غیابی کورد لە ستراتژی زلهێزەکان بۆ رۆژهەڵاتی ناوین … شاهۆ حوسێنی

(هۆکاری بێدەنگی زلهێزەکان لەمەر هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین و قوربانی بوونی کورد) …..

هەرجۆرە شرۆڤەیەکی ستراتژی و پلانی زلهێزەکان بۆ رۆژهەڵاتی‌ناوین، کێشەو قەیرانەکانی هاوچەرخی ئەو ناوچەیە ئەگەر لەسەدەی نۆزدەهەم را دەست پێ‌نەکات، رەنگە نەتوانێ بە دەقیقی تیشک بخاتە سەر کێشەو قەیرانەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی‌ناوین. ستراتژی زلهێزەکان لەسەدەی نۆزدەو بیستا بەربەرەکانی لەگەڵ ئیمپراتووری‌عووسمانی و زلهێزێکی هێژمۆن بوو، کەرۆژگارێک تا جەرگەی ئوورووپای لەژێر دەسەڵاتابوو، بۆ ئەو مەبەستەش دوو پلانی هاوزەمانیان ڕەچاو کرد. یەکەمیان بەدەرکردنی پشتیوانی لەپەرەی بزاڤی جوولەکەکان کە لەدرێژەدا بەدەرکردنی بریارنامەی باڵفۆر دەست کرا بە بنیادنانی دەسەڵاتێکی نوێی‌ئایینی بەناوی ئیسرائیل وەک شووناسێکی تەواو دژبەر لەگەڵ ئیمپراتووری‌عووسمانی، ئەگەرچی زێدە لە دوو دەیە دوای رووخانی عووسمانی دەوڵەتی ئیسرائیل هاتە بەرهەم بەڵام چچەغماغەکەی لە سەدەی نۆزدهەم‌دا لێ‌درا، دووهەم پەرەی ناسیونالیسمی عەرەبی کە لەئاکام‌دا بوو بەهۆی جیابوونەوەی وڵاتانێکی عەرەبی زۆر لە عووسمانی.

بێ گومان ئەو رەوتەش پەرەی دا بە ناسیونالیسمی تورک. لەنەهایەت دا هێژمۆنی سێ هزر و ئایدەی سیاسی بناژۆخواز کە بریتی بوون لە ناسیونالیسمی عەرەبی، ناسیونالیسمی تورکی و جوولەکەخوازی، کورد و ئامانجەکانی فیدا کرد، هۆکاری پەرواێزخرانی کورد لەوەدا بوو: لەگەڵ ئەوەدا کوردی سەردەمی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیست کۆمەڵگایەکی تەواو عەشیرەیی و نەریتی بوو، لەهەمان کاتیشا پشتگیری و لایەنگری لە دەسەڵاتی عوسمانی دەکرد وەک نوێنەری ئایینی ئیسلامی، جێگای ئاماژەشە کە عەرەب لە رۆژهەڵاتی ناوین بە رێژەی حەشیمەتیش لە کوردەکانی ئەو سەردەم زۆر زیاتر بوون، ئەو رەوتەش لە ئاکام‌دا بوو بەهۆی نزیک بوونەوەی زلهێزەکان لە عەرەبەکان و بەو شێوەیە بنەمای رۆژهەڵاتی ناوین لەسەر شووناس ئەو سێ لایەنە بنیادنرا.

لایەنێک لەنەهایەتدا کە تورکیەی کەمالیست بوو هەر زوو خۆی لەکێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوین کێشایەدەر و مەیدانی بۆ رکابەرێتی و تێکهەڵچوون لەدرێژەدا و لەپاش ساز بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ عەرەبەکان و ئیسرائیل چۆڵ‌کرد، بۆیەش بۆماوەی چەند دەیە رۆژهەڵاتی ناوین بە قەیران و کێشەی ئیسرائیل و عەرەبەکان پێناسەدەکرا، چاوخشاندنێک بە مێژووی ناوچە لە ۱۹٤۸را کە ئاگری یەکەم شەڕی نێوان عەرەب و ئیسرائیلی تیا هەڵگیرسا هەتا ۱۹۷۳ کەکۆتا شەڕی نێوان عەرەب و ئیسرائیلی تیا کراوە سەلمێنەری ئەو راستێیە، لەوەها دۆخێک دا بێ گومان کورد وەک بوونێکی قەیرانی و کێشەیی لەبەر چاوی زلهێزەکان نەدیترا.

سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی خواست و جێگای رەزامەندی زلهێزەکان بوو چوون بوو بەهۆی گواستنەوەی کێشەلەنێوان دوانەی ئیسرائیل-عەرەب بەرەو دوانەی شیعە-سووننە، لە درێژەدا سەرهەڵدانی رێکخراوە تووندئاژۆکان و پەرەی شەری چریکی و پێکهاتنی رەوت و نەزمێکی نوێی لە رۆژهەڵاتی ناوین بە ساز بوونی حیزبووڵڵا، حەماس و رێکخراوەکانی تر لێ کەوتەوە و ئەوەش ئارامی ئیسرائیلی تا رادەیەکی زۆر شێواند. لەو رەوتەدا ئێران توانی دەسەڵاتی سووریا کە لەنێوان دوو رکابەری بەعسی عێراق و ئیسرائیل دا گووشارێکی زۆری لەسەر بوو بۆلای خۆی رابکێشیت و بیکاتە کۆریدۆری گەیشتن بەلوبنان و فەلەستین.
ساز بوونی قەیرانی سووریا و بەشداری راستەوخۆی ئێران بۆ بەرگری‌کردن لە دەسەڵاتی بەشارئەسەد و درێژەکێشانی ئەو قەیرانە ئەگەرچی رووخانی ئەسەدی لێ نەکەوتەوە بەڵام ژێئۆپۆلەتیکێکی دۆفاکتۆی کوردی بەرهەم هێنا، ئەو ژێئۆپۆلەتیکە ئێستا لەلایەک تووشی هێرشی راستەوخۆی تورکیا بوە و لەلایەکیش تووشی بێ دەنگی زلهێزەکان، ئەوەی جێگای پرسیارە ئەوەیە: بۆچی زلهێزەکان کە کوردیان بە دۆست و بەرەی خۆیان پێناسە دەکرد بێ دەنگن؟

سووریا مەیدانی کێشە و تێکهەڵچوونی تورکیا، عەرەبستان و ئێران و رێکخراوەکانی لایەنگری وان وەک حیزبووڵڵا و داعش و نووسرە و …..هتدە، دەرگیر بوونی وانە لە سووریا یانی دوور بوونی کێشە و قەیران لە ئیسرائیل و سەرقاڵ بوون بە قەیرانێکی دوور و درێژ کە زۆر خوازیارنین جارێ وا زوو تەواو بێت، لەو ناوەدا کورد بۆ وان وەک کایەکەر و فاکتەر تەنیا رۆڵی کەرەسەی هەیە کە لەخزمەت درێژەکێشانەوەی ئەو شەڕ و قەیرانەدایە و درێژەکێشانەوەی ئەو کێشەیەش بەمانای درێژەکێشانەوەی پەراوێزێکی ئەمنی بەدەوری ئیسرائیل دایە، بەهۆی ئەوەکە هەرکەسە و لە سووریا لە بەشە هێژمۆنی خۆی دەگەرێت و تازە بەهیچ شێوەیەک لەو گەمەیە ناتوانێ بچتە دەر، واتە ئەگەر تا بەر لەساز بوونی کێشەی سووریا هەموو کێشە و قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوین لەدەوری فەلەستین و ئیسرائیل دەخولاوە، ئەوا ئەوجارە دوانەی فەلەستین-ئیسرائیل بەتەواوی چۆتە پەراوێزەوە، لەو ناوەدا کورد باشترین کەرەسەی قوربانیە، جارێک رێفراندۆمی هەرێم و ئەو جارەش عەفرین و رۆژئاوا.




