دوونیای ئەمڕۆ … ڕیاز حاجی
بێگومان لەچوارچێوەی ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە تەواوی دوونیای ئەمڕۆ کارکردن بووە لەسەر ڕەخساندن و باشتر کردنی ئەم جیهانە، جیهانێک یاخود بنیادنانی دونیایەک بەو مانایە نا بەهەشتێک لەم سەر زەمینە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا بنیات بنێ، بەڵکو دەرفەتی کۆکردنەوەی هەموو دیدە جیاوازەکانی هەبێت، بێ جیاوازی ڕەنگ و زمان ئایدیا، گەر سەرەنج بدەین بە ئاشکار هەست بە جۆرە ڕەهایەک لەنێو کۆمەڵگای کوردی تەشەنەی کردووە ترسناکی لە بابەتی دینی و سیاسیدا بە موقەدەس کردنی وەک ئەوەی لە باوانە یاخود بەپێی شوێنی جوگرافیا بۆیان مابێتەوە، ئەم شێوازە هەم بۆ دین هەم بۆ لایەنە سیاسیەکەشی جیاوازیەکی وای تێدا بەدی ناکرێ، ئەوەی من بڕوام پێیەتی ناکرێت بە دەقێکی دینی هەرچی ئازادی بیرکردنەوەو ئازادی باوەڕ بەیەکەوە ببەسترێتەوە ئەکرێ لە چوارچێوەی ئەخڵاقی هەموو کردارێک شایەنی هەڵوەستە لەسەر کردن بێ، بە تێگەیشتن لەپرسەکان.
لەکۆمەڵگای کوردی بە هەموو هێزە دینییەکانەوە ئەیانەوێت ئازادی بیرکردنەو ئازادی بیروڕا دەربرین سنوردار بکەن، گەر وشیار نەبین لە چەند ساڵی داهاتوو ڕەنگە سانسۆر لەسەر جل و بەرگ و جوداکردنەوەی نێر و مێ هەر لە قۆناغی سەرەتایی تا دەگاتە دووا قۆناغەکانی خوێندن کاری پێبکرێت، دین لە یەک کاتدا ببێتە بە مەرجەعی هەموو پرسە گرنگەکانی نێو کۆمەڵگا لە سیاسەتەوە بگرە تا دەگاتە فیکر و ئەخڵاق و فەرهەنگ و کڵتور لێرەوە لەڕێگای بە ڕەها کردنی لەڕێگای وتار و دەقە دینییەکان و سەپاندنی بەسەر تەواوی کۆمەڵگا ، لەپاڵ هەموو ئەمانەشدا ڕەنگە هەر لەبەر ئەم وتارە بەگژمدابچنەوە یان بەکافر کردنی نوسەری کتێبێک.
دیدێکی گشتگیر و هەمان تێڕوانینن لە هیچ هێز و لایەنێکی تر قبوڵ ناکات واتە هیچ فکرێکی تر قبوڵ ناکات ببێتە مەرجەعی سیاسەت و ئەخڵاقی کۆمەڵگا بە گشتی، واتە دەیەوێت هەموو هێزەکانی تر لەژێر ڕکێفی خۆیەوە بن گەر لەشوێنی کێشە ببێتە چارەسەریش یان لەشوێن پێکدادان ببێتە هێمنی و سەقامگیریەکی گشتی.
لە بنەڕەتەوە ئازادی بیرکردنەوە شێوەیەکی ئازادی تاکە بۆ باشترکردنی دوونیا تا بە ئەمڕۆ گەیشتووە ئینسانیەت بچەسپێنن بێ ئەوەی ئایدۆڵۆژیایەک بچەسپێنن بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا هەر تاکێک لە خۆیەوە هەوڵی باشترکردنی ژیان بدا لەم هەسارەیەدا، دوونیای ناوەوەی مرۆڤ هەمیشە تاکەکان بەدروستکردنی و دەوڵەمەند کردنی چەندین ڕەنگ، ڕێ لەوە بگرن ئینسانەکان ببن بە کۆپی یەکتر بەپێی تێگەیشتن و عەقڵ و ویست و خەیاڵی خۆیانەوە دابڕێژن و کاری بۆ بکەن، تا ئەو ئاستەش ئەتوانم ڕێگە بەخۆم بدەم بڵێم بەڵام ڕێژەیانە کە تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی نەک هەر ڕەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیاکەیان نیین بەڵکو بە ڕێژەیەکی زۆر پێچەوانەن، ڕوونتر بڵێم: ” تاکی کۆمەڵگای کوردی ئامادەیە لەپێناو ئیسڵام خۆیان ئینتیحار بکەن لێ ئامادەنین لەپێناویدا بژین” نیفاقی کۆمەڵگای کوردی و ڕووکەشیانە مامەڵەکردن لەسەر پرسە گرنگەکان بە ناوەڕۆکێکی بۆشەوە، پەروەردەو بەرپرسیاری و ناهۆشیاری هەم تاکەکانی کۆمەڵگاو هەم لەسەر بونیادی گشتی دا تاکێکی دۆگما ئەپڕژێنێتە نێو کایە سیاسی و ڕۆشەنبیری و کۆمەڵایەتیەکان بەرەو هەڵدێر دەبات و ئەبێتە هۆی درووستبوونی جەنجاڵی و نانەوەی ئاژاوەو یەکتر قبوڵ نەکردن بەڕەنگ و ئایدۆڵۆژیا جیاوازەکانەوە، ڕوونتر بڵێم ئاستی وشیاری تاک لە ئاستێکی نزمدایە بۆیە سەرەتا وا پێویست دەکات بەگژ تاک دا بچینەوە تاک ڕۆشنبیر بکرێت و بتوانێت فراوانتر بڕوانێت و ئایدۆڵۆژیاکەی تێبپەڕێنێت نەک بەردەوام پیرۆز کردن و بە ڕەها کردنی باوەڕەکەی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکات بە مانایەکی تر دوونیا بینینی تەنێ لە یەک لایەنەوە نەبێ بەڵکو گشتگیری و ئافراندنی توانایەک کە بە ئاسانی جگە لە ئایدۆڵۆژیاکەی بە شێوازێکی ناشیرین مامەڵە یاخود بەرپەرچی باوەڕی تر نەدات بێ بەڵگەو تا دەگاتە ئاستی تانەدان بەشێوازێکی ناتەندروست، باشتر وایە لەو چەقبەستوویەوە دەرباز بین دید و شێوازی بیرکردنەوەکانمان بگۆڕین بێگومان ئەمەش لەچوارچێوەی مۆڕاڵی گشتی و ڕێزگرتن لە موقەدەسەکانی یەکتر بەبێ سوکایەتی پێکردن، بێگومان ژیان جوانتر ئەبێ بە ڕێز گرتن لە شکۆی تاک و یەکتر قبوڵ کردن بە ڕەنگە جیاوەزەکانەوە.
بە نیسبەت ئازادیەوە یەکێکە لە سەرەتایترین مافی تاک دادەنرێت،تاوەکو ئەو تاکە بوێرانە بە پڕاکتیکردنی ئەو ماف و خواستانەی خۆی بکات، کە پەیوەستە بە تێگەیشتن و دوونیا بینینی تاکەوە ، بەبێ ئەوەی هیچ لەمپەر لەبەردەمیدا دروست بکرێت چ جای کەلتوری یان ئایینی بێت ،ئەمەش بە بوونیاد نانی ژینگەیەکی لەبار لە ژێر سایەی یاسایەکدا کە کەلەسەرەتاوە هەڵگری پەیامی مرۆڤایەتی بێت ،بێ ئەوەی کاریگەری هیچ ئایدۆڵۆژیایەکی پێوە دیار بێت ڕوونتر بڵێم نەچەسپاندنی ئەم یاسایە بەسەر تاک بە تاکی کۆمەڵگا ، لە کۆتایدا ئازادی لای من بە مانای بەڕەڵای و سنور بەزاندن نییە، کە زۆرێک وشەی ئازادی تایبەت بڵێم شوێنکەوتووانی ئاینی بەم جۆرە شرۆڤە یاخود پێناسی دەکەن.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــ
ڕیاز حاجی
بە هەزاران کەس داوای بایکۆتکردنی کالای تورکیا دەکەن … ڕیاز حاجی
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ داواکردنی هاوڵاتیان بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی زیاتر دەبێت، لە ئێستادا لە گرپی “بایکۆتی شتومەکی
تورکی” لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، زیاتر لە۱٥۰ هەزار کەس بەشداری کەمپەینێک بوون و پێکەوە داوا لە تەواویی هاوڵاتیان دەکەن کە شتومەکی تورکی نەکڕن، لەمیانەی هێرشە بەردەوامەکانی چەکدارانی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، لەبەرامبەردا کوردانی باشوور و دەرەوەی کوردستانیش بایکۆتی کالای تورکیان ڕاگەیاندووە، دروستبوونی قۆناغێکی نوێ لە شۆڕش گەر نەشتوانن بەژداری لەهێرشەکانی چەکدارەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا بکەن ئەوا دەتوانن لەڕێگای بایکۆتکردنی کاڵای تورکیا و زەرەرگەیاندن بە ئابووری تورکیا بەژداربن. ئەم قۆناغە پێویستی بە پشتگیریەکی زۆری هاوڵاتیان هەیە یەکەم کارێک هۆشیاری هاوڵاتیان لەسەرووی هەموویانەوەیە بۆ بایکۆت کردنی کالای تورکیا..
