هاوپشتیی لەگەڵ مامۆستایانی مانگرتوو!.. ڕێبوار ڕەشید

وا خۆبرسیکردنی ئەو هاوڕێ ژن و پیاوانەی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە وەرنەگرتنی مووچە پێ دەنێتە ١٣ ڕۆژەوە. لە پێناوی بەهێزکردنی ئەو هاوڕێیانە و داوا ڕەواکانیان جێی خۆیەتی چەند خاڵێک ڕوون بکرێتەوە.
١. مێژووی مانگرتن لە فۆرمی خۆبرسیکردندا دەگەڕێتەوە بۆ بزووتنەوەی فێمێنیستە سەفرەگەیتەکان کە داوای مافی دەنگدانیان بۆ ژنان دەکرد (١٩٠٣ تا ١٩١٤). ئەم تێکۆشەرە فێمێنیستانە دووچاری زەبروزەنگێکی زۆر بوون، لە ئەوانە ناچارکردنیان بە خواردن کە لە ئەنجامدا ماری جەین کلارک کۆچی دوایی کرد و چەندینی تر تووشی نەخۆشی بوون. شایانی باسە بە هەزاران ژن زیندانی کران و دووچاری ڕاوەدوونان و لێپرسینەوە و هەڕەشە و گوڕەشە بوون، بەڵام میتۆدی خۆبرسیکردنەکەیان بوو بە هۆی سەرکەوتن و وەدەستهێنانی ئەو مافانەی داوایان دەکرد کە یەکێکیان مافی دەنگدان بوو.
وا دادەنرێت لە مێژووی مۆدێرندا زیندانیانی سیاسیی سەردەمی قەیسەری ڕووسیی یەکەمین خۆبرسیکردنی سیاسییان دژ بە دەسەڵاتی قەیسەر ئەنجام دابێت. ماریون دۆنلەپ ساڵی ١٩٠٩ یەکەم ژن بوو خۆی لەبەر ئەو هۆیە برسی هێشتەوە کە مافی زیندانی سیاسییان پێ نەدەدا و وەکو تاوانبارێکی ملکەچ نەکردوو بۆ یاسا لێیان دەڕووانی.
خانم ئیرۆم شارمیلا ساڵی ٢٠٠٠ دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد و هەتا ٢٠١٦ بەردەوام بوو. بە فەرمیی ٥٠٠ هەفتە خۆراکیی ئاویان پێ دەدا. ئەمنستی ئینتەرناشناڵ بە ڕێزەوە نازناوی ”زیندانی ویژدانیی“ ــیان لێ نا.
ساڵانی ٨٠ کان و ٩٠ کان زیندانیەکانی باشووری ئەفریقا دژ بە ڕژێمی ئەپەرتاید خۆبرسیکردنی گەورە و شایانباسیان ئەنجام دەدا و سەرئەنجامی سیاسیی گەورەی بەدەستهێنا.
لە ناو کورددا، لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان پ/ک/ک بەئەژمارترین و بە ناودەنگترین خۆبرسیکردنەکانیان لە مێژووی کورددا تۆمار کردووە. ڕەنگە لە مێژووی خۆبرسیکردندا، لانی کەم لە ڕووی چەندایەتیی و دۆخی دژوارەوە، لە جیهاندا بێ هاوتا بن. تا ئێستا بە هەزاران جار خۆبرسیکردنیان بە هەفتە و دوو هەفتە و مانگ و زیاتر لە ناو زیندانەکانی تورکیا و لە دەرەوە لە شار و شارۆچکەکانی ئەوروپا ئەنجام داوە. ئەو خۆبرسیکردنانە هەر بە تەنیا بۆ باکوور نەبوون، بەڵکو بۆ قوربانیانی هەڵەبجە و ئەنفال و کۆڕە و هەروەها دەستدرێژیەکانی کۆماری ئیسلامیی کراون. تێکۆشەرانی زیندانیانی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی چالاکیی مانگرتن لە خواردن ئەنجام دەدەن کە زۆریان ژنانن. چەندین تێکۆشەر لە درێژەی خۆراک نەخواردندا لە سێدارە دراون. کوردستانیان دەتوانن سوودی بێ مانەند لە ئەم ئەزموونە گەورە سیاسییە وەربگرن.
٢. خۆبرسیکردنی ئەم مامۆستایانە لە دژایەتیی وەرنەگرتنی مووچە یان بۆ وەرگرتنی مووچە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە ناسیاسییەی تەنگی بە باشوور هەڵ چنیووە. لە راستییدا دەبوو هەموو خەڵکی باشوور، لە خوێندکارانی پۆل یەکی سەرەتاییەوە تا دوا پلەی زانکۆکان، تا دکتۆر و پرۆفیسۆری زانکۆکان و دایک و باوکی خوێندکاران خۆپیشاندانیان بۆ مووچەی مامۆپستایان بکردایە و مانیان لە خواردن بگرتایە چونکە ئەوە خەڵک و نەتەوەیە کە زەرەر دەکات، نەک مامۆستایان. بە جیا لە کێشەی مووچە، باشووری کوردستان خراپترین و شەرمئاوەرترین سیستەمی خوێندنی هەیە
٣. بە داخەوە کە مامۆستایان، یان بە هەر حاڵ، ژمارەیەکی ١٢ کەسیی، ناچار دەبن خۆبرسیکردن بۆ وەرگرتنی مووچە ئەنجام بدەن. لە ڕاستییدا ئەو خۆبرسیکردنە دەبووایە لە سەداسەد سیاسیی بووایە و سێ ئامانجی بپێکایە، واتە لابردنی دین و حیزب و خاشاکی داگیرکاریی لە بەرنامەی خوێندندا. بەرنامەیەک کە مافی مرۆڤ، مافی ژنان، سیستەمی دیموکراسیی و شەفافیەتی دەسەڵات بەهێز بکات. ئەو کارە ئاستی مامۆستایانی بە ئاستێکی سیاسیی دەگەیاند.
٤. خۆبرسیکردن دەبێت دوور بێت لە وتە و قسەوباسی هەستەکیی، لە فرمێسک و گریان و شین و واوەیلا. خۆراک کە مافی هەموو بوونەوەرێکە، نەخواردنەکەی بۆ ئەوەیە کە جەخت لە سەر مەرگێکی ناچارکراو بکرێت، کە فۆکوس بخرێتە سەر ئەوەی دەسەڵات ئامادەیە مەرگ بسەپێنێت. خۆراک نەخواردن یەکێک لە گەورەترین چالاکیە زەبرنەگیرەکانە دژ بە دەسەڵاتێک کە نەگەیشتووەتە ئاستی تێگەیشتن لە ئەرکی سەرشانی خۆی، نە لەسەر ئاستی حیزبیی، نە سیاسیی، نە نەتەوەیی و نە نیشتیمانیی. ئەمە ناوەڕۆکی باسەکەیە.
٥. مامۆستایان بەئەژمارن و گەورەترین کەرتی خزمەتگوزاریی نیشتیمانیی لە فۆرمی فەرمانبەریەتی پێک دەهێنن. سەیرە بە سەدان و هەزاران مامۆستا ناتوانن خۆبرسیکردن لە هەموو شارەکاندا بە ئەنجام بگەیەنن و تەنیا چەند دڵسۆزێک لە سلێمانی لە دەڤەری سەوزدا دەیکەن. هەروەها سەیرتریشە کاتێک هیچ سەندیکایەکی تر، سەندیکاکانی هەموو پیشەکان کە بە دەیانن، ڕێکخراوە ناحکومیەکان، پشتگیریی خۆیان لە ڕێگای سەردانی لێرە و لەوێوە دەردەبڕن و بە سێڵفیەک و چایی خواردنەوەیەک ویژدانی سیاسیی خۆیان ڕەحەت دەکەن. ئەرکی سەرشانی ئەوان ئەوەیە بە کردەوە ىێنە مەیدان، چونکە وەک ئاماژەم پێ کرد، کێشەی مووچە کێشەی مامۆستایان نییە، بەڵکو کێشەی خەڵکە، کێشەی نەتەوە و نیشتیمانێکە.
٦. بە بێگومانییەوە ئەم مانگرتنە لە خواردن دەچێتە مێژووی ناڕازەیی دەربڕینی ئاشتیانە لە خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستاندا. بە هیوای ئەوەی گەورەتر و بەرفراوانتر و گشتگیرتر بکرێت و ئاستی سیاسیی لە چاوەڕووانیی خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستاندا بێت. هاوکات هیوای تەندروستیی و سەرکەوتن بۆ ئەو بەڕێزە تێکۆشەرانە دەخوازم.

ڕێبوار ڕەشید
٢٠٢٥/٢/٧
.




ئازاری خامنەیی و چارەنووسی کۆماری ئیسلامیی!.. ڕێبوار ڕەشید

لە ماوەی دە ساڵەی حکومی ئایەتوڵاخومەینیدا گەلانی ئێران خراپترین ڕۆژەکانی خۆیان بە سەر برد، لە بەڵێنی ئازادیی و کارەبا و ئاو و گازی خۆڕاییەوە بەرەو سەپاندنی کۆنەپەرستیی و چەوساندنەوەی چینایەتیی و مەزهەبیی و جێندەریی و نەتەوەیی. ئایەتوڵا خومەینی، بە پێی وتەی خۆی، ڕابەری خەڵک و حکومەت بوو. لە ڕاستییدا ئەندازیاری حکومەتی شەڕ و فەرمانداری کۆمەڵکوژیی بوو.
جێی داخە، ئایەتوڵاخومەینی سزا نەدرا، بێ ئازار مرد.
هاتنە سەرکاری خامنەیی لە ٤/٦/١٩٨٩ئەو ڕاستیەی دەرخست کە دۆخی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان خراپتر بوو. کۆماری ئیسلامیی زیاتریش کەوتە دژایەتی گەلانی ئێران بەتایبەتیی کورد و بەلوج و عەرەب. ڕاوەدوونانی چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنیی، ترساندن و تۆقاندنی خەڵک، زیندانکردن و فشارهێنان پەرەی سەند. کوشتن بوو بە هونەری ئیسلامیستیی.
هەر مانگێک پاش هاتنەسەرکاری خامنەیی د. قاسملۆ لە ڤیەننا (١٣/٧/١٩٨٩) و پاشان شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە ئەڵمان (١٧/٩/١٩٩٢) تیرۆر کران. خامنەیی، شاگردی یەکەمینی ئایەتوڵاخومەینی، ئەندازیار و بڕیاردەری شەپۆلی تیرۆرکردنی چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتیی لە سەرەتای نەوەدەکاندا لە ڕێگای دەستی درێژەوەبووی خۆی لە باشوور ئەنجامی دەدان. لە ٣٥ ساڵی دەستبەکاربوونیدا بە سەدان چالاکوانی سیاسیی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران تیرۆر کراون.
خامنەیی رابەری فەرمیی بزووتنەوە و دامەزراوەی مەزهەبیی، فەرماندەی گشتیی سوپا و بەڕێوەبەری فەرمیی هەموو دەزگا ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ئایینیەکانە، واتە بەرپرسیاری یەکەمە لە هەموو ئەو کوشتنوبڕین و ڕاوەدوونان و سووکایەتیپێکردن و پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤ کە لە ئێران و لە دەرەوەی ئێران وەکو کاری تێرۆریستیی کراون و دەکرێن.
خامنەیی ئەو کەسەیەکە نکۆڵی لە روودانی هۆلۆکۆست دەکات و گاڵتەی بە قڕکردنی جوولەکە و بە زیانەخرۆیی و وەحشیگەریی نازیزیم دێت، کە پارەوپولی ئێران، بە سەدان ملیارد دۆلار، بۆ شەڕی سکێتاریزمی مەزهەبیی و ئایدیۆلۆژیی مەزهەبیی دژ بە ئیسرائیل و تەنانەت بە سوننەی چواردەور سەرف دەکات. خامنەیی بوو فەرمانی بە راوەدوونان و گرتن و ئازاردان و کوشتنی بەهائیەکان دا بۆ ئەوەی لە ئێران نەمێنن. لە سەردەمی خامنەییدا لەشفرۆشیی و ناچارکردنی ژنان بە لەشفرۆشیی و بڵاوکردنەوەی مەوادی بێهۆشکار بوو بە کولتوری داسەپێندراو و سەرانسەری ئێرانی گرتەوە. بە پێی پلانی خامنەییە کە مەوادی بێهۆشکار بەتایبەتیی لە کوردستان بڵاو دەکرێتەوە، کە بێکاریی و فشاری کۆمەڵایەتیی بە ئەوپەڕی خراپبوون گەیشتووە.
خامنەیی ئەندازیاری ڕێکخستنگەلی جاش و شێوەکانی سیخووڕیی و ڕێکخستنی جاشئیسلامی سیاسییە لە ڕۆژهەڵات و لە هەندێک لە ئەوانەی باشوور. لە رێگای کەسانی وەکوو قاسم سولەیمانییەوە نەخشە و پلانەکانی خامنەیی لە ئێراق و لوبنان و یەمەن و فەلەستین بەڕێوە دەچوو، بەهەمان شێوەی مستەفا چەمران، کە بکوژی خەڵکی کوردستان و نەمران فوئاد مستەفا سوڵتانیی و سەدیق کەمانگەر و سەدانی دیکە بوو لە گیانبەختکردووان، هەرواش قاسم سولەیمانیی جەللادی بە پیادەکردنی ئەو تیرۆرانە بوو کە خامنەیی لێیان بەرپرسیارە.
خامنەیی نوێنەری دیار و بەر چاوی ئیسلامی سیاسیی مونافیق و دژەژن و بەدکار و بەدڕەووشتە کە ئێستا نموونەکانی لە شێوەی ”ئیسلامی سوننی“ پەلاماری لاقی ڕۆشنبیران و ژنانی باشوور دەدەن، بوختان و درۆ بە دەم هەر ژنێکەوە دەکەن کە باس لە ئازادیی و مافی مرۆڤ و مافەکانی ژنان بکات. ئەوانەی باشووریان کردووە بە مەیدانی کۆنەپەرستیی و خورافات، هەر لە خواردنەوەی میزی وشترەوە تا شێوەکانی نوشتە و دوعا و تاد.
کەی خامنەیی دەمرێت پرسیارێکی بێ وەڵامە، بەڵام راستییەک هەیە کە فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادیی” دەبێت بە گیانکێشەری خامنەیی و شاگردەکانی. لە مێژوودا ڕوو دەداتەوە وشەگەلی پارادایمێکی ئازادیخوازانە ریز دەبن و تنۆکە ژەهر لە سەرخۆ دەکەونە ناو زاری تاوانبارانێک. ئەو تاوانبارانەی دەبێت لە قەفەسی ترس و سووکایەتیپێکردندا مەرگی دۆڕاندنیان بە سەردا بسەپێنرێت. مەرگی مەحکوم بە تەسلیمبوون!
جێی داخی گران و بیرەوەریەکی تاڵە کە تا ئێستا هەموو ئەو ئایەتوڵا و ئاخوندە بەرپرسانەی ئێران، نموونەی خاڵخاڵیی، بەهەشتیی، گرکانی، موسەویی، ڕەفسەنجانی، تەبرێزیی، حەسەنیی و بە سەدان ئایەتوڵای تاوانکار کە ئاسایی مردن، بەبێ ئەوەی گەل بتوانێت دادگاییان بکات و سزای دروستیان بە سەردا بسەپێنێت.
ئایەتوڵاخومەینی کاتێک مرد ئێران بەرەو لوتکەی سەقامگیریی بەڕێوە بوو. لە باوەشی دڵنیایی و لە ناو سەدای لەبەیکی پاسداران و ژێر سێبەری خایەرانی زەینەبدا گیانی دەرچوو. مردنی بێ ئازاری خومەینی، بۆ ئازادیخوازان بە ئازارە.
کۆتایی خامنەیی بە هەمان شێوەی ئایەتوڵاخومەینی نابێت.
کۆتایی خامنەیی لە دوندی هەڵدێرەوە دەست پێ دەکات کە بنکەکانی تیرۆریستی ئیسلامی سیاسیی لە غەززە و لوبنان زیانی شایانباسیان بەرکەوت و ئەسەدی سووریای دۆست و قەڵا، فڕێ درایە ناو زبڵدانی مێژووەوە. ئەمە ئازارێکی گەورە و گرانە. ئازارێکە تیایدا مەرگ شادی دەهێنێت. خەرجکردنی سەدن ملیارد دۆلار لە پارەی خەڵکی ئێران بۆ دروستکردنی نفوزێکی سیاسیی شیعە سەرئەنجام بوو بە هۆی ماڵوێرانیی بۆ فەلەستینیەکان و لوبنان و سووریا و بێگومان یەمەن و هەروەها عێراقیش ئەگەر زووبەزوو دەستبەرداری وەفاداریی بۆ ئێران نەبن. هەروەها پێگەی ئایینیی و کولتوریی شیعەی دەوڵەتانی کەنداو سعودیەشی لاواز کرد.
کۆتایی خامنەیی هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنەکانی رۆژائاوای کوردستان و گەرمبوونی بەرخۆدانی باکووردایە کە ئەردؤغانی ئایەتوڵای سوننە و دامەزرێنەری داعش و تیرۆریزمی سوننەی ئیسلامیی، سەرەڕای سەرکەوتنی ئیستایان لە سووریا، لە دۆڵی دۆڕاندایە.
ئەمانە هەموو ئازارن، ئازارێکی گەورەن و هیچ خامناییەک و ئەردۆغانێک بەرگەی ناگرن.
خامنەیی بە دەم ئازارەوە کۆتایی دێت. ئازارێک کە لە دامێنی دۆڕان و بەربوونەوەی هەتاهەتایی سەرچاوە دەگرێت. ئازارێک کە حوکمی ڕەهای دە ساڵەی فاشیزمی سێکتاریستی خومەینیشی دەچێتە سەر.
مەرگی خامنەیی لە مێژە وەختی هاتووە. ئەو مەرگەی دەمی گەلانی ئازادیخوازی ئێران شیرین دەکات و ئەو ئازارە بە زەبرە بە دڵی ئەم دیکتاتۆرە تۆتالیتارە فاشیستە کۆنەپەرستە و ئەو حەشاماتە ڕەشۆکەیەی دوای کەوتووە، دەگەیەنێت.
ڕەنگە کۆماری ئیسلامیی پاش مردنی خامنەییش ماوەیەک بەردەوام بێت و ڕەنگیشە هاوپێچ بن، بەڵام ترسێک لە ئێستاوە دڵی هاوتاوانکارەکانی خامنەیی داگیر کردووە کە بە هەمان شێوەی خۆی لە ئازاری دۆڕان و بەرەو کۆتایی چووندا چرکەکانی کات دەژمێرن.
هەستێکی تۆڵە سەندنەوە بە سوار کۆڵی میلی کاتژمێرەوە بێ ئۆقرە سینگ دەکوتێت. تۆڵەی ئاو و کارەبا و گازی خۆڕایی نا، تۆڵەی ئازاردانی مرۆڤ و ئازادیخوازان، تۆڵەی گۆڕینی جەستە و رۆحی ژنان بۆ پیاوێکی شاخلێڕواوی کەڵبەدار، تۆڵەی دانی عەبا و پەچە بەسەر تەواوی ئێراندا، تۆڵەی ئەشکەنجە و ڕشتنی خوێنی هەزاران رۆحی شاد، تۆڵەی زەوتکردنی ئازادیی و بێڕێزیکردن بە ویژدانی مرۆڤایەتیی. تۆڵەسەندنەوە لە مێژووی درۆ و دەلەسە و بوختان.
تۆڵەی دزین و بە هەدەردانی سامانی گشتیی گەلانی ئێران.
”ژن، ژیان، ئازادیی!“
“ژن، ژینا، ئازادیی!”

ڕێبوار ڕەشید
١٣/١٢/٢٠٢٤




دینێک بۆ فرۆشتن!.. ڕێبوار ڕەشید

گۆڕانکاریی کۆنەپەرستانەی سی ساڵی ڕابردوو لە باشووری کوردستان و گەڕانەوەی بۆ دواوە هۆی سیاسییان لە پشتەوەیە. یەکێک لە گرنگترین لەو هۆیانە پرسی دینە. لە هەناوی ئاینی ئیسلامەوە جۆرگەلێک لە ئیسلام و ئیسلامی سیاسیی لەم دەڤەرە دروست کراون کە لە هەر شتێک بچن لە دینێک ناچن.
مێژووی ئایین زۆر تازەترە لە مێژووی مرۆڤ. ئایین بەرهەمی دەیان هەزار ساڵ پاش پێشکەوتنی مرۆڤە بۆ بوونەوەرێک کە بتوانێت بدوێت و بیر بکاتەوە و هەستی خۆی دەرببڕێت. لە سەرەتادا ترس لە بورکان و ئاگرکەوتنەوە و تاریکیی و چڕیی دارستانەکان و قووڵیی و فراوانیی دەریاکان و پانتایی ئاسمان و ئەو شتانەی دیکە مرۆڤی ترساندووە و خستوویەتیە گومان و ڕازەوە. مرۆڤ زۆر پێش ئەوەی بتوانێت بدوێت و بپرسێت و بیر بکاتەوە، هەستی بە ترس کردوە کاتێک بینیوویەتی لە چاو دیاردە و کارەساتەکانی سرووشت و ئاژەڵانی کێویی و گۆڕانی وەرزەکاندا خۆی بوونەوەرێکی بەستەزمان و بچووکە.
بە پێی زانست ئێمە دەزانین مرۆڤی ئەمڕۆ گەشەی هۆمۆ سەیپیانزە و لە کیشوەری ئەفریقاوە سەرچاوە دەگرێت و کە پاشان بە جیهانی ئەمڕۆدا بڵاوبوونەتەوە. لەگەڵ بڵاوبوونەوە و نیشتەجیبووندا کولتور و نەریت و زمان و هتد پەیدابوون و گۆڕانکارییان بە سەردا هاتووە.
بە چاوخشاندنی زۆر سەرپێیی کە هیچ ماندووبوونێکی ناوێت بۆمان دەردەکەوێت کە دینەکان یەکێک لەو لایەنانەی مرۆڤن کە پاش چەندین هەزار ساڵ لە هەبوونی مرۆڤ پەیدابوون و زیاتر پێوەندییان بە جوگرافیا و سرووشتی شوێن و کاتەوە هەیە، وەک لە مرۆڤ.
کاتێک مرۆڤێک لە بەشە هیندوسەکەی هیندوستان لە دایک بێت ئەوا هەر لە دایکەوە دینەکەی هیندوسە و خودا مەزنەکەی براهمایە و لەوێشە و هەندێک خودای دیکەی وەکو شیڤا و هاوسەرەکەی پەرەڤاتی و کوڕەکانی گانیشا و کارتیکەیا و چەندینی تر هەن. یاخود بودیست یان جانیست یان هەر شتێکی تر بێت. خۆئەگەر لە چین لە دایک بێت ئەگەر بودیست نەبێت کۆنفۆشیانیستە و ئەگەر نا ئەوا تائویستە و بێگومان وەکو هەموو مرۆڤێکی تر دەتوانن باوەڕیان بە هیچ لەم دینانە نەبێت و ئەتێئیست یا ئەگنۆتیست بن یان هەر هیچ بە لایانەوە گرنگ نەبێت. ئەگەر هەمان مرۆڤ لە دونیای مەسیحدا لە دایک بێت جۆرەکانی مەسیحیی دەبێت و لە جیهانی جوولەکەدا بە یەهودی لە دایک دەبێت. ئەو مرۆڤەی لە سەردەم و لە جوگرافیای فینیقیدا ژیابێت ئایینەکەی باڵت بووە کە خودای خۆر و زریان بووە و لە سەردەمی میترادا میترایی و لە سەردەمی زەردەشتییدا زەردەشتیی بووە و بەو شێوەیە.
مرۆڤ پێش داگیرکاریەکانی کریستیانیزم (مەسیحیەت) لە ناو جوگرافیای سکاندیناڤیا باوەڕی بە خوداوەندی ئاسا بووە. خوداوەندەکانی تر وەکو تور و ئۆدێن و فرەی و فرەیا و هتد هەبوون. باوەڕداران لە ژێر فشار و هەڕەشە و گوڕەشەی زۆردا ناچار کراون ببن بە عیسایی. زۆر لە ئایینەکانی ئەمەریکای لاتین و ئەفریقا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجامی داگیرکردنەکانەوە بچووک بوونەتەوە یان بوون بە بۆنەیەکی کولتوریی یاخود هەر نەماون. ئاینێک هەمیشە بووە بە ئاینی ئەو ناوچە جوگرافیایە کە تێیدا بڵاو بووەتەوە.
لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا ئاینێک بووە بە ئایینی فەرمیی دەوڵەت. ئەمە لە مێژوودا نموونەی زۆرە. کریستیانیزم لە ماوەی سێ (300) سەد ساڵدا دینێکی تەواو جیاواز بوو لەگەڵ ئەو کاتەدا کە بوو بە ئایینی ڕۆما و بوو بە ئایینی دەسەڵات. پاشان بۆ نموونە لەو وڵاتانەدا کە بە هۆی جیاواز پێیان دەگوترێت “شارستانیی” وەکو ئوروپا و ئەمەریکا و هەندێک وڵاتی تر ئایین لە دەوڵەت و سیاسەت جیا کراوەتەوە. بەو شێوەیە بەرپرسیاریەتیی مرۆڤ بەرامبەر هاومرۆڤ و خاک و یاسا و ڕێساکان و کار و ئەرک و ماف و لەبەرچاوگرتنی یاسانەنووسراوەکان لە سفارێکدایە کە پێوەندیی بە مرۆڤ و خوداکەیەوە نییە. هیندوسێک و موسڵمانێک و کریستیانێک و جوویەک و ئەتائیستێک و ئەگنۆتیستێک و یەکێکی تر کە بتێک بپەرستێت، جا ژن بێت یان پیاو یان نێرەموکێک یاخود ڕەشپێست یان سپیپێست یان سەر بە هەر ئەتنیکێک بێت لە بەردەم یاسا و ڕێسا و دادگا و خوێندنگا و نەخۆشخانە و تاد جیاوازیەکیان نییە.
خەڵکی هەموو ناوچەیەکی ئەم گۆی زەمینە بانگەشەی باشترین و میهرەبانترین و گەورەترین و بەدەسەڵاتدارترین بۆ خودا و ئاینیی خۆیان دەکەن. تەنانەت ئایینە بچووکەکانیش خۆیان بە باشترینەکان دادەنێن. هەموو ئەم خوداوەندانەی جیهان کە بە هەزارانن بە شێوەی جیاواز داوای گوێڕایەڵیی دەکەن و بە تۆڵەسەندنەوەی توند هەڕەشە لە سەرپێچییکاران دەکەن.
مرۆڤی ئەمڕۆ لە جیهاندا کە بەرەو ٨ ملیارد دەچێت نە کەمتر لە چوار (4) هەزار خودای بە ناوی جیاوازەوە هەیە. هەر یەکێک لە ئەمانە خودای خۆیان بە گەورەترین و بەهێزترین و دەسەڵاتدارترین و میهرەبانترین دادەنێت و هاوکات کاتێک پێویست بکات بە توندترین و تۆڵەستێندترین خودا. هیچ کەس و لایەنێک خودای خۆی بە کەمتر و بێهێزتر و لاوازتر لە هیچ خودایەکی دیکە دانانێت و تا ئەمڕۆش شەڕی بچووک و گەورە لە سەر ئەم بێنەوبەرەیە لێرەولەوێ ڕوو دەدەن. هەموو ئەمانە بە کۆمەڵێک هەڵبەستراوە و پێداگرتن باسی گەورەیی خودا و پەیامنێر و نووسراوەی خۆیان دەکەن. ئەگەر تا ڕادەیەک یاسای نێوخۆیی یان نێودەوڵەتیی نەبێت ئەوا زۆرینەی ئەم دینانە پاوانی یەکتر دەبەزێنن و هەڵ دەکەوتنە سەر یەکتر و کۆمەڵکوژیی گەورە ئەنجام دەدەن. میهرەبانیی دین و گەورەیی و بەخشندەیی خوداکانیان هەرگیز ئەوەندە بەس ناکات کە یەکتر بە هەرچی خراپەکارییە تاوانبار نەکەن. ئەمە لە مێژوودا سەلمێندراوە.
ئیسلامیش وەکو ئایینێک لە جیهانی خۆیدا خودا و کتێب و پێغەمەری خۆی بە گەورەترین و باشترین و چاکترین دادەنێت. ئەمە کە خەسڵەتی هەموو ئایینێکە تا ئێرە ئاساییە.
لە ناو هەموو ئەم دینانەی سەر زەمیندا کە هەن و کە ژمارەیان بە هەزارانە، ئایینی ئیسلام لە ئاڵۆزترین و ناڕۆشنترین دینەکانە و بە پێی ئەو لێکدانەوانەی رۆژانە لە دەمی ئەوانەوە کە نوێنەرایەتی ”ئەڵڵا“ دەکەن و لێیان دەبیستین،لە ڕۆزگاری ئەمڕۆدا ئیسلام هیچ پێناسە و سنوور و میچێکی نییە. ڕاستە ئاماژە بەپێنج کۆڵەکەی ئیسلام دەکرێت و ئەویش کە خۆی حەدیسێکە (گێڕانەوەیەکە!)، بەڵام هەر سەدان و بگرە هەزاران تەفسیریی جیاواز بۆ قورئان و حەدیسەکان و کردە ڕۆژانەییەکان دەکرێت، و هاوکات هاواریش دەکرێت کە ”ئێمە هەموو موسڵمانین“.
لە ڕاستییدا لە زۆربەی دۆخەکاندا تەنها ”ئەڵڵا” خاڵی هاوبەشە، دەنا تەنانەت خودی پێغەمبەر و حەدیسەکان کە دەگوترێت هی ئەو یان کەسایەتیی دیکەی موسڵمانن نابن بە خاڵی هاوبەش.
ئیسلام ئایینێکە هێندەی ژمارەی لایەنگرانی خۆی جۆری هەیە. هەر موسڵمانە و دەتوانێت بە ئارەزووی دڵی خۆی پێناسەی موسڵمانبوونەکەی و ئیسلام بکات.
هیچ یەکێک لەم دینانەی سەر زەوی ئەگەرچی هەندێکیان راستەوخۆ خۆیان بە ئاسمانیی دادەنێن و یەکتاپەرستن و هی دیکەش وەکو هیندویزم یەکتاپەرست بەڵام ئاسمانیی نییە، وەکو ئیسلام خۆی بە کۆتا دین و بە هەرە ڕاستترین دانانێت و نەهی و نەفی لەوانی تر ناکات. لە ناو ئەم چەند هەزار دینەی سەر زەمیندا تەنها ئیسلامە کە بە داری زۆرێ خۆی بە سەر تاکەکەسدا دەسەپێنێت و خۆی بە دوا دین دا دەنێت لەو مانایەدا کە ئیتر هەرچی هەیە پووچەڵ دەبنەوە.
ئایینی یەهودی کە بناخەی کریستیانیزمیشە و لێکچوونێکی زۆری لەگەڵ ئیسلام هەیە هەروەکو ئیسلام یەکتاپەرستە، بەڵام دروست بە پێچەوانەی ئیسلامەوە ئایینێکی فراوانخواز و پەرەستێنخواز و پاوانخواز نییە. ئەم جیاوازییە زۆر گەورە و بنەڕەتییە. مرۆڤێک ئەگەر بیەوێت و سەدان جاریش و داوا بکات بە یەهودی قبوڵ ناکرێت. هیندویزمیش بە هەمان شێوەیە. کریستیانیزمی ئەمڕۆش هەر وایە و لە زۆربەی ئایینیەکانی دیکەدا دەبێت خۆت بە دڵخوازی خۆت داوا بکەیت و کەسیش چاوەدێریت بۆ پێڕەوکردن و پیادەکردن ناکات.
ئیسلام سەر دیوار و بندیوار و چواردەور لە مرۆڤ دەگرێت و جارێک بە شایەتومانی سەر غەرغەرەی مەرگیش ڕازیە و جارێک بە سەربەرزییەوە شایەتومانی ژێر چەقۆ و کێردیش وەردەگرێت. جارێک بە قسەی مەلاکان هەر کەسێک نوێژ نەکات هەرگیز بەهەشت نابینێت و جارێک تەنیا خودا خۆی لە ڕۆژی قیامەتدا بڕیار دەدات و تەانەت باسی دوا مرۆڤیش دەکرێت کە لە دۆزەخەوە بۆ بەهەشت دەنێردرێت. تاوانبارانی دز و تاڵانچی و بکوژ و ببڕ حەواڵەی خودا دەکرێن، بەڵام خودا دەتوانێت هەر هەموویان یان ئەوانەی دەیەوێت ببەخشێت بێ گوێدان بەو کەسانەی لە سەر زەوی زیانیان پێ گەیشتووە یان “ناچن بۆ ناو بەهەشت تا وشتر بە کونەدەرزیدا تێپەڕ نەبێت/ ولا یدخلون الجنە حتی یلج الجمل فی سم الخیاط”. هاوکاتیش نوێژێکی لەیلەتوقەدر یان حەجێک و عەمرەیەک دەتوانێت هەموو گوناهەکان بسڕێتەوە و بەو شێوەیە.
چوون بۆ بەهەشت چەندیش ئاسان یان زەحمەت بێت ئەوا بە پێچەوانەی ئایینەکانی ترەوە ئیسلام بە قامچی دوات دەکەوێت تا بتکات بە موسڵمان و لە بەر خاتری خۆشت دەیکات. لەبەرئەوە نا کە خودا پێویستی بە بوونی تۆ وەک موسڵمانێک هەیە، بەڵکو لەبەرئەوەی خودا لێت ڕازی بێت و بچیت بۆ بەهەشت و خۆشت لێ بگوزەرێت.
لە ئەگەری بەموسڵمان نەبووندا بە کافر و مولحید و هتد جوێنبارانت دەکەن و بێ لە ئەوەی لە سەر زەوی بە شێوەی جیاواز هەڕەشەت لێ دەکەن ئەوا بە سووتاندنی هەتاهەتایی و شەق و تێهەڵدان و سووکایەتییپێکردنی ئەو دنیا (قیامەت/ زیندووبوونەوە) بۆت تەواو دەکەن. هەندێکیان هیندە دەڕۆن دەڵێن کە خودی ئەڵلا شەقشەقێنت پێ دەکات. دوا بڕیار و لێبووردەیی و بەخشینەکانی خودا بە ئاسانیی لە بیر دەکرێن.
نوێنەرانی ئەم ئایینە دەیان حەدیس بۆ نموونە بۆ ئەوە هەیە کە هەر کەس لە سەر دین و باوەڕی خۆی بێت با ببێت و بە دەیان حەدیسیش لە سەر ئەوە هەیە کە نوێژنەکەر کافرە و کە تەنانەت ئەوانی هاوڕێیەتیی نوێژنەکەر دەکەن کافرن و کە تەنانەت هاوسەرەکانیشیان پێیان حەرامن و کە تەنیا چارەسەریان کە بە کافری نەمرن ئەویە کە لێیان جیاببنەوە و بەو شێوەیە.
ئەم نموونە خۆدژگۆیانە/ کۆنترادیکتانە (تناقض) هەموویان دەتوانن ڕاست ین و هەمووشیان دەتوانن هەڵە بن. بە پێی دەسەڵات و کات و شوێن و بەرژەوەندیی لایەنەکان و کەسانی دووچار و مەبەستی سەرەکیی سەرئەنجامەکان دەگۆڕدرێن. لە ئەم نوێنەرایەتیەدا ئامانج ڕێبازەکان پیرۆز دەکات و ئامانجیش هەمیشە بردنەوەیە لە ئەو کەسەی دژبەرە. کێشە لە سەر هێلکەی کەڵەشێرێک کە چۆن دابەش بکرێت لە حاڵەتێکدا ئەگەر سێ کەس خۆیان بکەن بە خاوەنی، سەدان مەلا بە حەدیسی جیاواز و ئایەتی جیاواز و لێکدانەوەی جیاوازەوە ئەو هێلکەیە بە یەکێک لەو سێ کەسە ڕەوا دەبینن و ئەو ڕاستییەی کە کەڵەشێر هێلکە ناکات هەرگیز نابێت بە باس.
لە دیدێکی ترەوە کاتێک لە جوگرافیای دونیای ئیسلام دەڕووانین دەبینین دەسەڵاتدارانی لەم سەر بۆ ئەو سەری ئەم دونیای ئیسلامە لە سەر گەل و نیشتیمانی خۆیان تۆتالیتار و دیکتاتۆر و تاڵانچین. لە کۆماری ئیسلامیی مۆریتانیاوە کە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی جیهانە و هەروەها یەکێکیش لە وڵاتە هەژارە خراپەکانە کە تەنانەت کۆیلەشی تیادا دەکڕدرێت و دەفرۆشرێت بە ناو هەموو باکووری ئەفریقا (تونسی لێ دەربچێت) بەرەو قووڵاییەکانی دونیای ئیسلامدا تا دەگاتە بەنگلادیش خەسڵەتە تایبەتییەکانیان کە بووە بە ناسنامەیان، بریتیین لە فەسادی ئەخلاقیی و کوشتن و بڕین و ستەمی میللی و چینایەتیی و جێندەریی و تاد، رێزنەگرتن لە پێکهاتە ئایینیەکانی دیکە و لە مرۆڤگەلی لێقەوماو و پەناهێندە و بیانیی، عەشیرەتگەریی و تایەفەگەریی و چەوساندنەوەی ژنان وەکو ئاڵوگۆڕ بە ژنان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆمەڵایەتیی و تاوانکاریی، منداڵ بە شوودان و بە زۆر بە شوودان و خەتەنەکردنی بنەڕەتیی و تاد. هەموو ئەمانە لە دایک و باوکەوە و بە ناسنامەی باری کەسیەتیی موسڵمانن. موسڵمانبوونەکە بۆ دەوڵەت هێندە گرینگە کە تەنانەت لە سەر ناسنامەکانیشیان دەنووسرێت. ناموسڵمانبوونەکەیش بە هەمان شێوە گرینگە چونکە مرۆڤی هاووڵاتیی بۆی نییە بێ وەڵام بێت و حەتمەن دەبێت دینێک هەڵبژێرێت کە ئەگەرچی ڕەنگە ببێت بە مایەی هەڵاواردن و شاربەدەرکردن یان تەنانەت کوشتنیش.
هەر بۆ نموونە لە سەرهەڵدانی داعیشدا ئەوە بەس بوو کە مرۆڤێکی موسڵمانی سەر بە دینی شیعە بێت بۆ ئەوەی هەر لە جێی خۆیدا سەر ببڕدرێت. کەسانێک هەن تا ئێستایش شیعە و سوننە وەکو دوو مەزهەبی هەمان دین دەبینن، بەڵام هەموو ئەو دژایەتیانەی لە نێوان سوننە و شیعەدا هەن بەڵگەن بۆ ئەوەی دوو مەزهەبی هەمان دین نیین، بەڵکو دوو دینی سەربەخۆن. کێشەکە لەوەدایە کە هیچیان بەرۆکی ئەوی تریان بەرنادات و واز ناهێنێت تا خودا ئەو بڕیارە بدات. نەخێر، شەڕەکە لە پێشدا زۆر پێش ئەوەی بگاتە بەر قاپی خودا، دەبێت ببردرێتەوە.
کاتێک دەبێت بە باسی ئیسلام ئەوا بێگومان دەگوترێت کە خودی ئایینەکە پاکە و بێگەردە و ئەوە موسڵمانە کە ناتوانێت موسڵمانێکی ڕاست بێت و کەسیش نازانێت موسڵمانبوونی ڕاست کامەیە و چۆنە. کاتێک دێتە سەر موسڵمان ئەوا هەر موسڵمانێک ئەوی تر بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئەو موسڵمانی ڕاستەقینە نییە. ئەمە تاوانبارکردنێکی زنجیرەیی سیستەماتیکی دونیای ئیسلامە. نەک هەر تاکەکەسی گشتیی موسڵمان بەڵکو بە سەدان و هەزاران مەلا یەکتر بە موسڵمانی ناڕاستەقینە تاوانبار دەکەن. هەروەها چەندین ڕێبازی فەرمییش هەیە کە بە هەمان شێوە یەکتر دەناسێنن.
لە هەموو دونیای شارستانیدا کە ئەگاتە نزیکەی ملیاردونیوێک مرۆڤ هێندەی شارۆچکەیەکی جیهانی موسڵمان، بۆ نموونە شارۆچکەیەکی کوردستان، نە بە درۆ سوێند بە خودای خۆیان دەخۆن، نە خۆیان ناچار بە درۆکردنی رۆژانە دەکەن، نە ڕێگای جوێندان و دەمپیسیی دەگرنە بەر، نە بوختان و قسە بۆ یەکتر و بۆ بێتاوانان هەڵ دەبەستن، نە ناپاکیی بەرامبەر هاووڵاتیی و نیشتیمانی خۆیان دەکەن، نە دزیی لە موڵکی گشتیی دەکەن و نە بێڕێزیی بەرامبەر بە یەک و بە ژینگە و بە سرووشت دەکەن و نە بە بەتایبەتییش پەلاماری خوشک و دایک و ژنی یەکتر دەدەن. ئەمە بە گشتیی خەسڵەتی دونیای ئیسلامە.
ئیسلام لە درێژخایانی خۆیدا بووە بە دامەزراوەیەکی بازرگانیی گەورە و ئاڵۆز، واتە ئینتەرپرایزێک. لەو دامەزراوەیەدا هەیکەلێکی ڕێکخستنی بەرچاو هەیە کە لە “خادم الحرمین الشریفین” ـەوە دەست پێ دەکات، واتە کلیلدار یان خزمەتکاری ماڵی خودا لە مەککە و ماڵی پێغەمبەر لە مەدینە کە بە نەریت مەلیکی ئالسعودن، هەتا دەگاتە مجێورێکی مزگەوتێکی بچکۆلەی هەر شوێنێکی ئەم دونیای ئیسلامە. لەم دامەزراوەیەدا کە پاشا و بنەماڵەی ئالسعود نوێنەرایەتیی دەکەن بە هەزاران شێخ و سەید و موفتی و بە سەدان هەزار مەلا و فەقێ و مجێوەر و تاد هەن. هەموو ئەمانە بە شێوەی جیاواز لە پرۆسە و دەسەڵاتی سیاسییدان. لە هەندێکیاندا دەستبەسەرداگیراو و زیندانیین و لە هەندێکیشیاندا هەمەکارەن. لە هەردوو حاڵەتەکەدا دەوڵەت بە هەزارویەک بیانوو و پاساو هەم خۆی دەپارێزێت و هەم موسڵمانبوونی ڕاستەقینەی خۆی دەخاتە بەردەست، هەروەکو چۆن دژبەرە موسڵمانەکان بە هەزارویەک بیانوو و پاساو ناموسڵمانبوونی دەسەڵات و موسڵمانبوونی ڕاستەقینەی خۆیان دەفرۆشنەوە. حەشاماتێکی سەدان ملوێنی ڕەشوڕووت و بەدبەختی بە ناسنامەموسڵمان، کاریگەریی بنەڕەتییان لە سەر نفوزی سیاسیی ئیسلام هەیە چونکە سوود لە ناو و ژمارەیان وەردەگیرێت. لە هەر یەکێک لە ئەمانەدا، جا گوندێکی بچووک لە وڵاتێک بگرێتەوە یان دەوڵەتێکی تایبەتیی بگرێتەوە یان یەکێک لە سوننە یان شیعە یان یەکێک لە ڕێبازەکان بگرێتەوە، دەتوانێت بە تەواویی ئیسلامێکی جیاواز بێت. بەو شێوەیە ئایینێک دروست کراوە کە سنوور و میچی بە ئارەزووی ئیمانداری خاوەن دەسەلات دەگۆڕدرێت. ئەو دەسەڵاتە دەتوانێت لە چوارچێوەی گوندێکدا بێت.

