دووەمین کتێبی لێکۆڵینەوەی پێشەوا کاکەیی لەبارەی شیعری (بەختیار عەلی)ـیەوە، چاپ و بڵاو کرایەوە.

– کتێبی: خۆسەری دەنگ و گوتاری ناوەوە
لە کتێبی (ئەی بەندەری دۆست، ئەی کەشتی دوژمن)ـی بەختیار عەلیدا، لە لایەن (ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند)ەوە، لە دووتوێی (١٩٢) لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کرایەوە.
– ئەم کتێبە، دووەمین کتێبی لێکۆڵینەوە و گوتار و خوێندنەوەی شیعریین بە شێوازی (ڕەخنەی شیعری ترپەیی) و (شیعری ڕوانین و شیعری ڕۆچوون) کە هەر تیۆری پێشەوا کاکەیین، لە کتێبی (خەیاڵی کاژفڕێدان)ـا، دیوە شاراوەکانی شیعری بەختیار عەلی پێ خوێندراوەتەوە.
– کورتەیەک لە پێشەکیی «دەروازەیەک بۆ شیعری بەختیارناسیی»ـیەوە
بەختیار عەلی لە دنیای شیعری هاوچەرخدا ڕووناکییەکە کە دەتوانم ناوی «شاعیری هۆشیاری، شاعیری عەقڵی، شاعیری ئەزەلی، شاعیری سەرمەدی، شاعیری ڕۆحی، شاعیری شاری، شاعیری خەیاڵبەر و خەیاڵبڕ، شاعیری زمانی بیر، شاعیری گەردوونی و جیهانی و…» دەیان ناسناوی دیکەی پێ بدەم کە لە خودی شیعرەکانەوە خۆیان دەرهاویشتووە، نەک ئەوەی من خەیاڵپڵاوانە و هاکەزایی پێی بدەم. تەنیا لە چوارچێوەی ئەم کتێبەیدا ئەم دەروازەیە بۆ شیعری بەختیارناسی باس دەکەم و نیشانەگەلێکی وه‌كوو زمانی شیعری، ڕۆحی شیعری، بیری شیعری، خەیاڵی شیعری، کەتوار و گەڕانەوەی شیعریی شاعیر و چەندان دیدی تر کە لە شیعرەکانیەوە سەرچاوەيان گرتووه‌، بۆ خوێنەری شیعر واڵا ده‌کەم تا لێرەوە بگەڕێتەوە بۆ کۆی کارەکانی و بنچینەیەکی دەست بکەوێت، یانژی کەڵکەڵەی خوێندنەوەى شیعر و تێڕوانینی بۆ شیعر بگۆڕێت. جا چ ڕەخنە بێت، چ هەڵوەشاندنەوە و چ بونیادنانەوەیەکی تر، گرنگ ئه‌وه‌يه‌ شتێک بخاته‌ سه‌ر ئەمە.
من لە ڕێی شیعرەوە بەختیار عەلیم ناسی، نەک ئەو بناسم و شیعری بخوێنمەوە، بۆیە هۆشیارە، چونکە هۆشیاری لەگەڵ سەردەمەکاندا درێژ دەبێتەوە و گرژی لای خوێنەر درووست دەکات و هەرگیز خۆی به‌ دەستەوە نادات. وەک ڕووبار دەڕوات و دەپەیڤێت نەک لە گۆمێکدا خۆی مەنگ بکات. لە سەردەمێکدا بیر لە شیعر دەکاتەوە که‌ شیعر نقورچكى لێ دەگیرێت و لە هەموو لایەکەوە لێى دەدرێت، هەر لە سەرمایەداری و تەکنۆلۆژیاوە بۆ دژەکان كه‌ سەنگەریان لێ گرتووە. لەگەڵ ئەوەیشدا شیعرەکانی شێوازی خۆيانيان هەیە کە نەمریی شیعر لە «ئەزەلیبوون و سەرمەدیبوون»ـدا دەدۆزێتەوە. ئەزەلیبوون لای شاعیر، بوونی بێ سەرەتا یان هەبوونی هەمیشەیی لە ڕابوردوودایە. لە شیعرەکانیدا ئاماژە بە شتێک یان بوونەوەرێک دەکات کە هەرگیز دەستی پێ نەکردووە و هەمیشە هەبووە. لە فەلسەفە و ئایینەکاندا ئەم چەمکە زۆر جار بۆ ستاییشکردنی خودا یان هێزێکی باڵا بە کار دێت. بەختیار لە شیعردا بەرەو دوو دنیای جیاواز و مێژوو و گرژیمان دەبات کە تێیدا ئارام ببینەوە. ئەزەلی، هیچ کات دەستی پێ نەکردووە، چونکە هەمیشە نەگۆڕ بووە و هەبووە و ناکەوێتە ژێر کاریگەريی تێپەڕبوونی کاتەوە. لەوسەریشەوە کە گرژییەکەمان بۆ تەواو دەکات، شیعرمان بۆ دەخاتە سەر بەردەوامبوون و بۆ هەتاهەتایە سەرنجمان بۆ دۆخێک یان شتێک یان گوتارێک ڕادەکێشێت کە هەرگیز کۆتایيی نایەت و بۆ هەمیشە بەردەوام دەبێت، ئەویش شیعرە. بۆیە شاعیر مژدەی سەرمەدیبوون لە شیعریدا دەخاتە ڕوو، چونکە بە شێوەیەکی بەردەوام و بێ دابڕان درێژە بە قووڵاییی شیعر دەدات کە شیعر لە ناوەوە جیهان پەلکێش دەکات بۆ ناو خۆی و دێتە دەرەوە و هەناسە بە ڕووی هەموو جیهاندا دەدات.




یەکەمین کتێبی پەیامی شیعری پێشەوا کاکەیی، بە بۆنەی ڕۆژی شیعرەوە، لە چاپ دەرچوو

کەڵکەڵەی پەیامی شیعری… لە چاپ دەرچوو

کەڵکەڵەی پەیامی شیعری، پێنج پەیامی شیعری دوورودرێژە لە ساڵڕۆژی شیعردا خراونەتە ڕوو. لە دیزاینی ئیبراهیم ساڵح و هەڵەچن و ڕێنووسی وشیار عەلییە و لە ناوەندی چاپەمەنی و ڕۆشنبیریی کارۆ چاپ دەکرێت.

ئەم پەیام و گوتارانەی لە ڕۆژی شیعردا خستوومنەتە ڕوو، بۆ ئەوەیە کە دیوی پشتەوەی ببینین و شیعر بەرەو ئەوە نەچێت خاوەندار بکاتە بێخاوەن و بێخاوەن بکاتە خاوەندار. ئەم کۆمەڵە پەیام و گوتارە شیعرییانە بۆ ئەوەیە شیعر لە ڕوانین و گوتراو دوور بخاتەوە و شاعیر بەرەو ڕۆچوون بڕوات، شیعر بینراوێکی چرکەساتی نەبێت لە چاوترووکانێکدا لە بار بچێت. ڕاستە باس لە پەیدابوونی شێوەیەک و چەندان شێوەی تری شیعری دەکرێت، بەڵام مەترسییەکان ئەوەیە کە لە سایەی ئەم شێوانەوە سێبەرەکانیان لە ڕۆح دوور دەکەونەوە، بۆیە ناکرێت بڵێین شیعر نەکەوتووەته‌ ناو قەیرانەوە، بەڵکوو بە برینێکی زۆریشەوە دەڕوات و ڕۆحی تێکشکاوی خۆیشی دەبینێت.
شیعری ئایيندە بە تەنیا ڕەهەندێکی کاتی نییە، بەڵکوو بە شێوەیەکی نوێ و ڕێچکەیەکی نوێی درووستکردنی شیعرەوە لە چەند لایەکەوە سەر دەردەهێنێتەوە کە پێکهاتەی شیعر لە (شێوە و زمان،) (ڕۆح و زەمان) و (بیر و خەیاڵ) دەترازێت بۆ پرسیاری قورمیشکراو بەوانەوە، کە ئەمەیش مەترسییەکەى لەوەدایە گوتراوەکان دەکوترێنەوە و ناناسرێنەوە. خاوەندارەکان بێخاوەن دەکرێن و ئامێرەکان زمانێکی ساختەیان پێ دەدرێت. فرەکولتوور بەرەو تاکڕەهەندی و کولتوورێکی چەقبەستوو دەڕوات. ئەوەی لە داهاتوودا مەترسییەکان دێنە گۆڕێ، دەیان شێوەی شیعر دێتە درووستبوون، بەڵام بە ڕۆحێکی بزر و عەقڵێکی هەڵبزڕکاوەوە، بە بیرێکی تێکترنجاو و هونەرێکی ڕەنگکراوەوە. بۆ ئەوەی لە داهاتووی شیعردا وەک عەقڵێکی شیعری لە دایک بیت و نەبیتە شاعیرێکی ئامێرگەڕی زیرەکيی دەستکرد، خۆت بناسە و خۆت بخوێنەوە، شیعر بخوێنەوە، گوتاری شیعری و ڕەخنەی شیعری و تیۆريی شیعری بخوێنەوە، ئەوسا ئه‌گەر لە غەمی شیعردا بیت، دەزانیت کە زیرەکيی دەستکرد ناتکاتە شاعیرێکی هۆشیار، بەڵکوو دەتکاتە ئامێرێکی ڕێکخراو بە زمانی تۆ و عەقڵی خۆیەکی کۆکراوە.

کەڵکەڵەی پەیامی شیعری
پێشەوا کاکەیی پەیامی شیعری
ناوەندی چاپەمەنی و ڕۆشنبیریی کارۆ




لە شیعری خودگەراییەوە بۆ شیعری خووگەرایی.. پێشەوا کاکەیی

وەک دەبینین جیهانی شیعریش تووشی قەیران کراوە، (کە پێشتر بە وردی لەسەر «تووشکردنی قەیرانی شیعر» وەستاوم،) بەڵام لێرەدا دەمەوێت لەسەر قەیرانێکی قووڵتر لە جۆرێکی تری شیعری ئەمڕۆدا هەڵوەستە بکەم و لەبارەوەی بدوێم کە بەسەر شیعری هاوچەرخیاندا هێناوە. قەیرانێک کە تەنیا لایەنی هونەری و جوانیناسی نییە، بەڵکوو قەیرانێکی تری شیعرە کە (شیعرنووس و میعرنووس) تووشیان کردووە. قەیرانێکە بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕووبەڕووی بووەتەوە، هەموو کەس بوێری ئەوەی نییە کە ڕاستگۆ بێت و چاوپۆشی لەو قەیرانانە نەکات کە بە (ڕەخنەگر، میعرنووس، شیعرنووس، لێکۆڵەر و بەردەنگ)ـەوە، گشتی دەیبینن و نووزەیان لێوە نایەت، تاکوتەرا نەبێت. دڵسۆزییان بۆ کڕۆکی خودی شیعر نییە، چونکە دەترسن لەوەی کە ڕەخنە بگرن یان شیی بکەنەوە، بە دڵی میعرنووس و شیعرنووس نەبێت و تووشی پەراوێزخستن ببنەوە لە لایەن سەرجەم کۆمەڵگای سەردەمی پڕوپووچیی جیهانەوە. هۆکاری ئەمەیش ئەوەیە کە بازاڕی نووسین! بەسەر (سۆشیاڵمێدیا و پەیوەندیدا) دابەش بووە. لەم نێوەندەشدا، دەزگاکانی کتێب، ڕۆڵیان دەگۆڕرێت بۆ دووکانی کتێبچاپکردن.
با لێرەوە ئەم دەرگایە بکەمەوە کە بۆ جیهانی شیعریی «خۆدەربڕین»ـیان لە «شیعری خودگەرایی»ـەوە بردە ناو «شیعری خووگەرایی». بە واتایەکی تر، شیعری خودگەرایی چییە و لە کوێوە هات و شیعری خووگەرایی چییە و بەرەو کوێمان دەبات.
شیعری خودگەرایی: شیعرێکی ڕاستەقینەی خۆپەسەندییە، ئەو شیعرەیە کە لە قووڵاییی ڕۆحەوە لە دایک دەبێت، لە خۆبینینی نێوان زمان و بیر و تێڕاماێکی ڕاستگۆیانەوە پەیوەند بە ئازارەوە سەر هەڵدەدات. چوونەناو خۆیە، لە خۆیەک دەدوێت کە تێیدا پرس ببێتە بابەت! ئەگەر چی شیعری خودگەرایی بە دوای بابەتەوە نییە تا خۆی تێدا ون بێت، لەسەر پرسە گشتییەکان و دەرەوەی بابەت و لایەنی تر نادوێت تا بوون و جووڵەی تر دەرکەوێت، -کە هەتا شیعری بابەتییش دەبێت لە بابەت زیاتر بڕوات- بەڵکوو ئەم جۆرە شیعرە بەناو خۆیدا شۆڕ دەبێتەوە و بە دوای مەنەلۆگی خۆیدایە. یانی هێزی ئەوەی هەیە کە خۆی بخزێنێتە ناوەوە، دیوە تاریکەکەی ڕۆح بدوێنێت و نوقرچە بگرێت. شیعری خودگەرایی تەنیا خۆدواندنێکی ڕووداو-تێپەڕ نییە تا بیگێڕێتەوە، بەڵکوو دەبێت زمانی لە ڕێی بیرەوە، وەک دەوا و دەرمان لە شیعری خودگەرایی بڕوانێت.
شیعری خووگەرایی: شیعرێکی خۆپەرستانە/ نەرگسی نییە، کە لەسەر بنەمای بیر، زمان، هونەر و ململانێی خود و بابەت بێتە کایەوە، نا، بەڵکوو تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە. سەرەتا لە «من»ـەوە دەست پێ دەکات بۆ ئەوەی بگاتە بازاڕ و چاوی خەڵکی عەوامگەرا، کە دەست لە ئازارە قووڵەکەی مرۆڤایەتی هەڵگرتووە و بە دوای هێزی باودا دەگەڕێت نەک هێزی شیعر. باو شتێکی تازە و کورتخایەنە. واتە باو/ مۆد کار دەکات و خۆ دەنوێنێت، پێشی دەنوێرێت و پێشی دەر دەخرێت کە خۆی نییە تا خۆی دەر بخات، بەڵکوو پێی دەر دەخرێت. «خوو»ش لەسەر ئەم «باو»ە گەرا دادەنێت و کەچی شیعر هەڵناهێنێت، بووەتە خوویەکی گشتی و بەرەو خووگەرایی ڕۆیشتووە. واتە شیعر زمانی ترازاوە و بیر کەوتووەتە چاڵەوە؛ نەک بیر جووڵە بکات و زمان خۆ بخزێنێتە ناو شیعرەوە. بۆیە کاتێک شیعر زمانی دەترازێت و مەکینەکەی خۆی وەردەگەڕێت، لە سکەی میعردا دەڕوات. وەک سکەی شەمەندەفەرە و کە شەمەندەفەرەکەیش سەدان سەرنشین سەر دەخات. ئا لێرەدا، ئەرکی شیعر لە شاعیر وەرگیراوەتەوە، چونکە ئەرکی شاعیر نەبووە و ماعیرێکی بازاڕگەری بووە. بۆیە میعرێکە کە خووگرتنی بە مۆدێلی (بازاڕ، سۆشیاڵمێدیا و کتێبچاپکەر)ەوە بەندە. ئەگەر چی هەندێک لەمانە، هەوڵی شیعری باشیان هەبووە، بەڵام بەرگەی مانەوەیان نەگرت و وەرسووڕان بۆ ماعیر و ئەرکیان بووەتە ماعیر، چونکە وەک بازاڕ دەنووسن. بە دوای خواستی بازاڕەوەن، بە دوای پەسەند/ لایک و تێچێن/ کۆمێنتەوەن. دەزگاکانیش بە دوای دەقی شیعرەوە نین، بەڵکوو بە دوای ناوبانگی و پۆپۆلیستی ماعیرەوەن تا کتێبی لابەلا و میعر چاپ بکەن.
ڕیلکە لە شوێنێکدا دەڵێت: «ئەگەر ژیانی ڕۆژانەت بە لاتەوە هەژار دەرکەوت، لۆمەی مەکە؛ خۆت تاوانبار بکە، بە خۆت بڵێ کە تۆ ئەوەندە شیعریی نیت کە دەوڵەمەندییەکەی بەرز بکەیتەوە.» شیعری ڕاستەقینە پێویستی بە بوێری هەڵکەندن، لێکۆڵینەوە، زۆرانبازی لەگەڵ بزوێنەرەکانی ناوەوە هەیە.
زۆربەی شاعیرانی ئەمڕۆ، شیعری خوو دەنووسن. شیعری خوویی چییە؟ شیعرێکە کە لە خوو، لە شێوگاندن/ فۆرموولەکردنەوە، لە لاساییکردنەوە نووسراوە، وەکوو گەڵا لەسەر لەسەر ڕووی ئاو دەنیشێت، بە بێ ئەوەی نوقم بێت، وشەی سواو، گوتراو، ڕێکخراو، هەستی و لەزمانکەوتوو بە کار دەهێنێت. لێرەدا کێشەکە لە ماعیردایە، چونکە لە ئەرکی شاعیر کەوتووە، بە قووڵاییدا ڕۆ ناچێت. بۆچی؟ چونکە قووڵایی ترسناکە؛ چونکە قووڵایی کاتی دەوێت؛ چونکە قووڵایی لەسەر خێرایی پەسەند و تێچێن کار ناکات.
کاتێک بەرەو قووڵاییی ڕاستەقینە دەڕوات، تووشی شتێک دەبێت کە «هاوبەشێکی خووییانە» نییە، یان «ڤایرۆسێکی بڵاوبۆوە» نییە، یان گونجاو نییە بۆ پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان… بۆیە هەست دەکات لە جیهاندا نییە. کە وایە ئەو بە زمانی ئەمڕۆی سۆشیاڵمێدیا شاعیر نییە، چونکە نایهەوێت بازاڕ و سۆشیاڵمێدیا هەڵیسووڕێنێت؛ هەر چی ماعیرەکەیشە بە هۆی ناوبانگەوە، دەزگا وەردەسووڕێنێت بۆ سەر شێوەی خۆی کە بازاڕگەرییە، لە دەزگای دەخات و دەیکاتە «دووکانی کتێبچاپکردن» و بەرپرسی ناوەندەکەیش، دەبێتە کتێبچاپکەرێک و قازانجویستێک و هیچی تر نا!
شیعری ڕاستەقینە دەبێت لە تایبەتمەندی ناوەوەوە سەرچاوەی گرتبێت کە مرۆڤ لە ئازار و خۆشی و تایبەتمەندیی تێبگات و گەشە بکات، دەی بەڵام لێرەدا شیعری خووگەرایی کە بووەتە میعری خووگەرایی، ناتوانێت لە ناوەوەدا بمێنێتەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی ڕواڵەتی دەڕوات. شیعری ڕاستەقینە دەبێت لە خودەوە بچێتە دەرەوەی خۆی، واتە بۆ ناو بابەت بڕوات. لە تایبەتەوە دەست پێ دەکات بۆ ئەوەی بگاتە گشتی. ئەوەندە بە قووڵی لە ‘من’ـدا کار دەکات و خۆ هەڵدەکۆڵێت، وای لێ دێت دەگاتە ئەو شوێنەی کە هەموو مرۆڤەکان لێی کۆ دەبنەوە، ئەویش شوێنی هەقیقەتی هاوبەشی مرۆڤە؛ هەر چی میعری خووگەراییە، بەرەو دیوێکی ناشیرینی تر ڕۆیشتووە کە پێی دەڵێم «میعری گووگەرایی.» بۆ گووگەرایی؟ چونکە (گوو تا داری تێ وەر بدەیت، بۆنی دێت.) لە سیستەمی پڕوپووچیدا، بە دوای باسی خووی ڕۆژانەوەن، نەک دەق. ئا لێرەوە بەرەو داهاتوویەکی قەیراناوی دەڕۆین کە ئەرکی میعرنووس بە «دۆخی بۆنگەرایی»ـدا نەک «بوونگەرایی»، ڕەوتی خۆی پەرە پێ دەدات. جۆرە ڕەوتێکە کە سیستەمی پڕوپووچیی لا دەبێتە خوو، درێژە بەو خووە دەدات کە ئەمەیش سەرتاپای جیهانی گرتووەتەوە و ئیتر ئەم ڕەوتە بووەتە حاڵی کەتوار و شیعر بە دەستیەوە دەناڵێنێت کە ڕۆڵی زمانی لێ شێوێندراوە، نەک شیعر خۆی زمانی لێ شێوابێت!
نەک لەبەر ئەوەی ئەوانە شیعری ڕاستەقینە دەنووسن و دەبنە شاعیر، نا، بەڵکوو لەبەر ئەوەی وەک بازاڕی دەنووسن و لە زمانی شیعر دەکەون و دەبنە هەڵگری زمانی میعر. فێری خواستی بازاڕ و خوێنەری ڕواڵەتی دەبن، ڕەوتەکان دەناسنەوە، دەزانن ئێستا چ «شێوازێکی بازارگەڕی» کاری پێ دەکرێت. ئەوانە بە شێوازی مینیمالیزم دەنووسن، چونکە مینیمالیزم ئێستا گەرمە، بەڵام ناوەوەی مینیمالیزمەکانیش شیعر نییە و سواو و گوتراوە. واتە قسە لەسەر مینیمالیزم نییە وەک شێوە، بەڵکوو لەسەر خوویەکە کە سبەی کێ شتێک بنووسێت و زۆرترین بینەر و خوێنەری ئاسایی هەبێت، ئیتر خۆی لێ دەبێتە ماعیرێکی دەرخراو، نەک شاعیرێکی دەرخەر. دێن و دێڕی کورت لەسەر لاپەڕەیەک دەنووسن کە هەستێکی سواوی گشتییە، نەک خودییە؛ چونکە شێوازی شیعری دیار دەکەوێت نەک شیعر خۆی دەر بخات. ئیشی شیعر ئەوەیە خۆی لە ناوەوە خۆی دەر بخات.
ئەمانە بە دوای ڕەوتی بازاڕگەریدا دەگەڕێن، بە دوای پەسەند و تێچێن و بەشداریپێکردندا دەگەڕێن. شیعر ترازاوە و بۆتە بەرهەمێکی ڕاوکەری نێوان (جەستە و پارە و خۆدەرخستن.) ماعیر شەڕی ئەوە دەکات ببێتە ناوێکی دیار و بازرگانی بە ناوەکەیەوە بکات، نەک خودی دەقەکەی، بەردەنگی جدی درووست بکات. لەگەڵ ئەوەیشدا، دامەزراوەکان بە دوای خودی شیعردا ناگەڕێن. ناپرسن ئایا ئەم دەقە ڕاستەقینەیە؟ ئایا لێرەدا قووڵی هەیە؟ ئایا لێرەدا شتێک نووسراوە کە هێشتا نەگوتراوە، یان هێشتا بە تەواوی بەم شێوەیە شێوەگاندن نییە؟ نەخێر دەزگاکان بە دوای نووسەری پۆپۆلیست و شاعیری پۆپۆلیست و ماعیری فووتێکراودا دەگەڕێن. دەگەڕێن بە واڵاکەی ماعیر و نووسەراندا ئاخۆ چەند فۆڵۆوەری هەیە لە سۆشیالمێدیادا! ئاخۆ بۆ مێدیاکان سەرنجڕاکێشە! ئاخۆ گەنجانە و کچانە و پەمەییخوازە!
ئەنجامەکەی ئەوەیە کە کتێبی بێمانای میعر نەک شیعر، چاپ و بڵاو دەکەنەوە. ئەو کتێبانەی لە شێوەدا لە شیعر دەچن و چاپ دەکرێن و وەک شیعر دەخرێنە بازاڕەوە، بەڵام شیعر نین و میعرن. بڵاوکراوەن لە پێناو خواستی عەوامگەرا و دەسکەوتی نێوان ماعیر کتێبچاپکەردا. ئەوانە ھاوشێوەی شیعرن، ناوی میعرە؛ چونکە گوتراو و کوتراوەیە و لە زمان کەوتووە. ئەو بە ناو دەزگایانە، دەیانەوێت ناوبانگ پەیدا بکەن و هەر بە ناوی دەزگایشەوە بمێنن، لە کاتێکدا کەتواریانە شیعر دەکەنە کاڵا. ئەو جۆرە لە بە ناو دەزگایەنە، هەر ڕووبەری کوردیان داگیر نەکردووە، بەڵکوو سەرتاپای جیهانی گرتووەتەوە.
دەی ئەمە کارەساتێکی کولتوورییە، چونکە هێشتا جەماوەر بڕیار دەدات، نەک دەقناس و شیعرناس و توێژەرێک بێت کە پێویستە دەزگاکان هەیانبێت، ئەوا دەرگای داخراو درووست دەکەن. دەزگای کوردی وا هەیە لە هەولێر، خۆی یەک کەسە، پارە پەیداکەرە و میعر دەنووسێت! لە سلێمانی، بە ناو دەزگای ناوی گەورە هەیە، دوو کەس بە ڕێوەی دەبەن، یەکیان کاسپکار و ئەویتریش بنووس. یان بازرگان دەزگای داناوە و فڕی بە کتێبەوە نییە و شاگردی داناون بۆی بە ڕێوە ببەن و ئەو تەنیا تێچوو بدات و پارەی بۆ بگەڕێتەوە. نیچە کتێبەکانی نەدەدایە دەزگا، چونکە ئاست و توانی بەڕێوەبەری دەزگاکان خوێنەرێکی ڕووکەشگەرا بوون. دەنگە ڕاستەقینە و ناوازەکان، ئەوانەن کە لە شێوگاندنەکەدا جێیان نابێتەوە، پاڵیان پێ دەنرێتە دەرەوە.
کە وایە ئێستا دەزگا ئەرکی نەماوە و بووەتە کتێبچاپکردن. پلاتۆن شاعیرەکانی دەکردنە دەرەوە، ئێستا خوێنەری سادە و ڕووکەش و بە ناو دەزگا کە ڕۆڵی بووەتە کتێبچاپکەری بازاڕگەر، شاعیر دەخاتە دەرەوە. ئەگەر لە ئەرکی شیعری بدوێین لێرەدا، ئەوا بە خێرایی پۆستێک لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیدا نانووسرێت. پێویستی بە بیرکردنەوەی زمانی و تێڕامان و خۆڕەخنەکردنەوە هەیە. شاعیر و دەزگاکان دەبێت لە بیریان بێت پێشوەختە شیعر هونەرە. کە هەندێک جار ڕاستەقینەترین شت ئەو شتەیە کە لە سەرەتادا دەبێت دەزگا ئەوە قبووڵ بکات کە کەمترین شیعری شاعیری ڕاستەقینە و داهێنەر قبووڵ دەکرێت. شاعیری ڕاستەقینە، قوربانی سەردەمی خۆیەتی. مێژووی شیعر، مێژووی ئەو دەنگانەیە کە سەرەڕای هەموو شتێک، پێداگرییان لەسەر مانەوەی خۆیانە لە پێناو شیعردا.
ئێمیلی دیکنسۆن لە ژیانیدا سەدان شیعری چاپنەکراوی نووسی و دواتر چاپ بوون. کافکا داوای کرد هەموو شتێک بسووتێنرێت. ڤان گۆگ تەنیا تابلۆیەکی فرۆشت. ئایا ئەوە مانای ئەوەیە هونەرمەند و شاعیر نەبوون؟ نیچە کتێبەکانی نەدەدایە دووکانی بە ناو دەزگاکان، چونکە دەیویست ئەو شوێنەی کتێبی لێ چاپ دەکات، خاوەندار لە ئاستی فیکری نیچە خۆیدا بێت یان لێی تێبگات. بە پێچەوانەوە، ئەمڕۆ بەو مانایە گەیشتوون کە ئەوان زیاتر بۆ بازاڕگەری خەریکن، نەک دڵسۆزی دەق بن. ڕۆڵی دەزگا لەمڕۆدا، تەنیا ڕۆڵی چاپکردنە. بۆیە نووسەری سەربەخۆ لەسەر ئەرکی خۆی چاپی دەکات لە چاپخانەکان. کە جاری وایە کتێبچاپکەرێک ئاستی ڕۆشنبیری زۆر بەرزترە لەو بە ناو دەزگایانە.
ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە هەموو شتێک بووەتە (دەستبەجێ، دەستڕاگەیشتن، پێوانەکراو،) بەڵام شیعری ڕاستەقینە لە سەردەمێکی جیاوازدا کار دەکات. سەرکەوتنی شاعیری ڕاستەقینە بە پەسەند و تێچێن و بەشداریپێکردن ناپێورێت. پێوەری دەق شتێکی ترە کە ئەویش لە دەقدایە. واتە ئیشی دەق ئەوەیە کە وات لێ بکات دەست لە هەقیقەت بدەیت، ساتێکی وەحیت بۆ درووست بکات، ڕۆشنکردنەوەی گۆشەیەکی تاریکیی ڕۆحی مرۆڤ نیشان بدات.
ئەگەر شاعیریت، خۆت بخزێنە ناوەوەی زمانەوە؛ لە بێدەنگی، لە تەنیایی، لە ڕەتکردنەوە مەترسە. ئەو شیعرە بنووسە کە تەنیا خۆت دەتوانیت بینووسیت لە پێناو شیعردا. ئەو شیعرە کە لە قووڵترین شوێنی تۆوە لە دایک دەبێت و لە ڕێگەی تایبەتی تۆوە دەگاتە گەردوونی.
ئەگەر دەزگایەکی ڕەسەن هەبێت بە دوای بوونی شیعرەوە بێت، واز لە گەڕان بە دوای ناوبانگی میعرنووسدا دێنێت. ئەمڕۆ بە ناو دەزگای وا هەیە، کابرای ڕۆژنامەنووس و میعرنووس کتێبی بۆ چاپ دەکەن، بەڵام شیعری ڕاستەقینە چاپ ناکەن و دەڵێن ببوورن ئێمە شیعر چاپ ناکەین. ئەرکی دەزگای ڕاستەقینە بە دوای دەقەکاندا دەگەڕێت، ئاخۆ کام کتێبی شیعرە خوێندنەوەی بۆ کراوە، بە ڕاستی خوێندراوەتەوە و دەنگدانەوەی ناو خودی شیعرەکە چییە. لە کۆتاییدا شیعری ڕاستەقینە دەمێنێتەوە. شیعر کاتێک دەمێنێتەوە کە هەموو (پەسەند و تێچێنەکان) لە بیر دەکرێن. قسە لەگەڵ نەوەکانی داهاتوودا دەکات، کاتێک ئەکاونتەکانی سۆشیالمێدیا تەنیا یادەوەرییەکی کاڵبووەوەیە. بە واتایەکی تر، ئەمڕۆ ئەو ماعیرانەی تیڤی و سۆشیاڵمێدیایان داگیر کردووە، یەک توێژینەوە چییە لەسەر شیعریان نەکراوە، چونکە شیعر نین و میعر و بۆنگەرایە نەک بوونگەرا. ئەمانە بۆیە زیاتر دەچنە ناو تیڤییەوە، دەزانن لە دەقدا لە دایک نەبوون و نامێننەوە، بۆیە لەسەر شاشە دوای خۆیان درێژە بە داگیرکردنی ڕواڵەتی و هەستەکی دەدەن، لێ هیچ توێژینەوەیەکیان لەسەر ناکرێت، چونکە شیعریان بە هونەر نەکردووە.

کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
شوێنپێ: قەڵادزی _ کوردستان _ عێراق _ ئاسیا _ زەوی




پشتیوان عەلی و ڕەخنەی شارێک لە ناشاردا.. پێشەوا کاکەیی

شارەکان مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە لە بەشداریکردن لە شیعردا، بەڵام سەرهەڵدانی ئەوەی پێی دەگوترێت ‘شیعری شار’ تا ڕادەیەک تازەیە. لە مێژووی ئەدەبیدا ئەوە بۆدلێر، ‘شاعیری لیریکی سەردەمی سەرمایەداری پێشکەوتوو’ بوو کە لە ڕێگەی بەرهەمەکانی وەک ‘وێنەکانی پاریس’ـەوە هەوڵیدا مانایەکی شیعری ڕاستەقینە بخاتە سەر بابەتی پاریس لە ئەدەبدا، شیعری شار وەک ژانرێکی ئەدەبی بە کەسایەتی و شوناس و جوانیناسیی ناوازە و بەهاکانی تایبەت بە خۆی دامەزراند. لێرەوە، بۆ ئەوەی بەر شیعری شار بکەوین و ڕەخنەی شار بکەین کە چووەتە قۆناغێکی ترەوە کە ئەویش ‘ناشار’ە، پێویستە لەسەر چەند خاڵێک بوەستین کە لە شیعری (مێژووی شارێک)ـی پشتیوان عەلیدا دەیخەینە ڕوو.

یەکەم:
شیعری (مێژووی شارێک)ـی پشتیوان عەلی بە تەنیا ئاماژەیەک نییە بە ڕووکەشی شارەکانەوە وەک تەوەر یان پێکهاتەکەی؛ بەڵکوو لەگەڵ قووڵترینی کارەکتەرەکاندا پەیوەندی دەکات، لەوانەیش چوارچێوەی شار و هۆشیاری شار. ژیانی شارستانی نوێیەتی، ئەزموون و سەرچاوەیەکی زانیاری دەوڵەمەندتر و خێراتر و ئاڵۆزتر و توندترە لە هەر کاتێکی دیکەی مێژوو پێشکەش بە خەڵک دەکات. توندترین و پشێوترین و کاریگەرترین و پێشبینینەکراوترین زریانەکانی شارستانییەت دەخاتە ڕوو. بۆیە ڕەخنەی مێژووی شارێک دەکات تا ڕوانگەیەکی جوانیناسی بۆ شارەکە بونیاد بنێت کە شاعیران لە پێکهاتە ڕووکەشەکانی ژیانی شاردا بڕوانن و قووڵ ببنەوە لە ناوەرۆکەکەیدا.

دووەم:
شاعیر هەوڵی ئەوە دەدات هاوسەنگی لە نێوان تایبەت و گشتگردا درووست بکات. لە ڕێگەی شیعرەوە، قووڵبوونەوە لە پەیوەندییە بێشومار و ئاڵۆزەکانی ‘شارێک لە ناشاردا’ دەخاتە ڕوو. دەکرێت بڵێین شاعیر بە داننان بە شاری ڕۆشنبیری [وەک ئەوەی ئێستاکە لە مێژوودا دەژیێت] ڕازی نییە، بەڵکوو لەبری ئەوە، بەدواداچوون بۆ ئەرک و پێکهاتە ئاڵۆز و شاراوەکانی شارەکەی دەکات. ئەوەتا ڕاستەوخۆ دەڵێت: (شارێکە دەنگی بەقاڵەکانی بەرزترە لە دەنگی نووسەراکانی ). لە ئاستەکانی ‘فیزیۆلۆژی’، ‘دەروونناسی’ و ‘فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح’ـەوە، لە ڕێی شیعرەوە، لێکۆڵینەوەی لە کاریگەرییە ئەگەرییەکانی شارستانییەتی شارستانی لەسەر بوونی مرۆڤ و هەست و سۆز و بارە ڕۆحییەکانی کردووە کە داڕووخاوە.
لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی بابەت و بەدواداچوونی کۆنەپەرستانە بۆ فاکتەرە جەوهەرییەکان، ڕووناکی هۆشیاری هێناوەتە سەر ڕەخنە لە شارێک کە لە ناشاردا ئێسقانەکانی دەردەکەوێت. شاعیری ڕاستەقینە، هەمیشە لە شوێندایە و خۆی دەخاتە دەرەوەی ناشوێن تا شوێن لە ناشوێندا بدۆزێتەوە. بە مانایەکی تر، ناشوێن و ناشارمان بۆ دەردەخات با شاعیر سەر بەو جیهانە شارییەش بێت. ئەو لە قووڵاییی شارێکەوە کێشەکانمان بۆ دەردەخات کە (دەنگی زڕە بێژەر، ئیمام و ئیمانی ساختە، جنێوفرۆش، کچە مۆدێل، سەماکاری کرێگرتە)، جێی قووڵاییی شاری گرتووەتەوە و شار چووەتە ناو ناشاربوونەوە، ئەمە شارێکە دەورە دراوە بەو هەموو ئاڕاستەکردنانە، شارەکانی تری (هەرێمی کوردستانی باکووری عێراق) نەک هەر داڕووخاون، لە قووڵاییی شاردا سەریان دەرنەهێناوە. ئەم ڕەخنانە لە مێژووی شارێک بە تەنیا بۆ شارێکی دیاری کراو نییە، بەڵكوو ئەو لە قووڵاییی شارەکەوە ناشاربوون دەردەخات بۆ ئاستێک کە بوونی مرۆڤ گرینگترە لە شار، چونکە شار بەرهەمی بونیادی مرۆڤە.

