نامۆیی و بێگانەیی لە خاکی ئێراندا.. ڕزگار حەمە ڕەشید

١

بۆ ئەوەی لەخزمەتی ئەم نوسینەدا بتوانین نامۆبوون بناسێنین، پێویستمان بەوە دەبێت هەندێک چەمکی تریش بخوازین و لەم چوارچێوەیەدا شرۆڤەیان بکەین و لەوێوە بەرەو ئامانجی کۆتایی نوسینەکە بڕۆین.

لە زۆربەی بەکارهێنانەکاندا، نامۆبوون وەک بێگانەیی باسدەکرێت، یان لە سادەترین پێناسەدا وەک جیابوونەوە و دابڕان یان وەک دابەشبوون دەناسێنرێت. ئێمە کاتێک لە شتێک جیا دەبینەوە ئیتر دەبینە نامۆ پێی.
لەمڕۆدا زیاتر خوومان بەوەوە گرتووە وشەی “نامۆبوون” بۆ وەسفکردنی ئەو هەستی دوورکەوتنەوەیە بەکار بێنین کە بەری دەکەوین، بۆ نموونە دوورکەوتنەوە لە خێزان و کۆمەڵگەکەمان، یان دوورکەوتنەوە لە جیهان بەگشتی. زۆرجار گوێمان لە خەڵک دەبێت کە دەڵێن هەست بە نامۆبوون دەکەن لەبەرامبەر کەسێک یان دامەزراوەیەک. لێرەشدا دیسانەوە هەستی جیابوونەوە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بوونی هەیە، لەبەر ئەوەی بیرۆکەکە ئەوەیە کە مرۆڤ هەست بە جیابوونەوە لە شتێک دەکات.

ئەگەر نامۆبوون بەمانای جۆرێک لە جیابوونەوە بێت، کەواتە پێچەوانەی نامۆبوون بریتییە لە ئاوێتە بوون . ئاوێتەبوون لەگەڵ خێزان یان ڕێکخراو یان کۆمەڵگە بە گشتی. بەم پێیە کاتێک کەسێک سەر بە یەکێک لەو شتانەیە، ئیتر نامۆ نییە، لانیکەم لەو پێوەندەدا. ئەمەش شوناسێکی تایبەتی دەبەخشێتە کەسەکە، وەک بڵێی، بەوە دەناسرێتەوە، سەر بەو خێزانەیە، یان لەو تیپەدا، لەو کۆمەڵەیەدا کار دەکات، سەر بە فڵان دەزگا یان ڕێکخراوە. ئەمانە هەریەکەو بە جۆرێک شوناسی کەسەکە دیاری دەکەن، پێبەپێی ئەوەش، ئەرک و پرنسیپەکانی دەستنیشان دەکەن. لەبەرامبەردا، کاتێک کەسەکە بە ڕۆڵی خۆی لەو چوارچێوە دیاریکراوەدا ناڕازی دەبێت، دەتوانێت ڕەتیان بکاتەوە و چیدی ڕۆڵیان تێدا نەبینێت. کاتێک هەستی نامۆبوونم هەیە، ناتوانم شانبەشانی چوارچێوەیەکی دیاریکراو خۆم بناسێنم و چیدی ئەو چوارچێوەیە ناتوانێت شوناسی من دەستنیشان بکات، بۆیە لەدەرەوەی ئەو چوارچێوەیەدا زیاتر هەست بە ئاسوودەیی دەکەم. بەڵام لەناو یان دەرەوەی ئەو جوارچێوەیەدا، مرۆڤ عەوداڵی ئەوەیە دانیپێدا بنرێت.

چەمکی ناسینەوە یان دانپێدانان”recognition” لەو چەمکە گرنگانەیە لەمڕۆدا گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت. ئەم چەمکە پەیوەندی بەو شێوازەوە هەیە کە ئێمە وەک مرۆڤ، سیاسەتمەدار، یان ئەندامی کۆمەڵگەیەک تەماشای یەکتری پێ دەکەین.

وەک نامۆبوون، دانپێدانانیش کۆمەڵێک مانای جیاوازی هەیە کە دەتوانرێت لە چوارچێوەی جیاوازدا بەکار بهێنرێت. ڕەنگە لە سەرەتاییترین ئاستیدا بتوانین باس لە دانپێدانان بکەین وەک جۆرێک لە تێگەیشتن، بۆ نموونە کاتێک سەیری ئەو شتە زۆرانە دەکەین کە لە دونیادا دەبینرێن، یەکسەر دەتوانین جیاوازی نێوان مرۆڤ و شتەکانی تر یان مرۆڤ و بوونەوەرە زیندووەکانی تر دەستنیشان بکەین. بەم مانایە دەتوانین کەسێک وەک مرۆڤ بناسینەوە و دان بە مرۆڤبوونیدا بنێین.

یاخود داننان بە مافی دیاریکراوی کەسانیتردا، چونکە ئەگەر دان بە مافی کەسانیتردا نەنێین، پێشێلکارییەکان ئاسایی تێدەپەڕن، چونکە سنوورێک نامێنێت بۆ ناسینەوەی کەسانیتر. کەواتە ژیانی کۆمەڵایەتی خۆی، بە چەندین شێوازی جیاواز، وامان لێدەکات دان بە یەکتریدا بنێیین و یەکتر بناسینەوە. ئەگەر نەتوانین بەو شێوەیە دان بە بوون و کارەکتەر و مافەکانی یەکتردا بنێین، جۆری هەڵسوکەوتمان بەرامبەریان دەگۆڕێت، بۆ نموونە توندوتیژی و دیاردەکانی وەک ڕەگەزپەرستی و سێکسیزم یان زەبروزەنگی داگیرکەر بەسەر داگیرکراودا، خاوەن دەسەڵات بەسەر ژێردەستەکانیدا لە دانپێدانەنانی تەواوەتییەوە سەرچاوە دەگرن بە ماف و بوون و کارەکتەر و شوناسی کەسانیتر. وەک ئەوەی لەزۆربەی وڵاتانی دونیادا، لەسایەی کەپیتاڵیزم و لقوپۆپەکانییەوە دەیبینین، بەتایبەتیش لە ئێران و تورکیا و عێراق و سوریادا جگە لە پیادەکردنی هەموو جۆرەکانی زەبروزەنگ بەسەر تەواوی دانیشتواندا، بەشەوەیەکی توندتر بەسەر کوردە داگیرکراوەکاندا پیادە دەکرێن. ئەمەش ڕێگەیەکە بۆ دروستبوونی نامۆبوونێک کە وردە وردە ڕوخسارەکانی باس دەکەین.

دوای جەنگە جیهانییەکان، چەمکی “نامۆیی” گرنگییەکی زۆری پێدرا، لەزۆر بواری ئەدەبی و هونەری و فەلسەفی و دەروونیدا کاری لەسەر کرا. تا ڕاددەیەکی زۆر، هەموویان لەژێر کاریگەریی ئەو ئیشکردنە وردەی کارڵ مارکسدا بوون بۆ پێناسەکردنی نامۆبوون.

مارکس لە دەستنووسە ئابووری و فەلسەفییەکانی ١٨٤٤دا لە بەشێکدا لەژێر ناوی ‘نامۆبوونی کرێکاران”دا بەم شێوەیە مەبەستەکانی خۆی ڕوون دەکاتەوە: { لە ئابووری سیاسیی و زاراوەسازییەکەیدا، ئەوەمان پیشانداوە کە کرێکار تا ئاستی کاڵایەک نغرۆ دەبێت، لە ڕاستیدا دەبێتە نەهامەتبارترین کاڵا. نەهامەتیی کرێکار لە پەیوەندییەکی پێچەوانەدا وەستاوە لەگەڵ هێز و قەبارەی بەرهەمهێنانەکەی خۆیدا، کە ئەمە دەرەنجامی سروشتیی کێبڕکێی کەڵەکەبوونی سەرمایەیە لە چەند دەستێکدا، ئەمەش ترسناکترین جۆری قۆرخکارییە} ئەو باسی نامۆبوونی کرێکار دەکات لەبەرامبەر ئەو کاڵایەدا کە خۆی بەرهەمی دەهێنێت و ناتوانێت لە بەرهەمی کارەکەی خۆی بەهرەمەند بێت. بەپێی مارکس نامۆبوون لە کار بریتییە لە “کردنی کار بە شتێکی نامۆ بۆ کرێکار.”

بەهەرحاڵ، مانای ئەم وشەیە چەندین جار و بەپێی بەکارهێنانەکانی، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. بەڵام دەشێت وەک ناساندنێکی درشت و فەلسەفی، هیگڵ وەک سەرچاوەیەکی سەرکی وەر بگرین کە پێش مارکس ئەم چەمکەی بەکار هێناوە. هیگڵ لە فینۆمینۆلۆژیای ڕۆحدا (١٨٠٧) زاراوەکانی نامۆبوون و بێگانەیی بەکار هێناوە بۆ ئاماژەدان بەوەی کە ڕۆح لە کایەی بابەتگەراییدا ( Objectivity) دەبێت بە شتێکی جیاواز لەخۆی. ئەم پرسیارە لەلای هیگڵیە چەپەکان و لای فیورباخیش لە کتێبی “کرۆکی مەسیحییەت” دا بەشێوەی جیا جیا دێتەوە بەر باس. فیورباخ لەو کتێبەدا باسی نامۆبوونی ئایینی دەکات، پێشبینیکردنی مرۆڤ بۆ خودی خۆی بە پێودانگی خودایەکی دروستکراو.
هەرچەندە چەمکی “نامۆبوون” تا ساڵانێکی زۆر نەبووە چەمکێکی سەرەکی هیچ کام لە بیرمەندەکانی سەدەی نۆزدە، بەڵام زۆربەیان بە گرنگییەوە لەسەری وەستاون. دواتر هۆرکهایمەر زاراوەی “ئانۆمی”بەکار هێنا بە مانای ناتەریب و شاز یان (شذوذ)، تا دەستنیشانی کۆمەڵێک دیاردە بکات کە بەهۆیانەوە ئەو نۆرم و یاسایانەی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی مەیسەر دەکەن، لەبەرامبەر درێژبوونەوەی سیستمی کاردا ڕووبەڕووی قەیران دەبنەوە. دوای مارکسیش چەندین بیریاری وەک هایدگەر و هێربەرت مارکۆز و ئێریک فرۆم و ڕێچکەی نا مارکسیی جان پۆڵ سارتەر تێزی جۆراوجۆریان لەبارەی نامۆبوون و بێگانەییەوە هێنایە بەر ڕۆشنایی گفتوگۆکانەوە. لە نامۆبوونی مرۆڤەوە بەرامبەر مەکینەکانی بەرهەمهێنان، نامۆبوونی کرێکار بەرامبەر بەرهەمی کار، نامۆبوونی تاک لەناو شیرازەی لێکترازاوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، نامۆبوونی مرۆڤ لەبەرامبەر ئایین و خودا و سروشت و تەکنەلۆژیا و… لەبەرامبەر خودی خۆیدا.

لێرەشدا ئێمە دەمانەوێت هەڵوێستەیەک لەسەر نامۆبوونی دەستەبژێرێکی کۆمەڵگە بکەین لەبەرامبەر سیستمێکی فەرمانڕەوادا. بۆ ئەمەش دەستەبژێرێکی کۆمەڵگەی ئێران و سیستمی فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە دەکینە نموونە.

٢

وزەیەک لەناو دڵی کۆمەڵگەی ئێرانیدا دەگەشایەوە و بەچەندین شێوە و ڕوخسارەوە دەردەکەوت و دەدرەوشایەوە، ئەو وزەیە ساڵانێکی زۆرە لەدەرەوە خەفە دەکرێت و دەشاردرێتەوە و نکووڵیی لێدەکرێت، بەڵام لەناوەوە زیاتر خۆی دەخەمڵێنێت. وزەیەکە بەدرێژایی چەندین ساڵی ڕابردوو بەدەستی دەسەڵاتی پاشایی و دواتر دەسەڵاتی ئیسلامییەوە هەوڵی خنکاندنی دەدرێت و دەئاخنرێتە ناو ماڵە داخراوەکان و زیندانەکانەوە، خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی بە دڕندانەترین شێوە وەڵام دەدرێنەوە، کەچی ئەو سوود لە کەوتنەکانی خۆی وەردەگرێت و بە شێوازێکی پێگەیشتووتر دێتەوە بەرچاوان.

ناوەوە بۆ گەلانی ناو ئێران و ئەوانەش کە بە وڵاتانیتردا بڵاوبوونەتەوە بریتییە لە ناو ماڵەکان و ناو دەروونی خۆیان کە ڕۆژانە لە نامۆیی و بێگانەییەکی سەختدا دەژین و ئەو وزەیە پەروەردە دەکەن. نامۆیی بەرامبەر سیستمێک کە سەدان فەرسەخ لە خەون و بیرکردنەوە و ئاستی هۆشیاری ئەمان دوورە. ئەوانەی لەناو ئێراندا و لەناو خودی سیستمەکەدا ژیان بەسەر دەبەن، لە بەرامبەر ئەو سندووقە داخراوەی ئەقڵی ئەو سیستمە ستەمکارەدا ژیانێکی نهێنییان بۆ خۆیان دروستکردووە کە دەستی جەللادەکانی نەگاتێ. نەک تەنیا بە لەبارکردنی ژیانێکی ئازاد و مۆدێرن و کراوە بۆ خانەوادەکانیان لەناو ماڵەکانی خۆیاندا و لەپشتی دیوارەکانەوە، بەڵکو لەناو قووڵایی دەروونی خۆشیاندا هەموو ئەو دیوارانەیان شکاندووە کە لەدەرەوە، لەژیانی واقیعدا، لەدەوریان هەڵچنراون. ئەمان خۆیان بە میراتگر و درێژەپێدەری شارستانییەتێکی گەلێک دێرینتر دەزانن، شارستانییەتێک کە وێڕای ئەوەی بەناو مێژوویەکی پڕ لە شەڕ و کوشتار و ململانێی هەزاران ساڵەییدا تێپەڕیوە، بەڵام هەمیشە پێچەوانەی دەسەڵاتەکان، وزەیەکی داهێنەرانەی لەناو خۆیدا پەروەردە کردووە و پاراستوویەتی، وزەیەک کە تا ئەمڕۆ نەک تەنیا شانازیی، بەڵکو ڕێچکەیەکیشی پێبەخشیوە تا بەردەوام پێچەوانەی ئاراستە و خواستی دەسەڵاتەکان هەنگاو بنێت. ناوە مەزن و درەوشاوەکانی ناو دونیای هونەر و فەرهەنگ و ئەدەبی ئێرانیی سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن.
بەم هۆیەوە گەلانی ئێران لەناو نامۆیی و بێگانەییەکی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن. وەک ئەو نامۆییەی لەناوەوە و دەرەوەی ژیانیاندا ڕوو دەدات – سیستمی داسەپیوو ژیانی ڕاستەقینەی خۆیان – ئاراستەی پێجەوانەی ئەوەی هەیە و دەبینرێت لەگەڵ ئەوەدا کە بەڕاستی هەیە و بەئاسانی نابینرێت.
“ئەم خوێندنەوەیە دەشێت لەزۆر شوێنیتری دونیادا کاربکات، بەتایبەتی لە خوێندنەوەی ژیانی ئەو گەنجانەدا کە ئازادانە لە شەقەی باڵ دەدەن و دوور دەفڕن، بەڵام لەناو ئەو سیستمە خنکێنەرەی باشووری کوردستاندا ژیان بەسەر دەبەن” .

دەرەوە ئاوێنەیەک نییە بۆ ئەوەی لە ناوەوە ڕوو دەدات. هەرگیز لەناو ئەو سیستمە تۆتالیتار و فاشییانەدا، ئایدیۆلۆژیای دەسەڵات نوێنەرایەتی ئایدیۆلۆژیا و فیکری باڵادەستی کۆمەڵگە ناکات “وەک ئەوەی مارکس بانگەشەی بۆ دەکرد”. دەشێ لەناو میدیا و ئەو جیهانە بەرچاوەدا کە زۆرتر دروستکراوو خۆپیشاندەرە، وا دەربکەوێت کە ڕاستییەکی باڵادەستە، بەڵام لەناو ژیانی واقیعیی تاکەکان و خێزانەکاندا ئەو ڕاستییە ڕوخسار پێدراوو ماکیاژکراوە کورت دەهێنێت. ڕاستەقینەیی ژیانی مرۆڤەکان لەناو وردەکارییەکانی ژیانی خۆیاندا دەبێتە پێوەر بۆ فەلسەفەی ژیانکردنیان.

لەوێدا کە پاسدارێک، ژەندرمەیەک، ئەمنێک، کۆماندۆیەک، زێرەڤانێک دەوەستێت و فۆرمێک لە ژیانکردن دەسەپێنێت بەسەر ڕووکەشی ژیانی مرۆڤەکاندا، هەر لەوێدا خەونی ژیانێکی جیاواز، ئازاد، لەناوەوەی ژیانی مرۆڤەکاندا چەکەرە دەکات.
نامۆیی و بێگانەیی لەژیانی ڕۆژانەی ژێردەستەکاندا دەبێتە داینەمۆی ئەندێشەیەک بۆ دروستکردنی ژیانێکی باشتر.
نامۆبوونی مرۆڤ لە کۆمەڵگەیەک و لەسایەی سیستمێکدا کە ژنان دادەپۆشێت و لە مرۆڤەوە دەیانکاتە کاڵا، بەشێوەیەکی سیستماتیک گەیشتە ئەو ڕاچەنینەی ئەمڕۆ کە گرنگترین دروشمی مێژوو بەرز دەکاتەوە:
ژن…ژیان…ئازادی

٣

پێشتر هەوڵماندا وێنەیەکی گشتی سەبارەت بە چەمکی نامۆبوون و بێگانەیی وە شوێنیان لەناو کۆمەڵگەکانی ئێراندا باس بکەین. لەم بەشەدا دەمانەوێت تیشکی قسەکردنەکانمان بخەینە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وەک بەشێک لە ڕاپەڕینەکانی ئێران باسی بکەین. لەم بەشەدا فۆکەسەکەمان نزیکتر دەکەینەوە و هەوڵدەدەین نامۆبوونی کوردەکان وەک داگیرکراوێک لەو نامۆبوونە گشتییەی ئێرانییەکان جیا بکەینەوە.
لەم بارەیەوە، وەک سەرەتایەکیش بۆ ڕاڤەکردنی ئەم پرسە، لە جیاوازی نامۆبوونی کۆڵۆنیانیاڵیست و کۆڵۆنیاڵیزەکراو (داگیرکەر و داگیرکراو) دەکۆڵینەوە. ڕاستە هەردوکیان (وەک هاوڵاتی) لەناو هەمان سیستەمی سەرکوتگەر و گەندەڵ و خۆسەپێندا ژیانێکی دوو ڕوو دەژین، ڕوویەکیان ئەو ژیانەیە کە سیستمەکە سەپاندوویەتی بەسەریاندا و ڕۆژانە بە ترس و تۆقاندن و کوشتن و زیندانیکردن ڕووبەری ئازادییەکانیان بچووکتر دەکاتەوە و زۆرتر دەیانخاتە ژێر ڕکێفی ئەو قامچییانەوە کە بەناوی مۆراڵ و پێودانگی کۆمەڵایەتی و دینیەوە کردوونیەتە یاسا، بەمەش مافی لێپێچینەوە و سزادانی کردۆتە پاساوێک بۆ سەرکورتکردنی هەر جۆرە دەرکەوتنێکی ناتەبا. ڕووی دووەمیش، ئەو ژیانەی مرۆڤەکانی ناو ئەو چورچێوە جوگرافییە لەناوەوەی خۆیاندا هەڵیدەگرن و پەروەردەی دەکەن و گەشەی پێدەدەن، ژیانێک کە زۆرجار لەگەڵ تەواوی ئەو شێوە ژیانکردنە باڵادەستەدا ناکۆکە و هەناسە ڕاستەقینەکانی خۆی دوور لەچاوی سیخوڕ و جەللادەکان دەدات. ناچارە عەشق و جوانی و سۆز و ڕوناکی و ئارەزوو تەنانەت خوداش لە شوێنە تاریکەکان و لەناو ڕەفە و ماڵە داخراوەکاندا بشارێتەوە ( لە شیعری ” روزگار غریبی ست، نازنین”ی شاملۆوە). بەڵام بۆ داگیرکراو، لەمەش دوورتر دەڕوات، جگە لە هەموو ئەوانە، ناچارە ناوو زمان و تەنانەت کەلتوور و شوناسی خۆشی بشارێتەوە، یان لە باشترین حاڵدا، بە تەماهی لەگەڵ کەلتوور و شوناس و زمان و ناوی داگیرکەردا خۆی پێناسە بکاتەوە و خۆی وەک پاشکۆی ئەو بناسێنێت و ددان بە ژێردەستەیی خۆیدا بنێت.

