زۆربای یۆنانی.. شەماڵ بارەوانی

ڕۆمانی (زۆربا) بە یەکێک لە شاکارە هەرە مەزن و بە نرخەکانی فەیلەسووف و گەورەنووسەری یۆنانی(نیکۆس کازانتزاکیس-١٨٨٣-١٩٥٧) دادەنرێت له جیهانی ئەدەب و وێژەدا. چاپی یەکەمی ئەم شاکارە جیهانییە مەزنە لە ساڵی ١٩٤٦ بڵاوبووەوە. ئەو ڕۆمانەی کاریگەری و دەنگدانەوەی تەنها لە بواری ئەدەبدا جێنەهێشت، بەڵکو خۆی خزاندە نێو دنیای فیلم و سینەما و جیهانی مۆسیقاشەوە. زۆربا باس لە پارادۆکس و دژبەری دوو تێڕوانین و کەسایەتی جیاواز دەکات. دوو هاوڕێ، یەکەمیان(باسێل) کە نازناوی(سەرۆکە)، نموونەی زانین و بەهابەرزی و ئایکۆنی ڕەوشت و جوانییه.
ئەوەیتر(زۆربا،) پیاوێکی نەخوێندەوار و نموونەی کەسێکی یاخی و ئازاد لە هەموو کۆتوبەندێک. هەردووکیان نوێنەری دوو ئاڕاستەی ئەنت و دوو جیهانی جیاواز و دوو جەمسەری زۆر دژ بە یەکن. لەگەڵ ئەو جیاوازییەشدا، خۆشەویستییەکی قووڵ و ڕایەڵە و هاوڕێیەتییەکی زۆر بەهێز و پتە و لە نێوانیاندا هەیە و پێکەوەیان دەبەستێتەوە. باسێلی هاوڕێی لەو ڕۆمانەدا لە وەسفی زۆربادا دەڵێ: ( زۆربا ئەو مرۆڤەی زۆر لە مێژە بە دوایدا دەگەڕام و نەمدەدۆزییەوە، ئەو دڵێکی هەیە، ژیانی لێ هەڵدەقووڵێت، خاوەنی کەسایەتییەکی زۆر سادەیە مرۆڤێکی گەلێک مەزنە.) چیرۆکی ڕۆمانی (زۆربا) باس له گەنجێکی تەمەن سی و پێنج ساڵی دەوڵەمەند و ڕۆشنبیر دەکات بە ناوی(باسێل.)
گەنجێک، سامانێکی زۆری بە میرات لە باوکییەوە بۆ بە جێماوە و دەیەوێ بەو سامانە لە پڕۆژەیەکدا وەبەرهێنان بکات. باسێل گەنجێکی شارستانی و پڕ لە حیکمەت و فەلسەفەیە. گەنجێکی ئاوێتە لە دوو کولتوور. گەنجێک، نیوەی ئەمریکی و نیوەکەی تری یۆنانی. گەنجێک، لە ناو پەڕتووکخانەدا پێگەیشتووە و پەروەردە بووە و لەنێو دووتوێی پەڕەی کتێبەکان لە دایکبووە. لەگەڵ کەسێکی تری نەخوێندەوار و پیرەمێردەکی بە ساڵداچووی تەمەن شەست ساڵ بە ناوی(ماسیدۆنی ئەلێکسیس زۆربا.) کەسایەتییەک، عاشقی کار و سروشت و ژن. کەسێک، گاڵتەی بە خوێندن و خوێندنەوە دێت. ئەو، لە هەموو تەمەنیدا یەک دێڕی نەخوێندووەتەوە و بە توانج بە باسێل دەڵێت( تف بکە ڕووی پەرتووکەکانت، هەموو شتێکی بوون لە پەرتووکەکانتدا نین و باس نەکراون.) زۆربا، کەسێکی سادە و نەخوێندەوار و ناڕۆشنبیرە. هەڵبەت بەو پێوەر و تێگەیشتنە کلاسیکی و تەقلیدییەی بۆ ڕۆشنبیری کراوە و دەکرێت. تاقە قوتابخانەی زۆربا، ژیانە.
زۆربا مرۆڤێکە لە ڕێگای تاقیکردنەوە و ئەزموونەکانی ژیانەوە زۆر فەلسەفە و حیکمەت فێر بووە و هەر بە ڕاستی ئەو لێزان و حەکیم و پسپۆڕە لە واتای ژیان. زۆربا بەشداری لە جەنگ و شۆڕشەکان کردووە، هەموو پارادۆکسەکانی ژیانی ئەزموون کردووە، خۆشیی و ناخۆشیی، ئارامیی و نائارامیی، ترس و ناسۆری و زۆر لە تاڵی و ناشیرینییەکانی ژیانی چەشتووە. ئەو کەسایەتییەکە، نە فریشتەیە و نە ئەهریمەنە. مرۆڤێکە، خۆشەویستی دەکات، تووڕه دەبێت، ڕاستگۆیە و هەندەک جار درۆش دەکات، هەوڵ دەدات، شکست دەخوات، پەیوەندی لەگەڵ ژن دەبەستێت، نیشتیمانەکەی خۆی خۆش دەوێت. کارەکتەرێکە ئازار و خەمەکان سل بەو ناکەنەوە لە ژیان. ئەو ژیانی بە هەموو جۆرەکانییەوە خۆش دەوێت. ئەو دایمە بە دڵخۆشی دەژیت. مرۆڤێکە پڕە لە ئێنەرژی و لێوانلێوە لە ئومێد و هێزی ژیانی لێ دەچۆڕێت. زۆربا بە سەمایەک کە پێی دەڵێن(سەمای زۆربا) ڕووبەڕووی ئازار و نەهامەتی و خەمەکانی ژیان دەبێتەوە. ئەو هێندە بە گەرمی ڕۆدەچێتە سەماکە، وا هەست دەکات تەواوی گەردوون و هەموو مرۆڤایەتی لەگەڵیدا کەوتوونەتە سەما. سەختییەکانی ژیان و خەمەکان لای ئەو بەهایەکیان نییە و ناتوانن کاریگەری لەو بکەن. گرنگ ئەوەیه ئەو زیندووە یان مردوو. زۆربا مرۆڤێکە، تەژییە لە سەرکێشی و شێتی و هیچ شتێک ئەو ناترسێنێ، جگە لە پیری. ڕاستە ئەو خوێندەواری نییە، وەلێ لە ڕاستیدا ئەو فەیلەسووف و حەکیمە و پڕە لە فەلسەفە و حیکمەت. زۆربا و سەرۆک لە کەناری یەکێک لە ڕووبارەکانی شاری(گریت) لە یۆنان بە ڕێکەوت یەکتری دەبینن.

سواری کەشتییەک دەبن بە مەبەستی چوون بۆ دوورگەی (گریک)
گەشتێکی پلاتۆیی(ئەفلاتۆنی) لە نێوان فەیلەسووف و خوێندەوارێکی گەنج، لەگەڵ دەریاوانێکی نەخوێندەوار و پیر.
ئەو گەشتەی کۆمەڵێک چیڕۆکی سەیری ژیانی تێدا ڕوو دەدات و چەندین نهێنی و نەزانراو و فەلسەفەی بوون لە میانیدا ئاشکرا دەبن. وەک سەردانیکردنی ئەو دێرە گۆشەگیر و دوورەپەرێزەی قەدپاڵی چیاکە. ئەو پەیوەندییە تەمومژاوی و نامۆیەی زۆربا و پۆپۆلینای بەساڵداچوو. پەیوەندییە سەیر و ڕەق و نامرۆڤانەکەی خەڵکی دێیەکە لەگەڵ ژنە بێوەژنەکە(هۆرانتس.) لەنێو کەشتی گەشتکردنەکەدا زۆربا و سەرۆک ڕێککەوتنێک دەکەن بۆ کارکردن پێکەوە. زۆربا لەگەڵ باسێل و لە ژێر فرمانەکانیدا له کارگەیەکی خەڵووزدەرهێناندا کار دەکات. زۆربا کاتی ڕێککەوتنەکە بە سەرۆک دەڵێ”من تەنها کاتی کارکردن کرێکاری تۆم و لە ژێر فرمانەکانی تۆ دام، دوای ئەوە من کەسێکی ئازادم لە ژیانی خۆمدا.” لەو شاکارەی زۆربادا لە پاڵ هەردووک پاڵەوانی سەرەکی( زۆربا-سەرۆک) نووسەر باس لە کۆمەڵێک کارەکتەری تری لاوەکیش دەکات کە ڕۆڵ دەبینن له چیرۆکەکانی ڕۆمانەکە. لە نموونەی کەسایەتی بێوەژن(هۆرانتس) و مافراندۆنی پیرەمێرد، مومیکۆ، کاپتنی کەشتییەکە و کۆمەڵێک کەسی تر. ڕووداوەکان پەرەدەسەنن لە زۆربادا بە بەردبارانکردنی خاتوو هۆرانتسی بێوەژن، لە لایەن هەموو دانیشتووانی دێیەکە. ئەو ژنەی هیچ کەسێک بەرگری لێ ناکات جگە لە زۆربا نەبێت، فریای دەکەوێت. زۆربا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و هۆرانتس لەناو ئازار و بەردبارانکردن و لێدان لە ژێر دەستیان دەردێنێت. بە هۆکاری ئەوەی گەنجێک لە پێناو خۆشەویستییەکەی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، دەیانەوێت لە تۆڵەی ئەو گەنجە بیکوژن. دواتر کوشتنی هۆرانتسی بێوەژن لە لایەن مافراندۆنی باوکی گەنجە خۆکوژەکە کە بە چەقۆ پەلاماری دەدات و خەڵتانی خوێن دەکرێت و سەری لە لاشەی جیا دەکاتەوە.
ئەو بێوەژنەی هەموو پیاوەکانی دێ مۆڕەیان لێ گرتبوو و چاویان تێ بڕیبوو و تەماحیان تێکردبوو. ئینجا ڕۆمانەکە باس لە چیرۆکی ژنێکی تری بەساڵداچوو دەکات بە ناوی (پۆپۆلینا) کە بە تەنها دەژیت. پۆپۆلینا پێشووتر و سەردەمی جوانی و گەنجێتی، دۆستی ژەنەڕاڵەکان بوو و پەیوەندی سێکسی لەگەڵ دەبەستن. هەرچی ئاوی ژیان و تامی گەنجێتی ئەو بوو، هەموویان مژی.
کە چووە تەمەنیشەوە، ئیتر هەمووان جێیانهێشت و پشتیان تێکرد. ئەو میوانخانەیەکی بچووک لە دێیەکە دەکاتەوە تا بتوانێت لە ڕێگەیەوە بژێوی ژیانی خۆی دابین بکات. پاشان لەگەڵ زۆربا دەکەونە داوی خۆشەویستی یەکترییەوە و دواتر دەمرێت و خەڵکی دێ ماڵەکەی هەموو دەبەن، جگە لەو قەرەوێڵەیەی کە لەسەری ڕاکشاوە بە مردوێتی، لەگەڵ بولبولەکەی ناو قەفەس نەبێت، ئەویش دواتر زۆربا وەک تاقە یادگاری پۆپۆلینا لەگەڵ خۆی دەیبات. زۆربا بە گواستنەوەی دار لە دارستانەوە، بۆ سەر لوتکەی چیا کار دەکات لە پێناو بەدیهێنانی خەونەکەی. وەلێ هەموو هەوڵەکانی زۆربا بۆ دروستکردنی پردێک لە نێوان کەناری دەریاکە و چیاکە، تا لە ڕێگایەوە ڕەژوو لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر بگوازێتەوە، شکست دێنێت. پاشان سەرۆکی هاوڕێی هەموو سامانەکەی دەخاتە نێو دەستی زۆربا، تا بڕوات هەموو پێداویستییەک و کەرەستەی پێویست بۆ کارەکەی بکڕێت. زۆربا دەڕواتە شار و ڕێکەوتی باڕێک دەکات. لەو باڕەدا ژنەگۆرانیبێژێکی بە تەمەن بچووک کە لەوێ کار دەکات، دەناسێت. ژنەکە دەرفەت دەقۆزێتەوە و پەیوەندی لەگەڵ زۆربا دەبەستێت و هیچ پارەیەکی پێ ناهێڵێت و هەمووی لە جوانیی خۆی و ڕابواردن و خواردنەوە و چێژی باڕ پێ سەرف دەکات. زۆربا دواتر نامەیەک بۆ سەرۆکی هاوڕێی دەنێرێت و چیرۆکی خۆشەویستی خۆی و ئەو ژنەگۆرانیبێژە و بابەتی نەمانی ئەو پارەیەی کە پێیداوە بۆ باس دەکات. چیرۆکی ڕووداوەکانی زۆربا بەردەوام دەبێت و دواتر زۆربا لەو ژنە جیادەبێتەوە و بۆ جاری سێیەم ژیانی هاوسەرگیری پێک دێنێت و ئینجا دەچێتە تەمەنەوە و نیشانەکانی پیری لەسەر جەستەی ژیانی هێدی هێدی بەدەردەکەون و چرچ و لۆچەکانی بەساڵداچوون لە سەر ڕووخساری شوێنپەنجەی خۆیان جێ دێڵن و نەخشی پیری دەکێشن. زۆربا و سەرۆکی هاوڕێی هیچ سامانێکیان بۆ نامێنێتەوە و بەو چەشنە بە سەما کۆتایی بە چیرۆکەکە دێت و پەڕەی ڕووداوەکانی ڕوومانەکە دادەخرێت. خوێنەر لە کۆتایی ڕۆمانی زۆربادا هیچ شتێک بەدەست ناهێنێت، جگە لە ورە و هێزی ئومێد و خۆڕاگریی و خۆشەویستیی مرۆڤ و ژیان نەبێت. لە ڕۆمانی زۆربادا، زۆر حیکمەت و فەلسەفە و پەند و شت فێر دەبین و کەسایەتی زۆربا وامان لێ دەکات بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشداری لە ژیان بکەین و لە جیهان و بوون بڕوانین. زۆربا کاریگەرییەکی گەورە و بێ وێنە لە سەرت جێ دێڵێت و دەتباتە جیهانێکی جیاواز. زۆربا ڕۆمانێکە پڕ لە ڕامانی قووڵ و حیکمەتی ژیان. ڕۆمانێک، هەڵگری کۆمەڵێک فەلسەفەی بەرز و حیکمەتی بێ وێنە و جوان. زۆربا هەموو قورساییەکانی ژیان سادە دەکاتەوە و بە هێزی خەندە و بە سەما، شەپۆلی فرمێسکی ئازارەکانی دەریای بوون ڕادەماڵێت. زۆربا گەشتێکی فەلسەفییە لە گۆشەنیگایەکی ترەوە بۆ قووڵایی ژیان و وجوود. گەشتێک، پڕ لە تێڕامان و پرسیار و ئەزموون و پەند و حیکمەت. زۆربا پێت دەڵێت”جوانییەک دڵی نەبوو و هەستی بە ئازاری مرۆڤایەتی نەکرد، با بڕواتە دۆزەخ.” زۆربا هەوڵدانێکە بۆ تێگەیشتن لە ژیان، بە ڕێگایەکی سادە و لە هەمان کاتدا پڕ لە تێڕامان و فەلسەفە و بیرکردنەوەی قووڵ. زۆربا ڕۆمانێکە، فێری فەلسەفەمان دەکات، بەڵام بە شێوازێکی تر. زۆربا پێمان دەڵێت ژیانتان بە هەموو ناخۆشییەکانەوە خۆش بوێت و فرۆغ ئاسا ژیان بە هەموو ناشرینییەکانییەوە با لاتان شیرین بێت. ئێمەی مرۆڤ لەم سەردەمەدا چەندە پێویستمان بە هەنگاونان و ڕۆیشتنە بەو ڕێگایەی زۆربا. ڕێگایەک، پڕ لە خۆشەویستی و مرۆڤبوون، پڕ لە ئومێد و خۆڕاگری و سادەیی، پڕ لە تێڕامان و جوانی.

ڕێگایەک، دڵێکی گەورە و هەستێکی بەرز دەوری داوە و
سەما دایپۆشیوە و بە فەرشی عیشق تەنراوە. زۆربا سەر بە هیچ قوتابخانەیەکی فیکری و فەلسەفی نەبوو، لەو قوتابخانە فیکری و فەلسەفییانەی لەناو پەرتووکەکاندا هەن. ئەو مرۆڤێکی سادەیە و خاوەنی کومەڵێک تێگەیشتنە لە بارەی ژیان و گەردوون و سروشت و میتافزیکا و مرۆڤ و بوون کە تەنها لە ئەزموونی تایبەتی خۆیەوە فێریان بووە. لە ڕوانگەی زۆرباوە، بەختەوەری لەو هۆشیاری و فەلسەفە و زانستانەدا نییە کە فەلسەفە و زانست پێشکێشی ژیانی دەکەن، بەڵکو لەو زانیارییەدایە کە لە ڕێگەی ئەزموون و دڵەوە پێیان دەگەین. ئەو جیهانبینییەی زۆربا، مانای وا نییە ئەقڵ بە تەواوی ڕەت بکاتەوە و پشتگوێی دەخات. نەخێر، بەڵکو ئەو ڕەخنەی ئەقڵێکی ڕووت و پەتی و وشکی میکانیکی بێ ڕۆح دەکات. زۆربا بانگەوازێکە بۆ ئەزموونکردن و خۆشەویستی. خۆشەویستی خۆمان و هەموو ئەوانەیتر. خۆشەویستی وڵات و هاونیشتیمانییان. خۆشەویستی هەموو مرۆڤایەتی. زۆربا دەنگی ویژدان و هێزی ناوەکی مرۆڤە. زۆربا بانگەوازێکە بۆ بیرکردنەوە بە جەستە و دڵ و ئەقڵ، بیرکردنەوەیەکی گشتگیر. بانگەوازێکە بۆ ژیانکردن بە جۆرێکی تری جیا لەوەی ئێستا. زۆربا داوامان لێ دەکات لە بری زاراوەی ڕق، زمانی ئیشق و سەما بکەین بە زمانێکی جیهانی نێوان مرۆڤەکان. زۆربا تا هەرمان(ئەبەد) بە نەمری و وەکو ئایکۆنێکی بەرز و بێ وێنە و شاکارێکی مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە. ئایکۆنێک، لە هەموو زەمان و شوێنێکدا و لە نێوان هەموو کەسێکدا ڕۆحی خۆشەویستی بڵاو دەکاتەوە و بەهای مرۆڤایەتی فێری مرۆڤەکان دەکات و جوانیی لە ژیاندا جێگیر دەکات.
زۆربا مرۆڤێکە، پڕە لە هەست و بەها و سادەیی و جوانیی. مرۆڤێکە، خاوەنی دڵێکی گەورەیە و نایەوێت سووکترین و بچووکترین ئازار بە هیچ کەسێک بگەیەنێت و هەستی کەس بریندار بکات. ئەو بیر لە ڕابردوو ناکاتەوە و داهاتوویش لای ئەو گرنگ نییە. تاقە شتێک لە سەنتەری بیرکردنەوەی ئەودا، ئەو پارووە نانەیە ئێستا دەیخوات و ئەو ژنەیە کە پەیوەندی لەگەڵ دەبەستێت و ئەو خۆشەویستییەیە، پێشکێش به مرۆڤایەتی دەکات. ئەو ئازادیی و ژیانی خۆی بە هیچ شتێکەوە نابەستێتەوە. لەگەڵ زۆربا هاوڕا یان دژ بیت، ئەوە هیچ لە کەسایەتی و گەورەیی ئەو کاراکتەرە جیاواز و مرۆڤدۆست و گەورەیه کەم ناکاتەوە. زۆربا کەسایەتییەکە، هەندێک بە نەزان و هەندێک بە شێت و هەندێک بە پیاوی جنس و سوارچاکی باوەشی ژن و ڕابواردنی دەزانن. چونکە لە تێڕوانینی ئەواندا، زۆربا هیچ نییە جگە لە کاراکتەرێک کە هەموو فەلسەفەی ژیانی لە کار و شەراب و نان و ژن کورت کردووەتەوە. بەشێکی تریش بە حەکیم و فەیلەسووف و دانا پێناسەی دەکەن. زۆربا لە یەک کاتدا هەموو ئەوانەیە کە باسمان کرد. کارەکتەری زۆربا سنوورەکانی کات و زەمان و زمان دەبڕێت. زۆربا کاتێک ناتوانێ بە زمان گوزارشت لە هزر و هەستی خۆی بکات و سەرۆکی هاوڕێی تێبگەیەنێت لە یەکێک لەو دایەلۆکانەی نێوانیان، پێی دەڵێت”سەمات بۆ دەکەم.” زۆربا بەو سەمایه دەیەوێت سنوورەکانی زمان تێک بشکێنێت و بە زمانی جەستە و زمانی سەما، مرۆڤەکان تێبگەیەنێت. زۆربا دەیەوێت لە جیهاندا دنیایەکی نموونەیی بەرز و تاکێکی ژیاندۆست دروست بێت. تاکێک، سنوورەکانی ئایدۆلۆژیا و دین و نەتەوە و ڕەگەز ببڕێت و هەموو جیاوازییەکان بسڕێتەوە و تەنها بڵێت”من مرۆڤم.” نووسەر لە ڕێگای زۆرباوە هەموو ئەو بیروبۆچوون و فەلسەفەی خۆی کە پێشووتر زەمینەی بۆ نەڕەخساوە و زرووفێک بۆی نەگونجاوە تا دەریان ببڕێت و باسیان بکات، هەمووی دەخاتە ناو شاکارە مەزنەکەی زۆربا و لە دوورگەی گریک و لەو شوێنەی کە بە کۆمەڵێک تابووی فیکری و تەقلیدی و تێگەیشتنی ناشیرین لە بارەی ژن و ژیان و مرۆڤەوە دەوردراوە، بڵاو دەکاتەوە و هەموو کۆتوبەندەکان تێکوپێک دەشکێنێت. زۆربا ڕەخنەگرتنە لەو تێڕوانینە پاتریارک و نێرسالار و نامرۆڤانەیەی لە کومەڵگە پیاوگەرا و تەقلیدییەکان کە ژن تەنها وەک کائینێکی بێ دەسەڵات و بووکەڵەی دەستی ئارەزووەکانی نێرینە و موڵکی پیاو دەبینێت. ئەو تێڕوانینە سەقەت و داخراوەی وێنەی ژن تەنها لە جەستەیەکی ڕووتدا دەبینێت. بە تایبەتی کۆمەڵی گریکی ئەوسا و ئەو تێڕوانینە وشک و نێگەتیڤ و دڵڕەقییەی تاکی گریکی لە بەرانبەر ژن و بە تایبەتی ژنە بێوەژن(هۆرانتس) کە بە کوشتنی کۆتایی هات. کوشتنێکی تراژیدی و نامرۆڤانە. لە زۆربادا کازانتزاکیس بە فەلسەفە تایبەتییەکەی خۆی، مشتومڕی کۆمەڵێک پرسی ئەزەلی تایبەت بە ژیان و مرۆڤ و بوون و عەدەم دەکات. وەک: بۆچی دەمرین؟ بۆچی دەژین؟ دوای مردن ئێمە بۆ کوێ دەڕۆین؟ ئێمە لە کوێوە هاتووین؟ بۆچی خەمبار دەبین؟ بۆچی دڵخۆش دەبین؟
ئایه ژیان ئەوە دەهێنێت کە لە پێناویدا بجەنگین؟ وەڵامی هەموو ئەو پرسە فەلسەفییانەیش له ڕێگای کارەکتەره نەخوێندەوار و سادەکەی زۆرباوە دەداتەوە و پێمان دەڵێت: تا دەتوانیت چێژ لە ژیان بەرە و بەختەوەر و دوور لە خەم بژی و دەرفەت مەدە هیچ خۆشییەک لەدەست بدەیت و ڕووبەڕووی ژیان بەرەوە و لەگەڵ نەهامەتیی و ناخۆشیی و ئازارەکانی بوون بجەنگە و هەرگیز لێنەگەڕێیت چۆکت پێدابدەن و لە هەوڵدان نەکەویت و شکست نەخۆیت لە بەرانبەر ناڕەحەتییەکان. ئەوەی تر لە کوێ هاتووین و بۆ کوێ دەچین، هەمووی بهاوێژە دۆزەخ و کونجی لەبیرچوونەوە و پەراوێزی فەرامۆشی و هیچ گرنگییەکیان پێ مەدە و ئیتر ژیان بکە، ژیان. هەروەها زۆربا باسکردنە لە ئافاتەکانی ئەقڵی بەشەریی، ئەقڵێکی میکانیکی ڕووت. ئەقڵێک، بەردەوام لە بیرکردنەوە و دڵەڕاوکێ و تەڕەددوددا دەژیت. ئەو ئەقڵەپەتییەی ژیان لە سایەیدا هیچ واتایەکی بۆ نامێنێتەوە. نووسەر ئەو جۆرە ئەقڵ و ئەقڵییەتە لە کارەکتەر و کەسایەتی سەرۆک و هەڵوێست و بیرکردنەوەکانیدا لەو ڕۆمانەدا بەرجەستە کردووە، لە بەرامبەر ئەقڵی کارەکتەری زۆربا، ئەقڵێکی سادە کە سەرچاوەی بڕیارەکانی تەنها ئیلهامی دڵێکی پاک و ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی ژیانن.
ئەقڵێک، بێ هیچ گرێیەکی قورس و تەفسیرێکی فەلسەفیی تەمومژاویی و ناڕوون و بێ هیچ بیرکردنەوەیەکی قووڵ، لەوپەڕی سادەییدا بڕیار دەدات و هەڵوێست وەردەگرێت. هەروەها زۆربا ڕەخنەیه لە سیستەم و ئەقڵییەتی سەرمایەداری. ئەو ئەقڵییەت و سیستەمە سەرمایەدارییەی کە تەنها لە ڕەهەندێکەوە مرۆڤ دەبینێت و مرۆڤی تاکڕەهەند دروست دەکات. لە کاتێکدا مرۆڤ لە کۆمەڵێک ڕەهەندی جیاواز پێک هاتووە. مرۆڤ بیردەکاتەوە و خۆشەویستی دەکات و ڕق دەیگرێت و سەرکەوتن بە دەست دێنێت و تووشی شکستیش دەبێت. لایەکی تری زۆربا ڕەخنەگرتنە لە چەپەکان و شۆڕشی شیوعییەکان و سیستەمی حوکمڕانییان.
لە ڕێگەی نموونەی ئەو دێیە بچووکەی کە خاتوو (پۆپۆلینا) تێیدا دەژیت. لە ڕێگای نموونەی دیمەنی دەوردانی ماڵەکەی(پۆپۆلینا.)
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی پۆپۆلینا، خەڵکی دێیەکە خێرا هێرش دێنن و هەموو ماڵەکەی تاڵان دەکەن. دیمەنێکە، دڵی کارەکتەری زۆربا و هەموو ئەوانەی ئەو ڕۆمانە دەخوێننەوە، دەگوشێت و ئازاریان دەدات و ناخیان دەکوڵێنێت. پۆپۆلینا هێشتا نەمردووە و لە سەرەمەرگ و دواهەناسە و کۆتا ساتەکانی ژیانیدایه. کۆمەڵەمرۆڤێک دێن و هەموو مریشکەکانی دەبەن.
زۆربا بەرجەستەکەری کەسایەتییەکی وجوودیی و بوونگەرایە.
کەسایەتییەک، جگە لە بنەماکانی مرۆڤبوون، بە هیچ شتێکی ترەوە پابەند نابێت. خۆشەویستی، ڕق، گەیشتن و دابڕان، ئومێد و ڕەشبینیی، هێمنیی و شێتیی، هەموو ئەو پارادۆکسانە لێرە و لە زۆرباکەی کازانتزاکیس دەبینیت.
ماوەتەوە بڵێم:
خوێنەری ئەم ڕۆمانە، گەر جیاوازییەکان قبووڵ نەکات و هەڵگری ڕۆحێکی گەورە و خاوەنی دڵێکی فراوان نەبێت، ئەوە هەرگیز
ناتوانێت هەڵسەنگاندنێکی جوان و بڕیارێکی شایستە بدات لەبارەی زۆرباوە.

شەماڵ بارەوانی




نامەی چواردەهەم و پانزدەهەم.. شەماڵ بارەوانی

نامەی چواردەهەم

دووبارە خەریکی خوێندنەوەی بەدگۆڕانەکەی کافکام. چ خۆشبەختم کە کافکام ناسی! ناڵێم کافکا باشترین ڕۆماننووسی مێژووی مرۆڤایەتییە، وەلێ یەکێکە لە ڕۆماننووسە باشەکان. ئەو قسانەی سەبارەت بە (ڕۆمانی کۆشک) کردت، هاوڕاتم. ئەی دادگاییەکەیت نەخوێندووەتەوە؟ ئازیزەکەم، تا بۆت دەکرێت بخوێنەوە. دەتوانی بیریش بکەیتەوە، بەڵام گەمژانە نا. با ژیانت هەمووی به وشە و کتێبەوە بەند بێت. بەڵام ئاگاداربە وەک باپیرەی سارتەر* دەیگوت، ئەدەب هەرگیز گەدەی مرۆڤ تێرناکات. ئەوەشت بیر نەچێت، هیچ کاتێک خۆت لە قەرەی هەندێک بابەت مەدە. بۆ نموونە: مردن چییە؟ سەرەتای ژیان چۆن دەستی پێکرد؟ کێ گەردوونی دروست کردووە، کێ ئێمە و هەموو شتێکی دروست کردووە؟ گەر هێزێکی باڵا و بانسروشتیی هەیە، ئەی بۆچی لە بەرانبەر ئەو هەموو نادادیی و ستەمکارییەی مرۆڤەکان و کارەساتە دڕندانەییەی سروشت بێدەنگە؟ گەر ئەو هێزە باڵایە ژیان و ئێمەی دروست کردبێت، حیکمەت و گرنگی ئەوە لە چیدایە؟ گەر بەهەشتێک و ژیانێکی تر هەیە، بۆچی یەکسەر لەوێ ژیان دەستی پێنەکرد و لەبری بەهەشتە یۆتۆپیاکەی ئەوێ، فڕێ دراینە ئەم دۆزەخە و ئەم هەسارە نەگریسەیە؟ هەر بەجیددی ئەو یارییە پووچ و بێتامە سوود و حیکمەت و مانای چییە؟ ئازیزەکەم، زۆر هەوڵم دا وەڵامێک بۆ گومانەکانم و مانایەک بۆ ئەم ژیانە بێ مانایە بدۆزمەوە، کەچی هەموو هەوڵەکانم وەهم دەرچوون. ئازیزەکەم، تۆ دەتوانی سەبارەت بە بوونمان لێرە یەک بەڵگەی لۆژیکیم بدەیتێ؟ دەی لەوە گەڕێ. ئەو بوونە سۆزانییە هی ئەوە نییە کاتی خۆتی لە پێناودا بە فیڕۆ بدەیت. گەڕان بۆ دۆزینەوەی مانایەک بۆ بوونمان لێرە، لە هەوڵێکی دۆنکیخۆتانە زیاتر نییە. بەڵێ تەنها شەڕکردنە لەگەڵ ئاشی با. من ڕووی پرسیارم لەو هێزە باڵایە دەکەم کە کاهینی گەڕەکەکەمان باسی دەکات، باشە” بۆچی وەسوەسەت بۆ گیانی ئێمە خوڵقاندووە؟ وەسوەسە! خودایە یانی هەر ئەو وەسوەسەیە نییە کە من دەمهەوێ خۆم لە شادی و چێژەکانی ژیان لادەم و توێشوویەک بۆ ئەو دنیا بنێرم کە لەوانەیە هەر نەبێ و زیاتر لە شتێکی خەیاڵیی دەچێ؟”*
دەزانم تۆش وەکو من دەیان پرسیاری وجوودیی و فەلسەفیی سەبارەت بە چەندین بابەتی میتافیزیکی و گەردوونی لە مێشکتدا جینگڵ دەدەن. دەزانم دڵت بەو وەڵامە سادە و ساکارانەی کاهینەکان ئاوی دڵنیایی و مەعریفە ناخواتەوە، وەلێ ڕێگەی تر و چارەی تر نییە. دڵنیابە هەرچەند بۆی بگەڕێیت و هەوڵی گەیشتن بە ڕاستی بدەیت، تا هەتایە وڵامگەلێکی دڵنیاکەرەوە و یەکلاکەرەوەی ئەو پرسیارانەت دەست ناکەوێت. بۆیە باشتر وایە هەر لە بۆتەی بێدەنگی، مەبەستم گومانگەرایی و نازانمگەراییدا بمێنیتەوە. من زۆر هەوڵمدا دروستکەری گەردوون بدۆزمەوە و بگەمە دەڤەری دڵنیایی، ئەفسووس! کاتی زۆرم بە فیڕۆ دا و شکستم هێنا. بۆیە باشتر وایە ئەزموون لە من وەر بگریت و کاتی خۆت بە میتافیزیکا و ئەو جۆرە بابەتانە بەفیڕۆ نەدەیت. گەر ئارەزوو دەکەیت بڕۆ دە جار کتێبی( مێتافیزیک چییە؟) بخوێنەوە، بزان هیچ شتێک لە بابەتەکە حاڵی دەبیت و دەزانیت کە مێتافیزیک چییە! دەشتوانی کتێبی(تەقینەوە گەورەکە: Big Bang)* یان (دەربارەی بنەچەی جۆرەکان – On the Origin of Species)* بخوێنیتەوە. ئەو دوو کتێبە بە بڕوای من تۆزەک یارمەتیدەرێک دەبن سەبارەت بە دروستبوونی گەردوون و مرۆڤ، بەڵام هەرگیز ناتگەیەنن بە وەڵامی پرسیارەکان و هەموو ڕاستییەکان و هیچی ئاوا لە قەبارەی گومانەکانت کەم ناکەنەوە. ببوورە ئازیزەکەم، کات درەنگە و دەبێ بڕۆم بخەوم. سەلامەت بیت.
ــــــــــــــــــــــــــــ
*مەبەست(ژان پۆل سارتەر)ـە.
*لیۆ تۆلستۆی، باوکە سێرگی، وەرگێڕانی: ئەمین گەردیلانی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات(هەولێر)، چاپی یەکەم، ل٤٣.
*کتێبەکەی فەیلەسووفی ئەڵمانی(مارتین هایدگەر).
*مەبەست کتێبەکەی(ستیڤن هاوکینگ)ـە.
*مەبەست کتێبەکەی(چاڕڵز داروین)ـە.

ـــــــــــــــــــــــــــ
نامەی پازدەهەم

گیانەکەم، هەستدەکەم گەر چیتر لێرە، مەبەستم لەم هەسارەیە و لەناو ئەو هەموو گەمژەیە درێژە بە ژیان بدەم منیش دەبم به گەمژەیەک لە گەمژەکان. ئازیزەکەم، دەزانم ئەم قاڵۆنچانە گلەیی دەکەن و پێم دەڵێن زمانی زۆر درێژە. دڵنیابە ئەوان شایەنی قسەپێگوتنی زۆر زیاترن. فلۆبێر* لە نامەکانی زۆر زیاتری منی پێ کردوون و نامەکانی پڕ لە جوێنن دژ بە مرۆڤایەتی. ئازیزی من، “پاڵەوانێتی مرۆڤ لەو قۆناغەدا لەوەدایە، بتوانێ به سەربەرزی و زیندوێتی بمێنێتەوە و ئەقڵی خۆی لە دەست نەدات.”* ئازیزی من، هۆشیاریی لێره و لەناو ئەو ناهۆشیارانە زۆر قورسه. هۆشیاریی بەڵا و ئافاتێکی زۆر گەورەیە بۆ خاوەنەکەی لە کۆمەڵگەیەک کە تاکەکانی لە خورافەدا ڕۆچووبن.
لە کۆمەڵگەیەکدا هێندەی گوتارێکی خورافی و دژەلۆژیک و دژەزانستیی کاهینێک بڕ دەکات و بازاڕی هەیە، سەدا یەک قسەی ڕۆشنبیرێک بڕ ناکات. کۆمەڵگەیەک، دەرچووی زانکۆی لە هەموو تەمەنیدا کتێبێک نەخوێنێتەوە، مامۆستای زانکۆی لە مرۆڤێکی ئاسایی و گشتیی، گشتییانەتر بیر بکاتەوە و بڵێت: زانکۆ مێیە و پەرستگا نێرە، هەمیشەش نێر هەیەتی بەسەر مێوە!
کۆمەڵگەیەک، پیاوی ئایینیی بڵێت:٩٠٪ی نەبوون بە زاوا، هۆکارەکەی جنۆکەیە! گیانی من، ڕاستە ڕۆشنبیر بۆ خەڵکی ئاسایی و گشتیی نانووسێت. ڕۆشنبیر کار لەسەر نوخبە(ئیلیتە) دەکات، وەلێ ئەوە مانای ئەوە نییە کە ڕۆشنبیر بڕواتە بورجی عاج و دوور لە خەڵک و واقیع و کۆمەڵگەکەی خۆی بژیت. ڕۆشنبیر چاوی کۆمەڵگەیە، ڕێنیشاندەر و هۆشیارکەرەوە و دڵسۆزی کۆمەڵگەیە. بەڵام کە ڕێز و بەهای ڕۆشنبیر نەزانرا، باشتر وایە ڕۆشنبیر ئاگاداری خۆی بێت و بەرلەوەی ببێت به گەمژە، سنوورێک بۆ گەمژایەتی ئەوانی تر دابنێت. ئازیزی من، ڕۆشنبیریی لە کۆمەڵگە ڕۆژهەلاتییەکان، ئەو کۆمەڵگەیانەی که ڕەگیان لەسەر خورافە داکوتاوە و لە ئەفسانە ڕۆچوون و کۆمەڵگەی نەریتی و تەقلیدیی، سوننەتیی و مەزهەبیی و نێرسالارین، قورسە و حەوسەڵەی دەوێت. بەشی ڕۆشنبیران لەو وڵاتانە هەمیشە دەربەدەریی، کۆچ، تیرۆرکردن، بێتاقەتیی، بێزاریی و ڕەشبینیی بووە. ڕۆمانی (چۆن بووم بە گەمژە) بخوێننەوە. (ئەنتوان)ی پاڵەوانی ڕۆمانەکە سەرەنجام دەگات بەو قەناعەتەی کە ئەقڵ و بیرکردنەوە هۆکاری سەرەکی نەهامەتی و بەدبەختی و ئازارەکانیەتی و خەیاڵ و ژیان لەگەڵ کتێب و خوێندنەوە، هیچ بەهایەکی بۆ نەهێڵدراوەتەوە و بیرکردنەوە مانایەکی بۆ نەماوە و ژیانی ڕۆشنبیریی جگە لە عەزابێکی ئەبەدی، چیتر نییە و بیرکردنەوەیش ئازار و عەزابێکی نەبڕاوە و نەخۆشییە، با لە ڕیزی نەخۆشیش دانەنرابێت. ئەو، ئیدی بیرکردنەوەی ئەمە دەکەوێتە کەڵکەلەیەوە کە دەبێت مرۆڤ لێرە گەمژەبێت، ببێت به بەشێک لە هەمووان، دەستبەرداری قەناعەتی تایبەتی خۆی و بیروبۆچوونە جیاوازییەکانی خۆی و ئازادییەکانی بێت، تا بتوانێت لە کۆمەڵدا بژیت و خەڵک قبووڵی بکات و لەگەڵ دەوروبەر کارلێک بکات و بگونجێت و بە هێمنی و ئارامی بژیێت. ئەو پێمان دەڵێت ئیدی” بەشداری لەو ئەقڵە گەورەیە دەکەم کە پێی دەڵێن(بۆچوونی گشتی). من ناڵێم ئەمە باشە، یاخود خراپ، تەنها دەمەوێ بەشداری ئەو ئەقڵە بکەم و بەس. لەگەڵ ئەوانەیتر بم و لێیان حاڵی نەبم و وەکو ئەوان بم. لەنێوانیاندا بم…دەمەوێ وەکو هەموو خەڵکی تر بم. مێروولەیەک بم لەنێو مێروولەکان.” بەو شێوەیه ئیدی زەکاوەت و زیرەکیی و هۆشیاریی لای ئەو نەخۆشییە و ئەو دەیەوێت چیتر ئاستی هۆشیاریی و هێزی دەرککردنی کەم بێتەوە و باڵانسی جەهل و نەزانیی بەرزبێتەوە. ئیدی تەنها بژیت و بەس. ژیانێکی دیماگۆگانە و هیچ لە ژیان و دەوروبەر و واقیع و ڕاستییەکان نەزانێت. ئەو بۆی ڕوونبووەتەوە کە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە هەمووشتێک، هۆکارە کە نەتوانیت بژیت. بۆیە ئەو گەمژەیی و دیماگۆگییەت بە تاقە ڕێگەی چارەسەری کێشە و قەلەقییەکانی و نەخۆشییەکەی دەزانێت و بڕیار دەدات هۆشیاری و مێشکی بە کفنی گەمژەیی کفن بکات و ماڵئاوایی لەبیرکردنەوە بکات و دەرگای عەقڵی کڵۆم بدات و دەستبەرداری عەقڵانییەت بێت. (من بە دەست نەفرەتی عەقڵەوە دەناڵێنم و تووشی نەخۆشیی زیادەڕۆیی و ڕۆچوونی زۆر لەبیرکردەنەوەبووم). بەڵێ، (هەرکەسێک ئاستی زانستیی بەرزتربوو، ئازاری زیاتر دەبێت). بۆ قورتاربوونیش لەو دۆخە و یەکەم هەنگاویش بۆ بوون بە گەمژە، مەیخانە و مەی و سەرخۆشییە، بە تێڕوانینی ئەو! بۆیە بڕیاردەدات خۆی سەرخۆش بکات. ئەو پێی وایە بەو شێوەیە خەڵک دەیناسێت و خەڵک ڕێزی دەگرێت. کۆمەڵگایەک، لە تێڕوانینی ئەودا بەزەیی بە سەرخۆشدا دێتەوە، وەلێ بە ڕۆشنبیر و عاقڵ و ژیر نا. ئەو سەرەنجام لەو هەوڵەی شکست دێنێت و بە هۆی زۆرخواردنەوەی مەی و ئەلکهوولەوە، ژەهراوی دەبێت و دەکەوێتە نەخۆشخانە. ئەنتوان سەرەتا زۆر هەوڵ دەدات لە کۆمەڵدا شوێنێک و پێگەیەکی گونجاو بۆ بوونی خۆی بدۆزێتەوە وەک ڕۆشنبیرێک کە لەگەڵ ڕۆشنبیرییەکەی ئەو گونجاوبێت. مەوقعێک، کە شایەنی ئەو بێت و مەحەللی لە ئیعرابدا دیار بێت. وەلێ ئەفسووس!
کۆمەڵێک، کە بە تێڕوانینی ئەو کۆمەڵێکی تا بڵێیت سەتحییە و ناچێتە قووڵایی بابەتەکان و نرخی کاری فیکریی و ڕۆشنبیریی و ڕۆشنبیران نازانێت و ڕێز لە کایەی ڕۆشنبیریی ناگرێت. بۆیە بێزاریی و ڕەشبینیی ئەنتوان دادەگرێت، لە کۆمەڵێکی وا کە نرخ و بەها بۆ رۆشنبیری دانانێت و نازانێت ڕۆشنبیریی چییە و ڕۆشنبیر کێیە! لە کۆمەڵێک هێندەی حیساب بۆ گەمژەیەک دەکرێت، سەدا یەکیش بۆ مرۆڤی ژیر و ڕۆشنبیر ناکرێت و ڕۆشنبیر نرخ و بەهای بۆ دانانرێت. ئاخر لە کۆمەڵێکی مێگەلئاسا، کۆمەڵێکی بەکاربەر و ئستهلاکی، کۆمەڵێکی چێژگەرا، بۆ کۆمەڵێکی لەو چەشنە بیرکردنەوە و کاری فیکریی و فەلسەفیی و ڕۆشنبیریی هێندە ئاسان نییە. بیرکردنەوە ئەرک و ئەخلاقە، بەرپرسیارەتی و خەمە، گەلێک قورسە. بیرکردنەوە لە خەمی مرۆڤایەتی، لە ژیانی خەڵک، لە ئازاری هەمووان. بەڵێ گیانەکەم، منیش وەکو ئەنتوان گەیشتووم بەم بڕوایه کە”بەختەوەری ئەوەیە بتوانیت خۆت لە موعانات و ئازاری ئەوانەیتر بێ ئاگا بکەیت، ڕاحەت و ئارامی ژیان و ئەقڵ لە گوێپێنەدان و بێ موبالاتیدایە.” ڕەنگە بڕواکردن بەو قسانەی من بۆ گەمژەکان کەمێک سەخت بێت. بەڵێ، گەمژەکان تەنها باوەڕ بەوانە دەکەن کە هەواڵی ناڕاستیان پێ دەدەن. ئەوان خویان بە درۆوە گرتووە، چێژ لە گەمژەیی دەبەن. ئازیزی من، لێره تەنانەت قانوونیش تەنها بڕوا بەو کەسانە دەکات کە پارەی پێ دەدەن.”*
ـــــــــــــــــــــــــ
*گوتەیەکی نووسەر و ڕۆماننووس و ڕەخنەگری بە ڕەگەز سعوودی(عەبدولڕەحمان ئەلمونیف)ـە.
*مەبەست(گۆستاڤ فلۆبێر١٢ی کانوونی یەکەمی١٨٢١ – ٨ی ئایاری ١٨٨٠)ی خاوەن ڕۆمانی(مەدام بۆڤاری)یە. فلۆبێر، نووسەرێکی جیهانیی- فەرەنسییە و بە یەکێک لە گەورەترین ڕۆماننووسە فەرەنسییەکانی سەدەی نۆزدەهەم دێتەژماردن.
*ستیڤن کینگ، ڕۆمانی(١٩٢٢)، وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد، چاپ:٢٠٢٤، ل١١.




نامەی.. ١١-١٢و ١٣.. شەماڵ بارەوانی

نامەی یازدەهەم

ئەو شیعرەی دوێنێ بۆم ناردیت، خوێندتەوە؟
ئازیزی من، ئێستا خەریکی شیعرێکی ترم، هێشتا تەواوم نەکردووە، با تەواو بێت بۆتی دەنێرم. بەڵام ئەمەیانم بۆ تۆ نەهۆنیتەوە. دەی با هەندێکیت بۆ بخوێنمەوە، بزانم بەلاتەوە چۆنە؟ حەزدەکەم سەرنج و ڕەخنەکانتم بۆ باس بکەیت.

ماوەیەکە
هەموو شتێک لە ڕوانینم پووچ دەنوێنێ

وەک بۆهیمییەکم لێ هاتووە، لە هیچ شوێنێک ئۆقرە ناگرم

بەعزێک جار دەمەوێ فێڵ لە خۆم بکەم و وا نیشان بدەم کە زۆر دڵخۆشم

زۆر پڕم لەم گەردوونە چڵکنە زۆر!

درەنگ بۆم ئاشکرا بوو کە هەموو خەونە پووچەکانمم لەسەر تەنافێکی سوریالیستی هەڵخستووە و فریودەرانە پشتم بە کۆمەڵە یەقینێکی شووشەیی بەستووە

هەموو وەرزەکانم تەمتومانن
جەستەی هیواکانم نەزیف بوون
ڕۆژەکانم جگە لە سەرخستن و خلۆرکردنەوەی گاشەبەردەکەی سیزیف چیتر نین
مرۆڤەکان کۆپی یەکترن و ڕەنگەکانیش هەموویان دووبارەن
چێژ لە هیچ شتێک نابەم
ئێستاش هەر وا دەزانم هەموو زەمەن جگە لە جامێک تارمایی هیچی تر نییە
جاران کە هێشتا دوگمەی خۆزگەکانم نەترازابوو و پەنجەرەی وەهمەکانم تێکوپێک نەشکێنرابوو، وام دەزانی بوون یەکسانە بە بەهەشتە یۆتۆپیاکەی ئایین

دەمێکە قەدەر سەمای خۆشبەختی لە بۆتەقەی غوربەت ناشتووم
دەمێکە کەڵبەی ڕۆژگارێکی دڵڕەق چرچی پیریی خۆی لەسەر نەخشەی ڕوخساری پێکەنینەکانم ڕواندووە
دەمێکە له کۆڵانەکانی دڵشکاندا گیرم خواردووە

لەو ڕۆژەی کە کفنی ڕەشبینییان بۆ باڵای خەونەکانم دووری
هەنگاوەکانم هێشووی تەنیاییان گرت و دیواری هەناسەکانم درزیان برد

کە ناقووسی کلێسای بیناییم لەکار بکەوێت
چاوەڕوانی من بۆ کەوتنێکی تر چ واتایەکی هەیە
نەخێر، کات درەنگە و فریای هیچ فڕینێکی تری فریودەرانە ناکەوم
زەمەنێکە لە سنووری کوژانەوە وەستاوم
گەڕانەوەم بۆ دەسپێکی وەرزێکی تری عەبەسییانە جگە لە گەمژەیی چیتر نییە
ببوورن کە وا دەڵێم
بەڵام ئەوە حەقیقەتی چیرۆکی ژیانی من و ئەو وجوودە ناکەسبەچەیەبوو

ـــــــــــــــــــــــــ
نامەی دوازدەهەم

ئازیزەکەم، بیرم چوو پێت بڵێم دوایین کتێبم، مەبەستم کتێبی(خەونەکان لێرە هیچیان لێ سەوز نابێ) وەزارەتی ڕۆشنبیری مۆڵەتی چاپیان پێ نەدەدام و سێ مانگ کتێبەکەیان لی دادگاییکردم، بە بیانووی ئەوەی سنوورەکانی ئادابی گشتیم بەزاندووە. داوایان لێ دەکردم دەبێ هەندێک دەستەواژە و وشەی ناو کتێبەکە بسڕمە، ڕادەست نەبووم و وام نەکرد. ئازیزەکەم، فێندەمێنتالیستەکان فەزای گشتییان داگیرکردووین. چیتر مانایەک بۆ ئازادیی و مرۆڤی ئازاد لێرە نەماوە. مقەستی سانسۆر لە هەموو شوێنێک ئامادەیە هەوڵی بڕینی زمانی وشەی ئازاد و قرتاندنی گەرووی ڕستەی نا پابەند دەدات.
تۆ پێم بڵێ، لە وەها قەفەسخانەیەک، چ واتایەک بۆ ئازادیی نووسین و ناپابەندبوون دەمێنێتەوە؟

نامەی سێزدەهەم

ئازیزەکەم، ببوورە کە درەنگ وەڵامم داویتەوە. زۆر سەرقاڵ بووم. خەریکی هەڵەچنی بەرگێکی تری بیرەوەرییەکانم بووم. پێشتووتر کەسێکی تر ئەو ئەرکەی لەسەر لابردبووم و هەڵەچنییەکەی لەبری من دەکرد. ئێستا پێم دەڵێت خۆت زمانی نووسینت باش بووە و پێویستییت بە من نەماوە. هەست دەکەم بەو شێوەیە نیم و هێشتا نووسینەکانم پێویستییان بە هەڵەچنیی و پێداچوونەوەی زمانناسێک هەیە. حەزناکەم وەکو نووسەرانی تر بم و نووسینەکانم، مەبەستم کتێبەکانم بە بێسەروبەریی چاپ بکەم و دنیایەک هەڵەی ڕێنووس، ڕێزمان و خاڵبەندیم بەسەردا تێپەڕێت. ئەوە هەڵە و سکانداڵێکی زۆر گەورەیە بۆ نووسەر و خودی کتێبەکەش. لە ڕاستیدا هەندێک نووسینی سەرەتاییم هەن، مەبەستم ئەو کاتەی کە تازە دەستم دابووە نووسین و وتار و بابەتم بۆ ماڵپەڕ، گۆڤار و ڕۆژنامەکان دەنووسی، پڕ هەڵەی ڕێزمانی، ڕێنووس و خاڵبەندین. کاتێک دووبارە سەیریان دەکەمەوە، زۆر تەریق دەبمەوە و لە خۆم دەپرسم: چۆن لێگەڕاوم نووسینەکانم بەو شێوەیە بڵاو ببنەوە؟ ئازیزی من، ناکرێت نووسەر بیت و لە ڕووی ڕێزمان، ڕێنووس و خاڵبەندییەوە لاواز یان نەشارەزا بیت. شوکور ئێستا زۆر باش بووم و بەو کاتە هەر بەراورد ناکرێم. بەڵام مرۆڤ هەرچەند شارەزابێت، لەو شارەزاتر هەیە. بۆیە دەڵێم هەست دەکەم گەر بە کەمییش بێت، هێشتا پێویستم بە زمانناسێک هەیە. ڕۆسۆ لە کتێبی بیرەوەرییەکان، مەبەستم لە(ددانپێدانانەکان)ی باس لەوە دەکات کە ژیاننامەیەکی پڕ لە جەسارەتی نووسیوەتەوە و خوێنەرەکانی تووشی هێدمه دەکات. باس لەوەش دەکات کە لە لاویدا جەسارەتی نواندووە. ئازیزی من، منیش تا ئەندازەیەکی باش لە بیرەوەرییەکانمدا وام کردووە. وەک بیرەوەرینووسەکانی تری کورد دووڕوویی و درۆم نەکردووە. خۆم نەکردووەتە پاڵەوان و فریشتە و خەڵکی تر و بەرانبەریش ئەهریمەن و هیچ. دەی لەوە گەڕێ. تۆ چۆنی چۆن؟ باسی ئەوەت کردبوو کە بۆچی تەنها دوو لاپەڕەی بیرەوەرییەکانت سەبارەت بە باوکەکەت تەرخان کردووە؟ پێت وانییە ئەوەندە کەمە و حەقی باوکتت نەداوە؟ نەخێر، پێم وایە زۆریشە. بۆچی زۆرتر لەسەر باوکم بنووسم؟ باوکم چی فەزڵ و منەت و چاکەیەکی بەسەرمەوە هەیە؟ بەوەی کە منی لەپێناو چێژێکی کورت، بە ئازارێکی ئەبەدی و نەبڕاوە سپارد؟ بەوەی لەپێناو دامرکاندنەوەی ناوگەلی خۆی منی هێناوەتە بوون. با لە ڕێگای تر بۆ خۆی هەوڵی دابا بگات بە پلەی ئۆرگازم. بریا خووێکی نهێنی کردبا، نەک ئەوەی کارێکی ئاوا نابەجێ و هەڵەیەکی ئاوا گەورە بکات و من بێنێتە بوون. ئێستا زانیت کە ئەوە کرۆک و حەقیقەتی بابەتەکەیە، بۆیە کەمم نووسیوە. بڕوا بکە زۆرم خاتر گرتووە؟ تۆ ڕاست دەکەیت، بەڵێ، زۆر کەمم نووسیوە. دەبا زیاتری لەسەر بنووسم و زۆر زیاتر دادگایی بکەم. بێگومان جگە لەوەی لە دووتوێی بیرەوەرییەکانم، چیرۆکێکیشم لەسەر باوکم نووسیوە. بەڵام هێشتا چیرۆکەکەم بڵاونەکردووەتەوە. ناونیشانی چیرۆکەکەشم کردووە بە (ئەو باوکەی دەبوایە بیکوژم) هاهاها. مەترسە گیانە، من بکوژ نیم، لەو چیرۆکە مەبەستم کوشتنی فیزیکی نییە، بەڵکو کوشتنێکی مەعنەوییه. تۆ پێم بڵێ، ناحەقم کە باوکم بەو شێوەیە لە چیرۆک و بیرەوەرییەکانم دادگایی بکەم و بیکوژم؟ بە پێچەوانەی سارتەر کە لە ژیاننامەکەیدا دەڵێت “مردنی باوکم گەورەترین دەرفەتی بەخت بوو، کە نەدەبوو بیرم بچێتەوە.” من مردنی باوکم گەورەترین بەدبەختیم بوو و هەرگیز بیرم ناچێتەوە. لە سەردەمی منداڵیم گەورەترین ئازار کە ڕۆژانە و هەموو ساتێک دەمچەشت، ئازاری بێباوکیی بوو. نەبوونی باوک، گەورەترین بۆشایی ژیانی من بوو. هەموو منداڵانی گەڕەک و دێ، باوکیان هەبوو، تەنها من نەبێت. باوکم نەبوو لە باوەشم بگرێت، پارەم وێ بدات، بمبات بۆ فرۆشگا، جل و پێڵاوم بۆ بکڕێت، نازم بکێشێت و ئامێزی باوکایەتیم تێوەربێنێت. بەڵێ، دەبێ وەک چۆن منداڵیی منی بە بۆشایی بێباوکیی کوشت، منیش تۆڵەی ئەوەی لێ بکەمەوە و بیکوژم. بەڵێ، دەبێ دادگایی بکەم. بیرمە کە منداڵ بووم، هەر کاتێک لە دایکمم دەپرسی بۆچی هەموو منداڵانی دێ باوکیان هەیە تەنها من نەبێت؟ ئەی کوا باوکی من؟ دایکم دەیگوت: کوڕەکەم، باوکت چووەتە بەهەشت. دواتر کاتێک کە گەورەبووم، ئینجا زانیم کە باوکم چووەتە دۆزەخ. بە دۆزەخ بێت! بەڵێ، باوکم لەسەر ئەوەی منداڵیی منی بە بۆشایی بێباوکیی سپارد و جیهانی منداڵیی منی وێران کرد، شایەنی دۆزەخە. ئەرێ گوتم دۆزەخ؟ ببوورە ئازیزەکەم، هێشتا کاریگەریی خورافەم بەسەرەوە ماوە. مەبەستم بریا دۆزەخێک هەبوایە. بەدڵنیاییەوە باوکم ئەو کات دۆزەخیی دەبوو. ئەفسووس! ئەو ئێستا لە عەدەمه. ئایا باوکم شایەنی ئەوەیە ئەفسووسی بۆ بکێشم؟ جا کێ ناڵێت نەڕۆیشتبایەتە عەدەم، ئەویش وەکو باوکانی تر نەدەبوو بە بت و جووتەگونی فەرمانەکانی خۆی شۆڕی سەر ملی ئازادیی و ئارەزووەکانم نەدەکرد؟ تۆ ڕاست دەکەیت ئازیزەکەم، ئەوە تەنها گریمانە و گومانێکە. کێ ناڵێت وەکو باوکەکەی ماریۆ فارگاس یۆسا* نەدەبوو و پەیوەندیم لەگەڵی زۆر خراپ نەدەبوو و ئێمەش لەسەر هیچ شتێک ڕێکنەدەکەوتین و هەموو توانا و بەهرەکانمی ڕەتنەدەکردەوە و ئەدەبی بە خوو و پیشەی نێرەمۆکەکان نەدەزانی؟ بیرم چوو ئەوەش بڵێم کە من پێچەوانەی ئۆجەلان، مەبەستم ئاپۆیه، باوکمم دادگایی کردووە. ئۆجەلان لە بیرەوەرییەکانیدا دایکی دادگایی دەکات. بەر لە من زۆریتر لە بیرەوەرییەکانیان باوکەکانیان دادگایی کردووە. مەبەستم محەمەد شوکری، نووسەری ڕۆمانی(خبزالحافي)، کافکا، چیخۆف، سارتەر، شێرزاد حەسەن…هتد. بەڵام ئەوەشت بیرنەچێت، دادگاییکردنی باوکم لەبارەی توندوتیژیی و دڵڕەقی باوکم نەبووە، وەک باوکەکانی محەمەد شوکری، کافکا، چیخۆف، شێرزاد حەسەن. نەخێر، دادگاییەکەی من تەنها بەهۆی مردنە لەناکاوەکەی باوکم و بۆشایی بێباوکییە. ڕاستە هێشتا زۆر لێت تووڕە و پەستم، بەڵام هەر خۆشم دەوێیت. بمبوورە ناچار بووم دادگاییت بکەم باوکە.
تۆش بمبوورە ئازیزەکەم، نامەکەم درێژی خایاند.

ــــــــــــــــــــ
*مەبەست(ماریۆ فارگاس یۆسا)ی ڕۆماننووسی ناوداری بە ڕەگەز (پیرۆیی)جیهانییە.




نامەی نۆیەم و دەیەم.. شەماڵ بارەوانی

نامەی نۆیەم

ئازیزەکەم، نەخێر، هیچ لە مردن ناترسم. بۆچی بترسم؟ جا چی هەیه دوای مردن تا لێی بترسم؟ ئەوەی من لێی حاڵی بووم، تەنها عەدەم هەیە و هیچی تر. کەواتا بۆچی بترسم؟ هەموومان مردنێک قەردارین. ئەمڕۆ یان بەیانی، هەر دەبێ بمرین. بۆیە من هەرگیز “مردن نامتۆقێنێ، بەڵکو ئەوەی دەمتۆقێنێ ژیانە!”* ئازیزی من، ئەفسووس! بە ویستی خۆمان لە دایک نەبووین و بە حەزی خۆشمان نەژیاین. دەی هەر هیچ نەبێت با مردنێک بمرین بە دەستی خۆمان و بە دڵی خۆمان بێت و مۆڵەتی هیچ کەسێکی پێویست نەبێت. ئازیزەکەم، ئارەزوو دەکەم دوای مردنم تەرمەکەم بسووتێنن. بیرت نەچێت بەر لە سووتاندنەکە هەر بەشێکی لاشەم کە سوودی بۆ ئەوانی تر دەبێت، مەبەستم گورچیلە و هەرشتێکی ترمە، بیبەخشن بەو هەژارانەی کە پێویستیان پێیەتی. دوای ئەوە گڕم تێبەردەن. دڵنیام کاهینەکان وەک چۆن لە ژیاندا دەستیان لە ژیانمان وەردا، بۆ مردنەکەشمان ئاوا و ڕێگە نادەن تەرمەکەم بسووتێنن. دەی گەر لە گۆڕستانتان ناشتم، لەسەر گۆڕەکەم بنووسن: هیــچ. بیرم چوو ئەوەشت پێ بڵێم، با هیچ کاهینێک لە کاتی ناشتنەکەمدا ئامادە نەبێت، نەشمبەم بۆ هیچ پەرستگایەک.
ــــــــــــــــــــــــ
*محەممەد زەفراف، چەنەبازەکان(ڕۆمان)، وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد.

نامەی دەیەم

ئازیزەکەم، وەکو من مەبە، هەوڵدە سوریالیستانە بژی و زیاتر یاخی بە. تا بۆت دەکرێت ڕمێنەر بە. ڕمێنەرەکان بنیاتنەری جیهانن. بڕوا بکە منیش هێندە کەسێکی سوننەتی و کۆیلەی دەستی قەدەر و ئێرە نیم. ڕاستە کەسێکی هەندێک نۆستالۆژیکم و جارجار حەزم لێیه بڕۆمەوە کۆڵانەکانی ڕابردوو و لە زەمەنی منداڵیدا گیر بخۆم، دڵنیابە ئەوە تەنها عاتیفەیەکی کاتییە. من چەندە پابەندم بە ڕابردوو، هێندەش کەسێکی واقیعیم و سەربە ئێستام. هەموو نووسین و کتێبەکانم بخوێنەوە، ئینجا دەزانیت کە من چەندە کەسێکی ڕمێنەر، یاخی و ناپابەندم به کۆدەکان. هیچ کاتێک حەزم نەکردووە لە کەس بچم و کۆپی ئەویتر و ئەوانی تر بم. هەمیشە هەوڵم داوە جیاواز و خۆم بم. بۆ ئەوەش باجی زۆرم لە پێناو بۆچوون و بیروباوەڕی دژەباوم داوە. دووچاری زۆر ئاستەنگ و ناخۆشیی و کێشە بوومەتەوە. زۆر جوێنم پێ دراوە. زۆر سووکایەتیم پێ کراوە. زۆر کەس لێم دوورکەوتوونەتەوە. ڕێگری لە چاپدانی بیرەوەرییەکانم کراوە. تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیشم لێ کراوە. چاوەڕێی چوونە زیندان و تەنانەت تیرۆرکردنیشم دەکەم. ئاوایە ئازیزی من، مادام بڕیارت دا خۆت بیت و لە وانی تر نەچیت و قبووڵی نەکەیت پاشکۆ و سێبەری ئەوم و ئەوی تر و ژمارەیەک لە ژمارەکان بیت. دەبێ ئامادەی باجدانیش بیت. دەبێ بەرگەی ئازار و فرمێسک و تەنیاییش بگریت. ئازادی خوێن و باجی دەوێ، باج. هەرکاتەک هەستتکرد کۆمەڵگا و دەوروبەر هیچ کێشەیەکیان لەگەڵتدا نییه، مەبەستم کێشەت بۆ نانێنەوە، لەوە دڵنیابە تۆ ساختەچی و دووڕوویت. مرۆڤی هۆشیار و کەسی ڕۆشنبیر هەمیشه لەگەڵ کۆمەڵێک بت لە کێشمەکێش، شەڕ، ناکۆکی و ململانێدایه. مەبەستم هەموو ئەو بتانەیە کە نیچە باسی لێوەکردوون. سەیرە، ڕۆشنبیر بیت و توانای خۆگونجاندنت لەگەڵ کۆمەڵگادا هەبێت! ئازیزی من، منیش وەکو ژان ژاک ڕۆسۆ هیچ کاتێک”حەزناکەم لەناو خەڵکدا بژیم، هێندە گوناهەکەم لە ئەستۆی ئەواندایە، هێنده لە ئەستۆی مندا نییە.”* گوتم دەبێ بەرگەی دوورکەوتنەوەی ئەوانی تر بگریت و خۆت لەگەڵ تەنیاییدا ڕابێنیت. بەڵێ، تەنیایی ناسنامەی مرۆڤە هۆشیارەکانە. ئازیزی من ڕاستە “تەنیایی ئەو جێگایەیە مرۆڤ تێیدا ئەوانی تر لەدەست دەدات، وەلێ خۆی تێدا دەدۆزێتەوە.”* ئازیزی من،”من
تەنـــــــیــــــــــام
تەنـــــــــــــــــــــــــیــــــــــام
تەنــــــــــــــــــــــــــــــیــــــــــــام وەک سـەگ…”*
پێویستە تۆش خێرا لەو دزانە دوور کەویتەوە و تەنیایی بکەیت بە ناسنامەت. بەڵێ، ئەوان هەموویان دزن. ئازیزی من “دز ئەوکەسە نییە ماڵەکەت دەدزێت، بەڵکو دزی ڕاستەقینە ئەوەیە بوونت دەدزێت.” دەزانم کە ” بێکەسی و تەنیایی چەند پێویستە بۆ داهێنان، هێندەش ترسناکە بۆ لە دەستدانی مرۆڤ و عەقڵی مرۆڤ.”* وەلێ چارمان نییە و دەبێ بڕۆینە پەراوێزترین جوگرافیای ئەو بوونە نەفرەتییە و لەوانی تر دووردوور بکەوینەوە. ئازیزی من، ڕاستە من هەمووانم لە دەست دا، بەڵام لە کۆتاییدا تەنیاییم بە دەستهێنا..

ـــــــــــــــــــــ
*با فەلسەفییانە بیر بکەینەوە “ئەو25 بیرمەندەی ژیانی ئێمەیان گۆڕی”، عەلی حوسێن، وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی، چاپی یەکەم، ل ٣٥٤-٣٥٥.
*ئۆشۆ.
*ژانرەکانی تر، توانا ئەمین.
*جوبران و هونەر و نووسین، ژیڤان خۆرانی، ماڵپەڕی(وشە)، PM:10:42:18/10/2017.




نامەی حەوتەم و دەیەم.. شەماڵ بارەوانی

نامەی حەوتەم

ئازیزەکەم، جاران وا نەبووم، باوەڕم بە سەرەتاترین ئەفسانە، پووچترین حەکایەتی بەرئاگردان و بێماناترین خورافە دەکرد. مێشکم تا بڵێیت جەنجاڵ بوو لە قسە بێ ماناکانی کاهینەکان. ئێستا تەنانەت گومانم لە فەیلەسووفەکانیش لا دروست بووە. تۆ بڵێیت ئەوانیش درۆمان لەگەڵدا نەکەن؟ بەڵێ، من دڵنیام ئەوانیش درۆزنن! گوتم دڵنیام؟ هاهاها. ئازیزەکەم، منیش بڕێک جار یەجگار گەمژەم! لەمێژە چەمکی دڵنیاییم لە فەرهەنگی خۆمدا فڕێداوە. ئازیزەکەم، گەر تاقە مانایەک لەم ژیانە بێ مانایەدا هەبێت، ئەوە ڕمانی دیواری دڵنیاییە. تووشی دەردی بێ متمانەییەکی یەجگار سەخت بووم. هەست دەکەم هەمووان درۆم لەگەڵدا دەکەن. متمانەم بە هیچ کەسێک نەماوە. با ون بن ئەم ڕیسوا و بێئەمەک و درۆزنانە. بریا شتێکم لەدەست بهاتبا، دەزانی چیم پێ دەکردن؟ بە ڕۆژ تەنها قاڵۆنچەم پێ کۆ دەکردنەوە و بە شەویش ئەستێرەم پێ دەژماردن. بێکەڵکترین توخمی بوونەوەر ئەم پووچڕەگەزانەن. یـەع. ببوورە، دیسان هێڵنجێکی نهلیستانە گرتمی.

نامەی هەشتەم

بۆت نووسیبووم کە بە کێ زۆر سەرسامیت؟ نیچە و مارکس. ئازیزی من، بێگومان سەرسامی و کەوتنەژێرکاریگەری شتێکە و کوێرانە شوێنکەوتنیش شتێکی ترە. هیچ کاتێک کوێرانە شوێن هیچ بیروباوەڕ و کەسێک نەکەوتووم. هەمیشه ڕەخنە و ڕوانگە و لێکدانەوەی تایبەتی خۆم بۆ کەسایەتی، دیاردە و چەمکەکان هەبووە و دۆگما و قاڵبم ڕەت کردووەتەوە. ئەوکاتەی بڕواداریش بووم، زۆر ئاواتم بوو لە نزیکەوە ئەو هێزە باڵایەی کە کاهینی گەڕەکەکەمان دەیگوت گەردوون بەڕێوەدەبات و ژیان و مرۆڤ و هەموو شتێکی خوڵقاندووە ببینم، تا سەبارەت بە ئاکار، ئازادیی و کۆمەڵێک چەمکی تری ئاڵۆز و ناڕوون گفتوگۆی لەگەڵدا بکەم. ئازیزەکەم، هیچ کاتێک لەناو بۆتەی هیچ فیکر و ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕێکدا نەتوێوە. مەبە بە کۆپیپێستی هیچ کەسێک و ڕوانگەیەک. هەوڵدە تەنها خۆت بیت. هەرگیز لاسایی هیچ کەسێک مەکەوەوە و وا بکە لە هیچ کەسێک نەچیت. دڵنیابە ئەوانەی تر هەموویان سێبەر و ساختەن. دەتوانی نموونەی مرۆڤێکم بۆ بێنیتەوە ماسکی نەبەستبێت و دووڕوو و خۆپەرست نەبێت؟ زۆر لە مرۆڤەکان بێزارم زۆر. بەڵێ، سارتەر زۆر ڕاستی گوت، ئەوان دۆزەخی ئێمەن. تکایە، تا بۆت دەکرێت لێیان دوورکەوە. من لەگەڵ سەگ زیاتر هەست بە ئاسوودەیی دەکەم وەک لە مـرۆڤ.




نامەکانم.. ٥ – ٦..شەماڵ بارەوانی

نامەی پێنجەم

ئازیزی من، نازانم ئەو شیعرەی بۆم ناردیت بە دڵت بوو یان نا؟ دەمێکی باشە ئیلهامی شیعریی بەسەری نەکردوومەتەوە. دوای دوو ساڵ لە بێدەنگی، ئەوە یەکەم شیعرە بۆتی بنووسم. مەبەستم لە دوای دوو کتێبی شیعرییم، جگە لەو شیعرەی کە بۆم ناردی، هیچی ترم نەنووسیوە. زۆر حەز دەکەم بەرلەوەی شەمەندەفەری مەرگ بگات، کتێبی سێیەمی شیعرییشت بۆ بنووسم و پێشکەشتی بکەم. ئازیزەکەم، ئەو جارە خۆت دێڕێک لە یەکێک لە شیعرەکان هەڵبژێرە و بیکه بەناونیشانی کتێبە شیعرییەکە. هەر دێڕێک کە خۆت بە لاتەوە سەرنجڕاکێش و جوان بوو. من کێشەیەکم هەیە لە هەڵبژاردنی ناونیشان. هەموو کتێبێک، بە تایبەتی کتێبە شیعرییەکانم، لەوە تێدا دەمێنم کە چ ناونیشانێکیان بۆ هەڵبژێرم. جاری وایە دە دێڕ لە کۆی هەموو شیعرەکانم دەهێنم و نازانم کامەیان بکەم به ناونیشانی کتێبه شیعرییەکەم. بەدڵنیاییەوە ئەم جارە تۆ ناونیشانەکە هەڵدەبژێریت.

ـــــــــــــــــــــــ
نامەی شەشەم

ئازیزەکەم، زۆر هەست به نامۆیی دەکەم. بەردەوام هێڵنجێکی زۆر بەهێز دامدەگرێت. دەڵێیت ڕۆحی پاڵەوانەکەی ڕۆمانی(هێڵنج)* مەبەستم(ڕۆکانتان)ـە، چووەتە ناو لەشم. هەموو شتێک بە پووچی و بێمانا لە بەر چاوەکانم خۆیان دەنوێنن. تۆ بڵێیت هایدگەر* ڕاستی نەگوتبێت و ئێمە بە هەڵە فڕێ نەدرابینەتە ئێرە؟ مەبەستم ئەم هەسارەیەیە. زۆر لەوە دڵنیام کە ئێمە لە شوێنێکی هەڵە و لە هەسارەیەکی هەڵە لە دایک بووین. هەرگیز نەدەبوو لێره لەدایک بین. مەبەستم فڕێ بدرێینە ئێره. منیش ئەوە بووەتە پرسیار لام و نازانم لای کێ و ئینجا بۆچی ئێمه بێ مۆڵەتی خۆمان فڕێ دراوینەتە ئێرە؟ بە لایەنی کەمەوە دەبوایە پرسێکمان پێ بکرابایە و مۆڵەتمان لێ وەرگیرابایە. پێم وابێ تۆش لەمەیان هاوڕایت لەگەڵم؟ ئەی وا نییە ئازیزم؟
ــــــــــــــــــــــــــ
*هێڵنج ڕۆمانێکی فەلسەفیی (٢٤٦)لاپەڕەیی(ژان پۆل سارتەر ١٩٠٥ -١٩٨٠) گەورە نووسەر و فەیلەسووفی وجوودی فەڕەنسییە و یەکەم چاپی لە ساڵی١٩٣٨ لێ بڵاوبووەوە.
*فەیلەسووفی ئەڵمانی(مارتین هایدگەر) ساڵی ١٨٨٩ لە باشووری ئەڵمانیا هاتووەتە دنیاوە و لە ساڵی ١٩٨٦ مردووە.




نامــەکــانـم.. 3 و 4.. شەماڵ بارەوانی

نامەی سێیەم

ئازیزەکەم، جاران بابایەکی بڕوادار بووم و دنیایەک خەون و خەیاڵم لەسەر مێتافیزیکا ڕۆنابوو، ئەفسووس! دواتر هەموویان بوون بە تراویلکە و دانەدانەیان وەک دیواری لە لمدروستکراو لەبەر چاوەکانم ڕمان. دەڵێن دنیایەکی تر هەیە و پڕیەتی لە عەدالەت و حۆری و شەراب! دڵنیام ئەگەر مرۆڤی تێدا بێت دیسان وێرانکاریی و خۆپەرستیی دەستپێدەکاتەوە و مرۆڤەکان گوو لەوێش دەکەن. ئازیزی من، وەکو چۆن ئێرە هەرگیز ئەو هەسارەیه نابێت کە مرۆڤ بتوانێت تێیدا بحەسێتەوە. بڕواناکەم شوێنێکی تر و هەسارەیەکی تریش هەبێت مرۆڤی کامڵی تێدا بدۆزینەوە. کەواتا با چیتر بەو جۆرە وەهم و وڕێنە و خەیاڵانە خۆمان و هیچ کەسێکی تر فریو نەدەین. مەبەستم مژدەی بەهەشتێکی تری بەڵێنپێدراو بە هیچ کەسێک نەدەین. با ئەوەشت پێ بڵێم، ڕاستە من کەسێکی ئەتایست* نیم، وەلێ لێتی ناشارمەوە کە بابایەکی ئەگنۆستیکم* مەبەستم نازانمگەرام. ڕاستە کاهینی پەرستگاکەی گەڕەکەکەمان هەموو ڕۆژێک بە دەنگێکی گڕ و جاڕسکەر و ناخۆش دەڵێت: هێزێکی باڵا هەیە و گەردوون و هەموو شتێک بەڕێوەدەبات. لە ڕاستیدا من لەوە دڵنیا نیم و هیچی وای لە بارەوە نازانم. مەبەستم ئەو هێزەیە کە کاهینەکە باسی لێوە دەکات. گوتم من نازانمگەرام. مەبەستم بابایەکی گومانگەرام و گومانم لە هەموو شتێک هەیه.
ـــــــــــــــــــــــــــ
*مرۆڤی ئەتایست( Atheist)- بێباوەڕ، باوەڕی بە هیچ شتێکی مێتافیزیکی نییە و بیرۆکەی: خودا، ئاین و پەیامبەرێتی بەتەواوی ڕەت دەکاتەوە.
*ئەگنۆستیسیزم(agnosticism)مەزهەبێکی فەلسەفییە و هەڵگرانی ئەو بیروباوەڕە دەربارەی بوون یان نەبوونی خودا چەمکی(نازانم) بەکاردێنن و به کوردی پێیان دەگوترێت: نازانمگەراکان.
ــــــــــــــــــــــــ
نامەی چوارەم

ئازیزەکەم، “لەدایکبوونمان گەورەترین خەسارەتمان بوو. منیش وەکو تۆ لەگەڵ دۆخێکدا دەجەنگم کە نەبوون منی تێدا فڕێ داوە.”* ئازیزەکەم، من لە کەشێکی تەواو کافکاییدام* و جگە لە قەڵەقیەکانم، هەست بە هیچی تر ناکەم. ڕەنگە ئەوانی تر هەستی پێ نەکەن. مەبەستم قەڵەقیەکانمە. جا ئەوان هەست بەچی دەکەن؟ ئازیزەکەم، تۆش وەکو من، هەر کاتێک هەستت بە دڵتەنگیی کرد، هەوڵ دە گوێ لە مۆزیک بگرە و لە سەگ نزیک بەوە، دڵنیام ئەوە زۆر باش دەبێ بۆت. پێکێک شەرابیشت هەبێت خراپ نییە. من بەو ڕێگایە لە قەبارەی خەمەکانم کەم دەکەمەوە و ئازارەکانم سڕ دەکەم. ئازیزەکەم، سەردەم سەردەمی دڵەڕاوکێ و خەمۆکییە، مرۆڤایەتی لە قەیراندایە. مرۆڤه هۆشیارەکان هەموویان لە خەم و ئازاری قووڵدا دەژین. ئەگەر بتەوێ خۆت بیت و لە هیچ کەسی تر نەچیت، دەبێ بەرگەی دوورکەوتنەوەی ئەوانی تر بگریت. بەڵێ، دەبێ خۆت لەگەڵ تەنیاییدا ڕابێنیت. بەڵێ تەنیایی.

ـــــــــــــــــــــــ
*با فەلسەفییانە بیر بکەینەە”ئەو25″ بیرمەندەی ژیانی ئێمەیان گۆڕی”، عەلی حوسێن، وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی، چاپی یەکەم، ل ٢٦٢.
*ڕۆماننووس و چیرۆکنووسی چیکی(فرانتس کافکا -٣ی تەممووزی ١٨٨٣ – ٣ی حوزەیرانی ١٩٢٤) کاراکتەر و پاڵەوانی چیرۆک و ڕۆمانەکانی زیاتر مرۆڤی گۆشەگیرن و لە قەڵەقدا دەژین. ئیدیۆمی(کافکایی)ش زیاتر بۆ دۆخێکی پڕ لە بێمانایی، دڵەڕاوکێ و کابووساوی بەکاردێت.




نامەکانم “شەماڵ بارەوانی”.. نامەی دووەم

ئازیزەکەم، پێشتر لێوانلێو بووم لە هیوا، زۆر بە گەشبینییەوە لە ژیانم دەڕوانی. ماوەیەکە دەردی(نیچە)*م گرتووە و هەست بە تەنیاییەکی زۆر کوشندە و تێکشکێنەر و تاقەتپڕوکێن دەکەم. لەناو ئاپۆڕاش هەر وام. تەنیاییەک، برینێکی زۆر قووڵی لەسەر ڕۆحم دروست کردووە. هەست دەکەم لە سنوورەکانی ڕمانی دەروونی زۆر نزیک بوومەتەوە. ئاخ! چەند ئارەزووی قومێک ئاسوودەیی دەکەم. تکایه تۆ پێم بڵێ، تۆ بڵێیت ئەوە حاڵەتێک نەبێت لە شێتی؟ ئەی بۆچی من وام بەسەر هاتووە؟ هەموو هیواکانم لەدەست داوە و باوەڕم بە هیچ کەسێک و هیچ شتێک نەماوە. ئازیزی من، تا بۆت دەکرێت هەرگیز بڕوا بە وانی تر مەکە. من زۆر متمانەم لەسەر ڕۆنان، کەچی هەموویان فەیک و دووڕوو دەرچوون. گەر تۆ لە ژیانمدا نەبایت، دەمگوت: تەنها پێویستم به میوزیکێکی ئارامبەخش و پێکێک شەراب و سەگێک هەیه. دەمێکە ئەو هەستەم لا دروست بووە، تەنها پێڵاوەکانم بە کەلکم دێن و دەتوانم پشتیان پێ ببەستم! ببوورە کە وا دەڵێم. بەڵام ئەمە حەقیقەتێکە و دەبێ ددانی پێدا بنێم.

ــــــــــــــــــــــ
*(فرێدریش ویلھڵم نیچە -٥ی تشرینی یەکەمی ١٨٤٤ – ٢٥ی ئابی ١٩٠٠)، فەیلەسووفێکی ئەڵمانییە.




نامــەکــانـم.. 1.. شەماڵ بارەوانی

نامەی یەکەم

ئازیزەکەم، ماوەیەکە هەستێکی زۆر نامۆ و سەیر دەمهاڕێت! زۆر هەستەوەر و میزاجیی بوومه، زووش هەڵدەچم. دەمەوێ ئەو ڕاستییەت پێ بڵێم، هیچ مەیلێکیشم بۆ ژیان نەماوە. هەست دەکەم من سەر بەم جیهانە نیم و خۆم بە غەریب دەزانم لەنێو ئەوانی تر. هەندێک جار دەڕۆمە چۆلەوانی و زۆر چێژ لە بەسەرخۆداخران و تەنیایی و گریان دەبەم. هەندێک جاری تریش حەزم لێیە بڕۆمە ناو ئاپۆڕا و تا هێزم تێدایە بدەمە قاقا. هەندەک جار وەکو هەرزەکارێک دڵم بۆ ژیان لێدەدات و دەمەوێ بە هەموو هێزمەوە ئامێز لە باڵای گەردوون وەربێنم. هەندێک جاری تریش ڕقم لە هەموو بوون دەبێتەوە و ئارەزوو دەکەم وەکو سوریالستێک بەسەر هەموواندا بڕشێمەوە. دەمێک زۆر گەشبینم و وا دەزانم هەموو ڕێگاکان دەڕۆنەوە ماڵی دڵخۆشیی. دەمێکی تر هەموو خەندەکانم دەکەمە ناو سەبەتەی بێمانایی وجوود و دەڵێم پووچگەرایی بۆ من تەنها پەنجەرەیە کە تێیدا لە هەموو بوون بڕوانم و هێندە لە زەلکاوی ڕەشبینی ڕۆ دەچم، شۆپنهاوەر* بە تاقە پەیامبەری خۆم دەزانم. گاوێک ئارەزوو دەکەم لەگەڵ سەمفۆنیایەکی جیهانیی سەمایەکی زۆربایی دەست پێ بکەم. گاوێکی تر ئشتییا دەکەم بڕۆمە خەلوەتی گۆشەگیری و تەنانەت گوێم لە دەنگی ترپە جاڕسکەرەکانی هەناسەکانی خۆشم نەبێت. لەوانەیە تۆ و هەمووان ئەوە ناو بنێن شێتیی! بەڵام من بڕوام وایە کە هێشتا کاتی شێتبوونم ماوە. با ئەوەشت پێ بڵێم، من کەسێکی لاوازم و ناتوانم ململانێ لەگەڵ تەنیایی، مەرگ، شێتیی و نەخۆشیدا بکەم. دەترسم ڕۆژێک بێت و چیتر بەرگەی ئەو دۆزەخە نەگرم کە پێی دەڵێن ژیان. تۆ پێم بڵێ چار چییە؟ هەرگیز حەزناکەم جارێ پێشوازی لە مەرگ بکەم، بەڵام ئایا دەبێ ڕێگەیەکی تر هەبێ؟ هەر بەڕاستی، تۆ بڵێی ئەوە نەخۆشیی یان جۆرێک لە شێتبوون نەبێت کە من تووشی بوومە؟

شەماڵ بارەوانی
ـــــــــــــــــــــــــ
*ئارسەر شۆپنهاوەر، فەیلەسووفێکی ئەڵمانییە و بە فەیلەسووفە ڕەشبینەکە ناسراوە.




زۆربای یۆنانی.. شەماڵ بارەوانی

ڕۆمانی (زۆربا) بە یەکێک لە شاکارە هەرە مەزن و بە نرخەکانی فەیلەسووف و گەورەنووسەری یۆنانی(نیکۆس کازانتزاکیس -١٨٨٣-١٩٥٧) دادەنرێت له جیهانی ئەدەب و وێژەدا. چاپی یەکەمی ئەم شاکارە جیهانییە مەزنە لە ساڵی ١٩٤٦ بڵاوبووەوە. ئەو ڕۆمانەی کاریگەری و دەنگدانەوەی تەنها لە بواری ئەدەبدا جێنەهێشت، بەڵکو خۆی خزاندە نێو دنیای فیلم و سینەما و جیهانی مۆسیقاشەوە. زۆربا باس لە پارادۆکس و دژبەری دوو تێڕوانین و کەسایەتی جیاواز دەکات. دوو هاوڕێ، یەکەمیان(باسێل) کە نازناوی(سەرۆکە)، نموونەی زانین و بەهابەرزی و ئایکۆنی ڕەوشت و جوانییه.
ئەوەیتر(زۆربا،) پیاوێکی نەخوێندەوار و نموونەی کەسێکی یاخی و ئازاد لە هەموو کۆتوبەندێک. هەردووکیان نوێنەری دوو ئاڕاستەی ئەنت و دوو جیهانی جیاواز و دوو جەمسەری زۆر دژ بە یەکن. لەگەڵ ئەو جیاوازییەشدا، خۆشەویستییەکی قووڵ و ڕایەڵە و هاوڕێیەتییەکی زۆر بەهێز و پتە و لە نێوانیاندا هەیە و پێکەوەیان دەبەستێتەوە. باسێلی هاوڕێی لەو ڕۆمانەدا لە وەسفی زۆربادا دەڵێ: ( زۆربا ئەو مرۆڤەی زۆر لە مێژە بە دوایدا دەگەڕام و نەمدەدۆزییەوە، ئەو دڵێکی هەیە، ژیانی لێ هەڵدەقووڵێت، خاوەنی کەسایەتییەکی زۆر سادەیە مرۆڤێکی گەلێک مەزنە.) چیرۆکی ڕۆمانی (زۆربا) باس له گەنجێکی تەمەن سی و پێنج ساڵی دەوڵەمەند و ڕۆشنبیر دەکات بە ناوی(باسێل.)
گەنجێک، سامانێکی زۆری بە میرات لە باوکییەوە بۆ بە جێماوە و دەیەوێ بەو سامانە لە پڕۆژەیەکدا وەبەرهێنان بکات. باسێل گەنجێکی شارستانی و پڕ لە حیکمەت و فەلسەفەیە. گەنجێکی ئاوێتە لە دوو کولتوور. گەنجێک، نیوەی ئەمریکی و نیوەکەی تری یۆنانی. گەنجێک، لە ناو پەڕتووکخانەدا پێگەیشتووە و پەروەردە بووە و لەنێو دووتوێی پەڕەی کتێبەکان لە دایکبووە. لەگەڵ کەسێکی تری نەخوێندەوار و پیرەمێردەکی بە ساڵداچووی تەمەن شەست ساڵ بە ناوی(ماسیدۆنی ئەلێکسیس زۆربا.) کەسایەتییەک، عاشقی کار و سروشت و ژن. کەسێک، گاڵتەی بە خوێندن و خوێندنەوە دێت. ئەو، لە هەموو تەمەنیدا یەک دێڕی نەخوێندووەتەوە و بە توانج بە باسێل دەڵێت( تف بکە ڕووی پەرتووکەکانت، هەموو شتێکی بوون لە پەرتووکەکانتدا نین و باس نەکراون.) زۆربا، کەسێکی سادە و نەخوێندەوار و ناڕۆشنبیرە. هەڵبەت بەو پێوەر و تێگەیشتنە کلاسیکی و تەقلیدییەی بۆ ڕۆشنبیری کراوە و دەکرێت. تاقە قوتابخانەی زۆربا، ژیانە.
زۆربا مرۆڤێکە لە ڕێگای تاقیکردنەوە و ئەزموونەکانی ژیانەوە زۆر فەلسەفە و حیکمەت فێر بووە و هەر بە ڕاستی ئەو لێزان و حەکیم و پسپۆڕە لە واتای ژیان. زۆربا بەشداری لە جەنگ و شۆڕشەکان کردووە، هەموو پارادۆکسەکانی ژیانی ئەزموون کردووە، خۆشیی و ناخۆشیی، ئارامیی و نائارامیی، ترس و ناسۆری و زۆر لە تاڵی و ناشیرینییەکانی ژیانی چەشتووە. ئەو کەسایەتییەکە، نە فریشتەیە و نە ئەهریمەنە. مرۆڤێکە، خۆشەویستی دەکات، تووڕه دەبێت، ڕاستگۆیە و هەندەک جار درۆش دەکات، هەوڵ دەدات، شکست دەخوات، پەیوەندی لەگەڵ ژن دەبەستێت، نیشتیمانەکەی خۆی خۆش دەوێت. کارەکتەرێکە ئازار و خەمەکان سل بەو ناکەنەوە لە ژیان. ئەو ژیانی بە هەموو جۆرەکانییەوە خۆش دەوێت. ئەو دایمە بە دڵخۆشی دەژیت. مرۆڤێکە پڕە لە ئێنەرژی و لێوانلێوە لە ئومێد و هێزی ژیانی لێ دەچۆڕێت. زۆربا بە سەمایەک کە پێی دەڵێن(سەمای زۆربا) ڕووبەڕووی ئازار و نەهامەتی و خەمەکانی ژیان دەبێتەوە. ئەو هێندە بە گەرمی ڕۆدەچێتە سەماکە، وا هەست دەکات تەواوی گەردوون و هەموو مرۆڤایەتی لەگەڵیدا کەوتوونەتە سەما. سەختییەکانی ژیان و خەمەکان لای ئەو بەهایەکیان نییە و ناتوانن کاریگەری لەو بکەن. گرنگ ئەوەیه ئەو زیندووە یان مردوو. زۆربا مرۆڤێکە، تەژییە لە سەرکێشی و شێتی و هیچ شتێک ئەو ناترسێنێ، جگە لە پیری. ڕاستە ئەو خوێندەواری نییە، وەلێ لە ڕاستیدا ئەو فەیلەسووف و حەکیمە و پڕە لە فەلسەفە و حیکمەت. زۆربا و سەرۆک لە کەناری یەکێک لە ڕووبارەکانی شاری(گریت) لە یۆنان بە ڕێکەوت یەکتری دەبینن.

سواری کەشتییەک دەبن بە مەبەستی چوون بۆ دوورگەی (گریک)
گەشتێکی پلاتۆیی(ئەفلاتۆنی) لە نێوان فەیلەسووف و خوێندەوارێکی گەنج، لەگەڵ دەریاوانێکی نەخوێندەوار و پیر.
ئەو گەشتەی کۆمەڵێک چیڕۆکی سەیری ژیانی تێدا ڕوو دەدات و چەندین نهێنی و نەزانراو و فەلسەفەی بوون لە میانیدا ئاشکرا دەبن. وەک سەردانیکردنی ئەو دێرە گۆشەگیر و دوورەپەرێزەی قەدپاڵی چیاکە. ئەو پەیوەندییە تەمومژاوی و نامۆیەی زۆربا و پۆپۆلینای بەساڵداچوو. پەیوەندییە سەیر و ڕەق و نامرۆڤانەکەی خەڵکی دێیەکە لەگەڵ ژنە بێوەژنەکە(هۆرانتس.) لەنێو کەشتی گەشتکردنەکەدا زۆربا و سەرۆک ڕێککەوتنێک دەکەن بۆ کارکردن پێکەوە. زۆربا لەگەڵ باسێل و لە ژێر فرمانەکانیدا له کارگەیەکی خەڵووزدەرهێناندا کار دەکات. زۆربا کاتی ڕێککەوتنەکە بە سەرۆک دەڵێ”من تەنها کاتی کارکردن کرێکاری تۆم و لە ژێر فرمانەکانی تۆ دام، دوای ئەوە من کەسێکی ئازادم لە ژیانی خۆمدا.” لەو شاکارەی زۆربادا لە پاڵ هەردووک پاڵەوانی سەرەکی( زۆربا-سەرۆک) نووسەر باس لە کۆمەڵێک کارەکتەری تری لاوەکیش دەکات کە ڕۆڵ دەبینن له چیرۆکەکانی ڕۆمانەکە. لە نموونەی کەسایەتی بێوەژن(هۆرانتس) و مافراندۆنی پیرەمێرد، مومیکۆ، کاپتنی کەشتییەکە و کۆمەڵێک کەسی تر. ڕووداوەکان پەرەدەسەنن لە زۆربادا بە بەردبارانکردنی خاتوو هۆرانتسی بێوەژن، لە لایەن هەموو دانیشتووانی دێیەکە. ئەو ژنەی هیچ کەسێک بەرگری لێ ناکات جگە لە زۆربا نەبێت، فریای دەکەوێت. زۆربا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و هۆرانتس لەناو ئازار و بەردبارانکردن و لێدان لە ژێر دەستیان دەردێنێت. بە هۆکاری ئەوەی گەنجێک لە پێناو خۆشەویستییەکەی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، دەیانەوێت لە تۆڵەی ئەو گەنجە بیکوژن. دواتر کوشتنی هۆرانتسی بێوەژن لە لایەن مافراندۆنی باوکی گەنجە خۆکوژەکە کە بە چەقۆ پەلاماری دەدات و خەڵتانی خوێن دەکرێت و سەری لە لاشەی جیا دەکاتەوە.
ئەو بێوەژنەی هەموو پیاوەکانی دێ مۆڕەیان لێ گرتبوو و چاویان تێ بڕیبوو و تەماحیان تێکردبوو. ئینجا ڕۆمانەکە باس لە چیرۆکی ژنێکی تری بەساڵداچوو دەکات بە ناوی (پۆپۆلینا) کە بە تەنها دەژیت. پۆپۆلینا پێشووتر و سەردەمی جوانی و گەنجێتی، دۆستی ژەنەڕاڵەکان بوو و پەیوەندی سێکسی لەگەڵ دەبەستن. هەرچی ئاوی ژیان و تامی گەنجێتی ئەو بوو، هەموویان مژی.
کە چووە تەمەنیشەوە، ئیتر هەمووان جێیانهێشت و پشتیان تێکرد. ئەو میوانخانەیەکی بچووک لە دێیەکە دەکاتەوە تا بتوانێت لە ڕێگەیەوە بژێوی ژیانی خۆی دابین بکات. پاشان لەگەڵ زۆربا دەکەونە داوی خۆشەویستی یەکترییەوە و دواتر دەمرێت و خەڵکی دێ ماڵەکەی هەموو دەبەن، جگە لەو قەرەوێڵەیەی کە لەسەری ڕاکشاوە بە مردوێتی، لەگەڵ بولبولەکەی ناو قەفەس نەبێت، ئەویش دواتر زۆربا وەک تاقە یادگاری پۆپۆلینا لەگەڵ خۆی دەیبات. زۆربا بە گواستنەوەی دار لە دارستانەوە، بۆ سەر لوتکەی چیا کار دەکات لە پێناو بەدیهێنانی خەونەکەی. وەلێ هەموو هەوڵەکانی زۆربا بۆ دروستکردنی پردێک لە نێوان کەناری دەریاکە و چیاکە، تا لە ڕێگایەوە ڕەژوو لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر بگوازێتەوە، شکست دێنێت. پاشان سەرۆکی هاوڕێی هەموو سامانەکەی دەخاتە نێو دەستی زۆربا، تا بڕوات هەموو پێداویستییەک و کەرەستەی پێویست بۆ کارەکەی بکڕێت. زۆربا دەڕواتە شار و ڕێکەوتی باڕێک دەکات. لەو باڕەدا ژنەگۆرانیبێژێکی بە تەمەن بچووک کە لەوێ کار دەکات، دەناسێت. ژنەکە دەرفەت دەقۆزێتەوە و پەیوەندی لەگەڵ زۆربا دەبەستێت و هیچ پارەیەکی پێ ناهێڵێت و هەمووی لە جوانیی خۆی و ڕابواردن و خواردنەوە و چێژی باڕ پێ سەرف دەکات. زۆربا دواتر نامەیەک بۆ سەرۆکی هاوڕێی دەنێرێت و چیرۆکی خۆشەویستی خۆی و ئەو ژنەگۆرانیبێژە و بابەتی نەمانی ئەو پارەیەی کە پێیداوە بۆ باس دەکات. چیرۆکی ڕووداوەکانی زۆربا بەردەوام دەبێت و دواتر زۆربا لەو ژنە جیادەبێتەوە و بۆ جاری سێیەم ژیانی هاوسەرگیری پێک دێنێت و ئینجا دەچێتە تەمەنەوە و نیشانەکانی پیری لەسەر جەستەی ژیانی هێدی هێدی بەدەردەکەون و چرچ و لۆچەکانی بەساڵداچوون لە سەر ڕووخساری شوێنپەنجەی خۆیان جێ دێڵن و نەخشی پیری دەکێشن. زۆربا و سەرۆکی هاوڕێی هیچ سامانێکیان بۆ نامێنێتەوە و بەو چەشنە بە سەما کۆتایی بە چیرۆکەکە دێت و پەڕەی ڕووداوەکانی ڕوومانەکە دادەخرێت. خوێنەر لە کۆتایی ڕۆمانی زۆربادا هیچ شتێک بەدەست ناهێنێت، جگە لە ورە و هێزی ئومێد و خۆڕاگریی و خۆشەویستیی مرۆڤ و ژیان نەبێت. لە ڕۆمانی زۆربادا، زۆر حیکمەت و فەلسەفە و پەند و شت فێر دەبین و کەسایەتی زۆربا وامان لێ دەکات بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشداری لە ژیان بکەین و لە جیهان و بوون بڕوانین. زۆربا کاریگەرییەکی گەورە و بێ وێنە لە سەرت جێ دێڵێت و دەتباتە جیهانێکی جیاواز. زۆربا ڕۆمانێکە پڕ لە ڕامانی قووڵ و حیکمەتی ژیان. ڕۆمانێک، هەڵگری کۆمەڵێک فەلسەفەی بەرز و حیکمەتی بێ وێنە و جوان. زۆربا هەموو قورساییەکانی ژیان سادە دەکاتەوە و بە هێزی خەندە و بە سەما، شەپۆلی فرمێسکی ئازارەکانی دەریای بوون ڕادەماڵێت. زۆربا گەشتێکی فەلسەفییە لە گۆشەنیگایەکی ترەوە بۆ قووڵایی ژیان و وجوود. گەشتێک، پڕ لە تێڕامان و پرسیار و ئەزموون و پەند و حیکمەت. زۆربا پێت دەڵێت”جوانییەک دڵی نەبوو و هەستی بە ئازاری مرۆڤایەتی نەکرد، با بڕواتە دۆزەخ.” زۆربا هەوڵدانێکە بۆ تێگەیشتن لە ژیان، بە ڕێگایەکی سادە و لە هەمان کاتدا پڕ لە تێڕامان و فەلسەفە و بیرکردنەوەی قووڵ. زۆربا ڕۆمانێکە، فێری فەلسەفەمان دەکات، بەڵام بە شێوازێکی تر. زۆربا پێمان دەڵێت ژیانتان بە هەموو ناخۆشییەکانەوە خۆش بوێت و فرۆغ ئاسا ژیان بە هەموو ناشرینییەکانییەوە با لاتان شیرین بێت. ئێمەی مرۆڤ لەم سەردەمەدا چەندە پێویستمان بە هەنگاونان و ڕۆیشتنە بەو ڕێگایەی زۆربا. ڕێگایەک، پڕ لە خۆشەویستی و مرۆڤبوون، پڕ لە ئومێد و خۆڕاگری و سادەیی، پڕ لە تێڕامان و جوانی.

ڕێگایەک، دڵێکی گەورە و هەستێکی بەرز دەوری داوە و سەما دایپۆشیوە و بە فەرشی عیشق تەنراوە. زۆربا سەر بە هیچ قوتابخانەیەکی فیکری و فەلسەفی نەبوو، لەو قوتابخانە فیکری و فەلسەفییانەی لەناو پەرتووکەکاندا هەن. ئەو مرۆڤێکی سادەیە و خاوەنی کومەڵێک تێگەیشتنە لە بارەی ژیان و گەردوون و سروشت و میتافزیکا و مرۆڤ و بوون کە تەنها لە ئەزموونی تایبەتی خۆیەوە فێریان بووە. لە ڕوانگەی زۆرباوە، بەختەوەری لەو هۆشیاری و فەلسەفە و زانستانەدا نییە کە فەلسەفە و زانست پێشکێشی ژیانی دەکەن، بەڵکو لەو زانیارییەدایە کە لە ڕێگەی ئەزموون و دڵەوە پێیان دەگەین. ئەو جیهانبینییەی زۆربا، مانای وا نییە ئەقڵ بە تەواوی ڕەت بکاتەوە و پشتگوێی دەخات. نەخێر، بەڵکو ئەو ڕەخنەی ئەقڵێکی ڕووت و پەتی و وشکی میکانیکی بێ ڕۆح دەکات. زۆربا بانگەوازێکە بۆ ئەزموونکردن و خۆشەویستی. خۆشەویستی خۆمان و هەموو ئەوانەیتر. خۆشەویستی وڵات و هاونیشتیمانییان. خۆشەویستی هەموو مرۆڤایەتی. زۆربا دەنگی ویژدان و هێزی ناوەکی مرۆڤە. زۆربا بانگەوازێکە بۆ بیرکردنەوە بە جەستە و دڵ و ئەقڵ، بیرکردنەوەیەکی گشتگیر. بانگەوازێکە بۆ ژیانکردن بە جۆرێکی تری جیا لەوەی ئێستا. زۆربا داوامان لێ دەکات لە بری زاراوەی ڕق، زمانی ئیشق و سەما بکەین بە زمانێکی جیهانی نێوان مرۆڤەکان. زۆربا تا هەرمان(ئەبەد) بە نەمری و وەکو ئایکۆنێکی بەرز و بێ وێنە و شاکارێکی مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە. ئایکۆنێک، لە هەموو زەمان و شوێنێکدا و لە نێوان هەموو کەسێکدا ڕۆحی خۆشەویستی بڵاو دەکاتەوە و بەهای مرۆڤایەتی فێری مرۆڤەکان دەکات و جوانیی لە ژیاندا جێگیر دەکات.
زۆربا مرۆڤێکە، پڕە لە هەست و بەها و سادەیی و جوانیی. مرۆڤێکە، خاوەنی دڵێکی گەورەیە و نایەوێت سووکترین و بچووکترین ئازار بە هیچ کەسێک بگەیەنێت و هەستی کەس بریندار بکات. ئەو بیر لە ڕابردوو ناکاتەوە و داهاتوویش لای ئەو گرنگ نییە. تاقە شتێک لە سەنتەری بیرکردنەوەی ئەودا، ئەو پارووە نانەیە ئێستا دەیخوات و ئەو ژنەیە کە پەیوەندی لەگەڵ دەبەستێت و ئەو خۆشەویستییەیە، پێشکێش به مرۆڤایەتی دەکات. ئەو ئازادیی و ژیانی خۆی بە هیچ شتێکەوە نابەستێتەوە. لەگەڵ زۆربا هاوڕا یان دژ بیت، ئەوە هیچ لە کەسایەتی و گەورەیی ئەو کاراکتەرە جیاواز و مرۆڤدۆست و گەورەیه کەم ناکاتەوە. زۆربا کەسایەتییەکە، هەندێک بە نەزان و هەندێک بە شێت و هەندێک بە پیاوی جنس و سوارچاکی باوەشی ژن و ڕابواردنی دەزانن. چونکە لە تێڕوانینی ئەواندا، زۆربا هیچ نییە جگە لە کاراکتەرێک کە هەموو فەلسەفەی ژیانی لە کار و شەراب و نان و ژن کورت کردووەتەوە. بەشێکی تریش بە حەکیم و فەیلەسووف و دانا پێناسەی دەکەن. زۆربا لە یەک کاتدا هەموو ئەوانەیە کە باسمان کرد. کارەکتەری زۆربا سنوورەکانی کات و زەمان و زمان دەبڕێت. زۆربا کاتێک ناتوانێ بە زمان گوزارشت لە هزر و هەستی خۆی بکات و سەرۆکی هاوڕێی تێبگەیەنێت لە یەکێک لەو دایەلۆکانەی نێوانیان، پێی دەڵێت”سەمات بۆ دەکەم.” زۆربا بەو سەمایه دەیەوێت سنوورەکانی زمان تێک بشکێنێت و بە زمانی جەستە و زمانی سەما، مرۆڤەکان تێبگەیەنێت. زۆربا دەیەوێت لە جیهاندا دنیایەکی نموونەیی بەرز و تاکێکی ژیاندۆست دروست بێت. تاکێک، سنوورەکانی ئایدۆلۆژیا و دین و نەتەوە و ڕەگەز ببڕێت و هەموو جیاوازییەکان بسڕێتەوە و تەنها بڵێت”من مرۆڤم.” نووسەر لە ڕێگای زۆرباوە هەموو ئەو بیروبۆچوون و فەلسەفەی خۆی کە پێشووتر زەمینەی بۆ نەڕەخساوە و زرووفێک بۆی نەگونجاوە تا دەریان ببڕێت و باسیان بکات، هەمووی دەخاتە ناو شاکارە مەزنەکەی زۆربا و لە دوورگەی گریک و لەو شوێنەی کە بە کۆمەڵێک تابووی فیکری و تەقلیدی و تێگەیشتنی ناشیرین لە بارەی ژن و ژیان و مرۆڤەوە دەوردراوە، بڵاو دەکاتەوە و هەموو کۆتوبەندەکان تێکوپێک دەشکێنێت. زۆربا ڕەخنەگرتنە لەو تێڕوانینە پاتریارک و نێرسالار و نامرۆڤانەیەی لە کومەڵگە پیاوگەرا و تەقلیدییەکان کە ژن تەنها وەک کائینێکی بێ دەسەڵات و بووکەڵەی دەستی ئارەزووەکانی نێرینە و موڵکی پیاو دەبینێت.
ئەو تێڕوانینە سەقەت و داخراوەی وێنەی ژن تەنها لە جەستەیەکی ڕووتدا دەبینێت. بە تایبەتی کۆمەڵی گریکی ئەوسا و ئەو تێڕوانینە وشک و نێگەتیڤ و دڵڕەقییەی تاکی گریکی لە بەرانبەر ژن و بە تایبەتی ژنە بێوەژن(هۆرانتس) کە بە کوشتنی کۆتایی هات. کوشتنێکی تراژیدی و نامرۆڤانە. لە زۆربادا کازانتزاکیس بە فەلسەفە تایبەتییەکەی خۆی، مشتومڕی کۆمەڵێک پرسی ئەزەلی تایبەت بە ژیان و مرۆڤ و بوون و عەدەم دەکات. وەک: بۆچی دەمرین؟ بۆچی دەژین؟ دوای مردن ئێمە بۆ کوێ دەڕۆین؟ ئێمە لە کوێوە هاتووین؟ بۆچی خەمبار دەبین؟ بۆچی دڵخۆش دەبین؟
ئایه ژیان ئەوە دەهێنێت کە لە پێناویدا بجەنگین؟ وەڵامی هەموو ئەو پرسە فەلسەفییانەیش له ڕێگای کارەکتەره نەخوێندەوار و سادەکەی زۆرباوە دەداتەوە و پێمان دەڵێت: تا دەتوانیت چێژ لە ژیان بەرە و بەختەوەر و دوور لە خەم بژی و دەرفەت مەدە هیچ خۆشییەک لەدەست بدەیت و ڕووبەڕووی ژیان بەرەوە و لەگەڵ نەهامەتیی و ناخۆشیی و ئازارەکانی بوون بجەنگە و هەرگیز لێنەگەڕێیت چۆکت پێدابدەن و لە هەوڵدان نەکەویت و شکست نەخۆیت لە بەرانبەر ناڕەحەتییەکان. ئەوەی تر لە کوێ هاتووین و بۆ کوێ دەچین، هەمووی بهاوێژە دۆزەخ و کونجی لەبیرچوونەوە و پەراوێزی فەرامۆشی و هیچ گرنگییەکیان پێ مەدە و ئیتر ژیان بکە، ژیان. هەروەها زۆربا باسکردنە لە ئافاتەکانی ئەقڵی بەشەریی، ئەقڵێکی میکانیکی ڕووت. ئەقڵێک، بەردەوام لە بیرکردنەوە و دڵەڕاوکێ و تەڕەددوددا دەژیت. ئەو ئەقڵەپەتییەی ژیان لە سایەیدا هیچ واتایەکی بۆ نامێنێتەوە. نووسەر ئەو جۆرە ئەقڵ و ئەقڵییەتە لە کارەکتەر و کەسایەتی سەرۆک و هەڵوێست و بیرکردنەوەکانیدا لەو ڕۆمانەدا بەرجەستە کردووە، لە بەرامبەر ئەقڵی کارەکتەری زۆربا، ئەقڵێکی سادە کە سەرچاوەی بڕیارەکانی تەنها ئیلهامی دڵێکی پاک و ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی ژیانن.
ئەقڵێک، بێ هیچ گرێیەکی قورس و تەفسیرێکی فەلسەفیی تەمومژاویی و ناڕوون و بێ هیچ بیرکردنەوەیەکی قووڵ، لەوپەڕی سادەییدا بڕیار دەدات و هەڵوێست وەردەگرێت. هەروەها زۆربا ڕەخنەیه لە سیستەم و ئەقڵییەتی سەرمایەداری. ئەو ئەقڵییەت و سیستەمە سەرمایەدارییەی کە تەنها لە ڕەهەندێکەوە مرۆڤ دەبینێت و مرۆڤی تاکڕەهەند دروست دەکات. لە کاتێکدا مرۆڤ لە کۆمەڵێک ڕەهەندی جیاواز پێک هاتووە. مرۆڤ بیردەکاتەوە و خۆشەویستی دەکات و ڕق دەیگرێت و سەرکەوتن بە دەست دێنێت و تووشی شکستیش دەبێت. لایەکی تری زۆربا ڕەخنەگرتنە لە چەپەکان و شۆڕشی شیوعییەکان و سیستەمی حوکمڕانییان.
لە ڕێگەی نموونەی ئەو دێیە بچووکەی کە خاتوو (پۆپۆلینا) تێیدا دەژیت. لە ڕێگای نموونەی دیمەنی دەوردانی ماڵەکەی(پۆپۆلینا.)
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی پۆپۆلینا، خەڵکی دێیەکە خێرا هێرش دێنن و هەموو ماڵەکەی تاڵان دەکەن. دیمەنێکە، دڵی کارەکتەری زۆربا و هەموو ئەوانەی ئەو ڕۆمانە دەخوێننەوە، دەگوشێت و ئازاریان دەدات و ناخیان دەکوڵێنێت. پۆپۆلینا هێشتا نەمردووە و لە سەرەمەرگ و دواهەناسە و کۆتا ساتەکانی ژیانیدایه. کۆمەڵەمرۆڤێک دێن و هەموو مریشکەکانی دەبەن.
زۆربا بەرجەستەکەری کەسایەتییەکی وجوودیی و بوونگەرایە.
کەسایەتییەک، جگە لە بنەماکانی مرۆڤبوون، بە هیچ شتێکی ترەوە پابەند نابێت. خۆشەویستی، ڕق، گەیشتن و دابڕان، ئومێد و ڕەشبینیی، هێمنیی و شێتیی، هەموو ئەو پارادۆکسانە لێرە و لە زۆرباکەی کازانتزاکیس دەبینت.
ماوەتەوە بڵێم:
خوێنەری ئەم ڕۆمانە، گەر جیاوازییەکان قبووڵ نەکات و هەڵگری ڕۆحێکی گەورە و خاوەنی دڵێکی فراوان نەبێت، ئەوە هەرگیز
ناتوانێت هەڵسەنگاندنێکی جوان و بڕیارێکی شایستە بدات لەبارەی زۆرباوە.




رۆمانی دایک.. شەماڵ بارەوانی

دایک شاکارێکی مەزنی ئەدەبی جیهانی گەورەنووسەری ڕووسی(ماکسیم گۆرگی)ـە و بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٠٦ بڵاوبووەوە.
تەوەری سەرەکی ڕۆمانی دایک باسکردنە لە شۆڕشی بەلشەفییەکان لە ڕووسیای سەردەمی قەیسەری و دامەزراندنی سیستەمێکی ئیشتراکی و لادانی بۆرژواکان لە هەرەمی دەسەڵات و لێسەندنەوەی زەویوزارەکان لە فیۆدال و دەرەبەگەکان.
ڕۆمانی دایک، پاڵەوانەکەی ژنێکە لە چلەکانی تەمەندایه، خەبات دەکات و تێدەکۆشێت لە پێناو کوڕەکەی، لەپێناو چەمکی یەکسانی و دادپەروەری، لەپێناو هەموو کرێکاران. ئەو کرێکارانەی تەنها وەک ئامرازی کارکردن و بەرهەمهێنان و ئامێری کارکردن سەیردەکرێن و ماف و کەرامەت و مرۆڤبوونیان پێشێل دەکرێت.
کەسایەتی دایک وەک پاڵەوانی ڕۆمانەکە و کارەکتەری سەرەکی ڕووداوەکان، هێما و ئاماژەیە بۆ ڕاپەڕینی ڕووسییەکان لە دژی سیستەمی قەیسەر و حوکمی بۆرژوازی و دەرەبەگایەتی و ڕۆیشتن بەرەو قۆناغی ئیشتراکییەت.
ڕۆمانی دایک، باس لە سەختی و نەهامەتی ژیانی کرێکاران دەکات لەژێر قامچی فەرمانڕەوایەتی قەیسەر.
ئەو چینە هەژارەی لەلایەن چینی باڵادەستی بۆرژواوە دەچەوسێنرێنەوە و بە کوڵەمەرگی دەژین.
پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە(پلاگی) دایک و (پاڤێل)ی کوڕەکەیەتی. پێلاگی دایکێکی خۆڕاگر و ئارام، توانی بەرگەی ئەو هەموو چەوساندنەوە و ئازار و شەڕەی هاوسەرەکەی بگرێت، بەرلەوەی بمرێت.
هاوسەرەکەی، لوتکەی نێرسالاری و ئایکۆنی دڵڕەقی و نموونەی ستەمکاری بوو.
پیاوێک، بەوپەڕی ڕەقی لەگەڵیدا هەڵسوکەوتی دەکرد. پلاگی تاقە ئومێدی لە ژیان، پاڤێل بوو. پاڤێل دایکی زۆر خۆش دەویست. پاڤێل و هاوڕێکانیشی تاقە ئومێدی کرێکارەکان بوون. ئەو کرێکارانەی دەچەوسێنرانەوە و لە بەیانی تا ئێوارە کارێکی زۆریان پێ دەکرا لەبەرامبەر نرخێکی کەم.
پلاگی، دایکێکی نموونەیی و قوتابخانەیەکی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی لە پێگەیاندنی پاڤێل. ئەو دایکەی بەردەوام هانی پاڤێلی کوڕی دەدا بخوێنتەوە و کار بکات و لەگەڵ موعاناتی خەڵک بژیت و یارمەتییان بدات و پشتیوانی کرێکاران بکات و هۆشیارییان بداتێ و لە هەوڵدان نەوەستن تا دەگەن بە ئاواتەکانیان. ئەو دایکەی کوڕەکەی و کرێکارەکانی فێری ئەوە دەکرد، تا ستەم هەبێ، دەبێ هێزێکیش هەبێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ستەمە. ئەو هێزەیش(پاڤێل و هاوڕێکانین). ئەوان دەبێ بە گژ ستەمدا بچنەوە و لە بەرامبەر چەوساندنەوەدا چۆک دانەدەن و خۆڕاگربن، داوای مافەکانی خۆیان بکەن، بە دڵنیاییەوە دواڕۆژ هەر بۆ ئەوانە.
دایکێک، هەمیشە هانیدەدان گەشبین بن و یارمەتی دەدان لە بڵاوکردنەوەی ئەو بڵاوکراوانەی کە تایبەت بە هۆشیاری چینایەتی و هاندانی کرێکاران بوو بۆ بێدەنگ نەبوون له مافەکانیان،
لە جیاوازی چەوساندنەوەی چینایەتی لەلایەن دەسەڵاتی قەیسەری ڕووس.
دایکێک نموونەی چاونەترسی و خۆڕاگری. ئەو
نە هەڕەشە و نە شکەنجە و زیندان، هیچ شتێک سلی پێ ناکاتەوە له پڕەنسیپی مرۆڤایەتی و بەهاکانی ژیان.
سەرەڕای گرتن و زیندانیکردن و ئازاردانی کوڕەکەی، ئەو هەر کۆڵ نادات لە هەوڵ و خەبات لەپێناو بەدیهێنانی خەونی هەژاران و ئاواتی کرێکاران و نەهێلانی جیاوازی چینایەتی و لە ڕەگدەرکێشانی دڕکی ستەم و بەرپاکردنی تۆوی دادپەروەری و بنەماکانی دادپەروەری.
پێلاگی، لەو شاکارە مەزنەدا ڕۆڵی ئافرەتێکی تێکۆشەری بەرجەستەکردووە. ئافرەتێک، تێدەکۆشێت لەپێناو مافی هەژاران و کرێکاران و مافخوراوان لە کۆمەڵگەی ئەوسای ڕووسیا و لەژێر چەپۆکی حوکمی قەیسەر.
ڕۆمانی دایک، باس لە گرنگی فێربوون و ڕۆڵی ڕۆشنبیری دەکات لە هۆشیارکردنەوەی تاک و گۆڕانکاری لە کۆمەڵگە، بۆ گۆڕانکاری و بەرەو باشتر.
پاڤێڵ ڤلاسۆڤ، پاڵەوانی ڕۆمانی(دایک)، شۆڕشێکی هۆشیاری و کودەتایەکی ڕیشەیی لە فیکر و کولتوور و دیدەنیگای کۆمەڵگە بەرپا دەکات.
پلاگی نیلۆڤنای دایکیشی پشکی شێری بەردەکەوێ لەو شۆڕشەی کە پاڤڵ فتیلی ئاگرەکەی داگیرساند.
دایکێک، بڕیاردەدات بێتە بەرەی کرێکاران و مافخوراوان و پشتیوانی بزووتنەوەی جەماوەری چەوساوە و چینی بەشخوراو بکات، لە دژی بۆرژوا و جووتیار و دەرەبەگە گەندەڵەکان، لەپێناو بڵاوکردنەوەی دادپەروەری و یەکسانی.
چیڕۆکی ڕۆمانی(دایک)، بە ژیانی خانەوادەیەکی هەژار و
بە کەسایەتی میکائیل ڤلاسۆڤ دەستپێدەکات.
پیاوێک، بەردەوام سەرخۆش، دڵڕەق و سروشت توند و چەوسێنەر و سەربەکێشە. پیاوێک، جگە لە جوێن و زمانزبری، هیچ شێوازێکی تر لەگەڵ هاوسەرەکەی پەیڕەو ناکات. لێدان و ئازاردانی هاوسەرەکەی، بەشێکی تری ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانەی میکائیلە. ئەو لە کارگەیەک کاردەکات، پلاگی لەکارگەیەک کاری قورسی دەستی دەکات لە پێناو دابینکردنی بژێوی ژیان و پارووە نانێک.
دواتر میکائیل ڤلاسۆڤ لە ناکاو دەمرێت. دوای مردنی باوکی، پاڤێڵی چواردە ساڵ دەرفەت دەقۆزێتەوە و لاسایی ژیانی باوکی دەکاتەوە و هەمان شێوەی باوکی دەست دەکات بە نۆشینی مەی و هەڵسوکەوتی ڕەق و ناشرین لەگەڵ پلاگی دایکی.
دایکی پێی دەڵێ “تۆ نابێ توخنی مەینۆشین بکەویت. باوکت لە بری تۆش مەی خواردەوە و پێکی ئازاری بە من چەشت، تۆ لەگەڵم نەرم بە. ” پاڤێڵ دوای تاقیکردنەوە و ئەزموونکردنی چەندین شێواز و ڕێگای هەڵە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی ژیانی هەرزەکاری و بەڕێکردنی ئەو دۆخەی تێیدایه، لەو توونێلە تاریکەی ژیان دێتەدەرەوە و سەر لە ڕێگایەکی تر دەردەکات. ڕێگایەکی جیاواز. ڕێگای هەوڵدانی تێگەیشتن لە ژیان و زانینی هۆکاری ئەو نەهامەتی و موعاناتانەی خۆی و باوکی بەرلەخۆی و کرێکارەکان تێیدا دەژین. ئەو، ئیتر لە بری ئەوەی بڕواتە جیهانی مەی و مەستیی، تا خەمەکانی لەبیر خۆی بباتەوە، بڕیار دەدات بە دوای بەدەستهێنانی زانیاریدا بگەڕێت لە بارەی سەرچاوە و هۆکاری ئەو ئازارەی خۆی و کرێکارەکان.
پاڤێڵ، ماوەی دوو ساڵ ژیانێکی گۆشەگیر و ڕاهیبانە دەژیت، لە کارکردن دەگەڕێتەوە و لە ژوورەکەی خۆی دوورەپەرێز و تەنیا دەژیت، تا بە تەنها کاتی خۆی بە خوێندنەوەی ئەو پەرتووکانە بەسەر ببات، کە پلاگی دایکی پێی دەگوتن”پەرتووکە قەدەغەکان”.

ئەو پەرتووکانەی باس لە ئیشتراکییەت و داوای شۆڕش دەکەن. پاڤێڵ بەو بڕوایە دەگات: ئەگەر بمانەوێت لەو نەهامەتی و ئازارەی هەژار و کرێکاران تێبگەین، دەبێ سەرەتا تێیانبگەیەنین و هۆشیاریان بکەینەوە تا لەو ستەم و چەوسانەوەیەی جیاوازی چینایەتی ڕزگاریان بێت. دەبێ سەرچاوەی ئەو ئازار و موعاناتانەیان پێ بڵێین. دایکی لەو ماوەیەدا زۆر چاودێری کوڕەکەی دەکرد و دەترسا پاڤێل دەست بۆ کارێکی ترسناک ببات و تووشی سەرئێشە و کێشە ببن.
پاڤێل دواتر و دوای ئاشکرابوونی ڕێکخراوە نهێنییەکەیان لەلایەن دەوڵەتەوە، کاتێک دەزانێ دەگیرێت، بە دایکی دەڵێت”پێویستە نیگەران نەبیت بە گرتنی من دایکە، بەڵکو دەبێ دڵخۆش بیت. ئەی خوایه دەبێ کەی ئێمە دایکانێکمان لەناو دروست بێ، دڵخۆش بن لەوکاتانەی کوڕەکانیان دەنێرن بۆ مەرگ لەپێناو مرۆڤایەتی؟”.
پلاگی، ژنێکی نەخوێندەواربوو و نەیدەزانی کوڕەکەی چ کتێبێک دەخوێنێتەوە و خەریکی چییە لە ژێرەوە و لەو کۆبوونەوانەی لە ماڵەوە لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج و کرێکار دەیکات، باسی چی دەکەن. بەڵام هەستی دەکرد کوڕەکەی خەریکی کارێکە، بە هۆیەوە خۆی دەخاتە داوی کێشەیەکەوە، لە کۆتاییدا سەری دەخوا و ژیانی دەبێتە قوربانی. وەلی ئەو لەو موعانات و ئازارانەی پێشووتر لەگەڵ میکائیلی هاوسەری چەشتبووی، فێری هونەری بەرگەگرتن و ئارامی و دانبەخۆداگرتن و خۆڕاگری ببوو. دواتر بۆی ئاشکرا دەبێت کوڕەکەی کۆمەڵەیەکی نێهێنی شۆڕەشگێری بۆ کرێکاران دامەزراندووە و لەژێرەوە خەریکی چاڵاکین بۆ هۆشیارکردنەوەی کرێکارەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی جیاوازی چینایەتی و دەسەڵاتی دەرەبەگ و بۆرژواکان. دایکی سەرەتا، بەرهەڵستی ئەو کارەی پاڤێل دەکات و ترسی ئەوە دایدەگرێت، کوڕەکەی بە هۆی ئەو کارە سەرکێشی و ترسناکەوە تووشی کێشە و ئازاری زۆر ببێتەوە. بەڵام دواتر قەناعەت دەکات و دێتە ڕیزی کرێکاران و چەوساوەکان و لە دژی سیستەمی دەرەبەگایەتی و حوکمی بۆرژوازی، لەپێناو بەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێلانی چینایەتی خەبات دەکات. دوای گرتنی پاڤێل و زیندانیکردنی، پلاگی دایکی ئەرکەکە دەگرێتە ئەستۆ و چاڵاکییەکان ئەنجام دەدات و ڕێکخراوەکە بەڕێوە دەبات. ڕۆمانی(دایک)، کتێبی پیرۆزی چینی چەوساوە و ئینجیلی ئومێدی کرێکارانە، مانیفێستی هەژارەکان و ڕۆحی شۆڕشە. دایک، وەرگیراوی کۆمەڵێک ڕووداوی واقعییە. ئەو ڕووداوانەی کە دواتر دەبن بە هەوێنی شۆڕشی بەلشەفییەکان و دروستبوونی دەوڵەتێکی بە ڕووکەش ئیشتراکی.
دایک، ڕووماڵی دۆخی ژیانی کرێکارەکان و موعانات و چەوساندنەوەیان و ئەو ناخۆشییانەی لە کارکردنیان ڕووبەڕوویان دەبوونەوە دەکات. دایک، باس له ڕۆڵی کرێکارەکان دەکات لە شۆڕشی ڕووسیا. ئەو کرێکارانەی جۆرەها شێواز دەچەوسێنرانەوە و ستەمیان لێ دەکرا و پێڕەوی جیاوازی چینایەتییان لەگەڵ دەکرا، لەلایەن ئەو توێژە بۆرژوایەی جلەوی حوکومڕانی بە دەستەوەبوو و هەموو سامان و زەویوزارێکی دەست بەسەرداگرتبوو و تەنها کۆمەڵێکی کەم لە دەرەبەگ و بۆرژوا لێی سوودمەند دەبوون و تەواوی خەڵکیش لەوپەڕی هەژاریدا دەژیان.
دایک، بەرجەستەکەری ئەو واقیعە تاڵەی کۆمەڵگەی ڕووسی و ژیانی کرێکارە چەوساوەکان و شۆڕشەکەیان لە دژی حوکمی بۆرژواکانە. کۆمەڵگەیەک، جیاوازی و چەوساندنەوەی چینایەتی لەوپەڕی دابێ و گۆرگی گوتەنی” برسییەتی چاوی هەندێکی کوێرکردووە و هەندێکی تریش زێڕ کوێری کردوون”.
ئەو کرێکارانەی لە دوای ماندووبوون لە کارکردن، دەڕۆنە باڕ و خۆیان لە ئازاری ژیان و هیلاکی کار مەست دەکەن و تۆزەک له خەمەکانیان دووردەکەونەوە و دواتر باسی هەموو ئەو چەوساندنەوە و جوێنپێدان و ناخۆشی و سووکایەتی و ئازار و نەهامەتییانە دەکەن کە لە لایەن خاوەن کارگە و کارەکان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
گۆرگی لەو شاکاره مەزنە، زۆر سەرنج دەخاتە سەر خوێندن، چونکە خوێندن نەوەیەکی ڕۆشنبیر و شارستانی و تاکێکی هۆشیار دروست دەکات. نەوەیەک، هەمیشه لەپێناو خەون و ئامانج و مافەکانی بجەنگێت و کۆڵ نەدات.
چەند دێڕێک لە بارەی نووسەر
ئەلیکسی مەکسیم گۆرگی: نووسەر لە ساڵی١٨٦٨ لە ڕووسیا لە دایک بووە، دامەزرێنەری قوتابخانەی واقعی ئیشتراکییه لە وێژەدا، هەڵگری ڕوانگەیەکی چەپ بوو. گۆرگی بەرجەستەکەری ڕوانگەی مارکسیزمە له ئەدەب. لە تێڕوانینی ئەو، ئەدەب لەسەر چاڵاکی ئابووری دروست دەبێت و کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، بۆیە پێویستە ئەدەب لەپێناو کۆمەڵگە تەوزیف بکرێت. گۆرگی یەکێک بوو لەو کەسانەی کە ڕەخنەی شۆڕشی بەلشەفییەکان و لینین و ترۆتسکی دەکرد، بە هۆی ڕەخنەکانیەوە، لینین هەڕەشەی کوشتنی لێ کرد. دوای لینین، ستالین گۆرگی بە هۆی ڕەخنەکانیەوە خستە ژێر مانەوەی بەزۆری(الإقامة الجبريّة).
گۆرگی لە ساڵی١٩٣٦ بە یەکجاری چاوەکانی داخست و دڵەگەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی له ژیان کرد.




ماڵئاوا لە چەک (وداعا للسلاح).. شەماڵ بارەوانی

ماڵئاوا لەچەک، شاکارێکی مەزنی ئەدەبی و ڕۆمانێکی تری ناوازەی ڕۆماننووس و گەورەنووسەری ناوداری جیهانی بە ڕەگەز ئەمریکی(ئێرنست هەمنگوای)ـە.
ماڵئاوا لە چەک، تەوەری سەرەکی و ناوەڕۆک و باسوخواسەکانی بە دەوری ڕووداوەکانی یەکەم جەنگی جیهانیدا دەخوڵێتەوە. ماڵئاوا لە چەک، هاوارێکە لە دژی جەنگ و ڕەتکردنەوەی جەنگە.
پاڵەوانەکەی هەمنگوای لەو بەرهەمەدا(فریدریک هێنری) گەنجێکی ئەمریکییە و ئـەفسەره لە ڕیزی سوپا بە پلەی میلازمی یەکەم.
ئەو لە بواری فریاگوزاری و گواستنەوەی بریندارەکانی جەنگ بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەو بوارە کار دەکات.
ئەو گەنجە لە کاتی ئەرکەکەیدا زامدار دەبێت و دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە، لەوێ دەکەوێتە داوی خۆشەویستی کچەپەرستارێک بە ناوی(کاترینا بارکلی).
فریدریک، لە نەخۆشخانە زامداربوونەکەی وەکو دەرفەتێک لەپێناو ئیشقەکەی دەقۆزێتەوە بۆ زیاتر نزیکبوونەوە لەو خانمەپەرستارە. ئەو، لە لایەک ڕۆدەچێت لە دنیای ئیشق و ڕۆمانسییەت و غەرقی جیهانی ئیشق دەبێت، لە لایەکەیتریش دوای ئەوەی بە چاوەکانی خۆی مەرگی هاوڕێکانی دەبینێت، کە چۆن دەڕاسەی ئەو جەنگە نەگریسەیە بێبەزەییانە گیانی یەک بە یەکیان دەدوورێتەوە و چەندە دڵڕەقانە دەکەوێتە وێزەیان و پەڕەی گوڵی تەمەنیان هەڵدەوەرێنێ. فریدریک، دەکەوێتە بیرکردنەوە و تێڕامان و پرس و مەنەلۆگ لەگەڵ خۆیدا و دەڵێت: باشە کوا مرۆڤایەتی؟ تا کەی جەنگ؟ تا کەی کوشتن و لەناوبردن؟ تاکەی یەکتری سڕینەوە و کاوڵکردن و وێرانکردن؟
هەر بە ڕاستی مرۆڤ بۆ ئەوە لە دایک بووە تا جەنگی جیهانی بەرپا بکات و سەتان ملیۆن کەس بکات بە سووتەمەنی ئاگری جەنگ؟ مرۆڤ بۆ ئەوە لێرەیە تا داهێنان لەپێناو مرۆڤایەتی و خۆشترکردنی ژیان بکات و بوون ئاوەدان بکاتەوە، یان داهێنانی زانستی و چەکی پێشکەوتوو بۆ دژایەتی یەکتری و هۆکارێک بۆ چەوسانەوەی گەلان و داگیرکردنی خاکی نەتەوەکانی تر و دەستبەسەرداگرتنی ئازادی ئەوانی تر و وێرانکردنی ژیان و خاپوورکردنی بوون و پیسکردنی گەردوون بەکار بێنێت و کۆمەڵکوژی و تراژیدیای لە شێوەی هیرۆشیما و ناکازاکی لە دژی گەلی ژاپۆن و حەڵەبجە لە دژی نەتەوەی کورد بەکاربێنێت؟ وەکو ئەوەی ئەمریکا و ڕژێمی بەعسی فاشیست، لەگەڵ ئەو دوو نەتەوەیە کردیان؟
لە دەرەنجامی پرسیارکردن و بیرکردنەوەی قووڵی فریدریک هینری لە ناسۆری و کارەساتەکانی جەنگ و ماڵوێرانییەکانی، کەڵکەڵەی ئەوە دەکەوێتە مێشکییەوە کە خۆی هەڵداتە نێو ڕووبار و کۆتایی بە ژیانی بێنێت و له دەست دڵڕەقی جەنگ و تراژیدیاکانی ژیان قورتاری بێت. بەڵام سەرەنجام ئەو لەوە پەشیمان دەبێتەوە، چونکە فریدریک هێشتا دڵی زۆر بەهێز بۆ ژیان لێدەدات و تۆوی خۆشەویستی ژیان لە ناخیدا سەوزە و بە ئاواتەوە هەنگاو دەنێت و جەنگ سەرەڕای ئەو ڕەشبینی، نائومێدی، ئازار، فرمێسک، ماڵوێرانی و تراژیدیایانەی کە لەگەڵ خۆیدا دەیانهێنێت، نەیتوانیوە بە یەکجاری داری ئومێدی فریدریک کرمێ بکات و دەنگی هەناسەکانی بخنکێنێت و باوەڕبوون بە درێژەدان بە ژیان و مانەوە لە بووندا لێ بسەنێت.
فریدریک دواجار بڕیار دەدات چەک فڕێ بدات و لە ژیانی سەربازی و ڕیزی سوپا ڕابکات و بگەڕێتەوە بۆ ژیانی مەدەنی و دووبارە تێکەڵ بە دنیای ئارامی دوور لە جەنگ و بارووت و خوێن و کوشتن و کارەسات بێت و لە ئامێزی خۆشەویستەکەیدا درێژە بە ژیان بداتەوە. ئەو دەشزانێت ڕاکردن لە ڕیزی سوپا و لە کاتی جەنگدا، واتای چییە و چ تاوانێکی گەورە و ناپاکییەکی نیشتیمانییە و لێخۆشبوونی بۆ نییە و سزاکەی مەرگ و سێدارەیە. بۆیە لەگەڵ کاترینای خۆشەویستی پلانی ئەوە دادەڕێژن، ئیتاڵیا جێ بێڵن و لە سویسرا بگیرسێنەوە. ئەوان دوای گەیشتنیان بە سویسرای وڵاتی ئارامی و جوانیی، وڵاتی مۆسیقا و ئیشق، وڵاتی مرۆڤبوون و ژیان، وڵاتی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان، وڵاتی پلورالییەتی کۆمەڵایەتی و ئایینی و سیاسی و فرەکولتووری، وڵاتی هەموو پێکهاتەکان و قبووڵکردنی هەموو جیاوازییەکان، کاترینا دووگیان دەبێت و هەردووکیان زۆر بە تامەزرۆییەوە ڕۆژەکان و کاتژمێر و چرکەکان لە چاوەڕوانی هاتنەدنیای کۆرپەکەیان دەژمێرن. وەلێ ئەفسووس! قەدەر پێچەوانەی چاوەڕوانییە پڕ لە بەرائەت و خۆزگە و تامەزرۆیی و تاسەکانی ئەوان، بڕیارێکی تری زۆر دڵڕەقانەی دا و کۆرپەی ئاواتەکانی گەلێ بێبەزەییانە، لێ خستنە نێو گۆڕی ماڵئاوایی. کاترینا ژانی منداڵبوون گرتی و لە نەخۆشخانەدا و لە دەرەنجامی نەشتەرگەری شەقکردنی سک و دەرهێنانی منداڵە مردووەکە، خوێنبەربوونی ناوەوە(نزیف داخلی)ی بۆ دروست بوو و گیانی سپارد!
فریدریک دوای ئەو ڕووداوە بە ئازار و کارەساتە ناخهەژێنە، بڕیاری دا چۆک دانەدات و دژی دڵڕەقییەکانی چارەنووس بجەنگێت و هەرگیز ڕادەستی شکست نەبێت و بەیداخی دۆڕان لە بەرانبەر ژیان بەرزنەکاتەوە و درێژە بە مانەوەی بدات. ئەو بڕیاری دا سەرەڕای گەورەیی قەبارەی ئەو تراژیدیایە و ئازارەکانی، وەلێ بەراورد بە کارەساتەکانی جەنگ و ماڵوێرانییەکانی، بە ئاساییتر و بچووکتر وەربگرێت. ئەو جەنگەی دەوڵەتان و وڵاتانی زلهێز و سەرکردەکانیان لەپێناو کۆمەلێک بەرژەوەندی جاڕی دەدەن. ئەو جەنگە ماڵوێرانکەرەی دواجار هەر مرۆڤایەتی دەبێتە سووتەمەنی و قوربانی ئاگرە بێئامان و سووتێنەرەکەی.
ماوەتەوە بڵێم:

پەیامی ڕۆمانی(ماڵئاوا لە چەک)، هاوارێکە بۆ وڵاتە زلهێزەکان و جیهان، کە چیتر جەنگ بووەستێنن و بە یەکجاری ماڵئاوایی لە چەک بکەن و بارووتەکان بکەن بە مرەکەبی خامەی خۆشەویستی و ئیدی لە بری کوشتن و خوێنڕشتن و وێرانکردنی ژیان و دروێنەی جەستەی مرۆڤ و ناشیرینکردنی بوون، مرۆڤایەتی بنووسنەوە و گوڵی عیشق و جوانی بڕوێنن و ژیان ئاوەدان کەنەوە. ماڵئاوا لە چەک، پێمان دەڵێت مرۆڤ سامانێکی مەزن و بوونەوەرێکی پیرۆزە و بە هیچ پاساوێک ناکرێت بکرێتە ئامرازێکی بچووک و بێبەها بکرێت و بکرێت بە سووتەمەنی جەنگ و لەپێناو هەر سەرکەوتنێک، دواجار باجەکەی هەر دۆڕانە بە خوێنی مرۆڤ.
لە کۆتاییدا نووسەر لە ڕێگەی(فریدریک)ی پاڵەوانی ڕۆمانەکەیەوە پێمان دەڵێت هەڵاتن لە جەنگ، ڕەتدانەوەی توندوتیژی و ڕەتکردنەوەی جەنگە. مرۆڤ یەکەم بزوێنەر و هەڵایسێنەری پشکۆی ئاگری جەنگە و دواجار هەر خۆیشی دەبێ کۆتایی بە جەنگ بێنێت و ڕێگری لە سەرهەڵدانی جەنگ بکات، ئەگەر هەر نەیتوانی کۆتایی بە جەنگ بێنیت، با لە جەنگ ڕابکات.

شەماڵ بارەوانی




هێڵنج.. شەماڵ بارەوانی

هێڵنج ڕۆمانێکی فەلسەفی (٢٤٦)لاپەڕەیی (جان پۆل سارتەر ١٩٠٥ -١٩٨٠)گەورە نووسەر و فەیلەسووفی وجوودی فەڕەنسییە و یەکەم چاپی لە ساڵی١٩٣٨لێ بڵاوبووەوە.
هێڵنج یەکەم ئەزموونی سارتەره لە بواری نووسینی ڕووماندا.
سەکۆی سەرەکی ڕووداوەکانی هێڵنج شاری(بۆفێل)و پاریسی پایتەختی فەڕەنسایە. بۆفلی شارێکی خەیاڵییە.
چیڕۆکی ڕۆمانەکە باس لە کەسێکی سەیر دەکات! ئەوکەسە هەستێکی زۆر نامۆی لای دروست بووە و هەموو بوونی داگرتووە. کەسێک، هەموو شتێک لە تێڕوانینیدا پووچ و بێ مانایە. کارەکتەرێکی خاڵی لە ژیان، لە هەمان کاتدا پڕ لە تێڕامان و بیرکردنەوەی قووڵ و نیگەرانی و قەڵەق و هێڵنج.

ڕووکانتان، پاڵەوانی هێڵنج، کەسایەتییەکی نامۆ. ئەو هیچ پەیوەندییەکی بە خێزانەکەیەوە نەماوە و هیچ هاوڕێیەکیشی نییە.
کەسێکی دابڕاو لە کۆمەڵگە، تەنیا و گۆشەگیر و داخراو بەسەر خۆیدا. لە جیهانە تایبەتەکەیدا لەگەڵ تەنیاییدا ڕۆژەکانی ژیان بەڕێ دەکات. هێڵنجێک ڕووکانتانی خستووەتە حاڵەتێکی نامۆ!
حاڵەتێک تێیدا هەست بەوە دەکات کە ئەو ئیدی پەیوەندی بە خودی خۆی و ئەوەیتر و دەوروبەر و شوێن و زەمان و ڕۆژگارەوە پچڕاوە و چووەتە دەرەوەی کات و زەمەن و ژیانەوە و جگە لە تەنیایی و ئەو هێڵنجە نەگریسەی کە گیرۆدەی بووە، هەست بە هیچ شتێکیتر نەکات. تەنیاییەکی سەیر” من بە تەنها دەژیم، تەنیاییەکی تەواو، هەرگیز لەگەڵ کەس نادوێم، چاوم بە دیداری هیچ شتێک ناکەوێت و هیچ شتێک نابەخشم”. لەژێر پاڵەپەستۆی ئازاری ئەو هەستکردن بە تەنیاییەدا فشارێکی دەروونی سەخت ناوەوەی دەگوشێت و هەست بە ئازارێکی زۆری سایکۆلۆجی دەکات و عەبەسییەتی لێ دەچۆڕێت” پەیڤی عەبەسییەت ئێستا لەژێر قەڵەمەکەم لەدایک دەبێت…هێڵنج لە هەموو لایەکەوە بوونی دەورداوم. کەوتمە سەر جێگا. وام لێ بەسەرهات، شوێنی بوونی خۆم پێ نەزانم. ڕەنگەکانم بینی لە دەوروبەرم بە هێمنی دەخولانەوە، ویستم بڕشێمەوە”.

ئەو هێڵنج و ڕشانەوەیەی ڕووکانتان ئەو هێڵنج و ڕشانەوە فیزیکییە ئاساییە نییە کە دوای هێڵنجێکی توند فشار بۆ جەستە و لایەنی فیزیکی مرۆڤ دێنێت و نەخۆشەکە ئەوەی خواردوویەتییەوە هەمووی دێنێتەوە و هیچ شتێک لە گەدەی خۆی ناگرێت و ئەوەی دەخوات و دەیخواتەوە فڕێیدەداتە دەرەوەی جەستەی.
ئەو ڕشانەوەی ڕەنگێکی بێزەوەر و بۆنێکی ناخۆش و دیمەنێکی بێزارکەری هەیه.
نەخێر، بەڵکو هێڵنج و ڕشانەوەکەی (ڕۆکانتان) حاڵەتێکی دەروونی و ڤایرۆسێکی تایبەت و جیاوازە و لە قووڵایی ڕۆحیدا لە دایک بووە و هەڵقوڵاوە و لەوێشەوە بۆ ئەقڵ و بیرکردنەوەی هەڵکشاوە و دواتر بۆ هەموو جەستەی تەشەنەی سەندووە.
هێڵنج و ڕشانەوەکەی ئەو مەعنەوین و فشار لەسەر دەروونی دروست دەکەن و ناتوانێت عەبەسییەت و بێماناییەکانی ئەو ژیانە پووچەی تێدا دەژیت هەرس بکات و هەر کە بە ڕێگای هزر و تێڕامان و بیرکردنەوە، خۆراکێکی مەعریفی و فەلسەفی و زانیاری و ڕۆشنبرییەک دەرخواردی زاکیرەی مێشکی دەدات، یەکسەر هێڵنجی بێمانایی دایدەگرێت و دەڕشێتەوە بەسەر هەموو بووندا و ژیان غەرقی ڕشانەوەیەکی مەعنەوی دەکات.
ئەو ژیانەی لە هەموو ڕوویەکەوە لێی بێزارە و بە پووچ و بێمانای دەبینێت. ژیانێک، بۆ ئەو لە کابووسێکی تۆقێنەر و ترسناک زێدەتر نییە!

بەو چەشنە ئەو هێڵنجە کوشێنەر و نەگریسە عەبەسییە تێکەڵ بە جەستەی ڕووکانتان بووە و تەشەنەی سەندووە بۆ ناو خوێن و دەمار و ڕۆح و هەموو بوونی و بە هۆیەوە توشی حاڵەتێک بووە کە هەست بە تەنیایی و دڵگوشین و غەریبی و نامۆیی بکات و هەموو شتێک لای پووچ و هیچ بێت و بێزارییەکی کوشێنەر بە هۆیەوە تەواوی بوونی داپۆشێت!
هێڵنجێک، ئەو حەزەی لا دروست کردووە کە کۆتایی بە هەموو شتێک بێنێت و هەموو شتێک لای ئەو بە فعلی کۆتاییان هاتووە و جگە لە پووچی و بێمانایی، شتێکی تر لە دەرەوەی تەنیایی و هێڵنجەکەی ئەو بوونیان نییە.”ئەو هێڵنجە هەستێکە خواستی کۆتاییهێنان بە هەموو شتێکت لادروست دەکات.
یاخود ئەو بێزارییە گەورەیەیە کە هەموو شتێک لای بە کردارەکی کۆتاییان دێت، لەو کاتەی هەست بە سووکی یاخود قورساییەکەی دەکەیت، هێڵنجەکە لەناو خۆم نا بەتەنها من هەستی پێدەکەم، لەوێ، لەسەر دیوار، لەسەر بەرزاییەکان، لە دەوروبەرم، لە هەموو شوێنێک. کافێکە جگە لە شتێک بە تەنیا زێدەتر نییە، ئەو شتەیش منم کە تێیدامە”.
بەو شێوەیە(ڕۆکانتان)ی عەدەمی بە دەست گرێی هێڵنجەوە دەتلێتەوە و هێڵنجی لە هەموو شتێک دەبێتەوە و کەوتووەتە ناو توونێلی هێڵنجێکی کۆشێنەر و دەروونپڕۆکێنەرەوە و ئاسۆیەک نابینێتەوە تا لەو هێڵنجەدەروونییە بە ئازارە قورتاری بکات.
سەرەڕای ئەو هێڵنجە قورس و دژوارەیش، ئەو حەزی لێیه گوێ لە گفتوگۆی خەڵک بگرێت و پشکنین بۆ کردەوەکانیان بکات.
بۆیە بڕیار دەدات وەک پڕۆژەیەک دوای ئەوەی داوای لێ دەکرێت پەڕتووکێک لەسەر ژیانی(مەرکیز دور ڕۆلبۆن) بنوووسێت و لەپاڵ ئەوەشدا یادداشتی ڕۆژانەی ژیانی لە تێنووسێکدا تۆمار بکات. ئیدی لە شارە خەیاڵییەکەی بۆفێل دەست بە نووسینی یادداشتەکەی دەکات و وەک خوێنەر و لێکۆڵەرێک و بنووسێک لە پارک و کافێ و پەڕتووکخانە و مۆزەخانەی شاردا دەسووڕێتەوە و لە دیمەنی شەقام و مرۆڤ و ژیان دەکەوێتە تێڕامان و دەنووسێت و پێداچوونەوە بە نووسینەکەی دەکات و دێڕێک زیاد دەکات و دوو وشە دەسڕێتەوە و ڕستەیەک پالفتە دەکات و جێگۆڕکێ بەو چەمک و ئەو واتا دەکات و دەکەوێتە بیرکردنەوە بۆ دواتر کە دەبێ چی بکات و چی نەکات.

بەو چەشنە، (ڕۆکانتان) ئەو ماوەیەی لە بۆفێل دەمێنێتەوە، لە وردودرشتی ئەو شارە و ژیان و مرۆڤ ورد دەبێتەوە و سەیری هاتوچۆکەران دەکات لەسەر شەقامەکانی شار و سەرنجی دیواری فرۆشگا و دیمەنی باخ و کافێکان دەدات و بە قووڵی له هەموو جوولەیەک قاڵ دەبێتەوە.
تا بتوانێت خوێندنەوەیەکی تایبەت و قووڵ بۆ دەوروبەر و شتەکان بکات و قسە لەسەر تێڕوانین و لایەنی دەروونی و مێشک و سروشت و میزاج و حەزی مرۆڤەکان بکات و بە وردی و بابەتییانە و زانستییانە لە بارەیانەوە بنووسێت و هەموو شتێک بە لۆجیکی خۆی شلۆڤە بکات و بیانخاتە ژێر نەشتەری ئەو لۆژیکە هێڵنجاوییەی خۆی و لەسەر بنەمای لۆژیکی بێزاری قسەیان لەسەر بکات.

ئیدی بە قووڵی ڕۆ دەچێتە بیرکردنەوە، تا بیسەلمێنێت ئەو هێشتا لەو ژیانە پووچەدایە و نەمردووە.”من بوونەوەرێکم بیر دەکەمەوە، کەواتا من هەم ….”.
ڕووکانتان ئەوکارە و نووسین دەکات نەک لەپێناو ئەوەی مەبەست لێی نووسین بێت، نەخێر، بەڵکو تا لەو هەستە تاڵ و تەنیاییە دەروونییەی کە تێی کەوتووە ڕزگاری بێت. یان هەر هیچ نەبێت ئەو خۆخەریککردنەی بە نووسین، کەمێک لە باری ئازارە ڕۆحی و فشارە دەروونییەکەی کەم بکاتەوە و لە ڕێگایەوە ڕووبەڕووی سەختی و عەبەسییەتی ژیان ببێتەوە و ئەو ئلتیهابە فیکرییەی چارەسەربێت و ئەو دڵگوشینە یەخەی بەربدات.
چونکە بۆ ئەو نووسین هیچ بەها و پیرۆزی و گرنگییەکی نییە. ئەو هەموو شتێک لە تێڕوانینیدا پووچە.
بۆیە ئەو وەک ئەرک و پرۆژە نووسین ناکات، بەڵکو دەیەوێ لە ڕێگای نووسین و خۆخەریککرنی بەو کتێبەوە، ئەو هەستە لە خۆی دوور بخاتەوە و خۆی لەو هێڵنجە دەروونییەی ناوەوەی خاڵی بکاتەوە و ئارامی ڕۆحی و دەروونی بۆ بگەڕێتەوە. ئەو هەرکاتێک هەست بەوە بکات لە هەستە هێڵنجاوییەکەی چاک بووەتەوە، دەستبەرداری نووسین دەبێت و دەچێتە خەوێکی ئارام و قووڵەوە و دەڵێت”دەخەوم، من چاک بوومەوە”. ئەفسووس! ئەو سەرەڕای گەڕان و تێکەڵبوون بە خەڵک، کابووسی هەستکردن بە تەنیایی وازی لێ ناهێنێت.

“دۆخەکە زۆر خراپە، من هەست بە خراپی دەکەم، ئەو بێزەوەرییە، ئەو هێڵنجە، ئەو جارە شێوازێکی نوێیە، لە کافێکەبووم تووشم بوویەوە”.
ئەو هەستە ناخۆشە وای لێ دەکات دوای نووسینی چەند لاپەڕەیەک، دەست لە نووسین هەڵبگرێت. ئەو، ئیتر نە یادداشتی ڕۆژانەی ژیانی خۆی و نە ئەو کتێبەیش کە ئەدیب و ڕۆشنبیرێک داوای لێ دەکات لەبارەی ژیانی(مارکیز دۆر ڕۆلبۆن)ی ئەرستۆکراتی سەدەی١٨ بنووسێت، هیچیان تەواو ناکات و بە نیوەناچڵی دەستیان لێ هەڵدەگرێت. ئەو نووسینەی وەک یادداشتێکی ڕۆژانەی نووسیویەتی، لە پڕۆژەی کتێبێکدا خۆی دەبینێتەوە و ناوی کتێبەکەش دەنێت(هێڵنج). لەوبارەیەوە دەڵێت “کۆمەڵانی خەڵکی ئەو ڕۆمانە دەخوێننەوە و دەڵێن ئەنتوان ڕووکانتان ئەوەی نووسیوە..”. ئیدی ئەو یادداشتەی گەشتی ژیانی ڕووکانتان(سارتەر)خۆی دەبێتە ئەو ڕۆمانەی قسەمان لەسەر کرد.
دوای(هێڵنجیش)، حاڵەتە هێڵنجاوییەکەی ڕووکانتن هەر بەردەوامی دەبێت و ئەو هێڵنج لە شەقامەکان، لە شار، لە کتێبخانە، لە مرۆڤ، لە نووسین و لە هەموو شتێک دەکات. ئەو هەستە ناخۆشە یەخەی بەرنادات و جێی ناهێڵێت. سەرەڕای قورسایی دۆخەکە، ڕووکانتان ناچار دەبێت بچێتە ژێر ئەمری واقع و لەگەڵ ئەو هێڵنجه خۆی ڕابێنێت. ئیدی دەگات بەو بڕوایەی کە ئەو هێڵنجە دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی و کەینوونە و ژیان و بوونی ئەو و تازە وا زوو لێی جیا نابێتەوە. “هێڵنج جێم ناهێڵێت، هەست ناکەم بەو خێراییە و وا زوو جێشم بێڵێت، بەڵام چیتر بەرگەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئازارەکانی ناگرم، چیتر ئەو نەخۆشی نییە، بەڵکو ئەو منم”. بۆ دەرچوون لەو توونێلە تاریکەیە، شاری بۆفێڵ بەرەو پاریس جێ دێڵێت و لەوێ دەچێتە هۆڵی هونەری و گوێ لە مۆسیقا دەگرێت، وەک دەربازبوون لەو دۆخە دۆزەخییەی تێیکەوتووە. هەستدەکات هونەر تاقە ڕێگەیە بتوانێ یارمەتی بدات و لەو هەست و هێڵنجە فریای بکەوێت و ئارامیْ ڕۆحی و دەروونی بۆ بگەڕێنێتەوە. ڕووکانتان دەیەوێت لە بری نووسین و بیرکردنەوە، بە مۆسیقای جاز چارەسەری هێڵنجەکەی و حاڵەتە دەروونییەکەی بکات. ڕووکانتانی پاڵەوان وەنەبێ کەسێکی ڕەشبین یاخود دژە ژیان بێت، به پێچەوانەوە، ئەو، ئەوپەڕی هەوڵی خۆی خستەگەڕ تا لە هۆکاری ئەو دۆخە دەروونی و هێڵنجە سایکۆلۆجییەی کە گیرۆدەی بووبوو، چارەسەرێک بدۆزێتەوە و ڕزگاری بێت. بۆ ئەمەیش کۆمەڵێک ڕێگای تاقی کردەوە، وەک خوێندنەوە و بیرکردنەوە، نووسین، گەشت و گەڕان، دواینیشیان میوزیک. تا دووباره لەو هێڵنجەی لێی بووبوو بە گرێکوێرە و بۆی نەدەبووەوە و لێی حاڵی نەدەبوو، تێبگات. تا چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە و تێکەڵ بە ئاوەدانی و خەڵک و ژیان ببێتەوە و ئەو نامۆبوون و تەنیایی و هێڵنجە یەخەی بەربدات. ئەفسووس! مرۆڤ هەرچەند هەوڵی ڕزگاربوون بدات، سوودی نییە وەک ڕووکانتان دەیڵێت.”هیچ سوودی نییە مرۆڤ هێڵنج دەوری دەدات، وا دەبینرێت ئەوە چارەنووسی مرۆڤ دەبێت لە ژیان”.

ڕووکانتان عاشق بوو و خۆشەویستی هەبوو(ئانی). ڕووکانتان بەردەوام لەگەڵ یادگارییەکانی دەژیا و بیری لەو چرکەساتە خۆشانە دەکردەوە کە لەگەڵ خۆشەویستەکەی پێکەوە بەسەریان دەبرد. ئاواتەخوازبوو بە دیداری بگاتەوە و ژوانی لەگەڵ ببەستێت. ئەو، باسی لەوکاتانە دەکرد کە خۆی لە وڵاتی جیبۆتی و ئانی لە عەدەن بوو. ئەو لە سەرەتا تا کۆتایی چیرۆکەکە باسی خۆشەویستییەکەی ئانی و یادگارییەکانی و وردودرشتی ژیانی دەکات و لەو جیابوونەوە تاڵ و بە ئازارەی نێوانیان دەدوێت. جیابوونەوەیەک، برینێکی ساڕێژنەکراوی هەمیشەیی لە دەروونیدا جێهێشت و ڕۆحی خستە ئازارێکی بە سوێی نەبڕاوە و هەموو خەونەکانی تێکوپێک شکاند و ئاواتەکانی لە گۆڕ نا و ڕێڕەوی ژیانی گۆڕی و گشت بەختەوەری و ئارامی و ئاسوودەیی و چێژێکی ژیان لەگەڵ جیابوونەوە لە ئانی، لێی جیابووەوە و هیچ لە کەسایەتی و بوونی نەمایەوە، جگە له پیاوێکی تەنیا و سەرگەردان و نامۆ و هێڵنجاوی و دابڕاو و گۆشەگیر نەبێت.

ماوەتەوە بڵێم: هێڵنج بەرجەستەکەری دیدەنیگا و جیهانبینی و تێڕوانینە عەبەسییەکەی سارتەرە لەمەڕ بوون، گەردوون، ژیان و مرۆڤ و سارتەر لە ڕێگای کارەکتەری ڕووکانتانەوە فەلسەفە عەبەسییەکەی خۆی لە هێڵنجدا دەخاتەڕوو. “من، کلیلی کەینوونە و بوونی خۆم دۆزییەوە، کلیلی هێڵنجەکەم، کلیلی خودی ژیانم. لە ڕاستیدا ئەوەی لە دواییدا بە دەستم هێنا وەک ڕزگاربوونێک لەو عەبەسییە سەرەکییەدایه” . هێڵنج وەک گەشتێکی سەختی (ڕۆکانتان)، گەشتێک، کە گوزارشتە لە ڕەتکردنەوەی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و لۆژیکیبوونی گەردوون و ڕووداو و شتەکان و دووپاتکردنەوەیه لە فەوزاییبوونی وجوود و بێمانایی ژیان.

سارتەر له هێڵنجدا دەیەوێت پێمان بڵێت لە هیچ و بێمانایی و عەدەمەوە هاتووین بۆ ژیانێکی بێمانا و بە پووچ
گەرێتی دەوردراو بەرە و عەدەمێکی بێمانا و پووچیش دەڕۆینەوە و دەبینەوە بە هیچ و عەدەم.
هێڵنج پێمان دەڵێت، خۆتان فریو مەدەن بەوەی ئەو ژیانە شوێنی ژیان و خۆشی و ئاسوودەیی و دڵنیاییە. نەخێر، هەرگیز لەم ژیانە مرۆڤ بە ئارامی و بێ هێڵنج و دوور له دڵەڕاوکێ و بێزاری ناژیت و ژیان بە عەبەسییەت و ئازار و نەهامەتی و تراجیدیا دەور دراوە و مرۆڤ کائینێکی خەفەتناک و گۆشەگیر و دابڕاوە و تەنیاییبوون سیمایەتی و هیچ ئایین و ئایینزا و ئایدیۆلۆژیا و فیکر و ئایدیا و فەلسەفە و زانستێک و هیچ شتێک لە توانایدا نییە ئەو عەبەسییەت و ئازار و نەهامەتییەی ژیان لابەرێت و واتا بۆ ئەو ژیانە پووچ و بێمانایە بدۆزێتەوە. ئەی چارەسەر چییە وەک حەلێکی بوونگەرایی و وجوودی بۆ ئەو وجوودەی سارتەر لای پووچ و عەبەساوی و بێمانایە؟ سارتەر لە ڕێگای پاڵەوانە نهلیستەکەی ڕووکانتانەوە پێمان دەڵێت، هەر هێندەمان لە دەست دێت لەو ژیانە بێمانا و پووچەیه کە لە ڕێگای ئەدەب و هونەر و میوزیکەوە تۆزێک ئارامی بۆ دەروون بگەڕێنینەوە و گەر تاقە دەروازەیەکی قورتاربوون و ڕێگایەکی ڕزگاربوونیش هەبێت، ئەوە جگە لە ئەدەب و هونەر و میوزیک، چیتر نییە بتوانێت ببێت بەو هێزەی بەسەر نیگەرانی و قەڵەقە وجوودییەکاندا زاڵ بێت.

“شەماڵ بارەوانی”




لە نێوان داعش و کلیپەکانی هەیفا وەهبی.. شەماڵ بارەوانی

ئیسلامیەداعشەکان و مێگەلی کوردی لە خوایان دەوێت ئێزدییەک قسەیەک شتێک بکات، تا بێن و بەسەر هەموو ئێزیدییەکاندا بیگشتێنێن و دەمارگیری و ڕقوکینەی ناخ و ڤایرۆسی فیکری داعشیانەی خۆیان بەسەر ئێزدانییەت و ئێزدانییەکاندا بڕێژن.. ئەوەی لە کۆمێنتەکان بەرانبەر ئێزدییەکان دەکرێت لە سۆشیال میدیا، داعشیش بە پراکتیکی هەر ئەوەی کرد. من بەرگری لە قاسم شەشۆ ناکەم، بەڵام ئەوەی من تێیدەگەم و ئەو هەموو ساڵە فەقێیاتی و شەریعە و مەلایەتیم خوێند، ئەو پیاوە هیچی هەڵەی نەگوتووە. (لەوانەیە دەربڕین و شێوازی گەیاندنەکەی هەڵە بوو بێ). هەرچەندە دواتر ڕوونکردنەوەی دا و ئەو هەڵەیەی ڕاست کردەوە و گوتی: مەبەستم پەیامبەری ئیسلام نییە، بەڵکو گرووپە توندڕۆکانە. پاشان بۆچی پێتان ناخۆشە کە کابرا بڵێت لە ژێر (ئاڵای ئیسلام یان بە ناوی ئیسلامەوە) ئێمه بەردەوام کۆکوژ کراوین و دەکرێین؟ ئێ خۆ لەژێر کاریگەری کلیپەکانی هەیفا وەهبی ئێزدییەکان هەفتا و سێ جار فەرمان و ژینۆساید نەکراون! بێگومان فیقهو و کەلەپوور و مێژووی ئیسلامی، پڕیەتی لە موقەبیلات و تێز و فیکری داعشی. برۆن دیراسەی ئەو فیکر و فیقهو و تووراسە بکەن، گەر ئەوەی من گوتم وا نەبوو، سکاڵایەک لەسەر منیش تۆمار بکەن. ئینجا ئەی کێ سکاڵا لەسەر ئەو هەموو جوێندەرە داعشبیرەی سۆشیال میدیای کوردی و مەلا و بانگخوازی ئیسلامی و سەلەفی تۆمار بکات کە بەردەوام لە کۆمێنتەکانیان و لە وەعز و وتارەکانیان سووکایەتی بە ئێزدی، جوو، مەسیحی، زەردەشتی، بوودی، ئازادییەکانی تاک، ژن، دابەرد و هەموو جیاوازییەک دەکەن؟ بە دڵنیاییەوە ئەو فۆرمەی ئیسلام (کە ئیسلامی سیاسیی و سەلەفییەت) هاوردەی کوردستانیان کردووە و کاری لەسەر دەکەن، فۆرمێکی تا بڵێیت: مێژووگەرا، تەعریبگەرا، سیاسیی، ئایدیۆلۆژی، تاکڕەهەندانە، پۆپۆلیستانە و داعشیانەیە. فۆرمێک و تێگەیشتن و تەفسیرێکە بۆ ئایین، هیچ جیاوازی و کرانەوە و تولەرانسێک قبووڵ ناکات. فۆرمێکە، مرۆڤی دووڕوو، تاکڕەهەند، فاشیست، داعشبیر و ناڕەسەن بەرهەم دێنێت. فۆرمێکە پەلاماری مۆسیقا، کچەمۆدێل، هەڵپەڕکێی کوردی، شیعری دڵداری، تابلۆی ئیرۆتیکی، یەکترقبووڵکردن، قژی ڕووت و لاقی ڕووتی ئافرەت و سەرەتاترین جیاوازی دەدات. کوردی موسوڵمان دەبێ بۆ ئیسلامێکی تەسەوفی و عیرفانی بگەڕێتەوە. ئەو ئیسلامەی مەلای گەورەی کۆیە و شێخ محەمەدی خاڵ و مامۆستا عەلائەدین سوجادی و مەلای مودەڕیس تەفسیریان بۆ کورد دەکرد. گەرنا ئەو فۆرمەی ئێستا کە خەریکە کۆمەڵگەی کوردی و تاکی کورد وێران دەکات، لە داهاتوو دا سەرەنجام ئەمارەتێکی وەکو هی تاڵیبان لە کوردستان لێ دروست دەبێت. ئەوەی گوتیشم(گەڕانەوە بۆ ئیسلامێکی تەسەوفی)، بە پلەی یەکەم خەم و ئەرکی دەسەڵاتە کار لەسەر ئەو فۆرمەی ئیسلام بکات. ماوەتەوە بڵێم: داعش لە هەموو ئەو گرووپ و حزبە ئیسلامی و سەلەفییە دووڕوو و تاکتیکچیانە بوێرتر و ڕاشکاوتر بوو لەگەڵ بیروباوەڕی خۆی، هیچ ماکیاژ و درۆ و فرتوفێڵ و پێچوپەنایەکی نەبوو.

شەماڵ بارەوانی




چۆڵەکەیەک لە ڕۆژهەڵات(عصفور من الشرق).. شەماڵ بارەوانی

چۆڵەکەیەک لە ڕۆژهەڵات، بەرهەمێکی ئەدەبی(تۆفیق ئەلحەکیم)، نووسەر و ڕۆماننووسی میسرییە و یەکەمجار لە ساڵی ١٩٣٨ چاپ کرا. ڕۆمانی چۆڵەکەیەک لە ڕۆژهەڵات، بەرجەستەکەری ڕوانگەیەکی ڕەهاگەرا و ڕەشبینانەی نووسەرە لە بەرانبەر خۆرئاوا. هەڵبەتە نووسەر باس لە بڕگەیەکی مێژوویی ئۆروپای دوای یەکەم جەنگی جیهانی دەکات. بە ڕوانگەیەکی ڕەشبینانە و زۆر ڕەهاگەرایانە دادگایی ئۆروپا دەگات و شارستانییەتەکەی دەهێنێتەوە سەر هێڵی هیچ. کارەکتەرەکانی چیرۆکی ڕۆمانەکە هەر یەکە و هێمان بۆ شتێکی دیاریکراو. ڕووداوەکانی چۆڵەکەیەک لە ڕۆژهەڵات، قسەکردنە لە دوای یەکەم جەنگی جیهانی. ڕەوشی ژیان لە فەرەنسا و لەو بڕگە مێژووییەی بێکاری تێیدا بڵاوبووبووەوە، دەستاڕی هەژاری و برسییەتی ژیانی خەڵکی دەهاڕی، کرێکار و کارکردنیان بە درێژایی ڕۆژ لەپێناو پارووەنانێک، دابەزینی نرخی فرانکی فەرەنسی. لە پاڵ ئەو بابەتانەی باسم کرد، تەوەری سەرەکی ڕۆمانەکە باس لە چیرۆکی خۆشەویستییەکی شکستخواردووی نێوان کوڕێکی میسری و کچێکی فەرەنسییە. موحسن، بۆ پاریس گەشتی کردووە، تا دکتۆرا لە قانوون بخوێنێت. وەک گوتم، ڕۆمانەکە لە شێوەی دادگاییکردنێکی ئۆروپا و ڕەخنەگرتنە لە شارستانییەتەکەی. کەسانێکی جۆراوجۆر ڕۆڵ لە چیرۆکەکانی ڕۆمانەکە دەگێڕن. لەنێوان کارەکتەری(سۆزی) و (موحسن) کە دەکەوێتە داوی خۆشەویستی، تۆفیق، قسە لەسەر دوو جۆر لە خۆشەویستی دەکات. خۆشەویستییەکی ڕاستەقینە و خۆشەوستییەکی ساختە(فەیک). خۆشەویستییەکی ڕۆژهەڵاتی و خۆشەویستییەکی ڕۆژئاوایی. خۆشەویستی ڕۆژهەڵاتی، ئەو خۆشەویستییەی پڕیەتی لە خەیاڵی جوان و شیعر و مۆسیقا و هەست و پەیمان و پاکی و ڕاستگۆیی و قوربانی. لە بەرانبەردا خۆشەویستییەکی ڕۆژئاوایی. خۆشەویستییەکی کاتی و وەک بڵقی سەرئاو. خۆشەویستییەک لە شێوەی کلێنکسێک، دەستی غەریزەی سێکسی خۆتی پێ بسڕەوە و فڕێی بدە. خۆشەویستییەکی کاتی. خۆشەویستییەک، لەگەڵ گزنگی بەیان و تیشکی خۆر دەردەکەوێت و لەگەڵ ئاوابوونی خۆر، ئەمیش ئاوا دەبێت. خۆشەویستییەکی ساختە و پڕ لە ناپاکی و درۆ. کەسایەتی سۆزی لە چیرۆکی خۆشەویستی لەگەڵ موحسن، ئەو جۆرە خۆشەویستییە فەیکە وازی دەکات. سۆزی کچێکی قژزەرد و چاوشینی پاریسییە. ئەو، بوون و بیری موحسن داگیردەکات و دەبێتە شاژنی مەملەکەتی دڵی موحسن و لەسەر عەرشی ڕۆحی دەنیشێتەوە. ئەنریەی هاوڕێی موحسن، گاڵتە بەو خۆشەویستییە پلاتۆنییەی موحسن دەکات و پێی دەڵێت ژن ئاشقی گوڵی سوور و دیارین. لە تێڕوانینی ئەندریەدا نرخی هەرژنێک، شووشەبۆنێک زیاتر نییە. ڕۆچوونی موحسن لەو جۆرە خۆشەویستییە خەیاڵییە لە جیهانبینی پیاوێکی پاریسی، شتێکی پێکەنیناوی و نامۆیە! وەلێ خۆشەویستی لە تێڕوانینی موحسن وەک پیاوێکی ڕۆژهەڵاتی، زۆر پیرۆزه و نرخ و بەهای مەعنەوی خۆی هەیه و هەرگیز به شتی ماددی و گوڵی سوور و دیاری پێوانە ناکرێت. موحسن لەپێناو خۆشەویستی سۆزی ئامادەیە فەرهاد ئاسا، کێوی بێستۆن بۆ شیرینەکەی خۆی(سۆزی) کون بکات و لە شێوەی مەجنوون، ساڵێک بە دەوری ماڵی لەیلادا بسووڕێتەوە، هەر هیچ نەبێت، سەگەکەیان ببینێت. خۆشەویستی لای موحسن، زۆر لەوە پیرۆزتر و گەورەتر و بەهادارترە لە پێشکەشکردنی بۆنێکی چەند فڕانکی و گوڵێکی سوور کورت بکرێتەوە و وەک چێژێکی جەستەیی بێڕۆح و خۆخاڵیکردنەوەیەکی سێکسی سەیر بکرێت. موحسن ئامادەیە گیانی خۆی لە پێناو خۆشەویستەکەی ببەخشێت. ئەو، بەوپەڕی باوەڕەوە سۆزی خۆشدەوێت و هەست و سۆزی لەگەڵ دەگۆڕێتەوە. لە بەرانبەردا سۆزی تەنها وەک دەرفەتقۆزتنەوەیەک و دۆخی خراپی ئابووری و بێکاری و هەژاری و بە دەستهێنانی پارووەنانێک، ئەو یارییە بێڕۆح و بێتامە لەگەڵ موحسن دەکات. لە ڕێگای چیرۆکی خۆشەویستی سۆزی و موحسن، نووسەر دەیەوێت ئەو دیوە ماددییەمان بۆ باس بکات کە ئەوکات و سەردەمه بەسەر بیر و ژیانی خەڵکی فەرەنسادا زاڵ بووە و تەنها لە ڕوانگەی سوودگەرایی و ماددەوە سەیری ژیانیان کردووە و لایەنی ویژدان و هەست و سۆز و مرۆڤایەتییان فەرامۆش کردووە. لە یەکەم چرکەساتی دەستپێکردنی یاریی خۆشەویستی لەگەڵ موحسن، سۆزی هەموو بیرکردنەوە و خەمی لەوەدا کۆدەبێتەوە کە موحسن دیارییەکی گونجاوی بۆ بێنێت، گوزارشت لە ئیشقەکەی بکات. موحسن دەکەوێتە ململانێ لەگەڵ دەروونی خۆی، ئاخۆ ئەو دیارییە وەک سوود و شتێکی ماددی و چێژێک، وەک ئەوەی لە ڕۆژئاوا هەیە، پێشکەش بە سۆزی بکات، یان وەک ئەوەی خەیاڵی دەیخوازێت و دڵی داوای دەکات؟ موحسن بانگی ویژدان و سۆزی مرۆڤبوونی دەکات و وەک مرۆڤێکی ڕۆژهەڵاتی دەگەڕێتەوە سەر ڕەگی خۆی و تووتییەک هەڵدەبژێرێت و شەو تا بەیانی پرۆڤەی وشەی(خۆشم دەوێی)پێدەکات. بەوشێوەیە موحسن پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ سۆزی دەگۆڕێتەوە. خۆشەویستییەک، هەست و پاکیی لێ دەچۆڕێت. بەوشێوەیە چیرۆکی خۆشەویستی موحسن و سۆزی دەست پێدەکات. دوای چەندین ژووان و پێشکەشکردنی گوڵ و لە ئامێزگرتن و گۆڕینەوەی ماچ و ئاوێتەبوون، چیرۆکی خۆشەویستییە خەیاڵی و خۆشییەکانی موحسن زۆر ناخایەنێت و لە ماوەی دوو هەفتە زێدەتر درێژە ناکێشێت و هەموو شتێک کۆتایی پێ دێت و ئاواتەکانی موحسن دەبن بە سەراب. موحسن شۆک و شێتیی دایدەگرێت کاتێک سۆزی دەبینێ لەگەڵ پیاوێکی تر خەندە دەگۆڕێتەوە و باس لە چیرۆکی خۆشەویستیی پێشتری دەکات. لێرەوە دۆزەخی موحسن دەستپێدەکات و خەم و ئازار تەواوی بوونی دادەگرێت و سۆزی دەستبەرداری دەبێت و بە یەکجاری جێی دێڵێت. موحسن زۆر هەوڵی دا و تکای لە سۆزی کرد گوێی بۆ بگرێت و جێی نەهێڵێت، سۆزی دەرگای بەڕوودا داخست و بە کونجی فەرامۆشی و سنووری لەبیرچوونەوەی سپارد و موحسنی بەوشێوەیه بە دڵێکی شکاو و ڕۆحێکی بریندار و کەسایەتییەکی تێکوپێکشکاو جێهێشت و چووە یارییەکی تر و کاتکوشتن و پەیوەندییەکی تری کاتی و ساختە لەگەڵ پیاوێکی تر. دواتر موحسن کاتێک بۆی ڕوون بووەوە کە خۆشەویستەکەی لەدەست دا، جانتاکەی دەست دەداتێ و بەرەو میوانخانەیەک دەڕوات و ئەو میوانخانەیە جێ دێڵێت کە تێیدا کەرامەت و کەسایەتی تێکوپێک شکێنرا. لەو چیرۆکەی نێوان

موحسن و سۆزی، ڕۆمانی چۆڵەکەیەک لە ڕۆژهەڵات، سۆزی بەرجەستەکەری ژیانی ماددی و خۆپەرستی تاک و دیوە نەرێنییەکەی مرۆڤی ڕۆژئاوایی و شارستانییەکەیەتی. لەوکاتەی موحسن دڵپاکیی جێهێشت، ئەو موحسنەی سەرسامی جوانییە ڕەنگاوڕەنگەکانی ئۆروپا و شارستانییەتەکەی بوو، بێ ئەوەی بچێتە ناواخنی واقیع و ژیانە ماددیگەرا و بێڕۆحەکەی ئەو شارستانییەتەی کە تەنها ماددەی کردووەتە پێوەر و مرۆڤ وەک ئامێرێکی میکانیکی و ئامرازێکی بەرهەمهێنان کورت کردووەتەوە و سوود و چێژی کردۆتە پێوەر لە ژیان. هەڵبەتە لە تێڕوانینی تۆفیق ئەلحەکیمدا. ئۆروپا توانی هەندێک ئارامی و چێژ و شتی سەرەتاییتر بۆ تاک فەراهەم بکات، بەڵام ئەو هەستە زیندووە و ئەو ڕۆحە پاک و دڵە جوانەی ڕۆژهەڵاتی لێ سەندنەوە. ئۆروپا دوای شۆڕشی پیشەسازی گەیشتە دۆخێکی نەرێنی و له شارستانییەتە ماددیگەراکەیدا، مرۆڤ خاڵیی بووەتەوە لە ڕۆح و لە جیهانی ماددیگەراییدا ڕۆچووە و لە ئامێرێک زیاتر نییە. نووسەر دەیەوێت پێمان بڵێت، سەرەڕای ئەو ناپاکی و پەیوەندیپچڕانەی سۆزی، وەلێ موحسن هیچ کاردانەوەیەکی خراپ و هەڵوێستێکی نەرێنی نەنواند. ئەوەش نیشانەی دڵسۆزی و وەفایه لای تاکی ڕۆژهەڵاتی. لە ڕوانگەی نووسەرەوە، ڕۆژئاوا ڕووکەشی و ڕۆژهەڵات واتا قووڵایی. چۆڵەکەیەک لەڕوژهەڵات، موحسن تێیدا بەرجەستەکەری ڕۆحی ڕۆژهەڵات و بەها مەعنەوی و بەرز و جوانەکەیەتی. سۆزیش ئەو ژیانە بێگیان و ماددیگەرایەی ڕۆژئاوایە. پوختەی چیرۆکی خۆشەویستی موحسن و سۆزی، ململانێی نێوان دوو شارستانییەتە، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. ململانێی نێوان واقیع و خەیاڵ، دڵ و ئەقڵ، نوێگەرایی و نەریتگەرایی، زانست و باوەڕ، ڕۆح و ماددە.
ماوەتەوە بڵێم، شتەکە ڕێژەییە و نە ڕۆژهەڵات ئەو چۆڵەکە و پەپوولەیەیە، نە ڕۆژئاواش بەو ڕەهاییە ئەو دێوەزمه ماددیگەرا و خۆپەرست و بێوەفایەیە. ڕاستە سیستەمی سەرمایەداری جیهان لە قازانج و سوودی ماددییە و مرۆڤ لە ئامێرێک کورت دەکاتەوە، وەلێ خۆرئاوا هەمووی سەرمایەدار نییە و وا بیرناکاتەوە. ڕۆژهەڵاتیش هێندە مەعنەوی و پاک و هەوری بێ پەڵە و چۆڵەکەی بێ هەڵە نییە. لە هەردووک لادا، هەڵە و لادان هەن و بەهای بەرز و جوانیش هەن.

شەماڵ بارەوانی




پیتی شەرم (تاء الخجل).. شەماڵ بارەوانی

پیتی شەرم(تاء الخجل) یەکێکە لە شاکارە ئەدەبییه مەزنەکانی ژنە نووسەر و ڕۆماننووسی تاراوگەنشینی به ڕەگەز جەزائیری ئەمازیگی خاتوو(فەزیلە ئەلفاروق)ـە و یەکەم چاپی لە ساڵی٢٠٠٣ لێ بڵاوبووەوە.
نووسەر لە «پیتی شەرم»دا باس لە بڕگەیەکی مێژووی ژیان لە جەزائیر دەکات.
ئەو بڕگە مێژووییەی جەزائیر بە دەست کارەساتی جەنگی نێوان حکوومەت و بەرەی ڕزگاری نیشتمانی(جبهةالانقاذ الوطني)جەزائیری، کە ڕەوتێکی ئیسلامی ڕادیکاڵ و توندڕۆبوون، دەیناڵاند.
ئەو جەنگەی هەزاران کەس بوونە سوتماک و قوربانیی تێیدا و زیاتر لە پێنج هەزار ژن تێیدا ئەتک کران و دەستدرێژی سێکسییان کرایە سەر و کران بە کەنیزە و کوژران.
فەزیلە فارووق بە بوێری و ڕاستگۆیی و سەرکێشی ناسراوە لە نوسینەکانیدا.
لە (پیتی شەرم)دا باس له سەرکێشییەکانی ژیانی خۆی و چیرۆکی هاوسەرگیرییەکەی دەکات لەگەڵ پیاوێکی جەزائیری دوای سی ساڵ لە چاوەڕوانیکردن لەپێناو سوارچاکی خەونەکانی تا بێت لە خەم و ئازار و مەینەتییەکان فریای بکەوێت و ڕزگاری بکات.
وەلێ ئەفسووس! ئەوەی ئەو لە هزر و خەیاڵی خۆیدا وێنای کردبوو و نەخشەی بۆ کێشابوو و خۆزگە و ئاواتەکانی لەسەر هەڵچنیبوو، ئەو پیاوە وا دەرنەچوو و خۆزگە و خەونەکانی هەمووی لەبار چوون و بوون بە هەڵم.
فەزیلە شۆک دەبێت کاتێک سوارچاکی خەونەکانی هەر لە یەکەم چرکەساتەوە ئەو تەنها وەک جەستەیەک دەبینێت و هەموو ژنبوونی لە چێژێکی ڕووتی سادیکانە و بێهەست کورت کردووەتەوە.
ئەوەی ئەو چاوەڕوانی دەکرد لەو پیاوە، پێچەوانە دەرچوو.
لەوبارەوە فەزیلەخاتوون پێمان دەلێت(ئایە دەزانن کاتێک هاوسەرگیریم کرد، وام هەست دەکرد ئیتر هەموو کێشەکانم بە کۆتا هات؟ بەڵام دواتر بۆم ئاشکرابوو من ڕۆیشتوومەتە زیندانێک، هەموو جۆرێکی شکەنجە و ئازاری تێدایە. بەیانی و ئێوارە بۆم نەبێ بیر لە هیچ شتێک بکەمەوە، تەنها ئەوەم لەسەرە وەک لەشفرۆشێک لەسەر دۆشەک چێژ بە پیاوەکە ببەخشم، بەوشێوەیەی خۆی دەیەوێ. گوێم لە هەموو وشەیەکی قێزەون بێ، ببم بە ئافرەتێکی داچۆڕاو لە بوونی خۆی و ببم بە کۆپییەکی ئەو و بیرکردنەوەکانی. بەربووە گیانم و خەڵتانی خوێنی کردم، ڕۆیشتم و برینەکەمم شوشت، دەستم بە گریان کرد. لەو شەوەدا هیچ خەونێکم نەبینی. شەمەندەفەری خەونەکان جێی هێشتم و سەرگەردان لە وێستگەدا مامەوە.
ئەوە یەکەم شەوم بوو. شەوێکی بێ پیاو. ئەو شەوەی نێوان ڕانەکانم خوێنی سووکایەتییان لەبەر دەڕۆیشت. شەوێکی بێمانا، ئەو شەوەی منی گۆڕی بۆ بوونەوەرێکی بێمانا. لەو شەوە ڕیسوایی و سەرشۆڕیم دەستی پێکرد. لەو زەماوەندەی بە هەڵە وێنام کردبوو لە مێشکمدا. لەو هاوسەرگیرییەی هیچی لێ سەوز نەبوو، جگە لە سەرشۆڕی و تێکشکان و پارچەپارچەبوون و کۆتاییهاتن نەبێت. کۆتاییهاتنێک لەوپەڕی سەخافەتدا. شتانێکی دەگوت، هیچیان لێی حاڵی نەدەبووم. وای لێ کردم کۆتایی پێ بێنم. دوای سی ساڵ چاوەڕوانی، زاوایەک لە ئاست چاوەڕوانی مندا نەبوو).
دوای شکستهێنانی لەو پرۆسە هاوسەرگیرییە پڕ لە سووکایەتی و ئازار و نەهامەتی و چەوسانەوەیە و بێڕێزییەی لە لایەن هاوسەرەکەیەوە، ئەو پیاوەی کە لە ئاست مرۆڤایەتی فەزیلەخان کوێربووبوو و فەزیلەی تەنها وەک جەستەیەکی ڕووت و چێژ دەبینی، نەک مرۆڤێکی خاوەن ئیرادە.
پیاوێک وەک دڕندەیەکی برسی چوون نێچیرێکی بکەوێتە دەست.
فەزیلە دواتر جەزائیر جێ دێڵێت و لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا دەگیرسێتەوە.
ناوەڕۆکی ڕۆمانی «پیتی شەرم» باس لە خەم و نەهامەتی و ئازارەکانی ژنە.
لە ڕێگای سەرگوزشتە و حەکایەت و ژیاننامەی نووسەر خۆیەوە.
لە«پیتی شەرم »دا فەزیلە باس لەو جەنگە خوێناوییەکەی جەزائیر دەکات کە لە ساڵی١٩٩٥ ڕوویدا. جەنگێک، جەزائیرییەکان یادەوەری زۆر بە ژان و تاڵیان لەگەڵیدا هەیە و هێشتا بە دەست کارەسات و وێرانییەکانییەوە دەناڵێنن و ئازاریان دەچێژن.
ئەو جەنگە کاوڵکارییەی لەنێوان حکوومەت و گرووپی جەبهەتولئینقازی ئیسلامی ڕادیکاڵ ڕوویدا.
لە دەرەنجامی ئەو دەنگانەی ئیسلامی سیاسی لە قۆزتنەوەی هەست و سۆزی خەڵکی سادەدا بەدەستیان هێنا، دواتر حکوومەت ئەنجامەکەی قبووڵ نەکرد و کودەتای بەسەردا کردن و لە دەسەڵات لایبردن.
فەزیلە چەندین نموونە لەو کارە توندڕۆ و تێکدەرانەی بەرەی ئینقازی نیشتیمانی ئیسلامی ڕادیکاڵ باس دەکات، کە لە دژی ژنە جەزائیرییەکاندا ئەنجامیان دەدا، دوای ئەوەی دەیانفڕاندن و دەیانبردن و دەیانگواستنەوە ئەو شوێنە دوورەدەستانەی لە چیاکان ئەوان تێیدا کردبوویان بە سەربازگەی مەشق و ڕاهێنانی توندوتیژی و خۆ ئامادەکردن لە دژی حکوومەت. لەوێ هەموو ئەو ژنانەی فڕاندبوویانن لە شێوەی کەنیزە و غەنیمە و دەستکەوتی جەنگ بەسەر چەکدارە ئیسلامییەکان دابەش دەکران.
بە چەندین جۆر دەستدرێژی سێکسی و سووکایەتییان پێ دەکردن، دواتر ئەوەی دەیانکوشت دەیانکوشت و ئەوانەیتریان دەهێشتنەوە تا خزمەتیان بکەن و خواردنیان بۆ ئامادە بکەن و هەرچی بیانەوێت لەگەڵیاندا بیکەن.
چونکە ئەو ژنانە کەسی نزیک یان خزم و کەسوکاری بەرپرسەکانی حکوومەت یان ئەو فەرمانبەرانەن کە لە حکوومەتێکی کافردا کار دەکەن(بەتێڕوانینی ئیسلامگەراکان.
فەزیلە باس لەو نزا و بانگەوازییەی ئیسلامییە توندڕۆکان دەکات لە بڵندگۆی مزگەوتەکاندا.
کاتێک دەیانگوت(خودایە ژنەکانیان تووشی کاری بەدڕەوشتی بن، هەموویان) دەیانگوت: ئامیــن.
منداڵەکانیان بێ باوک بن، ئامیــن.
هەروەها باس لەو یاداشتەی ژمارە بیست و هەشتی بەرەی ئینقازی چەکدار و ئیسلامی دەکات کە لە سی مانگی نیسانی ساڵی١٩٩٥ لە دژی حکوومەت دەریانکرد.
تێیدا جاڕی جەنگیان دا و دەستدرێژیکردنە سەر ژنیان کرد بە ئەرکێکی ئایینی و ستراتیجییەتی جەنگ و گوتیان ئێمە شەڕی سەرکەوتن و شەڕەف دەکەین، بە کوشتنی دایک و خوشک و کچ و ژنی هەموو ئەوانەی لەبەرەی حکوومەتدان و لە دژمان دەجەنگن.
فەزیلە لە «پیتی شەرم»دا باس لەو هەموو ئافرەتە دەکات کە هەزار ژن زیاتر بوون، دوای ئەو بەیاننامەیەی بەرەی ئینقازی ئیسلامی ڕفێنران و دەستدرێژی سێکسییان کرایە سەر و دووگیان کران و کوژران و ئەوەی دواتر ڕایکرد و ئەوانەی خۆیان کوشت، لە نموونەی خاتو(ڕەزیقە و یەمینە و…تاد).
پیتی شەرم، باس لەهەموو ئەو موعانات و ئازار و نەهامەتی و ناخۆشییانە دەکات، کە ڕووبەڕووی ژنی جەزائیری بووەوە له لایەن گرووپی چەکداری ئیسلامی(بەرەی ئینقازی نیشتمانی) جەزائیری، لە دەستدرێژی و کوشتن و زیندانیکردن و…تاد.
لە نموونەی ئەو چیرۆکە تراژیدیایەی ئەو باوکەی کچە هەشت ساڵانەکەی خۆی لەسەر پردێک فڕێ دەدات و کۆتایی بە ژیانی دێنێت، بە پاساوی پاککردنەوەی شەرەف(غسل العار). ئەو کچە بێتاوانەی لە لایەن گرووپی بەرەی ئینقازی نیشتیمانی دەستدرێژی سێکسی کرایە سەر.
ئەو گرووپەی وەڵامی هەمان هەڵەی حکوومەت(کودەتا)ی بە هەلەیەکی تری گەورەتردایەوە(بڕیاری جیهاد و جاڕدانی جەنگی خوێناوی) و کارەساتی خوڵقاند و وڵاتی خەڵتانی خوێن کرد و تۆوی تیرۆر و تۆقاندنی لە هەموو شوێنێکدا چاند و کوشتنی ژن و کچ و تێکڕای مرۆڤەکانی دەرەوەی بەرە و ئایدۆلۆژیاکەی خۆی ڕەوا و پیرۆز کرد.
فەزیلە لە”پیتی شەرم”دا پەنجە دەخاتە سەر برینی دواکەوتوویی و دەمارگیری و زۆر بوێرانە جەنگیان لە دژ بەرپا دەکات و سنووری ئەو بیرکردنەوە و ئایدیۆلۆژیایە دەبڕێت کە خزمەت بە بوارەکانی مرۆڤایەتی و ئازادی و ژن ناکات.
هەموو ئەو تقووس و تابوویانەی کۆمەڵ تێک دەشکێنێت کە ژیان دەکەن بە دۆزەخ و لە ئازادییەکانی ئافرەت دەدەن.
فەزیلەخان زۆر ئازایانە ڕووبەڕووی هەموو ئەو کلتوور و تێگەیشتنە نامرۆڤانەیە دەبێتەوە کە بوونی ژن دەشێوێنن و ڕۆح و کەسایەتی مێیینە دەکوژن.
فەزیله بڕیار دەدات ئیتر ڕووبەڕووی ئەقڵییەت و مێنتەڵێنتی نێرسالاری ببێتەوە و بە هەر پیاوێک کە پاتریارکانە بیر بکاتەوە، بڵێت: منی مێیینە، ژن، کچ، هیچم لە تۆی نێرینە و پیاو کەمتر نیە و ئیدی دەبێ سنووری جیاوازییەکانی نێوانمان بسڕدرێتەوە و فەلسەفەی یەکسانی جێندەری ببێتە قانوون و مرۆڤبوون ببێتە پێوەر و وشەی ژن یان پیاو لە فەرهەنگی مرۆڤایەتی و لەناو بووندا بسڕینەوە.
پیتی شەرم، بەرجەستەکەری چیرۆکێکی خەمناک و تراژیدی ژیانی ژنێکە، لە مێیینەبوونی خۆی و پیاوی نێرسالار و کۆمەڵی تەقلیدی ڕادەکات. کۆمەڵ و جڤاتێک، کە ژن تێیدا لە پەراوێزدا دەژیت و سەرەتاترین مافی نییە.
پیتی شەرم، یاداشتەکانی ژنێکی یاخی و بوێر و سەرکێشە.
ژنێک، چیتر قبووڵ ناکات جلەوی ژیانی بەدەست ئەویترەوە بێت و کۆپیپێستی سێبەری هیچ کەسێک بێت.
ئەو ئیتر بڕیاری داوە تەنها لە خۆی بچێت و خۆی بێت.
پیتی شەرم پێمان دەڵێت دەتوانین بڵێین جوانترین ڕۆمان و چیرۆک و شیعر ئەوانەن کە ژن بۆ ئازار و مەینەتییەکانی ژنبوون دەیاننووسن، نەک پیاو.
ئەو پیاوانەی زۆرێکیان تەنها لە تێکستەکانیان مێپەروەرن، لە واقیعدا جەللاد و ژنکوژن و تا سەر مۆخی یەسقان نێرسالارن و لە نووسینەکانیاندا درۆ و موجامەلەی ژن دەکەن بە ئامانجی فریودان و خۆنێزیککردنەوە و قۆزتنەوەیان بۆ مەرام و ئارەزووی جنسیی خۆیان و هەمان شێوەی مێردەکەی فەزیلە فاروق، ژن تەنها وەک جەستەیەکی ڕووتی بێگیان و بێهەست و بوونی ژن وەکو سمت و سینگ دەبینن، نەک مرۆڤێکی کامل و بوونەوەرێکی خاوەن ئیرادە و ماف و ئازادی.
فەزیلەخان کە پیتی شەرم دەکات بە ناونیشانی ڕۆمانەکە،
مە بەستی لەو تائەی(تاء الخجل) تای خەجاڵەتی و
تای مێیینە(تاء التأنيث)ـە.
تائێک، کە ئەقڵییەتی نێرسالاری بە کەم و نەنگیی دەبینێت.
تائێک، بۆ ڕەگەزی مێیینە لە سەرئێشەیەک زێدەتر نییە.
تائێک، جیاوازی ڕەگەزی دروست کردووە و
بوونی ئافرەت و مێیینەی لە چێشتخانە و وەچەخستنەوە و گوێڕایەڵبوونێکی ڕەهای پیاو و خزمەتکردنی فەرمان و ئارەزووەکانیدا کورت کردووەتەوە.
ئەو تائەی دەیان و سەتان تا و دەرد و بەڵا و تراژیدیای تری لێ بووەتەوە و هەزاران خەم و نەهامەتی و ئازاری لێ لە دایک بووە. تائێک، جگە لە تا بۆ ژن، چیتر نییە.
تائێک، دەبێ لەگەڵ ئەقڵییەتی نێرسالاری لە پەتی پیتی یەکسانی و پرەنسیپەکانی یەکسانی جێندەری هەڵبواسرێت.
تائێک، لە بری ئەوەی وەکو شەرم بۆ ڕەگەزی مێیینە سەیر بکرێت، ئەو تائەی جیاوازی لە زمان دروست دەکات، پاشان دەیگوازێتەوە بۆ فیکر و ئینجا لە واقیعدا ڕەگەزپەرستی دروست دەکات و پیاو دەکات بە کەڵەگا لەسەر ژن.
تاءالخجل، تائی چەوساندنەوەی ئافرەت. تائێک، دەبێ ئیتر بکرێت بە تای شوورەیی و خەجاڵەتی و لە تەوێڵی پیاوسالاری بدرێت.
پیتی شەرم، ڕۆمانێکی قەبارە بچووک و کورتە، بەڵام ئازارەکانی درێژ و خەمەکانی گەورە و نەهامەتییەکانی نەبڕاوەن.
پیتی شەرم، ئایکۆنی خەمی ژن و ئازارەکانیەتی، بەرجەستەکەری ئافاتەکانی ئەقڵی بە بەردبوو و چەوسانەوەی مێیینەیه لە کۆمەڵگە نێرسالارییەکاندا.
کێشەی بیری پیاوسالاری، ئەو پیاوسالارییەی سەتان و هەزاران ساڵە هێشتا بەرۆکی ژنی بەرنەداوە و هەموو بەهایەکی بەرز و جوان و مرۆڤانەی لێ زەوت دەکات و ژن لە مرۆڤێکی خاوەن ئەقڵ و هێز و ئیرادە، دەکات بە نیوەمرۆڤ و کەمئەقڵ و کائینێکی بێدەسەڵات و گوێڕایەلی قامچی ڕەهای پیاو!
پیتی شەرم، یان تای شەرمەزاری، باسکردنە لە ناکۆکی و ململانێی ژنی چەوسێندراو و بوون خەسێنراو، لەگەڵ دەبڵمۆڕاڵی و دڕندەیی و سادییەتی پیاوسالاری.
پیتی شەرم، فەرهەنگی ژنە، یان دەتوانین بڵێین ژننامەیەکە، نووسەر لە میانیدا باس لەو بوونەوەرە پیرۆزە دەکات کە پێی دەڵێن ژن.
ژنێک، هەر لەگەڵ لە دایکبوونیدا، بە کۆمەڵێک پیتی وەک(عەیب، تاوان، کەمایەتی، کەمئەقڵ و نیوەمرۆڤ…تاد.) بوون و کەسایەتی دەور دراوە و دەبێ بە بڕیارەکانی چارەنووس ڕازی بێت کە ئەوی وەک نیوەمرۆڤێک و کەمئەقڵێک خوڵقاندووە و هەر ناڕەزاییدەربڕینێک و یاخیبوون و سەرکێشی و نەخێرێک، یەکسانە بە هەرتەقە و بەرەڵایی و شوورەیی.
پیاو لە پیتی شەرمدا ڕۆلی جەللاد دەگێڕێت و ژنیش کۆیلە.
پیاو بڕیاردەر و دادوەر و یەکلاکەرەوەیە، لە بەرامبەردا ژن جگە لە جێبەجێکاری هەموو بکە و نەکەیەکی پیاو و گوێڕایەلێکی ڕەها، هیچیتر نییە.
ژن، پیاو دەیخوازێت، دەستدرێژی سێکسی دەکاتە سەر و لەگەڵی جووت دەبێ، لێیدەدات، بڕیاری بەسەردا دەدات، تەلاقی دەدات، ژن هیچ دەسەڵات و بوونێکی نییه.
گەشتی ژن لەگەڵ پیاو بە گەشتێکی پڕ لە ئازار و چەوسانەوە و
خەم و موعانات دەست پێدەکات و بە بێدەنگی و مردنێکی لەسەرخۆ کۆتایی دێت و ئیتر وەک فەزیلەخان دەڵێ دوا وشەی ژن ئەوە دەبێ(نیشتیمان هەمووی گۆڕستانە، ئێمەیش بێدەنگ).
پیتی شەرم، سەربوردەی کارەساتی ئەقڵییەتی قەبیلەیەکە حاشا لەو کچانەیان دەکەن کە نەک لەبەرئەوەی بە ویستی خۆیان پرۆسەی سێکسیان ئەنجام داوە، بەڵکو بە زۆر کراون بە کەنیزە و دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر و قوربانین و هیچ تاوانێک و لادانێک و خەتایەکیان نییە.
پیتی شەرم، چیڕۆکی مێیینەیە کە دوای ڕفاندن و دەستدرێژیکردنە سەری لەلایان ئیسلامییەکانەوە، لە ترسی خانەوادەکەی و قبووڵنەکردنەوەی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
پیتی شەرم، شاکارێکی مێیینەییانەی ڕووتە و ژنێکی یاخی و بوێر نووسیویەتی و لێدانە لە ئەقڵییەتی پیاوگەرێتی. لەوانەیە زۆرێک لە پیاوەکان پێیان هەزم نەکرێت و حەز بە خوێندنەوەی نەکەن!
پیتی شەرم، چیرۆکە تراژیدیاکانی یەمینە و ڕاویە و ڕەزیقەیه.
هەرسێکیان لە لایەن چەکدارە توندڕۆکانی بەرەی ئینقازی نیشتیمانی ئیسلامی جەزائیری ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بوونەوە و چارەنووسی یەکەمیان کۆتاییهێنان به ژیانی خۆی بوو، دووەمیشیان ڕۆیشتە نەخۆشخانەی دەروونی و سێهەمیشیان گیانی لە دەست دا.
پیتی شەرم، چیرۆکی ئەو پیاوە ئیسلامییە توندئاژۆ و بناژۆخۆزانەیە کە ناویان لە خۆیان ناوە جیهادی و مافیان بە خۆیان داوە ژن و کچ و دایک و خوشکی خەڵک، ئەو ژن و کچە بێتاوانانەی وەک تۆلە لە کەسوکاریان، ببەن و بیانکەن بە کەنیزەی سێکسی و سەبایەی حەز و ئارەزووەکانیان و دەستدرێژی سێکسییان بکەنە سەر و بە جیهاد و پیرۆز و دەستکەوتیشی
دابنێن!
ئەو پیاوانەی لە گۆشەنیگایەکی داخراو و تاریک و تاکلایەنە و تەسکەوە لە ژن و ژیان دەڕوانن و بێ ئاگان لە وەی جیهان زۆر لەو چاڵە تەسکە و ئایدیۆلۆژیا داخراوەی ئەوان فراوانترە.
پیتی شەرم، داستانی ژنێکە، لە تێڕوانینێکی مرۆڤانە و ئاوێنەی ژنبوونەوە لە ئازار و خەم و تراژیدیاکانی ژن دەڕوانێت لە کۆمەڵە تەقلیدی و پیاوسالارەکان و لە دەرەوەی زهنییەتی نێرسالاریدا ژنبوون دەخوێنێتەوە. ژنێک، لە پێناو ژنبوون دەنووسێت و دەجەنگێت، چاودێری دۆخی دۆزەخیانەی ژیانی ژن دەکات و گوێ لە هاواریان دەگرێت و دەنگی بێدەنگییان دەنووسێتەوە.
ئەو ژنێکە دەیەوێ ببێتەوە بە خۆی و ئیدی کۆپی ئەویتر نەبێ.
پیتی شەرم، ئایکۆنی نەهامەتی و ئازار و کێشەکانی ژنە و پێمان دەڵێت کێشە و ئازار و موعاناتێک بە ڕێگای یاسایەکی دادپەروەرانە و جێبەجێکردنی بنەماکانی یەکسانی جێندەری و ویژدانێکی زیندوو و دروستکردنی تاکێکی هۆشیار و تێپەڕبوون لە جڤاتێکی نەریتگەرایی بەرە و جیهانێکی کراوە نەبێت هەرگیز کێشەکانی ژن چارەسەر نابێت و ئازارەکانی ژن کۆتاییان نایەت و ژن هەروا لە پەراوێزی ژیان و چەوسانەوەدا دەژیت.
پیتی شەرم، شاکارێکی تراژیدی کۆمەڵگایەکە کە بەدەست کێشەی توندڕۆیی گرووپە ئیسلامییەکانەوە دەناڵێنێت و جەستەی وڵات خوێنی لێ دەچۆڕێت و دەڕاسەی مەرگ ژیان دەدوورێتەوە و تیرۆر هەموو شوێنێکی تەنیوە.
وڵاتێک، وەک نووسەر دەڵێ: (بەیانی ڕۆژنامەم کردەوە و هەواڵی مردنم دەخوێندەوە… پەڕەی ڕۆژنامەکەم وەرگێڕا ژمارەی مردنەکان زیاتربوون… نیشتیمان هەمووی بووەتە گۆڕستان).

