نەخێر، نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس رزگار بکات و مەرگخوازییش شایستەی کەواندنە.. د. سەڵاحەدین ئەحمەد شێرزاد

نەخێر، نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس رزگار بکات و مەرگخوازییش شایستەی کەواندنە: دەربارەی بەدباوەڕەیی و فەتواگەریی حدکاوییەکان لە هەمبەر رۆشنگەریی و بە خەڵکدا رابینین

د. سەڵاحەدین ئەحمەد شێرزاد

لە ووتارێکی کورتدا بە ناونیشانی ”نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس ئازاد بکات: سپاردنی پێشمەرگە بە رابووردوو، کۆتاییهێنان بە شۆڤێنیزم، و رێگرتن لە بەرهەمهێنانەوەی فاشیزم” کە ٢٩ی ئۆکتۆبەر لە دەنگەکان بڵاوبووەوە لەسەر چەند کێشەیەکی بەیەکەوە گرێدراو وەستاوم:

١- کێشەی ناکەساندنی ملیۆنەها ئینسان و کورتکردنەوەیان لە یەک ووشەدا ( واتا ”کورد”) و گشتاندنی ئەو وێنەیە لە رێگەی گوتارێکی نوخبەویی نەژادپەرستدا؛

٢- خۆ بە خاوەنکردنی ئەو هێما کورتکراوەیە و دووبارە نەفیکردنی ئیرادەی سیاسیی و توانستی عەقڵانیی و پێوانەی ویژدانیی ملیۆنەها تاکەکەسی کوردی بێناو و بێڕوخسار و بێدەنگ؛

٣- موقەدەسکردنی پیشەسازیی مەرگ لە رێگای موقەدەسکردنی پێشمەرگایەتییەوە؛ و

٤- بێبایەخکردنی ژیانی ئینسانی پەراوێزخراو و بەختکردنی وەکو قۆچی قوربانیی؛

٥- دروستکردنی مەترسییەکی وجودیی لەسەر هەمەڕەنگیی داهێنەرانەی شارسستانیی و فرەڕەنگیی فەرهەنگیی لە رۆژهەڵات.

ووتارەکە هیچ مافێکی خەڵکی کوردستانی نەخستووەتە بەر گومانگەریی، بەڵکو بە پێچەوانەوە داکۆکیکردنە لە مافە ئینسانیی و سیاسییەکانی خەڵکی کوردستان و شوێنەکانی دیکە لە ئێران. مەرجی هەرە بنەڕەتیی بۆ پشتیوانیکردن لەو مافانە ئەوەیە کە هەموو هەوڵێکی بەڕەعییەتکردن رەتبکرێتەوە، جا هەر گرووپێک بن ئەوانەی کە ماندێتی ئەوەیان بە خۆیان داوە کە بە ناوی خەڵکەوە قسە بکەن. باوەڕبوون بە سەروەریی هەر میللەتێک پێش ئەوەی هەر شتێکی دیکە بێت پێڕابینینە. پێڕابینین پێش ئەوەی هەر شتێک بێت ئەوەیە کە بەناوی پێڕابینراوانەوە قسە نەکرێت. کەواتە، ئەوانەی بە ناوی میللەتێکەوە قسە دەکەن، جا قسەکەیان هەر شتێک بێت، لە ریزی یەکەمی پێشێلکارانی بنەمای سەروەرییەوەن لە پەیوەند بەو میللەتە. ئەم راستییە فەلسەفییە دەتوانێ شەرحی حاڵی فاشیزم بکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ماوەی سەد ساڵی رابووردوودا.

ووتارەکە چەندین جار بە راشکاویی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بابەتی رەخنەکە نوخبەگەلێکن کە وەکو زمانحاڵی خەڵکێک دەدوێن کە لە راستییدا پێڕانەبینراون و ژین و گیان بێنرخکراون لە دیدگای خودی ئەو نوخبانەوە. ئەو نوخبانە رۆژانە مومارەسەی دەسەڵات دەکەن بە شێوەیەکی دژە-دیموکراتیک و سەرکوتگەر. هەڵبەت چەمکی دەسەڵات تەنیا هێزی توندوتیژیی ناگرێتەوە، بەڵکو کایەیەکی سەرەکیی دەسەڵات بەرهەمهێنانی نوخبەوەییانەی زانیارییە و دەسەڵاتگەریی لە دەرکەوتەیەکی هەرە سەرەکییدا دیاردەیەکی زمانەوانییە کە لە بونیادی گوتاردا خویا دەبێت. بگرە توندوتیژییش بە تەنیا ئاماژە نییە بۆ گورزی فیزیکیی، بەڵکو توندوتیژیی زۆرتر لە ئاستی مەعنەوییدا نکۆڵیی لە ئینسانییەتی پەراوێزخراوان دەکات، جا بە ناوی ڕقەوە بێت یان بە ناوی خۆشەویستییەوە، بە ناوی ئاینەوە بێت یان بە ناوی زانستەوە، بە بیانووی ئاسایشیی نەتەوەییەوە بێت یان بە بیانووی رزگاریی نیشتمانییەوە.

بە کورتی: بە ناوی میللەتێکەوە قسەکردن نکۆڵیکردنە تەنانەت لە گریمانەی سەروەریی و لە هەمان کاتدا ئینکارکردنێکی راستەوخۆی توانای عەقڵیی کەسەکانی سەر بەو میللەتەیە کە گوایە دیفاعی لێدەکرێت. ئەوەی کە بە ناوی خەڵکەوە قسە دەکات هەر بەو کردەوەیە مافی خەڵک لە پەیوەند بە تەعبیرکردن لە ئیرادەی سیاسیی خۆیان پێشێل دەکات. لەبەر ئەوە، ئەو گوتارە باوە نەژادگەرە ئیهانەکردنە بە هەموو چەمکێکی سەروەریی و سەربەخۆیی. پاشان، ئەو گوتارە زادەی جیهانبینییەکە کە گوتاری خومەینیزمیشی بەرهەم هێناوە. بەڵێ، ئەو گوتارە زادەی فاشیزمە، لە هەردوو رووی تیۆریی و عەمەلییەوە.

لە ووتاری ” نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس رزگار بکات” ووشەی ناسیۆنالیزم نەهاتووە، و هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەو نوخبانە ناسیۆنالیست نیین و هەرگیز نەیانتوانیووە ناسیۆنالیست بن و ئێستاش هیچ پڕۆژەیەکی دەوڵەتداریی و دەوڵەتمەدارییان نییە. هەموو جووڵانەوەیەکی ناسیۆنالیست شایستەی لێکدانەوەی سەربەخۆیە، و دەشێت هەندێک جووڵانەوە شایستەی پشتیوانییش بن. هۆی ئەوەی کە لە ووتارەکەدا ئەو نوخبانەی کە باس کراون بە ناسیۆنالیست ناوزەد نەکراون ئەوەیە کە خەسڵەتەکانی ناسیۆنالیزمیان نییە. ناسیۆنالیزم، باش بێت یان خراپ، پرۆژەی هەیە. ئەو نوخبانە هیچ پرۆژەیەکیان نییە. ئەو پەڕی ئەوەیە کە هەندێکیان (نوخبە سیاسییەکەیان) ناسیۆنالیستی ئێرانی بن. ئەوەش نایانکات بە ناسیۆنالیستێکی باش. بەڵام لەناو ناسیۆنالیستە ئێرانییەکانیشدا، ئەو نوخبە کوردانە لە راستییدا بە گومانەوە سەیر دەکرێن. وەکو دیکەش بە راشکاوی دژایەتی خۆیان لەگەڵ هەموو هێزێکی پێشکەوتوخوازدا، بە تایبەتیی لە کوردستان، دەردەبڕن. بە کورتی دەربارەی ناسیۆنالیزم و ئەو نوخبە کوردانە تەنیا ئەوەندە هەیە کە لێرەدا شایانی تۆمارکردن بێت: ئەوان، لە باشتریین حاڵەتدا، ناسیۆنالیستی درۆزنی ئێرانیین. لە واقیعیشدا، وەکو لە دژایەتیکردنیاندا بۆ هەموو چەپایەتییەک روونە، هاوسۆزی ناسیۆنالیستە هەرە فاشیستە فارسەکانن. کەواتە لە بنەڕەتدا نەژادپەرستییەکەیان پەیوەندیی بە رزگارییخوازیی نەتەوەییەوە نییە بەڵکو پەردەپۆشکردنێکی نەستییانەی رق-لە-کورد بوونە و بەو پێیەش تەماهیکردنە لەگەڵ فاشیزمدا.

مافایایەک (کە لە راستییشدا ووشەی مافیای لێوە وەگیراوە) لە سنووری سیسیلیادا چالاکە و زۆربەی ئەندامەکانی سیسیلیین. با فاشیزمی ئیتالییش دەسەڵاتی رۆمی بە دەست بێت، ئەمە مانای ئەوە نییە ئەو مافیایە لە بەرژەوەندی خەڵکی سیسیلیادا دەخەبتێ. بە پێچەوانەوە، ئەمە مانای ئەوەیە سیسیلیا تووشی بەڵایەک بووە کە بەڵای مافیاگەرییە. مافیا نە جووڵانەوەیە نە حیزب، بەڵکو رێکخراوێکی نیمچە نهێنی و نیمچە ئاشکرایە و دەبێ بە بەربەست بۆ گەشەکردنی ئامرازەکانی ئیرادەی سیاسیی و مەترسیی لەسەر هەل و مەرجی ژیان و سەلامەتیی خەڵکی ئەو ناوچەیەی کە تیایدا چالاکە. مافیا داوای دەوڵەت ناکات، بەڵکو وەکو بەدیلی دەوڵەت خۆی دەسەپێنێت بەسەر خەڵکی مەدەنیی بێدیفاعدا. مافیاگەرێتیی کارەساتبارترە لەو شوێنانەدا کە خودی دەوڵەت یان تەواو لاوازە یان لە ژێر کۆنترۆڵی هێزێکی رەگەزپەرست یان مەزهەبیی یان فاشیستدایە. ئەو نوخبانەش کە من باسیان دەکەم، هیچ ستراتیجێک یان ئامانجێکیان نییە کە لە سەر تەوەری دەوڵەتداریی و رێزگرتن لە دامەزراوەی گشتیی و دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسیی دروستبووبێت. بە پێچەوانەوە، کەمتریین رێز لە ئیرادەی سیاسیی و دامەزراوە مەدەنییە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان ناگرن. بەڵگە بۆ ئەمە ئەوەیە کە بەبێ دوودڵیی بەناوی هەموو دانیشتوانی کوردستانەوە قسە دەکەن، و لەو گوتارە خۆسەپێنەرەشدا، ”کورد” هەمیشە رۆڵی مێیینەیەکی بێتوانا و نوقسانی پێدراوە. ئەم کێشەیەی دوایی جۆرێکە لە پیاوسالاریی کە نازییەکان بێئاگایانە پەیڕەویان دەکرد. بۆ وێنە، هیتلەر لە کاتێکدا خۆی بە ویژدان و عەقڵی ئاڵمان دەزانی وەکو مێینەش ناوی خەڵکی دەبرد. کێشەی نەژادپەرستەکان زۆرتر کێشەی لیبیدۆیە نەک کێشەی ناعەدالەتیی و ستەمی نەتەوەیی. بڕوانە ”کوردستان” چۆن هەمیشە سیفەتی مێینەی دەدرێتێ لە تەشبیهکاریی زمانە شیعرییەکانی ئەو نوخبە کوردانەدا. لە هەمان کاتدا خۆیان رۆڵی ئابڕوپارێز و بەرگریکەری قارەمان و لە مەرگ نەترساو وەردەگرن. لە دەرئەنجامدا، ئەوانەی کە دەدرێن بە کوشت، قەت دەنگیان نابیسترێت، ئەوانەشی کە هەموو شتێک دەڵێن بە ناوەی نیشتمان و خەڵکەوە لە دەرەوەی هەموو خەتەرێکی راستەوخۆدا ژیان رادەبوێرن.