ئیسلامی توندئاژوێ، ئەمریکا، رووسیا … شاهۆ حوسێنی

پێشەکی:

بێرژنێسکی راوێژکاری باڵای ئەهەوەنی نەتەوەیی کۆشکی سپی لەسەردەمی سەرۆک کۆماری جیمی کارتێردا بوو. بەناوبانگترین پلان و ستراتژی بێرژنێسکی کەڵک وەرگرتن لە ئیسلامی سیاسی و رێکخراوە ئیسلامێکان وەک کەرەسە بۆ رووبەروو بوونەوە لەگەڵ هێژمۆنی یەکێتی سۆڤییەت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین بوو، کە بەشیوەیەکی بەربڵاو لەلایەن دەسەڵاتە چەپەکان لە عێراق، سووریا، میسر، یەمەن ئەو هێژمۆنیە بەروپێش دەچوو، بێرژنێسکی بە هاوکاری عەرەبستان و پاکستان دوو لە وڵاتە ئیسلامێ تووندئاژوێکان و ناوەندی هزری بەرهەم هێنی ئیسلامی سەلەفی و جەهادی ئەو سەردەم، پلانی پرچەک کردنی ریکخراوە ئیسلامێکانی بە دژ حکوومەتی سەربە سۆڤییەتی ئەفغانستانی دەست پی کرد. پاکستان لەو سەردەم‌دا لەژێر کۆنترۆڵی ئیسلامێ بناژۆخوازەکان‌دا بوو کە بە کۆدەتای ژنراڵ موحەممەد زیائولحەق پەرەیان ئەستاندبوو، ژێنراڵ زیائولحەق ساڵی ١٩٧٧ کۆدەتای لە زولفەقار عەلی بۆتۆ کرد و ئامانجی خۆی ئەتۆمی کردنی پاکستان و پێکهێنانی وڵاتیکی ئیسلامی و حاکم کردنی ئیسلامی راستەقینە راگەیاندبوو، دیارە عەرەبستانیش کە ناوەندی هزری و فکری سەلەفییەت و بناژۆخوازی ئیسلامی بوو.

بناژۆخوازانی ئەفغانستانی:

ساڵی ١٩٧٨ نوورموحەممەد تەرەکی یەکێک لە رێبەرانی حیزبی دێموکراتیکی گەلی ئەفغاسنتان بەهاوکاری ئەفسەرانی کۆمۆنیست بە کۆدەتایەکی سەربازی توانی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت و حکوومەتێکی چەپی سەر بە سۆڤییەت لە ئەفغاسنتان بێنێتە سەرکار، لەپاش ئەو کۆدەتایە بزاڤێک بەدژ ئەو دەسەڵاتە کۆمۆنیستە سەری هەڵدا لەژێر ناوی موجاهیدنی ئەفغانستان کە لەخۆگری هزر و شووناسیکی ئایینی ئیسلامی بوو، لەوەها دۆخێک‌دا کە تازە لە ئێران بەهۆی شۆرش، دەسەڵاتێکی ئایینی هاتبوە سەرکار و لەپاکستاینش هەر بەو شێوەیە بە هۆی کۆدەتای زیائولحەو دەسەڵاتێکی ئیسلامی لەسەر کار بوو، ئەو دوو وڵاتە هانی موجاهدینی ئەفغانستانیان دەدا بۆ بەربەرکانی بەدژ دەسەڵاتی کۆمۆنیستی حاکم بەسەر ئەفغانستان‌دا، لەوەها دۆخێک دا کە هێژمۆنی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوین هەم بە هۆی دەسەڵاتەکانی نزیک لە یەکێتی سۆڤییەت و هەمیش بە هۆی کۆدەتای چەپەکان لە ئەفغانستان و لەدرێژەشدا بە هۆی دەسەڵاتی ئیسلامی تازە پێگەیشتوو لە ئێران لەژێر هەرەشە و لەناو چوون دا بوو، بێرژنێسکی راوێژکاری باڵای جیمی کارتێر گەڵاڵەی پرچەک کردنی رێکخراوە ئیسلامێکانی ئەفغانستان دەخاتە بەردەم کۆشکی سپی و بەم شیوەیە، پشتیوانی بەربڵاوی ئەمریکا دەست پێ‌دەکات و لە کۆتایی دا ئەو رەوتە لەتەنیشت پلانەکانی تری ئەمریکا دەبنە هۆی لاواز بوونی یەکێتی سۆڤییەت و لەدرێژەش‌دا لەگەڵ گەڵاڵەکانی گۆرباچۆف دوایین سەرۆک کۆماری یەکێتی سۆڤییەت بۆ چاکسازی لە وڵاتەکەی، حکوومەت کۆمۆنیستی لە ئەفغانستان دەرووخێت و دکتۆر نەجیبوڵڵا وەک دوایین سەرۆک کۆماری کۆمۆنیست دەسەڵاتەکەی دەرووخێت و دیارە یەکێتی سۆڤییەتیش هەر لەناو دەچیت.

پەرەی هێژمنۆی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوین و رۆژهەڵاتی ئورووپا:

لەپاش سەرهەڵدانی شۆرشەکانی بەناوی بەهاری عەرەبی لە رۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئەفریقا، بەشیکی زۆر لەو دەسەڵاتانەی نزیک لە ئەمریکا بوون وەک تونس و میسر تووشی بشیوەی و ئاڵوگۆری هاتن لەوەها دۆخیک دا کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا کەوتبۆە دەست دیموکراتەکان، ئەوان هیچ گەڵاڵە و پلانیکان بۆ رۆژهەڵاتی ناوین نەبوو، بەجۆرێ کە ئەو ناوچەیە بەگشتی تووشی بۆشایی دەسەڵات هاتبوو، دەسەڵاتێکی نەزم‌دەر کە بتوانێت هاوسەنگی هێز و دەسەڵات بپارێزێت، لەو ناوەدا ئێران و رووسیا رۆژ بە رۆژ هێژمۆنتر دەبوون و هەر لە درێژەی ئەو رەوتەش‌دا رووسیا توانی پێش بە سەرکەوتنی شۆرشی گەلی لە سووریا بگرێت و بۆجاریکی دیکە دەسەڵاتی بەشارئەسەدی لە سووریا حاکم کردەوە، ئەوە لەکاتێک‌دایە کە ماوەیەکی زۆرە رووسیا خەریکە جێ پێی خۆی لە سنوورەکانی رۆژئاوایی و باشوری وڵاتەکەی مسۆگەرترو بەرفراوانتر دەکاتەوە، رووسیا توانی لەشەریکی نیزامی یەکلایەنە گورجستان و ئوکرایینی نزیک لە رۆژئاوا و ئەمریکا بە چۆک دابنێنێت و هێژمۆنی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت، ئەوە لەکاتێک‌دایە کە رووسیا ناراستەوخۆش خەریکی هەرەشە بۆسەر ژێئۆپۆلەتیکی ئیسکاندیناویە، بەجۆری کە سەرۆکی چەکدارانی دەریای ئەمریکا لەو ناوچەیە لە لێدوانێک‌دا بۆ چەکدارانی ئەمریکایی نۆروٶژ بەوانی راگەیاندوە کە خۆیان بۆشەریکی گەورە ئامادە بکەن.

