نەتەوەیەک لە دووڕیاندا: سولتان و تورکیا.. ڕزگار عومەر

سەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وەك سەرۆك کۆماری تورکیا گۆڕانکاری بەرچاوی لە هەردوو سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەدا بەخۆیەوە بینیوە. لە گەڵ پەیدابوونی ئەردۆگان تا ئەمڕۆ پڕۆسەی بەڕێوەبردنی تورکیا بە جۆرێکە کە سەرکردایەتی کردنی تورکیای گۆڕیوە بۆ دەوڵەتێک کە سنووربەندی نێوان کەسی یەکەمی دەسەڵات و “دەوڵەت” کاڵ بووەتەوە.
ئەم وتارەی بەردەستان هەوڵێکە بۆ دروست کردنی چوارچێوەیەکی مێژوویی بۆ ئەزمونی ئەردۆگان، لەم هەوڵەشدا ڕەنگە بەدواداچوون لە خۆی بگرێت بۆ:- شکستەکانی “سیاسەتی دەرەوەی” ئەردۆگان و “مافی مرۆڤ لە نێوخۆی تورکیا” کە لە ئێستادا زۆرترین تیشکی لەسەربێت، بەتایبەتی شکست لە دۆسیەی سوریا، هەروەها جوڵەی تازەی دەرفەت وەرگرتن لە بێدەنگی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بۆ پەڕینەوەی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێم-عێراق، لە کۆتایشدا دەچینە سەر ئەو “کێشە بونیادیە قووڵەی” کە ئەم شێوازە لە سەرکردایەتی کردن لە گەڵ ئەزموونەکەی خۆی هەڵیگرتووە.
سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆگان بەرامبەر بە سوریا لە ساڵی ٢٠١١ەوە پڕ بووە لە ناکۆکی و هەڵچوون و داچوون بەڵام ئەنجامە کۆتاییەکەی ئەوەیە کە ئێستا ئەو دەیەوێ بەشار ئەسەد ببینێ و بەشار ئەسەد مەرجی بۆ دائەنێت. لە سەرەتادا ئامانجی تورکیا لەڕووی مەیدانیەوە پاڵپشتیکردنی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان چەشنی بەرەی نوسرەو هاوشێوەکانی داعش بوو، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئاستی نێودەوڵەتیەوە ڕەخنەی زۆری لێگیرا بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە هێزە تیرۆریستییەکان دەکرد.
ئەم ستراتیژە سەرکەوتنی کاتیی و مەیدانی لێرەو لەوێ بەدەستهێنا چەشنی داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاڤا لە سوریا، بەڵام وەکو ستراتیژی درێژخایەن شکستی خوارد و ناسەقامگیری موزمینی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ەوە ئێستا ئەردۆگان ناچاربوو لە هەوڵی ئەوەبێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشار ئەسەد ئاسایی بکاتەوە وئەمەش گەواهی ئەوەیە کە تەماحیەکانی ئەو لە سوریا گەیشتە بنبەست، بۆیە هەرێمی کوردستان “باشور” شوێنی قەرەبوو کردنەوەی ئەم شکستەیە لە مێشك و ماستەرمایندی تورکیا.
لەشکرکێشییەکانی ئەم دواییەی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سوودبینینی ستراتیژیی ئەردۆگان نیشان دەدات لە هەردوو بێدەنگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. لە کاتێکدا کە کۆمەڵگای جیهانی لەسەر قەیرانەکانی دیکە چڕ بووەتەوە، بەڵام کارەکانی تورکیا تا ڕادەیەکی زۆر بێ کۆنتڕۆڵ ماونەتەوە. بەڵام سەرکەوتنی ئەم دەستێوەردان و سنووربەزاندنە سەربازیە (تەنانەت ئەگەر بە گلۆپی سەوزی حکومەتی عێراقیشەوە بووبێت) لە ڕووی ستراتیژیەوە ئاکامەکانی هێشتا نادیارە، ئەمە بێجگە لەوەی هەندێ ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی باس لەوە دەکەن کە چاوپۆشی ئێران لەم هەڵمەتە سەربازیە ڕەنگە ئامانجەکەی گیرخواردنی سوپای تورکیا بێت لە دۆخێکی تاقەت پڕوکێن.
لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆگاندا، مافی مرۆڤ لە تورکیا پاشەکشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. ئازادییەکانی قسەکردن و ڕۆژنامەگەری و کۆبوونەوە بە توندی کەمکراونەتەوەو بە پێ ی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکانیش دەسەڵاتی دادوەری سازش دەکات و ناڕەزایەتییە سیاسییەکان ڕووبەڕووی سەرکوتێکی توند دەبنەوە. کۆنترۆڵی ئەردۆگان و تیمەکەی دەوری بەسەر میدیا و دامەزراوەکاندا، ژینگەیەکی دروستکردووە کە تەژیە لە ناکۆکی مەترسیدار، دەنگی ئۆپۆزسیۆن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کپتر دەکرێت.
ئەزموونی ئەردۆگان لە دەسەڵاتی سیاسیدا لە ڕووی چەقبەستن و چوارچێوەی مێژوویدا گەیشتووە بە قۆناغێك کە “شوناسی” ئەردۆگان لە شوناسی “دەوڵەت”ی تورکیا جیا نەکرێتەوە. وەک چۆن سەدام حوسێن بووە هاوواتای عێراق، ئەردۆگانیش بووەتە هاوواتای تورکیا.
ئەم چڕبوونەوەی دەسەڵاتە بۆ ماوەی کورت یان درێژ ڕاستە دەسەڵاتی تاکڕەوی کەسایەتییەکە بەهێز دەکات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا لە ئەگەری نەمانی ئەم کەسایەتیە لە هەرەمی دەسەڵات “بەهەر هۆکارێك بێت” ئەوە داڕمانو پەشێوی فراوانتری سیاسی “دەوڵەتیش” بە دوای خۆیدا ڕادەکێشێ. نەبوونی هیچ چاودێریەکی دەستوریی کارا و هاوسەنگی لە سیستەمی سەرۆکایەتی ئەردۆگان، مۆتەکەی کەشێکی سیاسی ناسەقامگیری کردۆتە تەمومژ لە پرسیاری ئایندەی ووڵات، ئەمەش هۆکارێکە کە بیرۆکەو یۆتۆبیای هاوڵاتیانی تورك لە “سەقامگیری درێژخایەن” کەنارێکی نەبێت پشووی لێبدات.
پرسیارەکە هەر دەمێنێتەوە کە ئایا گەلی تورکیا ئەردۆگان وەك فریادڕەسی خۆیان دەبینن یان وەك بەرپرسێکی سەرهەرەمی دەسەڵات دەیبینن؟ لە کاتێکدا ئەردۆگان توانیویەتی چنگێکی بەهێز لە دەسەڵاتدا گیربگات، بەڵام پەراوێزی و سنوورداربوونی سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی لە هەڵبژاردنەکاندا، نیشانەی ئەوەیە کە گەلی تورکیا وەکو نەتەوە بە قوڵی دابەش بووە! بیروڕای گشتی درزی گەورەی تێکەوتووە ، بەتایبەت لەناو ئەو گەنجانەی کە هەرگیز تورکیایەکیان بەبێ ئەردۆگان نەبینیوە.
وەرچەرخانە مێژوییەکە لە بەشێکی فراوان لە ڕای گشتی تورکیادا ئەوەیە کە پێچەوانەی دوو دەیە لەمەوبەر ئەوان بەڕوونی لەسەر ئەو باوەڕەن کە بۆ خۆشگوزەرانی و سەقامگیری تورکیا ئەردۆگان چیتر “پێویستییەکی حەتمی” نییە.
هەروەها هەر ئەم بەشە لە ڕای گشتیدا لەو باوەڕەن کە گۆڕانکاری لە هەرەمی دەسەڵاتی سیاسی ڕەنگە بتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ حوکمڕانییەکی دیموکراسیتر و گەڕاندنەوەی مافەکانی مرۆڤ.
سەرکردایەتی ئەردۆگان نوێنەرایەتی “کێشەیەکی بونیادیی” دەکات بۆ تورکیا. شێوازی تاکڕەوانەی حوکمڕانی و هەنگاوە هەڵەکانی سیاسەتی دەرەوەو پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دۆخێکی ناجێگیری دروستکردووە. لە کاتێکدا ئەردۆگان توانیویەتی مانەوەی خۆی لە دەسەڵات بپارێزێت، بەڵام ئێستا نەك تەنیا بۆ چاودێران بەڵکو بۆ بەشێکی زۆرو ووریا لە ڕای گشتی تورکیا بەڵگەنەویستە کە ” ئاشتی و سەقامگیری داهاتووی تورکیا” پەیوەستە بە سەرهەڵدانی سیستەمێکیتری سیاسی هاوسەنگتر و دیموکراسیتر.




ئەریك فرۆم و قارەمانە تەنیاکان!.. ڕزگار عومەر

ڕەنگە کەم کەس هەبووبێت وەك “ئێریك فرۆم” تێبینی هەبووبێت لەسەر مەیلی مرۆڤ بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ “زۆرینە” لە ترسی ئاقیبەت و سزای گۆشەگیری، فرۆم جەخت لەسەر ئەو میکانیزمە کۆمەڵایەتیە بنەڕەتیانە دەکاتەوە کە ڕەفتاری مرۆڤەکان لە قاڵب دەدەن.
لە ئەمڕۆدا ئازایەتیی دەوێت بۆ ئەوەی جیاواز لە “مەڕەکان” بوەستیت و تەحەدای نۆرمە باوەکان بکەیت و ڕاستەوخۆ بەرامبەر دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و سیاسی قسە بکەیت، بەتایبەتی کاتێک کە ئەو کارە ببێتە مایەی دوورخستنەوە و لاتەریك کردنت. ئەم تاکە کەسانەی کە فرۆم وەک پاڵەوانی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی دەیانناسێنێت، ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن لە بزوێنەری پێشکەوتنی کۆمەڵگادا.
لە جیهانی ئەمڕۆدا کە قەیرانە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ژینگەییەکان زۆرن، پێویستی بەم جۆرە پاڵەوانانە- خاوەندارێتی کاریزمای کۆمەڵایەتی و توانای ئیلهامبەخشین بۆ گۆڕانکاری- لە جاران زۆر بەپەلەترو پێویسترە.
بوێری وەستان بە تەنیا سیفەتێکی دەگمەن و سەرنجڕاکێشە. لە ڕووی مێژووییەوە کەسایەتییەکانی وەک سۆکرات و گالیلۆ و نیلسۆن ماندێلا نموونەی ئەم ئازایەتییەن. بەدواداچوونی بێوچانی سۆکرات بۆ ڕاستی، سەرەڕای ئەوەی ڕووبەڕووی ئیدانەکردن و دواجار مردن بووەوە، بنەمای بیری فەلسەفی ڕۆژئاوایی دانا. سەرپێچیکردنی گالیلۆ لە پرەنسیبی سێنتەری کەنیسەی کاسۆلیکی تێگەیشتنی زانستی بەرەوپێش برد.
ئەم تاکانە تایبەتمەندییەکی هاوبەشیان هەبوو: پابەندبوونێکی بێ چەواشەکاری بە بنەماکانیانی باەوڕو حەقیقەت خوازی، بەبێ گوێدانە باجەکەی. ئامادەیی ئەوان بۆ بەرگەگرتنی گۆشەگیری و تەنانەت تەریك کردنی زۆرە ملێ و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی، تیشک دەخاتە سەر هێزی قووڵی ناوەوەیان و باوەڕی ئەوان بە دۆزی خۆیان. ئەوان نەک بۆ قازانجی کەسی بەڵکو بۆ چاکەی گەورەتر مامەڵەیان دەکرد، ئامانجیان ڕۆشنکردنەوەی ڕاستی و دادپەروەری بوو بۆ هەمووان.
لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا پێویستییەکی زۆر بە “پاڵەوانی نوێ” هەیە کە خاوەنی ئەم جۆرە کاریزما و بوێرییە کۆمەڵایەتییە بن. تەحەددیاتی مۆدێرن- وەک گۆڕانی کەشوهەوا، نایەکسانی سیستەمی و گەندەڵی سیاسی- پێویستیان بە دەنگێک هەیە کە بتوانێت ڕای گشتی هان بدات و ئیلهامبەخش بێت بۆ کردەوەی بەکۆمەڵ.
گرێتا تونبێرگ، مەلالە یوسفزای و دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی نموونەی کەسایەتییە هاوچەرخەکانن کە هەنگاویان ناوە بۆ ئەم ڕۆڵە، سەکۆکانیان بەکاردەهێنن بۆ داکۆکیکردن لە گۆڕانکاری سەرەڕای ئەوەی ڕووبەڕووی دژایەتییەکی زۆر بوونەتەوە.
“کاریزمای کۆمەڵایەتی” لە دروستکردنی “پاڵەوانی مێژووییدا” گرینگە کە بتوانێت گۆڕانکاری بەسەردا بهێنێت. تاکە کاریزماتیکەکان خاوەنی توانای پەیوەندیکردنن لەگەڵ مرۆڤەکان، خستنەڕووی دیدگایەکی زۆرەملێ و ئیلهامبەخشین بۆ ئەوانی دیکە بۆ ئەوەی بچنە ناو دۆزی خۆیانەوە. ئەم توانایە بۆ کۆکردنەوە و یەکخستنی خەڵک لە چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی کۆمەڵگەی مۆدێرن، شتێکی بنەڕەتییەو چیتر کاتی ئەوە نەماوە بە دوودڵیەوە لەم پرسە بڕوانین.

چاندنی ئەم جۆرە پاڵەوانانە بریتییە لە پەروەردەکردنی ئەو ژینگەیانەی کە بیرکردنەوە و ناکۆکی سەربەخۆ بەهایان پێدەدرێت نەک سەرکوت بکرێن. دامەزراوە پەروەردەییەکان، پلاتفۆرمە میدیاییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەبێ “پاڵەوانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە” بن، هانی دیدگای جۆراوجۆر بدەن و پاڵپشت بن بۆ ئەوانەی کە تەحەدای دۆخی ئێستا دەکەن.
ئەو پاڵەوانانەی کە دەوێرن جیا لە مەڕەکان بوەستن و ڕاستی بە دەسەڵات قسە بکەن، بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا زۆر گرنگن. لە سەردەمێکدا کە زۆرجار هاندەری یەکسانیبوون و ناکۆکی دەتوانێت مەترسیدار بێت، بوێری ئەم تاکانە هێندەی تر گرنگتر دەبێت.
فرۆم پێشنیار دەکات” بەبێ ئەو جۆرە پاڵەوانانە” مرۆڤایەتی چەقبەستوو دەبوو، بێبەش بوو لەو داهێنان و ڕوونییە ئەخلاقییەی کە پێویستە بۆ پێشکەوتن.
کۆمەڵگا بە داننان و پشتگیریکردن لە سەرهەڵدانی سەرکردە کاریزماتیکییە نوێیەکان، دەتوانێت ئەو گۆڕانکارییە پەروەردە بکات کە پێویستە بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە زەقەکانی ئەمڕۆ و بنیاتنانی داهاتوویەکی دادپەروەرتر و بەردەوامتر.

ڕزگار عومەر




کە ” فڕۆید” دەبێتە میوانی ” پەشێو”.. ڕزگار عومەر

وەکو زۆربەی ڕۆژانی هەفتە بەیانیان زوو یەك دوو کاتژمێر لە پارک کات بەسەر دەبەم. ئەم بەیانیە دوای وەرزش لە گەڵ “بەشدارعوسمان” بۆ حەوانەوەی دوای وەرزش چووین قاوەمان خواردەوە. لەم دانیشتنە بەشدار شیعرێکی مامۆستا “عبدواللە پەشێو”ی بۆ خوێندمەوە بە نێوی (هەم تۆم خۆشدەوێ هەم ئەویش)، کە زۆر کاریگەری لەسەرم دانا، بەشدار ڕۆیشت و من لەو پارکە هەر ئەخولامەوەو بیرم لێدەکردەوە دەتووت من یەکەم جارە گوێم لە شیعری مامۆستا پەشێو بووبێت. کە هاتمەوە هەر لە خەیاڵم بوو ئەو شیعرە هەر لە خەیاڵم بوو، بۆیە پەیوەندیم کردەوە بە بەشدار و دەقەکەی بۆ ناردم، کە وەکو دەقیش هاتە بەرچاوم زانیم من لەبەردەم ئیشێکی گەورەدام ، هەروەها دڵنیابووم کە لەبەردەم ڕیسکێکی گەورە دام لە بەکار‌هێنانی “فرۆید” بۆ تێگەیشتن لە پەشێو! چونکە سیگمۆند فرۆید، باوکی شیکاری دەروونی، حەزێکی قووڵی لە یەکتربڕینی دەروونناسی و ئەدەب، بەتایبەتی شیعر هەبوو. ئەو پێی وابوو ئەدەب وەك بەرهەمێکی عەقڵی مرۆڤ، پەنجەرەیەکی دەگمەن دەکاتەوە بۆ ناو ئەو پاڵنەر و غەریزە نائاگایانەی کە ڕەفتاری مرۆڤ لە قاڵب دەدەن.
بۆچوونەکانی فرۆید سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی غەریزەکان لە ئەدەبدا ڕەگ و ڕیشەی لە تیۆرییە فراوانەکانیدا هەیە سەبارەت “بە دەروون” کە تێیدا گریمانە دەکات بەشێکی زۆری ڕەفتاری مرۆڤ لە ژێر کاریگەری ئارەزووە نائاگاکاندایە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە خۆشەویستی و سێکس و شەڕانگێزییەوە هەیە.
فرۆید شیعری وەك فۆرمێکی بەهێزی تایبەت لە ئەدەبیات دەبینی کە دەتوانێت ئەم پاڵنەرە نائاگایانە ئاشکرا بکات. زۆرجار لە شیکارییەکانیدا سەرنجی لەسەر ئەوە بوو کە چۆن شاعیران غەریزە سەرەتاییەکانیان دەکەنە چوارچێوەیەکی باڵا بۆ دەربڕینی داهێنەرانە. پڕۆسەی بە چوارچێوەکردن وبە باڵاکردنی غەریزەکان لە ئەدەبدا، بە بڕوای فرۆید، میکانیزمێکی بەرگرییە کە تێیدا پاڵنەرەکان یان ئایدیالیزەکردنی “قبوڵنەکراو” لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە دەگۆڕدرێن بۆ کردار یان ڕەفتارو پەسەندکراوێکی کۆمەڵایەتی کە مەقبولیەتی هەبێت وفیلتەرەکانی کلتور ببڕێت، کە زۆرجار لە ئەنجامدا دەستکەوتێکی خودی پڕۆسەکە دەبێتە چاکسازیەکی سادە یان گەورە بۆ هەناسەیەکی زیاتر لە کولتوورە داخراوەکاندا. شیعر بە زمانە دەوڵەمەندە ڕەمزییەکەی و قووڵایی سۆزدارییەوە، فۆرمێکی گونجاوە ئەگەر پێشمەرجە ئیستاتیکەکان و دەوڵەمەندی زمانەوانیەکەی وەڵامی ئەم پڕۆسە بووبێت.
کاتێک باس لە شاعیرانی پیاو دەکرێت، فرۆید بە تایبەتی گرنگی بەو شتە دەدا کە چۆن بەرهەمەکانیان ڕەنگدانەوەی قووڵترین ئارەزوو و ململانێ “چارەسەرنەکراوەکانیانن”، کە زۆرجار ڕەگیان لە ئەزموونە سەرەتاییەکانی خۆشەویستیدا بوو. فرۆید بەناوبانگ بوو کە دەیگوت خۆشەویستی یەکەمی پیاو کە بە شێوەیەکی تایبەت لە سەرەتای منداڵیدا ئەزموون دەکرێت، جێپەنجەیەکی نەسڕاوە لەسەر دەروونی بەجێدەهێڵێت.
ئەم وابەستەییە سەرەتاییە، زۆرجار بە دایک یان کەسایەتییەکی دایک، پەیوەندییە سۆزدارییەکانی داهاتوو و دەربڕینە داهێنەرەکانی لە قاڵب دەدات.
لە چوارچێوەی شیعردا فرۆید پێی وابوو کە شاعیرانی پیاو زۆرجار لە ڕێگەی بەرهەمەکانیانەوە سەردانی ئەم خۆشەویستییە سەرەتاییە دەکەنەوە. شیعرەکانیان دەبێتە ئامرازێک بۆ پرۆسێسکردن و گەڕان و هەندێکجار ئایدیالیزەکردنی ئەم خۆشەویستییە یەکەمە، کە بە درێژایی ژیانیان وەک کاریگەرییەکی بەهێز، هەرچەندە زۆرجار نائاگاییە، دەمێنێتەوە.
بۆ نموونە شیکارییەکانی فرۆید بۆ بەرهەمەکانی یۆهان ڤۆڵفگانگ ڤۆن گۆتێ، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن ئەزموونە سەرەتاییەکانی شاعیر و خۆشەویستییە یەکەمەکانی شاعیر کاریگەرییان لەسەر شیعرەکەی هەبووە.
تێڕوانینەکانی فرۆید بۆ ڕەنگدانەوەی غەریزەکان لە ئەدەبدا، بەتایبەتی شیعر، جەخت لەسەر ئەو بیرۆکەیە دەکەنەوە کە بەرهەمە داهێنەرەکان تەنها دەربڕینی هونەری نین بەڵکو “بەڵگەنامەی دەروونیشن” کە کارەکانی ناوەوەی عەقڵی مرۆڤ ئاشکرا دەکەن، کە بە ئەزموونە سەرەتاییەکان و ئارەزووە نائاگاکان لە قاڵب دراون.
بۆ شاعیرانی پیاو، کاریگەریی هەمیشەیی خۆشەویستی یەکەمیان، تەوەری سەرەکییە، کە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی قووڵایی سۆزداری و ئاڵۆزی لە بەرهەمەکانیاندا دابین دەکات.
لە کۆتاییدا، ڕوانگەی فرۆید سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی غەریزەکان لە ئەدەبدا جەخت لەسەر پەیوەندی قووڵی نێوان دەربڕینی داهێنەرانە و عەقڵی نائاگا دەکاتەوە. لە چاویلکەی شیکاری دەروونییەوە، شیعر وەک میدیایەکی بەهێز سەرهەڵدەدات کە غەریزە سەرەتاییەکان و ئەزموونە سۆزدارییە سەرەتاییەکان بەرز دەکرێنەوە بۆ ناو دروستکردنی هونەری، تێڕوانینێکی قووڵ بۆ بارودۆخی مرۆڤ پێشکەش دەکەن. بەر لەوەی بچمە ناو شیکردنەوەکە لام گرنگە خوێنەران دەقەکە ببینن وبیخوێنەوە:-
هەم تۆم خۆشدەوێ هەم ئەویش
عەبدواللە پەشێو
کە من تەنیا جارێک بژیم
هەم تۆم خۆشدەوێ، هەم ئەویش
کە من تەنیا جارێک بژیم
نە تیشکی ڕۆژ دەتۆرێنم،
نە تریفەی مانگەشەویش


ئەگەر دوو جار ژیابام
خۆشەویستم هەر تۆ دەبووی لەمەیانا
لەویتردا
ئەوم دەکرد بە تاقانە
بەڵام… چبکەم!
کە من تەنیا جارێک بژیم،
چارەم نییە،
هەم تۆم خۆشدەوێ، هەم ئەویش
هەم تیشکی ڕۆژ دەپەرستم،
هەم تریفەی مانگەشەویش!
 دیوانی “ڕۆژ نییە لێتان تووڕە نەبم” ١٩٧٩
شیکردنەوەی ئەم شیعرە لە چاویلکەی تیۆرییەکانی سیگمۆند فرۆید سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی غەریزەی پیاو لە شیعردا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە چۆن ئارەزووی نائاگا و ململانێ ناوخۆییەکان لە دەقە داهێنەرەکاندا دەردەکەون.
شیعرەکە پیاوێک دەخاتە ڕوو کە لە نێوان دوو ژندا لەت بووە، کە بە مانگ و خۆر بەراوردیان دەکات. ئەم “دووانەیی و بەراوردکردنە” پێشنیاری ململانێیەکی قووڵی ناوخۆیی شاعیر دەکات، کە ڕەنگدانەوەی چەمکی فرۆیدە بۆ خۆشەویست یان مەحبوبەی یەکەم.
لەم شیعرەدا دەکرێ ئەو دوو ژنە وەک نوێنەرایەتی لایەنە جیاوازەکانی حەز و غەریزەی شاعیر سەیر بکرێن.
(( کە من تەنیا جارێک بژیم/
هەم تۆم خۆشدەوێ/ هەم ئەویش ))
فرۆید پێی وابوو کە ئارەزووە چارەسەرنەکراوەکانی پەیوەندییە سەرەتاییەکان زۆرجار لە تەمەنی گەورەییدا سەرهەڵدەدەنەوە، بەتایبەتی لە چوارچێوەی ڕۆمانسیدا. ڕاگەیاندنی خۆشەویستی شاعیر بۆ هەردوو ژنەکە لە یەک کاتدا ئاماژەیە بۆ ململانێیەک بۆ ئاشتکردنەوەی ئەو ئارەزووە کێبڕکێکارانە.
ئەم خۆشەویستییە دووانەیە دەتوانرێت وەک دەرکەوتنی پێداویستییە “سۆزدارییە چارەسەرنەکراوەکان” و سەختی کەناڵکردنی ئەم غەریزانە بۆ پەیوەندییەکی تاک و پەسەندکراوی کۆمەڵایەتی لێکبدرێتەوە.
کە من تەنیا جارێک بژیم/
نە تیشکی ڕۆژ دەتۆرێنم/
نە تریفەی مانگەشەویش
وێنەسازیی “ڕووناکی ڕۆژ” و “ڕووناکی مانگ” هێمای ئەو سیفەتە جیاوازانەن کە ئەو دوو ژنە نوێنەرایەتی دەکەن. خۆر، یان ڕووناکی ڕۆژ، دەتوانرێت پەیوەست بکرێت بە هۆشیاری و ڕوونی و ڕەنگە ڕەزامەندی کۆمەڵایەتییش بگرێتەوە، لە کاتێکدا مانگ، یان تیشکی مانگ، پێشنیاری نائاگایی و نهێنی و ئارەزووە شاراوەکان دەکات.
لێرە بە ئاسانی دەتوانین بڵێین: ئەم دێرە وەک هەوڵی شاعیر بۆ هاوسەنگکردنی پابەندبوونە هۆشیارەکانی لەلایەك، لەگەڵ ئارەزووە نائاگاکانیەتی ، کە ڕەنگدانەوەی گرژییە سروشتییەکەیە لە پڕۆسەی لە چوارچێوە دانان و بە باڵا کردنی غەریزە بۆ فۆرمەکانی پەسەندکراوی کۆمەڵایەتی.
ئەگەر دوو جار ژیابام/
خۆشەویستم هەر تۆ دەبووی لەمەیانا/
لەویتردا
ئەوم دەکرد بە تاقانە/
بەڵام… چبکەم!
ئەم دێرانە؛ خواستی شاعیر بۆ چارەسەرێکی مەحاڵ ئاشکرا دەکات- هەبوونی دوو ژیان و دوو ژن بۆ تێرکردنی سۆز و خۆشەویستییە دابەشبووەکانی.
تیۆری فرۆید بۆ “بەدیهێنانی ئاوات یان ئارەزوو” لێرەدا دیارە، کە شاعیر گوزارشت لە خواستێکی قووڵ و دەستنەکەوتوو دەکات.
دەروونی شاعیرەکە لە ڕێگەی شیعرەکە بەکارهێنانی “ناوەڕاست” و “تاکە” چارەسەرێکی ئایدیالیزەکراو پێشنیار دەکات کە هەر ژنێک بتوانرێت بەبێ ململانێ بە تەواوی خۆشبوێت، کە لە واقیعدا، بە مەحاڵی دەمێنێتەوە.
کە من تەنیا جارێک بژیم/
چارەم نییە/
هەم تۆم خۆشدەوێ/ هەم ئەویش/
هەم تیشکی ڕۆژ دەپەرستم/
هەم تریفەی مانگەشەویش!/
دێڕەکانی کۆتایی جەخت لەسەر قبوڵکردنی دەست لەکارکێشانەوەی شاعیر بۆ دۆخی خۆی دەکەنەوە. دووبارەبوونەوەی “تەنها یەکجار دەژیم” جەخت لەسەر حەتمییەتی ململانێیەکەی دەکاتەوە، لە کاتێکدا “چارەسەر نییە” سروشتی هەڵنەهاتووی غەریزە دابەشبووەکانی پیشان دەدات.
کردەی پەرستنی “هەردوو تیشکی خۆر” ئاماژەیە بۆ ڕێزگرتنێکی قووڵ بۆ هەردوو ئەوینەکەی، کە ڕەنگدانەوەیە بۆ بێتوانایی شاعیر لە هەڵبژاردن و لیست کردنی کامەیان یەکەمە کامەیان دووەمە، ئەو ئەوینی پاکی دابەشبوو بۆسەر دووبەش ڕێگەی پێنەدا ڕیسکی بە یەکەم کردن و بە دووەم کردنی هیچ لە ئافرەتەکان بکات. ئەم دۆخە تەنیا تایبەت نیە بە دوو ئافرەتەکە بەڵکو ئیعتیراف کردنێکی دەروونیشە بۆ لەتبوونی دەروونی شاعیر خۆی، لێرە دەروونی شاعیر بۆ ئەوەی فشار لەم میحنەتە کەم بکاتەوە دێ لە تێکستەکە خۆی دەناسێنێ بە ” ئەوانیتر” ، ئەمە ئەو چرکەساتانەیە کە “دانپێدانانێک” دەروونی شاعیرێك لە فۆرمی داهێنانێکی شیعریدا بە ئاڵۆزیی ئارەزووەکانی مرۆڤ دەخرێتە ڕوو کە بە ئاسانی چارەسەر ناکرێ.
لە کۆتاییدا دەتوانین لە چاویلکەی فرۆیدییەوە ئەم شیعرە وەک گەڕانێکی قووڵ لە غەریزە نائاگاکانی شاعیر و ململانێ ناوخۆییەکانی شاعیر سەیر بکرێت.
یەکخستنی خۆر و مانگ، دەربڕینی خۆشەویستی دووانەیی و تامەزرۆیی بۆ چارەسەرێکی دەستنەکەوتوو، هەموویان ڕەنگدانەوەی ئەو بنەما دەروونییە قووڵانەن کە فرۆید پێیوابوو ڕەفتاری مرۆڤ و دەربڕینی داهێنەرانەیان لە قاڵب داوە.
شیعرەکە وەک وێنایەکی زیندوو دەبینرێت کە چۆن غەریزە و ئارەزووە چارەسەرنەکراوەکانی پیاوان لە شیعردا دەنگێک دەدۆزنەوە، تابلۆیەکی دەوڵەمەندی قووڵایی سۆزداری و دەروونی پێشکەش بکەن، عەبدواللە پەشێو لەم تێکستەدا شاعیر نیە، بەڵکو نیگارکێشەیەکی ڕاستگۆ و پڕ لە جوانییە.




کێ لە شۆڕش دەترسێت؟.. ڕزگار عومەر

ناسنامەی کتێب
ناوی کتێب : کۆمۆنیستەکان لە شۆرش دەترسن
بابەت: چوار چاوپێکەوتن
نووسەر : ژان پۆل سارتەر
وەرگێڕان : شوان ئەحمەد
لە چ زمانێك وەرگێڕان کراوەو سەرچاوەکەی : ئاماژەی پێ نەدراوە لەلایەن وەرگێڕو لەلایەن خاوەنی بڵاوکراوە (ڕێکخراوی ئازادبوون)
چاپخانەی: کاردۆ
تیراژ: ٥٠٠ دانە
نرخ: ٤٠٠٠ دینار
نۆبەتی چاپ: چاپی یەکەم- ٢٠٢٣

ئەم کتێبە لە زۆر ڕوو گرنگی خۆی هەیە، ڕوویەکیان هێزی بزواندنی کۆمەڵایەتی ” گەنج” ڕۆڵێك کە گەنجان لە سیاسەت بیبینن، ڕووەکەیتری بریتیە لە ڕەخنەی فەیلەسوفێکی گرنگی وەکو سارتەر کە تەنیا وەکو فەیلەسوف بەشداری نەکردووە لە شۆرشی ١٩٦٨ فەڕەنسا بەڵکو خۆیشی چالاکوانێکی بەر لە شۆرش و دوای شکتی شۆرش بوو.
بیروڕاکانی لەم چاوپێکەوتنانە بەیان کراون زادەی ئەزموونی مەیدانیی شۆڕشەکەو ئەو چوارچێوە مێژوییەی جیهانە کە لەو سەردەمی (١٩٦٨) زاڵ بوو بەسەر بارودۆخی سیاسی و ستراتیژی دونیا بە تایبەتی ئەوروپا لە ژێر سایەی هەردوو جەمسەری سۆڤیەت و ئەمریکا.
بۆ تێگەیشتن لەم کتێبەو لە شۆرشی ١٩٦٨ لە فەڕەنسا ئەبێ ڕەگەزە سەرەکیەکانی پێك هاتەی دونیای ئەو سەردەمە بخەینە ڕوو.لە نێو دونیای ئەو سەردەمەدا جیهان لە نێو شەپۆڵێك ڕووداوی گەورەدا خۆی پێناسە دەکرد بە تایبەت بۆ لە ڕووی سیاسی و دووبارە پەیدابوونەوەی ” ئومێد” بۆ بزوتنەوەی چەپ کە ئەو دەمە هەژموونی نەك تەنیا بەسەر بزوتنەوەی چینی کرێکارو توێژەکانیتر هەبوو بەڵکو ببووە پەرچەمی سیاسی جیهان بینی بزوتنەوەی خوێندکاران نەك تەنیا لەفەرەنسا بەڵکو لە زۆربەی ئەو ووڵاتانەی بەرەنگاری گەورە لە ئارادابوو.
یەکێك لە خاسیەتە گرنگەکانی ئەم شۆڕشە، بە تایبەتی لە کانونی بەڕێوەبردنیدا بریتی بوو لە یاخی بوونێکی وورد نەك تەنیا دژ بە سیستەمی کاپیتالیزم ، بەڵکو یاخی بوونیش بوو لەو بلۆکە مێژوویەی کە شوناسی چەپی لە ئاستی دونیادا مۆنۆپۆل کردبوو. لە سەر ئاستی نێو نەتەوییدا و لە زنجیرە ڕووداوە مێژوویەکانی بەر لە شۆڕش، ڕووداوێکی گرنگ ڕووی دا لە تێك شکاندنی تابوویەکی گەورە کە بریتی بوو لە :- ڕاپۆرتی خرۆشۆف دژ بە جۆری دەسەڵاتدارێتی ستالین لە ساڵی ١٩٥٦ دا لە پاش مردنی ستالین. ئەم ڕاپۆرتە کە لە سێنتەری ئەو فۆرمە لە کۆمۆنیزمی سەدەی بیست بڵاوکرایەوە، درزێکی خستە نێو ئەو دیوارە بیروکراسیەی کە نەیدەهێشت نەوەیەکی نوێ لە گەنجانی کۆمۆنیست سەر لە نوێ بنیاتی ئەلتەرناتیڤی کۆمۆنیستی بکەنەوە لە دیدگاو لە پراکتیسدا. دوای ڕاپۆرتەکەی خرۆشۆف دوو جۆر لە مامەڵە هەبوو لە گەڵ ئەم ڕاپۆرتەدا،دونیای سەرمایەداری لە بلۆکی ڕۆژئاوا کردی بە کەرەستەیەکی پڕوپاگەندەی شەڕی سارد دژ بە کۆمۆنیزم ، مامەڵەیەکیتریش بریتی بوو لە قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە بۆ بەرژوەندی کۆمۆنیزم .
بەشی زۆری بەرەنگاریەکانی خوێندکاران وبزوتنەوەی کرێکاری لەسەرەتای شەستەکانادا هەڵوێستی فەرمییان بریتی بوو لە تازەکردنەوەو دەوڵەمەند کردنی کۆمۆنیزم و موتوربە کردنی بە تێڕوانینی تازە و ئاکشنی جەریئانە نەك تەنیا لە ئاستی نێوخۆیی وڵاتەکاندا، بەڵکو لەسەرئاستی نێونەتەوەییشدا و ئەو کێشەو گرفتانەی کە بوعدی جیهانایان هەبوو چەشنی؛ قەیرانە ئابوریەکان، شەڕەکان وەکو شەڕی ڤێتنام، خەباتی گەلانی ژێردەستەی کۆلۆنیالیزم بۆ سەربەخۆیی هتد.
تێڕوانینی دیدی سیاسی ئەو بزوتنەوەیەی شۆڕشی فەرەنسای بەرپا کرد،سەرەڕای ئەوەی هەرەمێکی پتەوی سیاسی نەبوو بەڵام بۆچونیان لەبەرامبەر هەموو ئەو مەسەلانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا زۆر ڕوون ئاشکرابوو. بزوتنەوەی دژی شەڕ کە لە ئەمریکاش تەشەنەی کردبوو ڕاڕا نەبوو لە وەستانەوە دژ بە شەڕی ڤێتنام و خانە کردنی وەکو شەڕێکی ئیمپیریالیستی و دژە ئازادی. لەبەرامبەر خەبات بۆ سەربەخۆیی گەلانی ژێر دەستەش؛ ئەم بزوتنەوەیە یەك دیدی زۆر ڕوونی هەبوو کە داوای کشانەوەی دەسبەجێ ی سوپای ووڵاتانی خۆیان دەکرد لەو ووڵاتانەو پشتگیری شۆڕشیان دەکرد.کاتێکیش ئەم شۆڕشانە سەرکەوتنیان بە دەست هێنا، ڕاستەوخۆ بوون بە مۆتیڤێکیتری مەعنەوی بۆ ئەم بزوتنەوەیە نەك تەنیا لە فەرەنسا بەڵکو لە شارە سەرەکیەکانی ئەم سەرو ئەوسەری دونیا وەکو بلفاست و بەرلین و مارلبۆرن ومەکسیکۆ.
چەند مانگێك بەر لە دەستپێکی شۆڕشی ساڵی ١٩٦٨ لە فەرەنسا ، بزوتنەوەی خوێندکاران لە مانگی ١ و ٢ ی هەمان ساڵ لە شاری بەرلین کۆنگرەیەکی نێو نەتەوەییان بەست بۆ ئاڵ وگۆڕ کردن و ئارایشت دانی هەڵوێست و ساغ بوونەوە لەسەر چەندین پرسی گرنگی ئەو سەردەمە. گرنگترین پرسەکانی ئەو کۆنگرەیە ڕۆڵی گرێ دانی خەباتی کرێکاران و بزوتنەوەی خوێندکاران لە دروست کردنی گۆڕانکاری چییە ؟ هەلوێست بەرامبەر شۆڕشی ڤێتنام ، ڕۆڵی ” توندو تیژی ” لە شۆڕشدا لە ئەجێندای گەرمی ئەو کۆنگرەیە بوو، ڕاستەوخۆش دوای ئەو کۆنگرەیە بوو کە خوێندکاران یەکەم جار لە ئیتاڵیا ئاکشنی گەورەی سەرتاسەریان بەڕێوەبرد.
شۆڕشی ١٩٦٨ لە فەرەنسا تەنیا بۆ چەپی نوێ گرنگی نەبوو وەکو ” دەرفەت و ئومێد ” بەڵکو بۆ دوو ڕەقیبی جیهانیش سەرئێشەیەکی مێژوویی گەورە بوو. ئەم دوو ڕەقیبە؛- کە لە لایەك سەرجەم ووڵاتانی دونیای کاپیتالیزم دەگرێتەوە، لە لایەکیتریش ئەو بلۆکەی لە ژێر شوناسی کۆمۆنیزمی سەدەی بیست هەبوو ( قوتبی سۆڤیەت) دەگرێتەوە .
هەردوولا دڵەڕاوکێی زۆریان هەبوو دژ بەو شۆڕشە و لەلای ئەوان گرنگی ئەو شۆڕشە وەکو “هەڕەشە ” ی ڕاستەوخۆ ئەژمارکرا هەم لە دونیای لیبرال هەم لە دونیای بیروکراسی کۆمۆنیزمی سەدەی بیست. ئەمەش یەکێك لە هۆکارە سەرەکیەکانی شکست پێهێنانی شۆڕشەکە بوو.
هەردوو قوتب جۆرێك لە هەڵوێستی نەنوسراویان یان نافەرمیان هەبوو لەوەی کە ئەم شۆڕشە نابێ سەرکەوێ. حیزبی شیوعی فەرەنسی لە ڕویی مێژوویەوە تا ئێستا بەوە تاوانبار دەکرێ کە لە پاڵ فاکتەکانی توندوتیژی سیستەمی عورفی و سەربازی ئەو دەمەی فەرەنسادا، ئەویش ڕۆڵی هەبوو لە ئارایشت دانی مەیدانیی ئەم ڕێکەوتنە جیهانیەی دژ بە شۆڕش.
ئەو حیزبە، ئەو دەمی یەكێك بوو لە حیزبە هەرە گەورەکانی فەرەنسا و زۆربەی سەندیکاو یەکێتیە کرێکاریەکان لە ژێر نفوزو هەژموونی ئەودابوون.ڕۆژنامەی ڕۆژانەو هەفتانەو چەندین چاپخانەی کتێب و بڵاوکراویتری لە ژێر دەستا بوو. ئەندامانی حیزب لە ژێرەوە ڕۆژانە تێکەڵی شۆرش بوون، بەڵام چەندین سەرچاوەی مێژوویی ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێبەرایەتی ئەم حیزبە بە فشاری سۆڤیەت لەسەرەوە بە نهێنی لەگەڵ حکومەتی دیگۆڵ خەریکی سەودا بوون بۆ کۆتایی پێهێنانی شۆڕش .
ئەمە لە کاتێك بوو کە لە ڕۆژانی کۆتایی ئایاری ١٩٦٨ مانگرتنی گشتی کرێکاران وجوتیاران قوتابیان وفەرمانبەرانی دەوڵەت گەیشتە ئەوپەڕی خۆی و یەکەم جار بوو لە مێژوویی جیهان ١٠ ملیۆن کەس لە مانگرتنی گشتی ووڵاتێك بەشدار بن. حکومەتی دیگۆڵ ئۆفەری زیادکردنی لەسەدا بیستی خستە بەردەم سەندیکا ڕیفۆرمیستەکانی کرێکاران کە بەشێك ڕازی نەبوون و بەشێك لەوان ڕازی بوون و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە با مانگرتن بوەستێ چونکە ئەمە مەرجی دیگۆل بوو.
دیگۆڵ پێشنیاری ئەوەی کردبوو بۆ حیزبی شیوعی فەرەنسی کە ئەم شەڕە لە هەڵبژاردن ساغ بکرێتەوەو ئەوان لە هەڵبژاردن پشکی زۆرتری دەسەڵاتیان بەردەکەوێ. حیزبی شیوعی خۆشی متمانەی تەواوی بەوە هەبوو کە لە هەڵبژاردن دەنگی زۆرینە دەهێنێت. ئەم ” دڵنیایە ” مەرجدارە بریتی بوو لە کۆتایی پێهێنانی مانگرتن و شۆڕش .
چەند سەرچاوەیەکی حیزبی شیوعی فەرەنسی ئەم هەلوێستەی خۆیان وەکو بەرگە گرتن لە خوێن ڕشتن و شەڕی ناوخۆلە قەڵەم دەدەن و ئەوان لەو باوەڕەبوون کە ئەزموونی ئیسپانیا لە فەرەنساش دووبارە دەبوو، بزوتنەوەی چەپ وکرێکاران خەڵتانی خوێن دەکران و بەرەی ڕاستیش بە دەسکەوتی باشتر سەردەکەوت، هەندێك لێکدانەوە ئەم هەڵوێستە بە عەقلانی لە قەلەم دەدەن و هەندێکیش بە سات و سەودا بە شۆڕش.
ڕاستە شۆڕشی فەرەنسای ١٩٦٨ تەمەنی لە هی کۆمۆنەی پاریس لە ساڵی ١٨٧١ دا کەمتر بوو، ڕاستە ئەویش چەشنی کۆمۆنە سەرکوت کرا و بە زەبروزەنگی سیستەم کۆتایی پێهات، بەڵام لە ڕووی پرنسیب و مێژوودا فاکتی ” دەرفەت و ئومێد ” ی هێشتا بە زیندوویی ماوەتەوەو درێژەی هەیە! تەنانەت زۆربەی ڕەخنەگرانی باڵی چەپ لە ئەمڕۆدا هەمکاریی نێوان بزوتنەوەی ئەمڕۆی خوێندکاران و کرێکارانی ساڵی ٢٠١٨ لە ئەمڕۆی فەرەنسادا وەکو کلتورو ڕۆحی ئەم شۆڕشە پێناسە دەکەن. هەر لەبەر ئەمەشە سەرۆکی ئێستای فەرەنسا ماکرۆن بانگەوازی ئەوەی دەکرد کە دەوڵەت بە فەرمی یادی ئەم شۆڕشە بکاتەوە! دیارە نەك وەك لە ئامێزگرتنی ئامانجەکانی ئەو شۆرشە، بەڵکو وەکو چەند ئەنجامگیریەکی ” ئازادی ” تاکە کەسی بە تێگەیشتنە لیبرالیەکەی، بۆ دزین و تاڵان کردنی بەها سەرەکیەکانی ئەم شۆڕشە.
لە ساڵی ١٩٦٨ لە فەرەنسا ؛ تەنیا کارگەکان لە لایەن کرێکاران و فەرمانبەران داگیر نەکرا، بەڵکو پرسی ” خۆبەڕێوەبردنی ” کارگەو دام ودەزگاکان لە لایەن چینی کرێکارەوە وەکو پرسێکی ئیداری شۆڕش خرایە ڕوو، تەنانەت چەند ڕۆژێك بەر لەسەرکوت کردنی یەکجارەکی شۆڕش چەندین کارگەو دامەزراوە لە لایەن خۆیانەوە بەڕێوە دەبران .
لە ١٩٦٨ی فەرەنسادا؛ یەکەم جار بوو لە مێژووی مۆدێرنە ” زانکۆ ” لە ئاستێکی مەیدانی بەربڵاودا بێتە دەرەوە لە دیکۆڕی ئەریستۆکراتی ئەکادیمی بەتاڵ. زانکۆکان داگیرکران لە لایەن خوێندکارانەوە، ڕۆژانە دەیان سمیناری فیکری و فەلسەفی و سیاسی بەڕێوە دەچوو. پرسی سەرەکی ئەم بزوتنەوەیە لە زانکۆ تەنیا ئەوە نەبوو کە ڕۆڵی چەپ لە زانکۆ چیە ؟ بەڵکو پرسیارێکی قوڵتربوو، پرسیارەکە ئەوەبوو چۆن دەکرێ زانکۆ ببێتە کەرستەی دروست کردنی گۆڕانکاری ڕیشەیی و شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگە؟
هەمان ئەم پرسیارە سەرەکیە دەبێ وگرنگە چەپ لە ئەمڕۆدا لە خۆی بکات ! نەك تەنیا وەکو ئەوەی کە گروپێکی گەورەی کاریگەری کۆمەڵایەتی چەشنی ” گەنجان” لە زانکۆکانن، بەڵکو وەکو ئامادە کردنی دۆخی هاوچەشنی ئەم شۆڕشە لە بواری هەمکاریی چینایەتی و پێشڕەوایەتی. چونکە ڕابەرانی بزوتنەوەی کرێکاری لەو سەردەمە لە پاڵ ڕەگەزی چەپ بوون، ڕۆشنبیری وبیرتیژی سیاسیەوە، لە ڕووی دیمۆگرافیای کۆمەڵایەتیەوەش بەشی زۆریان ” یاخی” بوون و ” گەنج” بوون کۆیانی دەکردەوە.




