ئەو ئارام و منیش وەک ئەو … شیعری مەحموود دەروێش … و: پشکۆ نەجمەدین

ئەو چای لیمۆ دەخواتەوە و منیش قاوە،

جیاوازییەکەی نێوان ئێمە، تەنیا، ئەوە.

ئەو وەکوو من، کراسێکی دەڵپ و میلدار لەبەر دەکا،

منیش وەک ئەو، ڕۆژنامەکانی ئێواران دەخوێنمەوە.

ئەو نامبینێ ساتێ کە من دزەنیگای تێ دەگرم و

من نایبینم، وەختێ کە ئەو، پەنامەکێ لێم دەڕوانێ!

ئەو ئارام و منیش وەک ئەو.

ئەو شتێکی لە گارسۆنەکە دەپرسێ و

منیش شتێک…

بەنێوانماندا ڕەت دەبێ کتەیەک*، ڕەش،

دەست بە شەوی فەرووەکەیدا دەهێنم و

ئەویش هەر وا…

من پێی ناڵێم، ئەمڕۆ ئاسمان ڕوون و شینە،

ئەو نایەژێ، ئەمڕۆ ئاسمان تەواو ڕوونە.

ئەو هەم بینراو و بینەرە،

منیش وەک ئەو.

قاچی چەپم دەبزووێنم،

لاقی ڕاستی دەجووڵێنێ.

هەر وا من لەبەر خۆمەوە،

بە ئاوازی گۆرانییەک گرنگەم** دێ،

ئەویش هەر وا،

گۆرانییەکی هاوئاواز، دەڵێتەوە!

لە دڵی خۆمدا دەبێژم:

تۆ بڵێی ئەو، ئاوێنە بێ و

ڕووخسارمی تیا ببینم؟

لە چاوانی ڕادەمێنم،

بەڵام من ئیتر نایبینم…

ئیدی بلەز، قاوەخانە جێ دەهێڵم.

ڕادەمێنم، ئەڵێم ڕەنگە، کە ئەو، کەسێکی بکوژ بێ،

یاخود پیاوێکی ڕاگوزەر،

کە پێی وا بێ، من پیاوکوژم.

ئەو ترساوە و منیش ترساو!

*کتە: پشیلە

**گرنگە، گرنگەگرنگ: لەبەرخۆوە گۆرانیگوتن.

و: پشکۆ نەجمەدین




قەسیدەی بەیانیی خۆشەویستی…. شیعری غادە سەمان … وەرگێڕانی: پشکۆنەجمەدین

منداڵی “با”!
لەنێوانی من و تۆدا:
هۆگرییەکی تامەزرۆ گەشە دەکا،
هەستێکی چڕ، هەستێکی قووڵیش شین دەبێ،
هەستێک، کە من ناوێکی بۆ نابینمەوە،
بەڵام هەندێک لە ناوی ئەو، ئەوین و خۆشەویستییە!
لەو ساتەوەی تۆم ناسیوە،
خۆشبەختی لام جێگیر بووە،
چوونکە ئێمە، لەسەر یەک ئەستێرە دەژیێین،
هەر یەک خۆریش بەسەرماندا پەخش دەبێ!
چ جوانە کە من تۆم ناسی،
ناوم لێ نایت، “شادی” و “خۆشی”!
گشت بەیانێک، لە خۆڵەمێشم ڕادەبم،
بە دەنگی خۆم وەئاگا دێم،
من پێت دەڵێم:
بەیانیت عیشق، ئەی “شادی”یەکەم!

***

کە عاشقم،
هەموو شتێک لە دەستمدا،
دەبێت بە تیشک!
لەبەر ئەوەی عاشقی تۆم،
گشت پیاوانی ئەم دونیایەم، هەر خۆش دەوێن!
هەموو منداڵانی دونیا،
درەختەکان، زەریاوانان،
بوونەوەران، ڕاوچییەکان،
تاوانکاران، ئەنگاوتەکان،
دەست و پەنجەی بەتەباشیر داپۆشراوی مامۆستاکان،
پەنجەرە بێ پەردەکانی تیمارگەکان…
هەر هەموویانم خۆش دەوێن!
لەبەر ئەوەی خۆشم دەوێی..
شێتیی هاتەوە نێو ناخم،
لە کیشۆری ڕووحە کوژاوەکەی مندا،
خۆشی و شادی داگیرساون!

