ئەفسانەی جووبوونی هیتلەر… نووسینی: پێشڕەو محەمەد

`

وەڵامێک بۆ بەڕێز ئیدریس مستەفا

کەمێک پێش ئێستا بەڕێکەوت لە فەیسبووک نووسراوەیەکم بەرچاو کەوت بەناوونیشانی «بەڵێ هیتلەر جولەکە دەرچوو!» نووسینی ئیدریس مستەفا، خێرا کردمەوە و سەیرمکرد، کۆی وتارەکە لە کاردانەوەی خێرا بەرانبەر بە بانگەشەیەکی سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا نووسراوە بۆ وروژاندنی سیاسەتی ئیسرائیل بەوەدا گووتوویەتی «هیتلەر بۆیە پەلاماری ڕووسیای دا چونکە جوو بوو و ڕقی لە ڕووسیا بوو، زیلینسکیش بە هەمان شێوە». ئەم بانگەشە بێ بنەما پڕوپاگەندەییەی سەردەمی جەنگ، بووەتە هۆکار بۆ نووسینی وتارێکی وەها لەلایەن بەڕێز ئیدریس مستەفاوە (کە بێگومان هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی و زانستیی تێدا نییە، بگرە هەر سەرچاوەی نییە) بەدووی بانگەشەکەی لاڤرۆڤ بکەوێت.

هەڵبەت ئەفسانەی جووبوونی هیتلەر شتێکی تازە نییە، کۆنە و ڕیشەکەی بۆ سەردەمی هیتلەر خۆی دەگەڕێتەوە. بەڵام بانگەشەی ئەوەی کە هیتلەر جوو بووە بۆیە ڕقی لە ڕووسیا بووە، بانگەشەیەکی سەردەمی پووچیی و گەمژەییە، چونکە هەر کەسێک کەمێک زەحمەت بەخۆی بدات و بڕوات ئەدەبیاتی نازیی، «خەباتی من»ی هیتلەر، پڕۆژەی باربارۆسا (هێرش بۆسەر یەکێتیی سۆڤێت) و فرمانەکانی «چارەسەری دوایین» بخوێنێتەوە تێدەگات، پەلامار بۆسەر یەکێتیی سۆڤێت کتومت بە مۆتیڤ و پاڵنەرێکی پێچەوانەی بانگەوازە پووچگەرییەکەی لاڤرۆڤەوە بووە. لەگەڵ شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا ڕاستڕەوە ئەڵمانییەکان و ناسیۆنالیستەکان بەردەوام بانگەوازی «بەلشەڤیزمی جوو»یان دەکرد و دەیانگوت جوو شۆڕشی لە ڕووسیا هەڵگیرساندووە و دەیەوێت سەرتاپای ئەوروپا بکاتە جوو. هیتلەر لە سەرتاپای کتێبی «خەباتی من»دا مارکسیزم و ئەنتەرناسیۆنالیزم بە دەسیسە و پیلانی جوو ناودەبات کە ئێستا سوکانی کەشتییەکەیان لە ڕووسیا بەدەستەوە گرتووە و چارۆکەیان بەرەو ئەوروپا لێداوە. هەروەها شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە گەفی جوو دەزانێت بۆ هەڵگیرسانی جەنگ و لە ١٩٣٩دا دەڵێت دەرەنجام بەجووکردنی ئەوروپا نابێت بەڵکو قڕکردنی جوو دەبێت لەسەرتاسەری ئەوروپا. هیتلەر کە پەلاماری سۆڤێتی دا، لەژێر ناوی پاککردنەوە و قڕکردنی جوو بوو، چونکە ڕووسیای بەتاکە قەڵای بەهێزی جوو دەزانی. باش ئەوەی دەزانی ئەگەر ڕووسیا لەناو نەبات ناتوانێت خەونی ئەوروپایەکی بێ جوو بەدیبهێنێت. تا ئێرە من نامەوێت بچمە ناو ڕیشەکانی پرسی بینینی کۆمۆنیزم، بەلشەڤیزم و سۆڤێت وەک پیلانی جوو، خوێنەر دەتوانێت بۆ ئەم مەبەستە بگەڕێتەوە بۆ کتێبی «ڕەچەڵەکناسیی کەمپ و کەرنەڤاڵی شکستخواردوان»، لەوێدا بەشێوەی زانستیی و دوور و درێژ ئەم پرسانە شیکراونەتەوە.

بەڵکو ئەوەی دەمەوێت پووچەڵکردنەوەی ئەو بانگەشەیەیە کە دەڵێت هیتلەر لە خێزانێکی بەڕەچەڵەک جوو هاتووە، بەڵام ڕقی لەخۆی بووە یان ئەوەی پێیدەگوترێت «نەفرەتی جوو لەخۆی». یەکێک لەو هۆکارانەی بیانووی داوەتە دەستی کۆنزەرڤاتیڤ و بەشێک لە لیبراڵە ئەڵمانییەکان بڵێن گوایە هیتلەر ڕیشەیەکی جووی هەبووە، بەهۆی نادیاریی شووناسی بەشێک لە خێزانەکەیەوە بووە. ئەم بانگەشەیە هەڵبەت ڕیشەیەکی قووڵتری ئایدیۆلۆژیشی هەیە، بەوەدا دەیەوێت وەحشیگەریی و تاوانی نازیزم لەوەی دەگوترێت «کولتوور و شارستانێتیی ئەوروپیی» دابماڵێت و یان وەک ئێرنست نۆلتە، فەیلەسوفی کۆنزەرڤاتیڤی ئەڵمانیی باسی دەکات، تاوانەکە هیچ ڕیشەیەکی ئەڵمانیی نییە، بەڵکو ڕیشەیەکی ئاسیایی هەیە کە لەڕووسیای «جووەوە» دێت[١]. هەڵبەت زۆر ناچمە ناو ئەم پرسەوە و لە دوو کتێبی ناوبراودا باسی ئەم بابەتانەش کراون.

ناوی باوکی هیتلەر، ئەلیۆس شیکلگروبەر (Alois Schicklgruber) بوو بەڵام هەر زوو واز لە پاشناوەکەی دەهێنێت و دەیکات بە هیتلەر و ئەدۆلف لە گەورەییدا خۆشحاڵبووە بەوەی باوکی پاشناوەکەی فڕێداوە و «هیتلەر»ی هەڵبژاردووە، چونکە بۆ «پاڵەوانێکی نەتەوەیی» سڵاوکردنی وەک «هایل شیکلگروبەر» (Heil Schiklgruber) دەنگدانەوەیەکی «مۆسیقیی» نەدەبوو، بەڵکو «هایل هیتلەر» مۆسیقییتر و کاریزماتیکترە[٢]. نەنکی هیتلەر ناوی ئانا ماریا بووە و ساڵی ١٨٣٧ لەدایکبووە، باپیری هیتلەر ناوی یۆهان گیۆرگ هیدلەر (Hiedler) بووە، لە کڵێسا کاتێک باپیرەی هیتلەر ناوی ئەلیۆس، باوکی هیتلەر، لەکاتی غوسلدا تۆمار دەکات، لە هیچ بەڵگەنامەیەکدا نەهاتووە کە هیچ ڕەگێکی ئەو خێزانە چ لە دایک، چ لە باوکییەوە بچێتەوە سەر جوو. یەکێک لەو هۆکارانەی هیتلەر نەیدەویست قسە لەسەر ڕیشەی خێزانەکەیان بکات، بەهۆی نەنکە هەژارەکەیەوە بووە کە بەگوێرەی عاداتی ئەو سەردەمە بەنایاسایی لەگەڵ باپیرەی هیتلەر، یۆهان گیۆرگ هیدلەر خەوتووە و ئەلیۆسی لێبووە، بەڵام پاشان بە فەرمیی لە کڵێسا تۆمار کراوە تا وەک «زۆڵ» «بێ ناسنامە» نەمێنێتەوە. لە بنەڕەتیشدا فۆرمەکانی پێشووی ناوی هیتلەر ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، پێش ئەوەی یۆهان گیۆرگ بە هیدلەر بانگبکرێت، ڕیشەی خێزانەکەی دەچووەوە سەر «هوتلەر» (Hüttler) کە بەماناکانی «ڕەنجبەر، کوخنشینی هەژار، هەژاری کۆڵیتنشین، کەلاوەنشین، وەرزێر، مسکێن و هتد» دێت، بەڵام لە ڕەوتی گۆڕانی ناوەکەدا، واتا وردە وردە کاتێک باوکی هیتلەر لەڕووی ئابوورییەوە کەمێک باش دەبێت پاشناوەکەشی دەگۆڕێت، بەرەو «Hietler»، «Hütler»، «Hiedler» و پاشان لەسەر فۆرمی «Hitler» دەگیرسێتەوە، کە ڕیشەی واتاناسییەکەی، بە مانای «پشکهەڵگری بچووک»، یان «دوکاندار»، یاخود لە مانای ئەمڕۆییدا کە بێگومان هیتلەر خۆی زیاتر قبوڵی بووە «وردە-بۆرژوازیی» یان «جووتیاری خاوەن زەوی»[٣].
دەکرێت ئەمڕۆ بە باوکی هیتلەر بگوترێت لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە ڕوولەسەر (sozialer Aufsteiger)، پێیباشبووە لە کۆتاییدا لەسەر پاشناوی «هیتلەر» بگیرسێتەوە، چونکە لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا لە هەژارییەوە بەرەو چینی ناوەڕاست سەردەکەوێت و فۆرمی ناوی «هیتلەر» کەمتر دەنگدانەوەی دێهاتییبوون و لادێییبوونی هەبوو. هۆکاری ئەوەی کە ئەدۆلف هیتلەر لە هیچ شوێنێکدا هەوڵنادات باسی پێشینەی باوکی و دایکی بکات، بۆ ئەو حاڵەتی شەرمەزاربوونە لە هەژاریی دەگەڕێتەوە.

ئێستا با بێین ئەو ئەگەرە تاقیبکەینەوە کە دەڵێت باپیرەی هیتلەر، یۆهان گیۆرگ هیدلەر، جوو بووە. لە ڕاستیدا بۆ یەکەمجار دەنگۆی بڵاوبوونەوەی جووبوونی باپیرەی هیتلەر لە ناوەڕاستی دەیەی ١٩٢٠ لە قاوەخانەکانی میونشن بڵاودەبێتەوە، و بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیانەش بە جیهاندا بەهۆی چاپەمەنیی بیانییەوە بووە. بۆ نموونە یەکەمجار ڤێرنەر ماسە، نووسەر و کۆنزەرڤاتیڤێکی پرۆتستانتی، لە بنەماڵەیەکی ئەریستۆکرات، ئەم ئەفسانەیە بڵاو دەکاتەوە. ماسە بانگەشەی ئەوە دەکات کە پاشناوی «هوتلەر» (Hüttler) پاشناوێکی جوو بووە و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە سەر جووەکانی بوخارێست لە ڕۆمانیا، هەروەها دەشڵێت باوکی هیتلەر لەیانە بارۆن ڕۆتشیلدەوە وەک خزمەتکار لە ڤییەننا دامەزرێنراوە[٤]. بەڵام بەربڵاوترین و جددیترین دەستاودەستکردنی دەنگۆکە دەربارەی جووبوونی هیتلەر لە ناوەڕاستی جەنگی دووەمی جیهاندا ڕوودەدات و ڕاستەوخۆ دەکرێت ڕیشەکەی لە یادەوەرییەکانی یەکێک لە پارێزەرانی نازیی و حوکمڕانی گشتیی پۆڵەندا، هانس فرانک ببینرێتەوە. فرانک دەڵێت لە کۆتایی دەیەی ١٩٣٠دا هیتلەر بانگی کردووە و نامەیەکی لە برازاکەی، ولیام پاتریک هیتلەر پیشان داوە (کوڕی زڕبراکەی باوکی، کە بەماوەیەکی کەم لەو کاتەدا زەواجی لەگەڵ ژنێکی ئیرلەندیی کردووە و ناوی خۆی لە ڤیلهێلمەوە گۆڕیوە بۆ فۆرمی ئینگلیزیی ولیام)، کە هەڕەشەی ئەوە دەکات کۆمەڵە حیکایەتێک دەربارەی پێشینەی هیتلەر بڵاودەکاتەوە کە «خوێنی جوو بە دەمارەکانیدا دێت و دەچێت». فرانک دەڵێت هیتلەر پێیگوتووم جارێکی دیکە بە ڕەگ و ڕیشەی خێزانەکەیدا بڕواتە خوارەوە، فرانک دەڵێت هەندێک زانیاریی دەستکەوتووە کە نەنکی هیتلەر ماریا ئانا شیکلبورگەر کاتێک وەک چێستلێنەر لە خێزانێکی جوو بەناوی فرانکنبێرگەر لە شاری گراتز لە نەمسا خزمەتی کردووە، کوڕەکەی، ئەلیۆس، واتا باوکی هیتلەر، لەیداکبووە. هەروەها دەڵێت فرانکنبێرگەر نەک تەنها مووچەی ماریا ئانا، بەڵکو پارەیان بۆ منداڵەکەش، ئەلیۆس، بڕیوەتەوە. فرانک دەڵێت هیتلەر پێیگوتووە کە دەزانێت باوکی و داپیرەی گووتوویانە باپیرەی بەهیچ جۆرێک جوو نەبووە، بەڵام لەبەرئەوەی داپیرەی و مێردی دواتری زۆر هەژاربوون، ناچاربوون لای خێزانێکی جوو کاربکەن، خێزانە جووەکەش وەک بەزەیی پارەیان پێداون[٥]. یاخود بەگوێرەی دەنگۆکان، دەکرێت نەنکی هیتلەر «بەناشەرعیی منداڵی لە جوویەک بووبێت».