سێیەم:
بیرکردنەوەی شیعری پشتیوان عەلی و ڕەخنەی لە شار، لە جێگرەوەی داهێنەرانەی ئەزموونی شیعری بۆ ئەزموونی شارستانیدایە، بە کەڵکوەرگرتن لە شیعر بۆ گەیاندنی ئەو وزە جووڵاوەی کە کەتوار دەیباتە پێشەوە، ئەویش ئەو کەتوارەی کە وا مێژووی داڕووخانمان بۆ دەنووسێتەوە. کاتێک شاعیر لە ڕێگەی شیعری ڕەخنەییەوە دەستکاری شارمان بۆ دەکات، ڕاستییەکەی ‘وێنەی ناشارمان’ نیشان دەدات. بە شێوەیەکی کاریگەر فەزای جوگرافی بە فەزای دەروونی، کەتواری فیزیکی بە کەتواری کولتووری، ماددی بە وزەی ڕۆحی و هەروا ئەزموونە ڕۆژانەییەکانی ژیانی شاریش بە ئەزموونە جوانکارییەکانی بەهای گشتگر دەگۆڕێت. لە ڕێی شیعرەکەیەوە، فێرمان دەکات کە لە ڕوانگەی توندی ژیانەوە هەمیشە بپشکنین، لە ڕوانگەی ئاڵۆزییەکەیەوە لە ژیان تێبگەین، هەست بە ژیان لە چڕییەکەیدا بکەین و ژیان لە کۆی خۆیدا ئەزموون بکەین. دەپرسین کە ئایا مێژوو چ تۆمار دەکات کە شیعر تۆماری نەکات! بۆیە پشتیوان عەلی شیعر دەباتە ناو هەموو تەوەر و کارەکتەر و جومگەکانی شارەوە کە لە هەموو شوێنێکدا ناشار خۆی دەردەخات. ئەم ناشاربوونەیش تەواوی هەموو شارەکانی ئەو هەرێمەی بە خۆوە گرێداوە.
بە ڕاستی کاتێک شاعیر هەوڵی دەربڕینی ستەم و خنکاندن و گرژی و پارچەپارچەبوون و تەنیایی و وێرانبوونی ژیانی شارێک دەدات، ڕەنگینی و ڕووکەشی شێوە و هەوا و ناوەرۆکی بە تابۆیەکی سەرەکی وێنا دەکات. پشتیوان عەلی تێگەیشتن و ڕەنگدانەوەی خۆی لە بەها فرەلایەنە سیاسیی و کولتوورییەکەی ‘ئێستاکە’دا، بە هەموو شتێک لە شاردا دەردەبڕێت. ئەو (زانا، نووسەر، کتێب، شاعیر، هونەرمەند و مێژوونووسەکانی) وەک قوربانییەکی سیاسیی و کولتووری ئەم شارە بەر باس دەدات. ئەو سەردەمەی کە بۆدلێر شیعرەکانی تێدا نووسیوە، دژایەتییەکی توند بوو کە لە زنجیرەیەک دژایەتی سەرنجڕاکێش پێک هاتبوو: گەورەیی و مامناوەندی، ساماندار و هەژاری، تازەیی و بەسەرچوون، بنیاتنانەوە و لەناوچوون. ئەم جۆرە دژایەتیانە ڕێگە بە تێگەیشتوان دەدات کە مامناوەندی لە گەورەییدا، هەژاری لە ساماندا، بەرجەستەبوونەوە لە تازەگەریدا و لەناوچوون لە بیناسازیدا دەستنیشان بکەن. ئەنجامەکەی تەنیا هەستێکی جوانیناسی نوێ نییە، بەڵکوو دیدێکی تازەیە بۆ جیهان. پشتیوانیش لە هەناسەبڕکێترین وشەکاندا کە تا ئێستا نووسراوە، دۆخی ناجێگریبوونی مرۆڤ و ئازاری ڕەتکردنەوەی قبووڵکردنی چارەنووسێکی پێشوەختە و دیاریکراو دەخاتە ڕوو.

چوارەم:
پشتیوان عەلی وەک پابەندبوونی بە ڕوانگەیەکی کەتواریانە بۆ شیعری شار، لە ڕێی شیعری ‘مێژووی شارێک’ـەوە، بە شێوەیەکی بابەتیانە و ڕەسەنایەتی کەتواری شار و ڕۆحی شاری، شاری ڕەخنە کردووە، بۆ ئەوەی بونیاد بنرێتەوە و لە ناشار دوور بکەوێتەوە. ڕەخنەی شیعری شاری، لە ڕوانگەیەکی کەتواربینییەوە، لە دوو ئاستدا خۆی دەردەخات؛ یەکەم: گەشەسەندنی شارەکان ڕێنمایی گەشەسەندنی شیعری شارەکان دەکات. شاعیران لەسەر بنەمای ناسینەوەیان لەگەڵ شارستانییەتی شارستانی، بە تۆنێکی گەرم و سۆزداری، ستاییشەکانیان بۆ شارەکە دەردەبڕن. دووەم: بە گرنگیدان بە سەرکوت و لەناوچوونی توندی سرووشتی مرۆڤ کە بە هۆی شارستانییەتی تەکنەلۆژیای نوێیەتییەوە درووست بووە، شاعیر وەک بیرکەرەوە و ڕەخنەکارێک لە زمانی شیعرەوە، زەمینەسازی دەکات و بە دەوریدا بسووڕێتەوە.
شاعیر بە چاویلکەیەکی مۆدێرنەوە، دەچێتە ناو قووڵاییی شارەوە کە شار لە جووڵەدایە، لێ جووڵەیەکی ناشارییە. ئەم جووڵە ناشارییە بەرەنجامی لێسەندنەوەی خودی جووڵە و ڕۆحی و سێرکەکەی هاوشاری و ڕۆحی کولتووری و مەعریفییە و جووڵەی تێخزاوی سیاسییە. ئەو فەزای شارێکمان پیشان دەدات کە تێیدا شارەکانی تریش بە دوای ئەوەوە وێڵن و چۆن خۆیان لە سەرگەردانی ڕزگار بکەن. لێرەدا تێگەیشتن لە ڕیالیزم پابەندە بە هەڵوێستێکی تا ڕادەیەک لێبووردەیی. نە گەڕانەوەیە بۆ ڕیالیزمی کلاسیک و نە خۆبەدەستەوەدانی ڕیالیزمی سۆسیالیستییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەیە لەسەر شیعری شار بە ڕۆحی ڕیالیزم، بۆ ئەوەی کەتواری شار و ڕۆحی شارستانی بە شێوەیەکی ڕاستەقینە و بابەتیانە بەرهەم بهێنێتەوە.
شاعیر لەبری تەوەرگەلێکی بنکۆڵکارییانە بۆ شار، بە شیعر سەرقاڵی هەڵتەکاندنی ڕوانگەی بابەتەکانی شارە، هەر لە وێنەی شار، پێکهاتەی شار، هەستی شار، ڕۆحی شار، عەقڵیەتی شار و ئەوانەی شاریان کورت کردووەتەوە لە هێزدا. بە ڕوونی بەر کۆمەڵێک تایبەتمەندی ڕەخنەی شاری دەکەوین کە ناشاریان بەرهەم هێناوە، هەر وەک پشتیوان عەلی هاتووە شانۆیەکمان لە شیعردا بۆ نمایش دەکات و دەبێت بەرانبەر دوو شت بوەستین، هەم تەماشای شانۆکە بکەین و هەمیش سەیری تەنیشت خۆمان بکەین کە لە کوێی شانۆکەداین. بۆیە هەر لە (پاشا، سەرۆک، کۆمیدیانووس و شانۆ، سینەماکار و دەرهێنەر و ئەکتەر، ماسیگر و بەلەم، بازرگان و بازاڕ، پزیشک و نەخۆش، پاسەوان و فەرماندە، مامۆستا و قوتابی، هەتا شیرین و فەرهادەکان، پیاو و سەرقاڵی مێبازی، باوک و بەڕەڵایی منداڵ، گەنج و دڵشکانی دۆست، جووتیار و کێڵگە، بەرگدروو و پۆشاک…) جووڵە و کارەکتەر و دەنگ و ئاژاوەچییەکانی بۆ دیاری کردووین. ئەوەی سەیرە لەم شیعرەدا، هیچمان بەرگەی شانۆکە ناگرین تا تەواو دەبێت، چونکە شانۆکە هەموومان هەڵدەتەکێنێت کە ئێمە سیناریۆی شانۆکەمان داڕشتووە. شاعیر ئەم دیمەنە لێکدراوانەی بۆ ئەوە کردووە کە گواستنەوەی شوێن و کات، کارەکتەر و پیشە، جۆرێکی تری بەرجەستەبوون دەگێڕن. ئەم بەرجەستەبوونە، ناشاریبوونی بەرهەم هێناوەتەوە.
گرنگی شیعر و ڕەخنەکردنی جومگەکان تەنیا لە دەربڕینی ‘هێماکانی شارستانییەتی نوێیەتی’ـدا نییە، لە کاتێکدا ڕواڵەتی جەستەیی شارەکە بە دڵنیاییەوە بابەتێکی گرنگی شیعری شارەکانە، بەڵام پێویستە هەست و ڕۆحی دانیشتوانی شارەکانیش لە بەرچاو بگرێت کە بە هۆی گەشەسەندنی شارەکەوە لە قاڵب دراون. کارەکتەرەکانی شار کە لە هاونیشتمانی کەوتوون و بوونەتە ‘ناهاووڵاتی’، بەرەنجامی هەردوو بەرەکەیە کە لای شاعیر (بەقاڵێک دەنگی بەرزترە لە ڕۆشنبیرێک!) بۆچی؟ چونکە ڕۆشنبیر بە ئەرکە (پەیام، جووڵە، ئاڕاستەکردن، بێلایەنی)ـیەکەی هەڵنەستاوە، بەڵکوو خۆی چووەتە ناو ماشێنی هێزە خێڵحیزبەکانەوە.
کلیلی شیعری ڕەخنەی شاری لای شاعیر، تەنیا لە بەکارهێنانی شار و دانیشتوانەکەیدا نییە وەک خاڵی دەستپێک، بەڵکوو دەربڕینی کاریگەریی پەرەسەندنی کەتواری شارە لەسەر ژیانی دەوڵەمەندی ناوەوەی ماشێنی هێزە خێڵحیزبەکانەوە. ئەوەتا ماشێنە هێزە خێڵحیزبەکان تەراتێن بەناو شاردا دەکەن تا شار لە ناشاردا هەناسە بدات و گیانەڵای بێت.
(پاشاکان بۆ ئەوەی ڕێ لە پیربوونیان بگرن، دێن بۆ ئێرە
دۆستەکانیان بۆ ئێرە میوانداریی دەکەن.
دوژمنەکانیان لێرە ئاشت دەکەنەوە/ گرێبەستەکانیان لێرە دەنووسن
شەرابی سەرکەوتنەکانیان لێرە هەڵدەدەن
نەیارەکانیان لێرە دەخەنە قەفەزەوە/ نەوەکانیان لێرە دەکەن بە جێنشین. )

شاعیر سەرقاڵە بە ئاشکراکردنی باری دەروونی و تێڕوانینەکانیان و لە کۆتاییدا نمایشکردنی یاری نێوان گەشەسەندنی مرۆیی شار و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و زاڵبوونی ماشێنی هێزەکان کە هەموو شتەکان پێچەوانە دەکاتەوە. هەموویان دێن بەشداری بە کارەکتەرەکان دەکەن تا بەشدار بن لە ناشاردا. ناشار خۆپێناسەکردنەوەیەکی ترە لە شاردا کە جووڵەیەکی بێ جووڵەیە. وتار دەدەن، بۆ ئەوەی بێدەنگی بەسەر گوتاردا بێت. نمایش دەسازێنن، بۆ ئەوەی شانۆ بێدەنگ بکرێت. بۆ نمایش ساز دەسازێنن و شانۆ بێدەنگ دەکرێت، چونکە ماشێنی هێزە خێڵحیزبەکان، هاتوون کارەکتەرەکانی شاریان هێناوە لە هاونیشتمانییەوە بیگۆڕن بۆ هاوخێڵحیزبی و ئەوەی ئازادانەش لە شاردا سەرقاڵی گوتارە و نایەوێت شار بەرەو ناشار بڕوات، ڕووبەڕووی دۆخی ‘ناهاووڵاتیبوون’ـی دەکەنەوە.
شیعری شار تەنیا هەر بابەتی بابەت نییە؛ لەوەش گرنگتر، دەرەکیکردنی هەست و ئەزموونە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤە لەناو شارستانییەتی شارەکەدا. تەنانەت ئەگەر ئەو شیعرە کە لەم هەست و ئەزموونە دەرەکییانەدا سەر هەڵدەدات، تەوەر و ناوەرۆکی شارستانییش نەبێت، هەر دەبێت بە شیعری شارستانی هەژمار بکرێت. شیعری شار بنکۆڵکارییە لەسەر کۆی جومگەکان. وەک لە سەرەوە شاعیر کارەکتەرەکانی پێکەوە گرێ داوە، بۆ ئەوەی بەرەنجامی ‘ئاڕاستەکردنی ناشار’ دەربخات. تیشک دەخاتە سەر تێڕوانینی دەروونی و باری دەروونی ئەوان. ئەمە ئامانجی بنەڕەتی شیعری شارە کە بە ناوی ‘مێژووی شارێک’ـەوە تۆماری کردووە. بۆ مێژووی شارێک؟ بۆ ئەوەی شاعیر پێمان بڵێت کە ئەو شارەی تێیدا خۆی مێژوویەکی بەرهەم هێناوە، پاشاکان و سەرۆکەکان دێن بە کارەکتەر و چینەکانی کۆمەڵ ناشار بخەنە ناو مێژووە. ئەم بە ناشارکردنە بۆ ئەوەیە وزەکان بگەڕێنەوە ناو ماشینی هێزەکانی خێڵحیزبەوە.

پێنجەم:
شیعری شاری لە مێژووی شارێکـی پشتیوان عەلیدا، کلیلێکە؛ ئەویش هەر ئەوە نییە کە ئایا بۆ چوارچێوەی ژیانی شارە کە بکرێتەوە یان نا، بەڵکوو ئەوەیە کە ئایا خاوەنی هۆشیارییەکی شارستانییە یان نا. تەنانەت ئەگەر ئامانجی دەربڕینی جەوهەری شاریش نەبێت، ئەگەر هۆشیارییەکی شارستانی ڕوون پیشان بدات، دەبێت هەر بە شیعری شارستانی هەژمار بکرێت. ڕەنگە شێوەی دەرەکی شارەکە بە شێوەیەکی کۆنکرێتی وێنا نەکرێت، بەڵام بیرکردنەوەی شارەکە گشتگیرە. بە کورتی ڕەخنەکردنی لە ڕێی شیعری شارییەوە، سنووردار نییە بە وێناکردنی دیمەنە ڕاستەقینەکانی شار و ئیکۆلۆژیای شار، بەڵکوو شار وەک شوێنێک و هەندێک شێوازی هونەری بە کار دەهێنێت بۆ دەربڕینی هەست و ئەزموونە دەروونییە شێوێنراوەکانی مرۆڤ و ئەو کولتوورە ڕۆحییەی کە شاری لەسەر بونیاد نراوە.
کە واتە عەقڵیەتی شار چییە؟ ئەوە ئەو جۆرە خۆبەزلزانینە نییە کە دانیشتوانی شار بەرانبەر بە ناهاووڵاتییانی تری شارەکان نیشانی دەدەن، هەروەها ئەوە خۆبەزلزانین و کورتبینییەش نییە کە لە جیهانی دەرەوە دایانببڕێت. ڕوانگەی شاعیر بۆ شارەکە یارمەتیدەرمانە بۆ تێگەیشتن لە عەقڵیەتی شار.

(بینەران لە هەموو شارە دوورەکانەوە دێن، دێن و لە ڕیزە درێژەکاندا سەرە دەگرن.
شەمەندەفەرەکان دێن و فارگۆنە پڕ لە سەرنشینەکانیان لێرە خاڵیی دەکەنەوە.
ئەم شارە سەکۆیەکی گەورەیە/ گەر دارتاشەکان شەووڕۆژ لە کاردا بن/
هێشتا ناتوانن کورسی پێویست بۆ هۆڵی نمایشەکانی دابین بکەن. )

ئەم شیعرە ڕوون و ئاشکرایەی مێژووی شارێکی پشتیوان عەلی، بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی بە سەرهەڵدان و گەشەسەندنی شیعری شارەکانی داوە. باوەڕبوون بە شار و ئینکاریکردنی، پەرستنی تەکنەلۆژی و سرووشتپەرستی، هەستە نەتەوەیی و تاکەکەسییەکانی یان دنیاییەکانی، هەستە مێژوویی و نوێیەتییەکانی، هەموویان یەکدەگرنەوە، ناکۆکن، دەچەمێننەوە و دەچنە ناو یەکترەوە و گرژییەکی گەرماوی پێک دەهێنن. ئەمە تایبەتمەندییەکی ڕۆحی هاوبەشی شاعیرە و پاشخانێکی دەروونی بەرچاوە بۆ تێکچوون و گۆڕانی شێوەی جوانیناسیی شار بۆ ناشار. ئەم دەرکەوتنەی ڕۆح دەبێت لەگەڵ کەتواری شاردا تێکەڵاو بێت و هەست و ئەزموون و ڕەنگدانەوەی شارەکە بجووڵێنێت لە ئاڵوگۆڕێکی دینامیکیدا کە دیمەنی شار و دەروونناسی و ڕۆح و هێزی خێڵحیزب ئاشکرا دەکات.
شاعیر لە مێژووی شارێکدا، شایەتحاڵی چاوی یەکەمی ژیانی شارە. ئەم شاعیرە بە شێوەیەکی شاردۆستانە، کەتوارەکانی ژیانی شار بۆ چاندنەوەی عەقڵیەتی شارستانی ڕاستەقینە دەخاتە ڕوو. لایەنی هەرە چارەنووسساز، چاندنی بیرکردنەوەی شارنشینێکە. ئەم بیرکردنەوەیە لە ڕێگەی هەوڵەوە ناچێنرێت، بەڵکوو بە شێوەیەکی سرووشتی گەشە دەکات. کاتێک شاعیر شیعر دەنووسێت و ڕەخنەی مێژووی ئێستای شارەکە دەکات و لە ناشاردا ڕەخنەی بە پیرۆزگردنی شار دەکات، پێی وایە کە سرووشتی شار هەم دەستکاری کراوە و هەم شێوێنراوە و هەم کارەکتەری چینەکانی تریش بەشدارن لە ناشاردا. بۆیە شاعیر دەبینێت پڕۆژەی ناشار لە شاردا بەرانبەری دەکرێت. پڕۆژە بکات.
شاعیر لە ڕێگەی شیعرەوە هەوڵیداوە ئەزموونە ناوازەکانی ژیان دەرببڕێت، نەک تەنیا تێگەیشتنێکی قووڵ لە جەوهەری شار، بەڵکوو تێگەیشتن و ئاشکراکردنی نهێنییەکانی بوونی مرۆڤی ئەمڕۆی شاریش. شاعیر ئەرکی بەرپرسیارێتییەکی حەتمیی هەیە لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی مێژووی شاردا. نەک هەر دۆخی ژیانی شارەکان وێنا دەکات، بەڵکوو گوزارشت لە ڕەنگدانەوەی دانیشتوانی شارەکانیش دەکات لەسەر سەردەم و شوێنکەوتنە ڕۆحییەکانیان.
شیعری شارەکان لە سەدەی بیستویەکەمەوە گۆڕانکاری نوێی بەسەردا هاتووە. ئەم شیعرەی پشتیوان عەلییش هەر بیرەوەریی شارێک نییە، بەڵکوو مێژووی شیعری شارێکە لە قووڵاییی شارەکاندا کە ئەمەیش سەنتەری شارە و بەرەو ناشار ڕۆیشتووە. لە مێژووی شیعری شاردا، نووسین لەسەر ئەم پێوەرە سەبارەت بە تاکە شارێک دەگمەنە. بڵاوبوونەوەی ئەم شیعرە، پەرەسەندنی شیعری شارەکان بەرزتر دەکاتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ، لە ئاهەنگێکی سادەی شاردا تێدەپەڕێت بۆ سەرلەبەر لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی نێوان شار و مرۆڤایەتی.
لە پشت بریقەی درەوشاوەی شارەکانەوە، شلەیەکی دووکەڵاوی هەیە کە فشارێکی بێئەندازە بۆ ژیانی درووست کردووە. ئاشکراکردن و ڕەخنەگرتن لە نەخۆشییەکانی شار، بابەتێکی سەرەکییە لە شیعری شارەکاندا. ئەم شیعرەش ڕەخنەی ‘کۆیلەبوونی تێکڕای چینەکانی کۆمەڵ’ دەکات. کە بێگومان شیعری شارستانی لە نوێنەرایەتیکردنی کەتواردا، فرەچەشنی و دەوڵەمەندی و ئاڵۆزی پیشان دەدات. کلیلی ئەم ‘شێوە سادەیە’ لە پەیوەندییە دانەبڕاوەکەیدایە لەگەڵ ڕیالیزمدا. دەتوانرێت بڵێین شیعری مێژووی شارێک، چ بە سۆزەوە ستاییشکردنی شار بێت یان بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتن لێی، ڕەگ و ڕیشەی لە کەتوارە شارییەکاندا هەیە کە نووسەران ڕووبەڕووی دەبنەوە.

پێشەوا کاکەیی

تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
شوێنپێ: قەڵادزێ- ئاسیا- زەوی

———————————
پەراوێز:

[1]. خنکاو لە مێژوودا، پشتیوان عەلی، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، چ١، ٢٠٢٥، ل٣٠

[2]. خنکاو لە مێژوودا، هەمان سەرچاوەی پێشوو… ل٢٥

[3]. هەمان سەرچاوەی پێشوو… ل٢٧




یەکەمین کۆمەڵەچیرۆکی پێشەوا کاکەیی بە ناوی (ڕەش: تاڵ تاڵ، پێکەنینی بەتاڵی پاتاڵ) لە چاپ دەرچوو

یەکەمین کۆمەڵەچیرۆکی پێشەوا کاکەیی بە ناوی (ڕەش: تاڵ تاڵ، پێکەنینی بەتاڵی پاتاڵ) لە چاپ دەرچوو. کاری هەڵەچن و ڕێنووسکاری، (وشیار عەلی)ـیە و کاری بەرگ (ئیبراهیم ساڵح)ـە. هەروەها لە ناوەندی چاپەمەنی و ڕۆشنبیریی کارۆ چاپ کراوە.
زۆر بە سادەیی و بە کورتی: ئەم کۆمەڵەچیرۆکە، لە پێنج چیرۆک پێک دێت کە لە ماوەی ساڵانی پێشوودا نووسراون. لە دەوری ئەقڵی گاڵتەجاڕی و ڕەخنە و دژەسیستەمدا دەخولێتەوە. گەڕانەوەیە بۆ ناو گەڕانەوە و زمانی ڕەخنە و زمان پێکەوەژیان و زمانی گفتوگۆ. لەگەڵ ئەوەیشدا هەڵتەکاندنی نووسەری بەرتیل و مشەخۆر و گشت خێڵحیزب دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەم پێنج چیرۆکە، لە دەوری ئێران و هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجەدا دەخولێتەوە.
کۆمەڵەچیرۆکێک نین بە دڵی خوێنەری عەوام نووسرا بن، لە چیرۆکدا گەڕاوم زمان و چیرۆکی نوێ چی لە من دەوێ. لەگەڵ باودا نیم و ڕەتکردنەوەیشی هەر ئەوەیە کە ئاگاداری (سینیزم/ ئەقڵی گاڵتەجاڕی) نەبیت، دەتخاتە ناو مەکینەکەوە. بۆ ئەوەیە پێبکەنیت و تێڕامێنیت و بتهاڕێت.

چیرۆکەکان:
١- پووڵ وەرگرتنی گوو
٢- خۆم و کات (چیرۆکی نێوان گۆچان و کاتژمێرێک)
٣- نووسەرە خۆکوژەکەی وڵووبە
٤- گۆبەندی پێڵاوەکە
٥- سێ نالییەکە




کوشتنی بەکر عەلی و خۆکوشتنی ژەنەڕاڵی پاییز و بەکوشتدانی کۆساری، وەک بەئاگانەهاتنەوەی شاعیران.. پێشەوا کاکەیی

  شاعیران وەک شایەتحاڵی ژیان و ئاشکراکەری مانا، هەمیشە بابەتی ستاییش بوون، چونکە شاعیران دەتوانن شێوازی ناوازەی ئەزموونی خۆیان بە کار بهێنن بۆ گۆڕینی ژیانی سەرلێشێواو بۆ ژیانێکی مانادار، جۆرێک لە «گەڕانەوە بۆ دڵی ڕەسەن». بەڵام له جیهانی ئەمڕۆی به هەڵه ڕێکخستنی به هاکاندا، شیعر له شیعری ساختەدا تا دێت بێ بەها دەکرێت نەک دەبێت! و شاعیرانی ساخته دەستیان کردووه به کەڵک وەرگرتن له یاریی وشە سواوەکان و لابردنی نیگەرانییه بەها قورسەکان، ئەزموونه ساختەکانیان کردووەته قوربانی شیعر. ئەو شاعیرانەی کە ڕستەی درێژ و کورت لە هێزی زماندا ڕێک دەخەن، ناشیعری دەبەخشن بە مرۆڤەکان- شێوازی گێڕانەوەی بێباکانە، بەرکەوتنی هەستە لاوازەکان، نەمانی هۆشیاری ڕاستەقینە و هەستی خوێناوی، یاری و گواستنەوەی ئازاربەخش، ئەمە دەرکەوتنی ماندوویی شیعرە لە کۆتایی سەدەدا.

  ئەم هۆکارانەی سەرەوە، زنجیرەک خۆکوشتی بەدوای خۆیدا هێنا و زنجیرەیەکیش کوشتنی لێکەوتەوە لە کۆی وڵاتانی جیهاندا. بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی خۆکوشتنی شاعیران و کوشتنی شاعیران، بێباکی سەردەم لە ئێستاماندا زیاتر دەردەکەوێت. شاعیرێک لەکاتی بانگەوازی «نیشتەجێبوونی شیعری»ـدا خۆی کوشت، کە پێشتریش شاعیرێک لە پێناو «نیشتەجێبوونی مرۆڤ»ـدا کوژرا. هەروەها شاعیرێکیش بە تەور کوژرا لە پێناو ئەوەی «دەبێت وەک من بیر بکەیتەوە تا نیشتەجێ بیت، دەنا یاخی ببە». دوای ئەو کارەساتە گەورەیەی کە بە هۆی ئەقڵانێتی ئامرازیی و ئەقڵانێتی مێژووییەوە لە سەدەی بیستەمدا درووست بوو، خەڵک داوای دەرکەوتنی ئەقڵانێتی مرۆڤدۆستانەیان کرد؛ بەڵام لە قەرەباڵغی کۆتاییی سەدەدا دیمەنێکی خۆکوشتنی شاعیران زیاتر بوو.

  تەنیا لە ماوەی چەند ساڵێکدا، «لە چاوترووکانێکدا»، شاعیران خرانە «پەراوێز»ەوە. تا دێت زمان دەئاوسێت، بیرکردنەوەکان سفر دەبنەوە، شیعر هەڵدەبزرکێت، بیرکردنەوە شیعرییەکان نامێنن و جیهان دەبێتە جیهانێکی «نووسراو».- [ڕەنگە]؛ کاتێک ژەنەڕاڵ لە ماڵەکەی خۆیدا خۆی بە پەتێکدا هەڵواسی، بۆ ئەوە بووبێت خۆکوشتنی لە شیعرەوە وەرگێڕابێتەوە سەر دۆخی کەتواربوونی، هەر وەک چۆن بە «چاوە ماندووەکانی» بووبێت کە بینیبێتی شیعر لە کۆتایی سەدەدا ڕەگ و ڕیشەی خۆی لە دەست دەدات و لەژێر فشاری بەکارهێنانی بازرگانی و ئەقڵانێتی تەکنۆلۆژیدا دەڕوات و لە لێواری لەناوچووندا دەبێت، بۆیە بڕیاریدا خۆی بڕوات. ئەمە ئەگەرێکە کە چیدی شیعر، شاعیر وەک نیشتەجێبوونی خۆیشی قەبووڵ نییە.
  
خۆکوشتنی شاعیرێک بوو بە ڕژدیترین ڕووداو لە دیمەنی ڕۆشنبیری ساڵانی نەوەدەکاندا. ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڕووکارەی ژیان و مردن و گەڕانەوە بۆ سەرەتای ڕێگای هەڵە و گەڕانەوە بۆ بناغەی بیرکردنەوە و گەڕانەوە بۆ ئەقڵانێتی بەها، بەئاگاهاتنەوەی نوێی میللەتە بۆ جیهانی نوێ و هەروەها لە جیهانێکی پڕ لە ئارەزووی ماتریالیزمدا، ئێمە شیعر بە کار دەهێنین بۆ تێگەیشتن لە گەشتی نوێبوونەوەی ڕۆح.

  (بەکر عەلی)ـی شاعیر، لە دواساتی ژیانیدا، هەڵوێست و مافی ژیانی خەڵکی چەوساوە و گەڕەکی حامیەی سلێمانی کردە هاوسەنگی ژیانی خۆی و دوا شیعری خۆی، کە لە لایەن کەسانی پارێزگاری سلێمانییەوە تیرۆر کرا. ڕاستە بەکر عەلییش وەک بیر سەر بە چەپ بوو، بەڵام ئەو مانیفێستۆی ئەوەی دەکرد کە وەک خودی مرۆڤێکی سەربەخۆ ئامادەییبوونی هەبێت کە پێویستە لەسەر چینی هەژاران و کرێکاران بە دەنگ بێت کە خۆیشی سەر بەو چینە هەژارەیە. ئەو کات دەسەڵاتی چەتەگەری کوردایەتیی کە حیزبەکان لەو کاتەدا لە لایەکەوە کەوتبوونە بەکوشتدانی خەڵکی لە شەڕی ناوخۆ و لە لایەکی تریشەوە دەستیان کردبوو بە چەوسانەوەی خەڵکی و برسیکردن و کوشتن. مردن، بیرکردنەوە و ئازارە نەگێڕدراوەکان لەگەڵ خۆیدا دەبات. ئەم مردنە قورسە نەک هەر نیشانەیەکی گەورەی پرسیار بۆ هەموو مرۆڤێکی زیندوو بە جێ دەهێڵێت، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ بە نایاساییبوون و «سووکیی ژیانی بیرکەرەوەکان» لە لایەن دەسەڵاتی کوردییەوە کە دواتر گەشەی پێدرا تا گەیشتە سۆرانی مامەحەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی و چەندانی تر…
ڕەنگە، مەرگی شیعری شاعیر لای ژەنەڕاڵ ئیرۆنییەکی گەورە و ئاماژەیەکی هۆشیار بێت بۆ ژیانێکی بێ بایەخی ساڵانی نەوەدەکان. دەرەنجامی خۆکوشتنی شاعیر ئەوەیە کە دەزانێت شاعیر لە بیر دەکرێت و پێشی وایە کە ئیدی ئەو شیعری لە بیر ناکرێت. شاعیر، وەک گەڕان و لێپرسینەوەی ڕۆحی ئەم سەردەمە، لە سەردەمێکدا خۆی کوشت کە پڕ شاعیر و ئامادەییی شاعیرانەی تێدا نەبوو، سەردەمێک کە پێویستی بە شاعیران و سرووشتی شیعری و هەستی شیعری بوو. شاعیر لە کاریگەرییەوە تا سنووری بیرکردنەوە و ڕۆح و ئەزموون و هەستی دۆڕان و نائومێدی کە تەنیا دوای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستییەکان دەتوانێت بێدەنگ بمێنێتەوە، مرد. خۆکوشتنی شاعیر فۆرمێکی توندڕەوی تەنیایی نەبوو، بەڵکوو چەقبەستوویی مرۆڤێکی شیعریی و نائامادەیی شاعیران بوو.

هەرچی لای کۆسارییە، ڕاستە شاعیرێکی ڕاستگۆ و چاونەترس بوو، لێ نە سەر بە ڕەوتی خۆکوشتن بوو کە لە ڕێی نائومێدییەوە پێی بگات، نە سەر بە ڕەوتی کوژراو بوو کە دەسەڵاتی ستەمکار بهەژێنێت، ئەو شاعیرێکی ڕادیکاڵ و لیریکی نەبوو، بەڵکوو لە هەناوی ئایدیۆلۆیا و شیعری بەرگریی دینیی و نەتەوەییەوە سەری دەر هێنابوو. ڕاستە شیعری تری هەن، بەڵام سەر بە ڕەوتێک بوو کە لە پێناویدا خۆی بکوژێت و لە بەرانبەریشدا بکوژێت و بشکوژرێت. دواجار بە هۆی ئەوەی کە لە بەرەیەکی حیزبییەوە دەجەنگا دژی حیزبێکی تر و ئایدیایەکی تر، بە تەور کوژرا. لەگەڵ ئەوەیشدا، بەرانبەرەکەی- نەیارەکەی کەوتبایە بەردەستی، بە تەور و تفەنگ دەیکوشت. بۆیە کوشتنی ئەو نە جوانییەکە کە هەموومان تێیدا بەشدار بین و نە توندڕەوییەکە کە هەموومان قەبووڵی بکەین، بەڵام دواجار ئەوە بۆ خوێنەری شیعر و مرۆڤ گرنگە کە کوشتن ڕەت بکرێتەوە. بۆیە کوشتنی ئەو کوشتنێکی نامرۆڤانە بوو، بەڵام ئەویش لە بەرانبەر مرۆڤدا وەک فریشتەئاسا مامەڵەی نەدەکرد، بەڵکوو وەک شۆڕشگێڕێکی ئایینی نەک نیشتمانی، ئامادەیی هەبوو. یانی ئەو لە ڕێی تاکەوە بیری نەدەکردەوە، بەڵکوو لە سەرەوە بیری پێ دەکرایەوە، لە سەرەوە فەرمانی کوشتن و خۆکوشتنی بۆ دەردەچوو. لە سەرەوە دانوستاندن و ڕەتکردنەوەی قەبووڵ بوو. لە کاتێکدا ژەنەڕاڵی پاییز، مردنێک نەبوو لەوی دیکەوە پێی بگات، خۆی پێی گەیشتبوو. بەکر عەلییش دژی خۆکوشتن و کوشتن بوو، بەڵام ڕێیەکی گرتبووە بەر تا هەموون تێیدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بژین، بەڵام تێیدا کوژرا.

  ژەنەڕاڵی پاییز بۆ دەرکەوتنی بەهای ژیانی خۆی، خۆی دەکوژێت. ڕەنگە ئەدەبیاتی کولتووری نەریتی کوردی لە [گیان بەخت بکە لە پێناو ڕاست و درووستی]ـیەوە دەست پێ بکات، کە واتایەکی ڕاستەوخۆی سەیرکردنی دڵ و ڕۆحیشی هەیە. پاشەکشەکردن لە جەنجاڵی دنیای ئێستا و پاراستنی هەقیقەتی ڕۆح، بەدواداچوونی بێوچانی فەیلەسووفە شیعرییەکانە، بۆیە شاعیر وای بیر کردووەتەوە: کە جەماوەر نەیتوانیوە شاعیری لە بیر بێت، بۆیە خۆی دەکوژێت. هەرچی بەکر عەلییە، ئەو جەماوەری لە بیر بوو تا خۆی وەک شاعیری لە بیر بێت. خۆی لە بیر بوو وەک مرۆڤ کە لەگەڵ خەڵکی گەڕەکە هەژارنشین و خانووە قوڕینەکاندا بژیێت، بۆیە پێچەوانەی ئەوانی تر، گوتاری دا و خۆی نەکوشت بەڵکوو هەموومانی کوشت لە بێدەنگیدا کە تا ئێستا نەمانتوانیوە بکوژەکە بدەینە دادگا کە بەکر عەلی لە پێناو هەمووماندا خۆی بە کوشتن دا. لەو ماوەیەشدا، ماعیرێکی میتی کەناڵی ڕووداو بەرپرسی بکوژ لەگەڵ باڵۆنەکەیدا بەرز دەبنەوە بەرەو ئاسمان تا وەک دیمەنێکی پاک لێی بڕوانین. دەی ئێمە جگە لە تفکردن لە کاکی ماعیر و بکوژ، هەق نییە شتێکی تر بڵێین، چونکە گوتن لە گوتن دەکەوێت.

ژەنەڕاڵی پاییز بە هۆی خۆکوشتنەوە بوو کە وەک شاعیرێک ڕێگەی خۆی گرتە بەر. لەبەر ئەوەی شاعیر پێشوەختە و بەپەلە خۆی نەکوشتووە، بەڵکوو لە هەشتاکانەوە لەناو شیعری ئەویندا خۆی بۆ یار کوشتووە کە شیعرگەلێکی هەن خۆکوشتنی خۆی تێدا تۆمار دەکات. هەر وەک چۆن چەندین شاعیری ئەورووپا هاوڕێکانیان لە مردنیان ئاگادار دەکەنەوە، بەڵام کەس گوێیان پێنادات تا خۆکوشتنیان ڕایاندەچڵەکێنێت. ژەنەڕاڵیش ئاوها پێش خۆکوشتنی، مردنی خۆی لەناو شیعردا خستبووە گەڕ، کەس پێشی پێنەگرت، لەناو مردندا ڕاکشابوو، بەڵام هەمیشە شاعیرانە ئامادەیی هەبوو لەسەر شەقام و جووڵە و پەیڤی ڕۆژانەی کردبووە جێگرەوەی شیعر. هەرچی بەکر عەلییە، هەرگیز کایەی شیعرییەکەی نەگەیشتە کایەی «ڕێگا تەواوبووەکەی». کوشتنی لە لایەن دەسەڵاتی پارێزگارەوە وای لێدەکات پێشوەختە ماڵاوایی لە شیعر بکات، بەڵام لەناو چرکەساتی ئامادەییی شاعیربووندا ماڵاوایی لێکردین. ماڵاواییکردن لە شیعر لای ژەنەڕاڵ تەنیا دەتوانێت وا لە خەڵک بکات کە شیعر بێسوودە و شاعیر شیعری بە جێ هێشتووە. شاعیر بووەتە زیادەڕۆیی و شیعریش هەروا. لە کاتێکدا، خەڵک ماتەمینیان بۆ شاعیر گێڕا و ئێستاش وازیان لە شیعرەکانیان نەهێناوە، چونکە شیعری هەمیشە زیندووە. مردنی شاعیر تەنیا شتێکە کە دوای نانخواردنی ئێوارە باسی دەکەن، گەڵایەکی پاییزی لەرزۆکە لە دیمەنە بێ بایەخ و بێزارکەرەکانیاندا و پەڕێکە کە بۆ ڕازاندنەوەی تێگەیشتن لە کولتووری خۆیان بە کاری دەهێنن. هەرچی کۆساری بوو، سوودی لە ئەزموونی شۆڕشگێڕی و دەنگ و شیعری بەرگری وەرگرتبوو، هەم شێوازێکی شێرکۆئاسای هەبوو بۆ بەرگری، کە سەردەمی بەرگری کۆتایی نەهاتبوو، هەم شێوازی خوێندنەوەیشی کەڵکی لێ وەرگرتبوو تا خرۆش بداتە هەوادارانی و پەلکێشیان بکات بۆ ناو ڕەوتەکەی؛ بەڵام لە گوتنی شیعردا ڕاستگۆ و بوێر، سڵی نەدەکردەوە لە لایەنی بەرانبەر. بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەویش دژی ئەو دەسەڵاتە چەتەگەرییە دەجەنگا، بەڵام حیزبەکەی خۆیشی لەو چەتەگەرییەی دوای کۆڕەو و شەڕی ناوخۆ درێغی نەکردووە.