ئیسلام لە باشووری کوردستان
ئیسلام لە باشووری کوردستان کە بە دڵنیاییەوە لەگەڵ زۆر شوێنی جیهانیی ئیسلام جیاوازە بە گشتیی سێ جۆرە. جۆری یەکەم ئەو ئیسلامە نەریتییە سونەتییەیە (نەک سوننە) کە تاکەکەسێک لە نەریتی باوی باوکایەتییەوە ناسنامەیەکی ئیسلامیی هەیە و باوەڕی بە خودایەکە کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا عادەتەن هەر بە “خودا” ناسراوە نەک بەتایبەتیی بە “ئەڵلا” و کە تاکەکەس بە پێی تێگەیشتن و توانا و کاریگەریی دەوروبەری بە شێوەیەک کە پێی ڕاست و دروستە موسڵمانبوونی خۆی پیادە دەکات. ئەم جۆرە موسڵمانبوونە لە کۆمەڵگای باشووردا هەتا سەرەتای دەیەکانی نەوەدی سەدەی پێشوو بەربڵاوترین لە شێوەی موسڵمانبوون بوون و پیاوانی ئایینی کە هەرە زۆرینەیان نیشتیمانپەروەرن بوون و زۆریان تێکۆشەریش بوون لە مێژووی کورددا لەم شێوەیە بوون. گرنگترین و گەورەترین خەسڵەتی ئەم شێوەیە لە ئیسلام بە شێوەکانی تەریقەتی شێخایەتیی و موسڵمانی ئاسایی ئەوەیە کە ئیسلام تا ڕادەیەکی باڵا ئاشتیخوازە و هەر کەس لەگەڵ خودای خۆیدا تەرەفە، واتە پێوەندیی خود و خودا. لەم شێوەیەدا تاکەکەسی موسڵمان دەستوەرناداتە کاروباری خەڵکی تر و تەنانەت لە ناو خێزانەکانیشدا باوک وەکو سەرۆکی خێزان ئۆتۆنۆمیەکی شایانباس بە ئەندامانی خێزان دەدات. لەم مۆدێلەدا جلوبەرگ و شێوەی خۆڕازاندنەوە و ڕووخسار و خوێندن و هاتنوچووی گشتیی و هتد تا ڕادەیەکی شایانباس لە بازنەی ئازادیی تاکەکەسدا بووە.
هەموومان لە ڕێگای ئەو تۆمارانەوە کە سەبارەت بە جلوبەرگ و خوێندنگاکان و نەخۆشخانەکان و گۆرانی و هونەرەکانی ترن چ لە عێراق و چ لە کوردستان، و تەنانەت ئێران و تورکیا و ئەفغانستان و تاد، دەتوانین بگەڕیینەوە بۆ ساڵانی پەنجا و شەست و حەفتا و هەشتاکان و ببینین کە ئەم جۆرە لە موسڵمانی ڕۆحانیی پاک زۆربایەتیی بووە و هاوکات هیچ جۆرە لە خەسڵەتێکی ئیسلامی سیاسیی بە ئەو سەردەمانەوە نییە.
ئایا هیچ کەسێک دەتوانێت ئەوەندە بێ ئابڕوو بێت کە مۆری کافربوون و بێڕەووشتیی و بیئەدەبیی لە هەموو موسڵمانانی سەدەی ڕابردوو و یان ئەوانە بدات؟
لەم جۆرە موسڵمانەدا کە لایەنە ڕۆحانیەکەی دیارە تاکەکەس بەگشتیی یەک ڕووە و یەک کەسایەتیی هەیە.
جۆری دووەم موسڵمانی بازرگانە. موسڵمانی بازرگان ئەو موسڵمانەیە کە لە ڕوواڵەتدا لە موسڵمانێکی نەریتیی دەچێت، بەڵام لە ڕاستییدا کاسبی بە دینەکەوە دەکات. ئەم کاسبییە هەر لە مزگەوت دروستکردنەوە تا ئاشکراکردنی زەکات و سەرفترە و گۆشتی خێر و کڕینی بەرماڵێک و دوو مەسینە بۆ مزگەوت بە شێوەیەک دەکات کە ببینرێت و لە ئەو ڕێگایەوە مۆری پیاوچاکبوون دەکڕێت و دەیخاتە خزمەتی ئەو کاسبیەوە کە هەیەتی. لایەنە ڕۆحانییەکە لە ئەم جۆرەیاندا تەواو کاڵە و ڕوواڵەتگەرییەکە بە ئاسانیی دەناسرێتەوە. ئەم جۆرە موسڵمانانە نەک هەر دووڕوون، بەڵکو چەندڕوون و لە هەر شوێنە و کەسایەتیەکی جیاوازیان هەیە. لەگەڵ هەر یەک لە ژن و منداڵان و دەرودراوسێ و هاوگەڕەک کەسایەتیەکی جیاوازیان هەیە، لە بازاڕ و مامەڵەکردن و ناو خەڵکی گشتییدا کەسایەتییەکی تر و بەو شێوەیە. جیهانی ئیسلام پڕە لەم جۆرە و بێگومان لە کوردستان بەئەژمارن.
جۆری سێیەم ئیسلامی سیاسییە. ئیسلامیی سیاسیی لە باشوور بە تایبەتیی هەر سی (30) ساڵێک تەمەنیەتی و بە گشتیی چل (40) ساڵێک و دروستکراوی سعودیە و پاکستان و پاشان بەتایبەتیی تورکیا و ئێرانە کە دیارە ئەوە چەند ساڵێکە بەتایبەتیی لەلایەن قەتەر و ئیستیخباراتی تورکییەوە برەوی پێ دەدرێت و دەخرێتە بازاڕاوە. ئەم جۆرە لە ئیسلام بە توندیی کەوتووەتە ناو بازاڕی سەودا و مامەڵەی بازرگانیی ئایینەوە و تورکیا و ئێران وەکو بەشێک لە شەڕی تایبەت دژ بە خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان بەکاری دەهێنن. لە ئەم شێوەیەدا هەموو شتێک بە دامەزراوە کراوە و کەسی موسڵمان ڕێک خراوە و بە دیسپلینێکی پۆلیسیی و لێپرسینەوە و چاودێریکردن و چاولەسەربوون بەستراوەتەوە. کەسانی ناو ئەم جۆرە لە ناو سۆشیالمیدیادا چالاکن و خراپترین لە دەمپیس و جوێنفرۆشەکانن و بە سەدان پەیجی درۆزنە و ساختە بەڕێوە دەبەن و بە دەستە هێرش دەکەنە سەر ئامانجەکانیان و بوختان و درۆ هەڵ دەبەستن. ئیسلامی سیاسیی لە کوردستاندا بەتایبەتیی دژ بە خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان کار دەکات، بەڵام بە شێوەیەک مامەڵە دەکات کە کوردی عەیار بیستوچوار بێت.
ئەم “ئیسلامە فوڵ مواسەفاتە کوردیە” هەر شەڕوالێک و چۆغە و جامانەیەک زیاتر لە سەریان ناکەوێت و بێگومان زووزووش باس لە کولتوری کوردیی بە شێوەی خۆیان دەکەن کە گوایا هی کوردی ڕەسەنە. ئەم جۆرە لە موسڵمان بە ئاشکرا پێوەندیی بە ئێران و تورکیاوە هەیە و لە خزمەتی بەرژەوەندیە ئاساییشیی و نەتەوەییەکانی ئەواندا کار دەکات. ئەرکی ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان مەژغوڵکردنی تاکەکسی کوردە بە ناوی ئەو جۆرە لە ئیسلام کە تورکیا و ئێران لە کوردیان دەوێت. ئەوان دەیانەوێت کورد لە هەموو بەهایەکی نەتەوەیی دابماڵن، بەڵام بە شەڕواڵ و چۆغەیەکەوە بیهێڵنەوە تا بە ڕووخسار لە “کورد” بچن و بتوانن ناویان بە “کوردی موسڵمان” بێنن.
ئەم جلە کوردییە درۆزنەیە کە تا سەر ئێسک ساختەچیەتیی بازرگانییکردنە بە دینەوە بێگومان تەنیا بۆ پیاوانە دەنا ئەگەرچی جلوبەرگی نەریتی کوردیی ژنان ئاودامان و درێژ و داپۆشەرە ئەوا ژنان دەبێت ڕوو بکەنە جبە و عەبا و سەرپۆشی تەواو و مەقنەعە و محاجەبە و قیناع. کاتێکیش جلی کوردی بپۆشن، هەر عەبا و جبە و محاجەبە و تاد بە سەردا دەدەن.
هۆی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەم ئیسلامی سیاسییە دەگەڕێتەوە بۆ برسیکردنی خەڵکی باشوور کە خەڵکانێکی سەر بە تورکیا و ئێران ئارد و نان و شتومەکی خۆراکییان لە پاش ڕاپەڕینەوە بە خەڵک دەبەخشییەوە و وردەودە ئەم کارە مۆری ڕەووشتیی ئیسلامیی لێ درا و لە بیر کرا کێ و بە چ مەبەستێک لە پشتیەوەیەتی.
ڕێکخستنەکان لەگەڵ کاتدا پێشخران و دامەزراوە و کاسبی جیاواز دروست کران و هەلی کار و پارەی بندییواری خوداپەرستیی بۆ خەڵک بڕدراوەتەوە کە بێگومان بەشێکە لە شەڕی تایبەت و خەڵکی ڕەشوڕووت و بەدبەختی ئەم دەڤەرە لێی تێ ناگەن. ئەم جۆرە لە “ڕەووشتی ئیسلامیی” شۆڕ بووەوە بۆ ناو گەنجانی بێ کار و خوێندکارانی هەژار لە نزیکەی سەرانسەری باشووردا. ئیسلامیستە ڕووخسار شاردراوەکان، کە لە پشت “دەمامکی ڕەووشتی ئیسلامیی”خۆیان حەشار دەدا و ئێستایش هەر وان، پارەی داخیلی و خواردن و شتیان وەرنەدەگرت لە قوتابییەکان، قوتابییەکانیش لەبەر ئەمە و تا خەرجی خوێندنیان کەمتر بێت لە داخلییەکانی ئەوان دەمانەوە. پێدانی شوێنی داخلی و خواردنی بەلاش بوو بە هۆکاری یەکەمی ئەم ملشکاندنەی گەنجانی کورد. ڕوون و ئاشکرا بوو ئەو گەنجانە و گەورەساڵانی دایکوباوک و چواردەوریان لە پێناو ئەو ژەمە نان و خۆراک و وردەئیمتیازانەدا بوون بە چاودەبەری ئەم ڕێکخراوانە و هەر چیەکیان پێ بگوترایە دەبا ڕاستەوخۆ بیکەن و نەوێرن بڵێن نا چونکە بە دەرکردن کۆتایی پێ دەهات. پاساوەکەش کە هەمووی بۆ “خوداگیان” ـە و لە پێناوی ئیسلامدایە هەموو هەستێکی ویژدانناڕەحەتیی لای نێچیر ڕادەماڵی. کاتێک، بۆ نموونە، لەیلەتولقەدر خێری هەزار مانگی هەبێت، ئەوا خودا ئەوەندە گەورەیە کە ڕۆژی خۆی لە نیشتیمانفرۆشان و خیانەتکارانیش خۆش دەبێت، جا با گوناهەکانیان دەریایەک خوێن و ئازاریش لە سەر هاومرۆڤەکان کەوتبێت.
هەمان ئەو کارە بوو کە بەعسیەکان کاتی خۆی زیاتر لە نیوملوێن کوردیان لە ژێر ناوی “المرتزقە” دا ڕێکخستبوو. “المرتزقە” بە مانای جاش نایەت وەکو هەندێک کەس لێی تێ دەگەن، بەڵکو بە مانای “ڕزقدراو/ بژێوی دراو/ ئەو کەسەی بژیوی دابینکراوە” دێت. سەددام حوسەین بە ئەوانەی دەگوت “بژیویدراوی خۆم”، دروست بە پێچەوانەی ئەو گوتەی ئیسلامەوە کە خودا رزقی خەڵک دەدات. دووبارەکردنەوەی ئەم تاکتیکە لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە، ئەم جارەیان بە ناوی خودا و ئیسلامەوە زۆر ئاسان بوو. ئیتر کەس پێویستی نەدەکرد خۆی بە قەرزداری سەرۆککۆمارێک یان حیزبێک بزانێت، بەڵکو ئەم ئارد و نان و خۆراک و پارە و کارە لە خوداوە دێت. کێشەکە لە ئەوەدایە کە وردەوردە ناوی خودا دەسڕدرایەوە و جۆری ئیسلامییە تورکیی و ئێرانییەکە جێیگای دەگرتەوە.
ئێستا کە کراوە بە سیستەمێکی چەسپاو کەس نایەوێت بیری لێ بکاتەوە کە ئایا لەو پرۆسەیەدا خودا چی لێ هات. گرینگ ئەوەیە ورگەکان تێر ببن و خەرجیی ڕۆژانە و مانگانە لە هەر فۆرمێکدا بێت، فەراهەم بکرێت. لە کۆتاییدا خۆ هەموو شت هەر چارەنووسی خودایە و هەر شتێک خۆی رەزامەندیی لە سەر نەبێت، نابێت.
ئەم ڕێکخستنە کە پسپۆڕیی شەڕی تایبەتیی لە پشتەوەیە، ڕۆژانە هەموو بەرنامەیان بۆ دانرابوو (ئێستایش هەر بەردەوامە) کە دەبوو لە دانیشتن و کۆبوونەوەکانی ئەم ڕێکخراوانەدا بن و کتێبی تایبەت بە ڕێبازەکەی خۆیان لەژێر ناوی پەروەردە و ڕۆشنبیرکردن و لە خودانزیکبوونەوە بە بەلاش بە قوتابییەکان دەدا. هەموو ئەمانە لە فۆرمی بایعی ئیسلام سیاسییدا.
ئەگەر ئێران بە پێی کولتوری فارسیی فێرە کە پەلە ناکات و بە لاواندنەوە نێچیری خۆی سەر دەبڕێت و لە سەر کوشتەشی شین دەکات، ئەوا تورکەکان کە دوژمنی سەرسەختی گەلانی ڕەسەنی ئەم ناوچەیەن و بەتایبەتییش زۆر لە کورد تووڕەن کە وێنەی ئەرمەن و ئاسوور و یۆنانی میان نەداوە، بە ئاشکرا ڕێبازی ئیسلامیی تورکییان فەرز دەکرد. بۆ نموونە لە ژێر ناوی نورسی و پەیامەکانی (نور) هەموو کۆمەڵە کتێبەکەیان بە بەلاش بڵاو دەکردەوە و بە شێوەیەکیش دەیانکرد کە دۆست و خۆشەویستی کوردن و کاریان ئەوەیە خزمەت بە کورد بکەن. ئەم ڕێکخراوەیە ئەوەندە تورکی لای گەنجی کورد خۆشەویست کردووە، کە تورک کراوە بە وێنای خودا لە سەر زەوی. لە کودەتای ١٥/٦/٢٠١٦ دا کاتێک کە ئەردۆغان گوڵەنی پێ تاوانبار کرد، ئەوا ئیسلامیستەتورکچیەکانی کورد دڵیان نەدەهات نە دژی ئەردۆغان و نە دژی گوڵەن بن و کەوتبوونە داوی خۆشەویستیی یەکسەرەوە لەگەڵ تورک و لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو نازونیعمەتە دەترسان کە بە پارەی ئەو دووانە لە سەری دەلەوەڕان. شایانی باسە، کاتێک کە ئەردۆغان کەوتە شەڕی سیاسیی و دیپلۆماسیی و ئابووریی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کە مەکتەبەئیسلامیەکانی گوڵەن ـیان هەبوو و فەرمانی دەدا داینبخەن، سەبارەت بە هەرێمی کوردستان نەک هەر هیچی نەگوت بەڵکو ڕێگای لە پێشخستن و بەردەوامیی پێوەندییەکانیش نەگرت.
دۆخە سیاسییە ئابوورییە کۆمەڵایەتییەکە هێندە لە بارە کە لەم ساڵانەی دوواییدا ئیسلامی سیاسیی وردەوردە قاچی لێ درێژ کردووە و بە ئارەزووی خۆی خەریکی مۆرلێدانە لەوی کێ موسڵمانی ڕاستەقینەیە و کێ کافرە و مولحیدە و خوانەناسە و تاد. بەو شێوەیە پسووڵەی موسڵمانبوون دەفرۆشنەوە و بە خیتابی هێرشبەرانەی دەمپیسانەی تاوانبارکارانە تەون دەچنن. ئەمە بە ناوی “ئەخلاق”ـەوە دەکەن و مەبەستیشیان لە ئەخلاق تەنها ناوگەڵە و ئەویش بێگومان ناوگەڵی ژنە. لەو هێرشەدا بەتایبەتیی موسڵمانی ئاسایی بە ئامانج دەگرن و دەیانەوێت لە رێگای تیرۆری ئایدیۆلۆژیی و تیرۆری شەخسیەوە ملکەچییان بە سەردا بسەپێنن.
هێرشی بەربڵاو و تایبەتییان بە پلەی یەکەم لە سەر ژنانە و هەرچی بە دەمیاندا دێت دژ بە ژنانێک کە نایانەوێت لە ژێر عەبا و حیجابدا بن، دەیڵێن و بە بیانووی ئەوەی کە گوایا بۆ خودای دەکەن ئەوا هەموو شتێک بە ڕەوا دەبینن. زۆرینەی ئەو مەلایانەی سووکایەتییکردن بە ژنان دەکەن دەکەونە دۆخێکی شێتییەوە. بۆ نموون هەر هەموویان بەوە دەست پێ دەکەن کە ژنێک تەلەفۆنی بۆ کردوون، یان دەڵێن نایانەوێت ناوی بهێنن. تەنانەت هێرشی سێکسییش دەکەن بۆ سەر ئەو ژنانەی کە حەوشە دەشۆن لەگەڵ ئەوەدا کە یەکێک لە کارە رۆژانەییەکانی زۆرێک لە ژنانی کورد خاوێنکردنەوە و شتنی حەوشەیە. بیانووی ئەمانە هەڵکردنی کراسەکەیانە کە عادەتەن ئاودامانە. باسکردنی ژن وەکو خواردنی میوەیەکی ئاوەکیی لێ هاتووە کە مەلای ئاخێوەر لیک و ئاو و هەندێک جار بە ڕوونیی شەهوەتیش بە دەمیدا دێتە خوار و دەکەوێتە قەوچەقوچ و مڵچەمڵچ و هەڵلوشین، بەتایبەتیی لە باسی بەهەشت و بە سێکسیکردنی خەسڵەتی بەهەشت.
لە دژایەتیکردنی ژناندا ژنان دەکرێن بە پارچەیەک گۆشتی سێکسیی. ئەو پارچە گۆشتە هەست و نەستی نییە، تووشی نەخۆشین نابێت و هیچ شوێنێکی نائێشێت، بیر لە منداڵ و برا و باوک و دایک و کەسوکار و دەراوسێ و نیشتیمانی ناکاتەوە، کێشەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی نییە و خەمی هیچ ناخوات و سەری بە هیچەوە نائێشێنێت و تەنیا و تەنیا هەر بیر لە سێکس دەکاتەوە. هەر ئەوەندە چاوت لێ خافڵ کرد پیاوێک دەخەڵەتێنێت و دەیدا بە سەر خۆیدا. ئەمە ئەو وێنایەی ژنە کە لە زۆرینەی کەلـلەسەرەکانی ناو وەزارەتی ئەوقافەوە هەتا کۆلکە مجێورەکاندا تێگەیشتنێکی نەگۆڕە. ژن مرۆڤ نییە، بەڵکو پەراسوویەکی هەڵخەڵەێندراوە و مەرامی لە خشتەبردنی پیاوە.
هاوتەریب هێرش بۆ سەر ئەدەبیات و گۆرانی و موزیک دەکەن و لە ئەم هێرشەدا بەتایبەتیی خەباتی ئازادیخوازیی بە ئامانج دەگرن. بۆ نموونە، هێرشێکی گەورەیان کردووەتە سەر سروودی “ئەی ڕەقیب” کە شیعری پایەبڵند و نەمر “دڵدار” ـە گوایا دڵدار کفری کردووە. بە ئەم شێوەیە لوتبەرزییەکی بینراویان تۆمار کردووە و ڕەقەمێکیان بە خۆیان وەکو پارێزەری دینی ئیسلام داوە.
تێکدانی شیعری “ئەی ڕەقیب” و هەوڵدان بۆ گێلکردن و گەوجکردن و گاڵتەکردن بە ئەقڵی موسڵمانی ئاسایی کورد گەورەکانی ئەم ئیسلامە سیاسییەیە. ئەوی ئەلفبێیەک لە شیعری کوردی تێ بگات (ناکرێت ئەمانە کە خۆیان بە زانا لە قەڵەم دەدەن، نەزانن!) دڵدار دەڵێت: ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان، نایشکێنی دانەری تۆپی زەمان.
دڵدار دەڵێت: دانەری تۆپی زەمان، کە خودایە، نایشکێنێ، نەک ناتوانێت بیشکێنێت و نەک بۆی ناشکێندرێ، بەڵکو “نایشکێنێ”، واتە دەست بە باڵ و بە پشتییەوە دەگرێت.
بە چەواشەبردنی خەڵکی موسڵمانی ناهۆشیاری کورد تەنها و تەنها بازرگانییەکی سیاسیی و دژایەتتیکردنی خەباتە ئازادیخوازییەکەیەتی. لە ڕێگای ئەو دەستدرێژیی کردنەوەوە بۆ سەر دڵدار لە ڕاستییدا هێرش بۆ سەر شاعیرانی سەدەکانی ڕابردوو دەکرێت کە نزیکەی هەموویان شێخ و سەید و مەلا و فەقێ و قورئانخوێن بوون، بەڵام بازرگانی دینیی نەبوون. هەموو نیشطیمانپەروەر بوون و خزمەتیان بە زمانی کوردیی کردووە و بە رێزەوە لە ژنیان ڕووانیووە و داوایان لە لاوانی کوڕ و کچی کورد کردووە پشت لە عەشێرەتگەرایی و ناوچەچیەتیی و نەخوێندەواریی بکەن و ڕوو لە یەکیەتیی و پێشکەوتن و ئازادیخوازیی بکەن.
لە درێژخایانی ئەم دواکەوتووییەدا دکتۆر مەلاش پەیدا بوون کە هەندێکیان وەک پسپۆڕی دەروونیی و هەندێکی تر وەک پسپۆڕی هەموو زانستەکان و هەندێکی تر پسپۆڕی خواردنەوەی میزی وشتر و گرتن و ڕاونانی جندۆکە و دوعای سەیروسەمەنە و جۆرەکانی نوشتە تاد. حیزبەکانیش بۆ ئەوەی لەم خورافات و هاشوهوشە دوانەکەون بە ناوی ڕاوێژکاری ئایینییەوە، مەلایان دامەزراندووە کە بە گشتیی بێ دەنگن، بەڵام هەندێک جار لە دژایەتیی جۆرێک لە دەربڕینی ئیسلامی سیاسییدا نووزەنووزێکی ئیسلامیی دەکەن.
لە نێوان ئەو دەسەڵاتە نەنووسراوەی خۆیان و ئەو دەسەڵاتە لاستیکییەی کە دەسەڵاتداران بۆیان فەراهەم کردوون، دەستوەردەداتە ناو هەموو شتێکی تاکەکەس و هەموو شتێکی کۆمەڵگا. لە پرسی ژن و بەهەشت و دۆزەخەوە تا دەگاتە چۆنیەتی قن شۆرین و گەڵوگون پاککردنەوە. هاوکات کۆمەڵێک شێوەی ڕووخسار و هەڵسوکەوت و مامەڵەیان هەیە کە دەیانەوێت بە سەر هەموو کۆمەڵگایدا بسەپێنن گوایا ئەوە شێوە ڕووخسار و هەڵسوکەوت و مامەڵەی پەیامنێری ئیسلامە، وەکو شێوەی سمیڵ و ڕیش و جلوبەرگ و خواردنی خۆراک بە دەست و تاد. بۆ نموونە هەوڵ دەدەن لە یەک ژن زیاتر بهێنن و هەندێکیان بۆیان دەلوێت بیگەیەن بە چوار. هاوکات جلوبەرگیان هەمیشە تازە کە بێگومان لەگەڵ پارەی مووچەی رەسمییاندا نایەتەوە و ئوتومبێلی گرانبەها تا دەگاتە گولـلەنەبڕ و هتد کە دیارە سوننەتی پەیامنێری موسڵمانان نەبووە.
ئەمانە پلەی زانای ئایینیی یان زانای ئیسلامیی ـیان بە خۆیان بەخشیوە هەروەکو ئەوەی ئیسلام زانستێک بێت. لەبەرئەوە بە وشەی مەلا ڕازی نیین و لانی کەم نازناوی مامۆستا لە خۆیان دەنێن هەر وەکوئەوەی موسڵمانبوون جۆرێک لە پیشە بێت.
بوون بە مەلا لەم دوو گرووپەی موسڵماندا باشترین کاسبی سەردەمە. مەلایەکی سەر بە گرووپی بازرگان یان ئیسلامی سیاسیی بێ ئەوەی یەک دینار بخاتە سەرمایەگوزاریی یان مەترسییەوە و تەنیا بە دووبارەکردنەوەی کۆمەڵێک حەدیس و ئایەت سامانێک پێکەوە دەنێت کە لە ئاستی باڵای چینی مامناوەندیی دایە. هەر لە ئەوەوە کە دەتوانن لە ژنێک زیاتر بهێنن و تەنانەت بیگەیەنن بە چوار و ڕەنگە زیاتریش، هەتا ئوتومبێلی چەند دەفتەریی و مووچەی مانگانە و ئیمتیازی لابەلا و لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پەیداکردنی ڕێز و پلەوپایەیەکی کۆمەڵایەتیی کە خێزانێک ئەگەر دەرزەنێک شەهیدیشی هەبێت پێی ڕەوا نابینرێت. پارەپەرستیی و شەهوەتپەرستییەکە هێندە ئاشکرایە کە هیچ کەسێک ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات و بە هەزاران نموونە هەن.
ئەم جۆرە مەلایانە وەکو نوێنەری خودا لە سەر زەوی دێن و دەچن. وێنای خودا بە شێوەی جیاواز نیشان دەدەن و لە باسەکانیاندا دەیهێننە سەر زەوی و هەندێکیان هێندەش دەڕۆن کە باسی ئەوەش دەکەن کە خودا لە رۆژی قیامەت چۆن خۆی شەقشەقێن بە سەرپێچیکاران دەکات و تاد.
ئەگەر تا سی (30) ساڵێک لەمەوبەر مزگەوت ماڵێکی خودا بوو کە چەند ئیماندارێک تێیدا کۆدەبوونەوە و نوێژێکیان پێکەوە دەکرد و دەمەتەقێیەکی کۆمەڵایەتییان تێدا دەکرد، ئێستا بووە بە دامەزراوەیەکی ڕێکخراو بۆ بەهێزکردنی نوێنەرەکانی خودا لە سەر زەوی. لەوێدا پاداشت و سزاکان سەدان و بگرە هەزاران لقوپۆپیان لێ دەبێتەوە و شێوەی دەرخەیاڵیی دەگرنە خۆیان، هەر لە باسی شێوەکانی ئازاردان و چوون و نەچوون بۆ دۆزەخ تا جوانی حۆری و دیلمانەکان و بۆ توانای بەردەوامی لە خەیاڵنەهاتووی سێکس کردن. لە مزگەوتەکانەوە هەڕەشە لە ئیمانداران دەکرێت کە ئەوی نوێژ نەکات تەنانەت ژنەکەیشی پێی حەڵاڵ نییە و لە خوتبەدا ئەم قسەیە بە گوێی ژنانیشدا دەدرێتەوە کە بە پیاوە نوێژنەکەرەکانیان حەڵاڵ نیین.
ئەم هەزاران مزگەوتە لە لایەن وەزارەتێکەوە بەڕێوە دەبردرێت کە پێی دەوگترێت وەزارەتی ئەوقاف. وەقف لە زمانی عەرەبیدا سەبارەت بە ئایین بە مانای “بەخشین، بەخشین یان دان یان پێدان ـی ماڵیی” بە مەبەستی ئایینی یان چاکەکاریی گشتیی دێت و ئەلئەوقاف کۆی وشەکەیە کە ڕەنگە وشەیەکی گونجاو بە کوردی “بەخشینگا” بێت.
کولتوری وەقف بە فەرمیی لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق ساڵی (1921) کە بە پێی کولتور و نەریتی باوی جێکەوتەی ئەوسا هەر لەلایەن خەڵک خۆیانەوە کۆبووەتەوە و بەش و دابەش کراوە. ساڵی (1929) بە پێی ماددەی (122) دەنووسرێت کە ئەوقافی ئیسلامیی دەکرێت بە فەرمانگایەکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی (نەک وەزارەتێکی)حکومی و بە پێی یاسای دانراو و دیاریکراو بەرپرسی کاروبار و خەرجی خۆی دەبێت و لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆکوەزیراندا دەبێت. ساڵی (1976) ئەم فەرمانگایە دەگۆڕدرێت بە وەزارەتێک و تا ساڵی (1993) هەندێک گۆڕانکاریی دەکرێت بەڵام گرینگترین خاڵ ئەوەیە کە هەر سەر بە دیوانی ئەوقاف دەبێت و لە ژێر چاودێری سەرۆککۆماردا دەبێت و بۆ کۆی موسڵمانان دەبێت نەک بۆ شیعە و سوننە.
پاش ڕووخانی ڕژیمی بەعس ساڵی (2003) نزیکەی هەموو شتێک لە عێراقدا گۆڕدرا و سەرئەنجامەکەی ئەم عێراقەی ئەمڕۆیە بە هەرێمی کوردستانەوە. پاش ڕژیمی بەعس وەزارەتی ئەوقاف هەڵوەشێندرایەوە و دوو دیوانی نوێ دروست کرا، دیوانێکی شیعە و دیوانێکی سوننە و یەکێکیش بۆ نائیسلامیەکان و هەرێمی کوردستانیش خۆی وەزارەتێکی ئەوقافی هەیە. واتە عێراقیەکان بوون بە خاوەنی چوار دیوانی ئەوقافی جیاواز و بە پێی دەستووری ساڵی (2005) چەسپێندراوە. دەگوترێت کە وەقفی سوننی سامانی لە هەموو ئەوانی تر زیاترە کە دەگاتە لانی کەم (12) ملیارد دۆلار. سەرچاوەی ئەو سامانە بێگومان دیار نییە و بەسەرهاتی سەیروسەمەنە سەبارەت بە موڵکی زەویوزار و شێوەکانی دیکەی سامان دەگێڕدرێتەوە. هەروەها ناشزانین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یان نا، بەڵام وا پێدەچێت هەرێمی کوردستان سامانی خۆی هەبێت.
بۆ نموونە هەر یەک موڵکداری ئەوقافی ئەبوحەنیفە دەگاتە بیستوسێ (23) هەزار دۆنم لە زەوی کشتوکاڵیی و کە سێیەکی زەویوزاری پاریزگای بەسرە لە راستییدا ئەوقافی ئیسلامین و کاروبارەکان بانکی یان مەسرەفی ئیسلامی و زانکۆی ئەهلی و بنکەگەلی کاتبەسەربردن و بازرگانیی و پزیشکیی و تەندروستیی و تاد دەگرنەوە.
ئەم وەزارەتانەی ئەوقاف هەر وەکو هەموو وەزارەتەکانی تر هیچ شەفافیەتێکی ماڵیییان نییە، چ سەبارەت بە سەرچاوەی ڕاستەقینەی داهاتەکان و چ سەبارەت بە خەرجکردنەکان. وەزارەتی ئەوقاف لە کوردستان لەگەڵ ئەوەشدا کە بانگەشەی کەمکردنەوەی فەرمانبەر و خەرجیەکان دەکات وەزارەتێکی گەورەوگرانە کە لە وەزیری ئەوقافەوە بۆ جێگر و بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکان و مەلا و فەقێ و مجێور و شێوەکانی دیکەی فەرمانبەریی، بریتییە لە مەکینەیەکی زەبەلاحی بیروکراسیی مەسرفەگەر و وەکو هەموو وەزارەتێکی تر لە سەر موڵکی گشتیی دەژی. لە سی ساڵی ڕابردوودا بە خەزێنەی موڵکی گشتیی ئیماندارانێکی موسڵمان بەخێودەکرێن کە تەنیا بەرهەمێکیان ئەوەیە موسڵمانیەتیی بکەن.
هەمووان دەزانن کە ئێمە لە باشوور لە دەیان و سەدان بواری جیاوازدا دواکەوتووین و ئەمەش ڕێگاکانی بەرەو بەڕێوەبردنی شەفاف و مۆدێرن و شارستانیی بە پێوەری دیموکراتیی، واتە بەڕێوەبردنێکی یەکسان و دادپەروەر، داخستووە. یەکێک لەوانە نەبوونی ئامارە لە نزیکەی هەموو بەش و یەکە و کەرتێکدا. بۆ نموونە سەرچاوە و داهات و خەرجیەکانی وەزارەتی ئەوقاف و ژمارەی فەرمانبەران و مووچەبگیری ئەو وەزارەتە هەر بە درشتی هەیە و بە وردیی نادیارە. هەروەها پرینسیپەکانی ئەو جۆرە دامەزراندنانە و مووچەبگیرییەکان و تاد. ڕوون و ئاشکراشە کە هەموو ئەم دامەزراندنانە، سەرەڕای لاف و گەزافی ڕەووشتی ئایینیی و ناوی خودا و تاد، لە ڕێگای وابەستەیی و وەفاداریی حیزبایەتیی و واسیتە و بەخشیش و پیاوەتیکردن و سەرفی نەزەری خزمایەتیی و شێوە ناشیرینەکانی تری پێوەندییەوەیە.
وەزارەتی ئەوقاف ساڵانە بە دەیان ملوێن دۆلار لە سەر خەڵکی کوردستان دەکەوێت و ماکینەیەکی زەبەلاحی مەسرەفکارە کە هیچ بەرهەمێکی بەرجەستەی نییە. هەرچەندە لە ناو جۆری ڕێباز و مەلاکاندا ئەمەش هەر خۆی پرسێکی ناکۆکیە، بەڵام ئیشی سەرەکیی وەزارەتی ئەوقاف ئەوەیە کە هیدایەتی خەڵکی باشوور بکات بچن بۆ بەهەشت.
لە ئەم سترەکچەرە ئاڵۆزەدا کە هیچ کارێکی تایبەتیی و بەرهەمێکی تایبەتیی ئۆبجێکتیڤی نییە، بۆ نموونە وەکو ڕۆڵی بەرمیلێکە لە دەرەوەی ژوورێکی نەشتەرگەرییدا، جیاوازیی لە نێوان دامەزراوەی دین و دامەزراوەی دیانەتکردن کە دوو شتی جیاوازن، بە ئەنقەست و بە مەبەستی بازرگانیی تێکەڵ کراوە. ئەم تیکەڵکردنەش لە ژێر دەنگ و زەنای دەهۆڵکوتان و زووڕناژەنینی گەورەیی خودا و پێغەمبەر و قورئان و حەدیسەکان و تاد کە تاکەکەسی موسڵمانی ئاسایی دڵپاک گێژووێژ دەکات و نازانێت ڕاست و چەپی خۆی کامەیە. دامەزراوەی دین هەر دین خۆیەتی و ئەو کۆڵەکە و دیسپلینانەیە کە لە ڕێگای قورئانەوە خراوەتە بەردەست و هەر تاکەکەسێک دەتوانێت لە فەزای کەسیەتیی خۆیدا لێکی بداتەوە و پێڕەوی بکات. دامەزراوەی دیانەتکردن دروست ئەم دامودەستگایانەن کە ئێستا لە وڵاتانی ئیسلامییدا دروست کراون و بە نەبوونیان هیچ ڕوو نادات و کەس نابێت بە کافر و مولحید و خودا نەفرەت لە کەس ناکات.
ئەم بازرگانییە هەروەها لە ئەو ڕێگایەوە دەکرێت و بە هێز دەکرێت کە گوایا زۆرینەی کورد موسڵمانن لەگەڵ ئەوەشدا کە هیچ بەڵگەیەک لە بەردەستدا نییە. ئەوی هەیە دوو پێداگرتنە، هەمووان بە تەسکەرە/ ناسنامە موسڵمانن و لە دایکوباوکێکی موسڵمانن.
کاروباری دین بۆ خودایە و ئەو لە شوێنی خۆیەوە بڕیار لە سەر کاروباری “بەدینبوون” دەدات کە بۆ تاکەکەسە و تاکەکەس لێی بەرپرسیارە. خودا لە هەموو کەس باشتر دەزانێت کە هەر تاکەکەسێکی ئەم جیهانە جیاوازە و هیچ کەس نییە لە یەکێکی تر بچێت، بە تایبەتیی لە بوارە باوەڕییەکاندا.
لەم دوو جۆرەی موسڵمانبووندا بە شێوەی مەڕوبزن مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگادا دەکرێت و دینی ئیسلام دەکەن بە چاوپۆشێکی گەورە و چاوی خەڵکی پێ نابینا دەکەن. بەهای مرۆڤیی وەکو درۆنەکردن، سەرڕاستیی، بوختان هەڵنەبەستن، ئێرەیینەبردن، بیری باش، وتەی باش، کرداری باش، ڕێزگرتن لە بەرامبەر، بە هەندوەرگرتنی هەستی بەرامبەر و تاد کراون بە بەهای ئیسلامیی. لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم بەها مرۆڤیانە بە هەزار ساڵ زیاتر پێش ئیسلام هەبوون و هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی کە ناوی ئیسلامیشیان نەبیستووە و خاوەنی جۆرەکانی خودای خۆیانن بەو بەهایانە ژیان دەکەن.
لەو کۆمەڵگایانەدا کە سێکۆلارن و ئایین و دەوڵەت لە یەک جودان ئەوا لە ڕاستییدا ئەو بەهایانە ئەلفبێی ژیانن و بەشێکی گرینگ لە سیستەمی خوێندن و پەروەردەن. ئەو بەهایانە لەگەڵ زۆر بەهای تردا کە ڕەنگە لە جیهانی ئیسلامدا هەر نەشبێت یان هەر بە سەر زارەکی هەبێت هەم بە شێکن لە ڕەووشتی گشتیی و هەم ئەرکیشن. بۆ نموونە ڕاوەستانی ئوتومبێل بۆ تاکەکسی پیادە هەم بەشێکە لە ڕەووشتی گشتیی و هەم ئەرکیشە. لە دونیای ئیسلامدا دەبێت بە کامێرای شاردراوەوە مانگێک ڕاوەستیت تا شۆفێرێک ببینیت دڵخوازانە بۆ مرۆڤێکی پیادەڕۆ بووەستێت.
پرسی زەکات و سەرفترە و چارەسەری هەژاریی و بێدەرەتانیی زۆر دەمێکە لە دو نیای شارستانییدا لە ڕێگای سیستەمی دەوڵەتەوە بۆ فەراهەمکردنی بیمەی گشتیی بژێویی و کۆمەڵایەتیی بۆ هەمووان چارەسەر کراوە. تاکەکەس، ژن بێت یان پیاو، هەمیشە لە بازنەیەکی بیمەدایە کە بتوانێت بژێویی ژیانی مستوەگر بکات، جا بیمەی بێکاریی، نەخۆشیی یان سۆشیالبگیریی بێت.
هەموو ئەمانە تەنانەت بۆ کەسانی پەنابەر و لە زۆر حاڵەتدا مرۆڤی تر کە مافی مۆڵەتی مانەوە و کاریشیان نەبێت فەراهەم دەکرێن بێ ئەوەی هەڵاواردنێک لەبەر ڕەنگی پێست، جێندەر و ئەتنیک و تاد لە ئارادا بێت. ئەم مافانە کە لە سەر بنەمای پاراستن و ڕێزگرتن لە کەرامەت و شانازیی و سەربەرزیی مرۆڤ دەستەبەرن لە دونیای ئیسلامدا، بە هەموو جۆرەکانییەوە، خەونیش نییە.
مرۆڤ لە دونیای شارستانییدا رێز لە نیشتیمان و هاووڵاتیان و ژینگە و یاسا و ڕێساکانی وڵاتی خۆی دەگرێت و بە دەگمەنی هەڵنەکەوتوو کەسێکیان تیادا هەڵدەکەوێت ببێت بە تابوری پێنجهەمی وڵاتانی دیکە بە تایبەتیی ئەگەر نەیار و دوژمنیان بێت. ئەمە دەکرێت بێ ئەوەی کەس منەت بە سەر کەسێکی دیکەدا بکات و بیکات بە شاباشی خواپەرستیی و دینێک. خۆشەویستیی نیشتیمان و ڕێزگرتن لە جیاوازیەکانی هاووڵاتیان و پێڕەوکردنی یاسانەنووسراوەکان و کارکردن بۆ سەقامگیرتر کردن و زیاتر ئارامیی ئەسڵەن باسی ئەلفبێی ژیانە.
لەگەڵ ئەوەشدا کە سیستەمی دیموکراسیی و سێکۆلاریزم (عەلمانیەت) کە ڕیشەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پازدەهەم و بەتایبەتیش بەرهەمی خەبات و تێکۆشان دژی ئیستیبداد و چەوساندنەوە و دەسەڵاتی دین بوون، ئێستا تورکیا و ئێران لە کوردستان پەرە بە هەمان ڕێبازی ئایینی دژ بە خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان دەدەن و دەیانەوێت پرسی دیموکراسیی و سێکۆلاریزم بکەن بە باسی دژە دین و بە بێڕەووشتیی ئوروپایی دەیچوێنن. بێگومان ئەم کاری شێواندن و تێکدانە بە پلان و بە شێوەیەکی سیتەماتیک دەکەن.
پێش هەر شتێک هەڵدەکوتنە سەر هەموو تاکەکەسێکی ژن و پیاو کە باس لە یەکسانیی و ئازادیخوازیی و مۆدێرنیتە و یاساسەروەریی و سێکۆلاریزم و جیایی دین و دەوڵەت و دیمۆکراسیی و تاد دەکات و بە ناشیرینترین شێوە لە هەوڵدان بۆ ناوزڕاندن و بۆ بوختان و درۆودەلەسە، بە ئاشکرا و بە نهێنیی، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بەرەنگاری دەبنەوە. لە هەر ڕووانگەیەکەوە لێی بڕووانرێت ئەمە تەنیا داخوازیی و داوای داگیرکارانە و هیچ پێوەندییەکی بە دین و باوەڕێکی ڕۆحانییەوە نییە. هاوکات کە خۆیان دەکەن بە نوێنەری خودا و بە نموونەی ڕەووشت و بە قوربانیی و لە هەمانکاتیشدا بە دادوەر و بە بڕیاردەر و خاوەن دەسەڵات و تەنانەت هەڕەشە لە دەسەڵات دەکەن و دەیخەنە حاڵەتی دیفاعەوە کە گوایا دەسەڵات عەلمانیە بۆیە ڕێگا بەم جۆرە بەدکاریانە دەدات. ئەوانەی لە سیاسەت تێ دەگەن دەزانن کە ئەم ڕەشە کوردە مووچەبگیرە کە لە سەر موڵکی گشتیی دەڵەوەڕێت لە تورکیا و ئێرانەوە، کە موفسیدترین و بێڕەووشترین و داڕزاوترین دەوڵەت و کۆمەڵگای ئەمڕۆن، کۆک دەکرێت و هان دەدرێت.