***

چوونکە ئەمن تۆم خۆش دەوێ…
دونیا هەموو ڕەنگەکانی وەرگرتنەوە،
پێشتر، مینا فیلمە کۆنە بێدەنگەکان،
هەر ڕەش و خۆڵەمێشی بوو!
گۆرانی بۆ کێڵگە و گەروو، گەڕایەوە،
دڵم بە گۆرانیچڕین،
وەک ئاسکۆڵەیەکی یاخی و تینتیانەماوی دارستان،
گوڕ و تینی تێ زایەوە!
لە پێکهاتەی کەسەکیی تۆ،
ڕەهەندەکان بێکۆتان و
هەموو ڕۆژێک پیاوێکی نوێیت،
لە کن منیش، لەگەڵ تۆدا،
هەموو ڕۆژێک، ئەوینێکی نوێ دەپشکوێت!
بەردەوامیش، لەگەڵ خۆت خیانەت دەکەم،
لەززەتی ئەم ناپاکییەش، من هەر بە تۆوە دەیچێژم!
…….

هەموو شتێک هەر ناوی تۆ،
هەر دەنگی تۆ،
هەتا ساتێک بەرەو سارای خەوتن بڕۆم،
بەنیاز بم، لە تۆ هەڵیێم،
مەچەکم نزیک گوێچکەمە و
چرکەچرکی دەمژمێریش، هەر ناوی تۆ!
من ناخلیسکێمە نێو ئەوین…
بە هەنگاوی پتەومەوە،
بە چاوی ئاواڵەمەوە،
بەرەو وی چووم.
ناکەومە نێو گۆمی ئەوین،
من لە ئەڤیندا وەستاوم..
من تۆم دەوێ!
…..

بە پاکی هۆشمەندیمەوە،
( یان ئەو بەشەی پاش ناسینت، ماوەتەوە!)
بڕیارم دا، بە خواستی خۆم، نەک تێکشکان،
خۆشم بوێیت.
ئەوا ئێستا، نەفسی پەرژینکراوی تۆ،
بە گشت هۆش و شێتیمەوە، دەبەزێنم،
خۆ من پێش وەختیش دەزانم؛
لەسەربانی کام ئەستێرە،
ئاگر خۆش کەم،
چ زریانێک لەنێو هەگبەی گوناهەوە،
وە ڕێ بخەم.
تاسەت دەکەم،
سنووری من لەنێو مەرزت، ون دەبێت و
هەر پێکەوە، لەسەر هەورێکی تەنک، دەفڕین و
بانگت دەکەم: هۆ “من”ەکەم…
تۆ وەکوو فیشەکەشێتە،
بە جەستەمدا، سەفەر دەکەیت،
ساتێکیش کە جێم دەهێڵی،
هەر وەک دزێک، چۆن دەستکەوتی خۆی دەژمێرێت،
شوێنەوەرای دەستبازییەکەت، بە شەوقەوە،
لەسەر جەستەم، چاو لێ دەکەم.
پیرۆزە هەموو جەستەی من، کە خستمە نێو باوەشی تۆ،
پیرۆزن هەموو ژنانێک، کە تۆ پێش من، خۆشت ویستوون!
پیرۆزن؛
گشت ئەو لێوانەی ماچت کردوون،
ئەو زگانەش، کە منداڵەکانی تۆیان تێدا چێ بوون!
خەون بە هەر چی دەبینی،
هەر چییەکیش لەبیر دەکەی،
هەر پیرۆزن!
……

بەخاتری تۆ:
گیا لە چیاکان شین دەبێ.
شەپۆلەکان لەداییک دەبن،
نیگاری زەریا، بە ئاسۆوە دەنەخشێنن.
لە هەموو کوێرەگوندێکدا، منداڵەکان پێدەکەنن!
بەخاتری تۆ،
ژنان خۆ دەڕازێننەوە.
لەبەر تۆش بوو،
ماچ داهێنرا!
بەیانیان لە خۆڵەمێشم ڕادەبم.
هەر بۆ ئەوەی خۆشم بوێیت…
خۆشم ئەوێیت، خۆشم ئەوێیت!
بە ڕووی پۆلیسدا، هاوار دەکەم:
( تا ئەو شوێنەی پێوەندیی بە ئێمە هەبێت،
هەموو خەڵک، هەر پۆلیسن!)
هاوار دەکەم:
بەیانیت خۆشەویستی بێ،
ئەی “شادی”یەکەم!