لەوەها دۆخێک‌دا رێکخراوە تووندئاژۆکانی ناو ئەفغانستان خەریکن خۆ لە سنوورەکانی تاجیسکستان بەهێز دەکەن و لە هەمان کاتیش‌دا خەریکی خۆرێکخستن لە سنوورەکانی باشووری روسیان ئەوە لەکاتێک دایە کە بەشیکی زۆر لەو شەرکەرانەی ئێستا لە سورریان لە ناوچە قەوقاز و ئەبخازیا و کۆمارە خودموختارەکانی باشووری رووسیاوە هاتوون و شیمانەی وەی دەکرێت کە ئەمریکا پلانێکی تری هاوشیوەی پلانەکەی بێرژنێسکی هەبێت بۆ بڵاوە پێ کردنی چەکدارانی گرووپە ئیسلامێکان لە سنوورەکانی باشووری رووسیا و بەو شیوەیە رووسیا لە شەرێکی فەرسایشی لەگەڵ گرووپە بناژۆخوازە ئیسلامێکان تێوەگەلێنێت، تا هەم بتوانێت لە هێژمۆنی رووسیا لە رۆژهەلاتی ناوین کەم بکاتەوە، هەم هەرەشەیەک بۆسەر ئیران بێت و هەمیش پێش بگرێت بە زێدەرۆییەکانی روسیا لە سنوورەکانی ئوکرائین و ژیئۆپۆلەتیکی ئیسکاندیناوی.




“حەڵقەی ونی کۆمەڵگای مەدەنی کوردی وەک مێنتالیتە”… شاهۆ حوسێنی

بوومەلەرزەی بیست و یەکی خەزەڵوەری کرماشان لەتەنیشت مووسیبەت و داغی کۆچی ئەزیزان و ماڵوێرانی، دەرکەوتەیەکی گرینگی هەبوو، ئەویش نیشان دانی هێزی جەماوەری و قوڵایی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی کورد لە رۆژهەڵات بوو.
ئەگەر قەبووڵ بکەین کە کۆمەڵگای مەدەنی لەخۆ گری چوار تایبەت مەندی: عەقڵی گشتی، خواستی گشتی، کرداری گشتی و هەواهەنگی گشتیە، ئەوا لە رۆژهەڵات هەم عەقڵی گشتی، هەم خواستی گشتی و هەم کرداری گشتێکە دیتران. هەر ئەوەش وەهای کرد کە لە زووترین کات و هەر لەیەکەم ساتەکانی بوومە لەرزەکەدا، بیر و رای گشتی و مەدەنی کوردستان بە هۆی تێلێگرام و باقی رایەڵە گشتێکان، بەخێراییەکی زۆر ئاگاداری دۆخەکە کرا و حەول و جموومۆڵە خۆ رێکخراوەکان هەم لەلایەن ئێن جی ئۆکان و هەم لەلایەن کۆر و کۆمەڵە مەدەنیە خۆبەخشەکان دەستی پێ کرد، بەڵام هەمووی ئەو تایبەت مەندیانە لە غیابی هەواهەنگی گشتی و رێککەوتنێکی سەراسەری لەنێوان ناوەندە جۆراوجۆرەکانی مەدەنی کۆمەڵگای کوردی، جۆرێک نارێک و پێکی لەگەیاندن و دابەش کردنی پێداویستێکانی خەڵکی بوومەلەڕزە لێدراوی لێکەوتەوە، لەوەها بۆشاییەکەیش دابوو کە سووپای پاسداران و ئاستانی قوودسی رەزەوی بە داگیرکردنی یارمەتێ مەدەنێکان بەشێک لەوانی بەناوی خۆی و لە بەرژەوەندی دەسەڵاتا بڵاو کردوە. بێ گوومان هەموو تایبەت مەندێکانی پەرەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی بەهێز لە رۆژهەڵات بوونی هەیە، بەڵام هێشتا رێککەوتن و هەواهەنگی لەناو ئۆرگانەکان و پێکهاتەکانی مەدەنی دا غایبە، ئەو بۆشاییە بەربەستێکی گرینگە بۆ سەر هەڵدان و پەرەی مێنتالیتەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی کوردی.

دیارە لێر مەبەست لە مێنتالیتە مانا و دەرکەوتە مۆدێرنەکەیەتی، بێ گومان کورد و کوردستان لەبەردەم ئەزموون و تەجرووبەیەکی گرینگی مێژوویی دایە کە لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەستی پێ کردوە، ئەم ئەزموونە شتێک نیە جگە لە رووبەروو بوونەوەیەکی درووست و ناوەرۆک تەوەرە (نەک هەر بەتەنیا رۆاڵەت تەوەرە ئەو جۆرەی کە کورد تا ئەمرۆکە لەگەڵی رووبەروو بۆتەوە) لەگەڵ مۆدێرنیتەیە. کورد بۆ زاڵ بوون بەسەر کێشە ناوخۆیی و دەرەکێکانی‌دا چارەیەکی نیە جگە لە رووبەروو بوونەوە لەگەڵ مۆدێرنیتە.

بێ گومان یەکێک لەکۆڵەکە گرینگەکان و بنەما سەرەکێکانی مۆدێڕنیتە زەینییەت یان مێنتالیتەیە، مێنتالیتە نەک بەمانی نەریتێکەی کە بریتیە لە شێوەی بیرکردنەوە یان جۆری هزر و ئەندێشە، بەڵکە بەمانای کەڵکە بوونی ئەزموون گەلێکی مێژوویی لەهەناوی کورد و بوون بە هێزێکی کۆڕگێر و کارتێکەر، واتە هێزێکی مەعریفی و هزری لە رەوتی ژیانی کردەوەیی و زەینی تاکی کورد کە هێز و ئیرادەیەک بە تاک دەبخشێت بۆ کارتێکەر بوون لەسەر رەوتی ئاڵوگۆرێکان، دەرکەوتن وەک هێزیکی ئاڵوگۆری خوڵقێن، بوون بە کۆرگێڕێکی زانستمەند و پێش گرتن بە دووپات بوونەوەی ڕابردوویەکی مێژوویی هەم لە ئاستی مەعریفی، هەم لە ئاستی رواڵەتی و هەم لە ئاستی کردەوەیی‌دا، مێنتالیتەی مۆدێرن بە مانای بەهێز بوونی تاک لەبەرامبەر دەسەڵات و هەرجۆرە ناوەندێکی دەسەڵات سەپێنە، واتە بەهێزی بوونی تاک لەسەر بنەمای هزری شاروومەندی و پێوەندێکی موازی نەک هیرارشیک و توولی. بەواتایەکی تر مێنتالیتە لەخۆگری تایبەت مەندی گەلێکی تاکەکانە، تایبەت مەندی گەلێکی وەک سووژ بوون، ئاگایی و سەربەخۆ بوون لەخۆ پێناسە کردن و خۆ ناساندن.

ئەو مێنتالیتەیە دەبێتە هۆی سەرچاە بوون، سووژە بوون، کۆرگێر بوون و زاڵ بوون بەسەر ئەو کەرەسانەی کە خۆی خۆڵقاندوویەتی بۆ خزمەت بەخۆی کە بریتین هەم لە پێکهاتە ماناییەکانی وەک هزر و ئایدۆلۆژی و هەم پێکهاتە رواڵەتێکانی وەک دەوڵەت و حکوومت.
لەوەها دۆخێک دا کۆمەڵگای مەدەنی وەک مێنتالیتە کە پێکهاتوە لە تاکی سەربەخۆ و سووژە، دەبێتە پێکهاتەیەکی گشتگیر، دەسەڵات رەمێن و سووژە کە پەرە پێ‌دەری عەقڵی گشتی، خواستی گشتی، کرداری گشتی و هەواهەنگی گشتیە، واتە کۆمەلگای مەدەنی وەک مێنتالیتە دەبێە کەسایەتیکی گشتی سەربەخۆ کە پێکهاتوە لە مێنتالیتەی تاکی کورد و درێژەی رەوتی مێنتالیتەی تاکی کوردە بۆ بەهێزتر کردن و پاراستنی لە هەرجۆرە دەسەڵاتێکی هێژمۆنی سیاسی و نامەدەنی.