کێ بوو قسەی بە سیستەم گوت؟.. ڕزگار عومەر

لە پۆستێکی فەیسبووکدا، نوکتەیەك بڵاوکراوەتەوە. ئەم نوکتەیە بایەخێکی گرنگی هەیە لە کردنەوەی دەرگایەك بۆ تێگەیشتنێک لە ئەمڕۆمان لە گۆشەیەکی ترەوە. لە کاردانەوەی ئەم نوکتەیە لایك و کۆمێنت بۆ پۆستەکە هاتبوو، کە یەکێك لە کۆمێنتەکان لە ڕووی بایەخەوە تەواوکەری نوکتەکەیە. ئەم نووسینە قسە لەسەر ئەم نوکتەیە و ئەم کۆمێنتە دەکات، سەرەتا لە خوارەوە نوکتەکە و کۆمێنتەکە دادەنێین.

نوکتەکە:

کابرایەک دەچێتە بنکەی پۆلیس پێیان دەڵێت “بەبەغایەکم لێ ونبووە، پۆلیسی بنکە پێی دەڵێن ئینجا ئێمە چی بکەین! خاوەن بەبەغا پێیان دەڵێت ئەگەر دۆزیتانەوە هەرچی گوت تەعبیر لە ڕای شەخسی خۆی دەکات پەیوەندی بەمنەوە نییە”.

کۆمێنتەکە:

“هەر لەبەر ئەم ترسە، ئەوە چەند ساڵە بە دوای بەبەغایەکی کەڕ و لاڵ دەگەڕێم دەستم ناکەوێ، تاقیبێکم بۆ بکە خێرت دەگاتێ”.

لەپشتەوەی پڕۆسەی دروستبوونی نوکتە و دووبارە بەرهەمهێنانەوە و بڵاوکردنەوەیەدا، لەپشتی پەرچەکرداری پێکەنین و زەردەخەنەمان بە نوکتە، توندوتیژییەکی سیستماتیك خۆی گرمۆڵە کردووە، توندوتیژیەك بریتییە لە چەپاندن – کبتکردنی ئازادی، ئازادییەك کە گەڕان بە دواییدا لە دەرفەتەکانی مێژووی تازەدا هیچ ڕێگایەکی کراوەی مسۆگەری نییە، زەرورەتی ئەم گەڕانەش لەئەنجامی نەمانی باڵانسی هێزدا، بەناچار هەموو ئەم ئاڵۆزییە و ئەم کەبتە بۆ دووەم جار کەبت دەکاتەوە و دەیکا بە پێکەنین بە نوکتە.

گرێی ئاڵۆز و دژبەیەکی ئەم نوکتەیە لەو خاڵەوە دەست پێدەکات کە کابرایەکە جۆرێك لە دڵنیایی هەیە لە دۆزینەوەی بەباغەکە، ئەمەش تەنیا پەیوەندی بە تواناکانی هێزی پۆلیسەوە نییە لە ڕووی لۆجستیەوە، بەڵکو پەیوەندی بە دڵنیایی هەیە لەوەی هیچ لەم سیستەمە چاودێرییە ون نییە و ون نابێت (چەشنی ئەم جۆرە سیستەمە لە ڕۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێڵ باس کراوە)، لێرەدا کابرای خاوەن بەبەغا خاوەنی تەنیا یەك “موتڵەقە” کە ئەویش هێزی لەبن نەهاتوو و ئەفسانەیی سیستەمی چاوساغ و موراقەبەیە لە دۆزینەوەی بەباغەکە.

تا ئێرەش ئێمە تەنیا وا مامەڵە لەگەڵ توێکڵی دەرەوەی ئەم ترسەی کابرا دەکەین، توێکڵی ترسەکە دۆزینەوەی بەباغەکەیە، بەڵام ناووکی ترسەکە ئەوەیە بە دڵنیایی “من کەشف دەبم کە قسەم بە سیستەم گوتووە”، ئیتر لێرەدا لە یەک کاتدا دۆزینەوەی بەباغەکە کۆتایی پڕۆسەی گەڕان و سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆسەی موحاسەبە و سزایە!

لۆژیکی پەنای بەرهەمهێنانی نوکتەکە زۆر ئیلتیزامی بە سنوورە داخراوەکانی دۆخی چەپاندنەکە (کەبتەکە) کردووە، بۆیە زیرەکانە، بەڵام بە مەکشوفی دەیەوێ وا نیشان بدات کە ئۆبگێکتیڤەکە بەبەغایەکی وێڵە، بەڵام لە ڕاستیدا ئۆبگێکتیڤەکە خاوەنی بەباغەکەیە، کە بە پێی خۆی دەچێتە بنکەی پۆلیس، بۆ ئەوەی پێشوەختە “پاکانەیەك” بکات بۆ تاوانێك کردوویەتی.

ترسی خاوەنەکە ئەوەندە ئۆرگانی و بەهێزە کە دەیەوێ ئەڵقەکانی ئەم ڕووداوەی بەڕێوەیە “ئاشکرابوونی خۆی” لە ڕووی کات و زەمەن نا، بەڵکو لە ڕووی قەبارەی پەرەچەکردار کورتتر بکاتەوە، بەم چوونەی بۆ بنکەی پۆلیس برێکێك لەو هەیەجانە پڕ لە دڵنیاییە وەردەگرێت کە ڕەنگە “مەرگ”ی بەدوادا نەبێت، بەڵام گرێیەکەش لێرەیە کە سامی کەشف بوون لە بەرانبەر سیستەم لە خودی مەرگ کاریگەرترە، بە تایبەتی چاوەڕێکردنی چرکە بەچرکەی ئاشکرابوون بە جۆرێك تۆقێنەرە کە زەمەن چیتر پێوەرێك نییە، بەڵکو “حەتمیەتی ئاشکرابوونە” کە یەقینترین ماشێنی مسۆگەرکردنی کۆتایی چاوەڕوانکردنی ڕووداوەکەیە، بەڵام هێشتا کابرا لە هەوڵی ئەوەدایە بەلای کەمی “نەفیکردنێکی پێشوەختە” تۆمار بکات، نەك بەوەی لە ناخی خۆی باوەڕی بەوە هەبێت کە ئەم نەفییە قەناعەت بە ئەفسەر و موحەقیقی بنکەکە دەکات، بەڵکو ئەو ناڕاستەوخۆ لە تەواوی هێزی لاشعوری خۆیدا بە شوێن تۆمارکردنی ئیعترافێکە بە شێوزای “ئیعتیراف نەکردن”، بۆیە کاتێك دەڵێت هەرچییەك بەبەغاکە گوتی ڕای شەخسی خۆیەتی، ئەمە لە دیالێکتیکی ئاوەژووی (دەروون و زماندا) نەگوتراوی ڕاستەقینە جێی لەق دەبێت بۆ گوتراوێکی ساختە لەبەر بەرانبەرکێی دوو لۆژیکی جیاواز نا، بەڵکو لە بەر دۆڕانی “پاڵنەرێک” لە بەرانبەر “پاڵنەرێک”ی تردا.

ئەتمۆسفیری تەواوی نوکتەکە لەسەرەتاوە تا کۆتایی ئەو ئیحایەی تێدایە کە کابرا قسەکەی کردووە، ئەو ئیحایەشی تێدایە کە ئەستەمە موحەقیقی بنکە باوەڕی پێ بکات، واتا نەگوتراوە ڕاستەقینەکە کە لە زمانی زنجیرەیی نوکتەکە هیچ شوێنێكی نییە، بەڵام لە هەموو ڕوویەکەوە گەیشتووە و ئامادەیە، نەگوتراوە مەکشوفەکە ئەوەیە “هەرچییەك لە بەبەغاکە گوێتان لێ بوو قسەی منە”، بەڵام خاوەن بەبەغاکە زۆر بەلاوازی سەرکێشیەکی سوریالی دەکات کە زیاتر لە هەڵبەزین و دابەزینی مریشکی سەربڕاوی بێ سەر دەکات، ئەمەش هیچ پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی و زاتیی نەماوە بە “جورئەت” هەبێت یان نەبێت، بەڵکو وەکوو قوربانییەک بە مەکرەوە دەیەوێ دوا کارت بەکاربهێنێت، ئەو پەنا دەباتە بەر سیحری زمان !

چونکە زمان ئەو ئومێدەی پێدەدات کە بتوانێت دوا گەمەی گێمێکی دۆڕاو بکات لە قەناعەتپێهێنانی سیستەمی سیخوڕی، ئەوەش بە مەبەستی “ڕزگار”بوون نییە لەو کردەی لە دەستی دەرچووە، بەڵکو تەنیا دەیەوێ مەودای تەحەمولکردنی تۆقانی کەشفبوون و پەرچەکرادری سیستەم درێژبکات.

هەم نوکتەکە و هەم کۆمێنتەکە لە پەیوەندییەکی بەتینی هاوكێشە و پڕەنسیپە دەروونییەکانی “درکاندن- یان قۆناغێك واوەتر دانپێدانانی “ناڕاستەوخۆن. دکتۆری دەروونی بەر لەوەی نەخۆش بگەیەنێتە قۆناغی درکاندن، جا درکاندنەکە بە قۆناغی “نەفی” تێپەڕێت یان نا، دۆخێك لە متمانە دروست دەکات بۆ نەخۆش وەکوو تاقە دەرفەتی داگرتنی ئەو بارە قورسە لە ناکۆکی و پەشێوییەکانی ناوەوە.

سۆشیال میدیا وەکوو هەڵبژاردە دیزاین نەکراوە بۆ ئەوەی ڕۆڵی هەمان ئەو متمانەیە ببینێت کە دکتۆری دەروونی بۆ نەخۆش دروستی دەکات، بەڵام فەیسبووک لە تەمەنی ئێستای خۆیدا بارگاوی بووە بە زۆر دیاردە کە دوورە لە ئامانجی دروستکردنی، هەندێک ئەرکی نافەرمی بەسەر بارکراوە کە “ئاڵودەبوون” لە نێویدا ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکەی گۆڕیوە بیکا بە عیادەیەکی دەروونی نافەرمی، بەدڵنیاییش “ناتەندروست”ی گشتی خۆڕایی، کە ئەرکە سایکۆلۆژییەکە تەنیا بریتییە خولقاندنی فەزای نمایش و دەرخستن و درکاندن، بە تەعبیرێکی تر هەمان ئەرکی “گوێگرتن”ی دکتۆری دەروونی دەبینێت، بەبێ ئەوەی لە بەرانبەردا هیچ بەرپرسیاریەتییەکی لە چارەسەر هەبێت.

لەم نێوەدا نەخۆشییەکان و نەخۆشەکان وەکوو تەوژم و شەپۆلی کۆمەڵایەتی بە ئاڕاستەی جیاواز دێن و دەچن، کە تەشخیس- دیاریکردنی پرسیاری ئەوەی کێ “نەخۆشە” گرنگییەکی ئەخلاقی یان تەندروستی نەماوە، بەڵکو دەرهاویشتەکانی ڕۆژانەی ئەم هەموو “درکاندنە” دەستەجەمعیانە وەکوو سیمپتۆمی عیلەتی سیستەمێکی سیاسی ڕەق لە پشتی نوکتە و نەفرەتەکانی ئەم فەزا کۆمەڵایەتییە خۆی مەڵاس داوە.

ئەم فەزا کۆمەڵایەتییە تا سنورێکی بێ سنوور کراوەیە تا ڕادەیەکی ترسناک کراوەیە کە هەموو تراژیدیایەک تەنیا بە فلتەری کۆمیدیا بۆی هەیە بگاتە جێ، کە ئەمە خۆی لە ئەنجامی کۆتاییدا مەبەستی کۆتایی “درکاندن” خاڵی دەکاتەوە و بۆیە ئەو ڕادە لە بەرهەمهێنانەوە تراژیدیا بە ڕوخساری کۆمیدیا جۆرێك لە ئەبەدیەتی سروشتی وەرگرتووە و لە دووبارەبوونەوە ناوەستێ.

کاتێ کۆمێنتەکە دەخوێنینەوە لەبەرانبەر درکاندنێکی گاڵتەئامێزدا بانگەوازێك دەبینین، هەڵبژاردەیەك دەبینین کە بریتییە لە دۆزینەوەی بەبەغایەکی لاڵ کە قسەکانمان بە سیستەم نەگێڕێتەوە و کەشفمان نەکات، هەڵبژاردەی گەڕان بە دوای بەباغەی لاڵ لە هەمان کاتیشدا مانیفێستی “قسە نەکردنیشە” تا ئان و ساتی دۆزینەوەی مەحاڵێك (بەبەغای لاڵ) !

ئەم هەڵبژاردنە بە بەراورد بە ئەسڵی نوکتەکە هەڵوێستێکە چەند قۆناغێك لە پاشترە و خۆپارێزە لە ئاکتی قسەکردن، چونکە ئەو مەرجی پێشوەختەی قسەکردن دەبەستێتەوە بە مەحاڵێك کە قسەکردن نەگاتە گوێیەکانی سیستەم، بە کورتی پێشنیاری “بێدەنگی و کپییە”، بەڵام بە یەك جیاوازی لەهەموو جۆرە هەڵبژاردیەکی تری بێدەنگی کە ئەویش ئەو لێرە بانگەوازێك دەکا بۆ بێدەنگبوون.

ئەم بانگەوازە ڕاستە لە دەم و لە شوێنێك دەردەچێت کە لە ڕووی واقیعیەوە دەبێ دووربێت لە بەرژەوەندی سیستەم، بەڵام بە مەبەست یان لە ئەنجامی فەشەلی فلتەری گۆڕینی تراژیدیا بە کۆمیدیا بێت، نامەی سیستەم دزە دەکاتە نێو درکاندنەکان، نامەیەک بە ڕوخسارێکی پاسیفیست و سەرگەردان، بەڵام بە ناوەڕۆكێکی دیسپلینخواز دەچرپێنێ بە گوێماندا کە “بێدەنگی” هەڵبژاردەیەکی مومکینترە لە “دەنگ هەڵبڕین”، بوونی بەبەغایەکی لاڵ ئاماژەیەکە بۆ فەزایەکی ئەمینتر و دڵنیاتر کە قسە بە سیستەم ناگات و هیچ سزایەك لە ئارادا نابێت، لەوەش گرنگتر ئەگەر بەبەغای لاڵت دەست بکەوێت، واتا خۆت بخەیتە گرەوەی هەلومەرجی مەحاڵی قسەکردن، ئەو دەمی لە تۆقاندنە ترسناکەکە پارێزراو دەبیت لە تۆقاندنی چاوەڕێکردنی ئاشکرابوونت کە قسەت بە سیستەم گوتووە!




پیاسەیەك بە ئایندەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.. ڕزگار عومەر

تەنگەژەی سیاسی موزمین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی دیکە تیشکی خستۆتە سەرعێراق، ئەمەش وایکردووە دوودڵی و گومان و بیرکردنەوە لە چارەنووسی بزووتنەوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەو عێراق بێتە پێشەوە. جەنگەکان و سەرهەڵدان و شکستی گرووپە توندڕەوەکان، گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان و ململانێ ناوخۆییەکان، کۆی ئەو زەمینەیان پێكهێناوە کە بزووتنەوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە چوارچێوەیدا تا ئێستا کاریان تیا کردووە.
سروشتی ناجێگیری ناوچەکە پێویستی بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە، کە مامەڵە لە گەڵ ژینگەیەك بکەن کە سەلامەتی و ئاسایش وەک بەرپرسیاریەتیەکی گشتی هەرسێ کوچکەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی + کۆمەڵگە+ دام و دەزگای پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت ئەژمار بکرێت نەك بکرێتە بیانوی کۆنتڕۆڵی زیاتری دەوڵەت.کارێك کە بزوتنەوە مەدەنیەکان بە هەر نرخێك و ڕیسکێك لە ڕابردوو کردیان و ئەمڕۆش پێویستە خۆیان لەگەڵ ئەم نادڵنیاییەدا بگونجێنن و ڕێگایەك و دووان بدۆزنەوە بۆ تازەکردنەوەی (جۆرو چەندایەتی) پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەکتەرە سیاسییە جیاوازەکان بۆ ئەوەی دۆزی خۆیان و پرسی “مانەوە” ی خۆیان جێگیرتر بکەن.
بۆ پرسی “مانەوە” زۆرجار ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕووبەڕووی سنوورداربوونی سەرچاوەکانی داهات دەبنەوە، ئەمەش ڕێگری لە تواناکانیان دەکات بۆ درێژەدان بە پڕۆژەو پەیامەکانیان، چونکە بەدەر لە دیوی سیاسیدا ناسەقامگیری “ئابووری” و کەمی سەرچاوە دەتوانێت ڕێگری لە کاریگەریی ئەم بزووتنەوەیانە بکات لە دروستکردنی گۆڕانکاریی بەردەوامدا.
گەنجان لە عێراق نوێنەرایەتی قەوارەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز دەکەن بۆ گۆڕانکاری. ڕووداوەکانی ئەم دواییە تیشکیان خستۆتە سەر ڕۆڵی چالاکانی گەنج لە هاندانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان. بەکارهێنانی وزە و سۆز و خولیای گەنجان دەتوانێت بەشداربێت لە خۆڕاگری و زیندوویی بزووتنەوە مەدەنییەکان ئەگەر بێتوو” ستراتیژی دروست” کۆیان بکاتەوە.
بەشێك لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەمووی نا، بەرژەوەندییەکی تایبەتی هەیە لە بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و بەها دیموکراسیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق دەتوانن پاڵپشتی ئەم بەشە لە پێکهاتەی نێودەوڵەتی بەکاربهێنن بۆ ئیکۆ و سەدای دەنگەکانیان و کۆکردنەوەی هاوکاری لە ڕووبەڕووبوونەوەی چارەنوسی خەفە کردنی بزوتنەوە مەدەنیەکان.
چارەنووسی بزووتنەوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە عێراق دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بنەڕەتدا بەستراوەتەوە بە توانای بەشێك لە کۆمەڵگە بۆ چارەسەرکردنی مەترسیەکانی چەشنی شێوازێك لە ” نایاسایی ” کردن و بەکارهێنانی قوفڵی یاساو “تەخوین” کردن و تۆمەتی “سیخوڕی” کردن و فراوان کردنی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی لیستی ڕەشی ڕێکخراوە یاساغ کراوەکان.
لە دۆخێکی وادا هیچ “موعجیزەیەك” نیە ببێتە فریادڕەس بۆ دواڕۆژی بزوتنەوە مەدەنیەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەڵکو دەبێ ” موعجیزەکان” بە ستراتیژی وردرترو کاری کۆلیکتیڤ بەرهەم بهێنرێن! کە ڕەنگە لۆژیکترین دەرفەتی ئەرێنی موعجیزە دروست کردن کۆکردنەوەی گەنجان بێت و ئاشنا کردنیان بە دوو خاڵی سەرەکی؛ یەکەم میکانیزمی زەق کردنەوەی هێزی کۆمەڵایەتی خۆیان، دووەم ئاشنا کردنی خێرایی ئەوان بە “ئایندەیەكی مەترسیدار” کە لە ئەنجامی نەهێشتنی ڕێکخراوەکان و بزوتنەوە مەدەنیەکان لە کۆمەلگە دروست دەبێت. بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەم ئەرکە ئیختیاریی نیە بەڵکو ئیلتزامێکی پرسی مانەوەیەو وەڵامێکی سادەی ئەمرۆیە بۆ پرسیاری “بوون و نەبوون” بەیانی!




چاوپیکەوتنەکەی ڤلادیمێر پوتین.. ڕزگار عومەر

هەفتەی ڕابردوو لە جوڵەیەکی زیرەك و بەرچاودا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بەشداری چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی تاکەر کارلسۆن کرد، ئەمەش بووە هۆی سەرنج و مشتومڕی نێودەوڵەتی، بەشێك لە میدیای ئەمریکاو سیاسەتمەدارەکان ئەم ڕۆژنامەنوسەیان تەخوین کرد! گفتوگۆکە قووڵ بووەوە بۆ کۆمەڵێک بابەت، تێڕوانینێکی جیاوازی بۆ دیدگاکانی پوتین سەبارەت بە کاروباری جیهانی پێشکەش کرد. چاوپێکەوتنەکە 2 کاتژمێر و 6 خولەکی خایاند. سەرۆکی ڕووسیا نزیکەی 60 پرسیاری وەرگرت تەنیا لە 23 سەعاتی یەکەمدا ڕاستیەکی گەورەی سەلماند کە خەڵك ڕۆژئاوا تەنیا نایەوێ گوێ لە سەرکردەکانی خۆی بگرێت ، بەلکو دەیەوێ گوێ ی لەو بە ” دوژمن” کراوەیش بێت، چونکە چاوپێکەوتنەکە تەنیا لە ماوەی 23 کاتژمێردا زیاتر لە 150 ملیۆن جار بینراوە، پاش ئەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوەو لەلایەن زیاتر لە860 هەزار کەسەوە “لایک” کرا. 269 هەزار جار دووبارە بڵاوکراوەتەوە.لە کەناڵی یوتیوبی ڕۆژنامەنوسکە زیاتر لە 8.3 ملیۆن جار بینراوە!
تەوقیتی چاوپێکەوتنەکە “گرنگییەکەی” زیاتر کرد، چونکە لە دۆخێکی پڕ لە گرژیی جیۆپۆلیتیکییەکان و نادڵنیاییە جیهانییەکان سازکرا. ئامادەیی پوتین بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکیدا، ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی دیپلۆماسییە بۆ پڕکردنەوەی دابەشبوونی نێوان ڕوسیاو نەیارانی. گرنگی ئەم جۆرە گفتوگۆیە ناتوانرێت کەمنرخ بکرێت، بەتایبەتی لە سەردەمێکدا کە زانیاری هەڵە و لە خشتەبردنی بەپلان دەتوانێت ململانێیە خوێناویەکان فراوانتر بکات.
لە ڕووی هەڵسەنگاندنی ئێستای پۆتیندا؛ سوچێکی گرنگی چاوپێکەوتنەکە، دەرك کردنی دووبارەی ڕۆڵی گرنگی میدیا بوو لە داڕشتنی ڕای گشتیدا. جەختکردنەوەی پوتین لەسەر گرنگی زانیاری دروست و ڕاپۆرتکردنی بێلایەن دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، چونکە تیشکی خستە سەر پێویستی تێگەیشتنێکی هاوسەنگتر لە ڕووداوە جیهانییەکان بەلای کەمی گرنگی “دەرفەتی یەکسان” بۆ هەموو لایەك کە دەنگی بگات و هەروەهاش چاوپێکەوتنەکە توانی بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەنووسان و ژۆرنالیزمی جدی لە دابینکردنی ڕووی دووەمی حەقیقەت بخاتەوە سەر مێزی پیشەگەریی ڕۆژنامەوانی. بەشێك لە نەیارانی پۆتین و سەرکردە سیاسیەکانی ڕۆژئاواو ڕەخنەگران دەڵێن:-
” ڕەنگە ئەو چاوپێکەوتنە خزمەتی بە ئەجێندای سیاسی پوتین کردبێت بە ڕەخساندنی سەکۆیەک بۆ ئەوەی ئەویش گێڕانەوەی خۆی بخاتەڕوو. بە پێچەوانەی ئەمش هەندێکی دیکە پێیان وایە چاوپێکەوتنەکە بەشداری کردووە لە بنیات نانی تێگەیشتنێکی گشتگیرترو نزیکتر لە دیدگای ڕووسیا، کە ڕەنگە ئەم چاوپێکەوتنە ڕێگا خۆش بکات بەلای کەمی لە نێو ڕای گشتی جیهانیدا کە لەبەردەم جەنگی خوێناوی و بەردەوامدا پرسی گەڕانەوە بۆ دیبلۆماسیەت بە هێزتر بکات.
چاوپێکەوتنەکەی پوتین لەگەڵ تاکەر کارلسۆن بێ پەردە دیدێکی جیاوازی ڕەخنەگرانەی لەسەر دۆخی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڕووسیا و ڕۆڵی میدیا و پرسە جیهانییەکان هێنایە ئاراوە. پرسیارو وەڵامی ڕاشکاوانە لە نێوان سەرۆکی ڕووسیا و ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەکەدا، وردەکارییەکی گرنگی لە ئاڵۆزییەکانی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی پێشکەش کرد و لەوێ جەخت لەسەر گرنگی گفتوگۆی کراوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخانە کردەوە کە جیهانی نقوم بووی ئەمڕۆمان پێناسە دەکەن.ئەم جۆرە چاوپێکەوتنانە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە کردنەوەی دەرگای داخراوی دیالۆگ، دەرگایەك کە کەم نین ئەو سەرکردە جیهانیانەی دەیانەوێ قفڵەکانی تۆکمەتر بکەن!




زیرەکی دەستکرد چی لە مرۆڤایەتی دەکات!.. ڕزگار عومەر

زیرەکی دەستکرد وەكو هێزێکی گۆڕانکاری سێبەری خستۆتە سەر ئەمڕۆی جیهان، گۆڕانکاری زۆر کاریگەری لە لایەنە جیاوازەکانی ژیان دروست کردووە، کە بە دڵنیایی راستەوخۆ کار دەکاتە سەر بازاڕی کار . یەکتر بڕینی هەردوو جەمسەری کۆمەڵناسی – پێشکەوتنی تەکنەلۆژی تادێت گرینگتر دەبێت بۆ تێگەیشتن لە ئەمڕۆمان، بەتایبەتی بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری لە جیهاندا.
یەکخستنی زیرەکی دەستکرد لە پیشەسازییەکان لە لایەك بووەتە هۆی زیادبوونی کارایی و بەرهەمهێنان، بەڵام بووەتە هۆی گۆڕانکارییەکی بەرچاویش لە میکانیزمەکانی بازاڕی کار. بە تایبەتی ئەو جۆرە لە کار کە سروشتی دووبارە کردنەوەی تێدایە، ئەمجۆرە لەکار بە شێوەیەکی گشتی بە سیستەمی ئۆتۆماتیکی دەگۆڕدرێن، ئەمەش کێشەیەکی فراوانی بێکاری و مرۆیی لێدکەوێتەوە.
یەکێك لە ساغ بوونەوە سەرەتاییەکانی کۆمەڵناسیی دەربارەی زیرەکی دەستکرد کاریگەرییەکەیەتی لەسەر ڕێژەی بێکاری جیهانی. بەپێی زانیاری و داتا تازەکان، چەند وڵاتێک تووشی هەڵاوسان بوون لە ژمارەی دامەزراندنی کرێکارو فەرمانبەرو کارەمەندی نوێ کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەبووە لەگەڵ پەنا بردن بۆ تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد بۆ نموونە، توێژینەوەیەك کە لەلایەن کۆڕبەندی ئابووری جیهانییەوە ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە تا ساڵی ٢٠٢٥، ڕەنگە زیاتر لە ٨٥ ملیۆن هەلی کار بەهۆی سیستەمی ئۆتۆماتیکی زیرەکی دەستکرد لە کۆمپانیا مامناوەند و گەورەکاندا لە جیاتی بدرێت بە مرۆڤ دەدرێ زیرەکی دەستکرد!
دەرئەنجامە کۆمەڵایەتیەکانی بێکاری بەهۆی زیرەکی دەستکرد لە دەرەوەی بازنەی بازاڕی کاریش خەستر دەبێت چونکە لەگەڵ ئەوەی تاکەکان لەگەڵ نائەمنی کاردا دەجەنگن، پێکهاتەو چینەکانی کۆمەڵگا تووشی فشاری زیاتر دەبن. پرسەکانی وەك نایەکسانی لە داهات، دەستڕاگەیشتن بە خوێندن بۆ بەدەستهێنانی کارامەیی پێویست بۆ گەڕان و ئومیدی دۆزینەوەی چانسی کار، نائارامی کۆمەڵایەتی دەبێتە بەشێکی دیمەنی کۆمەڵگاکان کە ئەرکێکی جدیتر دەخاتە سەر کۆمەڵناسیی نوێ، ئەرکێك کە ڕەنگە سیستەمەکان نەیانەوێ هیچ بودجەیەکی بۆ تەرخان بکەن.
حکومەتەکان و دامەزراوە پەروەردەییەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی زیرەکی دەستکرد لەسەر بازاڕی کار. داڕێژەرانی سیاسەت دەبێ ستراتیژییەکان دابڕێژن بۆ دووبارە ڕاهێنانەوە و بەرزکردنەوەی لێهاتوویی هێزی کار، دڵنیابوون لەوەی کە تاکەکان کارامەیی پێویستیان هەیە بۆ لە ئەستۆ گرتنی کاری نوی کە تەواوکەری تەکنەلۆژیاکانی زیرەکی دەستکردن .
لە تێڕوانینی ئەمڕۆی کۆمەڵناسیدا زیرەکی دەستکرد شمشێرێکی دوو سەرە، کە لە یەك کاتدا دەرفەتی بێ وێنە پێشکەش بە چینێک دەکات و کێشەش بۆ چینێکیتر دروست دەکات، بەتایبەتی لە بواری بێکاری جیهانیدا.
سیستەمی قازانج هیچ قەلەقی ئەم پێشبینیانەی کۆمەڵناسیی نوی نیە، ئەمەش ئەرکێکی زیاتر دەخاتە تیئۆری کۆمەڵناسی کە ڕەنگە لە ڕووی ئەکادیمیەوە نامۆ بێت بە سروشتی خۆی، کۆمەڵناسی نەك بە هەڵبژاردەی خۆی بەڵکو وەکو حەتمیەتی ئەم دۆخەی جیهان چاری نیە بە دەستێك داتاو تیئۆر بە دەستەوە دەگرێ بە دەستەکەیتر ڕەخنە لە شێوازی خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی تەکنەلۆژیای نوێ!




کەشوهەوای جیهان و یەکسانی کۆمەڵایەتی.. ڕزگار عومەر

پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان تێکچوونی کەشوهەوای جیهان و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر بارودۆخی ژینگەیی نوێنەرایەتی ئاستەنگێکی گەورە دەکات بۆ کۆمەڵگەو ووڵاتە بێ دەسەڵاتەکان، بەتایبەتی چینە هەژارەکان. لە کاتێکدا جیهان لەگەڵ ئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا ناڵە ناڵیەتی، بۆ ئەم دۆخە چ وەکو چالاکوانێکی سیاسی یان ژینگەیی زۆر گرنگە لە ئەنجامە کۆمەڵایەتییە قووڵەکان بۆ هەژاران و پەیوەندییە سروشتییەکان بە پرسەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی تێبگەین.
چینە هەژارەکان؛ کە زۆر گروپی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە لەوانە جووتیارە وەرزێرەکان و شوانکاری پشت بەستوو بە لەوەرگا سروشتیەکان و کرێکارە کشتوکاڵیەکان بە شێوەیەکی نایەکسان کاریگەری ڕاستەقینەی سەختی تێکچوونی ژینگەیان لەسەرە کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا دروست دەبێت. زیادبوونی ئاستی و توندی کارەساتە سروشتییەکان لە ناوچە هەژارەکان ، وەک زریان، لافاو و وشکەساڵی، بە توندی کاریگەری داناوە، ئەمەش جیاوازیی و قڵشتە ئابووری و چینایەتیەکانی ئێستا زیاتر دەکات. سەرچاوەو داهاتی سنووردارو و ژێرخانی ئابوری ناتەواو لەم ناوچانەدا کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان وادەکات زیاتر ببن بە قوربانی ئەنجامە وێرانەکانی ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا، کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ژیانی سەقامگیر، ماڵ و بژێویان .
زۆرجار خەڵکی هەژار بۆ بژێوی ژیانیان پشت بە سامانە سروشتییەکان دەبەستن، وەک کشتوکاڵ و ماسیگرتن. تێکچوونەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بۆ ئەم ئیکۆسیستەمانە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەم و کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە سەرەتاییەکان، ئەمەش وادەکات کۆمەڵگە لاوازەکان قووڵتر نقوم بن لە هەژاری.

دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی ئاستەنگەکانی ژینگەیی زۆر گەورەن، کە نەک تەنها کاریگەرییان لەسەر بژێوی ژیان هەیە، بەڵکو کاریگەریان لەسەر تەندروستی و پەروەردە و خۆشگوزەرانی گشتی هەیە.
کۆمەڵگە هەژارەکان ڕووبەڕووی مەترسی زیادبوونی بەدخۆراکی، نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاو و دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و چاودێری تەندروستی دەبنەوە. جگە لەوەش، کۆچی زۆرەملێی خەڵک بەهۆی هۆکارە ژینگەییەکانەوە دەتوانێت ببێتە هۆی قەرەباڵغی ناوچە شارییەکان و فشارێکی زیاتر لەسەر سەرچاوە سنووردارەکان دروست بکات و بەشداربێت لە نائارامی کۆمەڵایەتیدا.
چارەسەرکردنی پەیوەندی نێوان بارودۆخی خراپی ژینگەیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی پێویستی بە ڕێبازێکی گشتگیر هەیە. سیاسەتە ژینگەییەکان دەبێت پێداویستییەکانی کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان لە پێشینەدا بن و گەشەپێدانی بەردەوام و خۆڕاگری بەرەوپێش ببەن.
پەیوەندی نێوان بارودۆخی ژینگەیی نالەباری کەشوهەوای جیهانی و دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ کۆمەڵگا پەراوێزخراوەکان دەرفەتی نەهێشتووە بۆ نکۆڵی لێکردن. گەیشتن بە “دادپەروەری کۆمەڵایەتی” لە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوادا پێویستی بە ڕێبازێکی گشتگیر هەیە کە بەڕێوەبردنی ژینگە لەگەڵ “عەدالەتی کۆمەڵایەتی” تێکەڵ بکات، ئەم تێکەڵ کردنە ئیختیاریی نیە بەڵکو زەرورەتە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە گروپە لاوازەکان بە تەنیا نامێننەوە!