لە ڕاستیدا حیکایەتەکەی هانس فرانک دوای جەنگ لەناوەڕاستی دەیەی ١٩٥٠دا بە فراوانیی بڵاوکرایەوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش، ئەڵمانیا ناچاربوو خۆی بونیاد بنێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی بەوە هەبوو بەشێکی زۆر لە بەرپرس و بیرۆکرات و فەرمانبەر و سەرباز و ئەفسەرە نازییەکان لە دەوڵەتدا دابمەزرێنێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی بەوە هەبوو کۆی گوناهەکان بە کەسێک هەڵواسێت و ئابڕووی خۆی پێبکڕێتەوە، باشترین بژاردە هیتلەر خۆی بوو، بۆ ئەریستۆکرات و کۆنزەرڤاتیڤە ئەڵمانییەکان هیتلەرێکی هەژار لە خێزانێکی خزمەتکاری نەمساییەوە، قۆچێکی قوربانیی ئاسان بوو. بەڵام لەڕاستیدا ئەگەر بە وردیی مێژووی خێزانە جووەکانی شاری گراتز هەڵبگرینەوە لە نەمسا و لە شارەکەدا هیچ تۆمارێک نییە بەهیچ شێوەیەک پشتیوانیی لە هەبوونی خێزانێک بەناوی فرانکنبێرگەر بکات، بەدیاریکراویش لەو ساڵەی ئەلیۆسی تێدا لەدایکبووە، خێزانێک بەو ناوە بوونی نەبووە. لە ڕاستیدا هیچ خێزانێکی جولەکە لە سەرتاپای ناوچەی سیتریا لەو سەردەمەدا بوونی نەبووە، بەڵکو تا کۆتاییەکانی دەیەی ١٨٦٠ و سەرەتای ١٨٧٠ هیچ جوویەک بەگوێرەی یاسای نەمسا ڕێگەی پێنەدراوە لەو ناوچەیە نیشتەجێ ببێت. خێزانێک بەناوی فرانکرایتەر (نەک فرانکنبێرگەر) لە گراتز دەژیان، بەڵام جوو نەبوون. تەنانەت هیچ بەڵگەیەک بوونی نییە بیسەلمێنێت ماریا ئانا هەرگیز شاری گراتزی بینیبێت. هیچ نامە و بەڵگەیەکی تۆمارکراو بوونی نییە پیشانی بدات ماریا ئانا پەیوەندیی بە فرانکنبێرگ یان فرانکنڕایتەرەوە هەبووبێت. ئەو ئەفسانەیەی دەڵێت ئەلیۆس لە فرانکنبێرگی جوو لەدایکبووە، بەڵام لە ئەسڵدا ناوی فرانکنڕایتەر، ئەوکاتەی ئەلیۆس لەدایکبووە، فرانکنڕایتەر تەنها تەمەنی دە ساڵان بووە (ئەم تۆمارە مێژووییە ساختانەی هانس فرانک دروستی کردوون، ئەگەر بگەڕێنرێنەوە بۆ ناو سیاقی مێژوویی خۆیان، زۆر بەسانایی بەدرۆ دەخرێنەوە). تەنانەت ئەو بانگەشەیەی هانس فرانک کاتێک پووچەڵ دەبێتەوە کە دەڵێت هیتلەر لە داپیرەیەوە حیکایەتی خزمەتکاربوونی لەماڵە جووەکە بیستووە، ماریا ئانا ساڵی ١٨٤٧ مردووە، لەکاتێکدا هیتلەر لە ١٨٨٩ لەدایکبووە، چل و دوو ساڵ پێش لەدایکبوونی ئەدۆلف مردووە.
تەنانەت ئەوەش گومانهەڵگرە کە فرانک باس لە گەیشتنی نامەکەی پاتریک بۆ هیتلەر دەکات، فرانک فەڵێت هیتلەر پێی گوتووە نامە هەڕەشەئامێزەکەی لە ١٩٣٠ پێگەیشتووە، لەکاتێکدا پاتریک تا دیسەمبەری ١٩٣٨ لە ئەڵمانیای نازیی ماوەتەوە، چۆن دەکرێت و ڕێی تێدەچێت هەڕەشەیەکی هێندە گەورە لە ڕاوێژکارەکەی ئەڵمانیا، ژیانی هەڕەشەچیی نەخاتە مەترسییەوە و تەنانەت ئازادانەش وڵاتەکە جێبێڵێت؟ بەکورتیی باپیرە و داپیرەی هیتلەر هەرشتێک بووبێتن، جوو نەبوون. وەک باسکرا، بەکورتیی: بەجوودانانی هیتلەر خزمەت بە ئایدیۆلۆژیای کۆنەپارێزی ئەڵمانیی دەکات بۆ خۆپاککردنەوەی لەو تاوانە گەورەیەی لە مێژوودا ئەنجامی داوە و هەروەها نیگایەکی کەمیش بەسە تا تێبگەین سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوە، قسەیەکی گەمژانە و کاردانەوەیەکی ساویلکانەی بەرانبەر ئیسرائیل ئەنجام داوە و خودی قسەکە، ڕیشەیەکی قووڵی دژە-جوایەتیی هەیە.

نووسینی: پێشڕەو محەمەد

سەرچاوەکان

  1. Ernst Nolte, Der europäische Bürgerkrieg 1917–1945: Nationalsozialismus und Bolschewismus, Propyläen-Verlag, Frankfurt am Main, 1988.
  2. August Kubizek, Adolf Hitler. Mein Jugendfreund, Graz (1953), 5th edn 1989, 50.
  3. Rudolf Koppensteiner (ed.), Die Ahnentafel des Führers, Leipzig, 1937, 39-44.
  4. Werner Maser, Hitler: Legend, Myth and Reality, Harpercollins College Div, 1975, pp.12-15.
  5. Hans Frank, Im Angesicht des Galgens, Munich/Gräfelfing, 1953, 330–31.



بزووتنەوەى “هێلەگ زەردەكان” و چەند وانەیەك …. پێشڕەو محەمەد

دەروازە

تارمایی كارەساتی كەش و هەوا باڵی بەسەر سەرجەمی مرۆڤایەتیدا كێشاوە. دوایین پێشنیاری دۆناڵد ترەمپ بۆ دامركاندنەوەى بزووتنەوەى هێلەگ زەردەكان، كۆتاییهێنان بوو بە ڕێككەوتننامەى كەش و هەوا و ژینگە لە پاریس. حكومەتە سەرمایەدارییەكانیش هەمیشە لەڕێگای بەڵێنی ڕیفۆرمەوە، ویستوویانە هەم درێژە بە بەرهەمهێنانی زیاتری دوان ئۆكسیدی كاربۆن بدەن و هەمیش بۆ ماوەیەك سەرنجی جەماوەر و میدیاكان لەسەر پرسەكە دووربخەنەوە. تا كار گەیشتۆتە ئەوەى زۆرێك لە حكومەتە سەرمایەدارییەكان تەنانەت مەسەلەى گۆڕانی كەش و هەوا بە تیۆری پیلانگێڕیی ماركسیستیی دەزانن، كە دەیەوێت ڕێگریی لە گەشەى ئازادانەى ئابووریی بازاڕی سەرمایەداریی بكات و لەم ڕێگایەوە پڕوپاگەندە بۆ ئابووری ڕوولەهەڵكشاوی چین بكات.

دوایین هەوڵی ڕیفۆرمیستانە (بەڵام لەجەوهەردا ساختەكارانە)ی ئەمانوێڵ ماكرۆن بوو بە دانانی باج لەسەر سووتەمەنیی؛ دیارە پاساوەكەى ماكرۆن، هیچ نەبێت كەمكردنەوەى كاریگەرییەكانی دوان ئۆكسیدی كاربۆنە لەسەر بەرگەهەوای ئۆزۆن، وەك سەرەتایەك بۆ ڕێگریكردن لە زیاتر پیسبوونی ژینگە. بەڵام ڕوون و ئاشكرایە باجەكەى هاووڵاتی دەیدات و لەلاكەى دیكەشەوە، دەبێتە گەورەترین خزمەتكردن بەهەڵكشانی قازانجی زیاتری كۆمپانیا فرەنەتەوەكان. ئەم بڕیارە بەخراپی بەسەر ماكرۆندا شكایەوە و لەهەنگاوی یەكەمدا، خەڵكانێكی كرێكاری هێنایە سەر شەقام، كە زەرەرمەندی ئەم بڕیارە بوون، واتا بەكاربەرانی سووتەمەنیی، بەڵام داواكارییەكان هەڵكشان، لەپاریسدا نەمایەوە، لە خواستی ڕیفۆرمی ئابوورییەوە بەرزبووەوە بۆ خواستی سیاسیی كۆتاییهێنان بە حكومەتەكەى ماكرۆن. بزووتنەوەكە سەرتاپای شارەكانی پاریسی گرتەوە، تەنانەت بەوڵاتانی دیكەشدا بڵاوبووەوە، وەك بەلجیكا و هۆڵەندا و ئومێد دەكرێت، وڵاتانی پێشكەوتووتری دیكەى سەرمایەداریش بگرێتەوە.

بۆ لەفەڕەنسا؟

هیچ جێگای سەرسامیی نییە و تەنانەت هیچ سەیریش نییە كە ناڕەزایەتیی بزووتنەوەى جەماوەریی فەڕەنسا بگرێتەوە. مێژوو پیشانی داوە ئەو شۆڕشانەى توانیویانە وەستانی مێژوویی و وەرچەرخان دروستبكەن، لە فەڕەنساوە سەریانهەڵداوە: شۆڕشی 1789، كە كۆتایی بە ڕژێمی كۆنی ئەریستۆكراسیی و فیودالیزم هێنا و ئینسانی لە گوێڕایەڵەوە كردە هاووڵاتیی. شۆڕشەكانی 1848، شۆڕش لە پێناوی خواستە دیموكراسییەكان و شۆڕشە دیموكراسییەكانی كردە هەوێنی سەرهەڵدانەكانی دیكە، كۆمۆنەى پاریس 1871، كە بۆ یەكەمجار، كرێكارانی دیموكراسیخواز و دادپەروەریخواز، دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت و ئەنجوومەنە خۆبەڕێوەبەرە كرێكارییەكانیان دامەزراند، شۆڕشی 1936 و پاشان 1968، كە چوار بكەری شۆڕشگێڕ بوونە هەوێنی گۆڕانكاریی سەرتاپای پاشماوە كۆنەپارێزییەكانی دونیا: یەك، كرێكاران، دوو، خوێندكاران، سێ، ژنان و چوار، خەڵكانی دژەكۆڵۆنیالیست. شایانی باسە یەكەم مێژووی باریكادەكانی سەر شەقامەكانیش هەر دەگەڕێتەوە بۆ فەڕەنسا.