شەماڵ بارەوانی




قوتابخانەی ئازادی.. ئامادەکردنی شەماڵ بارەوانی

قوتابخانەی ئازادی، ڕۆمانێکی نووسەری ژاپۆنی(شیشی بۆنرۆکۆ)یه.

نووسەر لە ساڵی١٨٨٣ لە دایکبووە و لە ساڵی١٩٦٩ کۆچی دوایی کردووە. ڕۆمانەکە لە دووتوێی کتێبێکی قەبارە(٣٠٥)لاپەڕەیی و ١٨بەش پێکهاتووە. شیشی بۆنرۆکۆ، بەرهەمەئەدەبییەکانی لەژێر ناوی خوازراوی(ئیواتا تویو)بڵاودەکردەوە و لە دنیای ئەدەبدا بەو ناوەوە ناسراوە. قوتابخانەی ئازادی، پڕفرۆشترین ڕۆمانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووبوو.
خوێنەر لە ڕێگای ئەو شاکارە ئاشنای کولتووری ژاپۆن و سروشتی ژیانی تاکی ژاپۆنی له ژاپۆن دەبێت و چینەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دەناسێت و گەشتێکی شەقامەکانی تۆکیۆی پایتەخت دەکات و هەموو ئەو شتانە دەبینێت کە تێیدا ڕوو دەدەن. بە تایبەتی دوای ئەو تراژیدیا و شکستەی ژاپۆن، کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە تووشی بوو.
بیرۆکەی سەرەکی قوتابخانەی ئازادی، باسکردنە لە ئازادی، لە ڕێگەی ئەو ئازادییەی داگیرکەران دەیانەوێت لە ڕێگای دەستوورێکی نوێ کە لەساڵی١٩٤٧ بۆ ژاپۆن دەینووسن و دەریدەکەن. پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە(ئییۆسۆکی)یە. کاتێک ئەوەی ژنەخۆسەپێنەرەکەی(کۆماکۆ) پێی دەڵێت لە ماڵەوە بڕۆ دەرەوە. دوای ئەوەی هەواڵی ژنەکەی دەدات دوای زیاتر لە نۆ ساڵ دەستبەرداری کارەکەی بووە و لە دەزگای هەواڵی تۆکیۆ، ئیدی دەڕوات و ماڵەوە جێ دێڵێت و دەیەوێت لە دەست کۆتوبەندی ژنەکەی و کارکردن و هەوڵدان بۆ پارەبەدەستهێنان ڕزگاری بێت. ئەو، گەشتی گەڕان بە دوای ئازادی و دۆزینەوەی جیهان و پەنهانەکان و نەزانراوەکانی دەست پێدەکات. گەشتێکی کۆمێدی و پڕ لە سەرکێشی. ئەو گەشت و دوورکەوتنەوەیەی دواتر گۆڕانکاری لە کەسایەتی کۆماکۆی هاوسەری دروست دەکات و وای لێ دەکات تامەزرۆی گەڕانەوە و دیداری ئیۆسۆکی بکات و تۆمارێکی نوێ لە مێنتەڵێنتی کۆماکۆ لە بارەی چەمکی ئازادی دەکاتەوە. دوای دوورکەوتنەوەی هاوسەرەکەی، دەکەوێتە حاڵەتێکی سەختی دەروونی و هەست بە تەنیاییەکی زۆر دەکات و تاسە و بیری ئیۆسۆکی و بیری گەڕانەوە، هەموو بیر و خەیاڵی داگیر دەکات و سەرەڕای ئەوەی چەند پیاوێکی تری وەک تکابوی و هیمنی و هیچی لە کاتی غیابی هاوسەرەکەی لە دەوری کۆ دەبنەوە و دەیانەوێ دڵی بەدەست بێنن. ئەو، تەنیایی و دووری و بیرکردنی هاوسەرەکەی وای لێ دەکات بڕوات و بە دوایدا بگەڕێت تاکو بیدۆزێتەوە.
بۆ ئەو مەبەستە سەردانی شاری ئەویس و ماڵی هنیدا سۆتۆمۆی خاڵ و جیکۆی خاڵۆژنەی و هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی ئییۆسۆکی دەکات و سۆراخ و هەواڵی هاوسەرەکەی دەپرسێت.
لەپاڵ چیرۆکی ئیۆسۆکی و کۆماکۆی هاوسەری، کەسایەتی تر و چیرۆکی تر دەبن بە تەواوکەری بەسەرهاتەکانی ڕۆمانی قوتابخانەی ئازادی.
لە بەشێکی تری قوتابخانەی ئازادی، نووسەر باس لەو گۆڕانکارییانە دەکات کە شکستی ژاپۆن لە جەنگ لەسەر کولتوور و ڕۆشنبیری و نەریتی ئەو وڵاتە دروستی کرد. ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر دابونەریت و ژیانی ژاپۆندا هاتن و گۆڕانکاری گەورەی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیداری و ئەقڵییەتی تاکی ژاپۆنی دروست کرد و دید و تێڕوانینیان لەبارەی چەمکی ئازادی گۆڕا.
ئەو جەنگەی وەک نووسەر دەڵێت ئازادی لەبەرهەمی ئەو جەنگەدا دەست کەوت و غەنیمەی ژنی ژاپۆنی بوو. هەروەها باس لە شوێن و مەکانەت و کارکردن و لەئەستۆگرتنی ئەرکی بەخێوکردنی منداڵ و دووری لە هاوسەر و نەهامەتییەکانی ژنی ژاپۆنی دەکات لە کاتی جەنگە جیهانییەکە و دوای ئەو قۆناغە. ژاپۆنیش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی چووە ناو ئەو جەنگە کاوڵکارییە و به تراژیدیا و شکستێکی زۆر گەوره لێی هاتەدەر و دوو شاری گەورەی(ناکازاکی و هیرۆشیما)، ڕووبەڕووی چەکی نەوەوی بوونەوە لە لایەن ئەمریکاوە و سەتان هەزار قوربانی و برینداری لێکەوتەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. ژنی ژاپۆنی تا پێش ئەو قوناغە(جەنگی دووەمی جیهانی)، دەسەڵاتی سنورداربوو و تەنها ڕۆڵی ژنی ماڵەوە و دایک و بەخێوکەرێکی وازی دەکرد و لە هەموو ڕوویەکەوە ژن دەبوا پشت بە پیاوەکەی ببەستێت و پیاو بڕیاردەر و کەسی یەکەم و حاکمی ڕەهابوو لە ماڵەوە و ژیانی خێزانی لەژێر باروبەندی ئەقلییەتی پاتریارکی و نێرسالاریدابوو. ئیدی دوای جەنگی دووەمی جیهانیی موعادەلەکان گۆڕان و چەمکی ژیان و ژن و واتای ئازادی پێیاننا قۆناغێکی تری تازە و جیا لەوەی پێشووتر و دوای ئەو قۆناغەی پێشووتر، ئیتر ژن دەیتوانی بێ گەڕانەوە بۆ پیاو پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت و لە زیندانی زهنییەتی پیاوسالاری و لە نێو چوار دیواری زیندانی ماڵەوە بێتەدەر و کار بکات و بوونی خۆی بسەلمێنێت و بە نێرسالاران بڵێت ئەو هیچی کەمترنییە لە وان و پێویستە دووبارە خوێندنەوە بۆ نەریتەکۆنەکان و یاسای وڵات و دەسەڵاتی نێرسالاری بکرێت و کۆمەڵگایەکی یەکسان دابمەزرێت و کۆنسێپتی یەکسانی جێندەری تێیدا سەروەر بێت و ژن مافە فێمێنستییەکانی خۆی هەموو بەدەست بێنێت. بە ڕاستی ئەو هاتنەدەرەوەیەی ژنی ژاپۆنی لە ماڵەوە شۆڕشێک بوو بۆ خۆی و لە وێوە ژنی ژاپۆنی تێگەیشت کە ئازادی چییە و ئەو وەک ژنێک ڕۆڵ و ئەرک و ماف و ئازادییەکانی چین. دەتوانین بڵێین کەسایەتی کۆماکۆ بەرجەستەکەری دوو قۆناغی جیاوازە لە ژاپۆن و ڕۆڵی ژیانی دوو نەوە وازی دەکات. نەوەی پێش جەنگ و نەوەی دوای جەنگ.
لە کاتێکدا کەسایەتی(یۆری)ی تەمەن هەژدەساڵ کە بەشداربوویەکی تری چیرۆکی ڕۆمانەکەیە، نموونەی ئەو کچ و ژنەژاپۆنییانە وازی دەکات کە جەنگ قۆناغێکی تر و دەرفەتێکی تری ژیانی بۆ ڕەخساندووە، کە تێیدا ئازادی خۆی بەدەست هێناوە و بە شێوازێکی تری جیاواز لەو قۆناغەی پێش جەنگ و نەمەتێکی تری ژیان ئەزموون دەکات و ستایلێکی تری پۆشاک دەپۆشێت و جگەرە دەکێشێت و پەیوەندی سۆزداری دەبەستێت.
بەشێک لە ڕەخنەگران پێیان وایە کەسایەتی ئیۆسۆکی بەرجەستەکەری ژیانی نووسەر خۆیەتی. وەک چۆن ئیۆسۆکی ڕقی لە کارکردن و وەزیفەیە و لە کۆتایی ژیانیدا لە ماڵەوە چێشت لێدەنێت و جڵک دەشوات و خۆی بۆ کاری ماڵەوە تەرخان دەکات. لە کاتێکدا کۆماکۆی هاوسەری لە ڕێگای کارکردنی لە دەرەوە، دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەی گرتووەتە ئەستۆ.
نووسەریش لە سەرەتای ژیانیدا هیچ داهاتێکی نابێت و ژنەکەی ئەرکی بژێوی ژیانی خێزانیان دەگرێتە ئەستۆ لە ڕێگای ئەو بڕە پارەیەی لە گوتنەوەی وانەی زمانی فەڕەنسی بەدەستی دێنێت.
ئەوە خوێندنەوەیەکی کورت بوو بۆ ڕۆمانی قوتابخانەی ئازادی و بە هیوام ئەوەی من نەمتوانیبێت بیڵێم و درکم پێی نەکردبێت، خوێنەر و لێکۆلەری تری ئەدەبی لە دوای من تەواوی کات و تیشک بخاتە سەر هەر مەفهووم و مەجهوول و مەغزایەکی تری شاکارەکە، کە ئێمەمانان پەیمان پێی نەبردبێت و نەمانبینیبێت.




بیۆگرافیای برسیێتی.. شەماڵ بارەوانی

بیۆگرافیای برسیێتیی، ڕۆمانێکی (٢٣٩) لاپەڕەییە و لە قاڵبی یادداشتی ڕۆژانەی ژیانی نووسەری بەلجیکی خاتوو(ئیمیلی نۆسۆمب”ـە و یەکەم چاپی لە ساڵی ٢٠٠٤ لێ بڵاوبووەتەوە. لە بیۆگرافیای برسیێتیدا نووسەر باس لەو گەڕان و سوڕان و ڕاگوازتنانەی خانەوادەکەی خۆیمان بۆ دەکات لەم وڵات بۆ ئەو وڵات، لە ژاپۆنەوە بۆ چین، دواتر ئەمریکا، بەنگلادیش، ئینجا هیند و کەمبودیا. نووسەر لە میانیدا باس و وەسفی هەر یەکێک لەو ڵاتانە دەکات و قسە لەسەر ژیانی خەلک، کولتووری دانیشتووان، سیستەمی سیاسی، دابونەریت، ئایین و سروستی کۆمەڵگەکانیان دەکات. نووسەر لە جۆرەکانی خواردن و ئەو خواردنانەی کە خۆی حەزیان لێ دەکات دەدوێت. هەروەها باسی سەردەمی منداڵی خۆی و چیرۆکی برسیێتیی خۆی لە کاتی منداڵیدا دەکات. هەروەها نووسەر باس لە ئنتیباعات و هەست و تێڕامانەکانی خۆی دەکات لە بارەی ئەو وڵاتە جیاوازانەی تێیاندا ژیاوە. ئەو هەموو وڵاتانەی بە هۆی کاری دیبلۆماسی باوکییەوە وەک بالیۆزی (بەلجیکا) تێیدا دەگیرسانەوە. نووسەر باس لە ژیانی منداڵی خۆی دەکات لە ژاپۆن و وەسفی تابلۆ جوانەکان و دیمەنە دڵڕفێن و سروشتە ڕەنگین و گوڵ و گوڵزارە ناوازە و چیا بەرزەکان و شوێنەگەشتیارییەکان و درەختە ئەفسووناوی و کەشە چێژبەخش و جادووییەکەی ئەو وڵاتە دەکات. جێهێشتنی ژاپۆن و ڕۆیشتنیان بۆ چین لە ساڵی ١٩٧٠، بۆ ئەو شۆکێکی مەزن و ئازارێکی زۆر تاڵ و بە سوێ دەبێت. ئەو ڕۆیشتنەی کە نووسەر بە تراژیدیای ژیان و وێرانبوونی جیهانە جوان و ئەفسووناوییەکەی خۆی یەکسانی دەکات. ئەو ژاپۆنەی بە دایکی خۆی و نیشتیمانە خۆشەویستەکەی خۆی دادەنێت. نووسەر دوای دابڕانی ئەو هەموو ساڵە لێی، کاتێک لە ساڵی١٩٨٩ دووبارە لەگەڵ (ژۆلێت)ی خوشکی بۆی دەگەڕێتەوە، دەبینێت شوێنەواری یادەوەرییەکانی پێشووتر و سەردەمی منداڵی، زۆربەیان وێران و ون بوونە و هیچ شتێک لە شوێنی خۆیدا نەماوە و ژاپۆن لە ئەنجامی ئەوگۆڕانکارییە خێرایەی کە بەرۆکی سیمای ژیانی خەڵک و شار و وڵاتی گرتووەتەوە، هەموو شتێک گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ڕابردوو و کۆن لەناو ئێستا و تازەگەری و نوێدا ون بووە. هەروەها نووسەر باسی ئەو قۆناغەی ژیانی خۆی دەکات لە پەکینی پایتەختی چین و لەو برسیێتییە دەدوێت کە بە هۆی شۆڕشە کولتوورییەکەی ماو تووشی ئەو وڵاتە بوو و وڵات لە سایەی ئەو شۆڕشە کولتوورییە بوو بە گرتووخانەیەکی مەزن، وەک نووسەر دەڵێت. لە درێژەی باس و گێڕانەوەکەیدا، نووسەر باس لە ژیانە ناخۆشەکەی خۆیان و گەلی چینی میللی دەکات لە سایەی سیستەم و دەسەڵاتی(ماو). ئەو وڵاتەی نووسەر لە هەموو شتێکیدا، بە دژ و پێچەوانەی ژاپۆنی دەزانێت. ئەو ژاپۆنەی بە بەهەشت پێناسەی دەکات و هەموو ئەو وڵاتانەی بۆی دەچێت، لە بەرانبەر ژاپۆندا، بە تاراوگە و نامۆیی و ماڵی غوربەت و شوێنی غەریبییان دەزانێت. نووسەر دواتر لەسەر ئەوقۆناغە دەدوێت کە چین جێ دێڵن و دەڕۆنە ئەمریکا و شاری نیویۆرک لە ساڵی١٩٧٥. “هەواڵمان پێگەیشت کە ئێمە لە میانی وەرزی هاویندا دەگوازینەوە بۆ نیویۆرک. هەواڵەکە شۆکی کردم. لە تەمەنی هەشت ساڵیدا بووم، ژیانمان لەژێر نەخشەیەکی پلان بۆ دانراوبوو لە چین. سێ ساڵە ئێمە لە ژیانێکی سەخت و لەژێر چاودێرییەکی توند لە گیتۆسان لی تۆن، بە ترس و تیرۆرێکی تا ڕاددەی مردن دەور درابووین. ئێمە سێ ساڵ بە سەربازە چینییەکان دەور درابووین. ئەو سەربازانەی وەکوو سێبەر لە هەموو شوێنێک لەگەڵماندا بوون و چاودێری هەموو جووڵە و قسە و ڕەفتارێکیان دەکردین. دواتر کەلوپەلەکان و جانتاکانمان کۆکردەوە و بە پێنج پاسپۆرت (پاسپۆرتی خۆی و براکەی و ژۆلێتی خوشکی و باوک و دایکی)، ڕۆیشتین بۆ فڕۆکەخانەی پەکین و ئینجا لەوێشەوە بۆ فڕۆکەخانەی کێندی. فڕۆکەکە بە ئاسمانی بیابانی گۆبی و دوورگەی سەخالین و والکتشامکا فڕی و گەیشتین بە نیویۆرک. نووسەر باس لە ژیانی ئەمریکا و خوێندن و گەشت و گەڕانی خانەوادەکەیان لە کاتی پشووەکانی هەفتە و پشووەکانی تر دەکات بۆ شوێنە گەشتیارییەکان و ناو دارستانەکانی ئەو وڵاتە. ئینجا باس لە بەنگلادیش دەکات، دوای ئەوەی ئەمریکا جێ دێڵن و ڕوو لەو وڵاتە دەکەن. نووسەر لە بارەی ژیانی بەنگلادیش لە ساڵی ١٩٧٨ دەڵێت بەنگلادیش کینایەتێک بوو لە شەقامێکی پڕ لە خەڵک، لەو خەڵکانەی لە لێواری مەرگدا بوون بە هۆی هەژارییەوە. وڵاتێک، کابووسی برسییەتی تەنگی بە ژیانی هەڵچنیبوو و بوونی مرۆڤی دەهاڕی. برسیێتییەکی کوشندە، خوێنی بەنگلادیشییەکانی دەمژی. باوکم ئەو کاتە لە لێواری تەمەنی چڵ ساڵیدا بوو، منیش یازدە ساڵ بووم. ئینجا نووسەر درێژە بە گێڕانەوەی چیرۆکە تراژیدییاکانی ژیانی خەڵکی ئەو وڵاتە دەدات و باس لە خراپی کوالێتی ژیان و سیستەمی تەندروستی و سێکتەرەکانی تری ژیان دەکات لە بەنگلادیش و لە نەهامەتی خەڵکە داماو و هەژارەکەی دەدوێت. ئینجا باس لەو قۆناغە دەکات کە دەڕۆن بۆ هیندستان و ئەو وڵاتە بە زێدی بەهەشت وەسف دەکات. پاشان باس لە بۆرما و ژیانی خەڵکی ئەوێ دەکات، دوای ئەوەی هیند جێ دێڵن و لەو وڵاتە دەگیرسێنەوە و نووسەر بە جوانترین وڵاتی سەر زەوی پێناسەی دەکات. ئەوە پوختەیەک بوو لە بارەی ئەو شاکارە ئەدەبییەی خاتوو ئیمیلی. ماوەتەوە بڵێم:
برسیێتییەکەی نووسەر لێره کردوویەتی بە ناونیشانی ڕۆمانەکەی، بە تەنها مەبەست لێی برسیێتیی فیزیکی و حسی نییە، کە مرۆڤ خواردن و خۆراک نەبێت بیخوات، بەڵکو برسیێتییەکی سایکۆلۆژی و مەجازی و مەعنەوییە. برسیێتیی خۆشەویستییەکی بێ کۆتایی. برسیێتیی گەیشتن به پلەی کەمال. برسیێتیی ڕۆشنبیری و گەشت و گەڕان و دۆزینە و زانست و…هتد.
ئیمیلی نۆسۆمب باوکی دیبلۆماتکار و بالوێزی بەلژیکا بووە و خۆی لە ساڵی ١٩٦٦ لە شاری(کوبە) لە ژاپۆن لە دایک بووە و تاکو تەمەنی ٥ ساڵی لەو وڵاتە ماوەتەوە و دواتر بە هۆی کاری دیبلۆماتکاری باوکییەوە بۆ هەموو ئەو ڵاتانە دەڕوات کە ئاماژەمان پێدا.3




خوێندنەوەیەكی ڕەخنەییانە بۆ ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان.. شەماڵ بارەوانی

مرۆڤی هەرزان، دووەم ڕۆمانی كاكە (گۆران سەباح)ی ڕۆماننووس و ڕەخنەگرە، كە بیخوێنمەوە.
بیرمە لە كۆلێژی شەریعە و قۆناغی چوار بووم، بە ڕێكەوت ڕۆمانی(دووی سوور)ی نووسەر كەوتە بەر دیدەم و كڕیم و بردمەوە حوجرە و خوێندمەوە.
سەرەتا دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، كە پێشووتر بڕیارم دابوو قەت لەسەر ڕۆمانی ڕۆماننووسە كوردەكان نەنووسم. تەنها لەسەر كۆمەڵێك لە ڕۆمانەكانی(جان دۆست) و (سەلیم بەرەكات)م نووسیوە و لە چەند ڕۆژنامە و ماڵپەڕێكیش ڕانانەكانم بڵاوبوونەتەوە. هەڵبەت ئەو دوو نووسەرە كوردە، ڕۆمانەكانیانم بە زمانی عەرەبان خوێندەوە. ئینجا با بێینەوە سەر (مرۆڤی هەرزان)ی كاكە گۆران سەباح. كاكە گۆران لە ڕەخنەكانی، لە چاوپێكەوتن و نووسینە ڕەخنەیی و لە كتێبەكانیدا زۆرجار ئاماژە بەوە دەكات، كە ڕۆمان دەبێت دەستپێكەكەی بە ڕووداو و چیرۆكێكی سەرنجڕاكێش دەست پێبكات و خوێنەرهەژێن بێت، ڕۆمانە كوردییەكان ئەوە ڕەچاو ناكەن. هەڵبەتە ڕۆمانی (مرۆڤی هەرزان)ی كاكە گۆرانیش، دەستپێكەكەی و مرۆڤبارینەكەی بۆ من، نە سەرنجڕاكێش و نە هەژێنەر بوو. بە بڕوای من تەنها ڕۆماننووسە ئۆروپی و ئەمریكییەكان دەتوانن بە تەواوی لەسەر ڕۆمانی(خەیاڵی زانستیی)بنووسن و حەقی خۆی وێ بدەن. نووسەر و ڕۆماننووسی كورد ئەو زیرەكی و توانا و مەعریفە و خەیاڵە دەوڵەمەندە و شارەزاییەی نییە سەبارەت بەو بوارە، تا بتوانێت ئەسپی خۆی تێدا تاو بدات و حەقی خۆی وێ بدات. ئەوان لەناو داهێنانە زانستیی و تەكنەلۆژییەكاندان و خەیاڵیان زۆر فراوان و دەوڵەمەندە. نووسەری كورد هێشتا بە ئەقڵی ناوچەگەرێتی بیر دەكاتەوە و ئاستی مەعریفی و ماڵی خەیاڵی بەشی ئەوە ناكات و هی ئەوە نییە ڕۆمانی خەیاڵی زانستیی بنووسێت. ئەو نووسەرانەی ئاستی هۆشیاری زۆرێكیان هێشتا سنووری شارچییەتی و دەڤەرچییەتی تێنەپەڕاندووە.
ئەو گۆڕانكارییانەی كە كاكە گۆڕان لە ڕۆمانەكەی(مرۆڤی هەرزان) پێشبینی دەكات، كە لە سایەی زانست و تەكنەلۆژیا و زیرەكیی دەستكرد لە داهاتوویەكی نزیكدا ڕوودەدەن، هەرگیز لەو تەوقیت و كاتە زووەدا ڕوونادەن، كە نووسەر لە ڕۆمانی(مرۆڤی هەرزان)دا ئاماژەی پێ كردووە. بۆ نموونە لە ڕێكەوتی(٢٠٤٧/١٢/١) هەموو چەكە ئەتۆمییەكان دەفەوتێن و لە ساڵی(٢٠٤٦) ئەمریكا كۆریای باكوور لەسەر نەخشە دەسڕێتەوە و كۆریای باكوور نیوەی كۆریای باشوور لەناو دەبات و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەبێت بە(كۆمپانیا یەكگرتووەكانی ئەمریكا). لە هەمان تەوقیت(ڕووسیا و ئۆكرانیا و جۆرجیا یەكتریان نەهێشت و هیندستان و پاكستان یەكتریان بە چەكی ئەتۆمی خەنی كرد). یانی ئەو ساڵانەی كە ئەو پێشبینی تێدا كردووە لە ڕۆمانەكەیدا، كە تێیدا جیهان و مرۆڤایەتی تووشی گۆڕانكاری سەیرسەیر دەبن، مەگەر لە فیلم كارتۆن و خەیاڵی نووسەر، سەرەڕای گۆڕانكارییەكان و پێشكەوتنە تەكنەلۆژی و زانستییە خێراكان جێگایان ببێتەوە، دەنا هەرگیز وا زوو ئەو كارەسات و گۆڕانكارییانە لە واقیع ڕوونادەن.
كۆمەڵێك ڕۆمانی خەیاڵی زانستیی وەك(هەسارەی مەیموونەكان، ئامێری زەمەن و دوورگەی دكتۆر مۆرۆ) كە هەرسێكیانم بە زمانی عەرەبان و بە(PDF)خوێندووەتەوە. بەڕاستی ئەوانە ڕۆمانی خەیاڵی زانستین. خەیاڵی زانستیی، مانای ئەوە نییە ڕۆمانێك بنووسیت و لە فیلم كارتۆن بچێت. شتانێكی كۆمێدی و ناواقیعی و دوور لە ڕاستیی، لە دووتوێی ڕۆمانێكدا ڕیز بكەیت و لە بەرگی ڕۆمانی (خەیاڵی زانستیی)دا بە خەڵكی بفرۆشیتەوە. خەیاڵی زانستیی ئەوە نییە شتی خەیاڵیی پووچ و بێمانا ڕیز بكەیت و ڕۆمانەكەتی پێ پڕ كەیتەوە.
ئامێری زەمەن(The Time Machine)، ڕۆمانێكی خەیاڵی زانستیی قەبارە بچووكی(٩٣)لاپەڕەیی(هێربردت جۆن ویڵز-١٨٦٦ – ١٩٤٦)ی نووسەر و ڕۆماننووسی بە ڕەگەز ئەمریكییە و یەكەم چاپی لە ساڵی ١٨٩٥لێ بڵاوبووەوە. ئەو ڕۆمانەش بە هەمان شێوەی دوو ڕۆمانەكەی تری نووسەر(جەنگی جیهانەكان) و (دوورگەی دكتۆر مۆرۆ)، دەنگدانەوەیەكی مەزنی دروست كرد و سەركەوتنێكی كەموێنەی بەدەست هێنا و توانی ببێت بە ئایكۆنی ئەدەبی ڕۆمانە زانستی و خەیاڵییەكان لە سەدەی بیستەمدا و خۆی بخزێنێتەجیهانی نواندن و فیلم و سینەماوە و چەندین فیلمی سینەمایی لێ بەرهەم بهێنرێت و دەیان نووسەر و ڕۆماننووس، بە ئیلهاموەرگرتن لەو شاكارە مەزنە و لەژێر كاریگەری ئەو بەرهەمە ناوازەیەدا ڕۆمان بنووسن. لە گرینگترینیان هەردووك ڕۆمانەكانی(ئامێری ئاسمان)ی كریستۆڤەر بڕیست لە ساڵی١٩٧٦ و(كەشتییەكانی زەمەن)ی ستیڤن باكسار لە ساڵی ١٩٩٥.
ئامێری زەمەن، گەشتكردنە بەناو كات و زەمەندا، بڕینی قۆناغی ئێستایە و ڕۆیشتنە بۆ ئاییندە و سەردەمی داهاتوو،
گەشتێكی نامۆ و ئەفسووناوی، گەشتێكی هەشتڕۆژەی بلیمەت و داهێنەر و زانایەكی لێهاتووی ڕێبواری زەمانە و پاڵەوانی ڕۆمانەكە، بۆ ساڵی(٧٠١، ٨٠٢زایینی)
بۆ زەمەنێكی زۆر دووری دوای سەدەی نۆزدە و ئەو كاتەی كە نووسەر ئەو شاكارەی تێدا نووسی.
چیرۆكی ڕۆمانەكە لە سەدەی ١٩ی زایینییەوە لە لەندەن دەست پێدەكات.
(ڕێبواری زەمانە)ی پاڵەوانی ڕۆمانەكە ئامێرێك دروست دەكات بە مەبەستی گەشتكردن بۆ داهاتوویەكی دوور و نادیاری مرۆڤایەتی و لە ڕێگەی ئەو ئامێرە پێشكەوتووەدا سنوورەكانی كات و زەمەن دەبڕێت و گەشتی زەمەنێكی دوور بۆ نێو دوو جۆر لە ڕەگەزی مرۆڤ دەكات.
نووسەر لەو گەشتە خەیاڵیی و زانستییەدا، فیكر و ڕوئیەی مرۆڤمان لە بارەی پەرەسەندنی مرۆڤایەتی و كۆمەڵایەتی بۆ دەخاتە ڕوو و تیشك دەخاتە سەر ئاییندەی ژیان و داهاتووی تاریك و نادیاری مرۆڤایەتی. داهاتوویەك، دوو جۆر ڕەگەزی تر لە دەرەنجامی پەرەسەندندا لەنێو مرۆڤایەتی لەدایك دەبن و بەدەردەكەون. (ئیلویەكان)و (مۆرلۆكەكان).
ئەو دوو جۆرەی زۆر جیاوازن. ئەو دوو جورە ڕەگەزەی لە دەرەنجامی جیاوازی چینایەتی و هەژاری و دەوڵەمەندی دروست دەبن.
سەیر كەن و بەراورد بكەن لە نێوان كاتەكانی ڕۆمانی(ئامێری زەمەن) و (مرۆڤی هەرزان). یەكەمیان تەخمیناتی زۆر دوور دەكات و وا پێشبینی دەكات كە لە ساڵی(٧٠١، ٨٠٢ز) گۆڕانكاری گەورە ڕوو دەدەن. با زووتریش ڕووبدات، كەچی ئەو، زۆر درەنگتر دەڵێت.
كاكە گۆرانیش لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا(٢٠٤٦ و ٢٠٤٧) و ڕێكەوت و كات و ساڵی تری نزیكمەودا دادەنێت بۆ ئەو گۆڕانكاری و كارەساتە گەورانەی كە لە جیهان ڕوودەدەن. بۆ نموونە لە پازدە بۆ بیست سی ساڵی داهاتوو بە گوێرەی خەیاڵی نووسەری مرۆڤی هەرزان، خەڵكی(لەنێو دەفری فڕیوی تایبەتی خۆیان، لە ئاسمان خۆیان بە چیای سەفین دادەدەن).
ڕۆمانی (هەسارەی مەیموونەكان)، كە ڕۆمانێكی ١٨٣ لاپەڕەیی پۆست مۆدێرنەیە و دەچێتە خانەی ئەدەبی خەیاڵی زانستیی، ساڵانی ئەو گۆڕانكارییە گەورانەی كە لە مێژووی مرۆڤایەتی و ژیان و ژیار ڕوودەدەن، هێندەی نەهێناوەتە پێش و مەودای گۆڕانكارییەكانی داهاتوو، وەك ئەوەی(مرۆڤی هەرزان) بیست سی ساڵێك نین.
بەڕاستی ڕۆمانی( خەیاڵی زانستیی) دەبێ خەیاڵ لەسەر بنەمای زانست بێت، نەك ئەفسانە یان خەیاڵێكی پووچ و بێبنەما و تەنها نووسینەوەی خەیاڵ لەپێناو خەیاڵ بێت.
هەسارەی مەیموونەكان، چیرۆكەكەی باس لە گەشتێكی زانستیی سێ كەشتیوان و پڕۆفیسۆر و پسپۆڕ و زانایەك(ئەنتل) لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێك(ئۆلیس) و پزیشكێك(ئارتۆرلۆڤان) دەكات لە ساڵی(٢٥٠٠)بۆ هەسارەیەكی نوێ. هەسارەی(سۆرۆ).
هەرسێكیان گەشت دەكەن و لە كاتی گەشتەكەیاندا كەشتییەكی ئاسمانی لە دوورایی مەودای ٣٠٠ساڵ لە هەسارەیەكی تر دەكەوێتە خوارەوە.
هەسارەیەك لەشێوەی هەسارەكەی ئێمە. هەسارەیەك دانیشتووانەكەی هەمووی برا و تەبا و یەكگرتوو و زۆر بێكێشەن، نە سوپا و نە هێزی سەربازیی و لەشكریی، هیچی تێدا نییە. لەو هەسارەیەدا تەنها پۆلیس هێزی هەیه.
هەسارەیەك شار و شەقام و كارەبا و فڕۆكە و ئۆتۆمۆمبیل و باڵەخانە و تەلار، گیاندار، كێڵگە و دارستان و ڕووبار و چیا و سەوزایی لێیە.
خاوەنی پەیمانگەی لێكۆڵینەوە و لێتوێژینەوەی بیۆلۆژین. لەسەر ئاستی زانستیی و داهێنان و پێشكەوتندا، تا ئاستی دروستكردنی مانگی دەستكرد هەنگاویان ناوە.
ئەو هەسارەیەی كە دانیشتووانەكەی مەیموونەكانن، مەیموونی لە جۆری شەمپانزی و گۆرێلا. شەمپانزییەكان، ئەو مەیموونانەی پێشكەوتوون و لە قۆناغێكی شارستانیدا دەژین، توانای نووسین و داهێنان و بیركردنەوە و قسەكردنیان هەیە و خاوەنی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوون و هەر خۆشیان ئەو هەسارەیە بەڕێوەدەبەن و دەسەڵات و فەرمانڕەوان بەسەر هەموو ئەو مرۆڤە سەرەتاییانەی كە لەوێ دەژین. ئەو مرۆڤانەی هیچ داهێنان و زانست و تەكنەلۆژیا و پێشكەوتنێك لەناویاندا بەدی ناكرێت.
غەرقی جەهل و نەزانی و دواكەوتوویین و تەنانەت زمان نازانن و وەكو ئەو قوناغەی مێژووی مرۆڤایەتین، كە مرۆڤ هێشتا ئاگری نەدۆزیبووەوە و هیچ ئامێرێكی درووست نەكردبوو و زمانی دانەهێنابوو نەیدەزانێ بدوێ و هێشتا لە قۆناغێكی زۆر سەرەتاییدابوو.
مەبەستم لێرە گێڕانەوەی ڕووداو و چیرۆكەكانی ڕۆمانەكە نییە، هێندەی كاتەكە و پێشبینییەكەیە. كاتێكی دوورمەودا و ماقووڵ. نەك تۆ كاتێكی ناماقووڵ و گاڵتەجاڕ و نزیك مەودای پازدە بۆ بیست سی ساڵێك دابنێیت و بڵێیت هێندە خێرا لە ماوەی بیست بۆ سی ساڵی تر یان تۆزەك دواتر، جیهانێكی تر لە جێی ئەو جیهانەی ئێمە، دێتە دی. هیچیان لە هی ئێمە ناكات. پۆهمان: نەوەی نوێی ڕۆبۆت و دەفری فڕیو مرۆڤ و ژیان كۆنترۆڵ دەكەن و “كەنەدی- كوردێكە و پێشكەشكاری بەرنامەی(ژیان لەسەر مەریخ)ە و كۆمەڵێك ڕووداو و چیرۆك و شتی تری زۆر خەیاڵیی دوور لە زانستیشی بۆ بكەیت بە بەڵگە، وەك ئەوەی مرۆڤی هەرزان.
ئینجا بە ڕاستی ئەو دەستپێكەی ڕۆمانی(مرۆڤی هەرزان) و كەوتنەخوارەوەی مرۆڤەكان، ڕێك دەڵێی فیلم كارتۆنی مۆندیالە. واتا شتێكی تەواو خەیاڵیی. تەواوی ڕۆمانەكەش بۆ من، هیچ هەژان و شتێكی هێندە سەرنجڕاكێشی تێدانەبوو.
وەك ئاماژەم پێ دا، كە هۆنینەوەی چیرۆكی خەیاڵیی و نازانستیی، ڕۆمان ناكات بە ڕۆمانی خەیاڵی زانستیی. ڕۆمانی خەیاڵی زانستیی، مرۆڤ ئاگادار دەكاتەوە لە مەترسییەكانی پێشكەوتنە زانستیی و تەكنەلۆژیاكان لە داهاتوودا، گەر بێت و ئەو پێشكەوتن و داهێنانە زانستیی و تەكنەلۆژییە لە خزمەتی مرۆڤایەتی و ژیاندا نەبێت. نەك تۆ بێیت و شتی وا خەیاڵیی بكەیتە ناو دووتوێی ڕۆمانەكەت، خوێنەر بە پێكەنین بێنێت و سەد دەر سەد بزانێت كە وا درۆی لەگەڵ دەكرێت و لە خۆی و لە كاكی ڕۆماننووس بپرسێت: چۆن(لە سی و چوار سەعاتی ڕابردوودا هەشت ملیۆنی تر خۆیان كوشتووە) و (ڕۆژانە حەفت ملیۆن كەس خۆی دەكوژێت) و (ڕێژەی خۆكوژان بەرز بووەتەوە بۆ دە ملیۆن لە ڕۆژێكدا) و( ژمارەی خۆكوژان گەیشتووەتە یازدە ملیۆن لە ڕۆژێكدا)؟
بەڕاستی خوێنەر لە كاتی خوێندنەوەی ئەو دێڕانەدا، هەست دەكات درۆی لەگەڵ دەكرێت و چیرۆكێكی سرف خەیاڵیی و ناڕاستی بۆ باس دەكرێت. وای لێ دێت تاقەتی خوێندنەوەی ڕۆمانەكەی نەمێنێت و لە كۆی ڕووداو و چیرۆكەكانی ڕۆمانەكە بكەوێتەوە گومانەوە و ئەو هەستەی لا دروست بێت كە ئەو ڕۆمانێك سەبارەت بە فیلم كارتۆنێكی خەیاڵیی دەخوێنێتەوە، نەك ڕۆمانێكی خەیاڵی زانستیی.
ڕۆمانی خەیاڵی زانستیی، دەبێ خوێنەر لە كاتی خوێندنەوەیدا هەست بكات ڕووداو و چیرۆكەكانی، ئەگەری ڕوودانیان هەیە و ترسێك دایبگرێت و هەست بكات، كە ئەوەی ئەو دەیخوێنێتەوە، ڕاستە جارێ ڕووی نەداوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە نووسەر هێندە هونەرمەندانە و شارەزایانە چیرۆكەكانی هۆنیوەتەوە، لای ببن بە حەقیقەت و ئەو قەناعەتەی لا دروست بكەن، كە زوو یان درەنگ، ئەوەی ڕۆماننووسەكە باسی لێوەكردوون، ڕوودەدەن. قسەكانی ڕۆماننووسەكە هێندە قەناعەت پێكەربن، خوێنەر بهەژێنن، نەك شتی هێندە بێبنەما و سرف خەیاڵیی بئاخنیتە ناو دووتوێی ڕۆمانەكەت، خوێنەر وا لێبكەیت كە هەست بكات درۆی لەگەڵ دەكرێت و ئەو شتانەی ئەم باسی دەكات، خەیاڵ و مەحاڵن و هەرگیز شتی وا ڕوونادەن، مەگەر لە خەیاڵی ڕۆماننووس نەبێت.
هێربرد، بە نووسەری ڕۆمانە خەیاڵی زانستییەكان ناسراوە و ناسناوی ئەدیبی پێشبینیكەر(متنبئ)ی پێ بەخشراوە. ئەدەبی فەنتازی و خەیاڵی زانستیی لە ڕوانگەی هێربرد جۆرج ویڵزەوە، تەنها گێڕانەوەی چیرۆكگەلێكی ئەفسانەی بێناوەڕۆك و بێئامانج و بێهوودە و كاتكوژ و بێمانا و سەركەشییانە نییە. بەڵكو لە ڕوانگەی ئەو، ئەدەبێكی پابەندە و باسكردنە لە شتگەلێك، كە لەوانەیە لە داهاتوودا ڕووبدەن!
نموونە، ئەو یەكەم كەسێك بووە وێنای چوونەسەرمانگ و گەشتی ئاسمانی كردووە و قسەی لەسەر كردووە و لە ساڵی١٩٠١ ڕۆمانێكی خەیاڵی و زانستیی نووسی بەناوی(یەكەمین پیاوانێك لەسەر مانگ) واتا بە ٧٤ ساڵ پێش ئەوكاتەی مرۆڤ پێ بخاتە سەرمانگ. ئەوكات لەوانەیە چیرۆكەكانی ناو ڕۆمانەكە و باسكردنی گەشتی ئاسمانی و چوونەسەرمانگ، لای خەڵكێكی زۆر تەنها چیرۆكگەلێكی بێمانا و باسكردن بێت لە شتی خەیاڵیی و پڕوپووچ و بێماناو نا ئەقڵانی.
پاشان كاكە گۆران زۆرجار لە ڕەخنەكانیدا ئاماژە بەوە دەكات كە ڕۆماننووسە كوردەكان ڕەچاوی تەمەن و ئاستی مەعریفی و هۆشیاری و قسەكردنی كارەكتەرەكان ناكەن. واتا ناكرێت كرێكارێك و كەسێكی ئاسایی بە زمانی فەیلەسووفێك قسە بكەن و دكتۆرێك بە زمانی پیاوێكی ئایینی و منداڵێك بە زمانی بە تەمەنێك و فرۆشیارێك بە زمانی پرۆفیسۆرێك. واتا كارەكتەرەكە دەبێت زمانحاڵی خۆی بێت و لە چ ئاستێكدایە، لەو ئاستە قسە بكات، یان كارەكتەر كاتێك قسە لەسەر شتێك دەكات، نابێت بێئاگا بێت و دەبێت شارەزایی لەو بوار و بابەت و شتە هەبێت. كەچی خۆی پێچەوانەی ئەوە جووڵاوەتەوە، بۆنموونە: “كانت و نیچە و فۆكۆ و ماركس و ئەوانی تریش، پێش ئەوانیش ئەفلاتوون(پلاتۆ ڕاسترە) و سوقرات و ئەرستۆ، هیچیان نەیانتوانی مرۆڤ ڕزگار بكەن، ئەوانە مرۆڤیان بەرەو پەڕپووتیی ئەخلاق و پووچگەرایی برد.”
هەر بەڕاستی دەبێ نووسەر هێندە لە بواری فەلسەفە و ناسینی فەیلەسووفان بێئاگا و كۆڵەوار و نەشارەزا بێت، تا بێت و ئاوا كورد گوتەنی دۆ و دۆشاو تێكەڵ بكات! باشە كانت و نیچە و ماركس، دەبێ چی پێكەوەیان كۆ بكاتەوە؟ یەكەمیان ئەقڵانیی و دووەمیان دژە ئەقڵ و پۆست مۆدێرن و سێیەمیان ئابووریناس و كۆمەڵناس! ئینجا من تێنەگەیشتم چی ڕایەڵەیەك لەنێوان پووچگەرایی و ماركس و كانت و پلاتۆ و سوقرات و ئەرستۆدا هەیە؟ ئەوە زانیمان نیچە پووچگەرا و عەدەمی بوو، بەڵام سوقرات و كانت و ماركس و پلاتۆ و ئەرستۆ بۆ؟ (ئەوانی تریش) كە نووسەر دەڵێت، نەمانزانی كێن. دیارە نووسەریش وەك سەلەفی و ئیسلامییەكان لە دوورەوە گوێی لە ناوی كانت و نیچە و فۆكۆ و ماركس و سوقرات و پلاتۆ و ئەرستۆ بووە. گەر نا چۆن ئەو فەیلەسووفە مەزنانە بە پەڕپووتی ئەخلاق و پووچگەرایی ناوزەد بكات.
ئەی هاوار! ئەو كارل ماركسەی هەموو تەمەنی خۆی لەپێناو بەرگریكردن لە چینی چەوساوە و مافی كرێكار و جووتیار و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و یەكسانی و ژیاندۆستی بەڕێ كرد، تۆ بێیت و بە پەڕپووتی ئەخلاق و پووچگەرای دابنێیت! من تا ئێستا گوێم لە هیچ سەلەفی و ئیسلامییەك نەبووە ئەو جوێنە مەعریفییە بە ماركس بدات، كەچی نووسەری ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان دای.
ناڵێین با كارەكتەر هەمووشتزان بێت. وەك ئەوەی بەڕێزیان لە ڕەخنەكانیان گلەیی ئەو هەمووشتزانییەی كارەكتەرەكان لە ڕۆماننووسە كوردەكان دەكات. بەڵام ناكرێت كارەكتەرەكەت هێندە نەزانیش بێت، نەزانێ ماركس و نیچە، فۆكۆ و سوقرات، كانت و پلاتۆ كێن و چی جیاوازییەك لە فەلسەفەكانیاندا هەیە، كەچی هێرشیشیان بكاتە سەر!
گوتراوە كە: ڕۆمان هونەری نووسینەوەی بیرەوەرییەكانە.
لای من، بەچێژترین ڕۆمان، ئەو ڕۆمانانەن، كە بیرەوەری و بیۆگرافیان، نەك خەیاڵیی و بەرهەمی خەیاڵی نووسەر. لە ڕۆمانی بیرەوەریی و بیۆگرافیادا، خوێنەر هەست دەكات درۆی لەگەڵ ناكرێت و ئەو بەر كارەكتەرگەلێك دەكەوێت، هەست دەكات ئەوان كارەكتەری ڕاستەقینەن و ڕووداو و چیرۆكەكانی ڕاستەقینەن و جاری وایە هەم چیرۆك و ڕووداوەكان و هەم پاڵەوان و كەسایەتی و كارەكتەرەكانیش لە خۆیەوە نزیكن و لەو دەچن. ئینجا ڕۆمانی بیرەوەریی، ڕووداوەكانیشیان، با خەیاڵ و فانتازیای تێكەڵ بێت، بەڵام هەڵهێنجراوی واقیع و لە دایكبووی حەقیقەتێكن. بۆ نموونە ڕۆمانی:
-بیرەوەرییەكانم لە زیندانی ژنان- نەوال سەعداوی
-قەپێلك- مستەفا خەلیفە.
-بیروەری ماڵی مردووان- دۆستۆیڤسكی.
-نانی ڕووت- محمەمەد شوكری.
-ڕۆمانەكانی فەزیلە فارووق و…هتد.
لە ڕووی زمانەوانیشەوە ئەم ڕۆمانە پڕە لە هەڵەی ڕێنووسی و ڕێزمانی و خاڵبەندی.
هەندێك هەڵە و هەندێك ڕستەیش ئەگەر نووسەر وای نووسیبان، گەلێك ڕاستتر و جوانتربوو.
بۆ نموونە:(ئەوانەی مەیتیان قەت نایەتە دۆزینەوە.)
ئەوانەی تەرمەكانیان نادۆزرێنەوە، جوانترە.
(هەر بابایە یەك هەزار هۆ ڕیز دەكات.)
(هەربابایە هەزار هۆ ڕیز دەكات)
سێ هەزار زانای پیاوی بالابەرزی كەچەل.
سێ هەزار زانای باڵابەرز و كەچەل، جوانترە. پیاوەكە ناشیرین و زیادە.
(قەڵسی لەژێر پێستی دا وەك مێروولە هامشۆ دەكات.)
قەڵس دەبوو، جوانترە.
(چەندان ساڵ بوو مێتال بێ بەش ببوو لە بابی.)
چەندین ساڵ بوو مێتال لە دیدار یان بینینی بابی بێبەش ببوو، جوانترە.
یان دەڵێت: (كەبابیان خوارد، سەیری فیلمیان كرد، سەمایان كرد، پیاسەیان كرد، لە هەموو گرنگتر، قسەیان كرد.)
یانی لە كاتی ئەو هەموو كەبابخواردن و سەیركردنەی فیلم و سەماكردن و پیاسەیە، هیچ قسەیەكیان نەكردییە؟
(سامی سەردانی كچەكەی كرد، لە ئەپارتمێنتە یەك ژوورییەكەی نوستبوو.)
ئەپارتمان لە چەند قات و چەندین ژوور پێك دێت، نەك یەك ژوور.
نووسەر لە لاپەڕە ٧٦ دەڵێت”سامی سەردانی كچەكەی كرد، لە ئەپارتمێنتە یەك ژوورییەكەیدا، نوستبوو.
كەچی هەر لە هەمان لاپەڕە هەمان ئەپارتمێنتە یەك ژوورییەكە، دەكات بە پەنجا نهۆمی و دەڵێت: “سامی ویستی سەرخەوێك بشكێنێت، بەڵام خەوی زڕابوو. چووە باڵكۆن، لە نهۆمی پەنجاوە تەماشای شارەكەی كرد.”.
باڵەخانەی پەنجا نهۆمی و یەك ژوور چۆن دەبێت؟
باشە ئەو هەموو نهۆمە چی بووە؟ مەگەر تەوالێت یان پاركینگی ئۆتۆمبیل بوون؟
یان دەڵێت: (زانایان دەرزیێكیان دروست كردووە بۆ وشككردنی(قشپل)
ئێ قشپل لە بەیانی تا ئێواره تیشكی خۆری لێ بدات، هەر بە خۆی وشك دەبێت، چ پێویستی بە دەرزی و زانایانە؟ یان وشككردنەوەی قشپل پرۆسەیەكی هێندە زانستی و گرنگ و زەخمە؟
یان(هەردوو بوونەوەر دەوەستن و دەروازەیەكی گەورە بە ڕوویاندا دەكرێتەوە، دەڵێی ئاسمان شەق دەبێ.)
تۆ باسی زانست و بوونەوەری ئەلیكتڕۆنی و بوونەوەری تەكنەلۆجی شووشەیی و كانگۆ و هەسارەی كانگۆلۆكا دەكەیت و لە ڕۆمانەكەت پێشكەوتنی زانست و تەكنەلۆژیا گەیشتبێتە ئەو ئاستە كە (ماگنۆسكین)، ئامێری گواستنەوەی هەست و وێنە و دەنگ(دیگ)، كە ئامێرێك بۆ پشكنینی ڕاستی و درۆ و ناخی مرۆڤ دەخوێنێتەوە دابهێنن، بەڵام نەتوانن ئاسمان كەشف بكەن، ئاخو دینگەی هەیە و هەفت قاتە، وەك ئەوەی ئایین دەیڵێت، یاخود بۆشاییە وەك ئەوەی زانست دەیڵێت.)
ئینجا هەر دوای ئەوە دەڵێیت(ئاسمانیش بۆشاییە.) و
باسی(مایكڕۆمێتیۆرتیس)، گەردیلەی بۆشایی ئاسمان دەكەیت.
یان دەڵێیت”عاموودێك دە مەتر بە نێو بۆشایی ئاسماندا درێژ دەبێتەوە.”
كەواتا بۆشایی چۆن شەق دەبێ؟!
بۆشایی-شەقبوون!
(لە دانیشتن قەدی گرتووە.)
دەقی بە دانیشتنەوە گرتووە، یان خووی بە دانیشتنەوە گرتووە. جوانتر و ڕاستترە.
(با كات نەچوێنین)
با كات بە فیڕۆ نەدەین، ڕاستتر و جوانترە.

(تەزووێك بە (سامی)دا دێت.)
تەزوویەك به لەشی(سامی)دا دێت، ڕاستترە.

(بە دەنگێكی نیوچەنووساو.)
بە دەنگێكی نیمچەنووساو، ڕاستترە.

(تۆپە گەورەكە بە زەویدا ورد دەبێت.)
تۆپە گەورەكە بەر زەوی كەوت و ورد بوو، ڕاستترە.

(بێ ویستی خۆی دەستی بە ڕیشە ماش و برنجیەكەی دا دێنێت.)
ڕیشی(ماش و برنج) ڕێنووسەكەی هەڵەیە. ماشوبرنج دروستە، وشەی لێكدراوە.

(لەرزی پەنجەكانی دەشارێتەوە.)
پەنجەكانی بە هۆی لەرزینەوە دەشارێتەوە، ڕاستترە.

(سامی ئاخیر نەفەرە…)
سامی دوا كەس، یان كۆتا كەسە، جوانترە.

(دەیان پرسیار لە سیمایان دەنووسرێ.)
دەیان پرسیار لە سیمایان دەخوێنرێتەوە، یان خۆیان دەردەخەن، یان دەردەكەون، یان لە دایك دەبن، ڕاستر و جوانترە.

(سامی تام لە سپیێتیی و كەڵەكەبوونی هەور دەكات، بەس هەواڵی ناخۆشی خۆكوژەكان و دوا وتەی مێتاڵی كچی تامەكەی لێ تاڵ دەكەن.)

سامی چێژ لە دیمەنی سپیێتیی و كەڵەكەبوونی هەورەكان دەبات، بەڵام هەواڵی ناخۆشی خۆكوژەكان و دوا وتەی مێتاڵی كچی، ئەو چێژبردنەی لێ تاڵ دەكەن، جوانترە.

(چاوانی سەوز و گەورەی، لافاوی نێو چاوی بەر دەدەن.)
ڕێژنەی فرمێسك لە چاوە سەوز و گەورەكانی دەباری، جوانترە و ئەو وەسفەی نووسەر، زۆر ناقۆڵا و ناشیرین و بێتامە.

یان(ڕوومەتی پڕ لە هەوا دەكات و بە هێواشی دەیداتەوە.)
ڕوومەت دیوی دەرەوەیە، چۆن پڕ هەوا دەكرێت؟ دەكرێ بڵێین دەمی پڕ هەوا دەكات. بە پڕهواكردنی ناو دەم، ڕوومەتەكان بف دەدرێن و پێیان دەگوترێ گوپ. ئەها گوپكە بە شتێكی دەرپۆقیو و خڕ دەگوترێت.

(بە دەنگێكی شاناز ڕای دەگەیەنێت).
ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر نەمزانی وشەی(شاناز)لێرە مەبەستی نووسەر چییە؟
ناشێت ئەویش وەك ئەو بەختیار عەلییەی كە گلەیی لێ دەكات، لە داهێنانی بێمانا لە وشە، ئەویش داهێنانی كردبێت.
هیوادارم مەبەستی(ناشاز)بێت و هەڵەی تایپ بێت.
یان(نامورتاحی لە هەواكە ئەوەندە ئەستوورە بە تەوریش ناپسێت.)
نازانم هونەر و جوانیی ئەو دەربڕینە ناشیرین و نا ئەدەبییە لەچیدایە؟
(هەموو داهاتم تەرخان كرد بۆ كردنەوەی خولی دایك و باوكایەتی.)
دوو سێ جار ئەو ڕستەیەم خوێندەوە، هەر نەمزانی مەبەستی چییە لە خولی دایك و باوكایەتی!
(هێندە گەڕانەكەی خۆش دەوێ، بە چل پلە لەژێر سفر تەقەی سەری دێ.)
تەقەی سەری دێ، بەس بوو و زۆر ڕاستتر و جوانتریش بوو.
نازانم حیكمەت و هونەر و جوانیی(بە چل پلە لەژێر سفر)دا لێرە چییە؟
یان(گەرهێندە برسی ئازار بێ، ئەوا ئەو ئازارەی سامی زەلاتەیە.)
ڕستەیەكی تا بڵێیت بازاڕی و ناشیرین و نابەجێیە.
نموونەكان هێندە زۆرن. بەڵام من لێرەوە كۆتایی پێ دێنم و هیوادارام نووسەر لە چاپی داهاتوودا چاكیان بكاتەوە.
ماوەتەوە بڵێم: زمانی نووسەر لاوازە و لە ئاست پێویستدا نییە. وەك نووسەرێكی هاوڕێم گوتەنی، كە ئەویش(مرۆڤی هەرزان)ی خوێندبووەوە، زۆر شڕ و پەڕپووتە.
هەر بەڕاستی لە نووسینی ئەو ڕۆمانە نووسەر هیچ ڕەچاوی زمانێكی ئەدەبی باڵا و بەرز و جوانی نەكردووە و بە زمانێكی زۆر سادە و ڕۆژانەیی ڕۆمانەكەی نووسیوە. ناكرێت ڕۆمانی خەیاڵی زانستیی بەو زمانە شەپڕێو و داماو و نائەدەبیی و كۆڵەوارە بنووسرێت.
زمانێكی لاواز، تێكشكاو، پڕ لە هەڵە و پەڵە و ناڕێكی و ناڕوونی. زمانێكە، بۆ هەر شتێك ببێت، بە كەڵكی نووسینی ڕۆمان و دەقی ئەدەبی نایەت.
بەڕاستی نووسەر لە زماندا هەژارە و پێویستی بە خۆدەوڵەمەندكردن و گەشەپێدانی زیاتر هەیە.

تێبینی: من، چاپی سێیەمی ڕۆمانەكەم خوێندەوە.




سێ شیعری شەماڵ بارەوانی

باوەشێک عەبەس

عیشق ماڵی خەیاڵی شیعری لە نەزۆکی پڕکردم

جگە لە هێنانی جانتایەک گریان و دروستکردنی قەفەسێک بۆ ڕۆحم، هیچیتری بۆ نەکردم

عیشق باوەشێک عەبەسی بۆ هێنام و
ژێدەری جۆگەلەی خۆشبەختی وشککردم

عیشق وەرزێکی تر پاییزی بۆ هێنام و
هەرچی هەمبوو لە خەون و خولیا،
هەمووی لێ ونکردم

عیشق ئۆگر بە پارچە پارچەبوون و فێری سترانی فیراق و هاوەڵێتی تەنیایی کردم

جا عیشق چی لێنەکردم
خەڵکی تەنها جارێک دەمرێت
من بەهۆی عیشقەوە ڕۆژی سەد جار دەمردم
……………………………
سەربوردەی وەهم

ئازیزەکەم،
ئێمە نەسەبمان دەچێتەوە سەر دیباجەی هەرزەگومانێک و
لە منداڵدانی دەهریبوونەوە هاتووین

ئێمە لە نەوەی تیۆرەگوناحێکی سەرسەرین و
تا بینەقاقامان نغرۆی پارادۆکس بووین

وەرە با لە پەراوێزی حەکایەتەکانی هەزار و یەک شەوە چیرۆک بدەینە دەم چیرۆکەوە، بەڵکو مەرگی شەهرەزادێکی تر دوا بخەین و
تووڕەیی نێرە شازادەیەک هێوربکەینەوە

لەشێوەی سیزیف گیرمان خواردووە لە نێوان سێوەکەی خوداوەند و تاتەبەردێکی مەزهەب

بەمیان لە بەهەشت دەرکراین و
بەویان دەماننێرنەوە هەمان شوێن!

دەبێ چەند میقاتی تری بوێت تا بۆ خودای بسەلمێنین کە ئێمە پاکیزەین

ئێستاش هەر دەڵێم چی دەبوو گەر خودا لە بری پەراسووی پیاو، لە میهرەبانی خۆی دروستی کردباین؟

دەی با بگەڕێینەوە
بۆ دەرەوەی فەهرەستی مێژوو و
دامێنی یەکەم نوتفەی زەمەن

بڕۆینەوە سەر سنوورەکانی مەنفا و
لە ئاستانەی خورافەدا خۆمان فەنا فەنابکەین

بڕۆینەوە بۆ تخووبەکانی دۆزەخ و دووباره بە سێوێکی تری نەفرەتی خوداوەند تاقی بکەینەوە

ئێرە چیتر بۆ ئێمە دەست نادات
پڕبووە لە چەمکی گوناه و
لە سەربوردەی وەهم
ڕێگاکان هەموویان دەڕۆنەوە ماڵی سمێڵ
——————
پڕ بە میزاجی نێرێک

بێدەنگ بن ژنێک قسەدەکات
بە ڕاسپۆتینەکانی هەوەس بڵێن جەستەی من مۆنالیزایەکی ئێزدانییە، نەک کێڵگەی خۆخاڵیکردنەوە

لەبیرم دێت من حەسرەتەکانی ژنم دەنووسییەوە،
ئەوان وشەکانیان دەخنکاندم

لەبیرم دێت دەیانگوت ئافرەت لە عەورەتەوە هاتووە و مێ زۆینەی دۆزەخ پێکدێنن!

لێرە هێشتا هەمووان دەڵێن دووکەڕەت کچێک، ئینجا دەکات بە نێرێک!

بەرلەوەی بێم بۆئێرە، گوێم لە قیڕەقیڕی منارەی مەعبەدێک بوو بە دیار تەرمی ڕۆمانێکی نەوال سەعداوی و خەمەهەڵکڕووزاوەکانی ژنێکەوە قاقای دەکێشا

دوێنی نێرەنەریتێک و ڕەشەبایەکی زۆر کۆن بە گڤەگڤێکی جاڕسکەر هەڕەشەی زمانی بڕینیان لێکردم

من لە عادەتی ژنبوونمەوە لەنگەرم گرتووە و
هەرگیز ناڕۆمەوە سەر نەسەبی هیچ ڕەنگێکی پیاوانە

لێناگەڕێم کارمامزی خولیاکانم لەناوقەرەباڵغی لوورەلووری هیچ بیابانێک ڕاوبکرێن و لەژێر پۆستاڵی پاتریارکیدا شووشەی خەونەکانم خوڕەیان بێت

بۆچی دەبێ پڕ بە میزاجی نێرێک قەفەس بۆ حەزەکانم بدوورن

بۆچی پیاو ئیعرابی ڕستەی ژنبوون بکات و وەزن و قافییە بۆمدێڕەکانم دابنێت
خودایە، من لەو موعادەلەیه هەرتێنەگەیشتم!

لە هەمووی سەیرتر!
شەو پارچەمەزهەبێکی مێزەربەسەری هەزار و چوارسەتساڵ بەرلە ئێستام لەژێر سەرینەکەی باوکم دوزییەوە،
تێیدا نووسرابوو: ژن لە حزووری پیاودا نابێت بە دەنگی بەرزپێبکەنێت. بۆچی دەبێ پڕ بە میزاجی نێرێک قەفەس بۆ حەزەکانم بدوورن

بۆچی پیاو ئیعرابی ڕستەی ژنبوون بکات و وەزن و قافییە بۆمدێڕەکانم دابنێت
خودایە، من لەو موعادەلەیه هەرتێنەگەیشتم!




ئازارەکانی شەهرەبانۆ /شیعری شەماڵ بارەوانی

نازانم بۆ پەتەکەی ملی لەیلا قاسم بگریم
یان سوێندە بێ نازەکەی لەیلا زانا

هێشتا بۆنی ئازارەکانی شەهرەبانۆم لێدێت
هێشتا دەنگی فیغانی پیرۆزی ئابادی بۆ کچە کوردە بە کەنیزەکراوەکانی گوڵاڵە و نەهاوەند دەمهاڕێت
هێشتا زامی یەکەم ناپاکی هارپاک بە جەستەی نیشتیمانمەوەیە
هێشتا بە تۆمەتی کڕنۆشنەبردن بۆ ئادەم به ئبلیس تۆمەتبار دەکرێم

سەیرێکی ناوگەلی مێژووم بکەن
سەرەڕای ئەم هەموو فتووحات و تەعریبه
ئەم هەموو فەرمان و ئەتککردنە
هێشتا بۆنی بەرائەت و خوێنی پاکیزەیی لێدەچۆڕێت

بیرتانە کە لەبە هەشت دەرکراین، تەنانەت خوداش بێدەنگ بوو!

تەنها لەسەر ئەوەی گوتم ڕەگم دەچێتەوە سەر دەمارەکانی سەید ڕەزای دێرسمی، بە قەڕنێک زیندانی مەحکووم کرام

ئەوان قبووڵ ناکەن بڵێین لێرەبوو یەکەمجار مەشخەڵی شارستانییەت هەڵی کرد
لێرە بوو خۆری ئێزدانییەت هەڵهات و
هەر لێرەش بوو یەکەمجار حەکایەتی ژیان دەستی پێکرد

ئەمڕۆ ڕۆیشتمە سەر گڵکۆی یەزدەکورد و
پێکەوە بۆ ڕووخانی دەوڵەتی ساسان
زۆر بە کوڵ دامانە قوڵپی گریان

هێشتا ئایەتەکانی خودا موتوربەی لاپەڕەکانی زەمەن نەببوون
ئێمە لە پەراوێزی سورەتی ئەنفال دا زیندانی کراین
هێشتا وشەکانی خودا لە لەوحی مەحفووزدا زمانیان نەگرتبوو
ئێمە خەڵتانی بێ دەنگی کراین

لەگەڵ یەکەم نوتفەی وجوود، ئێمە گیرۆدەی قەفەز بووین
دوای دووهەزار و ئەم هەموو ساڵە، هێشتا لە ناهارمۆنییەتی زەمەن لەگەڵ خەریتەی خەونەکانی کورد تێنەگەیشتووم
هێشتا من و خودا لەسەر سێوەکەی بەهەشت لە جەدەلەتییەتداین

جارێ لەسەر تەوقیتێک کۆک نیم،
نازانم کەی دەگەڕێمەوە سەر تخووبی وەرزی ماد و
تەوقی ئەو نەفرەتە ئەزەلییه لە بەرۆکی ڕۆڵەکانی ئێزدا و مێژووی لالش دەکەمەوە
نازانم کەی دەبمەوە بە ئەردەشێرەکەی جاران و
دووبارە ئاگری ئازادی لە ئاتەشگا ڕووخاوەکەی ئەشۆ زەردەشت دەکەمەوە




خۆشم دەوێی.. شەماڵ بارەوانی

خۆشم دەوێی
خۆشەویستی ئازادیخوازێک
بۆ سەورەکەی
پابەندم پێتەوه
پابەندی بارانێک بۆ هەورەکەی

خۆشم دەوێی
خۆشەویستی نازیزمێک بۆ فیکرەکەی
لەوێردی عیشقدام و
پابەندم پێتەوە
پابەندی دەروێشێک بۆ زیکرەکەی

خۆشم دەوێی
خۆشەویستی دیلێک بۆ سەربەستی
بێزارم لە دووریت
بێزاری گرتییەک لەو زنجیرەی هەردوو دەستی

خۆشم دەوێی
خۆشەویستی شاعیرێک بۆ چامەکەی
پابەندم پێتەوە
پابەندی نووسەرێک بە خامەکەی

خۆشم دەوێی
خۆشەویستی ستالین بۆ ستەمەکەی
پابەندم بێتەوە
پابەندی یاریزانێک بە گەمەکەی

بێزارم لە دووریت
بێزاری خەمبارێک لە خەمەکەی
ڕقم لە ڕقتە
بەقەد ڕقی
کازیوەی سپێدەیەک لە تەمەکەی

خۆشم دەوێی
خۆشەویستی لۆکە بۆ نەرمییەکەی
بێزارم لە نەهاتنت
بێزاری مانگی تەممووز لە گەرمییەکەی

خۆشەم دەوێی
خۆشەویستی کۆترێک بۆ هێڵانەکەی
بێزارم لە بێزاریت
بێزاری عاشقێک لە ناپاکی و جێهێڵانەکەی
پابەندم پێتەوە

پابەندی جووتیارێک بە زەویکێڵانەکەی

خۆشم دەوێی
خۆشەویستی ماسییەک بۆ ئاو
پابەندم پێتەوە
پابەندی گوڵبەڕۆژەیەک بۆ هەتاو
بێزارم لە بێزاریت
بێزاری کەپیتاڵیستێک
لە مارکس و لەنین و ماو

خۆشم دەوێی و پابەندم پێتەوە
وەک پابەند بە مــرۆڤبوونەکەی بـودا
خۆشم دەوێی خۆشم دەوێی بەقەد خــودا

شەماڵ بارەوانی




خەمێکی تری سەرسەری.. شەماڵ بارەوانی

وەرە با سنوورەکانی ئەو هەسارەیه ببڕین و
لە فۆرمێکی تر گەمەی عیشق دەست پێبکەینەوە

وەرە با ڕەهەندەکانی ئەو گەردوونە هەڵبوەشێنینەوە و
کراسی وەرزێکی تر بپۆشین

وەرە با منداڵ منداڵ ببینەوە و
بڕۆینەوە سەر نەسەبی گریانێکی بێعار

وەرە با دەست لە ناکۆکییەکان هەڵگرین و
لە ڕوانگەیەکی شاعیرانەوە تێکەڵ بە فەزای بوون ببینەوە

من نامەوێ چیتر لە سەردابی زەمەنێکی پووچدا سەوڵی سەرگەردانی لێبدەم و
لە تخووبی پەرێزی بیابانێکی بێ مانادا کراسی خۆشباوەڕی لەسەر تەنافی گەمژەیی هەڵخەم

نامەوێ دووبارە دەست لەگەڵ کاروانی فرمێسک تێکەڵ بکەمەوە و
بڕۆمەوە ناو بۆتەقەی خەمێکی تری سەرسەری

نامەوێ چیتر نەخشەی نیشتیمانێکی بێ ناونیشان بکێشم و
خەونەکانم لە چوارچێوەی تابلۆیەکی سوریالیستی دا ڕەنگ بکەم




دوو شیعری شەماڵ بارەوانی

دەڤەری بێدەنگی

لەو دیوی خەونێکی هەڵکڕوزاوەوە هاتووم

شیعرەکانم بۆنی پیرییان لێ دێت

من لەمێژە هەڵوەرینم کردووەتە ئەدرەس و
هەموو وشەکانم ڕەنگی ماتەمیان گرتووە

لێم گەڕێن تکایە، دەمەوێ بڕۆمەوە دەڤەری بێدەنگی و
هەرێمی بێتاقەتی بکەم بە نیشتیمانی ئەبەدیم

دەمەوێ ببم بە هاوەڵی سەراب و
لە کەنار دەریای نا ئومێدی لەنگەر بگرم

تاقەتی هیچ شکستێکی ترم نەماوە
چیتر بەرگەی وەرزێکی تری پاییز و هیچ دۆڕانێکی تر ناگرم

گوتم من پیاوی عیشق نیم نا، ئەوە بۆ تێناگەن.

ئاستانەی ئامێز

حەزەکەم
لە ئاستانەی ئامێزت دا کەسێکی بێ حەوسەڵە بم
ببم بە گوڵ و لە ئینجانەی ڕۆحتدا سەوزبم

حەزدەکەم
ببم بە هەڵۆی ماچ و لەسەر لوتکەی لێوت بگیرسێمەوە
ببم بە ناونیشان و لە هەواری هۆنراوەکانت بتوێمەوە

حەزدەکەم
ببم بە پێنووس و دەفتەری بوونت پڕکەم لە وردە خەون
ببم بە حەرف و لە ئامێزی دێڕەکانت فەنابم
هاوشێوەی خودا و کەون

حەزەکەم
ببم بە ڕەنگ و بخزێمە چوارچێوەی میهرەبانیت
ببم بە ئاوی دیدە و
بڕژێمە ناو چۆمی چاوەڕوانیت

شەماڵ بارەوانی




هەموو ڕێگاکان دەڕۆنەوە سەر گۆڕی دایکم.. شەماڵ بارەوانی

دایکم خوێندەواری نەبوو

کەچی باشترین شاعیر و نیگارکێش بوو!

دایکم نە هیچ دیوانەشیعرێکی دوای خۆی جێ هێشت و

نە لە ژیاندا پێشانگایەکی شێوەکاری کردەوە

کەچی  لە فرمێسکەکانی جوانترین

شیعری دەهۆنییەوە و

نایابترین تابلۆی دەکێشا

دایکە لە بێتۆییدا،

هەموو شتەکان بۆنی بێزاریی دەدەن

نە ڕەنگەکان وەک جاران دڵخۆشم دەکەن، نە بە گوێگرتن لە  مۆسیک هەست بە چێژ دەکەم، نە سەرمای زستان گەرمم دەکاتەوە و نە ئامێزی هیچ کچێک ئارامیم پێ دەبەخشێ

هەست بە زەمهەریر دەکەم

سەر بە هەر گوڵێکدا دەکەم، بۆنی ژەهری لێدێت

هەر پۆرترێکت دەکێشم، چوارچێوەکەی دەچێتەوە سەر ڕەنگی کولێرەکەی دەستی تۆ

ئەم کەونە، وەک سێبەری حەقیقەتێکی ون بوو، خۆی دەنوێنێت

ئەم سنووری بێدایکییە زۆر سەخت دەمهاڕێت

چ چۆڵەوانییەکە ئەو مەملەکەتەی بێدایکی

هەر بیابانە تێیدا چرۆدەکات، هەر فرمێسکە و باڵ دەگرێت

تەماشام پڕە لە چۆڵەوانی

دەڵێن سەر شۆستەکان پڕن لە مرۆڤ

بەڵام من جگە لە تەنیایی، هیچی تر نابینم

دڵنیام ڕۆژێک دێت ئێوەش تێدەگەن کە بێدایکی، چ دۆزەخێکە

سەیرە!

هێشتا واعیزی گەڕەکەکەمان بە دەنگە جاڕزکەرەکەی

 دەڵێت بەهەشت لەژێر پێی دایکدایە

 من نە دایک و نە بەهەشت، هیچیانم نەماوە

دایکم کە مرد،

تەنها باوڵەکەی کاتی بۆکێنی خۆی و زەرفێک پاشماوەی خەمی باوکمی وەک میرات و یادگاری بۆ جێهێشتم

 جاران بابایەکی بڕواداربووم

 لەگەڵ مردنی دایکم، خوداش مرد

لەمێژە من نە دەچم  بۆ هیچ کلێسایەک و نە لای خاچی عیسا

 نە دەڕۆم بۆ ئۆرشەلیم  و نە ئاتەشگا

نە هیچ مزگەوتێک بەسەر دەکەمەوە و نە ئەو شوێنانەی کە ناویانناوە ماڵی خودا

 لێرە هەموو ڕێگاکان لە بری ڕۆما، دەڕۆنەوە سەر گۆڕی دایکم

تا ئێستا بۆ هیچ شتێک لەو شتانەی کە لێم ونبوون نەگەڕاوم، تەنها دایکم نەبێ

بمبوورن، دەزانم کە بڕێکجار زۆر گەمژەم! دەمەوێ بە خەیاڵ خۆم فریودەم و خەمەکانم بە جگەرەیەکی بێتاقەتی لەگەڵ پێکێک مەستیی لە بیرم خۆم بەرمەوە

 ئەفسووس! زۆر هەوڵم دا لە دوای مەرگی دایکم بیانووەک بۆ ژیان و مانایەک بۆ بوون بدۆزمەوە، کەچی هێشتا هەر دەستەوسانم

تا بیسەلمێنین کە دایکیش خودایە، تەنها پێویستمان بە ڕۆنانی پەیکەرە خواوەندێکی ترە

دایکە، لە بێتۆییدا نەخشەی دڵم خەریکه وەک لاشەی نیشتیمان هەپروون هەپروون  بێ

وەک باران ڕووتم

وەرە بە کراسی هەستت دامپۆشە

من ڕقم لە بیابان و خامۆشییە

وەرە بە فانۆسی سۆزت ئەو کیشوەرەی بێدەنگیم داگیرسێنە

دایکە، من شاعیرێکی ترسنۆکم، لە تاریکی دەترسم

وەرە ئامێزی ڕووناکیت لە باڵای بێنازیم وەربێنە

وەرە و دڕکی ئەو خەمە گەورەیە

لە پاژنەی ڕۆحم دەربێنە

بۆچی هێندە بێموبالاتانە و بێدەنگ ڕاکشاویت

هۆ دایە

گوتم هەڵسەوە تکایە

ئەو شوێنە غەریبە لەتۆ نایە

دایە،

کێ وەک جاران نوقڵم بداتێ و

چیرۆکم بۆ بڵێت

کێ دڕک لە پێیەکانم دەربێنێت و

قژم دابێنێت

کێ لایلایەم بۆ بڵێت و

ئامێزم تێوەربێنێت

دایکە، دوای تۆ زۆر هێتیم کەوتووم

 تەنها لە تەمەن گەورەبوومە

بە ڕۆح هێشتا منداڵە لاسارەکەی جارانم

ئەو منداڵەی هێشتا پێویستی بە نغرۆبوون لەناو نازی دایکە

ئەها سەیرکە چەند پەرێشانم دایە

 گوتم هەڵسەوە تکایە، تابووت و گۆڕستان لە تۆنایە

تکایە، ڕۆحی من بۆخۆت بەرە و

دایکمم بۆ بگەڕێنەوە ئەی خودایە

دایکە تکایە، هەڵسەوە و وەکو جاران لەناو تەشتی دڵپاکیدا

بە ئاوی بەرائەت بمشۆرە

ئایەتەکانی بەختەوەریم لەسەر بخوێنە و

عەلاگەی چاوەڕوانیم پڕکە لە وردە ملەبەزی پێکەنین

بگەڕێوە و دەیجوورە تاریکەکانی ماڵەوە

بە وەسیەتەکانت ڕووناک کەرەوە

سەیرە!

تۆ کێوبوویت، چۆن وا بە ئاسانی مامزی تەمەنی خۆتت

خستە ژێر ملی چەقۆی ئەو گلە دڵڕەقە!

مردن زۆر لەوە بچووکترە کە دایکم ببات

ئەها سەیرکەن، چیم بەسەرهاتووە

هێندە سەرگەردانم، لە گەردیلەکانی جەستەی دایکم پەرتوبڵاوترم

هەر دەلێی لە لەوحی مەحفووزەوە موتوربەی تەنیایی کراوم!

بازاڕ جممەی دێت لە هیچ، دەوروبەرم هەمووی هیچە، کەچی من هەست بە هیچ ناکەم

ئەو ئازارە سەرمەدییانەی من، بە هیچ مۆرفینێک ڕامناکرێت

دایکە تکایە، بەس تۆهەڵسەوە، بەڵێن بێت

ئیتر لێناگەڕێم خەمی لەوە گەورەتر، لە قەفەسی ڕۆحم داگیرسێت

لێناگەڕێم قەبارەی عەبەسییەتەکەم

لەوە عەبەستربێ

لێناگەڕێم

ئاوی حەسرەت لە دەریای چاوەڕوانیمدا

پەنگ بخواتەوە

لێناگەڕێم کوندەپەپووی ڕەشبینیی،

لەسەر تەنافی ڕوانگەم بنیشێتەوە

لێناگەڕێم

وەرزێکی تری خلیسکان

لە پێدەشتی خەونەکانم دەسپێبکات و

ڕەوێکی تری قەڵەقی وجوودی هەناسەکانم

بەسەرکاتەوە

دایکە، بەس تۆ هەڵسەوە، بەڵێن بێت بڕۆمە تەوالێتی زەمەن و

خۆم لە تاڵیی بەتاڵ بەتاڵ کەمەوە.

شەماڵ بارەوانی




پاشماوەی ئاتەشگایەکی ڕووخاو.. شیعری شەماڵ بارەوانی

ئەگەر هاتی و من لێرە نەبووم
لە بیابانی عەرعەر بۆم بگەڕێ
من لەوێ
لەژێر کەڵبەی لمی بیابان و تۆزی پۆستاڵی تەعریبدام
ئەگەرهاتی و ئێره بۆنی ئەنفال و خوێن و خەردەل و بێنازی لێدەهات
سەیرێکی لاپەڕە دڕاوەکانی ئاڤێستا و فرمێسکی گاتاکان بکە
من لەناو پاشماوەی ئاتەشگایەکی ڕووخاوی زەردەشتدام،
بۆ شازدەی سێ
لەگەڵ پیری مۆغان
خەریکی خوێندنەوەی یەسناکان و نـــزام




نەمزانی وازوو.. شیعری شەماڵ بارەوانی

نەمزانی وا زوو
بە فووی خیانەت چرای پەیمان دەکوژێنیتەوە و
کراسی عیشق دەدڕێنیت

نەمزانی وا زوو
بەرماڵی نزا دەپێچیتەوە و
ڕووگەی مەیلت دەگۆڕیت

نەمزانی وا زوو
سەبەتەی یەقینم پڕ دەکەیت لە تاتەبەردی گومان و
حەللاجی خۆشبەختیم لە تەنافی شبلی هەڵدەواسیت

نەمزانی وا زوو
ئۆقیانۆسی خەونەکانم لێوانلێو دەکەیت لە پرووشەی فرمێسک و
جانتای پێکەنینەکانم دەدزیت

نەمزانی وا زوو
هەیوانی نیگام لە دیدارت ڕووت ڕووت دەکەیتەوە و
بە تەمی تەنیایی ئاسمانی چاوەکانم دادەپۆشیت

نەمزانی وا زوو
خونچەی خەونەکانم لە تابووتی دڵ ڕەقیتدا دەنێژیت و
کۆتری گەشبینیم بە سنووری سەراب دەسپێریت

نەمزانی وا زوو
چارۆکەی ماتەم لەسەر بەڵەمی شادیم هەڵدەکەیت و
چوارچێواەی تابلۆی خەیاڵم پڕ دەکەیت لە ڕەنگی حەسرەت

نەمزانی وا زوو
باڵی پەپوولەی هەستم زامداردەکەیت و
لەجێی هەر خەونێکی سەرزەمینی ڕۆحم
نەمامەخەمێک دەڕوێنیت

شەماڵ بارەوانی




بیرتە؟.. شیعری شەماڵ بارەوانی

بیرتە ملوانکەی خەونەکانمان لە تەنافی ئاییندە هەڵدەواسی و
فەرشی بەڵێنمان بە نەخشی نیگا دەچنی؟

بیرتە کراسی حەزمان لەبەر تریفەی مانگ هەڵدەخست و
ئەلبوومی ژوانمان پڕ دەکرد لە وردەچیرۆکی عاشقانە؟

بیرتە پاشماوەی یادەوەرییەکانمان کۆ دەکردەوە و
تابلۆی عەشقمان بە نۆتەی هەناسەکانمان ڕەنگ دەکرد؟

بیرتە نەمامی شادیمان لە کتێبی هەست دەڕواند و
تەلاری خۆشبەختیمان ڕۆ دەنا؟

بیرتە موستیلەی تامەزرۆییمان لە پەنچەی دیدار دەکرد و
نوێژی سۆزمان دەبەست؟

بیرتە هێلانەی دڵداریمان پڕ دەکرد لە چیلکەی حەز و
هەوری تەنیاییمان ئاوێتەی باوەشی ڕەهێڵەی بارانی مەحەببەت دەکرد؟

بیرتە هۆنراوەی ئەوینمان پڕ دەکرد لە میلۆدی پەیمان و
واژۆی ئەبەدیمان لەسەر پەڕەی گوڵی دێڕەکان دەکرد؟

بیرتە هێشتا ڕەنگی خامەی خۆشەویستیمان هەڵنەپڕوکابوو و
باڵی چۆڵەکەی عەشقمان نەشکابوو؟

بیرتە هێشتا کێڵگەی ئیلهامی شیعریم ئیستاتیکای لێ دەڕوا و
سەبەتەی لێومان پڕبوو لە ماچ؟

بیرتە هێشتا ئینجانەی ئاواتەکانمان نەشکابوو و
کەشتی خەندەکانمان لە کەنار دەریای دابڕان لەنگەری نەگرتبوو؟

بیرتە هێشتا لقی قافییەی شیعرم نەچەمابووەوە و
هێشووە ترێی خۆزگەمان هەڵنەوەری بوو؟

بیرتە پەپوولەی نیگات لە ئاسمانی دیدەم دەفڕی و
شەتڵی هەناسەکانت موتوربەی درەختی ڕۆحم دەکرد؟

بیرتە قاوەی بەختمان بۆ باڵندەی ئومێد دەگرتەوە و
کۆرپەی مەراقمان لە مەزاری ئامێز دەناشت؟




چیتر پەراوێزی ناپاکییەکانت بە من ئیعراب ناکرێت.. شەماڵ بارەوانی

جارێکی تر لە پەنجەرەی دڵپاکییەوە موخاتەبەی دڵێک ناکەم لە نەسلی نیرۆن بێت و
لێناگەڕێم مۆرانەی نا ئومێدی بە دیواری خەونەکانم هەلزنێت
جارێکی تر ناڕۆمەوە سەر نەخشەی سەردابی زەمەنێکی لەدەستچوو و
لە کیشوەری خۆشەویستییەکی ساختە ڕەشماڵی بێهۆدەیی هەڵنادەم
تۆ ئەو ئاسمانە نەبوویت مەلی سەرگەرانیم تێیدا باڵ بگرێت و
بارانی ئارامی لە بیابانی تامەزرۆییم ببارێنیت
خۆت مەخەرە دەربەندی ڕێزمانی وشەکانم
چیتر پەراوێزی ناپاکییەکانت بە من ئیعراب ناکرێت
ئەو هەموو گوڵەی خۆشباوەڕیم
لە جوگرافیای بەڵێنەکانت ڕواند
ئەو هەموو سەوڵەی مەراقم لە کەناری درۆیەکانت لێدا
تۆ نە ئەو فەزایە بووی کە کۆتری ڕۆحم تێیدا لە شەققەی باڵ بدا و
نە ئەو دەریایەش بووی کە کەشتی ئۆقرەییم تێیدا بگیرسێتەوە
بڕۆ، نامەوێ چیتر لە بازنەی وەهمدا بخولێمەوە و
ڕۆژەکانم لە ئاستانەی فریودان بەڕێ کەم




ئەرگوێمێنتی منداڵی.. شەماڵ بارەوانی

دەمەوێ مۆسیقای وشەکانم بچنەوە سەر نەسەبی ئەلفوبێی سەراب و
ملوانکەی ئەم هەموو قەیرەحوزنە لە گەردنی شیعرەکانم دابماڵم

دەمەوێ بڕۆمەوە کەناری متبوون و بەدەم سیگاری حەسرەتەوە
بێدەنگی بکەم بە ناونیشانی دێڕەکانم

نامەوێ چیتر کانی مەراقم جۆگەلەی ڕەشبینی لێ بڕژێت و
هەوری ئاسمانی دیدەم بارانی قەڵەق ببارێنێت

نامەوێ جارێکی تر مۆرانەی هاڕین بە پلیکانەی ڕۆحم سەرکەوێت و
کۆرپەی سەرگەردانیم لە ئاستانەی خەونێکی نەزۆکەوە سەربنێتەوە

دەمەوێ بڕۆمەوە سەر لەهجەی بێتاقەتی و لە قافیەکانی زەمەن ڕەها ڕەها دەبم

هەرگیز نەدەبوو هەموو شتێک لە ڕوانگەی ئەرگوێمێنتی منداڵییەوە ببینم

دڵنیام دوای ئەم فەسڵەی فریودان مەوسمێکی تری کاڵبوونەوە
هەواری تەنیاییم بەسەردەکاتەوە و دووبارە ڕەنگەکانم دەڕۆنەوە دواسنووری ئاوابوون

ناچارم کاژی نیگەرانی فڕێدەم و فەسڵێکی تری ئالوودەبوون بە فرمێسک دەست پێبکەم

ناچارم پێکێکی تری عەزاب بنۆشم و پەڕە پەڕەی دەفتەری بیرەوەرییەکانم بدڕێنم




وێردی فەنابوون.. شەماڵ بارەوانی

وەرە ژێرکراسی حەز و سوخمەی تامەزرۆییت
لەسەر ترۆپکی نائومێدییەکانم هەڵخە و
ڕستێک بززە لە لێواری تابلۆی خەمەکانم بچێنە

وەرە لە خەراپاتی بوونم جیلوە بکە و
هەرەمی فیراق بڕمێنە

وەرە کۆتری سوریالیستی دەروازەی ڕۆحم سەرببڕە و
پەردەی ئاسمانی نیگەرانییەکانم بدڕێنە

وەرە پەراوێزی دیدەم ئالوودە بکە بە حیکمەتی سووتان و
کوپێک قاوەی دیدارم بۆبێنە

وەرە بە دەم نۆشینی جامێک مەی غوربەتەوە،
مۆمی تامەزرۆیی لە دیوەخانی دڵتەنگیم دابگیرسێنە

وەرە دەم بخەرە دەمی شیعرەکانم و
ئامێز لە دەیجووری دێڕەکانم وەربێنە

وەره قەسیدەی ماڵئاوایی لە ئەلبوومی یادەوەریم بسڕەوە و
چەپکێک ماچ لە دەربەندی گۆنام بڕوێنە

وەرە لە خانەقای تەنیاییمدا گیتاری ئاوێتەبوون بژەنە و
دڕکی ژان لە پەرێزی چاوەڕوانیم دەربێنە

وەرە بەرماڵی نزام پڕ کە لە وردە موناجاتی عیشق و
واز لە قانوونی عەبەس بێنە

وەرە ببە بە ڕابیعەی ویساڵ و بە دەم سەمایەکی سۆفیانەوە، وێردی فەنابوونم بۆ بخوێنەوە

وەرە زەمهەریری کیشوەری ئومێدم هەپروون هەپروون کە و
بە پەنچەی دەفی سۆزت گڕی ئەو دۆزەخەی جوگرافیای ڕۆحم دابمرکێنە




حیجاب لەنێوان ئازادی و ترس دا!.. شەماڵ بارەوانی

کێشە ئەو پارچەپەڕۆیە نییە کە ئەوان ناویان ناوە (حیجاب و نیقاب)، بەڵکو مەترسییەکە ئەو ئەجێندا ئیسلامگەرا و فیکرە ئیخوانگەرا مەترسیناکەیە کە لەپشت ئەو پڕۆژەی بە کابولکردنی کوردستان و ئەو تاجی قوڕلەسەرنانە(تاجی زێڕین)یە کە دەخرێتە سەری ئەو هەموو کچە منداڵ و هەرزەکارەی نیشتمانەکەم و مێشکیان پڕی کۆد و فیکری داعشی دەکەن.

کێشەکە هەر ئەوە نییە کە ئەوان دەبێ دەرگای فەزای تایبەتی و گشتی ئەو وڵاتە بۆ چاڵاکییە حزبی، ئایدیۆلۆژییە ئیسلامییەسیاسییەکەیان لەسەر پشت بێت و نابێت کەسیش ڕەخنه لەو هەموو هەوڵ و چاڵاکییە بە داعشکردن و بە تەعریبکردن و ئەنفالکردنەی کلتور و ناو و جل و بەرگ و هەموو شتێکی کوردیمان بگرێت، بەڵکو کارەساتەکە ئەوەیە کە جوودابیران و ئێمەی سیکۆلار و بۆمان نییە ساڵانەش بێت فێستیڤاڵێکی جلی مۆدێرن و نمایشێکی جیاواز و شتێکی جیاواز لە ئاڕاستە و دۆگم و ئیدەلۆژیای ئیسلامی سیاسی و سەلەفییەتی دینی بکەین.

کێشەکە هەر ئەوە نییە کە ئەقڵ و هۆش و منداڵێتی ئەو هەموو کچە منداڵ و هەرزەکارە بێ باکگراوەند، سادەلەوح، ناڕۆشنبیر و ناهۆشیارە وێران دەکەن و نیقاب و حیجابی خەلیجییان لەژێرناوی ئایین دەخەنە سەر، بەڵکو مەهزەلەکە ئەوەیە کە هەموو ئەوانە بە بیرێکی مەترسیناک و داعشی تەلقین دەدرێن و دەبن بە دووژمنێکی سەرسەختی ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵگەی مەدەنی و کراوە و لە کۆمەڵگا و لە سۆشیال میدیا، دێن و جوێن به جودابیر، ئایینەکانی تر، کچی سفوور، هونەرمەند، ئەکتەر، گۆرانیبێژ، شایی ڕەشبەڵەک، شیعر و تابلۆ و هونەر و مۆسیقا و ئازادی و دار و بەرد دەدەن و بەهەرشتێکدا هەڵدەشاخێن و هێرشی دەکەنە سەر، کە لەگەڵ میزاج و فیکریان نەگونجێت. وەک ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە کۆمەڵگەی کوردی.
ئەزیزم، مەڵێ ئەوە ئازادی تاکە و تۆ بۆ قسەی لەسەر دەکەیت؟!
هەڵبەتە لەچک و باڵاپۆشی بەو مانا و مەفهووم و حەملە ئیخوانییەی کە ئێستا لە کوردستان دەکرێت، هیچ پەیوەندییەکی بە ئازادی و شتەوە نییە. ئازادی دەبێ هۆشیاری لەگەڵ دابێت. نەک هەستی پاکی منداڵی هەرزەکار کە هیچ لە واتای ئازادی نازانیت، بقۆزیتەوە و بکەیت و بێیت و بە ئاگری دۆزەخ و ترسی ئایین و چەمکی بەڕەڵایی بیانترسێنیت، تا بۆت ببن بە کەرەسەکی خاو و داماو و بە ئاسانی بتوانیت ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی و کڵاوی ئیخوانییەت و ڤایرۆسی تەعریبیان بخەیتە سەر. بە دڵنیاییەوە ئازادی و ترس، چ جاران پێکەوە کۆنابنەوە. من دایک و خوشکەکانم هەموو موسوڵمانن و لەچکیش دەکەن و تا سەرمۆخی یەسقان ڕێزیان دەگرم و هەرگیز ئێمە دژی لەچک و باڵاپۆشی نین، بەڵکو دژی ئەو حەملە ئیخوانی و ئیسلامییە سیاسییە مەترسیناکەین کە ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانە بە ناوی (تاجی زێڕین)ـەوە ئەنجامدەدرێت.
سەیرە! لەچک و جلپۆشین و چی پۆشین و چی نەپۆشین شتی تایبەتین و چی پێویست دەکات فێستیڤاڵی بۆ ڕێکخەیت و حەملەی ئیخوانی بۆ دەست پێبکەیت؟




باڵاپۆشیت یان نا، بەمن چی!.. شەماڵ بارەوانی

گەرچی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان من تەنها لە فەیسبووک چاڵاکم و ئەوانەی تر زۆر کەم بەکاردێنم. بەڵام وەک نووسەرێک ڕۆژانە گەر بەخێرایش بێت، ناچارم گوزەرێک بە ماڵی تیک تۆک، سناپچات و ئەنیستاگرامیش دا بکەم. تا بزانم لەم هەوارانەش چیدەگوزەرێت و ئەو کوردە داماوە خەریکی چییە. تا بێم و لەسەری بنووسم و پەنجە بخەمە سەربرینەکان و دەرد و نەخۆشییەکانی کۆمەڵی کوردی و تاکی کورد دیاری بکەم.

 ڕۆژانە شتی وا سەریر و کۆمێدی و گاڵتەجاڕ دەبینم، لە یەککاتدا دەمەوێ بدەمە قاقای پێکەنین و پڕمەی گریان.

لەخۆم دەپرسم: هەربەڕاستی باشە بۆچی ئەو خەڵکە وای بەسەرهاتووە و خۆی دەکات بە گاڵتەجاڕ و مەززە و بەزم؟!

دەنگێک لە ناخەوە پێم دەڵێت: ئێ هاوڕێ نەتبیستووە کە سەردەمی پڕوپووچییە و سۆشیال میدیا پووچترین مرۆڤت بۆ دەکات بە ئەفسانە و ئایکۆن؟

نازانی کە سەردەم سەردەمی نمایش و ساختەچیانە؟

خانمێک کە پێشووتر گۆرانیبێژبوو، لەو یەک دووڕۆژە یەک دوو دەرکەوتنیم بینی لە سۆشیال میدیا. ئەو خانمە کە کوشتەی دەستی ناوبانگ و خۆدەرخستنە. کاتی گۆرانبێژیش هەروابوو و هێندەی هەوڵی دەدا، هەر بۆ نە دەکرا و نەدەناسرا.

هەڵبەتە نووسینەکەم بە تەنها ڕووی لەو خاتوونەنمایشکارە نییە، بەڵکو گشتییە و ئەو خاتوونە مشتێکە لە خەروارێک.

 بە دڵنیاییەوە ئەو خاتوونەش کە ئێستا خەریکی نماییشە و دەیەوێت جوێندەر و مێگەڵی سۆشیال میدیای کوردی وازی لێبێنن و چیتر جوێنی پێ مەدەن و قبووڵ بکەن، وەک زۆرێکی تر. چاک دەزانێت کە کۆمەڵگەی کوردی تووشی چی بەڵا و دەرد و بەزمێک بووە و کوێی دێشێت، بۆیە ئەویش لەوێوە بۆیان دێت و دەستی لە کەسایەتی ڕاستەقینەی خۆی بەرداوە و هاتووە ماسکی بەستووە و چووەتەسەر ئاواز و ئایدلۆژیای ئەوانی تر،  تا جوێنی پێنەدرێت و قبووڵ بکرێت!

ئەو خانمە دەزانێت لەو کۆمەڵگە بە داعشبووەی باشوور چەندە سەختە کە دووڕوو نەبیت و جیاواز لەوانی تر بیربکەیتەوە و  بپۆشیت و بۆخۆت و وەک خۆت بژیت و نەچیتە سەرمەزهەب و عەقیدە و دیدەنیگا و شێوەی ئەوانی تر.

وەک خۆی دەڵێت: بەرلەوەی ببم به باڵاپۆش، چاودێریم دەکرد هەم لە پەیجەکەی خۆم و هەم لە هی خەڵک، کۆمێنتەکانی بۆم دەهاتن، هەمووی جوێن و سووکایەتی و هێرش بوو. بەڵام لەوەتەی حیجابم کردووە، سوپاس بۆ خوا ئێستا هەموو کۆمێنتەکان دەستخۆشییە. ئەوە دڵم زۆر خۆش دەکات.

ئەوەی دەمەوێ بیڵێم،

یەک:

بێگومان قسەی ئەوخاتوونە سەلمێنەری ئەوەیە کە جوێندەری سۆشیال میدیا، زۆربەی موسوڵمانی کوردە.

دوو:

 وەک ئاماژەم دا، کە ئەو خاتوونە لە سۆنگەیەکی ئازادانەوە بڕیاری نەداوە واز لە گۆرانی گوتن بێنێت و لەچک بکات، بەڵکو لە ژێرفشاری جوێندەرەکانی سۆشیال میدیا و بۆ لایک و کۆمێنت و دەستخۆشی و ڕازیکردنی دڵی ئەوانی تر و قبووڵکردنییەتی لای تاکی مێنتاڵێنت بە داعشبوو و جوێندەری سۆشیال میدیای کوردی.

زۆرجار لە نموونەی ئەو خانمە هەن، کە بە ئەقڵی مێگەل ڕادەبوێرن لە سۆشیال میدیا، دووسێ و ڕۆژ و ماوەک لەو نمایشە بێتامەی(لەچککردن و پاڵاپۆشی) بەردەوام دەبن تا هەندەک لایک و کۆمێنت و ڤیۆ و دەستخۆشی و ئەی جەزاکەلڵا و وەی مە ماشەلڵا و شت لە سۆشیال میدیا کۆدەکەنەوە، ئینجا لەچک و باڵاپۆشییەکە واز دێنن و دەچنەوە سەربەزمی جاران و دووبارە دەکەونەوە بەرشاڵاوی جوێن و سووکایەتی و هێرشی مێگەل لە سۆشیال میدیای کوردی. لە نموونەی خاتوو یارجان و دیلانار و چەندانی تر.

لەوەش گاڵتەجاڕتر کە شەیدایانی ناودەنگ و ماسکچی و ساختەچی و مەززەکانی سۆشیال میدیای کوردی دەیکەین، شتی تایبەتی خۆیان هەموو دێننە نێوفەزای فەوزای سۆشیال میدیا!

ئەو خانمە دەڵێت خوشکەکەشم دوای خۆم بوو بە باڵاپۆش و ئێستا لەگەڵ کچەکەشم وا خەریکم تا ئەمیش ببێت بە باڵاپۆش!

ئێ باشە تۆ و خوشکەکەت و کچەکەت ببن به باڵاپۆش یان نەبن، ئەوە کەی کێشەی خەڵکە و پەیوەندی بەوانی ترەوە هەیە؟

دادەگیان، گەر تۆ ڕاست دەکەیت و خەریکی نمایش و موجامەلە و دووڕوواتی نیت، دەبێ سەرەتا ئەوە بزانیت کە ئایین پەیوەندییەکی ڕۆحی و مەعنەوی نێوان تاک و خوداوەندە و چی پێویست بەو یارییەی خۆڵکردنە چاو و ئەو هەموو بەزم و موجامەلەی ئەوی تر و خۆدەرخستن و نمایشە بێتامە دەکات، کە تۆ و دەیانی تری وەک خۆت بۆ دەستخۆشیکردن و جەزاکەلڵا و ماشەلڵا و ڕازیکردنی دڵی ئەوانی تر و سەرنج ڕاکێشانی مێگەل دەستان داوەتێ؟

تۆ ئاییندار و باڵاپۆش و لەچکداربیت یان بێ دین و سفوور و بێ لەچک، چی پەیوەندییەکی بە من و ئەویترەوە هەیه؟

دەزانم کە خەتای تۆ نییە خاتوون، بەڵکو سەلەفییەت و ئیسلامی سیاسی دەردێکیان بەو کۆمەڵگە وێران بووە و ئەقڵی تاکی کوردی باشوور کردووە، با بە دەواری نەکردبێت و تاکێکی خۆتێهەڵقورتێن و دووڕوو و تاکڕەهەند و جودێندەر و داعشبیریان دروست کردووە.

تاکێک، گەر بە دڵی  ئەو قسەنەکەیت و بیرنەکەیتەوە و نەپۆشیت و هەڵنەبژێریت، هەرچی سووکایەتی و بێ ڕێزی هەیە، هەمووییت بۆ ڕیز دەکات.

ئافەرین بۆ ئەوانەی کە خۆڕاگرن و ماسک نابەستن و موجامەلە  و نمایش ناکەن بە حەزی خۆیان دەژین، نەک بۆ ڕازیکردنی دڵی ئەوانی تر.




تنۆک تنۆک سەرگەردانیم لێدەڕژێت.. شەماڵ بارەوانی

لە دوای تۆ
هەموو ڕێگاکان دەڕۆنەوە
ماڵی دڵتەنگی و
دەست بۆ هەر هێشووە خەندەیەک دەبەم،
دەبێت بە تۆپەڵێ دڕک.

لە دوای تۆ
ئێوارەی خۆشبەختیم پڕبووە لە مارشی قەڵەقی و
حەوسەڵەی هیچ خەونبینینێکی ترم نەماوە.

لە دوای تۆ
جۆگەڵەی مەراقم
ڕەنگی خوێنی گرتووە و
بە هەرلایەکدا سەوڵ لێبدەم،
هەنگاوەکانم دەبن بە بەرد.

لە دوای تۆ
قامووسی خەونەکانم شەللالی درز بوون و
ئیدیۆمی بیناییم چووەتەوە سەر نەسەبی کوێری.

لە دوای تۆ
ئالوودەی هەڵوەرین بووم و
لە غوربەت چۆڵتر بووم.

لە دوای تۆ
دەقم بە تاریکییەوە گرتووە و
تنۆک تنۆک سەرگەردانیم لێدەڕژێت.

لە دوای تۆ
وەرزەکانم هەمووی بوون بە مەنفا و
لە داوێنی هەر مەنفەزێک دابەزم،
دەبێت بە عەبەس.




تلیاکخـۆر.. کورتە چیرۆک.. شەماڵ بارەوانی

بە بێدەنگی و شپڕزەییەوە لە لێواری شەقامەکە دانیشتبوو و سەری خۆی بەسەر کۆشی خۆیدا شۆڕکردبووەوە.
هەرچی بەوێدا ڕەت دەبوو، پێنجسەد یان دووسەدوپەنجا دینارییەکی بۆ فڕێ دەدایە بەر پێیەکانی!
ئەو، بەو کارە و پارەفڕێدانەی خەڵکەکە، تا خودا حەز بکات قەڵس و بێزار ببوو.
ئەوەی وەکو بێڕێزی و سووکایەتییەک بۆ خۆی دەبینی.
گەرچی لەژێر لێوەوە دەیگوت: تکایە من سواڵکەر نیم. بەڵام هیچ یەکێک لەوانەی ئەوێ گوێبیستی ئەو قسەیەی ئەو نەدەبوون.
سەرەنجام حەوسەڵەی ئەو پارەفڕێدانەی خەڵکەکەی نەما و هەستایە سەر پێ و پڕبەگەرووی گوڕاندی: سەدجار بڵێم کە من سواڵکەر نیم، ئەوە ئێوە هەر تێناگەن؟!
تۆزێک بێدەنگ بوو. ئەوجارە بە تۆنێکی تۆزەک هێمنتر گوتی: دەزانن چی؟
خەڵکەکە هەمووی بە بێدەنگی و واق وڕماوی لێیان دەڕوانی و وایان دەزانی کەسێکی ناتەواوە و نەخۆشی دەروونی هەیە.
پاشان هەرخۆی وەڵامی خۆی دایەوە: سیاسەت و بازرگانی بۆ ئەوان و تلیاکخۆری و سەرخۆشیش بۆ ئێمه.
ئیتر تێگەیشتن کە من شێت و نەخۆش و دەرۆزەکەر نیم، یان ئێوەش کێشەی تێگەیشتنتان هەیه؟
گوتم من تلیاکم دەوێت تلیاک. وای گوت و سەری خۆی بەرزکردەوە بۆ ئاسمان و تۆزەک لەو گەواڵە هەورە ڕاما، کە بەری تیشکی خۆرەکەی گرتبوو. دوای کەمێک، تا هێزی تێدابوو دایە قاقا. دووبارە سەیرێکی ئەو دوو ژنە بە تەمەنەی نزیکی خۆی کرد و پێی گوتن: گەمژەینە، دەزانن کە ئێوەش هەمووتان تلیاکخۆرن؟
بەڵام جیاوازی نێوان من و ئێوە تەنها ئەوەیە، کە من تلیاکخۆرێکی هۆشیارم و ئێوەیش مەست و بێ ئاگا!




مەزاجی قومێک فەنابوون دەکەم.. شەماڵ بارەوانی

من دەمێکە فارگۆنی یەقینەکانم
تا سنوورەکانی وێستگەی کاڵبوونەوە ڕۆیشتوون و
ئالوودەی لەززەتی عەزابێکی تەڵخبووم.

دەمێکە گوێ بۆ چریکەی حوزنێکی بێ ئامان
ڕادەدێرم و لە پەنجەرەی گومڕاییەوە شەرحی تقووسەکانی خامۆشی دەکەم.

ئەوە جەنگی دۆڕانە هاوڕێ کە مەزاجی قومێک فەنابوون دەکەم لە جەستەی عەدەم دا.

ئەوە مەوسمی شەهوەتەکانی نهلیزمە
کە دەرگا لە ڕووی شەپۆلێک ئۆرگازمی نەفرەتییەوە دەکاتەوە.

گوتم من عەوداڵی سەرگەردانیم و
قەوارەی ئەو تابووتە سەرسەرییە بەمن ڕام ناکرێت.

خەتای من چییە
سەر بە هەر تەریقەتێک دا دەکەم
دەهریبوون دەردەچێت.

ببوورن چیتر دەفری دەروونم لەوحی مەحفووزی هیچ ڕەوە قەڵەقێکی تر نییە.

هەموو کیشوەرەکان بۆمن زەمهەریرن.

من حەیامێکە ئایەتەکانی سوورەتی پەرۆشیم
لەسەر ڕەفەی هیچ مەزهەبێک دا ئۆقره ناگرن.

هەنگاوەکانم چوونەتە سەر نەسەبی پاییز و

درەختی تەمەنم جگە لە هێشووی هەڵوەرین هێچی تری لێ ناڕوێت.

بۆ ئاسمانی هەر ئۆقیانۆسێک باڵدەگرم
لە لێواری تخووبی وەرزێکی تری تەنیایی دەگیرسێمەوە.

نامەوێ چیتر پرووشەی هیچ کلوە بەفرێکی بێهۆدە لەسەر ترووپکی خەیاڵە پێنەگەییوەکانم بنیشێتەوە.

نامەوێ چیتر هیچ سیزیفێکی داماو بە تاوێرە بەردێکی عەبەسییانە بۆردوومانی خەرەندی خۆشباوەڕیم بکات.

دانی پێدادەنێم من لە حاشییەی گوناحێکی ئەبەدییەوە هاتووم و ڕەگم دەچێتەوە سەر لەهجەی باوکە تیۆرێکی پووچ.

لێم گەڕێن با قەبارەی وەهمەکانم لەوە گەورەتر نەبن و
تنۆک تنۆک بڕژێمە ناو سەردابی زەمەنی لە بیرچوونەوە.

لێم گەڕێن با به کەبسوولی هێڵنج بۆگەنی زێرابی ئەو وجوودە گەمژەیە کپ کەمەوە.

من لەمێژە کۆتری بیناییم لەسەر هێڵانەی غوربەت مانی گرتووە.
لەمێژە باڵی زۆربای خۆشبەختیم لە فڕین کەوتووە.

لەمێژە ڕستێک لۆچی پیری خۆیان بە تەنافی هۆنراوەکانمەوە هەڵواسیوە.

ئۆه خودایە ئەوە ڕەهێڵەی چ بارانێکی جاڕزکەربوو لە کەناری نائارامیم دایکرد.
ئەوە چەکوچی چ هاڕینێک بوو لەسەر نەخشەی هەناسەکانم
لەنگەری گرت.

ئەوە باهۆزی چ ماخولیانێک بوو پەراسووی هیواکانمی ئەنجن ئەنجن کرد.

ئەوە دڕکی چ گومانێک بوو لە پەرێزی حوجرەی ڕوانینم دا هێندە دڵڕەقانە چرۆی کرد.

دەی کات درەنگە و دەڕۆمەوە ناو بۆتەقەی موناجاتێکی لە گیلۆتین دراو.
دەڕۆمەوە سەر خەریتەی شەتەحاتەکانی خەیام.
دەڕۆمە بۆ کیشوەری حیکمەتەکانی تەکفیر.

ماڵئاوا ئەی حاخامەکانی دەروازی بێتامترین دۆگما.
ئەی ڕۆحە شپرزەکەی عاریفەسۆفییەکی بە هەرتەقەکراو.
ئێوەش بە لەتێک سەراب و مشتێک لوغزی مەعەرییانە دەسپێرم.




ڕەنگە ببم به وڕێنە.. شەماڵ بارەوانی

هەڵەبووم
چارۆگی ئۆمێدم لەسەر بەردی بەڵێنەکانت هەڵخست

دەبوا لەو ڕۆژەوە دوا وەرزی ژوانم بپێچابوایەتەوە
کە هەنگی خیانەت چزووی لە خەونەکانی پەپوولەیەکی بێناز گرت

کێ دەڵێت جارێکیتر قەدەر دەرفەتی چنینەوەی هێشووە خەندەیەکیترم پێدەخشێت

بڕۆ، تۆ ئەو ئاسمانە نەبوویت ئەستێرەی بەختی من لە ئامێز بگریت

جگە لە ترپەی هەنسکی کۆترێکی ڕەنجاو، چیتر گوێ بۆ هیچ سەمفۆنیایەکیتر ناگرم

چ فریوێک بوو ئەم فەسڵی پێکەنینە

هەناسەکانم ئاوسن بە عەدەمێکیتر
و
دەڕۆمەوە ناو چوارچێوەی زامەکانم

لێم گەڕێن
من خووم به خەڵوەتەوە گرتووە
و
دەمەوێ لەگەڵ تەنیایی دا جووت بم

تکایە،
ئەم ئێوارەیه بکوژێننەوە
و
باهەر شەوەزەنگ شمشاڵی حوزن بژەنێت

نەدەبوو هەرگیز سیزیفانە گەمژەیی بنوێنم و لە کەناری سەرابدا ئەو هەموو سەوڵەی عەبەس لێبدەم
و
خەونەکانم هێندە نهلیستانە غلۆرکەمەوە دۆڵی بێهۆدەیی

من تووزانم هەڵوەرینێکی ناوەختە لەپڕ دێت و سەبەتەی هەناری بەختم به کاڵی دەڕنێتەوە

باسی ڕەهەندەکانی عیشقم بۆ نەکەن
ئەو هێڵانەی بۆ ماچم ڕۆنا
تراویلکە دەرچوو

ڕەنگە تا جارێکیتر زەمەن بگەڕێتەوە
ڕەنگی منداڵی وشەکانم وشک بکەن
و
دێڕەکانم هەمووی بخنکێن

ڕەنگە ببم به وڕێنە و
تنۆک تنۆک بڕژێمە ناو جوگرافیای کاڵبوونەوە




کوردەبۆرەی باشوور و کۆمێنێتی نامرۆڤانە و گاڵتەجاڕانە.. نوسینی: شەماڵ بارەوانی

-هەواڵەکان: لە ئەمریکا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بیست و ئەوەندە کەسە مردن.
کوردەبۆرە: الحمدللە.

-لە پاکستان موسوڵمانان کەنیسەکی مەسیحییەکانیان سووتاند.
“ئەک دەستیان خۆش بێت”

-لەبەردەم گوندی ئەڵمانی ئۆتۆمبیلێک دوو ئافرەتی شێلا.
“دەستی خۆش بێت، دوو قەحپەی کوشت”

  • پیاوەک ژنەکەی خۆی کوشت.
    “ولڵاهی دیارە ژنەکە بێ ئەخلاقییەکی کردییە”
    -دوو باڵەخانە لە چین ڕووخان.
    “بە گوونمەوە. چین هەمووی شیوعی و کافرن”
    -لە هیندستان پەرستگایەکی هیندۆسەکان داڕما و حەوت هیندۆس بە هۆیەوە مردن.
    “بە جەهننەم و بە دڵنیاییەوە ئەوە غەزەبی ئەلڵایه”
  • لە ئیمارات مزگەوتەک داڕما و چوار موسوڵمان بەهۆیەوە مردن.
    “بەداخەوە، خوای گەورە بە بەهەشتیان شاد بکات”
    -لەقەتەر دوو عارەب بە حوشترێ ڕۆیشتن لۆ عەمرەی.
    ” ئەی بژین و جەزاکەلڵا”
  • سەرۆکی بەحرێن دوو کەری بە دیاری دا بە کچێکی ئەفغانی.
    “ئەی قوربانت بم، ئەوەیه سەرکردە”
    -ژنەکی ئیخوانی یەمەنی دکتۆرای لە جۆرەکانی تڕدا هێنا.
    “هەر بژی خاتوونی پاڵەوان”
    -کۆترەک لە فەلەستین جیقنەکی کردە سەر ئاڵای ئیسرائیل.
    “سبحان اللە ئەوە نیشاندانی هێزی ئەلڵایە لۆ جولەکەی سەهیۆنی”
    -ژن و پیاوەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەم مۆسیقاوە وەرزشی بەیانی ئەنجام دەدەن.
    “هەر ئەو بێ ئەخلاقییەمابوو”
  • بۆیەکەمجار کچە کوردێک لەگەڵ دەزگای ناسا کاردەکات.
    “جا ئەوەچییە تا باسی بکرێت؟”
  • ئەوڕۆ هەشت ساڵ بەسەر کارەساتی کوردانی ئێزدی تێپەڕدەبێت.
    “هاهاها، جا بەمن چی؟ ئینجا ئێزدی کوا کوردن؟! “
    ……………………………
    ئەمە مشتێکە لە خەرواری هەزارانی لەو کۆمێنتە گاڵتەجاڕ و کۆمێدی و نامرۆڤانە و داعشیانەی کە ڕۆژانە موسوڵمانی کوردی خۆبەکەمزان و بێگانەپەرست بۆ پەیجە جۆربەجۆرەکان دەینووسن.
    هەر بەڕاستی دەبێ پاڵنەر و هۆکارەکە چیبێت مرۆڤ هێندە قێزەون ببێت و بەو ئەندازەیە لە ویژدان و مرۆڤبوون دابماڵدرێت و لە بری ئەوەی کارەسات و ئازاری ئەوانی تر بیگریێنێت و گڕ لە ویژدانی بەربدات و هەست و شعووری بجووڵێنێت، کەچی دێت و بەدیار ڤیدۆی گریان و فیغانی ژنێکی ئێزدی کە خانەوادەکەی لەسەر دەستی تیرۆرستە چەپەڵەکانی داعش هەمووی کۆکوژکراون، بداتە قاقا و ڕیاکتی پێکەنین دابنێت؟!
    ڕێزم بۆ موسوڵمانی باش و بەڕێز و من کەس و کارم هەمووی دیندار و موسوڵمانی تابڵێیت کراوە و مرۆڤدۆستن.
    حەتمەن مەبەستم ئەو مێگەل و بزنەگەلە دەمشڕ و داعشبیرەی سۆشیال میدیایە.



بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا- 74.. شەماڵ بارەوانی

74

کۆمەڵی ئیسلامی بوون، کە زانییان من یەکگرتووم، نەیانبردم بۆ عەمرە

لە بەشی پێشوو باسی دێی(قەڵاسنجێی خواروو)م کرد. لەم بەشەدا باسی دێی(قەڵاسنجێی سەروو) دەکەم.

بیرمە لە فەقێیاتی، ڕۆژێک لە دێی(قەڵاسنجێی سەروو)ی بناری سەفین و دەڤەری خۆشناوان، هەینییەکی لەجێی فەقێ(سەرکەوت) کە ئێستا مەلایە لای ڕەواندز، ڕویشتم وتارم بۆدان.

کەشەکە بوهاربوو و خەڵکی یەکپارچە لەو دەشت و دەرە بڵاوببوونەوە. بابەتی وتارەکەی من شتێکی تربوو، کە ئەو خەڵکەم بینی(بەپێی قەناعەت و تێگەیشتنی ئەوسام، بێشەرعییانە هاتوونەتە دەر و تێکەڵاون) یەکسەر لەسەر مینبەر بابەتەکەم گۆڕی و دابەزیمە سەر سەیرانکەرەکان. ئاگر لە دەمم دەباری و هیچم لە حاڵ نەهێشتنەوە. کورد گوتەنی: هەمووم شوشتنەوە.

ئامادەبووانی مزگەوت و وتارەکە زۆرینەی ئەو خەڵکەبوون کە بۆ گەشت و سەیران هاتبوون.

ژووری مزگەوت و حەوشەی مزگەوت جممەی دەهات و جێگا نەبوو پێیدا بڕۆیت و دەتگوت ڕۆژی حەشرە.

لەسەر مینبەر ئاگر لەدەمم دەباری و لاسایی مەلا و وتارەئاگرینییەکانم دەکردەوە و زۆر تووڕە وتارم بۆ دان و هەرچی بەسەر زمانم داهات نەمگەڕاندەوە و گوتم: بەو ڕۆژە پیرۆزەی نە شەرم و نە هیچ، کچ و ژنەکانی خۆیان کابۆ لەپێ کردووە و هێناویانەتە ئەو دەشت و دەرە و عەرزیان کردووە تا خەڵک سەیری بکات. بێغیرەتینە، دێنە مزگەوتیش!

پەیامبەر دەفەرموێ: کوللوکوم ڕاعی، وەکوللوکوم مەسئوولون عەن ڕەعییەتیهی). کوا ئیمان و ئیسلام و ڕەعییەت؟ کوا حەیا و غیرەت؟ وەلڵاهی ئەوەی کچی خۆی لەو دەشت و دەرە بەرەلڵاکردووە با نێتە مزگەوت و یەک نوێژ و تاعەتی قبووڵ نییە.

کە وتار تەواوبوو خەڵکی پۆل پۆل دەهاتن و تەوقەیان لەگەڵ دەکردم و پێدەکەنین و دەیانگوت: وەلڵا مامۆستا هیچی لە حاڵ نەهیشتینەوە و کردینی بە پەڕۆی بێنوێژ.

پیاوێک تەمەنی نزیکی پەنجاساڵ دەبوو، بەتووڕەیی و گرژ و مۆنییەوە مۆڕەی لێ گرتم. منداڵێکی پارچەلەشی لەگەڵدابوو، گوتی: بڕۆ کوڕەکەم با بڕۆین، ئەو کاکە مەلا بچووکە ئابڕووی لێ بردین. پیاوەکە وای گوت و خێرا بە بەردەمم ڕەتبوو.

دوایی موختاری دێ، تێلی بۆ فەقێ سەرکەوت کردبوو و گلەیی کردبوو و گوتبووی: کاکە ئەو فەقێ توندڕۆیە چییە ناردووتە؟ فەقێ حەیای خەڵکی برد و هیچی بۆ نەهێشتنەوە.

ئەو ڕۆژە لەبەردەم مزگەوتەکە، سێ پیاو کە یەکە و ڕیشێکی ئیسلامییانەی بۆی بەردابووەوە و زۆر بەگەرمی تەوقەیان لەگەڵ کردم و گوتیان وەلڵاهی قسەی مامۆستایە. ئەو گەشت و سەیرانەی ئێمە زۆر ناشەرعییە. داوای ژمارەی تەلەفۆنیان کرد و وێم دان و هەر لەوێ بەهۆی ئەو وتارە ئاگرینەم، بەڵێنیان پێدام کە گەشتێکی عەمرەم پێ بکەن.

گوتیان کۆمپانیای گەشتکردن و بردنی خەڵکمان بۆ حەج و عەمرە هەیه. ئەو سێ پیاوە خەڵکی ئاسکی کەڵەک(کەڵەکی داسنیان)بوون.

هاتمەوە، لە حوجرە لە کەیفان وەختابوو باڵ بگرم و بفڕم و دەمگوت: لەکۆتاییدا ئاواتەکەم هاتەدی و دەڕۆمە گەشتی عەمرە و زیارەتی ڕەسوولەلڵا. هەواڵی چوونم بۆ عەمرە لەناوهەموو فەقێکان بڵاوبووەوە. تێلم بۆ ماڵەوە کرد و گوتم: دەڕۆمە عەمرە.

دوای ماوەیەکی کورت، ڕۆژێک دانەیەک لەو سێ پیاوەی کە گوتم بەڵێنی گەشتێکی عەمرەیان پێدام، تێلی بۆ کردم و گوتی: مامۆستا بۆ نانی ئێوارە میوانی ئێمەیت. منیش لە حوجرەی محەمەدییە دوای عەسرەکە لە هەولێر بەرەو کەڵەک بەڕێ کەوتم و لەڕێگا بیرم دەکردەوە و دەمگوت: بەخوا پێدەچێت لەو یەک دوو ڕۆژەی بڕۆین. وای کە دڵخۆشبووم و لە خۆشییان پێدەکەنینم و لەژێر لێوەوە بەخۆمم دەگوت: خۆم فڕێدەم کورە؟ هاهاها. ئاش لە خەیاڵەک و ئاشەوان لە خەیاڵەکی.

ئێوارە نانمان خوارد و دەستمان بە قسە و گفتوگۆکرد و هەرپێیان هەڵدەدام و دەیانگوت: بەڕاسی لەوڕۆژە هەرباسی ئەو وتارە بەقووەتەی تۆ دەکەین.

سەری زمان و بنی زمانیان عەلی باپیربوو. مامۆسا عەلی باپیر وای گوت. مامۆسا عەلی باپیر وا دەڵێت. مامۆستا عەلی باپیر وای پێ باشه. مامۆسا عەلی باپیر خودای لەخەون بینی. مامۆسا عەلی باپیر وا و وا…

لەژێرلێوەوە گوتم: ئای لەوە! خۆ ئەوانە کۆمەڵی ئیسلامین.

منیش دەستم پێ کرد: مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەددین وەهای گوت. مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەددین وا دەڵێ. مامۆستا سەڵاحەدین دەفڕێت و مامۆستاسەڵاحەدین بەهائەددین خەونێکی زۆر بەقووەتری لەوەی مامۆستا عەلی باپیری بینیوە. مامۆستا سەڵاحەدین وا چوو و مامۆستا سەڵاحەدین وا هاتەوە.

دیقەتم دا، زۆر بە نابەدڵی و شێوازێکی نامۆ سەیرم دەکەن و قسەکانی من تەواو میزاج و جەوی تێکدان.

لە دڵی خۆمدا گوتم: ئەوانە کۆمەڵن و منیش یەکگرتوو. بەخوا بڕواناکەم ئەو ئیشە(گەشتی چوونە عومرەیە)م سەربگرێت.

دواتر هەرواش دەرچوو، کە زانییان من یەکگرتووم و ئەوان زۆر هەڵە حاڵی بوونە لەو وتارەی ئەو ڕۆژەی دێی قەڵاسنجێ، کە وایان زانیوە من کۆمەڵ یان هەواداری کۆمەڵم.

چیدیکە تێلیان بۆ نەکردمەوە و بەو شێوەیه پەشیمان بوونەوە و بەڵێنیان شکاند و نەیانبردم بۆ عومرە.

تۆڵەی ئەو وتارە ئاگرین و هێرشە ناڕەوا و نائەقڵانییەی کردمە سەر ئەو خەڵکە داماوەم لێ بووەوە. فەقێکان له حوجرە لێیان پرسیم ئەرێ ئەو عەمرەیە چی لێهات؟ پێم گوتن: ئەوانە دەرچوو کۆمەڵی ئیسلامی و عەلی باپیرین و نەیانبردم. گاڵتەیان پێ دەکردم و دەیاندا قاقا.

دایکمیش(ڕۆحی شاد) پێی دەگوتم: کوڕم، پاتو نەتگۆت دەچمە عەمرەی؟ کەنگی دەچی؟ دەمگوت: دایە هەتا ڕێک بکەوێت. هاهاها.

شەماڵ بارەوانی




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا-73- شەماڵ بارەوانی

بە درۆیەکی شاخدار خۆم قورتارکرد!

وەک پێشووتر و لە بەشی دیکەدا ئاماژەم بۆ کرد، کە بەشێکی باش لە فەقێکان، لە مانگی ڕەمەزان بڵاوەمان لێدەکرد و هەریەکەمان دەڕۆیشتین بۆ دێیەک. جا دواتر کە ڕەمەزان تەواودەبوو، دەهاتینەوە حوجرە و لێکتریمان دەپرسی:

ئەرێ خەڵکەکەی چۆن بوون، چەوربوون، ئایینداربوون؟

ئینجا بەدەم قاقاوە، هەر یەکە و وەسفی دێیەکەی خۆی دەکرد. بە فەقێیەکانم دەگوت: بەخوای ئەو دێیەی من، کاتی خۆی (فتوحات)ی ئیسلامی نەگەیشتووەتێ و خەڵکەکەی لەڕووی شەرعەوە، مۆز و خەیار لێکتری جیاناکەنەوە و بە ئەلفبێی ئیسلام ئاشنا نەبوون! هەمووان دووبارە دەمانداوە قاقا.

تا ڕادەیەک واشبوو، خەڵکی لە دێی(د…) کە دووساڵ من بۆیان مەلایەتی ڕەمەزانێم کرد، زۆرینەی سەرەتاترین شارەزاییان لە ئایین نەبوو.

پیاو هەبوو لە تەمەنی باپیرەم بوو، هێشتا فێر نەببوو بە پێی ئیسلام چۆن خۆی پشوات دوای جووتبوون لەگەڵ هاوسەرەکەی.

بەڵام خەڵکێکی زۆر دڵپاک و ناخخاوێن و بەڕاستی موسوڵمانی نا توندڕۆ و کوردی ڕەسەن و باش بوون.

بەو بۆنەیەوە کاتی فەقێیاتیم جوعمەکی چوومە دێی قەڵاسنجێی خوارووی بن چیای پیرەسەفینێ و لای شەقڵاوە و مەنتیقەی خۆشناوان بۆئەوەی وتاری جومعەیان لۆ بخوێنمەوە، بیرمە جارێ قازی حوجرە و تازە فەقێ بووم و ئەزموونێکی وام نەبوو لە فەقێیاتی و مەلایەتی.

فەرموودەیەکی تایبەت بە وتارەکەم(ئەوەی قورئانییەکان پێی دەڵێن ڕیوایەت) لە بەربوو و ویستم لە سەر مینبەرێ لۆیان بڵێم.

عەیب نەبێت، هێندەی کردم و هینام و بردم، لۆم نەهات. چی بکەم خودایه؟ چارم نەما و ئاخرییەکەی دوو قسەی بە عارەبیم کرد و گوتم پەیامبەر وا دەڵێت و بەو درۆیە شاخدارەی خۆم قورتارکرد. لەکاتی درۆیەکە هیچ خۆم شلوێ نەکرد و عەلەساس حەدیسە، کەسیش نەیزانی.

وەکو ئاماژەم دا، چونکە خەڵکەکەی شارەزاییەکی وایان لە ئایین نەبوو، دوای ئەوە، کورد گوتەنی فێری ئەو کانسەبووم و یەک دوو جاری تر و لە دێی تریش، هەرکاتێک لێم بقەومایە، لۆخۆم ئەوهام دەکرد و خۆم قوتاردەکرد.

دواتر کە چوارهەزار فەرموودەم لەبەر کرد و کێشەی ئەو فرت و فێلەم نەما. هاهاها.

کاتێک درۆیەکەشم دەکرد و قسەی عەرەبیم لەو خەڵکە دەکرد به فەرموودەی پەیامبەر، لە دڵی خۆمدا دەمگوت: دەی دەی، مادام لۆ سەرخستنی دینی خودا و لەپێناو ئیسلامە، هیچی تێدا نییە و قابیلە خۆ درۆم لۆ ماڵی دنیایێ نەکردییە تا خودا لەو دنیا سزام بدات. هەر لە بۆ دینەکەی خۆی و لەپێناو خۆی درۆکەم کردووە. ئیتر ماقووڵە خودایش هێندە بێویژدان و بێئەمەک بێت و ئەوەی لەبەرچاو نەبێت!




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گـومڕا.. بەشی(٧٢).. شەماڵ بارەوانی

کاکە شەماڵ، ئەوە هێشتا ئاساییش تۆیان نەگرتووە؟

لە بەشی پێشوودا گوتم، لە کۆلێژ ئیسلامییەکی زۆر چاڵاکبووم.

کوڕێکی تریشمان لەگەڵدابوو، هی دهۆک بوو. وەک خۆم لە قوتابخانەی ئیسلامی و فەقێیاتی هاتبوو بۆ کۆلێژی شەریعەی هەولێر. ئەو پێشووتر یەکگرتوو بوو.

وەلێ دوای ئەوەی ڕۆژێک لەسەرمینبەر، لەکاتی دەنگدان، ناڕاستەوخۆ دەڵێت: دەنگ بدەن بە یەکگرتووی ئیسلامی. ئاسایش لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکەن. لەوکاتەوە ئەو واز لە یەکگرتوو دێنێت و دەبێتە جێگای گومانی یەکگرتووەکان و وەک سیخوڕێک لێی دەڕوانرێت.

ئەوە دوو هاوپۆلی ترم لە کۆلێژی شەریعە، کە ئەوانیش خەڵکی دهۆک بوون و لە فەقێیاتی و خوێندنی ئیسلامی هاتبوونە کۆلێژی شەریعە و هاوسۆزی یەکگرتوو و هاوڕێی ئەو کوڕەش بوون. وایان پێ گوتم سەبارەت بەو کوڕە.

جا کە وایان پێ گوتم، بە هەمان شێوەی دوو کوڕەکەی تر، ڕق و قینێکم لەو کوڕەش هەڵگرتبوو و لێی کەوتبوومە گومان.

لەڕاستیدا کوڕێکی تەبیعات نەرم و فەقیر و بێزیان دیاربوو.

بەڵام من کە گوتیان قسە و گومانی لەسەرە، لێی کەوتمە گومان.

گەرنا، تا کۆلێژیش تەواوبوو، هیچم لێی نەبینی.

بیرمە ڕۆژێک لە کۆلێژی شەریعە هەڵبژاردن کرا بۆئەوەی نوێنەر دیاربکرێت.

کاندیدێکی ئەوان(یەکێتی قوتابییانی کوردستان) و کاندیدێکی ئێمە(ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابییانی کوردستان)خۆیان هەڵبژارد. ئێمە بردمانەوە و بووینە یەکەم، ڕێکخراوی قوتابییان گوتیان قبووڵی ناکەین، یەکگرتوو ببێتە نوێنەر. نوێنەرەکەی ئێمەیان لابرد.

دواتر و دوای ماوەیەک جارێکی تر هەڵبژاردن کرایەوە. ئەوجاره ئەو کوڕە کۆنەیەکگرتووە دهۆکییەی کە گوتم دەیانگوت: جێگای گومانە، خۆی کاندید کرد.

من گوتمە هاوڕێ ئیسلامییەکانم ئێمە بایکۆتی ئەو دەنگدانە دەکەین و دانیشی پێدانانێن. ئەوانە نوێنەری هەڵبژێردراو و براوەی ئێمەیان لابردووە، چۆن ئێمە ئەوە قبووڵ کەین؟

ئەوڕۆژە من و دادە(ژیان) خێزانی مامۆستا مەلا ئەنوەر، هۆڵەکە و هەڵبژاردنەکەمان جێ هێشت و ڕۆیشتینە دەرەوە.

ئەوەندە هاوڕێیانمان(ئیسلامییەکانی تر و هاوسۆزانمان)گوتیان کاکە دەنگ بەو کوڕە دەدەین. مەبەستیان کۆنە یەکگرتووەکەی دهۆک بوو.

گوتیان دەڵێت: من هەڵبژێرن زەرەرناکەن و کار بۆ ئێوە(یەکگرتوو)دەکەم. گوتم: نەخێر، درۆی دەکات و جێگای متمانە نییە.

ڕۆژی دواتر کە هاتینەوە کۆلێژ، خاتوو ژیان پێکەنی و پێی گوتم: کاکە شەماڵ، ئەوە تۆ هێشتا ئاسایش نەیانگرتوویت؟

گوتم: نانا هێشتا سەلامەتم. کە وام گوت، هەردووکمان زۆر پێکەنین.

گوتی: وەلڵاهی خۆم نا، بەڵام لە دوێنێوە زۆر خەمی تۆم بوو. دەمگوت، دەبێ ئاسایش ئەو کوڕەیان نەگرتبێت؟

من تەحەددایەکی زۆر گەورەم دەکرد و ئەوڕۆژە من و دادە ژیان زۆر بێمنەتانە ڕۆیشتین و بایکۆتی دەنگدانمان کرد.

ڕۆژێکی تریش لەناو کولێژ دژی دواکەوتنی دەرماڵە گردبوونەوەیەکمان ڕێکخست.

من و هاوڕێیترم خوێندكارەكانمان هاندا و گوتمان دەی با ناڕەزایەتی دەربڕین و نەڕۆینەوە هۆڵی خوێندن. نەڕۆیشتنەوە هۆڵ.

ڕاگری کۆلێژ(د.محمد شاکر)گوتی حەزدەکەم بڕۆنەوە پۆل و داواکەتان جێبەجێ دەکەین.

ڕاستی ئەو دواکەتنی دەرماڵەیە تەنها بیانوویەک بوو و هیچی تر.

ئەوکات هەر دەمانویست دنەی هەستی ناڕەزایەتیبوونی خوێندکارەکان بدەین و نازانم شتێکی تربوو و لەژێر پەردەی دواکەوتنی دەرماڵە ناڕەزایەتی خۆمان دەربڕی و گردبوونەوەکەمان ڕێکخست.

ئەوڕۆژە ڕاگری کۆلێژ هاتە حەوشە و زۆر گوتی با قسە بکەین. من و دووسێ خوێندکاری تر ڕەتمان کردەوە.

لە حەوشەکە ڕۆیشتینە بەردەم کۆلێژەکە و هەڵە نەبم ویستمان سی مەترییەکە داخەین.

لەپڕ و چەند زوو، یەک دنیا ئاسایش و پۆلیسی مەدەنی و عەسکەری و شت هاتن.

دیقەتم دا، وەک دوژمنێک لێیان دەڕوانیم.

دەتگوت پێیان گوتراوە سەری هەموو ئاژاوەیەک و شتێک لەو کۆلێژەیە، ئەو شەماڵەیە.هاهاها.

ترسم لە گرتن، هەر لە خەیاڵدا نەبوو.

بەڵام لە دڵی خۆمدا دەمگوت: ئێستا پەلامارم دەدەن و دەمخەنە ناو سەیارە و دەمبەن. هاهاها.

هەڵەنەبم ئەوکات یەکگرتوو نەمابووم، بەڵام هەر کوڕە یاخی و بوێر و ئۆپۆزسیۆنەکەی جاران بووم. وەک ئێستا ترسنۆک نەبووم.هاهاها.

د.محەمەد شاکریش ئەوکات ڕاگری کۆلێژی شەریعەبوو.(ئێستا پەڕلەمانتارە لە پەڕلەمانی عێراق، لەسەر لیستی: پارتی دیموکراتی کوردستان) حەققەت گەنجێکی خاوێن و چاکسازیخوازبوو.

بەر لەو، کاکە دکتۆر مەلافایز ڕاگربوو. مەلافایز ڕاستە کەسێکی هێمن و لەسەرخۆبوو. وەلێ بۆ کارکردن لە کۆلێژ و دڵسۆزی، هیچ بەراورد نەدەکرا به دکتۆر محەمەد شاکر.

مەلافایز کە پێشووتر ڕاگربوو، ئێمەی بە بزن بەراورد دەکرد.

سەردەمی ڕاگرێتی ئەو، کۆلێژەکە زۆر بێسەروبەربوو.

کیلۆن و قفل و شتی دەرگاکان و دەرگا و پەنجەرەکان زۆر وێرانبوون. دکتۆر محمەد شاکر هات، زۆر شتی کرد.

ڕۆژێک بە دکتۆر مەلافایزمان گوت: ئەو کیلۆن و شتەی دەرگا هەمووی خراپبوون.

گوتی ئەوجە من چیبکەم؟ دەبۆخۆتان چاکی کەن. بزن بۆشەوێک لە شوێنێک بێت، جێگای مانەوەی خۆی تەرتیب دەکات.

ئێمە بەو قسەیەی زۆر قەڵسبووین و دەمانگوت: چۆن دەبێت ڕاگری کۆلێژ ئەوە ئاستی ڕۆشنبیری و شێوازی قسەکردنی بێت!؟

لە ڕاستیدا مەلافایز کەسێکی خراپ نەبوو، بەڵام ئەو قسەی ئەوڕۆژەی(بەراوردکاریکردنی خوێندەکاری کۆلێژ بە بزن) شۆک بوو بۆ ئێمە.

سەیرە! کابرا لەبری ئەوەی بەدەم داواکانمانەوە بێت، به بزنمان دەچوێنێت.




لە ڕوودا خۆی وەک بزووتنەوەی ئیسلامی پیشان دەدام و لەژێرەوەیش سیخوڕی بەسەرەوەدەکردم!.. شەماڵ بارەوانی

هەرسەبارەت بەو شەشڕوواتییە، لە کۆلێژی شەریعەش خوێندکارێکمان لەگەڵدابوو، ڕێک وەک ئەو فەقێ شەشڕووەی کە باسم کرد وابوو. مرۆڤێکی زۆر ناخپیس بوو. بەڕاستی کەسێکی گران و سەنگین نەبوو. ئەویش بە هەمان شێوەی فەقێ شەشڕووەکە، زۆر بە ئۆین و نازبوو. دەتگوت لەشیان هەمووی هۆرمۆناتی مێینەیە. هاهاها.
ئەو خوێندکارەی کە لە تەمەن زۆر لە من گەورەتربوو.
ئەو پیاوەی لە ڕووت خەندەی دەکرد و لە پشتەوەیش خەنجەری لێدەدایت.
من ئەوەم باشە تۆزەک سەرناسم و زوو بەرامبەر دەناسم. واتا بە ئاسانی ناخرێمە فاقەوە.
ئەو پیاوەم زوو ناسی و هاوڕێ ئیسلامییەکانم(کچ و ژن و کوڕە خوێندکارەهاوپۆلەکان)مم زوو لێ ئاگادارکردەوە کە ئەو پیاوە سیخوڕ و شتە.
من ئەوکاتە بەرپرسی لێژنەی(ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابییانی کوردستان)ی یەکگرتوو-شەریعەبووم. قۆناغی یەکەمی کۆلێژی(زانستە ئیسلامییەکان) شەریعە دەڵێم.

ئەو پیاوە لە ڕوودا خۆی وەک بزووتنەوەی ئیسلامی پیشان دەدام و بە منی دەگوت: من کۆنەبزووتنەوەی ئیسلامیم. وا خۆی پیشان دەدا، کە ئێستاش هەر مەیلی بۆ بزووتنەوە و جیهاد و شت هەیە. (ئەو پێشووتر بزووتنەوە بوو).
جا عەلاساس ئێمە و ئێوە(بزووتنەوە-یەکگرتوو) براین و دەبێ ئاگامان لێکتری بێت. کەچی دواتر بۆیان باس کردم(سیخوڕیم بەسەرەوە دەکات).
خۆشم هەستم پێ دەکرد، کە سیخوڕیم لەسەر دەکات و دەیەوێت نهێنی و شتم پێ دەربێنێت و بیبات بۆ ڕێکخراوی(یەکێتی قوتابییانی کوردستان)ی سەربە پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بنکەیەکیان لەناو کۆلێژەکە هەبوو.
سەرەتا هەرکەسێک لە خوێندکارەکان سەرەدانی ئەو ژوورەی (ڕێکخراوی قوتابییانی کوردستان)ی بکردبوایه، من گومانم لەبەرامبەریدا له دڵ دروست دەبوو. زۆر ڕقم لەو ڕێکخراوەیە دەبوویەوە.
بە ئەندامەکانی خۆمان(ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابییانی کوردستان)م دەگوت: نەڕۆن بۆ ئەو شوێنە.
من ئەوکاتە ئیسلامییەکی توند و زۆر چاڵاک و دڵسۆزیش بووم بۆ یەکگرتووی ئیسلامی.
دواتر و قۆناغی چواری کۆلێژ، بەراورد بە قۆناغی یەکی کۆلێژ زۆر گۆڕابووم لە ڕووی فیکر و تێڕوانینەوە و وازم لە ئیسلامییەکان و زۆر شتی تری ئایینیش هێنابوو و لەڕووی حیزب و شتەوەوەش بێلایەن بووم.
ڕۆژێک ڕۆیشتمە سەردانیان، وابزانم کاکە(ئەحمەد سندی) ئەوکات بەرپرسی ڕێکخراوەکەبوو. کاکە ئەحمەد لەو بەشەی من و لە هەمان هۆبەی منیش بوو. کوڕێکی بەڕێز و هێمن بوو. هەڵەنەبم ئەوڕۆژە لە کافتریاکە دەهاتمە دەرەوە. دەرگای کافتریاکە و ژوورەکەی(ڕێکخراوی قوتابییانی کوردستان) لە تەنیشت یەکتری بوو. کاکە ئەحمەد گوتی: کاکە شەماڵ هەر سڵاوێکمان لێ ناکات! بە پێکەنینەوە وای گوت.
کە وای گوت، ڕۆیشتمە ژوورەوە و سڵاوێکم لێ کردن و هەندێک دانیشتم و کەمەک قسەمان کرد وگوتیان هەرکاتێک بێیت دەرگا لەسەر پشتە. زۆریان کەیف هات و زۆریان ڕێزلێ گرتم.
بێینەوە سەر باسی پیاوە دووڕووەکە. کە ئەوەم زانییەوە(سیخوڕیکردنی لە دژی من) وەک گوتم، هەموو هاوڕێ ئیسلامییەکانم لێ ئاگادارکردەوە و ئیتر لەوڕۆژەوە تا کۆلێژیشم تەواوکرد، ئەو پیاوەم ڕووشکێن دەکردەوە و بە ڕەقی قسەم لەگەڵ دەکرد و زانیبوویەوە کە من گوتوومە: ئاگاداری بن، سیخوڕە.
دووسێ جار خۆی گوناح کرد و پێی دەگوتم: وەلڵاهی من وا خراپ نیم، وەک تۆ لێم حاڵی بوویتی. بەڵام درۆی دەکرد و من یەک تۆز متمانەم پێی نەبوو.

لەو ماوەیە خوارزاکەم کەوتە نەخۆشخانەی ئیمیرجێنسی( ڕۆژئاوا)لە هەولێر، پێویستی بە خوێن بوو. من و دوو خوارزای ترم ڕۆیشتین بۆ بانکی خوێنبەخشین لە( نەخۆشخانەی ڕزگاری)، بە ڕێکەوت ئەویش لەوێ بوو. دوای دەساڵ لە تەواوکردنی زانکۆ، جارێکی تر ئەو پیاوەم بینییەوە. ئەو پیاوەی کە خوازیاربووم لە دۆزەخیش نەیبینمەوە. کەچی ئێستا و لە نەخۆشخانەی ڕزگاری دەیبینم!
هیچ خۆم تێینەگەیاند و لەپاڵ یەکتری بووین، نەمن سڵاو و چاکوچۆنیم لەگەڵدا کرد، نەئەویش.
هەرسەبارەت بەو پیاوە، لەکاتی تیرۆرکردنی کاکە(خواناس) لە لایەن داعشبیرێکەوە، ئەو پیاوە بە فەیسبووکی خۆی کۆمێنتی بۆ هاوڕێم(د.ئادەم بێدار)ی مامۆستای زانکۆ و پێشکەشکار لە کەناڵی(ڕووداو)کردبوو و لەبارەی تیرۆرکردنی کاکە (خواناس)نووسیبووی(کلیپەکی زۆر خراپی هەیە، مستەحەقی بێت) واتا پشتگیری ئەو کارە تیرۆرستییەی دەکرد و لە کۆمێنتێکی تریش نووسیبووی(خوایە ئیسلام بکەیتە حاکم). ئای لەوە! هاهاها.
ئای لەوە، خۆ دووبارە ئەوپیاوە لە فەیسبووک دێتەوە بەرچاوەکانم و لە فەیسبووکێکی تر، کە بەرلەوەی بیسووتێنن ئەو پیاوە فرێندم بوو. ئادی ناردبوو، گوتم دەی با ئەو بێ کەڵکە وەرگرم.
جا ئەوڕۆژەی لە کۆمێنت پشتگیری ئەو کردەوە تیرۆرستی و کوشتنەی کاکە خواناسی کردبوو، گوتم با بڕۆمە ناو فەیسبووکەکەی بزانم ئەو پیاوە چی پۆست کردییە و چییە ئێستا؟
سەیری پرۆفایلەکەیم کرد، لە ڕادیۆی حیزبێکی ئیسلامی پێشکەشکارە و بەرنامەیەکی ئایینی هەیه و وەک پیاوێکی ڕۆحانی و ئیمانی و واعیز و شت قسە دەکات و وێنەی قاید و قیادەی ئەو حیزبەی داناوە و پۆستی ئیسلامییەکی شێر کردووە لە دژی هەدەپە و بۆ پشتگیری(هودا)پارتی ئیسلامی و لە پۆستێکیش نووسیبووی(هەرسەگێک بە ئیسلام بوەڕێ و بەردی تێگرین، ئیتر بەرد لە زێڕ بە نرختردەبێت).
هەڵبەت ئەو پیاوە بە بەرماڵەوە بفڕێت بۆ کەشکەڵانی ئاسمان یان کورد گوتەنی: بڕواتە ئاش و بێتەوە و سەری هەموو ئارد بێت، من بڕوای پێ ناکەم و ساختەچییەک زیاتر نییە.
مرۆڤی سیخوڕ، جا سیخوڕی ئیسلامی یان عەلمانی، چەپ یان نەتەوەیی و هەرکەسێک و لایەنێک بێت، جێگای متمانە نییە و مادام ئامادەبێت بۆ دوو پوولی حیز، سیخوڕی بەسەر هاوڕێی خۆی و مرۆڤەکانەوە بکات، بە دڵنیاییەوە مرۆڤی ئاوا، مرۆڤی مەبدەئی نین و بۆ هیچ کەسێک ماڵ نین و هەردەم و سەعاتە و ڕۆژەی بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ڕەنگ و ڕووی خۆیان دەگۆڕن و خۆیان دەفرۆشنە ئەم و ئەو.




فەقێی شەشڕوو، نامەی دڵداری بۆ خوشکی فەقێیەکی هاوڕێم دەنارد.. شەماڵ بارەوانی

ئەو فەقێ شەشڕووە، گوتم هەر ڕۆژە و ڕووێک بوو.
بەسەرهاتێکی تر هەیه، لەو بەشەی بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا دەمەوێت بۆتانی باس بکەم.
فەقێیەکمان لەگەڵ بوو لە حوجرەکەی(محمەدییه)، خەڵکی لای(چەمچەماڵ)بوو. خوشکێکی لە زانکۆی سەڵاحەدین خوێندکاربوو و لە بەشەناوخۆیی(١٨ی شوبات) دەمایەوە.
کچەکە زووزوو دەهات بۆ حوجرە، بۆ سەرەدانی برا فەقێیەکەی.
ڕۆژێک کچە بە براکەی دەڵێت: لەبەر زانکۆ و تاقیکردنەوە و شت لەوانەیه نەتوانم زووزوو بێم بۆ سەردانیت، ئەگەر ژمارە تەلەفۆنی فەقێیەکی هاوڕێتم بدەیتێ تا لە ڕێگەی ئەوە تێلت بۆ بکەم.(فەقێیەکە تەلەفۆنی نەبوو) ئەو فەقێیەش دەڵێت زۆر باشه، فەقێیەکمان لەگەڵە زۆرکەسێکی ئەمین و جێگای متمانە و باشە، ها ژمارەکەی ئەو.
داماوەی بۆ ژمارەی ئەو(فەقێی شەشڕوو)ە نادات بە خوشکەکەی.
ماوەیەک خوشکەکەی هەر لە ڕێگەی ئەو ژمارە و تەلەفۆنەی فەقێی عەلەساس فوول(ڕۆحانی و ئەمین و جێگای متمانە)، خوشکی فەقێی هاوڕێم، تەلەفۆن بۆ برا فەقێیەکەی دەکات و چاک و چۆنی دەکات و هەواڵی دەپرسێت.
فەقێی شەشڕوو، بۆ ئەوە ناقۆزێتەوە و مرخ لە خوشکی فەقێ خوش ناکات! دەست بەناردنی نامەی دڵداری و ڕۆمانسی دەکات و دەیەوێت کچە بخاتە داوی دڵداری خۆیەوە.
کچە ڕێک مەعدەنی ئەو فەقێ شەشڕووەی بۆ ئاشکرا دەبێت و ئەو بابەتی نامە ناردنە بۆ فەقێی برای باس دەکات و نامەکانیشی هەموو پیشان دەدات و پێی دەڵێت: تۆ فەقێی تر نەبوو تا ژمارەی ئەو فەقێ خوێڕییەم بدەیتێ؟ هاهاها.
کاکە ئەو فەقێیە بێتامی کردووە و تەواو بێزاری کردووم هێندەی نامەم بۆ بنێرێت.
ئەو بەسەرهاتی نامە ناردن و شتە، فەقێیەکە کە لە حوجرە زۆر هاوڕێ و هۆگری من و فەقێیەکی تربوو، بۆ من و فەقێیەکی تر(فەقێ هەیاس)ی باس کرد. دواتر فەقێکانی تر هەمووی بەو نامە و شتەی فەقێی شەشڕوویان زانی.
کاتێک بەهۆی پیلانی ئەو فەقێ شەشڕووە من بۆ سلێمانی گواستراومەوە و فەقێ هەیاسیش کە ئێمە نەماندەتوانی دوور لە یەکتری بین، مەلاکان لەبەر ئەوە لەگەڵ من نەقلی سلێمانییان کرد.
ئەو فەقێیەش گوتی: من ناتوانم بێ ئێوە لێرەبم، ئێوە بۆ دۆزەخیش بڕۆن، من هەر لەگەڵتان دێم. ئەویش لەگەڵ من و فەقێ هەیاسی هاوڕێم هات بۆ سلێمانی.
دواتر کە ئێمەهاتینەوە بۆهەولێر ئەو فەقێیە زۆر بۆمان گریا و دەیگوت: ئێوە لێرە بڕۆن ناتوانم فەقێیاتی بخوێنم. زۆر تکای کرد کە نەڕۆین و جێی نەهێڵین. ماوەیەک دوای ئەوە(ڕۆیشتنی ئێمە لە سلێمانی) فەقێیاتی جێ هێشت.
ئەو فەقێ شەشڕووە دوای ئەوەی لە حوجره دەرکرا، ڕۆژێک تێلی بۆ کردم. ئەوکات لە حوجرە و مزگەوتێکی تر دەمایەوە و هێشتا نەگەڕابووەوە شوێنەکەی خۆی لەو مزگەوت و حوجرەیەی ئێمە.
کە تێلی بۆ کردم، گوتی: مەلاشەماڵ، حەزدەکەم بتبینم. مەوعیدێکمان دانا و ڕۆیشتم لەناو بازاڕ و لە شوێنێکی نزیکی شەقامی باتە دانیشتین.
فەقێیەکیش(بە داخەوە کە بیرم نەماوە کامە فەقێ بوو) لەگەڵم هات و لە دوورەوە چاودێری دەکردین. گوتمان کێ ناڵێت مەبەستێکی خراپی هەیه و دەیەوێت زەربی خۆیم لێ بووەشێنێت؟
دەمزانی کە زۆر ڕق و غەرەزی لە منە، بەهۆی ئاشکراکردنی ڕووی ڕاستەقینە و مەعدەنی بۆ هەمووان و دەرکردنی لە حوجرە.
ئەوڕۆژە وەک سیفەتی پێشووی، زۆر مەکر و نازی کچانەی کرد و دەیگوت: مەلاشەماڵ، با ئێمە چیتر دژایەتی یەکتری نەکەین. من و تۆ پێشووتر وەک دوو برا وابووین. تۆ حافیزولقورئانیت و زۆرم خۆش دەوێیت، بڕوابکە هیچ مەبەستێکی خراپم نییە.
به زمانە نەرم و درێژەکەی، زۆر قسەی لەو جۆرەی بۆکردم. من کەم قسەم کرد، هیچ باوەڕم بە بەڵێن و قسەکانی نەبوو و دڵم پێی دەگوتم کە ئەو فەقێ شەشڕووە لەژێرەوە خەریکی یارییەکی ترە و وا بەئاسانی یەخەم بەرنادات و بێگومان تۆڵەی خۆی دەکاتەوە و لەو داوای بینینەی من مەبەستێکی هەیه.
هەڵبەت دەیویست لە دژی حوجرەکە هانم بدات و خۆی وەک مەزڵوومێک پیشان بدات و دەویست گرووپ و هەوادار لەناو فەقێیەکان دروست بکات.
هەڵبەت بە جیا بانگی فەقێی تریشی کردبوو و دیداری لەگەڵ کردبوو، بێئەوەی ئێمە هەردووک فەقێ کە زۆر هاوڕێ بووین ئاگاداری ئەو پیلان و تاکتیکەی فەقێی شەشڕوو بین(ئەو فەقێیە خۆی باسی ئەو دیدارهی خۆی و فەقێی شەشڕووی بۆکردم)
ماوەیەک ئەو فەقێیە و چەند فەقێیەکی تریشی لەخشتە برد و کردنی بە هاوئاوازی خۆی و سەرەنجام دوو فەقێ لەو چەند فەقێیەش لە حوجرە دەرکران( لەبەشی تر بەدرێژی باسی ئەو دەرکردنەی ئەو دوو فەقێیەی هاوڕێم دەکەم، کە دانەیەکیان بە پاساوی مەیل بۆ کۆمەڵی ئیسلامی و عەلی باپیر دەرکرا و فەقێی شەشڕوو وای حاڵی کردبوو کە لە قوتابخانە و حوجرەی محەمەدییه لەسەر ئینتیمای بۆ کۆمەڵی ئیسلامی و عەلی باپیری دەرکراوە و زانیبووی ئەو فەقێیە مەیلی بۆ کۆمەڵ هەیه، لەو ڕێگایە بۆی چووبوو و گوتبووی ئەها لەسەر عەلی باپیر چییان بەسەرهێنام و بەو فێڵە عاتیفە و مەیل و سۆزی ئەو فەقێ سادە و دڵپاکەی جووڵاندبوو و دژی حوجرەکەی ئێمە هانی دەدا. کە له حەقیقەتدا وەک پێشووتر باسم کرد، کە ئەو فەقێ شەشڕووە لەسەر شەشڕوویاتی و هەبوونی ناسنامەی حیزبی تر و بە تۆمەت و گومانی سیخوڕی و شت بۆ حیزبی تر دەرکرا. بەڵام هی ئەو هاوڕێ فەقێیەی ترم، کە شەشڕوو تێکی دا، لەسەر عەلی باپیر و کۆمەڵ بوو).
سێ فەقێی تریش کە هەر ئەو فەقێ شەشڕووە هێنابوونی بۆحوجرە و خەڵکی دەڤەر و شوێنەکەی خۆی بوون لای مووسڵ. ماوەیەک ئەوانیشی تێکدا و لەگەڵ دوو فەقێیەکەی تر کە دەرکران، کردبوونی به گرووپێک و خۆیان لە ئێمە جیاکردبووەوە و به قسەی مەلاکان و ئیدارەیان نەدەکرد و بە نهێنی تێکەڵی فەقێی شەشڕوویان دەکرد و دەستیان لەگەڵ تێکەڵ کردبوو.
مەلاکان و ئیدارەی قوتابخانە ئینزاریان دانێ و ئاگادریان کردن کە ئەگەر لەو فەقێ شەشڕووە و دوو فەقێ دەرکراوکەی تر دوورنەکەونەوە و پەیوەندییان لەگەڵ نەپچڕێنن و واز لەو گرووپ و گرووپکارییە نەهێنن، هەمان شێوەی فەقێی شەشڕوو و دوو فەقێیەکەی تر لە حوجرە دەردەکرێن.
باوکی فەقێکانیشیان بانگ کرد و باوکی فەقێکان بە کوڕەکانی خۆیان گوت: بە گوێی ئیدارە و مەلاکانتان
بکەن و لە و فەقێیە دوورکەونەوە.
ئەوانیش وایان کرد و فەقێی شەشڕوو لە پیلانەکە(دوای تێکدانی دوو فەقێ و بوون بە هۆکاری دەرکردنیان لە حوجرە) شکستی هێنا و نەیتوانی من و سێ فەقێکەی تر و هیچ فەقێیەکی تر بباتە ژێر باڵی خۆی.

فەقێی شەشڕوو بەو شێوازە دەیویست لەناو حوجرە گرووپ لە فەقێکان دروست بکات و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریان بێنێت.
فێلبازەی لەسەرەوە ڕێککەوتنی لەگەڵ دەکردم و لە ژێرەوەیش خەریکی پیلان بوو لە دژم و لای(ح. تورکمان) دەیگوت: ئەو فەقێ شەماڵە سەری هەموو ئاژاوەیەکە و ئەو منی گەیاند بەم ڕۆژە(ماسکی سەر ڕووی ڕاماڵیم).
دوای ماوەیەک لەوەی کە گوتی: هیچ خراپەیەکم بۆتۆ نییە. ڕێک من وەک باسم کرد لە هەولێر و لە حوجرە و قوتابخانەی(محەمەدییە) و مزگەوتی(حاجی قەرۆک) گواسترامەوە بۆ سلێمانی و بۆ حوجرە و قوتابخانەی(غەزالی) و مزگەوتەکەی حەمەی (حاجی ڕەشید).
ئەو فەقێ شەشڕووە، بیرمە دوای چەندین ساڵ و لە قۆناغی چواری کۆلێژ و له کۆتاییەکانی دەوام بووم، ڕۆژێک لەگەڵ فەقێیەکی تری هاوڕێم(یەکێک لەو دوو فەقێیەی باسم کرد کە کاتی خۆی فەقێی شەشڕوو کردبووی به گرووپی خۆی و بووە هۆکاری دەرکردنی لە حوجرە) کە دەهات بۆ ئاکرێ و منیش لەگەڵی گەڕامەوە بۆ بەردەڕەش بە کەورگۆسک داهاتین. ئەو فەقێ شەشڕووە، ئەوکات ماڵی لەوێ بوو و لە مزگەوتێک مەلا بوو. فەقێیەکە گوتی نازانم چی کارێکی بەمنە و تۆزێک لا دەدەین بۆ لای. گوتم: کاکە من نامەوێ چاکوچۆنی ئەو کەسە بکەم و با نەزانێت من لەگەڵ تۆم.
فەقێیەکەی هاوڕێم هاتە خوارەوە و چاکوچۆنی لەگەڵ کرد(ئەوان هەردووکیان خەڵکی یەک دەڤەر و شوێن بوون).
من لەناو ئۆتۆمبیلەکە خۆم نزم کردبووەوە و نەمهێشت ئەو فەقێ شەشڕووە بمبینێت.
ئەو فەقێیەی کە لە بەشی تر گوتم: نازانم ئێستا لە کوێیه.
ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ فەقێیەکی هاوڕێم کە ئێستا مەلایە لە دەڤەری ئاکرێ، ڕۆیشتین بۆ مووسڵ و باسی ئەو فەقێ شەشڕووەی بۆ کردم و گوتی: کورە مەلاشەماڵ، ئاگات لێی نییە؟ ئیستا لێرە(مووسڵ)خۆی لە خەڵک کردووە بە عەللامە و شێخ و خەڵکی وەک شێخێک و مەلایەکی زۆر موهیم سەیری دەکەن.
کە ئەو مەلایەی هاوڕێم وای گوت، دامانە قاقا.




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا-69.. شەماڵ بارەوانی

بەشی(٦٩)
وا حیساب کە ئەو خەڵکە هەموو بزنن

یەکەم وتارم لە بادینان و لە دێی(دەربێسان)ی بچووک بوو.
بیرمە ساڵی یەکەمی فەقێیاتیمان بوو، نزیکەی مانگێک ئاوا ڕۆیشتینە فەقێیاتی، یەکسەر ڕەمەزان هات. مەلاکان و ئیدارەی قوتابخانەی ئایینی(محەمەدییە)گوتیان بڕۆنەوە تا دوای جەژن.
کە هاتمەوە، بە سەردانێک ڕۆیشتمە ماڵی باپیرەم لەو دێیەی دەربێسان.
لەوێ بۆ نوێژ ڕۆیشتم بۆ مزگەوتی دێیەکە. موختاری دێ(مام ئیبراهیم زێباری)کە منی بینی، گوتی: خودێ فەقێی بچیک مە چ مەڵا نینە و لازم تو خوتبەی بۆمە بدەی. گوتم بلا.
هەرچەندە لەو بڕیاری وتاردانەم زۆر دوودڵ بووم. ترسێکی زۆرم هەبوو لەوەی نەوەک نەتوانم وتارەکە بدەم.
ئاخر من تازە ڕۆیشتبوومە فەقێیاتی و پێشووتر هیچ جارێک وتارم نەدابوو و نەڕۆیشتبوومە سەرمینبەر.
تازەش قسەم بە موختاردابوو و دەبوا هەر وتارەکەیان بۆ بدەم.
بەهەرحاڵ، بۆ ئامادەکردنی وتارەکە گوێم لە وتارێکی مەلا(شێرزاد عەبدولوەهاب)گرت به ناونیشانی(تەوبە) ڕێک ئەو وتارەم لەکاتی گوێگرتنەکە هەمووی لای خۆم لەسەر وەرەقەیەک نووسییەوە و دووسێ جار بە تەنها وەک بڵێیت لەسەر مینبەرم و خەڵکێکی زۆر ئامادەی وتارەکەمن، دووبارەم دەکردەوە. ئایەت و ڕیوایەت و قسەکانی مەلاشێرزادم هەمووی باش باش ئەزبەرکرد و خۆم باش بۆ وتارەکە ئامادەکرد.
ڕۆژی جومعە هات و ڕۆیشتمە مزگەوت، بەرلەوەی بڕۆمە سەرمینبەر، دڵم سەدوبیستی لێدەدا و ترسێکی بێئەندازە هەموو بوونی داگرتبووم و لە دڵی خۆم هەر قسەم بەخۆم دەگوت و بە خۆمم دەگوت: باشە هەی فەریکەفەقێی نەزان، تۆ جارێ قول و فول لێکتری جیاناکەیتەوە، بۆچی خۆت تووشی ئەو بابەتی وتاردانە کرد؟
بەخوا ئەوڕۆ لەبەردەم ئەو هەموو خەڵکەی ئابڕووت دەچێت و وتارەکەت پێ تەواو نابێت.
کاتی وتاردانێ هات و بەسەر مینبەرەکە کەوتم. لۆ بەلایێ خاڵۆم(زرار)هاتبوو بەردەمم و لەسەرەتای وتارەکە تا کۆتایی، دیقەتم دا، لە تۆقی سەرم تا بنی پێیەکانم هەمووی سەیردەکرد.
جا خاڵۆم چەند تەنزاوی و شێوە کۆمێدییە.
ترسی بەردەم ئەو خەڵکە هەمووی لەلایەک، هی خاڵۆشم به تەنها لەلایەک.
لە دڵی خۆم دەمگوت: بەوخوایه یەک هەڵە بکەم، خاڵۆم بە تەعلیق و شۆخییەکانی دەمکات بە فیلم.
سەرتان نەیەشێنم، بە هەزارحاڵ تا ئینەلحەمدەکەم کرد.
هەستم کرد دەم و گەرووم وشک دەبێت و چاوەکانم تاریک دادێن و سەرم دەسووڕێت.
ئای خوایە من چی بکەم؟ وەلڵاهی ئەوەی لێی دەترسام ئێستا ڕوودەدات و ئابڕووم دەچێت.
زمانم کەوتە تەتەڵە و هەردووک قاچەکانیشم وەک بی ناو ئاو دەلەرزین. چ لەرزینێک، دەتگوت سەما دەکەم. هاهاها.
دەمگوت هەر ئێستا لە هۆش خۆم دەچم و دەکەوم.
بەو مانگی ڕەمەزانەی خەریکبوو هاوارکەم و بڵێم: خێرا پەرداخێک ئاوم بۆ بێنن، خێرا کاکە من خنکام.
وتارەکەم نزیکەی نیوسەعاتی خایاند. تا دەدەقەی سەرەتا بە هەزار تکا و بەو ڕەزاڵەتی و ترس و سەما و شتە قەتاندم. دواتر هێدی هێدی ترسەکەم نەما و زاڵ بووم.
ئینجا گەرووم بووەوە و کەوتمە لاساییکردنەوەی مەلاشێرزاد و دەستم کرد بە شیڕەشیڕ و خۆگوشین و قسەی زل.
دواتر کە وتارەکە تەواوبوو و ڕۆیشتمەوە ماڵی باپیرەم، خاڵۆم دەستی کرد بە شۆخیکردن و پێکەنین و تەعلیقلێدان و گوتی: وەلڵاهی دەمگوت ئێستا دەبوورێتەوە. کوڕە تۆ ڕەنگت لە ڕوو نەمابوو لە ترسان.
ئەوە قاچەکانت بۆ وا دەلەرزێن؟ دەتگوت ڕەقس دەکەیت. وای پێ دەگوتم و قاقای دەکێشا.

دواتر کە ڕۆیشمەوە بۆ حوجرە، ئەوبەسەرهاتەم بۆ فەقێکان دەگێڕایەوە و هەمووان پێدەکەنین. دەمگوت: بەخوا هەر یەکەم لەحزە زەحمەتە، دواتر زۆر ئاسان دەبێت.
گەر فەقێیەک لێیپرسیبام: چۆن بتوانم خۆم کۆنترۆڵ بکەم و نەترسم لە کاتی وتاردانێ؟
دەمگوت: یەک شت بکە. وا حیساب بکە ئەو خەڵکە هەمووی بزنن. ئەوکاتە هیچ ترسێکت لا نامێنێت. من هەر وادەکەم.
کە وام دەگوت، دەبوو بە قاقا.
لە دێیەکەمان، دێی(بارەوان) زۆرجار دەڕۆیشتمە چۆڵایی و دارێکم لە شێوەی مایک لە عەرد دەچەقاند و عەلەساس ئەوە مایکی مزگەوتە و یەک دنیا خەڵکیش لەبەردەمم ئامادەن و من وا خەریکم وتاریان بۆ دەدەم. بەو شێوازه پڕۆڤەم دەکرد.
یەکەم وتار کە باسم کرد، ئاوا بە ترس و لەرزەوە دەستم پێ کرد.
دواتر لێی ڕاهاتم و ماوەی چەندین ساڵ و لەچەندین دێ و دەڤەر و شوێنی جیاوازی وەک: دەڤەری کەندیناوە، دەڤەری کەرکووک، دەڤەری خۆشناوان و بلباسان و لای شەقلاوە، دەڤەری کۆیە، دەڤەری بادینان و دهۆک، لەناو سەنتەری شاری هەولێریش لە چەندین مزگەوت وتارم دا و خەڵکێکی زۆر ئامادەی مزگەوتەکە و وتارەکە دەبوون و هەر فشەشم پێ دەهات و زۆر سەرکەوتووانە وتارم دەدا.




جاشکەکە دەبێتەوە بە کەرەکەی جاران.. شەماڵ بارەوانی

دەڵێن جاران کوێخایەک هەبوو ناوی(کەرۆ)بوو. ئەو ناوە ببوو بە هۆی ئیحراجی و بێزارییەکی زۆر بۆ جەنابی کوێخا.
کوێخا نەیدەزانی چۆن و بە چی ڕێگایەک ئەو ناوە نەفرەتی و ناشیرینە لەخۆی بکاتەوە.
تا ڕۆژێک خزمەتکارێکی پێی گوت: گەورەم، من ڕێگایەکی زۆرباشم دۆزیتەوە تا ئەو ناوە بەڵایەت لەسەر لابەرین.
کوێخا لەخۆشییان شاگەشکەبوو و گوتی: چۆن؟
خزمەتکارەکە گوتی: مەپرسە، تۆ یەک شتم بۆ بکە و خەمی هیچت نەبێت.
هەموو ئاوایی و مەملەکەتم بۆ کۆبکەوە و دەعوەتێکی باشیان بکە، ئەوەی تر عایدی خۆم.
لە ڕۆژی دیاریکراودا هەرچی عێڵ و عەشیرەت و ڕیشسپی و پیاوماقووڵان و خەڵکی ئاوایی و مەملەکەت هەبوو، هەموویانی کۆکردەوە و لەسەر ئەرکی کوێخا، زیافەتێکی چاکیان کردن.
ئینجا خزمەتکاری کوێخا هەڵساوە و گوتی: خەڵکینە، یاخوا عافیەتتان بێت و گۆشتی پێ بگرن.
شتێک هەیه دەمانەوێ بەناوی گەورەم کوێخاوە پێتانی ڕابگەیەنم.
بڕیارمان داوە ناوی کوێخامان لە(کەرۆ)وە بۆناوێکی تر بگۆڕین.
جا یارمەتیمان بدەن و هەریەکە و ناوێکی جوانتر و گونجاوترمان بۆ پێشنیازکەن.
یەکێک گوتی ئەمە و یەکێ تر گوتی نەوەلڵا ئەوە خۆشترە.
ئەوڕۆژە زۆر ناو پێشنیازکران وەک ئەلتەرناتیڤ و جێگرەوە بۆ ناوەکەی جەنابی کوێخا.
جەنابی کوێخا هیچیانی نەچوو بەدڵەوە.
ئاخرییەکەی خزمەتکارەکە گوتی: ئێستا نۆرەی منە ناوێکی شایستە و جوان بۆ گەورەم بدۆزمەوە.
گوتی: بەڕێزان، من ناوێکی زۆرباشم دۆزیتەوە و پێم باشە ناوی گەورەم لە(کەرۆ)وە بکەین به(جاشکۆ).
هەمووان گوتیان: ئەی ئافەرین، وەلڵاهی ناوێکی زۆر خۆش و گونجاو و جوانە.
هەمووان ڕێککەوتن کە ناوی کوێخاکەرۆ بکەن بە جاشکۆ.
پیاوێک دەستی بەرزکردەوە. کوێخا گوتی: فەرموو قسەیەکت هەبوو؟
گوتی: ئەزبەنی، ئەو جاشکە ماوەیەکی تر گەورە دەبێت و دەبێتەوە بە کەرەکەی جاران!
مەسەلەی پشتگیریکردن و ڕێگەبۆخۆشکردنی سەلەفیزمیش وەک جێگرەوە( ئەلتەرناتیڤ)ی ئیسلامی سیاسی و لێدانێک لە ئیسلامی سیاسی، هەمان شێوەی ئەو چیرۆکەیە و لە داهاتوودا ئەو (جاشکۆ) سەلەفییەیە گەورە دەبێت و دەبێتەوە بە هەمان کەرەکە (ئیسلامی سیاسی و ئیخوانی جاران) و وەک چۆن لە میسر و ئوردن و لیبیا و کوێت و شوێنانی تر لە دژی پەتای ئیسلامی سیاسی و ئیخوانییەت، سەلەفییەکان پشتگیری کران و بەکارهێنران. گوترا ئەوانە سیاسەت ناکەن و حیزب دروست ناکەن و مەترسییان لەسەر کورسی و دەسەڵات نییە. بینیمان کاتی ئەو پاییزەی کە بەهەڵە پێی گوترا: بەهاری عەرەبی! چۆن هاتنە ناوسیاسەت و دەیان حیزبیان دروست کرد و ئەوجارە نەک تەنها لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و کولتووری و فەرهەنگییەوە چی داخرانێک و کارەساتێک و تاکێکی تاکڕەهەند و تۆتالیتاریان دروست کرد و بوون به مەترسی لەسەر چەمکی پێکەوەژیان و فرەیی و یەکترقبووڵکردن. بەڵکو ڕۆیشتنە ناو پەڕلەمان و لەوێ جارێکی تر بوون بە بەڵا و کارەساتێکی گەورەتر لە دژی هەرپڕۆژەیەک کە بۆنی مۆدێرنێتە و یەکسانی جێندەر و ئازادییەکانی تاکی لێبێت و شەڕی گەورەیان لەپێناو فرەژنی و چەسپاندنی بیروباوەڕ و ئیدەلۆجیاکەیان لەوێوە دەستپێکرد.
ماوەتەوە بڵێم: لێدان لە ئیسلامی سیاسی لەڕێگای سەلەفییەتی دینییەوە، هەڵەیەکی ستراتیجی و گێلایەتییەکی زۆرگەورەیە و لە هەمان کاتدا نەزانی و نەخوێندنەوە و تێنەگەیشنە لەو دوو ڕەوتەی کە ئەگەر لە فرتوفێل و شێواز و تاکتیک و گوتار، دیسکۆرس(discurrere)یش جیاوازبن، لە حەقیقەتدا هەردووکیان دوو ڕووی یەک دراون و داعشی بێ چەکن.
ئەوە ئێستا وادەبینن لەسایەی بوون و هەژموونی ئەو دوو هێزەکۆنخوازە، چۆن فیکری داعشگەرێتی خزاوەتەوە هەموو کونج و کەلەبەرێکی ئەم وڵاتە.
بەدڵنیاییەوە بەرلەوەی تاوانبار و هۆکاری سەرەکی(ئیسلامی سیاسی و سەلەفییەتی دینی)بن، ئەو بەرپرس و لایەن و کەسانەن کە چاوپۆشی لەو دوو هێزه دەکەن، بە تایبەتی سەلەفییەتی دینی.
ئەو دوو هێزه تاریکبیرەی کە دوو گەورەترین مەترسی و هەڕەشەن لەسەر ئێستا و ئاییندەی کۆمەڵ و مرۆڤایەتی و پێکەوەژیان و فرەیی و یەکتری قبووڵکردن.
ئەگەر زوو پێشیان پێ نەگیرێت و سنووریان بۆ دانەنرێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا کارەساتی زۆر گەورەتر بەڕێوەیە.




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا..68.. شەماڵ بارەوانی

بەشی(٦٨)

محەمەد شاکەلی وەزیری ئەوقاف، هات بۆ حوجرەکەمان

وەک لەشەکانی پێشوو ئاماژەم پێدا، دووبارە بەو شێوەیە لە سلێمانی هاتمەوە بۆ هەولێر و حوجرەی محەمەدییە.
جا دواتر دووبارە ئەو فەقێیەی دەتگوت شەشڕووەکانی سەردەمی ستالینە، پیلانێکی تری دانا. بەڵام ئەم جارە لە دژی من نا، بەڵکو لە دژی هەموو قوتابخانەکە.
ڕۆیشتبوو بە کابرای مجێوری مزگەوت(حاجی. ج. تورکومان)ی گوتبوو: ئەوان، مەبەستی هەموو قوتابخانەکە، بە مەلا و فەقێوە، لەبەرئەوەی من یەکگرتوونیم، دژایەتیم دەکەن.
کابرای مجێوری تورکمانیش دووبارە، وەکو زەنگەزۆرە لە هەمووان ئارزا و گوتی: مۆڵەت بۆ ئێوە، لە کەمترین ماوە ئێرە چۆڵ بکەن.
بیرمە کۆتایی ساڵ بوو، مەلاکان پێیان گوت: با ئەزموونەکانی کۆتایی ساڵ تەواو بێت، دەڕۆین.
لەو سەین و بەینە بووین، ئێمە بە حوکمی ئەوەی قوتابخانەکەمان، قوتابخانەیەکی عەلەساس(ئەهلی) و لە حەقیقەتدا سەربە یەکگرتووی ئیسلامیش بوو، جا لەو سۆنگەیەوە، کاتێک پۆلی شەشی ئامادەی(دوازدە)مان تەواو دەکرد، لە هیچ یەکێک لە کۆلێژ و پەیمانگاکانی کوردستان وەریان نەدەگرتین و حیسابیان بۆ بڕوانامەکەمان نەدەکرد و دەبوا بڕۆیشتباین بۆ بەغدا یان مووسڵ.
جا بەوبۆنەیەوە، محەمەد شاکەلی، کە ئەوکات وەزیری ئەوقاف بوو، بیرمە ڕۆژێک لەپڕ هاتە ناو حوجرەکەمان! پرسی: بۆچی ئێوە هاتوونەتە ئەو قوتابخانەیە و نەهاتوون بۆ قوتابخانەکەی ئێمە؟
منیش گوتم: ئێرە عیلمی بە قوەتترە!
گوتی: لای ئێمەش ئەو زانستە هەیه. دواتر، ڕۆڵە گیان، ئێوە لێرە داهاتووتان نییە و لێرە بڕوانامەکەتان باوەڕپێکراو نییە. لای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە سەر میلاکی حکوومەت بڕوانامەکەتان نایخوات.
دەزانن کە ئیتر ئێوە لێرە نەماون و گواستراونەتەوە بۆ سەر قوتابخانەی ئەوقاف و حکوومەت و بوون بە فەرمی؟
بەو چەشنە قوتابخانە و حوجرەی محەمەدییەیان داخست و ئێمەیان گواستەوە بۆ قوتابخانەی ئیسلامی(مەلا عەبدولڵا پەلپیتانی) و لەوێش بڕوانامەکەی ئێمەیان قبووڵ نەکرد. بڕوانامەی پۆلی نۆ دەڵێم. دووباره تاقیکردنەوەیان پێمان کردەوە.
هەرچەندە قوتابخانەی محەمەدییە بڕیاری داخستی درا و هیچ فەقێیەکی تری تێدا نەما و هەموومان ڕۆیشتین بۆ قوتابخانەی(مەلاعەبدولڵا پەلپیتانی)، وەلێ دواتر(محەمەدییە) گواسترایەوە بۆ نێو مزگەوتی ڕەحمە لە گەڕەکی(٩٤) و کۆمەڵێک فەقێی تری تازەیان تێدا وەرگرت.
ئەو بڕیاری داخستنەی محەمەدییە و گواستنەوەمان بۆ قوتابخانەی مەلاعەبدولڵا پەلپیتانی، زۆر منی نیگەران و بێزارکرد.
ئێمە پێشووتر پێمان گوترابوو کە فەقێی سەر بە قوتابخانەی ئەوقاف، جگەره دەکێشن و خوێڕیلکەیان زۆر تێدایە و زۆر پابەندنین بە ئایینەوە. من ئەوکات هێشتا فەقێیەکی فێندەمێنتالیست بووم، بۆیە دەمگوت: من چۆن بتوانم لەناو فەقێی لەوجۆرە بخوێنم؟




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا.. 67 .. شەماڵ بارەوانی

بەشی(٦٧)

یەعنی مەلا سەیری فیلمی خیلاعی ناکەن؟

لە بەشی پێشوودا گوتم هێندە توندڕۆبووم، تەنانەت پەیکەری کەلەشێریشم شکاند و گوتم شیرک و کفر و بت پەرستییە!
نەک هەر ئەوە، بیرمە سەتەلاییتێکمان هەبوو، گوتم سەتەلاییتیش بێ شەرعی و بێ دینی و گوناحە، ڕێک فرۆشتم.

زاواکەمان(ن…)ڕۆحی شاد، زۆر شۆخی لەگەڵ دەکردم و تا بڵێیت منی خۆش دەویست.
بیرمە ئەوڕۆژەی گوتم سەتەلاییت دەفرۆشم. تازە فەقێ بووم و لە لوتکەی توندڕۆییدابووم.

جا کە گوتم: سەتەلاییت بێ دینی و شتێکی بێ شەرعی و پیلانی جولەکەیه، گوتی: یەعنی مەلا سەیری فیلمی خیلاعی ناکەن؟
کەوای گوت: ڕێک دەهری بووم. هەڵبەت ئەو بۆ شۆخی وای دەگوت و دەویست دەمارم بگرێت و تووڕەم بکات.
هەمووجار بۆ شۆخی، قسەی بە مەلا و فەقێ و شت دەگوت و بە شتێکی لەو جۆره تووڕەی دەکردم.
سەتەلاییتەکەیش هەر ئەو کڕییەوە.
گوتم: بەلاش بۆخۆت ببە. گوتی: نەخێر، نامەوێ. شتە پارەیەکی دا و بردی.

کە دەڕۆیشتمە ماڵیان لەکاتی فەقێیاتی، دەیگوت: دیسان مەلای بەڵا هات و لێناگەڕێ لۆخۆمان سەیری گۆرانی و شت بکەین. کە وای دەگوت، من تووڕە دەبووم و هەمووان دەیاندا قاقا.

شتێکی تر هەبوو، ئەو زاوایەمان زۆر جەوی پێ دەگرتم.
دەیگوت: کورە دەبڕۆ، یەعنی مەلا و فەقێ نەزەری ژن و کچان ناکەن؟

ئەدی ئەو پێغەمبەره(ناوی پەیامبەرێکی دەهێنا) لۆ پیاوەکانی دەناردنە شەڕ و جیهاد تا بکوژرێن و ژنەکانیان لەخۆی مارەببڕێت؟
ئەو پەیامبەرە کامە ژنی جوان بایه، دڵی دەچوویێ و مێردەکەی دەناردە جەنگ و جیهاد و فەقیرەی بە کوشتن دەدا و دواتر ڕێک ژنەکەی لەخۆی مارەدەبڕی.

کە وای دەگوت، وای باوکەڕۆ، کە قەڵس دەبووم. زاوامان نەبوایە و تەمەنێکی نەبوایە، ڕێک خۆم لەنێو چاوی دەدا.

زاواکەمان وەنەبێت بێ دین وشت بێت، بەڵام کەسێکی ناخپاک و سادەبوو و وەک من و ئەو ئیسلامییانە ئایینداری بە توندڕۆیی نەگرتبوو.
هەر سەبارەت بەو سەتەلاییت و شتە، بەسەرهاتێکی تر هەیە، هەر لەم بەشە بۆتان لێی دەدوێم.
زۆر بەر لەو ڕێکەوتەی ئێمە سەتەلاییت بکڕین، مەبەستم ساڵانی زۆر زووتر و بەرتر، تازە سەتەلاییت هاتبوو و خەڵکی تاک و تەرا هەیان بوو.
دەیانگوتیش لە سەتەلاییت فیلمی خیلاعی دێتە سەر.
من نەمدەزانی خیلاعی یانی چی!
دواتر زانیم مەبەستیان فیلمی(پۆڕن)ە.
پیاوێک هەبوو لە دێیەکەمان، کە تووڕەدەبوو، کفری زۆر گەورەی دەکرد.
ئەوە پیاوەکان و خەڵک باسیان دەکرد.
پیاوەکە، کاری کشتوکاڵی و دەغڵودان و شتی دەکرد.
هاوڕێیەکم هەبوو، منداڵ بوو و لە تەمەنی خۆم بوو، دەیگوت: کە باران نابارێت، یان (کیسەلە) لە گەنم دەدات، یان ئەوساڵە مشک زۆر بێت و مشکەکان گەنم وێران بکەن، ئەو پیاوە کفری زۆر دەکات. دەیگوت: دەڵێن کە لەوەهاشتێک تووڕەبێت، دەڵێتەکوڕەکەی: ئا… لە داخی خوای گەورە، سەتەلاییتەکە بخەرەسەر مەجموعەی هۆتبێرت(ئۆروپا) و فیلمی خیلاعی.

هەر سەبارەت بەو سەتەلاییتە، بیرمە ڕۆژێک سەتەلاییتەکەمان تێک چووبوو. پیاوێک، کاکە(ع…)م بانگ کرد تا بێت و چاکی کاتەوە. مەسەلەی ئەو لەمپە و شتەی سەتەلاییتەکە بوو.
پیاوێکی بە تەمەن لەوێ بوو، (لە ماڵی خۆمان) پیاوەکە گوتی: بۆی چاکەوە و بۆیشی بخەرە سەر سێکس! کەوای گوت، شۆک بووم!
کە ئەوباسەم بۆ هاوڕێیەکم گێڕایەوە، هاوڕێیەکەم گوتی: وا سەیری ئەو پیاوە مەکە دێتە مزگەوت و خۆی وەک ڕۆحانی و شت پیشان دەدات، وانییە، زۆر دووڕوو و خوێڕییه، من زانیاری تەواوم لەسەری هەیه و لە ماڵەوە بەردەوام سەیری فیلمی خیلاعی دەکات.
لەوساتەوە من ڕوانگەیەکی خراپم سەبارەت بە سەتەلاییت لا دروست بوو.
مامۆستایەکمان هەبوو لەسەرەتایی. پۆلی(پێنجی سەرەتایی) بووم کە ئەو هاتە دێیەکەمان، ئەو مامۆستایه دواتر بە تۆمەتی(ئیسلامی ڕادیکاڵ) و شت، چەندساڵێک دەستگیرکرا.
دوای ئەوەی خۆی گواستەوە بۆ دەڤەرێکی تر و دێیەکی تر(دەمێکی کورت بەرلەوەی بگیرێت) ڕۆژێک گوتی: وەرە سەردانیم، منیش سەردانیم کرد.
لەو دێیەی ئەو بۆی چووبوو، ئێوارەکە پیاسەیەکمان کرد. گوتی شەماڵ سەیرکە، ئەوماڵە دەبینیت؟
ئەوە ماڵی مەلایه و مەلا سەتەلاییتی داناوە!
من و ئەو مامۆستایە پێمان تاوان و شتێکی زۆر سەیربوو مەلابیت و سەتەلاییتت هەبیت!