ڕۆژی دووەمی جەنگ..ڕزگار عومەر

لە ئەدەبیاتی ئاگری نەکوژاوەی ڕۆژهەڵاتی ناەڕاستدا دەستەواژەیەك زۆر دووبارە دەبێتەوە ” قەدەر، یان چارەنوسی ئەم ناوچەیە هەروەکو خۆی دەمێنێ!” یاریزانە سەرەکییەکانی وەك ئەمریکا، ئێران، ڕووسیا و تورکیاو لایەنگرەکانیان کاریگەرییان لەسەر ئەم چارەنوسە هەیە. ئامانجە ناکۆك و بەردەوامەکانی ئەم هەموو ئەکتەرە گرفتی خوێناوی دروست دەکەن و عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە چەقی ئەم ئاڵۆزیەدا گیریان خواردووە.
یەکێك لە بزوێنەرە سەرەکیەکانی ئاڵۆزی ئەم ناوچەیە کێبڕکێ درێژخایەنەکەی نێوان ئەمریکا و ئێرانە کە بەهۆی ئامانجە دژبەیەکەکانیان لە ئاست و شوێن کاتی جیاواز بەریەك دەکەون، هەر ئەم بەر یەك کەوتنەشە ڕۆڵی سەرەکی هەیەو بەردەوامە لە داڕشتنی وێنەی گۆڕاو یان جێگیری ناوچەکە. ئەمریکا کە هاوپەیمانی مێژوویی سعودیە و دەوڵەتانی کەنداو ئیسرائیلە، تەواو مەشغولی بەرپەرچدانەوەی فراوانخوازیی بازنەی ڕوسیا-چین- ئێرانە لە ناوچەکە. هاوکات ئێرانیش مەیدانیتر هەوڵ دەدات هەژموونی خۆی بسەلمێنێت و بەهەر نرخێك بێت فریای سەپاندنی ئامانجە ستراتیژیەکانی خۆی بکەوێت.
لەم ساڵانەی دواییدا گەڕانەوەی ڕووسیا بە تەرکیزێکی زیاتر بۆ ئەم تێکەڵە جیۆپۆلەتیکییە فاکتێکیتری لە ئاڵۆزیەکان زیاد کرد، ڕوسیا بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و خۆشکردنی پەیوەندیەکانی خۆی لە گەڵ هاوپەیمانە تەقلیدیەکانی ئەمریکا، تەحەدای بەرەی ئەمریکا دەکات لە ناوچەکە، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دیمەنی سیاسی عێراق داناوە، کە مەرج نیە لە ئێستادا لە مەیداندا دەسکەوتەکانی پێکابێت. عێراق ئێستا دەبێت ئەم هاوسەنگییە ئاڵۆزەی “بەڵانس” ئەگەر بە ڕووکەشیش بێت لە ژێر کاریگەری ئەم هەموو هێزە دژو- هاوتەریبەدا بەڕێوە ببات!
هەرێمی کوردستان؛ بە مەبەست بووبێت یان بە فشار بووبێت بووە بە مەتەڵێکیتری ئاڵۆزی ئێستاو-ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست . ئەم هەرێمە لە ڕوخساردا دەستی بە شوناسێکی سیاسی و کولتووری جیاواز گرتووە پرسیاری وێستگەی داهاتووی ئەم پێگە ناسکە ناڕوونە نەك تەنیا بۆ هاوڵاتیانی خۆی بەڵکو بۆ دۆستە کەم و نەیارە زۆرەکانیشی! لە ئەگەری پەرەسەندن و لە دەست دەرچوونی گرژییەکان، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئابووری و ئەمنی و دیپلۆماسی خەست دەبێتەوە. زیادبوونی هەڕەشە ئەمنییەکان و گۆڕانی هاوپەیمانییەکان لە ناوچەکەدا دەتوانێت ئارایشتێکی نەخوازراو بسەپێنێ، لە دۆخێکی وادا مانۆڕی دیپلۆماسی ورد ڕەنگە یەکێك لەو میتۆدانە بێت کە پێش بە بە بەشێك لە سیناریۆ ڕەشەکان بگرێت.
ئەنجامەکانی سیناریۆیەك کە گرژی و جەنگەکان بە یەکجاری لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەربچن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئێستادا وەکو مۆتەکەی ” ئەگەرێکی کراوە” ئەگەر لە “ئەگەر” دەربچێ و ببێ بە واقیع ئەوا سەرتاپای دیمەنی سیاسی لە ناوچەکە دەگۆرێت .
داینامیکی ناجێگیرو شل و بێ ئیلتیزام و بێ پرەنسیب لە ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لە ژێر ڕەحمی ئامانجە ناکۆکەکانی ئەمریکا، ئێران، ڕووسیا و تورکیادایە، وەڵامێکی ناڕاستەوخۆ دەخاتە بەردەم ئەو مەتەڵە جیۆپۆلەتیکییە ئاڵۆزەی کە عێراق و هەرێم بەرەو ڕووی دەبێتەوە، کە هاوتەریب لە گەڵ پەرەسەندنی داینامیکی دۆخی جیهانیدا، هەمان وەڵامە کلاسیکەکە دەخاتەوە بەردەم ئاسۆی دانیشتوان و گەلانی ناوچەکە کە ئەویش تەنیا “دیبلۆماسیەت و ئاشتیە”، بەڵام ئایا ئەم ئاسۆیە لە نێو ئەم هەموو شەڕانگێزیەدا دەرفەتی ماوە؟




مارکس وەکو ڕۆژنامەنووس!.. ڕزگار عومەر

لەم ڕۆژانەی ڕابردوو دەرفەتی ئەوەم بوو کە چاوپێکەوتنێکی گرنگ و درێژبخوێنمەوە بە زمانی ئینگلیزی لە گەڵ “جەیمس لێدبێتەر” سەبارەت بە ئەزموونی ڕۆژنامەگەری لای مارکس، کە هەوڵ دەدەم لەم ستوونە کورتەدا هەندێك لە زانیاریەکان لێرەدا کورتبکەمەوە؛
“مارکس کەم تا زۆر لە هەموو ژیانیدا ڕۆژنامەنووس بووە. لە ساڵی ١٨٤٢ دەستی بە نووسین کرد بۆ ڕۆژنامەی ڕینیش زایتونگ، و لە ساڵی ١٨٤٨ ڕۆژنامەی تایبەتی خۆی دامەزراند. دواتر دەستی بە ناردنی بابەت کردو ستوونی تایبەتی هەبوو لە ڕۆژنامەی (نیویۆرک تریبیون) ئەمریکی.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تریبیون کە پێشەنگ بوو لە دژایەتی کردنی سیستەمی کۆیلایەتی لە ساڵی ١٨٤١ لەلایەن “هۆراس گریلیەوە” دامەزرا، لە ئەزموونێکی کورتدا بە خێرایی بوو هەم بە گەورەترین ڕۆژنامەی جیهان بەتیراژی زیاتر لە دوو سەد هەزار لەو ماوەیەی کە مارکس بەشداری تیا دەکرد دەکردهەم پێشەنگیش بوو لە دژایەتی کۆیلایەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.
ئەگەر بەراوردێك بکەین لەسەر بابەتەکانی مارکس کە لە ڕۆژنامەکاندا وەکو پەیامنێرو وەکو نوسەر بلاوی کردۆتەوە لەم ستایڵە ناچن ناچن کە ئەمڕۆ وەکو ئەتکێتی نووسین لە ڕۆژنامەگەریدا پەیڕەو دەکرێن . بۆ نموونە لە بنەڕەتدا بەرهەمەکانی مارکس شتێکی تێدانیە ڕاستەوخۆ لەوەی کە ئەمڕۆ پێی دەڵێین “ڕاپۆرت”. هیچ باسێکی گەیاندنی سەرەدێری ڕووداوەکانی تێدا نییە، هیچ چاوپێکەوتنێکی تێدا نیە لەگەڵ سەرچاوەکان، فەرمی یان بە شێوەیەکی تر، بونیادی سەرەکی بابەتەکانی ئەو ناوەڕۆکی ڕەخنەگرانەن.
میتۆدی سەرەکی مارکس بۆ ستوونی ڕۆژنامەی “نیویۆرك تریبیون” ئەوە بوو کە ڕووداوێکی گەرم و کاریگەر هەبوایە لە دۆخی جیهانی وجێ ی گرنگی هەواڵەکان بووایە چەشنی هەڵبژاردنێکی گرنگ، ڕاپەڕینێک، جەنگ، سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی ئەمریکا ئەو دەهات بە ووردی پشکنین و بە دواچوونی بۆ دەکرد و بۆ خوێنەران پرسیاری بنەڕەتی سیاسەتی یان ئابووری پەیوەست بە بابەتەکە زەق دەکردەوەو دواتر لەسەر ئەو پرسیارانە وەڵامەکانی خۆی جێگیر دەکرد. بەم مانایە ڕۆژنامەگەریی مارکس لەڕاستیدا لە هەندێک لەو بابەتانە دەچێت کە ئەمڕۆ لە گۆڤارەکانی بیروڕادا بڵاودەکرێنەوە ئاسانە نووسینی ڕۆژنامەوانیی مارکس و ئەو جۆرە نووسینانە ببینین کە تایبەتمەندی زۆرێک لە ڕۆژنامەگەریی سیاسی بووە بەتایبەت لە ئەوروپا لە سەدەی بیستەمدا.
مارکس بە خەستی هێرشی کردە سەرجۆری ڕوماڵی ڕۆژنامەکانی بەریتانیا بۆ شەڕی ناوخۆی ئەمریکاو بە دوو ڕوویی لە قەڵەمی دەدا.مارکس لەو باوەڕە بوو کە دژایەتی کردنی ڕۆژنامەکانی بەریتانیا بۆ شەڕی نەهێشتنی کۆیلایەتی لە ئەمریکا بۆ ئەوە دەگەڕاوە کە پیشەسازی قوماش بزوێنەرێکی گەورەی ئابووری بەریتانیا بوو و پشتی بەو خامە هەرزانانە دەبەست لە ئەمریکای کۆیلەدارەوە دەهاتە بەریتانیا.
مارکس ئەمڕۆ وەك تیۆریستێکی ئابووری، وەك بیرمەندێکی سیاسی؛ وەکو مێژوونووس و فەیلەسوف پۆلین دەکرێت کە سەرجەم ئەو پۆلینکردنانە ڕەوایەتی خۆی هەیە، بەڵام تۆماری مێژوویی، پۆلێنێکیتریش بۆ مارکس پێشنیار دەکات، ئەویش ئەوەیە کە مارکس وەك نووسەرێکی پیشەیی، وەك ڕۆژنامەنووسێك بیری لێبکرێتەوە. بە گشتی مارکس بە یارمەتی ئەنگڵس نزیکەی پێنج سەد بابەتی بۆ ڕۆژنامەی تریبیون بەرهەم هێنا، کە پێکەوە نزیکەی حەوت بەرگ لە بەرهەمە کۆکراوەی پەنجا بەرگی ئەو دوو پیاوە کۆدەکەنەوە. ئێمە لە تێگەیشتن لە گرنگی ڕیتۆریک لە کارەکانی مارکسدا نزیک دەبینەوە ئەگەر وەک ڕۆژنامەنووسێک بیری لێ بکەینەوە.




گەڕاندنەوەی بەها بۆ ڕۆژنامەی چاپکراو.. ڕزگار عومەر

لە سەردەمێکدا کە پێشکەوتنە دیجیتاڵییەکان و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری خێرا زاڵن، پیشەی ڕۆژنامەی چاپکراو ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە. لەگەڵ سەرهەڵدانی پلاتفۆرمی هەواڵی ئۆنلاین و سۆشیال میدیا، میدیای چاپکراو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە لە موتابەعەو ڕێژەی خوێنەران. بەڵام هێشتا ئەگەرو ئومێدی نۆژەنکردنەوەو بنیاتنانەوەی ڕۆژنامەی چاپکراو هەیە، چونکە پێگەیەکی ناوازە و هەمیشەیی لە کۆمەڵگادا داگیرکردووە. ئیدارەی هەر ڕۆژنامەیەک کە خوازیارە ئیعتیبار بگەڕێنێتەوە بۆ ڕۆژنامەی چاپکراو دەبێ چەند هەنگاوێکی کرداریی بکات:
لە ئامێز گرتنی میدیای دیجیتاڵ، چونکە هەرچەندە میدیای چاپکراو مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە، بەڵام ناتوانێت شۆڕشی دیجیتاڵی پشتگوێ بخات. ڕۆژنامەکان پێویستە توخمە دیجیتاڵییەکان لە ستراتیژییەکانی دابەشکردنی ناوەڕۆکەکانیاندا تێکەڵ بکەن. پەرەپێدانی پلاتفۆرمی ئۆنلاین کارلێککارانە، ئەپڵیکەیشنی مۆبایل و بەشداریکردنی دیجیتاڵی بۆ گەیشتن بە خوێنەرانێکی زۆرترو فراوانتر.
گرنگی دانەوە بە ناوەڕۆك، چونکە کوالیتی ناوەڕۆك شادەماری زیندوو مانەوەی ڕۆژنامەیە؛ بۆ ئەوەی ڕۆژنامەکەت کێبڕکێ لەگەڵ سروشتی خێراو بە دەقەو چرکەی هەواڵی ئۆنلاین بکەن، پێویستە سەرنجیان لەسەر دابینکردنی ناوەڕۆکی کوالیتی بەرز و قووڵ بێت. وەبەرهێنان لە ڕۆژنامەگەری لێکۆڵینەوە و شیکاری بیرکراوە و شرۆڤەی پسپۆڕانەدا بکە بۆ ئەوەی زانیارییەک بە خوێنەران بدەیت کە لە هیچ شوێنێکی تردا بە ئاسانی ناتوانن بیدۆزنەوە.
خستنە ڕووی پرسی ڕۆژو کاریگەر لەسەر کۆمەڵگە وا لە ڕۆژنامەکەت دەکات شوناسی سەکۆیەکی کۆمەڵایەتی ڕاستەوخۆ وەربگرێت، چونکە مێژووی ڕۆژنامە چاپکراوە مولتەزیمەکان شێوەیەکی نەریتی وەک ناوەندی کۆمەڵایەتی خزمەتیان کردووەو ئەمە شوناسی ڕاستەقینەیان بووە، کە وایان دەکرد خەڵک لە ڕێگەی هەواڵ و ڕووداوە ناوخۆییەکانەوە بەیەکەوە لە تەونێکی کۆمەڵایەتی یەکبگرنەوە.
دابەزینی داهاتی ڕیکلامەکان تەحەدایەکی گەورە بووە بۆ میدیای چاپکراو. بۆ تێپەڕاندنی ئەم کێشەیە، پێویستە لەسەر ئیدارەی ڕۆژنامە سەرچاوەی داهاتەکانیان هەمەچەشن بکەن. بەدواداچوون بۆ مۆدێلی ڕیکلامی داهێنەرانە بکە، وەک ڕێکلامە ڕەسەنەکان و ناوەڕۆکی سپۆنسەرکراو. بۆ نموونە چەند جیاوازە کە تۆ ریکلام بۆ نێرگیلەو جگەرە بکەیت یان ریکلام بۆ پیشانگای کتێب و ماراسۆنی گشتی ڕاکردن بکەیت!
دەستنیشان کردنی بوارە تایبەتەکان و بە ئامانج گرتنی کە ڕەنگە لە ڕێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە خزمەتگوزاری گونجاو وەرنەگرن. بەشە تایبەتمەندەکان یان بڵاوکراوەکان کە جێگەی بەرژەوەندییە تایبەتەکانن، وەک هونەر، کولتوور، یان مێژووی ناوخۆیی، دەتوانن خوێنەر ڕابکێشن. لە کاتێکدا کە یەکخستنی دیجیتاڵی زۆر گرنگە، بەڵام نابێت چاوپۆشی لە سەرنجڕاکێشیی جوانکاری ڕۆژنامە چاپکراوەکان بکرێت. وەبەرهێنان بکە لە دیزاینی چاپی کوالیتی بەرز و سەردێڕی سەرنجڕاکێش و نەخشە سەرنجڕاکێشەکانی بینراو. ئەمەش نەک هەر ئەزموونی خوێندنەوە بەرز دەکاتەوە، بەڵکو ڕۆژنامەکە وەک بابەتێکی بەرجەستە و کۆکراوە جێگیر دەکات.
لە کۆتاییدا، نۆژەنکردنەوەی میدیای چاپکراو لە سەردەمی ئێمەدا پێویستی بە پێکهاتەیەکی ستراتیژی هەیە لە وەرگرتنی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی، دابینکردنی ناوەڕۆکی کوالیتی بەرز، پەیوەندی بەردەوام وئۆرگانیکی لەگەڵ پرسە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگە، هەمەچەشنکردنی سەرچاوەی داهات، ئامانجکردنی بوارە تایبەتەکان و گرنگی خەست بە دیزاینی چاپکراو. ڕۆژنامە چاپکراوەکان بە خۆگونجاندن لەگەڵ دیمەنی میدیایی پەرەسەندوو کرۆکی ڕۆژنامەگەریی چاپکراو دەپارێزن، دەتوانن پەیوەندییەکی نوێ بدۆزنەوە و سەرنجی بینەرێکی هەمەچەشن و مۆدێرن ڕابکێشن، ئەو دەمی قسە لەسەر گەڕاندنەوەی شوناسە وون بووەکە لە گرەوی مەحاڵ دەردەچێت و دەبێتەوە بە حەقیقەت!




کارەساتێکی ترسناك بەڕێوەیە.. نووسینی : گابریل گارسیا مارکیز- وەرگێڕانی: ڕزگار عومەر

گوندێکی زۆر بچووك بێننە پێشچاوی خۆتان، ماڵێك لە دانیشتوانی ئەم گوندە پێكدێت لە؛ ژنێکی بە تەمەن لە گەڵ کوڕە حەڤدە ساڵیەکەی و کچە چواردە ساڵیەکەی. ئەم بەیانیە مناڵەکان دڵتەنگی و ترسێکی قوڵیان لە دەم و چاوی دایکیان بەدی کرد کاتێ خەریکی ئامادە کردنی نانی بەیانی بوو، ئەوان لە دایکیان پرسی ئەم ترسە چیە دایپۆشیوی؟
دایکەکە ووتی :
-نازانم، بەڵام لەبەیانیەوە کە لەخەو هەڵساوم دڵم پێم دەڵێ کارەساتێکی ترسناك بەسەر ئەم گوندە دێ.
مناڵەکانی بە دایکیان پێدەکەنن و دەڵێن “وڕێنەی پیرەژن”. کوڕەکە دەچێ بۆ یاری بلیارد، لەوێ لەسەروبەندی نیشانگرتنێکی زۆر ئاساندا ئەوەی یاری لە گەڵ دەکا پێ ی دەڵێ ” گرەوت لە گەڵ دەکەم ناتوانی بیپێکیی”
ئەوانەی لەوێ بوون هەموو دایان لە قاقای پێکەنین، مناڵی ژنەکەش پێکەنی، نیشانەکەی ناو دەستی دەوەشێنیێ و بە تۆپەکە ناکەوێت، ئەوانەی لەوێن پێ ی دەڵێن ” ئەوە چیبوو! خۆ ئەوە زۆر ئاسان بوو بۆ نەتپێکا ؟
ئەویش لە وەڵامدا ووتی :

  • ڕاست دەکەن، بەڵام من هێشتا شڵەژان بەری نەداوم لە قسەیەك کە ئەم بەیانیە دایکم درکاندی، دایکم ووتی کارەساتێکی زۆر ترسناك لەم گوندە ڕوودەدات.
    دیسان هەموویان دایان لە قاقای پێکەنین، ئەوەی پارەی گرەوەکەی بردەوە بە خۆشحاڵیەوە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، لەوێ دایکی لە گەڵ کۆمەڵێك میوان دانیشتوون وەکو نەنکی، کچە مام و چەند خزمێکیتری نزیكی خۆیان، بە پێکەنینەوە ڕووی لە هەموویان کردو ووتی :
  • ئەم پارەیەم لە “داماسۆ” بردەوە بە ڕێگایەکی زۆر ئاسان، چونکە گەمژەیە.
  • پرسیان ؛ بۆ گەمژەیە؟
  • لەبەرئەوەی لە یاری بلیارد دەرفەتێکی زۆر ئاسانی بۆ ڕێککەوت کەچی نەیپێکا، لە بەرئەوەی شڵەژابوو بە هۆی ترسێكەوە کە ئەم بەیانیە لە گەڵ لە خەو هەڵساندا لە دایکی نیشتبوو ، گوایە کارەساتێکی ترسناك لەم گوندە ڕوودەدات.
    دایکی پێ ی ووت:
  • گاڵتە بە وەسوەسەی پیرەکان مەکە، چونکە زۆر جار ترسەکانیان دێتە دی.
    دوای ماوەیەکی کەم لەم گفتوگۆیە خانمێك لە میوانەکان مالئاوایی دەکات و دەڕوا بۆ لای قەساب بۆ گۆشت کڕین، بە قەسابەکە دەڵێت :
    -کیلۆیەك گۆشتم بدەرێ. کاتێ قەسابەکە خەریکی ئامادەکردنی گۆشتەکەیە، خانمەکە دەست بە قسە دەکاتەوەو دەڵێ :
  • واباشتر بیکەی بە دوو کیلۆ، چونکە دەڵێن ” کارەساتێکی ترسناك بەڕێوەیە” وا باشترە خۆمانی بۆ ئامادە بکەین.
    قەسابەکە دوو کیلۆی پێدەفرۆشێت، دوای ئەو خانمێکیتر دێت و داوای کیلۆیەك گۆشت دەکات، قەسابەکە دەڵێت:
  • دوو کیلۆ ببە، چونکە خەڵك دێنە ئێرەو دەڵێن ڕووداوێکی ترسناك بەڕێوەیەو خەریکی کڕینی خواردمەنین.
    خانمەکە لە وەڵامدا دەڵێت:
  • من مناڵم زۆرە، باشترە چوار کیلۆ ببەم.
    کابرای قەساب چوار کیلۆی پێدەدا، هەرم بەم شێوەیە تەنیا لە نیو کاتژمێردا هەموو گۆشتی نێو دوکانەکەی دەفرۆشێت، دواتر مانگایەکیتریش سەر دەبڕێ ئەوەس هەر هەمووی تەواو دەبێ. قسەکە بە خێرایی بڵاودەبیتەوە، تا هەموو خەڵکی دێ دەگەنە حاڵەتێك هەر هەمووی چاوەڕوانی ڕوودانی کارەساتێکی ترسناکن. هەموو جموجۆڵێك وچالاکیەك بزێویەك لە گوندەکە دەوەستێت.
    لە پڕدا لە کاتژمێری ١٢ ی نیوەڕۆ، کە هەروەکو هەموو ڕۆژانێکیتر ئاوهەوا لەم کاتەدا زۆر گەرم دەبێت ، یەکێك لە خەڵکی گوندەکە بە یەکێکیتر دەڵێ :
  • ئاگات لێیە چەند گەرمی کردووە؟
  • ڕاستە، بەڵام ئاو و هەوای ئەم گوندە هەمیشە هەروا گەرم بووە.
    ئەم گوندە بە جۆرێك گەرمە کە سازو عود ژەنەکان تەل و بەشەکانی ئامێرەکانیان بە چەسپی قەتران دەبەستن و هەرگیزیش لەبەردەم هەتاوا مۆسیقا ناژەنن چونکە ئامێرەکانیان ڕەنگە بە گەرما تەواو پارچەکانی بترازێ. سەرەڕای ئەم ڕاستیە زانراوەش هێشتا یەکێك لە خەڵکی دێ ووتی؛
  • هەرگیز ڕووی نەداوە گەرما بەو تینە بێت لەم کاتانەدا
  • بەڵام لە کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆ هەروا گەرم دەبێت
  • گەرم دەبوو بەڵام بەو ئاستە نا!
    لە نێو ئەم گوندە تەریکەدا، گۆڕەپانێکی چۆڵ هەیە، کە لە ناکاو چۆلەکەیەك لەم گۆڕەپانەدا دەنیشێ، ئەمە دەبێتە هەواڵێکی بە پەلەی بروسك ئاسا ” باڵندیەك لە گۆڕەپانەکە نیشتەوە” دانیشتوانی گوندەکە هەر هەموو بە ترس و تۆقینێکی زۆرەوە ڕادەکەن بۆ بینینی چۆلەکەکە. یەکێك بەرامبەر حەشامەتەکە هاواری کرد:
  • ئێ خۆ باڵندە پێشووترو ڕۆژانیتریش هەر لێرە دەنیشنەوە
    وەڵام درایەوە ووتیان:
  • ڕاستە؛ بەڵام هەرگیز لەم کاتانە لێرە نانیشنەوە!
    ئەم پەشۆکاویە قوڵە دەگاتە چرکەساتێك کەهەرهەموو پەرۆشی ڕاکردن و بەجیهێشتنی گوندەکەن بێ ئەوەی کەسیان جورئەتی دەستپێشخەری هەبێ. لەم دۆخەدا یەکێك هاوار دەکا:
  • من پیاوێکی خاوەن پیاوەتیم، من دەڕۆم.
    شتومەکی ماڵەکەی هەمووی لە عارەبانەیەك دەپێچێتەوە، مناڵەکانی، ئاژەڵەکانی هەرهەمووی بە پێش خۆی دەداو لە ڕێگای سەرەکی بەڕێدەکەوی بەبەرچاوی شڵەژاوی هەمووان گوندەکە بە جێدەهێڵێ!
    دۆخەکە گەرمتر دەبێت دەگاتە ئاستێك کە هەندێك هاوار دەکەن” مادام ئەم پیاوە جورئەتی بەجێهێشتنی هەبوو، ئێمەش هەموو دەڕۆین” هەرهەموو دەست دەکەن بە کۆکردنەوەی مەڕوماڵاتیان و ماڵەکانیان و دەست دەکەن بە کۆچی بە کۆمەڵ.
    یەکێك لەوانەی گوندەکە چۆڵ دەکا هاوار دەکا ” نەوەك ئەم لەعنەتە بدات لەو شتانەی کە لە خانوەکەم بەجێماوە ماڵەکەی خۆم دەسوتێنم ” ئەو ماڵەکەی خۆی دەسوتێنێ ، لە دوای ئەوە چەندین کەسیتر دەست دەکەن بە ماڵ سوتاندن. هەرهەمووی بە ترس ولەرزو تۆقینێکی زۆرەوە ڕادەکەن گوندەکە چۆڵ دەکەن، وەك بڵێت لە ترسی جەنگێکی ڕاستەقینە ڕادەکەن، لە نێو ئەوانەی ڕایان دەکرد ئەو ژنەش بوو کە ئەم بەیانیە هەستی خۆی بۆ دوومناڵەکەی خۆی باس کردبوو، لەبەر خۆیەوە قسەی دەکرد و دیووت :
  • ئەم بەیانیە کە ووتم کارەساتێکی ترسناك بەڕێوەیە، پێیان ووتم تۆ شێتی!

    نووسینی : گابریل گارسیا مارکیز
    وەرگێڕانی : ڕزگار عومەر




دزەکەی ڕۆژانی شەمە.. نووسینی / گابریل گارسیا مارکیز.. وەرگێڕانی / ڕزگار عومەر

هۆگۆ دزێکە تەنیا ڕۆژانی پشووی کۆتایی هەفتە دزی دەکات، شەوی شەمە بەخشکەیی خۆی خزاندە نێو ماڵێك، خانمی ماڵەکە “ئانا”ی قەشەنگی تەمەن سی ساڵە، کە هەمیشە شەوان بێدارە، بەسەر دزەکە هات لە کاتی ئەنجام دانی ماڵبڕینەکە.
پاش ئەوەی دزەکە بە دەمانچەکەی هەڕەشەی لێکرد، ئانا خشڵ و هەموو شتە گرانبەهاکانی خۆی ڕادەست کردو پاڕایەوە کە لە “پاولی” مناڵە سێ ساڵانەکەی نزیك نەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا مناڵەکە سەرسامی هەندێك لە فێڵە سیحراویەکانی دزەکە بوو.
“هۆگۆ” ی دز بیری کردەوە ” بۆچی بە پەلە لێرە بڕۆم، خۆ بارودۆخ لێرە باشە؟ “
خۆ دەتوانێ تەواوی ئەم پشووە لێرە بمێنێتەوەو چێژ لەم ئاوهەواو دۆخە ببینێت، چونکە مێردی ئانا تا شەوی یەکشەمە نایەتەوە- دزەکە ئەم زانیاریە دەزانی چونکە پێشووتر چاودێری کردبوون گوێ ی لێیان ببوو-
دزەکە زۆر درێژەی بە بیرکردنەوە نەدا؛ کراس و بیجامەی خاوەن ماڵی لەبەرکرد، داوای لە ئانا کرد چێشتی بۆ لێبنێ، مەی لە ژێر زەمینەکە بێنێ، کاسێتی مۆسیقاش بخاتە سەر،چونکە بەلای دزەکە بەبێ مۆسیقا ژیانێك نیە.
ئانا بیری لای کچەکەی خۆی پاولی بوو، کاتێك خەریکی ئامادەکردنی ژەمی ئێوارە بوو، بیرۆکەیەکی بۆ هات بۆ ڕزگاربوون لە دەست ئەم دزە. بەڵام دەشزانێ زۆر شتی لە دەست نایەت، چۆنکە هۆگۆ تەلی تەلەفۆنی ماڵەکەی بڕیبوو، ماڵەکەش کەوتۆتە شوێنێکی تەریكی گەڕەك، کاتیش شەوەو بە دڵنیایی کەس نایەت.
ئانا بڕیاری دا حەبێكی خەو بخاتە نێو پەرداخەکەی هۆگۆ.
هۆگۆ بێجگە لە کۆتایی هەفتەکاندا کە دزی دەکات، پیشەکەی بە درێژایی رۆژانی هەفتە بریتیە لە پاسەوانی کردنی بانکێك! لەسەر نان خواردنیش زانی کە ” ئانا” پێشکەشکاری ئەو بەرنامە تایبەتەیە بە مۆسیقای میلی کە هەموو شەوان بێ پچڕان لە ڕادیۆ گوێ لەبەرنامەکە دەگرێ و زۆریش سەرسامە بە ئانا، کاتێکیش کە بەیەکەوە گوێیان لە گۆرانیەکی گۆرانیبێژی مەزن ” بێنیی ” دەگرت لەسەر مۆسیقاو مۆسیقاژەنەکان گفتوگۆیان کرد.
ئانا لەسەر خەواندنی دزەکە پەشیمان بویەوە، چونکە بینی ئەو دزە بەهێمنی هەڵس وکەوت دەکات و نیازی زیان پێگەیاندن و هێرش کردنی سەر ئەوی نیە. بەڵام تازە کار لە کار ترازابوو، حەبی خەوەکە لە نێو پەرداخەکە بوو دزەکەش لە لوتکەی خۆشحاڵیەوە پەرداخێكی نۆشکرد. لەگەڵ ئەوەشدا هەڵەیەك هەبوو، چونکە ئەو پەرداخەی حەبەکەی تیابوو ئانا نۆشی کرد نەك دزەکە.
لە بەیانی ڕۆژی دووەمدا ئانا لە ژوورەکەی خۆی بە ئاگاهات، بینیی نەك هەمان جلی لەبەرە بەڵکوبە جاجمێك هەموو گیانی بە تەواوی داپۆشراوە تا سەرمای نەبێت. بینی لە باخچەکە وا پاولی کچی لەگەڵ هۆگۆ خەریکی یاری کردنن پاش ئەوەی نانی بەیانیشیان ئامادە کردبوو، ئانا لە دیمەنی گونجانی تەواوی ئەم دووانە سەری سوڕما، هەروەها سەرسامی شێوازی ئەم دزە بوو لە ئامادەکردنی خواردندا، هەروەها هۆگۆسەرنج ڕاکێشیش بوو.ئانا هەستی بە خۆشیەکی نائاسایی کرد.
لەم کاتەدا یەکێك لەدەستەخوشکەکانی ئانا لەدەرگای دا، هات و داوەتی ئانای کرد بۆ ئەوەی بە یەکەوە بڕۆن نانی نیوەڕۆ بخۆن، هۆگۆ تۆزێك شڵەژا، بەڵام ئانا بە بیانووی نەخۆش کەوتنی کچەکەی داوەتەکەی ڕەتکردەوەو بەڕێ ی کرد. هەرسێکیان بەیەکەوە مانەوە تا چێژ لە پشووی ڕۆژی یەکشەمە ببینن.
هۆگۆ بە دەم فیکەلێدانەوە خەریکی چاککردنەوەی تەلی تەلەفۆنەکەو، دەسکی ئەو پەنجەرەیە بوو کە دوێنێ شەو بۆ هاتنە ژوورەوە شکاندبووی. ئانا سەرنجی ئەوەی دا کە هۆگۆ ئەم جۆرە لەسەما زۆر باش دەزانێ کە ئەو حەزی لێیەتی و قەت نەیتوانیوە لە گەڵ هیچ پیاوێك ئەو سەمایە بکات. هۆگۆ پێشنیاری بۆ ئانا کرد کە ئەم سەمایە بە یەکەوە بکەن، هەردووکیان لە یەك ئاڵان و تا تاریك داهات خەریکی سەما کردن بوون. مناڵەکە سەیری دەکردن چەپڵەی لێدەدا تا خەو بردیەوەو خەوی لێکەوت، ئاناو هۆگۆ شەکەت بوون لەسەما کردن و لەسەر سەکۆیەکی هەیوانەکە ڕاکشان.
لەم کاتەدا هیچیان ووتەیەکیان نەبوو بۆ ووتن، لە بیریان چوو کاتی هاتنەوەی مێردەکەی ئانایە، هۆگۆ سەرەڕای پێگیری ئانا لەوەی وەریان ناگرێتەوە، بەڵام هەموو خشڵ وشتە دزراوەکانی دایەوە دەستی ئانا، هەروەها هۆگۆ هەندێ رێنمایی دا بە ئانا کە لەمەودوا چۆن خۆی لە دزان بپارێزێ! بە خەمباریەوە ماڵئاوایی لە ئاناو لە کچەکەی کرد.
ئانا چاوی لەسەری بوو کە هێواش هێواش دووردەکەوتەوەو وون دەبوو لە چاوان، ئانا بەهەموو هێزی خۆی بانگی کردەوە،هۆگۆ گەڕایەوە، ئانا چاوی بڕیە ناو چاوانی هۆگۆ و پێیووت کەوا مێردەکەی کۆتایی هەفتەی داهاتوو دیسان سەفەر دەکات.
هۆگۆ بە خۆشیەکی زۆرەوە، بەسەما کردنەوە کۆڵانەکانی گەڕەکەکەی بەجێهێشت و تاریکی بە تەواوی ئەم ناوەی داپۆشی.




پۆلیسێك بیر لە ئایندەمان دەکاتەوە! … ڕزگار عومەر

ئەو ئەندام پەرلەمانانەی واژۆیان کرد لەسەر (پڕۆژەی یاسای رێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی لە هەرێمی كوردستان – عێراق) بەشی زۆریان وەکو فەرمانی حیزبیی واژۆیان کرد، هەندێکیشیان لە بەر بێ خەبەریی لە تێگەیشتن لە مەترسی ئەم جۆرە پڕۆژانە. ئەمانە هەموو لە ڕوون کردنەوەکانی کێشانەوەی ئیمزاکان دیارە، ئەو بەشەی کە بە فرمانی حیزبیی دەیکەن بە دڵنیایی سوور دەبن لەسەر بردنە پێشەوەی ئەم پڕۆژەیە، مەسەلەکە ” قەناعەت” نیە، مەسەلەکە “ئەرك و فەرمانە”، کە زۆربەیان بەوانەشی زۆر دەروێشانەو کەلەڕەقانە حیزبایەتی دەکەن، نازانن ڕۆژگارێك دێت خۆشیان دوور نیە ببنە قوربانی ئەو دۆخەی کە یاسای لەو بابەتە دروستی دەکات.

پەرلەمانی کوردستان، بەشی زۆری ئەندام پەرلەمانەکانی هەموو خولەکانی بەوەی ئێستاشەوە؛ هەلقوڵاوی ئەندێشەو خەمێك نین کە ناوی “ماف” یان ” ئازادی” بێت. هەموو دەزانین کۆدی ئەندام پەرلەمانی بریتیە لە یەك ووشە “بەرژەوەند”، تەنانەت هەموو هاوڵاتیان و خوێنەرانیش دەزانن ئەوەی وتم شتێکی تازە نیە، ئەندام پەرلەمانەکانیش ئەوە دەزانن ولای زۆربەشیان ئاساییەو بە ” زیرەکی” لە قەڵەم دەدن.

ئەوەی لەم بابەتە جێ ی مەترسیەو نوێیە: عەقڵی پشتەوەی نوسینی پڕۆژەکەیە. کە وا دەکا ئەو پەرلەمانەو کەسایتیەکانی ببنە ڕووی پێشەوەی پڕۆژەیەك کە لەوان گەورەترە، پەرچەکردارێکیش کە هاوڵاتیانی کوردستان نیشانی دەدەن دژ بەم یاسایە هەر بەسەروچاوی ئەندام پەرلەمانەکان دەتەقێتەوە، لەم کردارو پەرچەکردارەدا، ماستەرمایندی پڕۆژەکە، عەقڵی پشتەوەی پرۆژەکە کەمتر تیشکی دەچێتە سەر.

ئەو عەقڵەی لە پشتی ئەم پڕۆژەیە وەستاوە: مەرج نیە یەك حیزب و یەك کەسایەتی حیزبی یان حکومی بێت، بەڵکو بریتیە لە کۆکتێلێك لە نزیك بوونەوەی حیزب و کەسایەتیەکان لە ڕەهەندێکی نوێدا، ئەگەر لە دەیان ڕەهەندیتریش هاوڕا نەبن، بەڵام لەوەدا هاوڕان کە خشتێکی نوێ بخەنە ئەو ئەجێنداو تێڕوانینی سیستەمەکە لە سەر دۆخی بەهرەمەند بونی خەڵکی لە ” ئازادی ڕادەربڕین”، بە تایبەتی کە میدیای ئەلیکترۆنی (بەو کەم کوڕیانەشی کە هەیەتی) سنورەکانی ئەم ئازادییەی بە ڕادەیەك فراوان کردوە کە بۆتە فشار لەسەر سیستەم و هەردوو حیزبی سەرەکیش هاوڕان کە بەربەستەکانی ئازادی زۆرترو زۆرتر بکەن.

ماهیەتی عەقڵی پشتەوەی ئەم پڕۆژەیە؛ ئەگەر لە دەستی بێت بەیانی ئیعلانی ” ئەحکام عورفی”دەکا لە وڵات، پێویستی بەم یاسایەو ئەتەکێتی شانۆگەریەکانی پەرلەمانیشی نەدەکرد. هەمیشە بە یەك گەیشتنی مێنتاڵیتی سەربازی لە گەڵ ئایدۆلۆژیای “حوکمی ڕەها” مۆدیلێکیتر دەخاتە سەر مۆدیلە جۆراو جۆرەکانی ئەزمونەکانی تاکڕەوی! یاسای دژە تیرۆر نوێنەرایەتی دۆخی سەربازی وجەنگ دەکا، لە رووی ئایدیۆلۆژیەوە ” حەرامکردن” کردنی قسەو رەخنە ڕاستەوخۆ “موقەدەس” دەگەڕێنێتەوە نێوکایەی سیاسەت کە ئەمەش خشتی سەرەکی هەڕ ڕژێمێکی شمولیە .
لەسەردەمی بەعسدا : بە تایبەتی دوای دۆڕانی شەڕی کوێت و داڕمانی هەیبەتی دەسەڵات و حیزب، بەعس یاساکانی توندتر کردەوە. ئەو دەمی بە شێوەیەکی بەربڵاوتر خەڵکیان دەگرت لەسەر نوکتە کردن یان جوێندان لەسەر سەدام .سزا هەرە باوەکە زمان بڕین بوو کە تائێستا چەندین دۆکیۆمێنتەری لەسەر دەرکراوە. ئەم پڕۆژە یاسایە هەمان دیدگای ” زمان بڕینەوەکەی”سەردەمی سەدامە، کە هیچ مەکیاژێکی پەرلەمانیی ناتوانێ پەیوەندی ئەم دوو یاسایە بشارێتەوە لە رووی ئامانج و لە رووی عەقڵیەتی پۆلیسیی پشتەوەی هەردوو یاسا.