دەشێ بگوترێت کە ئەگەر مێنتالیتە بەمانای تاکی سەربەخۆ، خۆپێناسەکەر و وریا دێتە ئەژمار ئەوا گشتێتی بەمانای ناسینەوە و بەفەرمی ناسین و قەبوڵی کردنی مێنتالیتەکان لەلایەن یەکترەوە لە پێکهاتەی کۆمەڵگای مەدەنی‌دا وەدی دێت، واتە کۆمەڵگای مەدەنی وەک مێنتالیتە، مەکۆ و بەستێنی بەفەرمی ناسین و قەبوڵی تاکەکان وەک مێنتالیتە و ئاستی پێشکەوت و گەشەی زیاتری تاک، پشتیوانی‌کەری تاک و مسۆگەرتر کردنی شووناسی تاکەی سەربەخۆ و پێناسە کەرە، ئەو رەوتە لەراستی‌دا تەواوکەری رەوتی بە مەبەست گەیشتنی تاکە کە لە رەوتی مێژوویی خۆی‌دا بۆ گەیشتن بە ئامانج، لە قۆناغی سرووشتی‌دا، دەوڵەت و سیاسەتی بنیاد نا و پێی نایە قۆناغی سیاسی و لەپاش قۆناغی سیاسی بە بنیادنانی کۆمەڵگای مەدەنی دەگاتە قۆناغی مەدەنی




هەرێم لەتەنگەژی دابەش کارێکان‌دا لە غیابی حەولێک بۆ رێکخستن و یەکگرتنەوەدا … شاهۆ حوسینی

هاتنە دەر و سەرهەڵدانی یەکێتی نیشتیمانی وەک هێز و هزرێکی سیاسی نوێ لە هەناوی پارتی دێموکرات‌دا لە ساڵی ١٩٧٥, لە میانەی قەیرانێکی سیاسی لەناو ماڵی کورد کە هەم بەرهەمی چرۆی بیر و هزری جیاواز و هەم بەرهەمی سیاسەتێکی ناوچەیی و جیهانی بۆ گەراندنەوە ئەهوەنی و نەزم و لەناو بردنی بۆشایی دەسەڵات لە ناوچەی کەنداو بوو، لەگەڵ خۆی‌دا توخمی قەیرانێکی قوڵ و درێژمەودای هینایە ناو شەقامی سیاسی کورد، لەراستی‌دا سەهەڵدانی یەکێتی نیشتیمانی و دوو لەت بوونی شەقامی سیاسی کورد، دوو لەت بوونی کۆمەڵگا و زەینی کوردی لە باشوری کوردستانی لێکەوتەوە، ئیتر لەمەوبدوا هێزی سیاسی کوردی تەنیا خەباتی لەیەک بەرەدا نەبوو، بەلکە لەگەڵ ئەوەدا دەگەڵ دوژمنێکی سەرەکی کە دەسەڵاتی ناوەندی بوو لە کێشە و شەر‌دا بوو، هاوکات بەشیک لە هێز و وزەشی بۆ بەربەرەکانی و رکابەرەێتی لەگەڵ لایەنیکی کوردی ترخان دەکرد، دیاردەی فرە دەنگی و فرە حیزبی ئەگەرچی لە کۆمەلگا دیموکراتیکەکان نیشانەی پەرە و گەشەی دێموکراسی بوو بەڵام لە کۆمەلگای نەریتی کوردستان کە لە حاڵی شەر بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی بوو، خەسار و مووسیبەتێکی گەورە بوو، بە هۆی ئەوەکە کورد پێویستی بە یەکگرتووی و رێککەوتن هەبوو بۆ بوون بە هێز و پەیدا کردنی وزە و هێزی بەرخۆدان، بەڵام سەرهەڵدانی سیستمی دوو حیزبی لە شەقامی سیاسی کورد بە مانای لێک‌دابران و لێکترازانی ناو ماڵی کوردی بوو، ئەو رەوتە هەتا ئەو کاتەی کورد لە شاخ بوو رەنگە کێشەی خوڵقاندبێت بەڵام کێشەکە زۆر قوڵ و کارتێکەر نەبووبێت، بەڵام کاتێک لەپاش هێرشی یەکەمی هاوپەیمانان بۆسەر سەدام حوسێن لە ١٩٩٠ و سەرهەڵدانی راپەرینی جەماوەری و ئازاد بوونی بەشیکی زۆر لە کوردستان کە بە هۆی پشتیوانی هاوپەیمانان کە لەسەر پێشنیاری جان مەیجێر سەرۆک وەزیرانی ئەو سەردەمی بریتانیا مەداری ٣٦ دەرجە داندرا و کورد بوو بە خاوەنی هەرێمێکی دۆفاکتۆ، کێشە و قەیرانەکان قوڵتر بوونەوە، بە تایبەتی کە بەرەبەرەش پارتی کریکارانی کوردستان بەیەکجاری لە سوریارا رووی کردە قەندیل و وەک هێزیکی سێهەم کاری کردە سەر سیاسەت لە ناو ژێئۆپۆلەتیکی هەریمی کوردستان، رەوتی رووداوەکان شەقامی سیاسی کوردی گەیاندە سەر لێواری قەڵش و کەلێنێک کە لەلایەک پارتی دێموکرات و تورکیە و لەلایەک یەکیتی نیشتیمانی، پارتی کرێکاران و کۆماری ئیسلامی قەراریان گرتبوو، ساڵەکانی سەرەتایی دەیەی نەو ساڵەکانی حەول و کۆشسشی یەکێتی نیشتیمانی بوو بە پشتیوانی ئێران و پشتیوانی ناراستەوخۆی پارتی کریکاران کە لەگەڵ پارتی دێموکرات لە کێشە و ململانی دا بوو، بۆ پەرەی هێژمۆنی و دەسەڵاتی خۆی لە هەرێمی کوردستان و سەپاندنی نەزمێکی هیرارشیک لە چوراچێوەی پارادایمی سوباتی هێژمۆنێک‌دا، بە جۆرێک کە خۆی هێزی هێژمۆن و نەزم دەر بە شەقامی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی بێت، بەڵام لە بەرابەر‌دا پارتی دێموکرات بە پشتیوانی نیزامی سەددام حوسێن توانی پێش بگرێت بە پێکهاتنی ئەو جۆرە نەزم و ئەو سیستمە ، بۆیە لە درێژەدا رەوتی دۆخەکە جۆرێکی لێ هاتەوە کە هەم یەکێتی نیشتیمانی و هەم پارت دێموکرات بوونی لایەنی بەرامبەریان قەبوڵ کرد و بەم شیوەیە سیستمی هاوسەنگی هێز و دەسەڵات هاتە ئاراوە، ئەو رەوتە هەتا بوونی مەرحوم جەڵال تاڵەبانی وەک کەسایەتێکی کاریزماتیک و دەست روویشتووی ناو یەکێتی نیشتیمانی بەردەوام بوو، بەڵام رەوتی ئاڵوگۆرێکان کە بەسەر هەڵدانی گۆران و دابران لەناو ماڵی یەکێتی‌دا هاتە قۆناغێکی تازەوە، بە تایبەت لە ئاخرین هەڵبژاردنی پارڵمانی کە گۆران وەک هێزی دووهەم جێگای یەکێتی نیشتیمانی گرتەوە، رەوتێک پەیدا بوو کە ئارام ئارام پارتی دێموکرات بە تەمایە وەک هێزی یەکەم و هێژمۆن لە کوردستان ببێتە مەرجعی نەزم دەر بە شەقامی سیاسی هەرێم، بۆیە لە تەنیشت راکێشانی کەسانی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی و بزووتنەوەی گۆران بۆ ناو پارتی و لەژێر ناوی سەنگەر گواستنەوە بە پارە و پۆست و مەقام و داخستنی پارڵمان، رەوتێکی هینایە ئاراوە کە شیمانەی ئەوەی لێ دەکرێت حەولێک بێت بۆ پیکهێنانی سیستم و نەزمی سوباتی هێژمۆنیک لە هەرێم بە جۆرێک کە پارتی لە پێوەندێکی هیرارشیک بنیادنەری نەزمێک بێت کە خۆی وەک تاکە هێزی هێژمۆنی کوردستان لە پێوەندی هیرارشیک‌دا لەگەڵ هێزەکانی تردا پێوەندی هەبێت، واتە لە سەرووی قووچکەی دەسەڵات وەک تاکە هێزی خاوەن دەسەڵات و هێژمۆن دابنیشیت و هێزەکانی تر لە خواری ئەو قەرار بگرن.