تەنها ماوەیەكی كەم (كە بیست بۆ سی ساڵ) فەڕەنسا لە جۆرێك چالاكیی ناچالاكدا دەژیا، ئەویش ئەو كاتە بوو كە لەڕووی ئابوورییەوە، سەردەمی بووژانەوەى درێژمەودا و دەوڵەتی خۆشگوزەران دەستیپێكردبوو، لەلایەكی دیكەوە بیری ڕادیكاڵ پاشەكشەى كردبوو و فەلسەفەى ئایدیالیستی ئەڵمانیی باڵی بەسەر ئەكادیمیاكاندا كێشا بوو و سەردەمێك بەناوی گومانكردن لەهەموو شتێك، لەژێر ناوی پۆستمۆدێرنیزمدا سەریهەڵدا، كە گومانیان لە شۆڕش، خەبات، بەرەنگاریی، حزب، ڕێكخستن، بزووتنەوەى كرێكاریی، بە بزووتنەوەى خۆڕسكیشەوە كردبوو. ئەم سەردەمە لەسەردەمی جەنگی ساردیشدا زۆرترین پشتیوانیی لێكرا، هۆڵیوود و ئەكادیمیاكان لەخزمەتیان بوون، بە سەرۆكی وڵاتانی ئەوروپا و خۆرئاوای پیشەسازیی و بازاڕی سەرمایەدارییەوە. لەگەڵ كەوتنی سۆڤێت، ئەم ڕەوتەش بەرەو خانەنشین بوون ڕۆیشت. فەلسەفەى ئایدیالیستی ئەڵمانییش (وەك فەلسەفەیەكی كۆنەپارێز) پاشەكشەی كرد و دەكرێت بڵێین ڕادیكاڵیزم بۆ شەقامی فەڕەنسیی گەڕایەوە.

بەڵام بزووتنەوەى “هێلەگ زەردەكان” لە لوتكەى سەردەمی ئەفسانەى پارێزەری ئەوروپا: ئەمانوێڵ ماكرۆندا سەریهەڵدا، تەنها چەند ڕۆژێك دوای گوتارەكەى: دامەزراندنی سوپای یەكگرتووی ئەوروپا دژی ڕووسیا، ئەمریكا و چین. ئەمە وایكرد بۆرژوازیی و میدیای گشتیی ئەوروپا ئەفسانەى پارێزەری یەكێتیی ئەوروپا و دانیشتووانی ئەوروپا بۆ ماكرۆن دروستبكەن. ئەم ئەفسانەیە، بەپێچەوانەى ئەفسانە پاڵەوانپەرستییەكانی دیكەى ناسیۆنالیستە ئەوروپییەكان، زۆر درێژەى نەكێشا و تەنها یەك حەفتە عومری هەبوو. وشەى “نیۆلیبراڵیزم” بووەتە وشەیەكی قێزەون و پیس لەسەر زاری خەڵك بەكاردەهێنرێت، تەنانەت هونەرمەندە پۆپ ستارەكانیش، وایانلێهاتووە بەسوكایەتییەوە ناوی نیۆلیبڕاڵیزم بهێنن. تەنانەت پۆپ ستارێكی وەك “پامێلا ئەندرسن” بەڕاشكاوی دەڵێت: “من توندوتیژیی ڕەتدەكەمەوە، بەڵام كاتێك دەبینم هێلەگ زەردەكان پەلاماری بانكەكان، شوێنە لوكسەرییەكان و سەیارە گرانبەهاكان دەدەن، ئەوە دەبینم كە چۆن دژی توندوتیژیی ڕێكخراوی دەوڵەتیی و نوخبەى دەوڵەمەند و سەرمایەدار دەجوڵێنەوە، ئەو نوخبەیەى خەڵكی بەرەو برسیبوون بردووە”. خەسڵەتی ئەم بزووتنەوەیە، كەمێك ئاڵۆزە، بەڵام زۆر ڕادیكاڵە. كورتناكرێتەوە، بۆ حزب، ترەید یونیەن و یەكێتیی كرێكاریی زەردی فەرمانپێكراو.

هێلەگ زەردەكان كێن؟

گفتوگۆیەكی زۆر لەسەر ئەوە دەكرێت، ئەوانە كێن وا لەسەرشەقامن. ئایا ئەوانە خەڵكن، كرێكارانن، جەماوەرن، یاخود توێژە كۆمەڵایەتییەكانی دیكەن. لەلایەكی دیكەوە، گفتوگۆی ئەوەش دەكرێت كە بەشێكی زۆری خەڵكی ڕاستڕەو لەناو بزووتنەوەكەدان. ئەمەش وایكردووە كرێكارانی سۆسیالیستی زۆرێك لە وڵاتان، خۆیان لە پشتیوانیكردن بەدوور بگرن. بەڵام بە نیگایەكی خێرا دەردەكەوێت كە ئەمانە كرێكارانی بەشمەینەتی كۆمەڵگان. بەڵام لەلایەكی دیكەوە هێشتا زووە خەسڵەتی سەرجەمی بزووتنەوەكە دیاری بكرێت.
ڕاستە كرێكاران زۆرینەن، بەڵام هەموو كرێكارانیش سۆسیالیست یان شۆڕشگێڕ نین، تا باسی شۆڕشی سۆسیالیستیی بكەین، چونكە لەلایەكی دیكەوە ئەگەرەكانی سەرهەڵدانی شۆڕشی سۆسیالیستیی، بە قەیرانی شۆڕشگێڕی و سەردەمی شۆڕشگێڕیدا تێپەڕدەبێت، كە ئێستا بە نیگایەكی خێرا لە هەلومەرجی ئێستای ئەوروپا، تێدەگەین، كە ئێمە لە قۆناغ و قەیرانی شۆڕشگێڕیدا ناژین. لەبەر ئەوە زۆرێك لە چاودێرە سۆسیالیست و چەپەكانیش، خۆیان بەدوور دەگرن لە بەكارهێنانی وشەى شۆڕشی سۆسیالیستیی. ئەوەى گرنگە ئەوەیە، چۆن بتوانین خەسڵەتی بزووتنەوەكە دیاری بكەین. بەبێ تێگەیشتن لە خەسڵەتی بزووتنەوەكە و تێگەیشتن لە هەلومەرجەكە، ناتوانین لە تاكتیك و ستراتیژەكانی خەباتیش تێبگەین.

ئەو خەڵكانەى لەژێر ناو و بەجلوبەرگی “هێلەگ زەردەكان” (gilets jaunes) خۆیان ڕێكخستووە، خەڵكانێكن كە دەكرێت بە دەرەجە دوو، یان خەڵكی خوارەوەى كۆمەڵگای فەڕەنسیی لەقەڵەمیان بدەین: خەڵكانی شارۆچكەكان، سەنتەرە هەژارنشینەكانی شارەكان، وەرەشە و فرۆشیارە بچووكەكان، كرێكارانی كەرتە پیشەسازییە كەمدەرامەتەكان و هتد. بزووتنەوەى هێلەگ زەردەكان بەیەكەوە (وەك باسمكرد) دژی هەڵكشانی باجی سەر سووتەمەنیی هاتنە سەر شەقام. ئەوان هۆكاری گونجاویان هەبوو، دیزڵ لە23% باجی خرابووە سەر، بەنزینیش 14% و حكومەت ڕایگەیاندبوو كە نرخەكانیان زیاتریش بەرز دەبێتەوە. ئەم ڕاگەیاندنە بووە هۆى ناڕەزایەتیی چینی كرێكار و بەشێكی چینی ناوەڕاستیش لەهەمانكاتدا، بەتایبەت ئەوانەى زەرمەندی تێچوونەكانی گواستنەوەى گشتیی دەبوون. بۆ ئەوانەى ڕۆژانە چەندان كیلۆمەتر بە سەیارەكانیان دەچنە سەر كارەكانیان، ئەم بەرزكردنەوەى نرخ و باجە، دەبووە هۆى كەمبوونەوەیەكی ئێجگار گەورە لە داهاتی گشتیان.

لەسەرەتادا خواستەكانی “هێلەگ زەردەكان” خواستێكی ڕوون و ڕاشكاو بوو: پاشەكشێكردن بەم یاسایە. بەڵام لە حەفتەى ڕابردووەوە، خواستەكان گۆڕاون، ئەو دەنگەى دەبیسترێت، هەستێكی ڕوون و ئاشكرای توندە، مانایەكی تەواوی لەپشتەوەیە كە ڕایدەگەیەنێت، ئێمە بووینەتە ئەڵقەلەگوێ و قوربانیی چینێكی سیاسیی كە بەگشتیی، كاتی هاتووە، سەرجەمیان ڕەتبكەینەوە.

ئێستا زۆرینەیان بەیەك دەنگ هاوار دەكەن: ماكرۆن دەبێت بڕوات. لەگەڵ ڕاپرسیی ڕۆژی جومعەى ڕابردوودا، ئەمانوێڵ ماكرۆن، ڕێژەى دەنگەكانی دابەزیوە بۆ 20.1% و هاتووەتە خوارەوە بۆ پلەى چوارەم، لەكاتێكدا ژان لوك میلانشۆ، سەرۆكی پارتی چەپ، كە لە سەردەمی هەڵبژاردنەكاندا هاتبووە پلەى سێیەم، ئێستا بووە بە یەكەم و بەڕێژەى 28% دەنگەكانی بەرز بووەتەوە. ئەمە نیشانەى ئەوەیە كە بزووتنەوەى هێلەگ زەردەكان، لە خواستێكی ئابوورییەوە هەڵكشاون بۆ خواستێكی سیاسیی ڕوون و ڕاشكاو، كۆتاییهێنان بە ڕێساكانی ئابووریی نیۆلیبراڵی، دەبێـت هاوكات كۆتایی بە سیاسەت و دامەزراوە سیاسییەكانی نیۆلیبراڵیزمیش بهێنێت. ئێستا هەمووان بەیەك دەنگ هاوار دەكەن: “ماكرۆن؛ سەرۆكی دەوڵەمەندانە”.

دەربارەى توندوتیژیی

لەوانەیە دەرفەتی ئەوە نەبێت، لەسەر تیۆر و چەمكی توندوتیژیی هەڵوەستە بكەین. بەڵام وەك واڵتەر بنیامین لە وتارێكیدا (1921) بەناوی “ڕەخنەى توندوتیژیی” زۆر بە ڕاشكاوی ئاماژەى پێدەكات، توندوتیژیی، كاتێك چین و گروپە چەوساوەكانی خوارەوەى كۆمەڵگا بەكاریدەهێنن، بۆ كۆتاییهێنانە بەتوندوتیژیی ڕێكخراوی دەوڵەت، ئەو توندوتیژییەى بە ئاگر و ئاسن بەسەر خەڵكی خوارەوەى كۆمەڵگادا دەسەپێنرێت. بەمانایەكی دیكە: دیالەكتیكی لەناوبردنی توندوتیژیی دەوڵەت. كەواتە ئەو بزووتنەوەى بتوانێت بەپێچەوانەى ڕەوتی مێژوو مەلە بكات، دژی توندوتیژیی ڕێكخراوی دەوڵەت، توندوتیژیی مۆنۆپۆلكراو و سەركوتكەر، مافی بەكارهێنانی توندوتیژیی هەیە، دیارترین نموونەى توندوتیژیش لە مێژوودا، كە خەڵك دژی دیكتاتۆرییەتی ئەریستۆكراسیی و لۆردەكان و فیودالەكان و پاشا ستەمكارەكان بەكاریهێنابێت، توندوتیژیی بووە لە شۆڕشی فەڕەنسیی، مارا، دانتۆن و ڕۆبسپێر، ڕەوایەتیی بەكارهێنانی توندوتیژییان لە جەماوەرەوە وەرگرتبوو، بۆ ڕێگریكردن لە گەڕانەوەى دیكتاتۆریەت. بۆیە بێهۆ نییە، بزووتنەوەى هێلەگ زەردەكان، ئامرازی ملپەڕاندنی سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسیی، كە بە “گیۆتین” ناسراوە، دەهێننەوە هەمان مەیدان و پیشانی ماكرۆنی دەدەن، چۆن شۆڕشگێڕان و جەماوەر ئەوكات، پیشانی لویسی شانزە و ماری ئەنتوانێتیان دا.