ئێمە لە دووڕیانێکی هەستیارداین، لە کاتێکدا کە ناسیۆنالیزم یۆتۆبیاکانی لە زەینی گشتیدا یەك لە دوای هەڵدەوەرێ و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قەیرانەکانی ئەم جۆرە لە حوکمڕانی قوڵتر دەبێتەوە، ئەو دێت و ئەم شکستە تەرجومە دەکا بۆ “سەرکوت” و دەیخاتە ئەستۆی هاوڵاتیان و ئازادیەکانیان پەڕو باڵ دەکات.ئێمەش لەم دوڕیانەدا بژاری ئەوەمان هەیە گوێڕایەڵی ئەم بەربەریەتە بین لە پرۆژە یاساو لێگەڕێین عەقڵیەتی پۆلیسی و سەربازی دوا ڕۆژمان بۆ دروست بکا، بژاری ئەوەشمان هەیە ئەو مافە کەمانەی لە دەستمان ماوە بەرگری لێبکەین.




بکەری مێژوویی تاكڕەو ! … ڕزگار عومەر

هەموو دەسەڵاتێکی سیاسی بە پێ ی ئەو سیستەم و ژیانەی دەیخوڵقێنێ سیماکانی درێژخایەنی و کورتخایەنی تەمەنی سیاسی خۆشی دیاری دەکا ! ڕەنگە لەو تەمەنەدا هەورازو نشێوی زۆر هەبێت، بەڵام ” مانەوە” هەمیشە قاچی لەوەیە سیستەم بە دەستی خۆی چی بەرهەم هێناوە بۆ ” نەمانەوە”.

ئەزومونی بەعس چ وەکو حیزب، چ وەکو دەسەڵات، چ وەکو بەرنامەی دەوڵەت لە گەڵ شەڕی کوێت کۆتایی نەهات، بەڵکو دەستپێکی ئەم کۆتاییە ئەو دەمە دەستی پێکرد کە لە حەفتاکان عەسکەرەکان شوێنی سیاسیە مەدەنیەکانیان گرتەوە، دواتر لە نێو عەسکەرەکان تەنیا تکریتیەکان پلەو پایەو دەسەڵاتیان پێدان، دواتر لە نێو تکریتیەکان تەنیا یەك خێڵ، دواتر لە نێو یەك خێڵ تەنیا یەك بنەماڵە، دواتریش لەگەڵ دۆڕانی شەڕی کوێت و گەمارۆی ئابوری ناکۆکیەکان پەڕیەوە نێو ئەو بنەماڵەو براکانی سەدام تڕۆ کران، کورەکان و زاواکان شوێنی گرنگیان وەرگرت جیابوونەوەکان دژایەتیەکان بەسەربڕینی یەکترو بە ڕوخانی یەکجارەکی لە ٢٠٠٣ کۆتایی هات.

حیزبی بەعس لە حەفتاکانەوە بە زەبری خوێن و سەرکوت بە بەرپا کردنی دوو جەنگ ( جەنگی ئیڕان – داگیر کردنی کوێت ) ڕوخانەکەی هەر جارەی دە پانزە ساڵێك تەئجیل دەکرا! بەڵام لە کۆتاییدا لە هۆکارە یارمەتیدەرە ناوخۆیەکان (بیجگە لە شکستی سەربازی )بە دەستی هەمان ئەو دۆخە روخا کە خۆی بەرهەمی هێنابوو.

ئەو دۆخەی ناسیۆنالیزمیش خولقاندویەتی ، ستراتیژیەکەی بریتیە لە تەئجیل کردنی کەوتن و سەرکوتی هەر نوزەیەکی حەقیقی کە باس لە ئەلتەرناتیڤ بکات، درز تێکەوتنی عەلەنی قوتبەکان لە نێو دەسەڵاتی سیاسیدا بە تایبەتی لە نێو دوو بانگەوازی جیاوازدا ( قەرزارین ، نا قەرزار نین) گەواهی ئەوەن :-

کە پینە کردنی خێڵەکیانەو باوکسالاریانە، زۆربڵێی و فڵتە فڵتی کادیرەکانی خوارەوە بە جوێنەوەی خیتابێکی قەومی سواو، ناتوانێ ئیحساسی ” یەکگرتوویی ” وەکو بژاردەیەکی جێگیر، یان ماوە بەسەرنەچوو نیشان بدات .

بە دڵنیایی ” کەوتن ” بەر لەوەی کەوتن بێ لە کورسی ، کەوتنێکی ڕەمزیە لە نێو ئیحتیرامی ڕای گشتی و خەیاڵی سیاسی کۆمەڵگەدا ! لە نیو کەوتنی حەقیقی سەر کورسی و کەوتنی ڕەمزیی مەسافەیەکی زەمەنی هەیە ، بە پێ بارودۆخ و ئەزمون ئەم مەسافەیە درێژو کورت دەبێت ، بەڵام ڕوخانی ڕەمزی بە حەتمی روخانی حەقیقیش بە دوای خۆیدا دەهێنێ ، تەنیا لە یەك حاڵەت نەبێ ، کە موعجیزەیەك رووبدات لە دەرەوەی لۆژیکی ماتریالیزمی مێژوو!

بە پێ ی ئەزمونەکانی مێژوو؛

بۆ ئەوەی دەرفەتی گۆڕانکاری حەقیقی جێگیر بکرێت ، دەبێ بکەری نوێ هەبێت جیاواز بێت لە هەموو هاوبەشەکان و برا بەشەکانی ئەم دونیا سیاسیەی دروست کراوە. ئەم بکەرە بەر لەوەی توانای ئەوەی هەبێت ئەلتەرناتیڤێکی تر بخاتە روو بۆ دەسەڵاتی سیاسی ، دەبێ لە ڕووی سیاسی و مەیدانیەوە” ئۆپۆزسیۆن” ی بە هەموو رەنگەکانیەوە بنەبڕ کردبێت! یان بە ئاستێك لاوازیان بکات کە تەسلیمی بکەرە نوێیەکە بن بە تەواوی ، بە خۆشی بێت یان بە زۆرە ملێ بێت!

لەم بەینە بە دڵنیایی پرتەو بۆڵی لیبرالیانەو دیموکراسیانەش هەر دەبێت، بەڵام بۆ هەر هێزێکی تازە کە بیەوێ ببێتە شت ئەبێ بەسەر تەرمی سیاسی ئەو ئۆپۆزسیۆنە بەتاڵە بکەوێت! دواتر شەڕی سەرەکی لە گەڵ ئەو مەیتەش بکا کە مردنەکەی ١٠ ساڵ جارێك تەئجیل دەکرێت.

ڕزگار عومەر




کاك ” نازم ” بۆ پەیدا بوو ؟ … ڕزگار عومەر

کاتێ کاك نازم لە ڤیدیۆکانی قسە دەکات؛ بە زمانێکی ڕەوان و بێ پێچ و پەناو ڕاستەوخۆ پەنجە دەخاتە زۆر برین و چارەسەر. ئەو کاتێ قسە دەکات بەسەر بابەتی جیاواز دێت و دەچێ ، قسەکانی ئەو پاکیەکی خاکیانەی تیایە، لە گەڵ ئەوەشدا هەندێ ڕەگەزی تێکەڵاو کردنی تیایە، ئەی بۆ سەرنج ڕاکێشن ؟

بۆچی ئەم مرۆڤە شیرین دەبێت ئەگەرچی لە گەڵ قسەکانی هاوڕاش نەبین ، نهێنیەکە لەو گوتارە خۆڕسکە چیە؟ ئایا بەرائەتە، یان جۆری ئاخاوتنە؟ بەشێکی زۆر لە پێکهاتەی بۆچوونەکانی رەخنە لە شێوازی بەڕێوەبردنی حوکمڕانی، ئیلهامی گوتارە کۆن وتازەکانی ئەنتی ئیستیعمار، ئیلهامی ئاینی، زۆر شتی تری تیایە، سەرەڕای ئەم هەموو پێکهاتەو تۆنە جیاوازانە ، بەلام لە کاتێکی خێرادا کاك نازم گەیشتە شوێنێك کە ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵك موتابەعەی دەکەن .
بێجگە لەو پرسیارانە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا . پرسیارێکی تری جەوهەری ئەوەیە؛ هۆکاری چیە کە هەم دەسەڵات گرنگی پێدەدات وهەم بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئۆپۆزسیۆن و ڕەخنەگر بە ئەمانەتەوە گرنگی پێدەدەن؟
دیاردەی کاك نازم و قسە کردنی و قبوڵی رەخنەکانی ئایا خۆڕسکانەیە، بەو مانایەی کە کۆمەڵگەی ئێمە و دەسەڵاتی سیاسی کراوەن بۆ ڕەخنەی کاك نازم و هاوشێوەکانی، یان لە پشتەوەی دەرکەوتنی کاك نازم ” زەمینەیەکی ” تر هەیە کە ڕۆڵ دەبینی لە دەرکەوتن و مەشهور بوونی ” کەسانێك” لە ماوەیەکی کورت و دواتر سارد بوونی دەرکەوتنیان بە هەمان خێرایی؟
ئایا ئێمە بێ ئەوەی هەستی پێبکەین لە دەرکەوتنی خێراو سست بوونی خێرای کەسایەتیەکاندا بەشدارین لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی پیشەسازی “مەشهور بوونێك” کە ڕۆڵێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئەستۆ گرتووە، بێ ئەوەی نەخشەی بۆ کێشرابێت و ڕێککەوتنی پێشوەختەی لەسەر کرابێت!

ئەو سیستەمە سیاسیەی لە کوردستان زاڵە لە ٢٧ ساڵی ڕابردوو، لە گەڵ ئەو پێشکەوتنەی لە تەکنەلۆژیای سۆشیال میدیا ڕوویداوە، لە گەڵ زاڵ بوونی کلتوری بەرخۆری ” ئیستیهلاکی” لە کۆمەڵگەدا، سێ دیاردەن سەرەڕای بوعدی مێژوویی جیاوازیان بەڵام وەکو سێکوچکەیەك لە ئێستادا بە یەکەوە بەستراوان.

ئەم سێکوچکەیە؛ دەشێ لابەلا بە پێکهاتەیتریشەوە پەیوەندی هەبێت، بەڵام ئەم سێکۆچکەیە پایەی ئەو سەرخانە پێك دەهێنن کە لە ئێستادا دونیای سیاسی و مومارەسەی ژیانی ڕۆژانەمانی تێدا دەخولێتەوە.
ئەم سێ پایەی ئاماژەمان پێدا؛ ژیانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست کردووە، کە چڕ بۆتەوە لە ” کورت” بوون و ئیکسپایەر بوونی هەموو شتێك بە خێرایی، ڕێڕەوی ژیان داماڵراوە لە بەها ڕەسەنەکانی کە دەرفەتی جێگیر بوونی درێژخایەن بدا بە هیچ دیاردەو ” پەیدابوونێك”، بە تایبەتی جۆرێك لە پەیدابوونی ئامانجدار.
ئێمە لە دونیایەک دەژین تەنانەت ” قارەمانی” سیاسی و کۆمەڵایەتیش ئەگەر لە دەرەوەی ئەم دۆخە سەر دەربکا، وەکو ” نەشیاو” ێکی نامۆی دژە باو دەکرێتە ئامانجێکی ئاسانی لە بەین بردن.

ئێمە کە دەکەوینە داوی موعجیب بوونمان بە وەستا خەیری ، کاتێك بەشێکمان جوێن بە سایەی کەریم دەدات و بەشێکمان کون بە کون سۆراغی ڤیدیۆکانی دەکەین لە ئینتەرنێت، کاتێك بە بۆنەو بەبێ بۆنە قسەی دڵی خۆمان بە ناوی خدر بێگەلاسی دەکەین، کاتێ بە دیار ڤیدیۆکانی کاك نازم دادەنیشین، یان کاتێك وێنەکەی کاك نازم دەکەینە تابلۆیەکی هونەری و دواتر پارەی فرۆشتنی تابلۆکەی پێ دەبەخشینەوە، هەموو ئەو ئاکتانە، هەموو ئەو هەڵس و کەوتە دژ بەیەکانە، لە توێژی جیاوازی کۆمەڵگە بەرامبەر بە کەسە “خێرا مەشهور” بوونەکان دەکرێت، هەرچی نیازێکی خۆڕسك و پاك و عەفەوی لە پشت بێت، هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە ئێمە خەریکین ” بۆشایەکی ” واقیعی لە پەیدابوونی کەسایەتی میژوویی ، یان چینی مێژوویی ، پڕ دەکەینەوە بە بەرهەمهێنانی لیستێك لە کەسایەتی ڕاگوزەر کە ڕەنگە بە دڵنیایی مرۆڤی باش و پاك بن، بەڵام بوون نەبوونیان هیچ زیادو کەمیەك ناخاتە ئاڵ و گۆڕێ کۆمەڵایەتی و سیاسی.

کاتێك ئێمە سەیری ڤیدیۆکانی کاك نازم دەکەین، لە ڕووی دەروونیەوە، لە دوو ئاستدا سەرگەرم دەبین، ئاستێکیان بریتیە لەوەی لە گەڵ قسەکردنی ئەودا، یان کەسانی هاوشیوەی ئەودا، هەستی پێبکەین یان نا، ئێمە ” دەرفەتە لە دەست چووەکانی ” قسەکردنی توندتری خۆمان بە شل و شێواوی و بە شێوەیەکی ” مەقبول” و ” رێگەپێدراو” هەروەها باڵکراو لە نێو قسەکانی ئەودا دەبینینیەوە ! ئاستی دووەم بریتیە لەوەی ترسە لەوەی بگەینە ڕۆژگارێك ئەو دەرفەتە باڵکراوەش نەمێنێ لە دواڕۆژێکی نزیکدا.

کاتێك ئۆپۆزسیۆنی فەرمی، یان خەڵکی تاك و تەرای پەرش و بڵاوی ناڕازی کاك نازم دەکا بە ئایکۆن و ڕەمز، بۆ ئەوە دەیکەن؛ چونکە لە ڕووی مێژوویەوە لە دۆخێکی نیمچە وەستاودا ئاسۆ و دەرفەتی سیاسی بنبەست بووە لە بەرهەمهێنانی کەسانێك کە بتوانن بەرامبەر دیوارەکانی سانسۆرو ئاقیبەتی “قسەکردن” مانەوەی خۆیان مسۆگەر بکەن!
کاتێکیش دەسەڵاتیش بە هەمان ڕادەی ئۆپۆزسیۆن گرنگی بە کاك نازم دەدات، بۆ ئەوەیە دووپاتی بکاتەوە کە تاقە جۆر لە ئایکۆنی ڕێگەپێدراو ئەم جۆرە ئایکۆنانەن کە ڕاگوزەرن، ئەم جۆرە کەسانەن کە ئەگەر ناڕازیش بن لە لوتکەی تووڕەبونەکانیان هێشتا ناتوانن دەست بۆ هیچ ” بڤەو حەرامێکی” سیاسی ببەن، یان لە بنەڕەتدا پێکهاتەی کەسایەتی و ژینگەیی ئەو جۆرە ئایکۆنانە هەڵگری ئەو خەسڵەتە نیە کە بتوانێ کارێك و ئامانجێکی لەو بابەتە لە ئەستۆ بگرێت.




قسە کردن لە گەڵ تەرم … ڕزگار عومەر

فلیمی Concussion فلیمێکە نەبەردیەکانی زانستی، مرۆڤایەتی، حەقیقەت ناسی، ناکۆك
بوونی لەگەڵ بەرژەوەندە گەورە سەرمایەداریەکانی پشتی وەزرش دەداتە بەر رەخنە. لەم فلیمە؛ کە لەچیڕۆکی ڕاستەقینەی دکتۆرێکی نایجیری وەرگیراوە، کە کۆچی کردووە بۆ ئەمریکا، هەموو ئەم پەیوەندیانە ؛ زانست، حەقیقەت، مرۆڤایەتی دەکەونە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختی پڕ لە قوربانی .

ئەم دکتۆرە نایجیریە کە کارەکەی تایبەتە بە شیکردنەوەی هۆکارەکانی مردنی ئەو تەرمانەی کە دەگەنە بەردەستی، لە ڕێگای ماندووبونێکی زۆرو پڕ لە هەڕەشە بۆ ژیانی خۆی و هاوسەرەکەی (کە لە ڕێگەی ترساندنی مناڵی یەکەمی لەبار دەچێ) دەگاتە چەند حەقیقەتێکی زانستی پزیشکی.
دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە یاریزانەکانی تۆپی پێ ی ئەمریکی کە پڕە لە توندوتیژی بەریککەوتنی بە هێزی یاریزانەکان بە تایبەتی ” سەریان” لە گەڵ تێپەربوونی کات و تەمەن، ئەم هەموو بەرکەوتنانە کاریگەری لەسەر مێشك و دەماغیان دادەنێ توشی “لەرزینی میشك” و خەمۆکی و زەهایمەری توندو هەلوەسەیان دەکات لە تەمەنی زۆر زوودا.
ئەم دکتۆرە کاتێ لێکۆلینەوەکانی دەست پی دەکات بۆی دەردەکەوێت کە تەنیا لەو شارەی ئەو لی ی نیشتەجێە ١٢ یاریزان بە هۆی ئەم دەردە خۆیان کوشتووە یان ژیانیان لە دەست داوە.
یەكێتی تۆپی پێ ی ئەم شارە، لەگەڵ دادگاکان تەنانەت پۆلیسیش هەمووی لە دژایەتی کردنەوەو سەلماندنی ئەم لێکۆلێنەوە زانستیانەن ، بە یاسا دەمکوتی دکتۆرو هەموو ئەوانە دەکەن کە یارمەتی دەدەن، تەنانەت دەگاتە ئاستێك کە هەڕەشەی دیپۆرت کردنەوەی ” سنورداش”ی لێبکە ن لە ئەمریکاوە بۆ نایجیریا! تەنانەت بەرێوەبەرەکەی چەندی تۆمەتی زۆر ساویلکانەی دەدرێتە پاڵ وەکو بەکار‌هێنانی قەلەم کاغەزو ئامێری فاکس و پێویستەیکانی تاقیگە ، هەموو ئەو فشارانە تەنیا بۆ ئەوە بوو ڕێگە بگرن لە بڵاوکردنەوەی لێکۆڵێنەوەیەکی زانستی کە دەریدەخا پەیوەندیەك هەیە لە نێوان وەرزشێك و نەخۆشیەکی میشك/ دەروونی وەرزشکارەکان.
پرسیارێك کە دێتە پێشەوە بۆ دەبێ دژایەتی لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی پزیشکی بکرێت! لە چیڕۆکی ڕاستەقینەی پشتی ڕووداوە نیشان دراوەکانی ئەم فلیمە ڕوون دەبێتەوە ؛ کە ئەگەر تەنیا لە ئەنجامی قەناعەت هاتنی لە سەد ١٠٪ دایك و باوکان و تێگەیشتنیان لەم لێکؤلێنەوەو دان پیانانی فەرمی یەکێتی تۆپی پێ لە بوونی پەیوەندیەك لە نێوان ئەم وەرزشەو ئەم نەخۆشیانەی ئەم لێکۆڵینەوە لە ئەنجامی بەڵگەیی تاقیگەیی بە دەستی هێناوە، ئەوا بەرژوەندیەکانی پشتی ئەم وەرزشە سەدان ملیۆن دۆلار زیان بەر بزنسەکەی دکەوێت.
لە یەکێ لەدیالۆگەکانی ئەم فلیـە ڕستەیەکی زۆر مەترسیدار هەیە، کاتێ بە دکتۆر دەڵین ” پێشووتر ئەمریکا لە هەفتەیەکدا یەك ڕۆژی هەبوو بۆ کەنیسە، ئێستا ئەم ڕۆژە تۆپی پێ بردوویەتی، تۆ دەتەوێ ئەم ڕۆژەش ببەیت؟ “
چەند ساڵیك دوای ئەوەی دکتۆر دەردەکرێت لەم شارە بە زۆرە ملێ و بە هەڕەشەی یاسایی و هتد، یاریزانێکیتر لەهەمان شار خۆی دەکوژێت کە هەمان حاڵەتی یاریزانەکانی پێشووی هەیە!
لە ژێڕ فشاری رای گشتی و خێزانەکانی یاریزانەکان پێداچوونەوە بۆ لێکۆڵینەوە زانستیەکانی دکتۆر دەکرێت و ئیعتیباری ئەکادیمی و پزیشکی پێ دەدرێتەوە، ئەم تۆمەتە ساویلکانەی ئارستەی بەڕێوەبەرەکەی کرابوو هەر هەمووی بەتاڵ دەکرێتەوە، دواتر لە هؤڵێکی گەورەدا دکتۆر قسە بۆ کەس وکارو خێزانی یاریزانەکان/ قوربانیەکان دەکات، ئەم قسە کردنە کە دەکرێ ناوی لێبندرێ ” گوتاری سەرکەوتن” ئەو زۆر بە سادەیی بە ئامادەبووان دەڵێت من لە “جیاتی قوربانیەکان قسە دەکەم “.

ڕستە بە ڕستەی دیالۆگەکانی ئەم فلیمە گوشراوێکی خستی حەقیقەتن، دکتۆر لەسەرەتای دەست پێکردن بە کارەکەی ڕەخنەی زۆری لیدگرن و گاڵتەی پیدەکەن ، چونکە ئەو لە گەڵ تەرمەکان قسەی دەکرد!
کە تەرمێک دەهاتە پێشی بۆ ئەوەی هۆکاری مردنی بزانێت ، دەستی بەسەر قژو سەری تەرمەکە دادەهێنا و دەیووت ” ئازیزم ، هیچ نیە، ئێستا هۆکاری مردنەکەت” دەدۆزینەوە ، کاتێ بەرەو ڕووی بوونەوە پێیان ووت تۆ چۆن دەبێ قسە لە گەڵ تەرم بکەیت ؟ ئەو ووتی ” من دکتۆرم دەبێ ڕێز لە نەخۆشی خۆم بگرم ” وەك بڵێ ی لەلای ئەو تەرم فۆرمێکیتری بەردەوامی ژیان بێت!




دیوارێك لە نێوان دوو زۆنی یەك ناسیۆنالیزم … ڕزگار عومەر

ئەو دیوارەی کە لە نێو دوو دراوسێ ی ئاسایی هەیە لە کۆڵانەکان کە دوژمنداری یەکتر ناکەن، جیاوازی هەیە لەو دیوارەی کە لە خەیاڵی ئەمنی و ئایدیۆلۆژی ئەو نوخبەیەی کە ئەمرۆ هەردوو زۆنی سەوزو زەرد بەڕیوە دەبەن.
سیاسەتمەدارو بەرپرسە ئەمنیەکانی هەردوولا هەر لە پەنای دروشم و بازەکەی ئارمی حکومەتی هەرێم لە جیاتی میتۆدی عەقڵ و ئەندێشەی یەك چارەنوس و سەرانسەری بوون، بە گومانی دوو دراوسێ ی پر لەکینەی دوژمندار لەبەرامبەر یەکتر دەخوێنن. هیچ لا تەنانەت تاقەتی ئەوەشیان نیە بڵێن با ” دوو دراوسێ ی باش بین” لە گەڵ یەکتر.

وەستانی دوو ئوتۆمبێلی ئیمێرجێنسی (ئیسعاف) لەم بەرو لەوبەری خاڵی پشکنینی هەردوو زۆن بۆ وەرگرتنی نەخۆش ، ساتر لیدان لە هەندێ خاڵی پشکنینیتربە پێ ی لێدوانی ئەم هاوڵاتیانەی رێیان کەوتۆتە ئەو شوێنانەو لە راگەیاندنەکان قسەیان کردووە، پێش ئەوەی خۆ ئامادە کردن بێ بۆ حالەتی گرژی و لە ناکاو یان لە دەست دەرچوون هەروەکو( بیانوەکانی دەست پیکردنی شەڕی ناوخۆ لە ئاداری ١٩٩٤) بریتیە لە نامەو سیگنال ناردن و تیژکردنەوە ناسنامەی ستایڵی حوکمڕانی لە هەردوو زۆن ، ئامانجی یەکەمی ئەم سیگناڵ ناردنانە بۆ ناوخۆی هەردوو زۆنەکە یە! دووەم بۆ دووقات کردنەوەی فشاری سیاسی و شەڕی دەروونی نێوان ڕێبەرانی هەردوو زۆن.

بۆ تیژکردنەوەی هەژموون و شوناس : هەردوو زۆن نە دەرفەتیان هەیە، نە دەتوانن بێ بوونی دەرفەت موغامەرە بکەن بە بەرژەوەندە ئابوریەکانیان، نە ڕۆحی نەوەی یەکەمی ناسیۆنالیزمی ئەوروپیان هەیە کە بە جدیەوە بچنە نێو گوتاری یۆتۆپیاو پرۆژەیەکی گەورەی “نەتەوەودەوڵەت دروست کردن بەمانا چڕەکەی ناسیۆنالیزم” بۆیە تیژکردنەوەی ئەم شوناس و هەژمونگەراییە ناچاری کردوون بە پرۆژەی زۆر بچوکترو تەسکبینتر خۆیان مەشغول بکەن، هەردوولا خۆیان بەرامبەر هیچ ناسیۆنالیزمێکی جیهانی یان ئیقلیمی پێناسە ناکەن، چونکە لە ڕیگەی ئابوری ڕەیعی و زەمانەت کردنی شەرعیەتی دەسەڵاتێکی لۆکەڵی، وەکو ئەمری واقیع بوونەتە ئاسانکاری ئیداری و لۆجیستی، بوونەتە بەشێك لە مەنزومەی دوو جەمسەرەی ستراتیژو ناسیۆنالیزمە ئیقلیمیەکانی ناوچەکە ( بە ناچاری جوگرافیا بێت یان بە ئیختیاری سیاسی بێت) .

نەبوونی ئەو قودرەتە وای بەسەر هەردوو باڵی ناسیۆنالیزمی کورد کردووە لە بەینی ١٠ تا ٢٠ ساڵیك پێویستیان بە تیژکردنەوەی کەڵبەکانی بەرژەوەندو شوناس و چارەسەر کردنی بەریەك کەوتنی تەماحە هەژموندارەکانی یەکتر بن.
هەردوولا تەنانەت کاتێ بە تەعبیری خۆیان ” خەریکی گەمەی دیموکراسین” لە ئاشتی و گەمەی هەڵبژاردن دۆخێکی وادروست دەکەن لە ڕێگای میدیای نەخۆشی هەردوو زۆن، کە هەست بە دانە دانە دەنگی گولەو تۆپەکان و قەناسی سەر ماڵانی سالەکانی ١٩٩٤ تا ١٩٩٧ بکەیت !
تەشهیرو مەلەف هەڵدانەوەو زمانێکی نزمی تانەو کوشتنی مەعنەوی یەکتر هەموو ئەو ئاکارانەن کە دەبێ هاوڵاتی کورد بە ناوی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە هەردوو زۆن قبوڵی بکات، ئەگەریش بە ڕێکەوت ئەم هاوڵاتیە خوێنەرێکی سادەی مێژوو بێت، ئەوا گوێ ی لە دەنگی ڕاكێشانی خەنجەرو حیلەی ئەسپ سواری میرنشینینە کوردیەکانیش دەبێ لە دژایەتی یەکتر! کە بە شیوەیەکی “ڕەمزی” ئەم میرنشینانەش لە مێژووی موعەلەب کراوی سەتحی مێژوونوسانی هەردوو زۆن لە ئەمڕۆدا ئەرکی ئەوەیان پێ شیاوە کە ئەم میرنشینانە وەکو باپیرەی یەکەم، وەکو ڕەگە هەرە کۆنەکەی حیکایەتی ئەم هەژمونخوازیە بەسەر هاوڵاتیان ساغ بکەنەوە.

ئەگەر بگەڕیینەوە سەر ئەدەبیات و حیکایەت خوانەکانی هەردوولا ، ئەگەر وورد بینەو لە مقەس و فوتەی خەیاتە ئایدیۆلۆژیەکانی هەردوو زۆن، دەبینین ئەوانیش لەسەردەمی ڕوخانی دیواری بەرلین ، تا ساڵ بەساڵی یادکردنەوەی ئەم ڕوخانەش وازیان لەوە نەهێناوە کە هەمیشە بە تەعبیری خۆیان بەسەر شان و باڵی ئەم “روداوە مێژوویەی گەورەیە” هەڵبدەن!

ئەگەر ڕوخانی دیواری بەرلین لە ڕووی دیموکراسیەوە بۆ خەیاتە ئایدیۆلۆژیەکانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار ئەوەندە پڕ بەهایە ، بۆ دەبێ خۆتان دیوارێکی تری بە دیسپلینتر لە نێوان شارەکانی کوردستان دروست بکەن ؟ بلۆکی دیواری”ڕەمزیی” کاریگەریەکەی زۆر زیاترە لە دیواری چەمنتۆ و تەلبەندی دڕکی ئاسنین .

ڕزگار عومەر




مارکسی بێ کەنار! — نوسینی: سەمیر ئەمین وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: ڕزگار عومەر

مارکس فەیلەسوف نیە، مێژوو نوسیش نیە، زانایەکی دونیای سیاسەت و ئابوری و کۆمەلایەتی نیە، تەنانەت مامۆستایەکی پلە یەکی هیچ لەم بوارانە نیە. هەروەها ماۆمستایەکی بەهرەداریش نیە کە کۆکتێلێکی هەموو ئەو بوارانە بە یەکەوە کوڵاندبێ و دەفرێکی پانی لێ ئامادە کردبێت. جێ و شوێنی مارکس لە مێژوودا لە دەرەوەی هەموو ئەوانەدایە.

مارکس سەرەتاو دەستپێکردنی ڕەخنەیە لەسەردەمی مۆدێرنە، ئەم رەخنەش بە ڕەخنە گرتن لە جیهانی ڕاستەقینە دەستی پێکرد. ئەم ڕەخنە ڕادیکالەش لە کاپیتالیزم وا دەخوازێ و ڕێگا دەدا بە دۆزینەوەی بنچینەکانی نامۆبوون لە سیستەمی بازاڕو چەوسانەوەی دانەبڕاوی کرێکاران.
بناغەی سەرەکی چەمکی “بەها” لەم ڕەخنە ڕادیکاڵە دێتەدەرەوە. هەر ئەو ڕەخنەشە ڕێگا خۆش دەکا کە تێبگەین لەو یاسا مەوزوعیانەی کە زاڵ و سالارە بەسەر دووبارە بەرهەمهێنانەوەی سیستەم، کە بنیاتنراوە لە ژێر ئەو جموجۆڵانەی لە کاتی چاودێری کردنی واقیع لە سەرخانی کۆمەڵگە دەیبینن .
مارکس لەو ڕەخنە ڕادیکاڵەی لە جیهانی واقیعی دەیگرێ شتێکیتریش زیاد دەکا، ئەو دێ ڕەخنە لەو گوتارانەش دەگرێ کە پەیوەندی هەیە بەم واقیعه،چەشنی گوتارە: فەلسەفی ، ئابوری، کۆمەڵناسی، مێژوویی، زانستە سیاسیەکان. ئەم ڕەخنە ڕادیکاڵە، پەردە لەسەر ڕووی راستەقینەو پشتگیری ئەم گوتارانە لادەدا، کە لەدوا شیکردنەوەدا: بریتین لە گوتاری بیانوو هێنانەوەو شەرعیەتدان بە هەڵس و کەوتەکانی دەسەڵاتی سەرمایەی هەژموندار.

بۆ ئەوەی ” مارکسیست” بیت، بێ سێ ودوو دەبێ لەو شوێنەوە بەردەوام بی کە مارکس دەستی پێکرد. ئەمە وەستان نیە لە تەك مارکس بەڵکو دەبێ لەمارکسەوە دەست پێبکەین. مارکس پێغەمبەرێك نەبووە کەهەموو ئەنجامگیریەکانی ” ڕاست” و ” کۆتا” بووبێت، بەرهەمەکانی ئەو تیئۆرێکی قوفڵ لێدراو نیە. چونکە مارکس ” بێ سنوورو بێ کەنارە” ، چونکە ئەو ڕەخنەیەی دەستی پێکرد بێ سنوور و بێ کۆتاییەو هەمیشە بەتەواو نەکراوی ماوە و پێویستە ڕەخنەکە خۆی بابەتێك بێ بۆ ڕەخنەگرتن لە خۆ ( مارکسیزم کە لە ساتێکی دیاریکراوفۆرمۆڵە دەبێ، دەبێت خۆشی بکەوێتە ژێر سێبەری ڕەخنەی مارکسیستی). مارکسیزم دەبێ بێ وەستان خۆی بە ڕەخنەی ڕادیکاڵ دەوڵەمەند بکا، دەبێ واسەیری هەر نوێبوونەوەیەك بکا کە سیستەم بەرهەمی دێنێ کە ئەمە بواری نوێ ی مەعریفیی مرۆڤایەتین.

کورتە ناونیشانی کتێبی سەرمایە، بریتیە لە ” ڕەخنە لە ئابوری سیاسی” ئەمە مانای ئەوەنیە ئەمە ڕەخنەیە لە ئابوریەکی سیاسی خراپی (ڕیکاردی) تا ئابوریەکی سیاسی باشی (مارکسی) شوێنی بگرێتەوە. بەڵکو ئەمە ڕەخنەیە لەو زانستەی ناونراوە “زانستی ئابوری” و خستنە ڕووی ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ئەم زانستە ( واتا ئەم شتانەی بۆرژوازی دەیڵێت و داوەری پێ دەکا لەهەڵس و کەوتەکانی خۆی)؛ هەروەها ڕەخنەشە لە بەهای ئەو زانستە ئابوریە لە ڕووی مەعریفیەوە، پەردەلادانە لەسەر سنورداریەکانی ئەم زانستە. ئەم رەخنەیە داواکردنێکە بۆ وەستانەوە دژ بەو بە ناو زانستە کە خۆی وا دەنوێنێ دابڕاو و سەربەخۆیە لە ماتریالیزمی مێژوو، پەیامی ڕەخنەکە ئەوەیە کە ئابوری سیاسی ناتوانێ سەربەخۆ بێت لە ماتریالیزمی مێژوو. ئابوری سیاسی ئەو شێوە دەرەکیەیە کە ماتریالیزمی مێژوو(واتا کێشمەکێشمی چینایەتی) لەژێر سەرمایەداری ڕوخسار دەگرێ. لەسەر ئاستی لۆژیکیشدا، ماتریالیزمی مێژوو بە پێش ئابوری دەکەوێ، بەڵام زۆرانبازی چینایەتی لە ژێر سایەی سەرمایەداری لە بۆشایی وچۆڵەوانی ڕوونادات، بەڵکو لەسەر بناغەیەکی ئابوری کاری خۆی دەکا، هەندێ یاساش بەرهەم دێنێ کە لە روخساردا ئەم یاسایانە ئابوریانە خۆ دەنوێنن.

من سەرەتا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم پەیوەندیانە دەکەم هەروەك چۆن لە کتێبی سەرمایە تەعبیری لێکراوەو خراوەتە ڕوو، واتە لەتیئۆری شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، هەروەها ئەم پەیوەندیانە لە ژێر سایەی سەرمایەداری هاوچەرخ، واتە لە ژێر سێبەری ئەمڕۆمان – واتە ئیمپریالیزم.

تێزەکانی من من ئەمانەی خوارەوەن :
١) ماتریالیزمی مێژوو کڕۆکی مارکسیزمە، لەبەر ئەوە:
٢) دۆخی مەعریفی یاساکانی ئابوری سەرمایەداری بە جۆرێکە وای لێدەکا بکەوێتە ژێر ڕکێفی یاساکانی ماتریالیزمی مێژوو:
٣) لە ژێر سایەی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ، یاساکانی ئابوری دۆخێکی تیئۆری وا لەخۆی دەگرێ کە جیاوازە لە دۆخی ژێر شێوازەکانی بەر لەسەرمایەداری: تەنانەت :
٤) یاساکانی ئابوری سەرمایەداری بە شێوازیكی بابەتیانە بوونی هەیە؛ دوا خاڵ:
٥) ئەم یاسانەش لە دواشیکردنەوەشدا لە ژێر ڕکێفی یاسای ” بەها” دان.
بەم جۆرە بە بۆچوونی من زۆرانبازی چینایەتی لە ژێر سەرمایەداری بە گشتی، لە جیهانی ئیمپریالیستیش بە تایبەتی ، لە سەر بناغەو بنچینەیەکی ئابوری دیاریکراو ئیش دەکا، هەر ئەویشە ڕۆڵ دەبینی لە گۆڕینی ئەم بناغەیە.

خوێندنەوەم بۆ مارکس؛ بە دڵنیایی ڕۆشنبیریەکی گرنگ و پڕی بە دوای خۆیدا هێناو قەناعەتی پێهێنام لە هێزی ئەم ئەندێشەیە.بەڵام؛ هێشتا من بە هەستێکی چەشنی ئەوەی ئەمە بەشم ناکا خۆمم بینیەوە! چونکە من پرسیارێکی سەرەکیم هەبوولە بارەی دواکەوتوویی” کۆمەڵگەکانی ئێستای ئاسیا و ئەفریقیا کە “لەژێر قۆناغی گەشەسەندن” دان، من لەوبارەوە وەڵامم لای مارکس نەدۆزیەوە، بەڵام لەجیاتی ئەوەی لە مارکس دوور بکەومەوەو بڵێم ئەپدەیت نەبووە، بەسادەیی گەیشتمە ئەو ئەنجامگیریەی کە بەرهەمەکانی ئەو تەواو نەکراون.

زیادەیەکی سەرەکی کە من خستومەتە سەر تیئۆرەکە: پەیوەندی هەیە بە گواستنە لە یاسای ” بەها ” بۆ یاسای “بەهای گلۆبالیزەکراو” لەسەر بنچینەی بونیادی هەرەمیی -جیهانی کراوی- نرخەکانی هێزی کار بە دەوری ئەم ” بەها” یە. کە پەیوەندی هەیە بەو هەڵس و کەوتانەی بەڕێوەدەچێ بۆ دەست گەیشتن بە سەرچاوە سروشتیەکان.

ئەم ” بەها” بەجیهانی کراوە خۆی بریتیە لە بناغەی ڕەیعیی ئیمپریالیستی. لێرە من دەڵێم ئەوەی ئاماژەم پێداوە پەردە لادەدا لەڕوخساری بزوێنەری ڕاستەقینەی ناکۆکیەکانی سەرمایەداری/ ئیمپریالیستی و ئەو بەریەککەوتنانەی پەیوەندیدارن، بەجۆرێك کە چینە کۆمەڵایەتیەکان و نەتەوەکان هەموویان نوقمی بەرامبەرکێ و ناکۆکی وزۆرانبازیەکانن، نوقمی وردو درشتی هەموو هۆکارە لقدارەکانی ئەم ناکۆکیانەن.
هەروەها دەڵێم خوێندنەوەمان بۆ مێژووی هەردوو سەدەی بیست و بیست و یەك ؛ هیچ نیە بێجگە لە سەرلەنوێ دەرکەوتن و-یان ” بوژانەوەی” خەڵك و گەل و نەتەوە پەراوێزخراوانەی سیستەمی جیهانی سەرمایەداری ئیمپریالیستی.
………………………………………………………………………..

