگەیاندرا، ئەو نیگەرانیەی بۆ دروستکردن کە ئەگەری ئەوە هەیە حەلبوسی بەشێک لە دەنگەکانی سەدریەکان بەدەستبهێنێت.
بەدوور نازانرێت بڕیاری دوورخستنەوەی حەلبوسی بەشێکە لە تۆڵەکانی ماڵی شیعە، چونکە هێزە شیعەکان قەبوڵ ناکەن کەسێک هەبێت سەرۆکایەتی سونە بکات و لەریزی پێشەوەی دەسەڵاتی سیاسیدا بێت و ململانێی گۆرینی دەسەڵاتیان لەگەڵدا بکات، وەک لە هاوپەیمانیە سێ قۆڵیەکە لەگەڵ بەرزانی و سەدردا نیشانیاندا.
بەدوای دوورخستنەوەی حەلبوسی، هاوپەیمانەکانی پێشوی لە بارزانی و سەدر هیچ هەڵوێستێکی فەرمیان لە دژی ئەم بڕیارە نیشان نەداوە، بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان وادیارە ئەوە بە باش دەزانێت خۆی لە هەر هەنگاوێکی پلە بە پلە دوور خاتەوەو خۆی لە هەر مانۆڕێکی سیاسی لەبەرامبەر هێزە شیعەکان بەدوور بگرێت، لەپێناو خۆپاراستن لە هەر بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی کە دژ بەحکومەتی هەرێم و بارزانی دەربکرێت. چونکە زۆر مەلەفی مشتومڕاوی هەیە کە دادگای فیدراڵی دەتوانێت بڕیار لە دژی هەرێمی کوردستان دەربکات، بەتایبەتی دژی بارزانی و پارتی دیموکرات، بەو پێیەی هاوپەیمانی “پارتی تەقەدوم” و سەدریەکانی کردوە. ئەوەی بارزانی لە ئایندەیەکی نزیکدا زۆرترسی لێی هەیە ئەوەیە کە دادگای فیدراڵی بڕیار لەدژی هەرێمی کوردستان بدات، سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتیەکان لەو ناوچانەی تێکەڵ بە حکومەتی فیدراڵن، وەک کێڵگەی خورمەڵە، کە بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی دەڵێن سەر بە حکومەتی فیدراڵیە و نابێت سەر بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.تا ئەمڕۆش ئەو کێڵگەیە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدایە و بەشێکی گەورەی توانا نەوتیەکانی هەرێمە کە لەلایەن کۆمپانیاکانی سەر بە پارتی دیموکراتەوە کۆنترۆڵکراوە.
ڕوونە کە هێزە شیعەکان بڕیاریان داوە سنووردارکردن و کۆتاییهێنان بە هەژموونی هەر لایەنێک یان سەرکردەیەک بکەن، کە لەنێو پێکهاتەکانی دیکەدا دەیانەوێت بەبێ ڕکابەر لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، یان بوونی مەیلی سیاسیان دور لەوان یان دوور لە بەرژەوەندی و سیاسەتی تاران بێت. بۆ ئەمەش پێکهێنانی دەسەڵاتی دادوەری یارمەتی ئەوەیان ئەدات بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانەی لە ئاراستەی یەکلایکردنەوی دەسەڵاتی سیاسی لەژێر هێژمۆنی تەواوی چوارچێوەی هەماهەنگیدا پاریزراوبێت.
گرتنەبەری بڕیاری دادوەری یان سیاسی لەدژی هەولێر لەدوای گۆشەگیرکردنی حەلبوسی ئەگەرێکی دوور نییە، بەتایبەتی ئەوەی ئێستا حکومەتی فیدراڵی پێویستی پێیەتی هەوڵدان و پێداگریە لەسەر ناوەندکردنەوەی حکومەتی عێراق. لەهەمانکاتدا لەبەرئەوەی حکومەتی هەولێر کەوتۆتە بەر رەحمەتی بەغداو بەردەوام پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ بەغدا، لە هەر بوارێکدا و لە پاشخانی پێشهاتە سیاسیە نوێیەکاندا حکومەتی هەرێم ناچارە لە ڕێگەی کەناڵەکانیەوە مامەڵەیەکی وردو جدی بکات بۆئەوەی بتوانێت پەیوەندیەکی بێ کێشە و پتەو لەگەڵ دامودەزگا فیدراڵییەکان بەدەستبهێنێت، یان لەهەر هەنگاوێکدا دەبێت ملکەچی زیاتر بۆ حکومەتی ناوەندی نیشان بدات.
بارزانی بۆ راگرتنی هاوسەنگی خۆی لەم گێژاوەدا، ناچارە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات و هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی درەنگ وەخت بۆ پەرلەمانی کوردستان، بۆیە هەر مەترسییەک کە گرفت لەسەر شەرعیەتی حکومەتی ئێستا دروست بکات خۆی لێدەپارێزێت، گەر وانەکات بەبریارێکی دادگای فیدراڵی چۆن دەرگای پەرلەمانەکەیان داخست، حکومەتەکەشی بەردەوام نابێت و بۆی هەڵدەوەشێننەوە، هەر بەو مانایە ناچارکراوە ملکەچی گۆڕانکاریە سیاسیەکان بێت.
ئەوەی جێگای سەرنجە یەکێتی نیشتمانی سکاڵای یاسایی تۆمارکردوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پشکەکان و دابەشکردنی ناوچەی هەڵبژاردن بۆ چوار ناوچە، ئەگەر دادگا بڕیارێک لە بەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانی دەربکات، ئەوە گورزێکی توند دەبێت لە پارتی دیموکرات، حاڵەتێکی ئاڵۆز دەخاتە بەردەم جێبەجێکردنی هەڵبژاردن، چونکە پارتی بەتوندی پێداگری لەسەر هێشتنەوەی یاساکە بەبێ گۆڕانکاری و هەموارکردنەوە دەکات، لەم حاڵەتەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەرگیر بە بنبەست و کێشەیکی گەورە دەبێت.
گومانی تیانیە کە دۆخەکەو گۆرانکاریەکان ئەوە بە ئاشکرا دەنوێنن، کە دەسەڵاتی دادوەری لە ژێر سایەی دەسەڵاتدارانی شیعەدایە، هەربۆیە کاریگەری پرسە سیاسییەکان لەسەر دادگا ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە.
دورخستنەوەی محمد حەلبوسی پرسیاری زۆری لەسەر ئاستی شەقامی عێراقی سەبارەت بە چارەنووسی هاوپەیمانی و ئیدارەی حکومەتی ئێستا وروژاندوە. لەگەڵ کردنەوەی دەرگای هەر دانیشتنێکی نوێدا، دەبێتە سەرهەڵدانی گرژییە سیاسییەکان و تێکەڵکردنی کارتەکان. لەهەمانکاتدا بڕیاری گۆشەگیرکردنی حەلبوسی سەبارەت بە هەرێم ئاماژەی دیکەی لەخۆی گرتوە. ڕەنگە ئاگادارکردنەوەو فشارێکیش بێت بۆ هەولێر کە قۆناغێکی نوێ لە سایەی سیاسەتەکانی چواچێوەی هەماهەنگیدا دەستپێبکاتەوە.
ئەگەری ئەوە هەیە حکومەتی فیدراڵی هەنگاو بنێت بۆ وەرگرتنەوەی کۆنترۆڵکردنەوەی کێڵگەی نەوتی خورمەڵە کە ڕۆژانە نزیکەی 175 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.هەروەها کێڵگە غازییەکانی کۆرمۆریش هەن، باسیش هەیە کە دادگای فیدراڵی بڕیاری سنووردارکردنی بەڕێوەبردنیان بۆ حکومەتی فیدراڵی بدات و ئەمەش بە مانای بەستنەوەی هەرێمی کوردستانە لە ئێستا و لە داهاتوودا.
مەترسیدارترین پرس بۆ بارزانی کە بڕیارە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، پرسی هێزە چەکدارەکانە، لەوانە پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ و دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی هەرێمی کوردستان. دەسەڵاتدارانی هەرێم ترسیان لە هەر کارێک و بریارێکی دادوەری هەیە کە بەم ئاراستەیە جار لەگەڵ جار سنوردارتریان دەکات، بەتایبەتی کە هەرێم موچە بۆ هەموو ئەندامانی ئەمنی و مەدەنی و سەربازی دابین ناکات و لەو کارەشدا پێویستی بە هاوکاری حکومەتی فیدراڵی هەیە.
زۆرێک لەناو حکومەتی عێراقدا، تەنانەت لەسەر ئاستی قەوارە سیاسییەکانیش، پێیانوایە هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی نییە هێزی چەکداری یان دامەزراوەی ئەمنی خۆی دروست بکات. ئەگەر دادگای فیدراڵی دەستوەردان لەو پرسانەدا بکات، هەرێم بە ئەگەرێکی زۆرەوە لایەنی دۆڕاو دەبێت و بەمشێوەیش قەوارەی هەرێم تەنها قاوغەکەی دەمێنێتەوە.




موچەو قەوارەی هەرێم..!.. عوسمانی حاجی مارف

نەمانی تەواوی متمانەی نێوان هەرێم و بەغدا، پەیوەندیەکانی نێوانیانی بەرەو ئاڵۆزی و ناڕۆشنی بۆ ئایندەیەکی نادیار بردوە، کەلەم نێوەدا هەر ڕێکەوتن و پرتۆکۆلێک و بنەمای دەستوری پێشویان هەرچیەک بوبێت، بواری کارکردنی هاوبەش و پێکەوەییان لە حوکمڕانی و دەسەڵاتی سیاسیدا لەدەستداوە. کارکردنێک کە لەناواخنی ڕێکەوتنی هێزی میلیشیاو لەسەر تاڵانی و گەندەڵی و دزیەوە بەرهەم هاتووەو یەکیانگرتووە. ئاڵۆزی ئەم پەیوەندیەش لە ژێر کاریگەری هاوسەنگی هێزەکاندا بەم ئاکامەی ئێستای گەیشتووە، کە لەسەر بنەمای پێگەی پێکهاتەی هیزە میلیشیاکان، بازاڕی کەڵەکەی سەرمایە دابەشکراوە.کاتێک دۆخی هێزە میلیشیاکانی عێراق خۆیان نەگرتووەو پێگەی لاوازیان هەبوو، هەموو شتێکیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دابەشدەکرد، پارتی و یەکێتیش لەڕیزی پێشەوەی ئەو دابەشکردنەدا بێمەرج وەستان و لێیان خوارد.
ئەوەی ئێستا پێشهاتووەو بە ئاراستەی ئایندەی دۆخی عیراقدا دەڕوات، زاڵبونی سیاسەت و ڕوانگەی حکوومەتی فیدراڵی و بەرزبونەوەی پیگەی ڕەوتی سیاسیی شیعەیە لە پەیوەندو ئاوێزانبون بە بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەناسرێت. ڕێڕەوی ئەم زاڵبونەش دەیەوێت دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بخاتە ناو هێژمونی هەمان چوارچێوەی یەکپارچەیی عێراق و ملکەچی دەسەڵاتی شیعەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی و سەدریەکان نوێنەرایەتی دەکەن. ئەمەش ئەو فشارەیە کە مانای چارەنوسێکی کۆتایی یان سنوردار خەریکە بۆ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دیاری دەکات. لێرەشەوە دەتوانین بڵێین قەوارەی هەرێم لە مەترسی زیاتر بچوکبونەوەو لە ناوچوندایە.
لەهەمانکاتدا بەغدا دەبینێت بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکانی هەرێم پیگەی سیاسی و سەربازییان مانایەکی نیە و پارتی و یەکیتیش لە دژایەتی یەکتردان، بۆیە هەلێکی گونجاوە بۆ حکومەتی عێراق پرۆژەی ناوەندکردنەوەی عێراق بە خێراتر بەڕێوەبەرێت. لەلایەکی تریشەوە سەختی دۆخی هەرێم لەوەدا خۆی نیشان ئەدا، لەدەستدانی تەواوی متمانەی خەڵکە بە حکومەت و دامەزراوە سیاسی و یاساییەکانی هەرێم. ئەمەش خاڵێکی تری سەرنج ڕاکێشە لە نیشاندانی لاوازی حزبە میلیشیاکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە بەردەم جەماوەرێکدا کە سی و دوو ساڵە لە چاوەڕوانی و بێئومێدی و نەهامەتیدا ڕایانگرتون. دەبینین بەغدا وەڵام بە شایستە داراییەکانی هەرێم ناداتەوەو موچە نانێرێت، بەڵام تائێستا خەڵک دژی بەغدا ناڕەزایەتیان نیشان نەداوە.
ئایندەی قەبارەی هەرێمی کوردستان باس و مەسەلەیەکی سەرنج ڕاکێشە لە ناوەندێکی بەرفراواندا. بە جۆرەها دەستەواژە تەعبیر لە کۆتایی و هەرەسهێنان و ئاشبەتاڵ و لەبەینبردنی دەکرێت. تا ئەو ئاستەی لەنێو سەرکردایەتی حزبەکان و دەسەڵاتدارانیشدا پێشبینی ئەو مەترسیە لە ژیانی سیاسی ئەزمونی حکومەت و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەکرێت.
بەغدا بەردەوام گوشارەکانی لەسەر هەرێم توندتر دەکاتەوەو بێنەوبەرەو یاریان پێدەکات. کە لەم بارەیەوە بەغدا هیچ مەترسی و دودڵیەکی نیە لە پەرچەکرداری مەترسیداری هێزەکانی پارتی و یەکێتی، چونکە پێگەو توانا سەربازیەکانیان و نائامادەییان بۆ شەڕ باش دەناسێ. چونکە توانایی هێزە میلیشیاکانی عێراق ڕێکخراوترو بەتواناترو ئامادەترە. هەروەها پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشی هەیە، چونکە ئێران پارێزەری ئەو سیستەم و حوکمڕانیەی ئێستایە کە لە بەغدا هەیە. تا کۆماری ئیسلامی مابێت، ڕێگە نادات ئەم حکومەتەی عێراق بگۆڕدرێت. ئەمەش بەو مانایە دێت کە تائێستا هیچ ڕوناکیەک بۆئەوەی ئاڵوگۆڕێک لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بێتەدی، بەدی ناکرێت.
هەربۆیە عێراق وەک پێگەی دەوڵەتبوون، لەڕێگەی دادگای فیدراڵی عێراق و بە بڕیاردان بە نادەستوری ناساندنی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی ئەو وابەستە ئابوریەی کە هەرێمی کوردستان هەیەتی بە بەغداوە، عێراق بەو میکانیزمە دەسەڵاتی خستەگەڕو لە شادەماری ئابوری و دیبلۆماسی هەرێمی کوردستانی داو تەواو سنورداری کرد، کە لە ئایندەدا لەدەستدانی ئەم مامەڵەو بازرگانیە بە نەوت، پێگەی سیاسی و دیبلۆماسی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوخۆو دەرەوەدا تەواو لاوازترو بێدەسەڵات دەکات.
بەغدا بەحوکمی ئەو پێگە سیاسی و نێودەوڵەتیەی کە هەیەتی، توانیویەتی لە گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان جگە لە دادگای فیدراڵی، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوت و پەرلەمانی عێراق و بانکی ناوەندی و چەندان دامەزراوەی تری فیدراڵی کە لەژێردەستی دەوڵەتدان، فشارێکی گەورە بخاتە سەر هەرێمی کوردستان.
لەهەمانکاتدا نابێت ئەوە لەبیربکەین کە ئەو ئاڵوگۆڕەی لە هەلومەرجی سیاسی ناوچەکەدا پێشهاتووە بەگشتی لە بەرژەوەندی عێراقدا دەردەکەوێت و نەک هیچ خێرێکی بۆ هەرێم نیە، بەڵکو ئاراستەکانی وەها نیشان ئەدات کە زیانی زیاترە بۆ قەوارەی هەرێم. ئەو هەنگاوانەی لەوبارەیەوە دەرکەوتەی ئەرێنیان بۆ عێراق نیشانداوە، نزیکبوونەوەی وڵاتانی کەنداوە لە عێراق، بەتایبەت سعودیە و قەتەر و ئیمارات. هەروەها نزیکبوونەوەی تورکیا و وڵاتانی کەنداو، نزیکبونەوەی ئێران و ئەمریکا، هەستانەوەی ڕژێمی ئەسەد و هتد، پشتیوانیەکی گەورەن بۆ زیاتر بەرزبونەوەی پێگەی حکومەتی عیراق. لەهەمانکاتدا پێویستە ئەوەش بڵێین کە هیچ یەک لەو ووڵاتانە پێویستیەکیان بە حیزبە کوردیەکان نەماوە، تابۆ بەرژوەندیە سیاسیەکانیان بەکاریان بهێنن. ئەمەش ئەو دۆخە هەستیارەیە کە لەڕای گشتیدا بە هەرەس یا کۆتایی حکومەتی هەرێم تەعبیری لێدەکرێت. لەوانەیە حکومەتی عێراق و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە پێشتر ترسیان لەپارتی و یەکیتی هەبوبێت کە لە نەیارەکانیان نزیک ببنەوە، بەڵام گۆڕانی دۆخەکە ئەو ترسەی نەهێشت. هەروەها لەبەر چۆنیەتی و پەیگیری لە پەیوەندیەکانیان پێویستیان بەوە نیە دۆستایەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکەن یان لەبەرامبەر یەکتردا یارمەتی هەرێم بدەن.
هەر بۆیە بچوکردنەوەی قەوارەی هەرێم و زیاتر لاوازکردنی پێگەی سیاسی و ئابوری و دیبلۆماسیەکەی لەگەڵ چونەپێشەوەی ڕوداوەکاندا، زیاتر ڕادەستکردنی بە سیاسەت و نەخشەی ناوەندبونەوەی عێراق نزیک دەکاتەوە. دواتریش هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی سەربەخۆ و جیاواز، تەواو پوچەڵ دەبێتەوە. ئەوەش کە ئێستا دەیبینین پرۆسەی گەڕانەوە بۆ بەغدا تا ئاستی ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوت، داهاتی خاڵە سنوریەکان و دامەزراندنی سوپای عێراق لەسەر سنورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیاو سووریا وئێران، بەشێکی جێبەجێ کراون.
ئەتوانین بەگشتی ئەوە درک پێبەکەین کە بارزانی و تاڵەبانی لە قەیرانێکدا دۆشداماون. ڕووناکی و پەناگایەک شک نابەن لەم بنبەستە دەریان بهێنێت. تەنها چاوەڕوانی موعجیزەی ڕوداوێکن لە ئەگەری ئەوەی دەرگای دەرچونی ئەم گێژاوەیان لێ بکاتەوە. ئەوەی شایانی باسە ڕوودانی شەڕی ئیسرائیل و حەماس و ململانێی لایەنەکانی بەشدار لەم شەرەداو مەترسی فراوانبونەوەی ئەم شەڕە لەسەر ناوچەکە، ئەگەری ئاماژەیەک دەستنیشان ناکات کە هیچ سودێکی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەبێت.
لەم کەین و بەینەدا، ئەوەی بەدەستیانەوە ماوە یەکلاییکردنەوەی موچەی پێشمەرگەو فەرمانبەران و مامۆستایانە. لەم بارەیەوە بەغدا دەمێکە وەک وەرقەیەکی فشار مامەڵە بە مەسەلەی موچەوە دەکات، تا پێگەو قەوارەی هەرێم زیاتر بێبایەخ نیشان بدات. حکومەتی بارزانی و تاڵەبانی بەلەدەستدانی ئەو ئیمتیازانەی شانازییان پێوەدەکرد بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسیان لە هەرێمدا، بەتایبەتی بازرگانی بەنەوت، شکۆی دەسەڵاتەکەیانی هێناوەتەخوارەوە. بۆیە گەر هەر دابەزینێک لە ئاستی پێگەو ئیعتباری سیاسیان ڕویدابێت ئەگەرێتەوە بۆئەو حاڵەتەی تێی کەوتون.
ئاشکرایە کە دابینکردنی موچە ئەتوانێ بوارێک بێت بۆ ئاستێک لە پاراستن و ڕاگرتنی پێگەی سیاسیان، بەڵام ئەوەی خاڵی لاوازی ئەم دۆخەیە، حکومەتی هەرێم وەها نیشان ئەدات بەبێ بەغدا، ناتوانێ ئەو موچەیە وەک پێویست دابین بکات. بەپێی دەستورێک کە هیچ بەهایەکی نەماوە، ئەوە ڕادەگەیەنن هەگبەکەیان خاڵیەو کاری بەغدایە موچەکەیان ڕادەستکات و ئەمان دابەشی بکەن. هەڵبەتە کێشمەکێشی هەرێم و بەغدا لەسەر موچە بێنەوبەرەیەکی زۆرە لە حساباتی هەردولایاندایەو هەر لایەنێکیان بەڵگە دەهێنێتەوەو قسەی لەسەر دەکرێت، تا ئەو ئاستەی باس لەوەدەکرێت کە ئەم موچەیە باشتر وایە ڕاستەوخۆ بەغدا خۆی دابەشی بکات. هەرێمیش بەم پێشنیارە زۆر توڕەو قەڵسە، چونکە بەجیا لەوەی هەر سودێک و دزیەک و ناڕۆشنیەک لە چۆنیەتی دابەشکردنەکەیدا بۆ سەرکردەکانی هەرێم قسەی لەسەر هەبێت، بەڵام لێسەندنەوەی دابەشکردنی ئەو موچەیە لە حکومەتی هەرێم، مانای کۆتایی پێکهاتەی حکومەتی هەرێمە. بۆیە حزبە دەسەڵاتدارەکان لە هەرێم تا بتوانن خۆیان نادەن بەدەستەوەو قەبوڵی ناکەن بەغدا بۆ خۆی ڕاستەوخۆ ئەو موچەیە دابەش بکات. بە مانایەک کێشەی ئەم موچەیە بۆتە بەڵا لەسەر قەبارەی هەرێم. لەهەمانکاتدا بەغداش لەسەر ئەم موچەیە بەهەر حساباتێک کە لێپرسینەوە دەکات لەسەر داهات و خەرجی هەرێم، ئێستا وەک گەمەیەک و یاریکردن بەدەسەڵاتی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان ئەملاوئەولایان پێدەکات و شکۆی ئعیتباری سیاسیان زیاتر دادەبەزێنێت، تائەوکاتەی هەلێکی گونجاو لە هەلومەرجی سیاسی ناوچەکەو عێراقدا دەڕەخسێت، کە بتوانن حکومەتی هەرێم هەڵوەشێننەوە. واتە لە ئێستادا پێکەوەلکاندنیپەیوەندی نێوان “موچە و قەوارەی هەرێم” و ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوانیان، ئەو کارتەیە کە حکومەتی عێراق لە کاتێکی دیاریکراودا ئەتوانی بڕیار لەسەر چارەنوسی حکومەتی هەرێم بدات..!
ناوەڕۆکی ئەم کێشمەکێشە کە قوربانیەکەی پێشمەرگەو فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێم و خێزانەکانیانە. لەهەمانکاتدا هۆکاری نارەحەتی گوزەرانی زۆرێنەی خەڵکی کوردستانە. ئاشکرایە ئەو لایەنانەی حکومەتی هەرێمیان پێکهێناوە، باش دەزانن ئاکامی ئەم یاریکردنە بەرەو کوێیان دەبات. بەڵام بەدروشمی کوردایەتی و فەزڵفرۆشی و منەتکردن بەسەر خەڵکدا ئەوەندە نابەرپرسن، هیچ هەنگاوێک نانێن کە لایەک لە ژیانی ئەو خەڵکە بکەنەوە.




سیاسەتی پاکتاوکردنی فەلەستینیەکان.. عوسمانی حاجی مارف

کاتێک فەلەستینیەکان بێدەنگ دەبن، پشتگوێ دەخرێن. کاتێک بەڕەنگار دەبنەوە بە شەیتان ناوزەند دەکرێن. ڕاستە ڕووداوەکانی زیاتر لە سی ڕۆژی ڕابردو، مەترسیەکانی پشتگوێخستنی پرسی فەلەستین نیشان ئەدەن. لەهەمانکاتدا دەبینین ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی، بەمەبەست بەو ئەنجامە نەگەیشتون کە دەبێت ئەم کارەساتە بەجددی وەربگرن و مامەڵەی بکەن کە فەلەستینیەکانی لە غەززە تووش کردووە. لەهەمانکاتدا نەک نەیانویست ڕێگاچارەیەکی عەمەلی و ئینسانیش بدەن بەدەستەوە، بەڵکو ئیسرائیل گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە دەبێت ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی توندوتیژتر دەستپێبکات بۆ لەناوبردنی ئەوان.
ڕەنگە دوای ئەوەی ئیسرائیل دڵنیابێت کە بۆردومانە ئاسمانیەکانی باڵەخانە و تونێلەکانی وێران کردووە، هێرشەکانی بەردەوامی پێبدات و سەربازەکانی بەکاربهێنێت. لەهەمانکاتدا دەستدرێژیەکانی لەڕووی پانتاییەوە فراوانتر دەبن. پێشبینی دەکرێت لەسەرەتادا ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە باکووری کەرتی غەززە چڕبکرێنەوە، چونکە ئەمە ئەو بەشەی غەززەیە کە ئیسرائیل فەرمانی بە دانیشتووانەکەی داوە چۆڵی بکەن. هەروەها کە هێرشەکانی بۆ سەر حەماس لەوێ چڕ کردۆتەوە. ئەمەش بەناوی ئازادکردنی ئەو بارمتانەیە کە بەدەست حەماسەوەن‌، بەڵام ئەمجۆرە لە هەڵگیرسانی شەڕ، سیاسەتی پاکتاوکردنە بۆ مەرامێکی سیاسی تر نەک ڕزگارکردنی بارمتە گیراوەکانی لای حەماس.
تائێستا ڕوون نییە کە بۆردومانی ئاسمانی و لەشکرکێشی زەمینی بوبێتە هۆی نەهێشتنی حەماس یان کەمکردنەوەی تواناکانی، بەڵام ئاستی قوربانیەکانی خەڵک بەرچاوو بێشومارە. تەنانەت ئەگەر ئیسرائیل سەرکەوتنێک بەدەست بهێنێت لەمیانەی لەناوبردنی تەواوی تۆڕی ئەو تونێلانەی کە حەماس لە کەرتی باکوری غەززە لێیداون، بەڵام هێشتا باشووری غەززەش تۆڕێکی بەرفراوانی تونێلەکان لەخۆدەگرێت. بۆیە ئۆپەراسیۆنەکان لەوێ زۆر قورسترو سەختتر دەبن. لەهەمانکاتدا ئەوەی جێگای سەرنجە ئەگەری ئەوە هەیە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە باشور ببێتە هۆی قوربانی و کوژرانی ژمارەیەکی زۆرتر لە خەڵکی مەدەنی، چونکە شەڕی شارەکان سەخت و قورسن.
سەربازانی ئیسرائیلیش لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەی شارەکاندا ئاستێکی بەرزی تواناو پیشەیی بوونیان نیشان نەداوە، بۆیە تاکتیکی شەڕەکانیان زیاتر پشت بە وێرانکاری و قوربانی و کوشتارێکی زۆر دەبەستێت. بەئاشکراش ئەم ڕۆژانه‌ غەززە لە خوێن و تاواندا نوقم دەکەن! حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل، وه‌ك باڵێکی دڕندەیی و تاوانکاری حکومەتی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی، بڕیارە بەپێی نەخشە و بڕیاری ڕاگەیەندراو ژیان له‌ هەموو زیندەوەرانی ئەم ناوچەیە بسێنێته‌وه‌.
لە لێدوانە فەرمیەکانی ئیسرائیلدا، بەڕوونی دەرکەوت کە ئیسرائیل لە وەڵامدانەوەیدا بڕیاری پێشێلکردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتیەکان داوە، بەڵام لەگەڵ بەردەوامبونی ئەو پێشێلکاریانەی ڕۆژانە دەبینرێن، ڕۆژئاواو ئەمریکا چاویان لێداخستووەو پاساو بۆ تاوانەکانی دەهێننەوە.
ناتانیاهۆ هەوڵدەدات سەرکردەکانی ئەوروپا ڕازی بکات بۆ فشارخستنە سەر میسر، بۆ وەرگرتنی پەنابەرانی کەرتی غەززە بۆ ناو خاکەکەی. هەروەها دەیەوێت میسریەکان لانی کەم لەماوەی ئەم هێرشە دڕندانەیەی بۆ سەر دانیشتوانی غەززە ئەنجامی ئەدات، جێگایان بکەنەوە، بەڵام ئەوەی ناتانیاهۆ دەیەوێت ئەوەیە بەڵکو میسر دەرگاکانی بکاتەوە تا ئیسرائیل بتوانێت بۆ هەمیشە دایانبخات. هەروەها سەرکردە باڵاکانی ئیسرائیل و بەشێک لە بەرپرسانی پێشوو درێغی ناکەن لە بەشداریکردن لە مشتومڕێکی گشتی سەبارەت بە ئاوارەبوونی زۆرەملێی فەلەستینیەکان لە غەززەوە بۆ میسر. لەم بارەیەو میسر جارێ هیچ ڕێکەوتنێکی نەکردووەو ڕۆشنیش نیە هەڵوێستی چۆن دەبێت، تائێستا بێدەنگی هەڵبژردووە.
ئەم فشارانەی ناتانیاهۆ هاوکاتە لەگەڵ ڕاپۆرتە بەردەوامەکانی وەزارەتی ئیستخباراتی ئیسرائیل، کە بەڵگەنامەیەکیان بڵاوکردۆتەوە لیستی ئەو بژاردانەی خستۆتەڕوو کە دراوە بە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ فەلەستینیەکان لە غەززەدا. بۆئەمەش لەنێو ئەم بژاردانەدا ئەوەیە کە ئیسرائیل ناوچەی پارێزبەندی چەند کیلۆمەترێک لەقووڵایی خاکی میسردا دروست بکات و ڕێگەی گەڕانەوەیان نەبێت، لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم پڕۆژەیە پێویستی بەوەیە ئیسرائیل هەوڵی چڕوپڕ بدات بۆ ڕاکێشانی پاڵپشتی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئەمریکا.
لەڕاستیدا ئیسرائیل لەڕێگەی وەزارەتی ئیستخباراتەوە دان بەوەدا دەنێت کە پاکتاوکردنی دانیشتوانی غەززە ئێستا بەشێکە لە پاکێجی چەمکی سیاسەت و مامەڵەکردن لەگەڵ فەلەستینیەکاندا. دروستکردنی هەلومەرجێک بۆئەوەی ژیان لە کەرتی غەززەدا نەتوانرێت بەردەوام بێت، کە دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی دانیشتوانی کەرتی غەززە بۆ میسر یان کەنداو.
لایەنگرانی ئیسرائیل، لە ئەمریکا و لە ڕۆژئاوا زۆرباش ئاگاداری ئەم نەخشەو سیاسەتەی ڕاستڕەوەکانی ئیسرائیلن. هەروەها لەباری عەمەلیشەوە ئەم هێرشە بەربەری و دڕندەیەی ئێستا ئیسرائیل پیادەی دەکات، هەنگاوە عەمەلیەکانی ئەو سیاسەتی پاکتاوکردنە نیشان ئەدات، بەڵام زۆر بێشەرمانە بێدەنگی لێکراوە، بەپاساوی بەدیهێنانی ئاسایش بۆ ئیسرائیل، واتە دەبێت سەروو دوو ملیۆن لە خەڵکی غەززە بەزۆرەملێ لەناو بیابانەکانەدا جێگایان بۆ بکرێتەوە، تاوەکو ئیسرائیل بەمشێوەیە دەوڵەتە دینی و فاشیستەکەی پارێزراوبێت.
ئەوەی بەتایبەتی جێگەی سەرسوڕمانە، ووڵاتانی ڕۆژئاوا چاودێری هەموو ئەو شتانە دەکەن کە ئێستا ڕوودەدەن، بەڵام کارە دڕندەکانی حەماس کە لە ٧ی ئۆکتۆبەردا ئەنجامیدا، دەکەنە بیانوویەک بۆ عەمەلیکردنەوەی سیاسەتی پاکتاوکردنی تەواوی دانیشتوانی غەززە. تەنانەت لەکاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لە قڕکردنی هەزاران خەڵکی غەززە، هەروەها زۆرێک لە خەڵکی دیکە لەژێر داروپەردو و کەلاوەی داڕماوی باڵەخانەکاندا ژیان دەکەن. لەلایەکی تریشەوە ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەوروپی ڕەتیانکردەوە شاڵاوی بەربەریەتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بوەستێنن، یان تەنها بەردەوامن لە دەربڕینی ئیدانەکردن بەرامبەر کوشتنی ئیسرائیلیەکان لە هێرشەکەی حەماسدا بۆ سەرئیسرائیل.. بۆیە ئەوە دەرکەوت ئەم کارەی ئیسرائیل دەیکات بەپشتیوانی هاوپەیمانەکانی لە رۆژئاواو و ئەمریکا، تۆڵەکردنەوەی کاریگەری قوربانیەکانی هێرشەکەی حەماس نیە! سیاسەتێکی پێشینەی پاکتاوکردنە بۆ دەرچونی ئیسرائیلە لەو قەیرانانەی هەفتا ساڵە لەبەرامبەر کێشەی فەلەستیندا دەرگیریەتی. لەهەمانکاتدا بۆ روبەربونەوەی ئەو قەیرانەیە کە ئێستا لە پەیوەند بەو ئاڵوگۆڕانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەن، پێکهاتوە. ئەوە بێجگە لەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل دەیەوێ بەپاکتاوکردنی فەلەستینیەکان پێگەی داهاتووی خۆی بچەسپێنێت و باسێکیش دەربارەی دەوڵەتی فەلەستین لەئارادا نەبێت.
لەلایەکی تریشەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خۆپیشاندانانەی لە پایتەختەکانی ڕۆژئاوا ڕوودەدەن و دڕندەیەکانی ئیسرائیل لە غەززە ئیدانە دەکەن، لەنێویاندا ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەری جولەکەکان، لە بەرگریکردن لە هەموو قوربانیەکان بەبێ جیاوازی لە دوای هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەرەوە پێشهاتوە، ئاستی ئنیسانیەتی جوڵانەوەیەکە کەتەواو پەرچەکرداری دروست لە بەرامبەر ئیسرائیل و رۆژئاواو ئەمریکادا دەردەبرێت. هەروەها لەناو خودی ئیسرائیلیشدا ئەم جووڵانەوە دژی بەربەریە، دەنگ و ناڕەزایەتیان هەیە.
لەکاتێکدا ململانێ ناڕەواکانی ئیسرائیل لەبەرامبەر خەڵکی فەلەستیندا دابەشبوون و ناڕەزایەتی لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا گەورەترکات، حەتمیە لە بەهێزبونیدا بێکاریگەر نابێت لە سەر مەزاجی گشتی و فشار دەخاتە سەر رۆژئاواو ئەمریکا بەئاقاری ئەوەی دۆخەکە بگۆڕدرێت، بەتایبەتی لە شوێنێکدا کە پرۆسەی نەچونەپێشەوەی سیاسەتەکان و بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل زیانی زیاتر بە خودی ئیسرائیل بگەیەنێت. لە ناچاریدا ئەگەری ئەوە هەیە شەڕەکە ڕاگرن، بەڵام لەئێستادا ئەم گۆڕانکاریە دیار نییە. بەڵگە بۆ ئەمەش ئەوەیە کە ئیسرائیلیەکان ئێستا بەئاشکرا باس لە پاکتاوی غەززە دەکەن بەرامبەر بە زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی لە غەززەدا کە سەرگەردان کراون، بەبەرچاوی وڵاتانی ڕۆژئاواوە، ئەم پاکتاوکردنە لەباری جێبەجێکردندایە و بەری پێناگرن و بەردەوامن لە پیلانێکی پر شەرمەزاری و بەئاشکرا کاری لەسەر دەکەن، بە بۆردومان و وێرانکاری و کوشتاری بەکۆمەڵ و هێرشی سەربازی شاڵاوێک پیادە دەکەن کە دانیشتوانی غەززە ناچار بە ئاوارەیی بن.
مەگەر سەرنەکەوتنی هێزی سەربازی ئیسرائیل لەبەرامبەر بەرەنگاری یان ڕوداوێکی کوتوپڕدا بەرەوڕوبێتەوە، یان ئاستی شەڕەکە پەلبهاوێت و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە، ئەمەش بە ئەگەری دەخالەتی ئێران و هاوپەیمانەکانی روئەدات و ناوچەکە تەواو دەشێوێنێت و ئاگری شەرەکە وەها گەورە دەکات، ئەگەری ئەوە دێنێتە پێشەوە ئەم پلانی پاکتاوکردنە بە کارەساتی تر پاشەکشەی پێبکرێت. لەمانە گرنگتر و کارسازتر بەهێزبونی ئەو ناڕەزایەتیە بەرفراونە جەماوەریە جیهانیەیە کە ئێستا لەمەیداندایە و دژ بەو داگیرکاری و هێرشە بەربەریە هەڵوێستیان گرتووە، کە بەرامبەر دانیشتوانی فەلەستین دەکرێت. لەهەمانکاتدا پێداگری لەسەر دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل دەکات.




کۆمەڵکوژی نەخۆشخانەی مەعمەدانی، گەورەترین کارەساتی کۆمەڵکوژیە لە مێژووی فەلەستیندا.. عوسمانی حاجی مارف

لە تاوانێکی جەنگی ڕوون و لە کردەوەیەکی مێژوویی بێوێنەدا، فڕۆکەکانی ئیسرائیل نەخۆشخانەکانیان کردۆتە ئامانج، لە ئەنجاندا کۆمەڵکوژی نەخۆشخانەی مەعمەدانی، گەورەترین کۆمەڵکوژیە کە تا ئێستا ئیسرائیل بەسەر گەلی فەلەستیندا سەپاندویەتی.
لە نێو قوربانیەکاندا پەنابەران هەبوون، کە بۆ دەربازبوون لە بۆردومانی ئیسرائیل بەرەو نەخۆشخانەکان هەڵاتوون، چونکە پێیان وابووە ئەم شوێنە سەلامەتە.
بەشێک لەو کەسانەی کە هەڵاتوون بۆ نەخۆشخانەکە ڕایانگەیاندووە، کە ئاگادارکراونەتەوە خاچی سوور پەیوەندی پێوەکراوە لەلایەن ئیدارەی نەخۆشخانەوە، کە نەخۆشخانەکە بە یاسا نێودەوڵەتیەکان پارێزراوە، بۆیە زۆرێک پەنایان بۆ نەخۆشخانەکە بردووە، بە تایبەتی دوای ئەوەی هەندێک ڕاپۆرت ئاماژەیان بەوە کرد کە ئیسرائیل گەڕاوەتەوەو ئیدارەی نەخۆشخانەکەی دڵنیا کردووەتەوە کە نەخۆشخانەکان ناکاتە ئامانج.
قێزەونی بۆردمان و تاوانی کۆمەڵکوژی نەخۆشخانەکان کە تاوانێکی بە مەبەست و بە ئەنقەست و پلانداڕێژراوە و ئیسرائیل ئەنجامیداوە، لە ئاستێکدایە بۆ خەمڵاندی تاوانی جەنگی، گەر دادگایەکی باڵادەستی جیهانی مانای هەبێت، دەبێت دەست بەجێ تاوانبارانی ئەم کارەساتەی کە ئاشکرایە سەرکردەکانی دەوڵەتی ئیسرئیلەو بە سەرۆکایەتی ناتانیاهۆ بەڕێوەدەبرێت، دەستگیربکرێن و دادگایی بکرێن و لەسەر کار دورخرێنەوەو بڕیاری وەستانی ئەم شەرە ڕاگەیەنرێت، بەڵام ئاشکرایە تەواوی دەزگاو دامەزراوە جیهانیەکان لەبەرامبەر نەخشەو بەرژەوەنیدیە سیاسەکانی ئەمریکادا، بە تەواوی لەکار خراون و نوزەیان نەماوە.
بەردەوامی بەم داگیرکاریەو هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە هیچ شێوەیەک بەری پێناگیری و لە چەندین شوێنی تردا بۆ چەندین جار دوبارە دەبێتەوە، بەربەریەتێک سەرکردەکانی ئێستای ئیسرائیل پیادەی دەکەن، هیچ پەیوەندیەکی بە تۆڵەسەندنەوەو وەرگرتنەوەی گیراوەکانی لای حەماسەوە نیە، ئەمە هەوڵی جینۆسایتی دانیشتوانی فەلەستینە، بۆ پاراستنی دەوڵەتێکی دینی کۆنەپەرست و زایۆنیزم و فاشست بەسەر ناوچەکەدا، قوربانیەکەی دەبێت خەڵکی فەلەستین بیدات.
کۆمەڵکوژیەکەی نەخۆشخانەی مەعمەدانی، بە ئەنقەست بووەو بە هەڵە ڕووی نەداوە، چونکە نەخۆشخانەکە بە دوو مووشەکی سیخوڕی لە نزیکەوە کراوەتە ئامانج، هەروەها فڕۆکەوانی ئیسرائیلیش یەکێکە لە بەهێزترین هێزە ئاسمانیەکانی جیهان و ئامێری چاودێری پێشکەوتوو چەکی زیرەکیان هەیە، ئەم تاوانە بەجۆرێکە تەنانەت موشەکە زەبەلاحەکانی ڕووسیاش وێرانکاریەکی هاوشێوەیان بەسەر ئۆکرانیادا نەگەیاندووە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردەکانی ڕۆژئاوا، کە گڵۆپی سەوزیان هەڵدا بۆ لەناوبردنی کەرتی غەززە، دەزانن کە ئامێری جەنگی ئیسرائیل جیاوازی ناکات لەنێوان مەدەنی و سەربازیدا، بەڵکو بە شێوەیەکی گشتی خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج، بۆیە بەهەمان ئاستی تاوانی بە ئەنقەست و پلاندانان بۆ تاوانەکە، ئەمریکاو ڕۆژئاواش بەرپرسن و دەبێت دادگایی بکرێن.
پێم وایە ئەم تاوانە کۆمەڵکوژیە ناشرینترین کۆمەڵکوژی بێت لە مێژووی ململانێی خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیلدا، ئەگەر ئەم تاوانە لە هەر شوێنێکی تر ڕووی بدایە، جیهانی ڕۆژئاوا پەلەیان دەکرد لە دادگایکردنی تاوانبارانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئەگەر لە ئۆکرانیا ڕوویبدایە، بەهاترین چەکی بە بەملیارەها دۆلاریان بۆ دەناردن.
ئەم دۆخەش ئەوەمان پێڕادەگەیەنێت کە چۆنیەتی بەربەریەتی ئەم داگیرکاری و هێرشانەی ئیسرائیل، بۆ سەر خەڵکی فەلەستین بە ئاگادری ئەمریکاو ڕۆژئاوا، یەکەم کۆمەڵکوژی نییە کە ئیسرائیل ئەنجامی بدات، دواهەمینیش نابێت، بەجیا لەمەش ڕوی هەرە ناشرین و بۆگەناوی دیموکراتیەتی ئەمریکاو ڕۆژئاوای خستۆتە سەربەڕە، بەمەش هەر لایەنگریەک بۆ ئیسرائیل و ئەمریکاو ڕۆژئاوا، ڕیسوایی و هاوبەشیە لە تاوانەکاندا.




وەستانەوە لەبەرامبەر دڕندەیی دەوڵەتی ئیسرائیلدا.. عوسمانی حاجی مارف

هێرشەکان و توندوتیژی بۆردومانی بێبەزییانەی دژی دانیشتوانی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەتایبەتی بۆردومانی بیمارستانی مەعمەدانی لە غەززە، نیگەرانی جیهانی وروژاندوە. لەم ئاراستەیەشەوە سەرەتای شەڕێکی گەورەی بەرفراوانی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکردووە. بەتایبەتی ئەم نیگەرانیە زیاتر فەلەستینیەکانی گەمارۆدراو لە غەززە دەگرێتەوە. بەڵام ئەوەی مەترسیدارترە پێشبینی ئەوە دەکرێت، کە پەرەسەندنی ئەم هێرش و ململانێیە شەڕێکی ناوچەیی مەترسیدارو گەورەتری وێرانکەر بێنێتە ئاراوە. لەکاتێکدا هیچ کام لە لایەنە سەرەکیەکانی ئەم ململانێیە، جگە لە حەماس، لەگەڵ شەڕێکی لەم شێوەیەدا نین و سوودێکی نیە بۆیان، بەڵام ململانێی لایەنەکان و ڕوداوەکان، بەجۆرێک ئەگەری مەترسی ئەو شەڕە فراوانەیان فڕێداوەتە مەیدانی ناوچەکەوە، کە سیناریۆی ئایندەیەکی ئاڵۆزو ترسناک و پڕکارەساتی کۆمەڵکۆژی چاوەڕوانکراو بەرجەستە دەکاتەوە، هۆکاری سەرەکی ئەم ئاراستەیە لە ناواخنی بەرژەوەندی سیاسەتی فاشستیانەی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە دژی چارەنوسی فەلەستینیەکان هەڵدەقوڵێت، بە پاڵپشتی بێمەرجی دەوڵەتی ئەمریکاو حکومەتەکانی ڕۆژئاواو دەزگاکانی پڕوپاگەندەیان کە ڕێخۆشکەرو هاندەری ئەم بەربەریەتەن.
لەڕاستیدا لەگەڵ تەواوی ئەو تاوانانەی ڕۆژانە لە غەززەدا دەبینرێن، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بەرنامەداڕێژراوی پێشوەخت نییە کە ئیسرائیل یان بنیامین ناتانیاهو بیانەوێت مەودای شەڕەکە فراوانتر بکەن، ئەم حاڵەتەی ئێستاش لەو توندوتیژیەی بەرامبەر فەلەستینیەکان ئەنجامی ئەدەن، بۆئەوەیە لەم رێگە نائینسانیەوە گورزێکی گەورە لە حەماس بدەن، تا بەم کردارە قێزەونە ئیعتباری هاوسەنگی هێز بۆ ئیسرائیل و دەسەڵاتی ناتانیاهو بگەڕێنرێتەوە.
ئیسرائیل نزیکەی ٣٦٠ هەزار سەربازی یەدەگی خۆی بانگهێشت کرد، کە گەورەترین بانگهێشتکردنە لە مێژووی خۆیدا، ئەمەش ئامادەکاریەکە بەمەبەستی هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە. ئەم هێرشە گەر ئەنجام بدرێت، ڕێڕەوی شەڕەکە دەگۆڕێت بەرەو ئاراستەیەکی فراوانترو دەبێتە زەمینەسازی بۆ کاردانەوەو دەخالەتی لایەنەکانی تر لەم شەڕەدا، بەڵام گەر دەوڵەتی ئیسرائیل بتوانێ لەڕێگەی بۆردومانەکانیەوە ئامانجەکەی بپێکێت، خۆی لە ڕیسکی ئەو هێرشکردنە زەمینیە دەپارێزێت. ئەمەش گێژاوێکە ڕووبەڕووی حکومەتی نەتانیاهو بووەتەوە، کە ئاخۆ لەکوێدا ئەتوانێت ئامانجەکەی بپێکێت، کەی گونجاو دەبێت کۆتایی شەڕەکە ڕاگەیەنێت، چونکە بێتوانایی لە هێرشکردنی زەمینی و مامەڵەکردن لەگەڵ دەرئەنجامەکانی ئەم شەڕەدا، بەهەر هاوپشتیەک لەلایەن ئەمریکاو ڕۆژئاواوە دەکرێت، زەحمەتە لە چاوەڕوانی شەڕێکی فراوان و سەرتاسەریدا خۆی ڕاگرێت و بەسەلامەتی لێی بێتە دەرەوەو زامنی سەرکەوتن بکات.
ناتانیاهو لە بەرامبەر قەیرانێکی گەورە ڕووبەڕو دەبێتەوە، ئەگەر لە دوو بەرەدا شەڕی هێرشی زەمینی بکات. لەلایەک لە غەزەو لەلایەکی تر لە بەرامبەر حزبولڵادا. جگە لەوەی گەر ئاراستەی شەڕەکە بەو جۆرە پەلبهاوێت بۆ چەند بەرەیەک، ئەوکات لایەنی تر کێشدەکات بۆ ناو مەیدانی شەڕەکە، وەک ئێران و سوریاو عێراق و هێزە میلیشیاکان. ئەوکات لەم شەڕەدا جگە لە وێرانکاری و قوربانیەکی بێشومارتر، دۆڕاو یا براوە نادیار دەبێت، بەڵام زیاتربونی کوشتار و کارەساتەکان مسۆگەر دەبن..!
هەر لەبەر ئەم هۆکارانەش حزبولڵاو و ئێران جگە لە دروشمی هەڕەشە بەرامبەر ئیسرائیل، لەباری عەمەلیەوە دیار نیە کە بیانەوێت خۆیان بخەنە ناو ململانێ و شەڕەکەوە. هەرچەندە ئاماژەیەک هەیە کە پێیانوایە حەماس بۆ هێرشەکەی هەماهەنگی لەگەڵ ئێران و حزبولڵادا کردبێت، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی ڕۆشن نیە کە ئەم ڕێکەوتنە بسەلمێنێت. ئەوەشی کەڕویداوە ئەوە نیشان ئەدات تەنها حەماس بۆخۆی نەخشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیلی داڕشتوە. دوای هێرشەکانی حەماس هیچ هێرشێکی هەمەلایەنە لە باکورەوە ڕووی نەداوە، هیچ بەڵگەیەکیش نیە کە ئامادەیی بۆ کرابێت، ئەوش بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی نالەباری ئابووری و سیاسیە لە لوبناندا بواری ئەو فرسەتەی نەداوە، چونکە لە ئێستادا شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل دەتوانێت ببێتە هۆی داڕمانی زیاتری لوبنان.
پێموایە بەهەمانشێوە ئێرانیش سوود لە شەڕێکی فراوانی سەرتاسەری وەرناگرێت. ئێران ململانێیەکی سنوورداری لەگەڵ ئیسرائیل پێ باشترە نەک شەڕێکی ئاشکرا. بەتایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران تازە یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکانی بەردەم دەسەڵاتەکەی خستۆتە کەنارەوە. دوای تێپەڕبوونی ساڵڕۆژی کوژرانی مەهسا ئەمینی تاڕادەیەک هەناسەیەکی ئاسوودەیی هەڵمژیوە. جگە لەوەش ئابوری ئێران لە قەیراندایەو ئێستا سەرنجی سەرەکی کۆماری ئیسلامی لەسەر ڕێککەوتنە لەگەڵ واشنتۆن بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندن و ئازادکردنی پارەی ئێران و سووککردنی سزاکانی سەر فرۆشتنی نەوتی ئێران. ئێران لەم هێرشەی حەماس سەری سوڕماوەو لەم بارەیەوە هەماهەنگی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسدا نەبووە، بەڵام ناتوانێ پشتیوانی لە حەماس فەرامۆش کات. لەهەمانکاتدا ئێران ئاماژەی بەوەداوە ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە بۆردومانی غەززە، ناچار دەبێت دەخالەت بکات. ئەمەش واقعیەتێکی نەخوازراوو نەگونجاوە کە لە بەردەوامی شەڕەکەدا ئێران ناچار دەبێت بەجۆرێک لەم شەڕەوە بئاڵێنێت.
سیاسەتی ئیدارەی بایدنیش، پاش زنجیرە شکستەکانی ئەمریکا لە نەخشەو سیاسەتەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە ڕوودانی ئەم هێرشەی حەماسدا کەوتۆتە بەر گێژاوێک کە زەحمەتە بۆی ڕاگرتنی هاوسەنگی بکات لە نێوان شەڕی ئۆکرانیا، قەیرانی لەگەڵ چین لەسەر تایوان، کێشەو کودەتا لە ئاڵوگۆڕی چەند حکومەتێک لە ئەفریقادا، هەروەها هەڵگیرسانی شەڕێکی سەرتاسەری لە ناوچەکەدا بە قازانجی ئەمریکا نابێت، چونکە ئاستی کێشمەکێشی بەرامبەر روسیاو چین و هەر ووڵاتێکی تری زلهێزی دنیا زیاتر دادەبەزێنێت.
بەگشتی ووڵاتانی عەرەبیش لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوچەیدا بە شکستێکی گەورە دێنە دەرەوە، لە میسرەوە تا سوریا و سعودیە، هیچ دەستکەوتێکیان لە شەڕێکی هەمەلایەنەی ناوچەیدا نییە. میسر ترسی هەیە لە لێشاوی غەززەیەکان بە ژمارەیەکی زۆرەوە بۆ ناو سینا. دوای دە ساڵ لە قەیران و دابەزینی ئابووریەکەی لە بەرجەستەبونەوەی ئەم شەڕەدا فڕێ بدرێتە بەر دەرگای کۆتاییەوە، لە سوریاش ئەسەد سەرقاڵی ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانیەتی لەگەڵ ووڵاتانی عەرەبی و گەڕانەوە بۆ ناو جامیعەی عەرەبی، لەپێناو گەڕاندنەوەی شەرعیەتی سیاسی ئەسەدو دەرچونیان لە قەیرانی ئابوری.
شازادەی جێنشینی سعودیە، کە لە ڕێگەی هەوڵی ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بوو، لە ئەنجامی بۆردومانی غەززەدا دەرگیر بە ناکۆکیەک بوە، ناچارکرا ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێت، چونکە ئەگەری شەڕێکی سەرتاسەری، تەحەدایەکی گەورەیە بۆ سەر سعودیە و شازادەکەی کەبیەوێت خۆی وەک سەرکردەیەکی بێڕکابەری جیهانی عەرەبی جێگیر بکات.
بەگشتی ئەوەی ڕەچاو دەکرێت هەموو لایەنەکان ئەم شەڕەیان ناوێت و لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکاندایە کە ڕێگری لە شەڕی سەرتاسەری پەسەند بکەن. لەبری شەڕ، پێویستیان بەئاساییبونەوەو ئارامی ناوچەکەیە بۆ سەرمایەگوزاری، بەڵام بە شێوەیەک لایەنەکان بە مامەڵەی دۆخەکەوە سەرقاڵن، لە ئاکامی ئەو گیژاوەی دەرگیری بون، بەبێ ویستی خۆیان پێشبینی ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕەکە زیاتر دەکرێت.
ئەگەر لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوام بێت و سەرکەوتو بێت لە نەهێشتنی حەماس لە غەززەدا، حزبولڵا ناچار دەبێت دەخالەت بکات، ئەم کارەش بۆ ڕزگارکردنی حەماس ناکات، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی خۆیەتی. لەم حاڵەتەشدا حزبولڵا ڕاستەوخۆ ئێران دەخاتە ناو گێژاوی ململانێکەوە.، لەهەمانکاتدا سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئێران بۆ دژایەتی فراوانکردنی شەڕەکە، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دایە ئیسرائیل لەوەی ئەگەر بۆردومانەکانی بۆ سەر غەززە ڕانەگرێت، ڕووبەڕووی “بومەلەرزەیەکی توندوتیژ” دەبێتەوە.
لە ئەگەری تێوەگلانی ئێران و حزبولڵا لە شەڕەکەدا، ئیدارەی بایدن لەژێر فشارێکی گەورەدا خۆی دەبینێت بۆ دەخالەتی لە ڕووی سەربازیەوە، سەرەڕای خواستی ئەمریکا بۆئەوەی ئەم شەڕە نەکات، تێوەگلانی ئێران و حزبولڵا دەتوانێت ببێتە هۆی تێوەگلانی واشنتۆنیش لە شەڕێکی بەرفراوانی ناوچەیدا.
ئاشکرایە کە هەر دەخالەتێکی سەربازیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە غەززەدا، یان دژ بە حزبولڵاو ئێران ئەنجام بدرێت، ئاکامەکەی پەرچەکرداری هێرشی گەورە دەبێت بۆ سەر هێز و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، کە پێشتر میلیشیاکان لە عێراق و لە یەمەن هۆشداریان داوە لە فراوانبونەوەی شەڕەکەدا، لە بەرامبەر هەر دەخالەتێکی ئەمریکادا کاردانەوەیان دەبێت، لەهەمانکاتدا روسیاو هاوپەیمانەکانی بێدەنگ نابن.
سەرەڕای زانیاری و ئاگاداری واشنتۆن لەو مەترسیە گەورەیەی کە ئەگەری ئەوەی هەیە کردەوەکانی ئیسرائیل لە غەززە بیانخاتە ناو شەڕێکی هەمەلایەنەی ناوچەییەوە، کە نە خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو نە ئیسرائیل دەکات. بۆیە هۆشداریدانی ئەمریکا تەنها بە حزبولڵا و ئێرانە کە خۆڕاگری و ئارامی پێشنیار دەکات بۆیان، بەبێئەوەی هەمان داواش لە ئیسرائیل بکات، بە ئەگەرێکی زۆرەوە کردارەکانی ئێستای ئیسرائیل دەبێتە هۆی ئەو سیناریۆ کارەساتبارەی کە خودی ئەمریکاش لێی دەترسێت.
ئەم هەڵوێستەی بایدن کە تەنها ئامۆژگاری نادروست بەئیسرائیل دەدات، بەجیا لەوەی دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی هەزاران ئەمریکی لە جەنگێکی تری بێمانا و نا پێویست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەهەمانکاتدا بایدن شکستێکی گەورەی تر لە ناوچەکەدا بۆ ئەمریکا تۆمار دەکات لەسەر حسابی قوربانیدان بە سەدان هەزار لەخەڵکی بێتاوان.
بەگشتی دەتوانین ئەوە بڵێین ئەو کردارە نابەرپرسانەی حەماس بە جۆرێک دۆخەکەی شڵەقاندووە، کێشەکان و ململانێی لە ئاستی جیهان و ناوچەکەدا خستۆتە بەردەم هەلومەرجێکی پێچیدەی وەهاوە، کە لایەنەکان لەگەڵ رێڕەوی ڕوداوەکاندا ناتوانن نەخشەیەکی ڕۆشن و گونجاو بۆ مامەڵەی دۆخەکە بەدەستەوە بدەن.
جێبەجێکردنی ئەو نەخشە نائینسانی و سەرسوڕهێنەرەی حەماس لە بەرامبەر ئیسرائیلدا نیشانیدا، بەجیا لەوەی دۆخەکەی بە جۆرێک شڵەقاندو ناوچەکەی لەبەردەم مەترسی و کارەساتی گەورەدا بەرەوڕوو کردۆتەوە. بەڵام لە هەمانکاتدا کێشەی فەلەستین کە ماوەیەکی زۆرە خەوێندراوەو بێدەنگی لێکراوە، خستەوە بەردەمی ڕای گشتی لە جیهاندا. ئەمەش ئەو ئاکامە ئەدات بەدەستەوە، کە هەر جۆرە مامەڵە و بەرخوردێك، لە بەرامبەر دۆخی ناوچەکەدا بە هەڵگیرسانی شەڕی بەرفروان بگات، یان لە کۆتایی شەڕدا، یاخود بەرگرتن بەم شەڕە، پێویستە بەجدی کێشەی فەلەستین لەسەر مێزی تەواوی لایەنەکان دابنرێت و یەکلایی بکرێتەوە، چونکە هەر بەرنامەیەک بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخەکە پێش شەر یا دوای شەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە بێ یەکلاییکردنەوەی ئەم کێشەیە، ئەگەری دوبارە بونەوەی نمونەی کردارەکانی حەماس و هێرشی دڕندانەی ئیسرائیل و بەردەوامی لە نائارامی و ناجێگیری سیاسی لە ناوچەکەدا بەردەوامی دەبێت.
ئەوەش پێویستە لەم هەلومەرجەدا ئاماژەی پێبدەین و خاڵی لەسەر دابنێین، هێرشە وێرانکاری و دڕندانەکانی ئیسرائیلە لە بەرامبەر خەڵکی بێتاوانی فەلەستیندا، بۆتە جێگای بەڕێخستنی ناڕەزایەتی جەماوەرێکی بەرفراوان لە جیهاندا، کە خواستی ڕاگرتنی شەڕو سەرکۆنە کردنی کردارەکانی ئیسرائیل، ناوەڕۆکی جوڵەو دروشمەکانیانە. ئەم ناڕەزایەتیەش لە بەرەیەکی ئینسانی و ئازادیخوازی بەرفراوانە، کە بەمانای بەرگری لە ژیان و گوزەران و دابینکردنی ئارامی و ئاسایش بۆ خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل نیشان ئەدات، نە لایەنگری حەماسەو نە لایەنگری دەوڵەتی ئیسرائیلە. ئەوەی پێویستە لە ڕێکخستنی ئەم بەرەیەدا بەرجەستە بێتەوە، بەجیا لەوەستانەوەیان بەرامبەر شەڕی بەربەریانەو تاوانەکان و داگیرکاریەکانی ئیسرائیل، پێویستە پێداگری و فشارهێنان بێت بۆ چارەسەری کێشەی فەلەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین، بەهێزبونی ئەم بەرەیە لەگەشەسەندنی خۆیدا ئاراستەی دابینکردنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خەڵکە لەدەسەڵاتی سیاسیدا، ئەمەش کە ڕێگایەکە بۆ ڕزگاری بەشەریەت لەم نەهامەتی و کارەساتانەی کە گەورەترین نائاسایشیان بۆ ئینسانەکان بەرهەم هێناوە.




نابێت هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا قەبوڵ بکرێن!.. عوسمانی حاجی مارف

دەستپێکردنەوەی هەڵەشەیی هێرشەکانی ئێستای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق، بەبیانوی لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان، کەفڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێزی پیادەی بەکارهێناوەو زیانێکی گیانی زۆری لیکەوتۆتەوە، دۆخێکی تەواو نائاسایشی لە ناوچەکەدا خولقاندوە، دەبێت دەست بەجێ مەحکوم بکرێت بەری پێبگیرێت.
بەڵام ئەوەی جێگا سەرنجە دەبینین لەهەمانکاتدا مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێک بەر لە دەستپێکردنی ئەم هێرەشە، لە ئانکەرە بوە و لەگەڵ ئەردوغان و هاکان فیدان کۆبۆتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ لێدوانێکی رۆشن دەربارەی ئەو کۆبونەوەیە راگەیەنن. دواتریش وەک دیمان کارەساتەکانی ئەو هێرشە بارزانیەکانی نەجوڵاند. هەروەها لەم بارەیەوە ئەوەی شایانی باسەو جێگای سەرنجی جدیە سەرۆکی تورکیا سەبارەت بە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێم، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردوە، سوپاسێک بەمانای سەلماندنی دڵسۆزی بارزانی بۆ حکومەتی تورکیا، کە ئامادەیە تەواوی خەڵکی کوردستان بکاتە قوربانی بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیا.
تورکیاش بەرلەوەی هێرشەکانی دەستپێبکات، بۆردومانەکانی بۆسەر چیای مەتینا بەردەوام بوون. لەولاشەوە بەبێدەنگی کۆبوونەوەکانیشیان بەسادەیی تێپەراندووە.
ئامانجی تورکیا لەم هێرشە درندانەیەیدا دەستبەسەرداگرتنی پێگەیەکی ستراتیژییە لەناو هەرێمی کوردستاندا. لەهەمانکاتدا ئەگەری ئەوەش زۆرە کە تورکیا بۆ تێکدانی زیاتری دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و قوڵکردنەوەی زیاتری قەیرانەکان، ئەم هێرشانە دەکات، تا دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمدا زیاتر بخاتە ژێر هەژمۆنی ئایندەی بەرژەوەندیەکانی خۆی لە ناوچەکەدا، جا حکومەتی هەرێم هەڵدەوەشێت یان دەمێنێتەوە، حکومەتی تورکیا لە هەر حاڵەتێکدا بێت، دەبێت بەرژەوەندیەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بپارێزیت. یان بەمشێوەیە لە هەوڵی ئاسانکاری زیاترە بۆ دەخالەتی زیاتر لە ناوچەکەدا، تا دەستکەوتەکانی لەو ئالوگۆرانەی پێشبینی دەکرێن، دابین بکات، هەروەها بارزانیەکانیش خۆیان رادەستی واقعیەتی هەلومەرجێکی وەها کردووە، کە نازانن لەم کێشمەکیشەدا ئایندەیان چی بەسەردێت. ئەمەش جۆرێکە لە هەرەسهێنان، کە خۆیان خزاندۆتە ناو جۆلانەی گەمەی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، کە لەئێستاوە قوربانیەکانی دەبینرێت.
لەپێش ئەم هێرشەشدا، تورکیا دەستی گرتووە بەسەر زۆر شوێن و لەچەند ناوچەیەکیشدا بنکەی سەربازیی خۆی داناوە. لەسەر بنەمای خودی ڕاگەیەندراوەکانی تورکیا، زیاتر لە ٣٥ بنکەی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا دامەزراندوە. ئەمە ئامادەکارییەکی سادە نیە، بەڵکو چاوەروانی و دەخالەتێکە بۆ خۆ گونجاندن و بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی زیاتر لە هەر ئاڵوگۆرێک کە بەسەر ناوچەکەدا بەرجەستە دەبێتەوە.
لەبارەی ئەو هێرشە ئاسمانیانە بۆ سەر ناوچەکانی هەرێم، هەڵەیە ئەوەی ئێستا تورکیا ئەنجامی دەدات لە بۆردومان و کوشتن و کاولکاری و ئاوارەیی تەنها بە لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان لێکبدرێتەوە. ئامانجە سیاسیەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا زۆر لە لیدانی پەکەکە فراوانترو هەستیارترە. هەر لەپێناو بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی و پاراستنی پێگەیەکی بەرز لە ناوچەکەدا، پرسی کوردیان کردۆتە پرسێکی ئاڵۆز و دڕکاوی، بەناوی لیدان لە پەکەکەش بە هەمولایەکدا پەلدەهاوێژن. بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی پەکەکە، هەزاران کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی ناوچەکەیان داگیرکردووەو بە ئارەزوی خۆیان مانۆری سەربازی دەکەن و پێگەو تواناییەکانی تورکیا نمایش دەکەن و بەدوای سەرکەوتن و ئەو دەستکەوتانەن کە رێرەوی سیاسی لە ناوچەکەدا پێیان دەسپێرێت..
لە کوردستانی سوریا، دەوڵەتی تورکیا عەفرین و سەرێکانیە و گرێ سپی داگیردەکات. ئێستا ژێرخانی ئەو ناوچانە بۆردومان دەکات کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکراون. ئامانج لێی چۆڵکردنی ئەو ناوچانەیە لە هێزە کوردیەکان، لە پشتی ئەمەشەوە ئامانجی ئەوەیە گۆڕانێکی دیمۆگرافیای ڕیشەیی بهێنێتە ئاراوە بە زیانی هێزە کوردیەکان.
هەڵبەتە حکومەتی تورکیا پێویستی بە بیانوو نەبووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزو گروپە سیاسیە کوردیەکان و سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان. هەمیشە لە نێو باقی وڵاتانی تردا پلەی یەکەمی هێناوە کە لە شەڕکردن و ڕاوەدونانی هێزە کوردیەکان، بگرە سەرکوتکردن و چەوسانەوەی خەڵکی کورد زمان و پێشێلکردنی مافەکانیان لە ناوخۆی تورکیا و لە دەرەویدا، لەمێژوی رۆڵی ناسیۆنالستی تورکدا زۆرترین زیانیان بە کوردەکان گەیاندوەو دەگەیەنێن، بەبێ گوێدانە ئەوەی چەکدار بێت یان مەدەنی.
ئەم بەربەریەتەی تورکیا لە ناوچەکەداو بە تایبەتی کە لە کوردستاندا پیادەی دەکات، شێوازی هەمان بەربەریەتە کە ئیسرائیل بەرامبەر خەڵکی فەلەستین ئەنجامی ئەدات. کارێکە مەحکومە و پێویستە بەرەی ئینساندۆست و ئازادیخواز بێدەنگ نەبن و بەری پێبگرن. لەهەمانکاتدا ئەو هیزانەش بەرژەوەندی سیاسی هیزەکەیان لەم درندەبونەی دەوڵەتی تورکیا دەبیننەوەو پشتیوانی دەکەن، پێویستە ریسوا بکرێن و لەسەر شانۆی سیاسی بکرێنە دەرەوە.




کۆنگرەیەکی لاواز یان ناسیۆنالیستێکی شکستخواردوو؟.. عوسمانی حاجی مارف

بەهێزترین چاوەڕوانیەکانی ناو پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژەیان بۆئەوە کردوە، کە سەرۆکبونی بافڵ تاڵەبانی یەکلاییکرایەوە. لەڕێگەی ئەو لێدوانانەش کە بۆ میدیاکان دراوە، کۆنگرەکە بۆ شەرعیەتدان بە تایبەتمەندی سەرکردایەتیکردنی بافڵ تاڵەبانی لە یەکێتی نیشتمانیدا داڕێژراوە، لەهەمانکاتدا ئاماژەن بۆئەوەی کە کۆنگرەکە سەرۆکبونی بافڵ بۆ حزبەکەیان پیرۆزکرد.
هەروەها هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکێک بوە لە ئەرکەکانی کۆنگرەی پێنجەم، بەو ئاراستەیەی ناوەندگەرایی حزب بەهێزتر دەبێت. ئەو ناوەندگەریەی لێرەدا ئاماژەی پێکراوە، واتە هەڵوەشاندنەوەی سەرکردایەتی هاوبەش لەناو ئەو حزبەدا کە لە کۆنگرەی چوارەمەوە پەسەندکرابوو، واتە ئەرکی سەرکردایەتیکردن یەکلایەنە بە بافڵ تاڵەبانی سپێردرا.
هەڵبەتە پێش کۆنگرە تەواوی ئەو نەخشانەی بۆ یەکلاییکردنەوەی پەسەندکردنی سەرکردایەتی بۆ بافڵ و گۆڕینی پەیڕەوی ناوخۆ هەنگاوی بۆ دەنرا شاراوە نەبون. تەواوی ئەندامانی یەکێتی ئەوانەی بەشداری کۆنگرەکە بون و ئەوانەش بەهەر هۆکارێک بەشدارییان نەکرد، ئاگاداری ئەم ئاراستەیەن کە یەکێتی نیشتمانی لەم کۆنگرەیەدا پاکسازیەکی ڕێکخراوەیی لە ئاستی سەرکردایەتیەکەیدا دەکات.
مەسەلەیەک پێویستە بیخەینە بەرچاو، یان ئەو سەرنجانەی لەسەر ئەم کۆنگرەیە پرسیاری دروستکردوە، بەتایبەتی بەشێک لەو سەرکردایەتیەی پێشووی یەکێتی کە بافڵ دەستبەرداریان بووە، نیگەرانن و دەڵێن ئەم کۆنگرەیە کۆتایی یەکێتیە، یان ئەو یەکێتیەی جارانی جەلال تاڵەبانی نامێنێت، یان یەکێتی لە قەیرانێکی ڕێکخراوەیی و نەبونی ڕابەریەکی کارادا گەمە سیاسیەکانی دەکات.
ئەم قسانەو هەر دەستەواژەیەکی تر کە بەدەوری ئەوەدا پرسیار دروست دەکەن، کە بنبەست و قەیرانەکانی ناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی دەخەنە ئەستۆی ناکارایی سەرکردایەتی کوڕەکانی تاڵەبانی و لاوازی ئەم کۆنگرەیەش هەر لەو چوارچێوەیەدا دەخەمڵێنن. ئەوەی کوڕەکانی تاڵەبانی و دەستەوتاقمەکەیان توانایی سیاسیان لاوازە، گومانی تیا نیە، بەڵام ئەوە نادروستە ئاستی کێشەو قەیران و بنبەستی یەکێتی نیشتمانی لەو چوارچێوەیەدا لێکبدرێتەوە کە کوڕەکانی تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتی بە ناکارا پێناسە دەکرێن، بەدوای ئەوەشدا ئاستی لاوازی کۆنگرەکەش بە هەمان پێوانە دیاری بکرێت.
ئەوەی پێویست دەکات با لە چوارچێوەی لێکدانەوەکانی کەسانی ناڕازی لە بەرامبەر سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی و لایەنگرانی سەرکردایەتی ئێستا بێتە دەرەوە، بە تایبەتی لە بەرامبەر ئەوانەی کە جەلال تاڵەبانی دەکەنە سومبل و هێمای بێوینەی ڕێبازێکی سەرکەوتوی سۆشیال دیموکرات لە کوردستاندا. گوایە خۆشیان درێژە بەهەمان ئەو ڕێبازەی “مام” ئەدەن، باشتر وایە ئەوەیان بۆ ڕاست کەینەوە کە جەلال تاڵەبانی و هەڤاڵەکانی هەر لەسەرەتاوە نمونە و هێمای بزوتنەوەی بنبەست و بێئاسۆی کوردایەتیان لە خۆیان نیشانداوە، بۆ ئەم جۆرە ئەزمونەش دەکرێ ئەم خالانە دیاری بکەین؛
یەکەم/ بەجیا لەوەی بزوتنەوەی کوردایەتی هەر لەسەرەتاوە بزوتنەوەیەکی نا کامڵ و فەلەج بووە، بەو مانایەی بۆرجوازی کوردی نەیتوانیەوە هاوشانی بۆرجوا ناسیۆنالستەکانی دەوروبەری، بەسەربەخۆیی لەگەڵ سەرهەڵدان و گەشەی سەرمایەداری لە ناوچەکەدا خۆی بگونجێنێت، بەڵکو بە پێگەیەکی لاوازو خۆهەڵواسین و پاشکۆ بون بە بۆرجوازی ووڵاتانی ترەوە، لەگەڵ ڕێڕەوی ئابوری سەرمایەداریدا هەنگاویان ناوە. هەربۆیە زۆرجار بزوتنەوەی کوردایەتی کەوتۆتە جێگاوڕێگایەکی کۆنەپەرستانەوە وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی کۆنەپەرست لەبەرامبەر “چاکسازی کشتوکاڵی” لە دەرەبەگایەتی بۆ سەرمایەداری وەستاونەتەوە. تائێستاش کاریگەری پاشماوەکانی عەشیرەتگەریان لەسەرماوەو بەکاریدەهێنن و سودی لێوەردەگرن. پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانی وەک حزب و ڕابەری بزوتنەوەی کوردایەتی، نوێنەری سەرسەختی ئەو سومبولە کۆنەپەرستی و عەشیرەتگەریە بوون. ئەم حزبەو بەسەرکردایەتی بەرزانی لەلایەک کەزادەو بەرهەمی ئەو واقعیەتەی جێگاوڕێگای خودی ئەو بزوتنەوە کوردایەتیە ناکامڵ و فەلەج و کۆنەپەرستەیە بون، لەهەمانکاتدا بۆخۆشیان لەسەر ڕێڕەوەی پاراستن و بەرجەستەکردنەوەی هەمان ئەو ناکامڵی و فەلەجیە ڕەنگدانەوەیان بوەو هەڵسورانی سیاسیان ئەنجامداوە. لە لایەکی ترەوە دوپارچەبونی ئەو حزبە لە ناو بزوتنەوەی کوردایەتیدا، بە مەلایی و جەلالی کە هیچ ڕێڕەوێکی جیاوازی ئایدۆلۆژی و شێوازی کاری سیاسی و پراتیکی ڕێکخراوەیی تیا نیشان نەدرا، هەروەها حەتمیەتی مێژوویی بۆ قەیران و بنبەستی بزوتنەوەی کوردایەتی وەها بەرجەستەکردەوە، کە بۆ هەتاهەتایە دەبێت لایەنگرانی بزوتنەوەی کوردایەتی خەو بەیەکڕیزی کوردەوە ببینن. لەهەمانکاتدا لەسەر واقعیەتی دیاردەی خولقاندنی کارەسات بەسەر دانیشتوانی کوردستانەوە، هەمیشە حاڵەتێکی چاوەڕوان کراودەبێت.
دووەم/ گەر لە ناواخنی پێگەی لاوازو کۆنەپەرستی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە، لاپەڕەکانی مێژووی بارزانی و تاڵەبانی هەڵبدەینەوە، ئەوە ئەو لۆژیکە دێتە بەردەممان کە دوپارچەبونی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەلایی و جەلالی گورزێکی گەورەی تر بووە لە بزوتنەوەی کوردایەتی. لەهەمانکاتدا هەمیشەو بەردەوام تاڵەبانی بەهەر هەوڵ و سەختگەری و پێداگریەک کاری لەسەر کردبێت و گەورەترین هێزو نفوزی خۆی فراوان کردبێت، نەیتوانیوە لەبەرامبەر پێگەو مەوقعیەتێک کە بارزانی لە ناو بزوتنەوەی کوردایەتیدا بەدەستی هێناوەو نوێنەرایەتی کردووە وەک هێزی ئەوەڵ و حیزبی دایک ناسراوە، جێگای بگرێتەوە، تا ئەو ئاستەی جەلال تاڵەبانی دانی بەوەدا نا کە لەبەرامبەر بارزانیدا وەک کارێکی سیاسی لە ژیانیدا هەڵەی کردووە. واقعیەتی سەرنەکەوتنی تاڵەبانی لە تەواوی مێژوی هەڵسورانی ژیانی سیاسیدا لە بەرامبەر بارزانیدا، نیشانەیەکی گرنگی قەیران و بنبەست و شکستی تاڵەبانیە لە ناو بزوتنەوەی کوردایەتیدا. واتە بەمانایەک جەلالیەت هەر لەسەرەتاوە بە بنبەستی و قەیرانەوە لەدایکبووە. دامەزراندنی یەکێتیش بەهەمان پرۆسەی کێشمەکێش لەگەڵ بارزانیدا هەنگاوەکانی نەخشاندووە، کە لەناو تەواوی ڕوداوە سیاسیەکانداو لەناو بزوتنەوەیەکی ناکامڵ و فەلەج و بنبەست و بێئومێدو کۆنەپەرستدا، لە بەرامبەر پارتی و بارزانیەکاندا، کە بەهێزی ئەوەڵی ئەو بزوتنەوە کوردایەتیە ناسراوە، قوماری کردووە. تاڵەبانی تەواوی ژیانی سیاسی لەو بوارەدا بەکار هێنا، جگە لەوەی سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، دواجار عەرەقی شەرمی پەشیمانی ڕاگەیاند.
سێیەم/تەواوی هێزە سیاسیەکانی نێو بزوتنەوەی کوردایەتی بەو پێگە سیاسیەی کە لە ناو بزوتنەوەیەکی لاوازو کورتبینی کوردایەتیدا، هەڵسورانی سیاسی دەکەن، ناچار بون لەلایەک وەک هێزی چەکدارو فریادڕەس دەرکەوتەکانی هەڵسورانی سیاسیان بەیان کەن، لەلایەکی تریشەوە بە پاشکۆبون و پابەندبون بۆ نەخشەو بەرژەوەندی سیاسی ووڵاتان و لایەنی تر، هەمیشە بەبێ مەرج و بەبێ سنور ملکەچیان نواندووە. ئەو دەورانەی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لە ناوچەکە بەگشتی و لە عێراق بە تایبەتی بەرجەستەبۆتەوە، بە ئاشکراو بێپەردە تەواو لەخزمەتی نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکادا بونی خۆیان سەلماندووە. دواتریش دەستێکەڵیەکی تەواویان لە گەڵ تورکیا و ئێراندا ئەنجامداوە. لەهەمانکاتدا حکومەتی بەغداش هەمیشە قیبلەنمایان بووە.
گەرکەمێ وردتر لەسەر مەوقعیەتی تاڵەبانی و یەکێتی نیشتمانی بڕوانین، بەتایبەتی بەدوای بەدەستەوەگرتنی زۆنی سەوز، دەبینین پەیوەندی و خۆڕادەستکردنی تاڵەبانی بە کۆماری ئیسلامی زۆر لەوکاتەی کە بارزانی لە پەیوەند بە شای ئێرانەوە چارەنوسی جوڵانەوەکەی دیاری کردبو، تاڵەبانی زیاتر خۆی و هێزکەی بە ئێرانەوە بەستۆتەوە. بەمانایەک ئەمە واقعیەتی ڕۆڵی یەکێتی نیشتمانیە کە لە پاشکۆبونی بە بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە ئاشکراو بەرچاوە. لەهەمانکاتدا هیچ یەک لە بەرپرسانی باڵای یەکێتی نەک بەهیچ جۆرێک لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەدا نیگەرانی و ناڕەزایەتییان دەرنەبڕیوە، بەڵکو بەتەنها ئومێد بۆ هەڵسانەوەو سەرکەوتنی هێزەکەیان کاریان کردوە.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم جۆرە لە مامەڵەی سیاسی تاڵەبانی و یەکێتی، تەنها توانیویەتی پاریزەری هێزی چەکداری و دەسەڵاتداریان بێت لە زۆنی سەوزدا، بەڵام هیچکات نەیانتوانی هەلی ئەوە بەدەست بهێنن وەک هێزی یەکەم لە تەواوی کوردستاندا لە مەیداندا بن. ئەمەش ئەو گرفت و خاڵە لاوازەیە کە لە تەواوی مێژووی هەڵسورانی تاڵەبانیدا کێشەیەکی بنەڕەتیان بووە، بە شکستێکی گەورە لەسەر سەری تاڵەبانی و تەواوی سەرکردایەتی یەکێتیدا شکاوەتەوە.
ئەتوانین بڵێین گەر بەگشتی تەواوی کۆنگرەکانی یەکێتی بانگەوازی هەر جۆرە شانازیەک بکات بە هێزەکەیەوە، بەڵام هیچ کات نەیانتوانیوە حاڵەتی ئۆپۆزیسیۆنی لە بەرامبەر بارزانیدا تێپەرێنن. کۆنگرەی پینجەمیش لە دوو خەسڵەتدا دەناسرێتەوە؛ پابەندبوون و ملکەچی زیاتر بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها پاشەکشەی زیاتریش لە بەرامبەر پارتیدا. ئەمە نیشانەکانی هێزێکی ناسیۆنالستی شکستخواردووە، کە بەرچاو ڕۆشن نیە لەبەرامبەر ئەگەری ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانەی لە ناوچەکەدا پێشبینی دەکرێت، چۆن مامەڵەدەکات. ئەوەی شایانی باسە ئەو کەس و دەستانەی ناو ڕیزەکانی یەکێتی کە وەک ئۆپۆزیسیۆن لە بەرامبەر کۆنگرەی پێنجەم و بافڵدا وەستاونەتەوە، هیچ لاریان لەسەر ئەوەنیە کە یەکێتی تەواو بۆتە بەشێک لە کۆماری ئیسلامی. ئەتوانم بڵێم لاهورو هەر سەرکردەیەکی تری پێش کۆنگرەی پێنجەم، ئەم کۆنگرەیەیان بەدەستەوە بوایە هەمان کاری بافڵیان دەکرد بۆ نزیکبونەوەی زیاتر لە کۆماری ئیسلامی. ئەمەش ئەو ئایندە مەترسیدارەیە کە دانیشتوانی کوردستان بەگشتی و زۆنی سەوز بەتایبەتی چاوەڕوانی دەکات.
واتە لاوازی کۆنگرەی پێنجی یەکێتی لەسەر بنەمای پێگەو رۆڵی سیاسی و هاوسەنگی هیزەکەی دەپێورێت کە نەیتوانیوە لایەنی یەکلاییکەرەوەبێت لە هەلومەرجی سیاسی کوردستان و عیراق و ناوچەکەو ئاڵوگۆڕەکاندا. لەلایەکی ترەوە پەیگیری و بەرجەستەبونەوەی ئەو پاشکۆ بونەیەتی بە بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
یەکێتی نیشتمانی هێزێکە لەچاوەڕوانی ئەوەدایە کە ڕوداوەکان و ئاڵوگۆرەکان بەئاقاری کام قەدەردا چارەنوسی دەنوسێت. هەر هێزێک لە دوڕیانێکدا گیری کردبێت و ئایندەی لەدەستی خۆیدا نەبێت، هەمیشە لە دەورانی بنبەستی و لە قەیراندا دەبێت. لەئاکامدا لەبەردەم شکستێکی حەتمیدا ڕوبەڕوو دەبێتەوە، جا بە سەرکردایەتی بافل بێت یا لاهورو هەر سەرکردەیەکی تر، هەمان ئەنجامی دەبێت.




قەیرانی حەماس لە مەسەلەی فەلەستیندا.. عوسمانی حاجی مارف

هێرشی غافڵگیرانەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ خەڵکی ئەو ناوچانەی نزیکی کەرتی غەزەی لە خەو هەڵسان. هەزاران چەکداری لیواکانی عیزالدین ئەلقەسام هێرشیان کردە سەر شارۆچکەکانی تەنیشت کەرتی غەززە، بەهاویشتنی هەزاران موشەک لە غەززەوە بەرەو تەلئەبیب و قودس و شارەکانی باشوور کە ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوەتەوە.
ئەم دیمەنە شۆکهێنەرە بێوێنەیە لەلایەن فەرماندەی گشتی حەماسەوە، بەدەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی “لافاوی ئەلئەقسا ” دژی ئیسرائیل ناوزەد کرا کە نزیکەی 5 هەزار مووشەک ئاراستەی شارەکانی ئیسرائیل کرا و لەچەند لاوە هێرشی زەمینی بۆ سەر چەند ناوچەی ئیسرائیل ئەنجام دراو سەدان کەس بەدیل گیران و سەدانی دیکەش کوژران.
هیزەکانی ئیسرائیل،بە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە، بۆردومانی ناوچەکانی غەزەی ئەنجامدا، کە لەئەنجامدا بەهەزاران کەس بە کوژراو بریندار لەهەردولا بونە قوربانی، لەهەمانکاتدا وێرانکاریەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
لە ڕاستیا بابەتەکە لێرەدا ئەوەمان دەخاتە پێشچاو کە ئەتوانین بڵێین “لافاوی ئەلئەقسا” کردارێکی کوتوپر و سوپرایز نییە، واتە چاوەڕوانکراو بوو، چونکە لە ژێرڕۆشنایی ئەو سیاسەتانەی کە حکومەتی ئێستای ئیسرائیل پەیڕەوی لێدەکات، لە دوای پێکهێنانەوەی حکومەتی ئیسرائیل لە دەورەی تازەداو کۆتایی ساڵی ڕابردوو، ئەم حکومەتەی کە بە توندڕەوترین حکومەت لە مێژووی دەوڵەتی ئیسرائیلدا پێناسە دەکرێت، بەئاشکرا و بەجۆرێک کوشتنی فەلەستینیەکان ڕادەگەیەنێت و داوای قڕکردنیان دەکات. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لەم بارەیەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردبووەوە، کە پێداگری لەسەر چاودێری چۆنیەتی زیادکردنی مەترسیەکانی حکومەتی ڕاستڕەوی ئیسرائیل لەسەر ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین دەکات، دەوڵەتی ئیسرائیل هەنگاوی مەترسیدار لەبەرامبەر فەلەستینیەکاندا نیشان ئەدات.
بۆیە پەرچەکرداری هێزەکانی حەماس بەجۆرێک لە ڕەنگدانەوەی هەوڵێکدایە کە پێشوەخت دەوڵەتی ئێستای ئیسرائیل هێرشەکەی بۆ سەر دانیشتوانی فەلەستین ڕاگەیاندووە، ئەمەش ئەو فرسەتە دەخاتە بەر بزوتنەوەی حەماس کە مەرامە سیاسیەکانی و جوڵەی سەربازی لەم ڕێگەیەوە بەکار بهێنێت و کارەساتێکی لەو چەشنە پێشوەخت بخولقێنێت.
بەڵام ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم کردارە سەربازیەی حەماس و خولقاندنی کارەساتێکی لەو چەشنە، لەوە واوەترە کە تەنها وەک پەرچەکردارێک لەلایەن حەماسەوە لێکدانەوەی بۆ بکرێت، بەڵکو ئەمجۆرە لە بەکارهێنانی فرسەتێک بۆ ڕاگەیاندن و عەمەلی کردنەوە جەنگی حەماس لە بەرامبەر ئیسرائیلدا، کارێکە لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەو ئاڵوگۆڕو پێشهاتانەیە کە وەک نەخشەو پڕۆژەیەک لەلایەن ئەمریکاو ڕۆژئاواوە خراوەتە ئەجندای هەوڵدان بۆ جۆرێک لە گەڕانەوەی ئارامی سیاسی و کۆتاییهێنان بە ناجێگیری سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە ئاراستەی دابینکردنی ئاسایش بۆ سەرمایەگوزاری، کە هەنگاوەکانی ئەم پڕۆژەیە لە پەیوەندیەکانی ئەمریکا و ئێران و سعودیەو دامەزراندنەوەی حکومەتی عێراق و هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەی دۆخی سوریا… نیشانەکانی ئەو هەوڵانەن. هەڵبەتە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی لەم چەشنە دوای نزیکەی چەندین دەیە لە نائارامی و گێژاوی ناجێگیری سیاسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەئاسانی نایەتە دەست. چەندین گرفت و کێشە لە بەردەم ئەم پرۆسەیەدا خۆی مەڵاسداوە، بەتایبەتی کێشمەکێشی نێوان تەواوی لایەنەکان بەتایبەتی کێشمەکێشی ووڵاتانی زلهیزی دنیا و جیاوازی بەرژەوەندیەکانیان گرفتێكی بەرجەستەو گرانە لەم پرۆسەیەدا. گرفتێکی تری بەرچاو، بڵاوبونەوەی بەربڵاوی چەندین هێزی میلیشیاییە بەشێوازی جۆراجۆر لە پەیوەند بە هێزە قەومی و ئیسلامی و تائیفیەکانەوە. لەمانەش گرنگتر چارەسەرنەکردنی کێشەی فەلەستین و کێشەی کوردە کە هۆکارێکی جدی و مێژووی ناجێگیری سیاسیە لە ناوچەکەدا.
لەم پرۆسەیەدا هەرجۆرێک لە هەوڵدان بۆ ئارامبونەوە لە ناوچەکەدا بچێتە سەر هەنگاوی جێبەجێکردنەوە، کۆتاییهێنان بەهیزە میلیشیاکان مەسەلەیەکە کە دەبێت کاری لەسەر بکرێت. بۆیە پڕۆژەیەکی لەم چەشنە گرفت و ناکۆکیەکی فراوانی لەسەر دۆخەکەو پرۆسەی کۆتایی بە دەورو دەسەڵاتی هێزی میلیشیا پێکهێناوە. بزوتنەوەی حەماس و هەر هێزێکی میلیشیا پەلەقاژێی بەڕەنگاری لەپێناو مانەوەی هێزەکەیاندا دەکەن. ئەم کردارە “لافاوی ئەلئەقسا” لەلایەن حەماسەوە، هەر شێوازێکی توانای هونەری شەڕو بەڕەنگاری لەبەرامبەر ئیسرائیلدا ڕاگەیاندبێت و هەرلایەنێکی لە پشت بێت، بەڵام لەم هەلومەرجەدا، هەوڵدانێکە بۆ زیاتر زەمینە خۆشکردن لە پێکهێنانی دۆخی نائارام و گێژاوی سیاسی زیاتر، بەئاراستەیەک کە سودمەندبیت بۆ مانەوەی هێزە میلیشیاکەی و دەسەڵاتی لە فەلەستیندا، یان هەوڵئەدات لەم ڕێگەیەوە ڕێگایەک پەیداکات بۆ ئەو بنبەست و قەیرانەی وەک هێزێک لەبەرامبەر نوێنەرایەتی کردن بۆ کێشەی فەلەستین دەرگیریان بووە.
ئاکامەکانی ئەم ڕووداوە بەتایبەتی لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بە حەماس، ڕاگەیاندنی جەنگە. ناتانیاهو وەک لایەنی ئیسرائیل ئەوەی دوپاتکردەوە، کە لە ئامادەباشیدان بۆ جەنگ و تۆڵەسەندنەوەیەکی توند لە حەماس. بەمشێوەیە دۆخێکی زۆر نالەبارتر لەسەر دانیشتوانی ناوچەکە دەخولقێنن و تاماوەیەکی نادیار دۆخی شەڕو مەترسی کاری تیرۆرستی دەخەنە ناو ژیانی خەڵکەوە. لەهەمانکاتدا بەمجۆرە کردارانە بۆماوەیەکی نادیار ئەو پڕۆژەیەی بۆ ئارامی سیاسی کە ئەمریکاو ڕۆژهەڵات بۆ ئاسایشی سەرمایەگوزاری پیادەی دەکەن، دەخەنە دواوە.
لەگەڵ ئەگەری هەر مەترسیەکدا کە بەدوای ئەم کارە سەربازیەی حەماس بەرەوڕوی ناوچەکە دەبێتەوە، لەهەمانکاتدا کێشەی فەلەستین پێچیدەترو لەنێو گێژاوێکی سیاسی بێچارەتردا دەمێنێتەوە، چونکە حەماس وەک دەسەڵاتێکی گەندەڵ و تالانچی، دەمێکە شکستی هێنا لەوەی بتوانێ نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی چارەسەری کێشەی فەلەستین بکات، لەهەمانکاتدا هاوشانی حزبوڵا و بەشێکی زۆری هێزە ئیسلامیەکان لەناوچەکەدا پاشکۆی نەخشەو سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن.
لەهەمانکاتدا پێموایە ئەو هەوڵانەی ئەمریکاو ڕۆژهەڵات و ووڵاتانی زلهێزی دنیا دەخالەتیان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەئاراستەی ئارامکردنەوەی ناوچەکەیە بۆ ئاسایشی سەرمایەگوزاری، واتە بە قازانجیان نیە ئەم پرۆسەکە ڕاگرن، چونکە وەڵامدانەوە لە بەرامبەر بەگەرمکردنی دۆخی جەنگ، دەیانخاتە بەر قەیران و پاشەکشەو شکستی زیاترەوە، بەتایبەتی هەر شکستێک کاریگەری داشکانەوەی زیاتر لەسەر پێگەی دەوڵەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دادەنێت، بە مانای مانەوەو بەرجەستەکردنی سەرمایەگوزاریە، هەڵبەتە ئاراستەی ڕوداوەکان و کیشمەکێشی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکە، ئەگەری چاوەروانیە لە ڕودان و پێشهاتی چەندین ئاراستە، بە مانای کارەساتی تر لە ئایندەی هەلومەورجی سیاسی ناوچەکەدا.
ئەوەی پێویستە پێداگری لەسەربکرێت، لە گونجاوترین و باشترین ڕێگای بەرگرتن بەم جۆرە هەڕەشانە لە سەر دانیشتوانی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئارامی بۆ دانیشتوانەکەی، هاتنەمەیدان وخرۆشانی جەماوەریە لە فەلەستین و ئیسرائیل لە سوریا و لوبنان و عێراق.. بۆ دەرپەڕاندن و پاککردنەوەی تەواوی ئەو هێزو لایەنانەی باڵادەستی لە داگیرکاری و تاڵانیان کرۆدتە بنەمای هەڵسورانی سیاسی و هۆکارن لە خوڵقاندنی شەڕ و تیرۆر و نائارامی و ناجێگیری سیاسیدا.
لەهەمانکاتدا چارەسەری کێشەی خەڵکی فەلەستین کە گرێ و مەسەلەیەکی مێژویی و جدیە، پێویستە بەڕێگاچارەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین کۆتایی بەم کێشەیە بهێنرێت، تا ئەم کێشەیە بەهەڵواسراوەیی بمێنێتەو، ئارامی و ئاسودەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زەحمەتە فەراهەم بێت.

عوسمانی حاجی مارف




کۆتایی ئەزمونێک بە ڕیسوایی.. عوسمانی حاجی مارف

بەبڕیاری دادوەری باڵای حکومەتی فیدارڵی عێراق، پەرلەمانی هەرێم لەکارەکانی دەرچوو، بەدوایدا هەڵوەشانەوەی کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگا پەسەندکرا، ئەمە سەرەتایەکە بۆ هاتنە خوارەوەی هێمای سەروەری سیاسی حکومەتی هەرێم و بێ ئیعتبارکردنی، ئەم دیاردەیەش ئەو وێنەیە نیشان ئەدات کە هەر لەسەرەتاوە پێکهاتنی حکومەتی هەرێم بۆ پێداویستیەکانی کارێکی دیاریکراو ڕوخسەتی پێدراوە خۆی دامەزرێنێت، کە تا پرۆسەی پێکهاتنەوەی حکومەتی عێراق بە ئەنجامێک دەگات، بارزانی و تاڵەبانیش ئەم پرۆژەیەیان قەبوڵ کردوە، بۆیە هەر لەسەرەتاوە لەحکومەتەکەیاندا بە شێوەی بەڵیندەری و کۆمپانیای بازرگانی کاریان کردوە، تا دواهەناسەی کۆتایی حکومەتەکەشیان کۆڵ نادەن لە هەوڵی بازرگانی و قاچاخچێتی و تاڵانچێتی زیاتردان.
پێدەچێت لایەنە سیاسیەکانی عێراق بەتایبەتی ئەو هێزە شیعانەی باڵادەستن لە حکومەتی عێراقدا، سێبەری خۆیان دۆزیبێتەوەو دەرفەتی بەڕەنگاربوونەوەی حزبە کوردیەکان و ئامانجەکانیان لە ڕێگەی بەرپەرچدانەوە بە دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە قۆستۆتەوەو بە چەندین شێوە نیشانەیان لێدەگرنەوە، لە هەمان کاتدا لەم کارەیاندا بە هۆی زیاتر لێکترازانی بەرچاو لە بۆشایی فراوانی نێوان بارزانی و تاڵەبانی لە زۆربەی پرسەکاندا، ئەو کارەیان ئاسان تر بۆ دەچێتە بواری جێبەجێ بونەوە.
چاودێرانی سیاسی، بارودۆخی ناوچەکە لە باشیا نایخوێندنەوە، واقعیەتی ڕوداوەکانیش ڕاشکاوانە هەر ئەو حاڵەتە تاریکە دەخاتە ڕوو، ئەو هەڕەشە و بۆردومانانەی ڕۆژانە بۆ سەر شارو گوندەکانی هەرێم دووبارە دەبنەوە، ئەوە نیشان ئەدات کەس نیە و کەس نەماوە بەرگری لە هەرێم و خەڵکی کوردستان بکات، لەم کەین و بەینەشدا بارزانی و تاڵەبانی و حزبەکانیان وەک بینەرێکی بێدەسەڵات وەستاون و بەبێ ئەوەی هیچ بڵێن و هیچ پەرچەکردارێك نیشان بدەن، ئەم بێباکی و فەرامۆشیە مانای پەسەندکردنی ئەم دۆخە نالەباریە، بێدەسەڵاتانە لە چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕێکدان کە چارەنوسی خۆشیان بۆ لێک نادرێتەوە.
لە سەرووی هەموو ئەوانەشەوە تەواوی حزبەکانی کوردستان بەجیا لەوەی بەدەست نەبوونی یەکڕیزی بڕیارو ڕێنەکەوتنەوە دەناڵێنن، تەنانەت لە کارە ئاساییەکانی ڕۆژانەشیاندا کاریگەری ئەو ڕێنەکەوتنە بەرجەستەبۆتەوە، لە هەمان کاتدا هیچ جۆرە متمانەیەک لە نێوان خۆیان و لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی عێراقیشدا نەماوە، هیچ پابەندبونێکیان نییە تەنانەت بەو ڕێککەوتنانەی پێشوەختە لەنێوانیاندا واژۆ کراون، نابەرپرسیاریەتی و بێباکیی بە ئەنقەست، تەواو زاڵە لەبەرامبەر پێداویستی و داواکاریەکانی خەڵکدا، سێ مانگە مامەڵە بەموچەوە دەکەن، زوربەی دامودەزگاکان ئیفلیچ کراون، ڕۆشنایی هیچ ئومێدێک نابینرێت.
ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر بۆ ناردنی مانگانە 700 ملیار دینار بۆ ماوەی سێ مانگ ناتوانێ یارمەتیدەری باشبونی دۆخی سیاسی هەرێم بێت، لەبەردەم ئەو پێشهاتو ئاڵوگۆڕانەی کەسەختتر تەحدای قەوارەی حکومەتی هەرێم دەکات و هەڕەشەیەکی مەترسیدارە لەسەر ژیان و گوزەرانی دانیشتوان. لە هەمان کاتدا ئەو دوو هەڵبژاردنەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و مانگی شوباتی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە دەورانێكی تەواو جیاوازی نالەباردا بەرەوڕووە ، کە ناکرێ پێشبینی جێبەجێکردنی یان شێوازی بەڕێوبردنی بە سەلامەتی و سەرکەوتویی لێبکرێت.
لەم کەین و بەینەدا هێزە شیعەکان و کوتلەکانیان توانیان سەرکەوتن بەسەر حزبە سوننەکان و حزبە کوردیەکاندا بەدەست بهێنن، تا ئەو ئاستەی لە یەکلایی کردنەوەی دەسەڵات لە حکومەتی عێراقدا بەهەر دوبەرکی و سەختیەک کە ڕیزەکانی خۆیانی گرتبوەوە، بەڵام “چوارچێوەی هەماهەنگی” باڵادەستی خۆی وەک کتلەیەکی شیعە لە حکومەتی عێراقدا سەلماندوە، لە هەموو لایەکەوە لە هەوڵی پێکهاتەی بە ناوەندگیری کردنەوەی سەرتاسەری حکومەتی عێراقدایە و راگەیاندنی کۆتایی عێراقی فیدراڵە، هەر ئەم ئاراستەیەش لەگەڵ هاوکاتی ئەو دۆخە نالەبارەی لە ناوچەکەدا وێنا دەکرێت، کەفشارێکی زیاترو مەترسیدارترە لەسەر حکومەتی هەرێم و پێگەی بارزانی. کاریگەری زیاتری ئەم توندپێچیەی ئێستا لە سەر دۆخی پەیوەندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاشکرا لە مەیداندایەو بەویست و پێداویستی و نەخشەکانی یاری بە دۆخەکە دەکات.
ئەو جیاوازیەی لە نێو ماڵی لایەنە کوردیەکان و ماڵی لایەنە سوننەکاندا هەیە لە هەمان کاتدا لەنێو ماڵی هێزە شیعەکانیشدا جیاوازی گەورەی سیاسی و مەزهەبی هەیە، بەڵام بە حکومی ئەوەی چوارچێوەی هەمەئاهەنگی تاڕادەیەک ڕەوتی ڕوداوەکانی لەڕێگەی جێگیربونی دەسەڵاتی سیاسیەوە هاتۆتە دەسەت و خاوەن پشتیوانی کۆماری ئیسلامی و بێدەنگی دەوڵەتی ئەمریکایە، بەخێرایی ئەو جیاوازیانە کۆنتڕۆڵ دەکرێت و پەرەسەندنەکەی دەوەستێنن. هەرچەندە جیاوازیی نێوان موقتەدا سەدرو نووری مالیکی و چوارچێوەی هەمەئاهەنگی چەندە گەورە و فراوان بن، بەڵام لە کۆتایدا بە یەک ئامانج یەکدەگرنەوە، ئەویش پێداگری و درێژەدان بە دەسەڵاتی شیعەیە لە عێراقدا.
سەرەڕای سەرکەوتنی سەدر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانداو چونە ناو هاوپەیمانی سێ قوڵی لەگەڵ بارزانی و سوننەکاندا، بەڵام بە ئاسانی پشتگوێی خستن وهاوپەیمانیەکەی بەجێهێشت و بە ئاسودەیی لە پرۆسەی سیاسی کشایەوەو مەیدانەکەی ڕادەستی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد، کە مالکی رۆڵی سەرەکی تیا دەبینێت، بەم شێوەیە لایەنە شیعەکان دەستیان کرد بە دەستبەسەرداگرتنی دەستەجەمعی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، ئەو نەخشانەی بۆ جێگیرکردنی ناوەندگیری حکومەتی عێراق لە بەرنامەیاندایە، کاری لەسەر دەکەن.
لە نێو واقعیەتی ئەم ئاڵوگۆڕانەی ناوچەکە و کێشمەکێشی ئێستای نێوان هێزە میلیشیاکانی عێراق و کوردستاندا، هاوسەنگی هێز بەجۆریك بە قازانجی چوارچێوە هەماهەنگی گوڕاوە، کە بارزانی و تاڵەبانی و تەواوی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و بە لایەنە ئیسلامیەکانیشەوە، دەرگیری سەرلێشێواوی و بنبەستێک هاتون، کە بۆ خۆشیان نازانن هەڵوەشانەوەی ئەزمونەکەیان لەبەردەم چ جۆرە کارەساتێکدا بەرەوڕوویان دەکاتەوە، یان ئەتوانین بە جۆرێکی تر بڵێین، کۆتایی ئەم شانۆی ئەزمونە بەو تراژیدیایە پەردەکەی دادەدرێتەوە، کە دوای سی ساڵ لە خزمەتکردن و ملکەچی و سەرشۆڕی بۆ بەرژوەندی و سیاسەتەکانی ئەمریکا و تورکیا و ئێران…بەبێ ئەوەی هیچ پەیمان و واژۆی ڕێکەوتنێکی تۆمارکراویان هەبێت، لەبەردەم ئایندەی جێکەوتنی قەوارەی حکومەتی عێراقدا، بارزانی و تاڵەبانی ماڵئاواییان لێدەکرێت، گەر پێویست کات، لە باشترین حاڵەتدا ئەرکێکی سوکترو ڕیسواتریان پێدەسپێرن.
ئەم ئاراستەیە لەگەڵ خۆیدا بەگشتی کەمکردنەوەی شان وشەوکەتی بزوتنەوەی کوردایەتی لە تەواوی کوردستاندا هەڵدەگرێت و هەناسەی بەرگریان بەرتەسک دەکاتەوە، بۆیە پێویست دەکات بەرەی ڕادیکاڵ و ئینسان دۆست و ئازادیخوازو کۆمۆنستەکان لە عێراق و کوردستان بە گوڕو تینێکی شۆڕشگێڕانەوە، هاوشان و بە ڕابەریکردنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بەر بە کارەساتی شکستەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامی سیاسی و باڵادەستی شیعەگەرا بگرن.