  بۆیە لەم سەدەیەی ئازاردا، لەم سەدەیەی خەمی دەستکەوت و زیانەکاندا، لەم وەرچەرخانە مێژووییە پڕ لە هیوا و نائومێدییەدا «هیوا لە نائومێدیدا، نائومێدی لە هیوادا»، لەو ساتەدا، کە شاعیرێک خۆی بکوژێت، شیعری دەمێنێت کە شیعر بووبێت، بەڵام خۆی تا ئێوارە لەناو تۆڕی کۆمەڵایتیدا وێنەکەی وەک تەرمێک دەستاودەستی پێ دەکرێت تا بەیانییەکەی بە یەکجاری دەینێژن لە چاو و دڵدا. شاعیران وە ئاگا دەهێنمەوە، کە هەوڵدەن لە شیعردا زۆرتر بژیین تا هیچ نەبێت دواتر کەمێک بژیین.




کتێبێکی لێکۆڵینەوەی پێشەوا کاکەیی چووە چاپەوە

کتێبێکی لێکۆڵینەوەی پێشەوا کاکەیی، بە ناوی: ((پشکۆکانی ناو زمان و شیعر لە کتێبی [شەوێک ئاسمان پڕبوو لە ئەستێرەی شیت]ـی بەختیار عەلیدا)) چاپ و بڵاو ‌دەکرێتەوە

له‌باره‌ی ئه‌م کتێبەوە، پێشەوا کاکەیی ده‌ڵێت:
ئەم کتێبە، سێیەمین کاری لێكۆڵینەوەی منە لەبارەی شیعرەوە بە شێوەی کتێب و یەکەمین لێکۆڵینەوەمە لەسەر کتێبێکی بەختیار عەلی، کە لە داهاتووشدا کاری تری بەدواوەدا دێت. ئەم کتێبە لە لایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەندەوە چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. کاری هەڵەچن و ڕێنووسکاری (وشیار عەلی)ـیە و بەرگ: (ئیبراهیم ساڵح)ـە.
لێرەدا تەنیا تیشک دەخەمە سەر جیهانبینيی شیعری بەختیار عەلی لە کتێبی [شەوێک ئاسمان پڕ بوو لە ئەستێرەی شێت]ـدا، کە جیهانبینیی شاعیر وێنەی «ژوور»ی هەیە کە هەر ژوورێک پەنجەرەیەکی دیکەی بۆ لێڕوانین هەیە. کرۆکی ژیانی سرووشت و مرۆڤ لە جەستەدا، لە یادەوەریدا، لە خۆشەویستیدا، لە جیهاندا دەژی. ژیانیانە دەڕوانێتە ژیان و تێیدا هەڵوه‌ستە دەکات و دەمێنێتەوە. هەمیشەیيی ژیانی لە مرۆڤدا لە ڕێگەی گواستنەوەوە نیشتەجێیە. ژیانی یەک لەدوای یەک شێوەی خۆى دەگرێت و خۆی لە قووڵاییەکانیدا جێگیر دەکات.
دیدگای جیهانيی شاعیر وەهایە کە شیعرییەت ڕێکارێکی شیعری نییە، بەڵکوو ئەزموونێکی مەعریفییە، شێوازێکە بۆ چاودێریکردن و تێگەیشتن و پڕۆژەکردنی جیهانێک. هاوپەیمانییەکی نهێنی لە نێوان شیعر و دیدگایدا دۆزیوەتەوە کە شیکردنەوەی فیکرە لەناو شیعردا.
شیعری بەختیار عەلی خاوەنى مێژوو و نەریتێکی دوورودرێژە لەناو خۆیدا بۆ دەرەوەی خۆی، گەڵاڵەی «شیعری بزۆز دەردەبڕێت» كه‌ وەک «بەرنامەی بناغەیی» خۆی پێ وەردەگرێت. شیعرەکانی پەیوەندييان بە نەستەوە هەیە و میوانداريی هەست دەکه‌ن. ئەوە شاعیرە سەر بە جیهانی تەمومژاويی زمانی نییە، بەڵکوو سەر بە جیهانی ئاڵۆزی بیرە کە سەرەتا لە ڕێی زمانەوە ئاڵۆزی دەکات. لەژێر بای بەهێزی گەڕان و ئاڤانگارددا، گومانی بۆ فرەواتایيی سەیروسەمەرەی وشەکان یان هونەرەکانی دەربڕین هەیە، کە وا لە خوێنەر دەکات وەک هەوری بڵند بیخوێنێتەوە.
دەکرێت بڵێین کە زۆربەی تێگەیشتنی خەڵک لە شیعر لە ئێستادا هێشتا لە قۆناغی شیعری تەمومژاویدایە و هێشتا بە شیعرێکی نەخوێنراوه‌ دەڵێن «زۆر تەمومژاوی»ـیە. کاریگەريی بەهێزی ئەم جۆرە شیعره‌ تەماوییە، دووريی مرۆڤەکان لە شیعرەوە لەدوای شیعری تەماوییەوە دەردەخات. شیعری ئەو، شێواو و تێکشکاو نییە. بۆ ئەوەی بڵێین شیعر سادەیە، لە هەقیقەتی شیعردایە کە بە هەستی ڕاستەقینە دەنێررێتە دەرەوە، نەک لەپێناو شیعر و شیعر لەپێناو نووسینی بێهەستدا بنووسرێت.
ئەم خوێندنەوانە، شێوازی خوێندنەوە و ڕانان و لێکۆڵینەوەی ئه‌کادیمیا پاته‌بووەوه‌کانی زانستگەکان نییە. پێوەری داڕشتن و هەڵگرتنی شیعری هەر شاعیرێکی [ئەلف نییە لە جێی بێ، بێ لە جێی جیم،] کە توێژینەوەی شیعری ئەمڕۆ تووشی جوینەوە و لەبەرگرتنەوە بووە. من بە شێوازی خۆم ڕامان و دیدگاکانی خۆم سەربار دەخەم و لەپاڵیدا له‌ كێڵگه‌ى شیعريدا توێژينەوە دەكەم. [پشکۆکانی ناو زمان و گڤەگڤی ناو شیعر،] کارکردنە لەسەر بیست بابەت، لەسەر بیست شیعری ناو کتێبی [شەوێک ئاسمان پڕ بوو لە ئەستێرەى شێت]ـی بەختیار عەلی. ئەو کە خۆی (٤٨) ناونیشانی شیعری لە خۆ گرتووە. بەڵام لەبەر ئەوەی کێڵگەی ئەم کارکردنە، لەسەر «بیر و زمان»ـە، بۆیە زۆرێک لە شیعرەکانی دیکەی شاعیر بەسەر ئەم بیست بابەتەدا دابەش دەبن و هەروەها تەوەری دیکەیش لە خۆ دەگرن کە له‌م خوێندنەوانەدا جێيان نابێتەوە.

بابەتەکانی دووتوێی ئەم کتێبە

  • باڵگرتنی زمان لەناو زەماندا، لە شیعری [ئەو ئەسپەی لە دەست زەمان ڕایکردووە]
  • ئازار و غەم وەک پرسێکی ئەزەلی، لە شیعری (دەربارەی ئازار)دا
  • کارخانەی مردووان، لە شیعری (لەناو مردووەکاندا)
  • شەڕی شوێنکات، لە شیعری (تۆ)دا
  • پەیامبەرێکی ڕەش، لە شیعری [دڵم پڕە لە بولبولی ڕەش کە نایەنە دەرێ]
  • گێڕانەوەی دوانەیی، لە شیعری [هەندێ لەو شتانەی من دەیانبینم]
  • چێژبینین لە ئازاردا، لە شیعری (مازۆشییەکان)ـدا
  • وێنەی با و ئاماژەکانی خوازە، لە شیعری (کە ئەو تەنیا بایە، با)دا
  • وشە و وێنەی خودا، لە شیعری (ڕۆژێک تەنیا هاوارەکانمان ڕزگارمان دەکەن)
  • سەردەمی میکانیزمی نوێ، لە [بووین بە بووکەشووشە]دا
  • ڕەشبینی وەک دووربینی، لە شیعری [بۆ وای کرد خودایە بۆ]
  • گەمارۆدانی شار، لە شیعری (شارێک کە بۆ هەمیشە ون بووە)
  • شیعر وەک بەرگریکارێک، لە شیعری [ترسی چەتەکان لە شیعر]
  • دەربڕینەکانی زمان، لە شیعری (بەستنەوە)دا
  • هێزی نەناسراو- وەک پەیوەندییەکی دیکە، لە شیعری [گەڕانەوەی ئەبەدی]ـدا
  • خودا لە توولەڕێیەکانی ناو شیعردا، لە شیعری [شوێنە ناکۆکەکان]ـدا
  • ڕێگای ڕزگاربوونی خود، لە شیعری [لە هیجای ڕێگاکاندا]
  • دژەخاڵی مێژوویی، لە شیعری [جیهانێکی دی]ـدا
  • فيلمى شیعری و شیعری فيلمى، لە شیعری [خۆکوشتن و دەرمان]ـدا
  • گوتاری ناو شیعر و شیعری ناو گوتار، شیعری [هەوای تازە]ی بەختیار عەلی و [شیعر و دازاین]ـی هاشم سەڕاج بە نموونە



گیتی‌نامە، (گەردووننامە) سێیەمین کتێبی وەرگێڕراوی شیعری پێشەوا کاکەیی چووە چاپەوە

دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، ئەمڕۆ سێیەمین کتێبی شیعری وەرگێڕراوی (پێشەوا کاکەیی) کە لە لایەن (باست مورادی)ـیەوە، وەرگێڕراوە، چووە چاپەوە. ناوی کتێبەکە بە فارسی (گیتی‌نامە)یە و کوردییەکەی: (گەردووننامە)یە کە لە لایەن وەشانخانەی نووسیار چاپ و بڵاو کرابووەوە، ئەمڕۆ فارسییەکەی لە لایەن ناوەندی (ئەفراز) لە تاران چووە چاپەوە.




سێ کتێبی شیعری پێشەوا کاکەیی چاپ و بڵاو کرایەوە

١- ڕۆمانەشیعر-دەقی‌واڵای (ئۆقیانووسیا بە تامی شیعر)ی پێشەوا کاکەیی چاپ و بڵاو ‌کرایەوە

پێشەوا کاکەیی، خاوەنی چەندین کتێبی شیعری و لێکۆڵینەوە و نامەی ئەدەبییە؛ هەروەها خاوەن دوو مانیفێستۆی پڕۆژەی شیعرییە، بە نێوی: «شعرەڕێ» و «شعرەڕێی گەلدۆزی» کە کارنامەکەی شیعرەڕێ لە هەشت پڕۆژە پێک هاتووە، ئەوانیش:

۱- ئەفریقانامە، بە تامی شیعر.
۲- زەمیننامە، بە تامی شیعر.
۳- ئەمریکای باشوور، بە تامی شیعر.
٤- ئەمریکای باکوور، بە تامی شیعر.
٥- زەریا و بەستەڵەکی باشوور، بە تامی شیعر.
٦- ئۆقیانووسیا، بە تامی شیعر.
۷- ئاسیانامە، بە تامی شیعر.
۸- ئەورووپانامە، بە تامی شیعر.

شاعیر، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە تاکوو ئێستا، شەش پڕۆژەی نووسیوە، هەروەها بەرگی یەکەمی مانیفێسۆی دووەمی شیعرەڕێی گەلدۆزی) بە چاپ گەیاندووە کە یازدەبەشە.

له‌باره‌ی ئه‌م پەڕتووکەوە پێشەوا کاکەیی ده‌ڵێت:
ئەم بەرهەمە: دووەم ئەزموونی شیعری منە کە لە (ڕۆمانەشیعر-دەقی وڵا)دا خۆی دەبینێتەوە. پڕۆژەی شەشەمی کارنامەی (شیعرەڕێ)ـمە کە لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە کاری لەسەر دەکەم. ئەمەیش دوای ئەوەی دێت کە پڕۆژەی پێنجەم (زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر) وەک (ڕۆمانەشیعر-دەقی‌واڵا) لە ساڵی ٢٠٢١ نووسرا و لە ساڵی ٢٠٢٢ چاپ کرا. لەو پەڕتووکەدا، پێشەکی و کورتەیەکی تێدایە لەبارەی (ڕۆمانەشیعر-دەقی‌واڵا) وەک ژانرێکی نوێی شیعری، کە ئەم ژانرە خۆم لێکم داوە و بەرهەمم هێناوەتەوە وەک ژانرێکی نوێی شیعری. بە واتایەکی تر، من خاوەنی ئەم ژانرەم لە مێژووی شیعردا. لەو پەڕتووکەدا، سێ کاری جیاوازم خستووەتە ڕوو، کە ئەویش ئەوەیە لەدوای زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر دیسانەوە وەک ڕۆمانەشیعر-دەقی‌واڵا هاتووەتە بەرهەم. هەروەها یەکەمین جارە (ڕۆمانەشیعر-دەقی‌واڵا) لەبارەی ئەم قاڕەوە دەنووسرێت بە شیعر. هەروەها جارە شیعری تێدا زاوەتەوە و بە شیعر بەستراوەتەوە. ئەم پڕۆژە شیعرییە، خەم و ئازار و حەیرانی کەسێکە کە دەیەوێت لەناو دوورگە و شەپۆلەکانی وڵاتانی ئۆقیانبووسیادا، زمان و فکر و مێژوو و ڕەخنە و هێزی داگیرکەر و کۆمەڵەشتێک بگێڕێتەوە، خەمی کورد وەک بوون و هەبوو بەر باس بدات. کورد دەباتە ناو ئەو گەلانەی کە لەو قاڕەدا دەژین و گەلانیش ڕادەکێشێتە ناو خۆیەوە، لەوێوە هەم ڕەخنە لە خۆی و هەم لە جیهانیش دەگرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، کوردێکی گەڕیدە لەناو و ئاو و دوورگەکاندا جیهانی ژینگە بەر باس دەدات. باس لە گرنگی زمان و شوناس و کولتوور و داهاتوو دەکات و دەیانخوێنێتەوە.

پارچە شیعرێک لە کتێبی: (ئۆقیانووسیا بە تامی شیعر)ەوە…

ڕاناچڵەکێن، کێ؟ مرۆڤ ڕاناچڵەکێ!
ئەگەرچی هەریەکە لە جێی خۆیەوە،
[ڕا دەردەبڕێت و
ڕان دەخوات و
ڕانا، دنیای سەرمایەداری و
ناچڵە کارەکانی و
چڵ بە چڵی درەخت دەشکێنێ و دواییش دەڵێ
کێ بووە؟
دێتەوە ناو زمان و
بەستەزمان خۆی نیشان دەدات و دەڵێ
کێ ڕاناچڵەکێ؟ دیسانەوە دەڵێم مرۆڤ ڕاناچڵەکێ!]

بەڵێ ڕاناوەستێ،

بێ ڕا و ناو و ڕاناو و ئاو دانامرکێتەوە،
خۆی پێ دانایە و مرکەمرکی دێ و خەو دەیباتەوە.
کە لە خەو هەڵدەستێ، دەنواڕێ
ئاسمان ساوە و هەڵم لەسەر ئاوەکان هەڵدەستێ.
ببوورن ئەی دوورگە زگدڕاوەکان!
هێندەی ئاو بخۆنەوە هەڵمساون،
لەناو زەریادا قەتیس ماون!
مرۆڤ فێر بووە بە دەستبەسەریەکترداشکاندنەوە
دەست دەکات بە پۆز،
دەستبەسەر دەبێت بە هۆی تاوانەکانی،
بەسەر یەکتریدا دەڕشێنەوە،
یەکتر دەشکێننەوە،
داش دەدەنە یەکتری و
داشکاندن بۆ خۆیان دەکەن کە ئیتر
شکاون و هەڵناستنەوە.

٢- چاپی دووەمی «پاشماوەی هەناسەکان»‌ـی پێشەوا کاکەیی چاپ و بڵاو کرایەوە

ئەم بەرهەمە: لە ماوەی ساڵانی (٢٠٠٥ – ٢٠٠٨)ـدا نووسراون، ساڵی ٢٠٠٨، بۆ جاری یەکەم لە چاپخانەی گەنج لە سلێمانی لەسەر ئەرکی نووسەر خۆی چاپ کراوە. چاپی دووەمی لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی دیسانەوە لەسەر ئەرکی نووسەر خۆی چاپ کراوەتەوە. ئەم پەڕتووکە: پێک هاتووە لە (٣٨) شیعر و لە دووتوێی (١١٨) لاپەڕەدا و لە چوارچیوەی فکری و سیاسی و ئەوینی و ڕەخنەدا خۆی دەبینێتەوە. کاری ڕێنووس و هەڵەچنی: (وشیار عەلی) و کاری بەرگ: (ئیبراهیم ساڵح)، بە ئەنجامیان گەیاندووە.

.
پارچە شیعرێک لە کتێبی: (پاشماوەی هەناسەکان)ـەوە…

شێتەکان سیگارکێشێکى عەجايیبن،
لە یەکەم مژیاندا
دووکەڵێکى خەیاڵاوى وێنا دەکەن،
کە دەبینن لە وێنەی ئافرەتێكى ڕووت دەچێ،
قونچکى سیگارەکەش دەمژن!

٣- چاپی سێیەمی «منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم»‌ـی پێشەوا کاکەیی چاپ و بڵاو کرایەوە

ئەم بەرهەمە: لە ماوەی ساڵانی (٢٠٠٧ – ٢٠١٠)ـدا نووسراون، ساڵی ٢٠١١، بۆ جاری یەکەم لە چاپخانەی دیلان لە سلێمانی لەسەر ئەرکی نووسەر خۆی چاپ کراوە. چاپی دووەم و سێیەمی لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی دیسانەوە لەسەر ئرکی نووسەر خۆی چاپ کراوەتەوە. ئەم پەڕتووکە: پێک هاتووە لە ١٦ شیعر و چامە، کە خۆی لە (١٠٧) لاپەڕەدا دەبینێتەوە، کاری ڕێنووس و هەڵەچنی: (وشیار عەلی) و کاری بەرگ: (ئیبراهیم ساڵح)، بە ئەنجامیان گەیاندووە.
ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی سەرەتای نوێی شاعیرە لەمەڕ بوونێتیی هەبووەکان، کاکەیی لەم بارەوە دەڵێت: ئەم بەرهەمەم لەمەڕ دنیای ڕۆحانیی و هەبوویەتیی بوونەکانەوەیە، کە بوون تێیدا ناوەندی دەقە. ڕوانینە لە جیهانبینیی مرۆڤ بۆ بوونەکان، کە لە پێناو خودێتیدا بوونەکان دەخەنە ژێر حەز و ویست و دەسەڵاتی خۆیانەوە. مرۆڤ وەک بکوژی لێ هاتووە لە پێناو خواستەکانیدا، هەبوویەتیی دیکە وەک پێویستی بۆ هەبوویەتیی خۆی تەماشا دەکات. لەم بارەوە، لە پێشەکیی پەڕتووکەکەیدا دەڵێت: «گوڵ، ئەو ڕۆحە موقەددەسەیە، کە وەک گشت ڕۆحە خوڵقاوەکانى دیکەى خودا، بە دیار پشووى درێژى ژیانه‌وه‌ ڕاوەستاوە و هەمیشە لە دەلاقەى جوانيى خۆیەوە دەڕوانێتە ژیان. ئەوە گوڵە هەمیشە فەرامۆشیمان دەداتێ، وێنەى بەهەشتمان نیشان دەدات. گوڵ شوێنگەى خۆی ڕازاوەیە و دەروونى مرۆڤەکانیش ئاسوودە دەکات؛ ئه‌گەرچی هەر گوڵە، دەبێتە شەهید و ئەنفالی «زیندەبەچاڵ»ـى دەستى مرۆڤەکان.»

پارچە شیعرێک لە کتێبی: (منم دیدەوانیی گوڵ دەکەم)ـەوە…

ئەى گوڵ! تۆ موحیبەتیت،
چۆن دڵم دێت ڕۆحت بکێشم؛
سەرت لە لەش جـیا بکەمەوە و
بتکەمە قوربانى بۆ یارەکەم!
ئیزنم بدە ئەى گوڵ!
بە خاکەوە بتگوێزمەوە بۆ لاى ئه‌و؛
دەستێکم بە قەدتەوە،
تا دڕکەکانت بە پەنجەمدا بچن و خوێناوى بن،
دەستێکیشم به‌ ڕەگوڕیشەى نێو خاکته‌وه بێت‌.
تا تێبگات یارم کە تۆش موحیبەتیت.
ئیزنم بدە ئەى گوڵ!
دیدەوانیيت بکەم و نەهێڵم کەس لە دژت بجەنگێت،
تا ئەو ساتەى تەمەن یەخەت دەگرێت؛
تا خودا، بەرەو مەرگت ڕادەکێشێت.




شیعری شەرابی لای لی بای.. پێشەوا کاکەیی

لەم گوتارەدا باس لە شیعرەکانی تایبەت بە شەراب دەکەین کە لە لایەن [لی بای]ـەوە نووسراوە. ئەو شاعیرە ژمارەیەکی زۆر شیعری لەبارەی شەرابەوە وەک تەوەر و ناوەرۆک خوڵقاندووە. ئەم شیعرانە بریتین لە: [ستاییشکردنی باری دەروونی شاعیر، ڕوونکردنەوەی ئایدیاڵە سیاسییەکانی شاعیر، لێکدانەوەی بیروباوەڕی ئایینی شاعیر]، لە ڕێگەی «شیعرە شەرابییەکان»ـەوە کە شاعیر نووسیویەتی، دەتوانین تێگەییشتن لە شێوازی هونەری و هونەری شاعیر و تایبەتمەندییەکانی و هتد… بە دەسی بهێنین.
لی بای، نزیکەی (٢٤٣) شیعری پەیوەندیدار بە شەرابەوە نووسیوە، وەک [«شەراب»، «خواردنەوەی شەراب»، «خواردنەوە» و «سەرخۆشی/ مەستی» کە نزیکەی ١/٤ شیعری لی بای پێک دەهێنن. شیعرەکانی وەک «دەچێتە ناو شەراب» و «خواردنەوە بە تەنیا لەژێر مانگدا» باس لە هەستی دەوڵەمەندی ژیانی لی بای دەکەن. لی بای بە دوای ئارەزووە فراوانەکانی خۆیدا دەگەڕێت لە ڕێی شەرابەوە.
لی بای، ڕۆحی جوانیناسی شیعرەکانی جێگای ستاییشە. لە دەستکەوتە هەبووەکاندا، لە شیعری ئەو شاعیرەدا، «شەرابی باش»ـی خۆش ویستووە، هەروەها شیعری خواردنەوەی زۆر نووسیوە. لێرەدا لە لایەنی لیریکی ڕۆمانسی و شێوازی هونەری و تایبەتمەندییە مۆسیقییەکانی شیعری شەرابی لی بای بەر باس دەدەم کە لە ڕێگەی وێنەسازی شەرابەوە دەگەیەنرێت.

شێوازی هونەریی «شیعری شەراب»ـی لی بای
لی بای نوێنەری شاعیری لیریکە، سەرنجی لەسەر شیعری لیریکییە، بەڵام شیعرە شەرابییەکانی هێشتا سیفەتی ناوازەی سرووشتی خۆی هەیە؛
شیعرە شەرابییەکانی لی بای بە شێوازی هەمیشە گۆڕاو دەربڕراوە. کارەکتەری لی بای بوێر و بێ ڕێگرییە، بە دەگمەن شیعری شەراب بە پێی مەرجی بەیتە ئاساییەکان درووست دەکات، ژمارەی شیعری ڕێکخراو لە بەرهەمەکانیدا زۆر سنووردارە، دیاردەی دژە ڕێکخستنیش زۆر باو و ئاساییە. لی بای زۆرتر حەزی لە درووستکردنی شیعری یوێفوو و شیعری شێوازی کۆنە، چونکە نەخشی ڕستەکانیان بەقەد چوارگۆشەی شیعرە ڕێکخراوەکان ڕێکوپێکی داڕێژراو نین و درێژی شیعرەکان دەتوانن یان درێژ یان کورت بن. لەناو بەرهەمەکانی لی بایدا، ژمارەی شیعرەکانی یوێفوو لە ڕادەبەدەر زۆرن و دەستکەوتەکانیشی گەورەترینن. گرنگ نییە لە شێوە و ناوەرۆکدا، شیعرەکانی یوێفووی لی بای بە ناونیشان و وشەکانی ڕەسەن سنووردارن، بەڵام لە هەوا/ ڕیتم و بارودۆخ و زمان و هتد… داهێنانی هەیە، بەتایبەت لە هەوا/ ڕیتمدا، شوێن پێویستییەکانی هەست و سۆزی ناوەوە دەکەوێت بۆ ئەوەی هەواکە بە وردی ڕێک بخات. بیرۆکەکە ڕۆمانە کە زۆر لەگەڵ پێوەرە جوانکارییەکانی شیعردا دەگونجێت. بۆ نموونە لە «جیانجینجیوو»دا سەرەتا سێ وشە بۆ پێشەنگایەتی و حەوت وشە بۆ پەیوەستکردن بە کار دەهێنرێت و حەوت وشەکەیش هەوای چوار و سێ بە کار دەهێنن بۆ دەنگدانەوە بۆ پێش و دواوە لەگەڵ سێ وشەی یەکەمدا، ئەمەیش هەستێکی گشتی بە گەورەیی بە مرۆڤەکان دەبەخشێت. دواتر چەند ڕستەیەکی حەوت بزوێنی پەیڕەو دەکرێت بۆ ئەوەی دەقی تەواو هەستێکی بەهێزی هەوایی هەبێت و بە وردی هەستەکان دەرببڕێت، لە کۆتاییدا تێکەڵەیەک لە ڕستەی [سێ و پێنج و حەوت] بزوێن بە کار دەهێنرێت بۆ ئەوەی بە ئاسانی بخوێنرێتەوە و هەستێکی بەهێزی هەبێت بۆ نەخشەی ئەم ڕستە جیاوازەی کە لە شیعرەکانی تری یوێفوو ناتوانرێت بەراورد بکرێت.
زمانی شیعرە شەرابییەکانی لی بای گرنگی بە لێهاتوویی زانستی ڕەوانبێژی دەدات و هونەرییە ڕەوانبێژییە زیادەڕەوییەکان تا ڕادەیەک لای باون. لی بای، زۆر زیادەڕۆیی لە زمانی ڕەسەنێتییدا دەکات لە ساتییشی مەیدا. چەندین جار ڕستەی ڕەوانبێژی بە کار دەهێنێت بۆ بەهێزکردنی هەستەکان. بۆ نموونە خەم و تووڕەیی ئەو شاعیرە بەرجەستە دەکات کە چەندین جار لێی دراوە و وێران بووە. شیعری «خەم دێت» جۆرێک لە جوانییەکی تراژیدی و تاریکی نیشان دەدات.

تایبەتمەندییە مۆسیقییەکانی شیعری شەرابی لی بای
جۆری مۆسیقای شاعیر کاریگەرییەکی قووڵی هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەو شیعرانەی دەینووسێت ئاسانن بۆ چێژوەرگرتن یان نا. لی بای لە زێدی گۆرانی و سەماکردندا ژیاوە، کە ڕەنگە بنەمایەک بۆ تایبەتمەندییە مۆسیقییەکانی شیعری شەرابی شاعیرەکە دابین کردبێت. شیعرەکانی لی بای هەموویان لە شیعرە شەرابییەکانیدا ڕەنگ دەدەنەوە و ئەم تایبەتمەندیانەیش بە تەواوی هەمان تایبەتمەندییەکانی مۆسیقان، بۆیە چێژوەرگرتن لە شیعرەکانی لی بای ئاسانترە. شیعر مەیلی ئاخاوتنی هەیە، ئەمەیش وادەکات مرۆڤی ئاسایی تێبگەن و فێربن و بیگوازنەوە، جگە لەوەیش شیعرەکانی لی بای کورت و پوختن، بە جۆرێک گرنگ نییە مۆسیقاژەنەکانی خزمەتی دەربار یان حوکوومەت یان مۆسیقاژەنەکانی ژیان لەناو خەڵکدا هەموویان حەز دەکەن شیعرەکانی لی بای هەڵبژێرن دێنە سەر دەنگی و دەگوترێنەوە. جگە لەوەیش زمانی شیعرەکانی لی بای لە درووستکردنی ڕێکوپێکی زمانی ناوازە لە هەوا جۆراوجۆرەکانی وەک ڕێکوپێکی و پشێوی، پوختی و دووبارەکردنەوە، خاوبوونەوە و خێرایی، کە شیعرەکانی لی بای جێگر و ئاسانن بۆ خوێندنەوە، باشە؛ ئەمەیش دەبێتە هۆی دابینکردنی ڕێگەیەکی گونجاو بۆ ئەوەی شیعرەکانی لی بای بچنە ناو مۆسیقاوە.
شیعری شەرابی لی بای موزیکییە و دەتوانرێت بخوێنرێتەوە و بگوترێتەوە، کەواتە چۆن ئەم شێوازەی خوێندنەوە و گۆرانی گوتنە بڵاو کردەوە؟ شیعر و موزیکەکانی لی بای لە سەردەمی شانشینی تانگدا بە دوو شێوە بڵاو بوونەوە؛ یەکێکیان لە ڕێگەی خوێندنەوە و گۆرانی گوتنەکەی شاعیرەوە بوو، ئەوی دیکەیان لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ گەیشا (ئاماژە بە مۆسیقاژەنە فەرمی و فۆلکلۆرییەکان کە لەو سەردەمەدا خەریکی مۆسیقای دەنگی بوون). بەرهەمهێنانەوەی شیعرە کۆنەکان بە شێوەی مۆسیقا بە کۆی دەنگ لە لایەن مامۆستایان و قوتابیانی قوتابخانەکان و هەروەها شارەزا و زانایانی پەیوەندیدارەوە ستاییشی کراوە، ئەم شێوە لەبارە بۆ قبوڵکردنی ئەنجامدەران و قەدرزانان، تێگەییشتنێکی قووڵتر لە کولتووری شیعری درێژخایەنی نەتەوەی چین ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە میراتگرتنی کڕۆکی کولتووری چینی. لە تایبەتمەندییە مۆسیقییەکانی شیعری لی بای دەردەکەوێت کە ئەو شاعیرە لە زێدی ڕۆمانسی مۆسیقا و شیعردا ژیاوە، لە خوێنی شاعیراندا، تایبەتمەندی مۆسیقای ئۆنتۆلۆژیی ئەو شاعیرە، شیعرەکانی شەراب دیارە. جگە لەوەیش شیعرەکانی بوونەتە بابەتی خوێندنەوەی خەڵک و نەخشەی مۆسیقاژەنان بۆ ئاوازدانان بۆ مۆسیقا لە سەردەمی بوونی شاعیر و نەوەکانی دواتردا، بە شێوەیەکی بەرفراوان لەناو خەڵکی ئاساییدا سووڕاوەتەوە.

شوێنپێ: قەڵادزێ
تەممووزی ٢٠٢٣




پان‌ئاخاوتن، بەڵغەمی زمانە نەک خودی زمان.. پێشەوا کاکەیی

زمانی شیعری، سیستەمی «ڕێکخستن» و «شانۆگەری» لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت، ئەگەر ڕێکخستن و شانۆگەری لەگەڵ خۆیدا هەڵنەگرێت، ناتوانێت پەیوەندی نهێنی نێوان شتەکان درووست بکات؛ بۆیە بەو ئەنجامە دەگەین کە بە بەراورد لەگەڵ زمانی باو، «زمانی شیعری» پەیوەندی نێوان «شتەکان»ـە نەک «وشە». هۆکارەکەی ئەوەیە کە شتەکان ژیانیان هەیە، بەڵام وشەکان ژیانیان نییە. بۆیە زمان پاککردنەوە و فڕێدان و غەڕغەڕەکردنە بە وشە، بەڵام وشە فڕێدراو و کەوتووی زمانە. پان‌ئاخاوتن و زمان، وەک زێراب وایە، زێراب وەک پاشەڕۆ بە کۆمەڵێک فلتەردا دەڕوات تا پاک دەکرێتەوە و دەبێتەوە ئاو و بە کار دەهێنرێتەوە، بەڵام زمان نەکەوتووە و بەردەوام لە خۆسوین و خۆتاشین و خۆپاکردنەوەدا بە دەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە و دەچێتەوە ناو خۆی. پان‌ئاخاوتن و زمان، دوو چەمکی جیاوازن. بۆیە «زمانی شیعری» و «وشەی شیعری» یەک شت نین. شیعر، چەمکێکی یەکگرتووە تا نەگات بە کەماڵی خۆی لە زمان خۆی دەرناهاوێژێت.

زمان، سیستەمێکە لە هێماکانی «دەنگ و مانا»، هەروەها ئامڕازێکی پەیوەندیکردنە، کە مرۆڤەکان بە هۆیەوە دەستکەوتەکانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی دەپارێزن و دەیانگوازنەوە. زمان، یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی نەتەوەیەک. بە گشتی نەتەوە جیاوازەکان زمانی تایبەت بە خۆیان هەیە. زمانە سەرەکییەکانی جیهان بریتین لە: [چینی، ئینگلیزی، فەڕەنسی، ڕووسی، ئیسپانی، عەرەبی، پورتووگالی و ئەڵمانی] لە نێویاندا زمانی چینی زۆرترین بەکارهێنانی هەیە و ئینگلیزی دوای ئەو و ئەنجا زۆرترین گەشەکردن لە ئێستادا پورتووگالی بەڕازیلییە.

پان‌ئاخاوتن/ قسەکردن، بەکارهێنان و دەرەنجامی تایبەتی زمانە. بۆیە دوو واتای هەیە؛
۱- بەکارهێنانی زمان، واتە «قسەکردن» یان «نووسین»، بەو هۆیەوە هاوتای «گوێگرتن» یان «خوێندنەوە»یە- کە پڕۆسەی «دەربڕین» و «تێگەییشتن»ـە.

۲. دەرئەنجامی بەکارهێنانی زمان، واتە بەرهەمی قسەکردنی زارەکی یان نووسراو، دەرەنجامی چالاکییەکانی قسەکردنە.

جیاوازی چەمکی نێوان «زمان» و «قسەکردن» لە زمانزانی سویسری فێردیناند دی سوسێر (1857-1913)، کۆرسی زمانەوانی گشتی (1916) وەرگیراوە.

سەبارەت بەوانەی سەرەوە، بە سەیرکردنی پەیوەندی نێوان شیعر و زمان و پان‌ئاخاوتن، بەسە بۆ دۆزینەوەی شیعر. شیعر، دەرەنجامی بەکارهێنانی زمانە لەناو زماندا، بەڵام کە وەک قسە وەرگیرا و شیعر چووەوە ناو قسە، لە شیعر دەکەوێت. بۆیە ئەگەر پەیوەندی هاوکێشەی [زمانی شیعری] لەسەر «شیعر + زمان» دامەزرابێت، کاتشوێن و زەمان دەخاتەوە ناو زمان و زمانیش وەرچەرخانی شیعرە. بۆیە زمانی شیعری، زمانێکی حەتمی شاعیرانەیە بۆ دەربڕینی هەستەکانیان و گەیشتن بە شیعر، تا ڕادەیەکی دیاریکراو ڕەنگدانەوەی شێوازی قسەکردنی شاعیرە.

کەواتە، ئایا دەکرێت «شیعر + گوتار» بۆ «قسەی شیعر» دابڕێژرێت؟ وەڵامەکە بەڵێیە. بەڵام ئەگەر ئەمە بە کار بهێنین بۆ درووستکردنی هاوکێشەیەکی تر، ئەوا دەبێتە «قسە + قسەکردن» = «قسەکردن + قسەکردن»، واتە پان‌ئاخاوتن = پان‌ئاخاوتن».

قسەکردن= قسەکردن، دیارە هەڵەیەکی پێناسەی بازنەییە لە لۆژیکی فەرمیدا. بۆیە تێگەییشتنەکە تیۆری «زمانی شیعری» هەیە بەڵام تیۆری «قسەی شیعری» نییە.

ڕاستییەکەی، کاتێک بازنەکانی شیعر و فێرکردنی شیعر باس لە شیعر دەکەن، سەرنجیان لەسەر زمانی شیعرە؛ چونکە تەنیا زمان ئەرکی پەیوەندیکردنە، کە «ئەرکی ڕەمزی» و «ئەرکی گشتاندن»ـی هەیە. لێکۆڵینەوە لە شیعر لە زمانەکەیدایە نەک قسەکەی، چونکە زمان گونجاندن و ئامڕازە.
….
ئازاری ۲۰۲۳




خولێک بۆ فێربوونی هەڵەی ڕێنووس و زمان.. پێشەوا کاکەیی

ڕەخنە لە دەفتەرەشیعری (خولێک بۆ فێربوونی گریان)ـی قوبادی جەلیزادەدا

ئەوەی لێرەدا لەگەڵیدا ڕووبەڕووم، ئەزموونی شیعری پاتبووەوەی (قوبادی جەلیزادە)یە، کێڵگەی شیعرەکەشی ناوی (خولێک بۆ فێربوونی گریان)ـە. لەم کتێبە شیعرییەدا، کە خۆی لە (٢٣٠) لاپەڕەدا دەبینێتەوە و (١٧١) دەقی شیعرین و لەژێر هەر ژمارەیەکی دەقدا، ناونیشانێکی سەرەکی و ناونیشانێکی لاوەکی لێوە هەڵتۆقیوە. لە سەرەتای دەستپێکەکەی بە ناوی (شیعرائیل) تا کۆتاییەکەی، پڕ لە هەڵەی ڕێنووس و زمان و خاڵبەندییە. هەروەها، سەرلەبەری ئەم دێڕانە لەناو خۆیدا پات بووەتەوە. واتە ئەم ئەزموونە، دێڕە شیعرەکانی ناو کتێبەکەی جووینەوەی دێڕە شیعری دیوانەکانی خۆیەتی. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە شاعیر ئاگاداری ئەزموونی خۆی نییە، وەکوو (خەسارناسی شیعر) لە شیعری خۆیدا.