سەرئەنجام
شەڕە دین و کێشەی کام خودا گەورەتر و کام کتێب پیرۆزتر و کام دین باشترە تا سەدان ساڵی تر هەر بەردەوام دەبێت. ئەگەر باوەڕدارانی دینێک ڕێز لە دینی خۆیان بگرن ئەوا یەکەمین کار بیکەن ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک بازرگانیی بەو دینەوە نەکەن و نەیکەن بە سەرچاوەی بژێویی و خۆبەخێوکردن و خۆلەوەڕاندن و نەبن بە پۆلیسی دین و خۆیان نەکەن بە نوێنەری خودا و نەبن بە تابووری پێنجەمی داگیرکاران.
یەکەم هەنگاو بۆ ڕێگاگرتن لە ئەم بازرگانییە ترسناکە جیاکردنەوەی دین و دەوڵەتە. دین ببێت بە نەریتێکی ڕۆحانیی بۆ پێوەندیی تاکەکەس لەگەڵ ئەو خودایەدا کە لە تێگەیشتنی خۆیدا وێنای دەکات و دەوڵەتیش بە پشت بە ستن بە زانست و زانین و بەڵگە و یاسا و ڕێسا لە خزمەتی کۆی هاووڵاتیاندا بێت، بێ هیچ جۆرە جیاکاریی و هەڵاواردنێکی ڕەگەزیی، ئەتنیکیی، جەندەریی، ئایینیی، جەستەیی، ڕەنگی پێست و تاد.
موسڵمانێکی کورد دەتوانێت لە جیاتی پێنج (5) جار دەیان نوێژ بکات و هەر دووانزدە (12) مانگەکە بەڕۆژوو بێت و هەموو ساڵێک بچێت بۆ حەج و دوو هەفتە جارێک بچێت بۆ عەمرە و زەکات و سەرفترە بە چەپ و ڕاستدا بدات بە بێ ئەوەی کەس ڕێی لێ بگرێت. ئەو موسڵمانە دەتوانێت بە هەموو شێوەیەک خۆشەویستیی نێوان خۆی و خودا بەهێز بکات و موسڵمانبوونی خۆی بەیان بکات، بەڵام موسڵمانبوون نە بە منەت بێت، نە بۆ خۆدەرخستن و بۆ داپۆشینی عەیبوعار بێت، نە بۆ وەدەستهێنانی ئیمتیازی ڕەسیدی کۆمەڵایەتیی و ڕەووشتیی و نە بۆ پێگەی ئیمتیازدار بێت.
ئەو جۆرە موسڵمانە بە دڵنیاییەوە دەبێت بە ڕووخسارێکی جیاواز ئەگەرچی لە ناو خەڵکی ئاساییدا بەئەژمارە بەڵام لە ئێستادا بێ دەنگ و بێ ڕووخسار و بێ نوێنەرن. کاتی ئەوە هاتووە ئەو جۆرە لە موسڵمانی ڕۆحانیی کە دین لە پارە و مووچە و ئیمتیازە جۆراوجۆرەکان پاک دەکەنەوە دژ بە موسڵمانی بازرگان و ئیسلامی سیاسیی بووەستنەوە. ئەوانەی موسڵمانی ڕاستەقینەن دەبێت لە ئەم شەڕەدا سەرکاروان بن چونکە دینەکەیان خراوەتە مەزاتەوە و ڕۆژانە دەفرۆشرێت.

ڕێبوار ڕەشید
2024/12/01




سلێمانی، گوندە گەورە حەیاتەکە!.. ڕێبوار ڕەشید

لە ساڵیادی ٢٤٠ هەمینی بە ئازارییدا!