شۆڕشێکی جیاواز
کورد بە درێژای مێژوو خاوەنی دەیان سەرکردەو دەیان شۆڕش و شێوازی بەرگری بوونە گەر لە سەدەی نۆزدەهەمەوە بڕوانیین لەسەردەمی میرنشینەکان میرەکانی کورد خاوەن دەسەڵات و زەوی بوونە لەگەڵ هێزێکی زۆر لە چەکدار کە ڕێژەیان بە نموونە میرنشینی سۆران خاوەن ۳۰ هەزار سەرباز بووە جێگای باسە خەرجی ئەم سووپایە لەسەر گوند نشینان بووە ئەمەش وایکردبوو بارگرانیێکی زۆر دروست ببێت ئەمەش ڕێک پێچەوانەی ئەو شۆڕشە نوێیەیە کە باسی دەکەم؛
“سەرکردەیەکی جیاواز، شۆڕشێکی جیاواز”
مەهتما گاندی کاتێک سەرکردایەتی هیندییەکانی دەکرد شۆرشێکی نوێ بەکارهێنا بۆ ئەوەی لە دژی بەریتانییەکان بوەستێتەوە کە ئەم شۆڕشە کە بە بێ شەڕ و چەک وە بێ ئەوەی ئاژاوە بنێتەوە داوای لە هاوڵاتیان دەکرد بایکۆتی کاڵای بەریتانی بکەن و هیچ بازگانی و مامەلەیەک لەگەل بەریتانییەکان نەکەن ئەمەش وایکرد کە دەسەڵاتدارانی بەریتانیایی ناچار بە گفتووگۆ کرد توانیانیان مافی زیاتر وەدەست بخەن.
بایکۆتکردنی کاڵای تورکی جوانترین و هێمنترین شێوازی پیشاندانی توڕەی خەڵکی باشوورە بەرامبەر بە هێرشە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها زەرەر گەیاندن بە ئابووری تورکیا بۆ ئەمەش پێویستی بە ڕێژەیەکی زۆر هاوڵاتیانە بۆ ئەوەی پشتگیری ئەم کەمپینە بکەن بۆ بایکۆتکردنی ئەو بەرهەمانەی کە کاریگەری ناکاتە سەر ژیانمان بەتایبەتی، وە ڕێگرینەکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم جۆرە کەمپینانە، لە کاتێکدا دەبێ زیاتر گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆی بدرێ بۆ پڕکردنەوەی شوێن بەرهەمەکانی وڵاتانی تر و بەتایبەت تورکیا چونکە جەنگی ئێستا ڕووبەڕوبوونەوەی تورکە، داخوازی زیاتری هاوڵاتیان بۆ بەرهەمە ناوخۆیەکان وادەکات بیر لە دروستکردنی کارگە و کارخانەی زۆری وەبەرهێنان بکرێت بۆ زیاتر تیشک خستنە سەر بەرهەمە ناوخۆیەکان و ئەمەش وادەکات ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان دابەزێت بۆ ڕێژەیەک گەر هاوکاری و بەدواداچوونی باش لەلاین سەرمایەدارانی ناوخۆ و حکومەتی هەرێمی کوردستان.. جێگای باسە حکومەتی ناوەند بایکۆتی هێلکەی تورکیایان کرد لە ماوەی یەک هەفتە هەشت بازرگانی تورک ئیفلاسیان کرد ڕوونە بە تێـپەڕ بوونی کات و هەوڵدان و بەردەوامی لەسەر ئەم جۆرە کەمپینە، دەرەنجامێکی باشی دەبێت و گورز بە ئابووری تورکیا دەگەیەنێت و ئەم کەمپینەش هیچ بڕیارێکی سیاسی لە پشتەوە نییە بۆیە گەر هاوڵاتیان پشتگیریەکی تەواوبن دەبێتە کڵتور.
ڕیاز حاجی
لە چاوەڕوانی”گۆدۆ” … ڕیاز حاجی
ڕۆحم کڵۆم بووە
دەنێو ئەم گێژەڵوکی گومانەدا ،
بەجێ ماوم .
سەر دەرناکەم ، لەم تراژیدیای ژیانە ،
زۆر جار
وەک گۆدۆ هەر چاوەڕوانم و
بۆ نادیار ئەڕوانم.
دوای
هەموو پەیڤەکانم،
هەموو نامەکانم ،
هەموو وێنا کردنێکەوە
دووکەڵی جگەرەکەم بەری ئاسمان دەگرێت
و ئاسمان تاریک دەبێ.
لەنێو
ئەم جەنگەڵی”بەردە”دا دەمێنمەوە .
بێهودە
بەدوای نهێنی خەمەکانمدا دەگەڕێم.
لەسەر شۆستەکان
بەدوای هاوڕێ منداڵەکانم دەگەڕێم .
لەنێو لەپم،
بەدوای خەتی بەختم دەگەڕێم .
بێ وچان
لەنێو کتێبی پێشینان ،
ڕەمزەکان دەخوێنمەوە.
بەدوای نهێنی ژیان و
سەربوردەی
ئەفسانە کۆنەکان دەگەڕێم .
لە کۆتایی
ئەم جەنگە خەم هێنەرەدا ،
لەژێر
سێبەری حەسەرەتی “چاوەڕوانی”
هەپڕون بە هەپڕون بووم.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ڕیاز حاجی
ئایین لەپێناو مرۆڤە نەک خودا … ڕیاز حاجی
ناوی کتێب :کۆماری پێغەمبەر
نوسینی :عەبدولڕوزاق جوبران
وەرگێرانی لە عەرەبیەوە:کامەران زراری.
"ئایین لەپێناو مرۆڤە نەک خودا"
کۆماری پێغمبەر دەروازەیەکە بۆ ئاشنا بوون بە پرسی ئایین و گرفتەکانی خودا و مرۆڤەکانی ،زمانی نوسینی ئەم کتێبە لە ئاستێکی بەرزی ئەدەبی و فەلسەفی،عیرفانی ڕەوانبێژیدایە، نوسەر لەم کتێبەدا لە نیشاندانی بەلگەهێنانەوەی بازێکی گەورەی داوە بە شێوازێک لای نوسەر ماناو جوانی وتە گرنگترە لە خاوەن وتە و سەنەد و سەرچاوەکەی ،بۆیە نوسەر هەر بە سادەی و ڕووتی ناوی خاوەنی وتەکە دێنێ ،بێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەکەو چاپی کتێبەکە بکات،تەنانەت لە زۆربەی شوێنەکان ناوی سوورەت و ژمارەی ئەو ئایەتانەش باس ناکات کە بەکاری هێناون ،بۆیە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بناغەو پاشخانێکی مەعریفی و فەلسەفی و دینیی باشی دەوێت. وەک دەروازەیەکە بۆ ئاشنا بوون بە وجودیەتی باوەڕدار ،کتێبێکە بۆ ئەوانەی بە فۆڕمێک لە ئیسلام هەلخەلەتاون کە ئێستاشی لەگەلدابێت هەر وا دەلێنەوە :گوایە ئەوە زمانی، پێغمبەرەکەیانە، کەچی لە راستیدا ئەوەیە کە پێغمبەر بە خۆی فۆرمەکەی چوون ،ئێمەش بۆ فۆرمەکەی کاهین سوڵتانەکان ماینەوە .