لەم ڕووەوە، ڕووبەرەکانی نامۆبوونی داگیرکراو زۆر لە ڕووبەرەکانی نامۆیی تاکەکانیتری ناو هەمان چوارچێوەی جوگرافی فراوانتر و بڕستلێبڕترە. ئەم وێنەیە لە هەموو شوێنە داگیرکراوەکانیتری سەر زەوەی هەمان ڕەنگ و هەمان کاریگەریی هەیە، بە هەندێک جیاوازییەوە کە پەیوەندی بە سیستمی بەڕەوەبردنی وڵاتەکەوە هەیە. بۆ نموونە داگیرکردنی ئەمەریکا و کەنەدا. لە کەنەدا یەکەم کارێک کە داگیرکەرە سپی پێستە ئەوروپاییەکان کردیان ئەوە بوو کە ڕەنگ و زمان و ئایینی خۆیان کردە ڕەنگ و زمان و ئایینی باڵا دەست. بەمەش، بەر لە خەڵکە ڕەسەنەکە (ئەوەی بە هیندییە سوورەکان ناسێنران و تا حەفتاکانیش هۆڵیوود بێشەرمانە هەمان تێرمی بەکار دەهێنا و ئەوانی وەک کێوی و “وەحشی” و دژە زانین و دژە مرۆڤ دەناساند) دەستیان بەسەر شێوەبیرکردنەوەی هەموو ئەو کەسانەیتریشدا گرت کە وەک ئەوان، بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشترو تا ببنە خاوەنی زەوی خۆیان، ڕوویان لەم وڵاتە تازە دۆزراوە چۆڵە دەکرد. هەنگاوی دووەمیشیان بریتی بوو لە سڕینەوەی تەواوی شوناسی خەڵکە ڕەسەنەکە. هەر لە زمان و کەلتووریانەوە تا باوەڕ و شێوە ژیانیان. بە هەموو شێوەیەک هەوڵی پاکتاوکردنیان درا، بەڵام ئەوان دوور لەچاوی سپییەکان ژیانی خۆیان دەژیان و وەچەیان دەخستەوە تا نەسڵەکەیان نەفەوتێت. بۆیە دوا چەکی کۆڵۆنیاڵیستەکان لە وڵاتێکی وەک کەنەدا ئەوە بوو کە منداڵەکانیان لێدەسەندن و دەیانخزاندنە خوێندنگە نیشتەجێ زۆرەملێکانەوە (residential school) تا بەتەواوی خڵتەی باوەڕ و زمان و کەلتوورەکەی خۆیانیان لێداماڵن (ئەم خوێندنگە نیشتەجێیانە لە ساڵی ١٨٨٠وە دەستیان پێکرد و تا کۆتاییەکانی سەدەی بیست بەردەوام بوون، لەم چەند ساڵەی دواییدا لەناو گۆڕەپانی ئەو خوێندنگەیانەدا تەرمی زیندەبەچالکراوی سەدان منداڵیان دۆزییەوە) دیارە هەر بەمەشەوە نەوەستان، لەو خوێندنگە نیشتەجێیانەدا کە کڵێسا دەیبردن بەڕێوە، هەموو جۆرەکانی زەبروزەنگیان لەسەر پیادە دەکردن، بە دەستدرێژی سێکسییشەوە. ئەمە دیوە قووڵەکەی نامۆبوونە. نامۆبوون بەرامبەر زمانی ئینگلیزی (فەرەنسی) کە هەرچەندە لەناویدا گەورەکران بەڵام هەرگیز نەبووە زمانی ئەوان، بەرامبەر بە وانە دینییەکان سەبارەت بۆ مۆراڵ و لێبوردەیی کەچی لەسەردەستی ئایینزادەکان ئەو هەموو زەبروزەنگ و دەستدرێژیانە کرایە سەریان.

بەم پێیە، نامۆبوون دەگاتە شوێنێک کە چیدی دیاردە نییە، یان شێوە ژیانێکی جیاواز نییە، بەڵکو خودی نامۆیی دەبێتە ڕیاڵیتی، دەبێتە ڕەچەڵەک و ڕەگی خۆی لە قووڵایی مرۆڤدا دادەکوتێت، دەبێتە نامۆبوونێکی ئەنتۆلۆژی کە تەواوی ژیانی مرۆڤ داگیر دەکات.

٤

لەم ڕووەوە ململانێی کوردانی ڕۆژهەڵاتیش وەک پارچەکانیتری کوردستان، بەرامبەر سڕینەوەی شوناس و کارەکتەر و بوونیان، لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە بە دڕندانترین شێوە وەڵامدراوەتەوە. جگە لە کوشتاری بەکۆمەڵ و زیندانیکردن و هەڵواسین و هەموو جۆرەکانیتری سەرکوت و ئازاردان و چەوساندنەوە، لەزۆر شوێن مافی قسەکردن و نوسینیشیان بە زمانی دایکیان لێ قەدەغەکراوە و لەسەری کوژراون و قەتڵوعام کراون.

لەبەرامبەریشدا، کاتێک کوردەکان بۆ مافەکانی خۆیان هاتنە دەنگ، ساڵانێکی زۆر لەلایەن کۆمەڵێک بنەماڵەو تاقمی چەکدارەوە نوێنەرایەتی دەکران. ساڵانێکی زۆر کوردی داگیرکراو بە دروشمەکانی “یا کوردستان یا نەمان” بەرگری لە مانەوەی خۆی دەکرد، لەم پێناوەدا هەزاران شەهیدیدا، بەڵام ئەزموونەکان بە گشتی و زۆر بەتایبەتیش ئەزموونی باشوور ئەوەی یەکلاکردەوە کە لەژێر ئەم دروشمەدا کوردستان بۆ بەرپرسە گەندەڵەکان و سەرکردە خۆوخاک فرۆشەکانە و نەمانیش بۆ قوربانییەکانە، دوژمنیش هاو خەبات و هاوبەرژەوەندی حیزبە بازرگانەکانە. (مەبەستم لە قوربانیی، جگە لە شەهیدەکان، هەموو ئەوانەشە کە هێشتا لەژیانێکی درۆیینەدا لەژێر سایەی بەرپرس و سەرکردە و سەرۆکە کوردە داگیرکەرەکاندا ژیان بەسەر دەبەن. مەبەستم لە ژیانێکی درۆیینە، پراکتیزەکردنی شێوازێکە لە “بوون” بەبێ بوونی مانایەکی ڕاستەقینەی ژیان، بەردەوامبوونێکی زۆرەملێیە لە جیهاندا، بەڵام بەبێ ژیانکردن).

جگە لەمە، ساڵانێکیش دروشمەکانی “یەکسانی و ئازادی” بوونە داینەمۆی بەردەوامبوون و کۆڵنەدان و بەرگری، ئەمەش، لای هەندێک لە گرووپە چەپەکان، بە ڕزگارکردنی سەراپای جیهان لەدەست سەرمایەداری و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتیی دێتە دی. کەچی ئەزموونەکان و زۆر بەتایبەتیش ئەزموونی ئەو بزووتنەوانەی بەناوی چەپ و مارکسیزم و کۆمۆنیزمەوە لە پارچەکانی کوردستان خۆیان نمایش دەکرد، نەک خۆیان بە خوێندنەوەی چەمکەکانەوە هیلاک نەدەکرد، بەڵکو هەرکەسێکیش بەو ئاراستەیەدا قسەی بکردایە ناتۆرەی “ڕۆشنفیکر” و “مەکتەبیی”یان دەخستە پاڵی. دوای ئەوەی حیزبی شیوعی شانبەشانی پاشەکشەی سۆڤێتی جاران لە ناوچەکەدا ئەستێرەی خەباتی پووکایەوە، ئەو بزووتنەوانەش کە بەناوی مارکسی – لینینی و کۆمۆنیزم و کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە سەریان هەڵدا، نەیانتوانی شرۆڤەیەکی دروست بۆ بارودۆخی سیاسی ناوچەکە بکەن و ئایدیۆلۆژیاکەیان لەپەیوەند بە ململانێ ناوجەیی و جیهانییەکان پێشبخەن. تا کاتی ڕووخانی دیواری بەرلین و بلۆکی ڕۆژهەڵات بەشوەیەکی فەرمی (چونکە پێش ئەو بەروارەش دەمێک بوو لەناوەوە کرمێ ببوو)، بزووتنەوە سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان شێلگیرانە داکۆکییان لە شکست و هەڵەکانی سۆڤێت و تەنانەت چینیش دەکرد، چونکە وەک پشتوپەنایەکی بەهێز بۆ خۆیان و بزووتنەوەکەیان دەبینی، بەڵام لەدوای ئەو بەروارە، بەشێکی زۆریان وازیان هێنا و چیدی خۆیانیان بە پرسەکانی شۆڕش و شۆڕشی پرۆلیتارییەوە خەریک نەکرد، ئەوانەشی کۆڵیان نەدا، بەشێکی زۆریان لەبەرامبەر ئەو پرسیارەدا کە بۆچی سۆڤێت شکستی هێنا، شەرمنانە وەڵامیان دەدایەوە، کۆمۆنیستە کرێکارییەکانیش یەکدەنگ، ئەو وەڵامەی مەنسووری حیکمەتیان کردە قەڵغانی ڕووبوڕووبوونەوەی ئەو پرسە، ئەوەی ” له‌ کۆتایی ده‌یه‌ی بیست به‌دواوه‌ کۆمۆنیزم له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ خه‌ت لایداوه‌. لێره‌ به‌دواوه‌ خودی مه‌سه‌له‌ی سۆڤیه‌ت له‌ ته‌نیشت مه‌سه‌له‌ی کاپیتاڵیزمه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی گشتی، بووه‌ته‌ گیروگرفتێکی میحوه‌ری کۆمۆنیزمی ڕاسته‌قینه‌ی کرێکاریی. سه‌رنه‌که‌وتوویی تا ئێستای سۆشیالیزم وه‌ک ئامانجێک به‌رهه‌می ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ که‌ ئه‌و تاکه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌ی که‌ ده‌توانێت ئه‌م ئامانجه‌ به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێ به‌هۆی به‌ میللی کردن و ده‌ست به‌سه‌ردا گیرانی شۆڕشی کرێکارییه‌وه‌ له‌ سۆڤیه‌ت دووچاری لاوازی و لێک دابڕان هات.‌ سۆشیالیزمی کرێکاریی تا ئه‌مڕۆ له‌ ژێر باری ته‌جروبه‌ی سۆڤیه‌تدا پشتی ڕاست نه‌کردۆته‌وه” مەنسور حیکمەت، مارکسیزم و جیهانی ئەمڕۆ.
هەڵسوڕاوەکانی ئەو بزووتنەوەیە، وێڕای هەر تێبینییەک لەسەر ئەو زمانە نامۆ و شەقوشڕەی لەنێو کوردی و فارسی و عەرەبی و چەند زاراوەیەکی تێکشکاوی ئینگلیزی و لاتینیدا دەخولایەوە و تا ئێستاش پاکیان نەکردۆتەوە، بەجۆرێک، نەک زمانی نوسین و قسەکردنەکانیان لە واقیع نزیکنەدەکردەوە، بەڵکو زۆر بە ئاسانی ئەندامەکانیان بەو زمانە دەناسرێنەوە کە پڕە لە هەڵەی وشەسازی و ڕێزمانیی، ئەمەش دابڕانێکی ئاشکرای دروستکردوو. لەوەش زیاتر، (جگە لەو ئەندامە سەرکردایەتییانەی وازیان هێناوە) بەدرێژایی ٣٥ ساڵ زیاتری ئەو بزووتنەوەیە لەسەردەمی ڕێکخراوەکانەوە و نزیکەی ٣٠ ساڵی دروستبوونی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقەوە، تا ئێستا هەمان ڕابەرایەتی و سەرکردایەتی هەیە و ئەو ناوانەی لەو سەردەمەدا هەبوون، تا ئێستا هەر ئەوانن. زۆری لەسەر نەڕۆین، زۆربەی هەرەزۆریان کەوتنە ناو داوەکەی نەوشیروانەوە و لە ١٧ی شوبات دا بەشێک بوون لە نەوشیروانی و ئەسلامییەکان، کەوتنە ناو یارییەکانی ڕیفراندۆمی بارزانییەوە، کەوتنە ناو یارییەکانی دیموکراتییەوە و لە هەڵبژارنەکانی شارەوانیدا بەشدارییان کرد.

تێپەڕیین بەناو ئەو ئەزموونانەدا، کە ئیسلامیزم و ناسیۆنالیزم و فاشیزم یارییان تێدا دەکرد و کۆمۆنیستێکی گۆشەگیری بێ ئاسۆ و داخراو بەسەر خۆیدا لە کەنارەکانیدا بوو، دەشێت ئاراستەی تێگەیشتنەکان لە پێویستیی و حەتمییەتی بوونی حیزبەوە بگۆڕێت بۆ پێداویستی خۆبەڕێوەبردنی سەربەخۆ لە کۆمەڵگەیەکی ناحیزبیدا کە هەموو سیستمەکە، لە خوارەوە بۆ سەرەوە، لە گەڕەک و شوێنی کارەوە تا نوێنەرایەتیکردنی سەراسەریی، بەشێوەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی نوێنەرەکان، خۆی دامەزرێنێت.

ئەم خۆ ڕێکخستنەوە و خۆدروستکردنەوەیەی کە لە ڕووکەشدا خۆبەخۆ و عەفەوی دەردەکەوێت، ئەنجامی چنینێکی جاڵجاڵۆکەیی ناو ماڵەکان و ئیرادەی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە و کوردە داگیرکراوەکانە کە ساڵانێکە بەشەوەی جیاجیا خۆی دەردەخات و جاەبەجاریش گەشەکردووتر و پێگەیشتووتر دێتە پێشەوە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان جگە لەوەی چەندین نوسەر و هونەرمەندی داهێنەری پێشکەش بە هەر چوار پارچەکە کردووە، جاڵجاڵۆکە ئاسا تەزووی شۆڕشێک دەهۆنێتەوە، کە ڕۆژ بەڕۆژ ڕۆشناییەکانی زیاتر بەدیار دەکەون، ئەوەتا دروشمی ژن…ژیان…ئازادی جێگەی دروشمە لەکارکەوتووەکانی گرتەوە و بووە دروشمێک نەک سەراپای کوردستان و ئێران، بەڵکو وردە وردە خەریکەهەموو جیهان دەتەنێت.

ڕزگار حەمە ڕەشید




وتارێکی سڵاڤۆ ژیژەک سەبارەت بە ئەفغانستان.. لە ئینگلیزییەوە: ڕزگار حەمە ڕەشید

هۆکاری ڕاستەقینە بۆ ئەوەی کە تاڵیبان توانی زۆر بە خێرایی دەست بەسەر ئەفغانستاندا بگرێتەوە، ئەو شتەی میدیای
لیبراڵی ڕۆژئاوا نایەوێت باسی بکات.

سلاڤۆی ژیژەك
لە ئینگلیزییەوە: ڕزگار حەمە ڕەشید

٨٠ هەزار سەربازەکەی تاڵیبان دەستیان بەسەر ئەفغانستاندا گرتەوە و شارەکانیش وەك پوولی دۆمینە دەکەوتن، لەکاتێکدا ٣٠٠هەزار سەربازی سەر بە حکومەت، کە بەهێزترن و بەشێوەیەکی باشتر ڕاهێنراون و چەکی باشتریشیان پێیە، کەچی بێ شەڕکردن خۆیاندا بەدەستەوە و توانەوە.

ئەمە بۆچی ڕوویدا؟

میدیا ڕۆژئاواییەکان پێمان دەڵێن کە دەتوانرێت چەندین لێکدانەوە بۆ ئەمە بکرێت. یەکەمیان میدیایەکی ڕەیسیستی بێشەرمانەیە کە دەڵێت: زۆر بە سادەیی خەڵکی ئەفغانستان ئەوەندە پێگەیشتوونین تا لە مانای دیمۆکراسی تێبگەن، زۆر تامەزرۆی فێندەمێنتاڵیزمی ئایینین (بانگەشەیەکی زۆر بێمانا و بێهاوتا لە گاڵتەجاریدا).
نیو سەدە لەمەوبەر ئەفغانستان وڵاتێکی (تاڕاددەیەك) ڕۆشنبیر بوو، پارتێکی کۆمۆنیستی بەهێزی هەبوو بەناوی پارتی دیمۆکراتی گەلی ئەفغانستان، کەتەنانەت توانی بۆ چەند ساڵێك دەسەڵات بگرێتە دەست. ئەفغانستان تەنیا ئەوکاتە بوو بە فەندەمێنتاڵیستێکی ئایینی، کە هەڵوێستی بەرامبەر داگیرکارییەکەی سۆڤیەت وەرگرت، ئامانجی داگیرکارییەکەی سۆڤێتیش ئەوە بوو ڕێ لە کەوتنی پارتە کۆمۆنیستییەکە بگرێت.

لێکدانەوەیەکی تر کە ئەو میدیا ڕۆژئاواییە پێماندەڵێت بریتییە لە تیرۆر، ئەوەی تاڵیبان بێبەزەییانە نەیارە سیاسییەکانی خۆی دەکوژێت.
لێکدانەوەیەکیتریشیان باسکردنە لە ئیمان، بە سادەیی تاڵیبان باوەڕیان بەوە هەیە کە ئەوەی دەیکەن گوێڕایەڵیکردنی ئەو فەرمانەیە کە خودا خستوویەتیە ئەستۆیان و سەرکەوتنیان مسۆگەرە، بۆیە دەتوانن ددان بەخۆیاندا بگرن، چونکە کات لەبەرژەوەندی ئەوانە.
لێکدانەوەیەکی ئاڵۆزتر و ڕیالیستیانەتر بۆ ئەوەی کە بۆچی تاڵیبان توانی جارێکیتر بەو ئاسانی و خێراییە دەست بەسەر ئەو وڵاتەدا بگرێتەوە، بریتییە لە پشێوی و پاشاگەردانییەك کە شەڕی بەردەوام و گەندەڵیی هۆکارەکەیین. ئەمەش ڕەنگە بووبێتە هۆی دروستبوونی بڕوایەك کە هەرچەندە تاڵیبان ستەم بەکار دەهێنێت و یاسای شەریعە پەیڕەو دەکات، بەڵام بەلایەنیکەمەوە هەندێك ئاساییش و سیستەم فەراهەم دەکات.

بەهەرحاڵ، هەموو ئەو لێکدانەوانە وادیارە ڕاستییەکی سادە فەرامۆش دەکەن کە بۆ ئەو تێڕوانینە ڕۆژئاواییە لیبراڵە بۆتەتراوما (خورپەی ڕاتەکێن). ئەویش بێباکیی تالیبانەکانە بەرامبەر ڕزگاربوون و مانەوەی خۆیان بە زیندوویی، هەروەها ئامادەکردنی شەڕکەرەکانیانە بۆ “شەهیدبوون”، بۆ ئەوەی بمرن، نەك تەنیا لە جەنگدا بەڵکو لە کردە خۆکوژییەکانیشدا.
ئەو لێکدانەوەیەی پێیوایە تاڵیبان وەك کۆمەڵێك فەندەمینتاڵیست “بەڕاستی باوەڕیان بەوە هەیە” کە ئەگەر ئەوان وەك شەهید بمرن دەچنە بەهەشتەوە، ئەمە لەوێدا کورت دەهێنێت کە ناتوانێت جیاوازیی لەنێوان دوو جۆر باوەڕدا ببینێت: باوەڕ بەمانای تێگەیشتنێکی هوشیارانە (دەزانم من دەچمە بەهەشت، ئەوە ڕاستییە) وە باوەڕ وەك وابەستبوون بە پێگەی تایبەتیی کەسەکە خۆیەوە.
بەمانایەکیتر، لەوەدا کورت دەهێنێت بتوانێت توانای ماددی ئایدیۆلۆژیا ڕەچاو بکات “لەم حاڵەتەدا توانای ئیمان”، ئەمەش بە سادەیی لەسەر پتەویی بۆچوونەکانمان نەوەستاوە، بەڵکو لەسەر ئەوە وەستاوە چۆن بوونی خۆمانمان وابەستەی باوەڕەکەمان کردووە: ئێمە کەسانێك نین ئەم یان ئەو باوەڕ هەڵبژێرین، بەڵکو ئێمە خودی باوەڕەکەمانین بەو تێگەیشتنەی ئەم باوەڕە ژیانی ئێمەی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە.

بەهۆی ئەم خەسڵەتەوە بوو فەیلەسووفی فەرەنسی میشێل فۆکۆ کەوتە ژێر جادووی شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٨ و دوو جار سەردانی ئێرانی کرد. ئەوەی ئەوی سەرسامکرد تەنیا ئەو هەڵوێستەی قبووڵکردنی شەهیدبوون و ئەو بێباکییە نەبوو بەرامبەر بەوەی کەسێك ژیانی خۆی لەدەست دەدات، بەڵکو بەشێوەیەکی زۆر دیاریکراو ئەو سەرسامییەی فۆکۆ وابەستەی ئەو گوزارشتەی خۆی بوو کە لە “مێژووی ڕاستیی”دا باسی دەکات، ئەویش تۆخکردنەوەی فۆرمی پارتیزان و جەنگاوەرانە بۆ گوتنی – ڕاستیی، وە گۆڕان لەڕێی خەبات و تێکۆشانەوە، وەك دژێك بەرامبەر ئارامکردنەوە و ناکاراکردن (بێکاریگەرکردن) و ئاساییکردنەوە کە فۆرمەکانی دەسەڵاتە مۆدێرنە ڕۆژئاواییەکانن. ئەوەی بۆ تێگەیشتنی ئەم خاڵە گرنگە، کۆنسێپتی ڕاستییە لە کاردا لەناو گوتارە ڕەخنیی – سیاسییەکەدا، کۆنسێپتی ڕاستیی وەك لایەنداریی، وەك ئەوەیتەرخانکرابێت بۆ پارتیزانەکان.