ئاساییە لەوەها دۆخێك‌دا یەکێتی نیشتیمانی وەک هێزیکی خاوەن هێژمۆنی لەناو زەینی لایەنگرانی‌دا دژ کردەوە نیشان بدات و حەول بدات کە پێش بگرێت بە هێژمۆن بوونی پارتی دیموکرات و لە مەیدان بەدەر کردنی یەکێتی نیشتیمانی.

بە کورتی ئەگەر بم هەوێت بڵیم کە ئەو رووداوانەی هەرێمی کوردستانی گەیاندە ئێرە چی بوون، دەتوانم بڵێم کە بەردەوامی کەلێن خستنە ناو ماڵی کورد بە شێوەی دابەش کردنی پۆستی سیاسی، داهاتی ئابووری و جوغرافیای دەسەڵات لە غیابی هەرجۆرە حەولێک بۆ رێکخستن و یەکگرتنەوەی زەینی کوردی لە هەناوی تاکی کوردی‌دا لە تەنیشت حەولی پارتی دێموکرات بۆ گەیشتن بە کووچکەی دەسەڵاتی هەرێم، بوون بە تاکە هێزی هێژمۆن و سەپۆس دانان لە قەیرانەکانی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان کە بێ گومان بەرهەمی سیستمی ئیداری و سیاسی پێکهاتوو بە عەقڵیتی شاخ، گرینگترین هۆکار بوون کە هەریمی کوردستانی گەیاندە ئەو قۆناغە.




لەدێموکراسێکی رادیکاڵەوە بەرەو سۆسیالیسمی دیموکراتیک … شاهۆ حوسێنی

( سەرچاوە مەعریفێکانی هزری دکتۆر قاسملوو) ….

پێشەکی:

دێموکراسی رادیکاڵ بەرهەمی هزری ئێرنێست لاکلائۆ و شانتاڵ مۆفەیە، لاکلائۆ بیرمەندێک بوو کە لەتافی لاوەتیدا لە هزر و ئەندێشەکانی لێنین لای‌دا رووی لە ستالێنینیسم کرد، بەڵام هاتنی لاکلائۆ بۆ بریتانیا دەسپیکی ئەزموونیکی تازە لە ناسین و رووبەروو بوون لەگەڵ چەپ بوو، لاکلائۆ بەچاوی خۆی ئاوا بوونی هزری مارکسیستی لە ئووروپای کۆتاییەکانی دەیەی هەشتای دیت و ئەزموونی کرد، هەر بۆیە بە هاوکاری شانتاڵ موفە روویان لە خوێندنەوەی روانگەکانی گرامشی کرد، ئەوان بەکەڵک وەرگرتن لە هزری گرامشی رەخنەیان لە رەوتەکانی بیری مارکسیستی گرت بە هۆی ئەوەکە لەسەر ئەو باوەرە بوون کە بەربەرەکانی سیاسی لە هزری مارکسیستی‌دا بە بەستنەوەی بە رەهەندی ئابووری دابەزاوەتە کێشەی چینایەتی، لەکاتێک‌دا تەنیا چینی کرێکار سووژەی ناوەندی موبارەزەی سۆسیالیستی نیە، واتە بە پێچەوانەی هزری مارکسیستی کە لەسەر ئەو باوەرە بوو کە بزاڤە کۆمەڵایەتێکان لەبەرامبەر کێشە و موبارەزی چینایەتی دەور و نەقشێکی پەراوێزیان هەیە، لەسەر ئەو باوەرە بوون کە هەموو بزاڤە کۆمەڵایەتێکان دەور و نەقشی تایبەتی خۆیان هەیە و گرینگی خۆیان دەبێت پێ‌بدرێت. بۆیە ئەوان بە پێچەوانەی هزری مارکسیستی کە شێوەی بەرهەمهێنانی بە دیاریکەر و یەکلاییکەرەوە دەزانی، لەسەر ئەو باوەرە بوون بەربەرەکانی بۆ سۆسیالیسم بەمانای بەربەرەکانی بۆ دێموکراسی رادیکاڵە.

گرینگایەتی دێموکراسی:

لە دێموکراسی رادیکاڵی لاکلائۆ و مۆفەدا، هەڵبژاردن و دێموکراسی نوێنەرایەتی لەناو ناچێت و رەد ناکرێتەوە بەڵکە وەک چوراچیوەی پێناسەی شاروومەندان لە ژینگەی سیاسی‌دا دەردەکەوێتەوە، پێ‌داگری وان لەسەر هەڵبژاردن و دێموکراسی نوێنەرایەتی و گرینگی‌دان بە پرۆسەی دێموکراتیک بەو هۆکارە بوو کە وەک زەروورەتێک بۆ گوزار لە عەقڵی پۆپۆلیستی بەرەو عەقڵی سیاسی پیناسەیان دەکرد. بەگشتی دەشیت بگوترێ کە دێموکراسی رادیکاڵ بەمانای حەول و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە دێموکراسی، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ئابووریە بەرێگایەک‌دا لەدەرەوەی هزری لێبرالی و کۆنسێرواتی سەرمایەداری، لاکلائۆ و موفە لەسەر ئەو باوەرەن کە دیموکراسی رادیکاڵ بە پێچەوانەی دێموکراسی لیبراڵ کە حەول دەدات دێموکراسی لە دەلاقەی لیبرالیستێوە “کە خۆی بنیادنەری زوڵم و هەڵاواردنە” مسۆگەر بکات، حەول دەدات دێموکراسی لە دەلاقەی سۆسیالیسمەوە کە لەسەر سێ کووچکەی بەرابەری سیاسی، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و بەرابەری ئابووری بنیادنراوە، مسۆگەر بکات. بۆیەش ئەو دێموکراسیە رادیکاڵە، چوون حەول دەدات لەبنەرەترا و لە ریشەرا ئەو هەڵاواردنانە چارە سەر بکات.

پێوەندی رادیکاڵ دیموکراسی و سۆسیالیسمی دێموکراتیک:

بێ‌گومان سۆسیالیسم ئەگەر دیموکراتیک نەبێت، بەجۆرێ کە زۆرینەی کۆمەڵگا ئازادنە قەبوڵی نەکات، ئەوا نیزامی سیاسی دەبێتە نیزامێکی سەرکوتت‌کەر، واتە سەرەتا پێویستە بەشیوەیەکی ئازاد و دیموکراتیک دەسەڵاتێکی سۆسیالیستی بێتە سەرکار و ئەو دەسەڵاتەش حەول بۆ سۆسیالیزە کردنی کۆمەڵگا بدات، ئەگینا کەمینەیەکی رادیکاڵی کە بە زۆر دێتە سەرکار و هزر و ئەندێشەی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا حاکم‌دەکات. ئیتر مەجال بە دەرکەوتنی زۆرینەنادات و ئەزموونی چەپە رادیکاڵەکان نیشانی داوە کە نەیانتوانیوە عەداڵەتێکی کۆمەڵایەتی مسۆگەر و پەرەئەستاندوو بەدی بێنن.