له مێژووی ئیسلامدا قۆناغێک هەیە کە زۆرترین نیشانەی پرسیاری له سەرە ئەویش قۆناغی فتوحاتە ئەم کتێبە گێڕانەوەی مێژووی ئەو قۆناغە نییە بەڵکو هەڵماڵین و دەرخستنی ڕووی ڕاستی فتوحاتە ناساندنی ئەو سەربازانەیه کە ڕابەریی ئەو قۆناغەیان کردووە کە دواجار خوێنەر دەکەوێتە بەردەم ئەم پرسیاره ئایا ئەمانە سەربازی خودا بوون یان چەتەی خودا..؟
نووسەر بەڕاشکاوانە داوادەکات هەرگیز خوێندنەوە بۆ خوا و ئیسلام و پێغەمبەر لەڕێگەی مەلا و پیاوانی ئایینی و مەزهەب و فەقیهەکانەوە نەکەین و لەوبارەیەوە دەڵێت:( چونکە ئەو کات فیقهی تۆ دەبێتە خواوەندی تۆ نەک خودا) چونکە ئەوانە هەرگیز جێگەی متمانە نین و ئەسڵەن پەیامی ئیسلامییان بەتەواوی شێواندووە و تەنها بەرژەوەندی خۆیان کردۆتە سەنگ و پێوەر لە ڕاڤەکردنی پەیامەکەدا و چەندین درۆیان بەناوی پێغەمبەرەوە هەڵبەستووە کە ئەسڵ و ئەساسی نەبووە، ئاخر پێغەمبەرێک کە دەیفەرموو:( ئایین ئەوەیە خەڵک لە زمان و دەستت دڵنیا بن) کەی هی ئەوەیە هەڵسێت بەو هەموو خوێنڕشتن و کاولکارییە..! هەر پێغەمبەر بوو دەیفەرموو: ( هەر کەسێک لەپێناوی ماڵی خۆی بکوژرێت شەهیدە، هەرکەس لەپێناوی نامووسی خۆی بکوژرێت شەهیدە) واتە بەدەر لەلایەنە ئایینییەکەی ناوی دەنێت شەهید، کەچی پیاوی ئایینی و مەزهەبگەرا دەڵێت تەنها کاتێک شەهیدیت کە لەپێناوی ئایینەکەتدا بکوژرێیت و ئەسڵەن دەبێت لەپێناو ئایێنەکەتدا سڵ لە کوشتنی هیچ مرۆڤێک نەکەیتەوە جا پیاو بێت یان ئافرەت یان مناڵ!!! یاخود هەڵبەستنی ئەو فەرموودە درۆینەی کە دەڵێت: ( فەرمانم پێکراوە لەدژی خەڵکی بجەنگم تا ئەوکاتەی دەڵێن “لا ٳلە ٳلا اللە” ) بەڵام خۆ خوا بکوژ نیە، ئەگەر وا بووایە حەجاجی خوێنڕێژی دەکردە پێغەمبەر نەک موحەممەد.. هەر ئەمەشە وا لە نووسەر دەکات کە بڵێت:
( بردنەوە شکستهێنانە ئەگەر نەبێتە هۆی بردنەوەی مرۆڤایەتییەکی نوێ، هەر بۆیە لەلای خودا نان بدەیتە هەژاران چاکترە لە عیبادەتی هەزار ساڵ)، هەروەها دەڵێت: (ئەوانەی مانگا دەپەرستن و مرۆڤدۆستن نزیکترن لە خودا لەوانەی کە خودا دەپەرستن و دڕندەن، بۆیە جاری وایە خودا دادەبەزێتە سەر دڵی ئەو مولحیدانەی کە ئیلحادەکەیان لەپێناوی مرۆڤایەتییە، زۆرجار بتپەرست لە موسڵمانان زیاتر لە موحەمەد نزیکترە چونکە موحەمەد پێغەمبەری مرۆڤایەتیە نەک پێغەمبەری نوێژکردن، کەواتە ئایین بە ئەندازەی مرۆڤدۆستییەکەی دەپێورێت نەک بە ئەندازەی جۆر و بڕی ئایینەکە بەمانایەکی تر بەهای مرۆڤ لەڕووە مرۆییەکەیدایە نەک لە جۆری خواوەندەکەی).
هەر ئەم کتێبە پێمان دەڵێت تەواوی فتوحاتەکانی ئیسلام هیچی لە پێناو خودا نەبووە هەمووی بۆ بە دەست هێنانی سەروەت و سامان و غەنیمه و کەنیزەک بووە هەر لەم کتێبەدا پێمان دەڵێت
نە محەمەد ئیسلام بووە، نە بوزا بوزی بووە
نە عیسا مەسیح بووە ، ئەمانە بۆ خزمەتکردنی ئاینێک بە تەنها نەهاتوون ،بەڵکو بۆ رزگارکردنی مرۆڤایەتی هاتوون له کۆیلایەتی، نووسەر چەندین بەڵگه دەخاتە ڕوو و چەندین ئایەتی هێناوەتەوە نووسەر دەیەوێ پێمان بڵێت هیچ ئاینێک نیه بە تەنها بۆ گەیشتن بە خوداجگە لە مرۆڤ بوون مرۆڤبوون باشترین رێگایه بۆ گەیشتن بە خودا نەک کوشتن و خوێن ڕشتن له پێناو ئاین و به ناوی خوا. شایانی باسە بیرمەندی ئێرانی “د. عەلی شەریعەتی” لە وتەیەکیدا کە ئاماژەیە بۆ هەمان کارەسات دەڵێت:( بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی دروشمە پیرۆزەکان هەمیشە کارەسات و مەرگەساتیان دروست کردووە). نووسەر تەنانەت ڕوداوێکی مێژوویی کورت و پڕمانامان لەبارەی گڵاوی ئەو چەتانە و فەقیهەکانی پشتیان دەگێڕێتەوە و دەڵێت:
ــ پیرەژنێکی شاری سەمەرقەند پرسیار لە فەقیهی لەشکرێک دەکات پاش ئەوەی لەشکرەکە وڵاتەکەی داگیر دەکات و ماڵی تاڵان دەکات، پیرەژنەکە بە فەقیهەکە دەڵێت چ شتێک ئێوەی بۆ ئێرە هێناوە؟
ــ فەقیهەکەش دەڵێت: خودا ئێمەی بۆ ئێوە ناردووە..
ــ پیرەژنەکەش دەڵێت: پێشتر نەمزانیوە کە خودا چەتە و دزی هەبێت.
ئەم وتەیەی نووسەر کە کۆی مەبەستی نووسەر لەکتێبەکەدا دەگرێتەخۆ کە دەڵێت:
“کەوابێت ئەی کاکی موسڵمان ئاگاداربە کە فەقیهو مەلا و پیاوی ئایینی ناوت بنێت ئیماندار، ئەوکاتە دەست لەخودا بشۆوە و دەستنوێژی بیروبۆچوونەکانت لەبیرببەوە، لەوەش تاڵتر ئەوەیە کە لەناویاندا بمریت..وریابە کەسێک فێرت بکات کە زۆردار مرۆڤێکی مەزن و شکۆمەند بووە ئەوا مێژووی لێت دزیوە..ئەگەر فێری کردیت لەپێناوی جیهاد بکوژرێیت ئەوا خوێنی لێت دزیوە…ئەگەر مرۆڤت کوشت ئەوا دەستەکانتی دزیوە.. ئەوەی فێرت بکات کە عیشق حەرامە ئەوا خۆشەویستی لێت دزیوە…ئەوەی فێری چوونە مزگەوتی دەوڵەمەندەکانت دەکات ئەوا نوێژی لێت دزیوە.. کەسێک فێرت بکات ئەوەی سەر بە ئایینی تۆ نییە کافرە، ئەوا ئیمانی تۆی دزیوە..کەسێک فێرت بکات کە خوێن و نامووس و ماڵ و سامانی کافر حەڵاڵە ئەوا مرۆڤایەتی لێت دزیوە…
…ئەوەی بەناوی حیللەی شەرعی فێری درۆت دەکات ئەوا ڕاستگۆیی لێت دزیوە…) بۆیە چەقی پەیامی پێغەمبەرئەوەبوو کە خەڵک ئازاد بکرێت لە پەرستنی مرۆڤەکان، بەرەو پەرستنی خودای مرۆڤەکان”
لێرەوە بە پەڕەگرافێک لاپەڕە ۲۳۱ـ۲۳۲ی کتێبەکە کۆتایی بە باسەکە دێنم:
هەردەم کێشەی نیشتیمان (دەسەلاتەکەی) بووە ،
وەک چۆن کێشەی ئایین (پیاوەکانی)بوون ،لەمەشەوە وا پێدەچێت دەستورێکی مێژوویی لە ئارادا بێ ،کە هیچ لادانی تێدا نییە لە ئایین و نیشتیمان ،ئەم پرسە هەردەم لەگەڵ کات کۆتایی دێ ، کە پێغمبەر باجی پیاوەکانی بدا ،هەروەک گەلیش باجی دەسەلاتەکەی بدا،پێغمبەر ئایینەکەی بە هۆی پیاوەکانی لەدەست بدا ،وەک چۆن گەڵ بەهۆی دەسەلاتەکەی نیشتیمانی لەدەست بدا ،ئەو کات هیچ تامێک بۆ ئایین وبۆ نیشتیمان نامێنێ. ئەو کات بۆ گەڕان بە دوای پێغمبەر و نیشتیمان لە سەرگەردانی دەستووری دەربەدەری و دوورەولاتی دەست پێ دەکات. بەلام مەنفای ئایین ناوەکییە،هەر وابێتەوەسەرگەردانیەکەشی ،بە پێچەوانەی نیشتیمان لە مەنفا جوگرافیەکەی. نیشتیمان بە پێیەکانی بۆی دەگەرێیتەوە،بەلام ئایین هەرگیز بۆی ناگەرێیتەوە ،تەنها بە دڵت لە هەموو بارێکدا گەڕانەوەکە خوێناوییە چ لە پێ ، چ لە دڵ .