یان، وەك فۆکۆ خۆی باسی دەکات:
“ئەگەر ئەم کەسەی دەربارەی ڕەوایەتی ) یان بڵێین ڕەوایەتییەکان( قسە دەکات باسی ڕاستیی بکات، ئەو ڕاستییە ئیتر ڕاستییە گەردوونییەکەی فەیلەسووف نییە. ئەوە ڕاستە کە ئەوگوتارە دەربارەی جەنگی گشتگیر، “ئەو گوتارەی کە هەوڵدەدات ئەوجەنگەی ژێر ئاشتیی ڕوونبکاتەوە”، لەڕاستیدا هەوڵێکە بۆ باسکردنی جەنگ وەك گشتێك وە هەوڵێکە بۆ بونیادنانەوەی ڕێچکەی گشتیی جەنگ. بەڵام ئەمە نایکاتە گوتارێکی گشتئامێز یان بێالیەن، بەڵکو هەمیشە گوتارێکی نیگائامێزە )perspective .)تەنیا لەو مەودایەدا مەیلی بۆ گشتگیریی هەیە کە بتوانێت لەیەك دیوی چەمکەکانەوە لێی بڕوانێت، بیشێوێنێت و لە تێڕوانینی تایبەتی خۆیەوە بیبینێت. بە جۆرێکیتر باسی بکەین، ڕاستیی ئەو ڕاستییەیە کە بتوانرێت تەنیا لە ڕووبەری جەنگەکەی خۆیدا بڵاوبکرێتەوە، لە گۆشەنیگای خواستی سەرکەوتندا و لە کۆتاییشدا، ئەگەر ئەم گوزارشتە گونجاو بێت، بۆ ڕزگاربوونی خودی قسەکەرەکە سەرڕێ بخرێت .”
ئایا دەکرێت گوتارێکی لێکئاڵاوی لەو جۆرە ڕەت بکرێتەوە وەك هێمایەك بۆ کۆمەڵگەی بەرمۆدێرن “سەرەتایی” کە هێشتا نەچۆتە ناو تاکگەرایی مۆدێرنەوە؟ هەروەها دەکرێت ژیانەوەی ئەو “سەرەتایی”یە لەمڕۆدا وەك هێمایەك بۆ گەڕانەوەی فاشیست ڕەتبکرێتەوە؟
وەڵامەکە بۆ هەرکەسێك کەمترین شارەزایی لە مارکسیزمی ڕۆژئاوایی هەبێت ئاشکرایە:
فەیلەسووفی هەنگاریی جۆرج لۆکاش “Lukács György ” ئەوەی ڕوونکردەوە کە چۆن مارکسیزم “ڕاستییەکی گەردوونییە” نەك لەگەڵ ئەوەشدا کە لایەندارانەیە ” partiality ” بەڵکو لەبەر ئەوەی بەشئامێزە، تەنیا لە پێگەیەکی دیاریکراوی تایبەتییەوە دەستەبەر دەکرێت.
دەشێت ئێمە هاوڕا یان دژەڕای ئەم بۆچوونەبین، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەوەی فۆکۆ دوور دەکەوتەوە و لە ئێران بۆیدەگەڕا (فۆرمی ناکۆکیخوازیی “جەنگ” بۆ گوتنی ڕاستیی ) بە شێوەیەکی بەهێز لەو تێڕوانینە مارکسیستییەدا بوونی هەیە کە دەڵێت کەوتنە ناو لە خەباتی چینایەتییەوە ڕێگر نییە لەبەردەم زانینی “بابەتیانە”ی مێژوودا بەڵکو ڕەخساندنیەتی.
مانای پۆزەتیڤیستی باو بۆ زانین وەك میتۆدێكی بابەتیانە بۆ واقیع کە بە هۆی وابەستەبونێکی دیاریکراوی تایبەتییەوە نەشێوێنراوە (ئەوەی فۆکۆ بە “فۆرمە ئارامکەر و سستکەر و ئاساییکەرەوەکانی دەسەاڵتی مۆدێرنی ڕۆژئاوا” ناوزەدی دەکات) ئەوە ئایدیۆلۆجیایە بە پوختەترین شێوە – ئایدیۆلۆجیای “کۆتایی ئایدیۆلۆجی”.
لەلایەکەوە زانینێکی “بابەتیانە”ی نا – ئایدیۆلۆجی پسپۆرمان هەیە. لەلایەکی ترەوە تاکە پەرشوبڵاوەکانمان هەیە، کە هەر یەکێکیان ئاگایی خۆیانیان لەسەر خودێتی خۆیان چڕکردۆتەوە ” idiosyncratic” ” ئاگا لەخۆبوون”(ئەو چەمکەی فۆکۆ لەو کاتەدا بەکاریهێنا کە وازی لە ئەزموونە ئێرانییەکەی خۆی هێنا)، شتێکی بچووك کە چێژ بە ژیانی تاکەکە دەبەخشێت.
لەم تێڕوانینەی تاکگەرایی لیبرالیزم، وە وابەستبوونی گەردوونیی، بەتایبەتی ئەگەر مەترسی سەر ژیانیش بگرێتەوە، گوماناویی و نا-ژیرانەیە…
لێرەدا ئێمە ڕووبەڕووی لێکدژییەکی سەرنجڕاکێش دەبینەوە: لەکاتێکدا ئەوە زۆر جێی گومانە کە مارکسیزمی تەقلیدی بتوانێت لێکدانەوەیەکی باوەڕپێکەرمان پێشکەش بکات بۆ سەرکەوتنی تاڵیبان، نموونەیەکی تەواو ئەوروپیمان پێشکەش دەکات لەچەشنی ئەوەی فۆکۆ لە ئێران بەدوایدا دەگەڕا ( وە ئەوەی لە ئێستای ئەفغانستاندا سەرنجمان داگیر دەکات)، نموونەیەکە کە بە هیچ ئایینێکی فەندەمێنتاڵەوە گرێنەدراوە، بەڵکو پەیوەستبوونێکی هەموانییە بۆ ژیانێکی باشتر.
پاش سەرکەوتنی گەردوونیی سەرمایەداریی، ئەم گیانی پەیوەستبوونە هەموانییە سەرکوت کرا، وە ئێستا ئەم باری سەرکوتکردنە
لەشێوەی فەندەمێنتاڵیزمی ئایینیەوە دەگەڕێتەوە.
ئایا دەتوانین مەزەنەی گەڕانەوەی ئەو سەرکوتکراوە بکەین لە فۆرمە گونجاوەکەی خۆیدا وەك وابەستە بە ڕزگاربوونی هەموانەوە؟ لەڕاستیدا نەك دەتوانین مەزەنەی بکەین، ئەوە بە هێزێکی زۆرەوە لە دەرگاکانمان دەدات. با تەنیا ئاماژە بۆ کارەساتی گەرمبوونی گەردوون بکەین – ئەوە پێویستی بە هەڵوێستی هەموانیی زۆر گەورە هەیە، پێویستی بەوەیە لەو فۆرمەی خۆیدا شەهیدی بۆ بدرێت، قوربانییدان بە زۆربەی ئەو چێژبینینانەی پێیان ڕاهاتووین.
ئەگەر ئێمە بەڕاستی بمانەوێت بەتەواوی شێوازی ژیانمان بگۆڕین، ناچار دەبین دەستبەرداری تاکگەرایی “ئاگا لەخۆبوون” ببین کە هەموو سەرنجی لەسەر بەکارهێنانی چێژبینینەکانمانە. ئەم کارە بەتەنیا زانستی پسپۆڕ ئەنجامی نادات – بەڵکو پێویستە زانستێکی ڕەگداکوتراوبێت لەوابەستەییەکی هەموانیی قووڵتردا. پێویستە ئەمە وەاڵمەکەمان بێت بۆ تاڵیبان.

https://www.rt.com/op-ed/532207-zizek-taliban-retake-afghanistanreason/?fbclid=IwAR2QuNU24KxE1zs16Tzu9OcwW7OiWHI_DCnGFwrpM0Zj0K0Vk6g9ZKxmIds




کتێبی جەنگستان وەك بەرهەمێکی شانۆیی لە کتێبێکی زانکۆی ئۆکسفۆرد دا

شانۆیی جەنگستان / خاکی سەرباز کە لە نوسین و دەرهێنانی ڕزگار حەمە ڕەشیدە، یەکێكە لە شانۆگەریە هاوبەشەکان لە کتێبێکی دەزگای چاپەمەنی زانکۆی ئۆکسفۆرد دا. ئەم کتێبە بە هاوکاری و نوسین لەلایەن هەریەك لە د. نیشا ساجنانی / زانکۆی نیویۆرک/ ئەمریکا، پرۆفیسۆر. ڤیکی کارکۆ/ زانکۆی ئێج هێڵ/ بەریتانیا، د. جۆرج بۆلیڤو/ زانکۆی بریتیش کۆڵۆمبیا/ کەنەدا وە کاری تێدا دەکرێت . چاپەمەنی زانکۆی ئۆکسفۆرد ماوەی ساڵێك زیاترە سەرقاڵی ئامادەکردنی کتێبێکی شانۆیین بەناوی دراما، شانۆ، ئیمپرۆڤایزەیشن و ژیانێکی باش. ئەم کتێبە هەوڵ دەدات تیشك بخاتە سەر ئیرتیجالی درامی و گەمەکانی دراما و شانۆنوسی و دراماتۆرگی و نەخشەکێشان و دەرهێنان و کاریگەری لەسەر بینەران و پێکهێنەرە شانۆییەکانی تر. مەبەستیش لەم کارە قووڵکردنەوەی تێگەیشتنە لە کاریگەریەکانی ئەو بوارانە بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر. ئەم کتێبە لە دوانزە بەش پێکهاتووە وبەشێکی کتێبەکە تایبەتە بە قسەکردنی نوسەر و دەرهێنەری کارەکە ڕزگار حەمە ڕەشید و د. جۆرج و د. مارڤین و کریستۆفەر کووك دەربارەی شانۆگەری جەنگستان کە لە ئینگلیزیەکەیدا بە SOLDIERLAND وەرگێڕدراوە. بڕیارە ئەم کتێبە لە مانگی یەکی ٢٠٢١ دا تەواو ببێت و بە زۆربەی جیهاندا و بەتایبەتیش لە زانکۆکانی جیهان و ناوەندە ئەکادیمیەکاندا بڵاو بکرێتەوە.




مەلا و مزگەوت و شانۆ، چۆن بتوانین لەگەڵ یەك هەڵبکەین؟ … ڕزگار حەمە ڕەشید

(١)

زۆرجار بۆ دەستنیشانکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان، ڕەخنەکانمان لەسەر حوکمڕانە خۆسەپێنەکان چڕتر دەکەینەوە، بەمەش باز بەسەر گرێ مەترسیدارەکاندا دەنێین و ناپەرژێینە سەر دەستنیشانکردن و لێوردبوونەوە لێیان. کێشەی ئەم بازدانە بەتەنیا ئەوە نییە کە ناپەرژێینە سەر لە خود ڕامان و تێگەیشتن لە هەلومەرجە تایبەتییەکان، بەڵکو قووڵتر دەبێتەوە بۆ ئەو بڵقانەی لەئەنجامی ئەو بۆشاییەدا هەڵدەتۆقێن و بە هێمنی بوونمان داگیر دەکەن.
کێ دەتوانێت نوێنەرایەتی خودا بکات لەسەر زەمین؟ داخۆ خودا پێویستی بە دامەزراندنی کۆمەڵێك مووچەخۆر هەیە تا داکۆکی لێبکەن؟ ئەوانە کێن بەناوی خوداوە وەعز دەدەن و فتوا دەردەکەن و ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان حەڵاڵ و حەرام دەکەن؟ ئایا مزگەوت جێگایەکە بۆ خودا پەرستی و دۆزینەوەی ڕێگای گەیشتن بە پاکژبوونەوەو گەیشتن بە خودا، یان جێگایەك بۆ بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و دوژمنایەتی نێوان مرۆڤەکان؟ لەکوێدا پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خودا پێویستی بە نێوەندکاری حیزبی و مرۆیی هەیە تا بیپارێزن؟ ئەگەر زەمین و هەسارەکان دەستکردی خودان، کێ مافی کۆتاییپێهێنانی ئەفراندنەکانی خودای هەیە لەسەر زەمین، کە مرۆڤ بەشێکی گرنگیەتی؟ چۆن وەك خوداپەرستێکی مسوڵمان خۆت لە داعش و قاعیدە و ئیخوان و سەلەفیەکان و تیرۆریستەکانی دژە مرۆڤ دەپارێزیت تا بگەیتە سەر بنەچەی ڕاستەقینەی مرۆڤبوون؟ چۆن پەیوەندی خۆت بە خوداوە لە گەمەی سیاسییە دەمامکدارەکان قوتار دەکەیت و وەك مرۆڤێکی کراوە و ئازاد، ئازادی مرۆڤەکان وەك هەڵبژاردەی تایبەتی کەسەکان تەماشا دەکەیت؟ چۆن ئاشتی بە مانا قووڵەکەی قبووڵدەکەیت و بەسەر ئەوانیتریشدا دەیبەخشیتەوە؟ لێبوردەیی لای تۆ چی دەگەیەنێت؟ چۆن بتوانین لەگەڵ یەکتر هەڵبکەین؟
وەستان لەبەردەم پرسیارەکاندا ڕەنگە سەرەتایەکی زۆر باش بێت بۆ هەنگاونانێکی تەندروست. زۆرجار مرۆڤەکان، لەژێر کاریگەری ئەو هەموو ئاژاوە و ژاوەژاوە فیکری و ئایدیۆلۆژیانەی پێوەی دەرگیرن، یان لەژێر کاریگەری ئەو ئیشکردنە سیستماتیك و پرۆگراماتیکە دووبارەبۆوانەی سیستەم لەسەر ژیانیان پیادەی دەکات، ناپەرژێنە سەر بیرکردنەوەیەکی تەندروست لەسەر خۆیان و ئەو ژینگەیەی تێیدان.
بۆیە دەشێت وروژاندنی پرسیارەکان سەرەتایەك بێت بۆ نزیکبوونەوە لەو مرۆڤەی لەژێر ئەو کاریگەریانەدا، لەناوەوەماندا خەفەکراوە.

لە مێژووی کۆنەوە پەیوەندی پیاوانی ئایینی و هونەرمەندان بە چەندین لێکهەڵشاخان و بەرەوڕووبوونەوەدا تێپەڕیوە، بەڵام دواجار “لانیکەم لەمێژووی ڕۆژئاوای دوای ڕێنیسانسەوە” بە ڕێککەوتنێکی ڕانەگەیەندراو گەیشتن، ئەویش ئەوەی کە کاری ئایینزاکان ( کریستیان و موسوڵمان و جو) لە بابەتە سۆفستایی و عیرفانیەکاندا چڕ بکرێتەوە و هونەریش بە گفتوگۆی نێوان کۆمەڵگاکانەوە سەرقاڵبێت. بەو پێیەی گوتار و ڕاگەیاندراوەکانی پیاوانی ئایینی زۆرجار بەر ژێ کۆمەڵایەتییە هەستیارەکان دەکەون، بۆیە لەو کاتانەدا کارە هونەریەکان بەرامبەری دەوەستنەوە و ڕەخنەی لێدەگرن.

مەبەستم لە ژێ کۆمەڵایەتییە هەستیارەکان، دەستتێوەردانی پیاوانی ئایینییە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیە دونیاییەکان، وەك جۆری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خواردن و خواردنەوەو جلوبەرگ و هەڵسوکەوتە ڕۆژانەییەکان. ئەمانە هەریەکەو تایبەتمەندیی بوارێکی جیاوازە. جۆری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کاری سۆسیۆلۆجیستەکانە، خواردن و خواردنەوە کاری پزیشك و پسپۆرەکانی نوتریشنە، جلوبەرگ هەڵبژاردەی تایبەتی کەسەکانە و سەرەتاییترین مافی ئازادی تاکە، هەڵسوکەوتە ڕۆژانەییەکانیش دەرهاویشتەی پەروەردە و شێوازی گەشەکردن و ئەزموونی تایبەتی کەسەکانە و لە حاڵەتی نا ئاساییشدا، کاری سایکۆلۆجیست و سایکایەتریست و توێژەرە دەروونیەکانە دەستنیشانی بکەن و کاری لەسەر بکەن.

بەڵام کاتێك هەموو ئەو بەرپرسیارێتی و ئەرکانە بە پیاوانی ئایینی دەسپێردرێن، ئیتر جێگایەك بۆ هیچ یەکێك لەو پسپۆریانە نامێنێتەوە. بە مانایەکیتر، هەر کۆمەڵگایەك تێکڕای ئەو پرسە سیاسی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی بە دەستەیەکی دیاریکراو.ی وەك پیاوانی ئایینی بسپێرێت، ئەو کۆمەڵگایە ناتوانێت هەنگاوێك لە ئاسوودەیی و ژیانێکی سەرفراز نزیك ببێتەوە و هەمیشە لەناو کێشە ناوخۆییەکانیدا نغرۆ دەبێت.
ئایین و ئایدیۆلۆژیا و بیرو باوەڕەکان هەڵبژاردەی تایبەتی کەسەکانن، هیچ کەسێك مافی ئەوەی نییە بەسەر هەمواندا بیسەپێنێت، ئاسانترین ڕێگای ئاشتییانە بۆ بەیەکەوە ژیان، پەسەند کردنی ئەم ڕاستییەیە. بەڵام مەخابن، ئەم دیدە ئاشتیخوازانەیە زۆرجار لە بەرژەوەندی حیزبە سیاسییەکان نییە، بۆیە پەنا بۆ دروستکردنی پشێوی دەبەن و ناکۆکییەکان دەدرەوشێننەوە، یان لە نەبوو دروستی دەکەن.

                  -2-

هەڵسەنگاندنی بەرهەمە هونەرییەکان کاری کەسانی پسپۆری ئەو بوارانەیە. دەشێت کەسێك تێڕوانینی خۆی دەربارەی کارێکی هونەری بنوسێتەوە، بەڵام ناکرێت کەسێك بەناوی هەموانەوە قسە بکات. بەتەنیا مەبەستم دید و بیروڕا نییە، بەڵکو مەبەستم چێژیشە، چونکە وەك چۆن دەکرێت تێڕوانینی مرۆڤەکان جیاواز بێت، بەهەمان شێوە شێوازی چێژبینینیشیان جیاوازە. ئێمە بەهەڵەیەکی گەورەدا دەڕۆین گەر پێمان وابێت لە یەك بەرهەمی هونەریدا دەتوانین خزمەتی ئاوەز و چێژبینی بینەرەکان بەهەمان ئەندازە بکەین.

بەهەمان شێوە، هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر بینەری کارە هونەریەکان چاەڕوانیی ئەوەیان هەبێت کە هەموو بەرهەمێکی هونەری بە پێوانەکاریەکانی ئەو بەرهەم بێت. بۆ نمونە زۆر جار گوێمان لێدەبێت کە کەسێك زۆر لەژێر کاریگەری دەنگی گۆرانیبێژێک، یان موزیك، فیلم، شانۆ، تابلۆ یا پەیکەر یان پێرفۆرمانسێکدایە، وەك ئەوە باسی دەکات کە هەموومان ناچاربین بەهەمان ئەندازەی ئەو چێژی لێببینین. بە خۆم تا ئەم دواییانەش نەمدەوێرا بڵێم دەنگی حەمە ساڵەح دیلان نامبزوێنێت و زۆر جار بێزاریشم دەکات، چونکە بە گشتی هاوتەمەنەکانم و ئەوانەی پێشتریش هەموو کۆکن لەسەر ئەوەی ئەو دەنگە لەسەروو ڕا و پرسیارەوەیە. بەڵام ڕاستییە سادەکە ئەوەیە کە دەکرێت زۆرینە لەژێر کاریگەری بەرهەمێکی هونەریدا بن، بەڵام زۆریش ئاساییە ئەو بەرهەمە “وەك چێژ” لای ژمارەیەك کەسیتر پەسەند نەبێت.

بەڵام لە ئاستی بەرهەمهێنانی مانادا، بەرهەمێکی هونەری توانای دامەزراندنی دیالۆگی هەیە، جا دەکرێت ئەو دیالۆگە تەنیا لەناوەوەی کەسێکدا ڕوو بدات، دەشکرێت ببێتە دیالۆگیکی فراوانی کۆمەڵایەتی. لەم ئاستەدا، دەشێت لەژێر باڵی بزوتنەوە توندڕەوەکان و ئایینزا و ئایدیۆلۆژیستە توندڕەوەکاندا، هونەر بەکار بهێنرێت بۆ هاندانی توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی، وەك ئەو گرووپە شانۆییانەی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستگیرۆیی دەکردن، لەبری بڵاوکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی و لەخۆبردوویی بۆ کاری چاکە، هانی گەنجانیان دەدا بۆ کوشتنی نەیارانیان. یان باگخوازەکان، پیشەی ئەوانیش جۆرێکە لە پێرفۆرمانس، کەچی زۆریان دەبینیت ئەو پێرفۆرمانسە بۆ دژایەتیکردن و ئاژاوە نانەوە بەکار دەهێنن و فتوای کوشتنی ژنان و نوسەران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەوانەکانی لێوە دەر دەکەن. هەر ئایین و بیروباوەڕێك کار بۆ داگیرکردنی تێکڕای کۆمەڵگا بکات، لەهیچ جۆرە هەڕەشەو سوکایەتی و دەستدرێژی و توندوتیژییەك نابوێرێت.