باجی ئەو بێموبالاتییەتان دەدەن.. شەماڵ بارەوانی

قسەیەکی قۆڕ هەیه دەڵێت: تیرۆر ئایینی نییە.
بێگومان تیرۆر ئایینی هەیه و ئیمانی لە هی من و تۆش بەهێزترە و دکتۆراشی لە شەریعەت هەیە.
کابرا لائیکێک دەکوژێت، لەژێر کاریگەری دەقێکی دینی یان قسەی مەلا و بانگخوازێکی توندڕۆ، پەنا بۆ ئەوکارە قێزەونە دەبات. قابیلە خۆ بەهۆی سەیرکردنی کلیپی گۆرانییەکی هەیفاوەهبی یان خوێندنەوەی شیعرێکی شێرکۆبێکەس یان گوێگرتن لە مۆسیقایەکی ڕۆمانسی نابێت بە توندڕۆ و بکوژ.
کوشتنی گەنجێک، تەنها لەسەر ئەوەی دەستبەرداری ئایین بووە و ئەوهەموو دەستخۆشیکردن و پشتگیریکردنە لەو کارەقێزەون و تیرۆرستییە، زەنگێکی زۆر مەترسیناکە و ئەوەشمان پێ دەڵێت، کە کۆمەڵگای کوردی و تاکی کورد چۆن بەرەو داعشبوون هەنگاو دەنێت.
بەوردی سەیری کومێنتەکانم دەکرد لە سۆشیال چاڵەوێن(میدیا)ی کوردی، زۆربەی نووسیبوویان: ئەوە کۆتایی هەموو مولحیدێکه، مولحیدەکانی کوردستان ئیتر بترسن، شایەنی، کافری لە دین هەڵگەڕاوە، قسە به دین دەڵێیت؟ دەبیخۆ.
دانەیەکیان کە خەڵکی شارەکەی خۆمە و هەرزەکارێکی دەم ڕووتە، لە وڵامی کۆمێنتێکی من، بۆی نووسیبووم:سڕەی تۆش دێت 😈
یەکێتریان دەستخۆشی ئەو کوشتنەی کاکە خواناسی کردبوو.
ڕۆیشتمە سەر پرۆفایلی، ئەمیش منداڵێکی هەرزەکار، تەمەنی دەوری پازدە شازدە ساڵێک دەبوو و لەکۆمێنتێک نووسیبووی:
دەلێن جوێنی بە دین و پەیامبەر داوە(دەڵێن) مادام وای گوتووە دەبێ بکوژرێت.
ئەو ئەقڵییەتەی ئێستای کۆمەڵی کوردی و تاکی وێرانبووی کوردی، ڕێک هەمان ئەو کارەساتی کوشتنی (فەرەج فۆدە)مان بیر دێنێتەوە، کاتێک دادوەر لە دادگا لێی دەپرسێت: بۆچی کوشتت؟ بکوژەکە لە وەڵامدا گوتی: کوفری کرد.
دادوەرەکە گوتی لەکوێ؟
بکوژەکە گوتی: لە کتێبەکانی.
دادوەرەکە لێی پرسی: لە کامە کتێبی؟
بکوژەکە گوتی: نازانم، من هەر خوێندەواریم نییە، بەڵام وادەڵێن!
بەڵێ، کۆمەڵگای کوردی ئێستا لەو دووڕیانەی جەهالەت و وەک لە وتارێکی تریشم پێشووتر گوتوومه(لە لێواری قەندەهاربوون)دایه.
من گلەییم لە ئەندام و لایانگرانی حیزبه ئیسلامییەسیاسییەکان و سەلەفیگەراکان نییە، کە توندڕۆ و داعشبیرن. ئەوان دۆکترین و نەهج و ئیدەلۆژیایان وایه.
بەڵکو مەهزەلەکە لەوەدایە، تۆ ئێستا لە سۆشیال میدیا ناتوانیت ئەندامێکی یەکێتی یان پارتی لە ئەندامێکی کۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوە، یەکگرتوو و سەلەفییەک جیابکەیتەوە و هەمووی هەڵگری فیکری توندئاژۆیین و دژی پێکەوەژیان، تۆلەرانس، عەلمانییەت، کرانەوە و ئازادی تاکن. هەمووی دژی ئازادیخوازان، لە یەک سەنگەردان لە سۆشیال میدیا.
وەرنەوە هۆش خۆتان و قسەی ئێمه بەهەند وەربگرن. ئێوە وەک ئێمە ئیسلامی سیاسیتان نەناسیوە و هەستتان بە مەترسییەکانی تیرۆر و تارمایی ئەو هێزه بناژۆخواز و داعشبیرانە نەکردووە. وەک ئەوەی من و کۆمەڵێک نووسەری تر، کە پێشووتر هەموومان ئیسلامی سیاسی و سەلەفییەتی دینی بووین و لە منداڵدانی ئەو هێزە کۆنەخوازانە هاتووینەتە دەر و دەمێکە لە ڕێگای نووسینەکانمانەوە هاوار دەکەین: تا زووە و لەدەست نەچووەتە دەر، فریای کۆمەڵگە بکەون، خەریکه هەمووی دەبنە داعش.
کادری حیزبێک لەو حیزبە بەناو عەلمانییانە بەمن دەڵێت: تۆ مورتەدی و حوکی مورتەدیش کوشتنە. جا ئەو پیاوە(ماستەر)ی لە یاساش هەیە!
ڕادیۆ هەیه سەربەحیزبێکی(گوایە) عەلمانییە و ڤیتۆی خستووەتە سەر کتێب و نووسینەکانم و بەڕێوەبەرەکەی ئاگادار کراوەتەوە کە نابێت لە پەیجی ڕادیۆکە ڕێکلام بۆ کتێبه چاپکراوەکانی من بکرێت و چاوپێکەتن لەسەر کتێبەکانم لەگەڵدا بکەن. گوتوویانە خەتەرە و مەڕ و مێگەل لێمان دەتورێن.
کەچی هەمان ڕادیۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ مەلا و کەسی بیرداعشی وا دەکات، کەسی نزیک نزیکی چووەتە ناو داعش.
دڵتان بەوە خۆش نەکەن، کە ئیسلامی سیاسی لە دەسەڵات نین و لە سیاسەت لاوازن. لەسەر ئاستی کۆمەڵ، ئەقڵی مێگەلی کوردی ئێستا لەدەستی ئەوانە.
نێنەوە هۆش و قسەی ئێمەمانان بەهەند وەرنەگرن، زوو یان درەنگ، باجی ئەو بێ موبالاتییەتان دەدەن.
(ئەنوەر سادات)یش وا بێموبالاتانە دەرگای کۆمەڵی بۆ ئەو هێزە بناژۆخوازانە خستە سەرپشت، سەرەنجام سەری خۆی و کۆمەڵی میسرییان خوارد.
ئەمڕۆ، کاکە خواناس بوو، لەوەدەچێ بەیانی من بم، دڵنیابن سەرەی ئێوەش هەمووتان دێت.
من نە کۆمپانیا و بیرە نەوتم هەیە و نە بازرگانیشم.
جگە لە پێنوسەکەم، هیچی ترم نییە تا لەدەستی بدەم.
(۱۰)ساڵە زانکۆم تەواوکردووە و وانەبێژم و دامەزراندنیشتان پێ ڕەوا نەبینیم. وەک هەزاران گەنجی دیکەی ئەم وڵاتە، بێناز و کوڕەهەژارێک زیاتر نیم و بۆ لەچاپدانی کتێبێکم پارە قەرزدەکەم.
خۆتان زەرەردەکەن و هەموو شتێک لەدەست دەدەن و کۆمەڵی کوردیش بەو ژەهرەی فیکری سەلەفییەتی دینی و ئیسلامی سیاسی وێران دەکەن.




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا-66.. شەماڵ بارەوانی

بەشی(٦٦)

ئەوەی وا بڵێت و تێڕوانینی وابێت، لەناو ئێمە جێگای نابێتەوە

هەرسەبارەت بەو فەقێ شەشڕووەی لەبەشەکانی پێشوو باسم کرد، بەسەرهاتێکی دیکە هەیه، لەم بەشەدا لێی دەدوێم.
بیرمە، تازە ببووم بە هەڵگری بیری توندئاژۆیی و کەوتبوومە ژێر کاریگەری فیکری توندئاژۆیی ڕێکخراوی(قاعیدە)، کۆمەڵێک نامیلکۆکە و کتێبی سەلەفیگەرا و فێندەمێنتالیستەکانم لابوو و دەمخوێندنەوە.
یەکێک لەو نامیلکۆکە و کتێبانە، باسی لە حەرامێتی وێنە و پەیکەر و شت دەکرد و زۆر نەزانانە، دۆ و دۆشاو تێکەڵ کرابوو. پەیکەر بە بتی پەرستن دانرابوو و دروستکردنی وێنەی مرۆڤ و گیانداران و وێنەی فۆتۆگرافیش حەرام و تابوو کرابوو.
لە ماڵەوە بۆفیەیەکمان هەبوو، دوو کەلەشێری لەشێوەی پەیکەرم کڕیبوو و لە ناو بۆفیەکەم دانابوو.
کە ئەو فەتوا و شتەی ناو نامیلکۆکەی کتێبەکانم خوێندەوە، یەکسەر پەیکەری دوو کەلەشێرەکەم لە بۆفیەکە هێنایە دەر و وردوخاشم کردن.
ئەلبوومی وێنەکانیشم هێنا، ویستم هەمووی گڕ تێ بەردەم.
دەمێک سەیری وێنەکانم کرد و نەمتوانی بیانسووتێنم، گوتم: ئەو هەموو یادگارییانەی خۆم، چۆن بە دەستەکانی خۆم بسووتێنم؟
دەی با جارێ لێیانگەرێم، کاتێکی تر دەیانسووتێنم.
ئەوە هێشتا هیچ کۆنتاکێکی حیزبیم لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی دروست نەکردبوو.
دواتر کە ڕۆیشتم بۆ حوجرە و فەقێیاتی، بیرمە ساڵی یەکەمی حوجرە و قوتابخانەی ئایینیم بوو، ڕۆژێک مەلاکان گوتیان دەڕۆین گەشتێک دەکەین و جەوێک دەگۆڕین. پاسێکیان هێنا و هەموو مەلا و فەقێکان ڕۆیشتینە ناو پارکی (سامی عەبدوڵڕەحمان). من ئەوکاتە فەقێیەکی فێندەمێنتالیست بووم و باوەڕم بە وەها کارێک(گەشت و چوونە پارک و جەوگۆڕین و شت)نەبوو.
له تێڕوانینی ئەوکاتەم، پارک و مەلها یەک شت بوون، قەناعەتم وابوو کە پارکەکانیش شوێنی بەرەڵایی و ڕابواردنن!
ئەو فەقێ شەشڕووە فێڵباز و تاکتیکبازەی کە هێشتا نەمناسیبوو و مەعدەنی ئاشکرا نەببوو، زانی کە من توندئاژۆم و باوەڕم بەو شتانە نییە و لە ناچاری هاتووم، خۆی لێ نزیککردمەوە و لەژێر گوێچکەکانم چرپاندی: مەلاشەماڵ، توخوا کەی ڕەوایە ئێمەیان هێناوەتە ئەو بەرەڵاخانەیە؟ ولڵاهی ئێمە و ئێرەیان نەگوتووە.
ئەو یەکگرتووانە بەس مایه زینای حەڵاڵ بکەن.
وەلڵاهی حوجرە و فەقێ و مەلای تر بەمە بزانن کە هاتووین بۆ پارک، ئابڕوومان دەچێت.
گوتم: زۆر ڕاستە، بەڕاستی نەدەبوو بێینە وەها فەسادخانەیەک!
ئەوڕۆژە من و ئەو فەقێ شەشڕووە لەژێر لێوەوە هەر گلەییمان دەکرد و دەمانگوت و دەمانگێڕاوە.
کاتی نانخواردن هات و مەلاکان کامێرایەکیشیان هێنابوو و گوتیان دەی با کۆمەڵێک وێنە بۆ یادگاری بچرکێنین.
ئەو فەقێ شەشڕووە خۆی شازکرد و خۆی جیاکردەوە و گوتی: من وێنە ناچرکێنم، وێنەچرکاندن حەرامە.
مەلاکان کە هەموویان یەکگرتووی ئیسلامی بوون، زۆر بەو هەڵسوکەوت و قسەی ئەو فەقێ شەشڕووە قەڵسبوون و گوتیان: ئەوەی وا بڵێت و تێڕوانین و فیکری وابێت، لەناو ئێمە جێگای نابێتەوە.
جا ئەو فەقێیه ڕاستە ئەو ڕۆژە هیچ وێنەیەکی نەچرکاند (وێنەکانم هەمووی لە حوجرەکەی مزگەوتی: ڕەحمە لەکاتی فەقێیاتیم بردوو و لە ئەلبوومەکەمم وەک یادگاری پاراستووە).
وەلێ دواتر و دوای چەند مانگێک لە حوجرەکەی محەمەدییە، مەلا و فەقێکان کۆمەڵێک وێنەی تری یادگاریمان چرکاند. ئەو فەقێ شەشڕووە هات لەگەڵمان دەستی بە وێنە چرکاندن کرد(ئەو وێنانەشم هەموو لایە و لە ئەلبوومی وێنەکانم پاراستوومن).
ئەو فەقێ شەشڕووە، لە بەشەکانی پێشوو گوتم: خۆی لەو مەلا کۆنەبزووتنەوە و جیهادییە، مەلا(ع. مەمک)نزیک کردبووەوە و مەلای کۆنەجیهادیش دەیگوت: هەموو جۆرە وێنە و پەیکەر و تابلۆ و شتێک حەرامە!
ئەوڕۆژەی لە پارکی سامی عەبدوڵڕەحمان ئەو فەقێ شەشڕووە کە گوتی وێنە ناگرم، درۆی دەکرد و وەک من بیروباوەڕ جیهادی و ڕادیکاڵ نەبوو، بەڵکو مەکر و نازی دەکرد و لای من خۆی وا نیشان دەدا کە لەژێر کاریگەری مەلای کۆنەبزووتنەوە و کۆنە جیهادییە و ئێستاش هەر قەناعەت جیهادییە. دواتر هەر زوو ئەو شەشڕووەی خۆی بیرچووەوە و ماوەیەکی کەم دوای ئەو ڕێکەوتە، یەک دنیا وێنەی چرکاند. هاهاها.
من ئەوڕۆژەی ناو پارک و دواتریش، وێنەم چرکاند و سەرەڕای ئەوەی دەمگوت: وێنەچرکاندن حەرامە، وەلێ نە دەستم ڕۆیشت ئەلبومی وێنەکانم بسووتێنم و نەیش هیچ جارێک گوتم: وێنە ناچرکێنم. دەمگوت: ڕاستە وێنە چرکاندن گوناحە، بەڵام گوناحی زۆر گەورەتر هەیە، کە دەبێ خۆمانی لێ دوورخەینەوە.




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا..65.. شەماڵ بارەوانی

بەشی(٦٥)

دوو فەقێی گچکە و درۆیەکی گەورە!

لە بەشی ڕابردوو باسم لەوە کرد، کە فەقێیەکمان لەگەڵدابوو، لای مجێوری مزگەوت سکاڵای لێ کردم، کە من هۆکاری دەرکردنی ئەوم لە قوتابخانەی محەمەدییە. سەرەنجام و بەهۆی ئەمەوە، من و کۆمەڵێک فەقێی دیکە، لە هەولێری پایتەخەتەوە، گواستراینەوە بۆ شارەحەیاتەکە(سلێمانی) و مزگەوتی(حەمەی حاجی ڕەشید)و قوتابخانەی ئیسلامی(غەزالی).
حوجرە و قوتابخانەی(غەزالی)یش سەر بە یەکگرتوو بوو.
ماوەیەک لەوێ ماینەوە، دواتر من و سێ فەقێی دیکە بووین. مەلاکان پێیان گوتین کە بڕۆین بۆ حوجرەکەی مزگەوتی سەیوانی دوو، لە سابوونکەران.
بەو شێوەیه ڕۆیشتین بۆ ئەوێ. بەڵام بۆ وانەخوێندن هەردەهاتینەوە بۆ قوتابخانەکەی غەزالی لە مزگەوتی حەمەی حاجی ڕەشید.
لە حوجرەی سەیوانی دووش، ئیزافه وانەی فیقهـ و نەحو و سەرفم لای مەلای مزگەوتەکە، مەلا(عەبدولڕەحمان سەجادی )دەخوێند، کە لە قوتابخانەی غەزالیش وانەی پێ دەگوتینەوە و ئەمیش مەلایەکی سەربە یەکگرتووی ئیسلامی بوو.
لە حوجرەکەی سەیوانی دوو، دوو فەقێی تریشی لێ بوو کە هەمان شێوەی ئێمە، لە قوتابخانەی غەزالی دەیانخوێند.
فەقێ یاسین و فەقێ(کۆ….). فەقێ (کۆ…) فەقێیەکی زۆر جاڕسکەر و تەبیعات ناشیرین و زۆر دەستناخۆش بوو.
چیمان بکردبایە و بگوتبایە، ڕێک دەڕۆیشت هەمووی لە مشتی مامۆستا مەلا عەبدولڕەحان سەجادی دەنا.
زۆر تەعامولی ناخۆش بوو و وەک براگەورەی ئێمە دانرابوو.
تا بڵێیت ناحاڵی و مامەلەبێتام بوو. وەک دکتاتۆرێک فەرمانی بەسەردا دەکردین.
من ئەوەم زۆر لەسەر دڵ گران و بەلاوە ناخۆش بوو و قەت نەمدەتوانی قبووڵی شتێکی وا بکەم. چەندین جار لە ڕووی ئەو فەقێیه وەستامەوە.
ئەو فەقێیه، دووزمانی و سیخوڕی بەسەرەوە دەکردین. کورد گوتەنی تڕێکمان بکردبایە، ڕێک دەچوو هەمووی بە نهێنی لای مەلاعەبدوڵڕەحمان سوجادی باس دەکرد.
هەر بەهۆی ئەویشەوەبوو کە مەلا عەبدولڕەحمان لێم تووڕە و زویربوو و هەڕەشەی دەرکردنی لە حوجرەکەی مزگەوتی سەیوانی دووی لێ کردم، کاتێک کتێبێکی پیاوەئایینییە سەلەفییەکانم کڕی. تەفاسیلی ئەو چیرۆکە، لە بەشێکی تری بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕادا باس دەکەم.
کاتێک مەلا هەڕەشەی دەرکردنی لێ کردم، من ئیتر دڵم لەو مزگەوت و حوجرەیە شکا. من و فەقێیەکی تر، فەقێ هەیاس، کە خەڵکی دێیەکەی من بوو و من کردبووم بە یەکگرتوو و بردم بۆ فەقێیاتی. ئێمە زۆر هۆگری یەکتری بووین و وەک دوو برای دووانە وابووین و لە هەموو شوێنێک هەر پێکەوە بووین.
بە فەقێ هەیاسم گوت من ئیتر لێرە دەڕۆم. ئەو گوتی منیش لەگەڵ تۆم، بۆ هەرکوێ بڕۆیت.
ڕێک ڕۆیشتینە لای مەلا(ناسیح شارباژێڕی)ی بەڕێوەبەرمان و گوتمان: بمانگوازەوە بۆ حوجرە و مزگەوتێکی تر و ئێمە یەک چرکەی تریش لە حوجرەی مزگەوتەکەی(سەیوانی دوو)نامێنینەوە.
گوتمان یان مزگەوتەکەی (عەلی کەمال)، یان مزگەوتێکی تر، کە ئەویش لە گەڕەکی زەرگەتە بوو و ناوەکەیم بیرنەماوە.
ئەو دوو مزگەوتە کۆمەڵێک فەقێی تێدا دەمانەوە، فەقێکان هەمووی یەکگرتوو بوون. ناوی مزگەوتێکی تریشمان پێی دا. هەڵەنەبم مزگەوتی(عەبدولقادری گەیلانی)بوو، باشم بیرنەماوە.
وەلێ ئەو ڕازی نەبوو و گوتی: زەوی و ئاسمان بگەن بەیەک، ئەوە ناکەم.
کە مەلا گوتی هەرگیز ئەوە نابێت، مەلا ناسیح بەڕێوەبەرێکی زۆر وشک و توند تەبیعات و مامەڵە زبر و ناخۆش بوو.
کە بە ڕوویەکی ناخۆش و زمانێکی زبر گوتی: ناڕۆن بۆ هیچ حوجرەیەکی تر و دەبێت لەوێ بمێننەوە.
من و فەقێ هەیاس، زۆر بەوە پەست و نیگەران بووین.
سەرەنجام من و فەقێ هەیاسی هاوڕێم، بڕیارمان دا سلێمانی جێ بێڵین و بڕۆینە قوتابخانەی ئیسلامی لە ئاکرێ. بەڵام چۆن و بە چی ڕێگایەک بڕۆین؟
پلانمان دانا، کە بڵێین کەسوکارمان گوتوویانە: هەرگیز قبووڵ ناکەین لە سلێمانی بخوێنن، بەدواتاندا دێین و دەبێ بێنەوە لەگەڵمان.
فەقێ لوقمان برادۆستی کە ئەویش لەگەل ئێمە لە حوجرەکەی مزگەوتی سەیوانی دوو دەمایەوە و ئێستا مامۆستایە لە کولێژی زانستەئیسلامییەکانی زانکۆی سەلاحەددین.
گوتمان ئێمە کارێکی وا دەکەین و بە درۆ وا بە مامۆستاکان دەڵێین، تکایە بە هیچ کەسێک نەڵێیت.
فەقێ لوقمان فەقێیەکی زۆر ڕاستگۆ و جێگای متمانەبوو. فەقێیەکی تا بڵێیت ڕێزدار و ڕەفتارجوان بوو.
سەرەنجام بە مامۆستا مەلاکانمان گوت، کە بابەتێکی وا هەیه، تەواو ئێمە دەڕۆین لێرە. کەوامان گوت، گوتیان بە هیچ شێوەیەک نابێت لێره بڕۆن، ئێوە دوو فەقێی زۆر زیرەک و ڕەوشتبەرزن.
مەلا ناسیح شارباژێڕی بەڕێوەبەر گوتی: بەس نەڕۆن، کامە حوجرە و مزگەوتتان دەوێت، بەڵێن بێت بتاننێرم بۆ ئەوێ.
گوتمان کەسوکارمان فشار دەکەن و دەڵێن: گەر سلێمانی جێ نەهێڵن و نەگەڕێنەوە هەولێر، دێین و بە زۆر لە حوجرە و فەقێیاتی دەرتان دێنین.
گوتیان: زۆرمان لەسەر دڵ گرانە، مامۆستا عەبدولڕەحمان سوجادی گوتی: خۆزگە هەموو فەقێکانی تر بڕۆیشتبوانە، بەس ئەم دووەتان نا.
ئەو مەلایە کە پێشووتر(مەلا عەبدولڕەحمان سوجادی) هەڕەشەی دەرکردنی لێ کردم، هەرچەند زۆریشی کەیف بە من دەهات. مەلاکان بۆمن بەگشتی وا بوون، هەم زیرەک و هەم حافزولقورئانیش بووم، ‌ئەوە زیاتر خۆشەویستی کردبووم لای مەلاکان و وای کردبوو کە بەگشتی ڕێزێکی تایبەتم بگرن.
جا کە وامان گوت، مەلا عەبدولڕەحمان گوتی: قەدەری خوایە و دەستی کرد بە گریان. هەموو مەلا و فەقێکانی تریش هەمان شێوە، وەک بڵێیت دوو ئازیزترین کەسیان دەڕۆن و بە یەکجاری لێیان دوور دەکەونەوە. دەستیان کرد بە گریان و هەمووان ئێمەیان ماچ کرد و ئێمەش بە قەست دەگریاین و فرمێسکی تیمساحیمان دەڕشت.
کە هاتینە دەر، تێرتێر پێکەنین و کلاومان کردە سەری هەمووان و دوو فەقێ بچووکەکە، درۆیەکی گەورەمان کرد و هەموومان لەخشتە برد!
دواتر گوتیان بوەستن، مامۆستا سەید سەعید، بەڕێوەبەری قوتابخانەی(محەمەدییە) هاتووە بۆ ئێره و لە مەڵبەندی یەکگرتووی ئیسلامی سلێمانییە، لەگەڵ ئەو بڕۆنەوە.
ڕۆیشتینە مەڵبەند و لەوێ لەگەڵ مامۆستا مەلا سەید سەعید و مەلایەکی تریشی لەگەڵدابوو نازانم کامە مەلا بوو،

بیرم نەماوە، هاتینەوە بۆ هەولێر. لەڕێگا من و فەقێ هەیاس هەر پێدەکەنین.
بیرمە کە چووین بۆ مەڵبەندی یەکگرتووی سلێمانی، شتێکمان زۆر لا سەیر بوو. من و ئەو فەقێیەی هاوڕێم، بینیمان کۆمەڵێک کچ دەهاتن بۆ مەڵبەندەکە، هەموویان کابۆ و پانتۆڕیان لەبەربوو. ئەوە شۆکی کردین. ئێمە ئەوکات، هەم من و هەم ئەو فەقێیەی هاوڕێشم، توند بووین و باوەڕمان بە جۆرە لەچک و حیجابێکی تر هەبوو، دامانە قاقا و بە تەنز بە یەکتریمان دەگوت: وەی وەی، کچەیەکگرتووەکانی ئێرە زۆر مۆدێرنن، بە ئەتەک(جلی ژێرەوە)دێن بۆ مەڵبەند. بەو شێوەیە سلێمانیم جێ هێشت.
دواتر ڕۆیشتینە ئاکرێ. لەوێ گوتیان: ئێوە بڕوانامەی پۆلی سێی ناوەندی قوتابخانەی حکوومی و ئەوقافتان نییە و ئەو سێی ناوەندییەی ئێوە، هی ئیسلامییەکانە و لای ئێمە ناخوات.
دواتر لە هەولێر مامۆستاکان بڕیاریان دابوو بە هەرشێوەیەک بێت، من و فەقێ هەیاس ببەنەوە قوتابخانەی محەمەدییە.
گوتیان ئەو دوو فەقێیەمان زۆر زیرەکن، ئەگەر بڕۆنە قوتابخانەی ئەوقاف و حکوومی، دەبن بە دوو فەقێی تری زۆر جیاواز، سەرەنجام دەفەوتێن. ئێوە بڕۆنە قوتابخانەی ئەوقاف فێری جگارە کێشان دەبن و گێولتان لەگەڵ خوێندن و فەقێیاتی نامێنێت، دەبێت بێنەوە ئێرە و دوووبارە لای ئێمە بخوێنن.
مەلایەک بە پێکەنینەوە وای پێ گوتین.

کە ڕۆیشتینەوە بۆ ئەو قوتابخانەیەی کە پێشووتر لێی دەرکرابووم، مەلاکان گوتیان خۆت بە حاجی جاسم پیشان مەدە و با نەزانێت تۆ هاتوویتەوە بۆ ئێرە.
بەو شێوەیە بە قاچاغی ڕۆیشتمەوە قوتابخانەی محەمەدییە.
بۆ ئەو درۆ و پلانەش، گوتم کە تەنها بە فەقێ لوقمانمان گوت، دواتر لە باکووری کوردستان و لە شاری(وان) هەردووکمان دوای تەواوکردنی قوتابخانەی ئیسلامی و کۆلێژی زانستەئیسلامییەکان، ئەو لە سلێمانی و من لە هەولێر، هەردووکمان ڕۆیشتین بۆ ماجستێر. لە ماجستێرەکە، ئەو دوو کۆرس لەپێش من بوو.
ئەو فەقێیەی تریش(فەقێ هەیاس) دواتر لەگەڵ یەکتری کۆلێژی زانستەئیسلامییەکان(شەریعە)ی زانکۆی سەلاحەددینمان لە ساڵی(٢٠١٤) تەواوکرد. پاشان ئەویش ڕۆیشتە ماجستێر. ئێستا لەناو هەولێر لە مزگەوتێک مەلایە و لەوەتەی تووشی گۆڕانی فیکری بوومە، هاوڕێیەتی و برایەتیمان وەک جاران نەماوە.
ئەو دوو فەقێیەی پێشووتر، کە وەک دوو برای دووانە وابوون و لە هەموو شوێنێک هەر پێکەوەبوون، ئێستا بە چەندین ساڵ جارێک، مەگەر یەکتری ببینن!




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا.. 64.. شەماڵ بارەوانی


(٦٤)
گواستنەوەم بۆ سلێمانی

با بێینەوە سەر بەسەرهاتی فەقێ شەشڕووەکە!
گوتم فەقێیەکمان لەگەڵدابوو، هەرسەعاتە و خۆی بە ڕەنگێک دەگۆڕی، بە شێوازێک دەردەکەوت و بە زمانێک دەدوا!
ئەو فەقێیە ماوەیەک بەرلەئێستا لە مزگەوتێکی سنووری هەولێرمەلابوو. ئێستا نازانم لە کوێیە و چیدەکات. بیرمە ئەو فەقێیە ڕۆژێک ناسنامەی یەکێک لە حیزبەکانی تری لە بەڕکی دەرهێنا و پیشانمی دا، من شۆک بووم کە ئەوەم بینی!
ناسنامەکە هی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. من ئەوکات بە حوکمی ئەوەی فەریکە فەقێیەکی فێندمێنتالیست بووم، هەموو حیزبە کوردییە نائیسلامییەکانم بە عەلمانی و کافر و لادەر و گومڕا دەزانی. زۆرم پێ سەیربوو، فەقێ بێت و لە حوجرەی ئیسلامییەکان بێت و ناسنامەی حیزبێکی کافر و عەلمانی و گومڕای پێ بێت!
لە دڵی خۆمدا گوتم: وەی وەی لەو فەقێ دووڕووەی! تۆ سەیرکە، لە ڕووی مامۆستاکانمان(مەلاکان)خۆی وەکو یەکگرتوویەکی تەمام عەیار و ئیخوانییەکی دلسۆزی ڕێبازی حەسەن بەننا و دەروێشێکی سەلاحەددین بەهائەددین پیشان دەدات، کەچی لەژێرەوەش ناسنامەی حیزبێکی عەلمانی لە گیرفاندایە!
دەردت لە گیانم، خۆت بگرە، بەڵێن بێت لەنزیکترین کاتدا، ماسکی دووڕووییت بۆ هەمووان ئاشکرا بکەم و ڕیسوات بکەم.

کە ئەوەم بینی و فەقێیەکە خۆیشی دانی پێدانا و بە پێکەنینەوە گوتی: فەقێ شەماڵ، من لەگەڵ ئەو حیزبەدام.
لە حوجرە ڕۆیشتم و ڕێک بە دوو فەقێی ترم گوت.
ئەو دووفەقێیە ئێستا دانەیەکیان لە زانکۆ وانە دەڵێتەوە و ئەوەی دیکەشیان لە مزگەوتێک لە هەولێر مەلایه. ئەوان گوتیان ئێمەش شتمان لێ بینیوە. ڕێک هەرسێکمان ڕۆیشتین بۆ کارگێڕی قوتابخانە و بە بەڕێوەبەر و مەلاکانمان گوت.
حوجرەکەی ئێمە، وەک گوتم لەڕووی سیاسی و ئیدەلۆژییەوە یەکگرتووی ئیسلامی سەرپەرشتی دەکرد، لە ڕووی ئابووریشەوە، پیاوێکی تورکمان(حاجی.ج)سپۆنسەری دەکرد و ئازووقە و شتی بۆ دەهێناین.
ئەو فەقێ شەشڕووەش زۆر فێڵباز و لێزان بوو، بەینی لەگەڵ ئەو پیاوە زۆر خۆش کردبوو و موو بە بەینیان وەنەدەچوو و وەکو باوک و کوڕیان لێ هاتبوو.
دواتر کاتێک مەلا یەکگرتووەکان بە تاوانی سیخوڕی بۆ حیزبێکی عەلمانی(pdk) ئەو فەقێیەیان لە حوجرە دەرکرد، فەقێیەکە ڕۆیشتبوو هەواڵی دەرکردنی خۆی بە حاجی(ج-تورکمان)گوتبوو و خۆی وەک ستەملێکراوێک پیشان دابوو. گوتبووی، ئەوە هەموو لەژێر سەری فەقێ شەماڵییه.
حاجی(ج، تورکمان)ی لێ هار کردم و حاجی گوتی:
یان حوجرە دادەخەم یان فەقێ شەماڵ لەو حوجرەیه دەڕوات.
بەڕێوەبەرەکەمان(مەلا سەید سەعید) ئەوەی زۆر پێ ناخۆش بوو، کە من دەبێ لەو حوجرەیە نەمێنم و بڕۆمە سلێمانی، مەلاکانی تریش هەروا. بەڕێوەبەر بانگی کردم و گوتی: چارمان نییە، خۆت دەزانی سکاڵاتان لێ کراوە و دەسەڵاتمان نییە.
جا ئەو فەقێ شەشڕووە شکاتی لە دژی یەک دوو فەقێی تریش کردبوو. بە حاجی(ج. تورکمان)ی گوتبوو: ئەوانیش دژایەتییان کردووە.
بەو شێوەیە، لە حوجرە و قوتابخانەی ئایینی محەمەدییە، من و ئەو دوو فەقێیە و چوار فەقێی تریشیان لەگەڵ نەقڵ کردین بۆ سلێمانی. تا ئێمە هەست بە بێزاری نەکەین و ئەو نەقڵە لەسەرمان قورس نەبێت.
بەو شێوەیە، من و ئەو کۆمەڵە فەقێیە، ئیتر ڕۆیشتین بۆ شارە حەیاتەکە.




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا-63.. شەماڵ بارەوانی..

(٦٣)
ڕێکخراوی قاعیدە و بن لادنم زۆر خۆش دەویست

لە بەشی پێشوو گوتم: ئەو مەلایانەی وانەیان بە ئێمە دەگوتەوە، هەموویان یەکگرتووبوون، تەنها دانەیەکیان نەبێت، کە کۆنەبزووتنەوەی ئیسلامی بوو.
مامۆستاکانمان، کە هەموویان مەلا و یەکگرتووبوون، کێرڤی دەمارگیری ئایدیۆلۆژی و حیزبییان زۆر بەرز بوو، ڕێگەیان نەدەدا ئێمە گوێ لە وتاری مەلای سەربە کومەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی بگرین یان سەرەدانی ئەو دوو حیزبە بکەین. جا بەو بۆنەیەوە، بیانزانیبایە فەقێیەک فوول یەکگرتووە، زۆریان خۆش دەویست.
بەپێچەوانەشەوە، بیانزانیبایە فەقێیەکی دیکە مەیلی تری هەیە و ئینتیمای بۆ حیزبی تری ئیسلامی سیاسی یان سەلەفییەت یان هەر حیزبێکی تری نا ئیسلامی هەیە، ئەوە لە حوجرە دەریان دەکرد.
یان دەرکردنێکی ئاشکرا یان دەرکردنێکی تاکتیکاوی و فێلبازانە! چۆن؟ دەهاتن سیناریۆیەکیان بۆ دروست دەکرد، ئینجا دەریان دەکرد. چەندین فەقێ لەسەر ئەوە لە حوجرەکەی ئێمه ئاشکرابوون کە سەربە یەکگرتوو نین، لەسەر ئەو یەکگرتوونەبوونە دەرکران. لەبەشەکانی داهاتوو لەسەر ئەوە دەدوێم.
من و فەقێیەکی تر، کە هەردووکمان لەژێرەوە مەیلمان زۆرتر بۆ عەلی باپیر و بزووتنەوەی ئیسلامی هەبوو، لەبەر ئەو مەلا دەمارگیرانەی یەکگرتوویش نەماندەتوانی ئەوە بدرکێنین.
دەمانزانی ڕووبەڕووی چی لێپێچینەوەیەک دەبینەوە.
بۆیە ناچار ڕۆژانی هەینی، بە نهێنی دەڕۆیشتین بۆ وتاری ئەو مەلایانەی کە ئێمە بە کۆمەڵی ئیسلامیمان دادەنان و دەمانگوت: وتارەکانیان ئاگرین و توند و بەهێزن.
پێکەوە بە نهێنی، بۆ مزگەوتی ڕووناکی بۆ گوێگرتن لە مەلا(عەبدولخالق ڕووناکی) یان بە پاس دەڕۆیشتینە مزگەوتی(عوسمانی کوڕی عەفان) بۆ وتاری مەلا(مەحمود فەقێ).
ئەو دوو مەلایە، هەردووکیان بە ئاڕاستە و ئنتیما لە کۆمەڵی ئیسلامی نزیک بوون.
من ئەوکاتە فەقێیەکی زۆر فێندەمێنتالیست و دۆگمایی بووم.
ڕاستە بەناو یەکگرتووم، وەلێ لە هەمان کاتدا، هێشتا مەیلم بۆ ئیسلامی ڕادیکاڵ هەبوو و عەلی باپیرم زۆر خۆش دەویست.
جا مەلاکانی یەکگرتوو، ئەوەیان بزانیبایە، هێمای پرسیار و گومانیان دەخستە سەرم.
گوتم هێشتا مەیلم بۆ ئیسلامی ڕادیکاڵ هەبوو، چونکە پێشووتر من زۆر کاریگەربووم بە ئیسلامی ڕادیکاڵ و ڕێکخراوی قاعیدە و بن لادنم زۆر خۆش دەویست.
ئەو فەقێیەش کە پێکەوە دەڕۆیشتین بۆ وتاری مەلا نا یەکگرتووەکان.
زۆر منی خۆش دەویست و زۆر هاوڕێ و تێکەڵ بووین. دواتر و لەپڕ، زۆر گۆڕا و بەرەو توندڕۆیی زیاتر پەلی هاوێشت و گەیشت بە پۆپەی ڕادیکاڵییەت و ماوەیەک لەلایەن ئاساییشەوە بە تۆمەتی تیرۆر گیرا و زیندانی کرا.
ئەو فەقێیە زۆر بە مەلاکرێکار کاریگەربوو. دوای ئەوەی کە گۆڕاش، لە حوجرەکەی ئێمە نەما، وەکو شێتی لێهات، قسەی لەگەڵ هیچ کەسێک نەدەکرد.
کۆتاییەکەی حوجرەکەی ئێمەی جێ هێشت و باوەڕی بە یەکگرتووی ئیسلامی و ئیدەلۆژیاکەی نەما.
ڕۆژێک چووم بۆ سەرەدانی ئەو و فەقێیەکی تری هاوڕێم، کە ئەویش پێشووتر لە حوجرەکەی ئێمەبوو. بەڵام لەسەر ئنتیما و مەیلی بۆ کۆمەڵی ئیسلامی و عەلی باپیر، مەلاکان لەحوجرە و قوتابخانەی محەمەدییە لەگەڵ فەقێیەکی تر دەریان کردن.
کە چووم بۆ سەردانییان، ئەوکات ئەوان لەناو بینای(زانایانی کۆمەڵی ئیسلامی) لەسەر سەت مەتری دەمانەوە. بیرمە من و ئەو فەقێیەی هاوڕێم، بەتەنها بووین لە ژوورەکە، سیدییەکی لا بوو، وتاری مەلاسەربازی بۆ خستمە سەرسیدییەکە و گوتی: گوێی بۆ بگرە، ئەو وتارە زۆر کاریگەر و بەهێزە.
مەلاسەرباز، کەسێکی فێندەمێنتالیست بوو و کاتی خۆی جەماعەتی مەلاکرێکار و لە گرووپی ئەنسارولئیسلام و جوند و لئیسلام و ئەوانە بوو. بە کەیسی تیرۆر تۆمەتبار بوو، ڕایکردبوو بۆ ئوروپا و ئێستاش هەر لەوێیه.




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا..٦٢– شەماڵ بارەوانی

(٦٢)

فەقێیەکی شەشڕوو

لە حوجرە و قوتابخانەی محەمەدییە، فەقێیەک لەگەڵمان بوو، زۆر هاوڕێی بووین.
فەقێیەک، سەرەتا هەمووان وەک پەپوولەیەک و مرۆڤێکی ڕۆحانی و زۆر خواناس لێی حاڵی ببووین، بەڵام دواتر دەرکەوت هەموومان فریومان خواردووە و وا نییە. هەموو شتێکمان بۆ ئاشکرابوو و لە کۆتاییەکەیدا ماسکی ساختەی ڕووی ئەو فەقێیە کەوت.
ئەو فەقێیەکی زۆر دووڕوو بوو، هەرسەعاتە و خۆی بە ڕەنگێک دەگۆڕی، هەر کاتێک و بە شێوازێک دەردەکەوت و بە زمانێک دەدوا!
دەمێک پەسنی بزووتنەوەی ئیسلامی دەدا، دەمێکی دیکە سەرەدانی کۆمەڵی ئیسلامی دەکرد و دەیگوت عەلی باپیر عەبقەرییە. دەمێکیش دەبوو بە سۆفی و مامۆستا مەلاعەبدولجەباری زەرگەزەوی دەبردە کەشکەڵانی ئاسمان.
ڕۆژی دواتر دەیگوت، سۆفیزم خورافەیە و مەدحی ئەنسارولئیسلام و مەلاکرێکاری دەکرد. ئەو پێشووتر لە زەرگەزەوی و ناو سۆفییەکان فەقێیاتی کردبوو.
بۆ خوا و بۆ مێژوویش بڵێم، کە لە وانەکانی فەقێیاتی، فەقێیەکی زیرەکیش بوو.
بەتایبەتی لە نەحو و سەرف و زمانی عەرەبی. بە حوکمی ئەوەی لە شوێنێکی نزیک مووسڵ هاتبوو.
جا ئەو فەقێیە، بابەتی ئەو گێڕگۆڕینەی فیکر و ڕوو و هەر ڕۆژەی مەدحکردنی ئاڕاستەیەک، تەبعەن لای مەلاکان وای نەدەگوت، تەنها لای من ئەوەی دەدرکاند.
لای مەلاکان خۆی وەکو یەکگرتوویەکی تەمام عەیار و زۆر دڵسۆز پیشان دەدا.
لە نواندن و نمایشدا فەقێیەکی تا بڵێیت زۆرزان و زیرەک بوو.
ئەو دەبوا ئەکتەر و شانۆکار بوایە، نەک فەقێ. هاهاها.
زمانێکی عەیب نەبێت، زۆر لووس و عەجیبی پێوە بوو.
بە قسەشیرینەکانی سەرنجی هەمووانی بۆخۆی ڕادەکێشا.
زۆر مەکربازیش بوو. لە کاتی قسەکردن، کچانە ئۆین و نازی دەکرد.
جا بەو بۆنەیەوە، لەڕێگای ئەو نمایش و زمانلووسییەوە، توانی قەناعەت بە مجێور و مەلاکان بێنێت، بەوەی لەناو مزگەوت و لە دەرەوەی حوجرە و دوور لە تێکەڵاوی فەقێکانی تر، ژوورێکی تایبەت و تەنهای وێ بدەن. دوای خوێندنی وانەکان و نانخواردن، بۆخۆی لەو ژوورە دەمایەوە و دەخەوت.
ئەو مەلایانەی کە وانەیان بە ئێمە دەگوتەوە، هەموویان بە ئاراستەی حیزب و ئـایدیۆلۆژیا یەکگرتووبوون.
تەنها دانەیەکیان نەبێت، کۆنەموجاهید و کۆنەبزووتنەوەی ئیسلامی بوو، مەلا(ع. مەمک).
ئەو مەلا کۆنەبزوتنەوەیە، حافیزولقورئانیش بوو. وانەی فیقهی ئیسلامی(فتح القریب)ی بە ئێمە دەگوتەوە.
ئەلحەق، زۆرزۆر کەیفی بەمن و هەروەها ئەو فەقێیە زمانلووسە دەهات.
لای ئەو فەقێیە زمانلووسە گوتبووی: من هی ئەوە نیم، لێرە و لە کونجی ئەو مزگەوتە دانیشم. خۆزگە جیهاد هەبوایە و بەشداریم تێدا کردبا، بەڵام ئاخ، چی لە هەڵکشانی تەمەن و زرووف بکەم.
فەقێیەکە خۆی ئەوەی بۆمن باسکرد.
ئەو مەلایە لە فیکردا زۆر توندبوو. ڕۆژێک نازانم چۆن بوو لە کاتی وانەگوتنەوە، بابەتی دروستبوونی مرۆڤ هاتە ناو بابەتەکە و مەلا دابەزییە سەر(PKK) و گوتی: مارکسی و بێباوەڕن، لەکاتی دەستپێکی پەخشی کەناڵەکەیان، مەبەستی(میدیاTv)بوو، هەموو بەیانییەک، فیکری داروین و تیۆری پەرەسەندن پەخش دەکەن. ئەوان بیروباوەڕ چەپ و هێزێکی مولحیدن. مەلا سەبارەت بە (پارتی کرێکارانی کوردستان)وای گوت.
ڕۆژەک گوتم: مامۆستا وێنەچرکاندن و وێنەکێشی حەڵاڵە؟
گوتی نەخێر، حەرامە و شەرعەن دروست نییە.
من خۆشم ئەوکات فەقێیەکی زۆر توندڕۆبووم و لەناخەوە بیروباوەڕی جیهادیم هەبوو!
دواتر قسەی ئەو مەلایە(وێنەکێشان و وێنەچرکاندن)ــەکەم
بە مامۆستاکانمان(مەلا یەکگرتووەکان)گوت. مەلاکان زۆر بەوە تووڕە و قەڵس بوون و گوتیان ئەو پیاوە، کۆنەبزووتنەوەیە و زۆر توندە، گوێی بۆ نەگرن، ئەوە ئەقڵ و مێشکی فەقێکانمان لێ دەشێوێنێت. ساڵی دواتر ئەو مەلایە لە وانەگوتنەوە نەما. ئەوەی ڕاستی بێت، نازانم هۆکارەکەی چی بوو، بەڵام پێدەچێت هەر بەو بۆنەیەوە لابرابێت.




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا-٦١-.. شەماڵ بارەوانی

ئایا لەبەر کچەمەسولێکی ئیسلامی، من وازم لە ئیسلامییەکان هێنا!؟

بابێینەوە سەر بەسەرهاتی خۆشەویستی من و کچەئیسلامییەکە.

لە بەشی پێشووتری بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕادا، ئاماژەم بەوەکرد، کە نەمدەزانی چۆن و بەچ ڕێگایەک بڕۆمە پێشەوە بۆ خوازبێنی ئەوکچە ئیسلامییە. فەقێیەک پێشنیاری بۆکردم، کە بە هاوسەری مەلا(س…) بڵێم، گوتی ئەو وەکو کوڕی خۆی سەیری تۆ دەکات و بێگومان هەوڵی باشت بۆ دەدات.

منیش ڕێک بەدادە(س…)م گوت. گوتی: بەسەر چاو، بەڵام ئەوانە من دەیانناسم، زۆر لووتبەرزن و بڵند دەفڕن، بەخوا بەتۆ ناخورێن، بەڵام نیگەران مەبە، من هەموو هەوڵێک دەدەم لەپێناو ئەو کەسەی کە هیج جیاوازی نییە، لەگەڵ(ڕ…)ی کوڕم.

دواتر دیاربوو، گوتوبوویان، جارێ نامانەوێ بەشووی بدەین، کە ئەوەم بیستەوە، کورد وتەنی: منیش بەردێکم لەسەری دانا.

جا دوای ساڵێک، من وازم لەو حیزبە ئیسلامییە هێنا، چەندین ساڵ بوو ئەندامیان بووم.

هەندێک لە دەروێشەکانی ئەو حیزبە، ئەوانەی کە زۆر دەمارگیرانە و نەخوێنەوار و بەڵێ ئەزبەنییانە و دەروێشانە شوێن تەریقەت(حزب)کەوتبوون. گوتبوویان ئەو کوڕە، زویربووە و لەبەر ئەو کچە وازی لە حیزب هێناوە!

جارێ پێش ئەوەی قسە لەسەر ئەوە بکەم، زۆر جار دەڵێم هەر باش بوو، ڕێک نەبوو، کورد وتەنی(خێری پێوەبوو)، ئاخر بشم هێنابوایه، بێگومان دواتر و دوای کۆلێژ، نەک هەر حیزب، وازم لەدنیایەک شتی تر هێنا و دەستبەرداری زۆر مەبدەئی پێشووترم بووم.

دڵنیام لێکتری جیادەبووینەوە، یان باشتر بڵێم لێکتریان جیا دەکردینەوە.

بە حوکمی ئەوەی من بووم بە کەسێکی گومڕا و سیکۆلار و لائیک و هەڵگەڕاوە لە ئایین.

جا بۆ ئەوە من ناڵێم وەڵام، هەڵبەت مەبەستم لێرە و لەو بەشەی بیرەوەرییەکانی فەقێیاتیم، وەڵام و وەڵامکاری نییە، پێویستیشم بەوە نییە، گەر وەڵامی هەر کێی سەبارەت بە من دوا و قسەی هەڵبەست و بە دڵی خۆی هۆنییەوە و پێی وەنا و بوختان و درۆی کرد و هەرچی لەبارەمەوە گوترا، بدەمەوە، ئەوە بێگومان دەبێت وەک ئەو بێ ئیشانە، منیش بۆی دانیشم و تەنها هەر خەریکی وەڵام دانەوەی بێ ئیشەکان بم.

لێرە و لە گێڕانەوەی ئەو بەسەرهاتەم، کە تەنها مەبەستم گێڕانەوە لەپێناو گێڕانەوە و باسکردن لە بەسەرهاتێکی تری ناو سەدان بەسەرهاتی تری ژیانی فەقێیاتیمە و پێویستبوو وەکو هەموو بەسەر هاتەکانی تر، لەدوو توێی بیرەوەرییەکانمدا، تۆماریان بکەم.

هیچ مەبەستێکی ترم نییە. خوێنەری ئازیزیش، لەمیانی خوێندنەوەی هەموو بەشەکان، بۆی بەیان دەبێت، ئایه من لەبەر ئەوەبوو وازم لەو حیزبە ئیسلامییەی من ئەندامیانبووم هێنا!؟

بەهۆی ئەوەی کچە مەسوولەکەیان نەدا پێم، وەکو ئەو بوهتانەی بۆیان هەڵبەستام، گوایە ئەوەبوو هۆکارەکەی!

یان ئەو دەیان پرسیار و سەدان گومان و ڕەخنەیەبوو، کە سەبارەت بە ئیسلامی سیاسی و دۆگما و دۆكترين و ئایدیۆلۆژیاکەیان، سەبارەت بە پرۆگرام و ئەجێندا و تێڕوانینی حیزبەکەیان، سەبارەت بە مەزهەب و ئایین و کەلەپووری ئایین و مێژووی ئایین و زۆر شتی تر، کە ساڵانێکی زۆر بەر لەو بەروارە، لەمێشکمدا دروست ببوو؟

ئەو دەیان پرسیار و سەدان گومان و ڕەخنە زۆرەی، کەم و زۆر، بەردەوام و لێرە و لەوێ و لە زۆر شوێندا، دەمدرکاندن.

ئەو دەیان پرسیار و سەدان گومان و ڕەخنە زۆرەی، کە لە دەرەنجامی خوێندنەوە و بیرکردنەوە و بەراوردکاری و ئەزموونی چەندین ساڵەم لە دایک بوون، نەک لەدایکبووی ڕقێکی شەخسی و خۆشەویستییەکی تاکلایەنە و بێ ئاکام و کاردانەوەیەکی هەرزەکارانە.

ئەو گومان و پرسیار و ڕەخنانەی کە هەر لە پۆلی پێنجی ئامادەییەوە دەستیان پێکرد و لەدایک بوون و تا قۆناغی دووی کۆلێژ(ئەوکاتەی دەستم لەکار کێشایەوە لەو حزبە ئیسلامییە سیاسییەی تێیدا ئەندام بووم)گەیشت بە ترۆپک.

خوێنەر لە میانی خوێندنەوەی بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕادا، دەگات بە وەڵام و حەقیقەتەکە و هەموو شتێکی بۆ ڕۆشن دەبێتەوە و ڕاستییەکەی وەک خۆری ئاسمان بۆ دەردەکەوێت.




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(60).. شەماڵ بارەوانی

مەلا من و کۆمەڵێک فەقێی تری لە حوجره کردە دەرەوە!

مەلا ڕزگار مەلایەکی تا بڵێیت ڕۆحسوک بوو، مەلایەکی ڕووخۆش و کۆمێدی بوو. لە نێو فەقێکان، لەهەمووان زیاتر منی خۆش دەویست و ڕێزی زیاتری دەگرتم. ئەو حافیزولقورئانییەم، وای لێ کردبووم لای هەموو مەلاکان، خۆشەویست بم.

کە گوتیشم دەڕۆم، مەلا ڕزگار پێی گوتم، توخوا مەڕۆ، زۆر تکای لێ کردم و هەوڵی دا کە نەڕۆم، بەڵام من ئاخریەکەی ڕۆیشتم لەوێ(حوجرەکەی مزگەوتی دەشتی هەولێر) نەمتوانی تەحەمول کەم و هاتمەوە ناو هەولێر و حوجرەی مزگەوتی حاجی عەلی سۆرانی.

ئاخر بنەسڵاوە تا هەولێر، بۆ من زۆر دوور و ناخۆش بوو. دەبوایە هەموو ڕۆژ بەیانییەکەی زوو، بە پاس بێین بۆ مزگەوتی سەواف و قوتابخانەی ئیسلامی مەلا عەبدوڵڵا پەلپیتانی.

ئەوە زۆر بێزاری دەکردم. بەو شێوەیە مەلا ڕزگار و مزگەوتی دەشتی هەولێر و بنەسڵاوە و هاوڕێ فەقێکانم جێ هێشت. دواتر و دوای ئەوەی کۆلێژی شەریعەم تەواو کرد و ڕۆشتمە خوێندنی باڵا و ماجستێر لە باکوری کوردستان، لە شاری (وان)، و لە هەمان کاتدا لە دێیەکی دەوروبەری قەزای بەردەڕەشیش مامۆستای وانەبێژبووم، دوای هەشت ساڵ، ئەوکاتەی لەحوجرەکەی ئەو بووم، پۆلی پێنجی ئامادەیی بووم، ڕۆژێک تێلێکێم بۆ هات، سەیر دەکەم مەلا ڕزگار کەرکوکی خۆیەتی.

دوای سڵاو و چاک و چۆنی و هەواڵ پرسین،

گوتی: دێین بۆ سەردانیت، تۆ لەکوێی بەردەڕەشیت؟

ناونیشانەکەم پێدان و هاتن و گوتی: زۆر دڵخۆشم و ئاگادارم کە لە ڕووی فیکرییەوە گۆڕاویت و وازت لەو ئیسلامییانە هێناوە. گوتم بەڵام نەبوومەتە سۆفی. هاهاها، دووبارە بەیادی جارانەوە دامانە قاقا.

مەلا ڕزگار چوار دەروێشیشی لەگەڵ دابوو، دیاربوو لە تەکیەی ئاکرێ و لەزیارەتی شێخ دەهاتنەوە. هەرچۆنێک بێت، ئەو لە من باشتر و بەوەفاتر بوو، منی لەبیر نەکردبوو و هاتە سەردانیم.

ئینجا بابێینەوە سەر دووبارە ڕۆیشتنم بۆ ناو هەولێر. کە بنەسڵاوەم جێ هێشت و چوومە ئەو حوجرەیەی مزگەوتی حاجی عەلی سۆرانی.

حوجرەکە چوار فەقێی تری ئیسلامی و یەکگرتووی تێدابوو و خەڵکی هەڵەبجە و سلێمانی و کۆیه بوون، کە هەموویان لە پەیمانگای ئیسلامی دەیان خوێند. ئەوان لە من بەتەمەنتر و لە خوێندنیش لە پێشتربوون و ماوەیەکیش بەر لەمن هاتبوون بۆ ئەو حوجرەیە.

جا هەمووجار دەیانگوت: شەماڵ لەوەتەی تۆ هاتوویت بۆ ئێرە، وەڵڵا هی ئێمە خەنی بووین، مەلاژن، مەبەستیان دادە(س…)بوو، ئێمەی بە خواردنی جۆربەجۆر خەنی کردووە.

پێشووتر هیچی بۆ حوجرە و فەقێکان نەدەنارد، بەڵام لەوەتەی تۆ هاتووی، هەرسەعاتە و شتێک دێنێت، جارێک چا، جارێک قاوە، جارێک شیر، جارێک شەربەت، جارێک کێک و جارێک شیو، جارێکیتر میوە.. حەققەت وابوو.

دەرگایەک لەنێوان حوجرەکەی ئێمە و ماڵی مەلا هەبوو، زوو مەلا ژن بانگی دەکرم: شەماڵ کوڕەکەم، وەرە ئەمە بەرە، هەر جارە و خواردن و خواردنەوەیەکی دەهێنا، چییان بویستبوایە، گەر مناڵەکانی لە قوتابخانە بووان، پارەی وەمن دەدا، چیم بۆ وان بهێنابوایە، دەیگوت بۆخۆشتان و بۆحوجرەش بیهێنە.

کە دەڕۆشتنەوە بۆهەڵەبجە، کلیلی ماڵەوەی بە من دەدا و دەیگوت ئاگات لەماڵەوە بێت و چیت ویست هەموو شتێک لەناو سەلاجەکەدا هەیە، بێ دڵی خۆت بکەیت و نەیانخۆیت گەردنت ئازا ناکەم.

جا منیش زۆرجار دەچووم و شتم دەخوارد و دواتر تێلم بۆ دەکرد و بۆ شۆخی دەمگوت: دادە تازە پشیلەیەک لەماڵی ئێوە چوو گیان سەلاجەکەتان و خواردنەکانتانی هەمووی خوارد، دەیگوت ئەیەڕۆ، دەمگوت پشیلەی دوو پێ، دەماندا قاقا و دەیگوت کوڕەکەم شەماڵ، ماڵ ماڵی خۆتە.

مەلا ژن، ئەوکات خۆیشی دەیخوێند و دواتر پەیمانگای ئیسلامی تەواوکرد. زۆر ڕێزی منی دەگرت. بە سەردان خۆی و مەلای هاوسەری و مناڵەکانی هاتن بۆ سەردانی ماڵەوەمان لە بادینان.

دواتر کە دەرکرام لەو حوجرە، ئاگام لێی نەما، لە قۆناغی سێی کۆلێژ بووم و لە کۆلێژی شەریعە و لەحوجرەش دەمامەوە، لە مزگەوتی بەرزنجی. تێلێکم بۆ هات، دوای دووساڵ ڕۆیشتنم لەوێ.

تێلەکە مەلاژن بوو، هەواڵی پرسیم و گوتی: زۆر گلەییم لێت هەیە، هەرکەسێک ئەوەی کردبا، نەدەبوو تۆ بیکەیت. کچەکەم مرد و تۆ نەهاتیتە پرسە، هەرچاوەڕێ بووم، کەچی تێلیشت نەکرد. کچەکەی شێرپەنجەی بوو، بەردەوام لە حوجرە دەهات بۆلای من و فەقێ کانی تر.

ئەفسوس ئەو پەپوولەیە، لە تەمەنێکی زۆر زووەوە ماڵئاوایی لەژیان کرد و ڕۆحی بەرەو ئاسمان فڕی.

جا پێی گوتم: دەزانم ئازارت چەشتووە، دڵت شکاوە و لێمان زویرت، توخوا بمان بوورە. بە خوا پیاوەکەی من سروشتی ئاوایە، منیش بە دەستیەوە گیرم خواردوە.

دواتر و دوای ماوەیەکی زۆرکەم، هەواڵی جیابوونەوەی ئەوم لە مەلا بیست، زۆرم پێ ناخۆش بوو بەڕاستی.

جا ئەو مەلایه، جارێکی تریش من و چوار پێنج فەقێی تری لە مزگەوت و حوجره دەرکرد.

ئەوە مەغریب بوو، من لە چێشتخانەی حوجرە، خەریکی چێشت ئامادەکردن و پەتاتە سوورکردنەوە بووم.

فەقێیەکی تریش(سەید سەردار)هەرگیز پێشنوێژی نەدەکرد، کوڕێکی زۆر شەرمن بوو و شەرمی دەکرد پێشنوێژی بۆ خەڵکەکە بکات.

فەقێیەکی تریش، فەقێ(هەیاس) ڕۆشتبوو بۆ نانەواخانە نان بکڕێت. دوو فەقێی تریشمان لەگەڵ بوو(ڕەدوان و محەمەد وەیسی)، ئەوانیش گچکە بوون و بەکەڵک پێشنوێژی نەدەهاتن.

ئەو خەڵکە لە مزگەوت هەرچاوەڕێی ئێمە بوون، فەقێیەکمان بڕۆین پێشنوێژییان بۆ بکەین.

مەلا(س…) نەهاتبوو، ئاخریەکەی کەسمان نەڕۆشتین. مەلا(س.ح) بەوەی زانی، زۆر تووڕەبوو. هەموومانی لە حوجرە کردە دەرەوە. گوتمان بەم شەوە بۆ کوێ بڕۆین؟

دوای بیرکردنەوە، بڕیارمان دا بڕۆینە مزگەوتی(ڕەحمە).

هەموومان ڕۆیشتین بۆ حوجرەی مزگەوتی ڕەحمە، مەلا(س)، نازانم چۆن زانیبووی ئێمەی دەرکراو دەڕۆینە ئەوێ، خێرا تێلی بۆ مەلای ئەوێ(مەلا ئیدرس)کردبوو، مەلا ئیدریسیش یەکگرتوو و هاوڕێی مەلا بوو. قبووڵی نەکرد، تەنانەت بۆ شەوێکیش بێت، تا ڕق و توڕەیی مەلا(س…)چاک دەبێتەوە، برۆینە ئەوێ و لای فەقێکانی ئەوێ بمێنینەوە.

ناچار ڕۆشتینە حوجرەی مزگەوتی حاجی بەدرییە کە مەلا(فایز) لەوێ بوو، ئەویش
یەکگرتووبوو، شەو لەوێ ماینەوە.




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(59).. شەماڵ بارەوانی

ئاشقی کیژی مەسولێکی ئیسلامی بـووم!

ئەوە لەکۆلێژ بووم، لە قۆناغی یەکەم، لە حوجرەش، لە مزگەوتی حاجی عەلی سۆرانی دەمامەوە، لە کورانی مەخموور.

لەوکاتەدا، مەیلم بۆ کچە مەسولێکی ئەو حیزبە ئیسلامییە لا دروست بوو، کە تێیدا ئەندام بووم. کچی ئەندامێکی سەرکردایەتی بوو.

لە ڕاستیدا، من ئەو کچەم لە کەڕنەڤاڵێکی حیزب بینی و خۆشەویستییەکی تاک لایەنە بوو و ئەو کچە ئاگای لێ نەبوو کە من بۆی دەسووتام. چوون وەك مۆمێک بۆی دەتاوامەوە و دڵ و هۆشی خراپ داگیرکردبووم. جا نەمدەزانی چۆن و بە چ ڕێگایەک بڕۆمە پێشەوە!

فەقێیەکی هاوڕێم پێشنیاری بۆکردم: بە هاوسەری مەلا(س…) بڵێم و گوتی: ئەو زۆر ڕێزی تۆ دەگرێت و وەکو کوڕی خۆی سەیری تۆ دەکات. حەقيقەت وابوو، من و هاوسەری ئەو مەلایە وەکو دایک و کوڕمان لێهاتبوو.

لە پۆلی یازدەوە من لەو حوجرەیه مامەوە، تا قۆناغی یەکی کۆلێژ و ئەوکاتەی لای مەلای هاوسەرییەوە، بە هۆی خوێندنەوەی کتێبی خەتەرەوە دەرکرام.

لەبەشێکدا، بەتەواوی باس لەچیرۆکی ئەو دەرکردنەم دەکەم.

هاوسەرەکەی مەلا، دادە(س.هەڵەبجەیی)، تا بڵێیت ژنێکی حەکیم و میهرەبان و ڕووخۆش و دەستکراوە بوو.

دواتر دێمەوە سەر باسی چیرۆکی خۆشەویستی خۆم و ئەو کچە ئیسلامییە.

پۆلی پێنجی ئامادەیی(یانزە)، بووم ماوەیەک لە بنەسڵاوە و لە حوجرەیەک دەمامەوە، لە مزگەوتی دەشتی هەولێر، لای( مەلا ڕزگار کەرکوکی)، کە مەلای مزگەوتەکەبوو و سەرپەرشتی حوجرەکەیشی دەکرد و وانەی نەحو و زمانی عەرەبیشی پێ دەگوتینەوە.

مەلا ڕزگار، مەلایەکی ئاڕاستە سۆفیزم بوو، تابڵێى کەسێکی دڵپاک و میهرەبان و بێ گرێ بوو.

شەوانی هەینی شێخ دەهات، مەلا ڕزگار جارێک من و فەقێکانی تری برده کۆڕی زیکری سۆفییان و شێخیش دواتر وەعزی دا بۆ دەروێش و سۆفییەکان، سەبارەت بە شێخایەتی و تەریقەت و زیکر و ئەوراد و ئەو تەرزە بابەتانە.

ئێمە حەوت فەقێ بووین، چوار هی گۆگجەلیل و موسڵ و دوو هی دەڤەری بەردەڕەش و دانەیەکیش، هی گوندی گربەویلی سەر بە شارۆکەی ڕۆڤیابوو.

جا هەموو فەقێکان ئیسلامی ئاڕاستە بووین. باوەڕمان بە تەسەوف و شت نەبوو، شێخ و ئەو شتانەمان بە هەرتەقە و خوڕافە دەزانی، بەڵام ناچاربووین، لەبەر مەلا ڕزگاری سۆفیزم، بڕۆین بۆ کۆڕی زیکری سۆفی و دەروێشان.

کە ڕۆشتین شێخ(ح…)ی دەربەندی خانی لێ بوو، لەگەڵ کۆمەڵێک دەروێش و شتی خۆی، کاتێک دەروێشەکانی، شەش حەوت دەروێش زیاتربوون، کەوتە تەوقەکردن و ماچکردنی ئێمە، دانەیەکیان تەمەنی پەنجا ساڵێک دەبوو، دەروێشێکی تری لاواز و باڵابەرز بوو، کاتی تەوقە، توند دەستی گوشیم و لە ماچکردنەکەدا وەکو فەقێکانی تر، کاتێت کە سەرە گەیشتە من، ڕوومەتی خۆم بۆ بردە پێش، گوتی ڕوومەتت نا، ناو دەمت بێنە! کەواى گوت زۆر ترسام و نەمهێشت ماچی ڕوومەتیشم بکات.

دواتر کەڕۆيشتينەوە بۆ حوجرە، ئەوەم بۆ فەقێکان گێڕایەوە، دایانە قاقا و هەر گاڵتەیان پێ دەکرم و پێدەکەنین.

جا لەناو گەرمەی زیکرەکە و حەی حۆیەکەدا، گڵۆپیان کوژاندەوە، لە تاریکییان چاو چاوی نەدەبینی و دەروێش و سۆفییەکان و مەلا و شێخ، یەک بە دەنگ اللە اللە و حێ اللە و یا اللە و زیکریان دەکرد، ئێمەش دەمانقیڕاند و گاڵتەمان دەکرد و دەمانکرد بە ویقە ویق، تاریک بوو و دەنگمان تێکەڵ بە دەنگی ئەوانی تر دەبوو. دوور لە زیکر و تەهلیلەکە، وەکو مەسەلە کوردییەکە دەڵێ: سەگ خودانی خۆی نەداناسییەوە.

ئینجا دوای ئەو بەزمە وەک ئاماژەم بۆ کرد، شێخ وتار و وەعزی خۆی دەدا، ئێمەش لەژێر لێوەوە پێدەکەنین و گاڵتەمان بە قسەکانی یاشێخ و فشەمان بە وەزعەکەی دەهات.

کە هاتینەدەرەوە و دانیشتنەکە بە کۆتا هات، بۆ شۆخی بە فەقێکانم گوت: ئێمە هەموو فەقێی لوسکە و هەرزەکار و تازە گەنجین، کوڕە ژوورەکە زۆر تاریک بوو، گومانم بۆ درووست بووە، خۆ شوکور هەمووان سەلامەتن؟

کەوام گوت، هەموان دایانە قاقا. بە حوکمی ئەوەی من پێشووتر(ڕشتەی مرواری) مامۆستا عەلائەدین سەجادیم خوێندبووەوە، کە چەندین نموونە و بەسەر هاتی کۆنی شێخ و مەلاو فەقێ و سۆفی و پیاوانی ئایینی، لەو بەزمەی تێدایه، بۆیە گومانێکی خراپ و سوئولزەنێکی خراپم لەو گلۆپ کوژاندنەوەیە، لەمێشکا بۆ دروست ببوو.

مەلا ڕزگار، جارەک پێی گوتم: وەڵڵاهی مەلا شەماڵ، وابزانم فشەت بەو مەسەلەی دەروێش و شتانە دێت و تەقەی سەرت دێت؟ هەردووکمان دامانە قاقا گوتم: مامۆستا نوکتەکە ئەوەیە، ئێمە دەمانەوێ تۆ بکەین بە ئیسلامی و تۆش دەتەوێ ئێمە بکەیت بە سۆفی، دووبارە دامانەوە قاقا.

ئەوکات من ڕوانینێکی زۆر نێگەتیڤم لەسەر تەسەوف هەبوو.

ناحەقیشم نەبوو، تەسەوفم لەو دەروێش و بەناو سۆفییانە و شێخە فێڵباز و کتێبەکانی (محەمەد جەمیل زینۆ)ی وەهابیزم و فێندەمێنتالیست و لە ڕوانگە هەڵەکەی سەلەفیزمەکانەوە ناسی بوو.

دواتر کە مەسنەوی مەولانا و ئیحیائولعولومولدینی غەزالیم خوێندەوە، ئاشنای چیرۆکی عیشقی نێوان مەولانا و شەمسی تەبریزی بووم، لەسەر «ژیانی ڕابیعەی عەدەوی» و ئیشقی ڕابیعەم سەبارەت بە خوداوەند خوێندەوە و ئاشنای:«الفتوُحات المكية» و «فصوُص الـحِكَم»ی، «مەحیەدین ئیبـن عەرەبی» بووم و لەسەر جونەیدی بەغدادی»، ‌و «شێخ شەهابەددینی سوهرەوەردی»، و «بایەزیدی بوستامی»، «ئیبنولفاریز»، و «شێخ ئەبوسەعید ئەبولـخێـر» و «شێخ ئەبولـحەسەنی خەرقانی» و «شێخ ئەبوبەكری شیبلـی» و «ئەبوتالیبـی مەككەیی»، و «عەینولقوزات هەمەدانی» و «سەنائی غەزنەوی» و «شێخ فەریدەددینی عەتاری نەیشابوری». و دەیان کەڵەپیاو و بیرمەند و عاریفی تری سۆفیزمی لەنموونەی ««حسێنی كوڕی مەنسووری بەیزاوی: مەنسووری حەلاج» خوێندمەوە.

بە قووڵی و تێڕامانەوە، موتاڵای مانای هەریەک، لە چەمکەکانی: عیشق و فەنابوون و تەریقەت و حەقیقەت و شەریعەت و «حیكمەتی ئیشراق» و «وحدة الوجود» م کرد، لە ڕوانگەی تەسەوف و سۆفیزمەکانەوە.

ئینجا بە تەواوی لە چییەتی و حەقیقەت و واتای: تەسەوف و عیرفان تێگەیشتم.




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا- 58- شەماڵ بارەوانی

بەشی(٥٨)

حافیزولقورئان و پەپوولەکەی قوتابخانەکەمان، حەیف وای لێ بەسەرهاتووە!

جا مامۆستا سەعدەدین، لەوانەوتنەوەش، خۆی و براکەی(مەلا سەلاحەدین)، دوو مامۆستای زۆر زیرەک بوون. لە میرات مامۆستا سەعدەدین نەبوا فیلمم دەسووتا، مەلایەکی بەتەمەن هەبوو(م. وەرتێ)، وەک لە بەشەکانی پێشووتر باسم لێوەکرد، (شەرحی ڕەحەبییە) و بابەتی میراتی پێ دەووتینەوە، هیچی لێ حاڵی نەدەبووم.
ئەو مەلایە، من و ئەو قەت دۆینمان پێکەوە نەدەکوڵا و خۆشیمان بە چارەی یەکتری نەدەهات و ڕقی یەک دنیامان لێکتری دەبوویەوە !
مەلا سەعدەدین ، کە فەقێکان هەموومان پێمان گوت: هیچ لە بابەتی میرات تێناگەین لەم مەلایە.
دووبارە وانەکەی پێدەگوتینەوە، بەڵام دەیگوت: با ئەو مەلایە پێی نەزانتەوە، کە من، دووبارە وانەکەتان پێ دەڵێمەوە، نەوەک دڵگران و زویر بێت.
براکەیشی وەک ئاماژەم پێ کرد، مامۆستابوو و زۆرجار پێی دەگوتم: تۆ پەپوولەی. چەند فەقێیەکی زۆر عەجووڵ و خراپمان لەگەڵدا بوو، پێی دەگوتن: عەمرتان نەمێنێت، هێندە لەگەڵ شەماڵ دەگەڕێن، هەر هیچ نەبێت، لێی فێری ڕەوشت و میهرەبانی و هێمی بن.
مامۆستا مەلا سەلاحەدین، پێی دەگوتم: شەرم دەکەم سەیرت کەم، فەقێیەکی هێندە بەڕێز و بەئەدەب و بە کەسایەتی و به هەیبەتیت.
ئەو مەلا سەلاحەدینە، خۆیشی پەپوولە بوو، فەقێکان وامان پێ دەگوت. مەلایەکی تا بڵێیت هێمن و میهرەبان بوو. مەلایەک، پڕی لە سۆز و لێبووردەیی و حیکمەت.
دواتر کاتێک ئامادەیی ئیسلامیم تەواو کرد و ڕۆیشتم بۆ زانکۆی سەلاحەددین و کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، ئەویش هات بۆ خوێندنی باڵا و (ماجستێر).
کە منی بینی، چاک و چۆنی و هەواڵپرسینمان کرد، زۆر دڵخۆشبوو و گوتی: مەلا شەماڵ، دەزانیت تۆ فەقێیەکی زۆر بێ ئەمەک و بێ وەفایت؟
ئێمە لە قوتابخانەکەمان سوێندمان بەسەرت دەخوارد و هێندە خۆشمان دەویستی، کەچی تۆ بە تەواوی پەیوەندیت بچڕاند و سەردانمان ناکەیتەوە لە قوتابخانە !
گوتم: مامۆستا ڕاستە، حەقتە گلەیی بکەیت.
دوو ساڵ بەر لەئێستا، پێوەندیم پێوەکرد، بڕوانامەی کەلۆریەکەمم دەویست، بۆ تەعدیل شەهادەی ماجستێرەکەم، دیاربوو تۆزەک نیگەران و دڵگران بوو لێم !
دەیگوت: بیستومەتەوە، گۆراوی، زۆرم پێ ناخۆشە.
مەلا شەماڵەکەی حافیزولقورئان، پەپوولەکەی قوتابخانەکەمان، حەیف وای لێ بەسەرهاتووە !
هەرچەندە هیچ موناقەشەی نەکرد و لەسەر ئەو گۆڕانەفیکرییەی من نەدوا، بەڵام گوتی شەماڵ هێشتاش هەر زۆر خۆشم دەوێیت.
مەلایەکی تریشمان هەبوو، مەلا(م.نۆغەرانی)، لە پۆلی پێنج، ڕۆژەک پێم گوت: مامۆستا بۆچى ناوی من ناڵێیت کاتێک دەڵێیت دەی تۆ بیخوێنەوە!؟ ئەوەم زۆر پێنا ناخۆشە، کە دەڵێیت دەی تۆ.
خۆ تۆ ناوی هەموو فەقێکان دەهێنیت، تەنها من نەبێت !
من ئەوەم وەک جۆرێک لە سووکایەتی و حیساب بۆ نەکردن وەرگرتبوو.
گوتی: ئاخر تۆ پەپوولەی بۆیە. پێکەنی و ئینجا گوتی فەقێى خراپ و تەمەڵ و عەجووڵەکان زۆر زوو ناویان دەزڕێت و ناوەکانیان لەبەر دەکرێت و بەدەر دەکەون، بەڵام فەقێ ئاقڵ و باش و زیرەک و بێدەنگەکانیش هەمیشە درەنگتر، بۆیە ببموورە.




کاتژمێر-9-بوو.. شەماڵ بارەوانی

کاتژمێر-9-بوو
ویژدانی مرۆڤایەتی مرد
جاڕنامەی گەردوونی ون بوو
میلی سەعاتی زەمەن ڕاوەستا و
دڵی 182 هەزار کورد کون بوو

کاتژمێر-9-بوو
پەپوولەکان مردن
گوڵەکان وشکبوون و
باهۆزێکی ڕەش هات،
هەچی لای لایەی دایەبوو هەموی بردن

کاتژمێر-9-بوو
ژیان سڕبوو
هەرچی دەنگی درۆزن بوو
هەمووی کڕبوو
کەسێک نەیگوت نەیانکوژن
یا کارەساتێکی جەرگ بڕبوو

کاتژمێر-9-بوو
دنیا خەوتبوو
یوئێن (UN)خەریکی مامەڵەی خوێن بە نەوت بوو
لە سایەی بێدەنگی مـەردووم
182هـەزار کورد قڕ و فەوت بوو

کاتژمێر-9-بوو
ئاسمان گریا
ڕووبارەکان بوونە فرمێسک و
گـەردوون هاواری لێ هەستا
خۆزیا نەبوامە سەد بریا

کاتژمێر-9-بوو
جیهان نققەی لەخۆی بڕی
ڕوحی 182 هەزار پەپوولە
بۆ شوێنێکی نادیار فڕی

شەماڵ بارەوانی




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گـومڕا-56-.. شەماڵ بارەوانی

بەشی(٥٦).

با ئەو تازە فەقێیانە، فێندەمێنتالیست و توندڕۆ دەرنەچن!

نموونەکی تری خۆش هەیە بۆتانی بگێڕمەوە، هەر لەو حوجرەی مزگەوتی حاجی بەدرییە، بە حوکمی ئەوەی من دەیان جۆر ڕۆژنامە و گۆڤارم دەخوێندەوە، کاکە یوسفەک هەبوو، خەڵکی گەڕەک بوو و ئەهلی مزگەوت و جەماعەت بوو. پیاوێکی زۆر هێمن و بەڕێزبوو، لە فەرمانگەیەک فەرمانبەر بوو، هەفتانە هەموو ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانەی کە بۆیان دەهات، دواترئەو بۆمنی دەهێنان. خۆشم هەر گۆڤار و ڕۆژنامەیەکی ترم لەبازاڕ بەرچاو کەوتبوایە، دەمکڕین.

لە نموونەی: گوڵان، هاوڵاتی، ئاوێنە، هەولێر پۆست، برایەتی، لڤین، باس نیوز، وشە، چرپە، هۆنیا، میدیا…تاد.

من هەمان شێوەی موتاڵای کتێب، زۆرم حەز لە خوێندنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیش دەکرد. هەرچی هەواڵی هونەری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بوایە، دەمخوێندەوە. دواتر دەمانکردن بە خوانی نانخواردن.

جا هەندەک فەقێمان لەگەڵ بوون، تازە فەقێبوون، من و فەقێیەکی تریش لە کۆلێژی شەریعەبووین،  کە ئێستا مەلایە، لە دەڤەری ئاکرێ و ئەو ناوە.

 دەمانگوت: با ئەو تازەفەقێیانە،  مێشک وشک و فێندەمێنتالیست و داخراو و توندڕۆ دەرنەچن، هەرچی وێنەی ژنە هونەرمەند و گۆرانیبێژ و ئەکتەری تورکی و عەرەبی و بیانی بوو، وێنەی هەرچی ژنە وەرزشوانە جیهانییەکانی سەر ڕۆژنامە و گۆڤارەکان هەبوو، کە بە قەناعەتی ئەوکاتی ئێمە، وێنەی نیمچە سێکسی و وروژێنەر بوون، دەمانکردن بە خوان، دەمانگوت با فەقێکان لەکاتی نانخواردن بەرچاویان بکەوێت و بە دڵی خۆیان سەیری کەن و کاریگەرییان لەسەر دروست بکات.

هاهاها ئینجا دەمان دا قاقا. چەندین جار ئەوکارەمان لە حوجره، دووبارەکردەوە.




ڕۆڵی ڕاگەیاندنی کوردی لە تێکدانی شیرازەی کۆمەڵ.. شەماڵ بارەوانی

هەموو ئەوانەی دەخوێننەوە و مرۆڤی هۆشیارن، درک بەوە دەکەن، کە کۆمەڵگەی کوردی و تاکی کورد چەندە ناهۆشیار و نەخوێندەوارن. ئەوانەی من ناوم ناون(مەڕەکانی باشوور).
ئەو بە مەڕبووانەی، لەم سەردەمی پڕوپووچییەدا، بە هەواڵی ساختە و بێ بنەما، بە دڵی خۆت پێیان ڕابوێرە و چۆنت ویست، ئاوا ئاڕاستەیان بکە. لەم سەردەمی پڕوپووچییەی وەک نووسەر”ئەردەڵان عەبدوڵڵا”دەڵێت: مرۆڤ هێندە تەمبەڵ بووە، خەڵكی تر بە چەندین شێوە، نمایشی ڤیدیۆیی بۆ دەکەن و دەیخەنە گریان و پێکەنین، ئەمیش تەنها کاری ئەوەیە سەیری ئەو شتانە بکات کە لە تەلەفۆنەکەیدا هەیە. ڕۆژانە سەدان و هەزاران هەواڵی درۆ بڵاو دەکرێنەوە، کەسیش تاقەتی ئەوەی نییە بەدواداچوونیان بۆ بکات “
ڕاگەیاندنی کوردی، هێندە نابەرپرسیارانە و نا پیشەییانە مامەڵەی حەدەسەکان و واقیع و بابەتە هەستیارەکان دەکەن، بڵاوبوونەوەی فیکری نالێبووردەیی و توندڕۆیی و وێرانکردنی ماڵی پێکەوەژیان و ئەو پشێوی و سەرگەردانییەی سۆشیال میدیای کوردی و کۆمەڵگەی کوردی، تاوانباری سەرەکی تێیدا ئەو ڕاگەیاندنە کوردییە نابەرپرسەیە.
بەڕاستی ڕاگەیاندنی کوردی هێندە بێمانا و نەخوێندەوار بووە و شتی هێندە ئاستنزم و نا پیشەیی بڵاودەکەنەوە، مرۆڤەکانیان هێندە سەرقاڵی بەرنامە و بابەتی گاڵتەجاڕی و مناڵکار و بێمانا کردووە، مرۆڤی هۆشیار قێز دایدەگرێت، کاتێک دەبینێت ڕاگەیاندنی کوردی بۆ ئەو ئاستە نا ئەخلاقی و ناپیشەیی و بێ مۆڕاڵی و نابەرپرسیارییه دابەزیوە.
لەڕێگای پەیجەکانیانەوە هەواڵ و شتی هێندە منداڵانە و گاڵتەجاڕانە بڵاو دەکەنەوە، مرۆڤ نازانێت بۆ حاڵی ئەو کەناڵ و ڕاگەیاندکار و میدیاکارانە، بداتە قاقا یان قوڵپی گریان!
بەڕاستی ئابڕووی کاری ڕاگەیاندن و میدیاکاریشیان بردووە.
سەیری کەناڵەکەی شاسوار بکەن، چۆن بێ ئەوەی زانیاری هەبێت، یان بە ئەنقەست و بۆ لێدان لە پێکەوەژیان و سووکایەتی بە ئێزدییەکان ئەوکارە دەکات و کۆمەڵێک وێنە و دوو ڕستە نووسین دادەنێت و دەڵێت: ئێزدییەکان لە (لالش)هەمووان خەریکی زەیتوون دروستکردنن.
بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە ئەو زەیتوونە بۆ چرایە، نەک خواردن. هاتووە ئەو وێنانەی داناوە.(من ئەوەم لە پەیجی یەک دوو کەناڵی تریش بینیوە). ئینجا ببینن، ئەو خەڵکە لە مۆڕاڵ داچۆڕاو و دەمشڕەی هەرێمی کوردستان، چۆن لە کۆمێنتەکان زمانی پیسیان دەردێنن، هەمووی داعشگەرا، چ بێڕێزی و چ سووکایەتییەک بە ئێزدییەکان دەکەن.
ئێ لای هەمووان ڕوون و ئاشکرایە، کە مەڕەکانی باشوور ناچنە ناو قووڵایی بابەتەکان، ئەوان تەنها ئەهلی بینینن، تەنها بە نمایشێک و پیشاندانی کورتە ڤیدیۆیەک و وێنەیەک، دەتوانیت حەقیقەتی هەر شتێک کە بتەوێت لێیانی بشێوێنیت و فریویان بدەیت و بە دڵی خۆت پێیان ڕابوێریت و لێیان بخوڕیت!




مەزەکانی سۆشیال میدیا.. شەماڵ بارەوانی

بیرۆکەی ئەو نووسینەم لەوەوە بۆ هات، بەیانی بوو فەیسبووکەکەمم کردەوە، بینیم فەریکە فەقێیەکی هاوڕێی سەردەمی حوجرەم لە فەیسبووکەکەی خۆی نووسیبووی: خانمە میدیاکار(سۆما خالید)الحمدلله، باڵاپۆشبوونی هەمیشەیی خۆی ڕاگەیاندووە.
پیرۆزە خوشکە سەربەرزەکەم.👑💐
بیرمە فەقێ بووم، داوەتنامەیەک بۆ فەقێکان هات، کە کۆمەڵێک فەقێی حوجرەیەکی تر ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرن، بۆ ئەم مەبەستە، حوجرەکەی ئێوە بانگهێشت کراون.
ئێمەش فەقێ و مەلاکان هەموومان بە کۆستەرێک، لە حوجرەی محەمەدییە ڕۆیشتین بۆ حوجرەیەک لە بەستۆڕە. مەلای حوجرەکە و فەقێکانی هەمووی کۆمەڵی ئیسلامی و سەر بە هێلی عەلی باپیر بوون.
لەوێ ئاهەنگی ئیجازەدان دەستی پێکرد و مۆڵەتی دوازدەعیلمییان دا بە کۆمەڵێک فەقێ.
وەک گوتم، بەو بۆنەیەوە، ئاهەنگێکیان ڕێک خستبوو، زۆر فەقێیان لە حوجرەکان داوەت کردبوو. مزگەوتەکە هێندە قەرەباڵغ بوو، دەتگوت ڕۆژی حەشرە.
سەرەتا دەستیان بە قورئانخوێندن کرد، پاشان دروشمی عاتیفی و حەماسی. بیرمە، تازە (سابرین)خاتوونە ئەکتەری میسری ببوو بە باڵاپۆش. جا ئەو فەقێ عەلی باپیرییانە، ئەو ڕۆژە دروشمێکیان لەشێوەی شیعر بەسەر سابرین و بڕیاری لەچکپۆشینەکەیدا هەڵگوت٫ من لە دڵخۆشییان دەستم کرد بە گریان و فرمێسک بە لێزمە لەسەر گۆنام ڕێچکەیان بەست و لەچکەکەی سابرینم لا یەکسان بوو بە فەتحکردنی هەموو دنیا.
سابرین ڕاستە لەچکی کرد، بەڵام وەکو (شادیە)،وازی لە کاری نواندن و سینەما نەهێنا.
دوای ماوەیەک، لەو بڕیاری لەچکپۆشین و شتە، سابرین لە فیلمێک دەرکەوت، بارۆکەی بەستا بوو.
ئەوە هەرا و دەنگدانەوەیەکی زۆری دروست کرد. هەر ئەو ئیسلامییانەی دوێنێ و پێرێ بەو بڕیاری باڵاپۆشینەی سابرین لە دڵخۆشییان شاگەشکە ببوون، ئەمڕۆ هێرشیان دەکردە سەر سابرین و جوێنیان پێ دەدا. سابرین بە ناچاری هاتە سەر شاشە و گوتی: کاکە، شێخێکی ئەزهەر فەتوای بۆ داوم و من لەخۆمەوە بارۆکەم نەکردووە و نەمگوتووە: ژن دروستە بە بارۆکە ڕۆڵ ببینێت لە فیلم، تا قژی ڕاستەقینەی خۆی دەرنەکەوێت.
ڕۆژان هات و چوو، سابرین لەچکەکەی فڕێ دا و بوو بە سابرینە سفوورەکەی جاران و ئەو شیعر و شیعارانەی فەقێیەکانی عەلی باپیر لەو ئاهەنگە بۆ سابرینیان دەگوت، هەمووی بوو بە خۆڵەمێش.
جا ئەوە هەر سابرین نا، بەڵکو کۆمەڵێک لە ئەکتەر و هونەرمەندی تری لە نموونەی: شاهیناز، عەبیر سەبری، سوهێر ڕەمزی، ئیمان ئەلعاسی، نورهان، حەلا شیحە، سەوسەن بەدر…هتد.
هەموویان خۆیان کردە مەزەی سۆشیال میدیا و ڕاگەیاندنەکان، هاتن و گوتیان: ئەلحمەدولیلا، لەقەد تەعەگەبنا.
دوای ماوەیەک ئەو خوشکە تەعەگەبنایایە، بوونەوە بە ئەلحەمدولیلا خەلەعنا ئەلعیگاب.
ئێستا بەچکە کچەمۆدێل و ڕاگەیاندنۆککارەکان و مەزەکانی سۆشیال میدیای کوردی، دێن و بەهەمان شێوە، خۆیان دەکەن بە مەزە و بابەت و دەیانەوێ سەرنجی مەڕەکانی کۆمەڵ بۆخۆیان ڕابکێشن و خەڵکی وەی ماشاللە و جەزاکەللایان بۆ بکەن.
دوای ماوەیەکیش وەک یارجەن لەچکەکە فڕێ دەدەنەوە.
هەر ئەو خەڵکە ناهۆشیارەی دوێنێ بارەکەلڵا و جەزاکەلڵایان بۆ دەکردن. ئەمڕۆ جنێوبارانیان دەکەن و تف و نەفرەتیان لێ دەکەن.
ئەوەی دەمەوێ بیڵێم: ئەو لەچککردن و نەکردنە، ئەو لەچکبەستن و فڕێدانە، شتێکی تایبەتییە و چ پێویست دەکات بیهێنیتە سەر شاشە و ناو فەوزای سۆشیال میدیا؟
مرۆڤی هۆشیار دەبێت لەوە تێبگات کە بابەتی پۆشینی لەچک و باڵاپۆشی و بێ لەچکی و سفووری، پرسێکی تایبەتی هەر مرۆڤێکە و دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت و مرۆڤ لە هەردووکیان ئازاد بێت. کەس بۆی نییە، نە بەزۆر بیسەپێنێت و نە بەزۆر لای بەرێت. کەسی هۆشیار، کاتێک کچێک، دوور لەفشار و ترسی ئایین و کوتەکی مەزهەب و دەستی ئیسلامی سیاسی و هەڕەشەی خێزان و توانجی کۆمەڵ و قامچی ئەمر و نەهییەکانی پیاوانی ئایینی و دەوڵەتی ئایینی و هەڕەشەی سووتاندن بە ئاگری دۆزەخ و دوور لە فشاری ئەم و ئەو، بەو پەڕی ئازادی بڕیار دەدات لەچک بکات، هەرگیز هێرشی ناکاتە سەر و ڕێگری لێ ناکات و قسەی پێ ناڵێت. لە هەمان کاتدا، پیرۆزباییشی لێ ناکات. چونکە ئەوە پرسێکی تایبەتە و پەیوەندی بە کەسی ترەوە نییە. بۆیە پێویست بەوە ناکات، کەس خۆی تێهەڵقورتێنێ. بەهەمان شێوە کاتێک کچێک، لەچکەکەی فڕێ دەدات و بڕیار دەدات چیتر باڵاپۆش نەمێنێت، کەسی هۆشیار، دەستخۆشی لێ ناکات و خۆشحاڵیش دەرنابڕێت و ئاهەنگی دڵخۆشی و فێستڤیاڵی فڕێدانی تاجە زیڕینەی لەچکە سیاسییەکەی ئیسلامی سیاسی ناگێڕێت. چونکە بە تێگەیشتنی کەسی هۆشیار و لیبڕاڵ، ئەو بابەت و بڕیارە، پرسێکی تایبەت بەو کەسە خۆیەتی و هیچ کەسێک ئەو مافەی نییە قسەی لەسەر بکات.

وەلێ بابای سەلەفیزم و مەزهەبی و ئیسلامی سیاسی، پەروەردە و بیروباوەڕی وایە، پێی وایە دەبێ دەست لە ژیانی تایبەتی مرۆڤەکانی تر وەر بدات. لەو سۆنگەی خۆ تێهەڵقورتاندنەشیانەوە لە هەموو شتێکی خەڵک و ژیانی تایبەتی مرۆڤەکان و ئازادی تاکەکان، کاتێک کچێک لەچک فڕێ دەدات و بڕیار دەدات ئیتر لەچکپۆش و باڵاپۆش نەبێت. دنیای بەسەردا کاوڵ دەکەن و لە سۆشیال میدیا، هەزاران بێڕێزی و سووکایەتی پێ دەکەن و دنیایەک قسەی ناشیرین و جوێنی بۆ دەنێرن. بە سۆزانی و مەیموون و بێ ڕەوشت و سەرلێشێواو وەسف و پێناسەی دەکەن. پسوولەی چوونە دۆزەخی بۆ دەبڕنەوە، بەنەفرەتی خوداوەندی دەسپێرن.
نموونەی ئەو خانمە میدیاکارەی یەکگرتوو، کە چەندساڵێک بەر لەئێستا دەستبەرداری لەچک و باڵاپۆشی بوو، ئیسلامییەکان و مەڕەکانی مێگەڵی کوردی، چی نەما لە سۆشیال میدیا، بەو خانمە نەکەن!




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(55).. شەماڵ بارەوانی

فەقێیەکی دیکتاتۆر!

من بە شێوەیەکی گشتی، لە حوجرە فەقێیەکی تا بڵێیت کۆمێدی و ڕوو خۆش و قسەخۆش بووم، وەلێ وەک سروشتی مرۆڤ، جارجار تووڕەش دەبوم، کە تووڕەش دەبووم و دەماریان دەگرتم عەیب نەبیت، کورد وتەنی خراپ دەمقەوماند و دۆ و دۆشاوم تێکەڵ دەکرد و دەچوومە پێستی دیکتاتۆرێکەوە و لەیەک کاتتدا دەبووم بە نیرۆن و سەددام و ستالین.

لە حوجرە هەرساڵە و کۆمەڵەک فەقێی تازە و لە خۆم دەمڕوتترمان بۆ دەهات، بیرمە لە حوجرەبوین، لە مزگەوتی(حاجی بەدریە) لە هەولێر.

فەقێی زۆر گچکە و عەجوول و نەعندرامان لەگەڵدا بوون، منیش ئەرکی براگەورەیی و سەرپەرشتیکردنی فەقێکانم خرابوو سەر شان، هەرچەند زۆر ڕقم لەوەبوو و حەزم لە برا گەورەیی و ئەرکی ئەمیرێتی حوجرە نەبوو.

جا بۆ فەقێکانیش زۆرزۆر باشبووم، بۆ کڕینی ئازووقە و خواردن، هەرگیز بێ دڵییانم نەدەکرد. چی پارەی حوجرەم لابوو، یان ئەو دوو مارکێتەی لەسەر حیسابی خێرومەندێک، بەلاش دەچووین شتمان لایان بۆ حوجرەکە دەهێنا، جۆرەها گۆشت، لە گۆشتی مریشک، ماسی قوتوو، پەنیر و کێک و شەربەت و هەرچی هەبوو. لەگەڵ فەقێیەکیتر کە ئێستا لای ئاکرێ مەلایە، بۆمان دەهێنان. یان بۆ بازاڕیکردن و ڕێگەدان بەوەی بۆ هەرکوێیەک بچن.

لە حوجرە سیستەم هەبوو، نەدەبوو تۆ وەک فەقێیەک، بێ مۆڵەت و بە دڵی خۆت چیت ویست و حەزت پێ کرد و کوێت ویست و کەی ویستت بۆی بڕۆیت.

وەلێ من ئەو یاسایانەم لە پێناو فەقێکان دەشکاند و زۆر جار قسە و گلەیی و توڕەیی مەلاشم، لەسەر ئەمە، دەهاتە سەر.

بابێنەوە سەر بەسەرهاتەکە، ئەوە فەقێیەکمان لەگەڵدابوو، بە تەمەن زۆر لەمن بچووکتربوو، لەسەر خوان دانیشتبووین و خەریکی خواردنی نانی ئێوارەبووین. نازانم شتێکم داواکرد، کارو باری حوجرەبوو، فەقێیەکە بە قسەی نەکردم. بیرم نەماوە ڕێک چی بوو !

دوو سێ جار لێم دووباره کردەوە، هەر فشەی بە وەزعەکەی دەهات، ئیتر منیش زۆر تووڕەبووم.

برنج و مەرەگەمان کردبوو، هەندەک مەرەگە لەناو مەنجەڵەکە مابوو، ڕێک هەموویم بە بەرۆکی فەقێیەکە داکرد و فەقێی فەقیرم خەڵتانی مەرەگەی کرد.

دوای ئەوە زۆر پەشیمان بوومەوە و ویژدانم ئاگری تێبەربوو و بە نهێنی زۆر بۆ فەقێیەکە گریام. ئێستاش کاتێک ئەو ڕووداوەم بیردەکەوێتەوە، هەست بە ئازاری ویژدان دەکەم و فرمێسک لەسەر گۆنام ڕێچکە دەبەستێت.
بە خۆم دەڵێم: چۆن من هەڵەیەکی وا نامرۆڤانە و ئەو کارە ناشیرین و قێزەونەم ئەنجامدا؟ هەرگیز، بۆئەوە لەخۆم نابوورم. ئەو فەقێیە خەڵکی دێیەکی سەر بەقەزای بەردەڕەش بوو. باوکی جارێک هاتە حوجرە و پێی گوتم: کوڕەکەم ئەمانەتی تۆ بێت و توخوا زۆر ئاگات لێی بێت، ئەو هێشتا مناڵە. فەقێی ترمان لەگەڵدابوون، زۆر عەجووڵ و سەر بەکێشە و نەعەندرای بوون، بەردەوام لەگەڵ یەکتری جڕە و شەڕە دەم و کێشەیان بوو. بەڵام ئەو فەقێیە لە ڕاستیدا وانەبوو، بەڵام، نازانم من بۆچی ئەوکاتە، ئەو هەڵەیەم لە بەرامبەریدا ئەنجامدا!. دوایی زانیمەوە، کە ئەو فەقێیە بووە بە سەلەفیزم.

ئێستاش هەرچاوەڕێم ڕۆژێک دابێت و ئەو فەقێیە ببینمەوە و داوای لێبووردنی لێبکەم.




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(54).. شەماڵ بارەوانی

ئەوەی نوێژی نەکرد، تەنها سێ ڕۆژ مۆڵەتی پێ دەدرێت!

لەو بەشەیشدا هەر باسی ئەو دوو هێزه فێندەمێنتاڵیستە(ئیسلامی سیاسی+سەلەفییەتی دینی)دەکەین و لەسەر چەمکی(تۆتالیتارییەت) دەوەستین.

بێگومان تا مەلای گەورە و شێخ مەحەمەدی خاڵ و مامۆستا عەلائەدین سەجادی و مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس و نالی و پیرەمێرد و مەحوی، شێوازی ئایینداری تاكی كورد بوون و ئەوان تەفسیری ئایینیان بۆ كورد دەكرد، باوکان و مەلاکان كوڕ و كچەكانیان شیوعی و سفور و بێ لەچک نەتەوەیی و عیلمانی و هونەرمەند و تابلۆكێش بوون و هیچ یەكێك لەو مەلا ڕووناكبیر و شاعیر و نووسەر و كەڵەپیاوانە، كچ و كوڕەكانی خۆیان تەكفیر نەكرد و پێناسەی بێ ئەخلاقییان بۆ نەبڕینەوە و نەیانگوت نەورۆز جەژنی ئاگرپەرستییە و ئاگركردنەوە حەرامە و پەیكەر و تابلۆ و مۆسیقا و مۆدێل تابۆ و گوناحن و چیرۆكی عیشقی دەروێش عەبدی كفر و دژی ئایینە.

ئەوان كوردایەتی و مرۆڤایەتی و شیعر و ئەدەب و فەلسەفە و جوانییان لێ دەچۆڕا و شيعر و هۆزانیان بۆ سروشت و نەورۆز و دڵداری و ژیان دەهۆنییەوە.

ئەفسوس فێندەمێنتالیستەکان هاتن و هەموو شتێكیان هێنایەوە سەرخاڵی هیچ و ڕیسەكەیان كردەوە بە خوری و كۆمەڵی كوردیان بەرەو داخران و تاكی كوردیان بەرە و دووڵەتبوون برد و ئەوەندەی سیاسەتی بە عەرەبكردنی ناو و كولتوور و زمان و بوون و فەرهەنگی كوردیمان پەیڕەو دەكەن و خەریكی بڵاوكردنەوەی ڕق و دەمارگیری ئایینین و كار بۆ ئەجێندا و پڕۆژەی نەیاری نەتەوەكەمان دەكەن، سەدا یەك كار لەسەر لایەنە ڕۆحی و ئیمانییەكەی ئایین ناكەن!

هاوڕێیەکم گوتی: لەساڵی ١٩٧٧، مۆڵەتی کتێبخانەی (هودا)مان وەرگرت بە ناوی( مەلا ئەحمەد)ەوە٫ کتێبخانەکەمان بە کتێبخانەی ئاینی ناسراوبوو و ناوی دەرکردبوو.

هەرچەندە کتێبخانەکەمان هەموو جۆرە پەرتووک و بابەتێکی تێدا دەفرۆشرا. ڕۆژنامەکانی ئەو کاتەی حکومەتی عێراقمان بۆ دەهات و ئێمە وەکیلی (دار الوطنية للطباعة و النشر) بووین.

گوتی ڕۆژێک، حیزبی شیوعی کە هێشتا نەچووبوونە شاخ و بارەگاکەیان لە کانێسکان بوو، هاتن بۆ کتێبخانەکەمان گوتیان: ڕۆژنامەی (بیری نوێ)ی حیزبی شیوعی دێنین بۆ فرۆشتن؟ باوکم(مەلا ئەحمەد) گوتی بیهێنن زۆر ئاساییە.

گوتی هێنایان و ئێمەیش وەک ڕۆژنامەکانی تر دەمانفرۆشت.

گوتی دواتر لای خەڵکێک، گلەیی زۆر لە باوکم کرا بەوەی کە چۆن ڕۆژنامەی حیزبی شیوعی لە کتێبخانەکەمان دەفرۆشین !

گوتی باوکم پێی دەگوتن: ئەو ڕۆژنامەیەش وەک ڕۆژنامەکانی تری عێراق، با لە کتێبخانەکەمان هەبێت، چونکە کڕیارەکانمان لە هەموو بیروباوەڕێکن و با ئێمەش هەموو بابەتێکمان هەبێت.)٭

مەلای بەرێ ئاوا باوەڕیان بە پێکەوە ژیان و بۆچوون و ئایدیای جیاواز و یەکترقبوڵکردن هەبوو.

ئەفسوس، خەریكە ئەو كرانەوەو و پێكەوە ژیانە جوان و پلورالیەتە ئایینیەی كوردستان ئێستا دەكەوێتە ژێر هەڕەشە و مەترسیەوە.

بۆ ئەوەش سەیری سۆشیال میدیای كوردی بكەن. بەر لەوەی هێزە فێندەمێنتالیستەکان پێ بخەنە ناو کوردستانەوە، وەکو ئاماژەمان پێ کرد، مینبەری مزگەوتەكان و گوتاری مەلا و پیاوانی ئایینی پڕ بوون لە تەساموح و تولەرانس و جوانی و هاندان بۆ كاری چاكەخوازی و ڕەوشتی بەرز و میهرەبانی و مرۆڤدۆستی.

پیاوانی ئایینی و مەلای لە نموونەی ناڵی و مەحوی و قانع و پیرەمێرد و شێخ محەمەدی خاڵ و خانی و مەلاجزیری و مەلای گەورە و مامۆستا عەلائەدین سەجادی و…تاد. لەپاڵ مەلایەتی، شاعیر و ئەدیب و نووسەر و كوردپەروەر و مرۆڤدۆست بوون و شیعر و هەڵبەستیان بۆ دڵداری و نەتەوە و نیشتیمان و سروشت و جوانی دەهۆنییەوە و مەلا عەبدولكەریم مودەڕیس كچ و كوڕەكانی هەمووی چەپ و شیوعی بوون” لەكاتێكدا زانای مودەریس لە كونجێكی ماڵە سادەكەیدا سەرقاڵی نووسینەوەی كتێبی “رێگای پێغەمبەر بوو” كاكە حەمەی كوڕیشی لە كونجێكی تری هەمان ماڵدا سەرگەرمی نووسینی كتێبی “لینینی مەزن بوو” نیوەرۆش باوكی موسوڵمان و موفتی هەموو عێڕاق و كاكە حەمەی كوڕی، ماركسی خاوەن قەڵەمی بە بڕشت و هزری فراوان بەیەكەوە لەسەر هەمان خوان بەدەم ساغكردنەوەی شیعرە ئەفسوناوییەكانی ناڵی و سالم و مەحوی بەرنامەی كاری هاوبەشی داهاتوویان لەسەر بەرهەمەكانی ئەم كەڵە شاعیرانە دادەڕشت”٭

مەلای گەورەی كۆیە، یەكەم كەس بوو كچەكەی خۆی ناردە قوتابخانەی تێكەڵاو كوڕەكەی(مامۆستا مەسعود) بیرمەندێكی سیكۆلاریست و كچەكانی هەمووی سفوور بوون و ئێستاش نەوەكەی خاتوو(ڕەوا جەلی زادە)، هونەرمەند و تابلۆ كێشە.

ئەو مەلا ڕوناكبیر و شاعیر و نووسەر و كوردپەروەر و مرۆڤدۆست و جوانی دۆستانە، شیعر و پەخشانیان بۆ نەورۆز و دڵداری دەنووسی و كەسیان نەیگوت: نەورۆز جەژنی مەجووس(مەگوس) و ئاگرپەرستییە و دڵداری بێڕەوشتی و بەڕەڵاییە.

مامۆستا عەلائەدین سەجادی لە زانكۆی بەغدا وانەی دەگوتەوە، كە كچە خوێندەكارەكان و قوتابیەكانی هەمووی تەنورە سەر و ئەژنۆ و لاقڕووت و سینگڕووت بوون.

هەر بەڕاستی ئەوان مەلای بیركراوە و بیرمەند و مرۆڤدۆست و نەتەوەپەروەر و زانست پەروەربوون.

نەک وەكو بەعزێک واعیز و بانگخواز و مەلای ئێستا جوێندەربوون(ڕێزم بۆ باشەكان). یان وەک ئەو مەلا فێندەمێنتاڵیستانەی نەک هەر ڕەفزی مرۆڤی لائیک و سیکولار و چەپ و سەربەئایینەکانی تر دەکەن، بەڵکو لە ناوخۆشیان وەک لە دوو بەشی پێشووتر ئاماژەم بۆ کرد. ئیسلامی سیاسی، ئەم حزبە ئەوەیتری لا ڕەفزە و دەڵێت: دەری بکەن لە حوجرە و سەلەفییەک لەگەڵ سەلەفییەکی تر، لەسەر بۆچوونی جیاوازی سەلەفیانەیان، قسە بە یەکتری دەڵێن و هەڕەشەی دەمت بگرە، دەنا بە شەق دەتکەمە دەرەوە لە یەکتری دەکەن !

من وتاری دەیان کاهین و واعیز و بانگخوازی تری ئاڕاستە فێندەمێنتالیستم لایە، كە لە وتار و وەعز و ئامۆژگارییەكانیان هانی تیرۆر و توندوتیژی دەدەن و جوێن بە جودابیران دەدەن و بێڕێزی و سووكایەتی بە هەموو ئەوانە دەكەن كە وەكو ئەوان بیر ناكەنەوە و دژی پێكەوە ژیان و پلورالیەتی ئایینی و فرەیی كۆمەڵایەتی و مەدەنیەت و كۆمەڵی كراوە و ئایینەكانی تر و هەموو جیاوازییەک و ئازادی خەڵک قسە دەكەن. بۆ نموونە:

دانەیەکیان، بە كۆلێژی هونەرە جوانەكان دەڵێت: كۆلێژی هونەرە قەبیحەكان.

یەکێتریان دەڵێت: زانكۆ بە مەنبەع و شوێنی فسق و فجور و بەڕەڵایی و فەسادی دادەنێت.

بانگخوازێكیتر دەڵێت: ئێزدییەكان شەیتان پەرست و گڵاو و پیسن و خۆیان ناشۆن و تا ئێوارە كاریان پێ بكە و كرێكەشیان پێ مەدە و ئێوارە كە گوتی كوا كرێكەم؟ بڵێ ئەی بە نەعلەت بیت شەیتان، بیرم چوو!.. ئەوە وەكو سوكایەتییەک وایان پێ بڵێن.

کاهینێکیتر دەڵێت: لە ئایینی زەردەشتیدا هاوسەرگیری كەسەنزیكەكان ڕێگەپێدراوە و زەردەشتییەكان لەگەڵ دایک و كچ و خوشكی خۆیان سێكس دەكەن و ئاگر دەپەرستن.

یەکێکیتریان، هێرش دەكاتە سەر خانمانی سفور و بەڕووتوقوت وەسفیان دەكات و دژی شایی ڕەشبەڵەک دەدوێت و ئاهەنگی نەورۆز بە بێ ئەخڵاقی و جەژنی نەورۆزیش بە ئاگرپەرستی پێناسە دەكات.

واعیزێكی تر دەڵێت: ئەوەی نوێژی نەكرد، سێ ڕۆژ مۆڵەتی پێ دەدرێت و پێی دەگوترێت كوڕە نوێژ بكە، كوڕە نوێژ بكە، كوڕە لەگەڵ تۆمە نوێژ بكە، گەر هەر نەیكرد، دەبێت لە ملی بدرێت و سەری لە لاشەی جیابكرێتەوە.

یەكێكیتریان دەڵێت: سەلام و چاكوچۆنیكردن و چاكەكردن و جەژنە پیرۆزكردنی ئێزدی و مەسیحییەكان جائیز نییە.

دانەیەكیتریان دەڵێت: ئەو پیاوەی ڕیشی بتاشێت وەكو كچ وایە، (هەڵبەت من مرۆڤبوونم لا پێوەرە، لێرە مەبەستم مەغزای قسەی ئەو پیاوە ئایینیە سەلەفیگەرایەیە، كە چەندە سووک و نزم سەرنجی ژن دەدات).

وەک ئاماژەم پێ دا، لە دەرەنجامی زاڵێتی و بەربڵاوی ئەو جۆرە گوتارە چەق بەستوو و نا تۆلێرانس و پڕی لە ڕق و دەمارگیرییەی ئەو واعیز و مەلا و بانگخوازە فێندەمێتاڵیستانە، ئەوا ئێستا خەریكە باجەكەی دەدەین و زوو نەیەینەوە هۆش خۆمان و فریا نەكەوین لەپێناو نیشتیمان و مرۆڤایەتی و پێكەوەژیان ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەو پلورالیەتە ئایینی و كۆمەڵەلایەتی و پێكەوەژیان و كرانەوە جوانەی كوردستان كە سەدان ساڵە لەكۆمەڵی كوردیدا هەیە، لەناو دەچێت.

سەیركەن بەرهەمی عەقڵییەتی ئەو هێزه کۆنخواز و فێندەمێنتاڵیستانە لە سۆشیال میدیا چی بە كورد كردووە و چۆن جڤاتی كوردییان تووشی ماڵوێرانی كردووە و لە سایەی حەشاماتێک لە كەناڵی جۆربەجۆر و پیاوانی ئایینی و بانگخواز و کاهینەکانیان، نەوەیەک درووست بووە هەرچی لەگەڵ زەوق و سەلیقە و میزاجی نەگونجێتن و لەگەڵ ئایدۆلۆجیاكەی یەك نەگرێتەوە، سەرودڵی پێ دەگیرێت و پێیدا هەڵدەشاخێت و شاڵاوی جوێن و هێرشی سوكایەتی بۆ دەبات، لە گۆڤەند، هونەر، شیعر، مۆسیقا، پەیكەر، تابلۆ، فاشیۆن، ئایین و بۆچوونی جیاواز …تاد.

تاكێك دروست بووە، كە خاوەنی نەفەسێكی زۆر كورت و ئایدیایەكی زۆر مەترسیناكە.

تاكێكی تاکڕەهەند و دووڕوو. تاكێک بە سەروسیما ئیمۆ، لە فیكر و ناخدا داعش و توندڕەو.

تاكێك بە جەستە و ستایل و فۆرم مۆدێڕن، بە بیركردنەوە و بە عەقڵییەت دواكەوتوو و كلاسیك. تاكێك، لە ڕوو بە موسیقا دەڵێ حەڕامە و لەژێرەوەیش لەگەڵ گرتە ڤیدۆی پۆڕن، خوی نهێنی ئەنجام دەدات. تاكێكی خۆسەپێن و تووڕە و هەڵچوو و خۆتێهەڵقورتێن. تاكێكی جیقڵدان تەنگ و بێ تەحەموڵ و ڕاڕا و ناجێگیر. تاكێك ڕقی لە هەر شتێكە كە پێچەوانەی ئایدیۆلۆژیاكەی ئەو بێت.

تاكێك بەرگەی بیستنی دوو دێڕە نووسینی دادە ئەحلام مەنسور و خاتوو مەهاباد قەرەداغی ناگرێت. بە تێكستە شیعرێكی شێركۆ بێكەس هێڵنج دەیگرێت. تابلۆیەكی ئیرۆتیكی فەرهاد پیرباڵ تووڕەی دەكات. لاقی ڕووتی مێینە زەوقی هەڵدەستێنیت. قژی بێ لەچكی ژن جەوی دەگرێت. جوێن بە فاشیۆن و مەیک ئەپ ئارتێست دەدات.

مۆسیقا میزاجی تێك دەدات. تاكێك تابڵۆی ئیرۆتیكی لا یەكسانە بە پۆڕن و شیعری ڕۆمانتیك بە بەڕەڵایی.

لە ڕوانگەی ئەو تاكە تێڕوانین شێواو و ئەقڵ بە بەستەڵەك بووە، پەیكەر بت و مۆسیقا میزی کەرێیە. مەیك ئەپ ئارتێست و كچە مۆدێلەكان سۆزانین. ژنە هونەرمەندەكان دەڵە سەگن. نەورۆز جەژنی مەگوس و ئاگرپەرستییە. ئێزدییەكان گڵاو و پیسن. زەردەشتییەكان داكی خۆیان لەخۆیان مارە دەبڕن، كاكەییەكان شەوەڕەشیان هەیە، شیوعی و بێ دینەكان قێزەونن، پیرۆزکردنی جەژنی کرێسمس لە مەسیحیەکان کفرە.

ئەوە ئەو نەمەت و شێوازە بیركردنەوە ناساخڵەم و تێڕوانینە هەڵەو تۆتالیتار و فاشیست و دەمارگیر و نامرۆڤانەیە، کە لەناوەڕاستی نەوەتەكانەوە لە كوردستان سەری هەڵدا و دەستی پێ كرد و بەردەوام و بە بەرنامە و پیلان بۆ لێدان لە هەناسەی پێكەوەژیان و كوشتنی گیانی لێبوردەیی، كاری لەسەردەكرێت.

تاكو تاكی كوردی پێ گۆش و لغاو بكەن و وای لێ بكەن دوو بست ئەولاتری لووتی تێڕوانین و جیهانبینیە نابیناكەی خۆی نەبینێت و بە جیاوازییەكان قەڵس و توڕەبێت و سەرودڵی بگیرێت.

———–

٭نامەیەکی (کامەرانی مەلا ئەحمەد) تایبەت بۆ بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕای نارد، سوپاسی دەکەم.

٭ئەو نووسینەی ناو جووت کەوانەبچووکەکەم لە وتارێکی بەڕێز(د.ئارام ڕەفعەت)وەرگرتووە.




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(53).. شەماڵ بارەوانی

دەمی خۆت بگرە، دەنا بەشەق دەتکەمە دەرەوە!

ئەزیزان بۆیە کاتێک دەڵێم سەلەفیگەرا و ئیسلامی سیاسی تاکڕەهەند و تۆتالیتار بیروباوەڕن و دەسەڵاتیان هەبێت، بە شەق و پێلەقە و چەقۆ و سەربڕین ناچاری چوونە ژێر بار و بڕیار و ئەحکام و دۆگم و ئیدەلۆژیا و بۆچوونەکانی خۆیانمان دەکەن، لەخۆڕا نییە وادەڵێم.

کاکە گیان ئەوان بیروباوەڕەکەیان وایە. ئەوە پرەنسیپ و قەناعەت و ئەقیدە و مەبدەئیانە. ئەوان باوەڕیان بە پلۆرالیەتی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە و ناتوانن گوێ لە بۆچوونی جیاواز بگرن و دید و ئاراستەی جیاواز قبوڵ کەن.

سەیری مەلا لەتیف سەلەفی بکەن، لەناوجەرگەی دەوڵەتێکی سیکۆلاریزمدا، لە بەریتانیای عەلمانیدا، ڕای جیاواز بە شەق دەکاتە دەرەوە و هێرش دەکاتە سەر سیکۆلاریزم. ئای چەند گلەییم لەو جۆرە سیکۆلاریزمە گاڵتەجاڕە هەیە، وەک چۆن ئازادی بە هۆمۆسێکچواڵێک و لیسبێک و ترانزجێندەرێک دەدات بەو پەڕی ئازادی بژین(کە مافێکی سروشتی خۆیانە و خێر و سەدەقەیەک نییە پێیان دەبەخشێت و کەس بۆی نییە ئەو مافەیان لێ زەوت کات، تا دووبارە وەکو منەتێک پێیان ببەخشێتەوە) هەمان شێوە دەرفەت بە مەلا لەتیفێکی سەلەفیزم و فێندەمێنتالیست و لەهەمان کاتدا داعش بیرێکیش دەدات، کە بە کامی دڵی خۆیان و بەوپەڕی ئازادییەوە بانگەشە بۆ ئایدیۆلۆژیا ناتۆلێرانس و بیرە دەمارگیر و مەزهەبە پڕ لە ڕق و نا مرۆڤانەکەی خۆیان بکەن!

جا جەنابی بابای سەلەفیزم، هێشتا نا قایلە و گلەیی لەو عەلمانییەتە موجامەلەچی و ناحاڵی و ساویلکەیەیش دەکات. تۆ لەوە گەڕێ مەلا لەتیف دەسەڵاتی هەبێت لەدەوڵەتە سیوکراتی و فیقهییەکەی مەلای سەلەفیزمدا، خۆی وتەنی(دەرفەت نادات یەک ئافرەت بێ لەچک و نا باڵاپۆش بێت. لە کەناڵی Nrt خۆم پێش چەندساڵێک، لەدیدارێکدا ئەوم بینی کە وای گوت)، دەبێت هەمووان وەکو دەوڵەتەکەی ئەبوبەکری بەغدادی، یەک شێوە جلوبەرگ و پۆشاکی شەرعی و بە پێوەر و قیاسی بابای سەلەفیزم هەڵبژێرن. گەرنا بە شەق و تێهەڵدان و بە زۆری و بە هەڕەشەی چەقۆ و سەربڕین ناچاریان دەکات.

تۆ لەوەش گەڕێ ئێمەی سیکۆلاریزم و لیبڕاڵی و چەپ و ئێزدی و زەردەشتی و جوو و مەسیحی و بوودی و ئەویتری نا موسڵمان ، کە یەک ڕۆژ ناتوانین لەو شوێن و دەوڵەتە بژین، کەئەو و هاوبیرەکانی و ئیسلامی سیاسی تێیدا بالادەست بن و حوکم بکەن، دەمان دەنە بەر شەق و پێلەقە و بە تاوانی لادان لە ئایین، حوکمی هەرتەقەیی و زندیکبوون و کافربوونمان دەدەن و خوێنمان حەڵاڵ دەکەن و وەکو بەرخ لە گۆڕەپانی گشتی و لەبەردەم هەموواندا وەک بەرخێک سەرمان دەبڕن. بەڵکو ئەو سەلەفیزم و ئیسلامگەرایانەش، ئەو مەزهەب و بیر و بۆچوونە جیاوازانەش، کەسەر بەهەمان ئایینەکەی ئەون و لەگەڵ بیرکردنەوەی فێندەمێنتالیستیانەی خۆیان و هاوبیرەکانیان ناگونجێن و خیلافی جوزئیان هەیە، بەشەق دەیانکەنە دەرەوە، یان زیندانییان دەکەن، یان سەریان دەبڕن.

ئەوانەی دواجار لەگەڵ مەلا عەبدوللەتیف سەلەفی و هاوبیرانی، سەر بە یەک ئایینن و لە بنەمادا هەموویان یەکن و دەسەڵات بکەوێتە دەستی هەرکامەیان هەمووی داعشە.

بینیمان پار، لە ڤیدیۆیەکدا مەلا عەبدول لەتیف سەلەفی، ئەو ڤیدۆیەی کە لە زۆرێک لەپەیج و گرووپ و ئەکاونتەکانی سۆسیال میدیا بڵاو ببووەوە. ڤیدیۆکە لە بەریتانیایە، هی ئەو سەردانەی مەلا لەتیف بووە. وەک خۆی دەڵێت بۆ کاری (دەعوە) چووەتە ئەو وڵاتە، تابەریتانیە کافر و بێ دینەکان، بەراز خۆر و سەڵیبی و عەلمانییە شەرابخۆرەکان، بێنێتەسەر ڕێگای ڕاست و ئاشنای ئەقیدە و ئایدیۆلۆژیا و دۆگمەکانی سەلەفیزمیان بکات و سەبارەت بە چێژەکانی حەفتاو دوو حۆری بەهەشت بۆیان بدوێت.

بابای سەلەفیزم لەو ڤیدیۆیەی بڵاو بووتەوە، دەبێتە مشتومڕی لەگەڵ کۆمەڵێک لە فێندەمێنتالیستی تری ئامادەبووی موحازەرەکە، دیقەتم دا و گوتم لەوانەیە ئەو هەراوهۆریا و هەڕەشەی شەق و شەڕە دەمەیە، بە دڵنیاییەوە لەسەر چوونەسەرمانگ و پرسی ڕۆبۆت و چۆنیەتی دروستکردنی ئایفۆنی تازە و نەشتەرگەری چاندنەوەی دڵ و گواستنەوەی سەری مرۆڤێک بۆ یەکێکی تر و کۆمەڵەک بابەتی تر وەکو: تەکنەلۆژیا و گرنگی وانەی فەلسەفە و یەکسانی جێندەری لە پەیمانگا و زانکۆکانی مەریخ و ناز و نیعمەتەکانی دەوڵەتانی سیکۆلاریزم و بابەتی ناپاکیکردن لە شۆڕش لەناو ڕۆمانی(مەزرای ئاژەڵان)ی جۆرج ئۆروێڵ و مەسەلەی دارولکفر و بەرزی و نزمی پلەکانی ئیمان و دەستکاری کردنی کەشوهەوا و جیناتەکانی مرۆڤ و کۆپیکردنی مناڵ و سوودەکانی گەڕانەوە بۆ سەردەمی ئەشکەوت و حیکمەتەکانی کارنەکردن بە ئەقڵ و مەترسییەکانی گڵۆباڵیزەیشن و پێشکەوتنی زانستی و شۆڕشی تەکنەلۆژیا و هەروەها لەسەر ئایندەی تارەتگرتن بە سێ بەرد و لێستنەوەی پەنجەکان لە کاتی نانخواردن و فەزلی چوونە تەوالێت بە پێی چەپە و هاتنەدەرەوە بەڕاست و کۆمەڵێک تەوەری تری لەو شێوەیە. بەهەرحاڵ دیاربوو هەندەک لە ئامادەبووان و برایانی سەلەفیمان خوا هەمیشە پشت و پەنایان بێت و بیانپارێزێت و پایەداریان بکات، هەندەک جیاوازی ڕاوبۆچونیان هەبوو لەنێو خۆیاندا، کە دژ و پێچەوانەبوون. جا لە دەرەنجامی ئەو ڕا جیاوازییە، لە نکاوڕا دەبێتە دەنگەدەنگ و شەڕە قسە و هەڕەشەی شەق تێهەڵدان. مەلا لەتیفی سەلەفیش لا ئیرادییەن سەر و دڵی دەگیرێت و قیچەک هەڵدەچێت و دەڵێت(ئا ئەو بێ ئەدەبانە بكەنە درەوە! … ئەوانە نایانەوێت فێربن…). هەر لەو گەرمەی دەنگ هەڵبڕین و قسە بەیەکتری گوتنەدا، سەلەفییەکی تری لایەنگری مەلا لەتیف سەلەفی و برای دینیمان تووڕە دەبێت و دەگوڕێنێت و بەسەلەفیەکی تر و دەڵێت: (دەمی خۆت بگرە، دەنا بە شەق دەتکەمە دەرەوە). براکانم لەمیانی ئەو شەڕە دەم و هەڕەشەی شەق تێهەڵدانە، بۆمان دەردەکەوێت کە ئێرە(بەریتانیا) دەوڵەتی عەلمانییە و تەنها مەجالی ئەوە هەیە و ئەوەی لە دەستیان دێت، تەنها جوێن و چاوسوورکردنەوە و هەڕەشەی شەق تێهەڵدان و دەرکردنە. کە دەسەڵاتیان بوو و دەوڵەت دەوڵەتی ئایینی بوو و خۆیان حاکم و هەموو شتێک بوون، ئەوکات هەڕەشەی چەقۆ و سەر بڕینە.




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا-(52).. شەماڵ بارەوانی

دەری بکــەن لە حــوجـرە!

بێگومان بنەمای شارستانییەت و گەوهەری ژیان قبوڵکردنی جیاوازییەکان و ڕێزگرتنە لە ئەویتر و سیمای مرۆڤبوونیشمان باوەڕبوونە بە فرەیی(پلورالیەت).

هەر جڤات و کۆمەڵێکیش ڕێگری لە فرەیی بکات و دژی جیاوازییەکان بێت و ئازادییەکانی تاک لە قاڵبی بیروباوەڕ و تێگەیشتن و مەزهەب و ئیدەلۆژیایەکی دیاریکراو بدات و گەمارۆ بخاتە سەر حەز و خواست و هەڵبژاردنی مرۆڤەکان، جا بە هەرناو پاساوێک بێت، ئەوە بێگومان کۆمەڵ و جڤاتێکی بۆگەن و داعشگەرا و دیکتاتۆر و تاکڕەهەند و تۆتالیتار و نەخۆش دەبێت.

بێگومان لەو بەشەی بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕادا، من لەو سۆنگەیەوە باس لەو تاکڕەهەندییە ناکەم کە گەورە فەیلەسووف و بیرمەندی ناوداری ئاڵمانی(هێربرت ماركۆز) لە کتێبەکەیدا(مرۆڤی تاکڕەهەند) باسی لێوە دەکات. من وەکو ئەمیش سیستەمی کاپیتاڵیزم و سەرمایەداری بە بەرهەمهێنان و دروستبوونی ئەو جۆرە مرۆڤە تاکڕەهەندەی کە من لەبارەیەوە دەپەیڤم تۆمەت بارناکەم.

بەڵکو ئەو مرۆڤە تۆتالتاریست و تاک ڕەهەندەی من لەبارەیەوە دەدوێم، ئیدلۆژیایەکی تایبەت و مەزهەب و فیقهێکی کلاسیکی و کۆمەڵێک دۆگمی کۆنی بەر لەهەزار ساڵە بەرهەمی هێناوە و دروستی کردووە و دەکات.

ئەو تۆتالیتارییەت و تاکڕەهەندییە پەتا و نەگریس و نەخۆشییە کوشندەیەی کە مرۆڤ توشی دەردی کوێرەوەری لە بینین و نەخۆشی ڕوانین دەکات!

مرۆڤی تۆتالیتاریست و تاک ڕەهەند و ‏تاك ئاڕاستە، ئەو ئەوکەسەیە، لەیەک ئاڕاستە و ڕەهەندەوە لە شتەکان دەڕوانێت و ناتوانێت لە دیدەنیگایەکی پلورالیستانە و مرۆڤدۆستانە و فرە ئاڕاستە و فرە ڕەهەندانەوە، هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە بۆ دیاردەکان بکات و لەژیان و دەوروبەر و مرۆڤەکان و ئەویتری جیاواز بڕوانێت.

لەڕوانینی مرۆڤی تۆتالیتاریست و تاکڕەهەنددا هەموو شتێک بەسەر دوو بەرەدا دابەش کراوە، بڕوادار و بێ بێ بڕوا، ڕەش و سپی، پاک و پیس، بەهەشتی و دۆزەخی، حەقیقەتی ڕەهاو پوچی ڕەها، یەقینی سەرووگومان و ڕاستی ڕەها، هەڵەی پەتی و ناڕاستی ڕەها !

مرۆڤی تۆتالیتاریست و تاکڕەهەند، مرۆڤێکی ڕاسیزم و دەمارگیرە و جگە لە خۆی، هەموو ئەوانەی تر بە هەڵە دادەنێت و لە ڕوانگەیەکی نا ئەخلاقی و نزم و نا مرۆڤانەوە لەوانی تر دەڕوانێت.

مرۆڤی تۆتالیتاریست و تاکڕەهەند، باوەڕی بە ئایین و ئایدیۆلۆژیا و مێژوو و حیزب و مەزهەبێک، بە تێگەیشتن و میتۆلۆژیا و گێڕانەوە و خوێندنەوەیەک و دیوێکی حەکایەت و چیرۆک و حەقیقەت و دیاردە و شتەکان هەیە.

مرۆڤی تۆتالیتاریست و تاکڕەهەند، مرۆڤێکی سەتحی و ڕووکەشگەرایە و بە قووڵی ناچێتە ناو کرۆکی بابەتەکان و لە کرۆک و فەلسەفەی شتەکان قاڵ نابێتەوە.

مرۆڤی تۆتالیتاریست و تاکڕەهەند، ناتوانێت بەرگەی بینینی جیاوازییەکان بگرێت، ئەو مرۆڤێکە بە فرەیی دەماری تاکڕەهەندی دەگیرێت و بە بینینی جیاوازییەکان زۆر قەڵس دەبێت.

مرۆڤی تۆتالیتاریست و تاکڕەهەند، لە ڕوئیەیەکی تاریک و پەنجەرەیەکی زۆر بچووک و گۆشەنیگایەکی گەلێک تەسک و داخراوی تاکڕەهەندەوە، لە مرۆڤ و ژیان و دەوروبەر و گەردوون و دیاردەکان دەڕوانێت.

یەکێک لە خەسڵەتی مرۆڤی تۆتالیتاریست و تاکڕەهەند ئەوەیە، کە دەست لە ژیانی تایبەتی مرۆڤەکان وەردەدات.

مرۆڤی تۆتالیتاریست و تاکڕەهەند، مرۆڤێکە لەگەڵ وەهم و خۆشباوەڕی و خەیاڵدا دەژیت و مرۆڤێکی لووتبەرز و خۆبەزلزان و خۆبەحەقزان و خۆسەپێنە و هیچ کاتێک باوەڕی بە فرەڕەهەندی و جیاوازییەکان نییە و دایمە هەوڵ دەدەت ڕا و بۆچوونی هەموو ئەوانەیتر لە بۆتەی تێگەیشتنی خۆیدا بتوێنێتەوە و سەراپای جیاوازییەکان بسڕێتەوە و هەموو شتێکی ئەوانیتر کۆنتڕۆڵ بکات و هەموو دەنگێکی تری جیاواز و ڕەنگێکی تری دەرەوەی بازنەی ڕەنگەکەی خۆی بخنکێنێت و لەناو ببات.

مرۆڤی تۆتالیتاریست و تاکڕەهەند، دەیەوێت ئازادی ئەوانیتر و هەموو خەڵکیتر لە قاڵبی ئایدیۆلۆژیاکەی خۆی بدات و هەموان بە ستایلی ئەو ژیان بکەن و بە پێی دۆکترین و ڕوانین و دۆگمەکانی ئەو بجووڵێنەوە. ئێ باشه بابای تۆتالیتاریست و تاکڕەهەند، بۆ دەبێت من بە چاوەکانی تۆ ببینم و بە ئەقڵی تۆ بیربکەمەوە و بە پێیەکانی تۆ ڕێ بکەم ؟!

منیش وەکو تۆ مرۆڤ نیم؟ مافی ژیانکردن و هەڵبژاردن و بیرکردنەوە و بڕیاردانم نییە؟ تۆ بە چ مافێک دەست لە ژیانی من وەردەدەیت و بڕیار لەسەر ژیانی من دەدەیت و خۆت لە ئازادییەکانی من هەڵدەقورتێنیت؟! بەچی مافێک ناچاری گوتنی قسەیەک و ئەنجامدانی کارێکم دەکەیت کە بڕوام پێی نییە و نامەوێ بیڵێم و بیکەم؟!

بەچی مافێک دەمامکی دوو ڕووییم پێ دەبەستیت و لێم ناگەڕێیت، کە واو بە دڵی خۆم بژیم کە خۆم دەمەوێت، نەک وەک ئەوەی تۆی تۆتالیتاریست و تاکڕەهەند دەتەوێت و میزاج دەکەیت.

ئاخر بە ماچ مافێک ژیانی خەڵک دەکەن بە ژەهری مار و خەڵک ناچار دەکەن لە ترسی ئێوە و لەبەر شمشێر و دۆزەخ و جنێو و لۆمەی ئێوە، لەڕووی ئێوەدا بەڕوویێک بژیت و لە پشت ئێوەشدا بە ڕوویێکی تر!

لێ گەڕێن با خەڵک ئازاد بێت و بەو شێوەیە بژیت و ژیان بکات کە خۆی دەیەوێت و بڕوا و قەناعەتی پێیەتی، نەک وەکو ئەوەی بیروباوەڕەکەی تۆ و ئایدیۆلۆژیاکەی تۆ و مەزهەب و میزاجە تاکڕەهەندییەکەی تۆ دەیخوازێت. بەسە خەڵکی بکەن بە دووڕوو و دەبڵ مۆڕاڵ، ئاخر ژیان و ئازادییەکانی هەر کەسێک و تایبەتمەندی و خولیاکانی هەر مرۆڤێک، پیرۆز و هێلی سوورە و کەس بۆی نییە هەرگیز، بڕواتە ناویەوە و سنور بەزێنی بکات و بێڕێزی بنوێنێت و مرۆڤبوونی مرۆڤ و ئازادییەکانی پێشێل بکات.

ئەزیزم تۆ ئازادی بڕۆیتە مزگەوت و منیش ئازادم بڕۆمە کافتریا و ئەویتریش دەبێت ئازاد بێت بڕواتە باڕ و یانەی شەوانە، یان نەڕوات بۆ هیچ یەکێک لەو شوێنانە. ئەوەیە دیموکراسیەت و مرۆڤایەتی، ئەوەیە فرەیی و یەکترقبوڵکردن و ڕێزگرتن لە پێکەوەژیان و چەمکی ئاشتی کۆمەڵایەتی، کاکە خۆ بە زۆر و سیستەمی داعشگەرێتی و حوکمی قەرەقوش و سەردەمی نیاندەرتاڵەکان نییە.

خەڵکێک نایەوێت بێتە پەرستگا و نوێژ بکات و حەزی بە کافتریا و یانە و باڕ و سەمایە، بەتۆ چی؟ تۆ چ حەقێکت هەیەو بەچ مافێک خەڵکی ناچار دەکەیت دەستبەرداری حەزەکانیان بن و تەنها ئەوە بکەن کە تۆ دەتەوێت و حەزی پێ دەکەیت و میزاجی دەکەیت. سەیرە!

ئەزیزم دەزانی ئەوە لوتکەی بێ مۆڕاڵی و بێ ئەخلاقی و داعشبوونە ئەوەی تۆ دەیکەیت؟!

جا لە هەمووی سەیرتر و مەهزەلەتر و نوکتەتر و خۆشتر، لەو ماوەیە لەیەکێک لە کەناڵە ئیسلامگەراکان بینیم، گەنجێگ خۆی وەکو بانگخواز و شت دەناسێنێت و لاسایی حەسەن بەنای ئیخوانی دەکاتەوە و ڕۆشتووە لە یەکێک لە کافتریاکان ئەو جەوەی ئەوێی لەو هەموو خەڵکەی تێکداوە و دەستی کردووە بە گوتار و وەعزی ئایدیۆلۆژیایانە و ئیسلامگەرایانە و گەنجەکانی ئەوێش هەمووی فیت و هۆڕی جگەرەیەتی و خەریکی بە باکردنی دووکەڵ و نێرگیلەکێشانن و بە سیما و ڕوخساریانەوە دیارە و وەک ئەوەی بە زمانی ئاماژە بڵێن کاکە بۆ خاتری خوا بۆ وازمان لێ ناهێنیت، بەس نییە لە کەناڵ و مزگەوتەکانتان و لەهەموو شوێنێک شەو و ڕۆژ هێرش دەکەنە سەر ئازادی و حەز و مافەکانمان و هەموو جیاوازییەکان، لێرەش لێمان ناگەڕێن؟! هەربەجدی گەر ئێمە تاقەتی ئەو بەزمەی تۆمان هەبێت، ئێمە لێرە چی دەکەین، مەگەر خۆمان نازانین بێین بۆ کۆڕ و کۆبوونەوەی حیزبی و مزگەوتەکانتان و گوێ لە وتار و وەعزی بانگخواز و مەلا ئیسلامییەکانتان بگرین، چی پێویست دەکات تۆی تاکڕەهەند و تۆتالیتار و پۆپۆلیست بێیت و خۆت لێرە عەرزکەیت و خۆتمان بەسەردا بسەپێنیت و فیکرە و تێڕوانینە تاکڕەهەندەکەی خۆت فەرزکەیت و کەشەکەمان لێ تێک بدەیت و ئازادی و مافمان پێشێڵ کەیت !

ئەزیزم، ئێرە کافتریایە، نەک مزگەوت، بڕۆ تۆ ئازادی لە بارەگای حیزبەکەت و لق و ڕێکخراوە ئیسلامییەکەت و مزگەوتەکەی خۆت چی دەڵێیت بیڵێ، بەڵام تکایە هەر هێندە، لە ئێمەش بگەڕێن لە کافتریاکەی خۆمان و لەجەوی خۆمان با بەدڵی خۆمان بژین.

کاکە پیرۆزتان بێت. خۆ خەریکە دار و بەردیش دێن بۆ مزگەوت و ئێمە هیچ ناڵێین، بەڵام بۆ دوو گەنج بڕواتە باڕێک و گەنجێک بێتە یانەیەکی شەوانە و چوار گەنجی تر بڕوات بۆ کافتریایەک و دوو کچ ببێتە کچە مۆدیل، ئێوە قیامەت و حەشر هەڵدەستێنن و لەپاڵ نیشانەکانی ئاخیرزەمان ڕیزمان دەکەن و بە بێ ئەخلاق و سەرلێشێواو وەسفمان دەکەن و لەپێش چاوی کۆمەڵ و مێگەڵدا بە دڕندە و دەعبا ناشیرینمان دەکەن!

ئاخر ئێمە قسە بۆ کێ دەکەین و خۆمان لەگەڵ کێ ماندوو و هیلاک دەکەین، لەکاتێکدا بابای تاکڕەهەند وا حاڵی کراوە، کە هەموو حەقیقەتەکان لای ئەمە و هەر چی چاکە و بەهەشت و ڕاستییە، بەتەنها موڵکی ئەوە و ئەوەیتر هەمووی لادەر و سەرلێشێواو و ناڕاست و دۆزەخییە!

ئاخر من چۆن ئەو جۆرە عەقڵییەتە تێبگەیەنم! کاکە تۆ لە سەردەمی پلورالیەت و دیموکراسیەت و گلۆباڵیزەیشن و مۆدێڕنێتەدا دەژیت، نەک سەردەمی ئەشکەوت و پێش مێژوو و بەر لە هەزاران ساڵ. دواتر ئێرە کوردستانە، نەک ئەفغانستان و داعشستان، ئێرە شوێنی جیاوازییەکان و پێکەوەژیان و فرەیی و یەکترقبووڵکردنە و دەبێت ئەوەت قبوڵ بێت، لەبەرامبەر هەر پەرستگایەک، کتێبخانەیەک و یانەیەکی شەوانە و کافتریا و باڕێکیش هەبێت.

لەبەرامبەر هەر بڕوادار و ئاییندارێک، ئەتایست و ئەگنۆستیک و لائیکێکیش هەبێت، لەبەرامبەر هەر موسڵمان و بابایەکی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەرایەکیشدا، جوو، ئێزدی، مەسیحی، بەهایی، زەردەشتی و کاکەیی و بوودییەکیش هەبێت، لەبەرامبەر هەر مزگەوتێک، ئاتەشگایەک، کلێسایەک، مەعبەد و لالشێکیش هەبێت.

وڵات تەنها موڵکی ئایینێکی دیاریکراو و تاپۆی باوکی تاقە مەزهەبێک نییە و هیچ کەسێکیش ئەو مافەی نییە خۆی بکات بەدەمڕاست و شمشێر و سێبەری خوداوەند و نوێنەری حەقیقەت و بەناوی ژیانەکەی ئەملا و ئاسمانەوە، ژیانی سەر زەوی و خۆشییەکانی ئێرە، لە خەڵکی بکات بە جەهەندەم و زەقنەبووت و قوزەڵقورت.

هیچ کەسێک بۆی نییە بەناوی هەمووانەوە قسە بکات و بەناوی پارێزگاری لە شوناس و ئەخلاقی گشتییەوە، ڕێگری لەئازادییەکانی تاک بکات.

ئینجا ئیخوانی و سەلەفییەکان دواین کەسن باس لە شوناسی کوردانە بکەن، ئەوان دیارە کە سەر بە چی ئایدیۆلۆژییەت و ئەجێندایەکی دەرەکی و نامۆن.

دواتر زۆرینە ناکرێت خۆی بەسەر کەمینە و جیاوازییەکاندا بکات بە کەڵەگا و زۆر تاکڕەهەندانە و فاشیستانە، دیدەنیگا و مەزهەب و ئایینی خۆی بسەپێنێت.

ئەزیزم، کاکە تاکڕەهەندگیان، ئیتر تێبگە کرۆکی دیموکراسییەت و جەوهەری مرۆڤبوون، قبووڵکردنی جیاوازییەکان و ڕێزگرتن و حیسابکردن و ڕەچاوکردنی خواست و حەز و ئازادی و خولیاکانی ئەوانی ترە.

بێگومان ئیسلامییه سیاسیيەکان هەڵگری فیکرێکی تۆتالیتاری و تاکڕهەندین، مرۆڤی تاک ڕەهەند و تۆتالیتاریش هەرگیز، ناتوانێت پلورالیەتی دینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی قبوڵ بکات.

لەڕوانین و ئایدۆیۆلۆجییەتی تۆتالیتار و تاکڕەهەندا، هەمیشە هەوڵی خۆسەپاندن و خنکاندنی ئەویتر هەیه.

نازییەت هەڵگری فیکرێکی تاکڕەهەند و خاوەنی ئایدیۆلۆژیایەکی تۆتالیتار بوو، بەعسیش هەر وا بوو، ئـەمیان لەژێر ناوی ڕەگەزباڵایی ئەڵمان و ئەویتریان عرووبەت.

ئیسلامی سیاسی و سەلەفیەتی دینیش لەژێر ناوی ئایین، لەسەر ڕێچکەی نازییەت و بەعسیزم دەڕۆن.

ئینجا ئەو فێندەمێنتاڵیستانە، نەک هەر ئەوانەی سەربە ئایین و بیروڕا و گرووپ و حیزب و ئیدەلۆژیا و مەزهەبەکەی خۆیان نییە ڕەت دەکەنەوە، تەنانەت لەناوخۆشیان هەزار و یەک گرووپ و فیرقەن و هەمووی ئەویتر تەکفیر و تەبدیع و ڕەفز دەکاتەوە.

بۆ نموونە: ئێمە لە حوجرە دەماینەوە، کۆمەڵێک فەقێ بووین، هەموومان بە حیسابی یەکگرتووبوون وەرگیرابووین.

حوجرەکە هی یەکگرتوو بوو و ئەوان سەرپەرشتییان دەکرد، هەر فەقێیەک یەکگرتوو نەبوایه، سەرەنجام کێشەی بۆ دروست دەکرا و بە سیناریۆیەک و شتێک، لە حوجرەکە دەردەکرا.

لە داهاتوودا و لەمیانی بەشیتری(بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا)دا باسی ئەوە دەکەم و نموونەی ئەو فەقێیانە دێنمەوە، کە لەسەر ئەوەی ئینتیمایان بۆ کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی و مەلا کرێکار هەبوو، یان ئنتیمایان بۆ هیچ گرووپێکی ئیسلامی سیاسی نەبوو، دەرکران.

وەک ئاماژەم پێ دا، کە ئێمە کۆمەڵێک فەقێ بووین و لە حوجرەی یەکگرتووی ئیسلامی دەماینەوە.

(فا…) هەبوو، کە بەر لە ماوەیەکە کۆچی دوایی کرد، خەڵکی دەڤەرەکەی ئێمە و سنووری شارۆچکەی بەردەڕەش بوو، ئەو دەهاتە حوجرەکە بۆ سەردانی فەقێکان و بە تایبەتی فەقێی تری ناسیاویان و خەڵکی هەمان دێیەکەی ئەو لە ئەسڵدا، فەقێ( ف…)بەردەڕەشی کە یەکگرتووبوو، وەلێ (فا…)ی هاوڕێی(ف…) کۆمەڵی ئیسلامی بوو.

(فا…)ڕیشێکی درێژی هێشتبووەوە و شەرواڵێکی تۆزەک کورتی لەبەردابوو، شێوەی زۆر لە موجاهیدە شیشانییەکان دەچوو. زووزوو دەهاتە حوجرەکە.

مامۆستاکانمان کە هەموویان مەلاش بوون، هەموویان یەکگرتووش بوون، کاتێک بەوەیان زانی، بە ئێمەیان گوت: ئەو پیاوە بۆچی دێتە ئێره؟ گوتمان هی دەڤەرەکەی ئێمەیە و فەقیرەی تەنها وەک سەردانیکردن دێت.

گوتیان ئەوە هەرگیز نابێت !

گوتمان بۆچی؟

گوتیان ئەوە کۆمەڵی ئیسلامییە و فیکری تەواو نییە و مێشکی فەقێکانمان تێک دەدات. بۆیە گەر ئەوجاره هات بۆ ئێره، دەبێ دەری کەن لە حوجرە.




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا-(51)- شەماڵ بارەوانی

بەشی 51

ئیسرائیل ٢٠٢٢ی دەڕووخێت!

بیرمە مانگی ڕەمەزانێ بوو، لە دێی چل هەوێزە مەلابووم، وتاری ئێوارانی ڕەمەزانێم بۆ دەدان. باسی فەڵەستین و قودسم بۆ خەڵکەکە دەکرد و یەک حەماسەت و عاتیفەی دینی منی گرتبوو، هەر مەپرسن !

دەمگوت: سەبرەن سەبرەن، یا یەهود، جەیشو موحەمەد سەوفە یەعود.

خوشک و برایانم: ئەمڕۆ، یان سبەی، زوو، یان درەنگ، دەوڵەتی سەهیونییەت(مەبەستم ئیسرائیل)بوو، لەناودەچێت و لەسەر دەستی ڕۆڵەکانی سەلاحەدینی ئەیوبی، دڵنیابن، دووبارە قودسی بریندار و داگیرکراو، لە ژێر چنکی جووی خەبیس ڕزگار دەکەین.

موسڵمانان وەک لە ڕیوایەتێک هاتووە، پەیامبەرمان دەفەرموێت، کە دار و بەردیش لە دژی ئەو جووڵەکە ترسنۆک و پیسانە دێتە گۆ، پەیامبەر دەڵێت:(ڕۆژی دوایی نایەت، تاکو موسوڵمانان جوولەکەکان دەکوژن، کاتێک موسوڵمانێک دەیەوێت جوولەکەیەک بکوژێت، جوولەکەکە ڕا دەکات بۆ پشت هەر درەختێک و بەردێک، خۆی بشارێتەوە، درەخت و بەردەکە، دێنە گۆ و دەڵێن: ئەی موسوڵمان، ئەی بەندەی خودا، وەرە ئەوە جوولەکەیەکە لەپشتەمن خۆی حەشارداوە، بیکوژە! تەنها درەختێک نەبێت، کە ناوی غەرقەدە، درەختی جوولەکەیە)٭

ئامادەبوانی مزگەوت، هەموو دەیانگوت: ئەلڵاهو ئەکبەر.

جا درۆیەکیشم دەکرد و دەمگوت: ئێستا جوولەکە لە ئیسرائیل هەمووی خەریکی ڕواندنی ئەو درەختەیە، تەنانەت هەرچوار لای ئیسرائیلیان بەو درەختی غەرقەدە تەنیوە و هەموو ماڵێک غەرقەد دەڕوێنێت و لە ئێمەی موسوڵمان زیاتر باوەڕیان بەو فەرمودەی پەیامبەرمان هەیه، کەوام گوت. ئەوجارە هەمووی پێکەوە گوتیان (اللهم صلي علی سیدنا محمد)هاهاها.

موسوڵمانان، دەزانن لەمێژە جوولەکەی کۆڵکە مار، دەستیان کردووە بە بڕینەوەی دارزەیتونی خوشک و برا فەلەستینییەکانمان و لە شوێنیدا ئەو غەرقەدە کافر بابە دەڕوێنن؟

خوشک و برایانی ئیماندارم، هێندەی نەماوە و بەڵێنی اللەی تەعالایە و هیچ قسە لەسەرکردنێک و گومانێکی تێدانییە و دێتەجێ و دەوڵەتی داگیرکەری جوولەکەی پیلانگێڕ، لە ساڵی(٢٠٢۲) دەڕووخێت٭.

ئـەوجارە هەرخۆم: سوبحان اللە لە گەورەییت خودایە! قادر هەرخۆتی خودایه، بەهێز و دەسەڵاتدار هەرخۆتی یا اللە.

له ڕاستیدا من ئەو مەسەلەی دەرەخت ڕواندنەی غەرقەدم لە نامیلکەی نووسەر و بانگخوازێکی ئیسلامی خوێندبووەوە، درۆیەک دوو مەتر بوو، من دوو مەتری تریشم بۆ زیاد کرد و گوتم گرنگ کاریگەری دروست کەم و حەماسەت و عاتیفەی دینی خەڵکی پێی فول کەم و هەستی دژە جولەکەییان بوروژێنم.

ئیمامی حەنەفی دەیگوت: ڕیوایەت لە مەککە بستێک بێت، تا دەگات بە عێراق دەبێت بە مەترێک !

منیش ئەوڕۆژە، مەترێک بوایە، دوو مەتریترم پێوە دەنا.

لەپڕ، پیاوەک مام(ک…) گوتی: ئائا بەڕیشی عەلی باپیری، کاکە مەلا ئیسرائیلمان بۆ دەروخێنێت و قودس ئازاد دەکات.

مام(ک…) کەسێکی زۆر کۆمێدی و قسە لە ڕوو و ناخ پاک بوو و زۆریش کەیفی بە من دەهات و زۆر لەماڵی ئەوان نانم دەخوارد و ئەو کەسێکی یەکێتی بوو وەک حیزب، ئەوکات تازە بزووتنەوەی گۆڕان دروست ببوو.

هاشوهووشی ئەو بزووتنەوەیه هەموو وڵاتی تەنی بوو. خەڵکێکی زۆر وەک فریادڕەس و تەنانەت هەبوو وەک گیڤارا و غاندی و ماندێلایەکی کوردی سەیری( نەوشێروان مستەفا)یان دەکرد و ئومێدی زۆر و خەونی بێشوماریان لەسەر بزووتنەوەکە هەڵچنیبوو.

مام کەریمیش مەیلی بۆ گۆڕان هەبوو و هەر مەدحی نەوشێروان و گۆڕانی دەکرد و سەری زمان و بنی زمانی نەوشێروان بوو لای من، گوتم با منیش جەوی بگرم و لە میزاجی بدەم و تۆڵەی خۆمی لێ بکەمەوە، بەرپەرچم دایەوە و گوتم: نانا، نەوشیروانە چەپ، بە ماچکردنی کتێبەکەی دەستی یا شێخ، قودس ئازاد دەکات.

ئامادەبووان هەموان دەستیان کرد به پێکەنین.

…..

٭في صحيح البخاري، عن أبي هريرة أن النبي قال: (لا ‌تقوم ‌الساعة حتى يقاتل المسلمون ‌اليهود، فيقتلهم المسلمون حتى يختبئ ‌اليهودي من وراء الحجر والشجر، فيقول الحجر أو الشجر: يا مسلم يا عبد الله هذا ‌يهودي خلفي، فتعال فاقتله). وزاد فيها (إلا الغرقد، فإنه من شجر ‌اليهود).

٭ئەو ڕووخانەی(دەوڵەتی ئیسرائیل)یشم پێشووتر، لە وتاری مەلایەک گوێ لێ ببوو !




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا-(50).. شەماڵ بارەوانی

بەشی پەنجا

خۆم دەتەقێنمەوە..!

هیوادارم ئەزموونی ژیانی من و بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا، ببێت بە پەند و وانە بۆ زۆرێک لەو هەرزەکار و گەنجانەی کە لە ڕێگەی عاتیفە و هەست و سۆزەوە لە خشتە دەبردرێن و دەخرێنە داوە و دەکرێن بە دووژمنی نەتەوەی خۆیان و مرۆڤایەتی و کۆمەڵی کراوە و هەر شتێک کە بۆنی ویژدان و ئەقڵانییەت و مۆدێرنێتە و ئازادی و بلورالیەت و تولەرانس و پێکەوژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی لێبێت و لە خزمەت ئەجێندا و ئایدیۆژیایەکی کۆنە خوازانە و دەمارگیرانە و فێندەمێناڵستانە بەکاریان دێنن، ئایدیۆلۆژیا و ئەجێندایەک، کە تا بڵێیت نامۆیە بە مرۆڤ بوون و کوردبوون و کۆمەڵی کوردەواری.

هەڵبەت هێزه کۆنخواز و فێندەمێنتاڵیستەکان، هەرگیز، ناتوانن لەگەڵ ئەقڵ قسە بکەن و لۆژیک بدوێنن. ئەوان خاوەنی گوتارێکی زۆر سادە و هەڵگری ڕوئیا و جیهان بینییەکی تابڵێیت سەتحی و هەرزەکارانەن.

بۆیە هەرگیز، ناتوانن مرۆڤی ڕۆشنبیر، کەسی خوێنەوار و هۆشیار بە واتای وشە، وا بە ئاسانی بکەن بە ئیسلامیزم و سەلەفیزم و بیانخەنە داوەوە. ناچار هەوڵی ڕفاندنی مێنتاڵێتی مناڵ و تیرۆرکردنی ئەقڵی هەرزەکار و گەنجی بێ ئەزموون و بێ پاکگراوەند و مرۆڤی سادە لەوح و ساکار دەدەن.

من دوای تەواو کردنی خوێندنی ئیسلامی و ئامادەیی ئیسلامی، چوومە کۆلێژ و لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان دەمخوێند و بیرمە لە مزگەوتی حاجی بەدریەش لە شاری هەولێر دەمامە وە قۆناغی دووی کۆلێژبووم و گۆڕانکاری زۆر بەسە جیهان بینی و تێڕوانینم داهاتبوو، دەتگوت من هەرگیز، ئەو ئیسلامیە دۆگمایی و ڕادیکاڵەی پێشووتر نیم!

خەریک بووم پێداچوونەوەم بە بیرکردنەوە و تێڕوانینەکانی پێشووم دەکرد و دەستم کردبوو بە پرسیارکردن و ڕەخنە گرتن، لە ئیسلامی سیاسی. هەرچەند ئەوکات نووسەر نەبووم و تەنها بە قسە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانیان ڕەخنەم لەو لایەنە ئیسلامیەدەگرت، کە من تێیدا ئەندام بووم و کۆمەڵەک پرسیارم لێدەکردن، زۆر پێی قەڵس دەبوون !

وەک: چی تێدایە گەر ناموسڵمانێک و دوو جگەرەکێش و سێ مەیخۆر و چوار ئافرەتی بێ لەچک و سفور ببن بە ئەندامی ئێمە و چیتر لەو قاڵبە مەزهەبی و تونێلە حزبی و جاڵە ئایدیۆلۆژیا تەسک و داخراوە بڕۆینە دەر و لە ڕوانگەیەکی تۆزەک بەرزتر و مرۆڤانەتر و باڵاتر و واڵاتر لە مرۆڤ و ئەویتر بڕوانین!؟

جارێکیش بە نووسین، کۆمەڵەک ڕەخنەم لەو حزبه گرت و بردم بۆ بەرپرسی مەڵبەندی ئەو حزبه لە هەولێر. ئەوکات(ف.م.س)لێپرسراوی مەڵبەندەکەبوو، گوتم دەمەوێ دوو بە دوو دانیشین و دنیایەک گلەیی و قسە و ڕەخنەم هەیه لێتان. بە تایبەتی جەنابەت و مەڵبەندەکەت.

گوتی باش، پەیوەندیت پێوەدەکەم. گوتم ئاخر من نایەمەوە لای جەنابت جارێکیتر، گوتی من پەیوەندیت پێوە دەکەم و دێم بۆ ئەو حوجرەی تۆ تییای. کەچی نە پەیوەندی کرد و نەیش هاتە حوجرە.

ئینجا سەبارەت بەوەی گوتم ،ئەوان دایمە هەوڵدەدەن مناڵ و هەرزەکار و گەنجی بێ پاگراوەند و مرۆڤی سادە لەوح لە خشتەبەرن و بییان خەنە داوەوە.

نموونە هێندەزۆرە، لە ژماردن نایەن. جا لە ڕێگای قورئان خوێندنەوە بێت، یان کاری چاکەخوازی، یان چاڵاکی ڕێکخراوەکانیان لە زانکۆ پەیمانگان و شوێنانیتر، یان لە ڕێگای جوڵاندنی هەست وسۆز و عاتیفەی دینی و لە ڕێگای گوتاری کۆمەڵەک داعی و واعیز و مەلای سەربەخۆیان.

بەو بۆنەیەوە ئەوە ڕۆژەکی نوێژی عەسربوو و لەناو نوێژ بووین و مناڵێکی تەمەن شەش ساڵان و ئاوا بوو، لە تەنیشتە مندا بوو، دیقەتم دا، پەنجەی دەجوڵاند لەکاتی ئەتەحیاتدا.

کاتێک سڵاومان دایەوە و نوێژەکە تەواو بوو، گووتم گچکە بۆ وادەکەیت؟ کێ فێرە ئەو خووە قۆڕەی کردوویت؟

ئەو مناڵە کچکەیە، کە دنیای مناڵیان شێواندبوو، چییان فێرکردبوو، لە وڵامدا بە منی گوت: بەڵدەت بۆ بێنم؟

هێندە بچووک بوو، هێشتا زمانی نەگرتبوو و نەیدەزانی بڵێت بەڵگە، دەیگوت بەڵدە. هاهاها پێکەنیم و گوتم ڕۆڵە من نەخوێنەوارم و بەڵدەم بۆ نەهێنەوە، بەس توو دەتوانی پێم بڵێیت کێ فێری ئەو شتانەت دەکات؟هەڵبەت من دەمزانی کێ فێری کردووە، کۆمەڵەک گەنجی ئیسلامی سیاسی سەر بەخەتی عەلی باپیر و مەلا کرێکار بوون بەردەوام لە مزگەوت دادەنیشتن و کۆمەڵەک هەرزەکاریان لە دەوری خۆیان کۆکردبووە و دەستیان کردبوو بە پرۆسەی تێکدانی ئەقڵ و وێرانکردنی مرۆڤ بوونی هەموو ئەو گەنج و هەرزەکار و مناڵانەی لایان دادەنیشتن. ئەو مناڵە پەپولەیەش یەکێک لەو قوربانیانە بوو.

منیش هەمان شێوە کەوتمە داوی ئیسلامی سیاسییەوە،بیرم دێت.

ئەقڵ هەرزەکار و دەم ڕوتێک بووم و تازە ببوومە ئیخوانی و زۆر بە توندی و حەماسیم گرتبوو. تەنکە ڕیشەکی گووگرەم بەردابوو و سیواکەکم کڕی بە هەزاری و پانتۆڕەکم بە درووندا و دەلینگەکەیم کورت کرد و لە بەردەڕەش بە خەیاتەکەم گوت: باشەرعی و کورتبێت، هەم سەلەفی و هەم ئیسلامی بووم و جارێ عەیب نەبیت باینجان و کولەکەم لە یەکتری جیا نەدەکردەوە.

لە دێی (کەونەباک)یش، کە دێیەک بوو، لەولاتری دێیەکەی ئێمە، لە قەزای بەردەڕەش، لای مەلایەکی بیر و باوەڕ ئیسلامی سیاسی، من و فەقێیەکی تری دێیەکەمان(دێی بارەوان) وانەی فەقێیاتیمان دەخوێند.

لە دێش کومەڵەک مناڵ و تواڵم لەخۆم خڕکردبوویەوە و لەژێر ناوی ئایین و بە فێڵی قورئان پێ گوتنێ، خەریکی به ئیسلامی کردن و پرۆسەی شۆرینی مێشکیان بووم. جا هەندەک لە خزم و جیران و خەڵکی دێ، زۆر بەوە قەڵس ببوون و دەیان زانی من لەژێرەوە خەریکی چیم.

هەر بەو بۆنەیەوە ئەوە ڕۆژەکی حزمەکم لە دێیەکەمان هەڕەشەی لێ کردم ئەگەر واز لەو بەزمە نەهێنم و ئاقڵ نەبم و واز لە ئیخوانی و ئیسلامیەکان نەهێنم، ئەوە دەبێت بڕۆمە هەڵەبجە لای ئیسلامیەکانی ئەوێ و لێرە ئیتر جێگام نابێتەوە.

ئەوکات، لای ئێمە کە دەیانگوت ئیسلامی، دەگووترا بیارە و تەوێڵە، مقەڕ و مەنبەع و تۆرە و بۆرە و ئەفغانستانی ئیسلامیەکانە. بە حوکمی ئەوەی کاتی خۆی، ماوەیەک ئەو شوێنانە ئیسلامیەکان دەستیان بەسەر داگرتبوو و ئەمارەتی ئیسلامییان لێ جاڕدابوو و حوکمی شەریعەتیان بەسەر خەڵکەکەی دەسەپاند.
تا ئەو کاتەی ئەمریکا، کاتی ڕوخانی سەدام و بەعسیزم، لێیدان.

جا کاتێک ئەو خزمە هەڕەشەی لێکردم، منیش لە وڵامدا گوتم: ولاهی دایکی هەرکەسەک دەگێم، زمانی درێژبکات و بوێری ئەوە بکات، بە من بڵێت: دەبێت بڕۆیتە هەڵەبجە، کەس حەدی نییە بەمن بڵێت بڕۆ، حاڵی بوویت.

پاشان چومە لای ئەو مەلا ئیخوانیەی کە وانەی فەقێیاتیم لا دەخوێند و پێم گوت ئەوهام بەسەر هاتییە، بەڵام من هەر گوێی پێنادەم و فشەشم پێی دێت. بڕوا بکەن لە ژێرەوەش، لەترسان خەریک بوو میز بکەم بەخۆم دا و زۆر دەترسام و دەمگوت نەوەک بمگرن.

بە مەلا کەم گوت: وەڵاهی ئەگەر تۆ بیڵێیت، من ئامادەم خۆم لەپێناو دینی خوای گەورە بتەقێنمەوە.

ئێستاش کە ئەوەم بیردەکەوێتەوە، پێکەنینێکی بەهێز دامدەگرێت و بەخۆم دەڵێم: هەر بەڕاستی ئەوە من بووم وا کەر و هێندە بێ مێشک بووم!؟




بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان.. شەماڵ بارەوانی

ئەوجارەیش قسە لەسەر بەرهەمێکی تری (فیۆدۆرميخائيلۆفيتش دۆیستۆیفسکی (١٨٢١- ١٨٨١)، فەیلەسوف و گەورە نووسەر و بیرمەندی ڕووسی دەکەین و تیشک دەخەینە سەر یەکێک لە شاکارە ناودار و جیهانی و ناوازەکانی “بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان”.
ئەو یادەوەرییە تراجیدیکیانەی لە کاتی خوێندنەوەیاندا قەیسەری ڕووس “ئەلیکسەندەری دووەم”ی خستەگریان و فرمێسکی بەکوڵ و پڕ لەئازار وەک لێزمەی باران لەسەر گۆنای ڕیزیان بەست.

ئەو بیرەوەرییە تاڵ و بەسوێ و بە ئازارانەی دۆیستۆیفسکی لەبارەیانەوە دەڵێت:هەرکاتێک بیرم دکەونەوە، ئازارە کۆنەکان لە ناخمدا وەئاگادێنەوە و دەروونم دەگوشن و هەست بە خنکان دەکەم.

ئەو ڕۆمانەی تۆلستۆی گەورە نووسەر لەبارەیەوە دەڵێت:ئەگەر کتێبە پیرۆزەکان نەبوان، ئەوا دەمگوت بیرەوەرییەکانی دۆیستۆیفسکی کتێبی پیرۆزە.
ناڵێین”بیرەوەریەکانی ماڵی مردوان.”باشترینی بەرهەمەکانی دۆیستۆیفسکییه، وەلێ وەک بەشێک لە ڕەخنەگران و لێکۆلەران بۆچونیان وایه، کە ئەو شاکارە جیهانیە سەرەتا و بناخەیەکی باش و گرنگی ئەو ئەوجۆرە ئەدەبەیە کە پێی دەڵێن: ئەدەبی گرتووخانە (ٲدب السجون).

(بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان)
دەست پێک و سەرەتای گەشەی کاری فیکری و ئەدەبی دۆیستۆیفسکی و پێگەیشتنیەتی لەوبوارەدا.

دواتر (لەتاوان و سزا)دا، دۆیستۆفیسکی دەگات بە لوتکەی داهێنان و هەڕەمی نووسین و دەبێت بە ئایکۆنێکی ئەدەبی جیهانی و کۆتا وێستگەی داهێنان و دواقۆناخی نووسین و ژیانی ئەدەبیشی شاکارە ناودارەکەی(برایانی کارامازۆف)دەبێت.

ئەو شاکارەی کە چوار مانگ بەر لە مردن و لەساڵی١٨٨٠ و لە دوو توێی ڕۆمانێکی نزیکەی ٤٥٠ لاپەڕەیی هاتە بڵاوکردنەوە.

دۆیستۆیفسکی بیرمەند و گەورە نووسەر، لێهاتوویەکی بێ وێنە و زیرەکییەکی بێ ئەندازە و توانایەکی پەرچوو ئاسای هەیە لە تیشک خستنە سەر دیاردەکان و پەنجە خستنە سەر برینەکان و لە چوونە قوڵایی ناخی کەسایەتییەکان و لە شیکاریکردنی سایکۆلۆجیەتی تاک و شیتەڵکردنی گەردوونە نەبینراو جیهانە ناوەکیەکەی مرۆڤ و باس کردن لەو ململانێ و ناکۆکیانەی ناخی بەنیادەم.
ئەو ناکۆکیانەی کە مرۆڤ پێیەوە گیرۆدەیە و بە دەستیە و دەناڵێنێت و دۆزینەوەی چارەسەری بۆیان.

دۆیستۆفسکی، بە شێوازێکی هێندە بەرز و جوانیەکی ئەفسوناوی و بە زمانێکی هێندە شیرین کە جادو لە خوێنەر دەکات و مەستی ناواخنی چیڕۆک و ئاوێتەی قوڵایی ڕووداوەکانی دەکات و وا لەخوێنەردەکات بە تامەزرۆییەکی زۆرەوە سەرەداوی ڕووداوەکان بکات و پەڕەکان وەربگێڕێت.
“گەیشتم بە زیندان. ئەوشوێنەی دەبێت ساڵانێکی زۆر تێیدا بمێنمەوە….کێ دەزانێت لەوانەیه ئەفسووسی بۆ بکێشم کاتێک لێی دەڕۆمە دەرەوە و جێی دێڵم”.
بەو تێکستە دۆیستۆڤسکی هەستی خۆیمان بۆ باس دەکات لەیەکەم چرکەساتی گەیشتن بە زینداندا.

لە زیندانی سیبیریا.
دۆستۆیفیسکی دەیەوێت بەو ڕستەیە پێمان بڵێت مرۆڤ تاقە بوونەوەرە دەتوانێت لەسەر شتەکان ڕابێت و خووی پێوەبگرێت.
بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان/
شاکارێکی”دۆیستۆیڤسکییە و لە ساڵی١٨٦١، یەکەم چاپی لێ بڵاو بووەوە.

پاڵەوانی بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان/
(ئەلیکسەندەر پترۆفیتش)ناوێکی خوازراوە و لە ڕاستیدا، گوزارشتە لە کەسایەتی نووسەر خۆی.
دۆیستۆیفسکی لە ساڵی١٨٤٩ی زایینی و بە تۆمەتی دژایەتی کردنی قەیسەر نیکۆلای یەکەم و دەسەڵاتی پاشایەتی و ئەندام بوون لە کۆمەڵەیەکی یاساخدا، زیندانی دەکرێت و بڕیاری سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت.
بەڵام دواتر سزاکەی بۆ چوار ساڵ زیندانی لەگەڵ کاری قورس کەم دەکرێتەوە و ڕەوانەی گرتووخانەی کرکردنی زۆرەملێی سیبیریا دەکرێت.

بۆیە: بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان/
بیرەوەری و چیڕۆکی ئەو کاتەی زیندان و ئەزموونی ژیانی دۆیستۆیفسکی خۆیەتی.
ئەزموونێکی پڕ لە نەهامەتی و تاڵ و سەخەت، دوای ئەوەی بە تۆمەتی ئەندام بوونی لە گروپێکی یاساخ، گرووپی (ئیشتراکیەکان)، دەیگرن و ڕاپێچی زیندانی سیبیریای دەکەن و به سزای مەرگ، سزای دەدەن و دۆستۆڤسکی نزیک دەبێتەوە لە سنوری مەرگ و جێ بەجێ کردنی سزاکە، وەلێ چانس یاوەری دەبێت و بڕیارێک لە قەیسەرەوە دەردەکرێت و سزاکەی ئەلیکسەنەدەر لە سزای مەرگەوە، بۆ چوار ساڵ زیندانی کردن لەگەڵ کاری قورس سوک دەکرێتەوە.

بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان/
ئاوێتەیەکە لە ڕۆمان و یاداشتی ڕۆژانە و ژیانی کەسێنی و مێژوو و فەلسەفەو شیکاری دەروونی.
نووسەر لەسەر زمانی پاڵەوانەکەی”ئەلیکسەندەر پترۆفیتش”
دۆخی سایکۆلۆجی و فیزیکی زیندانییەکان و ئەو ئەزموونە تاڵەی خۆی کە لەگەڵی ژیاوە، دەگێڕێتەوە.
ئەو شوێنەی ئازار و نەهامەتی و ترس و خەم و نائومێدی لێ لەدایک دەبێت.
ئەو شوێنەی بەشێک لە ڕەخنەگران پێی دەڵێن دۆزەخەکەی دانتە.
بگرە زۆر خەراپتر، ئاخر دۆزەخەکەی دانتە خەیاڵی بوو، بەڵام ئەوە زیندانی سیبیریا، یەڕاستی و حەقیقەتە.
گەر فەڕەنسا بە زیندانە مێژووییە ناودارە مەترسیناکەکەی(زیندانی باستێل)ناسرابێت.
ئەمریکا بە گوانتانامۆ و عیراق بە ئەبوو غرێب،
ئەوە ڕوسیای سەردەمی قەیسەر و پاشایەتی و یەکێتی سۆڤیەتیش بە سیبیریا.
ئەو زیندانەی دۆستۆیڤسکی تێیدا تووشی نەخۆشیی پەرکەم دەبێت و هەموو ژیانی لەگەڵیدا دەمێنێتەوەو بە دەستیەوە دەیناڵێنێت و کاریگەری لەسەر ناوەڕۆکی نووسین و بەرهەمە ئەدەبییەکانی درووست دەکات.
لەو زیندانەی دۆستۆیڤسکی تێدا زیندانی کراوە، تێیدا یاداشتەکانی خۆی دەنووسێتەوە و وردو درشتی هەموو ئەو ڕووداو چیڕۆک و بەسەرهاتیانەی تێداتۆمار دەکات کە خۆی لەگەڵیاندا ژیاوە و بە چاوەکانی خۆی بینیونیەتی.
لە کاری قورس و دڵ ڕەقی پاسەوانە جەلادەکان و برسیەتی و ترس و لێدان و سوکایەتی پێ کردن و..تاد.
دیمەنی ئەو زیندانە و چیڕۆکی ئەو زیندانیانەیەی هەر یەکە وحەکایەتێک هێناونیەتە ئێرە و تۆمەت و تاوانێک بە پشت چواردیوارەکانی زیندانەکەی سپاردوون.
ئەو زیندانیانەی هەیانە نە هەست بە پەشیمانی دەکات لەو تاوانەی ئەنجامی داوە و نە خەجاڵەتی دەیگرێت و نە ویژدان دەناسێت و نەیش حیساب بۆ ئەخلاق و مۆڕال و بەهاکان دەکات!
بگرە بەرجەستەکەرێکی تەواوی کەسایەتی ئەهریمەن و ئایکۆنی شەڕان گێزی و خەراپەیەکی ڕەهایە.

لە نموونەی پیاوە ترسناکەکە(ئۆرلۆف).
ئەو پیاوەی بە تۆمەتی جەردەیی و ڕێگری خراوەتە زیدان. پیاوێک، داچۆڕاوە لە هەموو بەهایەکی ئینسانی و دڵی بووە بەرد و ویژدانی مردووە و منداڵ و بەساڵداچووەکان دەکوژێت.
کوشتنێکی زۆر هۆڤانە. کەسێک نە لە سزا دەترسێت و نەئێشاندن سلی پێ لە تاوان دەکاتەوە. ئەو بەرگەی هەمووجۆرە ئازارێک دەگرێت.
ئەو کەسێکی سادیکە و لە هەمان کاتدا مازۆخیشە.
سادیک، چێژ لە ئازاردانی بەرامبەر و کوشتنی مرۆڤ و ئەنجامدانی تاوان دەبات.
مازۆخیش لە ئازار و سزدانی خۆی هەمان شێوە چێژ دەبات !
بالکۆشین، زیندانیەکیترە. بالکۆشین کەسێکی گاڵتەچیبووە و هەر ئەو گاڵتەیەش هێناویەتە ناو چوار دیواری زیندان.
ئەو بە گاڵتە ڕووی دەمانچەکە دەکاتە هاوڕێکەی و بە هەڵە دەستی بەر پەلەپیتکەی دەمانچەکە دەکەوێت و فیشەکێکی کوێر، هاوڕێکەی دەپێکێت و دەیکوژێت و بە هۆیەوە زیندانی دەکرێت.

لۆقاکۆزمیتش:
گەنجێکی بنەچەئۆکرانی. کەسێکی لە خۆبایی. تاوانبار و گرتیێکیترە و تاوانەکەی ئەوەیە کە کاتێک گوێی لە کەسێک دەبێت، دەڵێت “من قەیسەرم، من خوام”، بێ لام و جیم یەکسەر دەیکوژێت و ناتوانێت بەرگەی بیستنی ئەو قسەیە بگرێت و کاردانەوەی لادرووست دەبێت و کۆنتڕۆلی ئەقل و هێزی دەروون لەدەست دەدات و ئەو تاوانەی کوشتن ئەنجام دەدات.

ئارستۆڤ:
ئەو زیندانیکراوەی دۆستۆیڤسکی پێی دەڵێت ئەو گوزرارشتە لە شپرزەیی و شێواوی ڕۆح و زۆر لە ڕۆحە شپرزە و شێواو تێکچووەکەی کارەکتەری”بکازیمۆدۆ”ی پاڵەوانی ڕۆمانی(پشت قەمبورەکەی نۆتردام )ی ڤیکتۆر هۆگۆدەکات.

“غازینی تەتەری:
زیندانییەکیتر، ئەو پیاوە دەروون نەخۆشەی چێژ لە سەربڕینی منداڵ دەبات و بەرلەوەی هەر مناڵێک بکوژێت، بە جۆرەها شێوە دەیان تۆقێنێت و پاشان دڕندانەترین و ترسناکترین جۆر دەیان کوژێت.
ئەو پیاوەی دۆستۆیڤسکی لەبارەیەوە دەڵێت: خاوەن دوو چاوی عوسمانلیانەیە، کەسێکی یاخییە، دڵ ڕەق و بۆگەنە، ئەو وەحشێکی دڕندەیە، بوونەوەرێکی ترسناکە، جاڵجالۆکەیەکی مەزنە لەناو پێستی مرۆڤدا، ئەهریمەنە، کاتێک سەرخۆش دەبێت، بە چەقۆ پەلامار و هێرش دەکاتە سەر ئەوانیتر.

ستارۆدۆب:
زیندانیەکیترە، ئەو پیاوەکی دانعەمرە و بەهۆی کێشەیەکی مەزهەبی و ئیدەلۆجییەوە تووشی زیندان بووە.

تاوانەکەی ئاگر بەردانیەتی لە کلێسایەکی ئەرتۆدۆکسیەکان. چونکە ئەو کەنیسەیە سەر بە مەزهەبێکیتری جیاواز لە مەزهەکەی ئەو بووە و بەو کارەی بە حیسابی خۆی، خزمەتی بیرو باوەڕ و ئایینەکەی خۆی و پەیامی خوداوەندی کردووە.
ئەو شانازی بەو کارەیەوە دەکات و هیچ لێی پەشیمان نییە.
ئەو زیندانیەکی باوەڕدارە و بەردەوام خەریکی خوێندنەوەی کتێبی پیرۆزە.
هەموو زیندانیان خۆشیان دەوێ و ڕێزی دەگرن. کەسێکی جێگەی متمانەیە و زیندانیەکان پارەی خۆیان لای ئەو دادەنێن و بە باپیرە بانگی دەکەن !

تۆبۆلسک:
سەرۆکی گرووپێکی مافیا و جەردە و ڕێگرە.
کەسێکی ترسناک و ئارەزووبازە.
دۆیستۆیڤسکی ئەو یاداشتەی بە نهێنی لای یەکێک لە کارمەندەکانی ئەو نەخۆشخانەیەی ناو زیندانیەکەی سیبیریا دێتەپاراستن و دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکەی و ئازادبوونی دۆیستۆیڤسکی، ئینجا دێتە بڵاوکردنەوە و دەبێتە شاکارێکی جیهانی و بۆ هەرمان ئەستێرەی بەختی لە ئاسمانی ئەدەبدا بەدرەوشاوەیی و ناوی لە یادگەی مرۆڤایەتی و تۆماری کەلەپووری مێژوودا بە زیندوویی و نەمری و جاویدانی دەمێنێتەوە.

بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان/
ئەو شاکارەی لەناو منداڵدانی زیندان لە دایک بوو.
لەو شوێنەی نووسەر پێی دەڵێت: ماڵی مردووان.
ئەو کەسەی چووە ئەو شوێنە، ئیدی تەواو کۆتایی پێهات. ئەگەر بە فیزیکیش نەمرێت و کۆتایی پێنێت، ئەو بە ڕۆح و لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە مردو کۆتایی پێهات و ئیدی دەچێتە ڕیزی مردوان.

ئەو زیندانەی بووە هۆکاری لە دایکبوونی ئەو شاکارە مەزنە و کودەتا و گۆڕانکاری لە جیهان بینی و بیروباوڕ و دەروونی دۆیستۆیڤسکی و سزای زیندان و یاسای وڵات.
“دەبێ سوپاسی ئەو چارەنووسە بکەم کە ئەزموون کردنی ئەو نەهامەتیانەی پێ بەخشیم، ئەو چوار ساڵەی بەڕێمکرد لە زینداندا، چاکەیەکی گەورەی بەسەرمەوە هەیە، بیرو باوەڕ و دەروونم گۆڕانکارییەکی گەورە تێیدا ڕوویدا، بەهۆی چاکەی ئەو ئەزموونەوە”.

بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان/
ئەو شاکارەی بووە هۆکاری ئەوەی گۆڕانکاری لە یاسای زیندانی وڵات بێتە کردن و سزادانی فیزیکی لە زیندانی سیبریاو وڵاتی ڕووسیا، لاببرێت و بە تەنها سزای سایکۆلۆجی شوێنگرەوەی بێت.
دوای ئەوەی دۆیستۆیڤسکی ئەو زیندانەی وەک دۆزەخێک ناوبرد و باسی لە ڕەوشی خەراپی زیدانیان و دۆخی دەروونی و ئازاری جەستەیی و نەهامەتییەکانی زیندانیکراوەکان کرد، هەست و هاوسۆزی خەڵکی جوڵاند و ناڕەزایی و فشاری جەماوەری درووست کرد و قەیسەر(ئەلیکەسەندەری دووەم)ی ناچارکرد بێتە ژێر ئەمری واقیع و سەر بۆ دیفاکتۆ شۆڕبکات و ئەو یاسا نامرۆڤانە و سزا دڵ ڕەق و هۆڤانەیە هەڵبوەشێنێتەوە کە ڕەوایەتی بە ئازاردانی جەستەیی و سزای فیزیکی زیندانی کراو دەدات.

دوای ئەوەی ژنەڕاڵ(نیکۆلای ئۆرلۆف)نامەیەکی بۆ ئەلکسەندەری دووەم نارد و تێیدا ئاماژەی بەو بەشەی ڕۆمانەکەی دۆستۆیڤسکی دا، کە لە ساڵی١٨٦٢ دەرچوو.
نووسەر تێیدا باس لەو سەختی و نەهامەتی و ئازارانە دەکات کە زیندانی کراوان بەهۆی ئەو یاسایەوە لەزینداندا دەیچێژن.
تکای لە قەیسەر کرد کە ئەو یاسایەی ڕەوایەتی بە لێدان و ئازاردانی فیزیکی دەکات لابەرێت. دواتر لێژنەیەک بۆ ئەو بابەتە پێک هێندرا، تاوەکو گفتوگۆ لەسەر پێداچوونەوە لە بابەتەکەدا بکەن، پاشان و لە نیسانی ساڵی ١٨٦٣، بڕیاری لابردن و ئیلغاکردنی سزاکە دەرچوو.

ئێستا لەهەموو ئۆروپا سزای لە سێدارەدان و سزای جەستەیی و فیزیکی لابراوە و پێرەوی لەو یاسایە دەکەن.
دۆیستۆڤیسکی لە زیندان ئەو ئازارو نەهامەتی و سزایانەی لە ماوەی چوارساڵەکەی چەشتی، تەنها لەوەدا خۆی نەدەبینیەوە کە ئازادی لێ زەوتکراوە و ئازاری سایکۆلۆجی و فیزیکی دەدرا و کاری قورسی پێدەکرا.
بەڵکو ناخۆشتر لەوە و بەسوێتر و قورستر ئەوەبوو، ئەو خراوبووە زیندانێک لەگەڵ کەسانێکی جۆربەجۆر لە تاوان باران.
لە مرۆڤی بکوژ، دز، دەستدرێژیکار، سادیک، سەرگەردان و ناڕۆشنبیر و بێ هەست..تاد.
ئەوە دۆزەخی ڕاستەقینەی دۆیستۆیڤسکی بوو. ئازارێکی زۆری دەروونی بەهۆیەوە دەچەشت و ڕووبەڕووی ناخۆشی دەبوویەوە.
“تێکەڵبوونی بەردەوامم لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانە، ژەهری دەخستە دەروونمەوە، هیچ شتێک لەماوەی ئەو چوار ساڵەی زیندان بە قەد ئەوە ئازاری منی نەدا. ئازارێک کە بەرگەگرتنی زۆر سەخت و مەحاڵە”.
دۆیستۆیڤسکی بەو شێوەیە باسی ئەو دۆخە تراجیدیک و تەژی لە ئازار و ناخۆشیە دەروونیەی خۆی دەکات، بەهۆی ژیان لەگەڵ ئەوجۆرە لەزیندانی کراوانەدا.
دۆیستۆیڤسکی لە زیندان ڕووبەڕووی دژایەتی و سەختییەکی زۆر دەبوویەوە لەلایان زیندانیەکان.
بەهۆی ئەوەی ئەو سەر بە چینێکی خۆشگوزەران و خانەوادەیەکی ئەڕستۆکرات بوو.
ئەو چینەیش لە کۆمەڵ وا ناسراوبوون کە هۆکاری چەوساندنەوەی خەڵکن و بە لوت بەرزی و زبری و دڵ ڕەقی مامەڵەی گەلی چەوساوە و خەڵک هەژارەکەی دەکەن.
ئەوەیش بووە هۆکاری نەهامەتی و ئازاردانێکی زۆر بۆ دۆیستۆیڤسکی و پاڵی پێوەنا ئەو لەو چوار ساڵەی زیندان(دۆزەخەکەی سیبیریا) بچێتە حاڵەتی دابڕان و گۆشەگیری بەسەرخۆیدا و تێیدا ئەو شاکارە مەزنەی(بیرەوەریەکانی ماڵی مردوان)ی لێ بەرهەم بێت و سنووری هەموو کیشوەرەکان ببڕێت و ببێتە شاکارێکی جیهانی.

ئەو شاکارەی نووسەر تێیدا شیکاری لایەنی دەروونی و ڕفتاری تاوانبار دەکات و قسە لەسەر کاریگەری زیندان و سزاکان لەسەر کەسی زیندانیکراو دەکات و هۆکاری نەخۆشی و سەرهڵدانی پەتاکە دیاری دەکات و چارەسەریش دەخاتە ڕوو.
دۆیستۆیڤسکی لەو ڕۆمانەدا کۆمەڵێک پرسیاری فەلسەفی و وجودی لەبارەی فەلسەفەی سزا و سزای لەسێدارەدان و جەڵدەکردنی مرۆڤ دەخاتەڕوو و هەروەها کۆمەڵێک پرسیتری ئەخلاقی و یاسایی دەروڕوژێنێت لەبارەی جۆرەکانی تاوانی کوشتنەوە.

بۆ نموونە:
هەندێک جار کەسێک کەسێکیتر دەکوژێت لە حاڵەتی بەرگری کردن لەخۆ، یاخود بەهۆی ئەوەی کەسێک هەوڵدەدات دەست درێژی بکاتە سەرژن و کچەکەی یان دەیەوێت بیان دزێت.
جاری واش هەیە کەسانی وا هەن لەپێناو بێ بەبەهاترین شت کەسیتر دەکوژن! ئایه دەکرێت ئەمانە هەموویان یەک سزا بیانگرێتەوە و یەک خوێندنەوەیان بۆ بکرێت و بە چاوێک سەیربکرێن !؟
ئایە ئەو سزایە لەگەڵ بەهای دادپەروەری و ڕۆحی یاسا و پرەنسیپەکانی مرۆڤایەتی دەگونجێت؟
ئایە ئامانج چییە لە زیندان؟ ئایه زیندان ئەو شوێنە ڕاستەقینەیە ببێتە جاکسازیخانەو تێیدا زیندانی کراو، چاک و پەروەردە بکرێتەوە؟
ئەوانە و چەندین پرسیتر نووسەر لەو ڕۆمانەدا دەیانوروژێنێت و هەوڵدەدات وڵام و چارەسەرییان بۆ بدۆزێتەوە.
زیندانەک، دۆیستۆیڤسکی جۆرەها ئازاری جەستەیی و دەروونی و ڕووحی تێدا چەشت.
زیندانەک، تێیدا کەسایەتی تاک تێک و پێک دەشکێنرێت و کەڕامەتی پێشێڵ دەکرێت.
زیندانەک، سەرەتاترین پێشمەرجەکانی ژیان و بنەماکانی مرۆڤ بوون و پێوەرەکانی زیندانی بوونی تێدانییە.

زیندانەک، جگە لە دۆزەخێک زێدەترنییە.
زیندانەک، لە جیاتی ئەوەی ببێتە ناوەندێکی پەروەردەیی و هۆکارێک بۆ چاککردنەوەی کەسی تاوان بار و دوور خستەوەی لە تاوانکاری و گەڕانەوەی ویژدان بۆی، کەچی بووەتە سزاخانەیەک و لە جیاتی پزیشکانی دەروونی و کەسانی چاکسازیخواز و پسپۆڕانی پەروەردەیی بەڕێوەی بەرن، کۆمەڵێک پاسەوانی جەلاد و کەسی بێ ویژدان و مرۆڤی هۆڤی و ناشارستانی داماڵدراو لە هەموو بەهایەک بەڕێوەی دەبەن و دەبنە پاڵنەری ئەوەی زیندانی کراوان و تاوان باران زیاتر لە تاوان و هەڵە و دڵ ڕەقی ڕۆ بچێن و لە جیاتی چاککردنیان زیاتر وێرانیان دەکەن و دووچاری نەخۆشی دەروونیان دەکەن و هەستی کاردانەوە و تۆی ڕق و تۆڵەسەندنەوە لەدەروونیاندادەڕوێنێن.

تا دوای ئازاد بوون وەک شێتێکی سەرگەردان و بوونەوەرێکی ڕقاوی و تێک و پێک شکێندراو، جامی تۆڵە و ڕقی خۆیان بەسەر دار و بەرددا بڕێژن.

دۆیستۆیڤسکی دووپات لەوە دەکاتەوە نەکارپێکردنی قورس و نە سزا و نەیش زیندان، هەرگیز ناتوانێت زیندانی کراو چاک بکاتەوە و لە هەڵوێست و تاوانەکەی پەژێوانی بکاتەوە و دووبارە وەک مرۆڤێکی باش و بێ زیان و ساخڵەم، تێکەڵ بە کۆمەڵی بکاتەوە.
زیندان لە جیاتی ئەوەی وا له تاوانبار بکات پێداچوونەوە به بیرۆ بۆچونی خۆی بکات و لەهەڵەکانی پاشگەز ببێتەوە، بە پێچەوانەوە، زیاتر ڕشدی دەکات لەسەر یاخی بوون و بیری تاوانکاری و هەڵەکردن و ئەنجامدانی تاوان.

چونکوو هەموو ئەو تاوانبارانەی دۆستۆیڤسکی چوار ساڵ لە زینداندا لەگەڵیاندا مایەوە، هیچ نیشانەیەکی پەشیمانی، یان هەست کردن بە ئازاری ویژدان، یاخود پەشیمانی دەربڕینی تێدا بەدینەکردن.
سەرەڕای ئەو تاوانە قێزەونانەی ئەنجامیاندابوو، هەموویان خۆیان بە بێ تاوان و بە چەوساوە و لەسەر حەق دەزانی و لە جیاتی ئەوەی خەم دایان بگرێت بەهۆی جورمەکانیانەوە، بە پێچەوانەوە، بگرە هەیان بوو بە پێکەنین و گاڵتەوە، تاوانەقێزەون و تراجیدیاکانی وەک چیڕۆکێکی کۆمێدی و بە زمانێکی گاڵتەئامێز و بە دەم قاقا و زمانی پێکەنینەوە دەگێڕایەوە !
کەواتە دۆستۆیڤسکی لەو شاکارەی ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەو کەسەی یاخی دەبێت، تاوانانی کوشتن و دزین و دەستدرێژی ئەنجام دەدات، هەمیشە خۆی بە ڕاست و کۆمەڵ بە ناحەق دەزانێت.
بۆیێ دەبێت لەڕێگای پەروەردەوە، نەک هێز و سزا و ئازار، قەناعەتی بۆ درووست بکرێت کە ئەو لەسەر هەڵەیە و ئەوکردەوەی ئەنجامی داوە تاوانە و ئەو جۆره بیرکردنەوەیەی ئەم، کارەست دەخۆلقێنێت.

بیرەوەریەکانی ماڵی مردووان/
ئەوەمان پێدەڵێت، کە دەبێت زیندانی وەک چاکسازیخانەیەک و نەخۆشحانەیەکی دەروونی و ناوەندێکی پەروەردەیی و زیندانی کراویش وەک نەخۆشێکی دەروونی و زۆر بە هێمنی و مرۆڤانە و هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. تا دووبارە کەسایەتی بۆ درووست بکرێتەوە و دەروونی بێتەوە سەرەخۆ و چاک ببێتەوە و تێکەڵ بە ژیانێکی نۆرماڵ و کومەڵ بکرێتەوە.

بیرەوەریەکانی ماڵی مردووان/
پێمان دەڵێت زیندانی کراوان لەگەڵ جیاوازی و ناکۆکییان لە تێڕوانین و جۆری تاوان، بەڵام هەموویان لە یەک خاڵدا هاوبەشن، ئەویش هەستکردنە بە ئازادی.

بیرەوەریەکانی ماڵی مردووان/
پێمان دەڵێت تۆ هەرچەندە هەوڵدەیت لە ڕێگای هێزو زیندانی و کاری قورس و سزای فیزیکی و سایکۆلۆجی و ئازاری ڕۆحییەوە بتوانیت ژیان و ئازادی لە مرۆڤەکان بسەنیتەوە،
ئەوە هەگیز، ناتوانیت ئەو خەونەی لە بارەی ئازادییەوە لە یادگەیاندا هەیە، بکوژیت و ئەو هەستەی بۆ ئازادی بوون ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوە لەبیر و خەیاڵیاندا بسڕیتەوە.

ئەو خەونی ئازادییەی کە لەگەڵ یەکەم هەنگاو نان و پێخستنە ناو ماڵی مردووان(زیندان)دا، لە ناخی هەر زیندانی کراوێک دا لە دایک دەبێت و سزا و ئازار و نەهامەتییەکانیان چەند گەورەتر و سنووری ئازادییان چەند تەسکتر و فشارەکان چەندە زۆرتر و دۆخەکە چەندە سەختربێت، ئەوە ئەو خەونەیش ئەوەندەیتر بەهێزتر دەبێت و زیاتر گەشەدەکات و قەبارەی مەزنتر دەبێت.
دۆیستۆیڤسکی پێمان دەڵێت زیندانێک زیندانیکرا و بۆماوەی پێنج ساڵ، دەساڵ، بیست ساڵ، بگرە هەموو تەمەنی تێیدا بەسەربەرێت و ژیانی گەڵ نەهامەتی و سزا و ئازار و کاری قورس بەڕێبکات و لەناو چوار دیواری زیندا دەور بدرێت، گەر ئەو هەموو ساڵەی تەمەنی لەو دۆزەخە ئومێدێکی نەبێت و خەیاڵێک بۆخۆی ڕۆ نەنێت و خەونی ئازادی و هیوا و ئاواتی لەسەر هەڵنەچنێت، ئایە گەر ئەو خەون و خەیاڵ و بیرۆکەی ئازادبوون و ئومێدی دەرچوون لەوماڵی فەنایە نەبێت، زیندانیکرا و سزادرا و، دەتوانێت بەرگەی زیندان بگرێت و خۆڕاگری لە بەرامبەر ئازار و موعانات و ژیانە دۆزەخ ئاساکەی زیندان بگرێت؟
دەبێت زیندانی کراو وەک دۆیستۆیڤسکی خەونێک بۆخۆی درووست بکات، تا لە ڕێگەیەوە خەیاڵی لەسەر هەڵچنێت و دڵی خۆی پێ بداتەوە و لە ئازارەکانی پێ کەم کاتەوە و بتوانێت لەو ڕێگەیەوە مقاوەمەی سەختییەکانی ژیانی زیندان بکات و بەخۆی بڵێت:ڕۆژەکانی دانە بەدانە دەژمێرم و دڵ خۆشم دەکات، تەنانەت ئەو کاتەی دەبێت هەزار ڕۆژیتر لە زینداندا بمێنمەوە، دەتوانم بەیانی بەخۆم بڵێم: جگە لە نۆسەت و نەوەت و نۆژ، زیاترم نەماوە..




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(49).. شەماڵ بارەوانی

بەشی چل و نۆ

موسلیمم بە ئەفلاتۆن گۆڕییەوە..!

لەبەشی یەکەم دا باسم لەوەکرد. فەقێیەک بووم کە بێ ئەندازە موتاڵای کتێبانم دەکرد و دەمخوێندەوە.

دایکم زۆر جار پێی دەگوتم:کوڕم شێت دەبیت شێت، هێنده مەخوێنەوە لۆ مێشکت خراپە بە خوای.

هەرپارەیەکی لە فەقێیاتی لە ڕێگای زەکات و سەرفیترە و خێر و سەدەقەوە، دەستم دەکەوت، یەکسەر هەموویم بە کتێب دەدان و دەشمخوێندنەوە.

فەقێی تری هاوڕێشم هەبوو، بە زمانە بازاڕیەکەی گوتەنی:(ژنی پێ دەهێنا). پارەی زەکات و سەرفیترە و خێر و سەدەقە دەڵێم.