چاومان هەڵهێنا لە سەر سەدەکە، سەروو دارۆغا لە تەپوتۆزی هاوینان و لە قوڕوچڵپاوی باران و لە بەفربارین و لە سەهۆڵبەندانی زستاندا هەموو پێکەوە یاریمان دەکرد.کچان و کوڕان پێکەوە یاری باجیباجێنە و چێشتەکوڵینە و هەلوکێن و تەق تەق کێ لە ماڵەوەیەیان دەکرد و ئێوارانیش ئەگەر هاوین بووایە لە نێوان کەلێن و بە سەر چیغی ستارەی سەر سەربانەکانەوە تریقانەوە و پێکەنین و وردەقسە بێ ماناکانمان هەر بەردەوام بوون.
شار ملێۆینێر و هەزارنێری تیادا نەبوو. پیاوان چایچیی و حەماڵ و کرێکار و ئاسنگەر و دارتاش و کەبابچی بوون و ئێواران هەموو جووت جووت و سیان و چوار بە ماندوویی بەرەو ماڵەوە دەگەڕانەوە.
شەڕەگەڕەکمان زۆر بوو. بە دارلاستیک و قۆچەقانیی شەڕەبەردێکمان لەگەڵ یەکدا دەکرد هەروەکو دوژمنی سەرسەختی یەکتر بین. زۆر لە هاوڕێکانم وەکو من بەخت یاریان نەبوو، ئێستایش نیشانەی بە بەرد شکاندن بە سەریانەوە ماوە. ژنان رۆژانە تا کاتی نووستن خەریکی کاروباری دووبارەبووەوەی ژیان بوون. هەموو ماندوو و وەڕس لە بەسەرهاتوو و ڕووداوە چاوەڕووانکراوەکان کە هەر بە سەر ئەواندا دەشکانەوە. شەڕەژنانیش هەبوو، بە زۆریی لە سەر سەرەی خێرئاو و وردە شەڕی منداڵان و دەمەقاڵێی بیستنەوەی قسەوباسێک بوون کە گەورە دەکران. لەوێشدا هەر قوربانیی بوون.
لە ساڵانێکی بە ئازاردا گەورەبووین. هەموو هەژار و نەدار. سەردەستی مرادخانی و چۆغەکانمان بە چڵم سڕین دەبریسکانەوە. کچان لە ئێمە خاوێنتر بوون. هەموو جۆرە جلوبەرگێکیان لە بەر دەکردین. خۆشیی چێشتنی گەورەمان جێژنی رەمەزان و قوربان بوون. رۆژی جێژن ئەو دوو عانەیەی دەیانداینێ هەر بەشی یەک دوو جار سواری عارەبانەی یەکقامچیی و دووقامچیی و سوڕێک چەرخوفەلەک و کورسیکورسیی دەکرد و هەندێک خۆراکی منداڵانە کە ڕۆژانی تریش دەمانخواردن. خەڵکی شار پێکەوە دەسازان.
گەورەبووین و چووین بۆ خوێندنگا کە ئەوسا دەگوترا مەکتەب. لەو مەکتەبانەدا فێربووین گەڕەکچیەتیی نەکەین و نەماندەوێرا لەگەڵ ئەوانەدا کە لە گەڕەکە نەیارەکانەوە هاتبوون بە شەڕ بێین چونکە گۆشتمان بۆ مامۆستاکان و ئێسکمان بۆ دایکوباوکمان بوو.
ساڵان ڕۆیشت و سلێمانیمان بە شێوەیەکی دیکە دەبینی. کازیوەیەک لە پشتی گۆیژەوە خەرمانەی دەکرد و خۆر بە ئارامیی سەری دەردەهێنا. لە سەر سەدەکەوە بەرەو دارۆغا و توویمەلیک شۆڕ دەبووینەوە. لەگەڵ کاتدا بە حاجیحان و سابوونکەران و گوێژە و خانووەقوڕەکان و کارێزی وەستاشەریف کە دارستانێکی چڕ بوو ئاشنا بووین. لە پاش ١١ی ئازاری ساڵانی حەفتاکاندا هەڵپەڕکێی گەرمی پێشمەرگە و خەڵکی ئاساییمان لە سەر گردی سەلیم بەگ و لە تووەکەی مەلیک نمایشی دووانزەسوارەی مەریوان و کاوەی ئاسنگەرمان دەبینی. هەینینان بە دزیی دایکمانەوە رووەو کانی شەکراو و بناری گوێژە یان رووەو قووڵایی شار بۆ ناو گوزەرەکانی بەر بەلەدێکە، بۆ جادەی مەولەوی و بۆ خانەقا، جارێک بۆ مەجیدبەگ و کارێزەوشک و جارێک بۆ سەرشەقام و جوولەکان و …ملمان دەنا.
سلێمانی وەکو شار دروست بووبوو. زوو بوو بە شاری مرۆڤی باش و شاعیران و ئەدیبدۆستان. شارێکی بچکۆلەی پاکوتەمیز بوو. رووخسارەکان یەکتریان دەناسیەوە. متمانە بە یەککردن لەو پەڕی گەرمیی خۆیدابوو. شایی و زەماوەند و پرسە و سەرەخۆشیی تایبەتیی بوون. بە شووکردن و ژنهێنان نەدەگوترا زەواج.
لە مەکتەب فێری رێز و خۆشەویستیی دەکراین. پڕ بە دەنگی خۆمان سروودی “ئەی ڕەقیب” و “ئەی دلێران”و “خوایە وەتەن ئاواکەی”و “ڕاپەڕین”مان دەگوتەوە. سەردەستەکانمان پاک و دەستەسڕی دەم و لووت سڕینمان هەڵ دەگرت. ناوی ئەحمەدی خانی و فەقێی تەیران و جگەرخوێن و ئایشێشان و کاوێس قەفتان و گۆران و پیرەمێرد و حاجی و مەستوورە و هەموو ئەوانەی تر بە گوێمان دەکەوت و پێییان ئاشنا دەبووین.
لەم شارەدا دەنگی ئازادیخوازان بڵند بوو. شاری شیوعیە باشەکان و چەپە باشەکان بوو. شاری پێشمەرگە راستەقینەکان بوو، ئەوانەی بە چەند فلسێک و پاکەتێک جگەرە داستانیان تۆمار دەکرد. شاری “ژانی گەل” و “هەر کورد ئەبین” و شاری رەفیق حیلمی و محەمەد ئەمین زەکی و تۆفیق وەهبی و بێکەسی باپیر و بێکەسی باوک و فازل محەمەد و بابا عەلی و زێوەر و قانع و ئەخۆل و موکری و مەولانا و سالم و کوردی و کاکەی فەلاح و سەدان دەنگی بوێر و ئازا و ئازاد بوو. شاری خۆشویستنی نیشتیمان و ناسینی بەردەقارەمان و مێجەرسۆن بوو. لە ئەم شارەوە بوو ئەحمەد موختاربەگی جاف فێری دەکردین “بە بێ قەدری بە سەریا ڕامەبوورن، حورمەتی بگرن، گوڵاڵە سوورەی ئەم خاکە، خوێناوی جگەرتانە”! هەر لەبەرئەوە ئاسایی بوو سلێمانی لە شاری “ژین و ژیان” و “گەلاوێژ” ـەوە ببێت بە شاری ئارام و جەعفەر و شەهاب و هێرۆ ئیبراهیم و ئەو هەموو سەرە پڕ شانازیانەی مێژووی ئەم نیشتیمانە.
سلێمانی شار بوو. شارێکی نیمچەپیشەسازیی بوو. شاری بەرهەمهێنانی تووتن و کارگەی جگەرە بوو. شاری جۆڵایی و هەلاجیی و خومچیەتیی و پێستەخۆشکردن و چەخماخسازیی و مسگەریی و زین و کۆپان و مووڕستن و پیشەی دەستیی و شاری کارگەی چیمەنتۆ و شەکر و کارگەی پێڵاوی سیروان و شەهلای چلوورەی ئەرخەوان بوو. شاری بە یەک گەیاندنی حەیران و لاوک و سیاچەمانە و هۆرەی جاف و چریکەی زیرەک و ماملێ و عەلی مەردان و کاوێس ئاغا و حەسەن جەزراوی و تایەر تۆفیق و شەماڵ سائیب و قادر و حەمەساڵح دیلان و مەریەم خان و سەید عەلی ئەسغەر و تاد بوو. سلێمانی شاری سوعبەت و پێکەنین و نوکتە و گاڵتەوگەپ، شاری فەریقەکوێر، شاری کەوتن و هەستانەوە و بەرەنگاربوونەوە و کۆڵنەدان، شاری خۆشەویستیی و وەفا و چاوەڕووانیی، شاری موزیک و تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی زانکۆی سلێمانی بوو، شاری کەریم کابان و عوسمان عەلی و ئاڵا عومەر و پەیمان عومەر، شاری شانۆ و تپیە پێشڕەوەکەی بوو، شاری بەرزانی قالەی خەڵووز، دڵشاد مەریوانی و کەمال سابیر و بەدیعە دارتاش و گەزیزە عومەر و خالید زامدار و گەلێک ئەستێرەی تر بوو. شاری ڕووانین بۆ ئەو دیو سنوورەکانیەوە بوو.
رۆژنامەگەریی ئەمڕۆ بە گشتیی رۆژنامەی حیزبیی و ریکلامی بازرگانیی و ئەو پەیجە سێبەر و دروستکراوانەن کە کاری سەرەکیان شەڕەجوێن و بوختان و درۆودەلەسە و شکاندنی ژنان و ناونەتۆرە و شکاندنی پیرۆزیەکانی کوردوکوردستانن.
ئێستا سلێمانی لە هەڕەتی لاوییدا بە تەنیا ٢٤٠ ساڵ تەمەنەوە گۆچانی ڕوو لە هەورازی هەڵگرتووە. ماڵ و گەڕەک و گوزەرەکان لە پەنجا و شەست ساڵی ڕابردوودا هیچ نەگۆڕاون. بازاڕەکان وەکو خۆیان ماون، کۆڵانەکان لە ژێر فشاری با و باران و خۆرهەتاودا توێژیان هەڵ داوە و ڕووخسارەکان بە هەستی ئازار و نامۆبوون بە خود و بە چواردەور لە گرێیەکانی پیرەمەگروون دەچن.
سلێمانی ئەمڕۆ گوندێکە، دێیەکی گەورەیە و بە هەزار و یەک لادێ هەڵئاوساوە. هەر لادێیە و بنیەکیان لە دێیە و بنەیەکیان لە سلێمانییە و هەر یەکێکیان بە شوێنێکیەوە نووساوە. دیارە شارەکە بە سرووششیی گەورە نەبووە و زادەی گۆڕانکارییەکی نائاساییە. بە ئاسانیی هەموو دێیەک بە پێوەندیی ڕۆژانە و تۆپەڵەبوونیان لە شێوەی گەڕەکەماڵدا دەناسرێنەوە. مزگەوتی تایبەت بە خۆیان هەیە و ئەگەر لە دێکەیان کێشەی شەخسیان هەبێت ئەوا لە لادێکەی سلێمانییشیان رەنگ دەداتەوە و ئەو مزگەوتە دەکەن بە دوو مزگەوت.
رۆژێک لە رۆژان زاراوەی سۆرانیی سلێمانی لە تێکەڵاوبوونی دیالێکتی بابان و ئەردەڵان و موکریاندا هێدی هێدی دروست دەبوو. ئێستا لە هەر گیرفانە لادێیەکی سلێمانی لەهجەیەک هەیە و شتێک بە ناوی زمانی سلێمانییەوە نەماوە. سلێمانی ئەمڕۆ شارێکی تۆپەڵ تۆپەڵە کە هەر بە جادەی خوار و خێچ و چارەنووسی بێپلانەوە پێکەوە بەستراوە. لە سلێمانی ئەمڕۆدا ژمارەی مزگەوتەکان کێبڕکێی براوە لەگەڵ ژمارەی خوێندگاکان و نەخۆشخانەکاندا دەکەن. بنکەی کولتوریی و کتێبخانەی گشتیی و پارک کە گەنجانی نێر و مێ بە یەک بگەیەنن و بە کوچەوکۆڵانی موزیک و ئاواز و شانۆ و کولتوری خۆیان و بە جیهانی شارستانییدا بیانبات، تۆزیان لێ نیشتووە و پەژمووردە چاوەڕێی ئەو نوێژەبارانەیە دەکەن کە ناگاتە دەنگی هیچ خودایەک.
هیچ کاتێک لە مێژوودا وەکو ئەمڕۆ بۆدواوەگەڕانەوەی کولتوریی لە بواری موزیک و شانۆدا ڕووی نەداوە. شانۆ بە گشتیی بووە بە دەم پانکردنەوە و گاڵتەبەیەککردن و ڕابوواردن بە ژنان و بە دۆزی ژنان و بە دیفاعکردن لە کولتوری باوی دواکەوتوو، هاوکات کە گۆرانی چڕین بووە بە بەیتبێژیی لەو پەڕەی ڕستەی بێ مانا و هەلەقومەلەق کە هیچ ئاستێکی هونەری تیادا بەدی ناکرێت و یاخود کراوە بە نووزەنووز و خڕکردنەوە و کۆکردنەوەی دەم و لێو و نیشاندانی ڕووخسار و پێشانگای جلوبەرگ. هەر ئەم کولتورە داڕزاوە گەڕاوەیەیە کە لە پێش هەر شتێک لە بواری سیاسەت و پرینسیپە جیددیەکانی کۆمەڵگادا ڕەنگیان داوەتەوە.
سلێمانی پێڕانەگەیشت بە ئاشی شاربوونی خۆی شاڵآوی کولتوری دێهاتی بشکێنێت و لە ناو هەناوی خۆیدا هەزمی بکات و لە نوێگەرییدا بە کولتوری شار بیپشکوێنێتەوە. ئەو کۆچبەرییە بێوێنەیەی لە دێهاتەکانی دەوروبەریەوە گەمارۆی دا هەم بە هۆکاری سیاسەتی داگیرکاریی و هەم بە هۆکاری تری ناوخۆیی لە درێژخایاندا بوون بە بەخوریکردنەوەی ڕیسی شارستانییەتی سلێمانی.
لەوەبەر لە فیستیڤاڵی هەڵەبجەدا بینیوومانە و لە ساڵیادی سلێمانیشدا بە دڵنیاییەوە دەیبینین کە چۆن هەموو داهێنان و پێشکەوتنێکی کولتوریی شار لە دۆڵمە و بریانی فرۆشتن، ملوانکەی مێخەک و سێوی مێخەک کرێژ و سرکەیی بەحیجاببوودا خولاسە دەبێتەوە و بەناوی بەرهەمی خۆماڵی و هونەری ژنانەوە دەفرۆشرێنەوە.
لە سلێمانی ئەمڕۆدا بە دەگمەن هەڵدەکەوێت ئوتومبێلێک مۆڵەت بە پیادەڕۆیەک بدات بپەڕێتەوە، پرسەی مردنی ژنان بە ناوی پیاوانەوە تۆخ دەکرێنەوە و جلوبەرگ بۆ ژنان بووە بە هێمای شەرەف. دۆخێکی سترێس و ڕاکەڕاک سەرتاپای شاری داگرتووە، زمانی بازاڕ پڕە لە وشەی عەرەبیی یان ئینگلیزیی ناتەواو، بێمتمانەییەکی تەواو لە نێوان کڕیار و فرۆشیار و مامەڵەکارانی بازاڕدا بڵاو بووەتەوە، چاولێکەریی و دووپاتکردنەوەی ئەوەی هەیە و کراوە بیرۆکەی دۆزینەوە و داهێنانیان بردووە بۆ خاڵی سفر. ئیسلامگەراییەکی سیاسیی بوختانچی و واتەواتکار و هێرشبەر بۆ سەر ژنان و هەر بیرێک لەگەڵ خۆیان نەگونجێت زۆرینەی مزگەوتەکانی کردووە بە گومڕانگا لە نیشتیمان و لە کولتوری پێشکەوتنخوازیی و شارستانیی ئازادیخواز. زانکۆ و خوێندنگاکان بوون بە حوجرەیەکی گەورە و خوێندن و زانست لە نێوان کەرتی ئەهلیی و حکومییدا بوون بە ناوەندی بەرهەمهێنانی ڕەشبینیی و باوەڕبەخۆنەبوون و تووڕەیی لە نیشتیمان.
ئێستا گۆڕستانی بێ ناونیشانان، لە پارکی ئازادیی کە بێکەسی باوک لەگەڵ رەگوڕیشەی دارسنەوبەرەکانیدا تێکەڵ بووە، لە گردی یارە کە مامەیارە گۆرانیی بەهار بە زەمزەمەی بولبولیەوە دەخوێنێت، لە گردی سەلیم بەگ کە شار هەڵپەڕکێی پێشمەرگەی دەکرد بە ڕەشبەڵەک، لە سەرچنار و دەرگەزێن و کانی ئاسکان و قەدپاڵەکانی ئەزمەڕ و ڕووخسارە بە هەیبەتەکەی پیرەمەگروون و تەنانەت لە پیرمەسووریش بەناوبانگتر و بەناونیشانترە. شەرەفی ونبووی ئەو پیاوانەی شار لەوێدا لە جەستەی بێناوی ئەو ژنانەدا پاک دەبنەوە و دەکڕدرێنەوە.
پیرەمێردی نەمر، باپیرەی خەمخۆر، رۆژنامەنووس و شاعیرە ئەدیبدۆستەکە، خوێندەوارە دەردەدارە کەی کورد، بە کارێزی وەستا شەریفدا بەرەو سەرەوەی سەیوان لە سەر ئەو گردە دانیشتووە و لە عەرشی پەروەردگاری ڕووانیووە کە سلێمانیەکەی بوو. نەورۆزان بە دەستی خۆی دۆڵمەی لێ ناوە و رۆشنبیرانی ئەو شارەی بانگهێشت کردووە و ئاگری نەورۆزی کردوەتەوە و زانیوویەتی سنگی کچانی شارەکەی و نیشتیمانەکەی چەندە بەرز و توندە. ئەو گردە، سەروپێچەکەی سەیوان، ئا بەو شێوەیە، لە هەناوی رەنجی پیرەمێردەوە بوو بە گردی مامەیارە. ئێستا هەموو حیزبێک گردێکی هەیە و تەنانەت تاکەکەسانیش گردی خۆیان هەیە. مامەیارە دێتە خەونم و پێی وایە هەر لە چاپخانە کۆنەکەی کار دەکات. بە دەم هاتن و چوونی بێ قەرارەوە پێم دەڵێت “دەمەوێت لەم شارە بارکەم، بڕۆم”. دەڵێم یارە بۆ کوی دەڕۆیت، تۆ ئیتر لە ناو عەرشی پەروەردگاردایت.
بە دەم نوقمبوون و غەرقبوونی کەشتیە شەقوشڕە تورکیەکانی ناو دەریای سپی ناوەڕاستەوە کە ئەهلی ئەم شارە و ئەم هەرێمەیان بەرەو بەهەشتە دوورەکان هەڵگرتووە، بە دەم لەرز و ئارەقەوە، خەبەرم دەبێتەوە.
بە ڕۆژیش حەزرەتی سالم لە کۆڵم نابێتەوە و خەریکی نووسینی نامەیەکی نوێیە بۆ نالی. کە نامەکە دەخاتە دەستم هەر وا سپییە، پیتەکان نابینم. بە رووخساری پرسیاراویمدا تێ دەگات و لێم وەردەگرێت و دووبارە دەست دەکاتەوە بە نووسین و دەیداتەوە دەستم و سەرلەنوێ پیتەکان دەرناکەون. پێکەوە لە فرۆشیارانی ئەم شارە دەڕووانین کە بە دەوری بەرهەمی تورکیی و ئێرانییدا هەڵدەپەڕن و سەما و ریکلامیان بۆ دەکەن و بەرژەوەندیی پارە لە سەروو زمان و کولتوری ئازادیخوازیی و نیشتیمانپەروەرییەوەیە. شارەکەی سالم بووە بە ژێر بەرهەمی پلاستیکیی ئێران و تورکیاوە و کراوە بە سەرەنوێلکی بەرهەمی دەوڵەتانی دەراوسێ. لێی تێ دەگەم شیعرەکەی دەستکاریی دەوێت.
دیسانەوە نامەکە لە سالم وەردەگرمەوە. لە ژێر هەنکەهەنکی ڕاکردنێکدا خەبەرم دەبێتەوە، چنگم توند لە دەستماڵەکەی دایکم گیر کردووە، ئەو دەستماڵەی کە تەنیا دیارییەکی ئەو ژنە حاجی حانیەیە بۆم ماوەتەوە کە بە منداڵی پەلی دەگرتین و دەیبردین بۆ حەمامی بەرخی و تا پێستمان خوێنی تێ دەزا بە لفکە دەیشتین. نامەکەی سالم لە دەستمدا نەماوە.
بە کامە گوزەری شاردا بڕۆم کە بەرهەمەکەی پێشکەوتبێت و هەمان ڕووخساری ماندوو و هەمان ڕێگا و دیواری ماوە بەسەرچوو و هەمان دەڕابە و قوفڵ نەبینم. کەرتی پیشەسازیی ئەم شارە نادیارە و کەرتی تەندروستیی قەسابخانەیەکی ئەهلیە و کارەبا لەو کاتەوە کە بەداواکاری ئێران و تورکیا تەل و وایەر و کێبڵ و محاویلە و عەمودەکانیان دزی، هەر لە هەڕەتی نیشتیمانبوونی خۆیدایە و گەل لە خۆشەویستیی یەکسەرە دایە لە گەڵی. ڕۆژ بە رۆژ زۆرێک لە ئەو کارگانەش کە هەبوون بە هۆی بێ کارەبایی و هۆکاری ترەوە دادەخرێن کە هیوای بەرهەمێکیان هەبوو.
لە ڕووی سیاسییەوە زۆر هەیە بگوترێت و زۆر گوتراوە بەڵام گرینگترینی ئەوەیە کە حکومەتەکەی ماڵی بارزانی بایکۆتی لە سەر داناوە و بە شەڕەشەق پرۆژە سوێندلێخوراوەکانی دەگەنە مەنزڵ یان هەرگیز ناگەن. ئێستا لە جیاتی ڕۆشنگەریی و بزووتنەوەی ڕووناکبیریی و کتێبخوێندنەوە و بەرهەمی شانۆیی و تەلەڤیزیۆنیی و سینەمایی خۆماڵیی گەنجی ئەم شارە بە دیار سندوقی تەلەڤیزیۆنەوە کە پڕن لە زنجیرەی تورکیی و فارسیی و عەرەبیی بازاڕیی کە خۆیان بۆ بازرگانیی و پارەپەیداکردن بەرهەمیان دەهێنن، دادەنیشن و بێهوودە لە هەوڵدان لاساییان بکەنەوە. کچان و کوڕان عاشقی بیچمە دروستکراوەکانی ئەم زنجیرانە دەبن ولاسایی مۆدێلی فەرش و قەنەفە و گڵۆپ و جلوبەرگ و پێڵاویان دەکەنەوە کە نازانن ریکلامن بۆ بازرگانیی.
سلێمانی، گوندە گەورە شێواوەکە، باشترین و جوانترین و رۆشبیرترین گوندە گەورەی ئەم هەرێمەیە کە سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی دەبێت بە دۆلار و لیرە و تمەن و بە چەرخوفەلەکەکانی مێژوودا سەرەوخوار و سەرەوژوور بەرەو ئەو ئەشکەوتانە دەڕۆن کە بە منداڵی لە کتێبی ئەمیرئەرسەلاندا لە ژێر تەلیسمی جادووگەرێکدا نابینا دەکران.
سلێمانی، هێشتا لە بەراوورددا لەگەڵ دەستەخوشکەکانی تری لەم هەرێمەدا کە هەر گوندی گەورەن و بە مزگەوتی بێئەژماری گەورەوگران و ڕازاوە و تەنراو بە هەزارویەک مەلا و بە کولتوری شەڕەخوێن و بە ئەسپئەسپێنی عەشایەریی و سوڵحی عەشایەریی و بە دادگای لایەندار و بە دامەزراوەی نادیاری سەدان و هەزاران فەرمانبەرەوە، دەنازن. هەر شاری ڕۆشنبیرییە.
لە ٢٤٠ هەمین ساڵیادیدا لە سێبەری یەکێک لە شیعرەکانی قانع دا و بە سۆزی هەستی بەرزی نیشتیمانپەروەریی دڵدار ـەوە بە مەولەویدا دەچمە خوار و گوێ لە دەنگە بە سۆزەکەی قادر کابانی گۆڕونبوو دەگرم کە لە درزی پەچەی گۆران ـەوە بە سەر جادەی چۆڵ و سێبەردا تێپەڕ دەبێت. دەزانم ڕۆژێک دێت سلێمانی دەبێتەوە بە شارێک.

ڕێبوار ڕەشید
2024/11/12




مەسعود بارزانییەکان و نهێنیی پرسی مووچە.. رێبوار ڕەشید

لەو وڵاتانەدا کە سیستەمی دیموکراسیی بۆ بەڕێوەبردنی ناوخۆ پیادە دەکرێت ئەوا خەزێنەی نەتەوەیی، پرسی داهات، پرسی بەرهەمهێنان و فرۆشتن و پرسی خۆشگوزارەانیی ئابووریی و پرسی مووچە لە هەرە خاڵە سەرەکیەکانن. هەموو جۆرە مافێکی دیکە لەم خاڵانەوە پێ هەڵ دەگرن.
ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە دڵسۆزانی باشوور لە 30 ساڵی ڕابردوودا ئاماژەیان بەو هەموو جۆرە قەیرانە داوە کە دەسەڵاتدارانی باشوور خەڵکی باشووریان دووچار کردووە. لێرەدا من دەمەوێت تەنیا پرسی مووچە بخەمە بەر باس.
مایک مۆنتێریۆ (MIKE MONTEIRO) لە ڕاپۆرتاژێکی زانستییدا باس لەوە دەکات کە چۆن گۆڤاری واڵ ستریت لە ڕۆژی 24 مانگی حەوتی ئەم ساڵدا (2020) هاتووە و بیست (20) مووچەی لە بەرزترین موووچەی سەرۆکەکانی دونیای پێشکەوتووی بڵاو کردووەتەوە. ئەو بیست 20 وڵاتە ئەو وڵاتانەن کە لە بە پێی زانستی سیاسیی و کریتیریای دیموکراسیی، دیموکراسیین، واتا بە پێی سیستەم و یاسا و ڕێسای دیموکراسیی بەڕێوە دەچن. یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی سیستەمی دیموکراسیی ئەوەیە کە لە خەزێنەی نەتەوەییەوە هەتا بچووکترین سەودا هاتنوچوونی پارە بە حیساب و دەفتەرە، و تۆمار کراوە. ئەم دەوڵەتانە هەروەها گەورەترین لە پیشەسازییەکانی جیهانن، دەوڵەمەندترین و بە بەرهەمترینشن.
زۆر گرینگە خوێنەر پێشوەخت تێبینیی بکات کە لە ڕاستییدا گۆڤاری واڵ ستریت گۆڤارێکە سەرنووسەرەکانی رووانگەی کۆنسێرڤاتیزمیان هەیە و ناوەڕۆکەکەیشی بەتایبەتیی باسە سیاسییەکان لیبراڵیین، واتە بە هیج شێوەیەک گۆڤارێک نییە بۆ توێژینەوە و ڕۆشنکردنەوەی خەباتی چینایەتیی و هاوژیانیی بەرابەرییانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر رەخنەگرانە لەو گۆڕانکارییە نوێیە دەڕووانێت کە لە دەوڵەتانی دیموکراسییدا ڕوو دەدات و کە لە بەری چەپەوە هەتا سۆسیاللیبراڵەکان دەیانەوێت بەری پێ بگرن تا نەبێت بە دیاردە. ئەو گۆڕانکارییە پرسی ڕێژەی مووچەیە. روونتر بدوێین، زۆرینەی خەڵک لەگەڵ ئەوەدان کە مووچەی بەرپرسانی سیاسیی لە ئاستی هەرە سەرەوەدا بە ڕێژەیەکی دیار و بە حیساب لەگەڵ مووچەی تێکڕای گشتیی وڵاتدا بێتەوە.
لە وڵاتە دیموکراسییە پێشکەوتووە پیشەسازییە بەرهەمهێنەرەکاندا ڕێژەی مووچەی سەرۆککۆماریی و سەرۆکوەزیرانی لە سێ و نیو کەڕەتەوە/ بەرابەرەوە هەڵکشاوە بۆ چوار جار و هەندیک جار بۆ پێنج جار لە مووچەی تێکڕای گشتیی. واتە ئەگەر مووچەی تێکڕایی گشتیی هاووڵاتیی یەک دۆلار بێت ئەوان چوار/ چوارونیو یان پێنج دۆلار وەردەگرن.
زۆرینەی خەڵکانی ئەم وڵاتانە ئەمە بە کێشەیەک دادەنێن و زۆرینەی پارتەکانی ناو بازنەی چەپ و ژینگەدۆستەکان ئەمە بە گۆڕانکارییەکی ترسناک دەبینن.ئەوە بە دروست دەزانرێت کە لەو پەڕیدا چوار بەرابەر/ جار زیاتر بێت.
مایک مۆنتێرۆ دەڵێت زانیارییەکان بۆ ئەو توێژینەوەیە بە شێوەی جیاواز دەستکەوتوون، وەکوو پەیجە ڕەسمییەکانی دەوڵەتەکان و فۆندی نێونەتەوەیی دراو (International Monetary Fund) و کتێبی فاکتی جیهانیی سی ئای ئەی (CIA World Factbook).
من لێرەدا چەند نموونەیەک دەهێنمەوە بۆ ئەوەی خوێنەر لەو مەترسییە گەورەیە تێ بگات کە مەسعود بارزانی و دارودەستەکەی بۆ باشووری ساز کردووە.
سەرۆکی ئیرلەند لیۆ ڤارەدکار 234.447 هەزار دۆلار لە ساڵێکدا وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە نزیکەی 19.537 هەزار دۆلار . ئەمە دەکاتە چوار و نیو جار لە مووچەی تێکڕایی گشتیی لە ئیرلەند کە نێزیکەی 4000 دۆلارە.
ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە ئیرلەند زیاتر لە 78 هەزار دۆلارە (بەرزترین لە ئوروپا!).

کاترین جاکۆسدۆتەر سەرۆکوەزیرانی ئایسلەند ساڵانە 242.692 هەزار دۆلار وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە 20 هەزار دۆلارێک. ئەم مووچەیە لە سەر هەر هاووڵاتیەکی ئایسلەند 73 سێنت، واتە سێچارەکە دۆلارێک، دەکەوێت. مووچەی تێکڕایی گشتیی لە ئایسلەند نێزیکەی 3.200 دۆلارە.
ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە ئایسلاند نزیاتر لە 49 هەزار دۆلارە
ستێفان لۆڤێن سەرۆکوەزیرانی سوێد ساڵانە 244.615 هەزار دۆلار وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە 20.300 هەزار دۆلار. مووچەی تێکڕایی گشتیی لە سوید نێزیکەی 3,900 دۆلارە. ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە سوێد نێزیکەی 56 هەزار دۆلارە.
لارس لۆکە راسموسن سەرۆکوەزیرانی دانمارک ساڵانە 249.774 هەزار دۆلار وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە نیزیکەی 21 هەزار دۆلار. ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە دانمارک 46.239 هەزار دۆلارە و مووچەی تێکڕایی گشتیی مانگانە 7,500 دۆلارێکە. لارس شەش بەرابەر زیاتر لە مووچەی تێکڕایی گشتیی وەردەگرێت.
چارلس میشێل سەرۆکوەزیرانی بەلژیک ساڵانە 264.964 هەزار دۆلار وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە نێزیکەی 21 هەزار دۆلار. ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە بەلژیک 42.497 هەزار دۆلارە. مووچەی تێکڕایی گشتیی مانگانە 5 هەزار دۆلارێکە. واتە چارلس چوار بەرابەر زیاتر لە مووچەی تێکڕایی گشتیی وەردەگرێت.
مووچەی مانگانەی سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا، ئێدوارد فیلیپ، نزیکەی 18 هەزار دۆلار و ساڵانە ($220,505.00) کەمتر لە 221 هەزار دۆلار. سەرۆککۆمار، ئیمانۆئێل ماکرۆن، نزیکەی هەر 18 هەزار دۆلار وەردەگرێت ئەگەرچی بەرپرسیاریەتییەکەی زیاتر لە سەرۆکوەزیرانە.
تێبینی بکەن کە ڕێژەی ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە فەڕەنسا لە 40 هەزار دۆلار زیاتر و مووچەی تێکڕایی گشتیی مانگانە نێزیکەی 2800 هەزار دۆلارە.
جەستن ترودو سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ساڵانە 267.041 دۆلار وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە 22 هەزار دۆلار.
ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لەکەنەدا 44.134 و مووچەی تێکڕایی گشتیی مانگانە 4.500 دۆلارێکە. جەستن نیزیکەی پێنج بەرابەر زیاتر لە مووچەی تێکڕای گشتیی وەردەگرێت.
خاڤیار بێتێل سەرۆکوەزیرانی لوکسمبەرگ ساڵانە 278 هەزار دۆلار وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە 23 هەزار دۆلار کە نزیکەی 48 سێنت لە سەر هەر تاکێکی هاووڵاتیی دەکەوێت.
ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە لوکسەمبەرگ نزیکەی 94 هەزار دۆلارە و مووچەی تێکڕایی گشتیی مانگانە هەزار 6 دۆلارێکە. خاڤیار نێزیکەی 4 بەرابەر زیاتر لە مووچەی تێکڕای گشتیی وەردەگرێت.
سەبەستیان کروز، سەرۆکی ئوتریش ساڵانە 328.584 دۆلار وەردەگرێت کە دەکاتە 27 هەزار دۆلارێک. ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە ئوتریش نزیکەی ٤٦ هەزار دۆلارە و مووچەی تێکڕایی گشتیی مانگانە 4.500 دۆلارێکە. سەبەستیان شەش کەڕەت لە هاووڵاتیی زیاتر وەردەگرێت.
ئەنجێلا مێرکل ساڵانە 369.727 هەزار دۆلار مووچە وەردەگرێت کە مانگانە 30 هەزار دۆلار دەکات. ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە ئەڵمان 46.719 هەزار دۆلارە و مووچەی تێکڕایی گشتیی مانگانە لە ئەڵمان نزیکەی 4500 دۆلارە. ئەنجێلا نێزیکەی پێنج جار زیاتر لە مووچەی تێکڕایی گشتیی وەردەگرێت.
سکۆت مۆریسۆن سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا ساڵانە 378.415 دۆلار وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە نزیکەی 31 هەزار دۆلار. ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە ئوسترالیا 46.554 هەزار دۆلارە و مووچەی تێکڕایی گشتیی مانگانە 7.400 دۆلارێکە. سکۆت نزیکەی چوار بار زیاتر لە مووجەی تێکڕای گشتیی وەردەگرێت.
ئوەلی ماورەر سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی سویسرا ساڵانە 482.958 هەزار دۆلار وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە نزیکەی 40 هەزار دۆلار. ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە سویس نزیکەی 56.473 هەزار دۆلارە. ئەڵبەت لە کۆنفیدەراسیۆنی سویسرا مووچەی تێکڕایی گشتیی هاووڵاتیی نزیکەی 62 هەزار دۆلارە لە بەراووردا لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی دیکەی ئوروپا کە 43 هەزار دۆلارە.
دۆلاند ترامپ ساڵانە 400 هەزار دۆلار وەردەگرێت کە مانگانە دەکاتە مانگی 33 هەزار دۆلار. ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک لە ئەمریکا 54.440 هەزار دۆلارە و مووچەی تێکڕایی گشتیی مانگانە لە ئەمەریکا نزیکەی 4.800 دۆلارە. دۆڵاندیش هەر شەش جار زیاتر لە مووچەی تێکڕای گشتیی وەردەگرێت.
ANNONS

ئەم نموونانە پێمان دەڵێن کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو و دیموکراسییدا کە مافی مرۆڤ تا رادەیەکی باڵا بەرقەرارە سسیتەمێک بۆ مووچە هەیە کە بەگشتیی نەزمێکی لیبرالیی چەسپاندوویەتیی، ئەویش بە بەردەوامیی لە ژێر ڕەخنەدایە چون بە نادادوەریی و نایەکسانیی و نابەرابەریی دادەنرێت و داوا دەکرێت باشتر بکرێت، واتە کەمتر بکرێتەوە.
ئەم سیستەمی مووچەیە لە سەرەوە دیار ناکرێت بەڵکو لە خوارەوە بۆ سەرەوە هەڵدەچنرێت. باسەکە دووبارە دەکەمەوە کە مووچەی سەرۆککۆمارێک/ سەرۆکوەزیرانێک عادەتەن چوار/ چوارونیو کەڕەت مووچەی تێکڕای گشتییە، واتە ئەگەر مووچەی تێکڕایی گشتیی هاووڵاتیی سەد دۆلار بێت ئەوا مووچەی بەڕێوەبەرانی دەوڵەت، چوارسەد/ چوارسەد و پەنجا دۆلارێک دێتەوە. لە دۆخی نائاساییدا شەش بەرابەر، واتە 600 دۆلار.
بەو هەموو مووچە ساختەیەوە کە لە باشوور هەیە مەحاڵە بزانرێت مووچەی تێکڕایی گشتیی هاووڵاتییەکی کارمەند چەندە، بەڵام مرۆڤ بە گشتیی دەتوانێت بڵێت کە دەسەڵاتدارانی باشوور خۆوەکیلیی، دوور لە هەر نەزم و حیسابێکی هاوچەرخ، مووچە بە خۆیان دەبەخشنەوە و هاوکات “بڕێک” بە سەر خەڵکی ئاساییدا دەسەپێنن.
لە باشوور دەتوانین مووچەی تێکڕای گشتیی مانگانە بە 800 دۆلار بقەبڵێنین، واتە مووچەی کارمەند/ فەرمانبەرێک کە خزمەتێکی چەندین ساڵە و کارزانییەکی تۆمار کراوی هەبێت. ئایا مووچەی مەسعود بارزانی و کوڕان و برزاکان و خوشکەزاکان و وەزیرەکانی و پارلەمێنتارەکانی لە سەر بناخەی مووچەی تێکرایی گشتیی مانگانەی باشوور دیاری کراون؟
ئایا سەروەت و سامانی بگویز و نەگوێزیان بە پاشەکەوتی ئەو مووچەیەیە؟
بێگومان نا.
نەک پارەی مووچەی یەک ساڵی خەڵک، بەڵکو مووچەی سەد ساڵیان بە زیادەوە لە باخەڵی مەسعود بارزانی و خانەوادەکەیی و باقی دەسەڵاتداراندایە کە لە بازنەیەکی بێ نەزم و بێ حیساب و لە پێوەندیەکی عەشیرەتیی کۆیلایەتییدا سەپێندراوە.
ئەوانەی دەیانەوێت باسی باشووریک بکەن کە لە سەر نەزم و حیسابێک بگەڕێت، دەبێت پێش هەر شتێک لە مووچە و سامانی مەسعود بارزانی و بازنەکەیەوە دەست پێ بکەن، دەنا مەحاڵە بتوانرێت لە سەر نەزمێک قسە بکردرێت.
دەبێت خوێنەر بە سەرنج بێت کە مووچەی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی ئەو دەوڵەتانە کە چوار و پێنج بەرابەر وەردەگرن وڵاتگەلێکن کە تەواو پیشەسازیین، پێشکەوتوون، خزمەزتگوزاریین و هەر کەسێک لە بەرپرسانی سیاسیی لە نێوان 10 تا 14 سەعات کار بۆ وڵاتەکەیان دەکەن و کە بەڕاستیش بەرپرسیارن. واتە لە حاڵەتی بچووکترین هەڵەدا دەردەکرێن و وەزیفەکەیان لێ دەسەندرێتەوە و لە زۆر حاڵەتدا هەرگیزاوهەرگیز بە لای سیاسەتدا ناچنەوە. هەروەها تێبینی بکەن کە ئەمانە کاتێک مووچەیەکی وا وەردەگرن کە ج د پ/ پوختەی مەسرەفی نەتەوەیی بۆ هەر تاکەکەسێک، واتە مەسرەفی بەرهەمیی بەرجەستە و خزمەتگوزاریی بۆ هەر تاکە کەسێک لە نێوان 45 هەزار دۆلار بۆ 60 هەزار دۆلار دایە.
لە باشووری ئێمەدا مەحاڵە بۆ خەڵکی ئاسایی دەر لە بازنەی دەسەڵاتداریی بگات بە یەک هەزار دۆلار. واتە سەرۆکانی ئەوان کاتێک چوار و پێنج بەرابەر وەردەگرن کە هیزی کڕین و مەسرەفی خەڵکی گشتیی 45 تا 60 کەڕەت زیاتر لە هی خەڵکی باشوورن.
چۆن خەڵکی ئازادیخوازی غەدرلێکراوی باشوور لەو فەوزا بێسەروبنە تاڵانگەرییەدا کە مەسعود بارزانی بە ناوی “حکومەتی هەرێمی کوردستان” بە سەریاندا دەیفرۆشێتەوە دەتوانێت بەرامبەر بە بەغداد ڕابووەستن، چۆن دەتوانن لە دانوستاندن و لە ڕێککەوتننامە و گرێبەستیی نێودەوڵەتییدا سەرکەوتوو بن؟
مەحاڵە!
هەر کاتێک مووچەی ڕەسمیی سەرۆکی هەرێم (کە دیارە هەرێمی کوردستان هەر نابێت سەرۆکی هەبێت، بەڵام ئەمە باسێکی دیکەیە) لەو پەڕیدا سێ یان جوار جار هێندەی مووچەی تێکڕای گشتیی بوو، واتە 3.200 بۆ ئەوپەڕی 4.000 دۆلار، و هەروەها سامانی بگوێز و نەگوێزیشی بە پێی داهاتی کاری بێت، ئەو کاتە دەبینین کە هەر ئێستا بەشی سەد ساڵ مووچەی خەلکی باشوور هەیە، بە مووچەی سۆشیالبگیریی و مووچەی بێکاریی و مووچەی ژنانی سکپڕ و منداڵدار و هتدەوە.
خۆ پێچەوانەکەیشی ئەگەرچی نازانستییە هەر دروست دەبێت، واتە ئەگەر داهاتی مانگانەی سەرۆکی سەرۆکان و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و هتدەکان سەدان هەزار دۆلار بێت، ئەوا دەبێت مووچەی تێکڕای گشتیی مانگانە بۆ خەڵک هەر چوار پێنج جار کەمتر بێت، واتە بیستها هەزار دۆلار بێت!
خوێنەر دەبێت زرنگ و بە سەرنج بێت کە کاتێک لە دونیای سیموکراسییدا دەڵێین “سەرۆک” و “بەرپرسیاری سیاسیی” ئەوا باسی کەسانێک دەکەین کە ڕۆژانە دڵخوازانە و هەروەها ناچارانە لە نێوان 10 بۆ 14 سەعات خزمەت بە وڵات بکەن، کە کارزان و لێهاتوو و کارامە بن، کە بە ئارەقدان و رەنجی شانیان و دڵسۆزییان گەیشتبنە ئەو پلەیە، کە هەمیشە سپاسەمەند بن بۆ ئەو متمانەیەی پێیان دراوە و لە ئاست خەڵک قەرزاربار بن و هتد، نەک دەستەیەکی بێسەوادی دز و چڵکن و بێئەدەب و پیسخۆری بێهونەری وەکوو ئەوانەی باشوورێکی گوڵستانیان کردوە بە گاڵتەجاڕی دەرودەراوسێ و دونیا.
تا ئەم چرکەیە پرسی مووچە لە باشوور هیچ پێوەندیەکی بە بەغدادەوە نییە و ئەم باسە گرینگ و بە سوودە، بەڵام جێی ئێرە نییە. ئەگەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا و یەکیەتیی ئوروپایش بخرێتە بەر دەستی دەسەڵاتدارانی باشوور ئەوا هەر نایانەوێت مووچەی خەڵک بدەن چون ئەوەن کە هەن!