شیعەگەراو کوردایەتی لە ئایندەی عێراقدا.. عوسمانی حاجی مارف

بەدرێژایی سەدەکان، ڕێوڕەسمی شیعەکان لە کاتی موحەڕەمدا بۆ چینە باڵاکان زۆر هاندانێکی گرنگ بووە، بۆ پاراستن و وزەبەخشین بە کۆمەڵانی شیعە، لەهەمان کاتدا بۆ ڕاگرتن و بەردەوامیدان و بەرجەستەکردنی جیهانبینی خورافات و ئەفسانەکان، تا کەسایەتی ناو چینە نەداراکان بە ئاراستەی وەهم و خورافات، زەلیل و بێدەسەڵات ژیان بەرنەسەر، تا ئەو ئاستەی خۆ کوتانەوەی بەکۆمەڵ دەکەن.
ئەوەی جێگای سەرنجە هەر لە ڕێو ڕەسمی موحەڕەمدا، پەستانە ئاینی و ئایدیۆلۆژی و سیاسیە جۆراوجۆرەکانی ناو شیعە کێبڕکێ دەکەن، هەر لایەنێکیان بۆ ئەوەی یادەکە بە ئاراستەی خۆی لە قاڵب بدات و ڕێو ڕەسمەکان بە ڕوایەت و حکایەتی جۆراوجۆر بارگاوی دەکات، تا سیستەمی بیروباوەڕەکەی لەگەڵ بەرژەوەندیە سیاسیەکەیدا بگونجێنێت و بیفرۆشێتەوە بۆ پەیداکرنی زۆرترین نفوزو دامەزراوکردنی هێزەکەی، بە ئاراستەی پەیداکردنی پێگەیەکی گونجاو لە دەسەڵاتدا. ئەمساڵ لە عێراق یادکردنەوەی موحەرەم لە کاتێکدا ڕوویداوە کە خەریکە شیعەگەری دەبێتە شتێکی هاوشێوەی عەقیدەی دەوڵەت، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە بیکەنە “ئایدۆلۆژیای حوکمڕانی” بەسەر کۆمەڵگەدا، ئەمەش بۆیە لە ئارادایە چونکە هاوپەیمانی شیعە لە هەوڵی پاوانخوازی و حوکمرانی رەهادایە. ئەوەی کە لە ئێستاو لەم نێوەدا جدیە بۆیان، خۆ گونجاندنیانە لە گەڵ ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانەی بۆ ئانیدەی عێراق پێشبینی دەکرێت، بۆیە هەوڵدانیان بۆ باڵادەستی رەهای ‌هێزی شیعەیە لە پرۆسەی بە ناوەندی کردنی عێراقدا، هەروەها گرتنە بەری ئەو سیاسەتانەیە کە هاوپەیمانی شیعە بە تایبەتی کتلەی حزبی دەعوە بۆ زاڵبون بەسەر تەواوی لایەنەکانی تردا پیادەی دەکات، ئەمەش هەر ئێستا لە چۆنیەتی نەرێنی پەیوەندیەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و مامەڵە لەگەڵ سونەکاندا ڕەنگی داوەتەوە.
بۆرجوا ناسیۆنالستی عەرەبی بەبەرگی شیعەوە و لە پەیوەند بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، دۆخی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراق دەچەرخێنێت، هەوڵئەدات ئەم دۆخە بە پاوانخوازی شیعە جێگیرکات، بە ئاراستەی باڵادەستیان لە پرۆسەی ناوەندیکردنەوە لە حکومەتی عێراقدا.
ماوەیەک پێش ئێستا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایانگەیاند کە جەژنی غەدیر پشووی نیشتمانییە. ئەم جەژنە ئەو ڕۆژە دەگێرێتەوە کە گوایە محەمەدی پیغەمبەر، ئەوەی ڕاگەیاندوە، کە عەلی ئەبی تاڵبی ئامۆزای و باوکی ئیمام حسێن دەبێتە میراتگری. بۆ شیعەکان کە عەلی یەکەم ئیمامە، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە، گروپە ئیسلامییە شیعەکان داوای ئەوە دەکەن کە جەژنی غەدر بکرێتە جەژنێکی نیشتمانی.
لە سەرەتای مانگی تەموزدا، سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێش کۆبوونەوەیەکی گەورەی سیاسەتمەداران و پەرلەمانتاران و بەرپرسانی دەوڵەت بۆ یادکردنەوەی ئەلغەدیر، وتارێکی پێشکەش کرد، گردبوونەوەکە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوپەیمانی شیعە کە حوکمڕانی عێراق دەکات، ڕێکخرابوو. لە پشت سودانیەوە تابلۆیەکی زەبەلاح دانرابو کە لەسەری نووسرابوو، “چوارچێوەکەمان هێزە و ئەلغەدیر ڕێبازمانە”، ئەمەش ئەو مەترسیەیە گەر بۆیان سەربگرێ شیعەگەرا بکەنە ئایدۆلۆژی حکومڕانی.
ئەمە دوایین دەرکەوتنی دۆخێکە کە لەم ساڵانەی دواییدا خێراتر بووە، کە کایەی گشتی تادێت ئەوە نیشان ئەدات دەیانەوێت هێما و وێنەسازی شیعە زاڵکەن. ئەم ڕەوتە لە باری واقعیەوە ڕەنگە وێنای ڕەنگدانەوەی دیمۆگرافیای عێراق بێت کە تیایدا شیعەکان زۆرینەی دانیشتوانی عێراقن و هێزە میلیشیا شیعەکان بەجۆرێک دەیقۆزنەوەو سودی لێوەردەگرن، بەڵام لە بنەڕەتدا ئامانجێکی سیاسیەو هەوڵی پاوانخوازیەکی رەهایە بۆ دەسەڵاتێک کە لە پەیوەند بە باڵادەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە جێگیر بێت، دەنا لە واقعیەتی شانۆی سیاسی عێراقدا نە بۆ هاوپەیمانی و نە بۆ سەدریەکان، ئیسلامی و شیعەگەرا گەر بۆ دەسەڵاتەکەیان بەدەر نەخوات دەیپێچنەوەو بەهەرزان دەیفرۆشن.
ئەم پڕۆسەیەی “شیعە”کردنی فەزای گشتی، هێما بۆ سێ واقیع سەبارەت بە دەسەڵات لە عێراقی ئەمڕۆدا دەکات.
یەکەم: لە کاتێکدا سەرەتا گروپە سیاسی و ئاینی و میلیشیا شیعەکان، کە بە فەرمی بەشداربون لە ڕێکخستنەکانی دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ کوتلە سوننە و کوردیەکاندا، بەڵام بەدوای ئاڵوگۆر لە هاوسەنگی هێزەکانی شیعەو کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بەتایبەتی هێزی هاوپەمانی شیعە دەسەڵاتیان لە حکومەتدا لە ئاستێکی باڵادا بۆ خۆیان دەستەبەر کردووە. هەر بۆیە زیاتر هەست بە مەیلی نیشاندانی سەروەری خۆیان دەکەن، بۆیە دەبینین نەک کەمتر ناچارن بەوەی لەگەڵ لایەنەکانی تردا درێژە بە رێکەوتنەکانی پێشویان بدەن، بەڵکو لە چوارچێوەیەکی تردا مەرجەکانی خۆیان بۆ پاوانخوازی زیاتر دەخەنە ڕوو، لەم لایەنەشەوە پشتیوانی گەورەیان، کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بەتایبەتی کە ئێستا کێشەکانی ئەمریکاو ئێران ئارامتر بۆتەوە، ئەمەش بۆتە پشتیوانی هاوپەیمانی شیعە کە رۆڵی سەرەکی بگێرێت لە پرۆسەی بە ناوەندکردنەوەی حکومەتی عێراقدا.
نموونەیەک کە بیخەینە بەردەست، بە تایبەتی لە بڵاوبوونەوەی ئەو وێنانەی هێمای شیعە بەرجەستە دەکەنەوە، کە لە بەغدا و شارەکانی خوارو زیاتر دەرکەوتووە. بۆنمونە پەیکەری ئەبو مەهدی موهەندیس کە سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی بووە، سەر بەهاوپەیمانی میلیشیاکان کە گروپە ئاینی و شیعەکان ڕۆڵی باڵادەستیان تێدا دەبینی، هەروەها قاسم سولەیمانی کە سەرکردایەتی سوپای قودسی ئیسلامی ئێرانی کردووە، سوپای پاسداران، کە هەردووکیان لە هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ کوژران، بەم شێوە نمیشانە دەیانەوێت نیشانەکانی کۆنترۆل کردن بخەنە ڕوو.
دووەم: لە کاتێکدا ئەم جۆرە ڕەفتارانەی هاوپەیمانی لە پرۆسەی پاوانخوازیەکەیدا کە هەوڵدانە بۆ کێشکردنی زیادبوونی متمانەی کۆمەڵانی شیعە بۆ گەڕانەوەو زیاترکردنی نفوزە جەماوەریەکەی، چونکە شیعەکان بینییان کە باڵادەستی خۆیان بەشێوەیەکی بێوێنە لە ناو کۆمەڵگەی شیعەو لە ناڕەزایەتیەکانی تشریندا تەحەدای کراو دەسەڵاتەکەیان ناچار بە هەندێ ئاڵوگۆر کرد. بۆیە حزبە شیعە دەسەڵاتدارەکان بە هەوڵدان بۆ دووپاتکردنەوەی خۆیان و بڵاوکردنەوەی سیمبولەکانیان، هەم تێڕوانینێک بۆ دەسەڵاتی هەمیشەیی خۆیان کە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێیان. پلاتفۆرمە میدیایەکان و کەسایەتیەکانی پەیوەست بەم گرووپە شیعەیە، لە ترسی دوبارەبونەوەی تشرینێکی تردان، بۆیە گوتارەکانی پاوانخوازانەیان پەرەپێداوە، لەبەرامبەر ترس و دڵەراوکێیان بۆ ئەگەری لەدەستدانی دەسەڵاتی شیعە.
سێیەم: ئەو درزەی کەوتە نێوان چوارچێوەی هاوپەیمانی و بزوتنەوەی سەدریەکان، لەو سۆنگەیەوە نیشانەیان دەگرتەوە، کە نیشانی بدەن کامیان زیاتر تەرخانکراوە بۆ شیعەگەری و بنەما سەرەکیەکان، هەرچەندە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١ سەدریەکان فراوانتر بون، بەڵام لە پروسەی پێکهینانی حکومڕانیدا نەیانتوانی لە یاریەکەدا سەرکەوتوبن، یاریەکە بە پاشەکشەی سەدریەکان وەستێنرا.
ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییەی سەدریەکان و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا دوای ئەوەی پەنابەرێکی عێراقی لە سوید قورئانی سووتاند، هەرایەک لەلایەن سەدرەوە بەڕێخرا، وەک نیشاندانی پابەندبوونی بێسازشانەی بە ئیسلامەوە نمایشکرد. لەم بۆنەیەدا و چەندین بۆنەی دیکەدا، پلاتفۆرمی میدیایی سەدرییەکان ڕەخنەیان لە نائامادەیی چوارچێوەی هاوپەیمانی شیعە دەربڕی، کە گوایە بۆ سازشکردن لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتدا، ئیسلام بەکەم دەگرن، لە هەمانکاتدا سەدر بانگەوازی ئەوە دەکات کە لەلایەن ڕکابەرە “گەندەڵەکانەوە” ڕێگری لێکراوە لە جێبەجێکردنی چاکسازیەکاندا.
کێبڕکێی نێوان سەدرییەکان و ڕکابەرەکانیان کێبڕکێیەکە کە تیایدا هەر لایەنێک هەوڵی داوە لە چاو ئەوی دیکە کۆنەپەرستانەتر و ئیسلامی و شیعە سەنتەرتر دەربکەوێت. بەڵام ئەمە زۆرجار هۆکارە ڕاستەقینەکانی دوژمنایەتی نێوانیان دەشارێتەوە، کە پەیوەستن بە ڕکابەری کوتلەیی بۆ دەسەڵات و بۆ تاڵانچێتی، ئەوەی پێویستە رۆشن بێت ئەو رکابەریەی لە لایەن هەردوکیانەوە پیادە دەکرێت، لەپێناو دەسەڵاتێکدایە کە بەمەرجی پاراستنی دەسەڵاتی سەرمایە هەنگاودەنێت، بۆ پاراستنی پەیوەندی کارو سەرمایە لە دڕندانەترین شێوازی چەوسانەوەو کەمترین کرێ بۆ هیزی کار و قۆرخکردنی تەواوی جومگە ئابوریەکان بە چاودێری و سەرپەرشتی هێزە میلیشاکانیان، ئەمەش یاریەکی ئاسان نیە، چونکە هێزە میلیشیاکان لە ڕێگەی دەسەڵاتێکەوە ئەتوانن لەم کارەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنن، دەبێت وەک یاریزانێکی باشی نێوان کێشمەکێشی ئەمریکا و ئێران و خۆ گونجاندن لەگەل دۆخی ناوچەکەدا دەرکەوێت.
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا هاوپەیمانی شیعە و بەدەوری حزبی دەعوە بە هەر نەخشەو زگزاکیەک لە سیاسەت و پابەبد بون بە ئێرانەوە، توانیویانە پرۆسەکە بە قازانجی خۆیان بچەرخێنن، لە پاڵ تاڵانچێتی و گەندەڵی و جەهالەتدا سیستمی سەرمایەداریان پێرۆزکرد .
ئێستاش لە هەوڵی پرۆسەی ناوەندکردنی حکومەتی عێراقدا، هاوپەیمانی شیعە قۆڵی جدی لێ هەڵماڵیەوەو بۆتە بەڵایەکی گەورە بەسەر حکومەتی هەرێم و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە، بە تایبەتی بنەماڵەی بارزانی و پارتی کردۆتە نیشانیەک کە جاربەدوای جار زیاتر ملەکەچی نەخشەکانی هاوپەیمانی و دەسەڵاتی شیعە گەرایان دەکات، گورزێک کە هێمای ئەو نیشانەگرتنەیە، بچوکردنەوەی قەوارەی هەرێم و گورزدانە لە پێگەی بنەماڵەی بارزانی و دەسەڵاتەکەیان. گەر ئەو پرسیارەش بێتە پێشەوە، ئاخۆ لەم کەین و بەینەدا پێگەی بنەماڵەی تاڵەبانی لە کوێدا ڕاوەستاوە؟ ئەتوانین ئەوە ببینین کە بنەماڵەی تاڵەبانی لەلایەک دەمێکە بۆتە پاشکۆی ئێران وهاوپەیمانی شیعە، واتە پێشوەخت دەستیان لە هەمو شتێک شتووەو چاوەڕوانن ئاراستەی ڕوداوەکان بەرەو کوێیان دەبات، هەر ئەمەشە یەکێتی ناچارە کە زیاتر لەگەڵ قەیرانەکانی خۆیدا سەوداو مامەڵە بکات، تائەوەی بتوانێ بچێتە سەر ڕەوتی پاراستنی قەوارەی هەرێم، ئەوەی جێگای بیرهێنانەوەیە، جەلال تاڵەبانی هەرزوو دەرگای موجامەلەی بۆ شیعە گەراو و حوسینیە ئاواڵەکرد.
ئەوەی لەم نێوەدا پێویستە جێگای سەرنجمان بێت و ئاگاهانە مامەڵەی بکەین، ئەم دۆخەی ملکەچی ئێستای بارزانیە بەدوای نامەکەی مەسرور بۆ بایدن، کە خەریکە بارزانی بە ناوی گەشبینیەوە بە ئاکامی دانیشتنە نارۆشنەکانی لەگەڵ لایەنەکاندا چەواشەکاری دەکات، چونکە ئەو نەخشەو ئاراستەیەی لە پرۆسەی ناوەندیکردنەوەی عێراقدا بەرێدەخرێت، چەندین بارگژی و ئاڵۆزی و نشێوی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، دۆخەکە بەدانی چەند موچەیەک یەکلایی نابێتەوە.
بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی چاوەڕوانی ئەوەیان دەمێکە دۆراندوە، کە بیانەوێت، یا بتوانن بەڵانسەکە وەها ڕاگرن خەڵکی کوردستان بە سەلامەتی ئەو دۆخە تێپەڕێنێت، چونکە هەر لەسەرەتاوە لە ساڵی نەوەدەکانەوە وەک دوهێزی ملیشیا پاشکۆی سیاسەتی جەنگی دەوڵەتی ئەمریکا بون، تەنها ئەوەیان پێبڕا کە پاشماوەکانی دوای جەنگ کۆکەنەوە، هەر بۆیە کوردایەتیەکەیان کردە قومارێکی دۆرا و قوربانی لەناو ڕیڕەوی پێکهاتەی حکومەتی عێرقدا، کە ئێستا بە نەخشەو سیاسەتەکانی شیعەگەرا بەڕێوە دەبرێت.
ئەم واقعیەتە جەنجاڵە نە بە بارزانی نە بە تاڵەبانی نە بە یەک ڕیزی و نە بەوەستانەوەیان لەبەرامبەریەکدا بۆیان ناگەڕێتەوەو ڕاست نابێتەوە، ئەوە نەفەس و ڕۆڵی جەماوەری ناڕازیە کە ئەتوانێ بە ئاراستەیەکی تر ئەم واقعە بگۆڕێت.

پێویستە خەڵکی کوردستان فریای خۆیان کەون، بەدوای هیچ تەوەهم و بەڵێن و دروشمەکانی بزوتنەوەی شکستخواردوی کوردایەتیەوە نەبن، ئایندەی کوردستانێکی سەقامگیرو ئاسایش و خۆشگوزەران و ئازاد، لە هەلومەرجی سیاسی پڕ گێژوای ئێستای ناوچەکەدا، تەنها بە ئیرادەو هێزی ڕێکخراوو جەماوەری و دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا دابین دەکرێت.

لەم وتارەدا بۆ وەگرتنی هەندێ زانیاری سود لە وتارێکی حارث حسن وەرگیراوە بە ناو نیشانی (تأرجُح شيعة العراق بين توجّهَين متناقضَين)




عەربەت و بێ ئومێدی لە ئاسایش.. عوسمانی حاجی مارف

هێرشەكەی دوێنێ بۆ سەر فڕۆكەخانەی عەربەت، “كردەوەیەكی تیرۆریستیەو نە یەكەم هێرشەو نە دوایین هێرشیش دەبێت”. ئەمە وتەی بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمە. کە ئەوەشی خستەڕو” ئەم كارە نە یەكەم كارەو نە دوایین كار دەبێت و ئەم كردەوانە بەردەوام دەبن.”
گەر ئەمە حاڵی کوردستانی عێراقە، لە سایەی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانیدا ، چی بکرێت و چی دەکرێت؟، هیچ ڕێگا دەرچونێک نەخراوەتە ڕوو، ئەوەی دەیبیستین و دەیبینین جگە لە ئیدانەی شەرمنۆکانەو پاڕانەوە لە ئەمریکاو حکومەتی عێراق و… کە بەفریایان بکەون، ئومێدێک بۆ تێپەڕاندنی مەترسیەکان نیشان نادەن. واتە چارەنوسی ئەم خەڵکە دەکەوێتە بەر چارەنوسی پەیدا بونی فریاد رەسێک گەر سۆزی بۆ ئەم خەلکە بجوڵێت..!.
لە ڕاستیا حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی بارزانی و دەسەڵاتی تاڵەبانی لە بەرامبەر خەڵکیدا هیچ جۆرە بەرپرسیاریەتیەک نەک نیشان نادەن، بەڵکو ئەو خەڵکەیان وەها بە بارمتە گرتووە، قوربانیدانیان زۆر بێشەرمانە، کردۆتە ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوانی شارەکانی کوردستان.
ئەم ڕوداوەی فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت وەک خۆیان دەڵین نە یەکەم کارەو دوبارەش دەبێتەوە، واتە ڕۆشن و ئاشکرایە کە دەزانن ئەم کارە تیرۆرستیە، کێ ئەنجامیداوەو و بۆ بەم تاوانە گەورەیە هەستاوە، لەمەش گرنگتر بۆ بەردەوام دەبێت..؟، بەڵام لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە تائێستا بەفەرمی رانەگەیەنراوە
ئەوەی جێگەی داخە وەک نەریتی هەمیشەییان، ئەم جۆرە گوتارانە نمایشێکی زۆر داماوانە و بێدەسەڵاتانەی وەها دەخاتە ڕوو، کە جگە لە بەرجستەکردنەوەی زیاتری مەترسیەکان بۆ نەبونی ئاسایش، مانایەکی تری لێدەرناکێشرێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەگوتاری تەواوی بەرپرسە باڵاکان، جگە لە ئیدانەی ئەو کارە تیرۆرستیە، کە دەڵێن هەوڵ ئەدەن بزانن کام لە دوژمنانی کوردستان بەم کارە تیرۆرستیە هەستاوە، هەڵبەتە ئاشکرایە کە ئەم کارە بەشێکە لەو سنوربەزاندنەی تورکیا کردویەتی و دەیکات، هیچ کات حکومەتی هەرێم هەڵوێستێکی رۆشن و بەرنگاری بەرامبەر تورکیا نیشان نەداوەو بێدەنگی لێکردووە.
ئەوەی لەم نێوەدا جێگای پرسیارە، یەکەم تائێستا بارازنی و تاڵەبانی رۆشنیان نەکردۆتەوە کێن دۆژمنانی “کوردو کوردستان” چۆن سزایان ئەدەن؟. دووەم هەرچی لە پەیوەندی و دەوروبەری پێکهاتەی حکومەتی هەرێم و بارزانی و تاڵەبانیە، لە ئێران و تورکیا و سوریا و عێراق تێناپەرێت، ئەوەی لە نەخشەی سی ودوساڵەی مامەڵەی حکومەتی هەرێمدا بەرێوەچوە، حکومەتی ئەو ووڵاتانە نەک وەک دۆستی کورد مامەڵەیان کراوە، بەڵکو تەواو مامەڵەی سیاسی بارزانی و تاڵەبانی لە لایەک پاشکۆ بون بووە بۆ بەرژەوەندیە سیاسیەکانی تورکیا و ئێران، لە لایەکی ترەوە، گەرانەوەو ملکەچیان یبووە بۆ حکومەتی عێراق، حاڵی سوریاش لە کوردستانی عێراق باشترنیە، ئیتر ئەم پێچ و پەنایە لە کارێکی تیرۆستی کەلە فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت ئەنجامدراوە، جگە لە ریسوایی و شەرمەزاری بۆ پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانەکنیان مانایەکی تر نابەخشێت، لە هەمان کاتدا راگەیاندنی ئەوپەری بێ ئومێدیە لە دابینکردمی سادەترین ئاسایشێک بۆ دانیشتوانی شارەکانی کوردستان.




لە ساڵیادی ڕاپەڕینەکانی ئێراندا.. عوسمانی حاجی مارف

هەڵوەشاندنەوەی حیجابی زۆرەملێ وەک دروشم و داواکاری سەرەکی لە لوتکەی داواکاریەکانی ڕاپەڕینەکانی ئێراندا دەگەشایەوە، ئەو ڕاپەڕینەی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی جەماوەری ناڕازی بەرجەستەکردەوە و مێژویەکی نوێی لە خەباتی جەماوەری ئێراندا تۆمارکرد.
لە چوارچێوەی خەبات و ناڕەزایەتی و مانگرتنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا، داواکاریەکانی وەک: زیادکردنی کرێ و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی، خوێندن و تەندروستی بێبەرامبەر، ئازادی رێكخستن و مانگرتنی بێ مەرج، ئازادکردنی دەستبەجێی زیندانیانی سیاسی، چەندین داخوازی تر کە ساڵانێک بەرزدەکرانەوە، لەگەڵ کارەساتی کوشتنی مێهسا ئەمینیدا، بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ئاستێکی فروانتردا درێژەی بەو ناڕەزایەتیانەدا، تا ئەو ئاستەی بە شێوەیەکی بەربڵاو مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامیش چووە ڕیزی خواستەکانەوە.
لە ڕاپەڕینەکاندا ڕۆڵی دیار و بەرچاوی خەباتی ژنان کە تا ئێستاش بە شێوەی جۆراوجۆر دەردەکەوێت، یەکێک لە گرینگترین شاکاری خرۆشانە جەماوەریەکانی ئێرانە، کۆمەڵگای ئێران درکیان بەوە کردووە کە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لەڕێگەی دەزگا یاسا ئاینیە ئیسلامیەکانەوە لەدەست چووەو ئیتر بۆیان ناچێتە سەر، لە ژێر پێگەی ڕۆڵی خەباتی ژنانی ناڕازیدا، دژی حجاب، بۆتە پەرچەکردارێکی کۆمەڵایەتی بەردەوام، وەک جوڵانەوەیەک داهێنان و ئاڵوگۆڕ دەخاتە بەردەم خەباتی ڕزگاریخوازی ژنانەوە. ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” توانای پەرچەکرداری لە بەرامبەر دەیان یاسای کۆنەپەرستانە و پیاوسالاری کۆماری ئیسلامی بەرجەستە کردۆتەوە، ژنان ئازایانە و هۆشیارانە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیان کردۆتە ئامانج کە پێکهاتەی ئایدیۆلۆژی کۆماری ئیسلامیان خستۆتە ژێر پرسیارەوە. ئەم ڕاپەڕینە پرسی ژنانی وەک بەشێک لە پرسە کۆمەڵایەتیەکان وروژاندوە و بزووتنەوەی گشتی ژنانی وەک بزوتنەوەیەکی جەماوەری هێنایە ئاراوە، کە تێیدا ژنان پێشڕەوو پێشەنگن، هەروەها خەبات و متمانەی جەماوەری ژنانی زیاتر بردە سەرەوە، خەباتی ژنان و کۆڵنەدانیان بەرامبەر بە یەکێک لە توندترین دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە، سەرسامی جیهانی وروژاند و بوو بە هەوێنی یەکگرتوبونی بزوتنەوەی ژنانی ئێران لەگەڵ بزوتنەوەی ژنان لە جیهاندا.
هێمای خەباتی ژنان لە پرسی حیجابدا و لە بەرامبەر ستەمکارانی کۆماری ئیسلامی کە تا ئێستاش بەهێزەو بەردەوامە، فڕێدانی حجاب وەک داواکاریەکی گشتی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپێندرا. بەڕنگاری ژنان کە لەبەرامبەر لێدان و بێ حورمەتی و کۆنەپەرستی ئەو بەکرێگیراوانەی کە سیستەمی سەرمایەداری دەپارێزن، نووکی هێرشکردنە سەر یاسا چەپەڵەکانی سیستەمی پیاوسالاریە کە لە ئاستێکی بەرفراواندا لە نێوان کۆمەڵگا و پەیوەندیە سەرمایەداریەکانی کۆماری ئیسلامیدا روبەروی یەکتربونەتەوە، سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” دوای خەباتێکی سەخت، دەستکەوتی بەنرخی تێدایە، بێ گومان زەمینە بۆ دەستکەوتەکانی داهاتوو لە نێو ژناندا ئاواڵا تر دەکات.
هەڵبەتە ئەمڕۆ ئەوە دەبینین کە لە ئاستێکی بەرچاودا، ئەم ڕاپەڕینە کەم بوەتەوە، بەڵام ململانێی نێوان هێزە سەرکوتکەرەکان و بزووتنەوەی ژنان و لاوان و خوێندکاران، هێشتا ڕۆڵی خۆی هەیەو ناڕەزایەتیەکان ناوبەناو دەرکەوتەی هەیە. ڕژیم ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی، بە هێرشێکی بەربڵاو و ترس لە هەڵگیرسانی ئەم ڕاپەڕینە دەستبەسەر کردووە، کەشوهەوای توندوتیژی و سەرکوت زۆر زیادی کردووە، هەرچەندە وەستانەوە لەبەرامبەر بە حجابی زۆرەملێ بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە و هێشتا بەرنگاری و خەبات لە دەرونی جەماوەری ناڕازیدا نەوەستاوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی ئەم ڕاپەڕینەدا ئەگەری نمایشی جۆراجۆر پێشبینی دەکرێت.
بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە سەرتاسەریەکان کە بەگشتی بە دروشمی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا لە مەیداندا بون، ئەمەش بەڵگەی ئەوە دەخاتە روو کە درەنگ یا زوو لێدانی زەنگی کۆتایی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیە، ئەوەی حاشا هەڵنەگرە، ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” زیاتر بە نمایشی ڕاپەرین بۆ ڕوخانی کۆماری ئیسلامی خۆی ناساند، هەرچەندە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک کوژراون و نزیکەی بیست هەزار کەسیش خرانە کونجی زیندانەکانەوە، بەڵام گۆڕانکاریەک لە واقیعی کۆمەڵگەی ئێستای ئێراندا بەرجەستە بۆتەوە، کە بە ملیۆنان کەس لەگەڵ سەختی ئابووری و هەڵاوسان و بێکاری و هەژاری و برسێتی و دڕندەیی کۆماری ئیسلامیدا، بە شێوازی گونجاوی خۆیان لە ئامادەیی ناڕەزایەتی و خەباتدان، ئەمەش بە حەق ئەوەی سەلماند کە کێشەکە تەنیا حیجاب نییە. وە ژمارە سەرنجڕاکێشەکانی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان لە ساڵانی ڕابردودا لە ئێران و ڕەنگدانەوەکانی، پێویستیەکی هەنوکەیی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە کۆمەڵگادا هەیە، ئەم دۆخە تەنها لە ڕوانگەی “ژن، ژیان، ئازادی” وەک ڕاپەڕین وەڵام نادرێتەوە. ئەم ڕاپەڕینە توانی بەرەنگاریەک لە بەرامبەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا نیشان بدات، کەلە ڕووی چەوساندنەوە و نادادپەروەریەک کە بەسەر ژنان و زۆرینەی خەڵکی ئێراندا سەپێنراوە، کۆماری ئیسلامی کە رەسمیەتی بە نایەکسانی کۆمەڵایەتی داوە، بەڵام بە ئاشکرا ئایدۆلۆژی ئیسلامی لەبەرامبەر خەباتی ژناندا ریسوا کرا و پاشەکشەیەکی گەوەری پێکرا، لە هەمان کاتدا بەشێوەیەکی گشتی ناڕەزایەتی بەرینی جەماوەری ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا نواندوە.
گومانی تێدا نییە کە داخوازی و چاکسازیە یاساییەکانی ژنان لەو ئاڕاستەیەدا زۆر بەنرخ دەبن، بەو مەرجەی لە هەموو هەنگاوێکدا زەمینە بۆ گۆڕانکاریەکی کۆمەڵایەتی لە پێکهاتەکانی سیستەمی سەرمایەداریدا زەمینەسازی بۆ بکرێت. چاکسازی بە هەر جۆرێک بێت بە تایبەتی لە ئێراندا هەنگاوێکە بۆ پێشەوە، بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوەی ژنان و هەر بزوتنەویەکی جەماوەری ناڕازی، هەرچەندە بەها و گرنگی چاکسازی دەتوانێت لە چەوسانەوەی ژنان کەم کاتەوە، بەڵام دەبێت ئەوە رۆشن بێت کە ناتوانێ مانای گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری ژناندا، تەنها بەوەستانەوە لەبەرامبەر کۆنەپەرستی ئیسلامیدا دەستەبەربێت، هەڵبەتە هەر چاکسازیەک له کۆمەڵگه ی ئێراندا که بتوانێت هەندێک گۆڕانکاری یاسایی له پێگه ی ژن بهێنێته ئاراوه، به دڵنیاییەوه دەبێت پێشوازی لێبکرێت، بەڵام باسەکە لەسەر ئەوەیە کە کام بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی ڕێکخراو دەتوانێت وەڵامی پرسی بژێوی و خۆشگوزەرانی گشتیی ملیۆنان کەسی کۆمەڵگا بداتەوە، بە بزوتنەوەی ژنانیشەوە؟، کام گۆڕانکاری و بەدیل لە کۆمەڵگادا دەتوانێت گەرەنتی هەڵوەشاندنەوەی چەوسانەوەی ئینسان لەسەر ئینسان بەسەرکەوتن بگەیەنێت؟، پێویستە ئاماژە بەوە بەدەین کەڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” ئاسۆی ئەو گۆڕانکاریەی نیشان نەدا، کەدەتوانێت دەست لە پێکهاتەکانی سیستەمی سەرمایەداری بدات و شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی بەڕێبخات. چونکە خەبات لە دژی تەواوی پەیوەندیە نایەکسانەکانی کۆمەڵگە بنەماکەی لە زەرورەتی خەباتی چینی کرێکارەوەیە، هەر لەوێشەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە پێویستی بە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی چینی کرێکارە، لە هەمان کاتدا پێگەی، “ژن، ژیان، ئازادی” دەتوانێت وەک بەشێک لەم خەباتە چینایەتیەی کرێکاران مانادار بێت، هاوشانی گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکان لە پەیوەند بە خەباتی چینی کرێکارەوە هەنگاوی بەرەو پێشتر بنێت.
سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” توانی حیجاب وەک داواکاریەک بەسەر حکومەتدا بسەپێنێت، کەشوهەوای سیاسی کۆمەڵگای گۆڕی، یەکڕیزی نێوان بزووتنەوەی ژنان و قوتابیان تا ڕادەیەک بەهێزتر کرد، بەڵام ژنان هێشتا ڕێگای هەوراز و نشێوی زۆریان لە پێشە بۆ گەیشتن بە داواکاریەکانیان و چەسپاندنی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان، واتە بۆ نەهێشتنی ستەم یەکجاری لەسەر ژنان، دەبێ خەباتی نەهێشتنی چەوساندنەوەی چینایەتی لەبەرچاو بگیرێت، چونکە نایەکسانی نێوان ژن و پیاو میراتی هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتیە، کە کاریگەری چەوساندنەوەی ئابووریە لەسەر ژنان، بۆیە گەیشتن بە یەکسانیەکی تەواو و ڕزگاری ژنان پەیوەستە بە نەمانی چینەکان، ئەمەش لە ڕێرەوی خەباتی چینی کرێکارو شۆڕشی کرێکاریدا مەیسەر دەبێت.
ئەوەی جێگای سەرنجە، ژنان لەم جوڵانەوەیەی ئێراندا وەک بەشێک لە چینی کرێکار دەرنەکەوتن، ژنانی کرێکار، لەگەڵ ئەوەی بەشێکی گەورەن لە نێو چینی کرێکاردا، لەسەر ئەم بنەمایە، ڕێکخستنی ژنانی کرێکار و یەکخستنی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی کرێکاری، ئاشکرایە کە ئەرکی چینی کرێکارە. وەدیهاتنی داخوازیەکانی بزووتنەوەی ژنان، هاوشێوەی داواکاریەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی ترە، لە پرۆسەی گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی و شۆڕشگێڕانە و کۆمەڵایەتیدا، بەبێ ئامادەبوونی چینی کرێکار، ناتوانێت ئاسۆی داهاتوو بۆ بەدیهێنانی داواکاریە سەرەتاییەکانی ژنان گەرەنتی بکات.




کەرکوک لە نێو گەمەی سیاسی حزبەکاندا.. عوسمانی حاجی مارف

ئەو کەرکوکەی کە “دڵی کوردستان و قودسی کوردستان” بو..؟، لە کورترین ماوەدا چەکدارەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە ١٦ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بە هەڵاتن بەجێیان هێشت و رادەستی هیزەکانی حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبیان کرد.
بە دوای شەش ساڵ لە ملکەچی و گەرانەوە بۆ باوەشی حکومەتی عێراق و دەستخستنە ناو دەستی هێزە شیعەکان، جارێکی تر و بە شێوازێکی تر، حزبەکان خەریکن نائارامی بۆ دانیشتوانی کەرکوک دوبارە دەکەنەوە.
هێزەکانی کوردایەتی و عروبەو تائفی شیعە و سونە هیچ کات نایانەوێت دان بەوەدا بنێن کە کەرکوک تاپۆی هیچ حزب و هێزو نەتەوەیەک نیە، بەڵام راستیەک کە پێچەوانەی ئاراستەی بەرژەوەندی ئەو حزبانەیە شەر لەسەر کەرکوک دەکەن، پێویستە جێگاورێگای کەرکوک بەو شێوەیە بە فەرمی بناسین کە کەرکوک تایبەتە بە تەواوی دانیشتوانی ئەو شارە، تەواوی ئەو کەسانەی لە هەر نەتەوەو دین و مەزهەبێکن و لەو شارەدا دەژین و ئارامی ئەو شارە رادەگرن، بە ئاشتی و ئاسودەیی بێ کێشە چەندین ساڵ و سەدەیە پێکەوە ژیانیان کردوەو ژیان دەکەن. بەڵام حزبە میلیشیاکان بەدوای بەرژەوەندیەکی ترەون، لەسەر سەوداومامەڵەی سیاسی و ئابوری بەشاری کەرکوکەوە، لە پێناو داکوتانی پێگەی سیاسی و تاڵانی و داگیرکاری، ئامادەن رۆژانە هەزارن کەس لە دانیشتوانی ئەو شارە بکەنە قوربانی مەرامەکانیان، بەناوی شەری کوردو عەرەب و تورکمانەوە.
ئەم ئاراستەیە تا زووە دەبێت بەری پێ بگیرێت و کۆتایی پێ بهێنرێت، دەنا کارەسات بەدوای کارەسات رووئەدات.
گەرمی باسوخواسی بچوکردنەوەی قەوارەی حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر ئایندەی حکومەتی عێراقدا ئاشکرایەو شاراوە نیە، دۆخی سیاسی کوردستان لە ژێر کاریگەری ململانێیەکی سەخت و ناهەموارو خوڵقاندنی نائارامی زیاتردایە، لە هەمان کاتدا یاریکردن بە چارەنوسی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵابانی دیاردەیەکی بەرچاوی حاشاهەڵنەگرە، کە لەژێر کاریگەری ئەو ئاراستانەی ئەمریکاو ئێران و تورکیدایە، کە لە ناوچەکەدا ململانێی لەسەر دەکەرێت، هەوڵدان بۆ ناوەندی کردنەوەی دەسەڵات لە عێراقدا نەخشەو مەسەلەیەکی سیاسی جدیە، کە لەو کەین و بەینەدا ئەگەری حساباتێک بۆ هێزەکانی بارازنی و تاڵەبانی چیان بەسەر دێت نەکراوە، کەجگە لە ملکەچ کردنی زیاتریان بۆ ئەو نەخشەی ناوەندی بونەوەی حکومەتی عێراق، تا ئێستا رێگایەکی تر نەخراوەتە بەردەمیان، قەبولکردنی ئەم ملکەچیە، سنوردارکردنیکی گشتی و قورسە کە بە سەر ئایندەی حکومەتی هەرێم و هێزە چەکدارەکانی بارزانی و تاڵابانیدا دەسەپێنرێت، لەم بارەیەوە ئەوەی لە جوڵەکانی بارزانیدا دەبینرێت، تەنها پەرچەکردارێکە لە پێناو پاراستنی هاوسەنگی هێزەکەی لەبەرامبەر حکومەتی عێراقدا، لە هەوڵی ئەوەدایە بە هەر بەهایەکی نائیسانیش بێت، هاوکێشەی سیاسی بە قازانجی هێزەکەی بگۆرێت، بۆیە لەم بارەیەوە ئەو هەنگاوانەی بارزانی وەک مانۆرێک نیشانیان ئەدات، لەلایەک زیاتر خەریکی نائارام کردنی دۆخی شاری کەرکوکە، تا لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراقدا پێگەیەکی بالاتر نیشان بدات، لە هەمان کاتدا بەڵکو لە هەڵبژاردنەکانی شاری کەرکوکدا دەستکەوتێکی زیاتر بەدەست بهێنێت. لەلایەکی تریشەوە خەریکی هەڵخراندنی خەڵکی دهۆک و هەولێرە بەناوی خۆپیشاندان، لە نمونەی کارەکانی موقتەدا سەدر دوبارە دەکاتەوە، کە کاتی خۆی موقتەدا سەدر لە شارەکانی عێراق و لە سایەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدا ئەو کارەی کرد و سەرکەوتوش نەبو، ئێستاش کاریکاتوری دوبارەبونەوەی ئەو کارە لەلایەن بارزانیەوە لەشارەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆێدا، بێ ئاکام و بەزیان بۆ هاوسەنگی هێزەکەی دەمێنێتەوە.
ئەم کارانەی بارزانی لە کەرکوکدا هەوڵی بۆ ئەدات جگە لە پێکهێنانی گێژاو دۆخێکی نائارام دەستکەوتێکی بۆ هێزەکانی پارتیش نابێت. ئەوەی جێگای سەرنجە تەواوی هیزەکانی بەشدار لە حکومەتی هەرێمدا، تا ئەو ئاستە هۆشداریان دەخنە سەر ئەم کێشانە، کە ئاخۆ بارزانی ئەتوانێ ئەم پروسیە بەسەرکەوتن تیدەپەرێنی، یا لە بەرامبەر شکستێکی گەورەدا خۆی دەبینێتەوە، هەر لایەنێکش لە چوارچیوەی بەرژوەندیەکانی هێزەکەیەوە چاوەروانی ئاکامی دیاردەکانی ئەم کێشمەکێشە دەکات. بە تایبەتی تاڵەبانی بەئومێدی چاوەروانی شکستێکی گەورەی بارزانیە، پێی وایە بەم بە شکستە لە مەیدانەکەدا هەلێک بۆ هێزەکەی فەراهەم دەبێت، بەڵکو بە وەرچەرخانێک دەرگایەک بۆ رزگاربون لە قەیرانەکانی بکرێتەوە، بەم شێوەیە بۆتەواوی حزبەکانی بەشدار لەدەسەڵاتدا، بەرژەوەندی پێگەو نفوزی حزبەکانیان پێش هەمو شتێکە، بۆیە هەڵگیرسانی ئاگری شەری قەومی، بەرێگای رزگاری ئەو قەیرانەی دەزانن کە بزوتنەوەی کوردایەتی دەرگیری بووە.
لەمەش سەیرتر قسەکانی لاهور جەنگیە بۆ خەڵکی کەرکوک، کە پێیان دەڵێت ئەم شەرە مەکەن چونکە کورد پشتیوانی نیە، عەرب و تورکمان پشتیوانیان هەیە، واتە لاهور دژ بەشەری کورد و عەرەب و تورکمان نیە، هەرکات کورد توانی و پشتیوانی بۆ پەیدا بو، هەرچی عەرەب و تورکمانە لەو شارە دەریان دەپەرێنێت.
دانیشتوانی کەرکوک لەدەرەوەی شەری حزبەکان، یەک رێرەوی دروست و ئینسان دۆستانەیان هەیە بۆ دەرباز بون لەم قەیران و گێژاوەی بەدەست حزبەکانەوە دەرگیری بون، ئەویش دەرپەراندنی تەواوی هێزە میلیشیاکانە لەو شارەو گرتنە دەستی بەرێوەبردنی دەسەڵات لەلایەن نوێنەرانی راستەقینەی هەڵبژێردراوی دانیشتوانی شارەکەوە، بەبێ جیاوزیکردن و ئیمتیازدان بە هەر نەتەوەو دین و تایئفەیەک.




بەرەو بەهێزکردنی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی!.. عوسمانی حاجی مارف

لە میانەی دەسەڵاتی میلیشیایی و تاڵانچێتی بارزانی و تاڵەبانیدا، خرۆشانێکی بەرفراوانی جەماوەری لە ناوەندی شارەکان و شەقامەکاندا نمایشکراون، کە بۆداواکردنی پێداویستیەکان تا دەگات بەوەی دروشمی کۆتایی بەم دەسەڵاتە دەنگدانەوەیان بووەو جێگاوپێگەیەکی بەرچاویان نیشانداوین.
ئاستی توڕەیی و دەربڕینی ناڕەزایی و نەویستنی ئەم دەسەڵاتە لە ئاستێکی بەرفراوانتریشدا بە شوێنی خۆی ماوە، بەڵام لە ئێستادا لە شێوازی خۆپیشاندان و خرۆشانی جەماوەریدا خۆی نانوێنێت، ئەم حاڵەتە لە خامۆشی، بۆتە جێگەی نیگەرانی کەسانێکی زۆر، ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە خێرایی و لە شەووڕۆژێکدا تەختوتاراجی ئەم دەسەڵاتە بپێچرێتەوە و بەرپرسەکانی ئەم دەسەڵاتە بە سزای تاوانەکانیان بگەیەنن، ئەم پەلەکردنە بۆ کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە بە هەر شێوەیەک بێت، زیاتر لە نێو توێژی زۆرینەی ئەو رۆشنبیرە ئازادیخوازندا بەرچاو دەکەوێت، کە تەنها لە پەنجەرەی ئازادیەوەو دور لە پێداویستیەکانی ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە لە دنیا دەروانن، هەروەها لە ئاستێکی دیاریکراویشدا وەک حاڵەتێک لە نێو بەشێک لە چەپەکان و کۆمۆنستەکانیشدا ئەم دنیا بینینە سەری دەرهێناوە، کە لەگوتارو نوسینەکانیاندا، وەک شێوازی ڕەخنە لە خەمساردی و ڕۆڵی بێئیرادەی خەڵک تەعبیری لێدەکرێت، دەڵێن بۆچی ئەم خەڵکە و کرێکاران بەرەنگاری و کاردانەوەیان نیە..؟
ئەتوانم بڵێم ئەم خواستی پەلەکردنەو جۆری ڕەخنانە، جیاوازیەکی تایبەتی نێوان ئەو توێژەیە لە رۆشنبیرانی ئازادیخواز و زۆرینەی خەڵک بەگشتی، خەڵک بەدوای ئاڵوگۆڕێکەوەیە بۆ باشترکردنی ژیان و خۆشگوزەرانی، بەڵام ئەو “ئازادیخوازانە”تەنها بەدوای هەوای پاکی ئازادیوەن، بەتەنگ جیاوازی بەینی هەژارو دەوڵمەندەوەنین،لەژێر پەردەی ئازادیدا دەبنە بەشێک لە پارێزەری پێگەی چینە باڵاکان، بۆیە هاوکێشەی ناڕەزایەتیەکانیان مانای جیاواز بەخۆیەوە دەبینێت، کەبەلای هەر لایەنێکیانەوە مانای پراکتیکی تایبەت دەبەخشێت، ئەو ئازادیخوازانەی تەنها ئەوینی پەرچەکردارو کارداونەوەو بەرەنگارین لە هەر ئاستێكدا بێت بۆ گورزکێشان بەدەسەڵاتێکی دیاریکراوی نەخوازراوی دژ بە ئازادی، لە سەرکەوتنی ئازادیدا دەچنە سەر ئەوکارانەی بە هۆی ئازادیەوە بەدەستیان هێناوە، بۆ نمونە دەبنە میدیاکار، بەڵام خەڵکی ستەمدیدە بەدوای ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەییە لە پێناو خۆشگوزەرانی و مافەکانی ژیاندان، گەر هاوشانی ئازادی، خواست و خۆشگوزەرانی و مافەکانی کرێکاران و توێژە نەدارەکان دابین نەکرێت، ئەو ئازادیە بەدەردی پێداویستیەکانی ژیانی خەڵک نایەت، ئەو کات جیاوازی چینایەتی لە ژێر پەردەی ئازادیدا بە شێوازێکی تر خۆی بەرهەم دێنێتەوە، ئازادی بەبێ گرێدانەوەی بە خواستە زیندوەکانی ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش جێگایەک لە خەباتی جەماوەریدا پەیداناکات.
ڕوخانی دەسەڵات بۆ کرێکاران مانای باشترکردنی ژیانیانە لە بەرزکردنەوەی کرێی کارو کەمکردنی سەعاتی کار و دابینکرنی سەڵامەتی کارو ….، کرێکاران و زەحمەتکێشان بەداوی جوڵانەوەیەک ناکەون کە ئاکامەکەی لە پەیوەند بە ژیانیانەوە ناڕۆشن بێت، ڕوخانی دەسەڵات بۆ ئەو توێژە لە رۆشنفکرانی ئازادیخواز، لە پێناو دۆخێکدایە بۆ ئازادی بیروباوەڕیان، نەمانی زیندانی سیاسی، ئازادی ڕۆژنامەوانی.. کە ئەمانەو زیاتریش لەوانە هەڵبەتە زۆریش باشن، بەڵام کۆمەك بە سفرەی خاڵی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و هەژارو نەدار ناکات، واتە گلەیی کردن یا ڕەخنە گرتن، لە ئاستی چۆنیەتی و شێوازی ناڕەزایەتیەکان لەو شوێنەوە نابێت ببینرێت، کە بۆچی بەرەنگاریمان نەکردوەو خرۆشانەکان تەوژمی جوڵەی گەڕاوەتە دواوە، بە تایبەتی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە بۆ کۆمۆنستێک مانای ڕێگە ونکردنی ڕێبازو ئامانجەکەی دەگەیەنێت، بڕیارنیە کۆمۆنستەکان گلەیی بکەن و ڕەخنە لە کرێکاران و زەحمەتکێشان بگرن لەسەر ئەوەی خۆپیشاندان و خرۆشانی جەماوەری ناکەن و نایەنە مەیدان و کاردانەوەیان نیە، دیارە ئەوەیان لەبیر چووە، کرێکاران پێداویستیەکانی ژیان و ئاستی ئامادەییان لە ڕێکخستن و یەکگرتویی دەینخاتە سەر ڕێڕەو کاردانەوە، بۆیە دەبێت ئەوڕێگایانە لە شێوازی ناڕەزایەتی نیشان بدەین کە مایەی سەرکەوتن و دەستکەوت دەبێت بۆ باشترکردنی ژیانی خودی کرێکاران و خەڵکی هەژارو نەدار، بەمانایەک بۆ زۆرینەی دانیشتوان لە دابینکردنی خواست و پێداویستیەکانیان، یان ڕۆشنتر بڵێین کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتێک بەمەرجی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالستی و بنەبڕکردنی تەواوی چەوسانەوەی ئینسان لەسەر ئینسان مانا پەیدا بکات، کرێکاران بۆ بەدەستهێنانی پێداویسیەکانی خۆیان دێنە مەیدان، بۆ خەیاڵات و ئارەزوی ئەو جۆرە لە “چەپ و کۆمۆنستەکان” ژیانی خۆیان ناشێوێنن.
هەڵبەتە بۆ کۆتایی هەردەسەڵاتێک سەرکەوتوترین ڕێگا خۆپیشاندان و خرۆشانی بەرفراوانی ڕیزی ملیۆنی خەڵکە کە تەواوی دامودەزگاکانی دەستەی دەسەڵاتدار تێکوپێک دەشکێنێت، واتە کۆتایی هەردەسەڵاتێک ئاکامی خۆڕانەگریە لە بەرامبەر ناڕەزایەتی و خرۆشانی ڕیزی ملێۆنی، کە لە ماوەیەکی کەمدا بەرپرسانی ئەو دەسەڵاتە ناچار بە هەڵاتن دەکات. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە بەدوای هەڵوەشاندنەوەی هەر حکومەتێکدا، دوبارە دامەزراندنەوەو بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە مەسەلەیەکی جدیە!، کە پێویستە بە ئاسۆ وئامادەیی و توانای هێزی جەماوەر، ڕێگا نەدرێت دەسەڵاتێک بێتەوە سەرکار کە بەهەمان میکانیزم و پرۆسەی دامەزراندنی نایەکسانی و بەرجەستەکردنەوەی چەوسانەوەی ئینسان لەسەر ئینسان لە شێوازێکی تردا دوبارەبێتەوە، لە مێژوی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا، لە کێشمەکێشی نێوان دەسەڵات و خەڵکدا نمونەی بەرچاومان هەیە، وەک ئێران و میسرو تونس….، بۆیە ئەوەی کە جێگای سەرنجە،مەسەلەکە خامۆشی و نەبونی بەرەنگاری و کاردانەوەنیە، بەڵکو نەبونی ئاسۆی جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوانی گشتگیرە لە بەرجەستەکردنەوەی پراکتیکی شۆڕشگێرانەدا، کارکردنە بە ئامانجی سەرکەوتن بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی یەکسان کە بۆ تەواوی دانیشتوان فەراهەم بێت.
ئەوەی لە نێو تەواوی ناڕەزایەتیەکان و بەرەنگاری و کاردانەوەکاندا پێویستە جێگای سەرنجمان بێت،سایەنەکردن و لاوازیەکی بەرفراونە لە بونی مەیل و ڕەوتی سۆشیالستی، تەواوی ئەو جوڵانەوانەی لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان و هەر وڵاتێکدا کەلە چەند ساڵی ڕابردودا بەبەرچاومانەوە بوە، کێشەی بنەڕەتیان هەر ئەوەیە کە هەوڵدان بۆ کۆتایی سیستمی سەرمایەداری زۆر لاوازە، یا لە ئاستی نەبوندایە، ئەوەی سایەی کردوە جوڵانەوەی چاکسازیە، چاکسازیش لە ئاستێکی نزمدا، واتە کەموکوڕی جوڵانەوەکان هاتنە خوارەوەی بەرنگاری و کاردانەوەنیە، بەڵکو نەبونی پتەوی ئاسۆ و مەیل و رەوتی سۆشیالستیە لە ڕێڕەوی بەرنگاری و کاردانەوەکاندا، هەتا لەنێو ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانیشدا، لاوازی ئەم رەوتە واقعیەتێکی تاڵە، لەوە تاڵتر ئەوەیە کە خەباتی کۆمۆنستەکان نەچێتە سەر گۆڕینی ئەو واقعە تاڵە، بە ناوی لاوازی بەرەنگاری و کاردانەوە، ڕەخنە لە هێزی بەرهەمهێن دەگرێت کە بۆچی کاردانەوەیان نیە، کە ئەم ئاراستەیە نەک هیچ خزمەتێک بە گەشەی بزوتنەوەی سۆشیالستی ناکات، بەڵکو لە بەرامبەر چاکسازیشدا دەستەوستان ڕادەوەستێت، کە دەبێتە پاشکۆی جوڵانەوەی ئەو چاکسازی و ئازادیخوازیەی توێژە ناکرێکاریەکان بەدوایدا وێڵن، بەڵام پێویستە هاوکێشەکە بە پێچەوانەوە بێت، واتە بزوتنەوەی ئازادیخوازی و چاکسازی دەبێت جێگای خۆی لە نێو جوڵانەوەی یەکسانخوازیدا بکاتەوە.
واقعیەتی جوڵانەوە کۆمەڵایەتیەکان شەڕی چینایەتیە، کێشمەکێش و شەڕی نێوان چینی کرێکارو سەرمایەدارە، کۆتایی سەرمایەداری یەک ڕێگای هەیە، خەباتی رێکخراوی چینی کرێکارە دژ بە سەرمایە و سەرمایەداری و سەرمایەداران، کاتێک لە نێو ئەو خەباتەدا ئاستی مەیلی سۆشیالستی سایەی نەکردبێت، هاوسەنگی هێز بە قازانجی بزوتنەوەی سۆشیالستی کرێکاری نەبێت، حەتمیە شۆڕشی سۆشیالستی لە هەر هەنگاوێکدا قابیلی پاشەکشەو شکست خواردنە.
خەباتی چینی کرێکار و کۆمۆنستەکان ئاوێزانە بەوەی کە کاتێ دژ بە هەر دەسەڵاتێکن، بەو مانایە دژی ئەو دەسەڵاتەن کە بەرگری لە پاراستن و مانەوەی سەرمایەداری دەکات، نەک ئەوەی چەندە دژی ئازادیە. جا ئەو دەسەڵاتە لەکوردستان بێت یا عێراق و هەرشوێنێکی تری دنیا، ئامڕازی دەستی سەرمایەدارانە بۆ چەوسانەوەی کرێکاران و زۆرینەی کۆمەڵگە و پاراستنی هێزی کار وەک کاڵا، ئەو دژ وەستانەوەیە خەباتێکی ڕۆشن و پراکتیکێکی شۆڕشگێرانە دەخوازێت لە چۆنیەتی بەهێزکردن و ڕێکخستن و سایەکردنی ڕەوتی سۆشیالستی لەناو تەواوی بزوتنەوەی کرێکاریدا، بەمانایەک ناوەڕۆکی ڕەوتی ئەو جوڵانەوەیە بە خەبات بۆ کۆتایی کاری بەکرێ بناسرێتەوە، تا لەهەر ساتێکی ئامادەبونیدا بتوانێ زەنگی کۆتایی دەسەڵاتی سەرمایەداران ڕاگەیەنێت.
گەر ئەوە بەفەرمی بناسین لەدەورانی ئێستای خەباتی چینی کرێکاراندا بەگشتی مەیل و ڕەوتی سۆشیالستی نەیتوانیوە هاوسەنگی هێزی خەباتی سۆشیالستی بگاتە پێشەنگی هەڵسورانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی دیاریکراودا لە هەر شوێنێکی دنیا بێت، واتە پێویستە هەنگاوەکانمان پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بێت لە نێو خەباتی چینی کرێکار بە تایبەتی و لە نێو خەباتی جەماوەریشدا بە گشتی، بۆبەدەستەوەگرتن و چونە پێشەوە لە گەشدان و پێشڕەوی بە مەیل و ڕەوتی سۆشیالستی،ئەو کاتە ئەتوانین بڵێین بەرەنگاری و کاردانەوەش مانای پراتیکێکی شۆڕشگێرانە وەردەگرێت.
ئەم باسە بەو مەبەستە دەخەمە ڕوو کە دەرگایەکی جدی بۆ باسی نێوان کۆمۆنستەکان لەسەر ناڕەزایەتی و شۆڕش و بەهێزکردنی ڕەوتی سۆشیالستی بکاتەوەو جێگای لێکۆڵینەوەو نەخشە کارێک بێت بۆ بەڕێخستن و چونە پێشەوەو هەڵگیرساندنی شۆڕشی کرێکاری.




گەورەترین دزی لە مێژوودا.. عوسمانی حاجی مارف

ئۆپەراسیۆنێکی دزی و تاڵانی بەرفراوان کە لە عێراق لەلایەن هێزە سیاسیەکان و هێزە میلیشیا دڵسۆزەکانی ئێرانەوە ئەنجامدراوە، سەرەڕای ئاشکراکردنی زۆرێک لە وردەکارییەکانی ئەو دزیە کە ڕای گشتی تووشی شۆک کرد، تۆمەتباری سەرەکی لەم دزیەدا سەرەڕای دانپێدانانەکەی ئازاد کرا، ئەو دزیەی کە پێی دەوترێت “گەورەترین دزی لە مێژوودا”.
تۆمەتباری سەرەکی، کەسێکە بەناوی نور زوهێر کە پاڵەوانی ئەم داستانەی “دزی سەدەیە”، لەکاتی دەستگیرکردنیدا تەمەنی ٤١ ساڵ بوو، وێنای دەکەن بە پابلۆ ئیسکۆبار پادشای کۆکاین لە کۆڵۆمبیا، کە زوهێر بۆخۆی لە بەسراوە هاتۆتە بەغدا لە پەیوەندی بە سەرکردەی حزبە شیعەکان و دەسەڵاتدارنی حکومەتی عێراقەوە ئەم تاوانی دزیەی ئەنجامداوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی بەریتانی “میدل ئیست ئای” ئەو ئۆپەراسیۆنەی دزی و تاڵانکردنە کە ناوی “دزی سەدە”ی لێنراوە، ئەو پارە دانراوانەی باجیان کردۆتە ئامانج، کە کۆمپانیا نەوتییەکان دەیدەن بە کۆمیسیۆنی گشتی باج لە عێراقدا، کە بەشداربووان لەم دزیەدا بەرپرسانی باڵا و سەرکردەی حزبەکان و سیاسەتمەداران لەخۆ دەگرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست، ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن بەرپرسانەوە لە خەزێنەی گشتیدا دیار نەماوە ، ٣٠٠ ملیار دۆلار زیاتری تێپەڕاندووە.
هەرچەندە بڵێین خەڵکی عێراق بە گەندەڵی ڕاهاتوون، بەڵام قەبارەی ئەم دزییە تەواو تووشی سەرسامی و شۆکی کردون. خەڵکی ڕاهاتوون بە فەزیحەی گەندەڵی، بەڵام قەبارە و ئاستی ئەم گەندەڵی و دزییە قێزەونە لەوەدایە کە دەبێت دەست بەجێ تەواوی بەشداربوان لە حکومەتی عێراقدا بە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە لێپرسینەوەیان لێبکرێت و جگە لە دادگایی، کەنارگیری سیاسی بەسەریاندا بسەپێنرێت.
ئاشکرایە هیچ کام لە سوودمەندە ڕاستەقینەکانی دزییەکە، هەرکەسێک بوون، هەرگیز ڕووبەڕووی دادپەروەری نابنەوە. ئەو تاوانباریەی کە هەموو نوخبەی سیاسی پێیەوە چەسپاوە، بەو مانایەیە کە لێپرسینەوەیەکی سەرزارەکی و ئاست نزم و کەم هەیە. هەرچەندە نووسینگەی ئەلسودانی پێداگری دەکات کە بە توندی بەدوای لێکۆڵینەوەکاندا دەچێت، بەڵام لە دوای کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی ساڵی ڕابردووەوە کەمێک ڕاگەیاندنی سەبارەت بەو دۆسێیە کردووە، ئیتر بێدەنگی لێکراوە.
لەشکرکێشی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ و کاردانەوەی کارەساتبارەکانی کە بەدوایدا هات، بووە هۆی داڕمانی نزیکەی تەواوی ژێرخانی بنەڕەتی ئابوری عێراق، بە ڕێگاوبان و ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری.. بە هەموو جۆرەکانیەوە، بەدوای ئەو داڕمانە، کردنەوەی دەرگای گەندەڵی جەردەیی و تاڵانی بووە یەکێک لە تاوانە سەرەکیەکانی هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائیفی و قەومیەکان. ئەمریکا، سیستەمی پشکی تائیفی گەندەڵی دروست کرد و کۆماری ئیسلامی ئیران لە دەستکەوتەکانی ئەو تاڵانیە هاوبەش بوو.

دوای ڕووخانی سەدام، ئەم گرووپانە سەرچاوەکانی سەروەت و سامانی وڵاتیان تاڵان کرد. سەرۆک پارتەکان کە بەشێکی زۆریان سەر بە میلیشیاکان بوون، وەزارەتە قازانجدارەکانیان لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکرد.
ئەلسودانی کە ئێستا پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بەدەستەوەیە، لە بەیاننامەی حکومەتەکەیدا بۆ پەرلەمانی عێراق ئەوەی ڕاگەیاند، کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بۆ ڕاگرتنی بەهەدەردانی سەروەت و سامانی عێراق، ئامانجی سەرەکیەتی لەم قۆناغەدا.
ئەوەی شایانی باسە لەدامەزراندنی هەر حکومەتێکی نوێ لە عێراقدا، سەرۆک وەزیرەکان هەمان بانگەوازیان کردوە، کە هەنگاو و ڕێوشوێن دەنێن بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک یان لیژنەیەکی باڵا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەبەرامبەر ئەو کەس و لایەنانەی کە خەریکن لە دامودەزگاکانی دەوڵەت دەخۆن، لەو بارەیەوە هیچ شتێک نەکراوەو سۆدانیش لەوان زیاتری پێناکرێت.لەماوەی ڕابردوودا حکومەتی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی دەرکرد کە ژمارەیەک بەرپرسی پێشووی تێدابوو کە لەدەرەوەی عێراق نیشتەجێبوون، لەچوارچێوەی ئەوەی بە “دزی سەدە” ناسراون، کە بڕی دوو ملیار و نیو دۆلاری تێپەڕاندووە، لەگەڵ دەرهێنانی پارەی نەختینەی نایاسایی لە “سکرتاریەتی باج” دزراوە لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢دا.

فەرمانی دەستگیرکردنەکە، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، مستەفا ئەلکازمی، بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگری، ڕاید جوحی، ئەمینداری تایبەتی ئەلکازمی، ئەحمەد نەجاتی، وەزیری پێشووی دارایی، عەلی عەللاوی دەکاتە ئامانج، هەروەها مەشرەق عەباس ڕاوێژکاری پێشووی ڕاگەیاندنی ئەلکازمی دەگرێتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە، تاوانەکە زۆرە، ژمارەی گومانلێکراوەکانی تێیدا لە ٤٨ تۆمەتبار تێدەپەڕێت، دیارترینیان بازرگانێکی عێراقییە بە ناوی “نوور زوهێر”، کە لەوکاتەوە نزیکەی ٢٩٢ ملیۆن دۆلاری وەک پارەی دزراو گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا بە کەفالەت ئازاد کرا.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، دادوەر حەیدەر حەنون، هەنگاوێکی بۆ ڕێکخستنی “سیگناڵی سوور” لە “ئینتەرپۆل”ەوە لە دژی داواکراوان ڕاگەیاند، بەڵام کارو بڕیارو بەڵێنەکانی ئەلسودانی هێشتا قسەی سەر کاغەزەو ئەنجامگیریەکانی نادیارەو گەندەڵێش بەردەوام کاری خۆی دەکات.
گوایە حکومەت هەندێک ڕێوشوێنی گرتووەتە بەر بۆ سنووردارکردنی گەندەڵی، لەوانە گۆشەگیرکردنی بەشێک لەو کەسانەی بەرپرسیارن لە گەندەڵی و دادگایکردنیان لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا کە لە پارێزگاکانی نەینەوا و بەسرە و ئەنبار و پارێزگاکانی دیکە دەستیپێکردوە. ئەمەش ژمارەیەک سەرۆکی بەشەکانی پەیوەندیدار بە خانووبەرە و باج و شتی تریشەوە لەخۆگرتبوو، بەڵام هەڵمەتەکە “دواکەوتووە” و ڕاگیراوە بە هۆکارێکی نادیار، بەڵام ئەوەی بە “دزی سەدە” ناسراوە لە عێراق و بەو پێیەی ئامارە جیاوازەکان ئاماژەی پێدەکەن، کە کۆی پارەی تاڵانکراو لە ٣٠٠ ملیار دۆلار تێدەپەڕێت. لەکاتێکدا ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە، ساڵی ڕابردوو، کۆی گشتی ژمارەکە ٣٦٠ ملیار دۆلارە، لەکاتێکدا پەرلەمانتاران بە ٤٥٠ ملیار دۆلار مەزەندەیان کردووە، ئەمە بەكوێ دەگات و چۆن بەدواداچون و لێپرسینەوەی لەسەر دەکرێت، تەنها وەک پرسیارێکی بێوەڵام ماوەتەوە.

لە هەر حاڵەتێکدا کاتێ حکومەتی سودانی پێکهێنرا و شەڕی دژی گەندەڵی ڕاگەیاند، بەڵام هەر زوو ئاستی زەبری دژە گەندەڵی دوای چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک دادەبەزێت و چارەسەرەکانیش سنووردار دەکرێن، بە مەودایەکی بەرتەسک کە کاریگەری لەسەر سەرانی گەندەڵکاران نییە، بەتایبەتی لەسەر ئەوانەش کەسەر بە بەرپرسانی باڵای سیاسین لە ناو حکومەت و هێزە میلیشیاکاندا.
ئێستا حکومەتی سودانی لە حساباتی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ گەندەڵکاراندا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تەحەدا بۆتەوە. هەندێک لە هێزە باڵاکان، چەکداربن و باڵی سیاسیان لە چوارچێوەی هەماهەنگی حوکمڕانیدا هەبێت، یان حزبە سیاسیەکان، لە ڕێگەی بەرپرسانی پۆستی باڵا، بۆ دەستکەوتی دارایی زیاتر، نفوزی خۆیان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا دەقۆزنەوە. ئاراستەکەی سۆدانیش وەک هەر هەوڵێکی پێشوتری بانگەوازی سەرۆک وەزیرانی پێشخۆی، بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی وەک گەمەیەکی گاڵتەجار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

لەهەمانکاتدا، کاریگەریی ئەو هێزانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە ئەمنیە فەرمیەکاندا کاردەکەن، بەجۆرێک لە جۆرەکان کە بەشداریان کردووە لە فراوانبوون و بڵاوبوونەوەو تێوەگلان لەم گەندەڵیەدا، دان بە سەختی ئەوەدا دەنێن کە لێپرسینەوە لە گەندەڵکارە باڵاکان لە دۆخی سیاسی ئێستای دەسەڵاتی شیعەو پەیوەستبونی ئەو هێزانە بە دەسەڵاتی ئێرانەوە، لە عێراقدا بەرەنگاری لەبەرامبەر گەندەڵیدا کارێکی ئەستەمەو کردەنی نیە، یان کۆنترۆڵکردنی پارە و موڵک و ماڵەکانیان یان شێوازەکانیان بۆ بەدەستهێنانیان، هیچ دەزگایەک ئۆتۆریتەی توانای لێپرسینەوەی نیە.
هەرچەندە دەستەواژەی “دزی سەدە” لە سۆشیال میدیای عێراقیدا بڵاوبووەوە، بەڵام فشارێکی ئەوتۆ نەبوەو نیە بۆ ئەوەی تاوانباران بدرێنە دادگا.
بەڵام دوای ماوەیەکی کەم، نور زوهیر بە کەفالەت بۆ ماوەی دوو هەفتە ئازاد کرا، ئەمەش بۆ یارمەتیدانی دەسەڵاتداران بووە بۆ وەرگرتنەوەی پارەی زیاتر، نووسەری ڕاپۆرتی ئیکۆنۆمیست دەڵێت: یەکێک لە یاریدەدەرەکانم پێیوتم سەرۆک وەزیران هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە، ئەگەر زوهێری ئازاد نەکردایە ئەلسۆدانی سەری لەدەست دەدا.

هەروەها ڕوونکردنەوەیەکی دیکە بۆ بڕیاری ئازادکردنی تۆمەتباری سەرەکی دزیەکە، ئەو وێنایە ئەدات بەدەستەوە گوایە زوهێر تەنها بوکەڵەیەکەو بەکار هێنراوە.
دیارە زوهێر لە بەرزترین ئاستدا هاوکاری کراوە بۆ ئەنجامدانی ئەم دزیە گەورەیە. دوو فراکسیۆنی سەرەکی ڕکابەری لە عێراقدا (بزووتنەوەی فەتح و هاوپەیمانی کازمی) پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە زوهێر پەیوەندی بە ئەویترەوە هەیە، بەڵام هیچ گومانی تیا نیە کە یاریزانانی هەردوولا پشکیان لە پرۆسەکەدا هەبێت.
نور زوهێر بانکی ئەلڕافیدەین ناچار دەکات بە خێرایی کار بکات بۆ گواستنەوەی پارەکان، ئەمەش مانای نیشاندانی نفوزی زوهێرە، لەکاتێکدا دەرکردنی پسوڵەی چەکی گەورە لە دەسەڵاتی باج، واژۆی لانیکەم ١٢ بەرپرسی جیاوازی پێویستە زۆرجار پرۆسەکە چەند هەفتەیەکی دەویست، بەڵام زوهێر لە بەشێکی کەمی ئەو کاتەدا ئەو کارەی ئەنجامداوە. بە ووتەی دوو لەو فەرمانبەرانەی لەوێ کاردەکەن، زوهێر خۆی بۆ خێراترکردنی ئۆپەراسیۆنە قورسەکان، توانیویەتی کارئاسانی بکات و بەرتیل بدات و هەڕەشەش لە کارمەندانی دەسەڵاتی باج بکات.

تا ئێستا ڕوون نییە ئەو پارانە چیان بەسەر هاتووە. وا دیارە بەشێکی لە عێراق خەرج کراوە. چەندین سیاسەتمەدار و بەرپرس بە ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیستیان ڕاگەیاندووە سەبارەت بە کۆمەڵێک خانووبەرە کە پێیانوایە نور زوهێر لە گەڕەکی مەنسوور کڕیویەتی، کە پێشتر لەوێ دەژیا. بەڵام زۆربەی ئەو پارەیە، بەوتەی بەرپرسانی پێشووی ئەمنی، کراوە بە دۆلار و بردراوە بۆ دەرەوەی ووڵات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی پەرلەمان، زوهێر لە ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ زیاتر لە ٢٠ گەشتی بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجامداوە.
دوای ماوەیەکی کەم لە دەستگیرکردنی زوهێر، کازمی لە پۆستی سەرۆک وەزیران دوورخرایەوە. ئۆردوگای لایەنگری ئێران پیاوی خۆیان محەممەد ئەلسودانی بۆ سەرکردایەتیکردنی حکومەت ڕاسپارد.
دوای تێپەڕبوونی مانگێک لە دەستبەکاربوونی دەسەڵات، سودانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سازکرد و دوو کەڵەکە پارەی لە تەنیشت خۆیەوە دانابو کە نزیکە ٤٠ملیار دیناری عیراقی دەبوو، گوایە بەسەر کەوتویی ئەو بڕە پارەیە گەڕاندۆتەوە و لە زوهێری وەرگرتووە، کە نزیکەی ١٢٥ ملێۆن دۆلار دەکات، کە لەلایەک ئەم پارەیە بڕێکی زۆر بچووکە لە بەشێکی ئەو ملیارەها دۆلارەی لە دەستچووە، لەلایەکی ترەوە سوکایەتی و شەرمەزاریە بۆ سودانی بڕێکی لەو چەشنە دەخاتە روو، لەهەمانکاتدا مانای ئەوەیە سودانیش لە هەمان لیستی گەندەڵکاراندایە.
ئەمە واقعیەتی حکومەتی عیراقی فیدراڵە بە دوای ٢٠٠٣وە کە لەڕیزبەندی وولاتانی هەرە گەندەڵدا ئەژمار دەکرێت، هەر جۆرە بەشداریەک لەم حکومەتەدا لە هەر لایەنێکەوە پیادەکرابێت، بەشداریە لە تەواوی ئەو تاوانانەی ئەنجامدراوە، ئەم حکومەتە دەبێت لە درێژەدان بە خرۆشانە جەماوەریەکانی تەشرین کۆتایی پێبهێنرێت و عێراق لە بونی ئەو هیزانە پاککرێتەوە.

بۆ ئەم وتارە سود لە دوو باسی سایتی “عربي بوست” وەرگیراوە.
-360 مليار دولار وما خفي أعظم.. ما فرص حكومة السوداني في مكافحة “سرطان” الفساد في العراق؟

  • مفاجأة بأكبر سرقة مصرفية بالتاريخ.. حلفاء إيران وأمريكا بالعراق تعاونوا بها حتى المحققون مشتبه بهم



“هەمومان” لە دیدو سیاسەتی تاڵەبانیدا.. عوسمانی حاجی مارف

“هەمومان لە هەرێم یەك چارەنوسی هاوبەشمان هەیە!” بەدوای داگیرکاری دەسەڵات بە هیزی میلیشیایی لە لایەن پارتی و یەکێتی لە ساڵی ١٩٩١وە، کە دەکاتە سی و دو ساڵ، جگە لە “ناتەوافقی و ناشەراکەتی و نا هاوسەنگی” لەم سی و دووساڵەدا کە نمونەی بەرجەستەی دۆخی سیاسی زۆنی زەردو سەوزبوە، هەروەها نمونەی پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا بووە، هیچکات دەرگای ئاسۆیەکی گەشیان بەڕوی خەڵکی کوردستاندا نەکردۆتەوە. تازە باڤڵ تاڵەبانی دەڵێ “هەمومان یەک چارەنوسی هاوبەشمان هەیە”، بەڵام نە “هەمومان” نە “چارەنوس” نە “هاوبەش” لەم هەرێمەدا مانایەک بە مافی ڕەوای ئینساندۆستی و ئازادی و چارەنوسی هاوبەشی هاووڵاتی نەبەخشیوەو نابەخشێت.
مەبەست لە “هەمومان” ئایا دانیشتوانی کوردستانە؟ یا مەبەستی باڤڵ لە حزب و هێزو لایەنەکانە؟ شاراوە نیە و ئاشکرایە باڤڵیش ناتوانێ نکوڵی بکات کە دانیشتوانی کوردستان ژمارەیەکی کەمی دیاریکراو ملیاردێردو ملیۆنێرن. کاتی خۆی جەلال تاڵەبانیش شانازی بە زیادبونی ئەو ژمارەیە لە سەرمایەداران دەکرد! بەڵام لەبەرامبەریشدا ژمارەیەکی بەرینیش لە زۆرینەی دایشتوانی کوردستان، کرێکارو زەحمەتکێش و بێکارو نەدارو هەژارن. ئەم دوو جۆرە لە دانیشتوان چۆن لە چوارچێوەی “هەمومان”دا، دەکرێ هاوبەش بن و یەک چارەنوسیان هەبێت؟ هەڵبەتە گومانی تیا نیە کە باڤڵ بەهیچ جۆرێک نە مەبەستی دانیشتوانەو نە بیریش لەو ناعەدالەتیە کۆمەڵایەتیەو ئەو قڵشت و جیاوازیە گەورەیەی نێوان ئەو دوو جۆرە لە دانیشتوان دەکاتەوە. لەهەمانکاتدا هیچ گومانی تیا نیە کە خۆی و حزبەکەی وەک پاسەوان و پاریزەری ملیاردێرەکان و ملیۆنێرەکان دەسەڵاتەکەی لە زۆنی سەوزدا بە هێزی میلیشیا بەڕێوەی دەبات.
دەتوانین ڕاشکاوانە بڵێین مەبەستی باڤڵ “هەمومان لە هەرێم یەك چارەنوسی هاوبەشمان هەیە” مەبەستی حزبەکان و هێزەکان و لایەنەکانە کە دەسەڵاتدارن یا شەریکن لەدەسەڵاتدا، ئێستا لەبەرامبەر کێشەو چارەنوسێکی نادیاردا، بنبەست و ڕاوەستاون .
دوو هێزی میلیشیا کەهەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای پێگەو نفوزو هاوسەنگی هێزەکانیان، کوردستانیان کردە دووبەشەوە، بەناوی زۆنی زەردو زۆنی سەوز، هەڵمەتبردن و داگیرکردنی تەواوی سەروەت و سامانەکەیان لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکدا کە سەرگەردانی و نادیاری چارەنوس و ئایندەیەکی ناڕۆشنیان دامەزراند، سەرگەردانی کرایە دیفاکتۆی دۆخی سیاسی، لەهەمانکاتدا تێوەگلانی کوردستانە لەناو گێژاو و ناجێگیری سیاسی بەردەوامدا بەرجەستە بۆتەوە، دەکرێ بڵێین هەمومان لەو سەرگەردانیەدا هاوبەش کراوین!.
گەر هەروا بەچاوخشاندێک بگەرێینەوە ماوەی سی ودوو ساڵی دەسەڵاتی بنەماڵەی بەرزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی. لەکام وێستگادا وەک دووهێز بیریان لە چارەنوسی هاوبەشی نێوان خۆیان کردۆتەوە؟ تەواوی ئەو سی ودوو ساڵە ململانێ و سەوداو مامەڵەو گەمەی سیاسیان هەوڵدان بووە بۆ گۆڕینی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوسەنگی هێزەکانیان لە بەرامبەر یەکتردا. هاوکات بۆ هەرلایەکیان هەوڵدانیان بووە بۆ زۆرترین دەستکەوت لەو تاڵانچێتی و قاچاخچێتی و بازرگانیەی بەسەروەت و سامانی کوردستانەوە کردویانە، هەرئەوەش ناچاریکردن خەسڵەتێکی ناشەفافانە بدەن بە چۆنیەتی داهاتەکانیان. هەروەها هیچ لایەنێکیان ئاگاداری لاکەی تر نەبووە لە دەستکەوتی باج و گومرگ و جەردەیی و بازرگانی لاکەی تر. هەمیشە بەچاوی تەماعەوە لە یەکتریان ڕوانیوە. بەجیا لەوانەش ئەوە لە خەڵکی کوردستان شاراوە نیە کە لە تەواوی مێژوی سیاسی ئەم دوو هێزەدا ئەوە سەلماوە کە ئەم دوو هێزە دژ بەیەکن و هەمیشە لە داستانی شەڕو پاشقول لە یەکترگرتن و خەریكی فروفێڵ بون لە بەرامبەر یەکتردا. واتە ئەو “هەمومان”ە ی باڤڵ بانگەوازی بۆ دەکات ئاخۆ لە کوێی دەسەڵاتی زۆنی زەردو و زۆنی سەوز و پەیوەندی نێوان حزبەکانیشدا جێگای بۆ پەیدادەبێت.
پێموایە زۆر پێویست بەوە نەکات ئەوە بسەلمێنین کە هیچ “هاوبەشی” و “چارەنوسێك” لە ئەجندای بەرژەوەندی سیاسی بارزانی و تاڵەبانیدا بواری ئەوەی تیابێت هاوبەشیان هەبێت و یەکیان پێبگرێتەوە، چونکە تەواوی واقعیەتی بونیان و چڕبونەوەی ناکۆکیەکانیان لە سەر شانۆی سیاسی کوردستاندا گەواهی ئەوە ئەدەن، خاوەنی مێژویەکی وەها تەڵخ و پڕکارەساتن، بونەتە بەڵایەکی گەورە بەسەر ژیان و گوزەرانی دانیشتوانەوە، بونەتە مایەی نەفرەت و توڕەیی و ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی جەماوەری، تەنها هاوبەشن لە وێرانکردنی ژیان و ئایندەو چارەنوسی زۆرینەی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستاندا.
ئەوە ماوە بڵێین لەکاتێکدا باڤڵ لە مەوقعیەتی بەرژەوەندی هێزەکەیەوە بۆ خۆشی باش دەزانێ، کە هیچ “هاوبەشی و چارەنوسێک” لە گەڵ بارزانیدا کۆی ناکاتەوە، چی ڕویداوە دەڵێت ” هەمومان لە هەرێم یەك چارەنوسی هاوبەشمان هەیە”، ئەم ڕستەیەی باڤڵ ئاکامی ئەو دەرگیربون و ئەو بنبەستە سیاسیەیە کە هێزەکەی واتە “یەکێتی نیشتمانی” لە بەرامبەر بارزانی و پارتیدا دوای سی ودوساڵ لە کێشەو ململانێی نێوانیان، بەرەوڕوی بۆتەوە.
دەتوانین بڵێین یەکێتی نیشتمانی لەم ململانێ درێژماوەیەداو، خەریکە وەک دۆڕاوێک دەکەوێتە بەردەم سوجدەبردن و سکاڵا کردن لە بەرامبەر بارزانی و پارتیدا، تا لە ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێکدا بارزانی چاوێکی لە ئایندەی بنەماڵەی تاڵەبانی و یەکێتی بێت، تا بەهەر شێوازو ئاستێک بێت، لە سەر شانۆی سیاسی کوردستان جێگایەکیان هەبێت و چیای سەفین لەبن نەیەت!
ئەوەی شایانی باسە لەم هەلومەرجە سیاسیەی ئێستای ناوچەکەو عێراق و کوردستاندا حاڵی بنەماڵەی بارزانیش گەمەکردن و چاوەڕوانیە لە هەمان بنبەست و چارەنوسی نادیاردا، بۆیە بارزانیش دروشمی “تەوافق و شەراکەت و هاوسەنگی” فڕێئەدات، کە پێموایە بۆ خۆشی نادیارە لەو بنبەست و چاوەڕوانیەی دەرگیری بون، ئەم دروشمە لە کام سەوداو مامەڵەدا سودی لێوەردەگرێت!
هەڵبەتە “هەمومان” ڕۆشنە کە بۆ باڤڵ هیچ سودێکی نیە و مامەڵەیەکی سەرکەوتو نابێت، بەڵام کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازو ناڕازی کوردستان، یەک چارەنوسی هاوبەشمان هەیە لە کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی زۆنی زەردو زۆنی سەوز.




هەوڵدان بۆ چارەسەر.. عوسمانی حاجی مارف

مەسعود بارزانی، دەڵێت، هەمو هەوڵێك دەخەمەگەڕ بۆ ئەوەی دۆخی ناوخۆ چارەسەر بكرێت و ” هەمو لایەک لەسەر ستراتیژیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ڕێکبکەون.”
سیودوساڵە بارزانیەکان بەشێکی کوردستانیان داگیرکردووە کە بە شێوازێک لە حوکمرانی بە هێزی میلیشیا، باڵادەستیان بە سەر ناوچەی زۆنی زەردا سەپاندووە، کە بەقازانجی چۆنیەتی دەسەڵاتی رەهای پاوانخوازی بنەماڵە و باڵادەستی پارتی، ناوچەی ژیردەسەلاتی خۆیان بەرێوەدەبەن، واتە کێشەیەک گەر بە مانای دۆخی ناوخۆ لە ئارادابێت، ئەوە جگە لەرەنگدانەوەی ئەزمونی دەسەڵاتێک کە زیاتر لە سی ساڵە وەک خاوەنی ناوچەیەک بە ناوی زۆنی زردەوە حوکمرانی دەکات، کە ئەوپەری باڵادەستیە لە تاڵانی و گەندەڵی و قاجاخچێتی و چەوسانەوە..، ناکرێ شتێکی تر لە کێشەی ناوخۆدا مانای هەبێت، تا هەوڵی چارەسەری بۆ بخرێتەگەر.
کێشەو گرفتی ناوخۆیی لە رەخساندنی گێژاو ناجێگیری سیاسی، گەر سەرچاوەو هۆکارەکەی لە سەرەتادا داگیرکاری ئەمریکا بوبێت بەسەر عێراقدا، بارزانی و تاڵبانی ناویان نا پرۆسەی ئازادی، ئازادیەک بو بۆ دزی و جەردەیی و تالانچێتی و دەسەڵاتی بنەماڵە، بەمانایەک دوای سیودوساڵ لە ئەزمونی دەسەڵات و خۆ سەپاندن بەسەر دانیشتواندا، ئیتر نالەباری “دۆخی ناوخۆ” مانایەکی تری پەیداکردوە، کە دەسەڵاتی هێزی میلیشیاو بنەماڵەیە، ئەودەسەڵاتەش لە ناوچەی زۆنی زەردا جگە لە بارزانی، هیچ هێزو لایەنێکی تر مافی دەسەڵاتیان نەبوەو نیە، هەر ئەو ئەزمونەیە کە بارزانی بەهەر بەهایەکی ئەوپەری کارەسات و نائینسانیش بێت، بۆخۆی داناوە هەتا هەتایە ناوچەی زۆنی زەرد دەبێت تەنها وەک مانەوەی ژێردەستەی بنەماڵەی بارزانی پاریزراوبێت و زۆرینەی دانیشتوانەکەشی دەبێت زەلیل و کۆیلەو رەنجدەری بەرژەوەندیەکانی ئەم دەسەڵاتەبن.
بارزانی لە دنیا باڵادەستی و پێکەی هێزەکەیەوە دەروانێتە کێشەکان و چارەسەرەکەی، واتە بەدوای چارەسەرێکەوەیە لەسەر بنەمای ئەگەری ئاڵوگۆرێک کە لە ناوچەکەدا پێشبینی دەکرێت، ئەو ئاڵوگۆرەی کە ئەگەری ئەوە دەخاتەروو، دەسەڵاتەکەی بارزانیش لە ژێر مەترسی و هەرەشەی بچوکبونەوەی زیاتر، یا لە کۆتایی بوندا خۆی ببینێتەوە، هەربۆیە پەنا دەباتە بەر ئەوەی کە “هەمو لایەک لەسەر ستراتیژیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ڕێکبکەون.” ئەم جۆرەش لە دەربرینی “نیشتمانپەروەی”، بۆ بانگەوازی هێزو لایەنە سیاسیەکانی ترە، کە لە چوارچێوەی پێکهاتەی شێوازی دەورانی حکومەتەکانی هەرێمدابون، بارزانی داوادەکات بێنە پێشەوە، بۆ پاراستنی ئەو قەوارەیەی بارزانی دەیخوازێت، تاشەریک و هاوپەیمان و هاوکاری بن، ، یان ئەو هەرەشەیەی لەسەر قەوارەی هەرێم لە ئارادیە، بە هەمولایەنەکان بە مانەوەی پێکەی پارتیەوە مامە ڵەی بکەن و قەبوڵی کەنەوە.
بارزانی وەها دێتە پێشەوە کە بە “شەراکەت و تەوازون و تەوافوق” سەوداو مامەڵە بۆ چارەسەرەکەی پێشنیار دەکات، بەڵام تەواوی دەورانی پەیوەندی لەگەڵ بەغداو پەیوەندی لەگەڵ یەکێتیدا ئەوەی سەلاماندوە، خودی شەراکەت و تەوازن و تەوافق نەك چارەسەری کێشەکانی نێوان خٶشیان نەبون، بەڵکو هەمیشە سەرچاوەیەک بووە لە گەورەکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان، کەئەم دۆخە نالەبارو سەرگەرندایەی فروانتر کردۆتەوە.
لەم نێوەدا ئەوەی بە هێچ جۆرێک ناچێتە حساباتی بەرزانیەوە، وەڵامدانەوەو چارەسەری خواست و کێشەکانی خەڵکە، چونکە رێکەوتن لەسەر ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ سەر سفرەی خاڵی خەڵک، نەک هیچ مانایەکی نیە، بەڵکو پێچەوانەی هەستی ئیساندۆستیە لەبەرامبەر دابینکردی خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی و ئاسایش بۆ ژیانی خەڵک، سیودوسالە ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانی وەک مۆرانە، ناخ و هەستی زۆرینەی دانیشتوانی لە ئەشکەنجەیەکی دەرونی و نائەمنی بێ هیوایی بەردەوامدا راگرتووە، بۆیە پێویستمان بەوە نیە بارزانی هەوڵی ئەو چارەسەرە بدات کە پاراستنی خۆیەتی و بە جۆرێکی ترو مەترسیدارتر لە هەوڵی ئەشکەنجەدانی دانیشتواندا بمێنێتەوە، چارەسەر لەم دۆخەدا، دەبێت مانای کۆتایی دەسەڵاتی بارزانیەکان و پارتی بێت، چونکە خودی ئەو کێشە ناوخۆییەی کە ئێستا پێویستی بە چارەسەرە، کۆتایی دەسەڵاتی هێزی میلیشیای بنەماڵەی بارزانیە لە زۆنی زەردا.




“نەوەی نوێ” لە قومارێکی پێش وەخت دۆڕاودا.. عوسمانی حاجی مارف

“بڕیارە كۆتایی مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت”. ئەم بڕیارە لەدۆخێکی وەها دژوارو ئاڵۆزی دۆخی سیاسی کوردستاندا دراوە، کە ناتوانرێ پێشبینی بکرێت تا چەند ئەم هەڵبژاردنە بە ئاسانی تێدەپەرێت، هەر بۆیە جێگای پرسیارێکی جدیە!، چونکە بەگشتی پێشبینی ئەوە دەکرێت، بارگرژی زیاتری نێوانی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، بواری هەلی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە سەخت دەخەنە پێش چاو، چونکە خۆ ئامادەکردنیان بۆ ئەنجامدان و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی ئارام، سەرکەوتو نابینرێت، ئەگەری ئەوە هەیە جارێکی تریش دوا بخرێت.
پەیوەندی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە لە چوارچێوەی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە عێراق و ناوچەکەدا بەڕێوەیە، لە ئەگەری ئاڵوگۆڕێکی تازەو گوڕانی هاوکێشەی سیاسی و هاوسەنگی هێزەکاندا، ئایندەیەکی نارۆشن و سەختی خستۆتە بەردەم بزوتنەوەی کوردایەتی بە گشتی ودەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی بە تایبەتی، بۆیە دەبینین واقعیەتی نادیاری ئەنجامی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ئایندەی قەوارەی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی هەیە، دۆخەکە لەوە دژوارتر نیشان ئەدات، تا ئەوەی بتوانن دۆخێکی ئارام بۆ هەڵبژاردن دابین بکەن.
جگە لەمەش ئەزمونی گاڵتەجاری کابینەکانی پەرلەمان و شێوازی هەڵبژاردنەکان، بەجۆرێک لە ئاستی چاوەڕوانیەکانی خەڵکدا ڕیسوا بوە، ئەوەی مسۆگەر کردووە کە ئەم جارە گەر بتوانن هەڵبژاردنێک بە هەر فروفێڵێک ئەنجام بدەن، ئاشکرایە کە کەمترین ڕێژە لە دانیشتوان بەشداری دەکەن.
بەم هەموو گاڵتە جاری و ڕیسوایی و ئابڕو چونەوە کە لە ئەزمونی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتی میلیشیایی هەردوو بنەماڵەدا بەرجەستە بۆتەوە، خواستی کۆتایی ئەم دەسەڵاتەی لە ناواخنی ئومێدو هیوای ڕیزێکی بەرینی دانیشتوانی کوردستاندا چاندووە، بۆ ئەم خواستەش خەڵکی لەوە حاڵی بون کە بەهیچ جۆرێک لەڕێگای هەڵبژاردن و پەرلەمانەوە کۆتایی ئەم دەسەڵاتە بەدی نایەت، بەمانایەک گەر لە چەند دەورانێکی هەڵبژاردنەکانی پێشودا، چەند لایەنێک لە بارەی گۆڕانی دەسەڵات لە ڕێگەی پەرلەمانەوە چەواشەکاریان کردبێت و خەڵکیان بەرەو سندوقەکانی دەنگدان کێش کردبێت، ئەم دەورەیە بەهەر بانگەوازێک لە هەر لایەنێکەوە، بەهەر شێوەیەک ئەو کارە دوبارە کاتەوە، بە جیا لەوەی گەمەیەکی مناڵانە دەکات، لە هەمان کاتدا ئاشکرایە کە خۆی بەدوور دەگرێت لە خواستی خەڵک بۆ کۆتایی ئەم دەسەڵاتە، واتە بە شێوەیەکی گاڵتەجارانە هەوڵ ئەدات ئومێدێکی بی هودە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بەو خەڵکە بفرۆشێتەوە، تەنها بە ئومێدی ئەوەی بەڵکو چەند کورسیەکی زیاتر لە پەرلەمانی ئایندەدا بەدەست بهێنێت، ئەم ڕۆڵەش لەم دەورانەدا ئەو بانگەوازەی “جوڵانەوەی نەوەی نوێ”یە، کە داوا لە هاوڵاتیانی كوردستان دەکات كارتی دەنگدان نوێ بكەنەوە تا بتوانن بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن. ئەمە ئەو یاری قومارەیە کە نەوەی نوێ پێش وەخت تیا دۆڕاوە، چونکە یەکەم؛ کۆتایی ئەم دەسەڵاتە گەر لەڕێگەی ململانێ و کێشە ناوچەیی و ناوخۆییەکانەوە بۆ خۆی هەرەس نەهێنێ، ئەوە لەڕێگەی خرۆشان و ڕاپەڕینی جەماوەریەوە پەرلەمانەکەشی دەکەوێتە ژێر پێی خەڵکیەوە، دووەم؛ نەوەی نوێ بۆ خۆشی ئەو ئاسۆو پایە سیاسی و ئمکاناتەی نیشان نەداوە کە ئەتوانێ ئەهلی دەسەڵاتی سیاسی بێت و ئەو هێزە بێت لەلایەک وەک ئەڵتەرنەتیفی دەسەڵاتی بنەماڵەی پارتی و یەکێتی دەرکەوێت، لەلایەکی ترەوە ئەو هێزەش نیە بە دۆڕاندنی هەمیشەی لە قوماردا، بتوانێ جێگای متمانەی پاراستنی دەسەڵاتی سەرمایە و سەرمایەداری بێت، چونەکە نەوەی نوێ چۆتە ناو قومارخانەکەوە، خاوەنی قومارخانەکە نیە.