دێموکراسی رادیکاڵ بۆ مسۆگەر کردنی سۆسیالیسمی دێموکراتیک پێویستە حەول بۆ پەرەی کۆمەڵگایەک بدات کە خاوەنی سێ‌کووچکەی گرینگە، پەرەی ئابووری، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و دێموکراسی سیاسی، لکلائۆ و مۆفە لەسەر ئەو باوەرە بوون کە سەرمایەداری بەهۆی گرینگایەتی‌دان بە عەداڵەتی سیاسی و بەرین‌تر کردنەوەی ناعەداڵەتی ئابووری عاجزە لە بەدی هێنان و پەرەی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، لەبەرامبەریش‌دا چەپی رادیکاڵ بەهۆی گرینگایەتی دان بە ئابووری و بەرین‌کردنەوەی ناعەداڵەتی سیاسی عاجزە لە بەدی هێنانی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، بەڵام رادیکاڵ دێموکراسی بەهۆی باوەرمەدنی بە پەرە و عەداڵەتی سیاسی و ئابووری بەڵام نە لەرەنگی سەرمایەداری و نە لەرەنگی چەپی رادیکاڵ کە لە رەنگی سۆسیالیستێکەی و حەول بۆ ئاڵوگۆری رادیکاڵ لە پێوەندێکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا مزگێنی بەخشی عەداڵەتێکی کۆمەڵایەتی پەرەئەستاندوویە بۆ قوڵایی کۆمەڵگا.

ئاکام:

دکتۆر قاسملوو بە درووستی دوو کێشە و قەیرانی قوڵی لە ئێران و کوردستان دەرک کردبوو، ئەو لە کوردستان هەژاری و دوا کەوتووی دەدیت کە نە بەرهەمی بێ ئیماکاناتی و جەبری ژینگەیی کە بەرهەمی دیکتاتۆرییەتی دەسەڵاتی ناوەندی بوو، بۆیە ئەو دەبا هاوکات لە دوو بەرەدا خەباتی کردبا، بەرەیەک بۆ لەناو بردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری (خەبات بۆ عەداڵەتی سیاسی)کە سەرچاوەی هەژاری کوردستان بوو، بەرەیەک حەول بۆ نەهێشتن و لەاو بردنی هەژاری بوو(خەبات بۆ عەداڵەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی)، ئەزموونی ژیان هەم لە جیهانی کۆمۆنیستی (باوەرمەند بە عەداڵەتی ئابووری لە غیابی عەداڵەتی سیاسی) و هەم لە جیهانی سەرمایەداری(باوەرمەند بە عەداڵەتی سیاسی لە غیابی عەداڵەتی ئابووری) هزر و بیری دکتۆر قاسملووی بیرمەندی بەجوانی ئامادە کردبوو، بۆیە بە پەیرەو کردنی سۆسیالیسمی دێموکراتیک خەباتی خستە گەر بۆ دێموکراتیزە کردنی ئێران و هاتنە سەرکاری دەسەڵاتێکی دێموکراتیک و حەول بەمەبەستی سۆسیالیزە کردنی کۆمەلگای ئێران و کوردستان بۆ لەناو بردن و نەهێشتنی هەژاری و دواکەوتوویی بە شیوەیەکی ریشەیی و رادیکاڵ نەک رووتین و رواڵەتی. واتە ئەو بە پەیرەو کردنی سۆسیالیسمی دێموکراتیک دوو ئامانجی دەپێکا، یەکەم لە ئاستی سەراسەری‌دا دەسەڵاتێکی دیموکراتیک دەهاتە سەرکار و بەو شیوەیە سەرچاوی هەڵاواردن و ناعەداڵەتی سیاسی لە ئاستی سەراسەری‌دا لەناو دەچوو، هەمیش بەلەناو چوونی دیکتاتۆرییەتی ناوەندی سەرچاوەی هەژاری و هەڵاواردنی ئابووری کوردستان لەناو دەچوو.




رەهەندی سێهەم ( کۆمەڵناسی جیاوازی روانگەی نێوان کۆمەلگا و ئۆپۆزیسیونی کورد)


شاهۆ حوسینی

پێشەکی:

بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری خولی دوازدەهەم لە ئێران بوو بەهۆی زەق بوونەوەی هەرچی زیاتری کەلێن و قەڵشی نێوان روانگەی کۆمەڵگا لەناوخۆ و ئۆپۆزیسیونی کورد لە دەرەوەی کوردستان، کەلێن و قەڵشێک کە ئەگەر خوێندنەوە و خەسارناسێ نەکرێت لە درێژەدا دەتوانێ ئەو قەڵش و دابرانە قوڵتر و قەیراناوی‌تر بکاتەوە، دیارە ئەو دەرکەوتەیە دەکرێ لەزۆر لایەن و بوعدەوە ئاوری لێ بدرێتەوە و تیشکی بخرێتە سەر، بەڵام ئەو نووسراوەیە هەوڵ دەدا بە کەڵک وەرگرتن لە چەمکی ” دابرانی بەرەکان” وەک یەکێک لەگرینگترین و ئەکتیوترین کەلێنەکانی کۆمەڵایەتی لەکۆمەڵگادا، بەجەخت کردن لەسەر رەهەندی بەرەی میژوویی مانهایم ، تیشک بخاتە سەر ئەو جیاوازەیە. مانهایم لە رەهەندی بەرەی مێژویی‌دا لەسەر ئەو باوەرەیە کەلێنی نێوان بەرەکان و دابرانی بەرەکان ئاکامی حەتمی ئەزموونی جیاوازی بەرەکانە لە رەوتی مێژویی‌دا, ئەگەرچی توێژینەوەی کۆمەڵناسانە بەکەڵک وەرگرتن لەو چمکە زۆر کۆن نیە، بەڵام توانیوێتی ببێتە بنەمای توێژینەوەگەلێکی زانستی کە دەرئەنجام و ئاکامی باشیان لێ کەوتۆتەوە.

دابرانی بەرەکان:

دابرانی بەرەکان وەک چەمکێک نیشان دەر و ئاماژەیەکە بۆ جیاوازی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری و جیاوازیکی مانادار لە هزر و باوەرەگەلی تاک کە رێگا پێشاندەر و نەقشە رێگای کردوەی تاکەکانە، خاوەن رایان لەسەر ئەو باوەرەن کە ئاڵوگۆری بەربڵاو و خێرا لەناو کۆمەڵگاکان و پێوەندی بەربەرین و بەردەوامی نێوان کۆمەڵگاکان بەتایبەتی لەپاش شۆرشی سەنعەتی و لەدرێژەدا شۆرشی تێکنۆلۆژیکی، دابرانی نێوان بەرەکان وەک قەڵش و کەلێنێکی کۆمەڵایەتی زەقتر و گرینگتر کردوە، ئەگەر لە کۆمەڵگا نەریتێکان‌دا ئەوا نەریتە کۆمەڵایەتێکانی سەرچاوە گرتوو لە پێوەندی هێرارشیکی بنەماڵەیی، گەورەسالاری و عەقڵانییەتی زەروورەتی ملەکەچ بوون بە نەریت و نۆرمەکان ئەرک و رۆڵی کۆمەڵ‌گر کردنی چین و بەرە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای لەئەستۆ بوو، ئەوا ئاڵوگۆری لە سیستمی پەروەردە و بارهێنان، پەرەی زانستگا و زانستی مۆدێرن، هاتنە ئارای کەرەسە و ئامێر گەلی تێکنۆلۆژیکی مۆدێرن، دەور و نەقشی گەورەکان و بنەماڵەی لە کۆمەڵ‌گر کردنی بەرەکان کەم‌رنگتر کردوە، بە جۆرێ کە پێکهاتەی پیوەندی مانایی و رواڵەتی تاکەکانی لەگەڵ بنەماڵە و کۆمەڵگا گوری و لەجیات عەقڵانییەتی ملکەچ کردن بۆ نۆرم و بەها کۆمەڵایەتێکان، عەقڵییەتی شک لە بەها و نۆرمە کۆمەڵایەتێکان و روانگە گەلی جوارجۆر و جیاوازی لەمەر ئانتۆلۆژی و ئیپیستمۆلۆژی بەها و نۆرمە کۆمەڵایەتێکان هێنایە ئاراوە. ئەو رەوتەش بێ‌گومان دەگەرێتەوە بۆ پەرەی زانیاری و زانست بەتایبەتی لەپاش پەرەی تۆری ئینترنێت، رایەڵەگشتێکان، سۆشیال میدیا و کەرەسەکانی تری راگەیاند کە وەک شۆرشی زانیاری پیناسە کراوە. ئەو ئاڵوگۆریانە بوونە هۆی جیاوازی لە فام، خوێندنەوە، بۆچوون و کردوەی نێوان بەرەکان لەبەرامبەر دەرکەوتەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری و ئابووری‌دا.