بەڵام سەرەڕای ئەمانە، ئەوەى ئێستا هەیە ئایا توندوتیژییە؟ نەخێر، بەڵام لەچاوی چینی باڵادەستەوە، هەموو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكی جەماوەریی، توندوتیژییە، لەكاتێكدا كوشتن لەلایەن پۆلیس، سوپا و هێزە ئەمنییەكانەوە وەك شتێكی موقەدەس سەیر دەكرێت. یاخود توندوتیژیی سەرمایە، كە ملیۆنان ئینسانی فڕێداوەتە پەراوێزەكان، كەلاوەنشینەكان و هەژاری خستوون و ملیۆنان ئینسانی بێ ماڵی خستۆتە سەر شەقامەكان و نووستن لەسەر كارتۆنەكان بە شەوانی زستان، بووەتە ئاساییترین دیاردەى وڵاتانی پێشكەوتووی سەرمایەداریی، وەك توندوتیژیی نابینرێت، بەڵكو وەك كردەوەیەكی ئاسایی، بەڵام ناڕەزایەتیی توندوتیژییە. بەڵێ دەكرێت بڵێین توندوتیژییە، چونكە هەڕەشەیە لەسەر دیكتاتۆریەتی دەوڵەت و حاكمییەتی سەرمایە.

سەرەڕای ئەمە، چەندین ڕۆژە من چاودێریی دەكەم، بەردەوام ویستوومە وتارێك بنووسم، چەند جاریش داوام لێكراوە، لەكاتێكدا چۆن دەتوانم بەو ڕوونییە دەربارەى ئەمریكای لاتین، ئەمریكا، بڕیتانیا و ئەڵمانیا یاخود توركیا بنووسم، بەڵام ناتوانم تەعبیر لەم بزووتنەوە تازەیە بكەم. هۆكارەكەى ڕوونە: ئەم بزووتنەوەیە بە ئاسانی پێناسە ناكرێت. سەرەڕای ئەوە، زۆرجار تەنها دەستمكردووە بە بۆچوونی خەڵكانی دیكە، چ نووسەران، سیاسیی، ئەكادیمیی و تەنانەت پۆستە كورتەكانی فەیسبووكیش. هەركەسێك لەڕوانگەى خۆیەوە دەیەوێت پێناسەى بكات. بەرەى لیبراڵ ناو لە بزووتنەوەكە دەنێن: توندوتیژ، ئاژاوەگێڕ، چەتە و یاخیگەر و هتد. ئەمانە بە ڕۆشنبیرانی بەرەى لیبراڵ لەكوردستانیشەوە لەپشتی ئەم بۆچوونانەوە وەستاون. لەلایەكی دیكەوە، زۆر كەس بەهەڵە ناوی دەنێن شۆڕشی سۆسیالیستیی، ئەمەش هەڵەیە.

ئەوەى لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا دەبینرێت: بەڕوونی لەڕووخساریانەوە خەڵكانێكی شەكەت، لاشەى ماندوو، دڵی شكاو، بێدەرەتان و بێ هیواكانە. لەسەردەمی بێهواییدا، هیوا لەدایكبووەوە. جۆش و خرۆشی خەڵك، وایكردووە وزەیەكی گەورە بە جەستەى هەر یەكێكماندا بگەڕێت. وەك باسمكرد، توندوتیژیی تا ئەو شوێنە ڕەوایەتیی هەیە كە كۆتایی بەسەرجەمی توندوتیژیی بهێنێت. گومانی تێدا نییە هەر یەكێكمان خەون بە جیهانێكی ئاشتیی و خۆشەوە دەبینین. هەموومان فیلم كارتۆنی “كۆنان كوڕەكەى داهاتوو” (كە بەكوردیی بووەتە عەدنان و لینا)مان بینیوە. جیهان بەسەر دووبەرەدا دابەشبووە و دوای جەنگی ماڵوێرانكەری جیهانیش، كەچی هێشتا بەرەیەك هەر خەریكی سەپاندنی توندوتیژیی سەرمایەیە بەسەر جیهان و تێكدانی ژینگەدا، ئەم فیلمە كە لە دەیەی 1980 بەرهەم هاتووە، لەوێدا دەبینین، دوورگەى هیوا وێنەى جیهانێكی ناتوندوتیژە. بەڵام دواجار لەوێش توندوتیژیی كۆتایی نەهاتووە، چونكە هێشتا حاكمیەتی سەرمایە ئامادەیە. منیش كاتێك سەیری جەستەى شەكەت و ماندوو، جیهانێكی نایەكسان دەكەم، هەموو ئەو خەڵكە ماندوو و زیاندیدەیە دەبینم، ناتوانم بڵێم بۆ كۆتاییهێنان بەم توندوتیژییە، پیادەكردنی توندوتژیی ڕەوا نییە. بەڵام وەك باسمكرد توندوتیژیی جەماوەر زۆر جیاوازە لە توندوتیژیی ڕێكخراوی دەوڵەت. ئەوان بە تانك و تۆپ و تەیارە و كڵاوەى ئەتۆمییەوە هێرشدەكەن، كەچی چەكی دەستی ئێمە ناڕەزایەتیی و كۆتاییهێنانە بە حاكمیەتی سەرمایە.

ئەگەر بەوردیی سەیر بكەن، توندوتیژیی بۆرژوازیی لەگەڵ توندوتیژیی جەماوەری ناڕازیی جیاوازییەكەیان ئەرز و ئاسمانە. بە سەیركردنی سەرجەمی وێنە و ڤیدیۆكان دەردەكەوێت، جەماوەر جگە لە یەكگرتوویی و بەیەكگرتوویی هاتنە سەرشەقام و بەرزكردنەوەى داواكرییەكانیان، هیچ ئامرازێكی سەركوتكەریان پێ نییە. بەڵام بەپێچەوانەوە، توندوتیژیی بۆرژوازییەكان بەڕوونی دەبینرێت، چەك، گازی فرمێسك ڕێژ، باتۆم، دەمانچە، پیشاندانی تانك و تۆپ، هەڵدانی تەیارە و هەلیكۆپتەر بەئاسماندا، بڵاوەپێكردنی سەدان هەزار پۆلیسی پڕچەك، بە یونیفۆرمەوە.

بەڵام توندوتیژییەكانی جەماوەر، كۆتاییهێنانە بە حاكمییەتی سەرمایە، بە خستنی ڕێسا و نەزمی نیۆلیبراڵیزم، توندوتیژیی جەماوەر، داواكردنی یەكسانیی و عەدالەتە. دامەزراندنی دیموكراسیی ڕاستەقینەیە.
دواجار ئێمە دەبێت بیبەینەوە. چیتر ناتوانین لە شكستی چەپ خۆش ببین، ئیتر چەپ مافی سازشكردنی نەماوە، مافی ئەوەى نییە قەیرانانە بدۆڕێنێت و بیگۆڕێتەوە بە كورسیی پەرلەمانیی. بزووتنەوەى هێلەگ زەردەكان گەلێك وانەى بەكەڵكی بۆ چەپ تێدایە: ئەو گۆڕانكارییەى لە دوو حەفتەى ڕابردووەوە دروستبووە، بارتەقای پەنجا ساڵ هەڵبژاردنی ئاشتیخوازانەى پەرلەمانی بۆرژوازیی بووە كە چەپیش بەشداریی لەو پەرلەمانانەدا كردووە. چەپ چیتر ناتوانێت بەرگەى شكست بگرێت، دەبێت ئەمجارە بیباتەوە.
لێرەدا بەم سەرنجانە كۆتایی پێدەهێنم، هیوادارم ڕووداوەكان بەئاراستەیەكدا بڕۆن، دەرفەتی خوێندنەوەى ڕوونترمان پێبدەن. لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدەم چ بە سەرنجی كورت، یان بە وەرگێڕانی ئەو وتارانەى بە وردبینییەكی تەواوەوە تێبینیی ڕووداوەكان دەكەن، بكەم بەكوردیی.




دەربارەى یەكی ئایار “ڕۆژی جیهانیی كرێكاران”


ڕۆژدا یاشیك ….
گۆڕینی لەكورمانجییەوە: پێشڕەو محەمەد

—————————————-

پێویستە مرۆڤ جارێكی دیكە بیر لە واتای یەكی ئایار بكاتەوە، چونكە واتای یەكی ئایار لە كۆتایی سەدەى 19 و سەرەتای سەدەى 20دا یەك واتا نییە. ئیدی واتای یەكی ئایار گۆڕاوە.
ئیدی یەكی ئایار وەك جەژن سەیر دەكرێت و وەك پشوویەكی فەرمیی قبوڵ كراوە. بۆیە دەبێت ئێمە سەرەتا كەمێك دەربارەى ئەم بابەتە قسە بكەین تاكو بەشێوەیەكی ڕاست و دروست لە واتای یەكی ئایار تێبگەین. ئەمڕۆ لە وڵاتانی خۆرئاوا و لە زۆر وڵاتی دیكەدا یەكی ئایار وەك پشوویەكی فەرمی و وەك جەژنێك پیرۆز دەكرێت. هەندێك دەوڵەت نایانەوێت یەكی ئایار وەك جەژنێكی فەرمیی قبوڵ بكەن و هەر بۆیە بەجۆرێك ڕێكخستنەكانی “چەپەكان” یادی جەماوەریی یەكیی ئایار دەكەنەوە تاكو لەلایەن دەوڵەتەوە قبوڵ بكرێت.

بەڵام ئایا یەكی ئایار جەژنە؟

دەبێت لە سەرەتادا، ڕاستەوخۆ بڵێین یەكی ئایار جەژن نییە. هەموو جەژنەكان وەك نیشانەى ڕووداوەكان بەشێوەیەكی ئەرێنیی ئەنجام دراون، و بەشێوەیەكی كورت پیرۆز دەكرێن. لە ساڵیادی ئەو ڕووداوە مێژووییانەدا ئەو كۆمەڵگایانەى پەیوەندییان بەم ڕووداوانەوە هەیە پیرۆزبایی لەیەك دەكەن یاخود شین دەگێڕن.
بەڵام ئایا، بۆ كرێكار و ئەو كەسانەى پشتگیریی كرێكاران دەكەن، واتای یەكی ئایار چییە؟ هەر بەڕاستی دەبێت یەكی ئایار وەك جەژن پیرۆز بكرێت یان نا؟
لای ئێمە نەخێر! بۆ ئەوەى مرۆڤ یەكی ئایار وەك جەژن پیرۆز بكات، لەسەرەتادا دەبێت واتا ئەنتەرناسیۆنالییەكەى یەكی ئایار لەناو ژیاندا جێ بگرێت، تاكو ئێمەش ئەو ڕۆژە وەك نیشانەى ڕۆژی ڕزگاربوونی كرێكار پیرۆز بكەین.