هێزە کوردیەکان و مامەڵەی سنور لە نێوان عێراق و سوریا.. عوسمانی حاجی مارف

شکستی داعش کاریگەری نەبوو لەسەر دابینکردنی سەقامگیری بۆ سنوری نێوان عێراق و سوریا، ئەو سنورەی کە بە یەکێک لە ناوچە ناجێگیرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست هەژماردەکرێت، کە جۆرەها قەوارەی فراکسیۆنە کوردیەکان کاری لەسەر دەکەن، کەبۆ بەرژەوەندیەکانیان مامەڵەی لەسەردەکەن.
دوای ئەوەی حکومەتی سوریا کۆنترۆڵی سنورەکانی لەدەستدا و پێگەی حکومەتی عێراقیش لەو ناوچانەدا سنوردار بوو، دەرگا ئاواڵەبوو بۆ هاتوچۆو بازرگانی و قاچاخچێتی کردنێکی گەورەو فروان، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەکەکە بەشدار بوو لەشەر دژی داعش و سەرکەوتوبوو لە چەسپاندنی نفوزی خۆی لەسەر سنورەکان. لەهەمانکاندا کاریگەری و رۆڵی تایبەتی هەبوو لەسەر پەیوەستکردنی رێکخراو و گروپە کوردیەکانی سوریا بە سیاسەتەکانی خۆیەوە. هەر ئەو سنورە بووە سەرچاوەیەکی سودمەند بۆ پێگەو نفوزی زیاتری پەکەکە.
ئەم حاڵەتەش کێشەو رکابەری نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکەی گەورەترکردەوە. ئەم کێبڕکێیە بەرجەستەی پێکدادانی دوو هێزی چەکدارە بۆ بەرزکردنەوەی پێگەو نفوزی سیاسی و بەرجەستەکردنەوەی دەسەڵات لە هەردوو دیوی سنوری نێوان سوریا و عێراقدا. پەکەکە هەوڵدەدات بەشێوەیەکی پێچەوانەی پارتی سنوورەکان بگۆڕێت بۆ ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی خۆی. پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئامانجی چەسپاندنی واقیعی سنوورەکانە بۆ دیاریکردنی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. جگە لەوەش پارتی لەگەڵ تورکیا هاوپەیمانی هەیە بۆ شەرکردن لەبەرامبەر پەکەکەدا کە لە باکووری عێراق و سووریا هەڵمەتێکی سەربازی لە دژی پەکەکە بەڕێوە دەبات. هەربۆیە ئەو دۆخە بەشێوازێک گۆردراوە کە بە شکستی داعش سەقامگیری بۆ سنووری عێراق و سوریا نەهاتۆتە ئاراوە. تا ئێستاش وەک یەکێک لە ناوچە ناجێگیرەکانی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەتەوە. لەهەمانکاتدا ئەو دۆخە بەشێکە لەهۆکاری ناجێگیری سیاسی لە کوردستاندا.
نەمانی دەسەڵاتی حکومەتی سوریا و عێراق لەو ناوچە سنوریانەی کوردستان، بووە هۆی سەرهەڵدانی چەندین گرووپی ناسیۆنالستی چەکداری کە هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشایەیان داوە. گۆڕانکاریەکی بەرچاو بەدرێژایی بەشی باکووری سنووری عێراق و سوریا لەپرۆسەی نەمانی دەسەڵاتی ئەو دوو دەوڵەتەدا ڕوویدا. ئەمە بۆ یەکەمجارە لەدوای مێژوویەک لە سەرهەڵدانی دەوڵەت لە عێراق و سوریا، بەشێک لە سنوورەکانی هەردوولا، لەلایەن هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە بەریوەببرێت و ببێتە سنوری نێوان کورد و کورد، کە کاردانەوەی درێژخایەنی ناسەقامگیری لەسەر ناوچەکە داناوە.
لەدیوی سوریاوە، ئەو بەشە سنوورەی ملکەچی دەسەڵاتی ئیدارەی گروپە کوردەکانە کە دیارترینیان “یەپەگەیە”، لە تێکەڵبون و پەیوەندیەکی رێکخراوەیی تایبەتدایە لەگەڵ “پەکەکە”دا، بۆیە پەکەکە سوودی لەم پەیوەندیانە وەرگرتوە بۆ دامەزراندنی دەروازەی سنووری نافەرمی. تا ڕادەیەک سنووری جیاکردنەوەی هەردو دوو دەوڵەتی سوریاو عێراقی سریەوە، وەک درێژەدان بەو دەورەی داعش لەسنورەکان پیادەی کرد. لەلایەنی عێراقیشەوە، بارزانی سەرەڕای کشانەوەی لە شەنگال و شکستی لەڕیفراندۆمدا توانی پاراستنی کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر چەند بەشێکی ئەم بەشە سنوورییەدا درێژە پێبدات.
ئەم واقعیەتە کێشەو رکابەری نێوان لایەنەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هەردوو دیوی سنووری توندتر کردەوە. لەهەمانکاتدا گرنگییەکی زۆریان بە کردنەوە و پەرەپێدانی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی داوە. لە ژێرڕۆشنایی ئەو گەمارۆیەی تورکیا لە باکوور و ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە باشوور و ڕۆژئاواوە سەپاندویانە، ئەم دەروازانە تاکە پەیوەندییەکی جێی متمانەیە لە نێوان ئیدارەی کوردەکانی سوریا و جیهانی دەرەوەدا، بەو پێیەی زۆربەی هەناردە و هاوردەکردنی کاڵا پشت بە هاتوچۆی بێ سانسۆر دەبەستێت لەڕێگەی ئەو سنوورانەوە. بۆیە ئیدارەی کوردەکانی سوریا و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵیانداوە بۆ بە فەرمیکردنی بەڕێوەبردن و دەستبەسەراگرتنی دەروازە سنووریە هاوبەشەکان، بەمەبەستی گومرگ و ئاسانکاری بۆ بازرگانی و قاچاخچێتی.
سەرەڕای هەوڵدان بۆ هاوکاریکردن لەسەر پرسەکانی سنووری نێوان ئیدارەی کوردەکانی سوریا و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشهاتە ناوچەییەکان کێبڕکێی نێوان هێزە کوردییەکانیانی قووڵتر کردووەتەوە.
پەیوەندی نێوان پەیەدە و پەکەکە به ئامانجی کۆنتڕۆڵکردن و به ڕێوه بردن یان دابه شکردنی ده سەڵاتە له باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و شەنگال. کە بە تێپەڕبوونی کات، سنووری عێراق و سوریا بۆتە گۆڕەپانی سەرەکی ئەم ڕکابەرییە. لەهەمانکتدا هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا و لەشکرکێشیە سەربازیەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە حاڵەتێکی تری نەرێنی و تێکدەری زیاتری ئەو دۆخە نائارامەیە.
بەرژەوەندیە ئابووریە ناسکەکان کە پێویستە پاڵنەربن بۆ هاوکاریکردنی هەردوولا لەڕێکخستنی کاروباری سنوورەکاندا، بەڵام کێشە بنەڕەتییەکان کە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی قووڵیان هەیە لە نێوان بارزانی و پەکەکەو تەواوی حزبەکانی کوردیەتیدا، یان وەک هێزی میلیشیاو تاڵانچی بونیان هەیە، زەمینەی گرژی و ئاڵۆزی زیاتر دروست دەبێت تا رێکەوتن.
بارزانی پێیباشە واقیعی سنوورەکان نەگۆڕن و سنوورەکانی ئێستایان وەک سنووری دەسەڵاتی خۆیان بەرجەستەکردوە. ئاواتەخوازن ئەم سنوورانە بە فەرمی بکرێت بۆیان، بۆئەوەی قەوارەی ئێستایان لەبەرامبەر حکومەتی عێراقدا پارێزراوبێت. بۆ ئەمەش چاوەروانن بەپشتیوانی و دانپێدانانی نێودەوڵەتی لەلایەن زلهێزەکانەوە رەسمیەت وەربگرێت. بۆیە پارتی لەئێستادا هەر دەستکاریکردنێک لە سنوورە نێودەوڵەتیەکانی ئێستادا ڕەتدەکاتەوە. لەبەرامبەریشدا پەکەکە لەژێر ناو و پەردەی شۆڕشگێڕانەوە کە ئامانجی تێپەڕاندنی سنوورەکانی ئێستایە، وەک ئامرازێک بۆ فراوانکردنی پێگەو نفوزی خۆی دەیبینێت.
بەڵام لەپەیوەند بەو دۆخەی ئێستاکە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، لەلایەک هەوڵدانی بچوککردنەوەی قەوارەی حکومەتی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، هەروەها دەخالەتی ئێران و تورکیا و رۆڵی رۆژئاواو ئەمریکا لە ناوچەکەو دارشتنی داهاتوی سنوری عێراق و سوریا، بەدەر لە ویستی بارزانی و پەکەکە، هەردوو ئاراستەی بارزانی و پەکەکە، خراونەتە بەر بەجێمانیان لە ناو دوریانێکی تاریکدا .
ململانێ و کێشە ناوخۆیەکانی سوریا و سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی لەڕۆژئاوای عێراق، کاریگەریی بەردەوامی لەسەر ناوچەی سنووری نێوان عێراق و سوریا بەجێهێشتووە. هێزە کوردیەکان لە ئەنجامی شکستەکانی داعش سەرکەوتوو بوون لە دامەزراندنی کۆنترۆڵ لە هەردوو دیوی سنووری سوریاو عێراقدا. ئەمەش هەر زوو بووە سەرچاوەی کێبڕکێی نێوان پارتی و پەکەکەو لایەنە کوردیەکانی سەربە پەکەکە، کە هەمویان دەستیان کرد بە کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر بۆ بەدەستهێنانی”خاک و سەروەت و سامان”.
لە سوریا، ڕژێمی بەشار ئەسەد لە هاوینی ٢٠١٢ دەستی بە کشانەوە کرد لە ناوچە کوردنشینەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەم کشانەوەیە ڕێگەی بە پەیەدە دا کە بەشێکی زۆری ئەندامەکانی پەیوەست بن بە پەکەکە، تا بتوانن بوونی خۆیان بچەسپێنن. پەیەدە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٢ ەوە ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ عێراق کۆنترۆڵکردووە، بەتایبەتی دەروازەی سێمالکا لە دیوی باکوورەوە. لە تشرینی دووەمی ٢٠١٣دا فراوانتر بوەوە بۆ باشوور، بۆ درێژکردنەوەی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر شارۆچکەی ئەلیاروبییە ، هەروەها لە مانگی ئازاری ٢٠١٩دا بۆ شارۆچکەی ئەلباغوز لە باشوور بەدرێژایی ڕووباری فورات.
ناکۆکی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر ناوچە سنوورییەکانی زوممار و شنگال کە ئێستا بەشێکن لە پارێزگای نەینەوا، کاتێک حکومەتی هەرێم لە ئەیلوولی ٢٠١٧ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ڕێکخست، لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا حکومەتی عێراق، بە پشتیوانی هێزەکانی حەشدی شەعبی و هاوپەیمانی لەگەڵ ئێران، دەستوەردانی سەربازی کرد و ناوچە جێناکۆکەکانی کۆنترۆڵکرد و سزای ئابووری بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەپاند. لەڕۆژئاوای نەینەوا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی، دەستیان بەسەر ناحیەکانی ڕەبیعە و زومماردا گرت. لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکانی فیشخابور و ئەلوەلید، بە ئامانجی ڕاگەیەندراوی دووپاتکردنەوەی سەروەری دەوڵەت لەسەر سنوورەکان. لەکاتێکدا هێزە ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی توانیان کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراق بەسەر زۆربەی ناوچە جێناکۆکەکاندا درێژ بکەنەوە، بەڵام دوای ئەوەی ڕووبەڕووی هێزە کوردە چەکدارەکانی سوریا بوونەوە، بۆ ماوەیەکی زۆر نەیانتوانی شارۆچکەی فیشخابور و ئەلوەلید کۆنترۆڵ بکەن.
لەرێگەی نێوەندگیری ئەمریکاوە، گەرانەوەو پاشکۆبونی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا جێبەجێ کرا. هاوکات پەکەکە زۆرینەی نفوزی خۆی لە ناوچەکانی باشووری زوممار لە نێویاندا شەنگال لە دەست دا و گرووپێکی دیکەی کوردی بە ناوی پەکەکەوە دەستیان کرد بە بنیاتنانی بنکەی پشتیوانی.
ئەم گۆڕانکارییە ناوچەییە لەسەر سنورەکان، لەسەرەتادا هەستی ناسیۆنالیستی کوردی بەجۆرێک هەڵگیرساند و خەونی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بەرێخست، هەر بەم ئاراستەیەش بارزانی رفراندۆمی هەڵخراند، بەڵام لەهەمانکاتدا ڕکابەریی نێوان پەکەکە و بارزانی توندتر کردەوە. ئەم کێبڕکێیە لە ئەنجامی کێبڕکێیەک لەسەر زەوی و سامان و پێگەی سیاسی هاتە ئاراوە. هەروەها ململانێی نێوان دوو دیدگای جیاوازە، کە مانای جیاوازی بە چۆنیەتی مامەلەی سنوورەکان و خاک و داهات پیادەدەکرێت. ئاراستەی پەکەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە مانەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق پێویستی بەوەیە کە بەرگری لە سنوورەکانی بکات. پەکەکە ئەو وێنایە ئەدات زۆرێک لە ناسیۆنالیستە کوردەکان بۆ دەیان ساڵە بەربەستن لە بەردەم یەکگرتوویدا، پارێزگاری سنورەکان بەرێگای یەکڕیزی کورد پێناسە دەکات بۆ بنیاتنانی خەونی دەوڵەتی داهاتوویان.
لەم چوارچێوە ئاڵۆزەدا، ئەم گرووپە هەمەچەشنانە بە دیدگاو بەرژەوەندی جیاوازەوە هەوڵ دەدەن ئەو سنوور و دەروازە سنوورییانە کۆنتڕۆڵ بکەن کە سەرچاوەی و ئابووری و سیاسی و پێگەی چەکداریانە. پارتی و پەکەکە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بون پێگە و نفوزی سیاسیان نەخەنە بەردەم هاوسەنگی هەر هێزێکی کوردی ترەوە. یان بەمانایەکی تر هیچ پەیوەندیەک لەگەڵ لایەنێکی تری کوردیدا نابەستن گەر خۆیان باڵادەست نەبن تێیدا. هیچ رێکەوتنێکی هاوبەش بۆ ئیدارەی سنورەکان لەگەڵ لایەنێکی تری کوردیدا ناکەن گەر بەزیانیان بێت.
پێش سەرهەڵدانی ململانێکان لە سوریا لە ساڵی ٢٠١١، پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوچە زۆرینە کوردییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاتر سیاسی بوو، سنووردار بوو بە ژمارەیەکی کەم لە کوردانی سوریا کە نیشتەجێی هەرێمی کوردستانی عێراق بوون. بەڵام ئەمڕۆ ئەم پەیوەندیانە جگە لە ململانێی دەسەڵاتی بارزانی و پەکەکە لایەنێکی ئابوریان هەیە مانایەکی تری نیە. دەروازە سنوورییەکان کە لە ساڵی ٢٠١٦ لەنێوان هەردوو هەرێمدا دامەزراون، ناوچەکەیان کردۆتە ناوەندێکی ئابوری لە بەرێخستنی بازرگانی و قاچاخچێتی. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم ناوچە سنوورییە کە لە نێوان دوو دەوڵەتی سەربەخۆدا نییە، بەڵکو لە نێوان دوو قەوارەی سیاسیدایە کە نمونەی سەرکردایەتی کوردایەتیان هەیە.
لەم بەشە سنوورییەدا کە ١٥٠ کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە و لە سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق و سووریا و تورکیاوە دەست پێدەکات و بەرەو باشوور درێژ دەبێتەوە تا ناحیەی ئەلبەعاج لە پارێزگای نەینەوا لە دیوی عێراق، تا ئەلشەدادی لە دیوی سوریا، لە لایەکی ترەوە چوار دەروازەی سنووری و خاڵی چوونە ژوورەوە هەیە: ڕەبیعە-الیعربیە، سێمالکا، فیشخابور، ئەلوەلید، و ئەلفاو.
دەروازەی سنووری ڕەبیعە-الیعربیە لەلایەن حکومەتی عێراق و سوریاوە وەک دەروازەیەکی سنووری فەرمی ناسێنراوە. بەڵام حکومەتی سوریا توانای دەستڕاگەیشتن و بەکارهێنانی لەدەستداوە. لە ساڵی ٢٠١٣ەوە بە داخراویی ماوەتەوە. یەپەگە دوای ئەوەی لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٣ شەڕیان لەگەڵ چەکدارە ئیسلامییەکان ئەنجامدا، توانیویان کۆنترۆڵی بکەن.
دەروازەی سنووری سێمالکا- فیشخابور دەکەوێتە نێوان شارۆچکەی فیشخابور لە کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە، لە پارێزگای دهۆک، شارۆچکەی سێمالکا لە ناوچەی ئەلمالیکیەی سوریا. ئەم پەڕینەوە خاڵێکی ناکۆکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقە کە بە فەرمی دانی پێدا نانێت. لە ئێستادا دیوی عێراق لەلایەن بارزانیەوە بەڕێوەدەبرێت و هەسەدەش دیوی سوریایان کۆنتڕۆڵ کردوە. پێشتر ئەو پەڕینەوە لە خاڵێک زیاتر نەبوو بۆ جوڵەی بێمۆڵەتی سیاسەتمەداران و چەکدارە کوردەکان، بەتایبەتی بە بەلەم لەڕووبارەکە دەپەرینەوە. دوای دروستکردنی پردێکی پۆنتۆن لە ٢٦ی ١ی ٢٠١٣، ئەم خاڵە بوو بە دەروازەیەکی سنووری. ئەمەش دوای ئەنجامدانی ڕێکەوتنی هەولێر، لەنێوان کۆمەڵێک لە پارتە کوردیەکانی سوریا بە سەرۆکایەتی پەیەدە و ئەنجومەنی نیشتمانی کورد بە پاڵپشتی پەکەکەو بە سپۆنسەری مەسعود بارزانی. ڕێککەوتنەکەیان پشتگیری لە پێداویستیەکانی هەردوو گروپەکە کرد بە ئاسانکاری بۆ پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گواستنەوەی نەخۆشەکان بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ چارەسەرکردن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بووەوە. بەتایبەتی کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، چونکە دیمەشق و بەغدا دان بەو دەروازەیە نانێنن. بەڵام پارتی درکی بە گرنگی ئەم پەڕینەوەیە کرد، چ لەڕووی ڕەمزییەوە وەک ڕێگەیەک بۆ نیشاندانی هاودەنگی لەگەڵ کوردەکانی سوریا، لەڕووی سیاسیەوە وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر لایەنە کوردیەکانی سوریا بۆ هاوکاریکردن بەڕێگەدانی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کورد بۆ ئەوەی ڕۆڵی هەبێت لەسەر گۆڕەپانی سیاسی. بەڵام پرسی بەڕێوەبردنی پەڕینەوەکە بووە هۆی ئەوەی کە دووبەرەکی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە کوردیەکانی سوریا دروست ببێت.
هەندێکجار پەڕینەوەکەیان بە تەواوی یان بەشێکی داخراوە. بۆنموونە لە ١٩ی ئایاری ٢٠١٣ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بڕیاریاندا دەروازە سنوورییەکان بەتەواوی بەڕووی هەموو لایەکدا دابخەن، جگە لە حاڵەتە مرۆییەکان و نەخۆشەکان. دوای ئەوەی پەیەدە حەفتا و پێنج ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردی سوریای دەستبەسەرکرد، کە نزیکە لە بارزانیەوە، هاتوچۆی سنوور بەزاندن دەستیپێکردەوە. لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٤، حکومەتی هەرێمی کوردستان خەندەقێکی هەڵکەند بە درێژایی١٧ کیلۆمەتری بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردن لە لایەنی سوریاوە.
دەروازەی سنووری ئەلوەلید، دەکەوێتە ناحیەی زوممار کە بەشێکە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لە نزیک پارێزگای دهۆکە، لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلەیە و نزیکە لە سێگۆشەی سنووری عێراق-سوریا-تورکیا. ئەم دەروازە لەلایەن کوردستانەوە کۆنترۆڵکراوە حکومەتی هەرێم لە دیوی عێراق و لایەنە کوردیەکان لە دیوی سوریا. لە ساڵی ٢٠١٣ حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای داخستنی دەروازەی سێمالکا- فیشخابور بەشێوەیەکی کاتی کردیەوە. ئەوەش دوای ناکۆکیەکەی لەگەڵ هەسەدە،ڕێگەی پێدرا کە ئەو پەڕینەوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو سوریا دەڕۆن، یان بە پێچەوانەوە بەکاربهێنرێت، وەک دەربڕینی دژایەتی پەکەکە بۆ هەر هاوکارییەک کە پەکەکە بەلایەنە کوردیەکانی سوریای دەکات. بەهەمانشێوە هێزەکانی ئەمریکا ئەم دەروازەیان بەکارهێنا کاتێک لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لە سوریا کشایەوە.
دەروازەی سنووری ئەلفاو، کە خاڵێکی نافەرمی هاتنە ژوورەوەیە، دەکەوێتە نێوان باکوور و باشووری شەنگال لە دیوی عێراقەوە، بەرامبەر ناوچەی نێوان ئەلیعربیە و قەزای ئەلهۆڵ لە دیوی سوریاوە، بە فەرمی بۆ گواستنەوەی خۆراک و هاوکاری مرۆیە بۆ سوریا. بە تایبەتی لەلایەن ئەوکەسانەی پەکەکەوە بەکارهێنرا بۆ دەستەبەرکردنی تێپەڕینێکی سەلامەت بەرەو سوریا بۆ دەیان هەزار ئێزیدی کە لە دەست هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال هەڵهاتبوون.
بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان و بەرپرسانی عێراق، وادیارە پەکەکە زیاتر پەیوەندی بە دەروازە نایاساییەکان و بازرگانی و قاچاخچێتی لە دەروازەی ئەلفاو زیاتر دەبێت. دەسەڵاتدارانی عێراق دەستیان بە زیادکردنی ژمارەی کارمەندەکانیان نەکرد کە لەو ناوچەیەدا جێگیرکراون، تا دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە و پاسەوانی سنووری عێراق ڕوویدا، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠. دوای ماوەیەکی کەم لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستیان کرد بە جێگیرکردنی کارمەندی زیادە لە شنگال. وە لە نزیک ئەم ناوچە سنوورییە بۆ سنووردارکردنی چالاکییەکانی پەکەکە و توانای چالاککردنی لە ناو خاکی عێراقدا.
ئەولەویەتەکانی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان بەپلەی یەکەم بازرگانین. دەروازەی سێمالکا-فیشخابور بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ گواستنەوەی خۆراک و کەرەستەی سەرەکی دیکە بەکاردێت. لە لایەنی سوریاوە نزیکەی دە فەرمانگەی گومرگی ناوخۆیی لەگەڵ بازرگانان کاردەکەن بۆ ئاسانکاری کارکردن و پاشەکەوتکردنی کات. لەنێو ئەو کاڵا ستراتیژییە سەرەکیانەی کە لە هەرێمدا بازرگانی پێوەدەکرێن: ئاسن، شەکر، چیمەنتۆ و پێو. لە لایەنی حکومەتی هەرێمەوە کۆمپانیایەکی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنترۆڵی پەڕینەوەکە دەکات و باج لەسەر بەرهەمەکانی وەک پلاستیک، مۆبایل، قوماش و کەلوپەلی کارەبایی کۆدەکاتەوە.
سەبارەت بە دەروازەی سنووری ئەلوەلیدە، لەم دەروازە دەتوانرێ کاڵا بەڕێژەیەکی زۆرتر هاوردە بکرێت لەوەی کە لە دەروازەی سێمالکا هەیە کە توانای هەڵگرتنی پردی پۆنتۆن ٣٥ تەنە، بۆیە دەروازەی سنووری ئەلوەلید بۆ هاوردەکردنی ئاسن و چیمەنتۆ و پێو و شەکر دیاری کرابوو کە هەموو ئەمانە لەلایەن ئیدارەی لایەنە کوردیەکانی سوریا قۆرخ دەکرێن. هەندێکجار کاتێک لە وەرزی زستاندا دەروازەی سێمالکا دادەخرێت، دەروازەی ئەلوەلید دەبێتە جێگرەوەی بۆ ئاسانکاری بۆ جووڵەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان. واتە گروپێک هەیە کە پەیوەستە بە سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، ئەوی تریشیان کەسایەتیەکانی سەر بە پەکەکەن.
لەدوای ساڵی ٢٠١٤ دەروازەی ئەلوەلید و ئەلفاو بوونە خاڵی سەرەکی هاتنەژوورەوەی پەکەکە و چەکدارانی گروپی سەربەخۆی، کە هەوڵی بەزاندنی سنوور دەدەن. پەکەکە بەهەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی عێراق، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە گروپەکانی هاوپەیمانی ئێرانەوە هەیە، کاریان کردووە بۆ ئاسانکاری بۆ ئۆپەراسیۆنە سنووربەزێنەکانی چالاککردنی ڕێگاکانی قاچاخچێتی. ئەمانە بەتایبەت لە نێوان دەڤەری خانسور لە سوریا و قەزای شنگال کە دەروازەی ئەلفاو لێیە، کە لە دوای ساڵی٢٠١٤ بووە بە دەروازەیەک بۆ قاچاخچێتی، بەتایبەتی دوای دامەزراندنی ئیدارەی هاوپەیمانی لەگەڵ پەکەکە لە شنگال.

ئەنجامی ئەم دۆخە بەگوێرەی پێشهات و هاوکێشە سیاسیەکان ئەوە نیشان ئەدا، کە ئەم دۆخە ناتوانێ یەکلایی کەرەوە بێت بە قازانجی هەردوو هێزی بارزانی و پەکەکە، بەڵکو رێرەوی ئاڵوگۆرەکان بە گشتی بزوتنەوەی کوردایەتی خستۆتە بەردەم تەسك بونەوەی پێگەی سیاسی و ناچارکردنیان بە قەبولکردنی هەر فشارێکی سیاسی کە پێیان دەبەخشن.

——————–

بۆ ئەم وتارە سود لە وتارێکی خضر خضور و حارث حسن وەرگیراوە کە لەژێر ناونیشانی
“تشكيل الحدود الكردية: معادلات النفوذ والنزاع والحوكمة في المناطق الحدودية العراقية السورية” نوسیویانە.




ئایا یەکێتی نیشتمانی، هێزە؟.. عوسمان حاجی مارف

بەدوای دوو دانیشتنی ئەم دواییانەی نێوان پارتی و یەکێتی، هیچ هێمایەکی ڕۆشنیان نەدا بەدەستەوە، کە بۆچی ڕێنەکەوتن و لەسەر چی ڕێنەکەوتن. باڤڵ بەجۆرێک پەرچەکرداری خۆی نمایشکرد و ئەوەی ڕاگەیاند کە یەکێتی کۆڵ نادات، یەکێتی مێژووە، یەکێتی هێزە…، ئەم جۆرە لە گوتاردان، نائارامی و بێئاکامی ئەو لایەنە نیشان ئەدات، کە نەیانتوانیەوە لەو دانیشتنانەدا هاوسەنگی ڕاگرێت و دەستکەوتێک بۆ مەرامە سیاسیەکەی بەدەست بهێنێت. بەجیا لەوەی کە ئەو دانیشتنانە، بێڕێزی پارتی بەرامبەر سەرکردایەتی یەکێتی پێوە دیار بو، چونکە لەلایەک ناهاوسەنگی لەو دانیشتنانەدا دەبینرا، بە ئامادەنەبونی کەسانی سەرەکی لە بنەماڵەی بەرزانی، لەلایەکی ترەوە ئاکامی دانیشتنەکە وەها وێنا دەکرا، کە یەکێتی ڕۆشتبێت بۆ تکاو ڕجاو داخوازی، پارتیش هیچ بەڵێنێکیان پێ نەدابن.
ئەوەی بۆ هەمولایەک ڕۆشنە لەسەر ئەو بنەمایەی پارتی و یەکێتی وەک هێزی میلیشیا، بەدوای جەنگی کەنداو، هەلی ئەوەیان بۆ هەڵکەوت باڵادەستی خۆیان بەسەر کوردستاندا دابمەزرێنن، بە ئاستی پێگەو نفوزی سیاسیان هەر لایەکیان، کوردستانیان کردە دوو ناوچەی زەردو ناوچەی سەوز، کەدواتر توانیان بە داگیرکاری و قۆرخکردنی سەروەت و سامانی کوردستان، وەک دوو کۆمپانیای زەبەلاح، جەردەیی و تاڵانچێتی و سەرمایەگوزاری و بازرگانی و قاچاخچێتی .. دابمەزرێنن، بە گەورەترین کەڵەکەی سەرمایە توانیویانە لە گەنجینەکان و بانکەکاندا پارەیەکی بێشومار هەڵچنن.
بۆ پاراستنی بەردەوامی لە تاڵانچێتی و سەرمایەو سەرمایە گوزاری، هێزە میلیشیاکانیان بەشێوەیەکی فراوانتر و زیاتر گەورەکردنەوەو پڕچەککردنی هێزەکانیان دامەزراوترکرد. هەروەها خەرجیەکی بێشوماریان بۆ هێزی چەکداری ئەنجامداوە. بەڵام یەکێتی نیشتمانی تەنها لە ناوچەی سەوزدا ناوی هێزە، لەدەرەوەی ئەو ناوچەیە نەیتوانیوە و ناتوانێ مەترسی بێت بۆ سەر هیچ هێزێکی تر! یان ئەتوانین ئەوەش بڵێین کە نەیتوانیوەو ناتوانێ بەڕەنگاری هەر هێزێک بێتەوە گەر هێرش بکەنە سەری! هێزێکە بۆ گیانی دانیشتوانی ناوچەی دەسەڵاتی خۆی تائێستا بە توانایە، جا ئەمەش تاچەند دەخایەنێ، پەیوەندی بە هاوسەنگی هێزی ڕێکخراوبونی ناڕەزایەتی جەماوەریەوە هەیە.
ئەوەی پێویستە لەو گوتارەی باڤڵدا ئەنجام گیری لێبکەین، کێشەکە لەوەدانیە بسەلمێنرێت یەکێتی هێزە یا هێز نیە، مێژووە یا مێژوو نیە، بەڵکو سەلماندنی پرۆسەیە کە باڤڵیش لەم گوتارەیدا دوپاتی دەکاتەوە، مانای ئەوەیە دەسەڵات لە کوردستاندا دەسەڵاتی حزبی میلیشیایە، واتە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا بەزۆنی زەردو سەوزەوە دامەزراوەیەکی حکومی سەقامگیرو چەسپاو نیە و نابێت.
ئەمەش حاڵەتی ئەو سەرگەردانیەی دۆخی کوردستانە و سەپاندنی دیفاکتۆی دەسەڵاتی حزبی میلیشیاییە، مێژویەکی وەها تەڵخ و نابەجێیە، کە پەیوەندە بە چۆنیەتی بنەمای رۆڵ و هەڵسورانی سیاسی پارتی و یەکێتیەوە، جەلال تاڵەبانی و بارزانی دامەزرێنەری نمونەی ئەم سونەتەن لە هێز، کە ئێستا باڤڵ شانازی پێوە دەکات و شانی پێوە بائەدات. ئەو هێزە چەکدارەی کە هەرگیز نەیتوانی و ناتوانێ ببێتە دامەزراوەیەکی حکومی و دەوڵەتی، وەک هەردامەزراوەیەکی تر لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا، بۆیە ئەم جۆرە لە مامەڵە بە دەسەڵاتی سیاسی نەک هێزە سەربازیەکەی، بەڵکو نەیانتوانیوە هیچ دامەزراوە و وەزارەتێکیش مەرکەزی و جێگیر بکرێت.
باڤڵ و تەواوی بنەماڵەی تاڵەبانی و بنەماڵەی بارزانی، نان بە زەبری هێزی چەکداری دەخۆن، لەسەر حسابی زەحمەت و ڕەنجی ملیۆنان ئینسانی کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی ستەمدیدە و بەهێزی چەکداری سەروەت و سامانی کوردستانیان قۆرخ کردووە ئەمە ئەو هێزانەیە کە جێگای شەرمەزارین، نەک شانازی! ئەم هێزانەن کە لەگەڵ کۆتایی دەسەڵاتی خاوەنەکانیان، هەڵدەوەشێن و هەزاران چەکدار وێڵ و سەرگەردان و بێکار دەکەن.
باڤڵ لەم توڕەیی و پەرچەکردارەدا، دانی بەوەداناو ئاشکرای کرد کە یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە، بانگەوازێکی پوچ و بێبنەمایە، چونکە هێزەچەکدارەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی تەنها تایبەتە بەو حزب و لایەنانەی چەکدارەکانیان بۆ پارێزگاری خۆیان دامەزراندووە. ئەو هێزانەی لە یەکەم هەنگاودا فریاکەوتن دەست بەسەر کۆنترۆڵی سنورەکاندا بگرن و هەناردەی قاچاخچێتی و باج و گومرگ بکەنە داهات و دەستکەوتێکی بێسنور. پارتی و یەکێتی هەریەک بە سنورێکەوە گیرسانەوەو دامەزران، کە تائێستاش بە ناشەفافترین داهات پێناسە دەکرێت، بە جیا لە بازرگانی و قاچاخچێتی بەنەوتەوە.
ئێستاش ئەو هەوڵانەی بۆ بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێم لە ئارادایەو پارتی و یەکێتی لەبەرامبەر قەیرانێکی سیاسیدا گیریان کردووە، هەرلایەکیان لە هەوڵی ئەوەدان چۆن هێزەکەی لە بەرامبەر ئەو قەیرانەدا بپارێزێت، بۆ ئەم خۆپاراستنەش پاشقول لە یەکتری دەگرن. ئەم بارگرژیەی ئێستای نێوان پارتی و یەکێتی ئاکامی ئەو نارۆشنی و قەیرانەیە کە ئاسۆی ئایندەی حکومەتی هەرێمی خستۆتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە شێوازی شانازیکردن بەو هێزەی، کە لەژێر هەڕەشەی بەرتەسکبونەوە یان لەناوچوندایە، هەڵچونێکی بێماناو و گوتارو تورەبونێکی کاڵفامانەیە.




پێگەی بزوتنەوەی کوردایەتی دوای ڕفراندۆم.. عوسمانی حاجی مارف

سەربازانی عێراق لە ١٦ی ئۆکتۆبەر توانیان کەرکوک لە ژێردەستی پێشمەرگە دەربهێنن، ئەو ڕۆژەی کە پاشەکشەو شکستێکی گەورەی لە مێژووی بزوتنەوەی کوردایەتیدا تۆمارکرد.
ناسیۆنالستی کورد ئەو هەراو هاژوهوژەی پێش ١٦ ئۆکتۆبەر پەخشیان دەکرد، ئەو ئومێدەی ڕایان دەگەیاند بۆ “دەوڵەتی کوردی”، لە بەیانیەکی زودا لەلایەن سەربازانی عێراقەوە بە هێرشیان بۆ سەر شاری کەرکوک و بە هاوکاری هێزی یەکێتی نیشتمانی,کوردستان، پوچەڵ کرایەوە.
گۆڕانی هاوکێشەی سیاسی بەشێوەیەکی وەها نەرێنی بە زیانی بزوتنەوەی کوردایەتی داشکا، کە نەیانتوانی هەڵسنەوە. هەر بەو ئاراستەیە هەنگاو بەهەنگاو خەونەکان و ئومێدو چاوەڕوانیەکانیان، تەنها لە چاویلکەی گەڕانەوە بۆ بەغداد پێشبینی دەکرا. تا ئەو ئاستەی ئێستا کەوتونەتە ژێر گێژاوی فشاری بچوکبونەوە یا کۆتایی قەوارەی هەرێم.
ئەوەی شایانی باسە ئەم ڕووداوەی لەدەستدانی شاری کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، وەک ڕووداوێک بەلای زۆرینەی خەڵکیەوە کاردانەوەیەکی وەهای نەبو کە جێگای نیگەرانی و بێئومێدیەکی قورس بێت، چونکە زۆربەی خەڵکی کوردستان بۆخۆیان زیاتر لە بەرامبەر دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانیدا بێئومێدن و خوازیاری کۆتایی دەسەڵاتەکەیانن.
پرۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە دەورو نەخشەی مەسعود بارزانی لاوازیەکی کوشندەی لە پێکهاتەی سیستەمی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتی ئاشکرا کرد. لەلایەک پێگەی بێتوانایی پارتی و یەکێتی، لەنێو هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکەدا دا بەدەستەوە، لەلایەکی ترەوە بەیەکجاری بونە کەرەستەی یاریکردن بەدەست حکومەتی عێراق و تورکیاو ئێرانەوە. ئەوەی جێگای باسە لەهەمانکاتدا ئاستی باڵادەستی بنەماڵە لە هەردوو زۆنەکەدا بەسەر دامودەزگاو دامەزراوەکاندا بەڕێوەبردنی سیستمێکی لە سەداسەد پاوانخوازی و زۆرەملێیە، کە ئاڵۆزیەکی تەواوی لە کارو بڕیاردانی دامەزراوەکاندا پێکهێناوەو ئایندەو چارەنوسێکی تەواو ناڕۆشنیان بۆ کوردستان چەسپاندووە. لەئێستاشدا ئەوە دەبینین کەحکومەتێکی بەناو هەرێمی بێخاوەن لەوناوەدا کەوتوە، لەجێی ئەو کابینەیە، بنەماڵەی بارزانی حکومەتن، پەرلەمانن، دادگان….
هەروەها ئەو ڕیفراندۆمە، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی عێراقی باش تاقیکردەوە، کە ویستی وەک لاوازیەک، مانای جیایی کوردستان لە عێراق نیشانبدات، بۆیە بەخێرایی ڕێوشوێنی سزای لەدژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و جێبەجێیکرد. کە بە پشتبەستن بە گڵۆپی سەوزی نێودەوڵەتی و دەوری ئێران و تورکیا ئەو ڕێگایەی گرتەبەر کە بریاریدا دەبێت بارزانی باجی ڕیفراندۆمەکەی بدات. عەبادی فشارەکانی بەرزکردەوە، هێزی کۆکردەوە بۆ گرتنی کەرکوک، بە بارزانی راگەیاند کە دەبێت لە کەرکوک بڕۆنە دەرەوە.
واپێدەچێت لەکاتی خۆیدا بارزانی بیری لەوەنەکردبۆوە کە حساب بۆ جدیەتی هێرشی سەربازی عێراق و ڕێکەوتنی یەکێتی لەگەڵ ئێران و حکومەتەکەی عەبادی کردبێت. پلانی پشتیوانیەکەی ئەوە بوو کە گوایە پێشمەرگە بۆ ماوەیەکی زۆر ئەتوانێ بەرەنگاری بەرامبەر سەربازە عێراقیەکان بکات، بەم ڕێگەیەش سەرنجی نێودەوڵەتی رادەکێشێت و دەیوروژێنێت. کە داوتر ئەمریکا ناچار دەبێت، فشار بۆ عەبادی بهێنێت کە ئۆپەراسیۆنەکەی ڕاگرێت. بەڵام قاسم سولەیمانی بەرپرسی باڵای ئێران لە عێراق دڵنیای کردەوە کە ئەوە ڕوونادات و دەبێت بارزانی دەستبەرداری پلانەکانی بێت.
ئاشکرابونی ئەم ئاراستەیە ترس و پەرشوبڵاوی خستە نێو ڕیزی هێزەکانی بارزانیەوە و ئامادەیی بەرەنگاری تیا کوشتن و لەشەڕ دوور کەوتنەوەو ناچار بە هەڵاتن بون. ئەو پێشمەرگانەش کە مابونەوەو شەڕیان کرد، بەرگەی ئاگری هێزێکی باڵای عێراقیان نەگرت، بەزویی تێكشکان و عەبادیش سەرکەوتنی ڕاگەیاند.
دۆخێکی تایبەتی دوای ڕیفراندۆم، دابەزینی ئاستێکی زۆری پێگەی بزوتنەوەی کوردایەتیە، کە تەواو بێدەسەڵات مایەوە لە بەرامبەر قەبوڵکردنی گەڕانەوەی حەتمی بۆ ناوەند، بەهەر بەهاو ملکەچیەک بێت. بەتایبەتی بنەماڵەی تاڵەبانی لەڕێگەی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغداد بوونە بەشێک لە هەوڵدان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ نەخشەو سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێراندا. دواتریش بارزانی بایدایەوە و زەبونانە مەرجەکانی بەغدادی قەبوڵ کرد.
ڕاستیەکی ئاشکرا ئەوەی نیشانداین کە باسکردن لەسەر حکومەتی هەرێم وەک دامەزراوەیەکی یەکگرتوو، ئیتر بەهیچ جۆرێک مانای نیەو بوونی نییە؛ واتە پاشەکشەو رەسمیەتدانە بە مانەوەی مۆدێلی دوو ئیدارەیی و هەوڵدان بۆ جیگیرکردنی ئەو مۆدێلە. لەلایەکی تریشەوە حکومەتی هەرێم هەر ڕۆژە لقێکی دارەکەی دەشکێت و خەریکە تەنها دارێکی وشکی بێ لق دەمێنێتەوە. بۆیە خۆ هەڵواسین بەوەی لەڕێگەی هەڵبژاردن و کورسی پەرلەمانەوە دەتوانرێت ئاڵوگۆرێک بکرێت، ئەوە بیرکردنەوەو کارێکی ئەوپەڕی گەوجانەو ئابڕوبەرانەیە.
بەغداد لەلایەک خاڵە لاوازەکانی حکومەتی هەرێم و پارتی و یەکێتی و تەواوی لایەنەکانی هەرێمی بەدەستەوەیەو شارەزایانە. لەلایەکی تریشەوە بە پشتیوانی ئێران، هەروەها چۆنیەتی خۆرێکخستن لەگەڵ تورکیا، یاری مشک و پشیلە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەکات. بەردەوام یاری بە چۆنیەتی ناردنی بودجە دەکات، لەڕێگەی دادگای فیدرالی و فشاری سیاسیەوە هەرجارە بە کێشەیەکەوە سەرقاڵیان دەکات، تا تەواو ملکەچی سیاسەت و پلانەکانی حکومەتی عێراقیان دەکات.
بزوتنەوەی کوردایەتی لەم دۆخە نالەبارەی ئێستادا کە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتەکەیان لە ئارادایە، تەنها شانسێکیان لەبەردەمدایە، ئەویش ئەو گێژاوە سیاسیەیە کە لەنێوان لایەنە شیعەکاندایە، کۆتایەکەی دیار نیە. بۆیە لەم بارەیەوە ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە کە ئایا بەغداد دەتوانێت لەسەر تەحەداکانی بەروی حکومەتی هەرێم بەردەوام بێت و جێبەجێی بکات؟.

بۆیە دەستکاریکردن و داڕشتنەوەی حکومەتی هەرێم بە خواست و ئارەزووی حکومەتی عێراق کە بۆخۆشیان لەدۆخێکی نائارامدان، بە ڕێچکەیەکی درێژخایەندا تێدەپەرێت و کارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت، رێگای بەرگرتن بەم کارەساتانە هاتنەمەیدانی خەڵک و ڕێکخستنی ناڕەزایەتیەکانە.

بۆ هەندێ زانیاری سود لە وتارێکی عەقیل عەباس وەرگیراوە کە لە ساڵی ٢٠١٧ دەربارەی رفراندۆم نوسیوەیەتی، عەقیل عەباس کەسایەتیەکی ئاکادمی و ڕۆژنامەوانی عێراقیە




١٣حزب لە لیستێکدا چیان پێدەکرێت؟.. عوسمان حاجی مارف

یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ 11 حزب و لایەنی سیاسی دیكە پێكهێنانی هاوپەیمانیەتێکی فراوانیان ڕاگەیاندوە بۆ، بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە ناوچەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کوردستاندا. گوایە ئەم لیستە بۆ ئەوەیە تابتوانن لەو هەڵبژاردنەدا “زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنن و مافەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزن”. هەروەها داوا لە هەموو حزبە کوردستانیەکانی تریش دەکەن هەوڵبدەن لە زووترین کاتدا یەک لیستی کوردستانی پێکبهێنن.
ئەو هەلومەرجە سیاسیە نالەبارەی کوردستان و ئەو قەیرانەی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی، لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا بەدەستیەوە دۆشداماون، ئەتوانین بڵێین؛ یەکەم: ئەم جۆرە لیستانە بە هانایانەوە نایەت و قەیرانەکەیان زیاتر دەبێت، چونکە ناتوانن پێگەی نفوزی سیاسیان لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمدا، بەدوای ئەو شکستەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا تێیکەوتن، بە پێکهێنانی لیست بۆ هەڵبژاردن قەرەبو کەنەوە، چونکە ئەوان لە مانۆڕی هێزی سەربازیدا دۆڕاندنی خۆیان ئابڕوبەرانە نمایشکرد، بۆیە بەم لیستەو بەم هەڵبژاردنە جێگای ئەو شکستە پڕناکەنەوە. دووەم: پارتی ئامادەنیە بچێتە ناولیستێکەوە گەر دابینی تەواوی ئەوە نەکات، کە خاوەنی ئەسڵی ئەو لیستە دەبێت هەر خۆی بێت و بەشی شێریش هەر مافی خۆی بێت. سێیەم، حزبە کوردیەکان بۆخۆیان لەبەردەم هەڵبژاردنی هەرێمدا تیا ماون، چونکە هیچ ڕۆشناییەک ئەوە نیشان نادات، بەوەی کە ئایا دەتوانن هەڵبژاردنی هەرێم ئەنجام بدەن؟. چوارەم: هێزەکانی ناو حکومەتی عێراق لەباری بەڕێوەبردنی ئەوناوچانەدا هەنگاوێ زیاتر لەپێش هێزە کوردیەکانەوەن،بەمەش تاڕادەیەک دەتوانن لایەنە کوردیەکان تەریک کەنەوە.
گەر لەمانەش گەڕێین، ئەو بەشە لە ڕاگەیاندنی ئەو ١٣حزبە کە دەڵێن بۆئەوەی زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنین و “مافەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزین”، ئەم پاساو هێنانەوەیە بە ناوی پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستانەوە، جێگای تێرامان و سەرسوڕهێنەرانەی جدیە، بەدوای سی ساڵ زیاتر لە سایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، کام ماف، کام شکۆ، کام خواستی خەڵکی کوردستان پارێزراوە؟ گەر وایە فەرمون با بۆمان بژمێرن، ئاخۆ لە ئێستادا و بە لیستێکی ١٣حزبی ملکەچ و بێدەسەڵات لەبەردەم دەرگای حکومەتی عیراقدا، ئەبێ چی گۆڕدرابێت و چی ڕویداوە؟، تا ئومێد بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، ببەستن.
ئەم جۆرە لیستانە، جگە لە نمونەی سەوداو مامەڵەیەکی بازرگانی کە ئەو حزبانە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا دەیکەن، شتێکی تر نیە، تەنها بۆ دەستکەوتێکە بەڵکو لە ناو بازاڕی بەڕێوەبەرایەتی ئەنجومەنی پارێزگادا بەدەستی بهێنن، کە جگە لە شەراکەت لە گەندەڵیدا هیچ سودێکی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە تیا بەدی ناکرێت.
ئەو حزبانەی چونەتە ناو ئەو لیستەوە بەگشتی پاشکۆ بون و پشتیوانیانە بۆ سیاسەتێک کە یەکێتی نیشتمانی پەیڕەوی دەکات و لەهەوڵی ئەوەدایە ئاستی هاوسەنگی هێز بەم ڕێگایانە بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە، بەڵام دۆخی ئێستای کوردستان و قەیران و گێژاوێک کە یەکێتی بەسەری دەبات، بەم جۆرە یاری و مامەڵەیە هەرگیز ناتوانێت هەڵسێتەوە، بۆیە لەوەش سەیرتر ڕێڕەوی کاری ئەو دوانزە حزبەی ترە، کەچونەتە گەمەی ناو ئەم لیستەی یەکێتیەوە، دیارە ناتوانن یا نایانەوێت دەستبەرداری ئەو واقعە شکستخواردوەی پارتی و یەکێتی بن، کە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بەسەریاندا سەپێنرا، بۆیە وا بەئاسانی و بێپەردە و دوای ئەزمونی سی ساڵ زیاتر، بەدوای فەرمانەکانی یەکێتیەوەن، واتە ئەو حزبانە بەهەر ئەگەرو قەیران و گێژاوێک ڕوبەڕوبن، تەنها لەهەوڵی ئەوەدان دوکانەکەیان دانەخرێت.
هەڵبەتە با چاوەڕوان بین بزانین پارتی لەم کەین و بەینەدا چ مامەڵەیەکی تر دەکات، ئەو پارتیەی کە تائێستا نەیتوانیوە شكۆی شکستخواردنی خۆی لە بەرامبەر حکومەتی عێراقدا بگەڕێنێتەوە. ئەوەی ئاشکرایە کە پارتیش شتێکی پێشڕەوتر لە لیستی ئەو ١٣حزبە، ناتوانێ ئامادەبکات.




هۆکاری ڕاگرتنی گەشتی ئاسمانی سلێمانی بۆ تورکیا.. عوسانی حاجی مارف

تورکیا لەلایەک گوشارەکانی لەسەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان زیاد دەکات و لەلایەکی ترەوە پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ هەسەدە ئیدانە دەکات. هەروەها دوای ئەوەی هێلیکۆپتەرێکی هەڵگری چەکدارانی کوردی سوریا لە ٢٦ی ئازار لە شاری دهۆک کەوتە خوارەوە، تورکیا سەرجەم گەشتە ئاسمانیەکانی لە سلێمانیەوە بۆ تورکیاو بە ئاسمانی تورکیا بۆ دەرەوە قەدەغەکرد، بەهۆکاری ئەوەی یەکێتی ڕێگە بە ئەندامانی (هەسەدە) دەدات کە فڕۆکەخانەکانی بەکاربهێنن.
ئەم پەیوەندیەی نێوان یەکێتی و هەسەدە، بۆتە مایەی پەرچەکرداری حکومەتی تورکیا بۆ ڕەخساندنی دۆخی بارگرژی لە سەر ناوچەکانی سلێمانی. ئەوەی جێگای بیر هێنانەوەیە، کاتی خۆی لە ساڵی ٢٠١٧ تا ٢٠١٩ تورکیا گەشتە ئاسمانیەکانی بۆ سلێمانی قەدەغە کرد بەو گومانەی کە یەکێتی پشتیوانی پەکەکە دەکات، بەڵام دوای ئەوەی یەکێتی هەڵمەتێکی بەرفراوانی دژ بە چالاکییەکانی پەکەکە نیشانداو نووسینگەیەکی داخست، تورکیاش دەرگای گەشتەکانی بۆکردنەوە. ئەم پەیوەندیەی یەکێتی لەگەڵ پەکەکە و هێزە کوردیەکانی سوریا زیاتر بەدەوری لاهور جەنگی، کە پێشتر بەڕێوەبەری هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی و دەزگای زانیاری بوو، دەناسرایەوە. ناوبراو کاتی خۆی سەردانی هێزە کوردیەکانی سووریای کردبوو و لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆیانەوە بە ئاشکرا لاهور پشتیوانی خۆی بۆ ئەو هێزانە نیشان دەدا. هەربۆیە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ئەردۆغان بەدوای کوشتنی لاهورەوەیە! بەڵام پەیوەندی نێوان یەکێتی و هەسەدە، پەیوەندیەکی شەخسی لاهور جەنگی نەبوو، بەڵکو پەیوەندی نێوان یەکێتی و هەسەدە بوو. بافل تاڵەبانیش لە مانگی کانوونی دووەمی٢٠٢٢دا یەکەم سەردانی بۆ لای لایەنە کوردیەکانی سوریا ئەنجام داو چاوی بە بەرپرسانی باڵای هەسەدە کەوت. پاش ئەوەی لاهوریش لە سەرکردایەتی یەکێتی وەلاخرا، بۆ تورکیا ئاشکرابوو کە بافل و سەرکردایەتی یەکێتی بەردەوامی بەهەمان پەیوەندی لەگەڵ هەسەدەدا دەدەن!
تورکیا بۆ گەیاندنی پەیامەکەی بە یەکێتی نیشتمانی لە ٧ی نیسانی ئەمساڵ لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر کاروانێک کە بەرپرسانی سەربازی ئەمریکی و یەکێتی و بەرپرسانی هەسەدەی تێدابوو. بیانوی تورکیا بۆ ئەو هێرشەی ئەوەبوو کە یەکێتی رێگایداوە بەهەسەدە بۆ بەکارهێنانی فرۆکەخانەی سلێمانی بۆ کاروبارە سیاسی و سەربازیەکانی وەکو پردێکی ئاسمانی بۆ بەستنەوەی ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە بە دەرەوە. بەڵام سەرباری ئەو ئاگادارکردنەوەیەی تورکیا، یەکێتی بەردەوام بوو لە هاوکاریکردنی هێزەکانی هەسەدە کە تورکیا بە درێژکراوەی پەکەکەیان دەزانێت. لەم دواییانەداشدا مەزلوم کۆبانی لەگەڵ باڤڵدا سەردانی ئیماراتیان کرد و جگە لەوەش بەرپرسانی دیکەی هەسەدە لەڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە سەردانی ئەوروپایان کردوە و سلێمانی بۆتە وێستگەیەکی گرنگی تایبەتی و دیپلۆماسی بۆ هەسەدە.
هەڵەیەکی گەورەیە گەر ئەم پەیوەندیەی نێوان یەکێتی و هەسەدە، وەک هەڵوێستێکی دڵسۆزانە یا “کوردپەروەرانە” بۆ یەکێتی پێناسە بکرێت، چونکە یەکێتی ناتوانێ یان نایەوێت بەتەنگ دانیشتوانی ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆیەوە بێت، خێرە وا ئێستا پەیوەندیەکانی لە گەڵ لایەنە کوردیەکانی سوریا بەهێزدەکات، کە واوەترە لە هەرهاوکاریەک، ئەگەر مەبەستی یەکێتی تەنها هاوکاری بێت!؟
بەو مانایەی یەكێتی نیشتمانی کە وەک بڕیارێک تەواوی چارەنوس و بەرژەوەندیەکانی خۆی گرێداوە بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئاکامەکەی خۆخستنە ژێر باری فشارو هەڕەشەکانی تورکیای لێدەکەوێتەوە، بۆیە دەرگای گەشتە ئاسمانیەکانی بۆ ناکەنەوە. هەروەها ئەتوانین بە جۆرێکی تریش بڵێین ئەم جۆرە پەیوەندیانەی یەکێتی بەشێکە لەو شەڕو سیاسەتانەی کە بۆ کێبرکێ و وەستانەوەیە لەبەرامبەر بنەماڵەی بارزانی و پارتیدا ئەنجامی ئەدات. دەنا بۆ یەکێتی لە ناوچەی خۆیدا دەکەوێتە ژێر فشاری ئێرانەوە بۆ چەککردنی لایەنە کوردیەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، لەملاشەوە نەک هاوکاری، بەڵکو پەیوەندی تایبەت لەگەڵ ئەو لایەنە کوردییانەی سوریا بەهێزدەکات، کە وەک ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەناسرێن!؟ کێشەکە ئەوەیە یەکێتی ناتوانێ ئەو هاوسەنگیە ڕابگیرێت کە لە پشتیەوە بەرژەوەندیەکی سیاسی پابەندبون بە ئێران و حکومەتی عێراقەوە وەستاوە، نەك مەبەست هاوکاری و دڵسۆزیە بۆ لایەنە کوردیەکانی سوریا. بەگشتی ئەتوانین بڵێین یەکێتی نیشتمانی خۆی خزاندۆتە ناو دووڕێیان و گەمەیەکەوە، هەوڵئەدات بە سوتاندنی دواین وەرەقەی قوماری دەستی، خۆی لەو قەیرانە دەربهێنێت کەبەرەو بچوکبونەوەو هەڵوەرینی زیاتری دەبات. ئیتر لەگەڵ ئەم وەرەق سوتاندنە دانیشتوانی کوردستانیشی پێوە بسوتێ لە ئەجندای بنەماڵەی تاڵەبانیدا بایەخێکی نیە.




تارمایی مەترسییەکی تر!.. عوسمانی حاجی مارف

دەستنیشانکردنی تاڵانچێتی و گەندەڵی و جەردەیی بەوەی واقعیەتێکی سەلمێندراوی حاشاهەڵنەگری دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیە، کە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بۆخۆشیان نەک هیچ نکوڵیەک لەم حاڵەتە قێزەوەنە ناکەن، بەڵکو دروشمی وەستانەوەیان لە بەرامبەر  گەندەڵیدا، بۆتە جێگای ئەوپەڕی گاڵتەجاری و شەرمەزاریان، چونکە ئەم چەشنە لەگەندەڵی لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی هێزی میلیشیادا بە دیاردەیەک پێناسە ناکرێت، بەڵکو پێکهاتەیەکە لە قۆرخکردنی دەسەڵات و تاڵانچێتی بەسەر سەروەت و سامانی کوردستانەوە، کە لەڕۆژەکانی یەکەمی دەسەڵاتداریانەوە، بە نەخشەوپلان وسیستماتیک کاریان لەسەر کردوە. گەندەڵی بۆتە حاڵەتێک، سایەی باڵادەستی بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا نیشانداوە.

گەر ئەم تاڵانچێتی و گەندەڵیە سیستماتیکەی کوردستان، پێناسەی دەسەڵاتی سیاسی پارتی و یەکێتی و تەواوی هاوکارانیشیان بێت، کە لەناو پەرلەمان و وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکاندا بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە خۆیان بناسێنن، بەڵام بەگشتی گەندەڵیان بەفەرمی ناساندوە. هەمویان بە دامەزراوەی ” دەستەی دەستپاکیشەوە” ئەم گەندەڵیەیان قەبوڵ کردووە. بۆیە گەر قەبوڵی کەین ئەم گەندەڵیە لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکدا دەناسرێتەوە، ئیتر باسکردن دەربارەی وەستانەوە لە بەرامبەر گەندەڵیەک کە پێکهاتەی دەسەڵاتەکانە، جگە لە خەڵەتاندن و چەواشەکاری مانایەکی تر نابەخشێت. واتە بەرگرتن بە گەندەڵی لە سایەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بەهیچ جۆرێک ناتوانێ مانایەکی عەمەلی وەرگرێت. هەردەبێت خۆدی ئەو پێکهاتەیە هەڵوەشێنرێتەوە کە بە کۆتاییهێنانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەتوانرێت دەرگاکەی بکرێتەوە.

هاوکاتی ئەم تاڵانچێتی و گەندەڵیە حاڵەتێکی تری گرنگ کە مەترسیدارترەو پێویستە لەبەرامبەریدا بەئاگاو هوشیار بین، نائارامی و ناجێگیری سیاسیە، کە بەهەمان شێوە لەڕیزی پێکهاتەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا بەڕێوەدەبرێت. بەو مانایەی ئایندەی سیاسی لە کوردستاندا نادیارو بێچارەنوسە. سی ساڵ زیاترە ئەم نائارامیە باڵی ڕەشی کێشاوە بەسەر دانیشتوانی کوردستاندا، کە هەرجارە لە جۆرو شێوازێکدا وەک تارماییەکی مەترسیدار خۆی دەنوێنێت و چەندین قوربانی لێدەکەوێتەوە. بەرجەستەترین نمونە دەرکەوتەی مۆتەکەی داعش بوو کە تائێستاش گێڕانەوەی چیرۆکی خولقاندنی کارەساتەکانی وەک لەناوبردنی یەزیدیەکان و داگیرکاری شاری موسڵ و وێرانکردنی ئەو شارە لەڕێگەی جەنگەوە بە چەندین شێوە دەگێڕدرێتەوە! تائێستاش داعشەکان لە چەند شوێنی عێراق و کوردستاندا بە ئازادی دێن و دەچن و بەڵان بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئەو ناوچانەی کە مەفرەزە چەکدارەکانیان کۆنترۆڵی دەکەن.

حاڵەتێکی ئەم نائارامیە، لەلایەک ملکەچی و پێشخزمەتی پارتی و یەکێتیە لەبەرامبەر دەخالەتی ڕۆژانەی ڕاستەوخۆی حکومەتەکانی تورکیاو ئێران، لەلایەکی ترەوە چاوەڕوانیانە بۆ ئەو کێشمەکێشەی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکە کە لە ئاستی عێراق و کوردستان و ناوچەکەدا بەڕێوەدەچێت. گەر باسەکە زۆر درێژ نەکەینەوە، چۆنیەتی دامەزراندنی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، هەر لەسەرەتاوە ئەوەیان بە بەڵێندەری قەبوڵکردوەو وەرگرتوە، کە بەرپرس نین لە هەر نائارامی و کارەساتێک کە لە ملی خەڵکی کوردستانەوە دەئاڵێت.

بۆیە گەرسەرنجی ئەم هەواڵە بدەن کە دەڵێت: “لە چەند ڕۆژی ڕابردودا ئاسایشی سلێمانی حەوت گەورە بەرپرسی کۆمەڵەی لە زڕگوێز دەستگیرکردوەو دەستی گرتوە بەسەر تەواوی چەک و جبەخانەکانی کۆمەڵەدا، وە لەسەر ڕاسپاردەی ئێرانیەکان تەواوی چەکەکانی کۆمەڵە تەسلیمی چەکدارەکانی حزبوڵای عێراق کراون، کە ئێستا لە عەربەت و کۆمەڵگەی باریکە دوو بارەگایان کردۆتەوەو یەکێتیش هاوکاریان دەکات”. ئەوەی جێگای سەرنجە تا ئێستا ئەم هەواڵە لەلایەن هیچ دەزگایەکی فەرمی یەکێتی نیشتمانیەوە پشتراست نەکراوەتەوە، بەڵام ئەوەی وادەکات دوو دڵ نەبین لە دەوری یەکێتی بۆ جێبەجێکردنی کارێکی لەم چەشنە، ئەو پەیوەندیەیە کە ئێستای لەنێوان حکومەتی عێراق و ئێران و یەکێتیدا هەیە و سەوداو مامەڵەیەکی لەم چەشنە ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە!

پێش هەمو شتێک ئەوەی جێگای سەرنج و نیگەرانیە و دەروازەی تارمایی مەترسیەکی ترە، ئایا حزبوڵای عێراق چکارەیە لە عەربەت، وە یەکێتی ئەم کارە بۆدەکات؟ هەڵبەتە ئەمە یەکەم جارنیەو دواجاریش نابێت لەو کردارانەی یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی بۆ شۆڕبونەوایان بۆ ناو ئەم سەوداو مامەڵانەی دەیکەن، بەهەمانشێوە بنەماڵەی بارزانیش لەم بارەیەوە بێ کەموکوڕی نەبون و نابن و هیچ کات بێدڵی حکومەتی تورکیایان نەکردوە.

گەر لە چوارچێوەی ئەم دۆخە سیاسیەی  ئێستای عێراق و کوردستان، لەم جوڵە سەربازیەی حزبوڵای عێراق بڕوانین، ئەوە ئەو ناچاربونە سیاسیەیە ڕێگەی بە یەکێتی نیشتمانی و بنەماڵەی تاڵەبانی داوە، کە ڕێکەوتنێکی لەم چەشنە پەسەند بکەن و پێشخزمەتی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و حکومەتی عێراق رێکبخەن. ئەمەش ئاکامی ئاراستەیەکە کە دابەزینی ئاستی هاوسەنگی یەکێتی نیشان ئەدات، بەوەی نفوزو هێزی سیاسیان لە پلەیەکدایە، ناچارن دەست بەرن بۆ کارێکی قێزەونی لەو چەشنە تا بەهەر قیمەت گەر کارەساتی گەورەش بخولقێت، گرنگ ئەوەیە هیزەکەیان لە داڕمان و لەناوچون بپارێزن.

بەهەموو مانایەک هەلومەرجی سیاسی ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی ئەوە نیشان ئەدات، قەوارەی حکومەتی هەرێم لە بەردەم هەڕەشەی بچوککردنەوەیەکی حەتمیدایە. بۆیە پێویست دەکات لەم بارەیەوە چەند خاڵێک کە وابەستەی یەکێتی بەئێرانەوە گرێ ئەدات دەستنیشان بکەین.

ئەوەی ئاشکرایە هەوڵی ئێران بۆ چەکداماڵینی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، لەو شوێنەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەیەوێت دابەزینی ئەو باڵانسەی لەبەرامبەر خرۆشانە جەماوەریەکاندا بەسەری هات و مەترسی بۆسەر دەسەڵاتەکەی دروستکردوە، بگەڕێنێتەوە بۆ دەورانی پێش ئەو ناڕەزایەتیانەی کە لە ئاستێکی فراواندا، هەستیارترین دروشمی ئەو ناڕەزایەتیانە خواستی ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند. ئەوەی ئاشکرایە کۆتایی کۆماری ئیسلامی لەهەمانکاتدا کۆتایی یەکێتی نیشتمانی و کۆتایی هێزە میلیشیا شیعەکانی عێراقی لێدەکەوێتەوە. بۆیە ئەم مامەڵەیەی یەکێتی و هاوکاریکردنی ئێران، وەستانەوەیە لە بەرامبەر تەواوی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی خەڵکی ئێراندا، لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتە گەندەڵ و تاڵانچیەکەیدا، چونکە چارەنوسی یەکێتی بەستراوە بە چارەنوسی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

لەلایەکی ترەوە ئەوە شاراوەنیە کە لە هەلومەرجی سیاسی ئێستای کوردستاندا، ئاستی هاوسەنگی و پێگەی یەکێتی، لەبەرامبەر پارتی و بنەماڵەی بارزانیدا لە هاتنەخوارەوەیەکی بەردەوامدایە. یەکێتی بۆئەوەی فرسەت بهێنێت، کوتەکێکی گەورە لە پارتی بسرەوێنێت و بەڵکو هاوسەنگی پێگەی خۆی بەرزترکاتەوە، زیاتر و زیاتر چارەنوسی خۆی دەخاتە ناوچوارچێوەو رەحمەتی نەخشەکانی ئێران و هێزە میلیشیا شیعەکانی عێراقەوە. پێدەچێت بنەماڵەی تاڵەبانی تەنها ئەم دەرفەتەیان مابێت بۆ بەرگری لە مانەوەیان. یەکێتیەکان پێیانوایە بەم ئاراستەیە دەتوانن بە ئاڵوگۆڕ لە قەوارەی هەرێمدا، دەستکەوتێکی باشتریان هەبێت! بۆیە وەها دەردەکەوێت ئامادەیە تەواوی هەرێم و قەوارەکەی ڕادەستی هێزە شیعە میلیشیاکان و حکومەتی عێراق بکەنەوەو ببنە هاوکارو شەریکە بەشی مەرکەزی کردنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق لە شارەکانی کوردستاندا، بەمجۆرەش دەسەڵاتی پارتی سنوردارو بەرتەسک کەنەوە.

ئەم گەمەو مامەڵەیەی یەكێتی چارەنوسی سیاسی خۆی پێوە گرێداوە، ویستی ئاڵوگۆڕێکە لە قەوارەی هەرێم و نەخشەیەک بۆ چونە ناو ئایندەیەکی سیاسی جیاوازەوە، کە ئەگەری ئەوەیە ئەو نەخشانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، عێراق و کوردستان بەتایبەتی پێشبینی دەکرێت، لە بەرامبەر دەورانێکی ئاڵوگۆڕی تازەدا سەر هەڵباتەوە، یەکێتیەکانیش دەیانەوێت پێناسەیەکی تر لە بەریوەبردنی کۆمەڵگە لە ئاستی یەکپارچەیی عێراق بە خۆیان بدەن.

سەرەتای ئەم کارەی یەکێتی بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئێران و هاوکاریکردنی حزبوڵای عێراق و خۆگونجاندن لەگەڵ سیاسەتەکانی حکومەتی عێراقدا، ئەتوانین بڵێین وێنای تارمایی مەترسیەکە، کەچۆن سی ساڵ زیاترە هۆکارو بەشداربوی چەندین بەڵاو کارەسات بون، ئەم ئاراستەیەی ئێستاشیان، گومانی تیانیە کە خەڵکی کوردستان بە جۆریکی ترو بە شێوازیکی تر دەخەنە ناو گێژاوو ناسەقامگیریەک، کە بەڵاو کارەساتەکانی لە ئێستاوە دەتوانین پێشبینی بکەین. هەڵبەتە پارتیش لە پەیوەند بە وابەستەبون بە تورکیاوە بۆ پاراستنی خۆی، لە ڕێڕەوی هاوبەشی هەمان نائارامی و هەمان گێژاودا دەبێت.




باڵادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەر عێراقدا.. عوسمانی حاجی مارف

داگیرکاری هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی سەدام و وێرانکردنی بنەما ئابوریەکانی، ئەو واقعیەتە بوو کە عێراقی کردە مەیدانێکی سیاسی ئاواڵا بۆ دەخالەتی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران. لەو بارەیەوە کۆماری ئیسلامی، عێراقی کردە بنکەو مەیدانێکی تایبەت و فراوان بۆ چالاکیە سیاسی و تیرۆریستیەکانی لە ناوچەکەدا. تا ئێستاش هۆکارێکی سەرەکی لە ناجێگیری سیاسی لە عێراقدا دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامیە لە پێکهێنان و پشتگیری هێزی میلیشیای لایەنە شیعەکان. لەهەمانکاتدا دەورو کاریگەری ڕاستەوخۆ دەبینێت لە پێکهێنانی حکومەتەکانی عێراقدا. بەجیا لەوانەش لەباری ئابوریشەوە بازاڕی عێراقی کردۆتە بازاڕێکی گەورەی ساغکردنەوەی کاڵاکانی. بەمانایەک عێراق بۆتە نازو نیعمەتێکی تایبەت بۆ کۆماری ئیسلامی.
ئەو دەروازانەی دەکەونە سەر سنووری ١٦٠٠ کیلۆمەتری نێوان عێراق و ئێران، لە ستراتیجی ئێراندا بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر عێراقدا، پێگەیەکی دیار و بەرچاویان بۆ ئابوری ئێران هەیە. ئەم ستراتیژە لەڕێگەی سیستەمێکی سیاسیی وەها بەرێوەدەبرێت کە پێکهاتەکانی حکومەتی عێراق بەگشتی پاشکۆبونی خۆی بۆ ئێران بەرجەستەکردۆتەوە. کۆماری ئیسلامی توانیویەتی لە هەموو ئاستە سیاسی و دامەزراوەیەکاندا سیستماتیک بچێتە ناوەوەو کۆنترۆڵی بازاڕی عێراق بکات. هەروەها ئەم ستراتیژە عێراقی کردۆتە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵا ئێرانیەکان، کە زۆربەی کاڵاکان بە دەروازە سنووریەکان بەمەرجی ئیمتیازاتدان بە ئێران تێدەپەڕێت. ناسیۆنالیزمی عێراقی، کە زیاتر بە دژایەتیکردنی هەژموونی ئێران لە عێراقدا پێناسە دەکرا، ئێستا لەم دۆخەدا بەناچاری دەرگای بازاڕەکەی بۆ ئیران کراوەیە.
لە نێوان عێراق و ئێراندا(٩)نۆ دەروازەی سنوری فەرمی هەیە، کە لە ساڵی ٢٠١٢دا گرنگیەکی زیاتری بەدەستهێناوە، کاتێک عەلی خامەنەیی، خوازیاری بەرەوپێشبردنی ئەو شتە بوو کە بە “ئابووری بەرگری ئێران” ناوی برد. دەروازەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ گرنگی زیاتریان پێدرا، کاتێک ئێران بیرۆکەی ئابووری بەرەنگاری گۆڕی بۆ سیاسەتێکی حکومەتەکەی، لەبەرامبەر زیادبوونی ئابلوقە ئابووریەکانی ڕۆژئاوادا. لەبەرامبەریدا کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی داوە بەرهەمهێنانی کاڵای غەیرە نەوتی لە پێشینەی کارەکانیدا بخاتە پێشەوە، تا ببێتە سەرچاوەیەکی تری داهات لە بەرامبەر هەناردەکردنی نەوتدا. بەم شێوەیە ئێران دەستی کرد بە دروستکردنی تۆڕێکی بەرفراوان لە کۆمپانیای وەهمی، بۆئەوەی بەشێوەیەکی نایاسایی دۆلاری ئەمریکی لە عێراق بەدەست بهێنن و بە قاچاخ بیخەنە ناو ئێرانەوە. ئەم سیاسەتە نوێیە کاریگەری هەبوو. لە ساڵی ٢٠١١ واتە پێش ئەوەی ئەم سیاسەتە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەهای هەناردەی ئێران بۆ بەرهەمە غەیرە نەوتیەکان ٢٦.٦٥ ملیار دۆلار بووە. لە ساڵی٢٠١٣ بەهای ئەو هەناردەکردنانە٢٨،٣٦ ملیار دۆلار بووە،. لە ساڵی ٢٠٢١دا کۆی بەهای هەناردەکردنی غەیرە نەوتی ئێران گەیشتووەتە ٤٠ ملیار و ٧٤ ملیۆن دۆلار.
لە مانگی نیسانی ٢٠١٩، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئێران، داوای کردوە کە “قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی” بە بەرهەمە وزەییەکانەوە زیاد بکرێت بۆئەوەی بگاتە زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار لەساڵێکدا. هەر لەو ساڵەدا جەواد زەریفی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو، عێراق “هاوبەشە بازرگانیە گەورەکەمانە”. چونکە ڕۆیشتنی یەکلایەنەی کاڵای ئێرانی بۆ عێراق وەک جۆرێک لە مامەڵەی ئابووری یەکسان نیشان ئەدرا. بەڵام واقیعی دۆخەکە ئەوەیە کە عێراق هیچ بە ئێران نافرۆشێت. هەموو شتێک کە لە ئێرانەوە هەناردە دەکرێت بۆ عێراق بە دەروازە سنووریە فەرمیەکاندا تێدەپەڕێت. هەروەها دەزگای نافەرمیش هەن کە بە گشتی لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و لایەنگری ئێران و باندەمافیاکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن، بەتایبەتی چەک و مادەی هۆشبەر.
جگە لەوەش ئێران هەمیشە دۆخی ناسکی دەوڵەتی عێراقی زیاتر قۆستۆتەوە. پەرەسەندنی هەڕەشەی داعش بووە هۆی ئەوەی نوری مالیکی لە ساڵی ٢٠١٤دا بڕیارێک بدات و داوا لە میلیشیاکان بکات سوپایەکی خۆبەخش پێکبهێنن بۆ پڕکردنەوەی بێتوانایی و لاوازیەکانی سوپای عێراق، کە بەهۆی شلوشێواوی و گەندەڵیەوە هیچ بەرگریەکی بۆ نەکرا. ئەو سوپایە هەر لەسەرەتای بەرەکانی شەڕدا ئاستێکی خراپیان نواندو لە موسڵ هەڵاتن. ئێران پشتیوانی ئەم هەنگاوەی مالکی کرد و سوودی لێوەرگرت. تەنانەت ئەو فەتوایەی کە لەلایەن سیستانی لە ساڵی ٢٠١٤ دەرچووە و داوای لە عێراقیەکان کردووە بچنە نێو جیهاد دژ بەداعش، کە ئەوەش دەرئەنجامی ڕازیکردن و کاریگەریی قاسم سولەیمانی بوو!
میلیشیاکان بەتایبەتی “حەشدی شەعبی”بەخێرایی وەک یەکەیەک کۆکرانەوەو فەرمیکران. دەخالەتیان پێکرا لەشەری دژی داعشدا. لەهەمانکاتدا بەنهێنی کاریگەریەکانی خۆیان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق درێژکردەوە. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠٢٠، بەتایبەتی لە سەردەمی دەستبەکاربونی حەیدەر عەبادیدا و پاشان دەستبەکاربونی عادل عەبدولمەهدی، کۆنتڕۆڵی میلیشیاکان بەسەر دەروازە سنوریەکاندا جێکەوت. ئەگەرچی ناڕاستەوخۆش بێت کەلوپەل لە ئێرانەوە بەبێ ئەوەی سنوردار بکرێت هاتە ناو عێراقەوە. ئەوەی جێگای بیرهێنانەوەیە گەندەڵیش لەدەروازە سنوریەکاندا زۆر بەزویی و فراونی تەشەنەی کرد.
کاتێک لە مانگەکانی یەکەمی هێرشی داعشدا، ئێران پشتیوانی عێراقی کرد، لەهەمانکاتدا ئەمریکا لە مالیکی ڕازی نەبوو، ئامادەش نەبوو پشتیوانی بکات. لە ماوەی شەڕی چوار ساڵەی دژی داعش، نفوزی ئێران لە عێراق گەیشتە لوتکە. بەڵام ئەوەی شایانی باسە دابەزینی هەستی لایەنگری بۆ ئێران، بەدوای شکستی داعش لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٧ دەستی پێکرد. ئەمەش بەشێوەیەکی بەرچاو دەگەڕێتەوە بۆ پەرەسەندنی توڕەیی و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بەرامبەر بەلایەنە سیاسیە گەندەڵەکانی شیعەی عێراق. کە لە ساڵی ٢٠١٨ خۆپیشاندەران ئاگریان لە کونسوڵخانەی ئێران و نوسینگەکانی حزب و میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لە پارێزگای بەسرە بەردا. ئەمەش لە چوارچێوەی خۆپیشاندانی بەرفراوانتردا کە چوار مانگی خایاند بەهۆی خراپی خزمەتگوزاریە گشتیەکانەوە. ئەم ناڕەزایەتیانەی بەسرا خاڵی وەرچەرخانێکی پێکهێنا کە زەمینەی بۆهەڵگیرسانی دیارترین بزووتنەوەی ناڕەزایەتی تشرین لە ساڵی ٢٠١٩دا خۆشکرد، کە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتی لەخۆگرتبوو. پریشکی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی تشرین، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەستیپێکرد و ماوەی شەش مانگ بەردەوام بوو. کاریگەری هەبوو لەسەر قووڵکردنەوەی بۆشایی جیاکردنەوەی خەڵکی ناڕازی عێراق لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا. هەر ئەوکات خامەنەیی لە تویتێکدا نووسیبووی کە ئەو ناڕەزایەتیانە ئاژاوەگێڕیە، بەدەورو پشتیوانی ئیسرائیل! خامەنەیی داوای لە هێزە ئەمنیەکانی عێراق کرد سەرکوتی بکەن. خۆپیشاندەرانی عێراق وەڵامیان دایەوە و لەچەند شارێکی عێراق کونسوڵخانەکانی ئێرانیان سووتاند.
ئەوەبوو حکومەتی مستەفاکازمی کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠ پێکهێنرا، وەک هەوڵێک لەلایەن لایەنە باڵادەستە شیعەکانەوە بۆ هێورکردنەوەی توڕەیی و ناڕەزایەتی شەقام. کازمیش ویستی وەهای نیشان بدات کە پاڵپشتی ڕاستەقینەی ئەو لایەنانە نییەکە لە پێکهاتەی حکومەتی عێراقدان، بۆیە لە هەوڵێکدا بۆ دروستکردنی بنکەیەکی کاریگەری سەربەخۆ، بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی لایەنگرانی بزووتنەوەی ئۆکتۆبەر، بەم شێوەیە زنجیرەیەک ڕێوشوێنی چاکسازی دەستیپێکرد. یەکێک لەو ڕێوشوێنانە دووبارە دامەزراندنەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت بوو بەسەر دەروازە سنووریەکاندا. کازمی فەرمانیدا هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا کە یەکێکە لە هێزە نوخبە عێراقیەکان، کە لەلایەن ئەمریکاوە مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکرا، لە دەروازە سنووریەکان لەگەڵ ئێراندا جێگیربکرێن.
لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی لە حکومەتەکەی کازمیدا، فەرمانێکی دەرکرد کە تێیدا هاتووە “هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم لێخۆشبونی باجی گومرگی کە بە دەوڵەتەکان و دامودەزگاکانی حکومەت دەدران”، ئەم ڕێوشوێنانە کە عەللاوی گرتیەبەر، بووە هۆی دابەزینی بەرچاوی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ئێرانەوە بۆ عێراق بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک. بەڵام زۆری نەخایاند لەکاتێکی دواتردا دووبارە بەرزبووەوە و سوودی لە کۆمەڵە لێخۆشبوونێکی جیاواز وەرگرت کە حکومەت نەیتوانی هەڵیبوەشێنێتەوە.
کازمی ئەو پلانەی پەسەند کرد، کە لەلایەن دەسەڵاتی دەروازە سنووریەکانەوە پەرەی پێدراوە، بە ئامانجی جێبەجێکردنی ئۆتۆماتیکی ئەلیکترۆنی لە دەروازە سنووریەکان، بەڵام تا ئێستاش تەرازووی میکانیکی بەکاردەهێنن. مامەڵەکان بە دەستی ئەنجام دەدەن و سیستەمی پارەدانی نەختینەیی ڕاستەوخۆ پەیڕەو دەکەن، نەک ئەلیکترۆنی. بەڵام پڕۆژەی ئۆتۆماتیکیکردنی دەروازەکان هەرگیز بەدی نەهات. دواجاریش حکومەتی کازمی نەیتوانی چاکسازیەکانی پەیوەست بە دەروازە سنووریەکانەوە جێبەجێ بکات. دەروازەکانیش کۆنترۆڵ نەکران. هەربۆیە دۆخەکە ئاواڵایە بۆ ئێران و لایەنە شیعەکانی حکومەتی عێراق، کە بتوانن بەردەوام بن لە کۆنترۆڵکردنی ئەو دەروازە سنوریانەدا.
وەک دەبینین دۆخەکە لە سایەی دەسەڵاتی شیعەکان و پێگەیەک نوری مالکی لە حکومەتی عێراقدا هەیەتی ئەوە بەزەحمەت نیشان ئەدات، کە چاکسازی بەمانای دورخستەوەی دەورو دەخالەتی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی لە دەروازە سنووریەکان جێبەجێ بکرێت.
ئەوەی ئێستا لە بانگەوازی مالکی و لێپرسراوانی حکومەتی عێراقدا بەدی دەکرێت، لە هەوڵی ئەوەدان باڵادەستی ئێران، بەسەر عێراقدا و جێکەوتنی دەسەڵاتی شێعە یەکلاییکەنەوە. هەرلەم چوارچێوەیەشدایە بەو پێگەیەی لە حکومەتی عێراقدا بەدەستیان هێناوەو پشتیوانی ئێران پاڵپشتێکی گەورەیە بۆیان، لەهەوڵی بەرتەسکردنەوە یان کۆتاییهێنان بە قەوارەی هەرێمن، بۆ دورخستنەوەی دەورو دەخالەتی ئەمریکایە لە عێراقدا، بە قازانجی ئێران، کە یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لەم یاریەدا تێوەگلاوە.

*بۆ ئەم وتارە سود لە وتارێکی”عەقیل عەباس” وەرگیراوە، کە کەسایەتیەکی ئەکادیمی و نوسەرو رۆژنامە نوسی عێراقیە و مامۆستایە لە دانیشگای ئەمریکی لە سلێمانی.




پەندوەرگرتن لە ڕابردوو!.. عوسمانی حاجی مارف

لەم دۆخەی ئێستادا، کە بینەری زیاتر ئاڵۆزبونی پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقین، بەدوای بیست ساڵ لە ئەزمونی پێکهێنانی دەسەڵات، بە پێگەو ڕۆڵی هێزی میلیشیای تائفی و نەتەوەپەرستی، بەدەستەوەگرتن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە چوارچێوەیەکی میلیتاریستیدا، درێژەکێشان و زاڵبونی ناسەقامگیری سیاسی، خەریکە بەئاسانی ڕێڕەوی ڕوداوەکان کێشمان دەکات بۆ ئایندەیەکی نادیارتر لە کێشمەکێشی نێوان هێزەکانی شیعەو هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی.
دوو ئاراستەو دوو وتاری جیاواز دەخوێنینەوە. یەکەمیان وتاری نوری مالکیە دەڵێت؛ “پێویستە قەوارەی هەرێم هەڵبوەشێنینەوە و کوردستان بچووک بکەینەوەو کوردەکان بگەڕێنینەوە بۆ سنوری پێش ٢٠٠٣ پێش ڕوخانی ڕژێمی سەدام”، لەلایەکی ترەوە مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، خەریکە عێراق بەرەو ئاڕاستەی ئەزمونە تاڵەکانی ڕابردو دەبرێت و داوایان لە دەسەڵاتدارانی بەغدا ئەوەیە کە ڕێز لە دەستور بگرن. دەشڵێت، “پێویستە نەیارانی کوردستان پەند لەڕابردوو وەربگرن”.
وتارەکانی مالکی و مەسرور ئەو ڕاستیەمان پێدەڵێن، کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند پێویستە بەئاستێکی تر لە ئاڵوگۆڕی سیاسی و ئایندەی پەیوەندی نێوان خۆیان وەک پێشهاتێک بخەینە بەر چاو. مالکی لەلایەک، پارتی دیموکراتی کوردستانی کردۆتە شەیتانێک و لە خەمی ئەوەدایە کە بەرزبونەوەی زیاتری پێگەی بارزانی و پارتی، ببێتە بەربەستێک لە بەرامبەر ئەو نەخشانەی مالکی لە پەیوەند بە رۆڵ و دەخالەتی کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا پیادەی دەکات، هەر بۆیە خەریکە بانگەوازی خواستی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم دەکات. لەلایەکی ترەوە سوپاسگوزاری یەکێتی نیشتمانی و بنەماڵەی تاڵەبانیە کە ١٦ی ئۆکتۆبەر کۆمەکی دڵسۆزانەیان بە هێزی سەربازی حکومەتی عێراق کرد، لە گرتنەوەی کەرکوک و دەرپەڕاندنی هێزە میلیشیاکانی پارتی و یەکێتی!
ئەم پاشەکشەیەی هێزەکانی پارتی و یەکێتی لە کەرکوک لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا، دەورانێکی وەها تازەی خستە بەردەم بزوتنەوەی کوردایەتی، کە نەتوانن نەک باس لەسەربەخۆیی کوردستان و “دەوڵەتی کوردی” بکەن، بەڵکو نەتوانن پرۆژەی سەربەخۆیی ئابوری هەرێمیش بخەنە بەرنامەی کاریانەوە. ناچاربوون دانوسان لە ئاستێکی نزمتردا بە مانای ملکەچی گەڕانەوە بۆ بەغدا جێبەجێ بکەن.
ئەتوانین بڵێین دۆخی ئێستا و کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند، خەریکە دەورانێک بە پاشەکشەی زیاترەوە لە دەورانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دەگوزەرێنێت. بە مانایەک پارتی و یەکێتی هەریەکەیان بەجۆرێک لە پەیوند بە ئایندەی هەرێمەوە دەرگیرو و سەرگەردانن. گەر بەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەو پێگەیەی لە ناوچەکێشە لەسەرەکان هەیانبوو وە شانازیان پێوە دەکرد، بووە مایەی شەرمەزاریان، لەهەمانکاتدا بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێمیشیان لە ئاستێکی دیاریکراودا قەبوڵکرد. هەر بۆیە دروشمی سەربەخۆیی بۆتە پاراستنی قەوارەی هەرێم لەم ئاستەی ئێستایدا! بەڵام ئایندەیەک یەکێتی نیشتمانی بەدوای زیاتر دابەزینی پێگەی هێزەکەی دەیەوێت پیادەی بکات، هەروەها لە هەوڵی ئەوەشدایە بیکاتە فشار لەسەر پارتی، هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی ناوچەی سەوزو دوو ئیدارەییە. هەوڵ و پەیامی مالکیش بەهەمانشێوە لەڕێگەی پێشنیار بۆ دوو ئیدارەیی دەیەوێت قەوارەی هەرێم بەرتەسکتر کاتەوە یا کۆتایی پێ بهێنرێت. لەهەمانکاتدا مەرکەزیەتی عێراق بەم ڕێچکەیە بەرجەستەکەنەوە.
یەکلایکردنەوەی ئەم پلان و هەوڵانە لە کێشمەکێشی نێوان هێزە میلیشیاکانی هەرێم و عێراق کارێکی ئاسان نیە، چونکە لە لایەک ئاستی هاوسەنگی تەواوی هێزەکان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی هیچ لایەنێکیان بتوانێ باڵادەستی خۆی بەسەر تەواوی عێراق، یا تەواوی کوردستاندا ببڕێتەوە. لەلایەکی ترەوە رۆڵ و دەخالەت و بەرژەوەندی دەوڵەتی ئەمریکا و ووڵاتانی ناوچەکە و کێشمەکێشی نێوانیان، کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن بە دیاریکردنی هەر ئایندەیەک کە پەیوەست دەبێت بە هەرێم و ناوەندەوە. هەروەها ئەو وڵاتانە دەوریان لەسەر کێشکردنی هێزو لایەنەکانی عێراق و کوردستان ڕەخساندوە، لە بەکارهێنان و بەستنەوەیان بە کێشمەکێش و پلان و بەرژەوەندیەکانیان، هەر ئەم دۆخەیە کە عێراق و کوردستانیان لە ناسەقامگیری سیاسیدا راگرتوەو رادەگرێت.
بەشێکی تری زەقبونەوەی ئەم دۆخەی ئێستا، ئەو ڕاگەیاندنەی مەسرور بەرزانیە کە بەجۆرێک نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر وتارەکەی مالکیدا دەخاتە ڕوو. لەهەمانکاتدا مالکی بەوە تاوانبار دەکات کە “خەریکە عێراق بەرەو ئاڕاستەی ئەزمونە تاڵەکانی ڕابردوو دەبات”، هەروەها داواش دەکات؛ “پێویستە نەیارانی کوردستان پەند لەڕابردوو وەربگرن”.
ئەم وتارو بانگەوازەی مەسرور، بەهەمانشێوە بەشێکە لە چۆنیەتی ئەو پێگەیەی پارتی کە لەم دۆخەی ئێستای عێراق و کوردستاندا، جێگاوڕێگایەک بۆ خۆی قایلە کە دوای ئەو شکستەش لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا بەسەریدا سەپێنرا، تەنها قەوارەیەک بەدەسەڵاتی رەهای خۆی بۆ هەرێم بپارێزێت. واتە بەهەر بەهایەک و بە خولقاندنی هەر کارەساتێک و شەقوشری و نەهامەتی بۆ خەڵک و نابەرپرسیاریەکەوە بێت، هەرێمێکی یەک ئیدارەیی ڕاگرێت. لەلایەک یەکێتی بچوکتر کاتەوەو بەشە داهاتی کوردستانیش لە سامانی عێراق لە گەنجینەی دەسەڵاتی بارزانیدا کەڵەکە بکرێت و کۆنترۆڵ بکرێت. لەلایەکی تریشەوە هاوسەنگی پێگەی سیاسی خۆی لە بەرامبەر حکومەتی عێراقدا بکاتە سەرچاوەی سەرەکی. بەڵام وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد پێشهاتەکان لە دەورو دەخالەتی ئەمریکاو ووڵاتانی ناوچەکە، تا ئێستا شانسی بە هیچ لایەک نەداوە کە بتوانێ بەڕەی هاوکێشەکە بە قازانجی خۆی ڕاکێشێت. واتە لەم نێوەدا مانایەک نامێنێتەوە بۆ دەستەواژەی “پەند وەرگرتن لە ڕابردوو”، یان گەڕانەوە بۆ “ئاراستە تاڵەکانی ڕابردوو”، چونکە ئەوەی ڕۆشنە پێش هەمو شتێک تائێستا پارتی و بارزانی کام پەندەیان لە ڕابردوو وەرگرتوە، لە کام شوێن و کاتدا خاوەنی وەرگرتنی ئەزمونن، تا بوێرن ئەوە بسەلمێنن ئەتوانن ڕێگە نەدەن کوردستان ڕوبەروی کارەساتی چەندبارە نەبێتەوە!؟ مێژوی ئەزمونی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، بێپەردە، لێوان لێوە لە کارەسات و ڕوداوی دڵتەزێن، ئەو پەندانە چین تا ئەو کارەساتانە ڕونەدەنەوە.
هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائیفیەکان بەدوای ٢٠٠٣ وە خاوەنی دڕندەترین کارەساتی نائینسانی و شەڕی تائیفین. هۆکاری ئەوپەڕی وێرانکاری وداڕمانی عێراق بون، کە کەم وێنەیە لە مێژوی ڕوداوە سیاسیەکانی عێراقدا. گەر لەسەردەمی سەدام زیاتریان نەکردبێت، ئەوە کەمتر نەکراوە. کە بەهەمانشێوە حزبەکانی کوردایەتی هاوبەشی تەواوی ئەو تاوانانەن، کە هێزە ئیسلامی و تائیفیەکان ئەنجامیان داوە. ئاخۆ بە چ ڕویەکەوە مەسرور ئەو ئەزمونە فەرامۆش دەکات و دەڵێت خەریکە عێراق بەرەو ئاڕاستەی ئەزمونە تاڵەکانی رابردوو دەبات!؟ کام ڕابردوو، کام تاڵی، ئەو تاڵیەی ڕێکەوتن لەگەڵ سەدام، بۆ گرتنەوەی هەولێر ئەنجامدراو بەلەشکرکێشی سوپای عێراقی پێش خۆیدا، یا ڕێکەوتن لە گەڵ هێزە شیعەکان بۆ پێکهێنانی گاڵتەجاری حکومەتی عێراقی فیدراڵ!؟
ئەوەی پێویستە لەم دۆخەدا بە هەند وەرگیرێ بەهەر وتار و ئاراستەو بانگەوازێک، ئەو ئاڵوگۆڕانەیە کە پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بەتایبەتی، ئەگەری پەڕینەوە لەدەورانی نائارامی، بۆ بەدەستهێنانی دەورانێک لە سەقامگیری، لەپێناو کەشێکی ئارام بۆ سەرمایەگوزاری و کەڵەکەی سەرمایە، کە کاریگەری ئەم ئاراستەیە کەم تازۆر لەسەر مامەڵەو چۆنیەتی هێز و لایەنەکان و ئایندەیان لەئێستاوە ڕەنگی داوەتەوە. بۆیە کێشەکان لەوە واوەترە کە مەسەلەکان تەنها بچێتە بواری بودجەو موچە و پاشەکەوتی موچەوە. هەڵبەتە ئەو بوارانە بۆ فەرمانبەران و باری ئابوری جێگاوڕێگاو گرنگی خۆیان هەیە، بەڵام پێویستە ئەوە باش درک بکەین کە کێشەکان زۆر لە دابەشکردنی بودجەو موچەو پاشگرەکانی واوەترە. واتە لە گێژاوی ئەو واقعیەت و ئاراستەیەیە کە هێزە میلیشیاکانی عێراق و کوردستان لەبەرامبەر ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانەدا دۆشداماون و لە ناچاری چاوەڕوانی ئایندەی نادیاری حکومەتەکانی ئێستای عێراق و کوردستانن. لەناو هاوکێشە سیاسیەکاندا خەریکی مامەڵەیەکی هەرزان بازاڕی و قومارکردنن! ئەبێ کێ بن ئەوانەی ئەتوانن بەربەو شەپۆلە بگرن، تا لەو بازاڕەدا شکست نەخوات و مایە پوچ و شەرمەزار نەبێت؟ ئاکامی ئەمەش لە سایەی تەواوی ئەم هێزە ملیشیایانەدا ئەگەری ئایندەیەکی تاریکترە کە کاریگەریەکانی بەسەر کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا دەشکێتەوە.




یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە.. عوسمانی حاجی مارف

ئەوەی پێویستی بە بیرکردنەوە و سەلماندن نییە، یەکلایی نەکردنەوەی پێشنیار و خواستی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەیە. چونکە واقعیەتی دەسەڵاتی دوو ئیدارەیی لە کوردستان – دەسەڵاتی زۆنی زەرد و زۆنی سەوز – ئەوەیان بڕاندۆتەوە، کە دەسەڵاتی حزبی و دەسەڵاتی بنەماڵە لە پێکهاتەی شێوازی دەسەڵاتی داگیرکاری و تاڵاچێتی و دابەشکردنی سەروەتوسامانی کوردستاندا وەها خەرق بووە، کە زەمینەی هیچ جۆرە بوار و هەلێکی وایان نەڕەخساندووە، تا دەرفەتی ئەوە هەبێت حکومەتی هەرێم نەک بتوانێت دامەزراوەیەکی سەراسەری سەربازی یەکگرتووی بۆ پێکبهێنرێت، بەڵکو دەورانی هاژوهوژی یەک ئیداریەکەشیان بە بنبەست گەیشتووە.
جا هەر هۆشداریەک درابێت لە لایەن هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و ئەمریکاوە، هەروەها ماوەی ٩٠ ڕۆژیان دابێت بە پارتی و یەکێتی تاکو هێزەکانی پێشمەرگە یەکخەن، پێم وایە زۆر زەحمەتە پڕۆژەیەکی لەم چەشنە کاری لەسەر بکرێت و بچێتە بواری جێبەجێ بوونەوە. چونکە ئەزموونی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و پێکهێنانی چۆنیەتی دەورانی پێکهێنانی هەر حکومەتێکی هەرێم ئەوەیان سەلماندوە، کە هەر جۆرە ئاڵوگۆر و دەست تێوەردانێك لە هێزی چەکداریدا، لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەربەخۆی بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی، بڤەیە و هێڵی سوورە و نەگونجاوە و ناکرێت.
لە لایەکی ترەوە وەفدی وەزارەتی بەرگری ئەمریكاش لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی داوایان کردووە پڕۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە خێراتر بكرێت، لەبەر ئەوەی وڵاتەكەیان خواستی ئەوەیە هاوكارییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بن. قوباد تاڵەبانیش ئامادەیی بۆ خێراتركردنی پڕۆسەكە دەردەبڕێت و دەڵێت “پێویستە بە زووترین کات وەزیرێک بە وەکالەت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەستنیشان بکرێت”.
دەتوانین بڵێین هەر ئەو وەڵامەی قوباد کە “پێویستە وەزیرێک بە وەکالەت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەستنیشان بکرێت”، مانای سوڕانەوەیە لە هەمان بازنەی خستنەڕووی ناڕۆشنی بۆ هەر “چاکسازیەک”، کە داوایان لێ دەکرێت، یان بە جۆرێکی تەماویی دۆخەکە تێپەڕێنێت. ئاخۆ دەبێت ئەو وەزیرە کێ بێت، کە دەتوانێت توانایی خۆی بخاتە سەرو توانایی دەسەڵاتی بنەماڵەکانەوە؟ هەر کەسێک لە هەرێم ئەزموونی نمونەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بەهەند وەرگرتبێت، درکی ئەوەی هەیە گەر بە فەرز دایبنێن هێزی پێشمەرگە لە دەسەڵاتی ئەو دوو بنەماڵیە دەربهێنرێت، مانای پوکانەوەی نەک دەسەڵاتی بنەماڵەکانە، بەڵکو پوکانەوەی مەوجودیەتی ئەو دوو بنەماڵیەشە. واتە نەک ئەو دوو بنەماڵیە ملکەچی داوا و پێشنیارێکی لەو چەشنە نابن، بەڵکو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریکاش، بە هەر پێشنیار و داوایەک، کە قسەی لەسەر دەکەن، بەڵام پلانی لەم جۆرە لە ئێستادا ناکەنە فشارێک ئاکامەکەی کۆتایی پارتی و یەکێتی بێت. چونکە هێشتا نەخشە و سیاسەت و کێشمەکێشی وڵاتانی زلهیزی دنیا لە ناوچەکەدا پێویستیان بە پارتی و یەکێتی و بارزانی و تاڵەبانی ماوە، تا بە هەر شیواز و ڕێکەوتنێک بێت لە گەڵیاندا دۆخەکەیان بۆ بەڕێوە بەرن. بۆ ئەزموونی بارزانی و تاڵەبانیش زەحمەت نییە داوایەکی لەم چەشنە بەهەر پێچوپەنایەک بێت تێیپەڕێنن.
بۆیە ئەو کەس و لایەنانەی ئومێدی خۆیان لەسەر ئەو داوایەی وەفدی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا هەڵچنیوە و خۆشحاڵن بە هەواڵێکی لەم چەشنە بۆ ئاڵوگۆر لە حکومەتی هەرێمدا، یان کۆتایی دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی، نایانەوێت، یان درک ناکەن بەوەی، کە واقعیەتی ڕووداوەکان و هەلومەرجی سیاسی ناوچەکە نەگیشتۆتە ئەو دەرئەنجامەی بەم شێوەیە ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵاتی سیاسیدا بکرێت. گەر بشکرێت، ڕێگایەک نییە بۆ گۆڕینی ژیانی خەڵک بەرەو ژیانێکی باشتر.
هەنگاونان بەرەو دنیایەکی باشتر، ئەوە گەڕانەوەیە بۆ دابینکردن و چەسپاندنی ئیرادە و دەور و دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسدا. لە ڕێگەی خرۆشانی جەماوەری و ڕیکخستنی ناڕەزایەتی و ڕاپەرینەوە بۆ کۆتایی هێنان بە هەر دەسەڵاتێکی ستەمگەر.




گەمەی هەڵبژاردنی پاکوبێگەرد.. عوسمانی حاجی مارف

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق “جەخت لە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم دەکات کە پێویستە لە زوترین کاتدا ئەنجام بدرێت”!، بافڵ تاڵەبانیش سەرۆکی یەکێتی دەڵێت ” لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووین، بەڵام هەڵبژاردنێکی بێگەردو دوور لە دەستوەردان”!
ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەمریکا بۆچی پێداگری لەسەر ئەم هەڵبژاردنەی هەرێم دەکات؟ ئایا بۆ چارەسەری کێشەی ژیان و پێداویستی خەڵکی کوردستانە دوای سی ساڵ زیاتر، لەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، کە وادەخوازێ ئەمریکا پێداگری لەوە بکات هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت؟ دیمان کە چەندین خولی پەرلەمان و هەڵبژاردن لە کوردستان ئەنجامدرا و دواتریش بەهەزار بێنەوبەرە توانییان حکومەت پێک بهێنن. لەهەمانکاتدا هیچ ئاڵوگۆڕێک بەقازانجی خەڵک و کۆتاییهێنان بە گێژاو و ناجێگیری سیاسی دۆخی کوردستان نەک بەدەست نەهات، بەڵکو دۆخی سیاسی کوردستان ڕوبەروی ئاڵۆزی زیاترو ناسەقامگیری زیاتر بۆتەوە.
هەڵبژاردنی ئەم جارەش هەرکاتێ ئەنجام بدرێت، جگە لە زیادبونی گرفت و کێشەکانی نێوان بنەماڵەی بەرزانی و بنەماڵەی تالەبانی، هیچ بەرهەمێکی تری نابێت. دۆخەکەش ئاڵوزی و نالەباری زیاتری لێدەکەوێتەوە. بۆیە سوڕانەوەو بیرکردنەوەو هەڵچنینی هەر جۆرە ئومێدێک بەم هەڵبژاردنە، نەهامەتی و بەدبەختی خراپتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەمریکا کاری بە هەڵبژاردن تەنها بۆئەوەیە کە لە چوارچێوەی ئەو نەخشەدایە کە ئەمریکا هەیەتی، جۆرێک لە مەرکەزیەت بۆ حکومەتی عێراق دابین بکاتەوە و یەکپارچەیی خاکی عێراق بپارێزێت. لەهەمانکاتدا، حکومەتی هەرێم و حزبە کوردیەکان ملکەچی ئەو نەخشانە بکات کە ئەمریکا ئێستا لە ناوچەکەدا دەیەوێت پیادەی بکات، بەتایبەتی لە پەیوەند بە ئێرانەوە. لەلایەکی تریشەوە هەڵبژاردن دەتوانێ فرسەتێکی زیاتر بڕەخسێنێ بۆ بەرزبونەوەی هاوسەنگی هێزی بنەماڵەی بارزانی و پارتی بەرامبەر بە یەکێتی و نابودکردنی زیاتری یەکێتی، تا سەوداومامەڵەی سیاسی یەکلانەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا ئاسانتر بکرێت. ئەمەش بۆ جێبەجێکردنی ئەو پێشهاتانە گرنگە کە بەئاراستەی ئاڵوگۆر لە ریکخستەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا هەوڵی بۆ دەدرێت. رێکخستەوەی مەرکەزیەتی حکومەتی عێراقیش بەشێکە لەو پرۆسەیە.
ئەوەی لێرەدا سەیروسەمەرەیە، بۆچی سەرۆکی یەکێتی مەرجی هەڵبژاردنی پاکو بێگەرد دەکاتە پێشمەرجی ئەم هەڵبژاردنە؟ پرسیارێک پێویستە بیخەینە روو، ئایا ئەو خولانەی پێشوتری هەڵبژاردنەکان ئەو مەرجەی تیا مسۆگەر کرابو؟ ئاشکرایە کە ئەو مەرجە هیچکات پەیرەوی نەکراوە. هیچ هەڵبژاردنێکی کوردستان پاکوبێگەرد نەبوەو بێ دەستتێوەردانیش نەبووە، بەلام بۆچی لە ئێستادا ترسی یەکێتی چۆتە سەر ئەو خاڵە؟ ئاشکرایە لەم هەڵبژاردنەدا هاوسەنگی هێزو چۆنیەتی بەشداری یەکێتی، ئەو فرسەتەی ناداتێ تا هێندەی پارتی بە ساختەکاری لەم هەڵبژاردندا دەستکەوتی باش بەدەست بهێنێت. بۆیە بەشداری یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا قومارێکی مایەپوچەو بۆخۆشیان دەزانن کە باش دەدۆرێن. ناچارن گەمەی سیاسی و بێنەوبردە بکەنە بیانوی دواخستنی هەڵبژاردن، یان نەکردنی! وەک خۆشیان دەڵێن دەبێت پارتی پێشوەخت لە گەڵیان ڕێکەوێت، ئەمەش تاچەند لە رەحمەتی پارتی دەوشێتەوە، ئەوە دیارە کە یەکێتی و سەرۆکەکەی لە چاوەروانیدان.




ناکۆکی نێوان دادگای فیدراڵی و هێزی میلیشیا.. عوسمانی حاجی مارف

ئەو دادگایەی دەسەڵاتی بەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزی میلیشیادا نەبێت، ناتوانرێت بڕیارەکانی بەهەند وەربگیرێن و جێگای متمانەبن. یان ئەتوانین بڵێین ئەو دادگایە بەناچاری دەبێتە پاشکۆ بۆ بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئەو حزب و لایەنانە کە خاوەنی دەسەڵاتن لە پێگەو توانایی هێزی میلیشیاکەیانەوە. ئەمەش لۆژیکی ئەو جۆرە دەسەڵاتانەیە کە بە هیچ جۆرێک ڕێگا نادەن دادگاو هەردامودەزگایەکی تری حکومی سەربەخۆبێت. بۆیە هەر ڕۆژە یاسا و بڕیار و ڕێسایەک بەڕێوە دەبەن. لەلایەکی تریشەوە هاوکێشەکە تەواو پێچەوانەیە. لەبری ئەوەی ئەو دادگایە بڕیاری هەڵوەشانەوەی هێزی میلیشیا بدات، بەڵکو ئەوە هێزی میلیشیایە هەرکات زانی ئەو دادگایە پێچەوانەی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی بڕیار دەردەکات، نەک ئەو دادگایە هەڵدەوەشێنێتەوە، دادوەرەکانیشی سزا دەدات.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق نمونەیەکی بەرجەستەی ئەو جۆرە دادگایانەیە کە لە خزمەت بەرژەوەندی سیاسی هێزە میلیشیا شیعە دەسەڵاتدارەکانی عێراقدا پێکهێنراوە. حزبە میلیشیاکانی هەرێمی کوردستانیش لەسەر بنەمای رێکەوتن لەگەڵ ئەو هێزانەداو بەشدارییان لە نوسینی دەستوردا ئەم دادگایەیان قەبول کردووە.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ڕۆژی سێشەممە٣٠ی مانگی پێنجی ساڵی٢٠٢٣بڕیاریداو ڕایگەیاند کە درێژکردنەوەی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نادەستورییە. ئەوە ئاشکرایە بەگوێرەی دەستور و ڕێکەوتنی نێوان هێزە میلیشیاکان لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا، دەبێت ئەم بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام گرفتەکە لەسەر تایبەتمەندی ئەو بڕیارەو جێبەجێکردنی نیە، هەروەها لەسەر دروستی و نادروستی بڕیارەکەش نیە، بەڵکو کێشەکە لەسەر خودی پێکهاتەی ئەو هێزە ناسیۆنالست و ئیسلامیە میلیشیاییانەیە کە پێکهێنەری حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمن. ئەم هێزانە باندی مافیایی و جەردەی دوای جەنگی داگیرکاری ئەمریکان، کە تاڵانچی و کۆکردنەوەی پاشماوەکانی دوای کۆتایی جەنگن، لەسەر بنەمای داگیرکاری و بێئیرادەکردنی خەڵک، بەزۆرەملێ و گوندەیی هێزی میلیشیا، عێراق و کوردستانیان لەسەر بنەمای نفوزو پێگەی سیاسیان دابەشکردووەو ناویان ناوە حکومەتی فیدراڵی عێراق. هەربۆیە پێش هەر دەستورو یاساو بڕیارێک، ناکرێ خودی پەرلەمانەکەیان شەرعی و فەرمی و موعتەبەر بێت. پەرلەمان ئەو دەزگا بێبایەخەیە لە ئاستی دەسەڵاتی میلیشیادا کە شایستەی هیچ جێگاو ڕێگایەک نیە. بێئۆتۆریتەترین و ناموعتەبەرترین و ڕیسواترین دەزگایە لە پێکهاتەی دەسەڵات و حکومەتی عێراق و هەرێمدا.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیار لەسەر نایاسایی درێژکردنەوەی پەرلەمانێک ئەدات کە ئەو پەرلەمانە بۆخۆی هەر لە بنەڕەتدا لە ئاست بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا، جێگاوڕێگایەکی نیە تا پۆشاکی شەرعی بون بکرێت بە بەریدا. بەجیا لە ناشەرعی بوونی پەرلەمان، لەهەمانکاتدا، جێگای مامەڵەی هەرزان بازاڕی نێوان پارتی و یەکێتی و هەر لایەنێکی ترە کە کورسیان لە ناو پەرلەماندا بە کرێ گرتووەو کرێشی لێوەردەگرن. لەلایەکی ترەوە هەر بەو هەرزان بازاڕیە، دەورێکی چەواشەگەرانەیان لە دروستکردنی وەهم و ئومێد بە ئاڵوگۆڕ لەو دەسەڵاتەدا لە ڕێگەی هەڵبژاردن و پەرلەمانەوە، پەخشکردۆتەوە.
ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی، پرۆسەی هەڵبژاردنی کوردستان و چارەنوسی پەرلەمان بەهەر کوێیەک دەگەیەنێت، نابێت مەسەلەیەکی جدی و قابیلی هەر جۆرە ئومێدو چاوەڕوانیەک بێت لای خەڵکی ناڕازیەوە.
ئەم جۆرە بڕیارانەی دادگای فیدراڵی کە گوایە لایەن و کەسانێک بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە پۆزو دەورو دەخالەتی خۆیانی تیا بەرجەستە دەکەنەوە، جگە لە چەواشە کاری و پاشەکشە بە ناڕەزایەتی خەڵك، هیچ ڕۆڵێکی ئەرێنی نەدیوەو نابینێت. پێویستە لە ئەزمونی چەندین ساڵەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و هاوکارەکانیان لە هەرێم، دەسەڵاتی حزبە ناسیۆنالست و تائفیەکانیش لە عێراق، ئەوەندەی حاڵی کردبین، کە هەر هێنانوبردن و کەیس دروست کردنێک و سکاڵانامەو پەنا بردن بۆ هەر دادگایەک، کارێکی گەوجانەی ساختەبازیانەیە کە هەندێ لایەن و کەسانێک بەدوای دەکەون و وەها نیشان ئەدەن هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بە قازانجی خەڵکە. لەهەمانکاتدا وانیشان ئەدەن پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی ڕێگای فشارێکی جدیە بۆسەر پارتی و یەکێتی لە پرۆسەی گۆڕینی هاوکێشەی سیاسی و ئاڵوگۆر لە دەسەڵاتی سیاسیدا. ئەوەی ئێستا دادگای فیدراڵی بوێری هەیە بڕیارێکی لەو چەشنە دەربکات، ئەوە پێگەی دادگای فیدراڵی نیە، بەڵکو پێگەو هاوسەنگی هێزە شیعەکانە لە حکومەتی عێراقدا لەبەرامبەر حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمدا کە پێویستیان بەوەیە دادگای فیدراڵی بەکاربهێنێت بۆ پاشەکشەی زیاتر بە پێگەی پارتی و یەکێتی و ریسواکردنی حکومەتەکەیان. جوڵاندنی ئەم کەیسەش لەلایەن چەند ئەندام پەرلەمانێکی کوردەوە لە بەغداد، تەنها کارێکی گەوجانەی خزمەتکردنە بە هێزە شیعەکانی حکومەتی عێراق.
دواتریش ئەو لایەن و کەسانە کە دەبنە بەر لەشکری جێبەجێکردنی هەڵبژاردن، بەلیستێکی دروستکراوی تازەوەو خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئایندە ئامادە دەکەن کە لە چوارچێوەو فەلەکی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارازنی و بنەماڵەی تاڵەبانیدایە، بەدروشمی گاڵتەجاریانەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردەوە، بەڵام هەرئەوەندەیان پێ دەبڕێت کە چەند کورسیەک بۆ لیستەکەیان زیاد بکەن و هیچی تر! ناتوانرێ هیچ ئاڵوگۆڕێک بە قازانجی خەڵک بەدەست بهێنرێت، چونکە لە دواجاردا ئەوە ئاشکرایە کە دروستکردنی قاڵبی کورسیەکانی پەرلەمان تەنها بۆ مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی دەنگی ئەندام پەرلەمانەکانە لەبازاڕی پارتی و یەکێتیدا.
پەرلەمان لە کوردستان و عێراقدا بەهیچ جۆرە کردارو مانایەک، نەیتوانیوەو ناتوانێ پێگەی سیاسی هێزەکان و توانای پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسی یەکلابکاتەوە، بەڵکو دەسەڵاتی سیاسی بنەماڵەیی میلیشیا و هێزی تائفی میلیشیا، پێشوەخت هەموو کەینوبەین و مامەڵەیەکیان بڕیوەتەوە! پەرلەمان دەکەنە کاریکاتورێکی گاڵتەجاری دەستکەلای نەخشە سیاسیەکانیان. وەک چەواشەکاری لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا، ئەم هاوکێشەیە لە عێراقدا وەها ڕیزبەندی دەکرێت، کە”دەسەڵات دواتر پەرلەمان، نەک پەرلەمان دواتر دەسەڵات”! ئەو کەس و لایەنانەش کە تەنها ئومێد بە پەرلەمان دەکەنە بنەمای هەڵسورانی سیاسیان، ئاشکرایە جگە لە ئارایشدانی جوانکاری لە پێکهاتەی دامودەزگاکانی دەسەڵاتی ئێستای گەندەڵ و تاڵانچیدا، شتێکی تریان بۆ ناکرێت. ئەتوانین بەسادەیی بەو کەسانەی ئومێدیان لەسەر ئەم دادگای فیدراڵیە هەڵچنیوەو خۆیان بە دڵسۆزی خەڵک دەناسێنن، بڵێین؛ فەرمون سکاڵایەک لەو دادگایە تۆمار بکەن با لە عێراق و کوردستان کۆتایی بە هێزی میلیشیا بهێنرێت! ئایا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەتوانێ سکاڵایەکی لەو چەشنە بخاتە ناو جەلسەکانیەوە؟




ژەهراویکردن لەبری بەکارهێنانی فیشەک.. عوسمانی حاجی مارف

گەر بەچاوخشاندنێک،بە تەواوی مێژووی هەڵسوڕانی سیاسی حزب و لایەنە سیاسیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بچینەوە، حاڵەتێکی سەرسام و نامۆ نیە، گەر گەواهی لەسەر ئەوە بدەین کە لە مامەڵەی کێشە سیاسی و فکریەکانی نێوانیاندا، هەمیشە پەنایان بۆ زیندان و ئەشکەنجەو تیرۆر و شەڕی چەکداری بردووە، ئەم حاڵەتە کە سونەت و نەریت و هزری سیاسی سەرکردەو بەرپرسەکانەو تا ئێستاش هەر لەو ڕوانگەیەو بەو چاویلکەیەوە دنیای کێشمەکێشی سیاسی دەبینن، کە بۆ یەکلایی کردنەوەی بۆچونەکان و جیاوازی سیاسی و کێشەکانیان، تەنها ئەو ڕێگایە دەزانن، کە کۆتایی بە ژیانی بەرامبەرەکەیان بهێنن، لە هەمان کاتدا بەهێزی چەکداری بڕیار لەسەر کۆتایهێنان بەلایەنی بەرامبەریان ئەدەن، هەڵبەتە بۆ ئەم حاڵەتە، لایەنەکانی ئیسلامی سیاسیش نەک کەمیان نەکردووە، جگە لە پاکسازی ژیانی رەقیبەکانیان، شتێکی تر نازانن و هیچی تریان پێ ناکرێت.
ئەوەی جێگای سەرنجە لە پێداچونەوە بەو مێژووە ڕیسواو چەپەڵەی ناسیۆنالستەکانی کوردستاندا، گەر دادگایەک هەبێت لەم تاوانانە بپرسێتەوە، هیچ پێویستیەکمان بە بەڵگەو سەلماندن نابێت، چونکە بۆ خۆیان لەوبارەیەوە لەبەرامبەر یەکدا چەندین کتێب و وتارو بەرنامەیان تۆمار کردووە، کە دەگێڕنەوەو دەیسەلمێنن چەندە ڕۆڵیان لە بەجەنگەڵستان کردنی کوردستاندا بینیوە، تاوان بەدوای تاوان و زنجیرەیەک لە چیرۆکی کارەساتباریان داڕشتوە، ئەم حاڵەتە بە جۆرێك سایەی کردوە لە کوردستاندا، کە بۆتە هەوێن و هەستێک بۆ نوسینی درامای تراژیدی بۆ ئەو چیرۆک نوسانەی بە زمانی کوردی دەنوسن.
مەسەلەیەک پێویستە ئاماژەی پێبدەین، پاش گێڕانەوەو نوسینەوەی ئەو هەموو ڕۆمانە ڕاستیانە دەربارەی پێشلکردنی ئازادی سیاسی و لێدان لە ئازادی بیروباوەر، جگە لەپیادەکردنی کوشتن و ڕفاندن و زیندانی کردن، لە ئێستادا دیاردەی “ژەهراوی کردن” وەک هونەرێکی تازەی بەکارهێنان بۆ تیرۆری خاوەن هزری سیاسی جیاواز، وەک ئەزمونێک سایەی بەسەر مامەڵەی لایەنە سیاسیەکاندا کردووە، لە هەواڵەکاندا وەک کردارێکی ئاسایی باسی لێوە دەکرێت، کە فڵانە کەس بە خواردن ژەهراوی کراوە، یان کەسێک بۆ خۆی ڕایدەگەیەنێت کە ژەهراوی کراوم، هەڵبەتە ئەم دیاردەیە لەو شوێنەوە سەرچاوەی گرتووە، ئاشکرایە هەر لەو سونەت و نەریتەوەیە کەهێزە میلیشیاکان لە بەجێگەیاندنی تیرۆر و شەڕی چەکداری بۆ پاکسازی یەکتر بەکاریان هێناوەو بەکاری دەهێنن، بەڵام دۆخی سیاسی ئێستای کوردستان و پێگەو ئاستی هاوسەنگی هێزە میلیشیاکان، لە نێو ئەو دۆخە سیاسیەدا توانای ئەو هەلەیان کەمتر بەدەستەوەیە کە بەشەڕی چەکداری و تیرۆری راستەوخۆ بە فیشەک بتوانن کێشەکانی نێوانیان مامەڵە بکەن. بەڵام کەسان و لایەنی دژی ئازادی بیروڕاو دژی ئازادی سیاسی، پەکیان لە هەوڵی داهێنانی نەخشەو پلانی پاکسازی یەکتر ناکەوێت، ژەهراویکردن کە دیاردەیەکی زۆر مەترسیدارە، بە نهێنی و هێمنی ئەنجام ئەدرێت، تائێستاش سەلماندنی تاوانبارکردنی هیچ کەیسێک لەو بارەیەوە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام وەک تارماییەک بەسەر ژیانی هەر کەسێکی سیاسی لە کوردستاندا وەستاوەو لە چاوەڕوانی ئەو ساتەدایە کەبەو ڕێگەیە کۆتایی بە ژیانی بهێنرێت.
کاتێک باس لە هەر ئێوارە خوان و نیوەڕۆ خوان، یا قاوە خواردن و چا خواردنەوە دەکرێت، کە لە میوانداری نێوان ئەو لایەن و حزبانەی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بەڕێوەدەچێت، پێموایە هیچ بوارێک بۆ متمانەکردن بەیەکتر لەو کۆبونەوەو میوانداریەدا مانای نەماوە، کەسیان دڵنیا نین لەوەی ئەو خواردن و خواردنەوانەی دانراون، ئاخۆ ژەهری تێدایە یان نا، بەڕاستی ئەم دۆخە مەترسیدارەو ئەوپەڕی ڕیسوایی و شەرماوەرە، چونکە تەنها وێنایەک نیە کە بوترێت پێموابێت لەوانەیە ژەهراوی بێت، بەڵکو بەداخەوە ئەوە ڕاستیەکە کە بۆ خۆیان لە چەندین بۆنەدا ڕایان گەیاندووە و باسی خراپی باری تەندروستی خۆیان کردوە.
پێموانیە هیچ متمانەو ڕێگایەک مابێت بۆ چارەسەری ئەم دەردە کوشندەیە، چونکە واقعیەتی هەڵسورانی بزوتنەوەی کوردایەتی خاوەنی چەندەها گرێوگۆڵ و پێچوپەنای لەم جۆرەیە، ئەوەی پێویستە کە تا ماڵئاوایی ئەم بزوتنەوەیە ڕادەگەیەنرێت، تەنها ئەو ئامۆژگاریەیە کە پێوست ناکات لە هیچ کۆبونەوەو میوانداریەکدا خواردن و خواردنەوە دابنرێت، یان گەر دانراب و پێوێست ناکات فشار بۆ کەس بهێنرێت کە بخوات و بخواتەوە.