ئەرکی شاعیر ئەوەیە کە شیعرەکانی خۆی لە بێژنگ بدات لە کوێدا پات بووەوەیە. ئەمە بۆ شاعیرێکی هەرزەکار ئاساییە درکی پێنەکات، چۆن ڕێی لە بەردەمدایە، بەڵام ئەم شاعیرە ئەزموونێکی چلساڵەی هەیە لەگەڵ خۆیدا، کە تووشی خوێنبەربوونی شیعر بووە لە خۆیدا. ئەم شیعرانە وەها ڕۆیشتوونە دەرەوە، کە دەماری شیعری فش بووە و دێڕە شیعری خۆی پێدا دێنە دەرەوە؛ وەک بڵێین ئەگەر ئەم دێڕە لە دیوانێکی پێشوویدا هەبێت، ئەوا لەم دیوانەدا پات بووەتەوە لەپاڵ دێڕێکی تری شیعری تازەیدا. ئەمە وشە نییە بێت و شاعیر ئازادانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، چونکی شاعیر کاتێک چەند وشەیەک دەهێنێت و لە دێڕێکدا دەری دەخات، دەبێت پارێزگاری ئەم بۆتەیە بکات و بیپارێزێت، نەک بیری چووبێتەوە کە بە ڕاستی پێشتر لە بۆتەیەکدا لە قاڵبی داوە؟! لە قاڵبدانی وشە لە دێڕە شیعرێکدا، بەرپرسیاریێتییە بەرانبەر زادەی وشە! هەر لەبەر ئەمەشە، ئەم شاعیرە، لەو کتێبەیدا، دوای چل ساڵ، تووشی خوێنبەربوونی شیعر بووە و سەرەڕای ئەوەش دەبوایە شاعیر خوڵقێنەری زمان و ڕێنووسکاری باش بوایە و ئەزموونێکی باشی بۆ خوێنەر جێ هێشتبایە، نەک بەردەنگ کاتێک بەر ئەو شیعرانەی دەکەوێت، وەک ئەوەی بە شەقامێکدا بڕوات، پڕ تاسە بێت و زووزوو قاچی بکەوێتە ناو چڵپاوەوە و دەستبەرداری شەقامەکە بێت. ئەگەرچی هەر چۆنێک بێت، من بەو شەقامەدا ڕۆیشتم، ئەوەی بۆی جێی هێشتم، تووڕەیی بوو لەو شەقامەدا، کە جلوبەرگی قوڕاوی کردم و پێڵاوکانی پڕ کردم لە چڵپاو.

ئەوە هیچ بیانوویەک نییە بۆ نووسەری ئەم کتێبە، کە بڵێت من کاری پیتچنینم نەکردووە، چونکی هەر لە سەرەتاوە ئاماژە بەوە دەدات کە نووسینی ئەم دەقانەی لە فەیسبووک بڵاو کردۆتەوە. کەواتە کە نووسەر بڕوای بە هەڵەچن و ڕێنووسکاری نەبێت، دەبێت ئەم ڕەخنانەش لە ئەستۆ بگرێت کە ڕووبەڕووی دەکرێتەوە. نووسەر خێرا لە فەیسبووکەوە خستوویەتە سەر وۆرد و ناردوویەتیە دیزاینەر؛ چونکی پیتچنینێک لە ناسنامەی کتێبەکەدا نییە. کەواتە خۆی پیتچنینی کردووە. ئەوانەی بۆشیان چاپ کردووە، بە ڕێنووس و خاڵبەندی و زمانەوانییەکەیدا نەچوونەتەوە. هەڵبەت ئەمەش لە خۆبەگەورەزانینی بنووسانی دەقەوە دێت کە لەناو کورددا زۆر دەگمەنە کەسێک بیەوێت بە نووسینەکەیدا بچێتەوە، پێی لەنگییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ناوەندی چاپکەرە هەر چاپی کردووە و خەمی زمانی نەبووە. لێرەدا با ئەوە بۆ خوێنەر بخەمە ڕوو، کە ناوەرۆکی بە دیزاینێکی هێجگار جوان خراوەتە ڕوو، فۆرمەکەی لە داڕشتندا باشترە لە کتێبەکانی تر و سەری خۆی دەر هێناوەتەوە، بەڵام ناوەرۆکی هەمان جووینەوەیە بە کەمێک دەستکارییەوە. ئەگەرچی ڕێکسختنی ناوەوەی کتێبەکە هێجگار جوانە، بەڵام ئەم جوانییە کار ناکەتە سەر ئەوەی من فریو بدات، کە کتێبێکی هێجگار خراپە لە ڕووی ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕێزمانی و هەتا زمانییشەوە. ئەم کتێبە باشترین کێڵگەیە بۆ هەڵەبژێری و ڕێنووس کە من کەمێکی دەخەمە ڕوو، بەڵام نووسەرانی وەکوو حەمەسەعید حەسەن و دەیانی دیکە، با خۆیان لە برادەرایەتی ببوێرن و کنینەی ئەم دەقانە بکەن، بزانن بەسەر چیدا دەکەون. لێرەدا چەندین هەڵە تەنیا لە چەند لاپەڕەیەکی کەمدا دەخەمە ڕوو؛
١. لە لاپەڕە (٤)دا، هەر لە سەرەتای وشەوە نووسیویەتی (لەرۆژی ٢٠٢١/٦/٢٥ بڕیارمدا)، کە سێ هەڵەی تێدایە، دەبێت بنووسرێت: (لە ڕۆژی ٢٥ـی ٦ـی ٢٠٢١ـدا، بڕیارم دا. واتە هەم لە ڕۆژ و هەم ژمارەکە و هەمیش بڕیارم دا، نەک بڕیارمدا.
٢. ئەو هێشتا خۆی بۆ ساخ نەبۆتەوە کە لە سەرەتای وشەدا، پیتی (ڕ، ر) کامیان بنووسێت، ئەگەرچی دوو ڕا هەیە، بەڵام ڕای یەکەمیان ستاندارترە، کە لە سەرەتای وشەدا (ڕ) دەنووسرێت نەک (ر)، بەڵام هەڵەی هێندە زۆرن لە هەژمار نایەت، هەیە بە (ر) نووسیویەتی و هەیشە بە (ڕ) نووسیویەتی. بۆیە دەتوانن خۆتان بە دوایدا بگەڕێن و بیخوێننەوە لە هەر لاپەڕەک و دێڕێکدا بەرچاوتان دەکەوێت.
٣. هەر لە لاپەڕە (٤)دا، نووسیویەتی: (ببم ودەقێکی تازە) هەڵەیە، (ببم و دەقێکی تازە) درووستە. (بدۆزمەوەو) هەڵەیە و (بدۆزمەوە و) درووستە. لەدوای وشەکە فاریزە دادەنرێت، نەک وشە، بۆشایی ئینجا فاریزە بێت، وەکوو (لە فەیسبووک ، بڵاوی بکەمەوە) هەڵەیە و (لە فەیسبووک، بڵاوی بکەمەوە) درووستە. دیسانەوە (لە رۆژی٢٠٢١/٦/٢٦) هەڵە هاتۆتەوە ناو نووسین. هەروەها (دەقی نوێ ،) نا، بەڵکوو (دەقی نوێ،) درووستە. هەروەها (رۆژانی٩ و ١٠ ی مانگی یازدە بوو ،) نا، بەڵکوو (ڕۆژانی ٩ و ١٠ی مانگی یازدە،) درووستە. (قەستەرەو شەبەکەو بالۆنم بۆ کرا) نا، بەڵکوو (قەستەرە و شەبەکە و بالۆن/ باڵۆنم بۆ کرا) درووستە. هەروەها (لەماوەی) نا، بەڵکوو (لە ماوەی). (سەدوحەفتاو یەک ڕۆژدا) نا، بەڵکوو (سەد و حەفتاویەک ڕۆژدا). (لە شوێنێکی نادیارەوە بۆ شیعر دێتە خوارێ..وەک ئەوەی بیانەوێ…) نا، بەڵکوو (لە شوێنێکی نادیارەوە بۆ شیعر دێتە خوارێ، وەک ئەوەی بیانەوێ). (جۆرە پێغەمبەرێکە لە دەرەوەی ویستی خۆی) نا، بەڵکوو (جۆرە پێغەمبەرێکە لە دەرەوەی ویستی خۆی) واتە دوو بۆشایی/ سپەیس لە نێوان وشەکان بەڵکوو یەک بۆشایی پێویستە. لێرەوە لەسەر بۆشایی نێوان وشەکان قسە ناکەین، سەدان وشە ڕستە و وشەی ئاوها هەیە کە بە هەڵە دوو بۆشایی تا سێ بۆشایی کەوتۆتە ناو وشەکانەوە. ئینجا نووسیویەتی: (دەکرێتەوە.لای ئەوان جبرائیل ، (شیعرائیل )ەو پەیامهێنەو کاری شاعیریش تەنیا وەرگرتن و نوسینی پەیامە هاتووەکەیە…) کە ئەم دێڕە دەبێت ئاوها بێت: (دەکرێتەوە. لای ئەوان جوبرائیل/ جبرائیل، (شیعرائیل)ە و پەیامهێنە و کاری شاعیریش تەنیا وەرگرتنی نووسینی پەیامە هاتووەکەیە).
٤. لە بەشێکی دیکەی (شیعرائیل)ـدا ئاوهای نووسیوە: ((من پرۆسەی بەرهەم هێنانی شیعر بەتەواوی پێجەوانەی ئەوە دەبینم.نا هەرگیز شاعیر چاوەڕێی پەیامهێن ناکات، بەڵکو خۆی بەدوای دۆزینەوەی دەقدا دەگەڕێ و کنە دەکاو هەڵدەکۆڵێ ودەپشکنێ ولێرەو لەوێ دەیاندۆزێتەوە. من پێموایە لە ئەزەلەوە هەموو دەقێکی شیعری هەیەو هەبووە بەڵام شاعیر وەک ئاسەواردۆز(منقب) دەبێ ورد ورد بگەڕێ و بیاندۆزێتەو پاکیان کاتەوەو دووبارە بەزمانی سەردەمەکە داینڕێژێتەوە لە مۆزەی شیعردا نمایشیان بکات.)) ئەگەر سەیری ئەم نووسینە بکەین، پڕە لە هەڵە، (بەرهەم هێنانی) نا، بەڵکوو (بەرهەمهێنانی). (بەتەواوی) نا، بەڵکوو (بە تەواوی). (دەبینم.نا هەرگیز شاعیر چاوەڕێی پەیامهێن ناکات) نا، بەڵکوو (دەبینم. نا هەرگیز شاعیر چاوەڕێی پەیامهێن ناکات). (بەڵکو) نا، (بەڵکوو). (بەدوای) نا، بە دوای دۆزینەوەی دەقدا دەگەڕێ. (دەکاو هەڵدەکۆڵێ) نا، (دەکا و هەڵدەکۆڵێ). (ودەپشکنێ ولێرەو لەوێ دەیاندۆزێتەوە) نا، بەڵکوو (و دەپشکنێ و لێرەولەوێ دەیاندۆزێتەوە). (پێموایە) نا، (پێم وایە). (هەیەو هەبووە) نا، (هەیە و هەبووە). ئینجا دوای هەیە و هەبووە، فاریزە دادەنرێت، ئینجا بەڵام دەنووسرێت. (بیاندۆزێتەو) نا، (بیاندۆزێتەوە و). (کاتەوەو) نا، (کاتەوە و). (بەزمانی) نا، (بە زمانی).
لێرەدا تەنیا هەڵەی لاپەڕەی (٤) بوو خستمانە ڕوو، با ڕەخنەگرێکی دیکەش لە لاپەڕە (٥)ـدا بیدۆزێتەوە، یان نووسەر خۆی پێیدا بچێتەوە کە ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕێزمانی تووشی چ دەردێک کردووە.

لێرەدا لەبارەی دوو دەقی ژمارەی شیعرەکانییەوە، هەڵەکان و سەرنجی خۆم دەخەمە ڕوو نەک هەر سەد و ‌حەفتاویەک دەقەکەی؛
١. دەقی ژمارە (١)، بە ناوی (کەنداو)، لاپەڕە (٦-٧)، هەر لە سەرەتاوە دەڵێت: (بەجۆگەم گوت؛) دەبێت بنووسرێت: (بە جۆگەم گوت؛ دواتر دەڵێت: (بۆوا) کە (بۆ وا) درووستە. (ڕێدەکەی) نا، بەڵکوو (ڕێ دەکەی) درووستە. نانەویت !) نا، بەڵکوو (نانەویت!) کە هەرگیز لەدوای وشە ئینجا بۆشایی ئینجا خاڵ، فاریزە، سەرسڕمان، پرسیار و خاڵبۆر نایەت. نووسەر خۆی بۆ ساخ ناکرێتەوە و شارەزایی لە (یەک ‘واو’ و دوو ‘واو’دا نییە) و هەر لە دوو دێڕی بەدوای یەکدا، دوو هەڵە دەکات، دەنووسێت: (بیگەیەنم بە دەستی ڕووبار. بەڕوبارم گوت؛) کە لێرەدا (بەڕوبارم) گوت دوو هەڵەی تێدایە، دەبێت ئاوها بنووسرێت: (بە ڕووبارم گوت). دیسانەوە (کەدەست/ بەقژی/ هاورێیەکم/ تینووەو/ دواکەوم/ بەکٶڵ/ بۆبەرم) نا، بەڵکوو ئەمانە (کە دەست/ بە قژی/ هاوڕێیەکم/ تینووە و/ دوا کەوم/ بەکوڵ/ بۆ بەرم) درووستن. ئەوە هیچ لەبارەی خاڵبۆرەوە قسە ناکەم، چونکە لە هیچ شوێنێکی ئەم دەقانەیدا بە درووستی داینەناوە، دەنا بە سەد لاپەڕەش ئەم نووسینە تەواو نابێت. ئەم بەڕێزە هەر خۆی لەو ژمارەدا دەنووسێت: (بەزێی/ لە جۆگەلەی/ لەکانی) کە (بە زێی/ لە جۆگەلەی/ لە کانی) درووستە، واتە لە جۆگەلەیی درووستی نووسیوە، کەچی وشەی پێشتر و دواتری هەڵە بە کار هێناوەوەتەوە! هەروەها لە ڕۆژبەری نووسینەکانی دەقەکەدا، پێچەوانەوە نووسراوە، گشتیان بە هەڵە نووسراون، بۆ نموونە: (٢٦/٦/٢٠٢١) درووستە، ئەو (٢٠٢١/٦/٢٦)ـی نووسیوە.

٢. دەقی ژمارە (٢)، لاپەڕە (٨)، تووشی جووینەوەی شیعری خۆی بووە. بە هەڵەی ڕێنووسی خۆی شیعرەکەی دادەنێمەوە و دواتر لەبارەی دەدوێم و ڕاستی دەکەمەوە. ئەمەش شیعرەکەیە؛

(لەشەوێکی سەرماو سۆڵی پایزدا،
کەدارستان خەریکی خۆ ڕووت کردنەوە بوو؛
هەور بەتۆبزی
لەچکێک و
مانتۆیەک و
مەقنەیەکی ،
کرد بەبەری مانگدا.
دەنا مانگ،
لە ڕەچەڵەکدا؛
ژنێکی عەلمانی سفوورە
هەمیشە تەنوورەیەکی کورت کورتی لەبەردایە،
کە لەبەردەممانا سەردەکەوێتە سەرپەیژەی ئاسمان،
دەرپێ زیوینەکەی دەدرەوشێتەوە.)

هەر لە یەکەم دێڕییەوە تا کۆتاییی ئەو شیعرەی، پات بوونەوەی دێڕ و وشە جووینەوەی خۆیەتی و هیچی پێ نییە بۆ گوتن، تەنیا یەک شتی گۆڕیوە لەم شیعرەدا، ئەویش دێڕە شیعری لێکداون و ناونیشانی (عەلمانی) بۆ زیاد کردووە. تێگەییشتنەکە بۆ عەلمانی درووستە، بەڵام شیعرەکە چووەتە باری خەسارناسی شیعرەوە.
ئەوە هەڵەکانیش لێرەدا هەندێکیان دەخەمە ڕوو؛ (لەشەوێکی) نا، بەڵکوو (لە شەوێکی). (سەرماو سۆڵی) نا، بەڵکوو (سەرماوسۆڵی). (کەدارستان) نا، بەڵکوو (کە دارستان). (مەقنەیەکی ،) نا، بەڵکوو (مەقنەیەکی،). (لەبەردەممانا) نا، بەڵکوو (لە بەردەمماندا/ لە بەردەممانا). (سەرپەیژەی) نا، بەڵکوو (سەر پەیژەی).

٣. دەقی ژمارە (٣)، لاپەڕە (١٠)، ناونیشانە لاوەکییەکە ئاوهای نووسیوە: (ئەم دەقەم لەپێکەشەرابێکی موکریدا ، دۆزییەوە)، ڕاستییەکەی دەبێت ئاوها بێت: (ئەم دەقەم لە پێکەشەرابێکی موکریدا، دۆزییەوە). هەر لە سەرەتای ئەم دەقەوە، (لە)ی بیر چووە، نووسیویەتی: (دوای مردنی “موکری”دا بێ هاوڕێ مامەوە) کە دەبێت ئاوها بێت: (لەدوای مردنی “موکری”ـدا، بێ هاوڕێ مامەوە). نووسیویەتی: (من مرۆڤی نابیناو نابیست و ناگۆم خۆشتر دەوێن.) هاتووە (نابیناو) بەسەرەیەکەوە نووسیویەتی و (نابیست و) جیای کردووەتەوە، کە دەبێت (من مرۆڤی نابینا و نابیست و ناگۆم خۆشن دەوێن) بێت. لە پەراوێزەکەشدا، لە لاپەڕە (١١)دا، لەبری (ڕۆماننووس)، (ڕۆامننوس)ـی نووسیوە. نووسیویەتی: (نەتوانێ قسە بکات.ڵاڵ) دەبێت بۆشایی هەبێت لەدوای خاڵی بکات، ئینجا ڵاڵ بنووسێت.

خوێنەری بەڕێز، ئەگەر بێت و من هەموو ڕەخنەکانم بخەمە ڕوو، دەبێت نووسینەکەم دوو هێندەی کتێبەکەی ئەو درێژتر بێت. من ئەو کاتەم نییە دابنیشم بۆی چاک بکەمەوە و بۆی دەستنیشان بکەم. ئەو لە زۆر شتدا ناشارەزایە، لەبری (ساز)ی دەمیرتاش بنووسێت، تەنبووری نووسیوە. ئەو تەنبوور و سازی جیا نەکردۆتەوە. گرفتەکە لە ئاگاییی خۆیەوەتی کە نائاگایە بە زمان و ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕێزمان. ئەگەر من بم، ئەو کتێبە هەڵدەگرمەوە لە بازاڕەکان، نەک لە بۆنەدا بە واژۆوە خۆمی پێوە دەربخەم. من تەنیا لە لاپەڕە (٤ بۆ ١١)م دیاری کردووە، ئەو زبڵخانەیەم بەرچاو خستن، ئاخۆ ئەگەر هەمووی بخەمە ڕوو، چۆن و چ دەبێت؟ بۆیە ئەم کتێبە فێڵی لە من نەکرد، ئەگەر دیزاینەکەی ناوەوەی جوانیش بێت، ڕاستییەکەی نووسینی ناوەوەی زۆر ناخی هەژاندم کە ئەمە زمان و ڕێنووسی شاعیرێکی چل ساڵ بێت.

پێشەوا کاکەیی




[مەکە له مەککە مینەی نانەجیب کە هۆشت هەر لای مەمکە]… پێشەوا کاکەیی

لە هاموشۆدام،
ڕەفتارم جیاوازە لەوەی دەگوزەرێ لەناو ئەم ئایین‌ و مایینە، مایینە،
خەڵکی سوارى خۆی دەکا و جووتەی پێ داوێ؛
کە ورد بووینەوە
هەریەکە لە جێی خۆیەوە دەڵێ
ئاخ لە داخی کەللە و دڵی سوارچاکان کە پڕی ئاینوئۆینە!
هەریەکە باسی ماریفەتی خۆی دەکا،
بێ ئەوەی زمانی
جووتێک بەنێو بیریدا بکا و بیکێڵێ.
کارم بە ڕوانینیان نەداوە
من ڕۆچوومەتە ناو خۆمەوە،
ئیمانم بەهێزە و ناچمە ناو تەشقەڵەی ئەم دین‌ و مینە، ئاخ مینە!
مینەگیان، وای کە دوورم لە مینا!
(مینا ناز، ناز نازدارە مینا٭)

مینەگیان!
کە چوویت و هاتیەوە لە مەککە،
مەکە و مەمکە بە کافر و ئۆینباز
خۆت دەستت داوە لەو بەردە
تا من دەست نەدەم لەو جووتە مەمکە!
(مینا ناز، ناز نازدارە مینا)
ئیمانم بەهێزە و
حەللاج فێری کردووم چۆن بسووڕێمەوە بە دەوری دڵما!

دەی تۆيش مینە! با هەر بسووڕێیتەوە،
کە هۆش و دڵت لە شوێنێکی دی بێت،
بۆچی خۆت دەخەیتە ژێر پێیەوە؟
بە ملی شکاوت!
من لە جێی تۆ تەریق دەبوومەوە و
دادەپڵیخام!

کە تۆ خه‌ياڵت هەر لای هەنار بێت،
بە شەراب بیت!
من لە جێی تۆ خۆمم دەخواردەوە و
دەتڵیشام!

کە لێوی وشکهەڵاتووت دەکرۆشت،
بە سندانت!
تۆ هەردوو بۆڵووەترێی یارت
ده‌خسته‌‌ زارته‌وه‌ و منیش بە دیارتەوە
ده‌تڵیسام!
هەی مینەی نانەجیب! نا
(مینا ناز، ناز، نازداره‌ مینا)

کە تۆ نەبیت مینا
بێبنەمام، نەمام ئاخ نەمامگیان! نە مام مینە،
هەڵمەبەستە درۆ و بیکەیتە پینە!
لە دڵما دەنێژم نەمام تا ببمە بنەما، گیان مینا!


↩ نیسانی ٢٠٢٢
٭ نیوەبەیتێکی فۆلکۆری کوردییە لە گۆرانییەکی (محەمەدی ماملێ)ـوە وەرگیراوە.




نوێترین کتێبی «پێشەوا کاکەیی» چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبی «شیرازنامە، بۆ فەتانەی خامفارس»ـی پێشەوا کاکەیی، چاپ و بڵاو کرایەوە. کە ئەم کتێبە کاری ڕێنووس و هەڵەچنی «وشیار عەلی» و کاری بەرگ «ئیبراهیم ساڵح» ئەنجامیان داوە و لە چاپخانەی کارۆ چاپ کراوە.

🔻 له‌باره‌ی ئه‌م پەڕتووکەوە پێشەوا کاکەیی ده‌ڵێت:
ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی نوێی ڕۆژژمێری ئەدەبی منە کە لە دوازدە نامەی ئەدەبی پێک دێت، هەر نامەیەکیش سێ باس بۆ چوار باس لە خۆ دەگرێت، کە خۆی لە (شیعر، گێڕانەوە، نامەی پەخشانی، گوتار و…)دا خۆی دەبینێتەوە. هەندێک شوێن بۆ ڕەگەزی تریش. دەمەوێت خۆم لە پێشەکی ببوێرم. ته‌نيا سەرنجێکی خێرا بۆ خوێنەران به‌ جێ ده‌هێڵم. کە لەپاڵ ئەم دوازدە نامەیەدا، باس لە کۆمەڵێک زانا و شاعیر و عاریفی ناوچەی شیراز دەکات، لە حەللاج و حافز و سیبەوەهییەوە بۆ باباکوهی و پیرنازدار. ئەم نامانە لە دەوری کۆمەڵێک پرسی گرنگدا دەسووڕێتەوە.

🔵 پەرەگرافیک لە پەڕتووکەکە:

وەختێک ئینگۆ فەتحە بن، وەکوو ساقییەکی بێچارە، هێواش هێواش دێم و دەچم، بۆ وەی موشتاقولیقای فەتحە بم، تا بەوێ کارە پێشوودرێژەم بڵێم: نۆشینی عیشق، یان لە فەتحەدا دەمهێڵێتەوە و وەکی وشەیەکی هەڵواسراو دەمێنمەوە، یان کە پێکێ لەوێ فەتحەیە نەدەم، وەک گەدایەک دەکەومە سەر ئەژنۆ، وەک کەسرەیەک دەمێنمەوە، هەتا بنەپێیەکانم دەقڵیشێن و وەک هەنارێکی قڵیشاو شەرابی ئەوینم لێ ده‌چۆڕێتەوە.
کچی سەیيدزادەی ڕۆحبەر! تامی ئەوین لە فەتحە و کەسرەدا وەکوو سێو و هەنار وایە، بۆیە گەر لێم تێبگەن، لە ڕووتاندا دەبێژم:
جا سیبەوەیهیيش خۆی هەر بۆنی سێوە،
باشتر لە فەتحە دەگا.
منیش کە بوومەتە کەسرە،
خاڵ و بۆری تۆیە وا لە من دەکا.

🔹پێشەوا کاکەیی
🔸پێشەوا عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان، نازناوی (پێشەوا کاکەیی)ـیە، لە ١٩/ ٤/ ۱۹۸٤، لە گەڕەکی «جووتکانیان»ـی شاری قەڵادزێ لە دایک بووە. پاش کۆڕەوەکەی ساڵی ۱۹۹۱ ڕوو لە خوێندن بە زمانی دایکزاد دەنێت و هەر لە قەڵادزێ خوێندنەکەی کۆتایی پێ دێنێت و ساڵی ۲۰۰٥-۲۰۰٦ بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەی لە ئاستی باڵادا ڕوو لە زانستگەی سلێمانی و کۆلیژی یاسا و ڕامیاری دەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستە سیاسییەکاندا وەردەگرێت.

🔴 لە گەلێک ڕۆژنامە و بڵاڤۆکدا بابەتەکانی بڵاو کردۆتەوە. چەندین توێژینەوە و خوێندنەوە بۆ شیعرەکانی کراوە و ئێستاکە سێ کتێبی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی، دووانیان چاپ و بڵاو کراوەتەوە بەردەستی خوێنەرن و کۆمەڵەشیعرێکیشی وەرگێرڕراوە بۆ زمانی عەرەبی لە داهاتوودا دەچێتە چاپەوە و دەکەونە بەر دیدی خوێنەرانی عەرەبزمان. چەندین ڕێزلێنانی وڵاتانی پێ بەخشراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، چەند شیعرێکیشی وەرگڕدراون بۆ چەندین زمانی جیا جیا…

🔻بەرهەمە شیعریی و ئەدەبییەکانی بریتین لە:

١. پاشماوەی هەناسەکان، کۆمەڵە شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی گەنج، سلێمانی، ۲۰۰۸؛
٢. منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم، چامە- شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی دیلان، سلێمانی، ٢٠١١، چاپی دووەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠١٩؛
٣. باغ غەزەلی تۆ، شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی پەنجەرە، تاران، ۲۰۱٥؛
٤. لە خانۆچکەکەی ماڵی پوورە خونچێمەوە بۆ کەلاوەکەی سەعیدیان، (دەقی واڵا،) چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۷؛
٥. ئەفریقانامە و زەمیننامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی یەکەم و دووەم،) شیعر، پەخشان، پەخشانەشیعر و گێڕانەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۸؛
٦. ئەمریکانامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی سێیەم و چوارەم،) ڕۆمانەشیعر-قەسیدە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۸؛
٧. گەردووننامە، شیعر، لە بڵاوکراوەکانی نووسیار-دانمارک، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۹؛
٨. بونیادنانەوەی ڕووناکی لە گەڕانەوەی زەردەشتی ئەحمەد مەلادا، لێکۆڵینەوە، ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٠؛
٩. نەمرەڕێ، چامە-کتێب، لە بڵاوکراوەکانی نووسیار-دانمارک، چاپی یەکەم، چاپخانەی جەنگەڵ، تاران، ٢٠٢١؛
١٠. بیری شیعر و خەیاڵی زمان، دیدار لەبارەی شیعرەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۲۱؛
۱۱. زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر، (پڕۆژەی پێنجەم) ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠٢٢؛
۱۲. لە پەنجەرەوە دەڕوانمە گوێدرێژەکەی نالی، شیعر-پەخشانەشیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۲۲.
۱۳- شیرازنامە، بۆ فەتانەی خادمفارس، ڕۆژژمێری ئەدەبی، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۲۲.




دووەمین کتێبی شاعیر (پێشەوا کاکەیی) کتێبی «ئەمریکانامە بە تامی شیعر

دووەمین کتێبی شاعیر (پێشەوا کاکەیی) کتێبی «ئەمریکانامە بە تامی شیعر» لە لایەن (باست مورادی)ـیەوە وەرگێڕرا بۆ سەر زمانی فارسی بە نێوی «آمریکانامە با طعم شعر» و بەو زووانە لە لایەن (انتشارات افراز) لە تاران چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.

کتێبی «آمریکانامە با طعم شعر» دووەمین کتێبی شاعیرە لە دوای کتێبی «آفریقانامە و زمین‌نامە باطعم شعر» لە لایەن وەرگێڕ (باست مورادی)ـیەوە، وەرگێڕراوە و لە (انتشارات افراز) چاپ دەکرێت. ئەمریکانامە بە تامی شیعر (ڕۆمانەشیعر-قەسیدە)یە کە ژانرێکی خوڵقاوی خودی شاعیرە لە ڕۆمانەشیعر و قەسیدەوە بەرهەمی هێناوە. ئەفریقانامە و زەمیننامە بە تامی شیعر، پڕۆژەی یەکەم و دووەمی کارنامەی (شیعرەڕێ)ـی شاعیرە و لە ساڵی ۲۰۱٦ـەوە سەرقاڵی نووسینی بووە. ئەمریکانامە بە تامی شیعر، پڕۆژەی سێیەم و چوارەمی (شیعرەڕێ)ـی شاعیرە و لە ساڵی ۲۰۱۷ نووسراوە و هەردوو کتێبەکە لە ساڵی ۲۰۱۸ بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئێستاکە هەردوو کتێبەکە بۆ زمانی فارسی لە لایەن باست مورادییەوە وەرگێڕراوە و هاوکات کتێبێکی دیکەی شاعیر لە لایەن باست مورادییەوە وەرگێڕاوە و لە داهاتوودا دەچێتە چاپ و کتێبخانەی فارسییەوە.




نوێترین کتێبی تازەی پێشەوا کاکەیی چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبی «لە پەنجەرەوە، دەڕوانمە گوێدرێژەکەی نالی»ـی پێشەوا کاکەیی، چاپ و بڵاو کرایەوە. کە ئەم کتێبە کاری ڕێنووس و هەڵەچنی «وشیار عەلی» و کاری بەرگ «ئیبراهیم ساڵح» ئەنجامیان داوە و لە چاپخانەی کارۆ چاپ کراوە.

🔻 له‌باره‌ی ئه‌م پەڕتووکەوە پێشەوا کاکەیی ده‌ڵێت:
ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی نوێی شیعری منە کە لە (شیعر و پەخشانەشیعر)دا خۆی دەبینێتەوە. هەندێک شوێن بۆ ڕەگەزی تریش. دەمەوێت خۆم لە پێشەکی ببوێرم. ته‌نيا سەرنجێکی خێرا بۆ خوێنەران به‌ جێ ده‌هێڵم. نالى (مه‌لا خدرى ئه‌حمه‌دى شاوه‌يسى ميكايه‌ڵى 1800-1877) بیانوویەک بوو بۆ من تا بتوانم بدوێم. لە ڕوانگەی: سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئایینی و زمانه‌وانییەوە کارم لەسەر ئەم شیعر و پەخشانەشیعرانە کردووه‌ و دۆخی دوای نالیم پێيان خوێندووه‌تەوە. ئەم شیعرانە بە زمانێکی ڕەخنەیی، کاری توێژینەوەييی خۆيانيان کردووە. چه‌ند نیوەبەیتێكى نالیم هێناوە و ڕەخنە و وەڵام و سەرنجی خۆمم بۆيان هەبووە. ئەوەی دەمەوێت لێرەدا بیڵێم، ئەوەیە کە لە سەرتاپای شیعر و پەخشانەشیعرەکاندا لە ڕوانگەی ڕیالیزمی ڕەخنەیییەوە دوواوم. هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی دوای نالی و هێنانەوەی نالی بۆ ئێستامان کە لە چ ئێستایەکدا دەژین و داهاتوومان لەسەر ئەو ئێستایە چی لێ شین دەبێتەوە.

🔵 پەرەگرافیک لە پەڕتووکەکە:

نالی! هەرلخێکی ئەم درەختە ڕاوەشێنيت، قیژەی سەدان کچی سەربڕاوی لێوە دێت، سەدان ڕۆژنامەنووسی بێسەروشوێنت پێ دەڵێت، کاوەی ئاسنگەر لە کوێ و کاوە گەرمیانی لە کوێ! میرنیشنی سۆران لە کوێ و سۆرانی مامە حەمە لە کوێ! هەرلخێک ڕاوەشێنیت، هاواری سەدان پەککەوتەی لێوە دێت، کە گۆچانێکی لێ ساز کردووە و ئاخوداخی ئەم تاڵانکارییەی کوردایەتیی حیزبی بۆ باس دەکات کە چلۆن دڵی شەق بردووە.

شەقی بردووە، پەمۆ نا، دڵی منداڵ.
لە گیرفانی هەموانی بڕیوە،
دز نا، ئەم دووکاندارە سیاسییانە.

ئەها ببینن! زمان بەو لینجاوییەی خۆیەوە، شیعرمان بۆ دەنووسێت،
هەموو شتێک دەکشێت و دەشکێت،
دەلکێت و ون دەبێت.

🔹پێشەوا کاکەیی
🔸پێشەوا عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان، نازناوی (پێشەوا کاکەیی)ـیە، لە ١٩/ ٤/ ۱۹۸٤، لە گەڕەکی «جووتکانیان»ـی شاری قەڵادزێ لە دایک بووە. پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی ۱۹۹۱ ڕوو لە خوێندن بە زمانی دایکزاد دەنێت و هەر لە قەڵادزێ خوێندنەکەی کۆتایی پێ دێنێت و ساڵی ۲۰۰٥-۲۰۰٦ بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەی لە ئاستی باڵادا ڕوو لە زانستگەی سلێمانی و کۆلیژی یاسا و ڕامیاری دەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستە سیاسییەکاندا وەردەگرێت. ئێستایش فەرمانبەری زانستگەی ڕاپەڕینە.

🔴 لە گەلێک ڕۆژنامە و بڵاڤۆکدا بابەتەکانی بڵاو کردۆتەوە. چەندین توێژینەوە و خوێندنەوە بۆ شیعرەکانی کراوە و ئێستاکە سێ کتێبی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی، دانەیەکیان چاپ و بڵاو کراوەتەوە و کۆمەڵەشیعرێکیشی وەردەگێردرێ بۆ زمانی عەرەبی. لە داهاتوودا دەکەونە بەر دیدی خوێنەرانی فارسزمان و عەرەبزمان. چەندین ڕێزلێنانی وڵاتانی پێ بەخشراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، چەند شیعرێکیشی وەرگڕدراونەتە چەندین زمانی تر…

🔻بەرهەمە شیعریی و ئەدەبییەکانی بریتین لە:

١. پاشماوەی هەناسەکان، کۆمەڵە شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی گەنج، سلێمانی، ۲۰۰۸؛
٢. منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم، چامە- شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی دیلان، سلێمانی، ٢٠١١، چاپی دووەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠١٩؛
٣. باغ غەزەلی تۆ، شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی پەنجەرە، تاران، ۲۰۱٥؛
٤. لە خانۆچکەکەی ماڵی پوورە خونچێمەوە بۆ کەلاوەکەی سەعیدیان، (دەقی واڵا،) چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۷؛
٥. ئەفریقانامە و زەمیننامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی یەکەم و دووەم،) شیعر، پەخشان، پەخشانەشیعر و گێڕانەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۸؛

٦. ئەمریکانامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی سێیەم و چوارەم،) ڕۆمانەشیعر-قەسیدە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۸؛
٧. گەردووننامە، شیعر، لە بڵاوکراوەکانی نووسیار-دانمارک، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۱۹؛
٨. بونیادنانەوەی ڕووناکی لە گەڕانەوەی زەردەشتی ئەحمەد مەلادا، لێکۆڵینەوە، ناوندەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٠؛
٩. نەمرەڕێ، چامە-کتێب، لە بڵاوکراوەکانی نووسیار-دانمارک، چاپی یەکەم، چاپخانەی جەنگەڵ، تاران، ٢٠٢١؛
١٠. بیری شیعر و خەیاڵی زمان، دیدار لەبارەی شیعرەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۲۱؛
۱۱. زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر، (پڕۆژەی پێنجەم) ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠٢٢؛
۱۲. لە پەنجەرەوە دەڕوانمە گوێدرێژەکەی نالی، شیعر-پەخشانەشیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ۲۰۲۲.




ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵای (زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر)ی پێشەوا کاکەیی بڵاو ده‌کرێتەوە

له‌باره‌ی ئه‌م پەڕتووکەوە پێشەوا کاکەیی ده‌ڵێت:
ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی نوێی شیعری منە کە لە (ڕۆمانەشیعر-دەقی وڵا)دا خۆی دەبینێتەوە. پڕۆژەی پێنجەمی کارنامەی (شیعرەڕێ)ـمە کە لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە کاری لەسەر دەکەم. ئەمەش دوای ئەوەی دێت کە پڕۆژەی سێیەم و چوارەمم (ئەمریکانامە بە تامی شیعر) وەک (ڕۆمانەشیعر-قەسیدە) لە ساڵی ٢٠١٧ نووسرا و لە ساڵی ٢٠١٨ چاپ کرا. لەو پەڕتووکەدا، پێشەکی و کورتەیەکی تێدایە لە هەمبەر (ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا) وەک ژانرێکی نوێی شیعری، کە ئەم ژانرە خۆم لێکم داوە و بەرهەمم هێناوەتەوە وەک ژانرێکی نوێی شیعری. بە واتایەکی تر، من خاوەنی ئەم ژانرەم لە مێژووی شیعردا. لەو پەڕتووکەدا، سێ کاری جیاوازم خستووەتە ڕوو، کە ئەویش ئەوەیە یەکەمین جارە ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا دێتە بەرهەم. هەروەها، یەکەمین جارە (ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا) لەبارەی ئەم قاڕەوە دەنووسرێت بە شیعر. هەروەها، یەکەمین جارە شیعری تێدا بزێتەوە و بە شیعر ببەسترێتەوە. ئەم پڕۆژە شیعرییە، خەم و ئازار و حەیرانی کەسێکە کە دەیەوێت لەناو شەپۆلەکانی زەریا و بەستەڵەکی باشووردا شتێک بگێڕێتەوە، خەمی کورد وەک بوون و هەبوو بەر باس بدات. کورد دەباتە ناو ئەو گەلانەی کە لەو قاڕەدا دەژین و گەلانیش ڕادەکێشێتە ناو خۆیەوە، لەوێوە هەم ڕەخنە لە خۆی و هەمیش لە جیهان دەگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، کوردێکی گەڕیدە لەناو و ئاو و بەفر و بەستەڵەکدا جیهانی ژینگە بەر باس دەدات. داهاتوو دەخوێنێتەوە.