جا بە بۆنەی زۆر موتاڵاکردنم و کتێب کڕینی زۆرەوە، زۆربەی کتێبفرۆشەکانی هەولێر، ببوون بە هاوڕێم.

هەندێک لە هاوڕێ فەقێیەکانم پێیان دەگوتم: تۆ کەسێکی قرچۆک و ڕەزیلیت. لە ڕاستیدا قیچەک قرچۆک بووم، بەڵام ئێجگار واش نەبووم.

من بۆ کتێب کڕین، گەر بهاتبواو بە دەفتەریش دۆلارم هەبوایە، هەموویم بە کتێب دەدا و بۆ کڕینی کتێب، کورد گوتەنی پارەم دەڕشت. لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی کە مەلایەتیم تێدا کرد، هەڵە نەبم نزیکەی دەفتەرێکم وەرگرت و هەموویشم بە کتێب دا.

من بە حوکمی ئەوەی بەو دواییە کتێبی فیکری و فەلسەفی و سیاسی و ئەدەبیم زۆر دەکڕین، ئەو کتێبانەش هەندێکیان نرخەکەیان زۆر گران بوو.

بیرمە جارێک چل و پێنج هەزارم بە یەک کتێب دا !

جا دایکم ڕەوانی شاد بێت، بەردەوام پێی دەگوتم ئەو هەموو کتێبەت لۆچییە؟ ئەوە نافرۆشرێتەوە بیانفرۆشیتەوە؟

منیش دەمگوت:ئەوانە ڕۆحی منن، هیچ کەسێک هەیە ڕۆحی خۆی بفرۆشێت!؟

سەرەتا زۆر کتێبی ئایینیم دەکڕین، کتێبی سەلەفیزمەکان و ئیسلامیەکان، کتێبەکانی ئەقیدە و کتێبە مەزهەبی و فیقهیەکان، کتێبی مێژوویی سەبارەت بە مێژووی ئیسلامی ..تاد.. هەموویشم دەخوێندنەوە.

وەختێک زۆر قەرەزاوی ئیخوانیم دەخوێندەوە، نزیکەی سەت کتێبی ئەو پیاوە ئیخوانیەم سەبارەت بە ئەقیدە و سیاسەت و فیقه و سیکۆلاریزم و ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و ..تاد. لە حوجرە دا خوێندەوە.

ئەوکات من فەقێیەکی زۆر دوگمایی بووم، ڕوانینێکی زۆر سەقەت و هەڵەم بۆ چەمکی سیکۆلاریزم هەبوو.

بەهۆی ئەوەی ئەوکاتە ئیخوان بووم و سیکۆلاریزمم بەو تەفسیرە سەقەت و تێگەیشتنە خوار و خێچەوە، لەو پیاوە ئایینیە ئیخوانییەوە ناسی.

هەڵبەت ئەو پیاوە ئایینیە ئیخوانیەی کە ئێستا کۆچی دوایی کردووە و تا لە ژیاندابوو وەکو ڕووناکبیر و نووسەری کۆچکردوو( شاکرنابلسی)دەڵێت، دەم لە هەموو بابەتێک دەکوتێت.

ئەو قەرەزاویەی کە کوڕەکەی خۆشی “عبدالرحمن ڕازی نەبوو بە فەتواکانی وەك لە نامە بە هێزەکەی گوزارشی لێکرد.

بە باوکی گوت تۆ سیاسەت تێکەڵ دەکەیت بە دین، کاتی هاتووە بوەستی و قسە لەسەر دین بکەیت وەك فەقیهێك، لە باسی سیاسەتیشدا بوەستی چونکە تۆ سیاسی نییت.”٭

ئەو قەرەزاویەی لە کتێبەکانی، زۆر بەسەقەتی و چەواشەکارانە، باس لە سیکۆلاریزم دەکات. لە فەقێیاتی کتێبێکی(عەلی باپیر)یشم خوێندەوە، لەژێرناوی(تەوژمی ئیسلامیی و عەلمانی، خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانیان)، ئەمیش هەمان شێوەی قەرەزاوی زۆر سەتحیانە و چەواشەکارانە و بە سەقەتی، باس لە سیکۆلاریزم دەکات.

کتێبێک: دەتگوت فەقێیەکی تازە هاتووی حوجرە نووسیویەتی. خۆزگە هەر نەی نووسیبوایه.

سیکۆلاریزم هیچ کاتێک بە واتای دژایەتی کردنی ئایین و قەدەغەکردنی ئایین و مورادیفی ئیلحاد و بێ دینی نایەت، وەکو ئەوەی قەرەزاوی و عەلی باپیر و ئیسلامگەراکان و سەلەفیەتی دینی، وای پێناسەدەکەن و بە هەڵە و مەبەست و نەزانانە، بۆ دەروێشەکانیان و خەڵکێکی سادە لەوح، ئیعراب و شرۆڤەی دەکەن.

ئەو سەلەفیزم و ئیسلامگەرایانەی بە هەڵە و چەواشەکارانە، دیسان بە مەبەست بۆ لێدان لە سیکۆلاریزم، دێن و کۆمۆنیست و ماتریالیست لەگەڵ سیکۆلاریزم تێکەڵ دەکەن و عەلمانییەت، هاوتای بێ دینی و یەکسان بە ئیلحاد و بێ بڕوایی دەکەن !

ئەو فێندەمێنتاڵیستانەی «زۆر چەواشەکارانە پڕۆپاگندەی بێ بنەماو بەتاڵ دەکەن، نەخێر، هەرگیز، عەلمانیەت بە هیچ شێوەیەک دژایەتی کردنی دین نییە، بەڵکو عەلمانیەت دەیەوێ. ئیتر دیانەت، خواپەرستی، نوێژ، زکر، تەهلیلە، مزگەوت، تەکیە، خانەقا و ئەو شتانە پتر بخرێنە قاڵبێکەوە کە ڕێگە لەگەشەکردنی کۆمەڵایەتی نەگرن.»٭

ئەو فێندەمێنتالیستانەی « وائەزانن لەوڵاتی ئێمە خەڵک زۆرتر خوا پەرستە، لەوڵاتە دیموکراتی و ئازادی و مەدەنیەکانا خەڵک زۆر لە خوا هەڵگەڕاوەتەوە، بە پێچەوانەوە، لەوییا مەسائیلی خواپەرستی و ئازادی عەقیده زۆرترە لەلای ئێمە، زۆر زیاترە.٢١٢»٭

ئەو فێندەمێنتاڵیستانەی وا حاڵی بوونە کە «عەلمانیەت ئیلحاد ئەگەیەنێ..گوایە عەلمانیەت دژی ئایین، خواو، یەکتاپەرستی، پێغەمبەر، ئەسحابەکان، قورئان دڕاندن و سوتاندنە.١٦٢»٭

لێرە چیتر لەسەر ئەوە ناڕۆم. من بو ئەو چەواشەکاریانەی سەبارەت بە چەمکی(سیکۆلاریزم)، نووسینێکی درێژم لە ژێرناونیشانی(سیکۆلاریزم و چەندسەرنجێک) نووسیوە و ب(١٥) بەش، لە ڕۆژنامەی(بۆ پێشەوە) و ماڵپەڕی(دابران) بڵاوبووەوە. خوێنەر دەتوانێت بۆیان بگەڕێتەوە و بیانخوێنێتەوە.

ئینجا با بگەڕێینەوە سەر بنچینەی بابەتەکە.

من بەو شێوەیە سەلیقەیەکی بێ ئەندازەی کتێب خوێندنەوەم هەبوو. ئێستاش هەروام.

دواتر کە ئاسۆی بیرکردنەوەم تۆزەک واڵابوو و خەریک بوو لە هەندەک شت تێدەگەیشتم. ئینجا دواتر کتێبی سیاسی و دەروونناسی و کۆمەڵناسی و فەلسەفی و فیکری و ئەدەبیم کڕین. دەیان و سەدان ڕۆمانی جیهانی و عەرەبی و کوردیم خوێندەوە، تۆلستۆی، دۆیستۆڤیسکی، چیخۆف، پاولۆکۆیلۆ، میلان کۆندێر، گابریل گارسیا مارکیز، جۆرج ئۆروێڵ، کامۆ، سارتەر، کافکا، سادق هیدایەت، نەجیب مەحفوز، بەختیار عەلی..تاد. زۆربەی رۆمانەکانی ئەو ڕۆماننووس و نووسەرانە و دەیان نووسەر و ڕۆماننووسی ترم لە حوجرە خوێندەوە.

مارکس و فەلسەفە ماتریاڵەکەی و دیالیتکی مێژووییم خوێندەوە، لەوێوە هاوسۆزیم بۆ چینی کرێکار و مەیل و عەشقم بۆ عەدالەتە کۆمەلایەتییەکەی مارکس لە ناخدا دروست بوو.

بەرهەمەکانی فرۆید و داروین و کتێبی دەیان زانایترم خوێندەوە.

بەڵام دواتر کە هێدی هێدی خەریکبوو دەگۆڕام و باوەڕم بە هەندێک شت لەق دەبوو، دەستم کرد بە فرۆشتی زۆرێک لەو کتێبە ئایینی و فقهیانەی کە سەرەتای ژیانی فەقێیاتیم کڕیبوومن. هەڵبەت هەموویم خوێندبوویەوە، لەگەڵ ئەوەی دەمفرۆشتن یەکسەر پارەکەیم بە کتێبی تری فەلسەفی و ئەدەبی و فیکری و سیاسی و دەروونناسی کۆمەڵناسی دەدا.

هەندێک جاریش لەگەڵ خاوەن کتێبخانەکان ڕاستەوخۆ کتێبەکانم دەگۆڕییەوە.

بۆ نموونە(سەحیحی موسلیم بە شەرحی ئیمامی نەوەوی) لە پشووی هاویندا هەڵەنەبم هەژدە بەرگ بوو، جگە لە باسی حەج و هەندەک شتی ترنەبێت، ئەوەیترم زۆربەی خوێندەوە.

دواتر ڕۆیشتم ڕێک بە سەرجەمی بەرهەمەکانی ئەفلاتوونم گۆڕییەوە، لە یەکێک لە کتێبخانەکانی پشت پارێزگا.

جا کۆمەڵێک هاوڕێم لە کۆلێژی شەریعە و فەقێ دۆگماییەکان، ئەوانەی دژی خوێندنەوەی فەلسەفەبوون و تێڕوانینێکی زۆر نا ساخڵەم و هەڵەیان لە بەرامبەر فەلسەفە هەبوو، ئەو کارەی منیان زۆر پێ سەیربوو !

هەرچەندە هاوڕێ بووین و یەکتریشمان زۆر خۆشدەویست، بە تەنز و گاڵتەوە پێیان دەگوتم: هەی زەندیک، چۆن ئەو کارەت کردووە؟! گاڵتەیان پێدەکردم.

منیش لە وڵامدا دەمگوت:دەی من زۆربەی سەحیحی موسلیمم خوێندووەتەوە، ئینجابردوومە و گوڕیومەتەوە. بـەڵام ئێوە، هەندێکتان کێبێب دەکڕن، تەنها بۆ جوانی لەنێو ڕەفە ڕیزی دەکەن.

بگرە زیادەڕەوی ناکەم گەر بڵێم: زۆربەتان کتێب ناکڕن و ناشخوێننەوە.

دەی بەشەربن و یەک بەرگی سەحیح موسلیم بخوێننەوە، ئەفلاتۆن و فەلسەفەکەی بۆمن لی بگەڕێن.

تێبینی: لە دوای قورئان، لە ئیسلام ، لای هەموو ئەم گرووپ و مەزهەبانەی ناویان لەخۆیان ناوە(اهل السنە والجماعە)، هەردووک کتێبى سەحیحی بوخاری و موسلیم بە دوو بڕوا پێکراوترین کتێب دێن و زۆرێک لە فەتواو ئەحکامە شەرعیەکان، لەو دوو کتێبەوە هەڵێنجراون و ئەو دوو کتێبە دایکی ئەحکامەکان و سەرچاوەی ئەحکامەکانن.

…….

٭عەدنان ئیبراهیم، حەسەن بەنای ئیخوان مامۆستای فەشەل و شکست! و:محەمەد هەریری.

٭مەلابەختیار، (دیموکراسی و دوژمانی)، ل١٦٣.

٭سەرچاوەی پێشوو، ل٢١٢.

٭هەمان سەرچاوە، ل١١٢.




سەمایەک لەسەر هــەور.. ن: يزن حدادين/ و:شەماڵ بارەوانی

لەبیریان بکە ..
وەک چۆن ئەوان نامۆن لە جیهانی ئێمە،
با ئێمەیش وەک دوو نامۆی جیهانی ئەوان،
باوەش بدەین لە یەکتری ..

با یاخیبوونەکەمان بەردباران بکەن ..
با بمانکوژن، ئەگەر ویستیان..

دەی با لە ھات و ھاواریان ئاوازێك بۆ سەماکەمان..
لە پێستەکانیشیان ترپەیەک بۆ پێیەکانمان دروست بکەین


ن: يزن حدادين
و:شەماڵ بارەوانی




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا-(48).. شەماڵ بارەوانی

بەشی چل و هەشت

کاکە مەلا لەخەمی برا موسڵمانەکانیەتی، یان گیرفانەکەی خۆی..!؟

لەبەشەکانی پێشوو ئاماژەم بەوەکرد کە لە کاتی خوێندنی ئیسلامی و سەردەمی حوجرە و ژیانی فەقێیاتیم دا، هەموو ساڵێک مانگی ڕەمەزانێ، بە مەبەستی مەلایەتی ڕەمەزانێ، هەرساڵە و دەچوومە گوندەکی.

کەم وابوو دوو ساڵ لەهەمان دێی پێشووتر دووبارە ببمەوە بە مەلای ڕەمەزانێ. جا هەر کە دەڕۆیشتمە هەر دێیەکی تازە، زۆر زوو کۆمەڵە هەرزەکاری وەک خۆم دەم ڕووت و بێ ئەزموون لێم خڕ دەبوونەوە و دەبووين بە برا و برادەری گیانی بە گیانی و تا ڕۆژی جێژنەی، گەلێک جار لە مزگەوت شەو ڕۆژ پێکەوە دەماینەوە.

ئەوە ساڵەکی چوومه دەشتی کەندێناوە و لای دیبەگەی. عەیب نەبیت هێندەی دەمهێنا و دەمبرد و بیرم لێیدەکردەوە، قەت بڕوام نەدەکرد دێیەکی چەور بیت و زەکات و خێر و سەرفیترەیەکی وای تێدا وەربگرم، جێگای دڵ خۆشی و ڕەزامەندیم بێت.

گوتم دەبیت شتەکی بکەم، تا لەو خەم و قەڵەقیە ڕزگارم بیت و لۆم یەکلایی ببیتەوە، بزانم چەندی وەردەگرم بۆ ئەم ساڵ.

ئەگەر وانەکەم، ئەوە دڵم شەق دەبات.

بۆ ئەو مەبەستە فێڵ و تاکتیکێکم دۆزییەوە.

بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکەم و گەیشتن بە ئەنجامێکی جا دڵ خۆشکەربێت، یان، خوا نەخواستە بێزارکەر و ماڵوێران کەربێت، دەبیت زوو ئەو کارە بکەم و ئەوە یەکلایی بکەمەوە.

خێرا به دەرفەتم دەزانی و قەڵەم و وەرەقەیەکم دەرهێناو دەمگوت: یەلە دەی لۆم بڵێن چەند خێزان و نەفەر لەو گوندەیەی هەن؟ ئینجا بە حاسیبەی ماڵ بە ماڵ و خێزان بە خێزان و نەفەر بە نەفەر جوان جوان لێکمان دەدایەوە.

(هەندە جاریش و لەهەندەک دێ، خۆم به تەنها ماڵەکانم دەژمارد و هەرماڵەی بە تەخمینی خۆم بەسەر چەند کەسێکم دابەشدەکرد و پارەکەم لێکدەدایەوە)هەرکە لێیان دەپرسیم و دەیانگوت: ئەو حیسابات و کیتاباتەت لۆچیە مامۆستا؟ دەمگوت لۆ ئەوەی بزانم براو خوشکە موسڵمانەکانم چەندن. دڵخۆشم که دەبینم ئومەتی موحەمەدی لە زیادبووندان.

ئەی نەتان بیستووە پەیامبەرمان چەندە گرنگی بەو بابەتە داوە و هەمیشە دەیگوت(تزوجوا فإني مكاثر بكم الأمم،) و چەندە لە خەمی ئەوەیدابوو، ڕێژەی ئومەتەکەی بەردەوام هەر لەزۆری و هەڵکشان و گەشەدابیت.

ئای ئەو هەرزەکارانە چەندە گوناح و دڵپاک و خەشیم و بەستەزمان بوون و چەند زوو و خێرا هەرچیم بگووتبا، وەکوو کەلامی خوا و ئایەتی قورئان و فەرموودەی پێغەمبەری لێیان وەردەگرتم!

ئەوجە با سەرتان نەیەشێم و لە کورتی بیبڕمەوە، جاکاتێک حیساب و کیتابەکەمان تەواو دەبوو،

گەر ژمارەیان کەم بوایە، جەوم سفر دەبوو و بێ تاقەتی و بێزاری هەموو بوونی دادەگرتم و لە داخان دەهری دەبووم و ئیمان لەکەلەما نەدەما.

دەمزانی زەکات و سەرفیترەی ئەوساڵیشم فت.

دووبارە بێ شانسی ڕووی تێکردمەوە و قوڕم بەسەری وەربوو و داهاتی ئەو ساڵەیشم هیچی وا نابێت، کە شایەنی دڵ خۆشی و باس کردن بێت.

جا لەگەڵ برادەرە فەقێیەکانی دیکەشم، کەهەر یەکەو بەسەر دێیەکی دابەش ببوون، بەردەوام لەسەر خەت بووم، بە تایبەتی کاتی زەکات و سەرفیترە دانێ، عەیب نەبیت، بە تەلەفۆن هەواڵی یەکتری و دۆخەکەمان دەپرسی و دەمانگوت: دێیەکەت چەورە؟ خەڵکەکەی سەخی و دەست کراوەن؟ ئەمڕۆ چەندت وەرگرت؟.




نامەی کچێکی ئامەدی بۆ خودا..!.. شەماڵ بارەوانی

لەگەڵ دایکم و برا دوو ساڵییەکەم لە شیرینی خەو دابووین،
لەپڕ دۆزەخ ڕوویدا.
گوێم لە دەنگێک بوو دەیگۆڕاند:
ئیمادارینە خۆڕاگربن، ئەوە غەزەبی خودایه خودا.

یەکەم جارم بوو ببیسم کە خوداش توڕە دەبێت !

بەڵێ، مەلای گەڕەکەکەمان بوو،
ئەو بە دیار تەرمی دایکمەوە وەستابوو و هێشتا ئامەدی برام لە ژێر دار و پەردوو بێ سەر و شوێن بوو.

خۆ دایکم بەردەوام دەم بە زیکر و دەست بە دەستنوێژ و ڕوو لە ئاسمان بوو،
من لەو موعادەلەیە تێناگەم ئەی خودا !

دایکم خوێندەواری نەبوو، بەڵام بەردەوام دەیگوت:
کچەکەم،
خودا هیچ کاتێک توڕە نابێت و ئەو یەک پارچە جوانی و بەزەییە.

کچەکەم،
خودا هەرگیز، ژن و منداڵ ناکوژێت و باڵەخانەکان بەسەر هیچ کەسێکدا ناڕووخێنێت

کچەکەم،
نەکەیت لەو ڕوانگە نزمەوە له خودا بڕوانیت،

بە درێژایی مێژوو، ئەوەیە کێشەی خوداناسەکان، لەگەڵ خودا پەرستەکان.

کچەکەم،
لە سنوورەکانی دەمارگیری دوور بکەرەوە.
هەرکاتەک هەستت بە قەڵەقی کرد، خۆت بە عیشقی خودا مەست بکە.

کچەکەم
لە بیرت نەچێت، هەمیشە هەموانت قبوڵ بێت.
نەکەیت بەهۆی بیر و باوەڕی جیاوازەوە، بەکەم سەیری ئەویتر بکەیت،
ئەوەیه تەریقەتی خودا.

کچەکەم
خودا خۆشەویستی دروستکرد و، مرۆڤیش ڕق !

بۆیە لە تەریقەتی ئێمە، ڕق حەرامە.
کەواتا کچەکەم، گەر منت خۆش دەوێت، هەموانت خۆش بوێ

خودا خۆشەویستییە خۆشەویستی

خودایە با ئەوەشت پێ بڵێم:
گەر تا ئێستا دڵم لێت نەشکاوە،
تەنها بە هۆی نزاکانی دایکمەوەیە.

شەماڵ بارەوانی




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا-(47).. شەماڵ بارەوانی

دەمارگیری منی بڕوادار و دڵگەورەیی شیوعییە بێ بڕواکان!

بەشی چل و حەوت!

کە فەقێ بووم لەقوتابخانەی ئیسلامی(موحەمەدیە بۆ زانستە شەرعیەکان)، لە هەولێر و لە گەڕەکی ئیسکان و لەناو مزگەوتی(حاجی قەرۆک)، هەموو جار کاتێک دەهاتم بۆ بازاڕ، هەر بە ئەنقەست تۆزەک ڕێگەی خۆم دەگۆڕی و بە نزیک مقەڕی شیوعیەکان دا ڕەتدەبووم، ئەوکات مقەڕێکی شیوعی لە نزیک هۆڵی میدیا و میوانخانەی شیراتۆن بوو.

هەرچەندە من بەتەمەن گچکە بووم، وەلێ ئیسلامی و مرۆڤێکی تابڵێیت دەمارگیر و ئایدیۆلۆژیست بووم.

جا پیاوە ئایینی و مەلاى ئیسلامی و بانگخواز و واعیزه ئیسلامیەکان، بە پێی ئیدەلۆژیا و بیرو باوەڕ و قەناعەتی خۆیان، تێگەیشتنێکی زۆر کۆمێدی و سەیریان لە مێشک و هزردا دروستکردبووم سەبارەت بە شیوعیەکان، وەکو: شیوعیەکان سنوورێکیان بۆ سێکس نییە، کەسە نزیکەکانیان لەخۆیان مارە دەبڕن، کافر و دوژمنی خوداوەندن، بێ بڕوا و دژە ئایینن و دەڵێن ئایین تلیاکی گەلانە و خوداش بوونی نییە و شیوعیەکان و واو وان.. بە کورتیەکەی من شیوعیەت و شیوعیەکانم لا وەکو دڕندە وابوو، هەتا بڵێیت ڕقێکی ئەستوور و تەسەورێکی نێگەتیڤ و خراپ و نزم و هەڵەم سەبارەت شیوعیەکان لە ئەقڵ و مێشکدابوو.

جا هەموو جارێک کەبە وێ دادەڕۆیشتم بۆ بازاڕ، کاتێک بەپێش مقەڕەکە دا ڕەتدەبووم، لەپێشەخۆم کۆمەڵێک جوێنی مزر و دنیایەک نەفرەت و تفم بۆ مقەڕەکە و شیوعیەکان حەواڵە دەکرد و دەمگوت: خودایە گیان، ئەوشەو ڕۆژ نەبێتەوە، تا هەموو ئەو شیوعیە بێ بڕوایانە بکەیت بە مەیمون و بەراز !

بەو شێوەیە بێ ئەندازە ڕقم له چەپ و شیوعیەکان دەبوویەوە، بێ ئەوەی یەک دێڕم لەسەر فەلسەفەی مارکسیەت و پرۆگرام و ئیدەلۆژیەتی شیوعیەت خوێندبێتەوە.

ئەو ڕق و دەمارگیریەم بەرهەمی ئەوەبوو کە لە پیاوە ئایینی و ئیسلامیەکان و واعیزەکان بیستبوو.

هەینیەک مەلایەکی هاوڕێم پێی گوتم من کارم هەیە، من لە جیاتی ئەو، چومە گوندەکی لای قوشتەپەی خوتبەم داو وتارەکەشم لەسەر شوعیەت بوو.

مەلاکە پێشوتر ئاگاداری کردمەوە و بە منی گوت ئەو گوندە زۆربەی شیوعین و لەحەقیان وەرە و بیانکوتە.

منیش گوتم باش، خەمت نەبێت من دەزانم چۆن دەردیان دەرمان دەکەم و لەحەقیان دێم، ئەو شیوعیە کافرانە.

بە حوكمی ئەوەی ئەوکات هەم هەرزەکار و هەم ئیسلامیش بووم، وەکو ئاماژەمدا، کە تێروانینەكی زۆر سەقەت و نەرێنی و خراپم لەسەر شیوعیەت هەبوو. سەرتان نەیەشنم، ڕۆشتمە سەر مینبەر و هەرچی جنێو لە فەرهەنگی دەمپیسی و جنێودا هەبوو، هەموییم هێناو لۆ داکی فیورباخ و بابی مارکس و خوشکی لینینم نارد، لەناو خوتبەی دیقەتمدا خەڵکەکە هەمووی پێ دەکەنین !

لەدرێ خۆ گۆتم عەجیب ئەوە لۆ هەموویان سمێڵ ختکەیانەو پێ دەکەنن؟! خۆ خوا نەخواستە و عەیب نەبیت کەس هەوایەکی لێ بەرنەبوویە؟! سەیری یەخەی کراسەکەمم دەکرد، نەوەک ملكەم خواربی و عەیبەیەک، یان، جیقنەک، یان شتەکی پێوە بیت.

گوتم دیارە بۆیە وا ئەو خەڵکە پێم پێدەکەنن! توڕەیی و حەماسەت و گەرمیەکی وا منی گرتبوو، ببووم بە تەندوور و یەك تۆز مابوو کۆنتڕۆڵ لەدەست دەم و برێم هەی بێ ئابڕۆینە، ئەوە ئەنگۆ بەچ پێ دەكەنن، شەرم لەخۆتان ناکەن، چبووە، خۆ كەس هەوای لێ بەرنەبوویە؟!

کە وتار تەواو بوو و لەگەڵ ئەو پیاوەی دەهاتین لۆ دەرێ، زۆر بەڕێزەوە تەوقەکی گەرمی لەگەڵ کردم و گوتی مامۆستا گیان، دەبێت لۆ نانی نیڕوانێ میوانی من بیت.

گووتم باشە بەسەرچاو، وەختێ چووینە ماڵ، بەکابرام گووت: ئێستا بەس ئەتو بەمن برێ، ئەو خەرکە ئەوڕۆ لە مزگەفتێ، لەکاتی وتاردانێم، لۆ هەموو پێدەکەنین؟ گۆتی: مامۆستا دەزانی ئەمە زۆربەی شیوعینە خەڵکی ئەو گوندەی؟ وای کە تەریق بوومەوە کە وای گوت، عەرد شەق بوایە، لەشەرمان دەچوومە ناویەوە، ئینجا زانیم ئەوان بە گێلایەتی من پێکەنینە و شیوعیش وانین وەک من حاڵی کرامە. دواتر بەڵێنم بە خۆمدا کە جارێکیتر لە خورت و خۆڕاو بێ زانیاری و بە نەزانی، هیچ جارەکیدی یەک قسەی خراپ لەسەر شیوعیەکان نەکەم.

ئینجا دەستم داکتێبەکانی مارکس و گەورەیی مارکسی فەیلەسوف و بیرمەند و ئابووریناسم بۆ دەرکەوت و زانیم دیالیکتیکی ماتریالی و ماتریالیزمی مێژوویی و پڕۆلیتار و چینی چەوساوە و کەپیتاڵیزم و فیوداڵیزم و دەرەبەگ و عەدالەتی کۆمەڵایەتی..تاد. چییە.

ئینجا دواتر ڕۆشتمە حوجرەیەکتیر و مزگەوتێکیتر و لە گەڕەکێکیتر، ڕیزی پێشەوەی نوێژخوێنان، بەردەوام دووسێ شیوعی تێدابوو لە نوێژی بە کۆمەڵ.

پیاوەکی بە تەمەنی تێدابوو، چەپ باوەڕ و شیوعی بوو، ڕۆژەک خەریک بووم بانگ بدەم، هەر هێندەم زانی ئەو پیاوە بە تەمەنە شیوعیه لە پشتڕا یەخەی کراسەکەمی گرتوو گوتی: لاچۆ دەی، تۆ وەهابی و لە دوای بانگەکان سەڵاوەت لەسەر پێغەمبەر لێنادەیت، بڕۆ پاش دەی، ئیتر من لاچۆم و خۆی بانگی دا، کەوتمە بیرکردنەوەو پرس لەخۆم:

ئەی کوا ئەو ئیسلامی و واعیز و مەلایانەی بە منیان دەگوت شیوعیەکان هەموویان کافر و دوژمنی ئاینی و مزگەت و بانگ و سەڵاوات و پێغەمبەر و خوداوەندن؟!

پاشان هاوڕێیەتیم لەگەڵ کۆمەڵێک لە شیوعیەکان دروست کرد، دەیان کەسی شیوعیم ناسی، لەنووسەر، مامۆستا، ڕاگەیاندکار، کەسی ئاسایی..تاد. بۆم ڕۆشنبوویەوە، کە شیوعیەکان چەندە مرۆڤی مرۆڤ دۆست و دڵپاک و دەست پاک و بێ گرێ و ڕاستگۆو و سەخی و میهرەبان و لەخۆبوردە و ڕۆشنبیر و بەڕێزن.

دووساڵیش لەگوندی (چل هەوێزە)ی دەڤەری کەندیناوەی وتارم دەداو مەلا بووم لەسەردەمی فەقێیاتیم، چەندین جار کە دەهاتمە دووڕیانی ناحیەی دیبەگە، مامۆستایەکی شیوعی هەبوو ناوی(ح)بوو، خەڵکی دیبەگەبوو، دەهات و کەمنی دەبینی یەکسەر ئۆتۆمبیلەکەی ڕادەگرت و دەیگوت مامۆستا فەرموو، تا کورانی مەخمور لەگەڵى دەهاتمەوە.

بەمنیشی دەگوت من، وەک سیاسەت شیوعیم و وەک ئایین موسڵمانم.

لە کۆتایێدا دەڵێم: نە لەڕابردوو و نەیش لە ئێستا، هیچ ڕۆژێک شیوعی نەبوومە، من هێندەی کەسێکی ناسیونالیستم، هێندە چەپ نیم، وەلێی ئەوە حەقیقەتێکە سەبارەت بەشیوعیەکان دەبوا بمگوتبا.

شەماڵ بارەوانی




گلەیی بێت ئەی خودا..!.. شەماڵ بارەوانی

١
دەمزانی ڕۆژێک دێت
هەموو ڕەنگەئەرخەوانییەکانمان دەڕۆنەوە سەر ڕێڕەوی هەڵوەرین و خەونەکانمان نەزیف دەبن

دەمزانی دواجار هەموو قاقاکانمان دەچنەوە سەر نەسەبی گریان و ئینجانەی خەندەکانمان درز دەبات

٢
ئازیزەکەم، مانگەشەوی عیشقی ئێمە، سەر لە ئێوارەوە دیاربوو

تۆ بیستووتە لە مەملەکەتی چەقۆدا
هێشووی خۆزگە پێ بگرێت و درەختی ئاوات چرۆ بکات؟

بینیوتە لە بیابانی هیچ مەجنونێکدا گژوگیای لەیلایەک سەردەربکات ؟

٣
لێرە ئیشق کراوە بە پردی سیرات و بە قەد تاڵە مووێکیش باریک کراوە !
ئێ کوا لۆژیکی دەربازبوون؟

٤
لەوەتەی بیرم دێت، فەرهەنگی دڵداری تژی برینە.
لەوەتەی ئیدیۆمی ئیشق لە دایکبووە، بەشی عاشقان هەر فیراق و شینە

دەنا کێ بەقەد من و تۆ، نزای بۆ سەرکەوتی تەریقەتی خۆشەویستی بەسەر مەزهەبی وەهم دا کرد

کێ بە قەد من و تۆ، پەیمانی بۆ پەرستگەی ماچ دووپاتکردەوە و بەرماڵی بۆ نوێژی باوەش ڕاخست

٥
ئەفسوس، شانسمان لێی نەدا و چرای خۆشباوەڕیمان لە نیوەی ڕێگا کوژایەوە

هەر دەڵێیت تاریکی دەستی لێوەشاندووین !

٦
ئۆه دە لێم گەڕێن با بە دەم ژەنینی فلوتی ئازارەوە بتلێمەوە.

ئەرێ خودایە تۆ پێم ناڵێیت ئەو ئاشبەتاڵییە چی بوو گیرۆدەی ئەو ئیشقەت کردین؟

٧
خەتای ئێمە بوو، فاڵمان بۆ ئایندەی خەونەکانمان گرتەوە و باوەڕمان بە قاوەی بەخت کرد

خەتای ئێمە بوو، شوێن سەراب کەوتین و کاڵفامانە ڕادەستی قامچی قەدەر بووین

٨
تازه هەموو ڕێگاکان کوژانەوە و ئێمە شکستمان خوارد و عەزاب سەرکەوت، عەزاب

٩
دەی ئازیزەکەم باچیتر لەو قاوغی دۆڕانە بێینە دەر و دەستبەرداری گەمەی گەمژەیی بین

ئەوە تێزی عیشقە عیشق.

١٠
جا کێ لە عیشقا براوەبووە؟
فەرهاد و شیرین، لەیل و مەجنون و ڕۆمیۆ و ژۆلێتمان جوانە

١١
سەیرکەن، ئەوەتا، تا بینەقاقامان نغرۆبووین لە سەراب

بۆ هەر دەشتێک دەڕۆین، پڕییەتی لە سەحرا
و
دەست بۆ هەر هەورێک دەبەین، دەبێت بە ڕەشەبا !

دەی ئازیزەکەم کەوشی ئەم وجودە یەعاویە داکەنە، خێرا بارگەی ماڵئاوایی تێک بنێ و کات زۆر درەنگە.

١٢
دەی با بڕۆینەوە بۆ دوورگەی دابڕان و چیتر چاوەڕوانی هاتنی فەسڵێکیتری هەڵوەرین نەکەین

١٣
ئەوە من ڕۆشتمەوە بۆ سەر سنوورەکانی عەدەم
و
تۆیش بە فیراق دەسپێرم

١٤
ماڵئاوا ئەی ئومێد، گلەیی بێت ئەی خودا




شەماڵ بارەوانی/ بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(46)

بەشی چل و شەش

باشە ئەو کەربابانە بۆ زەکات و سەرفیترەم نادەنێ..!؟..
ساڵی یەکەمی فەقێیاتیم بوو، مانگی ڕەمەزان لە قوتابخانەی ئیسلامی(محەمەدیە)بۆ زانستە شەرعیەکان، پێیان گوتین بڕۆنەوە تا دوای جەژن، منیش کەهاتمەوە، بە سەردان، رۆژەکی لە بادینان چوومە گوندی ماڵی باپیرم ناو زێباری و گۆرانان.
موختاری گوندەکە، کە منی لە مزگەوت بینی، گوتی: فەقێی بچیک و قەنج، خودێ مە چ مەڵا نینە ب ڤی ڕەمەزانا مبارەک، لازمە تۆ ئەڤی ڕەمەزانێ ببیە مەلایێ مە، گوتم بەسەرچاو. تا ڕەمەزان خەریکبوو تەواوبێت وتارم بۆدان و هەر چاوەڕێی زەکات گیان و سەرفیترەی هەناسەمم دەکرد.
کوڕە گەیشتین بە عارەفە و یەک دیناری ئازیزم لۆ نەهات ! دڵم وەخت بوو لە داخان شەق بەرێ و لەدڵی خۆم دا هەرجوێنم پێ دەدان و دەمگوت: باشە ئەو کەربابانە بۆ تائێستا هیچ زەکات و سەدەقە و سەرفیترەیەکیان نەداومەتێ !؟
لەلایەک بەخۆمم دەگوت: بە کەعبە وەزع وابڕوات دینارت وەرنەگرت.
لەلایەکەیتریش هەر خۆم دڵی خۆمم دەدایەوە و دەمگوت: دەی دیارە ئەو دێیە عادەتیان وایە، لە ڕۆژی عارەفەی عەیب نەبیت دەیدەین بە مەلای.
لەوتاری جەژن گوتم: کاکە ئەوەی سەرفیترە و شتی نەداوە و لە بیری چووە، دروستە ئێستاش بیداتە ئەو کەسەی پێی دەچێت( تەبعەن مەبەستم خۆم بوو)،بۆکێ دەڵێیت کاکە،.بەرد بجووڵێت، گیرفانی ئەو خەڵکەی نەجوڵا !
سەرتان نەیەشێنم، ئاخریەکەی کورد وتەنی(دەست بەتاڵ و گیرفان بە تاڵ لێی هاتمە دەر) و یەک عانەیان نەدامێ. تەنها داپیرەی کۆچکردووم نەبێت، پەنجا هەزاری خۆشەویستی داپێم.
ئای کە لە دڵەوە دووعام لێکردن و جوێنم پێدان و لێیان پەستبووم.
خەنجەریشت لێدابام لە بێزاری و توڕەییان خوێن لە لەشم نەدەهات!
خەفەتم بۆئەوەدەخوارد و بۆ گاڵتە دەمگوت گەر دەمزانی وان، چما یەک نوێژم بە دەستنوێژەوە بۆ دەکردن هاهاها.




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(45).. شەماڵ بارەوانی

بەشی چل و پێنج

ئەو سەرک ئەستوورە بۆ نوێژان ناکات..!

وەکو لەبەشی یەکەمی بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا ئاماژەم بۆ کرد، بێگومان مرۆڤ تا زیاتر بخوێنێتەوە، تازیاتر ئاشنای فیکر و فەلسەفە و کولتوور و دیدی جیاواز بێت، تازیاتر بیربکاتەوە و بەراوردی نێوانی ئایینەکان بکات، زیاتر ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوان و تونێلی تێڕوانینی واڵاتر دەبێت و لە زۆر شت تێدەگات.

هەڵەکانی ژیانی پێشووی خۆی بۆ دەردەکەوێت و دەست بەرداری دۆگمی مەزهەب و ئەقیدەی ڕەها گەرایی و دەیان تێگەیشتنی پێشووتری خۆی دەبێت.

ئینجا لە سۆنگەی مرۆڤ دۆستی و فەلسەفەی ڕێژەییەوە لە شتەکان دەڕوانێت. تێدەگات کە پێشووتر ئەو لە چاڵێکی چەندە تەسک و داخراودا ژیاوە. دنیا زۆر لەو چاڵەی هزر و تونێڵەی بیر و باوەڕ و ئەشکەوتەکەی ڕوانینی ئەو فراوانتر و مەزنترە. ئیتر دەست دەکات بە پێداچوونەوە و ئەبدەیتکردنەوەی ئەو دیدەنیگایەی پێشووتر کە بەبەغە ئاسا، لەسەری تەڵقین درابوو.

من هەندێک وێستگەی ژیان و قۆناغی فیکری خۆمم بیردەکەوێتەوە، هەر بەڕاستی شەرم دامدەگرێت و هەست بە خەجاڵەتیەکی بێ ئەندازە و تەریق بوونەوەیەکی زۆر دەکەم. لە خۆم دەپرسم هەر بەڕاستی من وابووم ؟!

دواتر خۆم وڵامی خۆم دەدەمەوە و دەڵێم دەی خۆمن ئەو کات لە قۆناغی هەرزەیی تەمەن و غەیبووبەی فیکری دابووم.

بیرم دێت. لە ڕابردوو و قۆناغی ژیانی خوێندنی ئایینی و فەقێیاتیمدا، چەندە کەسێکی وشک باوەڕ و مەزهەبی و ئایدیۆلۆژیست بووم. چەندە کەسێکی فێندەمێنتالیست و چەق بەستوو و ناحاڵی بووم، سەبارەت بە یەکسانی جێندەری و ئازادییەکانی تاک و فرەیی و یەکترقبوڵ کردن و دەیان کۆنسێپتی تر، ڕوانینێکی چەندە نێگەتیڤی و خراپم هەبوو.

چەندە هەڵەو نزم و سوک لە چەمکی مرۆڤ بوونم دەڕوانی. چەندە سوک سەرنجی ڕەگەزی ژنم دەدا. چەندە نائاژەڵ دۆست و نامرۆڤ دۆست و، کەسێکی دەمارگیر و ڕاسیزم بووم.

چەندە کوێرانە شوێن کۆمەڵێک دۆگم و تێگەیشتن کەوتبووم. چەندە ڕقم لە ئێزدی، کاکەیی، جو، زەردەشتی مەسیحی، بێ دین و هەموو ئایینەکانی تر و ئاڕاستەکانی تری درەوەی بازنەی بیر و باوەڕ و قەناعەتەکەی خۆم دەبووەوە.

ئای خودایە چەندە هەڵە حاڵی کرابووین و تێگەیەندرابووین !

چەندە خەرەفێندرابووین و بە گەمژە کرابووین !

لەو سۆنگەیەوە دەمەوێ نموونەیەکیتری ئەو قۆناغەی ژیانم بۆ خوێنەرانی ئازیز باس بکەم. بە حوکمی ئەوەی فەقێ بووین و زۆرجار مەلاکان لەجێگای خۆیان دەیانناردینە ژن (مارەکردنێ).

ڕۆژەک چومە ژن مارەکردنێ لای بەحرکە و ئەو ناوە، زاوا هات، ئەمەش بەشێک لەو مەلا بەڕێزانەی لایان دەمانخوێند، وایان تێگەیاندبووین، کە هەر کەسەک نوێژی نەکرد، بە هیچ شێوەیەک وەک موستەلەحە عەشایەرەکە دەڵێت( ژنی لێ مارەنەبڕین)، چونکە دروست نییە و ئێمە شافیعی مەزهەبین و بە پێی مەزهەبی شافیعیش نوێژنەکەر کەسێکە ڕاستە کافرنییە، بەڵام فاسیقە و فاسیقیش نابێت ژنی لێ مارەبکرێت.

مەلایەکیش لە یەکێک لە مزگەوتەکان، زۆر جار کە پێشووتر دەڕۆشتمە وتارەکەی ڕۆژانی هەینی، زۆر بە خراپی و نەرێنی هێرشی دەکردە سەر نوێژنەکەر و دەیگوت: ئەگەر بە کۆڵانەیەکی تەسک دا ڕۆشتیت و لە ئاراستەی بەرامبەریشت سەگێک و نوێژنەکەرێک لەو کۆڵانەدا بوون، خۆت بدە لای سەگەکە، نەک نوێژ نەکەرەکە.

بۆیە من، تا بڵێیت ڕوانینێکی نێگەتیڤ و نزمم لە هەمبەر مرۆڤی نوێژنەکەر هەبوو.

بابێینەوە سەر بەسەرهاتەکە و سەرتان نەیەشێنم، ‌ئێ منیش بە زاوام گوت نوێژ دەکەیت کوڕە؟ مامەحاجییەکی بە تەمەن لەوێ بوو، نازانم چی کوڕەکە بوو، یەکسەر لە جیاتی ئەو وڵامی دایەوە و گوتی: وەڵا کاک مەلا ئەوەی ڕاستی بیت ئەو سەرک ئەستوورە نوێژان ناکات.

من ئەوکات ئایینم زۆر بە توندی و حەماسییەوە گرتبوو. بەینی خۆشمان بێت، ئیتر کە ئەمەم لەو مامە حاجیە بیست و زانیم کوڕەکە نوێژ ناکات، تووڕەیی هەموو بوونی داگرتم و پێم گوت: کاکە ئەتو شەرم لە خۆت ناکەیت نوێژان ناکەیت؟ کو دەبیت ئومەتی موحەمەدی نوێژی نەکات؟ ئێستا بەمن ناڵێیت جیاوازی توو و جولەکەیەک چییە؟ هەرگیز ئەو ژنەت لێ مارەناکەم ئەگەر بشفڕی، چونکە بە پێی مەزهەب و ئایین تۆ فاسيقیت !

سەرتان نەیەشێنم هەستام بڕۆم، پیاوەکی تر کە لەوێ بوو، گوتی کوڕە دانیشە مامۆستا ئەمەکردمان و ئەتو مەکە حەیامان دەچێت لەناو خەڵکی بەو خوایەی. ئێ گۆتم کاکە دەبینن ئەوە نوێژی ناکات من کو ژنی لێ مارەبکەم؟! من و ئیمامی شافعی زۆر خاتریشمان گرتییە، گەرنا لای هەندەک مەلاو مەزهەبی تری ئیسلامی، نوێژنەکەر کافریشە.

دواتر گوتیان کاکە بەخودای وەعد دەدات دەست بە نوێژان بکات.

گۆتم نا باوەڕم بە وەعدی نوێژ نەکەران نییە، دەبێت ئیلا سوێندی بخوات.

زاوای فەقیر لەشەرم و خەجاڵەتیان حەوت ڕەنگی گۆڕی و تنۆک تنۆک ئارەقەی شەرم لەسەر نێوچەوانی دەکەوتنەخوارەوە و ناچار سوێندی خوارد و گوتی بەو خوایەی ئیتر دەست دەکەم بە نوێژان.

ئینجا عەیب نەبیت، لێم مارەبڕی.

ئێستاش کە ئەوەم بیردەکەوێتەوە، لە لایەک دەدەمە قاقاو تێر تێر بە ئەقڵیەت و بیرکردنەوەی ئەوسام پێدەکەنم و لەلایەکەی تریش تەریق دەبمەوە و لەخۆم دەپرسم باشە من بۆوام کرد. هەر بەڕاستی من هێندە مەزهەبی و بیر تەسک و ئاسۆ داخراو بووم؟




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(44).. شەماڵ بارەوانی

بەشی چل و چوار

فەقێیەکی ئاشق..!

ئیشق شتێکی لائیرادییە، ئاشق بوون لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی کەسی ئاشقدایە.

ئیشق ئاگرێکی زۆر دژوارە و گڕ لە ناخی ئاشق بەردەدات و وەکو مۆم دەیسووتێنێت و دەیتوێنێتەوە. لەخۆڕا نەبوو ئاگری ئیشق تۆبەی بەشێخی سەنعان بەتاڵ کرد. مەجنوونی شێت و سەرگەردانکرد. ئەو مەجنونەی ساڵێک بە دەوری ماڵی لەیلا دا دەسوڕایەوە، لەپێناو یەک نیگای لەیلا !

دەیگوت گەر سەگەکەشیان ببینم ئارامی بە دڵ و ئاسوودەیی بەدەروونم دەبەخشێت.

ئیشقی ڕاستەقینە، پڕیەتی لە پاکێتی و ڕاستگۆیی و قوربانیدان و توانەوە و بۆیەکتری سوتان.

ئیشق نابێت هیچ مەرجێک بخاتە نێوان ئاشقانەوە. وەلێ ئیشق ئاگرێکی هێندە دژوار و بەسوێ و سووتێنەرە، ئیشق ناخی ئاشق دەکات بە خەڵووز و ڕۆژانە و هەموو چرکە ساتێک، چوون مەرگێکی لەسەرخۆ دەیکوژێت.

بەتایبەتی دابڕان و ماڵئاوایی و نەگەیشتن و شاد نەبوون.

دەڵێن لە مامۆستایەکی زانستیان پرسی ئیشق چییە..؟

وتی: ئیشق تەنها مادەیەکە، کە بە بێ ئۆکسجین بسوتێت.

ئیشق چاوی ئاشق لە ئاست مەعشووق کوێر دەکات، مرۆڤ وەک کەسێکی هەرزەکار و مناڵێک لێدەکات، تەنانەت گەلێک جار ئاشق شێت دەکات.

ئیشق سنوورەکانی ئایین، مەزهەب، نەتەوەو ئیتن و ئیدەلۆژیا و ڕەنگەکان دەبڕێت. من بینیومە کچێکی باڵاپۆش و لەچك پۆش و ئیسلامی هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی لائیک و لیبڕاڵ و سیکۆلار کردووە !

گوتویەتی باوەڕەکەمان شتێکی تایبەتە و هەرگیز، نابێتە ڕێگر لەبەردەم ئەو ئیشقەمان.

لەو بووارەوە گۆرانیەکی فۆلکلۆری کوردیمان هەیە، بەزاراوەی کورمانجی دەڵێت(لێ لێ لێ لێ، لێ لێ حنێ، هەرکەس سەر دینا خوە، تۆ یارامنێ).

هەموان چیرۆکی عیشقی(دەروێشی عەڤدی)مان کە بە ئەسڵ سەر بە ئاینی ئێزدییە، بیستووە، لەگەڵ (عەدولا) کە کچە موسڵمانیکە.

بۆیە ئیشقێک کە ڕاستەقینەبێت، تەنانەت زۆر جار بەرامبەر ئامادەبووە لەپێناوی دا، دەست لە نزیکترین کەس و ئازیزترین کەسەکانی هەڵگرێت و دەست بەرداری ئایین و بیر و باوەڕەکەی پێشووی بێت و هەموو شتێک لە دوای خۆی جێ بێڵێت و بڕوات و بەگەڵ ئەو کەسە بکەوێت کە ئاشقی بووە.

من ئەوەم بە نموونە لایەو لە نزیک ئەو دەڤەرەی ئێمەی تێدا نیشتەجێین لە بادینان، لەساڵی هەشتاکانەوە، کچێکی مەسیحی ئاشقی کوڕێکی موسوڵمان دەبێت لەکاتی خوێندن، ماڵەوەی کچەکە هەمووی دژی ئەو پەیوەندیە بوون. کچەکەیان سەرپشککرد، یان، ئیشقەکەت، یان، ئێمە. کچە بە چاوی پڕ لە فرمێسک و دڵی پڕ لە گریانەوە، سەرەنجام ئیشقەکەی هەڵبژارد.

ئەفسووس ئاخرییەکەی هەموان حاشایان لێی کرد و پەتی هەموو پەیوەندیەک و نێزیکیەک و شتێکیان لەگەڵی دا بچڕاند.

ئەوە بۆ نزیکەی چڵ ساڵ دەڕوات، ماڵی ئەو کچە، کە ئێستا بووەتە داپیرە و چەندین نەوەی هەیە، لەگەڵ ماڵی باوک و کەس و کاری چەند کیلۆمەترێک نێوانیانە، ئەوان لە دێیەک و ئەوانیتر کۆمەڵگایەکی نزیک ئەو دێیە، وا بۆچڵ ساڵ دەچێت، بۆ جارێکیش یەکتریان نەبینیوە !

بە قسەی کوڕی ئەو ژنەیەی کە دواتر ئایینەکەیشی گۆڕی و بوو بە موسوڵمان، ئەو کوڕە مەڵایە و هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتیمە و زۆر جار چیرۆکی ئیشقی نێوان دایک و باوکی و تەواوی بەسەرهاتەکەی بۆ لە ئەلفەوە، تاوەکو یا، باسکردووم.

بەڕاستی ئەوەیە ئیشقی ڕاستەقینە.

ئینجا با سەرتان نەیەشێنم و بێمەوە سەر مەسەلەی موشتاق بوون و ئاشق بوونەی خۆم.

لەوەدەچێت ئەوەی من،هەڵچوونێکی هەرزەکارانە و هەستێکی سەرشێتانە و کاتی بووبێت، نازانم ! لەوانەیە هەر بە ڕاستی ئیشقیش بووبێت، کە خەریک بوو وەک پرێمز بمسووتینێت هاهاها

ئەوە لەکاتی فەقێیاتیم دا جارەكی مەلایەكی برادەرم گوتی: شەماڵ گیان وەرە بچۆره ئەو دیوی دێگەلە و دەشتی كۆیە و لە دێی… لە جیاتی من، وتاری جوعمەیان لۆ بدە، من كارم هەیە. منیش بەیانی لەگەڵ پاسی كۆیە زۆر زوو بەرێكەوتم و گەیشتمە دێیەکە و یەكەم پیاو لێم راست هات. گوتی وەی لەو مەلایە قشت و گچکەیەی ! خۆناكرێت لە جێگای مەڵا… هاتبیت؟

گوتم بەرێ وەڵا.

گوتی دەی فەقێ گیان، زووە جارێ بۆ مزگەوت، با برۆینە ماڵێ و چایەكی بخۆینەوە. كە رۆشتمە ماڵیان، چم بینی خودایه ! شاجوان ! حۆری بەهەشت، سبیل جان، ئەوە چبوو خودایە گیان تۆ دروستت کردبوو و بەو هەموو هونەرمەندی و نیگارکێشی و جوانییە وێنەت کێشابوو !؟ خوشكی كابرای، کچێکی ناسک و تیتك زەرد و لێو ئاڵ. یەکسەر لە دڵەوە ئاشقی بووم.

لەخۆڕا نییە گووتراوە: ئیشق ڤایرۆسێکە لە رێگای چاوەوە دەڕواتە ناو دڵەوە.

لە لایەک بە ئاگری ئیشق دەسووتام و لەلایەکەیتر سەرزەنشت و لۆمەی خۆمم دەکرد و بەخۆمم دەگوت: دەک داوەشێیت فەقێی گەمژە، کوڕە با خەجاڵەتی بگرێت و نمەک حەرام مەبە، ئەوە ناپاکییە، ئەو کچە وەک خوشکی خۆت سەیربکە، عەیبە کاکە عەیبە، بەسەرهەستی هەرزکارانەی خۆتدا زاڵ بە. دەی زوو بڵێ خودایه تۆبە.

من لەو بیرو خەیاڵانەدا بووم.

لەپڕ کچەکە هاتوو و پێی گوتم بەخێرهاتی مامۆستا.

گوتم سەرچاوەکانم خوشكی خۆم.

لە ناخەوەیش دەمگوت سوپاس گیانی مەلای، هەی بەخۆم و مەندیلەوە بە قوربانت بین. ماوەک لەوێ دانیشتم و دواتر لەگەڵ پیاوەکە ڕۆیشتین بۆ مزگەوت.

وەلێ مزگەوتی چی و حاڵی چی، وەکو کابرا منیش لەو چرکە ساتە دەمگوت(وڵاهی، وڵاهی، گیانی من، ئێستا چگە لە تۆ دڵی من، هیچیتری تێدانییە)و بیر و هۆشم هەر لەكن ئەو كیژەی بوو و کورد وتەنی:پیس ئاشقی ببووم. لەناو وتار یەكەم جارم بوو بگریێم. سەیرم كرد، دوو سێ مامە حاجی بە تەمەن و دڵپاک، لەگەڵ من دا دەستیان کرد بە گریان. بەستەزمانانە وایان دەزانی من لۆ حاڵی ئومەتی موحەمەدی و لە ترسی خودا و ئاگری جەهننەمێ دەگریم، وای گەردەیان زانی گریانی من لۆچیە و من موشتاقی کێ بوومە و ئاگری چ ئیشقێکی هەرزەکارانە، وا خەریکە گڕم تێبەردەدات و دەمسووتێنێت، دەم کات بە هەڵم، بە سەراب، بە ئاو، كو بەرد بارانیان دەكردم.

ئینجا دووای تەواوبوونی وتارەکە چوینەوە ماڵی كابرای و دیاربوو حەزی لێ بوو بڵێ وەرە خوشكێ خۆمت بدەمێ. گوتی:مەلا گیان مەوالیدت چەندە، بە تەما نیت ژنێ بینی؟ گۆتم

ناوەڵا جارێ خەریکی خیندنێ مەو هێشتا گچکەمە، وای كو پێم لە شانسێ خۆم ناو قوڕم کردە بەختی خۆم ! ئاخر بێ شانسی ئێمە بە ویراسییە و دەلێن باپیرە گەورەمان کاتی خۆی دوو نانی بە دڵۆپەی بارانێ خواردیە، لەوی وەرایە دۆشاوە.




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا-43-.. شەماڵ بارەوانی

بەشی چڵ و سێ

دایە دایە، باوکم مزگەوتی لەگەڵ خۆی هینایە..!

وەک لە بەشەکانی تری بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومرادا ئاماژەم دا، کە لە فەقێ یاتیم ساڵەكی لای کەرکوک و مەنتیقەی شێخ بزێنی و شوان و ساڵەییان مەلابووم. جومعە کە وتارم تەواو دەبوو هەرجارە و کەسێک دەیگوت مامۆستا دەبێت لەگەڵ ئێمە بێیت و بە زاراوە شیرینەکەی کەرکوکیان وتەنی (لە ماڵ ئێمە ئاش بخۆیت).

هەرچەندە من سەرەتای چوونەماڵانم هێندەى چیایەک لاقورس بوو. خۆم سەرەتا شەرمن بووم هەندەک، بۆیە لە هەردێیەک لەو دێیانەی کە مەلایەتیم بۆ دەکردن، کاتێک دەڕۆشتمە هەرماڵێک، شەرمم دەکرد بە تەواوی تێری نان بخۆم. خەڵکەکە هەر دەیانگوت:وەڵاهی مەلا ئەتو ئەوهابکەیت، وشک دەبیتەوە لە برسان !

خۆتۆ هیچ ناخۆیت، دوای کە لەو ماڵەی نانم دەخوارد، کاتێک دەڕۆشتمەوە حوجرە، کێک و شەربەت و شتم دەخوارد تا تێردەبووم.

بەڵام دوای چەندین ساڵ، لە مەلایەتی و فەقێیاتی، لێڕاهاتم و چەرمی ڕووم هێندە قایم بوو، شمشێر نەیدەبڕی و دەڕۆشتمەوە هەرماڵەکی، کورد گوتەنی:هێندەی یەک کەریم دەخوارد هاهاها کاکەگاڵتەم کرد بەخوا من هەر لەوەتەی بە بیرم دێت و خۆم ناسیوە، کەسێکی خۆریارنیم.

سەرتان نەیەشێنم و زۆر لەسەری نەڕۆم، ئەوە لەو دێیەی لای کەرکوکێ،جومعەکی پیاوەک گوتی مەلاگیان دەبێت لەگەڵ من بێیت، دەی بابڕۆین.

ڕۆیشتین کو گەیشتینە حەوشەی ماڵی پیاوەكەی، دوو منداڵی دوانەی کچی هەبوون، کە منیان بینی لەگەڵ باوکیاندا، یەکسەر ڕایانکرد بۆ ژوورەوە و پڕ بە دەنگ هاواریان کرد: دایە دایە، باوکم مزگەوتی لەگەڵ خۆی هینایە ! کە ئەوەم بیست، تا هێزم تیابوو دامە قاقا.

من دیشداشەیەکی سپی عەرەبانیشم لە بەردابوو. گوتم هەرباش بوو نەیانگوت: دایە، دایە، باوکم سەلاجەی لەگەڵ خۆی هینایە.

فەقێیەکی هاوڕێم، کە ئێستا لای پێنجوێن لە مزگەوتێک مەلایه، گوتی: ڕۆژێک دوو منداڵ منیان بینی، زۆر لەوەی توو عنتیکەتریان پێ گوتم ! گوتی گوتیان:ئەها خوا هاهاها




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(42).. شەماڵ بارەوانی

بەشی چڵ و دوو

خوا جارێ هیچ کاندید و لیستێکی نییە و بەژداری هەڵبژاردنی نەکردووە..!

ژیانی فەقێیاتیم پڕیەتی لە چیرۆک و بە سەرهاتی خۆش و ناخۆش. دنیایەکی سەیرە گیانە، هەرگیز بە خەیاڵیشم دانەدەهات، ڕۆژێک دادێت من تووشی ئەو گۆڕانە فیکرییە دەبم و لە کەسێکی ئیسلامی و بابایەکی فێندەمێنتاڵیستەوە وە، دەگۆڕێم بۆ کەسێکی سیکۆلار و لیبراڵ!

هەڵبەت سەبارەت بە چوونم بۆ خوێندنی ئیسلامی و فەقێیاتی و حوجرە، ئەوە بە قەناعەت و حەزێکی خۆم بوو. کەس لە ماڵەوەمان، نە فشاری چوون و نەیش پشتیوان و هاندەرم نەبوو لەو چوونەم بۆ خوێندنی ئایینی و مانەوە لە حوجرە. خانەوادەکەی من موسوڵمانی تەقلیدی بوون، نوێژ و ڕۆژوو و زۆربەی ڕیتواڵەکانی ئایینیان بە جێ دەگەیاند. وەلێ هەرگیز ئیسلامی نەبوون و دیندارییان بەو شێوە تەعریب و مۆدێلە تووند و نامۆیه نەگرتبوو، کە سەلەفیزم و ئیسلامی سیاسی ئێستا لەکوردستان دەیانەوێت دەرخواردی خەڵکی بدەن.

جاکاتێک بڕیارم دا ببم بە فەقێ و بڕۆمە حوجرە، دایکم بە ڕەحمەت بێت، بۆ شۆخی بەردەوام پێی دەگوتم: کوڕەکەم، موعجیزەیه کاریتە لە کفر درووست بێت!

منیش بە پێکەنینەوە دەمگوت:ئەی نەت بیستووە کە پێشینان گوتوویانە: لە پەلویان دەبیت وەلی و لە وەلییانیش دەبیت پەلوو؟ ئیجا زیاتر پێدەکەنین و دووبارە بە دایکمم دەگوت: دایە دەزانی لە نوح پەیامبەرەوە، تا ئێستا، من یەکەم کەسم، لەنێو تیرە و هەموو بنەماڵەکەمان بڕۆمە فەقێیاتی و لە داهاتوودا دەبم بە مەلا؟

جابە هۆی ئەوەی هەرزەکار بووم و عاتیفەی دینی بەسەرم دا زاڵ بوو و گوێم لە وتاری کۆمەڵێک واعیز و داعی و مەلای سەر بە ئاڕاستە و تەوژمی ئیسلامی سیاسی دەگرت، زۆر کەوتبوومە ژێر کاریگەری هزری ئیسلامی سیاسی و ئایدیۆلۆجیاکەیان و ئەو حەز و خولیایەم لا دروست بوو، منیش ڕۆژەک بێت و، ببم به مەلاو بڕۆمە سەر مینبەر و بانگەوازی بۆ ئیسلام بکەم.

هەر لەو سۆنگەیەوە من بە ئیشق و تاسە و حەزێکی زۆرەوە ڕۆیشتم بۆ فەقێیاتی و خوێندنی ئیسلامی.

هەرچەندە دایکم ئەمەی پێ خۆش نەبوو، نەک لەبەر ئەوەی دژە ئایین بوو، نەخێر، هەرگیز، دایکم ئەوەی من دەمبینی ڕۆژانە بەردەوام دەم بە زیکر و دەست بە تەسبیح بوو . نیوەی تەمەنی هەر لەسەر بەرماڵ و لەگەڵ ئایین و بۆ خوا بەڕێکرد.

دایکم، بێ ئەوەی پێم بڵێت، هەستم دەکرد، بەوە نیگەرانە و دڵخۆش نییە، کەمن کورد وتەنی عەیب نەبیت( سەر و کلکم لەگەڵ ئیسلامیەکان تێکەڵ کردووە)و ئەوە ئیسلامیەکانن هانی من دەدەن بۆ چوونم بۆ حوجرە و مزگەوتێک، کەسەر بە خۆیان و لەژێر دەستی خۆیانە. جارجاریش کاتێک کە دەمگوت ئیسلامیەکان واو وان و مەدحم دەکردن. دایکم دەیگوت: کوڕم بەو خوایه درۆی دەکەن، ئەوانە لۆ خوایان نییە.

دایکم زۆر دینداربوو، بەڵام قەت خۆشی لە ئیسلامی سیاسی نەدەهات، دایکم خوێندەواری نەبوو، جارێک لە کاتی دەنگدان منی بۆ ئەوە هەڵبژارد کە لەگەڵی بڕۆم تا دەنگ بدات. لە بەردەم بنکەی دەنگدان، گوتم:دایە ئەوە گەیشتین، ئینجا تۆ دەنگ بەکێ و کامە لایەن دەدەیت؟

با یارمەتیت دەم؟ گوتی: کوڕەکەم من هیچ نازانم و خوێندەواریم نییە. بەڵام دەنگی من با لۆ خوای بیت. لەبەر پێکەنین خەریک بوو ببوورێمەوە. گوتم:دایەگیان خوای گەورە ئەوەی من بیزانم جارێ هیچ کاندید و لیستێکی نییە و بەژداری هەڵبژاردنی نەکردووە.

گوتی وسبە کورە، دەم ڕووت. ئەوکات من هێشتا فەقێ بووم، وەلێ ئیسلامی سیاسی نەمابووم. مەلایەکی ئیسلامیش لەو دڤەرەی ئێمە خۆی کاندیدکردبوو. منیش بۆ تەنز گوتم: ئەو مەلا ئیسلامیه خۆی کاندید کردووە، بۆ دەنگت بۆ ئەو نەبێت؟ بەو خوایە، وەکو ئەوە وایە، کە دەنگ بدەیت بە خوای گەورە.

گووتی :وەڵاهی هەردووک چاوەکانی دەربێت، من دەنگی خۆمی پێنادەم، ئەو ئیسلامیە پیسە.




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا..(41).. شەماڵ بارەوانی

بەشی چل و یەک

سێ قول هواللە و دوو فەقێ و فێڵێک..!

بەحوکمی ئەوەی هەم فەقێ و هەم ئیسلامی بووم کاتی خۆی، ئەوە لەقۆناغی ژیانی فەقێیاتیم و سەردەمی ئیسلامی بوونم دا، فەقێیەکمان لەگەڵدابوو، ئێستا لە یەکێک لە مزگەوتەکان لەهەولێری پایتەخت مەلایە، زۆر بە تووندی ئیسلامیبوونی گرتبوو و تابڵێیت ئیسلامیزمێکی دۆگمایی بوو. زۆرجار دەیگوت: لەپێناو ئەو ڕێبازی پیرۆزەی(ئیسلامی سیاسی) و کاری دەعوە و بانگخوازی، ئەنجامدانی هەموو شتێک دروست و ڕێگە پێدراوە. هەندێک جار بۆ شۆخی و گاڵتە کاتێک تووڕەمان دەکرد، دەیگوت: تەنانەت زینا(سێکسی ناشەرعی)یش درووستە.

واتا ماکیافیلی وتەنی(الغایة تبرر الوسیلة) و ئامانجەکان ئامڕازەکان ڕەوا دەکەن، جا هەر لەو سۆنگە میکیافێلیانەیەوە، ئیسلامیەکان زۆر شتیان ڕەواکردبوو. لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکەیان گەلێ شتیان دەکرد و زۆر شتیان لەسەرخۆیان قبوڵ دەکرد، بۆ نموونە دەیانگوت:ئێمە ئێستا لەقۆناغی دەعوە و بێ دەسەڵاتیداین، مەسیح وتەنی شاپێکیان لەلاى ڕوومەتی ڕاستێت دا، تۆ لای چەپیشیان بۆ ڕابگره. یان گەر کراسەکەی بەرتیان لێ دزی، تۆ دەرپێکەشتیان وێبدە.

تا دەگەین بە قۆناغی تەمکین و دەوڵەت داری و جێ بەجێکردنی ئەحکامەکانی شەریعەت و ڕۆنانی دەوڵەتی سیوکراتی، ئەوسا بە کاهی دڵی خۆمان دەتوانین دۆگم و ئایدیاکانی خۆمان، ئایدیۆلۆژیا و بیر و باوەڕ و ئەقیدەی خۆمان بسەپێنین و چی ویستمان بیکەین و بیڵێین و کەسێک کاتی خۆی و لە کاتی دوو ڕوویی و لاوازی و بێ دەوڵەتیماندا، شاپێکی تیاهەڵدابین، لە تۆڵە و جێگایدا دوو شاپی تیاهەڵدەدەینەوە.

بۆیە ناچارین ئێستا لەگەڵ بڕیارەکانی دیفاکتۆ دا خۆمان بگونجێنین و هەندەک شت بکەین و بڵێین و بچینە ژێر باری ئەمری واقیعەوە.

ئەو هێزه ئیسلامیەسیاسییەی من ئەندامیان بووم و لە ڕیزی حزبەکەیاندا کارم دەکرد، زۆر کاریان دەکرد و چەندین چاڵاکییان ئەنجام دەدا، لەحەقیقەتدا بڕوایان پێی نەبوو، وەلێ بۆ سەرنج ڕاکێشانی ئەویتر و خستنە ژێر کاریگەری خەڵکی بۆ ژێر ئایدیۆلۆژیاکەیان ئەنجامیان دەدا.

لە کارکردنیشدا زۆر زیرەک و فێڵباز و هەتابڵێیت تاکتیک باز و هونەرمەند و لێزان بوون، لە جوڵاندنی هەست و سۆزی خەڵکێک بۆ لای خۆیان و وەرچەرخاندنیان بە ئاڕاستەی ڕێباز و ئایدیۆلۆژیاکەی خۆیان.

جا فەقێیەکی هاوڕێم هەبوو، ئێمەش لەو دێیەی تێدا بووین، دەستمان کردبوو بە کاری دەعوە و بانگخوازی و گەمەی ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بەلای خۆمان و بە ئیسلامیزم کردنیان.

یان هەر هیچ نەبێت دەمانگوت بیانکەین بە هاوسۆز و لایەنگر، یان دژایەتیمان نەکەن. جا ئێمەش بە حوکمی ئیسلامی بوونمان و خوێندنی دەرس و وانە لای ئیسلامیەکان و مانەوە لەحوجرەی ئیسلامیەکان، زۆر لێزان و فێڵبازبووین. دوو قوتابیی قوتابخانەی ئیسلامیەکان بووین و لە تاکتیک و فریودان و، زۆر بە حەماسەتیشەوە دەعوەمان لۆ ئیسلامیەکان دەکرد. جا هەموو شێوازێکمان دەگرتە بەر، تەنها لەپێناو سەرنج ڕاکێشانی خەڵکی بەڵای خۆماندا و بتوانین هەست و سۆزیان بە ئاڕاستەی بیر و باوەڕە ئیسلامیە سیاسیەکەماندا بجووڵێنین. وەکوو سەردانی کردنی خەڵکی دێ، قسەی نەرم و لێوبەخەندەیی و ڕوو خۆشی، تێکەڵاوی گەنج و هەرزەکارەکان و ..تاد. ڕۆژەکی خەریکی پیاسەبووین و ژنەکمان دیت لەپێش دەرگای حەوشەی ماڵەوەیان دانیشتبوو،

یەکسەر من ئەو فەقێیە بە یەکتریمان گوت: چۆن بتوانین و چی بکەین تا مەیلی بۆ ئیسلامیەکان ڕابکێشین؟

ڕێککەوتین کە هەردووکمان بڵێین یەکە و ختمەکی قورئانمان لۆت کردیە و تۆ ئاگادار نیت!

دوای ئەوەی سڵاو چاک و چۆنیمان لەگەڵ ژنەکە کرد و پێمان گوت: پلکە ختممان لۆت کردیە. ژنەی بەستە زمان خەریک بوو لە خۆشیان باڵبگرێت و بفڕیت. تا خوا حەزکات کەیفی هات و یەک گونیە دووعای مراز حاسڵ بوون و خێری بۆکردین. لە ڕاستی دا بەرلەوەی بگەین بە ژنەکە و سڵاوی لێبکەین، یەکەو سێ قولهو وەڵامان خوێند.

لە ئیسلامدا ڕیوایەتێک لە چەند ڕێگەیەکەوە هاتووە و دەڵێت: خوێندنی سورەتی(الإخلاص)، سێ یەکی قورئانە٭ واتا: سێ قل هواللە بخوێنە، بارتەقای خوێندنی هەموو قورئانە و لۆت بە ختمەکێ حیسابە.

….

٭روى البخاري (6643) عَنْ أَبِي سَعِيدٍ أَنَّ رَجُلًا سَمِعَ رَجُلًا يَقْرَأُ قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ يُرَدِّدُهَا فَلَمَّا أَصْبَحَ جَاءَ إِلَى رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَذَكَرَ ذَلِكَ لَهُ ، وَكَأَنَّ الرَّجُلَ يَتَقَالُّهَا [أي يراها قليلة] فَقَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ : (وَالَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ إِنَّهَا لَتَعْدِلُ ثُلُثَ الْقُرْآنِ) .

وروى مسلم (811) عَنْ أَبِي الدَّرْدَاءِ عَنْ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ : أَيَعْجِزُ أَحَدُكُمْ أَنْ يَقْرَأَ فِي لَيْلَةٍ ثُلُثَ الْقُرْآنِ ؟ قَالُوا : وَكَيْفَ يَقْرَأْ ثُلُثَ الْقُرْآنِ . قَالَ : قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ تَعْدِلُ ثُلُثَ الْقُرْآنِ .

وروى مسلم (812) عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ قَالَ : قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ : احْشُدُوا فَإِنِّي سَأَقْرَأُ عَلَيْكُمْ ثُلُثَ الْقُرْآنِ فَحَشَدَ مَنْ حَشَدَ ، ثُمَّ خَرَجَ نَبِيُّ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَقَرَأَ قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ ثُمَّ دَخَلَ ، فَقَالَ بَعْضُنَا لِبَعْضٍ : إِنِّي أُرَى هَذَا خَبَرٌ جَاءَهُ مِنْ السَّمَاءِ ، فَذَاكَ الَّذِي أَدْخَلَهُ ، ثُمَّ خَرَجَ نَبِيُّ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَقَالَ : إِنِّي قُلْتُ لَكُمْ سَأَقْرَأُ عَلَيْكُمْ ثُلُثَ الْقُرْآنِ ، أَلَا إِنَّهَا تَعْدِلُ ثُلُثَ الْقُرْآنِ .




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا-(40).. شەماڵ بارەوانی

بەشی چل

فەقێیەکی ئیخوانی و دوو ڕۆژنامە نووسی کافر..!

لەو دێی گەڵۆزییەدا، کە لە بەشی پێشوو باسم کرد، پیاوێکی ئیسلامی، کە زۆر هاوڕێ بووین، گوتی:مامۆستا دوو بێ دین، دوو ڕۆژنامەنووسن، لە هەموو ژیانی خۆیاندا نەهاتوون بۆ مزگەوت، جەلالی و بێ باوەڕن، لە کەرکوک، لە ڕۆژنامەیەک دەنووسن و کاردەکەن.

تازه وا خەریکە خودا هیدایەتیان دەدات و هێدی هێدی دەستیان کردووە بە نوێژ و دانەیەکیان جار جار دێت بۆ مزگەوت.

گەر تۆ بتوانیت کاریگەرییان لەسەر دروست بکەیت و بەڵکو بەرەو بیر و باوەڕی خۆمانیان بهێنیت و دەعوەیان لەگەڵدا بکەیت.

گوتم:چۆن بتوانم ئەوە بکەم؟

گوتی:سەردانییان بکە و قسەیان لەگەڵ بکە. گوتم زۆر باشە، مادام هەندەک بڵاوکراوە و نامیلکە و شتی ئیسلامیانەی خۆشمانم لایە و بۆیان دەبەم.

گوتی:ئەوە هەر زۆر باشە.

ڕۆژی هەینی هات و من لە وتار، کە سەری ساڵ بوو، وتارەکەم تایبەت بە لە دایکبوونی مەسیح بوو و خراپ دابەزیمە سەر کرێسمس و جەژنی سەری ساڵ و مەسیحیەکانم بە گومڕا و لادەر و کافر وەسفکرد و گوتم وەڵاهی، سومە وەڵاهی، سومە وەڵاهی، مەسیح لە ئێوەی خاچ پەرست و بەراز خۆر بەرییە.

کۆمەڵەک ئایەت و ڕیوایەت و شتی ئیسلامیم هێنایەوە سەبارەت بە مەسەلەی سێکوچکەی ( باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز) و ئاگر لە دەمم دەباری و خراپ دەم شیڕاند و تا هێزم تیابوو دەنگم بەرزدەکردەوە و لەگەڵیشد جوڵەم بە دەستەکانم دەکرد.

کاتێک وتارەکە تەواوبوو.

ڕێکەوتێکی چەند سەیربوو !

من خۆم بە تەمابووم بڕۆمە سەردانیان و بەو مێشکە بچووکە و ئەقڵیەتە سەخیفەی ئەوسام، عەلەساس دەعوەیان لەگەڵدا بکەم و بییانکەم بە ئیخوانی.

دانەیەکیان دوای وتارەکە، هات و تەوقەیەکی گەرمی لەگەڵدا کردم و گوتی مامۆستا دەبێت لەگەڵ من بێیت.

لە دڵی خۆمدا گوتم: ئۆخەی، بە خوای لۆی گرتم و دەرفەتەکی زۆر باشه لۆ دەعوەکردنێ. من توم لە عاسمانێ دەویست، کەچی تۆ لە عاردی و بە پێیەکان خۆت، هاتووتیەت بەردەستەکانم.

ڕۆیشتم لەگەڵ کاکەی ڕۆژنامە نووس. لە ماڵێ گوتی:مامۆستا بەڕاستی وتارەکەت زۆر جوان و بەهێزبوو.

تۆ لە داهاتوو دەبیت بە مەلایەکی زۆر زیرەک و جیاواز. بەڕاستی مەلای تر، لەگەڵ ڕێزم هیچی وایان پێ نییە و مرۆڤ هەر تاقەتی نییە گوێیان بۆ بگرێت.

کەوا مەدحی کردم، خەریکبوو باڵ بگرم و بفڕم لە خۆشیان و تابڵێیت کەیف بەخۆم هات.

جامن تەبیعاتێکم هەبوو، بەشێکی فەقێکانی تریش وابوون، حەزمان لێبوو لە وتار خۆمان فشکەینەوە و بگۆڕێنین و شیڕه شیڕ و قسەی قەڵەو بکەین و لاسایی فلان مەلای ئیسلامی بە هات و هاوار و فیسار مەلای تری وتار ئاگرین بکەینەوە، تا خەڵک بڵێن وای ماشااللە لەو مەلا زیرەکەی، کوڕە وتارەکانی چەند خۆش و بە قووەتن هاهاها

جامن، هەموو جار کەوتار تەواو دەبوو، بە خەڵکەکەم دەگوت: وتارەکەم چۆن بوو؟ بە دڵتانبوو؟ ئەرێ بەلاتانەوە خۆش بوو؟

هاهاها

ئینجا دوای ئەوەی ڕۆشتمە ماڵی ڕۆژنامە نووسەکە.

هاتمەوە هەولێر و حوجرە و گوتمە فەقێیەکان، ئەوڕۆ، ڕۆژنامە نووسێک زۆر مەدحی وتارەکەی کردووم و خۆم هەڵدەکێشا و فەخفەخەم لێدەدا، یانی من زۆر موهیمم نەک هەر خەڵکی عەشایەر هەمووی زۆریان وتارەکانی من لا دڵگیر و خۆشە، تەنانەت ڕۆشنبیر و ڕۆژنامە نووس و نووسەرەکانیش.

حەققەت واشبوو، من لە نێوان فەقێکان دەتوانم بڵێم تاقە فەقێ بووم، وتارەکانم هێندە دەچووە ناو دڵی خەڵکەوە، فەقێ لوقمان برادۆستیشمان لەگەڵ بوو، خەڵکی سیدەکان و ئەو ناوە بوو، کە زۆر هاوڕێ بووین.

دوای ئەوەی ئەو کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی(سلێمانی) و منیش کۆلێژی زانستەئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەدین(هەولێر)م تەواوکرد و ڕۆشتین بۆ شاری وان، لە باکوری کوردستان و ئەو لە زانکۆی(یوزونجیل) من لە کۆلێژی( ئیلاهیات) و بەشی فەلسەفە، ماستەرم لە فەلسەفەی ئیسلامی تەواو کرد. ئەویش ماستەر لە (زانستی فەرمودە) و پار پێی گوتم کە ئێستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەدین مامۆستام و وانە دەڵێمەوە.

فەقێ لوقمانیش وتارەکانی جوان و توند و خۆم ئاسا به شیڕە شیڕ بوو هاهاها

بەلاغەت و فەساحەت و هونەری دەربڕین و ئەتەکێتی وتاربێژی باش بوو و هەردووکمان سەرەتا لە حوجرەی یەکگرتوو دەمان خوێند، وەلێ لە ژێرەوە زیاتر مەیلمان بۆ کومەڵی ئیسلامی و عەلی باپیرهەبوو. من و ئەو فەقێ لوقمانە پێکەوەش قورئانمان لەبەردەکرد لە حوجرە و قوتابخانەی(محەمەدیه، بۆ زانستە شەرعیەکان). من هەموویم لەبەرکرد و ئەویش وابزانم تا پانزە جوئێک ڕۆیشت و ئیتر هەڵە نەبم وەستا.

وەک وتم من و فەقێ لوقمان ڕەوانبێژ و وتاربیژی و شتمان باشبوو، دەنا فەقێکانی تر هیچی وایان تێدا نەبوو وەک ئێمە وتاری خۆش و بەهێز، یان لە وتارداندا زاڵ بن.

کاکە بە خوای ئەو خەڵک و عەوامە، بە تایبەتی لایانگر و ئەندام و جەماوەری بزوتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی، حەزیان لەو جۆرە وتارانەبوو کە پڕی جوێن و قسەی ڕەق و توند بوو لە بەرامبەر حکومەت و خەڵکی مەیخۆر و گۆرانی بێژ و سیکۆلار و مەسیحی و قەشە و کێ و کێیتری دەرەوەی بازنەی ئیدەلۆژیا و بیروباوەڕە ئیسلامیستەکەی خۆیان و دەیانگوت فڵان مەلا بە غیرەتە و ناترسێت.

من خۆشم وام دەگوت. فەقێی تریش کە هاوڕێم بوو، دوایی بوو بە داعش و ڕۆشتە سوریا و لەوێ کوژرا. هەشیان بوو چووە سەرمەزهەبی مەلا کرێکاری و دواتر لە ئاسایش ماوەیەک گیرا، هەروای دەگوت. من سەرەتای فەقێیاتیم، ئەو مەڵا و وتاربێژ و واعیزانەم زۆر خۆش دەویستن، کە لە وتارەکانیان توند و لە بیر و باوەڕ توندڕۆبوون.

با زۆر درێژەی پێنەدەین و بێینەوە سەر مەسەلەی دوو ڕۆژنامە نووسە کافرەکە !

هەڵبەت من دانەیەک لەو دوو ڕۆژنامە نووسە، تەنها لە مزگەوت هەرهێندەم بۆ ڕێککەوت کە تەوقەیەکی لەگەڵدا بکەم و تەواو، ئیتر.

ئەو پیاوەیتریان تەعزییەک لە دێیەکە هەبوو، من قورئان و فاتیحام دەخوێند، دەم دەمیش پشووم دەدا. لەپاڵم دانیشتبوو، قسە و گفتو گۆی فیکری و سیاسیمان دەکرد. حەققەت زۆر شارەزا و لێهاتووبوو و جوان باسی ئێران و ڕۆژئاوا و بابەتی عەولەمە و تەکنەلۆژیا و شتی دەکرد.

ئیتر دوای ئەوەی گوتیان بێیتەوە ئەو دێیە، پشتت لە زگت نەرمتر دەکەین.  جارێکیتر من توخنی ئەو دێی گەڵۆزییە نەکەوتمەوە. تەنها ئەوە نەبێت، کە هەموو جار کاتێک بەڕێگای کەرکوک دەڕۆم بۆ سلێمانی و لە ڕاست گەڵۆزی یادگارییەکانم دێنەوە یاد و تێر تێر پێدەکەنم.

ئەوەبەسەرهاتی من بوو لەگەڵ ئەو دوو ڕۆژنامە بەڕێزەی کە ئێستا نازانم چیان لێهاتەوە !

ئایە گەڕانەوە سەر کافریێتی پێشوویان و وەک من، بە یەکجاری دەستیان لە نوێژ و مزگەوت و ئایین و شت هەڵگرت هاهاها یان سەرەنجام بوونە دوو کەسی فول دۆگمایی و فێندەمێنتاڵیستی تەمام عەیار ؟

هەڵبەت وشەی کافریم لێرە وەک تەنز و جڕت بۆ ئەو قۆناغە هەرزەییەی فیکری ئەوسام بەکارهێناوە.

گەرنا من، دوای ئەوەی هۆشیار بوومەوە و بووم بە کەسێکی (لائیک)، وشەی کفرم بە تەواوی لە فەرهەنگ و بیرکردنەوەی خۆم دا سڕییەوە.

لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم: ئایینداری زۆربەی ئاییندارانی نێوبازنەی هەموو ئایینەکان، هەمووی لە ڕێگەی عاتیفە و بۆماوەیی و ڕێکەوتی جوگرافییەوەیه. زۆر کەمن، ئەوانەی لە ڕێگای لۆژیک و بەراوردکاری نێوان ئایین و فەلسەفەکان و بیرکردنەوەیەکی ئەقڵانی و زانستیانە و بابەتیانە، بوون بە هەڵگری ئاینێکی دیاریکراو.

هەمووی باوک و دایکی، یان ئەندامانی خێزانەکەی، عەشیرەت و دێهات و گەڕەک شارەکەی، وڵات و دەڤەرەکەی، هەڵگری فلان ئایین و فیسار مەزهەب و ئەم بیر و باوەڕ و ئەو ئیدەلۆژیان، بۆیە ئەمیش.

بەو شێوەیە،  ئەنتوان ڕۆکینتانی عەدەمی بەدەست گرێی هێڵنجەوە دەتلێتەوە و هێڵنجی لەهەموو شتێک دەبێتەوە و

کەوتووەتە ناو تونێڵی هێڵنجێکی کۆشێنەر و دەروون پڕۆکێنەر و ئاسۆیەک نابینێتەوە، تا لەو هێڵنجە دەروونییە بە ئازارە  قورتاری بکات.

سەرەڕای ئەو هێڵنجەقورس و دژوارەیش ئەو حەزی لێیه گوێ لە گفتوگۆی خەڵک بگرێت و پشکنین بۆ  کردەوەکانیان بکات. بۆیێ بڕیاردەدات وەک پڕۆژەیەک دوای ئەوەی داوای لێدەکرێت پەڕتۆکێک لەسەر ژیانی “مەرکیز دور ڕۆلبۆن” بنوووسێت و لەپاڵ ئەوەیش یاداشتی ڕۆژانەی ژیانی لە تێنووسێکدا دا تۆماربکات.

ئەو، ئیدی لە شارە خەیاڵیەکەی بۆفێل  دەست بە نووسینی یاداشتەکەی دەکات و وەک خوێنەر و لێکۆلەرێک و نووسەرێک، لە پارک و کافێ و پەڕتووک خانە و مۆزەخانەی شاردا دسوڕێتەوە و لە دیمەنی شەقام و مرۆڤ و ژیان دەکەوێتە تێڕامان و دەنووسێت و پێداچوونەوە بە نووسینەکەی  دەکات و دێڕێک زیاد دەکات و دوو وشە دەسڕێتەوە و ڕستەیەک پاڵفتەدەکات و جێ گۆڕکێ بەو چەمک و، ئەو واتا دەکات و دەکەوێتە بیرکردنەوە بۆ دواتر، کە دەبێ چی بکات و چی نەکات؟

بەو چەشنە ڕۆکینتان ئەوماوەی لە بۆفێل دەمێنێتەوە، لە ورد و درشتی ئەو شارە و ژیان و مرۆڤ وردەبێتەوە و سەیری هاتووچۆکەران دەکات لەسەر شەقامەکانی شار و سەرنجی دیواری فرۆشگا و دیمەنی باخ و کافێکان دەدات و بە قوڵی له هەموو جوڵەیەک قاڵ دەبێتەوە.

تابتوانێت خوێندنەوەیەکی تایبەت و قووڵ  بۆ دەور و بەر و شتەکان بکات و قسە لەسەر تێڕوانین و لایەنی دەروونی و مێشک و سرووشت و میزاج و حەزی مرۆڤەکان بکات و بە وردی و بابەتیانە و زانستیانە، لەبارەیانەوە بنووسێت و هەموو شتێک بە لۆجیکی خۆی شلۆڤەبکات و بیانخاتە ژێرنەشتەری ئەو لۆژیکە هێڵنجاوییەی خۆیی و لەسەر بنەمای لۆژیکی بێزاری قسەیان لەسەربکات.

ئیدی بە قووڵی ڕۆدەچێتە بیرکردنەوە،  تابیسەلمێنێت ئەو هێشتا لەو ژیانە پووچەدایە و نەمردووە !

“من بوونەوەرێکم، بیر دەکەمەوە، کەواتا من هەم ….”.

ئەنتوان ئەوکارە و نووسین دەکات، نەک لەپێناو ئەوەی مەبەست لێی نووسین بێت، بەڵکوو تا لەو هەستە تاڵ و تەنیاییە دەروونیەی تێی کەوتووە ڕزگاری بێت، یاخود هەر هیچ نەبێت ئەو خۆخەریکردنەی بە نووسین، کەمێک لە باری ئازارە ڕووحی و فشارە دەروونییەکەی کەم کاتەوە و لەو ڕێگایەوە ڕوو بە ڕووی  سەختی و عەبەسییەتی ژیان ببێتەوە و ئەو ئلتیهابە فیکرییەی چارەسەربێت و ئەو دڵ گوشینە یەخەی بەردات.

چونکوو بۆ ئەو نووسین هیچ بەها و پیرۆزی و گرنگییەکی نییە. ئەو هەموو شتێک لەتێڕوانینیدا پووچە.

بۆیە ئەو، وەک ئەرک و پرۆژە نووسین ناکات. بەڵکوو دەیەوێت لە ڕێگای نووسین و خۆخەریککرنی بەو کتێبەوە، ئەو قەڵەقی و هەستە کابووساویە لە خۆی دوور بخاتەوە و خۆی لەو هێڵنجە دەروونییەی ناوەوەی خاڵی کاتەوە و ئارامی ڕۆحی و دەروونی بۆ بگەڕێتەوە.

ئەو هەرکاتێک  هەست بەوە بکات لە هەستە هێڵنجاوییەکەی چاک بووەتەوە، دەست بەرداری نووسین دەبێت و دەچێتە خەوێکی ئارام و قوڵەوە و دەڵێت”دەخەوم  من چاک بوومەوە”.

وەڵێ ئەفسووس ئەو سەرەڕای گەڕان و تێکەڵ بوون بە خەڵک، ئەو کابووسی هەستکردن بە تەنیاییە، وازی لێ ناهێنێت !

“دۆخەکە خەراپە زۆر. من هەست بە خەراپی دەکەم. ئەو بێزەوەرییە، ئەو هێڵنجە، ئەو جارە شێوازێکی نوێیە. لە کافێکە بووم، تووشم بوویەوە !”.

ئەو هەستە ناخۆشە وای لێدەکات دووای نووسینی چەند لاپەڕەیەک، دەست لە نووسین هەڵبگرێت !

ئیتر نە یاداشتی ڕۆژانەی ژیانی خۆیی و نە ئەو کتێبەیش کە ئەدیب و ڕۆشنبیرێک داوای لێدەکات لە بارەی ژیانی”مارکیز دۆر ڕۆلبۆن”ی ئەرستۆکراتی فەڕەنسی سەدەی١٨ بنووسێت.

هیچیان تەواو ناکات و بە نیوە ناچڵی دەستیان لێ هەڵدەگرێت.

ئەو نووسینەی وەک یاداشتێکی ڕۆژانەی نووسیویەتی. لە پڕۆژەی کتێبکدا خۆی دەبینێتەوە و ناوی پەڕتۆکەکەیش دەنێت”هێڵنج”و لەوبارەوە دەڵێت :”کۆمەڵانی خەڵکی ئەو ڕۆمانەی دەیخوێننەوە و دەڵێن ئەنتوان ڕۆکینتان ئەوەی نووسیوە..”.

ئیدی ئەو یاداشتەی گەشتی ژیانی ئەنتوان ڕۆکینتان”سارتەر”، خۆی دەبێتە ئەو ڕۆمانەی قسەمان لەسەرکرد.

دووای “هێڵنجیش”حاڵەتە هێڵنجاوییەکەی ئەنتوان ڕۆکینتان، هەر بەردەوامی دەبێت و ئەو هێڵنج لە شەقامەکان، لە شار، لە پەڕتووکخانە، لە مرۆڤ،  لە نووسین و هەمووشتێک دەکات.

 ئەو هەستە ناخۆشە یەخەی بەرنادات و جێی ناهێڵێت.

سەرەڕای قورسایی دۆخەکە ئیدی ڕۆکیتان ناچار دەبێت بچێتە ژێر ئەمری واقیع و لەگەڵ ئەو هێڵنجه خۆی ڕابێنێت. سەرەنجام دەگات بەو بڕوایەی کە ئەو هێڵنجە دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی و کەینوونە و ژیان و بوونی ئەو و تازە وا زوو لێی جیانابێتەوە.

“هێڵنج جێم ناهێڵێت، هەست ناکەم بەو خێراییە و وازوو جێشم بێڵێت. بەڵام چیتر بەرگەی ڕوبەڕو بوونەوەی ئازارەکانی ناگرم. چیتر ئەو نەخۆشی نییە، بەڵکو ئەو منم”.

بۆ دەرچوون لەو تونێلە تاریکەدا، شاری بۆفێڵ بەرەو پاریس جێ دێڵێت و لەوێ دەچێتە هۆڵی هونەری و گوێ لە مۆسیقادەگرێت. وەک دەربازبوون لەو دۆخە دۆزەخییەی تێیکەوتووە و هەستدەکات هونەر تاقە ڕێگەیە بتوانێت یارمەتی بدات و لەو هەست و هێڵنجاوییە فریای بکەوێت و ئارامیْ ڕۆحی و دەروونی بۆ بگەڕێنێتەوە.

ئەو ئیتر دەیەوێت لە جیاتی نووسین و بیرکردنەوە، بە مۆسیقای جاز چارەسەری هێڵنجەکەی و حاڵەتە دەروونییەکەی بکات.

ڕۆکیتانی پاڵەوان وەنەبێت کەسێکی ڕەش بین، یاخود دژە ژیان بێت. به پێچەوانەوە ئەو ئەوپەڕی هەوڵی خۆی خستەگەڕ تا لە هۆکاری ئەو دۆخە دەروونی و هێڵنجە سایکۆلۆجییەی کە گیرۆدەی ببوو چارەسێک بدۆزێتەوە و ڕزگاری بێت.

بۆ ئەمەیش کۆمەڵێک ڕێگای تاقی کردەوە، وەک خوێندنەوە و بیرکردنەوە و نووسین و گەشت و گەڕان و دووایینیان مۆسیک.

تا دووباره لەو هێڵنجەی لێی ببوو بەگرێ کوێرە و بۆی نەدەبوویەوە و لێی حاڵی نەدەبوو تێبگات !

تاچارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە و تێکەڵ بە ئاوەدانی و خەڵک و ژیان ببێتەوە و ئەو نامۆبوون و تەنیایی و  هێڵنجە یەخەی بەربدات.

وەڵێ ئەفسووس، مرۆڤ هەرچەند هەوڵی نەجات بدات سودی نییە، وەک خۆی دەیڵێت”

هیچ سودی نییە، مرۆڤ هێڵنج دەوری دەدات، وا دەبیندرێت ئەوە چارەنووسی مرۆڤ دەبێت لە ژیان”.

ئەو پیاوێکی عاشق بوو، خۆشەویستی هەبوو(ئانی). ڕۆکینتان بەرەوام لەگەڵ یادگارییەکانی دەژیا و بیری لەو چرکە ساتە خۆشانە دەکردەوە کە لەگەڵ خۆشەویستەکەی پێکەوە بەسەریان دەبرد.

ئەو، ئاواتەخوازبوو دووبارە بە دیداری بگاتەوە و ژوانی لەگەڵ ببەستێت و هەرەها باسی لەوکاتانە دەکرد کە خۆی لە وڵاتی جیبۆتی و ئانی لە عەدەن بوو.

ئەو، لەسەرەتا و تا کۆتایی چیڕۆکەکە، باس  لە خۆشەویستەکەی ئانی و، یادگارییەکانی و وردو درشتی ژیانی دەکات  و لەو جیابوونەوە تاڵ و بەئازارەی نێوانیان دەدوێت.

جیاوبوونەوەک کە زام و برینێکی ساڕێژنەکراوی هەمیشەیی لە دەروونیدا جێهێشت و ڕۆحی خستەئازارێکی بە سوێی نەبڕاوە و هەموو خەونەکانی تێک و پێک شکاند و ئاواتەکانی لە گۆڕنا و ڕێڕەوی ژیانی گۆڕی و گشت بەختەوەری و ئارامی و ئاسوودەیی و چێژێکی ژیان لەگەڵ جیابوونەوە لە ئانی لێی جیابوویەوە و هیچ لە کەسایەتی و بوونی نەمایەوە، جگە له پیاوێکی تەنیا و سەرگەردان و نامۆ و هێڵنجاوی و دابڕاو گۆشەگیرنەبێت.

ماوەتەوە بڵێم:

هێڵنج، بەرجەستەکەری دیدەنیگا و جیهان بینی و تێڕوانینە عەبەسیەکەی سارتەرە لەمەڕ بوون و گەردوون و ژیان و مرۆڤ و سارتەر  لەڕێگای کارەکتەری(ڕۆکینتان ئەنتوان)، فەلسەفە عەبەسییەکەی خۆی لە هێڵنج دا دەخاتەڕوو. “من کلیلی کەینونە و بوونی خۆم دۆزییەوە، کلیلی هێڵنجەکەم، کلیلی خودی ژیانم. لە ڕاستیدا ئەوەی لە دواییدا بە دەستم هێنا وەک ڕزگاربوونێک لەو عەبەسییەتە سەرەکیەدایه”.

هێڵنج وەک گەشتێکی سەختی ڕوکینتان ئەنتوانە. گەشتێک گوزارشتە لە ڕەتکردنەوەی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و لۆژیکی بوونی گەردوون و ڕووداو شتەکان و دووپاتکردنەوەیه لە فەوزایی بوونی وجوود و بێ مانایی ژیان.

سارتەر له هێڵنجدا دەیەوێت پێمان بڵێت لە هیچ و بێ مانایی و عەدەمەوە هاتووین بۆ ژیانێکی بێ ماناو بە پووچگەرێتی دەوردرا و  بەرە و عەدەمێکی بێ ماناو پووچیش دەڕۆینەوە و دەبینەوە بەهیچ و عەدەم.

هێڵنج پێمان دەڵێت خۆتان فریو مەدەن بەوەی ئەو ژیانە شوێنی ژیان و خۆشی و ئاسوودەیی و دڵنیاییە.

هەرگیز، لەو ژیانە،  مرۆڤ بە ئارامی و بێ هێڵنج و دوور له دڵەڕاوکێ و بێزاری ناژیت و ژیان بە عەبەسیەت و ئازار و نەهامەتی و تراجیدیا دەورورداوە و مرۆڤ کائینێکی خەفەتناک و گۆشەگیر و دابڕاوە و تەنیایی بوون سیمایەتی و هیچ ئایین و ئایینزا و ئایدۆلۆژیا و فیکر و ئایدیا و فەلسەفە و زانستێک و هیچ شتێک لە توانای دا نییە ئەو عەبەسیەت و ئازار و نەهامەتییەی ژیان لابەرێت و واتا بۆ ئەو ژیانە پووچ و بێ مانایە بدۆزێتەوە.

ئەی چارەسەر چییە وەک حەلێکی بوونگەرایی و  وجوودی بۆ ئەو وجودەی سارتەر لای پووچ و عەبەساوی و  بێ مانایە!؟

سارتەر لە ڕێگای پاڵەوانە نهلیستەکەیەوە، پێمان دەڵێت هەروەندەمان لەدەست دێت لەو ژیانە بێ ماناو پووچەیه، لە ڕێگای ئەدەب و  هونەر و مۆسیکەوە، تۆزێک ئارامی بۆ دەروون بگەڕێنینەوە و گەر تاقە دەروازەیەکی خەلاس و ڕێگایەکی ڕزگاربوونیش هەبێت، ئەوە جگە لە ئەدەب و هونەر و مۆسیک، چیتر نییە بتوانێت ببێت بەو هێزەی بەسەر نیگەرانی و قەڵەقە وجودییەکاندا زاڵ بێت.

………

شەماڵ بارەوانی




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(40).. شەماڵ بارەوانی

بەشی چل

فەقێیەکی ئیخوانی و دوو ڕۆژنامە نووسی کافر..!

لەو دێی گەڵۆزییەدا، کە لە بەشی پێشوو باسم کرد، پیاوێکی ئیسلامی، کە زۆر هاوڕێ بووین، گوتی:مامۆستا دوو بێ دین، دوو ڕۆژنامەنووسن، لە هەموو ژیانی خۆیاندا نەهاتوون بۆ مزگەوت، جەلالی و بێ باوەڕن، لە کەرکوک، لە ڕۆژنامەیەک دەنووسن و کاردەکەن.

تازه وا خەریکە خودا هیدایەتیان دەدات و هێدی هێدی دەستیان کردووە بە نوێژ و دانەیەکیان جار جار دێت بۆ مزگەوت.

گەر تۆ بتوانیت کاریگەرییان لەسەر دروست بکەیت و بەڵکو بەرەو بیر و باوەڕی خۆمانیان بهێنیت و دەعوەیان لەگەڵدا بکەیت.

گوتم:چۆن بتوانم ئەوە بکەم؟

گوتی:سەردانییان بکە و قسەیان لەگەڵ بکە. گوتم زۆر باشە، مادام هەندەک بڵاوکراوە و نامیلکە و شتی ئیسلامیانەی خۆشمانم لایە و بۆیان دەبەم.

گوتی:ئەوە هەر زۆر باشە.

ڕۆژی هەینی هات و من لە وتار، کە سەری ساڵ بوو، وتارەکەم تایبەت بە لە دایکبوونی مەسیح بوو و خراپ دابەزیمە سەر کرێسمس و جەژنی سەری ساڵ و مەسیحیەکانم بە گومڕا و لادەر و کافر وەسفکرد و گوتم وەڵاهی، سومە وەڵاهی، سومە وەڵاهی، مەسیح لە ئێوەی خاچ پەرست و بەراز خۆر بەرییە.

کۆمەڵەک ئایەت و ڕیوایەت و شتی ئیسلامیم هێنایەوە سەبارەت بە مەسەلەی سێکوچکەی ( باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز) و ئاگر لە دەمم دەباری و خراپ دەم شیڕاند و تا هێزم تیابوو دەنگم بەرزدەکردەوە و لەگەڵیشد جوڵەم بە دەستەکانم دەکرد.

کاتێک وتارەکە تەواوبوو.

ڕێکەوتێکی چەند سەیربوو !

من خۆم بە تەمابووم بڕۆمە سەردانیان و بەو مێشکە بچووکە و ئەقڵیەتە سەخیفەی ئەوسام، عەلەساس دەعوەیان لەگەڵدا بکەم و بییانکەم بە ئیخوانی.

دانەیەکیان دوای وتارەکە، هات و تەوقەیەکی گەرمی لەگەڵدا کردم و گوتی مامۆستا دەبێت لەگەڵ من بێیت.

لە دڵی خۆمدا گوتم: ئۆخەی، بە خوای لۆی گرتم و دەرفەتەکی زۆر باشه لۆ دەعوەکردنێ. من توم لە عاسمانێ دەویست، کەچی تۆ لە عاردی و بە پێیەکان خۆت، هاتووتیەت بەردەستەکانم.

ڕۆیشتم لەگەڵ کاکەی ڕۆژنامە نووس. لە ماڵێ گوتی:مامۆستا بەڕاستی وتارەکەت زۆر جوان و بەهێزبوو.

تۆ لە داهاتوو دەبیت بە مەلایەکی زۆر زیرەک و جیاواز. بەڕاستی مەلای تر، لەگەڵ ڕێزم هیچی وایان پێ نییە و مرۆڤ هەر تاقەتی نییە گوێیان بۆ بگرێت.

کەوا مەدحی کردم، خەریکبوو باڵ بگرم و بفڕم لە خۆشیان و تابڵێیت کەیف بەخۆم هات.

جامن تەبیعاتێکم هەبوو، بەشێکی فەقێکانی تریش وابوون، حەزمان لێبوو لە وتار خۆمان فشکەینەوە و بگۆڕێنین و شیڕه شیڕ و قسەی قەڵەو بکەین و لاسایی فلان مەلای ئیسلامی بە هات و هاوار و فیسار مەلای تری وتار ئاگرین بکەینەوە، تا خەڵک بڵێن وای ماشااللە لەو مەلا زیرەکەی، کوڕە وتارەکانی چەند خۆش و بە قووەتن هاهاها

جامن، هەموو جار کەوتار تەواو دەبوو، بە خەڵکەکەم دەگوت: وتارەکەم چۆن بوو؟ بە دڵتانبوو؟ ئەرێ بەلاتانەوە خۆش بوو؟

هاهاها

ئینجا دوای ئەوەی ڕۆشتمە ماڵی ڕۆژنامە نووسەکە.

هاتمەوە هەولێر و حوجرە و گوتمە فەقێیەکان، ئەوڕۆ، ڕۆژنامە نووسێک زۆر مەدحی وتارەکەی کردووم و خۆم هەڵدەکێشا و فەخفەخەم لێدەدا، یانی من زۆر موهیمم نەک هەر خەڵکی عەشایەر هەمووی زۆریان وتارەکانی من لا دڵگیر و خۆشە، تەنانەت ڕۆشنبیر و ڕۆژنامە نووس و نووسەرەکانیش.

حەققەت واشبوو، من لە نێوان فەقێکان دەتوانم بڵێم تاقە فەقێ بووم، وتارەکانم هێندە دەچووە ناو دڵی خەڵکەوە، فەقێ لوقمان برادۆستیشمان لەگەڵ بوو، خەڵکی سیدەکان و ئەو ناوە بوو، کە زۆر هاوڕێ بووین.

دوای ئەوەی ئەو کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی(سلێمانی) و منیش کۆلێژی زانستەئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەدین(هەولێر)م تەواوکرد و ڕۆشتین بۆ شاری وان، لە باکوری کوردستان و ئەو لە زانکۆی(یوزونجیل) من لە کۆلێژی( ئیلاهیات) و بەشی فەلسەفە، ماستەرم لە فەلسەفەی ئیسلامی تەواو کرد. ئەویش ماستەر لە (زانستی فەرمودە) و پار پێی گوتم کە ئێستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەدین مامۆستام و وانە دەڵێمەوە.

فەقێ لوقمانیش وتارەکانی جوان و توند و خۆم ئاسا به شیڕە شیڕ بوو هاهاها

بەلاغەت و فەساحەت و هونەری دەربڕین و ئەتەکێتی وتاربێژی باش بوو و هەردووکمان سەرەتا لە حوجرەی یەکگرتوو دەمان خوێند، وەلێ لە ژێرەوە زیاتر مەیلمان بۆ کومەڵی ئیسلامی و عەلی باپیرهەبوو. من و ئەو فەقێ لوقمانە پێکەوەش قورئانمان لەبەردەکرد لە حوجرە و قوتابخانەی(محەمەدیه، بۆ زانستە شەرعیەکان). من هەموویم لەبەرکرد و ئەویش وابزانم تا پانزە جوئێک ڕۆیشت و ئیتر هەڵە نەبم وەستا.

وەک وتم من و فەقێ لوقمان ڕەوانبێژ و وتاربیژی و شتمان باشبوو، دەنا فەقێکانی تر هیچی وایان تێدا نەبوو وەک ئێمە وتاری خۆش و بەهێز، یان لە وتارداندا زاڵ بن.

کاکە بە خوای ئەو خەڵک و عەوامە، بە تایبەتی لایانگر و ئەندام و جەماوەری بزوتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی، حەزیان لەو جۆرە وتارانەبوو کە پڕی جوێن و قسەی ڕەق و توند بوو لە بەرامبەر حکومەت و خەڵکی مەیخۆر و گۆرانی بێژ و سیکۆلار و مەسیحی و قەشە و کێ و کێیتری دەرەوەی بازنەی ئیدەلۆژیا و بیروباوەڕە ئیسلامیستەکەی خۆیان و دەیانگوت فڵان مەلا بە غیرەتە و ناترسێت.

من خۆشم وام دەگوت. فەقێی تریش کە هاوڕێم بوو، دوایی بوو بە داعش و ڕۆشتە سوریا و لەوێ کوژرا. هەشیان بوو چووە سەرمەزهەبی مەلا کرێکاری و دواتر لە ئاسایش ماوەیەک گیرا، هەروای دەگوت. من سەرەتای فەقێیاتیم، ئەو مەڵا و وتاربێژ و واعیزانەم زۆر خۆش دەویستن، کە لە وتارەکانیان توند و لە بیر و باوەڕ توندڕۆبوون.

با زۆر درێژەی پێنەدەین و بێینەوە سەر مەسەلەی دوو ڕۆژنامە نووسە کافرەکە !

هەڵبەت من دانەیەک لەو دوو ڕۆژنامە نووسە، تەنها لە مزگەوت هەرهێندەم بۆ ڕێککەوت کە تەوقەیەکی لەگەڵدا بکەم و تەواو، ئیتر.

ئەو پیاوەیتریان تەعزییەک لە دێیەکە هەبوو، من قورئان و فاتیحام دەخوێند، دەم دەمیش پشووم دەدا. لەپاڵم دانیشتبوو، قسە و گفتو گۆی فیکری و سیاسیمان دەکرد. حەققەت زۆر شارەزا و لێهاتووبوو و جوان باسی ئێران و ڕۆژئاوا و بابەتی عەولەمە و تەکنەلۆژیا و

شتی دەکرد.

ئیتر دوای ئەوەی گوتیان بێیتەوە ئەو دێیە، پشتت لە زگت نەرمتر دەکەین. جارێکیتر من توخنی ئەو دێی گەڵۆزییە نەکەوتمەوە. تەنها ئەوە نەبێت، کە هەموو جار کاتێک بەڕێگای کەرکوک دەڕۆم بۆ سلێمانی و لە ڕاست گەڵۆزی یادگارییەکانم دێنەوە یاد و تێر تێر پێدەکەنم.

ئەوەبەسەرهاتی من بوو لەگەڵ ئەو دوو ڕۆژنامە بەڕێزەی کە ئێستا نازانم چیان لێهاتەوە !

ئایە گەڕانەوە سەر کافریێتی پێشوویان و وەک من، بە یەکجاری دەستیان لە نوێژ و مزگەوت و ئایین و شت هەڵگرت هاهاها یان سەرەنجام بوونە دوو کەسی فول دۆگمایی و فێندەمێنتاڵیستی تەمام عەیار ؟

هەڵبەت وشەی کافریم لێرە وەک تەنز و جڕت بۆ ئەو قۆناغە هەرزەییەی فیکری ئەوسام بەکارهێناوە.

گەرنا من، دوای ئەوەی هۆشیار بوومەوە و بووم بە کەسێکی (لائیک)، وشەی کفرم بە تەواوی لە فەرهەنگ و بیرکردنەوەی خۆم دا سڕییەوە.

لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم: ئایینداری زۆربەی ئاییندارانی نێوبازنەی هەموو ئایینەکان، هەمووی لە ڕێگەی عاتیفە و بۆماوەیی و ڕێکەوتی جوگرافییەوەیه. زۆر کەمن، ئەوانەی لە ڕێگای لۆژیک و بەراوردکاری نێوان ئایین و فەلسەفەکان و بیرکردنەوەیەکی ئەقڵانی و زانستیانە و بابەتیانە، بوون بە هەڵگری ئاینێکی دیاریکراو.

هەمووی باوک و دایکی، یان ئەندامانی خێزانەکەی، عەشیرەت و دێهات و گەڕەک شارەکەی، وڵات و دەڤەرەکەی، هەڵگری فلان ئایین و فیسار مەزهەب و ئەم بیر و باوەڕ و ئەو ئیدەلۆژیان، بۆیە ئەمیش.




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(39).. شەماڵ بارەوانی

بەشی سی و نۆ

بەو خوایەی کاکە مەلا پشتت لەزگت نەرم تر دەکەین..!

لە کاتی فەقێیاتی ماوەی چەندین ساڵ و لەچەندین مزگەوتی جیاواز، لەشار و لە دێ، لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و کەرکوک و دهۆک، وتارم داو مەلایەتیم بۆ خەڵکی کرد.

جا بەرلەوەی مانگی ڕەمەزانی هەموو ساڵێک، یان ڕۆژی هەینی بڕۆینە هەر شوێنێک بۆ وتار، ئەوە بەر لە ڕەمەزان و ڕۆژی پێنجشەممە(زانایانی یەکگرتوو)، سیاسیەکی حزبەکەیان بانگ دەکرد، تا لەو ڕەمەزانە، یان، هەینییە، چ شێوازێک پلان دابێنین و چۆن بتوانین وەعز و گوتاری ئاینیانەی بارگاوی بە سیاسەت و ئیدەلۆژیای حزبی ئیسلامی سیاسی ئاڕاستەی خەڵک بکەین و چۆن لە پشت پەردەی ئایین، سیاسەت بکەین و بتوانین سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا و ئەجێندای ئەو حزبە بە ناڕاستەوخۆ بە هەزار تاکتیک و شێواز بڵاوکەینەوە و بگەیەنین بەو خەڵکەی وتار و وعزیان بۆ دەدەین.

(زانایان) وەک وا ناویان لە خۆیان نابوو. زانایان و مەلایانی

یەکگرتوو، هەرجارە و وەک ئاماژەم بۆکرد، سیاسییەکی ئەو حزبەیان دەهێنا، جاری وابوو، پەرلەمانتار، یان ئەندامی مەکتەبی سیاسی، یاخود ئەندامی سەرکردایەتی، هەندەک جاریش خودی ئەمینداری ئەو حزبە، هەم کاتێک سەلاحەدین بەهادین ئەمینداربوو، ئەمیان دەهێنا، هەمیش کاتێک کە محەمەد فەرەج ئەمینداربوو ئەویش دەهات

بەو بۆنەیەوە،

ئەوە سەر وەختی ئەو پایزەبوو، کە بە هەڵە پێیان دەگوت (بەهاری عەرەبی !)،

هەڵەنەبم، من ئەوکات قۆناغی یەکی کۆلێژ بووم، لە دێیەک، هەم مەلایەتی ڕەمەزان و هەم هی جومعانیشم بۆ دەکردن.

وەک لەبەشی پێشوو ئاماژەم بۆ کرد، دێی(گەڵۆزی)، نێوان پردێ و کەرکوک، دەڤەری شێخ بزێنی و شوان و ساڵەییان.

لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان(شەریعە) دەمخوێند و لە حوجرەکەی مزگەوتی (حاجی بەدریە)یش دەمامەوە.

بۆ ئەو هەفتەیە، زانایانی یەکگرتوو، (هیوا میرزا سابیر)، هەڵە نەبم ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوو، باشم بیرنەماوە.

هێنابوویان. کاکە هیوا لە کۆبوونەوەکە، ئاڕاستە و ئیرشادی کردین، کە باسی ئەو بەهارەی عەرەبییە بکەین و گوتارێکی فول حزبی و سیاسی بۆ داین.

بیرمە، ئەو هەینیەی (حوسنی موبارەک)ی سەرۆکی کۆچکردووی میسر، لەژێر فشاری جەماوەری گۆڕەپانی تەحریردا، دەستی لە کارکێشایەوە.

منیش ڕێک ئەو هەینیه و دوای ئەو پێنجشەممەی هیوا میزرا سابیر، بە گوتاری سیاسی حزبیانە، بارگاوی و پڕ لە ڕق و نەفرەت و حەماسەت و تۆڕەیی کردین، لەسەر مینبەر گڕم گرتبوو و وەکوو پرێمز گەرم ببووم !

دەتگوت کادیر، یان وتەبێژی حزبێکی ئیسلامی سیاسیم، هاتوومەتە سەر مینبەر، نەک فەقێ و مەلاو وتاربێژ و واعیزێکی دینی.

ئاگر لە چاوەکانم دەباری و دەمگوڕاند و هاوارم دەکرد:نۆرەی هەموان دێت، دوێنێ بن عەلی و ئەمڕۆ حوسنی و بەیانیش پشتیوان بەخوا، قەزافییە.

ئینجا وەکو پولی دومینەی ئەوانەیتریش هەمووی یەک لە دوای یەک دەکەون و دەڕووخێن.

کورسی لۆ فیرعەون و نیرۆن و لویزی شانزەهەم و هیتلەر و سەدامیش نەما.

هاوارم دەکرد( واللەلَوْ بَقا لِغَیْرِكَ، ماوَصَلَ ٳلَیْكَ)،

مەبەستم کورسیم بوو.

من چەندە فەقێیەکی گێل بووم !

باشە خەڵکی توزانی نیرۆن و لویزی چواردە و پازدە و شازدە کێیە!

ئەو دێیە، دێیەکی زۆر گەورەبوو، چوارسەد ماڵێک دەبوو. دوو بارەگای حزبی تێدابوو.

دانەیەکیان هی(پارتی دیموکراتی کوردستان) و ئەوەکەیتریش هی (یەکێتی نشتیمانی کوردستان)بوو.

هێرشێکی زۆر توندم کرد و وتارێکی فول ئاگرین و سیاسیانەم بۆ بەرژەوەندی ئیسلامی سیاسی، لەو دێیه خوێندەوە و ڕۆیشتمەوە بۆ هەولێر.

ڕۆژی دواتر، تێلم بۆ هات لە دێ، لەلایان مەلا(ز. گەڵۆزی)ییەوە. ئەو لە ماجستێر دەیخوێند لە بەغدا، بۆیە من لە شوێنی ئەو ڕۆشتبووم بۆ ئەو دێیە، تا ئەو ماجستێرەکەی تەواو دەبێت.

کاکە مەلا، زۆر هاوڕێشم بوو و ئەو ماوەی لە سلێمانی فەقێ بووم لە قوتابخانەی ئیسلامی(غەزالی)کە لەناو مزگەوتەکەی(حەمەی حاجی ڕەشید )بوو، مەلا(ز) مامۆستابوو و وانەی پێدەگوتین.

جامن لەو دێیە زۆر لە ماڵی ئەوان و براکانی دەمامەوە و نانم دەخوارد و دەخەوتم و بەڕاستی وەکو ئەندامێکی خێزانەکەیان و کوڕی خۆیان لێیان دەڕوانیم. ئەوان خانەوادەیەکی ئیسلامی بوون، ئەلحەق تابڵێیت باش و بەڕێزبوون و نمەکیانم کردووە، تامردن ئەو هەمووچاکەیەی کە لەگەڵیان کردووم لەبیری ناکەم.

سەرتان نەیەشێنم، کە مەلا(ز) پێی گوتم: کوڕە ئامان نەکەیت جارێکیتر بێیتەوە دێ. بەخوای دەتگرن !

گوتم لۆچی دەمگرن ! چیم کردووە؟ گوتی بەخوا بێیتەوە، بە کورتیەکەی و بە زاراوەیەکیتر پێی گوتم کە هێندەی یەک کەریت لێدەدەن.

دەزانی تو چیت گوتووە کاکە، فول لێت توڕەبوونە.

جا کە فەقێکان لە حوجرە لێیان دەپرسیم:لۆ نەڕۆشتیتەوە گەڵۆزی؟ منیش بۆ شۆخی پێم دەگوتن: کوڕە ناوێرم و پێیان گوتوومە توخنی ئێرە بکەویتەوە(پشتت لە زگت نەرم تر دەکەین) هاهاها. هەموان دەماندا قاقا.

بەخوا جا خۆ حەقیش بوو وام لێبکەن، کاکە من فەقێ و مەلا بووم و وەعزی ئایینم دەدا، یان کادرێکی سیاسی و وتەبێژی حزبێکی ئیسلامی سیاسی بووم و وتاری سیاسیم بۆ دەدان !

بەو شێوەیه ئیتر منی موجاهید و خوێن گەرم، لە ترسان نەموێرا هەرگیز، جارێکیتر بڕۆمەوە دێی گەڵۆزی




گێلە فەقێ..!-1-شەماڵ بارەوانی

بەشی(١)

هێسترۆلۆژی..!

ئێوارەیەکی پایزی ساڵی٢٠٠٩بوو، پانزەی مانگی ڕەمەزان بوو، لە مەلایەتی ڕەمەزانێ، لە دێی(بێ تەبیعات ئاوا) مەلابووم و خەریک بووم، وتارێکم لەسەر( موعجیزەکانی پەیامبەر) دەنووسی و کتێبێکم سەبارەت بەوە، بەناونیشانی(ألف معجزة من معجزات الرسول)، لای خۆم دانابوو. ئەو کتێبە، باسی لە هەزار موعجزەی پەیامبەردەکرد. خەریکی دەرهێنانی کۆمەڵێک پەڕچو بووم، بۆ وتاری بەیانی.

وەک: موعجیزەی ( ئیسرا و میعراج. لەت بوونی مانگ.

زۆر بوونی خواردن لەسەر دەستی پێغەمبەر. دەرچوونی ئاو لەنێوان پەنجەکانی پەیامبەر. گریانی دار خورمایەک بۆ پەیامبەر. سەلام کردنی بەردێک لە پەیامبەر..تاد.

وەک گوتم، من خەریکی نووسینەوە و ئامادەکردنی وتارەکەم بووم بۆ بەیانی.

لە نکاوڕا، دەنگێکی گڕ و سامناک هاتەبەرگوێم:

ها فەقێ فشەکەر چۆنی؟

ئەوە خەریکی چیت؟

کوڕە دەواز لەو خەڵکەی بێنن.

باشە بەمن ناڵێیت سودی ئەو بابەتە چییە بۆ کۆمەڵ، کە تۆ هەڵت بژاردووە بۆ بەیانی؟

ئاخ خودایە، تۆ سەیرکە، خەڵکی لە واقیع هەزار و یەک کێشەی هەیه، ئەو مێشک ژەنگاویەش هاتووە باسی هەزار و چوارسەت ساڵ پێش ئێستا و هەزار موعجیزە دەکات !

فەقێی گێڵ، (کتێبی هەزار کێشە خەڵک)ت خوێندووەتەوە؟

ئەی ڕۆمانی (گێلە پیاو)؟

بە دڵنیاییەوە چیرۆکی(گێڵە فەقێ)شت نەخوێندووەتەوە؟

گێلە فەقێ جا جگە لە مێژووی عەرەب و فیقهی عەرەبی و کتێبی عەرەبان، کوا شتی تر و فەلسەفه و بیر وباوەڕی تر دەخوێننەوە !

تو شەڕەفت ئەتوو کاتێک ئەقڵ دابەشکرا، هیچت بەرکەوت؟

کوڕە وەڵاهی وەبیلاهی وەتیلاهی، یان دیکارت درۆی دەکات و خودا ئەقڵی بە یەکسانی بە هەموو مرۆڤەکان نەبەخشییە، یانیش ئەو فەقێ و مەلایانە، هەر لە کاتی دابەشکردنەکە، لێیان ونبووە.

باشە مێشک خەرەفاوینە، ئەنگۆ مەوزوع خلاس بووە هەتا بێن و باسی موغەیرە و قەعقاع و خالدی کوڕی وەلید و کێ و کێیتری ناو مێژووی عەرەب بۆ کوردی بەستەزمان بکەن و وەکو سۆپەرمانەکەی نیچە و پاڵەوانێک بەو هەموو مەڕەی مزگەوتێ و خوا و خەڵکیان بناسێنن؟

تو ئەو مێشکەت، خۆ باشیش دەزانم کەر هەیبیتن، وەڵاهی ئەتوو نیتە، تۆ دەزانی موغەیرەی کوڕی شوعبە و خالید و قەعقاع کێ بوون؟

کوڕم ئەوانە لەو پرۆسە نەفرەتی و شاڵاوە داگیرکارییەی کە عەرەب فێڵبازانە و ئێوەی مەلا و فەقێ و فێندەمێناڵیستی کوردیش، نەزانانە و گێلانە، ناوتان لێناوە(فتوحات)، داک و کچ و خوشکی کوردیان، لە جەنگی گوڵاڵە و نەهاوەند و شارەزوور و کوێ و کوێیتر، وەک ئەو دواییەی داعشە دڕندەکان لە شنگال لەگەڵ کچە کوردە ئێزدانیەکان کردیان، دەکرد بە کەنیزە و کۆیلە و دەیانبردن بۆ نەجد و حیجازێ و خاک و شەڕەفی کوردیان داگیر و ئەتک و وێران دەکرد.

فەقێی خەرەفاو، هەی لەو فەهم و ئیدراکەت بەم، کە ئەویشت نییە.

هەی جاهیل و نەخوێنەوار. وەڵاهی تۆ دەڵێیت پسپۆڕیت لە فەلسەفەی هێسترۆلۆژی هەیە، هێندە هێسترانە بیردەکەیتەوە !

فەقێ تڕۆ، ئەو وتارەی ئەو هەفتەی ئەولاشتم گوێم لێبوو، کە بەو کوردە ئێزدایی و زەردەشتیانەی باب و باپیری خۆتت دەگوت: شەیتان پەرست و ئاگر پەرست و مەجوسی و، یەزدەکورد و ساسانیه کوردەکانت بە هەمان ئاوازی نووسەرە عەرەبی و ئیسلامیە دەمارگیرەکان، بە فارس ناودەبرد!

ئای لەو کوردە بۆرە و بەستەزمان و گێڵ و وێڵەی !

کوڕم، دەزانیت کە دەماخ پەڕۆترین نەتەوەی سەر هەسارەی زەوی کوردە؟

ئێ تۆ بینیوتە، لەو کوردە داماوتر و کەرترهەبێت؟ لەگەڵ ڕێزما !

باشە هیچ نەتەوەیەک هاتووە وەک کورد، پیرۆزی نەهاوەندی قارەمانی خۆی کرووە بە (ئەبو لوئلوئەی مەجوسی) و گۆڕی ئەو هەموو شەهیدە کوردانەی باب و باپیری خۆی، کە لەسەر خاک و شەڕەف و بەرگری کردن لە نیشتمانی خۆیان شەهید کراون. ناو بنێت گۆڕی مەجوس و ئاگرپەرست و کافرەکان و هی ئەو عەرەبە پێ پەتی و داگیرکارانەیش هاوەڵ و پاڵەوان و پیاو چاک و بۆ مراز حاسڵ بوون و چارەسەری نەزۆکی و نەخۆشی فتق و ژانە سەر و میز بەخۆداکردن و چی و چیتر زیاترەتیان بکات !

باشە گێلەفەقێ، تۆ دەزانی وشەی مەجوس لە چییەوە هاتووە؟

هەی جامانە گەورەی مێشک بچووک، مەگوسەکان، مۆغەکانن. ئەو مۆگانەی کە تیرەیەک لەو حەوت تیرەی ماد بوونەوە و باشترین چینی ماتماتیک زان و پزیشک و زانا و کیمیا زان و فەلەک ناس و کەشناس و خواناسی کورد بوونە و ئینجا هیچ کەسێک نەدەبوو بە پاشا لە ناوکوردان، مەگەر لای مۆگەکان خوێندنی تەواو نەکردبایە.

ئێستا تۆی نەزان هاتووی شوێن قنی ئەو تەفسیرە حیز و قسە پڕی لە ڕق و دەمارگیرانەی موفەسیر و نووسەرە ئیسلامی و عارەبەکان کەوتووتی و مۆگەکان دەکەیت بە مەجوس و ئاگر پەرست !

وەڵاهی کەرایەتی و گێلایەتی ئێوە، هەموو سنورێکی تێپەڕاندووە.

داروینی سەگباب لە تیوری(ئیڤۆڵەیشن) و سەبارەت پەرەسەندنەکەی هەڵەیەکی زۆر زلی کردووە، کە نەیگوت کورد لە جاشکە کەرێ پەرەیان سەندووە.

ئاخر ناحەقم کەواتان پێ بڵێم؟ دڵم پڕە، دڵم ژان دەکات. شەو ڕۆژ و بە درێژایی ماوەی هەزار و چوار سەت ساڵە بۆ حاڵی ئەو کوردە داماوە دەگریم و فیغان و ڕۆڕۆ دەکەم و فرمێسک دەڕێژم.

لەو ڕۆژەی ئیمپڕاتۆڕی میدیا ڕۆخاوە دڵم شکاوە، دووەم جاریش، کاتی ڕۆخانی ئیمپڕاتۆڕی ساسانیەکان هەمان شێوە، بۆ حاڵی ئەو کوردە سادە لەوح و داماوە، لە عەزابدامە و فرمێسکی به کۆڵ لە چاوەکانی من نەوەستاوە.

لەو ڕۆژەوە، لە خودا و مرۆڤایەی و هەموو شتێک یاخی و دڵشکاو ماتەم داربوومە، تا کوردیش نەبێتەوە بە دەوڵەت و ئیمپڕاتۆڕیەت، هەرگیز، جلی ماتەم فڕێ نادەم و ڕێگە نادەم هەرگیز، خەندە توخنی لێوەکانم بکەوێت.

ئەو کوردەی کە ئێستا لە لاوازترین و هەژارترین قۆناغی فیکریدایە.

ئەو کوردەی پشتی لە مێژووی باب و باپیرانی خۆی کوردووە و شوێن سێبەری مێژووی خەڵکی ترکەوتووەە و بووەتە داردەست و خزمەتکار و بوکەڵەی دەستی عەرەب و مەڕی دەستی پارس و سوخرەکێشی ئاڵی عوسمان.

کوڕم، یەک فەردە کتێبت لەسەر مێژووی دەوڵەتی: نەبەوی و ڕاشدی و ئەمەوی و عەباسی و سلجوقی و بوەیهی و فاتمی و عوسمانی و کێو کێی تری عەرەبی و تورکی و پارسی خوێندووەتەوە، کەچی یەک لاپەڕە لە مێژووی باب بیرانی خۆت، لە مێژووی سۆمەری و میدی و خوری و گوتی ولولویی و کاشی و ساسانیەکان شارەزایی و ئاگاییت نییە.

هەی فەقێی دەبەنگ، تۆ دێیت و بە دە وتار، باسی پاڵەوانێتی زەینەب غەزالیەکی عەرەبی و ئیخوانی و میسری بۆ کوردی داماو دەکەیت، کەچی بە یەک دێڕ لا لە بەکەنیزکردن و ئەتکردنی شەهرەبانووی خوشکی خۆت و کچی ئێزدی کوردی ئیمپڕاتۆڕی ساسانی ناکەیت، لەلایان فتوحات چی و داگیرکەرەکان.

هەی فەقێی فشەکەر، لە جیاتی ئەوەی باسی حەپسەخانی نەقیب و لەیلاقاسم و سینەم بەدرخان و قازی محەمەد و سەیدڕەزای دێرسمی و شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحمودی حەفیدو سمکۆی شکاک و ڕەفیق حیلمی و دەوڵەتی مادو دیاکۆ کەیخەسرەو ئەستیاگ بکەیت.

هاتوویت باسی زەینەب غەزالی و سوڵتان عەبدولحەمید و سوڵتان مورادو هارون ڕەشید و خەلیفەعەباسی و ئەمەوی و عوسمانی و ئیسلامیەکانی ترمان بۆ …بکەیت، سەفاح و قەعقاع و فلان و فيسارتری عەرەبی و ناو مێژووی عەرەب و دەیان داگیرکەری تری خاک و مێژوومان، زۆر چەواشەکارانە، وەک پاڵەوان و قارەمانگەلێک بە ڕۆڵە و نەوەی کورد بناسێنیت و یەزدەکورد بەرگریکارانی خاک و شەڕەفی کوردیش، لە جەنگەکانی قادسیە و گوڵاڵە و نەهاوەند و حەلوان.. وەک کافر و بێ بڕوا !

هاتووی تا مێژووی عەرەب، بەناوی ئایینەوە بکەیت بە مێژووی کورد و ڕۆڵەی کورد لە مێژووی باب و باپیرانی خۆی نەبان و نەناس بکەیت و دووریان خەیتەوە و دایانببڕیت و لەبیریان بەریتەوە !

ئائا باسی دەوڵەتی مەروانی و ئەیوبی و هاوشێوەکانیان بکە و بڵێ کوردبوونە، ئەو دەوڵەتانەی جگە لەپرۆژەی عەرەب و خزمەتکردنی مەزهەب و کلتور و هەموو شتێکی عەرەب، هیچ شتێکیان بۆ کورد نەکوردووە.

ئەوانەی وەک خۆت و هاوشێوکانت، کە تەنها دەتوانین وەک بەشێکی خزمەتکاری مێژووی عەرەب و لایەنە نێگەتیڤ و نەرێنیەکەی ناو مێژووی کورد سەیریان بکەین و پۆلێنیان کەین.

ڕۆڵە داوەشێیت، یاخوا، ڕەنگبێت باوکە خێر لەخۆنەدیو دڵپاکەکەت، کاتێک تۆ هاتیتە سەر دنیایێ دڵیشی پێ خۆش بوبێت !

ڕوڵە، خۆزیا باوکت بە چکە سەگێکی لێ پاشکەوتبوایە، نەک وجاخێکی لە جنسی تۆ.

خۆ هەر هیچ نەبێت سەگ وەفای بۆ خاوەنەکەی خۆی هەیه، بەڵام تۆ ئەوەشت نییە و هێندە سپلە و بێ ئەمەکیت لە بەرامبەر مێژووی باب و باپیرانت و شەو ڕۆژ، خەریکی مامەحەمەیی و گەوادیت بۆ مێژوو و کولتووری نەیارانی نەتەوەکەت.

ئاخر خودایە، من چۆن ئەو کوردە داماو و لە خشتەبردراو مێژوو و بوون دزراو بێ هۆشکراوە، حاڵی بکەم و بییانهێنمەوە هۆش، هۆۆۆۆش؟! قورسە خوایه قورس.




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(38).. شەماڵ بارەوانی

بەشی سی و هەشت

وەڵاهی کاکە مەلا، ئەتو ئەو ژنانەت هەموو لێهارکردینە..!

لە کۆمەڵی نێرسالاریدا. هەموو کاتێک. ژن لە نزمترین ئاستدا سەیردەکرێت. ڕوانگەیەکی زۆر نێرسالارانە و نێگەتیڤ و نامرۆڤانە لە هەمبەر ڕۆڵ و پێگە و کەسایەتی ژندا هەیە!

ئەو کۆمەڵگەیەی پیاوە نێرسالارەکان لە هۆشیاربوونەوە و بێداربوونەوی ژن دەترسن و ئازادی و کەرامەت و کەسایەتی ژنیان به پەرژینی نێرسالارانە و تەڵ دڕییەکی نامرۆڤانە دەورداوەو مێینەیان لە چوارلاوە، بە دیواری نێرسالاری تەوقکردووە و بۆمبی بیری نێرگەرێتیان لە هەموو لایەکی ژیانی مێ چاندووە و ژیانی ژنیان پڕکردووە لە هێڵ و حەرام و عەیبە و بڤە و تابوو و کوتەک و کابووسی نیرساڵاری.

کۆمەڵگەیەکی نەخۆش و لادەر لە پڕەنسیپەکانی مرۆڤ بوون. کۆمەڵگەیەک هێزی مەچەک و کوتەکی پیاو تێیدا باڵادەست و مێنتەڵێنتی پاتریاریکی هێز و بڕیاردەر و دەسپێک و هەموو شتێکە.

کۆمەڵگەیەک، پیاو تێیدا هەموو شتێکە. یاساو سیستەم، دابوونەریت، پێوەرەکانی ژیان، کەڵبەکانی خێڵ هەمووی لەبەرژەوەندیی پیاو دژی کەرامەتی ژن داڕێژراون.

کۆمەڵگەیەک، نزیکە بڵێین ژن هیچ نییە تێیدا و سفری دوای ژمارەکانە.

کۆمەڵگەیەک، ژن هیچ ڕۆڵ و بەهاو پێگەیەکی نییە. ژن جگە لە گوێڕایەڵیکردنێکی بێ لام و جیمی پیاو نەبێ، هیچیتر نییە !

کۆمەڵگەیەک، هەموشتێک لە دەست پیاوەوەیە، سوڵتە و سیاسەت، یاسا و خێزان، سامان و هەموو شتێک.

ژن لە پەراوێزی کومەڵگەدایە و وەک بوونەوەرێکی پلە دوو کەم ئەقڵ و کەسایەتیەکی پاسیڤ و دەستەمۆکراو لاواز و ساویلکە لێی دەڕواندرێت و بە پەتی ئەهریمەن و هۆکاری ئاژاوەی کۆمەڵ و هارکردنی گورگی هەوەسی پیاو و تێکدانی ڕەوشتی نێر و لادان لە بەهاکانی خێڵەکی دێتە ژمارتن !

کۆمەڵگەیەک، ژن تەنها وەک ئامرازێک بۆ حزمەتکردنی حەز و ئارەزووەکانی پیاو سەیردەکات ژن دەبێت لە دوای سیبەری پیاودا هەنگاو بنێت. دایمە پێگیری فەرمانەکانی پیاو بێت و بێ هیچ ناڕەزایەتی بوونێک ورد و درشتی لیستی داخوازییەکانی پیاو جێ بەجێ بکات.

کۆمەڵگەیەک، ژن وەک نەنگی و شەرمێک دەبینێت و وەک مرۆڤێکی ناکامڵ و پێنەگەیشتوو و پاشکۆی پیاو مامەڵەی ژن دەکات.

ژن لە کۆمەڵە ڕۆژهەڵاتییە نێرسالارییەکاندا، لە ململانێ و ناکۆکییەکی سەختی دەروونی قوڵدا دەژیت. ململانێیەک لەگەڵ ئەو کەسایەتییەی خۆی دەیەوێت. کەسایەتییەک ئازاد بێت لە هەموو کۆت و بەندەکانی نێرسالاری و کۆدەکانی کۆمەڵ. کەسایەتییەکی تریش، دەستەمۆکرا و چەوسێندراو، کەسایەتییەکی ژێردەستە و ماف خوراو سەربەستی زەوتکراو بەش خورا.

بەوچەشنە، کەسایەتی ژن هەر لە منداڵییەوە بەسەر ئەو دوو ئاڕاستە پێچەوانە و کەسایەتییە دژ بەرەدا دابەش دەبێت و بوونی دوو کەرت دەبێت.

لەلایەک دەیەوێت یاخی بێت لە پێناو ئازادی و کەرامەت و مافەکانی و خۆی ئازاد بکات لە کابووسەکانی کۆمەڵی باوک سالاری. لەلایەکەیتریش خۆی ڕادەستی چارەنووس و چەوسانەوە و بێ هێزی و دۆڕان دەکات و سەری ژن بوونی خۆی شۆڕدەکاتەوە کۆشی و دەستەو سان و بێ جۆڵە و هەوڵ و یاخی بوون و شۆڕش و خەبات لێی دادەنیشێت.

ئەو ناکۆکی و ململانێیەی ژن، ژیانی منداڵی، قوتابخانە و خوێندن، هاوسەرگیری لە هەموو ژیانی کۆمەڵایەتی بەردەوامی دەبێت و ژن دایمە لە ناخی خۆیدا لە نێوان ئەو بەرداشی یاخی بوون و تەسلیم بوونەدا ژیانی وێران دەبێت و کەسایەتی دەتلێتەوە و هەموو تەمەنی بە دەست ئازاری ململانێی ئەو دووکاسەیەتییەی ناخەوەی دەناڵێنێت و ئازار دەچێژێت.

ئەو کەسایەتییەی (نەوال سەعداوی) لە ڕۆمانی((دوو ژن لە ژنێکدا)) باسی کردووە.

کەسایەتییەکی بوێر و یاخی. کەسایەتییەک دایمە دنەی دەدات بۆ دەنگ هەڵبڕین و نەڕازی بوون و یاخی بوون. کەسایەتییەکەی تریشی کەسایەتییەکی ترسنۆک و بێ دەسەڵات و دۆڕا و شکست خواردوو. کەسایەتییەک کە بەردەوام تۆی وسوەسەی کۆیلێتی و دەستەمۆیی لە دەروونیدا دەچێنێت و ئاوازی خۆڕادەستکردن بە قەدەر و بەرەنگاری نەکردن بە گوێچکەکانی دا دەچرپێنێت و پێی دەڵێت چیتداوە لە چەمکی یەکسانی جێندەر و مافو ئازادییەکانی ژن ؟!

بەو سوپاس گوزار و ڕازی بە، کە پیاو پاروەنانێک و قومێک ئاوت بۆ دابین بکات و پێڵاو دەستەجڵێکت بۆ بکڕێت و چێشتخانەیەکی ڕێک و پێکت بۆ درووست کات و تۆیش ئاقڵ و بێ دەنگ و سەلامەت هەر خەریکی چێشتخانە بەو چێشتی خۆش لێ بنێ و وەچە بۆ مێردەکەت بخەوە و ئارەزوە سێکسیەکانی تێربکە و ژیانت لە نێوان چواردیواری زیندانی ماڵەوەدا بخوڵێنەوە.

ئێ چیترت دەوێت خانم گیان لەوە زیاتر؟ مەگەر بەترانی و بەڕەڵایی!

بەداخەوە، لەو زەقکردنەوەی بیری نێرسالاری و لێدان لە کەسایەتی ژن، وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف و کەرامەت و ئیرادە و ئازادی، بەشێکی پیاوانی ئایینی و مەلاکان تاوانبارن.

ئەو پیاوە ئایینی و مەلایانەی کە هەڵگری ئەقڵییەت و گوتارێکی نێرسالارانەن و دایمە لە وتار و وەعزەکانیان پیاوگەرێتی زاڵە.

بۆ نموونە هەرگاو، ئەو ڕیوایەت و مەقولە دینی و مەزهەبیانە دێننەوە، کە هانی هەستی نێرساڵاری و بە کەللەگاکردن و عەنتەرکردنی نێردەدات و لە پێگەی ژن و پیرۆزی ژن و چەمکی یەکسانی جێندەری دەدات.

وەک: – هەرپیاوێک داوای سێکس لەژنەکەی بكات، ژنە گەر لەکاتی کولێرە دروستکردنیش بیت، دەبێت ڕانی بۆ بەرزکاتەوە ونابێت هەرگیز، بڵێت: نایدەم !

گەرنا تابەیانی فریشتەکان لەسەر ئەو گان نەدانەی بە پیاوەکەی، نەفرەتی لێدەکەن

-ئافرەت کێم و ئادابی برینی مێردەکەی بڵستەوە، هێشتا هەر ناتوانێت مافی پیاوەکەی بدات

-زۆربەی دانیشتوانی دۆزەخ، چینی ژنانن

-ژن پەتی شەیتانییە

ژن، کەم ئەقڵ و کەم دینن

-زۆربەی پیاوان گەیشتن بە پلەی کەمال، بەڵام ژنان جگە لە ئاسیەی ژنی فیرعەون و مەریەمی کیژی عیمران و خەدیجەی کیژی خوەیلد نەبێت ئەوانی تر نەگەیشتن بە كەمال

-مەسەلەی بەهەشت و هەفتا و دوو حۆری و، پیاو بۆی هەیە تاچوار ژن بێنێت و !

-ژن بە خواری و لە پەراسووی پیاو دروستبووە و هەرچیشی لێبکەیت ڕاست نابێتەوە

-ژن و گوێ درێژ و سەگی ڕەش، بەبەردەم نوێژ دابڕۆن، نوێژەکە بەتاڵ دەبێت

ژنی داوێن پیس لە دۆزەخ بەمەمکەوەهەڵدەواسرێن

-ژن، دەنگ و قژ وڕەنگ و هەمووشتێکی عەورەتە

ژن نابێت ئەو جورە جل و ستایلە بپۆشێت، ژن دەبێت وا ڕێبکات، وا بخەوێت، وا بکات و وا نەکات

-ژن، ژن، ژن، ژن، ژن..

لەبەرامبەر ئەو هەموو بە ڕامبۆکردن و فشکردنەوەی نێر و گچکەکردن و بە کۆیلەکردن و به کەنیزەکردنەی ڕەگەزی مێینە، دەبینن هیچ شتێک بۆ ئافرەت دانەدراوە و تەنانەت بە پێی ڕیوایەت و کەلەپووری دینی و لای ئەو جۆرە پیاوانی ئایینی و تێگەیشتنە نێرسالانەیە، هەرچی محەمەد مەهدی و خەلیفە و والی و چی و کێیە، هەمووی هەر نێر و پیاون! تەنانەت دە مژدەدەری بەهەشت(عشرە المبشرە)یش، هەرهەمووی پیاون و یەک دانە ئافرەتیان تێدانییە.

وەک بڵێیت بە تەزکیە و واسیتەی پەیامبەر(د.خ)داندرابن !

لەوێ مەگەر دیسان ئاسیای کچی موزاحیم و کێ و کێیتر شوکرانە بژێوی خوداوەند بکەن، کە لە پیاوی یەکەمیان دەسەندرێنەوە و پێشکەش دەکرێن بەم و ئەو پیاو!

جاوەک وەک پێشووتر ئاماژەم بۆ کرد، فەقێکان لەمانگی ڕەمەزانێ دەرۆشتینە دێیەکان و مەلایەتی ڕەمەزانێم بۆ دەکردن.

من سەرەتا فەقێیەکی زۆر دژە ژن و مافی ژن و یەکسانی جێندەری بووم، بەڵام کاتێک هۆشیاربوومەوە، سەت و هەشتا پلە گۆڕام و هاتمەوە سەر سکە ڕاستەکەی مرۆڤایەتی و بە تەواوی و بۆ هەتا هەتایه، دەست بەرداری بیری نێرسالاری و نەخۆشی نێر سەنتەری بووم و لە وتار و وەعزەکان،

پێچەوانەی ئەو مەلایانەی کە تەنهاباسی ماف و عەرز و عەزەڵاتی پیاو نێر دەکەن بەسەر ژن، ئەوەی باسی مافی ژنیش دەکات، هەر هیچ مافێکی وەهای ژن باس ناکات و ئەوەی باسیشی دەکات، لە چوارچێوەی فیکری دینی و ڕێساو یاسای مەزهەبی و ئیدەلۆژیی و شتەوە باسی دەکات، لەحەقیقەتدا ماف و ئازادیەکان ژن، زۆر لەوە زۆرترە و ژن زۆر لەوە باڵاتر و پیرۆزترە، مەزهەب و ئیدەلۆژیا و ڕێساو یاسا و بکە و نەکەی بۆ دابنێن،

باسەرتان نەیەشێنم و بێمە،سەر بەسەرهاتەکە، ڕەمەزانەکی، لە دێیەکی لای شەقڵاوەی مەلا بووم، جا من سەرەتا لەوتاری ڕۆژانی ڕەمەزان، دوای نوێژی عەسر، بە زنجیرە، بەرلەوەی باسی مافی پیاو بەسەر ئافرەتەوە بکەم،(وەک مەلاکانی تر) بە زنجیرەیەک وتار، باسی مافەکانی ژن، بەسەر پیاوم دەکرد.

پیاوەکان دەیانگوت: یەکەم جارە ببینین مەلایەک لایەنگری ژن بێت و ئاوا لە بەرژەوەندی ژنەکان قسەبکات !

ڕۆژێک، لەکاتی وتاری عەسرانەی ڕەمەزانێ، لە مزگەوتێ ، گەرم ببووم و بە حەماسەتەوە دەمگوت:پیاوینە گوێ بگرن باش، هەرگیز، بۆتان نییە لە ژن بدەن و ئازاری ژن بدەن، ژن وەک ئێوە مرۆڤن و هیچیان لە ئێوە کەمتر نییە، خودا سورەتێکی بۆ گەورەیی و فەزلی ژن ناو ناوە(النساء)، تەنانەت ئیمامی شافیعی دەڵێت:ژن دەتوانێت شیر بەبێ بەرامبەر نەدات بە مناڵەکەی و لە بەرامبەردا داوای پارە بکات

پیاوێکی تەمەن سەرو پەنجا ساڵی(مام: ز) لە مزگەوتێ پێی بڕیم و گۆتی: وەڵاهی کاکە مەلا، ئەتو ئەو ژنانەت هەموو لێهارکردینە.

منیش گۆتم:دەستم خۆش بێت

هاهاها، هەموان دایانە قاقا




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا-(37).. شەماڵ بارەوانی

بەشی سی و حەوت

باشە ئەگەر مەلا خۆیشی تەمەشای نەکردبێتن، چۆن ئەوە دەزانیت!؟..

بەشێک لە پیاوانی ئایینی، دایمە کاردانەوەیان هەیە بۆ هەرشتێک، کە لەگەڵ دید و تێڕوانینی ئایینیانە و مەزهەبیانە و ئایدیۆلۆژیاکەی ئەوان پێچەوانەبێت، یان نەگونجێت و لەسەر مینبەر، خێرا هەڵدەچن و بە تووڕەیی و حەماسەتەوە، هێرشی بۆ دەبەن و قسەی لەسەر دەکەن و هەوڵی بە دەعباکردن و ناشرینکردن و نابووتکردنی دەدەن !

نموونەی مەیخۆر، باڕ، کافتریا، یانەی شەوانە، دراما و کچە مۆدێلەکان و هەر شتێکی تر، کە بۆنی تازەگەری لێ بێت و پێچەوانەی بیری کۆنەخوازی و شتە باو کۆنەکانی کۆمەڵی سونەتی و نەریتی بێت.

مەلایەکی برادەرم هەیە، ئەوەی بۆ گێڕامەوە گوتی: ڕۆژێک لە مزگەوت وتاری جومعەم دەدا و هەرچی جوێن و قسەی ڕەق بوو، بۆ مەیخورەکانم حەواڵەکرد.

گوتی: کاتێک وتارەکە تەواو بوو، مامە حاجییەک هاتە لام و گوتی:ئەرێ مامۆستای بەڕێز، خەڵکی لەسەر ڕێگای مەسیفی دەخۆنەوە، تۆ لێرە و لە مزگەوت دا، بەسەر ئێمەدا دەگوڕێنیت و هاواردەکەیت!

جامنیش لەو سۆنگەیەوە، کاتێک فەقێ بووم، هەموو ئەو شتانەی ناوم هێنان و هەرشتێک، پێم ناشەرعی و پێچەوانەی مەزهەب و دۆگم و تێڕوانینە ئایینەکەی من بوایە، لەسەر مینبەر هوروژمم بۆی دەبرد و کورد وتەنی:دەمشووشتەوە.

جا بەو بۆنەیەوە، ئەوە لە فەقێیاتیم ساڵەکی لە دێی (گەڵۆزی) لە نێوان کەرکوک و پردێ مەلابووم.

ئەو دەمی درامەیەکی تورکی(بێریڤان)، لە یەکێک لە کەناڵە ئاسمانییە کوردیەکان پەخش دەکرا و پاڵەوان و ئەکتەری سەرەکی کە تێیدا ڕۆڵی دەبینی، ژنە گۆرانی بێژی تورک(سبیل جان)بوو.

خەڵکێکی زۆر لە کوردستان سەرقاڵی سەیرکردنی ئەو درامایە و باسکردن لە چیرۆکی ژیانی بیریڤانە چاو شین و قژ زەردی پەری ئاسابوون.

منیش ڕۆژی جوعمەی کو بەسەر مینبەرێ کەوتم و دوای سەڵات و سەلام، یەکسەر بێ لام و جیم و زۆر بە توندی هێرشم بۆ سەر دراماکە دەست پێکرد و پیس دابەزیمە سەر بێریڤان و گوتم: ئیمانداران و موسڵمانان، ئایە ئێوە دەزانن ئەو سبیل جانە مەشلەتە و بەرەڵا و قەحپەیە، تا ئێستا کێ لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆی دا، سێ جار هاوسەرگیری کردووە و لە هەرسێکیشیان جیابوویتەوە!؟

کاکە لە خوا بترستن و لەخۆتان بپرسن: خۆ کابرا لەسەر چونە نوێژی جەماعەتێ و له ڕێگای مزگەوتێ و بەلاش و عەلاش تەڵاق نەدرایە، حەتمەن کەتنەکی کردیە.

موسڵمانان سەیرکەن لەناو فیلمیش، هەمان شێوە ئەو مەشلەتە و بەڕەڵایە، تا ئەلعانەکینێ حەزی لەسێ زەلامان کردیە.

گوێم لێ بوو مامە حاجیەک بە دەنگێکی هەندەنک بەرز گووتی: بە قوڕعان مامۆستا لەمە شارەزاترە. باشە ئەگەر مەلا خۆیشی سەیری نەکردبیێن چۆن ئەوە دەزانیت!؟

خەڵکی هەمووی دەستیان کرد بە پێکەنین، ئای کە تەریق بوومەوە و شەرمم لە خۆم کردەوە.

کاتێک کە وای پێگوتم، عارد شەقبوایە دەڕۆشتمە ناویەوە.

تێبینی: پێشووتر و ئەو هەواڵەی سێ جار جیابوونەوەی(سبیل جان)م، لە یەکێک لەگۆڤارەکان خوێندبوویەوە. هەڵە نەبم گۆڤاری(هۆنیا)بوو، باشم بیرنەماوە.

جا کو ئەو خەڵکەم حاڵی کردبووایە و قەناعەتم لا درووست کربان، کاکە گومانتان خراب نەبیتن، بە خودای گەورە ئەو بابەتەم لە گۆڤار خوێندووەتەوە !




بیرەوەریيەکانی فەقێیەکی گومڕا(36).. شەماڵ بارەوانی

بەشی سی و شەش

خودا شاهیدە، کاکە مەلا ئەتوو موخالیفی..

ژیانی فەقێیاتیم، دنیایەک یادگاری زۆر خۆش و شیرینی تێدایە و هەرگیز، بیرم ناچنەوە.

با ئەوەش بڵێم، من بەو بیرکردنەوە لیبڕالانە و ئاڕاستە سیکۆلاریستانەیەی ئێستام ،ناتوانم هەمان شێوەی ئەوسا، بۆ دوو ڕۆژیش لە حوجرە و ژیانی فەقێیاتی و لە بەردەستی مەلایەک و پیاوەکی ئایینی دا بخوێنم و بمێنمەوە.

ژیانی فەقێیاتی، بە تایبەتی لەو حوجرە و مزگەوتانەی ئێمەمانانی تیابووین و لەوێ دەمان خوێند، هیچ ئازادییەکی وامان نەبوو.

بە تایبەتی سەرەتای ژیانی فەقێیاتیم و ئەو یەک دووساڵەی سەرەتای چوونە حوجرەم.

هەموو شتێکمان بۆ دیاری کرابوو، بەوەی چی دەخوێنین و چی بخوێنینەوە و چی بکەین و کەی بڕۆینە دەرەوە و کەی بگەڕێینەوە حوجرە.

برۆینە کامە مزگەوت و گوێ بۆ وتاری کامە واعیز و وتاربێژ و مەلای ئیسلامی سیاسی ڕادێرین.

ئاگاشمان لە وتاری کامە مەلای حیزبی تری ئیسلامی سیاسی و واعیز و وتاربێژەکانیان بێت و نەکەوینە ژێر کاریگەریەکانی.

سەردانی بارەگای کامە حیزبی ئیسلامی بکەین و سەربە کامە خەت و کامە ئایدیۆلۆژیای هێزی ئیسلامی سیاسی بین و بە ملیم لێی لانەدەین.

چی عەقیدەیەکی سیاسی و چ مەزهەبێکی فیقهیمان هەبێت.

توخنی کامەی حزبی تری ئیسلامی سیاسی نەکەوین و خۆمان لە کامە بیر و باوەڕ و مەزهەب و مرۆڤی تری دەرەوەی ئەو حزب و مەزهەب و ئایدیۆلۆژیایەی خۆمان بە دوور بگرین.

ئەمینداری کامە حزبی ئایینیمان خۆش بوێت و وەک کەسایەتییەکی پیرۆز و نیمچە ئەفسانەیەک و کارێزمایەکی بێ وێنە و پاڵەوانێکی ئیسلامی و باوکێکی ڕۆحی و سۆپەرمان و ڕزگارکەری ئیسلام لێی بڕوانین و حیسابی نیلسۆن ماندێلا و گیڤارا و مەهاتما گاندیەکی ئیسلامی و مەحەمەد مەهدی و موعجیزەیەکی بۆ بکەین و وەک موجەددێک و تەقریبەن نێردراوێکی خواوەند بۆی بڕوانین.

حیساب بۆ سەرۆک حزب و ڕابەر و ئەمیری کامە بزاوتی فێندەمێنتالیست و حزبی تری ئیسلامگەرایش نەکەین…

بەو چەشنە کۆمەڵێک بوت و دۆگم و هێڵ و یاسا و ڕێسایان بۆ دانابووین، نەدەبوو بە موو لێیان لابدەین.

دوای چەندساڵێک و کاتێک هێدی هێدی و ئینجا بە تەواوی هۆشیاربوومەوە و لە غەیبووبەی فیکری وەئاگا هاتمەوە، کێشەی سەرەکی من و پرسیار و گومانەکانی من و ترسەکانی من، ئەوەبوو، لە ئامانج و ئیدەلۆژیا و دۆگم و عەقیدەی ئەو هێزە فێندەمێناڵیستە، بە تایبەتی ئەو لایەنەی کە منی تێدا ئەندام بووم، ئەو هێزەی لە قۆناغی هەرزەیی و ناکامڵی و سۆز و عاتیفەوە کەوتمە ژێرکاریگەری گوتار و ئایدیۆلۆژیاکەی. وەلێ ئێستا لە ڕێگای ویژدان و هێزی ئەقڵەوە، لێی کەوتوومەتە گومانەوە.

لەگەڵ خۆم دەکەوتمە مەنەولۆگەوە !

باشە هەر بەڕاستی ئێوە باوەڕتان بە ئازادی تاک و پلۆرالیەتی مەزهەبی و دینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و جیاوازی ڕاو مافەکانی ژن و مرۆڤ بوون و ئەویتر هەیە!؟

هەر بە ڕاستی ئێوە گەر خوانەخواستە، بەیانی بێنە سەر دەسەڵات(چاوەکانم کوێربێت و ئەو ڕۆژە ڕەشە نەبینم) ئازادی بە ژنێکی بێ لەچک و سفۆر، یان ژنەفێمێنیستێک و کەسێکی سیکۆلار و نا ئیسلامی دەرەوەی بازنەی حزبەکەی خۆتان دەدەن، کە بوونی هەبێت و بە ئازادی و وەک ئەوەی خۆی دەیەوێت بژیت و بانگەشە بۆ سیکۆلار و یەکسانی جێندەری بکات؟

خۆبینیمان ماوەیەک بەرلەئێستا و لە زانکۆی هەڵەبجە، چۆن بە فیت و دنەدانی ئەو هێزە فێندەمێنتاڵیستانە و کۆمەڵێک گەنجی فێندەمێنتالیست و بیرداعشی سەربە یەکێک لەو هێزه کۆنزرڤاتیڤانە ڕێگری لە کۆڕێکی یەکسانی جێندەری کرا !

ئەوە لە کاتێکدا کە هێشتا تەوالێتیکیان بەدەستەوە نییە، ئەی ئەگەر کاتێک هەموو وڵات بکەوێتە ژێر دەستیان؟

ئاخر ئەزیزم حزبێک، قبووڵی نەبێت کچێکی بێ لەچک و سفوور و کوڕێکی جگارەکێش و کەسێکی مەیخۆر و موسوڵمانێکی نوێژنەکەر و ناپابەند بە ئایین، مەسیحییەک و ئێزدییەک، زەردەشتی و کاکەییەک، جووێک و بێ ئایینەک، تێیدا ببێتە ئەندام و هەر لە ئێستاوە، کە هێشتا هیچی بەدەستەوە نییە داستانی دەروێش عەبدی لە پرۆگرامی خوێندن لاببات و ڕێگری لە کۆڕی یەکسانی جێندەری بکات و کۆنسێرتی هونەرمەندی میسری(ئەحمەد ڕەمەزان) بە پارێزگاری یەکێک له پارێزگاکانی کوردستان هەڵوەشێنێتەوە و هەرچی شتێک نەچێت بە میزاج و ئەقڵیەت و مەیلی داعشگەرایانەی لە سۆشیاڵ میدیا، هاشتاگی نەخێر و نای بۆ پێک بێنێت و دژی بوەستێتەوە و دەروێشەکانی خۆی و مێگەڵی کوردەواری لە دژ هان بدات.

چۆن ئازادی خوازان و ئەوانیتر لێی نەترسن!؟ چۆن فەقێیەکی وەکوو منی گومڕا و یاخی، دەتوانێت لەگەڵ دۆگم و ئایدیۆلۆژیای حزبێکی وا تۆتالیتار و ئاسۆ تەسک و دید داخراو هەڵبکات و لەناو هێزێکی لەو چەشەدا، جێگای ببێتەوە و بەرگەی حزبێکی هێندە مەزهەبی و ئایدیۆلۆژیست و دۆگمایی بگرێت و ترسی ئەوەی نەبێت و گرەنتی چییە کاتێک وڵات بکەوێتە دەست ئەو هێزه فێندەمێنتاڵیستە، ئەزموونی کابول و ئەفغانستان و تاڵیبان پێڕەوی لێ نەکات ؟

منێك، کە بەردەوام لەناو ئەو حزبە کەسێکی خەتەر و نەخوازراو ڕەزاگران بووم و دەروێشەکانی حزب، ئەوانەی دایمە بە سۆز و عاتیفەی دینی کاریان دەکرد و لەسەر ئەساسی بەیعەت دان و گوێڕایەڵیەکی کوێرانە و وەکو موریدێک، پەیمانی دڵسۆزییان بە شێخ دابوو.

ئەو دەروێشە دەمارگیرانەی بەبەغە ئاسا و زۆر بە تووندی تەریقەتیان وەرگرتبوو و سەری ڕەزامەندی و ئەزبەنییان بۆ هەموو بکە و نەکە و قەول و قیلە و قالێکی شێخ دەڵەقاند و هیچ ناڕەزایەتی بوونێک و ڕەخنەیەک و لام و جیمێکیان لەهەمبەر حزبی پیرۆز و شێخی مەعسووم نەبوو و تووتی ئاسا، حزب و شێخ چییان گووتبا، هەر ئەوە یەقینی سەر و گومان و سەر و ڕەخنە و، ئایین و قەولی پیرۆز و ڕاستی ڕەهابوو.

کاکەگیان، ئەوان بە کورتیەکەی بە ئەقڵیەتی ڕاعی و ڕەعیەت کاریان دەکرد و مەڕبوونیش بە من نەدەکرا. ئەوە پێش ئەو کاتەی تووشی گۆڕانی فیکری بم و دەست بەرداری زۆرێک لە دۆگم و تێگەیشتنەکانی پێشووترم ببم.

ئەو دۆگم و تێگەیشتنانەی ڕۆژگارێک و لە قۆناغێکی ژیانی فیکریمدا، وەکوو یەقین و سەرو ڕەخنە و ڕەها و پیرۆزییەک وەرم گرتبوون و زۆر بە خوێن گەرمی و حەماسەتەوە بەرگریم لێدەکرن.

بەرلەوەی ببم بە کەسێکی سیکۆلاریست و سەت و هەشتا پلەو بە ڕێگەیەکی زانستی و پلە بە پلە و قۆناغ بە قۆناغ و لە ڕێگای خوێندنەوەی زۆر و بیرکردنەوە و تێڕامان و بەراوردکاری نێوان ئایینەکان، تووشی گۆڕانی هزری ببم.

ئەوکاتە ئەوان وەک بۆمبێکی مەترسیناک لێیان دەڕوانینم و پێیان دەگووتم: ئەو کوڕە خەتەره، فەقێیەکی عەجووڵە، فەلسەفە و بابەتی فیکری دەخوێنێتەوە، خۆتانی لێ بە دوور بگرن، ئەو تووشی گۆڕانی فیکری و لادانی عەقائیدی بووە، فەلسەفە تێکی داوە، ئامان و سەت ئامان ئەو کوڕە با فیکرتان تێک نەدات.

ئای کە بۆ منێک، منێکی هەمیشە و لەوەتەی بیرم دێت و خۆم ناسیوە، جۆرێک لە یاخی بوونم لە هەمبەر هەر شتێک هەبووە، کە نەچووبێت بە دڵما و لە ئازادی دابێتم و ویستبێتی ژیانم بکات بە قەفەس و شێوازێک لە سیستەمی کۆیلایەتیم بە سەردا بسەپێنێت و بیرکردنەوە و جوڵەکانم لە قاڵب بدات.

بۆیە هەمیشە دەمارێکی یاخی بوون لە لەشی مندا، لەجوڵەدابووە و خوێنی یاخی بوون لە دەمارەکانم دا، هاتووچۆی کردووە و بەردەوام لە شەڕێکی هۆشیاری و ڕۆشنبیری و مەعریفی و ئەقڵانیدا بوومە، لەگەڵ حزبێکی وا ئایدیۆلویست و نادیموکرات و تۆتالیتار لە بەرنامە و فیکر وتێڕوانین دا.

لەگەڵ کۆمەڵێک شت لە دەور و بەر و لەگەڵ بڤەکانی کۆمەڵدا، لەگەڵ مینتاڵێتی خێڵگەرێتی و بیری نێرسالاری و ئەقڵیەتی داخراو ڕێساکانی نەریت و دەسەڵاتی مەزهەب و ئایدیۆلۆژیاکان و تێگەیشتنی مێگەڵدا.

کە من زۆر لەمێژە هەمووییم بە جۆرێک لە بوت و تەلبەند داناون، لەبەردەم ئازادییەکانی تاک و سەربەستیەکانی ژن و پێشمەرج و هەنگاوەکانی مرۆڤ بوون.

لە بەردەم هۆشیاربوونەوە و ژیانێکی شارستانیانە و ڕۆشنگەرانە. لەبەردەم هێزی ئەقڵانیەت و کەشێکی مەدەنیانە.

لەبەردەم ئەو هەموو ڕێسا و یاسا و قیلە و قالە و بت و متانە.

سەرتان نەیەشێنم و بێینەوە سەر بەسەرهاتێکیتری ژیانی فەقێیاتیم،

ئەوە تازە ڕۆشتبوومە فەقێ یاتی، مەلایەک کۆمەڵەک ڕێسای مەلایەتی و یاسای فەقێیاتی و ڕستێک ڕێسای حوجرەی داپێمان و گووتی: ئێمە واریسی پێغەمبەرانین و نەهەنگەکان لە نێو دەریاکان و فریشتەکان لە ئاسمانەکان و مێروولەکان لە کونەکانیان سەڵاوەت لەسەر قوتابی زانستە شەرعیەکان( فەقێیکان) لێ دەدەن و ئێمەی فەقێ ڕێزەکی تایبەتمان لای خوداوەند هەیە. بۆیە دەبێت لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیەدا بین و جیاوازبین لە خەڵکیتر و لە مەجلیس یەکەم قسە هەر خۆمان بین و لە ڕۆیشتندا دەبێت لە پێشەوەی خەڵکی بڕۆین و کاتێک ڕێگا دەکەین دەبێت بە پەلە و خێرا ڕێ بکەین..تاد.

من کە ئەوەم بیست یەک هەستی خۆبەزلزانی و خۆفشکردنەوە و لوتبەرزی گرتبوومی، هەر مەپرسن ! دەمگوت:من فەقێم و زۆر موهیمم و فەزڵم بەسەر هەموو کۆمەڵەوە هەیە.

جا بەو بۆنەیەوە، ئەوە ڕۆژەکی من و فەقێیەکی هاوڕێیم لە حوجرە، لە مزگەوی حاجی قەرۆکی لە گەڕەکی ئیسکان، بە پێیان ڕۆیشتین لۆ بازاڕ ، بە مەبەستی کڕینی هەندەک پێداویستی. لەڕێگا پێم گوت: کاکە ئێمە نابێت وەکو خەڵکی ئاسایی، ئاسایی ڕێبکەین. دەی عەیبە با هەندەک خێرا ڕێبکەین و جیاواز بڕۆین، هێندە خێرا دەڕۆیشتین، دەتگوت سوسکەین هاهاها

بە یەک لەحزەی گەیشتینە بازاڕ و خۆمان کوتا ناو قەیسەری. فرۆشگایەک، یەک دەرزن مەنجەڵی هەڵواسیبوون و فەقێیەکەی برادەرم، کە دەتگوت سوسکەیە و بە شێوەیەک خێرا دەڕۆیشت، ڕێک سەری خۆی لەمەنجەرەکیدا و جاماناکەی سەری یەک مەتر فڕی.

لەسەر ئەو بێ ئیجازەیی و موخالیف بوونەی خۆیشی، تووڕەیی هەموو بوونی داگرت و لە گەڵ ساحێب دووکانەکەی بە دەمەقاڵەهات و گوتی: توخوا بە من بڵێ، ئێرە کەی جێگەی مەنجەڵ هەڵواسینێیە؟!

کابراش گوتی: خودا شاهیدە کاکە مەلا، ئەتوو موخالیفی.




خەنجەری خێڵ..(12).. شەماڵ بارەوانی

بەشی دوازدە/

کەرێکی پۆست مۆدێرن..!

بەهار بازیاتر بۆتی باسکەم کە چیم بینی؟

لە خــــەودا بینیم:

بەرازێكی کریستیانی به مەزهەب كاتۆلیک دەیگوت :من تێناگەم بۆ بەر لە رۆژی دوایی، دووبارە حەزرەتی مەسیح دەگەڕێتەوە و جینۆسایدماندەكات !

قەڵەڕەشێكی بناژۆخوازی سەر و شەکڵ نابووت، کە نازانم لەوێ چی دەکرد پێی گوت: قەدەری خوایە و نكۆڵیكردنی كفرە.

مراوییەک:ئەرێ لە ڕاهی غەوسی ماڵ لە بەغدایێ، یەکێ پێم ناڵێت ئەو پۆست مۆدێڕنانە کێن؟ دەڵێن هەموو شتێکیان لا ڕێژەییە، تەنانەت چڵمی لوتیش !

كەرێکی سوریالستم دەیگوت: تا جەنگی یەكەمی جیهانیم لە یاد بێت، ئیتر ناتوانم هەرگیز، بڕوا بە ڕۆشنگەری و ئەقڵانییەت بێنم.

میشكێكی سەر بە قوتابخانەی فڕانكفۆرت لە وڵامدا پێی گوت :خاڵەگیان منیش هەر لە بەر فاشیزم و نازیزم بوو تووشم بە تووشی ماخولیانی و رەشبینی بوو و عەقیدەم بە رۆشەنگەری و شت لەق بوو و بڕوام بە مۆدێڕنێتە نەما.

كەنغەرێكی سیكۆلاریست: بۆ خاتری ڤۆلتیری، بەسیکەن و بیبڕنەوە و چیتر هاوشێوەی کەریمۆکە گەوادی باوکی ئەو کچەی کە ئێستا وا سەیرمان دەکات، شەڕاب و شەربەت و شۆربا تێكەڵ مەكەن.

باشە ئێوەی کەرباب پێم ناڵێن هێتلەر و مۆسۆلۆنی و فرانکۆی تڕکەن چی پەیوەندییەکیان بە ڕۆشنگەری و گوو و شتەوە هەیە !

کاکە ئێوە گوو لە مێشکتانە و بۆ تێناگەن کە دروست بوونی کەری وەکو فرانکۆ و هیتلەر و مۆسۆلۆنی لادان بوو لە بنەماكانی عەلمانیەت ؟

ژوژكێكی هۆمۆسێكشوێڵ کە ئەو قسەی کەنغەرەکەی بیست پێی گوت: بژیت بۆ ئەم كۆمێنتە لۆژیكی و مەوزعیەت.

بەهار دەزانی بە چی زۆر پێکەنیم و تا هێزم تیابوو داما قاقا.

هەموو ئاژەڵ و پەلەوەرەکان بە واق وڕماوی سەیریانکردم !

کەرێکیان گوتی:لێی مەگرن کچی کەریمۆکە ژن کوژی گەواد و مرۆڤی حیزی ئیتر.

دەزانی بە چی پێکەنیم؟

رێویێكی چیژگەرا و هیدۆنیزم دەیگوت:من خۆم ئەپیكۆریانە دەژیم و گۆشتی مریشکی ماڵی کەریمۆکە ژن کوژ و چێژی ژیان تەنها پێوەرە لام.

پەپولەیەكی سۆزانیش لەوێ بوو دەیگوت: دەبێ سەلەفیەکان ئێدی فێری ئەوەبن رێز لە ئازادی دادایستەكانیش بگرن و دەست لە خۆراک و خەون و خەیاڵ و خولیا و ئەندێشەو و ڕێنەیان وەرنەدەن.

گورگێكی ئیمپریكی (زانستگەرا- تەجریبی)قسەیەکی زۆر جوان و ماقووڵی کرد، هەمان قسەی تۆماز هۆبێز(مرۆڤ گورگی مرۆڤە)ی پێچەوانە کردبووەوە دەیگوت: گورگ مرۆڤی گورگە و چاکترین سیستەم دەوڵەتی لیڤاتان و ئەژدیهاكەی هۆبێزە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گورگەكان.

داینەسورێكی ئانارشیست لە وڵامدا گوتی: زۆر ڕاستە ئازیزەکەم، بوونی دەوڵەت و سیستەم واتا كۆیلێتی.

مراویەكی نەهیلست و پوچگەرا بە تۆنێکی تۆزەک بێزارکەر :هاوڕێیان دەزانن ژیان لە بەردەكەی دەستی سیزیفە خوێڕی کوڕی سەگ بەوڵاوەتر نییە؟

بەبەغایەكی ریئالست و واقیعگەرا: مۆدێرنێتە یەكسانە بە نەمانی ئەفسانە و پڕ و پووچی سیحر و خورافیات.

كونە پەپویەكی جادووگەر و كۆنزەرڤاتیڤ، وڵامێکی توندی توتیەکەی دایەوە: هیچ وانییە، تا ئیستاكێش خەڵك و بنیام هەزار و یەك حیساب بۆ بوونم دەكەن و بازاڕی خوڕافە و شەتەحات و پیرۆزیەکان و نوشتە و تفەڕك و پەڕۆی سەوز جممەی دێت.

كیسەڵێكی مێی عەولەمی: هەنگاوەكانم خێران كەواتە منیش چەشنی دیكارت هەم.

جوانە گایەكی سادیک: لە كاتی چوون بۆ لای مانگاخان نەك یەك كون بەڵكو هەموو بوونی كون بێت دڵم ئاوی جنس ناخواتەوە.

بەهار ئەوان لەو دیالۆک و قسانەدابوون، لە نکاوڕا ورجێکی ورگ زل خۆی کرد بە قاوەخانەکەدا و ئاگر لە چاوەکانی دەبارین زۆر بە تۆڕەیی و بە تۆنێکی تا بڵێیت ترسناک و هەڕەشە ئامێز گوتی:من پرۆژە تەواو نەبووەکەی مۆدێڕنێتەم، من نوێنەری یۆرگن هابرماسم و کوا ئەو پۆست مۆدێڕنە قەحپە باوکانەی تازه گوێم لێبوو زەمی مۆدێڕنێتەیان دەکرد و گوویان دەخوارد؟

هەموان متەقیان لە خۆیان بڕیبوو کەس نەیوێرا وڵام داتەوە و یەک وشە گۆ بکات و هەمووی وەکوو بى ناو ئاو دەلەرزین لە ترساندا.

ورچە سەرک قەوی و زگ زل و قون ئەستورەکە گوتی:گوێ بگرن هاوڕێیان، ببوورن کە تۆزەک بە ناشیرینی هاتمە ژوورەوە و وەکوو مرۆڤەکان دوام، ئەو پۆست گوانە جەویان گرتم و لە دەماری مۆدێڕنێتە بوونیان دام، بۆیه هەندۆکەک هەڵچووم.

ئینجا گوێ بگرن با سەبارەت بە مۆدێڕنێتە هەندەک بۆتان بدوێم و وڵامێکی ئەو پۆست مۆدێڕنانە، یاخود گونجاوتر و باشترە پێیان بڵێین:پۆست حیز و پۆست گووانەیش بدەمەوە.

دەزانن تەنها یەک کتێب بەسە بۆ ئەو پۆست گووانە کە بیخوێننەوە تا بزانن چەندە گێڵ و نەزانن سەبارەت بە گرنگی و فەزڵ و نیعمەتەکانی مۆدێڕنێتە.

ئەویش کتێبی”دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتە و پۆست مۆدێرنێتەدا”

باش گوێ بگرن هەی تەرەس بابینە با تۆزەک لە میانی ئەو کتێبەیە هەندەک باسی جیاوازی نێوان مۆدێڕنە و پۆست مۆدێڕنەتان بۆ بکەم.

دڵنیام گەر لە جیاتی دەماخ گوو لەمێشکتان نەبێت و، ئەقڵتان وەکو هی مرۆڤەکان بە بەستەڵەک نەبووبێت، لەو قەناعەتی پۆست گووەتان پەشیمان دەبنەوە و لەکەری پۆست گووییتان دێنە خوارەوە و وەکو من لە ڕێگای

“دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتە و پۆست مۆدێرنێتەدا”

واز لە بیری پۆست مۆدێرنێتە، یان وەک نووسەری کتێبی”دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتە و پۆست مۆدێرنێتەدا” وتەنی: (تراویلکەی پۆست مۆدێرنێتە) دێنن.

ئازیزان:

من کاتێک لە قۆناغی گرێی فکری دابووم، لە تەمەنێکی زۆر زووەوە، لەپاڵ خوێندنەوەی بەرهەم و کتێبەکانی کۆمەڵێک سۆسیۆلۆگ و فەیلەسوف و ئەندێشمەندی قوتابخانە و فێرگەی فەلسەفەی فرانکفۆرت(هەرسێ جیلەکەی فرانکفۆرت) و، پوچگەرا و ڕەشبین و نهلیستی لە نموونەی: شۆبنهاوەر، کامۆ، سارتەر، کافکا..تاد..و کاریگەربوون پێیانەوە.

دەستم دا بەرهەمەکانی بیرمەند و فەیلەسوفە مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنێتەکانیش و بە تامەزرۆیی و حەماسەتێکی زۆرەوە، زورم لەسەر مۆدێرنێتە و بونیادگەری و هەڵوەشانەوە(تفکیک)و هێرمۆنتیکا، ئیگزیسستانسیالیزم(بونگەرایی)، پۆست مۆدێرنێتە، دادایزم، سوریالیزم ..تاد.خوێندەوە.

ئەوکاتەی هۆشیاری و وەعیم بۆ گەڕایەوە و لە غەیبووبەی فیکری و قۆناغی هەرزەیی هزری رزگارم بوو و لەناو بازنەی داخراو تونێڵی فیکری ئەوکاتەم هاتمەدەر.

ئەو فیکر و ئایدیۆلۆژیایەی ئەقڵی مومیاکردبووم و وای لێکردبووم کە هەموو شتەکان پێچەوانە و ئاوەژووببینم !

هەڵبەت بەهۆی ئەوەی جارێ خاوەنی پاکگراوەندێکی ڕۆشنبیری و فیکری و فەلسەفی و مەعریفی قووڵ نەبووم، بۆیە هەر زوو کەوتمە ژێر کاریگەری کۆنسێپتگەڵێکی وەک:فەوزەویەت و ئەنارکیەت و نهلیست و عەدەمیەت و چی و چیەت و تووشم بە تووشی جیهانبینی و تێگەیشتنە دوا نوێ گەریەکان بوو و منیش چەشنی پۆست مۆدێرنیزمەکان، هەرچی ستالین و فرانکۆ هیتلەر و جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی و هۆلۆکۆست و لادان و تراژیدیاو ئافات هەبوو، هەمووییم دەخستە ئەستۆی مۆدێرنەتە و مۆدێرنەتەم پێ تاوانبار دەرکرد و هەر ئەویشم بە هۆکار و بە تاوانباری سەرەکی هەموو ئەو کارەسات و لادانانە دەزانی و حەداسەتم رەتدەکردەوە و هەرگیز دانم بەو مەشروعە تەنویریە تەواو نەبووەی یۆرگن هابرماس دانەدەنا!

بەتایبەتی کتێبە دوو بەرگیەکەی نیچە(ڕەخنە لە مۆدێڕنە) بوو، ناوێکی وا قۆڕبوو و باشم بیرنەماوە، ئەو کتێبه هەستی دژە مۆدێڕنێتەبوونی لا گەیاندم بە تڕۆپک و بووم بە کەسێکی مۆدێڕنۆفۆبیا.

وەلێ ئەو پەرتۆکە( “دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتە و پۆست مۆدێرنێتەدا)

زۆر شتی لە تێڕوانینم گۆڕی لە بارەی مۆدێرنێتە و پێداچوونەوەیەکی باش بوو بەو دیدەنیگا و تەسەوراتە پۆست مۆدێرنانەی کە لە سەردەمی هەرزەیی فیکریمدا، گیرۆدەیان ببووم.

بەڕاستی “دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتەو پۆست مۆدێرنێتەدا”

تاڕادەیەکی باش دەتوانم بڵێم کودەتایەک بوو بەسەر جیهانبینی و دیدەنیگا و هزری من لەبارەی پۆست مۆدێرنێتەوە.

ئەو پۆست مۆدێرنێتەی مونەزیر و موفەکیــــــــر و فەیلەسوفەکانی خۆشیان بەشێکی زۆریان دواتر باوەڕیان پێی نەماو لێی پەشیمان بوونەوە و وازیان هێنا، لەنموونەی فۆکۆ، بۆردیار، ئالان تۆرین، بۆدلێر ..تاد.!

کەچی تازە بە تازە کەرێکی نەخوێنەواری سوریالستی و مشکێکی فڕانکفۆرتی مرۆڤێ کوڕی کوڕی دێن و پۆست گوومان پێدەفرۆشنەوە !

هەی ئەو سەر وکەلەپووچەتان بگێم، مۆدێڕنێتە لە ژیان و مێژوویی ئاژەڵیەت(بەشەریەت) بێننە دەر، جگە لە گووی مرۆڤ و ئاژاوە و کەرێتی مرۆڤایەتی چیترمان بۆ دەمێنێتەوە؟

بیرتان نەچێت، من سەڕەڕایی دەستبەرداربوونم لە قەناعەتی پۆست مۆدێڕنەیی بوونم، ئێستاش نیچەم زۆر خۆشدەوێ و لە زۆر شت، هێشتا نیچە بتی منە، نیچە ڕوگە و خوداوەندی منە.

نیچە فێری کردم کە چەکوچێک هەڵگرم و بکەومە گیانی هەرچی بتی گوواوییە و بلێم ئیتر کاتی ئاوابوونی بتەکانە.

تێبینی(دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتە و پۆست مۆدێرنێتەدا) کتێبێکی بەڕێز:مەلا بەختیارە.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…٣٥… شەماڵ بارەوانی

بەشی سی و پێنج/

هەی داکی خێوت بگێم، دەتەوێ بە مەلای وەبدەیت؟

پێشووتر ئاماژەم بەوەکرد کە سەردەمی فەقێیاتیم دوو ساڵی لە دەڤەری کەندێناوە و نزیک دیبەگەی، لە دێیەک مەلا بووم.
ئەوە مانگی ڕەمەزانێ بوو، کارەبا نەبوو، ئەمەش لە ناچاری و بە لایتی نوێژی تەراویح و عیشامان لە حەوشەی مزگەوت دەکرد.
نوێژخوێنان و ئامادەبووانیش لە دووی من، عەیب نەبێت، ڕێزەک پیاو و ڕێزەک ژن بوون.
جائەو گوندە مەنبەعی مار و دوو پشک و جانەوەر و زیندەواران بوو.
ڕۆژەک چوومە تەوالێتی مزگەوتێ، کو دۆخینی شەڕواڵەکەم کردەوە و دانیشتم ،هەر هێندەم زانی، شتەکی قەوی عەیب نەبێت وەکی سۆندەی بوو، لە ئاسمانێ کردی شرپ و کەوتە پێشم.
وەی باوکەڕۆ کە ترسام، سەیرم کرد ماره، حەزرەتی غەوەس هاوارە.
زانیم کو ڕۆشتمە (تەوالێتی) و دانیشتم، بەڵام نەمزانی کو هەستامەوە و ڕامکردە دەرەوە.
بێ ئەوەی دۆخین ببەستەمەوە، خوا پەنامان بدات، کوو دانیشتم ، هەر وا ڕامکردە لۆ دەرێی و ناو حەوشەی مزگەوتێ.
هەرباش بوو، وەختی نوێژان نەبوو و کەس لەوێ نەبوو.
ئەو دێیە، بێتام دووپشک و ماری زۆربوون.
لە ترسی دووپشک و ماران، قەرەوێڵەکیان لۆ هینابووم و ژوورەک لەناو حەوشەی مزگەوتەکە هەبوو، وەکو مەخزەن بەکاریان دێنا، من لەسەر بانی ئەوێ دەخەوتم.
هەموو بەیانیەکش کە دەهاتمە خوارەوە، جارێ هیچم نەدەکرد، هەتا دوو سێ دووپشکم لەژێر کومباری مزگەوتێ نەکووشتبا.
بەسەرهاتکێتریشم لەگەڵ دووپشک دا، لەو دێیە هەیه.
ئەوە شەوەکی نوێژی شێوان و تەراویح بوو من پێشنوێژیم بۆ دەکردن و ژن و پیاوەکانیش لەدوام بە دوو ڕێز وەستابوون.
دیقەتم دا دووپشکەکی ڕەش و قەڵە و زل، وا خەریکه بەرەو ڕووم دێ.
وەختابوو لەترسان دەستنوێژم بەتاڵ بیتەوە.
لە دڵی خۆم کەوتمە تەکبیر و ڕایێ و گوتم: چیبکەم ئەی هاوار! ڕابکەم حەیام دەچێت، بەردەوام بم دەستنوێژم دەشکێت.
خودایه هەر خۆت فریام کەوەوە.
مام(ک) هەبوو، لە ڕیزی یەکەم بوو و دیاربوو ئەویش دووپشکەکەی دیتبوو.
نەعلەیەک لەوڵاتر بوو، خێرا دەستی دایە و بەرەو دووپشکەکە غارییدا و گوتی ئەها دووپشک! هەی داکی خێوت بگێم، دەتەوێ بە مەلای وەبدەی.
دوو پشکەکەی کوشت و گەڕاوە ناو نوێژ و هەموان دامانە قاقای پێکەنین و دووبارە نوێژەکەمان دابەستایەوە.




خەنجەری خێڵ..(10).. شەماڵ بارەوانی

جەنابی گوو..!

بەشی دەیەم/

من هاتووم تا کش لە خێڵم بکەم، کش لەهەرچی ناوی سمێڵە بکەم، کش لەو هەموو بت و قاڵب و بڤە و سنوور و هێله بکەم .

من هاتووم تا جاڕی مەرگی مێژوو و ئیدەلۆژیا و هەرچی بت و قاڵب و پێوەر و خێڵ و گوو خواردنتانە دەم.

بەهار: گەر تائێستا، مێژوو گێیەکان، قۆناغەکانی مێژوویان بەسەر دەرەوەی مێژوو و مێژووی پێش زایین و سەردەمەکانی ناوەڕاست و چاخی ڕێنسانس و چاکسازی دینی و ڕۆشنگەری و پۆست مۆدێڕنە و چی و دابەشکردبێت، ئەوە لەمڕۆ بەدواوە مێژوویەکی تازە لە دایک دەبێت، کۆتاقۆناغی مێژوو، مێژووی قۆناغی پۆست گووخواردن.

ئیتر تەواو لە سەروینەوە، لە ١ی ١ی ١٩٧٠، مێژووی حەقیقی بەشەریەت لە دایک دەبێت و ئەوە کۆتا قۆناغی مێژووی مرۆڤایەتی دەبێت و مرۆڤ دوای سەروین بە چەکی کۆکوژ و خۆتڕێن و یەکترگێ و ژیان گێ دەکەونە ویزەی یەکتری و هەرچی گەردوون و بوون و بنیادەمە هەمووی خەڵتانی جەنگ و بۆمب و بارووت و خوێن دەکەن و جنسی خەبیس و گڵاوی ئەو بوونەوەقێزەونەی کە خوای گەورە بە هەڵە ناوی ناوە بەشەر، کۆتایی دێت و تۆی نەگریسی دەبڕێتەوە.

بەهار من باسی تیورە گوواویەکەی (فرانسیس فۆکۆیامای تیۆریسیه‌نی لیبڕاڵی ئه‌مریکایی‌) ناکەم، کە لەو کتێبەی کۆتایی گوو و دوایین گوو هاهاها.

مەبەستم کتێبی “کۆتایی مێژوو و دوایین مرۆڤ” باسی ئەوە دەکات، کە دوای ئەوەی یەکێتی سۆڤێتی ١٩٨٩ دەڕووخێت و سیستەمە بەناو سۆسیالیستەکە گووی تێوەر دەبێت و دەڕمێت. خاڵە فۆکۆ دێت و قسە لەسەر ئەوەدەکات کە مێژوو له‌ خۆرئاوا کۆتایی پێدێت و‌ لیبڕاڵیەت تڕۆپکی مێژوو و کۆتایی مێژوو و دوایین قۆناغی گۆڕان و پرۆسەی پەرەسەندی مێژوو و ژیار و بەشەریەت و گۆڕان و ته‌واوبوونی مرۆڤایه‌تییه‌ و ئەو ڕۆحە جیهانیەی کە هێگڵ لە جەستەی ناپلیۆن دا بەرجەستەی کردبوو گووی دەخوات و کۆتایی پێ دێت و هەرگیز، ئەو تیورە قۆڕ و خەونە گوواوی و پێشبینیه حیزەی حاجی هێگڵ نایەتە دی و لیبڕالیەت دوایین شێواز و ستایلی حوکومڕانی و دەوڵەتداری و بەڕێوەبەردنە و ئیتر جەنگە سارد و گەرم و شلەتێن و گووتێنەکان کۆتاییان دێت و ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٨٩دەیبینن، کۆتایی شەڕی ساردی نێوان بلۆکی ئشتراکیەت و کاپیتاڵیزم و هەردووک جەمسەری ڕاست و چەپ دوو ئیدەلۆژیای جیاواز نابێت، بەڵکو گەیشتنی مرۆڤە، بە کۆتا ستایل و فۆرمی ئیدەلۆجی خۆی، ئاشنابوون و بە جیهانی بوونی هەموو جیهانە، بە لیبڕالیزمی خۆرئاوایی و ئەمریکایی .

کامڵ بوون و تەواو بوون و قفڵ بوونی ئیدەلۆژیای بەشەریەت و قوناغەکانی مێژوو و پەرەسەندنە و ئیتر دەبێت دنیای هەمووی بە خۆشی بێت، یان به ترشی، باوەشی خۆی بۆ لیبڕاڵیەتە حیزەکەی کاکە فۆکۆیامە بکاتە، چونکە ئەوە لوتکەی مێژووە و هیچ قۆناغ و ڕێگایەکیتر لەبەردەم مرۆڤ نەماوە.

بەهار:من باسی کۆتایی هەموو ئایدیۆلۆژیاکان و حەکایەتە گەورەکان و چیرۆکە خورافیەکان دەکەم.

بە لیبڕالیەتە گوواویەکەی خۆرئاوایشەوە، ئەو لیبڕالیەتەی وەکو خێر و خێرات و زەکات و سەدەقەی ئایینەکان بە دڵی خۆیان و بە هەزار منەت و ڕوو شکاندنەوە و مەرج و پێوەری ڕەش و سپی و گوواوی بە کۆمەڵە خەڵکێکی دیاری کراوی دەدەن و هەزاران چینیتر و خەڵک و وڵاتی تری لێ بێ بەش دەکەن.

ئامۆزاى شیرین و ئازیزەکەم، بەهاری گوڵ، کچە نازدارەکەی مامە ئاکۆی میهرەبان، لە دەفتەری بیرەوەریەکانت بنووسە: مێژووی بەشەریەت لەگەڵ سەروینەوە لە دایک بوو و دەبێت لەگەڵ سەروینیشەوە کۆتایی پێ بێت. بنووسە سەروینە سۆپەرمان، سەروینە باتمان، سەروینە سپایدەرمان، سەروینە گریندایزەر.

بەهار من چەکوشەکەی نیچەم. ئەو سنوورەم کە نەوال سەعداوی شکاندنی، من ڕەگەزەکەی سیمۆن دیبۆڤوارم، ڕۆحی هەموو ژنە کارەکتەرە یاخیەکانی ناو ڕۆمانەکانی فەزیلە فاروقم. من هیچ پێوەر و بتێک ناناسم و زۆر بێ منەتانە دەکەومە ویزەی تابووکانتان.

دیارە ئێوە هێشتا منتان نەناسیوە ! من، سەروینی هێڵ نەناس و بڤە تڕێنم. من سەروینی یاخی و سنووربەزێنم. من سەورینی پێوەرگێ و بت شکێنم.

هاتووم تا لە هەرچی دیسپڵینی گوواوی و میتۆدی حیزتانە بەم. هاتووم تا بە هەرچی قاڵب و قوتابخانەتانە دابڕیم.بۆ من کەری کەریمۆکە سمێڵاویم، تا بێن و بە دڵی خۆتان سوارم بن و لێم بارکەن و هەوسارم لە مڵ کەن؟

من سەروینم، سەروین، لە دار و بەرد و عەرد و عاسمانتان یاخیم. نەک هەر فلان خێڵ و فیسار ئاغا و ئەم بت و ئەو قەفەس ناتوانن کۆنتڕۆڵم بکەن، تەنانەت خودای گەورەیش.

ئینجا نۆرەی ئەو گووگرانی ئەدەبی و ڕۆمانگێ و ئەدەب تڕێنانەیە، تا بێن و دنیایەک قسەی حیز و بۆن فس، بەناوی ڕەگەز و تەکنیک و تەڕەماش و نازانم چی و چییەوە فڕێ بدەن و خەیاڵ و فانتازیا و هزر و قەڵەم و ئازادی نووسەر و بنووسی چیرۆکەکانی سەروین و کارەکتەری سەورین لەناو ئەو ڕۆمانەی کە سەروین دەبێت بە پاڵەوان و کەسایەتی سەرەکی، لغاو دەست و پێ بەسترا و کۆنتڕۆڵ کەن.

بەهار:یەکێ دەڵێ گووۆ فسکی وا دەڵێت و یەکێتر دەڵێت تڕۆ فسکی وای گوتووە و دانەیەتر دەڵێ کیرۆفسکی وای گوت و یەکێتر دەڵێت فسۆفسکی وادەڵێت و یەکێ دەڵێ لەسەردەمی ڕەحمەتی خاڵە دۆستۆیڤسکیەوە، تا ئێستا، تەنها دوو جۆر لە ڕۆمانمان هەن، ڕۆمانی تاکدەنگ و ڕۆمانی فرەدەنگ.

یەکێتر دەڵێت تا کاتی دەرکەوتنی چەمکی ڕۆمانی فرەدەنگ لەلایەن حاجی میکایل باختینـەوە، ئێمە وەکو جەماوەری خێڵی کەریمۆکی شتێکمان نەبووە بە ناوی تاک دەنگی و ڕۆمانی تاکدەنگەوە و یەکێتر دەڵێ ڕۆمان ناوێکی گشتییە و جەنابی هەر دەقێک مادام، لە شێوەی گێڕانەوەدا نووسراوبێتەوە و سنووری چیرۆکی درێژی تێپەڕاندبێت، دەتوانین خاتری ئەکبەر واحید نەگرین و زۆر بێ منەتانە پێی بڵێین ڕۆمان.

فشەفشچییەکیتر دەڵێ لە ڕۆمانا دەبێت دەنگی نووسەر زاڵبێت و یەکێک دەڵێت نەخێر کارەکتەرەکە و یەکێ دەڵێ دەبێ ڕۆمانی مێژوویی وابێ و ڕۆمانی خەیاڵی- زانستی وابێت و ڕۆمانی ڕۆمانتیک وا و هی پۆلیسی و چی و چیش وا. یەکێ دەڵێ ئەوە ڕۆمانی ژیاننامەیە و ئەویتر دەڵێ نەوەڵا بیرەوەرییه.

یەکێ دەڵێ لە ڕۆمانی سیاسی دەنگی سیاسەت دەبێت زاڵ و تڕی سیاسیش زڵ بێت. یەکێتر دەڵێ لە ڕۆمانی مێژوویی دەبێ ڕۆماننووس بەو شێوەیه گووی بخوات و ئاوا ڕووداوە مێژووییەکان لە قاڵبێکی ئەدەبی و ستایلێکی گوواوی دابڕێژتەوە. یەکێ دەڵێت فلان تەکنیکە و فیسار توخمەی ڕۆمانەکە نەئەبوو وابێت !

یەکێکیتر دەڵێت دەبێت ڕۆمان ڕەگەزی کات و دانەکیتر دەڵێت ڕەگەزی شوێن و ئەویتر دەڵێت ڕەگەزی ژەهر و نازانم چی ی چی تێدابێت.