یەكی ئایار تەنها بانگەوازییەكە. بۆ ئەوەى ئەو شتانەى سەرەوە لەلایەن ئایین، نەتەوە، ڕەگەز و باوكسالارییەوە ئیستغلال نەكرێت و خراپ بەكارنەهێنرێت، یەكی ئایار بانگەوازییەكە.
لەلایەكەوە ئەم بانگەوازییە نەگەیشتۆتە ئامانجی خۆى، لەلایەكی دیكەوە چینی كرێكاری جیهانیش لە واتای ئەم بانگەوازە زۆر دووركەوتۆتەوە. ئەگەر مرۆڤ بەم دیدگایەوە سەیری ئەم بابەتە بكات وەك جەژنگێڕان و پیرۆزكردن سەیری بكات، ئەوا دەبێت شین بگێڕێت.
بەكوردیی و كورتیی، هەتا چەمكەكانی وەك یەكگرتن، سۆڵیداریتیی، ڕزگاریی كۆمەڵگا، یەكسانیی، ئازادیی ئەوانەى ڕۆح و گیان بە بانگەوازی یەكی ئایار دەبەخشن، لەناو ژیاندا جێگر نەبن؛ ئەوا یەكی ئایاریش هیچ كات وەك جەژن قبوڵ ناكرێت. بۆیە تا ئەو ڕۆژە دەبێت یەكی ئایار وەك نیشانەى جەنگی دژایەتیی دەسەڵاتداران ڕۆڵی خۆى بگێڕێت.
ئایا داخوازییەكی وەك ئەوەى دەبێت: “یەكی ئایار وەك پشوویەكی فەرمیی قبوڵ بكرێت”، بەتەنها بەكەڵكی چی دێت؟ یان ئەگەر یەكی ئایار وەك پشوویەكی فەرمیی قبوڵ بكرێت، ئێمە چ شتێك بەدەست دەهێنین؟

ئیدی چیتر واتای یەكی ئایار ئەو بانگەوازییە نییە كە دەبێت وەك پشوویەكی فەرمیی قبوڵ بكرێت و بەڕاستی ئەگەر دەوڵەت ئەو بانگەوازییەش قبوڵ بكات هێشتا واتای قبوڵكردن نابەخشێت. بۆیە ئەمڕۆ هەم چینی كرێكار و هەم ئەو بەهایەى هەیبووە گرنگییە مێژووییەكەى لەدەستداوە و گۆڕاوە، واتاكەى گۆڕاوە.
بۆ نموونە، لە ڕۆژگارانی پێشوودا، ڕۆژی یەكی ئایار هەموو كرێكاران پێكەوە كۆدەبوونەوە، دەستیان لەكار هەڵدەگرد، بەتەواوی بەرهەمهێنانیان دەوەستاند، دەڕژانە شەقامەكانەوە و هەڵبەت شەڕیان لە دژی هێزە میلیتاریستییەكانی خاوەنداران دەكرد، خەباتیان دەكرد.

بەڵام ڕۆژگاری پێشوو وەك ئەمڕۆ نییە، ئەمڕۆ كرێكار وەك سەیران بەكاری دەهێنن، زیاتر مەسرەف دەكەن یان بۆ ئەوەى بتوانن زیاتر كار بكەن خۆیان دووبارە بەرهەم دەهێننەوە. كرێكاران پێشتر گفتوگۆیان لەسەر هەلومەرجی خۆیان دەكرد، بڕیاریان دەدا، پشتگیریی یەكتریان دەكرد، پێكەوە كۆدەبوونەوە و مەیدانەكانی خەباتیان فراوانتر دەكرد، ترسیان لە دڵ و دەروونی خاوەنداراندا دەچاند، بەكورتیی، لە پێشوودا یەكی ئایار ڕۆژێك بوو تیایدا كرێكاران خۆیان ڕێكدەخست، هەوڵیان دەدا ژیان بگۆڕن.
لە ساڵیادی ئەو ڕۆژە مێژووییەدا، لەهەموو لایەكەوە كرێكاران بە هەمان جۆش و خرۆشەوە دەڕژانە مەیدانەكانەوە، بەیەك دەنگ دروشمی خەباتیان بەرز دەكردەوە. لەبەر ئەوەش، واتای ئەوەى دەبێت یەكی ئایار وەك پشوویەكی فەرمیی قبوڵ بكرێت، زۆر گرنگ بوو.

بەڵێ، ئەمڕۆ یەكی ئایار لەلایەن زۆرینەى دەوڵەتەكانەوە وەك پشوویەكی فەرمیی قبوڵكراوە بەڵام وەكو ڕۆژانی پێشوو لە ڕۆژی یەكی ئایاردا هەموو كرێكارانی جیهان بە هەمان دروشمەكانی پێشووەوە ناڕژێنە شەقام و مەیدانەكانەوە، داخوازیی و داواكارییەكانی خۆیان بەشێوەیەكی ڕێكخراو دەرنابڕن، پشتگیریش لەیەك ناكەن.
ئیدی بۆ خەباتكارانی خۆرئاوایی، واتا بۆ خەباتكارانی وڵاتانی دەوڵەمەند؛ ڕۆژی یەكی ئایار بریتییە لە: سەرەتا بە جۆش و خرۆشەوە دەڕژێنە مەیدان و شەقامەكانەوە، بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان بە خاوەنكار و دەوڵەتەكانیانەوە ڕێی بازاڕ دەگرنەبەر، پاشان دەچن سەیری فوتبۆڵ دەكەن یان دەخۆنەوە و سەما دەكەن. ئەو ڕۆژە بۆ ئەوان بەو واتایە دێت كە زیاتر بخۆن، زیاتر پشوو بدەن و ڕۆژی دواتر بگەڕێنەوە سەر كارەكەى خۆیان.

كاتێك مرۆڤ لێرەوە دەڕوانێت ڕوون و ئاشكرایە كە: قبوڵكردنی یەكی ئایار وەك پشوویەكی فەرمیی لەلایەن خاوەندارانەوە هاتووە. بەهۆى ئەم پشووەوە خاوەنداران و بەڕێوەبەران هەم دەتوانن كرێكاران بووەستێنن و هەم كرێكاران بە ئاسانی بكەونە نێو كولتووری بەرخۆری (consumerism) و مەسرەفگەراییەوە.
بەڵێ كرێكارانی دەوڵەتە دەوڵەمەندەكانی ئەوروپا، زۆرینەى كرێكارانی جیهان واتای ئەم ڕۆژەیان ئاوا بەكار هێناوە یان هیچ خەمێكیان نییە لەبەر ئەوەى ئیدی لەو وشیارییە دووركەوتوونەتەوە. دیسان زۆرینەى كرێكارانی جیهان هێندە كەوتوونەتە ژێر هەژموون و كاریگەریی وشیاریی دەسەڵاتدارانەوە كە لەدژی ئەو ڕۆژە قسە دەكەن یان هەندێكجار لەبەرانبەر هەڕەشەى نانبڕین گوێی خۆیان دادەخەن، نایانەوێت گیان و ماڵی خۆیان بكەنە قوربانیی بۆیە لە ڕۆژی یەكی ئایاریشدا لە كارگەكانی خۆیاندا دەمێننەوە و خزمەتی بەڕێوەبەرانی خۆیان دەكەن. واتا هیچ جیاوازییەك بۆ ئەوان لەنێوان یەكی ئایار و ڕۆژانی دیكەدا نییە.

بۆ هەندێك لە كارێكارانی جیهانیش، یەكی ئایار ڕۆژێكە كە؛ لەژێر دەسەڵاتی سەندیكاكان و لەژێر كاریگەریی كۆمەڵە چەپڕەوە ڕیفۆرمیستەكاندا بەشێوەیەكی هێمن و ناتوندوتیژ كۆبوونەوە ئەنجام دەدەن و لەو كۆبوونەوانەدا داواكاریی وەك دەوڵەتی خۆشگوزەران، دیموكراسیی، قبوڵكردنی یەكی ئایار وەك پشوویەكی فەرمیی، دەكەنە بابەتی گفتوگۆكانیان.
بەكورتیی؛ یەكی ئایار جەژنی ئەم پشووە فەرمییەش نییە، یەكی ئایار ڕۆژی جەنگ و جوڵەیە. بۆیە نە قبوڵكردنی یەكی ئایار وەك پشوویەكی فەرمیی دەستكەوتێكە و نە تێكۆشان بۆ قبوڵكردنیشی، شۆڕشگێڕانەیە. بەڵێ گرنگییەكە نەك بەپشووكردنی یەكی ئایارە، بەڵكو گرنگ ئەوەیە ئایا كرێكاران چەندە بەدوای ئامانج و واتای ئەو ڕۆژە گرنگەدا دەگەڕێن یان نا.

دەربارەى مێژووی یەكی ئایار

ڕۆژێك كە كرێكارانی خەڵوزی بەردین و بیناسازیی شاری مالبۆرنی ئوسترالیا بۆ ئەوەى 8 سەعات كاركردن جێگیر بكەن، لە زانكۆی مالبۆرنەوە تاكو بەردەم كۆشكی پەرلەمان ڕێپێوانیان كرد، ئەو ڕۆژە وەكو ڕۆژی یەكی ئایار قبوڵبكرا. لە ساڵی 1856دا، شوێنێكی دیكەش ئەو ڕۆژە بوو كە كرێكارانی سەر بە كۆمەڵەى كرێكارانی ئەمریكا دەستیان لەكار هەڵگرت، لەبەر ئەوەى شەش ڕۆژ لە حەفتە و 12 سەعات لە ڕۆژدا كاریان دەكرد و دەیانویست كاتی كار بۆ 8 سەعات داببەزێنن. مێژووی ئەو ڕۆژە گرنگەى یەكی ئایاریش بریتییە لە ساڵی 1886.

كرێكاران تەنها دەستیان لەكار هەڵنەگرتبوو، بەڵكو مەیدانەكانیشیان بەهێزتر كردبوو. نزیكەى نیو ملیۆن كەس دەبوون ئەوانەى بەشداری ڕێپێوانەكەیان لە شیكاگۆ كردبوو. سەرهەڵدانێكی وەها گەورە هەتا ئەو ڕۆژە هیچ پێشینەیەكی نەبوو.
تایبەتمەندییەكی دیكەى ئەو ڕێپێوانە ئەوە بوو كە زیاتر لە 6 هەزار كەسی ڕەشپێست و سپیپێست یەكیان گرت و لە شاری لویسڤیلەوە تاكو پاركی نەتەوەیی ڕۆیشتن. ئەو ڕێپێوانە زۆر گرنگ بوو چونكە تا ئەو ڕۆژە ڕەشپێستەكان بۆیان نەبوو بچنە ئەو پاركەوە، نەیاندەتوانی بچنە ناوییەوە. ئەو ڕووداوەی هاینمماركێت تا 4ی ئایار بەردەوام بوو، بەڵام ئەو ڕووداوە هەر پەیوەندیی بە یەكی ئایارەوە هەبوو.

دەوڵەت هەم دەستیكرد بە سەركوتكردنی ئەو ڕێپێوانە و هەم بۆ ئەوەى چینی كرێكار بترسێنێت چوار لە ڕابەرانی ئەوانیان لەسێدارە دا. ئەو ڕابەرە شۆڕشگێڕانەش، ئەلبێرت پیرسۆنس، ئەدۆلف فیشەر، گیۆرگ ئەنگڵ و ئۆگۆست سپیس بوون.
لە ساڵی 1889دا ئەو كاتەى ئەنتەرناسیۆنالی دووەم دامەزرا، بە پێشنیاری نوێنەری كرێكارانی فەڕەنسیی، یەكی ئایار وەك نیشانەى “یەكبوون، خەبات و سۆڵیداریتیی” هەموو كرێكارانی جیهان قبوڵكرا. بەتایبەت لەو ڕۆژەوە یەكی ئایار وەك ڕۆژێكی ئەنتەرناسیۆنال بۆ هەموو كرێكارانی جیهان بوو بە نیشانەى سۆڵیداریتیی و خەبات.