بەڵێ، پێشمەرگایەتی بەڵایەکە دەبێ رێگەی لێبگیردرێت

ئەمەی خوارەوە ئەو دوو رستەیەیە کە نوخبە پڕۆکسییەکان هەڵایان لەسەر ناوەتەوە کە گوایە سەڵاحەدین ئەحمەد نووسیوێتی سەردەمی دەوڵەت بەسەر چووە:

پێشمەرگە، ئەگەر بەزوویی تەقاوت نەکرێت، دەبێت بە یەک دانە دەعبای وەها کە لە جێی فەرهەنگی کوردەواریی کەوتن و مافیاگەرێتیی و کولتوری ئابڕوتکاندن دروست دەکات لە رۆژهەڵات. ئەو حیزبانەش کە شەرعییەتیان لە پێشمەرگایەتییەوە وەرگرتووە جۆرە بەڵایەکی وەهان کە دەتوانن لە ئایندەدا وێنەی دەوڵەتی سەرکوتگەری بەسەرچوو لە یادەوەریی گشتییدا بکەن بە بابەتی شیعری نوستالجیک.

ئەمە پێمان دەڵێ پێشمەرگایەتی، ئەگەر رێگەی لێنەگیردرێت، لە ئایندەدا مافیاگەرێتییەکی وەها بەرپا دەکات کە خەڵکی بێدیفاعی کوردستان خۆزگە بە رۆژگاری تاریکی دەوڵەتی سەردەمی جمهوریی ئیسلامیی بخوازن. پێویست بە ووتن ناکات کە خۆزگە خواستن بە سەردەمێکی ئاوها بەو واتایە هاتووە کە ئاماژە بێت بە رەوشێکی تەواو تراژیدیی (ئەوەندە خراپ کە خراپتریینەکەی ئەمڕۆ لە چاویا جێگای نۆستالجیا بێت). واتا، ”دەوڵەتی سەرکوتگەری بەسەرچوو” ئاماژەیە بە جمهوریی ئیسلامیی، بەڵام پڕۆکسییەکان بە بێ ئیقتیباسکردنی رەستەکانی من، ئەرکی خوێندنەوە و شەرحکردن و رێبەریی ئەخلاقییان گرتووەتە ئەستۆی خۆیان کە بە خەڵک بڵێن کە گوایە سەڵاحەدین ئەحمەدی چەپ پێیوایە کە سەردەمی دەوڵەت بەسەرچووە و کوردستانییەکان توانستی خۆبەڕێوەبردنیان نییە و هتد.

لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە هەر ئەوانەی کە ئاستی خوێندنەوەیان ئەوندە پەرێشانە، لە پەشێوییدا بێئاگایانە خۆیان دەکەن بە نموونەی حاشاهەڵنەگری یەک بە یەکی ئەو هەڵانەی کە ووتارەکە رەخنەیان دەکات. هەر لە کورتکردنەوەی ئیرادەی دانیشتوانی کوردستانەوە تاوەکو خۆبەزمانحاڵکردنی ”کورد” مورەتەب هەلاکەتی هزریی بەیان دەکەن لە ئیمتیحانێکدا کە کەس زۆری لێ نەکردوون کە بیدەن. وەکو لە ئیمتیحانەکەشدا دەکەون، دەرفەت لە کیس نادەن کە هەم رەخنەی ووتارەکە بەسەر خۆیاندا بهێنن و هەم بکەونەوە سەفسەتەی شوڤێنیستەوە.

سەڵاحەدین ئەحمەد، بە قەولی ئەم خۆ بە پان-کوردستانی زانانە، لە رۆژهەڵات تێناگات. بۆ؟ تەنیا لەبەر ئەوەی خەڵکی ئەوێندەر نییە. کەم گریمانە هەیە بەو شێوە بێشەرمە ناوچەگەر (و لەبەر ئەوە، شۆڤێنیستیش) بێت. لێدوانێک کە گریمانەی لەم جەشنە دادەمزرێنێ بۆ ئەوە دەشێت کە وەکو نموونە لە کتێبی مەنهەجییدا دەربارەی شۆڤێنیزم بە کاربهێنرێت. لە تەمەنی خۆمدا، لایەن و کەسانی شۆڤێنیست و فاشیست، جنێویان پێداوم، تەهدیدیان کردووم، ناچاری مەنفایان کردووم، و چەند جارێکیش زیندانیان کردووم، بەڵام هەرگیز نەمبیستووە پێم بگوترێت لەبەر ئەوەی تۆ خەڵکی فڵان شوێن نییت، لێی تێناگەیت، لە کاتێکدا زۆربەی هەرە زۆری نووسینەکانم بە سێ زمان (جگە لەوانەی کە تەرجەمەکراون) لەسەر رەگەزپەرستییە هەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا ئەوروپا و ئەمریکاکان. دوا ووتارم بە ئینگلیزیی لە سەر خەسڵەتە فاشیستەکانی ناسیۆنالیزمی روس و هاپەیمانانی ناتۆیە. بەڵام، بۆ نموونە، کەس نەیووتووە لەبەر ئەوەی تۆ روس نییت، لە روسیا تێناگەی.

هەڵبەت ئاگاداری هەموو ئەو شتانە نییم کە لە سەر ووتاری ”نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس رزگار بکات” بڵاوکراوەتەوە، بەڵام دەزانم هەمووشیان سەر بە هۆسە و پەلامەرە فەتواگەرییەکە نیین. بەڵکو چەند کەسێەک بە بایەخەوە هەوڵییان داوە کە لە ووتارەکە تێبگەن یان سەرنجی لەبارەوە بدەن، گەرچی خوێندنەوەکەشیان ورد و دروست نەبێ. ئەوەی کە مەبەستمە ئەم تێبینیانەی لەسەر بنووسم، پەلامار و هۆسەکەیە کە خەتێکی دیاریکراوی نوخبە قەڵسبووەکان لە شپرزەییدا دروستیان کردووە. بەڵام نە ناوەکان دیارن نە تێکستێکیان بەرهەمهێناوە کە سنوری پڕوپاگەندە و سەفسەتە تێپەڕێنێت. ئەوەی کە روونە تەنیا ئەوەیە کە سەرچاوەی زۆربەی هەڵمەتە فەتواگەرییەکە پڕۆکسییەکانی حیزبی دێموکراتە. حدکاوییەکان و لە حدکاچووەکان و پرۆکسییەکانی دیکە زۆر سەهوون ئەگەر وەها بزانن تیرۆریزمی گەلەکۆمەکیی و تاکتیکی ژێرزەمینیی مافییاگەرێتی تێکستەکە لە شوێنی خۆیدا دەکوژێت.

لە روانگەی پرۆکسییەکانی حیزبی دێموکراتەوە (ئەگەر ئەوە شیاو بێت کە بگوتڕێ پرۆکسی روانگەی هەیە) سەڵاحەدین ئەحمەد پێشینەو و شارەزایی پێویستی نییە کە لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان قسە بکات. داخۆ حیزبی دێموکرات چییە کە دەسەڵاتی ئیجازەدان و ئیجازەنەدانی ئەکادیمیبوون و کوردبوون و شێخبوون و شەهیدبوون و هەناسەدانی هەبێت. ئەم هێزە چییە کە سوپایەک لە پرۆکسیی و دەمەتەقێنووسی بندیواری هەیە بۆ ئەوەی لە رۆژهەڵات خۆی وەکو هەڵگری بەیداخی سەربەخۆیی و بونیادنەری دەوڵەت بناسێنێت لە کاتێکدا کە هەموو کردەوەکانی ئەوەمان پێدەڵێن کە تێگەیشتنێکی نییە بۆ رێزگرتن لە بنەما فەلسەفییەکانی سەربەخۆیی و سەروەریی. جگە لەوەش، لەسەر ئاستە هەرە رووکەشییەکەش، حدکا یەک لێدوانی نییە کە جەخت لە وویستی سەربەخۆبوون بکاتەوە. شانازیی هەرە مەزن و سەرچاوەی رەوایەتیی بەخۆدانی ئەم هێزە ئەوەیە کە ”شەهیدی” داوە، ئەمەش دەکاتە ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر کوڕ و کچی بەدبەختی خانەوادەی بەدبەختی بە کوشت داوە. لە پێناو چییدا؟ کامەیە ئەو ئامانجە رزگاریخوازەی کە گوایە ئەو هەموو مەرگە تەبریر دەکات؟ بەڵێ جمهوری ئیسلامیی لەو کوشتارە بەرپرسیارە، بەڵام عەقڵییەتێک کە خۆ بە کوشدان تەشجیع دەکات و ئەژدیهاکانی زوحاکی ئەم سەردەمەی ئێران بە خوێنی کوڕ و کچی بەدبەختی ووڵاتەکەی خۆی ئاسودە دەکات عەقڵییەتێک نییە کە بتوانێت رزگارییخواز بێت یان بزانێت ئازادی چ جۆرە راستییەکی فەلسەفییە و چ جۆرە مەرجێکی ژینگەی کۆمەڵایەتییە. نوخبەیەک کە مەرگ پیرۆز بکات بە ناوی شەهادەتەوە و بە خۆشی بڵێت سێکیولار، هەم هەمەجییە هەم دووڕوو.

حدکا نە دیموکراتە نە کوردستانییە، بەڵام ئێرانییەکی درۆزنە

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) نە دیموکراتە نە کوردستانییە. حدکا ئێرانییە بەڵام ئێرانییەکی بەدباوەڕ. لە هیچ دۆکیومێنتێکی حدکادا داکۆکی لە سەربەخۆیی نەکراوە. کەوایە، هۆی چییە کە وەکو هێزێکی سەربەخۆییخواز ناوی دەرکردووە؟ بە پێچەوانەوە هەموو دۆکیومێنت و لێدوانە رەسمییەکانی دەسەڵاتی یەکەمی حدکا جەخت لەسەر ئێرانییبوونی حدکا و خەڵکی رۆژهەڵات دەکەنەوە. هەڵبەت هەچەند دەسەڵاتی یەکەمی حدکا رییایی بۆ شاپەرستەکان بکەن، پان-ئێرانییە فارسەکان متمانە بە حدکا ناکەن، بەڵام ئەوە تەنیا لە دووفاقیی حدکاوەیە نەک لە کوردسدتانییبوونێوە. کەوایە، بۆ دەبێ خەڵک بە قسەی نوخبە پڕۆکسییەکانی حدکا و حدکاوییەکان و لە حدکاچووەکان باوەڕ بکەن کە گوایە سەربەرخۆییخوازن؟ یەکەم بەدیهییەت ئەمەیە: ئەوانەی لەبەدباوەڕییدا دەژیین، ناشێت جێگای باوەڕی هیچ ئینسانێکی هۆشیار بن.

هێزێک کە کەمتریین گرنگیی بە ژین و خۆشگوزەرانیی دانیشتوانی کوردستان نادات، چۆنە کە لە کاتێکدا کە گەڕەکێکیشی بەدەستەوە نییە، سوپایەک شەقاوە و دەمکوتکەر و فەتواچیی هەیە؟ بۆ ئەوەی لەم رەوشە ناجۆرە تێبگەین دەبێ پێکهاتە سەرەکییەکانی هێزی حدکا شییبکەینەوە، گەر بە کورتییش بێت.

