تیشک و ڕووناکیی (ڕۆژ)ێکی ئاوا نەبوو!!.. ڕەنگین مەلا سەمەد

کاتێک دەنگێکی شیعریی دەبیستین، ڕۆحمان ئاسوودە دەبێ، چ جا ئەو دەنگە شیعرییە خانمێک بێ، ڕۆح ئاسوودەتر دەبێ و پەردەی شەرمی بۆ دەرخستن دەدڕێ،
کاتێک دەنگی شاعیرێکی خانم لە هەڵەبجەوە بڵند دەبێتەوە، ئیدی ئازارەکان خۆیان دەرەخەن، برینەکان ئەکولێنەوە، هاوشانی ئەوانەش سووکناییەک بە دڵ و دەرووندا دێت کە هەڵەبجەییەک بەو مێژووە تاڵەوە داهێنان بۆ جوانیی ئەکات و، ‌زمان بۆ پاکژیی دەربڕینی وشە دەشواتەوەو، بۆنی باران لە بەرۆکی وشەکانی دەدات.
ئەو بە دەربڕین، تاڵییەکانی ڕابردوو و ناسکیی دڵی تێکەڵ بە یەکدی دەکات، نایەوێ و ناشهێڵێت ژن تەنیا وەک ئازار باسکرێ، بەڵکو لە شێوەی هێمایەک لە خۆڕاگریی و هێزو جوانیی وێنای دەکات.
ئاوارەیە لە نێو نیشتیمانێکی دەوڵەمەندو ژنێکی یاخیی نێو نەریتێکی لەقاڵبدراوە.

ئێمە لەو ڕۆژگارە تاڵانەوە ڕۆژێکمان لێ هەڵهاتووە کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەدرەوشێتەوەو وەک درەخت لقی لێ ئەبێتەوە، وشەکانی سادەن بەڵام مانایەکی فەلسەفیی قووڵیان هەیە، لێکدانەوەیان تابلۆیەکی ڕەنگاوڕەنگت پێ نیشان دەدەن، هەر ڕەنگێک گێڕانەوەی وردەکاریی ڕۆحێکی زیندووە.
ڕۆژ! وەکو کات خەمەکان تێئەپەڕێنێ و تاڵیی بە شیرینی وشە ناهێڵێت، تەنهایی لە نێو دێڕەکانی دەبینرێت، ونبوونی خۆی لەنێو واتای دێڕەکاندا دەبینێتەوە.
ڕۆژ ! ئازارەکانی بە شیعر ئەسپێرێ و، ئێشێکی ئێجگار فەلسەفیی قووڵ لە دیوی وێنە شیعرییەکانییەوە هەست پێ ئەکرێ،
کاتێک سەرلەبەری شیعرێکی شیئەکەیتەوە، وردبوونی ڕۆحیی و، شکانی هەست و، تەنیایی بەدیئەکرێ.
لەنێوان ژیانێکی واقعیی و خەیاڵێکی مەجازییدا، بێدەنگیی و ونبوون و مەرگ و ڕووبەڕووبوونەوە بوونەتە دیالۆگی هەمیشەیی شاعیر، چارەنووسێکی تاڵ و تاریک شەوق و شیرینیی ژیانی ژنێتیی (ڕۆژ)ی کەمکردووەتەوەو بەرەو تۆراندن لەو ژیانە تەقلیدییەی بردووە.

لە شیعرێکی کورتدا شاعیر گەڕاوەتەوە بۆ ڕابردوو و ئەو ئازارو نەهامەتییانەی ژیان باسدەکات کە وەک هەر ژنێک بەسەریدا هاتووە، وێنەی ئەو کۆمەڵگایەی دەرخستووە کە شەرەفی کردووەتە پاساو بۆ ئەنجامدانی ڕەوتاری نابەجێ و پێشێلکردنی مافی ژن و قەتیسکردنی ئازادییەکان و، زەقکردنەوەو درێژەدان بە کلتووریی پیاوسالاریی، شاعیر لە هەر دێڕێکدا وێنەیەکی بەهێزی فیزیکیی نیشانداوەو تێهەڵکێشێکی قووڵی لە هاواری ژنبوون و گلەیی و، ڕەخنەگرتن لەو نەریتە لەقاڵبدراوەی کە تا ئێستاش درێژەی هەیە لە پەیڕەوکردن، کردووە.

نموونەیەکی شیعریی شاعیر (ڕۆژ هەڵەبجەیی)م هەڵبژاردووە کە دونیایەک پڕە لە گلەیی ژنبوون و توڕەبوون لەو کلتوورەی بۆ ژن داتاشراوەو یاخیبوون لەو نەهەماتییانەی بووەتە ڕێچکەی ژن بۆ تێپەڕبوونی، وشەکان ئازاریان لێ ئەتکێ و، دێڕەکان گلەییان لێ ئەبارێ، شیعرەکە وێنەیەکی تراژیدیای تژی لە بێزاریی و وەڕسبوون نیشان دەدا، ناوەڕۆکەکەشی باسی پیاوسالارییەکە کە بووەتە دەسەڵاتێکی کاریگەر بۆ دەستەمۆکردنی ژنان و ڕێگریی لە مافەکانیان.

شاعیر دەڵێ توڕەییم لێ ئەتکێ! ئەو هەستە توڕەییەی ڕۆحی کە ناخ و دەروون و بیرکردنەوەی قەتیسکردووە، لە بوونییەتی خۆیەوە توڕەبوونی بە تێکەڵەیەک لە خوێن و فرمێسک چواندووە، کاتێک لە قووڵایی برین و ئازارەوە لێت ئەتکێ.
موعاناتەکان، ئەوەی لە سایەی ژنبوون بەسەریهاتووە، تەواو هەراسانی کردووەو بەرەو بێزارییەکی قووڵ هەنگاوی بەرەو دەربڕین ناوەو، سەبووری خۆی لە دامرکانەوەی ڕۆحی ماندووی بە دەربڕینەکان دەستئەخا و، متمانە بە وشەو ڕستەکان دەبەخشێ بۆ گێڕانەوەی تاڵییەکانی ڕابردوو.

شاعیر پێیوایە ئارەزووەکانی ژن، لەژێر نەریتی پیاوسالاریی نقووم بوون و، شەرەف بووەتە پاساوێکی بەردەوام بۆ شۆڕبوونەوە بەنێو جوانییەکانی ژن و داگیرکردنیان.

ڕۆژ، لە نەریت و یاسا کۆنەکان قووتار دەبێت و بەرەو دەستپێکێکی نوێ هەنگاو دەهاوێت، ئەو چەمکانەی بوونەتە هۆی کورتکردنەوەی ‌بوون و ئازادی ژن، ناهێڵێت و ڕایدەماڵێت.

تووڕه‌ییم لێ ئه‌تكێ،

ژنبوونم هه‌راسان،

چ شه‌رمێكه‌ ڕابردوو

له‌و كاته‌ی‌ باڵام داكوترا

به‌ نقته‌كانی‌ شه‌ره‌ف،

ئیتر پیاو به‌ منا تێپه‌ڕی‌ و

کێڵگەی دروێنه‌ كرد،

چه‌كی‌ ده‌ستیشی‌ باوك سالاری‌

كچێك ئه‌مه‌ی‌ وت/ دوێنێی‌ كوشت و

به‌ ئاوێنه‌ی‌ وت ببوره‌ ئه‌وه‌ من نیم، دواتر

گسكی‌ له‌ هه‌موو نوقته‌كانی‌ شه‌ره‌فدا !

(ڕۆژ هەڵەبجەیی)

ـــــــــــــــــــــ
ڕەنگین مەلا سەمەد
نووسەر و ڕۆژنامەنووس




نەریت بۆ ژن، ژانە.. ڕەنگین مەلا سەمەد

بۆ منێکی ژن دژی نەریتێک نەوەستم کە چەندین مافی لێ داگیرکردووم؟

نابێت کوێرانە نەریت پەیڕەو بکرێت بێ پرسیارکردن لە کۆت و بەندەکانی، نابێت دوای تەڵەیەک بکەوین کە لەڕووە مەعریفییەکەوە قەتیسمان ئەکات، نەریت بۆ منێکی ژن داتاشراوە؟ یان ڕەگەزی بەرامبەریش دەگرێتەوە؟
نەریت پاساوه بۆ پەیڕەوکردنی ڕابردوویەکی تاڵ ؟ یان کوشتنی داهێنان و نوێگەرییە؟

ژن هەمووکات قوبانیی نەریت و عورف و عاداتەکان بووە، بەبیانووی وشەی (عەیبە) هەموو زانست و جوانییەکیان لە باڵای داماڵیوەو نووقمی حەسرەتێکی بێکۆتایان کردووە، نەیانهێشتووە چاوی ببڕێتە ئاسۆیەکی ڕوون، هەمیشە چاویان بۆ دواوە ڕاهێناوە، نادادپەروەری و پێشێلکردنی مافەکانیان کردووەتە ئامانجێکی بەردەوام بۆ سەرکوتکردن و گرێیەکی ئاڵۆزی دەروونیی، بەو جۆرەی، ژن هەمیشە خۆی پێ کەمبێ و چاو لەدەست و چاوەڕوانبێ بۆ پێدانی میهرێکی پڕ لە بەرژەوەندیی.

ئەم جۆرە ڕادەستبوونەی تاک بە عورف و عاداتەوە گەمژەییە، نابێت مرۆڤ کوێرانە ڕێگا بگرێتە بەر، تەوێڵی پڕ لە هیوای بە نەزانیی، بپۆشێ پێویستمان بە هۆشیاریی و بوێرییە بۆ ڕاماڵینی تۆزی سەر نەریتە لەقاڵبدراوەکان، عەقڵ و لۆژیک پێویستیان بە خستنەکارە بۆ بەرپاکردنی شۆڕش دژی نەریتە کوێرو کەڕەکان.