مانهایم لە رەهەندی بەرەی مێژوویی‌دا تیشک دەخاتە سەر ئەو دەرکەوتە گرینگە مێژووییانەی کە لە بازنەی جوغرافیایەک‌دا و لە دەورەیەکی مێژوویی دا هەل و دەرفەت دەرەخسێنن هەتا تاکەکان بەیەکەوە و لە تەعامول لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ دەسەڵات، ئەزموون و تەجرەبەیەکی هزری و مەعریفی جیاوازیان دەست بکەوێت، بۆ وێنە لە پێکهاتەی نەزمی جیهانی‌دا دەتوانرێت ئاماژە بە رووخانی سیستمی دوو جەمسەری و عەقڵییەتی چەپی ئۆرتۆدۆکسی، پەرەی خەباتی مەدەنی و سەرکەوتنی رەوتی رێفۆرمخوازانەی دێموکراتیزسیون لە وڵاتانی جۆراوجۆر بکرین و لەناوخۆش ئێمە دەتوانین باس لە دەور و نەقشی خاتەمی بکەین کە لە ساڵی ٧٦ را هەتا ٨٤ وەک سەرۆک کۆمار، بە لابردنی سیستمی گوزینیش لە زانکۆکان مەجال و دەرفەتی رەخساند کە بەشیوەیەکی بەرین خوێندکاری کورد لە بەشەکانی زانستی سیاسی، فەلسەفە، یاسا، کۆمەڵناسی و لە ئاستەکانی ماستەر و دکتۆرا وەربگیرێن، لەهەمان کات‌دا بەستێن و زەمینەی رەخساند کە بڵاڤۆکە گشتێکانی وەک رۆژنامە، گۆڤار، حەوتەنامە، دووحەوتەنامە و بڵاڤۆکە خوێندکارێکان بەشیوەیەکی بەرین دەربچن، هەروەها مەجالی چاپ و بڵاو بوونەوەی رێژەیەکی زۆری کتێب رەخساند کە پێشتر هێڵی سوور و بڤە بوون، ئەو رەوتە لەناو کۆمەڵگای ئێران بەگشتی و لەناو کۆمەڵگای کوردی بە تایبەتی بوو بە هۆی بەرهەم هاتنی بەرەیەکی جیاواز لەگەڵ ئەو بەرەیەی کە هەڵگری عەقڵییەتی شۆرش و شەر و بەرخۆدان بوون، بە جۆرێک کە بەرەی تازە هەڵگری عەقڵییەتیک و فامێکی جیاواز بوون. ئەو بەرەیە ئەگەرچی دردوونگ و شل بوو لە پێوەندی و هەواهەنگی لەگەڵ هاوبەرەکانی تری لەناو زۆرینە، بەڵام وردە وردە بە تێکەڵاو بوونی نووخبەکان لەگەڵ بەرەی نوخبەی زۆرینە بەرە بەرە لێک نزیک بوونەوە، دیارە ئەو لێک نزیک بوونەوەیە بەمانای هاوئامانجی و هاو خواستی لە بیدایەتی خۆی‌دا نیە، بەڵام بە پێی سیگناڵەکانی پەرەی ئەو عەقڵییەتەیە، رێگای دەرباز بوون لە قەیرانی داپڵۆساندن و سرینەوە، سەرکەوتنی دێموکراسی لە کۆمەلگادایە و ئەو دێموکراسیەش بەرهەمی رەوتێکی هەنگاو بەهەنگاو لەلایەن کۆمەڵگای مەدەنی و ئۆرگانەکانێتی.

ئاکام:

مانهایم بەگشتی لە تێئۆری بەرەی مێژویی‌دا پێ‌داگری لە سەر چەند خاڵ دەکات:
یەکەم: روودانی ئاڵوگۆری کۆمەڵایەتی، سیاسی و مێژوویی لە کۆمەلگادا، ئاڵوگۆریکی کە بتوانێ هێژمۆنی عەقلییەت و گوتاری کەمینەیەکی زاڵ لەرزۆک بکات و گوتارە پەراوێز خراوەکان بێنێتەوە ناو کۆمەڵگا.

دووهەم: ئەزموون کردنی ئەو ئاڵوگۆریانە لەنێوان تاکەکانی هاوپۆل و هاو تەمەن، بەجۆرێ کە ببێتە ئەزموونیکی کۆمەڵایەتی هاوبەشی بەرەیی.

سێهەم: بەدی هاتنی عەقڵییەتێک و زەینییەتێکی هاوبەش کە جۆریک مەعریفەت، دەرک و فامی هاوبەش ساز بکات.

چوارەم: کارتێکردنی ئەو زەینییەت و مەعریفەتە لە سەر کردەوە و هەڵسووکەوتی بەرە.
بەو پێیەش دەرکەوتی ئەو رەوتە دەبێتە هۆی ئەوەکە ئاڵوگۆری لە بنەمای باوەری تاکەکان‌دا ساز ببێت، ئاڵوگۆری لە پێوەرەکانی ئەرزشی و مۆراڵی تاکەکان دا ساز ببێت، ئاڵوگۆری لە خواست و ویستەکانی تاکەکان‌دا ساز ببێت، ئالوگۆری لە شیوەی رووبەروو بوونەوە لەگەڵ رووداوەکان لە هەناو و زەینی تاکەکان‌دا ساز ببێت.

ئاوردانەوەیەک لە مێژووی سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیونی کوردی دەرخەری ئەو راستێیە کە کاكڵی هزری و پێکهاتەیی ئەو ئۆپۆزیسیونە لەژێر هێژمۆنی چەپی ئۆرتۆدۆکس و نەزمی دووجەمسەری‌دا ساز بوە، هەر بەو پێیەش کردوە و خواست و ویستی ئەو ئۆپۆزیسیونەی کە لەخۆگری بەرەیەکی هزریە، سەرچاوە گرتووی ئەو سەردەمە میژوویەیە، دەکری ئەوە رەوتە وەک رەهەندی یەکەمی بزاڤی کۆمەڵگای کوردی چاوی لێ‌بکرێت. بەڵام لە درێژەدا و گۆرانی کەش و هەوای سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووری هەم لە پیکهاتەی نەزمی جیهانی‌دا و هەم لەناوخۆ بەستێن و زەمینەی رەخساند بۆ سەرهەڵدانی بەرەیەکی تر کە هەم لە هزر و عەقڵییەت‌دا و هەم لە کردوەدا جیاواز لە رەهەندی یەکەم دەرکەوتوون، دەکرێت ئەمەش وەک رەهەندی دووهەمی بزاڤی کوردی پیناسە بکرێت.