لای ئێمە، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، هیچ ڕۆژێك هێندەى یەكی ئایار نەبووەتە نیشانەى یەكێتییبوون. ئەگەر ئێمە ئەو كۆمەڵگایەى دەسەڵاتدارێتیی چینایەتیی و سێكسیزم وەك نیشانەیەك قبوڵ دەكات، ئەوا ئەو ڕۆژە هیچ كاتێك ڕۆژێكی تایبەت نەدەبووە نیشانەى واتایەكی هێندە ئەنتەرناسیۆنال. بەڵێ یەكی ئایار بۆ هەموو نەتەوە و كۆمەڵگا و ڕەگەزێك بووە خاوەن واتایەكی زۆر گرنگ. بەڵام یەكی ئایار بووە ڕۆژێكی وەها كە هەموو كۆمەڵگا، ڕەگەز و نەتەوەكانیش و هەموو كۆمەڵگای مرۆڤیەتیی چوونە پاڵ یەك و بەهەمان جۆش و خرۆشەوە بەهێزبوون، و یەكی ئایار بووە نیشانەى ئەو هێزە گەورەیە. بۆیە یەكی ئایار تاقانە بوو و نیشانەى پەیامێكی ئەنتەرناسیۆنالیی بوو. ئەگەر سەرنج بدەن دەبینن لەڕابردوودا زمانێكی نوێ دۆزرایەوە، بەڵام بەداخەوە لە چەند دەیەى ڕابردوودا ئیدی یەكی ئایار ئەو كاریگەرییەی خۆى لەسەر كرێكارانی ئەنتەرناسیۆنال و داهێنەر ون كردووە.

دەربارەى واتای یەكی ئایار لەمڕۆدا و لای چینی كرێكار

لەگەڵ ساڵنامەى دەسەڵاتی كۆتایی سەدەى 19دا لە شیكاگۆ كەسانی وەك ئەلبێرت پیترسۆنس، ئۆگۆست سپیس، لویس ئینگۆ، ئەدۆلف فیشەر و هاوڕێكانیان ئاگرێك خۆشكرا؛ ئەو ئاگرەى ئازادیی، یەكسانیی و سۆڵیداریتیی لەنێو دڵی هەموو خەڵكی ژێردەستە لەسەرتاسەری زەوی گڕی سەند. یەكی ئایار بووە ڕۆژی یەكەمی كرێكارانی جیهان كە مانیفێستی خۆیان هێنایە سەر زمان و دژی دوژمنی خۆیان وەستانەوە. بەڵام، ئەو ڕۆژە كە خەڵكی ژێردەستە بە گیانی خۆیان بەدەستیان هێنابوو، بە پشتگیریی و كاریان بەرزكردبووەوە، لە ماوەیەكی كورتدا خنكێنرا.

دەسەڵاتداران، هەڵبەت بەهاوكاریی هەندێك لە پارێزەرانی سۆسیالیزم، بیرۆكرات، ژەنەڕاڵانی سۆسیال دیموكرات و ڕابەرانی سەندیكاكان، ئەم دەستكەوتانەى خەڵكانی ژێردەستیان لەناو برد. دیسان كەلەپچەیان كردن و دەستیان كورتتر كردنەوە. لەڕێگای بێبەهاكردنی واتای یەكی ئایار ئەم دەستكەوتە هەرە مەزنەى خەڵكیان كورت كردەوە، یەكی ئایار لە ناوەرۆكی شۆڕشگێڕیی و ئەنتەرناسیۆنالیی خۆی دووركەوتەوە، ئەوەش بووە سەركەوتنی ئەوان. ئیدی هیچ شتێك وەك ڕۆژانی ڕابردوو نەمایەوە.
بەكورتیی، یەكی ئایار چیتر ئەو ڕۆژە نییە كە كرێكاران بەیەك دەنگ دەیانگوت: “ئێمە هەموومان وەك یەكین، پشتیوانی یەكین” و ترس و دڵەڕاوكێیان دەخستە نێو دڵی بۆرژوازیی جیهانییەوە.

بۆیە، یەكی ئایار چیتر ئەو ڕۆژە نییە كە پارسۆنس و هاوڕێیانی هەمان دۆز دەیانگوت: “ئاخ خۆزگە ئێمەش لەناو هەمان بڵێسەى بەجۆش و خرۆشدا بووینایە”.
ئەو ڕۆژانەی ڕابردوو، دەگوترا كە “ئێمە هەموومان یەكین، پشتیوانیی یەكین”، ئیدی بووە بە “هەموو كەس و هەموو شتێك تەنها بۆ خزمەتی منە”.
هەڵبەت ئێستاش وەك ڕابردوو، لەسەرتاسەری جیهاندا كرێكاران دەڕژێنە مەیدانەكانەوە، بەڵام دڵیان وەك ڕابردوو پێكەوە لێنادات، هەمان گۆرانی و سترانی ڕابردوو بەیەك زمان ناڵێنەوە. لە مێژوودا ئەوە جاری یەكەمە كرێكارانی جیهان لەناو خۆیاندا هێندە بەگەوەریی دابەش بوون. ئیدی پشتگیریی و سۆڵیداریتیی، یەكسانیی و بەهای ئەنتەرناسیۆنالیی بەتەنها بۆ كرێكارانی وڵاتانی زۆر هەژار هەڵگری واتایەكی گرنگە.

كرێكارانی وڵاتانی هەژار بە پەیامی یەكێتیی و سۆڵیداریتیی وادەكەن دەنگیان بگەیەنن بە كرێكارانی وڵاتانی دەوڵەمەند، بەڵام بەڵێ كرێكارانی وڵاتانی دەوڵەمەند هەوڵدەدەن لەم پەیامانە تێنەگەن، دیواری نێوان خۆیان و كرێكارانی وڵاتانی هەژار بەرزتر و پتەوتر دەكەن.
لەبەر ئەوەى كرێكارانی خۆرئاوا باش دەزانن دەوڵەمەندیی بەتەنها لەدەستی ئەواندا بمێنێتەوە، كێشە نییە ئەگەر كۆڵۆنیالیزمی وڵاتانی هەژار بەردەوام بێت.

دوو جیهانی ئاوا لەیەك ناچن و كێشەكانی ئەوانیش لەیەك جیاكراونەتەوە لەبەر ئەوە كێشەكانی هیچ یەكێكیان هەرگیز بەهەمان تێگەیشتن ڕاڤە و شرۆڤە ناكرێن. بۆ نموونە، بۆ كرێكارانی خۆرئاوا هەژاربوون ئەوەیە كە كرێی خانوو لەلایەن دەوڵەتەوە بدرێت، ئەو پارەیەى ژیانی ڕۆژانە دابین دەكات لەلایەن دەوڵەتەوە بدرێت، بیمەى تەندروستیی دەوڵەت بیدا، بەڵام هەژاربوون بۆ ئەفریقاییەك تینووبوون و برسیبوونە. بۆ ئەوەى لە جیاوازیی نێوان هەردوو جیهان تێبگەین دەبێ لە نموونەگەلێك بڕوانین.
ئەمڕۆ، لە وڵاتانی هەژاردا لەبەر برسێتیی یان بەهۆى بەدخۆراكییەوە هەر ساتێك 12 منداڵی ژێر تەمەنی پێنج ساڵیی دەمرن. 2.5 ملیار مرۆڤ ڕۆژی دوو دۆلار كەمتر داهاتیان هەیە و لە هەموو قازانجی دونیا بەتەنها دەتوانن 5% وەربگرن.

2.6 ملیار مرۆڤ لەژێر هەلومەرجێكی تەواو خراپی تەندروستیدا دەژین. ئەو قازانجەى كەسانی وڵاتانی خۆرئاوا وەك ئەڵمانیا، سوید، هۆڵەندا بەراورد بەو قازانجەى كەسانی وڵاتێكی وەك ئەسیوپیا بەدەستی دەهێنن 300-400 جار زیاترە.
لە ئەسیوپیا ئاستی بەرزی ژیان لە 40 ساڵ تێناپەڕێت، بەڵام لە وڵاتانی وەك ئەڵمانیا، هۆڵەندا، سوید و لۆكسمبۆرگ بەڕێژەى 78-80 ساڵییە.
لەبەر ئەم هۆكارانە، ڕۆحی یەكی ئایاری شۆڕشگێڕ بۆ خەڵكانی ژێردەستەى جیهان هەر وەك ڕابردوو ماوەتەوە. بەڵام دیسان، یەكی ئایار ئیدی وەك ڕابردوو لەسەر نەتەوە و كۆمەڵگای سۆسیال نییە. هەروەك 8ی ئازار.

با واز لەم بابەتە بێنین، یەكی ئایار ئیدی بۆ كرێكارانی سەرتاسەری دونیا بەواتای یەكێتیی و سۆڵیداریتیی نایەت.
بەشێوەیەكی دیكە، كرێكارانی سەرتاسەری دونیا لە هەمان ڕۆژدا، بۆ هەمان بەرژەوەندیی خۆیان دەردەكەون و دژی بەرژەوەندیی بەرەكەى دیكە دەڕژێنە مەیدانەكانەوە.
بۆ نموونە، كریكارانی جیهان بۆ ئەوەى سكی خۆیان تێربكەن، نەمرن، كار، ماڵ، بیمەی تەندروستیی، كرێكارانی وڵاتانی خۆرئاوا كە دەوڵەمەندییەكەیان بەهۆى هەژارتركردنی وڵاتانی بەكۆڵۆنیكراوەوەیە، بۆ ئەوەى زیاتر مەسرەف بكەن، زیاتر پشوو بدەن و بگەڕێن، زیاتر قازانج بكەن، و بەردەوامبوونی ئەم سیستەمە بپارێزن دەڕژێنە شەقام و مەیدانەكانەوە.
كرێكارانی جیهانی هەژار بۆ ئەوەى بتوانن بە ئازادیی بچنە هەر وڵاتێكی دیكە، كاربكەن تێدەكۆشن، كرێكارانی وڵاتانی دەوڵەمەند بۆ ئەوەى حكومەتەكانیان ڕێگری لە هاتنی كرێكارانی هەژار بكات، یەك دەگرن.

هەندێك كرێكاری وڵاتانی هەژار ڕێ دەگرن، ساڵان هەوڵدەدەن بچنە نێو نموونەى ئەم وڵاتە دەوڵەمەندانەوە، بۆ دەوڵەمەندبوونی خۆیان پارەیان دەستبكەوێ، بەڵام كرێكارانی وڵاتانی دەوڵەمەند دەنگ بە حزبگەلێكی وەها دەدەن كە ئەو حزبە ڕاستەوخۆش نەبێ، بتوانێ وابكات دەوڵەت دەروازەكانی دابخات بەسەر كۆچبەراندا.
بەكورتیی، ئیدی بەتەنها دونیایەك نییە، بۆیە بەرژەوەندیی هەموو كرێكاران نییە وەك یەك بن، چینی كرێكاران وەك یەكیش نین لەمڕۆدا.

واتای یەكی ئایار لای سەندیكاكان

ئەو كاتەى پرۆسەى شۆڕشگێڕیی یەكی ئایار لەلایەن سەندیكاكانەوە ڕێكخرا و مۆبیلیزەكرا، بەتایبەتی لەلایەن سەندیكا ئەمریكییەكانەوە بوو. هەروەك دەزانن AFL كە ڕابەرایەتیی خەباتی مەودای 8 سەعاتی كاركردنی دەكرد، سالی 1886ی یەكی ئایار بڕیارێكی دا و ئەوڕۆژە 350 هەزار كرێكاری ئەمریكی ڕێككەوتن. بەو هۆیەوە بەشێكی كرێكارانی گەورە مافی كاتی كاركردنی 8 سەعاتیان بەدەستهێنا و خاوەنكار بەرانبەر كرێكاران تێكچوون. بەوجۆرە هەرچەند ئەنتەرناسیۆنالی دوو دەبوو لەلایەن كۆمۆنیستەكانەوە ڕەتبكرێتەوە، كە بۆ بزووتنەوەیەكی ئەنتەرناسیۆنال ئیلهامی بەخشیبوو، ئەویش گۆڕانكاریی سەندیكالیزم بوو. سەندیكالیزم لە سەدەى 19دا بووە هۆى سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەكی وەك ئەنتەرناسیۆنالی دوو و دامەزراندنی حزبی كرێكارانی گەورە لە سەنتەرە سەرمایەدارییەكاندا، ساڵانی دواییش ئەو سەندیكایانە نزیكبوونەوە لە حزبە سێنتەریستەكانەوە، بوونە پارچەیەكی سیستەمی سەرمایەداریی و دیسان بەدەستی ئەو حزبانەوە دامەزرێنران، ڕۆچوونە ناو سیستەمەكەوە و تیایدا نقوم بوون. ئیدی ئەو سەندیكایانە ببوونە بەشێكی ئەو حزبانە. بۆیە، ئیدی یەكی ئایار بووە ڕۆژێك سەندیكا بۆ پەیام ناردن بە كۆمەڵگا خۆیان پیشان دەدا، داخوازیی خۆیان دەهێنایە سەر زمان.