مرۆڤی ژیر هەم ڕێز لە عورفێک دەگرێت کە لەڕابردوودا باو و باپیرانی پەیڕەویانکردووە، هەم بەهاو پێوانە بۆ هەڵسەنگاندنی عورفە لەقاڵدراوەکان دادەنێت و، ناهێڵێت عەقڵ تووشی پەککەوتن بێ و پاشکۆیی هەڵبژێرێ.

بۆ دەربازبوون لە نەریت و پەیڕەوکردنی لە کۆمەڵگا، پێویستمان بەم دەستەواژانە دەبێت، من هەم، تۆ هەیت، ئەو هەیە، ئێمە هەین، بیردەکەینەوە، بڕیاردەدەین، جیاواز دەڵێن و جیاواز بیر دەکەینەوە، یەکدی بە جیاوازییەکانەوە قبووڵ دەکەین، ئەمەیە فریادڕەسی ئەو دەردە کوشندەیەی کە دەمێکە زۆربەمانی گەمژە کردووەو، ناشتوانین لێی دەربازبین.

ـــــــــــــــــــــــ
ڕەنگین مەلا سەمەد
نووسەر و ڕۆژنامەنووس




پەتێــــک، تۆڵەی مێژوویەکی قێزەون دەکاتەوە!.. ڕەنگین مەلا سەمەد

کاتێک ئازارەکان لە قووڵایی بیابان درووستبوون، جەلادێک خوێنی ئەپرژاندە برینەکانیان، بە هاوار و نووزەو ئاهەکان، قەڵایەک دەهاتە لەرزین، ویژدانەکان ڕائەچڵەکین، بیابان وشکیی خۆی بە خوێنی بێتاوانان ئاو دەدا و تینوێتی خۆی پێ ئەشکان.

نوگرە سەلمان، زیندانییەک هاوشێوەی دۆزەخ، چەند دیوارێک کە هاواریان کپ ئەکرد و، بە جیاکردنەوەی ڕۆح لە جەستە زریکەیان ئەگەیاندە کەشکەلانی فەلەک، وشک و بێدەنگ، بەڵام ترسێنەر و تەمومژاوی.

سێ دەیە لە برسیکردن و ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەروونی و تاوانی دەستدرێژیکردن و گەرما و چەوساندنەوە، نەیتوانی مێژوویەکی تاڵ بەبیر نەخاتەوە و تاوانە قێزەونەکان پەردەپۆش بکات، نەیتوانی دڕندەیەک بە دادگا نەناسێنێت و گەلێک بە شکۆ و ناسنامەوە بسڕێتەوە.

سزادانی عەجاج یاخود جەلادە دڕندە و بێبەزەییەکەی نوگرە سەلمان، بووە خاڵێکی یاسایی دادپەروەر لەبەردەم تاریکترین دۆسییەی جینۆساید، تاوانی تاوانبارێک، بووە هۆی بەرزکردنەوەی شکۆ و سەروەریی و خۆڕاگریی گەلێک، کە بارتەقای ئاسمان و زەمین بریندار کراوە و چەوسێندراوەتەوە.

شایەتحاڵ و بەڵگە و ئاسەوارەکان بوونە ڕەشەبایەکی بەهێز و تۆزی سەر تاوانە نیشتووەکانیان ڕاماڵی و ڕاپێچی بەردەم دادگا و یاسایان کرد.

عەجاج دەیویست لەژێر ڕووخسارێکی شاراوەوە هاوشێوەی پیرە پیاوێکی بێوەی ژیان بکات و کۆتایی تەمەنی بە خێر بێ، بێئاگا لەوەی تیشکی ڕاستیی و زیندوویی خاکێک، چاودێریی کڕکەوتنیان دەکرد و لێنەگەڕان تا ڕاستییان نەسەلماند و، حاشایان لە زاری سڕ نەکرد.

ئیدی ئەو تارماییەی ساڵانێک نەدەبینرا، ڕاوکرا.
ڕۆحە کوژراوەکانی بیابان ئاسوودە بوون.
ئیدی پەتی سێدارەدان بیری فاشیزمی عەجاجی ستەمکار بۆ ئەبەد دەکاتە گۆڕەوە و، لەسەر کێلەکەشی، پەڵەیەکی ڕەش لە مێژوو بۆ لەعنەت کردن جێدەهێڵێ.

ـــــــــــــــــــــــ
ڕەنگین مەلا سەمەد
نووسەر و ڕۆژنامەنووس

وتارەکە بە دەنگی..




میهری (میهرەبان ساڵەیی) لە دەقە شیعرییەکاندا!.. ڕەنگین مەلا سەمەد

ئەو ژنەی ئازاری شەرمەزار کردو ژیانی ژیاندەوە‌

بۆ جوانبینی خانمێکی تر، قەڵەمم ڕاسپارد وەکو خۆی بینووسێتەوەو پێناسەی بکات، ئەو خانمە هێندە پڕە لە وشە هیچ تاڤگەیەک بەری پێ ناگرێت.

ئەو ! زمانی ئازارەکانی ژنبوونە، کانیی میهرەبانییەو چیرۆکێکە ڕاستەقینە، ڕۆمانێکە پڕە لە پەندو واقعییەت و ڕاستگۆیی و مرۆڤدۆستیی و خۆبوون، چەند لێی بخوێنیتەوە هێندە چێژی لێ وەردەگری،
وشەو قسەو دێڕو دەربڕینی، چەشنی نمەی بارانەو گوڵ ئەڕوێنێ، ڕۆح ئاسوودەو ویژدان زیندوو ئەهێڵێتەوە.

ئەو( با)یەکە بەنێو دارستانێکی پڕ نهێنیدا گوزەر دەکات، کاتێک دەجوڵێت، وەک گەڵا وشکەکانی پایز وشە ئەوەرێنێ و ئازار لەگۆڕ دەنێ.

کەم ئەدوێ و زۆر دەبیستێ، کاتێک دەست بۆ قەڵەم دەبات، ئاسمان لە بەردەم مەزنیی دەربڕینی بێدەنگ دەبێ، ‌ئەستێرەکان چاوکراوەتر دەبن.

کاتێک قەڵەم دەگرێ، شوێنێک ناهێڵێتەوە لە بۆشاییدا،
ڕۆح بە بەر هەموو وشەکان دەکات و، دێڕەکانی ئاوێنە ئاسا مرۆڤایەتیی نیشاندەدەن.
نەرم دێتە گۆ، بەڵام توند ئەیپێکێ،
هەر شیعرێکی! برینێکی سەر جەستەی و تاڵیی ژیان و ژنبوونییەتی، خەم هەمووکات وەک مناڵێکی لاسار بەرۆکی گرتووەو گیرۆدەی دەستی واقعێکی تاڵی کردووە.
ئەو بۆ داهێنان و جوانیی دروستبووە، هیچکات ڕادەستی دۆڕانی گەمەی ڕۆژگار نابێت،
چانسی ژنێتیی ئەو، قەڵەمە پڕ بڕشتەکەیەتی کە بیرو ڕۆح و ڕووانینی وێنا دەکات و بووەتە گەوهەری گەردنی ناسکی.

گەرچی میهرەبان لاوەو خاوەنی هیچ کتێبێکی چاپکراو نییە، بەڵام بەرینیی هزرو حەوسەڵەی قەڵەم و جوانیی نووسینی و مەودای ڕۆشنبیرییەتی تا کەشکەلانی فەلەک باڵایە، گەردوون ئەم بەهرە نایاب و سروشتییەی بە شایستە زانیوە.

جۆرێک دەنووسێ، تامت پێدەبەخشێ و تێربوونت لێ دەسێنێ، ئیشتیهای چاوەڕوانیت دەکاتەوە، تا تامەزرۆی دەقە شاراوەو پەنهانەکان بین،
ئازار ئەوی کردووەتە قەڵا،
بە وشەکانی تابلۆی دونیایەکی جوان دەکێشێت و بە دێڕەکانی دونیایەکی تاریک ڕووناک دەکاتەوە.

هاوڕێ و هاودەمی، کتێب و پێنووس و تێنووسەکەیەتی
ئەو دەزانێ چۆن هاوارو ئازار لە تێنووسێکدا بەبێدەنگیی بنووسێتەوەو، بۆ باسکردنی ڕازەکان متمانە بە پێنووس بکات و، بۆ بێباکبوون لە تێرکردنی هزریش کتێب بکاتە هاوڕێی هەمیشەیی.

میهرەبان بەڕادەیەک هۆگری مرۆڤدۆستییە، پێیوایە تاکە عیبادەتە کە پێویستە هەموو مرۆڤەکان پەسەندی بکەن، ئایینی ئەو مرۆڤایەتی و عیبادەتیشی پەیڕەوکردنییەتی.

بۆ سەلماندنی ئەم جوانییانەی (میهرەبان ساڵەیی) نموونەیەکی شیعریی ئەوم بە ناوی ( با ئیدی بزانی کێم)م هەڵبژاردووەو بەوردیی شیکردنەوەم بۆ کردووە..

لەژێر باری خەما بوونییەتی خۆی بە پیتەکان ئەسپێرێ و هەر ئازارێکی لە وشەیەکدا دەردەبڕێت، ئەو خۆی دەناسێ کە کێیە، بەڵام لەگەڵ ئەو کاڵفامەدا دەئاخڤێ، کە سنووری جوانیی و جیاوازییەکانی بەزاندووەو پیرۆزییەکانی ڕەتکردووەتەوە.
ئەو پێنووسی کردووەتە سەلمێنەری بەهای کەسێتیی خۆی و، بەرامبەری کە ناحاڵییەکە، پێ ئەشکێنێت.
میهرەبان دەروونی خۆی خەمناکانە دەکاتەوەو لێزانانە دێڕە قووڵەکان بۆ گوزارشتکردن لە گلەیی و توڕەبوونەکانی دەنووسێتەوە، جوانیی ئەو لە چۆنییەتی دەربڕینەکانییەتی، کە ژیرانە ناخی هەڵەڕێژێ و هێمنانە بەرامبەرەکەی سەرکۆنە ئەکات.