لە پەراوێزی پێشنیاری یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتیدا!.. عوسمانی حاجی مارف

هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمان کە بڕیارە لە ١٨/١١/٢٠٢٣دا بەڕێوەبچێت، لە هەلومەرجێکی تایبەتیدا لایەنە سیاسیەکان ناچارکراون کەخۆیان ئامادەبکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێداویستیەکانی ئەم هەڵبژاردنەدا، کە بۆ خۆشیان ڕۆشن نیە دەرگیری کام بەڵای سیاسی دەبن و ئایندەی پێگەی سیاسیان لە کوێدا دەگیرسێتەوەو چییان بەسەر دێت. ئەم دۆخە لەو شوێنەوە ناچاریە بۆیان کە هەنگاو بەداوی هەنگاودا، دەبینین پێگەی حکومەتی هەرێم لە سایەی حکومەتی عێراقدا بێدەسەڵات ترو بچوکتر دەبێتەوە، واتە هەڵبژاردنی ئەمجارە هەوڵدانێکە بۆ بەڕێکردنی ئەو دۆخە نالەبارەی دەرگیری لایەنە سیاسیەکانی هەرێم بووە، دەبێت کاردانەوەیەکیان هەبێت.
ئەم ڕۆچونەی هاوسەنگی هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، پاش ٣٠ساڵ زیاتری رۆڵی نەرێنیانە، لە هێژمۆنی کۆمەڵگە بە بیری دەمارگیری نەتەوەیی و داگیرکردنی کوردستان بە دەسەڵاتی میلیشیایی، کە جۆرێک نمونەی ڕەنگدانەوەی ئەزمونێکی بن بەست و شكستخواردو بون لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا، نەیان ویست و نەیان توانی دابینکەری دۆخێک لە ئارامی و ئاسودەیی سیاسی فەراهەم بهێنن.
گەورەترین کێشەیەک کە لە هەگبەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا نەگەیشتە ئاکامێکی یەکلایی کەرەوە، هەرگیزیش یەکلایی کەرەوەنابن، نەتوانین و نەویستنی دامەزراندنی “دەوڵەتە”،دەوڵەت لە جوگرافیایەکدا کە سی ساڵ زیاترە حوکمرانی تێدا دەکەن. ئەم حاڵەتە گەورەترین گرێ کوێرە و ئاستی نزمی تەواوی مێژوی هەڵسورانی سیاسی بۆرجوازی کوردە، هەر بۆیە هەمیشە زەلیل و پاشکۆ و ملکەچی بەرژەوەندی سیاسی دەوڵەتانی تر بون.
ئەم واقعیەتە لاسەنگە، پێگەو پراتیک و سونەتی تەواوی حزبە ناسیۆنالستەکانی کوردستانی خستۆتە ناو یەک چوارچێوەوە، کە لە هەمان کاتدا هەمیشە کاریگەری تەواویان لەسەر بەجێ نەگەیاندنی حەتمیەتی یەکڕیزی وپەرشوبڵاوی خۆیان و گێژاوی سیاسی داناوە.
گەورەترین پاڵەوانی ئەزمونی مەیدانی فەراهەم هێنانی ناجێگیری و گێژاوی سیاسی لە کوردستاندا، ئاشکرایە کە بەمۆری جێگا پەنجەی پارتی و یەکێتی، بە مۆری بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، لەسەر تەواوی کارەسات و ڕوداوە دژی ئینسانیەکاندا واژۆکراوەو مێژویەکی تەڵخە بە ناوچەوانیانەوە.
جیابونەوەی گۆڕان لە یەکێتی و دواتر هەڵسورانی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، نمونەیەکی ترە لە بەرجەستەکردنەوەی درێژەدان بەهەمان هەڵڕشتنی تورەکەی خوڵقاندنی کارەساتەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، کە گۆڕان جگە لە پێکهێنانی دۆخێکی تەماوی ناڕۆشنی کاتی بە ئومێددان، شتێکی تریان نەکرد، دواتر دیمان کاریگەری بەڵاو مەینەتیەکان بەسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستاندا تیژترو قوڵتر بونەوە، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان جگە لەوەی لە دایک بوی ڕیزی هەمان چوارچێوەی نەوەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیە، لە هەمان کاتدا نمونەیەکی کۆنەپەرستترو مەترسیدارترە لە ناو پێکهاتەی ناسیۆنالستی کورددا، هەر بۆیە خەڵکی کوردستان شانسی باشیان هێنا کە ئەم ڕەوتە بە زویی دامرکایەوە و شکستی خۆی سەلماند.
یەکێتی نیشتمانی کە ئێستا لە لوتکەی قەیرانی سیاسی و دۆخێکی نالەباردایە، لە چوارچێوەی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسیانەی لە ناوچەکەو کێشەکانی لە گەڵ پارتیدا دەرگیرە، کەوتۆتە بەردەم پێگەیەکی زۆر نزمتر لە نێو هاوکێشە سیاسیەکاندا، بەتایبەتی کەوتۆتە نێو دوڕیانێکەوە لە پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقدا، زەحمەتە بتوانێت جێگایەکی سەربەخۆی گونجاو بۆ هەر بڕیارێکی سیاسی و پەیوەندی دیبلۆماسی لە گەڵ پارتی و حکومەتی عێراقدا پەیدا بکات، بە کوردیەکەی لە حاڵەتێکی دۆشداماندا چاوەڕوانی ئەوەیە لەوە زیاتر بچوک بونەوەی خۆی قەبوڵ نەکات، گەر دۆخەکە یارمەتی بدات.
هەروەک لەسەرەتادا دەربارەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی ١٨/١١/٢٠٢٣ ئەوەمان دەستنیشان کرد کە لە دۆخێکی تایبەتدا لایەنە سیاسیەکان ناچارکراون خۆیان ئامادەکەن، ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەکێتی نیشتمانی بارگرانیەکی زیاتر دەخاتە سەر دەورو پێگە سیاسیەکەی، گەر نەزانێ و نەتوانێ بۆ پاراستنی پێگەی سیاسی لە بەرامبەر پارتی و گەمەی سیاسی لەگەڵ ڕوداوەکاندا باش بجوڵێتەوە، یان بە مامەڵەیەکی گونجاوتر ڕوبەڕوبونەوەی هەلومەرجێکی تازە لە خۆی نیشان نەدات، ئەوە حەتمیە کە دەکەوێتە بەردەم ئایندەی خەسارەتێکی زیاترو مەترسیدارترەوە، لەم سۆنگەیەوە یەکێتی کەوتۆتە بەردەم حاڵەتێک، نە بەشداری لە هەڵبژاردن و نە بایکۆت بەرامبەر هەڵبژاردن، ئاسۆیەکی ڕون ناخاتە بەردەم ئایندەی پێگەی سیاسی و ڕۆڵی لە نێو ئاڵوگۆڕەکاندا. هەر بۆیە بڕیاردان لەسەر بەشداری لە هەڵبژاردندا بەبێ ئامادەبونێک کە نیشانی بدات هاوکێشەکە تا ئاستێك ئەتوانێ زیانی تیا نەکات، دەکەوێتە بەر چارەنوسێکی نادیار و دۆڕاندنێکی گەورەوە.
ئەم هەوڵەی سەرۆکی ئێستای یەکێتی نیشتمانی بانگەوازی بۆ دەکات کە دەڵێت”یەکیتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ هەنگاونان بەرەو ڕێکەوتنێکی نوێ و یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان”، فڕێدانی ئەم کارتەو کردنەوەی ئەم دەرگا سەوزە، هەرچەندە قسەی سەرپێی و نافەرمیە،لەو هەوڵانەیە کە بافڵ دەیەوێت هاوسەنگی هێزەکەی لەو هەڵبژاردنەدا بەهەر شێوازو بەهایەک بووە ساغکاتەوە، بۆ ئەمەش پەنا بۆ گۆڕان دەبات، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردودا پێگەیەک کە گۆڕان لە ئاستی ڕۆڵی هێزەکەی نیشانیداین، جگە لە گەڕانەوەی بەردەوام بۆ دواوە ڕوخسارێکی گەشبینی بۆ لایەنگرانی نیە، گۆڕان ئێستا جگە لە کاریکاتۆری هەرەس و پەرشوبڵاوی شتێکی تری پێوە دیارنیە.
بە مانایەک ئەو بانگەوازەی بافل دەیەوێت ڕێگەیەک بۆ ڕزگاری یەکێتی لەو قەیرانەی دەرگیری بوە پەیداکات و پێداچونەوە بە دۆستە کۆن و تۆڕەو تۆراوەکانی یەکێتیدا بکات، هەر لەسەرەتاوە ئاشکرایە خەریکە پاڵ بە دیوارێکەوە ئەدات، کەبناغەکەی سەرئاوی لافاوێکی لیخن کەوتوە، گۆڕان کاتی خۆی توانی هاوسەنگی یەکێتی بشکێنێ، بەڵام گۆڕانی ئێستا ناتوانێ هاوسەنگی یەكێتی ڕاست کاتەوە.
بەجیا لەوەش پێناچێت گۆڕانیش بەنیاز بێت خۆی بخاتە ناو گێژاوی ئایندەیەکەوە، کە ناڕۆشنە، لە کاتێکدا یەکێتی ناڕۆشنە چۆن لەو زەلکاوەی تێیکەوتوە بێتە دەرەوە، ئیترئەم بانگەوازەی بافڵ بۆ یەکگرتنەوەیان هیچ کەڵکێکی بۆ گۆڕان نابێت جگە لە کۆتایی هێنان بەتەمەنی هەڵسورانی سیاسیان بە ناوی گۆڕانەوە.
یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی لەهەر ئاستێکدا ڕێک بکەوێت، بەجیا لەوەی کاریگەری لەسەر هەڵسانەوەی هاوسەنگی یەکێتی نابێت، لەلایەکی ترەوە ئایندەیەکی تەواو تەڵخ دەخاتە بەردەم ئەو هەڵسوراوانەی تا ئێستا لە گۆڕاندا کارێک دەکەن. لەهەمان کاتدا یەکێتیش دەکەوێتە ناو قەیران و گێژاوێکی زیاتر لەوەی کە ئێستا تیایدا دەژی، کەسەری خۆی و گۆڕانیش دەکات بە قورا.
یەکێتی نیشتمانی لەم دۆخەی ئێستادا یەک ڕێگە لە بەردەمیدایە کەئەگەری فرسەتی پاراستنی مانەوەی خۆی بپارێزێت، جا گۆڕان لەگەڵیا پێک دێت یان نا، قەبوڵ کردنی ئەو قەدەرانەیە کە پارتی لە ئێستادا مامەڵەی لە گەڵ حکومەتی عێراق و هەلومەرجی پاراستنی سەرمایەگوزاری و جۆرێکی تر لەتاڵانچێتی خۆی ڕێکدەخات، چونکە یەکێتی هاوشان وهاوکاری تەواوی پارتیە لە داسەپاندنی حکومەتی دژی خەڵکیدا، هەر بۆیە ناچارە پێشوازی لە پەیامەکەی بارزانی بکات و بڕواتە ناو هۆڵی کۆبونەوەکانەوەو پێویست ناکات پۆزی بەرژەوەندی خەڵک بجونەوە.




پەیامێک لە بەرزاییەوە.. عوسمانی حاجی مارف

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە وتارێکدا بۆ یەکێتی و پارتی وتی نابێت چیتر خەریکی یەکتر شکاندن بن، لە هەمان کاتدا پەیامێکی پێشکەشكرد و ڕایگەیاند:” بە دەرفەتی دەزانم بانگەوازێک ئاڕاستەی هەموو حیزب و لایەنەکان بکەم بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ”.
وتیشی:” داوا لە یەکێتی و پارتی دەکەم کۆببنەوە و بەرپرسیارانە و کوردستانیانە باسی هەموو کێشە و گرفتەکان بکەن و کاربکەن بۆ چارەسەرکردنیان، پێش ئەوەش هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دابنیشن و ناڕونیەکان نەهێڵن و زەمینەسازی بکەن بۆ ئەو کۆبونەوە فراوانە”.
ئەم جۆرە پەیامانە جگە لە هەندێ قسەی گشتی و ناڕۆشن، کە وەک ئامۆژگاری براگەورەیەکە، ناتوانرێت ئەنجامگیریەکی ئەرێنی بە قازانجی ئایندەی خەڵکی کوردستانی لێ دەرکێشرێت، یاخود مەبەستی ئەم جۆرە پەیامانە تەنها وتاری کەسانێکە کە بۆ خۆیان لەدەسەڵاتدان و لە پێگەی توانایی دەسەڵاتەکەیانەوە لە بەرزاییەوە داوادەکات، هێزو لایەنەکانی تر کێشەی لەگەڵدا دروست نەکەن و ئەوەی بۆ خۆی پێویستەو خوازیاریەتی هاوکارو پشتیوانی بن و نەیشکێنن.
گەر نیازی بارزانی بەم جۆرە نیە بۆچی کێشەکانی نێوانیان ڕەوانەی کۆبونەوەی هەردوو حزب دەکات و داوایان لێدەکات کار بۆ چارەسەری بکەن!. ئایا چارەسەری کێشەکان لای شەخسی مەسعود بارزانیە، یان لای کۆبونەوەی هەردوو حزبە؟، وا ڕەوانەی کۆبونەوەی هەردوو حزبی دەکات، ئەو دوو حزبەی کەهیچ کات کێشەکانی نێوانیان چارە نەکردوە. بۆ هەردوو حزب کەم دانیشتن و کەم دانوسان و کۆبونەوەو سەوداو مامەڵەیان کرد؟ و نەیان ویست و نەیان توانی ئەنجامێکی سەقامگیر و ئارامی سیاسی بدەن بە دەستەوە. یان باشترە بڵێین، بە گشتی پێگەی پارتی باڵاتر خۆی نواندوەو نیشاندراوە، بۆیە پێگەو رۆڵی لایەنەکانی تری کردۆتە پاشکۆی بەرژەوەندیەکان و سیاستەکانی بنەماڵەی بارزانی و پارتی.
مەسعود بارزانی لە هەلومەرجێکی سیاسی وەهادا ئەم وتارە ئەدات کە لە نێو هاوکێشە سیاسیەکانی ئێستای ناوچەکەدا هاوسەنگی هێز تا ڕادەیەک بە قازانجی بنەماڵەی بارزانی و پارتی خۆی گرتووە، بۆیە لە پێگەیەکی باڵاترەوە هەوڵ ئەدات لەگەڵ ئەگەری ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە بەرنامەی گەڵاڵە کردنەوەو ڕێکخستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و پایەی ئابوری عێراقدا پێشبینی دەکرێت، خۆیان بگونجێنن، ئەمەش چۆن سەردەگرێت و کەی سەردەکەوێت مەسەلەیەکی ترەو جێگای پرسیارە!
لەم نێوەدا کردنەوەی “یادگەی نیشتیمانی بارزانی”ش لەلایەک سیناریۆی نمایشێکی شانۆگەریانەیە، وەک مارشێک بۆ زیاتر نیشاندانی پێگەو تواناییەکانی بنەماڵەی بارزانی و پارتی، لە لایەکی ترەوە بانگەوازێکە بۆ ملکەچکردنی تەواوی لایەنەکانی تری کوردستان، بە تایبەتی سەپاندنی پێشمەرجی ڕێکەوتنە، بەسەر یەکێتی نیشتمانیدا تابە قازانجی زیاتر بۆ پارتی بکەوێتەوە، جا لەهەرجۆرە کۆبونەوەیەکدا بێت، بۆیە ئامادەبونی نوێنەرانی یەکێتی لەو یادگەیەدا، قەبوڵکردنێكی سەرەتاییە بۆ مەرجەکانی پارتی، لە پەیوەند بەو نەخشەو ڕێکەوتنانەی کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراقدا دەبێت واژۆیان بکات، مەسعود بارزانی دەیەوێت بنەماڵەکەی و پارتی خاوەنی ئەو ڕێکەتنانە بن کە لە گەڵ حکومەتی عێراقدا پێکیدێنن، ئەمەش مانای هەڵدانەوەی ئەو لاپەڕە نوێیەیە کە مەسعود بارزانی بانگەوازی دەکات بۆ تەواوی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، تا ئەو لایەنانە پەیگیرانە درێژەدان بە پاشکۆ بونیان بۆ بەرژەوندیە سیاسی و ئابوری و داراییەکانی بارزانی و پارتی دوپاتکەنەوە.




کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان!.. عوسمانی حاجی مارف

هەرچەندە لەتەواوی ژیانی سیاسی دەسەڵاتداریەتی حکومەتی بەعسدا، بێزاری و ناڕەزایەتیەکی فراوان و سەراسەری بەتایبەت بەرامبەر بە دەورانی دەسەڵاتداری سەدام دەبیسرا و دەبینرا، بەڵام ئامادەیی بۆ کۆتاییهێنانی ئەو حکومەتە درندەیە، لە هاوسەنگی و توانای هەڵسورانی جەماوەری خەڵکی عێراقدا گەشەی نەکردبوو. دواتر پاش هەشت ساڵ لە جەنگی ئێران و عێراق و جەنگی کەنداوی ١٩٩١، تا ئاستێکی زۆر حکومەتی عێراقی لاوازو پەریشان کردبوو، هەڵبەتە لەبەرئەوەی لەبەرامبەریدا ڕیزی یەکگرتوی ئیرادەی جەماوەری ناڕازی و نیشاندانی ئەڵتەرنەتیفێکی سەربەخۆ بۆ هێنانە مەیدان و دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا گەڵاڵە نەکرابوو، سەدام بە هەر ئابلوقەیەکی ئابوری کە بەسەریدا سەپێنرابوو، دەیتوانی بەردەوامی بە دەسەڵاتە  سەرکوتگەریەکەی بدات، بەبێ ئەوەی سڵ لە هەر ناڕەزایەتی و بەرامبەرکێیەک بکات کە لە بەرامبەریدا دەوەستا.

ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٣دا تەواوی دامودەزگاکانی حکومەتی عێراقی لەیەک هەڵوەشاندو کۆتایی بە حکومەتی عێراق و دەسەڵاتی سەدام هێنا، لەهەمانکاتدا شیرازەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراقی شێواندو لێکترازان و وێرانیکرد، ئاشکرایە رۆڵی هێرشی سەربازی و داگیرکاری دەوڵەتی ئەمریکاو پیادەکردنی نەخشەکانی ئەمریکا بوو لە ناوچەکەدا بەگشتی و لە عێراقدا بەتایبەتی.

عێراقی دوای ٢٠٠٣، دەورانێکی تەواو جیاوازترو جەنجاڵترە لە پرۆسەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، کە بە پڕ لە کارەسات و نەهامەتی و نائارامی پێناسە دەکرێت. ئەو هێزە ئیسلامیانەی بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە کە لە تەواوی هەڵسورانی سیاسیاندا نەیانتوانی هەناسەبدەن لە بەردەم حکومەتەکەی سەدامدا، داوتر بە ناوی گروپی جیاو هێزی میلیشیاوە، سەرشۆرانە چارەنوسی خۆیان گرێدا بە چارەنوس و دەورو نەخشەکانی ئەمریکاوە. لەهەمانکاتدا پاشکۆبوونی خۆیان بۆ دەخالەتی ئێران لە مەیدانی سیاسی عێراقدا سەلماند. هەر لەم نێوەشدا حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بوونە “هاوخەبات” و هاوسەنگەر و هاوبەشی ئەو گروپ و هێزە ئیسلامیانە، کە پێکەوە حکومەتی تەوافقی و بەشبەشێنەیان پێکهێنا، بە ئامانجی تاڵانچێتی و جەردەیی و داگیرکردنی چاڵە نەوتیەکان و دابەشکردنی تاڵانکاریەکانیان. لەهەمانکاتدا تاقیکردنەوەی هێزەکانیان بۆ دەسەڵاتی سیاسی بە هێزی میلیشیاو لەهەمانکاتدا پارچە پارچەکردنی عێراقیان بە پێوانەی نفوز و پێگەی چەکداری و سیاسیان لە هەر پارچەیەکدا بەرێوەدەبرد.

ئەوەی بەدوای ٢٠٠٣وە گوزەرا، جێگای خۆیەتی ئاماژەی پێبدەین، بەرزی ئاستی هاوسەنگی حزبەکانی کوردایەتی بوو لەو سەرەتایەدا، واتە پارتی و یەکێتی، لەلایەک بۆ بەشدارییان لە حکومەتی عێراق و پیکهێنانی حکومەتدا رۆڵی تایبەتیان نمایش دەکرد. لە لایەکی ترەوە فراوانکردنی نفوزی سیاسیان و دامەزراندنی هێزەکانیان بوو لەو ناوچە کوردنشینانەی کە پێشتر لەژێر سایەی دەسەڵاتی حکومەتی بەعسدا بون.

هەرچەندە ئاستی پێگەی حزبەکانی کوردایەتی باڵاترو بەتواناتر بون لە تەواوی ئەو هیزە ئیسلامی و تائیفیانەی کە لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا ڕۆڵیان دەبینی، بەڵام پارتی و یەکێتی نەیاندەتوانی و نەیاندەویست جگە لە جەردەیی و تاڵانی لەسەر بنەمای نەخشەو سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا، سنوربەزێنی لەسەر ئەو ناوچانەدا بکەن کە حکومەتی عێراق خۆی بە خاوەنی دەزانی، یان نەیانتوانی و نەیانویست حکومەتی تایبەت بە خۆیان دامەزرێنن و ئەو ناوچانە لە عێراق جیابکەنەوە. هەربۆیە بەشێوەیەکی کاتی ڕێکەوتن لەسەر مادەی ١٤٠و هێشتنەوەی کێشەکان بۆ کاتێکی “گونجاوی” نادیار! ناچار ناویان لێنا، ناوچە کێشە لەسەرەکان، یان ناوچە جێناکۆکەکان.

بە دوای ٢٠٠٣وە ناوچە جێناکۆکەکان، بەتایبەتی شاری کەرکوک کە مەوقعیەتێکی تایبەتی هەبوو لە کێشەو پەیوەندی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمدا، بەڵام بەشێوەیەکی نافەرمی و بوونی هێزی میلیشیای حزبەکانی کوردایەتی، ئەو ناوچانە لەژێر سایەی دەسەڵاتی هێزەکانی یەکێتی و پارتیدا مایەوە، ئەم هێزانە لە دەورانی باڵادەستیان و شێوازێک لە حکومرانی، جگە لە وێرانکردنی شارەکەو بێزارکردنی دانیشتوانەکەی و خولقاندنی فەزایەکی نائارام، هەروەها بە خوڵقاندنی دۆخی کینەی نەتەوەیی دژ بە خەڵکی تورکمان و عەرەبزمان، هەرگیز کارێکی ئەرێنی و دڵخۆشکەریان لێ چاوەڕوان نەکرا.

لە ٢٠٠٣وە تا ٢٠١٧ چەندین گفتوگۆو دانوسان و ڕێکەوتنی بێئاکام لەنێوان هەرێم و بەغداد بانگەشەی بۆ کرا، بەو مانایەی هەر هێزێك بەگوێرەی توانایی هاوسەنگی هێزەکەی و ئەو نەخشە سیاسیەی بە قازانجی خۆیەتی لەو گەمانەدا دەوریان دەبینی، تا زیاتر پێگەی خۆیان بەرنە پێشەوە و جێگایان بێتەوە، لەهەمانکاتدا هیچ جدیەتێک لە ئاراستەی هیچ لایەنێکیاندا نەبیستراو نەخرایەڕوو بۆ چارەسەری کێشەکانیان، لەونێوەدا تەنها بەرزکردنەوەی ئاستی هاوسەنگی هێزەکانیان،  پێوانەی هێنان و بردنی دانوسان و کێشەکانی نێوان خۆیان و گەمە سیاسیەکانیان بوو، لەپێناو کۆنترۆڵکردنی چاڵە نەوتەکان و نیشاندانی نفوزو باڵادەستی هێزەکانیان، نەک هەوڵدان بۆ جێگیری سیاسی و بیرکردنەوە لە ژیانی خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی بۆ دانیشتوانەکەی. بۆیە ریکلامی ئەوەی کەرکوک دڵی کوردستانە، کەرکوک قودسی کوردستانە تەواو پروپوچ و بێماناو ڕیسوا دەرهات، تا ئەوکاتەی هاوسەنگی و توانای هێزەکانی حکومەتی عێراق لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا گەیشتە ئەو ئاستەی توانیان بە هێرشی سەربازی هێزەکانی پارتی و یەکێتیان لە کەرکوک بە ئاسانی و بەکەمترین خەرج دەرپەڕاند.

ڕوداوەکانی ٢٠١٧ دیفاکتۆی ئەو مێژووە نالەبارەبوو کە شکاندنی پۆزو شکۆی ئاستی هاوسەنگی بزوتنەوەی کوردایەتی نیشانداین، لەبری بانگەوازی کوردستانی سەربەخۆ و ئابوری سەربەخۆ، ناچارکران بە قەبوڵکردنی گەڕانەوەو ملکەچی بۆ بەغداد، هەر لەسەر درێژەدان بەم پرۆسەیە، ئیتر پەروەندەی کێشەیەک لە ئارادا نەما کە ناوی ناوچە کێشە لەسەرەکان و مادەی ١٤٠ بێت.

بەمانایەک بەجیا لەکۆتاییهێنان بە پەروەندەی ناوچە جێناکۆکەکان کە لەناو گەمەی سیاسی پارتی و یەکێتی و حکومەتی عێراقدا وەک کارتێکی قومار یاریان پێدەکردو دواتر پارتی و یەکێتی دۆراندیان، لەهەمانکاتدا مەسەلەی کوردو چارەنوس و ئایندەی خەڵکی کوردستانیش، بووە قوربانی پێداویستی و بەرژەوەندی سیاسەتی ڕۆژو گەمەی سیاسی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، کە لەناو گێژاوێکی سیاسی و ئاڵۆزتردا لەقاڵب دراو بە جێهێڵرا.

هەر بۆیە دەبینین هەمو ئەو سەوداو مامەڵانەی پارتی و یەکێتی کە هاوکاتی یەکلایی نەبونەوەی کێشەکانی نێوان خۆیان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، درێژەی پێئەدەن و هەر لایەکیان لە پارتی و یەکێتی بە ئەجندای جیاوازەوە پێشوازی لە سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق دەکەن، جار لەگەڵ جار خەسڵەتی خۆڕادەستکردنی زیاتر و واقعیەتێکی نارۆشن لە ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان و چارەنوسی کوردستان دەخەنەڕوو.

لەگەڵ هەر پاشەکشەپێکردن و سنوردارکردنێکی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا،  لە دواشیکردنەوەدا بەمانای ئەوە نابێت کە کۆتایی دەسەڵاتیان دەبێت لە کوردستاندا.

هەڵبەتە هەلومەرجی سیاسی عێراق و کوردستان بەگشتی و پێگەی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لە ئێستادا لەو ئاستەدا نیە کە کێشەکان بە ئاسانی و سادەیی بەیەکجاری یەکلایی ببنەوەو تەواو کۆتاییان بێت، بەجۆرێکی تر ئەوە بڵێم بە هەر فشارێک کە لەسەر بزوتنەوەی کوردایەتیە و دابەزینی زیاتری ئاستی هاوسەنگی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیە، بەڵام  لە کۆتایدا بەهەر ئاستێک لە هاوسەنگی، ئەو ئاڵوگۆرو پێشهاتانەی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا پێشبینی دەکرێت لەجۆری رێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی سەرمایەداری، فرسەتی ئەوە بۆ پارتی و یەکێتی دەمێنێتەوە تا پەناگایەک بۆ بەردەوامی دەسەڵاتیان و بەردەوامی بە تاڵانچێتی و کەڵەکەی سەرمایە پەیدا کەنەوە، بەوپەڕی سوکایەتی و ڕیسوایش بێت دەمێننەوەو بەشدار دەبن لە دابەشکردنی هەر جەردەیی و تاڵانچێتی و کەڵەکەیەکی سەرمایەدا کە بۆتە ڕۆتینی ژیانی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق و لە کوردستاندا.

واتە بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئاسودەو بە ئاسایش و خۆشگوزەران لە کۆمەڵگەی عێراق و کوردستاندا، پێش هەمو شتێک ، پێوێستی بە خرۆشان و شۆڕشێکی جەماوەریە کە تەواوی دەسەڵاتی هێزە میلیشیا قەومی و تائیفیەکان پاککەنەوە.




بۆ بێدەنگی لە کەیسی عەلی سیاسی کراوە؟.. عوسمانی حاجی مارف

سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی سێشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی ٢٥ ی نیسانی ٢٠٢٣، هێزێكی چه‌كدار هه‌ڵیانكوتا‌وه‌تە سه‌ر ماڵی عه‌لی مه‌حمود و دەستبەسەریان کرد. تائێستا لە زینداندایەو هیچ زانیاریەک لەسەر چارەنوس و دادگایەکەی ئاشکرا نەکراوە‌. دوای چه‌ند كاتژمێرێكیش له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له‌لایەن ڕۆژنامەنوسان و ئازادیخوازانەوە‌، وته‌بێژی ئاسایشی هه‌ولێر پاساوی بۆ زیندانیکردنەکەی بەوە ڕاگەیاند،‌ گوایه‌ عه‌لی مه‌حمود داڵده‌ی تاوانبارێکیداوه‌ و ئاسایشیش به‌و ’’تاوانه‌‘‘ ناوبراویان ده‌ستگیركردووه‌! لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی فیدیۆیەکەوە کە ئاسایش ئامادەی کردوە، ووتە لە عەلی مەحمود وەرگیراوە کە دان بەوەدا دەنێت، کەسێکی داڵدەداوە!.
ئەم سیناریۆیە هەرچیەک و هەرچۆنێک بێت، دروست یا نادروست، ئەوە دەگەیەنێت کە تۆمەتبارکردنی عەلی مەحمود بە تاوانێکی لەو چەشنە، مانای ئەوە نیە، کە تا ئێستا هیچ هەواڵێک دەربارەی زیندانیکردن و لێکۆڵینەوەو ووتە وەرگرتنی و ئاکامی دادگایکردنی نەزانین و نابێت ئاگادرنەبین، بۆچی ئەم کەیسە دەبێت وەها شاراوەو نهێنی بێت؟، بۆ فەرامۆش کراوەو بێدەنگی لێکراوە؟، بەتایبەتی ڕەخنەو ناڕەزایەتیەکی بەرفراون لە بەرامبەر ئەم کەیسە دەنگدانەوەی هەیە، کەمپینی ئازادکردنی عەلی سیاسی بۆتە خواستێکی جدی و دڵسۆزانەی ئازادی خوازن.
دەبوایە ئاسایش و دادگا لەلایەک زۆر شەفافانەو ئاشکرا مامەڵەی ئەم کەیسە بکەن و بەردەوام ڕای گشتی ئاگادارکەنەوە، لەلایەکی ترەوە هێچ پێویست بەوە ناکات کە عەلی لەسەر تۆمەتێکی لەم چەشنە دەستبەسەربێت و لە زینداندا ڕایگرن، پێم وایە تەواوی ئازادیخوازان گەرەنتی ئەوە ئەدەن کە هەرکات پێویست کات عەلی مەحمود لەبەردەم دادگادا ئامادە دەبێت.
بۆیە جۆری مامەڵەی ئاسایشی پارتی لە هەولێر، لەسەر ئەم کەیسە تەواوی ئازادیخوازان دەخاتە سەر پێداگری ئەوەی کە ئەم کەیسە ئەشێ سیناریۆیەکی دروستکراوبێت، لەلایەکی تریشەوە مەسەلەکە بە سیاسی کراوە، گەر تاوانێکیش رویدابێت.
لە هەر حاڵەتێکدا، ئەوە خواستی ڕای گشتی ئازادی خوازانە کە داوای ئازادکردنی دەستبەجێی عەلی مەحمود دەکەن. واتە پێویستە ئاسایش و دادگای هەولێرو بەرپرسانی پارتی بە جدی بەدەنگ ئەم خواستەوە بێن، پێویستە دەستبەجێ عەلی ئازادکەن، لە هەمان کاتدا وردەکاریەکانی بەدواداچون و لێکۆڵینەوە لەم کەیسە، ڕۆژانە بە ئاشکرا ڕابگەیەنن و ڕای گشتی ئاگادار کەن، نەکردنی ئەم کارە نابەرپرسیاریەتیەکی نائینسانی و بێڕێزیەکی زۆر نابەجێ و ئاشکرای ئاسایش و حکومەت و بەرپرسانی پارتی و دادگای هەولێر دەگەیەنێت، کە بەرامبەر ئازادیخوازانی کوردستان پیادەی دەکەن.
ئازادی بۆ عەلی مەحمود




بنبەستی “دەوڵەتی کوردی”!.. عوسمانی حاجی مارف

جێگاوڕێگای بزوتنەوەی کوردایەتی لەو شوێنەوە نیشانەکانی بنبەستی خۆی ڕاگەیاند، کە بۆ خۆیان دوای نیو سەدە زیاتر باوەڕیان بەوە هێناوەو دانیان بەوەدا نا کە “دەوڵەتی کوردی””خەونێکی شاعیرانە”یە. بەدوای چەندین ساڵ لە ڕازاندنەوەو هەڵڕشتنی دروشمی باقوبریق و سرودی نەتەوەیی لە خستنەڕوی پێکهێنانی “دەوڵەتی کوردی” و بەکوشتدانی هەزاران ئینسان لەو پێناوەدا و خولقاندنی مەترسی و ناسەقامگیری لەسەر ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی کوردستان، بە میلیتاریزەکردنی گوندەکان و شارەکان، لە نیو سەدە زیاتر خەڵکی کوردستانیان لە تامی ئاسودەیی و ئارامی و ئاسایش بێبەشکرد، کۆتاییەکەشی داخستنی پەردەی ئەو شانۆگەریە بوو کە حزبەکانی کوردایەتی بە ویست و ئیرادەی خۆیان تەواو خۆیان ڕادەستی قەدەری ژێردەستی حکومەتی عێراق کرد.
ئەوەی پێویستە هەر لەسەرەتاوە ئاماژەی پێبدەین، واقعیەتی کوردستان و گوزەرانی دانیشتوانی کوردستان، لە مێژووی سەرەتای دامەزراندنی پێکهێنانی دەوڵەتەکان لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا، لەسایەی بەرژەوەندیەکانی ووڵاتانی زلهێزی دنیادا بۆ ڕێکخستنەوەو جێگیرکردنی پەیوەندیەکانی سەرمایەداری، کەوتە بەر مەترسی هێژمۆنی دەسەڵاتی بزوتنەوە ناسیۆنالست و کۆنەپەرستەکانی نەتەوەی سەردەست، کە خەڵکی کوردزمانی کوردستان لە تەواوی مافەکانیان بێبەشکران، بۆیە زوڵمی نەتەوەیی و وەستانەوە بەرامبەر بەو زوڵمە، بووە دیفاکتۆی ژیانی کارەساتباری دانیشتوانی خەڵکی کوردزمان.
بەڵام لەم نێوەدا ئەوەی جێگای سەرنجە بۆرجوازی کورد، بەشێوەی بەرجەستەکردنی خۆیان وەک بزوتنەوەی کوردایەتی، هەر بە زویی خۆیان کردە پێشڕەوو خاوەنی مەسەلەی کورد، ئەوەش کە زیاتر لە مەیدانی ململانێی سیاسی و ژیانی عەمەلیاندا نیشانیانداین، هەمیشە پاشەکشەو شکست و ملکەچی بووە. لەم بارەیەوە ئەتوانین دولایەن لە جوڵەی سیاسی حزبەکانی ئەو بزوتنەوەیەدا دەست نیشان بکەین، لەلایەک بەهەر خۆ نیشاندانێک، لە شیوازی ئۆپۆزیسیۆنی لەبەرامبەر دەسەڵاتی بۆرجوازی نەتەوەی سەردەستدا، هەمیشە لە هەوڵی جۆرێک خۆڕێکخستن و خۆگونجاندن بون، تا بەشداری لەدەسەڵاتی سیاسی هەمان پێکهاتەی ئەو دەوڵەتانەدا بکەن، کە سیستمی پێکهاتەی دەسەڵاتداریەکەیان، بە زوڵمکردن و ستەمی تێکڕای کرێکاران و زەحمەتکێشانی ووڵاتەکەیان کۆمەڵگەیان بەرێوەبردووە. لەلایەکی ترەوە بۆ هەڵخڕاندن و تیژکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی، بەکارهێنانی مەسەلەی کورد و زەقکردنەوەی کوردایەتی لە ڕاگەیاندنی چوارچێوەی دەوڵەتی کوردیدا، ڕۆڵێکی سەرەکیان بووە لەو جۆرە بانگەوازەی کە تیایدا سەرکەوتوو بن لە چەواشەکاری و فریودان و ماڵوێرانی خەڵکدا.
ئەو فرسەتەی لە ساڵی ١٩٩١ لە جەنگی کەنداودا بۆ بزوتنەوەی کوردایەتی پێشهات، گەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی بوو، بۆ دەوریان لە پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستانی عێراقدا. بەڵام ئاکامی ئەم فرسەتە یەکێتی و پارتی وەک دوو هێزی میلیشیا و بنەماڵە، لە خزمەت بەرزکردنەوەی ئاستی هاوسەنگی هێزەکەیان و هێژمۆنیکردن و دابەشکردنی کوردستانی لێکەوتەوە، بە ناوچەی زەردو ناوچەی سەوز. سی ساڵ زیاترە کوردستانی عێراق بۆتە سەرچاوەیەکی بەدەستهێنانی کەڵەکەی سەرمایەیەکی بێشومار بۆ ئەم دوو هێزە، کە بە ویست و ئارەزوی خۆیان تاڵانچیتی و بازرگانی و قاچاخچێتی بە نەوت و تەواوی سەروەت سامانەکەیەوە دەکەن، لە پرۆسەی حوکمرانی ئەم سی ساڵەدا، پرۆژەی فریوکارانەی “دەوڵەتی کوردی”یان بە ئاشکراو بێشەرمانە فرۆشت بە نەوت و قاچاخچێتی و کەڵەکەی چەندین ملیار دۆلار.
بە مانایەک لە هەگبەی تەواوی چالاکی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، لە دنیای واقعی نەخشەی سیاسیاندا، شتێک نەبوە ناوی “دەوڵەتی کورد”ی بێت یان بە شێوازێکی عەمەلی تر، نەخشەیەک نەبوە ناوی مافی چارەنوسی خەڵکی کوردستان بێت! یان ئایندەیەکی رۆشن بێت بۆ ژیانی خەڵکی کوردستان، بەڵکو مافی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی میلیشایی و مافی داگیرکاری و تاڵانچێتی و زەوتکردنی سەروەت و سامانی کوردستان بووە، مافی رادەستکردنی کوردستان بوە بەقەدەری گێژاو و ناجێگیری سیاسی.
“دەوڵەتی کوردی” جگە لە هەڵخراندنی هەستی نەتەوایەتی و بەکۆنەپەرستکردنی بزوتنەوەی دژی زوڵمی نەتەوایەتی، هیچ کات نەک ئاسۆیەکی گەشی نیشان نەداوین، بەڵکو هەمیشە ئەو ئاراستەیە بووە کە بەهەزاران خەڵکی کردۆتە قەڵغان و قوربانیدانی ژێردەستەی وەهمی ئایدۆلۆژیای نەتەوەپەرستیەوە.
مێژووی هەڵسورانی سیاسی پارتی و یەکێتی و بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لەهەمانکاتدا لە ئەزمونی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسیاندا، گەورەترین خزمەتیان کرد بە ڕەوینەوەی ئاستێکی باڵا لە وەهمی “دەوڵەتی کوردی” و بە بنبەست گەیاندنی ئەو وەهمە لە بیرکردنەوەی خەڵکی کوردستاندا. لەهەمانکاتدا باسی یەکڕیزی کوردیش بۆسیاسەتی گەرانەوەو پشتبەستنیان بە بەغدا، لە ئێستادا گاڵتەجاریەکی ترەو هەوڵی شەرمنۆکانەی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتیە لە ئاکامی بنبەستیان لەسەر بانگەوازی “دەوڵەتی کوردی” و سەربەخۆی کوردستان.
لە ماوەی سی ساڵی دەسەڵاتی سیاسیاندا دەردێکی وەها ژەهراوی و کوشندەیان بڵاوکردەوە کە هەمو ئەو خورافات و وەهمانەی چاندبویان هەر خۆیان لە ڕەگەوە دەریان کێشاو گەیاندیانە ئەو ئاستەی کەسانێکی زۆر شەرمەزاری لە کوردبونی خۆیان دەکەن! نەك ئومێد بون بە “دەوڵەتی کوردی” کاڵ بوەتەوە، بەڵکو ڕوخانی دەسەڵاتی کوردی، ڕوخانی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵە، جێگای خۆی وەها کردۆتەوە کە لە هەر کۆڕوکۆمەڵێکدا، بە شێوازی جۆراوجۆر خۆزگەو ئاواتی خەڵکەو پێشوازی لێدەکرێت.
بەهەندوەرگرتنی ئەم واقعە مەسەلەیەکی زارەکی و سادە نیە، چونکە بەدوای چەندین کارەسات و ماڵوێرانی و ئاوارەیی و هەژارکردنی سەدان هەزار لە خەڵکی کوردستان، بەو ئاکامە گەیشتووە کە ئەو خورافات و وەهمانە نەک نابێت ژیانی ئەو خەڵکە بێت، بەڵکو مایەی شەرمەزاریشە، بۆیە پێویست دەکات بەجیا لە ڕەوینەوەی هەر وەهمێک، ڕێگای واقعی بۆ ڕزگاری خەڵک لە تەواوی ئەو زوڵم و ستەمانەی بەسەریدا سەپێنراوە بگیرێتە بەر.
پێویستە ئەو ڕێگایە بگیرێتەبەر کە ژیان و گوزەرانی ئینسانەکان بە بەردەوامی بەرەو دنیایەکی باشترو باشتر دەبات کە بە هیچ شێوەو شێوازێک زوڵمی ئینسان لەسەر ئینسان ناهێڵێت، ئەو ڕێگایەی دەستوپای هەمو ئەوانە دەبەستێت کە بە ناوی هەر خورافات و وەهمێکەوە دنیایەکی خەیاڵاوی بۆ خەڵك دادەڕێژن، ئەویش لە سەرەتادا کۆتایی هێنانە بە دەسەڵاتی سیاسی ئێستای کوردستان و عێراق، بە ئیرادەی سەربەخۆو یەکگرتووی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و دابینکردنی دەوری ڕاستەوخۆی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا، ئەمەش سەرەتای ئەو هەنگاوەیە کە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بخاتە سەر ئەو سکەیەی پارێزراوبێت لە کارکردی هەر خورافات و وەهمێک کە ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی دەسەپێنێت.




ئاڵۆزیەک لە هەڵبژاردنی هەرێمدا.. عوسمان حاجی مارف

ئەگەر مانگی ١١/٢٠٢٣ یان دیاری کردبێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پاش ئەم دیاریکردنە ئەوەی پێویستە قسەی لەسەر بکەین و جێگای پرسیارمان بێت، ئایا هەلومەرجی سیاسی نالەباری ئێستای کوردستان و ئاڵوگۆر لە ئاستی هاوسەنگی هێزەکان، رێگە بەوە ئەدات ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت و ئەم ئاڵۆزیە تێپەرێنرێت؟
ئەو هۆکارەی هەر لە سەرەتاوە ئەم هەڵبژاردنەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست، کاریگەری ئەو پێشهات و ئاڵوگۆرانە بوو لەسەر پێگە و ئایندەی هێزە سیاسیەکان. ئێستاش تەواوی ئەو لایەنە سیاسیانەی کە بانگەشەی ئەنجامدانی کاریکاتۆری هەڵبژاردنی دەکەن، لە هەمووکات زیاتر گیرۆدەی هەلومەرجێکی قەیرانگرتووی سیاسی و ئابوری وەهابوون ئەوسەرەکەی دیارنیە. لەلایەکی تریشەوە هاوسەنگی و پێگەی لایەنە سیاسیەکان گۆرانێکی وەهای بەسەر هاتووە کەسەختە بتوانن برۆنە ناو گەمەی قوماری هەڵبژاردنێکەوە، تا شەری دۆران و بردنەوە بکەن، چونکە کاریگەری ئەو هەڵبژاردنە لەسەر ئایندەی رۆڵی هێزو لایەنەکان دەیانخاتە بەردەم سەرگەردانیەکی زیاترو حەتمیەوە.
ئەگەرچی دواجار لەژێر هەر فشارو هەر ناچارییەکدا بێت، رایانگەیاند مانگی یانزەی ئەمساڵ هەلبژاردن ئەنجام دەدەن و کاتێکیشیان بۆ هەڵبژاردن تەرخانکرد، بەڵام هێشتا دۆخەکە لە ئاڵۆزیەکی وەها بەرچاودایە کە ناتوانرێت پێشبینی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە بەشێوەیەکی مسۆگەر بکرێت.
هەڵبەتە ئەتوانین ئاڵۆزی دۆخەکە کە ئەگەری شکستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە زیاتر دەکات لەچەند حاڵەتێکدا وێنا بکەین؛ یەکەم بێزاری و نارەزایەتی جەماوەرێکی بەرینی خەڵکی کوردستانە کە ئەزمونێکی تاڵیان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەو پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیاندا `هەیەو بەجۆرێک تاقییان کردۆتەوە، کە زیاتر لە هەرکاتێکی تر خەڵکی ئیتر ئامادەنین لەوە زیاتر خۆیان سەرقاڵ بکەن بە هەڵبژاردن و دەنگدانێکەوە کە نەك هیچ بەڵاو دەردیسەریەکیان لە کۆڵ ناکاتە، بگرە دەرگیری بەلای زیاتریشیان دەکات، بەجیا لەوەش خواستی کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی سیاسی ئەو لایەنە سەرەکیانەی بەشدارن لە پێکهاتنی حکومەت، ئومێدی بەرجەستەی جەماوەرێکی بەرفراونی خەڵکی کوردستانە، بۆیە پێشبینی دەکرێ کە رێژەی بەشداربوان لەچاو تەواوی هەڵبژاردنەکانی پێشتردا زۆر کەمتر بێت. دووەم گەر هەڵبژاردنەکانی پێشتر زیاتر پارتی و یەکێتی بە هەر شێوازێک لە کێشمەکێش یا رێکەوتن رۆڵی سەرەکیان دیبێت و تارادەیەک هاوسەنگیان راگرتبێت، بەلام لە خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی ئەم جارە، پاشەکشەو هاوسەنگی هیزی یەکێتی بەجۆرێک دابەزیوەو لە دۆخێکی تەواو نەرێنیدا دەردەکەوێت، کە نە بەکێبرکێ و نە بە رێکەوتن ناتوانێ هاوسەنگی خۆی لەبەرامبەر پارتیدا بەهیچ جۆرێک رابگرێت، لەهەمان کاتدا لایەنەکانی تری بەشداریش لەم هەڵبژاردنەدا ناتوانن هیچ کۆمەکێک بە بەرزکردنەوەی ئاستی هاوسەنگی بەشداری یەکێتی بکەن، ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە تەڵەیەکی وەهایە بۆ یەکیتی، بەشداری بکات یا بەشداری نەکات زیانێکی زیاتر لە دابەزینی ئاستی هاوسەنگیەکەی دەکات. سێیەم ئەو لایەنانەش کە بە ناوی ئۆپۆزیسیۆن بەهەر شێوازێک خۆیان تێکەڵ بەبەرنامەی هەڵبژاردن دەکەن، لە گۆران و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ، ناتوانن کاریگەریان لەسەر کاڵکردنەوەی ئاڵۆزی دۆخەکە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەبێت. بەتایبەتی گۆران بنبەستی تەواوی خۆیان لە هەموو لایەنێکەوە نیشانداوین، ئیسلامیەکان لەبەرامبەر ناکۆکی رۆڵی سیاسی چەند ساڵەیاندا وەها دەرگیربون، کە لەرێگەی هەڵبژاردنەوە فرسەتی دەخالەتی کاریگەریان بۆ ئاڵوگۆر لە چۆنیەتی پرۆسەی هەڵبژاردندا لە دەستداوە، نەوی نوێش لەو مەقعیەتەدا نیە بتوانێ هیچ دەورونەخشێک لە پرۆسەی بە ئەنجام گەیاندنی هەڵبژاردندا هەبێت.
ئەم دۆخە لە ئاڵۆزی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن، جارێکی تر هەلومەرجی قەیراناوی سیاسی و ئابوری کوردستان دەخاتە دەورانێکی ترو جۆرێکی تر لە گێژاو و نائارامی و ناجێگیری سیاسی زیاترەوە، کە پێوستە دەکات کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری نارازی زیاتر بیر لە ئایندەو چارەنوسی خۆیان بکەنەوە، بەجیا لە هەوڵدان بۆ بەشداری لە شکستهێنان بە پرۆسەی هەڵبژاردن، لەهەمانکاتدا خۆ رێکخستن و ئامادەکاری هاتنە مەیدان بۆ کۆتاییهێنان بەتەواوی دەوری حزبە ناسیۆنالستەکان لە دەسەڵاتی سیاسیداو بۆ دابینکردنی دەور دەخالەتی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا، دەبێت پێشرەوی بکەین.




نەوت و ڕێکەوتن لە نەخشەی بارزانیدا.. عوسمان حاجی مارف

مەزەندەی ئەوە دەکرێت گوایە دەوڵەمەندترین حزبی دنیا “پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق”ە، ئەم دەنگۆیە چەندە واقعی بێت یان نا، لەوە کەم ناکاتەوە کە ئەو حزبەو خانەوادەی بارزانی یەکێ لە پلە بەرزترین ملیاردێرەکانی دنیان. سەرچاوەی سەرەکی ئەم سامانە بێشومارەش جگە لە بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی کوردستان، شتێکی تر نیە.
بنەماڵەی بارزانی لەژێر ناوی حزبی دیموکراتداو بە هێزی چەکداری، بەدوای چەندین ساڵ بە سەوداو مامەڵە و بازرگانی بە مەسەلەی کوردەوە، دواجار لەسەروبەندی شەڕی کەنداو و داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، توانیان ناوچەیەکی ستراتیژی لە خاکی کوردستانی عێراق، بخەنە ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی هێزەکەیانەوە، لەهەمانکاتدا دەسەڵاتێکی میلیشیاییان داسەپاند، کە ماوەی سی ساڵ زیاترە بونەتە بەڵاو کارەسات بەسەر ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەوە.
سەرەتا دەستگرتنیان بەسەر مەرزی برایم خەلیل و پاشان تاڵانی و قاچاخچێتی و بازرگانی بە نەوت و دامەزراندنی کۆمپانیاو کەڵەکەی سەرمایە..، سەرچاوەی سەرەکی تەواوی ئەو نەخشەو پلانە سیاسیانەی بارزانیەکان بووە، کە لەلایەک هەرێمیان پێ بەڕێوەبردووە، لەلایەکی ترەوە چارەنوسی پێگەی کێشمەکێش و شەڕو ڕێکەوتن و پەیوەندیە سیاسی و دیبلۆماسیەکانیانی دیاریکردووە.
بارزانیەکان لەژێر پەردەی هەر دروشم و بانگەوازێکی سیاسی و دڵسۆزی بۆ کوردستان و شانازی بەکوردایەتیەوە بێت، ئەو دەیان ملیارە دۆلارەی لە کەڵەکەی سەرمایەدا بەدەستیان هێناوەو لە بانکە جیهانیەکاندا پاراستویانە، دەرخەری بنەمای ئەوپەڕی ڕوخساری قێزەون و ڕیسوایی پێگەی هێزو دەسەڵاتی سیاسیان بوو لەدنیادا.
تەواوی مێژوی سەوداومامەڵەی سیاسیان بەهەر بەهایەکی نائینسانی و لەسەر بەقوربانیکردنی ژیانی هەزاران ئینسان کەوتبێت، بەڵام مەسەلەی بنەڕەتی بۆیان پاراستنی دەسەڵات و پێگەو نفوزی سیاسی هێزەکەیان بووە، لەپێناو بەردەوامیدان بە تاڵانی و سەرمایەگوزاری و کەڵەکەی سەرمایەدا. ئەم ڕوخسارە نائینسانیە لە دەسەڵات و گەمەی سیاسی بارزانیەکاندا، هیچ کات شاراوە نەبوەو خەسڵەتێکی ئاشکرای پێکهاتەی هێزەکەیان بووە، لەچونەپێشەوەو شەڕو ئاشتی و ڕێکەوتن و پاشەکشە و شکستدا، هەمیشە خەڵکیان کردۆتە قەڵغان و قوربانی بۆ پێداویستی هەر مامەڵەو دەستکەوتێک مەبەستیان بوبێت.
هەموو ئەم واقعیەتە قێزەوەنەی بارزانیەکان لە هەر هەنگاوێکدا گەر ئەوپەڕی ملکەچی و شەرمەزاریشیان نواندبێت، لەوە دانەبڕاوە کە لەو ناوچە ستراتیژیەی جوگرافیای کوردستاندا هێزی یەکەم و باڵادەست و بەنفوزترین هێز بون و هەن. بەمانایەک سی ساڵ زیاترە ناوچەی زۆنی زەرد قۆرخکراوی ژێردەستەی دەسەڵاتی هێزێکە کەبە ویست و ئارەزوی بێ بەزییانە، یاری بە ئیرادەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەکات.
بەداوی چەندین ساڵ لە مێژویەکی پڕ مەینەتی و بەڵاو دەردیسەری و یاری و قومارکردن بە چارەنوسی نادیاری خەڵکی کوردستانەوە، کە بە ڕۆڵی هەردوو دەسەڵاتی میلیشیای بارزانی و تاڵەبانی بەڕێوەبراوە، جارێکی تر لەسەروبەندی هەلومەرجێکی قەیراناوی ئابوری و سیاسی لە دەوارنی ئێستای ناوچەکەدا، هەنگاوێکی تر لەو گەمە سیاسیانەی پارتی، مەسرور بارزانی بە ناچاری واژۆی ڕێکەوتنێکی تازەی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا ئەنجامدا، کە دەربارەی ناردنە دەرەوەی نەوتە بە سەرپەرشتی لیژنەیەکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی عێراق و کوردستان.
ئەم ڕێکەوتنە بە چەندین بۆچونی جیاوازو بەرژەوەندی جیاوازەوە، خەریکە لێکدانەوەی شکستی بۆ دەکرێت، یا بەدەستکەوت و سەرکەوتن پێناسە دەکرێت، ئەمانەش جۆرە لێکدانەوەیەکن لەنێو هاوکێشە سیاسیەکاندا تەنها دەگەڕێتەوە بۆ پێگەو مەوقعیەتی ئەو هێزە سیاسیانەی کە لە هەر قەیران و دیاردەو ڕوداوو کارێکی سیاسیدا چ ڕۆڵێکیان هەیەو چەندە بەرژەوەندیان پەیوەست دەبێت بەو دیاردەو ڕوداوو قەیرانەوە، یا ئەو ڕێکەوتنەی لەئارادایە. بەڵام واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتنەی مەسرور و سودانی، تەنها ڕێکەوتنی بارزانیەکان و حکومەتی عێراقە لەچوارچێوەی هەلومەرجێکی سیاسیدا کە ئاڵوگۆڕێک لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بەتایبەتی پێشبینی دەکرێت.
ئەم ڕێکەوتنە، لەلایەک سنوردارکردنی پارتیە لە مامەڵەی ئابوری و بازرگانی سەربەخۆ بە نەوتەوە، لەلایەکی ترەوە پابەندبونی گرێدانی زیاتری هەرێمە بە حکومەتی بەغداوە، بەو مانایەی سەربەخۆیی ئابوری و کوردستانی سەربەخۆ، لەسایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا تەواو قەدەغە کراوەو حزبەکانی کوردایەتیش هەم بە شەرمەزاری و هەم بە ملکەچی، بە ناوی سەربەرزیەوە ئەم پاشەكشەیە بۆ هەتاهەتایە قەبوڵ دەکەن.
ئاکامەکانی ئەم ملکەچییە ناچاریەی بارزانیەکان بۆ حکومەتی عێراق، پێشوازی و قەبوڵکردنی ئەو ئاڵوگۆڕانەیە کە پێشبینی دەکرێت لە ئایندەیکی نزیکدا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبدات، کە بە دەورو دەخالەتی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکە، هاوکێشە سیاسیەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت بە مەبەستی هەوڵدان بۆ زیاتر دابینکردنی ئارامی و دڵنیایی بوون لە دامەزراندنی سەرمایە لە ناوچەکە، بەم مانایە پێگەی هێزە سیاسیەکانیش پێویستە وەڵامدەرەوەی خۆ گونجاندن بن لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەدا، چونکە گەر هەر هێزێکی سیاسی نەتوانێ وەڵامدەرەوەی ئەو خۆگونجاندنە بێت، ئەوە لە کاروانی ئەو گۆڕانکاریانەدا بەجێ دەمێنێت، ڕێکەوتنی پارتی و بەغداد بەشێکە لە پرۆسەی ئەو گۆڕانکاریە.
هەربۆیە ئەو لێکدانەوانەی تەنها لە فەلەکی نیگەرانی یەکڕیزی کوردو پاراستنی شێوازی قەوارەی ئێستای هەرێم دەسوڕێنەوە، ئەوە مانای ئەوەیە ئەولایەنانە ناتوانن وێنای پێشبینی ئەو ئاڵوگوڕانە بکەن و ناتوانن لەگەڵ ڕێڕەوی ئەو قەیران و ئاڵوگۆڕانەدا هەنگاو بنێن کە هەلی تازە بۆ سەرمایە گوزاری و کەڵەکەی سەرمایە بەجۆرێکی تر لە فەزای ئارامی سیاسیدا هەوڵی بۆ ئەدرێت.
ملکەچیەک کە بارزانیەکان و پارتی پێشوازی لێدەکەن، یەکەم پێگەی سیاسیان وەک هێزی یەکەم لە هەرێمدا ئەو هەلەیان بۆ ڕەخساوە، بەپیر ڕێڕەوی ئەو گۆڕانکاریانەوە بچن و لە شێوازو چوارچێوەیەکی پەیوەندی تردا بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان بپارێزن و بەردەوام بن لە هەوڵیان بۆ جۆرێکی تر لە تاڵانچێتی و کەڵەکەی سەرمایە. دووەم ئەوەی مەبەستیان نیە لە پرۆسەی ئەم گۆڕانکاریانەدا، ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشانە کە ئاخۆ بەرەو کام چارەنوس هەنگاو دەنێت. مەسرور وەک نوێنەرو پارێزەری بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی کە پارتی و بارزانیەکانە ئەم ڕێکەوتنەی واژۆ کردوە، نەک وەک نوێنەری خەڵکی کوردستان و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان، لە نمونەو ئەزمونی تەواوی ئەو ڕێکەوتن و پەیوەندیانەیە کە لە ماوەی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتی بارزانیەکاندا ئەنجام دراوە، کەنەک هیچ پەیوەندیەکی بە بەرژەوەندی زۆرینەی خەڵکی کوردستانەوە نەبووە، بەڵکو مایەی هەژاری و بێدرەتانی و نائارامی زیاتر بووە. ئەم ڕێکەوتنەش لە هەلومەرجی سیاسی ئێستای ناوچەکەدا کە پارتی پێشوازی گەرمی لێدەکات، لەلایەن پارتیەوە بەناچاری کراوە بۆ پاراستنی هێزو دەسەڵاتەکەی لە ئەگەری داڕمان! لەلایەکی تریشەوە دڵنیایە کە تەنها بەمجۆرە ڕێکەوتنە دەتوانێت جارێکی تر خەسڵەت و پێگەی تاڵانچێتیەکەی دەپارێزێت.
کێشەی ئەم ڕێکەوتنەی ئێستای بارزانیەکان و حکومەتی ناوەندی، ئەگەری ئەوە هەیە، لەلایەک پەیوەندی نێوان حزبەکانی کوردایەتی پەرشوبڵاوتر بکات و نەگونجانی زیاتری نێوانیان بخولقێنێت، لەلایەکی تریشەوە باڵادەستی و پاوانخوازی پارتی زیاتر خۆی بنوێنێت.
واتە گەر ڕۆڵی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، فراوان بوون و خۆڕێکخستن و پێشڕەوی زیاتر نەنوێنێت بۆ کۆتایی بەدەسەڵاتی پارتی و تەواوی بزوتنەوەی کوردایەتی، ئەوە بارزانیەکان و پارتی وەک مۆتەکەیەکی قورس و گران بەسەر سنگ و هەناسەی خەڵکەوە لەو قەیران و گۆڕانکاریانەشدا وەک بەڵاو دەردیسەری درێژە بە مانەوەی خۆیان ئەدەن.




هەڵوەرینی یەکێتی نیشتمانی!.. عوسمان حاجی مارف

دەنگۆی ئەوە هەیە کە گوایە دامەزراندنی “کۆمەڵەی مارکسی لینینی” واتە ئەوەی کە دواتر بوو بە “کۆمەڵەی رەنجدەران”، پرۆژەیەکی تایبەت بە شەخسی جەلال تاڵەبانی بووە! لەهەمانکاتدا گەر واش نەبێت، لەگێڕانەوەی ئەو مێژووەدا ئەوە شاراوەنیە کە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە بەئاگاداری و پرسوڕای جەلال تاڵەبانی کۆمەڵەیان دامەزراندووە.
بەدوای هەرەسی هێزەکانی بارزانی لە ساڵی ١٩٧٥دا، کە لێدانی گورزێکی قورس بوو بەسەر بزوتنەوەی کوردایەتیدا، تەشەنەکردنی پرۆژەی کۆمەڵە لەو دەورانەدا شێوازو چوارچێوەیەکی گونجاو بوو، تا تاڵەبانی و بزوتنەوەی کوردایەتی بەناوی مارکسی لینینی و “شۆرشی نوێ”وە، هێزێکی تری چەکداری بکێشنە ناو مەیدانی سیاسی دژی ڕژێمی بەعس بۆ هەڵسانەوەی بزوتنەوەی کوردایەتی.
دواتر هەر بەدەوری خودی تاڵەبانی “یەکێتی نیشتمانی کوردستان” ئەو چوارچێوەو ڕێکخراوە بوو، بە پێکەوەگرێدانی کۆمەڵەو حزبی سۆشیالست و خەتی گشتی دامەزرێندرا، کە شەخسی یەکەم و ڕابەریکردن و بڕیاردەری سیاسەتەکانی یەکێتی لە جەلال تاڵەبانی زیاتر تێپەری نەدەکرد. بۆیە ئەوە شاراوە نیە کە کۆمەڵە توایەوەو حزبی سۆشیالستیش جیابووەوە، بەڵام پێگەی یەکێتی وەک حزبێک و بنەماڵەیەک لەمەیدانی سیاسیدا تائێستا، هەڵسوڕانی رێکخراوەیی و سیاسی خۆی دەکات.
کاتێ جەلال تاڵەبانی لە سەرەتای ساڵانی شەستی سەدەی بیست، وەک جەلالی کەوتە بەرامبەر بەرزانیەوە، ئیتر کۆتایی یەکریزی بۆرجوازی کورد و کوردایەتی لە مێژوی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بۆ هەمیشە تۆمارکرا. وەک دوو هێزی جیاواز و بەرامبەر بەیەک و بەرژەوەندی جیاواز، ململانێیان بۆ بەشداریان لەدەسەڵاتی حکومەتی سەرمایەداری عێراقداو خۆ هەڵواسینیان بەسەر مەسەلەی کورد لە عێراقدا، ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیان تەواو هەراسان و وێرانکرد.
هەرچەندە “شۆرشی نوێ” کەی تاڵەبانی بەناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەدوای ئەو داڕوخانە گەورەیەی بارزانی، وەک ئەلتەرنەتیفێک بۆ گەڕانەوەی دەوری بۆرجوازی کورد لەمەیدانی سیاسی کوردستانی عێراقدا هاتەمەیدانەوە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانیەکان وەک باڵێکی پێشینەی نوێنەری بورجوای کورد بەئاستێکی تر لە هاوسەنگی هێز، هەڵسانەوەی خۆیان سەلماندەوە. توانیان لەبەرامبەر یەکێتی نیشتمانیدا بوەستنەوەو کارەساتی هەکاری بەسەر یەکێتیدا بهێنن. هەربۆیە خەونی تاڵەبانی و ئومێدی بە “شۆرشە نوێ”کەی گۆڕدرا بەسەرقاڵبون بە شەڕی ناوخۆو بەردەوامیدانی وەستانەوە لەبەرامبەر بارزانیەکاندا، لە پێناو باڵادەستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرمەیدانی سیاسی کوردستاندا، کە هەرگیز نەگەشتە ئەو ئامانجە. ئەم دوو هێزە بەهەر ئاستێک لەشەڕی چەکدارییان لەبەرامبەر دەسەڵات و لە نێوان خۆیاندا، دواتر جارێکی تر لەساڵی ١٩٨٨دا کەوتنەوە بەر پاشەکشەو نزیکبونەوە لە هەرەسێکی تر.
بەڵام ئەو ئاڵوگۆرە جیهانیەی لەئاکامی شەڕی کەنداوی ساڵی ١٩٩١دا هەلومەرجی سیاسی عێراق و کوردستان و ناوچەکەی بەرەو ناجێگیر برد، فرسەتێکی گونجاوی بۆ باڵەکانی بۆرجوازی کورد بەتایبەتی بزوتنەوەی ناسیۆنالستی خولقاند، تا لەبری پاشەکشەو هەرەسهێنانێکی تر، گیانیان بەخۆیاندا هێنایەوەو بوونە بەشێکی سودمەند لەو ئاڵۆزی و گێژاوە سیاسیەی کە سێ دەیە زیاترە ناوچەکەی خنکاندووە.
گەر بەگشتی ئەوە ڕۆشن بێت، کە باڵەکانی بۆرجوازی کورد، وەک هێزی جیاواز لەئاکامی لاوازی و پەرشوبڵاوی پێگەی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، هیچ کات نەیان توانیبێت سەربەخۆیی سیاسی خۆیان بپارێزن، لەهەمانکاتدا ناچار بوون بە پاشکۆبونیان بۆ بەرژەوەندی سیاسەتی ووڵاتانی تر بوونی خۆیان بسەلمێنن، تا بتوانن پێگەیەکی دیاریکراو بەدەست بهێنن. لەم واقعیەتەدا بەگشتی پلانەکانی پارتی و بارزانیەکان بەرجەستەترو سەرکەوتوتر بوە لە پلانەکانی یەکێتی و دەستکەوتیان زیاتر بووە. بەمانایەک ئاسۆی پرۆژەکانی تاڵەبانی لەبەرامبەر بارزانیەکاندا، هەرچەندە باڵادەستی خۆی لەزۆنی سەوزدا سەلماندوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە یەکێتی نەیتوانیوە ئاستی هاوسەنگیەکی گونجاوتر لەبەرامبەر پارتی و بارزانیدا بپارێزێت، بۆیە بەهەر ئاستێک لە هەوڵی ململانێ و دانوسان و ڕێکەوتنی نێوانیان، یەکێتی خەسڵەتێکی ئۆپۆزسیۆنی لەبەرامبەر پارتیدا نیشانداوە، هەڵبەتە خەسڵەتی ئۆپۆزسیۆنیش یەکێتی خستۆتە بەردەم پێگەیەکی لاوازو چاوەڕوانیەوە.
ئەم واقعیەتی ئۆپۆزسیۆن بونەی یەکێتی لەبەرامبەر پارتیدا، سەرچاوەی شکستی پلانە سیاسیەکانی یەکێتی بووە، لەهەمانکاتدا سەرچاوەی کەرتبون و پەرشوبڵاوی هێزەکانی بووە. یەکێتی نەیتوانیوە یەکدەستی و یەکریزی هێزەکانی بپارێزێت. جیابونەوەی نەوشیروان و گۆڕان لە تاڵەبانی گەورەترین گورزێکی گەورە بوو بەسەر ستراتیژیەک، کە تاڵەبانی لەگەڵ بارزانیدا واژۆیان کردبوو، چونکە ڕێکەوتنی ستراتیژی ساڵی ٢٠٠٨ی تاڵەبانی لەگەڵ بارازنیدا پاشەکشە بوو لەو ستراتیژەی کە تاڵەبانی هەر لەسەرەتاوە، بەدامەزراندنی یەکێتی و ڕێکخستنی هێزەکەی، خۆی لەبەرامبەر بارزانیدا پێ پێناسە دەکرد، بۆیە بەشێکی زۆری هێزەکەی لە تاڵەبانی تۆران.
‌بەمانایەک لەلایەک ڕێکەوتنی ستراتیژی یەکێتی و پارتی بە قازانجی پتەوکردنی پێگەی پارتی بوو، کە هاوسەنگی هێزەکەی تاڵەبانی خستە ژێر پرسیاری خۆڕادەستکرنی زیاتر بە بارزانی، لەلایەکی ترەوە لێکجیابونەوەی نەوشیروان و گۆڕانی لێکەوەتەوە، واتە گرفتێکی گەورە لە دەسەڵاتی زۆنی سەوزدا سەری دەرهێنا، کە لەهەر هەنگاوێکی تری دوای ڕێکەوتنی ستراتیژی، سەرکردایەتی یەکێتی و ڕێکخستنەکانی و هێزەکەی لێکترازان و پارچەپارچە بوونی خۆی نیشانداین، چارەنوسی شکست و هەڵوەرینی بزوتنەوەی گۆڕانیش دیاردەیەکی تەواو بەرچاوە، چونکە گۆڕان بەدوای سیناریۆی دژی پارتیدا، ڕێکەوتنی لەگەڵ پارتی ئەنجامدا.
هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی پێکەوەنوسانی پارچەو باڵەکانی یەکێتی، گاڵتەجاری ئەو کۆنگرەیە بوو کە سەرکردایەتی یەکێتی ڕادەستی دوو هاوسەرۆک کرا، ڕادەستی بافڵ و لاهور کرا! لەهەمانکاتدا بێئیعتبارکردنی تەواوی سەرکردایەتی پێشوی یەکێتی لێکەوتەوە. ئەمەش ئەو هەنگاوە بوو کە هەڵوەرینی یەکێتی نیشتمانی دەورەیەکی تازەی خستە پێش خۆی. ئەو یەکێتیەی دەیویست وەک هێزێکی بۆرجوا ناسیۆنالیستی میلیشیایی لەبەرامبەر بارزانی و پارتیدا بجەنگێ، پرۆژەکەی نەک بە بنبەست گەیشت، بەڵکو لەبەردەم ناچاری ملکەچبونی بارزانیدا قەراریان گرتووە.
ئەم واقعیەتە مایەی هەڵوەرینی زیاتری یەکێتی نیشتمانی دەبێت لەم هەلومەرجەی ئێستادا، واتە نە یەکگرتنەوەی پارچەو باڵەکانی بە فریایان دەکەوێت، نە ملشکاندنی یەکتر. یەکێتی نیشتمانی و باڵەکانی بە بافل و لاهورەوە، ئەو دەورەیان تێپەڕاند کە بتوانن ڕەقیبی پارتی بن. لەهەمان کاتدا هەر ڕێکەوتنێکیش لەگەڵ پارتیدا ئەنجام بدەن، چەند هەنگاوێکی تر پاشەکشەیان پێدەکات و هێزەکەشیان هەڵوەرینی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت. یەکێتی نیشتمانی لەدەورانێکی تەواو بنبەست و بێئعتباری پێگەی هێزەکەیدا گەمەی سیاسی دەکات، بۆیە چاوەڕوانی ئاڵوگۆرێکە بەڵکو فرسەتی گەڕانەوەی پێگەو ئیعتبار بەدەست بهێنێتەوە. ئەم چاوەڕوانیەش ئاسۆکەی نادیارو بنبەستە، بۆ هەر یەک لە باڵەکانێشی ڕۆشن نیە دەبێت چی بکەن، هەربۆیە شەرمەزاریە بۆ هێزێک کە نەیتوانیوەو ناتوانێ یەکریزی خۆی بپارێزی، کەچی دروشمی یەکریزی کورد بەچارەسەری کێشەکان بەیان دەکات.
ئەوە ماوە بڵێین کۆتایهێنان بەم سەرگەردانیەی کە حزبەکانی کوردایەتی بەسەر دانیشتوانی کوردستاندا سەپاندویانە، تەنها هاتنەمەیدانی خەبات و ناڕەزایەتی بەرفراونی جەماوەریە بۆ دابینکردنی دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا.




هاوسەنگی هێزی پارتی و یەکێتی و یەکریزی کورد!.. عوسمان حاجی مارف

بەدوای زیاتر لە سی ساڵ لە دەسەڵاتی میلیشیایی حزبەکانی کوردایەتی لە هەردوو زۆنی زەردو زۆنی سەوزدا، پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی بەجۆرێک لە ئاستێکی وەها نزم و بنبەستدا خۆی نیشان ئەدات، کە ئاکامەکانی لە ناو جەنجاڵی هەلومەرجی سیاسی ئێستای کوردستادا، ئەگەری ئەوە هەیە لەبری شەری ناوخۆ، بەڵاو کارەساتی زیاتر لەسەر ناتەبایی ئەم پەیوەندیەیان بخولقێنن. چونکە ئەوە ئاشکرایە کە کێشەو ململانێ و بارگژیی بەردەوامی نێوان ئەم دوو هێزە، کاریگەری تەواو ناتەندروست ونەرێنی لەسەر جومگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی و فەرهەنگی و چارەنوسی نادیاری ئایندەی دانیشتوانی کوردستان داناوە.
ئەوەی لەناو هاوکێشە سیاسیەکانی ئێستادا جێگای تێبینیە، لە ململانێی نێوان ئەم دوو هێزەدا، گۆڕانێکی گەوەرە دەبینین لە نزمبونەوەی ئاستی تەرازوی هێزو پێگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبەرامبەر پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا! دابەزینی ئاستی پێگەی بنەماڵەی تاڵبانیە لە بەرامبەر بنەماڵەی بارزانیدا! هەڵبەتە هۆکاری ئەم گۆڕانکاریە شاراوەنیە، کە بۆچی لەچوارچێوەی ئەم هاوکێشەیەدا پێگەیەکی باڵاتر بۆتە دەستکەوتی پارتی و توانای بەدەستهێنانی داهاتی زیاترو هەژمۆنی زیاتر لە پێکهێنانی حکومەتدا. لەهەمانکاتدا ئامادەییەکی زیاتر لە رێکخستن و توندوتۆڵکردنی هێزەکەیدا.
بەرزانیەکان لە هەوڵیاندا بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و سەپاندنی دەسەڵاتیان لە کوردستاندا، بەجیا لە هەر گەمەیەکی سیاسی لە دانوسان و گفتوگۆو ڕێکەوتن و پیلانگێڕیان، بەسەر بنەماڵەی تاڵەبانیدا بەگشتی سەرکەوتوبون و پاشەکەشیان بە پلان و نەخشەکانی یەکێتی کردوە. لەوەش گرنگتر بەرزی ئاستی پێگەیانە لە دارایی و ئابوری و کەڵەکەی بێشوماری سەرمایەدا. پارتی هەمیشە وەک ڕەوتێکی بە نەخشەترو ڕێکخراوتر دەرکەوتون. هەر بەم شێوەیەش لە پەیوەند بە سەوداومامەڵەو دەخالەتی ووڵاتانی ناوچەکەو جیهان لەکوردستاندا جێگەوڕێگایەکی تایبەتتریان بە پارتی داوە. هەروەها بۆ پەیوەندی بە حکومەتی عێراقەوە وەک لایەنێکی لە پێشترو ئەسڵیتر جێگای بایەخ بون و دەوریان گێڕاوە. ئەوەی پێویستە لەڕەوتی ئەم سی ساڵەدا جێگای سەرنجمان بێت بە هەموو هەوڵەکانی جەلال تاڵەبانی و کێشمەکێشی لە بەرامبەر بەرزانیەکاندا، ئاکامەکەی داکشانی بەرچاوی زۆر و زیاتری پێگەی یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانیە. ئێستاش زەبونی و بارگرانی ئەم دۆخە بەسەر ناڵەی بافڵ تاڵەبانی و نیگەرانی سەرکردەکانی یەکێتیەوە لە جۆری گوتارو رەفتاریاندا دەبینرێت. مەترسی ئەوەیان هەیە پێگەو هەوڵەکانی پارتی بچوکتریان کاتەوە، کە لە واقعدا پارتیش بێباکانە لەهەوڵی بچوکردنەوەی یەکێتیدایە.
ئەم حاڵەتەی کێشمەکێشی پارتی و یەکێتی، تا ئەو ئاستەی رۆڵێکی بەرچاویان لە گەندەڵی و تاڵانی و کەڵەکەی بێشوماری سەرمایەدا دیوەو بەشێك بون لە دۆخی گێژاوو ناجێگیری سیاسی لە کوردستاندا، واقعیەتی پێگەی ئەوپەڕی لاوازی و بودەڵەیی بزوتنەوەی بۆرجوا ناسیۆنالستی کوردە لە بەرامبەر بۆرجوازی ووڵاتانی سەردەستدا. ئەمەش مێژووی سەرهەرڵدان و پێکهاتەی بزوتنەوەی کوردایەتیە لە تەواوی دەورانەکانی هەڵسوڕانی سیاسیاندا. هەمیشە وەک برا بچوک یان نۆکەر بۆ بەشداریان لە دەسەڵاتداو دەستکەوت و بەرژەوەندی هێزەکانیان، ئامادەی ئەوپەری ملکەچی و پاشکۆبونی نەخشەو سیاسەتی لایەن و وڵاتانی تر بون. ئەم واقعیەتەیە کە هەرگیز ڕێگای نەداوەو رێگا نادات بۆرجوازی کوردو بزوتنەوەی کوردایەتی، یەکڕیزو یەکگرتوبن. هیچ کات نەیانتوانیوەو ناتوانن ئارامی سیاسی ڕاگرن، ئاستی هاوسەنگی هێزەکانیان هەرچیەک بێت، کام لایان لەسەرەوە بێت، بەڵاو بارگرانی بون بەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە. لەوەش نادروسترو نابەجێتر نیە کە ئومێدو چاوەروانی خەڵک لەسەر ئەو بنەمایە ڕاگیرێت، بەڵکو بە قودرەتی قادر بزوتنەوەی کوردایەتی بتوانێ ڕێگای یەکڕیزی و یەکگرتویی بگرێتە بەرو ئاسودەیی بۆ کوردستان دابین بکرێت!.
ئێستا دەبینین بەهەر هاتوهاوارێک بۆ بانگەشەی یەکڕیزی کورد، بەرزبونەوەی زیاتری ئاستی کێشەکانی پارتی و یەکێتی ئەو ڕاستیە ئەسەلمێنن کە گۆڕینی هاوسەنگی هێز، بە قازانجی پارتی و بچوککردنەوەو پەراوێزخستنی زیاتری پێگەی یەکێتی بووە لە نێو هاوکێشە سیاسیەکاندا. ئەمەش دۆخەکەی ئاڵوزترو گرژتر کردوە. لە هەمانکاتدا بافڵ و یەکێتی لە دوڕیانێکی داخراوی وەهادا گیریان کردووە، نە ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی بە قازانجیانە نە دژایەتیکردنی پارتی. هەربۆیە لەو هاوکێشەیەدا پوچی ماناو جێگای گوتاری یەکڕیزی کورد وەک دروشمێکی ساختە و چەواشەکاریەک زیاتر خۆیمان نیشان ئەدات. ماناو جێگایەکی لە ئاسۆی بزوتنەوەی کوردایەتیدا نیەو نابێتەوە.
بافڵ دوای سی ساڵ زیاتر لەدەسەڵاتی میلیشیایی بەزۆر سەپێنراویان بەسەر زۆنی سەوزدا، لەلایەک خەریکە گاڵتەجاری شەرمەزاری خۆی بۆ خەڵک ڕادەگەیەنێت، لە لایەکی تریشەوە داوا لە پارتی دەکات وەک یەکێتیەکەی ساڵانی پێشو هاوسەنگیەک لە ڕێکەوتن پێک بهێنن. بەڵام تەواوی شپرزەیی و نیگەرانی بافڵ و سەرکردایەتی پەرشوبڵاوی یەکێتی نیشتمانی، لەو شوێنەدا گیریان کردووە کە گەمەی سیاسی ئەم جارەیان ڕێگەیان پێنادات لەگەڵ نوێنەرانی پارتی بە ئاسانی و بەسادەیی دانوسان بکەن. پارتیش مەرجەکانی رێکەوتن بەسەر یەکێتیدا زیاتر و ملهورانەترە. یەکێتی دەتوانێ وەک هێزێکی میلیشیا تا دۆخی کوردستان و عێراق لەم بارگرژی و ناسەقامگیریەدا بێت، بونی خۆی لە زۆنی سەوزدا تا ئاستێک بپارێزێت. بەڵام ئەمجارە دوای ئەو هەمو هەنگاوە لە پاشەکشە، یەکێتی ئیتر ناتوانێ لەناو هاوکێشە سیاسیەکاندا یاری و کێشمەکێشی سەرکەتوانە لەبەرامەر پارتیدا تاقی کاتەوەو بە ئەنجامی بگەیەنێت. بەجیا لەوەش باری پەرش وبڵاوی ڕیزەکانی و نەبونی ڕابەریەکی یەکدەست و بەتوانا لە ناو یەکێتیدا، چاوەڕوانی پاشەکشەو قەیرانی زیاتریان لێدەکرێت. بۆیە گەر بە ملکەچی زیاترەوە خۆی ڕادەستی پارتی بکات و ڕێکەوتنی بەهەر قیمەت پێشوازی بکات، چەندین هەنگاوی تر لە بەرامبەر پارتی و هێزە سیاسیەکانی تری کوردستان و عێراقدا دەچێتە دواوە. لە لایەکی تریشەوە پێگەی ئێستای یەکێتی لەو ئاستەدا نیە، تا سیاسەتی وەستانەوەو بەرەنگاری لەبەرانبەر پارتیدا بنوێنێت. ئەمەش ئەو دوریانەیە کە نە بە بافڵ و نە بەسەرکردایەتی یەکێتی و نە بە لاهور، ناتوانن ڕێگای چارەسەرو دەرچون لە بەرامبەر یاریەکانی پارتیدا پەیدا بکەن. رێگای پەنابردنیان بۆ لایەنی کۆنەپەرست و ئیسلامی سیاسی نەک لەم قەیرانە دەربازیان ناکات، بەڵکو ریسواتر و پەردەوازتر دەبن. لەهەمانکاتدا کۆتایهاتنی ئەو ڕێبازەیە کە چەندین دەیەیە جەلال تاڵەبانی گرتیەبەرو تیا سەرکەوتو نەبوو. دواجاریش شانازی لەبن نەهاتنی “سەفین”ەکەشیان وەک شێرە بەفرینە دەتوێتەوە.
پێویستە بەدوای زیاتر ریسوابونی بزوتنەوەی کوردایەتی و بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخە نالەبارە، ئامادەسازی وەستانەوە بۆ کۆتایهێنان بەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و رۆڵی بزوتنەوەی کوردایەتی برەخسێنین، گەر وانەکەین ئاشکرایە دەبێت چاوەروانی سەپاندنی بەڵاو نەهامەتی زیاتریان لێبکەین.




هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێم و گەڕانەوە بۆ بەغداد.. عوسمان حاجی مارف

بەراستی بابەتێکی سەرنج ڕاکێشە کاتێ لە میدیاکانەوە باس لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێم و گەڕانەوە بۆ بەغداد دەکرێت، هەر بۆیە لەسەر ئەو هەواڵەی بڵاوکرایەوە دەستبەجێ حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند، بە زویی هاتنە دەنگ و هەواڵەکەیان بە درۆخستەوە.
گەر هەر میدیایەک ئەم بابەتی هەڵوەشاندەوەی حکومەتی هەرێم و گەڕانەوە بۆ بەغداد بەناوی ڕاپرسی خەڵکی کوردستانەوە وروژاندبێت، ئەم هەواڵەش بەفەرمی بەدرۆخرابێتەوە، بەڵام دروستی یا نادروستی ئەم هەواڵە هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێ کە بابەتێکی لەم چەشنە زەمینەو دەنگۆی تایبەت بەخۆی هەیە. لەهەمانکاتدا ئەتوانین ئەوە دەست نیشان کەین کە لە دوو ئاستدا بەجۆری جیاواز ئەم بابەتە قسەی لەسەر دەکرێت. هەروەها لە ئایندەشدا شکستی ئەم حکومەتەو هەڵوەشانەوەی ئەگەرێکەو بەدور نازانرێت، بۆیە جێگای باسێکی جدی و سەرنج ڕاکێشە پێویستە قسەی لەسەر بکرێت.
جارێ با لە هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم بگەڕێین. سەبارەت بە مەیلی گەڕانەوە بۆ بەغداد، دەتوانین ئاماژە بەو دوو ئاراستەی جیاوازە بدەین. ئاراستەی یەکەم: پێگەو ڕۆڵی سیاسی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتیە کە هیچکات بەرژەوەندیەکانیان ئەوەی نەسەلماندوەو نەخواستوە پەیوەندیان بە بەغدادەوە لەق بێت و نەمێنێت. هەروەها نەیانویستوە و نەیانتوانیوە کوردستان لە ناوەند جیا بکەنەوە. بەرژەوەندی حزبەکانیان و حکومەتەکەیان هەمیشە چاوەڕوان و ملکەچی مەرحەمەتی بەغدادو مامەڵەو فروفێل بووە. بەڵام ئاراستەی دووەم بێئومێدی و ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستانە لە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی میلیشیایی حزبەکان، کە بەشێکی زۆر لە خەڵکی ناڕازی، هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێم و گەڕانەوەی هەرێم بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغداد بە ڕێگا چارەیەک دەبینن! بەتایبەتی بەداوی رفراندۆمی ٢٠١٧و پاشەکشە لە رفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان و پلانی ڕیسوای نێوان حزبەکانی کوردایەتی لە یەکتر. ئەم مەیلەی ناو جەماوەر وەک ناڕەزایەتیەک فراوانترو بەرچاوتر دەردەکەوێت. بەشێکی خەڵکی پێیانوایە گوزەرانیان لەسایەی حکومەتی عێراقدا باشتر دەبێت! با دەربارەی ئەم دوو ئاراستەیە ڕۆشنکردنەوەیەکی زیاتر بدەین.
رۆڵ و پێگەی حزبەکانی کوردایەتی بەتایبەتی پارتی و یەکێتی لەناو هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکەو عێراقدا هەمیشە لە چاوەڕوانی و هەلقۆستنەوەدا بوون، کە هاوشانی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکان و لە ڕوداوەکاندا لەسەر ئەو بنەمایەی چیان دەست دەکەوێت و چ کارێکیان پێدەسپێردرێت! هەڵسورانی سیاسیان ئەنجامداوەو مامەڵەیان کردووە. هەر ئەمەشە کە نمونەی ئەزمونی ئەوپەڕی جەردەیی و تاڵانچێتی و گەندەڵی و ڕیسوایی بون و دەبن. هەر بۆیە شێوازی ئەو دەزگاو حکومەتە شەقوشڕەی کە پێکیانهێناوە هاوتای هەمان ئەو پێگەو نفوزە سیاسیە ڕیسوایەیانە کە لە ناوەندی ئەوپەڕی سەرگەردانی و گێژاوو ناجێگیری سیاسیدا مامەڵەی پێدەکەن، گێژاوێک کە سی ساڵ زیاترە عێراق و کوردستان و ناوچەکەی داگرتوەو حکومەتەکەیان تەنها بۆ مامەڵەو بازرگانیە، کەی ئەو دەورەی لەدەستدا هەڵدەوەشێتەوە.
هەڵبەتە دانەبڕان و پابەندبونی پارتی و یەکێتی بە بەغدادەوە وەک دوو هێزی چەکدار و ڕاگرتنی چارەنوسێکی نادیار بۆ ئایندەی کوردستان حاڵەتێکی دوولایەنەی هەیە، یەکەم هەلومەرجی سیاسی عێراق بەدوای ڕوخانی حکومەتی بەعس لە هەمان سەرگەردانی و گێژاوی سیاسیدا قەراری گرت. باڵادەستی هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائیفیەکان، عێراقیان دابەشکردو حکومەتی بەشبەشێنەی سەیروسەمەرەیان دامەزراند. بەمانایەک باڵادەستی ناوەندیەتی بۆ حکومەت لە عێراقدا مانایەکی نەما. هیچ هێزێکێش لەو ئاستەدا نەبوەو نیە کە بتوانێ عێراقێکی یەکگرتوو دامەزرێنێتەوە. بۆیە هێزێک و حکومەتێک نیە لە عێراقدا، تا لەئێستاداو بەم زوانە بتوانێ حکومەتی هەرێم هەڵوەشێنێتەوە. حاڵەتی دووەم پێکهاتەی خودی حکومەتی کوردستان و هاوسەنگی و توانایی هێزی پارتی و یەکێتیە کە لەلایەک لەنێو کێشمەکێشی نێوان هێزەکان و دەخالەتی حکومەتەکانی ناوچەکەو ئەو گێژاوە سیاسیەدا، نەک ناتوانن هیچ رۆڵێک لەسەر ئارامی سیاسی ببینن، بەڵکو خۆشیان بەشێکن لە خولقاندنی ئەو هەلومەرجە نالەبارەی لە ناوچەکەدا درێژەی هەیە. هەروەها ئەو فەرمانەی بۆیان دیاریکراوە ڕێگەپێدراونیە دەم لەسەربەخۆیی کوردستان بدەن و بەیەکجاری لە بەغداد داببڕێن. مەبەستم لەم دوو حاڵەتەی دۆخی عێراق و کوردستان و پێگەی تەواوی هێزەکان، لە ئێستادا ئەوەیە کە نە حکومەتی عێراق ئەتوانێ حکومەتی کوردستان هەڵوەشێنێتەوە، نە حکومەتی کوردستانیش ئەتوانێ لە بەغداد داببڕێ!
حزبەکانی کوردایەتی لەڕێگەی ئەو حکومەتەی بە هەر بەهاو شێوەیەک پێکیانهێناوە، توانیویانەو ئەتوانن پەیوەندی بە بەغدادەوە ڕابگرن و مامەڵەو بازرگانی بە پرسەکانی بودجەو نەوت و هەر شتێکی ترەوە بکەن. ئاشکرایە لەکاتی هەڵوەشانەوەی حکومەتەکەیاندا هیچ پێگەیەکی سیاسیان بۆ نامێنێتەوەو کۆتایی تەمەنی سیاسیان دەبێت. بەگشتی گەر دۆخی سیاسی عێراق و کوردستان هەر ئاڵوگۆڕێکی تیا پێشهاتبێت، هێشتا دەورانی گێژاوو ناجێگیری سیاسی تێنەپەڕاندوە، بۆیە سەوداو مامەڵەو پەیوەندی نێوان هێزە سیاسیەکان، لەلایەک لەسەر ئاستی هاوسەنگی هێزەکانیان وەستاوە، لەلایەکی تریشەوە پێگەو چارەنوسیان ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانە دیاری دەکات کە بە دەورو دەخالەتی وڵاتانی زلهێزی دنیاو وڵاتانی ناوچەکە لە عێراق و کوردستاندا دەیکەن. واتە بەگشتی دۆخەکە ئەوەمان نیشان ئەدات حکومەتی هەرێم پێگەیەکی لەق و ناجێگیرو ئایندەیەکی نارۆشنی هەیە. بۆیە ئاساییە جاربەجار هەواڵی هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم بدرێت بە گوێماندا. هەروەها بزوتنەوەی کوردایەتیش ئەزمونێکی باشیان هەیە لەسەر پاشەکشەو هەرەسهێنان و هەڵوەشانەوە.
گەر بێینە سەر ئەو مەیل و ئاراستەیەی خواستی بەشێکی جەماوەری ناڕازی کوردستان کە لە چاوەڕوانی ئەوەدان حکومەتی هەرێم هەڵوەشێتەوە، هەروەها خوازیاری گەڕانەوەن بۆ بەغداد، ئەم خواست و مەیلە بەرهەمی ناڕەزایەتی و بێئومێدی جەماوەرێکی بەرینی خەڵکە لە حزبەکانی کوردایەتی و دەسەڵاتی بنەماڵەو حکومەتەکەیان بە ئۆپۆزیسیۆنەکەشیانەوە. ڕاستە زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەنگیان بە جیابونەوەو سەربەخۆیی کوردستان داوە، بەڵام ئەو دەنگدانە بەو ئومێدەی کۆتایی بە سەرگەردانی سیاسی و دابینکردنی ژیانێکی باشتر بێت. بەڵام لە١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ حزبەکانی کوردایەتی تەواو بودەڵەیی و سیاسەتی پیلانگیریان کەوتە سەربەڕەو دوخێکی نالەبارتریان خستە سەر ئایندەو ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە.
لەدنیای واقعدا ئەم جۆرە خواستە لە ناڕەزایەتی جەماوەریدا حاڵەتێکی نەرێنی و نەگونجاو نەخوازراومان نیشان ئەدات. هەروەها هەمان ئەزمونی ڕوخانی حکومەتی بەعس دێنێتەوە بەرچاومان کە بەدەورو نەخشی بەرژەوەندی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا کۆتایی بە پێگەو دەسەڵاتی بەعس هێنرا. بەڵام دواتر دیمان ئاکامەکانی دەخالەتی ئەمریکا بەجیا لە وێرانکاری و کارەساتەکانی، بێئیرادەکردنی دەورودەخالەتی خەڵکی نیشاندا بۆ گەیشتن بە ئاوات و خواستەکانیان. لەهەمانکاتدا ئەوە سێ دەیە زیاترە کە دەردەسەری و ئاوارەیی و نائارامی و گێژاوی سیاسی ژیانی خەڵکی کوردستان و عێراقی داگرتووە.
ئەو لایەنەش کە بەرچاوە بەو ئاستەی خەڵکی کوردستان ناڕازیە لە حکومەتی هەرێم و حزبەکانی دەسەڵاتدار، ئەوەش شاراوەنیە کە بە هەمان ئاست و بگرە زیاتریش خەڵکی عێراقیش ناڕازیە لە حکومەتی عێراق و حزبەکانی. پێویستە ئەزمون و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لەوە واوەتر بێت کە چاوەڕێی هێزێکی دەرەکی بکات تا لەدەست تاڵانچێتی و جەردەیی و کەڵەکەی سەرمایەو ڕسوایی حزبەکانی کوردایەتی ڕزگاریان بکات. تەنها رێگا هاتنە مەیدان و خۆرێکخستن و ئەزمونکردنی دەسەلاتی سەربەخۆی جەماوەریە.
دیارە دوای سی ساڵ زیاتر لە کێشانی ئەشکەنجەو ئاوارەیی و سەرگەردانی و هەژاری لەسایەی دەسەڵاتی بنەماڵە و پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانەکانیان لە ئیسلامی سیاسی، بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە کۆتایی بە حکومەتی هەرێم بهێنرێت، بەڵام ڕێگا چارە نەک گەڕانەوە نیە بۆ ژێر دەسەڵاتی دەستەو تاقمی ئیسلامی و تائفی و عروبە، بەڵکو ئەرکمان لەهەمانکاتدا پشتیوانیکردنی خەڵکی ناڕازی عێراقە بۆ کۆتاییهێنان بە حکومەتی عروبەو ئیسلامی و تائیفی، لەهەمانکاتدا پێداویستی خەباتی هاوبەشمانە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی و بەجێگەیاندنی خواستی جیابونەوەو سەربەخۆی کوردستان لە ڕێگەی دامەزراندنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خەڵکەوە، نەک گەڕانەوە بۆ ژێردەسەڵاتی بەغداد.




ئایا کێشەکانی هەرێم چارەسەر دەبن!؟.. عوسمان حاجی مارف

ڕۆژ نیە لە میدیاکانەوە دەربارەی کێشەکانی هەرێم نەبیستین، چەندین هەواڵ و ڕاپۆرت و وتارلە دیدگای جیاوازەوە سەبارەت بەو کێشانە دەخوێنینەوە،کە سی ساڵ زیاترە ئەم حاڵەتە دۆخی کوردستانی داگرتووەو سەرقاڵیەکی ناجۆروقێزەوەنی وەهای خوڵقاندوە، کە هەمیشە دودڵی و دڵەرواکێ و نائارامی لە ناو خەڵکدا پێکهێناوە. هەڵبەتە گومانی تیا نیە پاش جەنگی کەنداوو داگیرکرنی عێراق لەلایەن هێزە سەربازیەکانی دەوڵەتی ئەمریکاوە، گێژاوو ناجێگیری سیاسی لەماوەی ئەم سی ساڵەدا بۆتە حاڵەتێکی دیفاکتۆی بنەمای ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی عێراق و کوردستان. هەروەها ماوەبەماوە، ساڵ دوای ساڵ، ئەم هەلومەرجە لەسایەی ڕۆڵ و نەخشی ئەمریکا و دەخالەت و بەرژەوەندی ووڵاتانی ناوچەکەوە، کێشمەکێشی ووڵاتانی زلهێزی دنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها جێگاو ڕێگای هێزە میلیشیاکانی دەسەڵاتدار لە عێراق و کوردستاندا، دۆخەکەی لە حاڵەتێکی نالەبارترو ئاڵۆزترو بێ ئاسۆیی زیاتردا نیشانداوە.
بەمانایەک کێشەکانی هەرێم، جا هەرکەس هەرجۆرە لێکدانەوەیەکی بۆ ببینێتەوە، ئەوەی جێگای سەرنجە، سی ساڵ زیاترە مۆتەکەیەکە بە سەر سنگی خەڵکی کوردستانەوە، قورسایی تەواوی لەسەر ژیان و گوزەرانی ئەو خەڵکە داناوە، کە لە بێچارەیی و بێئومێدیداهەمیشە ئەو خەڵکە لە چاوەڕوانیدان لەبەرامبەر ئایندەیەکی ناڕۆشن و نادیاردا، لەهەمانکاتدا کێشەکانیش نەک چارەسەر نابن بەڵکو جار لەگەڵ جار ڕوخسارێکی پێچیدەترو تاریکتر و بنبەستر دەنوێنێت.
مەسەلەیەک کەپێویستە بەدیاریکراوی ئاماژەی پێ بدەین، دەستنیشانکردنی خودی کێشەکانە لە هەرێمدا، واتە بەرلەوەی بگەینە ئەو پرسیارەی ئایا کێشەکان چارەسەر دەبن؟ واتە پێویستە لە خودی واقعیەتی کێشەکان و پیکهاتەکانیەوە ئەنجامگیری بدەین بەدەستەوە.
ئەوەی لە ڕواڵەتدا نمایش دەکرێت ئەو گرفتانەیە کە لە مەیدانی سیاسی عێراق و کوردستاندا هێزە سیاسیەکان لە سەر پێکهاتنی حکومەت و ناوچەی نفوزو نەوت و بودجە و بازرگانی وەبەرهێنان..هتد پەیوەندی و دانوسان و گفتوگۆو کێشمەکێشی بەردەومیان هەیە. لەڕاستیدا ئەمانە بۆخۆیان کێشەی پەیوەندی و بەرژەوەندی نێوان ئەو حزب و هێزە سیاسیانەن کە دەموچاوی حکومەتی کوردستان و عێراق پێک دەهێنن. هەڵبەتە کێشەیەکی واقعین کە بەدوای جەنگی کەنداوەوە وەک هێزی میلیشیای تاڵانچی لە سەر شانۆی سیاسی کوردستان و عێراق بونەتە هێزی کاریگەرو بنەڕەتی لەسەر دیاریکردنی ئایندەی سیناریۆیەکی پڕ لە گێژاوو نائارامی سیاسیدا. واتە کێشەکانی هەرێم وە لە هەمانکاتدا کێشەکانی عێراقیش بەجیا لە هەر هەلومەرجێکی سیاسی و کاریگەری کێشمەکێشی ووڵاتانی زلهێزی دنیا لەسەر ئاڵوگۆرەکانی ناوچەکە، حزورو رۆڵی حزبە ناسیۆنالست و ئیسلامیەکانیش ڕۆڵێکی تەواو نەرێنی و نەخوازراوو وەها نائیسانیان دیوە کە دەتوانین لە بەرامبەر مامەڵەیان بە تەواوی کێشەکان و نالەباری دۆخەکەدا بەرپرسیارو تاوانباریان بکەین. بە مانایەک بنەمای کێشەکان لەماوەی سی ساڵ زیاترە، حزبەکانی کوردایەتی دەسەڵاتدار بەتەواوی پێکهاتەو ئۆپۆزیسیۆنەکەشیانەوە، بۆ خۆیان خۆدی کێشەکانن و فاکتەری کێشەکانیشن.
بۆنمونە، لەهەر ئاستێکدا باسی پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی بکرێت، لە ڕێکەوتن یا ڕێنەکەوتن، هیچ کات مایەی ئۆمێدی کۆتاییهێنان نەبووە بە ناجێگیری سیاسی لە کوردستاندا، واتە لە نێوان خۆیاندا لەهەر حاڵەتێکی پەیوەندیدا بوبن، کاریگەری ئەرێنی کە بە قازانجی ئارامی و ژیان و گوزەرانی دۆخی خەڵکی کوردستان بێت ڕوی نەداوەو ڕوش نادات.
پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی میلیشیایی مافیا ئاسا لە ماوەی سی ساڵی ڕابردودا تەنها گوزەراندنی گەمەی سیاسی و بەرامبەرکێیان بۆ هەوڵدانی ڕاگرتنی بەڵانسی نفوزو هێزی سیاسی خۆیان و کەڵەکەی سەرمایەو تاڵانچێتی بووە، ئەو هەوڵدانەیان بۆ ڕاگرتنی بەڵانسی هێزەکانیان و ئاستی کاریگەری چونیەتی گەمەکانیان جێگەوڕێگای سیاسی دیاریکردون، کە بەگشتی لەو بوارەدا پارتی توانیویەتی هەمیشە فشار بخاتە سەر یەکێتی ومەوقعیەتی باڵاتری خۆی لە پرۆسەی بەردەوامی کێشمەکێشیاندا بپارێزێت و لە ئاستێکی دیاریکراودا گرەوی لە یەکێتی بردۆتەوە هەوڵەکانی پارتی لەم گەمەیەدا بەردەوام لە ڕاستای بچوککردنەوەو لاوازکردنی یەکێتیدا بووە، وە تا ئێستاش ئەم گەمە سیاسیەیان نەوەستاوەو ناوەستێت، بەتایبەتی لە هەلومەرجی ئێستادا ئاشکرایە کە یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی لە بەردەم چ واوەیلایەکی هێرشەکانی بنەماڵەی بارزنیدا گیریان کردووە. نادیارە کە ئایا بەرگە دەگرن یان نا، وە تاکەی ئەتوانن بەم شێوەیە بمێننەوە؟! لەلایەکی تریشەوە کێشەکانی هەرێم و حکومەتی ناوەند هەر لە هێنان و بردن و بێسەرەوبەریدایەو گرێ کوێرەیەکە ناکرێتەوە.
ئەتوانین ئەوە دەست نیشان بکەین کە ئەم شەڕو کێبرکێ و ململانێیەی نێوان پارتی و یەکێتی، بارزانی و تاڵەبانی، زۆنی زەردو زۆنی سەوز، یان بەجۆرێکی تر بڵێین کێشەکانی هەرێم، گرفتێکی بنەرەتی و گەورەی دۆخی نائارامی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانی عێراقەو بێ کۆتاییە، کێشەیەکی بێ چارەسەرە، بێ چارەسەرە بەو مانایەی تا ئەو دوو هێزە سیاسیەی بزوتنەوەی کوردایەتی لە مەیدانی سیاسیدا وەک دوو هێزی میلیشیایی دەسەڵاتدار بونیان هەبێت، کردنەوەی دەرگای ئاسۆیەکی گەش مەحاڵە. ئەمەش ئەزمونی دەسەڵاتی سی ساڵەیان ئەوەی سەلماندوە کێشەکانیان بێ چارە دەمێنێتەوەو بارێکی گرانن بەسەر ژیانی خەڵکەوە.
ئەم دۆخە لە هەلومەرجی سیاسی کوردستاندا ناچارمان دەکات بڵێین تەنها یەک ڕێگا هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان و دابینکردنی ئارامی سیاسی و ڕزگاری خەڵکی کوردستان، ئەویش کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی هەردوو بنەمالەی بارزانی و تاڵەبانی، کۆتایی هێنانە بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی.