کۆماری پێغمبەر دەروازەیەکە بۆ ئاشنا بوون بە پرسی ئایین و گرفتەکانی خودا و مرۆڤەکانی ،زمانی نوسینی ئەم کتێبە لە ئاستێکی بەرزی ئەدەبی و فەلسەفی،عیرفانی ڕەوانبێژیدایە، نوسەر لەم کتێبەدا لە نیشاندانی بەلگەهێنانەوەی بازێکی گەورەی داوە بە شێوازێک لای نوسەر ماناو جوانی وتە گرنگترە لە خاوەن وتە و سەنەد و سەرچاوەکەی ،بۆیە نوسەر هەر بە سادەی و ڕووتی ناوی خاوەنی وتەکە دێنێ ،بێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەکەو چاپی کتێبەکە بکات،تەنانەت لە زۆربەی شوێنەکان ناوی سوورەت و ژمارەی ئەو ئایەتانەش باس ناکات کە بەکاری هێناون ،بۆیە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بناغەو پاشخانێکی مەعریفی و فەلسەفی و دینیی باشی دەوێت.
وەک دەروازەیەکە بۆ ئاشنا بوون بە وجودیەتی باوەڕدار ،کتێبێکە بۆ ئەوانەی بە فۆڕمێک لە ئیسلام هەلخەلەتاون کە ئێستاشی لەگەلدابێت هەر وا دەلێنەوە: گوایە ئەوە زمانی، پێغمبەرەکەیانە، کەچی لە راستیدا ئەوەیە کە پێغمبەر بە خۆی فۆرمەکەی چوون ،ئێمەش بۆ فۆرمەکەی کاهین سوڵتانەکان ماینەوە .له مێژووی ئیسلامدا قۆناغێک هەیە کە زۆرترین نیشانەی پرسیاری له سەرە ئەویش قۆناغی فتوحاتە ئەم کتێبە گێڕانەوەی مێژووی ئەو قۆناغە نییە بەڵکو هەڵماڵین و دەرخستنی ڕووی ڕاستی فتوحاتە ناساندنی ئەو سەربازانەیه کە ڕابەریی ئەو قۆناغەیان کردووە کە دواجار خوێنەر دەکەوێتە بەردەم ئەم پرسیاره ئایا ئەمانە سەربازی خودا بوون یان چەتەی خودا..؟
نووسەر بەڕاشکاوانە داوادەکات هەرگیز خوێندنەوە بۆ خوا و ئیسلام و پێغەمبەر لەڕێگەی مەلا و پیاوانی ئایینی و مەزهەب و فەقیهەکانەوە نەکەین و لەوبارەیەوە دەڵێت:( چونکە ئەو کات فیقهی تۆ دەبێتە خواوەندی تۆ نەک خودا) چونکە ئەوانە هەرگیز جێگەی متمانە نین و ئەسڵەن پەیامی ئیسلامییان بەتەواوی شێواندووە و تەنها بەرژەوەندی خۆیان کردۆتە سەنگ و پێوەر لە ڕاڤەکردنی پەیامەکەدا و چەندین درۆیان بەناوی پێغەمبەرەوە هەڵبەستووە کە ئەسڵ و ئەساسی نەبووە، ئاخر پێغەمبەرێک کە دەیفەرموو:( ئایین ئەوەیە خەڵک لە زمان و دەستت دڵنیا بن) کەی هی ئەوەیە هەڵسێت بەو هەموو خوێنڕشتن و کاولکارییە..! هەر پێغەمبەر بوو دەیفەرموو: ( هەر کەسێک لەپێناوی ماڵی خۆی بکوژرێت شەهیدە، هەرکەس لەپێناوی نامووسی خۆی بکوژرێت شەهیدە) واتە بەدەر لەلایەنە ئایینییەکەی ناوی دەنێت شەهید، کەچی پیاوی ئایینی و مەزهەبگەرا دەڵێت تەنها کاتێک شەهیدیت کە لەپێناوی ئایینەکەتدا بکوژرێیت و ئەسڵەن دەبێت لەپێناو ئایێنەکەتدا سڵ لە کوشتنی هیچ مرۆڤێک نەکەیتەوە جا پیاو بێت یان ئافرەت یان مناڵ!!! یاخود هەڵبەستنی ئەو فەرموودە درۆینەی کە دەڵێت: ( فەرمانم پێکراوە لەدژی خەڵکی بجەنگم تا ئەوکاتەی دەڵێن “لا ٳلە ٳلا اللە” ) بەڵام خۆ خوا بکوژ نیە، ئەگەر وا بووایە حەجاجی خوێنڕێژی دەکردە پێغەمبەر نەک موحەممەد.. هەر ئەمەشە وا لە نووسەر دەکات کە بڵێت: ( بردنەوە شکستهێنانە ئەگەر نەبێتە هۆی بردنەوەی مرۆڤایەتییەکی نوێ، هەر بۆیە لەلای خودا نان بدەیتە هەژاران چاکترە لە عیبادەتی هەزار ساڵ)، هەروەها دەڵێت: (ئەوانەی مانگا دەپەرستن و مرۆڤدۆستن نزیکترن لە خودا لەوانەی کە خودا دەپەرستن و دڕندەن، بۆیە جاری وایە خودا دادەبەزێتە سەر دڵی ئەو مولحیدانەی کە ئیلحادەکەیان لەپێناوی مرۆڤایەتییە، زۆرجار بتپەرست لە موسڵمانان زیاتر لە موحەمەد نزیکترە چونکە موحەمەد پێغەمبەری مرۆڤایەتیە نەک پێغەمبەری نوێژکردن، کەواتە ئایین بە ئەندازەی مرۆڤدۆستییەکەی دەپێورێت نەک بە ئەندازەی جۆر و بڕی ئایینەکە بەمانایەکی تر بەهای مرۆڤ لەڕووە مرۆییەکەیدایە نەک لە جۆری خواوەندەکەی).
هەر ئەم کتێبە پێمان دەڵێت تەواوی فتوحاتەکانی ئیسلام هیچی لە پێناو خودا نەبووە هەمووی بۆ بە دەست هێنانی سەروەت و سامان و غەنیمه و کەنیزەک بووە هەر لەم کتێبەدا پێمان دەڵێت نە محەمەد ئیسلام بووە، نە بوزا بوزی بووە نە عیسا مەسیح بووە ، ئەمانە بۆ خزمەتکردنی ئاینێک بە تەنها نەهاتوون ،بەڵکو بۆ رزگارکردنی مرۆڤایەتی هاتوون له کۆیلایەتی، نووسەر چەندین بەڵگه دەخاتە ڕوو و چەندین ئایەتی هێناوەتەوە نووسەر دەیەوێ پێمان بڵێت هیچ ئاینێک نیه بە تەنها بۆ گەیشتن بە خوداجگە لە مرۆڤ بوون مرۆڤبوون باشترین رێگایه بۆ گەیشتن بە خودا نەک کوشتن و خوێن ڕشتن له پێناو ئاین و به ناوی خوا.
شایانی باسە بیرمەندی ئێرانی “د. عەلی شەریعەتی” لە وتەیەکیدا کە ئاماژەیە بۆ هەمان کارەسات دەڵێت:( بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی دروشمە پیرۆزەکان هەمیشە کارەسات و مەرگەساتیان دروست کردووە). نووسەر تەنانەت ڕوداوێکی مێژوویی کورت و پڕمانامان لەبارەی گڵاوی ئەو چەتانە و فەقیهەکانی پشتیان دەگێڕێتەوە و دەڵێت:
ــ پیرەژنێکی شاری سەمەرقەند پرسیار لە فەقیهی لەشکرێک دەکات پاش ئەوەی لەشکرەکە وڵاتەکەی داگیر دەکات و ماڵی تاڵان دەکات، پیرەژنەکە بە فەقیهەکە دەڵێت چ شتێک ئێوەی بۆ ئێرە هێناوە؟
ــ فەقیهەکەش دەڵێت: خودا ئێمەی بۆ ئێوە ناردووە..
ــ پیرەژنەکەش دەڵێت: پێشتر نەمزانیوە کە خودا چەتە و دزی هەبێت.