میهرەبان پێیوایە بەڕادەیەک شکاوە، هەمووجارێک گۆڕەشار دراوە بۆ ئەوەی فەرامۆشبکرێ و بەو ئازارەوە بتلێتەوە تا ئاستی لەناوچوون و چوونە ژێر خاک.

لەبەر ئەوەی کاڵفام بوویت،
کوفری بەراوردەکانت کردو
منت گۆڕەشاردا

ئەم خانمە شاعیرە جۆرێک ڕۆحی ئازاردراوەو شکێندراو تا ئاستی وردوخاشبوون، قسەکانی ئاراستەی ئەو کەسە دەکات کە نەیتوانیوە میهرەبانی و هەقی ژنێتیی پێ بدات و پیاوانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، موتڵەقانە دێتە قسەو ئۆقرەی نامێنێ، بێمنەتانە بڕیار دەدات لەوەی که چیتر نابێتەوە بەو مرۆڤەی پێشووتر هەبووەو، هەرگیز جارێکی تر دەستی تەڕی پڕ ئەوینی ئەمی بەرناکەوێت، کاتێک دەڵێت (کاسەی سەرم کوڵا) مەبەستی لەو ئازارەیە کە چەشتوویەتی بەهۆی نەبینین و نەخوێندنەوەی هێزو خۆڕاگریی و، بێڕێزیکردن بە نرخی مرۆڤبوونییەوە، هۆش و بیرو عەقڵی لە تێنەگەیشتنی بەرامبەر لە ئاستی، وەڕسبووە.
دەڵێ: حەسرەتی خۆشەویستیم بەهۆی قەدرنەزانینمەوە پووکایەوە، هەڵکردنی میهرەبان لەگەڵ ئازارو بێباکییەکان وایکردووە گەردوون هەستی پێبکات و لێی حاڵیبێت، وایکردووە ئاسمان کە زۆر بەرینە، سەبری ئەو کارەساتە پڕ لە تراژیدیایانەی نەمێنێ و تووشی ڕامان و بێهیوایی ببێ، دەڵێ:ئاسمان و گەردوون لێم گەیشتن کەچی تۆ هەر تێنەگەیشتی.
ئەپرسێ تۆ ئەزانی بەم ناحاڵیبوونەت چیت کرد ؟ مەبەستی هەڵەو دڵشکان و ئازارو خەمەکانییەتی کە پێیداوە.
چیشت نەکرد؟ مەبەستی پاساو هێنانەوەو باشکردنی دڵی بوو بەرامبەر کارەکانی بەڵام نەیکرد، لەکاتێکا ئەبوو دڵی چاک بکاتەوەو وەڵامی بۆی هەبووایە بەڵام نەیبوو، نەیکرد.

نابمەوە خۆم و، نامبینیتەوە چیتر نزیکت بم
کاسەی سەرم کوڵا هێندە بڵێم لاواز نیم
تاسەی ئەوینم پژا، ئەوەندە بڵێم نرخم بزانە
گەردوون جوڵەی گۆڕا لە بێ مەیلیت
ئاسمان دۆش داماو تاقەتی چوو
لێ تۆ هەر حاڵی نەبوویت
تۆ ئەزانی چیت کردو
ئەشزانی چیت نەکرد؟

میهرەبان دڵی بە عەقڵێکی تەپیو شکێندراوە، لە لۆمکردن هێندە لێزانانە ئەنووسێ، ئاگری دڵی بە دەربڕینی وشەی قووڵ نەبێ دانامرکێتەوە، لۆمەی ئەوە دەکات کە میهرەبانیی چەندە جوان و پێویستە، بە دڕندەیی وەڵامی دراوەتەوەو مامەڵەی لەگەڵدا کراوە،
هەست بە گاڵتەجاڕی و، سۆزیش بە شێتیی لێکداوەتەوە، بەهۆی ئەم جۆرە ڕەوتارانەوە هەزار خەونی سەوزی ژنبوونی لەگۆڕناوە،
لەبەرئـەوەی هێمایە بۆ ژیانەوەو جوانی و، ئاماژەیە بۆ گەشەکردن و باڵایی، بۆیە لەگەڵ خەوندا وشەی (سەوز)ی بۆ هیواو ئاواتە ڕەنگاوڕەنگەکانی بەکارهێناوە.
ئەمە لێکدانەوەی کۆمەڵێ خووی بەرزو پەسەندە کە پێچەوانەکەی کراوە بە کردار،
ئەمەیە وایکردووە هەرگیز نەبێتەوە بەو مرۆڤە زیندووەی کە دەمێکە بە دەستی هەستکوژێک شەهید بووەو، دڵنیایدەکاتەوە لەوەی نابێتە ئەوەی پێشووتر متمانەی پێکردووەو پێیدەڵێ خۆشەویستیت بەسەرچوو، کۆتاییهات.
بۆ ئەمەش ئەو پەندەی هێناوەتەوە کە دەڵێ: (کنگرو ماست لە وادەی خۆی) مەبەستی لەوەیە هەموو شتێک لە کاتی خۆی پێویستە بکرێت، نەک بیرلێکردنەوەی لە کاتێکی هەڵەو بێ بەهادا.
میهرەبان لێرەدا مەرگی سۆزو ئەوینێک ڕادەگەیەنێت کە بە هەڵە هەڵیبژاردووە، ئازادبوون و سەبەخۆیی خۆی وەردەگرێت لەو ئەوینەی کە ببووە شکست بۆ خەونەکانی.

بەراوردی میهرەبانی بە دڕندەیی و
هەست بە گاڵتەجاڕی و
سۆز بە شێتی کردو
هەزار خەونی سەوزمت زیندە بەچاڵ کرد
نابمەوە خۆم و نابیتەوە ئەوەی هەبووی لەژیانم
ئەوینت گوزەشت
وەک ئەوەی ئەڵێن کەنگرو ماست لەوادەی خۆی.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ڕەنگین مەلا سەمەد
نووسەر و ڕۆژنامەنووس




گوزەرێک بە نێو دێڕە شیعرەییەکانی ( کەژاڵ عەلی ) و ئاشنابوون بە جوانییان.. رەنگین مەلا سەمەد

لە گوزەرکردن بەنێو دێڕە شیعرییەکانی خانمە شاعیر ( کەژاڵ عەلی)دا هەوای شاعیربوونیت بەردەکەوێ، لێکدانەوەیان! ئاسۆیەکی ڕوونی شیعرییت پێدەبەخشێت، خەیاڵت بۆ لێکدانەوەی پیت و وشەکان پەلکێشدەکات، لەزەت و چێژی جوانیی و تێمای شیعرییت پێدەبەخشێ، ئەو بە سادەیی دێڕەکان دەرنابڕێ، بەڵکو هەڵوەداو ماندووت دەکات بۆ مانا هەقیقییەکەی خۆی، بێدەنگ و کەمدووە، بەڵام دونیایەکی بەرینە لە وشەو داڕشتن، دوورەپەرێزیی ئەو بۆ باشتر پێشکەشکردنە نەک خۆحەشاردان، سادەیە لە کەسایەتیی بەڵام دەوڵەمەندە لە بیرو دەربڕین و خەیاڵی ئەرێنی، ئەو! کاتێک دێڕەکان بەسەردەکاتەوە بۆ پێکهێنانی دەقێک، قوربانیی بە هەندێک لایەنی ژنێتیی خۆی دەدات بۆ ئەوەی دەقێکی ڕچەشکێن و داهێندراو بونیادبنێت و، گەمەیەک لەنێو کلتوورە زاڵەکان و خەیاڵە قەتیسەکان ئەنجامبدات، مەیلەکانی ئەو بۆ شیعرو شاعیربوون مۆرکی ڕەسانەیەتی پێوەیەو بەرگێکی سەنگینی شیکی بەبەردا کراوە، ئەو! هیچکات لە خەیاڵی لادان لەم بەرگەدا نییەو، کردوویەتی بە پۆشاکی شیعری هەمیشەیی
لای ئەو شیعرو ئەدەب گەنجینەیەکی ڕۆحیین و ئامادە نییە دەستبەرداریان بێت، وێنەی شیعریی ئەو پانتایەکی بەرینی داگیرکردووە.
ئەو ژیرە لە هەڵبژاردنی وشە شاراوەکان، دەریاندەخات و بەکاریاندێنێ، تا ئاستی پەیبردن بە هەموو جوانییەکانی ناوەڕۆکیان دەتبات، ئەو ناوەستێت، بەردەوامە لە گەڕان بەدوای دەقە نەبیستراو و نەوتراوەکان، دەیاندۆزێتەوەو بەرچاویان دەخات
لە ئاست پێناسەو هەڵسەنگاندنی قەڵەمەکەی تووشی شۆکت دەکات، هێزی ژنێتیی ئەو بۆ بوون، هێندەی ئاسمان و زەمینە
پێناسەو خوو و باس و خواسی کەژاڵ عەلی لە شیعرەکانیدا دەبینرێت، چون هێمن و هەیمەنەو کەسایەتیی ڕەونەقدارەو هاوشێوەی تیشکێک ڕەنگدانەوەی لەسەر ناوەڕۆک و فۆڕم و دەقەکانی دەبینرێت
کەژاڵ! بە شیرینی وشەو سەنگینی دەربڕین و سەلیقەیی لە تەکنیک، تاڵیی لە بیر دەباتەوە،
جوانیی دەبەخشێتەوەو ئازارەکان پێچەوانە دەکاتەوە.
ئەو جۆرێک دەنووسێت، ئەندێشە هاوشێوەی( با ) ئاراستە دەکا، گومان بۆ جوانبینی و داهێنانی ژن وەک گەردەلوول ڕادەماڵێ، ئیلهام بۆ بیرکردنەوه وەدەست ئەخات
هەروەک شاعیرو نووسەر کەژاڵ نوری لەبارەیەوە دەڵێت، کەژاڵ عەلی فەرهەنگێکی بێدەنگە.
ئەو پڕە لە قسەو زمانێکی نەرمی هەیە لە دەربڕین