تێبینیەکانی وەرگێڕ: ئەم نوسینەی لێرە دەیبینن بریتیە لە هەڵبژاردنی چەند پەرەگرافێكی هەڵبژاردە لە پێشەکی کتێبی
(THE LAW OF WORLDWIDE VALUE )
کە چاپی ئینگلیزی ئەم کتێبە لە ساڵی ١٩٨٧ بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە ئەوەندەی من ئاگاداربم تەرجومە کراوە بۆ زمانەکانی (فەرەنسی ، عەرەبی ٢٠١٢) . دەقە عەرەبیەکە کە لە فەرەنسیەوە کراوە کاتێ بەراوردم کرد بە ئینگلزیەکە پڕە لە کەم و کورتی و جیاوازی، نازانم خەتای وەرگێڕەکەیە یان دەقە فەرەنسیەکە وایە ئەمە کەسی فەڕەنسی زمان دەتوانێ قسەی لەسەر بکا. بەڵام دەقە ئینگلیزیەکە سەد لەسە جێگای متمانە بوو. یەك سوود لە دەقە عەربیەکە هەبوو کە لێرە بەکارم هێناوەتەوە، ئەوان ناونیشانی پێشەکیەکەیان لە تەعبیرێکی نوسەر خۆی وەرگرتووە کردویانە بە ناونیشانی پێشەکیەکە، منیش هەمان تەعبیرم لاجوان بوو بەکارم هێنا.




بازاڕ نیە؛ شیرەکانتان بڕژێنن! … ڕزگار عومەر

فڕێدانی جۆرێك لە خواردەمەنی، یان سەرچاوەیەك بۆ خواردنی جۆراوجۆرو سەرەکی چەشنی دانەوێڵەی گەنم و جۆ، بۆ ئەوەی کەم بێت و خواستی لەسەر زۆربێت و نرخی بەرز بێتەوە کردەوەیەکی ڕێگا پێدراوە لە ئەمریکا و لە زۆر ووڵاتیترتی ڕۆژئاوا. دەیان ساڵە بڕی گەورەو قەبارەی گرنگی ئەو خۆراکانەی فڕێ دەدرێنە نێو دەریاکان و ڕووبارەکان و هەندێ جار بیابانەکان دەتوانێ سوچێکی گەورەی هەژاری و برسێتی نەك تەنیا لە جیهان بەڵکو لە نێوخۆی ئەمریکاش چارەسەر بکە، بەڵام ئەم لۆژیکە سەد لە سەدە بەرژوەندو تەماحخوازیە، ئەم میتۆدە نامرۆڤانەیەو نائەخلاقیە، بەربەستە لەوەی هیچ سودێك لەم هەموو خۆراکە خەسار کراوە ببینرێ.

هەروەکو لەم هێلکاریەی وێنەکە دەبینن کە نرخی ١٠٠ پاوەند کە یەکسانە بە(٤٥.٣٥٩ کیلۆگرام) لە شیر لە مانگی ٣ ی ٢٠٢٠ دا دابەزیوە بۆ خوار ١٣$ دۆلاری ئەمریکی، ئەمەش وای کردووە یەکێك لە کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەههێنانی شیرەمەنیەکان بە بیانووی مانەوەی بەرهەمەکان و نەفرۆشتنی داوا لە سەرچاوەکانی خۆیان بکەن کە شیرەکانیان بڕژێنن! لە ڕۆژی سێ شەمەی ڕابردوو واتە لە ٣١ ی ئادارەوە ئەو کێلگەو جوتیارانەی کە سەرچاوەی دابین کردنی شیرن بۆ ئەو کۆمپانیا زلە تەلەفۆنیان بۆ کراوە کە هەر یەکە ڕۆژانە ٢٥ هەزار لیتر لە شیری تازە دۆشراوی پاك و تەندروست بڕژێننە نێو زێرابەکانەوە، ئەم کارە لە ٣١ ئادار دەستی پێ کردووە جارێ تا ڕۆژی دووشەمەی داهاتوو ٦ی نیسان بەردەوام دەبێت! ئەگەری تازە کردنەوەشی بۆ قۆناغی درێژتر سەد لە سەدە!

ئەم بێ ئەخلاقیە؛ لە کاتێکدایە کە تەنانەت بە پێ ی داتاکانی ساڵی ٢٠١٨ دا ( ٣٨.١) ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکی لە هەژاری دەژین! لەم ڕێژەیە نزیکە ٤ ملیۆن هاوڵاتی خاوەن پێداویستی تایبەتن. هەر لە ساڵی ٢٠١٨ لە داتایەکی تایبەت بە منداڵان ڕوون بۆتەوە (١١.٩) ملیۆن منداڵ لە هەژاریدا دەژین لە ئەمریکا! سێنتەری نیشتیمانی تایبەت بە بێ خانەولانەکانی ئەمریکاش دەڵێت ” ساڵانە (دوو ملیۆن نیو) مناڵ توشی ئەزموونی نەبوونی شوێنی جێنشینی دەبن، لە هەمووشی تاڵتر ئەوەیە ئەوەیە ١١.١ ٪ خێزانەکانی ئەمریکا کە دەکاتە نزیکی ١٤.٣ ملیۆن خێزان توانای زەمانەت کردنی ژەمە خۆراکیەکانی خۆیان نیە، بێجگە لەوەش کە ٢٩.٩٪ دانیشتوانی ئەمریکا کە دەکاتە ٩٣.٦ ملیۆن هاوڵاتی بە پێ ی داتاکانی ساڵی ٢٠١٨ زۆر نزیکن لە هێڵی هەژاری.

ئەم واقیعە؛ لە لایەك هەژاری و برسێتی لە لایەکیتر خواردنێکی تەندروستی وەکو شیر بە هەزاران لیتری فڕێ دەدرێتە زێرابەکانەوە زۆر بە ئازارە، بەڵام لە هەمووی بێ ڕەوشتری سیستەمەکە ئەوەیە کە ڕۆژانە پارەی ٢٥ هەزار لیتری شیری ڕژاو دەدرێتەوە بە خاوەن کێڵگەکان !




جوگرافیای سیاسی لە سەردەمی کۆرۆنا … نوسینی / بێرنهارد زەند

چالێنجی جیهانی پێویستی بە وەڵامێکی جیهانیه.

نوسینی / بێرنهارد زەند
وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە / ڕزگار عومەر
سەرچاوە/ بەشی ئینگلیزی ئۆنلاینی گۆڤاری دیر شپیگڵ ی ئەڵمانی

ڕوون کردنەوەی وەرگێڕ:

ئەم ووتارە نموونەیەکە، پارچەیەکە لەو دۆخەی ڕوودەدات و شکل دەگرێ. مەرج نیە وەکو وەرگێڕ لە گەڵ سەرتاپای بۆچوونەکانی نێو ئەو ووتارە من کۆك بم یان ئێوە وەکو خوێنەر کۆك بن. ڕاستە ئێمە لە دۆخی تراژیدیایەکی مرۆیی و تەندروستی دەژین، بەڵام ئەو چانسەشمان بۆ دروست بووە کە پەرچەکردارەکانی وەرچەرخانێکی مێژوویی ببینین. یۆتۆبیاکان، پڕۆژە گەورە مێژووییەکان چەشنی “یەكێتی ئەوروپا” بە ئەزمونێکی زۆر هەستیار تێدەپەڕێ، لە وولاتێك خەڵك ئاڵای یەكێتی ئەوروپا دائەگرێت و لە شوێنیا ئاڵای چین بەرز دەکاتەوە، لە شوێنێکیتر نموونەی ئەم ووتارە هێشتا ناکۆکی و فۆبیا دەبینی لە کۆمەکی چین ، دەبینی “ئەوروپا سالاریی” پەڵ دەکێشێتە ترسی جوگرافیای سیاسی، لەوێوە دەیەوێ پێش بەو گۆڕانکاریە بگرێت، یان پەرچەکردارێك بنوێنێ چەشنی دڵتەنگی هاندەرانی تیمێك کە دڵتەنگیان هیچ لە واقیعی ئەنجامی یاریەکە ناگۆڕێ.

لە گەڵ پەتای کۆرۆنا سیستەمی جیهانی، بە دڵنیایش لە گەڵیدا سیاسەت و جوگرافیای سیاسی گۆڕانکاری زۆر گەورە بە خۆیان دەبینین، ئەوروپا دەتوانێ شەقار بوونی شوناس لەت لەت بوونی مەعنەوی ئەندامەکانی کۆبکاتەوە ؟ دەتوانێ شکستی سیستەمی تەندروستی دروست بکاتەوە؟ لە دوای روخانی فاشیزم لە ئەڵمانیا، دواتر لە قۆناغێکتردا لە دوای ڕوخانی یەكێتی سۆڤیەت، ئەوروپا لە ژێر هەژموون و سێبەری ئەمریکا بووە، ئایا ئەم هەژموونە کاتی ئێکسپایەر بوونی هاتووە؟ چین دەتوانێ ببێتە ئەلتەرناتیڤی ئەم هەژموونە، ئەم پرسیارانە زۆر جدین، کە وەڵامەکانی کلیلی زۆرشتمان بۆ دەکاتەوە، لەم بارەیەوە ئەم ووتارە زۆر شتمان پێدەڵێت، زۆر شتیش ناڵێت! بەڵام لە زمانی فۆبیایەکی شاراوە ئیقاع و ڕێڕەوی ڕووداوەکانمان پێ نیشان دەدات.
…………………………………………………….

جوگرافیای سیاسی لە سەردەمی کۆرۆنا

لە کاتێکدا؛ کە دەوڵەتە ئەوروپیەکان و ئەمریکا سنوورەکانیان دادەخەن ڕوو لە ناوخۆی وڵاتەکانیان دەکەن وەك هەوڵێك بەرگرتن و هێواش کردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وڵاتی چین یارمەتیەکانی دەنێرێ بۆ سەرتاسەری جیهان. بەڵام ئەوەی بە ڕاستی جیهان پێویستی پێیە بریتیە لە وەڵامێکی کۆدەنگی ڕێکخراو.
لەم هەفتەیەدا؛ سەرۆکی سڕبیا ووتەیەکی پڕ لە تووڕەیی پێشکەش کرد، ووتەیەك لەو جۆرانەی کە ستۆپێکمان پێ دەکا بۆ بیرکردنەوەو تێڕامان. ئەو بە تووڕەیی ووتی : ” هاوپشتی ئەوروپی بۆ یەکتر نیە، ئەمە تەنیا حیکایەتێکی ئەفسانەیی بوو لە سەر پەڕی کاغەز”. ئەو گلەیی کرد کە ئەوروپا لەم دوایانەدا دەیویست بە زۆرەملێ وا لە سڕبیا بکات کە بۆ هاوردە کردنی کەل وپەل وپێویستیەکان پشت بە ولاتی چین نەبەستێت و لە جیاتی ئەوە لە ئەوروپا پێویستیەکانیان هاوردە بکەن. ئێستاش کە سڕبیا پێویستی بە کەل و پەل بوو لە ئەوروپا، وەڵامەکە ئەوەبوو ” دراوی سڕبیا هیچ نرخێکی نیە.”
سڕبیا کە هێشا ئەندام نیە لە یەكێتی ئەوروپا، دەیەوێ جل و بەرگ وماسكی خۆپارێزی و پزیشکی لە ئەوروپا بکڕێت بۆ خۆئامادەکردنی لە ڕوبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا. بەڵام ئەوروپا نایفرۆشێ بە سڕبیا، چونکە ” فرۆشتنی کەل و پەل و پێویستیە پزیشکیەکان بە دەوڵەتێك کە ئەندامی یەكێتی ئەوروپا نەبێت پێویستی بە ڕێگاپێدانی حکومەتەکان، ئەندامەکانی یەكێتی ئەوروپا هەیە”، کە پێشوتریش لە سەرەتاکانی ئەم هەفتەیە سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆن دیرلین ڕایەگەیاندبو ” نەفرۆشتن هەنگاوی دروستە، چونکە ئێمە ئەو کەل وپەلانەمان بۆ سیستەمەکانی چاودێری تەندروستی خۆمان پێویسته”.
بۆیە سەرۆکی سڕبیا ڤۆیتشی نامەیەکی بۆ سەرۆکی چین (شی جین پینگ) نوسی، دلنیاش بوو کە چین ڕادەکات بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشایە، سەرۆکی سڕبیا بۆ سەرۆکی چینی نوسی ” من باوەڕم بە براو دۆستی خۆم شی جین پینگ هەیە، هەروەها باوەڕم بە کۆمەك و هاوکاری چین هەیە”.”
دۆخێکی شێتانەیە: ئەو حکومەتەی کە لەسەرەتا ویستی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە بشارێتەوە، دواتر کارو ئاکشنی لەڕەگەوە دەست پێکرد بۆ بەرپێکگرتنی ڤایرۆسەکە بە هێواشی و بە تێچونێکی زۆر، ئێستا سەرۆکێکی ئەوروپی ئەم وڵاتە (واتە چین) بە فریاد ڕەس دەزانێت. بکین زۆر کامەران بوو بەو موجامەلەیە. ئاژانسی هەواڵی چینی نوێ (شینگوا) لەم بارەیەوە نوسی ” دۆستی لێ قەوماو دۆستی ڕاستەقینەیە، کاتێ تەوقە نەکردن هان دەدرێ لەئەوروپا، دەستی یارمەتی چین ڕەنگە گۆڕانکاری دروست بکا ” جوگرافیای سیاسی ئاوا ئیش دەکا؛ ئەگەر بۆشایی هەبوو، یەکێك باز دەدا بۆ پڕکردنەوەی.

بێگومان؛ یەكێتی ئەوروپا چاك دەزانێ چین بە شوێن پڕکردنەوەی ئەو بۆشایانەیە. ساڵێك لەمەوبەر، برۆکسل ڕایگەیاند ” چین سیستەمێکی پێشبڕكێکارە هانی ئەلگۆی بەدیلی سیستەمی حوکمڕانی دەدات” . لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا ئەوروپا خۆی لایەکی خۆی بۆ ئەم رەقیبە واڵا کردووە ، نەك تەنیا ووڵاتانی بەلقان و ئەوروپای ڕۆژهەڵات، کە چەند ساڵێکە چین هەوڵ دەدات لەوێ قەلەمڕەوی خۆی زیاد بکات، بەڵکو ئێستا لە نێو جەرگەی یەکێتی ئەوروپاش خەریکی هەمان کارە.
وەزیری دەرەوی ئیتاڵیا (لویجی دی مایۆ) دەڵێ ” ڕۆما بۆ دابین کردنی ماسك ئامێری هەناسەدانی دەستکرد داوای یارمەتی کرد”. سەفیری ئیتاڵیاش لە یەكێتی ئەوروپا (مۆریزۆ ماساری) دەڵێت ” کۆمیسیۆنی یەكێتی ئەوروپا، داوایەکی ئیتاڵیای بەرزکردەوە بۆ ئەندامانی یەكێتی ئەوروپا، بەڵام ” سەرکەوتوو نەبوو”
هەر لەم کاتەدا، دوو تیمی پزیشکی چین بۆ یارمەتیدان گەیشتنە ئیتاڵیاو تیمی سێیەمیش لە ڕێگایە. سەرۆکی چین دوای گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لە گەڵ سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا (بیدرۆ سانشیز) ووتی ” ئیسپانیاش دەتوانێ پشت بە کۆمەکی چین ببەستێ. سەرۆکی چین ووتی ” هەمیشە لە دوای باران تیشکی خۆر دێت”. ڕۆژی چوارشەمەش سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڤۆن دیرلین ووتی” ووڵاتی چین لەپاڵ پێویستی و کەل و پەلیتردوو ملیۆن ماسك دەدات بە ئەوروپا” .
هەروەها چین یارمەتی عێراق و ئێران و فلیپین دەدات. جاك ما ، دامەزرێنەری کۆمپانیای (Alibaba) ی چینی بۆ بارزگانی پارچەو یەدەگ لە ئینتەرنێت ڕایگەیاند کە ئەوان ٢٠ هەزار یەکەو کەل و پەلی تێست کردنی ڤایرۆس ، ١٠٠ هەزار ماسك، یەك هەزار بەدلەی پزیشکی تایبەت بە دکتۆرەکان و پەرستارەکان بۆ ٥٤ دەوڵەت دەنێرن لە ئەفریقیا، پێشوتریش جاك ما و کۆمپانیای عەلی بابا کۆمەکیان نارد بۆ ژاپۆن و کۆریای باشور و چەندین دەوڵەتیتر.
سیاسەت و- لە درێژ کراوەی خۆیدا جوگرافیای سیاسیش- لە سەردەمی قەیرانەکاندا لە ئیشی خۆیان ناوەستن. بە پێچەوانەوە، ڕەنگە توندتر ببن. ئەمە بە ڕوونی بەرچاومان کەوت، بە تایبەتی لە کێبڕكێ و زۆرانبازی ووڵاتە یەکگرتووەکان و چین، کە دوا بەدوای چەند مانگێك لە شەڕی بازرگانی وێرانکەر شەڕەکە زۆر قوڵتربوو. لە مانگی شوباتدا وڵاتە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە نوێنەرانی دەزگا میدیا فەرمیەکانی دەوڵەتی چین لە ئەمریکا وەکو “بەکرێ گیراوی بیانی” مامەڵەیان لە گەڵدا دەکرێت. دوای یەك ڕۆژ لەم قسەیە، چین سێ ژۆرنالیستی ڕۆژنامەی واڵ ستریت ی لە چین دەرکرد، هەروەها وەزارەتی دەرەوەی چین لە ڕۆژی سێ شەمەی ئەم هەفتەیە داوای بەڵگەنامەی کارکردن وەکو ڕۆژنامەنوس لە ١٣ ڕۆژنامەنوسی سەر بە ئاژانسەکانی : نیۆرك تایمز، واشنتۆن پۆست، واڵ ستریت کرد، پێشووتر هەرگیز هەنگاوی لەم بابەتە ڕووی نەداوە.




نامەی نووسەرێکی ئیتاڵی بۆ سەرۆکەکانی ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەمریکا … وەرگێڕانی : ڕزگار عومەر

کاتێ تراژیدیا شوناسی یەکگرتوو لەق دەکا

ئێمەتان بە تەنیا جێهێشت!
نووسینی: ستیفانۆ بڕوزیی
وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە : ڕزگار عومەر

سوپاس بەڕێز ماکرۆن

سوپاس خاتوو مێرکل

سوپاس کە لە کاتی تەنگانە ئێمەتان جێهێشت

سوپاس کە ڕازی نەبوون؛ تەنانەت ماسکی سادەو شتیترمان بۆ بەرەنگاربوونەوەو بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە پێ بدەن!

خۆ ئێمە پارەکەمان دەدا، دەزانن ؟

ئێمەی ئیتاڵی کە ئێوە بە پیس وپۆخڵ بە بێ ڕێز، هەمەجی و ساکار، هەژار..هەندێ جار بەمافیا ناویان دەبەن ! بەڵام با بەبیرتان بهێنینەوە؛ ئێمە بووین یەکەم جار ڕێگاوبان و قوتابخانەمان دروست، ئێمە ئەلف و بێ ی نوسینمان فێرکردن کە ئێوە ئەمڕۆ بەکاری دەهێنن، یاساو ماف، ڕێکخستنی دەوڵەت و دەوڵەتی یاسا ئێمە بۆ ئێوەمان شیکردوە.

ئێمەی ئیتاڵی، خاوەنی کارە هونەریە نەمرەکانی نێو مۆزەخانەکانتانین، خاوەنی دەستنوس و ڕێنماییە دێریینەکان کە ئێوە وانەی لەسەر دەکەن و جێ بەجێی دەکەن. ئیتاڵیەکان؛ ئەوانەی بە قوربانی و بەو شتانەی پێشکەشیان کردووە خاوەنی لەسەدا حەفتای ٧٠٪ کەلەپوری هونەری و کلتوری جیهانن! کەلەپورێك کە ئێوە بۆ ئەوەی خەڵك لە مۆزەخانەکانتان بیبنێ نرختان بۆی داناوە! ئێمەی ئیتاڵی مانای هونەرو کلتورمان بە ئێوە بەخشی کە شارستانیەتەکەی ئێمەو هی ئێوەش لەسەری بنیاتنراوە، مانای بەرزو ڕەهاو ڕێکی ئیستاتیکا، ئەو پایە بەرزە لە دوای ئێمە کەس پێینەگەیشتووە، ئێمەی ئیتاڵی شارستانیەتمان پێدان، شارستانیەتێك کە وێرانتان کرد کاتێ بردتانە سەدەکانی ناوەڕاست، دوایی دووبارە بۆئێوەمان دروست کردەوەو گەشە و پێشکەوتنمان سەرلەنوێ بۆ هێنانەوە لە هونەر، جوگرافیا، ئابوری، ئەندازیاری بیناسازی.

ئێمەی ئیتاڵی پەنیری پەرمەزان، مۆتزەرێلا، بروشوتۆ، مۆرتادیلا، سەلامیی، رافیولی، توتیلینی، لازانیا، جیلاتۆ، پیزا چەندین وچەندین شتیترمان داهێنا! ئێمە ترێ مان بردە فەڕەنسا، ئێمە ئێوەمان فێری شەڕاب دروست کردن و چاندنی دارمێو کرد، هەروەها ئێمەین هەموو ساڵێك دەبێ دژ بە هەوڵەکانتان بوەستینەوە کاتێ لاسایی مارکە بازرگانیەکان و بەروبومەکانمان لە دونیای جوانی و مۆدێلەکاندا دەکەنەوە!

بەڵام ئێوە: بەڕێزان ترامپ و جۆنسن

سوپاس بۆ ئێوە کە لە جیاتی یارمەتیدانمان هەرچی شتێکتان لەدەست هات کردتان بۆ تەریك کردنمان! بەڕێز ترامپ با بە بیرت بهێنینەوە، ئەگەر کەشتیوان و دەریاوانە ئیتاڵیەکان نەبوونایە ئێستا تۆ لە زەویەکی ووشك دانیشتبووی و نەتدەتوانی ڕۆڵی سەرۆك ببینی، ئەگەر دەریاوانێکی ئیتاڵی سەفەری نەکردبا بەرەو نەهات و نادیار ڕەنگە تۆ ئێستا تەنیا توانای پەتاتە خواردنت هەبوایە!

بەڵام تۆ بەڕێز جۆنسن

بە بیرت دەهێنمەوە کە سەروەت و سامانی نەتەوەکەت لە ژێر ئەو ئاڵا ئیتاڵیە دروست بوو، کە ئێمە دامان بە ئێوە لەسەر کەشتیەکانتان هەڵیدەن تا خۆتان لە هێرشی جەردەکانی دەریا بپارێزن، ئاڵای “خاچی قەشە جۆرجیو” کە ناوچەی (گێنەوا)ی ئیتاڵی بە ئێوەیان دا، کە بەبێ بوونی ئەو ئاڵایە ئێوە لە لایەن هێزە دەریاییەکانی دەریای ناوەڕاست بۆمباران دەکران. ئێمە ئێوەمان فێرە دەریاوانی کرد، کە بە خراپە بەکارتان هێنا بۆ فراوان خوازیتان. تا ئەمڕۆش هەر کاتێك تەلەفۆنتان بەکارهێنا داهێنەرەکەی ئێمەتان (میوتچی) لەیاد بێت، کاتێ سەیری تەلەفزیۆن دەکەن یان گوێ لە ڕادیۆ دەگرن ” مارکۆنی” تان لەیاد بێت، هەر کاتێك کارەباتان بەکار‌‌هێنا (ئەگەر تەمەن یاوەرمان بێت) لە یادتان بێت کە هەرگیز دروست نەدەبوو ئەگەر بەرهەمەکانی بلیمەتی ئیتاڵی “فێرمی” نەبوایە.

ئێمەی ئیتاڵی؛

بانکەکان و زانکۆکانمان دروست کرد، ئێمە تیئۆری ئەگەرەکان، تەلارسازی، ئەندازیاری، گەردوناسی، ڕۆژژمێری، مۆسیقامان داهێنا. کریستۆفر کۆلۆمبۆس، مارکۆ پۆلۆ، لیۆناردو داڤینشی، مایکڵ ئەنجیلۆ، بیرنینی، تیتیزیانۆ، ڕافائیلۆ، برۆفیلیسکي، گالیلۆ، ئۆکتاڤیانۆ، فیسبازیانۆ، ئۆریلیۆ، دانتی! دەتوانم بەردەوام بم تا چەند کاتژمێریکیترو ناویتر ڕیز بکەم ، هەموو ئەوانە وەکو ئێمە ئیتاڵی بوون!

گوێبگرن ئازیزانم، کاتێ ناوی ئیتاڵیا دەهێنین، دەبێ ڕێك بوەستی و سەردانەوێنی! دەبێ بزانی ڕەگی شارستانیەتی ڕۆژئاوا لێرەیە! کاتێ لەئەمڕۆدا ئیتاڵیا هانای بۆ هێنان و داوای شتێکی لێکردن، دەبوایە بۆی ڕابکەن و فریای بکەون، چونکە ئەگەر ئیوە دووبارە شارستانیەتی ڕۆژئاوا ببەنەوە سەدەکانی ناوەڕاست باوەڕ ناکەم ئەمجارە ئیتاڵیا سەرلەنوێ هەڵسانەوەتان بۆ دروست بکاتەوە!

دوای هەموو ئەوە، ئەگەر پێتان وایە ئەمە پەیوەندی بە ئێوە نیە، کەواتە شتەکانی خۆتان بۆ خۆتان، چێژ لە ملیۆنان تۆن ئاسن ببینن کە شارەکانتانی کەلەبچە کردووە، کاتێکیش سەردانی مۆزەخانەکانتان دەکەن تکایە لای بەرهەمە هونەریە ئیتاڵیەکان مەوەستن چونکە ئاوا سەردانەکەتان زۆر بەخێرایی کۆتایی دێ! ڕەنگە بتوانن سەردانی کارگەی ئوتومبێلە جوانەکان و کارگەکانی ئوتومبێلی گازوایل بکەن. بڕۆن سەردانی کۆشکەکانتان بکەن، کە لەلایەن ئێمەوە تەنیا وەکو شارۆچکەی سادەیە، یان بڕۆن بۆ ئەو پایتەختانەی کە دەیانەوێ لاسایی ڤینیسیا، فلۆرینسا، ڕۆما بکەنەوە، هەوڵدەن سەردانی جوانترین وڵاتی دونیا ” ئیتاڵیا” نەکەن لە کاتێکدا ئێوە لە پشتەوە خەنجەرتان لێدا، باوەشمان کراوە نابێت، تەنیا بۆ ئەوانە نەبێت کە لەکاتی تەنگانە بە هانامانەوە هاتن! دەرگای شارە جوانەکانی خۆمان کە وێنەی نیە لە دونیا تەنیا بۆ ئەوان واڵادەکەین، ئەوان دەتوانن بچن بۆ سەیرانی شارەکانی: ڤینیسیا، ڕۆما، فلۆرینسا، گێنەوا، ناپۆلی، بولۆنیا، بیزا، سیزی، سیینا،تۆرینۆ،بالیرمۆ، اگریجێتۆ، میلانۆ، کریمۆنا، مانتۆڤا، فیرارا، توسکانا، مۆنت فیراتۆ، دۆلۆمیتی، لابولیا، سیسلی، سێردینیا!

ئیوە بوون وڵاتی یۆنان ی داماوتان بە سیاسەتە ئابوریەکانتان وێران کرد، هەمان هەوڵتان دا لەگەڵ ئیتاڵیا بەڵام شکستان هێنا، ڕەنگە ئێستا پێشبینی هەواڵی کۆتایی ئێمە ببیستن، بەڵام لە ناواخنی ئەم خۆپەرستیە زۆرەتان بیرتان چوو کە ڤایرۆس دان بە سنوورە جوگرافیەکان نانێت و لە هەمووان دەدات، ئەگەر دوێنی یارمەتی ئێمەتان بدایە لە هەوڵەکانمان بۆ کۆنتڕۆڵی ئەو پەتایە لەجیاتی تەریك کردنمان ولۆمە کردنمان، رەنگە خۆتان لە ئەمرۆدا نەدیبوایە لە هەمان دۆخ کە بۆ لە دەست چوونی ئازیزانتان دەگرین!

خۆپەرستیتان گەڕایەوە بۆتان!

سوپاس




پەتا؛ تیئۆر و شوناس … ڕزگار عومەر

ئەمڕۆ؛ بە حوکمی کارەکەم دەبوایە بچوومایە کۆبوونەوەیەك لە یەکێ لە هۆتێلەکانی عەنکاوە لە شاری هەولێر. جارانی پێشوو؛ دەچوومە کۆبوونەوەی هاوشێوە سیکیوریتەکان تەرکیزێکی زۆریان لەسەر جانتاکەی شانم دەکرد و دەبوایە سەیری بکەن و بیپشکنن وەکو بەشێك لە ئەرکەکانیان. ئەمڕۆ ئەگەرچی جانتاکەی شانم ئەگەرچی گەورەتر بوو بەڵام سیکیوریتیەکان هیچ سەیری جانتاکەیان نەکرد، بە داوایەکی ” نیمچە فەرمانپێکردن” ووتیان بێ زەحمەت لەسەر ئەم هێڵە بوەستە، بەو ئامێرەی کە لە دەمانچە دەچێ نێوچەوانیان پشکنیم ، کە دڵنیابوون گەرمی لەشم هەڕەشە نیە ووتیان ” فەرموو” ، من ئەوەم پێ کارێکی زۆر دروست و پێویست بوو.

ئێمە لە سەردەمێکی زۆر ناهاوسەنگ و پڕ لە هەڕەشە دەژین؛ جەنگەکان، تێکچوونی سروشت و ژینگە ، داڕمانی ئابوری جیهانی، پەتا تەندروستیەکان کە لە ساڵی ٢٠٠٠ وە چەند ساڵ جارێك ڤایرۆسێك پەیدا دەبێت !
هەموو ئەو هەڕەشانە نەك تەنیا موژدەکانی جیهانگیری وەکو گەڵای داران هەڵوەران، بەڵکو لە جیاتی موژدەکان و دونیایەکی باشتر، بەجیهانی کردنەوەی ” چارەنوسی نادیار” لە ئێستادا جێگیر بوو.
جیهانگیری بە تێگەیشتن و تەماحە ئابوریەکانی لە گەڵ هەڵوەرینیدا ئەو لق و پۆپانەشی لە گەڵ خۆی ووشك کردەوە؛ کە دەیتوانی کۆششی نێونەتەوەیی مرۆڤەکانی ئەم زەمینە لە یەك پلاتفۆرمی عەمەلی کۆبکاتەوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەڕەشەکان، ئەوەی ئێستا لە جیهاندا زۆربەی دونیا بە یەکەوە گرێ دەدا ” ترسه “، ئەو شتەی فرۆید لە شوێنێك جەرئیتر لە هەموومان پێناسەی دەکاو پێ ی دەڵێ ” سوڵتانی تۆقین : مردن ” .
لەم کۆبوونەوە یونیڤێرسالەی ترسدا کە بێ گرێدانی هیچ کۆنفرانسێکی نێو نەتەوەیی و بێ هیچ تێچوونێکی پێشوەختەو ئامادەکاری تیئۆری بەدەست هات سنوورە جوگرافیەکان توندتر دەکرێن. یەکەمجارە سەفەر نەکردن و بڕیاری تاکەکان بۆ خۆشاردنەوە لە ماڵەوە دەبێتە تاعونێکی ئابوری بۆ کۆمپانیاکانی گەشت و گوزارو بۆ ئەو ووڵاتانەی بژێوی سەرەکیان لەسەر هاتنی ” ئەوانیتر” بوو.
ئەزموونێك کە ئەم ترسە خوڵقاندی تەنیا ئیحتیات وەرگرتنی زیاتری تەندروستی نیە، بەڵکو بە شێوەیەکی زۆر ترسناك و خوێناوی و پڕ لە مردن نیشانی داین هەڵوێستی سەرتاسەری بۆ نموونە سەفەر نەکردن دەتوانێ چۆن سیستەمی ئابوری و تەونی بەرژوەندی و پارە وێران و ڕسوا بکات.
کاتێ مرۆڤەکانی دونیا لە نێوان ژیان مردن مانەوە هەڵدەبژێرن ، ئەم هەڵبژاردنە ئەگەرچی سەد لە سەد تەندروستیە بەڵام ئیلهامێکی بە هێزی نێونەتەوەیشە بۆ هەر کەسێك کە بیەوێ ببینێ لە دونیای واقیعیدا سایزی گەورەی هەڵوێستی یەکگرتوو چی دەخوڵقێنێ! ئیلهامیشە بۆ هەر کەسێك ئەگەر لەم هەرا و تۆقینە جیهانیەدا بڕوای وابێت هیشتا دەرفەتێك ماوە بۆ بنیات نانەوەی پڕۆسەی هەڵوێستە گشتیە یونێڤێرسالەکان، زیاد لەوەش : ڕەنگە ئێستا لە پرسی نێونەتەوەییدا کاتێکی گونجاو بێت لە تەنیشت مارکس کورسیەك بۆ فڕۆید دابنێین ! ڕەنگە ئەو دەمی پرسی تەندروستی جیهانی لە ڕێگای خەباتێکی چڕ و ئاراستە کراو ببێتە بەرپرسیاریەتێکی جیهانی ، ئەو دەمی بە سانسۆر کردن و کول کردنی لەسەدا نەوەدی میدیای جیهانی و لۆکەلیەکان، ئومێد دەبێت دەجال و فیگەرە ئاینیەکان لە کڵێساکانی ڕۆژئاواو مزگەوتەکانی ڕۆژهەڵات دەجار بیربکەنەوە لە لووت تێوەردان لە پرسێکی تەواو پزیشکی تەواو زانستی.

تا مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ ؛ هەڵگرتنی پاسپۆرتێکی ئەمریکی ، ئەوروپی، سەنگاپوری ئیمتیازێکی تایبەتی هەبوو بە بەراورد بە پاسپۆرتی چەند وولاتێکی تری جیهان ، لەوە ئاسانتر نەبوو ئەوساو ئێستاس بۆ تیئۆری کۆمەڵایەتی یان ڕاستەی ئایدیۆلۆژی کە ئەم جیاکاریە لە ئیمتیاز بداتە بەڕ ڕەخنەو سوکی بکات. بەڵام لەم دۆخە شازە یەکەمجارە تیۆری کۆمەڵایەتی لەچەند لاوە فشاری لەسەرە، چونکە ئێستا ئەو ئیمتیازاتانە لە سنوورەکان و لە فڕۆکەخانەکان لەبەندەرەکان پولێکی قەلپ ناهێنێ، تاقە شت کە چارەنوست دیاری دەکا تایە “گەرمی جەستەتە” وەك ئاماژەو هێمایەکی موحتەمەل کە تۆ ڕەنگە هەڵگری ڤایرۆسەکە بیت، ئەم دۆخە تازەیە چ لەو ئاستەی ئێستا بوەستێ چ زیانی گەورەتر بەر مرۆڤایەتی بکەوێت تازە دونیای گۆڕی ، ناڵێم بۆ باشتر، بەڵکو بە جۆرێك گۆڕی کە تیئۆرو ڕەخنەی کۆمەڵایەتی، نوکی ڕمی ڕەخنەی سیاسی ، دەبێ لە گەڵیدا بگۆڕێ، دەبێ تیئۆری کۆمەڵایەتی ببێتە پێکهاتەیەك لە مەنزومەیەکی گەورەتری مانەوە، دەبێ بیر لەوە بکاتەوە شوناسی تازەی تەندروستی ” جەستە” چ یەکگرتنێك چ جیاکاریەك دروست دەکا؟ عەدالەتی تەندروستی یانی چی ؟

هەروەکو چۆن لە ئێستادا ” ئیتاڵیا ” مۆڵگەی یەکەمی گواستنەوەی پەتایە (کۆرۆنایە) بۆسنوورەکانی ئەوروپا ، ٦٧٣ ساڵیش لەمەوبەر هەر ئیتاڵیا یەکەم مۆڵگەی گواستنەوەی تاعونی ڕەش بوو بۆ ئەوروپا کە بووە هۆی مردنی ٢٠٠ ملیۆن کەس . لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٣٤٧ ژمارەیەك کەشتی (١٢ کەشتی) گەڕانەوە کەنارەکانی ئیتالیا. کاتێ کەشتیەکان گەیشتن ژمارە زۆرەکەی سەرنشینەکانی یان مردبوون یان لە ئان و ساتی مردن بوون بە هۆی تاعونی ڕەش، تێکەڵ بوون لە نێوان سەرنشینان و ئەوانەی لە کەنار چاوەڕێیان دەکرد ڕوویداو سەرەڕای دوورخستەوەی کەشتیەکان لە کەنار، کار لە کار ترازا.
گرنگی بەسەر کردنەوەی ئەم نموونەیەی مێژوو تەنیا لە سودفەی ئەوە نیە کە سەرەتای تاعونی ڕەش و کۆرۆنا لە مانگی ئۆکتۆبەر بووە، یان لەوە نیە کە لە هەردوو جاردا ئیتالیا بوو بە پردی گەیاندنی پەتا بۆ ئەوروپا، لەوەش نیە کە هەردوکیان سەرچاوەکەیان ووڵاتی چین بوو! بەڵکو دوو خاڵ هەیە دەمەوێ تەرکیزی لەسەر بکەین ئەویش تەرکیزی زیاتر لە سەر “ڕەگ”ی دیاردەکان دۆزینەوەی تەونی دیالیکتیکی لە پشت دیاردەکان.
یەکەم خاڵ؛ ئەو دەمی گۆڕانی ئاو هەوا کاریگەری زۆری کردە ووشك بوونی سەوزایی ئەو شوێنانەی هەزاران مشك و ئاژەڵە هاوشێوەکان لێ ی دەژیان لە ووڵاتی چین، ئەمە وای کرد بە هەزاران مشک ڕوو بکەنە شارەکان و کەنارەکان تێکەڵ بەو شت و مەکانە بن کە کەشتیەکانی ئەوروپا دەیانگواستەوە بۆ هەموو شوێنەکانی دونیا، بەشێکی زۆر لەو مشکانە توشی تاعون ببوون پەرینەوە بۆ ناو کەشتیەکان.ئەو پێشکەو مێشولە هەرە بچوکانەی خوێنی مشکەکانیان دەمژی دەچوونە سەر سەرنشینانی کەشتیەکان و چزووی ڤایرۆسیان لە جەستەیان وەردەدا، ئیتر بوو بە پەتا لە ناو کەشتیەکان و گەیشتە ئەوروپا. ئەمە نیشانمان دەدا هەر گۆڕانکاریەك لە ئیکۆلۆژیای (سیستەمی ژینگەیی) زەوی باجی خۆی هەیە.
دووەم خاڵ ئەوەیە ؛ تاعونی ڕەش نزیکەی ٧ ساڵێکی خایاند لە ئەوروپا، تاعون بەس مرۆڤی نەکوشت واتا تاقە “بکەر” نەبوو بەڵکو لە پڕۆسەی زاڵ بوون بەسەریدا، چەندین قەسابخانە ڕوویدا دژ بە کەمایەتیە ئاینیەکان و بە کۆمەڵ کوشتنیان گوایە “غەزەبی خوا” لەوانە بۆتە هۆکاری ناردنی ئەم سزایە! هەندێك لەو گروپانە کاتێ جینۆساید دەکران کەمترین ڕێژەی توشبوانیان هەبوو بە تاعون! لە پڕۆسەی زاڵبوون بەسەر تاعوندا هەندێ مەزهەبی ئاینی زۆر توندڕەو پەیدابوو لە کلێساکانی ئەوروپا، هاوشانی ئەو بەتایبەتی لە دوا ساڵەکانی تاعون هەندێ مەزهەبی کراوەترو ئاشتەوایی خۆی هێنایە پێشەوە.

نەخۆشی و پەتا لە ئێستامان هەروەکو حەوت سەدە لەمەوبەر تەنیا پرسێکی تەندروستی و بایلۆژی نیە، بەڵکو پرسێکی پڕ لەبەرپرسیاریەتی فەلسەفە و ڕادیکالیزم و تیئۆری کۆمەڵایەتیە.ئەم نەخۆشی و پەتایە دانراوە تەمەنەکەی تا گەرم بوونی دونیا درێژە بکێشێ، بەڵام ئەگەر ئەم فەرزیەتەش لە ڕووی تەندروستی و زانستیەوە پشت ڕاست بکرێتەوەو دەرمانی گونجاوی بۆ بخرێتە بەردەستی مرۆڤەکانی دونیا بە ” یەکسانی ” ئەوە هێشتا ساڕێژی ئەو برینە رۆحیە ناکا کە کەشفی ئەوەی کرد فەوزایەکی گەورە هەیە لە ئیدارە دانی دونیا چ وەکو تاك تاکی دەوڵەتەکان چ وەکو پرەنسیبە جیهانیەکان لە رووبەڕوبەوەی چارەنوسە هاوبەشەکان ! مرۆڤ توشی دڵەڕاوکێیەکی قوڵ بووە ، چونکە چیتر یەکەمین گومان لێکراو ” ئەویتر” نیە، دراوسێکەی نیە، بەڵکو یەکەمین گومان لێکراو هەڕەشە لەسەر خۆی “خۆیەتی ” !