حدکا مەخلوقێکی شێواو خولقە، بەڵام دەرهاویشتەی ژینگەیەکی پڕ لە ستەم و بێئومێدیی و بەدبەختییە، ئەگینا نابێت بە جێهیوای ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی دڵپاک و خۆنەویست. هێزێکە لەسەر ژانی کوردێکی زۆری بێچارە دەژی و گەشە دەکات. ئەوانەی کە لە مەداری کاریگەریی ئەم بوونەوەرە دان دەکرێت دابەش بکرێن بەسەر چوار گرووپدا. دوو گرووپیان نوخبەن، دوو کرووپەکەی دەکەیان قوربانیی فریودراو. گرووپی دووەم بەشێکی راستەوخۆ نیین لە تەشکیلاتی حدکا، بەڵام وەکو پڕۆکسیی حدکا کاریگەریی دروست دەکەن. گرووپی چوارەمیش بەشێک نیین لە حدکا بەڵام دەکەونە بەر کاریگەریی حدکا و حدکاوییەکان.

١- گرووپی یەکەم بێگومان ئەوانەن کە حدکا بەڕێوە دەبەن. ئەمانە لەسەرەوەی هەرەمی دەسەڵاتی رەسمیی بونیادەکەن و بڕیاردەری سەرەکیین. شتێکن بە بێ ئەوەی شتێک بن. شکی تێدا نییە کە ئەمانە نوخبەیەکی دەسەڵاتدار و دەسەڵاتگەرن لە سنوری هێزێکی چەکداردا کە لەسەر بەرهەمی کاری کوردی مەدەنیی و لەسەر حیسابی سەلامەتیی خەڵکی گوندنشیین دەژی.

٢- گرووپی دووەم ئەوانەن کە راستەوخۆ خۆیان بە حدکا ناناسێنن بەڵام بەشێکی سەرەکیین لە دەسەڵاتی نوخبەویی حدکا. ئەم گروپە بە رەسمیی ئەندامی حدکاش نەبن، حدکاویین. گرووپی حدکاوییەکان لەو نەژادپەرستانە پێکهاتووە کە رای گشتیی دروست دەکەن.. لەو کاریگەرییە مەعنەوییەدا درێژە بەو لێڵییە زیهنییە دەدەن کە تیایدا خەڵکی بێچارە لە حدکادا بەڵێنی کوردستانێکی ئازاد ببینن.

٣- گرووپی سێیەم زۆرینەی پێشمەرگەکانی حدکان. ئەوانەن کە لە بێهیوایی دەربازبوون لەو هەموو بەدبەختیی و زوڵم و بێچارەییەی کە ئەزمونیان کردووە، خۆیان و میللەتەکەیان گرێداوە بە خەونێکەوە کە ناویان لێناوە حدکا. زۆربەی ئەمانە رۆمانسیین، نییەت پاکن، خۆنەویستن، بەڵام بەدەم خەوەوە رێدەکەن. دەشێت زۆربەیان قەت بەخەبەر نەیەن. ئەم گرووپە چەندە دڵپاکن، ئەوەندە جێگای مەترسیین، چونکە دەشێت دەسەڵاتی حدکا هەر شتێکیان پێبکات بە ناوی نیشتمانپەروەریی و کوردپەروەرییەوە. ئەو بەشەیان کە دەمێنێتەوە و نادرێت بە کوشت، لە قۆناغی داهاتوودا دەبن بە ئامرازی کوشتن و بڕینی ئەو کوردە بێچارانەی کە دەسەڵاتی حدکا وەکو مەڕوماڵاتی خۆی تەماشایان دەکات.

٤- گرووپی چوارەم ئەو خەڵکە بێچارەیەن کە هەردوو قۆڵی دەسەڵاتی حدکا (واتا نوخبەکان، واتا گرووپی یەکەم و گرووپی دووەم) بەردەوام بەختیان دەکەن و لەگەڵ هەموو کارەساتێکیشدا سەرمایەی رەمزیی حدکا زیاتر دەبێت.

نوخبەکان هیچ پلانێکیان نییە جگە لەوەی کە رەوشێکی وەها بهێننە کایەوە کە خەڵکی رۆژهەڵات هیچ پەنایەکیان نەمێنێت. ئەوەی بفەوتێت دەفەوتێت ، ئەوەشی کە نەمرێت ناچار دەکرێت لەبەر پەلاماری سوپا و هێزی چەکداری دیکەی سەر بە تاران دەست لە شار و شارەداریی و گوند و ئاوەدانیی هەڵگرن و روو لە شاخەکان بکەن. نوخبە نەژادپەرستەکان هیچ کێشەیەکییان نییە لەگەڵ چارەنووسێکی ئاوهادا بۆ خەڵکی بە ناو دیفاع لێکراو.

بە پێی زیهنییەتی حدکاوییەکان، ئەگەر من ئەمەم بۆ کێشە بێت، ئەوا دژایەتی مەسەلەی کوردم کردووە. ئەوە زیهنێتێکی فەتواچیی سەرکوتگەرە کە بەو جۆرە دەخوێنێتەوە و حوکم دەدات و خۆی دەکات بە چاوساغی خەڵک. ئەگەر سبەینێ بۆی بلوێ بچێتە هەر شارێکەوە دەیکات بە گەوەڕێک بۆ حوکمی هەرە قەشمەرەکان و جەهەنەمێک بۆ زۆرینە. ئەم شتانە تەنیا بۆ حدکا نا، بەڵکو بۆ ووردە هێزە رەجعییەکانی دیەکەش دروستن کە لە کوردستاندا چالاکن. هەڵبەت مەبەست لێرەدا باشور نییە، چونکە باشور دەمێکە بووە بە جەهەنەم بۆ زۆرینەی بێدەنگکراو و تەویلەیەک بۆ حوکمی شەقاوە و قەشمەرەکان. لەوێش، سەرلەبەیانی کارەساتەکە بە دەمکوتکردن و راستڕەویی دەستی پێکرد. لەوێش پێشمەرگایەتی موقەدەس بوو هەتا سەرتاپای هاووڵاتیبوون و شارستانیبوونی لە هەموو حورمەتێک داماڵی. لەوێش پڕۆکسییەکان کاری ئیبتیزالکردنی هەموو شتێکی فەرهەنگیی و بیریارییان لە ئەستۆ گرت. ئەمە لە چەند رۆژێکدا رووینەدا، بەڵکو ساڵانی پێچوو. فاشیزم لەوێش فاشیزمی پرۆکسییەکان بوو، کێشەی لیبیدۆی خەفێنراو و رق-لە-کورد-بوون بوو، و بە شەرتی کوردایەتی دەرخواردی زۆرینەیەکی ستەمدیدە درا. ئەمئێستا خەڵک هەیە لە حەیبەت ئەو عەزابەدا کە تێیدا دەژیین خۆزگە بە رۆژگاری دەوڵەتی بەسەرچووی بەعس دەخوازن. کامانەن ئەو بلییمەتانەی حدكا كە گوایە پڕۆژەیەکی جیاوازییان هەیە بۆ رۆژهەڵات؟ شاعیرانی پێشمەرگایەتی جگە لە شعورفرۆشی و مەرگپەرستیی و بەدباوەڕیی و جڵقی دروشمبازیی چی دیکەیان پێشکەش کردووە تا بکرێن بە زمانحاڵی رۆژهەڵات؟

فەتوا لە دژی رەخنە و ترسی نوخبەکان لە بیرکردنەوەی خەڵک

لە نووسینی ووتاری ”نەژداپەرستیی ناتوانێت کەس رزگار بکات” پێشببینی ئەوەم دەکرد کە زۆر کەس پێی قەڵس ببن. سروشتی دیدگای نوێ وایە کە شێلگیرانە بەر نەفرەت بکەوێت. فەرهەنگی فەتواگەریی ریشەی قووڵ و دەرکەوتەی فرەڕوخساری هەیە لە کۆمەڵگە زۆرینە موسوڵمانەکاندا. نوخبەکان نایەنەوێ خەڵکی ئاسایی بۆ خۆی بڕیار بدات، بەڵکو دەیانەوێ باوکئاسا باش و خراپ، حەڵاڵ و حەرام، بۆ میللەتەکانیان دیاریی بکەن. ئەوەی کە بەرچاوم کەوتبێ، پەلاماردەرەکان تەنانەت دەستیان تێنەچووە کە هاوپێچی ووتارەکەش دانەن چونکە نایانەوێت خوێنەر بۆ خۆی ووتارەکە بخوێنێتەوە، چونکە سروشتی فەتوا وەهایە کە کاردانەوەیەکە بۆ رێگەگرتن لە بیرکردنەوەی سەربەخۆ. ئەگەر لە دیدگای گرووپە خۆماڵییە سەردەستەکاندا تێکستێک خەتەر بێت، فەتواچییەکان دەیانەوێ بە پەلە بە نەفرەتی بکەن پێش ئەوەی تێکستەکە دەرفەتی هەبێت پرسیارکردن لە رژێمی باوی بیرنەکردنەوە بڵاوبکاتەوە. فەتواکان لە کاردانەوەیاندا بەرانبەر بە تێکستێک کە پرسیارهێنەر و گومان وورووژێنەر بێت، کە گۆمی مەنگی گوتاری باو بشەڵەقێنێ، بە تەبیعەت دەکەونە ناکۆکییەکی زاتییەوە. موفتییەکانی رژێمی بیرنەکردنەوە کە کاریان لەسەر بە عەوامکردن وەستاوە لەلایەکەوە پێمان دەڵێن کە تێکستەکە هیچ بایەخێکی نییە و لە لایەکی دیکەوە و لە هەمان کاتدا بە شپرزەیی فەتوای حەرامدن و کفراندن و حەقیرکردنی لەسەر دەردەکەن. ئەم شەڕە شەڕی نێوان ئیبن تەیمییەکان و ئیبن روشدەکانە، شەڕی نێوان خورافە و زانستە، پەلاماری موجاهیدە مێشک قورمیشکراوەکانی عەقیدەتە لە دژی بیریارێک کە زات بکات لە بیرکردنەوەدا سەربەخۆ بێت.

زۆر لە پێش خومەینییەوە فەتواگەریی دژی بیری ئازاد و داهێنانی پرسیارهێن هەبووە. ئەمڕۆ، لە زۆر هێزی دەرەوەی بازنە مەزهەبییەکانیشدا فەتواگەریی نەریتێکی جێگرتووە گەرچی هەندێک لەو هێزانەی کە پیادەی دەکەن بە روواڵەت سێکولار بن و تەنانەت (بە لێکدانەوەی خۆیان) لە سەنگەری دژە خومەینیزم و وەهاببیزمیشدا بن. جیهانبینیی فەتواگەر توانای خوێندنەوەی شتێکی نییە کە دەستکاری چوارچێوەی چەمکسازیی و ماناکان و گوتارەکان بکات، بەڵام هەست بەو جۆرە تێکستە دەکات کە خەتەرن بۆ چوارچێوە باوەکان، و هەر بۆیەش پاسەوانانی رژێمی گوتاری باوی ناو جڤات ناتوانن ئەو جۆرە تێکستە فەرامۆش بکەن گەرچی ئەگەر بۆیان بکرێت قەدەغەی دەکەن، دەیسوتێنن، و رەنگە نووسەرەکەشی بسووتێنن. بۆیە ناوی دەبەن بۆ ئەوەی بڵێن گرنگ نییە، و دەڵێن گرنگ نییە بۆ ئەوەی ناوی نەبەن. لەگەڵ ناوبردندا، خەتاباری دەکەن، و لەگەڵ خەتاباکرندا پەلاماری کەسایەتی نووسەرەکە دەدەن. پەیامەکەیان لە یەک شتدا کورت دەبێتەوە: ئەم نووسەرە ”دوژمنی گەلە” ( بیرهێنانەوە: شانۆگەرییەکەی ئیبسن بەو ناونیشانە).