لە شیعرێکدا کەژاڵ عەلی بە ڕەهەندێکی قووڵەوە وێنەی سۆزو ناخی پڕ خۆشەویستی خۆی بۆ عەشقێک دەکێشێت کە لێی ونبووەو ناتوانێت خۆی تێدا بدۆزێتەوە، لەکاتێکدا تەفسیری تاسەو تامەزرۆیی عیشقی ئەم بۆ ڕۆحێکی ونبوو، پڕە لە نائومێدی و چاوەڕوانی و بەربەرەکانێ بۆ ئەو عەشقەی کە وەک باران بەسەریدا دەبارێ و زیندووی دەکاتەوەو بەردەوامیش بەرەو ‌مەحاڵی دەبات،
لێوی تەڕی پێ ئاو دەداو نوقمی حەسرەتی تێربوونی دەکات.
لە سروشتدا وێنەی عەشقی کێشاوەو با و باران و هەورو گەردوونی کردووەتە ڕەمزی عەشقێکی نەرم و بێگەردو ڕۆحیی.

راوەدووی بای دەنا
سەری لە گێژی باخچەدا
لێ جێ ما ، باران .

شەری گەردوون دەکەم
بەس هی تۆم پێ ناکرێ
کەدێی وەک باران
لەچاو ترووکاندنێکدا
شەلالم دەکەی بە دەسرێژی ئەشق .

تێکەڵبوونی کۆمەڵێک واتای وەک باران و مۆسیقاو بۆن و خەون و ئەرخەوان، هەستێکی ناوەکیی بزووێنەر ئەخوڵقێنێ لە عەشقێکی پەنهاندا کە پڕە لە هێمنی و جوانی و شکۆ، ئاوازێک ئەچڕێ کە عاشق مەست و سەرسام دەکات، وێنەیەکی شیعریی وا دەدات بە دەستەوە، کە ڕووی ڕاستیی عەشق دەردەخاو هێمای جوانیی عەشقی ڕۆحیی دیاریدەکات
ئەم جۆرە دەربڕینەش لە ئەنجامی لێوردبوونەوە، هەستەکان لە توڕەییەکی تەواو ڕووکەشەوە توڕ دەدات و بەرەو هێوربوونەوە ئاراستەیان دەکات،
بەهۆی بۆنی عەشقی ڕاستەقینەوە، ڕۆحی پەیوەست و پەلکێش دەکات.

کە دێمە بەر نمەی شەرەکانی تۆ و
مۆسیقای بەخوری ئاو
لە خەونێکی ئەرخەوانی یاخییەوە
دەبم بەپلینگێکی چنگ بەبارانی
عاشق
دێم بۆن بەرووحتەوە دەکەم .

شاعیر وێنایەکی جوانی ناخی خۆی تێکەڵ به تێکەڵەیەک لە سروشتی باران و سەرماو هەور کردووە، پێیوایە ئەو بارانەی کە سەرما لەگەڵ خۆی دێنێ و پێیەکان ئەتەزێنێ لەگەڵ گرمەو بروسکەکانی هەوریش سەما بە دەستە سڕو ڕچاوەکان دەکات.
ئەمەش پیشاندانی وێنەیەکە، کە خەمەکان دەڕەوێنێتەو ئازارەکان دەکاتە هیوا.
شاعیر پێیوایە باران ئاسوودەیی خۆی لە هەنسکی ئەودا دەدۆزێتەوه، باران ئاوی ئیلاهییەو هەنسکی ئەمیش فرمێسکی دووری یارە، هاودەنگیی و هاودەمییەک لە نێوان خۆی و باراندا بەدی دەکات بۆ هاوسۆزی و هاوڕێیەتی، هەنسک و باران دەکاتە هاودەم و هاوڕێی یەکتر.

پێیەکانی تەزین، باران
بەدیار چەپڵە بارگاوی یەکانی هەورەوە
دەستی سری کانوونەکانی گرتووە و
سەما دەکا .
وەک دلم لای ئەو بێ
سەری بە کەڤالی هەنسکم کردوە
باران .

بەکارهێنانی دوو دەستەواژەی پێچەوانە، کە ئەوانیش (منداڵیی و گەورەبوون)ە، پێناسەی ژیانی دوو وێستگەی جیاوازی تەمەنی شاعیرە لەو ساتەوەی کە هەستێکی منداڵانەی تێدابووە تا گەورەبوونی ئەو هەستە لەگەڵ خەمەکانی ژیانیدا.
منداڵیی، وێستگەیەکە ناخ تیایدا هێورەو خەم ئاڵۆزی ناکات و فرسەتەکانی لە کیس نادات.
بەڵام لە گەورەبووندا شەپۆلی بێئومێدیی، تاڤگەی ئاو
هەرچەندە تەڕە، مرۆڤ تووشی هەڵقرچان و وشکبوون دەکات.
لەم جەنجاڵییەش کە پڕە لە خەم و نائومێدی و حەسرەت، باران هەرچەندە دەنووکی نییە هاوشێوەی باڵندەیەک هەستەکانم بریندار دەکات.

منداڵیم ،
سێریز تریقانەوەی بارانی دەهۆنییەوە ،
تەر نەدەبوو .
گەورەییم، لەبەر تەوژمی
بێهومێدی تافاو
زەمەن وشک دەکاتەوە .
سەرم پر بوو لەجریوە
دەنووک لەگۆی ئیحساسم گیر دەکا
باران .

وێنەکان لەم بەشەی کۆتادا ترسی تیا بەدی دەکرێت
ترس لە هەڵخەڵەتاندن، ترس لەو بێزارییەی کە بەرۆکی پاکی بێئاگای یاری گرتووە، ترس لەو دەرفەتەی کە باران قۆستوویەتییەوە بۆ ئەوەی دڵی یاری پێ بخاتە نێو بۆسەو پیلانی داڕێژراوی ئەو بارانەی کە دڵۆپ دڵۆپ لە پەنجەرەی دەداو لە نهۆمی حەوتەمی (با)وە دەیەوێت بێ پرس، خۆی بە باوەشی پڕ سیناریۆی باراندا بکات، باران کە وەکتر ڕەمزێکەو بە دیوێکی جوان واتا ئەبەخشێت، لێرەدا شاعیر بە گومانەوه باسی لێوە کردووەو هاوشێوەی دێوەزمەیەک لێی دەڕوانێت و ترسی لە بوونییەتی.

ئەوەندە دێتە بەر پەنجەرەکەم
دڵۆپ دلٶپ ،
دەترسم ،
لەنهۆمی حەوتەمی باوە ،
بکەوێتە باوەشی سیناریۆی
بارانەوە ، دڵم

رەنگین مەلا سەمەد




تەڵعەتی جوانیی (تەڵعەت)ێــــک.. ڕەنگین مەلا سەمەد

پێمخۆشبوو وەک خانمێک تەنیا خوێندنەوە بۆ جیهانبینی و تێڕوانینی شیعری خانمان نەکەم بەڵکو قەڵەمەکەم بۆ شیکاریی و وردبوونەوە بەنێو دەقە شیعرییەکانی پیاوانیش بخەمە کار.
جیاوازییەکان، ڕووئیاو بۆچوون و ئیلهامەکانی هزرو ڕۆح وەدەردەخەن، کەسایەتییەکان پێناسە دەکەن، ئاراستەو ئامانجەکان دیاریدەکەن، بۆ ئەمجارەیان قەڵەمەکەم ڕوو لە بەحری نووسین و ئیلهامی پیاوێکی جواننووس و هەست دانسقە دەکات و بە پۆشینی بەرگێکی ئەدەبییەوە مەلەی تێدا دەکات، ئەویش (تەڵعەت تاهیر)ی پڕ میهرە لە دونیای ئەندێشەو واقعدا.

تەڵعەت تاهیری جواننووس کاتێک دەقێک دێنێتە بوون، لەبەر شەوقی جوانی و ناواخنی وشەکانی خۆت پێ ناگیرێ بۆ نەخوێندنەوەی، لێناگەڕێی تا نەگەی بە هەقیقەتی مانای شیعریی
هێندە بەسەلیقە دەست بە وشەکانەوە دەگرێت تا ئاستی فەنابوون دەیانبات،
بە دێڕەکان ئەوین دەبەخشێتەوە،
پیتەکانی سەکۆن بۆ تێگەیشتن لە پەیامی عیشق و پیرۆز ڕاگرتنی، دەقەکانی واتلێدەکەن ژیرانە وێڵی گەڕان بەدوای ئەوینی ڕاستەقینەبی.
دەقەکانی هەمیشە زیدوو و نەمرن، بەجۆرێکن ئاوانابن هەردەم هەڵدێن، ئەو لێچوون و دووبارەکردنەوە هەمووکات ڕەتدەکاتەوە، حەزێکی عینادی بۆ نوێوتن و نوێ دەربڕین هەیەو هەرگیز ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو خووە ئەرێنییەی خۆیبێ، لەمەشیاندا هەمیشە براوە بووە نەک دۆڕاو.