پەرەگرافیک لە پەڕتووکەکە:

قەت بە قەد قەدی درەختێک‌ ڕوو لە با نەوەستاوم،
با، ئاوسم بە مێشکی ئاوریشمم،
نازانم ئاوم یان ئاور،
چۆن قەت بە قەد قەدی درەختێک
لە جێی خۆم نەوەستاوم.
ئێستا ڕاوەستاوم لە ئێدنبرەی حەوتدەریایی،
لەسەر دەفتەری هەوا، دەنووسم (با.)
ئەی با! کە هاتی،
ناونیشانم، ئاو و ئاورە،
لەم شیعرەدا بۆت دەر دەکەوێ،
باڵکۆنێکم نییە لەم جیهانەدا؛
کە هاتیت، بمبە لەگەڵ خۆتدا و
لە جیهانی خۆتدا نیشتەجێم بکە!

پێشەوا کاکەیی
پێشەوا عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان، نازناوی (پێشەوا کاکەیی)ـیە، لە ١٩/ ٤/ 1984. لە گەڕەکی “جووتکانیان”ـی شاری قەڵادزێ لە دایک بووە. پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 ڕوو لە خوێندن بە زمانی دایکزاد دەنێت و هەر لە قەڵادزێ خوێندنەکەی کۆتایی پێ دێنێت و ساڵی 2006-2005 بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەی لە ئاستی باڵادا ڕوو لە زانستگەی سلێمانی و کۆلیژی یاسا و ڕامیاری دەکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستە سیاسییەکاندا وەردەگرێت. ئێستایش فەرمانبەری زانستگەی ڕاپەڕینە.

لە گەلێک ڕۆژنامە و بڵاڤۆکدا بابەتەکانی بڵاو کردۆتەوە. چەندین توێژینەوە و خوێندنەوە بۆ شیعرەکانی کراوە و ئێستاکە سێ کتێبی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی، دانەیەکیان چاپ و بڵاو کراوەتەوە و کۆمەڵەشیعرێکیشی وەردەگێردرێ بۆ زمانی عەرەبی. لە داهاتوودا دەکەونە بەر دیدی خوێنەرانی فارسزمان و عەرەبزمان. چەند شیعرێکیشی وەرگڕدراونەتە سەر زمانی تر…

بەرهەمە شیعریی و ئەدەبییەکانی بریتین لە:

١. پاشماوەی هەناسەکان، کۆمەڵە شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی گەنج، سلێمانی، 2008.
٢. منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم، چامە- شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی دیلان، سلێمانی، ٢٠١١، چاپی دووەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠١٩.
٣. باغ غەزەلی تۆ، شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی پەنجەرە (تاران،)2015.
٤. لە خانۆچکەکەی ماڵی پوورە خونچێمەوە بۆ کەلاوەکەی سەعیدیان، (دەقی واڵا،) چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ،2017.
٥. ئەفریقانامە و زەمیننامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی یەکەم و دووەم،) شیعر، پەخشان، پەخشانەشیعر و گێڕانەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، 2018.
٦. ئەمریکانامە بە تامی شیعر، (پڕۆژەی سێیەم و چوارەم،) ڕۆمانەشیعر-قەسیدە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، 2018.
٧. گەردووننامە، شیعر، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، بڵاوکراوەکانی کتێبی نووسیار، سلێمانی، 2019.
٨. بونیادنانەوەی ڕووناکی لە گەڕانەوەی زەردەشتی ئەحمەد مەلادا، لێکۆڵینەوە، ناوندەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٠.
٩. نەمرەڕێ، چامە-کتێب، چاپی یەکەم، چاپخانەی جەنگەڵ، تاران، بڵاوکراوەکانی نووسیار، سلێمانی، ٢٠٢١.
١٠. بیری شیعر و خەیاڵی زمان، دیدار لەبارەی شیعرەوە، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، 20٢١.

  1. زەریا و بەستەڵەکی باشوور بە تامی شیعر، (پڕۆژەی پێنجەم) ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠٢٢.



پێشەکی و کورتەیەک لەبارەی (ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا)وە وەکوو ژانرێکی نوێى شیعری.. پێشەوا کاکەیی

بۆچی (ڕۆمانەشیعر و دەقی واڵا)م لەم پڕۆژە شیعرییەمدا نووسی؟ ئایا پێشتر بە بەرنامە کارم تێدا کردووه‌، یان به‌ ڕێككه‌وت وا دەرچوو؟ ئەوەی ئاگاداری مێژووی شیعرنووسینی من بێت، شایەتيی ئەوە دەدات کە لەدوای (٢٠١٦)وە بە پڕۆژەی شیعری کار دەکەم. ئەوەندەی توانیبێتم، کاژی خۆمم فڕێ داوە و بە جۆرێکی تر بە توولەڕێی شیعردا دەخشێم و خۆم بە کونج و کەلەبەری دنیادا دەکەم. ئەم باوەڕبەخۆبوونەم بە کارنامەکەم کە (شیعرەڕێ)یە پشتئەستوورە، بۆیە هەرجارێک و لە هەرپڕۆژەیەکیشدا وا لە شیعر دەڕوانم، کە من چیم لە شیعر دەوێت و شیعر چيی لە من دەوێت، نەک داخوازيی جەماوەر چییە و بازاڕ چ جۆرە شیعرێک ساغ دەکاتەوە! بۆ من، ئەوەندەی فڕێدانی کاژ لە شیعردا گرنگە، ئەوەندە بۆم گرنگ نییە داخۆ شاعیرێکی دەرکەوتووم، یان نا، چونكه‌ دواجار شیعر خۆی دەردەخات و بە جۆرێک هەق بە مێژووی خۆی دەدات کە بۆچی پێداگر بووە و بۆچی خۆی دەسەپێنێت؟
بە هەرحاڵ، بۆچی (ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا) لەم بەرهەمەمدا هاتە بوون؟ کاتێک لە (ئەمریکانامە، بە تامی شیعر)دا، کە (ڕۆمانەشیعر-قەسیدە) دەرچوو، کە ئەویش ژانرێکی نوێی شیعرە و خۆم بەرهەمم هێناوە، دەرچوونە لە ڕۆمانەشیعر، هەردەرچوونێکیش لە ژانرێکی باو، نوێبوونێکە و هێنانەکایەی ژانرێکی ترە بۆ شیعر. لەبەر ئەوە بە درێژایيی مێژووی شیعری کوردی، لە خەسرەو و شیرینی خانای قوبادییەوە کە بە (ڕۆمانەشیعری کلاسیک) هاتووه‌تە بوون تا ڕۆمانەشیعرەکانی ئەڵماسخانی کەنۆڵەیی (کەندووڵیی) و میرزا شەفیعی کولیایی کە ئەوکات ئەم سیانە وەکوو سێکۆچکەیەک وا بوون و هاوڕێيش بوون، سەردەمی گەشەی ڕۆمانەشیعری کوردی بووە، هەڵبەت دوای ئەوەی کە خانای قوبادی، خەسرەو و شیرینی نیزاميی گەنجەوی وەردەگێڕێته‌ سه‌ر زمانى کوردی (بەمەيش وەک یەکەم وەرگێڕی کورد دەناسرێت،) لەوێوە ڕۆمانەشیعری کلاسیک گەشە دەکات و بەردەوام دەبێت. دواتر لە هاتنەئارای شێوازی (ڕۆمانەشیعری نوێ) کە لە (زێوان)ـی سەباح ڕەنجدەرەوە دەست پێ دەکات، تا دەگاتە شێرکۆ بێکەس و دواتر… ئەم ڕۆمانەشیعرە لەنێو کورددا بەردەوام بووە. لەنێو گەلانی تریشدا، هەر لە داستانی شیعرەوە تا ڕۆمانەشیعر بەردەوام بووە.
لێرەدا نامپەرژێتە سەر مێژوو و لایەنی ڕەگەزەکانی شیعر، بەڵکوو باسه‌كه‌ له‌سه‌ر ئەوەیە كه‌ بۆچى ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا هاتە بوون؟ کاتێک کە ئەمریکانامە بە تامی شیعرم نووسی کە (ڕۆمانەشیعر-قەسیدە)یە، پێويست بوو بە جۆرێکی تر لە شیعردا خۆم بدۆزمەوە و بتوانم نوێبوونەوەیەک لە بواری ژانردا دەربخەم. هەڵبەت بۆ من ئاسان نەبوو، بەڵام بیرم کردەوە کە بە ڕۆمانەشیعر بڕۆم و لەولايشەوە دەرچوونێکم لە ڕۆمانەشیعردا هەبێت و ڕەگەزێکی تری شیعری بخەمە پاڵ ڕۆمانەشیعر.
ئەگەر ڕۆمان زۆر دژوار بێت، ئه‌وا ڕۆمانەشیعر دژواترە، چونكه‌ هەمیشە دەبێت ڕەچاوی شیعرییەت و تێکترنجانی ڕەگەزێکی تری شیعر کە دەقی واڵایە بۆ ناو ئەم ژانرە و بوون بە ژانرێکی تر بکەیت، ئه‌مه‌يش خەیاڵ و ئاگایيیەکی باشی دەوێت. خەیاڵ تا ئەو شوێنەی کە نەزانیت لە ژانردا بە چى دەگەیت، نەک (ناوەرۆک بە: شوێن، ڕووداو، کات، کەسایەتی و هونەری چنینەوە)، لە ئاگایيیش تا ئەو شوێنەی کە چیيت لە خەیاڵ دەست کەوتووە! لەگەڵ ئەوەيشدا، ئەم تێترنجاندنه‌ی ژانری تر، هەر لە هەناوی خۆیدا بزێت و گەورە بێت و لە شوێنێکی تردا بە جیا بێتەوە بوون، ئەم بوونەيش بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی.
ئەو کاته‌ دوای تەواوبوونی، هەست دەکەیت شتێک بە دنیا هاتووە کە پێشتر وەک هەمان کارکردنی (زمان، شێواز و گێڕانەوە) نەبووە، دەگەڵ خۆتدا بەر جۆرێک لە نامۆیی دەکەویت کە ئەمە ژانرێکی ترە و تۆ خوڵقاندووتە. هەڵبەت وەک کارکردن لەسەر (ناوەرۆک، پەیام، گرنگی و چییەتيی دەقەکە) بۆ خوێنەرى به‌ جێ دەهێڵیت و بڕیاردانی تۆی تێدا نییە. یانی ناتوانيت بڕیار لەسەر ئەو بابەتانە بدەیت، کە خوێنەر بەو ئاڕاستەیە لێی بڕوانێت، بەڵکوو ئەمە کوشتنی ژانر و دەقەکەيشە.
بەڵام کاتێک هەست دەکەیت کە ئەم کاژی ڕۆمانەشیعرەت فڕێ داوە و بەرگێکی ترت کردووە بە به‌رى ڕۆمانەشیعردا و ژانرێکی تری لێ هاتووه‌تە ئاراوە، هەست بە شادمانييه‌ک دەکەیت کە وەکوو چۆن بۆت گرنگ نییە جەماوەر چ جۆرە شیعرێکی لێت دەوێت، ئاوايش بە ئەندازەی لەدایکبوونی ئەم ژانرە، بۆت گرنگ نییە ئاخۆ جەماوەر پەسەندی دەکات یان نا، چونكه‌ ژانرە و خۆی دەرخستووە و خۆی خستووه‌تە ناو مێژووەوە، ئەوە مێژوويشە ئەم زمانە دەسەپێنێت یان خۆی قووت دەداتەوە و چیدیکە ناتوانێت بپەیڤێت. لەبەر ئەوە لەدایکبوونی هەرژانرێکی نوێ، سەرەتا ناتوانێت خۆی بسەپێنێت، تا لە نامۆبوون ڕزگاری نەبێت و تا لە زمانیشدا خۆی دەرنەخات، بۆیە هەموو ژانرە نوێیەکان بە ژانێکی مێژووییدا دەڕۆن تا خودی ئەم ژانرە لەنێو مێژوودا خۆی دەسەپێنێت.

لێرەوە دەمەوێت بە کورتی چۆنیەتيی ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا باس بکەم

پێش ئەوەی باس لە ڕۆمانەشیعر بکەین، ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانين كه‌ دەقی واڵا لە ئەنجامی چەند جۆرە ژانرێکەوە خۆی بونیاد دەنێته‌وه‌، ئەم بونیادەيش خۆی لە سرووشتی خۆیەوە سەر دەردەهێنێت کە جیهانە هونەرییەکەی سەر بە دنیای شیعری (نوێترخوازە). دەقی واڵا خۆی ئاوێتە ناکات، بەڵکوو خۆی ئاوێتەبووی ژانرەکانە. (هەڵبەت دەقی ئاوێتەيش هەیە کە باسی ئێمە نییە،) بەڵام دەقی واڵا بە ژانری دیکه‌ ئاوێتە بووە، ناتوانێت تەنیا لە ژانرێکدا خۆی دەربخات، بزۆزە و دەجووڵێت. سرووشتی خۆی وەهایە سەر بە ماڵی چێرۆکدا دەکات، خۆی دەکاتە چیرۆکەشیعر و بەوەيشه‌وه‌ ناوەستێته‌وه‌، سەر بە ماڵی پەخشان و پەخشانەشیعر و نمایش و شانۆ و مەنەلۆگ و گوتە و بیرەوەریيشدا دەکات.
زۆر جاريش وەها سادە خۆی نیشان دەدات، تەنانەت پەندیش خۆی تێ دەخزێنێت، تا ئەو شوێنەی خۆی دەبێتە ڕۆژنامەنووس و بە زمانێکی پەخشانییەوە دێتەوە دەره‌وه‌ و دەپەیڤێتەوە. لەبەر ئەوە، هەموو دەقێکی واڵا، ئاوێتەبووی تێدایە، ئەمەيش ڕەهەند و سرووشتی خودی دەقەکە خۆی بە خۆيی بەخشیوە، نەک دەقی ئاوێتە. چونكه‌ دەقی ئاوێتە بە کورتی هەم ئاگایيی تێدایە و هەمیش لە نێوان دوو ژانر یان هونەرێکی تردا خۆی بەیان دەکات. بۆیە هەموو دەقێکی ئاوێتە، دەقێکی واڵا نییە، چونكه‌ ئەم سرووشتە نائاگاییەی نییە کە وەک دەقی واڵا بزۆزتر بێت، بەڵام دەقی واڵا خۆی لە تەواوبوونی خۆیدا دەقێکی ئاوێتەيشە.
دەقی واڵا، هەم کۆلکەزێڕینەیە لە سرووشتی خۆیدا کە ڕەنگاوڕەنگە بە ژانری تر، هەمیش کراوەیە و دژی داخرانه‌. (لێرەدا قسە لەسەر دەقی کراوە و دەقی داخراو نییە. ئەوەيش بابەتێکی دیکەیە.) دەقی واڵا، زیاتر لە دوو ژانر لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە. دەقێکی گەڕۆکە بەنێو ژانری تردا، دەقێکی وەستاو نییە لەسەر یەک بابەت و یەک شێواز و یەک جۆری هونەری چنینەوە. دەقی واڵا خۆی هاوسەنگی لەنێو خۆیدا درووست دەکات لە ڕووی (بابەت و شێواز و هاوئاواز)ه‌وه‌، خۆی ڕەگەزەکانی شیعر دیاری دەکات. هەڵبەت ئەوەيش بڵێم، دەقی واڵا، سەر بە یەک شێواز و گێڕانەوە و هونەر نییە، بەڵکوو خۆی شێواز و گێڕانەوه‌ و هونەرەکەی دیاری دەکات، لە شاعیرێکەوە بۆ شاعیرێکی تر و لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر جیاوازيی خۆی دەردەخات.
کاتێک ئەم (ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا)یە هاتە بوون، کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندیم بۆ دەرکەوت، کە لە ئەنجامی هەردووکیانه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ بوون. پێش ئەوەيش ئەم خەسڵەتانە بخەمە ڕوو، تا ساتی چاپبوونی ئەم پەڕتووکە، دەتوانم بڵێم کە:
١) یەکەمین جارە بە زمانی شیعری، باس لە بەستەڵەکی باشوور/ ئانتارکتیکا دەکرێت و ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵای لەباره‌وه‌ بەرهەم دێت؛ پێشتر لە زمانە جیاوازەکاندا، شیعری کورت و پەخشان و ڕۆمان نووسراون، بەڵام ڕاستەوخۆ پەڕتووکێکی شیعری لەسەر بەستەڵەکی باشوور بە شێوەی ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا نەهاتووه‌تە بەرهەم؛
٢) بۆ یەکەمین جارە فەرهەنگۆک بە شیعر بچنرێتەوە، واتە دیسانەوە خۆی بخاتەوە ناو ژانرەکە و هەروشەیەکی فەرهەنگۆکەکە بە کورتیلەشیعرێک لەگەڵ وشەی دواتردا بە شیعر خۆی ببەستێتەوە. (فەرهەنگۆک و ژانی وشەکان،) تێيدا هەروشەیەکی کورتیلەشیعرێكم لێ بەرهەم هێناوەتەوە و لەگەڵ وشەی دوای خۆيدا هاوئاوا‌زم کردووه‌. هەروشەیەک کورتەشیعرێکی سەربەخۆیە و لەگەڵ ئەوەيشدا لە سەرەتای وشەوە تا کۆتایيی وشە پێکەوە گرێ دراون و هه‌روه‌ها بە ناوەرۆک و بابەتی ژانری ڕۆمانەشیعريشه‌وه‌ گرێ دراون. لەگەڵ ئەوەيشدا، دەرگایەکی کراوەم بۆ خوێنەر بە جێ هێشتووە کە چۆن بیر لە وشەکانی تری ناو فەرهەنگۆکەکە بکاتەوە، بۆ ئەوەی شیعری لێ بەرهەم بهێنێت؛
3) بۆ یەکەمین جارە، ژانری ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا دێتە بەرهەم.
ئەم خەسڵەتانە بە ئەزموونی خۆم و کارکردنم لەنێو شیعردا بۆم دەرکەوتوون، كه‌ ئايا (ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا) چۆن بەرهەم دێت؟ پاشان ئاگاداربوون له‌ خەسڵەتەکانی دەقی واڵا و ڕۆمانەشیعر و چۆنيه‌تيى تێکترنجاندنيان، لێرەدا دەخەمە ڕوو:
یەکەم: ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا، لەسەر هونەری ڕۆمانەشیعر کار دەکات، لەسەر یەک بابەتی گشتگر دەڕوات و پەلوپۆ بۆ کۆمەڵێک بابەتی تر كه‌ خزمەت بە هه‌مان بابەت ده‌كه‌ن، دەهاوێژێت، لێره‌يشه‌وه‌ دەقی واڵا کە هەر لە ڕۆمانەشیعرەکەدا لە دایک بووە، خۆيی تێ دەخزێنێت؛
دووەم: کاتێک ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا، دێتە بەرهەم کە ڕۆمانەشیعرەکە خۆی لە شوێنێکدا ژانری تری لێوە بزێت و خۆی بەرهەم بهێنێتەوە و بچێتەوە ناو هەمان شوێن؛
سێیەم: لە ڕۆمانەشیعردا، بابەت، زمان، هونەری گێڕانەوە و ژانرەکەی دیارە و ناتوانین بە دراما یان قەسیدە/ چامە یان چامەی درێژ بڵێین ڕۆمانەشیعر و بە دەقی واڵايش بڵێین ڕۆمانەشیعر. لەبەر ئەوە، هەموو دەقێکی واڵا خەسڵەتێکی ڕۆمانەشیعری تێدایە، بەڵام ناتوانێت خۆی بە ڕۆمانەشیعر تەواو بکات، چۆن پڕ بابەت و پڕ جۆری ڕەگەزەکانی شیعرە. لەگەڵ ئەوەيشدا، ڕۆمانەشیعر خەسڵەتەکانی دەقی واڵای تێدا نییە، ئەگەر لەسەر بنەماکانی دەقی واڵا بڕوات، لە ڕۆمانەشیعر دەکەوێت. بە کورتی، ڕۆمانەشیعر و دەقی واڵا، لە داڕشتن و گێڕانەوە و فرەڕەگەزی و هاوئاوەزیدا تایبەتمەنديی خۆیانيان هەیە؛
چوارەم: لە ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵادا، هەم خەسڵەتی (بابەت، شوێن، ڕووداو، کات، کەسایەتی و هونەری چینین و گێڕانەوە) و تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانەشیعر لە خۆ دەگرێت و هەم پەلوپۆيش بۆ دەقی واڵا کە ڕەگەز و ژانری تری تێ ده‌ترنجێنرێت، دەهاوێژێت. ئەمیش لە خۆیەوە ده‌زێت و ده‌چێتەوە ناو خۆی. لەبەر ئەوە: گەلۆ، حەیران، شیعر، چیرۆکەشیعر، کورتیلەشیعر، پەراوێزەشیعر، پەخشانەشیعری لە خۆدا کۆ کردووەتەوە، چونكه‌ ئەمانە هەریەکەیان زمانێکی تایبەت بە خۆيانيان هەیە و لەگەڵ ئەوەيشدا، زمانی ڕۆمانەشیعر و بابەت و گێڕانەوە و خەسڵەتەکانی ڕۆمانەشیعر زاڵە. هەم دەقی واڵای لێ دەزێت، هەم لە خۆیدا بەرهەمی دەهێنێتەوە و دەیخاتەوە پاڵ خۆی؛
پێنجەم: لە ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵادا، جگە لە ناونیشانی گشتی، چەند ناونیشانێکیش لەناو دەقەکەدا هەیە. بەوەيشدا دەزانین کە ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵا لە چ ڕووبەرێکدا دەمێنێتەوە. له‌مه‌وه‌ دەڵێین سەرتاپای ناونیشانەکانی ناو دەقەکە لەسەر ئەو کێڵگەیە دەوەستنه‌وه‌ کە ڕۆمانەشیعرەکە خۆيی لەسەر بونیاد ناوە. بۆ نموونە: (زەریا و بەستەڵەکی باشوور، بە تامی شیعر) ئەو ڕووبەرەی بۆی دیاری کراوە، لەو چوارچێوەيه‌دا ناونیشانەکانیش لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە کە لە ڕۆمانەکە دانەبڕێت، بەڵام ڕەگەز و ژانری گۆڕانی بەسەردا دێت. لەپڕ زمانی ڕۆمانەشیعر دەبێتە زمانی حەیران یان پەخشان یان چیرۆکەشیعر یان لە وشەیەکدا، پەراوێزێک لە دایک دەبێت و بە شیعر بۆی تێ هەڵدەچێتەوە؛
شەشەم: لە ڕۆمانەشیعر-دەقی واڵادا، یاسایەک پەیڕەو دەکات، ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر ڕەگەزەکانی دەقی واڵا: (حەیران، شانۆ، گفتوگۆ، پەخشان، پەخشانەشیعر، چیرۆکەشیعر، پەراوێزەشیعر، بیرەوەری و گوتە)شی تێ بترنجێت، دواجار ڕووبەرەکەی خۆی دەپارێزێت کە: (بابەت، شوێن، ڕووداو، کات، کەسایەتی و هونەری چنین و گێڕانەوە) لە خۆيی دوور نەخاتەوە.
لێرەدا ئەم خاڵانە بە کورتی بەرباس دران، کە دەتوانین له‌ شوێنى تردا زیاتر لەسەريان بوەستین. ئەوەی بۆ خوێنەر گرنگە بيزانێت، ئه‌وه‌يه‌ كه‌ کاژفڕێدان لە هونەری شیعر و ژانردا، ژانێکی تری ناو ژانرەکەیە و ئەوەی زۆریش گرنگە، دواجار پەروەردەکردنی ئەو ژانرەیە لە لایەن نووسەر خۆيه‌وه‌ تا سەر دەخرێت و خۆی دەسەپێنێت.

پێشەوا کاکەیی
تشرینی یەکەمی ٢٠٢١
قەڵادزێ
• لە کتێبی (زەریا و بەستەڵەکی باشوور، بە تامی شیعر)ەوە




ڕەخنەیى سیاسى لە شیعرەکانى (پێشەوا کاکەیى)ـدا.. پەرێشان خالید سابیر

پێشەکى
ڕاستییە جێگرەکانى وەکوو سیاسەت و سیاسەتکردن و ئازادى و دیموکراسى لە کۆمەڵگەى ئێمەدا، بمانەوێ یان نەمانەوێ، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، کاریگەرى بەرجەستەییان جێهێشتووە لەناو ئەزموونە هەستەکییەکانى ئێمەدا. لە ڕوانگەی گریمانەکانى پەیوەستبوونى ژیانى مرۆڤ بەو سیستەمە سیاسییەوە، زۆربەى شارەزایان و ڕەخنەگران دەڵێن: ئەدەب، بە شێوەیەکى زیندوو پەیوەستە بە بارودۆخى ژیانى مرۆڤەوە. ئەدەب، شتێکى بەرجەستەیە زیاتر لەوەى شتێکى واتایى بێت، ژیان بە هەموو جۆراوجۆریەتییە دەوڵەمەندییەکانەوە نمایش دەکات.
ئێمە هەموومان ئەوە دەزانین شاعیر کاتێک دەمرێت کە بێهەڵوێست بێت لە ئاست ڕووداوە گەورەکان و کارەساتە مێژووییەکان. بۆیە شاعیرى داهێنەر کەسێکە هەرگیز لەگەڵ دەسەڵاتى زۆرداردا یەک نابێت و داکۆکى لێناکات و یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانى قسەکردنە لەکاتى پێویستدا (هەڵوێست وەرگرتن)، بۆ ئەم مەبەستەش، کەى ویستى و لە کوێ پێویست بوو بێتەگۆ، بێ ئەوەى چاوەڕێى مۆڵەتى کەس بکات، ئەوکاتە شاعیر وەک داهێنەر خۆى خوڵقاندووە، چونکە نە بەرهەمى هیچ بڕیارێکە و نە زادەى هیچ دەسەڵاتێک.

تەوەرەى یەکەم:
چەمک و پێناسەى ڕەخنەى ئەدەبى:

ڕەخنەى ئەدەبى، وەکوو لقێکى دیار و چالاکى نێو دنیاى لێکۆڵینەوەى ئەدەبى، گەلێک پێناسە و هەڵسەنگاندنى بۆ کراوە، بە پێى میتۆدە ڕەخنەییە جیاجیاکان؛ لێرەدا بە کورتى چەند پێناسەیەک دەخەینە ڕوو.
((ڕەخنە «criticism» هونەرى هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەى کارە ئەدەبى و هونەرییەکانە لەسەر بنەمایەکى زانستى- پشکنینى زانستییانەى دەقە ئەدەبییەکان؛ لە ڕووى: سەرچاوەکانییەوە، ڕاستى ناوەڕۆکەکەیەوە، سەرهەڵدانییەوە، هەروەها لە ڕووى سیفاتەکان و مێژووەکەیەوە.))
(ئیبراهیم مەحموود خەلیل، ٢٠١٧: ١٢)

یان ڕەخنە بریتییە لە: ((ناسین و نرخ و بەهاى بەرهەمى ئەدەبى و ڕاڤە و شیکردنەوەى بە شێوەیەک کە چاک و خراپى ئەو بنوێنێت و سەرچاوەکان نیشان بدات.)) (هیمداد حوسێن، ٢٠٠٧: ٢٠)
کەواتە، ڕەخنە بریتییە لە شڕۆڤەکردن و ڕوونکردنەوە و ڕاڤەکردنى دەقى ئەدەبى بە پێى میتۆد یان ڕێبازێکى دیاریکراو. لە ڕوانگەى ئەم پێناسانەوە تێدەگەین کە هەرڕەخنەگرێک و لێکۆڵەرێک لە دید و ڕوانگەى جیاجیاوە بۆ ڕەخنەى ئەدەبى دەڕوانن، بە پێى ئەو میتۆدەى کە کارى لەسەر دەکەن و بە ڕاستى دەزانن، بەو جۆرە ڕەخنەى ئەدەبى بە جۆرە (زانینێکى ئەدەبى) هەژمار دەکرێت؛ چونکە بە پێى کۆمەڵێک بنەما و ڕێچکە کار دەکات و لۆژیک و ڕوونکردنەوەى تایبەتى خۆى هەیە، بە پێچەوانەى ئەوەى کە لێرە و لەوێ لەسەر لاپەڕەى ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بەدى دەکرێت، نە ستایشکردنە، نە داشۆرین، بەڵکوو تەنها وەکوو چالاکییەک و خوێندنەوەیەکى زیرەکانەیە، بە پێى چێژ و تێگەیشتن و سەلیقەى خوێنەر لە هەمبەر ڕەهەندە جیاجیاکانى دەقە ئەدەبییەکە.

ڕەخنەى سیاسى:

یەکێک لەو زانستانەى کە پەیوەندییەکى پتەوى بە ڕەخنەوە هەیە، زانستى سیاسەتە بەتایبەت ئەو میتۆدانەى کە ئیش لەسەر بار و دۆخ و جیهانى خاوەن دەق (نووسەر) دەکەن. بەر لەوەى باسى (ڕەخنەى سیاسى) بکەین، بە شێوەیەک لە شێوەکان، لەناو ئەو میتۆدانەى کە کار لە دەرەوەى دەق دەکەن، واتە میتۆدە کۆنەکانى وەکوو (مێژوویى و کۆمەڵایەتى و دەروونى) ڕەخنەى سیاسى بەدى دەکرێت؛ چونکە هەریەکێک لەم بوارانە دەربازى نەبووە لە ڕەنگدانەوەى بیر و باوەرى سیاسى و ئایدۆلۆژى، بۆیە کە باس لە ڕەخنەى سیاسى دەکەین، ناڕاستەوخۆ تێکەڵى ئەم میتۆدانە دەبینەوە.
ڕەخنەى سیاسى، ڕەخنەگرتنە لە بار و دۆخ و سیاسەتى چەپەڵانەى سیاسییەکان و پەردە هەڵماڵین لە ڕووى کارە قێزەون و بەرژەوەندى خوازەکانیان، لە بەرانبەردا هەڵوێست وەرگرتنە بە پەیڤ و وشە و بەرەنگاربوونەوەى سیاسەتى تاکڕەوانەى سیاسییەکان لەپێناو گۆڕینى ئەو کەتوارە نالەبارە و فەراهەمکردنى ژیانێکى ئاسوودە و ئارامتر بۆ تاکەکانى ئەو کۆمەڵگەیە.
هونەر، ئاوات و هیواى مرۆڤ لە کۆمەڵێکى تایبەتى و قۆناغ و بارودۆخێکى تایبەتیدا دەردەبڕێت، لەبەر ئەوە ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ سیاسەت و ئایدۆلۆژیا ڕەنگدانەوەیان هەیە لەناو بەرهەمى شاعیران. ((بە پێی تیۆرى مارکسیزم بنیاتە بنەڕەتییەکانى ژیانى ئادەمیزاد لە لایەن ئابوورى و پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنانەوە دیارى دەکرێت؛ واتە هەر ژێرخانێک «بنیاتێکى ژێرەوە» سەرخانێک «بناتێکى سەرەوە»ى خۆى هەیە. ئەم سەرخانە، لە ڕەوتە ئایدۆلۆژییە -سیاسیی، دینى، فەلسەفى و هونەرى-ـیەکەیدا خۆى دەنوێنێت.)) (کەمال میراودەلى، ٢٠٠٥: ١٩٣)
بەدریژایى سەردەمە جیاجیاکان، بیرى ڕەخنەى سیاسى بەدى دەکرێت لەناو بەرهەمى شاعیران و هونەرمەندان، چونکە ((هونەرمەند و ڕۆشنبیرى سەربەخۆ، لەو کەسایەتییە زۆر کەمانەن کە ئامادەن بۆ دژایەتیکردنى (لە قاڵبدان) کە مردنى شتە جوانەکانى بە دوادا دێت، چاوکردنەوە و تێگەیشتنى نوێ، بریتییە لە تواناى کارکردنى بەردەوام بۆ ئاشکراکردن و شەرمەزارکردنى دەمامکەکان و پاشان لەناوبردنى ڕوانین و بیر و باوەڕى لە قاڵب دراوەکان.))

(بیرى ڕەخنەى هاوچەرخ، ٢٠٠١: ١٠٧)
ئینجا لەبەر ئەوەى لە هەموو ڕۆژگارەکاندا، دنیاى هونەرى و ڕۆشنبیریى جەماوەرى و بیر و باوەڕى کۆى گشتیی خەڵک بە گوێرەى پێداویستییەکانى سیاسەت ئاڕاستە دەکرێن، لەو کاتەدا دەبێت هونەرمەند و ڕۆشنبیران، چاودێری بخەنە سەر سیاسەت و کارى سیاسى. جا ئەگەر لەم نێوەندەدا ئەدیب و نووسەران لە خەباتى سیاسیدا خۆیان بە هەقیقەت و بەها ڕاستییەکانى نێو کۆمەڵگە نەبەستنەوە، دوا جار ناتوانن بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ سەرجەم ئەزموونە زیندووەکاندا بکەن.
بێگومان ئەمەش ماناى ئەوە نییە کە شاعیر هەمیشە ڕەخنەگرى سیاسەتى حوکوومەت بێت و لە سەنگەرى بەرگریدابێت بۆ هێرشکردن، بەڵکوو بە جۆرێک سەیرى کارى فکرى و ڕۆشنبیرى بکات کە بەردەوام هۆشیار و بە ئاگا بێت و هەمیشە ئاگادارى ئەوە بێت کە بیر و باوەڕە لاساییکەرەوەکان ڕێنمای ژیانى نەکەن و سنوورى بۆنەکێشن.
((ئەم جۆرە ڕەخنەى سیاسییەش بە زۆرى لە شیعرى ئەو شاعیرانەدا بەدى دەکرێت کە «نەتەوەیی»ـن و خۆشەویستى نەتەوە و نیشتمان وایان لێ دەکات کە بە شیعرى ڕەخنەئامێز بەرەنگارى سیاسەتى داگیرکارانى خاک و وڵاتەکەیان ببنەوە، جگە لەو جۆرە ڕەخنەیەش کە لە سیاسەتى داگیرکەرانیان گرتووە، لەهەمان کاتدا ڕەخنەیان لە ناتەبایى و خۆخۆرى و دووبەرەکى میرو پاشاکانى کوردیش گرتووە.)) (ئومێد ئاشنا، ٢٠٠٨: ٦٣)
کەواتە، بە پێى ئەو بۆچوونە، شاعیرانى خاوەن هەڵوێست و ڕەخنەگر لە سیاسەتى سەردەم، هەست بە بەرپرسیاریێتى دەکەن لە بەرانبەر بەها ئازادییەکانى کۆمەڵگە و بۆ جێبەجێکردنى ئەو ئەرکەش، دەبێت لە ڕیزى «ئۆپۆزسیۆن»ـدا بێت، بۆ ئەم مەبەستەش، دەسەڵاتى شاعیر یان ڕەخنەگرى سیاسى، دەسەڵاتێکى ماددى یان ئابوورى نییە، بەڵکوو دەسەڵاتێکى ڕەمزییە. واتە، دەسەڵاتى قسەکردن و نووسینى هەیە لە بەرانبەر دەسەڵاتى شمشێر و پارەدا، بەڵام دوا جار ئەمیش هەر دەسەڵاتە. ئامانجى ئەدیبیش لاى ڕەخنەى سیاسى ((پەیوەستە بە هەڵوێستى ئەدیب بەرانبەر بەو ململانێیەى لە کۆمەڵگەدا هەیە، ئەگەر گۆمەڵگە ململانێیەکى چینایەتى بە خۆوە بینى، ئەوا ئامانج و مەبەستى ئەدیب سەرخستن یاخود گوزارشتکردنە لە چینى کرێکار و چەوساوەکان.)) (ئیبراهیم مەحموود خەلیل، ٢٠٠٧: ١٠٠)
واتە، دەبێت ئەدیب هەردەم لە بەرەى گەل و چەوساوەکاندابێت و گوزارشت لە ئێش و ئازار و مەینەتییەکانى ئەوان بکات، چونکە سیاسەت وەکوو تۆڕى ڕایەڵەیەکى بەهێز، ڕەگى خۆى بەناو هەموو کایەکانى ژیانى ئادەمیزاددا شۆڕ کردۆتەوە، لەو ڕوانگەیەوە ڕەخنەى سیاسى بە تەنها ((بایەخ بە ئەدەبى تایبەتمەند و بە بەها کۆمەڵایەتییە جێگرەوەکان نادەن، بەڵکوو بایەخ بەو ئەدەبە دەدەن کە بەرەنگارى دەکات و پەیوەندییە باوە کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان نووسەران و بڵاوکەرەوەکان و خوێنەران و کارگەرانى ترى ئەدەبدا دەگۆڕێت.)) (تێرى ئیگڵتن، ٢٠١٦: ٤٨٥)
واتە پەردە هەڵماڵین لەسەر سیاسەتى ئەو سیاسییانەى کە بەبەرنامە ئیش لەسەر داڕووخانى کۆمەڵایەتى و نەمانى ئینتیماى نەتەوەیى دەکەن لە لاى تاکی کورد.