رێبوار ڕەشید
28/12/2020

https://eu.usatoday.com/story/money/2019/04/21/20-highest-paid-world-leaders-president-trump/39352195/

تێبینیی:

  1. بەپێی ماددەی یەکەم برگەی (1) لەیاسای ژمارە (1)ی ساڵی (2005) سەرۆکی هەرێم سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێ کردنە. (7/6/2005 یاسای ژمارە 1)
    لە مافەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمدا هاتووە کە “سەرۆکی هەرێم نوێنەرایەتیی خەڵک دەکات لە ئاستی ناوخۆ و جیهاندا، پێوەندییەکان و هەماهەنگیی نێوان هەرێم و دەسەڵاتەکانی فیدراڵی عیراق لە ژێر سەرپەرشتیدایە. نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان دەکات لە ئەنجوومەنی سیاسیی ئاسایشی نیشتیمانیی عیراق و لە راوێژکردن و دانووستاندن لەگەل حکومەتی عیراق”. هەروەها کە خۆی “جێگرەکانی هەڵ دەبژیرێت” و “بەرپرسە لە پەسەندکردنی دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی تایبەت کە پێشنیار دەکرێت لە لایەن سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەسەندکردنی هەموو ئەو یاسایانەی کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەردەچن. سەرۆک دەسەڵاتی گەڕاندنەوەی هەموو یاسایەکی هەیە بۆ پەرلەمان، بۆ یەک جار، بە مەبەستی گفتوگۆی زیاتر و هەموار کردنەوە”.
  2. مووچەی تێکڕایی گشتیی بۆ بەراووردی مووچەکانی دیکە، خوارەوە و سەرەوە، بەکار دەبردرێت. وشەی “مووچە” لە پێوەندیی کارکردنی مانگانەدایە، دەنا داهاتی دیکە بۆ ئەوانەی کە بە تەواویی لە دەرەوەی کاردان، یان کە نەخۆشن و ناتوانن کار بکەن، یان بێکارن بە شێوەی جیاواز و لە ژێر ناوی جیاوازدا هەن و کە لە دەوڵەتانی خاوەن سیستەمی خۆشگوزەرانییدا لە چوارچێوەی مافی مرۆڤ و مافی کار و مافی ژیاندا فەراهەم دەکرێن. هەروەها کەم نیین ئەوانەیش کە لە جوارچێوەی کاری تایبەتیی وەکوو سەرکاری کارگا و کۆمپانیا و بانکەکاندا زۆر لە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانیش وەردەگرن و دیارە ئەمانە باسی دیکەن.



بۆچی دەبێت مەسرور بارزانی دەست لە بەڕێوەبردنی کوردستانی ئێراق بکێشێتەوە؟.. نووسینی: مایکڵ ڕۆبین

ناوچەکە بەرگەی حکومەتێکی ناکارامە ناگرێت!

نووسینی: مایکڵ ڕۆبین/
ڕێبوار ڕەشید کردویە بە کوردیی

ڕۆژێک لە ڕۆژان کوردەکان خۆیان بە “ئێراقێکی دیکە” دەبینی، ناوچەیەک کە دیموکراسیی و ئاساییشی تیادا پەیدا دەبوو، بەڵام ئەوڕۆ کوردستانی ئێراق لە سەر ئاورە. هێزەکانی ئاساییش دەستڕێژی گولـلە لە خۆپیشاندەران دەکەن، خەڵک وەڵام دەدەنەوە و ناڕەزاییدەربڕان پەرچەمی حیزبەکان دەسووتێنن و تەنانەت وێنەی دامەزرێنەری پ د ک مەلامەستەفا بارزانیش.

کوردستانی ئێراق کە “ئێراقێکی دیکە” بێت هەمیشە درۆیەک بوو. ناوچەکە ماڵی بابی دوو خانەوادەی دەسەڵاتدارن – بارزانی و تاڵەبانی، کە لە پراکتیکدا لە سەروو یاساوەن. هاوکات کە ئێراقیەکان لە بەغداد لە پشت فەرمانەوە بوون، مەسعود بارزانی پ د ک کە هەتا 18 مانگێک لەمەوبەر سەرۆکی هەرێمەکە بوو، زۆر لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە ماوەی دەست لە سەرکاربوونی خۆی درێژ بکاتەوە. دۆخی ئاسایشیش هەروەها گرژ بوو، کەمتر بە هۆی کارامەیی پاراستن، دەزگای ئاسایشی پارتی کە لە مێژە لەلایەن مەسروری کوڕە گەورەی مەسعودەوە بەڕێوە دەبردرێت، وەکوو لە توانای پارتی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە سامانییەکان، بەتایبەتیی سامانی نەوتی هەرێم، بوو و کردنی بە هەرەمێکی گەندەڵیی، بە کوردییەکەی، خانەوادەی بارزانی لەو دۆستانەیان زۆر کەم هەبوو کە بە پارە نەیان کریبن.

کوردەکان ئێستا تەواو یاخیبوون. مەسعود ڕەشمەی دەسەڵاتی دا بە مەسروری کوڕی خۆی، زۆر کەم لەبەرئەوەی کە کارامە بێت بەڵکو لەبەرئەوە بوو کە کوڕە گەورەیەتی. هاوکات کە ڕاپۆرتی دەستدرێژییکردن زیاتر لە سلێمانییەوە دێت، زۆر کەمتر لەبەرئەوەیە کە بەخشندەیی لە دەڤەری یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە زیاتر بێت – هەردوو لایان زۆروکەم وەکوو یەکن – بەڵکو لەبەرئەوەیە کە سلێمانی خاوەنی نەریتی بەرەنگاربوونەوەیە و ڕێبەراتیەکەیش کەمێک زیاتر تۆلەرانسی هەیە. لە هەولێر و ئەو بەشانەی کوردستانی ئێراق کە بارزانی دیکتاتۆرانە کۆنترۆڵیان دەکات، شتومەک و ئازووخەی سەربازیی کە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا دژ بە شەڕی داعش پێیان بەخشیون و تا ئێستا بۆ شەڕی دژ بە داعش بەکاریان نەهێناون، ئێستا بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل هەڵیان بەستوون.

بە هەرحاڵ، کێشە سەرکییەکە بڕیاردانی مەسرورە. هاوکات کە مەسرور تاوانەکە دەخاتە ئەستۆی ئەوانی پێش خۆی، ئامۆزایەکەی، واتە نێچیروان بارزانی کە ئێستا سەرۆکی هەرێمە، بۆ ئەو دۆخە ناهەموارەی هەولێر، کەچی حکومەتی نێچیروان هەمیشە کارامەتر بووە، تەنانەت لە بارودۆخی دژواری ئابوورییشدا. کاتێک کە مەسرور حوکمی لە بابی خۆی وەرگرت، بە دوای کارامەییدا نەدەگەڕا، بەڵکو بە دوای وەفاداریی کوێرانەوە بوو. بەو شێوەیە مەسرور حکومەتێکی پاراستنی دامەزراندووە، کارمەندە درێژماوەکانی پاراستنی هێناون و خستوونیە پلەی سیاسییەوە. لەوێدا، ئەرکی سەرەکیی ئەمانە ئەوەیە کە وەفاداری مەسرور و بازرگانییەکەی بن، وەکوو لە پێشخستن و گەشەپێدانی کوردستان.

بیهێنە بەرچاوی خۆت، بۆ نموونە، وەزیری ناوخۆ، ڕێبەر ئەحمەد. رێبەر 7 دانە ساڵ ئەندامێکی چالاکی پاراستن بووە و پێش ئەوەیش چەندین ساڵ هاوکاری پاراستن بووە. لە ڕۆڵی ئێستایدا، چاوەدێری هێزی پۆلیس دەکات و بە پلەی یەکەم دژ بەو کەسانە بەکاریان دەهێنێت کە دژ- بارزانین، لە جیاتی ئەوەی بۆ پاراستنی یاسا و ڕێگاگرتن لە خراپەکاریی بەکاریان بهێنێت.

پاشان وەزیری تەندروستیی سامان حوسەین محەمەد (سامان بەرزنجی). سامان کۆنترۆڵی هەموو نەخۆشخانەکان دەکات، بە ئەهلیی و حکومەییەوە و هەروەها کۆنترۆڵی تەواوی خەزێنەی دەرمانیی دەکات. من لەوە بەر راپۆرتێکم لە سەر کارەکەی هەیە (دیارە ئەو کارەی بە هاوکاریی ئیدریسی کوڕی نێچیروان دەکرد) ئەویش ئەوەبوو کە نەخۆشخانەیەکی بەخشندەکاریان کرد بە کلینیکێکی شەخسیی قازانجبگیر. لە کاتی قەیرانی کۆرۆنادا، کوردەکان باسی دەکەن کە سامان بەتایبەتیی کۆنتراکتی دەرمانفرۆشیی، ئەویش بە نرخی زۆر گران، بەو بازرگانانە داوە کە سەر بە پاراستنن. سەرئەنجامی ئەم کارە لێزمە قازانجێک بووە بۆ تاقمی ناوەوەی بازنەی پاراستن، دیارە لە سەر حیسابی تەندروستیی و خۆشگوزەرانیی خەڵکی کورد.

لە مێژە پاراستن ئالان حەمەسەعید ساڵح بە لایەنگرێکی جێمتمانەی پاراستن دەزانێت کە مەسرور کردی بە وەزیری خوێندن. کاتێک کە ئالان لە سلێمانی نیشتەجێ بوو وەکوو پارتییەک دەست بە کار بوو، دروست لەو کاتانەدا کە لقەکانی پارتی بەوە ناوبانگیان دەرکردبوو کە گولـلەی زیندوو بە خۆپیشاندەرانەوە دەنا. کاتیک کە جەنابی وەزیر نەبوو بوو بە ئەکادیمیک، مەسرور چاوەڕێی ئەوەی لێی هەبوو کە ئالان مەلزەمەیەک بۆ مێشک شۆردنەوەی جەوانان و لاوان ئامادە بکات وا کە ببن بە وەفاداری پارتی و چیرۆکەکەی. دیارە، بێگومان ئەمە نا واقیعییە – لە سەردەمی سۆشیالمیدیادا و لە کاتێکدا کە چەندین خەڵکی کورد لە تەواوی خانەوادەکاندا لە دەرەوەی وڵات دەژین و لەو دوورەوە باسی دۆخی راستەقینە دەکەن و نیشانی دەدەن، نەشیاوە بتوانرێت نەوەی نوێ بەو شێوەیە گۆش بکرێت. بەڵام هەر ئەو راستییەی کە مەسرور و ئالان هەوڵ دەدەن ئەو کارە بکەن ئاستی فەنتازی و چاولەدووییان نیشان دەدات کە مەسرور وا تێی کەوتووە.

مەسرور بە هەمان شێوە پشتیوان سەدیق عەبدوڵا، وەزیری کاروباری ئەوقاف، ـی بەکار هێناوە، بۆ ئەوەی کە ئۆپۆزیسیۆنی ئایینی تا ئاستی گەندەڵیی پێ کۆنترۆڵ بکات. پشتیوان ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیە و بە پێی هاوشارییەکانی لە هەولێر، پاراستنێکی پایەدارە.

وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزار، ساسان عوسمان عەونی، لە هەمان شانەیە. لە نێوان ساڵانی 2005 و 2009 دا بەڕێوەبەری پاراستن بوو، ئەگەرچی لە راستییدا هەر مەسرور بڕیاردەر بوو. ساسان یەکێکە لە هەرە متمانەپێکراوەکانی ڕێکخراوە ئاژانییەکەی مەسرور و ئەمڕۆش کارەکەی ئەوەیە کە سەرپەرشتی ئەوە بکات کە خاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بخاتە دەستی مەسرور و نوێنەرە بازرگانیەکانی و هاوپەیمانەکانی بۆ ئەوەی کە مەسرور و پاراستن بتوانن قازانج لە گەشەپێدانیان بکەن و بیانفرۆشن لە کاتێکدا کە حکومەتەکەی مەسرور مووچەی مانگانەی کارمەندان نادات.

کوردەکان هەروەها باسی دەکەن کە ئەرکی سەرەکیی ئومێد سەباح عوسمان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران (فەرماندە گشتییەکەی مەسرور) ئەوەیە کە مامەڵە سیاسیەکان و بازرگانییەکانی مەسرور پەنهان بکات لە کاتێکدا کە نەهامەتییەکان زۆر زیاتر پێویستیان بە شەفافیەت و ڕوونییە. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنا، کار و پرۆژەکان، ئەمیش لە ناوبازنەی پاراستنی مەسروردا ڕۆچووە، کە کارەکەی ئەوەیە هێڵ و سنووری نێوان سامان و داهاتی حکومەت، حیزب و کەسەکان بسڕێتەوە و ئەگەریش زۆربەی سەرمایەگوزرارییەکان بە ئاراستەی مەسرور نەبات ئەوا بیانگەیەنێتە دەست پاراستن و بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی خۆیان.

مەسرور دەتوانێت پاراستن بە هەند وەربگرێت، بەڵام جێی خۆی نییە وەفاداریی ئەوانەی نێزیکین لەگەڵ کارزانیی و کارامەیی تێکەڵ بکات. کێشەی سەرەکی حکومەتەکی مەسرور ئەوە نییە کە پێش خۆی چی تر هەبووە، بەڵکو گەندەڵیی و نەزانییە. گومرگ و باج زیادیان کردووە، لە هەندێک دۆخدا بە ڕێژەی سێ سەد لە سەددا. کوردەکان دەبینن کە لە هاوولاتیانی سویسرا پارە زیاتر دەدەن، ئەمە لە کاتێکدا کە مەسرور خزمەتگوزاریی سۆماڵیایان پێ رەوا دەبینێت. بە شێوەیەکی دیکە بڵێین، هەولێر لە دونیادا شاری یەکەمینی ڕێستەورانەکانە و لە نەخۆشخانەشدا جیهانی سێیە.

نابێت مەسرور سەرسوڕماو بێت کە کوردستان لە سەر ئاورە. ڕەنگە پێی وابێت کە دڕندەیی بڵێسەکان دەشکێنێتەوە، بەڵام نابێت لەو خەیاڵپڵاوەدا بێت کە دەتوانێت پشکۆکان بکوژێنێتەوە چون پشکۆکان لەبەر ئازادیی داخ نیین بەڵکو لە سەرئەنجامی گەندەڵیی و تووڕەبوون لە زڕبەڕێوەبردنێکی هەڵئاوساودا داگیرساون. خەڵکی کورد شایستەی دیموکراسیین، سەرمایەی مرۆڤیی لە هەرێمەکەدا بە ڕاستیی مەزنە و تەنیاش مۆتۆڕی پارتی ڕێگریەتی، بەڵام لە راستییدا خانەوداەی بارزانیی هیچ ئارەزوومەندیەکیان بۆ بەرقەرارکردنی دیموکراسیی نییە چون دیموکراسیی بە مانای کۆتاییهتان بە دەسەڵاتیان دێت. زووش یان درەنگ هەر کۆتایی بە دەسەڵاتیان دێت ئەگەر پێیان وا بێت کە ئەم دۆخەی ئێستا هەر وا وەکوو خۆی دەمێنێتەوە. ئەگەر مەسعود، سەرۆکی پێشوو و سەرۆک عەشیرەت، بە ڕاستیی دەیەوێت پارتەکەی و ئەزموونەکە لە سەر ژیان بەردەوام بن ئەوا جێی خۆیەتی حاڵیی ببێت کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە خۆی خانەنشین بکات و پلەی مەسروری کوڕەگەورەی بهێنێتە  خوارەوە و ڕیشمەی حکومدارییەکە، لانی کەم بە کاتیی، بداتەوە بە نێچیری برازای.

نێچیروان، شایەد، هەروەکوو مەسروری ئامۆزای، گەندەڵیی هەڵگرتبێت و بە کاری شەخسی خۆگەورەکردنەوە خەریک بێت، بەڵام بە پێچەوانەی مەسرورەوە، نێچیروان تێ دەگات کە رێز لە ڕێگای ترسەوە دەستەبەر ناکرێت و تا خزمەتگوزارییش بەرکەماڵ نەبێت ئاشتیی ناچەسپێت. لە بەر خاتری هەموو کوردێک و ئابڕووی خانەوادەی بارزانی، ئیتر کاتی هاتووە مەسرور دەست لە کار بکێشێتەوە.

نووسینی: مایکڵ ڕۆبین
ڕێبوار ڕەشید کردویە بە کوردیی

—————————————————————

مایکڵ ڕۆبین توێژەرەوەیەکی هەمیشەیی ئەمریکان ئینتەرۆرایز ئینستیتیوتە (American Enterprise Institute ) و نووسەرێکی بەردەوامی ڕۆژنامەی ناشنال ئینتەرێستە (National Interest).

https://nationalinterest.org/feature/why%C2%A0masrour-barzani-should-resign-leading-iraqi-kurdistan-174181

تێبینییەکانی وەرگێڕ:

  • مایکل ڕۆبین یەکێک لە دۆستە ستراتیژیەکانی کوردە کە عەوداڵی پارەوەرگرتن نییە، بە پێچەوانەی ئەو جەند زڕدۆستەی بنەماڵەی بارزانی کە بە سەدان ملوێن دۆلاریان تیادا خەرج کردوون.
  • ئەگەر هەر کوردێک ئەم وشانەی بنووسیایە ئەوا بە هەزاران شێوە لە لای بنەماڵەی مەسعودەوە تاوانبار دەکرا.
  • بنەماڵەی بارزانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ میت و ئیتلاعات کار دەکەن و تەواوی ستافی حکومەتی کوردستانیان، بەوانەوە کە هێشتا لە ناو یەکیەتیی و گۆڕاندا ماون بەڵام گومانی جیددیان لە سەرە، کردووە بە خزمەتکاری پاراستن و پاراستنیشیان کردووە بە ئینتەرپرایزێک/ بنکەیەکی بازرگانیی سیخوڕیی لەگەل وڵاتانی دەراوسێ کە داگیرکەری کوردستانن.
  • سەەرنج بدەن مەسعود کە لە 2005 ـەوە مۆری سەرۆکی هەرێمی لە خۆی داوە و لە پاش ڕیفەراندۆمی فرۆشتنی باشوورەوە مۆری “سەرۆکی سەرۆکان” ـی لە خۆی داوە، لەم ڕۆژانەدا لە جیاتیی ئەوەی، هەر لە سەر بناخەی خۆ بە سەرۆک دانان، وەکوو کەسایەتیەکی ئاشتیخواز لە پشت خەڵکی هەژار و تاڵانکراوەوە بووەستێت و قسەی بەرپرسیارانە بکات، دێت خەڵاتی دز و جەردەکان دەکات و وەکوو شەڕلاتیەکیی بێئابڕوو دەڵێت “پارتی غەدر لە کەس ناکات و ناشهێێت کەس غەدری لێ بکات”. مەسعود لە تەمەنی ٧٤ ساڵییدا و پاش دزینی ملیاردەها دۆلار بەو زمانە زۆر بازاڕییە پیسە دەدوێت. دیارە ئەمە تەنیا وەبیرهێنانەوەیەکە لە پێوەندیی لەگەڵ ئەم وتارەی مایکل رۆبین دا وەبیری دەهینمەوە، دەنا خیانەتی مەسعود و بنەماڵەکەی توێژینەوەی تایبەتیی هەڵ دەگرێت.



مەسعود بارزانی بەرپرسی سەرەکیی ئەم داڕمانەیە! .. ڕێبوار ڕەشید

هەر وەکوو دڵسۆزان پێشبینییان دەکرد دۆخی باشوور تا دێت خراپتر دەبێت.
باسەکان لە سەر ئاوەدانکردنەوەی باشوور و پێشخستنی خوێندنگا و نەخۆشخانە و بەنداو و ڕێگاوبان نیین. هەروەها لە سەر باشکردنی دۆخی ژنان و لاوان نیین، بەڵکو لە سەر مووچەی مانگانەیە کە بە هەزار قات لای دەسەڵاتداران هەیە بەڵام بێگومان بە ئێنقەست بە خەڵک نادرێت.
با بۆ چاوترووکاندنێک واز لە نەوت و گاز و گومرگ بهێنین ئەگەرچی داهاتی ملیارد دۆلاریین.
با باس لەوە بکەین کە ئەگەر حکومەتی هەرێم لە ژێر دەستی کۆمەڵێک تاڵانچی بێئەدەب و بێڕەووشتدا نەبووایە ئەوا هەر کوردی باشووری دانیشتووی دەرەوەی وڵات دەیتوانی دەیان جار هەموو باشوور بژیەنن.
تێبینیی بکەن کاتی خۆی ئیسرائیل سەحرایەکی کاکی بە کاکیی بوو. جوولەکەی نیشتیمانپەروەر دەستیان خستە نێو دەستی یەک و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئیسرائیلیان کرد بە خاوەنی ملیاران دۆلار و ئەوڕۆ ئیسرائیل ئەو وڵاتەیە کە دەیبینین. شانازیی کەسایەتیی جووەکان بە دروستییەوە ئەوەندە بەرزە کە شای هیچ کەسێک بە گاوان را ناگرن.
بەڵام بڕووانن، باشوور کە فیردەوسی بەرین بوو بە دەستی ئەم تاقمە سەرسەریە شەڕلاتانەوە چۆن وێران بوووە.
ئەگەر حکومەتی هەرێم لە دۆخی سرووشتییدا بووایە و کۆمەڵێک سیاسەتمەداری نیشتیمانپەروەر کە مووچەی دروستیان هەبووایە و کاری خۆیان وەکوو کارمەندی خزمەتگوزاریی بەجێبگەیەندایە ئەوا لە رووی ئابوورییەوە کوردانی دانیشتووی باشوور لە دەرەوەی وڵات بۆ بەڕێوەبردنی بەس بوون.
ئێستا لە دەرەوەی کوردستان سەدان هەزار مرۆڤی کوردستانیی هەر چوار پارچەی کوردستان هەن. هەرە زۆرینەی ئەم سەدان هەزار کوردە لە باشووریی و ڕۆژهەڵاتیی و باکووریی و ڕۆژئاوایی و شوێنی دیکە خەڵکی دڵسۆزن و کوردستانیان خۆش دەوێت و تینووی ئازادین. هەموو باشووریان بە قیبلەی خۆیان دادەنا و سوێندیان پێی دەخوارد و شانازییان پێوە دەکرد.
ئەگەر دۆخی باشوور ئازادیی و سەقامگیریی و ئاشتیی بووایە کە کوردانی دەرەوەی وڵات بیانەوێت دڵخوازانە بە ئازادیی هاتوچوو بکەن، خانووبەرە دروست بکەن و بە ئازادیی بازرگانیی بکەن، ئەوا بازاڕێک لە باشوور دروست دەبوو کە ئێستا باشوور یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتی ناوچەکە بوو. هەر سەردانی ئەم ژمارەیە دەبوو بە کار و بە هەلی خۆبژێوی بۆ دەیان هەزار لە کارمەندی ڕێگاوبان و فڕۆکەخانە و هاتنوچوون. ڕۆژانە بە دەیان ملیارد دۆلار لە بازاڕەکاندا لە ناو خەڵکدا دەستاودەستیان دەکرد. جووڵەیەکی لەو شێوە دەبوو بە مۆتۆڕێکی بەهێز کە کەرتی گەشتوگوزاری بە تەواویی دادەمەزراند و باشوور دەیتوانی هەروەها بە دەیان هەزار کرێکاری ڕۆژهەڵاتیی و باکووریی لە خۆ بگرێت و ببێت بە پشتوپەنای پارچەکانی دیکە. ئەم جۆرە لە بازاڕ هەروەها کەرتی کشتوکاڵ و خزمەتگوزاریی پێشدەخست، پێوەندیی لە ناو خەڵکدا بەهێزتر دەکرد و دەبوو بە هۆی تێکشکاندنی پێوەندییە عەشیرەیەتیەکان و دروستکردنی پرینسیپی مامەڵەی بازرگانیی سرووشتیی.
ئەم جۆرە زەمینەسازییەی ژێرخانی ئابووریی کاریگەریی زۆر گەورەی پۆزەتیڤی لە سەر باشکردنی کەرتی خوێندن و تەندروستیی هەیە، چون خوێندن پێشمەرجی بازرگانیی و ئاڵوگۆڕی سەرکەوتووە و کەرتێکی تەندروستیی خۆڕایی/ هەرزان زامنی هەبوونی خەڵکێکی تەندروستە کە دەتوانن بیر بکەنەوە، کار بکەن و بەرهەمبهێنن و باوەڕیان بە ئاییندە هەبێت.
بەڵام ئەم بیرە تا بڵێی خراپە و بێگومان چارەسەر نییە.
چارەسەر نییە، چونکە ئەو کاتە مەسعود بارزانی و خانەوادەکەی نەیاندەتوانی بە سەدان ملیارد دۆلار بدزن و سامانی خەڵک تاڵان بکەن، نەیاندەتوانی نیوەی هەولێر و دهۆک داگیر بکەن، نەیاندەتوانی هەموو بازاڕەکان لە مەسینەی پلاستیکی تورکیی و ئێرانییەوە تا ماشێنە گەورەوگرانەکان بخەنە ژێر دەستی خۆیان، چونکە مەسعود نەیدەتوانی سەری ڕەش داگیر بکات، نەیدەتوانی بە دەیان چەناڵی تەلەڤیزیۆن بۆ ریکلامی خانەوادەکەی بکاتەوە کە هەر یەکەی بە ملیارد دۆلار خەرجی هەیە، ئەو کاتە نەیاندەتوانی مووچەی چەند هەزار دۆلاری بە هەر یەک لە کارمەندانی تەلەڤیزیۆنەکانی بدات و چاکەت و پانتۆڵی تورکییان لە بەر بکات کە بێن و وەکوو ئەکتەری سینەمایی خۆیان نمایش بکەن بۆ ئەوەی باسی پیرۆزیی عەرشی خانەوادەکەی بکەن.
تێبینیی بکەن و سەرنجی جلوبەرگی کارمەندی تەلەڤیزیۆنەکانیان بدەن و بپرسن بە پارەی کێ؟
تێبینیی بکەن و مووچەی خەیاڵیی کارمەندی تەلەڤیزیۆنەکانیان ببینن و بپرسن بە پارەی کێ؟
تێبینیی بکەن و بپرسن مووچەی ئەم هەموو قونبادان و خۆتەسککردنەوە و خۆڕەنگکردن و خۆنوواندنەی سەحنەی تەلەڤیزیۆنەکان بە پارەی کێ؟
تێبینیی بکەن و لە مووچە و دەرماڵەی جێگری سەرۆکەکان و وەزیرەکان و پارلەمانەکان بڕووانن و بپرسن بە پارەی کێ؟
تێبینیی بکەن و لە مووچە و دەرماڵەی قایمقام و پارێزگا و کوێخا و نۆکەرەکانی دیکەیان بپرسن، لە ئوتومبێلی ژێریان و لە خانووبەرە و لە زێر و خشڵیان، لە سەفەری گەرمیان و کوێستانیان بڕووانن و بپرسن بە پارەی کێ؟
تێبینی بکەن و لە هەموو ئەو کۆشک و تەلارانە، لە گردە داگیرکراوەکان و لە کێڵگا نەوتە داگیرکراوەکان و لە باخە داگیرکراوەکان بڕووانن و بپرسن لە سەر حیسابی کێ؟
تێبینی بکەن و بپرسن ئایا لە مەسعود بارزانییەوە تا بچووکترین کادێری ئەوی پێی دەگوترێت “پارتی” یەک دانە هەیە کە دزی لە سامانی گشتیی نەکردبێت، پارەی خەڵکی نەخواردبێت، لە رێگای جاسووسیی و سیخوڕیی و خۆفرۆشییەوە ئەو مەقام و پلەوپایەی دەست نەکەوتبێت؟
ئایا ئێوە سەرنجی چاکەتوپانتۆڵ پۆشە بەکرێگیراوەکان و خەڵکی گشتیی باشوورتان داوە و کۆنتراستی نێوانیان دەبینن؟
ئایا کێ پرسیار ناکات ستراکچەری سەیروسەمەنەی ئەم حیزبانە کە لە سەرەوە تا خوارەوە مانگانە بە ملوێن دۆلار لە سەر سامانی گشتیی دەکەون، بە ئەقڵی کام گەڵوگیپاڵێک دارێژراوە؟ ئایا لە کوێی دونیای شارستانییدا سەرۆکی حیزبەکان تا ئەندامەکانیان لە سەر حیسابی سامانی گشتیی دەخۆن و دەخۆنەوە و دەلەوەڕێن؟
هەموو ئەم ئوتومبێلە گەورەوگرانانە، هەموو ئەم پاسەوان و نۆکەر و کڵفەتانە، هەموو ئەم سپا بندیوارە و ئەم خوان و سەفەر و خۆلێسانەوەیەی سەرۆکەکان تا بە کادێرە بچووکەکانیان دەگات، بە پارەی کێ دەکرێت؟
ئایا یەک کەس لە ناو ئەوانەدا هەیە کە بتوانێت بە پشت و سەری ڕێکەوە ڕابووەستێت و ئامادەی دادگا بێت کە پارەی نەدزیبێت، لە سەر پارەی دزراو نەژیابێت، کە خانووبەرە و زەویوزاری لە سەر خوێنی خەڵک دەستنەکەوتبێت، کە بە خۆسووککردن و نۆکەریی ئیمتیازی بۆ خۆی و دەوروبەری وەرنەگرتبێت، کە بە درۆودەلەسە و بە بەڵگەنامەی درۆ و لە سەر خوێنی خەڵکی بە توانا پلەوپایەی خۆی وەرنەگرتبێت؟
باشوور ئەوڕۆ کراوە بە زیندان بۆ باشوورییە سەربەرزەکان، باشوور ئەوڕۆ گەورەترین زیندانی ئاکرێ یە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت وەکوو مرۆڤ لە دۆخی دەستپاکیی و سەرڕاستییدا بە ئازادیی بژین.
کێشەکە زۆر زیاتر لە نەبوونی مووچە گەورەترە. هۆی برسیکردنی ئەم گەلە بۆ ئەوەیە کە مەشغوڵی بکەن کاتێک کە بەهدینان تەسلیم بە سپای تورک دەکرێت، کاتێک کە کەرکووک بە ترکمانیی دەکرێت، کاتێک کە کاپمی مەخموور و شەنگال تەسلیم بە سپای ئێراقیی دەکرێن.
پیلانەکە هەر بە تەنیا بۆ شکاندنی شانازیی ئازادیخوازیی خەڵکی باشوور نییە ، بەڵکو بۆ شکاندنی تەواوی کوردستانە.
بێ ئابڕوویی ئەوانە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بە خەڵکی نیشتیمانفرۆشراو و سامان تاڵانکراو دەڵێن “ئێوە بێ مۆڵەت خۆپیشاندان دەکەن”. لە راستییدا پێیان دەڵێن بڕۆن بە سەما و هەڵپەڕکێوە باسی زگی برسی و رەنجی بەبادچووتان بکەن.
تاڵانچییەکان بە خەڵکی ئابڕوومەند دەڵێن برۆن بە هەڵپەڕکێیوە باسی ئازاری ددانتان بکەن، بە سەماوە باسی ورگی برسی منداڵانتان بکەن، بە گۆرانیی چڕین و هەلهەلەوە باسی وڵاتێکی سووتاو و فرۆشراو و تاڵانکراو بکەن. بەڵێ، پێیان دەڵێن “کوا مۆڵەتان؟’ ” بۆ بە شارستانیی ڕێ ناپێون؟”
دروست لە هەمان کاتدا ئەم تاقمە تاڵانچیەیە بە بەرچاوی هەموو کوردەوە، هەموو ئێراقەوە، هەموو ناوچەکە و جیهانەوە شەنگالێکی خوێناویی و قوڕاوی بچکۆلە و کامپی مەخموور، تەنەکەئاواییەکی مەلۆتکە و حەفتاساڵە، تەسلیم بە سپای ئێراق دەکات و لە بژاردەی نێوان عەسکەری ئێراقی لەگەڵ کچ و کوڕانی ئێزیدی و مەخموورییدا، ئەم عەسکەری ئێراقی هەڵدەبژێرێت.
دروست لە هەمان کاتدا کە خەڵکی دهۆک و زاخۆ و هەولێر وەکوو باڵندەی باڵشکاوی ژێر لێزمەبارانێک، وەکوو دوا هەناسەکانی چرای بەر رەشەبایەک و وەکوو دوا چاوترووکاندنی دایکێک لە سێبەری مەرگی خۆیدا و تەنیا باڵێک دوور لە کۆرپەکەی، لە ئومێدی ئەوەدان هێزێکیان بێتە بەر کە عەرشی ئەم تاقمە تاڵانچییە بێئابرووە لە بنوبێخ دەربهێنن و سەدان جار بیبەن بە ئاسماندا و بیدەنەوە بە ئەرزدا.
ئاخ خەڵکی ئازادیخوازی باشوور کەی بە ناخێری گیانتان فێر دەبن کە بە قونبادان و ورگ هەڵتەکاندن و هەییهەی و چەهچەهەی ‌بولبولئاسا و هەڵپەڕکێ و قاقای پێکەنین و دەست بادانەوە مۆڵەتی خۆپیشاندان وەربگرن و بە قاقای پێکەنینەوە داوا بکەن دەریایەک خوێن و سامانی خاکتان بدەنەوە؟

ڕێبوار ڕەشید
9/12-2020

تێبینیی:

  • بۆ باش تێگەیشتن لە دۆخی ئێستای باشوور و تێگەیشتن لە پێوەندیەکانی دەسەڵات و لە بەرپرسیاریەتیی پێویستە دەسەڵاتەکانی “سەرۆکی هەرێم” و “سەرۆکی حکومەت” بخوێندرێتەوە.
  • ئەگەر تا ئێستا نووزەیەکی مامەڵەی کرین و فرۆشتن لە باشوور هەیە بە هۆی ئەو پارەیەوەیە کە زۆینەی کوردانی باشوور لە نزیکەی 30 ساڵی ڕابردوودا بە پێی توانای خۆیان بە مەبەستی هاوکاریکردنی خانەوادە و کەسوکاریان بۆ باشووری دەنێرن. ئەوە تەنیا پارەیەکە کە وەکوو دراوی قورس دەچێتە کوردستان، بە پێچەوانەوە، تالانچییەکان هەموو پارەیەکی باشوور لە شێوەی دراوی قورسدا ڕەوانەی ئوروپا و ئەمریکا دەکەن.