لە بەشی یەکەمی تێکستەکەی تەڵعەت تاهیردا خەمی لەدەستدانی کات و زەمەن و دەرفەت هەیە، دوورکەوتنەوەو دابڕان و یادو یادەوەریی، تێماو ڕوانینی وێنەی شیعرییەتی لەخۆگرتووە، زەمەنە پەراوێزخراوەکان هیچکات دەرفەتی پێکەوەبوون و ئاسوودەیی و خۆشبەختیی و لێکگەیشتن و پێکگەیشتنیان پێ نادرێت، جوانییەکان، یادەوەرییەکان، سەوداو ئاوێزانبوونەکان، خۆشبەختییەکان، ئومێدیان لەسەر هەڵناهێنجرێت، لەنێو ئاسوودەییەکی لەدەستچوودا نغرۆی ئەوینێکی بەسەرچوو دەبن، ئەوکاتەی ژیان سەرگەرمی تێکەڵبوونە لەگەڵ مرۆڤ، ڕۆحەکان تینوو و پەلەقاژێیانە بۆ گەشەکردن لەنێو ژیانێکی تەنراو لە ململانێ و سەخت و غەددار، باشییەکان بەهایان بۆ دانانرێت و تەنانەت هەڵگرتنیشیان لە یادو یادەوەرییدا بەر زریان و تۆفانی زەمەنی بێوەفا دەکەوێت و ڕاپێچیان دەکات بەرەو ونبوون و ناشتنیان بۆ ئەبەدییەت هاوشێوەی ڕەگی ناوی (نسیان) کە مانای ئینسانی لێوەهاتووەو ئەسڵییەکەی خۆی فەرامۆشکراوە.

رۆیشت و عەسرێک بەیەکەوە چایەکمان نەخواردەوە..
لە وێنەیەکی کۆنی ھەولێردا بینیم
ئەو گەڕەکەی ئێستا تیایدا دەژیت، کێڵگەی گەنم بوو، تا چاوبڕکا گیا لەوێنەیەکی وەستاودا دەلەریەوە، لەوانەیە شوێنی خانووەکەتان لەوێ ساباتی چا خواردنەوەی عەسرانی خێزانێکی جوتیار بووبێت.
کات تێپەڕی و جوتیار و سابات و گەنم، زەمەن ھاڕی و لەیادەوەریشدا بەربوونەوە.

خەمی داهاتوو هەمووکات بە تەوێڵی بڵندی تەڵعەت تاهیرەوه دیارکەوتووە، خەمی دۆزینەوەو پەیبردن بە جوانییەکان و دۆزینەوەی خۆشبەختیی ئەوکاتی ڕابردووی شۆخەکەی کە ئێستا بەدویدا وێڵەو عەوداڵی گەڕاندنەوەو سۆراخکردنییەتی، هەموو کۆڵان و گەڕەکەکان، لەبری ئەوەی ئێستا ئەوی لێبێت، یادگارییەکانی لێن، کەسێکی لە ڕووخسار جوان و لە ناخ شەکەت و خەمباری بەئازاری هاوشێوەی ئەوی لێیە وەک تاقە گوڵەی کە دەبێتە دەرفەتی کۆتایی تەمەنی و بژێویی بۆ ژیانی کەسێکی ترو قوربانییدان.

خەمی ئەوەمە، دەزانم لە وێنەیەکی داھاتوودا، پاش سەد ساڵێک، کەس نازانێت کەسێک لەم خانووەتان دەژیا بەناوی تۆوە، کەسێکی جوان و خەمبار، خەمبار وەک ئەو تاقە گوڵەی بەتەنیا ماوەتەوە لەناو سەبەتەی گەنجێک لە ترافیکدا دەیفرۆشێت.
ئەو هەسارەیەی تۆی لێیت
پاش چەند جارێک سووڕانەوەی ئەم ھەسارەیە: قەڵات ناوی ئێمەش دەخاتە تۆمارە ونەکەی سەنحاریبەوە.. زیندوێتی قۆڵی سڕبووی بەھێواشی لەژێر سەرماندا دەرھێناوە..
کۆڵان ماوە و من نەماوم بێم، سەعات لەبازاڕ دەمێنێ و مەچەکت نا، ملپێچ لەدوکانەکاندا ھەیەو گەردنت نا.

ئەو گازندەیەی تەڵعەت تاهیر لە خەڵکیی بێ مەڵامەت نییە لە ئازارو ژان، لە دەربەست و بێدەربەست، لە باشیی و خراپیی، خۆشبەختیی و بەدبەختیی، بیرکردنەوەو بەراوردکردن لەنێوان هەبوون و نەبوون، چاک و خراپ، باشییەکان و خراپییەکان، ئەو هاوکێشانەیە کە هەردەم بۆ دۆزینەوەی شیکارییەکەیان سەرقاڵدەبێ تا بیکاتە قەسیدەیەک بۆ ناسینەوەی جوانیی ئینسان و بەها ئینسانییەکان لەڕێی پەیبردن بە نیعمەتە پێدراوەکانەوە
ئەو! خەڵکانێک مەبەستییەتی کە تەنراون لە نیعمەت و بەرەکەت و چێژی ژیان گەیشتووەتە سەراپای باڵایان و لەوپەڕی نازو نەوان، کەچی لە بنەڕەتتدا ڕۆحیان تینووی قومێک ئەوینەو بێخەمبوونە لە چەشتنی ئەو ئاسوودەییە، هیچکات لە بیری هەڵمژینی هەوای خۆشبەختی و چێژوەرگرتن لە ڕۆژە تایبەت و دووبارەنەبووەکان نەبوونە، بێ شک هیچ خۆشبەختییەکیش بەرامبەر ـەوە نییەو نابێ کە لە گەڕانەوە بۆ خەونەکانی منداڵیی وەدەستتدەکەوێت،
ئەمەش لای هەندێک لەگەڵ گەورەبووندا دەبێ و لای هەندێکیش بێ نرخ و وەک نەبوو هەژمار دەکرێت.
خەڵکی بێ ئاگا لە ژان و ژیان هیچکات گوێی بە نیعمەتەکان نەداوە، شەیدای زەڕڕەیەک لە پەیداکردنی ئەوین نەبووە، تامی خۆشبەختی و ڕۆژە تایبەتەکانی نەچەشتووە، چاوەڕێی ئەوەی لێ ناکرێ مەیلی بۆ خەونێکی مناڵیی بگەڕێتەوە

خەڵک کولیچەو شەربەتی مێووژ دەکڕن و منیش لە گۆڕێکدا بۆ بیستنی ئایەتێک چاوەڕێی بەرەبەیانی جەژنانم..
کە بیردەکەمەوە شانە لە پرچت بەتەمەنترە.
چەرخی ھەڵواسراوی تەنیشت تەباخەکەت لە پەنجەت زۆرتر دەژی.

پێشبڕکێی زەمەن خۆشبەختی و ئاسوودەیی ئەتۆرێنێ، چونکە چینەکان لە ژیاندا دیاریکراون و هەریەکەو بەشی خۆی پێدراوە، بێهێزت دەکات و ماندووی دەستی ڕۆژگارت دەکات، ڕۆژگار خەم و ئازارەکان کەمناکاتەوە، کاتێک باسی پارچە تەنەکەیەکی بەر ماڵی ئەوینە ونبووەکەی دەکات کە ئێستا هەموو خەمی دۆزینەوەو سۆراخکردنییەتی، کە زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی ماڵان دەپارێزێت، ئەو زەنگەی کە دەنگی هەرگیز کپناکات و ون نابێت، هاوشان لەگەڵ ئەو پێکەوە گرێدانە نەبوونی دەنگی شۆخەکەی کە بۆ هەمیشە ونە گازندەیەکی واقعییانەو شیاو دەکات، توڕەیی خۆی لەو ونبوون و نادیارییە دەنوێنێت و ناڕەزاییەکی دروست و شیاوی باس دەردەبڕێت و، شەکەتیی خۆی لە گەڕان بەدوایداو نەدۆزینەوەی بۆ ئەبەد دەردەخات و بە نائومێدییەوە بەو جۆرە دوا قسەی خۆی بە پەیام بۆ دەنگێکی ونبووی ئەبەدیی دەنێرێت کاتێ دەڵێت، ئازیزم تا دەرفەت بوو پێکەوە وەک دوو ئەویندار عەسرانێکمان نەکرد بە ژوان و (چــا)یەکی تێدا بخۆینەوە.

لەپێشبڕکێی زەمەندا گوارە لە گوێت دەباتەوە.
جانتا لەپێستت و عەینەک لەچاوت و پێڵاو لە قاچت نەمرترن، کە دڵنیام ئەو پارچە تەنەکەیەی جەرەسی بەر دەرگاتان لەباران دەپارێزێت دەمێنێتەوە و دەنگت ونبووە:
لەخۆم و دنیا توڕە دەبم، تا دەرفەت ھەبوو ئازیزم..
عەسرێک بەیەکەوە چایەکمان نەخواردەوە.
ــــــــــــــــــــ
تەڵعەت تاهیر
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ڕەنگین مەلا سەمەد
نووسەر و ڕۆژنامەنووس




ئاوێزانەکان لە (ئاوێزانێک)دا چڕدەبنەوە.. ڕەنگین مەلا سەمەد

کاتێک دەقێکی ئاوێزان نوریی دەخوێنینەوە، هەستمان تژیدەبێ لە ئەوین و خەیاڵمان بە نێو گۆشەکانی جوانبینییەوە شۆڕدەبێتەوە، ئازا دەبین لە هەڵگرتنی پێنووس و ئازاد دەبین لە بیرکردنەوەو ڕامان لە هەڵبژاردنی دەقەکان و قووڵبوونەوەو گوزەرکردن پێیاندا.

ڕۆح و هەستی شیعرنووسینی (ئاوێزان نوریی) هەمووکات بۆ هەڵبژاردنی دەقەکان و نووسینەوەیان سازو ئامادەیە، ماندووی گەڕان و داهێنانە بۆ هێنانەبوونی دەقێکی زیندووی تژی لە هەست و نەست و، شکۆدار لە پێوەرو هەڵسەنگاندن.