بەتایبەتی، لە وڵاتانی دەوڵەمەنددا زۆرترین ئەو كەسانەى دەچنە ناو نمایشی یەكی ئایارەوە كرێكار نین. بەهۆى ناوی چینی كرێكارانی بیرۆكراتی سەندیكاكانەوە دەچنە ناو نمایشەكەوە و چەند سەعاتێك بەڕێدەكەن و بۆ ماوەیەك ڕێپێوان دەكەن. لە وڵاتانی خۆرئاوا یەكی ئایار وەك سەیران و خۆشی پیرۆز دەكرێت، كرێكارانی وڵاتانی هەژار خەبات دەكەن تا بتوانن وەك وڵاتانی خۆرئاوا یەكی ئایار پیرۆز بكەن. بەڵێ، هەندێك لە وڵاتان نماشی یەكی ئایار بە شەڕ بەڕێدەكەن، بەڵام هۆى ئەوە نییە كە لەو وڵاتانەدا یەكی ئایار بەشێوەیەكی شۆڕشگێڕانە ڕێكدەخرێت، بەڵكو بەتەنها مەسەلەكە پەیوەندیی بە دیكتاتۆرییەتی حكومەتەكانەوە هەیە.

واتای یەكی ئایار بۆ بزووتنەوە شۆڕشگێڕەكان

بزووتنەوە شۆڕشگێڕەكان دەبێت خەبات بۆ ڕزگاركردنی چینی كرێكار لەئاستی ئەنتەرناسیۆنالدا بكەن؛ ئەوانیش دەرهەقی یەكی ئایار و بەها ئەنتەرناسیۆنالییە كۆمۆنیستییەكانی خیانەت دەبینن. ئەوە ڕەوشێكی هێندە خراپە كە بزووتنەوە كۆمۆنیستییەكانی ئەنتەرناسیۆنالی دوو كە دروشمی ئەنتەرناسیۆنالی مانیفێستی پارتی كۆمۆنیست: “كرێكارانی جیهان یەكگرن”یان هەڵوەشاندەوە و بەپووچی نیشانیان دا و وەك ڕۆزا لۆكسمبۆرگ دەیگوت “كرێكاران لەئاشتیدا یەكگرن و لەشەڕدا یەكتر بكوژن”، ڕێكخستنە كۆمۆنیستییەكان بەجۆرێك بوون كە ئیدی وەك سەندیكا چەپەكان دەجوڵانەوە.
وەك سەندیكاكان، چەندین ڕێكخستنی شۆڕشگێڕیش، ڕۆژی یەكی ئایار بۆ ئەوەى داواكارییە ئابوورییەكانی كرێكاران نیشان بدەن، بۆ ئەوان لەپێشتربوونی كار و ئاساییش، زیاتر پارە وەربگرن، بەمجۆرە ئەو ڕۆژە بەكاردەهێنن.

بزووتنەوە خۆرئاواییە شۆڕشگێڕەكان وەك هەموو ڕۆژانی دیكە یەكی ئایاریش وەك خەبات بۆ دەوڵەتی خۆشگوزەران دەبینن. لەبەر ئەوەى ئەو دەوڵەتە خۆشگوزەرانە لە هەندێك وڵاتان شتێك دەداتە كرێكاران تاكو هەندێكیان هەژارتر و هەندێكیان دەوڵەمەندتر نەكات. بەڕاستی لە دەوڵەتی خۆشگوزەراندا ئەمە ستراتیژیەتی بۆرژوازییە.
لەبەر ئەوە بزووتنەوە شۆڕشگێڕەكانی وڵاتانی خۆرئاواش بەرانبەر قەدەغەكردنی كرێكارانی وڵاتان كە دەیانەوێت بێنە وڵاتانی دەوڵەمەندی خۆرئاواییەوە، بێدەنگییان هەڵبژاردووە و خۆیان كەڕ كردووە. لەبەر ئەوە ئەوانیش باش دەزانن كە كرێكارانی وڵاتانی خۆرئاوا پشتگیریی ئەمجۆرە قەدەغەكردنە دەكەن.

با ئەمە لەلایەك بێت، كرێكارانی ژن بەراورد بە كرێكارانی پیاو كەمتر وەردەگرن، بەڵام بۆ ئەم مەبەستەش هیچ هەوڵێك نادەن (چونكە لە زیانی كرێكارانی پیاوی خۆرئاوا دەترسن!) لەبەرانبەر ئەم نایەكسانییە ڕاستەوخۆ تێكۆشان ناكەن، بەتەنها هەندێكجار چەند شتێك دەربارەى ئەم كێشەیە دەنووسن.
سەرەڕای هەموو ئەم شتانە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەكانی وڵاتانی خۆرئاوا هیچ كاتێك شەرم ناكەن لەسەر ئاڵای خۆیان بنووسن: “بژی یەكێتیی كرێكاران” و “بۆ هەمان كاری یەكسان، كرێی یەكسان”.

ڕاستە، ڕەوشی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەكانی خۆرئاوا خراپە، بەڵام بەڵێ ئەى بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەكانی وڵاتانی دیكە هەڵوێستێكی باشتر پیشان دەدەن؟ نەخێر، نا. لەو وڵاتانەدا هەڵوێستەكان هەموویان لەیەك دەچن.
هاوشێوەى بزووتنەوەى “شۆڕشگێڕ”ـە خۆرئاواییەكان، بزووتنەوەی وڵاتانی هەژاریش یەكی ئایار وەك دەرفەتێك بۆ لەپێشتربوونی كار، ئاساییش و پارەى زیاتر دەبینن. و ئەگەر حكومەت ئەوەش قبوڵ نەكات، دەخوازن یەكی ئایار وەك پشوویەكی فەرمیی قبوڵ بكرێت.

ئەوەش هەیە كە شەڕ لەنێوان كرێكارانی خۆرئاوایی و بۆرژوازیی وەك “خەباتێكی شۆڕشگێڕ” نیشان دەدا و بانگی كرێكارانی وڵاتانی هەژاریش دەكات پشتگیریی لە كرێكارانی خۆرئاوایی بكەن. لەبەر ئەوەى بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەكانی وڵاتانی هەژار ئەو دەستكەوتانەى كرێكارانی خۆرئاوا هەیانە بە تێكۆشین، وەك “پاراستنی ماف” دەیانبینێت. بەڵام ئایا دەبێت ئەو هەڵوێستەی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەكانی وڵاتانی هەژار چۆن ڕاڤە بكرێت. ڕوون و ئاشكرایە كە ئەوە پەیوەندیی بە نەزانبوونەوە نییە. چونكە ڕاستییەكە بەرانبەر پەیوەندیی كەسەكان و ژیانەوە دەرك دەكرێت. واتا بنەمای مێژوویی و ئایدیۆلۆژیی هەرچییەك بێت، هەڵوێستەكەش بەرانبەر بەم بنەمایە سەرهەڵدەدات.

بۆیە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەكانی ئەمڕۆ كە بەئاراستەى وشیاریی مێژوویی خۆرئاواوە هاتووەتە ئاراوە، هەتا ئێستا بە سەرچاوە مێژووییەكانی خۆی سەیری خۆی ناكات، هەوڵنادات بەڕاستی بەئاراستەیەكی شۆڕشگێڕدا بڕوات. بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەكان دەبێت حساب بۆ ئەمە بكەن و بەڕاستی بتوانن هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە وەربگرن یان ئەگەر ئەوە نەكەن، ناچارن ببنە بەشێكی سیستەمەكە.

ئایا دەبێت چی بكرێت؟

ئەمڕۆ، دەبێت چی بكرێت تاكو یەكی ئایار واتایەكی شۆڕشگێڕیی وەربگرێت. دەبێت چی بكرێت تاكو یەكی ئایار بچێتە خزمەتی یەكێتیی چینایەتیی كرێكارانی ئەنتەرناسیۆنال و چینی كرێكارانەوە؟
ئەوەى مسۆگەرە و ناگۆڕێت ئەوەیە كە كردە شۆڕشگێڕییەكانی جیهانیی چینی كرێكارانە. ڕاستییەكی دیكەى نەگۆڕ و مسۆگەر ئەوەیە كە: چینی كرێكارانی جیهان بەهۆى ڕابەرایەتیی حزبی شۆڕشگێڕیی ئەنتەرناسیۆنالییەوە دەتوانێت سەربكەوێت. ئەمڕۆ ئەوەى دەتوانین بكەین ئەمەیە: هەموو ئەو ئاستەنگانەى ناهێڵن یەكێتیی چینایەتیی كرێكارانی ئەنتەرناسیۆنال بێتەئاراوە، لاببرێن. بۆ نموونە، مەرجێك بۆیەكێتیی چینایەتیی كرێكارانی ئەنتەرناسیۆنال بریتییە لە: دەوڵەتی خۆشگوزەران چینی كرێكاران دەخاتە بەرانبەر یەك، لەهەندێكیان دەدزێت و دەیداتە هەندێكیان، ئەمە دەبێت بەتەواوی ڕەتبكرێتەوە.

بۆ نموونە، مەرج بۆ یەكێتیی چینی كرێكارانی ئەنتەرناسیۆنال ئەوەیە كە كاربكەن بۆ ئەوەى ڕێگە بدرێت هەموو كرێكارانی دونیا بەئازادیی بەوڵاتاندا بگەڕێن.
بۆ نموونە، لەنێو كرێكارانی توركدا دەبێت مافی ئەوە بە كوردان بدەن دەوڵەتی خۆیان بونیاد بنێن و بیپارێزن، بەڵام بەداخەوە لەناو چینی كرێكاری توركیدا ئەمە هەیە: “نا بۆ دابەشبوونی وڵات و نەتەوە”، پێیانوایە ئەگەر ئەوە ڕوونەدات، یەكێتیی چینایەتیی كرێكاران بەدیدێت. دیسان بۆ نموونە، مەرج بۆ یەكێتیی چینایەتیی كرێكارانی ئەنتەرناسیۆنال ئەوەیە كە دەبێت دەستبكەن بە ئاشكراكردنی بناغەى ئەو بزووتنەوانەى لەژێر ناوی كۆمۆنیستبووندا بەرگریی لە دەستكەوتە مومتازەكان دەكەن. ڕوون و ئاشكرایە كە دابەشبوونی چینایەتیی كرێكاران لەخۆوە نییە، بۆ ئەوەى چینی كرێكاران بەرژەوەندیی خۆی دابەش نەكات دەبێت یەك بگرێت.

هەر بۆیە دەبێت كۆمۆنیستەكان، لەم دابەشبوونەدا پشتگیریی لە لایەنی چەوساوە و ژێردەستە بكەن. هەرچییەك دەبێت با ببێت دەبێت هەڵوێستی كۆمۆنیستەكان بەمجۆرە بێت.
بۆ ئەوەى پەیامی ئەنتەرناسیۆنالیی یەكی ئایار نوێ ببێتەوە، دەبێت ئەم هەڵوێستە بگیرێتە بەر.

————————–
سەرچاوە
ئەم وتارە لە ژمارەى سێیەمی “چروسكا شۆڕشگەڕ”دا بڵاوبووەتەوە:
Çiruska Şorşger, hejmara 3, sala 2017.




بۆ فەلسەفەی ماركسیستیی گرنگە؟ … جۆن مالینۆ


وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پێشڕەو محەمەد
….