ئەو گوندەی پ ک ک ئازادی کردووە! .. ڕێبوار ڕەشید

جێی داخە کە باسەکان تەواو ئاوەژوو بوون.

لە بری ئەوەی باسەکان لە سەر ئازادیی ژنان، بنیاتنانی خوێندنگا و نەخۆشخانە و لێدانی سەدی ئاو و گەیاندنی هەورامان بە بەهدینان و شەنگال بە هەورامان و سلێمانی بە هەولێر و دهۆک بە هەڵەبجە و هەروەها فەراهەمکردنی هەل و دەرفەت و خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیان بن، دروست بە پێچەوانەوە، بوون بە لێدان لە یەکیەتیی نەتەوەیی و لە یەکڕیزیی نیشتیمانیی و زیاتر دوورخستنەوەی خەڵکی کوردستان لە یەکتر.

لەو بارەوە هەندێک لە دەسەڵاتدارانی گویا “حکومەتی هەرێم” و بندیوارەکانیان ئەمەیشیان بە کوتانی ئەو دەهۆڵەی شەڕی ناوخۆ زیاد کردوە کە “پ ک ک یەک گوندیشی ئازاد نەکردوە”.

سەیر ئەوەیە پێیان وایە کە ئەوە قسەیەکی بە قەولی خۆیان هەر زۆر زۆر “موهیمە” و بە نرخی زێڕ بە بە کوردی تاڵانکراوی دەفرۆشنەوە. کێشەی تەنیا و سەرەکیی ئەوان بووە بە وەی “پ ک ک گوندێکیشی ئازاد نەکردوە”.

هەموو ئەوانەی لە ناو دەسەڵاتدا ئەو قسەیە دەکەن دزن و بەشێک لە سەرۆک و لە سپای فەرهودی دەسەڵاتن و هەندێکیان بە سەدان هەزار دۆلار نا، بەڵکو بە ملوێن دۆلار لە سەر کوردی باشووری بەدبەخت و بێچارە کەوتوون.

ساڵی 1974 کاتێک مەلا مستەفا خۆی بە تاک و تەنیا بە بڕیاری ئێران و بە دنەی ئیسرائیل بانگەوازی شەڕی دژ بە حکومەتی ئێراق دا، نزیکەی زۆرینەی کوردی باشوور دەست لە سەر سینگ هاتنە پێش و نموونەی گەورەیان لە گیانفیداکاریی پێشکەش کرد چون بە ڕاستیی خەڵکی باشوور عاشق بە ئازادیی و سەربەخۆیین. بەشی هەرە زۆری خاکی باشوور لە ژێر دەستی کورددا بوو. هەر شارەکان، بە کەرکووک و بەشی گەورەی موسڵەوە، لە ژێر دەستی بەغداددا بوون، بەڵام ئەوانیش لە ڕاستییدا لە ژێر حوکمی سەربازییدا بوون دەنا بێ ئەملاولا کورد و کوردستانیی بوون. ڕوون و ئاشکرایە کە حکومەتی ئێراقیی ئەو کاتە زاتی ئەوەی نەبوو بە کەرکووک بڵێت شاری “عەرەب” یان تەنانەت “ئێراقیی” بەڵکو بە ڕەسمیی دەیگوت “شاری برایەتیی/ مدينة التأخي‎”.

لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا و سەرەڕای ئەو هەموو تێکۆشانە بێوێنەیەی کوردانی باشوور سەلماندیان، مەلا مستەفا لە دەقیقەیەکدا بانگەوازی ئاشبەتاڵی دا. لێرەدا ناچمە ناو ئەو زیانە هەزاربەهەزارانەی ئێخەی دڵسۆزانی ڕەشوڕووتی باشووریان گرت و ئێمەی باشووریی دووچاری چ بەڵایەک بووین، بەڵکو دەمەوێت ئەوە بڵێم کە مەلا مستەفا نەک هەر یەک گوندیشی ڕزگار نەکرد، بەڵکو خاکێکی ئازاد و گەلێکی ئاگرین و پۆڵایینیی فرۆشت و خۆیشی بە سەلامەتیی بێ ئەوەی دڵۆپێک خوێن لە لووتی خۆی و خانەوادەکەی بێت کە ئێستا جێی ئەویان گرتووەتەوە، تێی چووقاند. لە سەرەتادا بوون بە تاراننشین و پاشان لێیاندا چوون بۆ ئەمریکا. ئەوە فەرامۆش نەکەین کە مەلا مستەفا هەرچی پارەوپولی کوردی باشوور هەبوو لەگەڵ خۆی بردی.
لە مێژوودا پارەی دزرا و بە تاڵانبردراوی خەڵکی کورد داوی ڕەشی سەر بەفری لای ئەم خانەوادەیەیە و دەتوانیت وەدووی بکەویت.

لە باشوور، دووبارە خەڵکی ئازادیخواز و تینوو بە ڕزگاریی و عاشق بە ئازادیی، لە ژێر خۆڵەمێشی ئاشبەتاڵێکی کوشندەدا پشکۆئاسا داخ بوون. کەسایەتیی وەکوو ئارام و شەهاب و ئەنوەر و بە سەدان و بگرە هەزارانی دیکە، لە نموونەی قادری حاجی عەلی، ئەوانەی بە خەباتی خۆبەخشانە گۆش کرابوون، بوون بە نموونەی بەرزی ناو مێژوو.
بەڵام پاش مەرگی ئەو مرۆڤەگەورانە و سەدان و هەزارانی دیکە و سەرەڕای هەموو ئەو دڵسۆزییە بێ نەزیرەی کوردی باشوور، مێژووی نێوان ساڵانی 1976 بۆ لانی کەم 1991 (بخوێنە تا ناوگیریەکەی ئەلبرایت 1998 و ئێستایش!) بە پلەی سەرەکی شەڕی دژ بە بەغداد نەبوو، بەڵکو شەڕی دژبەیەک بوو. لە دوای “مفەوەزاتەکەی ساڵی 1983ی یەکیەتییەوە” سەددام حوسەین لە سەر تەلەڤیزیۆن دادەنیشت و گاڵتەی پێیان دەکرد و دەیگوت: “بڕۆن لەگەڵ یەک رێک بکەون و ئەوجا بێنەوە بۆ لای من”.

لە هەموو ئەو ماوەیەدا نەک هەر یەک گوند، بەڵکو یەک بست خاک ئازاد نەکرا.
یەک بست گوند ئازاد نەکرا بە جێی خۆی، بەڵکو ناشۆڕەسوارانە ئەسپی باشووریان زۆر خراپتر لە 1975 گلاند.
پاش سەرهەڵدان، خەڵکی باشوور خۆیان، ئەو خەڵکەی کە هەمیشە تینووی ئازادیی بووە، لە 5ی ئازاری 1991 لە ڕانییەی سەربەرزەوە ، سپای حکومەتی ئێراقیان لە سەرانسەری باشوور ڕاماڵیی. بۆ یەکەم جار شوێنی وەکوو کەرکووک و گەرمیانی خواروو لە ڕووی سەربازیی و ئیدارییەوە کەوتە دەست کورد. تا ئەو کاتە یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان بە چەند مەفرەزەیەک نەبێت ئەویش زۆر دوور لە ئاوەدانیی باشوور، نەمابوو. ئەوی پێی دەگوترێت “پارتی دیموکراتی کوردستان” ئاسەواری نەبوو.

مەسعود بارزانی و خانەوادەکەی سفریش نەبوون.
لە ماوەی سی (30) ساڵدا هەموو ئەو خاکە ڕزگارکراوە کە خەڵک بە چنگی خۆیان لە دەست بەعس دەریان هێنا ئەمان کردیان بە تاپۆی ماڵی بابیان و سەدان جار لە قومارخانەی بێئەدەبیی و بێڕەووشتیی و بێسەوادییدا فرۆشتیان. سەرئەنجامی ڕەنجی ئابڕوومەندانەی بێدرێخی باشووریەکان کە بۆ ڕزگارکردنی خاکی باشوور دایان ئازادکردنی ئەو “گوندە” گەورەیەیە، ئەو باشوورە وێرانە داڕماوەی کە ئێستا هەمووان دەیبینن.

بەڵام بە ڕاستیی پرسی ئازادکردنی گوندێک چۆنە؟
سیاسەت یەکێکە لە گرینگترین زانستەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی. ئەوانەی لە زانکۆکان خوێندوویانە و خوێندنەوەیان لە سەر مێژووی مرۆڤایەتیی هەیە، دەزانن کە هیچ زانستێک نییە پێوەست بە سیاسەت نەبێت و لە ژێر کاریگەریی سیاسەتدا نەبێت. دیارە لە باشوور، کە ئێستا قسە لە سەر باشوورە، سیاسەت زانست نییە بەڵکو میراتییە. ئەم دەسەڵاتدارانەی ئەمڕۆی باشوور میراتگری سیاسەتی بابیانن.
میراتگری سیاسیی بابیانن بەڵام خۆیان بە سەرۆکی سەرۆکان و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی شتی دیکە خۆدەناسێنن. ئەم داستانە بەشی سەدان سکێچی کۆمیک دەکات!
بۆ ئەوەی مرۆڤ لە ئازادکردنی گوندێک تێ بگات دەبێت مێژووی خەباتی ئازادیخوازیی گەلان بخوێنێتەوە و تێ بگات کە ئازادی چییە و لە کام دۆخانەدا بەرجەستە دەبێت. چەمکی ئازادیی هەروەکوو چەمکە گرینگەکانی دیکە سەرئێشەی بە هەزاران لە فەیلەسوفانی پێش ڕۆشنگەریی و دوا ڕۆشنگەریی و بزووتنەوەی سەفرەگەیتی ژنان و تێکۆشەرانی دیکەی ناو سەرەتای لیبرالیزم و کۆمۆنیزم و سۆسیالیزم و سۆسیالدیموکراتیی و هتد بووە.
پێشەوا قازی، ئەو کەسەی بە پێچەوانەی ئەوانەی لە ڕۆژی ڕەشدا کۆماری کوردستانیان جێهێشت و هەڵهاتن، بڕیاری دا بژاردەی سەربڵندیی هەڵبژێرێت. قازی نەیتوانی کۆماری کوردستان لە هەڕەشەی سەربازیی ئێران بپارێزێت. پێشەوا هەم لێهاتوو بوو و هەم جەسوور و خۆڕاگر. بەڵام پێویستیی بە خەڵکێک بوو کە لە ڕووی سیاسیی و نەتەوەییەوە هۆشیار بن، ناسنامەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیان هەبێت وەکوو لە عەشیرەتیی و لە ناوچەگەریی. پێشەوا تا ڕادەیەکی باڵا تاک باڵ مایەوە. کۆمار چوو بەڵام ئەم تەسلیم نەبوو، هەر لەبەرئەوەیە هەمیشە لە دڵی کوردستانیاندا بە شیرینیی و گەورەیی دەمێنێتەوە.
لە هاتنەسەرکاری حکومەتی خومەینییدا کەسانێک هەن کە هەر لە سەرەتاوە زانیان ئەم دەسەڵاتەی خومەینی ئافاتە و کە هەر مەرگ و زیانی لێ دەکەوێتەوە. یەکێک لەوانە کاک فوئاد بوو. سەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵە بە دەیان هەزار لە کچان و کوڕان و ژنان و پیاوانی تێکۆشەری بۆ یەکەم جار لە مێژووی کوردستاندا ڕێکخست، کە وەکوو ئاگر لە ڕووی کفنپۆشەکانی جەهالەتدا وێستانەوە و داستانی گەورەیان تۆمار کرد، کە کۆچی مێژوویی وەکوو مەریوانی لێکەوتەوە و کە پاشان ڕێپێوانی خاوەندەرکەوتنی شارەکانی دیکەی لە مەریوان بەدوایدا هات، شەڕی سێ مانگە و پاشان شەڕی کۆڵنەدانیان کوچە بە کوچە و گوند بە گوند و کێو بە کێو کرد. هەتا سەرئەنجام ناچار مان لانی کەم لە ڕووی عەسکەرییەوە ڕۆژهەڵات بەجێبهێڵن. حیزبی دیموکرات و ئەوانی دیکەیش بە ئێرانیەکانەوە هەروەها ناچار مان ڕۆژهەڵات بەجێبهێڵن.

ئەی ئەو گوندەی پ ک ک ئازادی کردوە؟
پ ک ک لە مێژووی خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستاندا تەنیا بزووتنەوەیەکی سەرانسەریی کورد و کوردستانییە و هەر لە سەرەتاوە خوێندنەوەی لە سەر ئەزموونی خەباتی ئازادیخوازیی لە جیهان و لە کوردستان هەبووە. ئەمە بەو مانایە نایەت کە لە ستراتیژیی شەڕدا بێ هەڵە و بێ کەموکورتییە، بێگومان نا.
پ ک ک زۆر باش دەزانێت کە بە هەبوونی قازیەک و فوئادێکی سەربڵند ، یان دەیان قازی و فوئاد،کورد بە مەبەست ناگات، بەڵکو کاتێک بە مەبەست دەگات کە بە سەدان هەزار لە نموونەکانی قازی و فوئاد بخاتە نێو مەیدانی تێکۆشانەوە. ئەو کەسایەتییەی بەرژەوەندیی شەخسیی لە خۆی دادەماڵێت و خۆبەخش بە ماڵ و خوێن و گیانی خۆی دەست بە کار دەبێت و نیشانی دەدا کە وەفادار بەو رێبازەیە.

سەرنج بدەن، قازی هەتا دوا ساتەکانی ژیانی هەر لە ناوەندا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت کەسانی خۆبەخشی فریونەخۆر کۆبکاتەوە. کاک فوئاد بە چنگەکڕێ و هەر سەعاتەی لە شوێنێک یەکیەتیی جووتیاران ساز دەکات و ڕێک دەخات و دەستی پێیانەوە دەبێت و پاشان بە هەمان شێوەیش لەگەڵ هاوڕێیانی دڵسۆزی تردا لە سەرەتادا کۆمەڵە بەهێز دەکات. کاک فوئاد دەزانێت هێز لە ڕێکخستنەوە دێت، ڕێکخستنێک کە خەڵکی زەرەرلێکەوتوو و هەژار و نەدار تیایدا هۆشیار و بەئاگا بن و خۆبەخشانە کارامە بن.
لە نموونەی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی باشووریشدا هەمان کاکڵەی شۆڕشگێڕیی ئازادیخوازیی دەبینین. ئارام و شەهاب و جەعفەر و زۆرێک لەوانەی دیکە سیاسەتیان بە میرات بۆ نەمابووەوە، بەڵکو هۆشیار و خۆبەخش هەڵیانبژاردبوو کە خزمەت بە خەڵکی خۆیان بکەن. ئەوان بە پارە و سامانی خۆیان دەستیان پێ کرد، خوێندەوار و بە سەواد و ئاگادار لە دۆخی سیاسیی بوون.

پ ک ک ئاگاداری ئەم کار و خەباتەیە.
پ ک ک هەروەها ئاگاداری ئەزموونە تاڵەکانی مێژووی کوردە، دەزانێت عەشیرەتگەریی و ئاغایەتیی و ناوچەگەریی و مشەخۆریی و بازرگانیی بە خوێن و ژیانی خەڵکەوە دەتوانێت چەند کوشندە بێت، تا ئەو ئاستەی کە نەتەوەیەک بە ژێردەستەیی دەهێڵێتەوە.

لە سەر ئاستی جیهانیی ئەزموون زۆرە. پ ک ک هەروەها زۆر باش دەزانێت کە گاندی نەیدەتووانی هێزێکی گەورەتر لە سپای پیادەی ئینگلیز لە هیندوستانیەکان ساز بکات ئەگەر بێت و پێش هەر شتێک خەڵکی هیندوستان هۆشیار نەکرێنەوە، لە سیستەمی داگیرکەریی تێ نەگەن و لە ترس و وەحشەت و گومان لە خۆ ڕزگاریان نەبێت.

تێکۆشانی پ ک ک، هەروەکوو نموونە دروستەکانی مێژووی کورد، تێکۆشانی هۆشیارکردنەوە و ڕێکخستنە، تێکۆشانی بە نەتەوەکردنی کوردە لە مانای پراکتیکی سیاسییدا، تێکۆشانی یاسایی و ئەوجا تێکۆشانی جەنگاوەریی و ئازادکردنە.
نموونەی گرینگ لە تێکۆشان لە کوردستان و جیهان دەیسەلمێنن کە هەتا ئاستی هۆشیاریی و ڕێکخستنی گەلێک نەگاتە ئاستی سەرانسەریی و هەروەها لە جەوهەردا ئازادیخواز و پێشکەوتووخواز نەبێت، مومکین نییە بتوانێت ناوچەیەک ڕزگار بکات و ئەگەر ڕزگاریشی بکات بتوانێت بیپارێزێت.

پێشەوا قازی بە هەویرێکەوە کە زیاتر یەکیەتیی نەتەوەیی و هۆشیاریی نیشتیمانیی و خۆبەخشیی و خۆڕاگریی تێدا بووایە بێگومان دەیتوانی کۆمار بە پێوە ڕابگرێت. کاک فوئاد و ئەوانی دیکەیش بە هەمان شێوە.

هەتا ئەو کاتەی سوننەیەکی کورد بە گیانی خۆی دیفاع لە مافی شیعە و ئێزییدی و یارسان و کاکەیی و زەردەشتیی و جوو و کریستیانی کورد نەکات (یان بە پێچەوانەوە)، تا ئاتیەستێکی کورد مافی ئاییندارەکان نەپارێزێت، تا زۆرینەی
پیاوانی کورد لە دڵەوە باوەڕیان بە مرۆڤبوونی ژنان نەبێت کە وەکوو پیاوان مرۆڤن، هەتا ئەو کاتەی بە سەر گوند و شار و خێڵدا دابەش بین، و هتد هتد، کورد ناتوانێت نەتەوەیەکی سیاسیی بێت و ناتوانێت بەرژەوەندیی نیشتیمانیی خۆی بپارێزێت و بێگومان ناتوانێت فەرمانڕەواییەکی هاوچەرخ بونیاد بنێت.
تا ئەو کاتەی نەتەوەیەکی سیاسیی نەبین و بۆ مۆدێرنیتەی ئازادیخوازیی تێنەکۆشین هەر ئاغایەکی شەڕ دەتوانێت هەڵبستێت و بە ناوی کوردایەتییەوە خۆی و خانەوادەکەی لە ناوچەیەکی جوگرافییدا بکات بە خودا.

لەبەرئەوەیە پ ک ک هەر لە سەرەتاوە جەختی لە سەر هۆشیارکردنەوە و ڕێکخستن کردووە، گرێدانی بەشەکانی کوردستان بە یەکەوە، گەیاندنی هەرێمە سرووشتیەکانی کوردستان بە یەکتر، گەیاندنی ئایین و ئایینزاکانی کوردستان بەیەکتر، گەیاندنی ژن و پیاوی کورد بە یەکتر، گەیاندنی بیر و ئەندێشەی جیاوازی خەڵک بە یەکتر، کردنەوەی دیالۆگی سیاسیی و ئاوەڵە و هتد هەموو خاڵی سەرەکیی ئەو تێکۆشانەن.

هەنگاوی بڕیاردان بە خەباتی جەنگاوەریی دژ بە دووهەم سپای ناتۆ بە هەموو ئەو دۆست و یارانەوە کە هەیەتیی ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە” کە ئاغاواتی شەڕ هەوڵ دەدەن خەڵکی پێ فریو بدەن، دامەزراندنی مەد تێ ڤێ و شکاندنی بایکۆتی مەجازیی و گەیاندنی دەنگ و ڕووخساری کورد بە یەکتر ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”. دامەزراندنی چەندین پارتی سیاسیی لە ناوجەرگەی فاشیزم و داگیرکەریی دەوڵەتی تورکدا ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”، کۆکردنەوەی دەیان کەسایەتیی لە ژن و پیاوی وەکوو ئاگر لە ناوجەرگەی پارلەمانی تورکدا ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”، سازکردنی هێزی گەریلا لە کچان و کوڕانی کوردستان ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”، ڕەگداکوتان لە ناو قووڵایی ستراتیژیی کوردستاندا کە قەندیلە ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”.
ڕاوەستانی کچێکی کورد پێ لە کەوشی دڕاودا بەرامبەر بە دڕندەترین لە سیستەمەکانی داگیریی لە دونیادا ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”.
خۆڕاگرتنی بەردەوامی زیاتر لە 43 ساڵ لە ژێر هێرشی ئێران و تورکیا ئازادکردنی ”گوندەیە”.
خۆڕێکخستنی ئێزیدیەکان و دروستکردنی هێزی بەرگریی خۆماڵیی کە لە ژێر کاریگەریی ئەو هزرەدایە، ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”. خۆڕێکخستنی دانیشتووانی کامپی مەخموور و دروستکردنی هێزی بەرگریی خۆماڵیی کە لە ژێر کاریگەریی ئەو هزرەدایە، ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”. خۆڕێکخستنی کوردانی ڕۆژئاوا و دروستکردنی هێزی بەرگریی خۆماڵیی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای رۆژئاوا کە سەرئەنجامی کاریگەریی ئەو هزرەیە، ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”.

ڕێگاگرتن لە دەوڵەتی تورک کە نەتوانێت هیلالی تورکیی بە ناو و بە دەوری کوردستاندا بکێشێت و بەشەکانی کوردستان لە یەک داببڕێت، ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”. ئەو لایەنەی هەتا ئێستا نەیهێشتووە و ناهێڵێت “قەرەباخ” ـێک لە نێوان ڕۆژهەڵات و باشووردا دروست بێت تەنیا و تەنیا پ ک ک یە، ئەوە ئازادکردنی ئەو “گوندەیە”.

لێدانی ڕۆژانە لە سپای تورک لە قووڵایی باکووردا کە سەرئەنجامی ڕێکخستنی خەڵکە ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”.
بەرەنگاربوونەوە دژ بە داعش و چەتەی ئیسلامیستیی و شکاندنیان لە شوێنە ستراتیژیەکانی کوردستان ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”.
کۆکردنەوەی زەخیرەی شەڕی گەورەوگران و پێشخستنی تەکنیکی شەڕ و داڕماندنی باری ئابووری داگیرکەر و ترساندنی سپایان، ئازادکردنی ئەو ”گوندەیە”.

ئەوی هەر ئێستا لە پراکتیکدا و بە شێوەی سیاسیی و کولتوریی و خەباتی چەکداریی پارچەکانی کوردستان پێکەوە گرێ دەدات پ ک ک یە. پێشخستنی خەباتی سیاسیی و یاسایی بە شێوەیەک کە دەوڵەتی تورک ناتوانێت خۆی لە بەردەمدا رابگرێت و کە بە دەیان ملوێن لە خەڵك لە خراپترین بارودۆخی سیاسیی داگیرکەریی و فاشیستییدا داوای سەربەخۆیی و ئازادیی دەکەن و بە ئاڵای ڕەنگین سویند دەخۆن، ئازادکردنی ئەو “گوندەیە”.

ئەوانەی دەهۆڵی شەڕی ناوخۆ بە “ئازادنەکردنی گوندێک” لێ دەدەن لە ڕاستییدا شینی ئەوە دەکەن کە لە تەواوی دەڤەری بەهدینان بە دهۆک و زاخۆ و هەولێرەوە خەڵک بە دوای ئەڵتەرناتیڤدا دەگەڕێن و چیتر لە دزان و تاڵانکاران ناترسن. شەڕفرۆشتن بە پ ک ک هەڵڕشتنی ئەو داخەیە، تێنەگەیشتن لە ئازادکردنی “گوندێک” نییە.

هەر ئێستا لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا باکووری کوردستان، وەکوو یەکەیەک لە خاکی کوردستان، دەتوانێت دەنگ بە هەر شتێک بدات کە بە باشی دەزانێت، ئەوە سەرئەنجامی ڕێکخستنی کۆمەڵانی خەڵکە و ئازادکردنی ئەو “گوندەیە”. ئەوی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک هارئاسا حوکمی عەسکەرییان لە هەموو باکوور راگەیاندووە و بە هەزاران لە کەسایەتیی نیشتیمانپەروەر و هەڵبژاردەی ڕەسمیی خەڵک دەهاونە زیندان، ڕێگاگرتن لە ئازادکردنی ئەو “گوندەیە”.

کاتێک خەڵکی کوردستان، ئەو زۆربایەتیەی لە هەموو خزمەتگوزارییەک بێ بەشن، دەیبیستن و دەیبینن و تێ دەگەن کە خەباتێکی ئازادیخوازانەی خۆبەشی دڵخوازانەی کچان و کوڕان و ژنان و پیاوانی کورد بێ هیچ جۆرە بەرابەرێک هەیە و هاوکات ئەو دز و تاڵانچییە بێشەرمە پڕڕووانەش دەبینن کە مۆری سەرۆک و بنسەرۆک و جێگری سەرۆک و سەرۆکی حکومەتیان لە خۆ داوە، ئیتر کەس ناتوانێت گاڵتە بە ئەقڵیان بکات و ئاوەزیان بە کەم بگرێت، ئەوە سەرەتا و کۆتایی ئازادکردنی ئەو “گوندەیە”!

دیارە بە یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کە بە مانای ئەوە دێت وەکوو گەل نەهێڵین دزیمان لێ بکرێت و سامانمان بە تاڵان ببردرێت و کولتوریی دواکەوتووییمان بە سەردا فەرز بکەن، دەتوانین نەک هەر “گوند” بەڵکو تەواوی کوردستان ئازاد بکەین. ئەوە بیرکردنەوە دروستەکەیە!