جینۆساید لەسەردەمی مەلەکیەتدا … ڕزگار عومەر

ܣܘܪܝܝܐ پرمتا د سمّيلِ
ئاشوریەکان تەنیا بوون

ڕزگار عومەر

لەم رۆژانەدا ؛ جیهان سەرقاڵی یادکردنەوەی فەرمی ڕۆژی تاوان و کۆمەڵکوژی هۆلۆکستن، بەشێکی زۆر لەم یادکردنەوانە، بە تایبەتی لە ئاستی سەرۆکەکان و دەوڵەتەکان دووفاقی و ریاکاری دیبلۆماسی پاڵنەرێتی نەك ئامانجی وەستاندنی کۆمەڵکوژیەکان.
کۆمەڵکوژیەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تەنیا لە ئاستی قڕکردنی میلەتێك، تائیفەیەك، گروپێك نەوەستاوە، بەڵکو تاوانکاریەكە هەمیشە درێژەی هەبووە لە شێوەی ” کپ کردن ” و ” بێ دەنگی ” و یاخود ئیبراز کردنی کۆمەڵکوژیەك و فەرامۆش کردنی دانەیەکیتر، بە پێ ی هێزو فاکتی بەرژەوەندی ئەو دەوڵەتەی لە پشتی وەستاوە.

لە نەوەدەکان لە هەرێمی کوردستان یادکردنەوەی تاوانی ئەنفال بەربڵاو بوو، ئەو دەمی هێشتا ناسیۆنالیزمی کورد ئیشی بەم یادکردنەوانە هەبوو، لە دوای ٢٠٠٣ وە هەر ئەم ناسیۆنالیزمە تەنیا یەك ڕۆژی پڕ لە پڕۆتۆکۆل و کەشخیات و پڕ لە وێنەی بێ گیان تەرخان دەکات بۆ ئەم یاد کردنەوەیە.
لە نەوەدەکان مونافەسە هەبوو لەسەر یاد کردنەوە، ئەم مونافەسەیە بە ڕوانگەیەك بەڕێوە دەچوو کە مامەڵەی سامان و تاپۆی لە گەڵ دەکرا، هەر هەمان ڕوانگەش کە تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە ڕێگرە لەوەی هۆشیاری بەرگرتن بە کۆمەڵکوژی و شارەزا بوونی بە مێژووی کۆمەڵکوژی لە ئاستی فەرمی جەماوەریدا دەستی بگاتە ئەو تاوانانەی بەر لە ئەنفال ڕوویداوە، چونکە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان و دواتر ئاشوریەکان لە هەردوو وولاتی تورکیا و عێراق لاپەڕەی پر لە شەرمەزاری تێدایە کە ئایدیۆلۆژی ناسیۆنالیزمی کورد و عەرەب لە لایەك و دەولەتە زلهێزەکانیش چەشنی بەریتانیا وفەرەنسا لە لایەکیتر لە بەرژەوەندیان نیە ئەم جۆرە لە کۆمەڵکوژی ئیبراز بکرێت، ئەو هەڵوێستە زۆر تاخیربووانەش کە لەبەرامبەر جینۆسایدی ئەرمەن نیشاندرا بەربوومی دوو هۆکارن؛ یەکێکیان جدی بوونی ئەرمەنەکان خۆیان ، دووەمیان بەریکەوتنی بەرژەوەندیەکانی تورکیا لە گەڵ ووڵاتانی ڕۆژئاوا، دەنا دەوڵەتانی رۆژئاوا حەز ناکەن بیجگە لە ” هۆلۆکۆست” مەلەفی کۆمەڵکوژیەکیتر بێتە سەر مێزەکانیان.

لە نیوەی یەکەمی سیەکانی سەدەی بیست، بە تایبەتی لە ١٩٣٣ لە عێراقدا، لە کوردستاندا کە ئەودەمی لە رووی ئیداریەوە هەر لە ژێر رکێفی موسڵ بوو، ئاشوریەکان مەیلێك بۆ سەربەخۆبوونیان تیا دروست بوو، ئەوان دەیانویست بەر لە کۆتایی هاتنی ئینتیدابی بەریتانی ناوچەیەکی تایبەت بە خۆیان بۆ تەرخان بکرێت، ئەوان چەند جارێك پەنایان بردە زلهێزەکانی کۆمەڵگەی دەوڵەتی کە یان ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمیان بۆ دامەزرێنن لە ناوچەی هەکاری یان لە ناوچەکانی دەوروبەری زاخۆ و دهۆك و سمێڵ. کەس گوێگری ئەم داوایانە نەبوو، تەنانەت ئەوان داوایان کرد ڕێگایان پێبدرێ بپەڕنەوە بۆ سوریا و لە ژێر سایەی سوپای فەرەنسا بژین کە ئەو دەمە سوریای لە ژێر دەست بوو.
ئاسوریەکان وەفدیان نارد و هەندێکیان پەڕینەوە بۆ قسە کردن بۆ ئەم مەبەستە، حکومەتی سوریای ژێر ڕکێفی فەرەنسا و خودی سوپای فەرەنساش عێراقیان ئاگادار کردەوە لەم جموجۆڵانە لە رێگای گەڕانەوەیان سوپای عێراق چاوەڕێیان بوون شەڕێك لە نێوان هەردوولا دروست دەبێت، کوژراو بریندار لە هەردوولا هەبوو، ئەم ڕووداوە دەبێتە بیانوویەکی زۆر بەهێز بە دەستی سوپای عێراق و هەموو ئەو دەوڵەتمەدارانەی ئەوسا کە پێوستیان بە ڕووداوێك هەبوو تا پێناسەی جەبروتی دەوڵەت و سوپای پێبکەنەوە.

سوپای تازە دامەزراوی عێراقی ئەوسا شکستی هێنابوو لەبەردەم یەکەمین یاخی بوونی چەکداری بە دەستی شێخ مەحمود، ئەو سوپایە زۆر تینوو بۆ هەر قەسابخانەیەك تا خۆی پێ پێناسە بکاتەوە.
چەند کەلە فاشیستێکی سەربازیی چەشنی “بکر سدقی ” و ” ڕەشید عالی گەیلانی” کۆپیەکی ڕۆژهەڵاتی بوون لەو فاشیزمە جیهانیەی ئەو دەمی ببووە مۆدیل. ئەوان پەروەردەی میلتاریزم و نەعرەتەی کوێری قەومی بوون، هەردوکیشیان نوێنەرایەتی هەموو ئەو کینە ئاینیەیان دەکرد کە لە نێو سوپای عێراق تەشەنەی کردبوو، نوێنەرایەتی خێڵە کوردەکان و عەرەبەکانی ناوچەکانی دهۆك و موسڵیان دەکرد کە هەمووی چاوەڕێ ی یەك فیکەی سەربازی بوون بۆ کوشتن و بڕین و تاڵان کردنی دراوسێ ی کۆڵان و دراوسێ ی گوندەکانیان، ئەوەی داعش لە شەنگال کردی کۆپیەکی سەدەی بیست و یەکە بۆ قەسابخانەی ئاشوریەکان لە سەدەی بیستدا.

سوپای عێراق و پۆلیسی شارو شارۆچکەکان، خێڵە کوردو عەرەبەکان لە پرۆسەی ئەم کۆمەڵکوژیە بێ دوو دڵی بەشداریان کرد، هەندێك لەسەرۆك خێڵەکان پەیمانی درۆیان بە ئاشوریەکان دەدا تا کۆکردنەوەی چەکدارەکانیان ئاسانتر بێت لە شوێنێکی دیاریکراو.
لە ٥ ئابی ئەو ساڵە سەرەڕای وەستانی شەرە چەکداریەکان بەڵام سوپای عێراق و خێڵە کوردو عەرەبەکان پەلاماری گوندە ئاشوریەکانیان دا، منال و ئافرەتەکان و ڕوویان لە قەزای سومێل کرد. دواتر بەشی زۆری پیاوەکانش پاش ئەوەی پەیمانیان پێ درا کە دەولەت دەیانبەخشێ ڕوویان لەوێ کردو چوون لە بنکەی پۆلیسی ئەوێ کۆبوونەوە ، قائمقامی زاخۆ خۆی سەرپەرشتی ئەو هێزە سەربازیەی عێراقی دەکرد کە چوون بۆ ئەوێ ، قائمقام بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارە هەلبخەڵەتێنێ بە فەرمی بەڵێنی داو ووتی ” هەر کەسێك مادام چۆتە ژێر ئاڵای عێراق گیانی پاڕیزراوە ” لەوێ دیسان و ژن و مناڵانیان لە پیاوان جیا کردەوە، پیاوەکانیان لە چەند شوێنێک کردەوە ، لە بنکەی پۆلیس هەندێکیان بە لۆری سەربازیی گواستەوە بۆ دەرەوەی شار، لەوێ بە کۆمەڵ گولە باران دەکران و دواتر بە لۆریەکان بەسەر تەرمەکانیان دەکەوتن، لە نێو سومێل بە ڕەشاش سوپای عێراق کەوتنە گولە باران کردنی پیاوەکان، سەرچاوە ئاشوریەکان باس لە کوشتنی ٣٠٠٠ هەزار ئاشوری دەکەن لەو کۆمەڵکوژیەدا.

لە کاتی گەڕانەوەی سوپای عێراقی بۆ شاری موسڵ، ئاهەنگ گێڕان دەستی پێکرد، تەنانەت بە پەلەش مارشی سەربازی و دروست کردنی ژمارەیەکی زۆر لە ” کەوانی سەرکەوتن، قوس النصر” بۆ ئەوەی سوپای سەرکەوتوو بە ژێریا تێپەڕێ ! تەنانەت مەلیك غازی کە ئەو دمە جێ نشینی مەلیك بوو خۆی هاتە موسڵ میدالی ئازایەتی بەخشیە ئەفسەرە قەسابەکانی سوپای عێراق!




ئایدیۆلۆژیا و شەقاوە … ڕزگار عومەر

خوێندنەوەیەك بۆ کتێبی (دیاردەی شەقاوە لە حیزبە سیاسیەکانی عێراق)
ڕزگار عومەر

لە ساڵانی ١٩٣٠ تا ساڵی ١٩٧٠ گۆڕەپانی سیاسی عێراق تاقیگەیەکی گەورە بوو، شانۆیەکی واقیعی سیاسەت بوو بە مانا میکیاڤیلیەکەی. عێراق هەمیشە لە خولە مێژوویەکاندا بەرامبەر حیزب و ئایدیاو بزوتنەوەی سیاسی جیاواز خۆی بینیوەتەوە، بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بە مانا چینایەتیەکەی ئەو چانسەیان وەرنەگرتووە کە راستەوخۆ بەچەمکێکی ڕوون و سنووری دیاریکراو خەریکی زۆرانبازی فەرزکردنی ڕوئیای خۆیان بن، بەڵکو حیزبەکان و توێژەکان ئیقتیباسی گوتاری سیاسی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانیانیان دەکرد بە شێوازی جیاواز تا بتوانن لە کشانی چەندایەتی حیزبەکانیان بن.
ڕووداوەکان و ئاراستەکانیان خێراتر بوو لەوەی حیزبەکان و نوخبەکان بتوانن گونجانێك دروست بکەن یەکەم لە نێوان ئەو ” نوێنەرایەتیە” رەمزیەی دەیانکرد گوایە ئەوان گوزارش لە بەرژەوەندی گشتی گەل یان چینە کۆمەڵایەتیە بەرینەکان دەکەن دووەم لە نێوان وەزن و پانتایی حەقیقی بزوتنەوە سیاسیەکانی خۆیان!
ئەم هاوکێشەیە لەو دەمیدا گۆڕەپان و شانۆی سیاسی عێراقی پەلکێشی چەند ئەزموونێك کرد کە کارکردی ئەو ئەزموونانە پەڕیەوە بۆ دوای ئەو قۆناغەی ئاماژەمان پێداوە، هەندێکیان ڕەهەندێکی کلتوری وەرگرت، بەشێکیتری بوو بە عورف و بوو بە کلتوری زاڵی تایبەتمەندی دروست بوونی نەوەیەك لە حیزب و بزوتنەوە سیاسیەکان و جێگیربوونی ستایلێك لە بەڕێوەبردنی ژیانی حیزب لە نێوخۆدا و ڕوو بەکۆمەڵگەدا.

تێگەیشتنی مارکسیزم لە ” توندو تیژی” لە مێژوودا تێگەیشتنێکی پتەوە لە ستراتیژی ئاڵو گۆڕ لە دەسەڵاتی سیاسی، واتە دەسەڵاتی سیاسی لە مێژوودا بە تایبەتی لە زۆرانبازی چینەکاندا بە ئارامی ڕوونادات بەڵکو بە توندوتیژی ڕوودەدات، لە دەرەوەی مارکسیزمدا واقیعی ڕەگەزی توندوتیژی لە بەرەوپێش چوونی مێژودا خۆی هەبووەو پاساوەکانیشی پێکهاتەیەکی دانەبڕاو بوون لە نەخشاندنی ڕابردووی مێژووی جیهان. لە مارکسیزمدا شتێك نیە بە ناوی “ڕەتکردنەوەی بێ مەرجی هەموو جۆرە توندوتیژیەك” بەڵکو شیکردنەوەی ئاراستەی توندوتیژی بووە لە بەرهەمهێنانی کام مێژوو بە بەرژەوەندی کام ئەلتەرناتیڤ و سیستەمی سیاسی.

ئەم چل ساڵەی سەدەی ڕابردوو لە مێژووی عێراق، واتە لە نیوان ١٩٣٠ بۆ ١٩٧٠ ئەگەر لە رووی شیکردنەوەی تیئۆریەوە لێ ی بڕوانی شەبەحی هەموو قوتابخانە سیاسیەکان و روانگە فیکریەکانی لێ دەبینی کە هەرکامەیان لە هەوڵی جێلەق کردنی ئەویتردایە، بۆنموونە : میکیاڤێڵیەت، فۆرمێك لە مارکسیزم ، فاشیزم، ناسیۆنالیزم، هەموو ئەمانە لە شەڕێکی خەستی خوێناویدان بۆ هەژموون و بۆ جێگیرکردنی ئەلتەرناتیڤی خۆیان بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و بۆ جێگیر کردنی سیستەمی بەڕیوەبردنی ووڵات.

ئەم کتێبە لە پاڵ دەیان سەرچاوەیتر لە هەوڵی ئەوەدایە سوچێك لە لاپەرەکانی ئەم مێژووە بخاتە ڕوو. لە ڕووی خستنە روودا ئەم کتێبە هەندێ گرفتی هەیە بە تایبەتی لە “شیکردنەوەدا” بەڵام ئەم کتێبە بێ ئەوەی نوسەرەکەی ئامانجی بووبێت یان نەخشەی بۆ کێشابێت لە لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی ڕووت دەپەڕێتەوە بۆ بەرهەمێکی ئەنثرۆپۆلۆجی، کە دەکرێ لەو بوارەدا دەوڵەمەندتر بکرێت.
مرۆڤی عێراقی وەکو هەر هاوڵاتیەکیتری جیهان تەنیا بەروبومی ئایدیۆلۆژیا نیە، یان تەنیا بەروبومی لە قالبدانی حیزبەکان نیە، بەڵکو چەندین بازنەیتر لەدەرەوەی ئەم پێوەرانە شێوازی وجودی مرۆڤەکان دیاری دەکەن، بە دڵنیایی شیکردنەوەی بونیادی ئابوری و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان و ستەمێك کەلەم پەیوەندیانە دروست دەبێت بواری چاوپۆشینی نیەو تازە نەك تەنیا درەنگە بۆ حاشالێکردنی بەڵکو زۆر بەسادەیی گەمژانەشە هەوڵی لەم بابەتە! بەڵام، ئەم بونیادە پتەوە لە تیئۆرو ڕەخنەی سیاسی و جیهان بینی بۆ ئەوە لە ئارادا نیە تا ئێمە خۆمان بدزینەوە لە بەکارهێنانی هەموو ئەو ئاراستە تیۆریانەیتر کە دەتوانێ کۆمەك بکا بە ” تێگەیشتن” ی فرە ڕەهەندی لە کۆمەڵگای ڕابردوو و ئێستامان.
زانستە مرۆڤایەتیەکان دەروازەیەکە بۆ بینینی گۆشە نەبینراوەکانی مێژو و کۆمەڵگە بێ ئەوەی وەزیفەی سەرەکی ئەم زانستە بریتیە بێ لە سۆراغ و راست کردنەوەی مێژوو، بەڵام ئیزافەیەکی بنەڕەتی دەخاتە تەواوبوونی شیکردنەوە چ وەکو ئەوەی ڕؤڵێکی نێوەندگیر ببینی لە سەرتاپای شیکردنەوەو تێگەیشتن چ وەکو ئەوەی ئەرکە سەرەکی ئاراستەکە لە ژێرسێبەری ئەودا بگوزەرێت.
ئەم کتێبە تەنیا چانسێك نیە بۆ خوێنەر کە لە گۆشەنیگایەکیترەوە لە ڕابردوو تێبگات، بەڵکو چانسێکیشە کە تێبگەی کلتورو خوڕەوەشتی تاکەکان، پەروەردە، ئاکارە خێڵەکی و مۆدێرنەکان چ نۆڕمێك لە دۆخی سیاسی دروست دەکەن، ئایدیۆلۆژیا یان حیزب چی دەخاتە سەر تاك و تاکیش چۆن دەبێتە پردێك کە ئاکارە کۆمەڵایەتی و شەخسیەکان و دەروونیەکان و رۆشنبیریەکان و کلتورە باوەکان بپەڕنەوە بۆ نێو بازنەو ئەتمۆسفیری حیزب و بزوتنەوە سیاسیەکان.
“شەقاوە” زاراوەیەکە لە کۆمەڵگەی عێراقی بە کوردستانیشەوە کە ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەباسیەکان. شەقاوە بەر لەوەی سیفەت و ڕوخسار بێت “شوناسە” بۆ کەسێك کە هێزێکی فیزیکی و چاونەترسیەکی هەیە لە شەڕکردنی دەستەو یەخە، لە کوشتن، لە هەڕەشەو خۆسەپاندن. شەقاوەکانی کۆمەڵگەی عێراقی هەندێکیان دەسەڵاتیان تەنیا بەسەر کۆڵان و گەڕەکەکەی خۆیان هەیە جۆرێکیتریان دەسەڵاتیان دەپەڕیەوە بۆ سنووری گەڕەكیتر، پەڕینەوەی دەسەلاتی هەر شەقاوەیەك بۆ گەڕەکێکیتر یەکسەر دەیکردە ‌هەڕەشە لەسەر دەسەڵاتی شەقاوەیەکیتر. ئەم بەرامبەرکێیانە بە خوێن وکوشتن و دوژمنداری کۆتایی دەهات، وەکو عورفێکی خێڵەکیش کە تا ئێستا درێژەی هەیە لەو کۆمەڵگایە تۆڵەی کوشتنەکان ئەگەر لە کاتی خۆیا نەکرێ دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانیان.

بوونی “شەقاوە” دیاردەیەك نیە تەنیا پەیوەست بێت بە کۆمەڵگەی عێراقی بەڵکو دیاردەیەکە هەموو کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی بە شێوازی جیاواز هەیانە، بەڵام ئەوەی وا دەکا ئەم دیاردە کۆمەڵایەتیە ببێتە جێگای شیکردنەوەو تێڕامان ئەوەیە کە لە رێگای ” ئایدیۆلۆژیا” دیاردەی شەقاوە لەو ماوە مێژوویەی لەسەرەوە باسمان کرد ڕەگەزی کۆمەڵایەتی خۆی لەدەست دەدا دەبێتە ڕەگەزێکی ” سیاسی ” و دواتر ئاراستەی بەشێکی زۆر لە چارەنوسی لاپەڕەکانی کۆمەڵگا دیاری دەکات، دەبێتە مۆتەکەیەکی خوێناوی بەسەر نەیاری یان دراوسێ ی گەڕەك نا، بەڵکو بەسەر نەیاری ئایدیۆلۆژی و سیاسیدا!
لەو سەردەمەی باسمان کرد لە عێراقدا؛ بوونی یەك تەلەفزیۆن یەك رادیۆی موڵکی دەوڵەت وایکردبوو حیزبە سیاسیەکان بۆ نیشاندانی هیزی سیاسی خۆیان پەنا ببەنە سەر نمایشی سەرجادەو شەقامەکان. ئەم نمایشەو دەرخستنە بە کۆمەڵە، پرسیاری کێ “هەژموونی ” هەیە بەسەر شەقام ؟ دەبووە هۆی ڕووبەروبونەوەی خوێناوی حیزبەکان.

ئەم جۆرە لە هەژموون بەسەر جادەو گەڕەکەکان پێویستی بە کاراکتەری توندوتیژ هەبوو، پێوستی بە ڕۆشنبیرو کتێب نەبوو. کێبڕكێیەکی زۆر توند دروست بوو لە نێوان حیزبەکان بۆ ئەندامگیری کردنی “شەقاوەکان”، چەندین ئەندامی ئاسایی هەموو حیزبە مونافیسەکان بە دەستی شەقاوەی حیزبی بەرامبەر تیرۆر دەکران! تەماح لە دەسەڵاتی سیاسی ببووە پاڵنەرێك کە میکانیزمی ئەندامگیری بۆ شەقاوەیەك وەکو ئاوخواردنەوە وابوو، بەڵام بۆ هاوڵاتیەکی ئاسایی یان ڕۆشنبیرێك بەچەندین فلتەر تێدەپەڕی!

قۆناغی شەڕی سەرجادەو شەقامەکان و حیزبەکان وشەقاوەکان هەر لێرە کۆتایی نایەت، قۆناغە هەرە مەترسیدارەکە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە حیزبی بەعس یەکەمین دەزگای ئەمنی خۆی بەهەمان میتۆد دادەمەزرێنێ کە هێشتا لە دەرەوەی دەسەلات بوو، دواتر کە گەیشتە دەسەڵاتیش ئەم دەزگایە شەرعیەتی پێدەدرێ و دەبێتە بەشێك لە بونیادی جیهازی “دەوڵەت”! شەقاوەکان ئەوانەی بونە دامەزرێنەری ئەم دەزگایە دیسپلین و بەڕێوەبردنی ئەم یەکە هەستیارەی دەوڵەتیان بە هەمان میتۆدی شەڕە قەمەی کۆڵان و جادەکان بەڕێوەبرد، ئەوان لەوێ کلتوری ئەم جۆرە بەڕێوەبردنەیان چاند، ئەم کلتورە گەورەتر لە هەموو دەستورو یاساکانی عێراق، لەدەرەوەی هەموو یاسا نێودەوڵەتیەکانیش بوو.

بۆچوونێکی زاڵ هەیە کە لەو باوەڕەدایە کە ئایدیۆلۆژیا وحیزب دەتوانن کۆمەڵگە بگۆڕن، کەسێتی تاکەکان بگۆڕن، ئاکارو کلتوری کۆمەلایەتی بگۆڕن، بە دڵنیایی ئەمە ڕاستە، بەڵام ئەم ڕاستیە هەموو سوچەکانی ئەم پەیوەندیە لە ئاڵ وگۆڕ دەرناخا، بەڵکو تەنیا سوچێکی بە فەرزی ڕەها وەرگرتووە. ئەندامگیری و زاڵبوونی تەونی ئایدیۆلۆژی مەودای پەیوەندیەك دیاری دەکات و دەستی پێدەکات بەڵام دیاریکردنی ئەم مەودایە ناتوانێ گرەنتی ئایندەی ئەم گرێبەستە لە تێکەڵ بوون دیاری بکات! تاکەکان کە دەچن، یان دەبن بە ئەندام لە حیزبێك تەنانەت ئەگەر حیزبێکی زۆر بە دیسپلین بێت ناتوانێ بە یەکجاری باکگراواندی دەروونی و شوناس و کلتوری ئەم تاکە بگۆرێت بە تایبەتی ئەگەر ئامانجی سەرەکی حیزبەکە یان ئایدیۆلۆژیەکە هەر لەسەرەتاوە بۆ دروست کردنی مرۆڤێکی نوێ نەبووبێت بەڵکو بۆ مشەخۆری بووبێت لەسەر خوڕەوشت و کەسایەتی ئەم ئەندامە.

حیزبەکان ویستیان لەوسەردەمە ناسك و هەستیارەی مێژووی عێراقدا شەقاوەکان بکەن بە حیزبیی، بەڵام شەقاوەکانیش بێ ئەوەی نەخشەیان بۆ کێشابێت، نەك تەنیا حیزبەکانیان کرد بەشەقاوە، بەڵکو کلتورێکی ڕەگداری قوڵیان لە شێوازو سیستەمی ئیداری دەوڵەت بە جێ هێشت، ئەم کلتورە، ئێستاش دوای تێپەربوونی نیوسەدە بەسەر دوا ساڵی ئەو قۆناغەی باسمان کرد، شەبەحی ئەم شەقاوەیە دەم نادەم شان لە شانی چارەنوسمان دەدات و مۆڕەمان لێدەکات!




ئایدەلۆژی ناسیۆنالیزمی عەرەب لە خیتابی ئەنفالدا! … رزگار عومەر

ئەم بابەتە لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە وەرگیراوە… 2005

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن ….




یادی ٥٠ ساڵەی شۆڕشی ١٩٦٨ لە فەرەنسا … ڕزگار عومەر

لە ئایاری ئەمساڵدا نیو سەدە بەسەر شۆرشی خوێندکاران-کرێکاران ی فەرەنسا تێدەپەڕێ. بۆ تێگەیشتن لەم شۆڕشە ئەبێ ڕەگەزە سەرەکیەکانی پێك هاتەی دونیای ئەو سەردەمە بخەینە ڕوو.لە نێو دونیای ئەو سەردەمەدا جیهان لە نێو شەپۆڵێك ڕووداوی گەورەدا خۆی پێناسە دەکرد بە تایبەت بۆ لە ڕووی سیاسی و دووبارە پەیدابوونەوەی ” ئومێد” بۆ بزوتنەوەی چەپ کە ئەو دەمە هەژموونی نەك تەنیا بەسەر بزوتنەوەی چینی کرێکارو توێژەکانیتر هەبوو بەڵکو ببووە پەرچەمی سیاسی جیهان بینی بزوتنەوەی خوێندکاران نەك تەنیا لەفەرەنسا بەڵکو لە زۆربەی ئەو ووڵاتانەی بەرەنگاری گەورە لە ئارادابوو.

یەکێك لە خاسیەتە گرنگەکانی ئەم شۆڕشە، بە تایبەتی لە کانونی بەڕێوەبردنیدا بریتی بوو لە یاخی بوونێکی وورد نەك تەنیا دژ بە سیستەمی کاپیتالیزم ، بەڵکو یاخی بوونیش بوو لەو بلۆکە مێژوویەی کە شوناسی چەپی لە ئاستی دونیادا مۆنۆپۆل کردبوو. لە سەر ئاستی نێو نەتەوییدا و لە زنجیرە ڕووداوە مێژوویەکانی بەر لە شۆڕش، ڕووداوێکی گرنگ ڕووی دا لە تێك شکاندنی تابوویەکی گەورە کە بریتی بوو لە :- ڕاپۆرتی خرۆشۆف دژ بە جۆری دەسەڵاتدارێتی ستالین لە ساڵی ١٩٥٦ دا لە پاش مردنی ستالین. ئەم ڕاپۆرتە کە لە سێنتەری ئەو فۆرمە لە کۆمۆنیزمی سەدەی بیست بڵاوکرایەوە، درزێکی خستە نێو ئەو دیوارە بیروکراسیەی کە نەیدەهێشت نەوەیەکی نوێ لە گەنجانی کۆمۆنیست سەر لە نوێ بنیاتی ئەلتەرناتیڤی کۆمۆنیستی بکەنەوە لە دیدگاو لە پراکتیسدا. دوای ڕاپۆرتەکەی خرۆشۆف دوو جۆر لە مامەڵە هەبوو لە گەڵ ئەم ڕاپۆرتەدا،دونیای سەرمایەداری لە بلۆکی ڕۆژئاوا کردی بە کەرەستەیەکی پڕوپاگەندەی شەڕی سارد دژ بە کۆمۆنیزم ، مامەڵەیەکیتریش بریتی بوو لە قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە بۆ بەرژوەندی کۆمۆنیزم .

بەشی زۆری بەرەنگاریەکانی خوێندکاران وبزوتنەوەی کرێکاری لەسەرەتای شەستەکانادا هەڵوێستی فەرمییان بریتی بوو لە تازەکردنەوەو دەوڵەمەند کردنی کۆمۆنیزم و موتوربە کردنی بە تێڕوانینی تازە و ئاکشنی جەریئانە نەك تەنیا لە ئاستی نێوخۆیی وڵاتەکاندا، بەڵکو لەسەرئاستی نێونەتەوەییشدا و ئەو کێشەو گرفتانەی کە بوعدی جیهانایان هەبوو چەشنی؛ قەیرانە ئابوریەکان، شەڕەکان وەکو شەڕی ڤێتنام، خەباتی گەلانی ژێردەستەی کۆلۆنیالیزم بۆ سەربەخۆیی هتد.

تێڕوانینی دیدی سیاسی ئەو بزوتنەوەیەی شۆڕشی فەرەنسای بەرپا کرد،سەرەڕای ئەوەی هەرەمێکی پتەوی سیاسی نەبوو بەڵام بۆچونیان لەبەرامبەر هەموو ئەو مەسەلانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا زۆر ڕوون ئاشکرابوو. بزوتنەوەی دژی شەڕ کە لە ئەمریکاش تەشەنەی کردبوو ڕاڕا نەبوو لە وەستانەوە دژ بە شەڕی ڤێتنام و خانە کردنی وەکو شەڕێکی ئیمپیریالیستی و دژە ئازادی. لەبەرامبەر خەبات بۆ سەربەخۆیی گەلانی ژێر دەستەش؛ ئەم بزوتنەوەیە یەك دیدی زۆر ڕوونی هەبوو کە داوای کشانەوەی دەسبەجێ ی سوپای ووڵاتانی خۆیان دەکرد لەو ووڵاتانەو پشتگیری شۆڕشیان دەکرد.کاتێکیش ئەم شۆڕشانە سەرکەوتنیان بە دەست هێنا، ڕاستەوخۆ بوون بە مۆتیڤێکیتری مەعنەوی بۆ ئەم بزوتنەوەیە نەك تەنیا لە فەرەنسا بەڵکو لە شارە سەرەکیەکانی ئەم سەرو ئەوسەری دونیا وەکو بلفاست و بەرلین و مارلبۆرن ومەکسیکۆ.

چەند مانگێك بەر لە دەستپێکی شۆڕشی ساڵی ١٩٦٨ لە فەرەنسا ، بزوتنەوەی خوێندکاران لە مانگی ١ و ٢ ی هەمان ساڵ لە شاری بەرلین کۆنگرەیەکی نێو نەتەوەییان بەست بۆ ئاڵ وگۆڕ کردن و ئارایشت دانی هەڵوێست و ساغ بوونەوە لەسەر چەندین پرسی گرنگی ئەو سەردەمە. گرنگترین پرسەکانی ئەو کۆنگرەیە ڕۆڵی گرێ دانی خەباتی کرێکاران و بزوتنەوەی خوێندکاران لە دروست کردنی گۆڕانکاری چییە ؟ هەلوێست بەرامبەر شۆڕشی ڤێتنام ، ڕۆڵی ” توندو تیژی ” لە شۆڕشدا لە ئەجێندای گەرمی ئەو کۆنگرەیە بوو، ڕاستەوخۆش دوای ئەو کۆنگرەیە بوو کە خوێندکاران یەکەم جار لە ئیتاڵیا ئاکشنی گەورەی سەرتاسەریان بەڕێوەبرد.
شۆڕشی ١٩٦٨ لە فەرەنسا تەنیا بۆ چەپی نوێ گرنگی نەبوو وەکو ” دەرفەت و ئومێد ” بەڵکو بۆ دوو ڕەقیبی جیهانیش سەرئێشەیەکی مێژوویی گەورە بوو. ئەم دوو ڕەقیبە؛- کە لە لایەك سەرجەم ووڵاتانی دونیای کاپیتالیزم دەگرێتەوە، لە لایەکیتریش ئەو بلۆکەی لە ژێر شوناسی کۆمۆنیزمی سەدەی بیست هەبوو ( قوتبی سۆڤیەت) دەگرێتەوە .

هەردوولا دڵەڕاوکێی زۆریان هەبوو دژ بەو شۆڕشە و لەلای ئەوان گرنگی ئەو شۆڕشە وەکو “هەڕەشە ” ی ڕاستەوخۆ ئەژمارکرا هەم لە دونیای لیبرال هەم لە دونیای بیروکراسی کۆمۆنیزمی سەدەی بیست. ئەمەش یەکێك لە هۆکارە سەرەکیەکانی شکست پێهێنانی شۆڕشەکە بوو.
هەردوو قوتب جۆرێك لە هەڵوێستی نەنوسراویان یان نافەرمیان هەبوو لەوەی کە ئەم شۆڕشە نابێ سەرکەوێ. حیزبی شیوعی فەرەنسی لە ڕویی مێژوویەوە تا ئێستا بەوە تاوانبار دەکرێ کە لە پاڵ فاکتەکانی توندوتیژی سیستەمی عورفی و سەربازی ئەو دەمەی فەرەنسادا، ئەویش ڕۆڵی هەبوو لە ئارایشت دانی مەیدانیی ئەم ڕێکەوتنە جیهانیەی دژ بە شۆڕش.

ئەو حیزبە، ئەو دەمی یەكێك بوو لە حیزبە هەرە گەورەکانی فەرەنسا و زۆربەی سەندیکاو یەکێتیە کرێکاریەکان لە ژێر نفوزو هەژموونی ئەودابوون.ڕۆژنامەی ڕۆژانەو هەفتانەو چەندین چاپخانەی کتێب و بڵاوکراویتری لە ژێر دەستا بوو. ئەندامانی حیزب لە ژێرەوە ڕۆژانە تێکەڵی شۆرش بوون، بەڵام چەندین سەرچاوەی مێژوویی ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێبەرایەتی ئەم حیزبە بە فشاری سۆڤیەت لەسەرەوە بە نهێنی لەگەڵ حکومەتی دیگۆڵ خەریکی سەودا بوون بۆ کۆتایی پێهێنانی شۆڕش .
ئەمە لە کاتێك بوو کە لە ڕۆژانی کۆتایی ئایاری ١٩٦٨ مانگرتنی گشتی کرێکاران وجوتیاران قوتابیان وفەرمانبەرانی دەوڵەت گەیشتە ئەوپەڕی خۆی و یەکەم جار بوو لە مێژوویی جیهان ١٠ ملیۆن کەس لە مانگرتنی گشتی ووڵاتێك بەشدار بن. حکومەتی دیگۆڵ ئۆفەری زیادکردنی لەسەدا بیستی خستە بەردەم سەندیکا ڕیفۆرمیستەکانی کرێکاران کە بەشێك ڕازی نەبوون و بەشێك لەوان ڕازی بوون و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە با مانگرتن بوەستێ چونکە ئەمە مەرجی دیگۆل بوو.
دیگۆڵ پێشنیاری ئەوەی کردبوو بۆ حیزبی شیوعی فەرەنسی کە ئەم شەڕە لە هەڵبژاردن ساغ بکرێتەوەو ئەوان لە هەڵبژاردن پشکی زۆرتری دەسەڵاتیان بەردەکەوێ. حیزبی شیوعی خۆشی متمانەی تەواوی بەوە هەبوو کە لە هەڵبژاردن دەنگی زۆرینە دەهێنێت. ئەم ” دڵنیایە ” مەرجدارە بریتی بوو لە کۆتایی پێهێنانی مانگرتن و شۆڕش .

چەند سەرچاوەیەکی حیزبی شیوعی فەرەنسی ئەم هەلوێستەی خۆیان وەکو بەرگە گرتن لە خوێن ڕشتن و شەڕی ناوخۆلە قەڵەم دەدەن و ئەوان لەو باوەڕەبوون کە ئەزموونی ئیسپانیا لە فەرەنساش دووبارە دەبوو، بزوتنەوەی چەپ وکرێکاران خەڵتانی خوێن دەکران و بەرەی ڕاستیش بە دەسکەوتی باشتر سەردەکەوت، هەندێك لێکدانەوە ئەم هەڵوێستە بە عەقلانی لە قەلەم دەدەن و هەندێکیش بە سات و سەودا بە شۆڕش.
ڕاستە شۆڕشی فەرەنسای ١٩٦٨ تەمەنی لە هی کۆمۆنەی پاریس لە ساڵی ١٨٧١ دا کەمتر بوو، ڕاستە ئەویش چەشنی کۆمۆنە سەرکوت کرا و بە زەبروزەنگی سیستەم کۆتایی پێهات، بەڵام لە ڕووی پرنسیب و مێژوودا فاکتی ” دەرفەت و ئومێد ” ی هێشتا بە زیندوویی ماوەتەوەو درێژەی هەیە! تەنانەت زۆربەی ڕەخنەگرانی باڵی چەپ لە ئەمڕۆدا هەمکاریی نێوان بزوتنەوەی ئەمڕۆی خوێندکاران و کرێکارانی ساڵی ٢٠١٨ لە ئەمڕۆی فەرەنسادا وەکو کلتورو ڕۆحی ئەم شۆڕشە پێناسە دەکەن. هەر لەبەر ئەمەشە سەرۆکی ئێستای فەرەنسا ماکرۆن بانگەوازی ئەوەی دەکرد کە دەوڵەت بە فەرمی یادی ئەم شۆڕشە بکاتەوە! دیارە نەك وەك لە ئامێزگرتنی ئامانجەکانی ئەو شۆرشە، بەڵکو وەکو چەند ئەنجامگیریەکی ” ئازادی ” تاکە کەسی بە تێگەیشتنە لیبرالیەکەی، بۆ دزین و تاڵان کردنی بەها سەرەکیەکانی ئەم شۆڕشە.
لە ساڵی ١٩٦٨ لە فەرەنسا ؛ تەنیا کارگەکان لە لایەن کرێکاران و فەرمانبەران داگیر نەکرا، بەڵکو پرسی ” خۆبەڕێوەبردنی ” کارگەو دام ودەزگاکان لە لایەن چینی کرێکارەوە وەکو پرسێکی ئیداری شۆڕش خرایە ڕوو، تەنانەت چەند ڕۆژێك بەر لەسەرکوت کردنی یەکجارەکی شۆڕش چەندین کارگەو دامەزراوە لە لایەن خۆیانەوە بەڕێوە دەبران .

لە ١٩٦٨ی فەرەنسادا؛ یەکەم جار بوو لە مێژووی مۆدێرنە ” زانکۆ ” لە ئاستێکی مەیدانی بەربڵاودا بێتە دەرەوە لە دیکۆڕی ئەریستۆکراتی ئەکادیمی بەتاڵ. زانکۆکان داگیرکران لە لایەن خوێندکارانەوە، ڕۆژانە دەیان سمیناری فیکری و فەلسەفی و سیاسی بەڕێوە دەچوو. پرسی سەرەکی ئەم بزوتنەوەیە لە زانکۆ تەنیا ئەوە نەبوو کە ڕۆڵی چەپ لە زانکۆ چیە ؟ بەڵکو پرسیارێکی قوڵتربوو، پرسیارەکە ئەوەبوو چۆن دەکرێ زانکۆ ببێتە کەرستەی دروست کردنی گۆڕانکاری ڕیشەیی و شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگە؟
هەمان ئەم پرسیارە سەرەکیە دەبێ وگرنگە چەپ لە ئەمڕۆدا لە خۆی بکات ! نەك تەنیا وەکو ئەوەی کە گروپێکی گەورەی کاریگەری کۆمەڵایەتی چەشنی ” گەنجان” لە زانکۆکانن، بەڵکو وەکو ئامادە کردنی دۆخی هاوچەشنی ئەم شۆڕشە لە بواری هەمکاریی چینایەتی و پێشڕەوایەتی. چونکە ڕابەرانی بزوتنەوەی کرێکاری لەو سەردەمە لە پاڵ ڕەگەزی چەپ بوون، ڕۆشنبیری وبیرتیژی سیاسیەوە، لە ڕووی دیمۆگرافیای کۆمەڵایەتیەوەش بەشی زۆریان ” یاخی” بوون و ” گەنج” بوون کۆیانی دەکردەوە.