ئەم وتەیەی نووسەر کە کۆی مەبەستی نووسەر لەکتێبەکەدا دەگرێتەخۆ کە دەڵێت:
“کەوابێت ئەی کاکی موسڵمان ئاگاداربە کە فەقیهو مەلا و پیاوی ئایینی ناوت بنێت ئیماندار، ئەوکاتە دەست لەخودا بشۆوە و دەستنوێژی بیروبۆچوونەکانت لەبیرببەوە، لەوەش تاڵتر ئەوەیە کە لەناویاندا بمریت..وریابە کەسێک فێرت بکات کە زۆردار مرۆڤێکی مەزن و شکۆمەند بووە ئەوا مێژووی لێت دزیوە..ئەگەر فێری کردیت لەپێناوی جیهاد بکوژرێیت ئەوا خوێنی لێت دزیوە…ئەگەر مرۆڤت کوشت ئەوا دەستەکانتی دزیوە.. ئەوەی فێرت بکات کە عیشق حەرامە ئەوا خۆشەویستی لێت دزیوە…ئەوەی فێری چوونە مزگەوتی دەوڵەمەندەکانت دەکات ئەوا نوێژی لێت دزیوە.. کەسێک فێرت بکات ئەوەی سەر بە ئایینی تۆ نییە کافرە، ئەوا ئیمانی تۆی دزیوە..کەسێک فێرت بکات کە خوێن و نامووس و ماڵ و سامانی کافر حەڵاڵە ئەوا مرۆڤایەتی لێت دزیوە…
…ئەوەی بەناوی حیللەی شەرعی فێری درۆت دەکات ئەوا ڕاستگۆیی لێت دزیوە…) بۆیە چەقی پەیامی پێغەمبەرئەوەبوو کە خەڵک ئازاد بکرێت لە پەرستنی مرۆڤەکان، بەرەو پەرستنی خودای مرۆڤەکان”
لێرەوە بە پەڕەگرافێک لاپەڕە ۲۳۱ـ۲۳۲ی کتێبەکە کۆتایی بە باسەکە دێنم:
هەردەم کێشەی نیشتیمان (دەسەلاتەکەی) بووە، وەک چۆن کێشەی ئایین (پیاوەکانی)بوون ،لەمەشەوە وا پێدەچێت دەستورێکی مێژوویی لە ئارادا بێ ،کە هیچ لادانی تێدا نییە لە ئایین و نیشتیمان ،ئەم پرسە هەردەم لەگەڵ کات کۆتایی دێ ، کە پێغمبەر باجی پیاوەکانی بدا ،هەروەک گەلیش باجی دەسەلاتەکەی بدا،پێغمبەر ئایینەکەی بە هۆی پیاوەکانی لەدەست بدا ،وەک چۆن گەڵ بەهۆی دەسەلاتەکەی نیشتیمانی لەدەست بدا ،ئەو کات هیچ تامێک بۆ ئایین وبۆ نیشتیمان نامێنێ. ئەو کات بۆ گەڕان بە دوای پێغمبەر و نیشتیمان لە سەرگەردانی دەستووری دەربەدەری و دوورەولاتی دەست پێ دەکات. بەلام مەنفای ئایین ناوەکییە،هەر وابێتەوەسەرگەردانیەکەشی ،بە پێچەوانەی نیشتیمان لە مەنفا جوگرافیەکەی. نیشتیمان بە پێیەکانی بۆی دەگەرێیتەوە،بەلام ئایین هەرگیز بۆی ناگەرێیتەوە ،تەنها بە دڵت لە هەموو بارێکدا گەڕانەوەکە خوێناوییە چ لە پێ ، چ لە دڵ .
ڕیاز حاجی
بێشکچی نووسەرێکی ئازادیخواز … ڕیاز حاجی
بێشکچی دەڵێت :بۆ ئەوەی کورد ببێ بە خاوەنی خۆی پێویستە دوو کاری گرنگ ئەنجام بدات
یەکەم خاڵە ڵاوازەکانی ڕابردووی خۆی بزانێت و هەڵیان بسەنگێت،
دووەم یەکێتی نەتەوەی هەبێت و کاری بۆ بکەن.
…ئیسماعیل بێشکچی نووسەری ناوداری تورک خەڵکی (چروم)ە خاوەنی ٤۰ کتێب و دەیان وتار
و لێکۆڵینەوەی سیاسیە، زیندانچەشتووە لەسەر داکۆکی لە پرسی کورد، بێشکچی وەک نووسەرێکی ئازادیخواز کە هەمیشە دژی داگیرکاری و بە کۆیلەکردنی مرۆڤە لە هەر گۆشە و سوچێکی دونیا
دا بێت،بە جۆرێک دەربارەی کورد دەنوسێ وەک ئەوەی ماوەیەک لە پێستی نەتەوەکەی خۆی هاتبێتە دەرو بوبێتە کورد و هەموو ئەو ئازار و مەینەتیانەی چەشتبێت کە خۆمان_ وەک کورد هێندە لە ئاستیدا خۆش دەبووین دەشێ هەستی پێ نەکەین،بێشکچی لە غەفڵەتێکی ترسناک و خەونێکی قوڵ بێدارمان دەکاتەوەو ئاوێنەیەکمان دەداتە دەست و بێدارمان دەکاتەوە.
بێشکچی جیاوازی لەنێوان دوو جۆر کۆلۆنیالیزمدا دەکات یەکێکیان زادەی هەڵپەی وڵاتە پیشەسازیە سەرمایەدارەکانە لەپێناو دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ کاڵا بازرگانی و بەرهەمە پیشەسازیەکانیان و دەستگەیشتنیان بە سەرچاوەکانی وزەو مادە خامەکان لە جیهاندا،ئەم جۆرە کۆلۆنیالیزمە دوو قۆناغی سەرەکی پیادە دەکات،
یەکەمیان داگیرکاری ڕاستەوخۆ لە ڕێگای سوپاوە،
دووەمیان داگیرکاری ناڕاستەوخۆ لەڕێگای پاشەکشێ و بوژاندنەوەی ئیکۆنۆمی وڵاتە کۆڵۆنیەکان تاوەکو مادە خامەکانیان بە نرخێکی کەم لێ بکڕێ و سەرچاوە پیشەسازیەکانی بە نرخێکی گران پێ بفرۆشێ، ئەو مامەڵەیە کە ئەمریکاو خورئاوا بە گشتی لەگەڵ وڵاتە پۆست کۆڵۆنیەکانی دونیایی خۆرهەڵات ئەنجامی دەدەن لە دیدی بێشکچی هەرچەندە مەبەستی ئەم جۆرە کۆڵۆنیالیزمە هەڵپەو قازانجی ئابوورییە بە پڵەی یەکەم، بەڵام دیوێکی پۆزەتیڤیشی هەیە کە بریتیە لە گەشەی ئابووری وڵاتە کۆڵۆنیاڵەکان وکرانەوەیان بەسەر جیهانی دەرەوەدا، بەڵام جۆری دووەمی کۆڵۆنیالیزم کە ترسناکترین و بەدترین جۆری کۆڵۆنیالیزمە کەبریتین لەو داگیرکارییەی کە لەپێناو خودی ئەو داگیرکاری و سڕینەوەی کوڵتورییدایە، خاوەنی هیچ غایەتێکی ئابووری،بازرگانی،پیشەسازی نییە جگە لە غایەتی بە کۆیلکردنی بەرامبەر و تێکشکاندنی سەروەری مرۆی و کولتووری و نەتەوەیی، بە دەربڕینێکی تر ڵایەنی کۆڵۆنیالیست هەرگیز هەوڵ نادات ئابووری وڵاتە داگیرکراوەکان ببوژێنێتەوە بەڵکو کار بۆ داتەپاندنی زیاتری باری ئابووری و شارستانیان دەکا تاکو نەیانپڕژێتە سەر بیرکردنەوە لە ناسنامەو حەقیقەتی خۆیان و لەتاو هەژاری نۆکەرایەتی قبوڵ بکەن و لەبری شەڕی داگیرکەر شەڕی یەکتر بکەن، بێشکچی سیاسەتی ئەم جۆرە کۆڵۆنیالیزمە ناودەنێ سیاسەتی”پەرتکەـ زاڵبە” واتە پەرتیان بکە ئیدی بە ئاسانی بەسەریاندا زاڵ دەبیت، چونکە بۆ مانەوەی سەروەری لایەنی داگیرکەر دەبێ کۆیلە بندەستەکان هەست بە ناسنامەی هاوبەشی خۆیان نەکەن و هەمیشە سەرقاڵی بوغز گۆڕینەوە و شەڕی یەکتر بن، ئەو سیاسەتەی بە شێوەیەکی جەهەنەمی لە دژی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان پێڕەو کراوە.