تەوەرى دووەم:
ڕەخنەى سیاسى لە دەقەکانى (پێشەوا کاکەیى)ـدا:

پێشەوا کاکەیى؛ لەم دەقە واڵایەدا (لە خانۆچکەکەى ماڵی پوورە خونچێمەوە، بۆ کەلاوەکەى سەعیدیان) لە زۆر شوێندا، باسى سیاسەتى دوژمنکارییانەى وڵاتانى دراوسێى کوردستان دەکات، کە چۆن هەرجارە لەژێر ناوى جیاجیاوە کەوتوونەتە وێزەى خەڵکى کوردستان و لەناوبردن و پاکتاوکردنى نەژادى کوڕ، شاعیر بە شێوەیەک وەکوو ئاوێنە وێنەى ئەو کارەساتانەمان دێنێتەوە بەرچاو کە لە کات و شوێنى جیاجیاى کوردستان بەسەر میللەتى ستەمدیدەى کورددا هاتووە؛ بەڵێ شاعیر هەمیشە وابەستەى میللەتە و بە ڕوونى لە سەنگەرى گەلەوە بەگژ دوژمندا دەچێتەوە. بۆ نموونە لە دەقى شیعرى «ڕۆحى کۆبانێ»ـدا بەم جۆرە دەڵێ:

ئەوەی دێڕێک قورئانی بە مانا خوێندبێتەوە،
دەبێت تەفسیری كۆبانێ بزانێ.
ئەوەی فەرموودەیەكی پێغەمبەری خوێندبێتەوە،
دەبێت بزانێت كە جەژن بێ دراوسێ ناكرێ.
بڕۆن لە پەڕتووكی هەڵەبجە بڕوانن،
لە لاپەڕەی سێ و دێڕی شازدەیەم نووسراوە:
ئاگاتان لە زارۆكەكانی كۆبانێ بێ.
بڕۆن فڕۆكە هەڵبدەن
با چیدی فرمێسک لە چاویان نەتكێ.
یاری قوڕقوڕێنێیان لەگەڵدا بكەن،
تا بزانن ئادەم چلۆن ڕۆحی بەبەر دێ.
با هەموومان فێری ئەلفبێی تازە ببین
لە شەنگالەوە تا كۆبانێ،
یەكەم وانەش:
ئەنفالی حەوتەم بخوێندرێ!
(پێشەوا کاکەیی. ٢٠١٧: ٤٨-٤٩)

نووسەر؛ لێرەدا زۆر بە توندى تەحەداى ئەو سیاسەتە فاشیانەى وڵاتانى دراوسێ دەکات، لە هەر چوار پارچەى کوردستان کە چۆن لەژێر ناوى ئایینى ئیسلام کەوتوونە گیانى تاکى کورد و منداڵە بێتاوانەکانیان، لەکاتێکدا ئەگەر ئەوان تەنها تۆزقاڵێک لە قورئان و سوننەت تێگەیشتبان، هەرگیز کارى وا نامرۆڤانەیان دەرهەق بە خەڵکى سڤیل و بێتاوان نەدەکرد و دووچارى پاکتاوى ڕەگەزیان نەدەکردنەوە. شاعیر، لە (شەنگال و کۆبانێ)ـوە دەست پێ دەکات و کارەساتە جەرگبڕەکەى هەڵەبجە لە (١٦/٣/١٩٨٨) بەسەر دەکاتەوە و دەمانباتەوە سەر کۆستى شاڵاوەکەى ئەنفال کە بە چەند قۆناغێک جێبەجێ کرا، وەنەبێت تەنها لە نیشاندانى ئەو کارەساتانەدا بە تەنها بەجێمان بێڵێت، بەڵکوو لە ڕێگەى وێنەى شیعرى فەلسەفی زۆر جوانەوە، ڕێچارەى دەربازبوونمان لەو مەینەتى و سیاسەتە چەپەڵانە بۆ دەکێشێت و بەرەو کایەى بوون و نەبوونمان دەبات، لە ڕێى ڕزگاربوون لە ئەلف و بێى بیگانە و هۆشیارکردنەوەى تاکى کورد بە سوودوەرگرتن لە کارەساتەکانى مێژوو و بە هیواى دووبارە نەبوونەوەیان.
شاعیر؛ لە شیعرێکى دیکەدا، بە ناونیشانى «لەدواى حیکایەتەکان چۆن بچینە کۆبانێ»ــدا دەڵێ:

با لێرە بڕۆین…
بە مەقامێكی هەڵەبجە و
بە لاوكێكی پوورە خونچێی گەرمیان و
بە سمێڵە قەترانەكەی «حەیتۆ»ـی ئێزیدییەوە،
بچینە كۆبانێ و
لە بەردەم زارۆكەكانی ئەوێندەرێ:
بێ دەستەوەستان بكەوینە سەر ئەژنۆ.
گرفت نییە، جوگرافیا چی بەسەر دێ و چلۆن دەشێوێ.
ئەتاتورک چلۆن هاتووە و ئەردۆگان چلۆن خۆ دەنوێنێ.
دەبێت شەقامەكان پاک بكەینەوە لە وشەی عەرەبی،
لە ئاڵای ڕەشی دەستكردی توركی،
میز لەسەر سنوورەكان بكەین…
تا ڕەنگی سووری جوگرافیا دەگۆڕدرێ.
با بۆڕییە نەوتەكان هەربتەقێننەوە،
باكمان نییە گەر لە برسانیش بمرین؛
نەک بە داهاتی ئێمە، داعش دروست بكرێ و
هەرخۆشمانی پێ لەنێو ببرێ.
(پێشەوا کاکەیی، ٢٠١٧: ٦١)
شاعیر؛ وەک تاکێکى خاوەن هەڵوێستى ئەم کۆمەڵگە (کوردەوارى)ـیە، لەنێو جەرگەى قەیرانەکاندا دەژى. لەبەر ئەوەى بایەخ بە مەسەلەى ڕاستى و ئازایەتى و بەها مرۆڤایەتییەکان و دۆزى نەتەوەیى دەدات، دەبینین بەناو قووڵایی کێشە سیاسى و مەسەلە نەتەوەییەکانى گەلى کوردستاندا دەچێتە خوراێ کە چارەنووسى میللەتێکى گەورە بۆ چوار کەمینەى ناو چوار دەوڵەتى ستەمکار کورت دەکاتەوە و باس لە درووستبوونى ژینگەیەکى سیاسى و سەربازى و درووستکردنى سنوور و تۆپۆگرافیاى دەستکرد کە ((کوردبوون تیایدا وەک نەخۆشییەکى ترسناک دەبینرێت کە هەڕەشە لەو ژینگەیە دەکات تا ئەمرۆ لە بەشێکى گەورەى ناوچەکەدا، کوردبوون وەک وەبایەک (وەبایەکى ئاسایشی) سەیر دەکرێت کە پێویستە لە ڕەگ و ڕیشەوە بنەبڕ بکرێت.))
(مەریوان وریا قانع، ٢٠١٩: ٢٧)
شاعیر؛ جگە لە پەردە هەڵدانەوە لەسەر سیاسەتى دەوڵەتانى داگیرکەرى وەکوو تورک و هاوسۆز و هاوپەیمانەکانیان بە شێوەیەکى گاڵتەجاڕى تەنزئامێز دەیانخاتە ڕوو، دێت پەردەش لەسەر سیاسەتى بەناو سیاسییەکانى خۆشمان لادەدات و ڕووى ڕاستەقینەیان نیشان دەدات کە چۆن دەستیان لەگەڵ دوژمن تێکەڵ کردووە و گرێبەستى پەنجا ساڵەى بەتاڵانکردنى گەوهەرى ژێرزەوى کوردستانیان لەگەڵ مۆرکردوون کە سەرەڕای برسیەتى و نەهامەتى لە پاى ئەو پارە و سامانە زۆرە، بەهەمان داهاتى خۆمان قڕ دەکرێین و لە ناودەبرێین.
لە چەند تێکستى تردا، شاعیر پەنا بۆ تەکنیکى ساتیر و پێکەنین دەبات بۆ ڕەخنەگرتن لە سیاسەتى سەرکردایەتى کورد و حیزبە سیاسیەکان، بەدەر لە ڕەخنەى سیاسى، شاعیر تەکنیکى زۆر جوانى بەکار هێناوە لە نیشاندانى کەتواریێتی کولتوورى سیاسى کۆمەڵگەى کوردى، لەسەر زارى کارەکتەرێکى شیعریى- درامى کە ناوى (حەمە شێت)ـە، ناخى خۆى هەڵدەڕێژێت. واتە، خۆى لە دەرەوەى شیعرەکەدا دەوەستێت، بەڵام تارماییەکەى لەنێو دەقەکەدا بەدى دەکرێت، شاعیر لە سەرەتاى قەسیدە شیعرییەکەوە باس لە سەردەمى منداڵیەتى و نەهامەتییەکانى ئەو قۆناغە و ژیانى تەنیایى ئێستاى خۆى دەکات و دواتر دەیبەستێتەوە بە جیهانبینى و ژیان و چارەنووسى شێتەکانەوە. بەمجۆرە یەکانگیرى هەرسێ چەمکى (شاعیر و شێت و منداڵ) ڕەهەندێکى ئیستاتیکى فەلسەفى جوانى بەخشیوە بە تێکستەکە و هەم وەکوو تەکنیکێک سوودى لە کارەکتەرى (شێت) وەرگرتووە بۆ ڕازاندنەوەى ئەم شانۆ شیعرییە.
کاتێک دەڵێ:
لەنێو باغچەكەی «سیامەندی شەریفی»
بە خۆیی و سەرجەم شێتەكانی ئەو شارە
لافیتەیەكی ڕەشیان بە دەستەوە گرتبوو،
لەسەریشیان نووسیبوو:
پرسەی ماتەمینی جوانەمەرگی شاری ڕۆشنبیریی
كە بە ڕووداوێكی سیاسی گیانی سپارد،
سەرەخۆشی خۆمان
ئاڕاستەی هەرپێنج بنەماڵەی خاوەن شەهید دەكەین،
خەڵكیش بەبەر ڕۆحمی گیرفانی خۆی بدا.
ڕۆژبەر: 30/ 04/ 2014، یەكەم ڕۆژی پرسەكەیەتی.
كات: بەردەوامە.
هاتن: بۆ گشت مێدیاكانی ئەم زۆنگاوەیە.
دەشزانین: «فاتیحە» ناخوێنن و
لەبنەوە ئاوها دەكەن: ها ها ها!
(پێشەوا کاکەیى، ٢٠١٧: ١٣)

شاعیر؛ ڕاستەوخۆ پەنجە لەسەر برینەکان دادەنێت و باسى شارى سلێمانى دەکات کە چۆن لەژێر دروشمى ئازادى و دیموکراسى هاووڵاتیان بە ناهەق خوێنیان دەڕێژرێت، لەسەر زارى شێتەکانەوە هەڵوێست وەردەگرێت و پێی وایە ئیتر سلێمانى چیتر (پایتەختى ڕۆشنبیری) نییە، هەموو ئەمانە دەخاتە ئەستۆى هەر پێنج حیزبەکە، چونکە کەم تا زۆر هەموویان بەشدارن لەو شانۆ سیاسییەى ئێستا لە کوردستاندا بەڕێوە دەچێت. شاعیر بێئەوەى بیر لە بەرژەوەندى خۆى بکاتەوە، زۆر بوێرانە چى بە ڕاست بزانێت دەیڵێت. وەکوو غەیبزانێک هەست بە شتانێک دەکات کە کەسانى دیکە هەستى پێناکەن، پێشبینى ئەو کارەسات و مەترسیانەش دەکات کە بەڕێوەن و دوا جار دەستپێکى هەموو ئەو نەهامەتیانە لە هەڵبژاردنەکانەوە دەست پێ دەکەن و بەردەوامیش دووبارە دەبنەوە.
پێشەوا کاکەیى؛ لە چەند تێکستێکدا لە (خانۆچکەکەى ماڵی پوورە خونچێمەوە، بۆ کەلاوەکەى سەعیدیان)ـدا پەناى بۆ تەکنیکى گاڵتە و گەپ و تەنزئامێز بردووە بۆ ڕەخنەگرتن لە هەردوو لایەنى سیاسى و کۆمەڵایەتى، چونکە پێى وایە کاریگەرترین شێواز بۆ بەربەرەکانێى لایەنى سیاسى، شێوازى پێکەنین و ساتیرئامێزە، گومانى تێدا نییە کە ((هەر لە سەرەتاى سەرهەڵدانى نووسینى ئەدەبییەوە، هەم شیعر و هەمیش پەخشان، ساتیر وەک شێوازێکى ئەدەبى، ئامادەییەکى بەرچاوى لە دەقە ئەدەبییە سەرکەوتووەکاندا هەیە.))
(هاشمەئەحمەد زادە، ٢٠١٥: ٤٤)
لێرەدا ساتیر تەنیا ماناى پێکەنین ناگەیەنێت، بەڵکوو ماهیەتێکى لەوە گەورەترى هەیە، ئەویش ئەوەیە کە لە ڕێى ئەو پێکەنینەوە پەنجە بخاتە سەر سیاسەتى گەندەڵکاران و مافیاکان کە دەمێکە حاڵەتى تێپەڕاندووە و بووە بە دیاردە.

ئێواران بە درەنگەوە دەچمە بازاڕ
دوو كیلۆ جوێن دێنمەوە، لەنێو زەرفێكی زەردی بۆگەندا؛
تا دەگەمەوە ماڵ، دانەیەكی تێدا نامێنێت.
شەش پرتەقاڵ دەكڕم، بۆ ئەحەی دراوسێی دۆشداماو.
هەژدە فەردە گەنم، لە زیلێكی سەربازییدا دەئاخنم،
تا لەودیوی دێگەڵەوە كەس لێم نەگرێت.
پیاوێكی ڕیش خۆڵەمێشی،
لە قوژبنی داڵانێكی نێو بازاڕدا، هاوار دەكات:
وەرن لە دە كیلۆ مۆز، هەر پێنج كیلۆم پێ ماوە.
یەكێكی دیكە لە خۆیەوە: بیستوچوار كاتکۆ دادەنێت،
بۆ گۆڕینی شێوەی بازاڕ.
لێ هیچیان وەكوو ئەو پیرەژنەیە پەست نین،
بە تووڕەییەوە پێیان دەڵێت: ئۆهـ برێمتان تێ نێت
ئەوە چی تەنەكەیەكە دەیكوتن!
(پێشەوا کاکەیی، ٢٠١٧: ٨١)
دووبارە شاعیر بە زمانێکى داماڵدراو و تەنزئامێز ڕووبەرووى سیاسەتى هەر پێنج حیزبە دەسەڵاتدارەکەى کوردستان دەبێتەوە بۆ ئەم مەبەستەش زمانى تانە و تەشەر بە چەکێکى بەهێزى بەرەنگاربوونەوە دەزانێت، ڕەنگە ئەمە کاریگەرترین شێوازى ئەدەبى بێت بۆ ئاشکراکردن و شەرمەزارکردنى دەمامکەکان، شاعیر هەوڵ دەدات ڕاستییەکان بخاتە ڕوو، بێگومان ئەمەش کارێکى ئاسان نییە، چونکە خوودى شاعیر وەک تاکێکى هۆشیار و درککردن بە ڕووداو و پێشهاتەکان هەمیشە لە نێوان (گۆشەگیرى) و (لایەنگیرى)ـدا دەژى.
لەو قەیرانى داڕووخانى ئابوورى و ئەخلاقى سیاسییەدا کە هەریەک لەم پێنج لایەنە بە ئەندازە و قەوارەى خۆیان دەستیان هەیە لە هەرەسهێنان و شێواندنى شیرازەى کۆمەڵگەى کوردى لە هەموو بوارەکانى ژیاندا. بە هۆى ئەو کردەوە دزێوانەى کە کردوویانە شایەنى زیاترن لەو زمانە زبرەن کە شاعیر بەکارى هیناوە.

ئەنجام
١- شاعیر لە بەشێکى زۆرى تێکستەکاندا، قسە لەسەر سیاسەتى داگیرکارى وڵاتانى بەناو دراوسێ دەکات کە چۆن بێبەزەییانە و دڕندانە لە هەوڵى قرکردن و سڕینەوەى نەژادى کورددان لە هەموو پارچەکانى کوردستان.
٢- زۆر بە توندى هێرش دەکاتە سەر سیاسەتى سەرکردایەتى هەر پێنج حیزبەکە کە چۆن کوردستانیان کردووە بە زەلکاو و زۆنگاوێکى بۆگەن بۆ مەرامە شەخسییەکانى خۆیان.
٣- لەپاڵ ڕەخنەگرتن لە سیاسەتى دەرەوە، ڕەخنەى لە سیاسەتى سەرکردەکانى خۆمان گرتووە کە چۆن بوونەتە داردەست و یارمەتیدەرى بێگانە.
٤- شێوازى پێکەنین ساتیرئامێز دەکاتە چەکى بەرەنگاربوونەوە و لایەنى سیاسى و کۆمەڵایەتى دەخاتە بەر نووکى نەشتەرى ڕەخنەکانى و پێکەنین دەکاتە پاداشتى سەرنجى خوێنەر.
٥- پەردە هەڵماڵین لەسەر ڕاستى ڕووداوە مێژووییەکان و ئاشکراکردنى دەستى پشت ڕووداوەکان و لابردنى دەمامکەکان بۆ ڕای گشتى و خوێنەر.

سەرچاوەکان
١- ئیبراهیم مەحموود خەلیل، ڕەخنەى ئەدەبیى نوێ، و. محەمەد تاتانى، ناوەندى ڕۆشنبیریى و هونەرى دیالۆگ- کەرکووک، چاپى یەکەم،٢٠١٧.
٢- پێشەوا کاکەیى، لە خانۆچکەکەى ماڵى پوورە خونچێمەوە، بۆ کەلاوەکەى سەعیدیان (دەقى واڵا)، چاپخانەى کارۆ- سلێمانى، چاپى یەکەم، ٢٠١٧.
٣- تێرى ئیگڵتن، تیۆرى ئەدەب، و. عەتا قەرەداغى، ناوەندى ڕۆشنبیری و هونەریى ئەندێشە، چاپخانەى تاران، چاپى یەکەم، ٢٠١٦.
٤- کۆمەڵێک نووسەر، بیرى ڕەخنەى هاوچەرخ، و. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، دەزگاى چاپ و بڵاوکردنەوەى موکریان، چاپى یەکەم، هەولێر، ٢٠٠١.
٥- کەمال میراودەلى، فەلسەفەى جوانى و هونەر- ئیستاتیکا-، چاپى دووەم، سلێمانى ٢٠٠٥.
٦- کۆمەڵێک نووسەر، چێژى گێڕانەوە، ئا: شاخەوان سدیق، چاپخانەى کارۆ- بڵاوکراوەى نووسیار، ٢٠١٩.
٧- هاشم ئەحمەد زادە، جیهانى ڕۆمان، ناوەندى ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندیشە، چاپى یەکەم، سلیمانى، ٢٠١٥.
٨- هیمداد حوسێن، دەروازەیەک بۆ ڕەخنەى ئەدەبى کوردى، چاپخانەى خانى، چاپى یەکەم، دهۆک، ٢٠٠٧.




نەهاتووم ئاسمان بنوسمەوە، من خەڵکی زەوییم

“زەوی پلاستیک” یەکەمین کتێبی شیعری “دیار لەتیف”ی شاعیرە، کە ماوەی نۆ ساڵە کاری لەسەر دەکات و ئێستا لە چاپخانەیە و، بەمزووانە بڵاو دەکرێتەوە.
دیار لەتیف، دەڵێت: شیعر لای من، جگە لەوەی زانست نییە، ژیانە و، تەنانەت لە سەرووی هونەریشەوەیە، تاقیکردنەوە و دەرهاویشتنی بزاوتی گەرمی ڕۆحە، لەوەش زۆرتر، فەندەمێنتاڵێتێکە و، دژ بە ڕەگ و ڕیشەی خود، جەنگ بەرپا دەکات، لە هەمانکاتدا بەریەککەوتنی ژەهری ناخودئاگایە و، دەشکرێ خودئاگاییش بێت.

ئەم شاعیرە، زیاتر لەسەر یەکەم کتێبی خۆی قسەدەکات و، دەڵێت، “لەم دەرچەوە کە باس لە زەوییەک دەکەم، ئازاری نووسینی لە خۆدا هەڵگرتووە، چوونکە خاوەن واقیعێک نەبوومە و، هەمیشە ویستوومە زیاتر مامەڵەم لەگەڵ ئەفسانەسازیدابێت، ئەو ئاوێتەکردنە لە شیعردا بۆ من، بووەتە خولیا و بوونیادنانەوەی خەون، خەونێکی لەدەستچوو، هاوکات خەونێکی ڕوونەدراویش.

دیار لەتیف ماوەی نۆ ساڵە، کار لەسەر یەکەم کتێبی دەکات و، دەڵێت: هەوڵمداوە زەوییەکی پاراو بنووسمەوە، کەمترین درێغیشم نەکردووە، بەڵگەی ئەوەی نۆ ساڵە پاسەوانیم.

لای دیار لەتیف، بە شیعرکردنی ژیان کارێکی ئاسان نییە، “ئاسان نییە نەخۆشی و ئازار و برسێتی و مەراق و سوژە و دەردەسەری نەک بنووسرێتەوە، بەڵکوو بشکرێتە تەکنیک و شیعرییەت”
دیار، دەڵێت: “شیعر، شۆڕشە بۆ ڕاماڵینی جیهانی کۆن و داڕزیو، بنیاتنانی سەردەمی تازەیە، لەگەڵ ئەوەش بەرجەستەکردنی خۆشەویستییە، لەهەر کوێیەک سکگوشین و ترس و پەرێشانی هەبێت، بونیادی دادەخورپێت و بەدەنگ دێت.”
دەشنووسێت، “شیعر تەنیا بریقەی زمانەوانی نییە، ڕاوکردنی چرکەساتەکانیش، ویستە بۆ ئاشکراکردن و دەستلێدان لە بینراو و نەبینراو، تێکەڵبوونە بە ئازادییەکی ڕەها و، شکاندنی بەربەست و نەریتەکانە، ئەمەیە شیعری درەوشاو.”
“نەهاتووم ئاسمان بنووسمەوە، من خەڵکی زەوییم”
ئەم شاعیرە، پێیوایە: دەستبردن بۆ شیعر، لە جیهانێکدا، پڕ لێو لە کارەسات، مانایەکمان پێدەدات کە شیعر نەمردووە و، بە دەسەڵاتە لە نووسینەوەی دونیا و ساڵەکان، بگرە تەنیا ئەرکی ئارایشتی نییە و، لە توانایدایە ژیاننووس و مرۆڤنووس بێت، شیعر کاتێک مردووە، کە جووڵەی نووسینەوەی نەمێنێت.

دیار لەتیف ساڵی ١٩٨٩ لە شارۆچکەی کفری لەدایک بووە، دەرچوووی بەشی کوردی کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانییە، بە دەقی شیعری بەشداری چەند فێستیڤاڵێکی ئەدەبی کردووە و، خەڵاتی یەکەم تا سێیەمی دەستەبەرکردووە.
جگە لە کارکردنی لە یەکەمین کتێبی، هاوکات لە چەندین سایت و ڕۆژنامە و گۆڤار کاریکردووە و ستوونی هەبووە.




دوو کتێبی نوێی پێشەوا کاکەیی چاپکرا و ئێستا لە کتێبخانەکان دەست دەکەوێت….


۱- ئەفەریقانامە و زەمیننامە، بە تامی شیعر

۲- ئەمریکانامە، بە تامی شیعر، “ڕۆمانە شیعر/ قەسیدە”

دوو کتێبی پێشەوا کاکەیین، بریتین لە چوار پڕۆژەی شیعریی، لە کۆی ۸ پڕۆژە، کە پێشەوا، لە ساڵی ۲٠۱٦ەوە، بە شێوازێکی تایبەت بە خۆی، سەرقاڵی نووسینێتی. ئەم دوو کتێبە؛ لە چاپخانەی کارۆ/ سلێمانی، چاپ کراوە، له‌سه‌ر ئه‌رکی نووسه‌ر. نووسه‌ر، له کتێبی یه‌که‌میدا: ئه‌فریقانامه و زەمیننامە، به تامی شیعر، ده‌روازه‌یه‌کی بۆ کۆی پڕۆژه‌کانی نووسیوه، به نێوی “شیعره/ ڕێ” که نووسه‌ر، له‌ وێوه دونیایه‌کی شیعری، په‌نجه‌ره‌یه‌کی دیکه به ڕووی شیعردا ده‌کاته‌وه.

د. ڕەفیق سابیر، لە بارەی ئەفریقانامەوە، دەڵێت:
ئەفریقانامە، بە تامی شیعر… مرۆڤ لە خوێندنەوەی ماندوو نابێت، چوونکە تێکستێکی پڕ فانتازیا و تایبەتە و، بە زمانێکی پاراو و شاعیرانە و ستایلێکی تایبەت نووسراوە…
پێشەوا کاکەیی- ئەفریقانامە

ئیسماعیل حەمەئەمین: له باره‌ی ئه‌مریکانامه‌وه، ده‌ڵێت:
ئەمریکانامە، بە تامی شیعر؛ قەسیدە- ڕۆمانێکی قووڵە، قووڵ بە قەد سەفەرکردن بەسەر ڕێگەی ئاوریشمی مارکۆ پۆلۆدا. ئەمریکانامە، گەڕانە بە دووی سوبێکتێک، خودێک، لەسەر ئەم زەویە ونبووەدا. ون بووە لە ناو خۆیدا، بە جۆرێک «خودی شیعریی» لە ناو کایەی خۆیدا، بە دووی کایەی گەورەتردا دەگەڕێت. لە ناو لۆکاڵدا بە دووی شیعرییەتێکدا دەگەڕێت، پڕ بکات بە جیهاندا.

پێشەوا کاکەیی--- ئەمریکانامە




شەونامە، بە تامی ڕۆشنایی … پێشەوا کاکەیی

«شەو، لە ڕۆشنایییدا: تاریکیی و دەردەدڵی گشت شاعیرانی شی کردۆتەوە؛
من کە بڵێسەیەک شک دەبەم: چ دەبێت، ڕۆشناییی شەوی پێ شی بکەمەوە!.»
——————————————————————–

«لە بری پێشەکی، چەند قسەیەک»

پێش ئەوەی “شەونامە، بە تامی ڕۆشنایی” بنووسم، پێشتر دوو کاری شیعریم لەسەر “شەو” کردووە؛ لە ڕوانگەی مرۆڤەوە بۆ دونیای سوننەتیی و مۆدێرنە، کە لە دەوری بابەتی فەلەک و گەردووندا دەسووڕێتەوە. کە: کاری یەکەم: “شەو و خولانەوە، بە دەروی پرسیاردا” و، کاری دووەمیش: “دونیای گەردوون” بووە. کە ئەوەشیان کاری سێیەممە لە بارەی شەو و قووڵاییی خۆیەوە، وەک شیعر لە بابەتی گەردوونییەوە. “کە شەونامە، بە تامی ڕۆشنایی، جودایە لە پڕۆژەکانی ئەفریقانامە و زەمیننامە و ئەمریکانامە بە تامی شیعر، کە چەند پڕۆژەیەکی دیکە ماون، لە ئاییندەدا تەواو دەبن.” ئەوەی ویستومە لێرەدا و، چی لە دوو کارەکەی پێشتریشمدا، شیعر لە خودێتیی مرۆڤەوە بگوازمەوە بۆ خودێتیی چەمک؛ بە واتایەکی دی، چیدی شیعر وشە نەکاتە کەرەستەی خۆی بۆ کایەی مرۆڤ، بەڵکوو ئێستەیەک لەسەر وشە بکات و، خودی شیعر لە قووڵاییی ئەو وشەدا بگیرسێتەوە کە خزمەتێکی زۆری دونیای شیعر و شاعیرانی کردووە. مرۆڤ و وشە، مرۆڤ و شەو، وەک دوو چەمکی هاوسەنگیی لە کایەی گەردوونیدا بمێننەوە، نەک دونیای گەردوون بۆ وسیتێکی چرکەساتی دڵی شاعیر بخرێتە نێو دوو دێڕە شیعرەوە و، وەک میوان حزووری هەبێت. شەو، وەک دڵنەوایییەک بۆ غەمی شاعیر، هەوێنی شیعر بێت.
پرسیار ئەوە نییە لێرەدا لە بارەی شیعری کەسەوە بدوێم، کە دەبێت لە چەمکێکدا قووڵ ببنەوە؛ بەڵکوو ئەوە بۆ خوێندنەوەیەکی قووڵی ڕەخنەگران بە جێدێڵم. ئەوەی من گەرەکمە لێرەدا بە کورتی بیڵێم: هاوسەنگییەک بۆ وشە بگێڕمەوە و، چیدی وشە لە خودێتیی مرۆڤدا قەتیس نەکرێتەوە. قووڵبوونەوە لە شەو، یان تەنیایی چەکچەکیلەیەک، سەفەرکردن بە نێو جیهاندا یان چوونە نێو جیهان، بچووک نەکرێتەوە بۆ خودێتیی “من و تۆ و ئێمە”، بەڵکوو کارکردن لەسەر خودی شەو یان گەردوون وەک ڕووبەری گشتیی یان ئەستێرە یان هەر هەسارەیەکی دی و، بگرە گەمەی مەیموون و، ڕوانین لە گیاندار و، جوانی ڕووەک و، ڕامان لە باڵندە، تا دوایی… لە ڕووبەرێکی گشتییدا خۆی وەک خۆی بناسرێت و، خۆی لە کایەی شیعریدا وەک خۆی بەشدار بێت، نەک ببنە کەرەستەیەکی شیعری بۆ خودێتیی شاعیر. لێرەدا بە پێویستی نازانم لەمەڕ “شەونامە، بە تامی ڕۆشنایی”، قسەیەکی وەهای لە بارەوە بکەم و، وەها بپەیڤم کە ئاخۆ ئامانجم لەوەدا چی بێت، بەڵکوو بۆ خوێنەر بە جێیدێڵم و، خۆی لە قووڵاییدا بە ئامانجی ئەو شیعرە بگات، کە ئاخۆ ویستومە شیعر لە فەزایەکی دیدا کار بکات؟ ئیدی ئەوکات ڕەنگیشە دەیان کەس بچنە نێو قووڵاییی شەوەوە و، دەیان کەسیش بەرپەرچی ئەو ڕامانەی من، بۆ شەو بدەنەوە؛ کە بۆ دەڵێم: “شەو ڕۆشنە و تاریک نییە”. ئیدی نەهاتووم میتافیزیکییانە یان فەلەکناسییانە یان فەلسەفییانە شیی بکەمەوە، بەڵکوو ویستومە شیعر دەگەڵ گەردووندا بدوێت و، ڕۆشناییی خۆی شی بکاتەوە. هەڵبەت دوای ئەم کارەشم، جارێکی دی و، لە کاتێکی دیکەدا… دەچمەوە نێو یەکێ لەو فەزا شیعریانە و، لەو بارەیەوە کاری دیکەی تێدا دەکەم، کە دواجار کۆی ئەم کارە شیعرییانەم، وەک پڕۆژەیەکی شیعری دونیای گەردوونی کۆ دەکەمەوە. لە ئێستاشەوە دەمەوێت بڵێم: خودا یار بێت، بە نێوی “گەردووننامە”، لە کتێبێکدا دێتە بەرهەم.

-١-
شەو، بەرلەوەی بچێتە دۆخی شەوبوونییەوە:
یەکەم وشەی لەسەر خۆی شی کردەوە،
کە بۆ نێویان بردووە بە تار؛
وەک ئاوازێکی غەمگین چڕدراوە و،
کراوەتە بە ئامێرێکی تار.
شەو، گوتی: دڵ کە ڕۆشناییی نەبێت:
ڕوانین… تاریکیی دادەگیرسێنێت و،
هەرگیز بۆی نابێتە یار!.

-٢-
شەو، وەختێک کە لە تێزی فەلسەفە دەبێتەوە:
دەیەوێت باڵ بگرێت و بفڕێت…
بۆ وەی بچێتە نێو هۆمەڵغەزاییەوە.
کەچی لە نێو پەڕەسێلکە و باڵخەنجەرەدا:
چەکچەکیلەی لێ ون دەبێت؛
فەلسەفە و فیزیاش، سەریان لێ دەشێوێت:
نازانن کە ڕووناکیی لێ دەردەچێت!.

-٣-
شەو، کە خۆی دەخزێنێتە نێو ڕۆچنەی بن گوێسەبانێکەوە:
سەرێک لە مارمێلکە دەدات،
بۆ وەی بزانێت: چۆن گفتوگۆ لەگەڵ تاریکییدا دەکات؛
چۆن لە ترووسکایی دەڕوانێت.
قووڵتر دەپەیڤێت…
تاکوو بزانێت وەکوو مرۆڤ، لە مانگ دەڕوانێت!.

-٤-
شەو، لەگەڵ لێزمەی باراندا دێتە خوارەوە…
گوێ لە تکەتکی ئاو دەگرێت، بۆ وەی بزانێت:
ئەم چادرە بۆ کوونی تێ بووە و، بالۆرە دەڵێت.
دادەمێنێت و، دەڵێت: ئەی خۆر ئیشی چی بووە:
کە ڕووناکیی، بە ماڵە هەژارێکی نەبەخشیبێت!.

-٥-
شەو، لە بیابانێکدا بە جێدەمێنێت،
بەدیار دارێکی وشکوبرینگەوە، چیرۆکی خۆڵ دەگێڕێتەوە:
کە چاو، چەند تامەزرۆی بینین بووە.
لە شوێنپێ ڕادەمێنێت،
دەزانێت: چەند گرێی دەروونی دە خۆیدا هەڵگرتووە.
دەزانێت کە: “با”، چۆن مێژووی فەنابوونی عیشقی نووسیوەتەوە!.

-٦-
شەو، خۆشی هەست بە ترس دەکات،
کە لە نێو قامیشەڵێنەکاندا:
بە بەلەمێکی بچووک، سەوڵ لێ دەدات.
بەس کە گوێی لە دەنگی بۆق دەبێت،
هەست بە زیکر دەکات.
شەو، دەڵێت: باکم نییە، گەر تیمساحیش قووتم بدات!.

-٧-
شەو، کوفرێکی هاوکێشەیی دەکات و،
بە حەمامچی، دەڵێت: خۆ لفەکەی لێیە،
لەگەڵ سابوونێکیش لە کەفی زەریا؟
ئەوەتانێ خۆر وەک خەجگەڕۆکی لێ هاتووە؛
دەڵێی سەی پێ سووتاوە، بە ماڵێ نازانێتەوە.
بمدەرێ، با ڕووتی بکەمەوە و،
جوان جوان بیشۆم و سپی بکەمەوە.
مەڵێ خۆر لە ماڵەکەی خۆمدایە،
دونیا بە دەست بوونەوەرێکەوە وەها تێکچووە:
گەر بە دەست من بێت: ناهێڵم لە ژوور بچێتە دەرەوە!.

-٨-
شەو، وەها دەڕوانێت: کە شەوچلە بێت یان شەفتاری،
بە سەبری خۆی، کات دەژمێرێت.
گوێناداتە ترپەی دڵانێک، بە هەوەسی خۆی:
لەگەڵ چرکەدا کاتی بدات.
ئیشی شەو، درێژخایەنە: بە پێی پەتی دەڕوات،
ئیشی مرۆڤ، کورتخایەنە: نێوی بە شوومی دەبات!.

-٩-
شەو، چەند دڵنشینە، گوێ لە دڵشکاوێکیش دەگرێت.
ڕۆحی دەگەڵ هەوردا تێکەڵ دەبێت و،
تنۆک تنۆک… بە شووشەی ئۆتۆمۆبیلێکدا دێتە خوارێ.
ئەو دڵشکاوە هێندەی بگریێت، ڕۆندکی نەدەوەستا…
هات دڵنەواییی بداتەوە،
بۆ وەی بە هەردوو فڵچەی: شووشەی چاوی بسڕێ!.

-١٠-
شەو، لە یەک ساتدا، دوو جۆر خوانە:
ئارامی دڵانە، لە ماڵی عاریفانە؛
هەمیشە نووری لێ دەردەچێت.
گرژ و خاوبوونەوەیە، سێکسخوانە:
دڵۆپ دڵۆپ… ئاوی لێ دەڕژێت.
ئیدی کاری شەوە،
لە هەردوو حاڵەتیدا، ترۆپکی خوانە!.

-١١-
شەو، لە دەنگی مەشکەدڕەدا ڕاتدەگرێت؛
کە ڕابمێنیت و، قووڵتر بیتەوە لەو هێزەی:
کە کەسانێک وا دەزانن شەو هەر خامۆشە،
ئیدی چۆن دەتوانێت بە بەرچاوی هەمووانەوە…
لەو دەنگەدەنگەدا: سەرخەوێک بشکێنێت!.

-١٢-
شەو، چەند مشتومڕێکی لەگەڵدا دەکرێت.
خۆر: من هەر دەسووتێم و، هێشتا نەچوومەتەوە سەر خۆڵەمێشی خۆم؛
ئیدی چۆن باسی ڕووناکی خۆت دەکەیت.
تۆ، هەر نیت، کە هەیت لە غەیبدایت، ئەی بۆ ناتبینم کە هەیت.
مانگ: لایەکی ڕوومەتم سپییە و، لایەکیش سیا،
ئەی خۆر بە چ دەنازیت، کە نیوەی جوانیم داوە پێت،
بۆ وەیە شێوەی ڕووناکییم، بە زەوی ببەخشیت.
ئەی شەو، بیانووم پێ مەگرە،
بۆیە نیوەی تاریکی خۆم، بە تۆ بەخشیوە:
تاکوو پشوو بە لایەکی ڕوومەتم بدەم و، خۆر ئەو هەموو جوانییەم نەسووتێنێت؛
تۆیەکی شەو بئافرێنم و، لە ترێفەم، ڕووناکی بەشی خۆت بە زەوی ببەخشیت.
زەوی: کە دەکەومە نێوانتانەوە، دیار دەبێت کە:
کێ جوانە و، کێ گڕووێیە.
کێ تاریکە و، کێ تیشکدارە.
ئەوەی شەو بە وجوودی خۆی نەزانێت،
لە لاڕێوێکدا بێسەروشوێن دەبێت!.
ئەی خۆر، گەر شەو نەبێت، وزەت وێرانم دەکات.
ئەی مانگ، بۆ نوێبوونەوەت، سێبەری منە کە حەشارت دەدات.
سوپاس ئەی شەو، کە لە خۆمان دەگریت، وای، کە چەند هێمنیت.