پێویستە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەڵوەشێتەوە.. عوسمان حاجی مارف

ئەو نوسراوەی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیەوە بە واژۆی چەند ئەندامێکی ئەو ئەنجومەنە بڵاوکراوەتەوە، دەربارەی ئەو مشتومڕەی لەنێوان چالاکەوانانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ژنان و ئیسلامیەکان کە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکانی تری هەرێم لە ئارادایە دەربارەی جەندەر، ئەوە دەسەلمێنێت ئەو ئەندامانەی ئەنجومەن کە نوسراوێکی لەو چەشنەیان واژۆ کردووە، لەلایەک خەریکن زیادەڕەوی لە سنوری دەسەڵاتی کاری خۆیاندا دەکەن، لەلایەکی تریشەوە دەبنە هۆکاری گێرەشێوێنی و نمونەی پێشێلکردنی ئازادی بیروڕا.
بەجیا لەوەی نوسراوەکەیان نابەجێ و نایاساییەو هەتا دەرچوونیشە لە سنوری کاری خۆیان، لەهەمانکاتدا بەو کارە نایاساییە دەیانەوێت لە ڕێگای ئەو نوسراوەوە فەزایەکی کۆنەپەرستی بەسەر شاری سلێمانیدا بسەپێنن و مشتومری ئازاد بەبنبەست بگەیەنن. واتە ئەو کەسانە شایانی ئەوەنین ئەندامی ئەنجومەنی سلێمانی بن، چونکە لەبری ئەوەی خەریکی کاروباری بەڕێوەبردنی پارێزگای سلێمانی بن، بە ویست و ئارەزو و بەپێی بۆچوونی خۆیان دەیانەوێت نوسراوو بڕیارو یاسا بڵاوکەنەوە، هەر بەو شێوەیەش هەوڵئەدەن دەرگای ئازادی و چالاکی بیروڕای جیاواز ببەستن.
سەرەتا هەواڵەکە وەها بڵاوبوەوە کە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیارێکی لەسەر وەستانی مشتومرو قسەوباس لەسەر جەندەر دەرکردووە، دواتر ڕونکردنەوەیەک بڵاوکرایەوە کە ئەوە “تەنها نوسراوێکە لە لایەن چەند کەسێکەوە واژۆ کراوە، بەڵام بۆئەوەی ببێتە بڕیار، دەبێت لەکۆبونەوەی فەرمی ئەنجومەندا دەنگدانی لەسەر بدرێت”.
بەجیا لەوەی هەڵوێست و بۆچونی من چیە لە بەرامبەر پێکهاتەی پارێزگا و ئەنجومەنەکەیان لەسایەی دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیدا، بەڵام لەگەڵ ڕێزم بۆ ئەو ڕونکردنەوەیە، پێویستە ئەوە بۆ تەواوی ئەندامانی ئەنجومەن ڕۆشنبێت، کە پارێزگا و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەچوارچێوەی پێکهاتەی خۆشیاندا، دەزگایەکی جێبەجێکەرن و بەشێکن لەوەزارەتی ناوخۆ، واتە نە پارێزگا و نە ئەنجومەنەکەی و نە وەزارەتی ناوخۆش ڕێگەپێدراو نین بڕیارو یاسایەک دەربکەن باز بەسەر دەستورو یاسایەکەیاندا بدەن کە لەپەرلەماندا پەسەندکرابێت. ڕاستە هەرێم لەئێستادا دەستوری نیە، بەڵام هیچ بەندویاسا و ڕێسایەکیش پەسەند نەکراوە لەلایەن پەرلەمانەکەیانەوە کە سنور بۆ ئازادی سیاسی و ئازادی بیروڕاو مشتومر دانرابێت. بۆیە هەرلەوچوارچێوەیەی کاروباری بەرێوەبەرایەتی خۆشیاندا بێت، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا بەهیچ جۆرێک بۆیان نیە نوسراوێکی لەوچەشنە بخەنە ناو کۆبونەوەو دەنگدانەوە.
هەڵبەتە خولقاندنی دۆخێکی لەم چەشنە بە واژۆی کەسانێک لەسەر نوسراوێک و بەڕونکردنەوەیەکی ناڕۆشنەوە کە لەلایەن ئەندامێکی ئەنجومەنەکەوە بڵاوکراوەتەوە، بەشێکە لەچۆنیەتی پێکهاتەو بێسەروبەری و ئەو گێژاوەی حکومەتی هەرێم دەرگیریەتی لە بەڕێوەبردنی کاروباری حکومەت و کۆمەڵگادا.
هەرێمی کوردستان نەیتوانیوەو ناتوانێ لە چوارچێوەی دوو زۆنی زەردو سەوزو دەسەڵاتی بنەماڵە بێتە دەرەوەو هیچ دەزگاو دامەزراوەیەکیش بەجیا لەوەی بەهیچ جۆرێک لەخزمەتی خەڵکدا نیە، لەهەمانکاتدا لەچواچێوەی یاساکانی خۆشیاندا ناڕوات بەڕێوە. بۆیە کەسانێک بەناوی ئەنجومەنەوە فرسەت دەهێنن ئەوەی خۆیان مەبەستیانە بۆ کۆتاییهێنان بەو مشتومڕە بە قازانجی سیاسەتی ئەو حزب و لایەنەیە کە کاری بۆ دەکەن، وەکو نوسراوێکی “فەرمی” کە وەڵام بەنیازی خۆیان ئەداتەوە واژۆ بکەن، دواتریش ڕێگایەکی بۆ پەیدا دەکەن بیکەنە بڕیار.
بۆیە دەکرێ پێشنیاری ئەوەیان بۆ بکەین گەر وەک چاکسازیەکێش بێت لەئێستادا، پێویست دەکات هەرلایەنێکی دەسەڵاتداری پەیوەندیدار چۆن بەگونجاوی دەزانێت، متمانە لەو ئەنجومەنە وەرگرێتەوەو کاری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕاگرێت و هەڵوەشێنێتەوە، دواتریش لەو چوارچێوەیەی کە خۆیان ئێستا کۆمەڵگە بەرێوەدەبەن هەڵبژاردنێک بکەن کە ئەندامانی هیچ حیزبێكی تێدانەبێت، دەنا لەراستیدا ئەوەی پێوویستەو دەبێ ئەنجام بدرێت نارەزایەتی جەماوەری و ئامادەیی دەورو دەخالەتی راستەوخۆی خەڵکە کە تەواوی دەمودەزگاو پێکهاتە و حکومەتەکەیان راماڵێت، لە رێگەی ئاڵوگۆرێکی ریشەییەوە دەسەڵاتێک دامەزرێنرێت نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵک بێت.




ڕەوینەوەی ترس لەدەسەڵات.. عوسمان حاجی مارف

هەوڵدانی ئەو دەسەڵاتە سیاسیانەی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ڕێگای ئەوپەڕی توندوتیژی و سەرکوت و دڕندەیی دەگرنە بەر، هەروەها هەرچی تواناو ئیرادەو ئومێدی خەڵکە دەیکەنە ملکەچی هێژمۆنی عەقیدەو سیاسەتەکانی حزبێک، هێزێکی سیاسی، بنەماڵەیەک، کەسایەتیەك، یا هێزێکی مافیا ئاسا وەک باڵ و ڕەوتێکی بۆرجوازی…کە بۆخولقاندنی ئەو دۆخ وهەلەیە تاپێگەی دەسەڵاتی هێزەکانیان بۆ بە دەستهێنانی زۆرترین قازانج لە ناو بازاڕی سەرمایەداری جیهانیدا جێگایان بێتەوە.
ئەم جۆرە دەسەڵاتانە لە ڕێگەی بەکارهێنانی جۆرەها دامودەزگای داپڵوسێنەوە لە پانتاییەکی فراواندا، بێئیرادەکردنی جەماوەری کرێکاران و زەحمتکێشان وەها نائینسانی و بە بەرنامە دەسەپێنن، کە ڕێگای ڕزگاربونی خەڵک لەو هەلومەرجەدا دەکەنە ئەفسانەیەک لە ئاسۆی دانیشتوانی ئەو ووڵاتەداو ژیانی خەڵک دەخەنە بەر دۆخ و چاوەڕوانیەک، کە کەسەکان وەها بیرکەنەوە، مەگەر فریادڕەسێک، موعجیزەیەک، کارەساتێک کۆتایی بەو کابوسەی سەر سەریان بهێنێت، یان دۆخێک دەخولقێنن کە خواستی ئازادی سیاسی و ڕزگاری دەچێتە جێگای ئامانجی بزوتنەوەی یەکسانخوازیەوە.!
ئەم جۆرە دەسەڵاتانە قێزەوەنترین دۆخی مەترسی و دڵەڕاوکێ دەخولقێنن و قەبوڵکردنی هەژاری و برسیەتی دەکەنە ژیانی نۆرماڵی ڕۆژانەی زۆرینەی دانیشتوانی ووڵاتەکەیان. ئارامی و ئاسودەیی بۆ خەڵکی دەبێتە ئومێدێك خەونی پێوە دەبینن و ڕێگای ڕزگاریش تا ئەو دەسەڵاتە نەگریسە لە ژیاندا مابێت، تەنها هەڵاتن و کۆچکردن و ئاوارەییە. ئەم واقعیەتەش لە نێو پەیوەندیەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری جیهانیدا نەک هیچ پەرچەکردارێکی عەمەلی بۆ نیشان نادرێت، بەڵکو وەک پێداویستیەک بۆ پاراستنی پەیوەندی کارو سەرمایە مەقبولیەتی هەیەو وەک بەشێک لە پێداویستی دەسەڵاتی چینی بۆرجوازی بێدەنگی لێکراوە.
دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران نمونەیەکی بەرجەستەی ئەو جۆرەیە لە دەسەڵاتی سیاسی کە چل ساڵ زیاترە کورەی دۆزەخی بۆ جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و ئازادیخوازان گڕتێبەرداوەو ناوبانگی دەرکردووەو ناونراوە دەسەڵاتی سێدارە! ئەم دەسەڵاتە بە بەکارهێنانی عەقیدەی ئیسلامی و هێزی چەکدارو تەواوی پێکهاتەو دامودەزگاو ڕێکخراوەکانیەوە، گەورەترین مۆتەکە و کابوسێکی سەرسەخت و مەترسیدارە کە جگە لە دانیشتوانی ئێران ناوچەکەشی بە ئاشکرا ئاگر تێبەرداوە. لەهەمانکاتدا لەم چلوسێ ساڵەشدا لە نێو پەیوەندیەکانی بازاڕی سەرمایەداریدا کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەموو ناشرینی و ڕیسوابونێکەوە جێگاو ڕێگای تایبەتی و پێویستی خۆی هەبووە بۆ پاراستنی هێزی کاری هەرزان لە ئاستی دەوڵەتانی جیهاندا.
ترس لە دەسەڵات بە جۆرێک دەکەنە واقعیەتێك و فەزای کۆمەڵگە، کە دەبیستین لە نێو خەڵکیدا چەندین دەستەواژەی ئاگادارکردنەوە دەوترێت “دارو دیوار گوێیان هەیە”، “درواسێ خەبەر لە درواسێ ئەدات”، “پێویستە لە هەموکەس بتریست و بڕوات بە برای خۆشت نەبێت”! بە مانایەک پەیوەندی دۆستانەو هاوکاری نێوان ئینسانەکان بەجۆرێک دەشێوێنرێت، بەزەحمەت ناڕەزایەتیەکان دەچێتە سەر ڕەوتی ئامادەیی و هاودەنگی و یەکڕیزی و ڕێکخستن. هەر بۆیە ماوەیەکی زۆر تا ئەوکاتەی ناڕەزایەتیەکان ڕێگای هێز کۆکردنەوە دەگرێتە بەرو فراون دەبێتەوە، چاوەڕوانی لە فریادڕەسێک یا موعجزەیەک حاڵەتێکی نەگونجاوو نەرێنی دۆخی ناڕەزایەتیەکان دەبێت. کۆمەڵگەی ئێران چلوسێ ساڵە گیرۆدەی دەسەڵاتێکە وەک ئەختەبوت خۆی کێشاوە بەسەریانداو بەری هەوای پاکی لێگرتون و یەکریزی چینە نەدارەکانی پەرش و بڵاوە پێکردووە.
ئەم ئەختەبوتە دەبێت پارچەپارچەبکرێت و لە ڕێگای هێزی واقعی ناڕەزایەتی جەماوەری ناڕازی ژنان و کرێکاران و زەحمەتکێشان و ئازادیخوازنەوە کۆتایی پێبهێنرێت، چونکە چاوەڕوانی لە فریادڕەس و موعجزە، وەلانان و گۆڕینی ئەختەبوتێکە بە ئەختەبوتێکی تر.
پاکردنەوەی ئەم جۆرە دەسەڵاتانە بە خۆی و پێکهاتەو بۆچونەکانیانەوە لە هەر شوێنێکی دنیادا تەنها لەڕێگای خەباتی جەماوەریەوە دەبێتە هەلومەرجێکی شۆڕشگێرانە کە ترس لە بەرامبەر دەسەڵاتدا پێچەوانە دەکاتەوە. واتە دۆخی ترس لە دەسەڵات دەگۆڕدرێت بەترسی دەسەڵات لە جەماوەری ناڕازی. ئەو ناڕەزایەتیانەی کە چوارمانگە لە ئێراندا نمایشدەکرێت، پێش هەموو شتێک ئەوەمان نیشان ئەدات بەلای جەماوەری ناڕازیەوە، دوای چلوسێ ساڵ لە ژیانی خەفەقان، بە پێشڕەوی ژنان و بە ڕۆڵی کرێکاران و خەڵکی هەژارو ئازادیخوازان، ترس لە دەسەڵات بەڕادەیەک چۆک دانادات بە خەڵکی نارازی، کە بە هەر ئاست و شێوازێک، بۆیان گونجاو بێت ڕێگایەک پەیدا دەکەن تا گورز بەدوای گورز بە دەسەڵاتدا بکێشین و پاشەکشەی پێبکەن.
بەڵانسی ئێستای ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری ئێران گەر بەوە بناسینەوە کە ترس لەم ئەختەبوتە تا ڕادەیەکی ئەرێنی و گونجاو ڕەویوەتەوە، لە هەمان کاتدا ئەو ڕێگایانەش کە لەم هەلومەرجەدا بەم شێوە فراوانە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی زیاتر دەیگرێتەبەر لە توندوتیژی و ئەشکەنجەو سێدارەدان، پێویستە ڕۆشن بێت بۆمان کە ڕەنگدانەوەی ترسی دەسەڵاتە لە ئایندەیەک کە لە فراوان بونەوەی زیاتری ناڕەزایەتیەکان و بەردەوامی لە هاویشتنی تەواوی گورزەکاندا بەرەوڕوی بۆتەوە. ئیتر کۆماری ئیسلامی بۆی ناکرێت و ناتوانێت دەسەڵاتی سیاسی بە قازانجی پەیوەندیەکانی سەرمایەداری بپارێزت. هەروەها ئیتر عەقیدەکەشی بۆ ئەو مەبەستە پولێکی قەڵب ناکات. واتە ئەم دۆخە ئەوەمان نیشان ئەدات نەمانی ترس لە دەسەڵات و بەردەوامی ناڕەزایەتیەکان لە هەر ئاست و شێوازێکدا بێت هەنگاوێکی لە پێشە بۆ هاتنە مەیدانی ڕابەرانێک کە بتوانن لە ئامادەکردن و بردنە پێشی ئاستی ناڕەزایەتیەکاندا، ڕۆڵی ڕێکخستن و چونیەتی بەهێزکردنی هەنگاوە عەمەلیەکان بگێڕن و هەژمونی و سەربەخۆیی ئیرادەی جەماوەر لە پێکهاتنی دەسەڵاتی سیاسیدا بنەمای هەر هەنگاوێکی عەمەلی و شۆڕشگێرانەیان بێت.
سەرکەوتنی شۆرش لە ئێراندا دنیا دەخاتە دۆخێکی تازەوە کە پێش هەموشتێک پاشەکشە بە نەخشەو دارشتنی بەرنامەی ترس لە دەسەڵات دەخاتە بەردەم پاشەکشەیەکی گەورەوە.




نهێنی سەرکەوتنی ناڕەزایەتی خەڵکی پێنجوین.. عوسمان حاجی مارف

دەسەڵاتی زۆنی سەوز ناچارکرا وەڵام بە خواستەکانی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکەی شاری پێنجوین بداتەوەو بەزوویی داواکانیان جیبەجێ بکات. ئەمەش دەستکەوت و سەرکەوتنی ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریەی خەڵکی پێنجوینە کە توانیان بە یەکڕیزی و یەکگرتوییان وتواناو پێداگری و پێگەی چەند ڕۆژەی خۆپیشاندانەکانیان، ئەم سەرکەوتنە تۆمار بکەن.
چەندین ساڵە دەسەڵاتی کوردایەتی وەها ناسراوە کە لە نمونەی ئەو جۆرە دەسەڵاتانەیە بەهیچ جۆرێک ئاوڕی لە پێداویستی و خواستەکانی خەڵکی نەداوەتەوەو ناداتەوە. ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی کوردستانی بە فەرامۆشکردن و بە قەدەر سپاردووە. لەلایەک جەردەیی و گەندڵی و کەڵەکەی بێشوماری سەرمایە، خەسڵەتی بێپەردەی تایبەتی سەران و لێپرسراوانی هەردوو حزبی پارتی و یەکێتیە. لەلایەکی تریشەوە داسەپاندنی نەبونی خزمەتگوزاری و وێرانکاری و نائاسودەیی و هەژارکردنی زیاتری کرێکاران و زەحمەتکێشان شێوازی بەرێوەبردنی کۆمەڵگەیانە.
ئەوەی جێگای سەرنجە بەدوای هێنانوبردنێکی کورتماوە، پەیمانیاندا وەڵام بە خواستەکانی خەڵکی پێنجوین بدەنەوە. لە ئاکامادا بێ گێرمەوکێشە خواستەکانیان جێبەجێکردن.
ئاخۆ نهێنی جیاوازی لە نێوان وەڵامدانەوە بە خواستەکانی خەڵکی ناڕازی پێنجوین و وەڵام نەدانەوەو فەرامۆشکردنی تەواوی خواستەکانی چەند ساڵەی ناڕەزایەتیەکانی فەرمانبەران و مامۆستایان و کرێکارانی ژینەگەپارێزو خاوەن پێداویستی تایبەت..هتد دەبێت چی بێت؟
ئایا ئەم هەنگاوە پەشیمانی و ئامادەیی و دڵ نەرم بونە لەبەرامبەر گوزەرانی خەڵک، یا بەرژەوەندیەکی ترو ناچاریەکی تر لە پشتی ئەم کردارەوەیە؟ گەر دڵ نەرم بون بێت، دەکرێ پێشبینی ئەوە بکەین چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕ لە مانای بەرنامەی چاکسازیدا وەها ببینین کە بیردەکەنەوەو خەریکن هەوڵ ئەدەن ژیانی ئەو خەڵکە بەرەو باشی و ئاسودەیی و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان دەبەن؟ بەلام نیشانەکانی مامەڵەی پارتی و یەکێتی لە کێشمەکێشە سیاسیەکانی نێوان خۆیانداو بەرنامەڕیزی بۆ ئایندەیەک لە کوردستاندا و لە بەرامبەر پێداویستیە سەرەتایی و گرنگەکانی خەڵکی کوردستاندا، لەسەر هەمان ڕێچکەی پێشویان و بە چڕتر خەریکی زیاتر لەجەردەیی و گەندەڵی و کەڵەکەی زیاتری سەرمایەن و ئایندەی کوردستانیشیان سپاردووە بەقەدەری هەلومەرجێکی نادیارو جەنجاڵ لە بونی دەخالەت و کێشمەکێشی نێوان ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ناوچەکەو ناکۆکی خۆیان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا.
واتە ناسینەوەی ئەو نهێنیەی کە زۆنی سەوز بەدەنگ خواستەکانی خەڵکی پێنجوینەوە هات و داواکانی بۆ جێبەجێ کردن، دەتوانین بڵێین ئاکامی چۆنیەتی پێگەی ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریە بوو کە توانی سەرانی یەکێتی ملکەچ بە خواستەکانیان بکات. شێوازو چونیەتی ئەم ناڕەزایەتیە لەوەدایە هێزو توانای خۆی نیشانداین کە توانیان قۆرتمی بەرژەوەندی ئابوری سەرانی یەکیتی بگرن. گرتن و داخستنی خاڵی سنوری گومرگی باشماخ و سەیرانبەن مانای ڕاگرتن و زیان گەیاندن بەسەرچاوەیەکی دارایی گەورەی یەکێتی. بۆ ئەمەش ڕیزێکی بەرین و بەرچاوی جەماوەری ناڕازی پێنجوین هاتنە مەیدان و بەو کارە هەستان، هەر بۆیە لە وەڵامدانەوە بە خواستەکانیان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا. واتە دەسەڵاتی زۆنی سەوز لە ناچاری بۆ پاراستنی سەرچاوەیەکی دارایی کە پڕاوپڕە لە مامەڵەی دزی و گەندەڵی، سەرشۆڕی و ملکەچی نواندوە، نەک لە بە تەنگ هاتنیەوەیە بۆ پێداویستی و خواستەکانی خەڵکی پێنجوین.
ئەم جۆرە لە ناڕەزایەتی پێویستە ببێتە تاقیکردنەوە و ئەزمونی تەواوی ناڕەزایەتیەکان و خەڵکی بزانن چۆن شادەماری سەرچاوە داراییەکانی دەسەڵات دەگرن و ئاستی پێگەی ناڕەزایەتیەکانیان بەرز ڕادەگرن. چۆن ئەتوانن دەسەڵاتداران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بۆ داواکاریەکانیان بکەن. لە مەش گرنگتر پێویستە لە هەنگاوەکانی دواترو داهاتودا خەڵکی ناڕازی ئامادەیی و خۆڕێکخستنی بگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە جگە لە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە داراییەکان، بەڕێوەبردنی بودجە بەندیەکان لە داهات و خەرجی بخەنە ژێردەستی ڕێكخراوە جەماوەریەکانی خۆیانەوە.




پاراستنی ئیرادەی سەربەخۆی جەماوەری ئێران ئەرکمانە!.. عوسمان حاجی مارف

گەر ئەو هەلومەرجە بە فەرمی بناسین کە هەرئێستا کۆمەڵگەی ئێران لە بەرامبەر هەلومەرجێکی تازەی جدی و ئاڵوگۆڕێکی پڕ کاریگەر بەرەوڕووە، لەهەمانکاتدا ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی بەو مانایە پێشبینی لێدەکرێت کە کۆتایی کۆماری ئیسلامیە، پێویستە سەرنج و هەڵوێستەو کاریگەری و هەڵسورانی پێشڕەوانە لە ڕەوتی ڕوداوەکاندا لە بەرچاو بگیرێت و کاری لەسەر بکرێت، کە لە ڕاستای بەرژەوەندی بەدەستهێنانی ئایندەی ژیانێکی باشتر بۆ خەڵکی ئێران هەنگاو بنرێت.
لەوانەیە سەبارەت بە خرۆشانە جەماوەریەکانی ئەم ماوەیە، بەدوای نزیک بە چوار مانگ لە بەردەوام بونیدا، وەها بێتە پێشچاو کە ئەو هەڵمەتانەی سەرەتا دەبینران لە خرۆشانی بەرفراوان و سەراسەری کە تەواوی شارەکانی ئێرانی شڵەقاندبوو، پاشەکشە بەناڕەزایەتیە جەماوەریەکان کرابێت، هەڵبەتە لە سیمای کەمبونەوەی جۆری خۆپیشاندانەکاندا ئەوە دەبینرێت کە لە یەک ڕۆژو لە یەک کاتدا، ئەوە ئاشکرایە کە لە زۆربەی شارەکاندا پێکەوە نمایشی ناڕەزایەتیەکان نابینرێت، ئەم حاڵەتە هەر جۆرێک بێت لە وێنایەک بۆ لێکدانەوە لە جۆری نمایشی ناڕەزایەتیەکان، بەڵام ئەوەی ڕەچاودەکرێت هیچ پەیامێکی وەهامان پێ ڕاناگەیەنرێت کە پاشەکشە لە بڕیاری ڕوخانی کۆماری ئیسلامی کرابێت، بەڵکو بە هەر سەرکوت و فشارێکی سەرسەختانە کە دادگاو هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕفاندن و گرتن و پەلامارو کوشتن و سێدارە ئەنجامی ئەدەن، خواست و هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئاستەکەی ڕۆژبەدوای ڕۆژ بەرەو باڵاتر هەنگاو دەنێت و ئایندەی کۆتایی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نزیکتر دەخاتەوە، لەهەمانکاتدا شێوازی جۆراوجۆر لە خەباتی جەماوەری لە ڕۆژانی ئایندەدا خۆیمان نیشان ئەدات.
بە ڕوبەڕوبونەوەی هەر سەختی و بارگرژیەک لە چۆنیەتی دۆخەکەو پەرچەکردارێک دەسەڵاتی سیاسی دەینوێنێت، لە ساتەوەختێکی گونجاودا ئیمکانی تەقینەوەی بەرفراونی جەماوەری ئەرکی ئەو کۆتاییهێنانەی کۆماری ئیسلامی بەئەنجام دەگەیەنێت.
واتە کۆتایی و مەرگی کۆماری ئیسلامی بەجۆرێک لە ناواخنی نارەزایەتیە جەماوەریەکانی تەواوی دانیشتوانی ئێراندا بۆتە پرۆسەیەکی عەمەلی راگەیەندراو، بەهیچ جۆرێک پاشەکشەو گەڕانەوەی تیا بەدی ناکرێت.ئەوەش جێگای سەرنجە لەهەمانکاتدا کۆمەڵگەی ئێران چۆتە قۆناغێکی تازە لە هەوڵدان بۆ بەرجەستەکردنەوەی رۆڵ و ئیرادەو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دیاریکرنی چارەنوسی خۆیدا، بۆ بەدەستهێنانی ئیرادەیەکی شۆرشگێرانە لە پراکتیزەکردنی ئیرادەی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا، ڕەوتێکی پێشبینیکراوی هەنگاوەکانی ڕێڕەوی نارەزایەتیەکان و چۆنیەتی خرۆشانەکانە، کە هیچ هێزێکی سیاسی ناتوانێ بەئاسانی و بە رەهایی، بەبێگەڕانەوە بۆ ئیرادەودەوری خەڵک ئاوێزان بێت بە نارەزایەتیەکانەوە بۆ بڕیار دان لەسەر ئایندەی ئێران.
درککردن بەم پرۆسەیە لە چەسپاندنی ئیرادەو دەورو دەخالەتی راستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا، لایەنێکی ئەرێنی و ئومێدبەخشە و دۆخێکی لەبارە بۆ هەر لایەنێکی یەکسانیخوازو ئازادیخواز گەر لە ڕێڕەوی خەباتی سیاسیدا ئیرادەی خەڵک بۆ دەوری لە دەسەڵاتی سیاسی و بریار لەسەر دیاریکردنی چارەنوسی سیاسی خۆیدا بەڕەسمی بناسن و بە ئەسڵ وەریبگرن، دەتوانن رۆڵێکی گرنگیان هەبێت بۆ ڕێکخستن و ڕابەریکردنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و سەرکەوتنی ئەو خرۆشانە جەماوەریە بەرەو شۆرشی کۆتاییهێنان بە کۆماری ئیسلامی و دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ خەڵکی ئێران بە رێرەوی دەستپێشکەری هاتنەمەیدان و چەسپاندنی رۆڵی دەسەڵاتی شوراکان لەباری عەمەلیەوە هەلومەرجێکی گونجاو و لە بارو ئەرێنیە.
لەلایەکی تریشەوە مەسەلەیەک کە پێویستە ئاماژەی پێبدەین،واقعیەتی بونی چەند لایەنێکی ترە لەنەگونجان و قەبوڵ نەکردنیان بە پرۆسەی پێشڕەوی جێگاورێگای ئیرادەو دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵکە لە دەسەڵاتی سیاسیدا، کە وەک پەرچەکردارێک لە هەوڵی خاڵیکردنەوەو بەلارێدابردنی ناڕەزایەتی و خرۆشانە جەماوەریەکانن، لە رێگای هەوڵدان بۆ نیشاندانی هێزی تایبەتی سەرو خەڵکی و دوور لە بەرژەوەندی گوزەرانی خەڵک و بەکارهێنانی خرٶشانە جەماوەریەکان، کە ئاکامەکەی بە قازانجی باڵێکی ترە لە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی بۆرجوازی لە ئێراندا، یان بۆ پاشکۆبون و بەکارهێنانی بەرژەوەندی دەخالەتی هەر ووڵاتێکی سەرمایەداری زلهێزی دنیا کاری لەسەر دەکرێت.
هەرئێستا لە مەیدانی بارودۆخی سیاسی ئێراندا بە هەر ئاستێک لە دەرکەوتەی چۆنیەتی خرۆشانە جەماوەریەکاندا، ووڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاواو دەوڵەتی ئەمریکا، دەبینین چاودێریەکی بە پەرۆشی دۆخەکە دەکەن و باش دەزانن ئاڵوگۆرەکان لە ڕێگای دەورو کارکردی چونە پێشەوەی خرۆشانە جەماوەریەکان و کۆتاییهێنان بە کۆماری ئیسلامی بە دەورو ئیرادەی خەڵک، پێشبینیەکی واقعیەو ڕودانیشی ئەگەرێکی جدیە، بۆیە لە بۆچونی بەرژەوەندی ئەو هێزانەوە گەر ئەو ئاراستە جەماوەریە، پێشی پێ نەگیریت و بەلارێدا نەبرێت، سیستمی سەرمایەداری و دەورو دەخالەتی ووڵاتانی زلهێزی دنیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەخاتە بەردەم مەترسی پاشەکشەو کارەساتێکی گەورەوە.
بە مانایەک چەندە هێزە ناسیۆنالستە توندرەوەکان و فاشست و کۆنەپەرست و ووڵاتانی ئیمپریالی.. درک بەو مەترسیە دەکەن لە بەرامبەر خرۆشانی جەماوەری ناڕازی ئێراندا، بەوەی سیمای رۆڵی ژنان و رادیکاڵبون و دژی ئیسلامی سیاسی و بەرزکردنەوەی ئاڵای یەکسانخوازی و یەکریزی تەواوی دانیشتوانی ئێران و ئاسۆی ژیانێکی باشتری لە خۆی نیشان ئەدات، چارەنوسی کۆمەڵگەی ئێران بەرەو قوناغێکی یەکلاییکەرەوەو هەڵگیرسانی کڵپەی شۆرشێکی کۆمەڵایەتی بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی دەبات، لەهەمانکاتدا پێویستە هێزی ئازادیخوازو یەکسانیخواز و بزوتنەوەی ڕزگاری و یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان، درک و هۆشداری تەواویان هەبێت بە مەترسی هەر دەخالەت و پلانێکی دژ بە رۆڵی خەڵک و بە جدی لە بەر چاوی بگرن و مامەڵەی کەن و پوچەڵی کەنەوە. چونکە لەگەڵ ئەوەی دۆخەکە هەلومەرجی شۆرشگێرانەی فەرهەم هێناوە، ئاشکرایە ئاواڵەیی سیاسی بە جۆرێک کراوە دەبێت، هەلی گونجاو بۆ دەورو دەخالەتی هیزی دەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆییش دەکاتەوە کە لە هەوڵی ئەوەدا دەبن ڕێرەوی ڕوداوەکانی بە زیانی خەڵک و ڕاگرتنی گۆشەگیری و وەلاخستنی دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک بە شێوازی تر لە پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسی سەرو خەڵكی دوبارە بکەنەوەو جارێکی ترو بٶ چەندین ساڵی تر بێئیرادەیی بەسەر کرێکاران و زەحمەتکێشاندا بسەپێننەوە.
ڕوبەڕوبونەوەی ئەم مەترسیە پێویستی بە ئامادەیی و ڕێکەوتن و کاری هاوبەشی هێزە ئازادیخوازو رادیکال و کۆمۆنیست و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و ئینساندۆستانە لە پاڵ جەماوەری ناڕازیدا پەیگیرانە هەنگاو بنێن و ئامانج و ئاسۆی خواستی جەماوەری ئێران بەسەرکەوتن بگەیەنن.




لایەنە ئیسلامیەکان لەم هەلومەرجەدا بێدەنگ بن باشترە.!.. عوسمان حاجی مارف

پیادەکردنی “جیایی دین لە دەوڵەت و پەروەردە” لە هەر ووڵات و کۆمەڵگایەکدا چەسپابێت، بۆخۆی دەبێتە مەرجێکی گرنگ بۆ دابینبونی ئازادی بیروباوەڕ، بە پێچەوانەشەوە داسەپاندن و پیرۆزکردنی هەر ئایدۆلۆژیەک ئەو بەڵاو دەردیسەریەی ژیانی تەواوی کۆمەڵگایە کە ئینسانەکان دەخاتە ناو دۆزەخی ناچاری و بێئومێدیەکەوە، مافی هەناسەی ئازادی دەکاتە مەحاڵ و ژیانێکی تاڵ و ئەوپەڕی دۆخی نائینسانی و دەبێتە دیاریەکی ناحەز و تەوق بۆ دانیشتوانی ئەو کۆمەڵگەیە. گەربەشێکی زۆر لە بەشەریەت لەڕێڕەوی خەباتی جەماوەری بۆ ئازادی وەک دەستکەوتێک ڕزگاریان بوبێت لە جۆری دۆزەخی داسەپاندنی هەر ئایدۆلۆژیایەک، بەڵام ئەم داگیرکاریەی کە بەڵای زاڵکردنی ئایدۆلۆژیایە، تائێستا کابوسێکی گەورەیە بەسەر بەشێکی زۆری تر لە جیهاندا، بە تایبەتی بەڵای ئیسلامی سیاسی بە هەر شێوازو جۆرێکەوە لە مەیداندا بێت ناجۆرترین و نەرێنیترین نمونەی بێئیرادەکردن و تۆقاندنی بەشەریەتە. رەوتەکانی ئیسلامی سیاسی لە بەکارهێنانی ئاینی ئیسلامدا وەک هەر ئایدۆلۆژیایەکی تری زهنگەرایی پێش هەموشتێك بۆ پارێزەری سەرسەختی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریە، بەمانایەک ئەوە ڕاگرتنی پەیوەندی کارو سەرمایەیە کە لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا پێویستی بە هێزو نفوزی ئیسلامی سیاسیە، تا فرسەتی کاری هەرزان بەردەوام بەرفراون کاتەوە. پێداویستی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریە کە دوای تێپەڕبونی هەزارو چوارسەد ساڵ لە مێژووی ئیسلام، پێویستی بەدەسەڵات و بەکارهێنانی شەریعەی ئیسلامیە، تا کرێکاران و زەحمەتکێشان ناچار بە قەبوڵکردنی ژیانێکی نابوت و ناشایستە بکات.
ئەو دەوڵەت و کۆمەڵگایانەی دەرگیرن لە گەڵ ئیسلامی سیاسیدا، لەسەرهەڵدانی هەر شۆرشێکی کۆمەڵایەتیدا، ئەرکێکی گرنگی ئەو شۆرشە سەنگەرگرتنی جدیە لەبەرامبەر ئیسلامی سیاسیدا بۆ چەسپاندنی ئازادی بیروڕا، کە خۆشبەختانە خرۆشانی جەماوەری ئێران و وەستانەوەی لەبەرامبەر ئیسلامی سیاسیدا خەسڵەتێکی پێشڕەوانەو سەنگەرگرتنێکە بەرەو شۆرشێك هەنگاو دەنێت کە تەواوی ناوچەی رۆژهەلاتی ناوەراست و ئەولاتریش، لە ئیسلامی سیاسی پاکدەکاتەوەو ناوچەکە دەخاتە ژێر هێژمۆنی دابینکردن و مسۆگەرکردنی “جیایی دین لە دەوڵەت و پەروەردە”
و ئاینیش وەک باوەڕی کەسەکان پارێزراو دەبێت. ئەنجامگیری لەم واقعیەتەی ڕاپەرینی جەماوەری ناڕازی ئێران پێشبینیەکی ڕۆشن دەخاتە بەرچاومان کەچی ڕوئەدات و چ ئاڵوگۆڕێک پێکدێت، کە خودی هەڵسوراوان و ڕێکخراوو هێزە ئیسلامیەکانیش زۆر باش درکی پێدەکەن کە شۆرشی ئێران چۆن ئایندەی ئیسلامی سیاسی تەواو دەخاتە ژێر پرسیارو لێپرسینەوەوە، بۆیە هەر لە ئێستاوە بانگەوازی شەڕی مان ونەمان لەگەڵدا دەکەن و بەرگریەکی تەواو قێزەوەنی دژی ئینسانی لە خۆیان دەکەن.
ئەو کەمپینانەی لایەنە ئیسلامیەکان ئێستا لەبەرامبەر مەسەلەی ژنان و جەندەرو ئازادی بیروراو هەر مەسەلەیەکی تردا، خۆیان پێوە سەرقاڵ کردووەو هەرایان لەسەر سازکردووە، هەوڵدانە بۆ هەڵخڕاندنی کۆمەڵگە بۆ بەرگرتن بەو ڕەوتانەی لە بەردەم بڕیاری ئاڵوگۆڕی ڕیشەیدا خۆیان ناساندووەو کاری لەسەر دەکەن، لایەنە ئیسلامیەکان ئارامیان وەها لێ بڕاوە بەرلەوەی کۆتایی رۆڵی سیاسیان بەرجەستە بێتەوە، خەریکن پێش وەخت تۆڵە دەکەنەوەو دۆخی شەرخوازی گەرم دەکەن، تا ئەو ئاستەی جگە لە دروستکردنی پەروەندەی بێماناو شکستخواردو لە دادگادا، لەهەمانکاتدا خەریکن جۆرێک لە هەرەشەو تۆقاندنشیان کردۆتە داردەستێک بۆ ئەو شەرەی کە دەیانەوێت پارێزگاری لە مانەوەو نفوزی سیاسی خۆیان بکەن. بەڵام پێویستە واقعیەتی ئەو هاوکێشەیەمان بۆ رۆشن بێت کە بارودۆخی ئیستا، دەورانی ئاوابونی ئیسلامی سیاسیە و شۆرشی جەماوەری رادیکاڵی ئێران زوو یا درەنگ ئەو ئەرکەیان خستۆتە سەر شان و یەکلایی دەکەنەوە.
چارەنوسی ئەوانەش کە دڕندانە و شەرەنگێزانە بەرگری لە کۆماری ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی دەکەن، حەتمیە دەبن بە ژێر دەستوپێی لێشاوی ئەو شۆرشەوە، بۆیە پاراستنی ئارامی و بێدەنگی و دانیشتن بە قازانجیانە و پارێزراو دەبن، نەک ئەم پەلەقاژێ و هەراو هوریایەی دەستیان داوەتێ.
هەروەها پێویستە ئەوە بەهەند وەرگرین کە بەجیا لەوەی پێویستە تەواوی کەمپین و هەراوهوریاکانی ئیسلامی سیاسی جەسورانە پوچەڵ کەینەوەو لە شوێنی خۆیدا وەڵام وەرگرنەوە، لەهەمانکاتدا هەر هەوڵێکیان لە خولقاندنی مەترسی و تۆقاندن پوچەڵ کرێتەوەو بەزیادەوە بەرپەرچیان بدەینەوە، ئێمە هەوڵئەدەین و دەمانەوێت کۆمەڵگەیەکی ئازاد و خۆشگوزەران و یەکسان بەدەست بهێنین لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی ئارام و ئاسایشدا، گەر لایەنە ئیسلامیەکان و هەر لایەنێک ئەمە بەڕەواو شایان و مافی کرێکاران و زەحمەتکێشان نازانن و بەری پێدەگرن، ئەوە ڕاگەیاندنی شەڕە لەگەڵ بەرەی ئازادیخوازو یەکسانیخوازی و ئینساندۆستی و بزوتنتەوەی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاواندا، هەڵبەتە ئێمەش ئامادەین بۆ ئەو شەڕەو شکستیش هەر بۆ ئەوانە، چونکە لە ئاکامدا بەرامبەر شەپۆلەکانی شۆرش بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی خۆیان دەبیننەوە.




پەیامێک بۆ وەزیرو وەزارەتی داد سەبارەت بە دادگایی کردنی مێردمنداڵ!.. عوسمان حاجی مارف

لەچەند ڕۆژی ڕابردودا، دادگای کەرکوک بڕیاری سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەر دوو مێردمنداڵی دانیشتوی کەلاردا سەپاند، لەسەر بنەمای یاسای ساڵی ١٩٦٩ی حکومەتی عێراق بەپێی مادەی ٣٤٢/٢/ یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە سوتاندی موڵک و ماڵی گشتی. لەهەمانکاتدا ناڕەزایەتیەکی بەرچاو لەبەرامبەر ئەو بڕیارەدا نیشاندرا. ئەم سزادانە بەپاساوی بەشداری ئەو دوو مێردمنداڵە لە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی دانیشتوانی کەلاردا و هەروەها بەوەی هەڵساون بە سوتاندنی شوێن و ئۆتۆمبیل و موڵکی گشتی.
ئەوەی حاشاهەڵنەگرە و پێویست بە هیچ لێکدانەوەیەک ناکات، ئەم سزایە ڕاستەوخۆ ماناو ئامانجێکی سیاسی هەیە، کە دەسەڵاتی زۆنی سەوز لەڕێگەی دادگاوە دەیەوێت تۆڵە لە جەماوەری ناڕازی شاری کەلار بکاتەوەو بەشێوازی سزادانی دوو مێرمنداڵ پاشەکشەو پەشیمانی بەسەر جەماوەری ناڕازی شاری کەلاردا بسەپێنێت.
ئەگەر وێنای کرداری ئەو دوو مێردمنداڵە لە چوارچێوەیەکدا بکەین، بەو شێوازەی بەشداربونیان بووە لەدۆخێکی تەواو ناڕەزایەتی جەماوەری دانیشتوانی شاری کەلاردا بەرامبەر بە دەسەڵاتێکی میلیشیایدا، بەرامبەر دەسەڵاتی ئەو حزبانەی٣٠ساڵە خاوەنی مێژویەکی وێرانکاری و تاڵانچێتین لە کوردستاندا، ئیتر ناکرێت هیچ تاوانێک لە ئارادا بێت، بۆیە گەر هەر شتێک بەناوی “تاوان”ەوە دەخرێتە پاڵیان، ئەوە “تاوان”ی تەواوی ئەو کەسانەیە کە بەشداریان لە خۆپیشاندانەکانی کەلاردا کردووەو کارێکی بەکۆمەڵی جەماوەریە بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی و داواکاری خواستەکانیان. هەربۆیە دەبینین بەگرتن و سزادانیان، ناڕەزایەتی بە شێوازی خۆپیشاندان و پەیامی ناڕەزایەتی لە میدیاکان و سوشیال میدیادا بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەوەی شایانی باسە منیش لەڕیزی ئەو ناڕەزایەتیەدام کە پەرچەکردار دەنوێنێت لەبەرامبەر ئەو دەسەڵات و دادگایەو بڕیاری سزاکەیاندا، بۆیە داوامان ئەوەیە دەستبەجێ ئەو دوو مێرد منداڵە ئازاد بکرێن و هیچ تاوانێک نەدرێتە پاڵیان.
ئێستا ماوە بڵێم ئەم مەسەلەیە تائێرە باشدەبێت گەر تەنها لە دیدگای کردارێکی سیاسی دەسەڵاتی حزبی زۆنی سەوزەوە بۆی بڕوانین، کە دەیانەوێت بەهەر شێوازو جۆرێک بۆیان گونجاو بێت، هێژمونی خۆیان بەسەر دانیشتواندا بنوێنن و بێبەزەییانە سزاکە جێبەجێیبکەن و ژیانی دوو مێرمنداڵ بکەنە قوربانی نەخشەی سیاسی بۆ وەستانەوە بەرامبەر بە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکاندا.
ئەوەی زیاتر مەبەستی منە دەمەوێت کەمێ زیاتر لەسەر ئەم مەسەلەیە لەئاستێکی گشتیتردا قسەی لەسەر بکرێت. دەربارەی مامەڵەی بەتاوانبار ناسینی مێردمنداڵ و سزادانیانە، واتە گەر دەمانەوێت وەک بەرگریکاری مرۆڤایەتی و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مناڵان بە تایبەتی خۆمان بناسێنین، پێویستە بە وردتر دەربارەی مەسەلەی “تاوان و سزا و زیندان” لەسەر مێردمنداڵ لەبارەی یاسایی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستیەوە لێکدانەوە بکەین، هەربۆیە ئەم نوسینە دەکەمە پەیامێک بۆ وەزیرو وەزارەتی داد، لەهەمانکاتدا هیوادارم ببێتە کەمپینێک بۆ هەموو ئەو کەس و رێکخراوانەی بانگەشەی بەرگری لە مناڵان دەکەن چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لە ئاستی جیهانیدا بێت.
بەکارهێنانی ووشەی تاوان واتایەکی سەخت و گرانە گەر بەسەر هەر کەسێکدا بسەلمێنرێت و بە تاوانبار ناوبنرێت، دواتر ڕاپێچ دەکرێتە بەردەمی دادگاو ڕەحمەتی ئەو یاسایەی سزای دەدات. لەکاتێکدا پەیوەندی زۆرینەی دەسەڵاتی سیاسی بە کۆمەڵگای جیهانەوە دان نانێن بە مرۆڤایەتی و مافە جیهانگیریەکانی ئینساندا، یاساکان و دادگاکانی هەر دەسەڵاتێک بۆ بەرژوەندیەکانی ئەو دەسەڵاتە دادەنرێت و یاساکان پەیڕەوی دەکەن.
لە ئاراستەی بیرکردنەوەم لەسەر تاوان و سزا ئەو ئەنجامە ئەدەم بەدەستەوە کە نابێت بە مێردمنداڵ بوترێت تاوانی کردووەو تاوانبارە و پاشان بەپێی یاسای تاوانەکان سزا بدرێت و زیندانی بکرێت.
گەر مێردمنداڵ بەهەر پێوانەیەکی کۆمەڵایەتی و یاسایی کارێکی ناشایستە و ناکۆکی کردبێت، پێویستە ناو بنرێت “هەڵە”، نەک “تاوان” بەو مێردمنداڵەش ڕابگەیەنرێت کە هەڵەی کردووەو پێویستە لایەنی پەیوەندیداریش ئەو هەڵەیەی بۆ بسەلمێنێت ودواتر ئامۆژگاری و سەرپەرشتی بکرێت، هەر لەدرێژەی ئەم دیدگایەوە واتە نابێت سزادان هەبێت و شوێنێکیش بە ناوی زیندانی منداڵان بونی هەبێت، زیندانکردنی منداڵان دەبێت قەدەغە بکرێت.
ئەو “هەڵەیە” چەندە گەورەبێت سزادانی منداڵ بە زیندانیکردن، شکۆو هەستی ئەو منداڵەو هاوڕێ منداڵەکانی و هەر منداڵێک ئەو هەواڵی زیندانیەی منداڵی پێبگات دەیبەزێنێت و دەیشکێنێت، سزادان و زیندانی نەك ناتوانێ وانە و ئەزمونێکی ئەرێنی بێت بۆ منداڵان، بەڵکو ئەو ڕێبازەیە کە دەیەوێت منداڵ ملکەچ و داماوو گوێرایەڵی گەورەکان و دەسەڵات بێت. نابێت دادگایەک هەبێت بۆ دادگاییکردنی مناڵان، نابێت مناڵ ببرێتە بەردەم دادوەر بۆئەوەی سزابدرێت.
مامەڵەی هەڵەی هەر منداڵێک چەندە گەورەش بێت، کە بەپێوەری کۆمەڵایەتی و یاسایی دیاری دەکرێت، پێویستە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەڕێگای چاودێری و سەرپەرشتیکردنی ئەو مێردمنداڵە و پاراستنی و گۆشەگیرنەکردنی بێت لە کۆمەڵگەو نە پچراندنی لە پەیوەندیەکانی، نەک زیندانیکردن و دورخستنەوەی، لەهەمانکاتدا نابێت ئەو “هەڵەیە” بە هیچ شێوەیەک لە پەروەندەی ئەو منداڵەدا تۆمار بکرێت.
گەر حاڵەتی ئەو “هەڵەیە” لە هەر مێردمنداڵێکدا لەژێر کاریگەری نەخۆشی دەرونیدا بێت، ئەو کاتە پێویستە لەڕێگای پزیشکی تایبەتەوە سەرپەرشتی بکرێت و چارەسەر بکرێت.
لەگەڵ ئەمانەشدا بەبۆچونی من هەر کەس و لایەنێک و هەر دەسەڵاتێکی سیاسی لەهەوڵی ئەوەدابن هێژمونی ئایدۆلۆژی تایبەت بەخۆیان بەسەر منداڵاندا پەیڕەو بکەن، دەبێت دادگایی بکرێن و سزا بدرێن.




ئیرادەی جەماوەر لە ئایندەی شۆرشی ئێراندا.. عوسمانی حاجی مارف

بێئیرادەکردنی ئینسانەکان لە پێکهاتەو خەسڵەتەکانی سیستمی سەرمایەداریە، بەو مانایەی ئەم سیستمە ئینسانەکان ناچار دەکات کێشبن بۆ بازاڕی کار تا هێزی کاریان بفرۆشن، کرێکارانیش تا بتواننهێزی کاریان وەک کاڵایەک لە بازاردا ساغ کەنەوە، وەبە ناچاری بژێوی ژیانیان دابین بکەن،لە ناو بازاڕی سەرمایەداریدا،هیچ هەڵبژاردەیەکیان نیە کە ئارەزوو دەکەن یا دەتوانن چ کارێک ئەنجام بدەن.!، بەڵکو کارو مامەڵەی کار کە سەرمایەداران پێویستیانە بڕیار دەدات کرێکاران دەبێت چ کارێک بکەن، واتە چارەنوسی بژێوی کرێکار لەژێر سایەو ڕەحمەتیمامەڵەی بازاڕدایە، نەک ئیرادەو خواست و ئارەزوی کرێکار خۆی. ئەمەش ئەو پەڕی بێ ئیرادەکردنی ئینسانەکانە کە دەچێتە ناو قاڵبی چوارچێوەیەکەوە، لە هەر شوێنێکی دنیای پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا بێت بێئیرادەیی ئیسانەکان و قەبوڵکردنی کاری نەخوازراو دەکاتە حاڵەتێکی دیفاکتۆ، هەربۆیە “ئازادی” لەناواخنی کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا،تابڵێی ووشەیەکی زۆر پوچ و نابەجێ دەمێنێتەوە، دەستەواژەی “ئازادی” لەبەردەم نەبونی ئیرادەو خواست بۆ هەڵبژاردنی کارو ژیان و گوزەران، لەبەردەم چەوسانەوەی ئینسان لەسەر ئینسانتەنها مانای ئازادیە بۆ بازاڕو مامەڵەکردن بە هێزی کار لەلایەن سەرمایەدارانەوە.بەم جۆرەش گەڕانەوەی ئیرادەو شكۆی ئینسان تەنها لە ڕێگەی هەڵوەشانەوەی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و بازاڕەکەیەوە دەستەبەر دەبێت و مانا پەیدادەکات.
هەر لەم ئاراستەیەوە دەتوانین بڵێین دەسەڵاتی سیاسی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا لە هەر فۆرمێکدا رەنگ بداتەوە،ئەو ماناو ئامرازەیە کە بێئیرادەکردنی ئینسانەکان عەمەلی وبەرجەستە دەکاتەوە. دەسەڵاتی سیاسی لە هەر شێوازو فۆرمێکدا لەلایەن چینی بۆرجوازیەوە ڕێکخرابێت و دامەزرابێت تەنها ئەو دەزگایەیە کە دەستورو یاساو بڕیارەکانی باڵادەستی کەمینەیەک بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگەدا بە هەند وەردەگرێ و کاری پێدەکرێت.
مەترسیدارترین شێوازیش لە جۆرەکانی دەسەڵاتی بۆرجوازی بۆ زیاتر بەرجەستەکردنەوەی بێئیرادەیی و گۆشەگیرکردنی خەڵک بۆ دەوریان لە هەڵسوڕانی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسیدا، ئەو جۆرەیە لە دەسەڵات کە ئایدۆلۆژیاژیەک دەکاتە هێمای پیرۆزی بۆ دەوڵەت و پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی، جا ئەو ئایدۆلۆژیایە هەرچیەک بێت ئاینی بێت یا نەتەوەیی، تائیفی بێتیان ڕەگەزی …جیاوازیان لە ڕادەی بێئیرادەکردن و چەوسانەوەی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا نابێت و چەندین پاساو دەکەنە مایەی رەسمیەتدان بە چەوسانەوەی ئینسان لەسەر ئینسان.
لەم سەرەتایەوە دەمەوێت بچمە ناو جۆرێک لەدەسەڵاتی سیاسی کە ٤٣ ساڵە کۆماری ئیسلامی لە ئێران پەیڕەوی دەکات، دەسەڵاتێک کەبە هیچ جۆرێک ماناو فرسەتی بۆ ئیرادەی ئینسانەکان نەهێشتوەتەوە، دۆزەخێکی وەهای بۆ دانیشتوانی ئیران هێناوەتە گۆڕ، کە هیچ جۆرە مافێکی بۆ ژنان و منداڵان و کرێکارو زەحمەتکێش تیا بە ڕەسمی ناناسرێت، ئاینی ئیسلام و مەزهەبی شیعەیان کردۆتە ئایدیۆلۆژیەکی پیرۆز بۆ لە قاڵبدانی ژیان و گوزەرانی تەواوی دانیشتوانی ئێران، کە سەرکوتی ئیرادەوهەموو بێمافیەک و بەرخوردی نائینسانی بە حوکمی کوتەک و سێدارە دەسەپێنێرێت.
هێژمۆنی و دەخالەتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە تەواوی ژیان و گوزەرانی ئینسانەکاندا چوارچێوەیەکی وەهای فەراهەمهێناوە کە هەموو جومگەکانی ژیانی خەڵکی کۆنترۆڵکردوە، هەرلە پۆشاک تا خواردن و بگرە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیشی لەخواست و ئارەزوو ویستی خەڵک داماڵیوە، هەموو ئەمانەو زیاتریش بەمانایەک تەعبیر لە مامەڵەی ئەوپەڕی بێئرادەکردنی ئینسانەکان دەکات، کە تەنها لە پێناو ئەوەدایەکە دەبێت ئێران وەک کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری، کاری بەکرێی هەرزانی تێدا بەڕیوەببرێت، واتە ئاینی ئیسلام ئایدیۆلۆژیایەکە دەتوانێت بەکاربهینرێت بۆ رەخساندن و سەپاندنی هێزی کاری هەرزان، بۆ سەپاندنی بێئیرادەکردنی ئینسانەکان، بۆسەپاندنی دەسەڵاتی کەمینە بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگەدا، واتە دینێکە گونجاوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسی کەدەستکراوەیە بەدڕندانە ترینشێواز تەعبیر لە خۆی بکات، هەربۆیە روخانی کۆماری ئیسلامی و جیایی دین لە دەوڵەت و پەروەردە پێداویستیەکی حەیاتی و گرنگ و هەر ئێستایە بۆ دانیشتوانی ئێران.
تەنها ڕێگا بۆڕزگاربوون لەم بارودۆخە پەردەهەڵماڵینە لەو بارودۆخ و ئایدیایانەی بێئیرادەکردنی ئینسانەکان بەرجەستە دەکەنەوە،هەوڵدان و کارکردن و خەباتە بۆ گەڕانەوەی ئیرادەی ئینسانەکان بۆ بریاردان لەسەر دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان و بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی ژیان و گوزەرانی خۆیان. ئەمەش تەنها لەڕێی جێگیربونی دەسەڵاتێکەوەیە مانا پەیدا دەکات کە تەعبیر لە زۆرینەی دەنگ و دەوری خەڵک بکات، دەسەڵاتێک کە تەعبیر لە دەورودەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک بکات، بەمانایەکی بەرجەستەتر واتا دەسەڵاتی شورایی.
دەسەڵاتی شورایی دەتوانێت ئەو دەسکەوەتەبێت بۆ بەشەریەت، کە تەواوی زۆرینەی خەڵك لەهەر شوێنکی دنیادا بن، دەبێتتەعبیر بێت لەوەی کە ئینسانەکان بە ئیرادەی خۆیان بڕیار دەدەن لەسەر ژیانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی خۆیان، دەسەڵاتی شورایی لەڕێگەی ئیرادەیەکی شۆرشگێرانەی جەماوەریەوە بەدەست دێت کە نەفی هەموو جۆرە نمونەیەکی دەسەڵاتی بۆرجوازی و سەرو خەڵکی بکاتەوە.
خرۆشان و ڕاپەڕینی جەماوەری بۆ وەستانەوە لە بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسیدا و بۆ روخانی هەر جۆرە دەسەڵاتێکی سیاسی کە پارێزەری کاری بەکرێ و خاوەنداریەتی هۆکانی بەرهەمهێنانە، ئەو ساتەوەخت و هەنگاوەیە کە جەماوەری تورەو ناڕازی دەیانەوێت رۆڵی شکۆی ئیرادەی خۆیان بگەڕیننەوە، هەر بەم مانایە خرۆشان و ڕاپەڕینە جەماوەریەکانی خەلکی ئێران ئەو هەنگاوە پێشڕەوەیە کە دەیانەویت شۆرشێک بەرپابکەن تاکۆتایی بە بێئیرادەکردنی ٤٣ ساڵەیان بسڕنەوە، ئەم خرۆشانە هەنگاوێکە بەرەو شۆرشێک لەپێناو بەدەستهێنان و جێگیرکردنی ئیرادەی خەڵکی ئێران، بۆیە دەبێت سەربەخۆیی و شکۆی ئەو ئیرادەیە تەواو پارێزراوبێت، پارێزراوبێت بەو مانایەی پێویستە بەر بەوە بگیرێت کە هیچ هێزو لایەنێک نەتوانن لەناو ئەم خرۆشانە جەماوەریەدا کاری پاڵەوانێتی و سەروخەڵکی بەهەر پاساوو بیانویەک ئەنجام بدەن و بسەپێنێن، هەرهێزو لایەنێک گەر دەیانەوێت ببنەبەشێک لەمبزوتنەوە شۆڕشگێڕیە جەماوەریە، پێویستە پێشوەخت پابەندبێت بەمەرجی پاراستن و پەیگیربونی ئیرادەی خەڵک بۆ دەورو دەخالەتی راستەوخۆیلەدەسەڵاتی سیاسیدا، پابەند بێت بە جێگیر بونی دەسەڵاتی شوراییەوە.
هەرهێزێک لەم چوارچێوەیە دەربچێت کە لەدەرەوەی ئیرادەی خەڵک و دەسەڵاتی شورایی هێژمۆنی هێزەکەی بکاتە مەبنا، بەمانای ئەوە دێت کە جارێکیتر بە جۆرێکیتر یان بەڕێگایەکیتر لەباری عەمەلیەوە ئەو هێزە هەوڵدەدات بۆ بێئیرادەکردنەوەی خەڵکی ئێران و دەبێتە هێزێکی دژ بە شۆرش.




سەرۆک کۆماری سەردەمی قەیران و چاوەروانی!.. عوسمانی حاجی مارف

بەدوای ساڵێک لەهەڵبژاردنەکانی عێراق و چەندین گفتوگۆو دانوسان و کێشمەکێش و بارگرژی نێوان پارتی و یەکێتی، دەرئەنجام لەژێرناوی پەیامی پوچ و بێناوەرۆکی “یەکڕیزی کوردە”وە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکەوتنێكی ناچاری و شەرمنۆکانەیان واژۆکردو ڕاگەیاند. بەهەمانشێوەی ملکەچیەکانی پێشوویان، پابەندبوون و پاشکۆبوونیان بەئایندەی حکومەتێکی تەوافقی بێپایەی بەغداوە دووپات کردەوە. چەندینبارە ئایندەی سیاسی کوردستانیان خستەوە ژێر ڕەحمەتی چارەنووسی خۆسازدان لەگەڵ هێزە کۆنەپەرست و تائفیە میلیشیاکانی عێراقدا. گەر ملکەچی پارتی و یەکێتی بۆ بەشداریان لەدەسەڵاتی سیاسی لەرزۆکی بەغدا لەو ناچاریەوە هاتبێت پێگەی سیاسیان لە ناوچەکەدا داشکاوە و لە قەیرانێکی قوڵی ئابوری و سیاسی تێوەگلاون، ئەم خۆسازدانەو ڕێکەوتنەیان نەک ناتوانێ بۆ دانیشتوانی عێراق و بۆ دانیشتوانی کورسستان نیشاندانی ئایندەیەکی گەش بێت بۆ کۆتاییهێنان بە نائارامی و ناسەقامگیری سیاسی و گێژاوی سیاسی لەکوردستان و ناوچەکەدا، بەڵکو ناشتوانێ ئاڵۆگۆرێک بێت لەبردنەپێشەوەی پێگەی سیاسی خۆشیاندا. لەهەمانکاتدا ڕیگای دەربازبوونشیان نابێت لە قەیرانەکان.هەربۆیە دەبینین ئەو قەیرانەی یەخەی سیاسەتەکانی پارتی و یەکێتی گرتووە، زیاتر لە ڕامان و چاوەڕوانیدا ماوەتەوە، کە لەئێستادا بە ئاشکرا دەبینین ناتوانن هیچ جۆرێک بوێری ئەوە بکەن تا ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی کوردستان بە ئەنجام بگەیەنن، لەناچاریدا بڕیاریان لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان جێبەجێ کرد.
قوڵبوونەوەی بەردەوامی قەیرانی سیاسی و ئابوری و مانەوەی بۆرژوازی کورد و حزبەکانی بە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزیسیۆنەوە لە چارەسەرنەکردنی کێشە ئابوری و سیاسیەکانی ئەم سیستەمەی کە سی ساڵە خۆی بەسەر ژیانی خەڵکی کوردستاندا داسەپاندووە، قەیران و سیستەمێکە لە حوکمرانیدا، کە بەدیار بازاڕی جیهانی و یەکلابوونەوەی کێشمەکێشی ‌هێزە ئیمپریالیستیەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە و بارودۆخی عێراق و ململانێی ڕەوتە بۆرژوازیەکان ڕاوەستاوە. لەئاکامیشدا کۆمەڵگەی کوردستانیان لە گێژاوێکی سیاسی و بێدەرەتانییەکی ئابوری و چاوەروانیدا ڕاگرتووە. بۆیە ڕێکەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر سەرۆک کۆمار جگە لە سەوداو مامەڵەی بازاڕی نێوان خۆیان، شتێکی تر نادات بەدەستەوە. ئێستا بازرگانیکردن بە پۆستی سەرۆک کۆمارو هەڵگرتنی هەڵبژاردنی کوردستانیش بۆ ناو گەنجینەیە، لەلایەک بۆئەوەیە بەڵکو نرخی هەڵبژاردنەکەیان زیاد بکات، لە لایەکی ترەوە دانانی سەرۆک کۆمارە، کە لەوێستگەیەکی چاوەڕوانیدا بۆئەوەیە بزانن ئایندەی نادیاری ئاکامی کێشمەکێشەکانی نێوان خۆیان و بەغدا و ئەو ئاڵوگۆڕ و پێشهاتانەی لەدەرەوەی ویست و ئیرادەی پارتی و یەکێتی بەسەر کوردستان و ناوچەکەدا دەسەپێنرێت، بەچی ئەگات.
ئێستاش لەگەڵ ئەوەی بە هەر بێنەوبەرەیەک لەسەر کێشەی مامەڵەی سەرۆک کۆمارو پێکهێنانی حکومەت لە بەغدا یەکلایی بوونەوە، بەڵام درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، پەیوەندە بەو هەلومەرجە سیاسیەوە، کە لەلایەک لەڕاستای ئەو پێشهات و ئاڵوگۆرانەدایە، کەئەگەری ئەوە پێشبینی دەکرێت دەورانێکی تازە لە ئەمنیەت بۆ سەرمایەگوزاری لە ناوچەکەدا بە دەخالەتی وڵاتانی زلهیزی دنیاوە بەڕێ بخرێت و دابمەزرێنرێت. لە لایەکی تریشەوە نیشاندانی مەترسی و بێئاسۆیی و دۆشداماوبونی حزبە ناسیۆنالست-میلیشیا دەسەڵاتدارەکانە، کە لە بەرانبەر ئەو ڕاپەرینە جەماوەریە بەرفراوانەی ئێران، کە بە ئاراستەی ڕوخانی کۆماری ئیسلامی هەنگاو دەنێت، حزبەکانی کوردایەتی لە کوردستانی عێراق سەرسام و سەرگەردانتر کردووە. چونکە ئەم ئاڵوگۆڕانە تەواوی پێگەو جێگەوڕێگەیی پارتی و یەکیتی بە قەیرانێکی قوڵتر گەیاندووە و لە حاڵەتێکی چاوەڕوانیدا گەمەی سیاسی دەکەن و لە بەردەم ئایندەیەکی سیاسی نادیارو مەترسیداردا خۆیان دەبیننەوە.
ئەم دەسەڵاتە کوردیە داسەپاوە ژیان و گوزەران و سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی هەواڵەی بازاڕ کردووە و سپاردویەتی بە چاوچنۆکی سەرمایەداران. ئەم دەسەڵاتە، کە ٣٠ ساڵە کۆمەڵگه‌ی کوردستانی لە گێژاوی سیاسی و بێدەرەتانیەکی گەورەی ئابوری و نەداریدا ڕاگرتووە، ئەمڕۆش دووچاری بێئاسۆیی و سەرگەردانی زیاتر بوون. جارێکی تر بە ناوی دانانی سەرۆك کۆمار ئایندەی کوردستان ئاوێزان بە ئایندەی پر قەیراناوی وساتوسەوداو سازدانی نێوان هێزە میلیشیا تائفەکانی عێراق دەکەنەوە.
بەئاشکرا ئەوە دەبینرێت، کە لە هەر پێشهات و ئاڵوگۆڕێکدا چینی دەسەڵاتداری کوردستان ناکام و بێوەڵام و بێچارەیە لەبەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا. بێوەڵامە بە سەرەتاییترین داخوازیەکانی جەماوەری ناڕازی، بێوەڵامە لەسەر هەر نەخشەو دەخالەت و پلانێک، کە وڵاتانی ناوچەکە بەسەر کوردستاندا دەیسەپێنن، بێوەڵامە لەبەرانبەر پەرەگرتنی تیرۆر و نائارامیدا. هاوکات گوشارەکانی حکومەتی عێراق لەسەر هەرێم و کێشەو گێژاوی پەیوەندیەکانی نێوانیان پەتایەکە هەموو ڕۆژێک پلەکەی بەرزتر دەبێتەوە. بەرینبوونەوەی بێکاری و هەژاری و ڕوتاندنەوەی خەڵک و زۆربوونی تاوان و کەمی خزمەتگوزارییەکان، هەروەها بەردەوامی و درێژەکێشانی ناڕەزایەتی جەماوەری بۆ خواستەکانیان بە گشتی و بۆ خواستی کۆتاییهێنان بەدەسەڵات بەتایبەتی، دیاردەیەکی دیارو تایبەتی دۆخی نەوەستاوی ئێستای کوردستانە. ئەگەری سەرهەڵدانی گۆڕانکاریەکی جددیە کە پێشبینی ئەوە دەکرێت لە ڕاستای هاتنەمەیدانی جەماوەری، توڕەیی بەرفراوانی ناڕازی بە ئاراستەی خواستی ڕوخانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی خۆی دەنوێنێت و هەنگاو دەنێت.
ئەم دەسەڵات و سیستەمە خوێنمژەی بۆرژوازی کورد و حزبەکانی سەپاندویانە، نە بە ئەنجامدانی دیاریکرنی سەرۆك کۆماری عێراق، نە بەپێکهێنانەوەی حکومەتی تەوافقی لە عێراقدا و نە بە چاکسازی، نە بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانە کارتۆنیەکەیان چارەسەری برسێتی و بێدەرەتانی و کێشە کەڵەکەبووەکانی خەڵکی کوردستان ناکەن، بەڵکو ئامانجیان فەراهەمکردنی هەلومەرجی لەبارترە بۆ قازانجی کۆمپانیاکان و سەرمایەداران و دەستڕاگەیشتنیانە بە داهاتی زیاتر لەسەر بناغەی چەوسانەوەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، دەستراگەیشتنە بە دزی و تاڵانی و گەندەڵی زیاتر، گرێدانەوەی نان و گوزەرانی خەڵک بەڕاپێچکردنیان بۆ ژێر سایەی حکومەتێکی قەومی و مەزهەبی کۆنەپەرست و غەرقی گەندەڵی کە جەماوەری ملیۆنی عێراقی نوقمی بێدەرەتانی کردووە. ئەمەش ئایندەو ڕێگاچارەیەک نییە تا خەڵکی کوردستان ئومێدی ژیان و گوزەرانێکی باشتری پێوە گرێبدەن. ڕێگاچارەی سەرڕاست و کارساز، وەلانانی ئەم دەسەڵاتە و بەرپاکردنی دەسەڵاتێکە، کە بە ئیرادەی شۆڕشگێرانەی خۆمان تا سەرجەم داخوازیەکان و ژیانێکی شایستەی ئەم سەردەمە مسۆگەر بکات. لەم پێناوەشدا ڕێگایەکی ترمان نییە جگە لە هێنانەمەیدانی ڕیزی ڕێکخراو و یەکگرتوی خۆمان. تەنانەت هەر لەمڕێگایەشەوە دەتوانین بەتوندکردنەوەی فشار لەسەر دەسەڵات خواستە دەستبەجێکان بسەپێنین، چاوەروانی کوشندەیە، حزبەکانی کوردایەتی لەسەر بنەمای ئەو پێگە نزمەی لەناو هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکەدا هەیانە، ناچارن چاوەرێ بن، بەڵام چاوەڕوانی بۆ ئێمە زیانبەخشە، چونکە هەلومەرجی نالەباری کوردستان پێویستی بەڕێکخستن و یەکگرتن و سەراسەریکردنەوەی ناڕەزایەتیەکانە.
پێویستە ڕابەرانی ناڕەزایەتیەکان تەواوی هەوڵ و توانای خۆیان بۆ ڕێکخستن و یەکگرتوکردن و دابینکردنی ڕابەرایەتیەکی کارا بۆ ئەم بزووتنه‌وه‌یە بەگەڕبخەن. بزووتنه‌وه‌یەکی بەهێزی ئەوتۆ بهێنینە مەیدان، کە هەم توانای سەپاندنی داخوازیەکانمانی هەبێت بەسەر دەسەڵاتدا و هەم سەرئەنجامیش بتوانێ ئەم دەسەڵاتە وەلابنێ و دەسەڵاتدارێتی جەماوەری ڕێکخراو لە شوراکاندا بەرپا بکات. دەسەڵاتێک کە سەرجەم ئامانج و خواستەکانمان بەدیبهێنێ و ئازادی و خۆشگوزەرانی دەستەبەر بکات.




ئاسۆی حزبەکانی کوردایەتی لە ئێراندا!.. عوسمانی حاجی مارف

“ڕوخانی کۆماری ئیسلامی” بەرجەستەترین دروشمی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە سەراسەریەکانی جەماوەری ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی ئێرانە، کە بەچەندین شێوە دەنگ ئەداتەوە، نمونەی “نا بۆ دکتاتۆر، مردن بۆ دکتاتۆر”، “نا بۆ خامنەئی”..چەندین دروشمی تر کە لێدانە لەهێمای دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی لەئێران و ناوچەکەدا، “نا بۆ روسەری، بەڵێ بۆ ئازادی ژنان”…، هەرچەندە ئەم خرۆشانە جەماوەریە بەرفراوانە بەجیالەوەی لەئاکامی تیرۆرکردنی “مەهسا ئەمینی”ەوە دژ بە “روسەری بەزۆر” دنیای هەژاند و ڕوخسارێکی جیهانی لەخۆی نیشانداوە، بەڵام شەپۆلی ئەم خرۆشانە درێژکراوەی قەبول نەکردنی تەواوی دەسەڵات و پێکهاتەو ئایدۆلۆژیایەکە کە کۆماری ئیسلامی چلوسێ ساڵە دەسەڵاتی سیاسی خۆی پێڕاگرتووەو بە دڕندانەترین و کۆنەپەرستانەترین شێوە پارێزگاری لەسەرمایەداری و بە کۆیلەکردنی کرێکاران دەکات. ئەم بزوتنەوە جەماوەریە فراوانە دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ڕیزێکی بەرینە لەبزوتنەوەی دژی هەژاری و برسێتی، وەها مەیدان و کەنارەکانی گرتووە کە لەڕێگەی ڕاپەڕینی جەماوەریەوە درەنگ یا زوو کۆتایی کۆماری ئیسلامی دەگەیەنێتە ئەنجام. ئاراستەی ئەم خرۆشانە جەماوەریە لە هەنگاوەکانیدا، بەچونەپێشەوەو گەڕانەوەکانیدا، بە هەر کەموکوڕیەکیەوە، فراوانبونەوەی زیاترو رادیکال بونەوە و شارستانی بونمان پێنیشان ئەدات. پەیام و بانگەوازی ئایندەیەکی گەشبین بۆ کۆتاییهێنان بە ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا بڵاو دەکاتەوە، پێگەی ئازادی ژنان و یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان لە ناوچەکەدا دەچەسپێنێت…هتد
مەبەستم نیە لەم وتارەدا بە شانوباڵی ئەو ناڕەزایەتیەی جەماوەری ناڕازی ئێران هەڵبدەم، چونکە واقعیەتی ناڕەزایەتیەکان سەرنج و پشتیوانی تەواوی جیهانی بەلای خۆدا ڕاکێشاوەو ناتوانێ ئاراستەکەی بگەڕێنرێتەوە دواوە، بەئاشکراو بەڕۆشنی بەرەو پێشەوە هەنگاو هەڵدەگرێت، ئەوەی مەبەستمە دەورێک کە ناسیۆنالستەکان دەیانەوێت وینایەکی کوردایەتی بەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەریە نیشانبدەن و سیمای “شۆڕشی” ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پێببەخشن وەڵام بدەمەوە.
بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی لە ئێران دەمێکە لە هەوڵی ئەوەدان لەڕێگای دەوری دەوڵەتی ئەمریکاوە لەنمونەی ئەزمونی دەسەڵاتی تاڵانچێتی کوردایەتی کوردستانی عێراق دوبارەکەنەوە، بەپرۆسەی دامەزراندنی دەسەلاتی میلیشیایی و تاڵانچیتی ناوچەی کوردستانی ئێران داگیرکەن و لەنێوان هێزەکانیاندا جوگرفیاو سامانەکەی دابەش بکەن. بەڵام کۆتایی باڵادەستی دەوڵەتی ئەمریکا وەک تاکجەمسەری و هاتنە مەیدانی جەمسەرە ئیمپریالیەکانی تر، کەمایەی شكستی ستراتیژی دەوڵەتی ئەمریکا بوو لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لەلایەک شکستی دەوری ئەمریکا لەبەرامبەر ئێرانداو لەهەمانکاتدا بوە جێگای بێئومێدکردنی تەواوی خەونی حزبەکانی کوردایەتی بۆ داگیرکاریان لە ناوچەکانی کوردستانی ئێراندا.
حزبەکانی کوردایەتی لەم هەلومەرجی خرۆشانە جەماوەریەدا خەریکن بەو ئومێدو ئاسۆیەوە سەرقاڵ دەبن کە لەڕێگەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی شارەکانی کوردستانەوە خەونەکانیان بۆ دەسەڵاتی میلیشیایی و تاڵانچێتی بەدی بێت و بەجێگایەکی بگەیەنن، ئەم ئاراستەیە لەبانگەوازەکانیانەوە، بەدروشمەکانیان، جوڵەی هێزی چەکداریان، ناونانی شۆرشی ڕۆژهەڵات، جیاکردنەوەی کوردستان، سرودی نەتەوایەتی..هتد دەیانەوێت ئاگرەکە بەقازانجی خۆیان گەرم بکەن، با لەوە گەرێین ئەو حزبانە تاچەند لەهەوڵی ئەوەدان و دەیانەوێت ڕێڕەوی ناڕەزایەتیەکانی بەقازانجی خۆیان بگۆڕن، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا دۆخی ئاواڵەیی سیاسی لەئێرانداو چۆنیەتی ئاراستەی ناڕەزایەتیەکان، ئەو هەلە دەرخسێنێ حزبە کوردیەکان بتوانن نمونەی ئەزمونی دەسەڵاتی سیاسی کوردستانی عێراق دوبارەکەنەوەو بە ئاسۆکەیان بگەن؟
ئەزمونی حزبەکانی کوردایەتی ئەزمونێکی چەکداریە بۆ بێئیرادەکردن و گۆشەگیرکردنی رۆڵی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا، هەوڵدانە بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسیان لەئایندەی دۆخی دەسەڵاتی سیاسی ئێراندا، بەڵام واقعیەتی ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی ئێران بە کوردستانیشەوە لە گۆڕانی هەلومەرجی سیاسی بەڕاپەرینی جەماوەری، پێشوازیان بۆ هێزی میلیشیایی نیە، چونکە پانتایی کوردستانی ئێران چەندین شاری کرێکاری و بەرهەمهێنانی کاڵاییە، ژیان شارستانیەو ناڕەزایەتیەکان زادەی خواستی کرێکاران و زەحمەتکێشانە کە لەگەڵ ئاسۆی کوردایەتیدا یەکناگرێتەوە.
بەجیا لەوەش ناڕەزایەتیەکانی ئێران سەراسەریەو تەواوی ئێرانی گرتۆتەوە کە پەیڕەوی یەک خواستە بۆ ژیانێکی باشترو هەمان ئامانج و دروشمە بۆ کۆتایی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، کرێکاران زەحمەتکێشان و ژنان و ئازادیخوازانی شارەکانی کوردستان بەشێكن لە کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و ئازادیخوازانی ئێران، یەک چارەنوس لە ئایندەی دەورو دەخالەتی خەڵک لە دەسەڵاتی شورایدا بە یەکیان دەبەستێتەوە.
ئەتوانم بڵێم دەورو نەخشێک کە حزبەکانی کوردایەتی دەیانەوێت لە ئایندەی سیاسی کوردستاندا بیگێڕن، واقعیەتی شارستانیەتی کوردستان و سروشتی ناڕەزایەتیەکان ئەوەمان نیشان ئەدەن جێگایەک کە شایستەی حزبەکانی کوردایەتی بێت و بیانەوێت کوردستان میلیتاریزە بکەن، زەحمەتە بۆیان بەدەست بێت و بتوانن لەو ڕێگەیەوە پێگەیان بەهێز بکەن، بەڵکو فرسەت کراوە دەبێت بۆ کرێکاران و کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازان و بزوتنەوەی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان کە خۆیان ڕێکبخەن و ڕۆڵی خۆیان لە بەرەوپێشبردنی ئایندەی ئێراندا بگێڕن.




ئایا حکومەتی تەوافقی لە عێراقدا پێکدێتەوە؟.. عوسمانی حاجی مارف

ئەو هێزە بورجوازیە سیاسیانەی لەسەر بنەمای ئیسلامی سیاسی و تائفی و قەومی لە ساڵی ٢٠٠٣ وەک هێزی میلیشیا هێمای پێکهێنانی حکومەتی عێراق بوون، دوای نزیک بە بیست ساڵ لە بەردەم قەیرانی بەردەوام و دوبارە پێکهێنانەوەی هەمان شێوازو بنەما بۆ پێکهێنانی حکومەت قەتیس ماون. نزیک بە تێپەڕینی ساڵێک لە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە نێو دۆخێکی ئاڵۆزدا خولقێنەری فەزایەکی بارگرژی زیاترو پێکدادان و شەڕی نێوان خۆیان بون. ئێستاش پاش هەڵکردنی ئاڵای سپی بۆ ڕاگرتنی شەڕەکانیان، خەریکی دانوسان و گفتۆگۆی بێ دەستکەوت و پاشەکشەو دوبارەو چەندبارەبونەوەی دانوسانن، لە ناو بازنەیەکی داخراوی دانوسان و پاشەکشەو هەڕەشە لەیەکتر دەسوڕێنەوە.
بەهەر لێکدانەوەیەک بۆ ئەو پێشهاتانەی لەسایەی ململانێی وولاتانی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکەدا بۆ ڕودانی هەر ئاڵوگۆڕێك لە عێراقدا پێشبینی دەکرێت، ئەم ‌هێزە سیاسیانە وەک هێزی میلیشیاو تاڵانچی و گەندەڵ و دژبەیەک، ناتوانن مەرجی گونجاندنی بەرێوەبردنی دۆخێکی تر بن بۆ هەر ئاڵوگۆڕێک گەر لە هەلومەرجی سیاسی عێراقدا پێش بێت، بە جیا لەوەی بەهیچ شێوەیەک وەڵامدەرەوەی خواستی جەماوەری ناڕازی نین و ئەهلی چاکسازیش نین، لەهەمان کاتدا ئەو پێگەیەشیان لەدەستداوە کە بتوانن پێکهێنەری حکومەتێک بن بەویست و خواستی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکە بێت. ئەم حاڵەتە فاکتەرێکی جدیە بۆ ئەو قەیرانەی کەئەم هێزە سیاسیانەی لە چاوەڕوانیدا ڕاگرتووەو ناتوانن پرۆسەی ڕێکەوتنی نێوانیان تێپەرێنن.
ڕۆژانە ئەو هەواڵانەمان پێدەگات بەجیا لەهەر گفتوگۆو نادروستی و ناجێگیری لە لێداونەکانیانداو ڕێکنەکەوتنی نێوانیان، خەریکی شکاندن و ڕیسواکردنی یەکترو پلانگێڕین لە بەرامبەر یەکتردا. دۆخێکی وەها نالەباریان لە هەلومەرجی سیاسی عێراقدا بەرهەم هێناوە کە کۆتاییەکەی نادیارە ئەم ململانێیەی نێوانیان بە کام ئاراستەدا دەڕوات و بە قازانجی کام لایان تەواو دەبێت. زیاتر لەسەر مێزی قومار دەچیت کە جگە لە پێگەو بەخت، فروفێڵیش لەگەمەکانی نێوانیاندا بە ئاشکرا دەور دەبینێت، کە لە ئایندەی هەر ئاڵوگۆرێکدا، ئاخۆ کێ بە وەرەقەی کۆتایی براوە دەبێت، بۆتە مەتەڵێکی وەها نەزانراو کە بۆ خۆشیان بێ وەڵامە.
چارەنوسێک لە گێژاو ناجێگیری سیاسی کە چەندین ساڵە بەشێکی گەورەی لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دانیشتوانی عێراق داگیرکردووە، ئەتوانم بڵێم بەوێنەی تاوانێکە بە هیچ جۆرێک قابلی لێخۆشبوون نیە بۆ ئەو لایەنانەی کە هۆکاری ئەم دیاردە نائینسانی و کارەساتبارەن. گەر هۆکاری ئەسڵی ئەم وێرانکاریە بە دەورودەخالەتی دەوڵەتی ئەمریکاو هاوکارانی پێشهاتبێت، ئەوە هاوبەشی ئەو هێزە سیاسیانەی عێراق و کوردستانیش کە ئایندەی سیاسی خۆیان بەستەوە بە دەوری وێرانکاری دەوڵەتی ئەمریکاو پاشکۆ بون بۆ نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا، لە وێنەی هەمان ئەو تاوانانەیە کە وێنای هاوبەشە لە ئەنجامدانی تاوانی جینۆسایدا.
دەورانێک بەدوای تێپەڕبونی ئەزمونی نزیک بە بیست ساڵ لە حکومڕانی هێزە میلیشیاکان و ساڵێکیش دوای هەڵبژاردن و قەیرانی حکومەت، نیشاندانی دەورانێکە کە لەلایەک فرسەتی ڕێکەوتن بۆ دوبارەکردنەوەی پێکهێنانی هەمان حکومەتی تەوافقی و بەشبەشێنە بە ڕێکەوتنی تەواوی ئەو هێزە میلیشیا تائفی و نەتەوە پەرستانەی کە لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا لەمەیدانی سیاسی عێراقدا هێمای ئەوپەڕی تاڵانچێتی و جەردەیی بون تەواو بەرتەسک بۆتەوە، بەمانایەک زەحمەتە بتوانن حکومەتێک پێک بهێنن بە ئارامی و ئاسودەیی لەسەر کورسی دەسەڵات دابنیشن. گەر لەلایەکی ترەوە ئەوە ڕۆشن بێت کە ناتوانن هەمان حکومەتی تەوافقی پێشویان دوبارە بکەنەوە، پێکهێنانی حکومەت بە هیچ یەک لەو هێزانە وەک تاکە هێزێکیش ئمکانیان نیەو لە توانایاندا نیە، چونکە پێگەی هیچ لایەنێکیان لەو ئاستەدا نیە تا بەهەرجۆرێک بیانەوێت بیسەلمێنن یەکلایەنە ئەتوانن بەدوای پێکهێانی حکومەتەوە بن. بەڵکو نەک هیچ لایەنێکیان سەرکەوتو نابێت، شکست و ڕیسوابونیشیان مسۆگەر دەکەن. هەربۆیە ئەم بارودۆخە لەسەر قەیرانی حکومەت بواری ئەوەشی نەهێشتۆتەوە کە مانایەک بە نەخشەی کودەتا ببەخشێت، ئەو هەواڵانەش کە پێمان دەگات سەبارەت بەوەی گوایە لایەنێک هەوڵی کودەتای دابێت، بەگوێرەی ئەو لێکدانەوەیەی هەمانە لەسەر پێگەو واقعیەتی هەر یەک لەو هێزە میلیشیا پەڕپوتانە بۆ پێکهێنانی حکومەت، باسی کودەتاو هەوڵ بۆ کودەتا جگە لە هەواڵێکی ڕیکلامی هیچ مانایەکی تری نیە.
گەر چەند جار باسی ئەوەمان کردبێت کە کێشمەکێش و دەخاڵەتی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکە ڕۆڵێکی سەرەکیان لە سەر بارگرژی و نائارامی سیاسی لە ناوچەکەو عێراقدا دیبێت، یاخود ئیرانیش بەدەوری خۆی لەو بوارەدا ڕۆڵێکی تایبەت و تەواو تێکدەرو کارەساتباری بوبێت، لە ئێستادا ئەو هەلومەرجەی لە ناڕەزایەتی فراوانی شەقامی شارەکانی ئێراندا بە دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێکەوتووەو دەنگێکی جیهانی داوەتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە هاوکێشەی سیاسی بۆ کاریگەری لەسەر دۆخی عێراق بە ئاراستەیەکی تردا بەرێت، بەتایبەتی کاریگەری لەسەر گۆڕینی ئاستی لاواز بونی پێگەی ئەو هێزە شیعانە دادەنێت کە پاشکۆی نەخشەو سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن، ئەم حاڵەتەش لە دۆخی سیاسی ئێستای عێراقدا بۆ ئەو هێزانە کاتێکی زیاتری دەوێت تا ڕۆڵی کێشمەکێشی هێزە میلیشاکانی سەربەئێران و رەقیبەکانیان بتوانن پێناسەیەکی تازەتر بدەن بەو ئاڵۆگۆڕانەی کە ڕوداوەکان و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی خەڵکی ناڕازی و ئازادیخوازانی ئێران دەیخولقێنن. بەمانایەک دۆخێکی لەو چەشنە نەک نزیک نابێتەوە بە ئاراستەی وەڵام بە کۆتایی قەیرانی پێکنەهێنانی حکومەت لە عێراقدا، بەڵکو ئەگەری ئەوە زیاترە کە ئەو قەیرانە ئاڵۆزترو نالەبارتر ببێت، لەهەمانکاتدا پکهێنانی حکومەتەکەیان بە ئایندەیەکی نادیارتر دەسپێردرێت. مەبەستم ئەوەیە ئەم دۆخی خرۆشانە جەماوەریەی ئێران، دوو ئەگەر دەخاتە بەردەم ئەو هێزانەی بە پشتیوانی و دەوری کۆماری ئیسلامی سیاسەتەکانیان پیادە دەکەن. ئەگەری یەکەم ڕوخانی کۆماری ئیسلامیە یا لاوازبونی کۆماری ئیسلامی بە پاشەکشە پێکردنی و بە ملکەچ بونی لەبەردەم خواستەکانی ژنانی ئازادیخوازدا، ئەم ئەگەرە بواری دەخالەتەکانی ئێران زۆر بەرتەسکتر دەکاتەوە، هێزە میلیشیاکانی عێراقیش کە پاشکۆی ئێرانن ئاستی پێگەیان لە پێکهێنانی حکومەتدا، لەبەردەم قەیرانێکی قوڵتردا خۆیان دەبیننەوە. ئەگەری دووەم خۆڕاگری کۆماری ئیسلامیە لەبەرامبەر ئەم خرۆشانە جەماوەریەدا، ئەم خۆڕاگریەش وا بەئاسانی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا تێناپەڕێت و زۆر لەسەری دەکەوێت، گەر ئاستی توندوتیژیەکانیشی فراونکاتەوەو شەقامی شارەکانی ئێران خوێناوی بکات، لەم حاڵەتەشدا ئەگەری ئەوە زۆرە کە پشتیوانی کۆماری ئیسلامی بۆ هێزە میلیشیاکانی خۆی لە عێراقدا بکەوێتە ژێر پرسیارەوەو نەتوانێ دەخالەت بکات.
بەگشتی لە هەر لایەکەوە بڕوانینە قەیرانی پێکهێنانی حکومەت لە عێراقدا لە سایەی ئەم هێزە میلیشیایانەداو هەلومەرجی سیاسی ئێستای ناوچەکە،هیچ دەرگایەکی کراوە بەدی ناکرێت تا ئەو هێزانەی خۆیان لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی ئێستادا دەناسنەوە بتوانن بە ئاسانی ئەو قەیرانە تێپەڕێنن و جارێکی تر ناتوانن حکومەتی تەوافقی و بەشبەشێنەکەی جارانیان دامەزرێننەوە، یا ئمکانی ئەوەیان نەماوەو نیە بتوانن بەم زوانە دەرگایەک بۆ تێپەراندنی ئەو قەیرانەیان بکەنەوە.
بۆیە لەم نێوەدا دەمێنێتەوە سەر دەوری جەماوەری ناڕازی عێراق، کە چۆن گەشە و پێشڕەوی زیاتر دەبەخشن بە ئەزمونی ناڕەزایەتیەکانی ئۆکتۆبەر.لە ئێستادا پەیوەستبون بەناڕەزایەتیەکان و خرۆشانە جەماوەریەکانی ئێران و بەرگری تەواو لە ژنانی ئازادیخوازی ئێران و هاتنە مەیدانی ڕیزێکی بەرین لە ژنانی ئازادیخوازی عێراق، ئەتوانێ کاریگەری گەورە لەسەر نەخشەی ناوچەکە دابنێت و ئاسۆیەکی ترو دەرگایەکی تر بەڕوی دانیشتوانی ناوچەکەدا بۆ ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی بکاتەوە.




بەغداد لە نێوان شەڕی میلیشیاکاندا.. عوسمان حاجی مارف

پەنا بردن بۆ شەڕی چەکدارانە لە نێوان سەرایە سەلامی سەدرو هێزەکانی هاوپەیمانی لە شاری بەغدا، هاوکات شەڕ لەگەڵ دەستەی چەکداری خەزعەلی لە شاری بەسرە، نیشاندانی داخستنی تەواوی ئەو ڕێکەوتنەیە کە هێزە میلیشیاکانی شیعە دەیانویست حکومەتێک بەشێوازی تەوافق و بەشبەشێنە کە پێش چەندین ساڵ لەسەری ڕێککەوتبون، پێک بهێننەوە. واتە ئەنجامی بن بەست بون بۆ پێکهێنانی حکومەت لە عێراقدا بە ڕێکەوتنی نێوان هێزە میلیشیاکانی تائفی و ئیسلامی و عروبە تا ڕادەیەک بە شوێنی خۆی گەیشتووە، لەو نێوەشدا بە هەڵکوتانە سەر پەرلەمان و دامودەزگا حکومیەکان خەریکە دانیشتوانی شاری بەغداد دەخەنە ناو ئاگری دۆزەخی شەڕەکەیانەوە.
ئەم شەڕە چەکداریەی سەدر لە بەرانبەر عامری و خەزعەلیدا پێشبینی دەکراو کردارێکی چاوەڕوانکراو بو، چونکە ئاکامی کێشمەکێشی نێوانیان نەیتوانی و ناتوانێ هیچ نەخشەو پلانێکی گونجاو بۆ ڕێکەوتن لەسەر بەردەوامی بە جەردەیی و تاڵانی و گەندەڵی پێکەوە لە حکومەتێکدا بدەن بەدەستەوە، یان ڕۆشناییەک بخەنە بەردەم ئەو قەیرانانەی کەدەرگیری عێراق و ناوچەکە بووە، بۆیە ئاکامەکەی دەبێتە شەڕی نێوانیان.
هەوڵەکانی سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە جۆرێکی ترە لە پێکهێنانی حکومەتی تەوافقی لەگەڵ هیزە میلیشیاکانی پارتی و حەلبوسی و هێزگەلێکی تردا، تا لە بەرامبەر ئەو هێزە میلیشیایانەی پاشکۆی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئێراندان بوەستنەوە، ئەم هەوڵەش ئاشکرابو کە هەر لەسەرەتاوە سەری نەگرت
عێراقێک کە غەرق بووە لە گێژاوی سیاسی و گەندەڵیدا و تەواوی ئەم هێزە میلیشیایانەش فاکتەرێکی کاریگەری ئەو دۆخەن، تەواوی بونیان و پلان و دەوری سیاسیان بەبەردەوامی هۆکاری قوڵکردنەوەی ئەو گێژاوو ناجێگیریە سیاسیەن، هەر هەوڵ و شیوازێکی تر لە دەورو دەخالەت و کێشمەکێش و شەڕی نێوانیان هۆکاری سیناریۆی نەرێنی زیاترو کارەسات بار تر دەبن.
تەواوی ئەم هێزە مافیا گەندەڵ و جەردانەی لە عیراق و کوردستاندا کە بەهێزی میلیشیا نوێنەرایەتی دەسەڵاتی سیاسی دەکەن، وێنایەکی نمونەیی ئەوپەڕی ڕیسوایین لە شێوازدان بە چوارچێوەی حوکمرانیەکی تایبەت لە ناوچەکەدا، تا ئەو ئاستەی تەواو ناکۆکن بەو ئاڵوگۆڕانەی پێویستە پێشبینی بکرێت بۆ ناوچەکە بە ئاراستەی دابینکردنی ئەمنیەت بۆ سەرمایە گوزاری، بە مانایەک گەر پرۆژەی ئارامی سیاسی و دابینکردنی ئەمنیەت بۆ سەرمایەگوزاری پێداویستیەکی ناچاری بێت، ئەوە بەڵگە نەویستە کە تەواوی ئەو هێزانەی چەندین ساڵە لە شانۆی سیاسی عێراقدا وەک هێزی میلیشیا سەپێنراون، ئێستا کەوتونەتە بەر چارەنوسێک بۆ خۆشیان ڕۆشن نیە ئایندەی سیاسی و مافی دەسەڵاتداریەتیان تاکەی بڕدەکات و بەرەو کوێیان دەبات. هەر هێزکیان لەو نێوەدا بەخت و چارەنوسی خۆی لە ناو ئە ئاڵوگۆڕانەدا تاقی دەکاتەوە. بە مانایەکی تر هەر لایەنێکیان بەهەر شێوازو سیناریۆیەکی گونجاو بۆیان بەدی بێت لە هەوڵی ئەوەدان هاوسەنگی هێزەکەی تاقی کاتەوەو هەوڵئەدات نیشانی بدات هێزێکە ئەتوانێ کە خاوەنداریەتی ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا بەدەستەوە بگرێت. بە بۆچونی من ئەم جۆرە لە هەوڵدان بۆ هەر لایەنێکیان قومارێکی گەورەو مەترسیدارە، دەبینین کە ئاکامی کێشمەکێشەکایان جگە لەوەی دەبێتە پێکدادان و بارگرژی و نائارامی زیاتر بۆدۆخی سیاسی عێراق، هیچ شتێکی تری لێ سەوز نابێت، هەرلایەنێکیان پێگەو نفوزی سیاسی و چەکداری خۆی تاقی دەکاتەوە تا گرەوی باڵادەستی بەسەر گەندەڵیدا تەواو بخاتە ژێر هێژمۆنی خۆیەوە.
ئەم هێزە میلیشیایانەی کە بەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە لە مەیدانی سیاسی عێراقدا ناسنامەی سیاسی خۆیان بە ئیسلامی و تائفی و عروبە ناساند، وەک چەند گروپ و دەستەوتاقمی مافیا ئاسا، گەورەترین تەوریان بەسەر درەختی بەهاری عێراقدا وەشاند، عێراقیان کردە چەند پارچەیەک کە تا ئێستا هەر تاقمە مافیایەک ناوچەیەکی خستۆتە ژێردەسەلاتی هێزە دڕندەکەی بۆ سەپاندنی ئەوپەڕی کۆنەپەرستی و مامەڵەی دژە ئینسانی. لە هەمان کاتدا هەریەک لەو هێزانە ئەوەیان سەلماند کەبە هیچ جۆرێک توانای ئەوەیان نیە و ناتوانن مەرکەزیەت بۆ باڵادەستی دەسەڵاتی سیاسی لەعێراق دابین کەنەوە، هەر ناوچەو هەر شارێک یاساو رێسای میلیشیایەک بەرێوەی دەبات، هەر هەولێک بۆ گەڕانەوەی مەرکەزیەت لە سایەی ئەم مافیایانەدا بەشکست و کارەسات کێشراوە.
موقتەدا سەدرو هێزەکەی لە هەوڵی خۆ ئامادەکردنیان بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانەی پێوێستە لە عێراق و ناوچەکەدا بەدی بهێنرێت، سەرەتا هەوڵیاندا لە ڕێگەی فشارهێنان بە خۆپیشاندانە جەماوەرکەیان، لە بەرامبەر هاوپەیمانی و لایەنەکانی تردا مەرجەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەم ڕێگایە بۆ سەدر کارساز نەبو، جگە لە کات کوشتن، نەبووە دەستکەوتێک تا نانی سەرکەوتنی پێکهێنانی دەسەڵاتی لێ بخوات، بۆیە سەدرو هێزەکەی ڕێڕەوی جوڵەی سیاسی خۆیان گۆڕی بۆ هێرشی چەکداری، ئەم شەڕەش بۆ سەدر جارێکی تر جگە لە زیانێکی زۆر لەهێزەکەی و کەم بونەوەی ئعتباری سیاسی ڕەوتەکەی ئەنجامێکی تری نەبو، لە هەمان کاتدا لە ژێر فشاری ئێران و بەڕەنگاربونەوەی هێزی هاوپەیمانی، لەبەرامبەر پاشەکشەو شکستێکدا خۆی بینیەوە. بەم جۆرە دۆخەکەی لە خۆی و لە هێزەکانی تریش ئاڵۆزترو نالەبارتر کرد.
لەلایەک واقعیەتی بارگرژی و نالەباری و نائارامی کە ساڵانێکە بۆتە دیاردەیەکی دانەبڕاوی بەرچاو لە ناوچەکەدا، لەلایەکی ترەوە ئەو ئاراستەیەی بەتەنگ ئەو ئاڵوگۆڕەوەیە بە گەڕانەوەی ئارامی و ئەمنیەت بۆ سەرمایەگوزاری، ڕێگە نادات بەشەڕی درێژماوەی نێوان هێزە میلیشیاکان، بۆیە نەک سەدر، هەرهێزو لایەنێک لە مەیدانی شەڕی ناوخۆدا خۆی تاقی کاتەوە بۆ سەپاندنی هێزەکەی، لە بەڕێخستنی شەڕێکی درێژماوەدا، بێشک لەبەردەم پاشەکشەو شکستدا خۆی دەبینێتەوە، هەربۆیە سەدر بە زوویی ناچار بە پاشەکشەو شەرمەزاری بو. ئەمە واقعیەتی سیاسی ئێستای ئەو دۆخەیە لە ناوچەکەدا کە لە ناو ناکۆکی و ئایندەیەکدا قەتیس بووە، ناتوانرێ لە ئایندەیەکی نزیکدا دەرکەوتەکانی بەدی بکرێت، ئەمەش هێزە میلیشیاو مافیاکانی خستۆتە ناو چاوەڕوانی و سەرەگێژیەکەوە، نازانن چۆن وە دەست پێبکەنەوەو لەکوێ وە سەر دەربێننەوە، بۆیە هەمیشە ئیمکانی ئەوە هەیە پێکدادانی تر لە چەشنی سەدرو هادی عامری و خەزعەلی دوبارە بێتەوە، بەڵام ناتوانێ درێژماوە بێت.
مەسەڵەیەک کە گرنگە لەم نێوەداو جێگای سەرنجی جەماوەری ناڕازی بێت لە عێراقدا، ئەوەیە بە هیچ جۆرێک خەڵکی نەبنە قوربانی و سوتەمەنی ئەم جۆرە شەڕانەی نێوان هێزە میلیشیاکان، تەواوی ئەم هێزانە بە ڕێکەوتنیان، بە شەڕەکانیان، گەورەترین دەردو بەڵاو موسیبەتن بۆ دانیشتوان، خۆپاراستن و دورکەوتنەوە لەشەڕەکانیان گرنگترین ئەرکە پەیڕەوی بکەین، لە هەمان کاتدا ڕێگای کارساز بۆ کۆتایی بەم دۆخە، خرۆشان و ڕاپەڕینی جەماوەری ناڕازیە کە سەربەخۆبن لە ئاسۆی بزوتنەوەی ئیسلامی و تائفی و قەوم پەرستی، لە هەوڵی ڕاماڵین و پاکردنەوەی عێراق و کوردستاندا بین لەم هێزە میلیشیایانە.