ڕێبوار ڕەشید
25/11/2020




بژاردە هەن، تۆ چی هەڵدەبژێریت؟ .. ڕێبوار ڕەشید

کابرا بینیوویەتی کە خەڵکی باشوور چەندە زەحمەتیان کێشاوە و ڕەنج و خوێنیان داوە. ڕۆژانە، ڕاستەوخۆ نەک ناڕاستەوخۆ، دەیبینێت و گوێی لە سەدان هاوار و ناڵەی نەداریی و هەژارییە، نەبوونی دەرمان و گرانیی دەرمان و دکتۆرە، نەبوونی یاسا و دزیی و تاڵانیی و جاسووسیی و سیخۆریی و گەندەڵیی جیاوازە و لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا بڕیاری داوە کە نۆکەری دەسەڵات بێت.
لە هەبوونی سەدان بژاردەی وەکوو دیفاعکردن لە مافی هاووڵاتییەتیی خۆی و خەڵک، مافی مرۆڤایەتیی خۆی و خەڵک، مافی پێشخستنی خۆی و خەڵک، داواکردنی شەفافیەت و پلان بۆ ئاییندە و بۆ خۆشگوزەرانیی خۆی و خەڵک، داوای مافی کار و مافی خزمەتگوزاریی و بە سەدان داوای گرینگ کە پێوەندیی بە ژیان و سەربەرزیی و شانازیی مرۆڤەوە هەیە، کابرا دێت و دەبێت بە نۆکەرێکی بێنرخی دەسەڵات.
کابرا دەزانێت کە مووچەی ئەو نۆکەرێتیی و کڵفەیەتییەی دەیکات لە ڕاستییدا نابێت بکاتە هیچ، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەکاتە سەدان هەزار دۆلار. مووچەی مانگانەی لە چاو و لە بەراوورد لەگەڵ دانیشتووانی گشتییدا پارەی خەیاڵییە و لەگەڵ ئەوەیشدا یەک دانە چرکەیش بە خەیاڵییدا نایەت لە خۆی بپرسێت: “بۆچی؟”
کابرا دەبێت بە خاوەنی چەندین ئوتومبێلی گرانبەها کە لە دونیای ئوروپادا هەر سەرمایەدارەکان دەتوانن هەیان بێت، دەبێت بە خاوەنی چەندین خانوو و پارچە زەویی و پارەی کاش و زێڕ و خاوەن پشک لە بۆرسی ئوروپا، بەڵام دووبارە ئەو پرسیارە هەر بە خەیاڵییدا تەی ناکات: “ئەرێ من ئەمەم بە چی و لە سەر حیسابی کێ دەست کەوتووە؟”
کاتێک دەمرێت خەڵک دوعای خێری بۆ دەکەن و داوا دەکەن “خودا بیبەخشێت” و دەڵێن “خۆی خراپ نەبوو، بەڵام تووشیان کرد بوو” و “خۆی پیاوکوژ نەبوو، پیاویان پێ کوشت” و “خۆی لە کەسی هەڵ نەداوە، پۆلیسەکەی بۆی کردووە” و “خۆی تەجاوەزی بە ژنان نەکردوە بەڵام ژنی بۆ ئەوانی سەرووتر بردووە” و “خۆی پیاوی چاک بوو بە زۆر پێیان دەکرد” و “خۆی وا نەبوو، خەتای حیزبەکەی بوو” و ئیتر بەو شێوەیە.
ئایا دەکرێت شارستانیی لە سەر تێگەیشتنێکی وا دروست بکرێت؟
ئایا خوداکانی کام ئایینانەلە مرۆڤێکی وا خۆش دەبن؟ خودای کام ئایین لە کەسێک خۆش دەبێت کە جاسووسیی بە سەر گەلی خۆیەوە کردبێت، خاک و نیشتیمان و خەڵکی خۆی فرۆشتبێت، خودئاگا پارە و سامانی گشتیی دزی بێت و تاڵان کردبێت؟ خودای کام ئایین ئەوەندە بێڕەووشتە کە لە سەر حیسابی خوێن و ژیانی من لە دەعبایەکی دز و تاڵانچیی و بکوژ خۆش ببێت؟
ئایا خودای کام ئایین ڕێگا بە خۆی دەدات لە سەر خوێنی ژنانی قوربانیی، لە سەر ئازار و ڕەنجی سەدان هەزار و بگرە ملوێنانیان لە ژنانی چەوساوە لە بکوژانیان و لە تەجاوەزپێکەرانیان و لە چەوسێنەرانیان خۆش ببێت؟ کام خودایە دەتوانێت لە سەر حیسابی ملوێنەها لە منداڵی هەژار و نەدار و ئاییندە وێران لە سەبەبکارانیان خۆش بێت؟
چۆن دەکرێت شارستانییەک دروست بکرێت کاتێک کە جیاوازیی لە نێوان ئەوانەدا نامێنێت کە باشترین لە کاتی ژیانی خۆیان و تەنانەت خودی ژیانی خۆیان بۆ مرۆڤی دیکە بەخش کردوە و دەکەن لەگەڵ ئەوانەدا کە دز و تاڵانچیی و قۆرخکاری دەسەڵاتن؟
ئایا کەسێک بەس هەر لەبەرئەوەی دەمرێت ئیتر بێگوناهـ دەبێت و لەو تاوانانە بێبەریی دەبێت کر کردوونی؟
ئایا دروستتر نییە کە سەدان جار نەفرەت لە ژیانی و لە گۆڕەکەی بکرێت؟
هیتلەر هەموو شتێکی بە خۆی ڕەوا دەبینی تا ئەو ئاستەی پێی وا بوو کە هەموو قسەیەکی دروستە و بوو بە هۆی کوشتنی پەنجا ملوێن مرۆڤ، ئایا کام خودایە بۆی هەیە و دەتوانێت لەم دەعبا دوولاقییە خۆش بێت؟
بە سەدان دیکتاتۆر بوون بە هۆی ئازاردان و شکەنجەدان و چەوسانەوەی ملوێنان لە مرۆڤ و پاشان کوشتنیان. ئاغایانی شەڕ و نۆکەرانیان بوون بە مایەی ئازاری جەرگبڕ بۆ ملوێنان لە خەڵک، بۆ ئاییندەڕەشیی و بەدبەختیی و خێر لە ژیان نەبینین. کێ ڕێگا بە خۆی دەدات داوای بەخشین بۆ ئەم دەعبایانە بکات؟
کێ ڕێگا بە خۆی دەدات ئەم دەعبایانە بکات بە هاوشانی ئەو مرۆڤانەی کە چەندین ساڵی ژیانیان بۆ خزمەت بە خەڵکی دیکە تەرخان کردووە و هەندێک جار گیانیشیان بەخشیووە؟
بە ڕاستیی شارستانیی چۆن دروست دەکرێت؟
پاش قۆناخی ڕۆشنگەریی لە ئوروپا بزووتنەوەکانی لیبرالیزم، کۆمۆنیزم، سۆسیالیزم، سۆسیالدیموکراتیی، فێمێنیزمی ئازادیخواز و هتد توانیان گەلێک دەستکەوت بەدەست بهێنن. یەکێک لەوانە کە شایەد لە مێژوودا هەرە گەورەترین بێت ئەوە بوو کە سامانی گشتیی سامانی خەڵکە. ئەو سامانە هی پادشا نییە، هی هیچ حکومەت و سەرۆککۆمار و وەزیرێک نییە، بەڵکو هی دەوڵەتە واتە هی خەڵکە. بەشێکی ئەو سامانە لەگەڵ داهاتی پەیداکراودا لە ڕێگای پلانی سیاسیی شەفافەوە وەکوو بودجە لە بواری جیاوازدا بۆ خزمەت بە خەڵک بەکار دەهێنرێت. دەستکەوتەکانی دیکە، تەنیا و تەنیا و تەنیا، پاش زامنکردنی ئەم دەستکەوتە سەرەکییە توانرا فەراهەم بکرێن، وەکوو مافەکانی مرۆڤ، مافەکانی کرێکاران، مافەکانی ژنان، مافەکانی منداڵان، مافەکانی کەمئەندامان و هتد.
منێکی هاووڵاتیی چۆن ڕێگا بدەم و بۆ ڕێگا بدەم کە دەسەڵاتی سیاسییی بە میرات بە جێ بمێنێت، کە باوک و کوڕ و ئامۆزا و پورزاکان دەسەڵاتی سیاسیی قۆرخ بکەن، کە مووچە و مافەکانی دیکە بە حیساب و دەفتەر نەبن؟
ئێستا دەبینیت کە لە وڵاتی تۆدا کەسان دێن و بە ناوی حیزبایەتییەوە دەیان ساڵ خۆ دەکەن بە سەرۆک و مووچەی سەدان سەرۆکی وڵاتانی دیکە بە خۆیان دەدەن، کوڕ و کورەزا و برازا و خوشکەزای خۆیان دەخەنە سەر دەسەڵات و بە ئارەزووی خۆیان پارە دەدزن، وڵات تاڵان دەکەن، یاسا ئەگەر هەشبن پێشێل دەکەن، تەجاوەز بە ژنان دەکەن، هەرچی ئەتوار و ئەدای کۆنەپەرستیی دژ بە ژنان و بە لاوان و بە پێشکەوتووخوازیی دەردەهێنن و پیادە دەکەن و سپایەکی بێئەدەب و بێڕەووشت و سەرحیز و ملکەچ لە دەوری خۆیان کۆکردووەتەوە کە لە سەر حیسابی خوانی دزراو دەیانژیەنن. تەنانەت کاتکیش کە دەمرن لە نەخۆشخانە گەورەوگرانەکانی داگیرکەراندا دوا هەناسەی سیخۆریی و جاشایەتیی خۆیان دەدەن و هێنانەوەی لاشە بۆگەنەکانیان مووچەی ساڵێکی سەدان مامۆستا لە سەر سامانی گشتیی دەکەون.
ئایا جێی خۆی نییە بێ هوچان پرسیار بکەین کە ئەم پارەیە، ئەم خەرجیە، هی گیرفانی بابی کێیە؟
لەم وڵاتەی ئێمەدا لە بنەڕەتدا ژنان نەک وەکوو مرۆڤ بەڵکو وەکوو چارەکە مرۆڤیش نابینرێن، بەڵکو وەکوو کۆیلەیەک، وەکوو بارمتەیەکی خوێن دەبینرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. ئایا تۆ لە بەرامبەر ئەم وێرانکاریی و تێکدانەدا کە نیوەی مرۆڤی تێدا کۆڵەوار کراوە، لە کوێدا ڕادەوەستیت؟ چ ڕۆڵێک بە خۆت دەدەیت؟ چی بە خۆت و هاونیشتیمانیانت ڕەوا دەبینیت؟ ئامادەیت تا چ ئاستێک و تا کوێ هەوڵ بدەیت گۆڕانکارییەک دروست ببێت؟
هەمیشە بژاردەیەک هەیە.
ئەوی بۆ پارە گەورەترین زەرەر لە نەتەوەکەی دەدات هەمیشە بژاردەیەکی دیکەی هەبووە بەڵام هەڵیبژاردووە کە ئەو زەرەر بدات. تۆیش لای خۆتەوە بژاردەی خۆت دیاری بکە.
بە دڵنیاییەوە، شانازیی و سەربەرزیی بۆ ئەوانەیە کە شارستانیەکی هاوچەرخ بونیاد دەنێن. یەکەم هەنگاو لەوێوە دەست پێ دەکات کە دژی ئەم دەعبا دوولاقیانە بووەستین کاتێک لە ژیاندان و بە نەفرەتیان بکەین کاتێک کە دەمرن.

ڕێبوار ڕەشید
2020/11/20




بە نەهێشتنی پ ک ک باشوور دەبێت بە دەوڵەت! … ڕێبوار ڕەشید

چیرۆکەکە زۆر درێژە، بەڵام ڕەنگە بتوانرێت کورت بکرێتەوە.

جێێ سەرنجە، بە سی ساڵ دەسەڵاتی ناوخۆ باشوور وێرانەیەکە بایەقووشیش پێی ڕازی نییە لە سەری ئارام بگرێت. سەرەڕای بە هەزاران دەرفەتی نێونەتەوەیی و هاسانکاریی دەوڵەتە زلهێزەکان و دڵسۆزیی خەڵکی باشوور خۆیان و هەروەها بەشەکانی دیکەی کوردستان، باشوور بۆ هەرە زۆرینە لە دڵسۆزانی خەڵک دۆزەخێکە. بە سەدان ملیارد دۆلار بێ سەروشوێنە، بە دەیان و سەدان گرێبەستی نادیار و ناڕوون کە پارەی خەیاڵیی لە سەر باشوور دەکەوێت ئیمزا کراون، بێ لە زوونی زەرد و زوونی سەوز، هەروەها زوونی ناڕاگەیەندراوی مۆر و شین و ترکەمانەکان و سپای تورکیا و حەشدی شەعبی هەیە.
کۆمیکە بەڵام جێی گریانە نەک پێکەینین. لەگەڵ هەموو ئەم زوونانەیشدا کە هیچ لایەک کاخەزی ئەوی تر ناخوێنێتەوە و هیچ کەسێک لای ئەوی دیکە پێنج قڕان ناژی ئەوا هەر سەرۆکی سەرۆکان و سەرۆکی هەرێم و جێگرانی و تەغارێک وەزیر و پارلەمێناتر و ڕاوێژکار بە جێگرانیانەوە هەن.
چیرۆکێکی زۆر درێژە، جلۆن کورت بکرێتەوە؟
ئەگەر کێشەی باشوور قەیرانی دزیی و تاڵانیی و فەرهودی دەسەڵات نەبایە، ئەگەر کێشەی باشوور گەندەڵیی بە هەزاران و داڕمانی ویژدان و ڕەووشتی دەسەڵات نەبوویە، ئەگەر کێشەی داڕمانی ژێرخان و سەرخانی ئابووریی و کەرتی تەندروستیی و کار و پیشە و خزمەتگوزاریی و هتد نەبووایە، ئەوا دەکرا چەناگەت بخورێنیت و بیر لە کێشەیەکی دیکە بکەیتەوە.
ئاخ چەند کۆمیکێکی بە ئازارە.
لە کاتێکدا کە باشوور و ماڵی خەڵکە بەستەزمانە بەدبەختکراوەکەی لە ئاوری بێ ئاییندەییدا دەسووتێت و مرۆڤی باشوور دەیان و بگرە سەدان کێشەی ڕۆژانەی هەیە، دەسەڵاتی زوونێک تەپڵی شەڕ لێ دەدات و پێی وایە پ ک ک هەر دەبێت ئێستا قەندیل بەجێبهێڵێت و زوونەکانی دیکەیش هەندێک بێ دەنگن و هەندێکیش دەڵێن ئێمە لەو شەڕەدا بێ تەرەفین. بە کورتیەکەی ئەوانە ناماقوڵیی دەکەن کە دەڵێن “حکومەتی هەرێم”. لە ڕاستییدا ئەوی پێی دەگوترێت “حکومەتی هەرێم” مۆرێکیش نییە.

سوریالیزم لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم سەری هەڵدا کاتێک کە خەڵک پاش کوشتارێکی بێ وێنە، ماندوو و برسیی و بێکار و بێ ئاییندە لە ژێر ئاسمانێکی نزمدا لە تاریکاییەکدا بە دوای ئاسۆدا دەگەڕا. یەکەم جار بوو مرۆڤ بە گازی کیمیایی یەکتر بکوژێت و فڕۆکەکان لە ئاسمانەوە ئاور لە زەوی بەر بدەەن. مرۆڤ خۆی وەکوو بوونەوەرێکی خوێڕی، بێنرخ و عاشق بە خوێنڕشتن دەبینی. منداڵان و ژنان وەکوو هەمیشە یەکەم قوربانیەکان بوون. پیاوە مل ئەستوورە تووڕە چاو ئاوساوە جوێندەرەکانیش پاڵەوانەکان بوون، ئەو پیاوانەی هەزار سوێند و بەڵێن و سمێڵبادان و خۆبادان و ورگ و قون ڕاوەشاندنیان تورێکی قوڕاوی ناهێنێت.
بزووتنەوەی سوریالیزم دەیویست هزر و بنهزر بە یەک بگەیەنێت و خەون و خەیاڵ لەیەک بدات بەڵکو مرۆڤ، یان ڕاستتر ئاغاواتی شەڕ، حاڵیی ببن کە دەبێت مرۆڤ خۆی بە کامە کێشەوە مەشغوڵ بکات، کە ژن و پیاو مرۆڤ بن، نەک “ژن” و “پیاو” و کە کولتورە باوە ناحەزەکان توور بدرێن.

ئێستا کێشەی منێکی باشووریی، خنکاو لە قووڕولیتەی جەهل و نەزانینی دەسەڵاتێکی ملهوڕدا، ئەوە نییە کە داوای خەزێنەیەکی نیشتیمانیی بکەم، داوای نان و ئاو و ئاشتیی و ئازادیی بکەم، داوای پیشە و کار و فێربوون بکەم، داوای ئازادیی ژنان و ئاییندەی منداڵانم بکەم، داوای سەعاتێک پشوو، خەوی ئارامی شەوێک، بکەم، بەڵکو کێشەی منی باشووریی ئەوەیە کە پ ک ک، واتە کۆمەڵێک کچان و کوڕان و ژنان و پیاوانی سەربەرزی بەشێک لە نیشتیمانە پارەکراوەکەم، دەبێت لە قەندیل نەمێنن.
پێم دەڵێن ئەوە گەورەترین کێشەی منی باشووریە.
خودایە، ئەگەر هەر ناچار بوویت جیهانێک ساز بکەیت، خۆ ناچار نەبوویت بێئابڕووترین و سەربەرزترینیش لەگەڵ یەک تێکەڵاو بکەیت. ئایا نە دەکرا ئەم جیهانە بە سەر کۆمەڵێک زوون بۆ بێ ئابڕووان، دزان، تاڵانکاران، درۆزنان و ساختەکاران دروست بکەیت و ئابڕوومەند و دەستپاک و سەربڵندەکانیش لە زوونێکدا کۆ بکەیتەوە؟
کۆمیک لەم باشوورەدا چەند بە ئازارە!
ئەم چیرۆکە چۆن کورت دەکرێتەوە؟
سی ساڵ لەمەوپێش پ ک ک لە ئەدەبیاتی خۆیدا باشووری بە “باشووری مەزن” ناو دەبرد. ئەو کاتە دەسەڵاتدارانی باشوور نەیدەزانی “باشوور” کوێیە، بەڵام دەیانزانی فافۆن و تەلی مس و دارتەلی کارەبا و ئەشتومەکی سەد و سەربازخانە جێهێڵراوەکان بە تورکیا و ئێران بفرۆشنەوە.

“ڕیفەراندۆم” پاش چوار ساڵ کورد بە دەوڵەت دەگەیەنێت بەڵام مەرجەکەی نەهێشتنی پ ک ک یە. مەرجی دەوڵەت دروستکردنەکە بۆ باشوور ئەوەیە کە داعش و چەتە ئیسلامیستەکا نی سەر بە ئەردۆغان لە قەندیل نیشەجێ بن و ببن بە بەشێک لە سپای حەمیدی نوێ بۆ ئەوڕۆی ئەردۆغان. کاتێک قەندیل بە ڕەسمیی لە ژێر دەسەڵاتی تورکیادا بێت و خراپترین لە خوێنڕێزانی مێژوو تێیدا جێگیر ببن، ئەوا باشوور دەبێت بە دەوڵەت.
ئەگەر بەڵێنەکەی نەهاتە دی، کابرا یان فیشەکێک بە سەری خۆیەوە دەنێت یان هەر بە سەرۆک دەمێنێتەوە!
کێ گوتوویە کۆمیک دەبێت وەپێکەنینت بخات؟
دیمۆکلێس ئێرەیی بە میری خۆی دەبرد. بۆیە ناچار کرا لە ژێر شمشێرێکدا خۆشترین خۆراکی میرانە بخوات کە بە یەک تاڵە مووی کلکی ئەسپ هەڵواسرابوو. دێمۆکڵێس تێگەیشت کە کاری میران هاسان نییە. ڕاستە بە بەردەوامیی لە سەر خوانی ڕەنگاوڕەنگن بەڵام لە ژێر هەڕەشەی گەورەدان.
باشوور لە ژێر شمشێرەکەی دیمۆکڵێسدایە، بەڵام خوانێکیان بۆ دانەناوە بەڵکو ڕووبەڕووی تراویلکەیەکە. باشووریەکی برسی و بێکار و بێخزمەتگوزاریی و بێ ناز و بێ ئاییندە و پارەخوراو و پارەدزراو و ماڵ تاڵانکراو، دەتوانێت سبەی بە دەوڵەتێک شاد ببێت بەو مەرجەی پ ک ک لە قەندیل نەمێنێت.
بەڵام لەم قومارخانەیەی باشووردا کێ گوتوویە کە حەتمەن نەخش دەهێنیت؟
خودایە کە تۆ هەر وەحشیی دروست دەکەیت، بۆ نافەرمووی هەر لە گەوڕێکی خۆتدا دوور لە مرۆڤ بیانژیەنیت؟
چیرۆکەکە چۆن کورت بکرێتەوە؟
ئەردۆغان یەکێکە لە پیاوە دۆڕاوەکانی مێژوو. لیرەکەی خراپتر لە تمەنی ئێرانیی بەرەو هەڵدێر مل دەشکێنێت و لە دونیادا سووک و ڕووسوا بووە. لە ناو تورکیادا بەرەو ئابڕووچوونێکی مێژوویی دەچێت. پارتەکەی بە ڕەسمیی بوو بە سێ بەشەوە و ئێستایش لە ناو ئەوی خۆیدا دووچاری کێشە بووە. لە بەرەکانی جەنگ دەدۆڕێت و گەورەترینی ئەو دۆڕاندنە لە حەفتانین بوو کە کچانی ئازاد و سەربەرزی کورد پێیان دانا.
ئێستا ئەردۆغان بە ئاغاواتەکانی شەڕی سەر بە خۆی فەرمان دەدا کە حەتمەن هەر دەبێت شەڕێک هەڵبگیرسێت. ئەردۆغان دەیەوێت بە دونیا بڵێت کە هەر تورکیا کێشەی لەگەڵ پ ک ک نییە بەڵکو “کوردەکانیش” کیشەیان لەگەڵ پ ک ک هەیە.
ئەمە هەموو چیرۆکەکەیە.
چیرۆکەکە ئاوا کورت دەبێتەوە.
ئاخر لەوەبەر ئازادیخوازانی کورد بۆ جیهانیان سەلماند کە کێشەی تورکیا پ ک ک و کورد نییە بەڵکو کێشەی داگیرکەریی و فراوانخوازیی و کوشتارە. نموونەکانی سووریا و ئێراق و لیبیا و قوبرس و یۆنان و سودان و سۆمال و تونس و ئازربیجان و ڕێکخستنی چەتەی ئیسلامیستییە لە ئاستی جیهاندا.
ئەو گوللـەیە باش ئەردۆغانی سمی. ئیمکانی نییە بێتەوە سەر خۆی!
ئێستا ئەردۆغان داوای شەڕێک دەکات!
چیرۆکەکە ئاوا کورت دەکرێتەوە کە هەموو ئازادیخوازێکی کوردستانیی بۆی هەیە و مافی خۆیەتی هەرچۆنیەک پێی خۆشە و بە دروستی دەزانێت ڕەخنە لە بواری جیاوادا لە پ ک ک بگرێت، بەڵام ئەرکی سەرشانی هەموومانە توند بەرامبەر بە هەڵگیرسانی شەڕ ببینەوە چون ڕاستیەکەی ئەوەیە کە تەنیا خەڵکی کوردستان زەرەرمەندن بەتایبەتیی ئەو بەدبەختە خێرلەخۆنەدیوانەی بە مووچەی چەند سەد دۆلارێک ناچار کراون کە گوللـە بە کەسانێکەوە بنێن کە دڵخوازانە و خۆبەخشانە بۆ نیشتیمانەکەیان تێ دەکۆشن، هەروەها ئەوەیش کە خۆیان دەکوژرین و وەکوو دەیان هەزاری قوربانی شەڕی نێوخۆ بێ ناوونیشان دەمێننەوە و لە بیر دەچنەوە، هاوکات کە منداڵی یەک دانە دەسەڵاتدار خوین لە لووتی نایەت بەڵکو بە دڵنییایەوە لەو کاتەدا کە ئەمان خوێنیان لێ دێت و خوێن دەڕێژن ئەوان، دروست هەروەکوو باووباپیریان لە کەیف و سەفا و قون باداندا دەبن و کاتێکیش دەمرن لە سەر حیسابی خوێنی خەڵک لە نەخۆشخانەی ملوێن دۆلارییدا بەرۆکی خەڵک بەر دەدەن.
ئەوانەی کە بە هەر دەلیلێک چەکیان لە سەر شانە دەبێت بزانن کە لە ئێستا سێ بەرەی شەڕ هەیە کە تورکیا و ئێران و سووریان و کە هەروەها ئێراقیش جێی متمانە نییە.
چیرۆکەکە ئاوایش کورت دەکرێتەوە: قەندیل خاوێنە، خاوەن لێی دەربکەون!

ڕێبوار ڕەشید
5/11/2020




مایەپووچیی ڕەووشتیی و سیاسیی ئەوجا مایەپووچیی ئابووریی … ڕێبوار ڕەشید

ئێوەیش هەموو ڕۆژێک کراواتخانەکەی باشوور دەبینن بەڵام ڕەنگە سەرنجی نەدەن. ئەو کراواتخانەیە 28 ساڵ لەمەوبەر بە ناوی “پارلەمانی کوردستان” و پاشان “حکومەتی هەرێمی کوردستان” لە سەرئەنجامی گاڵتەجاڕییەکی کارتۆنی فیفتی فیفتیدا دروست بوو.
پاشان بۆ ڕاگرتنی “بالانسی نیشتیمانیی” سێ چوار کورسی خێریشیان بە هەندێک حیزبی سواڵکەرسفەت دا کە لە پراکتیکدا کورسیی نەبوون، بەڵکو پارە بوو کە دەمیانی پێ داخرا.
بە داخەوە ئەو کاتە ژمارەیەکی یەکجار کەم لە ڕۆشنبیرانی باشوور دژ بەم سیستەمە گاڵتەجاڕییە بوون. خەڵکی بەدبەختی باشوور سەرمەستی هەوای هیوای حکومەت دروستکردن و دەوڵەت دروستکردن بوون بێ ئەوەی تێ بگەن کە دەوڵەت بە کێ و چۆن دروست دەکرێت.
بە ئاگاداریی لە چۆنیەتیی دروستبوونی ئەم شتەی ئەمڕۆ بە “حکومەتی هەرێم” دەناسرێت گرینگە تێ بگەین کە حکومەتێکی گەلیی دیموکراتیک لە سەر ئەم داروپەردووە ڕووخاو و بە سەر یەکداکەوتووەدا ساز ناکرێت. کێشە ئابووریەکەی ئەوڕۆ بێگومان کێشەیەکی لە سەداسەد سیاسییە کە لە سەرئەنجامی نەبوونی سیاسەت لە باشوور دێت. کێشە سیاسییەکەیش 19/5/1992 دروست بوو کاتێک کە هیچ بناخەیەکی رەووشتیی بۆ بونیادنانێکی سیاسیی دیموکراتیک لە ئارادا نەبوو.
ئەو کەسانە هەر ئەوەندە ڕەووشت و ویژدانی نیشتیمانیان هەبوو کە پێیان وابوو حوکمڕانیی بەو مانایە دێت کە کەراوات ببەستن و چاکەتوپانتؤڵ لەبەر بکەن وخۆبڕازێننەوە و لە پشت مێزێکی ڕەقەوە کە تەنیا دەسەڵات نیشان دەدات لە سەر کورسیەکی قەبەی گەورەی ناشارستانیانە دابنیشن. کورسیەکی قەبەی گەورەی ناشارستانیی کە بە تەختی پادشاکانی نێو داستانەکان دەچێت. ئەم دیمەنە دەبا زۆر زیاتر لە بەس بووایە بۆ ئەوانەی تێ دەگەن ڕەووشت وەکوو بناخەیەک بۆ سیاسەت چەند گرینگە.
سەرۆکی پێشووی هەرێم کە ئێشتایش هەر “سەرۆکە” و بارەگای بە ناوەوە کراوەتەوە و وەکوو “سەرۆکێکی خاوەن پۆست” ئاماژەی پێ دەکرێت، زەقترین مینیاتۆری ئەم کورسیە قەبە گەورە ناشارستانییەیە کە ڕیشەی بە ناو تەواوی جومگە حیزبیی و دەسەڵاتگیریەکەوە شۆڕ بووەتەوە.
ئێستایش پاش 28 ساڵ لە داسەپاندنی دەسەڵاتێکی خوێناوی مایەپووچ ئەم بیچمانە لەژێر ڕۆشنایی پرۆژۆکتەری هۆڵە ڕازاێندراوەکانەوە دەردەکەون و سەرمەستی ڕووانین لە بریوباقی پەڕوباڵیی خۆیانن. ئەوی هەستی ویژدان و شەرم و بەرپرسیاریەتیی بێت تیایاندا دەرناکەوێت و بەیان ناکرێت. ئەو ئەقڵە کە بە هیچ جۆرێک زاخاوی بەدەربەستەوەهاتن لە ژیانی خەڵک و لە سامانی گەل لە کەسایەتیاندا نەبوو نماییشنامەیەکیان لە جیاتی سیستەمی سیاسیی ساز کرد. کاتێک سەرنج لە کراواتبەستن و لە چاکەتوپانتۆڵی بەریان و لە کەوشی پێیان و سەعاتی دەستیان و هۆڵی کۆبوونەوەیان و سفرە و خوانی بەردەمیان دەدەیت، دەپرسیت ئایا ئەمانە یەک جاریش جووتێک گۆرەویان بە پارەی ڕەنجی شانیان بۆ خۆیان کڕیوە تا بتوانن نەتەوەیەک بەڕێوە ببەن؟
ڕێکەوت نییە کە نمایشنامەی ڕۆژانەی پیاوانی دەسەڵاتدارانی باشوور بە دەموچاوی هەڵگیراو و مووی چێنراوە و ڕەشکراوە و پۆزی وێستانی بەردەم کامێراکان لە میهرەجانی ساڵانەی ئەکتەرە سەرکەوتووەکانی هۆلیود دەچێت. ئەوەی هەناسەیەکی شەرمی تیادا بێت بێزی لەو پۆزلێدانە بێهونەرە ناشارستانیە دێتەوە.
ئەمە قەیران نییە، کارەساتە!
سەرئەنجامی ئەو بێ ڕەووشتییەکە باوک و براکان و ئامۆزاکان و خزموکەسوکارەکان بە هاوکاری لەشکرێکی بندیواریی، لە ڕێگای بەسیجکردن و چەکدارکردنی خاشاکی مرۆیی کۆمەڵگای بەدبەختی باشوورەوە، بە سەدان ملیارد دۆلاریان لە سامانی خەڵک دزیوە، زەویوزاریان داگیرکردووە و ژیانیان لە خەڵک کردووە بە دۆزەخ و ڕۆژ دوای ڕۆژ دۆڕاندنی ژیان و سامانی خەڵک و خاکی نیشتیمان تۆمار دەکەن.
بێڕەووشتیەکە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بە ناوی بابیانەوە بە پارەی دزراوی خەڵک ڕێکخراوەی خێرخوازییشیان ساز کردووە و بێ شەرم و بێ ئابڕوو خێری بابیان بە خەڵک دەکەن. هەر کەس تەرمی بابی خۆی لە سەر گردێک ناشتووە و بە “ڕێباز” ناوی دەبات و داستانی سەیر و سەمەنەی بۆ دادەتاشێت. بابەکان لە خەڵکی هەژار و خێرلەخۆنەدیوی باشوور کراون بە هەرکولیس و سپارتاکوس. بەم شێوەیە تا ئەوڕۆیش بەو پەردە سەوزە فێنکەی ڕاگەیاندنی درۆ و دەلەسە و ساختەچیەتیی سەری ئەو دۆزەخە دادەپۆشن کە گەلی باشووری تێدا دەژی.
ئەوانەی دەیانەوێت گۆڕانکاریی لە باشووردا ڕوو بدات دەبێت پێش هەر شتێک دژ بەو بێڕەووشتییە بووەستنەوە کە دایکی مایەپووچیە سیاسییەکەیە. شەق هەڵدان لە کورسیە گەورە قەبە ناقۆڵاکان و لەو کەسایەتیە مڵانەی بە ناوی سەیروسەمەنەی جیاوازەوە، لە سەرۆکی هەرێمەوە بەرەوخوار لە ژێر ناونیشانی جیاوازدا خوێن دەمژن. ئەم بیچمانە کوڕی ڕێبازی زیانەخرۆیین.
بزووتنەوەیەکی گەلیی دەبێت پێش هەر شتێک داوای گەڕاندنەوەی رەووشت بۆ ناو سیاسەت و پۆستە فەرمیە گشتییەکان بکات. ئەوانەی لە ناو حیزبەکاندا خۆیان بە بێ تاوان دادەنێن و ڕەخنە لە ڕەووشەکە و لە خۆیان دەگرن و باس لە گۆڕانکاریی و ڕیفۆرم دەکەن دەبێت بیسەلمێنن کە خاوەنی هیچ نیین.
ئەوانە دەبێت تێ بگەن کە بێڕەووشتیی و بێوێژدانییەکەی دەسەڵات بناخەی ئەم ناهەموارییەیە کە ئێران و تورکیا باشووریان لە خەڵکی کوردستان کردووە بە دۆزەخ و وەکوو خەنجەر بە پشتی بەشەکانی دیکەیدا دەکەن.
لە ئێستای باشووردا ناخاوەنداریەتیی سەنگی مەحەکە و تەنیا پێوانەیەکی جێی متمانەیە!
ئەوانەی کە لە 28 ساڵی ڕابردوودا لە سەر حیسابی خەڵک قازانجبگیر بوون هەرگیز ناتوان لە کوژاندنەوەی ئەو ئاورەدا ڕۆڵ ببینن.
لە دونیای ئەوڕۆدا بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە پاسکیلسواریی ئاسانترە. هیچ نەتەوەیەکی دونیا هێندە بێ پارە و بێ سامان نییە کە نەتوانێت ژیانی ڕۆژانە بژی. هەموو خەڵکێک دەتوانێت لە ڕێگای بەرهەمی جیاوازەوە هەم بژی و هەم پەرە بە ژیانی خۆیشی بدات، بەڵام تەنیا کاتێک دەتوانێت ئەوە بکات کە لەلایەن خەڵکانێکەوە بەڕێوە ببردرێن کە دەست و دەروونیان پاک بێت و کە کەسایەتیەکی بەرپرسیاریان هەبێت.
بێگومان باشوور پڕە لەو جۆرە خەڵکانە. ئەوەی باشووری گەینادووەتە دۆخی ئەوڕۆ دەستەیەکی بچووکن کە عادەتەن لە دونیای دیموکراتیکدا لە زینداندان.

ڕێبوار ڕەشید
18/6/2020




سیستەمی فیدەڕاڵیی لە ئێراق بپارێزن! … ڕێبوار ڕەشید

دەتوانرێت ڕەخنەی بەئەژمار لە دەستووری سیستەمی فیدەڕاڵیی ئێراق بگیرێت و لە کاتی خۆیشیدا لەلایەن کورد و عەرەبەوە ڕەخنە لەو بارەوە زۆر هەبوون. لاوازترین خاڵی سەرەکیی لە دەستووری فیدەڕاڵیی ئێراقدا ڕەنگە لایەنە ئیسلامیەکەی بێت کە هیچ ڕەنگدانەوەیەکی واقیعیی بۆ سوننە و شیعە و کورد نییە، بەڵکو زیاتر ڕووانگەیەکی عەرەبیی ئیسلامییەکە لەلایەن کەمینەیەکی شیعە و سوننەوە بە سەر دەستووردا سەپێندرا.
بە هەر حاڵ، ئەو ڕیفۆرمانەی لە ئێراق هەم لە بواری ناناوەندگیریی (لامەرکەزیی) و هەم لە بوارەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازیی و سەندیکایی و کرێکاریی و زمان و هتد هەبوون و کراون لە بەراووردا لە هی هەموو ئەو وڵاتانە کە کوردستانیان داگیر کردووە نەک هەر باشتر بووە، بەڵکو بەراووردیش ناکرێت. دیارە سیستەمی فیدەڕاڵیی گەورەترین لەو ریفۆرم و دەستکەوتانەن کە دەیتوانیی باشووری کوردستان بە سەربەخۆیی بگەیەنێت و هەروەها بشبێت بە هەوێنی چارەسەری دیموکراسیی لە تورکیا و ئێران و سووریا کە کوردستانیان داگیر کردووە.