هەر ئایین و بیروباوەڕێك پێگەی خۆی لەڕێی پێکدادانی ئیلیەتە کۆمەڵایەتیەکانەوە بەدەست بهێنێت، پرۆژەی دوبارەکردنەوەی نازیزم و فاشیزمی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. بەداخەوە بەشێکی زۆری ئەو نوخبە ئیسلامییەی کوردستان ئەوها کار دەکەن و بۆ ئەمەش تەنیا بەوەوە نەوەستاون لە خوندنگەکاندا هەر لە سەرەتاییەوە تا زانکۆ، لەشکرێک لە کەسانی مێشکشۆراو بنێرنە ناوەوە و تۆوی ئاژاوەگێڕی و ڕق و بوغزاندنیان تێدا بنێژن، بەڵکو زۆر لەوە زیاتر پەلیان هاویشتۆتە ناو هەموو خانە وردیلە کۆمەڵایەتیەکانەوەو دەیانەوێت گەرای ئەو ژەهرە دژە مرۆڤەی تێدا بڵاو بکەنەوە. هەر ئەوانیشن هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی ئاستی ژن کوشتنن لە هەرێمدا، دەنا کورد کۆمەڵگایەکی نەك ژنکوژ نەبووە، بەڵکو وەك هاوڵاتی ڕەسەنی ناوچەکە ( بەهەمان شێوەی هاوڵاتییە ڕەسەنەکانی کەنەدا و ئەمریکا و…هتد، indigenous) ئەوەندە تێکەڵاوی سرووشت بووە، نەك
مرۆڤ، ڕێزی بۆ دار و کێڵگەکانیش داناوە و ژیانی خۆیی لەگەڵ پەلەوەر و ئاژەڵەکاندا هاوبەش کردووە.

لەوەتەی ئەمانە دروست بوون و بەتایبەتیش لەدوای ڕاپەڕینەکەی ١٩٩١ەوە، بزانە چۆن کاریان لە مێنتاڵێتی گشتی کردووە و وایانکردووە زۆر کەس بڵێت ئێمە سەر بە کۆمەڵگایەکی ژنکوژین ( کە ئەمەش بێدادییەکی گەورەیە هەموان بخەیتە هەمان قۆزاخەوە). بەهەرحاڵ ئۆباڵی زۆر بەی هەرەزۆری توندوتیژی و لێکترازانەکانی کۆمەڵگای ئێمە لە ئەستۆی ئەو بانگخوازو حیزبە ئیسلامیە توندڕەوانەیە. ئەوانیش بێگومان سوودی تەواویان لەو ڕووبەرە ئێجگار فراوانە وەرگرتووە کە یەکێتی و پارتی و گۆڕان لە ئەنجامی ململانێکانی نێوان خۆیان بۆیان فەراهەم کردوون.
لەم ڕووەوە میدیاش ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە دروستکردنی هامچێژی و لەناوبردنی تۆن و دەنگ و ڕەنگی جیاواز.
ئەمەش تەنیا لە بەرهەمە هونەریەکاندا نا، بەڵکو لە ئاراستەکردنی تێکڕای ڕوخسارەکانی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکاندا. بۆیە کاتێك هێرشێکی بەربەریانە دەکرێتە سەر هونەرمەندێك یان هەر کەسێکیتر، شانبەشانی بەدواداچوون و لێپێچینەوەو بەرەوڕووبوونەوەی ئەو خێڵە بەربەریە، پێویستە هەمان شت بەرامبەر میدیاکانیش بکرێت. بۆ نمونە لە کەیسی ئەو هونەرمەندانەی کەلاردا، وەك چۆن پێویستە لێپێچینەوە لەو مەلایانە بکرێت کە گوتاری توند و دوژمنکارانەیان لەسەر داوە، پێویستە لێپێچینەوە لەو بەرپرسە حکومیانەش بکرێت کەبڕیاریان دژی گرووپە شانۆییەکە دەرکردبوو، بەهەمان ئەندازە پێویستە سزای هەندێ میدیاش بدرێت، بەتایبەتی ڕوداوو NRT کە نەك خزمەتێکیان بە حورمەتی مرۆڤەکان نەکرد و لێی نەهاتنە دەنگ، بەڵکو کەناڵەکانیشیان خستبووە خزمەتی ئەو سەلەفی و مەلا بێ پرنسیپانەوە تا لەوێشەوە هەڕەشەکانی خۆیان توندتر بکەنەوەو هەوڵی چەواشەکردنی ڕای گشتی بدەن، لەمەدا حیزبە سیاسییەکانیش ڕۆڵی زۆر کاریگەریان هەیە لە ئاراستەکردنی دەزگا میدیاییەکان و ڕای گشتیدا.

پێویستە ئەم چەواشە کارییە ڕابگیرێت، ئەو گرووپە شانۆییەی کەلار دەیانەوێت کۆتایی بەو زمانە زبر و جنێوئامێزە بهێنرێت بەرامبەر کۆمەڵگا کە مەلا هەڵۆ و مەلا مەزهەر لە دیارترینی بەکارهێنەرەکانین، هەر مەلایەك و حەوزە و مزگەوت و یەکێتییەکی ئیسلامی دژی ئەو شانۆگەریە قسە بکات، ئەوا بەشێکە لە تۆڕی ئەو جنێوفرۆشە بازاڕیانەی مەڵا هەڵۆ و مەزهەر نوێنەرایەتی دەکەن.
. پێویستە “پەرلەمان” و “سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران” و “سەرۆکایەتی هەرێم” لێپرسراوانە بێنە قسە و ڕێ لە مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش بگرن. ئەویش بەوەی لێپێچینەوە لەو بەڕێوەبەرەی ڕۆشنبیری گەرمیان بکەن و لەو پۆستە دووری بخەنەوە، مەلا هەڵۆ و هەر مەلایەکی تر دەستگیر بکرێن کە مینبەری مزگەوت بەکار دەهێنن بۆ سوکایەتیکردن بە “هاوڵاتیان” و هانی توندوتیژی دەدەن. ئەمە کاری هەموو هونەرمەندان و هەر سەندیکا و دەزگایەكە کە بەناوی نوسین و هونەر و ڕۆشنبیرییەوە کار دەکات (بە یەکێتی نوسەران و سەرجەم ناوەندە ڕٶشنبیرییەکانیشەوە) ئەو داواکریانە بەرز بکاتەوەو بچێتە پشتی. پێویستە فشارەکانمان جددیتر و هەمەلایەنتر بکەین بۆ سەر ئەوانەی دەیانەوێت ئازادی خۆیان بە تەفروتونا کردنی ئازادی ئێمە دەستەبەر بکەن.

ڕزگار حەمە ڕەشید




کەپیتاڵیزمی ئەمڕۆ و بێئومێدی … ڕزگار حەمە ڕەشید

ئاسانترین ڕێگا بۆ ئەوەی خۆت لە هەموو بارگەکانی ئاکتیڤ بوون و پلانی هەڵگەڕاندنەوەی سەراسەری بەتاڵ بکەیتەوە ئەوەیە خۆت ڕادەستی هەڵەشەیی و هەڵچوونە کاتیەکانت بکەیت. ئەمەش جگە لەوەی هیچ کاریگەری بەجێ ناهێڵێت و دەسەڵات ئاسوودەتر دەکات، دەبێتە پێگەیەکی پتەویش بۆ زیاتر مانەوەو گەشەکردنی نەخشەکانی دەسەڵات. ئەم نەوەیەی کەپیتالیزم کار لەسەر بێبەهاکردنی هەموو جۆرەکانی ڕەخنە دەکات، ئەوەش ڕێك لەناو دڵی ئەو فاکتەوە سەرچاوەی گرتووە کە ڕەشترین جۆری بێئومێدی ئەو جۆرەیە کە مرۆڤ جگە لەوەی لەبەرامبەر مرۆڤەکانیتر و جیهاندا هەیەتی، بێئومێدیەکەی دەگاتە قووڵایی ناخی خۆی. ئەوە ئەو جێگایەیە کە هیچ شۆڕشێك و هیچ بزوتنەوەیەکی چاکسازی و هیچ پرۆژەیەکی ڕەخنەیی ناتوانێت ساڕێژی بکات. بێبەهاکردنی ڕەخنە و بێبەهاکردنی زانیاری و هەڵڕشتنی چەندەها هەواڵی لاوەکی بەناوی گرنگترین هەواڵ و دروستکردنی سەدان ڕوداوی لەخشتەبەر لە چەند کاتژمێرێکدا، باسکردنی هەموو کارەساتەکان بەبێ پەردە لە کەناڵەکانەوە، دروستکردنی زۆرترین دڵەڕاوکێ و بڵاوکردنەوەی نەخۆشیەکانی دۆشدامان و تراوما و فۆبیا و بێئارامی؛ لە دیارترینی ئەو دەستدرێژیانەن کە ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزم لە ڕێگایانەوە ژیان و مانەوەو بەردەوامی و گەشەکردنی ئابووری خۆیی لێوە دەستەبەر دەکات.

ململانێی ئابووری و بەهۆیەوە ململانێ بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەنێوان زلهێزەکاندا و دابەزاندنی ئەو ململانێیانە بۆ دەساڵاتە لۆکاڵیەکانی ووڵاتە پاشکۆکان و گەیاندنی دڕدۆنگی و بەدگومانی بە پەنهانترینی خانە کۆمەڵایەتیە دوور و نزیکەکان؛ بێ ڕیسكترین شاڕێگەکانی گەیشتنی ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزمە بە ئاسوودەیی ڕەها. لە نێو کۆمەڵگاکانیشدا بە یاساییکردنی هەموو جۆرەکانی بێ یاسایی و گواستنەوەی شەڕی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتە لۆکاڵەکان بۆ نێو شەقامەکان و پێکدادانی خەڵک لەسەر مافە گشتی و ڕۆژانەییەکانی خۆیان، وەك بێمتمانەیی پەڕینەوە بەسەر شەقامەکاندا، سەرەگرتنی بەردەم بنکەکان، ڕاوەستانی عەرەبانەکان، سیستمی ترافیك و ڕاوەستانی ئۆتۆمبێلەکان و قۆرخکردنی شۆستەکان و پیسکردنی ژینگە بە هەموو جۆرەکانی شتومەك فڕێدان و دوکەڵ و گوێپێنەدان بە سەوزایی و تەندروستی و بەرباد بوون بەرامبەر هەموو پرەنسیپە سادەکانی مرۆڤ بوون، باشترین ڕێگاکانی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو نەوەیەی کەپیتاڵیزمە.

سەرەتا مرۆڤ بیری لە دروستکردن و جێکەوتەکردن و فەلسەفاندن و پاشان نوسینەوەی یاساکان دەکردەوە، دەوڵەت دەرەنجام و دەرهاویشتەی ئەو بیرکردنەوانەی مرۆڤەکان بوو بۆ پاراستنی مافی هەموان لەناو سیستمێکی دادپەروەرانەدا. ئەوکات، خەباتە زەینیەکانی مرۆڤە دەربەستەکان بۆ فەراهەمکردنی گوزەرانێکی باشتر و هەڵچنینی پایەکانی کارەکتەرێکی ئازاد و بە ئاگا، پەلی دەهاویشت بۆ دەست تێوەردان لە ورد و درشتی پاشماوەکانی ژیانی بەربەری و شەڕانگێزیەکانی مرۆڤ بەرامبەر ئەوانیتر. لە دەورانێکدا لە ڕێگای تیۆریزەکردن و هەوڵدان بۆ خەبات لەپێناو پراکتیزە کردنی پەیمانی کۆمەڵایەتی تەندروست و شایستە بە هۆشیاریەکانی مرۆڤی پاش سەدەکانی ناوەڕاست، دواتر شیکردنەوەو ڕەخنە لێگرتن و هەوڵی بژاردەکردن و خەبات بۆ وەستانەوە بەرامبەر سیستمی ئابووری خڵتەی فیوداڵیزم و پاشان کەپیتاڵیزم لە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازییەوە، پاشان تێڕامان و خوێندنەوەی شکستە دەروونی و ڕەوانییەکانی مرۆڤی پاش قۆناغی کۆڵانیاڵیزم و شەڕە جیهانیەکان، لە کۆتاییشدا ڕەخنە گرتن لە سیستمی پەرلەمانی دیموکراسییەت و دەزگا تەئدیبیەکان و میدیا و حیزب و هەموو دامەزراوە جۆراو جۆرەکانی تری مۆدێرنیزم. بە درێژایی ئەو مێژووە شانبەشانی هەر هەنگاوێکی ژیاندۆستانەی مرۆڤ، دەسەڵاتی سیاسی لە شکڵە جۆراو جۆرەکانی خۆیدا کاری لەسەر نوێکردنەوەو خۆ ماکیاژ کردنەوە و گەشەپێدانی خۆی کردووە، لە بەرامبەریشدا هەموو تواناکانی خۆیی تەرخان کردووە بۆ بە لاڕێدا بردن و سەرلێشێواندن و پاشەکشە پێکردنی هەر بزووتنەوەیەك کە کاروانەکەی ئەو دوا دەخات، یان ئەگەری پەکخستنی نزیك دەکاتەوە. ئەمەش تەنیا بە تیرۆری دەروونی و جەستەیی نا، بەڵکو بە بەکارهێنانی هەموو توانا سیخوڕیەکانی خۆی بۆ دەستگرتن بەسەر بزوتنەوە شۆڕشگێڕەکاندا، پاشان نیشاندانی خراپترینی شۆڕشگێڕە سەرکردە دروستکراوەکانی خۆی لە فۆرمی سەرکردەی بزوتنەوە شۆڕشگێڕیە سەرکەوتووەکاندا.

ئەگەر بە ڕەچەڵەکی شۆڕشەکاندا شۆرببینەوە بۆ ناو مێژووی سەرهەڵدانیان و بکەرە سەرەکیەکانیان، لە سەرتاسەری جیهاندا هەمان دیمەن دەبینینەوە کە بکەرە ڕەسەنەکانی شۆڕشەکان هەمیشە وەك سمبولی قوربانیدەر و وێنەیەکی پیرۆز پارێزراون، کەچی ئەوانەی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، هەمان پلانەکانی دەسەڵاتی پێشوویان جێبەجێ کردووە، بەڵام بە فۆرمێکی جیاوازتر و بە دروشمی جیاتر. هەر بۆیە نوسەرانێکی زۆری بێئاگا سەرهەڵدەدەن و باس لە دووبارە بوونەوەی ستەم و سەرکوتی ئەو سیستمە نوێیە دەکەن کە لە منداڵدانی شۆڕشەوە هەڵتۆقیوە. بەمەش نەك تەنیا سەرلێشێوانی زیاتر بڵاو دەکەنەوە، بەڵکو دەشبنە سەرچاوەی ئەو بێئومێدیەی ناو ناخی مرۆڤەکان بەرامبەر بە خودی خۆیان؛ کە لە هەموو جۆرەکانی تری بێئومێدی لەکارخەرتر و ڕوخێنەر ترە. ئەو جۆرە لە بێئومێدی کە ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزم ژیانی ئەبەدی خۆیی لێوە مسۆگەر دەکات.
ئەم بێئومێدیە بەرامبەر بە خود، مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا، بۆ ئەو شوێنەی سەرەتا مرۆڤ بیری لە دروستکردن و جێکەوتەکردن و فەلسەفاندن و پاشان نوسینەوەی یاساکان دەکردەوە، بۆیە بە تێکوپێکشکاندنی ئەو یاسایانە مومارەسەی بێئومێدیەکانی خۆی دەکات؛ ئەمەش ڕێك ئەو شوێنەیە کە وەك لە سەرەتادا باسمکرد، ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزم بە چڕی ئیشی لەسەر دەکات و هەر ڕۆژێکی درێژ بوونەوەی ئەو بێئومێدییە، بەردەوامی بە کەڵەکە کردنی زیاتری سەرمایەکانی ئەو دەدات.

لێرەدا تەنیا جیاوازییەك لەنێوان ووڵاتانی سەنتەر یان ناوەکانی تری وەك( زلهێز، پێشکەوتوو…هتد) لەگەڵ ووڵاتانی پاشکۆ، بۆ ئەو مرۆڤانەی ئەم نەوە نوێیەی کەپیتاڵیزم تێکیشکاندوون، لە شێوازی مومارەسەکردنی ئەو بێئومێدیەدایە. لە ووڵاتە سەنتەرەکان، مرۆڤ بە جۆرێکی بێدەنگ لە خۆکوژی مومارەسەی بێئومێدیەکانی خۆی دەکات. مەبەست لە جۆرێکی بێدەنگ لە خۆکوژی، فەرامۆشکردنی ژیانی ڕاستەقینە و خۆدانە دەست ژیانێکی خوازراوە. تەسلیمبوونە بە جۆرەکانی گیرۆدەبوون، گیرۆدەبوون بە کار (workaholics) گیرۆدەبوون بە خوێندن(studyholic)، گیرۆدەبوون بە کاتی خۆش (Funaholics) ، دیوێکی تریشی بریتییە لە تێکوپێکشکاندنی یاساکانی ناوەوە، مەبەستم ژیانێکی ئاسایی ناو ماڵە، ئەگەر نەبێتە بێلانە ئەوا لە ماڵێکی ناڕێکخراوو شپرزەدا ژیان بەسەر دەبات، زۆرجار ئەم شپرزەیی و لادانانەی خۆی لەگەڵ دەرەوەشدا هاوبەشی پێدەکات، هەرچەندە دەشبێتە یاسا شکاندن و زۆرجاریش سزاکانی وەردەگرێت. واتە لە ووڵاتانی سەنتەردا یاساکان لە دەرەوە بە قورسی جێبەجێدەکرێن و تێکشکاندنەکان بە داپۆشراوی لە ناوەوە پیادە دەکرێن.

بەڵام لە ووڵاتە پاشکۆکاندا، مرۆڤەکان بێئومێدیەکانی ناو خۆیان دەبەنە ململانێکانیانەوە لەناو ژیانی گشتیدا و لەگەڵ یەکتریدا هاوبەشی دەکەن، ئەمەش وەك پێشتر باسم کرد، لە ڕێگای ڕەتکردنەوەو پێشێلکردنی ئەو پرەنسیپ و یاسایانەوە کە خۆیان لە بەدەستهێنانیاندا بەشدار بوون. سیستمە تۆتالیتارەکانی ئەو ووڵاتانەش کە گرێدراوی ڕێککەونتەکانی ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزمن، هەموو ئاسانکارییەك بۆ پراکتیزەکردنی ئەو جۆرە لە ژیانێکی لەبەریەك هەڵوەشاو دەکەن. بۆ نموونە عێراقی ڕژێمی پێشوو ژیانی خۆیی لە ڕێگای بەسەختی پیادەکردنی یاساکانەوە دەستەبەر دەکرد ( ئەوەی زۆرجار لە بێزاری هاونیشتمانیانەوە گوێمان لێدەبێت خۆزگە بۆ ڕژێمەکەی سەدام دەخوازن گوایە یاسای جێبەجێ کردووە) ئەوەی وایدەکرد ئەو ڕژێمە بەو توندڕەویە جێبەجێکردنی یاساکان بەسەر هەموو تاکێکی عێراقیدا بسەپێنێت، ئەوە بوو کە دڵنیا بێت لەوەی دەتوانێت لادەرەکان یان تێکدەرەکان ( بەو واتایەی خۆیان بەکاریان دەهێنا، مخربین) بە ئاسانی دەستنیشان بکات. ئەو هەموو جووڵانەوەیەکی ناڕەزایی دژی بە تێکدەر ناوزەد دەکرد، بۆیە پێویستی بە سیستمێکی یاسایی تۆکمە هەبوو تا بتوانێت ڕاوی نەیارەکانی خۆی بکات. لە بەرامبەریشدا، زۆربەی خۆپیشاندانەکان بە پێشێلکردنی یاساکان و وێرانکردنی خزمەتگوزاریەکان گوزارشتیان لە خۆیان دەکرد، تا کاتی ڕاپەڕینیش بینیمان چۆن هەموو جێگاکان دەسوتێنران و تاڵاندەکران و تەنانەت کوشتارگەکانی سزای دوژمنانیشیان دەهێنایە بەردەم ماڵەکان و مزگەوتەکان و قوتابخانەکانەوە. ئێستا عێراقی ڕژێمی نوێی پاشکۆی ئەم نەوەیەی کەپیتاڵیزم ژیانی خۆیی لە ڕێگەی ئەو بێ یاسایی و پێشێلکاریانەوە مسۆگەر کردووە. یەکێك لە چەکە گرنگەکانیشی بریتییە لە چاندنی گەرای ئەو بێئومێدییە قووڵەی ناو ناخی مرۆڤەکان بەرامبەر بە خودی خۆیان، بریتییە لە نەهێشتنی ڕێزی مرۆڤەکان بۆ خودی خۆیان، تێکوپێکشکاندنی کارەکتەری مرۆڤەکان و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و گومان لە یەکتر و دروستکردنی تارمایی هەزاران ڕاپۆرتنووس بەسەر کۆمەڵگاوە.

بۆیە یەکێك لە ڕێگاکانی چارەسەر و ڕزگاربوون لە کۆیلەیەتی ژێر دەستی ئەم نەوە نوێیەی کەپیتاڵیزم، لە گەڕاندنەوەی مرۆڤەکاندایە بۆ ناخی خۆیان. چارەسەری کۆمەڵایەتی ئەو فەسادە بەربڵاوەی لە ناوەوەی ئەو کۆمەڵگایەدا گەراکانی خۆیی داناوەو ڕۆژ بەڕۆژ گەورەتر دەبێت. خۆ دەربازکردن لەو پشێویەی میدیا لەناخی هەریەکێکماندا ڕۆژانە دەیچێنێت، گەڕانەوە بۆ دروستکردنەوەی کارەکتەرە ئاکتیڤ و هۆشیارەکەی خود، بەرپرسیارێتی تاك بەرامبەر بە ناخی خۆی و پاشان بەرپرسیارێتی بەرامبەر کۆمەڵگا و ژینگە و گیانی لەخۆبردوویی و بەتەنگەوەهاتن و خۆڕێکخستنەوە، خۆ دەربازکردن لە هەڵەشەیی و هەڵچوونە کاتیەکان و پاشان بەشداریکردن لە ڕێکخستنەوەی ژیان لەدەست ئەو هەموو فەوزایەی کە خۆمان لەژێر کاریگەری ئەم دەسەڵاتەو ئەم سیستمە فاشیستانەدا دروستمان کردوون.




گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئاسووده‌یی … ڕزگار حەمە ڕەشید

١
هه‌ڵوێسته‌ نوێکانی به‌شێک له‌و ڕۆشنبیرانه‌ی که‌ له‌ ڕابردوودا خاوه‌ن پرۆژه‌ی گرنگ بوون, پێویستی به‌ پێداچوونه‌وه‌ و هه‌ڵوێسته‌ کردنێکی جددی هه‌یه‌. چونکه‌ مه‌ترسی سه‌ره‌کی به‌ته‌نیا ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ حیزبه‌کان و سیاسیه‌کان چۆن بێباکانه‌ چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بۆ بەرژەوەندی خۆیان به‌کار ده‌هێنن، بەڵکو به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش مه‌ترسیداره‌ کاتێک ڕۆشنبیران ده‌که‌ونه‌ ناو یاریه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌.

له‌ کاتێکی پڕ له‌ شپرزه‌یی وه‌ک ئێستای ئه‌و کایه‌ رۆشنبیری و سیاسیه‌ی ئێمه‌دا، سیاسیه‌کان به‌مه‌به‌ستی له‌بارکردنی زۆرترین زه‌مینه‌ بۆ کۆنترۆڵکردنی ئه‌و شتومه‌کانه‌ی خۆیان، که‌ ئێمه‌ پێیانده‌ڵێین کۆمه‌ڵگا، هه‌موو ئه‌زمونێکی دیموکراسی و نادیموکراسی تاقیده‌که‌نه‌وه‌. ئەمەش بۆ ئەوەی زۆرترین شه‌رعیه‌ت به‌ قامچیه‌کانی خۆیان بده‌ن بۆ ڕامکردنی په‌نهانترین جیهانه‌کانی تاک وه‌ک بوویه‌کی ده‌سته‌مۆکراو. ڕۆشنبیرانیش زۆرترین نوسینه‌کانی خۆیان که‌ده‌ره‌نجامی خوێندنه‌وه‌و ڕاڤه‌و ڕامانه‌کانیانه‌ دەخەنە پێناو ئەو سیاسیانەوە کە هیچ ئومێدێک لە کارو پرۆژەکانیاندا نادۆزیتەوە بۆ ئایندە.

کاری ئەو ڕۆشنبیرو نوسەرو هونەرمەندە حیزبیانە، ئەوەندە سادەو لاوەکی نییە وەك ئەوەی دەبینرێت، یان خۆیان پێیانخۆشە نیشانی بدەن. بەڵکو زۆر کاریگەرە. لە مێژووی دوورو نزیکی حیزبەکاندا هەمیشە بینیومانە ڕۆشنبیرەکان ڕێنیشاندەرو دەستپێشخەر بوون بۆ دروستکردنی کاریزماکان، ئەو کاریزمایانەی لەئەنجامدا بوونەتە میرو ئاغاو دیکتاتۆرو هەمیشەش تێکڕای دەستکەوت و قوربانیەکانیان خستۆتە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیان و خانەوادەو بنەماڵەکانیانەوە. هەمیشە بە بڕیارە تاکەکەسیەکانیان گەورەترین زیانیان بە بوونی مرۆڤی ئێمە گەیاندووە. کارەساتەکە ئەوەیە، ئەم هاوڕێ ڕۆشنبیرانە، وەك سیاسیەکان، هەرگیز وانە لە ئەزموونەکانی پێشخۆیان و دەوروبەریان نابینن.

sher

سەرەتا کە دەچێتە لای “سەرۆك” یان “ڕابەر” پێیوایە کە توانای دەستکاریکردنی نەخشەی بیرکردنەوەکانی ئەوی هەیە، دەتوانێت پرۆژەکانی خۆی تێکەڵ بە پرۆژەکانی حیزب بکات و خەونە شاعیریانەکەی خۆی و هاوڕێکانیشی لەڕێگەی سەرۆکەوە بێنێتە دی. بەڵام هەمیشە ئەو ڕۆشنبیرانە بوونەتە بەشێك لە پرۆژەکانی سەرۆك و لەو پێناوەدا، نەك قوربانییان بە خەونەکانی خۆیان و هاوڕێکانیشیان داوە، بەڵکو بوونەتە پایەیەکی سەرەکیش بۆ گەشەکردنی دیکتاتۆر. زۆر جار بەناوی بێلایەنیەوە، گەورەترین گورزیان لە هەر پرۆژەیەکی سەربەخۆ وەشاندووە. بەناوی ئامانجەکانی شۆڕش و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سەروەری نیشتمانی و ترس لە پیلانی دوژمنان و…هتد دژی هەر دەنگێك کاریانکردووە کە ڕەخنەی بنەڕەتی لە سیستەم دەگرێت. بۆ ئەوان، باڵێکی خلیسکاوی ناو دەسەڵات لە هەر پرۆژەیەکی دەرەوەی ئەو باشترە. ڕازیکردنی دڵی ڕەوتە ئیسلامیەکانیان بەلاوە گرنگترە لە گوێگرتن لە گەنجێك کە تا ئاستی نەفرەت لە هەموان بێزارو ناڕازیە، کە دەستبەرداربوون و گەڕیدەبوونی ناو سنوورەکانی پێ شیاوترە لە ژیانێکی سەرشۆڕانەی بێمانا. ئەو ڕەوتە ئیسلامیانەی، کە قوربانییان بە هەموو بەها مرۆڤایەتیەکانیان داوە بۆ بەرژەوەندیە تایبەتی و سیاسیەکانی خۆیان. ئەو ڕەوتە ئیسلامیانەی کە هەر ئەوەندەی دەرفەتێکیان بۆ ڕەخسا، دەنگێکی ئازاد تیرۆر دەکەن. کە لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیان و حیزبە دەسەڵاتدارەکاندا، کۆمەڵگا لە تاریکی و بێئاسۆیی و نائومێدی و نەخوێندەواریدا نغرۆ دەکەن.

٢
هەرچەندە دواکەوتنی مووچە سووکاتیکردنێکی ڕاستەوخۆیە بە ئیرادەو ژیانی یەك بە یەکی کۆمەڵگەی ئێمە، بەوانەشەوە کە مووچەخۆر نین، بەڵام مژدەی گەیشتنی مووچە سووکایەتیپێکردنێکی زۆر لەوە ڕوخێنەرترو کارەسات ئامێزترە . ئەو برادەرە لووتبەرزانەی کە لەو بانەوە فەرمانڕەوایی دەکەن، بچووککردنەوە و لووتشکاندنی هاوڵاتیانیان کردۆتە ئامانجێکی سەرەکی، چونکە ئەوە تەنیا ڕێگایانە بۆ درێژەدان بەو دەسەڵاتە نا مرۆڤانەییەی خۆیان. ئەوان بەوەوە ناوەستن کە بێشەرمانە و بەبەرچاوی هەموانەوە دزی لە پارووی سەرجەم منداڵان و هاوڵاتیانی ئەم دەڤەرە دەکەن، هەڵیشدەکوتنە سەر کارەکتەر و بوونی تێکڕای تاکەکان و ڕۆژانە بیریاندەخەنەوە کە لەم نیشتمانەدا لە کۆیلەو کۆتکراو زیاتر نین.

ئەم دەسەڵاتە فاشیستە، زۆرترین توانای خۆی لە ڕامکردنی تاکەکاندا بەکاربردووە. بۆ ئەمەش، پەنای بۆ هەموو شێوازەکانی سیخوڕی و سەرکوتکردن و تیرۆر بردووە. جگە لەوەی لەشکرێکی بەربادی میدیایی پێکهێناوە تا چاوبەستراوانە داکۆکی لە حیزب و فەرماندەو سەرۆکەکانی بکەن. تا خیانەتەکانیانمان بە نرخی دەستکەوت و خەبات پێبفرۆشنەوە، تا سەرلێشێواندنێك بنێنەوە کەس نەتوانێت بگاتە کرۆکی ڕاستیەکان. بۆ ئەمەش جگە لەو هەموو کەناڵ و پرێس و لینکانەی بەناوی حیزب و حکومەت و بێلایەنەوە دەستگیرۆیی دەکرێن، سیاسەتی کارکردنیان بۆ دا دەڕێژرێت و لە کاروانی کۆیلەکردنی کۆمەڵگەدا ئەرکی گرنگیان پێدەسپێردرێت؛ ئێستا ئەوەشی هاتۆتە سەر کە ئەندامەکانی خۆیان بەرداوەتە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لەوێش هەمان ئاژاوەیان ناوەتەوە. ئەو ئەندامە بەڕێزانەش، وەك ئەوەی ڕۆژێك لە ڕۆژان، نەك بەهای کۆمەڵایەتی، بەڵکو بەهایەکیان بۆ خودی خۆشیان نەبووبێت، بێباکانە درێژە بەو یاریە دەدەن.

koyla

ڕۆژانە دەیانبینیت بە چەندین شێوە ماکیاژی خیانەت و گەندەڵیەکان دەکەن و خۆیان قوربانی سەرۆك و سەرکردە حیزبیەکانیان دەکەن، لەو لاشەوە هێرشدەکەنە سەر هەر دەنگێك کە بە ئاوازەکەی ئەوان نایژەنێت. ئەم کارەش بە زمانێکی ئەقڵانی و ڕەخنەگرانە نا، بەڵکو بە زمانێکی زبر کە تا ئاستی هۆنینەوەی جنێونامە پەلدەهاوێت، وەك ئەوەی ئەو بڕە پارەیەی لە بەرامبەر کۆمێنت و پیاهەڵدان و هێرشەکاندا وەریدەگرن، بە نانەوەی زۆرترین ئاژاوەی لاوەکی بپێورێت. دەست ئاوەڵاکردنی ئەو هەموو چالاکانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانداو بوونی ئەو هەموو دەزگایانەی ڕاگەیاندن، جگە لەوەی مانەوەی ئەوانی فەرمانڕەوا مسۆگەر دەکات، باشترین ڕێگەی گەیشتنیشە بە بچووکترین خانەی کۆمەڵایەتی. هەروەها ئاسانترین ڕێگایە بۆ سەرلێشواندن و لەبیربردنەوەی ڕوداوو کارەساتە گەورەو سەرەکیەکانی ژیانی ئێمە. ئەمە جگە لە هەزاران ڕێکخراوی بەناو مەدەنی و حیزبی کە لەژێر چەندین ناوی جیا جیادا ئەرکی بەرپا کردنی کەرنەڤاڵەکانیان گرتۆتە ئەستۆ، کەرنەڤاڵی گردبوونەوە بێبەرهەمەکانی وەك داکۆکی لە ژنان و ڕۆژنامە نوسان و بەدواداچوونی دۆسیەکانی تیرۆرو پێشێلکاریەکان و چەندین ناوی گرنگیتر. ئەمانە نەك بەو ئەرکەی خۆیان هەڵناستن و نایگەیەننە ئەنجام، بەڵکو لە کۆتاییدا لە چوارچێوەی ئاهەنگ و کەرنەڤاڵەکاندا، ڕوداوەکە لە بارگەکانی خۆی بەتاڵ دەکەنەوە. بەمەش ڕوداوە بارگە لێداماڵراوەکە، تەنیا بۆ ماوەیەکی کەم لەیادەوەریدا دەمێنێتەوەو هیچ کاریگەریەکی لەدوا بەجێنامێنێت. لە باشترین حاڵەتدا، ڕەنگە تا چەند ساڵێك مەراسیمی یادکردنەوەی بۆ بگیرێت و ئیتر وەك بەسەرچوویەك، وەك جەستەیەکی بێگیان، وەك مردوویەك هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکرێت.

٣
ئەرکێکیتر کە ئەم دەسەڵاتە فاشیستە خستوێتیە ئەستۆی ئەو لەشکرەی میدیا، بریتیە لە داماڵینی مانا لە چەمك و زاراوە گرنگەکان، دابەزاندنی ئاستی گفتوگۆ و لێوردبوونەوەکان، بەڕووکەشکردنی بینینی دیاردەکان. بۆ ئەم مەبەستەش سوودی لە نزمترین شێوازەکانی گوزارشتکردن و نوسین بینیوە، چەندین بۆشایی فیکری و تێزی ناڕۆشن دەکاتە دیاردەی گرنگ و، سەرجەم کەناڵە میدیاییەکانی پێوە سەرقاڵ دەکات. چەندین ڕۆشنبیری کردۆتە لێبووك و بە نرخی داهێنان بە کۆمەڵگەیان دەفرۆشێت. لە بەرامبەریشدا چەندین سایکۆپاتت هەیە کە چێژ لە بینینی ئەو ڕۆڵە وەردەگرن، چونکە جگە لەوەی ئاسانترین ڕێگایە بۆ ناوبانگ، ئاسانترین شێوازی دابینکردنی بژێویشە. ئەو بەڕێزانەی ئەو ڕۆڵە وەردەگرن، تەنها بەوەوە ناوەستن بە باشترین شێوە داخوازی سەردارەکانیان جێبەجێ بکەن، بەڵکو داهێنانەکانی خۆشیانی تێکەڵ دەکەن. بەمەش تا ئاستی ئاوێتە بوون لەگەڵ کارەکتەرە لێبووکئاساکەیاندا دەڕۆن و دەیانەوێت درۆکانمان بە حەقیقەت پێبگۆڕنەوە. کە دەیانبینیت، پێتخۆشە بڕوا بهێنیت کە ئەوانە گێلن، کەچی وەك تلیاك تێکەڵ بە مولوولە خوێنەکانی جەستەی کۆمەڵایەتیمان دەبن ، بە باشترین شێوە گەراکانیان لەو جەستەیەدا دادەنێن.

control

بەجۆرێك ئەگەر لە ئان و ساتی خۆیشیدا کاریگەریەکانی نەبینرێت، ئەوا بێگومان لە ئایندەیەکی نزیکدا نیشانەکانی دەردەکەون. چونکە ڕمەکانیان ڕێك بە ئاراستەی فەنتازیا و خەیاڵی لاوان و گەنجان دەهاون، ئەو ڕمانەی برەو بە ئاژاوەکانی بیرکرنەوەو سەرلێشێواندن دەدەن، تا لە ئەنجامدا یان بیانکەنە ملکەچێکی بێمێشکی دەسەڵاتە بێبەزەییەکانی ئەوان، یان ببنە موریدێکی نابینای ئیسلام و گرووپە ئیسلامیەکان. بەمەش جگە لەوەی مانایەك بۆ ئازادی و دادپەروەری و مافی تاك و هەڵبژاردن ناهێڵنەوە، هەر دەرفەتێکیش لەناو دەبەن ” ئەگەر هەبێت” بۆ شیکار و خوێندنەوەی قووڵی ژیان و بارودۆخەکان. ئەوان بە باشی ئەوە دەزانن ئەگەر بیرکردنەوە لە ڕووکەش تێپەڕێت، ئەگەر دیاردەکان هەڵکۆڵینیان لەسەر بکرێت و هەڵبوەشێنرێن و شیبکرێنەوە، ئەوا ئەو ژیانە شاهانەییەی ئەوان هەنگاوێك نزیکتر دەبێتەوە لە کۆتایی. بۆیە هەوڵدەدەن ڕێککەوتن لەگەڵ دوژمنترین و گێلترین مرۆڤەکاندا بکەن و بیانکەنە کاریزماو شیکاری بارودۆخەکانیان پێبنووسن. ئەو جۆرە لە شیکار کە تەنها خزمەت بە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران دەکات. ئەو جۆرە لە نووسین، کە ئەگەر ڕەخنە ئامێزیش بێت، ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کە ڕەخنە بێبەها بکات. لە دووبارەکردنەوەی چەمکەکاندا بە چەندین شێوازی ناقۆڵا و بۆ چەندین جار و چەندین مەبەست، ژیان لە واتا قووڵەکانی چەمکەکان دادەماڵێت، دەیانکاتە بابەتی وتراوو کول و دووبارە. بەمەش ئەو زەمینەیە فراوان دەکات کە دیاردەکان تەنها لە ڕووکەشدا دەهێڵێتەوە، کە دەرفەتی پرسیار و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەبار دەبات. ئیتر دەبێت هەمووان بەیەك چاوو لەیەك گۆشەنیگاوە بڕواننە دونیا و ڕوداوو دیاردەکان، دەبێت هەمووان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتەوە ڕەخنەو خوێندنەوەکانیان دابڕێژن.




ئۆباما و پرسی کورد … کێڤن مێککەرنەن … وەرگێڕانی: ڕزگار حەمە ڕەشید

{ لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٢دا سەفیری ئەو کاتەی ئەمریکا لە ئەنقەرە “فرانسیس .ج. ڕیچەردۆنیێ” لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی ئاشکراکرد کە ئەمریکا بەشێوەیەکی نهێنی ئامادەیی خۆی نیشانداوە بەوەی ستایەڵێك کە خۆیان ناویان ناوە” ستایەڵی بنلادن” پێشکەش بە تورکیا بکات بۆ تیرۆرکردنی سەرکردەکانی پەکەکە. ڕیچاردۆنیێ بە ڕیپۆرتەرەکانی ووت:”دوژمنەکانی ئێوە دوژمنەکانی ئێمەن، بۆیە دەمانەوێت ئەو میتۆدە مەڵتیدیسیپلینیەرە بخەینە خزمەت تورکیاوەو لە نزیکەوە بەکاری بهێنین”.
مانگێك بەسەر ئەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەدا تێنەپەڕی، سەکینە و هاوڕێکانی لە پاریس تیرۆرکران. “و.ك” }

ڕۆڵی ئیدارەکەی ئۆباما لە سەرکوتی ڕاپەڕینە درێژخایانەکەی کوردەکاندا لە تورکیا بە گەورەیی نەزانراوە. بەڵام چەند هەفتەیەك لەمەوبەر( مانگی ١٢ی ٢٠١٢، مانگێك بەر لە تیرۆرکردنی سەکینە و هاوڕێکانی. ”و.ك“) دیپلۆماتێکی ئەمریکی ئایدیایەکی گرنگ و سەرنجڕاکێشی درکاند. فرانسیس. ج. ڕیچاردۆنیێ سەفیری ئۆباما لە تورکیا ئەوەی ئاشکراکرد کە ئەمریکا بە شێوەیەکی نهێنی ئەوەی بۆ تورکیا پێشنیار کردووە کە ، لە ڕاستیدا، پێیدەڵێن ستایڵی بن لادن بۆ تیرۆرکردنی سەرکردەکانی پەکەکە ( پارتی کرێکارانی کوردستان) ئەو شۆڕشگێڕانەی لە ساڵی ١٩٨٤ەوە شەڕ دژی سوپا ی بە ئەمریکی پڕچەککراوی تورکیا دەکەن. ڕیچاردۆنیێ لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوەنیەکەی ئەنکەرە دا بە ڕیپۆرتەرەکانی ووت:” دوژمنەکانی ئێوە دوژمنەکانی ئێمەن”. “تواناو دەسەڵاتی ئەو میتۆدە مەڵتیدیسەپلینیەرە بوو کە بن لادنی گەیاندە کۆتایی، ئێمەش دەمانەوێت هەمان میتۆد بخەینە بەردەست تورکیا و لە نزیکەوە بەکاری بهێنین” . ( مەڵتیدیسەپلینیەر: تێکەڵکردنی چەندین دیسەپلینی ئەکادیمی یان پسپۆرییە پرۆفێشناڵەکان لە شێوازێکدا بەرەو ڕووی کێشەیەك یان بابەتێك)
ئەو کاتەی گوێم لەم تێڕوانینانەی سەفیر بوو، من تازە سوریام بەجێهێشتبوو، ئەو شوێنەی کە گرووپێك کوردی جیاواز خەبات بۆ ئۆتۆنۆمی خۆیان دەکەن. ئەو کاتە من بە ڕێگاوە بووم بەرەو چیای قەندیل، یەکێك لە بەرزترین چیاکانی سنووری عێراق، کە کەمپی شۆڕشگێڕەکانی پەکەکەی لێیە. من بە شوێن پەرچەکردارەکان دا دەگەڕام سەبارەت بەوەی کە تورکیا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالاندا، دامەزرێنەرە ناو زڕاوەکەی پەکەکە کە ساڵی ١٩٩٩ بە یارمەتی ئەمریکا دەستگیر کرا و لەگەڵ کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوو بە بابەتێکی ناودار.

ئەم ڕاپەڕینە کوردییەی تورکیا کە تەمەنی گەیشتۆتە ٢٨ ساڵ، بوو بە هۆی کوژرانی زیاتر لە ٤٠،٠٠٠ کەس ، زۆربەیان کوردن. نەتەوە یەکگرتووەکانیش پەکەکە ی بە ڕێکخراوێکی تیرۆریست لەقەڵەم داوە. بەڵام شارەزایان دەڵێن هەردوو لا شۆڕشگێڕەکان و سوپای تورکیا مافی مرۆڤیان پێشێل کردووە. ئەمڕۆ ململانێکە سنووری سەربازی تێپەڕاندووە. لە ساڵی ٢٠٠٩وە، نزیکەی ٨،٠٠٠ کوردی مەدەنی لە تورکیا دەستگیر کراون. لەناو ئەوانەدا پارێزەر و بە لایەنی کەمەوە ١٠٠ ڕۆژنامەنوسیشی تێدایە.. لە ئێران و چین زیاتر.