ڕیتا و تفەنگ شیعری مەحموود دەروێش …. و: پشکۆنەجمەدین

لەنێوانی ڕیتا و چاوانمدا، تفەنگ.
کەسێک،
کە ڕیتای ناسیبێت،
سوژدە دەبا،
بۆ خودایەک نوێژ دەخوێنێت،
لە میحرابی چاوانی هەنگووینیی ئەودا!
ڕیتام ماچ کرد، کیژۆڵەیەک، منداڵ و تازە دەگەیێ،
وای چۆن ئاوێزانم بووبوو، لەبیرم دێ،
بە جوانترین هەودای پرچی، باسکەکانم نەخشێنرابوو.
چۆن چۆلەکە ئاوی گۆلاوی لەبیرە،
ڕیتام بیرە.
ئاخ… ڕیتا!
لەنێوانی من و تۆدا،
یەک میلیۆن چۆلەکە و وێنە،
هەزاران ژوان،
تفەنگ ئاگری تێبەردان!
ناوی ڕیتا،
شادییەک بوو لە زارمدا.
جەستەی ڕیتا،
شایییەک بوو لە خوێنمدا!
من دوو ساڵان لەنێو ڕیتادا بزر بووم.
ڕیتا دوو ساڵ، هەڵاژیابوو،
لەسەر باسکم، لەنێو مندا!
لەسەر جوانترین پەیمانە، پەیمانمان بەست،
لە شەرابی لێوانماندا، گڕمان گرت و
دوو جاران لەداییک بووینەوە!
هاوار… ڕیتا!
پێش لە تفەنگ،
چی دەیتوانی چاوەکانمان لێک داببڕێ؟
مەگەر تەنیا دوو وەنەوز و پەڵەهەورێکی هەنگووینی.
هەبوو نەبوو…
وای بێدەنگییەکەی ئەنگۆرە!
مانگەکەی من، لەدەمی کازیوەیەکدا،
لە چاوانی هەنگووینیدا، دوور کۆچی کرد،
شاریش ڕیتا و سترانبێژانی فڕێ دا.
وای لە تفەنگ، لەنێوانی چاوانی من و ڕیتادا!




یەکشەممە، شینە! …. شیعری مەحموود دەروێش — و: پشکۆنەجمەدین

لە سترانمدا، ژنێک دانیشتووە و تەشی دەڕێسێ،
چا تێدەکات و پەنجەرەش لەسەر ڕۆژان ئاواڵە،
زەریاش دوورەدەست.
ژنێک، یەکشەممە، شینی پۆشیوە،
لەگەڵ گۆڤار و نەریتی گەلان، خۆی دەخجڵێنێ،
شیعری ڕۆمانسی دەخوێنێتەوە و
لەسەر کورسییەک خۆی دەڕازێنێ…
پەنجەرە بەڕووی ڕۆژاندا واڵا،
زەریاکەش دوورە!
دەنگێک دەژنەوێت، چاوەڕواننەکراو،
دەرگا واز دەکات،
کەسێک دەبینێت لەسەفەردایە،
دەرگا دادەخات،
وێنەی دەبینێ،
پرسی پێ دەکات:
من خۆم بکوژم؟
موزیکی مۆزارت، لەبەر دڵ دەنێ و
لەگەڵ زەوینە ئاسمانییەکەدا،
ئاسوودە و دڵشاد،
پەنجەرەش بەڕووی گشت ڕۆژەکاندا،
ئاواڵە و گوشاد،
زەریاکەش هەر دوور،
ئێمەش پێک گەیشتین…
زەریام خستە نێو قاپێکی فەخفوور،
سترانم ون بوو،
نا تۆم لێ ون بوویت،
نەک گۆرانییەکەم،
دڵیش ئاواڵە بەرەو ڕۆژەکان،
زەریاش بەختەوەر!