لە ئێران و تورکیە کە لە یەکەمیاندا کورد هەر بە ناو هەیە و لە دووهەمیاندا هەر نییە، کوردانی ڕۆژهەڵات و باکوور تا رادەیەکی باڵا توانیوویانە سەرکەوتنی شایانباس وەدەستبهێنن. دیارە باسکرنی ئەم دەستکەوتانە جێگای ئێرە نیین، بەڵام هەر دەتواننرێت ئاماژەیان پێ بکردرێت، بۆ نموونە سەرەڕای هەموو دڕندەییەکی دیکتاتۆریی و ئیسلام فاشیزمی کۆماری ئسیلامیی ئەوا خەڵکی ئاسایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانیوویانە زمانی کوردیی نەک هەر بپارێزرن بەڵکو پێشی بخەن. لە شاری خوێ (خویە) تا خوار ئیلام زاراوەکانی کوردیی لە گەشەدان، نەک پاشەکشێ. فۆنەتیک و ڕێزمان و دەستووری زمانی کوردیی پارێزراوە، فەرهەنگی کوردیی، جلوبەرگ و موزیک و خۆراک بەرەو پێشەوە چووە. خەڵکی کوردستان لە ناو یەکدا تەبان، هاوکاریی یەکتر دەکەن و ئەو ناوچەگەریی و شارگەراییە نەماوە کە کاتی خۆی سیستەمی شا مایەی لە سەر دادەنا و لە ژێرەوەی دنەی دەدا.
هاوکات هەستێکی نەتەوەیی پێشکەوتووخواز و نیشتیمانپەروەر بە ڕێزگرتن لە هەبوونی مافی نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە برەودایە.
لە باکوور سەرەڕای هەبوونی دڕندەترین و ناشارستانیرین سیستەمی داگیرکەریی لە جیهاندا، سەرەڕای نکۆڵیکردن لە هەبوونی کورد و سڕینەوەی ناو و ناونیشان و هەموو جۆرە بوونێکی کورد، لە ماوەی چل ساڵدا درز خرایە نێو سیستەمی داگیرکەرییەوە و خەباتێکی یاسایی و پارلەمانیی پێشخرا، زمانی کوردیی لە نزیکەی نەبوونەوە ژیایەوە و بووەوە بە مانی گوند و شارەکان و دەیان ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەڤیزیۆنی پێ وەگەڕ خرا و بوو بە زمانێک کە لە رووی فۆنەتیک و ڕێزمان و دەربڕینەوە شایانی باسە. بەرپرسانی سیاسیی باکوور لە ڕێکخستنی خەڵک و لە بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی نەتەوەسازیی و نیشتیمانسازییدا خەڵکیان هۆشیار کردەوە بە شێوەیەک کە سەدان هەزار لە مەراسیمە نەتەوەییەکانی وەکوو نەورۆزدا بەشدار دەبن هتد و هتد.

ئەدی ئەی باشوور؟

باشوورێک کە خاوەنی بەئەژمارترین قوربانییە، کە بە ئەزموونی شەڕی نێوخۆیی سەختدا لە سەرەتای شەستەکانەوە ژیانی بەڕێ کردووە، و کە لانی کەم خاوەنی مافی دەستووری پاشایەتییە کە بە ڕەسمیی و بە پێی یاسا و دەستووریی سەلماندوویەتیی کە “کورد و عەرەب” لە نیشتیمانی “ئێراق” دا هاوبەشن، پاشان خاوەنی یاسای ناناوەندگیریی ساڵانی شەستەکان و حەفتا و یاسای بە ئۆتۆنۆمی ناساندنی هەرێمی کوردستان (دیارە بێ شەنگار و کەرکووک و خانەقین) و هەموو ئەو مافانەی دیکە بووە کە دەیگرتەوە. لە هەموو ئەوانەیش گرینگتر سیستەنی فیدەراڵیی 2005 و هەموو ئەو باڵادەستییە سیاسیی و ئابووریی و دیپلۆماسییانە بوو کە هەموو جیهان بۆیان فەراهەم کردبوو.
ئەسڵەن هەموو باشوور بە پاکەتێک کە دەستکەوتی دەوڵەتبوونیادبوونی تێدا بوو کرا بە سفرەیەکی حازر و لە سەر سینییەکی زێڕین خرایە بەر دەستی دەسەڵاتدارانی باشوور.
لە دوای ڕاپەڕینی 1991 هەتا ڕاگەیاندنی سیستەمی فیدەڕاڵیی دەست و باڵی سەددام حوسەین بەرامبەر بە باشوور بەسترابوو. باشوور دوورگەیەکی پارێزراو بوو کە بارانی ڕەحمەتی هەموو دونیای بە سەردا دەباری و هاوکات خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستان بە دەم و بە کردەوە حەیرانی ئەم بەشە ئازاد کراوە بوون، بەڵام دەسەڵاتدارانی باشوور نەیانتوانی گۆمێکی مراوی لە باشوور دروست بکەن. بە پێچەوانەوە باشوور کرا بە بێدەسەڵاترین حوکمڕانیی کە ئەوی بەرهەم و کار و خۆشەویستیی نیشتیمان بێت تیایدا لە ناو برا.
لە پاش سیستەمی فییدەڕاڵییەوە حکومەتی ناوەندیی بەغداد کە لە ڕاستییدا هەر حکومەتی فیدەڕاڵییە لە پراکتیکدا هەتا دوو ڕۆژ پاش کۆتاییهاتنی مۆڵەتی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕیفەراندۆم، نەیتووانیوە قامکێک بۆ سەر هیچ جۆرە بەرژەوەندییەکی هەرێم ببات. لە ماوەی هەموو ئەو ساڵانەدا سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە، وەزیری ماڵیی، فەرماندە باڵاکانی سپای ئێراقیی، بازرگانیی و هتد لە بازنەی دەسەڵاتدارانی کورد بوون. کورد خاوەنی دەیان وەزیر و پارلەمێنتار و بەڕێوەبەریی گشتیی و فەرماندەی جیاوازی سپا لە سەر ئاستی ئێراق بوون. لە ناو هەرێمدا دەسەڵاتدارانی کورد سەرۆک هەرێم و سەرۆک حکومەت و وەزیران و پارلەمێنتاران و هتد بوون.
لەگەڵ هەموو ئەم دەسەڵاتە گەورەوگرانەیشدا لە دوای راپەڕینەکانی 1991 لە باشوور:

  • زمانی کوردیی لە باشوور بووە بە زمانێکی سەرجادەیی گشتیی کە مرۆڤ شەرم دەکات باس لە ئاستەکەی بکات.
  • ڕۆشنبیریی بیریی و هزریی لە باشوور تا دێت لاوازتر و توێژگیرتر دەبێت. جلوبەرگی کوردیی خەریکە دەچێتە موزەخانەوە، موزیک و گۆرانیی و کولتوریی نەریتیی گشتیی تورکێنراو و فارسێنکراوە.
  • کار و بەرهەم نامێنێت یان لە ئاستیی نەبوون دایە.
  • خۆشەویستیی نیشتیمان و نیشتیمانپەروەریی، بەخۆباوەڕبوون و متمانەبەیەکتر و ڕێزگرتن لە بەها نەتەوەیەکان لاوازتر بووە و دەبێت.
  • نەبوونی ئاساییش و خۆشگوزەرانیی و سەرگەرمیی ڕۆژانە، بێئومێدیی لە ئاییندە و بێهیوایی لە پاشەڕۆژ، ئەگەر ڕێگایان هەبێت زۆرینەی خەڵک زێدی خۆیان چۆڵ دەکەن.
  • بێڕەووشتیی و بێئەدەبیی لە دزینی سامانی گشتیی بووە بە کولتوری باو.
    لە هەموو ئەم کێشانەدا حکومەتی ناوەندیی بێ تاوانە یاخود بێ لە هەندێک هەڕەشەی بێ ددان هیچ کاریگەریەکی دیکەی نەبووە کە بچێتە قاڵبی تاوانەوە.

    ڕۆڵی تورکیا و ئێران لە تێکشکاندنی سیستەمی فیدەڕاڵیی ئێراقییدا

    ئێران و تورکیە لە یەکەم ڕۆژەکانی پاش ڕاپەڕینەوە لە ڕێگای دەسەڵاتدارانی باشوورەوە دەستیان لە باشوور وەر دا. کاتێک کە بانگەوازی سیستەمی فیدەڕاڵیی لە ئێراق کرا ئێران و تورکیا، بە داخەوە تازە لە ناو دەسەڵاتدارانی باشووردا خاوەنی دەنگی خۆیان بوون. بەڵگەکان بە سەدانن کە تورکیا لەم بارەوە چەند جیددیی، بە دیسپلین، سیستەماتیک و سەرانسەریی لە هەوڵی تێکدانی سیستەمی فیدەڕاڵیی ئێراقییدا بوو. باشوور بوو بوو بە سەمای مەرگی ئێران و تورکیا. تورکیا و ئێران دەیانزانی کە باشوورێکی سەرکەوتوو بە مانای ئەوە دێت کە هیچ دەرفەت و هەلێک بۆ شەڕی سپایی تاران و ئانکارا دژ بە خەڵکی کوردستان لە ناو خۆیاندا نامێنێتەوە. لەبەرئەوە هەموو گرەوێکیان لە سەر تێکشکاندنی ئەو سیستەمە فیدەڕاڵییەی ئێراق بوو.
    جێی سەرنجە کە دەسەڵاتدارانی باشوور بەینی شەخسیی و پێوەندیی شەخسیی و پێوەندیی سیاسیی و دیپلۆماسیی و ئابووریان لەگەڵ تاران و ئانکارا خۆشتر لە پێوەندییان لەگەڵ بەغداد بێت کە پێتەختی ئێراقی فیدەڕاڵییە. هەروەها جێی سەرنجە پاش هەموو ئەو قوربانیدان و ڕەنج و زەرەرە کە لە باشوور کەوت، دەسەڵاتداران تا ئەو رادەیەی ئێشتا دەیبینین پڕڕوو و بێچاووڕوو لەگەڵ باشووردا بەرخورد بکەن.
    تورکیە و ئێران دەیانزانیی کە بە سیاسەتێکی هاوڕێیانە و خوشکوبرایەتیی عەرەب و شیعە و سوننە دەتوانرێت ئەو سیستەمی فیدەڕاڵییەی هەیە لە ماوەی 10 ساڵێکدا بکرێت بە سیستەمێکی کۆنفیدەراڵیی و هەر لە ڕێگای دیالۆگ و پتەوکردنی ئەو هاوپەیمانییە کۆنفیدەراڵییەوە باشوور دەیتوانی بەرەو سەربەخۆییش هەنگاو بنێت. نزیکەی هەموو دونیا، ئێران و تورکیە و سووریەی بە پلەی یەکەم لێ دەر بچێت، دۆستی باشوور بوون.
    هیچ زانستێکی ڕاکێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرسە گرینگە کە پتەوکردن و ڕاستکردنەوە و بەرەوپێشەوەبردنی سیستەمی فیدەڕاڵیی بوو، پێویست نەبوو. هەر ئەوەندە پێویست بوو کە ڕێز لەو سفرە حازرە بگیردرێت کە جیهان خستبوویە بەردەمی دەسەڵاتدارانی باشوور، کە بەغداد بکرێت بە ماڵێکی سەقامگیریی کورد و کە دیارە زۆر بە ئاسانی دەکردرا .

    ڕیفەراندۆم پیلانی ئاشبەتاڵ بوو

    ئەردۆغان زۆر ئاسانتر لەوەی بە بیریدا دەهات توانی سیستەمی فیدەڕاڵیی لە باشوور تێک بشکێنێت. لە رێگای بردنی پارەی باشوور بۆ “خەڵک بانک” کە ئەردۆغان و هاورێیانی خاوەنین، و لە ڕێگای بردنی نەوتی باشوورەوە ئەردۆغان باشووری لە بەغداد دا براند.
    جێی سەرنجە ئێراقێک بە دەیان ڕیفۆرمی ناناوەندگیریی و بە پێشنینەی ئۆتۆنۆمیی و فیدەڕاڵییەوە، بە سەرۆککۆماری کورد و وەزیری دەرەوەی کورد و هتد هتد بچێتە نێو سەنگەری ئانکاریەکی ڕەگەزپەرستی دڕندەی بێ شارستانییەوەکە جێی نەفرەتی هەموو نەتەوە دێرینەکانی ناوچەکە و بەشێکی دونیایە. ئەمە بەدبەختییەکی مێژووییە. ئەمە ئاشبەتاڵێکی سیاسیی ڕەووشتیی و ویژدانییە. ئەمە نانێشتیمانپەروەریی و خیانەتە بە خەڵکێکی ستەملێکراو.
    ئیتلاعات و میت لە بڵاوکردنەوەی گومان و باوەڕبەخۆنەبوون و بێمتمانەیی لە ناو باشووردا شەونەخونیان کێشا و مەخابن ئەنجامی هەبوو.
    ئەو قسە بێ مانا و ناسیاسیی و بێ ئەدەبیی و بێ ناوەرۆکەی کە دەسەڵاتدارانی کورد لە کاتی ڕیفەراندۆمدا بە بەغداد و بە عەرەبیان دەگوت و ئەوەیان بە ناوی “کوردایەتیی” ـەوە دەکرد، نەک هەر قسەوباسی سیاسیی ناو سیستەمێکی فیدەراڵیی یان تەنانەت دانوستاندنیش نەبوون، بەڵکو قسەی سەر جادەی شەڕلاتیان بوون. ئەو قسانە، ئەو پێ پێکەنین و گاڵتەجاڕیی و شکاندن و جووکدانانە دوا بزمار بوون کە لە تابووتی پێوەندییە گرینگ و بە بایەخە سیاسیی و ئابووریی و دیپلۆماسییەکانی بەغداد و باشوور دەدرا.
    ئایا بە چ شێوەیەک دەتوانین “بای بای ئێراق” بۆ عەرەبگەلی دۆستانی کورد ڕوون بکەینەوە؟
    ئایا ئاماژە بە کامە دەستتێوەردانی کردارەیی بەغداد لە کاروباری باشوور و لە ڕێگرتن لە کاروباری باشووردا بکەین؟
    بەڵآم بینیمان، ئەوانەی دەم و زمان و ڕووخساری ئەو جوێندان و سووکایەتییە بوون چۆن لە ئاشبەتاڵێکی شەرمئاوەری تێکشکێندەردا بەرەو بەغداد گەڕانەوە. بەڵێ، چوونەوە بۆ بەغداد بێ ئەوەی یەکێکیان ئەو گولـلەیە بە سەری خۆیەوە بنێت کە بەڵێنیان دابوو، بێ ئەوەی ڕەخنەیەک لە خۆیان بگرن، بێ ئەوەی دەستبەرداری کورسیەکیان بن و تەنانەت بێ ئەوەی بە بچووکترین شێوە ئاماژە بە کەموکورتیەک بکەن.

    شەڕی بەغداد و باشوور

    کوردستانیانی دڵسۆز و هەزاران عەرەبی ئێراقیی و غەیرەئێراقیی و ملوێن لە هاووڵاتیانی سوننە و شیعەی عەرەب ئاگاداری مێژووی ئێراق و کێشەی کورد و زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە لە سەر کورد و لە سەر خۆیان هەن. عەرەبی ئێراق بە شیعە و سوننەیەوە خاوەنی نە کەمتر لە 2 ملوین قوربانین. خانەوادە لە ناو عەرەبدا کەمن کە دووان و سیانیان لە شەڕە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران و کوێت و ئەمریکادا لێ نەکوژرا بێت. عەرەبی ئێراق نەتەوەیەکن لە نەزیفی خوێندان. ئێمەی کورد دەتوانین بە ئاماژە بە هەموو ئەو زەرەر و زیانانە و ڕێگریی لە دووبارەبوونەوەیان پێگەی کورد بەهێز بکەین.
    سیاسەتمەدارانی نیشتیمانیی لە کوردستان دەتوانن، ئێستایش هەل و دەرفەت هەیە و ماوە، کە دووبارە سیستەمی فیدەڕاڵیی بژیەتەوە و شینبێتەوە، کە برینەکان تیمار بکرێن،کە لە ڕێگای دیالۆگی دیموکراتیی و ئاخافتنی سەردەمیانە و فاکت و بەڵگەوە متمانە لە نێوان پێکهاتەکانی ئێراق دروست بکرێتەوە. ئەوانەی باس لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن دەبێت بە پێی ئەو داوایە بە پرینسیپ و جیددیی و چالاک و بە شکۆ و دەست بە کار بن، دەبێت خەڵکێک بن کە لە نرخی هێلکەیەک، لە دڵی ناسکی هاووڵاتییەک، لە مافی مرۆڤ بۆ کەمئەندامێک و بۆ ژنان تێ بگەن و لە سەری بە شەڕ بێن. بەڵام پێش هەر شتێک ئەوانە دەبێت خەڵکێک بن کە هەموو قازانجێکی شەخسیی و خانەوادەیی و عەشیرەتییان لە بن پێی خۆیان نابێت و وەکوو نیشتیمانپەروەرێکی خۆبەخش بژین و بدوێن و لە کاردا بن. کەسێک دەتوانێت ئەو بەرپرسایەتیە هەڵبگرێت کە کەوشی پێی دڕابێت و هەمووان بزانن چی لە ماڵەکەیدا هەیە.

    خەڵکی دڵسۆزی باشوور نابێت ئەم فۆرمولەیە لە بیر بکات!

    ئەوانەی لە ناو دەسەڵاتدارانی کورددا لە یەکڕۆژەی پاش تەواوبوونی مۆڵەتی ڕیفەراندۆمەکەی ئەردۆغاندا فیلمی شەڕی “پردێ” ـیان ساز کرد و ڕاستیی ئیمزاکردنی ئاشبەتاڵیی 16ی ئۆکتبەریان لە خەڵک شاردەوە کاتێک کە ئەمریکاییەکان لە دوکان بە ئامادەیی هەموویان ئیمزای پێ کردن، و ئەوانەی ئێستا دێن و هەڕەشەی ئاوگرتنەوە و تۆڵەستاندنەوە لە عەرەب دەکەن و خۆدەهێنن و دەبەن، دەتوانن و لە ڕوویان دێت کە سەد جاری دیکەیش سفرەی حازری کورد، خوانی ئامادەی سەر سفرەی زێڕینی کورد، لە قوڕێ بهاون.
    خەڵکی دڵسۆزی باشوور نابێت ئەم فۆرمولەیە لە بیر بکات!
    ڕاستە، باشوور لە دۆزەخێکدا ژیان بە ڕێ دەکات، بەڵام خەڵکی باشوور، دڵسۆزانی کوردستانیی، نابێت نرخی خۆڕێکخستن و بەرەنگاربوونەوە و داواکردنیان لە بیر بچێتەوە.
    لە هەموو دونیادا، لە هەموو کۆمەڵگایەکدا، خەڵکی دڵسۆز بە بەردەوامیی لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر دان، و لەو بارەوە خۆڕێک دەخەن، بەخۆباوەڕیی و متمانە و خۆشەویستیی خەڵک و نیشتیمان بڵآو دەکەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بژین و بە بەردەوامیی وەڵام بۆ کێشەکانیان بدۆزنەوە. باشوور ڕیزپەڕ نییە و دەتوانێت و دەرفەت و هەلی لەبەر دەستدایە ئەو کارە بکات.
    هەنگاوێکی دروست لەو ڕێگایەدا بەهێزکردنی پێوەندییە جۆراوجۆرەکانە لەگەڵ هەموو تاکەکەس و ڕێکخراوەیەکی سوننە و شیعەی عەرەبدا کە دۆستی کوردن و خوازیاریی بەهێزکردنی مافی هەردوولان، و هەروەها دانیشتن و دیالۆگە لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا کە دەزانین خراپ تێگەیشتوون یان دەیانەوێت مافمان پێشێل بکەن. باشوور بە دەیان هەزار لە ڕۆشنبیریی سیاسیی تێدایە کە دەتوانن بە شێوەی ئاشتیخوازانە و ئاشکرا و ڕاشکاوانە لەم سەنگەرەدا جێ بگرن.
    لەبەرئەوە دەبێت بڵێین “بەڵێ” بۆ بەهێزکردنی مافەکانی کورد لە ئێراقدا، بۆ بەهێزکردنی هەموو جۆرە پێوەندییەکانی باشوور لەگەڵ بەغداد و قووڵکردنەوەی دیالۆگی دیموکراتیک و شارستانیانە.
    دەبێت “نەخێر” دووبارە بکەینەوە بۆ شەڕ و گرژیی و خۆدوورگرتن لەگەڵ بەغداد!
    بەڵێ دەبێت بڵێین “نەخێر” بۆ شەڕی بە وەکالەت بۆ ئێران و تورکیا.

    ڕێبوار ڕەشید
    3/5/2020




نا بۆ شەڕ و گرژیی ناوخۆ، بەڵێ بۆ یەکڕیزیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی … ڕێبوار ڕەشید

لەم ڕۆژانەدا جیهان سەرقاڵی شەڕکردن دژ بە ڤایرۆسی کورۆنایە و ڕۆژانە بە ملوێن لە خەڵکی هەژارانی جیهان گیرۆدەی بێ کاریی و بێ نانوئاویی و بژێوی دەبن و خەڵکی کوردستان بە حوکمی دڕندەیی سیستەمی داگیرکەریی لە سێ بەشی کوردستاندا گەورەترین قوربانیین.
لە ڕاپەڕینی سەرتاسەریی ئێران لە مانگی یازدەی 2019دا لە رۆژهەڵاتی وڵات بە سەدان گیانبەختکردوومان هەبوو کە تا ئێستایش تەرمی زۆریان دەستنەکەوتوونەوە. بێکاریی و نەداریی و نەهامەتیی سرووشتیی هاووڵاتیانیان لە ڕۆژهەڵات و باکوور کە لە جۆرەکانی خزمەتگوزاریی بێ بەشن کردووە کە دۆزەخ. لە کاتی داگیرکردنی سەری کانییەوە تا ئێستا ئەوە چوارهەم جارە کە دەوڵەتی تورکیا ئاو لە ڕۆژئاوای کوردستان دەبڕێت.ئەم دەوڵەتە داگیرکەرە ڕۆژانە لە عەفرینەوە بۆ گردەسپیی و عەین عیسا و تەلتەمر لە حەسەکە بۆمبباران دەکات.
باشووری وڵات بە داخەوە خاوەنی بەرهەمی ناوخۆی پێویست نییە. مووچە لە کاتی خۆیدا نادرێت و خەڵکی کاسبکار کە بژێوی ژیانیان ڕۆژانە پەیدا دەکەن لەو پەڕی تەنگەتاویی و دژواریی ئابووریی دان.
لە دۆخی وادا کە تەواوی خەڵکی کوردستان دەستیان لە سەر دڵیانە، ئەرکی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان ئەوەیە کە سەرچاوەی گەیاندنی هێز و وزە و جۆش و خرۆش و هەستیی بەخۆباوەڕی بن بۆ هەموو خەڵکی کوردستان. لەبەرئەوە بردنی هێزی پێشمەرگە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ ناوجەی وەرتێ و زینێ دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی کوردستانیان زیاتر دەکات و هەر ئەوەندە نییە کە هەنگاوێکی ناپێویستە، بەڵکو تێکدەر و رووخێنەرە.
ئەم ساڵ کوردستانیان نەیانتووانی نەورۆز پیرۆز بکەن، نەیانتووانی یادی هەڵەبجە و ئەنفال و کۆڕە و ڕاپەڕین بکەنەوە. سیاسەتی دروستی نیتشیمانیی ئەوەیە کە قەرەبووی هەموو ئەو زیانە بۆ خەڵکی کوردستان بکەینەوە. پەیداکردنی فاکتەری گرژیی و نیگەرانیی پێچەوانەی هەست و کرداری قەرەبوونەوەی ئەو زیانانەن.
کوردستانیانی دڵسۆز دەزانن کە 30 ساڵێک لەمەوبەر خەڵکێکی ڕاونراو بە برینداریی و بێکەس و بێدەر، دروست هەروەکوو کوردانی فەیلیی کە لە سەردەمی بەعسی فاشیستدا دووچار بوون، لە باکوورەوە هاتن بۆ باشوور. ئەو کوردانە چونکە خەڵکی دڵسۆز و کارکەر و زەحمەتکێش بوون هاتن لە ناوچەی مەخموور، لە دەشتێکی کاکیبەکایی و لە سەحرایەکی وشک و برینگ و بەردەڵانییدا، بە دەستی خۆیان و بە پلاستیک و نایلۆن و بلۆکی هەرزانبەها ئاوادەنیەکیان بۆ خۆیان دروست کرد و لە شەڕی داعشدا بە خوێنی خۆیان پاراستیان و بە ڕاستیی هەروەکوو گەرمیانی خواروو ئەمانیش سەنگەری پێشەوەی کوردستانن. ئەم ئاوەدانییە ئەوڕۆ بە “کامپی مەخموور” بە ناوبانگە.
ئەوانەی جوون بۆ ئەم کامپە و سەردانی ئەم کامپەیان کردووە دەزانن کە ئەم کامپە هاووێنەی هەموو گەڕەکێکی هەژار و نەداری سلێمانیی و هەولێر و دهۆک و شەنگال و سەقز و مەهاباد و کرماشان و ماردین و دیاربەکرە. شارۆچکەیەکە لە پلاستیک و بلۆک و ئەشتوومەکی هەرزانبەها. خەڵکەکان هەمان خەڵکی گوند و شارەکانی دیکەی کوردستانن. ئەم خەڵکە بە شێوەیەکی دڵسۆزانە هاوکاریی یەکتریان کردووە و باخچەی ساوایان و خوێندنگا و نەخۆشخانەی سەرەتاییان بۆ خۆیان ساز کردووە و تا ئێستا یەک قڕان لە سەر هیچ کەسێک نەکەوتوون، و زیانیان نەک بۆ باشوور و تەواوی کوردستان نەبووە، بەڵکو بوون بە سەرچاوەی بەخۆباوەڕیی و سەربەرزیی و شانازیی بۆ تەواوی کوردستان. هەر هەمان خەڵکی دەم بە پێکەنین بەڵام بریندار و چەوساوەن کە لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک و بانە و بۆکان و کرماشان و ئیلام و هتد دەیان بینین. هەمان خەڵکی چەوساوە و زەرەرلێکەوتوو و بێ پارێزەن.
لەبەرئەوە ئابڵووقەدانان لە سەر ئەم شارۆچکە بریندارە ماندووە نەک هەر قازانجێک بە یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانن ناگەیەنێت بەڵکو زەرەری گەورە لە هەستی هاوسەنگەریی و هاودەنگیی کوردستانیمان دەگەیەنێت. زەرەری ئاوا نابێت بە کەم ببیندرێت چونکە زەرەری گەورە بە یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانیان دەگەیەنێت.
لەم ڕووانگەوە ئەرکی سەرشانی هەموو دڵسۆز و تێکۆشەرێکی کوردستانیی ئەوەیە کە داوا بکەین و کار بکەین بۆ ئەوەی بۆ ئابڵووقە لە سەر کامپی مەخموور لاببرێت و ئامێزێکی کوردستانییان بۆ بکرێتەوە، کە ئاوەڕێک لە کامپنیشینیانی ئێزیدیی بدەینەوە کە ئەوە شەش ساڵە بە گەورە و بچووکەوە لە برسیەتیی و هەژاریی و بێ خوێندن و بێ چاوەدێریی ژیان بە سەر دەبەن، کە داوا بکەین هێزی پێشمەرگە لە وەرتێ و زەینێ ببرێن بۆ ناوچە سنووریەکان و ڕووبەڕووی ئێران و تورکیا تا لە شوێنی دروست جێی خۆیان بگرن، کە چالاکوان و ڕۆژنامەوانی سیاسیی و دیموکراسیی ناوخۆ لە زیندانی ناوخۆدا نەبن چون برینی ناتەبایی و ناکۆکیی ناوخۆ ناسۆرتر دەکات، کە سەربەرزیی و شانازیی عەدنان ڕەشیدیی بە هی خۆمان بزانین، کە خاوەن لە گیراوانی کورد لە زیندانەکانی ئێران و تورکیا دەرکەوین، کە خاوەن لە قوربانیانی کارەساتی سرووشتیی کوردستان دەربکەوین کە هەر ئێستا لە سەرپێلی زەهاو دەیبینین و کە بە دڵنیایەوە لە شاڵاوی بارانبارینی ئەم بەهارەدا لە تەواوی کوردستان ڕوو دەدەن. با وەبیرخۆمان بهێنینەوە کە هەژاران و نەدارانی کوردستان ئێستا هەروەها بەڵای ڤایرۆسی کرۆنایشیان ڕووبەڕوو بووەتەوە و لەبەرئەوە هەموو جۆرە بەجۆش و خرؤشکردنێکی مرۆڤی کورد بۆ هەستی خوشکوبرایەتیی، هاووڵاتیی و هاوئاییندەیی دەبێت بە مایەی بەهێزکردنێکی سەنگەری کوردستان.
ئەو دۆخە پایە و پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان و ئەوانی دیکە لاواز ناکات، بەڵکو بەهێزتری دەکات.
ئێستا کە نەمانتووانی نەورۆز لە کاتی خۆیدا لە باشوورێک پیرۆز بکەین کە ڕاستەوخۆ لە ژێر دەستی داگیرکەردا نییە دەتوانین پاش بەزاندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژێک بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز تەرخان بکەین. ئەو ڕۆژە دەتوانێت هەر ڕۆژێک بێت لە مانگی چوار یان پێنج یان کاتێکی دیکەدا بێت. ئەو ڕۆژە نەورۆزی هەموو کوردستان دەبێت، چون بە دڵنیاییەوە کوردی هەموو شوێنێک لە پیرۆزڕاگرتنی ڕۆژێکی وادا خۆیان بە هاوبەش دەزانن. با ئەو نەورۆزە نەورۆزی لە ئامێزگرتنی هەموو مەخموور و شەنگال و ئێزیدیی و فەیلیی و یارسان و کاکەیی و هەورامانیی و گەرمیانیی و بەهدینانیی و هتد و هتد بێت. با نەورۆزی ئاشتەواییی گشتیی و بەهێزکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانییمان بێت.
ئەمە خەیاڵ نییە، بەڵکو داوایەکی سیاسیی و ئەرکێکی سیاسییە کە پێکەوە دەتوانین لە پراکتیکدا ئەنجامی بدەین. خەڵکی چەوساوەی کوردستان شایستەی خزمەت و کامەرانیی و خۆشگوزەرانیی و پێشکەوتنن.
هەموو کوردستانیەکی ئازادیخواز دەزانن کە ئێران و تورکیا وەکوو دوو داگیرکەر ڕۆژبەڕۆژ دژ بە خەڵکی کوردستان خراپتر و توندوتیژتر و سەرکوتگەرتر دەبن. دژایەتیی ئەوان بە هاوسەنگەرییەکی بەرفراوان دەکرێت. سیستەمی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیان بەرەو داڕمان دەچێت و ڕوو بە خەڵکی خۆیان و جیهان بێ نرخ و بێ بەها و دەستەوەستان ماون. لە دوا ساتەکانی مەرگیاندا لە هەڵپەدان قازانجی ژیان و زیندووبوونەوە لە ناکۆکیی و ناتەبایی ناوخۆی کورد بکەن.
باشوور دوورگەیەکی دابڕاو لە کوردستانی گەورە نییە و نابێت بهێڵین لە سەر بناخەی ئەو جۆرە تێگەیشتنە سیاسەت بکرێت. بە دڵنیاییەوە ئێران و تورکیاش باشوور وەکوو پارچە خاکێکی بێلایەن و دابڕاو لە کوردستانی گەورە نابین، بەڵکو دەیانەوێت بیکەن بە بەشێک لە سیستەم و نەزمی داگیرکەریی خۆیان و لە پراکتیکدا دژ بە تەواوی کوردستان بە باشوور خۆیشیەوە بەکاری بهێنن.
گرەوی ئازادیخوازیی ئێمە لێرەدایە، کە دەبێت هەموومان تیایدا بەشدار بین و بیبەینەوە!

ڕێبوار ڕەشید
2020/3/29