یەکێتر دەڵێت لە فیسار جۆری ڕۆماندا کارەکتەری جیاواز و سەرەکی و ناسەرەکی و دووم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم هەن و کاکە کارەکتەری شەشەم دەبێت وابێت و خاڵە کارەکتەری حەوتەم واڕێبکات و دەروێش کارەکتەری نۆیەم وا بخەوێت و بتڕێت و بزڕێت و کۆیلە کارەکتەری نۆیەمیش وا بدوێت !

یەکێ دەڵێ ڕۆمان دەبێ باڵای ئەوەندە مەترە درێژ و دانەیەتر دەڵێت دەبێ هەیکەڵی ڕۆمان هێندە قەڵە و خرپن بێت.

یەکێتر دەڵێ ڕۆمان دەبێ بنەماکانی قەوی و ئەستوور بێت و زمانی گوو و هونەر و فۆرمی ڕۆمانێتی ئاوا و ئاوا بێ. یەکێک دەڵێت لە ڕۆمانی تاک دەنگدا، نووسەر دەبێت دیکتاتۆرێکی ڕەها بێت و دەسەڵاتێکی بێ سنووری هەبێت و دەنگ هەردەنگی خۆی بێت و هەموو شت هەربەخۆی بێت و تاک دەنگی جەنابی نووسەری ڕەهای گوو نووس و ڕۆمان گێ و کارەکتەر تڕێن، بەسەر تێکڕای کارەکتەرەکان و جەمیعی ڕووداوەکاندا زاڵ بێت و هەر خۆی خودا و خوڵقێنەر و هەڵسوڕێنەری کارەکتەرەکان و شەترەنچی ڕووداوەکان بێت و چۆنی ئارەزوو و میزاج کرد ئاوا پاڵەوانە کارتۆنیەکەی وەک بووکەڵەیەکی بێ ئیرادە بێنێت و ببات و نووسەری خوێڕی ڕۆمانەکە بە دڵی خۆی هاوشێوی کۆیلە و کەرێک و کەسێکی بێ ئیرادەکراو، ئایدیۆلۆژیا و بار و پەیام و کێری خۆی لێ باربکات بە میزاجی خۆی، ڕاست و چەپ و بۆ پێشەوە بڕۆ و بۆ دواوە بسووڕێوەیان پێ بکات و بڕیار و بکە و نەکەکانی خۆیانی بەسەردابسەپێنێت و لە ژێر ناوی تاک دەنگیدا گووی خۆی دەرخواردی کارەکتەرەکانی بدات.

بەو شێوەیە بەهار لە تاک گووخۆریدا نووسەری ئازادیگێ و کارەکتەرگێ و هەموو شت گێ، خۆی هەڕەم و سەید و خودایە و توخمە گەواد و حیز و ترسنۆکەکان هەڵدەسووڕێنێت. نووسەر خۆی یاساداڕێژەرە و تەنها خۆی بڕیاردەدات و ڕووداوەکان بەو ئاڕاستەیەدا دەبات کە میزاجە گوواویەکەی دەیخوازێت.

بەهار:یەکێتر دەڵێت لای فولان جاگیشان نووسەری ڕۆمانی فرەدەنگ پشت بە گووکردن و گۆکردن دەبەسترێت و لای فسار نووسەری ڕامبۆ کارەکتەرەکان کۆیلەن و هیچ دەسەڵاتێک و ئازادیەکیان نییە.

ڤاندام لە ڕۆمانی مۆنۆلۆگیک وا دەکات و بڕۆسلی لە ڕۆمانی کارەکتەر تڕێن دەڵێت دەبێت نووسەری گووخۆر سێنتراڵ و کابە و بت و خودا و هەموو شتێک بێت و تەواوی کارەکتەرەکان و پاڵەوانە ساختە و کارتۆنیەکەیش بە دەوری مەیل و میزاج و ئیدەلۆژیا و فرمانەکانی جەنابی گووسەری ڕۆماننووس دا بخولێنەوە.

یەکێکیتر دەڵێت ڕۆمانی فرەگوو و فرەگۆ و فرەدەنگ دەبێت لە چیرۆکگەلی زۆر و ورد و جیاواز پێک بێت و هیچ چیرۆکێکیشیان بەسەر ئەوەکەیتردا زاڵنەبێت.

یەکێک دەڵێ خۆزیە سەراماگوای گووتی، کەواتا کارەکتەر گوتی. یەکێتر دەڵێت کوێخا واڵت ویتمان ئەوهای گوتووە. یەکێ دەڵێ دادە ڤێرجینا وۆلف وای پێباشە و خاڵە کافکا دەڵێت سەروین لە ناو ڕۆمانەکان دەبێت هاوشێوەی کارەکتەرەکانی من ڕەشبین و ترسنۆک و لاواز بێت و وەک گریگۆر سامسا ببێت بە قاڵۆنچە و گاڵتەجاڕی دەستی دێوەزمەی سیستەمی خێڵ و کاپیتاڵیزم. یەکێتر دەڵێت مامە مێلان کۆندێرا بۆ کارەکتەر گایین ئەو مەرجەی داناوە، کە دەبێت کچەکەی کەریمۆکی وەک خۆی ترسنۆک بێت و چۆن ئەو لە چیک لە ترسان و بۆ سەلامەتی قنی خۆی، سەری هەڵگرت و خێرا ڕایکرد بۆ فەرەنسا و لەوێ دەستی کرد بە گوو خواردن و خۆفشکردنەوە و قسەی قەڵە و زل و ڕەخنەگرتن لە حکومەتە کۆمۆنیستەکەی چیک، منیش ئاوا لە دەست خەنجەر و خێڵ و سمێڵ ڕابکەم بۆ فەرەنسا و لە دوورەوە و لە دەرەوەی وڵات، له دژی سیستەمی خێڵ و خەنجەری کەریمۆکە خوێڕی و تائیفەی سمێڵ زڵان گووی بخۆم !

یەکێک دەڵێت ئەزبەنی جەیمس جۆیس دەڵێت بەهیچ شێوەیەک ئەوە نابێت و کوێخا ولیام فۆکنەر و خەلیفە مارسێل پرۆستیش لەگەڵ ئەوەدا نین کە سەروینی کارەکتەر، ئازاد و دەم درێژ و بێ سنوور و بت گێ و گووخۆربێت. یەکێتر دەڵێ جەنابی سارتەر دەڵێ دەبێت کارەکتەر تەنها هێڵنج بیگرێت و بڕشێتەوە و هۆگۆی سەرک ئەستووریش بە ئەژدیها و لیڤیتانەکەی ئازادی هەموو کارەکتەرەکانی لۆش دەدات و مامە بەلزاکیش بۆچوونی وایە کە کارەکتەرەکان سێ ژەمەتەنها نیسک و کولێرە بخۆن و حاجی ڕۆڵان بارتیش پێی باش نییە کارەکتەرەکان ئەو دەسەڵاتەیان هەبێت تف بکەن لە ڕووی نووسەری تاک دەنگ و تاک عەقیدە و دیکتاتۆر و ڕەها.

ئاغای تۆلستۆیش بە مەرج ژنێکی وەک ئاناکارنیناکەی کردووە بە پاڵەوانی ڕۆمانەکانەی. یەکێتردەڵێت هاوڕێ گابرێل گارسیا مارکیز دژی ئەوەیە عەسای ڕیالیزمی جادوویی بدرێتە دەست هیچ کارەکتەرێک، نەوەک یاخی بێت و لە دەست دەربچێت و هاوشێوەی سەروینی کچی کەریمۆکە ژنکوژی دوایی دۆ ودۆشا و زەمەنەکان تێکەڵ بکات و سەر لە هەرچی خوێنەر و گووگری ئەدەبی و ڕۆمان خوێنە بشێوێنێت و شتگەڵێک هێشتا ڕویان نەداوە و ساڵی دوو هەزار و بیست و پێنج ڕودەدەن و هێشتا لە هیچ کون و قوژبنێک و شوێنێک دیار نیینە، ئەو بێت و لە ڕێگای دەفتەری بیرەوەریەکانی خاتوو بەهاری کچی حاجی ئاکۆی ماڵی خێڵانی و لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو باسیان لێوە بکات و تۆماریان بکات ! یەکێتر دەڵێت حاجی جۆرج ئۆروێڵ پێی باش نییە کارەکتەرەکان ئەو دەسەڵاتەیان هەبێت بە دڵی خۆیان چییان ویست بیپۆشن و چییان ویست بیخۆن و چشیان ویست بیڵێن و وەکو ئاژەڵەکانی مەزرای ئاژەڵان بژین.

کۆڕە لە تڕی هەرچی حاجی جۆرجی ئازادی گێ و ڤێرجینا وۆڵفی تڕزل و کافکای لاواز و تۆلستۆی سمێڵ حیز و سارتەری حەسود و هەمینگوای دەروون نەخۆش واڵت ویتمانی ئیرەیی چی و مارکیزی ڕیالیزم گێ جادوو گوواوی و جەیمس جویسیی شەپقە میزاوی و میلان کۆندێرای ترسنۆک و کافکای خوێڕیتانە بەم باشە.

کوڕە تەرەس بابینە، دیسان دەستان پێکردەوە ! دیارە ئێوە هێشتا عارتان دانەناوە و تەمێ نەبوون. هەی لە هەرچی تەکنیک و توخم و کات و شوێن و دیالۆگ و دیکتاتۆریەت و خۆفشکردنەوە و لوت بەرزی و مەرج و تاک گووییی و فرەگوویی و تەڕەماش و قسەی قۆڕتانە بەم.

سەرسەری و بوودەڵەینە،دیارە ئێوە کێشەی تێگەیشتان هەیە، بۆیە تێناگەن ! من بە ئێوەی قاڵب پەرست و بتاوی و هێڵاوی وخەیاڵ گواوی دەڵێم.

بەو داعشە ئەدەب گێیانە، کە دێن و هەمان شێوەی ڕادیکاڵە ئەقڵ گوواویەکان دنیایەک بت و هێڵ و بڤە و تابوو و سنوور لەبەردەم ئازادی و ئێنەرژی و هێزی سەروین دا قووت دەکەنەوە، تەنها ئەوە جیاوازیتانە، داعش لە بەرگی ئاییندا و ئێوە لە بەرگی ئەدەب گاییندا. باش گوێبگرن هەی ئەدەب گێینە، لای من، هەرچی هەوسار و قفڵ و قاڵب و بت و هێڵ و پێوەر و مەزهەب و قەفەس و قسەی گوواوی و تەڵبەندی خوێڕی و شتی قۆڕی ناوگیرفانی خۆتانە کە لەبەردەم ژیان و خەیاڵ و بیری ئازاد و ئینجا دنیای بەرین و فراوان و ئازادی ئەدەب و داهێنانی ئەدەبدا ڕۆتان ناوە، یەک تاکە نەعلە و فلسێکی سوتا ناهێنێت. بۆ دیارە ئێوە بە ڕۆبۆت لە ئێمە حاڵی بوون، تا بێن و بە ناوی ڕەگەز و تەکنیک و گوو و نازانم چی و چی، دەست و پێ و ئەقڵ و ئازادی و هۆش و هۆشیاریمان ببەستنەوە؟! دیارە نەتانزانیوە کە من چەندە لەمێژە فەلسەفەی مەڕێتی و سیستەمی کۆیلێتیم کردووە به پێڵاو و من نە سێبەر و پاشکۆ و کۆپی هیچ کەسێکم و نەکەسیش دەکەم به پێوەر و قاڵب و بت.

دیارە ئێوە ڕۆمان و ئەدەب بە ڕاپۆڕت و ئینشا تێگەشتوون و نەتانزانیوە کە ئێمە کاتێک “ڕاپۆرتێک دەخوێنینەوە کەسەکانمان وەک ڕۆبۆت دێنە پێش چاو، بەڵام لە ڕۆماندا، کەسەکان لە گۆشت و خوێن و هەست پێک هاتوون و ئازادانە هەڵسوکەوت دەکەن، نووسەری ڕۆمانەکەیش ناچێت بە ئارەزووی خۆی بیانجووڵێنێت.

بەهار: ئەمڕۆ مامە نووسەرێک نووسیبووی: یه‌كه‌مین لاپه‌ڕه‌ی ڕۆمانێكم هه‌ڵدایه‌وه‌ پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی به‌گریانه‌وه‌ ڕووی تێ كردم ڕۆماننووس درۆم به‌ زمانه‌وه‌هه‌ڵده‌به‌ستێت”

کوڕە ئەو ڕۆمان نووسەی ژیانی سەروین دەکات بە ڕۆمان، گووی خواردووە، درۆم بە دەمەوە هەڵدەبەستێت و قسەیەک بە ناونی منەوە بکات، لەگەڵ من و کەسایەتی من، من و بیرکردنەوە و یاخی بوون و بێ منەتیەکانی من یەکناگرێتەوە. کچێ نووسەری چیرۆکەکانی من گووی خواردووە بە پاساوی تاک گوویی و تاک تەڕەماش و تاک ژەهری و تاک دیکتاتۆری و تاک دەنگیدا دێت و ئاوا مامەڵەم دەکات. بەخوا لە ناو گۆڕی ڕۆمانەکە دێمە دەرەوە و دەیقەشمەرێنم.

بەهار لە ڕۆمانی سەروینی کەریمۆکی، واتا ڕۆمانی فرە گوو خواردن و پۆست گوو خواردن و پۆست مۆدێرن دا، لە سەر دەستی سەروینی پاڵەوان تەپکە قوڕ دەکرێتە دەمی نووسەری تڕ زل و دەنگ زاڵ و هەناسە ڕەها و میزاجە گوواویەکەی کاکی ڕۆماننووس دەخنکێنم و ئیتر دەنگی نیرۆنیانەی ڕۆماننووس لەسەر دەستی سەروینی کەریمۆکە سمێڵاوی کپ دەکرێت و حیسابی سەلکە توورێکی قوڕاوی بۆ ناکرێت و ڕەهایەتی و گوو و دەسەڵاتی موتڵەق لە جەنابی دیکتاتۆری عەزیزم و حەفیزەهواڵڵاهو وەرەعاهو لە ئەلنووسەری تاگ گوو دەسەندرێتەوە و دەگەڕێندرێتەوە بۆ سەروینی پاڵەوان و کارکتەرە مافحوراو بە مەڕ کراوەکان. لێدە بەهار، لۆوەناکەی ئەوجە دەسەڵاتی تەواو بە بەتۆ و بێخاڵ و بەناز و هەموو کچە کارەکتەرە یاخی بووەکانی تر دەدەم، تا بە دڵی خۆتان و زۆر بێ منەتانە و ئازادانە، تف بکەنە ئەقڵیەتی خێڵ و نەفرەت بەسەر حوکمی سمێڵدا ببارێن و ڕوبەڕوی کەریموکە خوێڕیەکان ببنەوە. بەهارگیان: ئینجا باشتێکیتر بەو فشەکەر و گووگرانە بڵێم: ئەو نووسەرەی دێت و چیرۆکی سەروینی یاخی دەنووسێت، یەک کیلۆ گووی خەستی خواردووە، سەروین دەکات بە دەنگی خۆی و کۆپیەک لە خۆی. من سێبەری هیچ کەسێک نیم و هەرگیز، قبوڵ ناکەم جگە لەخۆم، لە هیچ کەسێکیتر بچم.

بۆ من کۆیلەی نووسەرم، تا بێت و وەک ئەمیر و خەلیفە و والیەکان بە دڵی خۆی لە رۆمانەکەیدا، کەی ویستی سوارم بێت، لێم بدات، یاسا و شەریعەت و عەقیدەی خۆییم بەسەردا بسەپێنێت و ڕۆژی سەدجار بە پێی سستەمی کەنیزە وکۆیلایەتی و چەشنی کاڵایەکی مادی و بێ گیان، لە بازاڕی تاگ گوویی و بێ مروەتی و بێ مۆڕاڵیدا، کڕین و فرۆشتنم پێوە بکات. بمکات بە کەنیزە و بوونەوەرێکی بێ ئیرادە و ئازادی ئەتکرا و دەستبەسەرداگیرا و ڕۆبۆت ئاسا، بە کۆنتڕۆڵی ئەقڵ و کێری خۆی و بە پێی میزاجی خۆی کەی ویستی بمخاتە سەماو و جووڵە و گۆکردن و گووکردن. کەیش ویستی بمدۆڕێنێت، شکستم پێ بدات، لەناوم بەرێت و لە بەرامبەر خەنجەر و خێڵ و سمێڵ و ئەو هەموو گووەی کۆمەڵ، دوای ئەو هەموو یاخی بوون و ڕوبەڕوبوونەوە و بوێرییەم بێت بوێری و گووخۆری و ناماقووڵی وا بکات و گووی وا بخوات و لە کۆتا بەشی ڕۆمانەکەیدا، ئاڵای ڕادەست بوونم پێ بەرزبکاتەوە ! حەدی چییە. ئەژدا و ئابای دێنمەبەرچاوەکانی و عەرشی دەهەژێنم.

بەهار:نووسەری چیرۆکی ژیانی من، با باش ئەوە بزانێت، من نەک دەنگە حیز و موجامەلە چییەکەی ئەو نیم، من هەرگیز، دەنگی هیچ کەسێکی دیاری کراویش نابم.

من دەنگی هەموان و هی هیچیان نیم. من دەنگی هەموو بێ دەنگکراوەکانم. من تەنها دەنگی گەوادەکان نیم ! بەهار دەزانی گەوادەکان کێن؟

من هەرچەندە بڕوام بە پێناسەکردن نییە، پێناسە واتا بە بتکردن و لە قاڵبدان، بەڵام گەر لە هەموو ژیانمدا پێناسە تەنها بۆ تاقەشتێک بکەم، ئەوە بۆ چەمکی گەوادیم دەکرد و ژن کوژم بە گەواد پێناسە دەکرد.

بەهار:من لێرە دەنگی خۆمم، تۆزەک لەولاتر دەنگی پورە فاتم و دوێنی دەنگە خنکاوەکەی دایکم و بەیانی دەنگی تۆم و دوو بەیانی دەنگی کپکراوی ژنێکی ئەتکراو سێ بەیانی دەنگی قەحپەیەکی ستەم لێکراو ناو کەسایەتی و سومعە ورووشێندراوم.

بەهار: ئەگەر هات و من بەر لەتۆ مردم، لە دەفتەری بیرەوەرەکانتدا تۆماریکە، کە من وەکو سەروینی یاخی ئامۆژگاریم بۆ ئەو نووسەرەی دێت و چیرۆکی ژیانی من دەکات بە ڕۆمان، ئەوەیە کە تەنها ڕەچاوی ڕەگەزی گوو بکات. بۆ ئەوەی هەموو ئەو گووگر و ئەدەب گێیانەی هاتوون و باسی ڕەگەز و تەکنیک و نازانم چی و چی دەکەن، تا ئەوە بزانن کە من هاتووم تا ئەو هەموو گووخۆریەیان سەبارەت بە ڕەگەزەکانی ڕۆمان بەتاڵ و پووچکەمەوە. با دەنگی زاڵ لەو ڕۆمانەی منی تێدا دەکرێت به پاڵەوان، تەنها توخمی گوو بێت.

نەدیالۆگی گوو، نە کات و شوێنی گوو، نە کارەکتەر و دەنگی گوواوی گووسەر و ڕۆمانگێ و ڕۆماننووس هیچیان ڕەچاو نەکرێن و هەرچی ئەو تەکنیک و مەرج و پێوەری حیز و دەستکرد و گووایەی کە لە شێوەی بت لە بەردەم ڕۆماندا قووتیان کردووەتەوە، باشاپێک بدات لە قنیان و ژێرپێیان بخات.

بەهار:دەزانی ئێمە لە گووەوە هاتووین و لەناو گوو دەژین و دەڕۆینەوە بۆ گوو؟ کۆجیتۆی گووت بیستووە؟ من گووم، کەواتە من هەم. بەهار ئێره گووستانە !

گوو گوتی، گوو دەڵێت، گوو بڕیاریدا، گوو کوشتی، گوو جەنگی جیهانی هەڵگیرساند، گوو پەلاماریدا، گوو وێرانی کرد، گوو لە هاوسەرەکەیدا، گوو هەڕەشە دەکات.، گوو چەکی کیمیاوی بەکارهێنا، گوو خاکی کوردانیان دابەش و داگیرکرد، گووی بەعس بەبەرچاوەکانی گووی و نێودەوڵەتی و گووەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی گووی نێودەوڵەتی، کوردیان کیمیاباران و ئەنفال و کۆکوژ کرد، ئەو هەموو گووەی نێودەوڵەتی و گووە یەکگرتووە ئەنجومەنی گووەکان هیچ کاردانەوە و هەڵوێستێکیان نەبوو !

گوو سنووری دانا، گوو بڤەی دروست کرد، گوو بتی داتاشی، گوو هێڵی دیاری کرد، گوو چی قێزەونی و گووە دایهێنا، ئیزا قال ئەلگوو، قال ئەلگووەکانی تر.

بژی گوو، بەڵێ بۆ گوو، گەورەم ئەلگوو، بتی گوو، قاڵبی گوو، پێوەری گوو، سنووری گوو، یاساکانی گوو، نەریتی گوو، ئایدیۆلۆژیای گوو، سیستەمی گوو، مینتاڵێتی گوو، تیوری گوو، ستراتیجیەتی گوو، فیقهی گوو، مێژووی گوو، مەزهەبی گوو، دەستووری گوو، وانەی گوو، ڕێبازی گوو، خەنجەری گوو، عەیبەکانی گوو، شەهامەتی گوو، ستایلی گوو، ئەفەندی گوو، بەڕێز گوو و جەنابی گوو، ئەتەکێتی گوو، دیالیکتیکی گوو، ئیدیۆمی گوو، گۆرانی گوو، سنوورەکانی گوو، هێڵ و بت و بڤە و تابووکانی گوو، ڕێککەوتنی نێوان گووەکان، فەلسەفەی گوو، فەیلەسوف گوو، ڕەخنەگرگوو، نووسەر گوو، داهێنەر گوو، ئەکتەر و شانۆکار گوو، ڕاگەیانکار و پێکەشکار گوو، ئەفەندی گوو، شاعیرگوو، هەست ناسک گیان گوو، جیقڵدان تەنگ گوو، ژن کوژ گوو، ئەقڵیەتی گوو، خاڵە گوو، مامە گوو، حاجی گوو و شێخ گوو، گوو، گوو، گوو.

بەهار هیوادارم ئەوەی دوای نەمانم ژیانم دەکات به چیرۆک و ڕۆمان، لە ڕەگەزی ژن بێت، یان گەر نێریش بوو بە هەست و ڕۆحیەتێکی ژنانە بیانووسێتەوە و دایان بڕێژێتەوە.

وەک ئەو هەموو پیاوە ڕۆماننووس و چیرۆک نووسە سمێڵ زلانە نەبێت، کە تائێستا کارەکتەری ژنیان لە دوو توێی چیرۆک و ڕۆمانەکانیان وەکو کەسێکی پاسیف و لاواز و پاشکۆ و قوربانی و شکست خواردوو بەرجەستەکردووە.

کوڕە ئەو نووسەرەی من دەکات بە پاڵەوان کەرەسەی ڕۆمان و چیرۆکەکانی، گووی خواردوو و دێت و بوێری و کەرایەتی وا دەکات و دەڵێت:سەروینیان بە زۆر بەمێرد دا، سەروین پیاوەکەی بیست ساڵ لەخۆی گەورەتربوو. سەوین سەر بە هەوێ شووی کرد، سەروین خۆی کوشت، سەروینان کوشت (سەروینیان کوشت) ، کوڕە بەخوای تا هەموو سمێڵە حیزەکانتان دانە دانە نەبڕم و هەمووتان نەکوژم، خۆم لێرە ناڕۆم هاهاها

بەهار لە بیرت نەچێت ئەوەش تۆمارکە، بەو نووسەرە بڵێ:من کارەکتەرێکم، وەک چۆن زەمەنەکان بە میزاج و حەزی خۆم تێکەڵ دەکەم، مێژووی سەردەمە جیاوازیەکانیش ئاوا، بە دڵی خۆم و هەر بە هەوەس و عەنتەری دەستکاری پاش و پێش دەکەم.

من سەروینی پوچگەرا و نهلیست، سەروینی یاخی و ئانارشیستم و حیساب بۆ هیچ هێڵ و بت و قاڵب و پێوەر و گووێک ناکەم

. بەهار پێیان بڵێ واز لەو قسە قۆڕ و بێ مانایانەتان بێن و بەسە بۆ خۆتان ئاقڵ ئاقڵ لێی دانیشن، باشە ئۆخەی گیان؟

دەنا بە هەردووک چیای هەڵگورد و ئاگری قەسەم، هێشتا هیچم نەگوتووە و ئەوەی تا ئێستا لە بارەی ئەو گووگر و گونگرەی ئەدەبی و شیعرگێیانە گوتوومە، کورد وتەنی هێشتا لێ لێیه و لۆلۆ ماوە.

دڵنیابن، من ئەو کەسە بە ڕۆبۆت کراو کەسایەتی تیرۆرکراو ترسێندراوە نابم کە ئەدەب گێیان و گووگرانی ئەدەبی و خێڵ و خەنجەر و ئاغا و سمێڵ دەیانەوێت.

هەرگیز، چاوەڕێی وەها کارەکتەرێکی دۆڕا و بە جەبانکرا و لە من نەکەن.

گرنگ من تا لە ژیاندا بم و بووم، وەک خۆم و بۆخۆم دەژیم و ژیام و بۆ ئەویتر و بە میزاجی ئەویتر نەژیام.

بنەماکانی خێڵ و یاساکانی سمێڵ و مەزهەبی کۆیلایەتی و سیستەمی فۆتۆکۆپیکردن و یاسای بە سێبەرکردنم سەرلەبەری هەڵوەشاندەوە و ڕەتکردەوە.

ئینجا ئێوەش ئازاد بن لە گوو خواردن و بە دڵی خۆتان و تا ملتان دەشکێت و چاوتان دەردێت، وەک سەگێک پێم بوەڕن و بڵێن:سەروینە سەرسەری، سەروینە بەڕەڵا، سەروینە بێ ئەدەب، سەروینە بێ مۆڕاڵ، سەروینە بێ حەیا، سەروینە سۆزانی. سەروینە بت گێ و سنوورگێ و پێوەرگێ.

بەهار: هیواداریشم وەک دایکم، دوای مردنم، یان با بڵێم نەمانم، ئەگەر بێ گۆڕ و ناونیشان نەبم، هەر سمێڵ حیزێک و ئەدەب گێ و گووگرێک، هاتە سەر گۆڕەکەم، درێخی نەکات لە جوێن پێدان و نەفرەت کردن و تفبارانکردنم. ئاخر ئێوە هەر جوێندان و دەمشڕی و دڵ ڕەقی و کەرایەتی و ژن کوژیتان لێدێت.

نەک میهرەبانی و هەست ناسکی و بەزەیی و یژدان و نزا و چاکە. بۆیە هەرگیز، نەکەن گووی وا بخۆن و بوێری و هەڵەی وا بکەن و دوای کوشتنم لە لایان کەریمۆکەوە، هەمان شێوەی ژنانی تر کاتێک باوک و برا و مێرد و کەس و کاریان دەیان کوژن. (کوڕە کەریمۆک و هەرکەسێک حەدیان چییە من دەکوژن. هاهاها.)

ئینجا دێن و لەسەر گلکۆکەشیان لەجیاتی ئەوەی بە زاراوە نێرگەراکەیان و بە پێی مەزهەبی زمان و تای تەئیسی گوواوی و تای موزەککەر و کێراوی خۆیان بڵێن:المەقتولە و لمەزلومە، دەنووسن :ئەلمەرحومە فولانە بینتو ئەلسەگباب ژن کوژ ئەلعەلان و من عەشیرەت ئەلتەلان، ئینجا بێنە سەر گۆڕەکەم و دەست بکەن به گریان فاتیحا و نزان و قسەی قۆڕ و نازانم چی !

وەیش چەند میهرەبان و فرمێسکاوین. ئەها چەند باشن، دەمان کوژن و پاشان لەبەردەم چاوەکانی زۆر بەڕێز کاکە یاسای بێدەنگکرا و لە سوڵحێکی گوواوی و نێراوی و عەشایەریدا و بێ ئاگاداری خودا و ڕوخسەتی خۆمان، کۆمەڵێک سمێڵ حیز، ئەو سمێڵ حیزانەی ژن کوشتن و ئاو خواردنەوەیان لا وەک یەک وایە.

زۆر بێ شەڕەفانە و بێ شەرمانە و بێ مۆڕاڵانە و ڕوو قاییمانە، دێن و لە دیوەخانی سمێڵ زلاندا مامەڵە و سەودا بە خوێنمانەوە دەکەن و لەسەر بێشەڕەفی ڕێکدەکەون کە هەرکاتێک ژنێکیان لەسەر شەڕەف کوشت، زۆر بێ منەتانە و بە ڕۆژی ڕووناک و لەبەرچاوی هەموان و بێ دەنگی خەڵک و خوادا، داکی هەرچی یاسا و ئەخلاق و شەڕەفە بگێن هاهاها.

-دەفتەری بیرەوەریەکانم-

“بەهاری حاجی ئاکۆ”

٨ی گوڵانی ١٩٧٣، دێی: ماڵی خێڵان-ڕێگای کانی ژن کوژان.


٭ حەمەسەعید حەسەن، ئاگری بێ دووکەڵ، ڕۆژنامەی:هەولێر.

٭موکەڕەم تاڵەبانی.




دیالۆگی نێوان من و ئەهریمەن لە دۆزەخدا-(7).. شەماڵ بارەوانی

بەشی حەوتەم

داعــش ژنــی پـاپـایــە..!

باپیرە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، لە کاتی هاتنی تیرۆرستانی داعش بۆ دەشتی نەینەوا، ئەو کاتەی ئێزدی و مەسیحیەکانی ئەو شوێنە کەوتنە بەر شاڵای تەعریب و تیرۆر و فەرمانێکی تر و ئەوەی گیرا و گیرا، ئەوەی فریاش کەوت ڕایکرد.

جا ماڵێکی ئێزدی لەگەڵ ماڵێکی مەسیحی هاتبوونە گەڕەک و کۆڵانەکەی ئێمە.

مناڵی براکەم و هی گەڕەک هەمووی ببوون بە هاوڕێی مناڵانی دوو ماڵە ئێزدی و مەسیحیەکە و بەردەوام یارییان پێکەوە ئەنجام دەدا.

ڕۆژێک شتێکی زۆر سەیرم بینی !

چیت بینی ڕۆڵە داسنیەکەم؟

باپیرە: مناڵێکی برازام تەمەنی کەمتر لە شەش ساڵ بوو، ڕۆژێک لە قوتابخانە دەگەڕامەوە، بینیم لەگەڵ منداڵانی ترى گەڕەک کە هەمووی هاوتەمەنی خۆی بوون، بە مناڵە ئێزیدیەکەیان دەگووت:شەیتان، شەیتان، شەیتان.

لەو کاتە، ڕێک دەهری بووم و ئەو ئیمانەی هەشم بوو لەکەلەم نەم

گووتم پێدەنگ بن هەی زمان هەراشینە، چۆن قسە بە هاوڕێکەتان دەڵێن؟

بۆ شۆخی و بە پێکەنینەوە، گوتم:ئاوەرن مەڕۆن، هەی دەم زلینە، هەموان ڕایانکرد.

ڕۆشتمەوە ماڵەوە و گوتم:ئەوە کێ ئەو منداڵە بچووکەی فێری ئەو جوێن و بێ ڕێزیەکردووە؟!

ئەو منداڵەی کە هێشتا به تەواوی زمانی نەگرتووە و دێت و سوکایەتی دەکات و جوێن بەو مناڵە کوردە ئێزدیە بێ تاوان و بەستەزمان و لێقەوماوە دەدات؟!

گوتیان وەڵاهی ئێمە عیلم و ئاگاداری ئەوەمان نییە.

باپیرە تابڵێیت پەست و نیگەران بووم بەوە.

چونکە زانیم ئەوە کاری گەورەکان و ڕاسیزمیەت و نەخۆشی و دەمارگیری ئایینیانەی خۆیانە بۆ ئەو مناڵە پەپوولە و بێ تاوانانە دەگوازنەوە و دەروون و مێشک و ئەقڵیان وێران و ڤایرۆساوی دەکەن!

باپیره لەو قوتابخانەیەیش کەمن تێیدا وانەم دەگوتەوە، یەک دوو مامۆستای کوردی ئێزدی باشووری تیابوو، زۆر منیان خۆش دەویست و دەیانگوت تۆ حاشا لە مێژووی باب و باپیرانی خۆت ناکەیت و کوڕێکی هۆشیاریت و دەزانی حەقیقەتەکە چییە.

دوو مرۆڤی زۆر بەڕێز و بێ زیان بوون.

ڕۆژێک دانەیەکیان هاتوو پێی گوتم:دەمەوێ شتێکت پێ بڵێم، بەڵام نێوانی خۆمان بێت.

گوتی:قوتابیەکی پۆلی سێی بنەڕەتی، هەرکاتێک دەچمە پۆل، بەمەبەستی بێ ڕێزی کردن و وەکو گۆرانی دەڵێت:شەیتان، شەیتان، شەیتان !

گوتی لەبەر ئەوەی دەزانێت من ئێزدیم، بۆیه وادەڵێت !

گوتی شەیتان چییە؟ من علاقەم بەوە چییە؟

ئێمە نە شەیتان دەپەرستین و نەهیچ.

گوتم:ئەو مناڵە توزانی ئێزدیاتی و ئیسلام و خودا و ئایین چییە !

بە دڵنیاییەوە، ئەوە کاری گەورەکانە، گەورەکان، وایان فێرکردووە و پێیان گووتووەکە وا بڵێت !

من و مامۆستایەکی تر هەوڵمان دا بزانین ئاخۆ کێ ئەو مناڵەی فێری ئەو هەستە قێزەون و قسە بێ مانایە کردووە، بەداخەوە بۆمان ئاشکرا نەبوو و ئەو مامۆستایەیکە لەگەڵ من هەوڵیدا، موسڵمانە و باوەڕی به پێکەوە ژیان هەیه و زۆر ڕێزی فرەیی و جیاوازیەکان دەگرێت، بەو مناڵەی گوت:جارێکیتر ئەوە بەو مامۆستایە بڵێیت، دەتبەم بۆ لای بەڕێوەبەر.

باپیرە، هەر لەهەمان قوتابخانە، دیقەتم دا، دوو قوتابی لە کاتی ڕێزبوون و لە دوو ڕۆژی جیاوازدا، هاتن و سروودێکیان دەگوتەوە.

سرودەکە بۆ پێشمەرگە و نەتەوە و خاک بوو، بەڵام کۆتاییەکەی قسەیەکی تێدابوو دژی پێکەوە ژیان بوو و جوێنێک بوو بۆ پاپای مەسیحیەکان و دەیگوت:داعش ژنی پاپایە.

بە دوو مامۆستام گوت، ئاگاتان لەو سروودەیه؟ دیاربوو ئەو دوو مامۆستایە هەستیان بەوە نەکردبوو.

نازانم مامۆستاکانی تر هەستیان پێکردبوو، یان نا؟

بەڕێوەبەریش لۆ خوای بڵێم:لەوێ نەبوو هەردووک ڕۆژ، گەرنا ئەو، مرۆڤێکی زۆر نەتەوەیی و موسڵمانێکی تا بڵێیت خواپەرستە و باوەڕی تەواوی بە پێکەوە ژیانی ئایینی هەیە و دڵنیام لەوێ بوایە، هەرگیز، لەوە بێدەنگ نەدەبوو.

باپیرە: گوتم: لە ڕۆژنامە لەسەر ئەوە دەنووسم و دەبێ وەزیری پەروەردە بێنمە سەر خەت، بەڵام باجارێ سەرچاوەی ئەو سروودە ئاشکرا بکەم.

من و دوو مامۆستاکەی هاوڕێم، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە فیعلەن ئەو سروودە کۆتاییەکەی دەڵێت:داعش ژنی پاپایە، ڕۆشتین و ئەو سروودەمان بە یەکێک لەو دوو قوتابیە کچە لەناو پۆل دووبارە کردەوە، ڕێک وەکوو من بیستبووم وابوو کۆتاییەکەی سوکایەتی بە پاپا دەکات.

ڕۆڵەکەم: لەسەرت نووسی لە ڕۆژنامە؟

نا باپیره، گوتم، دەبێ سەرچاوەی ئەو سروودە ئاشکرا بکەم و بزانم لە کوێ هاتووە، ئینجا.

باپیرە زۆر جار دەگەمە ئەو بڕوایەی دەڵێم ئەگەر من، پرۆسەی هاوسەرگیری پێک بێنم، دەزانی چی دەکەم؟

چی دەکەیت دڵ و مێلاکی باپیرەی؟

باپیره منیش وەکو موحەمەد ماغوت دەکەم:”منداڵێک دەخەمەوە و ناوی دەنێم ئادەم.. چونکە لەو سەردەمەی ئێمەدا ناوەکان دەکرێن بە تۆمەت.. بۆیە ناوی مناڵەکەم ناکەم بە محەمەد و عیسا.. نایکەم بە عەلی و عومەر.. نایکەم بە سەدام و حوسێن.. ناشیکەم بە زەکریاو ئیبراهیم.. نایکەم به دێڤد و جۆرج.. دەترسم کاتێک گەورە دەبێت ببێت بە کەسێکی ڕاسیزم و ڕەگەزپەرست .. و ناوەکەی ببێتە هۆکاری ئەوەی.. لەلای بێگانەکان ببێت تیرۆرست.. و لای توندئاژۆکانیش سۆزانی.. و لای شیعەکان سونی .. و لای سونەکانیش عەلەوی و شیعە.. دەترسم ناوەکەی ببێتە پاسەپۆرتی گەشتکردنی.. دەمەوێ ئادەم موسڵمان و مەسیحی بێت .. دەمەوێت ھیچ لە ئایین نەزانێت تەنھا ئەوەندە كە بۆ خودایە .. و دەمەوێ بزانێت نیشتمان بۆ هەمووانە .. فێری دەکەم ئایین ئەوەیە کە دڵ بڕیاردەدات و کرداریش دەیسەلمێنێت .. فێری دەکەم عروبەت خەیاڵە.. و مرۆڤایەتی لە هەموو شتێک گرنگترە.. فێری دەکەم برسیەتی کافرە و نەزانین کافرە و ستەم کافرە…. فێری دەکەم خوداوەند لە دڵەکاندایە بەرلەوەی لە مزگەوتەکان و کلێساکاندا بێت… فێری دەکەم خودامان خۆش بوێت نەک لێی بترسێین ..

فێری هەموو ئەوشتانەی دەکەم کە کەسوکارەکانمان لەبیریان چوو فێرمان بکەن.. فێری دەکەم ئەوەی لێمان کەمە.. ئەوەیە کەهەمانە.. و ئەوەی هەشمانە لێمان کەمە.. فێری دەکەم کە من بە نیازم تەنھا نێرینە بھێنمە دونیاوە …

لە كۆمەڵگای عەرەبیدا ھەتاھەتایە ئەو كەم و كوڕییە، دەمێنێتەوە.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا-(33).. شەماڵ بارەوانی

بەشی سی و سێ

هــەی لەوەی ســەرت بـەم..!

لە هەولێرێ دووساڵان لە گەڕەکی ئیسکان و لە قوتابخانەی(موحەمەد)یە، لەناو مزگەوتی حاجی قەرۆکی قوتابی خوێندنی ئیسلامی و فەقێی حوجرە بووم.

جا عادەتەن بەهۆی نزیکی ئیسکان لە بازاڕەوە، ئێمەی فەقێیەکان هەرکاتێک پێویستیمان بە بازاڕی کردن و شتێك بوایە، زۆربەی جار هەر بەپێ دەڕۆشتینە ناو بازاڕ.

بەو بۆنەیەوە، ئەوە ڕۆژەکی لە ئیسکان بە پێیان دەڕۆیشتمه بازاڕێ، قاتێکی کوردیم لەبەربوو و کڵاو جامانەیەکیشم لەسەر بوو.

جامانەکەم هێندە گەورەبوو دەتگووت هی پیاوە هیندیەکانە. زۆر بە پۆزەوە ڕێم دەکرد و جۆرێک لە خۆبایی بوون و وەک بادینیەکان دەڵێن: تڕ مەزنیم پێوە دیاربوو.

بەکۆڵانەکی دادەڕۆیشتم، لەیەکێک لە گەڕەکەکانی نێوان ئیسکان-بازاڕ، یەک کۆمەڵە ژن لەبەر دەرگای حەوشەی یەکێک لە ماڵەکانی ئەو گەڕەکە و لەقانچەی دانیشتبوون.

دیقەتم دا هەموویان کورد وتەنی بە چوار چاوان و لەبنی پێم، تا تەپڵی سەرم، تەماشایان دەکردم و لەبن لێوانیشەوە، پستە پستیان بوو و پێم پێدەکەنین.

لە دڵی خۆمدا گووتم: لەوەدەچێت ئێستا پێم بڵێن: های لەوە ! تۆ سەیری، ئەو فەقێیە بنچکە فسە جامانە گەورەیەتان دیتییە چەند لەخۆباییە و چەندە بە ئەتەکێت و لووت بەرزییەوە ڕێدەکات! دووسێ منداڵیش تۆزەک واوەتر و لە نزیک ژنەکان خەریکی یاریکردن بوون. منداڵەکان هەموویان تێم ڕامان و ئەو تەمەنەی من و ئەو جامانەو ستایلەی جل وبە رگەی منیان لا سەیربوو، وەک بڵێیت شتێکی سەیر و عەنتیکەیان دیتبێت.

یەکێک لە منداڵەکان بانگی کردم: هێی هێی! کو ئاوڕم دایەوە و تەماشام کرد، گووتی: هەی لەوەی سەرت بەم.(نەیزانی ناوی ئەوەی سەرم چییە) وای باوکەڕۆ، کاتێک وای پێ گووتم، هەر خوا دەزانێت کە چەندە تەریق بوومەوە و لە شەرمان چەند ڕەنگم هێنا و برد. تێبینیم کرد ژنەکان هەموویان دەمی خۆیان بە لایەکی سەرپۆشەکانیان گرتووە و لەژێر لێوەوە پێدەکەنن. منیش لەشەرمان حەوت ڕەنگم گۆڕی و زەوی شەقی ببردبووایە دەڕۆشتمە ژێریەوە. ئاخریەکەی ژنەکیان غاریدا منداڵەکە، تا لێی بدات و منداڵەکە هەڵات و ژنەکە پێی گووت: بووەستە، بەس بتگرم هەی سەر گەورەی قوون ئەستوور. منیش سەری خۆم شۆڕکرد و هەنگاوەکانم خێراکردن و بە شەرمەوە و بە پەلە ئەو ناوەم جێ هێشت.




خەنجەری خێڵ..(9).. شەماڵ بارەوانی

بەشی نۆیەم

سەروینی ئانارشیست..!

بەهار با تۆزێکیتر قسە لەسەر ئەو شیعرگێ و گووسەر و گووگرانی ئەدەبی بکەین، ئینجا دێینەوە سەر باسی خەونە سوریالیستەکەم.

بەهار ئاگات لێیەتی فشەکەرێکیتریش پەیابووە، هەرچەندە زۆرم خۆشدەوێ و لە شیعر و نووسینەکانی ڕا دیاره کە کوڕێکی یاخی بوێر و یەکسانی خوازە. بەڵام ئەو ڕۆژە لە دیدارێکی ڕۆژنامەی “ڕێگای کوردستان” و لە چاوپێکەوتنێکیتریش بینیم لە یەکێک لە ڕادیۆکان، گووی دەخوارد و لەبارەی شیعرێکی خۆی و وەکو تەنزیش بۆ هەندێک شیعری خەڵکیتر، وشەی میعری بەکاردێنا.

هیوادارم ئاگای لەدەمی خۆی بێت ئیتر، ئەگەرنا سەروینی لەو یاخیتر، بەزەیی بە هیچ کەسێکدا نایەتەوە و بەخوا کورد وتەنی دوایی دەیکەم بە پەڕۆی بێ نوێژ .

کچێ دەزانی ئەو ڕۆژە گووسەرێک، هاتبوو چی نووسی بوو؟

وەرن با فێرتان بکەم، چۆن گووبگرن و گووی بخۆن و چۆن هێڵکەی شیعر بکەن و شیعر بنووسن و قسەی قۆڕ بهۆننەوە !

نووسیبووی بۆ ئەوانەی شیعری ئازاد، یان کلاسیک دەنووسن، بەهار یەک دنیا قسەی بێ مانای ڕێزکرد بوو و فەردەیەک شەتەحات و سەتڵێک قۆڕیاتی فڕێدابوو ئەو گۆڕەیی و لە وێنەی کاهینێک ئامۆژگاری سەروینی یاخی و شاعیرانی کردبوو کاتێک کە شیعردەنووسیت، دەبێت بە پێی کۆمەڵێک ڕێسا و یاسا و بوت و پێوەری گوواوی بینووسیت ! نووسیبووی بۆ ئەوانەی شیعری ئازاد دەنووسن، با برگەکانی سێ و چوار و پێنج وا بێت و هی دووەم و یەکەمیش وابێت.

خشتە دانان و وانەی بیرکاری و بابەت دابەشکردنی میرات و زەرب و تەقسیماتە. نانا، سەربازییە، ڕاست، چەپ، ڕاست، چەپ. پشوودە، وریابە. هاهاها

بەپەلە:کۆمپانیای شیعرگێیان، بۆ شیعر دانان! ئۆڤەرێکی شیعرگاین ڕادەگەیەنێت و پێویستی بە چوار کارمەند هەیه بۆ شیعر نووسین، بە مەرجێک، هەمووی لەڕەگەزی مێ، یان پیاوی موو نەرم بێت و باش لە زمانی شیعرگاین بزانێت و دووساڵ ئەزموونی گووگرتنی هەبێت لە بواری ئیلهام تڕاندن و گووگری ئەدەبی و پاشان دەبێت هەموو ئەو بت و پێوەر و میتۆد و گووەی کە بۆ شیعرکردنمان داناوە، پێیەوە پاپەند بێت هاهاها.

بەهار وابزانم شێرکۆی نەمر بوو، کابرایەک پێی گوت:شیعرێکم بۆ بنووسە ! گوتی:بۆ کاکە من خەیاتم؟!

بەهار دانەیەکیتر لە یەکێک لە ماڵپەڕەکان نووسیبووی لە جیهانی ئەدەبدا دنیایەک قوتابخانە و ڕێبازی شیعری جیهانی هەن، هەر یەک لەو ڕێباز و قوتابخانە و شتە پشت بە میتۆد و ڕێبازێک دەبەستن و ڕێچکەی تایبەت بە خۆیان هەیە و پشت بە جۆرێک لەبیروڕا و جیاوازی دەبەستن.

بەهار: گوتم سەروین تەعریفی خۆی هەیە بۆ شیعر، تەعریفی من جیاوازە، تەعریفەکەی سەروین نە بت و نە قسەی قۆڕ و بێ مانا و نەیش تەعریفێکی گوواوییە.

بەهار گاڵتەم کرد، خۆی هەر شتێک تەعریفت بۆی دانا، ئیتر دەبێت بە بت و لە قاڵب دان.

بەهار هەر شتێک تەعریفی بۆ داندرا، چوارچێوە و قاڵب دروست دەبێت، چوارچێوە و قاڵب درووست بوو، بت دێتە گۆڕی، بت هاتە گۆڕ، پەرستن لە دایک دەبێت، پەرستن لە دایک بوو، ئازادی بە گایین دەچێت، ئازادی بە گایین چوو، کۆیلایەتی و عبوودیەت دەبێت بە سیستەم.

تۆ سەیرکە، ئەو تەعریف گەرا و بتگەرا و پێوەرگەرایانە، خودایان تەعریف کرد، چییان بەسەر هێنا !

ئایینیان بۆ دروست کرد، سەربڕین و دەست بڕین و ژن کوشتن و داگیرکردن و سەبایە و هەرچی کاری قێزەون و قۆڕییات و وەحشیگەرێتییکە، بەناوی خوداوە هێنایە وجودەوە.

تای چەوساندنەوەی ئافرەت، تائێک دەبێ ئیتر بکرێت بەتای شورەیی و خەجاڵەتی و لە تەوێڵی پیاوساڵاری بدرێت.

پیتی شەرم، یان تائێکی گوواوی، تائێک پیرۆزی نەفتەوەیهی و سیبەوەیهی و جورجانی و ئیبنولعەقیل و ئیبنولعەزرائیلەکانتان بێت.

تائی تەئنیس، تای تف کردن لە ڕووی ئەقڵیەتی نێرسالاری و تێک و پێکشکاندنی جیاوازی زمان.

تای شەرمەزاری. تای خەساندنی ئەقڵی پیاو و تیرۆرکردنی ژنبوون و مرۆڤ بوونی ژن.

کوڕە هەی لە هەرچی تا و پیتی نێر و مێتانە بەم باشە هاهاها

بەهار:ئێستا ئەو کاهینە شیعرگێیانەی کە ناوی گووگری ئەدەبییان لە خۆیان ناوە، دەیانەوێت دووبارە هەمان هەڵەی پیاوانی ئایینی و ئایینەکان و ئەخلاقچیەکان دووبارەکەنەوە و، بێن و دەرزنێک گوو و تەعریف و قاڵب و بت و پێوەر و تەلبەند بۆ شیعر داتاشن و کۆیلەی شیعری دابهێنن !

کوڕە هەی لە خۆتان و هەرچی قوتابخانە و مەزهەب و ڕێباز و پێوەر و میتۆد و قاڵب و فۆرم و بتی شیعریتانە بەم.

دەبەنگینە ئەوجە با پێتان بڵێم تەعریفی سەروینە ئەنارشیست چییە؟

بەڵام نەکەن دوای من، بێن و وەک چۆن هەرچی دادایزم و ئانارشییەت و نهلیست و چی و چییە لە دوای خاوەنەکانیان کە هەموویان دژی لە قاڵب دان و بت و چوارچێوە و بەستەنەوە بوون، هاتن و کردتان بە ئایین و مەزهەب و بت و قاڵب و قوتابخانە.

ئەوە دیاره شیعر بە تیوری ڕێژەیی خاڵە ئەنیشتاین و بیگ بانگی کاکە ستیڤن هۆکینگ و بیردۆزەکانی حاجی نیوتن و زانست و فیزیا حاڵی بووە هاهاها

بەهار نووسینێکی زۆر جوانی نووسەر و لێکۆلەرەوەیێکم بینی سەبارەت بە شیعر، هەرچەندە ئەویش یەک قیچ هەستت دەکرد تاڕادەک تەعریفاندن و لە قاڵباندنی تێدا بوو. بەڵام، بە گشتی سەرنجێکی جوان بوو لە بارەی شیعرەوە.

گوتبووی” بێگومان هه‌ر یه‌كێكمان ناساندنێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ بۆ شیعر، به‌ڵام به‌و په‌ڕی ساده‌یی، كۆمه‌ڵێك وشه‌ی ریزكراو هاوشێوه‌ی ملوانكه‌یه‌ك، به‌مه‌رجی كاردانه‌وه‌ی هه‌ست و بیری به‌رامبه‌ر، ئه‌وه‌ خۆی شیعره‌.

هه‌ر كه‌سێك توانای جیا كردنه‌وه‌ی ره‌نگه‌كانی هه‌بێ و راست و چه‌پی خۆی بناسێ و بتوانێ بڕواو بگه‌ڕێته‌وه‌ … دیاره‌ ئه‌و كه‌سه‌ خاوه‌نی هه‌ست و نه‌سته‌ …! واته‌ كه‌سێك شعوری به‌گشت له‌وازمه‌كانی حه‌یات بشكێ، ئه‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ شاااااااااعییییییره‌.”٭

بەهار: ئەو دەربڕینە، وەکو گوتم ئەگەرچی تەعریفاندن و بتاندنی پێوەدیارە، بەڵام جوانیشە.

دیسان ئەو نووسەرە گوتبووی” به‌جۆرێكیتر … هه‌ر كه‌سێك قه‌ڵه‌م بگرێته‌ ده‌ست و ئه‌لف و بێ لێك جیا بكاته‌وه‌، بێگومان توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، له‌هه‌ر وه‌زع و مه‌وزوعێك كه‌بیه‌وێ ته‌عبیرێك ده‌رببڕێ، به‌و شه‌رته‌ی پێشینه‌یه‌كی باشی بۆی هه‌بێ … مادامێك هه‌ست و نه‌ستی به‌رامبه‌ر ده‌ربڕێ، ئه‌وه‌ بۆ خۆی شیعره‌و شعوری مرۆڤێكه‌ كه‌ پێی ده‌ڵێن: شاااااااااعییییییر.”٭

فەوزەوی و ئەنارشیست و بت گێ و پێوەرگێ، بگێن هاهاها !.

بتەکانی مامۆستا و بەڕێوەبەر و قوتابخانە، بتەکانی خێزان و باوک برا و مام و ئامۆزا، بتەکانی کۆمەڵ، بتەکانی فەرمانگە، بتەکانی حاجی جادر و مامە باندڕ و خاڵە خدر، بتەکانی فلان سیاسەت و فیسار قانوون، بتەکانی سمێڵ، بتەکانی خێڵ، بتەکانی نەریت، بتەکانی مەزهەب و ئایین، بتەکانی ئەخلاق، بتەکانی ڕەخنەگر، بتەکانی شیعرگێ، بتەکانی عەیبه، بت، بت بت..

کوڕە دەبڕۆن هەی بڕیم بەسەر هەرچی بتتانە. ئێوە دیاره هێشتا هێزی سەروین و توانای سەروین و یاخی بوونی سەروینتان نەناسیوە؟

هەی بت پەرستنیە، باش ئەوەبزانن کە خەیاڵتان خاوە و سەروینی ئەنارشیست هەرگیز، بە هیچ بتێک لەو هەموو بتە گواویەتان ، زیندانی و لە قەفەس و دیل و بە کەنیزه ناکرێت.

-دەفتەری بیرەوەریەکانم-
“بەهاری حاجی ئاکۆ”
٨ی گوڵانی ١٩٧٣، دێی: ماڵی خێڵان-ڕێگای کانی ژن کوژان.


٭په‌ڵه‌یه‌ك هه‌وری ئه‌وین،

له‌ ئاسمانی هێڤار ‌ته‌نیاوه‌ ده‌بارێ، قه‌ڵه‌می:ئامانج شارباژێڕی.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا-(32).. شەماڵ بارەوانی

بەشی سی و دوو

خودایه، ئەو هاوسەرگیرییە مانگەكی نەخایەنێت و كیژەكە تەڵاق بدرێت.

کاتی خوێندنی فەقێیاتی زۆر جار دەچووین ئەوەی بە زمانە عەشایریەکە دەڵێن: ژنمان لە خەڵکێک مارە دەکرد.

جا ئێمەی فەقێکان ئەو دەمەی مەلاكان لە جێی خۆیان دەیان ناردین لۆ ژن مارەكردنێ، پێیان دەگوتین:مەعامەلەی نەكەن لۆ كرێی ژن ماركردنەكەی(چونكە مەلای تر هەبوون دەیانكرد. عەیب نەبێت)، ئەو مەلایانەی ئێمەیان دەنارد، دەیانگوت: نا کاکە عەیبە، مامەڵە نەکەن. بەڵام بڵێن: ئەگەر وەكو خەڵات و دیاریەک شتەكمان بدەنێ ئەوە خوا نەیبرێ. بە کورتیەکەی گۆشتی دەخۆم، بەڵام گۆشتاو نا. جا هەموو جار کە دەڕۆیشتم بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری، بەینی خۆمان بیت، پەنجا هەزارێكم وەردەگرت.

جا بەو بۆنەیەوە، ئەوە رۆژەكی چومە”مەسیف سەلاحەدین” کچێکم لە کوڕێک مارەبڕی، لەسەرەتای چوونەکەم، تا مارەبڕینەکە تەواو بوو، هەر بیر و خەیاڵم لای پەنجاهەزار دینارەکەی بوو. لە دڵی خۆم دەمگوت:وەڵاهی ئەو ماڵە چەور و دەوڵەمەند دیارن و پێدەچێت زیاتریشم بدەنێ. بەداخەوە وەکو کورد دەڵێت:ئاش لە خەیاڵێک و ئاشەوان لە خەیاڵێکیتر ! ئاخریەکەی ئەو بێ ویژدانانە، نەک هەر پەنجا هەزارەکە، بگرە یەك دیناریان نەدامێ. بڕوا ڕۆ کە پێی تێک چووم و خەفەتم خوارد، لە تووڕەییان خۆم دەخواردەوە و خەنجەرت لێدابام خین لە لەشم نەدەهات.لە دڵی خۆم و بەنهێنی یەك دنیا دووعام لە كوڕە و كچەكەی كرد و گوتم: خودایە ئەوە من كەراتیەكم كردوو مارەم كرد، بەڵام رەبی ئەو هاوسەرگیرییە مانگەكیتر نەخایەنێت و كیژەكە تەڵاق بدرێت.




خەنجەری خێڵ.. بەشی(٨).. شەماڵ بارەوانی

سەروینە بێ هەوسار..!
بەهار:
بەر لەوەی باسی پاشماوەی خەونە سوریالستەکەمت بۆ بکەم.
دەمەوێ ئەوەت پێ بڵێم:
کە دڵنیام ڕۆژێک دادێت هەندێک جۆرە گووگر کە ناو لە خۆیان دەنێن ڕەخنەگر!
دێن و ڕەخنە و گوو لەو نووسەرە دەگرن کە ژیانی من، خەون و ئاوات و خۆزگە تیرۆرکراوەکانی من دەکات بە چیرۆک و ڕۆمان و گووی دەخۆن و دەڵێن:پاڵەوانی ئەو چیرۆک و ڕۆمانە بۆ هێندە دەم پیسە !
گوتم:خەونە تیرۆرکراوەکانی من؟ گاڵتەم کرد بەهار.

کوڕە چ گەوادێک حەدی هەیه خەونەکانی سەروین تیرۆر بکات و خۆزگەکانی سەروین بخنکێنێت و سوارچاکی خەونەکانم لێ بدزێت و ژن بوونم قەدەغەبکات؟
من ئەو ژنە بێ ئیرادە و ئەتکراوانە نیم و بێم بڵێم”
من ژنم بۆیە ئازارەکان ڕوو لە من دەکەن..
من ژنم بۆیە پەردەی ژیانم هەمیشە کون تێکراو و دڕێندراوە
من ژنم بۆیە ڕەنگی جلەکانم گەڵای پاییزیان بەخۆیانەوە کردووە
شانۆکارێکی بەستزمانی شانۆی ژیانم..
من ژنم هەر بۆیە قەدەغەکراوم
..”٭
هەرگیز، من نابم بەو ژنەی کە بێت و ئاوا لاوازانە لە بەردەم کەڵبەی نەریت و خەنجەری خێڵ و قانوونەکانی سمێڵ، جاڕی شکست بدەم و ئەو جۆرە قسە قۆڕانە بکەم.

ئینجا،
بەو جۆرە گووگرەی کەنموونەکیان لەو مەملەکەت پەیابوون دەڵێم:
کوڕە بڕۆن هەی گووگرینە. بۆ دەتانەوێت ئەو نووسەرەی ژیانی من دەکات بە چیرۆک و ڕۆمان، هاوشێوەی نووسەرە گوونووسەکانیتر بێت و کچێکی لاواز و بێ ئیرادە و ترسێندراو، یان کارەکتەرێکی خەیاڵی، یاخود بوونەوەرێکی ئاسمانی بهێنێت و بیکات بە پاڵەوانێکی شکستخواردووی نێو ڕوومانەکەی؟
گووی خواردووە، بە خوا لە حەوت قەڕن دوای ئێستا ئەو کەسەی من دەنووسێتەوە و چیرۆکی ژیانم دەکات بە ڕۆمان، هەڵەی وا بکات و لە شێوەی کچێکی لاواز و بوونەرێکی ئاسمانی و کارەکتەرێکی سەرەنجام شکستخواردوو لە چیرۆک و ڕۆمانەکەی دام بڕێژێتەوە، لە ناو بەرگی کچێکیتر یان تارماییەک دێمەوە بۆ گیانی و دەیکەم بە حەوت قەشمەر.
وانەزانن سەروین ئیتر بوو بە فیعی مازی و بەشێک لە ڕابردوو و کۆتایی پێهات. نەخێر، سەروین هەرگیز، بە شکست و دۆڕان ڕازی نابێت و چیرۆکی سەروین و سەروینەکانیش کۆتایی نایەت.

نیچەی ڕەحمەتی لە مێژە گوتوویەتی: “هەندێک کەس هەن، دوای مردنیان لە دایک دەبن.”
بەهار دەزانیت
یەکێک لەو کەسانە منم من؟ هاهاها
بەهار:
من کارەکتەرێکم هەڵقوڵاوی ناخی ئەو کۆمەڵە بۆگەن و هەناوی ئەو بوونەوەرە جوێندەر و قێزەونانەی نێو کۆمەڵی کوردەواریم، نەک بوونەوەری فەزایەکیتر و کەسێکی خەیاڵی.
ئینجا با ئەو گووگر و ڕەخنەگر و گونگرانە باش ئەوەبزانن کەمن سەروینم سەروین، من کچە بێ زنجیر و بێ هەوسارەکەم، وەکو ئەوەی داپیرەم و کەریمۆکی خوێڕی زۆر جار وام پێ دەڵێن.

بەهار دەزانیت بۆ پۆپۆلیسەر یانی چی؟
پۆپۆلیسەر، لێکدراوی هەردووک وشەی(پۆپۆلیست+نووسەر)ـە.

بەهار گوتم:
گووگرێک لە ناو کورد پەیابووە و ناوی لە خۆی ناوە ڕەخنەگر!
زۆر بێ ئەدەبانە و بێ مۆڕاڵانە و هەر ڕۆژەی وەکو سەگێکی هار، پەلاماری ئەم شاعیر و ئەو نووسەر و فلان ناوەندی ڕۆشنگەری و فیسار کتێب و لێکۆلەر دەدات و هێڵێکی گوواوی و ڕەش و چەوت و پۆپۆلیستانە بەسەر هەمووی دادێنێت و تەواوی ئەو کەسانەی گوایە ڕەخنەیان لێدەگرێت، زەربی هیچ دەکات !
کـاکـی پۆپۆلیسەر، تۆ ڕەخنەگــری، یان گووگــر؟!
بەهار:
سەرەتا بەر لەهەر ژەمە گوو دەرخواردنێکی شایستەی ئەو گووگرە، هەندەک کاتی خۆی پێوە دەکوژم و تۆزەک ئامۆژگاری دەکەم بەوەی کە ئاگای لەخۆی بێت و چیتر سنووری خۆی بزانێت و لەوە زیاتر زمان درێژی و بێ ئەدەبی نەکات و ئیتر دەست بەرداری ئەو شێوازه ناشارستانی و ئەو هەموو هەڵچون و گرێ و ئیرەییەی ناخی بێت و ئەو نازناوی ڕەخنە گر و گووگریەش لەخۆی بکاتەوە و پاشان پێی دەڵێم: گیانەی گووگر بڕۆ دوو سێ کۆرس لە سەر ڕێز و ئەتەکێت ببینە، ئەتەکێتی نان خواردن ناڵێم، شێوازی نووسین و ڕەخنەگرتن دەڵێم، بڕۆ هەر هیچ نەبێت بزانە جارێ (گ+و) بە واوێک(گو) یان دوو واو(گوو)دەنووسرێت و ئینجا لە نووسەر و ڕەخنەگری بە توانا: مامۆستا حەمە سەعید حەسەن، ئیمپڕاتۆڕی زمانی کوردی هەندەک فێری شێوازی ڕەخنەگرتن بە و چیتر وەکوو سەگێکی هار و گووگرێکی بێ مۆڕاڵ پەلاماری ئەم و ئەو نەدە و نووسەر و شاعیرەکان نەشکێنەوە و ناویشی نەنێیت گووگرتنی ئەدەبی(ڕەخنەی ئەدەبی).
دەنا قەسەم بەو خوایەی کە تەنها ئەو گیانی سەروینی کەریمۆکی بە دەستەوەیە، سەنگەری ڕوبەڕو بوونەوەی خێڵ و سمێڵ و نەریت بگوازمەوە بۆ سەنگەر گرتن لەو گووگرانەی هاوشێوەی خۆت، ئەبێت دەردێکتان پێ بکەم با بە دەواری نەکردبێت و بۆ حەوت پشتیتری گووگر و ڕەخنەگرەکان تەمێتان کەم و هەرگیز، جارێکیتر بوێری و بێ ئەدەبی وانەکەیت و بێیت و بەسەر نووسەر و شاعیر و ڕۆشنبیر و ڕخنەدا بڕشێتەوە.
جارێکیتریش نەڵێیت:من هەموو شەو کتێبێک دەبێت لە پاڵ سەرینم بێت کاتێک دەخەوم(یانی خەڵکینە: من زۆر خوێنەوار و موهیمم!) هاهاها کوڕە پیرەمێردی خەرەفاو، گەر تۆ بە خوێندنەوە و گووگریتەوە بنازیت، من بە سەروینی کتێب خۆر ناسراوم.

ئینجا گووگر گیان باپێت بڵێم:
مرۆڤ کاتێک ناو لەخۆی دەنێت ڕەخنەگر، دەبێت ئەگەر هیچیش لە ئەتەکێتی ڕەخنەگرتن نەزانێت، دەبێت هەر ئەوە بزانێت کە یەکێک لە بنەماکانی ڕەخنەگرتن: ڕەخنەگرتن لە شتەکانە وەکوو خۆی، یانی هێڵێکی پۆپۆلیستانە بەسەر هیچ نووسین و نووسەرێک دانەهێنیت کاتێک ڕەخنەیان دەکەیت و بە ئینساف و بێ لایەنانە و دوور لە ئیرەیی پێ بردن و گرێی دەروونی و هەڵچوون و کوێرانە و پێشداوەری کردنێک ڕەخنەبگریت.
بەڵام تۆی گووگری کورد و فس فس ڕەخنەگر، بێ ئەوەی کتێبێکی شیعری شاعیرێک و تەواوی بەرهەم و شیعرەکانی ئەو نووسەر و شاعیرەت هەمووی خوێندبێتەوە، دێیت و زەربی هیچی ئەکەیت.
لە دوو سێ نووسینت، ئەو قسه گواوی و قۆڕەشت بە دەمەوە گرتووە(نا شاعیر، شیعر دەنووسن، هیچ مۆسیقا و وێنە و فورمی شیعری تێدایە)
وای خوایه گیان لەو هەموو جەهل و مەهزەلەیە !
ئاخر هەی ڕەخنەگری گووگر، پێم ناڵێیت ئەمە لە کوێی ئەکادیمیەت و ئینساف و ڕەخنە جێگای دەبێتەوە؟

مەگەر لەناو تێڕوانینە پۆپۆلیستیەکەی تۆ نەبێت !

بەهار:
تۆ بێ ئەوەی نووسەرێک، کە سێ کتێبی شیعری نووسیبێت و سێ قەڵەمی بە توانا و سێ مرۆڤی خاوەن پاکگراوەندێکی مەعریفی و فیکری و ڕۆشنبیری قووڵ، سێ نووسەر و لێکۆلەرەوە و شاعیر و ڕەخنەگری ئەدەبی دیاری کورد لە سەریان نووسیبێت و کتێبێک لەو سێ دانە کتێبەیش بیرمەند و ڕۆشنگەرێکی دیاری کورد و ناوەندێکی ڕۆشنگەری و مەعریفی و زەبەلاحیش ئەرکی لە چاپدانیان گرتبێتە ئەستۆ و تۆ بێ ئەوەی هیچ یەکێک لەو سێ کتێبانەی ئەو شاعیرەت دوای چاپکردنیان بە دەست گەیشتبێت، بێیت و گووگری بکەیت و ڕەخنە بگریت و دەماری ئیرەییت پێی هەڵسێت و کێرڤی خەرەفانت زیاتر بەرز بێتەوە و پێی قەڵس بیت و بڵێیت: بۆ لەسەر شیعری ئەو کوڕە دەنووسن کاکە؟ دوایی لەخۆبایی دەبێت و خۆی لێدەبێت بە شاعیر و شت و ئینجا دنیایەک گووی لەوجۆره بخۆیت و تەنز لەو سێ لێکۆلەرەو و شاعیر و نووسەرەی کوردیش بدەیت!

کوڕە پیرە پیاو، تۆ جارێ هەر سێ بەرهەمی ئەو گەنجە شاعیر و نووسەرەت حوێندووەتە؟
ئینجا تۆ بە چ ماف و پێوەرێک دێیت و پێوەری شاعیر بوون بۆ خەڵک دادەنێیت و نازناوی شاعیر بوون بە خەڵک دەفرۆشیتەوە؟!
گووگر گیان:
بۆ نەتزانیوە؟
سەروینی کەریمۆکی هاتووە تا هەموو ئەو پێوەرە گوواوی و یاساکانی سمێڵ و کەڵبەی نەریت و هەرچی بت و شتە کە تۆ و هاوشێوەکانت لەبەردەم ئازادی تاکتان قووت کردووەتەوە، تێک و پێکی بشکێنێت و هەڵوەشێنێتەوە و پێیاندا بڕیت !

هەی گووگری بە توانای کورد، دەزانی پێوەر یانی چی؟
پێوەر یانی لە قاڵب دان و سنوور دانان، پێوەر یانی هێڵکێشان و قووتکردنەوەی بت.
پێوەی یانی گایینی وزەی نووسین و خنکاندنی هێزی قەڵەمی یاخی و زیندانی کردنی شیعری ئازاد و تیرۆرکردنی بەهرە و داهێنان.

پاشان گووگری ڕێزدار:
تۆ دێیت بە سەروینی ماڵی خێڵانی دەڵێیت: چی شیعر و چیش میعره؟
جاهیلی نەزان، هەموو کەسێک شاعیرە، بەڵام دیارە تەنها تۆی نەزان نەبیت !
ئەگەر تۆزەک شارەزایی و زانیاریت هەبوایە، ڕاستە کە
” نووسینی شیعر تازه‌ و نوێیه‌ له‌ چاو درووست بوونه‌كه‌یه‌وه‌”
بەڵام” ده‌كرێ بوترێت هه‌موو مرۆڤێك مادامێك هه‌ست و نه‌ستی هه‌یه‌، بۆ خۆی شاعیرێكه‌، به‌ڵام شاعیرێك ده‌گاته‌ لوتكه‌ كه‌ له‌ گشت ته‌كنیك و وێنه‌ و ڕوخسار و خولیا و خه‌یاڵ و چڕ و پڕی وشه‌ و وته‌ی ناسك و نادر، وا بكات كه‌سانی تر به‌خوێندنه‌وه‌ یان گوێگرتن هه‌ستیان بجوڵێ، عاشق به‌ دیمه‌ن و ئامڕازه‌كانی نێو خه‌ون و خولیایان بكات.

زۆرن ئه‌وانه‌ی شیعر ده‌نووسن، به‌ڵام زۆر نین ئه‌وانه‌ی خۆیان و شیعره‌كانیان به‌ نه‌مری ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ هزرو زیهنی گه‌ل و میلله‌تدا.”٭.
بڕۆ سەرەتا هەندەک خۆت شارەزا بکە و ئینجا دواتر وەرەوە سەبارەت بە شیعر و شاعیروون ئیتر ئەو جۆرە گووە بخۆ، نەک بە چاویلکەیەکی ڕەشەوە سەری دنیا بکەیت و بە نەفەسێکی تۆتالیتارانە و ڕوانگەیەکی پۆپۆلیستانە و بەو خەرەفاوی و نەزانیەت بێ ئەدەبی و بوێری وا بکەیت و شیعر و شاعیریەت و مۆسیقای شیعری و وێنە شیعری و فۆرمی شیعری و ئستاتیکای شیعری و گووی شیعری و نازانم چی شیعری بە خەڵک بفرۆشیتەەوە !
جارێ تۆ نازانی شیعرێک بنووسیت، چۆن بوێری ئەوە دەکەیت بێیت و بڵێیت: ئەمە شیعرە و ئەوەیش میعر !
کوڕە نەکەیت جارێکیتر بوێری ئەوە بکەیت و بڵێیت فولانی کوڕی عەلان دەڵێت: مەرج نییە شاعیر بیت، ئەوجە قسە لەسەر شیعر بکەیت.
دەی منیش وەکو سەروینی کچی فولانی کوڕی عەلانێکیتر، دەڵێم خۆت و ئەو فلانەت گووتان خوارد و نابێت کەسێک لە کاتێکا هیچ لە شیعر نەزانێت و گەیشتبێتە سنووری پیری و هێشتا نەزانێت دێڕه شیعرێک بنووسێت و لەبەر کەلەپووچی خۆی و گرێی دەروون و ئیرەیی ناخەوەی ئیلهامی شیعر ئەو مێشکە خەرافاوەی بەسەر نەکاتەوە، حەدی نییە بێت و وشەی قۆڕ فڕێ بدات و قسە لەسەر شیعر و شاعیران بکات.

نەزان، تەواو ئێستا زانیت کە هەموو مرۆڤێک شاعیرە؟ بەڵام هەیە بە زمانی گوڵ و هەیە بە گریان و هەیه بە جڕت لێدان، هەستی شاعیرانەی دەردەبڕێت و هەشە نازانێت دەری ببڕێت، بۆ نموونە: خۆت و، هەشمانە بە زمانی گوو دەری دەبڕێت.
ئیجا باش بزانە هەی گووگری ناوداری کورد، مادام گووگرێکی وەک تۆباسی پێوەری شاعیر بوون دەکات و زمان لە بابەتێکی وەکوو شیعر دەکوتێت، تا تۆی ئیرەیی چی شەق بەریت، من هەرچەند وەکوو سەروین تائێستا بە خۆمم نەدەگوت شاعیر، دەی ئەوە لێرەوە هەرکەسێک پێم نەڵێت: سەروینی شاعیر، یەک بە قەبارەی سێ کتێبی شیعری گووی دەخەمە دەم هاهاها

دواتر خەتا و تاوانی سەروین چییە کە تۆ خۆت لە نووسینێکت گوو دەخۆیت و دان بەوە دادنێیت و دەڵێیت نازانم شیعر بنووسم.
ئیتر خەتای ئێمەی گەنج چیە پیرە مێردی خەرەفاو، کە بەو هەموو تەمەنەتەوە نازانی پارچە شیعرێک بنووسیت و لە داخان دێیت و ئیرەیی بە نووسەر وشاعیرە گەنجەگەکان دەبەیت و گووی دەخۆیت و گوایە جگە لەخۆشت کەسیتر گووی وای نەخواردووە و لە غیابی گوو خواردن و ڕەخنەی ئەدەبیدا هەرچی هەڵدەستێت شیعر دەنووسێت و لە فەوزای سۆشیال میدیا، هەموو خەڵک شت بڵاو دەکاتەوە.

تۆ نەخۆشی ئیرەیی پێ بردن و گرێی ئیرەییت هەیه، ئیرەیی.
بەهار:
دەزانیت”ڤێرجینا وۆڵف ئیرەیی بە جەیمس جویس دەبرد و بە نووسەرێکی خراپی دادەنا، واڵت ویتمان ئیرەیی بە شاعیرێکی بە ناو بانگ دەبرد و تۆلۆستۆی بەشداری لە هیچ کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی وێژەیی نەدەکرد ئەگەر دۆستۆیفسکی ئامادەی بوایە.
دەشڵێن ئەوەی پاڵی بە جان پۆڵ سارتەوە نا خەڵاتی(نۆبڵ) ڕەت بکاتەوە ئەوەبوو کە بەر لەو ئەو خەڵاتە بە ئەلبێر کامۆ بەخشرابوو.
لە ناو ناوەندی ڕۆشنبیری کوردیشدا ئەو جۆرە ئیرەییە هەیه و زۆر لە نووسەران و شاعیران هەن خۆشیان بە چارەی یەکتریدا نایەتەوە لەگەڵ یەکدیش دادەنیشن٭

بەهار لەوەندە دەیبڕمە و کورد وتەنی زۆر گوتن بۆ قورئان خۆشە و جارێ هەر تەنها هێندە بەو گووگرە دەڵێم:
لە سەروینەوە فێربە و ئەوە بزانە کە ئەوە لەناو کورد زۆر دەگمەنە، تۆ کەسێک ببینیتەوە لە ڕەخنەگرتندا، ڕەچاوی هاوڕێیەتی و کۆمەڵێک حیسابات و ئیعتیبارات نەکات!
ئینجا ئەدەب و ئەدەتەکێت و ڕێزگرتن زۆر پێویست و گرنگە مرۆڤ لەکاتی ڕەخنە گرتن ڕەچاوی بکات، بگرە ئەخلاق و ئەرکە.
ئاخر ئەوە لە کوێی ڕەخنە و ڕێز و ئەکادیمیەت جێگای دەبێتەوە تۆ ڕەخنە لە نووسەرێک بگریت و پێی بڵێیت:فلان ناوێک و زمانت نەگرێت و گرێی ئیرەیی ناخەوەت ڕێگەت نەدات ناوی ئەو نووسەرە بێنیت !
هەی فلان گووگرێک هاهاها ئاخر ئەو مەهزلەیە لە کوێی شێوازی ئەکادیمیەت و خانەی ڕەخنەدا جێگای دەبێتەوە، نووسەرێک لە دەیان ڕۆژنامەو گۆڤار و ماڵپەڕ، شیعر و وتار و نووسینی :فیکری، ڕەخنەیی، ئەدەبی، ڕۆشنبیری، سیاسی ..تاد. بڵاو بووبێتەوە و تۆبێ ئاگایانە و نەزانە بێیت و بڵێیت:ئەو سۆشیال میدیایە فەزای بۆ هەموان خوڵقاندووە تا بێن و شتن بڵێن!
نەزان تۆ لاپەڕەی فەیسبووک و پەیجت لەگەڵ ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنیەکان لێ تێکەڵ بووە هاهاها

ئاخر تاوانی من چییە و من چی بکەم، کە تۆ سنووری ڕۆشنبیریت و خوێندنەوەت تەنهادوو ماڵپەڕ و یەک ڕۆژنامەیه و ئاگات لەو هەموو ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕانەی تر نییە کە شیعر و وتار و نووسینی ئەو نووسەرەی تیا بڵاو دەبێتەوە و نایان بینیت.

من هەرگیز، تکام نەکردوە و تکاش لە کەس ناکەم، بەڵام تەنها بۆ تۆ دەڵێم:تکایە چیتر ئەو نازناوی ڕەخنەگرە لە خۆت بکەرەوە.
تۆ ڕەخنەگر نیت، تۆ گووگریت و وەکوو سەگێکی هار وایت و دێیت و پەلاماری خەڵک دەدەیت و نووسەر و شاعیرەکان دەشکێنیتەوە و شعووریان زامدار دەکەیت و ناویشت ناوە:ڕەخنەی گوودەبی.
هەرچەندە کارێکی باشت کردبوو و خۆت تووشی شەڕی سەروینی کەریمۆکی نەکردو نەوێرابووی ناوی ئەو نووسەره گەنجە بێنیت، کە بە چەند وشەیەکێ کورت و گواوی تەنها گوتبووت: بیرەوەری خۆیان دەکەن بە کەرەستەی گاڵتە جاڕانە، کە بۆ ئێمە هیچ مانای نییە!
ئێ مامەگیان من چی بکەم خەرەفاوێکی وەکوو تۆ کێشەی تێگەیشتنی هەیه و دڵنیام دوو بەشی بیرەوەریەکانیشت نەخوێندبوویەوە نەک ئەو هەموو بەشەی، گەرنا هەرگیز، وا پۆپۆلیستانە ئەو گووەت نەدەخوارد.

بەهار:
بەڵام باش بوو، بەر لەمن، نووسەر و شاعیرێکیتر، لە جیاتی ئەو گەنجە، وڵامێکی پڕ بە پێستی بە نووسینێکی ناڕاستەوخۆی ئەو پیاوەی دایەوە و باسی لە گرنگی ئەو بیرەوەریانە کرد و لە چەند ڕۆژنامە و ماڵپەڕێکیش وتارەکە بڵاو بووەوە.

ئەو گەنجەی کەمن بیرەوەری و شیعر و نووسینەکانی بەردەوام دەخوێنمەوە.
لە کۆتاییدا هەی گووگری بە توانای کورد، پێت دەڵێم من تاوانم چییە کە تۆ جارێ نازانی بیرەوەری یانی چی !
“ئەوەی بیرەوەری دەنووسێتەوە، چیڕۆکی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە، بەڵام لە ڕێگەی ژیانی خۆیەوە ڕووداوە جۆراوجۆرەکانی سەردەمی خۆیشی باس دەکات. بە پێی کار و پێگەی ئەو کەسە، کەشی بیرەوەرییەکە دەگۆڕێ بۆ کەشێکی ئەدەبی، یان سیاسی و یاخود کۆمەڵایەتی. خاڵێکی دیکە کە گرنگی پێدراوە لە نووسینی بیرەوەریدا، ئاشکراکردنی کردەی سێکسی و چیرۆکی عەشق و ناوهێنانی بکوژ و ناپاکە. زۆرجار ئەمە لەڕووی سایکۆلوژییەوە جۆرێکە لە خۆخواردنەوە. کەسایەتی نووسەری بیرەوەری شتێک لە دڵیدایه و ساڵانێکی زۆر خۆی دەخواتەوە تا لە دوانووسینیدا دەری دەبڕێ. ئەمە، هەندێکجار بۆ تۆڵەسەندنەوە و هەندێکجاریش بۆ نیشاندانی واقیعە. هەندێک جاریش بۆ خۆ پاککردنەوەیە لە ڕووداوە نەشیاوەکان.”٭
بە تایبەتی ئەو بیرەوەرییانەی مۆرکێکی سیاسییان بەسەردا زاڵە و باسی شۆڕش و شاخ و شەڕی نێوخۆیی دەکەن و زۆر چێرۆکی کوشتن و ناپاکی و ستەم و شتی تێدایه.

بۆیه چیتر واز لە ڕوانگە پۆپۆلستانەت بێنە و نەکەیت جارێکیتر بوێری وا بکەیت و بێیت و هێمای چەوت بەسەر نووسەران و شاعیران و نووسین و شیعرەکانیان دابهێنیت، بێ ئەوەی چارەگی بەرهەمی ئەو نووسەر و شاعیرانەت خوێندبێتەوە
ڕەخنەبگرە، ڕەخنە، نەک گوو، بێگوومان ڕەخنە پیرۆزە و ژیان بێ ڕەخنە یەک پارچە مەنگ و گوواوی دەبێت.

-دەفتەری بیرەوەریەکانم-
“بەهار حاجی ئاکۆ”

٩ی گوڵانی ١٩٧٣، دێی: ماڵی خێڵان-ڕێگای کانی ژن کوژان.

٭پارچە نووسینێکی خاتوو:(سازان ئەبوبەکر)ـە و لە پەیجی ڕوانگە و ڕەخنەم وەرگرت.
٭ئامانج شارباژێڕی/ ئه‌وه‌ی شیعر خواستویه‌تی لێره‌ جێی بۆته‌وه‌: 6ی ئەیلولی2022، ڕۆژنامەی”ڕێگای کوردستان.
٭موکڕەم تاڵەبانی، ئیرەیی نێوان نووسەران.
٭ مەحمود نەجمەدین، گۆڤاری (ڕۆڤار)، ژمارە85، ل ٥٤.




دیالۆگی نێوان من و ئەهریمەن لە دۆزەخدا..(٥)..شەماڵ بارەوانی

بەشی پێنجەم/

باپیرە لە دیالۆگی پێشووماندا وتم کە
ئەو کتێبە قێزەونە پڕی دڵ و دەروون و مێشکی
ڕق و کینە و نەفرەت کردم و
منی کرد بە کەسێکی فێندەمێنتالیست و منی گەیاندە لوتکەی دەمارگیری و ڕاسیزمیەت و ڤایرۆسی فیکری ڕادیکاڵی لە مێشکمدا چاند و سەراپای تێڕوانین و بیرکردنەوەکانی گۆڕیم و وای لێکردم پەیوەندی لەگەڵ باشترین و ئازیزترین هاوڕێم، کە کوردێکی ئێزدی(خەلەف میرزا) و خەڵکی شارۆچکەی (باعەدرێ) بوو، بپچڕێنم و ژمارە تەلەفۆنەکەی بسڕمەوە و چەندین جار تێلم بۆ بکات وڵامی نەدەمەوە، بە پاساوی ئەوەی ئێزدیەکان کافر و گڵاو پیس و ئەهریمەن پەرستن و دروست نییە هاوڕێیەتی و سەلام و چاک و چۆنی و تێکەڵاوییان بکەیت!
وای خەلەف، هاوڕێ ئازیزەکەم، مامە ڕێزدار و وەفادارەکەم تۆ لە کوێی ئێستا؟
باپیرە خەلەفە مرۆڤێکی زۆر هێژا و باش و میهرەبان بوو.
دوای ڕزگاربوونم لە دۆزەخ، نازانم چۆن ژمارەکەی منی دۆزیبووەوە و ئیتر بەردەوام تێلی بۆ دەکردم و هەواڵی من و ماڵەوەمان و دەر و دراوسێی دەپرسی و هەر پێی دەگوتم:من خوارزیەک خراپ وێ هەی، ئەو سەردانیا مامێ خوەناکت.
ڕاستیەکەی من سەردانیم دەکرد، بەڵام دەمگوت:ئێ من بڕۆم، چۆن نانی ئێزدی بخۆم و لەناو نوێنی ئێزدیەکان بخەوم؟ ئەوان خواردنەکە و نوێن و هەموو شتێکیان وەکوو خۆیان گڵاو پیسە، بۆیه ئەوە مەحاڵە مەحاڵ.
ئینجا وەک گوتم: سەرەنجام پەیوەندیم لەگەڵ خەلەف پچڕاند .
باپیرە:
بیرمە مناڵ بووم، داپیرەم یادی بەخێر، دەیگوت:کوڕم، پێشینان گوتوویانە: لە ماڵی جوڵەکە نان بخۆ و لە ماڵی مەسیحی بخەوە، دەیگووت:جولەکە خواردنەکەیان خاوێنە، بەڵام ئەوان لە جسنێکی پیلانگێڕ و ناپاکن و هەرگیز، جێگای متمانە نین و وەکوو مار وان و شەو لە پڕمەی خەو دەتگەزن. مەسیحیەکان ڕاستە خواردنەکەیان پیسە و بەراز خۆرن و گۆشتی مردارەوەبوو دەخۆن، بەڵام مرۆڤی دەسپاک و ئەمینن و هەرگیز، ناپاکی لە میوان ناکەن.
بۆ ئێزدیەکانیش هەموو جار کاتێک ئێزدیەکی دەبینی لە تیڤی دەیگووت:یەع، توخوا خێرا ئەو ئێزدیە تەڕەس باب و پیس و شەیتان پەرستانە لابەرن و قێزم دەبێتەوە. لەوێوە منیش بێزێکم بۆ درووست بوو سەبارەت بە کوردانی ئێزدی و لە دڵی خۆمدا دەمگوت:وەڵاهی بشمرم لە برسان نانی ئەو ئێزدیە پیس و گڵاو کافرانە ناخۆم!

ئینجا ئەو هەستە نامرۆڤانەیه، ڕۆژ بەڕۆژ لە ناخمدا گەورە دەبوو و زیاتر چەکەرەی دەکرد.
کاتێک لە دۆزەخ(سەربازی) بووم هەرچەندە وەک ئەو کاتە نەبووم کە کتێبەکەم خوێندەوە، هێندە ڕقاوی و کینە لە دڵ نەبووم، بەڵام وەک گوتم زۆر قێزم لە ئێزدیەکان دەبوویەوە، خەلەف(ئامر حەزیز)م بوو.
ئامر حەزیر چییه ڕۆڵەکەم؟ باشە بۆ بە کوردی ناوەکەی نابەیت!
بەخوا نازانم بە کوردی چی پێ دەڵێن باپیرە !
خەتای تۆ نییە ڕۆڵە ئێزداییەکەم،
ئێمە دووژمن وای لێکردووین دووژمن.
ئەو دووژمنەی هەزار و چوارسەت ساڵە هەوڵی تەعریبکردن و شێواندن و لەناوبردنی فەرهەنگ و کولتوور و زمانمان دەدات.
ڕۆڵەکەم:
ئەوە هەرگیز، لە بیرنەکەیت کە
ناپاکییەکی نەتەوەییە کاتێک دوو کورد زمانی دایک بزانن و دێن و بە زمانی بێگانە قسە لەگەڵ یەکتری دەکەن.

باپیرە:
زۆر ڕاستە من نزیکەی دەساڵە خەریکم زمانم لە هەر وشەیەکی بێگانە، بە تایبەتی عەرەبی پاککەمەوە، سەتا نەوەت و پێنجیم پاککردووەتەوە و پێنجی ماوە، ببم به ئێزدینەکی زمان پەتی هاهاها
پاپیرە دەزانی چی؟
ئەمڕۆ لە قوتابخانە دوو مامۆستا، لەو مامۆستایانەی کە ڤایرۆسی تەعریب داویەتی لە مێشکیان و ئەقڵی هاک و وێران کردوون چییان پێ دەگوتم؟
دەیانگوت: ناوی مەلەک خۆشە زۆر، گوتم:ئەی بۆ فریشتەی خۆمان چییەتی؟
گووتیان نا عارەبیەکە خۆشتره !
ڕۆڵەکەم: ئەوانە مازۆکین و چێژ لە بێگانە پەرستی و خۆ بەکەم زانی دەبەن !
ئەوانە بەستەزمان و مایەی بەزەیین و جاوەره چاوەڕێ بکە، نەوەیەکی نەتەوەیی لە ژێر دەستی ئەو جۆرە مامۆستایه پەروەردەبێت !
زۆر ڕاستە باپیرە، ئەوانە هی عەرەبیان پێ خۆشتر و بەتام ترە. دیارە هی عەرەب قەویتر و بەچێژتره هاهاها

ڕۆڵەکەی من:
ئەی تۆ بۆ لە وتار و نووسین و تەنانەت بەشێکی شیعرەکانیشت لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕەکان کۆمەڵێک وشەی قۆڕی وەکوو:(ڕادیکاڵ، فێمێنیست، سیکۆلاریست، فێندەمێنتالیست، تەڕەماشیست و چی و چیست) بەکار دێنیت؟
باپیره گیان:
ڕاستە، وەلێ زۆرجار من بۆ نوخبە دەنووسم و نامەوێ عەوام لێم تێبگات، دەبێ وا بکەم و چارم نییە.

باش ڕۆحی من.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…31.. شەماڵ بارەوانی

بەشی سی و یەک/

فەقێیەکــی چــاوچنۆک..!

کاتێک فەقێ بووم و لە حوجرە و خوێندنی ئیسلامی دەمخوێند، هەموو ساڵێک، کاتێک کە مانگی ڕەمەزان دەهات، من و هاوڕێ فەقێکانم بەسەر دێیەکان دا دابەش دەبووین.
لە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانەوە، تایەکەم ڕۆژی جەژن لەوێ دەماینەوە و نوێژی تەراویحمان بۆ ئەنجام دەدان و وتاری عەسرانەی ڕەمەزانمان بۆ دەدان، جا جاری وابوو هەندەک لە فەقێیاکان هەرلەناو شاری هەولێر لە یەکێک لە مزگەوتەکان ئەو مەڵایەتیەی ڕەمەزانێمان دەکرد.
ئینجا ئەو خەڵکەی دێ، یان شار، لە بەرامبەردا زەکات و سەرفیترە و خێر و خێراتیان پێدەداین.
بەینی خۆشمان بیت، هەرکاتێک مەڵایەک پێی بگووتباین وەرن بڕۆن بۆ فلان دێیە، هەندەک لە فەقێیەکان، یەکسەر بیرمان بۆ گیرفان و پاره دەڕۆیشت و خێرا و بەر لەهەر شتێک دەمان پرسی: چەورە، یان، نا؟ چەند ماڵن؟ خەڵکەکە سەخی و دەستکراوەن، یان قرچۆک و چاوچنۆکن؟

ئەوەش بەینی خۆمان بیت، منیش لە کاتی فەقێیاتیم، بە فەقێیەکی تۆزەک قرچۆک و چاوچنۆک ناسراو بووم. فەقێکان وایان پێ دەگووتم، هەرچەند ئەوەم زۆر پێ ناخۆش بوو کە وایان پێ دەگووتم. چونکو من هەرگیز خۆم وا نەدەبینی و دانم بەوە دانەدەنا.
هاوڕێ فەقێکانم زۆرجار پێیان دەگووتم: تۆ قەناعەتت نییە، قەناعەت!
ئێ کاکە فەقێیەکی برادەرم هەبوو، ساڵەکی لە مەڵایەتی ڕەمەزانێ، زیاد لە دەفتەرێک دۆلاری وەرگرت، لەناو شاری هەولێر و بە زمانە عەشایەری و بازاڕیەکەی دەڵێت:ڕێک ڕۆیشت ژنەکی بەو زیاتر لەو دەفتەرە دۆلارە ئازیزە هێنا.
منیش لە دێیەکی لای دەڤەری خۆشناوەتی و شەقڵاوەی، دێیەکی لە خۆم چاوچنۆک و قرچۆک تر، سەت دارت لێ بدابان دینارەکیان لێ بەرنەدەبوویە و مەلاکان لە پانزەی ڕەمەزان و ئەو ناوە باسی سەرفیترە و زەکات و شتیان دەکرد،
کاکە بە خوای من هەر لە یەکەم ڕۆژی ڕەمەزانێوە دەستم پێدەکرد و مێشکی ئەو خەڵکەم کاسدەکرد هێندەی باسی فەزلی دەستکراوەیی و خێرکردن و زەکات دان بکەم.
ئینجا نەک هەر ئەو هەموو ئایەت و فەرموودانەی کە لە ئیسلامدا هەن و هانی دەستکراوەیی و خێرکردن و زەکات و شت دەدەن ڕیزم دەکردن،
دەهاتم هەرچی ڕیوایەتی زەعیف و هەڵبەستراو درۆش هەبوو دەمهێناوە و لەسەر مینبەر و لە وتاری جومعە و عەسرانی ڕەمەزانێ دەمگووتنەوە و دەمگووت:ئەو خەڵکە بەستەزمان و عەرەبی نەزان و شەرع نەزانە توزانن ڕیوایەت و حەدیسی سەحیح و مەزوع و حەسەن و مەقتوع و مەرفوع و فلان لیغەیریهی و فیسار لیزاتیهی چییە و کامە قەڵە و کامەی لاواز و کامەیشی درۆیە.
جوان جوان هەموویم دەهێنان و هێندەی تر شەکر و ترش و خوێم پێدادەکردن و بۆم دەگووتن و دەمگووت:دەی مادام لۆ کاری خێرێ و هاندان لۆ چاکەکردنێ و فەزائیلی ئەعمالێیە، درووستە و بە دڵی خۆم ملی شەرعم لۆ خۆم خواردەکردەوە.
ئینجا تۆ لەوە بگەڕێ کە کێ توزانێت مەسەلە چییە و وەڵاهی قسەی بە عەربی بکە و بڵێ:وە فی ڕیوایەتین فی کیتابو”ئەلتەرەب وەلئەغانی لی جەمالول دین ئەلکەسنەزانی” ئەننە ڕەسوڵە الله( سەلەلاهۆ عەلەیهی وەسەلەم) : ڕەئا ڕەجولەن، فەوقەلشەجەرەتی یەئکولو ئەلتوفاحەتی،
هەمووی وادەیزانی ئایەت و حەدیسه هاهاها

لەو دێییە تۆ گەر بشتگووتبایه: خوا و پەیامبەر لە خەون نامەکەی ئیبنولسیرین و فلان کیتابەی فرۆیدی وا دەڵێن، کەسیان نەیدەزانی مەسەلە چییە و تەقەی سەریان دەهات !
هەرهێندە بەسە ناوی خوا و پەیامبەرت بۆ زیادکردبا و تەواو، ئیتر هەمووی سەڵاوەت و سوبحانەاللەیان بۆ دەکرد و بێ لام و جیم وەریان دەگرت.
ئێ چاوەکەم من ئەو هەمووەم کرد و لەگەڵ ئەوەشدا
هەزار دووعا و شەو نوێژ و شتم دەکرد، هەتاکو حەفسەد هەزار دیناری حیزم وەردەگرت.
فەقێی هاوڕێشم دەفتەرێک زیاتر و ئینجا پێشی دەگووتم تۆ قەناعەتت نییە براکەم قەناعەت.
ئێ کو قەناعەتم هەبێت و ئیمان لەکەلەم بمێنێت و دەهری نەبم؟
لە کاتێکدا تۆ سەرووی دەفتەرێک وەربگریت و میش کەمتری له ملیۆنێک؟

ئینجا باسەرتان نەیەشێنم و درێژەی پێ نەدەم و بابێینەوە سەر بەسەرهاتێکی تری ژیانی فەقێیاتیم لەو دێیە.
هەڵبەت، بە پێی فیقه و شەرعی ئیسلامی هەر كەسێكی ساخ و سەلامەت بێت، لە هەموو مانگی رەمەزانێ هەموو ساڵێک دەبێت پڕە پارەیەک، یان بڕێکی دیاریکراو لە یەکێک لەو جۆرە دانەوێڵانەی کە مەزهەبەکانی ئیسلام و بە تایبەتی شافیعی دیاریکردووە بدات بە هەژارەکان، ئەوەی پێی دەڵێن سەرفیترە.
جا ئەو سەرفیترەیە، یان سەر قەبڵاندن و سەرچاکردن، بۆ کەسێک پارەی بدابووایە، لێژنەی فەتوا لە یەکێتی زانایان لەو ساڵەی من تێدا مەلای ڕەمەزانێ بووم لەو دێیەی مەنتیقەی خۆشناوان و نزیک پیرە چیای سەفینێ، بڕەکەی بۆ هەر کەسێک لە تەواوی مانگەکە(٣٠٠٠) هەزار دینار بوو.

بۆ كەسێكیش کە چووە ناو تەمەنەوە و نەتوانێت بە رۆژوو بێت، ئەوا دەبێت بۆ هەر رۆژێك (٣)هەزار فیدیە بدات و لە مانگێكدا و هەرسی ڕۆژەکەی ڕەمەزان دەكات بە (٩٠)هەزار. جا لە فەقێیاتی لەو دێیەی نزیک شەقڵاوەی، کە مەلای رەمەزانێ بووم، هەر رۆژەی دەچوومە مالەكی لۆ نانخواردنێ.
رۆژەك ڕۆشتمە مالەکی، دایە حاجیەک و مامە حاجیەکی زۆر بە تەمەنیان هەبوو، هێندە بە ساڵداچووبوون لە پیریان بە گاگۆلکە دەرۆیشتن، لە دڵی خۆمدا گووتم: لێدە مەلا، وەڵا لۆتی گرت، لۆ وەناکەی، ئۆخەی ئەوجارە بە دڵی خۆت دەبێت، دوو نەفەر دەكاتە(١٨٠)هەزار دینار و نەمردم و لە کۆتاییدا فیدیەیەکی چەوری سەت و هەشتا هەزاری ئەو دووەم مسۆگەركرد.
ئینجا لە خۆشیان وەختابوو بفڕم و لەگەڵیان کەوتمە سوالفە و قسەکردنێ و گووتم: با بەبن گوێیانیان دا بچرپێنم، نەوەک لەو مەسەلەی فیدیە و شت نەزانن. وەکوو ئاماژەم دا خەڵکی دێیەکە هیچ شارەزاییەکیان لە ئایین و شت نەبوو.
پیاو دەهاتن و سەبارەت بە خۆشۆردن و غوسڵدەرکردن و جوتبوون و شت لە ڕووی شەرعەوە پرسیاریان لێدەکردم، بۆم دەردەکەوت کە تائێستا هەموویان بە هەڵەکردووە.

من چەندجار بۆ شۆخی خەڵکەکەم دەگووت: وەڵاهی ئاینی ئیسلام هێشتا نەگەیشتووەتە ئێره و وابزانم من یەکەم کەسم هاتووم تا ئەو دێیە فەتح کەم هاهاها

کە وام دەگووت دەیاندا قاقا.

ئێ سەرتان نەیەشێنم، گووتم: داپیرە گیان، دەزانن ئەو ساڵ دنیا زۆر گەرمە، ڕۆژوو گرتن هەندەک زەحمەت بووە و بە ماندوو بوون و مەشەقەتە، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی بە تەمەنن، وەلێ شوكور دینی ئیسلام یەک پارچە ڕەحمەتە و خوا ئاسانکاری بۆ کردوون و ئێوە خۆ ڕۆژووشتان لەسەر نییە، دەتوانن لە جیاتی ئەوە فیدیە بدەن و خودا لە قورئانی پیرۆزدا دەفەروێت(یوریدوالله بیکمولیوسرە، وەلا یوریدو بیکمولعوسرە).
کەوام گووت،
دایە حاجی چیم پێ بڵێ باشە؟
: ئەیەڕۆ كوڕم ئەوە تو چ ئەرێی؟! وەڵاهی رۆحیشم دەرچێت ئەو رۆژووە جوانانەی خۆم ناشكێنم. مامە حاجیەکەش لێی وەرگرتەوە، مامۆستا ئەوە کو درت دێ وابرێیت، ئەمە هەرگیز، ڕۆژووەکانمان ناشێکین.
کە گووتیان ڕۆژەکانمان ناشکێنین، لە شوینی خۆم سارد بوومەوە و خەنجەریان لێدابام، خوێن لە لەشم نەدەهات لە داخان.
زۆرم گووت و هەوڵم لەگەڵدان و یەک دنیا ئایەت و حەدیس و قیلە و قالم بۆ هێنانەوە، کە بە رۆژوو نەبن و لەسەریان نییە، سوودی نەبوو و دەست بەتاڵ لێی هاتمە دەر و سەت و هەشتا هەزارەكە بوو بە(٦)هەزار و ماڵم بە قوڕ گیرا.




کوردستان لە لێواری قەندەهاربووندایه..!.. شەماڵ بارەوانی

من تێناگەم ئەو وڵاتە بۆ وای لێ بەسەرهاتووە و شتەکان تادێت و بەرەو ئاڕاستەیەکی ئیخوانیانە و ئاقارێکی زۆر خراپ‌ و نەرێنی و ناسروشتیدا دەڕۆن!

خەریکە منیش وەکو مامۆستایەکی هاوڕێم بڵێم: کوردستان لە لێواری قەندەهاربووندایه.

كۆمەڵی كوردی لە ژێر كاریگەری گوتاری سەلەفیگەرا و ئیسلامی سیاسی زۆر خێرا بەرەو داعشیەت و ئاقارێكی توندڕۆیی زۆر مەترسیناك هەنگاو دەنێت و ئەقڵیەتی داعشگەرایانە خەریکە هەموو كونج و كەلەبەرێكی ئەو وڵاتە دەتەنێت و كەسیش خەمی لێ ناخوات و خۆی لێ ناكات بە خاوەن !

ئەی هاوار ئەوە بۆ هیچ کەسێک و لایەنێک وەکو خۆی و لە قەبارەی خۆی، هەست بە بەرپرسیارەتی ئەو ترس و تارماییەی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیەتی دینی ناکات، تەنها من و چەند نووسەرێک نەبێت، کە پێشووتر و بەر لە هۆشیاربوونەوەمان، بەعزێکمان لەنێو ئیسلامی سیاسی و سەلەفیەکاندا دەروێش بووین. هەست بە مەترسی و بەرپرسیارەتیەکە دەکەین و درکمان بەوەکردووە کە ئەو وڵاتە بەچی مەهزلەیەک و تراژدیدیایەکدا دا دەڕوات و گەر زوو و ئاقڵانە فریای خۆمان نەکەوین، بێگوومان ڕۆژێک دێت و بەڵەمەکە نوقم دەبێت و هەموان دەخنکێین و لە داهاتوودا چی کارەساتێک دەقەومێت و تووشی چ بەڵایەکی بێ ئامانی خۆمان دەبین و کۆمەڵ چۆن بەرەو توندڕۆیی و داخران دەڕوات و دەبێ باجێکی زۆر قورسی ئەو جۆرە دیموکراتیە شەرمن و موجامەلەچی و بێ حەیاو و دوو ڕوو و دەبل مۆڕاڵە بدەین کە هەیە و هێندە نەزانانە و بێ موبالاتانە ماف و ئازادی بە داعشگەراکان و داعشگەرێتی دەدات، کە بە ئازادانە چاڵاکی خۆیان بکەن و لە هەزار بەرگ و فۆرم و شێوە خۆیان بنوێنن.

ئینجا هەڕبەڕاستی و بەو پەڕی قەناعەتمەوە، منیش وەکو مامۆستایەکی زانکۆ کە لە وتارێک کە نووسیبووی دەلێم::سەرەڕای هەر گلەیی و گەندەڵی و ناعەدالەتیەک و کەم و کورتیەک، زۆرم لا باشترە هەر پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دەسەڵات و حوکمڕانی بمێننەوە، نەوەک ئیسلامی سیاسی بگەنە دەسەڵات و هەر بەیەکجاری ماڵوێرانمان بکەن.

کوڕە بەس من دەزانم ئیسلامی سیاسی مەعدەنیان چییە و بێنە سەر حوکم، چی کارەساتێک و تاڵیبانستانێک دەخولقێنن و هەر کە گەیشتن بە ترۆپکی دەسەڵات(خوایە کوێربم و ئەوڕۆژە ناخۆش و ڕەشە نەبینم) ئیدی دەبێ بڵێین ئەلفاتیحا بۆ گیانی خوالێخۆشبوو دیموکراسی گیان، ماڵئاوا ئەی کاکە دیموکراسیە جەبان موجامەلەچی و خەشیم و ڕۆح سوکەکەی خۆمان.

ئەوکاتە ئیسلامگەراکان کودەتایەکی تەواو بەسەر بنەماکان و چەمک و ڕەهەندەکانی دیموکراسی دا دەکەنو ئەوان ئێستا لە قۆناغی مەکی و دەعوەو دوو ڕوویی و بێ دەسەڵاتی و بێ هێزی دان و هەرکە گەیشتن بەقۆناغی مەدینە و تەمکین(گرتنە دەستی دەسەڵات)، ئەوکات ماسکی دەبڵ مۆڕاڵی فڕێدەدەن و ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان دەردەخەن و هێزی خۆیان پیشانی هەموان دەدەن و عەقیدەی خۆیان لە دەوڵەتدا دەسەپێنن و دەوڵەتێکی سیوکراتی ڕۆدەنێنن و یاساکانی خۆیان جێگیردەکەن و ڕەجم و سەربڕین و هەرچی هەیانە و پڕنسیپ و ئایدیۆلوژیایانە، ئیدی بێ شەرمکردن و موجامەلە و ترس و دوو فاقی دەیسەپێنن و دەیکەن بە مەزهەبی فەرمی و ئایینی هەموان.

ئینجا ئەوکات ناوی پارکەکانی سامی عەبدولڕەحمان و ئازادی دەگۆڕن بۆ حەدیقەتو لحەسەن ئەلبەناو ئەبو ئەعلای مەودودی.

ناوی قوتابخانەی کوردستانی تێکەڵاو دەکەن بە مەدرەسەتو ئەلقودس للبەنین و ناوی شەقەمەکانی سالم و پیرەمێرد و مەولەوی و ئازاد مەنتک و ئەحمەدی خانێ دەگۆڕن بۆ شەقامی سەید قوتب و موحەمەد موڕسی و ئیبنولتەیمیە و کێو کێ و هەرچی بنکە و نەخۆشخانە و قوتابخانە و شەقام و شوێنە، وەکو چۆن ئێستا بێ دەسەڵاتیشین ناوی سەوافی عەرەب و بەعسی دژەکورد لە قوتابخانە دەنێن، ئەوکات وەک چۆن بە هاندانی ئیسلامی سیاسی و لەژێر کاریگەری گوتار و وەعزی مەلاو پیاوە ئایینیەکانی سەربە ئاڕاستەی ئیسلامی سیاسی خەڵکێکی زۆری سادە ملیان داوەتە ناوی عەرەبی و پشتیان لەناوی کوردی و ڕەسەنکردووەو ژنێکی زۆرو بە پاساوی ئایین جبەو لیباسی عەرەبی و خەلیجیان کردوە بە مۆد، هەمووی هەر بە عەنتەری و زۆر بێ منەتی و بە زەبری هێز و دەسەڵاتی ئیسلامگەرایانەیان دەگۆڕن بۆ قوتابخانەی زینەبولغەزالی ئیخوانی و گۆڕەپانی سولتان عەبدولحەمیدی عوسمانلی و شەقامی جەوهەر دۆدایڤی شیشانی و یاریگای خالد مشعەلی حەماسی و چایخانەی حونەین و نەخۆشخانەی قادسیە و هۆڵی مولاکەمەی مەلا هەڵۆ جیهادی ..تاد.

بەڕاستی ئەوە موجامەلە و بێ ئاگایی و گێڵێتی و خەتای ئێمەی بە ناو لیبڕال و دیموکراسییە ڕێگایان دەدەین.

ئەوانە دووپشک و ژەهر و پەتان بۆ جەستەی نیشتمان و کوردایەتی و مرۆڤایەتی و دەبێ ڕێیان لێ بگیرێت و قەدەغە بکرێن و سنووریان بۆ دابندرێت.

ئینجا باچیتر هێندە گەمژە و دڵپاک نەبین و دڵمان بەوە خۆش نەکەین کە ئیسلامی سیاسی هەرگیز ناگەن بە حوکم، ئەوان ڕاستە لە سیاسەت فەشەلیان هێناوە و هیچ نین جارێ، وەلێ دەبێ ئەو حەقیقەتە باش درک پێبکەین کە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی زاڵن و ئەقڵیەت و مێنتاڵێتی تاکی کوردی و کۆمەڵ بە دەست ئەوانەوەیەوە و دڵنیابن لە كوردستان گەر زوو فریا نەكەوین و سنوورێك بۆ ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەراكان و ئەو فیكرە داعشیە دانەندرێت، كە لە هەزار ڕەنگ و لەژێر سەتان ناو مۆدێل خۆی نمایش دەكات و شەو ڕۆژ خەریكی بە داعشكردنی كۆمەڵە، زوو، یان درەنگ، ئەمڕۆ، یان بەیانی، هەموان باجەكەی زۆر بەقورسی دەدەین.

کاکە بۆ هێندە بێ ئاگان؟!

کەس هەڵە لە قسەکەم تێنەگات و ئێمە دژی نوێژ و ئایین نین، هەرگیز، بەڵکوو دژی بە حزبی کردن و بە سیاسیکردنی ئایینین.

وەرن سەیرکەن چۆن ئیسلامیەکان به شاگەشکەییەوە دێن و لە سۆشیال میدیا، وێنەی پێشمەرگەکان لەسەنگەرەگان بڵاو دەکەنەوە لەکاتی نوێژی به کۆمەڵ، سوبحان اللە و ماشەاللە و ئەلحەمدولیلا دەکەن بۆ ئەو نوێژە بە کۆمەڵەی ئەو پۆڵە پێشمەرگەیە، لەکاتێکدا ئەوان بڕوایان بە پێشمەرگە نییە و بەردەوام دەلێن پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانی نییه، بەڵکوو میلیشیای حزبە، بەلام لێرە چەندە دڵخۆشن کە دەبینن ئەو پێشمەرگانە لەسەنگەرەکان وێنەی نوێژی بە کۆمەڵی خۆیان پۆستدەکەن و ئەوە بە نیشانەی سەرکەوتنی خۆیان و کاریگەری گوتاری خۆیان لە کوردستان حیساب دەکەن و خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن بەوەی کە چۆن دەستیان گەیشتووە بە سلکی دادگاو پەروەردە و هەموو شوێنێکی هەستیار و کونج و کەلەبەرێکی ئەو وڵاتە، ئاواش سەنگەرەکانی پێشمەرگە.

دڵنیابن ئەو پێشمەرگەی دیمەنی نوێژی بە کۆمەل پۆست دەکات، دەنگ و ئنتیما و هەموو شتێکی لە ژێرەوە بۆ ئیسلامی سیاسییە و لەدەرفەتێکدا و لە کاتی گونجاوی خۆیدا و بە یەک فەتوا و فیتی لە تیف سەلەفی و عەلی باپیر و سەلاحەدین بەهائەدین و ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کودەتا دەکەن و کوردستان دەکەن بە ئەفغانستان.

من پێشمەرگە هەیه هاوڕێی سەردەمی مناڵیمە و ئێستا بە ئەقڵیەت بووەتە سەلەفی و (هەرپێشمەرگەشه) پەیوەندی لەگەڵم بچڕاندووە و گوتبووی”ئەو کەسێکی بێ دین و لادەر و گوومڕایه” و پێش دووساڵە قسەم لەگەڵی دەکرد، دەیگوت”عیلم و دینداری تەنها لە سعودیە هەیه !پێشمەرگەیەکیتر دەناسم و ناسیاومانە، ئەو ڕۆژە لە کتێبخانە بینیم، کتێبێکی ناونیشان بێ تام و ناوەڕۆک قۆڕی ئیسلامیەکی فێندەمێنتالیستی دەکڕی، کابرای ئیسلامی خاوەنی کتێبەکە، هاوڕێی مەلا کرێکارییە و ئێستا لە نەرویج بە تاوانی تیرۆر حووکمی نوساڵی بۆ بڕاوەتەوە و لە زیندانە، گوتم: کاکە بۆچی کتێبی ئەو تیرۆرستە دەخوێنیتەوە؟ گوتی کتێبەکانی زۆر خۆشن و لە کاتی دەوام و لەسەنگەکەرەکانی پێشمەرگایەتی دووسێ کتێبیتری ئەو پیاوەم خوێندووەتەوە!

ئەوەیه کارەساتەکە !

پێشمەرگەبیت و سەلەفی بیت و لە دژی داعش بجەنگیت و کتێبی ئیسلامی سیاسی و داعشیش بخوێنیتەوە!

ئینجا هەر ئەوەندە نا، بەڵکوو ئیسلامی سیاسی ئێستا گەیشتوون بە داواکاری گشتی و هەر شتێکیان بە دڵ نەبێت و لەگەڵ میزاجی داعشیانەیان نەگونجێت، دێن و هەڕەشە لە جودابیر و نووسەر و مرۆڤی ئازادی خواز و کچی تیکتۆک و هونەرمەندی کورد دەکەن و بە پاساوی تێکدانی ڕەوشتی کۆمەڵ(ئیدەلۆژیا و میزاجی حزبە ئیسلامیەکان)و دژایەتی ئایین، سکاڵایان لە دژ تۆماردەکەن و ڕووبەڕووی دادگایان دەکەنەوە بۆ نموونە: هونەرمەند(عومەر گوندی) و تا گەیشتن بە زیندانکردن(کوکو پارتی) بە نموونە.

بەوەش نەوەستان و هاتن و کۆمەلێک کادر و میدیاکار و ڕاگەیانکاری خۆیان خزاندە نێو کەناڵەکانی تر و تەنانەت بەڕێوەبەری گەوەترین و کاریگەرترین کەناڵی کوردی نائیسلامی، ئیخوانیەکی ئەقڵ فەڵەستینییە، کە پێشتووتر پەیامنێری کەناڵی(الجەزیرە)ی ئیخوانی و ئاژاوەگێڕ و عروبەچی بوو.

هەر دوای دوو مانگ لە بوون بە بەڕێوەبەری ئەو بابا ئیخوانیە لەو کەناڵە، یەکسەر لە ڕێگای پەیامنێرێکی تری ئەو کەناڵە، کە ئەویش ئیسلامی سیاسییە و پێشووتر لە کەناڵی سپێدە بوو، چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسێکی تاڵیبان کرد لە قەتەر، ئێ جیاوازی چییه چاوپێکەوتن لەگەڵ بەغدادی و داعشێک، یاخود زەبیحوللا و تاڵیبانێک بکەیت؟

ئینجا دەیان ڕاگەیانکار و کەسی ناهۆشیار و نا ڕۆشنبیر و نەخوێنەواری ئەقڵیەت ئیسلامی و کادر و ئەندامیتری ئەو حزبه ئیسلامیانە، وەکوو گوتم خۆیان خزاندە ناو کەناڵەکانی تری نا ئیسلامی و دێن و بەرنامە بە میزاجی خۆیان دادەنێن و لەناو ئەو هەموو مەڵا بەڕێزە نائیسلامیه میانڕەوەی کورد، بە ئەنقەست و پیلان و پلان توندڕۆ مەلای ئیسلامی سیاسی داعش بیر داوەت دەکەن و لەژێرەوە کار بۆ ئەجێندای ئیسلامی سیاسی دەکەن و لە ڕێگای بەرنامەکانیان لە چەمکی یەکسانی جێندەری و ژن و پێکەوەژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی و لێبووردەیی و فرەیی و کرانەوەی کۆمەڵ و عەلمانیەت دەدەن.

بۆ نموونە: ماوەیەک بەر لە ئێستا، مەلایەکی پەڕلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری عەلی باپیری(مەلا هەورامان گەچێنەیی) لە کەناڵی(…24) و لە بەرنامەی ….دیاردە میوانی کرابوو،(پێش چەند ڕۆژێک لەو بەروارە، لە کەناڵی(k..)یش میوان کرابوو، وەکو مەلاعومەری تاڵیبان دەنگی بەرزدەکردەوە و چاوەکانی سوور ببوونەوە و بە نەفەسێکی تووڕە و دەنگێکی گڕ و ناخۆش و بە ئاشکرا داوای حوکومەتێکی داعشی دەکرد و دەیگوت:ئێمە دەستوورێکی شەرعی(ئیسلامی سیاسی)مان دەوێتن و دەبێت لە کوردستان دەستی خەڵکی دز ببڕین و ژنی داوێن پیس (وەک خۆی دەڵێت) ڕەجم و بەردبارانکەین لەبەرچاوی هەموان دەبێت شەریعەتی حیزبەکەی ئێمە جێبەجێ بکرێت لە کوردستان.

ماوەتەوە بڵێم: ئەو ئیسلامگەرایانەی لەسای سەری ئەو زۆر بەڕێز خاڵەفرەیی و کاکە دیموکراسیەتی ئازیزمان لە کوردستان خاوەنی حەشاماتێک لە حیزب گەلی ئایینی و ئیسلامی سیاسین و بەو پەڕی ئازادی و زۆر ئازادانە لە گۆڕەپانەکە کار بۆ ئامانجەکانیان و ئیدۆلۆژیاکەیان دەکەن و خاوەنی دەیان کەناڵی تەلەفزیۆنی لۆکاڵی و ئاسمانی و چەندین ئێزگە و ڕادیۆ و دەرزنێک گۆڤارو ڕۆژنامەی ئیسلامی سیاسین، ئازادانە کاری خۆیان دەکەن و چالا کی دەنوێنن و کەس پێیان ناڵێت لە پشت چاوەکانتان دوو برۆو پێش لوتتان سمێڵێک هەیه.

ئەو ئیسلامگەرایانەی گەر خۆیان بێنە دەسەڵات هەرگیز بەهەمان شێوەی حیزبە عەلمانی و نەتەوەیی و دیموکراسی و چەپەکان نابن و بەو شێوە شەرمنانە هێندە بە نەرمی و ڕۆمانتیکیانە مامەڵەیان ناکەن، بەڵکوو دێن و هەموو ئەو ئازادی کارکردن و چالاکی نواندن و ئەنجامدانی کاری حیزبی و ڕێکخراوەیی و جوڵەی مەدەنی و ئازادییان لێزەوت دەکەن و بە پاساو بیانووی جۆر بەجۆر دەیان وەستێنن و دادگاییان دەکەن و هەڵیان دەوەشێننەوە و لەنێویان دەبەن.




دیالۆگی نێوان من و ئەهریمەن لە دۆزەخدا.(٣).. شەماڵ بارەوانی

بەشی سێ/
ئەو کتێبۆکەی ئەقڵی هاککردم..!

پاپیرە گیان:
دەزانیت من سەرەتا نیمچە ڕقێک، لەگەل قێزێکی ئێجگار زۆرم لە جوو و گاور و ئێزدیەکان دەبوویەوە !
دواتر ئەو ڕق و قێزەم لە ڕێگای خوێندنەوەی کتێبێکەوە گەیشت بە تڕۆپك.

بۆچی ڕۆڵەکەم بۆچی؟!
ئاخر ئێمە هەر لە مناڵییەوە وا تێگەیەندرابووین کە ئێزدیەکان شەیتان دەپەرستن، خۆیان ناشۆرن، پیس و گڵاون و دروست نییە جەژنە پیرۆزانە و سڵاویان لێ بکەین و خواردنیان بخۆین !
لە دێیەکەی ئێمە، ئەگەر کەسێک: پیلانگێڕ و ترسنۆک، بێ ویژدان و دز، یان چاوچنۆک فێڵباز و خراپ و شەڕانی بوایە، پێیان دەگوت: جوولەکەی سندۆرێ(سندۆر:دێیەکە لە سنووری پارێزگای دهۆک و بەر لە گەڕانەوەی جووەکان بۆ ئیسرائیل، دانیشوانەکەی جوو بوونە).
من نەمدەزانی جوولەکەکان کێن و چین.
مرۆڤن، وەحش و دڕندە، یان جۆرێکیتر لە بوونەوەرن!
دایکم شەوانە گەر نەخەوتبام، دەیگوت:بخەوە ڕۆلەکەم، گەرنا مەنجەل بەسەر و جوولەکە دێن.
داپیرەم کاتێک بێ عاریەکەم بکردبایە، بە مامەکانمی دەگوت:بکوژن کوڕە بکوژن، ئەو جوولەکە پیس و نەفرەتی و سەرک ئەستوورەی.
باوک، کاتێک دەیویست پەلاماری کوڕەکەی بدات و لێی بدات، پێی گوت:هەی جوولەکەی بێ ئەخلاق، هەر دێیتەوە ماڵەوە، وڵاهی وەکوو جوولەکە بەو دەستانەی خۆم دەتتۆپێنم.

کەسێک هەڵەیەکی گەورەی بکردبا، خەڵکی دێ دەیانگوت:خوێنی حەڵاڵە وەکو خوێنی جوولەکە.

مەلای دێ، لە وتاری ڕۆژانی هەینی، بەردەوام هێرشی دەکردە سەر جووەکان و زۆر بە خراپی و نەرێنی باسی شوێن کەوتەی ئەوسێ ئاینەی(جوو، گاو و ئێزدی) دەکرد و کاتێک دەیویست قسە بە موسڵمانێک بڵێت و ئیهانەی بکات و بە لادەر و بێ ڕەوشت و خراپ وەسفی بکات، پێی دەگوت:ئەوە پیلانی جولەیەکەیە، دەیانەوێت داک و کچو خوشکەکانمان بێ ڕەوشت کەن. هەی جوڵەکەی عادەقخۆر، هەی گاوری گڵاو. هەی ئێزدی شەیتان پەرست.

ئێمە لە دێیەکەمان بەو شێوەیە بیرکردنەوە و ئەدەبیاتی قسەکردن و فەرهەنگی قسەکردنمان تژی بوو لە بەکەم سەیرکردن و نزم ڕوانین و جوێندان و دەمارگیری و ڕق، بەرامبەر شوێنکەوتەی ئایینەکانی تر.
هەرچی کاری دزێو خراپە و شەڕانگێزییەک هەبوو، دابوویانە پاڵ شوێنکەوتەی ئەو سێ ئایینە و هەر بە مناڵی و لە تەمەنێکی زۆر زووەوە، مێشک و دەروونی مناڵیان لەبەرامبەر شوێنکەوتەی ئەو سێ ئایینە پڕی دەکرد لە ڕق و دەمارگیری و جوێن و بیری نالێبووردەیی و دژە پێکەوەژیان.

بیرمە لەگەڵ مناڵانی دێ، هەرکاتێک سەگێک، یان پشیلەیەکمان دەبینی بە بەرد هێرشمان بۆی دەبرد و دەمانگوت:داکی بگێن ئەو جوولەکەیە، قورتاری نەبێت و لێیدەن.
بەداخەوە:
ڕۆڵە شیرینەکەم، ئەوەیە کارەساتەکە، لەجیاتی ئەوەی مناڵ، فێری خۆشەویستی و لێبووردەیی و تولەرەنس و پێکەوەژیان و مانای یەکتری قبوڵ کردن بکەن، دێن و هەر لە مناڵییەوە مێشک و دەروونی مناڵ دەشێوێنن و مناڵ لە سەر ڕقی مەزهەبی و دەمارگیری ئایینی پەروەردە دەکەن و جیهانی مناڵی مناڵ و هۆش و ئەقڵی وێران دەکەن!

ئازیزەکەم:
گووتت لە ڕێگای کتێبێکەوە ڕق و قێزت لە خوشک و برا و هاوخوێنەکانی خۆت، لە ڕۆڵەکانی میترا و مید گەیشت بە تڕۆپک٫! کامه کتێب؟
:ئایە دەزانی جوولەکەکان کێن؟

ئەو کتێبەی منی کرد بە کەسێکی فێندەمێنتالیست و دەمارگیر.. ئەو کتێبەی ڤایرۆسی فیکری ڕادیکاڵی لە مێشکمدا چاند و سەراپای تێڕوانین و بیرکردنەوەکانی گۆڕیم. ئەو کتێبەی پڕی ناخی ڕق وکینە کردم، ئەو کتێبەی وای لێکردم پەیوەندی لەگەڵ باشترین و ئازیزترین هاوڕێم، کە کوردێکی ئێزدی(خەلەف میرزا) و خەڵکی (باعەدرێ) بوو، بپچڕێنم و ژمارە تەلەفۆنەکەی بسڕمەوە و چەندین جار تێلم بۆ بکات وڵامی نەدەمەوە، بە پاساوی ئەوەی ئێزدیەکان کافر و گڵاو پیس و ئەهریمەن پەرستن و دروست نییە هاوڕێیەتییان بکەیت و سەلام و چاک و چۆنی و تێکەڵاوییان بکەیت !

ئەو هاوڕێیەی دوای چەندین ساڵ، دوای ئەوەی هاتمەوە هۆش و ئەقڵ و درکم بۆ گەڕایەوەو لە غەیبووبەی فیکری بێداربوومەوە و لە تونێلی ئایدیۆلۆژی هاتمە دەر و لە بەستەڵەکی تێڕوانین ڕزگارم بوو، چەندە هەوڵمدا بیدۆزمەوە و داوای لێبوردنی بکەم، ئەفسووس نەمدۆزیەوە و هەرهێندە زانیم ڕۆیشتووە بۆ ئەڵمانیا، ئەو هاوڕێیەی ئێستاش هەرکاتێک بیرم دەکەوێتەوە، هەست بە خەجاڵەتی و تەریق بوونەوە و ئازاری ویژدان دەکەم و ڕێژنەی فرمێسک لەسەر گۆنام ڕێچکە دەبەستێت.

سوپاس بۆ ئێزدان ڕۆڵە داسنیەکەم، لە کۆتاییدا حەقیقەتت دۆزییەوە و بە باوەشی باب و باپیران و مێژووی خۆت شاد بوویەوە.
دەی زیاتر سەبارەت بەو کتێبە بۆم بدوێ..

ئایە دەزانی جوولەکەکان کێن؟
ئەو کتێبەی هەستی کوژاندمەوە و مرۆڤ بوون ویژدان و باشترین و ئازیزترین هاوڕێی لێ سەندمەوە.

ئەو کتێبەی وای لێکردم ببم بە کەسێکی ئایدیۆلۆژیست و بچمە ڕیزی یەکێک لە حزبە ئیسلام گەراکان، کتێبێک ڕێک مێشکی هاککردم و ئەقڵی قفڵ دام. وای لێکردم تەنها ڕەنگی ڕەش-سپی ببینم و دنیا بەسەر بەرەی ڕاست و هەلە، کافر و بڕوادار، بەهەشتی و جەحنەمی، دۆست، یان دووژمنی خوداوەند، دابەشکەم.

کتێبێکی بچووک و لە قەبارەی نامیلکەیەک، ئەو کتێبۆکەیەی جوەکانی وەکو مار پیشان دەداو وێنەی مارێکی کوبرای لەپاڵ ناوی جووەکان دانابوو، ئەو کتێبۆکەی وای لە مێشک چاندم، کە هەموو دنیا دژی ئەو مەزهەب و ئیدەلۆژیا و ئایینەی من باوەڕم پێی هەبوو، لە دژایەتی کردن و پیلاندان.

کتێبێک زۆر لە کتێبەکەی( خەباتی من)ی هیتلەر، بە نەفەسێکی نامرۆڤانەتر و ئیدەلۆژیانەو ڕاسیزمانەتر نووسرابوو و زیاتر لەو کتێبەی ئەدۆلف هیتلەر دەمارگیری و ڕاسیزم گەرێتی و ڕەگەزپەرستی و ڕقی تێدا حەشاردرابوو، لەبەرامبەر جووەکان.

کتێبۆکەیەک، تابڵێیت لە دیدەنیگایەکی نزم و ڕاسیزمانە و فێندەمێنتالیستانەوە نووسرابوو.
ئەو کتێبەی خۆزیا، وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕۆژێک دا بهاتبا، هەر نامیلکەو کتێبک تۆی دوو بەرەکی و دەمارگیری ئایینی و بیری ڕاسیزمگەرێتی و ڕقی مەزهەبی و لێکترازان لە نێوان مرۆڤەکان دروست دەکات، سانسۆر و قەدەخە دەکرد. خۆزیا فلتەرێکی دادەنا، بۆ ئەو بەرەڵایی و فەوزا و بێ سەر و بەریەی جیهانی کتێب و کتێبۆکە و نامیلکە لە چاپدان. بە تایبەتی ئەوانەی ئایینی و مەزهەبین و ئیسلامگەرا و فێندەمێنتالیست و سەلەفیگەراکان دەیاننووسن و بەو پەڕی ئازادی و بێ هیچ فلتەرێک چاپی دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە. ئەو کتێبانەی لەسەدەی بیست و یەک و چاخی ڕۆشنگەری و سەردەمی شۆڕشی تەکنەلۆژیا و زانست و چوونە سەرمانگ و ڕۆبۆتدا، باس لە گەڕانەوە بۆ حوکم و دەوڵەتی سیوکراتی و دۆزخی سەدەکانی ناوەڕاست دەکەن!
ئەو کتێب و نامیلکۆکانەی ڕەوایەتی بە کۆیلایەتی و بە کەنیزەکردنی مرۆڤ دەدەن. ئەو کتێبانەی جیهان بەسەر دوو بەرە و دوو ڕەنگدا، دابەش دەکەن، بەرەی کفر و ئیمان و سپی و ڕەش.
ئەو کتێبانەی دژی خۆشەویستی و لێبوردەیی و فرەیی و ڕۆحی پێکەوەژیان و دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ و هەستی نەتەوەیی و مرۆڤ دۆستی و بنەماکانی سیکۆلاریزم و ژیانێکی شارستانی و کۆمەڵێکی کراوە و لۆژیک و ئەقڵانیەت و دەوڵەتی مەدەنین.
ئەو نامیلکۆکە و کتێبانەی پڕن لە ڕقی مەزهەبی و موقەبیلات و پێشەکین بۆ بوون بە فێندەمێنتالیست و داعش. بۆ شۆرینەوەی دەماخی ڕۆڵەکانی کورد و شێواندنی ئەقڵ و هۆشی تاک و ناشیرینکردنی مرۆڤ.
ئەو کتێبانەی پڕی لەو فەتوایانەن، کە لە ئاستێکی زۆر نا ئینسانی و نزمدان، ئەو فەتوایانەی جەژنە پیرۆزەی ئایینەکانی تر حەرام دەکات و سڵاوکردیان بە کفر دەزانێت و تێکەڵاوییان بە لادان. ئەو کتێبانەی مرۆڤ بوونی مرۆڤ دەشێوێنێت و ناخ و بیری خوێنەر ژەهراوی و زەینی کوێر دەکات. ئەو کتێبانەی مێشکی خوێنەر هاک و ئەقڵی بە بەستەڵەک و هێزی بیرکردنەوەی تیرۆر دەکەن. خۆزیا هەر هەر کتێبێک و کتێبۆکەیەک، باس لە توندو تیژی دەکات و هانی دەمارگیری و ڕق و ڕاسیزم بوون و جیاکاری ڕەگەزی دەدات، ڕێگری لە بڵاوکردنەوەی بکرابا و ئەوەی بڵاویش بووتەوە قەدەخە بکرابوایا.

ڕۆڵەکەم:
لەوەوە تێدەگەین کە قۆناخی هەرزەکاری چەندە هەستەوەرە، هەرزەکار چەندە زوو دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو شتەی گوێی لێ دەبێت و دەیخوێنێتەوەو دەیبینێت. لەو قۆناخەی هەست و سۆز زاڵە و لۆژیک و بیرکردنەوەو ئەقڵ ونە.

زۆر ڕاستە باپیرە.
بۆیه دەبێت ئاگاداری ئەوە بین، چی دەخوێنینەوە و چۆن دەخوێنینەوە. من لەو قۆناخەدابوو ئەو کتێبۆکەیە وای لێ بەسەر هێنام. ئینجا گوتراو(کتێب باشترین هاوڕێیە). وانییە و بەو ڕەهاییە نییە، هەرگیز، هەندێک کتێب هەن، لە جیاتی ئەوەی باشترین هاوڕێ بن، خراپترین دووژمنن. بۆیە دەبێت ئەوە بزانیت مەرج نییە خوێندنەوەی هەموو پەرتوکێک سود بەخش بێت. کتێب هەیه مرۆڤ دەکات بە فاشیست و بە تیرۆرست. مرۆڤ لەمرۆڤ بوون دەخات و ویژدانی لێ دەسەنتەوە و دەیکات بە بابایەکی بێ هەست و ئامێرێکی بێ گیان و وێرانکەر. کتێب هەیە هۆش دەگوشێت و ئەقڵ لە قاڵب دەدات و هێزی بیرکردنەوە دەکوژێت و مرۆڤ دەکات بە بوونەوەرێکی مەزهەبی و ئایدیۆلۆژیست و بیرتەسکی ئەقڵ داخراو وای لێدەکات دوو بست ئەوڵاتری لوتی تێڕوانینی خۆی نەبینیت. کتێب هەیه، مرۆڤ دەکات بە هۆڤ، مازۆکی و سادیک. کتێب هەیه، هونەری کۆیلێتی، ڕاسیزم بوون، ترس، توڕەیی، ڕق، جینۆساید، جەنگ، سوتان، کوشتن و تیرۆر فێری مرۆڤ دەکات.

کتێبیش هەیه فێری تۆلەرانس، ئیشق، لێبوردەیی، ئەزموون، مەعریفە، نەتەوە پەروەری، مرۆڤبوون و مرۆڤ دۆستی، خۆشەویستی ژیان و ئەوانیتر، ئاژەڵ دۆستی و ژینگەدۆستیت دەکات. مەولانا، شێرکۆ، مەلای گەورە، هەژاری موکریانی، هێمنی شاعیر، مارکس، گاندی، تۆلستووی، هیتلەر، ستالین، سەدام، بەغدادی و بن لادنیش کتێبیان دەخوێندەوە و لە منداڵدانی کتێب و هەناوی کتێبخانەکانەوە هاتنە دەرە.

ڕۆڵەکەم:
دەڵێن کەسێک زۆر کتێبی لەسەر ئاژەڵان خوێندەوە، ئاخریەکەی بوو بە گیا خۆر. بۆیە بزانە چی کتێبێک و بۆچی و چۆن دەخوێنیتەوە.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…29…شەماڵ بارەوانی

بەشی: بیست و نۆ/

کاکــە مــەلا چــاکـی مــەکه باخـراپ نەبیت..!

ئازیزان بەزمی فەقێ و گۆرانی تەواو نەبووە و لە بەشیتر دێینەوە سەر ئەو باسە.

وەلێ لەچەند بەشێکدا پێم خۆشە، باس لە چەند بەسەرهاتێکی ژیانی مەلایەتی خۆم بکەم لەو دێیانەی تیاندا مەلایەتیم کردووە لە ماوەی ئەو چەندساڵەی ژیانی فەقێیاتیم.

ئەوە لە دێیەکی لە لای دەڤەری کەندێناوە و نزیک شارۆچکەی دیبەگەی دوو ساڵ مەلایەتیم بۆ کردن.

هەموو حەفتەیەک(ڕۆژانی هەینی)دەڕۆیشتم وتارم بۆ دەدان و دواتر دەگەڕامەوە حوجرەی فەقێیان لە هەولێرێ.

مانگی ڕەمەزانیش لەسەرەتای مانگەکە و ڕۆژێک پێش ڕەمەزان، تاڕۆژی جەژن لەوێ دەمامەوە، هەرچەند ئەوکات بە تەمەن بچووک و هێشتا فەریکە فەقێ بووم، بە کورتیەکەی هەرزەکارەکی دەم ڕووتی وەک من هی ئەو بەزمە نەبوو بچێت ژن لە خەڵک مارە ببڕێت و سولحی عەشایەری بکات و بچیتە پرسە و لەگەڵ مامە حاجیان هەڵسێت و دابنیشێت.

 ئاخر بە خوای من ئەوکات، جگە لە عەن عەنە و قسەی ناو ئەو کتێبانەی دەمخوێندنەوە، نەمدەزانی یەک  قسەی دی خودایی و  دنیایی بکەم.

نازانم ئەو خەڵکە کو منیان وەها گەورە و موهیم کردبوو؟! مامە حاجی و کەسانی لە تەمەنی باپیرەم دەهاتن و دەیانگوت: مامۆستا بابڕۆینە فلان پرسە(تەعزییە)ٚی، لە دیبەگەی فلان مردیە، لە فلان دێیە فیسار چووەتە بەر ڕەحمی خودا و، سەرێکی مامە بورهان بدەین دەڵێن نەساخە و بچینە کن حاجی براییمی لە حەجێ هاتیتەوە..تاد.

 لە ناخەوە تێر تێر بە ئەقڵ و سادەیی ئەو خەڵکە و بەو تەمەنەی خۆم پێ دەکەنیم و لە دڵی خۆم بە خۆمم دەگوت: تۆسەیری ئەو خەڵکە دڵپاک و بەستەزمانە و، ئینجا منی بنچکە فس بکە، چەند لە خۆم ڕازیمە !

 کوڕە هەرزەکارێکی بێ ئەزموون و دەم ڕووتی وەکو من، کەی هی کاری وەها گەورە گەورەیه !؟

 لەبەردەم خەلکەکەیش خۆم فشدەکردەوە و هێندە بە گران و سەنگینی ڕێگام دەکرد، حەوت تراکتۆری عنتەر ڕۆحی منیان بۆ ڕانەدەکێشرا و  لوتبەرزیەکی وا دەماری گرتبووم، هەر مەپرسە.

دیشداشەکی عەرەبیم پۆشیبوو و سەلتەیەکی مەلایەنەم لەسەر لەبەرکردبوو دەتگوت:سەلاجەی قیسارەمە.

کە ڕێم دەکرد، دیشداشەکە لە درێژییان  لە عاردی دەخشی، لە ژێرەوە بە خۆمم دەگوت: کوڕە ئێمەی فەقێ و مەلا وارسی  پەیامبەرانین، پەیامبەران،(العلماء ورثة الأنبياء)(١). و  فریشتەکان باڵی خۆیان بۆ تالیبولعلم و فەقێ و شت ڕادەخەن تا بەسەری دابڕۆن(٢). و

وەڵاهی نەک هەر تەنها لەپێش ئەو خەڵکە بڕۆین و لە مەجلیسان ئەمە  لە لای سەرێ دانیشین و  پارووی چەور هەر بۆ دەمی ئێمەبیت و یەکەم قسە هەرئێمە بیکەین، حەقوایە خودا دوو فریشتانیش بکاتە پاسەوانی تایبەتیم و بە دووکەسانیش کاتێک کە ڕێگا دەکەم،  ئەو کەواو سەلتە درێژەم بۆ بگرن هاهاها

ئاوا کێڕڤی خۆبەزلزانیم فڕیبوو و هەستی لوتبەرزی گرتبوومی.

یەکێک پێی بگوتبام:مەلا، ڕێک لەوکاتە خوام نەدەما و بێ ئەندازە نیگەران و توڕە دەبووم!

دەمگوت:تەنها مەلا ژن بە مەلا دەڵێت:مەلا.

ئەو قسەیەم پێشووتر لە مەلاکان بیستبوو. بۆیە دەبوا تەنها بە مامۆستا بانگیان کردبام.

ڕۆژەک کابرایەک هاتە مزگەوت و گوتی:دەزانی مامۆستا، ئەو دوو کەسە(مام و برازایەک) لە گوندی بەینیان نییە؟ بۆیە ڕەمەزانە و خێرت دەگات بڕۆ ئاشتیان کەرەوە. ئێمە چەندجار هەوڵمانداوە، بە ئێمە نایەنە ڕایێ و گوێمان بۆ ناگرن.

کەوای گوت، خێرا دیشداشە و عەبا درێژەکەی مەلایەتیم کردبەر، هەم بۆ ئەوەی تاوەکو تەمەنی هەرزەییمی پێ بشارمەوە و قیچەک گەورەتر لەتەمەنی خۆم دەربکەوم و حیسابەکم لۆ بکرێت، هەمیش تا زیاتر موهیم و بە هەیبەت بە دەرکەوم و ئەو دوو کەسەی بەینیان نییە، شەرمم لێ بکەنەوە و قسەم نەشێکنن و ئاشت ببنەوە.

سەرتان نەیەشێنم، ڕۆشتم بۆ مالی مام(ک).

دوای سەلام و چاک و چۆنی، پێم گوت: کە لۆچ هاتیمە و دەستم کرد بە قسەی قەڵەو زل زل، کاکە ڕەمەزانە و کودەبیت برای موسڵمان لەگەڵ یەکتری بەینیان نەبیت، خوا ڕۆژووتان قبوڵ ناکات، دەبی هەر ئێستا ئاشت ببنەوە، کوڕە وڵاهی دنیای فانی و بێ قیمەت هەندەی ناهێنیت لێک عاجزبین، ژیان بەشی خۆشەویستی ناکات، چ جای ڕق، ئەو ژیانە حیزە دوو ڕۆژوو کەرتەکە، کوڕە دەمرین دەمرین.

 مام(ک) لەنکاوڕا قسەی پێ بڕیم و گۆتی: چ چ؟

دەزانی کاکە مەلا، بایەک شت بە برازای خۆم  برێم، تۆ مەلای گوندی و ڕێزت هەیە، بەڵامەکینێ باش گوێ بگرە، بزان چت پێ دەرێم، لەڕاهی خوای کاکە مەلا پێت دەڵێم: چاکی مەکە، باخراپ نەبیت. ئینجا جارەکیدی گۆتی با پێت برێم دەزانی چ ؟ گۆتم چ؟

گۆتی: کاکە مەلا، حاشاکی توو و ئامادەبوان، دوو کوڕیشی لەوێ بوون، بەڵام ڕێک داکی ئەوەی بگێم، کە بە من بڵێت وەرە لەگەڵ ئەو سەرک زل و قوون ئەستورەی ئاشتبەرەوە.

داکی ئەوەش بگێم کە تۆی ناردیە باشه؟

براڕۆ کە وای گوت، تەریق بوومەوە، عارد شەقی بردبایە، دەڕۆیشتمە ژێریەوە و لە شەرمان حەوت ڕەنگم گۆڕی و  زانیم بە قسەی ئەو ئەو کابرایە و بە ملی شکاوم، کو چووم لۆ سولحەکەی، بەڵام نەمزانی کو ڕامکرد و گەڕامەوە.

……

١-بەشێکە لەو ڕیوایەتەی:” إن العلماء ورثة الأنبياء وإن الأنبياء لم يورِّثوا دينارًا ولا درهمًا، إنَّما ورَّثوا العلم، فمن أخذَه أخذ بحظٍّ وافر”. و ( أبو داود والترمذي وابن ماجه وابن حبان )و جگە لەوانیش گێڕاویانەتەوەو و لە کتێبەکانیان هێناویانە.

٢- ڕیوایەتی:” إن الملائكة لَتَضعُ أجنحتَها لطالب العلم رِضًا بما يصنعُ”  و (أحمد و ابن حبان و حاكم.)گێڕاویانەتەوە.




خەنجەری خێڵ.. بەشی (٥) شەماڵ بارەوانی

بەشی پێنجەم/

مرۆڤایەتی پێویستی به خۆشەویستییە خۆشەویستیی، نەک ئایین..!

نیچە باسی لە کۆمەڵێک بت کردووە، کە لەبەردەم ئازادی تاک قوتکراونەتەوەو هەزاران ساڵە، بەو هەموو بتانە لە مرۆڤ بوون مرۆڤ و ئازادی ژن و ژیان دەدرێت.
بەڵێ ئەو ڕاستی کرد ئیتر کاتی ئاوابوونی بتەکانە.

بتی خێزان، بتی خێڵ، بتی مەزهەب، بتی نێرسالاری، بتی نەریت، بت، بت، بت، ئۆه خوایه گیان، بتخانەیە ئێرە، بتخانە.
هەتا هەموو ئەو بتانە تێک و پێک نەشکێنین، مرۆڤایەتی ئازاد نابێت.
ئەو مرۆڤە مەڕ و مەزهەب مێگەڵ و ترسێندرا و هۆشیاری خەسێندرا و بە جەبانکراوانە، ئەو مرۆڤە بە بچووکراوە و ئازادی سەلبکراو کەرامەت وروشێندراوانە، بە مرۆڤ بوون سوێند، مرۆڤە بەد گۆڕاو بە قاڵۆنچه بووەکەی کافکا، زۆر لەمانە هۆشیار تر و بە هێزتر و خۆڕاگرتربوو.

تۆ سەیرکە، گریگۆر سامسا، تا کۆتا هەناسەی ئیرادەو ئێنرژی ڕوو بەڕوو بوونەوە لەدەست نادات و هەوڵدەدات وەکوو مرۆڤێک لەسەر پێ بڕوات و ئەو بە قاڵۆنجە بوون و بەدگۆڕانەی کە بتی سەرمایەداری بەسەریدا سەپاندووە ڕەتبکاتەوە و ئەو لە پێناو بوونی خۆی تامردنە تراژیدیاکەی دەجەنگێت، کەچی ئەو مرۆڤە بە مێگەڵ بوو و مەڕیزمانە، نەک لە بەرامبەر مرۆڤانێکی لەخۆیان هیچ و پووچتر، لەبەرامبەر هەموو ئەو بتیزمە دەستکردانەی مێژوو و کۆمەڵ، نقەیان لێوە نایەت!

ئەو مرۆڤ بێ دەنگکراو بە مەڕکراوانە، نەک هەر ئەوە،
بەڵکو ئەو جۆره مرۆڤە کەره تەنانەت”هەر لە دێر زەمانەوە خودایەکی نەویستووە گوێی لە دەنگی بێت، خودایەک قسە بکات و مرۆڤ گوێی لە قسەکانی بێت.. خودایەکی ویستووە هێندە بێ دەنگ بێت، چاکە هاتە ڕێی بڵێ ئەوە خودا ناردوویەتی و خراپەش هاتە ڕێی بڵێ کاری خۆمه و ناچار بێت هەست بە لاوازی خۆی بکات و بباڕێتەوە.”(١)
هەر ئەو ترسنۆکی و بێ ئیرادەیی و لاوازیەی ئەو جۆرە مرۆڤه جەبانانە بوو، بیرۆکەی پەرستن و عەبدایەتی و کۆیلایەتی هێنایە بوون و لاوازی و جەهل و جەبانی مرۆڤی گەیاند بە لوتکە.
ئەو ترسەنۆک و لاوازانەی دەهاتن پەیکەریان لە بەرد و قوڕ و خورما و گوو و توزانم چی و چی دروست دەکرد و دەیانپەرستن و بە خەیاڵە قۆڕەکەی خۆیان گوایە دەیانکردن بە پشتیوانی خۆیان!
ئاخ مردن، دەوەرە تۆ لەکوێ کاکە؟ تکایە،
من جەهل کوشتمی!
ئەوانە هێشتا نەگەیشتوون بەو قەناعە و تێگەیشتن و هەست و هۆشیاریە باڵایەی کە خودا هیچ پێویستی بە پەرستن نییه، بەڵکو ئەو پێویستی بە ناسینە ناسین.
ئەو نەزانانەی خودایان کردووە و بە بت و کۆمەڵێک شەریعەتی توند و و ڕێسا و یاسای ڕەق و دنیایەک مەزهەبی دواکەوتوو و پەرستگا و بتخانەیان بۆ دروست کرد و ناویان نا: ماڵی خودا !
ئەفسوس ئەو خودا پەرست و بت پەرست و کۆیلانە، تا ئێستا خودایان نەناسیوە.
ڕابیعەی عەدەوی زۆر جوان لە دەرحەق ئەو خوا نەناسانە دەیگووت:خودا لە هەموو شوێنێکە، جگە لە مەککە.” ئەو دەیویست بەو خودانەناسانە بڵێت لە جیاتی ئەوەی ئەو هەموو پارەیه سەرف کەن و ئەو هەموو ڕێگایە دووره ببڕن و ئەو هەموو هیلاکی و ماندووبوونە بکێشن” باشترە بگەڕێنەوە بۆ ناخی خۆتان، خودا لێرە نییە لە ناخی خۆتاندایه، خودا شوێنی نییه، خودا ناشوێنە و دابەش دەبێت بەسەر گیانی مرۆڤەکاندا، نەک بەسەر زەویەکاندا. قبیلەی بڕواداری ڕاستەقینە دڵی خۆیەتی، نەک حیجاز.”(٢).
ئەو مرۆڤە ترسنۆکانە، لە جیاتی ئەوە یاخی ببن و ئەقڵیان بەکاربێنن و بیربکەنەوە و مرۆڤ بوون بکەن بە پێوە و مرۆڤایەتی بە ئایین، کەچی هاتن و زۆر ترسنۆکانە، چوونە سەر مەزهەبی کەرێ!

ئەو جۆرە مرۆڤە به کەربووە هەرچی لێ بارکەیت نقەی لێوەنایەت.

داروین و زاناو پسپۆڕانی بواری(ئیڤۆڵەیشن) خۆزیا
لەجیاتی ئەوەی بێن و مرۆڤ و مەیموون بەراوردکەن و بڵێن:مرۆڤ ٤٦ کرۆمۆسۆم لەهەر خانەیەیەکیدا هەیە و لە بەرامبەریشدا مەیموونی چامپانزی ٤٨،
بهاتباناو بیانگوتبا:کەر و هەندێک لە مرۆڤەکان یەکسانن لە کرۆمۆسۆمەکان و هەردووکیان خاوەنی یەکەو پەنجا بە پەنجای کرۆمۆسۆماتن.
بە خوای تاوان و لادانە مەیموونی ژیر و هۆشیار، بە بەعزێک مرۆڤی وەعی نزم و خەرەفاو مەڕیزم بەراوردکەیت.
من بڕوام وایە هەر لە کاتی زگماکی و بەر لە دایکبوونیانەوە، ئەو جۆرە بوونەوەرانە تێکەڵیەکن لە مرۆڤ و کەر، لە یەککاتدا هەڵگری کرۆمۆسۆم و جیناتی هەم کەر و هەم مرۆڤن. بۆیه من پێیان دەڵێم: کەرۆڤ.
ئەو کەرۆڤانەی بوونەتە کۆیلەی
بتەکانی خێڵ و نەریت و مەزهەب و نێرسالاری و چی و چی و چێژێکی مازۆخیانە و کەرۆڤیانەی خۆیان و لە قسە نەکردن و ڕادەست بوون و بێ دەنگ بوونە دەبەن.
ئەو کەرۆڤانەی من دڵنیام خوداش لە دروستکردنیان پەشیمانە.

ئەو خودا بێدەنگەی کە لە هەمبەر ئەو هەموو ناعەدالەتی و جەنگ و داگیرکاری و ستەم و ژن کوشتن و مرۆڤ ئەتکردن و ژیان وێرانکردن و ماڵوێرانکردنەی بوون، لە خۆیان بێندەنگترە، ناڵێم.
ئەو خودایەی ناو کتێبه مەزهەبی و فیقهی و مێژووییەکان نا، کە هیچ جیاوازیەکی نییه لەگەڵ ئەو بتانەی کە خۆی داوای ڕوخان و نەمان و له ناو بردنیان دەکات.
کەچی بووەتەوە بە هەمان بت.
نەخێر من لەگەڵ ئەو خودایەم نییە،
بەڵکو من باسی ئەو خودایە دەکەم کە لە ڕێی ویژدان و سروشتەوە ناسیم، ئەو خودایەی سپنۆزا.
خودای من خودایەکە هەرچی و مەزهەب و ئایینە هەمووی ڕەتدەکاتەوە.
خواکەی من پێم دەڵێت:مرۆڤایەتی پێویستی به خۆشەویستیە خۆشەویستی، نەک ئایین.
ئایینی خوداکەی من، عیشق و مرۆڤ بوونە مرۆڤ بوون.
ئایینی خوداکەی: مرۆڤ دۆستی و ویژدان دۆستی و ژینگە دۆستی و سروشت دۆستی و نەتەوە دۆستی و ئاژەڵ دۆستییە.

بۆیە من هیچ کاتێک لەسەر جیاوازی دید و بۆچوون و ئایینی جیاواز، ڕقم لەکەس نابێتەوە و هەرگیز، بە کەمیش سەیری هیچ کەسێک ناکەم و ڕێز لە هەموو مرۆڤێک(تەنانەت سەگێکیش) دەگرم و هەموو مرۆڤایەتیم بێ جیاوازی خۆش دەوێت و جوانترین و ڕاسترین و پاکترین ئایینیش لای من، تەنها، مرۆڤ بوونە و لێرە و لە قیامەتیش هەر ئەو ئایینی مرۆڤایەتیەش کۆتا ڕێگا و ڕێبازی قەتعی منە و وەکوو گەورە سۆفیزم و عاریفی مەزن(ئیبنولعەرەبی) دەڵێم:لقد صار قلبي قابلاً كل صورة فمرعي لغزلان ودير لرهبان وبيت لَاوثان وكعبة طائف وألواح توراة ومصحف قريَ‌نأدين بدين الحب أنّي توجــهت ركائبه فالحب ديني وإيماني.
وەکوو مەولاناش دەڵێم(حەقیقەت جامێک بوو شکاو هەرکەسەو پارچەیەکی بەرکەوت).

من باوەڕم بە پلورالیەت هەیە، بەڵێ پلورالیەت.
من لە زومڕەی ئەوانە نیم کە تەنها خۆیان پێ ڕاست و بەهەشتی و، هەموو خەڵکی تر بە جەهنەمی و هەڵە دادەنێن.
ئەو جاهیلانە جگە لە ڕوانگەی خۆیان هەموو شتێکیتر ڕەتدەکەنەوە!

تۆ سەیرکە هەر ئەو قورئانەی خۆیان باوەڕیان پێیەتی و دیارە لێشی حاڵی نەبوونە دەڵێت(الَّذِينَ يَسْتَمِعُونَ الْقَوْلَ فَيَتَّبِعُونَ أَحْسَنَهُ ۚ أُولَٰئِكَ الَّذِينَ هَدَاهُمُ اللَّهُ ۖ ؤأُولَٰئِكَ هُمْ أُولُو الْأَلْبَابِ)، ئەو القول)ـە،هەر قەولێک و گوتنێکی جوانی هەر فەیلەسوف و بیرمەند و زانا و وێژەوان و کەسێک بیت، دەبێت سەرنجمان ڕابکێشێت.
کەچی ئەو فێندەمێنتالیزم و ناحاڵیانە جگە لە ئاین و قسەی گیرفانی خۆیان، حیساب بۆ قسەی گەورەترین فەیلەسوف و ئەکبەر واحید ناکەن.

ڕاستە کە من باوەڕم بە هیچ ئاینێک نییە و تەنانەت ئەو خودایەش کە من دەیناسم، وەکوو وتم: خودای ئایینەکان نییە.
بەڵام ، هەڵبەت من گاتاکانی زەردەشت و دەقەکانی ئینجیل و فەلسەفەی ئەخلاق لای بوداو گووتەکانی ئۆشۆ و دالارمێ و مارکس و مەسیح و هەموو ئەو بیرمەند و ڕیفۆرمخواز و زانایانەش دەبینم، کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی خزمەتی ژیان و شارستانیەت و مرۆڤایەتیان کردووە و گۆڕانکاریان دروستکردووە و شۆڕشێکی ڕۆشنبیری و فیکری و مەعریفی و زانستی و هۆشیاریان بەرپاکردووە.

ئینجا گەر(نیوەی پێغەمبەرانی تەورات بخەرە لایەك و بە تەنیا سوقرات بخە لاکەی تر، سوقرات قورسترە، نیوەی پێغەمبەرانی قورئان بخە لایەك و بە تەنیا کۆنفۆشیۆس بخە لاکەی تر، کۆنفۆشیۆس قورسترە، کەچی پێمانوایە ئەمان کەسی پیرۆزن و ئەوان کەسی ناپیرۆز، لە کاتێکدا ئەوانە هەر هەمان ناوەڕۆکن بە ناوی جیاوەو خۆ ئەگەر وا نەبێ، ئیتر خوا هی هەمووان نیەو هەر هی ئەم ناوچەیەبووە!

ئەسڵەن ناوەڕۆکەکە، لەدنیای نوێدا زیاتر دیارە، کەچی تۆ پێتوایە یارییەکە لە فڵاندا تەواوبووە! غاندی و مارکس و کانت و، (زەردەشت) و کێ و کێیتری خۆمان.. ئەمانە بە پێغەمبەر بیانپێوی، زۆر لە پێغەمبەری ئاسایی قورسترن و لە ئولی عەزمەکانی مرۆڤایەتیین!.”(٣).

زۆر خەتەره زۆر، مرۆڤ: ژیان و گەردون و مرۆڤایەتی، تەنها لە ڕوانگەی تاقە کتێبەکەوە ببینێت و بخوێنێتەوە…

دنیا زۆر لەو چاڵە فیکریەی کە ئێمە تێیدا خۆمان قەتیس و زیندانی کردووە، فروانترە.

ئینجا ئەوە فەلسەفە و پڕەنسیپی منە: کە هەرکاتێک گەیشتیت بە من، ئایین و مەزهەب و نەتەوەو هەموو شتێکت بۆخۆت و لەگەڵ من تەنها مرۆڤ بەو بەس، زیانت بۆمن نەبێت و دەست لە ژیانی تایبەتیم وەر مەدە و ڕێز لە هەڵبژاردنەکان و ئازادیەکانم بگرە و بەس.
بوودا وتەنی حەزدەکەیت:بەرد بپەرستە، من عیلاقەم چییە!؟ بە مەرجێک:ئەو بەردە مەگرە من، بەو بەردە لە کەسایەتی وئازادی بوونی من مەدە.

ســەرویـن وای دەگـووت.

١-مەیخانەی ئۆرتینە، نەبەز گۆران، ل١١٠.
-٢هەمان سەرچاوە، ل٦٢.
٣-پەیکار عوسمان، ماڵپەڕی:ڕوانگە و ڕەخنە.




فەقێیەکی گوومڕا…28… شەماڵ بارەوانی

بەشی بیست و هەشت

موفتی ئەزهەر گوێ لە فەیرۆز دەگرێت..!

‎دكتۆر (ئەحمەد كەریمە) مامۆستای
‎زانكۆی ئەزهەر :
‎من گوێ لە گۆرانی (فەیروز) دەگرم و هاوەڵانی
پێغەمبەریش گوێیان لە گۆرانی دەگرت.(١)

هاوڕێیان لە چەند بەشی پێشوو باسم لە هەندێک بەسەرهات و بیرەوەری سەردەمی فەقێیاتیم کرد سەبارەت بە گۆرانی و میوزیک، ئەوبەشەش هەر ئەو بەزمەیە.

بەسەرهاتێکی تریش هەر سەبارەت بە گۆرانی، مامۆستایەک هەم هاوڕێ و و هەم مامۆستای خوێندنی سەرەتاییم بوو، کاتی خۆی لەدێی بارەوان.
مامۆستاکە ئنتیماو مەیلی بۆ ئیسلامی سیاسی هەبوو، دواتر لەسەر ئیسلامی بوون و ئە بابەە گرتیان، جا ماوەک لە زیندانی ئاکرێ زیندانی کرابوو، منیش لە فەقێیاتی بووم ئەوکات، کە چوومەوە، ووتم با سەردانێکی بکەم، وەک وەفایەک، کەچووم و لەکاتی گەڕانەوەە، لە ڕێگای ئاکرێ- ڕۆڤیا، شۆفێرەکە کاسێتێکی گۆرانی خستەسەر، دووبارە، هەمان بەزمی پێشووی بەردەڕەش گوتم هەر ئێستا ئەو کاسێتە نەینیتە خوار، من دێمەخوار، کە گوتم:هەر ئێستا یان من، یان ئەو گۆرانیە بێ ئەخلاقە.
شۆفێرەکە بادینی بوو و گوتی تە چ گوت؟
گووتم: ئەوەی گووتم، گووتی: خودێ چاڤێتە بێنە دەر، ئەز وی سترانێ نائینمه خوار، دێکەرەمکە وەرە خوار، تۆتۆمبیلەکەی ڕاگرت، لە نێوەی ڕێگا، کەوتمە بیرکددنەوە، باشە لێرە دابەزم و بەو گەرمای هاوینە، تۆ لەوەش گەڕێ جا کێ لە لەو خەت سەریعە دووبارە لێم دەوەستێت؟
ولاهی دەبم بە پەند و فیلمم دەسوتێت. بەسەری ئێوە ئەوجارە، هەمان شێوەی پێشوو عەنتەریات نەیخوارد و عینادیەکەم بۆم سەری نەگرت و کورد وتەنی هەموو هەورێک بارنی لێ نابارێت و ئاخریەکەی ملی خۆم شۆڕ کرد و گوتم بڕۆ دەی کێشه نییە، دەی کاکە تازە گووەکم خوارد و لەگەڵ تۆ سواربووم.
کە گەیشتین، بەرلەوەی دابەزم لە ڕوڤیا، کابرا ماچی کردم و گووتی:چێ نەدبوو ئەز ڤی ڕەنگی گەلتە بئاخڤم، قسورییا من عەفی کە و لمن ببووره.
گوتم:چنینە مالاتە، ئەوژی دێ چێ بت.
بەوچەشنە ئازیزان، من سەرەتا وشکباڕ و ناحاڵی بابووم. بە تایبەتی
سەرەتای قۆناغی فەقێیاتیم ئاوا فێندەمێناڵیست و توندئاژۆبووم.
وەلێ دواتر وا نەمام هێدی هێدی گوڕام.
تاگەیشتم بە کۆلێژی شەریعە(زانستە ئیسلامیەکان) بە تایبەتی قۆناغی دوو و سێ و چواری کۆلێژ، هێندە گۆڕاوم و خەریک بوو خۆم خۆم نەناسمەو بەخۆم بڵێم:هەرگیز ئەو شەماڵە، شەماڵەکەی پێشوو نییە!
لە حەقیقەتدا خەڵکێکی زۆریش وایان پێدەگوتم.
پێشووتر من موبایلەکەم تەنها قورئان و سرووی ئایینی بوو، بە تایبەتی سروده دینیەکانی سامی یوسف و ئەیاد محەمەد و تیورولجەنە و چی و چی. وەلێ دواتر
کاتێک کە گەیشتین بە کۆلێژی شەریعە، من و ئەو فەقێیەش کە لە بەشی پێشووم باسکرد کە له بەردەڕەش بە تاکسیەکەمان گوت دەبێت گۆرانیەکە بێدەنگ کەیت، گەر نا دادەبەزین، ئەویش هەمان شێوەی من، سەبارەت بە گۆرانی و هەندەک شتی تری زۆر لاوەکی زۆر گۆڕا، جا ئەو فەقێیە هیوایەتی گۆرانیەکانی عەزیز وەیسی بوو و شان و ملی خۆی لەگەڵ بادەدا، منیش زەکەریا عەبدوڵلا.

لە کۆلێژی شەریعە بیرمە، مامۆستایەکمان هەبوو جارەک گووتی: ولاهی بابە عە جیبە، نەمردین و بەو ڕۆژەیش گەیشتین، دەڵێن: خوێندەکارەکی کۆلێژی شەریعە لەگەڵ تاکسی سواربووە، گوتویەتی: توخوا گۆرانیەکی عەبدولعەزیز وەیسمان بۆ بێکە!

کەوای گووت، من دامە قاقاو لە دڵی خۆم دا گووتم: بەو خوایەی ئەکید ئەوە، ئەو فەقێی هاوڕێمە وای بەو تاکسیەی گوتووە.


-ماڵپەڕی:دابڕان.




دیالۆگی نێوان من و ئەهریمەن لە دۆزەخدا.(٢).. شەماڵ بارەوانی

بەشی دوو/

ڕۆڵەکەی میتراو نەوەکەی مێد،

ئیتر تۆ وەکوو ئەو کەسەی پێشووتر کۆتاییت پێهات و مردیت، ئیتر دووبارە و بە ناوێکیتر و بوونێکیتر و ڕۆحێکیتر و فیکرێکیتر و شێوازێکیترەوە لە دایک بوویتەوە و لەمەودووا من پێت دەڵێم:ئێزدین.

تەواو؟ پێی ڕازیت و قبوڵتە ئەم ناوە؟

باپیرەگیان: هەرچەندە من:باوەڕم بە:(مذهب تناسخ: ئاڵوگۆڕ بوونی گیان لەپاش مردن) نییە.

وەلێ گەیشتووم بەو قەناعەتەی کە  هەر لە ژیانەدا و  بەر لەمردن،

دۆنادۆنێکی ڕۆحیانە و سایکۆلۆجیانە و  فیکریانە و مەعنەویانە بۆ زۆرێک لە مرۆڤەکانی ئەو سەردەمە، ئەرک و ئەخلاق و تابڵێیت پێتڤی و گرنگە، بە تایبەتی ئەو مرۆڤانەی، کە بە کۆمەڵێک فاکتەر و هۆکار، لە مرۆڤایەتی دوورخراونەتەوە و لە ئینسانی بوون داچۆڕاون، ئەوانە پێویسته لەو بەرگە قێزەونەی فیکری فاشیتەت و دەمارگیری ئایینی و تۆندڕۆیی ئیدەلۆژی و پەتای مەزهەگەرایی و مێنتاڵێتی خێڵگەرایی بێنە دەر، پێویستە لەو شێوە ناشیرینەی بیرکردنەوە و فۆرمە قێزەونەی بوونیان بێنە دەر، ئەوانەی هەموو شتێکن تەنها مرۆڤ نەبێت، باشترە لەڕێگای دونادۆنەوە، بڕۆنە ناو بەرگی سەگ، کەر، پشیلە، جرجێک،  یاخود مانگایەک، دڵنیام ئەوکات زۆر لەو مرۆڤبوونە نامرۆڤ و کارتۆنیەی ئێستایان بێ زیانتر و بەوەفاتر و بە سوودتر و باشتر دەبن.

زۆر ڕاستە، بەڵام تۆ وڵامی پرسیارەکەت نەدامەوە ڕۆڵەکەم؟

باپیرەگیان: ئاساییە، پێم دەڵێیت:ئاهۆرا، میترا، ماد، دیاکۆ، ئێزدین، ئەهریمەن، یان ناوێکی یارسانی و هەرچی، گرنگ ناوێکی کوردانەی ڕەسەن بێت و گوزارشت بێت لە ئازاری کوردبوون و ناسنامە و مێژووی کورد بوونم.

هەر چەندە من: سەبارەت بە کەسێکی لائیکم، وەلێ من بێ خوانیم و باوەڕدارم و ئینجا ئێزدیاتیش وەکو و زەردەشتیاتی و یارسانی مێژوو و ڕابردووی من و  ئایینی باب و باپیرانی منە و پاشان من،  هەرگیز، حاشا لەو مێژوو و ڕابردووەی خۆم ناکەم و شانازیشی پێوە دەکەم.

هەر کەسێک و نەتەوەیەکیش مێژووی نەبێت، ئێستا و داهاتووشی نابێت.

ئینجا چۆن ئەو باپیرەی لە دۆزەخی ڕزگارکردم و لە هانای ڕۆڵەکەی خۆی هات، قسەی دەشکێنم؟

ئافەرین ڕۆڵەکەی من، داسنی ڕەسەن و نەوەی میترایی، ئاری ڕەگەزەکەی خۆم، تۆ هەڵۆی زاگرۆسی، زاگرۆس.

باپیرە دەزانی چی؟

چی؟

ئەوڕۆژه لە چات، بە هاوڕیێەکی یارسانیم لە شارۆچکەی خەبات وت:ناوێکی کاکەییانەم دەوێت، ناوێک، کە لەناو ئێوە پیرۆز بێت،

دەزانی چی ناوێکی بۆ نووسیم؟

چی؟

عەلی!

هاهاها یارسانیم ڕۆ، کوردبوونم ڕۆ، ئایین و مێژووی باب و باپیرانم ڕۆ.

پێم وت: عەلی چی کاکە، عەلی ناوێکی عەرەبی و ئیسلامیە و یارسانی ئایینێکی ڕەسەنی کوردە و مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ بەر لە هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان دەگەڕێتەوە.

ڕۆڵەکەم: سونە و شیعە، لەژێر ناوی مەزهەب و شتەوە سەتان ساڵە ڕۆڵەکانی من، کوردی ڕەسەن پەرت و وێران و بە تەعریب و بە مەزهەب گەرا دەکەن و هەوڵ دەدەن هەست و ڕۆح و هەموو شتێکی کوردانەیان لە ناخدا بکوژن.

ئینجا ئەو برادەرە کە ناوی عەلی داوە بە تۆ، لە نەشارەزایی و بێ ئاگایی و بەستەزمانی خۆیەتی سەبارەت بە ئایینی یارسان و، مێژووی یارسانیەت( بۆ سەردەمی میترایییەکان ٤٠٠٠–٥٠٠٠ ھەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەرێتەوە) “

هەرچەندە”سوڵتان سەھاک گۆرانکاری خستۆتە ناو ئەم ئایینە کوردییە کۆنە، بۆ پارێزگاری لە ئایینەکە و ھەوڵدانی ڕواڵەتی ئاینەکەی بە عەلی کوری تالیب داپۆشیوە بۆ ئەوەی بتوانێت یار و یاوەرانی بپارێزێت. “(١).

گەرنا ئایینی یارسانیەتیش، یەکێک لە ئایینە ڕەسەن و ئێزدانییەکان.

تۆسەیرکە هەریەک لە ئاینی زەردەشتی، یارسانی و عەلەوییەکانی باکور،  لە چەندین ئەرک و شێوازدا لە یەک دەچن. کە هەموویان بە ئاینەکانی ئێزدانی ناسراون. لە:

-ھەبوونی پیر

-ڕێزگرتن و پیرۆز زانینی سەرچاوە سروشتییەکان وەک ئاو، ھەوا و ئاگر

-بەکارھێنانی موسیقا، وەک دەف و تەموورە، بۆ ڕێوڕەسمی ئایینی

-ھێشتنەوەی سمێڵ-لەناو یارسانی و ئێزدیدا

ھەر چوار ئایینەکە چوارشەم بە پیرۆزترین ڕۆژ دەبینن

لەبەرکردنی جلی و بەرگی ڕەنگ سپی بۆ پیاوانی ئاینی”(٢).

گیانەکەم،  ئینجا ئەو برادەرە کەوا ناوی عەلی بۆتو نووسیوە ئەوەیە مەسەلەکە وەک گوتم.

ڕۆڵەکەم:

 ئێستاش ئەوە کاریگەری شیعەگەرێتی و کاری شیعەیه، دەیەوێت یارسانەکان وەکو کوردانی فەیلی لێ بکات و بە هەمان دەردی مەزهەبگەرێتی ماڵیان وێران بکات.

ئەو کوردە داماوەیش هێندە دڵپاک و سادە لەوح و خەشیم حاڵە، هەزا ساڵە بەسەر عەلی و عومەر و کێ دابەش بووەو شەڕێکی خۆ تڕێن و بەتاڵ و بێ مانا و بۆش بۆ کلتور و مێژوو و زمانی خەڵکی تر دەکات و وازی لە مێژوو و ڕابردووی خوی هێناوە.

ئاخ ڕۆڵەکەم ئاخ،  ئەو کوردە تاکەی ئاقڵ نابێت؟!

هێندەی پاشکۆیەتی و شەڕی بۆ عەلی و عومەر و کێ و کێ کرد و  خۆی بۆ خەڵکیتر کرد بە قۆچی قوربانی، چارەگی ئەمە،  شوێن کەیخوسرە و  دیاکۆکانی خۆی کەوتبوایە و شەڕ و بەرگری بۆ خاک و زمان و  شەڕەفی  خۆی  بکردبوایە، ئێستا نەک دەوڵەت، بەڵکو خاوەنی ئیمپڕاتۆڕێکی مەزنی کوردی بوو لە نموونەی ئمپڕاتۆڕیەتی مێد بوو.

وەلێ ئەفسوس ڕۆڵەکەم،

دوژمنانی ئایین و مێژوو و هەموو شتێکی کورد هاتن و  لەسەت ڕێگاوە هەوڵیان دا لە ڕابردووی خۆمان نامۆمان بکەن و مێژوو و ئایین  و کولتوور و زمان و هەموو شتێکمان بە عەرەب و تورک و پارس بکەن.

تۆ سەیرکە،

ڕۆڵەکانی من(ئێزدیەکان) سەرەڕای زیاتر لە هەفتا و سێ فەرمان و جینۆساید، وەلێ ئەوان ڕادەستی هیچ هێزێکی تاریکپەرست و گرووپێکی هۆڤەکان نەبوون، دەستبەرداری زمان و نەریت و ئایین و کولتوور و ڕابردوو و مێژووی کوردانەی خۆیان نەبوون.

گەرچی دووژمن: عەرەب ،تورک و پارسە ڕاسیزم و شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستەکان، بە چەندین ڕێگەی جۆر بە جۆرەوە، سەتان ساڵە، هەوڵدەدەن هەستی نەتەوەیی ئێزدیەکان لاوازبکەن و کوردبوون لە ناخیان بکوژن و لە کورد بوونیان جیابکەنەوەو بیان کەن بە عەرەب، یان هەرهیچ نەبێت، وایان لێبکەن بڵێن ئێمە کورد نین!

 گەرچی لەو هەوڵە نەزۆکەیان توانیان وا لە هەندێک لە ڕۆڵەکانی میترایی و  نەوەکانی ماد و

Shamal Ismael Kareem

کوردانی ئێزدایی لە چەشنی (نادیەموراد) بکەن، بڵێن ئێمە کورد نین، بەڵام نەیان توانی بەو پیلانە شۆڤێنی و نەگریسە و هەوڵە فاشیستەیان تۆی ئەو قەناعەتە باتل و بەتال و بۆشە، لە دڵ و دەروونی زۆربەی ئێزدیەکان بچێنن، بۆیە شکستیان خوارد.

باپیرە گیان زۆر ڕاستە.

 نادیه خان، ڕاستە دڵشکاو، بریندار  و ماتەمدارە، ئێمە لە ئازار و موعاناتەکانی تێدەگەین و وەکو کوردێک هاوبەشی خەم و ئازارو فرمێسکەکانی ئەوین، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانێت، هەر هەوڵێک، جا هەر کەسێک بێت بۆ جیاکردنەوەی کوردانی ئێزدی لە کوردبوون و دابڕانی شنگال لە کوردستان، ئەوە پیلان و ئەجێندای نەیارە و لە بەرژەوەندی ئامانجە گڵاوەکەی دوژمنانە و بە زیانی کوردانی ئێزیدی دەشکێتەوە و چاکە و فەزل و حەسەناتەکەی هەمووی دەچێتەوە سەبەتەی گلێشی نەیار و گیرفانی دوژمنانی خاتو نادیە و هەموو کوردەوە.

 ئەو دوژمانەی (تورک وپارس و عەرەب)ــە ڕەگەز پەرست و دەمارگیرەکان، گەر لە هیچ شتێک تەبا و یەک و یەکگرتوو نەبن، ئەوا بۆ پەرتەوازکردن و لاوازکردن و پاکتاوکردن و  لێدان و لەناوبردن و جینۆسایدکردن و فەرمانکردن و قڕکردن و ئەنفالکردن و دووژمنایەتی کردنی کورد تەباو براو زۆر یەکگرتوون و ئەوەی لە دەستیان بێت و هاتبێت، کەمتەرخەمیان لێ نەکردووەو ناشیکەن هەرگیز.

 ئە ودوژمنانەی چۆن لە ڕۆژهەڵات، لەمێژە هەوڵدەدەن کوردانی بەختیاری لە کوردبوون دوور بخەنەوەو وایان لێ بکەن بڵێن: ئێمە کوردنین، لە باکوری کوردستانیش هەوڵدەدەن وا لە کوردە عەلەوی و زازاکیەکان بکەن. لە ڕۆژئاواو لە باشوری کوردستانیش ئێزدیەکان و کوردانی شەبەک و فەیلی.

 جا بە پیلانی ئایینی، یاخود مەزهەب، یان ترساندن و تیرۆر و بە زۆر سەپاندنی ئایین، یان داگیرکردن و گۆڕینی دیموگرافیاو جوگرافیای کوردستان، یاخود بە شۆرینەوەی دەماغ و ئەقڵ بێت، ئەوە دوژمنانمان لەهەوڵدان ناکەون و بەردەوامن لە جێبەجێکردنی پیلانە دۆزەخیەکانیان.

 لە دەرەنجامی ئەو هەوڵە بەردەوام و نەفرەتاوی و نەزوکەیان، گەر بەڕێژەیەکی کەمیش بێت، توانییان بەشێکی کەمی کوردانی ئێزدی، شەبەک ، فەیلی،(تەنانەت لەناوکوردانی هەورامیش دەنگێکی نەشاز درووست بووە دەڵێت ئێمە کورد نین) والێ بکەن لە خشتەبەرن و فریوی نەیاران بخۆن و بڵێن:ئێمە کورد نین!

بەڵام دواجار ئەوە کەمێکی زۆر کەمن و زۆرینەی ئەوانەیتریان شانازی بە کوردبوونی خۆیانەوەدەکەن.

بەداخەوە ڕۆڵە شیرینەکەم، زۆر ڕاستە هەندێک لە ڕۆڵەکانی منیان وا لێکرد کە فریو بخۆن و بڵێن ئێمە کورد نین، نەخێر، ئێمە کوردی ڕەسەنین، چاوگی کوردایەتین، دوژمنان هەزاران ساڵە هەوڵی کوشتن و ئایین گۆڕینمان دەدەن، بەڵام چەندمان لێ بەزۆر و لە ژێر فشار و هەڕەشە و فەرمان و کوشتن بکەن بە هەر ئایینێکی تر،  لەوانەی خۆ ڕاگرنەبوون

دەنا ئێزدی نابێت ئیرادەی لاواز بێت و چۆک دابدات و سەری خۆی بۆ پیلانی دووژمن و هۆڤان بچەمینیت و دەبێ وەکوو پیاو ژنە قارەمانەکانی کۆجۆ بن و مەرگ هەڵبژێرن، مەرگ،  نەک دۆڕان و ئایین گۆڕین.

—–

١-یارسانەکان کێن و یارسانی چییە ؟،  ماڵپەڕی:کوردستان پۆست، زانیار ٧\٢\٢٠٢٢،

٢-هەمان سەرچاوەی پێشوو.




خەنجەری خێڵ.. بەشی چوار(٤) شەماڵ بارەوانی

ئێره سەر زەمینی ئەبێ و نابێکانە..!

“بۆ ئەوەی بەهەشت بناسم

ئەبێ ڤۆدگا تەرک بکەم

ئەبێ ببمە ژنێکی باڵاپۆش

ئەبێ خۆشەویستی هاک کەم!!

ئەبێ و…

ئەبێ و…

ئەبێ….”(١)

ئێرە مەملەکەتی ئەبێیەکانە.

لێره هەر ڕۆژەی دنیایەک ئەبێ و نابێ لە دایک دەبن و هەر ئەبێ و نابێیەی

ئەژدەهایەکە بۆ ژیانی مرۆڤەکان و ئازادی ژن.

ئەبێ وا پاڵکەویت، نابێ وا دایکەنیت، ئەبێ وا بیمژیت، نابێ وا میزبکەیت و ئەبێ وا بڕیت.

ئەبێ زەوقی مێردەکەت ڕابگریت و تێر گانی بکەیت و جوان ڕانەکانتی بۆ بەرزەوەکەیتەوە و بیگەیەنیت بە ترۆپکی ئۆرگازم،

گەرنا فریشە لە ئاسمانەکان، لە ئێوارەوە تا بەیانی نەفرینت بەسەردا دەبارێنن.

بە باش و خراپەوە، نابێ لە فەرمانەکانی باوکت بچیتە دەر، گەرنا تۆ کچێکی بێ حەیا و بەد ڕەوشتی.

ئێرەسەر زەوینی ئەبێ و نابێکانە!

لە ناو خێزاندا ژیانمان هەمووی بە کۆمەڵێک ئەبێ و نابێ تەنراوە.

ئەبێ و نابێیەکانی باوک، ئەبێ و نابێیەکانی برا،

ئەبێ و نابێیەکانی باپیرە…

 لە کۆمەڵ هەر ئەبێ و نابێ!

ئەبێ و نابێیەکانی خێڵ، ئەبێ و نابێیەکانی نەریت، ئەبێ و نابێیەکانی کولتوور، ئەبێ و نابێیەکانی مەزهەب، ئەبێ نابێکانی ئایدیۆلۆژیا.

لە قوتابخان دیسان هەرئەبێ و نابێ، ئەبێ تەنها مامۆستا لە شێوەی ئەفسەرێکی نازیزم قسەبکات و تۆ تەنها گوێی بۆ بگریت و نابێت جگە له بەڵێ هیچیتر بڵێیت.

ئەبێ هەموو وانەکانت توتی ئاسا و بە جوانی ئەزبەر بکەیت و گەر هیچیشی لێ حاڵی نەبیت، نابێت بڵێیت بێ زەحمەت دەتوانیت دووبارەی بکەیتەوە؟

ئەبێت لە هەر قسەیەکی گەورەکان، به باش و خراپەوە، نەچیتە دەر.

ئێرە نیشتمانی ئەبێ و نابێیەکانە، ئێرە ئەبێستانە.

ئەبێ و نابێکانی پیاوانی ئایین و مەزهەب و ئایینەکان،

ئەبێ تەبای عامێ بچیتە شامێ، ئەبێ دەمارگیربیت و کوێرانە شوێن ئاڕاستە و ئیدەلۆژیایەکی دیاری کراو بکەویت، ئەبێ لەسەر حزبی باپیرەت و ئاینی باوکت و مەزهەبی خێلەکەت بیت.

ئەبێ باوەڕت به یاساکانی خێڵ هەبێت،

ئەبێ به موو لە مێنتاڵێتی خێڵ لانەدەیت،

ئەبێ سوێند بە خەنجەری خێڵ و پیرۆزی خێڵ بخۆیت.

 ئەبێ گوێ لە مۆزیک نەگریت، ئەبێ وێنە و تابلۆ نەکێشیت، ئەبێ نەڕۆیتە باڕ، ئەبێ سەما نەکەیت، ئەبێ قژت داپۆشیت، ئەبێ لە دووای سێبەری پیاو بڕۆیت، ئەبێ لە کاتی قسەکردنا دەنگت بەرزنەکەیتەوە، ئەبێ توخنی دڵداری نەکەویت، ئەبێ تەنها باوەڕت بە ئاینێک و مەزهەبێک هەبێت، ئەبێ وا بکەیت،

گەرنا تۆ دەچیتە دۆزەخ و دەتکەن بە کەباب!

ئەبێ وانان بخۆیت، ئەبێ وا ڕێبکەیت، ئەبێ وا بخەویت، ئەبێ وا پێبکەنیت، ئەبێ وا بگریێیت، ئەبێ ڕەنگی جڵەکان و پێڵاوەکانت و میکابەکەت وابێت، ئەبێ ستایلی ژیانت، هەمووی بە پێی ئەبێ و نابێکان بێت، ئەبێ وا پەرستش ئەنجام بدەیت و نابێت وا  کڕنۆش بەریت.

هەر لە یەکەم چرکەساتی لە دایکبوونت و پێخستنە سەر ئەم سەر زەمینە، فرچکت بە ئەبێ ونابێ دەگرنەوە و دنیایەک ئەبێ و نابێ تێکەڵ بە شیری دایکت و خوێن و خۆراک  و دەمارەکانت دەکەن.

ئیتر ئەو ئەبێ و نابێیانە تا کۆتایی تەمەنت و خستنە ناوگوڕ، لە دوو قنت نابنەوە؟و هەر لەگەڵت دەمێنمەوە.

ئێستا دوو فریشتەی ترسناک دێن و ئەبێ بەو شێوازە وڵامیان بەیتەوە.

ئەبێ وا دایبی بکەیت،  ئەبێ ئەو جۆرە پانتۆل بکەیتە بەر،

ئەبێ تەنورەکەت تا خوار ئەژنۆت بێت، ئەبێ سمێڵ و ڕیشت وابێت.

لێره تۆ لە دایەنگاو باخچەی ساوایانەوە، فێری ئەبێ و نابێ دەکرێیت و بە ئەبێ و نابێکان تەلقین دەدرێیت و لەسەر ئەبێ و نابێ پڕۆڤەت پێدەکرێت.

هەر کەسەو کۆمەڵێک ئەبێ و نابێی لایه و دەبێت لێی وەرگریت و قبوڵی ئەبێ و نابێکانی بکەیت.

وڵاتی ئەبی و نابێ، خێڵی ئەبێ و نابێ،

گەڕەکی ئەبێ و نابێ، حزبی ئەبێ و نابێ، ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕی ئەبێ و نابێ، چایخانەی ئەبێ و نابێ، پەرستگای ئەبێ و نابێ، باڕی ئەبێ و نابێ، دادگای ئەبێ و نابێ، کتێبخانەی ئەبێ و نابێ، کۆڵانی ئەبێ و نابێ، چێشتخانەی ئەبێ و نابێ، کەبابخانەی ئەبێ و نابێ، نەخۆشخانەی ئەبێ و نابێ، دەرمانخانەی ئەبێ و نابێ، خێزانی ئەبێ و نابێ، خاڵە ئەبێ و مامە نابێ، باوکم ئەبێ و مامۆستا نابێ، شێخ ئەبێ و ئاغا نابێ، حاجی ئەبێ و بەڕێوەبەر نابێ، هونەرمەند ئەبێ و وەزیر نابێ، جەنابی ئەبێ و بەڕێز نابێ، ئارایشتگای ئەبێ و هاوسەرگیری نابێ، جەماعەتی ئەبێ و ژمارە یاسای نابێ،

وەزارەتی ئەبێ و نابێ، ئاواز و میلۆدی و گۆرانی ئەبێ و نابێ، ڕۆمان و شیعر و چیرۆکی ئەبێ و نابێ، کەناڵی ئەبێ و  ڕادیۆی نابێ، جەنابی ئەبێ و یاریگای نابێ، سەرتاشخانەی ئەبێ و کابینەی نابێ، سیاسەتی ئەبێ و

 تەوالێتی نابێ، دیوەخانی ئەبێ و کافتریای نابێ،

 وێستگەی ئەبێ و بازگەی نابێ، فەرمانگەی ئەبێ و  پارکی نابێ، باخچەی ساوایانی ئەبێ و قوتابخانەی بنەڕەتی تێکەڵاوی نابێ، پەیمانگای ئەبێ و زانکۆی نابێ، کۆلێژی ئەبێ و بەشی نابێ، و وانەی ئەبێ و خوێنەواری نابێ.

ئێره مەملەکەتی ئەبێ و نابێکانە.

لێره نابێ خەونەکانت باس بکەیت،

ئەبێ ئاواتەکانت بکوژیت.

نابێ بە فلان قاچ بڕۆیتە تەوالێتەوە،

ئەبێ بە فیسار دەست نان بخۆیت.

نابێ وا ڕابکشێیت، ئەبێ لەسەردەم پاڵکەویت.

ئەبێ، نابێ، ئەبێ، گوتم نابێ کاکە، ئەبێ، نابێ، ئیلا ئەبێ، بیلا نابێ، ئەبێ، نابێ، گوتم:ئەبێ، نەخێر نابێت.

ئێره کیشوەری ئەبێ و نابێکانە!

لێره مێژووی هەمووی شەڕ و ناکۆکی نێوان ئەبێ و نابێکانە.

دەیان جار مناڵەکان لەگەڕەک لەسەر ئەو ئەبێ و نابێیە

دەمانکرد بەشەڕ، ئەوان دەیانگوت:نابێ لێره پەنارتی لێبدەن، ئێمە دەمانگوت:ئەبێ، نابێ، ئەبێ،  نابێ، ئەبێ، سەرەنجام ئەبێ و نابێ دەستیان دەخستە گەرووی یەکتری و شەڕ دەستی پێدەکرد.

لەگەڕەکەکەی ئێمە، لەسەر ئەبێ و نابێ کوژرا.

دوو خێڵ لەسەر ئەبێ و نابێ بوو بەشەڕیان.

:ئێوە سەرەتا ئەبێ سەرەتا داوای لێبووردن بکەن لەسەر ئەوەی جوێنتان بە خێڵەکەی ئێمە داوە، نەخێر ئەوە نابێ هەرگیز،

ئەبێ، نابێ، ئەبێ، نابێ.

ژنێک هەر لەسەر ئەو ئەبێ و نابێیە تەڵاقدرا.

پیاوەکەی سەعات دووی شەو گووتی: هەرئێستا دەمەوێت.

ئەویش گووتی:چاوشت دەربیێت من بەو درەنگەی شەو تاقەتی دانێم نییه و نابێ، ئەبێ، نابێ، ئەبێ نابێ.

بیرمە مناڵ بووم و لەگەڵ هاوڕێ کچەکانم یەکەو گوڵێکمان دەهێناو هەر یەکەو کوڕێکمان دەخستە ناو خەونەکانمانەوەو  لە ڕێگەی پەڕەی گوڵەکانەوە بەختی خۆمان تاقیدەکردەوە و دەمانویست بزانین کە ئەو کوڕەی بۆخۆمان داناوەو کەی گەورەبووین ببێت بەهاوسەر و هاوبەشی ژیان و سوارچاکی نێو خەونەکانم، دەهاتین و

گوڵەکانمان دانە دانە هەڵدەوەراندو لەگەڵ هەر دانەیەک دەمانگوت:ئەو کوڕه بۆمن ئەبێت، نابێت، ئەبێت، نابێت، ئەبێت، نابێت، گەر کۆتا پەڕەی گوڵەکە بە ئەبێ بووایه، ئەو دەمانکرد بە  قاقا و تلیلی لێدان و چەپڵە کوتان، گەریش نابێ بووایە، بە خەم و نیگەرانییەوە دووبارە بەختی خۆمان لە ڕێگای دوو سێ دانەیتر تاقیدەکردەوە.

هاهاها

ئێرە هەسارەی ئەبێ و نەبێ و نابێکانە

خودایه:

ئەو  هەموو جەهننەم ئەبێ و ژەهر نابێ و قوزەلقورت ئەبێ و بە نەفرەت نابێیانە چین؟

ئێرە ئەبێخانە و نابێخانە!

ئەزانیت چی بەهار گیان؟

ئەبێ کەرێتی بتگرێت و یاخی بیت و  جوتەیەک بەیت لەو هەموو ئەبێ و نابێیە پڕوو پووچ و بێ مانایانە. بەڵێ، ئەبێ وا بکەیت و نەڵێیت نابێ هاهاها

سەروین وای دەگووت.

—-

١-هەنار موفتی، شینی شەوان، ڕۆژنامەی هەولێر، ژماره(٣٧٢٠)،٢٠٢٢/٩/١٤٫ ل١٠.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…27.. شەماڵ بارەوانی

بەشی بیست و هەفت/

ئیبراهیم تاتلیساس لە حوجرەیه..!

هەر سەبارەت بەو گۆرانی و شتە، لە سەردەمی سەرەتای فەقێیاتیم، ئەوە ڕۆژەکی من و فەقێیەکی هاوڕێم، لە دێیەکەمان(دێی بارەوان)ٚ بەرەو هەولێر و حوجرە دەهاتینەوە، هاتین بۆ شارەدێی بەردەڕەش و لەوێ سواری تاکسی هێڵی بەردەڕەش-هەولێر بووین.

کو سواربووین، گەنجێک، کە ئەویش سەرنشین بوو و خەڵکی بەردەڕەش بوو، لە پێشەوەی ئۆتۆمبیلەکە دانیشتبوو، بەندێکی خستە سەر مسەجەلی تاکسیەکە، وابزانم فاخیر هەریری بوو، من و فەقێیەکەی هاوڕێم توڕەبووین و بە شوفێرەکەمان گووت: هەر ئێستا، یان ئێمە، یان ئەو گۆرانیە، گەرنا دادەبەزین.
گەنجەکە هەر چەند ئەو قسەی ئێمەو ڕێگرتن لەو گۆرانیەی زۆر پێناخۆش بوو، بەڵام زۆر بەڕێز بوو، گوتی مامۆستایان ئەوە لەبەردڵی ئێوە کوژاندمەوە، تا گەیشتین بە هەولێر هەر گۆرانی و سروودی ئایینیمان بە کابرای شۆفێر لێدا.
هاهاها.. جا هەر سەبارەت بە گۆرانی بەسەرهاتێکی تری ژیانی فەقێیاتیم هەیه، ئەوە ڕۆژەک لە حوجرەبووم لە مزگەوتی حاجی عەلی سۆرانی، (مەلا سەلیم)یشیان بەو مزگەوتە دەگووت، باشم بیرنەماوە، قۆناغی یەک ، یان دووی کۆلێژی شەریعە بووم، لەوەیان دڵنیانیم و بزەبت نازانم، جا حوجرەکەمان لە قاتی سەرەوە بوو و ژێرەوەیشی حەوشەی مزگەوت بوو، من لە چێشتخانەکەی حوجرە، خەریکی قاپ شوشتن بووم، جا عادەتم وابوو لە کاتی قاپ شوشتن، یان گۆرانیەکی ناو موبایلەکەمم دادەگیرساند، کە پڕی گۆرانی هەمەجۆربوو، یان خۆم گۆرانیم دەگووت، لە کاتی سەرشووشتنیش هەروام، ئێستاش زۆر جار لە گەرماو، یان خۆم گۆرانی دەڵێم، یان موبایلەکەم دەخەمەسەر گۆرانی و میوزیک.
جا ئەو ڕۆژە قاپم دەشوشت و گۆرانی(مەڕۆ مەڕۆ توخوا مەڕۆی)ی خاتوو(ڤینا فەرشید)م، دەگووتەوە، تومەز، دوو گەنج، لە خوارەوە گوێیان لێیە من وا گۆرانی دەڵێم، گووتیان وەی وەی کاکە مەلا گۆرانیش دەڵێت!
وەڵا بابە دەنگیشت زۆر لە هی کچەکە خۆشترە هاهاها، دامانا قاقا.
وای کەتەریق بوومەوە، ئاخر ئەوان پێشووتر لەبەر ئەوەمنیان زۆر خۆش دەویست کەمن حافیزولقورئانم و هەموو قورئانم ئەزبەربوو بەستەزمانانە وایان زانیبوو، من شەو ڕۆژ، هەر خەریکی موڕاجەعە و خوێندنەوە و گوێگرتن لە حەفاسی و سودەیس و شێخ وەلید ئیبراهیم و مەنشاوی و عەبدولباست عەبدولسەمەد و قورئانم.

توزانن پڕی ناو موبایلەکەم گۆرانی، ئیبراهیم تاتلیساس و عەبدولقەهار زاخۆیی و هەردی سەلاح و نەجوا کەرەم و لەیلا فرۆهەر و ڤینا فەرشید و زەکریا عەبدولڵا و زیاد ئەسعەد و کێ و کێی تر کردووە.