دونیابینیی ئەم خانمە شاعیرە پڕ هەستە لەوپەڕی فراوانییدایە، بۆ تێگەیشتن لە وشەو فۆرم و ڕەهەندەکان، تامەزرۆو تینووی قوومێک هۆنراوەی ئەوینە، ئەو هێندە بەئاگاو هۆشیارە لە ڕاکێشان و هۆگربوون، پەی بە هەموو شیعرگەلە چێژبەخشەکان دەبات، لێزانانە ئاوێزانی دەقەکان دەبێت، باوەشی شیعریی ئەو هەمووکات پڕە لە هەست و سۆز، قەڵەمی ئەو لاپەڕەکان بە عەشق و ئەوین و ناز پڕدەکاتەوەو شوێنێک بە بەتاڵیی ناهێڵێتەوە، نازی سازی ئەو خوێنەرانی گۆشکردووە، بۆیە ناهێڵێت تووشی زیزبوونی ڕۆحیی ببن، چاوی شاعیرانەی ئەو هەردەم لەسەر خوێنەرانییەتی و، بۆ باشتر تێگەیشتن لێیان وەنەوز نادات.

ئەو هیچکات نایەوێت لە چوارچێوەیەکدا خوول بخوات و دەق بگرێت، نایەوێت مەیلی تێری خوێنەرانی بە دوورکەوتنەوەو داکشان لەو هەستە لەقاڵبدراوەی برسیی بکات و بتۆرێنێ، ئەو بە داهێنان لە وێنە شیعرییەکانی، سات بە سات و چرکە بە چرکەو ڕۆژ بە ڕۆژ وێنەی تازەو هەستێکی نامۆی ژنانەی خۆیمان پێ پێشاندەدات.

ئیحساسییەت و جوانبینیی و خەیاڵدانی ئەو دونیایەک سۆزی لێ ئەچۆڕێ و ئاوازی لێ دێتە بوون، دەربڕینی ئەو ژان و ئازاری ژنێتییمان ناهێڵێت، بێ گوێدانە سنووربەزاندن بەنێو دەقە ورووژێنەرەکاندا تێئەپەڕێ،
سڵناکاتەوە لە لۆمەکردنی ڕوئیای پاشکەوتوو، ئەو مێژوویەکە لە دروستبوون و بەردەوامیی و هێزو هەوێن، ساڕێژێکە بۆ برین، سەکۆیەکە بۆ فێربوون.

بوێرییەکەی ڕێبازێکە دەتگەیەنێتە هەموو ڕێگاکانی هەقیقەت، تابلۆی پێنووسی ئەو هەمیشە مەستە بۆ کێشانی وێنەی شیعری خەیاڵیی ڕەنگاوڕەنگ لە فۆڕم و پڕاوپڕ لە دەرکەوتن، ئەو پەروانە ئاسا بۆ دەقەکانی دەسووتێت، عەشقی ئەو بۆ هەڵبژاردنی دەقێکی تەواو و دروست بێ کۆتایەو، ئیلهامی تەونکراوی پڕ سۆزی لەبن نایە.

ئەو مل بۆ ماندوویی نادات، سەرسەختانە ڕکابەریی لەنێو دەقەکانی لە باشبوون و باش نووسیندا دەکات،
خاوەن نەفەسێکی درێژی مێیینەیە لە تێکستەکانیدا، کە هیچکات قەتیس نابێت و کاریگەریی لەسەری دروست نابێت.

ئەوەی شیعری ئاوێزان نوری بەرچاوکەوێ یەکسەر ئەندێشەی ئارەزووەکانی جوانیبینیی وشە ڕەنگینەکانی هەڵدەبژێرێ و بە یەخەی خۆیدا هەڵیدەواسێ، گرێکوێرەی ئازارەکانی سینەی پێ دەکاتەوەو کوێرەوەرییەکانی ڕۆژگاری پێ ڕەنگین دەکات، ئەو نابەزێ، دیلی دەستی هیچ چەرخێکی سوڕاو نابێت.

ئەو ژیرانە هەڵسوکەوت دەکات و جوانییەکانی تێکەڵ بە دەمارەکانی کردووە، یاسای نووسینی ئەم خانمە شاعیرە بەجۆرێکە هەموو لەمپەرەکان تێکدەشکێنێ، ئەو ڕەنگێکە هاوشێوەی پەلکە ڕێزینە ڕەنگەکانی تر بۆ جوانی ئەنوێنێ.

وردەبینەوە لە سەرنجدان و لێکدانەوە بۆ ئەم دەقە شیعرییەی شاعیر کە ناوی وەرزی (بیرچوونەوە)یەوەو لە یەکەم کۆپلەدا دەڵێت:
با بەتەنیشت ماڵمدا تێدەپەڕێ و
بیری دەچێت دەرگاو پەنجەرەکەم بخاتە سەر پشت
بــــــــا بە تەنیشت مەنزڵگاو نشینگەکەیدا گوزەر دەکات کەچی بێئاگایە لە پەنجەرەو دەرگا داخراوەکانی ماڵی ئەو، با لە بیری ئەودا نییە، ئەوێک بە تەواوی دەرگاو پەنجەرەکانی ماڵەکەی خۆی داخستووە و وەکوو سیزیڤ بە دیار قەدەری خۆیەوە دانیشتووە. دانیشتووەو بیر لە خەمساردی بەشەرەکان دەکاتەوە، واوەتر دەڕواو دڵتەنگە بەوەی کە سروشتیش هەمان خوی بەشەرەکانی گرتووە و خەمساردانە و بێ ئاوڕدانەوە تێدەپەڕن بەلای دڵە پڕ لە عیشق و بریندارەکانا. ئەو گلەیی لە بەختی ژنێتیی خۆی دەکات کە چۆن لەگەڵیدا نایەت و قاچەکانی بۆ بڕینی شەکەت دەکات، بەجۆرێک ماندووە چاوی ئەوی شاعیر بۆ خەوێکی ئارام و ئاسوودە هەڵوەدایەو به ئومێدە بۆ خاڵیبوونەوەی پێڵوەکانی لە ماندوویی ڕۆژگارو، ئارامکردنەوەی دەروونی تێکچڕژاوی بۆ گەیشتن بە دیتنی خەوێکی قووڵی خۆشنوودیی بۆ ژیانی، خۆری بە ئاسۆو ئومێدو گەشبینیی چواندووە، بەوەی خۆر هەمیشە گەش و پرشنگدارەو، هەڵهاتنی بە ئاسمانی بەرینەوە نیشانەی ئاسۆڕوونیی و ئومێدەو ڕووناککەرەوەی تەواوی دونیای ڕۆشنە، ئەو پێیوایە ئاوڕنەدانەوە لە بەدبەختیی و ژنێتیی و تاڵیی گوزەرانی، سڵاوێکی پێویستە بۆ پڕکردنەوەی ناڕەحەتییەکانی و، گرنگیپێنەدانی وادەکات ڕۆحی وشبووی هاوشێوەی زەوی بۆ دڵۆپێک لە نمەی باران تینوو و تامەزرۆی ئەوین و سۆزبێ، خۆی بە زەوییەکی وشکبوو و بارانیشی بە سۆزی ئەویندارەکەی چواندووە کە ڕۆحی وشکی بە موحیببەت تەڕ دەکات، ئەو بەمجۆرە ڕووی دەکاتە یارو گازندەی لێ دەکات، چون یار جێیهێشتووەو ئاوڕی لێ نەداوەتەوەو لە دونیای پێدانی ئەوینەوە پێی، ئێستا بێنازی کردووەو ئەمی لەبیرچووەتەوە.

با بەتەنیشت ماڵمدا تێدەپەڕێ و
بیری دەچێت دەرگاو پەنجەرەکەم بخاتە سەر پشت
پێڵاوەکانم دەڕۆن و
بیریان دەچێت قاچەکانم لەگەڵ خۆیاندا ببەن
خەو بە بەرچاومەوە سەما دەکات و
بیری دەچێت بێتە سەر پێڵوەکانم
خۆر بە ئاسمانەوە هەڵدێ و
بیری دەچێت سڵاو لەتاریکی ژورەکەم بکات
باران بەخوڕ دادەکات و
بیری دەچێت چۆڕێک ئاو بڕژێنێتە گەروی تینوێتییەوە
یار دەڕوات و
بیری دەچێت بێتەوە

لە دووری یارەکەی دەکەوێتە دواندن لەگەڵ خودو بیر لە ڕێگای مردن دەکاتەوەو ژیان فەرامۆشدەکات، ژیانی خۆی و یارەکەی کە دونیایەک یادگارییان لێ بەرهەمهێناوە، لەتاو ئازاری ڕۆح و شەکەتیی هەست، لەبیردەکات، هاوشێوەی چیرۆکی باوکە ئادەم و حەوامان کە سەرباری بۆن و بەرامی ڕازاوەی ئەو ژیانەی پێیان بەخشرابوو لەبیرکردو، چاویان بڕییە ئەو سێوەی لێیان قەدەغەکرابوو، چیرۆکی خۆی و ئەوانیش بە وەرزی لەبیرچوونەوە دەچوێنێت و، لەبیرچوونەوەیەک کە هیوا بۆ بەردەوامیی ژیان و دەستگرتن پێوەی ناهێڵێت هاوشێوەی ئەو منداڵانەی کە خەمیان بۆ هەڵگژان بە ژیان و گەورەبوون، وایانلێدەکات تامەزرۆی پێگرتن و ڕێکردنبن، تا لە سایەی تێپەڕبوونی قۆناغەکان و ئەزموونکردنیان چێژی خۆشی و تەنانەت تاڵییش بچێژن، ئەو مودەیەک بە بێنرخیی و پەراوێزخراو لەقەڵەمدەدات، بێبەهایی لێکدەداتەوە، تەنیاو تەنیا لەبیرچوونەوە بە هۆکاری لەگۆڕنانی جوانییەکان دەزانێت، لۆمەی ئەو وەرزە دەکات و بە وەرزێکی شوومی وشکبوون و تێکشکان دادەنێت، پێیوایە هەموو ئەو بیرۆکە جوان و داهێندراوە هزرییانەی بە ژنێتیی بونیادینا، ئەم تێکیشکاندن بە وەرزێکی وێرانکەرو بێزراو وێنای دەکات،
بونیادی جوانییەکانی خۆی بە ئیمارەتێک و وەرزی خەتاباری لەبیرکردنیش بە ئیمپراتۆرییەتی نەفامی و نەزانی بۆ سڕینەوەو لەناوبردنیان، دەچوێنێت.