ئاراستەی هەڵبژاردن لە دۆخێکی ئاڵۆزو نادیاردا!… عوسمان حاجی مارف

لێکترازانی پەیوەندی زیاتری لایەنە سیاسیەکان تائاستی گەیشتن بەپێکدادان و بارگرژی توندتر لە نێوانیاندا، مەسەلەیەکی جددیە کە لەئێستای دۆخی سیاسی عێراق و کوردستاندا دەبینرێت. نەتوانینی پێکهێنانی حکومەت لەبەغدا، نادیاری ڕێکەوتن لەسەر هەڵبژاردن لە هەرێم، ئەو واقعە نالەبارەیە، کە هێزە سیاسیە میلیشیاکانی خستۆتە ناو گێژاوو قەیرانێکی وەها قوڵەوە، ئومێدی ڕێککەوتنی نێوانیانی خستۆتە ژێر پێ و چارەنوسێکی نەبینراوەوە، کە ڕاشکاوانە فەزایەکی پڕئاڵۆزی و سەرگەردان و دڵەڕاوکێیان فەراهەمهێناوە.
بەدوای چەندین ساڵ لە پێکهێنانی حکومەتی تەوافقی و بەشبەشێنەی نێوان هێزی میلیشیای ئیسلامی و تائفی و قەومپەرستیەوە، بە دەستبردنی بەردەوامیان بۆ بە تاڵانبردن و دابەشکردنی تەواوی سەروەت و سامانی سەر زەمینی و ژێرزەمینی عێراق و کوردستان لە نێوان خۆیاندا، لە ئاکامدا جۆرێک لە بنبەست و قەیرانی پێکهێنانی حکومەتی و نەتوانینی ڕاگرتنی پێگەوئاستی هاوسەنگی هێزەکانیان لە ئایندەدا بەرەوڕووبۆتەوە، تا ئەو ئاستەی هێزە شیعیەکان زیاتر لێکترازان و پەرشوبڵاوی و پارچەپارچەبوونیان پێوەدیارە. لەنێوان نەخشەو سیاسەت و بەرژەوەندەیەکانی ئەمریکاو ئێراندا لەنگەریان گرتووەو چاوەڕوانی پێشهاتێکن لە ڕێکەوتن یان چڕبوونەوەی ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێراندا. دڵەڕاوکێیەک لە ئاستێکی بەریندا لەناو بەشێکی زۆری خەڵکدا دەنگدانەوەی هەیە، پێشبینی پێکدادان و شەڕی نێوانیان بەدوور نازانرێت.
ئەم هەلومەرجە زادەی واقعیەتی پرۆسەی پاشەکشەو شکستی ستراتیژو سیاسەتەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. لەهەمان کاتدا مەسەلەیەک، کە زۆر ڕۆشن و بەرچاوە، لەلایەک تەواوی ئەو هێزە سیاسیانەی چارەنوسی عێراق و کوردستانیان خستۆتە ژێر دەسەڵاتی باڵادەستی هێزە میلیشیاکانیانەوە، و پێکهاتەیەکن لەو هێزانەی بەدوای هەردوو جەنگی کەنداودا، بەدوای کۆکردنەوەی پاشماوەی کارەساتەکانی ئەوجەنگانەوە بوون، هەر بەو ڕێگەیە لەناو چوارچێوەی ڕەوتی تاڵانی و گەندەڵی و قۆرخکردنی سەروەت و ساماندا، کۆمەڵگایان بەڕێوەبردووەو لەقاڵبداوە. لەلایەکی ترەوە تەواو ملکەچ و پێشخزمەتی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکەبوون وەک تورکیا و ئێران، کە گەورەترین ڕۆلیان بینیوە لە بێئیرادەکرن و شکۆشکاندن و گۆشەگیرکردنی دەوری خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا، بە سەپاندنی دەستەوتاقمی مافیاو تاڵانچی و میلیشیای ئیسلامی و تائفی و نەتەوەپەرستی، تا ئەو خەڵکە نەتوانن دەوری بەرجەستەیان هەبێت لە دەخالەتی ڕاستەوخۆ بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و دابینکرنی دەسەڵاتی خەڵک. بۆئەوەی فراوانترین زەمینە بڕەخسێنن لە دەستپێشخەری و داهێنان لە گەندەلی و تاڵانچێتیدا. ئەمەش نمونەی ئاکامی ئەو دەخالەتەیە، کە دەوڵەتی ئەمریکا و هەر وڵاتێکی ئیمپریالیستی باڵادەستی بەسەر دانیشتوانەکەیدا لە هەر وڵاتێکدا دەیسەپێنێت.
بەدوای جەنگی کەنداوی یەکەم، عێراق و کوردستان بوونە نمونەی یەکێک لەو ناوچانەی پاش داڕمانی باری ئابوریان،لەبەردەم گەورەترین گێژاوو ناجێگیری سیاسی سەرگەردانیدا خۆیان بینییەوە. بەدوای جەنگی کەنداوی دووەم و ڕوخانی حکومەتی بەعس، ئەم ناجێگیری و گێژاوە سیاسیە لە ئاستێکی باڵای وەهادا بەردەوامی بەو پڕۆسەیە دا، کە مایەی خولقاندنی چەندین کارەسات و سیناریۆی دژە ئینسانی و دڵتەزین بوو. لەهەمانکاتدا بەردەوامی ئەم پرۆسەیە تائەو ڕادەیە کە ئەو نائارامیەی کێشایە ناو دۆخێکی تایبەت بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. هەمان سەرگەردانی و بێدەرەتانی و زۆرترین کارەساتی نائینسانی بووە ژیانی ڕۆژانەی ناوچەکە. لەلایەکی ترەوە ناوچەکە بووە مەیدانی شەڕو کێشمەکێشی وڵاتانی زلهێزی جیهان و دەخالەتی زیاتری تورکیاو ئێران و هەروەکو بووە بەرهەمهێنەری چەندین گروپی تیرۆریستی و شەڕی نێوان هێزە میلیشیاکان. بەگشتی چەندین ساڵە دانیشتوانی ئەم ناوچەیە لەبەردەم ئابڵوقەی کابوسی نائارامی و ناجێگیری سیاسیدا قەتیس ماون و ڕۆشنایی تێدا بەدی ناکرێت. ئەم دۆخە لە ئاستێکدایە، کە لەهەمانکاتدا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر جموجوڵەکانی سەرمایە و سەرمایەگوزاری. جگە لە بازرگانی و قاچاخچێتی نەوت و بازرگانی بەرهەمی بەسەرچوو، ئەمنیەت بۆ سەرمایەگوزاریش زۆر سەخت کردوە.
لە ڕاستای ئەم هەلومەرجەداو بەتایبەتی بەدوای پاشەکشەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و هەڵگیرسانی شەڕی ڕوسیاو ئۆکرانیا و کێشەی چین و ئەمریکا لەسەر تایوان و لاوازبوونی دەوری ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵدانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ سەرمایەگوزاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو پاراستنی سەرمایەکانیان، ئاراستەو نەخشەیەک دێتە پێشەوە، کە بەردەوامی ئەم دۆخە ناجێگیرە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی و لە عێراق بەتایبەتی بە قازانجی ڕۆژئاوا و کێشمەکێشی وڵاتانی زلهێزی جیهان مانایەکی نەماوەو پێویستە ئاڵوگۆری بەسەردابێت. بۆیە هەوڵ و ڕێگەیەک پێشبینی دەکرێت، کەبۆ ئەمنیەتی سەرمایەگوزاری لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا دابین بکرێت. ئەم ئاڕاستەیە هەوڵێکە ئیمکانی سایەکردنی هەیە بۆ ڕێکەوتنی لایەنەکانی دەخیل لە ناوچەکەدا، وەک ئەمریکا و ڕوسیا و چین و ئەوروپا و تورکیا و ئێران. بەجیا لە بەدەست هێنانی هەر بەرژەوەنیەکی تر کە لە جوڵەو کێشمەکێشی نێوان ووڵاتەکاندا رەنگ ئەداتەوە، بەڵام سەردانی بایدن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆتین بۆ ئێران، دانوسان و گفتوگۆی ئەمریکاو ئێران و تورکیا هتد. هەر لەو ڕاستایەدا، کە دەخوازێ ئارایشێکی تر بە ناوچەکە بدەن و لە هەوڵی ئەوەدان ئارامی و ئەمنیەت بۆ ناوچەکە بەدەست بهێننەوە. ئەم ویست و ئاراستەیە هەوڵێکی ئایندەیی و نەخشەیەکە بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام تا چەند دەکرێت بچێتە باری جێبەجێ بوونەوەو چەند دەخایەنێت. پرۆسەیەکە لەباری عەمەلیەوە نادیارە کەی دەتونێ یەکلاییبێتەوە. بەڵام لەلایەکی تریشەوە پێداویستیەکی حەیاتیە بۆ توندوتۆڵکردنەوەی پەیوەندیەکانی سەرمایەداری لە ناوچەکەدا. دۆخی ناوچەکە بەتایبەتی عێراق و سوریا بە جۆرێک سەرگەردان و شێواوە، یەکلاییبوونەوەی نەخشەیەکی لەو چەشنە بە ئاسانی نایەت بەدەستەوە. ئەم نەخشەو ئاراستەیە، کەمەبەست دڵنیاییە بۆ داسەپاندنی ئەمنیەت بۆ سەرمایەگوزاری لە ناوچەکەدا، لە بەرانبەر ئەم دۆخەی عێراق و کوردستان و ناوچەکە، کە لەلایەک باڵادەستی دەستەوتاقم و هێزی میلیشیاو گروپی تیرۆریستیە، لەلایەکی تریشەوە کە ئاراستەیەکی رۆشن و هاوبەش لە نێوان ووڵاتانی زلهێزی دنیادا تەماوی ماوەتەوە، دەیخاتەبەردەم ناکۆکی و ڕێگریەکی جددیەوە، کە بتوانێت پرۆسەیەکی خێراو سەرکەوتووبێت. هەربۆیە دەبینین پەلەقاژێی تەواوی هێزەکانی دەسەڵاتدار لە عێراق و کوردستاندا بە ئیسلامی شیعەو سونەوە، بە عروبەو کوردایەتیەوە لەلایەک لەژێر چەتری ئەو پێشهاتە بۆ ئاڵوگۆڕ، کەوتونەتە پێشبرکێ و شکاندنی سەروپۆتەڵاکی یەکترەوە. لەلایەکی ترەوە هەرلایەکیان پێویستیان بەوەیە ئەوە لەخۆی نیشان بدات شۆرەسواری ئەو مەیدانەیە. بەڵام لە دنیای واقعدا جگە لە قوڵکردنەوەی ناکۆکی و کێشەکانی نێوانیان هیچی تریان نەداوە بەدەستەوە. هەر ئەم نەگونجانەی ئەم هێزە تاڵانچی و گەندەڵ و جەردانەی، کە ناتوانن بێ هێزی میلیشیا خاوەنی دەسەڵات و داگیرکەر بن، کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە بۆ بەردەوامیان بە داسەپاندنی نائارامی و نەبوونی ئەمنیەت بۆ سەرمایەگوزاری، بە مانایەک ئەو هێزو پێکهاتەیە نین و شانوشەوکەتی ئەوەیان نیە،کە بتوانن بچنە ناو پڕۆسەی پاراستن و دابینکردنی ئەمنیەت بۆ ئاستی گەشەی سەرمایەگوزاری بۆئاستێکی فراوان لە ناوچەکەدا. تەنها ئیکتفاکردن بەداگیرکرن و بەتاڵان بردنی چاڵە نەوتەکان و چەتەیی و قاچاخچێتیەوە دەتوانن درێژە بە ژیانی سیاسیان بدەن.
ئەم قەیرانەی ئێستا هێزەکان لەناو دیاردەی نەتوانینی پیكهێنانی حکومەتی عێراقدا دەرگیری بوون، ئامادەنەبوونی هێزە ناسیۆنالیستە کوردەکان بۆ دیاریکردنی هەڵبژاردن لە هەرێمدا، بەجیا لە هۆکاری بونی نارەزایەتی بەرفراونی جەماوەری، لەهەمانکاتدا ئاکامی پێشهات و هەوڵی ئەو گۆڕانەیە بۆ دابینکردنی ئەمنیەت و ئارامی لە ناوچەکەدا پێویستە بکرێت. ئەم پێویستیەش پێگەی ئەو هێزە میلیشیایانە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. مەرجێکی گرنگی دابینکردنی ئەمنیەت لە ناوچەکەدا پێویستی کۆتاییهێنانە بەهێزی میلیشیا، بەڵام لەهەمانکاتدا مەرجی مانەوەی دەسەڵاتی ئەو هێزە ئیسلامی و تائفی و قەومپەرستانەش مانەوەی هێزە میلیشیاکانیانە. ئەمەش ئەو ناکۆکیەیە، کە ئەو هێزانە لە عێراق و کوردستان لە بنبەست و چاوەڕوانیدا ڕاگرتووە.
لەم نێوەدا دەبینین لەناو کێشەکانی ئێستای هێزە جۆراوجۆرەکانی شیعە و سونەکانی عێراقدا بە ئاشکرا بەلایەنگری بە ئەمریکا یان لایەنگری بۆ ئێران دابەشبوون:”سەدرو دارودەستەکە”ی بە ناوی حکومەتی زۆرینە لەژێرکاریگەری دەوری سیاسەتی ئەمریکادا سەنگەریان گرتووە و”چوارچێوەی هەماهەنگ” ی هێزە شێعیەکان وابەستەیە بەسیاسەت و دەخالەتی ڕاستەوخۆی ئێران لە عێراقدا. پارتی و یەکێتی لەونێوەدا لەبەر ڕۆشنایی هاوکێشەی سیاسی و پێشبینی بۆ ئاستی هاوسەنگی هێزەکان ئەمسەرو ئەوسەر دەکەن و لە بەرەیەکدا ناگیرسێنەوە. هەرلایەکیان بەرژەوەندی ئایندەی گونجانی هێزەکەی لەگەڵ پێشبینی هاوسەنگی هێزو سەرکەوتنی هەرلایەنێکدا چاوشارکێ دەکەن و لە چاوەڕوانیدان. یەکهەڵوێستی و بڕیاری یەکلاییکەرەوەیان نییە. ئەم سەرەوژێرو هێنانوبردنە بۆ تەواوی هێزەکان، لەو کەناڵە ئاو دەخواتەوە، کە لەلایەک ناتوانن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەی پێویستە بۆ ئەمنیەتی سەرمایەگوزاری لە ناوچەکەدا دابین بکرێت، لەلایەکی ترەوە هیچ وەڵامێکیان بۆ خواستی خەڵک و نارەزایەتی جەماوەری نیە. بۆیە نە حکومەتیان بۆ پێکدێت، نە هەڵبژاردنی پێشوەخت دەتوانێت وەڵام بێت بە کێشەکانی نێوانیان. تا ئەم دۆخەش بەلایەکدا نەکەوێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمیش ناتوانێت هیچ شتێک لە گۆرینی هاوکێشەی سیاسی بدات بەدەستەوە، گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن تەواو خراوەتە سەربەڕە.
دەرگاکان لە ئێستادا بۆ ئەو بەشە لە بۆرجوازی عەرەب و بۆرجواری کورد، کە دەیانەوێت بەهەمان شێوازی تەوافقی و بەشبەشینەی پێشویان و بە هێزی میلیشیاوە بەردەوامی بە پێکهێنانی حکومەت و بەدەسەڵاتی سیاسیان بدەن، کراوە نییە و بە بنبەست گەیشتووە. کەی دەتوانن ئەو دەرگایە بخەنە سەر پشت، کە بۆ خۆیان پێناچێت بتوانن ڕێگایەکی هاوبەش و سەرکەوتوو لەبەرژەوەندی تەواوی لایەن و هێزەکانیان ساغکەنەوە، بەڵکو لەبەردەم ناکۆکی و چاوەڕوانیەکدا قەراریان گرتووە، هەرلایەک ناچارە بەوەی تا چەند دەتوانێ ملی لاکانی تر بشکێنێت و لەهەمان کاتدا هەوڵی تاڵانچێتی و گەندەڵیش لەدەست نەدات.
ئەم دۆخە لە پەیوەندی نێوان ئەو هێزە سیاسیانەی ئێستا کە لەدەسەڵاتدان و لەگەڵ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی عێراق و کوردستاندا، درزێکی گەورەی وەها بێوێنەیان سەپاندووە، کە هەڵبژاردن نەک ناتوانێ وەڵامدەرەوەی بنبەست و قەیرانەکەیان بێت، بەڵکو پرۆسەی هەڵبژاردن لە دۆخێکی وەک ئێستادا بەقازانجی هیچ لایەنێکیان یەکلایی نابێتەوە، بۆیە جگە لەکۆتایی و ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە بە خرۆشانی جەماوەری و دابینکردنی دەسەڵاتی خەڵک بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی، هیچ ڕێگایەکی تر کارسازو عەمەلی نیە بۆ کۆتایی هێنان بەم هەمو نائارامی و گێژاوە سیاسیە. هەوڵدانی ووڵاتانی رۆژئاوا و دەخالەتی ووڵاتانی زلهێزی دنیا تەنیا بۆ دابینکردنی پاراستنی دۆخی ئارامی و ئەمنیەتە بۆ سەرمایەگوزاری، هیچ پەیوەندی و ئاسۆیەکی بۆ خۆشگوزەرانی و ژیانێکی ئاسودەو ئارامەوە نییەو نابێت بۆ ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ناوچەکە. چاوەڕوانی لە دۆخێکی ئەم چەشنەی ئێستای عێراق و کوردستان بۆ هەر ئایندەیەک، گەر بە غەیری دابینکرندنی دەخالەتی راستەوخۆی جەماوەری نارازی لەدەسەڵاتی سیاسیدا ساغبێتەوە، کوشندەیەو دووبارەبوونەوەی کارەساتە لە شێوازو کاتێکی تردا.




چەند خاڵێکیش بۆ هاوڕێ ئاسۆ کەمال… عوسمان حاجی مارف

هاوڕێ ئاسۆ کەمال لە پێشەکی نوسراوەکەیدا دەڵێت “ئەم جەدەل و دایەلۆگانە هەرچەندە گرنگن، بەڵام خوێنەریان هەست دەکا کە ڕەخنە و گفت وگۆکاکان بارگاوین بە باسی شەخسی و ترس و دڵەڕاوکێ لەڕەخنە، هەروەها بەرپەرچدانەوەی نالۆجیک و پشت نەبەستن بە بەڵگە بۆ سەلماندنی ڕاستی و ڕەخنەکان.” ناڕاستی لەم سەرەتایەدا ئەو پرسیارە دێنێتە بەردەمان: ئایا “خوێنەر” وەها هەست دەکات، یان هاوڕێ ئاسۆ بۆ خۆی دەیەوێت بە یاری کردن بە وشە فەزاکە بارگاوی بکات؟ چونکە بەکارهێنانی “خوێنەر” بەگشتی ئەو مانایە دەبەخشێت، کە خوێنەران هەموویان بە یەک هەست و بە یەک بیر و بە یەک ئاراستە لەو دیالۆگە حاڵی دەبن و هاورێ ئاسۆش نوێنەرایەتیان دەکات. ئەمەش ئاشکرایە، کە سەرەتایەکی ناسەرکەوتووە لە نوسین و ڕەخنەدا. ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەش، کە باسی دەکات، دەکرێت گوزارش لە خۆی بکات، گەرنا کەسی تر ئەم ترس و دڵەراوکێیەی نیشان نەداوە.
ئایا پەشیمان بوونەوەی کەسێک لە بۆچونەکانی چەندین ساڵەی تەمەنی بە خەتابار هەژمار دەکرێت؟ ئاشکرایە وەڵامەکەی نەخێرە! قەبولکردنی پەشیمانی بەشێکی گرنگە لە ئازادی بیروڕا، بەڵام لۆژێکی هاوڕێ ئاسۆ لەو گۆشەیەوە دەچێتە ناو باسێکەوە، گەر بە ڕەخنەگرتنی کەسێک لە پێشنەی بۆچونەکانی خۆی بڵێین پەشیمان بوونەوە، ئەوە دەچێتە قاڵبی خەتابار کردنەوە. گریمان کەسێک زۆربەی ژیانی کۆمۆنست و مارکسی و ئەتایست بووە، ڕۆژێک بە ‌‌هۆش دێتەوە و دەبێتە ئایندار و ڕەخنە لە تەواوی ڕابردووی خۆی دەگرێت، ڕۆشنە ئەمە پەشیمان بوونەوەیەو کەسیش ناتوانێت خەتاباری بکات. ئایا کەسانێک لە ڕیزەکانی خۆمان نەک باوەڕیان بە کۆمۆنیزمی کرێکاری و مەنسور حکمەت و لینین نەماوە، بەڵکو دەستیان لە مارکسی بوونی خۆشیان هەڵگرتووە. ئەمە پەشیمان بوونەوەیە، بەڵام ئایا خەتابارە؟ بیگومان نەخێر! یان هەربۆ نمونە هاوڕێ ئاسۆ لە گۆڤاری ڕەوەندی ژمارە یەکدا باسیکی کردوە و دەڵێت “ئەم باسە بریتیە لە سەرنجدانەوەی ئەبعادی ستراتیژی و شمولی حیکمەتیزم و ناساندنی تایبەتمەندیەکانی وەکو مەکتەبێکی فکری و سیاسی، کە نوینەرایەتی مارکسیزمی سەردەم دەکات. لیکدانەوەکە لەسەر حیکمەتیزم، کە چۆن توانیویەتی مارکسیزمی ئەم سەردەمە بێت؟ جیاوازی لە باقی ڕەوتە کۆمۆنیستیەکانی سەدەی بیست دوای لینیین؟ بەراوردێکە لە نیوان کۆمۆنیزمی مارکس و لینین لەگەل کۆمۆنیزمی کرێکاری منصور حیکمەتدا و سەلماندنی هاوشێوە بوونی حیکمەتیزمە لەگەل مارکسیزمی ئەواندا.” ئێستاش وێڵی دوای بەهیزترین وشە و ڕستەیە بۆ ئەوەی ١٨٠ پلە پێچەوانەی ئەو قسانەی خۆی بسەلمێنێت. ئایا ئەگەر ئەمە ناوبنێین پەشیمان بوونەوە، حوکمێکی ناڕەوامان داوەو مانای وایە ئەو خەتابار دەکەین؟! لە ڕاستیدا هەموو پەشیمان بوونەوەیەک دەکرێت لە دوو ڕوانگەی سلبی و ئیجابیەوە چاوی لێ بکرێت، نەک خەتابار. بۆ ئەوانەی هاوبیری بن ئیجابی و بۆ ئەوانەی مخالفی بن سلبیە و هیچی تر و خەتایەک لە ئارادا نییە.
ئێستا دیالۆگی ئێمە لەسەر وازهێنانی کەسانێکە، کە ڕەخنەیان نەک لە تەواوی بۆچونە فکری و سیاسیەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری و حزبەکانی هەیە، بەڵکو زۆر بە کەم و نەفرەتەوە بۆی دەڕوانن. هەروەها بە دوای بەدەستهێنانی وەڵامدانەوەی بۆچوون و کارێک و پێکهێنانی جۆرێکی ترەوەن لە سیاسەتکردن و پێکهێنانی حزب. ئایا ئەمە ڕەخنە و پەشیمان بوونەوە نییە؟ ئاخۆ ئێمە وتومانە قەدەغەیە یان تاوانە؟ بەڵام بۆمان هەیە ڕەخنەکانیان قەبوڵ نەکەین و بە دروستی نەزانین و وەڵامیشان بدەینەوە. دەکرێت ڕەخنە پەشیمان بوونەوە بێت لە ڕێبازیک و دەشکرێت ڕەخنەکە لە پەیوەند بە گەشەپێدانی هەمان ڕێباز و خەتی سیاسیەوە بێت. ڕەخنە دەتوانێت لە ڕوانگەیەکەوە پێشڕەو بێت و لە ڕوانگەیەکی ترەوە پاشەوپاش گەڕانەوە بێت. هەڵبەتە خاوەنی ڕەخنەکە مافی خۆیەتی وەک پێشڕەو نیشانی بدات، مافی ئێمەشە وەک پاشەوپاش گەڕانەوە لە قەلەمی بدەین. ئیتر با هەرجۆرە ناوێک و پاشگرێک لە وێنەی “نوێخوازی” بەخۆیەوە بلکێنێت.
هاورێ ئاسۆ لە چوارچێوەی وێنایەک، کە بۆ خۆی داناوە لەسەر کۆمۆنیزمی کرێکاری، گوایە لەبەر ئەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بە بنبەست گەیشتووە و “ئەمڕۆ بزووتنەوەی کۆمۆنیستی چەقبەستوو کردووە لە سێکتێکی فکری و قاڵبێکی سیکتاریستی دا” و سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە، دەبێت ئاڵوگۆر لەسەر بیروبۆچونمان بکەین و “کۆمۆنیزمی نوێ” بێنینە ئاراوە. چونکە سەرنەکەتووە و “چەقی بەستووە”. لە پێشدا پرسیاری مەنتقی ئەوەیە، ئەگەر کۆمۆنیزمی کرێکاری بنبەست و چەقبەست و سێکتیکی فکریە، کەوایە بۆچی پێشڕەوی کۆمۆنیزم لە گرەوی ئەوەدایە ئەم بنبەست و چەقبەستوو سیکتە سەرنەکەوتووە بەخۆیدا بچیتەوە؟! ئەوە مەیدان و ئەوە کۆمۆنیزمی نوێی دڵخوازی خۆتان بڕۆن بەهێز و چەقنەبەست و ناسیکیت و سەرکەوتووی بکەن. بۆ لەسەر ئەوە ڕاوەستاون، کە حەتمەن ئەم کۆمۆنیزمی کریکارییە “بنبەست و چەقبەستووە” بۆچونەکانی ئێوە پەسەند بکات؟! بەڵام دیارە هاوڕێ ئاسۆ ئەوەی بیرچووە، کە دوای شۆڕشی ئێران باسەکانی مارکسیزمی شۆڕشگێر و ڕەخنە لە شورەویی و چین و لە ستالین و فکری ماوتسی تۆنگ و ئەنوەر خواجە و کۆمۆنیزمە بورژوازیەکانی ئەو سەردەمە، زۆرینەی کۆمۆنستەکان و چەپی ئێران و کوردستانی عێراقی سەرسامکرد. ئەمەش لە کاتێکدا بوو، کە شورەویی و چین لە تۆپی هێز و باڵادەستیدابوون! چین و شورەویی نەک بنبەست نەبوون و بەڵکو رێبازەکەیان سایەی بەسەر تەواوی چەپ و کۆمۆنیستەکانی زۆربەی جیهانی ئەو سەردەمەدا کردبوو. ئەو ڕەخنانە زۆرینەی ئێمەشی لەو ڕابردووەی چەند ساڵەی باوەڕمان بە بۆچوونەکانی ماوتسی تۆنگ هەبوو، پەشیمان کردەوە. پەشیمان بوونەوەیەکە جێگای شانازی هەر کۆمۆنستێکە، کە دەیەوێت ڕۆڵی هەبێت لە خەباتی کرێکاری و شۆڕشی سۆشیالستیدا، جا لە دەورانێکدا پڕ کار و گەشاوەیە یا لە حاڵەتی کشانەوە و سستیدایە. ئەو ڕەخنانە و مێسۆدێک بۆ ئاوێزان بوونی خەباتی کرێکاری و خەباتی کۆمۆنیستی، بنەماکانی ناگۆردرێت. ئەوانەش پەشیمان نەبوونەوە و ڕەخنەکانیان قەبوڵ نەکرد، دیمان کە بوونە میوانی خۆشەویستی بزووتنەوەی ناسیۆنالستی. ئاخۆ هاوڕێ ئاسۆ چۆن وەڵامی ئەو کەسانە دەداتەوە، کە بە هەمان ئاراستەی بیرکرنەوەی تێزی سەرنەکەوتن باس لە سەرنەکەوتنی خۆدی مارکس دەکەن؟ یان سەرکەوتنەکانی گرامشی لە ئیتالیا کامانەن، وا هاوڕێ ئاسۆ کردویەتی بە سەرچاوەیەکی گرنگی بۆچونەکانی؟ ئێستاش دوای تەمەنێکی چەندین ساڵە هیچ ڕەخنە و پەشیمان بوونەوەیەک تاوان نییە، بەڵام کرێکارانی سۆشیالست خۆیان بە دەوری “حولحلی مەزهەبدا” ڕێک ناخەن. هەر بەو مانایە ئیتر نیشانەکانی ڕابەری بوون جێگایان نامێنێت. لەگەل ئەوەدا، کە سەرنەکەوتن و دۆخی ئیستای بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کریکاری مایەی ئەوەیە بە دیدیکی ڕەخنەگرانەوە لە کار و هەلسوڕانی ٣-٤ دەهەی پێشومان بڕوانین و بزانین هۆیەکانی سەرنەکەوتن و بەرەوپێش نەچوونمان چی بوون، بەڵام خودی ئەوەی سەرنەکەوتین و پێشڕەویمان نەکرد، بە هیچ جۆریک خۆی لە خۆیدا بەڵگەی نادروستی بنەماکانی کۆمۆنیزمی کریکاری نیین. ئەگەر بەم میسۆدە بیر بکەینەوە، ئەوە لە پێشدا دەبێت بنەماکانی مارکسیزم بخەینە ژێر پرسیارەوە، چونکە بەداخەوە لە هیچ کوێی ئێستای دنیادا هیچ ڕەوت و هێزێکی مارکسیستی دیکە دۆخی لە کۆمۆنیزمی کرێکاری باشتر نییە. بە پێچەوانەوە، پێگەی کۆمۆنیزمی کریکاری لە ڕەوتەکانی دیکەی کۆمۆنیست و خۆ بەکۆمۆنیستزان باشتر و بەهێزترە.
بە ڕاستی جێگای سەرسوڕمانە لە دنیای ئەمڕۆی بەرفروانی سۆشیال میدیادا باس لە بەرگرتن بە جیاوازی بیروڕا لە ناو حزب و مەحفەلە کۆمۆنستەکاندا بکرێت. هیچ حزب و مەحفەلێک ناتوانێت لە بەردەم ئەم دەرگا و پەنجەرە کراوەی سۆشیال میدیا ڕەخساندویەتی، ڕووی ئەوەی هەبێت بڵێت بەربەست بۆ بڵاوبوونەوەی بۆچونەکانم دادەنرێت. هاوڕێ ئاسۆ بەجیا لە چاپکردنی کتێبەکەی، لە هەمان کاتدا لە ئاستێکی بەربڵاودا لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە بڵاوی کردۆتەوە، بەبێ ئەوەی تەنها یەک خولەکیش لە پێشدا لە ناو حزبدا بۆ قانع کردنی حزب و هاوڕێیانی دەیان ساڵەی قسەی لەسەر بکات! لە کاتێکدا وەک ئەندامیکی حزب چەند سەد لاپەڕەی ڕەشکردوەتەوە بۆ ڕەخنەگرتن لە بنەماکان و بەرنامە و میژوو و سیاسات و کارکردی حزب، بە بێ ئەوەی کەس پێی بلێ بۆ وات کردووە و بۆ ئەو یاسا و ڕیسایانەت ڕەچاو نەکردووە، کە بە بەشداری ڕاستەوخۆی خۆت پەسەند کران؟ ئیتر ئەمە چ ڕوویەکە باسی تۆمەتی بەرگرتن بە جیاوازی فکری لە ناو حزبدا بکەی؟! تەنها ئەوە دەکاتە بەڵگە، کە لە سایتی حزبدا ئەو کتێبەیمان بڵاونەکردۆتەوە، کە پێشوەخت بڵاوکراوەتەوە و لە بەردەستی هەموو کەسێکدایە. بەم بیانوە دەیەوەێت لە لایەک سایتی ڕەسمی حزب، کە کەناڵی ڕاگەیاندنی حزب و سیاسات و ڕوانگەی ڕەسمی حزبە، بکەینە بولتەنی نوسراوە و بۆچونە جیاوازەکان. لە لایەکی ترەوە مافی ئەوەمان لێ دەسێنێتەوە، ئەو بابەتەی کە لەگەڵ مەوازینی هیچ مینبەرێکی ڕەسمی حزبدا نایەتەوە بڵاوی نەکەینەوە. با لەوە گەڕێین، کە سایتی حزب کەناڵی بۆچون و سیاسەتی فەرمی حزبە، بەڵام تەنانەت داواکەی هاوڕی ئاسۆ ناچیتە خانەی ئازادی ڕادەربرینەوە، چونکە باسی کتیبیک دەکات کە پێشوەخت ڕۆیشتوە و بڵاوبۆەتەوە، بەڵکو دەچێتە خانەی ڕیکلام کردنەوە بۆ کتیبەکەی. واتە داوامان لێ دەکات لە سایتی ڕەسمی حزبەوە ڕیکلام بۆ کتیبەکەی بکەین کە دەیان و سەدان لاپەرە رەخنەی نادروست و ناکۆمۆنیستی ئاراستەی حزب کردووە. مافی ئەوەشمان پینادات ئەگەر کتیبەکەی بە گرنگ نەزانین ڕیکلامی بۆ نەکەین، بە تایبەتی بابەت و کتێبێک کە بۆخۆی پێشوەخت بڵاوکراوەتەوە و نەیتوانیەوە جێگا و ڕێگایەک لە ناو بزووتنەوەی کۆمۆنستی و کرێکاریدا پەیدا بکات. ئەو کتێبەی هاورێ کە بە رێگای ئسوڵی حزبیدا تێنەپەریووە و پێشوەخت سەربەخۆ بڵاوکراوەتەوە. بۆ دەبێت من ناچار بم لە ژێر ناوی قەبولکردنی جیاوازی بیروڕادا ڕیکلامی بۆ بکەم، ئەویش لە سایتی ڕەسمی حزبەوە، کە ئەرکی بڵاوکردنەوەی خەت و ڕیبازی سیاسی پەسەند کراوی حزبە؟ سایتەکان و بازار پرە لەجۆرەها کتێب و باوەری کۆمۆنستی جیاواز و ئەوەی تۆش یەکیکە لەوانە، باس و نیگەرانی هاوڕێ ئاسۆ دەربارەی بەرگرتن نییە بە جیاوازی بیرورا، بەڵکو باش دەزانێت کە بڵاونەکردنەوەی کتێبەکەی لە سایتی حزبدا خوێنەری کەم دەکاتەوە. گەر هەر هاورێیەک ئارەزومەند بێت بۆ خوێندنەوەی کتێبەکەی ئاسۆ بە ئاسانی دەستی دەکەوێت و بیانو هێنانەوە بە ناوی بەرگرتنی ئێمە بۆ خوێندنەوە قسەیەکی مناڵانەیە. ئەو کتێبە گەر پێگەی خۆی هەیە، پێویستی بە ڕیکلامی ئێمە نییەو ئەرکی ئێمەش نییە ئەو ڕیکلامە بکەین.
بەڵام گەر هاورێ ئاسۆ پێشتر بە شێوەیەکی ئسوڵی داوای بکردایە، کە باسی هەیە و جیاوازی هەیە، تا لە ئۆرگانی خۆی و ڕابەری و لە نێو ئەنداماندا باسەکانی بگەیەنێت و هەوڵی بدایە حزب و هاورێیانی قانع بکات، ئەوکات ئێمەش بەپێی ئسوڵی حزبی ڕێگای بڵاوکردنەوەیمان دیاری دەکرد. بێگومان دوای ئەوەی هەموو میکانیزمێکی ئسولی دەگیرایە بەر بۆ ئەوەی لە ناوخۆی حزبدا قسەوباسی لەسەر بکرێت، خۆ ئەگەر دوای ئەم پڕۆسەیە نە هاوڕی ئاسۆ بیتوانیبایە حزب و هاوڕێیانی قانع بکات و نە بە پێچەوانەوە حزب بیتوانیبایە هاوڕێ ئاسۆ قانع بکات، بێگومان ڕێگای بڵاوکردنەوەی عەلەنیش دەخرایە ڕوو، تەنانەت لەو کاتەدا ڕەنگە لەگەل ڕوونکرنەوەیەکی سادەدا، کە تەوزیحی ئەو پڕۆسەیە بدات، وەک رای جیاواز لە گۆشەیەکی تایبەتدا بۆی بڵاوبکرایەتەوە. بێگومان بەو مەرجەی هیچ تۆمەتێکی نەسەلمینراوی لە دژی حزب و کەسایەتیەکانی و هیچ کەسی دەرەوەی حزبیشی تێدا نەبێت، بەڵام بەداخەوە هاوڕێ ئاسۆ گۆشەگیری و تەریک بوونی خۆی بۆ ماوەیەکی زۆرهەڵبژاردو دواتر بە بێ گوتنی یەک وشە لەگەل حزب، کتێبەکەی بڵاوکردەوە.
لە هەمان کاتدا پرسیاری ئەوەم لێکردوە باسەکانت هەر چیەکن و خۆت بە چی ئەگەیت ئەوە بە ڕێی خۆی، بەڵام لە باری عەمەلیەوە بە نیازی چیت؟ واتە “چیکردن”، کە تا ئێستاش وەڵامی نەداومەتەوە، ناشبینم لەو بارەیەوە تا ئێستا ئەولەویەت و نەخشە عەمەلێکی بۆ خۆی دانابێت. هەربۆیە لە ئاستی بۆچونی شەخسی خۆیدا ماوەتەوە. واتە ئەو ڕەخنە و بۆچونانەی لەسەر حزب و خەباتی کۆمۆنستی هەیەتی، پێویستە پراکتیکیکی جیاواز لە ئەزمونی کۆمۆنستی کرێکاری نیشان بدات. گەر ئەم ئەرکە لە باری عەمەلیەوە خۆی نیشان نەدات و هەر لە ئاستی بانگەشە بۆ کتێبەکەی بێنەو بەرە بکات، ئەوە باشترین نمونەی سکتاریستی خۆی لە باری فکریەوە نیشان ئەدات، کە بۆ خۆشی وەها نیشان ئەدات خەبات لەبەرامبەر سکتاریستدا دەکات.
مەسەلەی تەمەن بۆ ڕابەری بوون یەک واقعیەتە، شمولی هەموو ئەم جیلەی کۆمۆنیستەکان دەکات لە عیراق و ئیران، کە لە هەفتاکان و هەشتاکانەوە دەستمان بەکار کردووە. پێوەرێکی گشتی نییە وەک ئاسۆ تەعبیری لێ دەکات. ڕەخنە و پەشێمانی لە هەر بۆچونێک بەڕێی خۆی، بەڵام تەنها ڕەخنەگرتن، کە ئێستا لە فەزای دیالۆگی کۆمۆنستەکاندا دەربارەی بنبەستی کۆمۆنستی کرێکاری، حزب و دەسەڵات، لینین… دەستاودەست دەکات، جگە لە تەعبیری بۆچونی شەخسی، کە دەڵێن “باوەڕمان بە کۆمۆنستی کرێکاری و مەنسور حکمەت و لینین نییە”، شتێکی تر نابیستین. لە هیچ کۆمۆنستێکم نەبیستووە، کە بانگەوازی ئەو بێ باوەریەی دەکات لە باری فکری و سیاسیەوە نمونەی ئەوەی باوەڕی پێیەتی بە پراکتیک بەرجەستە کاتەوە. باوەڕبوون و بێ باوەڕی سەودا و مامەڵە نییە، بەڵکو مەسەلەیەکی پراکتیکی و نیشاندانی ئەزمونێکی سەرکەوتوو ترە. کارمان بەوانە نییە، کە بە دوای هەقیقەتی باوەرێکدا دەگەڕێین، کەی ئەو هەقیقەتەیان دەستکەوت، ئەوکات قسیەکی لەسەر دەکەین. بەلام لە ئاستی خۆناسین وەک پێشەنگ و ڕابەرێک، گەر هەر لە سەرەتاوە بێ پێشنەی نیشاندان و سەلماندنی ئەو هەقیقەتە نەخاتە ڕوو، بە خولانەوە بە دەوری ڕەخنەو گەڕان بە دوای هەقیقەتدا تەمەن مانا پەیدا دەکات، کە دەتوانێت ڕابەر بێت یان نا. ئاسۆ ڕەخنەی لەوە هەیە ئەم کۆمۆنستی کرێکاریە سێ دەیەیە نەیتوانیەوە کۆمەڵایەتی بێتەوە! هاورێ ئاسۆش دوای دوو ساڵ و پاش چەند سالی تریش لە دەرچونی کتێبەکەی دەتوانێت بەم میسۆدە ببینی “کۆمۆنیزمە نوێ”کەی چەندە کۆمەڵایەتی بوەتەوە و چەندە بۆچونەکانی هەقانیەتی هەیە ؟ هەر بۆیە جێگای سەرنجە لەسەر سەرفکردنی ئەو هەموو وشە و دێرە زۆرە بەرانبەر ڕەخنە و رەخنەگرتن، کە لە نووسینەکەی ئاسۆدا بەکارهاتووە، دەڵێت “نابێ لە “ڕەخنە بترسین”، هەروەک لە سەرەتاوە گوتم، سۆشیال میدیا ئەوندە فراوانە ڕۆژ نییە ڕەخنە و دیالۆگی ڕەخنەگرانە نەخۆێنینەوە. ئایا ئەوە کەللةڕەقی کۆمۆنستەکانە یان تەقدیسکردنی بیروباوەرەکانیانە؟ یان ڕەخنەکان ڕۆشناییان تێدا ناخوێندریتەوە؟ وا پێشنیارەکانی هاوڕێ ئاسۆ لەسەر نەترسان لە ڕەخنە ناتوانێت ئامۆژگاریەکی باش و ئەرێنی بێت. مەنسور حکمەت هاوکاتی ڕەخنەکانی لە کۆمۆنستی ئەو سەردەمە، هاوشانی هاوڕێکانی هەمیشە پراتیکێکی پێشرەوتری بەرجەستە دەکرد و بەردەوام بە سەروکاری بەرنامەداڕشتن بۆ پراکتیک و پێکهێانی حزبەوە بوو. لە پێشدا حزبی کۆمۆنستی ئێران، دواتر بە ڕەخنە لەوەی، کە مەیلی کۆمەڵایەتی و بزووتنەوەیی جیاواز لە ناو ئەو حزبەدا خۆیان بەرجەستە کردەوە، ڕەوتی خۆی لەو حزبە جیاکردەوەو حزبی کۆمۆنستی کڕێکاری ئێرانیان پێکهێنا. دیارە گەر بە لۆژێکی هاورێ ئاسۆ بێت، دەبوا ئەو تێکەڵاویە قەبوڵ کرایە تەنها لەسەر بنەمای ئەوەی هەموان بە خۆیان دەگوت کۆمۆنیست. لە کاتیکدا لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا بینیمان حەقانیەتی بۆچونەکانی حیکمەت بە عەمەلی دەرکەوت و مەیلە کۆمەلایەتیەکانی ناو ئەو حزبە هەرکامیان ڕێگای خۆیان گرت و تەنانەت ڕەوتی ناسیۆنالیست و قەومپەرستی دژی کۆمۆنیستی لێ هاتەدەرەوە.
٢١/٨/٢٠٢٢




چەند خاڵێکی سادە لە وەڵام بە هاوڕێ ساماندا… عوسمان حاجی مارف

بەینی من و هاوڕێ سامان کەریم پرسیار و وەڵام نییە بۆ سەلماندنی ڕاستودروستی جیاوازی بیروبۆچونەکانمان لەسەر هەقیانەتی حزبیەت و کۆمۆنیزمی کرێکاریی، بەڵکو جیاوازی فکری و سیاسیە، کە هەریەکەمان ئاڕاستەیەکی گرتووە. سامان پەشیمانە لە سەرجەم ڕابردووی زیاتر لە سی ساڵ خەباتی کۆمۆنستی و پێکهاتنی سەرجەم حزبە کۆمۆنیستیەکانی ئیران و عێراق و سەرجەمیان بە هەڵە دەزانێ، منیش بەردوامم لە ڕیزی هاوڕێیانی حزبی کۆمۆنستی کرێکارێیدا.
بەڵام پێناچێت نە سامان بتوانێ هەقیقەتی بۆچونەکانی خۆی بۆ من بسەلمێنێت و نە وەڵامی من بە پرسیارەکانی سامان ئەو قانع بکات.

سامان زۆر لەسەر ئەوە ڕۆشتوە، کە گوایە پێم گوتووە “مادام ٣٠ ساڵە بە هەڵە دوای ڕێبازێک کەوتوی، ئیتر نابێت و بۆت نییە پەشیمان بیتەوە لەو هەڵەیە و هەر بەردەوام بە.” بەڕاستی ئەمە بەلاڕێدا بردنی باسەکەیە، ئەمەش جۆرێکە لە شێوازی ناهونەری سامان لە گۆڕینی ئاماژەیەک، کە کردوموە لە بارەی ئاڵوگۆڕێک، کە بەسەر بیروباوەڕیدا هاتووە. من ڕوون و ڕاشکاوانە گوتومە ئازادی و مافی خۆتە هەر کاتێک پەشیمان دەبیتەوە. بێگومان هەرکەس لە هەرکاتێکدا بەو باوەڕە گەیشت، کە ڕێگایەکی هەڵەی گرتۆتەبەر، باشترە پەشیمان بیتەوە، هیچ قسەیەک لەسەر ئەمە نییە. لە لایەکی ترەوە باسەکەی بردوەتە سەر باریکی ئیحساساتی و مەسەلەی تەمەن و “برۆ بمرە”، کە زۆر جێگای داخە! هیوادارم ئیختلافی نێوانمان هەرچەند بێت، هەرگیز گومان لەوە نەکەیت، کە لە قوڵایی دڵەوە ئارەزوی تەمەنێکی درێژ و تەندروستت بۆ دەکەم. ئەم مەسەلەی تەمەنە یەک واقعیەتە و پێویست بە هەراسان بوون ناکات. ئەمە تایبەتمەندی هاوڕی سامان نییە، بەڵکو شمولی هەموو ئەم جیلەی کۆمۆنیستەکان دەکات لە عیراق و ئیران کە لە هەفتاکان و هەشتاکانەوە دەستمان بەکار کردووە. بەڵام مەبەستەکەی من سادە و ڕۆشنە و پێویست بە شێواندن ناکات؛ نە باسی مەرگ و ژیان و نە باسی مافی پەشیمان بوونەوە و نە ڕەوابوونی پەشیمانییە، کاتیک کەسیک هەست بکات ڕێگایەکی هەڵەی گرتووە، هیچ ڕەبتێکیان بە باسەکەی منەوە نەبوەو نیە. من دەڵێم ئەگەر کەسێک لە ناکاو بەهۆشی خۆیدا هاتەوە، کە زیاتر لە سی ساڵە وەک ڕابەرێک بە هەڵە و هەڵدێردا چووە و فریوی ڕێبازێکی هەڵەی خواردوە، تازە ئیتر نابێت بە “ڕابەر” و هیچ دوور نییە دە ساڵی تر لە ڕێبازی ئەمڕۆشی پەشیمان نەبێتەوە. بە دڵنیایەوە هەڵسەنگاندن و کۆبەندی هەڵسوڕان بە مانای ڕەخنەگرتن لە لایەنە لاوازەکان و دەستگرتن بە لایەنە بەهێزەکان و ئەزمونەکانی خەباتەوە، خۆی لە خۆیدا نەک کێشەی نییە و بەڵکو پێویستە. بەڵام فریوخواردن و لە ناکاو پەشیمانی لە تێکڕای خەبات و ڕێبازی زیاتر لە سی ساڵ، کە بێگومان مافی بێ ئەملاو ئەولای هەموو کەسێکە، بەڵام بەداخەوە دەڵێم کارەساتە. تۆ زیاتر لە سی ساڵ خەباتی سیاسی و نەزەری و عەمەلی و حزبایەتی و جەماوەری و بەرامبەرکێی لەگەل ئەحزاب و بزووتنەوە بورژوازیە جۆراوجۆرەکان و بەرگری پەیگیرانە لە کۆمۆنیزم لە جەرگەی شکستی بلۆکی شەرق و هەراوهوریای مەرگی کۆمۆنیزم و… بە کاملی فەرامۆش کردووە.

دەربارەی باسکردنی چەند جارەتان لەسەر دانیشتن لەگەڵ “گروپی موهتەدی”، لەو بارەوە سکرتاریەتی حزب ڕوونکردنەویەکی ڕوون و ڕاشکاوی ڕاگەیاندووە و بڵاوکراوەتەوە و جەختی لەوە کردوە، کە ئیمە هەر لە سەرەتاوە ڕامانگەیاندووە، کە ئامادەی هیچ جۆرە کاریکی هاوبەش نیین و نەبوینە لەگەل ئەو ڕەوتە ناسیۆنالیستانە. بە عەمەلیش ڕێگامان لەوە گرتووە، کە لەگەڵ ئەوان کۆمیتەی هاوبەش بۆ یەکی ئایار دروست بێت و بە پێداگری ئێمە کۆمیتەکە لە هەڵسوڕاوانی کریکاری و کۆمۆنیست پێکهات نەک لە حزب و لایەنەکان و هەر ئەو کۆمیتەیەش بەرنامەی یەکی ئایاری بەڕێوە برد. دوای ڕاگەیاندنەکەش کەسانێک وەکو ئەوەی ڕوونکردنەوەکەیان نەدیبێ بۆ تەشهیر کردن بە حزب هەر قسەکانی خۆیان دووپات دەکەنەوە. ئەمە ئیتر بۆ ئێمە ذەتوانێ یەک مانای هەبێت: ئەویش ئەوەیە ئەو کەسانە لە ژیانی سیاسیدا جێگای متمانەی سیاسیمان نابن، چونکە متمانەیان بە ڕوونکردنەوەکەی ئێمە نییە، گەر سامان ئەو ڕوونکردنەوەیەی دیووە و دیسانەوە وەکو ئەوەی ڕوونکردنەوەکەی نەدیبێت قسە دەکات، دیارە سامانیش لای ئێمە دەچێتە ڕیزی هەمان بێ متمانەی سیاسیەوە. سەبارەت بە مارشی یەکی ئایاریش ئەوەی چەندە کۆمۆنیستی و کرێکاری بووە، هەر کەس پێوانەیەکی سیاسی خۆی هەیە. کۆمۆنستی بوون بەشبەش نییە و بێ هەڵەش نییە. بە گشتی یەکەیەکە لە پڕۆسە و ڕێرەوێکی واقعی و مێژویدا تەفسیری لەسەر دەکرێت. هەروەها بە سەرکەوتن و شكست و هەڵەکانی پێناسەی ناکۆمۆنستی و ناکرێکاری بوونی بۆ ناکرێت. یەکی ئایاریش لەبەر ئەوەی یەکی ئایارە، هەر کەس و لایەنیک ئازادە بێتە ناو مارشەکەیەوە، هەرچۆن تۆ ساڵانە دەچیتە ناو مارشی یەکی ئایارەوە لە فینلاند، کە هەموو جۆریکی تێدایە. یەکی ئایاری ئەمساڵی سلێمانی وەکو ئەمری واقع، مۆرکی هیچ حزبێکی پێوە نەبوو، بەڵام ئێمەش تیایدا بەشدار بووین.

سەبارەت بە ڕووداوی ١٤/٧/٢٠٠٠ وەک دووبارەکردنەوەی هەمان تیرۆری هاورێیان شابور و قابیل بوو… بۆ لێدان لە نفوزی کۆمۆنیزم و ئازادیخۆازی لە هەولێر، کە بە شێوازێکی تر و لە کاتێکی تردا یەکێتی نیشتمانی پیادەی کرد بۆ دانی گورزێکی گەورە لە نفوزی کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی، ئەمە هۆکاری سەرەکی ئەوە بوو، کە یەکێتی هەمیشە و هەرجارەی بە بەهانەیەک پلانی هێرشی بۆسەر حزب هەبووە. پێش و پاش ١٤/٧/٢٠٠٠ نمونەی تر هەن، کە گروپەکانی ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی چونەتە ئێران و یەکێتی هیچ پەرچەکردارێکی نەک نەنواندووە، بەڵکو لە ژێرەوە کۆمەکیشی کردوون. ڕەنگە لەوە نیگەران بن، کە کۆمۆنیزمی کرێکاری وەک لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چونەتەوە ئیران، ئەگەر یەکیتی حەساسیەتیکی بووبێ بەمە، کە حەتمەن هەیبوو. هەر لەبەر ئەوەیە کۆمۆنیزمی کریکاری بوو. بەڵام ئەوە ئاشکرایە یەکێتی لە بنەڕەتدا بۆ بەرگرتن لە لەق نەبوونی دەسەڵاتی لە بەرانبەر ناڕەزایەتی جەماوەریدا دەبوایە زەڕبەیەکی کوشندە لە کۆمۆنیزم و ئازادیخوازی بدات، جا بە هەر پاساوێک بێت. ئەگەر ئەم هۆکارە بنەڕەتیە نەبوایە، دەکرا لەسەر پاساو و بەهانەکانی یەکیتی گفتوگۆ بکرایە، کە ئامادەبوین تەنانەت سازشیش بکەین و کردیشمان، بەڵام ئێمە لەوکاتەی لەگەڵ نەوشیروان بە سازش گەیشتین بە ڕێککەوتنی تەواو، هەر ئەوکات لەوێوە دەستوری دا دەست لە هاوڕێیانمان بوەشێنن. مەگەر خۆت نازانی دوای سازش و ڕێککەوتن لەگەل نەوشیروان، کاتیک لە ماڵەکەی هاتینە دەرەوە، تەنانەت دەستڕێژیان لە ئێمەش کرد؟! وەکو خۆت باست کردوە، یەکیتی لە هەشتاکانەوە لە بیری لێدان لە کۆمۆنیزمدایە. سەردەمیک کۆمۆنیستەکانی بە تۆمەتی عیراقچێتی بە مستەحەقی مەرگ دەزانی. لە کاتی شوراکانی ١٩٩١دا دیسان یەکیتی تا لێواری لێدان چووە پێش، بەڵام بە شکستی ڕاپەرین مەوزوعیەتی نەما. لە ١٩٩١ەوە بەردەوام نیازی لێدان لە ئێمەی هەبوە، چەندین جار گەمارۆی بارەگای ڕادیۆیی داوە، هەر جارێك بە بەهانەیەک، بەڵام هەمووکات بە یەک مەبەست بووە، ئەویش لێدان و پاشەکشە پێکردن بووە بە کۆمۆنیزم. گەر ئەمە نابینی و بە دوای لێکدانەوەیکی ترەوەیت، باشترە بڵێم خێری لێ ببینیت. بەلام ئەوە بزانە بتەوێت و نەتەوێت لیکدانەوەکەت ماهیەتی دژی کۆمۆنیستی یەکیتی پەردەپۆش دەکات و پاساوێکی تر بۆ هێرشەکەی دەهۆنێتەوە.
بەڵام پرسیارەکەت دەربارەی ئەوەی، کە مەکتەبی سیاسی حککع بڕیاری دابێت لەسەر ناردنەوەی ئەو واحیدە بۆ ئیران سەیرە!، چونکە پێویستە لای خۆشت ڕوون بێت، کە هیچ کات ئێمە لە مەکتەبی سیاسی حککع هیچ بڕیارێکمان لەسەر هیچ کارێکی ڕوو بە ئێران نەبووە و نەداوە. بڕیار لەسەر جەولەی ئێران کار و بڕیاری حزبێکی تر بووە، هەرچەند هاوپەیمانمان بێت، بەڵام ئۆرگانی ڕابەری و بڕیاردەری خۆی هەیە کە (مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کریکاری ئیرانە). ئایا ئەم ڕاستیە سادەیە ڕۆشن نییە؟!

ئەم گۆڕانە لە نەزەرەی هاوڕێ سامان و کەسانێکی تر لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی تازە نییە. هەڵبەتە ئەمە دەرگایەکی فراونە بۆ باس و جەدل، بەڵام ئەم باسە لەو شوێنەوە دەست پێ ناکات، کە ئەزمونی کارەکانی حزبی کۆمۆنیستیی کرێکاریی بخرێتە ژێر پرسیارەوە و حوکمی “ناکرێکاریی و نا کۆمۆنسیتی” بەسەردا بدریت. ڕەخنەگرتن لە کۆمۆنیزمی کرێکاری بڤە نییە، بەڵام لێرەوە دەست پێ ناکات و نابێ بخرێتە ناو چوارچێوەی نەفرەتی ئیدەی ئەو کەسانەی جۆرێکی تر بیر لە پێکهێنانی حزب دەکەنەوە، بەڵکو پێویستە نیشانمان بدەیت ئەو حزبەی لە نیاز و نەخشە و فکری تۆدایە، چۆن پێکدێت و پێکهاتەکانی بەرجەستە کەیتەوە. کەسانێک پێیان وایە، کە حەتمەن دەبێت پرۆلیتاریا خۆی حزبی خۆی دروست بکات، ئەمە جێگای باسە، بەڵام لایەنگرانی دەبێ ڕوونی بکەنەوە، کە ئەمە چۆن و کەی دەبێت؟ هەروەها ڕوونی بکەنەوە، کە کریکاری و کۆمۆنیستی بوونی خۆیان، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە پڕۆلیتاریاوە نییە، لە چیدایە؟ پێویستە ئەزمونی پراکتیکی پێکهێنانی ئەو جۆرە لە حزب بەرجەستە و عەمەلی بکرێتەوە، بە هەمان شێوەش بۆ باسکردن لەسەر حزب و دەسەڵات. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم جۆرە بیرکردەنەوانە تەنها لە ئاستێکی سەتحی و بۆچونێکی سنورداردا دێت و دەچیت، بەڵام لە ئەنجامدا ئەوەی دەیبینین تەنها بە هێرشکردنە سەر لینین و کۆمۆنیزمی کرێکاری و مەنسور حکمەتدا خۆی دەنوێنێت، نەک ڕۆشنکرنەوە و گرتنەبەری رێرەوەکانیان، هەروها گوتومە دەمێکە کەسانی تر پێکهێنانی ئەو جۆرە لە حزبیان داوەتە دەست قەدەری خەیاڵاتی ئەو سوشیالیزمەی خۆیان پێدا هەڵواسیوە، هەر بۆیە تەواوی پرسیار و باسەکانیان لێپرسینەوەیە لە دروستی و نادروستی کار و هەڵسوڕانی حزب. پێوانە کردن بۆ حزب لە زهنی خۆتدا بە کۆمۆنستی یا نا کۆمۆنستی، بە کرێکاری یا نا کرێکاری، باسێکی بێ ئاکامە. مەیدانی ئاوێزان بوون بە هەڵسوڕان و خەباتی کرێکاریەوە زۆر فروانە بۆ ئەوەی کرێکاری بوون و کۆمۆنست بوونی خۆت لە بەرانبەر کەسانی تردا بسەلمێنیت، بەڵام ئەوە ڕۆشنە، کە لە “هاوچەرخ” بوونەوە دەست پێناکات و سەریش ناگرێت.

ئاماژەم بەوە داوە، کە سامان و دوو هاورێکەی نەیان گوتوە مەنسورحکمت “مارکسیەکی هاوچەرخە”، بەڵام سامان باز بەسەر ئەو بەشەدا دەدات، کە دەڵێم سەیرەکە لەوەدایە ئەوان خۆیان بە “هاوچەرخ” ناو دەبەن، واتە گەر ئەوانەی بە هەڵە “مارکسیزمی هاوچەرخ”یان بۆ مەنسور حکمەت بەکار‌هێنابێت، واتە ئەمەی سامان و هاورێکانی لایەنێکی کۆمیدی ئەو هەڵەیەیە، کە بە خۆیان دەڵێن ‘هاوچەرخ”، ئەمەش دەچێتە ناو بابی تێنەگەیشتن لە پەیوەندی نێوان تیۆری و پراکتیکەوە.

هاوڕی سامان لە بارەی شەڕی ئەفغانستان و موسڵەوە ڕەخنەکەی خۆی ڕوون نەکردوەتەوە، بەڵام بە کورتی هەڵوێستی ئێمە لە هەردوو شەڕەکەدا جێگای شانازیە. ئێمە سەرئەنجام دژی هەردوو شەرەکە ڕاوەستاین و بە تایبەت لە شەڕی موسڵدا جەدەلی توندمان لەگەڵ هەموو ئەو لایەن و کەسانە کرد، کە بە هەر پاساویک لایەنگری شەڕیان کرد یان بە پۆزەتیف هەڵیانسەنگاند. بەڵام وەستانەوەی ئیمە دژی ئەو شەڕانە لەبەر ئەوە نەبوو، کە مخالەفی بین ئەگەر مەسەلەکە لێدان لە تاڵیبان و داعش و تەفروتونا کردنیان بێت، بەڵکو لەو ڕوانگەیەوە بوو، کە بە تایبەت لە شەڕی موسڵدا لە ژێر ناوی “جەنگ دژی تیرۆر” و داعش و لە ڕاستیدا بۆ تەسفیە حیساباتی نێوان جەمسەرە جیهانیەکان، شارێکیان بەسەر دوو ملیۆن هاوڵاتی مەدەنیدا خاپور کرد. ئەگەر هاوڕی سامان قسەیەکی هەیە لەسەر هەڵوێست و سیاسەتی کۆمۆنیزمی کریکاری، بە تایبەت لەسەر شەڕی ئەفغانستان، دەبێت زەحمەت بکێشت ڕەخنە لە (دنیا دوای ١١ی سەپتەمبەر) بگریت. چونکە بە نقورچ گرتن و پرسیاری نالۆژیکی وەڵامی ئەوە مەسەلەیە نادرێتەوە.
دەربارەی ڕیفراندۆم، بەڵێ بە شانازیەوە ئێمە بە توندی لە پشتی ڕاوەستاین وەکو ڕێگاچارەیەک بۆ کێشەی کورد. بێگومان حەلی ئەم کێشەیە، نەک خودی ڕیفراندۆم، کۆمەکی دەکرد بە شەفافیەتی خەباتی چینایەتی لە کوردستان و زەمینەشی خۆش ئەکرد بۆ نەمانی نەفرەتی قەومی و دوبەرەکی نێوان کرێکاری کورد و عەرەب. بەڵام بە گەلەکۆمەی دەوڵەتان و دەسەڵاتی ناوەندی مەسەلەی سەربەخۆیی و بزوتنەوەی ئازادی و سەربەخۆی کوردستان لەم برگەیەدا بە زەبری چەک شکست درا. مەسەلەی کورد وەکو ئەنجامی دەیان ساڵ ستەم و سەرکوت و کۆمەڵکوژی بووە بە گرێیەکی سەرەتانی. ڕیفراندۆم بەدەر لەوەی کێ بانگەوازی بۆ کردوە، گونجاوترین ڕێگاچارە و مافێکی بێ ئەملاو ئەولای خەلکی کوردستانە. ئەمە وەڵامی منە بۆ هاوڕێ سامان، بەڵام لێرەدا پرسیارێکی سەرەکی کە ڕووبەڕووی ئەوە, ئەوەیە کە ئاخۆ سەرکوتی ڕیفراندۆم و خواستی سەربەخۆیی چ قازانجیکی هەبوو بۆ پڕۆلیتاریا، کە تۆی دڵگەرم و دڵخۆش کردوە؟ سەرکوتی ڕیفراندۆم بە زەبری چەک و میلیشیا و گەلەکۆمەی دەوڵەتان هیچ بەڵگەیەک لەسەر نادروستی ڕیفراندۆم بۆ چارەسەری کێشەی کورد بە دەستەوە نادات، بەڵکو تەنها حەقانیەتی ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە خەلکی کوردستان لە بەرپاکردنی ڕیفراندۆم و بریاردان لەسەر جیابوونەوە لەسەر حەق بوون.
١١/٨/٢٠٢٢




“بیرمەند”ی ناشۆڕشگێڕ… عوسمان حاجی مارف

گەورەترین و جوانترین پەیکەر بۆ مارکس و ئه‌نگڵس لە ناوەڕاستی شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیادا دانراوە. دانانی ئەو پەیکەرە بەو مەبەستە نمایش نەکراوە، کە مارکس و ئه‌نگلس وەک نمونەی دوو شۆڕشگێڕ و ڕابەری خەباتی پرۆلیتاریا بۆ شۆڕشی سۆشیالستی بناسرێن، بەڵکو بەگشتی بۆرجوازی لە هەوڵی ئەوەدایە وێنایەک لەسەر مارکس و ئه‌نگلس بدات بەدەستەوە و بیانناسێنێت، کە دوو بیرمەندی بە توانا و بە بایەخی ئەڵمانین لە بواری فەلسەفە و ئابوریدا. هەڵبەتە گومان لە بیرمەندی ئەو دوو خەباتگێڕ و شۆڕشگێڕە نییە، بەڵام ئەوەی مارکس و ئه‌نگلس نەیانتوانی لە ئەڵمانیا بەردەوامی بە ژیانیان بدەن، هۆکارەکەی ئەوە نەبوو کە بیرمەندن، بەڵکو هۆکاری دوورخستنەوەیان لەسەر خەبات و کاری سیاسی و شۆڕشگێڕانەیان بوو لە بەرانبەر سیستەمی سەرمایەداریدا.
با لەوە گەڕێین بۆرجوازی چۆن پێناسەی مارکس دەکات، سەیر لەوەدایە کەسانێک لە کۆمۆنیست و چەپ و خۆ بە مارکسیزانیش لە ژێر کاریگەری هەمان ئەو وێنایەدان، کە بۆرجوازی مارکسی پێ پێناسە دەکات. گەر بەشێکیان ڕاستەوخۆ وەها نەڵێن، بەڵام لە جۆری مامەڵە و بیرکردنەوەیان لە هەڵسوڕانی سیاسیدا نیشانی دەدەن، کە پێیان وایە مارکس ماوەیەکی درێژ چۆتە خەڵوەتەوە و لێکدانەوە و شیکردنەوە و دراسەی کردووە و دواتر بۆتە بیرمەندێکی سەرکەوتووی وەها، کە وەک ڕابەرێکی خەباتی سۆشیالیستی دەرکەوێت. ئەم وێنایە بەو مانایە دەتوانین بیناسین، کە پەیوەندی نێوان پراکتیک و فکر نابینێت و لێکیان جیا دەکاتەوە، یان دەیەوێت پڕۆسەی تەکامولی فکری تەواو بکات و دواتر بڕواتە ناو ناسنامەی سیاسی خۆی و گروپەکەیەوە. بۆیە یەکلایەنە ئەولەویەت بۆیان لێکدانەوە و شێکردنەوە و دراسەیە، بە جۆرێک فکر پێش پراکتیک دەخەن. هەر بۆ ئەو مەبەستەش دەچنە ناو دنیای ئەفکار و بە وێنەی بیرمەندێک خۆیان نیشان دەدەن، ڕۆڵی خۆیان ڕۆشنگەریە و ئەرکی کەسانی ترە پراکتیکەکەیان بۆ ئەنجام بدەن.
ئه‌مساڵ لە هەفتەی مەنسور حکمەت لە لەنده‌ن باسێکم پێشکەشکرد و تێیدا مەبەستم بوو ئەوە ڕوونبکەمەوە، کە چۆن بۆرجوازی مارکس وەک ئابوریناسێک دەناسێنێت، بە هەمان شێوە هاوڕێیانێک دوای سی ساڵ زیاتری خەباتیان لە ڕیزەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا، بەو دەستەواژەیە چوونەدەرەوەی خۆیان لە حزب ڕاگەیاند، کە مەنسور حکمەت “مارکسیەکی هاوچەرخە”، لە لایەک سنوربەندی فکری سیاسی ناڕۆشنی خۆیان لە بەرانبەر چەند بابەتێکی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا ڕادەگەیەنێن، لە لایەکی تریشەوە خۆیان لە گشتیەتی باسە فکریەکانی مەنسور حکمەت نادەن. هەربۆیە ناچاربوون وەک “مارکسیەکی هاوچەرخ” بیناسێنن. واتە تەنها ناساندنی حیکمەتە وەک مارکسیزانێک، نەک مارکسیەکی پراکتیکی و شۆڕشگێڕ.
پێداگری من لەسەر ڕۆڵی سیاسی مەنسور حیکمەت لەو شوێنەوەیە، کە وەک ئینسانێک لە دەورانی خۆیدا چەندە کاریگەری جددی لەسەر باس و مەسەلە فکریەکان دانا، ڕۆڵ و کاریگەری و ئەزمونی کاری سیاسی و پراکتیکی کۆمۆنیستی ئەو چەند قات زیاتر بوون لە باسە فکری و سیاسیەکانی. مەنسور حیکمەت مارکسیەکی پراکتیکی و شۆڕشگێڕە، نەک “مارکسیەکی هاوچەرخ”. بەکارهێنانی هاوچەرخ مانای سوڕانەوەی ئەو هاوڕێ کۆمۆنستانەیە لە بازنەیەکدا، کە ناتوانن ئامراز و ئایندە و پێداویستیەکانی شۆڕشی کرێکاری بەرجەستەکەنەوە لە ژیانی سیاسی خۆشیاندا. مەنسور حیکمەت هەمان وێنا لەسەر لینین دەدات، کە مارکسیەکی پراکتیکی و شۆڕشگێڕە، نووسراوەکانی لینین ئەو مانا و پێگەیەی هەیە، کە پراکتیکی سیاسی دەباتە پێشەوە. لە بەرانبەر لینیندا هەتا بۆرجوازیەکانیش سەرسامن بە دەوری ڕابەری و پراکتیکی شۆڕشگێڕانەی.
هەر لە دوای دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقەوە لە سەرەتای نەوەتەکانەوە کەسانێک لەسەر بنەمای ئەوەی باوەڕیان بە ڕابەری ئەوکاتەی حزب نەبوو، دوای کێشمەکێشێک لە ڕیزەکانی حزب چوونە دەرەوە و ڕێگایەکی تریان گرتە بەر و بۆ یەکەم جار دەستەواژەی “مارکسیزمی هاوچەرخ”یان لە بەرانبەر مەنسور حکمەتدا بەکارهێنا. دواتر ڕێگایەکی جیاواز لە کۆمۆنیزمی کرێکارییان گرتە بەر و تا ئێستاش ڕێگای خۆیان نەدۆزیوەتەوە و باسێکیشیان لەسەر “مارکسی هاوچەرخ” نەما. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە کەسانێک، کە لە نەوەتەکانەوە وەک هەڵسوڕاو و ڕابەری کۆمۆنیزمی کرێکاری خۆیان دەناساند، خۆیان بە پابەندبوون بە دەوری ڕابەری مەنسور حیکمەت تەداعی دەکردەوە، کەچی دوای سی ساڵ زیاتر لە خەباتی سیاسییان لە کوتوپڕێکدا و بێ پێشینەی خستنەڕووی بابەتێکی فکری سیاسی، نەک لە ڕیزەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری چوونە دەرەوە، بەڵکو خەریکن دەگەڕێنەوە بۆ بیروبۆچونێک، کە پێش ساڵانی نەوەتەکان خۆیان ڕەخنەکانیان لەو بیروبۆچونانە قەبوڵ کردووە. واتە خۆیان تەواو بێبەری دەکەن لە ئەزمون و پراکتیکێک، کە زیاتر لە سێ دەیە لە بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا هه‌یانووه‌. هەڵبەتە ئەم ئاڵوگۆڕە لە بۆچوون و کاری سیاسیدا تاوان نییە و مافی هەرکەسێکە ژیانی سیاسی خۆی هەڵبژێرێت و دیاری بکات، بەڵام پێموایە دوای سی ساڵ پەشیمان بوونەوە لە خەتێکی فکری سیاسی، کە تەجروبەیان کردووە و ناساندنی مەنسور حیکمەت وەک “مارکسیەکی هاوچەرخ”، ئیتر ناتوانن جێگای متمانەی ئەوە بن، کە وەک ڕابەرێك چاویان لێ بکرێت.
لە ڕاستیدا کاتێک مرۆڤ نزیک بە هەموو تەمەنی خۆی بە هەڵە دوای ڕێباز و بزووتنەوە و نەریت و خەتێکی فکری سیاسی کەوتبێت، ئیتر تازە چەند تەمەن و کات و فرسەتی بۆ دەمێنێتەوە، تا خەت و ڕێباز و نەریتێکی تازە بگرێتەبەر و بەرەوپێشەوەی ببات؟! لەوەش گرنگتر ئایا مرۆڤ، کە لە بەشی هەرە گەورەی تەمەنی بەسودی خۆیدا ئەزمون و ڕێگایەکی هەڵەی هەڵبژاردبێت و بە هەڵدێردا چوبێت، ئاخۆ چی زەمانەتی ئەوە دەکات دوای چەند سال دیسان لە خەت و ڕێبازە تازەکەشی پەشیمان نەبیتەوە و دیسان نەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفر؟!
بەجیا لەوەی هەر سەرنجێک لەسەر وێنای “مارکسیزمی هاوچەرخ” لەسەر مەنسور حکەمەت دەدرێت، گەر هاوڕێ سامان کەریم کەمێ بە دیقەتەوە سەرنجی بدایە، باش دەیبینی، کە من خۆی و دوو هاوڕێکەیم نەخستۆتە ڕیزبەندی ئەو کەسانەی پێناسەی مەنسور حکمەت بە “مارکسیستی هاوچەرخ” دەکەن و ئەو بە هەڵە ئەو ڕستەیەی منی بەرانبەر بە خۆی لێکداوەتە، بەڵکو دەڵێم سەیرەکە لەوەدایە کەسانێکیش هەن پێناسەی خۆیان دەکەن بە “مارکسیزمی هاوچەرخ”. ئەمەش بە ڕاستی پێویستە جێگای سەرنجێکی قوڵتر بێت لەسەر ئەو هاوڕێیانە، چونکە جگە لەوەی پێشوەخت نیشانی بدەن مەشغەڵەیان چیە، ئاشکرایە بە خەیاڵاتێک، کە بۆخۆیان داناوە “هاوچەرخن”. مانای ئەوەیە جگە لەوەی خۆیان وەک ئەهلی فکر دەناسێنن، ناکرێ مانایەکی تریان لێوەربگرین، چونکە پێشوەخت بڕیاریانداوە “مارکسیزمی هاوچەرخن”، نەک مارکسیەکی پراکتیکی. لە باری غروری فکریەوە بێ هیچ دەور و بەرهەمێك خۆیان لە پێش هەموو کۆمۆنیست و گروپێکەوە دەبینین. بۆیە پێویستی نەدەکرد هاوڕێ سامان ئەوەندە لەسەر فکر و پراکتیک بنوسێت و بەڕاست و چەپدا بکەوێتە ڕەخنە لەسەرئەزمونی حزبی کۆمۆنیزمی کرێکاری، چونکە هەر بە ناوی (ئاڕاستەکەیدا) دیارە فکر و پراکتیک جیا دەکاتەوە و لە قوڵایی فکرەوە ئاڕاسته‌کەی دەباتە سەر پراکتیک. بۆیە ئەولەویەتی کارەکانی، کە بۆ خۆی داناوە گوایە خەریکی “نوسین و کتێب دەرکردن و لێکدانەوە و شیکردنەوە و تەفسیرکردن” دەبێت. واتە ڕۆشنگەری کردووە بە ئەرکی خۆی، کە لەو بارەیەشەوە تا ئێستا جگە لە ناڕۆشنی هیچی تری نەداوە بەدەستەوە. بۆیە دوای جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆی، کە نادیارە کەی بەم ئەرکە هەڵدەسێت و کەی تەکامولی دەکات، پاشان دەیەوێت “پڕۆلیتاریا ڕۆشنکاتەوە بۆ خەباتی سۆشیالیستی”. واتە هاوڕێ سامان بیردەکاتەوە و دەنوسێت و کەسانی تریش پراکتیکەکەی بۆ ئەنجام دەدەن. ئەمەش نمونەی “بیرمەندێکی ناشۆڕشگێڕە”. ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە لە دنیای خەباتی سیاسی نمونەیان هەیە، کە جگە لە کاریکاتۆرسازی هیچی تری لێ بەرهەم نایەت. هەروەها وەک”بیرمەندی” بێکار و ناشۆڕشگێڕ ناتوانێت لە ڕیزی هیچ جۆرە خەباتێکی سیاسی کرێکاران و جەماوەریدا جێگایەک پەیدا بکات، تەنها بە زەڕەبین بە دوای کەموکوڕی هەڵسوڕانی سیاسی ناکرێکاریدا دەگه‌ڕێت و خۆی لێ دەپارێزێت. ئەو حزبەش لە نەخشە و بیرکردنەوەی تایبەتی هاوڕێ ساماندایە، دەمێکە کەسانی تر سپاردویانەتە دەست قەدەری هوشیارکردنەوەیەک بەو شێوەیەی خۆیان دەیانەوێت پڕۆلیتاریا تێبگەینن.
نوسراوەکەی هاوڕی سامان گوایە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ڕستەیەی منە، کە لە هەفتەی حیکمەتدا کردومە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی کردووە بە بەهانە و فرسەتێک بۆ دەربڕینی چەندین مەسەلە کە پەیوەندییان بە باسەکەی منەوە نییە. بۆ خۆشی بە هەڵە چۆتە ناو باسەکەوە، بەڵام بەداخەوە کەوتۆتە ناو فەزایەکەوە زۆرتر نیشاندانی نەفرەتە بەرانبەر حزب، کە هاوڕێ سامان تەمەنێک لە سەنگەریدا کاری کردووە و ئێستا پێداچونەوە بە ڕێبازەکەی دەکات! پیداچوونەوە خۆی لە خۆیدا هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام نەفرەت بۆچی؟! هەموو ئەو نمونانەی باسی کردوون بەڕاستی جێگای باس و سەرنجن، بەڵام ئەوەی زۆرترسەرنجڕاکێش و نابەجێیە، دەڵێت “من ئاگام لەوە نەبووە، کە بڕیار دراوە واحدی حککا بچیتەوە بۆ ئێران”. ئاشکرایە لە پشتی ئەم ڕستەیە کۆبەند و لێکدانەوەیکی تر لە هێرشی ١٤/٧ی یەکێتی بۆ سەر حککع لە بیرکردنەوەی تازەی هاوڕێ ساماندا خۆی مەڵاسداوە. پێش هەرشتیک پێدەچێت هاوڕێ سامان دوای ٢٢ ساڵ گەیشتبێت بە باوەڕهێنان بە پاساوەکەی تاڵەبانی، کە گوایە بە ڕادەی سەرەکی بە هۆی ئەو جەوله‌یەوە پەلاماری حزبی ئیمەیان داوە! بەداخەوە ئەمە دەچێتە خانەی پاساودانی هێرشەکەی یەکێتی و پەردەپۆش کردنی ماهیەتی دژی کۆمۆنیستی و دژی ئازادی و سەرکوتگەری یەکێتیەوە. تەنانەت دەعوانامەکەی نەزەر عەلی ئەکبەریش نادیدە دەگرێت، کە دەڵێت ئەم حزبە دەبێ قاچاغ بکرێت لەسەر ئەوەی یاسای یەکسانی ژن و پیاوی ڕاگەیاندوە، کار بۆ جیابوونەوەی کوردستان دەکات و ئاوارەی عەرەبی پەناداوە… بەداخەوە ئەم پێداچوونەوەیەی هاوڕێ سامان لە لێکدانەوەی خودی ئاسایش لە دواترە. ئایا سەرەتای بەهانەگیری یەکێتی، واتە ڕفاندنی هاوڕێیان عمار و یوسف و فهد و داتاشینی تۆمەتی قەتل بۆیان لە چەند مانگ پێش هێرشی ١٤/٧، هەر بەبۆنەی گەڕانەوەی هێز بوو بۆ ئێران؟! هیرشی ١٤/٧ روداوێکی لە ناکاو نەبوو کە دوای چوونەوەی هێز بۆ ئێران ئەنجام درابێت، بەڵکو چەندین جار بەبێ ناردنەوەی هێزیش بۆ ئێران، یەکێتی هەمیشە لە کەمیندا بوو بۆ پەلاماردانی حزب، هۆکاره‌کەشی لە بنەڕەتدا دژی کۆمۆنیست بوون و دژی ئازادی بوەنی یەکێتی بوو، بەلام هەر جارە و پاساوێکی دادەتاشی. لە دوای هه‌ڵبژاردنی شارەوانیەکانەوە دەورەیەکی تر لە کێشمەکێش و شەڕفرۆشتن بە حزبی ئێمە لە لایەن یەکێتیەوە دەستی پێکرد. سەرەتا هەڕه‌شە و بەیان دەرکردنی ئاسایش، پاشان ڕفاندنی هاورییانی عەرەبزمان و دواتریش هێرشی ١٤/٧. سەیرە بە حزوری هاوڕێ سامان چەندین جار باس و لێکدانەوەمان لەم بارەیەوە کردووە، کە یەکێتی بەهەر پاساوێک بوایە، بڕیار و پلانی هەبوو زەڕبەیەک لە حزبمان بدات. نەوشیروان ڕاشکاوانە دانی بەمەدا نا، لەو دانیشتنە لەگەل نەوشیروان، ئێمە هەموو بیانوەکانمان بڕی و سازشمان کرد لە پێناو ئەوەی بەر بە هێرشەکەیان بگرین. بەڵام ڕێک ئەو کاتەی ئێمە بیانوەکانی ئەوانمان بڕی، بڕیاری دا لێمان بدرێت.
بۆچی هەردوای ئەو ڕووداوە بە دوو مانگ کەجەلسەی ڕابەری هەردوو حزب بە ئامادەیی هاوڕێ سامان و خودی منصور حیکمەت ڕێک بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو ڕووداوە و چی کردن بەرپا کرا، گەر هاوڕێ سامان ئەو کارە بە هەڵەیەکی کوشندە دەزانێت، بۆ حەرفێکی نەگوت، کە بۆنی ئەم قسانەی لێ بێت. کەچی ئێستا چوەتە دەرەوە و لەو دوورەوە ئەیەوی نیشانە بگرێ و مەسئولیەتی ئەو هێرشەی یەکێتی بخاتە سەر حزب و هاوڕێیانی تری، بەو پاساوەی چونکە ئەو ئاگای لێ نەبووە. ئایا هاوڕێ سامان ئاگای لەوە نەبوو کە حککا بەرنامەیەکی هەبوو بە ناوی (ڕابەرانی کۆمۆنیست لەناو خەڵکدا) و چەندین جار هێزی ناردەوە بۆ ئیران؟ ئەمە بە جددی زۆر ئۆپۆرتۆنیستی و جێگای داخ و ئەسەفە! ئایا نەبونی ئەو لە مەکتەبی سیاسی پاساوە بۆ ئەم مەسەلەیە؟! ئایا ٢٢ ساڵ کات پێویست بوو تا هاوڕێ سامان بەم هەڵسەنگاندنە قوڵە بگات؟
ئەگەر ئەو کاتە هاوڕێ سامان مەکتەب سیاسی نەبووە، خۆ لە بیست ساڵی دوای ئەو ڕووداوە نەک مەکتەب سیاسی، بەڵکو سەرۆکی م.س. و سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیش بووە، چەندین کۆنگرە و پلنیۆم و کۆبوونەوەی مەکتەب سیاسی و کادران و …هتد. ئەنجام دراوە و بە نووسین بۆچوون و لێکدانەوە ئاڵوگۆڕ کراوە. بەڕاستی سەمەرەیە، لە ماوەی ئەو بیست ساڵەدا هیچ کاتێک ئەم تێڕوانینەی نەدرکاندووە و تەنانەت ناڕاستەوخۆش ئاماژەیەکی لەم جۆرەی نەبووە.
هاوڕێ سامان ل ەسەرەتای نوسینەکەیدا وا نیشاندەدات کە ئامادەی جەدەل و ڕەخنەگرتنە، بەڵام شێوازێک کە ئەو پەیڕەوەی لێکردووە نە جەدەلە و نە ڕەخنەگرتن. جەدەل و ڕەخنەگرتن خۆی لەخۆیدا ئەرکێکی زەروری کۆمۆنیستەکان و خەباتی چیانیەتیە، بەڵام بەو مەرجەی کەسەکان خۆیان لە دڵی ئەو کێشمەکێشانەدا قەراریان گرتبێ و ڕووی لە یەکگرتن و گەشەی خەباتی کۆمۆنیستەکان و هەڵگرتنی بەربەستەکانی پێشڕەوی خەباتی چینایەتیان بێت. بەڵام ئەوەی سامان کەریم ئیستقبالی لێکردوە، شیوازێکە بۆ ئەستۆپاکی حساباتی شەخسی خۆی لە ڕابردوو. ئەمەشی بە غرورێکەوە كردووه‌، کە بەڵکو وەک “بیرمەندیك” چاوی لێ بکرێت. نمونەی ئەم جەدەل و ڕەخنەگرتنەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەسەر مەسەلەکانی وەک ڕیفراندۆم، جەنگی موسڵ و کۆڕۆنا، ئەوەی سەلماندوە، کە ئەو بە دوای “ڕای شەخسی” خۆیەوەیەتی، لەک اتێکدا بە دەیان لاپەرە وەڵام بە بۆچونەکانیدا ڕەشکراوەتەوە، کەچی تازەبەتازە بە تەحریفکردنی باسەکەنەوە ڕای خۆی دووبارە دەکاتەوە. بۆیە هەر جەدەلێک لەگەڵ هاوڕێ ساماندا کوتانی ئاوە لە دەستکەواندا.
بە دڵنیایەوە ئێمە پێشوازی لە هەڵسەنگاندنی ڕەوتی خەباتی ڕابردووی حزب و جوڵانەوەکەمان دەکەین و لەوەش ناترسین هەڵە و کەموکورتیەکانمان چی بوون، چونکە ئەمە بۆ ئێمە پێداویستیەکی بردنەپێشەوەی خەباتی چینایەتی و کۆمەڵایەتییە. تەنانەت خۆشمان بە بەرپرسیار لە هەموو لایەنە باش و خراپەکانمان دەزانین و بە کردەوەش بەردەوام حزب و بزووتنەوەکەمان لە بەردەم ڕەخنەدا داناوە. بەڵام ئەوەی سامان کەریم دەستی بۆ بردوە، خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی مێژویەکی ٢٧ ساڵە و گوایە بە پەشیمان بوونەوەی لە ناکاو و بێ پێشینەدا لە کۆمۆنیزمی کرێکاری و خۆهەڵخستنی وەک “بیرمەندێک” دەتوانێت لەم بەرپرسیارێتیە ڕزگاری ببێت. ئەمەش هەقیقەتی سەرەکی ئەو جەنگەیە، کە لە نێوان”تیۆر و پراکتیدا” بەڕێی خستوە. کۆبەندێکیش کە لە پێداچونەوەیدا بەرانبەر بە مێژووی کار و خەباتی گرتویەتیەبەر، ئەو ئەنجامه‌مان پێدەڵێت، کە تەنها ڕووکەشی ڕووداو دەبینێت و لە هەمان ڕووکەشییا تەفسیری دەکات. بەم جۆرەش نەک نا”شۆڕشگێڕە”، بگرە “بیرمەندیە”کەشی لە خۆی حەرامکردووە.
كۆتایی ته‌موزی ٢٠٢٢




چارەنوسی هەڵبژاردن لە هەرێم… عوسمان حاجی مارف

پارتی و یەکێتی ئەوە ناشارنەوە، کە ناتوانن هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدەن. ئاماژەیەکی لابەلاش بەوە ئەدەن کە نەک ١-١٠-٢٠٢٢ هەڵبژاردنیان بۆ بەڕێ ناخرێ، بەڵکو ئەمساڵ کارێکیان بەسەر بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەوە نابێت. هەر بۆ ئەم پڕۆسەیەش دەبینین کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هیچ ئامادەکاریەکیان تائێستا نیشان نەداوەو سەرەتای هیچ کارێکیان دیار نییە و بێکار ماونەتەوە.

پاساوی پارتی و یەکێتی سەبارەت بە دواخستنی ئەم هەڵبژاردنە زیاتر دەیگەڕێنەوە بۆ ڕێکنەکەوتنی نێوان خۆیان. هەر لایەنێکیشیان ئەویتر بەکەمتەرخەم و نابەرپرس تاوانبار دەکات. هەڵبەتە ناڕێکی پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ خۆی مەسەلەیەکە، چونکە دوو هێزی سەرەکین لە پێکهێنانی دەسەڵات لە هەرێمدا. بەڵام ناسینەوەی کێشەی دواخستنی ئەم هەڵبژاردنە واوەترە لە دانیشتن و دانوسان و ڕێکەوتنی نێوان هەردوو لایان. بۆیە پێویست دەکات هۆکارەکانی دواکەوتنی ئەم هەڵبژاردنە بناسین کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی قوڵی سیاسی ناوچەکەو عێراق و کوردستان و ئەو ئاڵوگۆڕانەی پێشهاتون، لە قوڵبوونەوەی زیاتری ئەو گێژاو و ناسەقامگیری سیاسیەی چەندین ساڵە دۆخی سیاسی ناوچەکەی لە قاڵبداوە.

یانی بە مانایەک ئەم دوو هێزە میلیشیایە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی هێزەکانیان، لە ئێستادا ناتوانن بەردەوامی بەو شێوازانەی پێشوو بدەن، کە ناویان نابوو ڕێکەوتنی ستراتیژی، یان حکومەتی بنکەفراوان و پاراستنی یەکڕیزیی کورد..هتد. چونکە ئەو ئاڵوگۆڕە جیهانی و ناوچەییانەو قەیرانی قوڵ لەپرسی پێکهێنانی حکومەت لە عێراقدا پارتی و یەکێتی خستۆتە بەردەم چارەنوسێکەوە، ئاسان نییە بتوانن بە چەند گفتوگۆو دانوسانێک بگەنە ڕێکەوتنێکی دیاریکراوو پەسەندکراو تا جێگای ڕەزامەندی هەردوولایان بێت. بزووتنەوەی کوردایەتی لەبەردەم مامەڵەو گەمەیەکی هەستیارو مەترسیدارو چارەنوسسازدایە، کە بابەتەکە بە ڕێکەوتن لەسەر چۆنیەتی بەڕێکردنی هەڵبژاردن کۆتایی نایەت، چونکە بۆخۆشیان ئەوە زۆرباش دەزانن، کە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان ناتوانێت وەڵامێک بێت بۆ ئەو گرفت و کێشانەی لە بەرانبەریدا دەستەوەستان ماوون. ئاستی گرفت و کێشەکانیان لە چوارچێوەی هەلومەرجێکی سیاسی وەهادایە، کە لە چاوەڕوانیدا قەتیسی کردووە و ناتوانن بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە بدەن، چونکە لەم دۆخی چاوەڕوانیەدا هەر بڕیارێک بەناوی ڕێکەوتنەوە بدەن، مامەڵەو گەمەکانیان بەتایبەتی لەم هەڵبژاردنەدا لەدۆخێکی وەها هەستیاردایە، کاریگەری جددی لەسەر ئاستی هاوسەنگی هێزەکانیان دەبێت، کە ناتوانن دیاری بکەن بە قازانجی کاملایان دەبێت.

ئەوەی پێویستە قسەی لەسەر بکەین ئەو ئاڵوگۆڕانەیە کە دۆخێکی تری لە دەورانی سی ساڵی دەسەڵاتی میلیشیایی پارتی و یەکێتی بەدوای خۆیدا هێناوە، کە پێگەو دەوریان لەسەر لێواری جۆرێک لە بنبەست و دارماندایە:

یەکەم/ شکست و پاشەکشەی دەوڵەتی ئەمریکا وەک تاکە جەمسەرێک لە ناوچەکەدا، یەکێکە لەو هۆکارە گرنگانەی کاریگەری دانا لەسەر بەدیهێنانی ئەو ئاڵوگۆڕو پێشهاتە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی کە ناوچەکەی خستە دەورانێکی ترەوە. چڕبونەوەی ململانێ و کێشمەکێشی وڵاتانی زلهێزی دنیا و وڵاتانی ناوچەکەی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەتی خستنەسەرپشتی دەرگای دەخالەتکردنی زیاتری ئێران و تورکیا لە عێراق و کوردستاندا. هەر ئەم واقعە شێوازێکی تری بەخشی بە ئالوگۆڕ لە دەورو پێگەی پارتی و یەکێتی و پەیوەنیدیان بە بەغداوە، چونکە ئەو دەورانە تێپەری کە بتوانن پاشکۆبوونی سیاسەتەکانیان تەنها ببەستەوە بە نەخشەو دەوری سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکاوە. واتە لەبەرانبەر ناسەقامگیری سیاسی و ناسەقامگیری پێگەی خۆیاندا گیریان کردووە. هەرجارەی بە گرفتی کێشمەکێشی نێوان وڵاتانی زلهێزی دنیا و وڵاتانی ناوچەکەوە دەناڵێنن. گرفتی هەڵبژاردنیش درێژکراوەی هەمان ئەو دۆخەیە. نارۆشنن لەسەر ئەوەی بەرەو چ ئاراستەیەکی دەبەن. پارتی و یەکێتی بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنن و دەڵێن(هیچ ڕێککه‌وتنێک نییه‌ له‌نێوانماندا)، دواتریش لەسەر چی ڕێکدەکەون، نەزانراوە!

دووەم/ نەخشە و سیاسەتەکانی یەکێتی و پارتی، کە پێشتر لەپەیوەند بە ستراتیژی ئەمریکاوە توانیان داگیرکاری و تاڵانچێتی لە کوردستان بەدەستبهێنن و بوونە بەرگریکەری سەرسەختی یەکگرتوویی خاکی عێراق، هەروەها خۆیان کردە هاوچارەنووسی پێکهاتەو ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا، ئێستا کە قەیرانێکی بەرفراوان دۆخی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی داگرتووە، پارتی و یەکێتیش بوونەتە هاوچارەنوسی هەمان ئەو قەیران و گێژاوەی حکومەتی عێراقی تێیدا چەقیوە. لەهەمانکاتدا کاریگەری لەسەر ناڕۆشنی هەڵبژاردنی هەرێم و پەیوەندی نێوان هێزە میلیشیاو سیاسیەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامیەکانیش داناوە. هەربۆیە هەڵبژاردنی کوردستان لە چاوەڕوانی یەکلایبوونەوەی دۆخی بەغدا و پێکهێنانی حکومەتەکەیدایە، چونکە لە ئێستادا شتێکی وەها دیار نییە، کە ئاخۆ چی بە قازانجی پارتی یان یەکێتی دەبێت.

سێیەم/ درێژەکێشانی شەڕی ئۆکرانیا جگە لەوەی کاریگەری لەسەر هەلومەرجی سیاسی جیهان هەیەو شەڕی نێوان جەمسەرە ئیمپریالیەکانە، ڕاستەخۆ کاریگەری جددیشی لەسەر یەکلاییبونەوەی ئایندەی هەلومەرجی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستیش داناوە. سەردانەکانی بایدن و بۆتین بۆ ئەم ناوچەیە و دانوسانەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە ئامانجی بەستنەوەی چارەنوسی ئەم ناوچەیەیە، بە کێشمەکێش و جەنگی نێوانیانەوە، لەم نێوەدا جێگاو ڕێگاو پێگەیەکی بۆ پارتی و یەکێتی نەهێشتۆتەوە. بەجۆرێکە، کەبوونەتە پاشکۆی ڕووداوەکان و دەکەونە بەر ڕەحمەتی چۆنیەتی و پێداویستیەکانی یەکلایبوونەوەی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزی دنیا و وڵاتانی ناوچەکەوە، بەتایبەتی تورکیا و ئێران و سعودیە. بۆیە لەئێستادا پارتی و یەکێتی ئەوەیان پێباشترە جارێ هیچ جۆرە ڕێکەوتنێک نەکەن و لە چاوەڕوانیدا بمێننەوەو ئەوە بۆیان گونجاو ترە! هەر هەنگاوو ڕێکەوتنێک قومارێکە نازانرێ کێ براوە دەبێت. بۆیە خۆبەستنەوەیان بە ڕێکەوتن لەسەر هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان دەچێتە چوارچێوەی  قومارێکەوە شانس دەور دەبینێت.

چوارەم/ قوماری هەڵبژاردنیش لەکاتێکدا، کە توڕەیی و ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی جەماوەری یەخەی پێگرتوون، هەر لەسەرەتاوە شکستی پرۆسەی هەڵبژاردن و ڕێنەکەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت دەکاتە کارێکی حەتمی و دەکەونە ناو قەیرانێکی قوڵترەوە. ئەمەش هۆکارێکی جددیە، کە لەئێستادا باس لەدواخستنی هەڵبژاردن بکەن. پارتی و یەکێتی تا ئەوکاتەی هەلومەرجی سیاسی عێراق و ناوچەکە بەلایەکدا دەکەوێت، بەمانای حساباتێک لەنێوان کێشمەکێش و دەخالەتێک وڵاتانی زلهێزی دنیاو ناوچەکە بە شوێنێک دەگەن، ناچارن خۆیان نەخەنە ناو گێژاوی هەڵبژاردنێکەوە، کە ئەوسەرەکەی لەناو جەنجاڵی ئەم کێشمەکێشەی ئێستادا دیارنییە. ناشیانەوێت بە ناوی هەڵبژاردنەوە لەم دۆخە هەستیارەدا زیاتر جەماوەری ناڕازی لە خۆیان توڕەتر بکەن.

هەروەها لەلایەکی تریشەوە بەشێک لەو لایەنانەی بەناوی ئۆپۆزیسێونەوە دەیانەوێت لەم فرسەتەدا کورسی زیاتر بەدەست بهێنن، پێیان باشە بەزوویی هەڵبژاردن دەستپێبکات وسوود لەم قەیرانە بۆ زیاترکردنی کورسیەکانیان وەربگرن. هەڵبەتە گەر هەڵبژاردن بکرێت، ڕەنگە لایەنێکی وەک نەوەی نوێ ژمارەی کورسیەکانی زیاد بکات، هەربۆیە کەسانێکی هەلپەرست، سەنگەری هەڵسورانی سیاسیان لە گۆڕانەوە دەگوێزنەوە بۆ نەوەی نوێ. ئەوەی جێگای باسە زیادبوونی کورسیەکانی نەوەی نوێ هیچ کاریگەریەکی لەسەر پێکهاتەی دەسەڵات و چارەنووسی هەلومەرجی سیاسی کوردستان نابێت، تەنها ڕوکارێکە لەناو گۆماوی کاریکاتۆری هەڵبژاردن و پەرلەماندا مەلە دەکات.

پێویستە ئەوە بڵێم، کە گرنگ نیە کەی هەڵبژاردن دەکرێت و چۆن کێشەکان لە ناو کێشمەکێشی بەرژەوەندی وڵاتان و هێزە سیاسیەکاندا بە قازانجی هاوسەنگی هێزی پارتی یان یەکێتی یەكلایی دەبێتەوە،. گرنگ دۆخی ژیان و گوزەرانی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش و کەمدەرامەت و هەژاری کوردستانە، کە نە بۆ پارتی و نە بۆ یەکێتی و نە ئۆپوزیسیۆنەکەشیان جێگای بایەخیان نەبووەو نییە. هەڵبژاردن بکرێت یان نەکرێت، پارتی و یەکێتی دەسەلاتی میلیشیایی ڕەهایان هەیە. کابوسن بەسەر ژیان و چارەنوسی خەڵکەوە. هەڵبژاردن و پەرلەمان هیچ ناگۆڕێت. ئەم کابوسە دەبێت بەهێزی ناڕەزایەتی جەماوەری کۆتایی پێبهێنرێت. هەرچاوەڕوانیەک لە هەر هێزێک لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتی ئەم سیستمە کابوسەدا گەمەی سیاسی بە ناوی هەڵبژاردن و پەرلەمانەوە دەکات، کارێکی خۆکوژیەو ئەو فرسەتە دوور دەخاتەوە، کە دەمانەوێت ئایندەیەکی رۆشن بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوو دابین بکەین و ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لە ژیان و گوزەران و لە ماف و ئازادیەکانماندا و لەشێوازی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا بەدی بهێنین.

٢٤/٠٧/٢٠٢٢




سەرنجێک لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق… عوسمان حاجی مارف

چۆنیەتی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەر لە کاتی خۆێدا ئەوەی نیشانداین و سەلماندی کە ئاکامی ئەو جۆرە هەڵبژاردنەی بەدوای خرۆشانە جەماوەریەکان و قەیرانی سیاسی و قەیرانی حکومەتی عادل عبدالمهدی بەرێخرا، نەک نەیتوانیوە وەڵام بە قەیرانی هەلومەرجی سیاسی عێراق و قەیرانی دەسەڵات بداتەوە، بەڵکو ئەو قەیرانە بەرەو قوڵبوونەی زیاترهەنگاوی هەڵگرتووە. ئەگەر چۆنیەتی پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی لەعێراقدا بەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە، لەسەر بنەمای ڕێکەوتنی نێوان هێزە میلیشا قەومی و ئیسلامی و تائفیەکان پێناسەی بۆکرابێت و دابەشکرابێت، ئاشکرایە بەدوای پاشەکشەو شکستی سیاسەتەکانی ئەمریکا، ئەو پێشهات و ئاڵوگۆرانەی لە ناوچەکەو عێراقدا بەدیهات، ئەم جۆرە لە پێکهاتنی دەسەڵاتی سیاسی و رێکەوتنی نێوان هێزە میلیشیاکانی بە بنبەست گەیاندووە.
لەلایەک بە هۆی ئەوپەری ئاستی گەندەڵی و نالەباری هەلومەرجی ئابوری و سیاسیەوە، لەلایەکی تریشەوە ناڕەزایەتی بەرفراوانی جەماوەری لە بەغداو شارەکانی خوارووی عێراقدا، ئەو پرۆسەیە بوو، کە کاروباری ئەو جۆرە لە حکومەتی رێکەوتنی هێزە میلیشیاکانی تووشی ئیفلیچ بوون و بەرەو شکستهێنان برد.
گەر بە هەرهەوڵ و فروفێڵێک و شێوازو ئاستێک، هێزە میلیشیاکان توانیان پڕۆسەی هەڵبژاردن تێپەرێنن، بەڵام کێشە بێچارەکەیان ئەم جارە لە ڕێکەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت، زیاتر دەرگیری بنبەست و قەیرانی تری کردون. بۆیە دەبینین دوو ئاراستەی جیاواز ڕەنگی داوەتەوە لە نێوان ئەو هێزە میلیشیایانەی دەیانەوێت بەهەر قیمەتێک بێت خاوەن هێزی یەکەم بن لە پێکهێنانی حکومەتدا، تا بەجۆرێک خۆیان لەگەل ئاڵوگۆرەکاندا بگونجێنن. دەستەیەکیان، کە صەدریەکان نوێنەرایەتی دەکەن، هەوڵ دەدەن ئەو ئاراستەو نەخشەیە پەیڕەوی بکەن، کە پێکهێنانی حکومەت لە ڕێگەی ئەو هێزەوە بێت، کە لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەست هێناوە، کە بەجۆرێک ئەمریکاش لایەنگری لەم ئاراستەیە دەکات و پارتیش لەهەمان ریزدا سەرەی گرت. دەستەی دووەم ئەو هێزە میلیشیا شیعانەن، کە بۆ خۆیان خاوەنی نفوزیكی چەکدارین و راستەوخۆ پاشکۆی سیاسەتەکانی ئێرانن و دەیانەوێت لەسەر هەمان شێوازی پێشوو، لەسەر بنەمای ڕێکەوتنی هێزەکان حکومەت پێکبهێننەوە، یەکێتیش بەجۆرێک لە چاوەروانی ئەم ئاراستەیەدا ئایندەی خۆی دەبینێتەوە.
لەم نێوەدا موقتەدا صەدر کەوتۆتە ناو دوریانێکی تەسکو بنبەستەوە. لەلایەک نەیتوانی بە شێوازی زۆرینەی کورسیەکان، ئاراستەکەی بەسەرکەوتن بگەیەنێت و حکومەت پێکبهێنێت، لەلایەکی تریشەوە بۆ چونەپاڵ ڕێکەوتن لەگەڵ هێزەکانی تردا، جێگاورێگەی هێزەکەی لە حکومەتدا مانایەکی نامێنێت. بۆیە بەناچاری لەگەڵ ئاڵۆزی هەلومەرجەکەو قەیرانەکاندا رێگای کشانەوەی گرتۆتەبەر، بەڵکو لە هەر ئاڵوگۆریکی تردا گەر فرسەتی گونجاوی بۆ هاتەپێش گەمەی سیاسی تر بە هێزەکەی بکات. هەرکات لایەنەکانی تر بە هەر شێوازێک گەر بۆیان گونجاو بێت حکومەتێک ڕابگەیەنینن، ئەو کات موقتەدا صەدر دۆخەکە بەرێگای ‌هێنانە سەرشەقامی هێزەکەی دۆخەکە زیاتر دەشێوێنێت و رێگا نادات لایەنەکانی تر ئارایش بە حکومەتەکەیان بدەن. بەم شێوەیە ئاسۆی سەقامگیری سیاسی و کێشەی قەیرانی حکومەت لە سایەی تەواوی ئەو هێزە میلیشیایانەدا نادیارترو پر گێژاوتر چاوەروان دەکرێت.
ئەوەی لەم نێوەدا ئاشکرایەو جێگای سەرنجی جدیە بەگشتی هەلومەرجی ناجێگیری سیاسی عێراق و قوڵبونەوەی زیاتری قەیرانی حکومەتە، کە ئاراستەکانی هەریەک لە هێزە چەتە میلیشیاییەکانی دەسەڵاتدار لە عێراقدا، بە بەشداری پارتی و یەکێتیشەوە رۆڵێکی سەرەکیان هەیە لە خولقاندنی ئەو دۆخە نالەبارو گێژاوە سیاسی و قەیراناویەدا. بۆیە هەمیشە ئایندەی عێراق لەسایەی بوونی ئەو هێزانەدا لەسەر لێواری رودانی جۆرەها سیناریۆیە کە قوربانیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و هەژار دەبن.
هەروەها لە کاتێکدا یەکلایی کردنەوەی کێشەو قەیرانەکانی عێراق دیار نەبێت، هەلومەرجی سیاسی کوردستانیش بێبەری نابێت لە بەرکەوتن و بەخشینەوەی زیاتر قوڵبوونەوەی قەیرانەکاندا. لەو نێوەدا حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بەجیا لەوەی لەناو تێکەڵاوی ئەو بارودۆخە نالەبەرەدان کە ناوچەکەو عێراق دەرگیریەتی، لە هەمانکاتدا نەک ناشتوانن دەوری یەکلایی کەرەوە ببین، بەلکو پریشکی قەیرانەکانی عێراقیشیان بە زیادەوە بەردەکەوێت.
پارتی بەپێی پێگەو هاوسەنگی هێزەکەی لە هەوڵی ئەوەدایە پشکی زیاتر لە حکومەتی عێراق بەدەست بهێنێت. ئامادەیە هەر هێزێك بە هەر ئاراستەیەک پێشوازی لێبکات لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا رێکەوتنی لەگەڵدا بکات. جا ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ صەدریەکان ئەنجامیدا و بە ئەنجام نەگەیشت، ئێستا چاودێری دۆخەکە دەکات و خۆی مەڵاسداوە بۆ رێکەوتێکی تر. بەڵام ئایا قەیرانی حکومەت و یەکلایی بوونەوەی کێشەکان ئەو فرسەتە بۆ پارتی دێنێتە پێشەوە!؟ بە بۆچونی من هەلومەرجی سیاسی بە شێوەیەکی گشتی لە هەموو لایەنێکەوە عێراق و کوردستانی لەسەر گێژاو و چارەنوسێکی نادیاری وەها راگرتووە، کە کەمترین فرسەتی هێشتۆتەوە بۆ گەمەی سیاسی پارتی تا بتوانێت لە حکومەتی عێراقدا جێگاورێگایەکی باڵاتر لە جاران بەدەست بهێنێت. لەهەمانکاتدا ئاشکرایە، کە بەهۆی دابەزینی ئاستی پێکەی یەکێتی نیشتمانی و کێشە ناوخۆییەکانیەوە، بەشی لە پریشکی قەیرانەکاندا زیاتر دەبێت. ئەمەش بە ئاشکرا دەبینرێت، کە هاوکاتی زیاتر قوڵبونەوەی کێشەکانی پارتی و یەکێتی بۆ گەرانەوەی مامەڵەیان لەگەڵ بەغداد درزی زیاتری تێکەوتووە، هاوکات ناتوانن بۆ تێپەراندنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان نەخشەیەکی رۆشن بدەن بەدەسەتەوە. هەر بەم مانایەش هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە ساتە وەختێکی وەها ناهەموارو سەختدایە، بە ئاسانی بۆیان ناچێتە سەر.




بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم پڕۆژەیەکی شکست خواردودا!… عوسمان حاجی مارف

دوای چەندین ساڵ لە هەڵسورانی سیاسی جەلال تاڵەبانی کە خۆی لەبەرامبەر دژایەتی کردنی بارزانی و پارتیدا پێناسە دەکرد، هەوڵێکی زۆری دا تا هاوسەنگی هێزەکەی بەرێتە پێش هێزو نفوزی بارزانیەوە، تا ببێتە هێزێک کە وەک خاوەنی یەکەمی بزوتنەوەی کوردایەتی بناسرێتەوە، بەڵام ئاشکرایە لەوبارەیەوە کە مەوقعیەتی هێزەکەی تاڵەبانی بە هەر پلەو ئاستێک پێناسە بکرێت، بێ هودەو ناکام و دەستبەتاڵ لەبەردەم بارزانیدا مایەوەو نەیتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، تا ئەو ئاستەی دواتر ناچاربوو بە پێشوازیکردن لە سازش و ڕێکەوتن و ملکەچی بۆ قەبوڵکردنی مەوقعیەتی پارتی.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم هەنگاوی ناچارییەی ملکەچی تاڵەبانی بۆ بارزانی درزێکی گەورەی خستە ناو ڕیزەکانی یەکێتیەوە، دیارترینیان ناڕەزایەتی نەوشیروان بوو کە ئەم پاشەکشەیەی تاڵەبانی بە قازانجی ئایندەی زۆنی سەوز نەدەبینیەوە، ناچار لەسەرەتادا جۆرێک لە گۆشەگیری پیادە کردو دواتر هەنگاوی بەرەو پێکهێنانی بزوتنەوەی گۆڕان کردە پڕۆژەیەک، کە بە شێوازێکی تر لە هەڵسورانی سیاسی بەردەوامی بە ڕێبازی پێشوتری تاڵەبانی بدات بۆ وەستانەوە لە بەرامبەر بارزانی و پارتیدا.
ئەوەی پێویستە لەم نوسینەدا بەکورتی ئاماژەی پێ بدەم، بەجیا لەوەی هەر تێگەیشتن و وێنایەکمان لەسەر دەورونەخشی بزوتنەوەی گۆڕان و کاریگەریەکانی و چەواشەکاریەکانی هەبێت، تاتێوەگلانی ئیسلامیەکانیش لەو پرۆژەیە، بە بۆچونی من هەر لەسەرەتاوە ڕۆشن بوو پرۆژەیەکی لەم چەشنەی نەوشیروان هەر مەبەست و نیازێکی لە پشتەوە بوبێت بەشکستخواردویی لەدایک بووە، چونکە شەخسی یەکەمی یەکێتی و یەکێک لە شەخسیەتە ئەوەڵەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، واتە تاڵەبانی دوای چل ساڵ زیاتر لە هەڵسورانی سیاسی لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا، بنبەستی خۆی راگەیاندو دەستبەرداری ئەو ستراتیژیە بوو کە هەوڵیداو دەیویست بارزانی کەنار خات و خۆی ببێتە کەسی یەکەمی بزوتنەوەی کوردایەتی لە کوردستانی عێراقدا، بەڵام دواجار دیمان تاڵەبانی هەر بۆ خۆشی ئەوەی ڕاگەیاند کە لەو دژایەتی کردنەی بارزانیدا هەڵەی کردووە.
بۆیە پڕۆژەیەکی لەو چەشنە پاش چل ساڵ لە هەوڵی بێهودەو شکست و پەشیمانی تاڵەبانیدا، بۆ نەوشیروان نەک ئاسان نەبوو کارێکی لەو چەشنە درێژە پێبدات و بەسەرکەوتنی بگەیەنێت، بەڵکو هەر لەسەرەتاوە حەتمیەتی شکستی خۆی مسۆگەر کردبوو، بە تایبەتی لەهەلومەرجی ناجێگیری سیاسی کوردستان و باڵا دەستی بارزانی و پارتی وەک پایەو پێگەیەکی بەهێز لەدەسەڵاتی سیاسی و زۆنی زەرد لە کوردستاندا، جێگای بەجێگەیاندنی ئامانجی پرۆژەکەی نەوشیراونی تیادا نەدەبوەوە. هەر بۆیە سەرەتای نیشانەو هەنگاوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و ئاراستەی کۆتاییەکەشی بە شکستێکی ئابڕوبەرانەو زوو خۆڕادەستکردن بە پارتی پێشبینی دەکرا، هەر ئەو کاری خۆڕادەستکردنەشیان بە پارتی بەهەرزان و زوویی ئەنجامدا.
واتە مێژووی پاشخانێكە بە دوای باڵا دەستی و گوندەیی بارزانیەکان بەسەر بزوتنەوەی کوردایەتیدا سەپاندویانە و خۆیان تیا جێگیر کردووە بوونەتە خاوەنی هێزی یەکەم، هیچ فرسەتێکیان نەهێشتەوە تا بەشێکی تر لە ڕابەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە هەر گروپ و ڕێکخراوو کەسایەتیەک توانای ئەوەیان هەبێت بە ناوی کوردایەتیەوە دەوری بارزانی لابخەن و جێگەی بارزانی بگرنەوە. ئەمە بەجیا لەوەی مێژویەکی تاڵە بۆ ململانێی نێوان هێزو لایەنەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەڵام لە هەمانکاتدا واقعیەتێکیشە بۆیان ئاسان نەبووە قەبوڵی بکەن و هەمیشە سەرکێشیان کردووە، بۆیە هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی مەوقعیەت و ئاستی هاوسەنگی هێزەکانیان لە بری بەدواداچوون بۆ ئامانج و خواستی دەسەڵاتی خەڵک، هەموو کات بەشکست و بەخۆڕادەستکردن بە بارزانی پەردەی شانۆیی پرۆژەکانیان دادەرێتەوە.
گەر ئەو پاشخانە بنەماو واقعیەتی بەڵگە نەویستی شکستی پرۆژەی بزوتنەوەی گۆڕان بێت، لە هەمانکاتدا دەستپێکی چۆنیەتی کارەکەشیان ناواقع بینانەو مامەڵەیەکی نەگونجاویان خستەڕوو، بۆ گۆڕانێک کە مەبەستیان بوو لەدەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا ئەنجامی بدەن. گەر تاڵەبانی لەڕێی هێزی چەکداری و شەڕی ناوخۆو دەسەڵات لە زۆنی سەوزدا ئەو هەوڵەی دابێت و سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕێگەی پەرلەمانێکی فۆرماڵی و کارتۆنیەوە ڕێگای ئەو ململانێیانەی گرتەبەرو بانگەوازی “ئەیگۆڕین”یان دەکرد، بەوشێوەیە ئومێدیان بە جەماوەرێکی ناڕازی بەخشی، کەچی لە ماوەی دوو دەورەی پەرلەماندا “ئەیگۆڕین” بەسەر خۆیاندا شکایەوەو بوونە خاوەنی ڕابەری شەقامی ئارام بۆ دەسەڵاتی بارزانی، ئەم ئاراستەیە مایەی لەدەستدانی جەماوەرەکەیان بوو.
خاڵێکی تر لەم شکستەی گۆڕان کە جێگای ووردبونەوەیە، جگە لە سەوداومامەڵە بێهودەکەی ناو پەرلەمان، چەند دروشمێکیان ڕاگەیاند کە کاریگەری لەسەر زهنیەتی خەڵک داناو جێگای پێشوازی خەڵک بوو، دەربارەی بودجەو شەفافیەت و یەکگرتنی هێزی چەکداری و چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی..هتد، بەم دروشمانەوە چەپڵەی بەرەو دەسەڵاتیان لێ ئەدا، دواتر گەورەترین پاشەکشەو ڕیسواییەک کە بزوتنەوەی گۆڕانی لە ئێستادا پێ دەناسرێتەوە، بێدەنگی و فەرامۆشکردنی تەواوی ئەو بانگەوازو خواستانە بوو کەوەک مەزەی دروشمی ئەیگۆڕینەکەیان دەرخواردی خەڵکیان ئەدا. بودجە لە شوێنی خۆیەتی و بارزانی بەئارەزوی پێداویستیە سیاسیەکان و بنەماڵەکەی زیاتر یاری و مامەڵە بە بودجەوە دەکات، ناشەفافیەت حەتمیەتی وەرگرتووە و قسەکردن لەسەری بڤەیە، یەکنەگرتنی هێزی چەکداری و نایەکڕیزی “کورد” بە فەرمی دەناسرێت و گەندەڵیش تابێت بەرفراوانتر دەبێت، چاکسازیش بۆتە دەسەڵاتی ڕەهای بارزانی. واتە دروشمەکانی گۆڕان بە هێڵێکی تەواو پێچەوانەدا داکشاو بێشەرمانەو بەبێدەنگی قەبوڵیان کرد، وەگۆڕان بووە ئەو بەشە لەدەسەڵات، کە لە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکاندا ئاڵا شینەکەی چووە ڕیزی بەرمیلە ڕەنگکراوەکان کە پاڵیان پێوە دەنرا، وەک هێمای خواستی خەڵک بۆ کۆتایی هینان بەم دەسەڵاتەو پێکهاتەکانی.
بزوتنەوەی گۆڕان زوو هەڵوەری و زۆر بچووک بۆتەوە، تەنها دوکانێکی لاکۆڵانیان ماوە کە بەشێک لەسەرکردەکانیان خۆیانی پێدەژێنن، ئەمەش ئایندەی هەموو ئەو هێزانەیە کە بۆ ڕکابەری لەبەرامبەر بارزانیدا بە هەوای کوردایەتی و نیشتمان پەروەری و دڵسۆزترو ڕاستگۆترو بوێرتر خۆیان پێناسە دەکەن.
ڕێگای ڕزگاری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیدەی کوردستان کوردایەتی نیە، سەربەخۆییە لە تەواوی ئەو هێزو لایەنانەی بانگەوازی کوردایەتی و ئیسلامی سیاسی دەکەن، ئەوە تەنها دابینکردنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خەڵکە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە کە ئەتوانێ کۆتایی بەدەسەڵاتی بارزانی و هەردەسەڵاتێکی سەرو ئیرادەی جەماوەری ناڕازی بهێنێت و ئازادی و یەکسانی جێگیر بکات.




حکومەتی هەرێم ئەتوانێ ژیانی هاوڵاتیان دابین بکات..!… عوسمان حاجی مارف

“حکومەتی هەرێم ناتوانێ ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان دابین بکات و ڕێگاچارە گەڕانەوەیە بۆ بەغدا” ئەمە پەیامی بافڵ تاڵەبانیە، کە لەکاتێکدا حزبەکەی خۆی یەکێكە لە حزبە پێکهێنەرەکانی حکومەت و قوبادی برای جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمە، پەیامێکی لەم چەشنە جێگای تێرمان و قسەکردنی جدیە.
گەر ئەم مەسەلەیە لەو ئاماژەیەوە قسەی لەسەر بکەین، کە بافڵ ئەوە ڕادەگەیەنێت ئیتر حکومەتی هەرێم ناتوانێ بژێوی خەڵک دابین بکات، واتە لەپێکهاتەی حکومەتی هەرێمدا بەئاشکرا ئەوە دەخاتە بەرچاومان کە حکومەتی هەرێم توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی لەدەستداوە، ئێستاش بەرامبەر ئەو دۆخەی کە بافڵ دەیەوێت ئاماژەی پێبکات، دەبێت تەنها یەک ڕێگە هەبێت بۆ ڕزگاربون لە نەتوانینی حکومەت بۆ دابینکردنی ژیانی هاوڵاتیان، ئەویش هەڵوەشاندنەوەی بێ ئەملاوئەولای حکومەتی ئێستای هەرێمە.
پێویستە سەبارەت بەو ئاماژەیەی بافڵ دەیخاتە بەرچاومان ئەو ناکۆکیە دیاری بکەین کە دەرگیری بوون، چونکە ئەگەر بافڵ پێیوایە ئەم حکومەتە ناتوانێ بژێوی خەڵک دابین بکات، ئاخۆدەبێت چی ڕێگەی ئەوەی لێگرتبن کە دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتە ڕابگەیەنێت، خۆی و قوبادی براشی دەست لەکاری سیاسی بکێشنەوە؟، هەروەها لە تەواوی پڕۆسەی سیاسی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتداری حزبەکەی لە کوردستاندا، پێویستە پاشەکشەی حیزبەکەی و سڕبونی حزبەکەی لە کاری سیاسی ڕابگەیەنێت. گەر ئەو کارەش ناکات ئیتر ئەو ئاماژەیەی کە حکومەت ناتوانێ بژێوی هاوڵاتیان دابین بکات قسەیەکی بێماناو مزایەدەی سیاسی و خۆدزینەوەیەکی ڕیسواو بێشەرمانەیە لە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر ژیان و گوزەران و پێداویستیەکانی هاوڵاتیاندا. هەروەها ئامادەنیە هیچ ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر کە بگاتە ئەو ئاکامەی پێگەی حیزبەکەی لەق بکات وە بۆخۆشی کۆتایی بە ژیانی سیاسی بهێنێت، چونکە ئاشکرایە کە بەرژەوەندی خۆی و حزبەکەی پێشمەرجی هەموو ڕووداوو قەیرانێکە.
دەمەوێت بڵێم دەربارەی دۆخی ئێستای کوردستان و قەیرانێک کە حکومەت دەرگیریەتی، لەو شوێنەوە دیاری ناکرێت کە بافڵ دەڵێت حکومەت ناتوانێ بژێوی خەڵک دابین بکات، چونکە لە نێوان ئەوەی حکومەت ناتوانێ بژێوی دابین بکات یان بڵێین نایەوێت بژێوی خەڵک دابین بکات، دوو مەسەلەو دوو ئاراستەی جیاوازی تێدا بەدی دەکرێت. من وای دەبینم کە حکومەت و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان خاوەن ئیمکاناتێکی بێشوماری وەهان کەبە جەردەیی و تاڵانی و قۆرخکردنی سەروەت و سامانی کوردستان دەستیان کەوتوە، گەر مەبەستیان بێت، دەتوانن باشترین خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر بکەن. بۆیە ناکۆکیەکە لەوەدایە کە بافڵ و مەسعود، قوبادو مەسرور، نێچیرو بەرهەم، یەکێتی و پارتی کێشەکەیان ئەوە نیە ناتوانن بژێوی هاوڵاتیان دابین بکەن، بەڵکو وەک خاوەن هێزی میلیشیاو تاڵانچی و جەردە و خاوەن سەرمایەیەکی بێشومار، بە هیچ جۆرێک بەتەنگ ژیانی هاوڵاتیانەوە نەبون و نین و کێشەیان ژیانی خەڵک نیە. هەر بۆیە گەر بەراستی نەیانتوانیایە ژیان و گوزەرانی خەڵک بەڕێوەبەرن لە ناچاریدا ئەم کاسبیەیان نەدەکردو حکومەتەکەیان هەڵدەوەشاندەوە، بەڵام ئەوەی کەمن دەڵێم نایانەوێت،چونکە لەو بیرکردنەوەیەدان کە نەک حکومەتەکەیان هەڵناوەشێننەوە بەڵکو وەهایان داناوە کە دەسەڵاتەکەیان هەتاهەتایی دەبێت.
هەروەها باسکردنی گەڕانەوە بۆ بەغدا و بەستنەوەی چارەنوسی خەڵک بەبەغداوە هێندە ئاماژەیەکی نابەجێیە، جگە لەوەی کە نایانەوێت وەڵام بە گوزەران و باشکردنی بژێوی و پێداویستیەکانی خەڵک بدەنەوە، بەڵکو چارەنوسی خەڵکی کوردستانیان کردۆتە بارمتەو قوربانی ئەو مامەڵەو کێشمەکێش و گەمە سیاسیانەی کە لەگەڵ هێزە سیاسی و قەومی و تائیفیە میلیشیایانەی عێراقدا دەیکەن.
بافڵ و حزبەکەی لە نێو ئەو هاوکێشە سیاسیەی کە ئاڵوگۆڕ بە هەلومەرجی سیاسی ئێستای ناوچەکەو عێراق و کوردستان هاتووەو پێشبینی ئاڵوگۆڕی زیاتریش دەکرێت، هەروەها کێشە ناوخۆییەکانی حزبەکەیی و گۆڕانی هاوسەنگی هێزەکەی، پێگەیەکی وەها توندو پتەویان نیە کە بتوانن لە نێو جەنجاڵی هەلومەرجی ئایندەی ناوچەکەدا چارەنوسی هێزەکەیان دیاری بکەن، بەتایبەتی لەبەرامبەر پارتیدا، هەر بۆیە بافڵ لە هەندێ حاڵەتدا وەک قومارچیەک وەرەقەی دۆڕاندن فڕێ ئەدات و قسیەک بەبێ ڕونکردنەوەو نەخشەیەکی دیاریکراو دەخاتە ناو مەیدانی کێشمەکێشی لایەنەکانەوە.
بافل بەمەبەستی شکاندنی پارتی یان، خۆڵکردنە چاوی خەڵک بێت، پێش هەموو شتێک واقعیەتی بێتوانایی و بودەڵی حیزبەکەی دەخاتە ڕوو، کە پاش سی ساڵی دەسەڵاتیان، جگە لە ڕاگەیاندنی بنبەستبونی حیزبەکەی لە نێو هاوکێشە سیاسیەکاندا هیچی ترمان پێناڵێت. واتە بافڵ و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی بە جۆرێک لە حاڵەتی بێئاسۆیی و دیارنەبونی چارەنوسی هێزەکەیاندان، لە نێو ئەو ئاڵوگۆڕو پێشهاتە سیاسیانەی کە لە ناوچەکەو عێراق و کوردستان ڕودەدات بە تایبەتی لە هەلومەرجی شەڕی ئۆکرانیا و ئاکام و کاریگەریەکانی لەسەر ناوچەکە بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، بەمانایەک یەکێتی نیشتمانی وەک هیزێکی میلیشیا پێگەو ئیعتبارە سیاسیەکەی ئێستای لەو ئاستەدانیە کەبتوانێ لە مەیدانی ئەم ئاڵوگۆڕانەدا جێگایەکی باشتر لە دۆخی بنبەستی ئێستای بەدەست بهێنێت، هەروەها بافڵ و سەرکردایەتی یەکێتی جگە لە پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامی ئێران و خۆبەستنەوە بە سیاسەت و چارەنوسی ئێرانەوە لەم کەینوبەینەی کێشمەکێشە جیهانیەکانی ووڵاتانی زلهێزی دنیا ڕێگایەکی تریان نیە، هەربۆیە یەکێتی بێئەوەی هیچ تەرح و ڕێگایەک بگرێتەبەر بە ناچاری کەوتۆتە بەر سیاسەتی چاوەڕوانی و تەماشاکردنی ڕوداوەکان کە ئاخۆ ڕێرەوی ئایندەی هێزەکەی بەرەو کوێ دەبات..!. هەربۆیە قسەکانی بافڵ حسابێکی جدیان لەسەر ناکرێت و سەرکردایەتی یەکێتیش یەکڕیز نین و هەر کەسێکیان پێشنیارو قسەیەکی جیاوازی هەیە، وە تەنها لەهەوڵی پاراستنی بەرژەوەندی و سەروەت و سامانی خۆیان و حیزبەکەیاندان، تا ئەوەی بیر لە ژیانی هاوڵاتیان بکەنەوە.
دەسەڵاتی حیزبەکانی کوردایەتی هەر لە سەرەتاوە ئاشکرا بوو کە وەک پاشکۆ بون بە بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لە مەیداندا بوون، وە لەو ڕێگایەوە وەک هێزی میلیشیاو مافیا و تاڵانچی ئیدارەی کوردستانیان گرتەدەست و بونە بەشێك لە واقعیەتی ئەو گێژاوو ناجێگیریە سیاسیەی ئەمڕۆ، کە کوردستان و عێراقی پێ لە قاڵب دراوە.
خوڵقاندنی کارەسات و چوارچێوەیەکی تەواو نەشیاو بۆ گوزەرانی هاوڵاتیان لە پێناو جەردەیی و دزی وتاڵانی و قۆرخکردنی تەواوی سەروەت و سامانی کوردستان لەڕێگەی دەسەڵاتەکەیانەوە پێناسەو کارنامەی سیاسی کوردایەتیەکەیان بووە، دامەزراندنی دەسەڵاتداریەتی هیزی میلیشیاو خولقاندنی نائاسودەیی و وێرانکاری و ئاوارەیی و دەربەدەری و هەژاری، کە وایان لە خەڵک کردوە نەفرەت لە بونیان بکەن. حزبەکانی کوردایەتی هەر لەسەرەتاوە نمونەی بێباکترین و نابەرپرسیارترین و نائینسانی ترین دەسەڵاتی سیاسی بون و هەن. خولقێنەری فەزای کۆنەپەرستی و دژی ژنان، کە دەبوا هەر لەسەرتاوە فرسەتی دەسەڵاتداریەتیان پێ نەدرایە، ئێستاش تەنها هەر ئەو ڕێگایە کارسازە کە هەڵچون و خرۆشان و ڕاپەرینی جەماوەری لە هەر ئانوساتێکدا بێت پێویستە بەر بە هەناسەی ئەم دەسەڵاتەی کوردایەتی بگرێت.




نەوەی نوێ و هاورێیەتی ئیسلامی سیاسی…! عوسمان حاجی مارف

ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی لە دەرگای پەرلەمانەوە دەخلیسکێتە ناو ناڕەزایەتەیە جەماوەریەکانەوە، جگەلە مەرامێکی سیاسی کە بۆ پێداویستی پێگەی حزبەکەیەتی هیچ ئامانجێکی لە پەیوەند بە بەرژەوەندیەکانی جەماوەری ناڕازیەوە نیە. ئەمە واقعیەتی پێکهاتەی پەرلەمانی کوردستانە کە زیاتر بۆتە مەیدانێک لە بازاڕی بازرگانی بە سیاسەتەوە، هەر بەو مانایەش پەرلەمان بۆتە گاڵتەجارو ڕسوایی بۆ ئەوانەی بەشدارن و نوێنەریان هەیە لەو پەرلەمانەدا، ناڕەزایەتیەکان لە هەر ئاستێک و توانایەکدا بێت و بۆ هەر داواکاریەک خۆی بنوێنێت، دۆخەکەی بەجۆرێکە فرسەت بۆ ئەو لایەن و هێزانە نیە کە لە ناو دەسەڵات و پەرلەمانەوە بتوانن هێژمۆنی فکری سیاسی خۆیان بەسەر ناڕەزایەتیەکاندا بسەپێنن
ناکرێ مەودای خواستێکی بەرفراوان لە بێزاری و توڕەیی و ناڕەزایەتی جەماوەریدا،جگە لە نایەک بۆنەویستنی ئەم دەسەڵاتەی ئێستای حزبەکانی کوردایەتی بۆی بڕوانین، چونکە قەیرانی قوڵی دەسەڵاتی سیاسی لە سەر دەستی بزوتنەوەی کوردایەتی وەک هێزە میلیشیاکانی، دۆخێکی واقعیەو ئەزمونێکی ڕسواو قیزەوەنیان لەسەر شانۆی سیاسی کوردستان خستۆتە ڕوو، کە جگە لەکۆتایی هێنان بەدەسەڵاتەکەیان و ڕاماڵینی تەواوی پێکهاتەو دامودەزگاکانیان هیچ ڕێگایەکی تر،بۆ ڕزگاری خەڵک لەم هەلومەرجە نالەبارو نائەمن و فەلاکەت بارو نەخوازراوە کارساز نیە. کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان، لە ماوەی سی ساڵی دەسەڵاتی سیاسی یەکێتی و پارتیدا شەوێکیان نیە بە ئاسودەیی خەوتبن و بە ئومێدەوە ڕۆژیان لێ هەڵهاتبێت.
ئەوەی گرنگە لەم نێوەدا هەر پێناسەیەک کە بۆ ئەم دەسەڵاتە تاڵانچی و گەندەڵ و جەردەیە دەکرێت، چەند لایەنێک بەناوی ئۆپۆزیسیۆن لە ناو دەسەڵاتدا بونە بەشێک لە پێناسەو پێکهاتەی ئەم دەسەڵاتە بورجوا ناسیۆنالیست و میلیشیایە. بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵ نمونەیەکی شکستخواردوی ئەم جۆرە ئەزمونەیان نیشانداین، کە بونەتە بەشێک لە ڕووی زیاتر قێزەون بونی ئەم دەسەڵاتە، لە هەمان کاتدا دیمان کە ئاستی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان چۆن یەخەی ئەم هێزە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەشی ڕاوەشان و دایاندڕی و دەستیان لە سوتاندنی بارەگاکانیان نە پاراست.
ئەم جۆرە ئۆپۆزیسیۆنەی کە بەناوی پشتیوانی لە ناڕەزایەتیەکانی ١٧شوبات خۆی نواندو دواتر بونە پاشکۆی سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، ئیسلامیەکان نوێژەکانی مەیدانی ئازادیان گواستەوە بۆ ناو پەرلەمان و وەزارەتەکان، دروشمی “ئەی گۆڕین” بوبە پێشکەشکردنی شەقامی ئارام بە دەسەڵات، ئەوە ئاکامی ئەو بەرنامەو ڕێبازە سیاسیەیە کە گۆڕان و ئیسلامیەکان لە هەمان چوارچێوەی بەرنامە و ڕێبازی سیاسی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا نەخشەی بنەڕەتیان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، کۆمەڵگەیەك کە بازاڕی کارو کاری بەکرێ بنەماکەی بێت و خاوەنداریەتی تایبەتی بۆهۆکانی بەرهەم هێنان و کەڵەکەی سەرمایە لە چنگی کەمایەتیەکدا زەوتکرابێت و سوربن لەسەر ئەوەی کە دەبێت پاریزەری کۆمەڵگەیەک بن، نابێت ئینسانەکان یەکسان بن، نایەکسانی بۆیان واقعیەتێکی مێژویی و هەتاهەتاییە، ئۆپۆزیسیۆن بن یا دەسەڵاتدار، هیچ کات پێچەوانەی ئەو بەرنامەو سیاسەتەیان جوڵە ناکەن، ئەو هێزانە ئەوەندە ئۆپۆزیسیۆن دەبن بەڵکو لە هەلومەرجێکدا فرسەتی ئەوەیان بۆ بێتە پێشەوە لەبری پارتی و یەکێتی بە هەمان ڕێبازی کەڵەکەی سەرمایە و چەوسانەوەی ئینسان خۆیان ببنە خاوەنی دەسەڵات، بەڵام دۆخی سیاسی کوردستان لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١دا ئەو فرسەتەی تیا نەبو کە ئەم ئۆپۆزیسیۆنە لەو ئاستەدا بێت بتوانن ببنە هێزی یەکەم لە دەسەڵاتی سیاسیدا، بەڵکو لە ناچاریا چونەوە باوەشی پارتی و یەکێتی و بونە هێزێکی پاشکۆ بۆ پاراستنی هەمان دەسەڵاتی سیاسی.
ئێستاش دۆخی کوردستان کە جۆرێکی تر لە ئاستی بەرزی ناڕەزایەتی بەخۆیەوە نیشان ئەدات، ناڕەزایەتیەک بە هەموو زمان و چەندین جۆری دەربڕینەوە، جەماوەری توڕەو ناڕازی داوادەکەن و دەڵێن ئەم دەسەڵاتەمان ناوێت، ئۆپۆزیسێۆنی ناو پەرلەمان و دەسەڵات جارێکی تر سەرەلەقەیانەو لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان بکەنە خاوەنی ئەو ناڕەزایەتیانە، هەڵبەتە لەم کەین و بەینەدا گۆڕان بەجۆرێک نیشانەکانی شکست و ڕسوایی خۆی لەو مەیدانەدا نیشانداوە کە ئەو هەلەی لە دەستدا تا بەگوڕی دروشمی ئەیگۆڕین جارێکی تر بتوانێ بێتەوە مەیدان.
کۆمەڵ و یەکگرتوش ئەم جارە فرسەتی ئەوەیان نابێت بە نوێژ لە مەیدانەکاندا لایەنگری لە ناڕەزایەتیەکان بکەن، چونکە ڕوخانی دەسەڵات لە خرۆشانێکی جەماوەری بەرفراوانەوە دەبێتە ڕاپەڕینێک، کە نوێژکردن ناتوانێ وەک شێوازی ناڕەزایەتی خۆی تیا بنوێنێت، گۆڕان و ئیسلامیەکان ئێستا بە شێکن لەو دەسەڵاتەی ئایندەیەکی زۆر تاریک چاوەڕوانی دەکات، واتە پێویستە پێش ئەوەی بخلیسکێنە ناو ناڕەزایەتیەکانەوە، دەبێت هەر لەئێستاوە هیچ جۆرە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆیان بە دەسەڵات و پارتی و یەکێتیەو نەمێنێت.
ئەوەی جێگای تێڕامانە لەم نێوەدا “نەوەی نوێی”ە کە وەک هێزێکی تازەی ئۆپۆزیسێۆن لەمەیدانەکەدا گەمەی سیاسی دەکات، بەڵام جگە لە ڕەخنە لە سەر گەندەڵی و بێدەربەستی و ناڕاستگۆیی…، مەبەستی نیە لەسەر گۆڕانی پێکهاتەو سیستمی ئابوری کوردستان، ئابوریەک کەلەسەر چەوسانەوەی ئینسان لەسەر ئینسان دامەزراوە قسەیەک بکات، پێش هەموشتێك سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ خۆی سەرمایەدارەو گەر دەسەڵاتیش بگرێتە دەست، کە ناتوانێ بیگرێتە دەست، وەک نوێنەری سەرمایەدار کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات، پشت دەبەستێت بە کرێی کاری هەرزان لە بازاڕدا. با لەمانە گەڕێین لە باری سیاسیشیەوە، دۆخەکە بۆ نەوەی نوێ لەو ئاستەدا نیە کە بتوانێ فرسەتی دەسەڵاتی هەبێت، چونکە هەلومەرجی سیاسی کوردستان لە پەیوەند بە هەلومەرجی سیاسی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چونیەتی دەخالەتی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکە، نەوەی نوێ ناتوانێ ئەو نمونەیە بێت کە لە باری هێژمۆنی سیاسیەوە پارێزەری سەقامگیری دەسەڵاتی سەرمایەبێت لە کوردستاندا، ئەوەی پارتی و یەکێتی ماوەی سی و یەک ساڵە بە شێوەی ئەو پەڕی نائینسانی و دڕندە کۆمەڵگە بەڕێوە دەبەن، لە هەمان کاتدا توانیویانە پارێزەری بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداران و بەرژەوەندیەکانی ووڵاتانی سەرمایەداری جیهان بن، سەرۆکی نەوەی نوێ بەهەرجۆرێک بۆتە دەرکەوتەیەک، دەتوانێ سەرمایەدارێکی ناوخۆیی بێت، بەڵام ناتوانێ وەک سیاسیەک نوێنەری پارێزەری دەسەڵاتی سەرمایە بێت لە کوردستاندا، ناتوانێ لە نێو کێشمەکێش و شەری نێوان جەمسەرە ئیمپریالیەکاندا پێکەیەک بۆ خۆی بەدەست بهێنێت، هەر بۆیە ناشتوانێ لە ئاستی بونی چەند ئەندام پەرلەمانێک زیاتر سیاسەتەکانی بەرێتە پێشەوە، بەڵکو سەرۆکی بزوتنەوەی نەوەی نوێ وەک سەرمایەدارێک خۆی پێویستی بە دەسەڵاتێکە پارێزەری بێت.
لەلایەکی ترەوە گەر بێینەسەر هەنگاوەکانی ئەم دواییانەی نەوەی نوێ کە بەدوای نەوەی کۆنەوەیە، هەوڵئەدات وەک هێزێکی بارزی ئۆپۆزیسۆن لە پەیوەند بە ناڕەزایەتیەکانەوە دەرکەوێت، بە شیوزاێک دوبارەکردنەوەی هەنگاوەکانی بزوتنەوەی گۆڕانە کەلە ١٧شوباتدا کاری لەسەر دەکرد، بەڵام لە دۆخێکی تەواو جیاوازدایە، یەکەم : هەلومەرجی سیاسی ناوچەکە ئاڵوگۆڕێکی زۆر جیاوازی هەیە لە چاو ٢٠١١دا، چاوەڕوانیەکان ئەوەی تیا پێشبینی دەکرێت کە ناوچەکەو عێراق و کوردستان لە بەردەم پێشهاتەی تازەو ئاڵوگۆڕێکدایە کە جێگەو ڕێگای هێزە سیاسیەکانیش ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت، جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەو ئامادەییەدانیە کە بتوانێ لەو ئاڵوگۆڕانەدا پێگەیەکی بەهێز بەدەست بهێنیت. دووەم : گەر گۆڕان توانی لەو دەورەیەدا پێگەیەک لە حکومەتی بنەکە فراواندا بۆخۆی بەدەسەت بهێنێت، بەمانای ئەوەبو کە پارتی و یەکێتی توانیان هەمان دەسەڵاتی سیاسی خۆیان بە هەمان پێکهاتەی دەسەڵاتی میلیشایی بپارێزن و گۆڕانیش پشتیوانی لێکردن، بەڵام دەورانی ئێستا پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی یەکێتی و پارتی لەبەرامبەر ئەو ئاڵوگۆڕانەو قەیرانی سیاسی کە لە ناوچەکەو عێراقدا چاوەڕوان دەکرێت لە ژێر پرسیاردایەو لە قەیرانێکی قوڵدان، بۆیە جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەو حسابانەدا سەوداو مامەڵەی پێ ناکرێت.
نەوەی نوێ بەو شێوازە خێرخوازیانەی بە جێی گەیاند، گەر هەر دەورێکی لە چەواشەکاریدا ببینێت جەماوەرێکی بەدەوری خۆیدا گردکردبێتەوە، بەڵام ئەم دانیشتن و ڕێکەوتنانەی لەگەڵ لایەنە ئیسلامیەکاندا پێکیان هێنا، چەند هەنگاوێک گەڕانەوەیە بۆ دواوە، چونکە ئیسلامیەکان نەک نەیانتوانی بەو ڕێکەوتنانەی کاتی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەنجامیاندا نزیک بونەوە لە جەماوەری ناڕازی بەدەست بهێنن، بەڵکو وەک بەشێک لەدەسەڵات کەوتنە بەردەم ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانەوە.
هەربۆیە ئاسانە گەر بگەین بەو ئەنجامەی کە مانای ئەو هەنگاوانەی نەوەی نوێی ناچارکردوە بە ڕێکەوتن لەگەڵ ئیسلامیەکاندا ڕویەکی ناشرینی خۆی نیشان بدات. یەکەم: بنبەستی سیاسی نەوەی نوێیە بۆ ئەو نەخشانەی کە چاوەڕوان بو جێگایە لە پەرلەمانی بەغدا یان لەگەڵ هیزێکی سیاسیدا پێگەیەک بۆ جوڵانەوەکە بەدەست بهێنێت، بەڵام قەیرانی پێکهێنانی حکومەت لە بەغداو ناکۆکی نێوان هێزە میلیشیاکان ئەو ئومێدەی نەوەی نوێی خستە لاوە. دووەم: دۆخی سیاسی کوردستان و قەیرانی دەسەڵات و ناڕۆشنی دۆخی هەڵبژاردن، ئومێدی نەوەی نوێ بەوەی کە ژمارەی کورسیەکانی زیاد بکات، بە ناکامی بەجێ ماوە، هەر بانگەشەیەک بۆ نەوەی نوێ دەبێتە خەرجی زیادە بۆ هەڵبژارنێک کە ئایندەکەی لە هەموو کات نادیارترە. سێیەم: ئاستی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بۆ خواستی ڕاماڵینی دەسەڵات لەوە واوەترە کە نەوەی نوێ بتوانێت وەک ئەڵتەرنەتیفێک بێتە مەیدانەوەو بتوانێ نوێنەرایەتی ناڕەزایەتیەکان بە چەواشەکاری بباتە سەر، خرۆشانی جەماوەری و ڕاپەرین، هەڕەشە لە بەرژەوەندیە ئابوریەکان و سەرمایەی سەرۆکی نەوەی نوێش دەکات. هەر بۆیە نەوەی نوێ زیاتر دەکەوێتە سەرەگێژەو گێژاوێکەوە گەر زیادەڕۆیی بکات نەک پێگەی سیاسی، سەرمایەکەشی لە دەست ئەدات، هەر بۆیە لەم نێوەدا پێکهێنانی بەرەی لەگەڵ ئیسلامیەکان هەڵبژاردووە.




موشەکی وێڵ.. عوسمان حاجی مارف

پاشکۆ بونی حزبە میلیشیاکانی کوردایەتی هەر لەسەرەتای جەنگی کەنداوەوە بۆ بەرژەوەندیەکانی سیاسەتی دەوڵەتی ئەمریکا لە عێراق و لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دواتر پاشکۆ بونی پارتی بۆ سیاسەت و بەرژەوەندی دەوڵەتی تورکیاو پاشکۆ بونی یەکێتی بۆ سیاسەتی بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها ملکەچی و گەڕانەوەی بەردەوامیان بۆ هێزە میلیشیاکانی دەسەڵاتداری بەغداد و گرێدانی چارەنوسی کوردستان بە حکومەتی ناوەندیەوە، ئەو واقعیەتەیە لە درێژەدان بە نائەمنی و کارەسات و سەرگەردانی و ناجێگیری و گێژاوی سیاسی لە کوردستاندا، بۆیە تا هیزە میلیشیاکانی بزوتنەوەی کوردایەتی پارتی و یەکێتی دەسەڵاتدار بن هەڵەیەکی گەورەیە چاوەڕوانبین کۆتایی بەو دۆخە نالەبارە بێت.
موشەکەکانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر تەنها کارێکی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی ئێران نیە کە پێویستەو دەبێت سەرکۆنەی بکەین، یان موشەکی وێڵ نین و دزەیان بۆ ناو شاری هەولێر کردبێت، لەبری ئیسرائیل بەر هەولێر کەوتبێت، بەڵکو لە ئاکام و کاریگەری ئەو نەخشەو سیاسەتانەوەیە کە پارتی و بنەماڵەی بارزانی تەواو خستۆتە باوەشی دەوڵەتی تورکیاو لەنێو کێشمەکێشە جیهانیەکاندا گەمەیەکی مەترسیدار بە چارەنوسی خۆیان و کوردستانەوە دەکەن، چونە باوەشی تورکیا و بونی بنکەی ئیسرائیل لە هەولێرو لایەنگری لە سیاسەتی ئەمریکا و ناتۆ لە شەڕی ئۆکرانیادا، جگە لەوەی دەبێت پێشوازی لە موشەکی ئێران بکەین، لە هەمان کاتدا ئەو مەترسیەیە کە لە هاوکێشەی سیاسی ناوچەکەدا ئەگەری ئەوە هەیە کوردستان بکەنە قوربانی ململانێ و کێشەکان و دەورو دەخالەتی تورکیا و ئێران لە عێراق و ناوچەکەدا، بەم شیوەیە ئەگەری ئەوە هەیە جارێکی تر دوای موشەکی ئێران موشەکی وێڵی ئیسرائیل و تورکیا سلێمانیش بگرێتەوە.
پارتی و بارزانی بەدوای ئەوەوەن و دەیانەوێت ئەو ئاڵوگۆڕەی شەڕی ئەوپەری نائینسانی و دڕندانەی ڕوسیاو ئۆکرانیا کە دەورەیەکی تازەی لە ئاستی جیهاندا پێشهێناوە، مەزەندە بکەن بەوەی، پێیان وایە بەدوای هەر ئاڵوگۆڕێکدا تەنها لە جەمسەری ئەمریکاو ناتۆدا دەتوانن خۆیان حەشاردەن و پێگەو نفوزیان بپارێزن، یاخود ئەشێ لە ناچارییەکدا ئەو ئاڕاستەیەی ئەمریکاو ناتۆ هەڵدەبژێرن، چونکە لەو کەین و بەینەی تورکیا و ئیسرائیل و ئەمریکادا بە جۆرێک پێوەی لکاون و گیریان کردووە، تازە ناتوانن بە زیندویی لێی بێنە دەرەوە، بۆیە هەرهێرشێک، لە هەر لایانێکەوە بکرێتە سەریان، تەنها ئەوەیان لەدەست دێت بڵێن “ترسنۆکانیە”.
بەڵام ڕەوتی ڕوداوەکان لە نێو ناکۆکیەکانی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو جەمسەرە ئیمپریالیەکاندا، چاوەڕوانی بۆ دوای ئاکامەکانی شەڕی ڕوسیاو ئۆکرانیاو دوبارە دابەشکردنەوەی جیهان، ئەو ئاڵوگۆڕانەیە کە پێویستی دەورەیەکی تازە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و کوردستانیشدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت، پارتی و بارزانی لەناو زەلکاوی واقعیەتێکەدا بەرەوڕوون کە ئەگەری ئەوە هەیە نەک موشکەکانی ئیران هەراسانیان بکات و کارەسات بۆ دانیشتوانی کوردستان بخولقێنن، بەڵکو دوورنیە لە دوبارە بونەوەی نمونەی کارەساتی شەنگال زیاتر واقعیەتی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانی پێ لە قاڵب بدرێت، هەر بۆیە بەجیا لەسەرکۆنەی موشەکەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پێویستە دەسەڵاتی سیاسی پارتی بە تایبەتی و دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بەگشتی سەرکۆنە بکرێن، کە بەردەوام بەجیا لەوەی هۆکارێکی سەرەکین لەسەر بەڵای ژیانی نائارام و ناسەقامگیرو نەخوازراو بۆ خەڵکی کوردستان، لە هەمان کاتدا هۆکارێکن لە گواستنەوەی هەر بەڵایەکی تر کە لە ئاکامی دەورو دەخالەت و کێشمەکێش و شەڕی وولاتان دێنە ناو کۆردستانەوە، تەنها ڕێگا کۆتایی هاتنی دەسەڵاتیانە بەر لەوەی هەر کارەساتێکی تر ڕوبدات.
١٤/٠٣/٢٠٢٢




یادی راپەرین.. عوسمان حاجی مارف

دوای سی و یەک ساڵ لەدەسەڵاتی میلیشیایی یەکێتی و پارتی و هاوپەیمانەکانیان کە مایەی ئەوپەڕی نائەمنی و نا سەقامگیری و گێژاوی سیاسی بوون و هەن لە کوردستاندا، خەریکن بە لێدانی دەفی سواوی کۆنەپەرستی بیروسیاسەتەکانی کوردایەتیەوە، لە ژێر پەردەی یادی ڕاپەرینەوە، سەمادەکەن و بەردەوامی بە چەواشەکاری ئەدەن. هەڵبەتە ئەوە خاڵی لاوازی ئەو ڕاپەرینە بوو کە لە ساڵی ١٩٩١دا فرسەتی دا بە بزوتنەوەی کوردایەتی تاسواری سەری توڕەیی و ناڕەزایەتی چەند ساڵەی خەڵکی کوردستان بێت بۆ وەستانەوەو ڕزگاربونیان لەدەستی چەپەڵی حکومەتی بەعس و ناسیۆنالستی عەرەبی.
ڕاپەڕینی ١٩٩١ بەهەر کەموکوڕی و ناڕۆشنیەکەوە ئەتوانین بڵێین، هێمای هاتنە مەیدانی ڕیزێکی بەرین لە جەماوەری ناڕازی کوردستان بوو کە بۆ چەند دەیە دەیانناڵاند بەدەست بێئیرادەیی و سەرکوت و ئەوپەڕی چەوسانەوەو بێمافیەوە، بەدەست زیندان و لە سێدارەدان و ئاوارەیی و کوشتنی بە کۆمەڵەوە. بە هەرجۆرێک و لەژێر کاریگەری هەر هەلومەرجێکی سیاسیدا جەماوەری کوردستان وەها تینوو تامەزرۆی ڕزگاری و ئاسودەیی و ئەمنیەت و خۆشگوزەرانی بون، تروسکایی ڕزگاری لەدەست حکومەتی بەعس لە هەر شوێنێکەوە دەرکەوتایە بەرەو پیری دەچون، هەر هێزێک بەهەر پۆشاک و ئاڵاو ڕەنگێکەوە دەرکەوتایە باوەشیان بۆ دەگرتەوە. بێئیرادەیی و بێئومێدی بەجۆرێک لەناخی خەڵکی کوردستاندا چەسپێنرابوو، ئەگەر هەر شەیتانێک سەدام و حکومەتی بەعسی وەلابنایە فەرشی سوریان بۆ ڕادەخست. هەرئەم ئاراستەیە لە بیرکردنەوەی جەماوەری ناڕازیدا خالێکی گەورەی لاوازی ئەو ئومێدەی خەڵکی بوو کە بەهەر قیمەت و هەر فرسەتێک کۆتایی بەدەسەڵاتی بەعس و سەدام بهێنرێت، پێشوازیان لێدەکردو شاییان بۆ سازدەکرد.
کارامەیی حزبەکانی کوردایەتی لەوەدا بوو، لەو هەلومەرجەدا لەلایەک بوونە پاشکۆ و پێشخزمەتی و جێبەجێکەری بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا، لە لایەکی ترەوە سود وەگرتنیان بوو لە ئاستی ناڕۆشنی ئایندەیەک کە بێئیرادەیی سەپاندبوو بەسەر خەڵکیدا. خەڵکیان لەژێر کاریگەری ئاسۆی ناسیۆنالیستی و دەربازبون لە دەسەڵاتی بەعسدا کردە قوربانی بەرژەوەندی ئەجنداو نەخشەی سیاسەتەکانی بەرەی کوردستانی کە لە سایەی هێزە میلیشیاکانی بنەماڵەیی پارتی و یەکێتیدا خۆی دەنواند.
بەرپابوونی جەنگی کەنداو بە باڵادەستی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ سەر عێراق بە ناوی ڕزگاری کوەیتەوە، لەلایەک ئەم جەنگە کەجێگای ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی دەیان ملێۆن ئینسان بوو لە جیهاندا، بەڵام لەلایەکی ترەوە جێگای ئومێدو پێشوازی بەشێکی زۆری خەڵکی عێراق و کوردستان بوو. لە هەمان کاتدا حزبەکانی کوردایەتی تەواو بوونە پاشکۆی ئەو جەنگە دژی ئینسانی و وێرانکەرە، کە لەساڵی ٢٠٠٣دا دوای داگیرکاری تەواوی عێراق، ناویان نا پرۆسەی “ئازادیی عێراق”.
لە ڕاستای ئومێد بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی بەعس و سەدام لە کوردستانداو پەیوەستبونی خەڵک بە ئاسۆی ناسیۆنالیستی و دەوری ئەمریکاوە، ئاسۆو پێگەی ڕاپەرینی ١٩٩١ تەواو نابینا کردبوو، چونکە “پاڵەوانیەتی”پاشکۆبونی هیزە میلیشیاکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بە بەرژەوندی و سیاسەتەکانی ئەمریکاوە، خستنەڕوی ئەڵتەرنەتیفێک بوو لە بەرامبەر ئیرادەی هێزی جەماوەری و نوێنەرایەتی دەسەڵاتی جەماوەریدا، ململانێی بێئیرادەبون لەبەرامبەر دەسەڵاتی بەعسدا،جارێکی تر گواسترایەوە بۆ بێئیرادەیی لەژێر دەسەڵاتی هێزو دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیدا، کە سی و یەک ساڵە بەسەر ئایندەو چارەنوسی نادیاری خەڵکەوە باڵادەستی هەیە.
بێئیرادەکردنی خەڵک لە لایەن هەر دەسەڵاتێک و بە هەر شێوازێک بێت بەجیا لەوەی پێشێلکردنی ئازادی و سەرکوتی سیاسیە، هەروەها بەرهەمهێنەری فەزای زیاتری نائەمنی و تاڵانی و جەردەیی و گەندەڵی و دزیی و دڕندەییە.
هەربۆیە بزوتنەوەی کوردایەتی و یەکێتی و پارتی و بنەماڵەکان، شانازی بەو ڕاپەرینەوە دەکەن و هەموو ساڵێ جەژنی ڕۆژی ڕاپەرین دەکەن، چونکە ڕاپەرین و دەوری وێرانکاری ئەمریکا پێکەوە، تەنها نازو نعمەت و دەستکەوت و فرسەتی گەورەترین کەڵەکەی سەرمایە بووە بۆ هێزو حزبەکانی کوردایەتی و سەرکردەکانی، بەڵام مایەی کارەسات و نا ئەمنی و نائارامی و ناجێگیر سیاسی و بەڵای بەردەوام و ئاوارەیی بووە بۆ ژیان و گوزەرانی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش و هەژارو نەداری کوردستان.
حزبەکانی کوردایەتی بە دەسەڵاتدار و بەناو ئۆپۆزیسیۆنەوە بەو کردەوەو سیاسەتەی گرتویانەیەتە پێش بەرامبەر بە دۆخی ئێستا، ڕەواج بە فەزایەک ئەدەن کە پەشیمانی بۆ هەر ڕاپەرینێک بەسەر خەڵکدا بسەپێنن، دەیانەوێ وێنایەکی بەدبەختی ببەخشن بەوەی کە ڕاپەڕین کاریگەری زیانەکانی زۆر زیاترە لە سودەکانی بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵک، ڕاپەڕین بۆ ئەوان تەنها مانای ئەوەیە کە کۆتایی بە حکومەتی بەعس هێنراوە، واتە ڕاپەڕین بەدوای ڕوخانی حکومەتی بەعسدا ئیتر کۆتایی هاتووەو مانایەکی نەماوە، تەنها وەک بۆنەو یادکردنەوەیەک دەمێنێتەوە، نەک ئەوەی کە لە ئێستاشداکاری پێشڕەوانەیە ئەوەیە کە دەست ببرێ بۆ کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی بنەماڵەو پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانەکانیان، کە پێوێستە بەیەکگرتویی و ئیرادەی سەربەخۆی خەڵکەوە پەیڕەوی بکرێت.
ڕاپەڕین بۆ ئێمەو جەماوەری ناڕازی بە مانایەک یادکردنەوە دەبێت، کە وەک ئەزمونێک دەرس لە پێشڕەویی و کەموکوریەکانی وەربگرین، ڕاپەڕینی فراونی جەماوەری و سەراسەری لە کوردستاندا کارسازترین ڕێگایە بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتێک کە نامانەوێت و نەفرەتی لێ دەکەین، ڕاپەڕینێک کە دەورودەخالەت و ئیرادەی جەماوەر بۆ دەسەڵاتی سیاسی مسۆگەر بکات، ڕاپەڕینێک کە سنوربەندی لە بەرامبەر ئاسۆی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی سیاسی و هەر ئایدۆلۆژیایەک بکات کە ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە گۆشەگیرکردنی ئیرادەو دەوری کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ناڕازیدا.
پێویستە هەنگاوەکان بەرەو ڕاپەڕین پێشوەخت ڕێکخراوو ڕۆشن و نەخشەمەندانەو خاوەن ڕابەری بەتواناو رادیکال و پەیگیر بێت. لاوازیەکانی ڕاپەڕینی ١٩٩١ جگە لە ڕق و کینەو تۆڵە لەبەرامبەر حکومەتی بەعسدا شتێکی تری لەخۆ نەگرتبوو، هەربۆیە حزبەکانی کوردایەتی توانییان خۆیان بکەنە خاوەنی و دەستکەوتێکی گەورە بۆ هێزەکانیان و سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی و داگیرکاری و دەستبەسەراگرتنی تەواوی سەروەت و سامانی کوردستان بۆ خۆیان دابین بکەن. ڕاپەڕین و شۆڕش بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی دەبێت بۆ دابینکردن و دەستەبەرکردنی دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک بێت لەدەسەڵاتی سیاسیدا، نەک تەنها دەربڕین بێت لە ڕق و تۆڵەو ڕاماڵین.




ناکۆکیەکانی پێکهێنانی دەسەڵات لە بەغداد.. عوسمان حاجی مارف

ناجێگیری سیاسی لە عێراقدا کێشەو گرێ کوێرەیەکە کە هەرجۆرە ڕێکەوتن و پێکهاتنێك لە نێوان ئەو هیزە سیاسیە میلیشیایی و مافیاییانەی بەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە لە سەر شانۆی سیاسی عێراق هەڵسوڕانی سیاسی و گەمەی هاوسەنگی هێزو بازرگانی بەدەسەڵاتەوە دەکەن، لە ئاستێکی دیاریکراودا بە بنبەستی خۆی گەیشتووە. گومان لەوەدا نیە کە نەک نەیانتوانیوەو نەیانویستوە ئارامی بۆ هەلومەرجی سیاسی عێراق دابین بکەن، بەڵکو ئەو گێژاوو ناجێگیریە سیاسیەیان بەئاستێکی زیاتر و زیاتر و مەترسیدارتر گەیاندووە.
ئەوحاڵەتەی کە بەدوای هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری٢٠٢١دا پێشهات کە زۆر بە ئاشکرا شکستخواردن و ڕێژەی ناهاوسەنگیەکی وەها لە هێزەکانیان دەرهات، کەلە ناو کێشمەکێشی پێکهێنانی حکومەتدا دەرگیر بون و لەبەرامبەر گەورەترین سەرگەردانی و ناکۆکیدا هێزەکانیان لاسەنگ ڕاوەستان. هەربۆیە ئەو پرسیارە دێتە سەرمێزی هەریەک لەو هێزە تائیفی و ناسیۆنالستانە، ئاخۆ کام حکومەت ئەتوانن پێک بهێنن؟ حکومەتی زۆرینە یان حکومەتی هاوپەیمانی؟ ئیستحقاقی هەڵبژاردن یان هاوسەنگی هێز؟ کێشەکەیان لە دوریانێکدایە کە هەر کامیان هەڵبژێرن، ڕێگاچارەیەك ناخاتە بەردەمیان تا بتوانن کۆتایی بە قەیرانی دەسەڵاتی سیاسی و ناجێگیری سیاسی و بنبەستی خۆشیان بهێنن، چونکە نەك هیچ پێشبینیەکی لێ ناکرێت بۆ وەڵام بە نائارامی دۆخی سیاسی عێراق، بەڵکو ناتوانێ کێشەو ناکۆکیەکانی نێوان خۆشیان دامرکێنێتەوە.
ئەم واقعیەتە ئاکامی دەخالەت و ڕۆڵ وکێشمەکێشی سی ساڵ زیاتری هەوڵی باڵادەستی دەوڵەتی ئەمریکایە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک تاکە جەمسەرێکی زلهێزی دنیا بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵ و گوندەیی خۆی بەسەر تەواوی دنیای سەرمایەداریدا، کە مایەی داروخان و تێکدانی تەواوی شیرازەی بنەما کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی ناوچەکە و بە نۆکەرگرتن و بەگەرخستنی چەندین هێزی کۆنەپەرستی ئیسلامی و تائفی و نەتەوەپەرست بوو. لە هەمان کاتدا ئەو هێزە سیاسیانەش بونە بەشێکی سەرەکی لە زیاتر تێکدان و داسەپاندنی ئەوپەڕی دۆخی نالەبارو وێرانکاری و گێژاوی سیاسیدا، بە مانایەک”جێگیر”بونی ناجێگیری سیاسیە.
ئێستاش لە ئاکامی پاشەکشەو بنبەست و شکستی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەو جیهاندا، ئاڵوگۆڕ لە هاوسەنگی هێزی ووڵاتانی تری زلهیزی دنیای سەرمایەداری و کێبرکێ و وەستانەوەیان لە بەرامبەر ستراتیژو سیاسەتەکانی ئەمریکادا، دەورانێکی تر لە کێشمەکێش و قەیرانی سیاسی خستۆتەسەر دۆخی ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و کاریگەری لەسەر گۆرینی پێگەی هێزە سیاسیەکان و ڕەوەندی ئاڵوگۆر لە ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی بە جۆرێکی تر داناوە. پێشهاتەکان ئەوەمان پێدەڵیت کە لەگەڵ هەڵوەشانەوەی حکومەتەکەی عادل عبدالمهدی و پێگەی ئەرێنی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و بەرێخستنی هەڵبژاردنێکی ڕیسواو شکستخواردو ئایندەی حکومەتی عێراقی خستۆتە ناو تونێلێکی تاریکەوە کە چەند دەروازەی لێڵ و نارۆشن نیشان ئەدرێت بۆ هاتنە دەرەوەیان لەو تونێلە.
نائینسجامی و قەیران و بێسەروبەری هێزە سیاسیەکان لە مابەینی بڕیاردان لەسەر حکومەتی زۆرینەو پەیڕەوی دەستور، لە بەرامبەر حکومەتی هاوپەیمانی و ڕێکەوتن، کەوتونەتە ناو گێژاوو دروشمی بێسەروبەری وەهاوە، کە نە حکومەتی زۆرینەی سەدرو بارزانی و حەلبوسی کۆتایی بەو دۆخە نالەبارەی نێوانیانن دەهێنێت، نە دەتوانن بە پێکهینانی حکومەتی هاوپەیمانی و ڕێکەوتنی نێوان بەرەی شیعەو کوردو سونە ئەم کێشەو قەیرانە تێدەپەڕێنن. هەلومەرجی سیاسی ئێستای عێراق لەبەرامبەر ئەو چاوەڕوانیانەی ئاڵوگۆڕێکی تازەی بۆ ئایندەی عێراق هێناوەتە پێشەوە، تەواوی هاوکێشەکان گۆڕدراون لە چۆنیەتی دەخالەتی ئێران و تورکیاوە تا جێگاوڕێگای ئێستای ئەمریکاو بەرامبەرکێ لەگەڵ ڕەقیبەکانی لە روسیاو چین، هەروەها هەوڵ و ڕۆڵی ووڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە ناوچەکەو عێراقدا. دوای سی ساڵ لە سەرگەردانی و کارەسات و گێژاوی سیاسی، دەورانێکی تر لە پاشەکشەو لێکترازانی هاوسەنگی و پێگەی بەشێکی زۆرلە هێزە میلیشیاکان بونەتە ئەمری واقع، کە کۆمەڵگەی عێراق و کوردستان بە هیچ یەک لە حکومەتی زۆرینەو حکومەتی هاوپەیمانی بەرێوەنابرێت وە ئایندەی عێراق کوردستان تاریکتر دەکات. ئەگەر ئاڵوگۆرێک لەسەر ڕێدایە دەبێت تەواوی ئەو هێزە سیاسیە میلیشیا ئیسلامی و تائفی و نەتەوەپەرستانەی کە چەندین ساڵە پێکهێنەری حکومەتی عێراقن، بکەونە بەر لێشاوی ئەو ئاڵوگۆرەو کۆتاییان پێ بهێنرێت، دەنا ئاڵوگۆر هیچ مانایەک نابەخشێت.
کێشەکان بە ئاقاری ئەوەی سەرۆک کۆمار مافی کێیەوە دەبێت بۆ کێ بێت گاڵتەجاریە..!، حکومەتی زۆرینە یان حکومەتی ڕێکەوتن یان نێوەند گیری و هەرجۆرە حکومەتێک لە نێوان گەمەی سیاسی ئەو هیزانەدا پێک بێت، ئەوە ئەو بەڵا بەردەوامەیە کە نزیک بە بیست ساڵە یەخەی خەڵکی عێراقی گرتووە لە ڕودانی کارەسات و نائارامی و ناڕۆشنی چارەنوسی سیاسی عێراقدا.
ئەم هەراو کێشمەکێش و شەرەی ئێستایان لەسەر سەرۆک کۆمار یان چۆنیەتی پێکهینانی جۆری حکومەتەکەیان، بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێزی هەر لایەنێکیانە کە بە قازانجی خۆی کاری لەسەر دەکات. گەر سەرۆک کۆمار بۆ پارتی بێت دەستکەوتێکی زیاتر لە پێگەی سیاسی بەدەست دەهێنێت و زیانی گەورە دەبێت بۆ یەکێتی، بەڵام سەرۆک کۆمار گەر بۆ یەکێتی بێت تەنها دەتوانێ ئاستی هاوسەنگی هێزەکەی ڕابگرێت و تەنها بەر بەو زلەیە بگرێت کە پارتی لە ئێستادا دەیەوێت لێی بدات، دواتر چی تر ڕووئەدات ئەوە پەیوەستە بەو ئاڵوگۆڕانەی لە ڕێرەوی چارەنوسی ناوچەکەدایە.
هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەش بەرەیەکە کە ئامانجی گورز وەشاندنە لە بەرەی پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی شیعەو کەمکردنەوەی دەوری ئێران لە عێراقدا، بەڵام ئەم بەرەی حکومەتی زۆرینەیە گەر حکومەتەکەش پێکبهێنن، لەو واقعیەتەوە کە ناتوانن حکومەتێک پێک بهێنن مەرکەزیەت بۆ عێراق دابین بکات، سەرکەوتو نابن، چونکە ناتوانن پێگەی ئەو حزبە میلیشیایانەی تر لە ناوچەکانی نفوزی خۆیاندا کەم کەنەوە. بەهەمان شێوەش حکومەتی هاوپەیمانی و ڕێکەوتن ئەو ئەزمون و قەوانە سواوە دەبێت کە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی بەغداد و شارەکانی خواروی عێراق توانیان نمونەکەی پێشتری وەک حکومەتی عادل عبدالمهدی هەڵوەشێننەوە. بە گشتی پێکهێنانی هەرجۆرە حکومەتێک لە نێوان نەخشەو سیاسەتی ئەم هێزە میلیشیایانەدا دەرگیر بە قەیرانێکی قوڵ و ناکۆکیەکە ناتوانێت حاڵەتێکی نۆرماڵ و گونجاو لە دەسەڵاتی سیاسی بدات بەدەسەتەوە. هەر بۆیە جەماوەری ناڕازی عێراق و کوردستان یەک هەڵبژاردنیان لەبەردەمدایە ئەویش ڕاماڵینی تەواوی ئەو هێزە میلیشیاییانەیە بە خۆیان و دامودەزگاکانیانەوە.
٩/٢/٢٠٢٢




مامەڵە لەگەڵ داعش و مامەڵە بەداعش.. عوسمان حاجی مارف

ئەو شەڕەی لە موسڵ و شارەکانی سوریا، ووڵاتانی زلهێزی دنیا لە بەرامبەر داعشدا هەڵیان گیرسان، نەک کۆتایی بە داعش نەهێنا بەڵکو بە ملێون خەڵکی بێ تاوان بونە قوربانی ئەو شەڕە، لە کوشتن و برینداری و کەم ئەندامکردن و ئاوارەیی و بێ نان و ئاوی. گەر داعش لەلایەک کابوس و کارەساتێک بو لە مێژووی ژیانی دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەلایەکی ترەوە ئەو جەنگەش ووڵاتە ئیمپریالیەکان بۆ لێدان لە داعش بەرپایان کرد، کارەساتەکەی نەک کەمتر نەبو لە کاری تیرۆرستانەی داعش، بەڵکو نمونەی ئەو جەنگە وێرانکاریە گەورانەو کارەساتبارانەیە کە لە مێژوی بەشەریەتدا جێگای تێرامانە، لە هەمان کاتدا بەدوای ئەو شەڕە هێزە تیرۆرستەکانی داعشیش بە چەند ناوچەیەکدا بڵاو بونەوە کە هۆکاری مەترسی بەردەوامن لەسەر ژیانی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی داعش مەفرەزەکانی بنەکەیان هەیە، دوو ساڵ زیاترە کە لە ناوچەی دەورو بەری حەمرین و کفری و خانەقین و وتوزخورماتو، لەدەورو بەری کەرکوک و حەویجە مەفرەزەکانیان شەڕی پارتیزانی دەکەن و دانیشتوانی ئەو ناوچانە بێزار دەکەن، ئێستاش لە ناوچەی قەرەجوخ و پردێ و.. هێرشێکی تازەی بەردەوامیان دەست پێکردووە و زیانی گیانی و ئاوارەییان خولقاندووە.
داعش لە ئێستادا فرسەتی هێناوە سود وەرگرێت لەو دۆخە نالەبارو قەیرانەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و هەرێم دەرگیری بون، لە نەتوانینی پێکهێنانی حکومەت و چاوەروانیان بۆ ئەو ئاڵوگۆڕو پێشهاتانەی بەرەوڕوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتەوە. لەلایەکی تریشەوە بەرنامەڕێزی پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق، بەگشتی ئەم هەلومەرجە سیاسیە لە بەرزبونەوەی زیاتری گێژاوو ناسەقامگیری سیایسی، بۆتە بۆشاییەک کە داعش لە هەرشوێنێکدا بۆی گونجا گورزی خۆی دەهاوێت وبەزیان و کارەسات ئەو ناوچەیە دەهاژێنێت.
گورزەکانی ئەم چەند ڕۆژەی داعش کەلە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا دەنگی دایەوە، سەرسامی ڕای گشتی تەنها لەوەدا نەبو کە داعش ئەتوانێ مانۆڕی سەربازی دەکات، بەڵکو زیاتر پرسیار لەسەر ئەوەبو کە بۆچی هێزەکانی پێشمەرگە نەیان توانی هێزی پارێزەربن و بە دەنگ خەڵکی ئەو ناوچانەو هیزەکانی خۆشیانەوە بن.
بەگشتی ئەوە ڕۆشنە کەبە دوای ڕوداوی کارەساتی یانزەی سێپتەمبەری دوو هەزار، ئەو جەنگ و کەمپینەی دژی تیرۆر، ئەمریکاو هاوپەیمانانی بانگەشیان بۆدەکرد، لە باری عەمەلی و واقعیەوە بە تایبەتی دوای پاشەکشەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، پوچی و بێ ناوەڕۆکی ئەو درۆیە زیاتر بەرجەستە بوەوە.
هەر بۆیە گەر ئەم هەلومەرجە ناسەقامگیریە سیاسیەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆکارێکی قەیرانی ئێستای حزبەکانی دەسەڵاتدارانی بزوتنەوەی کوردایەتی بێت، لە هەمان کاتدا سیاسەتی پاشکۆبونیان بۆ نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە قەیرانێکی قوڵترو چاوەڕوانیەکی وەها نادیاردا ڕایاندەگرێت، کە نازانن چۆن مامەڵەی ئاڵوگۆڕەکان بکەن.

بەگشتی بزوتنەوەی کوردایەتی خاوەن دەسەڵات، ئەو چاوەڕوانیەی سەرگەردانی کردون هێشتا لەبەردەم ملکەچی و وەفاداری پاشکۆبونیانن بۆ بەرژوەندیەکانی ئەمریکا و تورکیا و ئێرانە، هەربۆیە لەبەرامبەر دەست وەشاندنەکانی داعشدا، لەلایەک بێ ئیرادەن و لەلایەکی ترەوە لە هەوڵی ئەوەدان مامەڵەی سیاسی پێوە بکەن، لەم نێوەدا بەهەر قیمەت مەوقعیەت و جێگاوڕێگایەک کەپارتی وەک هێزی یەکەم لە کوردستاندا بەدەستی هێناوە، ئاشکرایە کە هەوڵ ئەدات ئەو هاوسەنگیە ڕاگرێت و لەدەستی نەدات، ئەمەش ئەوەمان نیشان ئەدات، هێرشی داعش بۆ سەر پێشمەرگە و ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی پارتیدایە دەکرێ یا غافڵگیری بێت، یا ئامادەییە بۆ سەوداو مامەڵە لەگەڵ داعش، یاخود مامەڵە بە داعشەوە دەکات لەگەڵ ئەمریکاو حکومەتی عێراق و هەر هێزێکی رەقیبیدا.

بەکورتی لەو بارەیەوە ئەتوانم بڵێم ڕاستە بونی داعش لەهەر ناوچەیەکدا جێگای مەترسی و خولقاندنی کارەساتە، بەڵام ئەوەش کە ئەم مەترسیە زیاترو ترسناکتر دەکات، جۆری ئەو سەوداومامەڵەیە کە حزبەکانی کوردایەتی و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و هێزە ئیسلامیەکانە بە داعشەوە دەیکەن، هیچ کات سیاسەتی کۆتایی هێنانی داعشیان نەبوەو نیەو پارێزەری ژیان و ماڵی خەڵک نەبون و نین، بەرژەوەندی حزب و هێزەکانیان لەسەرو هەمو ئعتبارێکەوەیەو داعشیش کارتێکە جێگای خۆی هەیە بۆ سەوداو مامەڵەکانیان.
هەربۆیە ئامادەیی بەرگری هێزی خەڵک بۆ وەستانەوە بەرامبەر داعش ئەو ڕێگایەیە کە ئەتوانێ پاشەکشەو شکستی گەوەرە بە دەوری داعش بهێنێت، لە هەمان کاتدا هەر ئەم ڕێگایەشە ئەتوانێ بەر بە هەر سەوداو مامەڵەیەک بگرێ کە ووڵاتان و هێزەکانی کوردایەتی و عروبەو ئیسلامی لەگەڵ داعش دەیکەن یا بەداعشەوە دەیکەن.




گفتوگۆی رۆژنامەی ئۆکتۆبەر لەگەڵ عوسمانی حاجی مارف سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت

ئۆکتۆبەر: وەکو لە بەیاننامەی حزبیشدا هاتووە، هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ سازدانەی حکومەتی عێراقە، کە لەئاکامی خرۆشانە جەماوەریەکانی شارەکانی بەغداو خوارووی عێراقەوە تووشی قەیران بوو وە هەڵوەشایەوە. حکومەتەکەی کازمی وەکو حکومەتێکی کاربەڕێکەر، ئەرکی خۆی بە سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەستنیشان کرد، گوایە خواستێکی سەرەکی خۆپیشاندەرانیش بووە. بەڵام ئەوەی لەماوەی رۆژانی ڕابروودا دەبینرا ئەوەیە کە خەڵكێکی زۆر بەشداری هەڵبژاردن ناکەن. ئایا بەڕای ئێوە ئەم هەڵبژاردنە وەڵامە بە خواستی خۆپیشاندەران، ئەگەر وایە بۆچی ئەو ژمارە زۆرە لەخەڵك بەشداری ناکەن!؟

عوسمانی حاجی مارف: هەڵوەشانەوەی حکومەتی عێراق ئاکامی ئەو بنبەست و قەیرانەی دەسەڵاتی سیاسیە، کە لە ئەنجامی ئەو ئالوگۆڕانەی لە هەلومەرجی سیاسی ناوچەکەدا بەگشتی و، لە عیراقدا بەتایبەتی پێشهاتووە، لە پاشەکشەو شکستەکانی ئەمریکاوە تا دەخالەت و کێشمەکێشی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ناوچەکەو دابەزینی ئاستی هاوسەنگی ئەو هێزانەی پێناسەی خۆیان لە پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسی عێراقدا کردووە، لە هەمانکاتدا پیادەکردنی ئەزمونێکی شکست خواردیان لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە نیشانداین و بەرجەستەترین نمونەی جەردەیی و دزی و گەندەڵی بون لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسیدا، وەک خۆشتان ئاماژەتان پێداوە، ناڕەزایەتیەکانی ئۆکتۆبەریش کاریگەریەکی بنەرەتی بون کە ئەو دەسەڵاتە ناچار بکات ئەو حکومەتە هەڵوەشیتەوەو حکومەتی کاتی کاربەڕێکەر بخەنە سەرکار.
هەڵبژاردنێک بەهەر فۆرمو شێوازێک خۆی بنوێنێت و چەندین فێڵ و ساختەکاری تیا بەکاربهێنرێت، هەرچۆنێک بێت تێیپەڕێنن، گرنگترین مەسەلە ئەوەیە لە دۆخێکی وەها نالەبارو ناسازو نەگونجاودا حەتمیە ئەو هەڵبژاردنە ناتوانێت و بۆی ناکرێت بەهیچ جۆرێک کاریگەر بێت لەسەر ئارامکردنەوەی گێژاوێکی سیاسی کە چەندین ساڵە چارەنوسی عێراقی خستۆتە ژێر باڵی خۆیەوە. هەر بۆیە پێویستە مەسەلەیەک کە زۆر جێگای سەرنجمان بێت، گەر تەواوی هەڵبژاردنەکانی پێشوی عێراق ئەو واقعیەتەی خستە بەردەممان کە نە ئایندەی عێراقی لەو گێژاوە دەرهێناو نە وەڵامی بە هیچ خواست و پێداویستیەکانی خەڵکدایەوە، ئیتر لە هەلومەرجێکی پڕ گێژاوی سیاسی زیاترو بن بەستو شكستی دەسەڵاتی سیاسی وئابڕوچون و ڕیسوابونی تەواوی ئەو هێزانەی لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا ڕۆلیان بوەو هەیە، ئێستا دەبێت خەڵکی عێراق کام چاوەڕوانی و کام ئومێدی بە هەڵبژاردنی ئەم دەستەو تاقمە مافیا ئیسلامی و تائفی و عروبانە و کوردایەتی هەبێت، کە لەڕێگەی هێزی چەکداری و بەناوی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتێکی تەوافقیەوە دەسەڵاتی میلیشیاکان چەندین ساڵە سەروەت و سامانی عێراق و کوردستانیان قۆرخکردووە.
ئەم دەسەڵاتە تەواو بۆگەن و ڕیسوا بووە، هەر بۆیە ڕوخانی لای خەڵکی عێراق بوە بە بەهێزترین دروشم و خواست. بۆ ڕوخانی ئەم دەسەڵاتە بێ پاشەکشەو بێ سازشە هەنگاوەکان تابێت خێراترو فراوان تر دەبێت، گەر سەرنج بدەن لە دەستەواژەی دروشم و ناڕەزایەتیەکانیان، نەک هەر ناخوازن بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، بەڵکو دروشمی بایکۆتیان پێ کەم و ناتەواوە، هەڵوەشانەوەی ئەم دەسەڵاتەو وەستانەوە لەبەرامبەر تەواوی پرۆسەی سیاسی ئەم هێزانەدا، بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوانی هێناوەتە پێشەوە، پێویستە ئاسۆی ئەو بزوتنەوەیە بەرەو پێشترو سەرکەوتن هەنگاو بنێت، تا کۆتایی بە تەواوی پرۆسەی سیاسی و دەسەڵاتی ئەو هیزانە بهێنێت.

ئۆکتۆبەر: لەحاڵەتی بەشداری نەکردنی رێژەیەکی بەرچاو لە خەڵکی عێراق، ئایا ئاکامی هەڵبژاردنەکان چی لێدێت؟ ئایا دەکرێ ئەو حکومەتەی وەکو بەرەنجامی ئەو هەڵبژاردنە پێكدێت، شەرعیەتی سیاسی و یاسایی هەبێت، چ لەئاستی جیهانیدا و چ لە ئاستی ناوخۆیدا؟ ئایا بەڕای ئێوە ئەگەری ئەوە هەیە کە هەر حکومەتێك پێك بێت؟

عوسمانی حاجی مارف: لە ئاستی جیهاندا هیچ پێوانەیەک نەخراوەتە بەردەست بۆ شەرعیەت دان بە هەڵبژاردن، تا ڕێژەی چەند لە دانیشتوانی هەر ووڵاتێک بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن یان بەشداری نەکەن، ئەو هەڵبژاردنە بە فەرمی دەناسرێت یان ناناسرێت! پێکهاتەی سیستمی دیموکراتی ئەوەی خستۆتە ڕوو، هەر چەندێک لە هاووڵاتیان بەشداری بکەن دەسەڵاتدارێتی بۆرجوازی کاروباری دەسەڵاتی سیاسی خۆیانی پێ ڕایی دەکەن، هەڵبژاردن تەنها جیاکردنەوەی دەنگەکانە بۆ دیاریکردنی زۆرترین ڕێژەی دەنگدەر بە حزب و لایەنێک یا لیستێک، ئەویش لەسەر بنەمای دابەشکردنی ڕێژەی بەشداربوان و، دەنگەکان بەسەر ژمارەی ئەو کورسیانەی دیاریکراون بۆ پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتەکەیان، ئیتر هەر رێژەیەک بەشداری دەنگدان بکات بۆیان گرنگ نیە. بۆیە لەم بارەیەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراقیش پێویست ناکات لە سۆنگەی شەرعیەتی سیاسیەوە بچینە سەرئەوەی کە ئایا ئەتوانن حکومەت پێک بهێنن؟ بەرای من لەم بارەیەوە هێزە سیاسیەکان دەرگیر نین و کاری خۆیان تێدەپەڕێنن، بەڵکو ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریە فراونەی لە ڕاپەرینی ئۆکتۆبەرەوە بەرەو ڕویین و خواستی ڕوخانی دەسەڵاتی سیاسی دروشمی سەرەکی ئەو ڕاپەرینە بوو، ئیمکانی تێکدانی پێکهاتەی حکومەتی دوای ئەم هەڵبژاردنە دەخاتە بەردەمیان. لەلایەکی ترەوە بنبەست و قەیرانی دەسەڵات، لە پێکهاتەی ئەم هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائفی و عروبەو کوردایەتیەی هەڤدە ساڵە ئەزمونێکی شكستخواردوی وەهایان نیشانداوین کە دوبارەکردنەوەی هەمان شێواز لە پێکهێنانی حکومەتی تەوافق کارێكی نەک ئاسان نیە بۆیان بەڵکو ئەگەری ئەوە هەیە بارگرژی و ناجێگیری سیاسی زیاترو قەیرانی قوڵتر لە عێراقدا بخولقێنن.

ئۆکتۆبەر: ئەگەرهاتوو مەسەلەی پێکهێنانی حکومەت بەوجۆرە بوو کە هێزەکان لەنێوان خۆیاندا رێك نەکەون، ئایا ئەگەری تێكچوونی بارودۆخی ئاسایش و ئارامی عێراق هەیە؟ ئایا دەوری دەوڵەتانی ناوچەکە لەپرسی پێکهێنانی حکومەتدا چەندە دەتوانێ کاریگەری هەبێت؟
عوسمانی حاجی مارف: جارێ پێش هەموو شتێک عێراق بۆ خۆی نە ئاسایشی هەیەو نە ئارامی، نەبونی ئەم نائارامیە و نەبونی ئاسایش و گێژاوی،سیاسی، ئاکامی هەلومەرجێکی سیاسیە کە لەداگیرکاری ئەمریکا و وێرانکردنی عێراقەوە بەسەر خەڵکدا سەپێنراوە، تا دابەشکردن و بەتاڵابردنی سەرەوت سامانی عێراق لە لایەن دەستەو تاقمو گروپی میلیشیایی ئیسلامی و تائفی و قەومیەکانەوە، کە مایەی ژیان و گوزەرانێکی دۆزەخ ئاسایە بۆ دانیشتوانی عێراق. ئەم هێزە سیاسیانە حکومەت پێک بهێنن یا پێکی نەهێنن هیچ کات لە ڕاستای سیاسەتی ئارامکردنەوەو کۆتایی هێنان بە گێژاوی سیاسی نین، هێزی ڕاوڕوت و تاڵانی و دزی و جەردەیین، بەڵکو سود لەو گێژاو نائارمیە وەردەگرن، تەنها یەک ڕێگا ئومێد بەخشە بۆ ئارام بونەوەی عێراق، ڕاماڵین و پاکردنەوەی عێراقە لەم جڕوجانەوەرانە.

ئۆکتۆبەر: ئەگەرهاتوو خەڵکی کوردستان بەرێژەیەکی کەم بەشداری هەڵبژاردنیان کرد، تا چ ڕادەیەك ئەوە کاریگەری دەبێت لەسەر نوێنەرایەتیکردنی خەڵکی کوردستان لە بەغدا؟ ئایا نابێتەهۆی باڵادەستبوونی حکومەتی ناوەندی بەسەر کوردستاندا؟

عوسمانی حاجی مارف: پرۆسەی هەڵبژاردن لە کوردستانیش هەرچۆنێک بێت حزبەکانی کوردایەتی لەسەر ئەوە نەوەستاون ڕێژەی بەشداربوان چەندە، هەرچەندێک بەشداری لە هەڵبژاردندا هەبێت، بەشیك بۆ شەراکەت لەدەسەڵاتی سیاسی لە ناوەندا بەدەست دەهێنن، بەڵکو لە ڕێگەی هاوسەنگی هێزەوە دەچنە ناو پرۆسەی سیاسی بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ هێزە میلیشیاکانی عێراقدا، بۆیە ئەوان نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان ناکەن، بەڵکو حکومەتێک کە لە عێراق لەسەر بنەما تەوافقی دەستەو تاقمی هێزی میلیشیا تائفی دامەزرابێت ،کە جەردەیی و تاڵانی و دزی بەرنامەکەیان بێت حزبە کوردیەکانیش دەبنە شەریکە بەشی ئەو هێزانە.
ئەوەش کە پێویستە ڕۆشن بێت بۆمان عێراق و کوردستان لە نێوان ئەو هێزە تائفی و عروبەو کوردایەتی و بنەمالەکاندا دابەشکراوە، ئەوە هاوسەنگی هێزە ئەتوانێ باڵادەستی هەر هێزو لایەنێک دیار بکات نەک دەنگدانی خەڵک و هەڵبژاردن.

ئۆکتۆبەر: لەحاڵەتی پێك نەهاتنی حکومەتی عێراق و تێكچوونی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی، بارودۆخی سیاسی و ئەمنی کوردستان چی بەسەردێت؟ دەبێ خەڵکی کوردستان لەم بارەدا چی بکەن؟

عوسمان حاجی مارف: بەو ئاقارەی کە بە دەوری حزبەکانی کوردایەتی هەمیشە چارەنوسی کوردستان گرێدراوە بە بەرژوەندی و پەیوەندی و یەکپارچەیی عێراق و حکومەتی فیدراڵیەوەو جێگاو ڕێگایەک کە لە هاوکێشە سیاسیەکاندا بویانەو پاشکۆی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ووڵاتان بون، بەردەوام ناجێگیری سیاسی لە کوردستانیشدا واقعیەتی ژیان و گوزەران و چارەنوسی خەڵک بووە.
بەو مانایەی ئەم هەڵبژاردنەی ئێستای عێراق لە لایەک جێگای ئەوپەڕی ناڕەزایەتی و نەفرەتی خەڵکە و، لەلایەکی ترەوە دوای هەڵبژاردن پێکهێنانی حکومەتی عێراق، لە نێو ئەو جەنجاڵ و ئاڵوگوڕە سیاسیانەی ناوچەکەو عێراقدا ئاسۆکەی دیار نیەو دەرگیرە لە ناو قەیرانێکی قوڵدا. لەهەمانکاتدا کێشەکانی هەرێم و بەغدا لە هەمان چوارچێوەدا یاریکردن بە چارەنوسی خەڵک بەسەر دەبرێت، هەڵبەتە ئاشکرایە کە دوای ئەم هەڵبژاردنەو چونە ناو پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتەوە ئەو ئەگەرانەی لە پێشهاتنی دۆخێکی نالەبارتر پێشبینی بۆ ئایندەی عێراق دەکرێت، کوردستان بێبەش نابێت لە دۆخی نالەباری هەرئاڵوگۆڕێک کەبەسەر عێراقدا ڕوبدات، بۆ خەڵکی کوردستان ئەو ڕێگایە کارسازە کە وەک بەشێک لە ناڕەزایەتیەکانی عێراق توڕەیی و ناڕەزایەتیەکانیان وەها عەمەلی کەنەوەو گەشە پێبدەن کە کۆتایی بەدەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی بهێنن و دەسەڵاتی نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵک لە شوراکاندا هەڵبژێرن و حکومەتی شورایی دامەزرێنن.




شکست هێنان بەم هەڵبژاردنە ئەرکی جەماوەری ناڕازیە.. عوسمان حاجی مارف

ڕێژەی جیاوازی هەڵبژاردنی ئەم جارەی عێراق لە درێژەی تەواوی هەڵبژاردنەکانی پێشوتردا پێویستە بیناسینەوە و لێکی بدەینەوەو بەهەند وەریبگیرین و بزانین کاردانەوەمان چۆن دەبێت، چونکە واوەترە لەوەی بە بایکۆت و نەچون بۆ دەنگدان مامەڵەی بکەین، ئەم هەڵبژاردنە پێش وەخت بێت یا لەکاتی خۆیدا بێت، لە دۆخێکی نالەبارو نەگونجاوی وەهادا خراوەتە بەردەم خەڵکی عێراق، کە ئاسۆی سەقامگیری سیاسی لە سایەی دەسەڵاتی هێزە میلیشیا ئیسلامی و قەومی تائفیەکاندا بۆتە حاڵەتێکی مەحاڵ، کە لەهەر سەرێکەوە جگە لە ڕاماڵینی دەسەڵات و هێزە میلیشیاکان هەر مامەڵەیەکی دیکە لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنە بکرێت، قوڵبونەوەی ناجێگیری و گێژاوی سیاسی چڕتر دەکاتەوەو ئەگەری کارەساتی زیاتر دەخاتە سەر ژیانی دانیشتوانی عێراق و ئایندەیەکی مەترسیداتر بەرەوڕووی چارەنوسی کوردستانیش دەکاتەوە.
ئەم هەڵبژاردنە پێش وەختە بەدوای ئاڵوگۆرێک لە هەلومەرجی سیاسی خراوەتە سەر شانۆی سیاسی لە عێراقدا کە، یەکەم:
ڕاپەرین و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، لە مەیدانی ئازادی بەغدا و شارەکانی خواروی عێراق، ڕاتەکاندن و گورزێکی وەها گەورە بو لە ئەزمونی دەسەڵاتی سیاسی تەوافقی نێوان ئەو هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائفی و قەومیانە، کە نەتوانن بە ئاسانی پشتیان ڕاست کەنەوەو جارێکی تر ناتوانن بە هەمان شێوازی کێشمەکێش و پێگەو مەوقعیەتی سیاسیان حکومەتێکی تەوافق، کە دڵخوازی تەواوی لایەنەکانی دەسەڵات و هاوسەنگی هێزەکانیان بێت پێکبهێننەوە، لەم دۆخەدا نەک قڵشتێکی گەورە کەوتۆتە نێوان ئەو دەسەڵاتەو جەماوەری ناڕازی، بەڵکو ئاکامی جێکەوتنی ئاراستەی ئەو ناڕەزایەتیە لەلایەک بە خواستی پێداگری تەواو لەسەر کۆتایی هێنان بەو دەسەڵاتە و لەلایەکی ترەوە پەرچەکرداری دەسەڵات بە کوشتاری ڕیزێکی بەرین لە خەڵکی ناڕازی، دوژمنایەتی نێوان خەڵک و دەسەڵاتی کردۆتە زامێكی وەها گەورە هیچ جۆرە تیمارێک ساڕێژی ناکات، جگە لە کۆتایی هێنان و ڕامالێن و “ئیرحەل” ڕێگاو چارەیەکی تر بۆ خەڵکی ناڕازی نەماوەتەوە.
دووەم: ئاڵوگۆڕی سیاسی لە چۆنیەتی پاشەکشەو شکستی دەوڵەتی ئەمریکا بەگشتی لە ناوچەکەداو کێشمەکێشی ئەمریکا لەبەرامبەر دەخالەتی کۆماری ئیسلامی لەناوچەکەو عێراقدا، یا بونی دەورانێکی جیاواز لە هەوڵدان بۆ ڕێکخستنەوەی دەسەڵاتیکی سیاسی لە عێراقدا، کە نادیارە لە چوارچێوەی دەخالەتی ووڵاتان و بودەڵی هێزە میلیشیاکانی عێراق ئاخۆ دەبێت پێکهاتەی ئەو دەسەڵاتە چۆن یەکلایی کرێتەوەو بە قازانجی کام هێزی میلیشیا دەبێت؟.
سێیەم: نەبونی هێزێکی باڵادەست و بەتواناو یەکلایی کەرەوە لە پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا، تا ئیمکانی ئەوەی هەبێت هێژمۆنی مەرکەزیەت لە عێراقدا جێ بخات، لەڕێگەی هەڵبژاردن بێت یا کودەتاو شەڕی ناوخۆ لە ئێستادا هیچ هێزێک نیە لەتوانایدا بێت یەکپارچەیی و مەرکەزیەت بەرگری لێبکات، یان جێگای متمانەی تەواوی ئەمریکاو ووڵاتانی تری دەخالەتگەر بێت لە عێراقدا.
گەر پێناسەی هەڵبژاردنەکانی پێشوی عێراق و کوردستان لە ژێر ناوی ئەزمونی پرۆسەی دیمکراتیدا وێنایەکی کاریکاتۆریان پێ نیشاندابین و جۆرێک شەرعیەتی دەسەڵاتی میلیشیایی خۆیان بە هەڵبژاردن و چەواشەکاری و ساختە یەكلایی دەکردەوە، ئەم هەڵبژاردنە پێش وەخەتەی ئێستا زیاتر لە کاریکاتۆرو گاڵتەجاری و ساختەکاری چەندین هەنگاوی بۆ دواوەوە ناوە، ئەو هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائفی و قەومیانە لە هەوڵی ئەوەدان لەڕێگای سیناریۆی هەڵبژاردنەوە ڕێگایەک بۆ دەربازبون لەو قەیرانە قوڵەی دەرگیری بون بدۆزنەوە، ئەو قەیرانەی کە ناتوانن بەهەڵبژاردن یان بە هێزی چەکدارو لەشکرکێشی دەسەڵاتی سیاسیان رێکخەنەوە، دەیانەوێت و لەهەوڵی بێ هودەی ئەوەدان بەهەر قیمەت جارێکی تر دەسەڵاتی سیاسی لە بەرامبەر جەماوەری ناڕازیدا رێک خەنەوە، بەڵام بێ ئەوەی ئاسۆیەکی ڕۆشن لەسەر چارەسەر بۆ قەیرانی دەسەڵات و چارەنوسی سیاسی لە عێراقدا لە ئاراد بێت، جگە لە چاوەروانیان بۆ پێشهات و ئاڵوگۆرەکان.

نالەباری هەڵومەرجی سیاسی بەدەرگیر بونی درێژماوەو بەردەوامی لە گێژاوی سیاسی و خوڵقاندنی ژیانێکی سەخت و دژوارو پڕ کارەسات و نائارام و مەترسی بۆ ژیانی دانیشتوانی عێراق، مایەی ئەوپەڕی بێزاری و توڕەیی و ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانە لە حەتمیەتی خواستی ڕوخانی ئەم دەسەڵاتەو تەواوی سیستمی سیاسیی و پێکهاتەی لە هێزە میلیشیا ئیسلامی و قەومی و تائفیەکاندا، ئەزمونی دەسەڵاتی بۆرجوازی عێراق گەورەترین شکستی خۆی لە نمونەی دەسەڵاتی سیاسیەک نیشاندا کە ناتوانێ و ئیمکانی نیە ئەم جۆرە دەسەڵاتە ئایندەیەکی ڕۆشن لە جێگیری سیاسی دابین بکات. بە هەر ئاستێک لە ئارام بونەوەی چۆنیەتی ناڕەزایەتیەکان لە مەیدانی ئازادی بەغدادو شارەکانی خواروی عێراق، بەڵام نەبۆتە ئاکامێک لە ڕاگرتنی ئەوەی لە ساتە وەختێکدا شەپۆلی تەقینەوەی ڕاپەرینی جەماوەری لە مەیدانی سیاسی عێراقدا ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە بکاتە ئەمری واقع، هەر بۆیە مەسەلەکە هەڵبژاردن و گاڵتەجاری و کارتۆنی پەرلەمان نیە، بەڵکۆ هەوڵدانە بۆ کۆتایی هێنان بە پرۆسەیەکی سیاسی کە لە دوای داگیرکاری ئەمریکا بۆ عێراق دانیشتوانی عێراقیان سەرقاڵ و چارەنوسێکی نادیار کردووە.
بانگەواز لەم هەلومەرجەدا لەهەر لایەنێکەوە بۆ بایکۆت و نەچون بۆ دەنگدان، خاڵیکی لاوازە لەو هەوڵانەی کە دەمانەوێت ئاراستەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بکات بۆ ئەو سەرەنجامەی کۆتایی بەم دەسەڵاتە بهێنێت، بۆیە پێوستە پێداگری و کارکردن لەسەر پەرەسەندن و ڕێکخستنی ئەو ناڕەزایەتیانە بکرێت، بەمانای هاتنە مەیدانی جەماوەری ناڕازی بۆ شکست هێنان بە هەڵبژاردن، چونکە لە ڕۆژی یەکەمی ناڕەزایەتیەکانی ئۆکتۆبەرەوە بانگەوازی ئەوەی تیا کرا “ئەم دەسەڵاتە دەبێت بڕوات” واتە لەباری عەمەلیەوە هەوڵدان بۆ شکست هێنان بەم هەلبژاردنە کارسازەو ئەتوانێ ڕێرەوی ناڕەزایەتکان بەرەو ڕاماڵینی دەسەڵات بەرێت، بایکۆت گەڕانەوەیە بۆ پێش ناڕەزایەتیەکانی ئۆکتۆبەرو جیاوازی نەکردنی نێوان هەڵومەرجی ئەم هەڵبژاردنەو هەلومەرجی هەڵبژاردنەکانی پێشوترە.

عێراق لە سەرو بەندی کێشمەکێشی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکەدا، لەبەردەم لێواری ئاڵوگۆڕێکی سیاسی جدیدایە گەر ئاڕاستەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان ئامادەسازی بۆ کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە نەکاتە ئەمری واقع و ئەلتەرنەتیفی دەسەڵاتێک کە تەعبیربێت لە دەورو دەخالەت و ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک نەهێنێتە مەیدان، چینی بۆرجوازی عێراق لە فۆرمو شێوازی تردا لەگەڵ ئەو ئاڵوگۆڕانەی بۆ عێراق پێشبینی دەکرێت خۆی دەگونجێنێت. ئەم هەڵبژاردنە لە دۆخ و زنجیرەی ئەو ئاڵوگۆڕانەدا کاری لەسەر دەکرێت کە پاریزگاری لەو مەترسیانە بکات دەسەڵاتی بۆرجوازی بەرەوڕویەتی. بۆیە بانگەوازی بایکٶت لەبەرامبەر ئەم هەڵبژاردنەدا درک نەکردنە بەو ئاڵوگۆڕانەو ئەو هەلومەرجە سیاسیەی شکستی ئەم هەڵبژاردنەی هەرلەسەرەتاوە کردۆتە حەتمی قوڵبونەوەی قەیرانی زیاتری دەسەڵاتی سیاسی.

مەسەلەیەک کە پێویستە قسەی لەسەر بکەین جێگەو ڕێگەو دەورو کاریگەری ئەم ‌هەڵبژاردنەی عێراقە لەسەر کوردستان، بەتایبەتی کە حزبەکانی کوردیەتی ئەم جارەش بەهەر کێشەو ئاڵوگۆڕێک کە لەبەردەم ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی عێراقدایە، جارێکی تر پەیمانی سیاسەتی پاشکۆبونیان بە چارەنوسی نادیاری عێراقەوە گڕێ ئەدەنەوەو لە ئامادەسازیدان بۆ بەشداری لە هەڵبژرادن و قەیرانی بێ کۆتایی ئەم دەسەڵاتەی ئێستای عێراقدا، گەر لەو جێگایەوە کە هەڵوێست و کاردانەوەی سیاسیمان بەرامبەر ئەم هەڵبژاردنە لە عێراقدا لەسەر بنەمای ئەو هەلومەرجانەی پێشتر ئاماژەمان پێدا، هەوڵدانە بۆ شکست پیهێنانی هەڵبژاردن و ڕەتکردنەوەی تەواوی پرۆسەی سیاسی و ڕاماڵینی دەسەڵاتی سیاسی عێراق، بۆیە بەهەمان شێوە جەماوەری ناڕازی کوردستان کە ئێستا پێوسیتە لە بەرامبەر هەڵبژاردنەکانی عێراقدا هەمان هەڵوێست و پشتیوانی و پەرچکرداری سیاسیان بێت لە شکست پێهێنانی هەڵبژاردن و هەوڵدان بۆ رەتکردەنەوەی پرۆسەی سیاسی و ڕاماڵینی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا، لە هەمان کاتدا پەرەدانی ناڕەزایەتیەکان بە ئاراستەی ڕێگە گرتنی حزبەکانی کوردایەتی بۆ بەشداریان لەو هەڵبژاردنەدا، واتە بە هەمان شێوە بایکۆت و بەشداری نەکردن لەدەنگدان لە کوردستانیشدا ناتوانێ لە پرۆسەی وەڵامدەرەوەی کۆتاییهێنان بێت بەدەسەڵاتی سیاسی لە عێراق و لە کوردستاندا.




قەیرانی دەسەڵات لە عێراق و بنبەستی هەڵبژاردنی پێشوەخت!.. عوسمان حاجی مارف

بەدوای ڕوخانی حکومەتی بەعسی ناسیونال فاشی و پاکردنەوەی دەسەڵاتی سەدامێک کە نمونەی گەورەترین کەسایەتی سەرکوتگەرو دڕندەو دژی ئینسانی بوو، عێراق پێشوازی لە گەورەترین ئاڵوگۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی تەواو جیاواز لە مێژوی خۆیدا کرد، ئاڵوگۆڕێک کە هەموو شتێک لەیەک ترازاو لەبەر یەك هەڵوەشایەوە.
نەخشەکانی باڵا دەستی دەوڵەتی ئەمریکاو خوڵقاندنی شەڕی کەنداو، عێراقی خستە بەردەم چارەنوسێکی وەها نادیارو سەرگەردانەوە کە لە توانای هیچ لایەن و هێزێکدا نیە سەقامگیری سیاسی بۆ عێراق لە ئایندەیەکی نزیکدا بگەڕێنێتەوە. ئەو هێزە سیاسی و میلیشیایانەی بونە پێکهاتەی ئەلتەرناتیفی دەسەڵاتی حکومەتی بەعس، لە هێزە ئیسلامی و تائفی و نەتەوەپەرستەکانەوە، خەڵکی عێراقیان خستە ناو چوارچێوەی دۆخێک پڕاوپڕ لە گێژاوی سیاسی وەها نائینسانیەوە کە بەردەوام لە بەرامبەر چاوەڕوانیەکی بێ ئاسۆو تاریکدابن.
پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای ڕێکەوتنی ئەو هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائفی و نەتەوە پەرستانە، ئەو بەڵایەی بەرهەم هێنا کە تائێستاش کابوسێکی مەترسیداری بێ کۆتاییە بە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی عێراقەوە، ئەمانە عێراقیان لە زەلکاوێکی وەهادا چەقاندووە کە هیچ کەس ناتوانێ پێشبینی ئەوەبکات کەی ئەم زەلکاوە ووشک دەکات و دەپوکێتەوە!.
حکومەتی تەوافقی ئەو هیزە میلیشیا کۆنەپەرست و دژە ئینسانی و جەردانە، نوێنەری خولقێنەری گەورەترین دۆخی دزی و جەردەیی و تاڵانی و قۆرخکردنی تەواوی سەروەت و سامانی عێراقن، کە لەلایەک کەڵەکەکردنی سەرمایەیەکی بێشوماری بە سەدان ملیۆن دۆلار بۆ بەرپرسە حزبیەکان و پلە باڵاکان، لەلایەکی ترەوە تەشەنەی هەژاری و نەداری و بێکاری بۆ ڕیزێکی بەرین لە دانیشتوان کردۆتە ئەمری واقع، جگە لە خولقاندنی ژیانێکی ڕۆژانەی نائارامی پرمەترسی لە تەقینەوەو شەڕی تائفی و کوشتارو تیرۆری بەردەوام.

هەژدە ساڵە دانیشتوانی عێراق لە سایەی نەخشەو سیاسەت و دەخالەتی دەوڵەتی ئیمپریالستی ئەمریکاوە بێبەش نەبون لە هەموو ئەو سیناریۆ جەنجاڵ و تاریک و کارەساتانەی کە کۆماری ئیسلامی ئیڕانیش بەشێکی سەرەکی بوەو دەوری لە وێرانکاری عێراقدا گێراوە، حکومەتی تەوافقی عێراق هەمیشە ملکەچ و پاشکۆی تەواوی ئەو سیاسەت و دەخالەت و ململانیانە بووە کە دەولەتی ئەمریکا و ووڵاتانی ناوچەکە لە مەیدانی سیاسی عێراقدا ڕۆڵیان تیێدا گێڕاوە، بە مانایەک قەیرانی دەسەڵات و ناسەقامگیری سیاسی و نەبونی هێژمۆنی ناوەند، کێشەیەکی گەورەی دۆخی نالەباری پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسیە لە عێراقدا.
هەر بۆیە هەڵبژاردنەکانی عێراق جگە لە وێنایەکی کاریکاتۆر شتێکی ترمان نیشان نادات، پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی عێراق لە ڕیزی نمونەی هەرە گەندەڵترین و ڕیسواترین دەسەڵاتی سیاسیە لە جیهاندا، لە هەمان کاتدا بینیمان کە بەشدار بون لە هەڵبژاردنەکاندا جار بەدوای جار کەمترین ڕێژە لە دەنگدەر چونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، کە دواین هەڵبژاردن، نمونەیەکی بێوێنەی ئابڕوبەرانەی بایکۆت درا بەڕوی حزبەکانی بەشدار لەو هەڵبژاردنەدا، قەیرانی دەسەڵات و ناجێگیری سیاسی و نەگونجان و قڵشتی فراوانی بەینی دەسەڵات و خەڵک هەمیشە ڕوکنێکی بنەڕەتی دەسەڵاتی سیاسی بوە لە عێراقداو کاریگەری تەواوی لەسەر مەزاجی توڕەیی و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک داناوە.

بەهەر جۆرێک لە درێژە کێشانی هەژدەساڵ لە هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی نالەبارو بێ ئومێدی لە عێراقدا، ڕیزی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری توڕەی عێراق سەرهەڵدان و پێشڕەویەک لە نمونەی ڕاپەڕین و وەستانەوە لەبەرامبەر ئەم دەسەڵاتەی مافیاکانی سەر بە ئێران و ئەمریکای نیشانداین، کە توانی قەیرانی دەسەڵات بگەیەنێتە ئاستێکی زیاتر لە بنبەستی ڕێکەوتنی هێزە میلیشیاکانی بەشدار لەدەسەڵاتی سیاسیدا، تا ئەو رادەیەی ناچار بون حکومەتەکەیان هەڵوەشێننەوە و حکومەتێکی کاتی پێک بهێنن، لەهەمان کاتدا بەهیچ جۆرێ دەستیان نەپاراست لە تیرۆرکردنی ڕیزێکی بەرین لە ڕابەران و هەڵسوراوانی نارەزایەتیەکان.
کێشەیەک کە پێویستە ئێستا لە مەیدانی سیاسی عێراقدا بە هەند وەربگیرێت کێشمەکێشی توندو ڕانەوەستاوی نێوان جەماوەری خەڵک و دەسەڵاتە، بە جیا لەوەی هێزە میلیشیاکان دوای چەندین ساڵ لە ئەزمونی دەسەڵاتی سیاسی گەورەترین شکست و قەیرانی سیاسی و دەسەڵاتیان نیشاندا، لەهەمان کاتدا دەرگیرو مایەپوچ بون لە سازدانەوەی حکومەتێک کە بتوانێ ڕێکەوتنی تەواوی لایەنەکان بگونجێنێت، ڕاپەڕینەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لە بەغداو شارەکانی خواروی عێراق ڕۆڵێکی شایستە و بەرچاوو گرنگی بینی لە زیاتر شکست پێهێنانی ئەو دەسەڵاتەی هۆکاری گەورەترین نائارامیە لە هەلومەرجی سیاسی عێراقدا، حکومەتی کازمی و هەڵبژاردنی پێشوەخت بە هیچ جۆرێک ناتوانێ ڕۆڵ و پێگەی ئەو هێزە سیاسیانەی دەیانەوێت حکومەت ڕێکخەنەوە جارێکی تر پێکەوە بگونجێنێت، چونکە لەلایەک هەلومەرجی سیاسی عێراق و ناوچەکە لە ڕاستای ئاڵوگۆڕێکدا خۆی نیشان ئەدات کە دەوری جەمسەرە ئیمپریالیەکان و ووڵاتانی ناوچەکە هاوکێشەیەکی سیاسی وەهای فەراهەم هێناوە، ئاستی هاوسەنگی هێز ناڕۆشنە کە بە قازانجی چ لایەک دەگیرسێتەوە، واتە گێژاوی سیاسی دژوارترو نالەبارتر دەردەکەوێت، لە لایەکی ترەوە بەهەر جۆرێک لە پاشەکشە و ڕاگرتنێک لە ئەزمونی ڕاپەڕینەکانی مەیدانی ئازادی بەغداو شارەکانی خواروی عێراق، ئاشتبونەوەی جەماوەری ناڕازی لە گەڵ ئەم دەسەڵاتەو هیزە میلیشیاکاندا بە مەحال سپێردراوە، کوشتاری بەکۆمەڵ و تیرۆرو سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان دوژمنایەتیەکی بێهاوتای لە نێوان جەماوەری ناڕازی و دەسەڵاتی هێزە میلیشیاکان دروست کردووە. ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بدەین قەیرانی دەسەڵات لە هەلومەرجی سیاسی ئێستای عێراق و لە سایەی دەوری هێزە ئیسلامی و تائفی و بزوتنەوەی عروبەو کوردایەتیدا ئاسۆیەکی ڕۆشنیان نیە.

ئەوەی پێویستە دەربارەی هەڵبژاردنەکانی ئەم دەورەیە قسەی لەسەر بکەین، ئەوە گرنگ نیە کە ئەتوانن هەڵبژاردن لەکاتی خۆی یان لە هەرکاتێکی تردا ئەنجامی ئەدەن، یان بەهەر ساختەو فروفێڵک ئەم هەڵبژاردنە تێدەپەڕێنن، بەڵکو پێویستە کێشەکە لەو لایەنەوە بۆی بڕوانین کە ناتوانن وەڵام بە قەیرانی دەسەڵات بدەنەوەو ناتوانن حکومەتێک لەسەر بنەمای ئەم هەڵبژاردنە پێکبهێنن، هەلومەرجەکەو پێگەی سیاسی هەریەک لەو هێزە میلیشیایانە بەجۆرێکە لە ناو زەلکاوی بنبەست و شکستدا گەمەو ململانێی سیاسی دەکەن، ئیمکانی ئەوەیان نیە بتوانن هیچ جۆرێک لە ڕێکەوتن ئەنجام بدەن، ئەم هەڵبژاردنە تەنها گاڵتە جاری نیە، بەڵکو ئەگەری ئەوە زۆرهەیە کارەسات بەدوای خۆیدا بهێنێت.

سیناریۆی لوتکەی بەغدادیش تەنها ڕیکلامێک بوو وە ویستیان ئەوە نیشان بدەن دۆخی عێراق ئاساییەو دەتوانن هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو ئەنجام بدەن. هەر بەم شێوەیە خەڵک کێش بکەن بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام نە ڕیکلام و نە هەڵبژاردن و نە پێکهێنانی حکومەتی دوای هەڵبژاردن، بە هیچ جۆرێک ناتوانێت ڕۆشنایی و ئاسۆیەک نیشان بدات، کە ئەو هێزە تائفی و مەزهەبی و نەتەوەپەرستانەی چەندین ساڵە ئەزمونی گەورەترین کێشەی قەیرانی دامەزراندنی حکومەتێکی سەقامگیریان هەیە، تا بتوانن دۆخی عێراق ئاسایی بکەنەوە. ئاسایی بوونەوەی عێراق پەیوەستە بە ڕاماڵین و کۆتایی هێنان بەو هێزە میلیشیا تائفی و مەزهەبی و نەتەوەپەرستانە، هەربۆیە دەبێت بڵێین نەخێر بۆ ئەم هەڵبژاردنە!