ئەو دوو گەنجە هاوڕێشم بوون و زۆر تێکەڵ بووین و زۆر دەهاتنە مزگەوت و نوێژ و جەماعەت.

ئەوە بەسەرهاتێکی تریش هەیە، هەر سەبارەت بە گۆرانی، هەر لە هەمان حوجرە، ڕۆژەک دوو فەقێی تری هاوڕێم، فەقێیەکی تر، هاتبوو سەردانیمان، فەقێیەکە، تۆزەک هەم دوو ڕوو هەم توندڕۆبوو، وا خۆی پیشان دەدا کە زۆر ئاییندارە و وەرع دەکات و خۆی لەهەر شتێک بە دوور دەگرێت کە بۆنی حەرام و مەکروهو شوبوهاتی لێ بێت، کەچی لە حەقیقەتیشدا وا نەبوو.
جا ئەو دوو فەقێیەی حوجرەکەمان، گۆرانیەکی ئیبراهیم تاتڵیساسیان بۆی پێکرد، فەقێیەکە تووڕەبوو و گووتی: چۆن گۆرانی گوێ لێدەگرن، گۆرانی و مۆسیقاحەرامە کاکە، ئەوانیش گووتیان کاکە ئەوە گۆرانی نییە، سروودی مەولودی پێغەمبەریە بە زمانی تورکی، فەقێیەکی گووتی ئەها، بەخوای وام زانی گۆرانییە، دواتر لە حوجرە ئەوەمان باسدەکرد و فەقێکان هەموان دەماندا لە قاقا




دیالۆگی نێوان من و ئەهریمەن لە دۆزەخدا.. شەماڵ بارەوانی

بیرمە قوتابخانەم جێ هێشت و ڕۆشتمە سەربازی، وام زانی سەربازی کەشخەیی و پۆزلێدان و خۆفشکردنەوە و گەشت و گەڕانە، توزانم هێشتا بە تەواوی جلی سەربازیت نەکردۆتە بەر و پێت نەناوەتە نێو سەربازگە و هەر کەناوت تۆمارکرا، پێت دەڵێن:گلێش، ڤی جگارێ دێ ب ئەستۆیێ تە ڤەمرینم و پۆستالی کەمەد دەڤێ تەدا!

ئای هاوار چیم بەخۆم کرد و چۆن بە نەزانی و گێلێتی خۆم قوڕم بۆخۆم گرتەوە و ژیانی خۆم وێران کرد و تازە بە ترشی بێت، یاخود بەخۆشی، دەبێت سێ ساڵ و شەش مانگی تر بەملی شکاوم لەو دۆزەخە درێژە بە ژیانی سەربازی بدەم و بیقەتێنم، یان دەبێت شەش مانگ بڕۆمە زیندان، وای باوکە ڕۆ زیندان؟
من لە مناڵییەوە فۆبیای زیندانم گرتووە، لەو ساتەی لە فیلمەکانی هۆلیوددا زیندانی باستێلم بینیبوو، لەوساوە زەندەقەم لە زیندان ڕۆشتبوو.
…بە نەفرەت بیت، من بۆ هاتم بۆ ئێرە و بۆ ئەم کەراتیەم کرد؟

دەنگێکی نادیار بە گوێمدا چرپاندنم:بێ مێشکی سەرک ئەستووری کەڵە پڕی کەستەک، من تاوانم چییە تا نەفرەتم لێ بکەیت و جوێنم پێ بدەیت و من خەتاباربکەیت؟ پێم گوتی ملت بشکێنەو وەره سەربازی؟
ئێوەی مرۆڤ کەردەگێن، دزی دەکەن، درۆ دەکەن، غەش دەکەن، ژیان وێران دەکەن، جەنگی جیهانی جاڕدەدەن، خاک و ماڵی یەکتری داگیردەکەن و یەکتری دەخۆن و دەکوژن و هەزار و یەک تاوان و لادان و بێ ئەخلاقی و دزێوی دەکەن و خەتاکەیشتی هەمووی دەخەنە ئەستۆی من!
کەرە کەر، خۆت ئەوەت دەویست، خۆت دڵناسک بوویت و سەرەڕای ئەوە زیرەکترین قوتابی قوتابخانەبوویت و مەحبووبی بەر دڵی هەموو مامۆستاکان بوویت،
تەنها لەسەر ئەوەی جارێک بەڕێوەبەرەکەت، پێی گوتیت:پتە پت مەکە لەژێرەوە وەکو پیرەژنەکان، توڕە بوویت و بڕیاری جێ هێشتنی قوتابخانەتدا.
کەچی ئەو بەڕێوبەرەی دواتر داوای لێبوردنی لێ کردیت و کاتێک ڕۆشتی بۆ سەربازی و ماڵەوە هەموان بۆت دەگریان، هاتە ماڵەوە و بە دایک و براکانتی وت:من دەرۆمە سەربازگەی: زاویتە-دهۆک و دەلێمە ئەفسەرەکان ئەو کوڕە یەتیمەو لە نەزانی هاتووە بۆ ئێرە و دەبێت بیبوورن و ڕێگەی بدەت دووباره بگەڕێتەوە قوتابخانە و خوێندنەکەی تەواو بکات و هێشتا مناڵە و مووی لێنەهاتووەو ئەوە چۆن دەتوانێت چەک هەڵگرێت و لەو چیاو چۆڵەی کۆرێ گاوانان و مەتین و گارا ئەرکی سەربازی تەواو کات؟

من لەگەڵ خەیاڵی ماڵەوە و بیرکردنەوە لە هاوڕێکانم و قوتابخانە، یەکەم شەوی سەربازیم، منیان ناردە نوقتەی نۆبەتداری، ترس و خەم و بیری ماڵەوە تێکەڵ ببوو.
لەو دەمایە، کاتێک ئەهریمەن دوای قسەکردن، لە شێوەی تارماییەک خۆی لێ دەرخستم و بێ چاک و چۆنی سڵاو کردن، وتی:

گوێ بگرە مناڵە لوسکەی گوێ درێژ، دەزانم زۆر بیری دایه و ماڵەوە و قوتابخانەو هاوڕێکانت دەکەیت و نەدەبوو هەرگیز، خۆت تووشی ئەو سەرئێشەیه بکەیت و بچووبایتە دۆزەخ، بەڵام هەرگیز؟، نەدەبوو بێیتە وەها شوێنێک.
بویه من خەتام نییە و خۆت کەراتیەکەت کردووە و دەبێت هەرخۆشت باجی ئەو کەراتیەو بەیت.
باشه تۆ پێم بڵێ:تۆچۆن لەو بادینیانە حاڵی دەبیت و بۆ نەڕۆشتی بۆ شوێنێتر و بۆ هاتیە ئەم ناوە؟
من زۆرحەزم لێیە فێری زاراوەی کورمانجی ببم و بڕۆم مەموزینەکەی ئەحمەدی خانی بخوێنمەوە،
دەساڵە خەریکیم کەچی هیچی وای لێ فێر نەبووم، بنچکە فس، تۆ چۆن لەمانە حاڵی دەبیت و وا زوو فێری کورمانجی دەبیت؟!
دەی بەهەرحاڵ، لەوەگەڕێ.
وەره بامن یارمەتیت بەم بەشکو لێرە نەجاتێت بێت.

من ڕێگایەکت پێ دەڵێم بۆ خۆ قورتارکردن،

  • تکایە؟ ئەو ڕێگایە چییە؟
    -دە مانگی تر بە ملی شکاوت دەبێت بیقەتێنیت بەهەرحاڵێک بیت، ئینجا مانگی سەت دینارت موچەت هەیه تۆ لێرە، هەمووی دانێ سەریەک و تەنها بە نیسک و سەموون و مەرەگەی باینجان(ئەومەرەگەیەی هەموو سەربازەکان پێی دەڵێن:ئافکا باینجانێ).
    دوای دەمانگی تر دەتوانیت خۆت بکڕیتەوە و لەو دۆزەخە قورتارت بێت، کە پێی دەڵێن سەربازی و دووبارە بگەڕێیتەوە باوەشی ژیانێکی مەدەنی.

بەڵام کەرە وڵاخ بیرت نەچێت، تۆ دوای ئەوەش تەنها بە ڕۆژەکەی لەسەر بازری قورتارت دەبێت!
-چۆن؟!

  • باپێو بڵێم چۆ، تۆ شەش مانگ هەموو شەو تۆ کابووسی عەسکەری لە کۆڵت نابێتەوە و یەخەی خەونەکانت بەرنادات و تۆ لەخەوندا هەر وا لەسەربازیت و دەڵێیت:ڕاست چەپ، ڕاست چەپ و ئەفسەرێک بە دیار سەرتەوەیە، ڕێک دەڵێیت لە ئەڵمانیای سەردەمی نازیەت و لە دەزگای گێشتاپۆ دەورەی بینیوە، قسەی خۆشی ئەمەیە:گلێش، مخەڕبەت، لەزێ بکە، ئەگەرنا ڤی پۆستالی، یانژی دێ کەڤرەکێ کەمە دەڤێتەدا.

دوای وازهێنانم لەسەر بازی ڕێک ئەو قسەیەی کاکە ئیبلیس هاتە جێ و دوو جار دایکم پێی گوتم:کوڕم شەو تو هەر ڕاست و چەپتە؟ چییە دەستی ڕاست، یان چەپت خوا نەخواستە ئەزیەتیان پێگەیشتووە؟
هاهاها.. ئەوەش بزانە گەلحۆ، من بەزەییم بە هیچ کەسێکدا نایەتەوە و تەنها خراپەی مرۆڤەکانم دەوێت و لە ڕقی خوای گەوره و ئادەمی باوکە گەورەتان، شەرت بێت تامابن لە ژیاندا بەشەریەت بەدەست منەوە گوو و ئازار و نەهامەتی بچێژن و بیان کەم بە پەڕۆی بێ نوێژ و پەند و قەشمەر.

بەڵام نازانم بۆ؟
بۆ تۆ بۆ وانیم و ئەو ڕق و تۆڵەیەم لەدڵدا نییه و هەستدەکەم هەندەک بەزەیی کەوتووەتە دڵم و دەمەوێت بە هەر ڕێگایەک بێت لەو جەحیمە قورتارت کەم.
-بۆ باوکە ئادەم و خوای گەوره چییان لێت کردووە؟
-دەم ڕووت گیان، گێلەی هیچ نەزان، با پێو بڵێم و قسەی من بکە بە گوارەو بیخەره گوێچکەکانتەوە، لەو زەمانە سەگبابەی هەرگیز، نەکەیت هەڵەی وا بکەیت و چاکە و پیاوەتی بکەیت!
من هەستام و پیاوەتیم لەگەڵ خوای گەورەکرد و کڕنۆشم بۆ ئەو برد و گوتم تۆ شایەنی ئەوەیت و ئافرێنەری مرۆڤ و گەردوون و جیهانیت، نەک ئادەمێکی لە تۆپەڵێ قوڕ دروستکرا و کەسێکی بێ دەسەڵات و مرۆڤێکی ئاسایی کە پارچە پەڕۆیەکی پێ پەیا نابێت تا گەل و گونی خۆی پێ داپۆشێت و ناچار هانای بۆ گەلا و شت بردووە.
کەچی خوای گەورە تەوقی نەفرەتی خستە گەردنم و بەو شێوەیه پیاوەتی و چاکەی دامەوە.

  • بەنەف..
  • نەکەی ئەو گوو خواردنەت تەواو بکەیت، دەنا سوێند بە خوای گەورە پیاوەتی و چاکە لەگەڵ تۆش ناکەم و بە تەنهات جێتدێڵم تا ببیتە قەشمەرجاڕ و گاڵتەجاڕی هەموو مەعەسکەر.
    ناچار نەفرەتەکەم قوتداوەو گوتم:بەڵام تکایە چیتر کفری مەکە و من موسڵمانم و ئەوەتا لەو تەمەنەم قورئانیشم خەتم کردووە و قورئانەکەم لەگەل خۆم هێناوەتە سەربازگە و ڕۆژانە دەیخوێنمەوە.

-گوێ بگرە:
قورئان دەخوێنیت و ناخوێنیت، چاوەت دەریەت و ملت بشکێت و ئەوە کێشەی خۆتە و من عیلاقەم چییە؟!
دەی هەتیوی لوسکە، من تاقەتی گوێ گرتن لە قسەی قۆڕم نییە و کاتم مەکوژە و ئەرکم زۆرە و دەبێ زوو بڕۆم، بەڵام بەر لە ڕۆیشتنم، باش بڵش گوێم بۆ بگرە، گێڵە مرۆڤ ڕێگایتریش هەیه بۆ ڕزگارت بوونت لەو دۆزەخە
-توخوا پێم بڵێ چییە ئەو ڕێگایە کاکە ئیبلیس گیان؟،

  • دەتوانیت دەستنوێژت قایم کەیت و چاوەکانت بنووقێنیت و دەست بخەیتە سەر پەلەپیتکەی تفەنگەکەت و گوللەیەک بنێیت بە قاچتەوە، ئیتر بڵێ لەدەستم دەرچوو و بەو شێوەیە دەبیت به خاوەن پێداویستی تایبەت و بەکێڵ سەربازی وشت نایەیت و بە یەکجاری دەتنێرنەوە ماڵەوە فەسڵت دەکەن.

ئەها بیرم کەوتەوە، یان دەتوانی خۆشت شێت کەیت و جوێن بەخۆت و عارد و عاسمان بدەیت و خۆت لە ناو گوواو زێراب بگەوزێنیت و قیچەک پۆستاڵ و نیسک تێکەڵ کەو بڕۆ بە عەریفەکەو بڵێ:گەورەم خواردنێکی تایبەت و زۆر تایبەت و خۆشم لە چێشتخانەی ئەهریمەن هێناوە، وەرە با پێکەوە بیخۆین هاهاها.. هەندێک پێڵەقەو چلاقە دەخۆیت و ئیدی دەڵێن ئەو مناڵە شێت بووەو بەکەڵکی ئێمە نایەت.
مەشترسە، بەخوا نەسەرت دەتاشن و نەیش دەتخەنە زیندان.
خەمت نەبێت، کاکە بەخوا گەر وانەکەیت هەر خۆت شێت دەبێت تا سێ ساڵ و شەش مانگیتر.
هاهاها
-پێم ڕادەبوێری؟ هەی بە نەف
-پیاوی ئەو گووخواردنەت تەواو دەکەیت،
بزان چۆن عەرشت دەهەژێنم و ئەژدا و ئابائت دێنمە بەرچاوکانت.
من لەو دیاڵۆک و خەیاڵەدابووم لەگەڵ کاکە ئبیلیس گیان.
هەرهێندەم زانی لای پشتەوە شاپە زلەیەکی هێدی بەر بنا گوێم کەوت!
-کوڕۆ کی گوتیە تە تو بچیە ڤێرێ؟
کا بێژەمن زویکا؟
-ها؟ گەورەم وڵا هیچ کەسێک.
-زویکا وەرە پشت ساتری،
-تودزانی تە چ کریه؟
-ناوڵا سەیدی.
-کوڕۆ دەماخ سز، عەمرێ تە چەندە؟
-شانزه ساڵم گەورەم
-پاتۆ چاوا هاتیە ڤێرێ؟
تو هێشتا بچیکی و کی گوتە تە تو بهێیه عەسکەریێ؟
دەما کو تو حەرەسییێ دگری، لازمە تو ل ناڤ ساترێ دابیت، نەک پشت ساتری.
تو دزانی تە چ خەڵەتی کریه؟
هەر باشە پەکەکە ب قەناسێ دل و مێلاکێ تە هویر نەکریە!
سەحکێ دا ئەز بۆتە بێژم:جارەکا دی ئەڤێ خەلەتیێ دووبارە نەکەی، بلا جانۆ؟
-بەسەر چاو گەورەم.
-خودێ تا شانس هەیە و تو هێش بچیکی و دلێ من ماب بتەڤە، نەکو دائەز سەرێ تە سفر کەم و تەکەمە زیندانێ دا،
وەی باوکەڕۆ زیندان. دووبارە ترسی باستێڵ هەموو گیانی داگرتم.
-کاوەرە بلەز دگەل من دا ئەم بچین، بابۆ خودێ تو بکێل حەرەسییا ڤێرێ ناهێیت.
لە چیای (کۆرێ گاوانان) هاتینە خوارەوە و هەر بەو شەوە منی برد بۆ شوێنی مانەوەی ئەفسەرێکی هەم لە تەمەن و هەم لە پلە لە خۆی گەورەتر.

لەژێر لێوەوە گوتم:وەی باوکە ڕۆ، وڵا تازە تێچووم و بەیانی لە گۆڕەپانی مەشق و ڕاهێنان لە زاویتە، لە بەردەم هەزار و سەت سەرباز بە دەحرجە و تەقلە لێدان دەمکەن به پەندی زەمانە و فلیمم دەسووتێنن.

-تەچ گوت کوڕۆ؟
-هیچ سەیدی، دەڵێم دنیا تۆزەک ساره.
-چنینە دێ چێبت، ل دویف من وەرە، دێ ڤێگافکێ تو بەمە جهەکێ دی دا تۆ گەرم بیت.
-وەی باوکە ڕۆ، ئەوە لەگەڵ چیتی؟ بەو خوایه ئێستا سافیرە لێدەدات و هەموو مەعەسکەر دێنێتە دەرەوەو لەبەردەم هەموان لە ناو زێرابم وەردەدەات.
من لەو مەنەلۆگ و فیکر و خەیاڵە پڕ لە ترس و فۆبیایانە ڕۆچووبووم،
هەرهەێندەم زانی گوتی:ئەڤه ئەم گەهشتین.
-کانێ گەورەم لکیڤەیە، کا مقەدەم فلان نەل ڤێرێیه؟
-نەخێر، دێ پیچەکیدی زڤریت، ئەز بێژم چوویە فەرماندا گشتی یا دهۆکێ.
-باش، ئەز خەفەرم لازمە بچم سەر ساتر و نوقتێت حەرەسیێ بزڤرم، بەڵام هەکە سەیدی هات، بیراتە نەچت، بێژێ ئەو کوڕه بچیکە گەلەک و بکێل حەرەسیێ نایەت، هەما بڵێ هەر ئێڤاری سەعاتەک ئانژی دوو سەعاتان لێ ڤێرێ و لبەر دەریێ ژوورا ڕێزدار مقەدەمی ببتە حەرەس.

-بلا سەیدی سەرچاڤا ، کەنگی هات دێ بێژمێ.
-من بەخۆم و تفەنکی دەستم لە پشت دیوارەکە و تۆزەک ئەولاتری دەرگای ژووری جەنابی مقەدەم و لە چاوەڕوانی موقەدەم و سەیدی وەستاوم،
دوعاش دەکەم کەهات هیچ هەڵەیەک نەکەم و ئەویش وەکو ئەو ئەفسەرەی تر دنیایەک ڕەزیلم نەکات و وەک دەیانگوت قاتێکم بۆ نەدووریت، لەو فیکرو خەیاڵانەدابووم
دەنگی ئوتۆمبیلی سەیدی هات،
Shamal Ismael Kareem
هێشتا باش لێم بەدیار نەکەوتبوو لە پشت دیواربەرەو ژوور دەهات و من لە تاریکایی وەستابووم،
یەکسەر سڵاوێکی سەربازیم بۆی کرد و تا هێزم تیابوو پۆستاڵەکانم لە زەوی داو و تفەنگەکە لەدەستم کەوتە خوار،
برا ڕۆ، موقەدەم یەک مەتەر خۆی فڕێدا و بەعەجا.

کاتێک لێم نزیک بووەو سەیرێکی کردم و تێم ڕاما،
-ماڵاتە، تەئەز بستاندنم(تۆ منت تۆقاند)،
تو تکەی ل ڤێرێ؟
کی گوتە تە وەرە ڤێرێ؟
عەمرێ تەچەندە؟
مقەدەمەم چی؟ زەلامێکی تەمەن پەنجاساڵی کەلەگەتی ورگ ئەستووری سمێڵ زل.
بۆنێکی لێدەهات، یەع، خوایه کاس بووم.
تا دوای نزیکەی پانزە ساڵێک لە دوای ئەو شەوە، لەگەڵ عولە و عوسەو عەزیزی هاوڕێم لە دانیشتنێکی سیتەک، ئەوان شتێکی خواردوەوە و پێیان دەگووت:عەرەق.
ئەوکات تێگەیشتم و زانیم ئەو بۆن تەرسەی کە ئەو شەوە کە لەدەمی جەنابی موقەدەم دەهات، عەرەق بووە.
-تەنەگوت تو چەند ساڵی؟
-ئەها، ببووره، سەیدی شانزه ساڵم.
-کا تفەنگا خوە بدە من و گەل من وەرە ژوورڤە،
ڤێرێ سارە.
لە ژوورەوە زۆر ڕێزی گرتم و دنیایەک خواردن و شتی لەبەر دەمم دانا و سۆپای داری داگیرساند و گوتی:وەره پێش و خوە گەرم کە، تە سارە.
برازایێ من یێ بچیک، ڤێجە باش سەحکە مامێ خوە، ل بەر دەری من گوتەتە کا سیلاحا خوە بدەف من، تو چاڤا سیلاح دامن، کوڕۆ تو هێشت بچیکی خودێ نەکو دا ئەز تو خراپ عقوبه کەم، توجارا دەما تو لحەرەسیدای سیلاحا خوە نەدە تو کەسەکێ، تەزانی؟ ئەڤ قانونا سەربازییێیە و قەدەخەیە، باش؟
باش سەیدی.
دوای چوارمانگ لە ماشەقەت و مەشق و ڕاهێنان و دۆزەخ، پشووەکم هاتەوە بەر و قۆناغی مستەجدیم تەواوکرد و مەراسیمی دەرچوونمان بۆکرا و دڵنیا قەرەداخیان بانگهێشت کرد و تا شل و کوت بووین لەگەڵ گۆرانیەکانی خاتوو دڵنیا سەمامان کرد و هەڵپەڕین و ئینجا دوای مۆلەتی پانزە ڕۆژ،
هەر هەزار و سەت سەربازەکەی خولی دە، بەسەر فەوەجە جیاوازەکانی ئەتروش و زاویتە بامەڕنێ، کۆرێ گاوانان و کوێ و کوێ دابەشکراین.
من، ئاواتم بوو ناوم لە ئەتروش بێتە، نزیک بوو بۆ ماڵەوەمان،
کەچی لە بێ شانسیم ناوم لە بامەڕنێ هاتەوە و لە کۆرێ گاوان لەگەڵ کۆمەڵێک سەربازیتر ڕۆشتین بۆ بامەڕنی و دواتر و دوای مانگێک، دووبارە لە بێ شانسیم، کاتێک لە مۆلەتبووم، گوتیان:فەوجەکەی ئێوە هەمووی گواستراونەتەوە بۆ(باتیفا)، عەزرەتی غەوس، باتیفا لە کۆێی ئەو هەسارەیە؟!

ئەی هاوار منی مناڵ، هێشتا نازانم سلێمانی دەکەوێتە کامە کیشوەر و لەهەموو ژیانم تەنها دوو جار هەولێرم بینیوەو

دهۆکیش لە مەسیرەیەکی کاتی مستەجدی و لەکەشێکی باراناوی لە زاویتە تا دەرزاوەکەی ڕۆشتووم و ئەویش ناوەوەیم نەبینیوە، ئێستا من چۆن دەتوانم سەعاتێک بڕۆم بۆ پشت زاخۆ و سنووری باکوری کوردستان؟
خوایە فریام کەوە ون نەبم.

بەهەر شێوەیەک بوو ڕۆشتم بۆ دهۆک لەوێ بۆ نەقلیاتی زاخۆ و لەوێش بۆ باتیفا.

لەوێ، من گچکەترینی ناو فەوج بووم.
کاتێک من لەسەربازی وەرگیرام، بەهۆی ئەوەبوو دوو ساڵ لە ناسنامەکەم گەورەکرابووم، هاوڕێیەکەم لە دێ، پێکەوە ڕۆشتین ناومان لەسەربازی تۆمارکەین، ئەو شەش حەوت مانگ لە تەمەندا لەمن گەورە تربوو، ئەمیان وەرنەگرت و گوتیان هێشتا دوو ساڵت ماوە.
من بەهۆی گچەکەیی تەمەنم و ئینجا شێوەشم زۆر لەو تەمەنەشم بچوکتر دەینواند.
بۆیە هەموو ئەفسەرەکان زۆریان خۆش دەویستم و بەزەییان پێم دەهاتەوە.

هەر لەو سۆنگەیەشەوە، زۆرجار لە کاتی ڕێزبوونی بەیانیان من لە حەرەسی شەو دەبووردرام.
ئەفسەرەکە سەیری دەکرد هەر سەربازێک پشتە مل و ڕیشی خۆی نەتاشیبوایه، یاخود پۆستالەکەی بۆیە نەکردبوایه.
دەیگوت:مخەربەت، سبەهی باش ڕویهێ خوە تەحلی کەو پۆستالا خوە بتەیسینە، ئامر حەزیر، دوو سەعات حەرەسییا ئەڤی مخەربەتی زێدەبکەن و ناڤێ شیمال ل قائیمێ حەرەسیاتی دەرخینن.

دووجار ویستم دژی ئەوە بوەستمەوە و بڵێم:من قبوڵم نییە کەسیتر لە جێگای من حەرەسی بگرێت و ویژدانم هەرگیز، ئەو ستەمە قبوڵ ناکات، ئەفسەرەکە پێی دەگووتم:چیم وت ئیتر هەر ئەوەیه، خۆت هیلاک مەکە و شەو تێر بخەوە.

ڕائید بژار،
وابزانم لە عەشیرەتی بەرواری بوو، ئامر فەوجمان بوو لە باتۆفا، مرۆڤێکی تا بڵێیت میهرەبان و هێمن و قسە شیرینی و باش بوو.
ئەفسوس، دواتر لە سەتەڵایتی کوردستان تیڤی زانیم، کە لەکاتی شەڕی تیرۆستانی داعش شەهید بووە. بەڕاستی شەهید بوونی گریاندمی زۆر.

کاتێک خۆم کڕیەوە و سەربازیم جێ هێشت، ڕائید بژار لە باتیفا لە دووی ناردم و چوومە لای، وتی: تو کوڕکەکی گەلەک ئاقل و بێ قسور و خلەتی بوویت و من گەلەک پێ نەخوەشە کو تو کارەکێ وەسا کرییە.
ئەڤ دە ڕۆژن کو تۆ نەهاتبی دەوامە خوەو ویەک ڕۆژژی ناڤێ تە، مە ب نەهاتی( غائیب) نەنڤیسییە، چونکی تۆ کوڕکەکی هندی ڕێزدار و پابەند و بێ زیان بووی.

من نەزانی کو ئەهریمەن ئەو لە مەژیێتە چاندی تا تو پارا بدەیت و مە قەت ئاگەهداری وێ یەکێ نەبین و تو بێی کو بێژیە مە ڕابووی و توچووی لە فەرماندەها زاویتە، هەمی تشتەک ب دوماهیک ئینایه.
من ئەڤ سەرێ سێ ڕۆژانە، بە ئامر سریێتە(سینان) دبێژم، هەڕە دیف ویڕا و ئەڤ کوڕکێ باش بزڤڕینە، کا بووجی ئەڤ نەزڤڕیە، خودێ نەکەت قەمی کارەساتەک بۆوی چێ بیە و مە ها ژێ نینە؟
ئەڤە سالەک و شەش مەهن، تو نەڕۆژەک مۆڵەت وەرگرتنە نەژی ڕۆژەک تو غائیبی و نەهاتن هەنە.
بڕاستی ئەس دڵگران و عێجزم گەلەک، خۆزیکا هەمی فەوجا من با، بس تۆ نە.
ل مە ببوورە، ل هەر کێماسیەکێ و ئەکید دیارە کو مە ئیزعاجی و عێجزیەک ژبۆتە چێ کریە؟

  • نەخێر، بەڵام هەر خۆم لە یەکەم ڕۆژەوە حەزم لە سەربازی نەبووە و پەشیمان بومەوە.

من ساڵێک و هەشت مانگ سەربازیم کرد، تەنهاجارێک سزادرام.
ئەوە عەریف (ڕەبۆ)یەک هەبوو(کوردی ئێزدی)بوو وابزانم خەڵکی باعەدرێبوو و بەداخەوە، دواتر بە ڕووداوی ئۆتۆمبیل گیانی سپارد ولە ناو ئوتۆمبیل سوتا.

جارێک فەسیلەکەی ئێمە، فەسیلی نۆزده، سەیری فەسیلەکەی ئەوانماندەکرد و عەریف ڕەبۆ دەیگوت: تا دەها بژمێرم، کتەکێژ وە نەمابیت و تەڤ ل سیاری زیلێ بت، تا دەی ژمارد، دوو سەرباز فریا نەکەوتن سواری یەکێک لەو زیلە سەربازیە ببن کە هەموو ڕۆژ دوای مەشق و ڕاهێنانی سەربازی لە زاویتە فەسیلەکانی سێزدە تا بیست پێی دەڕۆشتینەوە بۆ کۆرێ گاوانان.

ئەو دوو سەربازه، کاتێک عەریف ڕەبۆ وتی:دەهـ
تا هێزیان تیا بوو ڕایانکرد و لە زیلەکە دوور کەوتنەوە، چونکوو دڵنیابوون گەر وانەکەن ئێستا عەریف ڕەبۆ بەو حەیزەرانەی دەستی پشتیان دەکوتێت.
دیمەنەکە دەتکوت فیلمێکی کۆمێدیه، زۆر پێکەنیناوی بوو
من لەوکاتەدا داما قاقا هاهاها

عەریف ڕەبوو کەمنی بینی ڕێک دەهریبوو،
کوڕۆ قەشمەر تو بچ دتکەیه کەنی؟
یەلە بەرەکێ بکە دەڤێ خوەدا،
بەردێکی بچووکم کردە دەمم،
گوتی:وەل حەیوان ئەڤ بچیکە،
هابۆتە کەڤرەکێ،
تاشه بەردێکی دەستدایەو گوتی بکە دەڤێخوەدا،
-عەریفی: عەیب نەبێت دەمم دەدڕێت، ناتوانم ئەو تاتەبەردە بکەخەمە دەممەوە.
گوتی: لەگەلی بەدەستت بیگرە.
لەو کاتەدا خۆم و هەموو فەسیل و عەریف ڕەبۆ تێر تێر بەمن پێکەنین و هەر کە عەریف ڕەبۆ پشتی دەکەوتەمن، بەردەکەم دادەنا، کەسەیری دەکردم، کوڕۆ قەشمەر، نەدەینە، بکە ددەڤێ خوەدا.
ئەوە تاقەسزابوو بەتەنها لەو ساڵ و هەشت مانگەی عەسکەری چەشتم.
بەلام بەجەماعی و بەپێی یاسای تەڕو وشک پێکەوە دەسووتێن، هێندە تەقلەیان پێ لێدابووین وەکو کۆتری تەقلە بازمان لێهاتبوو.

میلازم سابر جومعە ئاکرەیی،
بەداخەوە کە لەو یەک دوو ڕۆژە لە ڕووداوێک گیانی سپارد،
لە سریەکەی ئێمە، سریەی سێ، فەوجی سێ، هەڵەنەبم یان معاون عەسکەری، یان ئامر فەسیڵ بوو، باشم بیرنەماوە.
ئەو کەسێکی زۆر هێمن و ئاقڵ و میهرەبان بوو.
ئەفسەرەکان زۆر بوون و هەندێکیان زۆر ڕۆشنبیر کز و دیکتاتۆر و ناحاڵی بوون لە مامەڵەی سەربازەکان، بە تایبەتی ئەوانەی نەیان خوێندبوو و بە منا و منا کرابوون بە ئەفسەر،
وەلێ میلازم سابر جیاواز بوو،
میلازم ئازادێکیشمان هەبوو، وا بوو، ئەکادیمی سەربازی زاخۆی تەواو کردبوو.

میلازم ئازاد خەلکی دهۆک بوو، ئەو زۆرجار دەهات قورئانەکەی منی دەبرد و دەیخوێند و زۆر پێی دەگووتم:
شیمال تۆ خراپی خراپ، ناهێیەدەڤ من، کا بێژە من تو پێتڤی تشتەکێ نینی؟ تە پارە، یانژی تە ئیجازە دڤێت؟
بێژە دا ئەز ئیجازێ بدەمە تە، جارێک کوڕێکی ڕێکانی لە حەزیرەکەی من بوو خەڵکی دێرەلۆک بوو جوێنی پێدام و بێزاری کردم و ویستی لێم بدات، من کوڕێکی زۆر بێ دەنگ و هێمن و فەقیرحاڵ بووم لە سەربازی، فەسادێکیش ڕێک چووبوو ئەوەی لای میلازم ئازادی باس کردبوو. میلازم ئازاد ئامر فەسیلمان بوو، زۆر منی خۆش دەویست و دەیگوت تو برایێ منی.
هات ئاگر لە چاوەکانی دەباری، گوتی:فەرهاد دەرکەڤە ژدەرڤه،
باران دەباری و ناو مەعەسکەرەکەی باتۆفە هەمووی قوڕ و لیتە بوو.
:حەیوان، خوە ڕیس کە تنێ پانتۆلێ بهێلە بەرخوە، بەو باران و سەرما و سۆڵەی زستان ئەو کوڕەی لەناو ئەو قوڕ و لیتاوە دەگەوزاند و بە دیاریەوە وەستابوو هەر فرمانی بەسەردا دەکرد:بزڤرە، ب دەحرەجە هەڕە، تەقلێ لێبدە..
ئەو کوڕە بەستە زمانەی وەکو مریشکی خوساو لێکرد.
هەموو مەعەسکەر وەکو فیلمێک سەیری ئەو دیمەنەیان دەکرد کەسیش بوێری نەدەکرد و نەیدەوێرا بڕۆت بڵێت:تکایە کوشتت، با بەسبێت، میلازم ئازاد زۆر هێمن بوو، ئەو هەرگیز توڕە نەدەبوو، بەڵام ئەو ڕۆژە جیاوازبوو، ئاگر لەچاوەکانی دەباری.
من بۆ حاڵی فەرهاد گریام وئاگر لە ویژدانم بەربوو و چیتر بەرگەی ئەوەم نەگرت و ئینجا کەسێک بە هۆی منەوە وای لێ بەسەر بێت، ئەوە هەر زۆر ئازاریدام، ڕۆشتم و گوتم تکایه گەورەم بەسه، بەدەست ئاماژەی بۆ کردم، وەک ئەوەی بڵێت: لە شوێنی خۆت بوەستە و نێیتە پێش و من جارێ مەشغۆلم و کاتی تۆم نییە.
وتم:ئەو هیچ هەلەیەکی نەکردووە، ڕاستیەکەی خەتای من بوو، گوتی:بێژمە تە نە ئاخفە، هەرکەسەکادی با، دا ئەز ویژی سزا دەم، ئاخ چبکەم، توویی توو.
میلازم ئازاد،
تا هیلاک بوو ئەو کوڕە بەستەزمانەی لە قوڕ و لیتاو گەوزاندو گوتی جارەکادیژی یەک ئیزعاجی بۆ شیمالی چێ بکەی، هەوارلحالێ تە.
بەمنیشی گوت:ٚ تا بۆتەژی بێژم :گەر هەرکەسەکی ئیزعاجیا تەکر، ئێکسەر تو دهێیت و دێبێژییه من، باش؟
گەرنا بەری هەمیان دێ تو عقوبەکەم.
خەلەف حەجی کە ئێستا لە ئەڵمانیایە، کوردی ئێزدی باعەدرێ بوو وئەویش وەکو مامێک ئاگای لێم بوو و خۆشی دەویستم و لەگەڵم میهرەبان بوو ئامر حەزیریشم بوو، میلازم ئازاد پێی گوت: جهێ وی فەرهادی دویرخە ل جهێ شیمال و هەکە جارەکادی ئیزعاجیەکدی بۆ چێکر، بێژەمن.

دواتر ڕۆشتم بۆ لای فەرهاد و باوەشمان کرد بەیەکتریدا و زۆر داوای لێبوردنم کرد، گوتی، نەخێر، لازمە ئەز داخازا لێبورینێ ل تەبکەم، تو برایێ منی، من خلەتی لە هەمبەر تەکرد، دوای ئەوە من و فەرهاد وەکو برامان لێهات

بابێمەوە سەر مەسەلەی میلازم سابر ئاکرەیی، ناویم بیرچووە، ئەو چێشخانەی کە خواردن و چای و شتیان بۆ سەربازەکان تیا ئامادە دەکرد، ناوێکی تایبەتیان پێدەوت.

ڕۆژەک دەچووم چای بۆ سەربازەکان بێنم. چێشخانەکە ڕێک لەبەردەم ژووری ئەفسەکەرەکاندا بوو،
تومەز میلازم سابیر لە ژوورەوە لەبەر پەنجەرەکە سەیری من دەکات.

میلازم (سابر ئاکرەیی،) ئەوکات گەنج بوو و تازە دوو ئەستێرەی لەسەر شان بوو و میلازم ئەوەل بوو.
دەستم دا قۆری چایەکە، قۆریەکە زۆر گەورە بوو، دوو مەتر دەڕۆشتم و دەوەستام و پشووەکەم وەردەگرت.
میلازم سابر
یەکسەرهاتە دەرەوەو قۆریە چاکەی لێوەرگرتم، وتم:سەیدی نابێت،
-گوتم:دەبێت.
بانگی سەربازێکی کرد و گوتی :وەرە ئەو چایە بەرە بۆ سەربازەکان بە ئامر حەزیریش بڵێ، ئەوجاره ئەو کوڕە بنێرێتە چای، سزای دەدەم.
میلازم سابر جومعه ئاکرەیی بوو، بە بادینی و سۆرانی قسەی لەگەڵ کردم و سۆرانیەکەی باش بوو،
ئینجا گوتی:وەرە لەگەڵم، ڕۆشتینە ژوورەکەی ئەو، گوتی دانیشە جانۆ،
دانیشتم
-تەمەنت چەندە؟
-شانزە ساڵ
-تو بچیکی گەلەک، ئەز بێژم تو هیش بچیکتری،
مانێ شکل و شێوەیاتە هۆسا دیاردکەت.
بابێتە ساخە؟
-نەخێر گەورەم، من تەمەنم ساڵێک و شتێک بووە، ئەو بە شێرپەنجە مردووە.
-خودێ وی عەفی کەت.
کابێژەمە من، تو پێدڤی تشتەکێ نینی؟
بیرا دەیکاخوەو خوشک و برایێ خوە ناکی؟
تە ئیجازه دڤێت؟
تە چ دڤێت بێژە، ئەز ل خزمەتاتەدامە
تو بۆچی هاتی ڤێرێ؟ هەوە عائیلەک فەقیرن؟ مانە؟
سەرێ هەیڤێ ڕاتبا منە، وەرە تەچەند پێتڤی بوو دا ئەز بدەمەتە.
-نا سەیدی سوپاس، من پارەم ناوێت،
-شەرم نەکە، ئەز برایێ تەمە.
تو کوڕێ عایلەکا فەقیر و بەلەنگاز نەبیت چاوا دایکا تە دل دهێت تە فڕێکەتە وێرێ؟
-ڕاستی سەیدا ئەمن لەبەر پارە و شت نەهاتووم بۆ ئێره،
من پێوەبووم بێوە!
-چاوا؟
مەسەلەی هاتنە سەربازیەکەی خۆمم لە نوکەوە بۆی باسکرد.
-ئەها، ئاخ.
چیرۆکا منژی تەقریبەن وەکی چیرۆکا تەیە.
ئاخ من چ ل خۆکر.
ئەس قوتابی بیم وپۆلا دوازدێ من دەرەجەکا،باش ئینا، شوینا ئەس بچمە قانونێ، ئەزمانێ کوردی، ئینگلیزی، نزا چ و چ، ئەز ڕابووم وچویمە ئەکادیمیا سەربازی ل زاخۆ،
من خویندناخوە هەمی فەوتاند ومن مالا خوە ب دەستا خوە شەوتاند و ئەز هاتم ڤێرێ.
یەکسەر دەرگاکەی پێوەدا و دوو نەجمەکەی سەرشانی هێنا خوارەوە و دوو تفی لێ کرد و خستیە ژێر پێڵاوەکانی.
کەوای کرد،
بەری بڕۆم گوتیه من، دەڤ چ کەسەکێ ئەڤی تشتێ نەبێژی بلا، گوتم بێ خەمبە و تا لە ژیاندابوو ئەوەم به نهێنی هێشتەوە.




خەنجەری خێڵ.. (٣) شەماڵ بارەوانی

بەشی سێ

ئەو ڕۆژەی بەهار بوو بە پایز..

ڕۆندک گیان:
هەر لە دێیەکەی ئێمە، کاتی خۆی لە خێڵەکەی ئێمە پیاوێک لەسەر بابەتی زەوی و زار، پیاوێکی خێڵی دێی(عەشیرەت ئاوا)دەکوژن، ئەو دێیەی کە گوتم: لەسەر قازێک، سیانزە زەلام لە نێوان دوو خێڵدا کوژران.
دواتر لە بەدەل خوێن، جوانترین کچی خێڵەکەی ئێمە داوا دەکەن، دایکم دەیگوت:بەهار کچێکی هێندە جوان بوو، نموونەی نەبوو لەو دەڤەرەی عەشایر سەبعە، ڕێک سەمیرە تۆفیق، خێڵی لێ کوژراو هەرلەلایان خێڵێکی تری دێیەکەمان پێیان گوترابوو کە حاجی ئاکو کچێکی زۆر ناسک و جوانی هەیە و بڵێن ئەو نەبێت نامانەوێت.
ئەوانیش عینادگرتنی گوتیان یان پیاوێکتان(برای بەهار) لە تۆڵە لێدەکوژینەوە، یان ئەوکچە.

ناچار پیاوماوڵان و ڕیش سپیانی خێڵەکەمان گوتیان:لە پێناو ئەوەی خوێنیتر نەڕژێت و نێریتر و پیاویتر نەبێت بە قوربانی، با ئەو کچە بکەین بە قوربانی و ئەو سوڵحە عەشایەریەی پێ بکەین.
گوتی: ڕۆژی سوڵحەکە، حەوت جوانەگایان سەربڕی و ژنانی خێڵ هەموو خڕبووینەوە بۆ چێشت لێنان و دەخێڵیتر لەو مەنتیقەی عەشایەر سەبعە(دەڤەری حەوت عەشیرەتەکە) ئامادەی دانیشتن و سوڵحە عەشایەریەکە بوون و کێشەی خوێن و دوژمنداری و ناکۆکی خێڵایەتی لە دیوەخانی ماڵی ئاغای دێ کۆتایی هات و مەلای دێ بەهاری لەو پیاوەی خاوەن خوێن مارە بڕی وەلێ تراژیدیا و دۆزەخێکیتردەستی پێکرد، بەهار، ئەو ڕۆژە کاتێک ئەو هەواڵەی پێگەیشت کە لە پیاوێک مارە بڕدراوە لەتەمەنی شەست ساڵیدا و دوو ژنی تری هەیە،
خوایە ئەوەی من بینیم ئەو ڕۆژە، ئێزدی باعەدرێ و گاوری ئەڵقوش و جولەکەی سندۆرێ نەیبینن.
بەهاری گوڵ، تازە لە بەهاری تەمەند دابوو، چواردەساڵی تەمەنبوو، چوار مامی بەهار و نیوەی پیاوی خێڵەکەمان هەر لە تەمەنی حەوت ساڵیدا، دەستیان لەسەردانابوو و سوێندیان بە قورعان و خێڵ و خەنجەر و تەڵاق خواردبوو، کە بەهار یان بۆ خاک، یان بوکی کوڕەکانیان دەبێت، وای بەهارەکەم، ڕۆڵە بێ نازەکەم، بۆت نەمێنم و جەرگم بسووتێت و ئاگرم تێ بەربێت، وەک چۆن ئەو ڕۆژە ئاگرت لە دڵی سێبەشی خەڵکی دێی ماڵی خێڵان بەردا.

بشم کوژن من شوو بەو پیرە پیاوەناکەم، خۆم دەسوتێنم و دڵنیابن و بەڵێن بێت دەبەیەک نەوت دەکەم بە خۆمدا و گڕ لە خۆم بەردەدەم گەر یەک ڕۆژ بەبەر تەمەنمەوە مابێت.
ئەیهاوار بۆچی من دەکەن بە سوتەمەنی ئارەزووی ناوگەڵ و قوربانی غەریزەی شەڕانگێزی خۆتان، تاکەی کچ دەکەن بە قوربانی ئەقڵیەتی خێڵ و سوڵحی کەرایەتی(عەشایەری).

خودایه خۆت دەبینیت کەس گوێم بۆ ناگرێت و لێم تێناگات، هەر هیچ نەبێت دەتۆ دەمت بکەرەوە و شتێک بڵێ.
بۆ بێدەنگی و تاکەی هەروابێدەنگ دەمێنیتەوە؟!ٚ

تۆبه خودایه، ئەستەغفیرەڵڵا، دەزانم کفری دەکەم و ئەو قسانەم هەمووی کفرە، بەڵام ژن هەر لەگەڵ یەکەم چرکەساتی دەسپێکردنی مێژووی ژن بوون و پێخستە ناو ژیان و مێژووەوە بە تۆمەتی خواردنی سێوێکی پووچ تاوانبارکرا و تەوقی نەفرەت خرایه ملی!

خودایە تکایە بابەس بێت، لە بەڵای خێڵ قورتارمانکە و باچیتر کچ نەبێت بە قوربانی نەریتی خێڵ و مێنتاڵێتی خێڵ.
دوێنی سەروین و ئەمڕۆ من، بەیانی و تا ڕۆژی حەشر دەبێت کێیتر و چەندان کچیتری بێ تاوان ببن بە قوربانی ئەقڵیەتی نێرسالاری و خێڵ سالاری.

بەهار خۆی لەناو زێراب و جۆگەڵەی دێ دەگەوزاند و قژی خۆی دەڕنی و یەخەی کراسەکەی دادەدڕی و هەرچی گلەیی و لۆمە و وشەی کفر بوو ئەوڕۆژە بۆ ئاسمان و خوداوەندی بەرزکردەوە و چی تف و نەفرەت و توڕەیش بوو لە ڕووی مەلای دێ و مەزهەب و خێڵ و پیاوسالاری و نەریتدا ڕژاندنی و جوێنی وای دەدا و بوێری وای نواند دایکە حەوا وا بکردبووایە، من دڵنیام ئەو ڕۆژەی کە بە تۆمەتی خواردنی سێوێکی گەنیو بێ نرخ و خوێڕی تاوانباکراو بەهۆیەوە لە بەهەشت دەرکرا، خوداوەند لەو بڕیاری دەرکردنەی باوکە ئادەم و دایکە حەوا لە بەهەشت پەشیمان دەبوویەوە و ژن و مرۆڤیش فڕێی ئەو سەرزەمینە نەفرەتیە نەدەدراین.
خودایه:دیاره تۆش ڕۆشتوتیە بەرەی خێڵ و خەنجەر، خۆتۆ سورەتێکت لە قورئانی پیرۆز بەناوی ژنەوە کردووە، کەچی لێرە نققەت لەخۆت بڕیوە!
تکایە قسەیەک بکە و هەر ئەمڕۆ نەگات بە ئێوارە هەرچی پیاو خێڵ و نەریتە، وەکو قەمی لوت، هەر هەمووی لە زەوی بەرەخوارەوە، باچیتر ژیان ئارام بێتەوە، ژیانێک ئیتر نەخێڵ و نەپیاو نەنەریتی تیا نەبێت.

هەموو خەڵکی دێو و هەرچی خێڵ هەبوو لە دێ، بەژن و پیاو، پیر و مناڵ و گەنجەوە، هەمووی سەیری ئەو دیمەنە تراژیدیک و خەفەتناک وناخ هەژێنەمان دەکرد.

بەهار پڕ بە گەرووی دەیگوڕاند:نەفرەت لە خێڵ، گوو بە نەریت، تفووووو لە نێرسالاری.

ڕێک لەو ساتەیا کەریمۆکی مامۆی بەهار، دەهری بوو و ئیمان لەکەلەیا نەما و وەکو شێت و هارێک، پەلاماری بەهاری بەستەزمان و بێ دەسەڵاتیدا و خەنجەرێک کە دایمە لە بەر پشتوێنەکەیبوو، لە کێڵانەکەی دەرهێنا و خستیە سەر گەردنی بەهار و وتی:یەک گووی تر بخۆیت و یەک کفری تر بکەیت و بێڕێزیەکیتر لە بەرامبەر پیرۆزی خێڵ و سەروەری نەریت بدرکێنیت، هەرئێستا خەڵتانی خوێنت دەکەم و سەرت لەلاشەت جیا دەکەمەوە و بە جەحنەمت دەسپێرم، سەگی بەڕەڵاو گڵاوی پیس، تۆ چیت تا بوێری و بێ ڕێزی وا بکەیت و لە ڕووی بڕیاری خێڵ و پیاوانی خێڵ بووەستیتەوە؟

هەی قەحپەی بێ تەربێتی بێ لغاو، دەی قسە بکەو گوویتر بخۆ تا بە جەحننەمت موشەڕدەف کەم.
هەی دێلە سەگی بێ ئەخلاق، دەتەوێت لە پیرۆزی خێڵ بدەیت و سەری خێڵەکەمان شۆڕبکەیت و حەیامان بەریت؟ قسە بکە دەی با بۆ شوێنێکت بنێرم ڕۆژی سەت جار، لەسەر ئەم هەموو کفرو بێ ڕێزی و گوو خواردنەت، بتکەن بە دارەوە و لەشیشت بدەن، هەی بێ حەیای ناکەس پەچە.

“خەنجەرەکەت دەر بێنە، بیدە لەو شوێنەی مرۆڤ بە ئاگادێنێتەوە.”(١). هەی نامەردی بێ غیرەت، وادەزانی من لە خێڵ و تەڕەماش دەترسم؟ هەی مرۆڤ کوژ، پیاو نیت و زەڕەیەک کەرامەت و بەهات نییه، دڵنیام کە نیشتە، گەر هەر ئێستا ئەوەی وتم وانەکەیت.

دایکم گوتی: کە بەهار وا بە بوێری و بەبێ منەتی لە ڕووی مامۆی وەستایەوە، بەر لەوەی کارلەکار بترازێت وبەهار بکوژێت، حەوت ژن خۆمان هاوێشتە بەرپێی کەریمۆک و کەوتینە ماچکردنی پێڵاوەکانی تا ئەو کارە نەکات و بەهار نەکوژێت و بە هەزار تکا و پاڕانەوە و بەقوربانت بم و نەکەی توخوا توخوا، تا خەنجەرەکەی لەسەر گەرووی بەهار لابرد و لە بەهارمان دوور خستەوە.
بەهارمان تۆزێک برد بۆ ئەولاتر و حەوت ژنیتر و پانزە پیاو ماقوڵ و ڕیش سپی تری خێڵ هاتن و کەوتینە قسە لەگەڵ بەهار و پێمان گووت:دەزانین ئەوە زوڵمە لە تۆ دەکرێت، نە ئێمه قبوڵمانە و نەخوای گەورە، چی بکەین و چیمان لە دەست دێت؟
تۆ دەتەوێت قوڕەکە خەستر بێت و کێشەکە ئاڵۆزتر و گەورەتر بێت و کاروانی برات بکوژن لە تۆڵەی ئەوەی کەریمۆکی مامت بەر لە چەند ساڵە پیاوێکی لە خێڵەکەی ئەمان کوشتووە؟
دەتەوێت ئەو برایەی کە هەمیشە لەبارەیەوە دەتگوت:من ئامادەم لە پێناویدا خۆم بخەمە ئاگرەوە و گیانم بکەم بە قوربانی کاروانەکەم و تاقانە براکەم؟، ئەو برایەی بڕواناکەین کەسێکیتر هەبێت لەو دنیایە بەقەد ئەم تۆی خۆش بوێت و بەقەد تۆیش کەسیترهەبێت ئەو تاقە برایەی خۆش بوێت.

بەهار گیان:دەتەوێت جەرگی باوکت و دایکت بسووتێت و تۆیش بێ برا و ماڵ وێران بیت؟

گوتی:کەوامان گووت:بەهار گوتی ڕازیم، تەواو.
ئەوجاره کاروان هاوار و فیغانێکی کرد، دەنگی گەیشت بە کەشکەڵانی ئاسمان و هەموو ئەوانەی لەوێ ئامادەبووین، چ فیغان و هاوارێک، خودایه کێوی دەتواندەوە و بەردی دەکرد بە ئاو کافر بە بینینی ئەو حاڵەی کاروان موسڵمان دەبوو، کاروان خۆی هاوێشتە سەرپێیەکانی بەهار و قاچەکانی ماچ کرد و گوتی:تکا دەکەم خوشکەئازیزەکەم، بەهاری براکەت، شیرینی ژیانم، بەسۆزترین خوشکی ژیانم، هەموو دنیام، نەکەی بەو هاوسەرگیریە و پیرە پیاوە و بەو ژیان وێرانکردنەی خۆت ڕازی بیت، هەرگیز، تکایە بەهاری من، بڵێ نەخێر و یاخی بە، مەترسە و بوێربە، من لە پشت تۆم، تۆ بەس بڵێ نەخێر، با من بکوژن، تکایە ماڵی خۆت کاوڵ مەکە و بەدەستەکانی خۆت قوڕ بۆ ژیانی خۆت مەگرەوە و بەهاری عومرت بە پایز مەکە.
تکایه، با ئیتر یاخی ببین و له ڕووی خێڵ و خەنجەر و نەریت و نێرسالاری بوەستینەوە و چیتر ڕادەستیان نەبین. تکایه بە قسەم بکە، هەرگیز، زەرەرناکەیت، بەهارگیان، گیانی براکەت.

بیرتە باوکم دەیگوت:بەهار بڵێت شوو بە کوڕی پاشای هۆڵەندا دەکەم و دڵم بۆ ئەو لێدەدات، دەیکەم بە شاژنی هۆڵەندا، بەهار تۆ داوا بکەو فەرمان بکە، تا باوکت نەک خێڵێک، بەڵکوو ئیمپڕاتۆڕیەتێکت لە پێناودا بڕوخێنێت. باوکە، ئەی تۆ هەمان ئەو باوکەی جاران نیت کەوات دەگوت و تا درهەمێکت بە من دەدا، دوو درهەم بە بەهار و دەتگوت:بەهارجەرگی منە، دڵ و هەناسەی باوکەیه، ئەی بۆچی ئێستا بێ دەنگیت و لە بەرامبەر ئەو غەدرە گەورەیە هیچ شتێک ناکەیت و هیچ ناڵێیت؟!
کە کاروان وای بە باوکی گوت.
حاجی ئاکۆ تا هێزی تیابوو ڕایکرد بەرەو کچەکەی و باوەشی کرد بە بەهاردا و دایه پڕمەی گریان گوتی:ناچار بووم لە نێوان مەرگی تۆ و کارواندا، یەکێکتان هەڵبژێرم، مەرگی تۆم هەڵبژارد، دەزانم ئەوەی تۆش مەرگ کچە ماڵوێران بووەکەم، بەهارەکەم، دەزانم ئەو هاوسەرگیریە ناچاری و بەزۆریە خێڵگەرایە، هەڵوەرینی خونچەی ژیان و به پایزکردنی تەمەنتە.
بمبوورە کچەشیرینەکەم، بەهاری باوکەی، توخوا لە باوکت دەبووریت؟
دەزانم من شایەنی تف و نەفرەت و ڕقم تا مردن، نەک بەزەیی و لێخۆشبوون و لێبوردن، توخوا گەر مردم، مەیه بۆ پرسه و سەر تەرمەکەم، تەنها یەک جار نەبێت، ئەویش کاتێک بە خاکیان سپاردم، وەره و تا هێزت تیایه تفێک بکە لە گۆڕەکەم و بڵێ:نەفرەت لەو باوکەی کە ناپاکی لێکردم و منی لە سوڵحێکی عەشایەری و لە یاریەکی قۆمارئاساو گەوادی دا دۆڕاند.
تفو لەو باوکەی کە لە لوتکەی نازداریمدا، هەموو ئەو نازانەی لێ سەندمەوە کە پێشتوور پێی بەخشی بووم و ئاوا بێ ناز و ماڵێوانی کردم.
نەفرەت لەو باوکەی کە فریوی دام و تا دوێنێ دەیگوت:بەهار هەموو ژیانی منە، بەهار دڵی بابە و ڕۆح و هەناسەی منە، کەچی ئەمڕۆ، دڵ و هەناسە و ڕۆح و ئەو هەموو ژیانەی خۆی گەلێک شەرمانە و لە ماوەی پێنج خوڵەکدا و زۆر بێ ویژدانانە لە شێوەی جگەرەیەکی بێ نرخ لەبەردەم خوا و هەمواندا سوتاند.

تکایه، کچە شیرینەکەم هەرگیز نەکەیت هەڵەی وا بکەیت و بمبووریت.
وای چ چرکە ساتێکی ناخۆش و چ دیمەنێکی تراژیدی بوو خودایە.
حاجی ئاکۆ و هاوسەرەکەی(نەسرین خان) و بەهار و کاروان باوەشیان کردبوو بە یەکتریدا و فرمێسک و فیغان و شیوەنیان هەموانی خستە جەحنەم و سوتان و گریان.
بەو شێوەیه لە ژێر هەڕەشەی خەنجەر و بە پێی یاسای خێڵ، دوو پیاوی خێڵ هاتن و بەهاریان لەباوەشی باوک و دایک و براکەی دەرهێنا و بردیان بۆ دێی (عەشیرەت ئاوا) و ڕادەستی ئاغا(سەیفواللە)یان کرد و وەرزی بەهاریان کرد بە پایز.

١- نەبەز گۆران، میرنشینی خاک و خۆڵ، چاپی دووەم٢٠٢٢، چاپخانەی: ئەندێشە،لاپەڕه:٧٤.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…26.. شەماڵ بارەوانی

بەشی بیست و شەش/
مەلای گەورەم بەقەد مارکس خۆشدەوێت..!

ئینجا دووبارە دەڵێم:
مرۆڤ كەمال و مەعسوم نییە و گەر ئاگای لە خۆی نەبێت، دەكەوێتە ژێر كاریگەری كاردانەوەكان و لە كاتێكدا کە وەڵامی شتەكان، یاخود بوختان و چەواشەو هەلبەستراوەكان دەداتەوە، سروشی مرۆڤ وایە، بۆیە ئەگەر كۆنترۆل و بەرزەفتی خۆی نەكات و هێمن نەنووسێت، ئەوا دەكەوێتە هەمان لادان و هەڵەی بەرامبەرەوە.

وەمن پارساڵ لەسەر کتێبێکی ڕووناکبیر و نووسەرێکی هاوڕێمم نووسی، کتێبەکە تاڕادەیەک بیرەوەری بوو، هەرەچەندە نووسەرەکە ناونیشانێکی تری بۆ دانابوو پێشم گووت:موجامەلەت ناکەم و ڕەخنەشت دەکەم، حەققەت گووتی: بە دڵی خۆت بنووسە و ئازاد بە لە ڕەخنە و دواتر نووسینەکەشم لە چوار ماڵپەڕ بڵاو بووەوە.

لە میانی ڕانان و هەڵسەنگاندم بۆ کتێبەکە، بۆ ئەو نووسەرەم نووسی:کە هەندەك جار و لە هەندێک شوێن لە زمانی ئەكادیمی نووسین و بابەتی بوون دوور کەوتووتیەوە و لە نووسینەکە زۆر ڕاشکاوانە پێم گووت:کە هەندەك وشە بۆ ئەوكەسانە بەكاردەبات كە نەدەبوو ئەو وەك نووسەر و ڕووناكبیرێك، ببڕای ببڕ پەنای بۆ ئەو شێوازە لە دەربڕین و زمانە نەگونجاوە ببات.
وەك بەكاربردنی وشەی: موراهیقی سیاسی، شێت، جەلاد، ترسەنۆك، دووڕوو، جەنەڕاڵی نووسەر، درۆزن، درۆكۆ، فشەكەر، نەخۆش، ناجوامێر، بێ نەزاكەت، ئاست نزم، ماستاوچی، هەڵپەرست، راپۆرتنووس، و چەند وشەیەكیتری لە شێوەی ئەمانە!

هەڵبەت، ڕەخنە گرتن ئەوكاتە نەرێنی و ڕاست و لۆژیكی و تەواو دروستە، كاتێك لە فۆرمێكی ئەكادیمی و بابەتیانە و لۆژیكیانەوە دەرببڕدرێت.
مەبەستم ئەوەنییە بڵێم: ڕەخنەكانی ئەو نووسەرە بەڕێزە سەراپای خاڵی بوون لەو مەرج و پڕەنسیپانە، بەڵكو لە هەندێك شوێن پێشێلی ڕێساو یاسای ڕەخنەو زمانی نووسینی ئەكادیمیانەی کردبوو و لە میتۆدی ڕەخنەیی لایدابوو.
ئەو نووسەرە بەڕیزەیش، وەکو بەشێکیتری ئەوانەی بیرەوەریەکانیان دەنووسنەوە، لە پێشەكی كتێبەكەیدا باسی لە ڕق وكینەکردبوو و ئیدانە و سەركۆنەی ئەوشی کردبوو بە خراپ و كارەسات وەسفی کردبوو.
كەچی خوێنەر لە كاتی جێهێشتنی پێشەكی كتێبەكە و دواترخوێندنەوەی تەواوی كتێبەكەی ئەو نووسەرە بەڕێزە. هەست بەوە دەكات كە نووسەر خۆیشی بە نەزعەیەكی سایكۆلۆژی تاڕادەیەك توندو، ڕقێكی نیمچە ئەستوور بەسەریدا زاڵە، لە بەرامبەر ئەو بەڕێزانەی كە لەو کتێبەی وڵامی دابوونەوە و لە هەندێك شوێن زمانێكی هەڵچوو و ڕەددو ڕەد فعلێكی پێوەدیاربوو.

لە كاتی نووسین و ڕەخنە و وڵامدانەوەكانیدا شێوەیەك توانج و لاقرتێ و پلار و نزیك لە سنووری گەر هەڵەنەبم و گونجاوبێت بڵێم: سوكایەتی بە تایبەتی بە یەكێك لەو نووسەرانەی لەنێوان ئەو چەند نووسەرەی وڵامی دابوونەوە لە کتێبەکەی دەبیندرا.

كەنەدەبوو هەرگیز، نووسەر و ڕووناکبیرێکی لێهاتوو و خاوەن قەڵەم و ئەزموون و مێژوو و كەسایەتییەكی ئینسایكلۆپیدیای پڕ لە زانیاری و مەعریفە و فەلسەفە و كەشكۆڵێك لە ڕووناكبیری و ئەزموون، و ڕێزدار و ناوداری وەك ئەم، تووشی هەڵە و شێوازی وا لە وڵام دانەوەبێت !

نووسەرێک، كە قسە لەسەر زۆر ڕەهەند و بابەت و بواری جیاجیای وەك زانستی، هیۆمانیزم، سایكۆلۆژیا، ئەنسرۆپۆلۆژیا، سۆسیۆلۆژیا، فیكر، ئەدەب، سیاسەت ،ئیسلامگەرایی، گلۆبالیزەیشن، عەلمانیەت، مۆدێڕنە، فێمێنیزم، ڕۆشنگەری، مێژوو تاد… دەكات و لەبارەیانەوە دەنوسێت.

من بابایەکی ئیسلامی سیاسی ئایدیۆلۆژیستگەرا و سۆفیەکی وشکباوەڕ و سەلەفگەرایەکی دۆگمایی و بوونەوەرێکی تاك ڕەهەند و دەمارگیر نیم، من مەلای گەورەی کۆیەم بە قەد قازی محەمەد و مارکس و غاندی و زەردەشت و بوودا خۆشدەوێت و وەک چۆن هەروتەیەکی جوانی سوقرات و پلاتۆن و نیچە و ماندێلا و گیڤارا و زەردەشت و مەسیح و ڤۆلتێر و دیکارت و سپینۆزا و فلان فەیلەسوف و ئەویتری بیرمەند ئاماژە پێدەکەم، ئاواش وتەکانی پەیامبەری ئیسلام و ئایەتەکانی قورئان.

ئینجا من کەسێکی لائیک باوەڕ و ئاڕاستە سیکۆلار و بۆچوون لیبڕاڵم و ڕوانگەیەکی هیومانیستانە و لیبڕاڵانەم بۆ چەمك وشتەکان و کەسەکان هەیه و هەرگیز، ڕێگە بەخۆم نادەم کە لەقاڵبێکی ئیدەلۆژیدا بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گۆومڕا بنووسمەوە و دەرفەت نادەم قەناعەتی کەسی خۆم کاریگەری بەسەر بیرەوەریەکانەوە هەبێت و هەمیشە هەوڵمداوە شتەکان و چیرۆك و ڕوداو بەسەرهاتەکان وەکو خۆیان ڕاستگۆیانە لە دوو توێی بیرەوەریەکان تۆمارکەم و بۆ هەر کەسێک کە بیرەوەریەکانی دەنووسێتەوە دەبێت بزانێت کە:”لە نووسینی بیرەوەریدا دوو شت زۆر گرنگن: ڕاستگۆیی؛ شێوازی نووسین”(١). هیوادارم من لە هەردووکیاندا پێکابێتم و نەکەوتبێتمە ناو هەڵە و بێ ویژدانیەوە.
ماوەتەوە لە کۆتایی ئەو بەشەی (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)دا بڵێم: سوپاسی هەموو مەڵا و فەقێ و هاوڕێیانەم دەکەم کە لە سەردەمی حوجرە و قوتابخانەی ئیسلامی و کۆلێژی شەریعە پێکەوەبووین، هەرکاتێک و لە هەر شتێکدا لە نووسینەوەی برەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕادا، پێویستم پێیان بووبێت، درێخیان نەکردووەو یارمەتییان داوم و نزیکەی دە فەقێی هاوڕێی سەردەمی حوجرەم و چەند خوێندەکارێکی هاوڕێی سەردەمی خوێندنم لە کۆلێژی شەریعە(زانستە ئیسلامیەکان) لە بیرهاتنەوەکان و بەسەرهاتەکانی سەردەمی فەقێیاتی و حوێندنمدا گەلێک یارمەتیان داوم، هەرکاتێک پێویستم پێیان بووبێت.

پەراوێزەکان:
١-ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو، هەڤاڵ کوێستانی،چاپی پێنجەم،2021، لاپەڕه ٦.




خەنجەری خێڵ.. بەشی دوو(٢).. شەماڵ بارەوانی

لە دەڤەرەکەی ئێمە، خێڵ هەیه لەسەر سەگێک پیاو دەکوژن.
بیرمە لە دێیەکەی دراوسێمان، دێی(نێرئاوا) لەسەر قازێک، سییانزه پیاو کوژران.
ئەم شەڕە تا ئێستاش بەردەوامە و نەوە بەنەوە دەبن بە قوربانی و سوتماکی ئەو ئەقڵیەتە خێڵگەرایە و باجی مینتاڵێتی خێڵ دەدەن.
ئاری:ئەڵێن:جارێک لە دێی(کوێخا کەرەم) پیاوێک، تێر و پڕی لە پیاویکیتردا! دەزانی بۆچی؟
بۆچی؟!
گوتی:شەو لە خەوندا تۆم بینی جوێنت بە خێڵەکەی ئێمە دەدا هاهاها.

لە دێیەکی تۆزێک ئەولاتری دێیەکەمان، کچێکیان کوشت، تەنها بەهۆی ئەوەی وێنەی ڕاغب عەلامەیان لە باخەڵی بینیبوو!
بیرمه مناڵ بووم و لە دێیەکەی ئێمە، دێی(ماڵی خێڵان)دا پیاوەکانی خێڵەکەی ئێمە، هەموان تفەنگیان لە شانان کردو خەنجەرەکانیان لە کێڵان دەرهێنا، بۆچی؟
لەگەل خێڵەکەی دێی دراوسێمان ناکۆکی و شەڕ کەوتەنێوانیان لەسەر مەڕ و مێگەڵ و لەوەڕاندن و شت.
لە دۆڵ و دەشت و دەر و دێ، هەردووك خێڵ، دوو شەو دوو ڕۆژان سەنگەریان لێکتری گرت و وەکو جەنگی نێوان:عێراق-ئێران، یەکتریان گوللەباران دەکرد و کەوتنە وێزەی یەکتری هاهاها.

دوایی هێزێکی زۆری حکومەت هات، بە هەزار تکا و حاڵ و بگرە و بینە و بەردە، تا توانی دۆخەکە هێور و کۆنتڕۆڵ بکات.

ڕوندک گیان:
ئێمە لە مناڵیشدا، مناڵەکانی خێڵەکەی ئێمە، دەبووین بە گرووپ و شەڕمان لەگەڵ گرووپی مناڵانی خێڵەکەی تر دەکرد.
مناڵێکمان دەکرد بە سەرۆک خێڵ و جزمی عەمەمان لە مزگەوتەکەی دێ دەدزی و لەگەڵ خەنجەرێکی لە دار درووستکراودا، له داری ئەو کەپرەمان هەڵدەواسی کە ئەندامانی گرووپی خێڵەکەی خۆمان، پێکەوە بۆ سەرۆک خێڵەکەمان دروست کردبوو.
لاسایی گەورەکانمان دەکردەوە، سەرەتا بە تەنی ژێرەوەی سێڵی نانکردن، سمێڵ و ڕیشمان بۆخۆمان درووست دەکرد، ئینجا جزمی عەمە و خەنجەرەکەمان دەهێناو هەموان لە بەردەم سەرۆک خێڵدا، ڕادەوەستاین و دەستمان لەسەری دادەناو سوێندنی وەفا و بەیعەتدانمان پێی دەخوارد و بەڵێنمان دەدا، تا دوا تنۆکی خوێن و کۆتا هەناسه، دڵسۆز بین بەرامبەر بە خێڵەکەمان و لە پێناو پڕەنسیپەکانی خێڵ و سەروەری خێڵ، هەمیشە گیانمان لەسەر دەستمان بێت و ئامادەبین بەرگری و جەنگ، بۆ خێڵ و مەبدەئو مۆڕاڵی خێڵ بکەین و لە پێناو مانەوە و پیرۆزی خێڵ، خۆمان بکەین بە قوربانی.

مناڵانی خێڵی بەرامبەریش هەمان شێوەی ئێمه، خەنجەر و جزمی عەمە و سەرەک خێڵیان هەبوو.
بەو شێوەیه، لەگەڵ یەکتری دەکەوتینە جەنگەوە، دیلمان لە یەکتری دەگرت و دیل گۆڕینەوەمان دەکرد و دەمێک دانوسان و دیالۆگ و ڕێککەوتنمان دەکرد و مەرجمان بەسەریەکتریدا دەسەپاند و دەمێتر دووبارە دەکەوتینەوە ناو جەنگ و ناکۆکییەوە.
جاری وا بوو، مناڵانی دوو خێڵ، لە دژی خێڵەکەی بەرامبەر یەکتریان دەگرت، تا شکست بەو خێڵە بدەن.

ئازیزەکەم:
ئێمە بەو شێوەیه لەچاو گەورەکانمان دەکردەوە، لە دێیەکەی ئێمه و لەناو خێڵەکەی ئێمەدا، ژن بە ژنی لەگەڵ خێڵەکانی تر، تا سنووری قەدەغە بەرتەسك و سەختکرابوو.

لە دێیەکەمان نەرێتێک هەبوو، کاتێک خێڵێک لەگەڵ خێڵێکی دێیەکەیتر ژن بە ژنییان دەکرد، لە کاتی ژن گواستنەوە و بووک گۆرینەوەکەدا، دەبووە ناکۆکی و کێشه لەسەر ئەوەی کامە خێڵ بووکەکەی خۆی زوو تر و پشووتر لەوەیتر وەربگرێت.
جارێک لەسەر ئەمە، له نێوان پیاوەکانی خێڵەکەی ئێمە، لەگەڵ هی خێڵی دێیەکەیتر، دێی(هەوارگەی خێڵان) بوو به شەڕ و ناخۆشی.
هەرخێڵە و لەو دیوی بەستێک و لەسەر تەپۆڵکەیەک وەستابوو، لە چاوەڕوانی هاتنە پێشەوەی لایەنی بەرامبەر و ڕادەستکردنی بووکەکە، ئەمیان دەیگوت:ئێوە یەکەمجار وەرنە پێش و بووکەکەمان ڕادەست بکەن، ئەویان دەیگوت:نەوەڵا دەبێت ئێوە یەکەمجار.
سەرەنجام بوو بە دەمەقاڵێ و شەڕ لە نێوان هەردووک خێڵ و هەر تەرەفە و دەیگووت:دەی با بڕۆینەوە و ئەو ژن بەژنی و زەماوەندە هەڵوەشێنینەوە.

خێڵ سەرچاوەی بڕیاردان و سەرەتاو کۆتا و هەموو شتێک بوو.
لەو شوێنەی خێڵ هێزی هەبوو، یاسا حەدی چی بوو دەمی بکاتەوەو لە ئاست جەنابی خێڵدا دەمدرێژی و قسەبکات.
کچ مارە بڕین و بە شودان، ژن کوشتن و ناکۆکی و دنیا کاوڵ کردن و شەڕ و ئاشتی، کەیف و خۆشی، شین و شایی، پێکەنین و گریان، هەڵچوون و هێمنی، دانیشتن و هەستان، خواردن و خواردنەوە و خەوتن، ئەنجامدانی وەرزش و یاریکردن، پرسەی مردوو و زەماوەند و ژن گواستنەوە، هەموو ورد و درشتێکی ژیان، دەبووایە لە چوارچێوەی یاساکانی خێڵ و هەر هەمووی به پێی ڕەزامەندی سەرۆک خێڵ و له ژێر هەژموونی نەریتی خێڵ بووایە و خەنجەری خێڵ بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەیەوە بدابووایه.

لە دێیەکەی ئێمەدا هەرماڵەو و قورئانێک و خەنجەرێک و وێنەی سەرۆکی خێڵ به دیواری ژووری میوانەوە هەڵواسرابوو.
وەکو ئاماژه و هێمایەک، کە لە هەموو کێشە و بکەو نەکەو ترشی و خۆشی و ناخۆشیەكدا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ قورئان و خەنجەر و قسە و بڕیارەکانی سەرۆک خێڵ ونەریتەکانی خێڵگەرایی.
کەس بۆی نەبوو قسەی لەسەر قسەی سەرۆک خێڵ بکردبووایه.
خێڵ هێڵی سوور بوو.
تۆ بۆت نەبوو تا پۆلی شەشی سەرەتایی زیاتر بخوێنیت.
دەیانگووت:گەر ڕۆڵەکانی خێڵ درێژە بە خوێندن بدەن، ژار دەچێتە مێشکیانەوە و ئەقڵیان تێکدەچێت و دوایی لە یاساکانی خێڵ لادەدەن و لە بڕیارەکانی سەرۆک خێڵ و لە نەریتی خێڵگەرایی یاخی دەبن.
کچەکانیشیان هەر لەپۆلی سێی سەرەتایی دەهێنایە دەر له قوتابخانە، دەیانگووت:دوایی بە هۆی خوێندنەوە، ئەمانیش جن دەچێتە لەشیانەوەو ئەخڵاقیان تێکدەچێت و بێ حورمەت و بێ حەیا دەبن و شەرم و ڕێزیان دەشکێت.

لە پاڵ هەردووک بابەتەکانی میوزیک و هونەر، کە دەیانگووت: بێ ڕەوشتی غەرب و سەلیبی و عیلمی فەرمەسۆنەکان و شتی تڕو هات و بێ مانان.
زمانی ئینگلیزیش لە قوتابخانە سەرەتاییەکەی دێیەکەمان قەدەخەبوو.
دەیانگووت:زمانی ئینگلیزە و ئینگلیزیش کافرە و ئێمە موسڵمان و نەوەی ئەسحابەینە و تاقە زمان بۆ ئێمە کە پیرۆز بێت و دەبێت بیخوێنین، زمانی عەرەبییە و، زمان و خواردن و سەلام کردن و سەردانی کردن و تێکەڵ بوون و ژن بەژنی لەگەڵ کافران..تاد. هەمووی بە پێی مەزهەبی شافیعی و شەریعەت گوناح و حەرامە، مەلای دێیەکە، بەردەوام ڕۆژی جومعە لەسەر مینبەری مزگەوت وای دەوت و فەتوای لەسەر دەدا.

مەلاکە دەیگووت:ئیمامی شافیعی دەڵێت:موسڵمانێک، یەکێک لەو کافرانە بکوژێت، نابێت موسڵمانەکە بکوژرێتەوە، چونکوو موسلمان پاکەو لای خوا مەرتەبەی بەرزترە و ئەو ئینگلیز و جو و ئێزدی و گاورە کافرانە، پیس و گڵاو جەحنەمی و دوژمنی ئاین و خودان و لە خوار پلەی موسڵمانەوەن.

سەرۆک خێلەکەمان خوێنەواری نەبوو و هیچی لە قوتابخانە نەخوێندبوو، تەنها ئەوە نەبێت، کە کاتی خۆی لای مەلای دێیەکە جزمی عەمەی بە عەنجەیی خەتم کردبوو، مەلای دێش تەنها لە نەحو سەرف و زمانی عەرەبیا، کتێبی جورجانی و بەرکەوی خوێندبوو و لەگەڵ کەمێک لە تەسڕیفی مەلا عەلی و، نیوەی کتێبی فەتحولقەریب و تا سێ جزمی قورئانیشی دەزانی و ئەویش کاتی خۆی لە فەقێیاتی لەبەر تەمەڵی وازی هێنابوو و سەرۆک خێڵ لە دێیەکه لەسەر حیسابی زەکات و خێر و سەرفیترەی ساڵانەی دێ، کردبووی بە مەلای دێ.

مەلا، لە وەرزی هاویندا جزئی عەمەی بە مناڵانی دێ دەوتەوە و هەرکاتێک دەگەیشتینە سورەتی(الفاتحە)و ئایەتی(اهدینە سیراتەلموستەقیمە) یەک بەدەنگ دەیگووت:اهدینا، هێڵکەو ڕونە، لۆ مامۆستای بینە.
لە سوەتی (الماعون) و لە ئایەتی(ويمنعون الماعون)یشدا دەیگووت: وەیەمنەعونەلماعونە، جلی مامۆستا بژوونە و قاڵبێک سابوونی بۆ بێنە، ئێمەش یەک بەدەنگ لە دوای دەمانگووتەوە، تا دەنگمان بگات بە گوێی کەشکەڵانی ئاسمان و هەموو خەڵکی دێ.
لە هەمووی خۆشتر لە سورەتی (النصر) و لە ئایەتی(ٳنَّەُ کانَ تَوَّابَ) لەگەڵ مەڵا پڕ بەگەروو دەمانگووت:ئینە کانە تەووابە، مریشکە ڕەشەی قەحپەبابە، لۆمامۆستای بکە کەبابە.
دواتر دەڕۆشتینەوە ماڵەوە و ئەو ئایەتانەی لەو ڕۆژەمان خوێند، بە ماڵەوەم دەگووت و ئەوانیش دەیاندا قاقا و دایکم مریشکێک و دەدوانزە هێڵکە و سێ قاڵب سابوونی دەدا پێم و دەیگوت:ها کوڕەکەم بۆ ماڵی مامۆستای بەرە.

له دێیەکەمان، سیستەمی خێڵایەتی ببووە بۆماوەیی و سەرەک خێڵ، بێ هیچ هەڵبژاردن و ڕاوێژکردنێک و وەرگرتنی ڕای ژن و کچ و گەنج و پیاو ماقوڵانی خێڵ، ڕاستەوخۆ و بێ هیچ ئەملاو ئەولایەک، لە باوکەوە(دوای مردنی سەرۆک خێڵەکە،) بۆ کۆڕەکەی دەگوازرایەوە.
لەکاتێکدا گەر ئەو سەرۆک خێڵە وەجاخ کوێر بوایه(واتا کوڕی نەبوایه)٫ یەکێک لە کچەکانی شوێنیان دەگرتەوە. ئەوە تەنها لە خێلەکەی ئێمە وابوو، دەنا خێڵەکانی تر نەدەبوو هەرگیز ژن ببێت بەسەرۆک خێڵ، ژنیش کە دەبوو بە سەرۆک خێل، دەبووا بە موو لە نەریتەکانی خێڵ و کولتووری نێرسالاری لانەدات. ئەگەر سەرۆک خێڵ دوای مردنی کچیشی نەبوایه، برای سەرۆک خێڵەکە، یاخود کوڕەکانی، واتا برازای سەرۆک خێڵی کۆچکردوو جێگایان دەگرتەوە.

ڕۆندک گیان:
لە کولتووری خێڵەکەی ئێمەدا، کچ وەکو عەیبە و نەنگیەک و پەلەیەکی ڕەش، سەیرەکرا.

هەرکاتێک هاوسەری یەکێک لە مام، یاخود براکانم مناڵێکی کچیان دەخستەوە، داپیرەم دەیکرد بە ڕۆژی حەشر و دەهری دەبوو و کفری هێندە گەورەی دەکرد، ئەبوو جەهل بە ئەبوو جەهلی خۆی کفری وای نەکردووە.
ڕووی له ئاسمان دەکرد و دەستەکانی جارێک بەرزدەکردەوە ڕووەو بۆ خواو جارێکیش سینگی خۆی پێ دەکوتا و دەیگوت:ئۆه خودایە، بە قوربانت بم، باشە تۆ بۆ وامان لەگەڵ دەکەیت؟!
خۆ ئێمە کەعبەمان نەڕوخاندووە و هێڵانەی قەتێمان خراپ نەکردووە، تا دیسان کچمان پێ ببەخشیت!
ژنی خەڵک کوڕی چارپەڵ قەوی و سەرک ئەستوور دەخەنەوە و هی ئێمەش کچی چڵمن و بێ سوود.

کچ ئاوا کەم سەرنج دەدرا لە کولتووری خێڵکەی ئێمە، هەرچەندە گرانی بوو و پارە زۆرکەم بوو و ئێمە هەژاربووین زۆر، زیاتر هێڵکە و گەنم و جوێ و نۆکم دەبردە فرۆشگا، تا نوقڵ و کێک و بنێشتی پێ بکڕم، وەلێ گەر جار جار پارەم ببردبوایە، ئەوا من دەرهەمێکم وەردەگرت بۆ چوونە فرۆشگا، خوشکەکەم نیو درهەم، من و براکانم خۆمان جل و پێڵاو شتمان بۆ خۆمان هەڵدەبژارد و بەدڵیشمان نەبوایه، دەجار بە ماڵەوەمان دەگۆڕییەوە.

خوشکەکانم ئەو مافەی شت گۆڕینەوە و بەخۆ هەڵبژاردنی جل و بەرگ و پێڵاو شتەکانیان نەبوو، یان دایکم، یان برا گەورەکەم بۆیان هەڵدەبژاردن و گۆڕینەوەش نەبوو، دەبوا هەر ئەوەبێت کە کڕدراوە.

دایکم کاتێک قازێک، یاخود مریشکێکمان سەردەبڕی و لێدەنا، جەرگ و قیسک و هەرچی بەشی موهیم بوو لە گۆشتەکەیا، دەیدا بەمن براکەم و پێچک و بەشیتری لاوەکیش بۆ خوشکەکانم.
هەر لە منداڵییەوە دایکم بە خوشکەکانمی دەگووت:دەی کچێ، خێرا هێڵکە بۆ براکانتان بکەن ڕوونەوە، گۆرەویەکانیان بشۆرن، جێگای خەوتنیان بۆ ڕاخەن، خاولی و جلەکانیان بۆ بەرنە حەمام، دەی پەلە بکەن، ئەگەر یەکێک لە خوشکەکانم جارناجارێک بیویستبوایە لە ڕووی ئەو فرمان و بڕیارەی دایکم بوەستێتەوەو بوێری بنوێنێت و یاخی ببێت و بڵێت: ولاهی عیلاقەم پێی نییە، با خۆی بیکات، یاخود هیلاک و ماندووم و تازە لە قاپ شوشتن و گەسک لێدان و فلان کارە

قورسە بوومەتەوە، ئینجا داپیرەم لەوکاتەیا دەهاتە وڵام و توڕەییەکی توند دایدەگرت و پێی دەوت:عەمرت نەمێنێت و بە قوربانی براکانت بیت و من و براکەمی هاندەدا کە سنوورێک بۆ ئەو بێ ئەدەبیەی خوشکەکەم، یاخود خوشکەکانمان دابنێین و پێی دەوتین: بیکوژن، کوڕه ئەو قەحپەیە زمانی زۆر درێژ بووە و بۆی ببڕن. جاری وابوو ئێمەش(من و براکەم) بە پێڵەقە و نەعلە و تف و جوێن، هوروژممان بۆ دەبرد و هێزی نێراتی خۆمان پیشان دەدان و
دەکەوتینە سەرو گوێڵاک و گیانی خوشکەکانمان و یەک دنیا ئیهانە و سوکاتی و بێ ڕێزیمان پێدەکردن و قسەی بریندارکەر و ناخۆش و ڕەقمان پێدەوتن.
تا دایکم دەهات قژی خوشکەکەمی لەدەست دەهێنامه دەر و پێی دەوتم: کوڕە بەردە، قژیت هەمووی دەرهێنا، کوڕە کوشتت، هەی مێشک قەوی.
هەمووجار تۆپەڵەک قژی خوشکەکەم و دەهێنا دەر و پیشانیم دەدایەوە و پێیم دەگووت:بێ ئەدەبی دەکەیت، ئاوات لێدەکەم.
خوشکەکەم به توڕەیی و چاوی پڕ فرمێسک و بەبێ دەنگییەوە سەری خۆی دادەخست و دەڕۆشتە ژوورەوە و دەرگای لەسەرخۆی دادەخست.

مێینە و کچ، ئاوا لە ڕوانگەیەکی نزم و نەرێنی و نامرۆڤانەوە لێی دەڕواندرا.
ئاواو هەر لە مناڵی و تەمەنێکی زۆر زووەوە لەناو خێزان، تۆی جیاکاری ڕەگەزی و نەخۆشی نێرسالاری و مێنتاڵێتی پاتریارکییان دەچاند و دوو بەرەکی و جیاوازی و دژایەتییان دەخستە نێوان هەردووک ڕەگەزەوە و کچ
فێری هونەری کۆیلێتی و ئەتەکێتی خۆ بەکەم زانین و یاسای گوێڕایەڵی و ڕێساکانی پاشکۆیەتی کردن و فەننی خۆڕادەستکردن دەکرا و پرۆڤەی لەسەر ڕێزگرتن لە پڕەنسیپەکانی کولتووری نێرسالاری و جێ بەجێکردنی نەریتی خێڵ وترسان لە خەنجەر پێدەکرا.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…25.. شەماڵ بارەوانی

بەشی بیست و پێنج/

لەبەشی پێشوو ئاماژەم بە هەردووک چەمکی:
ستایش و زەم)کرد و گووتم: بەو مەڵایەی هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتیم گووت:کە هەم زەم و هەم مەدحیشت تێدایە، لەو چەند بەشەی (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)
کە تۆی تێدایت و زیاتر سەبارەت بە تۆیه.

حەزدەکەم لە یەک دوو بەشی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕادا تۆزەک لەسەر مەدح و زەم بوەستم،
ئینجا لە بەشەکانی دوای ئەو بەشە، دێینەوە سەر بابەتی گۆرانی و شت.
هەڵبەت، لە مەدح و زەمدا، مەبەستم ئەوەبوو کە سیفەت و سال و خەت و هەڵسوکەوتەکانی سەردەمی حوجرەی ئەو فەقێیەی ئەوساو، مەڵایەی ئێستا وەکو خۆیان باس بکەم. ئینجا لە کوێ بۆی بوو بە مەدح، وەک دەڵێن:ئەوە خێر عەل خێر و، لە کوێیش بوو بە زەم، تاوانی منی تیا نییە و حەقیقەت و واقیعەکە وابوو و قورئانیش سەبارەت بە وتنی حەقیقەتەکان و ڕاستیەکان وتوویەتی:((وَإِذَا قُلْتُمْ فَاعْدِلُوا وَلَوْ كَانَ ذَا قُرْبَىٰ)(١). یان
((كُونُوا قَوَّامِينَ بِالْقِسْطِ شُهَدَاءَ لِلَّهِ وَلَوْ عَلَىٰ أَنفُسِكُمْ أَوِ الْوَالِدَيْنِ وَالْأَقْرَبِينَ )) (٢)و (قوَّام)کە، لێره سیغەی موبالەغەیه،
واتا:دایمە سەبارەت بە هەموو شتێك زۆر ڕاست و دادپەروەربن لە هەموو قسەکانتانا و ئەگەر دژی دایک و باوک، یان خزم و کەس و کارەکانتان، یان تەنانەت لە دژی خۆیشتان بوو، لە حەق لامەدەن.

منیش له (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)دا، تەنانەت لە دەیان شوێن گێڕانەوە و بیرەوەریەکان دژی خۆم بووەوە و زەمی خۆمی تیا بووە و ڕەخنەم لە بیرکردنەوەو هەڵسوکەوتی خۆم گرتووە، بێ هیچ دەستکاری و گۆڕانکاری و ماکیاج و کەم و زیادکردن وخوێ و ترش پێداکردنێک و خۆ بە پاڵەوان کردنێک و جوانکردنێک، وەکو خۆی بەسەر هات و بیرەوەریەکانم گێڕاوەتەوە و باسم لە چیرۆک و ڕووداوەکان کردووە.

وە هەر لەو سۆنگەی باوەڕیم بە ڕاستگۆیی و حەقیقەت و عەدالەت دا، لە نووسینەوەی (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)دا، هەوڵمداوە زۆر بە ڕاستگۆیی و وەکو خۆیان بیرەوەری و بەسەر هات و چیرۆکەکان بگێڕمەوە و دوور لە کاریگەری بیر و باوەڕ و بۆچوونی خۆم و گێڕانەوەیەکی بێ ویژدانانە، یان لە ژێر سێبەری ڕقێکی کۆن، یان دیدەنیگاو ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو بۆتەیەکی تاریك، بۆ مەبەستێکی دیارکراو، یان بۆ شکاندنەوەی ئەویتر، یان خوا نەخواستە ڕقێکی شەخسی و بۆ ئامانجێکی تایبەت بی نووسمەوە.

هەرلە و سۆنگەیەشەوە، لە کاتی نووسینەوەی هەربەشێکی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕادا، زۆرجار گەر بیرەوەریەک و بەسەرهاتێکم باش بیرنەمابێت، چ لە ڕێگای ماسنجەر و ڤایبەرەوە، یاخود له ڕێگای واتسئاپ و تەلەفۆنەوە پەیوەندیم بە و فەقێیانەوە کردووە، کە خۆیان بەشێک بوون لە بیرەوەری و بەسەرهاتەکە، یان ئاگاداری بوون، تا نەکەومە ناو هەڵەو بێ ویژدانییەوە و بتوانم بیرەوەریەکان وەکو خۆیان و بیرەوەری لە تەنها لە پێناو بیرەوەری و بە ئەمانەتەوە بگێڕمەوە.

ئینجا سەبارەت بە بیرەوەری، هەڵبەت”کتێبی بیرەوەری یەکێکە لەو ژانرانەی کە زۆر کەس پەنایان بۆبردووە، هەر لە کەسایەتیی سیاسی و هونەرمەندەوە تا ئەدیب و ڕۆژنامەنووس. بیرەوەری وەک دواوتە، دواهەناسەی مرۆڤ، کتێبی بیرەوەری کتێبی نەگوترواوەکان، ئەوەی کە نەگوتراوە، دەگوترێ.”(٣) و وەکو لەتیف هەلمەت دەڵێت:” هەندێک بیرەوەری جۆرێکن لە ڕۆمان”(٤).
“ئەوەی بیرەوەری دەنووسێتەوە، چیرۆکی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە، بەڵام لە ڕێگەی ژیانی خۆیەوە ڕووداوە جۆراو جۆرەکانی سەردەمی خۆیشی باس دەکات. بەپێی کار و پێگەی ئەو کەسە، کەشی بیرەوەریەکە دەگۆڕێ کەشێکی ئەدەبی، یان سیاسی و یاخود کۆمەڵایەتی … خاڵێکی دیکە لە نووسینی بیرەوەریدا گرنگیی پێدراوە، ئاشکراکردنی کردەی سێکسی و چیرۆکی عەشق و ناوهێنانی بکوژ و ناپاک لە بیرەوەریدا زۆر هاتوون و گرنگیان پێدراوە.
زۆرجار ئەمە لە ڕووی سایکۆلوژییەوە جۆرێکە لە خۆخواردنەوەر مرۆڤ.

کەسایەتیی نووسەری بیرەوەری شتێک لە دڵیدایه و ساڵانێکی زۆر خۆی دەخواتەوە تا لە دوانووسینیدا دەری دەبڕێ. ئەمە، ئەمەندێک جار بۆ تۆڵەسەندنەوە و هەندێک جاریش بۆ نیشاندانی واقیعە. هەندێک جاریش بۆ خۆپاککردنەوەیە لە ڕووداوە نەشیاوەکان.”(٥)
بە تایبەتی ئەو بیرەوەریانەی مۆرکێکی سیاسیان بەسەردا زاڵە و باسی شۆڕش و شاخ و شەڕی نێو خۆیی دەکەن و زۆر چێرۆکی کوشتن و ناپاکی و ستەم و شتی تێدایه.

پاشان، نووسینەوەی بیرەوەری تەنها گێڕانەوەیەکی ڕووتی چیرۆک و بیرەوەریەکان نییە، بەڵکو ڕەخنە هەمیشە خاڵێکی سەرەکیە و پانتایەکی باش داگیردەکات لە کاتی گێڕانەوەی بیرەوەریەکاندا.
وە من وەکو زۆرێک لە نووسەرانی تر کە بیرەوەری و یاداشتەکانیانمان خوێندووەتەوە، بە تایبەتی نووسەرە کوردەکان، هەست دەکەم ڕق و تۆڵە و ڕەخنەی زۆر بریندارکەر و توند و ئسلوبی بەرامبەرشکاندووەوە و بێ ویژدانی و بێ ئینسافی کردن و بەکارهێنانی دەیان وشەی زبر و قسەی نەشیاو لادان لە ڕێچکەی ئاکادیمی بوونی نووسین و مۆڕاڵی نووسەرێتی و تەنانەت بێ ڕێزی و تا ئاستی سوکایەتیشی تیایە به هەندێك لەو کەسانەی کە لە بیرەوەری و یاداشتەکانیاندا نووسیویانە.

هەمووی هەر لەڕەخنە لە بەرامبەر دەگرێت و هەڵە و شکست و تاوانەکان دەخاتە ئۆباڵ و ئەستۆی بەرامبەر و دەیەوێت خۆی وەکو بەرزەکی بانان لێی دەربچێت و دایمە خۆی لە شێوەی پەپولە و بێتاوان پیشان بدات!

هەڵبەت گەر یەکەم بەشی(بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)تان و خوێندبێتەوەو سەرنج و دیقەتتان دابێت، من هەر لە سەرەتای نووسینەکەو یەکەم بەشی بیرەوەریەکە، بەر لە هەر کەسێک بە ڕەخنەگرتن لە خۆم دەستم پێکردووە.

ئینجا منیش مرۆڤم و مرۆڤیش قابیلی هەڵەیه، هیوادارم له نووسینەوەی هەموو بەشی “بیرەوەریەکانی فەقێیەی گوومڕا”دا دووربم لەو ئاکار و هەلسوکەوتەی ئەوجۆرە نوسەر و بیرەوەری و یاداشتانەو وە تابۆم کرابێت هەوڵمداوە بابەتیانەو بێ لایەنانە ڕەخنە بگرم و بە دوور بم لە وشەی نەشیاو ڕق و کاردانەوە و هەرشتێک کە شیاو نەبێت، نووسەر لە نووسین و بیرەوەریەکانیدا بئاخنێت و سەنگ و بەهای بیرەوەری و نووسینەکانیشی به هۆیەوە لەدەست بدات.

ڕەنگ بێت من هەندەك وشەی وەکوو:فێندەمێنتالیست، توندڕۆ، بناژۆخواز، کۆنزەرڤاتیزم(کۆنەخواز)، نەریتگەرا، خێڵگەرا.. تاد.م بەکاربردبێت، کەسانێک وای لێ تێبگەن ولێکی بەنەوە و خوێندنەوەی بۆ بکەن، کە بە مەبەستی سوکایەتی وام نووسیبێت و ئەو وشانەم بەکارهێنابێت.

نەخێر، هەرگیز، ئەوە مەبەستی من نییە، بەڵام کەسێک دژی فەلسەفە و ئەقڵانیەت و مرۆڤ بوون بێت، لۆژیک بەهەرتەقە و کفر و زەندەقە دابنێت و دژایەتی مۆدێرنێتە و هەر تازەگەریەک بکات و کوشتەی دەستی بیری خوڕافەگەرێتی و، ڕابردوگەرێتی بێت و عەلمانیەت بە بێ ئەخلاقی و چەمکی یەکسانی جێندەری بە بەڕەڵایی پێناسه بکات و لە گۆشەنیگایەکی تەسک و چاڵێکی داخراو لە ڕوانگەیەکی ئیدەلۆژی و دیدێکی مەزهەبی و پەنجەرەی فیقهێکی کلاسیکیەوەو لە چەمەکەکان و شتەکان و مرۆڤایەنی و ژیان بڕوانێت و باوەڕی بە فرەیی نەبێت و پێکەوەژیان ڕەتبکاتەوە و بیەوێ بمانباتەوە دەرەوەی مێژوو و لێنەگەڕێین شان بەشانی شارستانیەت هەنگاو بنێین و
داوای گەڕانەوە بۆ شێوەیه ژیانێکی سەرەتایی و بەدووانەی هەزار وچوارسەت ساڵ لەمەوبەری دوورگەی عەرەب بکات و قەناعەتی وابێت، فلان و فیساری ناو مێژووی عەرەب و سەدەی حەوتەم و هەشتەمی زاینیی هیچیان بۆ ئێمە نەهێشتووەتەوە و هەمو شتێکیان گووتووەو ئەوەی لەسەر ئێمەیە تەنها شوێنکەوتنێکی کوێرانەودامارگیرانەو بێ لام و جیمانەی ئەو سەلەف و پێشینانە بین و ژیانی ئێستا وسەدەی بیست و یەک و سەردەمی شۆڕشی زانستی و شەڕی تەکنەلۆژی و داهێنانی ڕۆبۆت و چوونە سەرمانگ و چی و چی هەمووی دەبێت بکەین بە قوربانی و پاشکۆ و کۆپی فەتواو تێگەیشتنێکی کۆنینەو، مردووی ناو گۆڕ، تەحەکوم بە ژیانی زیندووەکانەوە بکەن و پێمان بڵێن چی بکەین و چۆن بڕۆینە تەوالێت و چی بخۆین و چی شێوازێک بخەوین و چی جلێک بپۆشین و چۆن سەلام بکەین و کەلام نەکەین!
ئێ تۆ ئینجا چاوەڕێ لە منی لیبڕاڵ و هیومانیست دەکەیت، بێم و بەشان و باڵی ئەو بیرکردنەوە ئێکسپایەربووەدا هەڵبڵێم و پەسنی ئەو جۆرە مینتاڵێنت و ئەقڵیەتە بدەم و بە ئیبنولتەیمیەی تیورسەنی هزری توندڕۆی و باوکی ڕۆحی تیرۆرستان بڵێم: سوقراتی سەردەم و سەید قوتبی ڕادیکاڵ بکەم بە ڤۆڵتێر و مارتن لۆتەر و ئیمامی شافیعی بکەم به گۆردانۆ برۆنۆی مێژووی عەرەب و گۆرانی بەشان و باڵی فیقه و مەزهەبە شۆڤێنی و دەمارگیریەکەی و بیرە عروبیەکەی دا هەڵبڵێم و شاباش بەسەر ڕادیکاڵێکی وەکو ئەحمەدی کوڕی حەنبەل و ئیسلامیست و ئیخوانیزمێکی لە شێوەی حەسەن بخوێنمەوە و به حەکیم و ڕووناکبیر و زاناو پاڵەوان و قارەمانی سەدەی بیستەمی بژمێرم؟!
هەرگیز چاوەڕێی وەها شتێک لەمن نەکەن.
وە ئەو دەستەواژە و وشانەی کەئاماژەیشم پێدا، هەرگیز ناچنە خانەی جوێن، یان سوکایەتی و بێ ڕێزییەوە و لە دنیای نووسین و لای نووسەرانی ئاڕاستە لیڕاڵ و سیکۆلارست و دیموکراسیخواز، بەکارهێنانی ئەو جۆرە وشەو ڕەستەواژانە، لەبەرامبەر هێزە سەلەفیگەراکان و ئیسلامگەراکان، شتێکی زۆر نۆڕمەڵە.
….

١-سورەتی ئەنعام، ئایەتی١٥٢.
٢-هەمان سورەت و هەمان ئایەت.
٣- مەحمود نەجمەدین، گۆڤاری (ڕۆڤار)، ژمارە85، لاپەڕە ٥٣.
٤-ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو، هەڤاڵ کوێستانی،چاپی پێنجەم،2021، لاپەڕه ٦.
٥-مەحمود نەجمەدین، گۆڤاری (ڕۆڤار)، ژمارە85، لاپەڕە لاپەڕە ٥٤.




خەنجەری خێڵ.. بەشی یەك(١)… شەماڵ بارەوانی

ئەوە چارەنووسی تۆیه هەڵاڵە،
کە خەنجەرێک شاخە و شاخ، شارە و شار و وڵاتە و وڵات شوێنت بکەوێ، تا لێرە لە ستۆکهۆڵم، لە گەڕەکی فلەمینسبرگ، نهۆمی چوارەمی باڵەخانەی ژماره هەژدە لە سنگت بچەقێ.. کێ دەزانیێ ئەو خەنجەرە له کێڵانی ئێستای ونبوونیدا قەفی پشتێنی چەند نەوە لە پیاوانی وڵاتی بەردی پشکنیوە؟ سنگی چەند نەوە له ژنانی وڵاتی بارانی هەڵدڕیوە؟”(١)
ئاری گیان زۆر دەترسم بەختی تۆ چارەنووسی منیش، هەمان شێوەی هی هەڵاڵە بێت و خەنجەری نەریت شارە شارە و وڵات به وڵات و کیشوەر به کیشوەر شوێنمان بکەوێت و سنگمان بپشکنێت.

تکایە ڕۆندك گیان، واز لەو بیرکردنەوە نەرێنی و ئەهریمەنیانە بێنە.
ئێمەدەدەین لەشەقەی باڵ و دەفڕین بۆ کەشکەڵانی ئاسمان، دەڕۆینە ژێر سێبەری عەرشی خوداوەند، لێره ون دەبین بۆ دوورگەیەکی خاڵی لە کەڵبەی نەریت و خەنجەری خێڵ، دەرۆین بۆ کیشوەرێکی هێمن، شوێنێک، نە کولتووری نێرسالاری تیابێت و نەیش دەستی عەشیرەتی وێ بگات.
هەرێمك، مەزهەبی تیایدا یاساخ بێت و عیشق دەستوور بێت.
ئاری گیان، تۆ مرۆڤێکی زیاد لە حەد خەیاڵیت و زۆر ڕۆمانتیکیانە بیردەکەیتەوە.
ئێمە هەرگیز لە کەڵبەی نەرین و خەنجەری خێڵ ڕزگارمان نابێت.

ئاخ لەدەست ئەو ڕەشبینیه بێ تامەی تۆ ڕۆندک گیان، ئاخ.

ئاری گیان:”
کورد هەمو ئامراز و ئامێرە هاوچەرخ و تازەکان بەکار ئەهێنێت کەچی کە قسەی لەگەڵ ئەکەیت بەزمانی خێڵ ئەدوێ !
ئێمە شوناس و پێناسەی هەڵەمان هەیە بۆ شارستانیەت و مەدەنیەت و پێشکەوتن و ، مامەڵەیەکی تەقلیدی لەتەک فۆرم و لێکەوتەکانی دنیای هاوچەرخ و نوێ ئەکەین بە جۆرێک نەدەستبەرداری کلتور و نەریتی دواکەوتوی خۆمان ئەبین و نە برواو قبوڵی عەقڵانیەت و شارستانیەتی پێشکەوتوی مرۆڤایەتی ئەکەین .”(٢)
ڕۆندک گیان، ئێمە، دەبێت شۆڕشێک لە مینتاڵێنت و ئەقڵیەتی خەڵک بکەین و هەوڵدەین دەسەڵاتی دەرەبەگ و ئاغا و شت لاواز کەین و لە ڕێگای چەکی مەعریفە و هێزی هۆشیارییەوە، مرۆڤەکان لە ئافاتەکانی ئەقڵیەتی عەشیرەگەرێتی و لە دەست خەنجەری نەریت و کولتووری نێرسالاری و دێوەزمەی مەزهەب قورتارکەین.
ئاریەکەم، کتێبی(مینتەڵێتی خێڵ)ت خوێندووەتەوە؟
نەخێر،
هیوادارم بیخوێنیتەوە، من چوار ساڵ بەر لە ئێستا خوێندمەوە
دەی ڕۆندک گیان، تۆزەک واز لە خێڵ و مێڵ بێنە.
خۆشم دەوێیت بە قەد هەموو دنیا
زۆر منت خۆش دەوێت ئاریەکەم؟
بەڵێ گیانەکەم زیاتر لەخۆم و لەهەموو شتێک، تەنها دایکم نەبێت.
ئاری دەزانت ئیشق جەنگێکی بێ ئامانە و یان دەتکوژێت یان شێتت دەکات، یاخود کەرت دەکات.
بەڵێ گیانەکەم، ئەی ئەوە نییە ئیشقی تۆ، تا سنووری شێت بوون و کەربوون بردوومی!
گیانەکەم، من ئامادەم لە پێناوت کێوی بێستون هەڵکۆڵم و لەگەڵ دێو بجەنگم و ئەستێرەت بۆ لە ئاسمان داگرمەخوارەوە.
نا، زور سوپاس ئاریەکەم، من ئەوانەم هیچ ناوێت.
ئەی؟
تەنها پاک و دڵسۆز و بە وەفاو ڕاستگۆبە، لەگەڵ من و ئیشقەکەت.
چییە، متمانەت بەمن نییە گیانە؟
با، بەڵام پیاوێک دەناسم دوو هۆزی بەردا یەکتری لە پێناو خۆشەویستی کچێك،
کەچی دواتر و دوای دەمێك، لەگەڵ ژنێکی تر دەستی تێکەڵ کرد و هاوسەرەکەی خۆی بەسەرگەردانی جێ هێشتوو هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو ژنەیتر پێکهێنا.
بەو چەشنە، ئەو مەعشوقەی جارانی، کە سوێندی بەسەرەوە دەخوارد و دەیگووت: هەموو دنیا لەچاوی تۆوە دەبینم و لە پێناوتدا ئاینەکەشم دەگۆڕم و دەسبەرداری هەموو پڕەنسیپەکانم دەبم و هەر
هۆنراوەی ڕۆمانسی بەسەردا دەخوێندەوە، لە پڕ بە تەنیایی و دڵتەنگی و دڵشکان و حەسرەت و ئازارەوە سپارد.

ئاری گیان:
گیان، رۆندکی چاوەکانم، قلەکەم، هەناسەکەم، دیدەم، هەموو دنیام، ئیمپڕاتۆڕی هەرێمی دڵم، ئەمرکە و کۆیلەکەت لە خزمەتدایە.

ئاریەکەم:
“وا دابنێ تۆ حەزت لە ژنێکە، زۆر شەیدای ئەویت، گەر ببێتە هاوسەرت دەتوانیت بەهەشتێکی بۆ درووست بکەیت، ژیانی بۆ بڕازێنیتەوە، بەڵام ئەو کەسەی خۆشتدەوێت گوێی لە دەنگی تۆ نییە، هەست بە هیچ هەستێکت ناکات، دەڕوات و فەرامۆشت دەکات…
تۆ لە تەنیایی و تاریکی خۆتدا نوقم دەبیت، ئەوە دەتخنکێنێت کە دەبینی ئەو کەسەى خۆشتدەوێت نرخی دەنگی تۆی نەزانی، فەرامۆشی کردوویت.
بەڵام ئەو خۆشەویستە دەڕوات و پاش ماوەیەکی درێژ دەگەڕێتەوە، هەست دەکات ژیانی شتێکی گرنگی کەمە، هەست دەکات بەهەڵەدا ڕۆشتووە، هەست دەکات بە جۆرێک لە جۆرەکان لە جێگایەکدا هەڵەیەکی کوشندەی کردبێت کە بۆ دواوە دەگەڕێتەوە، دەگاتەوە بەردەمی تۆ، تۆ کەسێکی نەخۆش و تێکشکاوی، ئەو کەسەی تۆی تێکشکاندووە ئێستا لە بەردەمتدایە، بەڵام زەمەن ناگەڕێتەوە.”(٣).
تۆ ئاوام بەسەر بێنیت، دواتر من هەرگیز قبوڵت ناکەمەوە . من خاوەنی دڵێکی هێنده گەورە و لێبوردەییەکی لەو شێوە نیم. هاهاها
دڵنیابە ڕۆندک گیان، تۆش جێم بێڵیت، منیش ئەوکات هەرگیز دوایی شیعری وات بۆ ناهونمەوە و پێت ناڵێم”
دەترسم لە دووریت
گۆرانییەکانم
پڕبن لە دڵ شکان
و
زمانی حەرفەکانم
هێشووە ترێی لاڵی بگرێت

دەترسم
گڵۆپی چاوەڕوانیم بکوژێتەوە
و
شکان لەباڵی چۆڵەکەی شیعرم بڕوێت

دەترسم
پەڕەسێلکەی شەوی تەنیاییم
بگەڕێتەوە
و
قەڵەمی مەراقم
مان بگرێت

دەترسم
کەمانچەی دڵم
بێ ناز بکەوێت
و
کەس نەبێ
هۆنراوەکانم بژەنێت

کەس نەبێت
فوو لە ئاگری تامەزرۆییم
بکات
و
مۆمی خەڵوەت لەمیحرابی ڕۆحم
داگیرسێنێت

لە چاوەڕوانی تۆ
لۆچی پیری
لەسەرتابلۆی تەمەنم
ڕوا
و
پشتی ئاواتم چەمایەوە

قەسیدەم
گۆچانی حەسرەتی گرتە دەست
و
سۆمای خەونەکانم کوژایەوە

لە چاوەڕوانی تۆ
پەرێزی ڕۆحم
بوو بە خۆڵەمێش
و
پەرداخی مەستیم
پڕبوو لەفیراق

لەچاوەڕوانی تۆ
کەس نییە
کەوچکێک ماچ
و
کولێرەیەکی خۆشەویستیم
بداتێ

کەس نییە
قاوەی عەشقم
بۆ بگرێتەوە
و
لانکی مەراقم
ڕاژەنێ

کەس نییە
ببێتە مۆسیقای حەرفەکانم
و
دەستی خەیاڵم پڕکات لە ئیلهام

کەس نییە
تنوێتی شیعرم بشکێنێت
و
چاوی خامەم تەڕکات

کەسێ نییە
سوراحی گریانم لێوان لێوکات
لە خەندە
و
کراسی پێکەنینم
لەبەرکات”(٤).
ــــــــــــــــــــــ
١-گرەوی بەختی هەڵاڵە، عەتا نەهایی، ڕۆمان، چاپی سێیەم٢٠١٨، چاپخانەی:ئەندێشه، لاپەڕە(٧).

٢-کورد؛ بۆ ئەقڵی خێڵ تێناپەڕێنێ !؟، عەلی حەمە، ڕۆژنامەی(زەمەن)، ٢٣/٦/٢٠٢١.

٣- کەشتی فریشتەکان، بەختیار عەلی، ڕۆمان.

٤-پارچە شکاوەکانی دڵم، شەماڵ بارەوانی، شیعر(پەرەسێلکەی شەوی تەنیایی)، چاپی یەکەم٢٠٢٢، چاپخانەی: کارۆ، لاپەڕە(٧٣-٧٤).




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…24…شەماڵ بارەوانی

بەشی بیست و چوار/
مـەلایەك گـوێ لە ئـوم کـەلـسوم دەگـرێت!

هەر سەبارەت بەو گۆرانی و شتە، لە سەردەمی سەرەتای فەقێیاتیم،
فەقێیەکمان لەگەڵ بوو(مەڵا. ڕ. ن)،پەیمانگای ئیسلامی تەواو کرد و ئێستا پێش نوێژ و ووتارخوێنە لە شاری هەولێر .
پێشووتریش:کارگێری لقی هەولێری یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بوو.

ماوەیەک:بەڕێوەبەری مزگەوتەکان و پشکنین لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی بوو.
ئێستا نازانم لەو پۆستە ماوە یان نا.
پێشی گووتم: کە راهێنەری مرۆیی نێودەولەتیشم ئێستا.

جا ئەو کاتەی پێکەوە فەقێ بووین.
دەیگووت:مەلا سەید ئەحمەد پێنجوێنی گوێ لە گۆرانی ئوم کەلسوم دەگرێت!
ئەو مامۆستا ئایینیە بەڕێز و و کۆنە فەقێیەی هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتی و حوجرەم، لە کاتی نووسینەوەی ئەو بەشەی (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)دا.

(٢٠٢٢/٨/١٩) کە دەکاتە ڕۆژی هەینی، لە ڕێگای نامەگۆڕینەوە و تێلی واتسئاپەوە پێوەندیم پێوەکرد بۆ دڵنیایی بوون لەو بەسەرهاتەی کە ئایه بیریەتی وەختی خۆی لە فەقێیاتی پێگووتم کە مەلا سەید(ئە) پێنجوێنی گوێ لە گۆرانیەکانی ئوم کەلسوم دەگرێت؟ گووتی: نەک هەر ئەو، زۆرێک لە یەکگرتووەکانی تریش گوێ لەم و لە گۆرانی تریش دەگرن.
لەگەڵ ئەو مەڵایەی هاوڕێم، زۆر قسەمان کرد و باسی دنیایەک یادگاری و بەسەرهات و بیرەوەریەکانی سەردەمی فەقێیاتیمان کرد و تێر تێر پێکەنین وپێی گووتم: بیرەوەریەکانت لە کوێ بڵاو دەکەیتەوە؟
گووتم:هەفتەی بەشێک لە ڕۆژنامەی(ڕێگای کوردستان) و لە هەریەک لە ماڵپەڕەکانی(دەنگەکان) و (دابڕان) و (وتاری کورد) و (قەندیل24) و پاشان لە ماڵپەڕی(کوردپێدیا) ئەرشیڤ دەکرێت.
گووتی لینکەکەیم بۆ بنێرە با بیانخوێنمەوە.

ئینجا گووتی:منیش وتار بڵاو دەکەمەوە، لە گۆڤاری(گوڵان) و دوو وتاری بڵاوبووەوەی خۆی بۆ ناردم، یەکیان سەبارەت(حوكمی ڕەگەزی سێیەم لە ڕووی شەرع و لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە)و ئەوەیتریشیان باسی( پێکەوەژیانی و ئایینی و نەتەوەیی بوو لە کوردستان) و خوێندمەوە. حەققەت شتێکی جوانی نووسیبوو و دڵخۆشی کردم بەمە و پێم گووت:بەڕاستی دڵخۆشم کەمن و تۆ لەو تێگەشتنە داخراو تەسکەی پێشووتر و سەردەمی حوجرە هاتووینەتە دەرو گەیشتن بێره و باوەڕ بە پێکەوە ژیان و ڕێزگرتن لە ئاینەکانیتر بکەین به پڕەنسیپ و، هەر بەڕاستی من کاتێک بیر لە هەندەك ڕفتار و شێوازی بیرکردنەوەی پێشووتر و سەردەمی حوجرە و خوێندنی ئیسلامی و فەقێیاتیم دەکەمەوە، قێز و گاڵتەم بەو بیرکردنەوە و تێگەیشتن و جیهانبینیەی ئەوسام دێتەوە و لە هەمان کاتیشدا تەریق دەبمەوە و هەست بە خەجاڵەتی و شەرمەزاریەکی بێ ئەندازە دەکەم و لەخۆم دەپرسم: هەر بەڕاستی ئەوە من بۆ وا بووم و هێند کەسێکی بیروشك و ڕادیکاڵ و ناحاڵی بووم؟!
جا من و ئەو مەلا بەڕێزەی هاوڕێم لە کاتی فەقێیاتیماندا، هەردووکمان یەکگرتووی ئیسلامی بووین و دواترهەردووکمان بە تەواوی وازمان له یەکگرتووو ئیسلامی و ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی هێنا.

پێم گووت: حەققەت من هەموو ئەو مامۆستا ئایینی و(بە تایبەتی ئەو مەلایانەی کە ئنتیمایان بۆ هێزە ئیسلامیە سیاسی و گرووپە سەلەفیزمەکان نییە و ئایین تێکەڵ بە سیاسەت ناکەن و خەڵکی تەکفیر ناکەن)، مرۆڤە لیبڕاڵ و، ئەتایست و ئەکتەر و نووسەر و شاعیر و ئەو کەسانەم زۆر خۆشدەوێت، کە باسی پێکەوە ژیان دەکەن و باوەڕیان بە پلورالیەتی ئایینی، سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیه و چەمکی تولەرانس(لێبوووردەیی) ڕەتناکەنەوە و ڕێز لە جیاوازیەکان دەگرن و هێرش ناکەنە سەر ژیانی تایبەتی مرۆڤەکان و هەرگیز، پەلاماری ئازادی و حەز و ویستی هیچ کەسێک نادەن لە وتار و وەعز و شیعر و قسەکانیاندا.

گووتم:منیش لە چڵ(٤٠) ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕدا بابەتی هەمەجۆر و وتار و شیعرم بڵاو دەبێتەوە.

پێشم گووت:
لە سێ بەشی (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)دا باسی تۆ دەکەم و ڕوحمت پێناکەم و باش لە حەقت دێم و دەتکوتمەوەو ئەو ڕووداوەش باس دەکەم کە کاتێک ئەو شەوەی حوجرە لە ساڵی(٢٠٠٧) تابلۆیەکی ئایینیمان لە کاتی شەڕە بالیفی فەقێکان شکاند و تۆ ئەمیر و براگەورەی حوجرە بوویت و لێمان توڕەبوویت و جوێنێکی زۆر مزرت پێداین و لە بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕادا جوێنەکە دادەنێم، پێکەنی و گووتی:ئەوەی نەنوسی هاهاها بۆشەی بدێ ( ……..)
گووتم:خەمت نەبێت هەر دەینووسم، بەڵام بەهۆی ڕەچاوکردنی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی و ئەتەکێت و مۆڕاڵی نووسینەوە، دەیکەمه پیت پیت و جوێنەکە وەکو خۆی بەو زەقیەوە دانانێم.
(لە بەشەکانی داهاتوودا باسی ئەو جوێنە و بیرەوەری زیاتر سەبارەت بەو مامۆستا ئایینیە بەڕێزە باسدەکەم).

جا گووتم هەم زەم و هەم مەدحکردن تێدایە لەو چەند بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا سەبارەت بەتۆ. هاهاها پێکەوە دامانە قاقاو گووتم: بەڵام لە زەم کردنتدا ناوم نەهێناوی و دڵنیا بە تەنها من و فەقێیەکان دەتناسینەوە لەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا و گووتی: ئاساییە و حەزدەکەیت ناویشم بێنە و:( چی دەنووسی بنووسە
بەس بە زەمیرەوە، سەبرت هەبێ، هاهاها).

حەققەت لاریشی نەبوو ناوی بێنم، بەڵام من، گووتم نا، نەخێر، من هەرگیز ناوت ناهێنم و من هەر شتێک زەمی تێدا بێت، هەوڵم داوە ناوی ئەو فەقێ، یان مامۆستا ئایینی و مەڵا بەڕێزانە نەهێنم، کەبیرەوەری و چیرۆکەکە پەیوەست و تایبەتە بەوەوە و تەنها بە پیت ئاماژەی بۆ بکەم، یان بڵێم:فەقێیەك، یان مامۆستایەکی ئایینی و مەلایەك.

ئینجا دواتر ئەو مەلایەی هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتیم، زانیاری سەبارەت به بڕوانامە و وەزیفە و کارەکانی خۆی داپێم و منیش زۆر سوپاسم کرد بۆ ئەو هاوکاریکردنەی و پشکێش کردنی ئەوزانیاریانەی بە (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)و
پێم گووت:بڕۆ تۆ وتاری جومعەت هەیه با درەنگ نەکەویت، خۆ وەکو من نیت نوێژ نەکەیت و نەڕۆیتە مزگەوت هاهاها پێکەوە دووبارە دامانەوە قاقا گووتم: کوڕە مامۆستا من ئەو فەقێیەی جاران نیم و بەو خوایە ئێستا یەک نوێژان ناکەم و دووبارە دامانەوە قاقاو گووتی:
:ئەویش باش دەبیت اشاللە. ئیتر خواحافیزیمان لەیەکتری کرد.




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێك..15… شەماڵ بارەوانی

بەشی پانزەهەم و کۆتایی/

لە دەوڵەتی سیوکراتیدا، مرۆڤی سیکۆلاریست، یان، لائیک، یان بێ بڕوا، یاخود، کەسانی ترانس جیندەر و هۆمۆسێکشواڵ و لیسب، هەرگیز، جێگایان نابێتەوە، تاوانی بێ ئەخلاقی و دوژمنانی خوداوەند و ئایینیان دەدرێتەپاڵ، بێ ئەوەی گفتوگۆ و دیالۆگیان لەگەڵدا بکەن، ڕێگە و ئازادییان پێ بدەن، بمێننەوە، ڕێزیان بگرن و قبوڵیان بکەن، لێیان تێبگەن و گوێیان بۆ بگرن، بە پێچەوانەوە، بەکەم سەیردەکرێن، لێیان دەدرێت، سوکایەتی و بێ ڕێزییان پێ دەکرێت، دەکوژرێن و لەناو دەبرێن.

دەوڵەتی سیوکراتی،
دەوڵەتێکی پۆپۆلیستی و تۆتالیتاریزمە و هیچ جیاوازییەکی قبوڵ نییە. نەبیروباوەڕی دیموکراسی، نە خەباتی ناسیۆنالیستی و نەتەوەیی، نە سنووری جوگرافیای نیشتمان، نە سرودی ئەی ڕەقیب و نەتەوەیی، نەئاڵای نەتەوەیی، نە ئازادی مرۆڤ، نەسەربەستی و ماف و ئازادیەکانی ژن، نە یەکسانی جێندەری، هیچی قبوڵ نییه، جگە لە ئایدیۆلۆژیا سەراپاگیر و سەرکوتکارەکەی خۆی نەبێت.

بە كورتیەكەی تۆ وەك مرۆڤێك لە ناو دەوڵەتی سیوكراتیدا، دەبێت چیتر ببیت بە ڕۆبۆتێك و ڕێك بە كۆپیەكی ئەویتر، تاڕێگەت پێ بدرێت لە ناو قەفەس و زیندانی ئەویتر و لەژێر دەستی ئەویتر و لە ژێر سانسۆر و چاوێری و هەژموونی ئەویتردا، لە شێوەی تاكێكی مەسخكراو بێ مافكراو ئازادی سەلبكرا و سەربەستی زەوتكراو بوون دەستبەسەرداگیراو، چەشنی كۆیلەیەكی بێ ئیرادە و لاوازی كەرامەت ئەتكراو بەها ژێر پێ خراو، بە سەرشۆڕی و دەستەوسانی و بەو پەڕی ڕادەستبوون قبوڵی هەرشتێک و هەموو شتێك بكەیت، كە لە لایان ئەویترەوە بەسەرتدا دەسەپێندرێت.

بەو چەشنە، ئەو شێوازە ژیانە ئەتكراوە، ئەو ستایلە ژیانە مردنە، ئەو ژیانە جەحیم و بێ مروەتكراو بێ بایەخ كراوە، كە مافەكانی مرۆڤ و، مرۆڤبوون تێیدا چیتر كۆتایی پێ دێت و چەمكی هاووڵاتی بوون لە پەتی دەوڵەتی سیۆكراتی هەڵدەواسرێت.

ئیدی لە دەوڵەتی سیوکراتیدا، ڕوانین و ئایین و مەزهەب و ئیدەلۆژیایەکی دیاریکراو، لە دەستوور و سیاسەت و تەواوی کایەکانی ژیان جێگیردەکرێت و دەسەپێندرێت و فرە ڕەنگی و پلورالیەت و تۆلەرانس دەسڕدرێتەوە و یەک عەقیدە و یەک ئایین و یەک مەزهەب و یەک ڕوانین، دەکرێت بە کابەی پەرستشی هەموان و سەنتەری بڕیاردان و ئیتر دەبێت هەموان ئیلزام و پابەندبن بە ئیدۆلۆژیەت و سیاسەت و مەزهەبی فەڕمی دەوڵەتی سیوکراتیەوە.

لەوەهات سیستەمیکدا. چدی مانایەک بۆ فرە ڕەنگی و فرە دەنگی و چەمکی ئازادی و ئەویتر و کونجێک بۆ هەناسەی ئازاد و بۆ جیاوازیەکان نامێنتەوە و تاقە ڕوانگەیەک و تاقەدیدێک و تاقە دۆکترینێک، بە زۆری و بە کۆمەڵێک پاساو بیانووی نامرۆڤانە و نادیموکراسیانە و دژە ئازادیانە، دەکرێت بە ئایینی فەرمی دەوڵەت و عەقیدەی هەموان!.

ماوەتەوە بڵێم:
بۆیە گەربمانەوێت لە پەتای سیوکراتیەت و فێندەمێنتالیزمیەتی ئایینی ڕزگارمان بێت، ئەوا تاقە چارەسەر سیکۆلاریزم و دەوڵەتێکی عەلمانی دیموکراسییە.

دەوڵەتێک”کە لەگەڵ سەرجەمی هاووڵاتیانی خۆیدا به یەکسانی ڕفتار بکات، سا ڕەچەڵەکی ئیتنی یان ئایینی یان مەزهەبییان هەرچییەك بێت”(١) و ئینجا:
” پاشەکشەکردنی گۆڕەپانی ئاینییە لە ژیانی گشتیدا، بۆ ئەوەی ئاین تەنها لە ژیانی تاکەکەسدا بمێنێتەوە نەک هەیمەنەیەکی تەواوی هەبێت و وەکو جاران هەموو فەزای گشتی کۆمەڵگا داگیربکات”(٢). وە
“بۆیە پێویستە قانون و سیستەم مافی پەیڕەوانی هەموو دینەکان دابین بکات و بیانپارێزێت بەڵام ئایدیۆلۆجیا و قانونەکان لەسەر شەریعەتی هیچ دینێک دانەڕێژرێت تا پێشکەوتن و تەبایی کۆمەڵایەتی دابین بکرێت.”(٣).
پاشان دەبێ هەموان ئەو حەقیقەتە بزانن، کە” نه‌ عه‌لمانی، که‌سێکی مولحیده‌، نه‌ عه‌لمانیبوون، دژایه‌تیکردنی ئایینه‌. وه‌ک چۆن هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی، سیسته‌می خۆی هه‌یه‌، ئایینیش خاوه‌نی سیسته‌می تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی، عه‌لمانیبوون جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو سیسته‌مه‌یه‌ له‌ یه‌کدی که‌ به‌ زیانی ئیسلامییانی توندڕۆ، وه‌لێ به‌ قازانجی هه‌ردوو سیسته‌مه‌که‌ (سیاسی و ئایینی) ده‌که‌وێته‌وه‌.”(٤)
بۆیە عەلمانیەت هەرگیز، مورادیفی بێ دینی و یەکسان بە ئیلحاد نییە.
عەلمانیەت دەڵێت” ئەوەی هی قەیسەرە بیدەرەوە بە قەیسەر، ئەوەی هی خوداشە، بیدەرەوە بە خودا.”
( مارقوس، مەتا، لوقا)
ئەم وتە بەناوبانگە لە سێ ئینجیلدا هاتووە كە بە تەواویی سنووریی دنیا لە سنووری ئاین جیا دەكاتەوە كە دواتر، لە سەردەمی نوێدا، بە عەلمانییەت ناوی دەهێنرێت كە لە لایەن چەواشەكەرانی دین و دنیا خەڵكی پێ فریو دەدرێت كە گوایە عەلمانییەت واتە ئیلحاد.”(٥).

پەراوێزەکان:
١-دەربارەی عەلمانییەت و ئایین(هەڵبژاردەیەک لە بەرهەمەکانی ئەرکون، د. محەمەد ئەرکون، وەرگێڕانی:د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد،چاپی یەکەم-٢٠١٨، سلێمانی، پ٢٠٨.
٢-هەمان سەرچاوە، پ١٢١.
٣-سەرۆ قادر، (پێویستە سیستەم بە قانون یەکسانی دابین بکات
ئەگینا تەبایی کۆمەڵایەتی دروست نابێ، پەیجەکەی خۆی)، ٢٠٢٢/٨/٢٦.
٤- حەمەسەعید حەسەن، ئەوان و ئێمە، ڕۆژنامەی هەولێر، ژمارە(٣٧٠١)، یەکشەممە١٤ی ئابی٢٠٢٢.
٥-ئەحمەدی مەلا، بۆ مەلا بەڕێزەكان، ماڵپەڕی(ڕوانگە و ڕەخنە)، ٢٠٢٢/٨/٢٥.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…23…شەماڵ بارەوانی

بەشی بیست و سێ/

لەسەر گوێگرتن لە گۆرانی شکاتم لە دوو فەقێکرد.!

پێشووتر و لەبەشی یەکەمی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گومڕادا باسم لەوەکرد، کە من فەقێیەکی زۆر وشک باوەر و فێندەمێنتالیستێکی زۆر ناحاڵی بووم و هەر لەو سۆنگەیەشەوە زۆرێک لەشتەکانم لە خۆم حەرام و قەدەغە و بە تابۆ کردبوو، یەکێک لەوانە گوێگرتن بوو لە میوزیك و گۆرانی بوو.

ماوەیەکی باش، جگە لە سروودی ئایینی گوێم لە هیچ گۆرانیەک نەدەگرت و گۆرانی و مۆزیکم لا حەڕام و تاوان و لادان بوو.
یەک دوو نامیلکۆکەی سەلەفیگەراکانم سەبارەت بە حوکمی مۆسیقا و گۆرانی، لە ڕوانگەی ئایین و قورئان و ڕیوایەت(فەرموودە) و سەحابە و شتەوە خوێندبوویەوە.

سەبارەت بەوە، چەند بیرەوەری و بەسەرهاتێکی سەردەمی فەقێیاتیم هەیه، دەمەوێ بۆ خوێنەرانی ئازیز باسیان لێوەبکەم.
ئەوە ساڵی دوەمی فەقێیاتیم بوو، کۆمەڵەک فەقێی تری نوێمان بۆ هاتنە حوجرە، هەموویان هی دەڤەری برادۆست و سۆران و ئەو ناوە بوون، ئەوان فەقێی زۆر دڵ پاک و سادە بوون، وەکوو من هێندە بە وشکی و ناحاڵیانە و ڕادیکاڵانە و بە تووندی دەستیان بە ئایینەوە نەگرتبوو.
هەیان بوو جارجار گەر بەیانیان بە زۆر خەبەرمان نەکرابایەتەوە، نوێژی لێدەدان.

ئەوان هەیان بوو گوێی لە گۆرانی دەگرت، کوڕە یەک دوو دانەیەکیان، خوایە بوختان نییە و خۆم چەندین جار بە چاوەکانی خۆم ئەوەم بینیوە، کە چاویان لە کچ و شتیش دەگێڕان.

قوتابخانەیەکی کچان لە تەنیشت حوجرەکەی ئێمە بوو، لە گەڕەکی ئیسکان، جا هەم لەسەر بانی مزگەوتەکەی(حاجی قەرۆك)و، هەم لە ژووی حوجرەکەیش، کە کونێکی لێ بوو، به نهێنی سەیری کچانیان دەکرد. جارێك لەسەر بانێ بەسەردا هەڵووم، کەمنیان بینی و منیش وەزعەکەم بینی، پێکەنین.

جا ڕۆژەکی فەقێیەك لەو دوو فەقێیه دیقەتم دا، گۆرانی زەکەریا عەبدولڵا و ئەیوب عەلی لە مۆبایلەکەیدا خەزنکردووە و وا خەریکی گوێگرتنیەتی لەگەڵ فەقێیتر.

منی بیر و باوەڕ ڕادیکاڵ، کەوەم بینی دەهری بووم و تابڵێیت بەوە قەڵس و توڕەبووم و گووتم: وای وای وای، وڵا هەر ئەوەمابوو، قەحپەخانەیه و لە حوجرە گۆرانی لێدەدەن. هاهاها.
یەکسەر چوومە لای مەلا(سەید.س) بەڕێوەبەری (مدرسە المحمدیە للعلوم الشرعية- قوتابخانەی محەمەدیە، بۆ زانستە شەرعیەکان) و نەشەرم و نە هاوڕێیەتی و نە ئعتیبار وحیسابم بۆ هیچ کرد و جوان جوان شکاتم لێکردن و گووتم: ئەوە لادان و بێ ئەخلاقی و گوناه و تاوانە بەڕاستی.
چۆن دەبێت فەقێ بیت و لە حوجرەش بیت و گوێ لە گۆرانی دڵداری و حوبن حوبێن و بێ ئەخلاقی بگرێت؟!

جا ئەوکاتەی من چووم، یەك دوو مەلایتریش کە مامۆستاشمان بوون لە قوتابخانەی(محەمەدیه)، لە ژووری بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە دانیشتبوون، کەوام گووت، لە جیاتی بەڕێوەبەرەکەمان، مەلا(م.زەڵمی)، کە ئەو توڕەییەی منی بینی، خەندەگرتی و وڵامی دایەوە و گووتی: کەس بە گوێ گرتن لە گۆرانی و میوزیک کافر نابێت و لە ئایین دەرناچێت.

ئەو هەستی بەوە کردبوو و دەیزانی من تۆزەک توندڕۆم، مەلا.م.زەلمی مەلایەکی هەتا بڵێیت بەڕێز و لەسەرخۆبوو، وانەی نەحو و زمانی عەرەبی پێدەگووتین، لە بابەتەکەش خراب نەبوو و زۆر بە جوانی فەقێی حاڵی دەکرد و زۆریش کەیفی بەمن دەهات و ڕێزی دەگرتم. منیش زۆر خۆشم دەویست و ڕێزم دەگرت و لە شێوازی وانەوتنەوەکەی ڕازی و مورتاح بووم.

مەڵا. م. زەڵمی، کەوای پێگووتم، لە دڵی خۆمدا گووتم ئای ئای، دیارە من هەڵەم و مادام گوێ گرتن لە گۆرانی شتێکی نۆرمەڵە و هێندە تاوانێکی گەورە نییە، دەی شەرت بێت ئیتر بێ دڵی خۆم نەکەم و بە دڵی خۆم کامە گۆرانی حەزی پێ بکەم گوێی بۆ شلکەم.
دواتر ڕێک چووم پڕی ناو مۆبایلەکەمم گۆرانی هەمە جۆر کرد و لەو ساوە، دووبارە دەستم بە گوێ گرتن لە گۆرانی و مۆسیک کردەوە و ئینجا دواتر کۆمەڵێک کتێبی ترم سەبارەت بە حەڵاڵێتی و ڕەوایەتی گۆرانی و میوزیك خوێندەوە، لەوانە: یوسف قەڕەزاوی
“فقه الغناء والموسيقى في ضوء القرآن والسنة” و “مجموع الفتوی)کەیم هەردووك خوێندنەوە، قەرەزاوی دەڵێت گوێ لە گۆرانی دڵداریش بگرن ئاساییە و ئێوە کاتێک لەو گۆرانیانە گوێتان لە وشەی دڵداری و ڕۆمانسی و ئیرۆتیکی دەبێت، دەتوانن تەئویلی کەنەوە بۆ هاوسەرەکانتان و خەیاڵتان بۆ هاوسەرەکانتان بگوازنەوە، نەک کەسیتر و کچی تر. بەڵێ شتێک لەو بابەتەی باسکردبوو و ئینجا محەمەد ئەلغەزالى لە کتێبەکەی”السنة النبوية بين أهل الفقه وأهل الحديث” گوێگرتن لە گۆرانی و میوزیک بە شتێکی ئاسایی دادەنێت و ئیمام غەزالی(ابو حامد الغرالی) لە “إحياء علوم الدين)ـەکەی سەبارەت بە گۆرانی و میوزیک دەڵێت:”من لم يحرّكه الربيعُ وأزهاره، والعودُ وأوتاره، فهو فاسدُ المزاج ليس له علاج”(٭).
ئیبنولحەزمی زاهیریش لە (المحلی)دا دەڵێت هەرچی ڕیوایەتێک سەبارەت بە میوزیک هاتووە هیچی ڕاست نین و هەمووی(منقطع) و مەوزوعە و ئەو ڕیوایەتەی لە عایشەی خێزانی پەیامبەر دەکاتە بەڵگەی موباحی و ڕەوایەتی گۆرانی و میوزیك، کە دەڵێت” أن جاريتين كانتا تغنيان فدخل أبو بكر فنهرهما وقال : أبمزمور الشيطان في بيت رسول الله فقال الرسول :” دعهما يا أبا بكر فإنها أيام عيد”.
عەلی باپیریش لە “چەند مەسەلەیەکی باوی سەردەم” و لە ” سروودی و مۆسیقا و چەند بابەتێکی هونەری لەبەر ڕۆشنایی قورئان و سونەتدا” هەمان شێوە میوزیک بە حەڵاڵ دەزانێت و هەمان قسەکانی قەرەزاوی و ئەم و ئەوی هێناوە و تەنانەت ناوی کتێبەکەی دووەمیشیان:سروود و مۆسیقا و شتەکە دەڵێم، ناونیشانکەیشی دەڵێیت لە فیقه الغنا والموسیقاکەی قەرەزاوی وەرگرتووە و تەنها تۆزەک بە دەستکارییەوە کورداندوویەتی. لە بەشیتری(بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)دا، لەداهاتوو زیاتر باسی عەلی باپیر و کتێبەکانی و شێوازی نووسین و زۆر شتیتری ئەو پیاوە دەکەم.

بەو چەشنە، دوای خوێندنەوەی ئەو هەموو کتێب و شتە، مەسەلەی گوێ گوێگرتن لە گۆرانی و مۆزیک زیاتر لام خاو ئاسایی بووەوە و ئەو حەرامێتی و تابۆ و قەدەغە و شتەی پێشووتر سەبارەت بەوە کە لە مینتاڵێنت و مێشکمدا جێگیرم کردبوو، بە تەواوێتی دیلیتم کرد و فڕێمدایە دەرەوە.

….
١-أبو حامد الغزالي: (ت 505هـ/1112م)، إحياء علوم الدين،2/269، بيروت، دار المعرفة، 1402هـ/1982، 2/275.




پێت دەڵێم: تا دەخولەکیتر، ئەو وتارە دەسڕیتەوە..!… شەماڵ بارەوانی

زەنگی تەلەفۆنەکەم لێدەدات،
تەڵەفۆنەکە هەڵدەگرم.
فەرموو:

ئەو:
کاکە شیمالیت؟

من:
بەڵێ شەماڵم گیانە، فەرموو:
سڵاو باشیت؟

من:
سوپاستدەکەم…

ئەو:
بە توونێکی توند، دەست دەکات بە قسەکردن: بۆچی قسە بە باوکم دەڵێیت؟

من:
لە کوێ؟!

ئەو:
لە پۆستی فەیسبووک.

من:
ببوورە، بەڵام بێ زحمەت دەتوانی به دیاریکرای پێم بڵێیت:کامە پۆست و کامە جوێن؟!

ئەو:
ئەوەی گووتووتە کە باوکم کاتی خۆی عاشقی نەجواکەرەم بووە و نەجوا بوون و هۆشی هەمووی داگیرکرد بووە!

من:
جارێ با بۆت ڕاستکەمەوە، ئەوە پۆست نەبوو، بەڵکوو وتارێکم بوو لە کۆمەڵێک ڕۆژنامە و ماڵپەڕ بڵاو بووەوە.

ئینجا کوا من گووتوومە باوکتە و ناوی باوکت، یان کەسیترم هێناوە لەو وتارە؟
دواتر مەسەلەی عیشقیش بۆ قسە پێ گووتن و جوێنە؟!

ئەو:
پێت دەڵێم دەخوڵەکیتر ئەو پۆستە دەسڕیتەوە(هەڕەشە دەکات).

من:
ببوورە، بەڵام ئەوە پۆست نییە و وتارێک بوو و وەکوو گووتم: لە کۆمەڵێك ڕۆژنامە و ماڵپەڕ بڵاو بووەوەتەوە و تازە بووەتە ئەرشیڤ و هەرگیزیش ناسڕدرێتەوە. ئینجا بۆ بیسڕمەوە؟

ئەو:
چونکوو تۆ ناوی باوکمت هێناوە!

من:کوا و لە کوێ؟ ئینجا تۆ خۆت وتارەکەت بینیوە و خوێندووەتەوە؟

ئەو:
نا، من هەر تاقەتم نییە وتاری تۆ و هیچ شتێك بخوێنمەوە. بەڵام برادەرەکانم گوتیان.
وە تۆ بۆ قەشمەری بە باوکم دەکەیت؟(تۆزەک به بێ ڕێزییەوە دەدوێت و دەنگ هەڵدەبڕێت).

من:
کاکە گیان من هەرگیز قەشمەری بەکەس ناکەم. تۆ پێدەچێت ڕەخنە و جوێن، تەنز و قەشمەریت لێ تێکەڵ بووبێت؟!

دواتر گووتم:من چیرۆکێکم هێناوە و لە قاڵبی تەنزدا نووسیومەتەوە و ئینجا بەراوردم کردووە لە گەڵ چیرۆکیترو بۆ مەبەستێکیتر.

ئینجا نە قەشمەری تیایە و نەیش ناوی کەسم هێناوە و نەیش هیچ.
پاشان تۆ دەتوانیت گەر لەو وتارە ناوی باوکت، یان تۆم هێناوە و خوا نەخواستە قەشمەریم پێکردوون، بڕۆیت سکاڵام لە دژ تۆمارکەیت و بمدەیتە دادگا و داوای مافی خۆت بکەیت؟

یان هەر هیچ نەبێت، من ئەوکات داوای لێبووردنت لێدەکەم.

بەڵام تۆ هەر پێت نەگووتم کوا و لە کوێی وتارەکەیا، ناوی تۆ، یان باوکتم هێناوە وسوکایەتیم پێ کردوون؟

ئەو: برادەر لە کۆمێنت دەڵێن:ئەوە لەگەڵ باوکی تۆیەتی.

من:
جا قوربان بۆ ناچیت یەخەی ئەو برادەرانەت بگریت کە لە کۆمێنت ناوی باوکت دێنن. بۆ دێیت و تێل بۆ من دەکەیت؟ من عیلاقەم چییە؟ تەنها وتارێکم نووسیوە و ناوی کەسیشم نەهێناوە و هیچ شتێکی هەڵە و نایاساییشم نەگوتووە.

ئەو:
ئاخر برادەرەکان دەڵێن: لەگەڵ باوکی تۆیەتی!

من:

جامن گووتوومە: لەگەڵ باوکی تۆمە؟
پاشان دەکرێت نیو سەعاتیتر کوڕی نادری تێڵم بۆ بکات و بڵێت:لەو پیاوە مەبەستت باوکمە؟
نیو سەعاتیتر، کوڕی جادر تێڵ بکات و هەڕەشەم لێ بکات و بڵێت:لەو پیاوەی ناو وتارەکەت، ئیلا و بیلا مەبەستت باوکی منە؟

سەعاتێک دواتر، کوڕی خدری تێلم بۆ بکات و ئەمرم بەسەردا بکات و هەڕەشەم لێ بکات و پێم بڵێت:دەخوڵەکیتر ئەو نووسینەت دەسڕیتەوە، گەرنا دواتر من دەزانم چی دەکەم.

منیش بڵێم:کوا و کەی و لە کوێ من گووتومە لەگەڵ نادری باوکی تۆ، یان جادری باوکی فلان کەس، یاخود خدری باوکی ئەویترمە؟

تۆ پێم بڵێیت:تۆ وات نەوتووە، بەڵام جیران و خەڵکی دەر ودێ و قانچە و برادەرەکانم لە کومێنت دەڵێن: کە تۆ مەبەستت لەم پیاوە ناو مەجهولەی ناو چیرۆکەکەت، لەگەڵ باوکی منتە.
باشه تۆ پێم ناڵێیت: ئەوە چ لۆژیکێکە؟!

ئەو:
من لۆژیک و فەلسەفەو مەلسەفە و زمان و قسەی قۆڕ نازانم.
پێت دەڵێم تۆ قەشمەریت بە باوکم کردووە و ناوی باوکمت هێناوە، دە خولەکیتر و زوو بیسڕەوە(دووبارە هەڕەشە دەکات).

من:
ئەوە دیسان هەڕەشه دەکەیت؟
گوێ بگرە دەنگت ڕیکۆردە. ڕووبەڕووی یاسات دەکەمەوە.
ئینجا با پێت بڵێم: نەک نیو سەعات و دەخولەك و چەندیتر، بگرە و زۆر باش دڵنیابە، دەهەزار ساڵی تر، نە تۆ و نەهیچ کەسێک، ناتوانێت ئەو وتارە بە من بسڕێتەوە و کەس حەدی نییە ڕێ بۆمن دابنێت و بە من بڵێت: ئەوها بنووسە و ئەوە مەنووسه و چی بنووسە و چی مەنووسە و چیش بسڕەوە.

من نووسەر و ڕۆژنامە نووس و ڕەخنەگرم و لەسەر دار و بەردیش دەنووسم و هەرگیز سوکایەتیش ناکەم و چاکیش دەزانم چۆن و چیش دەنووسم.
وە من پێڕەویش لە ئیتیکی ڕۆژنامەوانی دەکەم و قەتیش مۆڕاڵی نووسەری و ئەتەکێتی نووسین پێشێل ناکەم.
ئینجا تۆ دیاره تەنز و قەشمەریت لێ تێکەڵ بووە؟!

ئەو:
پێم گووتی: من فەلسەفە و شت نازانم و ئەو وتاره بسڕەوە(هەڕەشە دیسان!).

من:
گەر نەیسڕمەوە چیدەکەیت؟

ئەو:
خۆم دوایی دەزانم چی دەکەم.

من:
ئەوە هەڕەشه دەکەیت؟ باش بەیانی وەره دادگا.
دەنگیشت ڕیکۆردە.

ئەو:
نانا هەڕەشه ناکەم(ترسێک دەیگرێت)
بەڵام ئێمە خزمین و تۆ بۆ لەسەر باوکم دەنووسیت؟
باوکم لەتەمەنی تۆ نییە و ئەوە بۆتۆ جوان نییه.

من:
بەڵام ئایە دەزانیت فرمان بەسەرداکردن بەو زمانە زبرە و بەو تۆنە گڕە، دوان و قسەکردن لەگەڵ نووسەرێک، لە بۆ سڕینەوەی وتارێکی، کە هیچ شتێکی هەڵە و نایاسی تێدا نەگووتووە، دەچێتە خانەی هەڕەشەوە؟

ئەو:
بەڵام تۆ ناوی باوکمت هێناوە.

من:
کاکە گیان: چەند جار بیڵێم:من لە کوێ ناوی باوکتم هێناوە؟

ئەو:
هەندەک برادەر لە کۆمێنت نووسیتیان کە تۆ لەو پیاوەی ناو چیرۆکی وتارەکەت لەگەڵ باوکی منتە.

من:
من وتارەکەم نووسیوە و لێی بەرپرسم و دەزانم لە میانیدا چیم گووتووە و چۆنم نووسیوە، یان ئەو برادەرانەی کۆمێنتیان کردووە؟
ئینجا دووبارەی دەکەمەوە، کوا لەو وتارە ناوی باوکی بەڕێزتم هێناوە؟!

ئەو:
برادەر دەڵێن: لەگەڵ باوکی تۆیەتی.

من:
کەی من گووتوومە لەگەڵ باوکی تۆمە و ناوی باوکت، یان هیچ کەسێکیکەم هێناوە لە وتارەکە؟ من تەنها گووتوومە:پیاوێک و هیچیتر.

ئەو:
ئێستا پێم بڵێ:تۆ لەگەڵ باوکمی منتە، یان نا؟

من:
تۆ بە چ مافێک، کاتێک من چیرۆکێک بنووسم، دێیت و بەمن دەڵێیت: ئەو پیاوەی ناو چیرۆکەکە، کێت مەبەستە؟!

ئەو:
نا، تەنها دەمەوێ بزانم لەگەڵ باوکی منتە، یان نا؟

من:
ئەوجارە بە زمانێکی تۆزەك توند و تۆنێکی بێ منەتانە،
پێی دەڵێم:

گوێ بگرە، من نەگووتوومە باوکتە، یان باوکمە، یان باوکی فلان کەسە و تۆش ئەو مافەت نییە و حەدیشت نییە بێیت و ئەمرم بەسەردا بکەیت و بەمن بڵێیت: وا بنووسە و چی بنووسه و چی نمەنووسه.

ئەو:
ئەی ئەو پیاوەی ناوت نەهێناوە، لەگەڵ کێتە؟

من:
کاکە من پێم گوتی: ناوی کەسێکی دیاریکراوم نەهێناوە و ئینجا من مادام ناوی کەسێکی دیاریکراوم نەهێناوە،
ئەوە لە ڕووی یاساییەوە هیچ هەڵەیەکم نەکردووە.
تەواو پەیامەکەم گەیشت؟

ئەو:
نەوەڵا.
دەی کەواتا ئەوە کێشەی خۆتە و کێشەی من نییە و من ناتوانم لەوە زیاتر ڕوونکردنەوە بدەم.

ئەو:دەی باکاتت نەگرم زیاتر.

من:کاتێکی خۆش
ئەو:خۆشتر

..
تێبینی:
ئەو تێکستە، دوای ئەوە لەدایک بوو، کە وتارێکم نووسی لەژێر ناونیشانی”لە نێوان نەجوا کەرەم و سەید قوتبدا”و لە ڕۆژنامەی(ڕێگای کوردستان) و هەر یەك لە ماڵپەڕەکانی(وتاری کورد، ڕوانگە و ڕەخنە، دەنگەکان، و قەندیل24) بڵاو بووەوە
و لە سۆشیال میدیا، ئیسلامی و کوردە بە ئیخوانبووەکانی کوردستان و بەشێک موسڵمانە بازاڕی و جوێندەرەکان (ڕێزم بۆ موسڵمانە ئازیزو بەڕێزەکان)، مەبەستم ئەو موسڵمانانەیە کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری گووتاری سەلەفیزم و ئیسلامی سیاسی.
دووبارە وەکوو پێشە و مۆڕاڵی هەمیشەییان بێ ئەوەی لە مەغزا و ئامانجی وتارەکە تێبگەن، سەتان سوکایەتی و جوێن و بێ ڕێزیان بۆ حەواڵەکردم.
وە دوای ئەوەش تێلێکم بۆ هات بە ژمارەیەکی نەناسراو، لە لایان کەسێکەوە(خزمێکم) لە دێیەکەمان، دێی (بارەوان)
ئەو دیالۆگەی نێوانمان دروست بوو.
کە هەر دوای ئەوە، ئەو تێکستەی لێ لە دایکبوو.

هەروەها ئەمە( ئەو دیالۆگە)چیرۆكی تیرۆرستە بكوژەكەی شەهیدی وشە(فەرەج فۆدە)مان بیردێنێتەوە، كاتێك دادوەر لە دادگا لێی دەپرسێت، بۆچی فەرەج فۆدەت تیرۆركرد؟
-بكوژ:چونكو كافربوو
-دادوەر: لەمیانی كامە كتێب لە كێبەكانیدا زانیت ئەو كافرە؟
-بكوژ: من هیچ یەكێك لە كتێبەكانیم نەخوێندووەتەوە.
-دادوەر: ئەی چۆن زانیت كافرە!؟
من خوێندەواریم نییە و نازانم بخوێنمەوەو بنووسم!

پێت دەڵێم: تا دەخولەکیتر، ئەو وتارە دەسڕیتەوە..! شەماڵ بارەوانی
زەنگی تەلەفۆنەکەم لێدەدات،
تەڵەفۆنەکە هەڵدەگرم.
فەرموو:

ئەو:
کاکە شیمالیت؟

من:
بەڵێ شەماڵم گیانە، فەرموو:
سڵاو باشیت؟

من:
سوپاستدەکەم…

ئەو:
بە توونێکی توند، دەست دەکات بە قسەکردن: بۆچی قسە بە باوکم دەڵێیت؟

من:
لە کوێ؟!

ئەو:
لە پۆستی فەیسبووک.

من:
ببوورە، بەڵام بێ زحمەت دەتوانی به دیاریکرای پێم بڵێیت:کامە پۆست و کامە جوێن؟!

ئەو:
ئەوەی گووتووتە کە باوکم کاتی خۆی عاشقی نەجواکەرەم بووە و نەجوا بوون و هۆشی هەمووی داگیرکرد بووە!

من:
جارێ با بۆت ڕاستکەمەوە، ئەوە پۆست نەبوو، بەڵکوو وتارێکم بوو لە کۆمەڵێک ڕۆژنامە و ماڵپەڕ بڵاو بووەوە.

ئینجا کوا من گووتوومە باوکتە و ناوی باوکت، یان کەسیترم هێناوە لەو وتارە؟
دواتر مەسەلەی عیشقیش بۆ قسە پێ گووتن و جوێنە؟!

ئەو:
پێت دەڵێم دەخوڵەکیتر ئەو پۆستە دەسڕیتەوە(هەڕەشە دەکات).

من:
ببوورە، بەڵام ئەوە پۆست نییە و وتارێک بوو و وەکوو گووتم: لە کۆمەڵێك ڕۆژنامە و ماڵپەڕ بڵاو بووەوەتەوە و تازە بووەتە ئەرشیڤ و هەرگیزیش ناسڕدرێتەوە. ئینجا بۆ بیسڕمەوە؟

ئەو:
چونکوو تۆ ناوی باوکمت هێناوە!

من:کوا و لە کوێ؟ ئینجا تۆ خۆت وتارەکەت بینیوە و خوێندووەتەوە؟

ئەو:
نا، من هەر تاقەتم نییە وتاری تۆ و هیچ شتێك بخوێنمەوە. بەڵام برادەرەکانم گوتیان.
وە تۆ بۆ قەشمەری بە باوکم دەکەیت؟(تۆزەک به بێ ڕێزییەوە دەدوێت و دەنگ هەڵدەبڕێت).

من:
کاکە گیان من هەرگیز قەشمەری بەکەس ناکەم. تۆ پێدەچێت ڕەخنە و جوێن، تەنز و قەشمەریت لێ تێکەڵ بووبێت؟!

دواتر گووتم:من چیرۆکێکم هێناوە و لە قاڵبی تەنزدا نووسیومەتەوە و ئینجا بەراوردم کردووە لە گەڵ چیرۆکیترو بۆ مەبەستێکیتر.

ئینجا نە قەشمەری تیایە و نەیش ناوی کەسم هێناوە و نەیش هیچ.
پاشان تۆ دەتوانیت گەر لەو وتارە ناوی باوکت، یان تۆم هێناوە و خوا نەخواستە قەشمەریم پێکردوون، بڕۆیت سکاڵام لە دژ تۆمارکەیت و بمدەیتە دادگا و داوای مافی خۆت بکەیت؟

یان هەر هیچ نەبێت، من ئەوکات داوای لێبووردنت لێدەکەم.

بەڵام تۆ هەر پێت نەگووتم کوا و لە کوێی وتارەکەیا، ناوی تۆ، یان باوکتم هێناوە وسوکایەتیم پێ کردوون؟

ئەو: برادەر لە کۆمێنت دەڵێن:ئەوە لەگەڵ باوکی تۆیەتی.

من:
جا قوربان بۆ ناچیت یەخەی ئەو برادەرانەت بگریت کە لە کۆمێنت ناوی باوکت دێنن. بۆ دێیت و تێل بۆ من دەکەیت؟ من عیلاقەم چییە؟ تەنها وتارێکم نووسیوە و ناوی کەسیشم نەهێناوە و هیچ شتێکی هەڵە و نایاساییشم نەگوتووە.

ئەو:
ئاخر برادەرەکان دەڵێن: لەگەڵ باوکی تۆیەتی!

من:

جامن گووتوومە: لەگەڵ باوکی تۆمە؟
پاشان دەکرێت نیو سەعاتیتر کوڕی نادری تێڵم بۆ بکات و بڵێت:لەو پیاوە مەبەستت باوکمە؟
نیو سەعاتیتر، کوڕی جادر تێڵ بکات و هەڕەشەم لێ بکات و بڵێت:لەو پیاوەی ناو وتارەکەت، ئیلا و بیلا مەبەستت باوکی منە؟

سەعاتێک دواتر، کوڕی خدری تێلم بۆ بکات و ئەمرم بەسەردا بکات و هەڕەشەم لێ بکات و پێم بڵێت:دەخوڵەکیتر ئەو نووسینەت دەسڕیتەوە، گەرنا دواتر من دەزانم چی دەکەم.

منیش بڵێم:کوا و کەی و لە کوێ من گووتومە لەگەڵ نادری باوکی تۆ، یان جادری باوکی فلان کەس، یاخود خدری باوکی ئەویترمە؟

تۆ پێم بڵێیت:تۆ وات نەوتووە، بەڵام جیران و خەڵکی دەر ودێ و قانچە و برادەرەکانم لە کومێنت دەڵێن: کە تۆ مەبەستت لەم پیاوە ناو مەجهولەی ناو چیرۆکەکەت، لەگەڵ باوکی منتە.
باشه تۆ پێم ناڵێیت: ئەوە چ لۆژیکێکە؟!

ئەو:
من لۆژیک و فەلسەفەو مەلسەفە و زمان و قسەی قۆڕ نازانم.
پێت دەڵێم تۆ قەشمەریت بە باوکم کردووە و ناوی باوکمت هێناوە، دە خولەکیتر و زوو بیسڕەوە(دووبارە هەڕەشە دەکات).

من:
ئەوە دیسان هەڕەشه دەکەیت؟
گوێ بگرە دەنگت ڕیکۆردە. ڕووبەڕووی یاسات دەکەمەوە.
ئینجا با پێت بڵێم: نەک نیو سەعات و دەخولەك و چەندیتر، بگرە و زۆر باش دڵنیابە، دەهەزار ساڵی تر، نە تۆ و نەهیچ کەسێک، ناتوانێت ئەو وتارە بە من بسڕێتەوە و کەس حەدی نییە ڕێ بۆمن دابنێت و بە من بڵێت: ئەوها بنووسە و ئەوە مەنووسه و چی بنووسە و چی مەنووسە و چیش بسڕەوە.

من نووسەر و ڕۆژنامە نووس و ڕەخنەگرم و لەسەر دار و بەردیش دەنووسم و هەرگیز سوکایەتیش ناکەم و چاکیش دەزانم چۆن و چیش دەنووسم.
وە من پێڕەویش لە ئیتیکی ڕۆژنامەوانی دەکەم و قەتیش مۆڕاڵی نووسەری و ئەتەکێتی نووسین پێشێل ناکەم.
ئینجا تۆ دیاره تەنز و قەشمەریت لێ تێکەڵ بووە؟!

ئەو:
پێم گووتی: من فەلسەفە و شت نازانم و ئەو وتاره بسڕەوە(هەڕەشە دیسان!).

من:
گەر نەیسڕمەوە چیدەکەیت؟

ئەو:
خۆم دوایی دەزانم چی دەکەم.

من:
ئەوە هەڕەشه دەکەیت؟ باش بەیانی وەره دادگا.
دەنگیشت ڕیکۆردە.

ئەو:
نانا هەڕەشه ناکەم(ترسێک دەیگرێت)
بەڵام ئێمە خزمین و تۆ بۆ لەسەر باوکم دەنووسیت؟
باوکم لەتەمەنی تۆ نییە و ئەوە بۆتۆ جوان نییه.

من:
بەڵام ئایە دەزانیت فرمان بەسەرداکردن بەو زمانە زبرە و بەو تۆنە گڕە، دوان و قسەکردن لەگەڵ نووسەرێک، لە بۆ سڕینەوەی وتارێکی، کە هیچ شتێکی هەڵە و نایاسی تێدا نەگووتووە، دەچێتە خانەی هەڕەشەوە؟

ئەو:
بەڵام تۆ ناوی باوکمت هێناوە.

من:
کاکە گیان: چەند جار بیڵێم:من لە کوێ ناوی باوکتم هێناوە؟

ئەو:
هەندەک برادەر لە کۆمێنت نووسیتیان کە تۆ لەو پیاوەی ناو چیرۆکی وتارەکەت لەگەڵ باوکی منتە.

من:
من وتارەکەم نووسیوە و لێی بەرپرسم و دەزانم لە میانیدا چیم گووتووە و چۆنم نووسیوە، یان ئەو برادەرانەی کۆمێنتیان کردووە؟
ئینجا دووبارەی دەکەمەوە، کوا لەو وتارە ناوی باوکی بەڕێزتم هێناوە؟!

ئەو:
برادەر دەڵێن: لەگەڵ باوکی تۆیەتی.

من:
کەی من گووتوومە لەگەڵ باوکی تۆمە و ناوی باوکت، یان هیچ کەسێکیکەم هێناوە لە وتارەکە؟ من تەنها گووتوومە:پیاوێک و هیچیتر.

ئەو:
ئێستا پێم بڵێ:تۆ لەگەڵ باوکمی منتە، یان نا؟

من:
تۆ بە چ مافێک، کاتێک من چیرۆکێک بنووسم، دێیت و بەمن دەڵێیت: ئەو پیاوەی ناو چیرۆکەکە، کێت مەبەستە؟!

ئەو:
نا، تەنها دەمەوێ بزانم لەگەڵ باوکی منتە، یان نا؟

من:
ئەوجارە بە زمانێکی تۆزەك توند و تۆنێکی بێ منەتانە،
پێی دەڵێم:
Shamal Ismael Kareem
گوێ بگرە، من نەگووتوومە باوکتە، یان باوکمە، یان باوکی فلان کەسە و تۆش ئەو مافەت نییە و حەدیشت نییە بێیت و ئەمرم بەسەردا بکەیت و بەمن بڵێیت: وا بنووسە و چی بنووسه و چی مەنووسه.

ئەو:
ئەی ئەو پیاوەی ناوت نەهێناوە، لەگەڵ کێتە؟

من:
کاکە من پێم گوتی: ناوی کەسێکی دیاریکراوم نەهێناوە و ئینجا من مادام ناوی کەسێکی دیاریکراوم نەهێناوە،
ئەوە لە ڕووی یاساییەوە هیچ هەڵەیەکم نەکردووە.
تەواو پەیامەکەم گەیشت؟

ئەو:
نەوەڵا.
دەی کەواتا ئەوە کێشەی خۆتە و کێشەی من نییە و من ناتوانم لەوە زیاتر ڕوونکردنەوە بدەم.

ئەو:
دەی باکاتت نەگرم زیاتر.

من:
کاتێکی خۆش
ئەو:
خۆشتر

..
تێبینی:
ئەو تێکستە، دوای ئەوە لەدایک بوو، کە وتارێکم نووسی لەژێر ناونیشانی”لە نێوان نەجوا کەرەم و سەید قوتبدا”و لە ڕۆژنامەی(ڕێگای کوردستان) و هەر یەك لە ماڵپەڕەکانی(وتاری کورد، ڕوانگە و ڕەخنە، دەنگەکان، دابڕان و قەندیل24) بڵاو بووەوە
و لە سۆشیال میدیا، ئیسلامی و کوردە بە ئیخوانبووەکانی کوردستان و بەشێک موسڵمانە بازاڕی و جوێندەرەکان (ڕێزم بۆ موسڵمانە ئازیزو بەڕێزەکان)، مەبەستم ئەو موسڵمانانەیە کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری گووتاری سەلەفیزم و ئیسلامی سیاسی.
دووبارە وەکوو پێشە و مۆڕاڵی هەمیشەییان بێ ئەوەی لە مەغزا و ئامانجی وتارەکە تێبگەن، سەتان سوکایەتی و جوێن و بێ ڕێزیان بۆ حەواڵەکردم.
وە دوای ئەوەش تێلێکم بۆ هات بە ژمارەیەکی نەناسراو، لە لایان کەسێکەوە(خزمێکم) لە دێیەکەمان، دێی (بارەوان)
ئەو دیالۆگەی نێوانمان دروست بوو.
کە هەر دوای ئەوە، ئەو تێکستەی لێ لە دایکبوو.

هەروەها ئەمە( ئەو دیالۆگە)چیرۆكی تیرۆرستە بكوژەكەی شەهیدی وشە(فەرەج فۆدە)مان بیردێنێتەوە، كاتێك دادوەر لە دادگا لێی دەپرسێت، بۆچی فەرەج فۆدەت تیرۆركرد؟
-بكوژ:چونكو كافربوو
-دادوەر: لەمیانی كامە كتێب لە كێبەكانیدا زانیت ئەو كافرە؟
-بكوژ: من هیچ یەكێك لە كتێبەكانیم نەخوێندووەتەوە.
-دادوەر: ئەی چۆن زانیت كافرە!؟
من خوێندەواریم نییە و نازانم بخوێنمەوەو بنووسم!




لەنێوان نەجوا کەرەم و سەید قوتبدا… شەماڵ بارەوانی

برادەرێکم هەیه کاتی خۆی من کردم بە ئیسلامی و بردم بۆ حوجرەی ئیسلامیەکان و قوتابخانەی ئیسلامی و پێکەوەش فەقێیاتی و قوتابخانەی ئایینی و کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانمان تەواوکرد.
پێشووتر زۆر هاوڕێ بووین و بۆ هەرکوێیەك بڕۆشتباین هەر پێکەوە بووین، لە هەولێر لەکاتی فەقێیاتی لەبەرمن خۆی نەقلی سلێمانی کرد تا لەگەڵم بێتە سلێمانی و لێم دانەبڕێت. کە لە سلێمانیش هاتمەوە بۆ حوجرەی هەولێر، دووباره گووتی بۆ کوێ بڕۆیت منیش دێم بۆ ئەوێ و دیسان لەگەڵم خۆی نەقڵکردەوە هەولێر.
بەڕاستی وەکو دوو برای دوانە وابووین. دوای ئەوەی من تووشی گۆڕانی فیکری بووم، نێوانمان هەندێک ساردی تێکەوت و ئەو خۆی لێم بە دوور دەگرت و دەترسا تووشی هەمان گۆڕان ببێت.

بە حوکمی ئەوەی من، ئێستا هەفتانە، بەشێک لە بیرەوەریەکانی سەردەمی فەقێیاتی و خوێندنی حوجرە و قوتابخانەی ئایینی و کۆلێژی شەریعە(زانستە ئیسلامیەکان)، لەژێر ناونیشانی(بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا..) لە ڕۆژنامەی(ڕێگای کوردستان) و هەریەك له: ماڵپەڕەکانی(دابڕان) و (دەنگەکان) و (قەندیل24) و (وتاری کورد)بڵاو دەبێتەوە و پاشان لە ماڵپەڕی(کوردیپێدیا) بە ئەرشیڤی دەکەین.

پێش ماوەیەکە بە هۆی ئەوەی بەشێکی بیرەوەریەکان چیرۆکێک و بیرەوەریەکی سەردەمی فەقێیاتی(سێ قول هو اللە و دوو فەقێ و فێڵێك) یەکێک بوو لە بەشەکانی بیرەوەریەکە و چیرۆک و بیرەوەرەیەکە خۆم و خۆی بووین، دیاربوو زۆرپێی قەڵس ببوو و یەکسەر لە فەیسبووک بڵۆکی کردم.
هەرچەند لە دەرەوەی فەیسبووک کەمێک پەیوەندیمان ماوە و جار جار تێڵم بۆدەکات و ئێستاش کەم کەم یەکتری دەبینین و هێشتا خەیاڵی ئەوە دەکات کە من ڕۆژێک دادێت و دەگەڕێمەوە باوەشی ئیسلامی سیاسی و دووبارە دەبم بە بابایەکی دۆگمایی.

جا پێم دەڵێت:دەزانم ڕۆژێک دێت و دەگۆڕێیت و دەگەڕێیتەوە، بەڵام چ گەڕانەوەیەک؟ ڕێک وەکو سەید قوتب!
منیش پێی دەڵێم: پیف لەو گۆڕان و گەڕانەوەیە، بیرمەند و خەڵکی موتەنەوەری لە نموونەی: مەڵای گەورەی کۆیە و شێخ محەمەدی خاڵ و مامۆستا عەلائەدین سەجادی و دەیان کەسایەتی ئایینیتری کوردی خۆمان خەڵاس بوون، تا من لە شێوەی سەید قوتبی عەرەبی و ڕادیکاڵ و تیۆرسەنی هزری توندئاژۆیی و باوکی ڕۆحی بزووتنەوە فێندەمێنتالیستەکان و ئیلهام بەخشی گرووپە تیرۆرستەکان بگەڕێمەوە ئامێزی ئیسلامی سیاسی!

هەڵبەت، ئەوخەونە خۆش و خەیاڵە مەحاڵەی ئەو هاوڕێ ئیسلامیه ئەوەمان پێدەڵێت کە مینتاڵێنت و بیرکردنەوەی تاکی ئیسلامی سیاسی چەندە به بیری عرووبە و هزری ناڕەسەن موتوربەکراوە و چ قەدەرێک تۆی ئوسوڵیەت و بێگانە پەرستی گەمارۆی ئەقڵ و هزری کەسی ئیسلامی داوە.

ئاخر ئەوان هەمیشە سەید قوتب و حەسەن بەناو ئەبو ئەعلای مەودوودی و سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانلی و فلانولدینی ئەفغانی و ئەویتری پاکستانی و جەوهەردۆدایڤی شیشانی و کێو کێیتری سودانی و عەرەبستانی بە ڕێبەر و سەرمەشقی خۆیان دەزانن، نەك سەید ڕەزای دێرسیمی و شێخ سەعیدی پیران و پێشەوا قازی و سمکۆی شکاک و شێخ حەفید و دەیان ئایکۆن وکەسایەتی تری نەتەوەیی ناو مێژووی ڕزگاری خوازی کورد.

ئەوە بیرمە ئیسلامی بووم و مەلا (عوزێر حافز) هاتبوو بۆ (لقی یەکگرتووی ئیسلامی) لە بەردەڕەش و وتار و وەعزێکی بۆ داین سەبارەت بە سەڵاحەدینی ئەیوبی و قودس و فەڵەستین.
جا وەعز و وتارەکەی هێندە بە عاتیفی دەدا و باسی ئەوەی دەکرد کە ڕۆژێک دادێت دووبارە ڕۆڵەکانی سەڵاحەدین(قودس ئازاد دەکەن!) ئێمەش هەموو کێرڤی حەماسەتی دینیمان بەرز بەرز ببوویەوە و هەموان پێکەوە دامانە پڕمەی گریان.
ئەوەیە حەقیقەتەکە ئازیزم.
ئیسلامی سیاسی یانی لە جیاتی بێت و باسی داگیرکردن و بە پێنج پارچەکردنی کوردستان و ، ئازادکردنی کەرکوک و مەهاباد و عەفرین و ئامەد بکات و بۆ وڵاتی خۆی بگریێت و فیغان بکات و ئەشک بڕێژێت، شەڕی بە وەکالەت بۆ عەرەب دەکات و شیوەن بۆ قودس دەگێڕێت!

من وەکو لە وتاریتریش گوتوومە، هەرگیز گلەیی کورد بوون لە ئیسلامی سیاسی و کوردە بە ئیخوانبووەکان ناکەم.
چونکوو ئەوان لە بنەڕەتدا بۆ قەزیەی کوردی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی و بەرگری کردن لە زمان و خاک و فەرهەنگ و کەلتوور و مێژوویی کورد درووست نەبوون.

بەڵکو ئەوان لەسەر دەستی ئەم دەوڵەتی داگیرکەری خاکی کوردستان و بە سپۆنسەری ئەویتری نەیاری کورد و بۆ لێدان لە کورد بوون و ئەنفاڵکردنی ئنتیمای کوردایەتی دروستکراون.

خەم و خەونی ئەوان، خاک و فەرهەنگ و زمانی کوردی و برایەتی نێوان کورد و ڕۆنانی کوردستانی گەوره نییە.
ئەوەی ئەوان خەیاڵی بۆ دەکەن و خەونی پێوە دەبینن و هەوڵی بۆ دەدەن، بە ئیسلامیزەکردنی تەواوی سێکتەرەکانی کۆمەڵ و جومگەکانی ژیانە.

دروست کردنی دەوڵەتێکی سیوکراتی و زیندووکردنەوەی خەلافەتی ئیسلامییە.
خزمەتکردنی زمان و فەرهەنگ و کولتوور و مێژووی عەرەب و تیرۆرکردن و خەفەکردنی هەست و سۆزی کورد بوون و وێرانکردنی چەمکی کوردایەتییە.
بەهێز کردنی شعور و ئەقڵیەتی (ئومەی ئیسلامی) و بەرزکردنەوەی باڵانسی عاتیفەی ئیسلامی سیاسی و لەسەر حیسابی هەستی نەتەوایەتی و دوورکەرتکردنی کوردایەتیه.

ئینجا با بێمەوە سەر بنەچەی بابەتەکەو خەیاڵە خۆشەکەی ئەو برادەره ئیسلامیەم، ئەوە بیرمە مناڵ بووم و کۆتایی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو بوو(١٩٩٨-١٩٩٩)،
ئەوکات باوی نەجوە کەڕەم و نەوال زوغبی و کلودیا شمالی و ڕاغب عەلامە و حەبیب عەلی و دیانە حەداد و ئەوانە بوو، و هێشتا نانسی و ئەلیساو هەیفا نەببوون بە ئەستێرە و لە هیچ شوێنێك دیارنەبوون و خەڵك نەیدەزانی کێن.
دیانە حەداد گۆرانیەکەی(ئەمانێ) و نەجوا کەڕەمیش بە(ئەنا مافی)دەنگیان دابوویەوە.

جا کوڕێکی گەنج هەبوو لە دێیەکەمان، دێی( بارەوان)، کورد وتەنی پیس عاشقی نەجوا کەڕەم ببوو و نەجوا دڵی فڕاندبوو و هەموو هۆشی داگیرکردبوو و دەیگووت:ژنم ناوێ.
جا کوڕە پلکێکم هەبوو زۆر کۆمێدی بوو و سەبارەت بەو کوڕه دەیگووت: دەڵێت ژنم ناوێ، ئیلا نەجوا کەرەم نەبێت. ئێ کاکە نەجوات لەکوێ بۆ بێنین؟! بە خوای هەرگیز نەتدیت.

منیش بەو بە برادەرە ئیسلامیه دەڵێم: بەخوای هەرگیز نەتدیت من جارێکیتر ببمەوە بە ئیسلامی و سەید قوتب و وەکو ئەو برادەرە، چۆن خەیاڵێکی مەحاڵی به نەجواکە کەرەمەوە دەکرد، ئێوەش خەیاڵە مەحاڵەکەتان سەبارەت بەمن و سەید قوتبەوە خۆش.

ئێنجا گیانەکەم، من تووشی گۆڕانی فیکری بووم و باوەڕم بە ئایدیۆلۆجیەت و ئەجێندا و بەرنامەی ئیسلامی سیاسی(حزبە ئیسلامیەکان) نەما.
دواتر خۆمن لەبەر هۆکارێکی مادی، یان غەرەز و ڕقێکی شەخسی، یان عیشق و ڕۆمانسیەت و دڵداری و خۆشەویستی کچە مەسولێکی یەکگرتوو وازم نەهێناوە(وەک ئەوەی بیستوومەوە واتان گووتبوو).

گیانە، دەیانی من و نووسەری تری لە نموونەی: دکتۆر عادل باخەوان و دکتۆر ئیبراهیم مەلا زادە و مامۆستا محەمەد هەریری و یونس ڕاوی و کێ و کێیتر، کە پێشووتر و لەسەردەمی غەیبووبەی فیکری و بەستەڵەکی ئەقڵیدا، هەموان بزووتنەوە و یەکگرتوو و سەلەفی و مەلا و فەقێ و ڕادیکاڵ و ئیسلامی سیاسی بووین و ئێستا و دوای هۆشیاربوونەوەمان لە خوڕافەی فیکری و هاتنە دەرەوەمان لە ئەشکەوتی تاك ڕەهەندی و تونێلی فێندەمێنالیستی، بووین به هەڵگری تێگەیشتنێکی باڵا و خاوەنی جیهان بینیەکی ناسیۆنالێستانە و لیبڕاڵانە و هیومانیستانە و شەو ڕۆژ، بە پێنووس و لە ڕێگای نووسین و وتارەکانمانەوە، بەرگری لە ئازادی فیکر و، ئازادی ویژدان و، ئەقڵانیەت و نەتەوە و مرۆڤ بوون دەکەین.

ئیتر چۆن جارێکیتر دەگەڕێینەوە سەرەتاو خاڵی سفر و سەر مەزهەبی بە کۆیڵەکردنی مرۆڤ و بە کەم سەیرکردنی ژن و دژایەتیکردنی ئەقڵ و پلورالیەت و پێکەوە ژیان و لێبووردەیی و، دەبینەوە بە سەید قوتبێکی توندئاژۆ و بابایەکی ڕادیکاڵ ؟!




(ناگەیت بەو جوتە نەعالەی کە دکتۆر عەبدولواحید پێی دەڕواتە( WC) سەرئاو)..! شەماڵ بارەوانی

هاونیشتمانی ئازیز و هاوڵاتی بەڕیز، هاوفەیسبووکی خۆشەویست و قەدرگران،
ئاگاداربە داعش لەبەردەم ماڵەکەتە.
ڕەنگ بێت یەکێک لە هەرە جیاوازیە زەقەکانی نێوان داعش گروپە تیرۆرستەکانی تر، بە تایبەتی قاعیدەی تیرۆرست ئەوەبێت، قاعیدە و ئەوانیتر سیما و شێوەیان یەک تۆپەلە ڕیش و شت بوو، وەلێ داعش ڕیشی دەتاشێت و خەنافس بەردەدات و مۆدێلش بەکاردێنێت و سیما گرنگ نییە زۆر لای ئەو گرووپە ڕادیکاڵ و تیرۆرستە لە شوێنێک کە دەسەڵات و هێزی نەبێت، گرنگ هزرە تۆندڕیەکە و بیرە داعشیەکەیه.

لە وتاریتریش گووتومەو لێرەش دەیڵێمەوە:
داعش هەموو ئەوانەن دڵ و دەروونیان پڕە لە ڕقی ئایدۆلۆژی و ڕەگەزپەرستی و دەمارگیری ئایینی و هێڵنجی مەزهەبی و لەسەر جیاوازیەکان ڕقیان لە مرۆڤ دەبێتەوە. داعش ئەوانەن ئەویتر قبوڵ ناکەن، نەخۆشی ڕاسیزم بوون کوێری کردوون و رێز لە مرۆڤ بوونی مرۆڤ ناگرن و لە پێش ئایین و ئایدۆلۆجیاكەی، لە پێش نەتەوەو ڕەنگ و ڕەگەزەکەی مرۆڤ بوونی بەرامبەر نابینن، داعشەکان ئەمانەن بەشداری تاڵی و سوێری، خۆشی و ناخۆشی مرۆڤەكان ناکەن و تراژیدیاو ئازارەكانی ئەوانیتر نایانگریێنێت.
داعشەکان باوەڕیان بە فرەیی و پێکەوەژیان و جیاوازی و یەکترقبوڵکردن و زمانی دیالۆگ و ڕەخنە نییە.
داعشەکان ئەوانەن پیرۆزبایی كردنی جەژنی ئایینەکانی تر بە کفرو تابوو دادەنێن و بەبینینی شوێنکەوتەی ئایینەکانی تر دەماری ڕەگەزپەرستیان دەگيرێت و گیڤ و قەڵسدەبن. داعش ئەوانەن لەبەر جیاوازی ئایینی، خواردن و خواردنەوەی ئەوانیتر ناخۆن و پسووڵەی نەفرەتی خوداوەندو چونە دۆزەخیان بۆ دەبڕنەوە. داعش ئەوانەن تەنها خۆیان بەڕاست و پاک و فریشتە دەزانن و هەموو حەقیقەتەکان مۆنۆپۆڵ و تاپۆی خۆیان دەکەن و هەموو دیدەنیگاو ئاڕاستەو خەڵکی جیهان بەگشتی و لەنێو حەفتاو سێ گروپی خۆشیاندا بە تایبەتی هەموان بە دۆزەخی دەژمێرێن، تەنها گروپەکەی خۆیان نەبێت. داعشەکان ئەوانەن کە دەڵێن کچ و کوڕ لەناوەندەکانی خوێندن لێکتری جیابکەنەوە، داعشەکان ئەوانەن ژەنین و گوێگرتنی مۆسیقا حەرام و خوێن ڕشتنی مرۆڤ حەڵاڵ دەکەن.
داعشەکان ئەوان بێ ڕێزی بە سروودی ئەی ڕەقیب و جەژنی نەتەوەی و نەوزۆرمان دەکەن.

داعشەکان جۆریان زۆرە، مەرج نییە بابای داعش، داعشێکی تەمام عەیاربێت و جڵێکی رەشی پۆشیبێت و پەنجەی هەڕەشەو شمشێری سەربڕین بەرزبکاتەوەو فیزیکییەن سەری خەڵک ببڕێت.
داعش فیکرە، بەرلەوەی مومارەسەبێت، داعش قسەیە. داعشبوون دیدەنیگاو تێڕوانینە. داعشبوون کومێنتی نزم و جنێو و سوکایەتیە. داعشبوون دڵ ڕەقی و دڕندەیی و بێ ویژدانیە. ڕەنگە من و تۆو ئەوەیتریش بەشێک لە داعشبوونمان تێدا بێت و هەستی پێنەکەین!

قسەیەک لەناو کورد هەیە دەڵێت: حەفتاو سێ جۆر شێت هەیە. هەڵبەت دەتوانین بڵێین هەفتاوسێ جۆر داعشیش هەن!
بۆیە ئەزیزم، ڕەنگ بێت داعشی نووستوو لە ماڵەکەت بێت و پێت نەزانی بێت. ڕەنگ بێت ئێستا
داعش مامۆستا، یان قوتابیت بێت. یان لەگەڵت یاری فتبۆڵێن بکات و نوکتەت بۆ بڵێت و پێبکەنێت، یان لە کافتریا لەگەڵت دانیشتبێت و خەریکی نێرگەلە کێشان بێت، یان قات و ڕیباتی لەبەربێت و لە ڕوو ئەفەندیانە و مۆدێرنانە دەربکەوێت، وەلێ بە مێشک و لەناخەوە داعشبیر و توندۆڕ.

ئینجا بابێینەوە سەر ئامانجی نووسینەکەم، بێگوومان بەهۆی ڕەخنەکانم و دژە باویم و بەوەی من بۆ عەقڵ و میزاجی حەشامات نانووسم، بڕواناکەم کەس هێندەی من لە سۆشیال میدیا جوێنی بۆ هاتبێت و سوکایەتی و بێ ڕێزی پێکرابێت لە لایان دەمشڕەکانی سۆشیال میدیاوە، هەڵبەت من نە بەجوێن و سوکایەتی و بێ ڕێزیەکانیان قەڵس دەبم و نەیش گوێی پێ دەدەم. بەڵکو مەبەستی من لێره مەترسی ئەو ئەقڵیەتەی پشت جوێنەکەیه.

ئەو کۆمێنتەی لەو نووسینە دەبینن، لە لایان هاوشاریەکی خۆمەوە لە دژم کراوە، دەمتوانی لە ڕێگای دادگا و یاساوە ئەو جوێن و سوکایەتیەی لەگەڵ یەکڵایی بکەمەوە، وەلێ گووتم:نا، با بیدەمە دەست ویژانی خۆی و لاپەڕەی ماڵپەڕ و ڕۆژنامەکان و با هەموان بیبینن. ئینجا بۆ لە نێو ئەو هەزاران جوێن و سوکایەتی و بێ ڕێزیەی تا ئێستا بەهۆی وتار ونووسینەکانمەوە پێم کراوە، بۆچی هاتووم و تەنها کۆمێنتی ئەو مامۆستا بەڕێزەم سکرین کردووەو لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکان وتارم لە دژ نووسیوە؟!
وڵامەکەی ئاسانە، هەڵبەت بۆیە، چونکوو ئەو یەکەم:بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی دیاری ناو شارۆچکەی بەردەڕەش(ئامادەیی بەردەڕەشی کچان)ـە، کە تازە کردوویانە بە بەڕێوەبەر لەو قوتابخانە،.

دوو: ئەو لەگەڵ من لە کۆمەڵەی خوێنەرانی کتێب ئەندام بوو.
ئینجا کارەسات ئەوەیه، بەڕێوەبەربیت و خوێنەربیت و بێیت و بەرگری لە داعشبیرێک بکەیت و لەسەر جیاوازی بۆچوون و ڕەخنەگرتن و بەرگری کردن لە کوردستان و مرۆڤ بوون و ویژان و ئازادی، جوێن بە نووسەرێک بدەیت و بێ ڕێزی پێ و سوکایەتی بکەیت و پێی بڵێیت:ناگەیت بە نەعلەکانی عەبدولواحید، ئەو نەعالەی کە پێی دەڕواتە سەرئاو(WC).

ئەرێ ئەوە کەسێکی وا بەتەمەن و مامۆستا و بەڕێوەبەرەی قوتابخانەیەکی مەزن و لەناو سەنتەری شار و قەزایەکی گەورە هێندە جوێندەربێت و بە ڕەخنە قەڵس بێت و هەڵبچێت و جوێن بدات، ئەی دەبێت حاڵی گەنجێگی هەرزەکار و بێ ئەزموون و بێ پاکگراوەند و نەخوێنەوار چۆن بێت؟!

یان دەبێت چی جۆرە قوتابیەک لەژێر دەستی ئەو جۆرە مامۆستایه پەروەردەبێت و ئەو مامۆستایە چۆن لە ڕووی دێت لەناو قوتابیەکانی و لە پۆل باسی زمان پاکی و پەروەردەو ئەخلاق و هێمنی بکات ؟!
ئەرێ کاتێک قوتابیەکانی ئەو جوێنەی مامۆستا و بەڕێوەرەکەیان ببینن لە پەیجەکان و لە سۆشیاڵ میدیا، دەبێت ئەوان چی بکەن و چاوەڕێی زۆر خراپتر و کارەساتتر و چیتریان لێبکرێت؟!

ئەمڕۆ مامۆستا و بەڕێوەرێک لەبەرامبەر نووسەرێک و ڕخنەگرێک کە ڕەنگبێت تەنها تاوانی ئەوە بێت، ڕەخنەی لە ئیسلامی سیاسی و داعشبیرێک گرتبێت و بەرگری لە خاک و نەتەوە و وڵاتەکەی خۆی کردبێت، هێندە هەڵبچێت و بەو شێوەیە سوکایەتی بکات و جوێن بدات. بۆ ئاسایی نەبێت و نابێت، بەیانی قوتابیەکانی لە ژێر کاریگەری کۆمێنتەکەی ئەو، بێن و سەری هەمان نووسەر ببڕن؟!

ماوەتە بڵێم:هیوادارم ئیتر فلتەرێک و سنوورێک بۆ جوێندەرەکانی سۆشیال میدیا دابندرێت. هەرچەندە دەڵێن(پڕۆژە یاسایەك لە لیژنەی ڕۆشنبیری پەرلەمانە، بۆ ڕێكخستنی بواری سۆسیال میدیا). تۆش هاووڵاتی ئازیز، هەرکەسێک جوێنی پێدایت و بێ ڕێزی و سوکایەتی پێکردیت، گەر کەسەکە لە دەڤەر شار و شوێنەکەی خۆت بوو، دەتوانی بێ بڕینی ڕێگایەکی زۆر و ماندووبوون بگەیت بەدادگا، ئەوە یەکسەر ڕێگای یاسایی لە دژ بگره بەر و لە دادگا سکاڵای لەسەر تۆمار بکە و داوای مافی خۆتی لێ بکە، بۆ ئەوەی چیتر کەس نەتوانێت وا بە ئاسانی بێ ڕێزی و سوکایەتی بەبەرامبەر بکات و ببێت بە پەندیش بۆ هەموان. دەی با لێرەوە دەست پێ بکەین.




ڕانانێکی کورت بۆ چیرۆکی (لوتبەرزی)… شەماڵ بارەوانی

لوتبەرزی/
چیرۆکێکی خاتوو(ڕۆزا حەمەساڵح)ی نووسەر و وەرگێڕکارە.

نووسەر لەو چیرۆکەدا باس لە کچێک دەکات بەناوی (ئاشنا).
ئاشنا، پاڵەوان و کارەکتەری سەرەکی چیرۆکی (لوتبەرزی)یە.
ئەو کچێکە گیرۆدەی پەتای لوتبەرزی و خۆبەزلزانی دەبێت و بەدەستەکانی خۆی قوڕ بۆ ژیانی خۆی دەگرێتەوە و ئەو لوتبەرزی و لەخۆباییەی کە سەرەتای هەموو ئەو کارەسات و ئافاتانەیە، دواتر بەسەری دێت و ژیانی لێدەکات به ژار و قوزەلقورت و دۆزەخ.
بەو چەشنە، ئاشنا لوتبەزی و غروریەکەی و گوێ نەگرتنی لە هاوڕێ دڵسۆزەکەی تووشی هەڵدێر و ماڵوێرانی دەکات.

لە (لوتبەرزی)دا
خاتوو ڕۆزا، باس لە ئافاتێکی تری کۆمەڵی نێرسالار و خێڵەکی و عەشایەر بیر و باوەڕ دەکات،
کۆمەڵێک کە لە ڕوانگەیەکی زۆر نزم و نامرۆڤانە و پیاوسالارانە لە ژن و کچ دەڕوانێت.

کۆمەڵێک، هێشتا وەکو پله دوو و سێبەر و کۆپی و پاشکۆی پیاو سەیری ژن دەکات.

لوتبەرزی/
دەیەوێت پێمان بڵێت کە کۆمەڵێکی پاتریارکی ناشارستانی، کۆمەڵێک کاتێک ژن جیا دەبێتەوە بەکەم سەیری دەکەن، لە کاتێکدا پیاو ڕۆژی لە سەت دانە جیابێتەوە عەیب و نەنگیەکی تیا نییە، وەلی بۆ ژن بەسە تا کۆتایی تەمەنی لەوەها کۆمەڵێکی عەشایەر ونێرسالارادا پێی بگوترێت:گەر باشبوایت تەڵاق نەدەدرایت و دووجار شوت نەدەکرد و تامردن لۆمە و سەرکۆنە بکرێت و وەکو خەجاڵەتیەک بە نێوچاوانی دابدرێتەوە و بکرێت بە لەکێکی عار و بەتەوێڵیەوە بڵکێندرێت.

لەوەها کۆمەڵێکدا، کە ڕەگی خۆی لەسەر بنەماکانی پێیاوسالاری داکوتاوە،
کۆمەڵێک، بە جەستە و فیزێکی لەسەردەمی مۆدێرنەدا بژیت و غەرقی ناز و نیعەمەتەکانی جیهانی تازەگەزێتی بووبێت، وەلێ بە مینتاڵێنت و ئەقڵیەت و بیرکردنەوە، هێشتا سەدەکانی ناوەڕاستی تێنەپەڕاندبێت و گیرۆدەی دەستی ئەقڵیەتی پیاوسالاری بووبێت و بە پیاو بڵێت مادام ژنەکەت کوڕت بۆ ناخاتەوە، ژنێکی تری بەسەردا بێنە
:(دایکم کوڕی نەبوو، هەمیشە بە چاوی وجاخ کوێر لێیان دەڕوانی، هەتا باوکم لەگەڵماندابوو بەردەوام هانیان دەدا بۆ ئەوەی ژنی دووەم بێنێت، تاوەکو کوڕی ببێت.).

نووسەر لە لوتبەرزی/دا
دەیەوێت پێمان بڵێت:لەوەها کۆمەڵێکدا، هێشتا ژن وەکو ئامڕازی وەچەخستنەوە و مناڵ بەخێوکردن و خزمەتکاری پیاو بۆ مەبەستی جنس لێی دەڕواندرێت،
نەک وەکو ژنێکی خاوەن ئیرادە و بە هێز، وەکو مرۆڤێکی یەکسان و هاوشان لەگەڵ پیاو، وەکو کەسێکی خاوەن ماف و ئازادی و کەڕامەت و کەسایەتی.

نووسەر لە لوتبەرزی/دا
لە میانی چیرۆکی هاوسەرگیری کردنی(ئاشنا) لەگەڵ(ڕێبوار)دا،
دەیەوێت پێمان بڵێت، هەر پرۆسەیەک لەسەر لێک تێگەیشتن و خۆشەویستی و بەڵێنکی پاک و درووست، لەسەر بنەمای یەکترقبوڵکردن و ڕاستگۆیانە نەبێت، ئەوە بێگوومان پرۆسەیەکی شکستخواردوو بێ مانادەبێت.

هاەر پرۆسەیەک لە پێناو ماڵ و سامان و پول بێت، چارەنووسەکەی هەڵوەشاندنەوە و نەمان دەبێت،
هەمان شێوەی چیرۆکی هاوسەرگیری کردنی ئاشنا، لەگەڵ ڕێبواردا.

لوتبەرزی/
دەتوانین بڵێین ژننامەیەکە، چیرۆکی ئازارەکانی ژنێکە و نووسەر لە میانیدا خەم و خەون و ناخۆشی و نەهامەتیەکانی ژنی نووسیوەتەوە.

لوتبەرزی/
چیرۆکێکی ٢٢ لاپەڕەییە. چیرۆکێکی بچووک بە قەبارە، وەلێ مەزن لە مانادا. چیرۆکێک هیچی کەمتر نییە لەو چیرۆک و ڕۆمانانەی نەوال سەعداوی و فەزیلە فاروق نووسیویانە، چیرۆکێک هەڵگری پەیامێکی جوان و مرۆڤانە و قوڵە.

لە لوتبەرزی/دا
چەند کەسایەتی و کارەکتەرێک ڕۆڵ دەگێڕن،لەوانە:

ئاشنا/
پاڵەوانە شکستخواردووەکەی چیرۆکی لوتبەرزی.
ئەو کچەی کە خۆی قوڕدەکات بەسەر خۆیدا و بە هۆی لوتبەرزیەکەوە تەواوی ژیانی خۆی وێران دەکات.

سۆران/
کارەکتەرێکی فێڵباز و فریوەر و نامرۆڤ، ئەو پیاوەی تەنها وەکو ئامڕازی خۆ خاڵی کردنەوە و ئامێری سێکس لە ڕەگەزی مێ دەڕوانێت.
ئەو پیاوەی لەپاڵ لوتبەرزیەکەی، ئەمیش بەژدارە لە زیاتر خەستکردنی قوڕی ژیانی ئاشنا و ئاشا تووشی گەورەترین هەڵەی دەکات و وای لێدەکات ناپاکی لە پرۆسەی هاوسەرگیری بکات و بەڵێنی درۆینەی پێ بدات و دواتر لە هاوسەرەکەی جیای بکاتەوە و خۆیشی پشتی تێبکات و ئاشنا سەرگەردان و ماڵولێران و بێ کەس بکات، لە دوورە وڵاتی و تاراوگەدا.