باوەری نووسەری ئەو دێرانە ئەوەیە کە هیچ کام لەو بەرانە نەکۆڵیان لێ ناکرێت و ناشتوانرێت کە نەبیندرێت، هەر جۆرە حەولێک بۆ نەدیتن و پشت‌گوێ خستنی ئەو دوو رەهەندە ئاکامی پێچەوانەی هەیە، کەوابێ لێک تێگەیشتن و لێک نزیک بوونەوە بۆ زیاتر کارتێکەر بوون و زۆرتر دەسکەوت وەدەست خستن زەروورەتێکی حاشا هەڵنەگرە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کۆمەڵگای کوردی پێ‌داگری لەسەر گوتارێکی نەتەوەیی بکات کە داللی ناوەندی ئەو گوتارە دیموکراسی بێت و رەهەندی درەختی خەبات وەک مێتۆدیکی کۆن جێگای خۆی بداتە رەهەندی رایزۆماتیکی خەبات وەک مێتۆدیکی نوێی خەبات.




کوردستان و دەسەڵاتی هابزی … شاهۆ حوسێنی

پێشەکی:

تامس هابز یەکی لەگەورە فەیلەسووفانی سیاسی بەریتانی بوو، که بە هۆی نووسینی کتێبی لێویاتان ناسراوە، هابز یەکێ لە بنیادنەرانی تێئۆری بریاری کۆمەڵایەتی لە فەلسەفەی سیاسی‌دا بوو. هابز لە سەر ئەو باوەرە بوو که دەسەڵات لەسەرووی کۆمەڵگاوەیە، واتە کۆمەڵگا بۆ وەی‌کە بتوانێ دۆخی سرووشتی بەجێ بێڵی کە دۆخێکی ئاڵوز و پر لە شەروو شورە، پێویستی بە حاکمێکی بەهێز و دەست رویشتوو هەیە، لەراستی‌دا حکوومەتی هابزی حەول‌دەدا کە بە بەهێزکردنی هێزی چەکداری و نیزامی لەبەرامبەر کۆمەلگادا هەرجۆرە نارەزایەتێکی کۆمەڵایەتی و لە دەرەوەی حکوومەت سەرکووت بکات، ئەوەی راستی بێ حکوومەت لە باشوور دەسەڵاتێکی هابزێ، بەجۆرێ کە حکوومەت لەسەرووی کۆمەڵگا خەریکی دەسەڵات‌دارێ و خۆی لەبەرامبەر کۆمەڵگا بەبەرپرس نازانێ، ئەوەی نیشان دەری ئەو راستییە کە حکوومەت لەباشوور بەهێزە و خاوەنی هێزێکی هێژمۆنە بۆ دامرکاندنی تووند و تیژانەی هەرجۆرە نارزایەتێک.

دەسەڵاتی سەرەرۆ بەرهەمی غیابی کۆمەڵگای مەدەنی:

بەردەوامی و دووپات بوونەوەی دەسەڵاتی پاوانخواز و دیکتاتۆر لە عێراق و بەردەوامی خەبات و بەربەرەکانی کورد بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی، بە هۆی هێژمۆنی عەقڵییەتی شۆرشگێرانەی چەپی، بوو بە هۆی پێکهاتنی خەباتێکی چەکداری بەردەوام و غاقڵ بوون لە پێک‌هێنان و پەرەی خەباتێکی مەدەنی بۆ پێش‌گرتن لە بەدەی هاتنی دەسەڵاتی سەرەرۆ و پاوانخواز لە ئەگەری هەرجۆرە ئاڵوگۆرێک لە سیستمی سیاسی عێراق‌دا، لە ئاکامدا رووخانی سەددام نەبوو بە هۆی پێک‌هاتنی دەسەڵاتێکی دیمکرات لە باشوور بە هۆی هێژمۆنی حیزب و دابەش کردنی دەسەڵات بە شێوەی رێک‌کەوتنی حیزبی و گواستنەوەی زۆرە ملی ئەو مێتۆدە بۆناو کۆمەڵگا.
توێژەران بە گشتی باس لە سێ شیوە دەوڵەت دەکەن:
یەکەم: دەوڵەتی گۆشەگر، ئەو جۆرە دەوڵەتە بە تەواوی جیا و دوور لە چوارچێوەی چالاکێکانی خۆی و لە پەراوێزی کۆمەڵایەتی‌دا چالاکی سیاسی و کردەوەیی خۆی دەنوێنێ، ئەو دەوڵەتە کەمترین رێک‌کەوتن و هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵگا هەیە و بەپێی بەرژەوەندی سیاسی خۆی کردەوە لە خۆی نیشان دەدا
دووهەم: دەوڵەت گەلیکن کە لەژێر کۆنترۆل و پاوانی چینێکی تایبەت‌دان و لە بەرژەوەندی و لەلایەن ئەو چینەوە وەک کەرەسە بەکار دەبرێرن
سێهەم: کە باشترین جۆری دەوڵەتە، دەوڵەتێکە هەڵقوڵای راستەقینەی کۆمەڵگا و کەرەسەیەکە لە خزمەت بەرژەوەندی گشتی کۆمەلگاکەی و بەرپرس لە بەرامبەر کۆمەڵگاکەی‌دا. ئەو جۆرە دەوڵەتە دەسەڵاتێکی بان چینایەتێ و لە پێوەندی و هاوکاری لەگەڵ لایەن و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دا ژیانی سیاسی خۆی تێپەر دەکات.
دەسەڵاتی هابزی زۆرتر لە شیوەی یەکەمی دەوڵەت نزیکە و بە گشتی رۆژهەڵاتی ناوین و باشور بە تایبەتی ئەو جۆرە دەسەڵاتی بەسەردا حاکمە. لەکۆمەڵگای رۆژهەڵاتی ناوین و باشور بە تایبەتی بە هۆی ئەوەکە بازاریکی سەربەخۆ، چین و توێژیکی مام‌ناوەندی سەربەخۆ و سەنعەتێکی پەرەئەستاندوو بوونی نیە تا بتوانێ سیستمی خەرج و داهاتی دەوڵەت دابین بکات، واتە دەوڵەت سەربەخۆ لەکۆمەڵگایە بۆ دابین کردنی داهات و خەرجی، بۆیە لە بەرامبەر کۆمەڵگا هەست بە سەربەخۆیی دەکات و خۆی مەجبوور بە ولام دانەوە لە بەرامبەر ویست و خواستەکانی کۆمەڵگادا نازانێ.
ئەو جۆرە دەوڵەتە لە جیات بەرهەم هێنانی سەرمایە، بە شیوەیەکی رانتی بەرهەم هێنی سەروەتە لەرێی بەخشینی ئاتۆی تایبەت بە کەس و لایەنەکانی سەر بە حیزب، بۆیە دەسەڵات دوورە پەرێز دەبێ لە کۆمەڵگاو لە درێژەدا قەڵشی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا ئەوەندە تەشەنە دەکات و پەرە دەستێنێ کە کۆمەڵگا حەول دەدا بۆ گۆرینی دەسەڵاتی سیاسی بە کەڵک وەرگرتن لە تووند و تیژی، لە بەرامبەریش‌دا دەسەڵات بە کەڵک وەرگرتن لە ستراتژی پاراستنی بەردەوامی دەسەڵات لە جیات ستراتژی خزمەتگوازری و ئاسوودەیی، دەبێتە لایەنێکی دژ بە کۆمەڵگا و رۆژ لەگەڵ رۆژ هەم شەرعییەت و هەم پەسەندکراوەیی خۆی لەدەست دەدا. لەوەها دۆخێک‌دا هەم دەسەڵات و هەم کۆمەڵگا دەخزێنە کەشێکی کێشە و قەیران لەگەڵ لایەنی بەرامبەر و حەول دەدەن لایەنی بەرامبەر لە مەیدان بەدەر کەن.
توێژەران و پسپۆران لەسەر ئەو باوەرەن کە لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆمەلگای مەدەنی و پەرەی ناوەندەکانی مەدەنی دەسەڵات لەناو کۆمەلگا ئیتر دیکتاتۆرەکان بە شیوەی رابردوو مەجالی سەرهەڵدان و بەردەوامی دەسەڵاتیان نامێنی