بێشکچی دەڵێت :بۆ ئەوەی کورد ببێ بە خاوەنی خۆی پێویستە دوو کاری گرنگ ئەنجام بدات
یەکەم خاڵە ڵاوازەکانی ڕابردووی خۆی بزانێت و هەڵیان بسەنگێت،
دووەم یەکێتی نەتەوەی هەبێت و کاری بۆ بکەن. بێشکچی لە ساڵی ۱۹۹٦ لە ئەستەنبۆڵ کتێبی “کوردستان کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتییە” بڵاوکردەوە، بێشکچی کەسێکی دەروەستە(مڵتەزم) بە میتۆدی لێکۆلینەوەی زانستی و پشتگیری لە کێشەی گەڵان و نەتەوە چەوساوەکان دەکات ، ئیسماعیل بێشکچی چەندین ساڵ پێش ئێستا نوسیوێتی:کاتێک گەیشتمە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا بەچاوی خۆم میلەتێکم بینی لە ڕووی زمان و مێژوو نەریتەوە لە ئێمەی تورک جیاوازە، ئەم میلەتە بە خۆیان ناڵێن (تورکی چیا) هەروەک تورک پێیان دەڵێن، بەڵکو بەخۆیان دەڵێن ئێمەی “کورد” لە حەقیقە کۆنکرێتیەکانی مێژووی کۆن و نوێ و هاوچەرخی کوردستان حەقیقەتێک بەرجەستە دەبێت ئەویش کورد بۆ دەوڵەتە دراوسێکان و خەڵکانی تر مڵکەچ ناکات، هەروەها
لە هەمان کاتیشدا نەیتوانیوە سەربەخۆی سیاسی بەدەست بهێنێ و دەوڵەتێکی سەربەخۆ دروست بکات، بەڵکو تاکە نەتەوەیە ژمارەی دانیشتوانی لە (۳۰) ملیۆن کەس زیاتر دەبێت بەڵام قەوارەیەکی سیاسی نیە (۳۰ ملیۆن کەس بەپێی خەمڵاندنەکانی سالی ۱۹۹٦).
ئیسماعیل بێشکچی ئەم لایەنە بابەتیانە شی دەکاتەوە ودەست دەخاتە سەر ڵایەنی لاواز و پارچە پارچەبوون و پێکهاتەی چینایەتی و ڕەفتاری کارێزما سیاسی و ئاینییەکانی کۆمەڵگای کوردەواری و تیشک دەخاتە سەر ئەو فاکتەرە دەرەکی و ناوەکیانەی پەیوەندیان بە تراژیدیایی ئەم میلەتە کڵۆلەوە هەیە و چارەسەرکردنی کێشە درێژ خایەنەکانیش دەستنیشان دەکات، کوردستان دەکەوێتە ناوجەرگەی ڕۆژهەڵاتی نزیکەوە ئەمەش مانایەکی گرنگی هەیە کاتێک میڵەتێک لەناو جەرگەی ڕۆژهەڵاتی نزیک پەرتەوازەو دابەشدەکرێ یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەی نەوتی کوردستان بەپێی ئەو سیاسەتەی دژ بەکورد بەکار دەهێنن ناسنامەی کورد لەناوببەن لەم حاڵەتە پێویستە قەڵاچۆ بکرێن و کۆتایی بە بوونیان بهێنرێ واتە هەموو شێوازێک ئەگرنەبەر بۆئەوەی ئەو کەسانەی خەبات لەپێناو داواکاریەکان و مافەکانی کورد دەکەن پاکتاوی جەستەی بکرێن.
مافەکانی مرۆڤ و کورد لەتورکیا کورد بە مەرجێک چێژ لە ئازادییە گشتییەکان و یەکسانی وەردەگرێت کە نکۆڵی لە ناسنامەی نەتەوەی خۆی بکات لەبەر ئەوەی لەتورکیا پڕەنسیبی یەکسانی کە پڕەنسیبێکی بنەڕەتی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی
و مافی ئابووری و کۆمەڵایەتیە لەسەر کورد پیادە ناکرێت ئەگەر نکۆڵی لەناسنامەی کوردایەتی خۆی نەکات، بێگومان ڕەنگە بەزۆر ئەم کردارە ئەنجام بدرێت.
بێشکچی دەڵێت: ئێران کوردستانێکی هەیە
تورکیا کوردستانێکی هەیە، سوریا کوردستانێکی هەیە عێراق کوردستانێکی هەیە،
کەچی کوردەکان بۆخۆیان کوردستانێکیان نیە.
ڕۆمانی پۆست مۆدێرن، جۆرە نوسینێکی تایبەتە …. ڕیاز حاجی
ئەوە ڕاستە کە لە ڕۆمانی پۆست مۆدێرندا پەیوەندیەکانی هۆ و هۆکار دەڕوشێن و لێک دەترازێن و ناتوانرێت ڕۆمانەکە ئاراستە بکرێ و بناسێنرێ، ڕستەکان تا ئاستێک نادیار و نهێنی ئامێزن، وەکو خودی نووسەرەکە(مرۆڤ) پارچە پارچەو ناڕێک و پێکە، هەرچەندە زاراوەی پۆست مۆدێرنزمی لە ۱۹٦۰ بەدواوە ببوە شتێکی باو، بەڵام بەشێوەیەکی دیار (ژان فرانسۆ لیۆتار ) بوو کە لە ساڵی ۱۹۷۹ دا پەیدا بوونی ڕێبازی پۆست مۆدێرنیزمی ڕاگەیاند، ڕۆمانی پۆست مۆدێرن ڕیشەکەی بۆ پەیدابوونی ڕۆمانی شەپۆلی هۆش و ڕۆمانی نوێ لە فەرەنسا دەگەڕێتەوە تاوەکو ئێستا چەند کەسێکی وەک(دیڤید لاج،ئەیهاب حەسەن، دەیڤید لۆج، باری لیویس، دور فۆکما، برایان ماک هێل، میلان کۆندێرا) تایبەتمەندیەکانی ڕۆمانی پۆست مۆدێرنیان خستۆتەڕوو، ئەو تایبەتمەندییانەی، کە میلان “کۆندێرا” کە یەکێکە لە نوسەرە ناسراوەکانی پۆست مۆدێرنیزم، ئەو تایبەتمەندیانەی خوارەوە بۆ ڕۆمانی پۆست مۆدێرنیستی داناوە:
• پچڕ پچڕی (Discontinuty). گێڕانەوە پارچە پارچە و پچڕ پچڕە لەسەر شێوەی کۆلاژە، یەکێک لە تەکنیکەکان یادداشت نوسییە.
کاتێک خوێنەر ڕۆمانی(هاوزێ ) دەخوێنێتەوە توشی سەرلێشێوان دەبێت و هەست بە بزربوون دەکات، بە ڕادەیەک ڕووداوەکان پەرت کراون پێکەوە لکاندنیان
بۆ خوێنەر ئاسان نییە، بۆ وێنە:
دڵاوەر ڕەحیمی، ل۱۷
” گیڕۆدەو ئاڵوودەی ڕابردوویەکت کردم کە لێی هەڵدەهاتم، گیرۆدەی ئەو چیا و دۆڵ و کەندانەت کردم کە بێباکانە و بە چاوی نووقاوەوە تیایاندا گوزەرم کردبوو، یانژی لێی بپرسم، ئەرێ تۆ ئاقڵتری، ئەمەی من پیایدا دەگوزەرێم ناوی چی یە؟ ئەو چی دەگووت ؟ زارا چی دەکرد ؟ ئەو چی کردبوو ؟ ئەو دەموچاوی دەدا بەیەک سەیرێکی دەوروبەری دەکرد و دەیگوت: من؟ چیم لەتۆ کردووە؟ هاااا چی؟
• گێڕانەوەی باڵا(metanarration). گێڕانەوە هێلەکی و ڕاستەوخۆ و ڕاستاو ڕاست نییە.
لێرەدا بە ڕوونی خوێنەر درک بەوە دەکات کە ڕۆمانی ناوبراو کۆتایەکەی دەستنیشانکراو و ڕوون نیە، لەگەڵ ئەوەشدا چارەنووسی کارەکتەرەکان لەم ڕۆمانەدا زۆر تەموومژاوییە.
• سەروو ـ دەقی، یا دەقی بە باڵابوو(Metatexuality) لە خودی دەقەکەدا، هەمان دەق شرۆڤە دەکەن.