یەکێک لە خەسڵەتەکانی نەژادپەرستیی خۆ-بەکەم-زانییە، یەکێک لە نیشانەکانی خۆ-بەکەم-زانینیش لێرەدا دەردەکەوێ: مادام سەڵاحەدین ئەحمەد کوردە، یەکسەر گومان دەخرێتە سەر شارەزاییەکانیشی. وەلێ، کێشەیەک هەیە! سەڵاحەدین ئەحمەد خۆی بڕوانامەی ئەکادیمیی بەخۆی نەداوە، وەکو جەماعەتی تەکێکانی نەژادپەرستیی، بەڵکو زانکۆکانی رۆژئاوا ئاوهایان ناساندووە. ئەمە وای کردووە قەیرانی هەندێک لە پەلاماردەران سەختتر ببێت. هەندێکیشیان نەفرەتیان لەو زانکۆیەش کردووە کە سەڵاحەدین ئەحمەد دەرسی تێیدا دەڵێتەوە. ئەگەر نووسەرەکە کورد نەبوایە، ئەوا هەر چۆنێک پەلاماریش بدرایە، مۆڵەت و کرێدێنشیاڵەکانی نەدەبوونە جێگای مشت و مڕ و نەدەخرانە ژێر گومانەوە. ئەمەیە پەیوەندی قووڵی نێوان نەژادپەرستیی و خۆبەکەمزانیین. واتا، نەژادپەرستیی لە راستییدا دەمامکێکی سایکۆلۆجییە بۆ شاردنەوەی خۆبەکەمزانیینی خودی نەژادپەرست لەگەڵ خۆیدا.

هەموو ئەم قەیرانە لەوەوە دێتە کایەوە کە کەسێک زاتی کردووە کە باس لەوە بکات کە ژیانی ئینسانەکان و رێزگرتن لە ئیرادەی سەربەخۆی کەس و جڤات و میللەتەکان و دانهێنان بە توانای عەقڵیی و مەدەنیی و سیاسییاندا زەرورەتە نەک تەقدیسی چەکداریی و گوتاری مەرگەساتبار و مەرگپەرستیی خاک و خوێن. قودسییەتی پێشمەرگە لە پێشخستنی مەرگەوە سەرچاوەی گرتووە. عەقیدەتێکیش ئەوەندە ژیانی بۆ هەرزان بێت و ئەوەندە قەڵس ببێت بە بیستنی دەنگێک کە بەرگریی لە ژیانی ستەمدیدەکان بکات هی ئەوەیە هەواڵەی مێژوو بکرێت. ئەگەر قەرار بێت پێشمەرگایەتی کوردایەتی پێناسە بکات، ئەوا کوردایەتی نەک هەر ناتوانێت رزگارییخواز بێت، بەڵکو ناشتوانێت نە بیر بێت نە پڕۆژەیەکی سیاسیی. ئەگەر کوردایەتییەک قودسییەت بە مەرگەوە ببەستێت، ئەوا کوردایەتییەک نییە کە تاک و جڤات و کۆمەڵگەی کوردی پێ شایستەی ژیان بێت چ جا ژیانێکی بە کەرامەت و سەربەست. ئەم زاتانەش کە گوایە پاسەوانی کوردایەتیین، نەک رزگارییخواز بەڵکو گۆستاپۆن، نەک لە بەرانبەر هیچ هێزێکی سەرکوتگەر و داگیرکەردا بەڵکو لە بەرانبەر بەدبەختەکانی ووڵاتی خۆیاندا.

لە کۆمەڵگەدا جگە لە ژیانی ئینسان وەکو تاکەکەسی ئازاد قودسییەتدان بە هەر شتێک، پیشەیەک، ناونیشانێک، باوەڕێک، رەمزێک یان هێزێک و سەپاندنی بەسەر جڤاتێکدا وەکو موقەدەس کارێکە لە دژی رۆشنگەریی و بەو پێیەش لە دژی رزگاریی راستەقینە. دەبێ پێشمەرگایەتیی لە قودسییەت بخرێت پێش ئەوەی گیانی مقاوەمەت و مەدەنییەت لە رۆژهەڵات بکوژێت و ئەزموونی رۆشنگەریی لە بەین ببات. ئەم ووتەیە بە ئاشکرا دژی پڕۆژەیەکی دیاریکراوە نەک دژی و مافی کوردان بۆ رزگاریی. بە پێچەوانەوە، ئەساسەن تێزەکە تێزێکی رزگارییخوازە، بەڵام نوخبەکان لەسەر ئەوە راهاتوون کە کوردبوون یەکسان بکەن بە خۆیان، و هەر دیدگایەک ناکۆک بێت لەگەڵ باوەڕی خۆیان، بە دژە-کورد ناوزەدی دەکەن. یەکێک لە فێڵە لەمێژیینەکانی هێزە پاشکەوتخوازەکان ئەوەیە کە ”ئەگەر دوامان نەکەوی کەواتە لە دژی پرسی عادیلانەی نەتەوەکەمانی.” ئەم کردەوەیە بەخاینکردنە، واتا بە خاین ناوزەدکردن، و وەکو توخمی گوتار، یەک شتە لەگەڵ فەتواگەرییدا. کردەوەیەکە لە دژی هوشیاریی و لە باوەڕ نەبوون بە توانستی خەڵکەوە سەرچاوەی گرتووە. چونکە لە دیدگای نوخبەکاندا خەڵک وەکو نوقسان دەبیندرێت، تەنانەت یەک ووتاری بە راستیی رەخنەیی دەتوانێت بیانخاتە رەوشی شپرزەیی و پەشێوییەوە. ئەگەر تێکستێک بڵاوبووەوە، نوخبەکان ماکینەی فەتوادان دەخەنە کار نەبا تێکستەکە خەڵک لە خشتە ببات.

نەخێر، نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس رزگار بکات. نەخێر ئەمە مانای ئەوە نییە مەسەلەی رزگاریی نیشتمانیی بێبایەخە و هەموو دەوڵەت-نەتەوەکان و هەموو ستەمکار و ستەمدیدەکان وەکو یەکن. بەڵکو مانای ئەوەیە خەڵکی ستەمدیدە شایستەی ئەوە نیین کە وەکو نوقسان سەیر بکرێن؛ مانای ئەوەیە نەژادپەرستەکان لە راستییدا میللەتی بەناو دیفاع لێکراویان پێ بەشەر نییە. بۆ ووردەکاریی ئەم تێڕوانینە، خوێنەر بانگهێشت دەکەم کە بە خۆی ووتاری ئاماژەبۆکراو بخوێنێتەوە و بە خۆی تەفسیری بکات.

زوو یا درەنگ، سەردەمی مورشیدەکان و پاسەوانەکانی موقەدەس و پۆلیسەکانی ئەخلاقی جەمعیی دەبێ کۆتایی بێت و سەردەمی دانهێنان بە ئینساندا وەکو تاکە کەسی خاوەن ماف و کەرامەت و ئازادی بیرکردنەوە دەستپێ بکات. نابێت نوخبەکان بەردەوام موڵەتی زمانحاڵبوونی نەتەوەیی و دەسەڵاتی بەرهەمێنانی حەقیقەتیان پێ بدرێت. دەبێ پەراوێزخراوان پێشەنگ بن بۆ رۆشنگەریی نەک بکرێن بە موستەزعەفینێکی بەناو دیفاع لێکرا و لە راستیدا تەعدالێکراو. با خومەینییە بچوکەکانی ئەمڕۆ را نەیەن لەسەر ئەوەی تێکستەکانمان بۆ تەفسیر بکەن و باش و خراپمان بۆ دیارییبکەن، ئەگینا سەردەمی موفتی و خومەینییەکان لە هەڵقەی داهاتووی ئەم مێژووە نائینسانییەدا درێژە دەکێشێ و ئینسان بێبایەختر دەکرێ. رزگاریی پێویستی بە موفەتیشی ویژدانی گشتیی و پۆلیسی بیر و مەزارگەی ئەولیا نییە، بەڵکو پێویستی بە لە کارخستنی رژێمێکی کۆمەڵایەتییە کە تیایدا ئینسان تەنیا وەکو بەختکراو رێزی لێدەگیردرێ و مان و نەمانیش تەنیا سەرقافڵەکان بڕیاری لەسەر دەدەن.

لە دەرئەنجامدا، دەربارەی ئەوانەی کە خۆیان وەکو پاسەوانی مەسەلەی کورد دەناسێنن بەڵام سەبر و سەلیقەی خوێندنەوەی دوو سێ لاپەڕەیان نییە و هەموو شتێک لایان دووبارەبوونەوەی شتێکی ترە کە پێشتر گوایە بیستوویانە یان زانیویانە، هەمان پرسیاری سەرەکیی دێتە پێشەوە: ئەگەر لە گواستنەوەی ناوەڕۆکی تێکستێکی کوردییدا ئەوەندە کۆڵەوار بن، داخۆ چی بەڵایەکن بۆ ئەو میللەتەی کە بە ناوێوە دەدوێن و گوایە نوێنەرایەتی ئیرادەی نەتەوەیی دەکەن؟




نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس ئازاد بکات:.. سەڵاحەدین ئەحمەد

نەژادپەرستیی ناتوانێت کەس ئازاد بکات: سپاردنی پێشمەرگە بە رابووردوو، کۆتاییهێنان بە شۆڤێنیزم، و رێگرتن لە بەرهەمهێنانەوەی فاشیزم.