ئەم وتارەم ئەمڕۆ؛ لە ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان ژمارە ١١٢٧ بەرواری١٥ ی ئایاری ٢٠١٨ بڵاوبۆتەوە




گفتوگۆ له‌گه‌ڵ رزگار عومه‌ر نووسه‌ر و رۆژنامه‌وان له‌باره‌ی (مه‌له‌فی چه‌پ له‌ ئه‌مڕۆی كوردستادا

رزگار عومه‌ر : خیتابی چه‌پ خیتابێك نه‌بووه‌ كه‌ خۆی وه‌كو جێگروه‌یه‌كی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ته‌رح بكات

“چه‌پ ئه‌وه‌نده‌ی كولتوری (ئۆپۆزسیۆنی ناڕازی) به‌سه‌ریه‌وه‌ زاڵه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ته‌ماحی سیاسی بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌سه‌ریدا زاڵ نیه‌.”
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ رزگار عومه‌ر نوسه‌ر و رۆژنامه‌وان له‌باره‌ی (مه‌له‌فی چه‌پ له‌ ئه‌مڕۆی كوردستادا )
ئاماده‌كاری مه‌له‌ف : هیوا عومه‌ر

له‌باره‌ی ئه‌م مه‌له‌فه‌وه‌:

ڕیشه‌ی تێكۆشانی هێزه‌ چه‌پ و ماركسییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
له‌ناو ئه‌ومێژوه‌دا سه‌ره‌ڕای وێستگه‌ی جیاجیا به‌ڵام لاپه‌ره‌كانی ته‌ژییه‌ له‌ده‌ستكه‌وت بۆ هاوڵاتیان كه‌خۆی له‌ دابینكردنی به‌شێك له‌ مافه‌ ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی و سیاسییه‌كان ده‌بینێته‌وه‌ و توانراوه‌ جێگیر بكرێت له‌ دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ده‌ستوری عێراق له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت. هه‌ندێك له‌م ده‌سكه‌وتانه‌ په‌راوێز خراوه‌ و لاواز كراوه‌، هه‌ندێكی ماوه‌.
له‌هه‌ڵومه‌رجی ئه‌مرۆماندا هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌ت وه‌ك؛ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سروشتی چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كی ئه‌م حوكمڕانیه‌و ئه‌م تایپه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات ( فۆرمێكی ڕۆژهه‌ڵاتی)له‌ ئابوری ڕه‌یعی بریتییه‌ له‌ په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تێك به‌ قازانج و ویستی بانك و كارتێله‌ مشه‌خۆره‌كانی ژێر چه‌تری (نیولیبرالیزمی سه‌رمایه‌داری )
ئه‌مه‌ش ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌ له‌به‌رزبونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری وهه‌ژاری وله‌ده‌ستدانی به‌شێك له‌ومافانه‌ی به‌ده‌ستهاتبوون .
ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت له‌ هه‌ڵومه‌رجی ئابوری وسیاسی هه‌رێمی كوردستان چوارچێوه‌یه‌كی نوێ بۆ ململانێی چینایه‌تی وتێكۆشانی جه‌ماوه‌ری هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌، كه‌ ئه‌ركی جدیتری خستۆته‌ به‌رده‌م هێزه‌كانی چه‌پ له‌ به‌رامبه‌ر شكستی به‌ره‌ی راستڕه‌وی ده‌سه‌ڵات.
ماڵپه‌ری رێگای كوردستان بۆ فۆكس خستنه‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ركانه‌ و رۆڵی هێزه‌ چه‌پ وماركسییه‌كان ئه‌م دۆسییه‌ی كردۆته‌وه‌ .

رزگار عومه‌ر نوسه‌ر و رۆژنامه‌وان، له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ (مله‌فی چه‌پ له‌ ئه‌مڕۆی كوردستاندا) پێیوایه‌ “دیاریکردنی جۆری خوێندنەوە بەشێکە لە گرفت،کێ هەیە لە چەپ چ وەکو ڕێکخراو و حیزبەکان چ وەکو کەسایەتیە دابەش بووەکان خوێندندنەوەی کەسێکی جیاواز لە خۆی بە فەرمی دەازنێت و بە دوای دەڕوا ؟ بە تایبەتی لە دۆخێکدا کە نەخۆشیەکی باوی نێو هەموو هێزەکانی چەپ ” نەفی ” کردنی ئەویترە، نەبینینی کاریگەری بەرهەمی ئەویترە، بەکەم زانینی مێژووی ئەویترە. ”

ئه‌و پێشی وایه‌ : “گرێیەك کە تا ئێستا چەپ پێوە دەناڵێنێت بریتیە لەوەی کە خۆی ناتوانێت تەسەوڕ بکات لە هەرەمی دەسەڵات بێت.هیچ هێزێکی چەپ وەکو خولیاو خەیاڵیش باس لەوە ناکەن کە دەتوانن ووڵات بەڕێوە ببەن و باشتر بەڕێوەی ببەن،یانی مەبەستم ئەوەیە خیتابی چەپ خیتابێك نەبووە کە خۆی وەکو جێگروەیەکی دەسەڵاتی سیاسی تەرح بکات.چەپ ئەوەندەی کولتوری (ئۆپۆزسیۆنی ناڕازی) بەسەریەوە زاڵە ئەوەندە ئەوەندە تەماحی سیاسی بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی دەسەڵاتی سیاسی بەسەریدا زاڵ نیە.”

رزگار له‌ درێژه‌ی به‌شدارییه‌كه‌ی ووتیشی : ” شکشتی بەرەی ڕاست لە دەسەڵاتدارێتی ڕەگێکی چارەگە سەدەیەکی هەیە، لەو ٢٥ ساڵە باڵی ڕاست شکست لە دوای شکستی جۆری حوکمڕانی تاقی دەکاتەوە. لەبەرامبەردا هێزەکانی چەپ هیچ بەهێز نابن و ناتوانن ئیستیسماری ئەو شکستانە بکەن، چونکە وا دەزانن کە ئەرکی ئەوان تەنیا تۆمارکردنی بە شاهێد بوونی شکستەکانە، لە نێو خودی بەرەی ڕاستدا چەندین هێزی تر لە کاتێکی قیاسیدا توانیان جێگۆڕکێ بە مەوقیعی سیاسی خۆیان بکەن ئەم شکستانە بقۆزنەوە.”


پرسیار : کام خوێندنەوە پێویستە بۆ دیاریکردنی ئەرك و ڕۆڵی چەپ و مارکسیەکان؛خوێندنەوەیەك کە ڕۆڵی چەپ لە پەراوێز خراوی دەریبهێنێ و بیکاتە لیدەر لە ئاراستە کردنی ڕوداوەکان ؟

وه‌ڵام : دیاریکردنی جۆری خوێندنەوە بەشێکە لە گرفت،کێ هەیە لە چەپ چ وەکو ڕێکخراو و حیزبەکان چ وەکو کەسایەتیە دابەش بووەکان خوێندندنەوەی کەسێکی جیاواز لە خۆی بە فەرمی دەازنێت و بە دوای دەڕوا ؟ بە تایبەتی لە دۆخێکدا کە نەخۆشیەکی باوی نێو هەموو هێزەکانی چەپ ” نەفی ” کردنی ئەویترە، نەبینینی کاریگەری بەرهەمی ئەویترە، بەکەم زانینی مێژووی ئەویترە.
زۆربەی هێزەکانی چەپ کەمترین دیبلۆماسیەت و هونەری سیاسەت کردن بە خەرج دەدەن لەبەرامبەر یەکتردا. لە دۆخێکی وادا کردنەوەی دیالۆگ ( چەشنی ئەو مەلەفەی سایتی ڕێگا) کۆمەك دەکا بەلای کەمی کە هەمووان قسە لەسەر ئەو گرفتە بنچینیەیانەی بکەن کە ڕێگرە لەوەی چەپ باڵا دەستیەك بە دەست بێنێ لە ئاستی کۆمەڵگادا،یان بەلای کەمی لە ئاستی کۆبوونەوە لە دەوری چەند ئامانجێکی تەکتیکی یان ستراتیژی کورت ماوە یان درێژ ماوە لە ئاستی پەیوەندیەکانی ‌هێزە جیاوازەکانی چەپ لە گەل یەك .

پێم وایە لە دۆخێکی وەکو ئەمڕۆی چەپ لەم هەرێمە بەر لەوەی قوڵاییەکی تیئۆری پێویست بێت، تا خوێندنەوەیەکی قوڵی لێ بەرهەم بێت، سیاسی بوونێکی قوڵتری پێویستە چەشنی ئەزموونی لینین. بەرجەستە بوونی لینین وەکو لوتکەی ڕابەریی لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر،لە ڕووی تیئۆری شۆڕشگێڕیەوە هەوڵەکانی یەکلاکەرەوە بوو بۆ ئاراستە کردنی ڕێڕەوەی شۆڕش،بەڵام ئەم بەرجەستە بوونە بە بێ جێکردنەوە بۆ “بیرتیژی سیاسی” لینین مەحاڵ بوو.

ئەو ئاسۆ و شێوەکار و پراکتیکی سیاسی گرێدابوو بە گەیشتن بە ئامانجەکان، بەم پێیەش تەکتیکی خۆی و پلانی سیاسی دەگۆڕی، ئەو مامەڵەی لەگەڵ هەموو ئەو هێزە چەپ و ڕادیکالانە دەکرد کە گونجاوی ئەوەبوون تاسەر یان لە چەند وێستگەیەك هاوسەفەری شۆڕش بن، بە دوای ئەوەدا لە چەند خاڵێكی موشتەرەك هێزی زۆرتر کۆکاتەوە و بە قازانجی ئامانجی کۆتایی هێزی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوتر وەگەڕ بخات.

مەرج نیە ئێمە چاوەڕوانی لینینێك لە هەزارەی سێیەمدا بین بێت و خوێندندەوەیەکی تایبەتمان بۆ بکا بۆ دۆخی ئەمڕۆی چەپ ، بەڵام میتۆدی لینین بە دەست لێنەدراوی ماوەتەوە هەرکەسێك گەرەکی بێ دەتوانێ ئەم میتۆدە بەکاربێنێت و خوێندنەوەیەك بۆ دۆخی چەپ بکات بۆ خزمەتی ئەو ئامانجەی لە پرسیارەکەی ئێوەدا باس کراوە.


پرسیار : هەڵومەرجی ئەمرۆ و شکستی حوکمڕانی بەرەی راستڕەوی ، چ بژاردە و پلاتفۆرمێکی مومکین دەخاتە بەردەم هێزەچەپ و مارکسییەکان ؟

وه‌ڵام : گرێیەك کە تا ئێستا چەپ پێوە دەناڵێنێت بریتیە لەوەی کە خۆی ناتوانێت تەسەوڕ بکات لە هەرەمی دەسەڵات بێت.هیچ هێزێکی چەپ وەکو خولیاو خەیاڵیش باس لەوە ناکەن کە دەتوانن ووڵات بەڕێوە ببەن و باشتر بەڕێوەی ببەن،یانی مەبەستم ئەوەیە خیتابی چەپ خیتابێك نەبووە کە خۆی وەکو جێگروەیەکی دەسەڵاتی سیاسی تەرح بکات.چەپ ئەوەندەی کولتوری (ئۆپۆزسیۆنی ناڕازی) بەسەریەوە زاڵە ئەوەندە ئەوەندە تەماحی سیاسی بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی دەسەڵاتی سیاسی بەسەریدا زاڵ نیە.

شکشتی بەرەی ڕاست لە دەسەڵاتدارێتی ڕەگێکی چارەگە سەدەیەکی هەیە، لەو ٢٥ ساڵە باڵی ڕاست شکست لە دوای شکستی جۆری حوکمڕانی تاقی دەکاتەوە. لەبەرامبەردا هێزەکانی چەپ هیچ بەهێز نابن و ناتوانن ئیستیسماری ئەو شکستانە بکەن، چونکە وا دەزانن کە ئەرکی ئەوان تەنیا تۆمارکردنی بە شاهێد بوونی شکستەکانە، لە نێو خودی بەرەی ڕاستدا چەندین هێزی تر لە کاتێکی قیاسیدا توانیان جێگۆڕکێ بە مەوقیعی سیاسی خۆیان بکەن ئەم شکستانە بقۆزنەوە.

بەرەی ڕاست شکستی سیاسی هەبێ یان نا،تۆ لە کۆمەڵگەیەکی چینایەتی دەژیت، ساڵ لە دوای ساڵ و کابینە لە دوای کابینە ئەم قڵشتە چینایەتیە قوڵتر دەبێتەوە. لە ڕووی تیئۆریەوە وا چاوەڕوان کراوە ئەم قڵشتانە خۆی ڕێگا خۆشکەر بێت تا پلاتفۆرمی چەپ ئەگەر زۆر لاوازیش بێت برەو پەیدا بکات. بەڵام وەزعی سیاسی چەپ و کۆمەلگا خۆی لە پەیوەندیەکی زۆر خراپ دایە. کۆمەڵگای کوردی خۆی قۆناغێکی پڕ لە سەرگەردانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەو لێکترازان بەسەر دەبا، کە کۆمەڵگە خۆی هیچ نوتفەیەك و بەهایەکی تێدا نەماوە بۆ ئاکت و ئاکشنی سیاسی.

چەپ دەبێ بەر لە هەموو شتێك خۆی داببڕێ لە کلتوری خۆ بەکەم زانی بێ ئەوەی سایزێکی گەورەتر لە خۆی دروست بکا.گرنگە ئەو جەستە پەرش و بڵاوەی چەپ لە جۆرێك پلاتفۆرمدا کۆببێتەوەو چەند مەیدانێکی دیاریکراو هەڵبژێرێ و ببێتە خاوەنی. نموونەیەکی زیندوو و پراکتیکی لەسەر ئەو بۆچوونەم ئەو کارە هاوبەشە کە لەسەر دۆزی ( خانەنشینان) کرا لە کۆتاییەکانی ٢٠١٧ دا کرا. هەڵبژاردنی مەیدانی سیاسەت کردن و کۆنتڕۆڵ کردنی ئاکتێکی دڵخوازانە نیە،بەڵکو لە زەرورەتەوە سەرچاوە دەگرێ.

پلاتفۆرمێك نیە لە ئێستادا چەشنی بوون بە یەك حیزب و یەك بەرە بتوانێ هێزەکانی چەپ کۆکاتەوە، لە ئێستدا تاقە پلاتفۆرمی مومکین بریتیە لە دەست پێکردن بە کاری هاوبەش، لە توێ ی ئەم کارە هاوبەشانەدا میکانیزمەکانی بە هێزبوون گەشە دەکات، ئەم کارە هاوبەشانە زەمانەتی ئەوە دەکا ئەو هێزە سیاسیە و کۆمەڵایەتیەی ناوی چەپە لە بەرامبەرکێ و پراکتیکدا خۆی فلتەر بکاو دوور مەبینە لە ئەنجامی ئەو کارانە هێزێکی یەکگرتوویی چەپی جیاواز لە دۆخێکی تەواو جیاواز سەردەربێنێ .




سیاسەت و ڕیکڵامی کولیچە … ڕزگار عومەر

٤١٠ ساڵ پێش لە دایك بوونی مەسیح، یوروبیدس لە شانۆگەری ئۆریست دا دەڵێت :
“کاتێك کەسێكی ناخ ئەهریمەنیی بە قسەی هەنگوینی حەشامەت لە خشتە دەبات ئەو کاتە کارەساتی گەورە توشی دەوڵەت دەبێ ”
قسەی هەنگوینی کە یوروبیس تایتڵی دەکا ئاماژەیەکی سیاسی و کلتوریە بۆ کاراکتەرە باوەکانی سیاسەت بە تایبەتی لە چینی دەسەڵاتدار، لە کوردستان ڕەنگە کەمێك جیاوازی هەبێت لە ڕووی بەڵاغەتدا لەگەڵ قسەکەرانی یۆنانی کۆن،بەڵام ڕەگەزی “موژدە” ی ناڕاست کۆیان دەکاتەوە.
لە تازەترین نوسینیدا کاك مەریوان وریا قانیع دەیەوێ موژدەیەکی سیاسی بخاتە ڕوو کە بە هاوبەشی لەگەڵ کاك ئاراس فەتاح ناویان لێناوە (بلۆکی مێژوویی ).

مەریوان بە خوێنەرانی کورد دەڵێت ((بیرۆکەی ئەم بلۆکە ئەوەیە ھەموو ئەو ھێزانەی کە ڕاستەوخۆ، وەك یەکێتی و پارتی، بەشدارنین لە دروستکردنی ئەو زۆنگاوە سیاسییەدا و خودی زۆنگاوەکەش پەرواێزی خستون و زیانی پێگەیاندون، لەسەر بەرنامەیەکی نیشتیمانی گشتیی کۆببنەوە بۆ ڕێگەگرتن لە درێژەدان بەو مۆدێلە سیاسیەی تا ئێستا سەروەرکراوە))

ئەم پەرەگرافە هەڵگری زۆر شتە لە دەروونی خۆیدا. لە ڕووی زمانەوە سیاغەیەکی زۆرلاوازی بۆ کراوە بە چاوپۆشین لە ئەلتەرناتیڤە پێشنیارکراوەکە. ئەو هەندێ هێزی ڕیزکردووە کە گوایە (ڕاستەوخۆ) بەشدار نین لە دروستکردنی ئەو زۆنگاوە سیاسیە. یانی ئێستا ئێمە دوو پۆلمان هەیە لە هێزی سیاسی لە کوردستان کە هەندێکیان (ڕاستەوخۆ) هەندێکیان (ناڕاستەخۆ) بەشداران لە دروست کردنی ئەم زۆنگاوە سیاسیە. بە پێ ی ئەم پۆلینکاریە ئەوانەی ناڕاستەوخۆ بەشداریان کردیە هێشتا بۆیان هەیە درێژە بە عومری سیاسی خۆیان بدەن وشوێنی یەكێتی وپارتی بگرنەوە.

ئەم پلاتفۆرمەی کاك مەریوان هاوەڵانی و دروست کردنی ” ڕۆڵی ” نوێیە لە هەمان هەویرە کۆنەکە. ئەوانەی سەیری بەرنامەکانی دروست کردنی خواردن دەکەن ، یان هاتوچۆی مەتبەخی دوکانەکانی شیرینیان کردبێ ، بینیویانە قالبی جۆراوجۆر هەیە بۆ دروست کردنی کولیچەی خڕ، ئەستێرەیی ، بە خورما بە گوێز هتد. ئەم پلاتفۆرمە سیاسیە گۆڕینی قالبەکەیە نەك هەویرەکە. ئەوە یەکەم جارو دوا جار نابێ کە ئەم پۆلە لە ڕۆشنبیر ببنە تەباغ لە مەتبەخی سیاسی کوردی ، نزیکەی ٩ ساڵێك لەمەوبەر، هەر ئەم بەڕێزانە ( مەریوان وریا قانیع، ئاراس فەتاح ، ڕێبین هەردی، بەختیار عەلی) لەسەرو بەندی دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕاندا هەمان موژدەیان دەدا سەبارەت بە هێزێك کە دەتوانی دۆخی سیاسی بگۆڕێت. بڕوانە نامیلکەی –نیگایەك بۆ ئێستاو خەونێك بۆ سبەی- .

ئەزموونی ئەمڕۆی کوردستان دەریخست کە یەكێتی وپارتی بە هەڵبژاردن ناڕۆن. لە بەر ئەوە قسەیەکی هەنگوینی زۆر چروکە کە موژدەی ئەوە بدەی کە بەشێك لەو هێزانەی کە پێك هێنەرو برا بەش و مفتەخۆری دروست بوونی ئەم دۆخەن وەکو فریاد ڕەس بە هاوڵاتیانی بناسێنی . دوای مردنی -نەوشێروان مستەفا –ڕێکخەری گشتی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان ، دروست بوونی دەیان پرسیار ی بێ وەڵام لەسەر جێ و شوێنی ئەم بزوتنەوەیەو درز تێکەوتن و کوتلەکاری لە نێو بزوتنەوەکە، ئەم گروپە لە ڕۆشنبیر هەست بە پەرواێز کەوتنی خۆیان دەکەن لە ڕووی شیفت بوون لە پشتەوەی پڕۆژەی گۆڕان .

هەست دەکەن دەبێ مەتبەخەکە گەورەتر بکەن، بۆ ئەوان گرنگ نییە قالبە کولیچە تازەکە چ هێزێکی موحافیزەکارو دژە پێشکەوتنی تێدایە، گرنگ نیە کام سەرمایەداری سیاسی ماسکی سیاسی خۆی گۆڕیوە، گرنگ ئەوەیە ئەم گروپە لە ” شیفت ” عەقدی خۆیان لە گەڵ هێزێتر تازە بکەنەوە، درێژە بە ئیمتیازاتەکانی خۆیان بدەن.




“چارەنوسی نووسین ” لای بەختیار عەلی … ڕزگار عومەر

نوسەرو ڕۆمانوس کاك بەختیار عەلی ، لە ڕۆژی ( ٣/٩/٢٠١٧) لە وێب سایتە تایبەتەکەی خۆی نوسینێکی بڵاوکردەوە بە دووناونیشان. لە ناونیشانە سەرەکیەکە نوسراوە (دەربارەی چارەنوسی نوسین) لە رستەی دووەمی ناونیشانەکەش نوسراوە (سەنتەریزمی ئەخلاق یان سەنتەریزمی فیکر).ئەم ڕەخنەی بەردەستان وەڵامێکە بۆ ئەو نوسینەی کاك بەختیارو پێشنیار دەکەم کە خوێنەر وتارەکەی ئەویش بخوێنێتەوە کە لە پەراوێزەکاندا لینکی نوسینەکەی ئەویشم داناوە.
ئەو خوێنەرو ڕەخنەگرانەی موتابعی نووسینە سیاسی وفیکریەکانی کاك بەختیار دەکەن و ئاشنان بە نوسینەکانی دەزانن هەر لە ڕستەی دووەمی ناونیشانی وتارەکە ئەو پێمان دەڵێت کە ئەو لەو دوو سێنتەرە ئەخلاق – فیکر نوێنەرایەتی فیکر دەکات و ئەوانەی ئەو لە درێژی وتارەکە ڕەخنەیان لێ دەگرێت نوێنەرایەتی بەرەی ئەخلاق دەکەن .

ئەم وەڵامەی ئێمەش لەسەر ئەو گریمانە ئیش دەکاو قبوڵی ئەو دابەش بوونە دەکەین کە کاك بەختیار لەو پۆلینسازیە کردوویەتی ئەو لە ماڵی ” فیکر ” دادەنێین و لە وێوە دێین مامەڵە لە گەڵ ئەو ” فیکرە ” دەکەین کە ئەو بە بێ ئەوەی هەستی پێ بکا زۆر ” ئەخلاقیانە ” خۆی سێنتەر دەکا لە نێویدا. سێنتەرکردنێك کە نە تەوازوعێك هەیە سەپۆرتی بکا لە ئاست ڕێزگرتن لە خوێنەری وتارە سیاسی و فیکریەکانی، نە پڕۆسەیەکی ڕەخنەگرانەی ئەکادیمی هەیە کە دەستەیەك لە نوسەرو ڕەخنەگرانی فیکری وسیاسی کە ئەو دابەش کردنەیان کردبێ. نە ڕووپێوێکی موعتەبەری سەربەخۆ کە ئەم ئیدیعایە پشت راست کاتەوە.

بە پێچەوانەوە؛ ئەم ساڵانەی دوایی لەبەرەو ڕوانگەی جیاوازەوە هەڵچوون و داچونەکانی فیکری کاك بەختیار دراوتە بەر ڕەخنەی زۆر توندو ئەم ڕەخنانە ئەم هالەیان هەڵوەشاندەوە کە لە دەوری تەقدیس کردنی نوسینەکانی ئەو دروست ببوو بە تایبەتیش لە لایەن هاوەڵە فیکریە هەرە دێرینەکانی خۆی و لە لایەن روانگەی ڕاست و چەپی دونیای ئێستای نووسینی کوردی.

” بەختیار” ی بێ ئایدیۆلۆژیا

ئەم ووتارەی کاك بەختیار تراژیدیانە چەندین وتراوەکانی ڕابردووی خۆی، چەندین دووبارەکردنەوەی ڕستەو دەستەواژەو هێماو مەدلولەکانی خیتاباتی سەردەمی شەڕی شارد دوبارە دەکاتەوە کە تەنانەت موحافەزەکارترین موفەکیری وڵاتانی ڕۆژئاوا و جەرگەی کاپیتالیزم خۆیان دەپارێزن لە دووبارەکردنەوەیان و یان پەنایان بردۆتە شتی تازە بۆ شوناسی موحافەزەکاری خۆیان بە تایبەتی خۆپاراستن لە ئیدیعای سادەو فریودەرانەی ” بێ ئایدیۆلۆژیی ” لە نوسین وهەڵوێست.
ئەم ڕەخنەی بەردەستان نیشانی دەدا کە ئەم ئیدیعایە کاك بەختیار لە ڕوویی بێ ئایدیۆلۆژیی و سەربەخۆیی فیکری چەندە ناکۆکە لە گەڵ خودی نوسینەکانی خۆی و چەندە دژە لەگەڵ بەشداریەکانی خۆی لە یۆتۆپیاو باوەشێنە کردنی لق و چڵ وپۆپی ئایدیۆلۆژی،بە تایبەتی پشتگیری لە یوتۆبیای ناسیۆنالیستی چ وەکو باڵی قسەکەرو ڕەخنەگر لە قۆناغێکدا، چ وەکو قسەنەکەرو بێدەنگی باڵێکیتری ناسیۆنالیزم لە قۆناغێکیتردا .
لەسەرەوە ئاماژەمان بەوە کرد کە ئەم دوو سێ ساڵەی دوایی بە چاك وخراپ لە لایەن نووسەرانی دوباڵی جیاواز ڕەخنە لە نوسین وهەڵوێستە بەیان کراوەکانی فیکری کاك بەختیار دەگیرێ.

نوسەرانی بەرەی ناسیۆنالیزم و بەرەی چەپ لە ڕوانگەو دەربیجەی جیاوازەوە وەڵامی هێرش ونوسینەکانی دەدەنەوە. ئەم نوسینەشی ” چارەنوسی نوسین ” هەوڵێکیتری نوسەرە بۆ کەم کردنەوەی ئەنجامە فیکری و دەرونیەکانی ئەو ڕەخنانەی کە لەهەردوو لاوە فشاری بۆ دێنێ. بۆیە دەڵێم دەرونی چونکە لە چەندین شوێنی ئەو وتارە کە دێمە سەری ئەوەندەی فوارەی توڕەبوونی پەنگ خواردو قسەدەکاو حوکم دەداو خەڵك پۆلین دەکا ئەوەندە جەدەلی فیکر قسەناکا.
کاك بەختیار لە دوو پەرەگرافی جیاوازدا دەڵێ :
((لە پشت ئەم هەستەوە جۆرێکی ترسناک و نوێ لە دیسپلینی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەریهەڵداوە کە وەک دادگا دێرینەکانی پشکنین و دادگا بەلشەفییە ترسناکەکان، مرۆڤەکان دەبێت بەردەوام لە بەردەمیاندا ناخی خۆیان ڕوناکبکەنەوە، ئەمجارەیان لە بەردەم پیاوانی کەنیسە و هاوڕێیانی حیزبدا نا، بەڵکو بە نوسینی بەردەوام و لە بەردەم هەموو کۆمەڵگادا…..
…دەیانەوێت پاکی ئەخلاقی سیاسی خۆیان بسەلمێنن، رۆحی شۆڕشگێڕانەی خۆیان دووپاتبکەنەوە بەوەی خۆیان وەک «خولقێنەرێکی شۆڕشگێڕی دەوڵەتی کوردی دژ بە خائینان و جاشەکان و کوردفرۆشەکان» دەربخەن، یان بە پێچەوانەوە «بەرهەڵستکارێکی شۆڕشگێڕ و پاکی دژ بە دەسەڵاتی فاسید و زۆرداری کورد». ئەم دوو گووتارە دژ و جیاوازە لە بنەڕەتدا یەک سەرچاوەی دینی و ئایدۆلۆژییان هەیە و دواجاریش هەمان ئەم بازنە بۆشە دروستدەکەنەوە کە ئێمە تیا ژیاوین و تیا دەژین. ))
بەر لە وەڵامدانەوەی ئەم دوو پەرەگرافەی سەرەوە، دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم ، کە مێژووی ئەم پلین کردن تێکەڵاوکردنانە لە چەندین بۆنەیترو نوسینتر لە لایەن بەختیار بەیان کراوە، ئەو چوارساڵ لەمەوبەر، لە گفتوگۆیەك لە گەڵ ڕۆژنامەی وشە دەڵێت:-
(( ڕۆشنبیرانی ئێمە،بە مارکسی و ناسیۆنالیستەوە بە لیبرال و غەیبیانەوە،دوا جار ڕۆشنبیرانی غەیبیانین))
–ڕۆژنامەی ووشە.ژ ٢٠ .بەروار ٣٠/١٠/٢٠١٣
ئەو لەم وتارە دەیەوێ مەغرورانە بەسەر توانای خوێنەران بازبدا، ئەو دەیەوێ ئەگەر بەزۆریش بێت ، بە خەیاڵێک ساف پڵاوبێت سیمایەکی هاوبەش دروست بکات لە نێوان هەردوولای ئەوانەی ڕەخنەی لێ دەگرن ( نوسەرانی ڕاست و نوسەرانی چەپ) چونکە بەختیار خۆی لە هەموو کەس باشتر دەزانێ کە ئەوانەی ڕەخنەی لێ دەگرن بریتین لە چەپەکان و لە نوسەرانی باڵی ڕەخنەگر لە نێو ناسیۆنالیزمدا، کە خەست دەبێتەوە لە مەریوان وریا قانیع و ئاراس فەتاح و نوسەرانی کایەی بزوتنەوەی گۆڕان.

ئەو دەیەوێ کاتگۆریەکی فەنتازی ڕەنان و پۆلین کردنێکی کارتۆنیی دروست بکات ناوی لێ بنێ ” سێنتەری ئەخلاق ” ئەوەی ڕەخنەی لێ بگرێ لەوێ پۆلینی بکاو بینێرێ بۆ ئەوێ، لەهەمان کاتیشدا ڕەخنەگرانی دژ بەخۆی بەوە تاوانبار بکا کە بە فیکری دادگاکانی بەلشەفی ئیش دەکەن. دادگای بەلشەفی و عەقڵی بەلشەفی و سیستەمی بەلشەفی زۆرترین بەشیان بەرکەوتوە لە ئیستیعارەکانی ڕابردوو لەلایەن ئەم نووسەرە کاتێ ویستویەتی باسی سیسیتەمە خراپەکان بکات، بە چارەکی ئەوەندە ناوی داداگا فاشیستەکان بەلای کەمی هی ڕژهەڵاتی ناوەڕاست ناهێنێ، بە چارەکی ئەوە باسی دادگاکانی ئەنقەرەو هەولێرو سلێمانی ناکات. ئەم ڕقە کوێرو ئەنتی مارکسیە چەندین جار لە ساڵانی ڕابردوو دراوەتە بەر رەخنە بەڵام چونکە ناتوانێ ڕەخنە لە خۆی بخوێنێتەوە ئیت هەر بەردەوامە لەم نەخۆشیە فیکریە. ئەو باسی دادگا بەلشەفیەکان دەکات بەڵام، خۆی چ بە سادە سەلماندی کە تاقە سودمەندی ئەزمونی دادگا بەلشەفیەکان(بەو شێوەیەی ئەو باسی دەکا)تەنیا خۆیەتی ! ئەم پۆلین کردنەی ئەو دەیکا ئەگەر وەکو لاسایی کردنەوە وەریبگرین بۆ شتێك کە گوایە خۆی ڕەخنەی لێ دەگرێ ئەوەندە لاوازە کە ئەگەر لە دەرەوەی یاساکانی مادەو بایۆلۆژیا پیشانی شەبەح و ڕۆحی نەك حاکم بەڵکو پاسەوانێکی سادەی دادگا بەلشەفیەکانی بدەین تێر تێر پێ ی پێدەکەنێ !

پۆلین کردنێکی لێوا لێو لە هەوڵ بۆ لەخشتەبردن، کە ئەوەندە ناڕاست و ئاشکرایە کە لە ئەنجامدا نەك تەنیا کۆمەکی ڕەخنەگران دەکا، بەڵکو کۆمەکی خوێنەری ئاسایش دەدا کە ببینێ ئەم نوسەرە چەندە بە سانایی خۆی بە خراپی ” پۆلین ” کرد لە شوێنێکی زۆر خراپی فیکر، زۆر خراپی مێژوو.
خۆجیاکردنەوەی بەختیار لە هاوەڵە فیکریە دێرینەکانی خۆی چەشنی مەریوان وریا قانیع و ئاراس فەتاح و ڕێبین هەردی، تەنیا جیاوازی فیکر، ئایدیۆلۆژیا، یان بەرژەوەندی مادی و مەعنەوی نەبوو کە ئەو هاوەڵانە لە بەشێکی ڕەخنەکانیان ئاماژەیان پێدەکرد دژ بە بەختیار چونکە بەرهەمەکانی لە دەزگا ئیعلامیەکانی پارتی بلاودەکاتەوە.

بەڵکو بوونی جیاوازی بوو لە ئیلتیزام کردن و ئیدامە دان بە خاوەندارێتی کردن و نوێنەرایەتی کردنی پڕۆژەوە یۆتۆبیای باڵی ڕەخنەگری نێو –کوردایەتی- ناسیۆنالیزم. بەختیار کشایەوە لەم پڕۆژەیەو ئەوانیتر مانەوە. لە ئەنجامدا بەشێك لە جەماوەری ناڕازی وتوڕەی بارودۆخ لەبەختیار کشانەوە.
هاوەڵەکانی بەختیار بەهەر جۆرێك بێ، بە چاك وخراپ وا درێژە بەم پڕۆژەیە دەدەن و توانیان لە بەرەوڕوبوونەوەکانیان و نوسینەکانیان لە بەختیار عەلی لە ٢٠١٦ و ٢٠١٧ بە تەواوی بەختیار لە ڕووی مەعنەویەوە بخەنە دەرەوەی ڕەخنەگرێك لە دەسەڵات بەو تێرمەی باوەی ىاڵی ڕەخنەگری ناسیۆنالیزم ڕەواجی پێدەدا.
شەڕی ئەم جیابوونەوەیە ئەوەندە خەست بوو کە نوسەرێکی ناسیۆنالیست (عەدالەت عبدوڵا) لەسەر ئەم بەرامبەرکێیە نووسی :-
(( ئەم زمانە زبرە لە ڕەخنەگرتن، لای هەردوو هاوڕێ، شتێکی دی نییە جگە لە دەرکەوتنی پلە بە پلەی کاریگەرییە خراپەکانی ئەوهاندان وهەڵنانە سیاسیانەی کە هێزە سیاسیەکانی کوردستان بۆ هەڵوێست وەرگرتنی ئایدیۆلۆژیانەی ئەم جۆرە نوسەرانە دەیکەن، دەشگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەمڕۆ، لەهەر کاتێك زیاتر، خواستێکی سیاسی گەورەش هەیە کە ئەم نوسەرانە، کە بەفەرهەنگی میدیایی بەسەرکردەکانی بیروڕا دەناسرێن،بە تەواوی لە هەموو بەرهەم و خەمێکی فکری و مەعریفی داببڕدرێن وببنە گەمەکەرێکی سیاسی رووت، یان بەشێکی وابەستە بەبەرە سیاسیەکان و بگرە بکەرگەلێکی ئایدیۆلۆژی و پەڕگیر لەناوململانێکاندا)) – تەڵەی سیاسەت-عەدالەت عبداللە –ڕۆژنامەی چاودێر ژمارە ٣٩١

ئەم واقیعە تاڵە بۆ بەختیار لە ڕووی سیاسیەوە جۆرێك لە بێ دەنگی کردە جەبرو بەختیار بۆ ئاوەژوو کردنەوەی ئەم جەبرە بەتاڵ کردنەوەی ناچارە ” بێ دەنگی ” خۆی ، پشت تێکردن لە زمانی ناسیۆنالیزمی ڕەخنەگر وەکو سەرکەوتنی ” فیکر” بەسەر” ئەخلاق ” وێنا بکات.
ڕاستە ئەم نوسەرانە مەرج نیە وەکو حیزبایەتی پێکەوە ئەم پڕۆژەیان کردبێت، بەڵام ئەم گرێدانەوەیان بە یەکتر، جۆرێك ساغ بوونەوەی سیاسی و ” ئایدیۆلۆژی ” بێ گەرد بوو. کە نوسینەکانیان لە سەروبەندی دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان هەمووی گەواهی ئەوەن کە ساغ بوونەوەی ئایدیۆلۆژی چەندە قوڵە لای بەختیارو هاوەڵەکانی ، چەندە هەڵوێست دڕبڕین (چەشنی بەیان نامە) بەختیار بە ڕەوای دەزانێ بۆ خۆی، کەسیش بۆی نییە پێ ی بڵێ : ئەرێ ئەم هەڵوێست و بەیان نامانە ناتخەنە سێنتەری ئەخلاق؟
چاوکێشانێك بە نامیلکەی –نیگایەك بۆ ئێستاو خەونێك بۆ سبەی- هاوبەشی هەر چوار نووسەر ( بەختیار عەلی ، مەریوان وریا قانیع ، ئاراس فەتاح، ڕێبین هەردی) لە ڕووی حیزبیەوە ڕەنگە چاپخانەی بزوتنەوەی گۆڕان نەیکردبێ، بەڵام لە ڕووی مێژوییەوە – لە ڕووی لەقاڵبدانی جەماوەرەوە فەرمیترین مانفێستی ئایدیۆلۆژی سەروبەندی دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕانە.
دێر بە دێری ئەم نامیلکەیە سیاقی ئایدیۆلۆژی بێ گەردی ناسیۆنالیزمێکی ڕەخنەگرن ، کە ئەو دەمە بەختیار بە هاوبەشی بناغە ئایدیۆلۆژیەکەی دانا ، بەڵام ئێستا هەر پاشماوەی قسەکەرە فیکریەکانی ئەم باڵە رەخنەگرەی ناسیۆنالیزم شوێنیان بە بەختیار تەنگ کردوەو چیتر لە نێو ئەوان جێگای نەما. بەختیار لە ڕووی سیاسی و تەدەخول لە ڕوداوەکانی ڕۆژ بەڕۆژ، شوێنێکی تایبەتی بۆ خۆی دابین کرد لە نێو باڵی موحافەزەکار، کە بەختیار لەوێ تەنیا دەتوانێ ئەدیب و ڕۆمانوسێکی سەرکەتوو بێت، لە هەمانکاتدا نوسەرێکی سیاسی بێ دەنگ بێت، ئەم بێ دەنگیەش بە تاجی (سێنتەری فیکر) بڕازێنێتەوە.

. ئایدیۆلۆژی بوونی بەختیار لەو سەردەمە ئەوەندە خەست دەبێتەوە، لە سەروبەندی دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان، لە ڕۆژی ١٠/٦/٢٠٠٩ بەختیار لە وتاری هەڵهاتن لە بۆشایی – نیگایەك لە جەوهەری ئەو هێزەی ئێستا لە هەناوی کۆمەلگەی ئێمە دەجوڵێت- بە چەند پەرەگرافێكی پڕ لە موژدەی سیاسی دەست پێدەکات، لە وێدا دەڵێت :
((شتێکی گەورە ناوەوەی دونیای ئێمە دەهەژێنێت، هێزێکی خەوتوو و فەرامۆشکراو کە هێدی هێدی دەیەوێت ببزوێت و هەستێت و بێتەدەرێ. سروشتی ئەم هێزە وەک هەموو هێزە مێژووییە بزوێنەکان نادیارە، کۆکردنەوەی لە ژێر یەک ناونیشاندا ئەستەمە و ناونانی بە یەک ناو نەشیاوە، هێزێکە دەجوڵێت و بۆ کردارێکی مێژوویی دەگەڕێت کە هێشتا بە ڕوونی هیچ شتێک لە جەوهەری ئەو کردارە دیار نییە، بەڵام هێزێکە دەیەوێت شتێک بکات کە لە شتەکانی تر ناچێت… لە ئێستادا گرنگ نییە ئەو هێزە چی دەکات، چونکە ئەوەی ئێستا جێگای تێڕامانە ئەوەیە کە ئەم هێزە لێرەیە، دوای غیابێکی مێژوویی گەورە، دوای وەستانێکی گەورە، ئێستا شتێکی نائاسایی لە هەناوی مێژووی ئێمەدا دەجوڵێت، مەخلوقێکی تر لە سەرەتای هاتن و لەدایکبووندایە….