یەکێکی تر لەو تایبەتمەندییانەی کە ڕۆمانی پۆست مۆدێرنی پێ دەناسرێتەوە لە خودی دەقەکەدا، هەمان دەق شرۆڤە دەکەن
بۆ وێنە:دلاوەر ڕەحیمی ل.ل. ٨۹ ـ ۹۰
“دەنگێک نە ژەنگاوی، نە لە ڕەنگی خۆڵەمێشی و ڕەساسی، نە ڕەش و بۆر و مۆر، دەنگێک وەک دووکەڵ بەرز دەبووەوە، دەبوایە لەو گشتە دەنگ و بۆن و ڕەنگە، ببیستم و بۆنی پێوە بکەم. ڕەنگە ویستبێتم ئەویش لە کەڵێنێکەوە بێتە ناومەوە و ماڵێک چێ بکات. ڕەنگە پەست بووبم یان توڕە، بۆ نایەت لە کاسەی سەرمدا کە لە نیشتیمانێک بەرینترە ماڵێک چێ بکات، باڵەخانەیەک بینا بکات. تا نێزیکتر دەکەوتمەوە شپرزەتر دەبووم، بۆ نایناسم؟ جگە لەو گشتە دەنگ و بۆن و ڕەنگە، تەنیا دیوارێکی نزم و کۆن مابوو بگەمە لای. ناسیمەوە، بەڵام بە دیوارەکەدا ناسیمەوە. ساڵ ساڵ ساڵ چ ساڵێک بوو، ساڵ ساڵی چەند بوو، سی ساڵ لەمەوبەر بوو، سی ساڵ لەمەوبەر تا ئێستا ئەو دووکەڵە بەرز دەبێتەوە و کەس نایبینێ، کەس هەناسەی تەنگ نابێت. ئەو دەنگە بەرز دەبێتەوە و کەس گوێی کەڕ نابێت.
ئەم ڕۆمانە دابەشی سێ بەش دەبێ لە هەردوو بەشی یەکەم و دووەم دابەشی چەند وردە ئیشێک دەبن لە بەشی سێییەمدا باسەکە بەیەک ئاراستەش دەڕوات و نووسەر لەناو دەقەکە ئامادەیی هەیە، فۆڕمالیستە ڕووسییەکان بەو بابەتەیان دەگوت(ئاشکرا کردنی تەکنیک).
جارێکیتر ئەگەڕێمەوە سەر ئەو خاڵەی کە گوێزانەوەی سەرگەردانی و پەشێوی بۆ خوێنەر چونکە خوێنەر لە درککردن و تێگەیشتنی تەواوی دەقەکەدا تووشی سەرگەردانی و سەراسیمەی دەبێت، بۆ وێنە یەکێک لە تەکنیکەکانی ئەم کارە ئەمەیە نوسەر کاتەکان و ڕووداوەکان تێکەڵ بە یەکتری دەکات. بۆ وێنە لە سەرەتای بەشی یەکەم (فاروق) بریندارەو لەسەر جێیەو لەپڕ ئەم کارەکتەرە لە چیا زیندەگی دەکات، دوواتر لەناکاو کەسێکی کورتەبالا لە کارەکتەر بەدیار دەکەوێت ڕەوتی گێڕانەوەی لێ وەردەگرێ دەست دەکات بە گێرانەوەی ڕووداوەکانی ژیانی خۆی ، بەمەش فەزایەکی سەرسامکەر و پڕ لە ئیستاتیکا لەناو دەقەکەدا دروست دەکات کە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانی پۆست مۆدێرن کارەکتەرەکانی (هاوزێ) لە سەردەم و شوێنی جیاوازدا دەژین لەپڕ خۆیان بەناو گێڕانەوەی چیڕۆکی یەکتر دەکەن،لەهەمان کاتدا بە شێوەیەکی گشتی پاڵەوانانی ڕۆمانی پۆست مۆدێرن تەنیاو ڕەشبینن.
کاتێک باس دێتە سەر مرۆڤایەتی نوسەر ئەیەوێت ڕاستی ڕووداوەکان ون نەکرێن، بەتایبەت لەو کۆمەڵگایانەی تا ئێستا تاکەکان نەیان توانیووە سنورە ئاینی و نەریتیەکان تێبپەڕێنرێن بە گێڕانەوەی کۆمەڵە چیڕۆکێک لەگەڵ خۆت پیاسەیەکت پێ دەکات گەر بێتە سەر بابەتی مرۆڤایەتی خوێنەر وا هەست دەکات قۆناغەکانی تێپەڕاندوون وەلێ ڕووە ڕاستەقینەکان دەشارینەوە و خۆمانی لێ بێ بەری دەکەین. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا باسکردنی ورد و درشتی ئەم ڕۆمانە پێویستی بەوەیە خوێنەری بیت هەرجارەو ببیت بە ( فایەق، زارا، ئارام، فاتێ، گەڵاوێژ، سەرداری کەماڵ ئاغا، پێشمەرگە، جاش، عاشق، بێ وەفا، بە وەفا) کەچەندین چیڕۆکی شارەوە لەپشت (هاوزێ ) هەن ئەستەمە بەبێ خوێندنەوەی بیانبینین.
——————————–
سەرچاوەکان:
۱ـ ڕێبازە ئەدەبییەکان، د.سیروس شەمیسا.
۲ـ هاوزێ، دلاوەر ڕەحیمی.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ڕیاز حاجی
ئێوارەیەک …. ڕیاز حاجی
ئێوارەیەک پێت دەلێم: ژیانم لە دەستداوە
شەو و رۆژەکانم تژین لە تەنیایی.
پێت دەلێم:
ئیتر تاقەتی پیاسەی سەر شەقامەکانی دونیام نەماوە،
ڕۆحی خۆم دەکوژێنمەوە
لێرە بەدواوە هەموو شەڕابێک بەهەستی ژەهر ئەخۆمەوە.
نازانم! “بۆ دڵی خۆم فریونەدا و ئەم شارەم جێنەهێشت”
ئێوارەیەک پێت دەلێم: ئیتر تاقەتی هەولدانم نەماوە،
بۆ هەمیشە جێتدێڵم و هیچ ئومێدێکم بەم دنیایە نەماوە .
ڕیاز حاجی
ئێوارەیەک بەر لە مردن … ڕیاز حاجی
بەدبەختی
وێڵی کردووم ،ئازارەکانیشم
لە نێو خۆما پەنگی خواردووە،
نەئەکرێن بە شیعر و
نە ڕۆمانیش .
لەبەر خۆمەوە وڕێنە ئەکەم
نە کەسێک
لێم تێ ئەگات ، نە
خۆشم لە خۆم تێ ئەگەم ،
نازانم چی ئەلێم و چیم ئەوێت !
رەنگەکان
تێکەڵ و پێکەڵ ئەکەم ،
ڕەش و سپیم ،بۆ جیا ناکرێنەوە
رەنگەکانی تریش
بە هەمان شێوە.
بەم دەستە لەرزۆکانە،
ناتوانم قەڵەم بگرم .
چیتر شیعر نابێتە میوانم و
کۆتا شیعرم
بە نامۆیی ئەمێنێتەوە .
هەورێ ناکاتە باران !
تا دڵنەوایم بکا ،
من نازانم چۆن ؟ یان لە کوێ؟
گوڵی باخچەی هیوام ،
بە ئاوی ئومێد گەش ئەبێتەوە.
هەوا هێندە قورسە
هەناسەم تەنگ ئەبێ
خۆم نیازم وابوو دابەزم !
ئەڕۆم ئیتر ڕەنگە لەو دوونیا
درودی بەختەوەری ڕوم تێ بکات .
ڕیاز حاجی
کورد لەساڵێکدا چەند “کتێب” دەخوێنێتەوە؟ … ڕیاز حاجی
راپۆرتی گەشەپێدانی مرۆیی ساڵی 2003 دەرچوو لە یونسكۆ دەربارەی ڕێژەی خوێندنەوە دەڵێت:
80 هاوڵاتی عەرەب یەك كتێب دەخوێنێتەوە لە ساڵێكدا
یەك هاوڵاتی ئەوڕوپی 35 كتێب دەخوێنێتەوە لە ساڵێكدا
یەك هاوڵاتی ئیسڕائیلی 40 كتێب دەخوێنێنێتەوە لە ساڵێكدا
*ئینجا راپۆرتی گەشەپێدانی ڕۆشنبیری ساڵی 2011 دەرچوو دامەزراوەی هزری عەرەبی دەربارەی ڕێژەی خوێندنەوە دەڵێ:
عەرەب 6 خولەك دەخوێنێتەوە لە ساڵێكدا
ئەوروپی 200 كاتژمێر دەخوێنێتەوە لە ساڵێكدا
بەكورتی: خوێندنەوەى یەك ئەوڕوپی پێویستی بە 2800 عەرەب هەیە بۆ ئەوەی یەكسان بن،
یەك ئیسڕائیلی دەكاتە 3200 عەرەب لە خوێندنەوە.