ئەم پاییزە، نزیکەی ٧٠٠- ١،٠٠٠ زیندانی لە تورکیا مانیان لە خواردن گرت، داواکاریەکەیان ئەوە بوو کە عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی تاکە کەسی لاببرێت و کوردەکان مافی بڵاوکردنەوەو خوندنیان بەزمانی خۆیان پێبدرێت و لە دەستوری تورکیادا ددان بە نەتەوەی کورددا بنرێت. تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە زۆربەی زیندانیەکان پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە، بەڵام بەپێی هیومان ڕاتس واچ زۆربەی گیراوەکان لە ” هەڵمەتی سەر سیاسەتی یاسایی لایەنگیری کوردەکان”دا دەستگیر کراون.

ڕووهەڵماڵینەکەی ڕیچاردۆنیێی سەفیر بەرامبەر بەم پاشخانە دەستی پێکردووە: ئەو پێشنیارە گومڕایەی ئیدارەی ئەمریکی بۆ بە ئامانجکردنی سەرکردەکانی کوردە شۆڕشگێڕەکان. لە کاتێکدا پەکەکە ڕێکخراوی قاعیدە نیە، هەروەها ئەمریکیەکانیشی نەکردۆتە ئامانجی نیشانەی خۆی…تورکیاش عاقڵانە ئەو پێشنیارەی نەتەوە یەکگرتوەکانی ڕەتکردەوە. سەرۆك وەزیرانی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەوڵیدا بەشێوەیەکی دیپلۆماسیانە شیبکاتەوە:” بن لادن لەناو ماڵدا دەستگیر کرا، بەڵام ئەم ململانێیە لە جوگرافیای چیاکاندایە”.
پاش ڕەتکردنەوەی پێشنیاری تیرۆرکردن، تورکیا توانی سەرکەوتوانە گتوگۆ بکات و کۆتایی بە ناڕەحەتیەکانی مانگرتن لە خواردن بهێنێت، بەمەش توانی لایەنگیری ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی باشووری ڕۆژئاوای تورکیا بەلای خۆیدا ڕابکێشێت ، کە زۆرترین کورد لەو ١٥ ملیۆنەی تورکیا لەوێ نیشتەجێن. بە سەرکەوتنی ئەم نەخشە بێ ئاوەزە، وا دەردەکەوێت کە ڕنگە ئەو کوشتنانە ڕای گشتی کوردەکانی دژی نەتەوە یەکگرتوەکان هەڵگێڕابێتەوەو کەرەستەی بەهێزی سەربازیکردنیشی دابێتە شۆڕشگێڕەکان.

ئەمە یەکەم هەوڵی ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا نیە بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی کوردەکان لە تورکیا. لە ١٩٩٩دا ئیدارەی کلینتۆن بە نهێنی سیخوڕەکانی ئێف بی ئای بەکارهێنا بۆ چاودێری کردن و یارمەتی دەستگیر کردنی عەبدوڵا ئۆجالان. لەلای خۆشیەوە ، ئیدارەکەی ئۆباما ماوەیەك یارمەتی تورکەکانیدا بۆ شەڕ دژی پەکەکە بە هاوبەشیکردنی تەکنەلۆژیای سەربازی و چاودێری( سیخوڕی). بەڵام بەشداری ئەمریکا لەو ململانێیەدا زۆر سەرنجی نەچووبووە سەر تا ساڵی ڕابردوو کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی بە هەڵە کۆمەڵێك خەڵکی مەدەنی لێ بوو بوو بە شۆڕشگێڕانی PKK و بۆردومانیکردن ، ئەو هەڵەیە بووە هۆی کوژرانی ٣٥ گوندنشین. پێشنیاری تیرۆرکردن لە کاتێکی زۆر ناسکی پەیوەندی تورکی- کوردیدا هاتە پێشەوە، لە کاتێکدا لەوانەبوو بەرزترین سەرکردەکانی پەکەکە ڕاماڵێت، ئەوە نیشاندەدات کە کۆشکی سپی ئۆباما چەند بێدەسەڵاتە لە ناسینەوەی کوردە ئاساییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ٣٠ ملیۆن کورد لەو ناوچەیەدا هەیە، بەسەر سنوورەکانی عێراق و ئێران و تورکیا و سوریادا دابەش بوون. بە پێچەوانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاوە لەو ووڵاتەدا، زۆربەی کوردەکان لەو ووڵاتانەدا پشتگیری پەکەکە و خەونە کوردیە کۆنەکە دەکەن بۆ ووڵاتێکی یەکگرتوو.

لە سوریا کە ژمارەی کوردەکان ٢ ملیۆنە،” ئاپۆ” کە بەشێوەیەکی فراوان بە ئۆجالان سەرۆکی پەکەکە ناسراوە… ئێستا لە شوێنی پەرستن دانراوە. ئەمەش بەشێکی لەبەر ئەوەیە کە زۆرینەی کوردە سوریەکان سەر بە پارتی یەکێتی دیمۆکراتین (PYD) لە سوریا کە هاوپەیمانی پەکەکەیە. بەڵام هۆکاری قووڵی ئەمە ئەوەیە کە کوردە ناوخۆییەکان، بەهەمان شێوەی ئەو کوردانەی لە تورکیا و ئێرانن، بە سادەیی نەوە بە نەوە وەك هاوڵاتی پلە دوو هەڵسوکەویان لەگەڵ دەکرێت. لەگەڵ پارچە پارچەیی ئۆپۆزسیۆنە عەرەبەکانی ڕژێمی ئەسەد بە شێوەیەکی خراپ، زۆربەی کوردەکان پێیان وایە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو لە شەڕە ناوخۆییە خوێناویەکەی سوریا دێنە دەرەوە. لەگەڵ هەموو سەختیەکانیشدا، دەست بەو بڕوایەوە دەگرن کە ئۆتۆنۆمی.. یان “بەهاری کوردی” وەك هەندێك ناوی دەبەن، بەڕێوەیە.
لە شارێکی سوریادا، خۆم نزیکەی ٧٠٠ خۆپیشاندەرم لەسەر شەقامەکان ژمارد، گەنج و پیر، بەکوردی قسەیان دەکرد، مۆسیقای کوردییان دەژەنی و جلو بەرگی کوردەوارییان پۆشیبوو؛ زۆر کەس ئاڵای کوردستان یان وێنەی ئۆجالانیان بەرز کردبووەوە. تەنها کاتێکی کەم بەر لە ئێستا، بەهۆی هەڵسوکەوتی لەو شێوەیەوە زیندانی دەکران..یان خراپتریش لەوە.

لە ڕۆخی ڕوباری دیجلە لە کوردستانی عێراق، کە هێشتا ئابووری ئەو ناوچەیە بەهۆی داگیرکاریە بەناوبانگەکەی ئەمریکاوە لە گەشەکردندایە، ئۆجالان لایەنگرێکی زۆری هەیە. من لەناو بازار و چایخانەکاندا گوێم لە خەڵك دەبوو کە سەرکردە زیندانیەکەی یاخیەکانیان وەك “نێلسۆن ماندێلا” وێنا دەکرد..بەڵام بێگومان، هەموو کەسێك بڕوا بەوە ناکات. محەممەدی حاجی مەحموود کە پەرلەمانتارێکی هەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستانە پێی گوتم” من حەزم لە ئایدیۆلۆژیاکەی ئاپۆ نییە،”. هێشتا، ئاگاداری ئەمەریکا دەکاتەوە کە بانگەوازەکەی ئۆجالان بەکەم وەر نەگرێت، محەمەد گوتی:”ئەگەر ئاپۆ بچێتە هەڵبژاردنی سەرۆکی کوردستانی تورکیاوە، هەر بە دروشم هەڵدەبژێردرێت.”
ئەی ئێران؟ کەیسی پژاك سوودبەخشە. پژاك ئەو گەریلایانەی کوردستانی ئێران کە لەگەڵ پەکەکەدا بەیەکەوە لە چیاکانی قەندیلن. گرووپی پژاك داوای گۆڕینی ڕژێی تاران دەکەن. بەتەواوی وەك ئەوەی زۆر لە کاربەدەستانی واشینگتۆن دەیانەوێت. بەڵام شۆڕشگێڕەکان ئۆجالان وەك جەنگاوەری ئازادی تەماشا دەکەن، نەك تیرۆریست.

کاتێك لە چیای قەندیل نزیك دەبوومەوە، ڕێبەرەکەم ئامۆژگاری کردم کە باتری تەلەفۆنەکەم دەر بکەم، لە ترسی ئەوەی نەبینە نیشانەو ئامانجی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا. ئەوە کەمێك وەك پارانۆید دەهاتە بەرچاو، بەڵام وایلێکردم بیر لە ڕاپەڕینە کوردیەکان بکەمەوە…بەمەی ئێستاشەوە…کە بە درێژایی سەدەی ڕابردوو لەسەر ئەم خاکە ڕوویانداوە، “چارەسەر”ی سەربازی وەك ئەمەی ئێستا کە ئیدارەکەی ئۆباما پێشنیاری کردووە، لە چارەسەری پرسی کورد دا فەشەلی هێناوە، بەڵام هێشتا لەوانەیە دەرفەتێك مابێت بۆ چارەسەری دیپلۆماسی.
جاری داهاتوو کە کوردەکان داوای ڕەوای خۆیان بەرز کردەوە، ئەمەریکا پێویستە پێشنیاری گفتوگۆ و مفاوەزات بکات، نەك تیرۆرکردن. لە ماوەی ٢١ ساڵی سەفەر کردنمدا بۆ ئەو ناوچەیە، هەرگیز ڕێکەوتی کوردێکم نەکردووە ئەمەریکیەکانی خۆش نەوێت. بەداخەوە وا دەردەکەوێت ئەو نیەتە پاکە بەزیادە بڕوات.

———————–
تێبینی:

١/ ئەم ڕاپۆرتەی کەیڤنم لە مانگی ١٢ی ٢٠١٢دا لە The World Post دا بڵاوکرایەوە و وەرمگێڕا، بە پێویستمزانی جارێکیتر لە ئێستادا بڵاوی بکەمەوە.
٢/ مانگێك بەسەر ئەو پێشنیارەی باڵیۆزی ئەمەریکادا تێنەپەڕی کە سەکینە و هەڤاڵەکانی لە پاریس تیرۆر کران.
لینکی ڕاپۆرتەکە:
http://www.huffingtonpost.com/kevin…
Kevin McKiernan is a journalist and filmmaker. He directed the PBS film Good Kurds, Bad Kurds and is the author of the book The Kurds: A People in Search of Their Homeland. His report on the Kurds in Syria appeared this month in the Santa Barbara Independent. Ps




مارا ساد لە نێوان خوێندنەوە و نمایشدا … بەشی چوارەم … ڕزگار حەمە ڕەشید

٤-٤

(نمایشی مارا ساد بەرهەمی کۆڕی شانۆی با، بە هاوکاری بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی؛ نوسینی پیتەر ڤایس، وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، دەرهێنانی هیوا فایەق، لە ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا. )

بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە بە فۆرماتی پیدی ئێف کلیکی ئێرەبکەن …..

بەشەکانی تر:

بەشی یەکەیم …..

بەشی دووەم ….

بەشی سێیەم …..




مارا ساد لە نێوان خوێندنەوە و نمایشدا … بەشی سێیەم

٣-٤

نوسینی: ڕزگار حەمە ڕەشید

(نمایشی مارا ساد بەرهەمی کۆڕی شانۆی با، بە هاوکاری بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی؛ نوسینی پیتەر ڤایس، وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، دەرهێنانی هیوا فایەق، لە ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا. )

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن …..




مارا ساد لە نێوان خوێندنەوە و نمایشدا … بەشی دووەم … نوسینی: ڕزگار حەمە ڕەشید


٢-٤

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەمی ئەم بابەتە کلیکی ئێرە بکەن …..

(نمایشی مارا ساد بەرهەمی کۆڕی شانۆی با، بە هاوکاری بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی؛ نوسینی پیتەر ڤایس، وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، دەرهێنانی هیوا فایەق، لە ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا. )
مارا ساد باس لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی دەکات بە ناوی شارنتۆن کە لە ساڵی ١٦٤٥ەوە دامەزراوەو بە چارەسەرە مرۆییانەکەی بۆ نەخۆشەکانی ناسراوە، بە تایبەتیش لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ لە ژێر چاودێری کۆڵمیێر دا. ئەو خەستەخانەیە کۆمەڵێك نەخۆشی بەناوبانگی گرتۆتە خۆی، لە ناویاندا مارکیز دو ساد ١٨٠١ تا ١٨١٤. ساد وەك ئەرستۆکراتێك و فەیلەسوفێك و نوسەرێك و تاوانبارێك ناوی دەرکردووە، نوسینەکانی پڕ بوون لە دیمەنی ئاشکرای سێکسی و توندوتیژی و سوکایەتیکردن بە کەنیسەی کاسۆلیکی. لە ماوەی شۆڕشی فەرەنسیدا بە نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی هەڵبژێردرا، ١٣ ساڵی کۆتایی تەمەنی لە نەخۆشخانەی دەروونی بەسەر برد، زۆربەی کارەکانی لە زیندانەکان نوسیوە. ساڵی ١٨٠١ بە هۆی کتێبی جەستین و جولییەت، ناپلیۆن بۆناپارت فەرمانی گرتنی دەرکرد و دواتریش گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروونی چارنتۆن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە “کۆڵمیێر” ڕێگەیدا هەندێك لە شانۆنامەکانی خۆی لە ڕێی نەخۆشەکانەوە ئامادە بکات و بۆ خەڵك نمایشیان بکات، کۆڵمیێر بەوە ناسرابوو وە ڕەخنەی لێدەگیرا لیبراڵانە هەڵسوکەوت لەگەڵ نەخۆشەکانیدا دەکات و ڕێگەی دەدان بە هونەر گوزارشت لە خۆیان بکەن.

sad

ڤایس بۆ کۆکردنەوەی چەندین چیرۆك و چەندین دەنگی جیاواز، شێوازی شانۆ لەناو شانۆی بەکار هێناوە. دەیەوێت لە ڕێگەی باسکردنی شۆڕشی فەرەنسییەوە چەندین بابەتی گرنگ و هەستیار بخاتە ژێر تیشکی لێوردبوونەوەوە. ساد دەکات بە نوسەری گریمانەکراوی ئەو چیرۆکەی لە نەخۆشخانەکەدا نمایش دەکرێت، بۆیە بینەران بە بەردەوامی بەدوای جیاکردنەوەی چیرۆکەکەی سادەوەن لە چیرۆکەکەی ڤایس. ڤایس لە ڕێگەی ڕووداوەکانی شۆڕشی فەرەنسا و فیگەری دی سادەوە پرسیاری گەیشتن بە دونیایەکی باشتر لە چەندین ڕووەوە دەخاتە ژێر لێکۆڵینەوە و تێڕامانەوە. ئەو شۆڕشەی بە یەکێك لە ڕوداوە گرنگەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت، دە ساڵ و نیو بەردەوام بوو، ١٧٨٩- ١٧٩٩ ماوەیەکی درێژ لە هەڵگەڕانەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی. ئەو شۆڕشە کۆتایی بە سیستمی پاشایەتی هێنا و بە کۆماری جێگای گرتەوە. بە چەندین ناڕەزایەتی و هەڵگەڕانەوەی پڕ لە توندو تیژیدا تێپەڕی و دواجاریش لە سەر دەستی ناپلیۆن گەیشتە قۆناغی دیکتاتۆری و زۆربەی پرنسیپەکانی شۆڕشی بە ئەوروپادا بڵاو کردەوە کە پێکهاتبوو لە بۆچوونە لیبراڵ و ڕادیکاڵەکان، وە گۆڕنکاری قووڵی لە مێژووی نوێدا دروستکرد.
ئەگەر شۆڕش جۆرێك بێت لە یاخیبوون لەو سیستمەی لە ئارادایە، ڤایس هێڵەکانی ئەو یاخیبوونەمان بەم شێوەیە بۆ دەکێشێت:

France

ساد نوێنەرایەتی ئەو جۆرەیە لە یاخیبوون کە تەنیا لەپێناوی یاخیبووندایە و هیچ پلانێکی بۆ مانەوەو شوێنپێدانان نییە. هەرچەندە چەندین پرسیاری ئەنتۆلۆجی و گرنگ دەوروژێنێت، ساد: ” مارا من چاک دەزانم ئەم شۆڕشە بەرەو کوێ دەمانبات، بەرەو نەمانی مرۆڤ وەکو خودێکی تەنیا، تا هێدی هێدی دەتوێتەوە، دەخرێتە نێو ئەوانیتر، یەك ڕەنگ و یەك شێوە.” بەڵام تەنیا ئەو چرکە ساتە دەژی کە تیایدایە: ساد: ” ئەو کاتەش کە نامێنم و لەناو دەچم، دەمەوێت هیچ شوێنەوارێك لەدوای خۆم بەجێ نەمێنێ، تا بۆم بکرێ ئەسەری بوونم بسڕمەوە.” لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بۆ ئەو جووڵە خێرایانەی ساد بکەم لە نمایشەکەدا، کە زۆر بە وردی ئەم حاڵەتەی بەرجەستە دەکرد و وەك کارەکتەرێکی نهێلیست هەستت دەکرد بە قاچ پێش خۆی و دوای خۆی دەسڕێتەوە. جۆری جووڵانەوەی ئەکتەرەکان بۆ بەرجەستەکردنی ژیانی کارەکتەرەکان یەکێکە لەو لایەنە سەرنجڕاکێشانەی وردبینی نەخشەکانی دەرهێنان و نواندنمان بۆ ئاشکرا دەکەن. لە درێژەی ئەم نوسینەدا هەندێك لەو وردەکاریانە خوێندنەوەیان بۆ کراوە.

مارا نوێنەرایەتی جۆرێکیتری یاخیبوون دەکات ئەویش یاخیبوونە لە پێناوی شوێنپێداناندا، بەڵام لە شوێنێکدایە کە هێشتا قاچێکی لەناو پێشینەکانی خۆیدایە، ئەو پێشینانەی مومارەسەی توندوتیژی دەکەن بە بیانووی شۆڕشگێڕانە و لە کۆتاییشدا یاخیبوونەکانیان بە خۆشکردنی شوێنپێیەك کۆتایی دێت کە هەمان ئەو جێگایەیە ئەوانەی پێش ئەو زەمەنێکی نەگۆڕیان تیادا دروست کردبوو. واتە دەشێت گۆڕانکاری لە فۆرمی حوکمڕانیدا بکات، بەڵام هەرگیز نایەوێت خودی حوکمڕانی و دەسەڵات لەناو ببات، ئیش بۆ دروسکردنی فۆرم و زەمەنی جیاواز دەکات لەناو هەمان زەمینەکانی پێشخۆیدا، هەرگیز ئەو سەرکەشییە ناکات تێکڕای زەمینەی ململانێکان بگۆڕێت. مارا دەستپێکی هەمان ئەو هێڵەیە کە ناپلیۆنی لێوە بەرهەمدێت، سەرقافڵەی بیری لیبرالیزم بەرەو جیهان، ئەوەی هیگڵ بە سوارچاکی کردنەوەی دەرگای کۆتایی مێژوو ناوی دەبات. لە نمایشەکەشدا لە جۆری ئەدای کارەکتەری مارادا، هەمیشە هەست بە جێگیری دەکەین، یان لە هەر جووڵەیەکدا چاوی لەوەیە چۆن بگەڕێتەوە ناو داڵدەکەی خۆی، بانیۆکە، ئەو شوێنەی لەم نمایشەدا و لە زۆر نمایشی تری “مارا ساد” یشدا شێوەی تاکە پێڵاوێکی دراوەتێ. وەك دەڵێن پاش کوژرانی مارا هەر بەو شێوەیە وەسفی بانیۆکەی کراوە کە لە تاکە پێڵاوێك چووە.

کۆردی نوێنەرایەتی تێکڕای ئەوانە دەکات کە هەرگیز خەونی تێپەڕاندن و سڕینەوەی ئەو داڵدە ئاسوودەیەیان نییە کە لە پێشینەکانیانەوە دامەزراوە، بە هەموو توانایەکیانەوە شەڕی هەر نەیارێکی سەرکەش دەکەن ئەگەر بیەوێت ببێتە مەترسی بۆ ئەو مەنزڵگا ئارام و ڕەها و ئاسوودەیە. کۆردی: “مارا من هاتووم تۆ بکوژم تا هەموو خەڵکی ئازاد بن.” یان هەموو هەوڵێك دەدات ئەوەی لەدەست چووە بیگەڕێنێتەوە شوێنی خۆی و هەموو شتەکان بە شێوەکەی جارانی ڕێکبخاتەوە، کۆردی: ” ڕۆژێك دێ ئەو خەونە بێتە دی، وای لێ دێ مرۆڤ لەگەڵ خۆی و خەڵکیدا ئاشت بێتەوە، لەوپەڕی ڕێکی و تەباییدا بژی.”