-١٣-
شەو، بە غەمبوون نییە، مرۆ بڵێ:
هیچ نییە، تەنیا ڕۆحی ماندووم دەدوێنێ.
دواندنێکی دییە، ڕاتچڵەکێنێ.
خەیاڵێکی دییە، چاوت ترووکێنێ.
بچیتەوە نێو خۆت و، پێت بڵێ:
مەقامی لاسکەگیا نییە، هەتاو هەڵیپڕووزێنێ.
نهێنی ئاونگ نییە، خودا ئەشکی ڕێشتبێ.
شادومانییە، دەچێتە نێو ڕۆحەوە.
بەخشینە، دێتە سەر چۆک و، ڕاتدەهێنێ.

-١٤-
شەو، ناڵاڵێتەوە، هەناوی زووخاو بێت.
وەها عاشق نابێت، خۆی لێ گوم ببێت.
ناکڕووزێتەوە، بە کەم تەماشای بکرێت.
وەک مووچڕکە، بە نێو شیعردا دەچێت.

-١٥-
شەو، ئەفسانە نییە، وەک دێوەزمەیەک بێت و بچێت.
بە جنۆکەی بچووێنیت و، ترسی مەرگت لێ بنیشێت.
دڵەڕاوکێ نییە، ڕەنگ و ڕۆحت تووشی شڵەژان بێت.
بەخت لای کێ دەگرییەوە، کە شەو خۆی بەخت بێت.
نووشتە لە چ دەکەی، کەی شەو دەنووشتێتەوە بۆت؟
ئەفسوونکار خۆتیت، کە مۆتەکە بە شەوەوە دەگریت.

-١٦-
شەو، دڵشکاوترینە؛ نازانم: نە ئەو شتێکم پێ دەڵێت، نە من بەو.
لەو شاعیرانە نییە، گوێ لە ترپەی دڵی بگرێت، تاکوو نیوەشەو.
برینی من، دڵ نییە، بە نێو جیهاندا دەگەڕێم: لەبەر ترپەی شەو،
وەک چۆن شەویش، هەردەم قسەی دی هەیە، لە ڕووناکیی ئەو.

-١٧-
شەو، دەکەوێتە بۆشاییەوە،
گەر لێی ورد نەبنەوە: دەکەونە چاڵێکەوە.
تا دێت گەورەتر دەبێت، تا دێت قووڵتر دەبێت،
گەر بیر نەکەنەوە، ڕەنگە وەک گەردیلەیەک بمێننەوە.
گەردوون تا هات فراوانتر، دە خۆیدا گەورەتر،
بۆ وەی کە گەورەبوون، بە گەردیلەی خۆتاندا بچنەوە.

-١٨-
شەو، نیشتمانی هەموو ڕۆحێکە،
بۆ هەر کوێیەکی دونیا بچیت، وەها بیری دەکەیت…
کە کات بە قاچاغچی بگریت و،
بتگەڕێنێتەوە بۆ لای شەو و، لە باوەشی بگریت.
شووناسی خۆت، بۆ هەر نەتەوەیەکی دی بگۆڕیت،
ڕەنگی چاوەکانت، بۆ هەر ڕەنگێکی دی بگۆڕیت،
خۆت فێری هەر زمانێکی سەر ئەم زەمینە بکەیت،
هەر دەبێت بە شووناس و ڕەنگ و زمانی شەو قسە بکەیت؛
ئیدی بۆ خۆت لە شەو یاخی دەکەیت؟.

-١٩-
شەو، یەک دیوە، نەک وەک مرۆڤ کە دوو دیوە؛
لە نێوەوە، دەگەڵ خۆیدا دەدوێت.
تا نەدوێت، شەوت لا گەورە نابێت،
کە دوا، فێری هەموو زمانێک دەبێت.
شەو، پێش ئێمە، چەند زمانێک فێربووە:
زمانی زاوە: زمانی سۆفیی و عاریفانە،
هەر شەوێکی وێ: درێژتر لە چلەی دەروێشانە.
زمانی زوهرە: دوو دیالێکتی زۆر ئاسانە،
دیالێکتی بەرەبەیانیی و ئێوارانە،
سەرەتاتکێی نێوان دوو ئەویندارە.
زمانی زەوی: دوو شێوەزارە، زاری ئەستێرە و زاری مانگە،
تاڵەکانی خۆریش، لە ئەزەلەوە، دانیان پێدا ناوە.
زمانی بارام: زمانی سوورپێستەکانی ئاسمانە،
دەیمۆس و فۆبۆس، نەک دوو مانگ،
دوو جەنگاوەری پێچەوانەن، لە دوو لاوە.
زمانی هورمز: زمانی دیوەخانی پاشای پاشاکانە،
مانگەکانی، وەک کۆیلە وان، هەمیشە لە کڕنۆشدانە.
چوار لەو کۆیلانە: نێویان “کالیستۆ و ئایۆ و گانیمید و ئەورووپا”یە،
بازنەکانیشی، پاسەوانی بەر دەرگانە.
گانیمید: نامەیەکی وەهای بۆ “گالیلۆ” نووسیوە،
کە تاکوو ئێستاش لە چاوگێڕەکەیدا هەڵگیراوە.
زمانی کەیوان: زمانێکە، ستاندارەکەی لەهجەی بازارە؛
لە شەو بترازێت، کەس نازانێت بۆ وا مانگەکانی هەڕاج کراوە.
زمانەکانی دیکەی: شەویان بە ڕێنووسی جودا نووسیوەتەوە،
ئەوەی شەوناس نەبێت، زۆر قورسە پیتەکانیان بخوێنێتەوە!.

-٢٠-
کە ئەستێرە و مانگ دەبێتە شەڕیان،
کێ هەیە لێکیان بکاتەوە، شەو نەبێت.
لە خوارەوە، تیر دەگرنە سەرەوە
یەکێ: بە نێوی مانگەوە، دەیەوێت جوانی بپێکێ؛
یەکێ: بە نێوی ئەستێرەوە، دڵی لە لێدان بکەوێ.
مرۆڤ، چۆن ڕووی دێت، ئەو هەموو وشەیە وەکار بێنێ؛
ئەستێرە و مانگ، بە درۆ، لە بێشکەی ئاسماندا بخەوێنێ!.

-٢١-
شاعیران، هەرچی ئەستێرەیە، لە دەبەی ئاسماندا دەیخەسێنن،
وەک ئەوەی ترشیات ئامادە بکەن؛
شەوانیش، دەیخەنە نێو تەرازووەوە و، بە دوو دێڕ دەیفرۆشن.
شاعیران، هەمیشە خۆ دەدزنەوە و، شەو بە لاڕێدا دەبەن،
لە بری سێوە بن عەرزیلە، بخنە نێو ترشیاتەوە،
دەبنە فەلسەفەکار، حەوتەوانەی گەورە، بە سێوی ئاسمان دەچوێنن!.

-٢٢-
بزوانی ئاسۆی هەوا: بۆڕەبۆڕەکەی زەوی، دەگەیێنێتە شەو؛
تاکوو نێزەک نووزەنووزی بۆ بکات و، ئاور نیشان بدا شەو.
ئاو، شۆڕ دەبێتەوە نێو ژیان، بڵق بڵق… دەنگ بداتەوە شەو؛
سەرتاپای گەردوون بکاتە ڕۆشنایی، بچێتەوە قووڵاییی شەو.

-٢٣-
شەو، سەرێک لە “میترا” دەدات و، دەفەرمووێت:
ئەی میترا، پێم بڵێ: پێش ئەوەی ببیتە پێغەمبەر،
قەت چوویتە حاڵەتی شەوبوونەوە؟
میتراش، دەبێژێت: کە خۆریش پیتاندبێتمی،
من، هەر لە تۆدا گەشەم کردووە ئەی شەو،
با لە سکی زەویشدا هاتبێتمە دەرەوە.
ڕۆژێک دێت… شاعیرێک بڵێت:
ئەوەی گوڵی نیلۆفەڕ نەناسێت،
نازانێت کە تاکوو ئێستاش،
لە ڕۆژدا: دەخەوێت و، پڕخەپڕخی دێت!.
ئەوەی تۆ نەناسێت ئەی شەو،
نازانێت کە ئەم گوڵە، لە تۆدا دەپووشکوێت.

-٢٤-
شەو، وەک نەمرێک، مەرگی هەور دەگێڕێتەوە،
کە ناتوانێت زستانێک خۆی بخواتەوە و،
نهێنیی خۆی بە زەوی نەڵێ.
بێ ئۆقرەیی زەوینیش دەگێڕێتەوە،
کە ناتوانێت بەبێ هەور، چاوی لە ئاسمان بێ!.

-٢٥-
شەو، لەسەر پشت ڕاکشاوە و، دەیەوێت بۆ جارێکیش بێ:
خوداوەندەکان نەیتاشن و، لە دیڕێکدا شیعری لێ ون ببێ؛
ئەو دەیەوێت: خودا، بە تەنها ئیلهامی شیعری پێ بەخشێ.
نەک بە دەست شاعیرانێکەوە: ڕۆشناییی خۆی، تێڕابچێ!.

-٢٦-
شەو، دەزانێت: کە بە ئەشکەوت چووێنراوە.
کوارتز، وەک نووکی شمشێر تەماشا کراوە.
داوی جاڵجاڵۆکە، وەک قەڵغان وەکار هێنراوە.
بە نێوی تیشکەوە: فەرموودەی تێدا گوتراوە.
شەو، سەرنجی پیت بە پیتی ئێمە دەدات:
بۆ وەی لەم تەنە ئاڵۆزەدا: بمانخوێنێتەوە!.

-٢٧-
شەو، کە دەچێتە تەرازووی چاوەکانەوە:
هەر یەکە و، ئەستێرەیەک بۆ خۆی دەکێشێت.
هەیە لە ژمارە نایە، وەک ئەوەی ئەستێرە، گیلاسی سوور بێت.
چاو هەیە: تەنیا فەرهادێکە، ئەستێرەی خۆی بە شیرین دەچووێنێت؛
چارەگێک ئەوین و، چارەگێک ترپە و، نیو کیلۆش نیگا، لە هەردوو چاوی دەوێت.
چاو هەیە: تازە بە خۆی ڕادەگات،
وەک ئەوەی ئاسمان، کۆڵان و گەڕەک بێت، ئەستێرە لە بن دەرگا دانیشتبێت.
شەویش، دەڵێت: من بۆ وە هاتووم، تاکوو بزانم:
قورساییم لای نابینایەک چەند دەبێت؟.
نەبادا لەو نێوەندەدا: ڕۆشناییم، بەر ڕۆح نەکەوێت!.

-٢٨-
شەو، بە مەیخانە کراوە و، هەرچی ئەستێرەشە: بە مەیگێڕ.
مانگ، کە لەسەر تەختەی شانۆ بە نیوە ڕووتی دەردەکەوێت:
هەر یەکە و، قاپێک عارەقی خەست، بەدیارییەوە هەڵدەدات.
ئیدی مانگ لە چاویاندا: سەرخۆش دەبێت و، بۆیان بادەدات!.

-٢٩-
شەو، دەچێتە نێو چوارینەیەکەوە و، خەیام پێی مەست دەبێت.
حافز دێت، ئەم مەستییە دەخاتە نێو غەزەلەوە و، نقوم دەبێت.
مەستیی خەیام، هێندە قووڵە، ئاوها بە ئاسانی لێک نادرێتەوە؛
حافزیش، بۆ شاخی نەبات، مەست و، شەو: شەتوگوم دەبێت.
خەیام، پێوستی بە فاڵ نییە، خۆی مەستیی خۆی دەخوێنێتەوە؛
شەو، لە پیاڵەکەیدا: دەیکاتە فەلەکناس، تا ئەستێرە بخوێنێتەوە.
حافز، خۆی فاڵە، دوای ئەوەی چەند پەنجەیەکی دەسووتێت:
مەقاشیش، پێی دەڵێت: چییە لە تەندووردا بۆ شەو دەگەڕێیت!.

-٣٠-
شەو، ڕاستییەکە لە خۆی، لێ وەختی وێرەگان… ڕەنگە هەزاران ڕاڤەی بۆ بکرێت.
لەوەیە سینگی مێروولە، دوو سووڕەتی لەسەر ڕۆشناییی شەونامەی تێدا نووسرابێت.
ڕەنگە دووپشک، دوو دیو بێت: کلکی پڕ ژەهر و، سەریشی پڕ پرسیاری شەو بێت.
کیسەڵیش: شەو، بە ئارامی دەچووێنێت؛ نهێنیی شەو، هەمیشە دە خۆیدا هەڵدەگرێت.

-٣١-
شەو، بەختەوەری بە گزنگ دەسپێرێت، تا ئاسۆیەک باڵاتر بەسەر مرۆڤدا بڕوانێت.
ڕۆمانی ئاو، لە دەمی شەونم دەگێڕێتەوە، پێش ئەوەی شەو، دوا نوێژی خۆی بکات.
شەو، بێدار نابێتەوە، ئەوەی بێدار دەبێتەوە: مرۆڤە؛ کاتێک ڕووناکاییی بەردەکەوێت.
شەو، قسەی کۆتایی نییە، ئەوەی کۆتا قسەی هەیە: مرۆڤە؛ نازانێت چ بە شەو بڵێت!.

کۆتایی

تەمووزی ٢٠١٧ / قەڵادزێ
——————————————————




لە خانۆچکەکەی ماڵی پوورە خونچێمەوە بۆ کەلاوەکەی سەعیدییان

دەقی واڵا.
پێشەوا کاکەیی
——
کە ٩٢ لاپەڕە.
لە چاپخانەی کارۆ/ سلێمانی چاپ کراوە
لە سالێ ٢٠١٧
لەسەر ئەرکی خۆم.
………..
ئەم کتێبە، لەسەر یەک بەبەتی درێژ قسە دەکات لەسەر ئەزموونی ئەم دووسالەی کوردستانی باشوور و ڕۆژاوا. ٢٠١٤ بۆ بەهاری ٢٠١٦
یازدە خوانی شاعیری تێدان.
کە تامی مەرگ دەگێڕمەوە. کارم لەسەر لەفسەفە و ئایینیی و سیاسیی کردووە، بە تامی شیعر.

Peshawa




ئەفریقانامە، بە تامی شیعر…. پڕۆژەی یەکەم …. پێشەوا کاکەیی

-١-
لە هەرێمە کاولکراوەکەی خۆمەوە، دەڕۆم… تاکوو، ئەفریقانامە بنووسمەوە.
بێئەوەی خاک و ئاسمانی عەرەبستانی سعوودی بگرمەوە.
ناشمەوێت: بە لای کوێتی بێدەنگدا تێپەڕم،
وەک ئەو مارەی کیف لەسەر جادە بە جێدێڵێت و دەبریسکێتەوە.
یان، قەتەڕی سەرسووڕهێنەری پلاندانەری ئاژاوەگێڕ، ببینمەوە.
نە بەحرێنی دوو هەوێ و، نە یەمەنی دوو خەسوو و،
نە عومانیش، بە چاوێکی شانشینە بازرگانەکانی ئیماڕات ببینمەوە.
لە پەسابەندەری ئێرانەوە، بە بەلەمێکی بچووکی ئەسغەری هاوڕێم دەپەڕێمەوە.
یەکەم شوێنیش کە بۆی دەچم: جیبۆتی دەبێت و، ماوەیەک لێی دەمێنمەوە.
لەگەڵ منداڵەکانی وێ: بە هەردوو زمانی عەفاریی و سۆماڵی،’١’ ئاخاوتن دەکەمەوە.

-٢-
خۆ هێندە خۆشە، وەکوو ئەو دێهاتییانە، بە جلێکی سوننەتییەوە بگەڕێیت.
لە بری هۆڕنە: گوێت لە هۆقەی گامێش بێت.
شەوێکیش لە ئەسمارا نامێنمەوە.
لە دێهاتێکی نزیک وێ: سەرقاڵ دەبم بە پەمۆ چنینەوە.
بە تیگرینییەکی’٢’ پەتی، بەو کچە لیچ ئەستوورە دەڵێم:
با پێکەوە، قاوەیەک بە تامی وڵاتەکەت بخۆینەوە!.

-٣-
غلۆر بوومەوە بەرەو ئەسیوپیا،
لە دەرگای مرۆڤایەتییم دا:
کە چوومە ژوور، کۆنترین ئێسکوپروسکم تێدا دۆزیەوە.
دەستبەجێ، نامەیەکی مێژوویی، بە ڕێنووسی گەعزم’ ٣’ نووسی و،
بە جێمهێشت، بۆ وەی هەرکەس هات، لە یەکەم شارستانێتیی بکۆڵێتەوە.
ئەو وەختەش کە چوومەوە، هەندێکیان لە ڕقان،
پێیان دەگوتم : کاکی حەبەشە بەخێرێیتەوە!.

-٤-
هیچ خۆشییەک نابینم لەو مۆگادیشۆیە’٤’
چەتەکانی دەریا، وەک ئەوانەی لای خۆمان،
کەرامەتی نیشتمانەکەیان، بە بەرچاوی وڵاتانەوە شکاندووە.
گەر بڕوا ناکەن، سەیری چزدانەکەتان بکەن:
بزانە، لە سایەی نەوت و دەوڵەتەوە، چەندی تێدا ماوە!.

-٥-
لە شوێنی وەستانی شەمەندەفەرەکە بووم، لە مۆمباسا،’٥’
چاوەڕێم دەکرد: ئامینە کینیایی،’٦ ‘ بگەڕێتەوە لە ئۆگەندا.
تاکوو بچینە دامێنی شاخی کلیمانجاڕۆ،’٧’ باسی مۆسیقا بکەین.
کەچی چەکدارێک لە نێویاندا، هەمووی بە دیل گرتبوون.
ویستبووی شۆڕشی مائوو مائوو،’٨’ هەڵگیرسێنێتەوە، بۆ یاخیبووان.
کە ئامینەی بینی بوو، چەکی دانا و دەستیدایە گیتار،
دوای ماوەیەک بوو بە مۆسیقار!.
سێ قۆڵی چووینە ماسای،’٩’ لە بەردەم خەڵکانی وێدا:
بە تەنیا، دەستمکرد بە ژەنینی تار!.

-٦-
وەک زەنگباریی و تانگانیکایی،’١٠’
بە زمانی سەواحیلی، بە یەکدی دەڵێین: دادا و کاکا.’١١’
وەرن با لە تانزانیادا یەکبگرینەوە.
ڕابردوومان، وەک گەڵای تووتن بە شیشەوە دەخەین،
بۆ وەی وشک بێتەوە.
وەک سیگار دەیپێچینەوە و،
بە نۆرە مژی لێ دەدەین و، دوکەڵ بە با دەکەینەوە!.

-٧-
جارێک، چووم بۆ گەشت.
بە دیوانی گۆرانەوە: دیتم، سروشتی نێو چەمەن و بەندەن و دەشت.
بە مەقڵییەکەوە، لای کەناراوەکانی ڤیکتۆریا’١٢’ دانیشتم،
حزوورخواییم بۆ سادق هێنایەوە، بۆ دوو شیشە گۆشت.
دوایی، بە کەشتییەک، چوومە پۆرت لۆئیس،’ ١٣’ لە نێویدا:
شیعرەکانی لۆرکام خوێندەوە…
ڕێک “بەکر عەلی”م بیرکەوتەوە، کە شەهید کرا.
چەند شەوێک، لە ئەنتاناناریڤۆ،’١٤’
چوومەتە سەر گۆڕی ” ژان- ژوزێف”،’١٥’
شیعری “نامەیەک بۆ خوا”ی شێرکۆم بۆ خوێندۆتەوە.
بۆ سبەی دوا ئێوارەکەی، لە مۆرۆنی’١٦’ بووم.
بە یادی زەریای هیندی، ماسییەکم سوورکردبۆوە.
وەک ژەنەڕاڵی پاییز، بە یادی تانجەڕۆ،
قولابم خستبووە نێو ئاوەکەوە.
خۆشتر لەوە، ئەو خێڵەکییانەی وێ…
وایاندەزانی من بازرگانێکی شیرازییم،
هاتبم، بۆستان و گوڵستانی سەعدی، بە خەڵک بفرۆشمەوە.
دوایی زانیان کە من کوردێکم و، بۆ وە هاتووم،
لە گشت وڵاتانی ئەفریقادا:
هەردوو چامەکەی نالی و سالم بخوێنمەوە!.

-٨-
ڕەنگیش، لە جۆردا: پۆزی بە ڕەش و سپییەوە لێ دەدا.
وەک ئەو کوڕە ڕەشپێستەی مۆزامبیق،
کە بە تاقمەیەک ددانی سپییەوە، زاری دەکردەوە:
هەرچی ڕەنگ بوو، بەسەر لێوی ئەستووریدا دەڕژا و،
شینومۆر دەبۆوە، لە پێکەنیندا!.

-٩-
ئەو کچە مالاوییەی، بە شەبقەیەکی ھەسیرییەوە دەرکەوت:
یەکەم لێدوانی ئەوەبوو،
گوتی: ئەو کوڕەی وێنەی منی چرکاندووە:
لە حەمام، سەد دانەی لێ شۆردۆتەوە!.

-١٠-
بە تراکتۆرێکی شڕەوە، ڕۆژ تا ئێوارە:
ئەو دەشتە کشتوکاڵیانەی نێو زامبیام دەکێڵا.
چ جووتیار بوو، گەنمیان پێ دەکرد، تا قاتوقڕی ڕوو نەدا.
لەوان وابوو، من یوسفم و، هاتبم بۆ وەی:
بە تەفسیری خەونێکەوە، وڵاتیان بۆ بوژێنمەوە.
هەتا ڕاوچییەکان، دەست نەگرنەوە بەسەر وڵاتدا.
تاکوو مس و پۆڵا، ئاودیو نەکەنەوە، بەولا و لادا!.

-١١-
بەیانیان، لە تەڕەباری کارم دەکرد: بەس قارچکم دەفرۆشت.
لەوێ، کووزەڵەم، هەر وە چنگ نەدەکەوت.
ئەو ژنە مەمک چرچ و شۆڕانەی دەهاتنە لام:
داوای دوو دەسکە کەوەریان لێ دەکردم،
وەک ئەوەی هیچ دڵۆپە خوێنێک لە لەشیاندا نەبێت.
یەکیان: کچکەی، گوارەی شینی لە گوێدا بوون،
دەترسام، لەوەی وەها تووشم بکات:
تەڕەبارەکەشی بۆ هەڕاج بکەم: بەشی شەوێکی ئەوم نەکات.
لە هەرارێ،’١٧’ بەرگەم نەگرت و، ڕێم لە گابۆرۆن’١٨’ نا.
لەوێ سەرقاڵ بووم بە نیکڵ و پۆڵا.
دوای ماوەیەک، ڕێم کەوتە کیمبیرلی،’١٩’
لە چاڵە گەورەکەدا هەر ئەڵماسم دەردەهێنا.
دەگەڵ پاشای لیسۆتۆ’٢٠’ دانیشتم،
ڕێکەوتم جلوبەرگ و پێڵاوی وێ،
هەناردەی بکەم، بۆ نامیبیا.
کە ڕێشم کەوتە نیشتمانی سوایزلەندە: پاشای سێیەمم بینی،
گوتی، ئەوە بۆ نەهاتبووی، خۆ ژنی چواردەیەمیشم هێنا!.
منیش بە پێکەنینەوە، پێم گوت:
گەر لە کوردستان دەژیای،
دەمێک بوو، ڕەزگیان دەنای!.

-١٢-
بە بێدەنگی، ماوەیەکی زۆر لە کەرتی کابیندا’٢١’ دەژیام.
قووماشی پورتوگالیم لە سائۆتۆمێ’٢٢’ڕا دەهێنا:
ئیشی دوورینم دەکرد.
یەکێ، بە قەوچەقەوچی بنێشتەوە، دەیگوت:
با هی من شێوازی پەڕپەڕی بێت.
یەکێ، بە سەرپایەیەکی دڕاوەوە، دەیگوت:
من لە خێڵکەی ئەوبەرم، با سوننەتی بێت.
کچێکی ڕەشتاڵەش دەهاتە لام، کە کەمەرم دەگرت،
بزانم چەند سانتیمە: ڕێک پاڵ دەکەوت.
وەک ئەوەی من لە نێو هیندییە سوورەکان ڕا هاتبمەوە:
هەمیشە بە دوو پەلکە گەڵا، ستیانی دەبەست.
لە بری قووماش: ڕۆژنەبوو، پەنجەم بەر دەرزی مەکینە نەکەوێت.
لە باتی پشوو: شەونەبوو، چاوم بە مەمکی خڕ نەکەوێت!.

-١٣-
بەیانیان، ڕۆژنامەم دەگێڕا لە کینشاسا.’٢٣’
بە ڕێکەوت، ڕۆماننووسەکانی وێم دیتن، لە قاوەخانەیەکدا.
باسمان لەو ڕۆمانە کوردییە کرد:
کە محەمەدی دڵشووشە،
دەنکە هەناری، ڕژاندۆتە سەر سینیی هەموو ماڵێکی دونیا.
ئینجا لێی پرسیم: وەک بزانیت،
کەی وەڵامی نامەکەی شێرکۆ دەدرێتەوە، لە لایەن خودا؟!.
گوتم: جارێ ماویەتی، ئەوەنییە شەنگال و کۆبانێ،
بوونەتە سەردێڕی گشت ڕۆژنامەکانی دونیا!.

-١٤-
وەک گەلی تووا،’٢٤’هەمیشە من، خوێنم زیاتر لێ دەچۆڕا:
لە چاو، هوتوویی و توتسیییەکان،’٢٥’
کە قەساپەخانەیان دانابوو، لە بۆروندی و ڕواندا.
هەر جارەو یەکیان، بە بیانووی زۆرینەوە:
ئەوی دی دەسڕییەوە، منیش بەردەکەوتم: وەک گەلی تووا!.

-١٥-
لای بانگی شێوان، لە نێو دوورگەی بولاگۆی’٢٦’ زرێچەی ڤیکتۆریا:
چای ئۆگەندیم دەخوادەوە.
خۆشتر کە لەسەر پردە تەختەکە دادەنیشتم،
بە یادی گەمەی منداڵییم، هێندێک جیڕەجیڕم پێ کرد:
قوڵەڕەشێکی وێ، هێندەی پێبکەنێ، خەریکبوو دەپسا!.
دوایی گوتی: ئەها ئەوە ئێوە بوون، ئینگلیستان ناچار کرد:
چەند گەڕیدەیەکی ناردنە کوردستان و،
وشەیەکیان بە ئەو دەنگە دانا!.

-١٦-
بە ڕادیۆیەکی قیساڕەوە،
لە گوندی نگانگالا، خوار جوبا:’٢٧’
چەند سەرێک بزنم وێدرابوو،
بیانلەوەڕێنم، جگە لە مەڕ و مانگا.
هەم شوان و هەمیش گاوان بووم.
هەر خەریکی دۆشینی گوانیان بووم.
ئیدی ئەو ژنانەی وێ، هەموو شەوێ:
حەزیان دەکرد: مەمکیان، بخەنە بەر دەستانم!.

-١٧-
گوڵەبەڕۆژە، هەر خەریکی زیکرە.
بەردەوام بە دوای نوورەوەیە.
کە سێبەریش بدات لێی،
وەک عاریفێک دەچەمێتەوە.
کاهوو، کە حەز بە خرمەخرم دەکات،
بۆ وەی بە نێوی جوینەوە:
تەواف بە نێو ددانەکاندا بکات.
خەیاریش لە ڕقان،
لەسەر کوڵمەی کچان، خۆی قاش قاش دەکات.
وەک ئەو کچە بانگوئییەی،’٢٨’
بە بەرچاوی هەمووانەوە:
خۆی هەڕاج دەکات!.

-١٨-
وای… چەند سەختە بیستن، لە: کۆماری کۆنگۆ.
چەکدارە توندڕەوەکان،
دەستدرێژیان دەکردە سەر ژنان.
ماسیکا،’٢٩’ دەیگێڕایەوە: کیر و گونی پیاویان دەبڕی و،
دواتر دەرخواردی ژنەکانیان دەدران.
زمانم ڵاڵ بوو، مرۆڤبوونم شەرمەزاری نواند،
هێچ شتێكم پێ نەبوو بۆ گوتن:
ئەو ڕۆژە، هەر تفم بەخۆ دەکرد،
لە جیاتی، گشت پیاوە ئاژەڵییەکان!.
حەزم دەکرد؛ تێر بە دڵی خۆی، ئەنجن ئەنجنم بکات،
لە تۆڵەی گشت ناپیاوە زۆردارەکان!.

-١٩-
بەو چرقەی گەرمایە، ڕەشماڵێک هەڵدەدەم لە: گابۆن.
وەک قەرەجەکانی لای خۆمان،
بە زمانی فانگ،’٣٠’ گۆرانی واکا واکای شاکیرا دەڵێمەوە.
هێڵی ئیستوا، بەنێو دڵمدا تێپەڕ بووە.
گەر گۆرانی نەڵێم و تۆزێک خێڵەکییانە هەڵنەپەڕێم:
ئەی ئەو پلە گەرمییەی وێ، چۆن چۆنی دامرکێنمەوە!.

-٢٠-
سواری پاسێکی شین دەبم و، لە باتا’٣١’ دادەبەزم:
ڕێک بەرانبەر زەریا، شیعرەکانی “هیوا قادر” دەخوێنمەوە.
ئەتۆش، دەگەڵ دۆلفینێکدا گەمە بکە،
منیش، لەوبەرەوە: لە بری وێنەت بکێشمەوە،
گمەی کۆتر، دەخەمە نێو ڕستەیەکی شیعرەوە.
وەک دوو باڵی سەروادار، باڵندەکانی وێی، پێ هەڵدەفڕێنمەوە.
بۆ وەی کە لە گەمەکە وەڕەز بوویت،
دەگەڵ مندا، سواری پاسە شینەکە بیتەوە!.

-٢١-
لە نێو قوتابخانەیەکی سەرەتاییی شارۆچکەی مارۆوا’٣٢’ وانەم دەگوتەوە.
لەسەر تەختە ڕەشەکە:
بە تەباشیرێکی سپی، نەخشەی خوێنڕشتنی سوورپێستەکانم دەکێشایەوە.
یەکێ لە قوتابییەکان هەستا و، گوتی:
دەتوانی سەرەتای گشت ڕەنگەکانم بۆ شی بکەیتەوە!.

-٢٢-
کە ئەو کتێبەی “چینوا”م،’٣٣’ خوێندەوە،
ئەوسا زانیم، چ جەنگێکی سیاسیی هەڵگیرساوە.
چەندە ڕۆح لە نێجیریا تێکشکێنراوە.
ئەوەنییە ئێستاش، بۆکۆ حەرام، بە نێوی دیینەوە:
شمشێرێکی گرتۆتە دەست و، دژی هەموو ئایینێک ڕاوەستاوە!.

-٢٣-
بە دوای ئیشێکدا دەگەڕام، بوومە شاگردی دووکانێکی کۆمپیوتەر؛
وەها فێر ببووم، شەوانە دەچوومە سەر خەت، تا بوومە هاککەر.
شەوێکیان کامێرای لاپتۆپەکەی “ئیدریس دێبی”م،’٣٤’ کردەوە:
هەر مینگەمینگی بوو، کە لە دژی دەسەڵاتیی، هاوکاریی یاخیبووانیان داوە.
بەو هۆیەوە زانیم، کە دەگەڵ عومەر بەشیر، پەیوەندی دیپلۆماسییان پچڕاوە!.

-٢٤-
تۆڵەی مەیموون، لەو ئاژەڵە گۆشتخۆرانە دەکەمەوە:
کە لە نێو دارستانەکانی بێنین و بورکینا فاسۆ،’٣٥’
کەڵپیان لێ تیژ کردبوون و، کردبوویانە فلیمی سینەما.
نەیانزانی بوو، کە زەڕافە، ملی هێندە درێژە:
لە نێجەرەوە، سەری قیت کردۆتەوە و، تەماشایان دەکا!.

-٢٥-
هەموو لۆمەی ئەوەیان دەکرد، کە چوومەتە لۆمێ:’٣٦’
یاری گۆڵفم کردووە،
بە گۆچانی یەکێ لە پیاوە پیرەکانی وێ.
منیش بەو نیەتەوە تۆپە پەڕۆکەم،
بۆ دووری سێسەد یارد هەڵدەدا:
تاکوو لەوبەری چاڵەکەی گانا، تۆپەکە بێنمەوە دەرێ!.

-٢٦-
لە: سان پێدرۆ،’٣٧’ هەر خەریکی چنینی زەمبیلە و سەبەتە بووم.
هەندێكیان، بۆ وە دەهاتن، وەها گەورەی دروست بکەم:
ئەناناسی تێ ڕا بێنن.
دوو کورتەباڵاش وە ژوور کەوتن، بە دەنگێکی بۆڕەوە قسەیان کرد:
با ئەوەی مە، قووڵ بێت… لۆکەی تێ دەکەین.
ئەو هەتیوانە، بە دەنگیان ڕا دیاربوو،
شەو و ڕۆژ، هەر خەریکی پەڕین بوون!.

-٢٧-
لە: بووچانان،’٣٨’ لە شیرینی و ساردەمەنییەک کارم کرد:
ئەوانەی دەهاتن، زیاتر داوای شەربەتی مێووژیان دەکرد.
کچۆڵەیەکی باڵابەرزی چاوڕەشیش دەهاتە لام:
وەها مەستی کردوبووم، شەربەتەکەم لە شیرینی چاوی ئەو تێ دەکرد.
موشتەرییەکانیش، گشتیان ساختەچی بوون،
دوای زانیم، بە بێنووی چاوی ئەوەوە: گیرۆدەی شەربەتەکە بووبوون!.

-٢٨-
ئاسمان، هەوری چڕی هەڵبەست بوو،
هەورەبروسکەیەکی وەها هات: وامزانی دای لە تەپڵی سەرم.
کە ئاوڕمدایەوە: لە دارستانەکەی پشت فریتاونی’٣٩’ دابوو.
چووم، لە باتی: ئەڵماس دەرکەوێت، مامزێکی کوشتبوو.
دوای باران بارین، هەتاو، پڕژا…
پەلکەزێڕینە، لەسەر ملی مامزی داماو دەرکەوتبوو!.

-٢٩-
لە چەمەنزارەکەی بۆکێ،’٤٠’ بە دوای پوونگ و نەعنادا دەگەڕام.
تا چاو بڕی کرد، تێر سروشت بووم.
خانۆچکەیەک، لەوبەرەوە هەبوو: بە دار دروستکرابوو.
ئەو ماڵەی وێ: لە نێو تەشتە فافۆنیكدا خۆیان دەشرد.
تەنافیشیان، چەند دار دولکێکی گەورە بوو،
ڕێک هاتەوە یادم، وەختی خۆی، بە دانەیەکی بچووک:
سەری زۆربەی منداڵانی نێو گەڕەکەکەمان، پێ شکاندبوو!.

-٣٠-
بە چەنگێکی ماندایی،’٤١’ لە ناوچە خێڵەکییەکەی کاسەمێنسدا:’٤٢’
ڕۆچووبوومە نێو قووڵایی ڕۆحی مۆسیقا.
بە نێو دارستان و دێهاتی وێدا ڕۆیشتم.
ئەو خەڵکەی وێ: هەمووی نقوم ببوون لە ڕۆحدا.
وەک نەدیوبدییەک، جار جار، پەنجەکانم ماچ دەکردن:
کە چەنگی وێشم، وە ڕۆح هێنا!.

-٣١-
بە دونیابینینێکی دییەوە:
وەک هۆزی بۆزۆ،’٤٣’ چوومە نێو ڕۆحی دیینەوە.
هەندێک جار: وەک ئیسلامێکی سۆفیگەریی و،
هەندێک جاریش: وەک ڕۆحگەرایی دەجوڵامەوە.
جوانتر لەوە: ئەو پەڕەسێلکانەی وێ:
کەنەفتی ڕەنگییان دەکێشایەوە!.

-٣٢-
بۆ ماوەیەک، هاموشۆی نێجەر و چادم دەکرد:
بۆ وەی قوڕی باشم وە چنگ بکەوێت، کاری پەیکەرتاشی بکەم.
دوایی ملم لێنا بەرەو دارفوور، سەرقاڵ بووم بە پەیکەرتاشی و لەوێ گیرسامەوە.
لەو غەریبییەدا، دڵتەنگی وەهای لێ کردبووم:
لە پڕ کچێک، بە بەردەممدا تێپەڕی.
منیش، ئەم گۆرانییەم بە تێکەڵی بەسەر دەممدا هات:
“فاتیمە دوو چاوی مەستیت، پڕ لە غەریبیت، جوانییە.
بەژن و باڵات ئەفریقییە، هیچ فڕی بە سۆدانەوە نییە.” ‘٤٤’
کە گوێی لەم گۆرانییە بوو، گەڕایەوە و گوتی:
منیش ئەو کیژەم، دەک بەخێربێیت، کوڕە ڕۆژهەڵاتییەکە!.

-٣٣-
ناپەڕێمەوە بۆ: شەرم شێخ، جا چی شتێکم لەسەر نەبیستووە.
بەرپرسی کوردی وەهای بۆ چووە، بۆ تەڕە گان هەفتەیەکی پێ چووە.
لە بەردەم هەڕەمەکان، حزوورخوایی دەهێنمەوە.
نە خەونی یوسف دەگێڕمەوە،
نە وەک گەشتیار، بە ڕووباری نیلدا دەسووڕێمەوە.
تەنیا بۆ وە دەچم، هونەری بیناکاریی، بنووسمەوە!.

-٣٤-
بەسەر پشتی وشترێکەوە: ڕۆیشتم بە نێو خاکی لیبیا و توونس و جەزائیردا.
هیچ حیکایەتێکم نەنووسییەوە.
دەمزانی وەک خۆڵی وێ: با دەمبات و نامهێنێتەوە!.

-٣٥-
بە گەرووی جەبەل تاریقدا ناپەڕێمەوە.
لە مەغریبەوە، بە چەشنی مۆدێرنە:
بە بیابانی ڕۆژاوادا’٤٥’ دەسووڕێمەوە.
بە قوڕگێکی وشک و، چاوی ڕۆشنمەوە:
بە تەنیا، لە دەرەوەی یەکێتیی ئەفریقا، دەمێنمەوە!.
یان وەک بەربەرییەک، تاتۆیەک لە نێوان هەردوو برۆمدا دەکەم:
بۆ وەی بە ئاڵای نەتەوەکەم، بمناسنەوە!.