ئێستا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە پێویستە مانای پەرچەکرداری جەماوەری ناڕازی لە بەرامبەر ئەم هەڵبژاردنەدا چۆن خۆی بنوێنێت. جەماوەرێک کە چەندین سەعات و ڕۆژو مانگ لە مەیدانەکانی شاردا ڕاوەستان و داوایان کردو ڕایانگەیاند دەبێت ئەم دەسەڵاتە هەمویان بڕۆن، کۆتاییان پێبێت وە بڕوخێت. جێگای خۆیەتی لەبری ئەوەی بڵێین بایکۆت یان نەچون بۆدەنگدان، ئەوە دروسترو عەمەلی ترە بۆ هەر هێزێکی سیاسی و ناڕازی بەم هەلومەرجەی ئێستای دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا، لەبەرامبەر تەواوی پرۆسەی سیاسی ئەم گروپ و دەستەو تاقم و هێزە میلیشیایانەدا بوەستێتەوە، دروشمی نەخێر بۆ هەڵبژاردن بەرزکەینەوە، بە مانایەک لە هەوڵی هاندان و دوبارە رێکخستنەوەی راپەرین و جەماوەری ناڕازیدا بین لە گەرەکەکان و مەیدانەکانی شاردا بۆ بە شکست گەیاندنی ئەم هەڵبژاردنەو هەوڵدانی بۆ ڕوخان و ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتەو کۆتایی هێنان بەهێزی میلیشیا. پێویستە سەرنجی ئەوە بدەین کە بایکۆت بۆ ئەم هەڵبژاردنە نەک کارساز نیە بەڵکو لەباری عەمەلیەوە گەرانەویە بۆ قۆناغێک پێش ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینەکانی جەماوەری نارازی شارەکانی عێراق، چونکە سیاسەتی بایکۆت لەم دەورەیەدا دامرکاندنەوە و ناردنەوەی جەماوەری ناڕازیە بەدەستی بەتاڵ بۆ مالەوە.




چۆن عێراق نابێتە گۆڕەپانی شەر؟.. عوسمان حاجی مارف

“عێراق، ڕێگە نادات ببێتە گۆڕەپانی شەڕ، پێویستە ڕێز لەسەروەری خاکەکەی بگیرێت”
ئەمە ووتەی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقە، بەدوای چل ساڵ لە ژیانی نالەبارو کارەساتباری خەڵکی عێراق، کە لەناو ئاگری شەڕو جەنگ و کاولکاری و ماڵوێرانی و ئاوارەبوندا بوە. لە هەمانکاتدا هیچ کات پێشبینیەک بۆ فەراهەمبونی زەمینەی ئارامبونەوەو ئاشتی و سەقامگیری سیاسی لە عێراقدا نیشان نەدراوەو نادرێت. بەڕاستی بوێریەکی بێشەرمانە و نابەرپرسیارانەیە بێدودڵی بڵێیت “عێراق ڕێگە نادات ببێتە گۆڕەپانی شەڕ”، وەک ئەوەی تا ئێستا هیچ ڕوی نەدابێت. عێراقێک کە لەڕیزی هەرە پێشەوەی ئەو ووڵاتانەدایە کە خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە جەنگە، ماوەی چل ساڵە لە مەیدانی شەڕو کارەساتدایە، دەبێ بپرسین و بڵێین کاک فوئاد چۆن ڕێگە نادەن عێراق ببێتە گۆڕەپانی شەڕو، کێن ئەوانەی وا ڕێگە نادەن و پارێزگاری لەسەروەری خاکەکەی دەکەن؟
چاو خشاندنێک بە ڕابردوی ڕۆژو ساڵەکانی ئەو چل ساڵە و ئەو لایەنانەی هۆکاری ئەو دۆخە نالەبارو نائارام و نائەمنیە بون لەعێراقدا، وێنایەکمان دەست دەکەوێت لەسەر ئەوەی عێراق ڕێگە بەشەر ئەدات یان نا!
لە ساڵی١٩٨٠وە شەڕی ئێران و عێراق ماوەی هەشت ساڵی خایاند، کەسێک، لایەنێک نەبو ئەو شەڕە ڕاگرێت. کاتێکێش وەستانی ئەو شەڕە ڕاگەیەندرا، هێشتا کاریگەری و ئاسەوارەکانی وەک خۆی مابونەوە، کە شەڕی داگیرکاری کوەیت لە ساڵی١٩٩٠ لەلایەن حکومەتی بەعسەوە دەستی پێکرد. بەدوایدا جەنگی کەنداوی یەکەم بە دەوری دەوڵەتی ئەمریکاو هاوپەیمانانی کە مایەی ئەوپەڕی وێرانکاری و ماڵوێرانی بوو بۆ دانیشتوانی عێراق، عێراقی کردە گەورەترین گۆڕەپانی شەڕو کوشتارگایەک کە تائێستاش خەڵکی باجی ئەو شەرە ئەدەن.
جەنگی کەنداو هەر لەکاتی خۆیدا تەواوی خەڵکی ئازادیخوازو ئینساندۆستی جیهانی توڕەو سەرسام کرد، هەربۆیە گەورەترین ئاستی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی سەدان هەزاری لەدژی ئەو جەنگەو وێرانکاری دەوڵەتی ئەمریکا، لە تەواوی جیهاندا نمایش کرا، بەڵام فوئاد حسێن و هەڤاڵەکانی لە بزوتنەوەی کوردایەتیدا گەورەترین پێشوازی ئومێد بەخشیان لەو جەنگە کردو بوونە خزمەتکاری ئەو جەنگەو بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە سودیان لە پاشماوەی کەرەسەکانی ئەو جەنگ و وێرنکاریە وەرگرت.
پاشان پشتیوانیکردنیان لە گەمارۆی ئابوری بۆ سەر خەڵکی عێراق کرد، کە سیاسەتێکی ئەوپەڕی نامرۆڤانەو ئابڕوبەرانەیە بە ناوچەوانی ڕابەرانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە کە فوئاد حسینیش کەسێکی دڵسۆزی ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەیە بووە، لەهەمانکاتدا شەڕی ناوخۆی کوردستانیش نمونەیەکی تری لە بیرنەکراوە کە هۆکارە سەرەکیەکەی، هەمان دەستەو هەڤاڵانی ئەو بوون لە حزبەکانی کوردایەتی دەسەڵاتدار کە ئێستا فوئاد حسێن نوێنەرایەتیان دەکات لە پێکهاتەی حکومەتی عێراقدا.

جارێکی تر لە جەنگی دووەمی کەنداودا “گەردەلولی بیابان” کە لەلایەک مایەی داڕمانی تەواوی بنەما ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی عێراق بوو، لەلایەکی ترەوە سەردەرهێنانی چەندین نمونەی جروجانەوەرو دەستەوتاقمی میلیشیایی ئیسلامی بوو کە عێراقیان کردە گۆڕەپانی شەڕی مەزهەبی و تائفی و نەتەوەپەرستی، جێگای هیچ تروسکاییەکی بۆ ئاسایشی دانیشتوانی عێراق نەهێشتەوە، بەڵام هەڤاڵەکانی فوئاد حسین جەنگەکەیان ناو نا “پرۆسەی ئازادی” وە “حکومەتی تەوافقیان” لەگەڵیاندا پێکهێناو شەڕەکانیان گەرمتر دەکرد. پاشان هەنگاو بە هەنگاو بە ئاشکراو بە فەرمی دەخالەت و دامەزراندنی پێگەی هیزە چەکدارەکانی ئەمریکاو تورکیاو ئێران لە “پرۆسە ئازادیەکە”ی عێرقدا جێگیرکران. لەهەمانکاتدا داعشیش داستانێکی هەمیشە لەبیرنەکراوە و ئاشکرایە هێچ لایەنێک نەک بەتەنگ پاراستنی خەڵکی شەنگالەوە نەبوو، بەڵکو مامەڵەی پێوەکرا.
بەم شێوەیە ئیرادەی خەڵکی عێراق تەواو بێتواناو بێئومێدو سەرگەردان کرا. عێراق بە کردەوە بووەتە پانترین رووبەرو گۆڕەپان لە جیهاندا، کە ڕۆژانە شوێنی کێشمەکێش و شەڕی نێوان ووڵاتانە. تەواوی ئەو هێزو لایەنە تائفی و قەومیانەی بانگەوازی پێکهێنانی حکومەتی عێراقیان دەکرد، بە ئاشکرا لەپەیوەند بە شەڕو کێشمەکێشی ووڵاتانی ترەوە چارەنوسی سیاسی خۆیان دیاری دەکەن. ئیرادەیان تەنها لە دزی و گەندەڵی و جەردەیی و قاچاخچێتی و بازرگانیدا بەکارهێناوە. لەهەمانکاتدا هۆکارێکی سەرەکین لەدەرگا ئاواڵەکردنی سنورەکانی عێراق و سەوداو مامەڵە کردن بە خاك فرۆشتنەوە. هەڤاڵەکانی فوئاد حسێن تەواوی سنورەکانی کوردستانیان رادەستی لەشکرکێشی تورکیا کردووە. ئایا ئەمانەن ڕێگە نادەن عێراق ببێتە مەیدانی شەڕ؟

تەواوی هەلومەرجێکی سیاسی ناوچەیی و کاریگەریەکانی لەسەر عێراق بێپەردە ئەوەمان نیشان ئەدات کە لە دۆخی ئێستای عێراق و لە مەیدانبوونی حزبە دەسەڵاتدارە میلیشیاکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و عروبە و میلیشیاکانی شیعەو سونەو هێزە جیاوازەکانیان، هەمیشە عێراق وەک گۆڕەپانی شەڕ دەهێڵنەوە. فوئاد حسێن و هەڤاڵەکانیشی بەشێکی بە تواناو شارەزاو بە ئەزمونن بۆ سود وەرگرتن لە تاڵانیەکانی هەڵگیرسانی هەر شەڕێک کە عێراق و کوردستان وێرانتر دەکات. کەسان و لایەنێک کە بەشێکن لە بەشداریکردنی تەواوی ئەو شەڕانەی بەسەر دانیشتوانی عێراق و کوردستاندا هاتووە، گەورەترین قازانجیان لێ بەدەست هێناوە، ئێستا چی گۆڕاوە وا پەیمانی ئەوەمان پێ ئەدەن ڕێگا نەدەن”عێراق ببێتە گۆڕپانی شەڕ”!؟

ئەوە تەنها بە ناڕەزایەتی و ڕاپەرینی فراوانی سەراسەری جەماوەریە، کە بە دژی فوئاد حسێن وهەڤاڵەکانی بوەستنەوە، لە پێناو کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی ئەو حزبە قەومی و تائفی میلیشیاییانەی لە عێراق و کوردستاندا دەسەڵاتی سیاسی بەڕێوەدەبەن، وە هەوڵدان بۆ دامەزارندنی دەسەڵاتێک کە بەدەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی جەماوەری خەڵک هەڵبژێردرابێت، ئەتوانرێت کۆتایی بەدۆخی جەنگ لە ناو خاکی عێراقدا بهێنرێت.




ئەڤغانستان و شکستەکانی ئەمریکا!.. عوسمان حاجی مارف

دەورانێک لە دەرکەوتنی “باڵا دەستی ئەمریکا” بەسەر جیهاندا، کە پێناسەی ڕۆڵ و پێگەی ئەمریکای پێ دەکرا، وێنای ئەو واقعیەتەی دنیای سەرمایەداری بوو کە بەدوای داڕمانی شورەویدا پێکهات، واتە پاش شکستی سەرمایەداری دەوڵەتی یان بلۆکی ڕۆژهەڵات، ناساندنی جیهانی سەرمایەداری بوو بە کۆتایی دنیای دوو جەمسەری. هەر لەم پێناسەیەوە پڕۆسەی عەمەلی بەجێگەیاندنی ئەو باڵادەستیەی ئەمریکا بەسەر تەواوی ووڵاتانی سەرمایەداری جیهاندا بووە مانای قۆستنەوەی، ئەو فرسەتانەی کە ئەمریکا بیانوی هەڵگیرسانی جەنگی بۆ دەهێنایەوە، تا لەڕێگەی ئەو جەنگانەوە باڵادەستیەکەی لە باری عەمەلیەوە بەسەر جیهاندا بسەلمێنێت، لە نمونەی جەنگی کەنداوی یەکەم بە بیانوی دەرکردنی هێزەکانی عێراق لە کوەیت، یا هێرشکردنە سەر ئەڤغانستان بەدوای کارەساتی یانزەی سێپتەمبەر، بە بیانوی دژی تیرۆر شەڕی دژ بە ئەڤغانستانی هەڵگیرسان.

دەورانی دوای کۆتاییهاتنی جەمسەرگەری نێوان شورەویی و ئەمریکا نەخشەی سیاسی جیهانی سەرمایەداری کەوتە بەردەم ئاڵوگۆڕێک، کە دەوڵەتی ئەمریکا بەرنامەڕێژی بۆ کۆنترۆڵی دنیا دەکردو وەک بەربەستێک دەوەستایەوە کە نەک هەوڵی ئەوەی ئەدا ڕێگە بە دەرکەوتەی تر لە ووڵاتانی سەرمایەداری بگرێت تا وەک جەمسەرێک لەبەرامبەریدا دەرکەونەوە، بەڵکو لە هەوڵی ئەوەشدا بوو بەناوی هاوپەیمانیەتیەوە تەواوی ووڵاتانی زلهێزی تری دنیا بخاتە ژێر رکێف و پاشکۆی ئەو نەخشەو سیاسەتانەی لە شەڕوداگیرکاری ووڵاتانی تردا عەمەلی دەکردەوە، هەر بەو ئاراستەیەش بە کۆنترۆڵکردن و ڕابەریکردنی هێزەکانی سەربازی ئەو هاوپەیمانیە، شەڕی عێراق و ئەڤغانستانی بەڕێخست و ئەنجامیدا.
پرۆسەی ئەو هەنگاوە جەنگیانەی دەوڵەتی ئەمریکا بەتایبەتی بەدوای هێرشکردنە سەر ئەفغانستان و کۆتایهێنان بەدەسەڵاتی تاڵیبان، دواتر جەنگی کەنداوی دووەم بە کۆتایهێنانی دەسەڵاتی حکومەتی بەعس لە عێراقدا، بەردەوامی نەخشەی دەوڵەتی ئەمریکا بە ئاشکرا هەوڵدان و ئامادەسازی بوو بۆئەوەی هەمان هێرش بۆ سەر کۆریا و سوریا و ئێرانیش بە ڕێبخات، بەڵام توانای ئەنجامدانی ئەو شەڕەی نەبوو.
بێتوانایی ئەمریکا لە درێژەدان بە جەنگەکانی بۆ هێرشکردنە سەر کۆریا و سوریا و ئێران نیشانەی سەرەتای پاشەکشەی پێگەو هاوسەنگی هێزی ئەمریکا بوو لەبەرامبەر ئەو ئامانجەی بتوانێ ببێتە تەنها ووڵاتێکی ئیمپریالستی باڵا دەست بەسەر جیهاندا.
لەم نێوەدا بەگشتی دوو تێگەیشتنی جیاواز لەبەرامبەر هەلومەرجی سیاسی جیهان و دەورو مەوقعیەتی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئەو ووڵاتانە لە ئارادابون. بۆچونی یەکەمیان ئەوەی ڕادەگەیاند کە هەوڵە جەنگیەکانی دەوڵەتی ئەمریکا پیشڕەوایەتیە بە مەبەستی ڕزگارکردنی ئەو ووڵاتانەی داگیریان دەکات لەپێناو کۆتاییهێنانە بەدەسەڵاتی سەرکوتگەرو هەوڵدانە بۆ دامەزراندنی دیموکراتیەت لەو ووڵاتانەی کە رزگاریان دەکات، یان لەژێر ناوی پەرەدان بە نەزمی نوێی جیهان پێویستە دژایەتی تیرۆریستان بکات، ئەم بۆچونە مایەی وەهم و خۆشباوەڕی و ئومێدێک بون کە لایەنەکان و خاوەنەکانی ئەو بۆچونەو لایەنگرانی ئەمریکای وابەستە دەکرد بە هەر کردارێ کە ئەمریکا لە نەخشەکانیدا بەوپەڕی دڕندانەوە جێبەجێی دەکردن، نمونەی بۆمبابارانی چرو قورسی خەڵکی مەدەنی و دارمان و وێرانکردنی ڕیشەیی ئابووری ئەو ووڵاتانەی کە داگیری دەکردن. بۆچونی دووەمیان ئەو لێکدانەوەیەی کردە بنەمای بۆچونەکانی، پێی وابو کە بەدوای کۆتایهاتنی جیهانی دوو جەمسەری لە نیوان شورەویی و ئەمریکادا، لە ئاکامی داڕمانی بلۆکی سەرمایەداری دەوڵەتی، دەوڵەتی ئەمریکا لە ڕاستای پیادەکرنی باڵادەستی خۆی بەسەر جیهاندا لەسەر پێداگرتنی ئەو جەنگانە دەگیرسایەوەو داگیرکاری دەکرد، تا لەو ڕێگەیەوە مەوقعیەتی باڵادەستیەکەی بەسەر جیهاندا بسەلمێنێت، هەر ئەم بۆچونەی دووەم ئەمریکای وەک تیرۆریزمێکی دەوڵەتی پێناسە کردو ناساندو کارەسات و مەترسیەکانی جەنگەکانی لەسەر ئایندەو چارەنوسێکی نارۆشن نادیار بۆ سەر ژیانی خەڵک لێکدایەوە.
واقعیەتی ڕوداوەکان بەگشتی لە پرۆسەیەکی دیاریکراودا و چۆنیەتی هیرشی دڕندانەی ئەمریکا بۆ سەر ئەو ناوچانەی نەخشە سیاسیەکانی تیا بەجێ دەگەیاند، ئەوەی یەکلایی کردەوەو سەلماندی کە دەوڵەتی ئەمریکا هیچ نەخشەو سیاسەتێکی دیموکراتیزەکردنی بۆ سەر هیچ ووڵاتێک نەبوە و هیچ کاتیش دژی سەرکوتگەران و تیرۆرستان نەجەنگاوە. هەر پاش ماوەیەک نەزمی نوێی جیهانیەکەشی درۆو پوچەڵیەکەی خۆی نیشانداین. لێرەدا ئەوەی سەلماند کە ئەمریکا تەنها لە هەوڵدانی باڵادەستی خۆی بووە بەسەر تەواوی ڕەقیبەکانی تری ووڵاتانی سەرمایەداری لە ئاستی جیهاندا.

بەدوای جەنگی خەلیجی دووەم و کۆتایهێنان بەدەسەڵاتی حکومەتی بەعس بەدەورو نەخشی سەربازی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانانی، گەورەترین هەلومەرجی نالەبارو گێژاوی سیاسی لە عێراق و ناوچەکەدا بەدیهات، کە تا ئێستاش ئایندەی ئارام بونەوەو سەقامگیری سیاسی چارەنوسێکی نادیار و بێ کۆتاییە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بە تایبەتی.
شەڕ لە ناو شارەکانی سوریا و دواتر لە شاری موسڵ بۆ دەرپەڕاندنی داعش و دەوری روسیا لەو شەڕانەدا هاوسەنگی هێزی ئەمریکای وەها دابەزاند کە ئەمریکای ناچار بەسازش و پاشەکشەی گەوەرە کرد لە بەرامبەر ڕەقیبەکانیدا. لە هەمانکاتدا جگە لەوەی بە هەموو ئەو دەورەی کۆماری ئیسلامی لەناوچەکەدا دەیگێرێت، تائێستا ئەمریکا نەیتوانی کێشەکانی لە گەڵ ئێراندا یەکلایی کاتەوە، هەر بۆیە ئەو ئایندەیەش پێشبینی دەکرێت کە ئەمریکا ناچار بە سازشە لەگەڵ ئێرانیشدا.

شەڕی ئەڤغانستان و پاشەکەشەی هێزەکانی تاڵیبان بۆ چیاکانی تۆرابۆرا لە ٦ی دیسەمبەری ٢٠٠١ و خۆجێخستن و مانەوەیان وەک هێزێکی بەرگری لەبەرامبەر ئەمریکاو دەسەڵاتی سیاسی ئەڤغانستاندا، هەروەها ئەو دەسەڵاتەش ئەمریکا لە ئەفغانستان پێکی هێنا، نمونەی بەرجەستەی ناپەیگیرو گەندەڵی و جەردەیی نیشاندا. لەهەمانکاتدا ئەو ئاڵوگۆڕانەی دەرگای بۆ فراوانبونی زیاتری ئەو گێژاوەی ناوچەی ڕۆژهەڵات کردەوەو بووە گەورەترین گۆرەپانی شەڕو کێشمەکێشی ووڵاتانی زلهێزی دنیا، کە نیشاندانی کۆتاییهێنان بە هاوپەیمانی بۆ ئەمریکای هەڵگەڕاندەوە بە ململانێ و وەستانەوە لەبەرامبەر ئەمەریکادا. لەلایەکی ترەوە ئەو قەیرانی ئابوریەی لە ساڵی ٢٠٠٨ یەخەی بە تەواوی سیستەمی سەرمایەداری گرت و تا ئێستا بەردەوامە، هەروەها هەڵکەوتنی جەمسەری تر لە ووڵاتانی سەرمایەداری و سەنگەرگرتنیان لەبەرامبەر ئەمریکا بە تایبەتی نمونەی چین و ڕوسیا…، کاریگەری جدیان لەسەر پاشەکشەی دەورو نەخشەو سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا دانا. بەمانەیەک ئەو ئامانج و نەخشانەی ئەمریکا خەوی سەرکەوتنی هەمیشەیی پیوە دەبینی بۆ باڵادەستی بەسەر جیهاندا، کێشمەکێشی بەرامبەرەکانی لە جیهاندا و شەڕی بەردەوام لەو ووڵاتانەی داگیری کردبون، مایەی شکستهێنان بون بە نەخشە و سیاسەتەکانی ئەمریکا لەو ناوچانەی هێزی سەربازی تیا بڵاوکردۆتەوەو دواتر ناچاربو بە کشانەوەی هیزەکانی .

لە کۆتایدا پێویستە بڵێین بەگشتی ئەوە نیشانەکانی ئاکامی شکستی ئەمریکایە لە ئاستی جیهاندا لەبەرامبەر جەمسەرە ڕەقیبەکانیدا، لەهەمانکاتدا بێتوانایی و بنبەستی ئەمریکا لە فەراهەم هێنانی سەقامگیری و جێگیری سیاسی لەو ووڵاتانەی داگیری کردون، هۆکاری ناچاری ئەمریکا بو بە رێکەوتن و سازشێکی تەواو شەرمهێنەر و ریسوا لەگەڵ کۆنەپەرسترین و درندەترین هێزی میلیشیا لە ئەڤغانستاندا، هەروەها بە پلانێکی دارێژراوی پێشوەخت دەسەڵاتی سیاسی ڕادەستی تاڵیبان دەکاتەوەو دەسەڵاتەکەی قەبوڵ بکات، کەئەمەش بۆ خۆی جارێکی تر نیشاندانی شکستێکی تر لە شکستەکانی ئەمریکایە، ئاکامەکەشی لەلایەک چەند بارەبونەوەی قوربانی دوای قوربانی وەک جینۆسایدێک بەسەر خەڵکی نەدارو هەژارو زەحمەتکیش دەهێنێت، لەلایەکی تریشەوە ئاوابونی تەواوی نەخشەو سیاسەتی بالادەستیەکەی ئەمریکایە بەسەر جیهاندا، لەهەمانکاتدا سەرهەڵدانەوەو گەرانەوەی کێشمەکێش و بەرامبەرکێی باڵای نێوان جەمسەرە ئیمپریالستەکانە.




دیاردەی قاچاخچێتی حزبە دەسەڵاتدارەکان و یاریکردن بە ژیان و سەلامەتی خەڵکەوە.. عوسمان حاجی مارف

لە گفتوگۆیەکی تەلەفزیۆنیدا عەلی حەمە ساڵحی ئەندام پەرلەمانی گۆڕان باسی لە دیاردەی قاچاخچێتی بەرپرسانی حکومەت و حزبەکانی کرد و هەروەها ئاماژەی بە مەترسی ئەو مەوادانە کرد کە قاچاخچێتیان پێوە دەکرێت لەسەر سەلامەتی تەندروستی هاوڵاتیانی کوردستان. لە یەکێك لە قسەکانیدا ووتی کە بەرپرس هەیە لە مانگێکدا ٣٦ ملیۆن دۆلاری دەست کەوتوە. هەروەها باسی لەوە کرد کە هەندێك مەواد لەناو گازوایلی موەلیدەکاندا هەیە کە ژەهر دەکاتە ناو کەشوهەواوەو چەندین مەوادی دیکە دێنە هەرێمەوە بە قاچاخ کە مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست دەکات و چەندین کەس بەهۆی ئەو ژەهرانەوە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون. هەروەها دەلی من بە ڕاپۆرت و بەهەموو جۆرێك ئەو مەترسیەم خستۆتە بەردەم دەسەڵاتداران بەڵام ئەوان ژیانی خەڵکیان بۆ گرنگ نیە.
بە هەر شێوازێک عەلی حەمە ساڵح دەیەوێت دەسەڵاتداران ئاگادار کاتەوە لەو مەترسیەو وە خۆشی ئەندامی حزبێکە لە هەمان دەسەڵاتدایە، پێویستە بە وردتر لەو دیاردەیە بروانین و مامەڵەی بکەین.

قاچاخچێتی لە کوردستان دیاردەیەک نیە کە هەر تەنها کاری چەند بەرپرسێکی حزبی بێت و لەو ڕێگایەوە چەندین ملیۆن دۆلار بەدەست بهێنن، بەجیا لەوەی لە زۆر شوێنی سنورەکانی دنیادا ئەم دیاردەی قاچاخچێتیە جۆرێکە لە بازرگانی نا یاسایی، کە لە گەڵ هەردەستکەوتێکی گەورەی چەندین ملیۆن دۆلار بەم جۆرە بازرگانیە، ژیانی هەزاران خەڵکی نەدارو زەحمەتکێش دەبێتە قوربانی، ئەو قاچاخچێتیەی کە عەلی حەمە ساڵح ئاماژەی پێدەکات وەک مەترسیەک بە کاری چەند بەرپرسێک پێناسەی دەکات و کاریگەری دەبێت لەسەر هاوڵاتیان، لە نمونەی هەمان ئەو جۆرە قاچاخچێتیە کە نمونەکەی وەک قسەمان لەسەرکرد لە زۆربەی سنورەکانی جیهاندا بونی هەیە، بەڵام جیاوازیەک کە پێویستە لە کوردستاندا دەربارەی قاچاخچێتی قسەوباسی لەسەر بکەین، بە ئاشکرا ئەوە دەبینرێت کە هەردووهێزی بنەماڵەو میلیشیای پارتی و یەکێتی و هاوکارانیان، دەوری سەرەکی دەبینن لە سیستماتیک پێکردنی قاچاخچێتی و تاڵانی و گەندەڵی وەک سەرچاوەیەکی دەستکەوتی داراییە بۆ بنەماڵەکان و هێزەکانیان، نەک تەنها بەکەمتەر خەم بۆیان بروانین.

گەر سەرنج بدەن کێشەیەک کەدەورێکی زۆر نەرێنی هەیە لە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا، قاچاخچێتی نەوت و پەیوەندی ژێربەژێرە بۆ ناردن و ساغکردنەوەی سەدان هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، بەجیا لەوەی بنەماڵەی دەسەڵاتدار ڕۆژانە بازرگانی بەسەدان هەزار بەرمیل نەوتەوە دەکەن، لەڕێگەی قاچاخیشەوە سەدان هەزار بەرمیلی تر دەچێتە ئێران، تورکیا، پاکستان، ئەفغانستان، روسیا..هتد. پارتی و یەکێتی گەورەترین مافیای کۆمپانیای قاچاخن، لەهەمان کاتدا لەسەر سنورەکان کە لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندایە هەرچی کەرەسەی ئیکسپایەرو بۆگەن و مەوادی ژەهراویە بەئاسانی دەگوازنەوە بۆ بازاڕەکانی کوردستان وە ساغ کردنەوەیان بەبێ تێپەڕبوونیان بە کۆنترۆڵی جۆریدا.

گەر بەڕاشکاوانەتر لەم بارەیەوە لەسەر تەواوی دەسەڵاتی سی ساڵەی ئەم دوو هێزە میلیشیایە بدوێین، ئەوەمان لە یاد نەچوە کە لەیەکەم ڕۆژی دەسەڵاتیانەوە تەواوی کەرەسەو ئامێرو پێداویستیە تەندروستیەکان و کارەبایی و خزمەتگوازەریەکانیان ئاودیو کرد بۆ ئێران و فرۆشتیان، سنورەکانیان خستە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانیان و گەورەترین سەرچاوەی دەستکەوتی سەرمایەکانیان لە ڕێگەی قاچاخچێتیەوە بەدەست دەهێنا، لە ماوەیەکی کەمدا هەردوو بنەماڵەو حزبەکانیان بونە خێزانە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان.
ڕەخنەگرتن لەوەی قاچاخچێتی دیاردەیەکە کە کاری چەند بەرپرسێکی حزبیەو دەسەڵات کەمتەرخەمە بەرامبەری، وە داوابکەین وەک گەندەڵکارانێک لێپرسینەوەیان لێبکرێت و دادگایی بکرێن، لەبەرئەوەی مەترسین بۆ سەرژیانی هاوڵاتیان، ئەم ڕەوتە لە ڕەخنەو مامەڵە نەک بەهیچ جۆرێک نامانگەینێتە ئەو ئەنجامەی کەئەتوانین فریاد ڕەسی قوربانیەکانی ئەم کارە چەپەڵە بین، بەڵکو دەبێتە وون کردنی ئەو ئومێدو ڕێگایەی کە دەبێتە هۆکاری کۆتایی هێنانی ئەم دەسەڵاتە، واتە علی حمە سالح لەگەڵ خواستی کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە نیە، بەڵکو دەخوازێ چاکسازیەک بخاتە ڕوو کە دەسەڵات بەربە قاچاخچێتی بگرێت ئەمەش مەحاڵە لە خەونیشدا ببینرێت.

بەو مانایەیی پێکهاتەو سروشتی ئەم دەسەڵاتە سەرچاوەیەکی سەرەکی دەستکەوتە داراییەکەی کەڵەکەی سەرمایەی قاچاخچێتی و جەردەیی و قۆرخکردنی سەروەت و سامانی کوردستانە، واتە خودی ئەم دەسەڵاتەیە بە هەموو پێکهاتەو دەزگاکانیەوە مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی خەڵک، پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان لە هەر ژەهرو کەرەسەیەکی بۆگەن و ئێکسپایەر لە سایەی بەردەوام بونی هەردوو دەسەڵاتی بنەماڵەی پارتی و یەکێتی کارێکی مەحاڵە، هەر کەس و لایەنێکێش، لە چوارچێوەی مانەوەی ئەو دوو بنەماڵەیەو هاوبەش بون لەدەسەڵاتەکەیاندا، بەنیاز بێت ڕێگایەک بۆ پاراستن لەمەترسیەکانی سەر ژیانی هاوڵاتیان پەیدا بکات، ئەوە کارێکی بێ هودەو گەوجانە دەکات، یان هەوڵی چەواشە کاری هاوڵاتیان ئەدات، بەتایبەتی گۆڕان و ئیسلامیەکان هەر قسەیەک لەسەر قاچاخچێتی و گەندەڵی بکەن نابێت جگە لەوەی وەک کاری چەواشەکاری بۆیان بڕوانین چاوەڕوانی ترمان لێیان هەبێت، چونکە بۆ خۆیان بەشێکن لە پارێزەری ئەم سیستمە و پێکهاتەی ئەم دەسەڵاتە، دەسەڵاتێک کە بۆ خۆی ژەهرە بۆ هاوڵاتیان.
هەربۆیە ڕزگارکردنی هاوڵاتیان لەهەرمەترسیەکی بازرگانی و قاچاخچێتی و تاڵانکاری و هەروەها کەڵەکەی سەرمایە بە کاری بەکرێیەک کە لەهەلومەرجی کاری ئەوپەری نائینسانی و دڕندانەدایە لە کوردستاندا، تەنها لەڕێگای کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە مەیسەر دەبێت.




یەکێتی لە میانەی گێژاوی نەخشەی سیاسی بافڵ و لاهوردا!.. عوسمانی حاجی مارف

یەکلاییبونەوەی ڕەوتی کێشەکانی نێوان سەرۆکایەتی یەکێتی نیشتمانی بە قازانجی بافڵ، هەر ئەوە نیە کە بافڵ لەو کەینوبەینەدا بە هەرجۆرە نەخشەو پلانێک کە دایڕشتبوو توانی کۆتایی بە دەورو دەسەڵاتی لاهور بهێنێت، بەڵکو باڵادەستیی بافڵ لەو شوێنەوە دیاری دەکرێت کە توانی لایەنگری زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی، لایەنگریی پارتی و ئێران و تورکیاو ئەمریکا… بەدەست بهێنێت. لەهەمانکاتدا ئەم لایەنگریەش بۆ بافل ئاماژە بەوە ئەدات کە پێشوەخت بافڵ دڵنیا بووە لە لایەنگری و پشتیوانی ئەو لایەنانە بۆ ئەنجامدانی کودەتاکەی، لەبەرئەوە ئەنجامدانی یەکلاییکردنەوەی وەلاخستنی جێگەوڕێگەی لاهور لەناو سەرکردایەتی یەکێتیدا کارێکی سەخت و گران نەبوو بۆ بافڵ، بۆیە توانی بە ئاسانی بە ئەنجامی بگەیەنێت.
لەگەڵ ئەوەی خودی بافڵ و ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی نیشتمانی دەیانەوێت بانگەشەی ئەوە بکەن کە هۆکاری لێپرسینەوە لە لاهورو دەستەوتاقمەکەی و سزادانیان بە لێسەندنەوەی پۆستەکانیان، لەسەر کاری ناشایستەو تاوانکاریە، بەڵام پێویستە لەگەڵ ئەوەی لاهور لە دنیای واقعدا هەر تاوانکاریەکی کردبێت و ئێستا بەو بیانوەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت، نابێت نەک ئەو هۆکارە سیاسیانە فەرامۆش بکەین کە جیاوازیەکانی باڵەکانی یەکێتی تیا دەرگیربون، بەڵکو چارەنوسی دەسەڵاتی یەکێتی لە نێوان ململانێی سیاسی باڵەکاندا و ئەوەی کە کام باڵ دەتوانێ کێشە سیاسیەکان بە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی کاتەوە،هۆکاری سەرەکی پرسی لادانی لاهورە، چونکە گەر باس لە گەندەڵی و تاوان و کاری ناشایستەیە، ئەوە مێژووی زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتی وەک هێزێکی ناسیۆنالست و میلیشیا، بەهەمان ئاستی لاهور ناتوانن لەو گەندەڵی و تاوانکاریانە بێبەری بن، بۆیە کێشەکان پرسی سیاسی جدی و چارەنوسسازن بۆ هەر باڵێکیان، هەر بۆیە لەم ئاڕاستەیەوە چەند پرسیارێک پێویستیان بە ڕونکردنەوە هەیە:
هۆکاری لایەنگری بۆ بافڵ لە نێو هاوکێشەی سیاسی ئێستای کوردستان و ناوچەکەدا چیمان پێ دەڵیت؟ ئایا بژاردەی سیاسی لاهورو باڤل کامیان بە دەستکەوتی ئەرێنی بۆ بەرزکردنەوەی جێگاو ڕێگای یەکێتی ئەژمار دەکرێت؟ لە کۆتاییدا نەخشەو سیاسەتی کامیان دەستکەوت دەبێت بۆ بەرژەوەندی هاولاتیانی کوردستان؟
هەڵبەتە لە بیرکردنەوەی هەرکەسێکدا لە بەرامبەر ئەم بارگرژیەی نێوان سەرکردایەتی یەکێتی دەکرێ پرسیاری تر هەبن لە بابەتی ئەوەی ئایندەی یەکێتی نیشتمانی، ئەو یەکێتیەی کە بۆ خۆیان پێی دەڵێن، (سەفین لە بن دێت یەکێتی لەبن نایەت) بەرەو کوێ دەڕوات!؟
ئەتوانین لەسەر هەلومەرجی سیاسی ئێستای کوردستان ئاماژە بە چەند خاڵێک بدەین، یەکەم: بەردەوامی لە گێژاوو ناجێگیری سیاسی لەتەواوی دەسەڵاتی ٣٠سی ساڵەی حزبەکانی کوردایەتیدا، کەلە ئاکامی دەخالەتی سیاسی و سەربازی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەداو کێشمەکێشی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ووڵاتانی ناوچەکە بەڕێوە چووە، کاریگەری ڕاستەوخۆی بووە لە بەردەوامی نائەمنی و ناسەقامگیری سیاسی.
دووەم: سەرگەردانی و پاشکۆبونی حزبەکانی کوردایەتی لە ناو ئەو هەلومەرجە نالەبارەو گەمەکردن بە ئایندەو چارەنوسی کوردستانەوە، ململانێ و شەڕی نێوان خۆیان ڕۆڵێکی گەورەی لەسەر سەرگەردانی و نادیاری دۆخی کوردستان داناوە. سیاسەتی چاوەڕوانی هەمیشە سایەی کردووە بەسەر هەر نەخشەو سیاسەتێک کە لە دەسەڵاتداری و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی کوردستاندا پێی هەستاون.
سێیەم: دابەشبوونی کوردستان بە زۆنی زەردو سەوز دیارترین نمونەی ناجێگیری و سەرگەردانی و پاراستنی دەسەڵاتی بنەماڵەو میلیشیاییە، بۆتە بەشێکی دیفاکتۆی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا، کە ڕۆڵی جدی لەسەر بێئیرادەیی و شکاندنی شکۆی جەماوەری کوردستان بینیووە.
چوارەم: کێشمەکێش و شەڕ بۆ باڵادەستی هێزو پاراستن و ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز، گرێکوێرەی هەمیشەیی نێوان زۆنی زەردو سەوز بووە، کە پڕە لە دیاردەی چەندەها پلانگیری و تاوان و کاری ناشایستە لەبەرامبەر یەکتردا.
پێنجەم: قۆرخکردنی تەواوی جومگە ئابوریەکانی بەرهەمهێنان و بازاڕو بازرگانی و قاچاغچێتی.. لەدەستی دەسەڵاتی دوو بنەماڵە و حزبەکانیاندا.
خالی شەشەم دەمانگەیەنێت بە کێشەکانی ئێستای ناو سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی، ئەویش جێگاوڕێگاو سیاسەتی یەکێتیە کە لەدوای ٣١ئابی ساڵی ١٩٩٦ هاوسەنگی هێزەکەی داشکانێکی گەورەی بە خۆوە دیوە، بەهەر دژایەتی و پلانگێریەکی تر لەبەرامبەر پارتیدا ئەنجامی دابێت، نەک نەیتوانی ئاستی هاوسەنکیەکەی بخاتەوە جێگای خۆی، بەڵکو لە هەر هەوڵێکیدا هەنگاوێکی تر پاشەکشەی زیاتر بە هاوسەنگی هێزەکەی کراوە، بەجۆرێک ئەم واقعیەتە لەریزەکانی یەکێتیدا رەنگی داوەتەوە کە جیاوازی سیاسی و دودڵی خستۆتە ناو سەرکردایەتی یەکێتیەوە، کە چۆن مامەڵەی کێبڕکێی ڕاگرتنی هاوسەنگی هێزەکەیان لەبەرامبەر پارتیدا بکەن، تا ئەو ئاستەی بە ئاشکرا مەیلی ڕادەستکردنی تەواوی یەکێتی بە پارتی لە ناو بەشێکی سەرکردایەتیەکەیاندا خۆی نیشانداوە.
لە هەمانکاتدا مەیلێکش هەیە بەتەواوی توانایەوە هیچ کات دەستبەرداری پێداگری و سوربون و بەردەوامی لە دژایەتیکردنی بارزانی و پارتی نەبووە.
کێشەکانی سەرکردایەتی یەکێتی بە کێشەی خانەوادەیی و تاوان و کاری ناشایستە پێناسە ناکرێت. دەکرێ ئەو کێشانەش هەبن، بەڵام مەسەلەی سەرەکی کێشەی سیاسی ناو خانەوادەی بۆرژوا ناسیۆنالستی کوردە، لەسەر یەکلاییکردنەوەی ئایندەی باڵادەستی و دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا. ئاکامی قەیران و بنبەستی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتیە لە بەرامبەر ئەو ئاڵوگۆرو پێشهاتانەی کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەوڕوی بۆتەوە.
بەگشتی بزوتنەوەی کوردایەتی بە تەواوی حزبەکانیەوە لە ناو چوارچێوەی ئەم گێژاوە سیاسیەی ناوچەکەدا نەیانتوانیوە و ناتوانن سیاسەتێکی یەکدەست و ڕۆشن و کارساز نەک بۆ کوردستان بخەنە ڕوو، بەڵکو لەبەرامبەر پاراستنی هێزەکانی خۆشیاندا، جگە لە چاوەڕوانیەک بۆ ئایندەیەکی ناڕۆشن چارەیەکی تریان نەبوەو نیە. بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان کە زۆرترین خاوەنداریەتی خۆی لە داگیرکردنی سەروەت و سامانی کوردستان بەدەست هێناوەو خاوەن دەسەڵات و نفوزێکی زیاترو باڵاترە، بەڵام بەئاشکرا ڕاڕایی و دودڵی خۆی لەبەرامبەر ئەم هەلومەرجەدا نیشان ئەدات و خۆی ڕادەستی شەپۆلی ئەو گێژاوە سیاسیە کردووە. لە هەمانکاتدا لە هەوڵیدا بۆ پاراستنی نفوزو دەسەڵاتەکەی لە کوردستاندا، هێزەکانی تر لە بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامیەکان ناچار بە پاشکۆ بون دەکات بە ئایندەیەک کە خودی بارزانی و پارتیش ناتوانن پێشبینی بکەن چیان بەسەر دێت.
ئەم واقعیەتە کاریگەری تەواوی لەسەر بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکان داناوە، لەهەمانکاتدا کاریگەری لەسەر باڵەکانی ناو حزبەکانیش بەجێهێشتووە. بە جیا لە پاشەکشەیەکی بێوێنە لە مەوقعیەتی گۆڕان و ئیسلامیەکان، باشترین نمونە بنبەست و گێژاوێکە کە بنەماڵەی تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتی پێوەی دەناڵێنن. وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد مەیلێک لە ناو یەکێتی بۆ خۆ ڕادەستکردن بە سیاسەت و جێگەو ڕێگایەک کە پارتی لە ئێستادا بەدەستی هێناوە، ناچاریەکە لە ئاکامی ئەو گێژاوە سیاسیەی سایەی کردوە بە سەر ناوچەکەدا. لە هەمانکاتدا بە خاڵێکی زۆر لاوازتر بۆ ئایندەی مەوقعیەتی یەکێتی تیا پێشبینی دەکرێت. باڵێکی ناو بنەماڵەی یەکێتی و باڵێکی زۆرینە لە سەرکردایەتی یەکێتی خۆیان ڕادەستی ئەو شەپۆلەی نەخشەو سیاسەتەکانی بارزانی دەکەن کە بۆخۆشیان نازانن لە کام زۆنگاودا بەجێ دەمێنن.
باڵی لاهور بەهەر کێشەو پلانگیریەک کە هەوڵی دابێت باڵادەستی خۆی لە ناو سەرکردایەتی یەکێتیدا بسەپێنێ، بەدوای نەخشەو سیاسەتێکەوە خۆی دەناساند بە ڕادەستکردنی یەکێتی بوو بۆ ناو شەپۆلێکی ترو گیرسانەوە لە زەلکاوێکی تردا، بۆ ناو شەپۆلی گێژاوی سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، بە شێوازێک کەوتە بەرامبەر مەیلی ڕادەستکردنی یەکێتی بە سیاسەتەکانی پارتی، کە سەری خۆی و باڵی ئەو مەیلەی لە کەشتیەکەیدا بوون، پێشوەخت و پێش شەپۆلەکە نوقمی زەلکاوەکەی کردن، چونکە مەوقعیەتی مەیلی سیاسی لاهورو هاوپەیمانەکانی لەناو هاوکێشە سیاسەکانداو هاوسەنگی هێزەکەی جێگای ئەوی تیا نەدەبوەوە و لەو ئاستەشدا نەبوو حساباتی جدی بۆ هەلومەرجەکەو قەوارەی بەرامبەرەکەی بکات. هەربۆیە جێگای متمانەی خودی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش نەبوو، ئێران زۆر بە هەرزان و خۆرایی فرۆشتی.
لاهور خۆی کردە قوربانی نەخشەو سیاسەتێکی ناڕۆشن و بێتوانا لە مامەڵەی سیاسی کێشەکانی ناوچەکەدا، کە مەیلی سیاسی بەرامبەرەکەی توانی بەکڵاو بیگرێت و پەروباڵی بکات، لەقەفەزی تاوانباری بێ دەرگادا دەست بەسەری بکات.
پێموایە لێرەدا بەو ئەنجامە دەگەین کە تەواوی دۆخی نالەباری ناوچەکەو مەوقعیەتی لاهور لەو نێوەدا پێشوەخت و پێش مەیلەکانی تر شکستی بەنەخشەو سیاسەتەکانی خۆی هێنا.
ئێستا ماوە بڵێین بەدوای شکستی لاهور، قەیران و بنبەستی سیاسەت و ڕۆڵی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکان و باڵەکانیان بە شوێنی خۆیان ماون و لە تونێلێکدا ئەو سەری دیار نیە گیریان کردووە، هەربۆیە کۆتایی لاهور کۆتایی کێشەی ئایندەی ناڕۆشنی سیاسی کوردستان نیە، وە هیچ پێداویستی و داخوازیەکی خەڵک وەڵام ناداتەوە. کۆتایی قەیران و بنبەست و کێشەی حزبەکان و دەسەڵاتی سیاسیان نیە. دەکرێ لە ئێستادا وەها دەرکەوێت یەکیتی کێشەیەکی ناوخۆیی خۆی لە ئاستێکدا یەکلایی کردبێتەوە، بەڵام جێگاو ڕێگایەک کە یەکێتی لە ناو هاوکێشە سیاسیەکاندا نیشانی ئەدات بەردەوام بەرەو دابەزینی هاوسەنگی هێزەکەی دەیبات. بۆیە دەستەوەستان و بێچارەیی لە بەرامبەر قەیرانەکان و هەولومەرجی سیاسی ناوچەکەدا، جگە لە پاشکۆ بون بە سیاسەتەکانی پارتی لە ئێستادا ئاسۆیەکی تری لەبەردەمدا نیەو خەریکە لەهەر هەنگاوێکدا پارچەیەکی لە سەفین دەکەوێتە خوارەوە.

عوسمانی حاجی مارف




دەبێت لاهور دادگایی بکرێت.. عوسمانی حاجی مارف

بەگشتی کاتێک لە کوردستاندا باس دێتە سەر نەبونی سەربەخۆیی دادگا و نەبونی سەروەری یاسا، پێویستمان بە لێکدانەوەو بەڵگە و سەلماندن نیە، وە بۆتە قسەی سەر زمانی هەموو هاوڵاتیەک، چونکە دیاردەیەکی بەرچاوەو ڕێگای بۆ نکوڵی کردن لە نەبونی دەسەڵاتی دادگا نەهێشتۆتەوە. نە دادگا وە نە ئەو دامودەزگاو بەڕێوەبەرایەتیانەی بەدەوری دادگاوەن، بەهیچ جۆرێک ناتوانن تاوانبارێکی سەربە بنەماڵەی دەسەڵاتدارو کەسێکی خاوەن هێز لە حزبی دەسەڵاتداردا، بانگهێشت بکەن بۆ بەردەم دادگا، جا ئەو کەسە هەستابێت بە تاوانێکی سادە، یا هەر تاوانێکی گەورە، لەسایەی دەسەڵاتی بنەماڵەدا ئەو کەسە پارێزراوە، بەڵکو ئەوەی پارێزراو نیە خودی دادگا و دادوەرەکانن و دادگا بۆ مەبەست و سیاسەتەکانی بنەماڵە بەکار دەهێنرێت.

لە سایەی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا، نەک دادگا ناتوانێ تاوانبارانێک بانگهێشت بکات و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات، بەڵکو تاوانباران بە ئاشکراو بێ شەرمانە بەبەرچاوی خەڵکەوە دەردەکەون و دەسوڕێنەوە، جگە لەوەش هەرێم بۆتە مۆڵگەو پەناگای تاوانبارانێک کە لە دادگای شوێنێکی تردا سزادراون و هەڵهاتون.
لەلایەکی ترەوە پێم وایە بۆ هێچ کەس نامۆ نیە کە بەشێک لە تاوانباران بە فەرمی و بێ هیچ لێپرسینەوەیەک ڕەوانەی دەرەوی ووڵات دەکرێن. لە هەمان کاتدا کوردستان بۆتە شوێنێکی پارێزراو بۆ تاوانبارانی سەربەدەسەڵات و حەشاردانی تاوانبارانی شوێنی تر وەک پەناهندە.

لەو سەیرو سەمەرانەی لە چوارچێوەی کێشەکانی نێوان لاهورو باڤلدا بیستمان، باڤڵ چرای سوری بۆ لاهور هەڵکردو پێی ڕاگەیاند، گەر نەڕواتە دەرەوەی کوردستان، ئەوە دەدرێت بە دادگا. پرسیار ئەوەیە باشە بۆ هەرەشە لە تاوانبارێک دەکرێت بە چونە دەرەوەی ووڵات، یا گەر نەڕوات دەدرێت بەدادگا!؟. ئایا هۆی پاڵ پێوەنانی لاهور، بۆ دەرەوەی کوردستان، بڕیارێکی سەربەخۆی باڤڵە لەبەر ئەو هۆیەیە کە تاوانێکی وەهای کردووە شایانی ئەوە نیە لە کوردستاندا بمێنێت؟، یا بەگوێرەی قەوارەی تاوانەکەی پێویستە بدرێت بەدادگاو لە دادگا سزا بدرێت؟، بەڵام باڤڵ بێ ئەوەی کەسێکی عاقل هوشیاری کاتەوەو ئامۆژگاری بکات، کە هەرەشەکردن لە تاوانبار بۆ چونە دەرەوەی لە کوردستان چ مانایەکی مەترسی دارو نائەمن و نابەجێی هەیە، واتە کەمێک بیرکردنەوە لە هاوکێشەی هەرەشە بۆ ڕۆشتنە دەرەوە، یان ڕادەستکردن بەدادگا، ناکۆکیەکی گاڵتەجار دەبینین، واتە لەلایەک بافڵ بڕیاردەری سەرەکیە و خاوەنی هەموو بڕیارێکە بە ویست و مەبەستی خۆی مامەڵەی تاوانبار دەکات، لەلایەکی تریشەوە واتە دادگا دەسکەلای یاری دەستی باڤڵە. سەرۆکی حزبێک بێ پەردەو بەبەرچاوی خەڵکەوە بە سانایی ئەتوانێ تاوانبارێک بێ دادگایی کردنی پێش وەختە هەرکەسێکی مەبەست بێت دەتوانێ بنێرێتە دەرەوەی کوردستان، یان گەر ئارەزو بکات ڕادەستی دادگای دەکات.
ئەم سیناریۆیە لە یاری مناڵان دەچێت تا حوکمرانی و دەسەڵاتی سیاسی، کە نەک زیاتر نەبونی سەربەخۆیی دادگاو نەبونی سەروەری یاسا دەسەلمێنێت، بەڵکو شەرمەزارکردن و ئابڕوبردنی دادگاو دەسەڵاتی دادگایە.

ئەوەش نابیستین کەسێک لە سەرکردایەتی یەکێتی بێتە سەر هێڵ و بوێری ئەوەی هەبێت و هاوار بکات؛ لاهوری تاوانبار بۆ دەبێت هەڕەشەی ڕۆشتنە دەرەوەی کوردستانی لێبکرێت، پێویستە ڕادەستی دادگا بکرێت و لە کوردستان دادگایی بکرێت، لاهور لەبەر تاوانەکانی مافی ئەوەی نیە بڕواتە دەرەوە، هەردەبێت بدرێت بەدادگا و دادگایی بکرێت. بەڵام دیارە ناردنی لاهور بۆ دەرەوە کێشەو پلانگیری ترو تاوانی تری لە ناو سەرکردایەتی یەکێتیدا پێ پەردەپۆش دەکرێت، بەجیا لەوەی بەگشتی خەڵکی کوردستان ئەوەیان بۆ ڕۆشنە کە پێگەی دەسەڵاتی بنەماڵە خاوەنی هەمو دەسەڵاتەکانە و باڵادەستن، هەروەها دەسەڵاتەکەیان سایەی کردوە بەسەر پاشکۆ کردنی تەواوی دادگا بۆ ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەو حزب، پێویستە ئەوەش ڕۆشن بێت بیرکردنەوە لەهەر باس و هەوڵێک لە سایەی دەسەڵاتی بنەماڵەدا بۆ داواکردنی سەربەخۆیی دادگا تەنها ئاسنی سارد کوتینەو هەڵەیەکی گەورەیە.
٦/٨/٢٠٢١




کێشەکانی لاهور و باڤڵ!.. عوسمانی حاجی مارف

کێشە ناوخۆییەکانی ئێستای یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە تایبەتی نیشاندانی ئاڵوگۆڕێک لە وەلاخستنی هاوسەرۆکدا، جێگای سەرنج و تێڕمانێکی جدیە، کە دەست بەسەراگرتنی دەسەڵات و ئیمکانەتەکانی لاهور جەنگی بە کودەتایەک یان سەرکەوتنێک بۆ باڤڵ تاڵەبانی دەست نیشان دەکرێت، وە بۆتە مایەی جۆرەها لێکدانەوەو پێشبینی لەسەر پێگەو چارەنوسی یەکێتی و ئایندەی پەیوەندیەکانی لە نێو هاوکێشە سیاسی و ئاڵوگۆڕە سیاسیەکاندا.
ئەوە ئاشکرایە کە پەرشو بڵاوبونی یەکێتی نیشتمانی وەک هێزێک و حزبێک لە ناو بزوتنەوەی کوردایەتیدا مێژوویەکی تایبەت بە خۆی هەیە، کە ئەتوانین بەگشتی لە پەیوەند بە ڕۆڵ و پێگەیەک کە لەنێو بزوتنەوەی کوردایەتیدا هەیەتی لێکی بدەینەوە، ئەویش لەو جێگەو ڕێگەیەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، کە لە لایەک لە بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستاندا وەری گرتووە، لەلایەکی ترەوە چۆنیەتی پاشکۆبوونی بە دەخالەت و بەرژەوەندی سیاسی ووڵاتانی ترەوە بەتایبەتی بە حوکمی سنوری جوگرافیەکەی پێگەی سیاسی خۆی بە ئێرانەوە دیاری کردووە، ئەوەش ئاشکرایە هەر لەسەرەتای هەڵسوران و ململانێی سیاسی جەلال تاڵەبانی وەک یەکێ لە ڕابەرانی بۆرجوا ناسیۆنالستی کورد لە بەرامبەر بارزانیدا خۆی پێناسە کردوەو نیشانداوە، گەورەترین قڵشتی سیاسی و ڕێکخراوەیی و هێز، لە ناو بزوتنەوەی کوردایەتیدا دوو جەمسەری مەلایی و جەلالی بووە، تا ئەوکاتەی لە دوا ساتەکانی ژیانی سیاسی جەلال تاڵەبانیدا، دانی بەوەدا نا، کە هەڵەیەکی گەورەی کردووە سەنگەری لە بەرامبەر بارزانیدا گرتووە!
دابەشبوونی باڵەکانی نێو بزوتنەوەی کوردایەتی هەر لەسەرەتای هەڵسوڕانی سیاسی و پێکهێنانی هێزی چەکداریانەوە، بنبەستی مەوقعیەتی لاوازی بزوتنەوەی کوردایەتی بووە، لە پەیوەند بە ئەو نەخشەو بەرژەوەندیە سیاسیانەی کە ئامانجیان بووە بۆ هاوبەشی و بەشداریکردن لە دەسەڵاتی سیاسی بورجوا ناسیۆنالستی عەرەبیدا، لە هەر جۆرە شێوازێکی پێکهاتەی حکومەتی عێراقدا بێت.
ئەم ناکۆکیەی نێوان باڵەکانی بۆرجوا ناسیۆنالستی کورد، بە جیا لەوەی هەمیشە ئایندەو چارەنوسی سیاسی کوردستانیان خستۆتە ژێر پرسیارو مەترسیەوە، لە هەمانکاتدا هۆکارێکی سەرەکی بوون بۆ ڕوودانی کارەسات و بێئیرادەکردنی خەڵک و سەرگەردانی ژیانی دانیشتوانی کوردستان. مەلایی و جەلالی، هەمیشە مۆرانەی گەورەترین سازش و ڕیاکاری و پاشکۆبون بوون بۆ دوژمنەکانیان. مایەی شکاندنی بە مەبەست و بەئەنقسەتی شکۆی ئینسانەکان و وێرانکردنی کوردستان بون، سونەتی تیرۆرکردنی یەکترو هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ کارنامەیەکی گرنگی سیاسیان بووە، بەردەوام ناسنامەو پێناسەیەکی شەرمەزاری بون لە نێو هەڵسوڕانی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتیدا.
بە مانایەک گەر لە جیاوازیەکان و ناکۆکیەکانیان و شەڕەکانی نێوانیان ووردتر سەرنج بدرێت، بە ئاشکرا دەبینرێت کە ڕاستەوخۆ پابەندبوون بووە بە بەرژەوەندی سیاسی لایەن و ووڵاتانی ترەوە، دەتوانین ڕاشکاوانە ئەو حوکمە بدەین کە تەواوی مێژووی هەڵسوڕانی سیاسیان هیچ پەیوەندیەکیان بە بەرژەوەندی خەڵک و چارەنوسێکی ڕۆشن بۆ چارەسەری کێشەی کورد و ئایندەی کوردستان و ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە نەبووە.
لە واقعیەتی هەلومەرجی سیاسی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و عێراق بە تایبەتی بەدوای هەردوو جەنگی کەنداودا، کە مایەی خوڵقاندنی گەورەترین گورز بوو بۆ لێدان لە ڕیشەی بنەما ئابوری و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی عیراق و کوردستان، هەروەها هۆکاری فەراهەم هێنانی ڕێکخستنی بەربڵاوترین دۆخی گەندەڵی و دزی و جەردەیین، کوردستانیان خستە ناو چوارچێوەی گێژاو و جۆرێک لە ناجێگیری سیاسی کە دەسەڵاتی مافیاو میلیشیا پێکهاتەی سەرەکی زاڵی دەسەڵاتی سیاسی بێت. پارتی و یەکێتی، بارزانی و تاڵەبانی دیارترین نمونەی نوێنەری خوڵقێنەرو پێکهاتەی ئەو جۆرە لەدەسەڵاتی میلیشیایی و مافیایی و جەردەیی و گەندەڵی… بون و هەن.
هەر بە تێگەیشتن لە فەزایەی کە پارتی و یەکێتی و بارازنی و تاڵەبانی کەوتنە دوای وێرانکاریەک کە لە نەخشەو سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکاو هاوپەیمانانیدا جێبەجێ دەکرا، زۆر ئاساییە لایەن و حزبەکان و سەرانی میلیشیاو مافیاکان هەوڵبدەن بۆ قۆستنەوەی ئاسەوارەکانی ئەو جەنگەو تەنها بەرژەوەندیەکانی خۆیانی تیا ببیننەوە و لەو پێناوەشدا تەواو ئامادەن ملی یەکتر بشکێنن، شەڕی نێوان خۆیان هەڵدەگیرسێنن وە بێ گوێدانە هیچ پرنسیپێک و مافی مرۆڤ، دیلەکانی یەکتری دەکوژن، ئەمانە کاری مافیاو جەردەو درندەیە بۆیە هەروادەبێت.
دوای سی ساڵ لە حوکمڕانی، باڵاترین نمونەی دەسەڵاتی سیاسی شکستخواردویان نیشانداین لە پەیوەند بە بەڕێوە بردنی کۆمەڵگەوە لە قۆرخی سەروەت و سامان و جەردەیی و دزی و گەندەڵی وە بازرگانی و قاچاخچێتی بەنەوت… شاکاری هەڵسوکەوتی بێئیرادەکردن و بە بارمتەگرتنی ژیانی خەڵکن لە پێناو بەرژەوەندی هێزەکانیان و ئێستاش ناتوانن و نایانەوێت وەڵام بە خواست و پێداویستیەکانی خەڵک بدەنەوە.
سەرهەڵدانی هەر جۆرە ناکۆکی و ئیختلافاتێک لە نێوان حزبەکانی کوردایەتی و لە ناوخۆی هەر حزبێکیشیاندا بێت، لە نمونەی جیابونەوەی نەوشیروان و کودەتای ئێستای باڤڵ لە یەکێتیدا، ئەوە لەلایەک واقعیەتی بونی ئەو جەنجاڵیەی پابەندبونی هێزە میلیشیاکانی بزوتنەوەی کوردایەتیە بە بەرژەوندی سیاسی وڵاتانی ترەوە، لەلایەکی ترەوە هەوڵدانە بۆ کێبڕکێی ڕاگرتنی هاوسەنگی هێزەکەیانە لە هەلومەرجێکی سیاسی دیاریکراودا، تا بەرژەوەندیەکانیان و هاوسەنگی هێزیان بەهەر بەهایەک بێت بپارێزن.
وەستانەوەی بێشەرمانە و یەکدەست بونی لاهور جەنگی و باڤڵ تاڵەبانی لەبەرامبەر ڕیفراندۆمدا بەبیانوی ئەوەی ریفراندۆمی پارتیە و تێکەڵبونیان بە بەرژەوەندی سیاسەتی هێرشبەرانەی حکومەتی عێراق و دەورو دەخالەتی ئێران، هەوڵێکی زۆر جدیان بوو بۆ لێدان لە هاوسەنگی هێزی بارزانی، بەڵام دواتر ئەو ئاڵوگۆڕانەی پێشهات و خۆڕادەستکردنەوە و گەڕانەوەی بارزانی بە ملکەچ بونی بۆ بەرژەوەندی سیاسەتەکانی حکومەتی عێراقی، مەرام و پلانەکانی لاهور و باڤڵی بە شکست گەیاند، بارزانی نەک توانی هاوسەنگی هێز بە قازانجی خۆی و پارتی بە پارێزراوی بگەڕێنێتەوە، بەڵکو هەنگاوێ زیاتر باڵادەستی هێزەکەی خۆی سەلماند، واتە لاهور و باڤڵ لە پەیرەوکردنی دوبارە کردنەوەی سیاسەتە شکستخواردووەکانی “مام”دا دوبارە شکستێکی تریان تۆمارکرد.
ئەتوانین ئەو پێشهاتەی لە دەسەڵاتی ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی کە بە سەرکەوتنی باڤڵ و کەنار خستنی لاهور ئەژمار دەکرێت لەم چەند خاڵەدا کۆبکەینەوە:
یەکەم؛ ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسیانەی کە لە ناوچەکەو عێراق و کوردستان بەدەخالەتی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو تورکیاو ئێران بەڕێوەیە، زیاتر بۆتە ناڕۆشنی یەکلایی بونەوەی چارەنوس و ئایندەی کوردستان، بەگشتی یەکێتی نیشتمانی سیاسەتێکی ڕۆشن و یەکدەستی نیە کە هاوسەنگی هێزەکەی چۆن و پەیوەست بونی بەکام پلان و سیاسەتەوە بپاریزێت، هەر باڵێکێ لە قەوانێک دەخوێنێ.
دووەم؛ بەگشتی دەسەڵاتی سیاسی حزبەکانی کوردایەتی بە تایبەتی پارتی و یەکێتی، بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بنبەستن و گیریان کردوە لە بەرامبەر توڕەیی و ناڕەزایەتی و وەڵامدانەوە بە خواستەکانی خەڵکەوە، نەیانتوانیوەو ناتوانن هیچ ئاسۆیەکی ڕۆشن نیشان بدەن، ئەم بنبەستەش زیاتر یەخەی بە یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانی گرتووە بەو پێوانەیەی یەکێتی بە پێگەیەکی لاوازتر لە بەرامبەر پارتی و بارزانیدا دەردەکەون و دەوری سەرەکیان لە حکومەتدا نیەو بێدەسەڵات و زەلیل خۆیان نیشان ئەدەن، هەرباڵێک لەناو یەکێتیدا کێشەکە دەخاتە ئەستۆی باڵەکەی تر، لە ئاکامدا دەبێت باڵێکیان گورزێک لە باڵەکەی تر بدات.
سێیەم؛ قۆرخکردنی سەروەت و سامانی کوردستان و جەردەیی و قاچاخچیتی لە ناوچەی سەوزدا لە سایەی دەسەڵاتی یەکێتیدا مەرکەزیەتی نیەو هەر باڵێک بەسەربەخۆ ئەتوانێ توانای هێزەکەی بۆ تاڵانی بەکار بهێنیت، واتە میلیشیاکانی یەکێتی وەک چەند مافیایەکی پەرشوبڵاو کۆنترۆڵی بازاڕ دەکەن، هەمیشە سەرقاڵی بارگرژی و ناکۆکی و پلانگیرین لە نێوان خۆیاندا، هەر لایەکیان سەرکەوێت خولقێنەری زیاتری گێژاوو ناجێگیری سیاسیە و زیانی زیاتر بە ژیان و بەرژەوەندی خەڵک دەگەیەنێت.
چوارەم؛ سیاسەتی چاوەڕوانی بۆ ئاڵوگۆرو پێشهاتە سیاسیەکانی ناوچەکەو کارکردی لەسەر کوردستان و هێزە سیاسیەکان، هەمیشە سروشتی گێژاوی سیاسەتی “مام” بووە و باڵەکانی ناو یەکێتیش پەیڕەویان کردوە، هەر بۆیە دوای جەلال تاڵەبانی هەر باڵێک چارەنوسی چاوەڕوانیەکەی وەک قومارێک گرێداوە بەو ئاسۆ سیاسیەی کە پێی وایە پێگەی لە ناوچەی سەوزدا بەهێزتردەکات، هەرئەمەشە کە دەبینین بەشێکیان چاویان لە حکومەتی بەغداو بەشێکیان چاویان لە پارتی، بەشیکیان ئێران و بەشیکیان تورکیا، بەشێکیان ئەمریکاو بەشێکیان روسیا….
ئەوەی ئێستا لەبەینی لاهور و باڤڵدایە و بەسەرکەوتن بۆ باڤڵ پەردەی شانۆگەریەکە دادرایەوە، ڕادەستکردنی یەکێتی نیشتمانیە بە سیاسەتێک کە بارزانی لە پاڵ لەشکرکێشی تورکیا بۆ کوردستان پیادەی دەکات!.
٢٤/٧/٢٠٢١




هاوسەنگی هێز لە پەرلەمانی عێراقەوە بەدەست نایەت.. عوسمان حاجی مارف

دووبارە هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی عێراق، هێزە میلیشیا تائفی و ناسێۆنالستەکانی سەرقاڵی ئامادەکاری و پلانگێڕی و کێشمەکێشی نێوانیان کردۆتەوە، ئەم هەڵبژاردنە لە هەلو مەرجێکی پڕ قەیراناویدایە و دۆخی عێراق زیاتر دەرگیرە لە ناجێگیر و گێژاوی سیاسیدا، هاوسەنگی هێزەکان بەڕێژەیەک ئاڵوگۆڕیان بەسەرداهاتووە کە هیچ لایەن وهێزیک نیە نیشانی بدات بە تەنها دەتوانێ چارەنوسی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا بە قازانجی خۆی یەکلایی کاتەوە، نە بە هێزی چەکداری و نە لەرێگەی هەڵبژاردنەوە. تا ئەو ئاستەی لە دەخالەت و کێشمەکێشی نێوان ئەمریکاو ئێرانیشدا چارەنوسی عێراق بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، ئەوەش پێشبینی دەکرێت کە هەر وادەمێنێتەوە، بەتایبەتی بەدوای دامەزراندنی حکومەتەکەی کازمی نیشانەکانی دەرکەوتنی هەلومەرجێکی گونجاوو ئەرێنی نەک نەخرایە ڕوو، بەڵکو مەوقعیەت و بودەڵەیی دەوری هێزە سیاسیەکان و لە هەمان کاتدا ناڕێکخراو بونی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان ئایندەیەکی ڕۆشنی بۆ عێراق تیا بەدی ناکرێت، هەڵبەتە ئەم هەلومەرجی سیاسیە بە دەخالەتی ئەمریکاو ووڵاتانی ناوچەکە زیاتر کاریگەری ناتەندروست و نەرێنیان لەسەر ئەم هەڵبژاردنە دەبێت، هەروەها ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی بەغدا و خواروی عێراق و توڕەیی خەڵک لەم هێزە میلیشیاییانە چارەنوسێکی نادیار و بارگرژی دەدات بە ئاکامی ئەم هەڵبژاردنە.

ئەگەری ئەوە زۆرە لەم هەڵبژاردنەدا کەمترین ڕێژەی دەنگدەر بەشداری دەنگدان بکات، وە ئەمەش وەک بەشێک لە بەردەوامی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان خۆی نیشان ئەدات، چونکە بەجۆرێکی وەها نائومێدی و توڕەیی خەڵک لەبەرامبەر ئەم هێزە سیاسیانەدا تەشەنەی کردووە، کە خواستی ڕاماڵین و کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی سیاسی عێراق هیواو ئومێدێکی بەرفراوانی خەڵکە.
دۆخی نالەبارو نەگونجاوی ئەم هەڵبژاردنە ،هێزە سیاسیەکان زیاتر ناچار دەکات بۆ بەکارهێنانی فروفێڵ و ساختەکاری و جۆرێک لە ڕێکەوتنی سەیروسەمەرەی نێوان خۆیان، تا بەهەر بەهایەک بێت ئەم هەڵبژاردنە بەسەلامەتی تێپەرێنن.
مەسەلەیەک کە هەر لەسەرەتاوە جێگای سەرنجە چۆنیەتی بەشداریکردنی هێزو لایەنە کوردیەکانە لەم هەڵبژاردنەدا، وەک نمونەیەک دەیبینین گۆڕان و یەکێتی خەریکی هاوپەیمانیەکن بۆ ئەم هەڵبژاردنە، هەروەها کۆمەڵ و یەکگرتووش دەیانەوێت بەشدارو هاوبەش بن لەم لیستەدا. ئەم لیستە نمونەیەکە لە گەمەی سیاسی و گاڵتەجاریەک کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشتردا بەدیمان نەکردووە، گۆڕان لەلایەک لە ئێستادا بەگشتی بەرژوەندیە سیاسیەکانی زیاتر گرێداوەتەوە بە پەیوەندی لە گەڵ پارتیدا، لەلایەکی ترەوە، بۆ ئەم هەڵبژاردنەی عێراق دەڕواتە ڕیزی هاوپەیمانیەکەوە کە یەکێتی دەیەوێت بیکاتە دەسکەوتێک بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆی، هەڵبەتە سەرگەردانی گوڕان لەم کارەو لە هەنگاوەکانی پێشوتریشیدا شتێکی شاراوە نیە. ئەوەی پێویستە لەسەر ئەم جۆرە لیستە رونکردنەوە بدەین.
یەکەم: بەشێکە لە ئاکامی قەیرانی ئەو دۆخە سیاسیەی کە هێزە کوردیەکان بەگشتی دەرگیری بوون و لە چاوەڕوانی ئەوەدان نازانن چارەنوسی کوردستان لە پەیوەند بە دەخالەتی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ناوچەکەدا بەرەو کوێ دەڕوات، چونکە دۆخی کوردستان بە هێزە میلیشیاکانیەوە لە ژێر پرسیارو دارماندایە.

دووەم: مەوقعیەتی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان لەئاستێکی وەهادا دابەزیوە تەنها بەدوای ئەوەوەیە پاشماوەکانی خۆی بپارێزێت، لە ناو هاوکێشە سیاسیدا بە تایبەتی لە پەیوەند بە حکومەتی عێراقەوە هیچ متمانەو پێگەیەکی نەماوە، لە هەمان کاتدا کۆمەڵ ویەکگرتوش دەرگیری هەمان بێ ئاکامی و نادیاری چارەنوسی خۆیانن و بونەتە یاری دەستی یەکێتی و پارتی.
سێهەم: یەکێتی نیشتیمانیش بەجیا لە کێشە ناوخۆییەکانی و مەوقعیەتێک لە هاوسەنگی هێزی لەبەرامبەر پارتیدا کە تابێت بەرەو داکشان دەڕوات، ئامادەیە بۆ هەر شێوازێک لە هاوپەیمانیەتی بۆ کەم کردنەوەی داکشانەکەی و لە هەوڵدانێکی بێ هودەدایە بۆ رکابەری لە بەرامبەر پارتیدا
ئەم جۆرە لە گەمەی سیاسی لەلایەک زیاتر هەوڵ و دەوری یەکێتیە کە دەیەوێت بە رێکەوتن لەگەڵ گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتو لیستێکی هاوبەش پێکبهێنێت، تا هاوسەنگی هێزی خۆی لەبەرامبەر پارتیدا بەرێتە سەر و جێگاو رێگایەکی زیاتر لە چاو پارتیدا لە حکومەتی عێراقدا بەدەست بهێنێت، لەلایەکی ترەوە ئاکامی بن بەستی تەواوی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووە، کە وەک ئۆپۆزیسیۆن شکستیان هێناو وەک بەشداریش لەدەسەڵاتدا کارێکیان پێ نەکرا.
مەوقعیەتێک کە پارتی لەسەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی خۆی لە ناوچەکەدا بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی بەدەستی هێناوە، ئەم جۆرە هاوپەیمانیەی یەکێتی و گۆڕان ناتوانێت ببێتە دەسکەوتێکی سیاسی و گۆڕینی هاوسەنگی هێزیان و لاوازکردنی پارتی و پەیداکردنی جێگاو ڕێگایەک لە پەرلەمانی عێراقدا، ئەوەی لەپەرلەمانەکانی پێشودا بۆیان نەکراوە لەم پەرلەمانەشدا زیاتر دەبنە گاڵتەجار.
لەکاتێکدا ئەم هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی عێراق، هیچ دەورێکی نابێت لە کۆتایی هێنانی بەو گێژاوی سیاسیە، هەروەها ئاکام و چارەنوسی هێزە سیاسیەکانیش لە ناو ئەو گێژاوەدا ڕادەگرێت، بە تایبەتی ئاشکرایە کە لە پەیوەند بە دۆخی ناجێگیری سیاسی عێراق و ناوچەکەو فروان بونی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، ئەم هەلومەرجە نالەبارە کۆتایی نایەت.
هیچ کات ناتوانین لە بونی ئەم هێزە میلیشیا تائفئ و نەتەوەپەرستیە پێشبینی بکەین کە دۆخی عێراق ڕەواڵێکی سەقامگیر بەخۆیەوە دەبینێت، بۆیە هاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕان بە لیستی هاوبەش بۆ ناو پەرلەمانی عێراق ناتوانێ هاوسەنگی هیزی پارتی لە زۆنی زەرد لاواز بکات، چونکە جێگەو ڕێگەیەک کە پارتی لە پەیوەند بە بەغداوە هەیەتی، مەوقعیەت و دەسەڵاتی پارتیە لە زۆنی زەرد، نەک ئەوەی چەند ئەندام پەرلەمانی دەبێت لە بەغداد.
ئەوەی گرنگە بۆ خەڵکی کوردستان هوشیاریە بەوەی ئەم کێشمەکێش و شەڕەی نێوان حزبەکانی کوردایەتی بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێزیان، یەکێتی لەبەرامبەر پارتی، پارتی لە بەرامبەر یەکێتی، گەورەترین زیان بە ژیان و ناڕەزایەتی و خەباتی جەماوەری دەگەیەنێت.
کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامیەکان بە دەوری نارەزایەتی و خەباتی جەماوەری و دامەزراندنی دەسەڵاتی خەڵک ڕێگای ڕزگاریە.




ئومێد بەڕێکەوتنی هەرێم و بەغدا سەرگەردانیە! .. عوسمانی حاجی مارف

ماوەیەکە هەواڵی میدیاکان سەرقاڵی دانیشتنەکانی نێوان هەرێم و بەغدان، ئەو گفتوگۆو دانیشتنانەی کە نە سەرەتاکەی لە بیری خۆیان و خەڵکدا ماوە و نە دەزانرێت کۆتاییەکەی کەی ڕادەگەیەنرێت. ڕۆژانە لە هەواڵەکاندا دوای چەندین جار لە گەیشتنی شاندی هەرێم بۆ بەغداو پاشان گەڕانەوەیان بە دەستی بەتاڵ، ئەوە ڕادەگەیەنرێت کە بەم زووانە هەردوولا ڕێک دەکەون، گوایە تەنها چەند خاڵێک ماوە بڕیاری لەسەر بدرێت. بەڵام بە ڕۆشنی دەبینین ئەو بەندانەی کە ماون و دواتر لە دانیشتنەکانی تردا قسەی لەسەر بکەنەوە، نیشانەکانی ئاڵۆزی و بارگرژی هەتاهەتایی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا نیشان دەدات، چونکە کێشەی پشکی بودجەو ڕێژەی ناردنەدەرەوەی نەوت و نەخشەو پلانی داهاتوی سنورەکان و نفوزو ناوچەگەرێتی و هێزی سەربازی..هتد هیچ کات نەیتوانیوە خاڵی هاوبەشی دانیشتن و ڕێکەوتنەکان بێت و نابێت.

مەسەلەیەک کە پێویستە جێگای سەرنجی جدیمان بێت ئەوەیە کە ئاخۆ لەدەرەوەی چاوی هێزە میلیشیاکانەوە تا چەندە چاوەڕوانی پێویستە بۆ ئەوەی بزانرێت ئەگەری ئەوە هەیە ئەنجامی ئەم سەوداومامەڵەیە ئەنجامەکەی ڕێکەوتن دەبێت یا رێنەکەوتن؟ گەر بەهەر ئەنجامێک بگات تا چەند پەیوەندی بە بەرژەوەندی خەڵکی هەژارو نەداراوە هەیە؟

ماوەی ٣٠ساڵ لەدەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی لە هەرێمدا کە پڕە لە ئەزمونی دەسەڵاتی میلیشیایی و مافیایی و تاڵانی، دەست بەسەراگرتنی سەروەت و سامانی کوردستان، دابەشکردنی کوردستان بە زۆنی زەردو سەوز، شەڕی ناوخۆو ماڵوێرانی و کارەسات،…هتد. نمونەی سەپاندنی ئەوپەڕی ناجێگیری سیاسی و نائارامی و نائاسودەیی بووە. دامەزراندنی دەسەڵاتی بنەماڵە و نیشاندانی چەندین دەورە لە حکومەتی کارتۆنی و بێدەسەڵاتی پەرلەمانیە، بە دابەشکردنی رێژەی ئەندامانی کابینەی پەرلەمان و وەزارەتەکان لە سەر بنەمای تەوافقی پێشوەخت بە گوێرەی هاوسەنگی هێزی حزبەکان، باشترین نمونەن بۆ حاڵیبوون لە بزوتنەوەی کوردایەتی کە خاوەنی چ جۆرە ئەزمونێکی قەیراناوی و پرشکست و نائینسانی و تاڵانچی و مافیایین، ئەهلی پێکهێنان و دامەزراندنی دەوڵەت نەبون و نین، پاشکۆبون بۆ بەرژەوەندی سیاسی ووڵاتانی زلهێزی دنیا و ووڵاتانی ناوچەکە مانای ئەوپەڕی شەهامەت و ئەرکی “نیشتمان پەروەریانە”.

هێزە میلیشیاکانی بزوتنەوەی کوردایەتی کە بەهۆی پاشکۆبونیان و پەیوەستبونیان بۆ بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئەمریکاو بەرژەوەندی ووڵاتانی ناوچەکە بونەتە خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا، هەر بەهەمان پاشکۆ بون و پەیوەست بونەوە لە ساڵی ٢٠٠٣وە دەرگیر بون، یەکەم بەشەراکەتیان لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق و چوونە پاڵ هێزە شیعەکان و بەهێزکردنی ئاگری شەری تائفی. دووەم مامەڵەکردنی کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی بەغدا، بە هەمان پرۆسەی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئەمریکاو ووڵاتانی ناوچەکە و هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائیفیەکان دەوریان دیوە و سودێکی زۆرتریان لە کەڵەکەی سەرمایەو جەردەیی و تاڵانی و گەندەڵی وەرگرتووە. سێیەم دەورێکی پێشڕەوانەیان دیوە لە خەستکردنەوە ناجێگیری و گێژاوی سیاسی لە عێراقداو لە هەمانکاتدا زیاتر سپاردنی کوردستان بە چارەنوسێکی نادیار.

بە مانایەک بەدوای شەڕی کەنداوو دوای ڕوخانی حکومەتی بەعس و تا ئێستا، عێراق و کوردستان بونەتە مەیدانێک بۆ شەڕو ئاڵۆزی نێوان هیزە میلیشیاکان و دەخالەتی راستەوخۆی ووڵاتان کە نە جێگیری سیاسی مانایەکی هەیە، نە دەتوانرێت حکومەتێکی ناوەندی یەکلایی کرێتەوە، ووڵاتێکی پارچەپارچەیە، کە کاریگەری کێشمەکێش و دەخالەتی بەردەوامی ئەمریکا و ئێران و تورکیا..هتد واقعیەتێکە تەنها هاوسەنگی هێزە کە پەیوەندی و نفوزی هێزە سیاسیەکان دیاری دەکات و ئاڵوگۆڕیان پێدەکات و کاریگەری لەسەر هاوکێشەی سیاسی عێراق و کوردستان و بەرژەوەندی دەسەڵاتەکانیان دەبێت، بە جۆرێک مسۆگەری مانەوەو سودی پاشکۆبونیان بە ووڵاتانی ترەوە دەڕەخسێت، لە هەمان کاتدا هیزە سیاسیەکان دەکەونە ناو چوارچێوەی سەوداو مامەڵەیەکەوە کە هێچ جۆرە کەرامەت و بەهایەکی ئینسانی ناهێڵنەوە، تا ئەو ئاستەی سەرکردەکان نزمترین ئاست لە ریسوایی و سوکایەتی لەسەر خۆیان حزبەکانیان قەبوڵ دەکەن.

گەر بمانەوێت زیاتر ئاماژە بەم خاڵە بدەین بۆ نمونە ئەوە باش دەبینین کە ئاڕاستەی پارتی بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا جیاوازە لەگەڵ ئاڕاستەی ڕێکەوتنێک کە یەکێتی دەخوازێ لەگەڵ بەغدا بیکات، مامەڵەو خواستی پارتی لە ئیمکانات و مەوقعیەتی هاوسەنگی هێزەکەیەوە گرانترو زیاترە لە یەکێتی، چونکە مەوقعیەتێک لە لاوازی هاوسەنگی هێز کەبەسەر یەکێتیدا سەپینراوە ئامادەی ملکەچی هەر جۆرە ڕێکەوتنێکە لەگەڵ بەغدا گەر بۆی بلوێت، بە ناوی پەیوەندی سەربەخۆو لامەرکەزیەوە، بەڵام لە بەرژەوەندی بەغدا نیە ئەو ملکەچیەی یەکێتی قەبوڵ بکات، بەڵکو گەر بەغدا بۆی بگونجێت هەوڵ ئەدات ئەو ملکەچیە بکاتە ناچاریەک بەسەر پارتیدا، بۆیە دەبینین لە دانیشتنەکاندا زیاتر پێداگری لەسەر ئەو خاڵانە دەکرێت تا پارتی ٢٥٠هەزار بەرمیل نەوت و کۆنترۆلی خاڵە سنوریەکان و داهاتەکانی ڕادەستی بەغدا بکات، ئەوکات بەغدا پابەند دەبێت بە دانی ڕێژەی ئەو داهاتەی دەبێت بدرێت بە هەرێم، مانای هەرێم بەلای بەغداوە یانی پارتی و تورکیا!، بەلای پارتیشەو بەغدا یانی شیعەو ئێران! هەر لەم واقعیەتەوەیە کە ئەتوانین ئەو بۆچونەی باوەڕی بەیەک ڕیزی کورد هەیە وەڵام بدەینەوە و بڵێین خۆتان فریو مەدەن و لەخەوو خەیاڵیشدا بیر لەو یەک ڕیزیە مەکەنەوە، ڕێگای کۆتاییهێان بەم دەسەڵاتە و دامەزراندنی دەسەڵاتی خەڵک ئاسانترو کارسازترە.

بۆیە؛ یەکەم هەر جۆرە چاوەڕوانیەک کە تروسکاییەک لە جێگیری سیاسی نیشان بدات جگە لە چەواشەکاری مانایەکی تر نابەخشێت، ڕێکەوتن یان ڕێک نەکەوتن تەنها کێشەی نێوان هێزە میلیشیاکان خۆیانەو پەیوەندی بە چارەنوس و باشبونی ژیان و گوزەرانی خەڵکەوەنیە. دووەم تەواوی سەوداو مامەڵەکانیان لە نێوان یەکدا بەڕێکەوتن یا ڕێنەکەوتن هەمووی کاتیەو لەهەر ئاڵوگۆرێک لە هاوسەنگی هێزیاندا دۆخێکی تر بەخۆیەوە دەبینیت. سێیەم مەسەلەی بنەڕەتی بونی تەواوی ئەو هێزە میلیشیایانە لە کوردستان یا لە عێراقدا، جا بەناوی حکومەتی هەرێم وە یان حکومەتی بەغداوە بێت، پارێزەری ئەوپەڕی دۆخی دڕندانەی سەرمایەداری و کەڵەکەی سەرمایەن، داڕێژەری نەخشەی بەردەوامی ئەوپەڕی کاری هەرزان و تەشەنەی هەژاری و نەداری و برسیەتین، نائینسانی و بێدەربەستن بەرامبەر ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و پێداویستیەکانیانن.

جگەلە کۆتایی ئەم دەسەڵاتەو بەرپابونی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بۆ دابینکردنی ئازادی و یەکسانی، هەر چاوەڕوانیەکی تر سەرگەردانی و ئومێدێکی بێ هودەیە.

٢٤/٣/٢٠٢١




عوسمانی حاجی مارف له‌باره‌ی (مه‌له‌فی چه‌پ له‌ ئه‌مڕۆی كوردستادا(


عوسمانی حاجی مارف : دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و سه‌ر رێگاخستنی بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری ئه‌ركی كۆمۆنیست وچه‌په‌كانه‌ .
گفتوگۆی رێگای كوردستان له‌گه‌ڵ عوسمانی حاجی مارف سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان له‌باره‌ی (مه‌له‌فی چه‌پ له‌ ئه‌مڕۆی كوردستادا )
ئاماده‌كاری مه‌له‌ف : هیوا عومه‌ر

———————-

له‌باره‌ی ئه‌م مه‌له‌فه‌وه‌:…………..

ڕیشه‌ی تێكۆشانی هێزه‌ چه‌پ و ماركسییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
له‌ناو ئه‌ومێژوه‌دا سه‌ره‌ڕای وێستگه‌ی جیاجیا به‌ڵام لاپه‌ره‌كانی ته‌ژییه‌ له‌ده‌ستكه‌وت بۆ هاوڵاتیان كه‌خۆی له‌ دابینكردنی به‌شێك له‌ مافه‌ ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی و سیاسییه‌كان ده‌بینێته‌وه‌ و توانراوه‌ جێگیر بكرێت له‌ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌ستوری عێراق له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت. هه‌ندێك له‌م ده‌سكه‌وتانه‌ په‌راوێز خراوه‌ و لاواز كراوه‌، هه‌ندێكی ماوه‌.

له‌هه‌ڵومه‌رجی ئه‌مرۆماندا هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌ت وه‌ك؛ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سروشتی چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كی ئه‌م حوكمڕانیه‌و ئه‌م تایپه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات ( فۆرمێكی ڕۆژهه‌ڵاتی)له‌ ئابوری ڕه‌یعی بریتییه‌ له‌ په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تێك به‌ قازانج و ویستی بانك و كارتێله‌ مشه‌خۆره‌كانی ژێر چه‌تری (نیولیبرالیزمی سه‌رمایه‌داری )
ئه‌مه‌ش ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌ له‌به‌رزبونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری وهه‌ژاری وله‌ده‌ستدانی به‌شێك له‌ومافانه‌ی به‌ده‌ستهاتبوون .
ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت له‌ هه‌ڵومه‌رجی ئابوری وسیاسی هه‌رێمی كوردستان چوارچێوه‌یه‌كی نوێ بۆ ململانێی چینایه‌تی وتێكۆشانی جه‌ماوه‌ری هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، كه‌ ئه‌ركی جدیتری خستۆته‌ به‌رده‌م هێزه‌كانی چه‌پ له‌ به‌رامبه‌ر شكستی به‌ره‌ی راستڕه‌وی ده‌سه‌ڵات.

ماڵپه‌ری رێگای كوردستان بۆ فۆكه‌س خستنه‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ركانه‌ و رۆڵی هێزه‌ چه‌پ وماركسییه‌كان ئه‌م دۆسییه‌ی كردۆته‌وه‌ .
سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان له‌ میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ (مله‌فی چه‌پ له‌ ئه‌مڕۆی كوردستاندا) پێیوایه‌ : ” له‌هه‌ڵومه‌رج و واقعیه‌تی سیاسی ئێستای كوردستاندا ئه‌وه‌ی توشی شكست و بنبه‌ست بوه‌ ئه‌زمونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداره‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌لایه‌ن ڕه‌وتی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی و حیزبه‌كانیه‌وه‌ كه‌ به‌دوای ٢٦ساڵ حكومڕانی له‌ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ردا بۆ جارێكی تر كۆمه‌ڵگای كوردستانیان خسته‌ به‌رده‌م گێژاوو ناجێگیری سیاسی زیاتر وچاره‌نوسێكی نادیارتر و سه‌پاندنی فه‌زای بێ ئاسۆیی و بێ ئومێدی .
عوسمانی حاجی مارف ، له‌باره‌ی ئه‌رك وبه‌رپرسیاره‌تی ئه‌مڕۆی چه‌په‌كان خوێندنه‌وه‌ی وایه‌ : ” ئه‌ركی چه‌پ و كۆمۆنیست و ئازادی خوازانه‌ به‌وه‌ی هه‌ر بۆچون و لێكدانه‌وه‌یه‌كیان هه‌یه‌، له‌ ئێستادا هه‌وڵبده‌ین كوردستان له‌م دۆخه‌ پڕگێژاوو سه‌رگه‌ردانیه‌ ده‌ربهێنن، پێویسته‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری فراوان به‌ڕێبخه‌ین كه‌ یه‌كه‌م :هه‌وڵبده‌ن ده‌ورو مه‌وقعیه‌تی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی ته‌ریك بكه‌ن و وه‌لایان بخه‌ن و كۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی حیزبه‌كانیان بهێنن. دووه‌م: پێشڕه‌وی بكه‌ن بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌زمونێكی تر له‌شێوازی ده‌سه‌ڵات كه‌بتوانێ ده‌ورو ده‌خاڵه‌ت و ئیراده‌ی ڕاسته‌خۆی خه‌ڵك مسۆگه‌ر بكات. به‌ مانای هێنانه‌ ئاراو كاركردن له‌سه‌ر ئه‌ڵته‌رنه‌تیفێكی ته‌واو جیاواز له‌ ئه‌زمونی ده‌سه‌لاتدارێتی حزبه‌ بۆرجوازیه‌كان له‌ پێناو ئازادی و خۆشگوزه‌رانی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ له‌سه‌ر بنه‌مای ناسنامه‌ی هاوڵاتی بون و دابڕاوو جیا له‌ ناسنامه‌ی هه‌ر دین و نه‌ته‌وه‌و تائفه‌یه‌ك.

ده‌قی به‌شداری عوسمانی حاجی مارف سكرتێری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان له‌باره‌ی (مه‌له‌فی چه‌پ له‌ ئه‌مڕۆی كوردستادا )

كام خوێندنه‌وه‌ پێویسته‌ بۆ دیاریكردنی ئه‌رك و ڕۆڵی چه‌پ و ماركسیه‌كان؛خوێندنه‌وه‌یه‌ك كه‌ ڕۆڵی چه‌پ له‌ په‌راوێز خراوی ده‌ریبهێنێ و بیكاته‌ لیده‌ر له‌ ئاراسته‌ كردنی ڕوداوه‌كان ؟

عوسمانی حاجی مارف: پێش هه‌موو شتێك ده‌رباره‌ی پرسیاره‌كه‌ت پێویسته‌ ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ مه‌قوله‌ی چه‌پ یان ماركسیه‌كان، مه‌قوله‌یه‌كی ناڕۆشن و گشتیه‌، بۆیه‌ ناتوانین وه‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بده‌ینه‌وه‌ كه‌ ئایا ئه‌توانین چه‌پ له‌ په‌راوێز خراوی ده‌ربهێنین و وه‌ك یه‌ك یه‌كه‌ تا بتوانێت ڕۆڵی هه‌بێت؟، به‌ بۆچونی من نه‌خێر كاری وه‌ها ناكرێت چونكه‌ چه‌په‌كان و ماركسیه‌كان بۆچون و لێكدانه‌وه‌ی جیاوازیان هه‌یه‌و گروپ و ڕێكخراوی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌، هه‌روه‌ها بۆ وه‌ڵام به‌ كێشه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وه‌ڵامی جیاواز ده‌ده‌نه‌وه‌و سیاسه‌ت وئه‌ركی جیاواز ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی خۆیان، بۆیه‌ باشتر وایه‌ پرسیاره‌كه‌ به‌و شیوه‌یه‌ بكرێت ئیجابی تره‌ ،كه‌ ئایا حیزبێكی كۆمۆنیستی چۆن له‌ په‌راوێزخراوی ده‌ردێ‌ و ده‌بێته‌ پێشڕه‌و له‌ ئاڕاسته‌كردنی ڕوداوه‌كان و كێشه‌ سیاسی و كۆمه‌لایه‌تیه‌كاندا؟.

ئه‌گه‌ر له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌وه‌ كه‌ فه‌لسه‌فه‌ی بونی كۆمۆنیسته‌كانه‌ ده‌ست پێبكه‌ین؛ كه‌هه‌ر حزبێكی كۆمۆنیستی ده‌بێت ئامڕازی ده‌ستی خه‌باتی چینی كرێكار بێت بۆ شۆڕشی سۆشسیالیستی، ئیتر جێگاوڕێگای ئه‌و حیزبه‌ به‌وه‌ده‌ناسرێت ودیاری ده‌كرێت كه‌له‌ دنیای واقعدا تاچه‌ند توانیویه‌تی ئه‌و ئامڕازه‌بێت و ئه‌و ئه‌ركه‌ به‌ جێ‌بهێنێت، ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایی ترین پرنسیپه‌ كه‌ ئه‌و حیزبه‌ له‌هه‌ر ده‌وره‌یه‌كدا له‌ خۆی بپرسێته‌وه‌ كه‌چه‌ند پابه‌ند بوه‌ به‌و مه‌سه‌له‌ بنه‌ره‌تیه‌وه‌و توانیویه‌تی ڕابه‌ری كڕێكارن بكات بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و شۆڕشی سۆشیالستی، له‌هه‌مان كاتدا له‌ناو كێشمه‌كێشی سیاسی بزوتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا چه‌ند ده‌توانێ له‌ناو هاوكێشه‌ سیاسیه‌كاندا هاوسه‌نگی هێز به‌قازانجی خه‌باتی چینی كرێكارو حیزبه‌كه‌ی به‌رێته‌ سه‌ره‌وه‌و سه‌رنج و چاوه‌ڕوانی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگا به‌لای خۆیدا ڕاكێشێ، ئه‌مه‌ش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕابه‌ری ئه‌وحیزبه‌ له‌هه‌رده‌ورانێك و توندپێچی و كێشمه‌كێشی سیاسی و ڕووداوو فرسه‌ته‌كاندا، وه‌ڵامی سیاسی دروست بداته‌وه‌و ئه‌ركی عه‌مه‌لی پێویست و دروست بخاته‌ ده‌ستوری كاره‌وه‌، ئه‌مه‌ ئه‌رك و ئاراسته‌ی حزبێكه‌ نه‌ك چه‌پ به‌گشتی، هه‌ركات هه‌ر حزبێكی كۆمۆنیستی له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌نگاوی جدی ناو پێشڕه‌وی كردو بووه‌ هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تی وشه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی كرد، ئیمكانی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌شێك له‌ چه‌په‌كانێش بڕۆنه‌ ژێر چه‌تری ئه‌و حزبه‌وه‌ یان ڕێگایه‌كی تر بگرنه‌ به‌ر، باشترین نمونه‌ ئه‌زمونی شۆرشی ئۆكتۆبه‌ر و ده‌وری لینین و به‌لشه‌فیه‌كانه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی.

هه‌ڵومه‌رجی ئه‌مرۆ و شكستی حوكمڕانی به‌ره‌ی راستڕه‌وی ، چ بژارده‌ و پلاتفۆرمێكی مومكین ده‌خاته‌ به‌رده‌م هێزه‌چه‌پ و ماركسییه‌كان ؟

عوسمانی حاجی مارف: له‌هه‌ڵومه‌رج و واقعیه‌تی سیاسی ئێستای كوردستاندا ئه‌وه‌ی توشی شكست و بنبه‌ست بوه‌ ئه‌زمونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداره‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌لایه‌ن ڕه‌وتی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی و حیزبه‌كانیه‌وه‌ كه‌ به‌دوای ٢٦ساڵ حكومڕانی له‌ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ردا بۆ جارێكی تر كۆمه‌ڵگای كوردستانیان خسته‌ به‌رده‌م گێژاوو ناجێگیری سیاسی زیاترو چاره‌نوسێكی نادیارتر و سه‌پاندنی فه‌زای بێ ئاسۆیی و بێ ئومێدی، ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌ركی چه‌پ و كۆمۆنیست و ئازادی خوازانه‌ به‌وه‌ی هه‌ر بۆچون و لێكدانه‌وه‌یه‌كیان هه‌یه‌، له‌ ئێستادا هه‌وڵبده‌ین كوردستان له‌م دۆخه‌ پڕگێژاوو سه‌رگه‌ردانیه‌ ده‌ربهێنن، پێویسته‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری فراوان به‌ڕێبخه‌ین كه‌ یه‌كه‌م :هه‌وڵبده‌ن ده‌ورو مه‌وقعیه‌تی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی ته‌ریك بكه‌ن و وه‌لایان بخه‌ن و كۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی حیزبه‌كانیان بهێنن. دووه‌م: پێشڕه‌وی بكه‌ن بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌زمونێكی تر له‌شێوازی ده‌سه‌ڵات كه‌بتوانێ ده‌ورو ده‌خاڵه‌ت و ئیراده‌ی ڕاسته‌خۆی خه‌ڵك مسۆگه‌ر بكات. به‌ مانای هێنانه‌ ئاراو كاركردن له‌سه‌ر ئه‌ڵته‌رنه‌تیفێكی ته‌واو جیاواز له‌ ئه‌زمونی ده‌سه‌لاتدارێتی حزبه‌ بۆرجوازیه‌كان له‌ پێناو ئازادی و خۆشگوزه‌رانی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ له‌سه‌ر بنه‌مای ناسنامه‌ی هاوڵاتی بون و دابڕاوو جیا له‌ ناسنامه‌ی هه‌ر دین و نه‌ته‌وه‌و تائفه‌یه‌ك.

هێزه‌ چه‌پ و ماركسییه‌كان كێن له‌مرۆدا ، ده‌توانن له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا كۆببنه‌وه‌وبه‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م كاری ئه‌وهێزانه‌چین ؟

عوسمانی حاجی مارف: وه‌ك له‌ وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌مدا ئاماژه‌م پێكرد كه‌ مه‌قوله‌ی چه‌پ مه‌قوله‌یه‌كی ناڕۆشن وگشتییه‌، هه‌ر به‌و مانایه‌ش ناتوانم لیستێك له‌ناوی گروپ و ڕێكخراو و حزب و كه‌سه‌كان ڕیز بكه‌م و نازناوی چه‌پ بون یان ماركسی بونی پێ ببه‌خشم، ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ خۆیان چ ناسنامه‌یه‌ك بۆ خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن، من حزبه‌كه‌م و خۆم به‌ كۆمۆنیستی كرێكاری ده‌ناسێنم و به‌رنامه‌ی دنیای باشترمان هه‌یه‌، ئه‌كرێ كه‌سانێك قه‌بولی كه‌ن یا كه‌سانێكی تر پێ یان دروست نه‌بێت، هه‌ربه‌و مانایه‌ ناتوانین پێكهاته‌یه‌ك دامه‌زرێنین له‌ژێر به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا و ناوی بنێین پێكهاته‌ی به‌ره‌ی چه‌پ، كاری له‌م چه‌شنه‌ له‌ هێچ شوێنێكی دنیادا نه‌كراوه‌و ناكرێت و سه‌ركه‌وتونیه‌، هه‌ر وه‌ك گوتم چه‌په‌كان یان ماركسیه‌كان بۆچون و نه‌خشه‌ی جیاوازیان هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌كرێت له‌ هه‌لومه‌رجێكی تایبه‌تدا هه‌ندێ كاری هاوبه‌ش ئه‌نجام بدرێت له‌بابه‌تی به‌رگری له‌ ئازادی سیاسی یا خواسته‌ كرێكاری و جه‌ماوه‌ریه‌كان..، هه‌ر وه‌ك له‌ پرسیاری دووه‌مدا ئاماژه‌م پێكرد، به‌ بۆ چونی من له‌ ئێستای هه‌لومه‌رجی سیاسی كوردستاندا هه‌وڵدان بۆ به‌رێخستنی بزوتنه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوانی جه‌ماوه‌ری بۆ وه‌ستانه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌ میلیشیاكانی كوردایه‌تیدا و كۆتایی هێنان به‌ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ، ئه‌ركی كۆمنیسته‌كان و چه‌په‌كان و ئازادی خوازانه‌، هه‌ركه‌س و لایه‌نێك ئه‌م ئاڕاسته‌یه‌ی قه‌بوڵ بێت ده‌توانن وه‌ك پێشڕه‌وو خۆ به‌ خاوه‌ن زانین و به‌رپرسی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ ڕۆڵیان هه‌بێت، هه‌ر كه‌س ولایه‌نێكیش پێیان دروست نیه‌ ده‌توانن پێشڕه‌وی سیاسی بكه‌ن له‌ خستنه‌و ڕوی هه‌ر ئه‌ڵته‌رناتیفێك كه‌ پێیان وایه‌ وه‌ڵامه‌ به‌ هه‌لًومه‌رجی سیاسی ئێستای كوردستان و عێراق.

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا، پلاتفۆرمی چه‌پ چی بێت ؟ به‌شدار بن یان نا ؟ تاچه‌ند به‌شداریكردن به‌ لیستێكی یه‌كگرتووی چه‌پ و به‌ ده‌ستهێنانی نوێنه‌رایه‌تی ڕێگا خۆش ده‌كا و ئاسانكاری ده‌بێت له‌ گۆڕینی واقیعی سیاسی و ئابوری ؟

عوسمانی حاجی مارف: به‌جیا له‌وه‌ی له‌دنیای واقعی سه‌رمایه‌داریدا، ده‌سه‌ڵاتی چینی كرێكارو شۆڕشی سۆشیالستی له‌ڕێگای په‌رله‌مانه‌وه‌ ئیمكانی نیه‌و ناكرێت، له‌هه‌مان كاتدا حكومه‌تی كرێكاری وده‌سه‌ڵاتی بۆرجوازی دوو پێكهاته‌ی جیاوازن، ئیتر مانایه‌ك بۆ ئه‌و مه‌قوله‌ گشتی و ناڕۆشنه‌ نامێنێته‌وه‌ كه‌به‌ ناوی چه‌په‌وه‌ بتوانێت ده‌ورێك بگێرێت له‌ناو په‌رله‌ماندا به‌قازانجی كرێكاران، به‌ڵام ئه‌مه‌ش نكۆڵی له‌وه‌ناكات كه‌ حیزبێكی كرێكاری له‌ده‌ورانێكی سیاسی دیاریكراودا بۆ چونه‌ پێشه‌وه‌ی حیزبه‌كه‌ی و ده‌وری خه‌باتی كڕێكاری وه‌ك مانۆرێكی سیاسی له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیدا به‌شداری بكات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ هه‌لومه‌رجی سیاسی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ په‌رله‌مان كه‌ بۆ خۆی گاڵته‌جارو بێ جێگاو ڕێگایه‌، ئه‌وه‌ ئێستا ته‌واو په‌رپوت و بێ ماناو هیچه‌، نه‌ك نابێت چه‌په‌كان به‌شداری بكه‌ن به‌ڵكو پێویسته‌ هه‌وڵ بده‌ن ئیتر ڕێگا به‌م گاڵته‌جاریه‌ نه‌ده‌ن.

ئه‌وه‌ی پێویسته‌ كه‌ لێره‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوان به‌ڕێخه‌ین بۆ وه‌لا خستنی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی حیزبه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێك له‌ كوردستاندا به‌مانای ده‌ورو ده‌خاله‌ت و ئیراده‌ی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵك له‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسیدا، ئه‌م ئاراسته‌یه‌ ئه‌وه‌مان ده‌خاته‌ به‌رده‌م كه‌ئه‌گه‌ر چه‌په‌كان و كۆمۆنیسته‌كان ئازادیخوازان خۆیان به‌خاوه‌نی ئه‌م بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ ده‌ناسێنن و ده‌یانه‌وێت ده‌وری تیا ببینن، ئه‌وه‌ به‌هیچ جۆرێك له‌ پرۆژه‌كان وسیاسه‌ته‌كانی حیزبه‌ ده‌سه‌لاتداره‌كاندا به‌شداری ناكه‌ن، هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مانه‌كه‌یان و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌وه‌ی خۆی به‌چه‌پ ده‌ناسێنێ دروست نیه‌ جارێكی تر له‌ هه‌لومه‌رجی سیاسی ئێستای كوردستاندا باس له‌ دانی لیست بۆ هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مان بكات.