ڕێبوار/
ئەو کوڕەی خاوەنی کارەکتەرێکی ئەرێنی و جوانە و زۆر بە پاکی ئاشنای خۆشدەوێت. ئەو ئاشنایەی تەنها لە پێناو ماڵ و سامان شووی پێدەکات و پرۆسەی هاوسەرگیری پێک دێنێت، نەک سۆز و خۆشەویستی.
ماوەتەوە بڵێم:
دڵخۆشم بەوەی کاتێک دەبینم، خانمێکی کورد لە جیاتی ئەوەی پیاو بێت باس لە ژن بکات و چیرۆک و ڕۆمانی لەسەر بنووسێت، ئەو خۆی بەو ئەرکە پیرۆزە هەڵساوە و خەم و موعانات و خەون و ئازارەکانی ژنی نووسیوەتەوە.
بێگوومان چیرۆکێک ژن، ژنی تێدا بنووسێتەوە زۆر جیاوازترە لەوەی پیاوێک دەیکات!

بە گشتی لوتبەرزی چیرۆکێکی کاریگەر و جوان و بەهێزە، چی لە ڕووی زمان و تەکنیک، چی له ڕووی سەرد و گێڕانەوە و نووسەر بەزمانێکی تابڵێیت ئەدەبی و پاراو جوان و دەوڵەمەند نووسیویەتی.
دڵنیام ئەو چیرۆکە یەک تۆزیتر لق و شتی بۆی زیاد کردبوایە، ڕۆمانێکی یەجگار ناوازەی لێدەردەچوو.




یەکپۆشی یان دیکتاتۆریەتی زۆرینە؟!.. شەماڵ بارەوانی

تێناگەم ئەو وڵاتە بۆ وای لێ بەسەرهاتووە و شتەکان بەرەو ئاڕاستەیەکی ئیخوانیانە و ئاقارێکی خراپ‌ و نەرێنی و ناسروشتیدا دەڕۆن!
خەریکە منیش وەکو مامۆستایەکی هاوڕێم بڵێم: کوردستان لە لێواری قەندەهاربووندایه.

ماوەیەک قسەکردن لەسەر یەکپۆشی لە زانکۆکان بووەتە بابەتێکی گەرمی ڕۆژەڤ و باس و خواسی نێو میدیا و سۆشیال میدیای کوردی.
تەنانەت من لەهەندێک پەیجی ئیخوانیزم و ئیسلامیه سیاسیەکان بینیم داوایان دەکرد کە ئەو یەکپۆشیە لە قوتابخانەکانیش بەسەر مامۆستاکانیشدا بسەپێندرێت!

هەڵبەت من وەک مرۆڤێکی لیبڕاڵ و سیکۆلار دژی یەکپۆشی و سەپاندنی جۆرێک لە پۆشاکی دیاریکراوم بەسەر خوێندەکاری زانکۆ و ئەو یەکپۆشیەیش بە دژایەتی کردنی فرەیی و ئازادی تاك دەزانم.

ئەوەی جێگەی دڵخۆشی و دەستخۆشیە، لە بەرنامەکەی کاکە ڕەنج سەنگاوی(لەگەڵ ڕەنج)دا سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە-سلێمانی-دهۆک و تەنانەت وەزیری خوێندنی باڵاش لەگەڵ یەکپۆشی نەبوون.
وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: من کەسێکی ئاڕاستە لیبڕاڵم و هەرگیز دەنگیش بۆ ئەو پرۆژەی یەکپۆشی نادەم.

تەنها سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین نەبێت کە دەتگووت:کادرێکی بزوتنەوەی ئیسلامیه، هێندە بە حەماسەت و گەرمیەوە بەرگری لە یەکپۆشی دەکرد!

بێگوومان سەبارەت بەو یەکپۆشیە ئەوەی تێبینیم کرد لە سۆشیال میدیای کوردی و کەناڵە ئیسلامیەکان، ئیسلامی سیاسی لە خۆشیان شاگەشکە کردووە و بەرنامەی لەسەر دادەنێن و چەپڵەی بۆ دەکوتن و زۆر زۆریان بەدڵە.

هەڵبەت ئەو پشتگیری کردنەی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیەتی ئایینی لەو یەکپۆشیە، لەخۆڕا نییە و ئەقڵیەت و بیرکردنەوە و مینتاڵێنتێکی کۆنە خوازانە و ئیدەلۆژیایەکی بناژۆخوازانەی لە پشتەوەیە.
چونکوو ئەوان هەڵگری ئایدیۆلۆژیەتێکی تۆتالیتار و شمولی و خاوەنی دیدەنیگایەکی پۆپۆلیستین.

ئێ بە دڵنیاییەوە ئەو یەکپۆشیە ڕێک لەگەڵ خواست و مەیل و ئیدەلۆژیا و نەفەس و نەهج و پەروەردە و میزاجی ئەو هێزە ئوسوڵی و پۆپۆلیست و کۆنزەرڤاتیڤانە یەکدەگرێتەوە.

ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم، دوو هێزی تۆتالیتارن.
هێزە تۆتالیتار و شمولیەکانیش دایمە هەوڵی سڕینەوەی چەمکی پلورالیەت و جیاوازیەکان دەدەن. هەرکاتێک دەسەڵات و دەرفەت و هێزیشیان بوو،

خاتری هیچ هێزێکی لیبڕاڵ و لایەنێکی سیکۆلار و ڕێکخراوێکی مەدەنی و کۆمەڵی دیموکراسی ناگرن و بێ سێ و دوو، ئەجێندای خۆیان بەسەر تەواوی کایەکانی ژیان دەسەپێنن.

هەموو ڕەنگێکی جیاواز لە بۆتەی تاقە ڕەنگێکدا دەسڕنەوە و هەرچی دەنگی نا ئیسلامیزم(حزبی ئیسلامی) و ناسەلەفیزم هەیه، دەست دەنێنە گەروویەوە و جوان جوان دەیخنکێنن.

هەموو جیاوازیەکان لە ناو دەبەن و چەمکی ئازادی ئیبادە دەکەن و دیموکراسیەتی بەستەزمانی بەناو سیکۆلاریستە موجامەلەچی و دۆڕاوەکانیش گۆشە و گۆش سەر دەبڕن.

خوا بکات هەر ئەو یەک پۆشیە ئیدە لۆجیای ئیسلامی سیاسی و دەست و فیتی ئەوانی لەپشت نەبێت و لە ژێر فشاری ئەوان نەبێت.
ئاخر بینیمان لە ژێر لۆبی و فشاری ئەو هێزه ئیسلامیە سیاسیانە چۆن وەزیری پەروەردە داستنانێکی (داستانی دەروێش عەڤدی)فۆلکلۆری نەتەوەیی سەتان ساڵەی کوردی لە پرۆگرامی خوێندن لابرد!
بینیمان چۆن لە ژێر فشاری ئیسلامی سیاسیدا بەڕێز:وەزیری پەروەردە چەندین جار هات و سەبارەت بە گۆڕانکاری لە بابەتی (پەروەردەی ئیسلامی) لە قوتابخانەکان، بە شەرم و ترس و شێوازێك لە موجامەلەو پاڕانەوە لە بەردەم ڕاگەیاندنەکان قسەی کرد و نەیتوانی دەستکاری(نەک لابردن- کەس هەڵە لێکدانەوە بۆ قسەکەم نەکات) چەندین دێڕ و لایەنی ئەو بابەتی پەروەردەیە بکات، کە بە نەفەس و ڕۆحیەتێک نووسراوە، ڕێک دەڵێیت لە مەڵبەندی یەکگرتووی ئیسلامی و ماڵی عەلی باپیر و مەکتەب عەسکەری کۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی و بە پێی میزاج و خواست و فرمان و ئەجێندای ئەوان و لە پێناو حزب و بەرنامە و ئیدەلۆژیاکەی ئەوان نووسراوە.

نەک پەروەردەیەک بێت لەگەڵ دنیای پێکەوە ژیان و ئازادی ویژدان و بنەمای مرۆڤایەتی و ڕۆحی سەردەم و زانست و کوردایەتی و ئەو تێگەیشتن و تەفسیرە جوان و پڕ لە تەسەوف و ڕۆحانیەت و کرانەوە و هیومانیستەی مەلای گەورە و شێخ محەمەدی خاڵ و مامۆستا عەلائەدین سوجادی و مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس بۆ ئایین بگونجێت و یەکبگرێتەوە.

ئەوان(ئیسلامگەراکان) دەیانەوێت تەعریبەکەی ئیخوان و ئەجێندا ڕادیکاڵ و جیهانبینیە ناڕەسەنەکەی خۆیان تێکەڵ بە هەموو سێکتەرەکانی ژیان و کونج و کەلەبەرێکی کۆمەڵی کوردەواری بکەن.

هەر لە وەزارەتی پەروەردە بگرە، تا دەگات بە وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەوان دەیانەوێت سیستەمی یەک ئایین و یەک ئەقیدە و یەک مەزهەب و یەک ڕۆئیا و یەک ئیدەلۆژیا، بەسەر هەمواندا بسەپێنن.
ئەوان هێندە ڕاسیزم و دەمارگیرن، مردنیان لا خۆشترە، لەوەی گوێیان لە ناوی زەردەشتیەك و جووەك و ئێزدیەك بێت و کەسێکی لائیک باوەڕ، یان سیکۆلار ببینن.

ئینجا ئەو یەکپۆشیەی کە ئیسلامیەکانی هێناوەتە شایی و بزەخەنە، گوایە جیاوازی چیانایەتی دەسڕێتەوە، سەیرە!
ئەزیزم جیاوازی چینایەتی هەرگیز بە یەکپۆشی لەناو ناچێت و بنەبڕنابێت و ناسڕدڕێتەوە.

جیاوازی چینایەتیتان لە جڵ و بەرگ و یەکپۆشیدا کورتکردووەتەوە، لەکاتێکدا سیستەم و ئەقڵیەت و هەموو شتێکمان کاپیتاڵیستانە بێت و جیاوازی نێوان زانکۆیەکی حکومی و ئەهلی ئاسمان و ڕێسمان بێت. دەیان جیاوازیتری چینایەتی گەوره هەیه لە کومەڵ، دەتوانین کار لەسەر نەهێلانیان بکەین و هەوڵی سڕینەوەیان بدەین،
نەك بابەتێکی سادەی وەکو پۆشاک.

بێگوومان ئەو یەکپۆشیە دژی ئازادی تاک و مافەکانی مرۆڤ و فەلسەفەی لیبڕاڵیەتە.
ئەوە ڕەنگە لەداهاتوودا سەر بکێشێت بۆ شتی تر و سەپاندنی تر لە ژێر ناوی زۆرینە.
بێگوومان لە یەکپۆشیدا مرۆڤ بوونی مرۆڤ ون دەبێت و ئازادی تاک پێشێل دەکرێت.
وەک سەروکی زانکۆی سلێمانی لە بەرنامەکەی کاکە ڕەنج ئاماژەی بۆ کرد:
لەو یەکپۆشیه زیاتر فۆکەسەکە خراوەتە سەر ڕەگەزی مێینە و ئامانج لێی کچەکانە زیاتر. دەیانەوێ لەو ڕێگەیەوە ڕێگە بگرن لە هەر کچێک جلێکی مۆدێرنانە، یان بە ویست و حەز و ئازادی خۆی پۆشاکێك بپۆشێت. بەدڵنیاییەوە ئەوەش داواکاری و خەون و ئاوات و بەرنامەی ئیسلامیەکانە.

هیوادارم لە داهاتوو لەسەر خواستی برایانی کۆمەڵ و خوشکانی یەکگرتوو و کچانی بزووتنەوەی ئیسلامی، یەکجاری بیکەن بە باڵاپۆشی، دڵنیام ڕاپرسی بۆ ئەو باڵاپۆشیەش بکەن ٧٠٪ی دەنگ و زیاتریش دەهێنن، چونکوو ئەو کات بەشێکی زۆری کچان لە ترسی ئەوەی ئیسلامیە سیاسیەکان پێیان نەڵێن: ئەها دژایەتی جبە و باڵاپۆشی و دینی خوا دەکەن و لە کۆمەڵ وەک دڕندەیەک پێناسەنەکرێن و دژایەتی نەکرێن و بە بێ ئەخلاق وەسف نەکرێن، دەنگ بە باڵاپۆشی دەدەن.

ئینجا سەبارەت بەوەی لە فلان زانکۆ ٧٠٪گوتوویەتی بەڵێ لەگەڵ یەکپۆشین و
بابای ئیسلامی سیاسی(پەڕلەمانتارێکی کۆمەڵەکەی عەلی باپیر) بەژدار بووی بەرنامەکەی ڕەنج دەیگووت: زۆرینە گووتوویەتی لەگەڵیم، دەبێ ڕێز لە ڕای زۆرینە بگرین، جارێ بابای ئیسلامیست تۆ و حزبەکەت کەی باوەڕتان بە زۆرینە و جەهەر و ڕەهەندەکانی دیموکراسیەت هەیه؟!

ئەزیزم دواتر بەو لۆژیکەی زۆرینە و کەمینە بێت، مادام سەتا هەفتا گووتی: هەرکرانەوەیەکی کۆمەڵ و ئازادیەکی تاک و تازەگەریەک و تێکەڵی هەردووک ڕەگەز لە قوتابخانە و جیاوازی جل وبەرگ قەدەغەبکرێت،
کەواتە لە وڵاتێکی وەکو هیندستانیش، کاتێک زۆرینەی خوێندەکارە هیندۆسەکانی دژ بە لەچک و باڵاپۆشی چەند کچە خوێندەکارێکی موسڵمان بوون و زۆرینەیان دەنگ بۆ قەدەغەکردنی ئەو باڵاپۆشیە بدات، ئەوە بڕیارێکی ڕەوا و دیموکراسیانەیە و مادام بۆچۆن و خواستی ٧٠٪ بێت و لێرە دەبێت کەمینە و ٣٠٪ کە ناچاری پابەندبوون بێت بە هەر بڕیارێکی زۆرینە و بچیتە ژێر سەپاندن و دیکتاتۆریەتی زۆرینە!

لە وتاری تریش گووتوومە و لێرەش دەیڵێمەوە:
ئەزیزم ئەوە تێگەیشتنێکی زۆر سەقەت و ناساخڵەم و دیماگۆجیانەیە بەرامبەر بە چەمکی دیموکراسی و بەرەواژو و هەڵە حاڵی بوونە لە چەمکی زۆرینە و کەمینەیش، قوربان زۆرینە بە واتای عەنتەری و سەپاندن و دکتاتۆریەت نایەت.
لە دیموکراسیەتدا، ٩٩٪ لەسەر بۆچوونەك بن و یەک کەسیش تەنها لەسەر بۆچونێکی دژ و پێچەوانەبێت، دەبێت حیساب بۆ بۆچوونی ئەو تاکە کەسە بکرێت و ڕێز لە حەز و خولیاو ئازادیەکانی بگیرێت.
لە دیموکراسیەتدا تۆ ئازادی ڕەنگی سور بپۆشیت و من سپی، ئەویتر سەوز، یان ڕەش، یان زەرد و شین.
نەک تۆ بێیت و ستایلێکی دیاریکراو ڕەنگێگی دیاریکراو تەنورەیەکی هێندە درێژ، یان کورت، یان واو وا بەسەر خوێندەکاراندا پسەپێنیت.
بێگوومان پێچەوانەی ئازادی تاک و فەلسەفەی لیبڕاڵیەتە.




فەقێیەکی گوومڕا…22…شەماڵ بارەوانی

بەشی بیست و دوو/

مارکس فەقێ بوو..!

لە بەشی پێشووتر و بەشەکانی سەرەتا، باسم لەوە کرد کە من و کۆمەڵێک فەقێی تر تووشی گۆڕانی فیکری بووین. هەڵبەت وەک بیرمەندی هزری ئیسلامی د.محەمەد ئەرکون دەڵێت:”دەبێ ڕازی بین بە هەموو ڕێچکە و گوزەرەکاندا بڕۆین و لە ونبوون سڵ نەکەینەوە، بەڵام دەبێ ئەو گەڕان و ڕۆیشتنە لە پێناو حەقیقەتدا بێت. نابێت لە هیچ گرفت و ئاستەنگێك، یان لە هیچ سەرکێشیەکی فیکریی ڕۆح بترسین. دەبێ خەبات و ململانێ بکەین بێئەوەی بڵێین ئێمە خاوەنی حەقیقەتین”(١).
من وەک لە بەشەکانی تر ئاماژەم بەوە کرد کە فەقێیەکی زۆر فزوڵی بووم بۆ مۆتاڵا و خوێندنەوەی کتێب و هەرچی کتێب هەبوو، لەو سەری ڕاستەوە، بۆ ئەو پەڕی چەپ، لە هەموو ئەو کتێبانەی مارکس و نیچە و شۆنهاوەر و کافکا و سارتەر و کامۆ و هەرچی کتێبی سەبارەت بە ئیلحاد و مارکسیەت و عەدەمیەت نووسرابوون، تا زۆربەی ئەو کتێبانەی کە فێندەمێنتالیست و ڕادیکاڵەکانی لە نموونەی ئیبنولتەیمیە و ئیبنولقەیم ئەلجوزی و عەبدوڵلا عەزام و ئەبو ئەعلای مەودودی و سەید قوتب و محەمە قوتب و محەمەد عەبدولوەهاب و حەسەن بەناو کێ و کێیتر نووسیبوویان دەخوێندەوە.
لە دەرگای هەرچی قوتابخانەی فیکری و فەلسەفیە هەیه، دەچوومە ژووروە و سەرم دەکرد بە ماڵی هەموو شتێکی دژەبا و کتێبێکی جیاواز و ئایدیۆلۆژیا و بیر و باوەڕ و ئایدیایەکی جیهان، تا بزانم چی دەگووزەرێت و چی دەڵێن و چی هەیە.
هەرچی فەلسەفە و ڕێچکە و ڕێباز و مەزهەب و ئایینە هەوڵمدەدا بیانخوێنمەوە و لە بارەیانەوە زانیاری بەدەست بێنم.
وەکو ئەرکون دەڵێت”بەڵکو هەوڵ بدەم تا دوورترین سنوور ئاسۆی تێگەیشتن و مەعقولیەت قووڵ بکەمەوە”(٢).

هەرچەندە سەرەتا زۆر دەترسام و فۆبیایەکیان لا درووست کردبووم سەبارەت بە مارکس و ئیلحاد و فەلسەفە و هەموو ئەو کتێبانەی باسی ئەوجۆرە بابەتانەیان دەکرد و لە قوتابخانە فیکری و فەلسەفیەکان دەدوێن.

دەترسام شوشەی یەقینەکەم بشکێت و دۆگمەکانم هەڵبوەشێتەوە و ئیمان و بیر و باوەڕەکەم لەق بێت و ئایینەکەم لەدەست بدەم و تووشی گوومڕایی و لادان و کفر و بێ بڕوایی و ئیلحاد ببم.

کاکە ئیسلامیەکان مارکس و شیوعیەت و فەلسەفەیان وەکو دەعبا و دێو دڕندەیەک پێناساندبووین!

وەلێ دواتر هێدی هێدی ئەو ترس و فۆبیایەم لا نەما و لەگەڵ دۆخەکە ڕاهاتم و کامە نووسەر و فەیلەسوف و ڕۆماننووس و وەرگێڕ و ڕووناکبیرە، کە بە خەتەر و هێڵی سوور و بۆمب و بڤە ناسراوبوون بۆ سەر بیر وباوەڕی ئایینی و پێیان دەگووتن: عەلمانی و ئشتراکی و مارکسی و مولحید(ئەتایست) و نهلیست و بێ دین و دژە دین، من دەڕۆیشتم نووسین و کتێب و بەرهەمەکانیانم دەکڕی و دەمخوێندنەوە.
لە نموونەی:شاکر نابلسی، محمەد ئەرکون، نەسر حامید ئەبو زەید، محەمەد عابد جابری، کەریم مەروە، هاشم ساڵح، نەوال سەعداوی، تەسلیمە نەسرین، ئەحلام مەنسور، عەبدولڵا ئەلقوسەيمی، فەرەج فۆدە، فوئاد زەکەریا، جۆرج تەرابیشی، سەلمان ڕوشدی، ڕیچارد داوکینز، نیچە، فرۆید، داروین، سارتەر، کامۆ، شۆپنهاوەر، مارکس و فیورباخ و کێو کێیتر.

کتێبەکەی مەریوان هەڵەبجەیی “سێكس و شەرع و ژن لە ئیسلامد” لە قۆناغی هەڵەنەبم دوو، یان سێی کۆلێژی شەریعە(زانستە ئیسلامیەکان)و لە حوجره خوێندمەوە.
ئەو کتێبەشم خوێندەوە، کە وەک وڵامێک بۆ ئەو کتێبەی کاکە مەریوان نووسرابوو.

ئەو کتێبەی ئەوکات ئیسلامیەکانی توڕەکرد و لە دژی خۆپیشاندانیان کرد و لە بارەیەوە دەیانگووت:هی خۆی نییە و نووسەرەکەی کەسێکی پارس نەژادە و مەریوان هەڵەبجەیی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و بەناوی خۆیەوە بڵاوی کرووەتەوە.

جاوەک ئاماژەم بۆ کرد، بەهۆی ئەوەی دەستم بۆ کتێبی بڤە و خەتەر دەبرد، بە تایبەت کتێبی مارکسی و چەپەکان. فەقێیەکمان لەگەڵدابوو، کە دەیبینی من خەریکی موتاڵا و خوێندنەوەی ئەو جۆرە کتێبانەم، بۆ شۆخی پێی دەگووتم:مارکس فەقێیەکی قشت بوو.

جا ئازیزان من چۆن گۆڕام و بە چی جۆرە کتێبێک گۆڕام و بووم بە فەقێیەکی گومڕا؟
لە میانی باسکردن لە چۆنیەتی بوونم بە فەقێیەکی گومڕاو سەر لێ شێواو لە دین دەرچوو، وەک هەندێک لە فەقێ و مەڵاکان وایان پێ دەگووتم.

یەکێک لەو نووسەرانەی کە کاریگەری زۆری لەسەر دید و تێڕوانینم دروست کردووە و بووە هۆکاری ئەوەی من بگۆڕێم و ببم بە فەقێیەکی گوومڕا، عەبدولکەریم سروش بوو. بە تایبەتی کتێبەکەی«ڕێگا ڕاستەکان».

جۆرج تەرابیشی سەبارەت بە کتێبەکەی محەمەد عابید جابیری(نقد العقل العربي) دەڵێت”ئەم کتێبە تەنیا مرۆڤ روناکبیر ناکات بەڵکو دەیشیگۆڕێت، ئەوەی بیخوێنێتەوە چیتر دوای خوێندنەوەی وەك پێش خوێندنەوەی نابێت”(٣).

بەڕاستی ڕێگا ڕاستەکانیش بۆمن وابوو، ئەو بۆ من ڕاچڵەکینێک بوو، سەبارەت بە قۆناغی بەنج و غەیبووبە و دۆگمایی بوونی فیکری و بەستەڵەکی ئەقڵی و بیرتەسکی و ئاسۆداخراویم و تەنها بەڕاستی زانینی تاقە ڕێگایەک و قۆرخکردنی ڕاستیەکان و حاڵی نەبوون لە پیرۆزی چەمکی پلورالیزمی ئایینی.

سروش ئەو کەسەبوو، کاریگەریەکی زۆری لەسەر دروستکردم. دانراو کتێبەکانی(ڕێگا ڕاستەکان، نیوەی پەنهانی فەیلەسووف، کەلەپوور و سیکولاریزم، ئەقڵ و ئازادی، تەنها ئەزموونی پێغەمبەر، سیاسەت و ئایینداری، پلورالیزمی ئایینی، ئاینێکی سیکۆلار، ئاین لەسەردەمی مۆدێرنەدا) و بەتایبەتی (ڕێگاڕاستەکان)،
دەروازەیەکی زۆر گرنگ و باشبوون بۆ ئەوەی من تووشی کرانەوەی فیکری و توانەوەی ئەو بەستەڵەکەی ئەقڵ ببم و لەو تونێڵە تاریکەی ئایدیۆلۆژی بێمە دەر و لەوە تێبگەم، کە دنیای مرۆڤایەتی گەلێ لەو حوجرە داخراو چاڵە فیکریەی من تێیکەوتووم، فراوانتر و ڕێگاکانی ڕاستی و حەقیقەتەکانیش، زۆر لەو ڕاستیە ساختەیەی من بانگەشەی بۆ دەکەم و پێی تەڵقین و گەوج و گۆشکراوم زۆرترن.
Shamal Ismael Kareem
گەر بیرتان بێت، لەیەکەم بەشی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕادا باسم لەوەکرد کە بیگومان مرۆڤ تازیاتر لێکۆلینەوە و تێڕامان بکات و بیربکاتەوە و بەراوردکاری بکات و بخوێنێتەوە، ئاسوی بیرکرنەوەی فراوان تر و دیدی واڵاتردەبێت، تا زیاتر ئاشنای ڕوانگە و دیدی جیاواز و، قوتابخانەی فیکری و فەلسەفی زیاتر بێت و زێدەتر گوتەو تێزی زانایان و عاریفان و ئەندێشەمەندان و فەیلەسوفان بخوێنێتەوە، زیاتر تێدەگات و زیاتر هەڵەکانی پێشووی خۆی بۆ ڕۆشن دەبێتەوە و دەستبەرداری بیری دەمارگیری و تێگەیشتنی مەزهەبیانە و قاڵبی ئیدەلۆجیانە دەبێت.

پەراوێزەکان:
١-دەربارەی عەلمانییەت و ئایین(هەڵبژاردەیەک لە بەرهەمەکانی ئەرکون، د. محەمەد ئەرکون، وەرگێڕانی:د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد،چاپی یەکەم-٢٠١٨، سلێمانی،پ٥٢.
٢-سەرچاوەی پێشوو، پ٨٦.
٣-جۆرج تەرابیشی، گۆڤاری دابڕان،ژمارە4ی ئەیلولی2016، لاپەڕە٨٦.




نەفرەت لە سەلمان ڕوشدی!… شەماڵ بارەوانی

بیرمە فەقێ بووم و لە حوجرە و قوتابخانەی ئیسلامی بووم، گۆڤارێک هەبوو وابزانم ناوی (خەڵک)بوو کاکە مەریوان هەڵەبجەیی دەریدەکرد، دواتر ئەوەی من ئاگاداربم گۆڤارەکە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئایەتە شەیتانیەکان ڕاگیرا و قەدەغەکرا.

من بەرلەوەی کتێبەکەی سەلمان ڕوشدی(ئایەتە شەیتانیەکان) هەمووی پێکەوە بخوێنمەوە، من لەو گۆڤاره یەک دوو بەشێکم خوێندەوە. کاتێک ئەو دوو بەشەم خوێندەوە، مەراقم کرد زیاتر و هەمووی بخوێننمەوە. پێشووتر کە هێشتا فەریکە فەقێیەکی جاهیل و فێندەمنێتالست بووم، ڕقێکی زۆرم لەبەرامبەر سەلمان ڕوشدی هەبوو. بەهۆی ئەوەی پێشووتوور لە کتێبێکی قەرەزاوی شتێکم خوێندبوویەوە سەبارەت بە فەتواکەی خومەینی، کە خوێنی سەلمان ڕۆشدی لەسەر ئایەتە شەیتانیەکان حەڵاڵ دەکات.

جا بێئەوەی ئەوکات من بێ ئەوەی جارێ یەک دێڕی ئەو کتێبه بخوێنمەوە و بزانم مەسەلە چییە، ئاواتم بوو خۆم یان کەسێکیتر ڕۆژێک دابێت و سەلمان ڕوشدی بکۆژێت و کاتێک ناوی سەلمان ڕوشدیم هێندە خراپ بیست لە ژێر لێوەوە دەمگووت:نەفرەت لەسەلمان ڕوشدی.

دواتر کاتێک جیهان بینیم سەبارەت بە زۆر چەمک کرایەوە و تووشی گۆڕانی بیر و باوەڕبووم و لە غەیبووبەی فیکری هۆشیاربوومەوە و لە تونێلی تێگەیشتنێکی تەسک و داخراو تۆتالیتاردا هاتمەدەر، بە دڵێکی زۆر فراوان و مێشکێکی زۆر کراوە و دیدێکی جیاواز زۆر باڵاو لیبڕاڵانە(ئایەتە شەیتانیەکان)م، بەpdf هەمووی خوێندەوە و بۆ فەقێی تریشم نارد بیخوێنتەوە و ئەوکات ئیتر لە جیاتی نەفرەت و ڕق، ئاواتە خوازبووم ڕۆژێک بێت لە نزیکەوە سەلمان ڕۆشدی ببینم و به دیداری شادبم.

ئاوایە ئەزیزم، مرۆڤی فێندەمێنالیست و ڕادیکاڵ، هەڵگری تێڕوانینێکی زۆر سەقەت و خاوەنی مێشکێکی ژاراوی و ئەقڵێکی داخراوە و دوو بست ئەوڵاتری لوتی تێڕوانینی خۆی نابینێت و هەموو تێگەیشتنێکی دەرەوەی بازنەی ئیدەلۆژیا و بیر و باوەڕەکەی خۆی ڕەتدەکاتەوە و کوێرانە و بۆماوەییانە و مێگەڵ ئاسا شوێن ئەقیدەیەکی دیاری کراو دەکەوێت، بێ ئەوەی بیخاتە ژێر نەشتەری ڕەخنە و بە فلتەری زانستیداببات و لە بۆتەی ئەقڵ هەڵیسەنگێنێت.

بۆیە هەرکاتێک کەسێک، ڕەخنە بگرێت و قسە لەسەر بیر و باوەڕەکەی بکات، مرۆڤی فێندەمێنتالیست بۆی بلوێت نەک جوێنی وێدەدات و سوکایەتی پێدەکات، بەڵکو سەری کەسەکە گۆشە و گۆش دەبڕێت.

کۆمەڵی کوردی ئێستا ڕێک لەو قۆناغە مەترسیناکەدایە و تاکەکانی لە سۆشیاڵ میدیا زۆربەی داعشانە بیردەکەنەوە و جوێن بە جیاوازیەکان دەدەن و سوکایەتی و بێ ڕێزی بەهەر شتێک دەکەن، لەگەڵ میزاجی داعشیانەیان نەگونجێت.

لە نیویۆرک تیرۆرستێک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر سەلمان ڕۆشدی، بە سەتان و هەزاران کۆمێنتی دەستخۆشیم بینی، کە بۆ ئەو تیرۆرستە نووسراوبوو هەندێک نووسیبوویان خۆزیا سەری لە لاشەی جیاکردبایەوە. هەڵبەت بێ ئەوەی یەکیان ئایەتەشەیتانیەکانیان خوێندبێتەوەو بزانن سەلمان ڕوشدی چی گووتووە و مەسەلە چییە!

کۆمێنتی وا مەهزەلەم بینی تێر بە دیاریەوە داما قاقا. چەندین کەس نووسیبویان نازانین ئەو کافرە کێیە، بەڵام مادام قسەی بە ئیسلام گووتووە حەقی تۆپاندن و سەربڕین و گوخواردنە هاهاها.
من پێش دوو ڕۆژە تەنها لەسەر نووسینێکی ڕەخنەییم سەبارەت بە هزری داعشگەرێتی و ئیسلامی سیاسی، کە لە کۆمەڵێک ڕۆژنامە و ماڵپەڕی لە نموونەی ڕۆژنامەی( ڕێگەی کوردستان) هەریەک لە ماڵپەڕەکانی(دەنگەکان، ڕوانگە و ڕەخنە، دابڕان، قەندیل24، وتاری کورد)ٚ بڵاوبووەوە. تەنها لە پەیجی(ڕوانگە و ڕەخنە)ٚ زیاتر لە پێنجسەد کۆمێنتی بێ ڕێزی و جوێن و سوکایەتیم بۆهات، تەنانەت کەسی وا هەبوو نووسیبووی: ئەو ڕۆژە هەر دێت و حوکمی دینی دەگەڕێتەوە و سەرت دەبڕین هەی کافر.

تیاندابوو مامۆستایە و خەڵکی شارەکەی خۆمە و لەگەڵ من لە کۆمەڵەی خوێنەرانی کتێب ئەندام بوو، لە کۆمێنت لەگەڵ عەوام و داعشە دەمشڕەکانی سۆشیاڵ میدیا جوێنی پێدابووم. مامۆستا وا داماوبێت، ئەی مێگەڵ و نەخوێنەوارەکە دەبێ حاڵی چۆن بێت؟!

بێ گومان من ناترسم ئەوەی مەبەستمە بیڵێم، ئەوەیە کە کۆمەڵەگای کوردی لە ژێر کاریگەری گوتاری سەلەفیگەراو ئیسلامی سیاسی خەریکە بەرەو داعشیەت دەروات و بەرەو ئاقارێکی توندڕۆیی زۆر مەترسیناک هەنگاو دەنێت و داعش هەموو کونج و کەلەبەرێکی ئەو وڵاتە خەریکە دەتەنێت و کەسیش خەمی لێ ناخوات و خۆی لێ ناکات بە خاوەن!

دووبارەی دەکەمەوە، کە من هەرگیز ناترسم لە هەڕەشەکانیان و بێگوومان وەکو فەرەج فۆدە وتەنی:(هەموو شتێك باجی خۆی هەیە، دیموكراتیەت باجی خۆی هەیە، عەلمانیەت باجی خۆی هەیە، شارستانیەت باجی خۆی هەیە، مافەكانی مرۆڤ باجی خۆی هەیە، هەموو باجی خۆی هەیە و دونیای شارستانی بۆ ئەمانە هەمووی بە خوێنی ڕۆڵەكانی خۆی باجیداوە، تاگەیشتوون بەوەی پێیگەیشتوون، دەریایەگەلێك خوێنیان لە پێناویدا ڕشتووە و بەسەر جەستەی هەزاران قوربانیدا ڕۆشتوون تاگەیشتوون بەم ڕۆژە.).

دوێنی فەرەج فۆدە و نەجیب مەحفوز، ئەمڕۆ سەلمان ڕۆشدی و کێو کێی ترە، بەدڵنیاییەوە گەر لە کوردستان زوو فریا نەکەوین و سنوورێک بۆ ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەراکان و ئەو فیکره داعشیە دانەندرێت، کە لە هەزار ڕەنگ و لەژێر سەتان ناو مۆدێل خۆی نمایش دەکات و شەو ڕۆژ خەریکی بە داعشکردنی کۆمەڵە، زوو، یان درەنگ، ئەمڕۆ، یان بەیانی ڕەنگ بێت من و ئەویتر، یان هەموان باجەکەی زۆر بەقورسی دەدەین.

ئینجا دەبێ هەموان باش ئەو حەقیقەتە بزانن کە فێندەمێنتالیستەکان هەڵگری فیکرێکی نەخۆش و تۆتالیتارن.
ئەوان لە کوێ دەسەڵاتیان بوو، حیجر لەسەر داهێنان دادەنێن و ڕێگری لە کرانەوەی کۆمەڵ دەکەن، فیکری ئازاد و ئیجتیهادی عەقڵ لەبار دەبەن، ،شەمەندەفەری پێشکەوتن بۆ دواوە دەگەڕێننەوە و دەبنە کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم خواست و ئازادیەکانی تاک و، جیاوازیەکان و فرە ڕەنگی و پلۆرایەتی ئایینی، سیاسی و کۆمەڵایەتی دەسڕنەوە و داری پێکەوەژیان دەبڕێتەوە و دەنگە جیاوازەکان دەخنکێنن و پانتایەک بۆ ئەویترو کونجێک بۆ هەناسەی ئازادی ناهێڵنەوە.

ئەوان باوەڕیان بە فرەیی و ئازادی و دیالۆک و ئەقڵانیەت نییە. جگە لە زمانی شمشێر، هیچ زمانێکر نازانن.

بە جوێن و بێ ڕێزی و سوکایەتی و چەقۆ هێرش دەکەنە سەر زمانی ڕەخنە و ئەقڵی زانستی و بیری ئازاد و ئازادی تاکەکان و هەرچی شتێک بۆنی ڕۆشنگەری و تازەگەری لێ بێت.
ئەوان دووژمنێکی سەرسەختی شارستانیەت و کۆمەڵێکی مەدەنی و کراوەن.

داعشگیان، مادام بانگەشەی یەقین دەکەیت و ڕەهاگەرایی بە خەڵک دەفرۆشیتەوە و مۆنۆپۆڵی حەقیقەتەکان دەکەیت، زۆر عەیبە لە گوومان دەترسیت و بە چەقۆ گەروو زمانی ڕەخنەدەبڕیت و دژایەتی ئەقڵ دەکەیت!

هەڵبەت وڵام دانەوەی نووسین و ڕەخنە و وشە، بە جوێن و چەقۆ و بێ ڕێزی، خۆی لە خۆیدا ئەوپەڕی بێ مۆڕاڵی و نیشانەی لاوازی و داڕوخان و کەوتنی ئەتەکێت و ئەخلاقی ئەوکەسانە دەگەیەنێت و بەداخەوە ئەوە ئاماژەیەکی زۆر ترسناکیشە و ئەوەمان پێدەڵێت گەر خاوەنانی ئەو جۆرە لەبیرکردنەوە تەسک و ئاسۆداخراوە دەسەڵاتیان هەبێ، ئەوە تەراتێن بە ئازادیەوە دەکەن و دادگایەکی پشکنینی ویژدان و سوتاندنی کتێبەکان هەمان شێوەی دادگاکانی کلێساکانی سەدەتاریکەکانی ناوەڕاست درووست دەکەن و کتێب و شیعر و نووسینی ئازادی خوازان و چەپ و سکۆلارەکان هەمووی دەخەنە لیستی نووسینە قەدەخەکراوەکان و خۆشیان گۆردان برۆنۆ ئاسا دەسوتێندرێن و وشەکانیان لە سێدارە دەدەن و ئازادی تیرۆردەکەن و زمانی ڕەخنە دەبڕن و بۆچوونی جیاواز سانسۆر دەکەن و دەنگی هەموو نووسەرەکانی دەرەوەی سنوورەکانی مێنتەڵێنت و بازنەی ئایدلۆژیاکەی خۆیان دەخنکێنن و هەزار ساڵ دەمانگەڕێننەوە بۆ دوواوە و نێو تاریکایی سەدەکانی ناوین!

ئاخر مرۆڤی ژیر و ئازادی خواز و شارستانی و مەدەنی، وڵامی وشە بە وشە و نووسین بە نووسین و شانۆ بەشانۆ و فیکر بەفیکر دەداتەوە، نەک بە گولە و چەقۆ و تیرۆر و جوێن و سوکایەتی و بێ ڕێزی و تەشیر و هەڵچون و ڕق و هەڕەشە و نەفرەت.




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێك -14-… شەماڵ بارەوانی

بەشی چواردەهەم/

هەڵبەت دەوڵەتی سیوكراتی دەوڵەتێكە هەوڵدەدات و تێدەكۆشێت تاوەكو شەریعەت جێ بەجێ بكات و بیسەپێنێت، ئەمەش هیچ لەگەڵ بنەماكانی هاووڵاتی بوون و پنتەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و ئازادیەكانی تاك و، تۆلەرەنس(لێبوردەیی)، و پلورالیزم(فرەیی)، نایەتەوە دژی مرۆڤ بوون و پێچەوانەی ڕۆحی پێكەوە ژیان و ئەویتری جیاواز و قبوڵكردنی ئەوانیتر و پڕەنسیپەکانی دیموكراسی و سیكۆلاریزمە بە مانا ڕاستەقینەكەی.

لە دەوڵەتی سیوکراتی دا، حاکمیەت تەنها بۆ خوداوەندە، هەر شتێک ڕوو بدات، هەر پێشهاتێکی تازه و داهێنانێکی تازە، لە دایک بێت، دەبێت بۆ شەرع و ئەحکامەکانی ئایین و فەتوای پیاوانی ئایینی بگەڕێینەوە. لە دەوڵەتی سیوکراتیدا شتێک نییە بە ناوی دیموکراسیەت و بۆچونی خەڵک و ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی و دەوڵەتی مەدەنی.

لە دەوڵەتی سیوکراتیدا شەرع و ئەحکامەکانی ئایین و قسە و فەتوای پیاوانی ئایینی(کە هەمیشە خۆیان وەکو دەم ڕاستی ئایین و وتەبێژی ئاسمان و سێبەر و نوێنەری خوداوەند) دەبینن، چی ئەوان بڵێن، ئەوە کۆتا بڕیارە.
حەڵاڵ، یان حەرام، تەواو، ئیتر کەس بۆی نییە دەمی بکاتەوە و دەنگ هەڵبڕێت و پڕۆتیستۆی بکات و ناڕەزایەتی دەببڕێت. گەرنا مۆرکی بێ دینی و دژایەتی کردنی خوداوەند و بێ ڕێزی کردن بە ئایین و مۆری کافربوون بە تەوێڵیەوە دەنرێت و خوێنی حەڵاڵ دەکرێت.

لە دەوڵەتی سیوکراتی و ئایینیدا مافەكانی مرۆڤ پێشێل دەكرێت. دەوڵەتی سیوكراتی دەوڵەتێكی پۆلیسی سەركوتكاری تۆتالیتاری بێ ئاگایە بەرامبەر بە مافە ڕاستەقینەكانی مرۆڤ و پێوەرەكانی هاووڵاتی بوون و پرەنسیپەكانی مرۆڤ بوون.

دەوڵەتی سیوكراتی دەوڵەتێكە هەرگیز لەگەڵ پرەنسیپەكانی تۆلەرەنس و فرەیی یەكناگرێتەوە. دەوڵەتێكە ڕێگە بە جیاوازی بیركردنەوە و دیدەنیگای جودا نادات و هەموو ڕەنگەکان لە بۆتەی تاقەڕەنگێكدا(ڕەنگی ئاینیی زاڵ و مەزهەبی دەسەڵاتدار)دەتوێنێتەوە و جگە لە ڕەنگی ئایینی زاڵ و دەسەڵاتدار و لە ناو ئایینەكەیش ئەو ئیدەلۆژیا و مەزهەبەی تێیدا كراوە بە تاقە ڕاستی و باشترین مەزهەب و کۆتا تەفسیر و بڕیار، هەموو ڕەنگەكانی تر و دیدو مەزهەب و ئایینەكانی تر، پەراوێز دەخرێن و دەسڕدرێنەوە.

هەموو دەنگە جیاواز و ئازادەكانی تر دەخنكێندرێن و كپ دەكرێنەوە. بەو چەشنە هەموو شتێك دەبێت لە سایە و لە ژێر کۆنتڕۆڵ و هەژموونی دەوڵەتە سیوكراتیەكەدا دەبێت و هەر ئازادییەك، پێچەوانەی دۆكترینی فەرمی دەوڵەت و دۆگم و ئیدۆلۆژیا و پێوەرە مەزهەبی و ئایینیەكان بێت، ئەوە دەوڵەتی سیوكراتی دەستی تێوەردەدات و قەدەغەی دەكات و ڕێگری لێدەكات و دنیایەك بت و پەرژین و تابووی لە بەردەمدا قوت دەكاتەوە، بە پاساوی حەرامێتی و لادان لە ئایینی فەرمی و سەتا ئەوەندەی خەڵك و داب و نەریتی گشتی و ئەخلاقی كۆمەڵ، بە كفر و هەرتەقە و زەندیك و بەڕەڵایی و بێ بڕوایی و فیسق و فجۆر لە قەڵەمی دەدات و هەموان ناچار دەكات تەنها ئەوە بكەن كە دینی دەوڵەت داوای دەكات و دەیسەپێنێت و دەیكات بە عەقیدەی فەرمی وڵات و دەستوری دەوڵەت.
بەو شێوەیە چیتر لە دەوڵەتی سیوكراتیدا، مانایەك بۆ ئەویتری جیاواز و جیاوازیەكان نامێنێتەوە و ماف و ئازادیەكانی تاك پێشێل دەكرێت و ژێر پێ دەخرێت.




گلەیی کوردبوون لە تاڵیبانەکانی کوردستان مەکەن!… شەماڵ بارەوانی

هیچ پێویست ناکات گلەیی کورد بوون لە بابایەکی ئیسلامی سیاسی و تاڵیبانەکانی کوردستان بکەیت و بڵێیت چۆن بوێری وا دەکەیت کفر و بێ ڕێزی بە پیرۆزی خاکی کوردستان بکەیت و بڵێیت:خاکی عەرەب و سعودیە لە کوردستان پیرۆزترە؟!

ئەوانە مەعدەنیان دیارە کەچین و لە کوێ ئاو دەکرێت بە ئاشی ئیدەلۆجیاکەیان.
ئەوان لەمێژە و بە ئاشکرا جاشی عرووبەن و خزمەتی ئەجێندای نەیارانی کورد دەکەن و شەڕی بە وەکالەت بۆ پڕۆژەی تەعریب و هزری فێندەمێنتالیستی دەکەن.

ئەوان بۆ خەمی خاك و دەوڵەتی کوردی و لە پێناو کوردستانی گەورە و بۆ کوردایەتی درووست نەبوون هەرگیز.

لەمێژە هەستی نەتەوایەتی به بیدعە و بیری ناسیۆنالیستی بە دەستی ئیمپڕیالیزم و دەسیسەی جولەکە و پیلانی غەربی کافر دادەنێن بۆ پارچەپارچەکردنی خاکی ئیسلام و پەرتکردنی یەکڕیزی برایانی عەرەب و ئەفغانی و شیشانی و خەلیجی و تورکی و پاکستانی موسڵمان.

کاکە گیان لە عەقیدە و بیر و باوەڕی ئیسلامی سیاسیدا شتێک نییە بە ناوی کوردایەتی و هەستی نەتەوایەتی و ئەوان باوەڕیان بە چەمکی(ئوممەی ئیسلامی هەیە).

بۆیە هەرگیز چاوەڕێ مەکە ئەمیر و ئەمیندار و ڕابەرەکانی ئیسلامی سیاسی و دەروێشەکانیان بێن و ببن بە پاڵەوانی هەستی ناسیۆنالیستی، ببن بە خانی و جەلادەت بەدرخان و قازی و، واعیز و مەڵا و دکتۆر عەبدولواحیدەکانیان ببن بە نەتەوەپەروەری تەمام عەیار و، چیتر دەستبەرداری سوکایەتیکردن و بێ ڕێزیکردن بن بە کوردایەتی و خاك و چەمکی پێکەوە ژیان و فرەیی و یەکترقبوڵ کردن و زەردەشتیەکان و ئێزدی و مەسیحی و جو و بێ دین و هەموو جیاوازیەکان.
هەرگیز، لەخەیاڵیش چاوەڕێی وەها شتێک مەکە.

ئەزیزم من لەوتاریتریشدا گووتوومە و لێرەش دەیڵێمەوە: ئەوان بۆ کوردایەتی درووست نەبوون، بەڵکوو بۆ زیندووکردنەوەی خەلافەتی ئیسلامی و ڕۆنانی دەوڵەتێکی سیوکراتی و جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی شەریعەت و بە ئایینکردنی تەواوی سێکتەرەکانی ژیان درووست کراون.

گەر ئێستا لە ژێر دیفاکتۆ و ئەمری واقیعدا، جار و بار، لێرە و لەوێ باس لە کورد بوون و دەوڵەتی کوردی دەکەن، دڵنیابە ئەوە هەمووی تاکتیک و فێڵ و ناچارییە. بە ڕووکەش دەوڵەتی کوردیشیان بوێت و سەتجار پشگیری سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمیش بکەن، درۆی دەکەن و دەوڵەتێکیان دەوێ موتوربەی دۆگمەکانی سەید قوب و بیری ئیخوانچیەتی و ئیدەلۆجیای حەسەن بەنا بێت و حوکمی مەزهەبی و فیقهی ئیسلامی و ئەجێندای ئیسلامی سیاسی تێدا باڵادەست و یاسا و سەروەربێت بێت.

خۆ بینیمان کاتێک کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لەساڵی٢٠١٣ پرۆژە دەستوورێکی شارستانی و مەدەنیان نووسی و دانیان بە یەکسانی جێندەری و ژنبوون دانا، وەکو مرۆڤ و یەکسان بە پیاو، نەک هاوشێوەی ئیسلامی سیاسی وەکو بوکەڵەی ئارەزوو و ئامێری جنس و کەنیزە و چوار ژن بە پیاوێک و نیوە میرات و بەکەم ئەقڵ و نامرۆڤانە و لە ڕوانگەیەکی زۆر نزم و نێرسالارانە سەیری ژن بکەن! ، چۆن لێرە یەکگرتووی ئیسلامی و عەلی قەرەداغی ئیخوانی قەتەری زیڕەیان کرد و هاواری ئیدەلۆژیایانە و مەزهەبیانە و پاتریارکیانە و فێندەمێنتالیستانەیان لێ بەرزبووەیە و بەیاننامەیان لە دژ دەرکردن و پڕۆتێستۆ و سەرۆکەنەیان کردن و ئەو پرۆژە دەستورەیان بە دژایەتی کردنی خودا و ئایین یەکسان و پێناسەکرد!.

ئەزیزم ئەوەیە حەقیقەتەکە، ئەوان بیر و هۆشیان لای تاڵیبان و چاویان پڕ فرمێسکە بۆ جەوهەر دۆدایڤی تیرۆرستی شیشانی و دڵیان بۆ حەماسی تیرۆرست و حەرەکەی جیهادی فەڵەستین و ئیخوانی میسر لێدەات و ئاواتیان ئازادبوون فەڵەستینی ئومەی عەرەبیە و سەریان لە کۆشی ئیخوان و گیرفان و قنیان لە باوەشی کۆماری سێدارە و ئاخوندەکانی ئێرانە.

من بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەناو حزبێکی ئیسلامی بووم و ئەندامیان بووم و وانەی ئوسرە و دەرسی تەنزیمی حزبم لایان خوێند و بە دۆگم و ئیدەلۆجیای ئیسلامی سیاسی تەڵقینیاندام، ڕۆژێک باسی شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزای دێرسمی و سمکۆی شکاک و کوردایەتی و دەوڵەتی کوردیان بۆ نەکردم، لە بەرامبەردا مێشکیان کاسکردم بە ناوی حەسەن بەناو سەید قوتب و سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانی و ئەبو ئەعلای مەودودی و فلانی ئەفغانی و فیساری پاکستانی و کێی میسری و ئەویتری سودانی و کاتێک باسی کەمال ئەتاتورك و تۆرانیەکانیان بۆ دەکردین، بەیەک وشە و یەک دێڕ باسی ئەو هەموو ستەم و زوڵم و فریوەی دەرهەق بە کورد و قەدەغەکردنی زمانی کورد و کپکردنەوەی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران(١٩٢٥) و ئاگری داغ(کۆماری ئارارات) (١٩٢٧-١٩٣٢) و سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی یەکەمی کۆچگیری(١٩٢٠-١٩٢١) و ڕاپەڕینی دووەمی کۆچگیری(دێرسم) (١٩٣٦-١٩٣٨) و جوڵانەوەی پلومەر (١٩٣٠)و جوڵانەوەی کۆچ ئوشاغی(١٩٢٦) و کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی دێرسمیان نەدەکرد، بەڵکو تەنها باسی ئەوەیان بۆ دەکردین کە ئەتاتورک کەسێکی بێ دین بوو و خەلافەتی ئیسلامی هەڵوەشاندەوە و لیباس و جبە و عەمامەی عەرەبی مەڵاکان و بانگی بە زمانی عەرەبی قەدەغەکرد و دژایەتیەکی زۆری ئاینی کرد و هەر لەو سۆنگەیەشەوە، ڕقیان لە ئەتاتورک دەبوویەوە، نەک لەبەر ئەوەی دژایەتی کورد و کوردستانی کرد و کەمالیەکان چۆن لە ڕێگای تیرۆری دەوڵەتەوە کوردستان و کوردیان خەڵتانی خوێن کرد.

بۆیە دڵنیابه، کامەیان لە هەمووی زیاتر خۆی لا مەدەنیترە(وەک ئەوەی هەندێکیان وا خۆیان ناوزەددەکەن) لە هەمووی داعشترە، بەڵام کاتێک حوکم بکەوێتە دەستیان و دۆخەکە لە بەرژەوەندی ئەواندابێت و هێز و دەرفەتیان هەبێت.
بەڵێ تەنها دوو ڕۆژ بەسیەتی بۆ بە داعشکردنی کۆمەڵ و سەپاندنی شەریعەت و جێ بەجێکردنی ئەحکامەکانی شەریعەت، کە ئیسلامی سیاسی حوکم بکەوێتە دەستیان.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…21…شەماڵ بارەوانی

بەشی بیست و یەک/

لە فەقێیەکی دۆگمایی و فێندەمێنتالیستەوە، بۆ مرۆڤێکی سیکۆلارست و لیبراڵ..!

لە چەند بەشێکی سەرەتای بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕادا، بە کورتی باسم لەهەندێک لە جیهانبینی و ڕوانگەی موعتەزیلەکان و قورئانیەکان و عەدنانیەکان و ئەشعەریەکان..تاد. کرد.
جا ئێمە بەو شێوەیه کۆمەڵێک لە فەقێکان بووبووین بە قورئانی، وەلێ دوای ماوەیەک و دواتر قورئانیش نەماین.

من زۆرجار بۆ شۆخی بە هەندێك لە فەقێکانم دەگووت: هاوڕێیان دەزانن قورئانی بوون، دوایین قۆناغی ئاییندارییە، وەک چۆن مارکس دەڵێت: ئیمپڕیالیزم دوایین قۆناغی کاپیتالیزم و گەشەی سەرمایەدارییە!؟

جا فەقێکان وەک باسم کرد، دوای ئەوەی تووشی گۆڕانی فیکری و عەقائیدی بووین، هەیان بوو، بوو به مەسیحی و هەیانبوو بوو بە قورئانی، هەشبوو بوو بە کەسێکی لائیک، هەشیانە هەر ڕۆژە و بیر و باوەڕێکە و هەردەمەی لەسەر پەتێک یاری دەکات، سەعاتێک ئەتایست، یان لائیک و بێ دینە. سەعاتێکیتر ڕبووبی و دایزم، یان ئەگنۆستیکە، سەعاتێک دواتر ئایدیالیست، یان عیرفانی و سۆفیزمە. دەمێک دەچێتە کلێسا و سەردانی قەشە دەکات و ئینجیل دەخوێنێتەوە و دەمێکیتر دەڵێ زەردەشتیم و لەناو پەرستگای زەردەشتیەکان زەردەشتی بوونی خۆم جاڕدەدەم و دەمێکی تر مەدحی جووەکان دەکات و تاسەی گەشتێکی تەلئەبیب و ئیسرائیل دەکات و گاهێتر کەسێکی ماتریالیستە و ئایین بە خوڕافە و وڕێنە و تریاکی گەلان دەزانێت و پشتگری پڕۆلیتاریاو مارکس دەکات.
ڕۆژێک دەڵێت تەنها زانست پێوەر و حاکم و بڕیار دەر و تەواوە و سوێند بەسەری نیوتن و ئەنیشتاین و ستیڤن هاوکینگەوە دەخوات و هەرچی ناسا گووتی ئەوە ئایین و یەقینە لای ئەو، ڕۆژی دواتر دەڵێت: زانست لە ئاستی ئایین دا هیچ نییە. مانگێک نەتەوە پەرستە و لە فەیسبووک بانگەشە بۆ بیری ڕاسیزم دەکات و مانگێکیتر گاڵتە بە هەستی نەتەوەیی دەکات و دەڵێت نەتەوە چییه و من کورد نیم و عەرەبم!
بەیانی عەدەمی و نهلیست و پوچگەرایە و ئێوارە ئەنارشیستە. ئەمڕۆ پۆستێک لە فەیسبووک دەکات، بەیانی لێی پاشگەزدەبێتەوە و خێرا دەیسڕێتەوە.
بە کورتیەکەی لە پاشەگەردانی و سەرگەردانی دادەژیت و خۆی بۆ هیچیان یەکڵایی نەکردووەتەوە.
کەسێکی ڕاڕاو ناجێگیرە، هەڵبەت ئەو هەموو تەنەقولاتە خێرایه و هەر دەمەی ڕۆیشتن بە لایەکدا و یاریکردن لەسەر پەتێکدا.
هۆکارەکەشی بە بۆچوونی من: ئەو کۆنە فەقێیە پاشخان و پاکگراوەندێکی ڕۆشنبیری و مەعریفی و ڕۆشنبیری قوڵی نییە و ناخوێنێتەوە و تەنها جارجار سەیری کورتە ڤیدۆی ئەم و ئەو دەکات و زوو دەکەوێتە ژێر کاریگەری هەر شتێک کە دەیبیستێت و زووش وازی لێ دێنێت و دوژمنیشی کتێبە و لە هەموو ژیانم یەکەم کەسە، ببینم کە قسە بە کتێب بڵێت و سوکایەتی بە خوێندنەوە بکات و بڵێت: خوێندنەوە چییە و کەی مۆدیلی موتاڵا و کتێب ماوە و بەردەوام بەمن دەڵێت:کۆیلەی کتێب!
منیش بۆ خۆشی پێی دەڵێم تەمبەڵ و نەخوێنەوار.
هەڵبەت ئەو فەقێیە سەرەتای لائیکبوون و بێ دینیەکەیشی ئەوەی من تێبینیم کرد ئەوکات، کاردانەوە بوو، زیاتر لەوەی هۆشیاربوونەوە، یان پشت بەستن بێت بە خوێندنەوە و بەزانست و بەراوردکردن و بیرکردنەوە و لۆژیك و تێڕامان و گومانکردن و پرۆسەیەکی دوور و درێژی چەندساڵە، ئاخر ئەو لەپڕ و چۆن بڵێیت لە شەو ڕۆژێكدا باوەڕی بە ئایین نەماو و جاڕی بێ ئایینی خۆیدا!
ئینجا سەبارە بەو شێوازە گۆڕانە فیکریە لەناکاوە و هەر ڕۆژەی چوونەسەر مەزهەب و ئایین و ئایدیا و فیکرێك، من لێرەوە دەوەستم و لەبەشەکانی داهاتوو لەبەشێکی تری بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا زیاتر لەسەری دەدوێم، کە ئایە مرۆڤ دۆگمایی بێت و کوێرانە لەسەر بیر و باوەڕێک بێت و شوێن کۆمەڵێک دۆگم و ئەقیدەیەکی دیاریکراو بکەێت وهەرگیز دەستبەرداری نەبێت و باوک و خێزان و عەشرەت و دەورو بەرەکەی و دێ و شار و دەڤەرەکەی چی ئایین و ئایدیا و مەزهەب و ئیدەلۆژیایەکیان هەبوو، ئەمیش ڕێک وەکوو ئەوان بێت و سێبەر و کۆپی پێستی ئەوان بێت و” لەسەر یەقینیاتی دۆگمایی و ئەرتۆدۆکسی خۆی بخەوێت و ئولفەتی بۆ ئەو گوتەزا دەمارگیری و ئایینیانە هەبێت کە لەگەڵ شیری دایکی خواردوویەتی و هەمیشه بێتە دیلی قاڵبە تیۆلۆژی و لاهوتییە کلاسیکییەکان و نەتوانێت لە بەرامبەر تێڕوانینی ئەنترۆپۆلۆژیای نوێدا بکرێتەوە. “(١). و دەق بە مەزهەب و ئیدەلۆژیا و فیکرێکی دیارکراوەوە بگرێت و لە ناو بازنەی کۆمەڵێک دۆگمی نەگۆڕ و جێگیر و لەبۆتەی بیر و باوەڕ و ئەقیدە و ئایینێکیدا بوونی خۆی قەتیس و زیندانی بکات و هەوڵی ڕزگاربوون و هاتنە دەرەوە نەدات، یاخود هەر ڕۆژە و بیر و باوەڕێک چون گۆڕینی پێڵاوەکانی بە ئاسانی بگۆڕێت و کەسێکی چەقبەستوو نەبێت و” کڕکەوتن لەسەر شتێکی کۆتایی و جێگیر ڕەت کاتەوە”؟!(٢).

هیوادارارم ئەو کۆنە فەقێیەلێم دڵگران نەبێت و ئەوە حەقیقەتێکە من باسم کرد و ئێستاش و لەکاتی فەقێیاتیش، ئەو نزیکترین هاوڕێمە و لە مەقامی برایەکدایه و پەیوەندی برایەتی و هاوڕێیەتیمان لەوپەڕی بەهێزیدایە و لەچەند بەشێکی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕادا، لەهەندێک بیرەوەری و بەسەرهات و شت زۆر هاوکار و یارمەتی دەرم بووە. وەلێ حەقیقە و هاوڕێکەمم هەردووک خۆشدەوێت، وەلێ حەقیقەت زیاتر. ئەوهاوڕێیەم من زۆرجار بۆ شۆخی پێی دەڵێم: تۆ چ بە ئاقڵی و چی بە کەراتی هەر ئازیزی لای من و هەردووکیشت لێ دێت. واتا هەم ئاقڵی و هەم کەراتی. کە وای پێدەڵێم هاهاها هەردووکمان دەدەینە قاقا.
هەرسەبارەت بەو گۆڕانە فیکریە، فەقێیەکیتری هاوڕێم لەسەر ئەو گۆڕانە فیکریە، باوکی کەسێکی یەکگرتووی ئیسلامی بوو، لەماڵەوە زۆر کێشەی بۆ درووست بوو. فەقێیەکیتری هاوڕێم دیسان هەمان شێوە تووشی زۆر ناڕەحەتی و ناخۆشی بوویەوە لە لایان کەسە نزیکەکانیەوە.
هەڵبەت من هیچ ناخۆشیەکم لە ماڵەوە تووش نەبوو، ئەو پەڕی ڕێزیان گرتم.
ڕاستە لە دڵەوە زۆریان پێ ناخۆش بوو، بەڵام هەرگیز نەیان درکاند. تەنها دایکی کۆچکردووم نەبێت، زۆر جار بە خەندەوە پێی دەگووتم: تۆ بۆ وات لێهات و وا گۆڕایت؟!

دنیایەکی سەیرە!
هەرگیز بە خەیاڵیشم دانەدەهات، ڕۆژێک دادێت من تووشی ئەو گۆڕانە فیکریە دەبم و لە فەقێیەکی دۆگمایی و کەسێکی ئیسلامی و بابایەکی فێندەمێنتالیستەوە، دەگۆڕێم بۆ کەسێکی سیکۆلار و لیبراڵ!
محەمەدی مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس بەرلەوەی بکەوێتە ژێرکاریگەری فەلسەفەو هزری چەپ و ببێت بە شیوعی(٢). ئیخوانی بوو، وەکو دکتۆر(عیزەدین مستەفارەسول) ئاماژەی بۆدەکات، دکتۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ خۆیشی کوڕە مەلا بووەو لەحوجرە و فەقێیاتی خوێندویەتی و دواتر دەبێت بە کەسێکی شیوعی.
……
١-دەربارەی عەلمانییەت و ئایین(هەڵبژاردەیەک لە بەرهەمەکانی ئەرکون، د. محەمەد ئەرکون، وەرگێڕانی:د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد،چاپی یەکەم-٢٠١٨، سلێمانی، پ١٠٩-١١٢.
٢-هەمان سەرچاوە، پ١٢٤.
٣-د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ، ئەزموونی بە بڕشتی قەلەمێکی سەربزێو، هەیڤ پەیڤین، ئازاد عەبدولواحد موکریانی.




سوبحان اللە بۆنی بەهەشتێ هات!… شەماڵ بارەوانی

مناڵ بووم و بیرمە، لە دێیەکەمان(دێی بارەوان) لە بەردەڕەش، گۆڕستانێکی لێبوو، لە خوار دێ و دەکەوتە نێوان هەردووك: بارەوانی گەورە و گچکە. جا خەڵکی دێ، ئەفسانە و چیرۆکی سەیر سەیریان سەبارەت بە گۆڕستانەکە دەگێڕایەوە، یەکێک لەو چیرۆکانە ئەوەبوو: کە جارێک مردووێکی ناو گۆڕستان شەو دەبێت، بە فانۆسێک دەکەوێتە دوو پیاوێکی دێی بارەوانەکەی تر.

تازە ڕۆیشتبوومە حوجرە و قوتابخانەی ئایینی و ببووم بە فەقێ، ڤیدۆیەکم کردبوو ناو موبایلەکەم، کوڕێک بوو، نیوەی کرابوو بە بەراز و نیوەکەیتریشی مرۆڤ.

زۆر جوان و هونەرمەندانە کاری مۆنتاژیان بۆ کردبوو، دەتگووت فیلمی هاریپۆتەر و بەرهەمی سینەمایی هۆڵیودە. گوایە ئەو کوڕە تاریکولسەڵات بووە و نوێژی نەکردینە و خوداوەند لە تۆڵەی ئەمە، کردوویەتی بە پەند!

جا ڕۆژێکیان کۆمەڵەك میوانمان هەبوون، منیش هەم فەقێ و هەم ئیسلامی و یەکگرتوو بووم و زۆر باوەڕم بە ئەفسانە و ئەو جۆرهخوڕافیاتانە هەبوو، منیش هینامەدەر و پیشانی هەموانمدا، عەیب نەبیت، ڤیدۆکە دەلێم، تا لە خوداوەند بترسن و نوێژەکانیان بە ڕێک و پێکی ئەنجام دەن، خزمێکان، کاکە(س)پێشووتر کەسێکی ڕادیکاڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی بوو، دواتر لێیان هەڵگەڕابوویەوە، ناوی کوڕەکەشی نابوو: زەردەشت، وەک هێمایەک بۆ زەردەشت، کە پێغەمبەری کوردانە.
جا کە ڤیدۆکەی بینی، گووتی: وڵاهی درۆی ئیسلامیەکانە.

بێگومان ئەقڵی خوڕافی، ئەقڵێکی شێواو جێگای بەزەیی و زۆر خۆشباوەڕ و نالۆجیکی و نازانستی و نابیرکەرەوە و داماوە.
فەزای کۆمەڵی کوردیش ئێستا بە حکومی ئەوەی لە سۆشیال میدیا، ئیسلامێکان چاڵاکان و سەتان گرووپ و پەیج و چی و چیان داناوە و لێشاوێک وتار و وەعزی خوڕافی و نائەقڵانی و دژە زانست و لۆژیکی پیاوانی ئایینی و بانگخوازانی سەر بە ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەراکان بڵاو دەکەنەوە و کاریگەری لە سەر هزری هەرزەکاری بێ ئەزموون و سادەلەوح و بێ پاگراوەند و نا ڕۆشنبیر دروست دەکەن و خەڵکێکی لەو چەشنە لە ژێرکاریگەری گوتاری ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەرێتیدایه، ئەو ئەقڵیەتە ئەفسانەچی و خوڕافیچیەی بەسەردا زاڵە و لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم هەژموونیان بەسەر مینتاڵێنت و ئەقڵیەتی بەعزێکی زۆر لە تاکی کوردیەوە هەیه و خوڕافەو درۆی وایان بە ناوی ئایین و پەڕچو و موعجیزەوە دەرخوارد دەدەن و مێشک و ئەقڵ و بیر و هۆشیان بەو جۆرە خوڕافیات و درۆیانە هاکدەکەن و تێک و پێک دەدەن.

کارەسات ئەوەیه: خەڵکێک زانکۆ و شتی تەواو کردبێت و عەوامانە بیربکاتەوە و باوەڕ بەو جۆرە خوڕافیاتە بکات.

مامۆستایەکی برادەرم فیزیای تەواو کردووە و لەقوتابخانە زانست دەڵێتەوە و لێرەڕا دەڕواتە نەجەف و کەربەلا، بۆشین و ڕۆ ڕۆ و لەخۆدان و قوڕ پێوان.
برادەڕێکیترم قانون و شتی تەواو کردووە و حاکمە لە دادگاو لە یادی عاشورادا، لە حوسێنیه جەستەی خۆی خەڵتانی قامچی و شەڵاڵی خوێن دەکات!

کەسێکیتر دەناسم، پزیشکی گشتی تەواو کردووەو دەروێشی تەریقەتی عەبدولقادری گەیلانیە و بڕوای وایە:شێخ داویەتی لەشەقەی باڵ و فڕیوە!

لەحوجرەیەک دەمامەوە کاتی فەقێیاتیم، ماڵە شێخێک سەرپەرشتیان دەکرد، ڕۆژانە دەیان کچە خوێندەکاری زانکۆ و پەیمانگاو ژنە مامۆستا، دەهاتنەلای شێخ ژنێکی نەخوێنەوار، بۆ نوشتەو مراز حاسڵ بوون و گرێی بەخت کرانەوەو شت!

کەسێکیتر دەناسم واعیزێکی تەمام عەیارە، وەلێ لە بەرگی دەروونناسیدا. کابرا مامۆستای زانکۆ و سایکۆلۆژیست و پڕۆفیسۆرە و دابەزیتە ئاستی نەخوێندەوارترین مەڵا و ڕۆڵی خوڕافەگێڕێک دەگێڕێت و فرۆید و دەروونناسی تێکەڵ بە گوتارێکی ئایینی لێواو لێو لە عاتیفە و خوڕافه دەکات و لە شێوەی واعیزێکی سەربەئیسلامی سیاسی و پیاوێکی ئایینی قسە دەکات و بازاڕ بۆخۆی گەرم دەکات و مێگەڵ لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە.

کابرایەکیتر دەناسم، لە فەڕەنسا و سۆربۆن و دکتۆرای خوێندووە و خۆی پێ سارتەر و کامۆ و ئەندرێ بریتۆن و، فەیلەسوفی کوردە و لە تەسەروفات و هەڵسوکەوت و قسەکردن، دادەبەزێتە ئاستی کەسێکی شێت و فەریکە فەقێیەکی نەخوێنەوار و دەستی مەلا عەلی کەڵەک ماچ دەکات و بازاڕی فاڵ و فێڵ و نوشتە دەبووژێنێتەوە.

ئیتر ئاوایە ئازیزەکەم، لە کۆمەڵی ئەقڵ خوڕافیدا، هەزارجار بڵێیت خەڵکێک ڕۆیشتە سەرمانگ و ناسا ئاوی لەسەر مەریخ دۆزیەوە و ستیڤن هۆکینگ باسی مەترسی بونەوەری ئاسمانی کردووە لەسەر ئاییندەی مرۆڤ، زانست و ئەو قسانە قۆڕانە فلسێکی سوتاو ناهێنێت و هەزار و یەک جوێن و سوکایەتی و بێ ڕێزی بۆیەت، مادام جندۆکەی مەزهەب و دووپشکی زل زلی سزای ناوگۆڕ و موعجیزەی پەیامبە(د.خ) نەبێت، کە گوایه وەکو بەلوعە ئاو لە پەنجەکانی دەڕۆیشت.

لە کۆمەڵی خوڕافە تۆ بڵێ:
لەسەر شاخی پیرەمەگرون نووسراوە:لا ئیلاهە ئیلا اللە و لەسەر هێڵکەی مریشكێك و زگی مانگایەک و پشتی بزنێك نووسراوە(اللە)،
هەزاران وەی سوبحان اللە و ماشااللەت لە کۆمێنت بۆ دێت!

وەکو چون بینیمان لەو یەك دوو ڕۆژی بەرێ گەنجێک مرد، گوایە ئەو گەنجەی کە سەر بەئیسلامی سیاسی بوو و گرنگی بە ڕیوایەت و دین و شت داوە، بۆنی میسك و شت لە لەشی هاتووە و ئەم پەیجی ئیسلامی سیاسی داماو، بۆ ئەویتری بەستەزمان، ئەو هەواڵە خوڕافی و تڕوهاتەیان حەواڵە دەکرد و لە لایان لەشکری خورافه و کۆمەڵی مێگەڵ و مرۆڤی نابیرکەرەوە و ئەفسانە پەروەر، هەزاران کۆمێنتی ماشااللە و سوبحان اللە و شتی بۆهات!

هەڵبەت پەیام و ئیدەلۆجیا و گوتاری ئیسلامگەرا و سەلەفیگەراکان خاڵییە لە ئەقڵانیەت و لۆژیك. ئیسلامگەراکان و سەلەفیگەراکان دوژمن و نەیارێکی سەرسەختی ئەقڵ و ئەقڵانیەت و بیرکردنەوەی ئەقڵانین.

ئەوان هەڵگری گوتارێکی بارگاوی بە عاتیفە و لێوان لێو لە خوڕافەن و بە حوکمی لاوازییان لە لۆژیک و ئەقڵانیەتدا هەرگیز، ناتوانن دیالۆک و موخاتەبەی ئەقڵ بکەن و بکەونە گفتوگۆ و دیبات لەگەڵ ئەقڵ.

بۆیە ئەقڵ و ئەقڵانیەت لە کوێ بوو ئەوان دژایەتی ئەو شوێنەدەکەن و لە ترسی ئەو شوێنە ڕادەکەن و ئەقڵ و لۆژیك و فەلسەفە وەکو دەعباو دڕندەیەک و دوژمنی خواداوەند پێناسەکەن.

ئاخر کەسابەت و بازاڕی ئەوان لەسەر خوڕافە و بیری ئەفسانەگەرێتی و لەناو مێگەڵدایە، نەک لە لای مرۆڤی هۆشیار و کێڵگەی زانست و هەرێمی ئەقڵانیەت.

ئەوان هەڵگری بیرکردنەوەیەکی مێژووی و کلاسیکی و ئیدەلۆژی و دۆگمایی و فیقهی سادە و زۆر سەرەتایی و تاخواحەزبکات خوڕافین.

چیرۆکەکان سەبارەت بەو جۆرە خوڕافە و ئەفسانە پڕۆ پوچانە هێندە زۆرن، پێنج کتێبیان لەسەر بنووسرێت تەواو نابێت.
ئەوە بیرمە ماڵمان لە دێی بارەوان بوو و مناڵ بووم، کچێک لە دێیەکی نزیک دێیەکەمان، دێی(ت…) گوایە ڕۆشتووە بۆ بەهەشت و گەشتی دۆڵەکانی دۆزەخی کردووە و زڕدایکەکەی لە دۆزەخ و دایکی حەقیقی خۆیشی لە بەهەشت بینیوە و، بووە بە فریشتەی ئاسمان و خوداوەند هەموو شتێکی پێ بەخشیوە و تەنانەت مەلەوانی لەناو حەوزی کەوسەرێ کردووە.
خزمێکمان هەبوو زۆر کۆمێدی بوو، دەیگووت: وڵاهێ درۆی دەکات، شەو لەبەر خەوێ میزی بەخۆی داکردووە و دەڵێت لە حەوزی کەوسەرێ مەلەوانیم کردووە.

جا خەڵک لەسەرتاسەری کوردستان و تەنانەت لە دەوڵاتانی تری وەکو تورکیا و سوریا و ئێرانیش پۆل پۆل دەهاتن بۆلای، بە مەبەستی مراز حاسڵ بوون و مناڵ بوون و چاکبوونە و چوونە بەهەشت و شتی لەوجۆرە.

بیرمە شەوێک کۆمەڵێک پیاوی دێیەکەمان، کە مەڵای دێیەکەشمانی لەگەڵدابوو، هەموو ڕۆیشتن بۆلای ئەو کچە، لەوێ کوڕی پلکم، کە پێشووتر شەلەل لە دەم و لێو و شتی دابوو، گووتی بە کچە بڵێن با بێت، کچە هات و تا هێزی تیابوو دوو شاپی لە قڕ و قەپۆزی دا، تا بگەڕێتەوە سەر شێوەی سروشتی و ئاسایی جارانی خۆی.

لە ڕێگا، کە دەگەڕاینەوە بۆ دێی بارەوان، شەو بوو و هەموان لەناو پاشی پیکابێکی مۆدیل هەشتاو دووبوو، سێ بوو باشم بیرنەماوە، دابووین، مەڵای دێیشمان لەگەڵدابوو، وەکو ئاماژەم پێکرد، ئەوە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەڵێم.

هەڵەنەبم تەنها من و منداڵێکی تر لەنێویاندابووین، جا لە ڕێگا هەرهێندەمان زانی مەڵا: گووتی سوبحان اللە سوبحان اللە، هەموان وتیان چیبوو، چیبوو؟!

مەڵا گوتی:نەتان بینی؟ نورێک لە سەر ئەو دێیه و ڕێک لە ڕاست ماڵی کچە بەرزبووەوە بۆ ئاسمان، هەموان پێکەوە دامانە سەڵاوەت لێدان و ئەستەغفیر و الڵە و اللە و ئەکبەر و، اللە و مەسەڵی عەلا سەیدینا موحەمەدمان یەک بەدەنگ پێکەوە دەگووتەوە و دەنگمان دەگەیشت بە کەشکەڵانی ئاسمانێ.

جا ئەو مەڵایە لە دێیەکەمان، هەموو وتارێکی ڕۆژی جومعان دەیگووت: دەجال لە ئێرانێ بە زنجیر بەستراوەتەوە و ئاخیری زەمانە و هەبزانە زنجیرەکان بپسێنێت و بێت. زەندەقم لە دەجال چووبوو شەو بە ترسی دەجالەوە دەخەوتم و چەندینجار لە ترسی دەجال شەو میزم دەکرد بەخۆم داو دەمگووت: کێ ناڵێت کاتێک خەڵکی دێ هەموان لە پڕمەی خەوداین و دەجاڵ نایەت و بدات بەسەرماندا و جینۆسایدمان بکات و سەرمان ببڕێت؟

زۆرجار بەهۆی فۆبیای هاتنی دەجالەوە دەڕۆیشتمە سەر بانێ و سەیرم دەکرد بزان دەجال نەهات هاهاها.

جا سەبارەت بەو نورەی مەڵا، ڕۆژی دواتر، بێ ئەوەی خۆم نوور و شتم بینی بێت، بە ماڵەوە و دایکموانم گووت: بەو خوایەی شەو، بەهەردووک چاوەکانی خۆم بینیم نوور لە ئاسمانی دێی ماڵی کچەکە بەرزبووەوە، ئەوانیش هەموان دایانە سەڵاوەت دان و وەی ماشاالڵە و شت هاهاها
جا پلکە (خا..) هەبوو، خزم و جیرانمانبوو بە قەد دایکمم خۆشدەویست، ڕۆحی شادبێ لەگەڵ ڕۆحی دایکم.
Shamal Ismael Kareem
ڕۆژێک لەماڵی ئێمە لەگەڵ هەموو ماڵەوە پێکەوە دانیشتبوون و وەک چۆن لە هەموو دەر و دەڤەر دێ، باس باسی ئەو کچە و موعجزەکانی بوو، لە ماڵی ئێمەش ئەو باسه بوو.
من و کاکە شەعبانی هاوڕێی سەردەمی مناڵیم، ڕۆیشتینە دەرەوە و لەبەر پەنجەرەی ژوورەوە، ئەوکات (ساڵی١٩٩٩)، بۆنێکی فەڕەنسی هەبوو، بۆنی زۆر تیژ بوو، باو باوی ئەو بۆنەبوو، جا من و شەعبان بۆنێکی فەڕەنسیمان لابوو لە بەر پەنجەرەکە تۆزێکمان ڕژاند و بۆنی خێرا بەو ناوەدا پەرش و بڵاو بووەوە و گەیشتە ژوورەوە، دایکم و پلکە( خ) گوتیان سوبحان اللە سوبحان اللە، ئەوانەی لە ژوورەوە بوون گوتیان:چیبوو، چیبوو؟!
ئێمەش لەبەر پەنجەرەکە گوێمان بۆ شڵکردبوون بزان چی دەڵێن،
دایکم و پلکە(خا…)گوتیان: سوبحان اللە لە گەورەییت خودایه، چۆن باسی ئەو کچەمان کرد و یەکسەر بۆنی بەهەشتێ هات!
من و شەعبانی هاوڕێم بە پێکەنینەوە چوینە ژوور و حەقیقەتی چیرۆکی بابەتی بۆنەکەمان بۆ باسکردن، هەموان دایانەقاقا و دایکم و پلکە(خ)یش تێر قسەیان پێگووتین.




کۆڵانەکانی غەریبی… شەماڵ بارەوانی

جەنتاکەمم پڕ کردووە لە دڵ تەنگی و

سواری کەشتی نامۆیی بووم

ملی ڕێگای مەرگم گرتووەتەبەر و

بەرەو کەناری سەراب

سەوڵی ماڵئاوایی لێدەدەم

دەمەوێ لە دوورگەی تەنیاییدا بگیرسێمەوە و

ببم بە هاوڕێی لم

چیرۆکی بەرد بۆ بێزاری بگێڕمەوە

داستانی خەمەکانم بۆ شەپۆڵی دەریا باسکەم

تابلۆی بێ ناسنامەییم

لە سەر دڵی دیواری غوڕبەت بە بۆیەی بێ ڕەنگی

بکێشم

هۆنراوەی گریان

لە سەر تاتەبەردی کەنار دەریای بێ ئۆقرەیی

هەڵبکۆڵم و

بێزاری هەناسەکانم ئاوێتەی هەوری دابڕان کەم

لە سەر لوتکەی چیای عەدەم

پەیکەرێک بۆ ناسۆریەکانم ڕۆ بنێم

یادەوەریەکانم

لە سەر پەردەی تەمی ئاسمانەوە بنووسم

ئەڕشیفی زامەکانم

بە باڵای تاوەری نیگەرانیدا هەڵبواسم و

یاداشتەکانم

بە سنووری جوگرافیای بیرچوونەوە بسپێرم و

نۆڤلێتی بوونم بخەمە قەفەسی فەرامۆشییەوە

دەمەوێ

دۆکیۆمێنتی ئەسرینەکانم بسووتێنم و

ئەلبوومی ڕابردووم بسڕمەوە

دووبارە ببم بە تراویلکە و

پیاسەیەکی جادەی بێ هۆدەیی بکەم و

چۆڵەوانی ناخم تەی کەم و

کۆڵانەکانی غەریبی بژمێرم

لە سەر شۆستەی ماخولانیەتدا

قژی خەمەکانم بکەم بە پەت و

ئازارەکانی ڕۆحمی پێ لە سێدارە بدەم

دەمەوێ ببم بە هەڵم

ببم بە سێبەر

ببم بە هیچ
دەمەوێ

لە کافێی سەرگەردانیدا قاوەیەکی ڕەش

چون بەختم و تاڵ وەکو یادگاریەکانم بخۆمەوە

بڕۆمە باڕی بێزاری و

پێکێ مەی غوربەت بنووشم و

لە خۆم مەست بم

لە نیشتمانی پەشیمانیدا

وڵاتی نامەی خەم وەرگرم و

لە فرمێسکی خوێندا بتوێمەوە

و

لە شەقامی بێ تاقەتی و

لە ناو تۆزی پێی غەریبیدا ون بم.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا..20… شەماڵ بارەوانی

بەشی بیستەم

فەقێیەک، لە دژایەتی ژنەوە، بۆ سەنگەری فێمێنیستەکان..!

ڕۆژگارێکی سەیرە گیانە!
من سوێندم خوارد و بەڵێنم دا، کە پێنج هەزار کتێب بخوێنمەوە، تا دژایەتی مەهاباد قەرەداغی و ڕێکخراوەکانی فێمێنیستەکان و بزووتنەوەکانی مافی ژنانی پێ بکەم، کەچی دواتر لەمیانی خوێندنەوەی بەردەوامی چەندساڵەی چەندهەزار کتێب و بیرکردنەوە و تێڕامان و بەراوردکاری، سەرەنجام تووشی گۆڕانی فیکری بووم و لە جیاتی دژایەتی کردنەکە، دەیان شیعر و تار و نوووسین و بابەتم سەبارەت بە خەباتی فێمێنستی و سەربەستی ژن و مافەکانی، ژن و خەون و ئازادیەکانی ژن، ژن و ئازار و موعاناتەکانی، ژن و دژایەتی کردنی ئەقڵی نێرسالاری و جیاکاری ڕەگەزی، لە پێناو ژنبوون و یەکسانی جێندەری، لەسەر ڕەگەزی دووەمی سیمۆن دیبۆڤوار و حەوت ڕۆمانی نەوال سەعداوی و پێنج ڕۆمانی فەزیلە ئەلفاروق نووسی و لە دەیان گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕدا، بڵاوبوونەوە.

کتێبی یەکەمیشم، کە بەرهەمێکی شیعری بوو و لەساڵی ٢٠٢٠، یەکەم چاپی لە ژێر نانویشانی”مەملەکەتی ژن کوژان” لێ بڵاوبووەوە.

سێیەم کتێبی شیعریشم”ئەمشەو تەنیایی دادەگیرسێنم” کە ئێستاوا لەژێر چاپە و لەو ڕۆژانە بڵاودەبێتەوە.
لە کۆی سی و شەش شیعری نێو کتێبەکە، هەشت دانەیان بۆ ئازادی و ئازار و خەم و ماف و تراژیدیاکانی ژنە.

بەشێوەیەك بەرگری لە مافەکانی ژن دەکەم و دژی ئەقڵیەتی نێرسالاری دەنووسم، تەنانەت بەشێک لە پیاوەکان بەوە تۆمەت بارم دەکەن، کە زۆر ژنانە دەنوووسم و ڕۆشتومەتە سەنگەری فێمێنزمەکانەوە و دژایەنی پیاو و نێر دەکەم.

ئەوەش بڵێم: من بێگومان لە سۆنگەی مرۆڤ بوونم و باوەڕی تەواومەوە بە یەکسانی جێندەرییەوە ئەو قسەیە دەکەم، چۆن پیاوسالاری نەخۆشیەکی کوشندە و دیاردەیەکی قێزەون و نامرۆڤانە و دێرینەیە و کۆمەڵ و مرۆڤایەتی تووشی پەرتەوازەیی و دووبەرەکی و ئیفلیج و دەرد و بەڵاو ئافات و ماڵوێرانی دەکات، ژن سالاریش هەمان شێوە.

بۆیە ئێمە دەبێت دایمە مرۆڤ سالارانە بیربکەینەوە و ژیان بکەین، ئەو دیواری جیاکاری ڕەگەزییە بڕمێنین، کە لەسەر بنەمای جیاکاری جێندەری لەنێوان هەردووک ڕەگەزدا ڕۆنراوە.

ئەو ئەقڵیەتە نێرسالاریە نەخۆشە لەناو بەرین و مرۆڤەکان لەبێ مانایی و مەترسیەکانیدا ئاگاداربکەینەوە و هەموان لە ڕێگای پەروەردە و یاسا، خێزان و ڕاگەیاندنەوە، ئاشنای چەمکی یەکسانی جێندەری بکەین.

ئێمە دەبێت هەردووك ڕەگەز، خەبات بۆ ئەوە بکەین، کە جیاکاری ڕەگەزی نەمێنێت و یەکسانی جێندەری ببێت بە یاسا و کولتوور و، لەدەستوور و لەناو ئەقڵ و مینتاڵێنت و هۆشیاری تاکدا بچەسپێت و پەرژینی ئەقڵیەتی نێرسالاری بەیەکجاری بڕمێت.

توندڕۆیی و زیادەڕەوی چ لای پیاو لە دژی ژنەوە بێت، چ لای ژن، لە دژی پیاوەوە بێت، هەردووکی تراژیدیا و ماڵوێرانکەر و نامرۆڤانەیە.
ئێمە دەبێت هەردووک ڕەگەز، دەست لەناو دەست و شان بەشان، کار بۆ سڕینەوەی بیری نێرسالاری و جیاکاری ڕەگەزی بکەین، کار بۆ نەهێڵانی ئاسەوارە خراپەکانی ئەو ئەقڵیەتە پاتریاریکیە بکەین. دووبارە مرۆڤ بهێنینەوە سەر سکە ساخڵەم و ڕێگە ڕاستەکە، ئەویش ڕێگەی مرۆڤ بوون و یەکسانییە.

ڕێکخراوی ئافرەتان هەیە توندن زۆر، لە گۆڤار و ماڵپەڕەکانیان ڤیتۆی پیاویان کردووە و تەنها نووسینی نووسەرە ژنەکان بڵاو دەکەنەوە و من وتار و شیعرم بۆ ناردوون پێیان گوتووم تەنها هی نووسەرە ژنەکان بڵاو دەکەینەوە، جا مەهەزلەکە ئەوەیە، ئەو شیعر و تارانەی بۆم ناردن، هەموویم بۆ خەمەکانی ئافرەت و ئازادی و ئازارەکانی ژن نووسیون.

وتارێکیشم لەسەر ئەوە نووسیوە و لە کۆمەڵێک گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕدا بڵاو بووەوە، لە ژێرناونیشانی(مروڤ بوونمان لەنێوان بەرداشی ژن سالاری و پیاو سالاریدا).

بەڕاستی ئەوە کارەساتە، ئێمە خەبات بۆ ئەوەدەکەین تاکو جیاکاری ڕەگەزی نەمێنێت،
تۆ دووبارە دێیت و هەمان هەڵەی نێرسالاران دووبارە دەکەیتەوە و دووبارە دیوارێکیتری کۆنکریتی مێ سالاری و ژن سالاری، لە بەرامبەر دیواری نێرسالاری چێدەکەیت و تراژیدیای جیاکاری ڕەگەزی قوڵتردەکەیتەوە و قوڕی ئەو جیاکارییە جێندەری و ڕەگەزیە نامرۆڤانەیه بۆ ژیانی مرۆڤایەتی خەستر دەکەیتەوە و تەشەنوجات و حەساسیەت و دوو بەرەکی و دوو کەرت بوون و دوورکەوتنەوە دەخەیتە نێوان هەردوو ڕەگەزەوە!

ئینجا ئەو خانمە بەڕێزانە و گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕ و یەکێتیەکەیان، دەبێ دەستخۆشی لە هەر نێرێک و پیاوێک بکەن، کە پشتگیری مافەکان و داوا ڕەواکان و ئازادیەکانی ژن دەکات و لە ئازار و نەهامەتی و تراژیدیا و دۆزەخی ژیانی ژنان تێدەگات و دەچێتە بەرەی ژنان و سەنگەری فێمێنیزم بوون و دژی ئەقڵیەتی نێرسالاری و چەوسانەوەی ژن و سەلبکردنی ئازادیەکانی ژن و لەژن خستن و لە مرۆڤ خستنی ژن، دەوەستێتەوە، نەک ڤیتۆ بخەنە سەر پیاو دیوارێکیتری ژن سالاری، لەپاڵ دیوارە نێرسالاریەکە دروستکەن و هەردووک ڕەگەز هێندەی تر بکەن بە دژ و دووژمنی یەکتری و لە یەکتریان دوور خەنەوە!




تیرۆری سیاسی لە ئیسلامدا..5… شەماڵ بارەوانی

بەشی پێنجەم و کۆتایی

لە بەشی پێشوو باسمان لە تیرۆرکردنی(مالیکی کوڕی ئەلئەشتەر)کرد لە ڕێگەی ژارەوە، بە پیلانی موعاویەی کوڕی ئەبو سوفیان.

موعاویه یەکێک لە سیفەتەکانی ئەوەبوو، هەرکەسێکی بە مونافیس و مەترسی بۆ سەر هەژموون و پێگەو کورسی و دەسەڵاتی خۆی بزانیبوایە، هەوڵی تیرۆرکردن و پاکتاوکردن و لە ناو بردنی دەدا.
ئینجا نووسەر لە بەشی سێیەمدا، دێتە سەر باسکردن لە تیرۆری سیاسی، لە سەردەمی ئومەویەکاندا، تیرۆرکردنی (حەسەنی کوڕی عەلی) لەسەر دەستی هاوسەرەکەی(جەعدەی کچی ئەشعەسی کیندی) و بە فیت و ئیعازی موعاویەی کوڕی ئەبو سوفیان.
حەسەن، ئەو پیاوەی بۆ موعاویە سازش و تەنازولی کرد، لە جێنشینی و خەلافەت، حەسەن بەوەیش ناسراو بوو، کە زۆر پرۆسەی هاورسەگیری پێک هێناوە و زۆر بەزوییش لە هاوسەرەکانی جیادەبوویەوە و بە زمانە بازاڕی و میلیەکەی:ژن بەردان لای وەکوو ئاوخواردنەوە وابووە!

ئینجا تیرۆرکردنی (عومەری کوڕی عەبدولعەزیز)و کوڕەکەی (عەبدولمەلیک).
هەروەها نوسەر باس لە کۆمەڵێک کەسیتر دەکات، کە لە سەردەمی ئومەویەکاندا تیرۆرکراون.

لەوانە:عەبدولڕەحمانی کوڕی خالید، موعاویەی کوڕی یەزیدی کوڕی موعاویه، یەزیدولناقیس- یەزیدی کوڕی وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیک، مەروانی کوڕی حەکەم، عەلی کوڕی حوسێن و کوڕەکەی (موحەمەدولباقرو..تاد.

پاشان نووسەر لە تیرۆری سیاسی لەئیسلامدا و لە بەشی چوارەمدا باس لە قۆناغێکیتر دەکات، ئەویش تیرۆری سیاسییە لە سەردەمی عەباسیەکاندا و باس له تیرۆرکردنی (عەلی ئەلڕیزای کوڕی موسای کازم)ی وەلی عەهد و جێ نشینی مەئمون دەکات.
پاشان لە تیرۆری گرووپی ئیسماعیلیەکان بە سەرپەرشتی(حەسەنی کوڕی سەباح) کە بە حەشیشیەکان ناسراو بوون دەدوێت.

ئینجا تیرۆرکردنی ئیدریسی کوڕی عەبدولڵای سەرکردەی چەکداری ڕاپەڕیو لە دژی دەسەڵاتدارێتی عەباسیەکان.

تیرۆرکردنی عەلی کوڕی ئەلفەزل، تیرۆرکردنی ئەبو سەعید الجەنابی، تیرۆرکردنی(توتوش و بوری) هەردووك کوڕەکەی (ئەلەب ئەرسەلان)ی سوڵتانی سلجوقیەکان لە لایان (زومرەد)ی دایکیانەوە، لە ڕێگەی ژەهراویکردنی خواردنەکەیان.

تیرۆرکردنی موقەتیدر باللەهی عەباسی، ئامربیئەحکامواللەی خەلیفەی فاتیمی، موعیدی کوڕی زاید، شازادە ئاق سەنگەری سەلجوقی، نیزامولمەلیک و کوڕەکەی (فەخرولمەلیک)، سوڵتان ئیسماعیلی کوڕی فەرەج و ..تاد.

ماوەتەوە بڵێم: ئەوە ڕانان و خوێندنەوەیەکی کورت بوو بۆ کتێبی «تیرۆری سیاسی لە ئیسلامدا». نموونەکان و چیرۆکەکان هێندە زۆرن، سەبارەت بە تیرۆری سیاسی لە مێژووی ئیسلامیدا، کورد وتەنی لەبن نایەن و ئەوە مشتێک بوو لە خەروارێک و من لێرەوە کۆتایی پێدێنم و ئەوەیتر بۆ خوێنەر خۆی جێ دێڵم، ئەو خوێنەرەی عەودالی حەقیقەت و گەیشتن بە ڕاستیەکان و پەردەلادان لە سەر ڕووی چەواشەکاریەکانە، با بڕوات ئەو کتێبە بە نرخ و بەهادارەی«تیرۆری سیاسی لە ئیسلامدا» بخوێنێتەوە و بە چاوەکانی خۆی حەقیقەتەکان و نموونە حاشاهەڵنەگرەکان و بەڵگە بە هێزەکان، سەبارەت بە تیرۆری سیاسی لە ئیسلامدا، ببینێت.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا..19… شەماڵ بارەوانی

بەشی نۆزدەهەم

فەقێیەک داوای لێبووردن لە مەهاباد قەرەداغی دەکات..!

لە هەردووك بەشی پێشوو باسم لە ڕوانگەی شافیعی و مەزهەبەکەی شافیعی کرد، سەبارەت بە کومەڵێک بابەت و پرس. ئاماژەم بەوەکرد، کە شافیعی کەسێکی شۆڤێنی بیر و باوەڕبووەو دیوێکی تری پرۆسەی تەعریبە، وەلێ لە ژێر پەردەی مەزهەب و ناوی ئاییندا.
گووتمان: شافیعی خاوەنی جیهانبینی و مەزهەبێکی عروبیانە و ڕوانگەیەکی زۆر پاتریارکیانەی دژی یەکسانی جێندەری و دیدێکی دەمارگیرانەی ئایینی و بیرێکی زۆر تەسک و تابڵێیت داخراو ناهیومانیستانەیە و ئەو پیاوە ئەقڵیەتێکی شۆڤێنیانەی عەرەبی و ئومەویانەی بەسەردا زاڵە.
مەزهەبەکەیشی، پڕیەتی لە فیقهی بە کۆیلەکردن و بە کەنیزەکردنی مرۆڤ و ڕەوایەتی دان بە سیستەمی کۆلایەتی و بە کۆیلەکردنی مرۆڤ.

بۆ مەسەلەی میرات و زۆر بابەتی تریش ئەو مەزهەبه، لە ڕوانگەیەکی پیاو سالارانە و لە خزمەتی پیاو بۆ بەرژەوەندی پیاوەوە نووسراوە.

جا منیش بەحوکمی ئەوەی ئەو مەزهەبەی شافیعیمان لە جوجرە دەخوێند و دەبوا مەتنی(ابی شجاع)و ئەو کتێبەی فەتحولقەریب و مەزهەبه پاتریارکیەکەی شافیعی زورێک لە بەربکەین و زۆر بە حەماسەتەوە، لە لایەک قورئان و ڕیوات( فەرمودەکان)ی پەیامبەری ئیسلامم لە بەردەکرد و لە لایەکەیتریش ئەو مەتنەی ئەبی شوجاع و فیقهی شافیعی. جا بەو هۆیەوە کەوتبوومە ژێر کاریگەری ئەو بیرەنێرسالار و مەزهەبه نێرسالاریەی شافیعی.
ئینجا سەبارەت بە هەستی پیاو سالارانە و ڕقی دژە فێمێنیستیم لەسەرەتای فەقێیاتیم، دەمەوێ بەسەرهاتێکی ئەوکاتەتان بۆ بگێڕمەوە.

بیرمە لە قوتابخانەی(محمدیة، للعلوم الشرعیة)، فەقێ و قوتابی بووم، قوتابخانەکە هەرلەناو مزگەوتی (حاجی قەرۆک)ی دابوو، لە گەڕەکی ئیسکان، ئەوە ڕۆژەکی دەچووم نان و ماست بکڕم بۆ خواردنی بەیانی فەقێیەکان، لەسەر ڕێگام و لە پێش ماڵەکی پارچە ڕۆژنامەیەکم بینی، لەسەر عەرزێ کەوتبوو.
منیش بە حوکمی ئەوەی کەسێکی زۆر فزوولی بووم بۆ خوێندنەوە و زۆر موتاڵام دەکرد، یەکسەر دەستم دایە ڕۆژنامەکە و هێنامەوە حوجرە، ویستم سەیری کەم بزانم چی تێدایه، چاوپێکەوتنێکی تێدا بوو لەگەڵ ژنە فێمێنیست و نووسەر و ڕۆماننووس و وەرگێڕی کۆچکردووی کورد(مەهاباد قەرەداغی)، جا مەهاباد قەرەداغی لەوێ گووتبووی زیاتر لەهەزار کتێبم خوێندووەتەوە.

کەئەوەم بینی، بە فەقێیەکم گووت: واو! کێ دەبینم، مەیموون، ئەو ژنە بێ باوەڕ و گڵاو پیس و زەندیقەیە، دەیناسیت؟ گووتی: کێیە؟
گووتم: ئەوەی بێ ڕێزی بە زاتی خودا کردووە و بەو زاتەی گووتووە دیاره:خودا، بۆیە هێندە کەیفی بە ژنان دێت، چونکوو بەخۆی مێیه!

حەققەت من ئەو کات، ئەوە یەکەم جارم بوو شێوە و وێنەی خاتوو قەرەداغی ببینم و پێشووتر هیچ بەرهەم و نووسین و شتێکی مەهاباد قەرەداغیشم ببڕای ببڕ نەخوێندبوویەوە.

هەر هێندەم زانی بوو، کە ژنێکی بێ باوەڕ و دژە ئیسلام و دژە خواوەندە، ئەوەشم تەنها لە وتارێکی مەلا(ئی.. سوسەیی)نەبێت لە هیچ شوێنێکی تر نەبیستبوو نەبینیبوو. ئەو مەڵایەی کە ئێستا بە تاوانی تێوەگڵان بە پرسی تیرۆر لە زیندان خراوە و حوکمدراوە.

من ئەوکات ئەو پیاوە ئایینیەم زۆر خۆشدەویست و زۆر کاریگەربووم بە وتارە ئاگرین و عاتیفی و توندەکانی و دەمگووت:مەلایەکی زۆر چاونەترس و بە غیرەتە و توندە لە پێناو سەرخستنی دینی خودا و ڕووبەڕووبوونەوەی کافر و تاغوتان لە هیچ کەسێک و لایەنێک ناترسێت. هەڵبەت مەبەستم لە کافر و تاغوت، حوکومەتی هەرێمی کوردستان بوو!
من ئەو کات فەریکە فەقێیەکی تەکفیری و ڕادیکاڵ و زۆر ناحاڵی و تابڵێیت نەزان و جاهیل بووم.
جا ئەو پیاوە ئایینیە لەو وتارەی، کە من بە(CD)سەیرم کرد، زۆر بەتوندی هێرش دەکاتە سەر خاتوو مەهاباد قەرەداغی و حەمە سەعید حەسەن و سوکایەتی بەژن دەکات.
شیعرەکە هی حەمەسەعید حەسەنە و خاتوو مەهاباد، خوێندنەوەی بۆ شیعرەکە کردبوو و لە گۆڤاری گوڵان بڵاوببوەوە.
ئیسلامییەکانی هەولێر دواتر دژی مەهاباد قەرەداغی و حەمە سەعید حەسەن ڕژانە سەر شەقام.
من شیعرەکەلێرە دادەنێم:
ژننامە-

لە کن من
ژن هەموو
شاجوانن،
خودایە ببوورە
لە کن من ئافرەتان سەرداری پیاوانن،
لە کن من خوا مێیە،
تەنیا ژن
پەیامی پیرۆزی خوای پێیە،
لە کن من خوا تیشکی جوانیی خۆی
بە ژنان بەخشیوە،
لە کن من هەر کەسێ ئافرەتی ناسیبێ
خوای دیوە،
من تەنیا ئافرەتە سەرچاوەی ئەوینم،
من خودا لە ژندا دەبینم،
مامانی هۆنراوەی من ژنە،
لە کن من ژین بێ ژن مردنە،
من لەسەر شاباڵی هەوری ژن
دەگەمە بارەگای خوای مەزن.
حەمەسەعید حەسەن
١٣ی ١٢ی ٢٠٠٢).

جابەهۆی ئەو شیعرە و وتارەی مەڵاوە، من لەو ساوە، ڕقێکی زۆر ئەستوور و نەفرەتێکی بێ ئەندازه، لە دڵ و دەرونم دا، لە بەرامبەر مەهاباد قەرەداغی و بزووتنەوە فێمێنیستەکان و تەواوی ڕێکخراوەیلی مافەکانی ژنان، چەکەرەی کرد.

جا کەئەوەم بینی بە توڕەییەوە گووتم، هەی کافر و زەندیک، هەی دووژمنی ئایین و خوداوەند، هەی گڵاو پیس.

تۆ هەزار کتێبت خوێندووەتەوە، بەڵێن بێت من پێنج هەزار کتێب بخوێنمەوە، تۆ بۆ دژایەتی کردنی ئیسلام و حەقیقەت و ڕێگای خوداوەند، منیش لە پێناو سەرخستنی ئایینە پاکەکەی ئیسلام و بەرپەرچدانەوەی تۆ و هاوبیرە بۆگەنەکانت(داوای لێبووردن لە ڕۆحی خاتوو مەهابەد قەرەداغی دەکەم).

هەڵبەت،دواتر زەمان هاتوو و ڕۆیشت، هەزاران کتێبم خوێندەوە و لە نێو ئەو کتێبانە، کۆمەڵێک لە بەرهەمەکانی مەهاباد قەرەداغی بوون.
لە نموونەی:
-ساڵێک لە دۆزەخ-بیرەوەری زیندان(بیرەوەری)

  • کۆچ(ڕۆمان)
    -ئەڤین ئاوی ژیانە(ڕۆمانە شیعر)
    -سوید و کوردستان مەرگی مرۆڤ و نیوێک(کورتە چیرۆک)
    -هاژەی ڕۆح(شیعر)
    -باڵندە بەفرەکان(شیعر)
    -میدالیا(شیعر)
    نەخشەی دوا ڕۆژ(شیعر).
    ئینجا ڕۆمانەکانی نەوال ئەلسەعداوی، فەزیلە ئەلفاروق، فاتیمە مەرنیسی، بەرهەمەکانی غادە ئەلسەمان، ڕەگەزی دووەمی سیمۆن دیبۆڤوار..تاد.

    ١-سوپاس بۆ نووسەر و ڕووناکبیری کورد، مامۆستا:حەمەسەعید حەسەن، کە لەڕێگای نامەی چاتەوە، دڵنیای کردمەوە، کە شیعرەکە هی ئەوە.
    ٢-سوپاس ئەمین محەمەد، هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتیم، کە هەم شیعرەکەی حەمەسەعید حەسەنی بۆ نادرم و هەم ئەرکی کێشا، دووبار ڤیدۆی وتارەکەی مەلا(سوسەیی)بۆ لە یوتۆب دۆزیەمەوە وبۆی ناردم وجارێکیتر سەیرم کردەوە.



سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێك..13… شەماڵ بارەوانی


بەشی سیانزەهەم/

لە بەشی پێشوودا کەمەک باسمان لە سیستەم و حوکمی سیوکراتی کرد له مێژووی ئیسلامدا.

ئەوە مێژووی دوور، ئینجا وەرنەوە بۆ مێژووی نزیک و سەیری گرووپە فێندەمێنتالیست و ئیسلامیە سیاسیەکان بکەن.

لەو وڵاتانەی کە جڵەوی حوکمڕانیان گرتووەتە دەست و خۆیان سەپاندووە. لە ئەفغانستان نەوەتەکانی سەدەی ڕابردووتان بیرە؟
کاتێک ئیسلامگەراکان هاتنەسەرحوکم و جڵەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست هیچ نەما بەیەکتری نەکەن. هەر ئیسلامگەراکان لەنێوخۆیاندا بینیمان دوای دەستلەکارکێشانەوەی (محەمەد نەجیبواللە)ی سەرۆکی حیزبی (دیموکراتی میلی ئەفغانی-شیوعی) لە حکومەت لەساڵی١٩٩٢، چی ڕوویدا.

ڕێکنەکەوتنی گرووپە جیهادیستەڕادیکاڵ و توندڕۆکانی بەشداربووی شەڕ لە دژی یەکێتی سۆڤییەت لەسەر دەسەڵات و حکومەت.
بەرپابوونی جەنگی ناوخۆیی لەنێوان هێزە ئیسلامگەراکانی سەر بە(عەبدولرەسول سەییاف) و (قەلبولدین حیکمەتیار) و (ئەحمەد شامەسعود) و (بورهانولدین رەبانی).

پاشان و لەساڵی(١٩٩٦-٢٠٠١)هاتنی مەلاعومەر و بزووتنەوەی تاڵیبانی فێندەمێنتالیست بۆ سەرحوکم و بە دۆزەخکردنی زیاتری ژیان و خەستکردنی زیاتری قوڕەکە.
له سوریاش هەمان شێوە، چۆن داعش و بەرەی نوسرە و گرووپە ئیسلامیستە تیرۆرستەکانی تر کەوتنە وێزەی یەکتر و یەکتریان تەکفیردەکرد و سەری یەکتریان دەبڕی و یەکترییان دەکوشت.
بەوچەشنە ئیتر لەسایەی هێز و هەژموون و دەسەڵات و ئەقڵیەتی ئەو هێزە کۆنە پەرست و فێدەمێنتاڵیست و تۆتالیتاریزم و دەوڵەتە سیوکراتەکەیان،
هەموو شتێک یاساخ و قەدەغەدەکرێت و چیتر شتێک نامێنێتەوە بەناوی موعارەزبوون و ڕەخنە و ئازادی و بۆچونی جیاوازو حیزبی نا ئیسلامی و پلۆرالیزمی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی.

تۆ لەوەگەڕێ ئەوان کەهاتنە سەر حوکم هەموو جیاوازیەکان دەسڕنەوە و حیزبە نەتەوەیی ودیموکرات و لیبڕاڵی و عەلمانی و سۆسیالسیت و چەپەکان هەرگیز لەناو بۆتەی دەوڵەتە ئیسلامی و حکومەتە سوکراتیەی ئەمان جێگایان نابێتەوە، ڕەنگە تاقە شوێنێک، کە بۆیان بمێنێتەوە، بەندیخانە بێت، ئەگەر هەمان شێوەو وەکو محەمەد نەجیبواللەی کۆمۆنیست و کافر هەڵنەواسرێن.
ئێستای تاڵیبان و سعودیە و ئێرانتان لێ دیاره، کە دیموکراسی و فرەیی و ئازادی و مافی مرۆڤ و مافەکانی ژن و هەموو جیاوازیەک، لە چ دۆخێکی دۆزەخی و ماڵوێرانی و خنکاندایە.
ئیخوانولموسلیمینیشمان بینی، کاتێک لە دوای ئەو پایزەی عەرەبی، کە بەهەڵە پێی دەڵێن( بەهاری عەرەبی)، ئەو پایزەی، کە هێزەکۆنەخواز و فێندەمێنتالیستە ئیسلامیەکانی بەهێز کرد، چۆن و بە چ شێوازێك ئیخوانیزم و سەلەفیزم و ئیسلامی سیاسی و گرووپە جیهادیستە تیرۆرستەکان سواری شەپۆڵی ناڕەزایەتی و توڕەیی شەقام بوون و شۆڕشی جەماوەر و خەڵکیان دزی و دەرفەتیان قۆزتەوە و هێزی جەماوەری بێ ناز و بێ زاریان بە ئاڕاستەی ئیدەلۆژیای خۆیاندابرد و بۆ بەرژەوەن و مەرامی خۆیان بەکارهێناو لە ڕێگەیەوە، هەندێک لە وڵاتانی وەکو سوریا و یەمەن و لیبیایان خەڵتانی تیرۆر و کوشتن و سەربڕین و تەقینەوە و تیرۆرکرد و بۆماوەیەک هەندێک لە خاکی عێراق و کوردستانیان داگیرکرد و لە هەندێک شوێن خۆیان گەیاند بە جڵەوی حوکمڕانی لە وڵاتانی نموونەی:تونس و لیبیا و میسر..تاد.
و کەڵبەیان لە حوکمڕانی گیرکرد، بەتایبەتی نەهزەی ئیخوانی لە تونس مەسەلەی شەریعەتی ئیسلامی و میرات و شتی هێنایە گۆڕ و ئیخوانی میسر دوو ڕۆژ و کەرتێک بوو هاتنەسەر دەسەڵات و یەکم شت، کە کردیان، کودەتایان بەسەر دەستووری میسردا کرد و پڕیانکرد لە مادەی دینی و ڕێساو یاسای مەزهەبی و دەستوورەکەیان گۆڕی بۆ دەستوورێکی ئیسلامی و هەرئەوەی مابوو مادەی سیواک و ڕیشیشی بۆ زیادکەن.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…18…شەماڵ بارەوانی

بەشی هەژدەهەم/

شافیعی ڕەوایەتی بە سیستەمی کۆیلایەتی دەدات..!

لە بەشی پێشوو گووتم: مەزهەبی شافیعی،
مەزهەبێکە، ڕوانگەیەکی زۆر پاتریارکیانەی دژی یەکسانی جێندەری و دیدێکی دەمارگیرانەی ئایینی و بیرێکی زۆر تەسک و مەزهەبێکی تابڵێیت داخراو ناهیومانیستانە و ئەقڵیەتێکی نیمچە شۆڤێنیانەی عەرەبی و ئەمەویانەی بەسەردا زاڵە.
بۆ پرسی کۆیلایەتیش،
مەزهەبی شافیعیش وەکوو هەموو مەزهەبه ئیسلامیەکانی تر.
مەزهەبێکە، پڕی لە فیقهی بە کۆیلەکردن و بە کەنیزەکردنی مرۆڤ و ڕەوایەتی دان بە سیستەمی کۆلایەتی و بە کۆیلەکردنی مرۆڤ.

ئەوەی داعشیش کردی لەگەڵ کچ و دایک و خوشکە ئێزدیەکانمان، هەمووی لە فیقه و مەزهەبی شافیعی بوونی هەیه و من کە فەقێ بووم و ماوەی هەشت ساڵ، وتارم لە سەر مینبەر و لە مزگەوتەکان دەدا، هەموویم بە شانازییەوە وەکوو ئایین و دەقی پیرۆزیش باس دەکرد.

ئیتر پیاوە ئایینیەکان با ڕاستگۆبن و بوێری بکەن و چیتر بێن و لە پێناو مرۆڤ بوون و هەست و ویژدان، کاتیەتی ئەو بابەتی کۆیلایەتی و مەزهەب و فیقهی بە کۆیلە و بە کەنیزەکردنی مرۆڤ لابەرن و چیتر پڕۆتیستۆ و ڕیسوای وەها بابەتێک بکەن، نەک بێن و پینە و پەڕۆ و میکیاجی بۆ بکەن و بە پاساوی نامرۆڤانە و بیانووی دژە هیومانیستانە ڕەوایەتی بە فیقهی کۆیلایەتی بدەن، سیستەمی کۆیلایەتی و فیقهی بە کۆیلەکردنی مرۆڤ، دژی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و ئەخلاق و ویژدان و مۆڕاڵی مرۆڤاتیشە و ناکرێت بە هیچ شێوەیەک لە حوجرە و قوتابخانە ئایینیەکان و لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان ڕێگە بدرێت، وەها بابەتێکی قێزەون، چیتر بێتە خوێندن و پێویست و ئەرک و ئەخلاقیشە بەتەواوی لاببرێت.

شافیعی وەکو ئاماژەم پێدا،
ڕەوایەتی بە سیستەمی بە کەنیزەکردن و بە کۆیلەکردنی مرۆڤ دەدات و ژن فروشتن و بە کەنیزە کردن و سێکس لەگەڵ کردن کەنیزە، لە مەزهەب و فیقه و فیکری شافیعی و کتێبە فیقهیەکانی دا، شتێکی زۆر نۆرماڵە و مەسەلەی عەبد و جاریە و سەید.. لە فیقه و مەزهەبەکەی شافیعی و ئەو دوو سەرچاوە فیقهی و کتێبە فیقهیەی کەناوم هێنان لە بەشی پێشوو، هەردووک کتێبەکانی(الٲُم و الرسالە)، پڕیەتی لەو تەرزە بابەتانە.

لێرەوە من جۆرێک یاخی بوونم بۆ دروست بوو،
لە لایەک لەسەر یەکسانی جێندەری و فەلسەفەی هێومانیست و لیبڕالیەت و سیکۆلایزم دەمخوێندەوە، لە لایەکەیتر لە قوتابخانەی ئاینی بابەتی کۆیلایەتی و کەنیزەم دەخوێند، کەوتبوومە نێوان بەرداشی دوو بیری زۆر دژ و جیاواز،
ململانێی نێوان فەلسەفە و هزری مودێڕنێتە و فیکری ئازاد، لەگەڵ بیری مەزهەبگەرێتی و کۆنەخوازی و نەریتگەرایی و ترادیشناڵ.

هەرچەندە هێشتا بە تەواوی لە هیچیان یەکلایی نەببوومەوە، نەببوومە کەسێکی لیبڕاڵ و هیومانیستێکی تەمام عەیاری سیکۆلارست و، نەیش بە تەواوی دەستبەرداری فیقهی ئیسلامی و بیری کونەخوازی ببووم و لە ژێر کاریگەری ئیدەلۆژیای مەزهەبگەرایی و عاتیفەی ئایینی ڕزگارم ببوو. هێشتا بە تەواوی باوەری ئەوەم لە دەست نەدابوو و ئەو بوێریەم بۆ درووست نەببوو، کە بڵێم: بە هەموو شێوەیەک بە کۆیلەکردن و بە کەنیزەکردنی مرۆڤ پرۆتیستۆو سەرکۆنەدەکەم و وەها بابەتێکی نامرۆڤانە ڕەتدەکەمەوە.
وەڵێ هێدی هێدی تۆی یاخیبوون و گومان لە دڵ و دروون و مێشکم خەریک بوو چەکەرەی دەکرد.

بەو بۆنەیەوە، لە پۆلی یانزە (پێنجی ئامادەیی) بووم و لە قوتابخانەی مەلا عەبدولڵا پەلپیتانی فەقێ و قوتابی بووم.

لەوێ، کە مەزهەبی شافیعیمان دەخوێند بابەتێکی تێدابوو، بە ناوی کۆیلە و کەنیزە، من ئیتر خەریک بوو بەوەها بابەتێک قەڵس دەبووم و ویژدانم ئازاری دەچێشت و لە ناخەوە هەستێکی لیبڕاڵانەو هیومانیستە له دژی سیستەمی کۆیلایەتی دنەی دەدام بۆ شەڕکردن و ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو سیستەم و ئەقڵیەتەی کۆیلایەتی و بە کۆیلەکردنی مرۆڤ.
Seen by Shamal Ismael Kareem at Mon 3:53 AM
Shamal Ismael Kareem
جا ڕۆژێک تاقیکردنەوەمان دانا لەبابەتی فیقهی و بابەتەکە ئەو مەسەلەی کەنیزه و کۆیلەیشی تێدابوو، لەسەر ئەو بابەتە، بە فەقێکانم گووت: وەرن با نەیخوێنن، کاتێک مامۆستا هاتە ژوور، مەلا(شێخ، ئی.. بالیسانی)، پێی دەڵێین، فەقێکانیش لە خوایان دەویست شتێک کەم ببیتەوەو تاقی کردنەوەکە ئاسانتربێت، سەرەنجام هەموان ڕێککەوتین.

مەلایەکە کەسێکی زۆر ڕوو خۆش و هێمن و نوکتەباز و تا بڵێیت ڕۆح سووک و بەڕێز بوو. من زۆر زۆر لە وانەی ئەو مەڵایه مورتاح بووم و حەزم بە شێوازی وانەوتنەوەی دەکرد.

کەهات گووتمان: مامۆستا ئێمە ئەو بابەتە ناخوێنین، گووتی: چۆن شتی وا دەبێت و وادەڵێن، ئەوە فیقهی ئیسلامییە!؟ من گووتم: ئەوە هەر فیقهێک بێت نایخوێنین، ئەوە فیقهی کۆیلایەتییە، چۆن دەبێت مرۆڤ باوەڕ بە شتێکی وابکات و قبوڵی بکات مرۆڤ بکرێت بە کۆیلە و کەنیزە!؟

گووتم: ئیتر ئەوە جاران بوو، ئێستا سەردەمێکیترە، پێم گووت: مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس موفتی هەموو عیراق بوو، ئەو بابەتەی لە کتێبەکەی سەبارەت به فیقهی ئیسلامی دەرهێناوە، مەلاکە، بە حوکمی ئەوەی ماڵەشێخ بوون و هەر بە شێخیش بانگماندەکرد و فیکری تەسەوفی بەسەردا زاڵبوو، زۆر کەیفی بە مودریس دەهات، کەوام گووت: پێکەنی و زۆر کەیفی هات، گووتی: باشە بە دڵی ئێوە تەرکی دەکەین، بەو شێوەیە، بابەتی کۆیلایەتیمان ئەو ساڵە، لەو وانەیە لابرد و نەمان خوێند.

کەچوومە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان و بەشی بنەماکانی ئایین، لە زانکۆی سەلاحەدین، دیسان ڕووبەڕووی هەمان بابەت بوومەوە، وەلێ ئەو جارە لەگەڵ پیاوێکی ئایینی و مەڵایەکی کۆنزەرڤاتیڤ نا، بەڵکو لەگەڵ قات لەبەر و کەسێکی ڕۆشنبیر و ئەفەندیەکی سیکۆلاریست بیر و باوەڕ و ئاییندارێکی هێمن و شێوە سەردەمی و ستایل مۆدێڕن.

لەگەڵ سەرۆکی بەشەکەمان(بەشی بنەماکانی ئایین)، لە کۆلێژی شەریعە، لەگەڵ مامۆستایەکی زانکۆ(د.چ.هۆرمزیار)، پیاوێک زۆر لەسەرخۆ و بەڕێز، پیاوێک زۆر زۆر ڕێزی دەگرتم و هەر به مەڵا شەماڵ بانگی دەکرم و منیش زۆر ڕێزم دەگرت.

پرۆفیسۆر.چ. هۆرمزیار، دوای ئەوەی من کۆلێژی شەریعەم تەواوکرد، ئەویش لە کۆلێژی شەریعە نەماو بوو بە (ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی مەخمور) و لە فەیسبووکی پێشووم کە نەیارانی ئازادی لێیان ڕیپۆرتکردم، من و دکتۆر.چ. فرێندبووین و بیرمە ڕۆژێک گاتایەکی زەردەشتم لە واڵەکەم پۆستکرد، کۆمێنتی بۆ کردم و پێی گووتم:مەڵا شەماڵ ئاگات لەخۆت بێت، ئەو زەردەشتیانە هەندێکیان سەربە ئێرانن. منیش گووتم: بێ خەمبە دکتۆر گیان، ئەوانەی من دەیانناسم و هاوڕێمن کوردایەتی و ڕەسەنایەتییان لێدەچۆڕێت.

لە کۆلێژی شەریعە، زۆرێک لە بابەت و وانەکان بە نیسبەت ئێمەی فەقێکان، ئەوانەی لە قوتابخانە ئایینەکانی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و حوجرەی ئایینی چووبووین دووبارە بوون و پێشووتر خوێندبوومان.
جا یەکێک لەو بابەتانەی کە دووبارە لەوێ خوێندمانەوە، ئەو بابەتی میرات و کتێبی(شرح الرحبیە)بوو، کە لە بەشەکانی پێشوو ئاماژەم پێکرد، لە قوتابخانەی ئایینی خوێندمان.
جا ئەو وانەیە لە کۆلێژ(د.چ)پێی دەگووتینەوە، ئەو ڕاستە کەسێکی ئاڕاستە سیکۆلارست بوو، وەلێ هێشتا نەیتوانی بوو لە ژێر هەندێک چەمکی ئایینی دژە سیکۆلارست و تێکەیشتنی فیقهی و کلاسیکی قورتاری بێت، یەکێک لەو مەفاهیمانە، ئەو بابەتی کۆیلایەتی و شتە بوو، ئەوەم زۆر بەلاوە سەیربوو، لە لایەک سیکۆلار و لە ناو حزبێکی نا ئایینی و سیکۆلاردا بوو، لە لایەکەیتریش، ناڵێم پشتگری سیستەمی کۆیلایەتی و فیقهی شافیعی دەکرد سەبارەت بەوە، بەڵام هەرهیچ نەبێت پڕۆتیستۆی وەها بابەتێکی نەدەکرد، جانازانم لەبەر دۆخەکە نەیدەتوانی قسە بکات و پارێز( حەزەر)ی دەکرد و خۆی لەهەندێک شت بە دوور دەگرت و نەیدەویست پرسێکی وا بووژێنێت، یان شتێکیتربوو، نازانم!

هەربەڕاستی کۆلێژی زانستەئیسلامیەکان فەزاو کەشێکی زۆر داخراو بێتامی هەبوو، سوکترین ڕەخنەت لە فیقه و مەزهەب و ڕیوایەت و کەلەپوور و مێژووی ئایین بگرتبوا، هەموان دەمیان لێ بەش دەکردیەوە و مێشیان لێ دەکردی بە گامێش، خوێندەکارەکان بەشێکی زۆریان ئیسلامگەرا و سەلەفیگەرابوون، یان لە ژێر کاریگەری ئیدەلۆژیای ئەو دوو هێزه فێندەمێنتالست و بناژۆخوازەدابوون، بۆیه زۆر ناحاڵی و وشک باوەڕ بوون.

جا لەسەر ئەو بابەتی کۆیلە و کەنیزه، دووبارە لە کۆلێژیش هەمان شێوەی قوتابخانەی ئایینی و سەردەمی فەقێیاتیم هاتمە قسه و گووتم ئەو بابەتە زۆر نامرۆڤانەیە و ناکرێت لە کولێژ بخوێندرێت، (د.چ) گووتی:ئەوە کاتی خۆی هەبووە، گووتم: ئەی ئێستا بۆ دەیخوێنین!؟
هەڵبەت لەوەندەی بڕیمانەوە و نەمان ویست درێژه پێ بدەین، چونکوو ئێمە وەکو ئاماژەم دا، زۆر ڕێزی یەکترمان دەگرت و قەت موناقەشەمان لەگەڵ یەکتری نەدەکرد، ئەگەر لەهەر بابەتێک سەت و هەشتا پلە تێڕوانینیشمان جیاوازبا.

ئەو مامۆستا بەڕێزه، چەندین جار لەناو وانە، دەیبینی من وا خەریکی موتاڵای کتێبی تری فیکری و فەلسەفیم و هیچی نەدەگووت، یان بڵێت چۆن لەوانەی من گوێم بۆ ناگریت و ئەوە بێ ڕێزیە لەکاتی وانەی زانکۆ تۆ خەریکی خوێندنەوەی پەڕتۆکی خارجی بیت، ئەو دەیزانی من لە فەقێیاتی و قوتابخانەی ئاینی هاتووم و ئەو بابەتانەی کۆلێژ بۆمن زۆربەیان دووبارەن و پێویستم پێیان نییە جارێکیتر بیانخوێننمەوە.
بۆیه هیچی نەدەگووت و جارێک کتێبێکی لەدەست وەرگرتم و گووتی ئەوە چ کتێبەکە مەڵا شەماڵ؟ کتێبێکی فەلسەفی بوو، سەیرێکی کرد و دایەوە دەستم.
Shamal Ismael Kareem
ئەوە قوناغی سێ بوو، بەسەرهاتێکی تری خۆشم هەر لەگەڵ ئەو مامۆستایەی زانکۆ و سەرۆک بەشەمان هەیه.
ئەوە من تازە هاتبوومە کۆلێژ و قۆناغی یەک بووم و هێشتا بە تەواوی لە ژێر کاریگەی ئیدەلۆژیا و هزری ئیسلامی سیاسی و عاتیفەی ئایینی و کۆمەڵێک تێگەشتنی سادە سەتحی و مناڵانەی ئیسلامگەراکان ڕزگارم نەبووبوو، هێشتا ڕقم لە عەلمانیەت دەبوویە و جیهانگیریم بە پیلانی جولەکە دادەنا.

جا لە قۆناغی یەک بووین(د.چ) بابەتێکی پێدەگووتین باسی جیهانگیری و شت بوو، بە داخەوە ناوی کتێبەکەم باش بیرنەماوە، کەکرابوویە میتۆدی خوێندن لە کۆلێژی شەریعە، (موناقەشەی عیلمی)بوو، هەڵەنەبم ناوێکی لێ بوو.

نیوەی ساڵ بوو، کۆتایی ساڵ بوو، باشم بیرنەماوە، تاقیکردنەوەکی زارەکیمان دەکرد لەسەر بابەتەکە، خوێندەکارەکان، هەموومان لەبەر دەرگا وەستابووین، دانەک دەچوو ژوورەوە و (د.چ) لێی دەپرسی فلان شتە چییە؟ خوێندەکارەکە وڵامی دەدایەوە و دەهاتە دەر، نۆرەی من هات، چوومە ژوور، لێی پرسیم:گڵۆباڵیزیشن(عەولەمە) چییه؟
یەکسەر بیر بیرکردنەوە سێ و دوو گووتم: ئەمریکا!
چاوی تێ بڕیم و بەسەر سڕمانەوە سەیرێکی منی کرد و گووتی یانی چۆن!؟
دووبارە گووتم: یانی ئەمریکا! هاهاها
گووتی تەواو بڕۆ.




تیرۆری سیاسی لە ئیسلامدا..٤… شەماڵ بارەوانی

بەشی چوارەم/

لە بەشی سێیەمدا باسمان لەوەکرد، کە سەعدی (کوڕی عوبادە)، بەهۆی ئەوەی خۆی بە شایەنی جێ نشینی پەیامبەر دەزانی و دوای ئەوەی ڕێگری لێکرا و نەکرا بە خەلیفە، دانی بە خەلافەت و جێهێنشینی ئەبوو بەکری سدیق دانەنا، سەرەنجام لەسەر ئەوە، بە بڕیاری عومەری کوڕی خەتاب و لەسەر ڕسپاردەی ئەو، لە لایان کەسێکەوە، سەعد تیرۆر دەکرێت،
هەڵبەت عومەر خۆیشی دواتر تیرۆر دەکرێت.

تیرۆرکردنی خەلیفەی موسڵمانان( عومەری کوڕی خەتاب)، لە سەردەستی فەیرۆزی دەیلەمی (أبو لٶلٶە مەجوسی-مەگوسی)ی زەردەشتی به ڕەگەز کورد.
کە کۆیلە و دەست بە سەرداگیراوی (موغەیرەی کوڕی شوعبە)بوو.

لە تۆڵەی کەوتنی ئیمپڕاتۆریەتی ساسانیە بە ڕەگەز کوردەکان لە سەردەستی عەرەبەکان بوو، نووسەر باس لەوە دەکات، کە ئەبوو لوئ لوئە بە شەش خەنجەر، یان سێ، وەکو چیرۆک و گێڕانەوە تر هەیە دەڵێت سێ خەنجەربوو، وەک ئاماژەیەک بۆ تۆڵە و هێمایەک بۆ دروشمەکەی ئایینی زەردەشتیەت(بیری چاک، کرداری چاک، ڕفتاری چاک) و مانەوەی ئایینەکە و خۆڕاگری زەردەشتیەکان، کە ئایینی فەیرۆزی دەیلەمیش بوو.

نوسەر لەوە دەدوێت، کە چۆن لە شاری مەدینە، کاتێک فەیرۆز کچان و ژنانی هاوئایین و هاو زمانی خۆی دەبینێت، وەک چۆن خۆی کراوە بە کۆیلە، ئەمانیش کراونەتە کەنیزە، دڵی قرچەدەکات و ئاهو ئەفسوس دەکێشێت و بە چاوی پڕی لە فرمێسک و گەرووی پڕ لەگریانەوە، دەست بەسەر سەری ئەو منداڵانە دادێنێت، کە عەرەبەکان لە شاڵاوی فتوحات(داگیرکاری)دا،
لە گەڵ دایکەکانیان، کردوویانن بە کەنیزە و دەستکەوت، لە دوای داگیرکردنی خاکی کوردەکان و کەوتنی ئیمپڕاتۆری ساسانیەکان، لەگەڵ خۆیان هێناویانن.

پاشان نوسەر باس لە تیرۆرکردنی (علی کوڕی ئەبی تاڵیب)دەکات لە سەردەستی گرووپی خەواریجەکان، ئەو خەواریجانەی کە خەلیفەی سێیەم(عوسمانی کوڕی عەفان)یان کوشت و عەلی یان کرد بە خەلیفە لە شوێنیدا، دواتر دووبارە ئێستا وا خۆیشی دەکوژن و تیرۆری دەکەن!

خەواریجەکان، پیلانێک دادەڕێژن تاوەکو موعاویەی کوڕی سوفیان و عەمری کوڕی عاس و عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب لە یەککاتدا، پێکەوە تیرۆربکەن، وەلێ پیلانی تیرۆرکردنی موعاویە و عەمر شکست دێنێت و سەرناگرێت، تەنها عەلی دەکەوێتە داوە و تیرۆردەکرێت.

ئینجا عەلەوی باس لە تیرۆرکردنی(مالیکی کوڕی ئەلئەشتەر)، قوربانی ناکۆکی نێوان عەلی و موعاویه،
سەرکردەی چەکدار و شیعە و لە بەرە و لایانگری عەلی کوڕی تالیب و نەیارو دژی موعاویەی کوڕی سوفیاندەکات.

ئەو پیاوەی عەلی بۆ پۆستی والیێتی ویلایەتی میسر ڕایسپارد و لە دژی ئەم بڕیارە عەلی، لە لایەن موعاویەی کوڕی ئەبو سوفیان و بە پیلانی ئەوەوە و لە ڕێگەی ژەهراوی کردنی خواردنەکەیەوە تیرۆرکرا.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…17…شەماڵ بارەوانی

بەشی حەڤدەهەم/
مەزهەبی شافیعی(١). مەزهەبێکی نێرسالارانەیە و هەموو شتێکی لە بەرژەوەندی پیاو دژی ژنە..!

لە بەشی پێشووترباسم لەوەکرد، کە، ئێمە مەزهەبی شافیعیمان دەخوێند لە حوجرە و قوتابخانە ئایینیەکان و کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان.

شافیعی خاوەنی کومەڵێک دانراو کتێبە، دوو لە کتێبەکانی لە بواری (فیقه)دا، هەردووک کتێبەکانی:
(الٲُم) و (الرسالە)ن، شافیعی هەردووکیانی لە دوو سەردەم و شوێنی جیاواز لە(میسر و عیراق)دا، نووسیوە و قەولەکانی بە (قول الجدید)و (قول القدیم)ناسراون و لە لایان پیاوانی ئایینی(مەلاکان) و شافیعی مەزهەبەکانەوە، هەمیشە قسەکانی شافیعی لەو دوو سەرچاوە فیقهیە وەکو ئستدلال و بەڵگە دەهێندرێنەوە.

هەڵبەت ئێمە لە فەقێیاتی کە دەستمان بە خوێندنی وانەی ئایینی و و نەحو سەرف و تەجوید و سیرە و فقهی ئیسلامی و ڕیوایات(فەرمودەکان)ی پەیامبەر و چەند بابەتێکی تر دەکرد بۆ خوێندنی مەلایەتی، یەکەم کتێب وەکوو دەستپێک، سەبارت بە فیقهی ئیسلامی(فتح القریب)بوو. کە ناسراوە بە(متن ابی شجاع)و لەسەر ڕێڕەوی مەزهەبەکەی شافیعی نووسراوە. ئینجا دوایی ئەوە(منهاج الطالبین)ـەکەی (ئیمام ئەلنەوەوی) بوو، کە ئەمیش هەمان شێوە لەسەر مەزهەبی شافعی داڕێژراوە و نووسراوەو درێژکراوە و تەفاسیلی هەمان کتێبی فیقهی(فتح القریب) بوو، کە ئێمەی فەقێ دەمان خوێند.

دەتوانم بڵێم:
فیقهی شافعی و مەزهەبەکەی، فیقه و مەزهەبێکی زۆر کلاسێکی تاڕادەیەکی زۆر وشک و توندو ناتولێرانس و نالۆژیکی و نا ئینسانییە، فیقهو مەزهەبێکی تابڵێیت پاتریارك و نێرسالارانە و دژە ژنە.
مەزهەبێک، ڕوانگەیەکی زۆر پاتریارکیانەی دژی یەکسانی جێندەری و دەمارگیرانەی ئایینی و بیرێکی تەسک و مەزهەبێکی داخراو ناهیومانیستانە و ئەقڵیەتێکی نیمچە شۆڤێنیانەی عەرەبی و ئومەویانەی بەسەردا زاڵە.
مەزهەبێک، پڕی لە فیقهی بە کۆیلەکردن و بە کەنیزەکردنی مرۆڤ و ڕەوایەتی دان بە سیستەمی کۆلایەتی و بە کۆیلەکردنی مرۆڤ.

شافعی وەکوو ئاماژەم دا، مەزهەبێکی زۆر وشک و داخراوە، “شافیعی، یان بابڵێین مەزهەبەکەی شافعی، دەستێکی باڵای هەیه لە بەبەستڵەککردنی ئەقڵی ئیسلامی و زیندانی کردنی ئەو ئەقڵەی کە، باوەڕی بەو مەزهەبە هەیە لە ژێر دەسەڵاتی تێکستە ئایینیەکان(٢).

تۆ کاتێک بە ئاگایی و هۆشیاری و لە ڕوانگەیەکی بەرز و هیومانیستییەوە، شافعی و مەزهەب و فیقهەکەی دەخوێنیتەوە، هەستدەکەیت، کە لە لایان خەلیفەیەکی ئەمەوی و بە بیرێکی زۆر عرووبیانە و تەنها بۆ خزمەتی پرۆژی تەعریب و فیکری توندڕۆیی نووسراوەتەوە.
بە بۆچوونی من، ئیبنولتەیمیە و و شافیعی، دوو رووی دراوێکن لە گەڵ تەعریبدا و دەتوانین بڵێین دوو عەرەبی شۆڤێنین و کاریان بۆ بیری عرووبە کردووە، وەلێ لە بەرگی مەزهەب و ئاییندا،

بەرلەوەی هەندەک نموونە لەسەر تەعریبەکەی شافیعی بێنینەوە، ئەو شافیعیەی کە زۆربەی کوردی بەدبەخت و داماو، لەسەر فیقه و مەزهەبەکەی دەڕۆن.
با هەر بە نووسینێکی ئیبنولتەیمە و لە زاری خۆیەوە، ئەو بیرە شۆڤێنیەی ئەو پیاوە فێندەمێنالیست و تیورسەنەی فیکری ڕادیکاڵی و ئیلهام بەخشی بیری تەکفیری و باوکی بزووتنەوە توندئاژۆکان بسەلمێنین بە پشت بەستن بەو ڕیوایەتە هەڵبەستراو ساختەی ئومەویەکان، کە دەڵێت”حب العرب إيمان وبغضهم نفاق” واتا:خۆشویستنی عەرەبەکان لە باوەڕ و ئیماندایه و ڕق لێ بوونەوەشیان نیفاق و دوو ڕوویییە”

ئیبنولتەیمیه لەو سۆنگەیەوەدەڵێت
“الذي عليه أهل السنة والجماعة اعتقاد أن جنس العرب أفضل من جنس العجم: عبرانيهم وسريانهم ورومهم وفرسهم وغيرهم”(٣)،
بە کوردیەکەی، واتا:ئەوەی ئەهلی سونە و جەماعەت باوەڕیان پێیەتی و ئایین و بیرو باوەڕیانە، ئەوە ڕەگەزی عەرەب باشتر و باڵاترە، لە ڕەگەزی عەجەم: لە عیبرانی و سریانی و ڕۆمیەکان و پارس و هەموو ئەوانی تری ناعەرەب!سەیرکەن، ئەو بیرە شۆڤێنیەی ئیبنولتەیمیە، کەسەلەفیەخەرەفاوەکان و کۆمەڵێک لە پیاوانی ئایینی پێی دەڵێن(شێخولئیسلام)، تەعریب بە عەقیدە و بیر و باوەڕ دادەنێت.
بۆ زمانی عەرەبیش سەیری ئەو فێندەمێناتالست و شۆڤێنیه بکەن و چۆن ڕوایەتێکی(مەرفوع) و مەوزوع دێنێت و لە ڕووی سەنەدەوە، خۆیشی دەڵێت هەڵبەستراوە و باوەڕی پێی نییە، وەلێ مادام ڕوایەتەکە بۆ بەرژەوەندی پرۆژەی تەعریب باشە و لە خزمەتی بیرە دەمارگیر و شۆڤینیەکەی ئەودایە، سەنەدەکەی با کێشەیشی هەبێت و با سەت لەسەت درۆ و هەڵبەستراویش بێت، خۆ ئەو ڕیواتە بۆ پرۆژەی تەعریب واتاکەی جوان و ڕاستە، لە نموونەی ئەو ڕیوایەتەی ئومەویەکان “أن العربية ليست لأحدكم بأب ولا أم إنما هي لسان، فمن تكلم بالعربية فهو عربي” سەیرکەن ئیبنولتەیمیە چۆن دەڵێت”معناه ليس ببعيد بل هو صحيح من بعض الوجوه”(٤).

بۆ شافیعیش، ئەو زمانی عەرەبی بە قورئانەوە پەیوەستدەکات و فەزڵی بەسەر زمانەکانیتر دەدات و پیرۆزی دەکات و بە پێویستی نازانێت موسڵمانان جگە لە زمانی عەرەبی خۆیان فێری هیچ زمانێکیتر بکەن و گرنگی پێبدەن
: “لا يجب على أحد من المسلمين أن يتعلم من الألسن غير العربية”. (٥).
هەروەها شافیعی دەڵێت هەموو موسڵمانێک عەرەبە،
” أن كلّ مسلم عربي”.(٦).

بەڕاستی شافیعی”بە ئاشکرا لایەنگری بۆ ئیدەلۆجیەتی عرووبە پێوە دیارە و کاریگەری ململانێی شعوبیەت بەسەر تەواوی(رسالە)کەیەوە دیارە”، (٧).

حەققەت شافیعی کەسێکی ئایدیۆلۆژیست و “ئومەوی بیرو باوەڕی قوڕەیشی و عرووبی و شۆڤینی دژه ئەقڵانیەت و دژە ئجتیهادبوو..”(٨).

بۆ نموونە:بە پێی مەزهەب و بۆچوونی شافیعی (مەزهەبی تریش هەن) هەمان ڕایان هەیە، جێ نشین و پێشەواو خەلیفەی موسڵمانان دەبێت تەنها لە نەتەوەی عەرەب و لەناو عەرەبیش دا، لە تیرەی قوڕەیش بێت.(الٲئِمە مِنْ قُرَیْش).
هەر بە پێی مەزهەبی شافیعی، کە ئێمە لە حوجرە و خوێندنی ئیسلامی و قوتابخانەی ئایینی و کۆلێژی زانستەئیسلامیەکان دەمانخوێند، دروست نییە، نوێژ جگە لە زوبانی عەرەبی بە هیچ زوبانێکی تر بێتە ئەنجام دان.

وتاری ڕۆژی هەینیش، مەلا، یان، وتاربێژ، پێشەکی و نزای کۆتایی وتارەکەی، لە ڕوانگەی شافیعی مەزهەبان و شافیعییەوە، ئەرکێکی ئایینییە و دەبێت تەنها بە زوبانی عەرەبی بێت.
گەر وانەکەیت، ئەوە لادان و تاوانە، بە تایبەت مەڵا کۆن و کلاسیکیەکان زۆر دەمارگیرن بۆ مەزهەبی شافیعی و بە موو لە مەزهەبەکەی لانادەن.

جا بەو بۆنەیەوە،
لە قوتابخانەی ئایینی”مەڵا عەبدوڵلا پەلپیتانی)، کاتێک فەقێ بووین، مامۆستایەکمان هەبوو، مەڵا(م. وەرتێ) دین و ئیمانی نەدەما و دەهری دەبوو گەر ڕەخنەت لە شافیعی بگرتبووایه.

بیرمە ساڵی٢٠٠٩ بوو و پۆلی پێنجی ئامادەیی(یانزەی ئێستا)بووین، پێشووتر لە چەند فەقێیەکی هاوڕێمەوە ئەوەم بیستبوو زانیبوومەوە کە هنێدە شافیعی پەرستێک و دەمارگیرە بەرامبەر بە فیقهو مەزهەبەکەی شافیعی و هەر بەو بۆنەیەشەوە، ڕۆژەک نووسینێکی هێنابوو قوتابخانە و گووتی: ئەوەم لە دژی دکتۆر(موستەفا زەڵمی) نووسیوە و بەرپەرچم داوەتەوە، نازانم نەگووتی لە ڕۆژنامە بڵاوبووەتەوە، یان بەتەمام بڵاوی بکەمەوە، ئەوەیانم باش بیرنەماوە!
جە مەلا(م.وەرتێ) گوتی:
ئەو(واتا دکتۆر موستەفا زەڵمی) کەسێکی لا مەزهەبی و لادەره و باوەڕی بە مەزهەب نییە و ڕەخنەی لە شافیعی گرتووە، جائەو نەیگووت ڕەخنە، بەڵکو دەیگووت قسەی پێگووتووە، چونکوو لە تێڕوانینی ئەوانە، ڕەخنە یەکسانە بە جوێن و قسە پێ گووتن!

جا منیش ئەوکات تازە دەستم کردبوو بە خوێندنەوەی فەلسەفە و کتێبی دەروون ناسی و کۆمەڵناسی و، ڕۆمان و چیرۆک و چی و چیم دەخوێندەوە و لە هەندەک ڕیوایات(فەرموودە) و حوکم و حەد و حدودی ئیسلامی دەکەوتمە گومان و خەریک بوو بڕوام بە مەزهەب و شافیعی و شت لەق دەبوو و بەرەو ڕوانگەیەکی هیومانیستانە و لیبڕانەو ئەقڵانیانە هەنگاوم دەهاوێشت.
جا کە زانیم مەڵا هێندە شافیعی پەرست و دەمارگیرە بۆ مەزهەبەکەی، ویستم میزاجی بترشێنم و هەندەک جەوی بگرم،
نازانم ڕێک چی بوو، بەڵام قسەیەکم لەبارەی شافیعیەوە کرد، ئەی باوکە ڕۆ، خوێن زایە چاوەکانی و وەکوو دووژمنێک لێی ڕوانیم و وەختابوو لێم بدات. هەر خۆیشی نەمن خۆشیم بە چارەی ئەو مەڵایە دەهات و نە ئەویش حەزی بە چارەی من دەکرد.

ئەو مەڵایه زۆر ڕقی لە من دەبوویەوە و قەت دانوومان پێکەوە نەدەکوڵا، ئەوەی بیرم بێت، چی لە خوێندنی سەرەتاییم لە قوتابخانەی پەروەردە و چی لە خوێندنی ئەوقاف، چ لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان و چی لە خوێندنی باڵا و ماجستێر، هیچ مامۆستایەک ڕقی لێم نەبووەتەوە و هەمیشە مەحبوب ڕێزلێ گیراو خۆشەویست بوومە لای مامۆستاکان، چونکو دایمە فەقێ و قوتابی و خوێندەکارێکی جدی و زیرەک بوومە، ڕقی ئەو مەڵایەش لە هەمبەر من، تەنها لە سۆنگەی ئەوەبوو، ئەو هەرفەقێیەک کڵاو و جامانەی نەکردبا سەر، زۆری ڕق لێدەبووە و دەیگووت:ئەوە فەقێیەکی جدی نییە و نابیتە مەڵا لەداهاتوو، جامانەی کردبوو بەپێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی فەقێی، بە کورتیەکەی و کوردیەکەی، تۆ مەولاناو مەلای گەورەی کۆیە و شێخ محەمەدی خاڵ و مامۆستا عەلائەدین سەجادی و مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس بوایتا، مادام جامانەت لەسەر نەبوایە، لای ئەو مەڵایه، حیسابی فەریکە فەقێیەكی بۆت نەدەکرد و پوولێکی سوتاوت نەدەهێنا.

جا بۆ مەسەلەی ئەو جامانەو شتە، من، لە لایە هەستم کرد لە پۆلی پێنج قژم زۆر دەوەرا، بۆیه زۆر بەینم لەگەڵ جامانەنەما و لەلایەکیتریش هەر لە داخی ئەو مەڵایه لە ڕق ڕاچووبووم و جامانەم نەدەبەستا.

بۆیه زۆر بە چاوێکی نزم و لاپۆز و خراپ سەیری دەکردم و هەر فەقێیەکیش کڵاو، یان جامانەی لەسەر نەبوایە، لێنەدەگەڕا لەوانەکەی دانشیت، دەیگووت پەڕۆیەک بخە سەر سەرت و وا بێ لەچک نەتبینم جائیز نییە، هاهاها، فەقێکان هەموان دەماندا قاقا کەوای دەگووت، یان هەر هەر فەقێیەک کڵاو جامانەی نەبەستبا، دەری دەکرد، ڕقی لە کڵاویش دەبوویەوە، منیش تەنها کڵاوێکم دەکردە سەر، بۆیه زۆر ڕقی لەدڵ لەهەمبەر هەڵگرتبووم و لە دەرفەتێک دەگەڕا، داخی جامانەم بەسەردا بڕێژێت.

ڕۆژێک تاقیکردنەوەی بابەتەکەی ئەومان هەبوو، بابەتی(میــرات)

کەمن و فەقێی تری لەو بابەتە سەقەت کرد، وەکوو لە بەشەکانی پێشوو باسم کرد، لەو تاقیکردنەوە،
کاتێک وەرەقەکەمان وەرگرتەوە، سەیردەکەم نیوەی نمرەی لێ کوشتووم، من ڕاستە لە میرات خراپ بووم، وەلێ لەو تاقیکردنەوەیە چوونکوو خۆم زۆر هیلاک کردبوو، باشم وڵام دابویەوە، کەچی هەر لەوگۆڕەی نیوەی نمرەی لێ کوشتبووم، سەیری ئەسیلەکەمم کرد بۆ دڵنیابوون، وڵامەکانم هەمووی ڕاستە!
پێم گووت: هەڵەت ڕاستکردووەتەوە و نیوەی نمرەت لێ کوشتووم، دەمی کەوتە تەتەڵە و نەیزانی چی بڵێت و ناچار بۆ ئەوەی خۆی قورتاربکات، گووتی: کوڕە تۆ قۆپیەت کردووە! کە وای گووت: ڕێک دەهری بووم و لە ژێر لێوەوە هەرچی جوێنی ناشیرین بوو، بۆم حەواڵەکرد و لە ڕقان بە ئیدارەی قوتابخانەشم نەگووت، کە، ئەو مەڵایه بە غەدر و ناحەقی نمرەی کوشتووم و ستەمی لێکردووم و ئەو مەڵایه غەرەزشەخسی و ڕقی لەسەر بابەتێکی وا(مەسەلەی جامانە) لێ هەڵگرتووم.

دڵنیام بە ئیدارەم بگووتبا، بابەتەکە لە بەرژەوەندی من یەکڵایی دەبوویەوە، چونکوو بەڕێوەبەرەکەو هەم یاریدەدەکەیشی(مەلا سەعدەدین و مەلا سەڵاحەدین) کە هەردووکیان برابوون و زۆر منیان خۆشدەویست و مەڵا سەعدەدین، وتاربێژی مزگەوتی(سپی)بوو لەتەیراوەو بە منی دەگووت:کوڕم شەماڵ، ئەو دوو چاوەم لێ داوا بکەیت بۆ دەردێنم و مەڵا سەلاحەدینیش، پێی دەگووتم: پوولە و دوو سێ فەقێی خوێڕیلکەمان لەگەڵ بوون لە پۆلەکەمان، چەندین جار بەدانەکیانی دەگووت: حەیف بۆتۆ، هاوڕێی شەماڵیت و هێشتا ئەخڵاقت سفره، هەوڵدە لەشەماڵ فێری ڕەوشتی بەرزبە. لەو بە پوولەیه فێری ڕێز بە.
جامن حافیزولقورئانیش بووم، ئەوە هێندەیتر لای ئەو دوو مەڵایەو خەڵکێکی زۆر، خۆشەویستی کردبووم.
بابێینەوە سەر مەسەلەی شافیعی و فیقه و مەزهەبەکەی، گووتم مەزهەبی شافیعی مەزهەبێکی نێرسالارانەیەو هەموو شتێکی بە ئەقڵیەتێکی نێرگەرایانە و بۆ بەرژەوەندی پیاو لە دژی ژن نووسراوەتەوە.

لە مەزهەبی شافیعی دا: خوێنی ئافرەتی کوژراو نیوەی خوێنی پیاوە، هەروەها خوێنی ئەندامەکانیشی نیوەی خوێنی ئەندامەکانی پیاوە.

مەزهەبی شافیعی مەزهەبێکە، ڕەگی لەسەر دەمارگیری ئایینی دا کوتاوەو لە ڕوانگەیەکی تا بڵێیت دژ پلورال و ئەنتی ئینسانیانە نووسراوە.
لە مەزهەبی شافعی:
ئەگەر موسوڵمانێک، نا موسڵمان(کافرێک)ی کوشت، لە شوێنیدا، موسڵمانە بکوژەکە ناکوژرێتەوە!

لە مەزهەبی شافیعی دا: نابێ کوژراوەکە کەمتر بێ لە پلەی مرۆڤ کوژەکە. بەچی کەمتر بێت؟
بە (کفر) واتا:بە هۆی کافری و بیر و باوەڕ و ئایینی جیاوازەوە.
یان(ٲَوْ رقّ)کۆیلەیی. بۆیە بە پێی مەزهەب و فیقهەکەی شافیعی ئەگەر موسڵمانێک (ناموسڵمان(کافرێک)ی پەیمان لە گەڵکراو بکوژێ، یان کۆیلەیەک بکوژێ،
ناڕەوایە و نابێت و هەرگیز دروست نییە، لە تۆڵەی ئەو کووشتنە بکوژ، بیکوژرێتەوە، بۆچی؟ چونکوو مرۆڤ کوژەکە و کوژراوەکە یەکسان نینە. ئەو کافر و کۆیلە، ئەویش موسوڵمان و ئازاد!

هەروەها بە تێگەیشتنی شافیعی و شافیعی مەزهەبەکان،
خوێنی ئافرەت و پیاوی گاور، سێیەکی خوێنی پیاو ئافرەتی موسڵمانە.
خوێنی مەگوس و ئاگر پەرستەکان(زەردەشتیەکان) و بت پەرستەکانیش دوو سێیەکی دەیەکی خوێنی موسڵمانە.

هەڵبەت من وەکوو نووسەرێکی ئاڕاستە سیکۆلار و لیبڕاڵ، دژی ئەو دووباره کوشتنەی بکووژ و قانوونی تۆڵەسەندنەوەم و بیرۆکەی لەسێدارەدان و ڕشتنی خوێنی مرۆڤم و، بە هەموو شێوەیەک پڕۆتستۆی حوکمی لەسێدارەدان دەکەم، جا لە ژێر هەرناوێکدا بێت و بەهەرپاساوێکبێت، ڕشتنی خوێنی مرۆڤ و کوشتنی مرۆڤ ڕەت دەکەمەوە. چونکوو ئەوە چارەسەر نییە و جگە لەو سزادانە فیزیکی و هۆڤ و نامرۆڤانەیە، چەندین ڕێگا و سزای تری مرۆڤانە و شارستانیانەتر هەیە، بۆ سزادانی بکووژ.

…………………………………………………….
١-ئەبو عەبدوڵڵا محەمەد کوڕی ئیدریس شافعییە، ساڵی ١٥٠ک/٧٦٦ز لە دایکبووە، یەکێکە لە دیارترین پێشەواکانی سوننە لە ڕێڕەوی مێژوودا، و خاوەنی فیقهی شافعییە لە زانستی فیقهی ئیسلامیدا، هەروەک بە دامەرێنەری زانستی ئوسوڵ دادەنرێت و یەکەم کەسە لەو بوارەدا کتێبی نووسیوە و ناویناوە (الرسالة)، سەرچاوە(ویکیپدیا).

-٢تاريخ الفكر العربي، محمد أركون ص: 74
٣-شيخ الإسلام أحمد بن عبد الحليم بن عبد السلام بن تيمية، اقتضاء الصراط المستقيم مخالفة أصحاب الجحيم، تحقيق: عصام الدين الصبابطي، القاهرة (دار الحديث) 1972، ص141.

٤-ابن تيمية، اقتضاء الصراط المستقيم، ص142.

٥-فهم العلاقة بين اللغة العربية والعروبة الجديدة: ابن تيمية ومحمد الشافعي وابن باديس
أضافه الحوار اليوم في أحد, 04/05/2015 –

٦-هەمان سەرچاوەی پێشوو.

٧-نصر حامد أبوزيد : الامام الشافعي وتأسيس الإيديولوجيا الوسطية.

٨-حوار الأجيال، حسن حنفي ص: 466.




دیموکراسی بە بێ کچە مۆدێل..! شەماڵ بارەوانی

بەر لەوەی بچەمە سەر کڕۆکی بابەتەکە(دیموکراسی بەبێ کچە مۆدێل)، دەمەوێ ئاماژە بۆ گاڵتەجاڕی و مەهزەلەیەکی تری ئیسلامی سیاسی بکەم سەبارەت بە چەمکی(زۆرینە و کەمینە).

ئیسلامی سیاسی هەرجارەی گەر بیانەوێت ڕێگری لە ئازادی خەڵکێک بکەن و فشار درووست بکەن و عاتیفەی مێگەڵ و خەڵکێکی خالیولزیهن و ناڕۆشنبیر و سادە لەوح و بێ پاکگراوەند بجووڵێنێن، لە دژی ئازادی تاک و کرانەوەی جڤات و هەر نوێگەریەک و چەمکێکی تازەی دنیای مۆدێڕنێتە و بەرهەمی ئەقڵی ئازاد و جیهانی سیکۆلار، بە گوتاره خوڕافی و ئەقڵیەتە کلاسیکی و کۆنە خوازەکەی خۆیان، پەنا بۆ یاریەکی مناڵانە و فێڵێکی فێندەمێنتالستانە دەبەن و دێن و دەڵێن: کۆمەڵگای کوردی سەتا نەوەت پێنج و، نازانم ئەوەندەی موسڵمانە و نابێت ڕێگە بەکارێکی وابدرێت و خۆیان لە خەڵک و خوا دەکەن بە پۆلیسی دابوو نەریت و ئەخلاقی گشتی و دەرگاوانی بەهەشت.
جارێ لە کامە داتا دەڵێت:٩٥٪کۆمەڵی کوردی موسوڵمانە؟
دەڵێی هەرچی چەپ و کۆمەنیست و لائیک و ئەتایست و زەردەشتی و کاکەیی و مەسیحی و ئێزدی و جوی کوردستانە، حیسابیان کردووە!

دواتر دینی ئیسلام هەزار و یەک گروپ و حزب و مەزهەبی هەیه، کامە مەزهەب:شافیعی، حەنەفی، حەمبەلی، مالیکی، جەعفەری، زەیدی، موعتەزیلە، قورئانی، مورجیئە، باتنی، ئەبازییه، عەدنانی، قاعیدە، بۆکۆ حەرام، تاڵیبان، داعش، کۆمەڵ، یەکگرتوو، بزووتنەوە، سەلەفی جیهادی، سەلەفی مەدخەلی ..تاد.
بە درێژایی مێژووی ئیسلام هەموو یەکتری تەکفیر و تەبدیع و ڕەتدەکاتەوە.
دواتر بەو لۆژیکەی ئیسلامگەراکان بێت، مادام سەتا نەوەت پێنج گووتی: دەبێت کچە مۆدێل و هەرکرانەوەیەکی کۆمەڵ و ئازادیەکی تاک و تازەگەریەک و تێکەڵی هەردووک ڕەگەز لە قوتابخانە قەدەغەبکرێت.

کەواتە لە وڵاتانی ئۆروپا، کە موسڵمان و ئیسلام کەمینەی ناو کەمینانن، تەواو دروست و ڕەوایە، حەملەیەک بکرێت و بڵێن دەی دەبێت ئیسلام و موسڵمان بوون قەدەغەبکرێت!؟

ئەزیزم ئەو ئیسلامیه دیماگۆجانە بەرەواژو و هەڵە لە چەمکی زۆرینە و کەمینە حاڵی بوونە، زۆرینە بە واتای عەنتەری و سەپاندن و دکتاتۆریەت نایەت.

لە دیموکراسیەتدا، ٩٩٪ لەسەر بۆچوونەک بن و یەک کەسیش تەنها لەسەر بۆچونێکی دژ و پێچەوانەبێت، دەبێت حیساب بۆ بۆچوونی ئەو تاکە کەسە بکرێت و ڕێز لە حەز و خولیاو ئازادیەکانی بگیرێت.

ئینجا بابێمەوە سەر دیموکراسیی بە بێ کچە مۆدێل!

بیرمە لە فەقێیاتی بووم، ڕۆژێک لە کتێبخانەبووم، کتێبێک ناونیشانەکەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام و یەکسەڕ کڕیم و بردمەوە حوجرە و خوێندمەوە، کتێبەکە هی ژنە ئیسلامیەکی سیاسی ئیخوانی تورکی بوو، بەناوی(مەروە سەفا قەواقچی).
لەو کتێبه ئەو خاتوونە ئیخوانیستە فێندەمێنتالستە باسی لە مەزلومیەتی خۆی و کچە باڵاپۆش و لەچک بەسەرەکانی تورکیای سەردەمی دەسەڵاتی سیکۆلارستەکان دەکرد و لەوە دەدوا کە عەلمانیەتی تورکیا لێگری دەکەن ژن و کچکەکان ئازادی خۆیان مومارەسە بکەن و لەچک و باڵاپۆشی بکەن و لە تورکیا قەدەغەیە بەو ستایلە ئیسلامیه سیاسیە و مۆدێلە ئیخوانیه بڕۆیتە دام و دەزگاکانی حکومەت و ناوەندەکانی خوێندن.

منیش ئەوکاتە هەم فەقێ و هەم ئییسلامیەکی عاتیفی و دۆگمایی و فێندەمێنتالست بووم، لەژێر لێوەوە لەگەڵ خوێندنەوەی هەر دێڕێک و هەڵدانەوەی هەر لاپەڕەیەکی کتێبەکە، ڕق و نەفرەتێکی بێ ئەندازە هەموو بوونی دادەگرتم و دنیایەک جوێن و نەفرەتیم بۆ عەلمانیەت و دیموکراسیەت حەواڵەدەکرد و لەخۆمم دەپرسی و دەمگووت: مەعقولە دیموکراسی بە بێ حیجاب!؟
مەعقولە بانگەشەی دیموکراسیەت بکەیت و ڕێگریش لە لەچک و شتی خەڵکێک بکەیت؟

بێگومان بە زۆر لادانی لەچک و قەدەغەکرنجی حیجاب، هەمان شێوەی سەپاندنەکەی نموونەی:ئێران و ئەفگانستان و سعودیای پێشوو و دەوڵەتە گۆڕبەگۆڕەکەی داعشی تیرۆرست، کارێکی قێزەون و دژە ئازادی تاک و ئەنتی دیموکراسیەتیشە.
ئێستاشی لەگەڵ دابێت، هەموان و بەتایبەتی ئیسلامی سیاسی لە کورستان بەردەوام گلەیی لە دیموکراسیەت دەکەن و بە گەمەی غەرب و وڵاتانی کفری دادەنێن و تەنها وەکو پەیژە هەندێک شتی سادەی دنیای دیموکراسیەت بەکاردێنن و هەرگیز باوەڕیان بە گەوهەری دیموکراسیەت و حەقیقەتی چەمکی دیموکراسی نییە و دوژمنێکی سەرسەختی دیموکراسینە و خوا نەکات، دەسەڵات بکەوێتە دەستیان، کاکە دیموکراس گۆشە و گۆش سەر دەبڕن.

ئەو دیموکراسیه بەستەزمانەی کە ئیسلامی سیاسی پێی دەڵێن کەم و کوری هەیه و لێناگەرێت بە ئازادی بانگەشە بۆ دۆگم و ئیدەلۆجیا و بیر و باوەڕە ئیخوانچی و ئەجێندا تەعریبیەکەی خۆیان بکەن.

کە لەحەققەتدا درۆی دەکەن و ئەوە هەرگیز ڕاست نییە، ئەو ئازادیەی لێره هەیانە، لە هیچ وڵاتێکی تر بڕواناکەم هەیان بێت، لە کوردستان ئیسلامی سیاسی شەو ڕۆژ بانگەشە بۆ بیری شۆڤینی و فێندەمێنتالستەکەی خۆی دەکات و قسە به دیموکراسیەت و عەلمانیەت و فێمێنیزم و ئاژەڵدۆستی و مافی مرۆڤ و هەموو شتێک دەڵێت و بە هەرشتێک دا هەڵدەشاخێت کە لەگەڵ میزاجی داعشیانەو ئیدەلۆژیا کۆنزەرڤاتیڤ و کۆنەخوازەکەی یەکنەگرێتەوە و دژ و پێچەوانەبێت.

چەندان حزبی ئیسلامی سیاسی و دەیان کەناڵ و ڕادیۆ و ماڵپەڕ و ڕۆژنامەو گۆڤاریان هەیە و سەتان مزگەوت لەژێر دەستیانە و بەوپەڕی ئازادی کاردەکەن و بیری داعشیانە و دژە تۆلێرانسانە و دژە پێکەوە ژیان و نادیموکراسیانەیان بڵاو دەکەنەوە، بێ ئەوەی کەس پێیان بڵێت: سەرووی لێوەکانتان لوتێکە.
ئەو ئیسلامگەرایانەی دوژمنێکی سەرسەختی دیموکراسیەت و ئازادی و مافەکانی مرۆڤن.

جا دواڵیزم و دەبڵ مۆڕاڵی ئەو ئیسلامیه سیاسیانە لەوەدایە، فرمێسکیان بۆژنانێک دەڕشت کە لە تورکیا، بەناو عەلمانیە دژە دیموکراسیەکانی ئەوێ لێنەدەگەڕان بە لەچکی خەلیجی و حیجابی عەرەبی بڕۆنە زانکۆ و پەیمانگاکان( نەک قەدەغەکردنی تەواوی لەچک و حیجاب لەوڵات)،

کەچی پێش دوو ڕۆژە، لە سۆشیال میدیا ڤیدۆیەکم بینی لە ئێران کۆمەڵەک ژنی مەزهەبی خەرەفاو، کۆمەڵێک جەلاد و داچۆڕاو لە مۆڕال و ڕەوشت، کە ناویان لەخۆیان ناوە(پۆلیسێ ئەخلاق)، لە ناوەندی بازاڕ لە خانمێک دەدەن، بە پاساوی ئەوەی لەچک و ستایلی پۆشینی ئیسلامیانەو مەزهەبیانە نییه، سەدان کۆمێنتم خوێندەوە، هەموو ئیسلامیەکان و ئەو موسڵمانە بێ مۆڕاڵانەی کەوتوونەتە ژێر کاریگەری گۆتار و ئایدێۆلۆجیەتی داعشیانەی ئیسلامی سیاسی(ڕێزی زۆرم بۆ موسڵمانە ڕێزدار و باشەکان)، هەموان نووسیبوویان:(ئای دەستیان خۆش بێت) و زۆرێکیان ئیمۆجی پێکەنینان دانابوو وخۆشحاڵیان دەربڕیبوو، بەو لێدان و ئازاردانە.
جا لەهەمووی مەهەزەلەتر، کچ و ژنی واکۆمێنتی دەستخۆشییان بۆ پۆلیسی بێ ڕەوشتی و جەلادەکانی سەربە یاسای بەرد و مەزهەبی جەهالەت نووسی بوو، بێ لەچک و سینگ و قژ ڕووت و سمت پڕ سلیکۆن و کوڵمە و لێو لێوان لێو لە فیلەر و بۆتۆکۆس!

ئینجا بۆ قەدەغەکردنی کاری مۆدێل و ڤێتۆ خستنە سەر کچە مۆدێلەکان، باوەڕناکەم
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی هێندە کەسێکی دۆگمایی و دژە ئازادی تاک بێت، دڵنیام ئەو بڕیارەی چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا، کە لەدژی کچه مۆدێلەکان دەریکرد، لە ژێر فشاری مێگەڵ(کۆمەڵ)ی کوردی و توڕەیی ئەو حەشامەتەی سۆشاڵ میدیا بوو، ئەو حەشامەتە قورمیشکراو ڕۆبۆتە بێ پاکگراوەندەی بووەتە بووکەڵەی دەستی ئەقڵیەت و خیتابی ئیسلامی سیاسی.

گەرنا لەکوێی دیموکراسیەت ئەوە جێگای دەبێتەوە، تۆ ڕێگری لە کچە مۆدێل بکەیت؟
بەڕێز سەرۆکی حوکومەت: لە نووسینیتریشم ئەو قسەیەم کردووە و لێرەش دووبارەی دەکەمەوە:
ئەوەی شارەزای ئەلفبێی دیموکراسیەت و ئازادی و مافی مرۆڤ بێت، باش دەزانێت، کە کۆمەڵی کراوە و شارستانی و پێشکەوتوو و سیکیولەر و مۆدێڕن، هەرگیز، بە تەنها شوێنی ئایینێک و موڵکی فیکرێک و تاپۆی ئاڕاستەیەک نییە، بەڵکو چۆن مەعبەد و ئاتەشگا و کلێسا و مزگەوتی تیایە، ئاواش سۆزانیخانە و باڕ و مەلها.

چۆن مرۆڤی ئایینداری تیایه، ئاواش بێ ئایین و ئەتایست و مولحید و گومانگەرا.
چۆن مەلا و واعیزی تیایه، ئاواش کچە مۆدێل و گۆڕانی بێژ و شاجوان و سێکس فرۆش.

ئاخر مەعقولە دیموکراسی بەبێ کچە مۆدێل؟
تکایەکی برا بچووکانە، لەبرا گەوە دەکەم و پێت دەڵێم:
بەڕێز سەرۆکی حوکومەت، ئیتر واز لە چوار پێنج کچە مۆدێڵ بێنن و چیتر ڕادەستی داواکاری و مەتڵەبی ئیسلامی سیاسی نەبن، ئەو کچە مۆدێلانە هەڕەشه نین لەسەر داهاتووی جڤات و پێکەوەژیان و لێبووردەیی و یەکترقبوڵکردن و بە تەعریبکردنی ناو ناسنامەو فەرهەنگ و کلتور و هەموو شتێکی کوردی لە ژێر ناوی ئایین لەسەر دەستی ئیسلامگەراکان.
وەرن سەیرکەن بزان چۆن کۆمەڵی کوردی و تاکی کورد زۆربەی بووە بە داعش بیر و جوێندەر و دەمشڕ و توندڕۆ و کەوتووەتە ژێر کاریگەری گوتاری مەڵاو بانگخوازە ئێسلامەگەرا و فێندەمێنتالستەکان و گەمەی دەستی ئەجێندا وئیدلۆژیای ئیسلامی سیاسی.
وەرن سەیرکەن، لە سۆشیال بۆت جیاناکرێتەوە کامە: دەروێشی حزبێکی ئیسلامی سیاسیە و کامەی ئەندامی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و نەوەی نوێی ئیسلامیە.
نەوەیەک درووست بووە، نەوەیەکی داعش بیر، نەوەکی تۆتالیتار و داخرا، نەوەیەک لە دژی هەموو تازەگەریەک و شتێکی نوێ و جیاواز، لە دژی هەموو ئایینەکانی تر و دید و ڕوانگەکانی تر، دژی مۆسیقا و هونەر و تابلۆ و پەیکەر و هەرجیاوازیەک، هەمووی لەگەڵ ئیسلامی سیاسی لەیەک سەنگەردان لە جوێندان و سوکایەتی پێکردن و دژایەتی کردن.

واز لەو چوار پێنج کچە مۆدێلە بێنن و وەرن فریای کۆمەڵی کوردی و ئەوە بکەون وسەیری ئەوە بکەن، ئەو پێکەوە ژیان و لێبوردەیی و ئاشتیە کۆمەڵایەتیە جوانەی کوردستان لە ژێر هەڕەشەدایه و ئەمرۆ، یان سبەی گەر نێینەوە هۆش، من و تۆ و هەر ڕۆشنبیر و تاکێکی لیبڕاڵ و سیکۆلار و کۆمەڵی کراوە، هەموان باجەکەی زۆر بە قورسی دەدەین.

ماوەتەوە بڵێم:وەکو مەریوان وریا قانع دەڵێت:
ئەوەی چاوی ھەبێت و ببینێت دەزانێت نەوەیەک لە داعشی نووستو لە کوردستاندا ھەیە، ئەم نەوەیە ھەرجارە و لە شوێنێکەوە شتێک لە عەقڵیەت و ئاکار و ڕوانینی ترسناکی خۆیان بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگا و پەیوەندییە ئینسانییەکان، نیشانئەدەن.
لە ئایندەدا نموونەی ئەم جۆرە دیندارانە زیاتر و زیاتر دەبینین، ھیوادارم نەگاتە ئەوەی بە شمشێرەوە بەسەر شەقمەکاندا بڕۆن و کێیان بە بێدین زانی سەریببڕن!




قازانجی ڕووەکخۆری… شەماڵ بارەوانی

دەبێتە دووەمین بابەت لەسەر ڕووەکخۆری بنووسم، لەدوای ڕۆمانی(ژنە ڕووەکیەکە)، کە پێشوتر ڕانانێکم لەسەری نووسی و لەسایتی( دەنگەکان) بڵاوبووەوە،.

لەو ڕۆژانە لەیەکێک لە کتێبخانەکان، نیگام کەوتە سەر ئەو کتێبەی سادق هیدایەت و ناونیشانەکەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام، بۆیه بە گرنگم زانی بیخوێنمەوە و شتیکیشی لەسەر بنووسم.

شوکور خۆشم ڕووەکیم، ڕووەکی بوونم پرۆسەیەکی دوور و درێژی چەند ساڵە و چەندین قۆناغ بوو، تا توانیم بە یەک جاری دەست بەرداری گۆشتخۆری ببم و ببم بە مرۆڤێکی ڤیجیتریان و ڕووەکی، نامەوێ لەسەر ئەزمونی ژیانم و شێواز و چۆنیەتی وازهێنانم لە گۆشتخۆریم و بەڕووەکی بوونم هیچ بڵێم.
هیدایەت وتەنی” بەلاوەنانی گۆشت لەسەرەتادا ڕەنگە تۆزێک دژوار بێت، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت مرۆڤ لەوە تێدەگا، خواردەمەنیی ڕووەک تا چەند سروشتی و بەتامەو خواردەمەنیی گۆشت تا چەند خراپ و قێزەونە.١١٥). بۆیە
تەنها ئەوەندە دەڵێم، نزیکەی دوو ساڵە بووم بە ڕووەکی و لەوەتەی بووشم بە ڕووەکخۆر و دەستبەرداری گۆشتخواردن بووم، لەڕووی دەرونییەوە هێندە ئاسودەم هەر لە وەسفکردن و باسکردن نایەت.
باسی ویژدانیشم هەرناکەم، کە لەو ڕووەشە چەندە ئاسودەو دڵخۆش و بەختەوەرو مورتاحم.

ڕووەکخۆری هەستێکی باڵاو ڕۆحێکی زیندوو و ویژدانێکی زیندوو و ئیرادەیەکی پۆڵایین و بەهێز و جەنگی خۆڕاگری دەوێت.
من خۆم وەک ڕووەکخۆرێک، دەیانجار لەسەر ڕووەکی بوون، تووشی پلار، توانج و گاڵتە بوومەتەوە، ئاخر قورسە بۆ کەسێک، وازوو تێبگات و بتوانێت دەستبەرداری گۆشتخۆری بێت ،کە سەربڕینی ئاژەڵ و گوشتخواردنی ئاژەڵ و جینۆسایدکردنی ئاژەڵانی لا عەقیدەو بیروباوەڕ و سونەتێکی و موئەکەدە و پاسەپۆرتی لێخۆشبوونی خوداوەند و کلیلی چونە بەهەشت بێت و، هەر لە منداڵیەوە لەسەر گۆشتخۆری و سەبڕینی گیانداران و پەلەوەرەکان، گۆشکرابێت و پرۆڤەی پێکرابێت و ڕاهێندرابێت.
من لە پڕ بێم و پێی بڵێم: کاکە سەربڕینی چۆڵەکەیەکش تاوان و لادان و بێ ویژدانییە. کاتی دەوێت، تا ئەو ویژدانە خەفەکراوە زیندوبێتیەو ئەو هەستە باڵایەی ڕووەکخۆری لا درووست بێت!.
بابێینەوە سەر کتێبە بەنرخەکەی هیدایەت«قازانجی ڕووەکخۆری».
کتێبێکی قەبارە بچوکی (١٢٥)لاپەڕەیی(سادق هیدایەت)ی بیرمەندو نووسەری بلیمەتی کۆچکردووی ئێرانییە.

هیدایەت«قازانجی ڕووەکخۆری». بەسەر دوانزە بەش دابەشکردووەو لە هەر بەشێکیدا مژارێکی تایبەت و پەیوەست بەڕووەکخۆری گەنگەشەدەکات و بە کورت و پوختی و زۆر بەجوانی باس دەکات.

قازانجی ڕووەکخۆری.
کتێبێکی بە نرخ، کتێبێک هەڵگری پەیامێکی مەزن، پەیامێکی ویژدانی و ئینسانی و ئەخلاقی.
پەیامێک، پێمان دەڵێت ئاژەڵان و گیاندارانیشتریش مافی ژیانیان هەیه، بۆ ئەوە لەدایک نەبوون ئێمە بیانکوژین و سەریان ببڕین، کوشتن هەر کوشتنە، جا با ئەو کوشتنە بچوکترین ئاژەڵیش بێت، کوشتن توندو تیژییەو”هیچ شتێکیش بۆ مرۆڤ لەکوشتنی ئاژەڵان قێزەونتر نییه.٧٨).

مرۆڤ کوشتارگەی داهێناوە، کوشتارگه داهێنانی مرۆڤی شارستانییە و تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت، هیچ گیانلەبەرێک بەم شێوە قێزەونە نێچیری خۆی ناکوژێت.٨٢).

بۆیە هیدایەت، نەک تەنیا توندو تیژی لەگەڵ مرۆڤەکان، بەڵکو دژ بە ئاژەڵەکانیش ڕەتدەکاتەوەو سەرکۆنەی دەکات و ئەو دژی کوشتنی ئاژەڵان و سەربڕینی ئاژەڵانە، دژی خواردنی گۆشتەو پێی وایە هیچ پاساو بیانووەک، لەژێر کاریگەری ئایین و مەزهەب، یاخود یاساو نەریتە دواکەوتووەکاندا ناکرێت بکرێتە فاکتەرو هۆکاری ڕەوایەتیدان بە ڕشتنی خوێنی ئاژەڵان و هیدایەت پێمان دەڵێت سەربڕینی ئاژەڵان و ڕشتنی خوێنی ئاژەڵان، لە ئاکامدا توندو تیژی لە دڵ و درون و ناخی مرۆڤەکاندا دەچێنێت و مرۆڤەکان فێری توندو تیژی و خوێن ڕشتن و کوشتنی یەکتری دەکات و “گومانی تێدا نییە خواردنی گۆشت دەبێتە هۆی دڕندە خوویی و بۆ مسۆگەربوونی پێشکەوتنی ئەخلاقی مرۆڤ، دەبێ هیوادار بین خواردنی گۆشت وەلاوە بنرێ و ڕووەکخۆری جێگەی بگرێتەوەو خۆبواردن لەخواردنی گۆشت نەدژوارەو نە ئەستەمە و
.٨٠-٨١).
مرۆڤ هیچ پێویستی بەوە نییە بژێوی خۆی لە خوێن و گۆشت و چەوریی گیانلەبەرانی دیکە دابین بکات، بەڵکو دەتوانێ بە کەڵکوەرگرتن لە میوەو ڕووەک بژێوی خۆی دابین بکات و تەندروستتریش بێت.
هەڵبژاردنی ئەم شێوە خواردەمەنییه، ئەستەم و دژوار نییە، بەڵکو زیاتر لەگەڵ یاسای سروشت سازگارو تەبایە و لە هەمانکاتیشدا، سەغڵەم و بەتام و ئینسانییە.١٠٥)

پرۆفیسۆر(لاندۆزی)کە کۆمەڵێک توێژینەوەی سەبارەت بە خواردەمەنیی ئەنجامداوە، وتوویەتی”هەموو بەڵگەکان باس لەوە دەکەن، خواردەمەنیی ئاژەڵ پێویست نییە و ئەمە سەرەتاییترین بابەتی لەشناسییە.٦٠).
هیدایەت لەو کتێبەدا،زۆر بەوردی و زانستیانەو بابەتیانەو،
بەپێی توێژینەوەو بەڵگە زانستیەکان باس لە قازانجی ڕووەکخۆری و گۆشت نەخۆری دەکات و لەزیانەکانی گۆشتخۆری دەدوێت و پێمان دەڵێت کۆئەندامی جەستەی ئینسان لەگەڵ خواردنی گۆشت دژ و ناتەبایەو مرۆڤی گۆشتخۆر سەرەنجام لەڕووی جەستەیی، زەینی و ڕۆحییەوە دووچاری کێشەو دڵەڕاوکێ و قەڵەق دەبێت “
خواردەمەنی ڕووەک لە دوای خۆی، نەک تەنیا هیچ جۆرە ژەهرێک لە لەشدا جێ ناهێڵێت، بەڵکو ژیان خاوێن و پاقژ دەکات و کەم و کوڕی ئەخلاقی لەناو دەبات و ستەم و یەخسیریی مرۆڤ و ئاژەڵ دەسڕێتەوە.١٠٩).

هیدایەت پێمان دەڵێت”مرۆڤی میوە خۆر هێمن و لەسەرخۆیە، بەڵام لە ئاکامی خواردنی گۆشت بووەتە دێوێکی خوێنڕێژ، کاوڵکار، ئازاردەر و تانزمترین ئاست دابەزیوە.٨٨).
ئەو، پێمان دەڵێت مرۆڤ بەسروشت پاکی خۆی گۆشتخۆر نەبووەو بووە بە گۆشتخۆر و دەیان”بیرمەندی گەورەی مێژووی سروشتی وەکو داروین، هێگڵ، هووکسلی و فلۆڕاس و ..تاد.
سەبارەت بەم بابەتە هاوڕان و هەرکامیان بە جۆرێک ئەوەیان سەلماندووە، کە مرۆڤ میوەخۆرو.٣١)ڕووەکخۆرەو
“مێژووی ڕووەکخۆری هاوکاتە لەگەڵ مێژووی سەرهڵدانی مرۆف لەسەر گۆی زەوی، زانست سەلماندوویەتی مرۆڤی سەرەتایی وەکو مەیموونە گەورەکان لەدارستانی ناوچە گەرمەسێرییەکاندا دەژیا و خواردەمەنیی مرۆڤ به تەنیا میوەی ئەودارە خۆڕسکانە بووەو مرۆڤ ملیۆنان ساڵ بەم شێوە ژیاوە .٤٧).
ئەفسوس دواتر لە ئاکامی هەندێ پێشهات و ڕووداوی لە نەکاوی زەوی لەرزەو..تاد. مرۆڤ ناچاربووە بۆ ناوچەی تر کۆچ بکات و لە ئاکامی گۆڕانکاری کەش و هەوا تووشی نەبوونی میوەو برسیەتی بوەتەوەو له ناچارییەوە ڕووی لە گۆشتخۆری کردووە.
بەو شێوەیە، لەو کاتەوە سروشتی ڕاستەقینەی مرۆڤ شێوێندراوە بە گۆشتخۆرییەوە، ئەو گۆشتخۆریەی نەوە بە نەوە، وەکو میراتێک لە باب و باپیرانیەوە تا ئێستایش دەیگوازێتەوە، بەوچەشنە مرۆڤ بووە بە ئاژەڵێکی گۆشتخۆرو هەموو شتخۆرو “سکی مرۆڤ بووەتە گۆڕخانەی هەموو گیانلەبەران. مرۆڤ هەرشتێکی وەچنگ بکەوێت، ئاودیوی دەکات، لە مریشکی هەواوە بگرە تا دەگاتە شەیتانۆکەی زەریایی، لە گەدەی خۆیدا نوقمی دەکات، ڕەنگە یەکێک لە بەڵگەو هۆکارەکانی باڵاتربوونی مرۆڤ هەر ئەمە بێت! گا ئالف دەخوات، بەور گۆشتی زیندوو دەخوات، بەڵام مرۆڤ هەموو شتێک دەخوات، ئاژەڵان بۆ ئەوەی لەبرسان نەمرن و بمێننەوە، پێویستیان بە خواردنە، بەڵام زۆربەی مرۆڤەکان بۆ ئەوە دەژین، تاکو بخۆن.٨٣).

هیدایەت پێی وایە، بەهۆی بوون بە گۆشتخۆریەوە، مرۆڤایەتی بە لاڕێداچووەو لە سروشتی ڕاستەقینەی خۆی لایداوەو” لەئاکامی خواردنی گۆشت، ڕەگەزی مرۆڤ تێک چووە و خاوێنی و پاقژی و ساکاری سەرەتایی خۆی دۆڕاندووەو ئەخلاق و ڕەوشتی مرۆڤ سیخناخە لە شتی ناحەز و نەگونجاو. دەستدرێژی، دڕندەیی، دڕندەخوویی و خوێنڕێژی مرۆڤ بۆ خواردنی گۆشتی ئاژەڵ دەگەڕێتەوە.٨١).
هیدایەت پێمان دەڵێت” زوڵم و نادادپەروەری مرۆڤ دژی ئاژەڵان، نیشانەی تێکچوونی هەست و دابەزینی ئەخلاقی مرۆڤەو لە ئاکامی کوشتنی ڕۆژانەی هەزاران ئاژەڵی بێ ئازار و بێ دەسەڵات، کەتوانای بەرگرییان نییە، مرۆڤ نە تەنیا پێگەی خۆی خراپ دەکات، بەڵکو بە زۆر هاواری تۆڵەسەندنەوەی ویژدانی خۆی دەخنکێنێت و هەموو ئەو کەسانەی گۆشت دەخۆن، لە خراپکردن و دابەزینی ئەخلاقی مرۆڤدا بەشدارن و هەموویان تێکڕا لە ئەشکەنجەی ئاژەڵاندا بەرپرسیارن.٨٦).
وەلێ ئەفسوس”مرۆڤی ئەم سەردەمە هەموو شتێکی فیدای کۆئەندامی هەرس دەکات و نایەوێت شتێک لەخوانی خۆی بگرێتەوە، مرۆڤی شارستانی ئەمڕۆ، هەروەها مرۆڤی کێوی، وەیلان و هەڵوەدا، بێجگە لە ورگ و شەهوەت بیر لەشتێکی دیکە ناکاتەوە.٣٦).

هیدایەت داوا لەمرۆڤایەتی دەکات چیتر بێنەوە هۆش و بە ئاگابێنەوەو دەست بەرداری ئەو ڕێبازو ڕێچکە هەڵەیەبن.
ئەو پێی وایە گەر نەوەیەکی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو کە ژیانیان بە پێی یاسای سروشت دامەزراوە، جێگەی نەوەی ڕابردوو نەگرێتەوە، ئەوە ڕەگەزی مرۆڤ بە شێوەیەکی زۆر شەرمێونانە لەنێو دەچێت و ناوی لەناو کوولەکەباخانە نامێنێت و بەو شێوەیە لەئاکامدا”خواردنی گۆشت شارستانیەتی دەستکردی مرۆڤ بەرەو گەندەڵی و هەڵدێر دەبات .١٢٥). و مرۆڤ”یا دەبێت بچێتەوە سەر ڕێچکە سەرەکیەکەی خۆی و خواردەمەنیی سروشتی بخوات، یان مەحکومە بە لەناوچوون.٣٧).

هیدایەت پێمان دەڵێت”خووگرتن و ڕاهاتن لەگەڵ خواردنی گۆشت بۆ مرۆڤ ئاسایی نییە، بەڵکو لادانە لە یاسای سروشت، مرۆڤ وەکو گیانلەبەرێکی میوە خۆر خوڵقاوە.٩٣).
“پێچەوانەی بیروباوەڕی خەڵکی ڕەشوکی، خواردەمەنیی ڕووەک زۆر بەهێزترە لەخواردنی گۆشت.١٠٥). و بۆئەمەش بە ئەزموونی ژیانی دکتۆر واڵتێر هێدۆن لەزاری خۆیەوە لەو بارەوە باسدەکات کە دکتۆر واڵتێر پێمان دەڵێت”ئاکامی تاقیکارییەکان سەبارەت بەخۆم، وەکو کەسێک کەماوەیەکە لە خواردنی گۆشتی ماسی، مەڕوماڵات و پەلەوەرو تەنانەت بەرهەمەکانی پێوەندیدار بە ئاژەڵانەوە-بێجگە لە بەکارهێنانی ڕادەیەکی کەمی شیر و کەرە و هێڵکە-، پارێزیم کردووە، نیشانی داوە، بۆ ماوەی زیاتر لە بیست و پێنج ساڵە تا بە ئەمڕۆ توشی هیچ جۆره ئازارو نەخۆشیەک نەهاتووم.١٠٣).

هیدایەت لەوبارەوە نموونەی زۆری زانستی و پزیشکی و لۆژیکی و قسەو ئەزموونی زۆری پزیشکەکان دەخاتەڕوو دەیسەلمێنێت ،کە ڕووەکخۆری سوودی تەندروستی زۆری بۆ جەستەی مرۆڤ هەیە، وەک ئەوەی گۆشتخۆری و پێمان دەڵێت”زۆربەی پزیشکان لە ئاکامی توێژینەوەکانیاندا سەبارەت بە خواردەمەنی، لەسەر ئەو باوەڕەن، گۆشت بۆ لەشی مرۆڤ پێویست نییە، بەڵکو هۆکاری سەرهڵدانی زۆربەی نەخۆشییە کوشندەکانی وەکو نیقرس(سووتوساری لەش)،سکچوون، ڕۆماتیسم-نەخۆشی جومگە، شێرپەنجە، دەردە باریکەو ڕیخۆڵەکوێرە، کرمی ڕیخۆڵە، سیل، یاو ..تاد. بە ئەژماردێت.خواردنی گۆشت دەبێتە هۆی پیریی پێشوەختە. گۆشت لە لەشدا ژهر بەرهەم دێنێت و ڕێخۆڵەکان خراپ دەکات و میکرۆبی جۆراوجۆر بەرهەم دێنێت. بەگشتی زۆربەی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس، پێوەندیی بە خواردنی گۆشتەوە هەیە. بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییانە پێویستە لە خواردنی گۆشت دووری بکرێت.٦٣-٦٣-٦٥-٦٦).

“بۆ ئەوەی ژیان بەردەوام بێت، دەبێ ئەمڕۆ و سبەینێ و هەموو کات بخۆین!..لەژیاندا هیچ شتێک بەڕادەی چۆنیەتیی هەڵبژاردنی خواردەمەنی گرنگی نییە. ئەگەر خواردەمەنی نەبێت، بەگشتی ژیان دەکەوێتە مەترسییەوە و خواردەمەنی کاریگەری حاشاهەڵنەگری لەسەر تایبەتمەندیی زەین و هێزه جەستەییەکانی ئێمە هەیه.١٣-١٤).




ئێوە دەڵێن نوێژ کۆڵەگەی ئایینە…! شەماڵ بارەوانی

ئێوە دەڵێن نوێژ کۆڵەگەی ئایینە و کەچی دەستنوێژیش بە تڕێک دەشکێت! شەماڵ بارەوانی

ئیسلامی سیاسی ماوەیەکە بە کچە مۆدێل و پەروەردەی ئیسلامییەوە، گرتوویانە!
کەناڵی(Nrt)، کە هەمیشە لە دژی پارتی و یەکێتی و بە هەمان نەفەس و شێوەی پێشووی کارکردنی( Knn)کەی گۆڕان، کە مەلاکرێکاری فێندەمێنتالیستیان داوەت دەکرد، ئامادەیە کوڕەکەی زەرقاوی و هاوسەرەکەی بەغدایش داوەت کەن، کێشە چییە؟
گرنگ پێی لەو دوو هێزە(پارتی و یەکێتی) بدەین، جا خوام دەکرد وڵات دەبوو بە ئەفگانستان و داعشستان.

هەر لەو سۆنگەیەوە، شەو
خاتوونێکی ئیسلامی سیاسی میوانداریکردبوو، خاتوونێک دەتگووت خوشکەکەی بەغدادیە و هاتبوو کوردایەتی و ڕەسەنایەتی و ئەخلاق و چی و چی بە خەڵک دەفرۆشتەوە و بە کچە مۆدێلەکان دەگووت پێ ڕەوشت و بە تونێکی داعشگەرایانە، داوای دەکرد کومەڵەک ڕێکخراو شتی فێمێنیزمگەراو چی و چی دەربکرێن.

چونکوو بە قەناعەتی ئەو خاتوونە ئیسلامیە سیاسیە داعش بیره، ئەخڵاقی کۆمەڵ تێکدەدەن و شیرازەی خێزان هەڵدەوەشێننەوەو هەڕەشەن بۆ سەر ئایین!

جارێ یەکەم شت دەبێت ئەو خاتوونە باش لەوە دڵنیابێت، کە ئەو وەکوو ئیسلامیەکی سیاسی دواین کەسە باسی کوردایەتی و ڕەسەنایەتی بکات، چونکوو ئیسلامی سیاسی و کوردایەتی کوجا و مەرحەبا.

ئیسلامی سیاسی بۆ ئەوه دروست نەبوون تا دەولەتی کوردیمان بۆ دروست کەن و خزمەتی پڕۆژەی نەتەوەییمان بکەن و ڕۆڵەی کورد فێری کوردایەتی بکەن و منداڵی کورد بە بیرێکی نیشتمانی و هەستێکی نەتەوەیی و سرودی ئەی ڕەقیب پەروەردە بکەن.

ئەسڵەن ئەوان هەر باوەڕیان بەناسیۆنالستبوون و کورد بوون نییە، بیرتانە عەلی باپیر لەبەر مەوتنی مەوتنی ئەنفالچیەکان هەڵساوە، وەلێ بۆ سروودی ئەی ڕەقیبی نەتەوەییمان نا!؟

ئەوان گەڕ ئێستا لە ژێر ئەمری واقیع و هێزی دیفاکتۆدا ئەو ڕیشە موبارەکەی جارانیان تاشیوە و بە ئەقڵیەتێکی کۆنەخوازانەی سەدەکانی ناوەڕاست و بە سیمایەکی مۆێڕنانە باس لە کوردایەتی و ڕەسەنایەتی دەکەن، دڵنیابن خۆڵکردنە چاو تاکتیک و دیفاکتۆ و ناچارییه، خۆ بەرنامەکەیان دیارە چییە و خەریکی چ تەعریبێکی کلتور و فەرهەنگ و جل و بەرگ و ناو ئەقڵیەت و هەموو شتێکی کوردن لە وڵات.

ئینجا مەعلومە، کە ئاو لە کوێ دەکرێتە ئاشی ئایدیۆلۆژیاکەیان و بە ئیعازی کێ دەجوڵێنەوە، ئەزیزم ئەوان بۆ زیندووکردنەوەی خەلافەتی ئیسلامی و جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی شەریعەت و تەتبیقکردنی یاساکانی سەربڕین و دەستبڕین و بەردبارانکردنی خەڵک و بە داعشکردنی کۆمەل درووست بوون.

ئەوان بە جەستە لێرە و بە ئەقڵیەت و بیرکردنەوە هێشتا لە سەدەکانی ناوەڕستن و دڵیان بۆ بە غدادی هاوبیر و بن لادنی گۆڕبەگۆڕ لێدەدات، ئەوان ئەجێندای نەیار و پڕۆژەی تەعریب و جاشی بیری عرووبە و جێبەجێکاری پیلانی عەرەبی شۆڤینین، ئەوان شەڕی به وەکالەت و خۆ تڕێن بۆ بەرنامە و ئیدەلۆژیا و کلتور و شتێگەلێک دەکەن، کە نەهیچ پەیوەندی بە کوردەوە هەیه و نە هی کوردیشە.

ئینجا ئەو خاتوونە و هەموو ئیسلامی سیاسی هێندە ڕاسیزم و دەمارگیرن، مردنیان لا خۆشترە لەوەی ناوی زەردەشتیەک ببیستن، یان ئێزدیەک و مەسیحی و جولەکە و کاکەیی و بێ دینێک ببین.

دواتر
ئەوان چاک دەزانن کە نەحکومەت و نەوەزیر و وەزارەتی پەروەردە هیچ شتێکیان لە بەرنامەدانییە بۆ لابردنی ئایین لە خوێندنی قوتابخانەکان، بەڵکو ڕق و ڕاسیزم بوون و دەمارگیربوون و گیڤبوون و شەڕی ئەوان لە دژی ئایین ناسیەکەیە، نەک لابردنی وانەی ئایین(ئیسلامی)، وەلێ وەکو پیشەی هەمیشەییان، زۆر چەواشەکارانە و فێڵبازانە دێنن و عاتیفەی خەڵکێکی سادە لەوح بە مەبەست دەجوڵێنن و گوایە وانەی ئیسلامی لە پەروەردە لادەبرێت.

یەکەمەم، تا حوکومەت بە حوکمەتێکی عەلمانی و بێ دین و دژە خوا پیشان بدەن و خەڵک لە دژی حکومەت هاندەن و کۆمەڵ و وڵات بەرەو داعشبوون ببەن و ئەجێندا و بیر و باوەڕە داعشیەکەی خۆیان لە پەروەردەو هەموو کایەکانی تری کۆمەڵ جێگیربکەن و بە چوار کورسییۆکەی حیز، وەکوو دەوڵەت لەناو دەوڵەت کاربکەن.