سەڵاحەدین ئەحمەد
پرۆفیسۆر لە بەشی زمان و ئەدەبە هاوچەرخەکان – بە سەردانیی-
یونیەن کۆلێج
سکەنەکتیدی، نیویۆرک

کاتێک کوردپەروەریی دەبێت بە بەڵا بۆ کوردە پەراوێزخراوەکان

کاردانەوەیەک کە لە دژی شۆڤێنیزمی گرووپێکی سەردەست شۆڤێنیزمی گرووپێکی دیکە دروست بکات رەوشی نائازادی بۆ زۆرینەی پەراوێزخراو خراپتر دەکات. هەر هێزێک کە نەژادپەرستییەک بکات بە بەهانە بۆ هاندانی نەژادپەرستییەکی دیکە هێزێکە هەم خزمەت بە جیهانبینیی گرووپە سەردەستەکان دەکات هەم رەوشی ژیان بۆ پەراوێزخراوان خراپتر دەکات. گشتگیرکردنی دوالیزمی تاوان و قوربانی لە سەر بنەمای خوێن (وەکو نەتەوەپەرستیی) یان لە سەر بنەمای مەزهەب نیشانەی تەماهیکردنە ، نەک دژایەتیکردن، لەگەڵ پڕۆژەیەکی ئیمپریالیستدا. نوخبە خۆبەزلزانەکان بە ناوی ناسنامەی قوربانییەوە توندوتیژیی دەشیعرێنن بەڵام لە پشت ئەو دەمامکە زمانەوانییەوە بوونەوەرێک هەیە کە خاڵییە لە هەموو خەمێکی گشتیی و لە هەموو توانایەک بۆ هەستکردن بە کێشەی راستەقینەی ئینسانی راستەقینە لە ژیانی راستەقینەی رۆژانەدا. جیهانبینیی شۆڤێنیزم گیرۆدەی وێنەیەکی بونیادنراوی ئینسانە نەک ئینسانێک کە لە راستییدا هەیە و هەناسە دەدات و رۆژانە رووبەڕووە لەگەڵ رەوشی دیارییکراودا لە پەیوەند بە هەموو شتێک، هەر لە پەیداکردنی ژەمێکی خواردنەوە بۆ هەموو ئەو شتانەی دیکە کە پێویستن بۆ ئەوەی وەکو زیندەوەرێک و هۆشمەدێک ماڵێکی لە جیهاندا هەبێت. بە ناوی رزگارکردنی نەتەوەی بندەستەوە زۆر جار نوخبەکان ئیجازەیەکی ئەخلاقیی وەها بە خۆیان دەبەخشن کە بە بێ یەک و دوو بە ناوی هەموانێکی بەتاککراوەوە بدوێن. لە گوتارە هەرە ئەخلاقیی و ئەمەکدارەکانیاندا ئەو شتانەی کە دیفاعیان لێت دەکرێت بوونیان نییە لە دەرەوەی خەیاڵی شۆڤێنیزمدا، هەر شتێکیش کە بوونی هەیە لە جیهاندا نەک هەر دیفاعی لێ ناکرێت بەڵکوو هەمیشە بەخت دەکرێت. لە دەرئەنجامدا مۆڵەتێک کە کەس بە نوخبەکانی نەداوە پەراوێزخراوەکان لە رەوشی دژواری ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتییەوە دەبات بۆ رەوشی قوربانیی رووت، لە شەڕێکی نابەرابەری رەوشێکەوە بۆ رەوشی شەڕێکی خۆکوژانە، لە جیهانێکەوە کە تێیدا بەرگریی لە ژیان دەکرێت لە دژی دامەزراوەی توندوتیژیی بۆ جیهانێک کە تێیدا کوشتن دەبێت بە یاسای کۆمەڵایەتیی و پیشەسازی مەرگ بە شانازییەکی ئەخلاقیی. بە کورتیی، نوخبە شۆڤێنیستەکان شەڕ لە دژی یەکتری ناکەن بەڵکوو پرۆژەی یەکتری تەواو دەکەن، و هەر بەو پێیەش پەراوێزخراوان لە قوربانیی رێژەیی ژیانەوە دەکەن بە قوربانیی موتڵەقی مەرگ.

ئەمڕۆ بەڵای هەرە گەورەی خەڵکی کوردستان ئەو نوخبانەن کە بە زمانی هەموانێکی بەتاککراوەوە خەریکن کۆمەڵگەیەکی ریشەداری مێژوویی و جیهانێکی شارستانیی فرە ناسنامە لەبەریەک هەڵبوەشێننەوە و لە جێگایدا جیهانێک دروست بکەن کە پانتاییەک دەبێت بۆ ناسنامەی پاراوی خوێن و جەنگی بەربەرییانەی هەموان دژی هەموان. لە دوای کوشتنی مەهسا ژینا ئەمینی بە دەستی پۆلیسی ئەخلاقیی رژێمی جمهوریی ئیسلامیی ئێران، رۆژانە جگە لە ئازادیخوازانی کوردستان، ئازادیخوازان لە تاران، ئەسفەهان، عەبادان، کرمان، زاهیدان، یەزد، مەشهەد، ئەردەبیل، کەرەج، و دەیان شاری دیکە لە سەرانسەری ئێراندا رووبەڕووی دامەزراوە سەرکوتگەرەکانی رژێمی مەزهەبیی و رەگەزپەرستی خامەنائی دەبنەوە. تاکو ئێستا سەدان قوربانیی هەن و رۆژانە ژینای دیکە لە نێو دەچێ، بەڵام ئەو نەژادپەرستانەی کە کوردبوون لە لایان تالێهاتنێکی گرێئامێز و وڕێنەیەکی پڕ لە کینەیە دەیانەوێت وای پیشان بدەن کە فارسان یەک قەبیلەن و هەمویان دژەکوردن و کوردانیش یەک خانەوادەی سەرگەردانی پێکهاتوو لە منداڵ و ژنی بێدەسڵاتی حەوجەت بە فیگەری باوکێک-پیاوێک کە ناموسیان بپارێزێت و رێگای رزگارییان پیشان بدات. لە هەمووی خراپتر ئەوەیە کە ئەم نەژادپەرستانە، وەکو نەژادپەرستەکانی هەر شوێنێکی تر، ئەوەیان بۆ کێشە نییە چی بەسەر هاونیشتمانییەکانیاندا دێت لە دەرئەنجامی دروستکردنی دوژمنایەتیی رەگەزپەرستییدا لەگەڵ دەیان میللەتی خاوەن ناسنامە و زمانی دیکە کە لە کوردستان و دەوروبەری کوردستان دەژین. تەنانەت بۆیان گرنگ نییە چی بەسەر هەر تاکەکەس و ماڵ و جڤاتێکدا دێت جا ناسنامەی زمانیی و فەرهەنگیی یان باوەڕی ئاینییان هەر چییەک بێت. ئامادەن بە ناوی کوردبوونەوە بچڕانی فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی دروست بکەن لەگەڵ لوڕەکان و بەختیارییەکان و دەیان قووڵایی دیمۆگرافیکی دیکە کە ئاوێتەی یەکترییبن و بەیەکەوە سەرچاوەی هەمەڕەنگیی شارستانیی و فەرهەنگیی بێوێنەن. نەژادپەرستەکان دەیانەوێت ئاشوبێکی ڕەچەڵەکگەر بەرپا بکەن و ئەوەیان بۆ گرنگ نییە کە خەڵکی بەناو-دیفاع-لێکراو چییان بەسەر دێت لە ئاوەها سیناریۆیەکدا. بەبەلقاکردن یان بەعێراقکردنی ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە جێی دۆستایەتی هەموان بۆ هەموان شەڕی هەموان دژی هەموان بەرپا ببێت و هەموانیش تێیدا دۆڕاو بن. دروستکردنی هەڵدێری لەو جەشنە ئاسانە، بەڵام ئەگەر روویدا ئەوا وێرانەیی بە دوای وێرانییدا دەهێنێت و کارەساتەکان ئەسەریان بۆ ئەبەد دەمێنێ.

هەندێک لە نەژادپەرستەکانی باشووریش، بێخەم لە سەدان ژینای هەرێمی بندەستی قەبیلە و مافیا، دیسان دەماری کوردایەتییان بزوواوە، ئەمجارەیان لە بەدبەختیی رۆژهەڵاتدایە. ئەمە لە کاتێکدایە کە جگە لە ژیناکانی هەرێمیش، بە هەزاران پەنابەری خەڵکی رۆئاڤا و رۆژهەڵات لەسەر شەقام و لە ناو بازاڕ و لە کەمپە تەلبەندکراوەکاندان و نەک هەر کۆمەک ناکرێن بەڵکوو رۆژانە غەدریشیان لێ دەکرێت لە لایەن خودی ئەم رەگەزپەرستانەوە. زۆربەی شەنگالییەکان ئێستاش لە رەوشی نائینسانییدا دەژیین لە کاتێکدا هەر ئەوانەی کە سەر و دڵییان دەگیردرێت ئەگەر شەنگالییەک خۆی بە کورد نەزانێت دەیانتوانی لانی کەم ئەوەندە بکەن بۆ شەنگالییەکان کە پۆلۆنییەکان بۆ ئۆکرانییەکانی دەکەن. بە جیابوونەوەی رەگەزیی کەمتر رازی نیین، بەڵام بۆ گەشت کە دەچن بۆ ئێران یان تورکیا، ئاستەمە رۆژێک لە پاوا یان سەرپێڵی زەهاو، لە مێردین یان دێرسیم، بەسەر ببەن یان خۆیان فێری یەک رستەی هەورامی، کرمانجی، یان زازاکی بکەن. گوایە ویژدانییان بۆ شۆڕشی ژن-ژیان-ئازادی جووڵاوە، بەڵام ئەمڕۆ، لە سایەی پڕۆژە کێوییەکەی پاڵەوانانی نەتەوەپەرستییەوە، ژنان و کچان لە باشور رۆژانە لە مەترسیی تیرۆری کۆمەڵایەتیی و هەڕەشەی کوشتندا دەژین.

گەورەتریین مەترسیی سیاسیی لەسەر دانیشتووانی هەر ناوچەیەک نەژادپەرستانی ئەو ناوچەیەن. ئەگەر بێتوو راستڕەوە فاشیلەکانی نەژادپەرستیی بۆیان بلوێت شەڕی رەگەزیی بەرپا بکەن، لە جێی ئەوەی کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان هاوخاوەنی هەموو شارێکی ئێران بن و هاوپشتیوانی ئازادیخوازانی هەموو شوێنێکی ئێران بن، لە باشتریین حاڵەتدا دیسان دەبێت پەنا بۆ ئەشکەوتەکان ببەنەوە لە کاتێکدا لەو دیوی سنوورەکانەوە نوخبە خۆبەباوکزانەکان بەردەوام دەبن لە شیعراندنی کوردستانێک کە خودی خۆیان و هاوشێوە شۆڤێنیستەکانیان کردوویانە بە جەهەنەم. وەکو ئەوەی خۆڕسکانە و لە یەک کاتدا لە خزمەتی جمهوریی ئیسلامیی و فاشیستە ئارییستەکان و کەمالیستەکاندا بن، شۆڤێنیستە نەژادپەرستەکان بەناوی کوردایەتییەوە خەریکن ئەم شۆڕشەی ئێستای ئێران بە زۆر بکەن بە شەڕی رەگەزیی، شەڕێک کە ئەگەر بقەومێ، جگە لە چەند قەشمەرێکی هەلپەرست، هەموو لایەک تێیدا دۆڕاو دەبێت و لە هەمووانیش خراپتر بەسەر خەڵکە هەرە چەوساوە و بێدیفاعەکانی کوردستاندا دێت.

ستەملێکراوانی کوردستان و لوڕستان و بەلوچستان و عەرەبستان و خوراسان و ئازەربایجانی غەربیی و ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران بە بێ هاوسۆزیی و هاوپشتیی یەکتریی ئاسۆیەکی رزگارییان نییە. شۆڤینیستە کوردەکان زۆرتریین خزمەت بە هێزە نەژادپەرست و مەزهەبییە سەردەستەکان دەکەن و زۆرتریین زیان بە خەڵکی ناوچە پەراوێزخراوەکان دەگەینن. هیچ شتێک نییە ئەو راستییە بگۆڕێت کە دەبێت کورد و فارس و تورک و عەرەب و ئازەریی و تورکمەن و ئەرمەن و بەلوچ و چەرکەس و جوو و دانیشتووانی دیکەی ناوچەکە بەیەکەوە بژیین. کوردستان بەشێک نییە لە مەریخ و هیچ نوشتە و دوعایەکیش نایکات بە بەشێک لە سەرزەمینێکی دیکە. باشتریین شت کە نوخبەکانی تاراوگە و ناوخۆ بیکەن ئەوەیە ئیرادە و توانای فەرهەنگیی و هزریی خەڵکی چەوساوە بەکەم وەرنەگرن و دەست لەو تەسەورە هەڵبگرن کە گوایە خەڵکی کوردستان پێویستییان بە شوانێتی جەنابییانە. دونیای سەرکوتگەریی سیاسیی، کولتوری تیرۆر، و نامۆرڤکرند لە سەرەتادا لەوەوە دەست پێدەکات کە نوخبەکان بە ناوی ملیۆنان ئینسانەوە قسە دەکەن، وەکو ئەوەی ماندەیتێکی ئەخلاقیی یان میتافیزیکییان هەبێت، وەکو ئەوەی میللەتەکەیان تەنیا هەندێ منداڵی نوقسان یان مەڕوماڵات یان کەرەستەی خاوی بەرهەمهێنانی مەرگ بن.