دکتۆر نوێنەر و نموونەی دەسەڵاتە، لە سیستمی هەرەمیی خەستەخانەکەدا، لە دکتۆرەوە بۆ کارمەندەکانیتر، لە مومارەسەکردنی سەرکوت و دەمکوت و سزا و دیسیپلینکردنەوە تا ڕامکردن و بە کۆیلەکردنی هەموان. لە تێکستەکەدا دکتۆر نموونەی پیاوێکی لیبراڵە کە بەتەواوی لەژێر کاریگەری دەسەڵاتی ناپلیۆندایە. ئەوەی ئەو قەدەغەی دەکات، ئەو بەشانەیە کە دژی کەنیسە و دەسەڵاتە، بەتایبەتی ئەو بەشانەی دیالۆگەگانی ساد دژی شۆڕش و بەدگومانیەکانی سەبارەت بە شۆڕش و ئەو ڕەخنانەی مارا لەسەر گەندەڵکاران. لە نمایشەکەدا ئەمە زیاتر فراوان کراوە و ڕاستەوخۆتر کاری لەسەر سزا جەستەییەکان کردووە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەبەرچاوی بینەرانەوە. ئەمەش بۆ خەستەخانەیەك کە دەیەوێت خۆی وەك نموونەیەکی شارستانی پیشان بدات و وەك دکتۆر باسیدەکات گوایە دەیانەوێت لە ڕێگای هونەرەوە یارمەتی نەخۆشەکانیان بدەن، داواش لە بینەران دەکات لەوە تێبگەن ئەمانە تاوانبار نین و هەر یەکەیان بەر لەوەی بچنە ئەو شوێنە ئەرکی کۆمەڵاتییان هەبووە ڕایپەڕێنن. کەچی ئەو دکتۆرە بەڕێزە بە نواندنی ئەکتەری بەتوانا ( ڕۆژە فایەق) دەگۆڕێت بۆ جەللادێکی ڕووداماڵراوو بەربادێکی پڕ لە هاوار و پاش سەربڕینی سمۆرەکەشی بەدەستی ساد، ئیتر وەك نەخۆشێک بەو ناوەدا دێت و دەڕوات و تەنانەت لە کاتی لاقەکردنی یەکێك لە نەخۆشەکانیشدا، هیچ هەڵوێستێکی جددی نانوێنێت و هەر بە ئازاری سمۆرەکەیەوە دەناڵێنێت.


ماویەتی …..




مارا ساد لە نێوان خوێندنەوە و نمایشدا … بەشی یەکەم … ڕزگار حەمە ڕەشید


١-٤

(نمایشی مارا ساد بەرهەمی کۆڕی شانۆی با، بە هاوکاری بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی؛ نوسینی پیتەر ڤایس، وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، دەرهێنانی هیوا فایەق، لە ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا. )
لەم ماوەیەدا و پێشتریش، کۆمەڵێك نوسەری بەڕێز و چەند هاوڕێیەکی خۆشەویستم دەربارەی مارا ساد و پیتەر ڤایس و شانۆی تۆماری و کاریگەری برێخت و ئارتۆ لەسەر تێکستەکە و نمایشەکەی پیتەر برووك و، کەمێکیش دەربارەی ئەم نمایشە نوسرا، من هەوڵمدا ئەوەی لەو بارەیەوە نوسرا دەستم بکەوێت و بیانخوێنمەوە، ئەمەش بەو مەبەستەی باسکردنی ئەو لایەنانە دووبارە نەکەمەوە.

لەم نوسینەدا هەوڵم داوە خوێندنەوەیەك بۆ تێکستەکە و شێوازی نوسینی، وە نمایشەکە و شێوازی بەرجەستەکردنی بکەم. لە سەرەتادا خودی تێکستەکە و هەندێك ڕەهەندی سیاسی و فیکری ناو تێکستەکە باس دەکەین، دواتریش پێکهێنەرەکانی نمایش و هەندێك لایەنی تەکنیکی و نواندن باس دەکەین.
سەرەتا دەمەوێت دژی ئەو ڕا کۆلەکتیڤخوازە بووەستم کە سەرجەم ژیانی کۆمەڵایەتی و کەلتووریمان لە ناوێك، نوسراوێك، کارێکی هونەری، ڕابەرێکی سیاسی، یان شێوە ڕەفتارێکدا دەتوێنێتەوەو لێرەوە شەرعییەتی مانەوە و بەرەو سەر ڕۆیشتنی خۆی وەکو ناوێك و شێوە بیرکردنەوەیەك دەسەپێنێت بەسەر هەمواندا. ئەو ڕا فاشیستەی زاراوەکانی تاك و تەنیا و تا سەر ئێسقان و لە ئەلفەوە تا یا و ئەو دەستەواژانەی تری ئاخنیوەتە ناو قسەکردن و نوسینەکانەوە کە هەموو لەناو یەكدا دەتوێنێتەوە. ئەگەر پێتوایە ئێمە خاوەنی هیچ نین و لە بۆشاییداین و تەنیا چەند فریاد ڕەسێك وزەی کارکردنیان کردووە بە بەری ژیانی کۆمەڵایەتی و کەلتووریماندا، تۆ لە شوێنێکی هەڵەدا یارییەکی هەڵە دەکەیت.

دەشێ بۆ چەند ساڵێك بتوانیت زۆرێك لە خشتە بەریت، بەڵام خۆت لە هەموومان باشتر دەزانیت، ئەو ئاراستەیە ناتوانێت مێژوو ببڕێت و چرکەساتی گرنگ لەو کاروانەدا بەرهەم بهێنێت. هەر ئەم شێوە بیرکردنەوەو گوزارشتکردنەشە وایکردووە ڕەخنەی جددی نەتوانێت سەر دەر بهێنێت و فەوزایەکی پڕ لە غرووری بۆش و دۆشدامان و دڵەڕاوکێی بێ بەرهەم لە دەروونی ئەو گەنجانەدا جێگیر بکات، کە دەبوایە بزوێنەری داهێنان و خۆ تازە کردنەوە و ڕەخنە لەخۆ گر و تێپەڕێنەر بوونایە. ئەو نەوە فاشیستە، یان نەوەیەکی فاشیستیتر دەبێت بەژێر باڵی ئەواندا سەرهەڵبدات، یان ناهێڵن هیچ دەنگێکیتر ببیسترێت. ئەمەی دەیڵێم بە داخەوە زۆربەی بوارەکانی تریشی گرتۆتەوە. هەر لەم ڕووەوە، دەمەوێت ئەو تەوژمە هەڵەشە بێئاگایە بخەمە ژیر ڕەخنەی وێرانکەرەوە کە هەر جارەو کەسێك یان کارێك لە ژانرێکدا هەڵدەبژێرێت و ئیتر دەڵێت وا هەناسەیەکمان تێگەڕایەوە. ئەو شەپۆلە خەوتووەی تەنیا لەم نێوەندەدا جێی خۆیی کردۆتەوە و هەرگیز ناتوانێت خۆی لە سیحری ئەوانیتری دەرەوەی ئەم جوگرافیایە دەرباز بکات و لێرەش خۆی دەکاتە داکۆکیکەر و پێغەمەری تەووژمەکان. دەشێ بۆ خوێنەرێك یان بینەرێکی ئاسایی کە بەهۆی ژیانی ڕۆژانەیەوە نایپەرژێتە سەر بینین و خوێندنەوەی دەنگە جیاوازەکان، ئەم حاڵەتە داوەری هەڵنەگرێت. بەڵام بۆ بەڕێزێك کە ئەوە کار و سەرقاڵیی ڕۆژانەیەتی، ناکرێت هەروا وازی لێبێنین تێپەڕێت.

لەم شارەدا مانگی چەند نمایشی شانۆیی، سیمینار، پێشانگای شێوەکاری و کۆنسێرت و ئەو جۆرە شتانەمان هەیە؟ کە تۆ بەهۆی کبریائێکی ئەرستۆکراتیانەی پڕ لە زەیفەوە دانابەزیت و نایانبینیت، ئیتر چۆن ڕێگە بە خۆت دەدەیت دەربارەی کەلتوور و هەلومەرجی پێشکەوتن و زیندوویی یان پاسیڤ بوونی چالاکیەکان و دیدگاکان قسە بکەیت؟ لەم بارەیەوە بۆ ئەم نمایشەو زۆر کاری هونەری و کەلتووری تریش کە لەم شارەدا دەکرێن، گوێبیستی ئەو قسانە دەبین کە جگە لە پیاهەڵدانێکی کوێرانە، هیچیتر بەرهەم ناهێنێت، لە کۆتاییشدا نە خزمەت بەو ڕێچکە هونەریە دەکات و نە هونەرمەندەکان. من لە ماوەی ئەم ساڵدا چەندین کاری شانۆییم بینی شایستەی بینینن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت لەسەر حسابی هیچ یەکێکیان ئەوانیتر داپڵۆسین و دەمکوتیان بکەین. لە هەشتاکانەوە شانۆی ئێمە بە کۆمەڵێك ئەزموونی گرنگدا تێپەڕیوە، لەو نێوەشدا چەندین ماوەمان هەیە تیایدا شانۆکەمان تووشی نشێوو بەربەست و تەنانەت وەستان بووە.

لەپاڵ ئەو بزووتنەوە جدیەدا کە دەستی پێکرد، وەك ئەوەی لە هەموو دونیادا هەیە، چەندین کاری نا هونەری و نا پرۆفێشناڵمان بینیوە، ئەوەشمان بینیوە کە گرووپێکی هونەری دواجار بوونەتە گرووپێكی پڕ لە بەرهەمی ناتەواو، یان وەك ئەوەی ئێستا دەیبینین، وەرگێڕانی نوسین لە سایتەکانەوە و دابەزاندنیان بەناوی خۆتەوە، کۆپیکردنی دیمەن و سینۆگرافیا و دیکۆر و تەنانەت جۆری ئەداکردنیش لە سایتەکانەوە و لە ڕێگەی یوتوبەوە. بەشێکی ئەم حاڵەتانەش دیسانەوە پەیوەندی بەو هەوڵە فاشیستیانەوە هەیە کە باندێک لە نوسەران و هونەرمەندان وەکو گەرا لەناو کون و کەلەبەری ئەو نێوەندەدا دایانناوە و هەوڵی زۆری دەوێت تا پاکبکرێنەوە.

لێرەوە ڕووی دەمم دەکەمە ستافی شانۆگەری مارا ساد و داوایان لیدەکەم بە چاوێکی کراوەوە گوێ لە تێبینیەکان بگرن و دڵنیا بن تەنیا بە ڕەخنەی زانستی و بەخۆدا چوونەوە و داڕشتنەوەو کاری بەردەوام دەتوانین شکڵێکی تایبەت بە شانۆکەمان ببەخشین.
سێ خوێندنەوە و سێ قۆناغی کاری جیاواز لە مارا ساد دا لە سلێمانی ١٩٨٧، ١٩٩١، ٢٠١٦
ساڵی ١٩٨٨ دەرهێنانی شەماڵ عومەر، بەهێزکردنی گوتاری مارا و بیری شۆڕشگێڕی، هاوشانی بزوتنەوە شۆڕشگێڕەکانی شاخ و ڕاگرتنی هاوسەنگییەك لە نێوان کردار و دیالۆگەکاندا. دابەشکردنی کۆرس بەسەر هەرسێ لادا . تەنها کاتێك کە کۆرس بە بێ پاڵنان بە گالیسکەکانی مارا و ساد ەوە دەبینرێن، کاتی ئەو دیالۆگانەیە کە کە کۆرس دەگەڕێنەوە بۆ حاڵەتی نەخۆشی، ئاماژەی نەخۆشخانەکەش لابرابوو تا ڕاستەوخۆتر وەك نەخۆشیەکانی کۆمەڵگا ببینرێن.
ساڵی ١٩٩١ دەرهێنانی ڕزگار ئەمین، فۆکەس خستنە سەرئەو دیالۆگانەی باس لە دڕندەیی شۆڕش و سەرکردەپەرستییان تێدایە، ئەمەش وەك سەرەتای زەنگی ئاگادارکردنەوەی مەترسییەکانی دوای ڕاپەڕین و چەپڵەلێدان بۆ سەرکردەکان و بەرزکردنەوەیان تا ئاستی پەرستن و شەڕکردن لە پێناویاندا.
ساڵی ٢٠١٦ دەرهێنانی هیوا فایەق، دۆشدامان لە نێوان ماناکانی شۆڕش و ئازادیدا، سترێس خستنە سەر ئەو دیالۆگانەی باسی گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سامانی گشتی دەکات.
دەبینین لە هەر یەك لەو نمایشانەدا خوێندنەوەی هەلومەرجی ئێستا بوونەتە داینەمۆی داڕشتنەوەی گوتاری نمایشەکان.

کورتەیەك دەربارەی تێکستەکە:
Petir

مارا ساد لە لایەن پیتەر ڤایسەوە وەك تاقیکردنەوەیەکی جیاواز بۆ دەسەڵاتی چیرۆك لە ساڵی ١٩٦٣ دا نوسراوە، تیایدا کۆمەڵێك چەمکی وەك: شۆڕش و شۆڕشی دژ، سەرکوتکردنی شۆڕشگێڕان و بە جەللاد بوونی شۆڕشگێڕان، شوناس و سنورەکانی ئازادی، کاریگەریەکانی ئەوانیتر لەسەر تاك و کاریگەری تاك لەسەر ئەوانیتر. حەقیقەت وەك چەکێك بۆ سڕینەوەی ئەوانی تر و وەك چەکێك بۆ خود پاراستن لەوانیتر، دەسەڵات لە پلە بەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ( پیادەکردنی دەسەڵات و هەیمەنەی دەسەڵات لە لوتکەی بڕیارەوە تا بنتکەی ملکەچی، یەك لەسەر ئەوانی ژێرتر)، ئایین وەك ئەفیونێك بۆ ئامادەکردنی تیرۆریست و جەنگاوەرە خەواڵوەکانی خودا، ئایین وەك چەکێك بۆ شەرعییەتدان بە لەناوبردنی نەیاران، تا گەیشتن بە دەسەڵات… وە چەندین چەمك و واتای پڕ پێچ و پەنایتر، سەرجەم بەیەکەوە گوتاری شانۆنامەی مارا ساد دەنوسنەوە. لەو تێکستەی ڤایس دا بە ئاشکرا کاریگەری ڕوداوەکانی پاش دوو جەنگە جیهانییەکەی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست دەبینرێن، بە تایبەتیش بزوتنەوەکانی دژی شەڕ وەك بزووتنەوەیەکی فراوان لە زۆربەی ووڵاتانی جیهاندا بە تایبەتیش شەڕی ڤێتنام ١٩٥٤- ١٩٧٥، بزوتنەوەی چەپە نوێکان وەك شێوازێکی نوێ لە لایەن بیریاران و خەباتگێڕانەوە سەری هەڵدا بۆ چاکسازیکردن لە هەندێك بابەتی وەك مافە مەدەنیەکان و پرسی جەندەر و ..هتد، هەروەها کاریگەری گفتوگۆ فەلسەفییەکان و بڵاو بوونەوەی کتێبی “ئیرۆس و ژیاری”ی هێربەرت مارکیوز ١٩٥٥ “شێتی و ژیاری” ی میشێڵ فۆکو ١٩٦١ ، و چەندین کتێبی گرنگی تر.

ماویەتی….




لە چوار سندوقەوە بۆ نمایشی مێژووی با -2-… ڕزگار حەمە ڕەشید

بەشی دووەم
٢-٢

کاتێك چوار سندوق لە لایەن ئەم گرووپە خەمخۆرەی شانۆی ئێمەوە نمایش کرا، کۆمەڵێك گۆڕانکاری بەسەردا هاتبوو کە شایانی لەسەر وەستان و لێپێچینەوەیە. ئەمەش لەبەر کۆمەڵێك هۆ:
١/ بەشدارانی ئەم نمایشە بە بەشێك لە بزوتنەوەی جاددی شانۆی ئێمە ئەژمار دەکرێن.
٢/ قسەکردن لەسەر شێواز و هۆکارەکانی دەستکاریکردنی ئەم تێکستە، پەلکێشمان دەکات بۆ گفتوگۆیەکی زۆر پێویست دەربارەی شانۆو بینەر، کە ئێستا لێرەو لەوێ لەنێو شانۆکاراندا قسەی لەسەر دەکرێت و یەکێکە لە پرسیارە چارەنوسسازەکان بۆ ئێمە.
لێرەدا هەوڵدەدەم تێبینیەکانم لەو بارەیەوە لە چەند خاڵێکدا کورت بکەمەوە:
١/ مێژووی با جیاواز لە چوار سندوق، بە جۆرێکیتر دەست پێدەکات کە ئەمە سەرلەبەری گوتاری کارە شانۆییەکەی گۆڕیوە. لای بەیزایی سەرەتا قسە لە کێشە و مەترسییە ئانی و پێشبینیکراوەکانیش دەکرێت، بەر لەوەی بڕیاری دروستکردنی داهۆڵەکەیان دابێت. بەڵام لە مێژووی با دا ژیانێکی ئارام و ئاسوودە بەرجەستە دەکرێت و تا ڕاددەیەکی زۆر بۆ ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراو دروستی دەکەن. جیاوازی بنەچەیی ئەم دوو تێڕوانینە لێرەدا ئەوەیە کە یەکەمیان نکوڵی لە بوونی کێشە مێژووییەکانی مرۆڤایەتی ناکات و لەسەر ئەو مێژووەوە دەیەوێت ئەوەی لە ڕابردوودا ماکیاژ کراوەو داهێنانی تیادا کراوە، لە شێوەو ناوی دەسەڵات و ئیتیكەکاندا بخاتە ژێر ڕەخنەوە. بەڵام لە دووەمیاندا جۆرێك لە ئاسوودەیی و ئارامی بەرجەستە دەکرێت کە لەزۆر شوێندا هەستدەکەیت ئەمانە وەك یارییەك داهۆڵەکە دروست دەکەن و توانای خۆیانی تیادا تاقیدەکەنەوە. بەو پێیە، ئەمان هەڵەی هەڵبژاردنی یاریەکە دەخەنە ژێر ڕەخنەوە نەك خودی ڕوداوە واقیعیەکە. لە نمایشەکەدا ژیانی بەر لە دروستکردنی داهۆڵ وەك ژیانێکی ئاسایی و خۆشگوزەران بەرجەستە دەکرێت، بەڵام لە تێکستە ئۆریژیناڵەکەدا کێشە و ململانێ مرۆییەکان بەشێکن لە ژیانی بەر لە دروستکردنی داهۆڵەکە.
shano
٢/ لە تێکستەکەدا ڕەنگەکان بەپێی کارەکتەرەکان دابەشکراون، بەڵام لە نمایشەکەدا ڕەنگەکان یەکانگیر کراونەتەوە لەگەڵ مانا لۆکاڵیە حیزبیەکاندا. لای بەیزایی کارەکتەری ڕەنگەکان هەمان واتاکانی خودی ڕەنگەکانیان هەڵگرتووە،بەمجۆرە:
سور: نوێنەری کەسێکی بازرگانی سودپەرست و سازشکار و هەلپەرستە کە بە ئاشکرا مل بۆ دەسەڵات دادەنەوێنێت و تەنیا بیر لە بەرژەوەندیەکانی خۆی دەکاتەوە.
سوردەڵێ: من لە بازرگانێکی بێکەڵك زیاتر هیچیتر نیم.
داهۆڵ: ڕێگەت پێدەدەم هەر وەك بازرگانێکی بێکەڵك بمێنیتەوە
سور: خوایە گیان چ بەخشندەییەکە، ڕێگەم بدە دەستت ماچ بکەم. ( دواتر قاچی پێ ماچ دەکات)
کارەکتەری سەوز نوێنەری مرۆڤی ئایینی ڕیاکار و زانای درۆزنە کە ئایینی کردووە بە دوکانێك و بەرژەوەندیەکانی خۆیی لێوە دەستەبەر دەکات.
زەرد نوێنەری ئەو ڕۆشنبیرانەیە (لینینیانە، وردەبۆرژوا) کە هەرجارەو بەجۆرێك دەردەکەون ، جارێك دژی دەسەڵاتە و جارێك لەگەڵیایەتی.خزمەتی دەکات و مەرایی بۆ دەکات. لە چوار سندوقدا زەرد نوێنەری ئەو ڕۆشنبیرانەیە کە تا ئەو شوێنەی مەترسی لەسەر ژیانیان نییە ناڕازین، بەڵام هەر کە هەستیان بە مەترسیکرد دەگەڕێنەوە ژێرباڵی دەسەڵات بەڵام هەوڵدەدەن خۆیان ئاشکرا نەکەن. ئەوانە نەك مەترسی نین بۆ سەر داهۆڵ، بەڵکو ئەو خزمەتەی بەوان دەکرێت ڕەنگە بە دەست وقاچەکانی داهۆڵ خۆی نەکرێت. داهۆڵ بە ئاشکرا پێیدەڵێت کە خۆشحاڵە بەو ناڕەزایەتیانەی ئەو.
داهۆڵ: ڕێگەت پێدەدەم دوژمنی من بیت، ئەوە غرورم تێر دەکات.