-٣٦-
وەختی بەرەبایانی زوو،
فریزوو، بە ئاونگ دەستنوێژی هەڵگرتبوو.
منیش، چوومە مزگەوتی نەوازیبۆو،’٤٦’ بۆ دوو ڕکات نوێژی بەیانیی،
کە هاتمە دەر، وەک لای خۆمان، جووتە پێڵاوەکەم دزرا بوو!.

-٣٧-
لە دوایین سەفەرمدا، لە: پرایا،’٤٧’ یاپراغم بە ویستی خۆم پێچایەوە.
لە چینی بنەوە: ماسییەکی بەندەریم ڕاخست، کەمێ ترشم پێ کرد.
چینی دووەم: لۆبیا، نەختێك دۆشاوی تەماتەم بەسەردا کرد.
لە بری: گەڵامێو، پەلکەگیای توورم هێنا:
لە جیاتی: برنجیش، ساوەرم بۆ خووساند و دە نێو وێم کرد.
کۆتا چینیش… مێشکی قڕژاڵم، بەسەردا ڕۆکرد.
ئیدی بە تامی خواردنەوە: ماڵاواییم، لە قاڕەی ئەفریقا کرد!.

——————————————————————-
” ١ / ٧ / ٢٠١٦ – ١٥/ ٨ / ٢٠١٦” قەڵادزێ

تێچنین: لە ژوورێکی ٣ بە ٤م، نووسراوە. بۆهیچ وڵاتێکی ئەفریقا نەچووم.

———————————————————————-

فەرهەنگۆک:-
—————————————-
‘١’. عەفاری و سۆماڵی: پێشتر خەڵکی جیبۆتی، بەو دوو زمانە ئاخاوتنیان کردووە، کە ئەم دوو زمانە، سەر بە هەردوو نەتەوەی عەفاریی و سۆماڵیین.
‘٢’. تیگرینی: زمانی نەتەوەی تیگرینیایە و، زمانێکە لە بنەماڵەی زمانە سامییەکان. لە ئێریتریا و ئەسیوپیا، قسەی پێ دەکرێت. یەکێکیشە لە زمانە فەرمییەکانی ئێریتریا.
‘ ٣’. گەعز: ڕێنووسێکی کۆنە و، بۆ زمانەکانی گەعزی و ئەمهەری و تیگرینی وەکار دێت.
‘٤’. مۆگادیشۆ: پایتەختی وڵاتی “سۆماڵیا”یە.
‘٥’. مۆمباسا: دووەمین شاری پڕ دانیشتوانی کینیایە. نێوەندی شاری پیشەسازیی و گەشتیارییە. بەسەر زەریای هینددا دەڕوانێت.
‘٦’. ئامینە کینیایی: پێشکەشکاری بەرنامەیەکی هونەرییە، تایبەت بە گۆرانی و مۆسیقا. لە: کینیا.
‘٧’. کلیمانجاڕۆ: بەرزترین لوتکەی شاخی ئەفریقایە. دەکەوێتە وڵاتی تانزانیا و، ئەو شاخەش، سنووری نێوان وڵاتی کینیا و تانزانیایە. کە بەرزییەکەی دەگاتە: ٥٨٩٥م.
‘٨’. مائوو مائوو: شۆڕشێکی چەکداری بوو، لە نێوان بەریتانیا و کینیا. لە ساڵانی (١٩٥٢-١٩٦٠). لەو شەڕەدا: نزیکەی: ١٢ هەزار کەس کوژرا. لە: ١٢/١٢/ ١٩٦٣ کینیا سەربەخۆیی وەرگرت لە بەریتانیا.
‘٩’. ماسای: ماسای یان ماسایی، دەستەیەکن لە خەڵکی دانیشتووی قاڕەی ئەفریقا، کە لە کینیا و باکووری تانزانیا دەژین. خەڵکی ماسای بە زمانی “ما” قسە دەکەن. لە ئێستادا: ١،٥٠٠،٠٠٠ کەس زیاترن. ماساییەکان زۆرتر بە ھۆی شێوازی تایبەتی جل و بەرگ و چاندەکەیانەوە ناسراون.
‘١٠’. زەنگبار و تانگانیکا: پێشتر، دوو وڵات بوون و، لە سالی ١٩٦٤ یەکیان گرت و، کۆماری تانزانیایان پێکهێنا.
‘١١’. دادا و کاکا: بە زمانی سەواحیلی، کە زمانی فەرمی تانزانیایە. واتە: خوشکێ/ دادە و، کاکە، کە لە زمانە ئێرانییەکانەوە وەرگیراوە.
‘١٢’. ڤیکتۆریا: مەبەست لە پایتەختی وڵاتی “سیشێل”ە. لە باکووری ڕۆژهەلاتی دوورگەی “ماهێ” هەڵکەوتووە، لە نێو زەریای هینددا.
‘١٣’. پۆرت لۆئیس: پایتەختی وڵاتی “مۆریس”ە. لە نێو زەریای هینددا.
‘١٤’. ئەنتانانایریڤۆ: پایتەختی وڵاتی “ماداگاسکار”ە. لە نێو زەریای هینددا.
‘١٥’. ژان-ژوزێف ڕابیاریڤیلۆ: شاعیرێکی ماداگاسکاری بووە. لە: ٤/٣/١٩٠١ لە ئەنتانانایریڤۆ، لەدایکبووە و، لە: ٢٣ /٦/١٩٣٧ ماڵاوایی کردووە و، لە هەمان شار، بە خاک سپێردراوە.
‘١٦’. مۆرۆنی: پایتەختی وڵاتی “دوورگەکانی قەمەڕ”ە، یان “کۆمۆرۆس”.
‘١٧’. هەرارێ: پایتەختی وڵاتی “زیمبابوی”یە.
‘١٨’. گابۆرۆن: پایتەختی وڵاتی “بۆتسوانا”یە.
‘١٩’. کیمبیرلی: ناوچەیەکە، دەکەوێتە وڵاتی ئەفریقای باشوور.
‘٢٠’. لیسۆتۆ/ لیسووتوو: وڵاتێکی شانیشینییە. لە نێو وڵاتی ئەفریقای باشووردایە.
‘٢١’. کابیندا: ناوچەیەکی دابڕاوە و، سەر بە “ئەنگۆلا”یە. لە نێوان: “کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ و کۆماری کۆنگۆ”دایە. بەسەر زەریای ئەتڵەسیدا دەڕوانێت.
‘٢٢’. سائوتۆمێ: پایتەختی وڵاتی “سائۆتۆمێ و پرینسیپی”یە. وڵاتێکی دوو دوورگەییە. کە نێوی وڵاتەکەش ئەو دوو دوورگەیە. لە نیو زەریای ئەتڵەسدایە.
‘٢٣’. کینشاسا. پایتەختی وڵاتی “کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ”یە.
‘٢٤’. تووا: گەلێکی کەمینەن، لە: ئۆگەندا و ڕواندا و بۆروندی، دەژین. قوربانی دەستی هوتوو وتوتسییەکانن.
‘٢٥’. هوتوو و توتسی: دوو گەلی جیاوازن. لە ڕواندا: هوتووەکان، زۆرینەن و، لە ساڵی ١٩٩٤ هەوڵی لە نێوبردنی توتسییەکانیان دا. هەروەها، لە بۆروندی: توتسییەکان، زۆرینەن و، ئەوانیش، لە ساڵی ١٩٧٢ هەوڵی لە نێوبردنی هوتووەکانیان دا.
‘٢٥’. بولاگۆ: دوورگەیەکە، لە نێو زرێچەی ڤیکتۆریا. بەشی وڵاتی ئۆگەندا. کە ئەم زرێچەیە، دەکەوێتە نێوان: تانزانیا و کینیا و ئۆگەندا.
‘٢٧’. نگانگالا: گوندێکە، لە خوار جوبای پایتەختی “سۆدانی باشوور.”
‘٢٨’. بانگوئی: پایتەختی “کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست”ە.
‘٢٩’. ڕیبیکا ماسیکا کاتسوڤا: لە: ٢٦/٥/١٩٦٦ لە کۆماری کۆنگۆ لەدایک بووە و، کە بە دایکە “ماسیکا” ناسراو بوو. ئەو خۆشی یەکێک بووە لە قوربانییەکان. لە: ١٩٨٨ دەستدرێژی کراوەتە سەری و پیاوەکەیان بە بەرچیاوییەوە کوشتووە. لە: ٢/٢/٢٠١٦ ماڵاوایی کردووە.
‘٣٠’. فانگ: زمانێکە سەر بە خێزانی “نێجر- کۆنگۆیی”، لە زمانەکانی بانتۆ. نەتەوەیەکیشن، لە: وڵاتانی: “گابۆن و کۆماری کۆنگۆ و گینێی ئیستوایی و سائۆتۆمێ و پرنیسپی و کامیرۆن” دەژین. زیاتر لە ملیۆنێک کەس، بەو زمانە قسە دەکەن. کە زمانی فەرمی “گینێی ئیستوایی”یە، لە پاڵ ئیسپانی و پورتوگالی. هەروەها، وشەی “واکا واکا”، کە شاکیرا، بە گۆرانی گوتوویەتی: سەر بەو زمانەیە.
‘٣١’. باتا: شارێکی گەشتیاریی وڵاتی “گینێی ئیستوایی”یە، بەسەر زەریای ئەتڵەسدا دەڕوانێ.
‘٣٢’. مارۆوا: شارۆچکەیەکە، لە نێو وڵاتی “کامیروون”دا.
‘٣٣’. چینوا: ئالبێرت چینوالومۆگو ئاچەپێ، شاعیر و ڕۆماننووسی نێجریا و باوکی ئەدەبیاتی ئەفریقا. لە: ١٦/١١/١٩٣٩ لە نێجریا، لە دایکبووە و، لە ٢١/٣/٢٠١٣ لە ئەمریکا، ماڵاوایی کردووە. کتێبەکەی، بە نێوی: “هەموو شتێک لێک دەترازێت” کە ساڵی ١٩٥٨ بە چاپ گەیشتووە.
‘٣٤’. ئیدریس دێبی: لەدایکبووی ١٩٥٢یە. سەرۆک کۆماری وڵاتی “چاد”ە، لە ساڵی ١٩٩٠ تاکوو ئێستا.
‘٣٥’. بێنین و بورکیا فاسۆ و نێجەر: سێ وڵاتی دراوسێن، دەکەونە بەشی ڕۆژاوای ئەفریقا.
‘٣٦’. لۆمێ: پایتەختی وڵاتی “تۆگۆ”یە و، دراوسێی وڵاتی”گانا”یە.
‘٣٧’. سان پێدرۆ: شارۆچکەیەکە، لە وڵاتی “کۆتدیڤوار”، کە بەسەر زەریای ئەتڵەسیدا دەڕوانێت.
‘٣٨’. بووچانان: شارۆچکەیەکە، لە وڵاتی “لیبێریا”، دەکەوێتە سەر زەریای ئەتڵەسی.
‘٣٩’. فریتاون/ فری تاون: پایتەختی وڵاتی “سیڕالیۆن”ە.
‘٤٠’. بۆکێ: شارێکە لە ڕۆژاوای “گینیا”.نەتەوەتەیەکیشن، کە لە ڕۆژاوای گینینا و، هەندێکیشی لە “سێنیگال و گینێ بیساو”دا، دەژین.
‘٤١’. ماندایی: گرووپێکی نەتەوەییە، لە ڕۆژاوای ئەفریقا، نزیکەی ١١ ملیۆن کەسن. کە لەم ولاتانەدا هەن: گامبیا، گینیا، مالی، سیڕالیۆن، کۆتدیڤوار، سێنیگال، بورکینا فاسۆ، لیبێریا، گینێ بیساو، نێجەر و مۆریتانیا.
‘٤٢’. کاسەمێنس: ئەو ناوچەیەیە، کە دەکەوێتە نێوان: ” گامبیا و سێنیگال و گینێ بیساو.”
‘٤٣’. بۆزۆ: گرووپێکی نەتەوەیین. زمانی قسەکردنیان بۆزۆیە. کە زیاتر لە: “٢٣٠ هەزار” کەس، قسەی پێ دەکەن. لە وڵاتی “مالی” دەژین. بەشێکی کەمیش، لە: نێجەر.
‘٤٤’. دوو نیوە دێری شیعری “ست فاتیمە”ی، ‘ئەحمەد هەردی”یە. بە دەستکاری و داڕشتنەوە.
‘٤٥’. بیابانی ڕۆژاوا: وڵاتی “سەحرای ڕۆژاوا”یە.
‘٤٦’. نەوازیبۆو: مزگەوتی شاری “نەوازیبۆو”یە. لە وڵاتی “مۆریتانیا.”
‘٤٧’. پرایا: پایتەختی وڵاتی “کەیپ ڤەرد”ە. لە نێو زەریای ئەتڵەسدایە.




زەمیننامە، بە تامی شیعر … پێشەوا کاکەیی


«پڕۆژەی دووەم»

———————————-

زەمین، سەد جار: لە ئێمەی مرۆڤ عاشقترە.
زەمین، کە دڵی شکا: بە بورکانیش ناوەستێت.
زەمین، کە چاوی بە خودا دەکەوێت:
لە حەوتەمین پلەی فەنابوونی خولانەوەی خۆیدا، ڕادەچڵەکێت.
کەچی ئێمە، لە هەواڵەکان وەهای دەبیستین:
کە ئەمە عەردهەژێنە و، حەوت پلەی ڕێختەرە!.
***

زەمین، لە داخی ئێمە، لە پشتی هەورەکانەوە: مانگ دەدوێنێت.
نامە دەگەڵ هیچ ئەستێرەیەکدا ناگۆڕێتەوە: بۆ وەی چاوباشقاڵی بکات.
ئەو کە دێوانە دەبێت: لە نێو ئەشکەوتەکاندا خۆ ناشارێتەوە.
ئەو کە مەست دەبێت: بە شەپۆلی زەریاکان خۆ ناشواتەوە.
ئەو بە نووری خۆر، ناسووڕێتەوە: قژی، وەک دەروێش بهێڵێتەوە.
خەنجەر لەسەر ملی کات دابنێت و، چرکە، خوێنی لێ بچۆڕێتەوە.
ئەو هەر عاشقە و، دە نێو کاکێشانی ڕێگای شیرییدا’١’: دەخولێتەوە.
***

مرۆڤ، بە نێوی خۆشییەوە: پۆز بە مەریخەوە لێ دەدات.
دەیان جار، بە بیانووی شەوی هەنگوینییەوە:
ژن، داوا لە پیاو دەکات، ڕەوانەی سەر مانگی بکات.
دەیان جار، مرۆڤ بە بیانووی پیسیی ژینگەوە: زەمین بە نەفرەت دەکات.
دوا جار، هەر مرۆڤیشە: بۆ مردن، خۆی بە قوربانی چەند بستێکی خاکی زەمین دەکات.
***

گەر مرۆڤ لە زەمین بکەیتە دەرەوە، چ ڕوو دادات؟
ئایین، نامێنێت.
ئاژەڵیش، دیین وەکار ناهێنێت.
ئەو هەموو تەفسیرە بۆ خودا ناکرێت.
هیچ کەسێك نامێنێت، وشەی دڕندە، بە شێر و پڵنگ و بەور، بڵێت.
مێروولە، واز لە هەڵگرتنی دەنکە گەنم دەهێنێت.
دەی لەبەر کێ: زەیتوون و هەنجیر، سوێندی پێ بوخرێت.
ماسییش، لە دەستی مرۆڤ دەحەسێتەوە، هێندەی تۆڕی بۆ دابنێت!.
***

زەمین، گەر لەبەر مرۆڤ نەبوایە: حەزی لێ بوو، شیعرێکی ڕووت بێت.
چیدابوو لە کێش و سەروا، ترێفەی مانگ و تیشکی خۆر، دە شیعرەوە بگلێنێت.
چیدابوو لە بڕگەکردنی: دەشت و تەپۆلکە و چیا و دۆڵ، بۆ وەی پێوەی ڕازاوە بێت.
باوبژ، چاوی هیچ عاشقێکی کوێر نەدەکرد: گەر حەزی بە تراویلکە نەهاتبێت.
باوبۆران، بە ڕەگەوە داری دەرنەدەهێنا: گەر ئێمە دەستمان پێی فێر نەبووبێت.
چ بولبول بوو، دە قەفەزمان کرد و لەبەر پەنجەرەمان دانا: بەس بۆ وەی بخوێنێت.
دەبێت مەمنوونی کۆتر بین، گەر ڕەمزی ئاشتی نەبێت: هەموو ڕۆژێکمان شەڕ دەبێت!.
***

گەر زەمین نەبێت، کام هەسارە: ئەو هەموو تاوانکارە وە خۆ دەگرێت.
چ کانزایە، لێی دەردەهێندرێت، دواتر هەر مرۆڤیشە: خۆی پێ لە نێو دەبات.
نەوت، وەک خوداوەندێکی شلەمەنی سەیر دەکرێت، کەچی وەک تێزاب دامان دەپڵۆخێنێت.
ئاو، گەر بێ ڕەنگ و بێ بۆن و بێ تام نەبوایە: قەت نەدەچۆوە سەر خۆی، هێندەی مرۆڤ بیشێوێنێت.
ئاو، گوتی:
گەر من نەبام/ کێ هەڵمی دەناسی/ کێ دەیزانی هەور چییە/ کێ دەیزانی باران و بەفر و تەرزە چییە؟
گەر من نەبام/ هەور بوونی لە کوێ بوو/ کێ دەیزانی تنۆکی باران چییە/ ئەی کێ دەیزانی چەتر چییە؟
گەر لێزمەی باران نەبوایە/ گەڕەک و کۆڵان و کووچە، ئاشنا نەدەبوون بە سێڵاو/ خانوو، دەرگای لێ نەدەکردەوە؟
گەر هەورەبرووسکە بەر زەمین نەکەوێت/ ئاسمان، چۆن بەرگەی گرمەگرمی هەور دەگرێت/ لە دوای چی، پەلکەزێڕینە دەروست دەبێت/ گەر هەورەبرووسکە بەر زەمین نەکەوێت/ ئەی کێ ئەڵماس دەردەهێنێت؟
***

لە بەرد، نەرمونیانترم نەدیوە. لە ڕەقی دەستەوە، ڕاڤەی بۆ مەکە: ئەوە ڕۆحتە، لە پاشەکشەی میهرەبانییدایە!.
با هەموومان سەیری بکەین:-
بەرد: هەمیشە لە چاومانەوە، سووڕەتی ڕەقی دراوەتە پاڵ، بێئەوەی ڕۆحمان بەر ئەو بکەوێت.
بەرد: کە مردین، لەسەر تەپڵی سەرمان قیت دەبێتەوە، ئەوسا دەزانین تا ئەبەد حزووری دەبێت.
بەرد: هێندە ڕۆحسووکە، کە چاوی بە منداڵ دەکەوێت، خواخوایەتی بێتە کەلا و گەمەی پێ بکرێت.
بەرد: فەیلەسووفێکە، سەرقاڵی سروشتگەرییە/ حەز دەکات، زمانی قەوزە بخوێنێتەوە/ وەختێک وەک پردەباز، لە نێو چۆمێکدا پاڵ دەکەوێت/ تا بزانێت، چۆن لە پێی مرۆڤ دەڕوانێت/ دەچێتە نێو قووڵایی ئاوەوە، بزانێت چۆن چۆنی بێسەروشوێن دەبێت/ دەبێتە خیز، تا دڵمان بەر شۆرین بکەوێت/ هەندێک جار، وەک گاشەبەرد دەردەکەوێت/ تا لەسەر ترس ڕامان بێنێت/ هەندێک جاریش، وەک تاشەبەرد لێی دەخەوێت/ تا حەقیقەتی چاومان ببزوێنێت!.
***

چاڵ: هەر بۆڵەبۆڵی ئێمە نییە، بۆ ئازاردانی ڕۆح، بۆ کونکردنی دڵ/ هەر هەڵکەندنی بیرە نەوت نییە، لە ژێر گڵ/ چاڵ: دۆزینەوەی حەقیقەتێکی دیکەیە، کە لەسەر شوێن پێ بێت/ هەڵدانەوەی مێژوویەکی دییە، کە دایناسۆڕ پێیدا ڕۆیشت بێت/ هەڵبەز و دابەزی مەیموون نییە، مرۆڤ پێی قەڵس بێت/ کەوتنی نێزەکێکیش نییە، لە ئاسمانەوە بەر زەوی کەوتبێت/ چاڵ: وردنەبوونەوەی چاوە، کە ئاسمان سەرنخوون دەبینێت!.

دۆڵ: دێڕێکی شیعریی نییە، خۆی بە دوو تەپۆلکەوە هەڵواسێت/ شاعیر، بە مەمکی بچووێنێت و، تک تک… ئارەقەی پێدا شۆڕ بێت/ دۆڵ: دەنگدانەوەی شەڕەشمشێری سەربازی ونە/ کە بە درێژایی مرۆڤایەتیی، جەللادەکان ئاڕاستەیان دەکەن و دەکوژرێن/ ئەسپیش، وەک کەلاکێکی ڕەقوتەق بەجێ دەهێڵدرێت/ هەتاکوو، بۆنی بە نێو دۆڵدا بڵاو ببێت/ دۆڵ: بۆنی پونگ و ڕێحانە و نەعنا و گوڵەوەنەوشەی لێ نایەت/ بۆنی دەستی خوێنی مرۆڤی لێ دێت/ هەرگیز، مرۆڤ بەبێ بۆن جێی ناهێڵێت/ هەتاوەکینێ، زەمین: لە داخی وێران نەبێت!.

بیابان: ڕاگواستنی ئێمە نییە، بۆ بە غەریبکردن/ دڵشکانی دڵی خۆتە، لە تراویلکەدا: بۆ دووبارە بینین/ بیابان: هێندە غەمگینە، بە بێدەنگیی دادەنیشێت/ کەس نییە بیشوات، گڕوێ دەبێت/ کەس نییە بە لایدا بچێت، ئیدی وەکوو مەنگۆلێک تەماشا دەکرێت/ کەڕەتی وا هەیە، لەبەر بێ ئاوییان، چاوی بە تەمتومان دەشوات/ جاری واش هەیە، “با” دەکاتە لفەکە و، پشتی پێ دەشوات!.
.
دەشت: بۆ ڕاکەڕاکی ژیان نییە، بە گاجووتێک بیکێڵیت/ قووڵبوونەوەی ڕۆحە، تاوێک تێیدا بخەویت.
شاخ: هەتیو نییە، لەبەر هەتاو کەوتبێت/ شاخ: بەس دەستی فێر بووە بە هەورەکان و، بیاندۆشێت.
گردۆچکە: هەڵبەز و دابەزی ئێمە نییە، بۆ پشوودان/ بینینی گوڵەهەڵاڵە و نێرگزە، بێ دەست لێدان.
***

هەمیشە دوو ئەشکەوت هەیە: ئەویش، ئەشکەوتی دڵ و زەمین/ وەختێک، لە دڵماندا، تەنیاییەکی وەها دەبینین/ کە هێندە چۆڵەوانە، هەست بە تاریکیی و داوی جاڵجاڵۆکە دەکەین/ هەست بە ئاڵۆزیی و دەنگی تاسکەچەڵە’٢’ دەکەین/ زەمین، وەها نییە، کە ئێمە لە ترسان، بە شوێنی خۆحەشاردان سەیری دەکەین/ ئەشکەوت: جار جار، بە کوارتز’٣’ دەڵێت: ئەرێ کەی شیعرم لێ دەتکێت/ چەند جارێکش، بە کۆتر دەڵێت: کەی گۆرانییم بۆ دەڵێیت/ بە دەگمەن، هەست بە چێلەمێ’٤’ دەکەین، بۆچی پاسەوانی دەکات/ بۆچی باڵخەنجەرە، ورتەورت دەگەڵ پلیزرک’٥’ دەکات/ قالۆچەش، بە نهێنی سەرگوزەشتەی گشت گەناورەکان’٦’، بە هەردوو زمانی خشۆکیی و باڵەفڕێ تۆمار دەکات!.
***

دارستان: بێ بولبول، هیچ سیحرێکی نییە، لە جوانی ڕەنگ و خۆشی دەنگدا/ ئەفسانەیەکە بێ شێر، قەڵافەتی سپیندار، چییە لە شەودا/ زاڵەی’٧’ قەلەڕەشە، چییە لە ئاسماندا، گەر مەچەکت نیشانی هێز بێت/ ئەو شیوەن بۆ من ناگێڕێت، تەنیا دەڵێت، بۆ دەبێت هەر ئیشی مرۆڤ بێت/ مامز، چ لە بەور و پڵنگ بکات، گەر ترسی ڕاوی ئێمەی لەسەر بێت/ ئەو لە ڕاکردندا، هێندە جوانە، بەس پرسیاری ڕۆح، چی لێ بەسەر دێت/ گوێدرێژ، هەر تاوێك دەزەڕێنێت، ئەویش لە داخی بارگرانی نییە/ ئێمە کە نەبووینەتە بارگرانی بەسەر زەوییەوە، بۆ نابێت بزانین حیکەمەتی زەڕین چییە!.
***

زەلکاو: هەر دەمێکە، دوای غەمی باران، یان پەستبوونی ڕووبار، بەرۆکمان بەردەدات/ چ لە زۆنگاو دەکەیت، کە ئەبەدیییە و، دەبێت بوونمان دەگەڵیدا هەڵباکات/ زەلکاو: وەک دڵشکانی دوو عاشق دەچێت، هەر کەفوکوڵێکە، دێت و دەڕژێت و دەبڕێت/ زۆنگاو: بۆ بە نامۆیی لێی بڕوانین، هیچ نەبێت، وەک شمشاڵ، دڵمان دەژەنێت/ چیتەڵان: کە ناهێڵێت، مرۆڤ بە تەنیایی پێیدا تێپەڕ بێت/ مەبەست لە سمسکبوونی’٨’ نییە، نایەوێت کەس، دڵی بە قالۆر بچێت/ لیتە: پێش قەڵسبوونی، هەرچی پەڵاش بێت دە خۆیدا وەردەدات، تا پێی بگوترێت: لیتاو/ کەچی گڵ: گەر دەستی تێ وەرنەدەرێت، بە بێنووی گریانەوە، بە چی دەبێتە قوڕاو/ ئاو: گەر ڕوونێتی لێ نەستێندرێت، لە خۆوە هانا بۆ ئاوڕوونکەرەوە نابات، بۆ وەی قوتاریی بکات لە زیچاو’٩’/ لم: هەموو ڕۆژێك یادەوەریمان دەنووسێت/ گەر شەپۆلیش نەبێت، کێ ئەو هەمووە تاڵییەی دەروونمان دەشوات!.
———————————————-
١ / ٩ / ٢٠١٦- ١٨ / ٩ / ٢٠١٦
قەڵادزێ
——————————————–

فەرهەنگۆک:-
‘١’. ڕێگای شیری: یەکێکە لە کاکێشانەکانی گەردوون، کە بۆشاییەکی بەرینی هەیە و، کۆمەڵەی خۆر بە تەواوی ئەستێرە و هەسارەکانی تێدا دەخولێتەوە و، زەمینیش ئەندامێکە تێیدا.
‘٢’. تاسکەچەڵە: سسارک، سمسارک، سیسارکەکەچەڵە، سیسالەک، سەرگەڕ، سیسارک، کەرگەز، کەپەنەکداڵ.
‘٣’. کوارتز: بەردەئەستی، یەکێکە لە ڕەگەزەکانی بەرد. جۆری بەردی ڕەقە. بریتییە لە ماکی سیلیکا بە تۆکمەیی. لە بنەڕەتدا: وشەیەکی فەڕەنسییە.
‘٤’. چێلەمێ: شەمشەمەکوێرە، شەمشەمە، شەمشەڵە، شەمەلە، شەوکوێرە، قەڕناقووچ.
‘٥’. پلیزرک: پەڕەسوێلکە، پڕەسوێلک، پەڕەسلێرکە، پلیسرک، تەڕنەبابیلە، حاجی ڕەش، سێ پرسک، مەقسوک، هاج ڕەشک، پلوسگرد.
‘٦’. گەناور: زیندەوارە، گەناوەر، دەعبا، جڕ و جانەوەر، حەشەرە. دەستەیەک لە گیانەوەرانی وشکەژین، وەکوو: مێش، مێشوولە، مێروولە، کوللە، پەپوولە، هەنگ، زەرگەرتە، دووپشک، جاڵجالۆکە و… کە زۆربەیان خاوەنی دوو جووتە باڵ و جووتێک شاخەکیلە و سێ جووتە پای بڕکە بڕکەن و، لەشیان لە سێ بەشی جیاوازی سەر و سینگ و زگ پێکهاتووە.
‘٧’. زاڵە: دەنگی قەلەڕەش.
‘٨’. سمسک: شووم، قدۆش، کۆچکڕەش، هوم، گوناتە، کۆدقەلین، دۆبڕ، بەدوم، بەد، بەدودم، نێوچاوان پیس.
‘٩’. زیچاو: لێڵ، لێخن، لیخن، لیخناو، شێلو، شێلوو، شیلۆ، غەور خەور، لێڵایی.




لەبەر ڕۆشناییی ڕۆحگەراییەوە … ڕۆژ هەڵەبجەیی و پێشەوا کاکەیی

————

-١-
قرژاڵ، کە ئاو ماندووی دەکرد:
پاڵی دەنا بە نیوەڕۆ و،
لە عەسرێکی فێنکدا،
بە دوای تراویلکەدا دەگەڕا!.
—————————
قرژاڵ، نیوەڕۆیان دەعوەتی کیسەڵ بوو،
بەس هێندە بە خاووخلیچکی چێشتی حازر دەکرد:
دەبوو بە عەسر.
لە داخی گەرما:
قارچکی دەکردە کەپر!.

-٢-
سیسرکە، بە فڕینێکی شەلەوە:
دەگاتە قوژبنی دیوارەکان.
بێئاگا لە مرۆڤ،
هەموو دیوارەکانی بە ژەهر قیرتاو کردووە!.
—————————————
سیسرکە، دەبێت بگەڕێتەوە نێو حەقیقەتی خۆی،
لە پەیڤی نەشیاوی مرۆڤ دوور بکەوێتەوە.
مرۆڤ، وەها بە دوایدا بگەڕێت:
هیچ ئاوازێک لەو خۆشتر، نەچووبێتە گوێچکەیەوە!.

-3-
گیا، ئەوەندە بە سەوزی زیکر و تەهلیلە دەکات:
تا، تای لێ دێت و، زەردهەڵدەگەڕێت.
دواتر، لەسەر بەرماڵی با:
شۆڕشی نوێژ بەرپا دەکات!.
—————————-
گیا، دوای تەواوبوونی زیکری، لە ژێر پێی مرۆڤ:
وەک دەروێشێک، خەنجەر هەڵناکێشێت و،
بیدات لە تەپڵی سەریی و،
لە بەرچاوی هەموواندا: خوێنی لێ بچۆڕێتەوە.
گیا، لە تاو پەلکێکی، کە زەردهەڵدەگەڕێت:
لە ژێر پێشدا، هەر سەرقاڵی نوورە!.

-٤-
قوتابخانەی بەرد، دەچێتەوە سەر شۆڕشی سپیی.
ئیدی هەموو ئاقڵەکان، لەوەوە:
فێری تێزێک دەبن،
ئەویش، ئەفسانەی بێدەنگیی!.
———————
بەرد، قوتابخانەیەکە: دەچێتەوە سەر شۆڕشی فیکری.
لە هێزی سوور نییە و، سپیخوازە*.
گەر ئەقڵ نەچێتە نێو دەستەوە:
حەز بە سەری کەس نکات، خوێنی لێ بچۆڕێتەوە!.
…………….
* سپیخواز: ئاشتیخواز

-٥-
ڕێوی، هەرچەندە فێڵباز بێت:
ناگاتە فێڵی مرۆڤەکان.
دان بۆ مریشکەکان ڕۆ دەکەن:
دواتر، جەللادن بۆیان!.
——————————
ڕێوی، بیانووی دەمی مرۆڤە:
بۆ فێڵکردن خوڵقابێت.
ئەو، لەبەر چەقەڵ سەری لێ شێواوە:
کە زۆر لە خۆی دەچێت!.

-٦-
پەپوولە، تەنیا وەرزێکی هەیە بۆ ژیان:
بۆنی هەموو گوڵێکی کرد و، عیشقی پێ نەکرد، بۆ خۆی.
دوا جار، لە حیکمەتی چرایەکدا:
بۆ عیشق بووە قوربانی!.
—————————–
پەپوولە هێندە دڵتەنگە، ناگاتە وەرزێکیش:
وەک پەککەوتەیەک، بەسەر چڵی نێرگزێکەوە، سەردەنێتەوە.
وەک خۆی نا، لە داخی ئەو شاعیرانەی، دەیخەنە نێو ڕستەیەکی شیعریی:
کە جگە لە دڵەڕاوکێ بۆ مەرگ، هیچ ترووسکایەکیش بۆ ژیان ناهێڵنەوە!.

-٧-
تابلۆی سەر دیوارەکە:
چیرۆکێکە لە ئەفسانە.
ورچێکە، لە نێو بەفردا گەمە دەکات:
مناڵێک، قاپێک لە پێکەنینی پێشکەش دەکات!.
—————————————-
ورچ، هێندە ناشیرین کراوە بە ڕێنووسی قەڵەویی:
ژن و پیاویش، هەمیشە ڕکابەرێتییانە لەسەر کزیی.
کەچی دونیای منداڵیی، ئەوەندە پاک و جوانە، کە ورچ دەبینێت:
دەڵێت: بە دەم چیرۆک خوێندنەوەوە، لە باوەشمدا دەخەوییت!.

-٨-
گورک، هەڕەشە لە گیا ناکات: کە سەوزایی حونجە دەکات.
مرۆڤ، برێک جار ئێرەییەکانی کۆ دەکاتەوە: تا لە ماڵی ئەو بێت.
مەگەر لە ماڵی گورگ و مرۆڤدا، چ شتێک هەیە:
گەر گۆشت لە نێوانیاندا، هاوبەش نەبێت!.
——————————————–
گورگ، لە ڕەونەقیی تیژی ددانەکانییەوە مەڕوانە: هێزت بەرێت.
بۆنی وەهاشی پێ مەبەخشە، کە بە گۆشتتەوە: ئێسقانیشت بهاڕێت.
تۆ کە ئێرەیی نابەیت بە ڕۆح و، بتەوێت ئەویش لەتەکتدا بخەوێت:
بە هێزی خۆتدا بچۆوە و، هێندەش بۆن مەکە: گورک قەڵس ببێت!.

-٩-
مرۆڤ چەند سەیرە، بە تەنز: مرواوی، دەدەنە بەر لێشاوی دەمارگیریی.
هەرچەندە بڕواتە قووڵایی پێڵاوەکانی گۆم و ڕووبار:
مەرحەمەکانی تەڕبوون ناناسێ.
مرۆڤ چەند سەیرە، تەنزەکانی دەسڕێتەوە:
بە دەستنووسی چەقۆیەک، پەیامی ئاشتەوایی بۆ دەنێرێ!.
—————————————————
مراوی، شیکاری چڵپاوخۆریی و، زێرابەکانی بۆ مەکەن؛
بارێك کە لە نێو زگتاندایە، بە قەبزیی بۆی ئاودیو دەکەن،
چ دەکەن، دوایی بۆ گۆشت، بە چەقۆ ئەنجن ئەنجنی دەکەن!.

-١٠-
لە کوچە و کۆڵانەکانی پشیلەوە:
دەچمەوە سەر دووڕیانی خۆشەویستیی و جوانی.
لە دەریای چاوەکانی پشیلەوە، کە مەلەوانەکان هاتنەوە،
وتیان: پشیلە خوویەکی نییە، بێ نمەکی.
ئەوە بیرچوونەوەی هزرە، بۆتە گرێیەک لە سەنتەری سمێڵەکانی!.
———————————————
پشیلە، هەرچی خووی بێ نمەکی هەیە، وەها داویانەتە پاڵی:
بە ئاستەم لە ئێمە جودا بێت، کە سمێڵمان سپیی بووە بە ماستی.
کەچی ڕەچەڵەکی شێر و پڵنگ، دەچنەوە سەر جوانیی وی!.

٩ – ١٨/١٠/ ٢٠١٦
تێچنین// بەشی یەکەمی شیعرەکە: ڕۆژ هەڵەبجەیی، بەشی دووەمی شیعرەکە: پێشەوا کاکەیی




زیکری قەوزە … پێشەوا کاکەیی

قەوزە، غەمگینە.
ڕاڤەی زمانلووسی بۆ مەکەن،
چلکی ئێمەیە، وا لێی نیشتووە!.
*

قەوزە، حیکایەتخوانی نێو ئاوە.
لە داخی ئەو هەموو بوهتانەی بۆق،
بۆ کیسەڵ و ماسی هەڵبەستووە:
ڕیشی بستێک هێشتۆتەوە!.
*

قەوزە، هێندەی زیکر بکات:
ئاگای لێ نییە، ڕیشی چەند درێژ بووە.
ماسییش نازانێت،
ئەم نوورە، لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە!.
*

قەوزە، وەک سۆفییەک لە نێو چەمەنزارەکاندا:
خەریکی سەڵاوات لێدانە، لەسەر دڵۆپە ئاو.
کەچی دەبەنگی وەها هەیە، دەڵێت:
ئەو وشکەسۆفییە، چ دەکات لە نێو زۆنگاو!.
*

قەوزە، ڕیشەی ناچێتەوە سەر پونگ و ڕێحانە.
بە تەنیا منداڵی ئاویش نییە:
بەرد، بە باوکی خۆی تەماشا نەکات و،
بە هەتیویی بسوڕێتەوە!.
*

کووزەڵە، هەمیشە دەمەقڕەیەتی لەگەڵ قەوزە
ئەوەچییە، ڕەنگی لەو نزیکە.
قەوزە، چ بکات لەدەست شوێن، کە کووزەڵە:
هاتووە، خۆی لە لای ئاو خزاندووە!.
*

قەوزە، حەزی لە هیچ عەترێک نییە
هێندە دڵناسکە:
هەموو ڕۆژێک دڵی دەڕەنجێت،
بە دەست بۆنی نەعناوە!.
*

تشرینی یەکەمی ٢٠١٦