پێشمەرگە هیچ وەزیفەیەکی مێژوویی نەماوە و پێویستە خانەنشین بکرێت

ئەو بوونەوەرەی کە پێی دەگوترێت پێشمەرگە هیچ وەزیفەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی نەماوە. پێشمەرگایەتیی نە بەهرەیە، نە پیشەیە، نە زەروورەت. پڕۆژەیەکە کە زۆر جار لە رابووردووشدا بووەتە هۆی توندووتیژیی زیاتر دژی پەراوێزخراوانی بێدیفاع. بەرگریی راستەقینە لە دانیشگە و بیمارستان و کارگە و کێڵگەکاندا روودەدات لەسەر دەستی ئەوانەی کە بەرخودان دەکەن لە دژی رەوایەتیی چەک و لە دژی گوتارێک کە تێیدا هەمیشە ئەو شتانەی کە هەن و دەبێت ببن بەخت دەکرێن لە پێناو ئەو شتانەی کە نیین و نابن و نابێت ببن. شۆڕشێک کە بۆ ژیان و بۆ ئازادی بێت شۆڕشێکە دژی ئەو جیهان و سیستەمە کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەی کە تێیدا هەموو شتێک کە پەیوەندی بە ئینسان و ژیانی ئینسانەوە هەیە بەخت دەکرێت لە پێناو شتانێکدا کە تەنیا لە چوارچێوەی وەهم یان ناعەقڵانییەت یان وەحشیگەرییدا دەتوانن هەبن. شۆڕشێک کە ژیان تێیدا بەهایەکە لەسەر و هەموو بەهاکانەوە شۆڕشێکە دژی عەقڵییەت و دەسەڵات و ئەخلاقی چەکداریی و هەروەها دژی ئەو رەوشانەی کە توندووتیژیی بەرهەمدەهێنن و ئەو پڕۆژانەی کە وێنەی چەکدار دەکەن بە وێنەی قارەمان و ئەو هێزانەی کە دەسەڵاتی چەک دەسەپێنن بەسەر ئەوانەدا کە مەفروزە هەموو دەسەڵاتێک هی خۆیان بێت و بۆ خۆیان بێت.

دروشمی خاک و خوێن یەکێ لە دروشمە مێژووییەکانی فاشیزمە و هەمیشە ئینسان وەکو مەڕ دەکات بە قوربانیی هەندێ دەستەواژەی پوچی نێو جیهانبینییەکی پوچگەرا. پێشمەرگە کارەکتەرێکە کە لە بنەڕەتدا لە سەر بنەمای خاک و خوێن بونادنراوە. وەکو پڕۆژەش رەوایەتییەکی رەوایەتیی فەلسەفەیەکی دیاریکراوی ئازادی نییە، بەڵکوو بە تەواوی و بەتەنیا پەیوەستە بە ناڕەوایەتیی پڕۆژەیەکی دیکەی توندوتیژییەوە کە توندوتیژیی دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچەکەیە. وەکو بزووتنەوە، پێشمەرگایەتیی پەرە بە هیچ جۆرە دیدگایەک نادات کە لە جێگای توندوتیژیی فەلسەفەیەکی دیکەی کۆمەڵایەتیی بەرهەمبهێنێت یان لە جێگای شۆڤێنیزم کرانەوە بە رووی هەمەڕەنگییدا بەرپا بکات یان ئامانجێکی هەبێت لە دەرەوەی بەرهەمهێنانەوەی سەپاندنی پەیوەندییەکان و پەیوەندییەکانی سەپاندن.

پێشمەرگە، ئەگەر بەزوویی تەقاوت نەکرێت، دەبێت بە یەک دانە دەعبای وەها کە لە جێی فەرهەنگی کوردەواریی کەوتن و مافیاگەرێتیی و کولتوری ئابڕوتکاندن دروست دەکات لە رۆژهەڵات. ئەو حیزبانەش کە شەرعییەتیان لە پێشمەرگایەتییەوە وەرگرتووە جۆرە بەڵایەکی وەهان کە دەتوانن لە ئایندەدا وێنەی دەوڵەتی سەرکوتگەری بەسەرچوو لە یادەوەریی گشتییدا بکەن بە بابەتی شیعری نوستالجیک. ئەمڕۆ خۆشبەختانە لوڕبوون و بەختیارییبوون و لەکبوون و کوردبوون و دەیان دەنگ و ڕەنگی دیکە لە یەک سەمفۆنیادا ئاوێتەی یەکتریین و لە تەونی یەک نەخشی بێسنوور سەرسووڕهێندا بەڵێنێکی بێهاوتای ژیانن لەسەر ئەم هەسارەیە. رووخاندنی رژێمی جمهوریی ئیسلامیی گرنگە لەبەر خاتری پاراستنی، نەک بۆ لەناوبردنی، ئەو پانۆراما بێئەندازە دەوڵەمەندە کە هەموو دەرکەوتەیەکی لە دەرەوەی پەوەندییەکانی چەوساندنەوە شەبەنگێکی کەماڵە نەک تەنیا بۆ هاونیشتمانییەکان و هاوسێکانیان لە ناوچەکەدا بەڵکوو بۆ شارستانییەت بە گشتیی. چ غەدرێکە ئەو فەزای فرەدەنگیی و هەمەڕەنگییە بە دەستی چەند خۆ بەزلزانێکی لە راستییدا خۆبەکەمزانی شۆڤێنیست بۆ ئەبەد وێران بکرێت و لە جێگایدا بە ناوی نەتەوەی پاراو و خاکی پیرۆزی خوێن لە سەر رژاودا جەنگەڵێک لە چەکداریی دروستبکرێت؟

کێ بۆی دەکرێت کوردبوون لە لوڕبوون جیابکاتەوە بەبێ ئەوەی کوردبوون کورت بکاتەوە بۆ تایفەگەریی و تایفەگەرییش بۆ وەحشیگەریی؟ بۆ دەبێت کرمانشانییەک ناچار بکرێت یان کورد بێت یان ئێرانیی؟ نەژادپەرستەکان پێیان وایە کە خەڵکی ئیلام تەنیا بۆ ئەوەی لە فەزایەکی زیهنیی تەسککراوی کوردبوون بێبەش نەبن دەبێت دەست لە هەموو میللەتانی دیکەی ئێران هەڵگرن. بۆ دەبێت بەختییارییەکان بکرێن بە دوژنمی کوردەکان لە سنە و ئازەرییەکان بکرێن بە دوژمنی کوردەکان لە ورمێ لە پێناو پڕۆژەیەکی خێڵگەردا کە نە توانیوێتی نە دەتوانێت بنەمایەکی زانستیی، ستراتیجیی، و تەنانەت عەسکەرییشی هەبێت؟ ئەگەر کوردبوون لەو هەموو قووڵاییە دیمۆگرافیی و جوگرافیی و فەرهەنگیی و مێژووییە بکرێت، کوا شایستەی ئەوەیە کە جێگای شانازیی ئینسانی هۆشیار بێت؟ تەنیا بەلاهەتێکی بێسنوور دەتوانێت بێشەرمانە ناسنامەی کوردبوون بە ناوی دژایەتییکردنی نەژادپەرستیی فارسییەوە بسپرێت بە عەقیدەی نەژادپەرستیی کوردیی.

ئەوانەی کە بە ناوی کوردبوونەوە نەژادپەرستیی هەڵدێننەوە گرێی هەرە قووڵییان گرێی رق-لە-خۆبوونە. هەر ئەو کەسایەتییانە ئامادەن لەگەڵ هێزە هەرە فاشیستە نەتەوەییەکانی دیکەدا سازش بکەن بۆ لەنێوبردنی هەر هێزێکی دیکەی کوردستانەکەی خۆیان بە راست و چەپەوە. نەژادپەرستیی بەچواردەوردا فاشیزم بونیاد دەنێ، و فاشیزمیش حەماقەت دەکات بە دیکتاتۆری ژینگەی کۆمەڵایەتیی.

هیوایەک ئەگەر هەبێت لەو ئاسۆیەدایە کە فێربین داکۆکیی لە مافی دەنگدەربڕینی ئەوانە بکەین کە بێدەنگکراون و راستگۆیانە بەرگریی لەوانە بکەین کە لە زمان و فەرهەنگدا جیاوازن جا هەرچەندێک نزیک یان دوور، کەم یان زۆر بن. لە جیاتی ئەوەی بە زمانی کوردی دوژمنایەتی لەگەڵ دەرەوەدا و بە زمانی بێگانەش سازش لە گەڵ فاشیزمی نەتەوەپەرستی دیکەدا بکرێت، دەبێت بە هەموو زمانێک لە هەموو فاشیزمێک بدرێت. دواجار فاشیزمێک کە بە ناوی میللەتی ستەمدیدەوە کینە دژی میللەتێکی دیکە بڵاو دەکاتەوە لە فاشیزمێک باشتر نییە کە بە ناوی باڵایی ڕەگەزییەوە میللەتانی دیکە سەرکوت دەکات. فاشیزم ئەگەر لە تافی گەراییدا رێگەی لێنەگیردرێ، سەری هەرە زولملێکراوەکان دەخوات و جیهانیش بۆ رزگاربوانی جینۆساید بەرتەسکتر دەکات.

ئەوانەی کە گوایە بەس مافی کوردیان لەلا گرنگە لە راستییدا بەس کورد بە بەشەر نازانن، چونکە لە قووڵاییدا خودی خۆیان بە بەشەر نازانن. ئەمە لە ئەتواری رۆژانەیاندا بە روونی دەردەکەوێ. بڕوانە لەتەک هاونیشتمانییەکی کورددا چەندە بێحورمەتیی دەنوێنن و بە پێچەوانەشەوە لە گەڵ بییانییەکدا چۆن خەجاڵەتیی لە نێوچاوانیان دەتکێ.

هەر بۆیەش سەیر نییە ئەو نەژادپەرستانەی کە خۆیان وەها تێگەیاندووە کە بۆ کوردبوون دەژین و دەمرن لە راستییدا رقێکی بێوێنەیان لە هەموو شتێکە کە پەیوەندیی بە چەپەوە هەبێت و دڵییان هەمیشە بۆ راستڕەوە هەرە فاشیستەکان لێدەدات بە فاشیستە سپییەکانەوە. لەسەر ئاستی کەسایەتیی، فاشیزم لە ناو دەرونێکدا گەشە دەکات کە لە قووڵاییدا خۆی بە بێدەسەڵات و بێفەڕ دەزانێت و لەهەمان کاتیشدا هۆگری دەسەڵاتداران و سەردەستانە. هەموو بێدەسەڵاتێک وەکو ئاوێنەیەک وایە بۆی کە تێیدا وێنەی خودی خەفێنراو خویا دەبێت. لەبەر ئەوە، ئەم کەسایەتییە کاردانەوەیەکی توندوتیژی نەستیی هەیە لە بەرانبەر هەموو بێدەسەڵات و پەراوێزخراوێکدا، و لە هەمان کاتیشدا ماسۆشییانە هۆگری سەردەست و زۆردار و دڕندەیە.