منیش لەتێ سێوی مردن دەخۆم
بیرم دەچێت بۆنی ژیانەوە بکەم
لەوەرزی بیرچونەوەدا
منداڵەکانیش بیریان دەچێت پێ بگرن
عەیامێکە ژیان بایی کەس نابێت جگە لەبیرچونەوە
ئیمارەتێکم لە فیکر دروستکردو
ئیمبراتۆریەتی جەهل بردیە ڕێوە

خانمە شاعیر هەر بەردەوامە لە گلەییەکانی، چونکە ئازارەکانی تێکشکان و سڕینەوە تا ڕۆخی مەرگ بردوویەتی و ماندوویی بەرەو ئاراستەی لۆمەکردن گۆڕیوە، وای لێکدەداتەوە فریوی بە ژیانێکی ساختەو ڕازێندراوەوە خواردووە لەسەر خاکێکی بەبەرەکەت، ئەو خاکەی ئەم پێوەی ماندووبوو وە دونیایەک بەرهەمی لەسەر چاند، ئەو بە خیانەت هەڵیوەراندو هیچی بۆ دوورینەوە نەهێشتەوە، ئومێدی بۆ داهاتوویەکی ئەرێنی ئاوەژووکردەوە، خەیاڵەکانی بۆ ئەبەد سڕکرد، ئەو پیرۆزییەکانی بونیادنا بۆ پاراستن و پێشکەشکردنی وەفا بە دەوروبەر، کەچی لە بنەڕەتەوە مانای جوانییەکانی نەهێشت و هەڵیتەکاند، ئەو خۆی بە غەدرلێکراوو نەزان و ساویلکە لە ئاست باشبوون و متمانەکردن و تێکەڵبوون لەگەڵ یارەکەی دەزانێت، لۆمەی خۆی دەکات، پەشیمانبوونەوەو پیاچوونەوە بۆ گەڕانەوەو دووبارەنەکردنەوەشیان بە بێسوودو لەسەر تێپەڕیو هەژماردەکات، نەزانیی خۆی تا ئاستی بێدەسەڵایی لەبەرامبەر ئەوینێکی ڕاستدا ئەنوێنێت، بێسوودبوونی هەنگاوەکانیشی وەکو وێردێکی بێنرخ لەسەر بەرماڵێکی هەبوو دەبینێت، کە ئەمانەش یەقینیان تا ئاستی گومان و ترس بردووە.

خاکێکم بە عەشق تۆو کردو
داری خیانەتی تیا ڕووا
مەعبەدێکم لە وەفا پڕکردو
فەتوای نەمانی تیادرا
ئەمن دەیان دەستنوێژی یەقینم هەڵگرت
جگە لە دو ڕکات ترس و گومان
نوێژی جورئەتم پێنەکرا
تا لەسەر بەرماڵی وجود
وێردەکانم ئاراستەی زانین بکەم و
لەگوناهی نەزانی پاک ببمەوە

خەیاڵی ڕەنگاڵەییانەی ئەو بۆ پێکەوەبوون لەگەڵ ئەویندارەکەی هاوشێوەی خەیاڵێکی نارنجی بوو، ڕەنگێکی تێروپڕ لە جوانیی و شەوقێکی ترووسک لە ڕەنگدانەوە، بەجۆرێک دێڕی قەسیدەکانی مەیلی ئامادەبوون و تێکەڵاوییان بۆ هۆگربوون و دۆستایەتی و خۆشەویستی لەگەڵ وشە ژەنگگرتووەکان نواند، گەورەییان پێشاندا تا سازانێکی دروست و گونجاو بۆ پێکەوەیی و هەڵکردن بڕەخسێنن، ئەو بێوەفایی و پەراوێزخستنی لەلایەن ئەویندارەکەیەوە بە ساڵێکی شووم و پڕ نەهامەتی و بێ بەها ناودەبات و پێیوایە هەموو یادەوەرییەکانی لەلایەن ئەوەوە وەک ئەو هەورە وایە کە هیچ متمانەیەکی پێناکرێ و لە کەشێکی ساردو گەرمیشدا لە جێی خۆی نامێنێت و بوونی خۆی لەدەستدەدا.

لە دامێنی خەیاڵێکی نارنجیشدا
دێڕی قەسیدەکانم
ئولفەتیان بەوشە ژەنگرتووەکانەوە گرت و
خۆیان دوبارە کردەوە
لەساڵی نەهامەتیدا
لەسەر پەڕاوی یادەوەری هەوردا
بەهێڵێکی گەورە نوسراوە
وەرزی بیرچوونەوە

ڕەنگین مەلا سەمەد
نووسەر و ڕۆژنامەنووس




ڕۆچوونە نێو دەقێکی شاعیر (کەژاڵ نوری).. ڕەنگین مەلا سەمەد

پێشئەوەی بچینە سەر لێکدانەوەی وشەو دەستەواژەو ڕستە جوان و دانسقە ئەدەبییەکانی ژنە شاعیر (کەژاڵ نوری)، دەبێت هەندێک لەبارەی شێوازو مەیل و خووی بەرامبەر بە دەربڕینی هەستەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردنییەوە بدوێن.
شاعیر لەگەڵ ئەوەی خاوەن هەستێکی تەواو تەڕو تژییە لە بزواندن، بوێریشە، بەجۆرێک بوێرییەکەی پانتایی باڵای ڕەگەزی بەرامبەر دائەپۆشێ و نوقمی ئەوینێکی ڕاستەقینەی دەکات، یاخییە لە هەموو ئەو داب و نەریتە چەقبەستووانەی کە لە چوارچێوەیەکدا دەخوولێنەوەو هەزاران ژنی بە پێخاوسیی، لەڕێی دەربڕینی هەستە بزوێنەرو جوڵێنەرەکانیەوە کردووەتە قوربانیی.
شیعرنووسینی کەژاڵ نوری ئیلهامێکی سروشتیی تەنراوە لە هەست و سۆز، نەک ئەزموونێکی پێکهێنەرو پێکەوەنراو، شیعرەکانی ئەو لە خەیاڵدانێکی پڕ لە ڕامان و، هزرێکی زیتەڵەی ژیرو، دەروونێکی تەواو ڕەهاوە دێتە بوون، کە خوێندنەوەیان سەرنج و مەیل و ناخیشت بەرەو لای هەموو جوانییەکانی نووسین و ئەدەب پەلکێشدەکات.

کەژاڵ نوری خاوەن شێوازێکی تایبەتە لە دەربڕین و نووسیندا، سڵناکاتەوە، بوێرە، هەستەکانی بۆ دەربڕینی ئەوین و گوزارشت لێی، پەنهان ناکات.
ئازاو ئازادە لە دەربڕینی واقع و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکانی چواردەوردا.
بەرامبەر نادادی و ناڕاستیش، دەنگێکی زبرو قەڵەمێکی تیژو کەسایەتییەکی شەڵاڵە لە داکۆکیی.
ئەو! هەموو دەم و کات و سات و هەموو بەرکەوتنێک هەوێنی لەدایکبوونی (وشە تازەو نەوتراو نەبینراوەکان)ە
فەرهەنگێکی تایبەتە لە وشە
ئەو بە نووسینەکانی، لەنێو دونیایەکی دوور لە فانتازیا وێنەکان واقعییانە نمایش دەکات.
نووسین لای کەژاڵ نوری، هاوشێوەی چاخواردنەوەو قاوە خواردنەوەیەو، بووەتە بەشێکی گرنگ و تەواوی ژیانی داگیرکردووە.
ئەو بەجۆرێک لەگەڵ نووسین ئاشنایە، کە ئامادەیە لەبەردەم دەقەکانیدا کڕنووشی وابەستەبوون بنوێنێت.
هەردەم دەنووسێت و بێزار نابێت
ئەو تەنانەت شیعری ئیرۆتیک دێنێتە بوون و، شەڕی بوێری و هاتنە مەیدان بۆ بردنەوە لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا دەکات.
تازەترین شیعریشی کە هەموو ژنە شاعیرێک بوێری ئەوە ناکات دەستی بۆ ببات و قەڵەم بۆ نووسینەوەی هەڵگرێت، شیعرێکی تەواو ئیرۆتیکە بەناوی ( نیمیت و هەیت )ە
کاتێک پیت و دێڕەکانی ئەم شیعرە دەخوێنیتەوە، لەش موچوڕکەو چاوەکان فرمێسکیان پیادێت و، لێوەکان ئاڵ و، پەنجەکان لەرزین و، دڵەکان ترپەو، ناخەکان خورپەی ئەوین و، جەستەکانیش تەزو چێژیان پیادێت.
لەسەرەتاوە شاعیر ‌بەو جۆرە باسی ئەوینەکەی دەکات کە بەجۆرێک هزرو هۆشی داگیرکردووە بێئاگا لەوەی خودی خۆی بناسێتەوەو بزانێت کە کێیە، دوورە لێی، بەڵام بەجۆرێک تێکەڵی بووە، کە ئاگادارە لە ترپەی دڵ و هەناسەدانی، لە مەیداندا نییە! بەڵام هەموو خوو و مامەڵەو ڕەوتارێکی ئەوە، بە چاوەکانی بوونی نایبینێت وەکو عاشقێک، بەڵام هەموو بەری بەیانێک هاوشێوەی کزە بایەکی فێنک و ئارام خۆی لە تاڵە قژەکانی دەئاڵێنێ و، بە نەرمە ئەوینێکەوە خۆی بە یاریکردن لەگەڵ یارەکەیەوە سەرگەرمەکا.
ئەو بە ئەوینەکەی دەڵێت هەرگیز وابەستەت ناکەم بە خۆمەوە، بەڵام لەبیریشت ناکەم و قەت کۆن نابیت لە یادگەم بەم جۆرە،