یونسكۆ دەڵێ: ئەو كتێبانەی لە وڵاتانی عەرەب وەردەگێڕدرێت دەكاتە پێنج یەكی ئەو كتێبانەی لە وڵاتی یۆنان وەردەگێڕدرێت، ئەوەی عەرەب تەرجەمەی كردووە لەوەتەی هەیە لە سەردەمی خەلافەتی عەباسی ناكاتە تەرجەمەی ساڵێكی وڵاتی ئیسپانیا.
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بەهاو نرخی زانست و زانیاری ،بۆ هەموو کەسێک وەک پێویستی خۆراک ئاسایە ، کلتوری خوێندنەوە لەهەر شوێنێک “ناوچەیەک” باڵا دەست بوو دەرگا داخراوەکانیش بە ئاسانترین شێوە دەکرێنەوە، خوێندنەوە لەزۆر بەی کاتدا تاکی بیرکەرەوە و بەرهەمهێنەر پێ دەگەینێت ، بۆیە باشترین ڕێگا بۆ کرانەوە و بەرەوپێش چوونی کۆمەڵگا ،دەبێ کلتوری خوێندنەوە بچەسپێنن.
لە ئێستادا لە کۆمەلگای کوردی ، لە لایەن دەزگاو گروپ و سەنتەری ڕۆشەنبیری هەنگاوی باش نراون تا خوێندنەوە بکرێتە کڵتور ، بەرەوپێشچونی کۆمەڵگای کوردی و ئازادی بیرورا و تێڕوانینی گشتی بۆ پێشهات و ڕوداوەکان و شارەزا بوون لە مێژوو و شارستانیەتی گەڵان . وەک ئەوەی هەنگاو نراوە جێگای دڵخۆشیە وەلێ بەراوردکردنی بە وڵاتێکی وەک ئەوڕوپی کڵتوری خوێندنەوە لاوازە لەم کۆمەڵگایەدا ، وە هەژاری مەعریفەش لای بەشێکی کەم نەبێت ، لای ئەوانیتر وەک پێویست نەبووە ، وە ئاستی ڕۆشنبیری زۆربەی تاکەکانی نەک کامڵ نیە بەڵکو لە ئاستێکی زۆر لاوازیش دایە .بۆیە پێموابێت قوتابخانەکان کارگەیەکن بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤی تەمبەڵ و دروستبونی چینێکی نەخوێندەوار و بێ بەرهەم . ئەم چینەش ناتوانێت سەرەتایترین مافی هەبێت و تەنانەت کۆمەلگا بەرەو داڕوخانی هزری وکۆمەڵایەتی دەبات کارەسات دوای کارەسات بەسەر کۆمەلگادا دێت وەک ئەوەی ئێستا ڕوو دەدا، تەنانەت ئینتیمای نیشتیمانی لاواز دەبێت و کارەسات دەخولقێنێت.
ئێستا ئێمە لە سەدەیک دەژین بە سەدەی پێشکەوتن ناونراوە بۆیە ئەپرسم ئەبێ کورد لەسالێکدا چەند کتێب بخوێنێتەوە؟ ئەم پرسیارە بۆتۆی خوێنەر جێ دێلم .
بەداخەوە دەبێ ئەوە بڵێم ئێستاش کارە ناشیرینەکان لە زیاد بووندایە ،کۆمەڵگای وشیار و تاکی ڕۆشەنبیر لە بیر و کردارەوە بەدیار دەکەوێت ، گەر سەرەنج بدەین ئەبینین پێلاو و کاژێر و جلەکان بە جوانترین شێواز ڕازێندراینەوە لەناو جامخانەی شوشەدا لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین کریار وداواکاری هەیە..! بەڵام کتێبەکان هۆکاری سەرەکی چاوکرانەوەو ڕۆشنبیر بوونە “ڕۆشنبیر” بەو مانایەی ببێتە سیفاتێکی کەسایەتی لەناخدا بڕونرێت لە هەلسوکەوتەکان بەدیار بکەوێت ،کەچی دەبینین کتێب لە سەر شەقامەکان دەفرۆشرێن و نرخێکی تا ڕادەیەک هەرزانی لەسەر دانراوە داواکاری زۆر کەمیشی لەسەرە بۆیە لێرە ئەگەین بە ئەنجامێک لەناو کۆمەڵگای کوردی هیچ کات نەمانویستوە بەوشێوەیەی پێویستە بیر بکەینەوەو ژیان بگوزەرێنین، لێکدانەوەو چارەسەر بۆ کێشەکانمان
بکەین و دەرگا داخراوەکانیش بە ئاسانتری شێوە بکەینەوە .
پێگەی” ژن” لە کۆمەڵگادا … ڕیاز حاجی
گەر سەیر بکەین، بە درێژای مێژوو بە تایبەت مێژووی ناوەراست ژن وەک بونەوەرێکی ناتەواو سەیر کراوەو دابەزیوە بۆ نزمترین ئاست ، واتە کۆیلایەتی رەگەزی زۆربەی کات لەلایەن پیاوانەوە درێژەی پێدراوە ..
ئەو شارستانیەتانەی کە تەنها هەولیان داگیرکاری و تالانکردن بوو، بەزۆری تەنها نێرینە رۆلی هەبووە تیایدا و ئافرەت بەژداری شەریان نەدەکرد، یارمەتی باوکانیان نەدەدا، بۆیە وا هەستیان دەکرد مێینەکان بونەتە بارگرانی بەسەریانەوە ، بۆیە هەر بە چاوێکی نزم سەیر دەکران .
بەشێوەیەکی گشتی لە هەموو شارستانیەتەکان مافی ئافرەت پێشێل کرابوو لەگەل بونی هەنێ جیاوازی لە رووی رەفتارو پێشێلکاریەکانەوە.
لە کۆمەلگای رۆژئاوا بە هەمان شێوە ئافرەتان لە ژیانێکی ناتەواو نالەبار دەژیان و هیچ یاساو ڕێسایەکی بەرچاو نەبوو بەرگری لە مافەکانیان بکات
ژن لە نێو ئەدەبیات دا دیارە جیاوازیەکی زۆر بە دی دەکرێ لە نێوان ئەو وەسفەی کە لە نێو ئەدەبیات باسکراوەو لەگەل ژیانە راستەقینەکەی کە لە زۆربەی کات دا ژن وەک ژێر دەستەیەک سەیر کراوە جیاوازیکی زۆر بەیان دەکرێت لە ئەدەبیات ژن تا پلەی خواوەند بەرز کراوەتەوە وەلێ لەگەل ئەو کلتورە بە جێ ماوە یەک ناگرنەوە ..دەبێ بپرسین ئەو ژنەی ناو ئەدەبیات کێیەو لەکوێیە؟ئەو ژنەی لای خانەوادەو مێردی گیرۆدەی کێیە؟ پێش ئەوەی وەلامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە ،دەکرێت بڵێین بەگشتی لە کۆمەڵگای کوردی ژن وا ڕاهێنراوە لەگەڵ بونیادی دەستبەسەرداگرتندا، بۆیە ئێستا نازانن ئازادی چۆنە واتە خویان بەژیانی کۆیلایەتی گرتووە، پارێزگاری لەو دۆخە دەکەن و وەک ئەوەی لەناو قەفەسێک بن و ئازادی شتێکی نامۆ بێت لایان.
بۆ وەلامی ئەم دوو پرسیارە کە لەسەرەوە ئاماژەم پێ کرد کە “ژن” ی ناو ئەدەبیات کێیە ؟و لە کوێیە؟ ئەوە تەنها لە خەیاڵی جوانەکان ومەعشووقەکانن،ڵەلایان نووسەران و فەیلەسووفان، بۆ وەڵامی پرسیاری دووەم ئەو ژنەی لای خانەوادەو مێردی گیرۆدەی کێیە؟ دابوونەریت و مرۆڤە سەرمایەدارو بەشێک لەمرۆڤە ئاینەکان،کاتێک ئەو ستەمە پیاو ساڵاریە دەرهەق بە ژنان دەکرێت و مافیان پێشەڵ دەکرێت، تاوانەکانیش لە نەبونی ئازادی و مافەکانی تاکەوە دەست پێ دەکەن..! لە وڵاتی پاکستانی ئیسڵام کچان لە “۹”ساڵانەوە هاوسەرگیریان پێ دەکرێت،جگە لەم ناهەقیانەی دەرهەق بەمانە دەکرێت، زۆر جار جگە لە گەورە بە بچوک ، لەبڕی خوێن هاوسەرگیریان پێ دەکرێت ، لە کۆتایدا پرسیارێک بۆ هەموو” ژن”ێک بەجێ دێڵم بۆ ئەوەی وەلامی خۆیان بدەنەوە ئایا گەر تەمەن بگەڕێتەوە ئازاد بیت لەوەی هاوسەری خۆت هەڵدەبژێریەوە؟