…دینەمۆی نهێنی مێژووی ئێمەی کورد ئەوەیە بەدوای ڕوداوێکی گەورەدا بگەڕێین کە خۆمان دروستمانکردوە، ئیرادەی خۆمان لە شتێکی تردا تاقیبکەینەوە کە تەنیا ڕاکردن نەبێت لە مردن و هەڵهاتن نەبێت لە دوژمن. ئەم تاقیکردنەوەی ئیرادەیە جێگایەکی سەنتراڵ و نهێنی لە مانای بوونی ئێمەدا هەیە، تەنیا لە ڕێگای ئەم تاقیکردنەوەیەوە دەتوانین لە «ئەگەری بوون»ـەوە بەرەو «بوون» خۆی بگوازینەوە، لە «بوون وەک پڕۆژەیەکەوە» بۆ «بوون وەک واقعێک» بپەڕینەوە…))
بەختیار بە ڕوالەت خۆی وەکو قەدیسێکی ئەنتی ئایدیۆلۆژی دەردەخا، بەڵام سەرجەم چالاکیە فیکری ونووسینە سیاسیسەکانی مشتن لە ئایدیۆلۆژیا ، ئەو پەرەگرافەی سەرەوەی بەختیار ڕێك دەڵێ ی ڕیتمی مۆسیقای کۆپی پەیست کراوە لە پەرەگرافی یەکەمی مانفێستی حیزبی کۆمۆنیست کە مارکس وئەنجلس ١٦٩ ساڵ لەمەوبەر لە لاپەرەی یەکەمی مانیفێستدا دەڵێن :
(تارماییەك لە ئاسمانی ئەوروپا دێت و دەچێت ؛ تارمایی کۆمۆنیزم! هەموو هێزەکانی ئەوروپای کۆن لە پەیمانێکی پیرۆزدا پێکهاتوون کە ئەم تارماییە دوورخەنەوە؛ پاپ و تزار، میترنیخ وگیزۆ، ڕادیکالە فەرەنسیەکان وپۆلیسی نهێنی ئەڵمانیا.
لە کوێ حیزبێکی ئۆپۆزسیۆن هەیە کە تۆمەتی کۆمۆنیزمی نەکوتابێتەوە بە نێو چاوانی حیزبی ئۆپۆزسیۆنی لە خۆی پێشڕەوتر، یان نەیارانی کۆنەپەرستی خۆیدا؟
لەم ڕاستییەدا دوو دەرەنجام دێتە دەست :
کۆمۆنیزم، حاڵی حازر، لەلایەن هەموو هێزە ئەوروپاییەکانەوە، وەك هێز ناسراوە.
ئێستا ئیتر وەختیەتی کە کۆمۆنیستەکان، بە ڕاشکاوی لە ڕووی هەموو جیهاندا، بیروڕاکانیان، مەبەستەکانیان وبۆجوونەکانیان، ڕابگەینن و بە مانیفێستی حیزبەکەیان، بە گژ ئەم ئەفسانەدا بچن کە سەبارەت بە تارمایی کۆمۆنیزم هەیە.))
مەبەست ئەوە نییە بڵێین قسەو مۆتیڤ و دەستەواژەکان لێك دەچن، بەڵکو قسە لە سەر بناغەو ” بونیادی” دەقی ئایدیۆلۆژیە کە کەسی مانفێست گەیەنەر یان داڕێژەرئەرك وتێروانین ڕادەسپێرێ بەو هێزە سیاسی وکۆمەڵایەتیەی کە دەیەوێ ئاکشنێکی مێژوویی پێ بکات.
هەرگیز لێرە مەبەستم ئەوە نییە، بەخیتار بە مارکس و ئەنجلس بشوبهێنم ، بەڵکو لێرە مەبەست ئەوەیە کە بەختیار لە ئەوپەڕی ئایدۆلۆژیست بوونی خۆی ئیدیعای سەربەخۆیی دەکات . پەرەگرافەکەی مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیست و ئەوەی بەختیار دوای ١٦٩ ساڵ نوسیویەتی وەکو ” دەق ” هەڵگری هەمان توخمی هاوبەشن . توخمە هاوبەشەکانی پەرەگرافەکەی بەختیارو مانیفێست بریتیە لە :-
١-‌هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە لە ئان وساتی دەرەکەوتن .هەردوو هێز دابڕاوان لە هێزە باوەکان.
٢-هەردوو هێز دەیانەوێ شتێك بکەن وبخوڵقێنن کە جیاوازە لە هێزەکانی پێش خۆیان .
٣-هەردوو ‌هێز ڕەگەزی ئەوەیان تێدایە ” ڕوداوێکی ” یان وەرچەرخانیكی گەورەیی ” مێژوویی ‘ ئەنجام بدەن.
٤-هەردووکیان لە توانایاندایە دونیایەکیتر دروست بکەن .
‌بە کورتی لە هەردوو دەق : هێزی کۆمەڵایتی دیارکراو وەك بکەری مێژوویی + ئاکشن و کرداری مێژوویی بۆ ڕوداوی گەورە= سەرەنجام دونیایەکی نوێ !
کۆبوونەوەی توخمی هابەش لە نێوان دوو دەق کە ڕوانگەی سیاسی و مێژوویەکی ١٦٩ ساڵیان بەینە نە بە ڕێکەوتە نە لاسایی کردنەوەیە، بەڵکو پەیوەندی بەوە هەیە هەتا ئێستا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ناتوانێ لە دەرەوەی ” زمان ” و ” پەیوەندی” –کۆمینیکەیشن مانفێستی نیازو کرداری سیاسی و مێژوویی بکات. ستراکتۆری زمان بە هەموو وردەکاریەکانی خۆیەوە دوورگەیەکی لاتەریك نییە تا بە نەقاوەتی بمێنێ لە تێکهەلكێش بوونی لە دایك بوونی دەستەوژاوە یان زاراوەی تازە لە گەڵ ئەو کەلەپورە مێژوویەی دەستەواژە سیاسی و ئایدیۆلۆژیانەی کە چ وەك ریتم چ وەك زاروە بوونی خۆیان تازە دەکەنەوە لە نێو زماندا.

زمان ، فیکر، ئایدۆلۆژیا

فیکر بە گشتی و فیکری سیاسی بە تایبەتی ناتوانێ لە دەرەوەی زمانی مەوجود،لە دەرەوەی چوارچێوەو پێکهاتەکانی زمان تایپێکیتر لە کۆمینیکەیشن دامەزرێنێ . ئەگەر ئەو ئیمکانە ببوایە ئەوا دەمێك بوو پاڵەوانە ئەنتی “ئایدیۆلۆژیستەکان” موفەکیرو ئەدیب و نوسەرە مەعاش خۆرەکانی CIA لە سەردەمی شەڕی سارد دەیانتوانی زمانی ” بێ ئایدیۆلۆژیا ” خۆیان دروست کردبا تا شەڕێکی قوڵتر بکەن دژ بە نووسەرانی مولتەزیم خۆ بە چەپ زان.
گریمان هەموو ” بێ ئایدیۆلۆژیا” کانی دونیا بە کوردەکانی خۆشمانەوە لە کۆنگرەیەك لە وڵاتێكی ئەوروپی کۆبوونەوەو گەیشتنە ئەنجامێك لە دروست کردنی زمانێكی بێ ئایدیۆلۆژیا، ئیتر ئۆتۆماتیکیەن واچاوەڕوان دەکرێ یەکەم بەرهەمی ئەو زمانە فیکرێکی بێ ئایدیۆلۆژیا بێت. ئەگەر ئەمە ڕووی دا ؛ ئیتر ئەم زمان و فیکرە ” بێ ئایدیۆلۆژیا ” یە نابێ نە سەبگێگتیڤ و نە ئۆپگێتیڤەکانی پەیوەندیەکی هەبێ بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی .

ئەوان دەبێ لە دەرەوەی مێژوو، لەدەرەوەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی خۆیان سەرقاڵ بکەن بە هەندێ دال و مەدلول کە زەمانەتی پەیوەندی کردنیان بکات، لە دۆخێکی وادا ئەو گروپە لە مرۆڤ هەموویان دەبێ لە یەك ئاست بن چ وەکو پێگەی کۆمەلایەتی ، ئابوری ، سکیڵ و پڕۆفیشنالەتی چونکە هەرجیاوزیەکیان بوو هەر ناکۆکیەکان لە نیوان دروست بوو دەبێ خۆیانی لێ بێ دەنگ بکەن ، چونکە هەر دەم بکەنەوە ناچارن گیرۆدەی ئیستیعارە کردن ببنەوە لە جۆرەکانی” ئاماژە ” لە زمانە قەدیمە پڕ لەئایدیۆلۆژیاکە ، چونکە ئەو ئاماژانە تەعبیری ڕاستەوخۆن لە ” جیاوازی ” لە وردترین ناسکە گیای سروشت بگرە تا دەگاتە چینە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان .
گروپێك لە ڕۆبۆت و کۆمپیوتەر بە زمانی پڕۆگرامینگ بۆ هەتا هەتایە بێ دەردەسەری ئایدیۆلۆژی دەتوانن ئەم کارە بکەن ، بەڵام بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و لە ژێر سایەی سیسیتەمی کاپیتالیزمدا (بێ ئایدیۆلۆژیایی) شوناسی ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێ ئەم چەترە لە دەست بگرن و پەت پەتێنی ئینتیماو گۆڕانە فیکریەکان بکەن، خەڵك گەراییە بە نرخ و درۆی ڕازی کردنی هەمووان، سەد لە سەد فریو دان و جۆرێکی زۆر سواوە لە پاکێجێکی تایبەت لە ئایدیۆلۆژیا .

کێن ئەوانەی دەڵێن کاتی قسە کردن نییە ؟

لە شوێنێکی وتارەکەیدا، کاك بەختیار گاڵتە بەوانە دەکات کە لەبەرامبەر ڕوداوە سیاسیەکانی کۆمەڵگە
” قسە” دەکەن و هەڵوێست دەرئەبڕن ، لەوێدا دەڵێت :
((. لە کۆمەڵگای ئێمەدا بێدەنگی بۆتە شتێکی ترسناک، وەک چۆن لە سەردەمەکانی توندڕەویی دینی و لە ڕۆژگارەکانی دیکتاتۆرییەتدا بێدەنگی و بەشداری نەکردن نیشانەی گومان بوون. ئەمڕۆ مرۆڤەکان بە جۆرێکی ترسناک خراونەتە ناو کولتووری «روناککردنەوەی ناخەوە»، هەموو دەبێت قسەبکەن بۆ ئەوەی ناخیان ببینرێت، ماراسۆنی قسەکردن و خۆڕوونکردنەوە و خۆئاشکراکردن لە ترۆپکیایەتی، گرنگترین بکەری کۆمەڵگا ئەوانەن کە زۆرترین قسەدەکەن، گرنگ نییە قسەکان دووبارە و سەدبارەن، گرنگ ئەوەیە هەموو ڕۆژێک بنوسیت و ناخی خۆت ڕوناکبکەیتەوە و پیشانی کۆمەڵگای بدەیت و پاکی و ساغی و سەلامەتیت ببینن، ببینین تۆ بە چ زمانێکی پاراو و کوردییەکی ڕەوان خۆت بەیاندەکەیت، گرنگ نییە چۆن قسەدەکەیت، گرنگ ئەوەیە خاڵێکی تاریک نەبیت، گرنگ ئەوەیە ئەوانی تر بتوانن وەک دۆست یان دوژمن سەیرتبکەن، گرنگ ئەوەیە پۆڵێن بکرێیت، لە خانەیەکدا بێت و بچێتە ژێر کاتاگۆرییەکەوە.))

پێش هەموو شتێك ئەگەر سیاسەت بەس زانست بوایە لە زانکۆکان و بەشێك بوایە لە وانەکانی شەهادە وەرگرتن. ئەگەر سیاسەت وەکو هونەری نیگارکێشی، هەفتانە و مانگانە یان ساڵانە پیشانگایەکەت بۆ کردبایەوە. ئەگەر بەو شیوەیە بوایە کە باسمان کرد ئەوکاتە سیاسەت بێ دەردەسریترین چالاکی و خۆدەرخستەنەکانی مرۆڤەکان دەبوو، دەمانتوانی وەکو چا خواردنەوەی موناسەبات سەرمان لە پیشانگا سیاسیەکان دەدا. بەلام ، سیاسەت پارێزەر و پێك هێنەری سیستەمە، تەنانەت ئەمڕۆ پەیوەندی بەوهەوایەش هەیە کە هەڵیدەمژین.

بۆ ئەوەی ” بەرەنگاری ” هەر سیستەمێکی سیاسی ببیەوە دەبێ ” قسەت ” هەبێ و کردارت هەبێ لە بەرامبەریدا. بەشێك لە “قسە کردن” لە سیاسەت بە دڵنیایی بریتی دەبێت لە ڕەخنە لە وانەی لەبەر هەر هۆیەك و بەرژوەندیەك بێت قسە ناکەن لەسەر سیاسەت.
ئەو پرسیارکردنانە لە سەر ” بێ دەنگی ” بەختیار هەڵبژاردنی بەختیار خۆی بووە و نەك ناچار کرابێت. شەش ساڵێك لەمەوبەر ” قسە ” کردنی خۆی لە سەر ڕوداوە سیاسەکان شێوازی تەحلیل کردنی خۆی وەکو لوتکەی داهێنان لە تەدەخول لە سیاسەت وەسف دەکا، ئەم نرجسیەتە کوێرە ” ئەوەی ڕەوایە بۆ خۆم ڕەوا نییە بۆ ئەوانیتر ” میتۆدێکی دەیان بارەی ئەم نوسەرەیە لە هەر قۆناغێک کە بیەوێ سەر لەنوێ پێناسەی بوونی خۆی بکاتەوە . شەش ساڵێك لەمەوبەر ئەو لە وتاری :-
کێن ئەوانەی دەڵێن “ئێستا کاتی قسە نییە”؟ دەڵێت :-
(( لەم ساتانەدا زۆرجار و لێرەو لەوێ گوێمان لە هاوارێک دەبێت کە دەڵێت “ئێستا کاتی قسە نییە و کاتی ئیشە”. هەندێکی تر هەمان رستە بەجۆرێکی کاڵفامانەتر و بازاڕیتر دووبارەدەکەنەوە و دەڵێن “شۆڕش لە پشتی کۆمپیوتەرە” وە ناکرێت. ئەمە یەکێکە لەو بۆچوونە سەیرانەی کە لە ساتی شۆڕش و قەیرانەکاندا هەمیشە دێتەپێشێ. )) – سایتی سبەی-٩/٣/٢٠١١-
ئێستا دوای شەش ساڵ ئەوە خۆیەتی دەڵێ کاتی قسە کردن نیە، بەڵکو کاتی بەرهەمهێنانی فیکرە چەشنی نوسینەکانی خۆی چونکە لە روانگەی ئەو هەر وشەیەک ئەو بینوسێ ” قسە ” نیە بەلکو مێتای فیکر و داهێنانە ، هەر کەسێکیش پرسیار لە بێ دەنگی ئەو دروست بکا ، ئەوە فیکری بریتی لە لە میتۆدو پێوەری سێنتەری ئەخلاق !

چەپی نوێ ی ڕادیکاڵ و کێ هەست بە گوناه دەکات ؟

لەسەرەوە ئاماژەمان بەوەدا کە بەختیار ئێستا نە لە بەرەی باڵی ڕەخنەگری ناسیۆنالیزمە ، نە لە باڵی چەپی کۆمەڵگایە. هەردوو ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ ڕەخنەی زۆر توند لە لایەن توێژێکی نوێ لە گەنجانی چەپ لە بەختیار گیرا.
بەختیار کاتێ خۆی لە پڕۆژەی گۆڕان و کارکردن لە گەڵ هاوەڵە قەدیمەکانی دەرهێنا،ویستی لە ڕێگەی قسەکردن لەسەر فەیلەسوفی چەپ ژیژەك دووبارەکردنەوەی هەندێك لە میتۆدەکانی ئیشەکانی جۆرێك لە تەوازون و سەقامگیری ئئینتیمایەکی دیاریکراو بهێڵیتەوە لە دونیای ڕەخنەی سیاسیدا.
تەنانەت هەندێك هەوڵی نیوەچڵ هەبوو بۆ ئیش کردنی بەختیار لەگەڵ ئەو گەنجە ڕادیکالانەی چەپ کە گەیشتە دەرکردنی نووسین لە بڵاوکراوەی هاوبەشدا. ئەم جۆرە لە مانەوە لە دونیای رەخنەدا بە شیوەیەکی ” رەخنەگر” لە سیستەم تەمەنی زۆرکورت بوو، چونکە بەختیار قەت ناتوانێ چەپ بێت و نە ئیشی بەوەیە چەپ بێت.
ئەوەی ئەم پرۆسەیەی خیراترکرد ئەم ڕادیکاڵە چەپانە زۆر خێراتر لە بەختیار چەندین کتێبی ژیژەکیان تەرجومە کرد ، زۆر خێراتر تەبەنی ئەو بۆچوونانەیان دەکرد کە بوعدی شۆڕشگێڕانەیان هەیەو هەر بە وەرگێڕانی ژیژەك وازیان نەهێنا.سەرەنجام هەر هەمان ئەو توێژە گەنج و” ڕادیکاڵەی ” چەپ چەندین وتاری بەختیاریان دا بەر ڕەخنەو بەشێکی زۆر لە خوێنەرانی بەختیار پشتیان لەو کردو رویان لەو گەنجە ڕادیکالانە کرد.

بەختیار لە ٢٠١٧ بە تەواوەتی لە رووی جێگەو ڕێگەی لە ڕەخنەی سیاسیدا ئیتر نە سەر بە باڵی ڕەخنەگری ناسیۆنالیزمەو نە سەر بە چەپە ڕادیکاڵە نوێیەکانە، بە بەردەوامیش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ژێر فشاری ڕەخنەی هەردوولادایە. ئەم بارودۆخە وای لەو کردووە، کە ئەو بیەوێ پەرچەکردارەکانی بکا بە هێرش بۆ وەڵامدانەوەی ئەم فشارانە. ئەو دێ دەڵێ ئەم جۆرە لە ڕەخنەگران، هەست بە گوناه دەکەن خەریکی خۆپاك کردنەوەن بۆیە ناجارن بە ئیلتیزامەوە قسە بکەن هەلوێستیان هەبێت لە سەر ڕووداوە سیاسەیاکان.

ڕاستیەکەی ئەوەیە كاك بەختیارلەم نوسینەیدا گیرۆدەی گرێیەکی دەروونی سەختە، چونکە ئەگەر ئەو توانجەی یان ئەو وەسفەی ئەومان قبوڵ بێت کە کرداری رەخنەگرتن لە ڕووی دەرونیەوە بە خۆپاك کردنەوە لە گوناە لە قالب دەدات، ئەوا بە پێچەوانەوە ئەم وەسفە زیاتر بۆ خۆی گونجاوە بەلام لە گۆشەیەکی تەواو جیاواز، کە هێشتا ناتوانێ سەختی فشارو بۆشایی دەروونی بەختیار پڕبکاتەوە. کەم نییە تۆ لە کۆمەڵگەیەك بژی، کەڵە نوسەری ئەو کۆمەڵگەیە بیت بە چەند قۆناغێکی کورتی مێژوویی لە ئەوپەڕی لوتکەی لەقەبی رەخنەگری سیاسیەوە لە ناکاو خۆت ببینیەوە لە ئەوپەڕی لوتکەی موحافەزەکاری!
ئەم گۆڕانکاریە ئەگەر بە ئیختیار یان بە فشاری ڕەخنە بێت، یان تێکەڵێك لە هەردوکیان بێت کاریگەری دەبێت لەسەر ڕەنگدانەوەی دەروون. بەختیار بۆ شاردنەوەو پەردەپۆش کردنی ئەم کاریگەریە دێ ئەو کراسەی باری دەروون کە زۆر گونجاوە بۆ خۆی لە بارەی هەست کردن بە تەریکی و گوناه دەکاتە بەری ئەوانەی ڕەخنە لەو یان لە سیستەمەکە دەگرن.

چونکە ئەو لە ڕووی دەرونیەوە مەحرومە لە چانسێکی زۆر گرنگی دەرون و ئاسودەیی ویژدان، چونکە هەموو ئەو قسەکەرو ڕەخنەگرانەی ئەو بە چاوێکی گاڵتە پیکردنەوە دەیەوی وێنایان بکات بەلای کەمی دەتوانن و لە دەستیان دی ڕۆژانە خۆیان بە نوسین و ڕەخنەکانیان لە گوناه پاك بکەنەوە. بەڵام ، ئەو دەرگای ئاسودە کردنی ویژدانەشی لە خۆی گرتووە !

http://www.bachtyar.com/Detail.aspx?Jimare=1147&title=%D8%B3%DB%95%D8%B1%DB%95%D8%AA%D8%A7




زەهراء لە ژێر سایەی ڕژێمی هۆشبەردا … ڕزگار عومەر

زەهراء کۆرپەیەکی نۆ مانگان بووە کە باوکی لەم نۆمانگەی ڕابردوو هەرجارێك گریابێت دەستی لێ وەشاندووە ، باوکی زەهراء موعتاد و گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکان ببوو ، سەرەنجام لەش ولاری زەهراء چیتر بەرگەی لێدان ونوقرچی نەگرت و ڕۆژی پێنچ شەمە ٢٠ی نیسانی ٢٠١٧ گیانی لە دەست دا . دکتۆرەکانی نەخۆشخانەکە ؛ لە شەهادەی وەفاتی ئەم پەپولەیە هیچ ئاماژەیەك بە ئەشکەنجە دانی ناکەن و وەك مردنێکی سروشتی لە قەڵەمی دەدەن !
دوو هەفتەیەکیش لەمەوبەر ، لەپایتەختی عێراق دوو مناڵی تر لە دۆخێکی تەندروستی زۆر خراپدا گەیەنرانە نەخۆشخانەو کە ئەمانیش قوربانی دەستی ئەشکەنجە دانی باوکە موعتادەکەیان بوون ، هەفتەیەکیش لەمەوبەر لە کوردستان لە نەخۆشخانەیەك مناڵێك گیانی لە دەست دا و مناڵێکیتر دەستە بچوکەکەیان بڕیەوە بە هۆی موعتاد بوونی نەخۆشخانەو کارمەندەکان بە( بێ بەها بوونی مرۆڤ و گیرۆدە بوون بە پرەنسیبی ” ئیهمالی ” )

ڕۆژانە ؛ هەواڵێ ئەشکەنجە دانی مناڵ ، فڕێ دان وخنکاندنی کۆرپەی تازە لە دایك بوو لە زاخۆ تا فاو دووبارە دەبێتەوە ، لە کاردانەوەشدا کۆمەڵگە هەروەکو ڕاهاتنێك لە باشترین حاڵەتەکاندا ڤیدیۆی ئەشکەنجە دان و ئامارو دەقی رووداوەکان لە فەیس بووك شێر دەکات و کەمێك ویژدانی ئاسودە دەکا . لێرە پرسیارەکە دەبێ ئەوەبێت ئێمە لە چ دۆخیك دەژین یان لە چ عێراقێك بە (کوردستانیشەوە) دەژین ؟ وەڵامی ئەو پرسیارە ئاسان نییە ، بە تایبەتی ئەگەر لە توانادا نەبێت دۆخی مرۆیی و کۆمەڵایەتی بە دابڕاوی لە دۆخی سیاسی جیابکەینەوە .

زۆر لە سیاسەتمەدارانی عێراق و کوردستان ، پێیان خۆش نییە بگەڕێیتەوە سەر ئەو دۆخانەی کە ئەوانی هێنایە سەرحوکم ، ئەوان ” موعتادن ” بە دووبارە نووسینەوەی مێژووی هاتنەسەرکاریان وەکو خولی پڕشنگدار لە دروست کردنی دونیای عێراق و کوردستانی دوای سەدام حوسێن . ئەوان حەز ناکەن کەس بە بیریان بهێنێتەوە کە جەنگی کەنداوی دووەم و ڕاپەرین ، جەنگی ئەمریکاو هێزە ئیمپریالیەکانیتر لە ٢٠٠٣ ئەوانی ‌هێنایە سەر دەسەڵات ، ئەوەی ئەوانی جێگیرکرد لە دەسەڵاتی سیاسی جەنگێکی پڕ لە تاوانکاری ئیمپریالیستانە بوو کە تەنیا مەبەستی وێران کردنی کۆمەڵگەو سڕینەوەی هەموو نوزەیەك بوو لە پێکهاتەی سیستەمی بەڕێوەبردنی ووڵات کەبەهەر جۆرێك وهۆیەک بووبێت لە خزمەتی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە بوو، کە مەبەست لێرە کەرتی تەندروستی و بەشێك لە کایە خزمەتگوزاریەکانی دەوڵەت بوو . بەڵام، کام جەنگ هەبووە ئەمریکا تیا بەشداربووبێت چ لە ڕودانی چ لە دوای تەواو بوونی ئایندیەکی باشتر دروست بووبێت ؟ ئەوەیان با کوردە ناسیۆنالیستە پڕۆ ئەمریکیەکان- یان شیعە پڕۆئەمریکی و ئێرانیەکان وەڵام بدەنەوە . بەڵام مادلین ئۆلبرایت ٢٠ ساڵێك لەمەوبەر بە ئەخلاقێکی زۆرشەفافانە وەڵامی ئەوپرسیارەی داوە ؛ کاتێك ڕۆژنامەنووسەکان لیێان پرسی ڕات چییە لەسەر ئەوەی لەبەر درێژەی گەمارۆی ئابوری ڕۆژانە ٥٠٠ مناڵ لە عێراق دەمرێت ؟ ئەوە ووتی ؛ ئەوە ئەو نرخەیە دەبێ بیدەین بۆ ئازادی ! بەڵام ، خۆ ئەو تاقە کەس نییە گوفتارو ڕەفتاری هەبووە لە سەر ژیانی مناڵانی عێراق !

بە پێ ی هەندێ سەرچاوەی میدیاو چاودێرە ئابوری و سیاسیەکان ، دوو ساڵێك لەمەوبەر لۆبیەکانی ئێران لە نێو پەرلەمانی عێراقی فشاری زۆریان هێنا بۆ دەرکردنی بڕیارێك لە پەرلەمانی عێراق، بەناو بۆ ” بەرژەوەندی ” مناڵانی عێراق بۆ بەخشینی پارەیەکی مانگانە بۆ مناڵانی قۆناغی سەرەتایی . ئەم فشارە هاوکات بوو لەگەڵ جێبەجێ کردنی سەفقیەکی تری دابینی کردنی خواردەمەنی مناڵان ( چبس و کێك ونوقڵ) لەلایەن کۆمپانیاکانی ئێران بۆ قوتابخانەکانی قۆناغی سەرەتایی لە خوارو ناوەراستی عێراق ئەم سەفقەیە سودی بێ ئەژماری دەخستە گیرفانی مفتەخۆرانی هەردوولا لەسەر حیساب کردنی مناڵ تەنیا وەکو بەکاربەرو بەرخۆرێك نەك وەکو بێ تواناترین توێژی کۆمەڵگە کە پێویستی بە کۆمەکی خێزان وبەرپرسیاریەتی دەوڵەتە!
لە ساڵی ٢٠١٦ هەر سێبەرە دەست ڕۆیشتووەکانی ئێران لە عێراق بە ناوی ئاین و پارێزگاری لە پاکی کۆمەڵگە لە ڕێگای یاساوە ویستیان مەی نۆشی و مەی فرۆشتن لە عێراق قەدەغە بکەن . بەڵام ، میدیاو ڕای گشتی لە عێراق دەریخست کە ئەوانەی بە دوای ئەم هەوڵەوە بوون بریتی بوون لەوانەی کە رای گشتی بەوە تاوانباری دەکردن کە ڕێکخەری بازرگانی مادەهۆشبەرەکانن لە نێوان عێراق و ئێران !

بەڕێوەبەری پۆلیسی بەسرە (عبدالکریم المیاحي) لە لێدوانێكی بۆ سایتی المۆنیتەر، بە درشتی دێتەوە سەر ئەم باسەو ئەو دەڵێ :-
(( ئێمە لە تواناماندا نییە ئەو کەسە گرنگانە دەستگیربکەین کە لەپەنای مافیاکانی ترافیکی مادە هۆشبەرەکانن لە نێوان عێراق و ئێران ، ئێمە تەنیا دەتوانین کەسێك بگرین کە بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانی لەسەرساغ بووبێتەوە،یان هەندێ کەسی نێوەندگیرو دەڵاڵ بگرین کە فرۆشیارە یان دەیگێنێتە دەستی کریارە سادەکان. لە بارەی فراوان بوونی ئەم دیاردەیەش بەڕێوەبەری پۆلیسی بەسرە دەڵێ ڕێژەی بەکارهێنەران بە بەراوردی ساڵی ٢٠١٦ لە گەڵ ساڵی ٢٠١٥ دەبینین ڕێژەکە لە ( ٣٠٠% ) زیادی کردووە، ئێمە لە ساڵی ٢٠١٥ دا (٢٦١) کەسی بەکارهێنەرمان دەستگیر کرد ، بەڵام ئەو ژمارەیە تەنیا لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦ فڕی بۆ (٧٨٠) کەس ! ))

هەر لە پەیوەند بە گەشەی ئەم بزنسە لە بەسڕە ڕۆژنامەی (the guardian ) ی بەریتانی لە ڕۆژی ١٦ ئابی ٢٠١٦ ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە ، کە لەم ڕاپۆرتە قسەی یەکێك لە قاچاغچیەکانی مادە هۆشبەرەکان زۆر جێگای سەرنجە کاتێك دەلێت “ئێستا کەس قاچاغچێتی نەوت ناکا، ئێستا کریستال (جۆرێك لەمادەی هۆشبەر) نەوتی تازەیە ” . لە بەسڕە ، لەو شارەی زەهراء ی نۆمانگی بە دەستی باوکێکی کریستاڵ کێش کوژرا، زۆربەی بەکارهێنەران وموعتادەکان بریتین لەگەنجان و پیاوانی تەمەن نێوان ١٨ بۆ ٤٥ ساڵی ، کە بریتین لە بێکارو دانیشتووی گەرەکە هەژارنشینەکان . لەبەسرە مەی قەدەغەیە ، ئەم قەدەغە کردنە نرخەکەی گران کردووە ، لە بەرامبەردا یەك گرام کریستال نرخەکەی ٢٠ هەزار دیناری عێراقیە کە بۆ ماوەی ڕۆژێکی تەواو بێ هۆش وسەرخۆشت دەکا .
ئەم تراژیدیا مرۆییە لە ئێستای عێراقدا دەگوزەرێ، بەر لەهەموو شتێک بەروبوم و دیاری شەڕە یەك لە دوای یەکەکان کە بەناوی هێنانی (دیموکراسی) قەسابخانەیەکی هەمیشەییان لە عێراق جێگیر کرد.کە قەسابەکان جارێک جۆرج بۆش و بلێرە ، جارێک عەمامە لەسەرێکی ئاینیە کە دەیەوێ کۆمەڵگە بگۆڕێتەوە بە قازانجی تلیاک، جارێکیان قات لەبەرێکی حوکمڕانی کوردە کە دەیەوێ کەرتی گشتی تەندروستی هەراج و هەرزان بکات شەقێك لە ئایندەی هەموان بدات بە تایبەتی دایکان ومناڵانی کەم دەرامەت.

ئەم قەسابخانەیە زۆر دڵڕەقترە بۆ ژیان و تەندروستی ئایندەی مناڵ لەم ووڵاتە لە چاو بە تەمەنەکان ؛ ڕێکخراوی یونێسێف لە ڕۆژی مناڵان لەم ساڵدا ووتی (٥.٣) ملیۆن مناڵ لە سەرتاپای عێراق لە زۆربەی مافە سەرەتاییەکانیان بێ بەشکراوان . ئەم ژمارەیە کێ ئاوڕی لێدەداتەوە ؟
بە دڵنیایی هیچ حوکمرانێکی عێراق بە کوردستانیشەوە ئاوڕی لێ ناداتەوە ، قۆناغی دوای ٢٠٠٣ بریتیە لە جەند میتۆدێك و ئەجێندەی نامرۆڤانەو مانیفێستی سودپەرستی ترسناك کە کورت دەبێتەوە لە:- چیت پێ دەکرێ بیکا بۆ قازانج بۆ تاڵانی . چیت پێدەکرێ بیکا بۆ بێ بەها کردنی زیاتری ژیان ومرۆڤ و روبارو ئاسمان . ئاو ئاودیو کە . گورچیلە بکڕەو بفرۆشە . مەعاشی خەڵك و سەرچاوەی بژێویان بدزە . دەرمانی خراپ بهێنەو چاوی نەخۆشانی پێ کوێر بکە . مەی قەدەغە بکە و کریستاڵ بهێنە . پەپولەیەکی ئەشکەنجەدراوی نۆ مانگی شەهادەی وەفاتەکەی تەزویر بکە نەبادا دیاردەی تلیاك و کریستال کێشێ پێ تاونبار بکرێ . ڕژێمێکی فول هۆشبەر دامەزرێنە، دەستێکی لەسەر ئایدیۆلۆژیاکانی ناسیۆنالیزم و دین و گەوجاندن بێ ،دەستێکی لەسەر دڵرەقی ئیمپریالیانەی ئۆلبرایت بێ !




ئەفسانەی کۆپتەرە نەناسراوەکە ! … ڕزگار عومەر

ئەمساڵ ؛ چەند جارێك دەستەواژەی ” کۆپتەری نەناسراو ” دووبارە بوو ، جارێك بۆردومانی هەڕەمەکی شوانە کوردەکان دەکا ، جارێك و دووجار بۆردومانی باخچەو بێستان و ٦ هەزار دۆنمی ئاغجەلەر دەکا، جارێکیتر تەقە لە ماڵی بەڕێوەبەری ئاسایش لە تەقتەق دەکا ، هەندێ جار خواردن و تەقەمەنی بۆ داعش فڕێ دەدا ، ئەوا ئەمجارەش دیسان کۆپتەری نەناسراو بە پێ ی هەواڵەکە کە لە زاری سەرچاوەیەکی هەواڵگریەوە وەریان گرتووە ! بێجگە لەوەی ٥ سەعات بۆردومانی هەرەمەکیان کردووە دواترهەندێ لە سەرکردەکانی داعشیان لە ناوچەی ساری تەپە لە پارێزگەی کەرکوك گواستۆتەوە بۆ شوێنێکی نادایار !

لێرە ، میدیا و سەرچاوەی هەواڵ (جا هەوڵگری بێت یان سەربازی بێت) خەریکی هەمان یارین کە بریتیە لە یەك وشە ئەویش ” گەوجاندن ” ، بەڵام گەوجاندنێك کە ڕەنگە تەنیا بەشێکی کەم لە هاوڵاتیان و خوێنەرانی پێ قەناعەت بکەن . لە ڕووی تەکنەلۆژیای سەربازیەوە ، لە رووی بارودۆخی هەستیاری سەربازیەوە ، سوپای زلهێزەکان لە ناوچەکە ، سوپا ئقلیمیەکان ، هەرچوار ئاسمانی عێراق و سوریا و تورکیان خستۆتە ژێر تەرکیزێکی سیستیماتیك دایەو ئاگایان نەك تەنیا لە کۆپتەرو موشەکی یەکترە بەڵکو ئاگایان لە کۆلارەی منداڵانیشە !

هەتا بڵێ ی گەمژانەیە ، کە ” ڕادار” ە هەرە سەرەتاکانی جەنگی دووەمی جیهانی دەیتوانی دەست نیشانی ئەوە بکا فڕۆکەی دوژمن یان دۆست لە ئاسمانە ، کەچی هێزەکانی ناتۆ لە هەولێر و سلێمانی ، سوپای عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە هەموو موتەحیر ماون لە دەست ئەم کۆپتەرە نەناسراوانە !! کە بێچگە لەوەی بە ئارەزووی خۆیان سەرەکردەی داعش دەگوازنەوە ، پێچ سەعاتیش بۆردومانی هەڕەمەکی دەکەن یەك ڕادەریش کەشفیان ناکا ؟؟

ئەم درۆیە هەتا بڵێ ی هەم لە ڕویی سەربازی ، هەم لە ڕووی سیاسیەوە زۆر منداڵانەیە ! دەزانن بۆ ؟ زۆربەی ناوچەکانی هەرێم ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە کە کاتی خۆی UN لە سەرەتای نەودەکان بە بڕیارێک دژ بە رژێمی سەدام دەریکرد وەکو ناوچەی ” دژە فڕین ” . لە نەوەدەکان ئەوان لە ڕێگای ڕادارەکان بە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە لە وڵاتی عێراق دەیانزانی کە فڕۆکەی عێراقی هەڵساوە یان نا ، ڕیکۆردی ئەوسای ناتۆ و یو ئێن پڕە لەو ئینزارانەی کە داوایانە بە ڕژێمی عێراق لەسەر هەڵفڕین و جموجۆڵی هێزی ئاسمانی عێراق لە سەردەمی نەوەدەکان ، ئەی خێرە ئێستا هەر لەم ناوچەو ئەم وڵاتانە ئەم هەموو تەکنۆلۆژیە سەربازیە حەیران ماوە بە دەست ئەم فڕۆکە نەناسراوانەی ئاسمانی کوردستان کە ماڵی بەرپرسی ئەمنی گولەباران دەکان ، باغ و باغات دەسوتێنن ، ٥ سەعات هەر بۆ تەرح بۆردومانی هەرەمەکی دەکەن و دوایش هەر بۆ خۆشی تەواو کردنی ئەم یاری و گەمژاندنە سەرکردەکانی داعش بۆ ناوچەیەکی نادیار دەگوازنەوە !

ڕاستی ئەوەیە لە ئێستای ئەم ناوچەیە، جموجۆڵێکی سەربازی نییە جا چ لە زەوی بێت چ لە ئاسمانەوە بێت زانراو نەبێت ! بەڵام ، ئەوە بەرژەوەندی موخابەراتی و ستراتیژیە کە وا دەکات تەنانەت جموجۆڵە ناسراو و موسبەتاکنیش بە جۆرێك لە تامی ئەفسانە موتوربە بکرێن ، دەستەواژەی ( نەناسراو و نادیار )بەشێکە لە بێ ئیرادە کردن ی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەو زاڵ کردنی حەقیقەتی حەیابەرو سکانداڵ بە تامی ئەفسانەو غەیب . لە هەر ئەفسەرێکی سوپایەکی ناتۆ بپرسی ؛- لەکاتی جەنگدا رادار لە سەر وشکایی یان لە ژێر دەریا یان لە ئاسمان ئەگەر تەنێکی بە دی کرد ئەگەر هی خۆمان نەبوو هی کێیە ؟ بێ گومان وەڵامەکەی ئەوە دەبێت هی ” دوژمنە ” و دەبێ بخرێتە خوارەوە یان نقوم کرێت یان تێک بشکێنرێت . لە کوردستان هەتا ئێستا یەک بەرپرسی ئەمنی جورئەتی نییە لێدوانێك لەسەر ئەم فڕۆکە ” نەناسراوانە ” بدات ! ئەرێ ئەم فڕۆکانە ئەگەر دۆستن بۆ باغ و باغاتمان لێ دەسوتێنن و یارمەتی داعش دەدەن ؟ ئەگەریش ” دوژمنن ” بۆ پیاوێك نیە گولەیەکیان تێ بگرێت ؟

هێلیکۆپتەری نەناسراو ژمارەیەک سەرکردەی داعش بۆ شوێنێکی نادیار دەگوازێتەوە
http://www.wishe.net/details.aspx?=hewal&jmare=2484&Jor=1
کۆپتەرێکی نەناسراو تەقە لەماڵی بەڕێوەبەری ئاسایش دەکات
پێنج شەممە, 13 تشرینی یەکەم 2016 16:37
http://www.kurdiu.org/index.php/ku/news/kurdistan/23977
چەند کۆپتەرێکی نەناسراو شەش هەزار دۆنم زەوی دەسوتێنن
Aug 28, 2016
https://www.youtube.com/watch?v=Myq1nC-d1Dc