فاشیزم حەماقەتێکی نوخبەوییە و بەڵایەکی رووت بۆ پەراوێزخراوان

بابەتی رقی هەموو فاشیستێک پەراوزخراوانه. کەسایەتی فاشیست رقی لە پەراوێزخراوانی هەموو کۆمەڵگەیەکە و لەهەمووشیان زیاتر لەو پەراوێزخراوانەی کە بە زمانی خۆی دەدوێن.

فاشیزم جۆرە زەهرێکی زیندەوەرییە کە لە حەماقەتدا گەشە دەکات، بۆیە فاشیزم کە دەبێت بە بزووتنەوەی سیاسیی، بە پلەی یەکەم سەرقاڵی بڵاوکردنەوە حەماقەت دەبێت. فاشیزم هەموو دەرفەتێک بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی رووداووە مێژوویی و رۆژانەییەکان وەکو بەڵگە نمایش بکات بۆ سەلماندنی ئەوەی کە جیهان جیهانی رەگەز و مەزهەب و مومارەسەکردنی هێزە و هیچ تر. غەریب نییە کە لە ناو نەژادپەرست و راستڕەوەکاندا بیریارە فاشیستەکان بە عیشقەوە سەیر دەکرێن. کورتکردنەوەی جیهان بۆ ”ئێمە و ئەوان” رێگایەکی کورت و ئاسانە بۆ خەفەکردنی بووچگەرایی و بێبەهایی و گۆڕینەوەیان بە ناسنامەیەکی زۆر زەلامی گشتیی. ئەوەی کە ئەندامانی بزووتنەوەیەکی فاشیست بەیەکەوە کۆدەکاتەوە خۆشەویستیی نییە بۆ یەکتری یان بۆ هاونیشتمانییەکانییان، بەڵکوو ڕقی هاوبەشە لە دژی پەراوێزخراوان، واتا دژی هەموو بکەرێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی کە خودی راستەقینە و خەفێنراو بوورووژێنێت. فاشیزم، بۆیە، بزووتنەوەیەکە لە دژی حەقیقەت هەم بە دیوی ناوەوەی تاکەکەسییدا، هەم بە دیوی ناوەوەیی جڤاکییدا، و هەم بە دیوی دەرەوەی کۆمەڵگەییشدا.

بۆ دژایەتیکردنێکی ئاوەها توندی حەقیقەت، بەرهەمهێنانەوەی حەماقەت وەکو پەتا مەرجی هەرە جەوهەرییە. حەماقەتی ئاوهاش، کە ووڕێنەکردنی سیاسیی وەکو پەتا بڵاودەکاتەوە، کەشێکە بۆ تەشەنەکردنی فاشیزم لە فەزای گشییدا. فاشیزم، بۆیە، لە بەدوژمنکردنی هاوسێی بێگانەوە دەست پێ دەکات، بە لەنێوبردنی چەپەکاندا تێدەپەڕێ، و بە خاینکردنی یەک لە دوای یەکی ”خوشک و براکانی نەتەوە” تەواو دەبێت. ئەگەر سەرکەوتوو بێت، لە جێگای نیشتمانێکی ئازاد بۆ هەموان، جەهەنەمێک بۆ هەموان بونیاد دەنێ.

شتێک نییە ناوی نیشتمانی ئازاد بێت بە بێ هاونیشتمانیی ئازاد. ئەوە بوونی زۆرینەیەکە لە ئینسانی ئازاد کە دەتوانێت نیشتمانی ئازاد دروست بکات، نیشتمانێک نەک تەنیا بۆ خۆجێییەکان بەڵکوو بۆ ئەو پەنابەر و کۆچەبەرانەش کە نیشتمانەکانیان کراوە بە جەهەنەم لە ژێر سایەی نەژادپەرستیی و مەزەهەبگەرایی و شێوازی جۆرا و جۆری فاشیزمدا.

با دروست نەبێت کوردستانێک کە تێیدا چەک جێگای عەقڵ بگرێتەوە و دیسانەوە ئەشکەوت ببێت بە پەناگە. سەلامەت نەبن ئەوانەی کە کوردە بێدیفاعەکان دەکەن بە سووتەمەنی، و هاوزۆیی نێوان قوربانییان دەکەن بە دوژمنایەتیی، و کوردستان دەکەن بە گۆڕەپانی قەڵەمبازیی چەندیین هێزو دەوڵەتی فاشیست تەنیا بۆ ئەوەی جیابوونەوە فاشیلەکەیان بپارێزن. ئەوانەی کە هەزاران ژینا لە پەنا دەستی خۆیاندا نابینن و قەڵسیش دەبن بە هەموو هاوسۆزییەک لەنێوان قوربانییەکاندا هەرگا دەرفەتییان بۆ هەڵکەوت بۆ سەرکوتکردنی قوربانییە کوردەکان لە بەربەرییەتدا دەبن بە بوونەوەری بەسیجیی.

لە رزگارکەرەکان کوردەکان پێویستە رزگارییان بێت. ئەو رزگارکەرانەش کە خێریان تێدا بێت دەست هەڵدەگرن لە نووخبەگەرایی و بگرە رزگاربوونی خۆیان لە بندەستیی لە پێشەوایی هاونیشتمانییە ئازادیخوازەکاندا دەبینن نەک بە پێچەوانەوە. لە یەکە کۆمەڵگەییەکاندا، وەکو خێزان و تایفە و عەشیرەت و تیرە و هتد، خودی پارێزەری ئابڕوو گەورەتریین مەترسییە لەسەر کەرامەت و سەلامەتیی بێدەنگکراوەکان. لەسەر ئاستی سیاسیی، خودی دامەزراوە سیاسییەکان گەورەتریین مەترسیین لەسەر ئەمنییەت و ژیانی زۆرینەی هاونیشتمانییە پەراوێزخراوەکان. وەکو فیگەری باوک، نوخبەی نەتەوەپەرست نە توانای قەدرگرتنی ژیانی کەسەکانی هەیە نە متمانەی بە توانا هزرییەکانیان هەیە. لە هەر کوێکیشدا پەرواێزخراوێک ببێت بە قوربانیی لە پای سیاسەتی یان عەقڵییەتی نوخبەویی، نوخبەکان نەک هەر تووشی شەرمەزاریی نابن بەڵکوو مەرگی ئەو پەراوێزخراوەش دەکەن بە سەرمایەی ئەخلاقیی بۆ زیاتر رەوایەتییدان بە خۆیان وەکو ویژدان و هۆش و زمانحاڵی کۆمەڵگە. ئەو نوخبانە لە دەرئەنجامدا تا بێت زیاتر مافی سەربەخۆیی و ئازادی لە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەکەی خۆیان زەوت دەکەن و تا بێت زیاتر فرەیی کۆمەڵایەتیی و تاکەکەسیی ناو کۆ لە یەک بوونەوەری خەیاڵییدا کورت دەکەنەوە، بوونەوەرێک کە زیاتر وێنەی مێینەیەکی بێتوانا و نوقسان و جێبەزییە لە خەیاڵی باوکسالاری نوخبەوییدا. رزگارکەرەکان، بۆیە، نوێنەری دەسەڵاتێکی ئەخلاقیی سەرکوتگەری ناوخۆیین کە دەبێت بڕوخێندرێت بۆ ئەوەی رزگاربوونی ئینسانەکان مومکین بێت.

ژیناکوژان زۆرن؛ هەندێکیان فارسن، کوردن، تورکن، عەرەبن، هتد. ژیناکان زۆترن؛ تیایاندایە فارسە، کوردە، تورکە، عەرەبە، هتد. رزگارکەرەکان زۆر نیین بەڵام دەنگیان زۆر بەرزە. ئەم فەریادڕەسانە چونکە خۆیان بە ویژدانی گشتیی دەزانن، بەڵان بۆ سەربەخۆیی تاکەکەس و ئازادی سیاسیی و یەکسانی کۆمەڵایەتیی. تا رژێمە ئەخلاقییەکەیان مابێت، تاکەکەس لە ناوچەکەدا ناتوانێت لە دایک ببێت وەکو خاوەن ماف. تاکو تاکەکەسیش وەکو خاوەن ماف لە دایک نەبێت، ئیرادەی کەس و گرووپ و جڤات و میللەت و چینە زۆرلێکراوەکان لە هیچ قەبارەیەکی سیاسییدا بواری خۆدەربڕینیان پێ نادرێت.

شۆڕشی ژن-ژیان-ئازادی شتێک نییە کە پێویستی بە فیگەری باوکی نەتەوە و برای نەتەوەیی هەبێت، بەڵکوو شۆڕشێکە لە دژی هەموو باوکە نەتەوەییەکان و هەموو برایەتییە نەژادپەرستەکان. ئەمەش کە ئێستا روودەدات سەرەتایە نەک کۆتایی. بۆ ئەوەی سەرکوتگەریی جارێکی دیکە سەرکەوتوو نەبێت وەکو چل و سێ ساڵی رابووردوو لە ئێراندا، رزگارکەرەکان دەبێت پەرناوەردە بکرێن بۆ ئەوەی فێربکرێن کە رێز لە ویژدان و عەقڵ و ئیرادەی سیاسیی ستەمدیدەکان بگرن و ئەوندەش بە ناوی ژنی کوردەوە نەدوێن چونکە خودی پرسەکە پرسی لابردنی دەسەڵاتی وەلی ئەمرە. شۆڕشی ئەمڕۆی هەموو ناوچەکە شۆڕشێکە لە دژی ئەوانەی کە بە ناوی ئابڕووی گشتییەوە خۆیان کردووە بە پۆلیسی ئەخلاقیی و شکاندن و کوشتنی ئینسانیان کردووە بە پیشەی پیرۆزیان.




ئه‌و جیهانه‌ی جێگای ئێوه‌ی تێدا نه‌بووه‌وه‌ ته‌نیا شایسته‌ی رووخاندنه‌ …. سەڵاحەدین ئەحمەد

له‌ دوای سێی ئابی ٢٠١٤ قسه‌كردن شه‌رمه‌. به‌ڵام ئه‌م جیهانه‌ وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ دۆزه‌خی جیهانێكی تر یان خه‌ونی هه‌ره‌ تاڵی خوداوه‌ندێكی شكاو بێ، تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی به‌ كه‌متر له‌ ئازادی رازی نین و ئه‌وانه‌ی توانای شه‌رمه‌زاربوونیان هه‌یه‌.

ساڵ به‌ ساڵ خیانه‌ته‌كان كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بن و ئه‌وانه‌ی توانای شه‌رمه‌زابوونیان هه‌یه‌ كه‌متر. رۆژێك دێ نه‌ك هه‌ر سی رۆژه‌كه‌ی ئاب هه‌موو رۆژه‌كانی دوازده‌ مانگی ساڵ‌ به‌شی ژماره‌ی خیانه‌ته‌كان ناكه‌ن. له‌ راستییدا، ئه‌گه‌ر نه‌ریتی مێژوونووسین هه‌بوایه‌، ده‌مێ بوو رۆژمێری خیانه‌تیش دروستببوو، رۆژمێرێك خانه‌ی هه‌موو رۆژێكی یادی خیانه‌تێك ده‌بوو، خیانه‌تێك به‌شی ئه‌وه‌ شه‌رمه‌زاریی دروستده‌كرد كه‌ له‌ژیانداماوه‌ خۆشبه‌خته‌كان كه‌متر بڵێن و زۆرتر گوێ له‌ په‌رواوێزخرا و كپكراوه‌كان بگرن، بۆ خاتری كه‌س نا بۆ خاتری ئینسانییه‌تی خۆیان.