مێشکم پڕبووە لە تۆ و،
خاڵی لە ناسینەوەی خۆم
دووریت و لە مندا هەناسە ئەدەیت.
نیمیت و هەموو شتێکم بووە بە تۆ
ناتبینم و بەیانیان وەک کزەبایەکی فێنک
لەگەڵ سەرتاڵەکانی قژمدا،
خەریکی یاریکردنیت
ناتگرم و شەوانە وەکو چەند دڵۆپێک،
رۆنی دژەپیریی
دەتڕژێنمە سەر پێستی لەشم،
تا یادت بپارێزم، لە کۆن بوون

ئەو خەیاڵی پێکەوەبوونی خۆی و ئەوینەکەی هاوشێوەی خەونێک باسدەکات کە چۆن دوو ئەوین هەڵوەدای یەکدی دەکەن و دەیانەوێت تاسووقی یەکدی بە باوەش و ماچ و ڕامووسان و یەکتر گەوزاندنەوە بشکێنن، ئەو خەونەش‌ بۆ ئەمی ژن ڕاچڵەکین و دۆڕانەو، بۆ ئەوی یاریش بردنەوەو چێژی یاریکردنی عەشق و ئەوین و دەستبازییە بەوەی، بەم کردەوە بزوێنەرانە سەرنجی ئەو بۆ ئەبەد ڕادەکێشێت و شوێن پەنجەو دەستبازییەکانی بەسەر گەردن و مەمک و جەستەیەوە دەبنە یادو یادەوەرییەکی خۆش و پڕاوپڕ لە چێژو مەسبووتبوون و شێتیی، هەروەک بەم جۆرە کە دەڵێت،

ئەمشەو لە خەونمدا،
لە باوەشتدا بووم و پێشبڕکێی،
زۆرترین ماچکەرمان دەکرد
من دۆڕاندم و لە پڕ راچڵەکام
بینیم هەردوو لێوت وەک توێژاڵ
بەسەر زمانمەوە جێمابوون
نوستمەوە،
لە باخێکدا خەریکی هەنار ڕنین بوویت
کە سەیری سەبەکەتەکەتم کرد،
هەموو ستیانەکانمی تیابوو
ڕاچڵەکام و بینیم زمانت وەک گوڵەهەنار
لەجێی گۆپکەی مەمکم رووا بوو
لێک دوورکەوتووینەتەوە و کەچی،
بمەوێ بۆ هەرجێیەک بڕۆم،
پێڵاوەکانم شەق دەبن لەپێمدا و
کە سەیر ئەکەم،
ژمارەی قەبارەی پێیەکانی تۆم کڕیووە.
نەک هی خۆم

پاشان دەکەوێتە گازندەو دەڵێت لە یەک شوێنێن بەڵام بەجۆرێک خۆت ونکردووە تەنانەت بە تێلیسکۆبەکەی جەیمیش وێبیش ناتوانم بەدواتدا بگەڕێم و لەو ونبوونەدا بتدۆزمەوە، ڕاستە دیارنییت، بەڵام جێگات دڵە، هاوشێوەی خوێن بە دەمارەکانما هەڵواسراوی وەک ئەو نەخۆشەی کە هەڵگری تالاسیمایەو پێویستی پێیەتی، لەڕۆحتدام بەڵام تۆ هەست بە گەورەیی بێ منیی ناکەیت، لەچاوەکانمدایت بەڵام نیگاو ڕووخسارت نابینم، لەگەڵ هاتنی بەیانیانیش وەکو سپرای لە پرچم دەتئاڵێنم.
لێرەوە گلەییەکانی ژنە شاعیر کەژاڵ نوری لەوپەڕی نائومێدبوون لە بوونی یارەکەی و هەستنەکردن بەو جوانییەی دێتە بوون و هەڵدەکشێت، بەوەی یارەکەی هاوشێوەی دڵۆپە ئارەقێک کە ئەڕژێ بەسەر شان و ملیا بە ناچاریی بێ ویستی خۆی بە پارچە کلێنسێک دەیسڕێت و فڕێی دەدات، بە لۆچیی سەر ملی بەساڵاچوویەک دەیچوێنێ و پێیوایە دەنگێکی هەبووی بێکەڵکەو پێوەی نووساوە، هەوەک بەم جۆرەی باسی دەکات و دەڵێت،

لەسەر زەوییەکین کەچی ئەوەندە نادیاریت
بە تەلیسکۆبەکەی جەیمس وێبیش بۆت بگەڕێم
لەسەر هیچ هەسارەیەک ناتدۆزمەوە
لە دڵمدایت و نەک ناسوڕێیتەوە بە گیانما
ئەڵێی بە بوتڵێ خوێنەوە بەخشیوومی،
بە تووشبوویەکی نەخۆشیی سالاسیما
لە رۆحتدام و کەچی هەست،
بە زەخمی “بێ خۆت” ی من ناکەیت
لە چاومدایت و نیگایەکت نابینم، سەیرم کات
بەیانیان وەکو سپرای قژ،
ئەتدەم لە پرچم و کەچی،
ناگەیت بە ئێوارە و تک تک،
وەکو دڵۆپەی ئارەقە،
دەڕژێی بەسەر شان و ملما و، بە ناچاریی،
بە پارچە کلێنسێک ئەتسڕم و فڕێت ئەدەم.
وەکو لۆچێکی پیریی بە ملمەوە نووساویت و
کە قسە ئەکەم،
ڤۆلیومی دەنگی تۆ دەگاتە گوێی خەڵکی،
نەک هی من

لەکۆتاییشدا شاعیر کەژاڵ نوری باسی هۆگربوون و پەیوەستبوونی یەکەم دەمی خۆی و ئەوینەکەی دەکات و پێیوایە لە وەسفی ئەوینەکەیاندا خۆی هاوشێوەی کەسێکی ڕووت لەنێو کۆڵان و یارەکەشی پڕ بەرگ لە وەسف و ئەوینە، باسی بینینی ناخیشی دەکات کاتێک دەچێتە بەر ئاوێنە، بە بەرکەوتن و بینینی برین و ئاهی ناخی ئەم، ڕەنگی ڕووخساری ئەوی ئەویندار قاوەیی هەڵدەگەڕێ و چێژی ماچی پڕ لەزەتی ئەودەمی سەردەمی ئەویندارییان تاڵ دەبێ، بە سوراو و جوانکاری ئەویش، هەستی یار دەجوڵێ و دەیبزوێنێ، لەناو یاردا تواوەتەوە کەچی هەست بەبوونی ناکات، دواتر دەکەوێتە لۆمەو گلەیی و پێیئەڵێ بەجۆرێک نزیکم لێت کە دەستم لێ نادەیت، لەپێناو ئەو عەشقە دەکەوێتە قسەکردن لەگەڵ خۆو ئەویش جۆرێک باسی لێوە دەکات خۆی بە دونیا و ئەویش بە قیامەت دەچوێنێ و پێیوایە هێندەی دونیاو قیامەت دوورن لە یەکەوەو ناشزانێت هاتن و جێهێشتنی یارەکەی کامیان یەکەمجار بووە هەروەک بەم جۆرە دەڵێت،

بە شێوەیەک بە باڵای تۆیا ئاڵاوم
کە ئەچمە دەرەوە تەنیا تۆ ئەگۆڕم و لە کۆڵان،
ئەبینم خۆم، بە رووتی هاتووم
کە ئەچمە بەر ئاوێنەکەم و،
هەڵمی ئاهێکمی بەرەکەوێ
روخسارت رەنگی قاوەکەی من ئەگرێت و،
ماچی ناودەمت تاڵ ئەبێ
سوراو ئەکەم،
کوڵمەکانت ئەبنە ئەتڵەسی پەمەیی
برۆم چاک ئەکەم،،
ریش و سمێڵی تۆش ئەبنە ساکسۆکی
لە تۆدام و هەستم پێناکەیت،
لە مندایت و لەمسم ناکەیت
ئەوەندە نزیک لێمەوە دووریت،
ئەڵێی دونیا و قیامەتین
ئەوەندە عاشقانە رقم لێتە !
ئەڵێی یوسف و زوڵەیخاین
هی من نیت و شەڕی بوونت،
بە هەموو ژنێک دەفرۆشم
هی تۆم و دەستم دەخەیتە،
دەست هەموو پیاوێکەوەو،
خۆت نا.
بەجێم دێڵی،
تا بزانیت وەکو شوێن پێ دووات ئەکەوم؟
جێت ناهێڵم
تا بزانم وەکو رێبەر پێشمەکەوی؟
نیت و کەچی وەک فەلسەفەی بوونگەرایی
نازانم کەی بیرکردنت،
کۆتایی دێ؟
هەیت و کەچی وەکو مریشک و هێلکەکە
،ئێستاش نەمزانی رۆشتنت لە پێشدا بوو
یان هاتنت؟
ئەی بە قوربان!!

کەژاڵ نوری
سێبتەمبەری 2024-هۆڵەندا
ــــــــــــــــــــ
ڕەنگین مەلا سەمەد
نووسەرو ڕۆژنامەنووس