ئەوە ڕوون و ئاشكرایە ئێوە زانیارییەكی زۆرتان دەربارەى فەلسەفە نییە بۆ بەشاریكردن لە خۆپیشاندان، مانگرتن یان ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە. ئەوە شتێكی خراپ نییە. ئەگەر ئێوە چاوەڕوان بن تا ژمارەیەكی گەورەى خەڵكی كرێكار، ماركس و هێگڵ بخوێننەوە، ئەوا خۆپیشاندانەكان، مانگرتن و لە هەمووی ڕوونتر، شۆڕشەكان هەرگیز ڕوونادەن.

هەرچۆنێك بێت، خەباتكردن بۆ جیهانێكی باشتر بەتەنها بریتی نییە لەم ڕەهەندگەلە بەگژاچوونەوەیە ڕاستەوخۆیە. لەنێوان و لەڕێگای ئەم “پنتە بەرزانەوە” ڕۆژ بەڕۆژ خەبات بۆ ئایدیاكان، خەباتی ئایدیۆلۆژیانە لەبەرزبوونەوەدایە دژی ڕوانگەى ئەو جیهانەى لەلایەن چینی دەسەڵاتدارانمانەوە بڵاو دەكرێنەوە و هەروەها لێرەدا ڕۆژ بەڕۆژ خەباتی ئایدیۆلۆژیاە بەرز دەبێتەوە بۆ ڕێكخراوبوون، بونیادنان و پشتیوانیكردن لە یەكێتیی كرێكاری (ترەید یونیەن)، كەمپین یان پارتی سیاسیی. ئەوە زۆر قورسە بەردەوام بین لە پشتیوانیكردنی كاری سیاسیی بۆ هەر فەترەیەكی زەمەنیی بەبێ داواكردنی ڕوانگەى ئەڵتەرناتیڤیی جیهانیی بۆ ئایدیۆلۆژیای باڵادەست لە كۆمەڵگایەكدا كە ئێمە هەموو ڕۆژێك لە میدیاكاندا ڕووبەڕووی دەبینەوە (و لە شوێنی كار، قوتابخانە، لە زانكۆ و هتدد). ڕۆڵێكی گرنگ لە ڕوانگەى ئەڵتەرناتیڤیی جیهانیدا بریتییە لەو ڕۆڵەى پرسیارەكانی فەلسەفە دەیگێڕن. هەوڵدان بۆ پێناسەیەكی ورد و دەقیقی فەلسەفە لەم خاڵەدا قورس دەبێت و سەرەگێژەیەكی زۆریشی لێدەكەوێتەوە. بەڵام تەقریبەن لەم كتێبەدا مەبەستی من بیركردنەوەی “گشتیی” یان “ئەبستراكت”ـە دەربارەى بوونی مرۆڤ و پەیوەندییەكانیان بە كۆمەڵگا و سروشتەوە.

لە ڕەوتی گفتوگۆ لەگەڵ هاوڕێ یان هاوكاراندا ئەوان هەمیشە وەڵام دەدەنەوە: “بەڵام شتێك هەیە تۆ لەبیرت كردووە: ناتوانیت سروشتی مرۆڤ بگۆڕیت”، یان “بەڵام هەمیشە دەوڵەمەندبوون و هەژاربوون هەبووە و هەمیشە هەیە و هەمیشەش هەر دەبێت”. لە مشتومڕ لەناو بزووتنەوەدا هەندێك كەس دەڵێن “كێشەى حەقیقیی بریتییە لە موحافەزەكارەكان: ئێمە دەبێت یەكبگرین بۆ لەناوبردن و ڕاماڵینیان و دەستبەسەرداگرتنی پارتی كار. ئینجا شتەكان باشتر دەبن”. لە بەشی سۆسیۆلۆژی زانكۆیەكدا پرۆفیسۆرەكە دەڵێت: “دیارە ماركس پێیوابوو كۆمۆنیزم حەتمییە. بەڵام ئێمە وەك زانایانی بواری كۆمەڵایەتیی ئەمجۆرە تێگەیشتن و ڕوانگە دۆگماتیك و چەقبەستووە ڕەتدەكەینەوە”، یان “ماركسیزم هەموو شتێك كورتدەكاتەوە بۆ ئابووریی و چینایەتیی، بەڵام سۆسیۆلۆژیا لەم ڕۆژانەدا زۆر ئاڵۆزتر و پسپۆڕ و خەبیرانەترە لەچاو ئەوكات”. هەموو ئەم ڕستانە باوەڕپێكردنێكی ڕاستەوخۆ و خێرایان هەیە – ئەوان بۆ ئەمە پشت بە “عەقڵی سەلیم یان باو” دەبەتن. لەبەر ئەوەى ئەوان لە گۆشەنیگای جیهانێكەوە سەیر دەكەن، كە فەلسەفە، بەشێوەیەكی سیستەماتیك گەشەی كردووە، كامڵ بووە و یان دەتوانین بڵێین، لەلایەن دەسەڵاتدارانمانەوە، چینی سەرمایەدار و ئایدیۆلۆژیستە فەلسەفییەكانیانەوە، بۆ چەندین سەدە هەوڵیانداوە بێ ئەژمار كەناڵ و تۆڕ بخزێننە نێو هەموو گۆشە و كەنارێكی كۆمەڵگاوە. بۆ وەڵامدانەوەیان (و لێرەدا یەك دونیا نموونەم بۆ ئەمە هەیە) پێویستما بە فەلسەفەیەكی كامڵ و پتەو هەیە بۆ ئاراستە و سەنگەری خۆمان. خۆشبەختانە ئەمجۆرە فەلسەفەیە بوونی هەیە: ئەویش بریتییە لە ماركسیزم.

لەپشتی ئاستی ڕێكخستن و مشتومڕی ڕۆژانەوە، لێرەدا پرسی ڕابەرایەتیی لەم خەباتەدا دێتەپێشەوە: دەربارەى بەشداریكردن لە بەرهەمهێنانی ڕۆژنامەكان، گۆڤارەكان، كتێبەكان و هتد؛ دەربارەى بڕیاردان لەسەر بانگكردنی خەڵك بۆ خۆپیشاندانەكان و مانگرتنەكان، دەربارەى تاكتیك و ستراتیژی كەمپینەكان و حزبەكان و هەتا دوایی. ئەكتیڤترین و چالاكترینیان لەم ئاراستە و ڕابەرایەتیكردنەى كەمپین یان بزووتنەوەكەدا بەرز دەبێتەوە، و بەتایبەت لەئاستی گۆشەنیگای جیهانیی ئەكتیڤیستییەوە بەرەو تاقیكردنەوە دەبرێت، ئەوا بۆ ئەم مەسەلەیە یەك دونیا پرسیاری فەلسەفیی گرنگییەكی زۆر وەردەگرێت.
ڕێگەم بدەن نموونەیەكی زۆر ڕوون و كۆنكرێتیی و تەواو هەنوكەیی بهێنمەوە لە پەیوەندیدا بەفەلسەفە و گرنگیبوونییەوە. فۆرمی زۆر گشتیی و هەمەلایەنترینی فەلسەفە، بەتایبەت تا ئەو شوێنەى پەیوەندیی بە جەماوەری خەڵكی ئاساییەوە هەیە، بریتییە لە ئایین. هەموو ئایینەكان لەناو هەڵوێستی عەقیدە و ڕوانگەى خۆیاندا چەندین پرسیاری فەلسەفیی گرنگ لەخۆ دەگرن، وەك سروشت و مانای بوونی مرۆڤ و خەسڵەت و كارەكتەری بوونی مرۆڤ (“ئۆنتۆلۆژی” یان “لێكۆڵینەوە لەبوون” لە مانا ئەكادیمییە فەلسەفییەكەیدا)، سەرچاوەى مەعریفە و پێوەری حەقیقەت (كە ئەمەش بە “ئەپستمۆلۆژیا” ناسراوە) و ئەخلاقیات (یان “ئێتیك”). وێڕای ئەمە، وەك دەرەنجامێكی بەشەكیی و لاوەكیی “جەنگ دژی تیرۆر” پرسی ئایین زۆر زۆر زیاتر لە ڕابردوو گوازرایەوە ناو سەنتەر و مەركەزی مشتومڕی سیاسیی.

چالاكوانێكی ڕادیكاڵ پێویستیی بەوە هەیە بتوانێت وەڵامی ئەم بەڵگە و ئەرگومێنتانە بداتەوە و هەروەها وەڵامی ئەم هەڵوێستانەش بداتەوە و بۆ ئەمەش، بێگومان ئەو پێویستیی بە بنەمایەكی دەقیق و یەقینی فەلسەفییانە هەیە. بۆیە زۆر پێویستی بەوە هەیە بزانێت چۆن شیكاریی بۆ ئایین و مامەڵە لەگەڵ ئایین و كۆمەڵە ئایینییەكاندا دەكات وەك هێزە كۆمەڵایەتیی و سیاسییەكان. بۆ ئەمەش تێگەیشتنی تیۆرییانە لە سروشت و گەشەى ئایین و سەرچاوە پرەنسیپییەكانی ئەمجۆرە تێگەیشتنە لە فەلسەفەی ماركسیستیدا هەن (لەم كتێبەدا هەڵوێستی ماركسیستیی بۆ ئایین باس دەكەین).

نموونەیەكی دیكە كێشەیەكی دیار لەلایەن بیركردنەوەی هەر كەسێك یان ڕێكخراوێك بۆ بانگهێشتی خۆپیشاندان، بزووتنەوەى دەستبەسەرداگرتن یان مانگرتنێك. ئەمەش كێشەى بڕیاردانی هاوسەنگییە لەنێوان “هەلومەرجی بابەتییانە” (ئوبێكتیڤ) و ڕۆڵی دەستێوەردانی خودییانە (سوبێكتیڤ). هەموو هەڵمەتكارێك یان ترەید یونیەنیستێك (چالاكوانی یەكێتیی كرێكاریی) وابیردەكاتەوە كە ئەوان دەتوانن بە ئاسانی بانگی خۆپیشاندان، دەستبەسەرداگرتن و مانگرتنەكان بكەن بەبێ وردبوونەوە لە ڕووداو و هەلومەرجەكان یاخود هیچ وەڵامێكیان بۆ “كەشی سیاسیی” پێ نییە. لەهەمانكاتدا هەندێك خەڵك لە ناو بزووتنەوەكەدا هەن (بەتایبەت جۆرەكانی یەكێتییە كرێكارییە زەردەكان) كە هەمیشە دەڵێن ئێستا كاتێكی دروست و گونجاو نییە بۆ خەبات و بەرخودان.

ئەم كێشەیە، كە لەنێو كۆرپەلەى هەموو كەمپینە ناوچەیی و لۆكاڵییەكاندا هەیە، بەشێوەیەكی بەرفراوان گەورە دەبێت ئەو كاتەى كێشەكە بریتیی بێت لە مانگرتنی گشتیی و بەمانای دەقیقی وشەكە دەتوانێت ببێتە بابەتی مەرگ و ژیان لە شۆڕشێكدا. فێربوون لەمجۆرە كێشانەوە و وانەوەرگرتن لێیان بەشێكە لە بابەتی ئەزموونی پراكتیكی، بەڵام بەفراوانی، فەلسەفەى ماركسیستیی یارمەتیدەر دەبێت كە بەشێوەیەكی بنچینەیی ئەم پرسە دەهێنێتە پێشەوە كە وەك ماركس لە هەژدەهەمی برومەریی لوویی بۆناپارتدا دەڵێت، چۆنچۆنی خەڵك “مێژووی خۆیان دروست دەكەن بەڵام نەك بەو جۆرەى خۆیان دەیانەوێت، یان نەك لەو هەلومەرجەدا كە خۆیان هەڵیان بژاردووە”.
بەكورتیی فەلسەفە و بەتایبەت فەلسەفەی ماركسیستیی گرنگە چونكە ڕۆڵێكی جەوهەریی و بنچینەیی دەگێڕێت لە خەباتدا بۆ گۆڕینی جیهان.

سەرچاوە
John Moleyneux: The Point is to Change it, An Introduction to Marxist Philosophy, bookmarks, London, first chapter.