له‌ شه‌نگاڵ دوا دڵۆپی ئابڕووی ده‌سته‌جه‌معی نوێنه‌رانی فه‌رهه‌نگیی و ده‌سه‌ڵاتداریی زۆرینه‌ تكا. به‌ڵام ئابڕوو هیچ نییه‌ بۆ توێژگه‌لێك كه‌ له‌ بازاڕه‌كانی سه‌رمایه‌دارییدا رۆژانه‌ خاكوخێو هه‌ڕاجده‌كه‌ن بۆ‌ كه‌مالیست و ئیخوانچی، بۆ ئایه‌توڵا و حیزبوڵایی، بۆ ره‌كه‌زپه‌رستی سپیپێسته‌كان، و بۆ هه‌ر كه‌سێك كه‌ به‌ زمانی كوردی قسه‌ نه‌كات و په‌رواێزخراو نه‌بێت. ساڵانی تر دێن و ده‌ڕۆن، شارانی تر ده‌فرۆشرێن و خه‌ڵكانی تر قڕده‌كرێن هه‌تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ په‌راوێزخراوه‌كانی زۆرینه‌ رێگایه‌ك داده‌هێنن بۆ ریشه‌كێشكردنی هه‌موو توێژێكی سه‌رده‌ست و خودی سه‌رده‌ستی، نه‌ك ته‌نیا ئه‌حزابی مافیا و جاشڕه‌فتار.

له‌ دوای سێی ئابه‌وه‌ هیچ شتێك شایسته‌ی ووتن نییه‌. ده‌بوایه‌ ئه‌و گورزه‌ سه‌رله‌به‌ری زمان و ئیمانی كۆمه‌ڵگه‌ی باشووری هه‌ڵته‌كاندایه‌ تا ئه‌و جێگایه‌‌ی كه‌ جگه‌ له خۆسازكردن و جیهانسازكردن بۆ‌ شۆڕشێكی سه‌رتاپاگیری كۆمه‌ڵایه‌تی هیچ به‌هانه‌یه‌ك بۆ ژیان نه‌مێنێ. ژیانی خامڵ كه‌ بوو به‌ عاده‌ت، پووچگه‌رایی باڵده‌كێشێ به‌ سه‌ر فه‌زای گشتییدا و ووتن و نه‌ووتنی هه‌ر شتێك وه‌كو یه‌كه‌. به‌ڵام توانای درككردن به‌ تراژیدیا له‌ هه‌موو میلله‌تێكدا نییه‌. چاره‌نووسی ئه‌و میلله‌تانه‌ی كه‌ ئه‌و‌ توانایه‌ تیایاندا گه‌شه‌ی نه‌كردووه‌ هه‌رده‌م دووباره‌بوونه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كانه‌. له‌ هه‌موو وه‌رچه‌خانێكی ناوچه‌یی و جیهانیدا به‌ كارده‌هێندرێن و پاشان ته‌وه‌لا ده‌كرێن و زۆر جاریش له‌ میانه‌ی ئه‌و یارییانه‌دا كاره‌ساتیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت. به‌ڵام كاره‌ساته‌كان نابن به‌ رووداو، ناكرێن به‌ وێستگه‌ی حه‌په‌سان و تێڕامان و بچڕان. له‌به‌ر ئه‌وه، له‌ ئیراده‌یه‌كی تاریك و زه‌ینێكی نادیده‌ و یاده‌وه‌رییه‌كی په‌ككه‌وتووه‌وه‌‌ خۆیان مه‌حكومده‌كه‌ن به‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی تراژیدیا‌كان. له‌ بازنه‌یه‌كی كوشنده‌دا یه‌خسیری كۆتوبه‌ندێك ده‌بن كه‌ ده‌ستكردی خۆیانه‌ و بۆ گه‌ردنی خۆیانه‌.

له‌ تێزابی پوچگه‌راییدا ده‌رئه‌نجام هه‌موو بونیادێكی كۆمه‌ڵایه‌تی داده‌وه‌شێ. زمان و خه‌یاڵ به‌یه‌كه‌وه‌ ره‌زیل ده‌كرێن. له‌ داڕزانی ئیكۆلۆژی كۆمه‌ڵایه‌تییدا، بیابانبوونی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌قه‌ومێ. له‌ بیابانبوونی كۆمه‌ڵایه‌تییدا هه‌موو تاكه‌كه‌سێك به‌ ته‌نیا، به‌ بێ كۆمه‌ك، به‌ بێ ئینتیما بۆ هیچ تۆڕێكی به‌ها، له‌ نه‌بوونی هه‌ر جۆره‌ په‌رژینێكی پاراستنی ده‌زگایی و كۆمه‌ڵایه‌تییدا، به‌ رووتی ده‌بێ به‌ خۆراكی دژوارییه‌كانی ژیان. له‌ ده‌رئه‌نجامدا هه‌موو كه‌سێك خۆی به‌ سته‌ملێكراو ده‌زانێ له‌ كاتێكدا رۆژانه‌ سته‌م له‌وانه‌ ده‌كات كه‌ وه‌ها هه‌ڵكه‌وتووه‌ له‌ خۆی كه‌مده‌سه‌ڵاتتر بن جا به‌ هۆی چینایه‌تیییه‌وه‌ بێ یان به‌ هۆی جێنده‌ره‌وه‌ یان ته‌مه‌ن یان هه‌ر هۆیه‌كی تری په‌یوه‌ند به‌ ته‌ونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات و دابه‌شبوونی ئامرازه‌كانی سه‌پاندن. به‌زه‌ییبه‌خۆداهاتنه‌وه‌، له‌زه‌توه‌رگرتن له‌ موماره‌سه‌كردنی زۆرداری، و په‌سه‌ندكردنی زۆرداری ده‌بن به‌ ره‌فتاری به‌ربڵاو وه‌كو ئه‌وه‌ی به‌ جارێ هه‌مووان تووشی تاعونبن به‌بێ ئه‌وه‌ی تاعون وه‌كو تاعون سه‌یر بكرێ، بگره‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ زماندا ووشه‌یه‌ك بۆ تاعون په‌یدا بووبێ.

له‌و جۆره‌ كات و شوێنه‌دا هه‌مووان ده‌بن به‌ گله‌ییكه‌ر و گه‌له‌ییكردنیش ده‌بێ به‌ میكانیزمی بیانووهێنانه‌وه‌ بۆ به‌شدارییكردن له‌ زۆرداری و كه‌وتن و فه‌سادی سه‌رانسه‌رییدا. له‌ راستییشدا هه‌مووان له‌ هه‌مان كاتدا هه‌م قوربانیین و هه‌م جه‌لاد، به‌ڵام هه‌ر كه‌سه‌و و نییوه‌ی راستی ناسنامه‌ی خۆی ده‌بینێ. له‌ جیهانێكدا كه‌ بیابانبوونی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌كو ره‌وشی ئاسایی جێده‌گرێ‌، هه‌موو كه‌س هه‌موو شتێك بۆ خۆی به‌ ڕه‌وا ده‌زانێت. كه‌وابوو خۆپه‌رستی ده‌بێ به‌ یاسای مانه‌وه‌ له‌ بیابانێكدا كه‌ نزیكترین كه‌سه‌كان دوورترینیانن، زمان به‌رته‌سكترین و رواڵه‌ت و خۆنمایشكردن فراوانترین پانتایی داگیرده‌كه‌ن. كه‌ خۆپه‌رستییش ده‌بێ به‌ یاسای مانه‌وه‌، باسكردنی كۆمه‌ڵگه‌ وه‌كو باسكردنی جنۆكه‌ و بوراقی لێدێ. ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ ده‌بێ به‌ قه‌سابخانه‌یه‌ك تیایدا سه‌ری بزێوی هه‌ر یاخییه‌ك ده‌كرێ به‌ پلیكانه‌یه‌ك‌ تا ساكۆپاثه‌كان پێیدا سه‌ركه‌ون بۆ كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه‌ی زیاتر و قۆزخكردنی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر. تووندوتیژی ره‌مزیی و تووندوتیژی راسته‌وخۆ له‌ زماندا، له‌ نیگادا، له جه‌سته‌دا، له‌ خواردندا، له‌ كێڵگه‌دا، له‌ كارگه‌دا، له‌‌ شه‌قامدا، له‌ ماڵدا، له‌ په‌رستگادا، له‌ زانینگه‌‌دا، و له‌ ناو جێگادا ده‌بێ به‌ ره‌نگی جیهانێكی تاكڕه‌نگ. تا بێ، په‌راوێزخراوان بێده‌نگتر ده‌كرێن و جیهانی ئه‌وانی تریش زۆرتر به‌ په‌رتگادا رۆده‌چێ.

كه‌واته‌ له‌ قوربانیبووندا، لانیكه‌م یه‌زیدییه‌كان شه‌ره‌فمه‌ندن. به‌ ئه‌ندازه‌ی داوه‌شاویی زۆرینه‌، كۆمه‌ڵگه‌ی یه‌زیدییه‌كان له‌ هاوده‌ردییدا یه‌كانگیرن. له‌ تراژیدییبووندا یه‌زیدییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌فسانه‌یی ئیراده‌گه‌رن. له‌ قه‌باره‌ی تراژیدیاكه‌ بترازێ، كه‌ ته‌نیا یه‌زیدییه‌كان بۆ خۆیان ده‌یزانن، دۆڕاوی سه‌ره‌كی زۆرینه‌یه‌ نه‌ك یه‌زیدییه‌كان و ئه‌وانه‌ی سه‌ركه‌شانه‌ به ‌هانایانه‌وه‌ چوون. سه‌رده‌می دوای شه‌نگاڵ سه‌رده‌می به‌ربه‌رییه‌تێكی بێپایانه‌ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی په‌راوێزخراوانی زۆرینه‌ به‌ هاوكاری شۆڕشگێڕانی گروپه‌ بێده‌نگكراوه‌كان شۆڕشێك سازبكه‌ن سه‌رله‌نوێ مه‌رجه‌كانی ژیانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ئازاد و شایسته‌ به‌ كه‌رامه‌تی ئینسان به‌رهه‌مبهێنێ.

له‌م ساڵیاده‌ تاڵه‌دا داوای لێبووردن له‌ هه‌موو یه‌زیدییه‌ك ده‌كه‌م له‌ هه‌ر رۆژگارێكدا ناسیبێتم و هه‌ر یه‌زیدییه‌كیش كه‌ شه‌ره‌فی ناسینیم پێ نه‌بڕابێ. داوای لێبووردن ده‌كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ جیهانێكدا هه‌ناسه‌ ده‌ده‌م و جارناجار قسه‌ ده‌كه‌م كه‌ رێگای دا سێی ئاب رووبدات.

جیهانێك جێگای ئێوه‌ی تێدا نه‌بووه‌وه ته‌نیا‌ شایسته‌ی رووخاندنه‌.

ژیانێك دوای شه‌نگاڵ به‌رده‌وام بێ ره‌وایه‌تی نییه‌ له‌ پڕۆژه‌ی رووخاندنی ئه‌و جیهانه‌ ئابڕووتكاوه‌دا نه‌بێ كه‌ توانای هه‌ستبه‌خه‌تاباربوونی تێدا نییه‌.

سەڵاحەدین ئەحمەد

Twitter: @SaladdinAhme
https://www.facebook.com/saladdin.ahmed

٣\٨\٢٠١٩