shano2

ڕەش نوێنەری حەشامات و خەڵکی بەشمەینەتی کۆمەڵگایە، هەڵبژاردنی ڕەنگەکەش بۆ گوزارشتکردنە لە چارەڕەشی خەڵکی بەشمەینەت و مرۆڤە زوڵملێکراوو بەشخوراوەکان. کارەکتەری ڕەش زمانێکی توند و تیژی هەیە و بێڕەحمانە دەسەڵات دەداتە بەر ڕەخنە. لە ڕوکەشدا گێل دیارە، بەڵام مافەکانی خۆی دەزانێت و کە دەکەوێتە سەر پێی خۆی، خاوەنی قسەی خۆیەتی، بۆیە لە تێکستەکەی بەیزاییدا بە تەنیا ئەو سندوقەکەی خۆی دەشکێنێت و بەرامبەر داهۆڵ دەوەستێتەوە، ڕەش: من ئێستا هەم، من ئێستا هەم. بەمەش شانۆگەریەکەی بەیزایی تەواو دەبێت.
تێکستەکە هەرچەند سیاسییەو سادە دێتە بەرچاو، بەڵام هەڵگری چەندین پرسیاری قووڵیشە. بەڵام نمایشی مێژووی با تێکستەکەی سادەتر کردبووەوە، وەك باسمکرد هەموو مانایەکی لە ڕەنگەکان داماڵێبوو وە کردبوونی بە ڕەنگی باوی حیزبەکانی ئێرە، هەر بۆیەش ڕەنگی ڕەشیان گۆڕیبوو بە سپی، تا چوار ڕەنگە سەرەکیەکەی حیزبەکانی باشوور بخاتە ڕوو. ئەمەیە کە دەڵێم سەرلەبەری گوتاری تێکستەکەیان گۆڕیوە. ئەمە کۆمەڵێك ئیشکالیاتی تریشی بەدوای خۆیدا هێنابوو، هەموو کارەکتەرەکانیتر پیاو بوون تەنها ڕەش، نوێنەری ڕەشەخەڵکەکە نەبێت، ئەویش بە بەرگێکی پیاوانەوە. بە بڕوای من ئەم ئایرۆنیەتە لەناو کۆنتێکستی نمایشەکەدا هەنگاوێك لە تێگەشتنی باو نەچووبووە پێشەوە (لە پەیوەند بە جێگەو ڕێگەی مێینەوە لە کۆمەڵگادا)، بە مانای ستریۆتایپ، مەبەستم ئەو پێناسانەیە کە لە تێگەیشتنی باوی کۆمەڵگادا سەپێنراون بەسەر مێینەدا و پێناسەی مێینەی پێدەکەن وەك بێدەسەڵات و گێل و بێ کارەکتەر و بێبڕیار و نا بەرپرسیار و..هتد ڕەشە خەڵك وەك مێینەیەك بەو پێناسانەوە دەبێتە یەکەم کەس کە بێ بیرکردنەوە سندوقەکەی خۆی دەشکێنێت و دواتر یەك یەك بەدوای ئەوانیتردا ڕادەکات و لێیان دەپاڕێتەوە بەجێی نەهێڵن و ئەوانیش سندوقەکانی خۆیان بشکێنن. کە یەکێکیان پەشیمان دەبێتەوە، ئەو کارەکتەرە هەڵەشەیە دۆشدادەمێنیت و دادەنیشێت و بیر لە هەڵەکەی خۆی دەکاتەوە، تا لە کۆتاییدا هەموویان سندوقەکان دەشکێنن. جیاوازی ئەم هەڵوێستەی کارەکتەری ڕەش لە نمایشەکەدا لەگەڵ تێکستەکەی بەیزاییدا، پەیوەندی بەو ئیرادە ئازاد و بەرپرسیارەوە هەیە کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەیە لەگەڵ پێدراوە سەپێنراوەکاندا. بەیزایی هەوڵدەدات ئەو تێڕوانینە بەرجەستە بکات کە هیچ یەك لە چین و توێژە ئۆپۆرتۆنیستەکان کە لە بەرژەوەندی دەستکەوت و سوودە تایبەتیەکانی خۆیانەوە ڕەنگە خۆیان تێکەڵ بە ناڕەزایەتیەکان بکەن، تا کۆتایی نامێننەوەو لە کوێدا دەستکەوتەکانی خۆیان کەوتە ژێر مەترسیەوە لەوێدا پاشەکشە دەکەن. بەڵام لە نمایشەکەدا هەریەك لەو دوودڵی و ترس و دوورەپەرێزی و پاشەکشانە بیانووی بۆ دەدۆزرێتەوەو لە دووبارە بوونەوەو داوای بەردەوامدا ( بیشکێنە بیشکێنە…) ئەو باڵە سیاسیانە یەکدەگرن و بە هەموویان کۆتایی بە تۆتالیتاریزم و کۆلێکتیڤیزم و دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنن.
کێشەیەکیتری ئەم کارەکتەرە مێینەیە کە بەرگی پیاوی لەبەردایە، ئەوەیە کە زۆر هەڵسوکەوتی پیاوانەش دەکات. بوونی کارەکتەرێکی مێینە لەناو بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتیدا دەمانگوازێتەوە بۆ خوێندنەوەی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکانی ژنان لە کۆمەڵگادا. نمایشکردنی ئەو کارەکتەرە لەو فۆرمەدا بەتەواوی لەگەڵ ئەو تێڕوانینە پاتریارکیەدا یەکانگیر دەبێتەوە کە پێیان وایە ئەگەر مێینە بیر لە شۆڕش و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بکاتەوە ئەوە لاسایی پیاو دەکاتەوە. ئەو تێڕوانینەی هەر لە شەپۆلی یەکەمی فەمێنیزمەوە ڕوبەڕووی فەمێنیستەکان دەبووەوەو وەك کۆمەڵێك ژنی تووڕە ناوزەد دەکران کە دەیانەوێت لاسایی پیاو بکەنەوە و بگەنە مەرتەبەی پیاو، ئەمە وەك نوکتەیەکی هەرزانی کۆمەڵگای پاتریارکی تا ئێستاش لە زۆر شوێندا بەردەوامە.

shano3

دواتر لە تێکستەکەی بەیزاییدا ڕەش سندوقەکەی خۆی دەشکێنێت و ئەوانیتر خۆیان دەخزێننەوە ناو سندوقەکان، ڕەش بە تەنیا بەرامبەر داهۆڵ دەوەستێت و هاوار دەکات:
ڕەش: من ئێستا هەم، ئێستا هەم.
ئەمە بوونێکی فیعلییە. ساتەوەختێکە کە مرۆڤ بە فیعلی مومارەسەی بوون دەکات، ڕەوانە کردنیکە بۆ بیرکردنەوە لە ژیانی مرۆڤی کۆیلەو مرۆڤی ئازاد، ئەوەی دەڵێن مرۆڤە ئازادەکان بە پێوە دەمردن و لەسەر چۆك ناژین. ئەم ساتەی تێکستەکە ئەوەمان دێنێتەوە بەرچاو کە مرۆڤ بەبێ ئازادی، یان بڵێین بە ملکەچی، لە بووندا نییە، مردوویەکە لەناو ژیاندا چونکە کارەکتەری نییە. ئەمە پرسیارێکی ئەنتۆلۆژی گرنگە لە تێکستەکەدا. مرۆڤ کاتێك دەتوانێت مومارەسەی فیعلی بوون بکات کە خاوەن کارەکتەرە، کە ئیرادەی هەیە و ئازادە و بەرپرسیارە لە هەڵوێستەکانی خۆی. ئەو کارەکتەرە ئۆپۆرتۆنیست و بەرژەوەندخواز و ڕیاکار و سازشکارانە ناتوانن سندوقەکانی خۆیان بشکێنن، ئەوانە کۆیلەکانی بوونێکی سەپێنراون. بەڵام لە نمایشەکەدا، چونکە بە لۆژیکی ئێستا و ئێرەیەکی سادە داڕێژراوەتەوە، بەو لۆژیکەی کە بۆ ئەوەی ببینەران بە شانۆ ئاشتبکەینەوە دەبێت بە پێی میزاج و داخوازیەکانی ئەوان کار بکەین! (کە ئەمە بابەتێکی گرنگە و هەوڵدەدەم لە نوسینێکی سەربەخۆدا قسەی لەسەر بکەم) هەموو ڕوداوەکانی نمایشەکەش بەو ئاراستەیەدا دەڕوات، تا لە کۆتاییدا هەموویان سندوقەکانی خۆیان دەشکێنن.
لە کۆتایی ئەم بەشەی قسەکانی خۆمدا، هیوای بەردەوامی بۆ ئەو گرووپە ئازیزە دەخوازم و هیوادارم لە پشکنین و شیکردنەوەو هەڵسەنگاندنی شانۆ و بینەر بەردەوام بن. بە ئومێدی ئەوەی کارەکانی داهاتوویان تیۆر و ڕەخنەی جددیتر بەدوای خۆیدا بهێنێت.




لە چوار سندوقەوە بۆ نمایشی مێژووی با …1 … ڕزگار حەمە ڕەشید

…بەشی یەکەم…

شانۆگەری (مێژووی با)، بەرهەمی بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی لە نوسینی بەهرامی بەیزایی، دەرهێنانی هونەرمەند دێرین حامید، نواندنی هونەرمەندان: ئالان هادی، لینا عوسمان، کاردۆ عەزیز، نەهرۆ محەمەد و ئەژین حەمە نوری لە ڕۆژانی ٢٤/٥ – ١/٦/ ٢٠١٦ لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا.
مێژووی با لە تێکستی چوار سندووقی نوسەری ئێرانی بەهرامی بەیزاییەوە وەرگیرابوو، وە هەوڵدرابوو بە لۆژیکی ئێستا- ئێرە بخوێنرێتەوەو دابڕێژرێتەوە. ئەم نوسینە هەوڵدانێکە بۆ قسەکردن دەربارەی چۆنیەتی گواستنەوەی گوتار لە تێکستەوە بۆ نمایش. چونکە لە مێژووی با دا لە زۆر شوێندا دەستکاری تێکستەکە کرا بوو، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگە، جەوهەری پەیامە جیاوازەکانی دەق و نمایشە. زۆر جار ڕوودەدات گرووپێکی شانۆیی تێکستێك هەڵدەبژێرن چونکە جگە لەوەی لە ڕووی تەکنیکەوە کۆمەك بە پرۆژە هونەریەکەیان دەکات، وەك بیرۆکەش جیهان بینی و لێکدانەوەکانی نوسەر نزیکایەتی هەیە لەگەڵ دید و ڕوانینی گرووپەکەدا. بەڵام ئەوەی لەم نمایشەدا بەرچاو دەکەوێت تا ڕاددەیەك ناکۆکە لەگەڵ ستراکچەری گشتی گوتار و جیهانبینی نوسەردا.
تایتڵ لە “چوار سندوق” ەوە بۆ “مێژووی با”:
لە تێکستەکەی بەیزاییدا، “چوار سندوق” ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سندوقەکانی ئەو توێژە کۆمەڵایەتیانەی هەڵیبژاردوون، ئەو توێژە کۆمەڵایەتیانەی شەپۆلی ئیندیڤیجوالیزم( تاکگەرایی)، کە پلانێکی وردی دەسەڵاتە بۆ سەرقاڵکردنی مرۆڤەکان بە ژیانی تایبەتی خۆیانەوە، دایبڕاندوون لە هەر ئەگەرێکی کاری دەستەجەمعی و پێکەوە بیرکردنەوە لە ئایندە. قسەکردن دەربارەی ئەم حاڵەتانە زۆرجار بەستراوەتەوە بە چۆنیەتی لێکدانەوەو ڕەخنەکردنی سیستمی تۆتالیتاریزم و کۆلێکتیڤیزمەوە. کارەکتەرەکانی چوار سندوق هەریەکەیان نوینەرایەتی دیدو بەرخوردی توێژە کۆمەڵاتیەکانی خۆیان دەکەن: ئایین، بازرگان، ڕەشەخەڵك و ڕۆشنبیر. لای بەیزایی دواجار ئەوەی بەتەنیا دەمێنێتەوەو پێ لەسەر درێژەدان بە ناڕەزایەتی دەدات و خەون بە ژیانێکی باشترەوە دەبینێت خەڵکە بەشمەینەتەکەیە. لە دیمەنی بەسەرکردنەوەی نوێنەری سندوقەکاندا لە لایەن داهۆڵەوە، تەنیا نوێنەری بەشخوراوەکان ئیرادەی بەرەوڕووبوونەوەی تیادا بەدیدەکرێت، کە بە شێوازێکی تەنزئامێز وەڵامی داهۆڵ دەداتەوە، هەرچی سیانەکەیترن بەتەواوی خۆیان ڕادەستی ئەو چارەنوسەی ئێستایان کردووە. بۆیە لە کۆتاییشدا دەبینین تەنیا ئەو توانای شکاندنی سندوقەکەی خۆیی هەیە، دواتر کەمێك زیاتر لەم بارەیەوە قسە دەکەم.
بەڵام گۆڕینی ناوی نمایشەکە لە چوار سندوقەوە بۆ مێژووی با، ڕەنگدانەوەی ئەو جیهانبینییە جیاوازەیە کە نمایشەکەی لەسەر بونیاد نراوە، هەرچەندە لە ناو تێکستەکەشەوە وەرگیراوە. مەبەستم ئەوەیە ناوی مێژووی با لە تێکستەکەو نمایشەکەشدا ئەو کاتە بەدی دەکرێت کە لە دیمەنی بەسەرکردنەوەی نوێنەری سندوقەکاندا لە لایەن داهۆڵەوە، کاتێك دێتە لای سەوز، نوێنەری کەسە ئایینیەکان، لێی دەپرسێت دوایین بەرهەمتان چییە؟ ئەویش دەڵێت:قوربان، خەریکم مێژووی با دەنووسمەوە. ئەمە تەنیا ئاماژەیەکە لە تێکستەکەش و لە نمایشەکەشدا بۆ مێژووی با کە کراوە بە تایتڵی نمایشەکە. ئەم ئاماژەیە دەمانگەیەنێتە دەرەنجامێکی تەواو جیاواز لە گوتار و جیهانبینی نوسەر و ڕەنگە بەشێك لە بەشدارانی نمایشەکەش. ئێمە تێکستی دووەممان لە بەردەستدایە کە ناوی مێژووی بایە. کارەکتەرێکیشمان هەیە کە دەڵێت خەریکی نوسینەوەی مێژووی بام. کەواتە ئەم تێکستەی دووەم دەکرێت بەرهەمی کارەکتەری سەوز بێت کە نوێنەرایەتی مەزهەب و کەسانی ئایینی ڕیاکار و هەلپەرست و خۆویست و ئۆپۆرتۆنیست دەکات. لێرەوە ئەم گریمانەیە دەمانگەیەنێتە ئەوەی بە چاوێکیترەوە نمایشەکە بخوێنینەوە. لە تێکستەوە تا ڕوناکی سەر پارچە ئەبستراکتەکانی سینۆگرافیای نمایشەکە. بە گشتی دەبینین ڕەنگەکان لەسەر ئەو پارچانە بەرجەستە دەکرێن، زۆرجاریش هەر لەڕێی ڕوناکییەوە تێکڕای پانتاییەکە دەبێتە ڕەنگی سپی. دواتر باسی ئەوە دەکەم کە چۆن وەزیفەی ڕەنگەکان لەم نمایشەدا سادەتر کراونەتەوەو گۆڕاون بۆ ڕەنگی حیزبە سیاسیەکان. لە نمایشەکەدا ئەوە ڕەنگی سەوز نییە کە نوێنەرایەتی مەزهەب و باڵی ئیسلامی و ئایینی کۆمەڵگا دەکات، بەڵکو لەم نمایشەدا ئەوە ڕەنگی سپییە، وەك هەموومان دەزانین ئەوانی پێدەناسرێتەوە. هەر بۆیە کاروانی بەرەو پێشچوونی ڕوداوەکانیش چیدی بە ئاراستەی چنینەکانی نوسەری یەکەم ناڕوات، بەڵکو نوسەری دووەم کە مەزهەبیەکانن ڕوداوەکانمان بۆ دەگێڕنەوە: قوربان خەریکی نوسینەوەی مێژووی بام.

لە تێکستە ئۆریژیناڵەکەی بەهرام بەیزاییدا پێنج کارەکتەرمان هەیە کە چواریان بەناوی چوار ڕەنگەوە: سور، سەوز، زەرد، ڕەش دەستنیشانکراون و پێنجەمیش داهۆڵێکە. چوار ڕەنگەکە دابەش بوون بەسەر بازرگان و ڕۆشنبیر و پیاوی ئایینی و ڕەشەخەڵک دا. هەوڵدەدەن بۆ خۆپاراستن لە هەڕەشەی چاوەڕوانکراو داهۆڵێك دروستبکەن تا بیانپارێزێت. داهۆڵەکە ئامادە و پڕچەك دەکەن، دواتر داهۆڵەکە دەبێتە گیانلەبەر و فێری قسە دەبێت، سەرەتا ئەم حاڵەتە هەر چواریان دڵخۆش دەکات و ئاگاداری ئەوە نین کە داهۆڵ وردە وردە دەسەڵاتی خۆیی فراوان کردووە و لە دواجاردا دەست بەسەر هەموو وردەکاریەکانی ژیانیاندا دەگرێت و بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی ناچاریان دەکات هەر یەکێکیان سندوقێك بۆ خۆیان دروس بکەن و بچنە ناوی و هیچ پەیوەندیەکیان بە جیهان و یەکتریشەوە نەمێنێت. بەڵام لە درێژەی ئەو ژیانەدا ڕۆژێك لە سندوقەکانیان دێنە دەرەوە و بڕیار دەدەن دژی داهۆڵ بووەستنەوەو سندوقەکانیان بشکێنن. بەڵام تەنها کارەکتەری ڕەش کە بەشمەینەتەکانی کۆمەڵگا بەرجەستە دەکات، سندوقەکەی خۆی دەشکێنێت و بەرامبەر داهۆڵ دەوەستێتەوە. سیانەکەیتر بە دەلیلی شوێن و بەرژەوەندی ئابووری و ژیانی تایبەتی خۆیان پاشگەز دەبنەوە. بەڵام بەر لەوەی کارەکتەری ڕەش جێبهێڵن و بگەڕێنەوە ناو سندوقەکانی خۆیان، بۆ دواجار ئامۆژگاری ڕەش دەکەن و داوای لێدەکەن تا داهۆڵ پێینەزانیوە سندوقەکەی خۆی دروست بکاتەوە. ( ئەوان دەچنە ژوورەوەو هەریەك دەرگای سندوقەکەی خۆی دادەخات، ڕەشیش لە تاریکیەکەدا دەست بە گریان دەکات. قاقایەکی ترسناك دەبیسترێت، ڕەش شێتانە تەورەکە هەڵدەگرێت و بەرەو تاریکیەکە دەنەڕێنێت: من هێشتا هەم، من لێرەم. داهۆڵ دێتە پێشەوەو ڕەش دەبینێت و تفەنگەکەی لێ بەرز دەکاتەوەو داوای لێدەکات کڕنووشی بۆ ببات، بەڵام ڕەش ئامادە نییە. شانۆگەریەکەی بەیزایی بە هاواری ڕەش تەواو دەبێت کە هاوار دەکات : خۆرەتاو، خۆرەتاو.
ئەم تێکستەی بەیزایی هاوکاتە لەگەڵ شۆڕشی بەناوبانگی قوتابیان کە لە ١٩٦٧ ەوە دەستی پیکرد و دواتر زۆربەی بوارەکانی تری کۆمەڵگاکانی گرتەوە، بە تایبەتی لە ئەوروپا. نیگەرانی قوتابیان بوو لە بەرامبەر بابەتە ئەکادیمی و سیاسیەکاندا و جوڵاندنی ئەم بابەتانە بەرامبەر دەسەڵات( زانکۆ و دەرەوەی زانکۆ) و بەگشتی کۆمەڵگا تا ئەو کێشە و گرفتانە چارەسەر بکەن. فۆرمی ناڕەزایەتیەکان بریتی بوون لە دانیشتن لەسەر شەقامەکان و داگیرکردنی ئۆفیس و بینای زانکۆ و مانگرتن و..هتد جگە لە هەندێك فۆرمی توندڕەوی وەك خۆکوشتن. بەناوبانگترینی ئەو ناڕەزایەتیانەش ئەوەی ئایاری ١٩٦٨ی فەرەنسا بوو، زۆر جار ئاماژە بۆ ئەم ڕۆژە دەکرێت وەك خاڵی وەرچەرخانی ڕۆسنبیری و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی لە مێژووی ئەو ووڵاتە دا. ئالان گەیزمەر، وەك یەکێك لە سەرکردەکانی ئەو کاتە ڕوونیدەکاتەوە کە ئەو بزوتنەوەیە وەك شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی سەرکەوتنی بەدەست هێنا نەك وەك بزوتنەوەیەکی سیاسی.
لە زۆر شوێندا هەست دەکەم بەیزایی لە نوسینی چوار سندووقدا کاریگەری ئەو ڕوداوانەی نیوەی دووەمی شەستەکانی بەسەرەوەیە . چونکە ئەو ناڕەزایەتیانە بەرز بوونەوەی ئاستی ململانێ کۆمەڵایەتیەکان بوو لە جیهاندا، تا ڕاددەیەکی زۆریش لەلایەن خەڵکی یاخیەوە بەڕێوەچوو دژی ئێلیت ( نوخبە) ی عەسکەری و بیرۆکرات، ئەوانەی بە زیادکردنی سەرکوتی سیاسی وەڵامی داخوازیەکانیان دەدایەوە. ناڕەزایەتیەکان تەنیا ئەمەریکا و وڵاتە کەپیتالیستەکانی نەگرتەوە، بەڵکو لە ووڵاتە سۆشیالیستەکانیشدا دژی ڕێگریەکان لە ئازادی قسەکردن و مافە مەدەنیەکان ناڕەزایەتی فراوان بەڕێخران. بەشی هەرە زۆری ئەم ناڕەزایەتیانەش بە بێ ئاراستەکردنی حیزبی و ڕێکخراوی سیاسی بەڕێوە دەچوون.
بەیزاییش لە چوار سندوقدا بەو ئاراستەیە بیر دەکاتەوە، ئەوانەی ناڕەزایەتییە فیعلیەکان بەڕێدەخەن، خودی خەڵکە بەشمەینەتەکەیە نەك بازرگان و ڕۆشنبیرە ئۆپۆرتونیستەکان و کەسە ئایینیەکان. دواتر دێمەوە سەر ئەم ئاراستەیەی بەیزایی.