دووش، ئەوان جگە لە کومەڵێک قسەی خوڕافی و عاتیفی و، حەکایەتێ ئایینی، هیچ پرۆژەیەکیان نییە بۆ خەڵک و دیاریشە کە چەندین دەیه هەن، نەیان توانیوە قەناعەت بە سەتا پانزەی خەڵکی موسڵمانش بکەن بۆ ئەوەی باوەڕ بە بیرە داعشگەرا و ئەجێندا تەعریبیەکە و ئایدیۆلۆژیا ئیسلامیزم و پەیامە خوڕافیەکەیان بێنن.

ئینجا ئیسلامی سیاسی وەکوو چۆن لە میسر، تونس، مەغریب و سودان تووشی فەشەل هاتن، لێرەش لە هەمان بازنەی فەشەل دا دەژین، بۆیه لە بێ بەرنامەیی و بێ ئیشی، ناچارن بۆ کاتی دەنگدان بە وەها کارێکی فریودەرانە، خۆیان بکەن بە نوێنەری خوداوەند و پاڵەوانی بەرگریکردن لە ئەقیدە و ئیمان و بەهەشت و چی و چی خەڵک، تا دەنگ بەدەست بێنن و لەو فەشەل و قەیرانی کەمی کورسیە ڕزگاریان بێت.

هیوادارم بەڕێز وەزیری پەروەرده، چیتر ڕادەستی ئیسلامی سیاسی نەبێت و کوردستان بەرەو بیری ئیخوانچیەتی و داعشگەرێتی نەبات و، جارێک داستان و فۆلکلۆری دەروێش عەبدی پێ لە پەروەردە لادەبەن و جارێک ئایین ناسی، وەزع وا بڕوات و هێندە بە ئاسانی بۆیان بچێتە سەر، دڵنیابن ڕۆژێک دادێت جێبەجێکردنی حوکمی شەریعەت و تەتبیقکردنی فیقهی ئیسلامی و هەموو بکە و نەکەیەکی دەوڵەتێکی ئیسلامیمان بەسەردا دەسەپێنن.
Shamal Ismael Kareem
ئەو دەوڵەتە ئیسلامیەی کە هەموو بابایەکی ئیسلامیزم و سەلەفیزم خەونی پێوەدەبینێت و شەو ڕۆژ کاری بۆ دەکات.

بۆیە وەکو ڕەوانشاد(سەیدقومەنی)بیرمەندی میسری هاواری دەکرد و دەیگووت:ئەی ئەو دەوڵانەی ڕۆژهەڵات، ئێمە لە میسر زۆر دەرفەتمان بە ئیخوانیزمدا و زۆر موجامەلەمان کردن، ئێستا وا باجەکەی دەدەین، تکایه ئێوە وامەکەن و مەجالیان نەدەن.

بۆیە هیوادارم وەزیری پەروەردە، بە فشاری فلان حزبی فاشیلی ئیسلامی سیاسی و به تەلەفۆنێکی مەلا لەتیفی سەلەفی نەکەوێتە پاڕانەوەو تکاوموجامەلەکردنیان و لێیان نەترسێت و حسابیان بۆ نەکات و

بێت و ببێت بە ئەتاکورێک(ناڵێم بۆ ئایین)بەڵکوو بۆ گیانی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەراکان و زۆر بوێرانە ئەو پەروەردە ئایینیەیەی کەهەیه(ناڵێم لایببات)، وەلێ دەستکاری بکات، چونکوو پەروەردەیەکە هەربەڕاستێ بە دڵی ئیسلامی سیاسی و لەخزمەتی سیاسەت و ئەجێندای ئیسلامی سیاسی و دۆکترین و ئیدەلۆژیای سەلەفیزم نووسراوە و خزمەت بەوان دەکات.
من وەکو دەرچوویەکی کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان. چەندینساڵ، لەقوتابخانە بابەتی ئایین، پۆلەکانی شەش، حەوت، هەشت، نۆ و دەم وتووەتەوە، بێگوومان زۆر شتی تێدایه دژی زانست و پێشکەوتن و پێکەوەژیان و لێبوردەیی و فرەییە، دژی ویژدان و سیکۆلاریم و ئاشتی کۆمەڵایەتییە،

با وەزیری پەروەردە بێت و لایەنە جوان و ڕۆحی و ئیمانی و عرفانیەکەی ئایین بهێڵێەتەوە و ئەو تێکستانە بێنیت کە باس لە سۆز ومیهرەبانی و ژیان دۆستی و مرۆڤایەتی دەکات دابنێت و زەقیان بکاتەوە و

هەرچی بۆنی ترس و توندو تیژیشی لێدێت و پێچەوانەی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤە و لەگەڵ یەکسانی جێندری و دیموکراتیەت و پەروەردەیەکی شارستانی و سەردەمی و مەدەنی، یەکناگرێتەوە لایبەرێت.

تا وڵاتمان لە تۆی داعشگەرێتی سەلامەت بێت و نەوەیەکی شارستانی و بیرکراوە و هێمنی نا ئیخوانی و نا سەلەفیگەرا دروست بێت، نەوەیەک باوەڕی بە پێکەوەژیان بێت، ڕاسێزم و توندئاژۆ و دەمارگیر نەبێت، ڕقی لە ئێزدی و کاکەیی و زەردەشتی و مەسیحیەکان نەبێتەوە لەبەر ئەوەین ئایینیان جیاوازه، نەوەیەک بە عەلمانیەت نەڵێ کفر و دیموکراسیەت بە پیلانی خۆرئاوا دانەنێت، نەوەک چیتر ژن نەکوژێت و کلتوری عەرەب بەناوی ئایینیەوە دەرخواردی میلەتی کورد نەدات،نەوەک زانستی خۆش بوێت و ڕێزی مرۆڤایەتی بگرێت و لیبڕاڵانە بیربکاتەوە و باوەڕی بە پلورالیەت و تولەرانس و ژیان دۆستی هەبێت و وشەی کفر لە فەرهەنگی خۆی فڕێ بدات و کوشتنی مرۆڤ لە ژێر هەر ناوێک و بە هەر پاساوێک بێت، پڕۆتستۆ بکات و ڕەتیبکاتەوە.

ئینجا بۆ کچەمۆدێلەکانیش، نازانم بۆئەو ئیسلامگەرایانە هێندە بە کچە مۆدێلەکان قەڵسبوونە و کێچ کەوتووەتە کەوڵیان و حەوسەڵایان نەماوە و وەکو بێ ڕەوشت و سۆزانی و تلیاک خۆر بە خەڵکیان دەناسێن و بە تێکدەری کۆمەل و ئایین و ڕەوشت پێناسەیان دەکەن!

جارێ تۆ لەوەگەڕێ کە بابای ئیسلامی سیاسی ئەو مافەی نییە و حەدیشی نییە و
کۆمەڵیش داعشستان و تەنها، مولکی ئایینێکی دیاریکراو تاپۆکراوی حزبێکی ڕاسیزمی ئیسلامی سیاسی نییە، تاخۆی لە خەڵک و خوا و هەموو شتێک بکات بە؟خاوەن و ئیمزای چۆنە دۆزەخی خەڵکێک بکات و بلیتی بەهەشتیش بەخەڵکێکیتر بفرۆشێتەوە و نازناوی بێ ڕەوشتیش به کچە مۆدێلەکان ببەخشێت و بە دڵی خۆی تەراتێن بە ئازادی مرۆڤەکانەوە بکات و دەست لە ژیانی تایبەتی مرۆڤەکانەوە وەربدات و بڕیار لەسەر مان و نەمان و بوونی خەڵک بدات
و پێمان بڵێت چی ئەخلاقه و چیش بێ ئەخلاقییە.

هەرهێندە بە ئیسلامگەران دەڵێم:
گەورەترین بێ ئەخلاقی ئەوەیە: هاوسەر و خوشک و دایک و کچی خەڵک، بەناوی خودا و شەڕع و ئایینەوە بکەیت بە کەنیزە و کۆیلە و دەستدرێژی سێکسیان بکەیتە سەر و بە حوکمی ئاسمان و کارێکی ڕەواشی دابنێیت و پاساویش بۆ ئەو بێ ئەخلاقیە بێنیتەوە.

ئینجا دەبێ بزانن ئێمەی سیکۆلارست و لیبڕالست، هەرگیز لێتان بێدەنگ نابین و لێناگەڕێین ئێرە بکەن بە داعشتان و چیتان ویست بە دڵی ئێوەبێت و وا بە ساناهی بۆتان بچێتە سەر.

دەبێت باش بزانن، کە ئێرە کوردستانە، نەک داعشستان،
ئێوەی پۆپۆلیست و تاک ڕەهەند و تێڕوانین تۆتالیتار هەمیشە هەوڵدەدەن و دەتانەوێت هەموو دەنگ و ڕەنگ و ڕوانگەکانی تری دەرەوەی بازنەی ئیدەلۆژیا و بیر و باوەڕەکەی خۆتان، تیرۆر بکەن و بخنکێنن و بسڕنەوە.

دەبێ ئیتر فێری ئەلفبێی دیموکراسیەت و ئازادی و مافی مرۆڤ بن و بزانن کە، کۆمەڵی کراو و شارستانی و پێشکەوتوو و مۆدێڕن، بە تەنها شوێنی ئایینێک و مولکی فیکرێک و تاپۆی ئاڕاستەیەک نییە،
بەڵکو چۆن مەعبەد و ئاتەشگا و کلێسا و مزگەوتی تیایە، ئاواش سۆزانیخانە و باڕ و مەلها.
چۆن مرۆڤی ئایینداری تیایه، ئاواش بێ ئایین و ئەتایست و مولحید و گومانگەرا.
چۆن مەلا و واعیزی تیایه، ئاواش کچە مۆدێل و گۆڕانی بێژ و شاجوان و سەکسفرۆش.

سەبارەت بەوەش، بە پێی دۆگم و ئەقیدەی ئێوە گوایە کچە مۆدێل بوونەتە هەڕەشە لە سەر کۆمەڵ و خێزان وئایین،

هەر بەڕاستی خێزان و کۆمەڵ و، ئایینەکەتان هێندە لەرزۆک و لاوازە، بەرگەی دوو کچە مۆدێل نەگرێت و بکەوێت و بڕووخێت!؟

کۆتا قسەم هەر بەو بۆنەیەوە،
بیرمە ساڵی٢٠٠٧بوو، لە هەولێر فەقێ بووم و لە حوجرەی محمەدیه لە مزگەوتی (حاجی قەرۆک) دەمامەوە، هەینیەک لەناو پاسبوونم و دەڕۆشتم بۆ تاری مەلا( مەحمود فەقێ)ئیسلامی سیاسی، لە مزگەوتی(عوسمانی کوڕی عەفان)، لای سایلۆ بوو، نازانم چی گەڕەکێکیان پێدەگووت!

منیش بە حومی فەقێیاتیم، کڵاو جامانایەکی عەلی باپیریانەم کردبووە سەرم،
لەناو پاس پیاوەک هاتە پاڵم و دوای سڵاو چاک و چۆنی گووتی:فەقێیت؟ گووتم بەڵێ.
گووتی ڕوخسەتە پرسیارێکت لێ بکەم؟ وتم فەرموو..

گووتی من هێندەی دەیهێنم و دەیبەم لەوە تێناگەم!
ئێوە دەڵێن نوێژ (عماد الدین) و کۆڵەگەی ئایینە و کەچی دەستنوێژیش بە تڕێک دەشکێت!
ئەوە چۆن دەبێت!؟




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…16…شەماڵ بارەوانی

بەشی شانزەهەم/

هەرچەند ئێمە لە پاڵ کتێبەکەی زەنەدانی، چەند کتێبێکی تری ئەقیدەشمان دەخوێند، بەڵام ئێمە بە گشتی لە بواری ئەقیدە دا، ئەقیدەی ئەشعەریمان دەخوێند لە حوجرە و قوتابخانە ئایینیەکان، گەرچی ئەشعەریەکان هێندەی موعتەزیلەکان، ئەقڵانی نین و لۆژیکیانە و ئەقڵانیانە مامەڵەی تێکستەکانی ئایین ناکەن، وەلێ لە هەمبەر حەمبەلیستەکان و وەهابیزمەکاندا، زۆر ئەقڵانی ترن.
ئەقڵ لە لای ئەشعەریەکاندا، تاڕەیەک ڕۆڵی هەیە و پێش ڕووکەشى تێکستەکان دەکەوێت، وەلێ ئەشعەریەکانیش ئەقڵیان کردووەتەوە پاشکۆی نەقڵ، جیاواز لە موعتەزیلەکان، کە ئەقڵ پێش نەقڵ دەخەن.

ئەشعەریەکان دەڵێن لە ڕێگاى ئەقڵەوە بە مانا و مەغزاو مەبەستەکانى تێکستەکان دەگەین. بە تایبەت هەندێک لەو تێکستانەى کە مانایەکى ڕوون و ئاشکرا و دیاریان نییە لە بارەى سیفاتەکانی خوداوەندەوە، لەو کاتەدا، لێکدانەوەى (تەئویلگەرایانە)یان بۆ دەکەن.

ئەشعەریەکان بۆچوونیان وایە کە قورئان کۆنە، سیفەتى (کەلام)ى خودایە، پێچەوانەی موعتەزیلەکان، کە، دەیانگووت: قورئان مەخلوقە و کەلامی خوداوەند نییە.

موعتەزیلەکان بۆچوونیان وابوو کە ئەقڵ بە ڕەهایى پەى بە تێکستەکانی ئایین و ناوەڕۆکى ئایین دەبات و دەتوانین بە ئازادانە پشت بە ئەقڵ ببەستین.

دەتوانین بڵێین ئەشعەریەکان وەک خۆیان دەیڵێن، نێوەندگیری و هاوسەنگیەک لە نێوان نەقڵ و ئەقڵدا دروست دەکەن.
ئەوان، نە هاوشێوەی حەنابیلە و سەلەفیزمە ڕووکەشگەراو دەقگەراکان، ئەقڵ پشت گوێ دەخەن و، نەیش هاوشێوەی موعتەزیلەکان هێندە ئەقڵ پیرۆز دەکەین و پێش نەقڵی دەخەین.

جا ئێمە ڕاستە لە ئەقیدە ئەشعەری بووین، وەلێ لە فیقهدا: شافیعی مەزهەب بووین و مەزەهەبی شافیعیمان دەخوێند. لە بەشی دواتر دێینەوە سەر قسەکردن لە سەر شافیعی و مەزهەبەکەی…

لە بەشەکانی پێشوو باسم لەوەکرد و ئاماژەم کرد، کە لە حوجرە و قوتابخانەی ئایینی، ئەشعەریمان دەخوێند لە ئەقیدە، وەلێ من زۆر کاریگەر بووم بە موعتەزیلەکان، تاڕۆشتم بۆ کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانیش، من و کۆمەڵەک خوێندەکاری کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان زۆر موعتەزیلەکانمان خۆ دەویست و سەرسام بووین پێیانەوە.
هەڵبەت بەر لەوەی ببم بە قورئانی، زۆر کاریگەربووم بە موعتەزیلەکان.
موعتەزیلە گروپێکی ئاڕاستە ئەقڵانین و لە دەستە کەلامیەکانی نێو بازنەی ئیسلامن.

موعتەزیلەکان باوڕیان بەوەیە کە ئەقڵ ڕێنوێنێکی باشترە لە شەرع و دەڵێن ئەگەر ئایین و شەرع و پەیامبەریش نەهاتبوا و نەبوا، ئەوە ئێمە لە ڕێگەی ئەقڵەوە دەمانزانی(حسن و قبح)،چاکە و خراپەی شتەکان بزانین و باشەو خەراپە لێکتری جیابکەینەوە و پەی بە کرۆکی شتەکان بەرین و خۆداوەندیش هەر بە ئەقڵ بناسین.

هاتنی پەیامبەرانیش دووپاتکردنەوەیە لە سەر ئەوەی ئەقڵ دەیڵێت.
موعتەزیلەکان هاوشێوەی سەلەفیگەراکان ڕوکەشانە شوێن تێکستەکان نەدەکەوتن، بیروباوەری ئیسلامیان بە ئەقڵ و لۆژیک لێک دەدایەوە.
هەر ڕیوایەت(فەرمودەیە)یەک لە دژی لۆژیک بوایەو لەگەڵ ئەقڵ دژایەتی هەبوایە، ئەوە وەریان نەدەگرت و لە کاتی تێکگیرانی ئەقڵ و نەقڵدا، ئەقڵیان پێشدەخست.
ئەقڵ لای موعتەزیلەکان پێوەر و بنەمابوو. ئەقڵ فەرمان ڕەوا و هەڵسەنگێنەر و کۆتا بڕیاربوو.

موعتەزیلەکان پێنج بنەمایان ھەیە کە قوتابخانەکەیان لەسەری دامەزراوە، ئەوانیش(التوحيد، العدل، الوعد والوعيد، المنزلة بين المنزلتين، الأمر بالمعروف والنهي عن المنكر.).
بێگوومان ئەگەر فیکر و بیرو باوەڕی موعتەزیلەکان هەر بەزاڵی بمابوایەتەوەو لە لایان سەلەفیزم و حەمبەلیستە فێندەمێنتالیستەکانەوە، ڕوبەڕووی ئەو کوشتارو لەناو چوون و ئیبادەکردنە جەستەیی و فیکری و مەعریفی و ڕۆشنبیریە نەبوانایەوە، ئەوە ئێستا ئەوەی پێی دەڵێن(جیهانی ئیسلامی) شتێکی تر دەبوو، ڕەنگبوو پێش ئەوروپاش بکەوتباین، لە کومەلێک بابەتی وەکو تۆلەرانس و پلۆرالیزمی ئایین و ئەقڵانیەت و دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ و جیاکردنەوەی ئاین لەسیاسەت و کاروباری دەوڵەت و ژیانی گشتی و زۆر شتی تریش.

هەرچەند ئەوانیش لەڕووی سیاسیەوە کەوتنە هەڵەو بەرامبەرەکانیان دەچەساندەوە، گەر مەسەلەی میحنەی خەڵقی قورئان و چیرۆکی ئەحمەدی کوڕی حەمبەڵ ڕاست بێت و فێندەمێنتالستەکان ترش و خوێیان پێدانەکردبێت و بە مقەستی بوهتان و ئایدلۆلۆژیی فێندەمێنتالیستانەی خۆیان شتیان لێ نەبڕی بێت و بە دڵی خۆیان کەم و زیادیان نەکردبێتن و، عەیب نەبیت زۆریان پێوە نەنابێت، وەک عادەتی هەمشەییان(٭)
وەلێ لەڕووی فیکری و ڕۆشبیری ئەقڵانییەوە، بەڕاستی گرنگ و پۆیستن بوون موعتەزیلەکان.

ئەفسوس کە نەیان هێشت گەشە بکەن و زوو فێندەمێنتالیستەکان، بە پشتیوانی خەلیفە موتەوەکیل جێنۆسایدی هەموو شتێکی کردن و لەناوی بردن.

موعتەزیلەکان،
( بەهۆی ئەو شاڵاوە تیرۆرە جەستەیی و فیکری کرایه سەریان، هەموو کتێب و توراس و داندراوەکانیان سوێندران و لەنێوبردران و شتێکی زۆر کەمیان لەدووا جێ ما و مێژوویان شێوێندراو ،سەلەفیگەراکان تابۆیان کرا کەمتەرخەمیان نەنواند لەناشیرین کردن وبەدێوەزمەکردن و ئەهریمەنکردن ناشیرینیان

کە موعتەزیلە لەسەر دەستی ئیبن حەنبەلدا شکستی خوارد، ئیدی نەقڵ جێی بە عەقڵ لێژ کرد و ئیدی لەو وەرچەرخانە بەدواوە، بایەخێک بۆ عەقڵ و بۆ فەلسەفە نەمایەوە و باڵادەستیی کۆنخوازی و لێکدانەوەی ڕووکەش و حەرفیی بۆ دەق، شاباڵی ڕەشی خۆیان بەسەر لێکدانەوەدا کێشا، ئیدی جێیەک بۆ ڕۆچوون بەناو دەقدا و بۆ تێڕوانینی نوێ لە ئارادا نەمان. ئیدی سەلەفیزم لە ئیبن تەیمییە و موحەممەد عەبدولوەهابەوە، تا ئیخوان و ئەستێرەکانی تیڤی و یوتیوب درێژەی کێشا. (٭)

(٭) سەبارەت بەو چەواشەکاریەی چیرۆکی:(میحنەتە)کە،
بەڕێز:محەمەد هەریری نووسەر،
بە بەڵگەوە ئەوە ڕەتدەکاتەوە، کە موعتەزیلەکان ئەحمەدی کوڕی حەنبەلیان ئازاردابێت.
من بەشێکی نووسینەکەی
لە پەراوێزی ئەو بەشەی بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گوومڕا دادەنێم، لە ژێر ناونیشانی(موعتەزیلەکان هۆکاری میحنەتی کوڕی حەنبەل نەبوون!

سەلەفیەت و ئازادی بیروڕا کووجا مەرحەبا):
چەندین کورتە نوسینی سەلەفیەکم بەرچاو کەوتوە کە وادیارە بە زنجیرە لەسەر موعتەزیلەکان دەنووسێت،

کە لە میژووی ئایین و مرۆڤایەتیدا هیچ تەرزە بیریک تا ڕادەی بیری سەلەفیەت نەیارانی نەکوشتوە ونەچەوساندۆتەوە، و دێت باسی دژایەتی موعتەزیلە دەکات بۆ ئازادی بیروڕا!!

سەیرە سەلەفیەکان کە لە مێژوودا کەس نەماوە تەکفیری نەکەن ودەری نەکەن لەبازنەی ئیسلام، هەزاران تاوانیان کردوە بە کوشتن و ئەشکەنجەدانی زانایانی موسڵمان، کەچی ئەدەبیاتى سەلەفیەت وبەڵکو ئەدەبیاتى ئەوەى ناوى دەنێن بە ڕابوونى ئیسلامی، زۆر بە شێوەیەکى چەواشەکارانە تەنها باسی ئەحمەدى کوڕی حەنبەل وچەند زانایەکی تری وەك احمدی کوری نەسری خوزاعی دەکەن، کە هاوزیندانی ابن حنبل بوو، وەک قارەمانێکى خۆڕاگرى ئەشکەنجەدان وئازادی بیر نیشانیان دەدەن!

دەیەها وتار وکتێب وچیرۆکم خوێندۆتەوە لەسەر ئەشکەنجەدانى موعتەزیلەکان بۆ ئەحمەدى کوڕی حەنبەل، وخۆڕاگرى ئەو لەبەرامبەر ئەو هەموو ئەشکەنجە وفشارەى لەسەرى بوو، لەو کێشەیەى کە ناوى دەنێن بە میحنەى خەڵقى قورئاندا!!

جارێ سەلەفی نازانێت وناشیەوێ بزانێت، ئەو هۆکارانە چین کە بوونە هۆی ڕوودانی میحنەکە، وپاشینەی خودی ئەحمەدى کوڕی حەنبەل چۆن بوو لە هەڵسوکەوت لەگەڵ نەیارانی! ئایە ئەحمەدى کوڕی حەنبەل فەتوای تەکفیری زانایانی تری نەدەدا و بۆی تێنەدەچاندن لای سوڵتان بۆ کوشتنیان وەك لەگەڵ [ضرار بن عمرو] وکەسانی تر وایکرد؟!

چۆن کەسێك وا ڕەفتار بکات لەگەڵ نەیارانی، دوایی ئەگەر نەیارانی وایان کرد لەگەڵی دەبێتە قارەمانی ئازادی بیروڕا؟!

ئینجا پێویستە پێمان بڵێت کێ بوون ئەوانەی میحنەی خەڵقکردنى قورئان دروست کرد، وئایە موعتەزیلە بەگشتی بەژداربوون لەو کێشەیەدا؟! نەخێر ئەوەی ئەو کێشەیان دروست کرد گروپێکی بچوکی کەلامیەکانی یان موتەکەلیمەکانی بەغدا بوون بە سەرۆکایەتی احمد بن ابي دٶاد، کە خودی احمد بن ابي دٶاد خۆی گومان دەکرێت لە موعتەزیلەبوونی بە پێی ڕای ئیمامی هەرەگەورەی سەلەفیان وسەلەفیەت، کە ابن تیمیە یە!!

زۆر لەو موتەکەلیمانە یان زۆربەی هەرەزۆریان موعتەزیلی نەبوون، بشر المریسي موعتەزیلی نەبوو، بەڵکو نەجاریەکانیان تێدابوو، بەرغوث یان تێدابوو، و ضراریة ی شوێن کەوتەی ضرار بن عمرو یان تێدابوو. مورجیئەیان تێدابوو کە بشر المریسي لەوان بوو، مورجیئەی ڕووتیان تێدابوو، موعتەزیلەشیان تێدابوو، “(مجموع الفتاوى 17: 299)

ئینجا میحنەی خەڵقکردنى قورئان لەسەر دەستی احمد بن ابي دٶاد دەستی پێنەکرد هەتا ئەگەر موعتەزیلیش بێت، هەرچەندە ابن تیمیەش ڕەتیدەکاتەوە کە موعتەزیلی بوو بێت.

ئایە دەکرێت ئەو هەڵوێستەی احمد بن ابي دٶاد لە دژی ئیمام ئەحمەدى کوڕی حەنبەل لەسەر موعتەزیلە حسێب بکرێت، کە ابن تیمیە خۆی دەڵیت احمد بن ابي دٶاد موعتەزیلی نەبوو؟!

هەر ابن تیمیە دەڵێت: ” زۆر لە پاشینەکان – لە شوێنکەوتەکانی ئەحمەد وغەیری ئەویش- وادەزانن نەیارانی ئەو موعتەزیلە بوون، وادەزانن بشر المریسي، هەرچەندە پێش میحنەتەکە مرد، وهەروەها احمد بن ابي دٶاد وئەوانی تر موعتەزیلە بوون، کە ئەوەش ڕاست نیە”
” (مجموع الفتاوى 14: 352، طبعة دار الوفاء المصرية)

بەڵکو لە کۆنترین سەرچاوەی هەواڵی میحنەت کە کتێبی برازای ئەحمەدى کوڕی حەنبەلە، حنبل بن إسحاق بن حنبل، هیچ باسی زانایەکی موعتەزیلی نەهاتوە لەوانەی کە مونازەرەیان کردبێت لەگەڵ ئەحمەدى کوڕی حەنبەل.

ئینجا شاراوە نیە لە کەسیك کەمێك لە مێژوو بزانێت، کە مەسەلەی تۆقاندنی فیکری و جەستەیی لەسەر دەستی سەلەفیەکان دەستی پێکرد بە یەك سەدە پیش میحنەی خەڵقکردنى قورئان، کاتێك غەیلانی دیمەشقی لە پاش مونازەرەیەك لەگەڵ الاوزاعي بە دزێوترین شێوە کوژرا، کاتێ هەردوو دەست و هەردوو پێیان بڕی و لە خاچیان دا لە ساڵی ١٠٦ کۆچی!

ئەوە چەند سەرباسێکە بۆ ئەو زانایانەی ناو نەخوێندەوارانی سەلەفی، چاکتر وایە باشتر بخوێننەوە، نەك هەر خەریکی خۆدەرخستن وڤیدیۆ خستنە یوتیوب بن، باشترە باسی بیدعە وقەبر و ڕیشی بێ ئیش بکەن، نەك باسی ئازادی بیروڕا، چونکە سەلەفیەت ئاخیرکەسن باسی ئازادی بیروڕا بکەن، و هەموو دەزانین کە دەستی سەلەفەکانی سورە بە خوێنی نەیارانیان.).

(٭)حەمەسەعید حەسەن.




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێك-12-… شەماڵ بارەوانی

بەشی دوانزەهەم/

لە بەشی پێشوودا باسمان لەوەکرد، کە، هەرگیز، لە ناو دەوڵەتی سیوکراتیدا ئازادی عەقیدە و بیروباوەڕ و لائیک بوون و سیکۆلاریزم بوون، جێگایان نابێتەوە و هەموو پێکهاتە و ئایینەکانی تر بە پلەدوو هەژمار دەكرێن و هەمیشە ماف خورا و چەوساوەن.

ئەوە ئەگەر ڕێگەی مانەوەیەکی سەرشۆڕانەیان پێ بدرێت و جینۆساید و قڕ نەکرێن، وەکو ئەوەی دەوڵەتی خەلافەت و داعشی تیرۆرست لەگەڵ کوردانی ئێزدی و، مەسیحیەکان کردی.
ئەوە لە بەرامبەر ئایین و ئایدیا جیاوازەکانی دەرەوەی بازنەی ئیسلام، تەنانەت لە ناو خۆشیاندا، هەموان یەکتری ڕەفز و تەکفیر دەکەن و هەوڵی لە ناو بردن و سڕینەوەی یەکتری دەدەن، بڕۆن لاپەڕەکانی مێژووی ئیسلامی هەڵدەنەوە، بزان هەموو ئەو ئاڕاستانەی کە حوکمیان کرد و ئیسلامی بوون، لە نموونەی ڕاشدی، ئومەوی، عەباسی، سەلجوقی، بوەیهی، فاتمی، ئەیوبی، بوەیهی و عوسمانی و کێ و کێیتر چییان بە ئازادیخوازان و جودا بیران و مەزهەبەجیاوازەکان دەکرد.
تەنها کتێبی(تاريخ التعذيب في الاسلام)ـەکەی باقر یاسین بخوێنەوە، کەمن بابەتێکم لە سەر نووسیوەو لە ماڵپەڕی”ئاوێنە”بڵاو بووەتەوە.
بزان چۆن و بەچ شێوازێكی دڕندانە و نامرۆڤانە، ئەشكەنجەی سایكۆلۆجی و فیزیكی مرۆڤ و خەڵكیان داوەو مرۆڤیان هەڵواسیوەو دەست و پێ و سەریان بڕیوەو سەریان بە گاشەبەرد پانكردووەتەوە و داهێنانیان لە شێوازی كوشتن و تیرۆر و تۆقاندن و ئەشكەنجەدان و ئازاردانی خەڵك كردووە، لەو كاتەی تەنها شمشێر زمانی قسەو كۆتا بڕیاربووە و دیكتاتۆریەت و تۆتالیتاریەت فەرمانڕەوایەتی و حوكمی دەكرد و، دەوڵەتی سیوكراتی ڕەها كاریكردووە و شتێك نەبوو بە ناوی سیستەم و لەناو چوارچێوەی ئەوخەلافەتە ئیسلامیانە، بە ناوی دەستاودەستكردنی دەسەڵات و ماف و دیموكراسی و مەدەنیەت و هاووڵاتی بوون و ژن بوون و، شتێك نەبوو لەسای دەسەڵاتی تۆتالیتارانەی ئەو خەلیفانە، بە ناوی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەبڕین و بۆچوونی جیاواز و ئازاد و ڕەخنەی ئازادانە و پلورالیەتی ئایینی و تۆلەرەنس و دیموكراسیەت و دیالۆك، هەموو شتێك بەزەبری هێز و نوكی شمشێر یەكڵایی دەكرایەوە و، چەندان شاعیر و نووسەر و ڕۆشنبیر و جودابیر و لائیك و دنیایەك جەعدی کوڕی دەرهەم و گەیلانی دیمەشقی لە سەر دەستی هیشامی كوڕی عەبدولمەلیكی ئەمیری ئیمانداران و خەلیفە و ولی و سوڵتانەكان، بە تۆمەتی بێ بڕوایی و لادان لە دۆكترینی ئایینی و قەدەریەت، دەست و پێ و سەربڕرداوەو، چەندین (أم قرفە)و محەمەدی كوڕی عەبادە و مەیسەم ئەلسەمار و ڕەشید ئەلهیجری و عەمارەی ئەلكەلبی و موغەیرەی كوڕی سەعیدی ئەلعەجەلی و بەشاری كوڕی بورد و سالح عەبدلقودوس و عەمری كوڕی ئەلحەمەقە و محەمەدی كوڕی حەسەنی زەنگی و حوسێنی كوڕی زەكەرویەی قەرامیتی و ئیبن ئەبو فەوارسی قەرامیتی و دەیان و سەتان و هەزارانیتر هەڵواسراون و بە شمشێر دەست و پێ و گوێچكە بڕدراون، و زمانیان قرتێندراوە و نینۆكەكانیان دەرهێندراوە و بە ئاگرداخكراون و سوتێندراون و بە زیندوێتی زیندەبەچاڵ و ژێرخاك كروان و، خەسێندراون، چاویان هەڵقەندراوە و دڕكی تێ چەقێندراوە و مەسیح ئاسا لە خاچ دراون و دەست و پایان بزمار ئاژەنكراوە، بە قامیش جەستەیان كون و برینداركراوە و خەل و خوێ بە برینەكانیاندا كراوەو لە تەندووری گڕگرتووی پڕ ئاگرخراون و سوتێندراون، بە قامچی و دەست و پێڵەقە و مشتەكۆڵە تامردن لێیان دراوە و، لە؟بەرخۆر ڕاگیراون، سەرو ڕیشیان تاشراوە، لە نێوان دوو ئەسپ بەستراونەتەوە و ڕاكێشراون و دووكەرت كراون، لەسایەی دەوڵەتی سیوكراتی و تۆتالیتاری و لە لایان سوفیانی كوڕی موعاویە و یەزیدی كوڕی موعاویە و موعاویەی كوڕی سوفیان و هارونە ڕەشید و موعتەزید و خالیدی كوڕی وەلید و هیشامی كوڕی مەلیك و ئەبو جەعفەری مەنسور و حەجاجی كوڕی یوسفی سەقەفی و حاكم بیئەمرواللە و مەهدی و ڕەشید و واسقی كوڕی محەمەدی عەبدولمەلیك ئەلزیات و مەروانی كوڕی موحەمەد و عەبدولمەلیكی كوڕی مەروان و یەزیدی كوڕی مەزید و یەزیدی كوڕی ئەلمولهەب و موسلیمی كوڕی عوقبە و قوڕەی بن شورەیك و زیادی بن ئەبیە و موعتەمەدی كوڕی عەباد و فەخرولمەلیك و سەفاحەكان و سەیفولدینەكان و سوڵتانولدینەكان و قائیم بیئەمروللاكان و بلانولحەق و فولانولدەولە و حاكم و خەلیفەو والی و وەزیر و ئەمیرەكانی تر هەموو، جگە لە (عومەری كوڕی عەبدولعەزیز كەكەمتر لە سێ ساڵ حوكمی كرد و، یەزیدی ناقیس شەش مانگ، ئەو دووەی لێ فڕێدەینە دەر)، باقیەكەی تر نووسەر وتەنی هەمووی سەركوتكار و تۆتالییتێر و چەوسێنەر و دیكتاتۆر بوونە و، بەو شێوەیە مرۆڤەكان لە سەر دەستی ئەمان و بە فەرمانی ئەمان و لە سایەی حوكمی ئەمان، دڕندەترین شێوە ئەشكەنجەدراون و لە شێوەی ئاژەڵێك سەر بڕدراون و لە خوێن گەوزێندراون و كوژراون.

چۆن جەعدی كوڕی دەرهەم، لە ڕۆژی جەژنی قوربان و لە شێوەی بەرخێك و لە ژێر منارەی مزگەوت و لە لایان (خالدقەسری) والی عیراق و پێش ئەوێش حیجاز، لەسەردەمی خەلافەتی ئیسلامیەوە سەردەبڕدرێت و براكەی ئەمیش (ئەسەد) كە والی خوراسان دەبێت، هەمان شێوە دەست و پێی هەموو لایانگرانی حارسی كوڕی سەریج دەبڕێت، تەبەری مێژوونووسی ئیسلامی باس لەوە دەكات، چۆن كە، لەسەردەمی عەباسیەكان و تەنها لە سەر دەستی ئەبو موسلیمی خوراسانی ٦٠٠ هەزار، ژن و پیاو مێردمنداڵ عیدامكراون و بە شمشێرسەربڕردراون.

ئەسفەهانی لەوەدەدوێت كە ئەبو جەعفەری مەنسور لەسەردەمی خەلیفایەتی و دەسەڵاتی خۆیدا بەعزێك لە عەلەویەكانی بە زیندوویی زیندەبەچاڵ كردووە.




ئەو ڕۆژەی مامۆستا کردمی بە پەند..!… شەماڵ بارەوانی

بیرمە لە قوتابخانە و لە چواری سەرەتایی بووم، من قوتابیەکی تابڵێیت زیرەک و هێمن و بە ئەدەب و ڕەوشت بەرزو بەڕێزبووم و بەو هۆیەوە لای مامۆستاکان هەمووی زۆر مەحبووب بووم، جارێک بە سیفەتی مرۆڤ بوونم و ئینجا منداڵی بوونم هەڵەیەکم کرد و هەندەک خەتم بە بزمارێک لە سەر تەختەی نووسین درووستکرد، پاشان قوتابیەک، لای مامۆستاکان و بەڕێوەری قوتابخانە دوو زمانی لێی کردم، هەرهێندەم زانی مامۆستای زمانی عەرەبی هات و زۆر وەحشیگەرانە و بێ بەزەییانە و دوور لە هەموو پڕنسیپێکی پەروەردەیی و بەهایەکی ئەخلاقی و ڕەوشتێکی مرۆڤایەتی، لە بەردەم هەموو منداڵانی قوتابخانە، بە قژ بەرزیکردمەوە و تا هێزی تیابوو بە عەرزی دادام و بە شاپ و پێڵەقە کەوتە گیانم و تا هیلاک بوو تێی سرەواندم.

وای کە چرکەساتگەلێکی ناخۆش و بوو ئەوکات و، بیرەوەریەکی پڕ بە ئازاریش بۆ ئێستا.

منێك، کە لە قوتابخانە پۆلی چوار بووم و تا ئێستا بێ ئەدەبیەکم بەرامبەر هیچ مامۆستایەک نەکردبوو وەکو ئاماژەم دا، مامۆستاکان بە هۆی بەڕێزی و بە ئەدەبی و زیرەکیم زۆر زۆریان خۆش دەویستم و ڕێزی تایبەتیان دەگرتم. کە ئەو مامۆستایە هێندە هۆڤانە و لە بەر دەم قوتابیەکان وای بەسەر هێنام، زۆر هەستم بە تێک شکان و ئازارێکی دەروونی کرد و چاوەکانم تاریک داهاتن و ئەوەی ناوی ڕێز و ئەدەب و مۆڕاڵە لەو چرکەساتە لام نەما!

تووشی هەڵچوون و کاردانەوە بووم و
گووتم دەبێت لە تۆڵەی ئەو بێ ڕێزیەی مامۆستا پێی کردم، بێ ڕێزییەک، ڕەنگ بێت تا کۆتایی ژیانم لە بیری نەکەم(حەتمەن ئێستاش کە بیرم دەکەوێتەوە جۆرێک لە ڕق لە بەرامبەر ئەو مامۆستایە”ڕۆحی شادبێت” و بەرامبەر ئەو قوتابخانەیە، لە دڵ و دەروونم زیندوو دەبێتەوە و بێزم لەو ڕۆژە و لە خوێندنی قوتابخانەکەمان دەبێتەوە و هەست بە تێکشان و ئازار دەکەم!)

جا گووتم شەرت بێت پەندێکی وا بەسەر ئەو مامۆستایە بێنم و وانەیەکی وای پێ بدەم، تا مردن لە بیری نەچێت و ببێت بە عیبرەت، وەک چۆن منی کرد بە عیبرەت!

لەناو حەوشەی قوتابخانەبوو کەوای لێکردم، هەموو قوتابخانە بە شێوەی بازنەیی لە دەوری من و مامۆستاکە ڕاوەستابوون، کاتێک مامۆستا کەوتبووە ویزەم،
ڕێک دیمەنەکە وەکو ئەوەبوو تاوانبارێکی جەنگ، یاخود نازییەک بێنیتە گۆڕەپان و بە تاوانی هۆڵۆکۆست و جوڵەکە سوتاندن لە قەفەسی دادگادا، دادگایی بکەیت و تۆڵەی تاوانەکەی لێ بکەیتەوە، چ تۆڵە و دادگاییکردنێك؟ پێلەقە و شاپەزلە و قژ ڕاکێشان و جوێن پێدان! چ دۆزەخێک بوو خودایه ئەو ڕۆژە.
Shamal Ismael Kareem
گوێم لێبوو قوتابیەکان هەیان بوو قاقای دەکێشا و یەک بەدەنگ پێدەکەنی، هەبوو دەیگووت: ئەی باوکەڕۆ وڵا کوشتی،
هەشیان بوو لەوەکەیتری دەپرسی؟ باشە ئەو کوڕه چی تاوانێکی ئەنجامداوە و چی هەڵەیەکی کردووە!؟
نەم بیست کەسێک بەزەیی پێم دا بێتەوە و فریام کەوێت و لە ژێر دەستی ئە مامۆستا جەلادە دەرم بێنێت، تەنانەت مامۆستاکانی تریش، کە پێشووتر هێندە منیان خۆش دەویست، ئەو ڕۆژە چووبونە ناو بەرگی هۆڤێک و ببوون بە سادیک و چێژیان لەو دیمەنەی بە قەشمەکردن و وێرانکردن و تێک و پێک شکاندنی من دەبینی!

سەرتان نەیەشێنم و زۆر لە سەر ئەو دیمەنەی دادگایی کردنی دادگای نۆرمبێرگ نەڕۆم.

چیم کرد؟ تۆزێک ڕامکردە ئەولاتر و چی جوێنی ناشیرینە بۆیم حەواڵەکرد، ویستم بێتە پێش بۆم و تا زەربی خۆم بوەشێنم و فریای ڕاکردن بکەوم، مامۆستاکە، کە ئەو جوێنانەم پێدا، دووبارە هێرشی بۆ هێنامەوە و ویستی جارێکی تر شەلالی پێلەقە و بۆکسم بکات، یەکسەر دەستم دا بەردێک و تا هێزم تێدابوو دام لە قاچی مامۆستا و گوتی ئای باوکەڕۆ مردم، تەختی زەویم کرد و ڕامکرد و ئیتر ئەوساڵە هەمووی نەڕۆشتمەوە بۆ قوتابخانە.

دەمەوێت لە سۆنگەی ئەو چیرۆکە بە ئازار و ناخۆشەوە یەکەم بڵێم: تاکی کورد ئەفسوس، زۆرێکیان تاکێکی زۆر تاکڕەهەند و سرووشت شێواوە و دایمە عەفەویانەو بازاڕیانە و بە هەڵچوون و کاردنەوەیەکی مناڵانەی بێ بیرکردنەوە و دوور لە لۆژیک و هەڵسەنگاندنێکی ساغلەم و تەواو، شوێن شەپۆڵی مێگەڵ و هاش و هۆشی جەماوەر دەکەوێت و زۆر تۆتالیتارانە، تەنها دیوێکی شتەکان دەبینێت و تەقە بە تاریکییەوە دەنێت و هەمووی بووە بەدادوەر و بڕیاری لە سێدارەدان بۆ تاوانبار و بکوژ دەردەکات،
بێ ئەوەی لە کرۆکی باتەکەحاڵی بوو بێت و بزانێت حەقیقەتی بابەتەکە چییە و ئایە بۆ دەبێت کەسێک لە بەشی یاسابێت و ببێت بە بکوژ و دەستی بچێتە خوێنی مامۆستا و تاوانێکی هێندە قێزەون ئەنجام بدات!؟

ئایە تەنها کوژراو قوربانییە؟ ئەی بکوژیش قوربانی نییە؟
چی شتێک وای کرد بگات بەو ڕادەیه و ئەو کارەساتە قێزەونە ڕووبدات؟ هەلەکە تەنها هی بکوژە؟ یان تەرەفیتریش؟

ئێنجا نازانم بۆ تاکی کورد هێندە تینووە بە خوێن و تۆڵە سەندنەوە و هەمووی داوای خوێن ڕشتن و توڵەسەندنەوەی تاوانبار و لە سێدارەدانی بکوژ دەکەن!
و ڕاگەیاندنو میدیای کوردی بێت و بە خەڵک بڵێت:پێتباشە سزای لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێت؟

وەک بڵێیت کوشتن لە تۆڵە و لە سێدارەدان بنبڕی ئەو دیاردە بۆگەن و کوشتنەنی مرۆڤ دەکات و داری جادوویی جارەسەری کێشەی کوشتنە، بێ ئەوەی لە خۆیان و لە یەکتری بپرسن:ئەرێ هەر بەڕاستی کێ و چی مرۆڤ دەکات بە کوژ؟
بۆچی و ئایە لە بۆش ئەو کوڕه پەنای بۆ ئەو کارە قێزەونە برد؟
فاکتەر و هۆکارەکان چی بوون؟
هەرئەوە هەموو ڕاستیەکەیە، کە لایەنی قوربانی باسی لێوەدەکەن؟
هەر بەڕاستی
وەکو بەڕێز(یاسین حەسەن)ی نووسەر ڕۆژنامە نووس وتەنی: منیش دەڵێم(پاشاگەردانییە
کەم کەس لەم کەیسە، کە کوشتنی دوو مامۆستای زانکۆیە لەلایەن خوێندکارێکی فەسڵکراوەوە، بە هاوسەنگی قسە دەکا.
کوڕەکە تاوانی کردووە،
بەڵام کوژراوەکان و مامۆستا خاتونەکەش، کە ژنی یەکێک لە دوو کوژراوەکە و فەسڵکەری خوێندکارەکەیە، پەپولە نین.
راگەیاندن، بەداخەوە، گەیەنەری هەواڵ و بنکۆڵکەری هەواڵ نییە، بەڵکو بۆتە پۆلیس و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە دەکا.
سەیرەکە لەوەدایە زۆر کەس خۆیان لێبۆتە دادوەر و بریاری لەسێدارەدان بۆ تاوانبار دەردەکەن.
Shamal Ismael Kareem
هەیە دەڵێ دەبێ لەبەردەم زانکۆ لەسێدارە بدرێ.
هەیە دەڵێ ئەگەر نەخۆشیی دەروونیی هەبێ چۆن دەتوانێ دوو مامۆستا بکوژێ.
کەس ناڵێ ئەو کوڕەش قوربانییە و لەنێوان دوو زانکۆدا گیری خواردبوو، هیچیان ئامادەنەبوون، لەبەر خانمە مامۆستایەک، وەک خوێندکار وەریبگرن.
رۆحی هەردوو مامۆستاکە شاد.
خوێندکارەکەش،
بەداخەوە،
لەخوێندکاری قانونەوە بوو بە بکوژ و پێشێلکەری قانون..

دووەم:
بێگومان پەروەردەی باش، بەردی بناخەی هەرکۆمەڵێکی ساخڵەم و هەنگاوی یەکەمی دروستکردنی تاکێکی مەدەنی و هێمن و ناتوند و تیژ و شارستانییە، بە پێچەوانەیشەوە، پەرەوەردەی خەراپ هۆکاری سەرەکییە لە تێکدانی شیرازەی کۆمەڵ و بەرهەم هێنانی تاکێکی توندڕۆ و سەرسەری و بێ مۆڕاڵ و نێگەتیڤ، هەموو باشیەکان لە پەروەردەیەکی شارستانی و باش و تەندروستەوە لە دایک دەبێت، هەروەها، هەموو خەراپیەکان و کارە دزێویەکانیش بەرهەمی پەروەردەیەکی سەقەت و خراپ و ناشارستانی و ناتەندروستن.

ئینجا دەبێت ئەو حەقیقەتە بزانین، کە بەر لە مامۆستا و قوتابخانە،
گووتراوە دایک قوتابخانەیه، بێگومان وایە، قوتابخانەی یەکەم، ماڵ و دایکە.
ئینجا دایک، کاتێک وەکو دایکێک، لە ماڵەوە نەتوانێت بەو ڕۆڵەی خۆی هەستێت و مناڵەکەی جوان پەروەردە بکات، یان بە شێوازێکی هەڵە پەروردەی بکات، بێگوومان بۆ مامۆستاو قوتابخانەی دووەمی زۆر قورستر دەبێت، ئەو ئەرکەی پەروەردەکردن، یان ڕاستکردنەوەی مناڵەکە.

پەروەردە دەبێت لە کۆمەڵێک ڕەهەندەوە لێی بڕوانین، تەنها ئەرک و کاری مامۆستا نییە، کۆمەڵێک دەست هەن لە پەروەردە کردندا، چی بە باشی، یان بە خراپی ڕۆڵ دەبینن، جابۆیەوە لە پێناو پەروەردەیەکی باش و شارستانی و ساغڵەم، دەبێت هەمووان دەست لە ناو دەست بن. لەوانە:
یاسا، خێزان، میدیا، کۆمەڵ ،قوتابخانە..تاد.
یانی باوکێک لە پێناو چەوتی و هەڵەێ کوڕەکەی هەڕەشە لە مۆستا بکات و بە مامۆستای زانکۆ بڵێت: بەسەرتەوە ناچێت.

دایکێک لە قوتابخانە، تەنها لەسەر ئەوەی مامۆستا قسەیەکی ڕەقی بە مناڵەکەی گووتووە، بێت و بە مامۆستا بڵێت: حەبڵ دەخەمە ملتەوە و بەو دەستانەی خۆم دەتخنکێنم!
دەبێت ئەو مناڵە کاتێک دەبینێت دایکی بەو شێوە ناشارستانی و سەقەتە بەرگری لێدەکات و بەو شێوە ناشیرینە هێرش دەکات سەر پەروەردەکارەکەی(مامۆستا)کەی، دەبێ چ ڕێزێک لەو مامۆستایه بگرێت و لە داهاتوو چ کەسێکی سەرسەری و شەڕانگێز و تاکێکی پڕکێشە و مرۆڤێکی خراپی لێ دەربچێت!

باوکی قوتابی بێت و حەرەمی قوتابخانە و پیرۆزی قوتابخانە بشکێنێت و هەڕەشە لە مامۆستا بکات، لەسەر ئەوەی مامۆستا شاپێک، یان دارێکی لە کوڕەکەی داوە، یان هەڵەیەکی بە رامبەر بە کوڕەکەی کردووە،

دەبێت ئەو مناڵە چ کەسێکی لێ دەربچێت؟
ئەوە بیینیمان چۆن دوو مامۆستا خەڵتانی خوێن دەکات و زۆر نامرۆڤانە، بە دێوەزمەی مەرگیان دەسپێرێت.

بۆ ئەوانەو دەیان نموونەی تری لەو شێوەیە، لە ئەزموونی ئەو چەندساڵەی مامۆستایەتیم ، هەمووی بەڵگەم هەیە و بە چاوەکانی خۆم بینیومە.

ئاخر من قوتابیم بینیوە، هێشتا لە پۆلی سەرەتاییە و بە مامۆستای گووتووە:
وەڵا باوکم پلەدارە و دەڕۆم و پێی دەڵێم بێت و لێپێچینەوەت لە گەڵ دا بکات!

مناڵی وا، حەتمەن بەرهەمی ئەو جۆرە پەروەردە ناشارستانی و نا تەندروست و سەقەتەیەی باوک و دایکە، کە سەرەتا ئاماژەم پێکرد.

چەندین جار بینیومانە، لە ڕاگەیاندنەکان، کە قوتابی بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر مامۆستا و زامداری کردووە.

بەر لەچەند ساڵێک، لە دێیەکی ئەو دەڤەرەی خۆمان مامۆستابووم،
قوتابیەکی پۆلی(حەوت)مان هەبوو، زۆر نەوەستاو ئاڵچاغ و بێ ڕێزبوو، لە بەرامبەر مامۆستاکان. تەنانەت جارێک لە ناو پۆل زمانی لێدەرهێنام، منیش تەنها هێندەم پێ گووت: کاکە بۆ وادەکەیت تەواو نیت، یان بەترانیت!؟

جا ڕێک بە ترش و خوێ پێداکردنەوە،
ئەمەی بۆ دایکی گێڕابوویەوە و دایکی یەکسەر تێلی بۆ بەڕێوەبەرەکەمان کردبوو و گووتبووی دێم لەگەڵ مامۆستا شەڕ دەکەم، چۆن وا بە کوڕەکەی من دەڵێت!؟

دایکی بەڕێز، ئەی لە خۆتت نەپرسی: چۆن کوڕەکەی من هێندە بێ ئەدەب بێت و بگاتە ئەوەی زمان لە مامۆستاکەی دەربێنێت!؟

هەرچەند ئەو دایکە بەڕێزە دواتر دانی بە هەڵەکەی خۆی داناو داوای لێبووردنی لێ کردم و ئەلحەق دواتر تابڵێیت ڕێزی دەگرتم.

من بیرم دێت و مناڵ بووم و بە چاوەکانی خۆم بینیومە، بە هۆی دەست لە پشتدان و هاندانی دایکەکەیەوە، گەنجێک، گەنجێکی تری، بە کلاشینکۆف خەڵتان خوێن کرد و بە سنووری مەرگی سپارد.

ئاخر دایکی وا، هەر لە مناڵیەوە، مناڵ پەروەردە ناکات، بەڵکوو شەللاتی درووست دەکات، جەلاد و بکوژ و شەقاوە پێشکێش بە قوتابخانە و کۆمەڵ و گەڕەک و شەقام و زانینگە دەکات.

ئێ باوکی ناحاڵی و دایکی بەڕێز:
تۆ لە ماڵەوە بە دەست دوو مناڵەوە گیرت خواردووە و بە شەق و پێلەقە دەکەویتە گیانیانەوە و خوا خواتە، بڕۆن بۆ قوتابخانە و دانێک، لە کۆڵت ببنەوە.

کەچی دێیت و لە سەر قسە پێ گووتنێکی مامۆستا، یان زلەیەکی مامۆستا، هەڕەشە و شەڕ و شکات دەکەیت!؟

ئەرێ بۆ جارێکیش بێت، بیرت نەکردووەتەوە و هەستت بەوە نەکردووە، کە تۆ بە دەست دوو مناڵەوە گیرت خواردووە!؟
ئەی مامۆستایەک، لە گەڵ چوارسەت مناڵ لە قوتابخانەیەک دەبێت حاڵی چۆن بێت؟

بیرت لەوە نەکردووەتەوە، مامۆستاش مرۆڤە، توڕە دەبێت و هەڵدەچێت، هەڵە دەکات، مناڵی خراپ بێزاری دەکات، ئەو شەلاتیەی تۆ درۆستت کردووە و بەڕەڵای گەڕەک و قوتابخانە و گیانی مامۆستات کردووە لە میزاج و کەسایەتی دەدات و بێ ڕێزی پێ دەکات.
قیامەت هەڵدەستێت، گەر مامۆستا هەڵەیەکی کرد و تووڕە بوو و جارێک لە مناڵەکەتی دا، تەواو ئیتر دنیا خراب دەبێت!؟
هەڵبەت مەبەسم لێرە هاندان نییە بۆ لێدان، کەس هەڵە تەفسیری قسەکانم نەکات.
بێگوومان من دژی لێدان لە مناڵم و بە هەموو شێوەیەک لێدان ڕەت دەکەمەوە.
نۆساڵیشە ساڵیشە مامۆستای وانەبێژم و یەك شاپ، یان دارێکم لە هیچ یەکێک لە قوتابیەکانم نەداوە، قوتابیەکانم هەندێکشیان کۆلێژیشیان تەواوکردووە و لەگەڵ خۆم ئێستا مامۆستای وانەبێژن.

بڕۆن لەهەموو قوتابیەکانم ببپرسن، بزان چەندە کەسێکی هێمن و ڕووخۆش و نا توندو تیژم لە گەڵیان و زۆر جار هەر بە شێوەی ستران و گۆرانی وانەیان پێدەڵێمەوە.
وەڵێ مەبەستم، خوانەخواستە، گەر مامۆستا هەڵەکی واشی کرد، ئەی لێبوردەیی؟ ئەی ڕێزگرتن لە مامۆستا؟
ئەی ئەو هەموو ماندوو بوون و دڵسۆزی و قوربانی دانەی مامۆستا لە پێناو پەروەردەکردن و فێرکردن و پێگەیاندنی مناڵەکەت!؟
یانی مرۆڤ ئاوا بێ ئەمەک و سپڵەبێت و بەو ئاسانیە و بە جارێک، ئەو هەموو چاکە و ماندووبوون و خزمەت و دڵسۆزیەی مامۆستا لە بیربکات!؟




ڕسوا… شەماڵ بارەوانی

من مەحکوم نیم بە خۆشەویستیەکی ساختە
و
قەرار نییه تا ئەبەد ناپاکێکم خۆش بوێ

چیتر لە دڵی مندا
جێگایەک بۆ فریودەر و
هەڵێک بۆ لێبووردن نەماوە

هەموو پەنجەرەکانم لە ڕووی خەیانەتکار دادەخەم

دڵی هەزارجار شکاوم
دەکەم بە بەرد و
هەرچی بیرەوەری ڕۆژانی ڕابردووە
پێی ورد و خاش دەکەم

تۆ ئومێدت کردم بە سەراب و
خەونەکانم بە خۆلەمێش

برۆ و ونبـە
بە هیوام بۆ هەمیشه
لە لیرەی تورکی ڕسواتر
و
لە تمەنی ئێرانی بێ بەهاتربیت




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…14… شەماڵ بارەوانی

بەشی چواردەهەم /
كودەتای پەرستگا..!

کتێبێکە حەققەت شایەنی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەرکردن و خوێندنەوەیە.

ڕوانگەی جوبران،
چارەسەرێکی بوونگەرایانەی ئاینە.
بە ڕێگەچارەیەکی وجودیانە بۆ ئایین و هەڵگەڕانەوە و وەرگەڕانەوە و کودەتاو شۆڕشێک، لە دژی کاهینەکان و مەعبەدەکان، لە دژی فێندەمێنتالیزم و سەلەفیزمی ئایینی، لە دژی کە لەپوورو ڕابردووگەرێتی، لە دژی تراژیدیای ئایدیۆلۆژیاکان، لە دژی دۆگم و تێگەیشتنە سەتحیەکان، لەدژی ئەو مەعبەدانەی پڕن لە دەمارگیری ئایینی و ڕاسیزم و ڕق، خاڵین لە خۆشەویستی و میهرەبانی و مرۆڤ دۆستی.

جوبران
پێمان دەڵێت دەبێت چارەسەرێکی وجودیانە بۆ کێشەکانی مرۆڤایەتی بدۆزینەوە و بە وجودیەت کێشەکانی مرۆڤایەتی چارەسەربکەین. شۆڕشێکی وجودیانە، شۆڕشێک ویژدان بنەمای بێت، شوڕشێک مرۆڤ بکات بە پێوەر، شوڕشێک تێگەیشتنێک بێنێتە بوون، چیتر بوونی مرۆڤ پێش ماهیەتی بخرێت، مرۆڤ پێش ئاین، مەزهەب، نەتەوە و ئیتن و خێڵ و ڕەنگ و ڕەگەزەکەی بخرێت و تەنها مرۆڤبوونی مرۆڤ بە پێوەر و ڕەچاو بکرێت و لە بەرچاوبگیرێت، مرۆڤ یەکەمین و دواهەمین شت بێت.

جوبران
پێمان دەڵێت پێویستمان بە ئاینێکیترە، ئاینێکی وجودی، ئینسانی و ئەخلاقی، ئاینێک پەرستگاکەی دڵ بێت و کەعبەکەی مرۆڤ و پێغەمبەرەکەی ویژدان.

ئاینێک وجودی مرۆڤ لە بەرچاوبگرێت، ڕەچاوی خواست و حەزو ئیرادە و ماف و ئازادیەکانی تاک بکات و بوونی مرۆڤ بە تەواوی مانا بەرز و پیرۆز بنرخێنێت. چیتر بە ناوی ئاینەوە لە ئازادی مرۆڤ نەدرێت، ئازادیەکانی تاک دەستی بەسەردانەگیرێت و سەربەستیەکانی ژن دەستبەسەرنەکرێت و مرۆڤبوونی مرۆڤ پێشێڵ نەکرێت. ئەقڵی مرۆڤ لە قاڵب نەدرێت و ویژدانی مرۆڤ خەفەنەکرێت.

چیتر لە ژێر ناوی مەزهەب و لە ژێر پەردەی ئاین و بە پاساوی ئاینی، مرۆڤ بە کۆیلە و بە کەنیزە نەکرێت. ڕەخنە بەبڤە و جیاوازیەکان دەمکوت نەکرێن.

ئاینێکی وجودی، وجودیەتێک، مرۆڤ بکات بە گەوهەری ژیان و سەنتەری بوون. ویژدانی مرۆڤ بکات بە ئایین و دڵ بە پەرستگا.
وجودیەتێک، هەڵگری پەیامێکی ئەخلاقی و ئینسانی بێت، لە خەمی مرۆڤەکان کەم بکاتەوە و ئازارەکانیان سڕبکات و لە کۆیلایەتی فیکری و جەستەیی و دەروونی ڕزگاریان بکات.

مرۆڤەکان لە ئەشکەوتی تێگەیشتن و بیری دۆگمایی و چەقبەستوویی دید و بەستەڵەکی ئەقڵ و لە دەستی پەرستگاکان ڕزگاربکات و مرۆڤ بێنێتەدەر و تێکەڵ بە فەزای ژیان و دنیای فراوانی مرۆڤایەتی بکات.

مرۆڤایەتی لە گۆشەی مەعبەدەکان قورتاربکات، ئەو مەعبەدانەی بەڕۆژ ناوی خوداوەند بەرز ڕادەگرن و بەشەو مرۆڤەکانی لێدەدزن!

ئەو پەرستگایانەی لە لایەک بانگەشەی خۆشویستنی خوداوەند و مرۆڤایەتی دەکەن، لە لایەکەیتر تۆی دەمارگیری ئایینی و ڕقی مەزهەبی و پەتای پەرتەوازەیی لە نێوان مرۆڤەکان بڵاو دەکەنەوە!

جوبران
پێمان دەڵێت مەعبەدەکان بنەمای هەموو کێشەکانن، بتەوێت باوەڕبهێنیت و باوەڕداربیت، مەرجی یەکەم بێ باوەڕبوونتە بە مەعبەدەکان.
کفرکردن بە مەعبەدەکان و جاڕدانی بێ باوەڕی لە هەمبەر مەعبەدەکان، ڕوکنی باوەڕ و پێشمەرجی ئیمانە.

جوبران
پێمان دەڵێت ژیانی ئێمە بە فیقه و فەتوا و تێگەیشتنی کاهینەکان لاقەکراوە. ژیانمان مەحکومە بە فیقه و بڕیار و ئەحکامی فەقێ و پیاوانی ئایینی و کاهینەکان. بە شافیعی و ئیبنولتەیمیەکان. بە عن عنە و قیلەو قالەکان.
نەک فەلسەفە و فەیلەسوفەکان، بە ئیبنولباجە و ئیبنولتوفەیلەکان. بە عیرفان و عاریفەکان، به مەولاناو هەلاج و ئیبنولعەرەبیەکان.

جوبران
وەکو کیرکگاردسۆرین پێمان دەڵێت (گرنگ نییە، باوەڕمان بە چی هەیه، گرنگ چۆنیەتی ئەو باوەڕهێنانەیە)،

تاچەند باوەڕەکەت، لە گەڵ مرۆڤ دۆستی، لە گەڵ ژینگە دۆستی، ژیان دۆستی و ئاژەڵ دۆستی، لە گەڵ مرۆڤ دۆستی دەگونجێت و بەرکەوتنی لە گەڵ ویژدان و مۆڕاڵ و ئەخلاقی مرۆڤایەتی نابێت.

تاچەند باوەڕەکەت جێگای فرە باوەڕی تێدا دەبێتەوە و ڕێز لە باوەڕەکانی تر دەگرێت. ڕێز لە ئازادی بیروباوەڕ و ئازادی ویژدان و هەڵبژداردنی ئەوانیتر دەگرێت. باوەڕەکەت تاچەند باوەڕی بە پێکەوە ژیان و بیری ناتوندوتیژی و تولەرەنس و ڕێبازی مرۆڤایەتی هەیە.
Shamal Ismael Kareem
تاچەند باوەڕی بە پلوالیەتی ئایینی، کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە، ئەوە گرنگە. جا خوام دەکرد باوەڕ و ئەقیدەکەت، ئایین و ئیمانەکەت، مەزهەب و قەناعەتەکەت بەردێک، خاچێک، بتێک و درەختێک دەبوو. گرنگ ڕێز لە مرۆڤایەتی بگریت و باوەڕت بە خۆشەویستی و برایەتی و تەبایی و یەکگرتوویی نێوان مرۆڤەکان هەبێت.

نەک ئەقیدە و باوەڕێک بێت، لە پێناویدا، سەری مرۆڤەکان ببڕدرێت و خەڵکی پێ بکرێت بە کۆیلە و پێی لە مرۆڤایەتی و کەرامەت و ئازادی و ژیانی مرۆڤەکان و ئەقڵانیەت و مۆدێرنێتەو شارستانیەت و هەموو بەها و جوانیەکی بوون و مانایەکی ژیان بدرێت وجودی پێ وێران بکرێت.

جوبران
پێمان دەڵێت ئێمە نوێژخوێنمان بەدەست هێنا، وەلێ نوێژەکەمان لەدەستدا.
مەعبەدمان ڕۆنا، ئەفسوس مرۆڤایەتیمان ڕماند،“

جوبران
وەکوو هێرمان هسە دەڵێت(ئەوەی دوێنێ خەمربوو، ئەمڕۆ بووە بەخەل).
ئەوەی پێشووتر تابۆ بوو، ئێستا ڕەوایە.
مرۆڤ لە جیاتی ئەوەی بە ناوی خوداوەندە ئازادبکرێت، کەچی بە پێچەوانەوە دەکرێت بە کۆیلە.
ئایین لە ئایینی خوداوەند و مرۆڤایەتیەوە، بووە بە ئایینی کاهین و فەقێکان.
مەعبەدەکان بوون بە جۆرێک لەفرۆشگا و دووکانی سیاسی و ماڵی بازرگانی کردن. باوەڕ بووە بەبێ باوەڕی.

جوبران
پێمان دەڵێت دەبێ لە مەعبەدەکان بێینەدەر و بڕۆین بۆناو وجود، تەنها بەدەرچونت لە مەعبەد نەبێت، لە وجودی خۆت تێناگەیت.

جوبران
پێمان دەڵێت گەڕان بە دوای ئیسلامدا لە بێدەنگی سەلمان فارسییە، نەك لە ناو دووتوێی كتێبەكانی ڕازی، لە مەنفای ئەبی زەڕە، نەك لە قوڕەیشی بوونی خەلیفەكان، لە كۆخەكەی عەلییە، نەک لە ناو کۆشک و تەلاکانی موعاویه.
لەسەر خاچەکەی حەلاجە، نەك لە ناو ئەقڵیەتی ئیبن سینا.

جوبران
پێمان دەڵێت خوداوەند پێویستی بە دروستکردنی مەعبەد نییە، بەڵکو ئەو پێویستی بە دروستکردنی مرۆڤە.

جوبران
پێمان دەڵێت لە تێکستەوە بۆ وجود، لە مێژووەوە بۆ واقیع، لە داخران و تاکڕەهەندی جیهان بینیەوە، بۆ ناو ئاپۆڕای ماناکان، لە خەتمی نبووەت و قفڵکردنی فیکر و قەدەخەکردنی تەئویلکردن و داخستنی دەرگای تەفسیرە نوێکان، بۆ کرانەوەی ئەقڵ و کردنەوەی لوغز و کۆدی چەمکەکان و سەرەتاو دەسپێکێکیتری خوێندنەەوەی دەقەکان.
لە تۆتالیتاریەتی ئایینیەوە، بەرەو پلورالیزمی ئایینی.

جوبران
پێمان دەڵێت کێشەکە ئەوە نییە، کە، مرۆڤەکان لە ئایین دەرچوون، بەڵکو تراژدیدیاکە دەرچوونی ئایینە لە مرۆڤ بوون.

جوبران
پێمان دەڵێت:سودی چییە ئاینت هەبێت و ویژدانت نەبێت. مەزهەبت هەبێت و مرۆڤ بوونت نەبێت!؟ سودی چییە ئایین لە جیاتی ئەوەی مرۆڤ ئازاد بکات و بەرگری لە ئازادیەکانی تاک بکات، بە پێچەوانەوە مرۆڤ بە ئاین بکرێت بە کۆیلە و لە ئازادیەکانی بدرێت!

جوبران
بانگەوازیکردنە بۆ ئایینێکی تر و ئاشنابوون بە خوداوەندێکیتری جیاواز لەوەی کاهینەکان و مەعبەدەکان بە خەڵکیان ناساندووە. ئەو مەعبەدانەی ڕێگەی خودا ناسی و ئینسانیەتیان لە بەردەم مرۆڤەکان شێواندوە و وندکردووە.

جوبران
داوای ئایینێکیتردەکات، ئاینێک مرۆڤ تێیدا گەوهەربێت.
ئایینێک لە جیاتی ئەوەی ڕق فێری مرۆڤەکان بکات، فێری خۆشەویستی یەکتریان بکات. لە جیاتی ئەوەی داوای بە کۆیلەکردنی مرۆڤەکان بکات، مرۆڤەکان لە کۆیلایەتی ئازادبکات.
ئاینێک، ڕێز لە جیاوازیەکان بگرێت و باوەڕی بە ئاشتی و پێکەوژیان هەبێت. ڕەگەزپەرستی ڕەتبکاتەوە و بە چاوێکی یەکسان سەیری هەموو مرۆڤەکان بکات.
ئایینێک، لە بەر بۆچونی جیاواز و لەسەر ئایینی جیاواز، بەکەم و گڵاو پیس، سەیری هیچ کەسێک نەکات.

جوبران
پێمان دەڵێت مەعبەدی پێغەمبەر مرۆڤە.
پێغەمبەر ئایینی بۆ خزمەتی مرۆڤ هێنا…کاهینەکان مرۆڤ دەکەن بە خزمەتکاری ئایین.
پێغەمبەر لە مرۆڤایەتی دەگەڕا لەناو ئاییندا.. وەلێ کاهینەکان لە خشتی پەرستگا.

پێغەمبەر دەڕۆشتە هەموو پەرستگایەک…… کاهینەکان تەنها دەڕۆن بۆ یەک پەرستگا.
Shamal Ismael Kareem
جوبران
پێمان دەڵێت گرنگ نییە تۆ ئاینداربیت، ئەوەی گرنگە تۆ مرۆڤ دۆست بیت، گرنگ نییە تێکستە ئایینیەکان ئەزبەر بکەیت، گرنگ مرۆڤایەتی و مرۆڤ بوونت لە بیرنەکەیت.

جوبران
خوداوەندێکیترمان پێدەناسێنێت، خوداوەندێک، نەپێویستی بە ترساندن و نەیش بە تیرۆر و کوشتن و تۆقاندنی مرۆڤەکانە.
نە پێویستی بە گوتەبێژ و نە بە فەقێ و کاهین و پیاوە ئاینیەکانە. نە پێویستی بە شمشێر و نە بە دۆزەخ و نە بە زۆر لێکردن و ناچارکردنی مرۆڤەکانە.
خوداوەندێکی میهرەبان، لە سەر ڕیشی درێژ و شەرواڵی کورت و لەچک و باڵاپۆشی هیچ کەسێک سزانادات. لەسەر ئەنجامنەدانی نوێژو نەپەرستنی خۆی، لێپێچینەوە لە هیچ کەسێک ناکات.
خودایەکی بە سۆز و میهرەبان، خودایەک هەموو مرۆڤەکانی خۆشدەوێت. بە جیاوازی دروستی کردوون، بۆیە جیاوازیەکانیشی خۆش دەوێت. خودایەک لە ڕەخنە و بیری ئازاد و لە پرس و گومان و ئایین و دیدی جیاواز ناترسێت.
خودایەک، ڕقی لە بەرتەسکردنەوەی سنووری ئازادیەکانە، ڕقی لە قوتکردنەوەی بت و درووستکردنی مەعبەدەکانە، ڕقی لە سانسۆر و بە کافرکردنی عەلمانیەت و بە تابۆ کردنی دیموکراسیەت و بە بڤەکردنی مۆدێڕنێتە و بە هەرتەقەکردنی ئازادیەکانە. ڕقی لە دەستوەردان لەژیانی تایبەتی مرۆڤەکان و بیروباوەڕی خەڵک و هێڵکێشانە.
جوبران
پێمان دەڵێت فیقهی فەقێکان و
قسەی کاهینەکانمانکرد بە ئایین و ئاینی خوداوەندمان کەمرۆڤایەتییە لەدەستدا.
خوداوەند ئەقڵ و ئیدراک، ئازادی و ئیرادەی بە ئێمە بەخشی و مرۆڤەکانی بە ئازادی دروستکرد و ئازادی پێدان، وەلێ فەقێ و کاهینەکان، ئاخوند و مەعبەد و پیاوە ئایینیەکان، ئەو ئازادیەیان لە مرۆڤەکان زەوتکردو بە ناوی ئاسمانەوە، دەستیان بەسەر زەوی و مرۆڤ بونی مرۆڤەکان داگرت.
خۆیان لە هەموو شتێکی مرۆڤەکان هەڵقورتاند و دەستیان لە هەموو تایبەت مەندیەکی مرۆڤەکان وەردا.
لە مۆسیقا ژەنین، جڵ و بەرگ و چۆنیەتی خەوتن، سمێڵ کورتکردن و ڕیش تاشین، شێوازی نان خواردن و ڕێکردن، چونە سەرئا و سێکسکردن، لە خۆشۆردن و فتبۆڵێنکردن، ئابوری، زانست و خوێندن، سیاسەت و حوکم کردن، لەیەکەم چرکەساتی لە دایکبوونتەوە، تاکۆتا هەناسە و مردن، تاخستنە ناو تابووت و ژێر خاککردن، لە هەموو شتێک وازت لێناهێنن و دەست لەبونت وەردەدەن.
جوبران
پێمان دەڵێت کاتی ئەوە هاتووە ئایین لە دەست کاهینەکان و پێغەمبەر لە ئایینی مێژوویی و خوداوەند لە مەعبەدەکان دەربێنین و مۆنۆپۆلکردنی پیرۆزیەکان و ڕاستیەکانیان لێ بسەنینەوەو دووبارە پێناسە بۆ چەمکەکانی باوەڕو پەرستش و ئایین و ئەخلاق و ئەقیدە و بەهاکان بکەینەوەو پێناسەکان دابڕێژینەوەو وشەی کفر و کۆیلایەتی و تۆی ڕق و بیری ڕەگەزپەستی و ناوی جەنگ، لە فەرهەنگی مروڤایەتیدا بسڕینەوە و لە جیاتی ئەوەی هێندەی خەریکی باسکردنی تەوحیدی خوداوەندبین، هەوڵی تەوحیدکردن و یەکگرتنی مرۆڤەکان بدەین.
لە جیاتی ئەوەی هێندەی شەڕ بە ناوی ئاسمانەوە بەرپابکەین و ژیانی ئێرە بە ناوی بەهەشتەکەی ئەولاوە بە دۆزەخ وێران و مرۆڤایەتی خەڵتانی خوێن بکەین،
با ئاشتی لەسەر زەوی بەرقەرار و بەهەشتێک بۆ مرۆڤایەتی لێرە دروست بکەین.
مرۆڤایەتی ئاشنای چەمکی ڕێژەیی بوون و ئاشنای تولەرانس و لێبوردەیی و پێکەوژیان و خۆشەویستی و یەکترقبوڵکردن بکەین.
ماوەتەوە بڵێم
عەبدولڕەزاق جوبران/
مرۆڤێکی مرۆڤ دۆست و نووسەرێکی جوان نووسە. ئەو لەکتێبەکان و نووسینەکانیدا، داوای بە مۆدێڕنەکردنی ئاین و بە سەردەمیکردنی ئایین و گونجاندنی ئایین لەگەڵ دنیای تازەگەریدا دەکات.
داوای شۆڕش و کودەتا بە سەر کاهین و مەعبەدو فیقه و مێژوو و کەلەپووری ئایینی و دووبارەو پێداچوونەوەو هەموارکردنەوەو خوێندنەوەی تێکستەکانی ئایێندەکات.
لە ڕێگەی وجودیەتێکی ئینسانی ئەپستراکت و ڕووت، وجودیەتێک لەگەڵ بەهاکانی ئینسانیەت و پڕەنسیپەکانی مرۆڤبوون یەکدەگرێتەوە و مرۆڤ دەکات بە ماک و بنەما و پێوەرو سەنتەر.
جوبران
داوای خوێندنەوەیەکیتری ئایین، دوور لەو خوێندنەوە:فقهیه، کلاسیکیه، دۆگماییە، مەزهەبیە، ئیدەلۆژیە، سیاسیە مێژووییەی پێشووتری ئایین دەکات.
جوبران بانگەوازی بو ڕوانگەیەکی مرۆڤانە و وجودیانەی ڕبوبیانە دەکات، وجودیەتێکی باوەڕداری لە شێوەی وجودیەتەکەی کیرکەگاردسۆرین، نەک وجودیەتە بێ باوەڕیەکەی سارتەر، وەڵێ ئەو ڕوانگەیەکی زۆر باڵاو ئەخلاقی و مرۆڤ دۆستانە و جوانی هەیە بۆ مرۆڤ بوون، ئەو لە جوغزێکی تەسک و گۆشەیەکی دخراو ڕوانینێکی ئایینی و دیدێکی تاریکی ئایدیۆلۆژی و مەزهەبی و لە سەر بنەمای ڕەش-سپی ، باوەڕ-بێ باوەڕ، بەهەشتی و دۆزەخی..
لە مرۆڤ ناڕوانێت، بەڵکوو جوبران لە دیدێکی هیومانیستانە و مرۆڤ دۆستانە مرۆڤ دەبینێت. ئەو بۆچونی وایە کە هەرگیز خوداوەند لە سەر بێ باوەڕی مرۆڤ سزا نادات و کێشەی خوداوەند کێشەی باوەڕهێنان، یاخود بێ باوەڕی نییە لەگەڵ مرۆڤەکان، بەڵکو کێشەی ئەو زاتە ستەم و دادپەروەریە، کێشەی نوێژنەکردن و نەچونە مەعبەدنییە، بەڵکو کێشە بابەتی باپەندنەبوون بە ئەخلاق و مۆڕاڵی مرۆڤدۆستی و جێبەجێکردنی بەهاکانە لە ناومرۆڤدا.

بۆیە ئەو بە پیاوەئاینیەکان و فەقێ و کاهینەکان دەڵێت بەسیەتی چیتر خۆتان لە خۆتانەوە مەکەن بە نوێنەری خوداوەند و سێبەری ئاسمان و دەرگاوانی دۆزەخ و پسوولەی چونە بەهەشت و دۆزەخ بە مرۆڤەکان مەفرۆشنەوەو بەهەشت و حەقیقەتەکان تاپۆی سەرخۆتان مەکەن.
بەهەشت و ڕەزامەندی و میهری خوداوەند زۆر لەوەگەورەترە کە، ئێوە لەو سنوورەتەسک و ڕوانینە مەزهەبی و ئایدیۆلۆژیە داخراوە دەیبینن.
میهرو سۆزو لێبوردەیی و بەهەشتی خوداوەند، تەنها تایبەت بەکەسانێک و ومولکی ئایینێک و گرووپێکی فەندەمێنتالیست و مەزهەبێکی دیاریکراونییە، بەڵکو هی هەموو مرۆڤەکانە، بوودی، جو، مەسیحی، سابیئە، زەردەشتی، کاکەیی، ئێزدی و موسڵمان ..تاد.، هی هەموانە.
سیکولەرو ئەتێست و گومانگەراکانیش، بەڵێ هی ئەوانیشیە. خوداوەند، هیچ کات لایەنگری گرووپێک، لە دژی گرووپێکیتر نییە، شەڕی ئایینێک لە دژی ئاینێکیتر ناکات و لە بەر جیاوازی مەزهەب، ئیدەلۆژیاو ئایین و ڕەگەز و نەتەوە، جیاکاری لە نێوانی مروڤەکان ناکات و ڕقی لە مرۆڤ نابێتەوەو جاڕی جەنگ و نەفرەت و کەرب وکینە و لایانگری بۆ کەسانێک، لە دژی ئەوانیتر نادات و دەرگای ڕەحمەت و بەهەشتە فراوانەکەی بۆ خەڵکانێک بخاتە سەرپشت و بە ڕووی ئەو هەموو ملیارەی تری مرۆڤایەتی دابخات.!




ڕۆشنبیری کورد و دواڵیزم بوون، میدیاکارێکی تۆزێک لیبڕاڵ بە نموونە..!–3… شەماڵ باروانی

بەشی سێیەم/

گەیشتووم بەو بڕوایەی تاکی کورد بە شێوەیەکی گشتی ڕقی لە هەموو جۆرە ڕەخنەیەکە و تەنها حەزی لە مەدح کردن و پییاهەڵگوتن و شاباش بەسەردا خوێندنەوەیە.

ئەی ئەوە نییە کاتێک شاهی و زەماوەندە و بەند گوتن و گۆرانی گوتندا، هونەرمەند، یان گۆرانی بێژ، یان بەندبێژێک
دێنن و شاباش بەسەر یەکتری دەخوێننەوە و لەکاتی شاباشەکەیا سنگیان دەردەپەڕێنن و ختکە دەیان گرێت و خۆیان وەکوو پاڵەوانێک دێتە بەرچاو!

لە بەشی یەکەمی ئەو نووسینەمدا باسم لە نووسەرێک کرد و قسەم لە سەر ئەوە کرد، کە لە لایەک دەیگووت ڕەخنە پیرۆزە و دەبێت هەموان بە ڕۆحێکی ڕیازی و دڵێکی فراوان و بە شێوەیەکی شارستانی ڕەخنە قبوڵ کەین و پێشوازی لە هەر ڕەخنەیەکی دڵسۆزانە و جوان و بەجێ و بنیادنەربکەین بکەین، کەچی لە ژێر هەمان ئەو قسانەی سەبارەت بە ڕەخنە، سێ جار کۆمێنتەکانی منی سڕینەوە، چونکو تەنها بۆچوونێکی جیاواز لەوەی ئەوەم نووسیبوو، کە دەڵێم ڕەخنە، لە ڕاستییا دەنا ڕەخنەش نەبوو.

لەو بەشەش باس لەمیدیاکارێک دەکەین.

میدیاکارێکی تری کوردی کەناڵی(ڕ)ٚ، کە لە کۆلێژی شەریعەیش، تاڕادەک هەم هاوڕێ و هەم مامۆستاشم بوو لە کۆلێژەکە و هەڵە نەبم لە قۆناخی سێی کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان، وانەی (فیرەق)ی پێدەگووتین.
بە حوکمی ئەوەی هەردووکمان کۆنەفەقێ و پێشووتر دوو بابای دۆگماتیزم و ئاڕاستە ئیسلامی سیاسی بووین و دواتر هەندەک گۆڕاین و بەرە و کراوەنە و لیبڕالیەت و سیکۆلاریزم و ئەو شتانە ڕۆیشتین و دەستبەرداری دۆگم و ئایدیۆلۆژیای بەرێمان بووین و ئێستا(کاتی کۆلێژ و ئێستا)ش، لە زۆر شت و سەبارەت گەلێک چەمک هاوڕا و هاو ڕوانین بووین و هێڵی فیکریمان ڕاەیەکی باش دەربارهی کۆمەڵێک چەمکی وەکو سیکۆلاریزم و نوێگەری و کرانەوەی کۆمەڵ و سەلەفیزم گەرایی و ئیسلامی سیاسی و تاد.. لێکتری نزیک بوو.

جائەو بەڕێزە، بەر لە چەند ڕۆژێکە لە فەیسبووکەکەی خۆی پۆستێکی کردبوو گلەیی ئەوەی کردبوو:
کە خەڵکێک هەیه جیقڵدان تەنگە و جوێن دەدات و تەشهیرات دەکات و نووسیبووی(لەو ھەرێمە کەس بۆی نیە گچکەترین پرسیار بکات، نەک لەسەر بنەما بڕاوە (قطعي)یەکانی ئیسلام، بەلکو لەسەر تێگەیشتنی باوی کۆمەلگە بۆ ئایین ئەگەر خورافیاتیش بێت، دنیایەک ھەرەشە، جنێو، شکاندن، ناوزراندن، تۆمەت و بوختان بۆ ھەلبەستن .
لەو کاتەشدا بەشێک لە ئیسلامی و ھەلگرانی نوێخوازی ئایینی کە بەدرێژایی ژیانیان باسی پێکەوەژیان، ئازادی رادەربرین، چاکسازی و دیدی نوێ دەکەن بۆ ئیسلام پێش ئاییندارە تەقلیدیەکان دەکەونە ھێرش کردن،)
کەچی کۆمێنتێکم بۆ ئەو کاک دکتۆر ڕەخنەگر و بەڕێز پرۆفیسۆر و ئەلنوێخواز و بابا میدیاکار و عەلاساس سینگفراوان و کاکە نیمجە لیبڕاڵە و تۆزەک سیکۆلاریستە کرد و تەنها گووتم: ئەو کەناڵەی تۆ بەرنامە ئایینەکانی چێشتی مجێور و زۆر بێ سەرو بەرن و فەوزا بەڕێوەیان دەبات و من هێچ پلانێکیان لە پشتەوە نابینم، کە ئامانج لێی هۆشیارکردنەوەی تاک و ڕیفۆزم و چاکسازی کردن بێت لە ئایین و تەرحردنی تێزێکی تازە و ڕوێکی تری ئایین و ڕوئیا و ئاڕاستەیەکی تری لیبڕاڵی ناو بازنەی ئایین و خوێندنەوەیەکی تری جیاوازی تێکستەکانی ئایین بێت، بە تایبەتی بەرنامەکەی بەڕێزت هیچ هێڵێکی دیاریکراوی نییە و ئەمرۆ لیبڕاڵێک، یان ڕووناکبیرێکی بواری ئایین ناسی بانگهێشتدەکەیت و بەیانی فێندەمێنتالیستێک، یان فەریکە فەقێیەکی نەخوێندەوار دەهێنیت و ئەوەی دوێنێت هەمووی
زەڕبی سفر دەکەیتەوە و کورد وتەنی ڕیسەکە دەکەیتەوە بە خوری و ئینجا لە بەرنامەکەت کۆمەڵەک بابەتی زۆر سادەی فیقهی دەورووژێنیت، کە هیچ سودێکیان نییە و هێندەی مەبەستت لێیان خۆ دەرخستنە، هێندە ئامانج لێی چاکسازی و شتی ترنییە.
پاشان تۆ باسی شتی گرنگ و جدی و بابەتی فیکری هەر ناکەیت و ئینجا بۆم پێشنیازکرد و پێم گووت: هەوڵدە هەندەک سوود لە ئەزموونی دوو بەرنامەی ئایینی فلان کەناڵ و فیسار بەڕێز وەربگریت.

کەچی یەکسەر بێ ئەوەی گفتوگۆمان بکات و شتێک لە سەر رەخنەکەی من بڵێت، کۆمێنتەکەی سڕیمەوە!




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێك-11… شەماڵ بارەوانی

بەشی یانزەهەم/
پێشووتر و لە میانی دە بەشدا، باسی سیکۆلاریزممان کرد و لەوە دواین کە، ژیان و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و، ئایین و مەزهەب و دیدە جیاوازەکان لە ناو دەوڵەتێکی سیکۆلاریزم دا، حاڵیان چۆنە و چۆن ئازادانە و بێ هیچ ڕێگریەک، هەموو بیر و باوەڕێک و ئایینێک دەتوانێت لە سایەی سیستەمێکی سیکۆلاردا دەتوانن هەبن، لەم سەری چەپ، بۆ ئەو پەڕی ڕاست، لەم سەری سەلەفیەتی ئایینی، بۆ ئەوپەڕی لائیک و بێ باوەڕی.

هەر لە میانی ئەو زنجیرە وتارە و چەند بەشەی”سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێك”دا، با تۆزەک لە سەر سیستەمی سیوکراتی بپەیڤین و بۆ خوێنەرانی ئازیزی ڕۆشن بکەینەوەو لەوە بدوێین، کە ژیان لە سایەی حکومەتێکی دینی و سیستەمێکی سیوکراتیدا چۆنە و مرۆڤ و ئازادی و مافی ژن و یەکتری قبوڵ کردن و تولەرەنس و پێکەوەژیان و پلورالیەتی ئایینی، سیاسی، کۆمەڵایەتی چی لێ بەسەردێت؟
سەرەتا دەبێت ئەو حەقیقەتە بزانین، کەدەوڵەتی سیوکراتی، دەوڵەتێکی نادیموکراسی تۆتالیتارە.

لە دەوڵەتی سیوکراتیدا، هیچ ئازادیەک بوونی نییە و خەلیفە، یان، سەرۆک، لە ڕێگەیەکی نادیموکراسی و لەلایەن گرووپێک، یان دەستەیەک، یان چەند کەسێکەوە، هەڵدەبژێردرێت و خۆی دەسەپێنێت و، بۆ هیچ كەسێكیش نییە لەو کەسانەی جەنابی سەرۆک، یان خەلیفە، حوکمیان دەکات، ئەو بەیعەت و بەڵێنە ناچاری و بەزۆریەی بە سەرۆک و خەلیفەی داوە، لێی پاشگەز ببێتەوە و بیر لە هەڵبژاردنی کەسێکی تربکاتەوە.
گەرنا ئەوە بە ناپاکی و شکاندنی پەیمانی ناچاری و بە زۆری دێتە ژمارتن.

ئەسڵەن، هەڵبژاردن هەر بوونی نییە و ئیتر بەو شێوەیە کێ بوو بە خەلیفە، تامردن دەبێت هەر ئەو خەلیفەبێت و لە سەر کورسی دەسەڵات جێگیر بێت.

بیرکردنەوە و هەوڵدان بۆ لادانی خەلیفە، كفر و تاوان و پێچەوانەی بڕیار و ویستی خوداوەندە. چونکو خەلافەت کراسێکی پیرۆزە و خوداوەند تایبەت کردویەتیە بەر باڵای موقەدەسی خەلیفە و کەس بۆی نییە لەبەری داکەنێت،
مەگەر بە کودەتا و شۆڕش و یاخی بوون نەبێت!

بەو چەشنە یەکجار بەیعەتدان و دەنگدان، دەنگدانێکی ناشارستانی و نادیموکراسی، دەنگدانێکی ناچاری و دیکتاتۆریانە، بەسیەتی بۆ ئەوەی خەلیفە، یان وەلی عەهدو جێ نشین، تامردن، هەر خەلیفە بێت.

ئەوە سەبارەت بە هەڵبژاردن و دانانی سەرۆک و خەلیفە و والی و کێ و کێ..

ئینجا، دەوڵەتی سیوکراتی حیجر لە سەر داهێنان دادەنێت و ڕێگری لە کرانەوەی کۆمەڵ دەکات، فیکری ئازاد و ئیجتیهادی ئەقڵ لەبار دەبات، شەمەندەفەری پێشکەوتن بۆ دواوە دەگەڕێنێتەوە و دەبێتە کۆسپ لەبەردەم خواست و ئازادیەکانی تاک و جیاوازییەکان و فرە ڕەنگی و پلورایەتی ئایینی، سیاسی و کۆمەڵایەتی دەسڕێتەوە و داری پێکەوەژیان دەبڕێتەوە و دەنگە جیاوازەکان دەخنکێنێت و پانتاییەک بۆ ئەویتر و کونجێک بۆ هەناسەی ئازادی ناهێڵێتەوە.
لە تێڕوانینی دەوڵەتی سیوکراتیدا:موزیک تابۆ و گۆرانی حەرامە، پەیکەر شیرک و وەرزش ئەنجامدانی خانمان و کچان هۆکاری فیتنەوەو ئاژاوە نانەوەیە. تێکەڵ بوونی هەردووک ڕەگەز، فیسق و فجور و لادانە. وێنە ناجائیز و تابڵۆ بەڕەڵاییە، دیموکراسیەت کفرە، یەکسانی جێندەری و ئازادی تاک و سەربەستی ژن، پیلانی غەرب و دەستی جولەکەیە. دەنگ و ڕەنگ و هەموو شتێکی ژن عەورەتە، پیاو خاوەنی دەسەڵات و هەموو شتێک و قەوام و ژن سێبەر و ژێردەستە و پاشکۆیە.

لە ناو دەوڵەتی سیوکراتیدا ئازادی عەقیدە و بیروباوەڕ و لائیک بوون و سیکۆلاریزم بوون، جێگایان نابێتەوە و هەموو پێکهاتە و ئایینەکانی تر بە پلەدوو هەژمار دەكرێن و هەمیشە ماف خورا و چەوساوەن.

ئەوە ئەگەر ڕێگەی مانەوەیەکی سەرشۆڕانەیان پێ بدرێت و جینۆساید و قڕ نەکرێن، وەکو ئەوەی دەوڵەتی خەلافەت و داعشی تیرۆرست لەگەڵ کوردانی ئێزدی و، مەسیحیەکان کردی.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا..13… شەماڵ بارەوانی

بەشی سیانزەهەم/

چەتەکانی خودا..!

لە بەشی دوانزەهەمی بیرەوەریەکانی فەقێەکی گوومڕا..دا
لەڕێگای کتێبی(کۆماری پێغەمبەر)ەوە، باسم لە ڕوانگەی جوبران کرد، لەو بەشەیش لە ڕێگای کتێبێکی تری(چەتەکانی خودا..!)
بەردەوام دەبین لە قسەکردن لە سەر ڕوانگەی ئەم پیاوە ڕووناکبیرە.

هەربەڕاستی ڕوانگەی(عەبدولڕەزاق جوبران)
تێڕوانینێکی وجودیانە و ئینسانیانەی نوێیە، سەبارەت بە خوداوەند و ئایین، دیدێکیتر و گۆشەنیگایەکیتری جیاوازە بۆ مێژوو، فیقه و کەلەپۆری ئایینی،
خوێندنەوەیەکی تری ئایین و عەقیدە و مێژووی ئایینە، ڕانانێکی تری جیاوازە، جیاواز لە هەموو ئەو خوێندنەوە کۆن و کلاسیکیانەی تائێستا بۆ ئایین کراوە.

ڕوانگەی عەبدولڕەزاق جوبران:
تێکشکاندنی هەموو ئەو بتانەیە کە فەقێ و کاهین و پیاوانی ئایینی لە بەردەم گەیشتن بە خوداوەند ڕۆیان ناوە.

عەبدولڕەزاق جوبران
ڕەخنەی زۆرێک لە مەهافیمە کلاسیک و چەمکە کۆنەکانی ئایین دەگرێت و بە پشت بەستن بە تێگەیشتنێکی وجودیانە و سۆفیزمانەوە ڕوئیای نوێمان بۆ دەخاتەڕوو و
پێمان دەڵێت دین بە دڵ وەربگرە و پرسیار لە دڵ بکەو “استفت قلبك” بکە بەسەنتەری تێگەیشتن و هەنگاوەکانت، بکە کابەی تێڕوانین و ژیانت، بکە بە خاڵی ڕفتارکردن و بڕیاردانت بکە بە بنەمای تێگەیشتنت لە وجود و قسەکانت.

عەبدولڕەزاق جوبران
پێمان دەڵێت بۆ سەلماندنی تێکەستەکانی ئایین و گوومان نەکردن لە ڕاستێتی و دڵنیابوونەوە لە ئیلاهی بوونی هەرتێکستێک، پێویستمان بە هیچ عن عنە و بە سەنەد و گێڕەڕەوە(راوی)یەکە نییە، بەڵکو ئینسانی بوونی ئەو تێکستەو تێکنەگیرانیەتی لە گەڵ مرۆڤ بوون و ویژدان و ئەخلاق و مۆڕاڵی مرۆڤایەتی و، پێوانەکردنیەتی بە پێوەرەکانی مرۆڤ، بەسە تابزانین ئەو تێکستە ڕاستە، یاخود هەڵبەستراو، وەری بگرین، یان ڕەتیکەینەوە.

یانی هەرتێکستێکی ئایینی، بۆ وەرگرتن، یان ڕەتکردنەوەی، ئینسانی بوونی ئەو تێکستە و نائینسانی بوونی دەکەین بە پێوەر، نەک سەنەدەکەی، چونکو مرۆڤ سەنتەر و لوتکە و کابەی هەموو تێگەیشتنێکە.

جوبران
پێمان دەڵێت گرنک نییە عەقیدە و بیروباوەڕی ئایینیت سێیانەبێت، یاخود یەکتاپەرستی، یاخود بتێک بێت، گرنگ ئەوەیە ئەوەی تۆ دەیپەرستیت چەندە لە گەڵ مرۆڤدایە و ئایینەکەت چەندە مرۆڤانەیه، تاچەند ڕێزی لە ئازادی و کەرامەت و خواست و مافەکانی مرۆڤ گرتووەو تاچ ئەندازەیەک مرۆڤ بوونی ڕەچاوکردووە و مرۆڤ بوونی لە تێکستەکانیدا بەرجەستەکردووە.

تاچەند ئەو خودایەی تۆ دەیپەرستیت بۆ مرۆڤە و لە خەمی مرۆڤایەتی و لە گەڵ مرۆڤ بوون و مرۆڤدایە.
هەر ئایینێک بە مرۆڤبوون دەپێورێت و هەڵدەسەنگێندرێت، نەک خوداوەندبوون.

بۆیە جوبران
پێمان دەڵێت ئایینی ڕاست ئەو ئایینە نییە کەبانگەشەی مۆنۆپۆڵکردنی ڕاستی دەکات، بەڵکو ئەو ئایینە ڕاستە کە، مرۆڤ بوونی تێدا قۆرخکراوە، مرۆڤایەتی تێدا ڕەچاوکراوە، مرۆڤ تێدا ڕووگەیە، مرۆڤ تێیدا سەنتەرە، مرۆڤ تێیدا گەوهەری ئایین و حەقیقەت و پیوەرە.

“چەتەکانی خودا”
پێمان دەڵێت یەکتاپەرستی خوداوەند، یەکتایی مرۆڤایەتی و خۆشویستنی مرۆڤەکان و برایەتی مرۆڤایەتییە، بەرلەوەی مشتومڕی ئەوە بکەین کە خوداوەند دەست و پێی هەیە یاخود نا!

جوبرانیزم
یاخیبونێکە له توراسێکی کۆنەخوزانە و هەموو تێگەیشتنێکی مێژوویانە و سیاسیانە و فقهیانە و مەزهەبیانە و دۆگماییانەی ئایینی.

جوبران پێمان دەڵێت
سەیری لای چەپت بکە، ئەوە لای ڕاستە، ئەی ئەو کەسەی دڵت ڕووتە، تۆی تەنها درۆناکەیت.

ئاگاداربە، بڕوادارەکان بێ بڕوان، ئاگادار بە، هاوسەرەکان، هاوسەرگیریان پێک نەهێناوە، ئاگاداری نوێژبە و نوێژ مەکە، ئاگاداری ناوەکان بە ئەوە ناوەکان نین، ئاگاداری فەقێیەکان بە، ئەوان خوداوەند دەنووسنەوەو ناشزانن بیخوێننەوە، ئاگاداری مێژوو بە، مێژووەک یان مێژووی پەیامبەرانی خوداوەندە، یانیش مێژووی دزەکان.
Seen by Shamal Ismael Kareem at Mon 11:44 PM
Shamal Ismael Kareem
جوبران پێمان دەڵێت
بۆ ئەوەی باوەڕت بە خوداوەند بێت، یەکەم ڕوکنی باوەڕ و مەرجی ئیمان، یەکەم شت کە پێویستە لەسەرت بیکەیت:
بێ باوەڕ بوون و کافربوونتە بەپەرستگاکان،

نکۆڵیکردنتە لە فیقه و ئەحکامەکان، لە ڕفتارو مێژووی ئایین و کەهنوتەکان، بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕاستیدا بیت، پێویستە لە سەرت کفر بە هەموو ئەو شتانەبکەیت کە مرۆڤەکان لە سەری ڕێککەوتوون، لەو شتانەی تائێستایش پێی دەڵێن ڕاستی و حەقیقەت، جا شتانی مێژوویی، یان ئایینی، یاخود شتگەلی بەهایی بن. باشترە بێ ئایین و وەک بێ دین و لائیکێک لەگەڵ خوداوەندا بمریت، نەوەک لە گەڵ ئایینێکی بێ خوداوەند.

جوبران
پێمان دەڵێت بێ بڕوایی بوون و کافربوون لەو کاتە دەبێتە ئەرک و ئەخلاق، کاتێک کتێبی خوداوەند و فەقێیەکان لەتای یەک تەرازودادەندێت و بەیەک چاو سەیردەکرێت، کاتێک فەقێ دەبێت بەوەرگێڕی خوداوەند، نەک دڵ.

کافربون لەوکاتە دەست پێدەکات و دەبێت بە زەروری کاتێک دەگوترێت: بێ ئایینێک بکوژە هەرچەندە باشیش بێت،
دیندارێک سەرخە هەرچەند خراپیش بێت.

بەڵێ دەبێ هەموومان کافربین لەوکاتەی عەلی لەناو میحرابەکەی دەکوژن و موعاویەش سەردەخەنە سەر مینبەر.

کافربوون و بێ بڕوایی ئەوکاتە لوتکەی بڕوا بوونە.

کاتێک دەیانەوێت ژنێک بەردباران کەن لەسەر(داوێن پیسی)، وەکو مەسیح دەبێ جاڕی بێ بڕوایی خۆمان لە بەرامبە ئەو کۆمەڵە بدەین و لە ڕوویان بوەستینەوەو پەنجە بکێشینە ناو چاوەکانیان و پێیان بڵێین بوەستن، کێ لە ئێوە هێندە هەوری بێ پەلە و فریشتەی بێ هەڵەیەو گوناحبارنییە و تاوانێکی ئەنجام نەداوە، تابێت و لەسەر ئەوەی ئێوە لاتان تاوان و لادانە و ژنێکی لە سەر بەردباران بکەن!؟

جوبران
پێمان دەڵێت کافر ئەو کەسە نییە کە پێنج نوێژەکە ئەنجام نادات،
بەڵکو کافری حەقیقی ئەوکەسەیە کە بەهاکان جێ بەجێ ناکات،
کافر و مولحید و ئەتێست ئەو کەسە نییە کە باوەڕی بە مرۆڤ بوون و مرۆڤایەتی و خۆشبەختی و مافەکانی مرۆڤ هەیە، ئەو کەسە بڕواداری ڕاستەقینەیه، با نکوڵی لەبوونی ئێزدانیش بکات.

کافر ئەو کەسەیە خەڵک فریدەدات و بەختەوەری خەڵک دەدزێت، بابڕواتە حەج و ماڵی خواوەند و بەڕۆژووش بێت و نوێژیش بکات و بڕواتە پەرستگایش.

کافر ئەو کەسەنییە ناچێتە پەرستگا، کافر ئەو مرۆڤەیە کە ڕۆژی پێنج جار دەڕواتە پەرستگاو درۆو زەغەلی دەکات، قۆڵی خەڵک دەبڕێت و فرت و فێڵ لە کڕین و فرۆشتن دەکات.
لەسەر دەفتەری دۆلاردەخەوێت، بەڵام ئامادەنییە، بە دینارێک یارمەتی هەژارو لێقەوماوێک بدات. کافر ئەو کەسەیە ئایینی هەیە بەڵام ویژدانی نییە، مەزهەبی هەیە مرۆڤ بوونی نییە، بەرماڵی هەیە، ئەخڵاقی نییە.

جوبران
پێمان دەڵێت کافر ئەوانەن تەجاوزی مرۆڤایەتی دەکەن و مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکەن و خەڵکی ئازاردەدەن. مرۆڤەکان دەکەن بە کۆیلە و کەنیزەو ماڵی خەڵکی دەدزن و ئازادی خەڵکی دەستبەسەردادەگرن و ژیانی مرۆڤەکان بە دۆزەخ دەکەن.

کافر ئەوانەن کاری توندوتیژی ئەنجام دەدەن و خودا لە بەرگی جەلادێکی دڵ ڕەق و کائینێکی بکووژ و، تیرۆردا پیشان دەدەن.

کافر ئەوانەن کە، تێزی ڕێژەیی ڕەتدەکەنەوە و خۆیان وەکو کۆتا ڕاستی و دوایین تەفسیرو یەقینێکی سەرو گوومان پیشاندەدەن و حەقیقەتەکان لەسەر ناوی خۆیان تاپۆ دەکەن!

جوبران
پێمان دەڵێت کفر باوەڕ نەبوون بە بوونی خوداوەندو داننەنان نییە بەو زاتە، بەڵکو کفری ڕاستەقینە باوەڕنەبوون و داننەنانە بە مرۆڤ بوونی مرۆڤەکان.

کفر سڕینەوەی خودایەتی خوداوەند نییە، هێندەی سڕینەوەی مرۆڤ بوونی مرۆڤەکانە، کفر بابەتێک نییە پەیوەندی نێوان خوداوەند و مرۆڤ بێت، بەڵکو کفر پەیوەندی نێوان مرۆڤێک و مرۆڤێکیترە.

کافر ئەو کەسە نییە باوەڕی بە دۆگم و عەقیدەی ئایینەکان نییە، کافر ئەو کەسەیە باوەڕی بە دادپەروەردی، ئازادی، لێبوردەیی، ئاشتی کۆمەڵایەتی، فرەیی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی نێوان مرۆڤەکان نییە، باوەڕی بە سەربەستی ژن و ژیان دۆستی و ژینگە دۆستی و ئاژەڵدۆستی و نیشتمان دۆستی نییە.

کافر ئەو کەسەیە باوەڕی بە ئازادی و مافەکانی تاک نییە و ڕێز لە حەز و هەڵبژاردن و خواست و تایبەتمەندی مرۆڤەکان ناگرێت و دەست لەژیانی تایبەتیان وەردەدات و دەم لە هەموو شتێک دەکوتێت و قسە لە سەر هەموو شتێکی مرۆڤەکان و دارو بەرد دەکات.

کافری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە خۆی لە خەڵک دەکات بە گوتەبێژی خوداوەند و بەناوی خوداوە فەتوا دەردەکات و بڕیار لە سەر ژیانی خەڵک دەدات و دونیایەک بکەو نەکەو نۆرمیان بۆ دادەڕێژێت و دەیەها بوت لە بەردەم بوونیان ڕۆدەنێت و بە تابۆ و حەرام و توندوتیژی ژیانیان لێدەکات بە ژەهر و قوزەلقورت و دۆزەخ.

کافر ئەو مرۆڤەیە خۆی دەکات بە سێبەری ئاسمان و بەتەمی تاریکی ئایدیۆلۆژیاکەی ژیانی مرۆڤەکان دادەپۆشێت.

بێ بڕواو فەرمەسۆن، ئەو ئینسانەیە کە ئایین تێکەڵ بە سیاسەت دەکات و خۆی دەکات بە پەڕلەمەنتار و نوێنەری ئێزدان و مەکتەب سیاسی و ئەنجومەنی باڵاو کەناڵی تەلەفزیونی بەناوی خوداوەندە دادەنێت.

کافر هەموو ئەوانەن خۆیان دەکەن بە شمشێری خوداوەندو گەرووی ئازادیەکانی خەڵک دەبڕن، تیرۆر و ترس بەڵاو دەکەنەوە، کۆتری ئاشتی لە سێدارەدەدەن و پەپولەی ئازادی تیرۆر دەکەن، مرۆڤایەتی خەڵتانی خوێن و ژیان و بوون وێران دەکەن.
Shamal Ismael Kareem
جوبران
پێمان دەڵێت مرۆڤ پێویستی بە واعیز و قەشە و کاهین و پیاوانی ئایینی و لاهوتیەکان نییە، تافێری پەرستشی بکەن، بەڵکو مرۆڤەکان پێویستیان به مرۆڤە شۆڕشگێڕەکانە تاکو لە کۆیلایەتی ڕزگاریان بکەن.

عەبدولڕەزاق لە”چەتەکانی خودا”
پێمان دەڵێت قەیران و کێشەی ژیانی مرۆڤەکان قەیرانێکی لاهۆتیانە نییە لە بەندایەتیکردنیدا، بەڵکو قەیرانی بوونیەتی لە بە کۆیلەکردنیدا، بۆیە کێشەی مرۆڤەکان هێندە کێشەی عەقیدە نییە، بەقەد ئەوەی کێشەی ناعەدالەتی و ستەمە.

جوبران
پێمان دەڵێت خوداوەند پەیامبەرانی نارد، کەچی خەڵکی شوێن فەقێ و واعیز و پیاوە ئایینیەکان، شوێن کاهین و قەشەو حاخام و مەڵاکان کەوتن، لە کاتێکدا نازانن ئەوەی فەقێ و پیاوە ئایینیەکان نووسیویانە پێچەوانەو نەقیزی ئەوەیە کە خوداوەند ناردویەتی.

بۆیە ناکرێت مرۆڤێک بڕواداربێت، بەرلەوەی کفر بە مەعبەدو حوکمی کاهینەکان بکات و بێ بڕوایی خۆی لە بەرامبەریاندا جاڕبدات.

جوبران
پێمان دەڵێت پێویستە لەسەرم چەند کفربکەم، تاکو ببم بڕوادار؟
لە تێڕوانینی “چەتەکانی خودا” کافربوون ئەرک و پێویستە بەو جۆرە بڕوایەی کە زۆری لا ئاساییە، لەو شوێنە نوێژو پەرستش بکات کە زگی هەژارونەدار و بێ نەوایەکی تێدادەشێڵدرێت، لەو شوێنەی ژنی تێدا ئەتک و بە کەنیزە دەکرێت، لەو جێگایەی مرۆڤی تێدا بەردباران دەکرێت و سەردەبڕێت.

جوبران
پێمان دەڵێت گرنگ ئەوە نییە بڕوامان پێیەتی، بەڵکو ئەوەی گرنگە چۆنیەتی ئەو باوەڕهێنانەیە.

جوبران
پێمان دەڵێت ئەوەی بە ئایینێکی ساختە فریوتدەدات، ئەوە خوداکەتت لێ دەدزێت و، وەکو ئەو کەسەیش وایە کە بە ناوی عیشقێکی درۆینەوە دڵت دەدزێت.

جوبران
پێمان دەڵێت ئایە کەسێک، یاخود کۆمەڵێک و گرووپێک بە ناوی خوداوەندەوە، هەموو ئازادیەک لە خەڵک قەدەغە و بە تابۆ بکات، خۆی مین ڕێژبکات و بە خەڵکدا بتەقێنێتەوە، مرۆڤایەتی بتۆقێنێت و سەری مرۆڤ ببڕێت، ژن بەردباران بکات، کچ و دایک و خوشکی خەڵک دەست بەسەردابگرێت و بیانکات بە کەنیزەی چێژی ناوگەڵ و سێکس و لە بازاڕی بێ مروەتی و بێ بەهاییدا، لە شێوەی کاڵایەکی مادی بێ گیان و بێ ڕۆح، مامەڵە و کڕین و فرۆشتنیان پێوەبکات، شاڵاوی داگیرکاری بۆ سەرخاکی وڵاتان ببات و خاک و وڵاتیان داگیربکات و کلتورو زمان و فەرهەنگ و هەموو شتێکیان تەعریب و ئەنفال بکات، مێژوویان بشێوێنێت،
هەر بەڕاستی ئەمانە سەرباز، یان چەتەکانی خودان!؟




تیرۆری سیاسی لەئیسلامدا-2-…شەماڵ بارەوانی

بەشی دووەم/

لە بەشی پێشوو ئاماژەم بەوەدا، کە بەر لەوەی ڕانانێکی کورت بۆ کتێبەکەی هادی عەلەوی«تیرۆری سیاسی لە ئیسلامدا». بکەین و قسەو باس لە تیرۆری سیاسی بکەین، لە ئیسلامدا و لاپەڕەکانی کتێبەکە هەڵبدەینەوە و بابەتەکە شەن و کەو بکەین و بەڵگەکان و نموونەکان لە بارەی ئەم تیرۆرە سیاسیەی ناو هەناوی مێژووی ئیسلام بخەینەڕوو، سەرەتا لە دیاردەی تیرۆری سیاسی، یاخود تیرۆر بە شیوەیەکی گشتی، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، دەدوێین.

هەڵبەت، تیرۆری سیاسی، مناڵی ئەمڕۆ، یان کۆرپەی دوێنێ، یاخود لە دایکبووی پێرێ نییە. بەڵکو ئەو ڕەگێکی درێژ و مێژوویەکی کۆن و کەوناری هەیە و بە تەنها تایبەت نییە بە سەردەمێک و بڕگەیەکی تاریخی دیارکراو، یاخود شارستانیەتێک و مێژووی گەلێک و ئایین و نەتەوەیەک. بە پێی ئایینەکان و میتۆلۆژیاکان بێت، تیرۆر لە گەڵ یەکەم هەنگاوی دابەزینی مرۆڤ، لە بەهەشتەوە بۆ ئێرەو لە گەڵ یەکەم پێ خستنە سەر زەوی ئادەمەوە، دەست پێدەکات و یەکێک لە دوو کوڕەکەی ئادەم، ئەوەکەیتر تیرۆردەکات( قابیل، هابیل دەکوژێت).

کەواتە بە پێی ئەو تێگەیشتن و میتۆلۆژیایەبێت، کە ئادەم بە یەکەم قۆناغی ژیانی بەشەریەت دادەنێن، دەتوانین بلێین تیرۆر لە گەڵ دەستپێکی کاروانی ژیان و مرۆڤایەتی و، سەرەتای گەشەسەندنی شارستانییەتدا، هاوەڵێتی و هاودەمی مرۆڤی کردووە.

هەموو شارستانیەتەکان و سەردەمە مێژووییەکان، کەم و زۆر، بەشیخۆی تیرۆر، یاخود تیرۆری سیاسی تێدا هەبووە. لە گەڵ پەرەسەندنی شارستانیەت و بەرەو پێشڤەچوونی ژیان و پێشکەوتنی زیاتری کۆمەڵ و ژیار و درووستبوونی دەسەڵاتی سیاسی و ئیمپڕاتۆڕیەت و دەوڵەت و هەرێم و مەمالیک و مێرنشینەکان، دیاردەی تیرۆری سیاسیش سەری هەڵداوە. بە هۆکار و پاڵنەری جۆر بە جۆر، تیرۆر لە پێناوگەیشتن بە دەسەڵات، یاخود لە پێناو مانەوە لە دەسەڵات، تیرۆرکردن لە پێناو بەرژەوەندییەک، تیرۆر لە پێناو ئایین و ئایدیۆلوجیا و ئایدیایەکی دیاریکراو، تیرۆرکردنی بۆچونی جیاواز، تیرۆرکردنی ئازادیەکان، تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس و نووسەر و قەڵەمە ئازادەکان..تاد.

مێژووی ئیسلامیش وەک بەشێک لەو مێژووە دوور و درێژەی مرۆڤ، که ژیان پێیدا تێپەڕیوە و لە سایەیدا ئەزموون کراوە و مرۆڤایەتی بە ناوتۆنێڵەکەیدا ڕۆیشتووە، یەکێک لە مێژووە هەرە ناشیرینەکانی بوونی بەشەریەتە.
مێژووەک، تیرۆر ڕەگ و ڕیشەی خۆی تێدا داکوتیوە و پڕیەتی له تاوان و لادان و ئەشکەنجە و داگیرکرکاری و تاڵان و فەرهود و بە کەنیزەکردن و بە کۆیلەکردنی مرۆڤ و جەنگ و کوشتن و تیرۆر.

ئەو مێژووەی پێکهاتووە لە زنجیرەیەکی بەردەوام، لە تیرۆری سیاسی و توندو تیژی و خوێن ڕشتن و کوشتن و کودەتاو پیلان و یەکتری لە ناوبردن و پاکتاوکردن و سەرکوتکردن و دیکتاتۆریەت و وێرانکردن.

ئەو مێژووەی بە تڕێڵە مێکابی بۆ بکەیت و بە ساڵان بە دیاریەوە دابنیشیت مۆنتاژی بۆ بکەیت و هەوڵی پەردەپۆشکردنی قێزەونیەکانی و جوانکردنی ناشیرینیەکانی بدەیت، ئەوە هەرگیز، بۆت ناکرێت.

چونکو مێژووەیەکی هێندە قێزەون و بێ ئەندازە ناشرین و لێوان لێوە لە توندوتیژی. مێژووەک، بۆنی باروت و خوێن و خویزاو جەنگ و داگیرکاری و کاوڵکاری و تیرۆری لێ دێت.

ئەو مێژووەی زۆر چەواشەکارانە، وەکو پەپولەیەک و مانگی چواردەشەو، یاخود بوکێکی ئارایشتکراو، پیشانی ئێمە مانان دراوە و دیوە ڕاستەقینەکەی و لایەنە دزێوەکەی، زۆر فێڵبازانە، هەمووی شاردراوەتەوە و پەردەپۆشکراوە.

ئەو مێژووەی کردەی تیرۆری سیاسی یەجگار زۆر و لە ئەژمار نەهاتووی بەخۆیەوە بینیوە.
لە لایەن سەرکردە و خەلیفەو والی و ئەمیر و حاکم و قازیەکان و هاوەڵەکان و ئالو بەیت و ڕاشدی و ئەمەوی و عەباسی و هەموو ئەوانەیتری دوای ئەمان و بە درێژایی حوکمی خەلافەتی ئیسلامی و بوونی حوکمی ئیسلامی و دەولەتی سیوکراتی ئیسلامی و لە نێوان هەموو چین و توێژەکانەوە.

تەنانەت هەوڵدراوە خودی پەیامبەری ئیسلامیش(د.خ)، بەژار تیرۆربکرێت. جا وەک ئاماژەمان بۆی کرد، لە پێناو دەسەڵات بووبێت، یان لە سەر ڕەخنەگرتن و بۆچوونی جیاواز و ئایینی جیاواز، یاخود بۆ تەۆڵەسەندنەوە و بۆ سەروەت و سامان و هەر هۆکارێکیتر بووبیت.




کافتریاخانە بێ نامووسەکان دابخەن..!… شەماڵ بارەوانی

:دیارە هەرکەس بیەوێ کۆمەڵگا پاک و بەڕەوشت و شەرەفمەندبێت ئێوە ڕقتان لێیەتی! ئەگینا ئەم دکتۆرە چی وتووە وا ئێوە تەنگاوبون؟ هەرئەوەنەبێ ئەڵێ قەحبەخانەکان و کافتریا پڕبێناموسییەکان و نێرگەلەخانەکان داخەن)،

ئەوە کۆمێنتی مەلایەکە، مەلا(A…A. Afandi)،

لە ژێر وتارێکی من و بۆ من نووسیبووی، وتاری(تۆ پزیشکیت، یان واعیز..!؟)،
کە لە هەریەک لە ماڵپەڕەکانی(چاودێر)و، (ڕوانگە و ڕەخنە)و، (دابڕان)و، (دەنگەکان)، بڵاو بووەوە و لە سۆشیال میدیا و بە تایبەتی لە هەردووک پەیجەکانی(چاودێر) و (ڕوانگە و ڕەخنە)، بە هۆیەوە زیاد لە شەش سەت کۆمێنتی جوێن و بێ ڕێزی و تەشیرات و سوکایەتی بۆخۆم و ئەژداو ئابائم هات.

یەکێک لەو کۆمێنتانەیش کۆمێنتی ئەو مەلا بەڕێزە بوو، هەڵبەت ئەو قسەی بەمن نەگوتبوو، بەڵکو بە هەموو ئەوانەی کە دەڕۆنە کەفتریاکان، گوتبوو(بێ ناموس).
هیوادارم دواتر بێت و بڵێت کاکە:وام زانی ڕادیۆبوو!

کارەساتە مەلابیت و خۆت بە میراتگر و شوێنگرەوەی پەیامبەر و وتەبێژی ئاسمان و دەمڕاستی ئایین و سێبەری خوداوەند بزانیت و جوێن بدەیت و بە خەڵکی بڵێیت:بێ نامۆس!
هەڵبەت بە لۆژیکی ئەو مەلا بەڕێزە بێت، کافتریا شوێنی بێ ناموسەکانە و هەرچی بڕواتە ئەوێ بێ نامووسە!

دیاره کە پێناسەی ئەو بەڕێزە بۆ ناموس و بێ ناموسی چییە.
من کۆمێنتی مەلاکەم سکرین کردووە و لای خۆم وەکو بەڵگە هەڵم گرتووە.

بەر لە هاتنی ئەو ئیدەلۆژیا توندڕۆ و بیرە نامۆیەی ئەو دوو هێزه کۆنەخواز و فێندەمێنتالیستەی ئیخوانولمسلیمون و وەهابیزم، مینبەری مزگەوتەگان و گوتاری مەلا و پیاوانی ئایینی پڕ بوو لە تەساموح و لێبوردەیی و جوانی و هاندان بۆ کاری چاکەخوازی و ڕەوشتی بەرز و میهرەبانی و مرۆڤ دۆستی، پیاوانی ئایینی و مەلای لە نموونەی ناڵی و مەحوی و قانع و پیرەمێرد و شێخ محەمەدی خال و خانی و مەلاجزیری و مەلای گەورە و مامۆستا عەلائەدین سەجادی و..تاد. لەپال مەلایەتی، شاعیر و ئەدیب و نووسەر و کوردپەروەر و مرۆڤ دۆست بوون و شیعر و هەڵبەستیان بۆ دڵداری و نەتەوە و نیشتمان و سرۆشت و جوانی دەهۆنیەوە و مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس کچ و کوڕەکانی هەمووی چەپ و شیوعی بوون و بۆ جارێکیش پێی نەگووتن ئێوە لە ڕێگای ئیسلام لاتان داوە و کافر بوون و شیوعیەکان بێ ئەخلاقن.

مامۆستا مەلا عەلائەدین سەجادی کچەکانی بێ لەچک و سفوربوون و ئێستاش هەروان و قەت پێی نەگووتن بۆ لەچ ناکەن و ئافرەتی بێ لەچک بێ ئەخلاقە!

مەلای گەورەی کۆیه، یەکەم کەس بوو کچەکەی خۆی بنێرێتە قوتابخانەی تێکەڵاو کوڕەکەی(مامۆستا مەسعود) بیرمەندێکی سیکۆلارست و کچەکانی هەمووی بێ لەچک و سفور بوون و ئێستاش نەوەکەی خاتو(ڕەوا جەلی زادە)، هونەرمەند و تابلۆ کێشە.
ئەو مەلا ڕوناکبیر و شاعیر و نووسەر و کورد پەروەر و مرۆڤ دۆست و جوانی دۆستانە، شیعر و پەخشانیان بۆ نەورۆز و دڵداری دەنووسی و کەسیان نەیگووت: نەورۆز جەژنی مەجوس(مەگوس) و ئاگرپەرستی و، دڵداری بێ ڕەوشتی و بەڕەڵاییە.
مامۆستا مەلا سەجادی لە زانکۆی بەغدا وانەی دەگووتەوە، کە کچە خوێندەکارەکان و قوتابیەکانی هەمووی تەنورە سەرو ئەژنۆ و لاق ڕووت و سینگ ڕووت بوون.

هەر بە ڕاستی ئەوان مەلای بیرکراوە و بیرمەند و مرۆڤ دۆست و نەتەوەپەروەر و زانست پەروەربوون.
نەک وەکو بەعزێک واعیز و بانگخواز و مەلای ئێستا جوێندەربوون(ڕێزم بۆ باشەکان).

بە تایبەت مەڵا و واعیزی ئیدەلۆژیا ئیسلام سیاسی و سەلەفیگەرا.
ئاخر واعیز و مەلا جوێن بدات ئەی خەڵکیتر!

ئێ خەڵکێک و سەتان گەنجی ناهۆشیار و هەرزەکاری بێ ئەزموون و بێ پاکگراوەند و ناڕۆشنبیر کاتێک دەبینێت مەلا و واعیز و بانگخوازەکان جوێن دەدەن و سوکایەتی بە کەسانێک دەکەن کە نایانەوێ وابن وەکو مەلاکان و بانگخوازەکان دەیانەوێت، ئەوانیش دێن و هەمان شێوە لاسایی ئەوان دەکەنەوە و جوێنی پیرۆز دەدەن و بێ ڕێزی و سوکایەتی بە منی سیکۆلاریست و لائیک و ئەویتری مۆدێلست و مەیک ئارتێست و شاجوان و هونەرمەند و شاعیر و ئەکتەر و کێ و کێ و چی و چیتر دەکەن و بە بەرگری لە دینی خودا و وەکو جوێنێکی پیرۆزیش حیسابی بۆ دەکەن.

من، وتاری دەیان مەلا و واعیز و بانگخوازی تری ئاڕاستە ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەرام لایه، کە لە وتار و وەعز و ئامۆژگاریەکانیان هانی تیرۆر و توندو تیژی دەدەن و جوێن بە جودا بیران دەدەن و بێ ڕێزی و سوکایەتی بە هەموو ئەوانە دەکەن کە کەوەکوو ئەوان بیرناکەنەوەو، دژی پێکەوە ژیان و پلورالیەتی ئایینی و فرەیی کۆمەڵایەتی و مەدەنیەت و کومەڵی کراوە و ئایینەکانی تر و هەموو جیاوازیەک و ئازادی خەڵک قسە دەکەن.

بۆ نموونە:
مەلایەک، بە کۆلێژی هونەرە جوانەکان دەڵێت:کۆلێژی هونەرە قەبیحەکان،

پیاوێکی تری ئایینی، زانکۆ به مەنبەع و شوێنی فسق و فجور و بەڕەڵایی و فەسادی دادەنێت.

بانگخوازێکیتر دەڵێت:ئێزدیەکان شەیتان پەرست و گڵاو پیسن و خۆیان ناشۆرن و تا ئێواره کاریان پێ بکە و کرێکەشیان پێ مەدە و ئێواره کە گووتی کوا کرێکەم؟ بڵێ ئۆه بە نەعلەت بیت شەیتان، بیرم چوو!.. ئەوە وەکو سوکایەتیەک وایان پێ بڵێن.
مەلایەکی تری سەلەفیزم دەڵێت: لە ئایینی زەردەشتیدا هاوسەرگیری کەسەنزیکەکان ڕێگەپێدراوە و زەردەشتیەکان لە گەڵ دایک و کچ و خوشکی خۆیان سێکس دەکەن و ئاگر دەپەرستن.

مەڵایەکی تری ئیسلامی سیاسی : هێرش دەکاتە سەر خانمانی سفور و بە ڕووت و قوت وەسفیان دەکات و دژی شایی ڕەشبەڵەک دەدوێت و ئاهەنگی نەورۆز بە بێ ئەخڵاقیی و جەژنی نەورۆزیش بە ئاگری پەرستی پێناسە دەکات.

واعیزێکی تری سەلەفیزم دەڵێت:ئەوەی نوێژی نەکرد، سێ ڕۆژ مۆڵەتی پێ دەدرێت و پێی دەگوترێت کوڕە نوێژ بکە، کوڕە نوێژ بکە، کوڕە لەگەڵ تۆمە نوێژ بکە،گەر هەر نەیکرد، دەبێت بدرێت لە مڵی و سەری لە لاشەی جیابکرێتەوە.

یەکێکیتریان دەڵێت: سەلام و چاکو چۆنی کردن و چاکەکردن و جەژنە پیرۆزکردنی ئێزدی و مەسیحیەکان جائیز نییە.

دانەیەکیتریان دەڵێت ئەو پیاوەی ڕیشی بتاشێت وەکو کچ وایە،
(هەڵبەت من مرۆڤ بوونم لاپێوەره، لێرە مەبەستم مەغزای قسەی ئەو پیاوە ئایینیه سەلەفیگەرایەیه کە چەنده سوک و نزم سەرنجی ژن دەدات)،

هیوادارم وەزارەتی ئەوقاف و ڕۆشنبیری فلتەرێک و سنوورێک دابنێن و چیتر ڕێگە نەدەن لە سەر مینبەرەکان و لە کەناڵەکان، جوێن بە خەڵک بدرێت و بێ ڕێزی و سوکایەتی بە هیچ کەسێک بکرێت، تەنها لە بەرئەوەی ئەو کەسە دەیەوێت ئازاد بێت و وەکو ئەوەی خۆی ئارەزووی دەکات بژیت، نەک ئەوەی مەلا و واعیز و ئەویتر.

چونکو کۆمەڵ تەنها مولکی ئایینێک و تاپۆی ئاڕاستەیەک و مۆنۆپۆڵی ئیدەلۆژیایەکی دیاری کراو نییە و ئێرە کوردستانە و شوێنی هەموو ڕەنگێک و ماڵی پێکەوە ژیانە.

چۆن مزگەوت و ئاتەشگا و کلێسا و مەعبەد هەیه، دەبێت ئاواش کافتریا و باڕ و مەلهاش هەبێت.
تۆ بڕۆ مزگەوت و ئەویتری دەچێتە کافتریا، یان مەلها و باڕ و منیش ناڕۆم بۆ هیچیان و نابێت هیچیان ڕێگری لە هیچیان بکات و دەست لە ئازادی و هەڵبژاردنی ئەویتر وەربردات.
ئیتر سونەت و سروشتی ژیان ئاوایە و ناکرێت بە زۆر خەڵک بکەین بە دوو ڕوو و دەبڵ مۆڕاڵ و ناچاری ئەنجامدانی کارێکیان بکەین و ئەقید و ئایین و تێڕوانین و دۆگم گەلێک و شتگەلێکیان بەسەردا بسەپێنین، کە بڕوایان پێی نییە.

ماوەتەوە بڵێم:
گەر بۆجارێکیش بێت بیربکەرەوە و لە خۆت بپرسە:
باشە بۆ دەبێت تۆ بە مێشکی من بیربکەیتەوە و من بە پێیەکانی تۆ هەنگاو بنێم و تۆ بە چاوەکانی من ببینیت!؟




کاکە ڕادیۆ بوو..!… شەماڵ بارەوانی

هەڵبەت وتارێکم نووسی لە سەر پزیشکێکی بەڕێز، کە داوای لە خەڵک کردبوو پشتگیری بکەن بۆ هەڵمەتی داخستنی ماڵپەڕە شین و پەمەییەکان، منیش پێچەوانەی ئەوم درکاندبوو و لە هەردسێک ماڵپەڕەکانی” ڕوانگە و ڕەخنە” و “دەنگەکان” و “دابڕان” بڵاو بووەوە، بە هۆیەوە لە سۆشیال میدیا، دیسان سەتان کومێنتی جوێن و تەشیرات و بێ ڕێزی بۆخۆم و کەس و کارم هات، هەڵبەت من بە جوێن و سوکایەتی و تەشیراتەکانیان هیچ نیگەران و دڵگران نەبووم، ئەوان ئەوە ئەقیدە و پیشەو ئەخلاقیانە و هەمیشە وڵامی لۆژیک به جوێن و تف دەدەنەوە.

هەرهێندە دەڵێم:
ئەوانەی جوێن دەدەن، بێگوومان مرۆڤی دۆڕا و داماون و لە لۆژیک و ئارگویمێنت هێنده لاواز و کۆڵەوار و بێ دەسەڵات و شکست خواردوون، حەققەت لە یەکاتتدا، مایەی پێکەنین و هەم شایەنی فرمێسک بۆ ڕشتن و بەزەییشن.

بە تایبەتی ئیسلامی و سەلەفیزمەکان و بەشێک لە موسڵمانی کورد کە چوونەتە هەمان سەنگەری ئەو دوو هێزەیلە کۆنزەرڤاتیڤ و فێندەمێنتالیستە(ئیسلامی سیاسی سەلەفیگەراکان)و کەوتوونەتە ژێر کاریگەری گوتاری پیاوە ئایینی و بانگخوازەکانیان و لەخشتەبردراون.

جا با لەو نووسینەش دووبارە پێتان بڵێمەوە:
ئەوە بۆچوونی منە و تا ئەبەد و دوا هەناسەشم لێی پەشیمان نابمەوە و هەرگیز، بە خەیاڵیش چاوەڕێی ئەوە لەمن مەکەن وەکو خەڵکێکی تر قسەیەک بکەم، دواتر لەبەر لۆبی و فشاری ئەم و جوێن و دەمشڕی ئەو، بێم و بڵێم( کاکە ڕادیۆ بوو!).

من لەو نووسەرە بەناو سیکۆلاریست و ترسنۆک و موجامەلەچیانە نیم، بێم نازی هەستە ناسکەکەی بابای ئیسلامی سیاسی هەڵگرم و موجامەلەی مەزهەب و مەندیلی مەلاکان بکەم.

ئەو نووسەرە بەناو سیکۆلاریستانەی بەشەو لە باڕ کاتژمێرەکان بەڕێدەکەن و بە ڕۆژیش بۆ فریودان و خۆڵکردنە چاوی خەڵکێکی سادە، وێنە لە پاڵ منارەی مزگەوت دەچرکێنن. ئەو دەبڵ مۆڕاڵانەی لە پشت عەلی نوێژ دەکەن و لەسەر خوانی موعاویەش نان دەخۆن.

ئینجا من ڕاستە دەرچووی حوجرەی ئایینی و قوتابخانەی ئیسلامی و کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان(شەریعە) و ماستەری ئیسلامیم، وەلێ لە مێژە و زۆر بوێرانە و بێ منەتانە، ئەوەم لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕەکان بەیان کردووە، کە من کەسێکی سیکۆلاریست و لائیک و تاڕادەیەک دایزم(ڕبوبی) بیر و باوەڕم و
کۆمەڵەک پڕنسیپم هەیه، تامردن لە پێناویان دەژیم و بۆیان دەکۆشم و دەنووسم و بەرگریان لێدەکەم و هیچ هێزێکیش ناتوانێت سلم پێ بکاتەوە و لێیان پەشیمانم بکاتەوە.

دواتر بۆ ئەوانەی لێم دەپرسن ئایینت چییە؟
لەمێژە بۆ ئەوەش گووتوومە: نەتەوەپەروەری و مرۆڤ دۆستی و ئاژەڵ دۆستی و ژینگە دۆستی و سرۆشت دۆستی ئایین و ڕێبازی منە.

بۆیە ئێستاش و تامردنیش هەر سورم لەسەر بۆچوونەکەی خۆم و دەڵێم: بانگەوازیکردن بۆ داخستنی ماڵپەڕە شین و پەمەییەکان(پۆڕن)، بەو ڕەهاییە، ئەقڵیەتێکی پۆپۆلیستانە و تۆتالیتاریستانە و داعشگەرایانەی لەپشتە و دژی ئازادیەکانی تاکە، لە جیاتی قەدەغەکردنی تەواوی ئەو جۆرە ماڵپەڕانە، دەکرێت فلتەر و سنوورداربکرێت.

ئینجا جوێنفرۆشی ئازیز، بەر لەوەی ماڵپەڕە سێکسیەکان لە فلتەربدرێت و سنوردار و قەدەغە بکرێت، دەبێت جوێندان و دەمشڕی و ئەو هەموو سوکایەتی و تەشیرات و بیرە داعشیەی ئێوە قەدەبکرێت.

دەبێت وتاری هەموو ئەو مەلا و پیاوە ئایینی و واعیزانە(ڕێزم بۆ باش و بەڕێزەکانیان)لە فلتەر بدڕێت و هەموو ئەو سوکایەتی و بێ ڕێزی و تەشیراتەی کە بە هەمووجیاوازیەکی دەکەن قەدەغەبکرێت.

ئەو پیاوە ئایینیه فێندەمێنتالیست و بانگخوازە سەلەفیزم و مەلا ئیسلامیە سیاسیانەی بە کۆلێژی هونەره جوانەکان دەڵێن:(هونەرە قەبیحەکان).
بە مەیک ئارتێست و کچە مۆدێڵ و شاجوانەکان دەڵێن داوێن پیس و قەحپە.

ئەوانەی بە خانمە بێ لەچک و نا باڵاپۆشەکان دەڵێن بەڕەڵا.
بە مەیخۆرەکان دەڵێن خوێڕی.
بە سوک سەرنجی ئێزدی و کاکەیی و مەسیحی و جولەکە و بوودی و ئەتایست و مولحید و جودا بیران دەدەن و پێیان دەڵێن ئاژەڵ.

بە شوێنکەوتوانی ئایینەکانی تر دەڵێن کافر و پیس و گڵاو جەحنەمی.
بە جەژنی نەورۆز دەڵێن جەژنی ئاگر پەرستی.
بە مۆسیقا دەڵێن میزی ئەهریمەنی.
ئەوانەی سرودی ئەی ڕەقیب تەکفیردەکەن.
ئەوانەی خزمەتی ئەجێندا و پڕۆژەی تەعریب و کلتور و زمان و هەموو شتێکی عەرەب دەکەن، لە ژێر پەردەی ئایین و لە بەرگی پیرۆزیدا.( کەس بە هەڵە لێکدانەوە بۆ قسەکانم نەکات، من لێرە مەبەستم ئایین نییە، بەڵکوو کەلەپوور و مەزهەب و فیقه و مێژووەکەیەتی)،

ئەوانەی
عەشق و خۆشەوستی تابۆ و ڕشتنی خوێنی مرۆڤ حەڵاڵ دەکەن.

ئەوانەی دەڵێن نوێژنەکەر دەبێت لەسەری بدرێت و فەتوای کوشتنی مرۆڤ دەدەن.
ئەوانەی بە ڕەخنە سەر و دڵیان دەگیرێت و دژی پێکەوەژیان و لێبووردەیی و فرەیی(پلورالیەت)و ئاشتی کۆمەڵایەتی قسە دەکەن.

ئەوانەی بیری ڕاسیزم و تۆی دەمارگیری ئایینی و نەخۆشی مەزهەبی و ڕق لە کومەڵ بڵاو دەکەنەوە و تەشەنوجات لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵ دروست دەکەن و بە ناوی ئایینەوە، مرۆڤەکان دەکەن بە دووژمنی یەکتری و مرۆڤایەتی پارچە پارچە دەکەن و کلتور و فەرهەنگ و مێژوو و ناو هەموو شتێکمان ئەنفال دەکەن.
دەبێت سەرەتا ئەوانە قەدەغەبکرێن و داوای قەدەغەکردنیان بکرێت،
ئینجا لە ڕووتان بێت، باسی قەغەکردنی سایتە سێکسیەکان بکەن.




تۆ پزیشکیت، یان واعیز..!؟ شەماڵ بارەوانی

هەڵبەت ئایین باشترین ڕێگایە بۆ فریودان و قۆستنەوە و بەکارهێنانی لە پێناو جوڵاندنی هەست و سۆزی خەڵکێکی سادە لەوح و خوش باوەڕ و لە خشتە بردن و خۆڵکردنە چاویان.
کەمنین ئەوانەی لە ڕێگای بەکارهێنانی ئایینەوە، دەوڵەمەند بوون، بوون بە پەڕلەمانتار، دوکانی سیاسیان دانا و خۆشترین ژیانیان بۆخۆیان لە سەر حیسابی خەڵکێکی ئایێنداری بەستە زمان دابین کرد.

جامن هێندەی عەیب نەبیت، دەیهینم و دەیبەم و هەر کۆدەکەیم بۆ ناکرێتەوەو لێی تێناگەم، ئەوەیە، کە ئەو پزیشکە بەڕێزەیش من کە چەند بەرنامەیەکی موتابەعە بکەم، ڕێک هەمان شتی لێ بەدیدەکەم، نازانم لە خولی داهاتوو بە تەمای خۆ کاندیدکردنە، یان مەبەستێک و ئامانجێکی تری هەیە،
کە هێندە فۆکەس دەخاتە سەر هەندێک تەوەر و بەلای ئاقار و ئاڕاستەیەکیان دا خواردەکاتەوە، کە هەمووی ئامانج و ڕێگا و پەیامی ئیسلامی سیاسی و فێندەمێنالیستەکانە!؟

هەر بەڕاستی
مرۆڤی تاک ڕەهەند و تێڕوانین تۆتالیتار هەمیشە هەوڵدەدات و دەیەوێت هەموو ڕوانگەکانی تری دەرەوەی بازنەی ئیدەلۆژیا و بیر و باوەڕەکەی خۆی، تیرۆر بکات و بسڕێتەوە.

مەعلومە
کۆمەڵی کراو و شارستانی و پێشکەوتوو و مۆدێڕن، بە تەنها شۆێنی ئایینێک و مولکی فیکرێک و تاپۆی ئاڕاستەیەک نییە،
بەڵکو چۆن مەعبەد و ئاتەشگا و کلێسا و مزگەوتی تیایە، ئاواش سۆزانیخانە و باڕ و مەلها.
چۆن مرۆڤی ئایینداری تیایه، ئاواش بێ ئایین و ئەتایست و مولحید و گومانگەرا.
چۆن مەلا و واعیزی تیایه، ئاواش کچە مۆدێل و گۆڕانی بێژ و شاجوان و سەکسفرۆش.

لەوەها کۆمەڵێکدا:
ئینجا ئازادیت دەڕۆیتە باڕ، یان مزگەوت، نوێژ دەکەیت یان نایکەیت، کەس بۆی نییە بێت و تەداخولی ژیانی تایبەتیت بکات و فرمانت بە سەردا بکات و زۆریت لێ بکات و پێت بڵێت: یا دەبێت نوێژ بکەیت و مۆڵەتت تەنها سێ ڕۆژە، گەر نوێژ نەکەیت سەرت لەلاشەکەت جیا دەکەینەوە، یان جگە لەو ڕێگا دیکتاتۆریانە و داعشگەرایانە هیچ ڕێگا و چارە و هەڵبژاردنێکی ترت لە بەردەمدا نییە!

لە کۆمەڵی کراوە و پلورال و شارستانیدا،
هیچ کەسێک و بە هیچ پاساوێک و لە ژێر هیچ ناوێکدا،
بۆی نییە بێت و پێت بڵێت بۆ تەنورەکەت کورتە و تەسریحەی قژت بەو ستایلە ڕێکخستووە، بۆچی ناچیتە مەعبەد و ڕیشت دڕێژناکەیت؟
یان با فلان فیلم چونکە ماچی تیایە و فیسار سایتی پۆڕن ئەخلاقی خەڵک تێکدەدات دایخەین.
لە کۆمەڵی مۆدێڕن و سیکۆلار و پلورالدا،

هەڵبەت لوتکەی ئەخلاق ئەوەیه:تۆ وەکو خۆت و بە پێی دۆگم و بیر و باوەڕی خۆت بژیت و لێش گەڕێ بامنیش بە پێی بیر و باوەڕ و قەناعەت و بە ئازادی بۆخۆم بژیم.

ئاخر ئەوە لوتکەی داعش بوونە:
تۆ باوەڕت بە فرەیی( پلورالیەتی) ئایینی، سیاسی و کۆمەڵایەتی نەبێت و خۆت و ئایین و ڕوانینەکانت لە خەڵک بکەیت بە حەقیقەتی ڕەهاو یەقینی سەرو گومان و کابەی هەموان و ، خەڵکی ناچاربکەیت، کە دەبێت هەموان بە پێیەکانی تۆ هەنگاو بنێن و بە ئەقڵیەتی تۆ بیربکەنەوە و بە گوێچکەکانی تۆ ببیستن و بە چاوەکانی تۆ ببینن!

کاکە خۆ بە زۆر نییە من نوێژ ناکەم و نایەمە مزگەوت و باوەڕم بەو بیر و باوەڕەی تۆ نییە.

من هەرگیز گلەییم لە بابایەکی ئیسلامی سیاسی، یان سەلەفیزمێک نییە، ئەوان دیارە لەکۆێ ئاو دەکرێتە ئاشی ئیدەلۆژیاکەیان و سەر بە چ بەستەڵەک و دۆگمێکن و ئەقیدە و بیر و باوەڕیان سەبارەت بە سیکۆلاریزم و مەدەنیەت و مافەکانی ژن و ئازادیەکانی تاک و ئاژەڵ دۆستی و هەموو شت دۆستیەک چییە و ئاشکرا مەعدەن و هەموو شتێکیان دیارە کە چەندە داعشگەرا و تۆتالیتار و ڕاسیزم و دەمارگیرن.

بەڵکو کارەسات ئەوەیە تۆ نە مەڵابیت و نە واعیز و نە کاهین، نە بستێک ڕیشت هەیە و نەیش شەڕواڵت کورتە و نە ئیسلامی و نە سەلەفیزم و نەیش لە کەناڵیکی ئاڕاستە سەلەفیزم و ئیسلامی و ئایینی بیت، بەڵکو گەنجکێی شێوە مۆدڕنی و سەکسوکە پان بیت و لە کەناڵێک بیت لە ڕۆژی چوارشەممە یەکەم ڕۆژی پەخشی خۆت دەستپێبکەیت وەکو هێمایەک بۆ پیرۆزی ئەو ڕۆژە لای ئێزدیەکان و گەڕانەوە بۆ مێژووی باو باپیرانی بەر لە ئیسلام، کەناڵێکی بە ناو عەلمانی بیت، کەچی پزیشک بیت و وەکو واعیزێکی ئیسلامی و پیاوێکی ئایینی و بە دڵی ئیسلامیەکان قسە بکەیت و جارێک هاوسەرگیری کچەکان لە گەڵ کوڕی نێرگەلە کێشەکان پڕۆتستۆبکەیت و جارێکیش داوای ڕاگرتنی ماڵپەڕە سێکسیەکان بکەیت!
ئەرێ بەڕاست تۆ پزیشکیت، یان واعیز!؟

ماوەتەوە بڵێم:
هەڵبەت زۆربەی ئەوانەی لە سۆشیاڵ میدیا پشتگری ئەو داوا داعشیانەی ئەو پزیشکە واعیزەیان کردبوو درۆی دەکەن و خۆشیان شەوەکانیان بە دیار سایتە شین و پەمەییەکان بەڕێدەکەن.

ئاخ
مردن لە کوێی دوو ڕوویی کوشتمی.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا..12…شەماڵ بارەوانی

بەشی دوانزەهەم/


کۆماری پێغەمبەر کۆماری مولحیدەکانیشە..!

لە یەکێک لە بەشەکانی پێشوو، لەمیانی باسکردنم لە قورئانیەکان باسم له عەبدولڕەزاق جوبرانکرد،
ئاماژەم بەوەکرد، کەلە سەرسێ لە کتێبەکانی عەبدوڵڕەزاق جوبران(کۆماری پێغەمبەر، چەتەکانی خودا، و کودەتای پەرستگا)م نووسیوە و لە هەریەک له ڕۆژنامەکانی(کوردستانی نوێ)، ڕۆژنامەی(ڕێگای کوردستان)، هەفتەنامەی(تاراوگە)، و لە ماڵپەڕەکانی(گەلاوێژ)، ( ڕوانگە و ڕەخنە)، (دابڕان)و، (دەنگەکان)، بڵاوبوونەوە.

ئەو سێ کتێبەی دوانیانم(کۆماری پێغەمبەر) و(چەتەکانی خودا) کاتی فەقێیاتی و قۆناغی چواری کۆلێژی شەریعە، خوێندەوە و دانەیەکیشیان(کودەتای پەرستگا) ئەمساڵ(٢٠٢٢)
ئەو سێ کتێبەی یپێویستە بەر لە هەر موسڵمانێک و فێندەمێنتالیستێک، هەموو فەقێی و مەلاو پیاوێکی ئایینی بیانخوێنێتەوە.

حەزدەکەم تۆزەک لە میانی سێ لەکتێبەکانی (کۆماری پێغەمبەر، چەتەکانی خودا، و کودەتای پەرستگا) کەلە سەرم نووسیون، هەندەک باس لە دیدەنیگا و ڕوانگەی ئەو پیاوە ڕووناکبیر و بیرمەندە بکەم و سێ بەشی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا. بۆ قسەکردن لە سەر دیدەنیگا و تێڕوانینەکانی جوبران تەرخان بکەم.

لە میانی ئەو سێ کتێبەی جوبران، دەتوانم بڵێم، ئەوەی جوبران باسی لێوەکردووە:
ڕوانگەیەکی تری جیاوازە، خوێندنەوەیەكی تری تێكستەكانی ئایینە، پێداچونەوەیەكی تری كەلەپوری ئایین و فقهی ئایینی و تێگەیشتنی ئایینیە، ڕەخنەیە لە ئەقڵی ئایینی، لە ئەقڵیەت و فیقه و فیكری دینی، شۆڕشێكە لە دژی بتەكان، یاخی بوونێكە لە پەرستگاكان، هەڵوەشاندنەوەی ئەو تێگەیشتنە فیقهی و مێژوویی و سیاسی و مەزهەبیە دۆگمایییە نائینسانی و ناوجودی و نائەخلاقیەیە، كە بە درێژایی مێژووی ئیسلام بۆ ئاینكراوە و دەکرێت و نەوە بە نەوە گواستراوەتەوە و بە میرات بۆ مرۆڤەكان جێ ماوە.

ڕوانگەی جوبران:
مەفهومێكیتری تازەیە، سەبارەت بە خوداوەند، پێغەمبەرایەتی، ئایین، بانگەوازیكردنی جۆرێكیترە لە باوەڕداری، جیاواز لەو باوەڕە كۆن و كلاسیكیەی پێشوو.

جوبران داوای بانگەوازی بۆ وجودیەت و چارەسەرێكی وجودیانە دەكات، هەروەها كودەتا دەكات لە دژی پەرستگا، ئەو ئەو پەرستگایەی لە سەر بیری ڕاسیزم و مەزهەبگەرێتی ڕۆنراوە. جوبران بۆچونی وایە كەنوێگەری لەوەی هەیە سودێكی نابێت، جگە شۆڕش و كودەتا نەبێت بە سەر توراس و گوتەی فەقێكان، ئەو داوای گەڕانەوە بۆ ئایینی پەیامبەر و دەستبەرداربوونی خورافەی فەقێكان دەكات، ئەو ئایینە مێژووییەی فەقێكان ڕۆیانناوە، ئەو فەقێیانەی جوبران پێی وایە زۆر زیاتر لە پێغەمبەرەكان بە ناوی ئایین و خوداوەندەوە قسەیان كردووە.

جوبران،
پێمان دەڵێت كێشەی نیشتمان لەگەڵ دەسەڵات و هی ئایینیش لەگەڵ پیاوانیی ئاینیدایە و لە كۆتاییدا پێغەمبەر باجی پیاوانی ئایینی و گەڵیش هی دەسەڵات دەدات.. و پێغەمبەر بە هۆی پیاوانی ئایینیەوە ئایینەكەی لە دەست دەدات و گەلیش بە هۆی دەسەڵاتەوە نیشتمانەكەی.. و ….. ئیدی هیچ چێژێك نە بۆ ئاین و نە بۆ نیشتمان نامێنێتەوە.

جوبران
پێمان دەڵێت هیچ ڕێگایەك ناتگەیەنێت بە پەیامبەران، جگە لە دەرچوون نەبێت لە پەرستگاكان.

جوبران
پێمان دەڵێت قەبارەی ئەو جەهل و نەزانینەی پەرستگاكان ڕۆیان نا، زۆر مەزنتر و زیاترە لەوەی پێشوتر وێرانیانكرد. هیچ شتێك ئایینی نەكوشت، ڕۆحانیەتی ئایینی وێران نەكرد، ڕێگای ناسینی خوداوەندی لە مرۆڤكان ون نەكرد، بەو ئەندازەیەی فیقه كوشتی و كردی، وەكو چۆن هیچ كەسێك پەرستگای وێران نەكرد تەنها كاهینەكان خۆیان نەبێت.

جوبران
پێمان دەڵێت مەعبەد پێشمەرجی ئیمان و خودا ناسین نییە و مرۆڤ بە چوونە ناو پەرستگاكان نابێت بە ئایندار و بڕوادار، بەڵكو بە چوونە ناودڵی مرۆڤایەتی و مرۆڤەكان.

جوبران
پێمان دەڵێت خەمی خوداوەند بەندەكانیەتی، نەك بەندایەتی كردنی، خوداوەند پەرستگایەكی ناوێت تێیدا بپەرسترێت و خەڵكەكەی بكرێت بە كۆیلە، بەڵكوو ئەو مروڤایەتی و مرۆڤێكی دەوێت، ئازادبێت و بە ناوی خوداوەندە ئازادبكرێت.

جوبران
پێمان دەڵێت:
خوداوەند پێغەمبەران دەنێرێت و خەڵكی كاهینەكان دەخوێننەوە!

جوبران
لێمان دەپرسێت ئایە ئایین ئەوەیە نوێژ لە مەعبەددا ئەنجام بدەیت، یاخود مرۆڤایەتی لە ناوخەڵكدا جێ بەجێ بكەیت؟
ئایین ئەوەیە خەڵكی لە مەعبەددا فێری هونەری كۆیلایەتی بكەیت، یاخود لە باڕەكاندا وانەی ئازادیان پیشانبدەیت؟

(كۆماری پێغەمبەر)
پێمان دەڵێت فەقێ و مێژوو ئایین نین، وەلێ ئەفسوس عەقیدەی ئێمە، عەقیدەی مێژووە، ئایینەكەشمان ئایینی فەقێكانە….ئەوەیە تراژیدیاكە!

جوبران
پێمان دەڵێت ئەو ئایینەی ئێستاهەیە، ڕێك كۆپیە ئۆرجیناڵەكەی ئەو ئایینە نییە، كە پەیامبەر هێناویەتی و لە سەری ڕۆیشت، نەخێر، بەڵكوو ئەوە ئایینێكی ساختەو كۆپیەكیتری نائۆرجیناڵی كاهین و فەقێكانە، ئەو ئایینە ڕوانین و دۆگمی فەقێكانە، ئایینی خەلیفە و سیاسی و سوڵتانەكانە، مێژوویش هی خەلیفە و سوڵتان و پاشاكانە.

جوبران
پێمان دەڵێت ئەمەوی و عەباسیەكان بە ناوی خوداوەند و بە پێی فقهی قوڕەیشی، بە فیقهی زیممە جەنگی گاورەكانیان كرد، بەفقهی كەنیزەیی بوون ژنیان كرد بەكەنیزە، بە فیقهی خەواریج موسڵمانەكانیان دەكوشت، بە فیقهی خەراج ماڵی خەڵكیان دەدزی و دەستیان بەسەردادەگرت، بەفیقهی فتوحات و لە ژێرناوی فتوحاتدا دەوڵەت و خاكی وڵاتانیان داگیردەكرد!

جوبران
پێمان دەڵێت:
ئایینی پێغەمبەر ئایینی دڵ بوو(استفت قلبك، وٳن ٲفتاك الناس ٲفتوك).

جوبران پێمان دەڵێت
ئایین پرسی دڵە، نەك قامچی سوڵتان و ئەحكامە فقهیەكان.
لە كۆماری پێغەمبەردا
دڵ عەرشی خوداوەندە، دڵ پاشماوەو ڕۆحی خوداوەندە لە مرۆڤدا جێ ماوە.
كۆماری جوبران و پێغەمبەر
كومارێكە لە سەر دڵ بیناكراوەو دامەزراوە، نەك ئەقڵ و فەلسەفەو گوتەی كاهین و فەقێكان و ئەحكامە فیقهیەكان و تێكستە دینیەكان.
لە كۆماریەکەی جوبراندا
دڵ پێغەمبەرە، دڵ لۆژیك و ناسنامە و ناونیشانی ئینسانە.
دڵ حاكمە، دڵ شەریعەتە، دڵ بڕیاردەرە، دڵ ڕوگەو دڵ مەعبەدە، ئەو شتانەی دڵ ڕەتیان دەكاتەوە، ناكرێت ئایین قبوڵیان بكات، دڵ سەنتەر و ماڵی بڕیاردانە.

پەرستگای مرۆڤ دڵیەتی، مرۆڤ بە دڵ و لە پەرستگای دڵ لە خوداوەند نزیك دەبێتەوە و تەنها بە دڵ دەگات بەو زاتە.
هەموو ئەو پەرستگایانەیتری جگە لە مەعبەدی دڵ، مرۆڤ لە خوداوەند دوور دەخەنەوە. مرۆڤایەتی دوو كەرت دەكەن. لە مرۆڤ بوونی مرۆڤ دەدەن. مرۆڤەكان دەكەن بەدووژمنی یەكتری.

جوبران
پێمان دەڵێت ئایین یاسا و شەریعەت ڕۆنانێت، بەڵكو ویژدان، ئایین دەبێت خزمەتی مرۆڤ بكات، نەك بە پێچەوانەوە، ئایین دەبێت پێگەو بەهای مرۆڤ بەرزبكاتەوەو مرۆڤایەتی پیرۆز بكات، ئایین دەبێ خۆشەوێستی لە نێوان مرۆڤەكاندا پەخش بكات نەك ڕق، ئایین دەبێت مرۆڤەكان بكات بە برای یەكتری نەك دووژمن، یەكڕیزی لە نێوانیاندا دروست بكات، نەك پەرتەوازەیی.

لە کۆمارەکەی جوبراندا
چیتر ڕیش بەردان ئەرك و مۆسیقا حەرام نییە، چیتر كوشتنی مرۆڤەكان ئایین و عەشق بەڕەڵایی و تابۆ و ناڕەوا نییە.
چیتر ڕەخنە لە كاهینەكان بڤە و بیركردنەوەی ئازادانە کفر و تاوان نییە.
چیتر دەست وەردان لە ژیانی تایبەتی هیچ كەسێك و بە هیچ پاساو بیانویەك ڕێگە پێدراونییە.

كۆماری جوبران، دەوڵەتەسیوكراتە تۆتالیتارەكەی فەقێ و كاهینەكان نییە، تابڵێت(عدم قتل المسلم بالژمی)و موسڵمانێك، گاورێك بكوژێت، ناكوژرێتەوە!
نەخێر لە كۆماری(جوبران) پێغەمبەردا، پێغەمبەر لە سەر كوشتنێكی بێ هۆكاری مێرولەیەكیش، لێپێچینەوە لە بكوژ دەكات.

لە (کۆماری جوبران) دا
هەموو ئایینەكان بە یەك چاو سەیردەكرێن و جیاوازی لە نێوان مەسیحیەك و زەردەشتیەك، لە نێوان موسڵمانێك و ئێزدیەك، لە نێوان جوەك و بودیەك، لە نێوان هیندۆسێك و یارسانیەكدا نییە، خودای هەموویان یەك خودایە و بەهەشتیش بە تەنها مولكی باوكی هیچ گرووپێك و تاپۆی ئایینێكی دیاریكراو نییە.
لە ڕوانگەی كۆماری جوبراندا،
بێ ئایین و ئەتێست، ئەگنۆستیك و سیكولاریستەكانیش دێنە بەهەشت.

جوبران پێمان دەڵێت:
بەهەشت شوێنی زاناو بلیمەت و داهێنەر ومرۆڤ دۆست و ژینگەدۆست و ئاژەڵ دۆستانە، نەك فێندەمێنتالیست و سەربڕو تیرۆرست و بكوژ.
بەهەشت شایەنی داروین، ئەدیسۆن، غاندی و گیڤاراو دایكەتریزا و مەولانایە، نەك بەغدادی و بن لادن و زەرقاویەكان.

جوبران پێمان دەڵێت با چیتر خۆشەویستی بكەین بە ئایین و مرۆڤ بوون بكەین بە پەرستگاو بە دەوری كابەی مروڤایەتیدا بخوڵێینەوە.

جوبران
پێمان دەڵێت ئایین دەبێت ئاینی ئاشتی و چاكەبێت، نەك ڕیش و مەعبەد، ئایین لە“كۆماری پێغەمبەر”دا دەبێ ئایینێك بێت ژیان بە مرۆڤەكان ببەخشێت، نەك پەرستگا، پەیامبەر لە ناو ئایین لەمرۆڤ دەگەڕا، كەچی كاهینەكان لە خشتی پەرستگا!
ئەو پەرستگایانەی لە یەككاتدا، لە نێویاندا كاهین و فەقێكان خەڵكی فێری نوێژو كوشتنی مرۆڤەكان دەكەن.
ئەو فەقێیانەی ئەقڵ و دڵ و بوونی خەڵكی دەدزن!
ئەو كاهینانەی بە هەزار ڕوو خۆیان دەردەخەن و جۆریكتری لە جاهیلیەتیان هێنا، گەورەتر لەو جەهالەتەی پێشوو و یەكەمجار، چ جەهالەتێك؟ ئەوكاتەی درووستكردنی مەعبدێك ، لەدروستكردنی مرۆڤێك و بابەتی حەڵال وحەرام لە سەرخستنی هەژارێك گرنكتردەبێت.
خەمی كۆماری پێغەمبەر ئەوەیە مرۆڤ فێربكات ئەوەیتر ببینێت، نەك بیكوژێت.

لە ڕوانگەی جوبراندا
كێشەی خوداوەند ستەمە، نەك كفر،
كۆماری پێغەمبەر ڕاو دیدەنیگای وایە: هەرشارستانییەتێك خاڵی بێت لە جوانی، شارستانیەتێكی فەرمەسۆن و كافرە، با سیخناخیش بێت لە پەرستگا.

جوبران
پێمان دەڵێت ئایین و ئایینداری ڕاستەقینە ئەوە نییە، ئایینت بۆ ماوەیی وەرگرتبێت، یاخود دینداریەكەت ڕێكەوتێكی جوگرافی بێت و خەڵك و دەوروبەرت دیندارن بۆیە تۆش ئایینداریت، نەخێر، بەڵكو ئایینی ڕاست و دروست ئەوەیە لە ڕێگەی هەڵبژاردنێكی ئازادانەو لە سەر بنەمای ویژدان و مرۆڤ بوون ئەو ئایینەت هەڵبژاردبێت، نەك لەبەر دڵی خێزانەكەت و لۆمەی كومەڵ و لە ترسی هەڕەشەی شمشێرو بە زۆرسەپاندن و لەبەر ئەم و ئەوبێت!

کۆماری جوبران
پێمان دەڵێت كوماری پێغەمبەران، كوماری ئایینێك، گرووپێك، مەزهەبێك،ئایدیۆلۆژیاو حیزبێكی ئایینی، فیرقەیەكی دیای كراو بە تەنها موڵكی عەقیدەیەك نییە، دەبێ كومارێك بێت، بۆ هەموان بێت، ژیانی هەموو مرۆڤایەتی تێدا بەرجەستەبێت، كەرامەت و سەروگیان و حەزەكانیان تێیدا پارێزراوبێت، كۆمارێك بێت، جێگای ئازادییەكانی تێدا ببێتەوە، كۆمارێك بێت، كەس لە سەر ئایین و عەقیدی ئایینی، مەزهەبی جیاواز، دیدەنیگای جیاوازو بیروباوەڕی جیاواز تیرۆر نەكرێت و ئەشكەنجەو ئازارو زیندانی و بێ سەرو شوێن نەكرێت.

كۆمارێك بێت ئایندار و لائیكێك، بڕوادارو گوماگەرایەك بە یەكسانی جێگایان تێدا ببێتەوە و جیاوازی لە نێوان هیچ مرۆڤێك نەكرێت، لە سەر بنەمای جیاوازی ئایینی، مەزهەبی، نەتەوەیی و ڕەگەزی، كۆمارێك بێت، خۆشەوستی تێیدا ئایین و مرۆڤایەتی ڕێبازبێت، كۆمارێك بێت، ر ق و دەمارگیری، ڕەگەزپەرستی و یەكترسڕینەوە، تیرۆر و كوشتن و توندوتیژی، فێندەمێنتالیزمی ئایینی و بیری ڕادیكاڵیەت، دۆگمی بەردو حوكمی شمشێرو هەڕەشەی سەربڕین و زمان قرتاندن و دەست و وپێ پەڕاندن تێیدا تاوان و قەدەغەبێت.

ڕێزگرتن لە ئاشتی و برایەتی و پلۆرالیەت و پێكەوە ژیان ئەرك و یاسا بێت، لێبوردەیی و یەكترقبوڵ كردن و چەمكی هاووڵاتی بوون، عەقیدەی فەرمی دەوڵەت و دەستوری كۆماربێت.
كۆمارێك بێت بەواتای وشە باوەڕی بە مافەكانی مرۆڤ هەبێت، ڕێز لە سەربەستی ژن، هەڵبژارنەكانی تاك، ژیانی تایبەتی مرۆڤەكان، بیروباوەڕی هەموان و هەموو جیاوازیەكان بگریت.
كۆمارێك بێت، دژایەتی یەكسانی جێندەری، دیموكراسیەت، سیكولاریزم و تازەگەری نەكات.
كۆمارێك بێت، پەرستگاكانی پەرستگای ئازادی بن، نەك كۆیلایەتی، كۆمارێك بێت، لێوان لێو بێت لە خۆشەویستی، كۆمارێك خاڵی بێت لە دەمارگیری ئایینی، ڕقی مەزهەبی، بیری ڕاسیزم و نەژادپەرستی.
كۆمارێك بێت عەدالەت تێیدا حاكم بێت و جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ یاسا ، كۆمارێك بێت ڕەخنە دەمكوت و قەڵەم كەلەبچەو بیری ئازاد سانسۆرو جودا بیران و ئەندێشەمەندان و زاناكان بە هەرتەقەنەكرێن و تێزەكانیان تەكفیرو كتێبەكانیان نەخرێنەناولیستی ڕەشەوەو نەسوتێندرێن.

(كۆماری جوبران)
كۆمارێكە تەنهاهی ئایینێكی دیاركراو گرووپێكی دیاری كراو موسڵمانان نییە، بەڵكو كوماری هەموو ئایینەكان و بیروباوەڕەكانە.
كۆمارێكە جیاوازی لەنێوان هیچ ئایین و ئایینێكیتردا نابێت بكرێت.
لە ”كۆماری پێغەمبەر”دا هیچ ئایینێك بۆی نییە خۆی بكات بە کابە و ئەوانیتر ناچاربكات بە دەوری دا بخولێنەوە، لێرە ئایین بۆ تاك و نیشتمان بۆ هەموانە، ئاین نابێت تێكەڵ بە كایەی سیاسەت و كارو باری دەوڵەت و سیستەمی حوكمڕانی و فەزای گشتی بكرێت.
لەو كۆمارەدا مرۆڤ سەنتەرو پێوەرە و هاوڵاتی بوون پڕنسیپە. لە كۆماری پێغەمبەردا، هیچ كەسێك نوێنەری خوداوەند و سێبەری ئاسمان و شمشێری ئایین نییە، تاك پێویستی بە واسیتە و نێوەندگیری و مەعبەدو قەشەو كاهین و پیاوانی ئایینی نییە، مرۆڤ دەتوانێت خۆی ڕاستەوخۆ پەیوەندی لە گەڵ خوداوەند ببەستێت. خوداوەند لە كۆماری پێغەمبەردا تەنها لە مزگەوت، ئاتەشگا، كلێساو مەعبەدەكاندا خۆی قەتیس و گۆشەگیرناكات و تەنها لەو شوێنانەدا نییە، بەڵكو ئەو لە هەموو جێگاو شوێنكە.

لە كوماری پێغەمبەردا.
بەهای ئایین لەوەدایە ویژدان بكات بە حاكم و لە ناخەوە وجودی مرۆڤ درووست بكات، نەك لەدەرەوە.

لە”كۆماری جوبران“ دا
كێشەی ئێستا ڕزگاركردنی ئایینی پێغەمبەر نییە، وەكو ئەوەەی فێندەمێنالیستەكان و سەلەفیگەراكان بانگەشەی بۆدەكەن، بەڵكو كێشەكە ڕزگاركردنی پێغەمبەرە لەو ئایینەی ئێستاهەیە.

لەكۆماری جوبراند:
تۆ كەسێكی باشیت بۆیە ئایینداریت، نەك ئایینداریت بۆیە باشیت.
لە كۆماری جوبراندا:
خوداوەند كێشەی لەگەڵ هیچ ئایین و بیروباوەڕێك نییە، لێرە ئایندار و بێ ئایین، بڕوادارو ئەتێست و ئەگنوستیك، دەبێ وەكو یەك و بەیەك چاو سەیربكرێن و لە بەردەم یاسادا یەكسان بن.
لە كۆماری پێغەمبەردا خوداوەند كێشەی لەگەڵ ئەوەدا نییە بیپەرستن یاخود نا، بەڵكو كێشەی خوداوەند لەگەڵ نەبوونی دادپەروەری، دژایەتی كردنی دیموكراسی، فاشیەت و تۆتالیتاریەتی ئایینی، زەوتكردنی ماف و دەست بە سەرداگرتنی ئازادیەكانی خەڵك و چەوسانەوەو سەركوتكردنی مرۆڤەكانەوە هەیە بە ناوی خوداوەندەوە.

(كۆماری جوبران)
شارستانیەت و بەهاو بوونی خۆی لە سەر ئەهرامی لە بەردو لە قوڕ دروستكراو ڕۆنانێت، وەكو ئەوەی میسریە كۆنەكان كردیان، بـەڵكو لە قوڕی ئینسانیەت و ئەهرامی ویژدان بوون، لە سەر عەدالەت و دیموكراتیەت و یەكسانی و مافی مرۆڤ و چەمكی هاووڵاتی بوون شارستانیەت بینادەكات.

ماوەتەوەبڵێم:
ڕەنگە خوێنەر لەكاتی خوێندنەوەی ”كۆماری پێغەمبەر“دا. ئەو پرسیارەی لادروست بێت و بۆچونی وابێت و بڵێت جوبران هوڕێنەدەكات و كۆمارەكەی جوبران ، كۆمارێكە هەرگیز لەسەر زەمینی ئەو دەڤەرو هەرێم و دەوڵەت و شوێنانە ڕۆنانرێت و لەدایك نابێت، كە ئایین تێیدا هەژمونی هەیەو ئەقڵی ئایینی تێیدا زاڵە، كۆمارێك، ڕەنگە تەنها مۆری سەركاغەزبێت ،تەنها لەناو تێكستەكانی جوبران و لە بۆتەی خەیاڵدانی ئەمەوە جێگای ببێتەوەو بێتەبوون، كۆماری پێغەمبەر چەشنی یۆتۆپیاكەی تۆماس مۆرو كۆمارەكەی پلاتۆن و،شارە نمونەییەكەی فارابی ، كۆمارێكی خەیاڵی و ئایدیاڵی و چیتر نەبێت، مەگەر ئەو كۆمارە لەوڵاتانی ئۆروپا، ئەویش دوای سەتان ساڵ، لە خەبات و شەونخونی و قوربانیدان و ماندوبوون و هیلاكی، ڕشتنی دەریایەك خوێن و كوشتنی ملیۆنان مرۆڤ و تیرۆركردن و زیندانیكردن و سوتاندنی دەیان و سەتان ئەندێشەمەندو زاناو فەیلەسوف، شەڕێكی دووسەت و چەندسەت ساڵەی نێوان ڕۆشنگەران و فێندەمێنتالیستەكان و دەرەنجام سەركەوتنی بەرەی ئەقڵ و زانست بەسەر خورافەو ڕۆشنگەری بەسەر فێندەمێنتالیستی ئایینی و، عیلمانیەت بەسەر كلێساو ڕووناكی بەسەر تاریكیدا،

ئینجا توانراو ڕۆنرا، لێرە چۆن دەتوانین كومارێكی لەو چەشنە میساڵیه وا بە ئاسانی ڕۆبنێین، لە كاتێكدا وەكو ئۆورپا، نە پرۆسەی ڕیفۆرمی ئایینی، نەڕێنیسانس و ڕاچڵەكین، نەشۆڕشی پیشەسازی و پرۆژەی ڕۆشنگەری و ئەقڵانیەت، هیچمان نەدیتبێت و جێ بەجێ نەكردبێت! لێرە هێشتا لەسەرەتای ڕێگاو لەسەدەكانی ناوەڕاست دابین، هێشتا فێندەمێنتالیستی ئایینی بەهێزو ئەقڵیەتی ئایینی لە لوتكەدابێت، هێشتا ڕەخنە بڤەو مێژوو پیرۆزو هەموو شتك لەژێر هەژمونی ئاییندا دابێت؟! چۆن دەتوانین چۆن؟! ئەوە مەحاڵ و خەیاڵە!




شیعر/ مه‌مله‌كه‌تی ژن كوژان… شەماڵ بارەوانی

لەم کەڵاوەی جێنتلمانیستاندا
لە پەردەیەکی تەنک کورت کراومەتەوە و
کراوم بە لەکەیەک و بە تەوێڵی هەیبەتی پیاوەوە لکاوم

ئاخر
من بەبێ روخسەتی خۆم لە دایکبووم و
لە دۆزەخێک فڕێدراوم، بە هەڵە پێی دەڵێن ژیان

لەم مەملەکەتەی ژن كوژاندا
پێناسەی
عاریان بەسەردا سەپاندووم
کردوومیان بە تەنافی ئەهریمەن و
نیوەی ئەقڵیان لێ ستاندوومەوە

لەم ئیمپڕاتۆرە مەزنەی جیهانی بوونم
نابیناکان
تەنها کەمتر لە بستێك لە جوگرافیای لەشم دەبینن

لەم هەرێمەی بەستەڵەکی ئەقڵدا
من بەرلەوەی لە دایک بم
غەرقی جەستەیەک کراوم سەراپای تابۆیه

قژم
دەنگم
ڕه‌نگم
بوونم هەر هەمویان تاوانن

تەنانەت نۆتەی مۆسیقای هەناسەکانیشم
جارەهای جار لە لایان ڕه‌وی خەنجەرەکانەوە تەکفیرکراوون و هەڕەشەی گەرو بڕینیان لێ کراوە

دوێنێ ویستم چوون عەشتار و ئەفرۆدێت و لات و مەنات
و عوززا
مێژوو دووبارەبکەمەوە و
خۆم لە بەرگی پەیکەرێکی ستەمدیدەدا و
لە بەردەم مێنتەڵێنتی پاتریارکیدا نوومایش بکەمەوە

ئەسەف جەلادەکانی سەر بە جەبهەی ئەشکەوتی خوڕافە کردمیانن بە بت و بە تف تەوافیان کردم

ئەمڕۆ هەوڵمدا لە تابلۆیەکی ئیرۆتیکدا
بۆ جیهانی نێرسالاران بسەلمێنم کەمن:ئافرینەر – جوانی – هێز و ئیرادەم

کەچی یەکسەر بە فەتوای سێ نێرە نەریتخواز کرام بە پۆڕن و
مۆرکی بەد ڕفتارییان دا لە تەوێڵم و وەک سەکس فرۆشێك
ناسناویان بۆ بڕیمەوە

لە نیشتمانی شمشێردا
دەمژمێرێک بەر لە ئێستا خواستم ببم بە ئاوازی سترانێك و لە هەشتی مارسدا
هەستی فێمەنستی لە زهنیەتی پیاوانی
سەر بە کولتووری بەرددا بجوڵێنم
کەچی دەستی نێرایەتی نرا لە گەرووم و دەنگم خنکێندرا

لە هەرێمی نێرسالاریدا
بووم بە دوو دێڕ شیعر و هەوڵمدا
خۆم بە بەرۆکی مزگەوتەکان – کلێساکان – ئاتەشگاکان ..
هەڵبواسم و پڕ بەدەنگی ژن بوون هاوار بکەم:
منم ژیان
مخابن دوو چەقۆی تووندڕۆ لە تاریکی ئەشکەوتێکدا هاتن بە گژمدا و
بە بیانووی قەحپە بوون هەپڕون هەپڕونیان کردم

لەم فەرهەنگەی مێ ترساندا
بوێریم نواند کە رووکنێکی باوەڕ بە نێوی جێندەر بۆ ئەقیدەی خێڵەکان زیاد بکەم
ئەفسووس سێ سەربازی سەر بە چاندی
عەیبە
بە پاساوی دەرچوون لە سنوری داب و نەریتی بێگانە و ئادابی گشتی
سڕیمیانەوە
..
چاند:کلتور




کۆنە فەقێیەکی هاوڕێی سەردەمی حوجرەم، یان پینەدۆزێکی سکانداڵەکانی عەلی باپیر..! شەماڵ بارەوانی

باوەڕ بوون لە سۆنگەی چەمکی جێندەریزم و لە پێناو باوەڕی تەواوم به یەکسانی جێندەری و پیرۆزی ڕەگەزی ژن و مرۆڤ بوونی ژن، خودی ئەو سکانداڵەی جەنابی عەلی باپیری هێندە نیگەرانی نەکردم، بە قەد پینەدۆزەکان و هەموو ئەو بەستەزمانانەی بە ئەقڵیەتێکی سادە و دەروونێکی پڕ لە ڕق و زمانێکی زبر و پڕ لە جوێن و سوکایتی و تەشیرات، کە هاتن و لەسەر ئەو کارە نا ئەخلاقی و نا ئینسانیە بەرگریەکی کوێرانە، یان ئیدەلۆژیانەی پڕ لە هەڵچوونی دوور لە لۆژیک و ویژدان و شارستانیەت و بیرکردنەوەیان لەو پیاوەو ئەوهاوسەرگیریە ناشارستانی و نامرۆڤانە و دژە دژە ئەخلاق و دژە مۆڕاڵ و بێ ویژدانیه کرد. جا یەکێک لەوانە ئەو کۆنە فەقێیەی هاوڕێم بوو.

من بابەتێکم لە سەر ئەو هاوسەرگیریەی عەلی باپیری لە ژێرناونیشانی” عەلی باپیر، كە هێندەت حەز لە بەهەشتە، چیدەكەیت لەو سەردەشتە!؟” نووسی و لە ڕۆژنامەی( ڕێگای کوردستان)و هەریەک لە ماڵپەڕەکانی(ڕوانگە و ڕەخنە، دابڕان، هەرێم نیوز)بڵاو بووە و لە سۆشیاڵ میدیا، لە پاڵ کۆمەڵەک کۆمێنتی پشتگری کردنی بابەتەکە و دەستخۆشی لێکردنم، ئیسلامیەسیاسیەکان و هەوادار و دەروێشەکانیان، وەکو پیشەی هەمیشەییان دنیایەک جوێنیان بۆخۆم و ئاباو ئەژدادم حەواڵەکرد و دەرزنێک بێ ڕێزی و دەم شڕی و سوکایەتیان لە بەرامبەرکردم.

ئینجا دواتر هەمان بابەتم لە لاپەڕەی فەیسبوکەکەی خۆم پۆست کرد و فەقێیەکی هاوڕێی سەردەمی خوێندنی ئیسلامی و مزگەوت و حوجرە و قوتابخانەی ئایینیم، کە دیاربوو زۆر قەڵس ببوو بەو نووسینەم و دووجار و دوو کۆمێنتی کرد، بە هەڵچوون و شێوازێک لە توڕەییەوە بۆ نوسیبووم، من کۆمێنتەکە وەکوخۆی لێرە دادەنێمەوە(وەلاهی هەر کەس لە دەستی بێت چواری یەک لە یەک گەنجتر دەهێنت،(مەبەستی ژنە) ئەوەی قسەی لەسەر دەکات، یان تێنەگەیشتنیەتی، یان ڕقە، یانیش پیس کردنی ئاین، کە بە هیچ کەسەک پیس نابێت.

منیش بەو شێوەیە وڵامی ئەو کۆنە فەقێیەی هاوڕێمم دایەوە :(کاک سەف…. چۆن هێندە بە دڵنیاییەوە سوێند دەخۆیت و لە باتی خەڵک بڕیار دەدەیت کە هەر کەس لەدەستی بێت چوار ژن دێنێت!؟
بۆ خەڵک هەمووی موسڵمان و ئینجا ئیسلامییه؟

ئەو ڕەهاییگەراییە هەرگیز لۆژیکی کەسی ژیر نییە.
دواتر خێره چەند کومێنتەکت ببینم بوویتە پینە دۆزی سکانداڵەکانی عەلی باپیری.

کاکە یانی مەسولەک بە زمانی خۆت(ق)ی هین کرد، عەلی باپیر و مەسولە ئیسلامیە سیاسیەکانیش بێن و تەمەن منداڵێک بخەنە داوی جنسی خۆیانەوە؟ لۆ کاکە مەسەلەی یەک بەیەکەکەیه؟
ئەی هاوار ئەو چ لۆژیکێکی سەقەتە!

دواتر من و تۆ پێکەوە فەقێ بووین و چاک من دەناسیت و دەزانیت من تا چ ئەندازەیەک شارەزام لە ئایین، ئینجا کوا ئایین بەو ڕەهاییه گوتوویەتی چوارژن وەکو بزن ڕیزکەن، کوا فرە ژنی سونەت و شەرعی خوایه؟
فرەژنی نەسونەتە و نە شەرعی خواشە، بۆ زانیاریت پێش ئیسلامیش فرە ژنی هەر هەبووە لە ناو عەرەب، لە چوار زیاتر.

دواتر ئەو هەموو ئەرکەی ئایین جێ بێڵیت و بێیت سونەتێک لە پێناو ناوگەڵ جێ بەجێ بکەیت!
کاکە گیان ئەوەی قورئان باسی حاڵەتێکی تر و شتێکی تر و تەمەن و ژنێکی ترە، نەک لەو گۆڕەی و بەو بەرەڵاییە و کچێکی مناڵ تەمەن.

دیارە جەنابت هیچ لە ئایەتەکەی فرە ژنی حاڵی نەبوویت. ئینجا کاکە بۆ ڕەخنە بە ڕق یەکسان دەکەن!؟

دواتر قورئان ئەو حاڵەتە تایبەتەی فرە ژنیشی به مەرجێکی مەحاڵ پەیوەست کردووە(ٲنْ تَعْدلوا)و دەشڵێت هەرگیز(ولَنْ تَسْتطيعوا ٲن تَعْدلوا) ناتوانن دادپەروەربن.

ئەو (لن)یش بۆ زانیاری جەنابت، لە زمانی عەرەبی(لن)ی تەئبیدی پێدەڵێن، واتا تا ئەبەد و هەرمانو هەرگیز، ئێوە ناتوانن لە پرسی فرە ژنی دادپەروەربن.

پاشان ئایین بەو شێوە و تێرم و کۆپیەی ئیسلامیەسیاسیەکان پیشانی حەڵکی دەدەن، خۆی تابڵێیت نموونەیەکی ناشیرینە و پڕی داعشگەرێتی و جنس و تەعریب و بێ ڕێزی به ژن و مرۆڤ و جیاوازیەکان و پێکەوەژیان و هەموو شتێکە.




عەلی باپیر مادام هێندەت حەز لە بەهەشتە، چیدەکەیت لەو سەردەشتە!؟… شەماڵ بارەوانی

من وەکوو سینگلێک ئێستا بمەوێت ژن بێنم، ناتوانم، یان دەبێت خانووەکەمان بفرۆشم و بڕۆمە ناو خانووی کرێ، یان دەبێت ئۆتۆمبیلەکەی ژێرەوەم بفرۆشم، ئەو ئۆتۆمبیلەی کە بەچی قوڕبەسەری و دەردی سەریەک کڕیومە، ئەو ئۆتۆمبیلەی کە بە پارەی هەشت ساڵ وانەبێژی و دنیایەک قەرز و پارەی ئەو هەزار و حەوسەد کتێبەی کتێبخانەکەم( ئەو کتێبخانەی کە لە خۆمم خۆشتردەویست و بە چاوی پڕ فرمێسکەوە و لە ناچاری بۆ کڕینی ئۆتۆمبیلەکەم فرۆشتم)ئەو کتێبخانەی، کە کاتی خۆی و لە کاتی فەقێیاتیم بە زەکات و سەرفیترە و خێر و سەدەقەی خەڵک کڕێبووم.

ئینجا بە زمانە عەشایەری و میلیەکەی خەڵک، دەتوانم ژنێک بێنم.
کەچی عەلی باپیر کوڕێکی لە بەریتانیادەخوێنێت و بە دەفتەر دەبێت بۆی بڕژێنێت و خۆیشی بەو تەمەنە گەورەیەی ماوەی چەند ساڵێک، ژنێکی تازە و تەمەن مناڵ دێنێت!

لەولاشەوە من و هەزاران سینگل و گەنجیتری بێ ناز و داماو هەژار، لەو وڵاتە بمانەوێ پرۆسەی هاوسەرگیری پێک بێنین، فلیممان دەستوتێت و بە زمانە بازاڕیەکەی گووتەنی دەبین بە قەشمەڕ، بگرە ناتوانین و من دەبێت لەو وەزعە خراپە ئابوریەی تێدامە، کە بەو گەرمایەی من و دایکە دانعەمرەکەم، لە بەرگەرما، شەو ڕۆژدەکەینەوە و پارەی ئەوەمان نییە موبەڕیدەیەک بکڕین(ئەوە کڕۆزانەوە نییە) بەڵکوو حەقیقەتی ژیانی پڕ ناسۆری و نەبوونی خۆم و هەزاران گەنجیتر و خانەوادەیترە لەو وڵاتە باس دەکەم.

ئینجا مەبەستم لەوە زیاتر ئەوەیە خەڵکی ڕووی ڕاستەقینەی ئەو ئەمیر و خەلیفە و ئەمیندار و ڕابەرە فریودرانەی ئیسلامی سیاسی بۆ دەرکەوێت، کە خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵک و هەمیشە بەرگوێی خەڵک دەدەن گوایە پەیامبەر کە مرد درعەکەی بەڕەهن لای جولەکەکان بووە لە بەرامبەر پاروە نانێک.

کەچی خۆیان هەر خەریکی قۆزتنەوەی ئایینن بۆ ناوگەڵ و بەرو زگ و خۆشکردنی ژیانیان، لە سەر حسابی کۆمەڵێک مرۆڤی مێگەلیزم و مەڕی بەستەزمان و سادە لەوح و لە خشتە بردراو.

ئیسلامیەکان پسپۆڕی فریوان و مامۆستای گەمژاند و ئەندازیاری خۆڵکردنەوە چاوی خەڵکێکن، بیرمە یەکگرتووی ئیسلامی و فەقێش بووم، ساڵی ٢٠٠٨، بوو وابزانم،
ئەوکات سەلاحەدین بەهائەدین لە ئیسکان چووبووە ناو خانووەکی خۆشی زەخمی بەکرێ، منیش هەر لەئیسکان و لە نزیک ماڵی مامۆسا،
لە مزگەوتی حاجی قەرۆک(قوتابخانەو حوجرەی ئایینی موحەمەدیە) کەهەر لەناو مزگەوتەکەبوو، فەقێ بووم. زۆرجار بۆ وتاری ئایینی و وانەی ئیسلامی سیاسی شەو ئێمە دەڕۆشتین لە ئیسکان لە پاڵ ماڵی مامۆسا، لە ناو بینای ڕادیۆی یەکگرتوو، کە ئەوکات لەوێ بوو، لەوێ کاک مەلاسەید ئەحمەدی ئیخوانی وانەی ئایینی و ئیخوانی بوونی پێدەگوتین، جا هەموو جار وەک نموونەی هەژاری و دەستکورتی عەلەساس مامۆستا سەرقافلەی لە خۆبوردەیی و ژیان نەویستی و هەژاریە.

بە ئێمەیان دەگوت ئەها مامۆسا سەڵاح چەند دەستکورتە، لە خانووی کرێ دەژیت، لە کاتێکدا ئەمینداریشە، وەیش کە گوناح بوو، هەموو جار کەوایان پێدەگوتین، من دووسێ دەستە کلینکسم بە فرمێسکەکانم دەخوساندەوە! خەریک بوو زەکات و سەرفیترەی خۆم، هی فەقێیاتی مانگی ڕەمەزانی لەگەڵ دابەشکەم، ئەوە لەکاتێکدا بوو، من بە پارەی(زەکات و سەرفیترەو سەدەقەی خەڵکیش کۆلێژی شەریعەو زانستە ئیسلامیەکان و مزگەوتی سەواف و قوتابخانەی محەمەدیەی یەکگرتوو و خوێندنی ئیسلامیم تەواوکرد)کەچی کاک (ئەیوب)ی کوڕی مامۆسا سەلاحەدین لە کۆلێژی شەریعە، لە بەریتانیا دەیخوێند.

قسەیەکیش هەیه، جا نازانم هەر بۆخۆشی و تەنزە، یان حەقیقەتێکی بۆ هەیه!
دەڵێن کاتی خۆی عەلی باپیر هەرزەکار و گەنجی بێ ئەزموون و بێ پاکگراوەند و سادە لەوح و عاتیفی و نەزانی بە ناوی جیهادەوە بە کوشت دەدا و هانی دەدان جیهاد بکەن و لە ڕێگای جیهادەوە تا زوو و بڕۆنەبەهەشت و بگەنە حۆریەکان،
کەچی خۆیشی لە شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێی پاڵدابوویەوە، پێیان گووت: مامۆسا عەلی باپیر، ئەی مادام خۆت هێندەت حەز لە حۆری و غیلمان و بەهەشتە، چیت داوە لەو سەردەشتە!؟

جا کەسێک بێت و بە جەنابی عەلی باپیریش بڵێت، ئێوە بە خەڵک دەڵێن ئارام بگرن لە سەر نەبوونی و هەژاری و خوداوەند لە بەهەشت بە سەتان قات لە حۆری و غیلمان و شەڕابی تەهۆر قەرەبووتان دەکاتەوە، کەچی خۆتان ئارامیتان لێ بڕاوە، جنس و خۆشی و ڕابواردن و جۆگەڵەکانی بەهەشت و دەوڵەمەندی بەهەشتتان بۆخۆتان گواستووەتەوە ئێره، کوڕە هەرزەکار و دەم شڕەکەی عەلی باپیر، لێت ڕاست بێتەوەو پێت بڵێت سوکەڵە و بوودەڵە و ئە فەزیحەت و سکانداڵەی باوکی پینەبکات(کەکچێکی بەستە زمانی تەمەن٢٥ساڵی لە تەمەنی کچەکەی خۆی لە خۆی مارە بڕیوە) بڵێت مادام بە باوکم بڵێن بۆ ژنی تر دێنیت و سێ و چوار وەکوو مانگا، ڕیز دەکەیت و قسە لەسەر ئەو زەواجە پیرۆزە دەکەن،
ئەوە” تێکڕای ئیمان و باوەڕەکەتان لەدەستداوە”!

پیاوانی ئایین وکاهین و فێڵبازەکان، بە درێژایی مێژووی سەرهڵدانی ئایینەکان و دروست بوونی ئایینەکان، هەمیشه بۆ بێدەنگکردنی خەڵک و ڕازی کردنی خەڵکێکی سادە، بەرگی پیرۆزییان لەبەر فەزیحەت و کارە قێزەون و نامرۆڤانە و ناشارستانیەکان کردووە و بە دڵی خۆیان جنسیان کردووەو کچ و ژن و داک و خوشکی خەڵکیان کردووە به کەنیزەی سێکسی و چوار ژنیان ڕیزکردووە و وەکوو نووسەر و ڕۆمانوو” شێرزاند حەسەن”دەڵێت هەر لێرە دۆخینیشیان بۆ(٧٢) حۆریەکەی ئەولاش شلکردووە. جا
هەرکەسێک بوێری بکات بڵێت نابۆ ئەو کارە قێزەون و بیرکردنەوە سێکسی و ڕوانینەجنسیەتان، یەکسەر ئەو جنس ڕابواردن حۆری و ناوگەلەی خۆیان،
ئەو ژن بازی و ئارەرووبازی و ستەمە ناڕەوایەی ئەوان ناویان ناوە سێکسی حەڵاڵ و سونەتی پەیامبەر و شەرعی خوداوەند،
کە لەحەققەتدا، نە سونەت و نەشەرع و نە هیچە.
ئەو جنس بازیە، بە ڕێگەپێدراوی ئایین و سونەتی ڕەسول اللە و شەرعی خوداوەند و بڕیاری ئاسمان یەکسان دەکەن و بەرامبەر بە کۆیلە و دەم درێژ و کافر و دوژمنی خوداوەند و لادەر تۆمەت باردەکەن و خۆیان لێدەبێت بە شمشێری ئایین و وتەبێژی ئاسمان و نوێنەری خوداوەند و ئێمان و کفر و بەهەشت و دۆزەخ و ڕەحمەت و نەفرەتی خوداوەند بەسەر خەڵک دابەش دەکەن!




تیرۆری سیاسی لەئیسلامدا-1… شەماڵ بارەوانی

بەشی یەکەم/

تیرۆری سیاسی لە ئیسلامدا.
کتێبێکی قەبارە مام ناوەندی (١٤٣)لاپەڕەیی “هادی ئەلعەلەوی” نوسەر و بیرمەندی کۆچکردووی بەڕەگەز عیراقیە.

نوسەر لەو کتێبەیدا، باس لە بیرۆکەیەکی مەترسیناک و دیاردیەکی قێزەون دەکات، ئەویش دیاردەی تیرۆری سیاسییە، ئەو دیاردە بۆگەنەی مرۆڤە بیرتەسک و ترسنۆک و دەمارگیر و دواکەوتوو ناشارستانی و شکستخواردوو و دیکتاتۆرەکان پەنای بۆ دەبەن و لە دژی نەیارەکانیان بەکاری دێنن!

بەتایبەتی توندئاژۆکان و گرووپە پەڕگیر و مەزهەبی و فۆندەمێنتالیستەکان، کە چەندین کەسیان لە سەردەمی کۆن و نوێدا تیرۆرکردووە. لە سەردەمی نوێ و لە سەردەستی ئیسلامی سیاسی، لە وڵاتی میسر نموونەی”ئەحمەد ماهیر”سەرۆک وەزیرانی میسر، لە ساڵی١٩٤٨، لەلایان ڕێکخراوی ئیخوانولمسلیمین، قازی”ئەحمەدخازنەدار” لە ساڵی١٩٤٨، هەر لەیان ئیخوانولمسلینەوە، سەرۆک وەزیران”مەحمود فەهمی نوقراشی” لە هەمان ساڵ و دیسان لە لایان ئیخوانولمسلمین.

“ئەنوەر سادات”سەرۆکی میسر ساڵی ١٩٨١،
“فەرەج فۆدە” بیرمەند و نووسەر لە ساڵی١٩٩٢، “نەجیب مەحفوز” نووسەرو ڕۆماننووسی کۆکچردوو لە ساڵی١٩٩٥، هەوڵی تیرۆرکردنی دراو بە چەقو هێرشی کرایەسەر و پەڵاماردراو بریندارکرا لەسەر نوسینی ڕۆمانی (منداڵانی گەرەک)، چەندین هەوڵی ترو تیرۆرکردنی تر، لەو وڵاتەو وڵاتانی تردا، لەلایان گروپ و حیزبە ئیسلامی سیاسیە فۆندەمێنتالیست و ڕادیکاڵەکان ..

ئەو ڕادیکاڵ و فۆندەمێنتالیستانەی، جگە لە زمانی چەک و تیرۆر و تۆقاندن، لە هیچ زمانێکیتر تێناگەن.
ئەو توندئاژۆیانەی ژیان کاوڵ و وێران دەکەن لە پێناو مردن. ژیانی ئێره بە دۆزەخ دەکەن، لە پێناو بەهەشتی ئەو دیو. مرۆڤەکان لێرە دەکەن بە پردی پەڕینەوە و سیرات، بۆ گەیشتن به حۆری و غیلمان و شەڕابی تەهورو چێژو ڕابواردن و خۆشیەکانی ئەولا!

دەسپێک بەرلەوەی بە کورتی و بە کوردی ڕانانێکی کورت بۆ کتێبەکەی هادی عەلەوی بکەین و باس لە تیرۆری سیاسی بکەین، لە ئیسلامداو سەبارەت بەم باس و خواسەوە، لاپەڕەکانی کتێبی«تیرۆری سیاسی لەئیسلامدا». هەڵبدەینەوە و بابەتەکە شەن و کەو بکەین و بەڵگەکان و نموونەکان لە بارەی ئەم تیرۆرە سیاسیەی ناو هەناوی مێژووی ئیسلام بخەینەڕوو،

پێم باشە سەرەتا ئاماژە بۆ خاڵێک بکەم، ئەویش ئەمەیە کە
دیاردەی تیرۆری سیاسی، یاخود تیرۆر بەشیوەیەکی گشتی، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا،

ماویەتی..




ڕۆشنبیری کورد و دواڵیزم بوون، و شاعیرێک لە گـەرماو بە نموونە..2.. شەماڵ بارەوانی

بەشی دووەم/

زۆرن ئەو شاعیرانەی بە تەنها و بە قسەی بریقەدار و بێ کردار و تەنها لەناو تێز و شیعر و نووسینەکانیان ژن پەروەر و فێنمیست خواز و مێگەران و ئەوەی بە قسە دەیڵێن و لە ناو تێکستەکانیان بەیانی دەکەن لە بارەی ژنەوە، لەگەڵ واقیع و حەقیقەتی ژیانیان سەد و هەشتا پلە جوایەزە و نێوانیان ئاسمان و ڕێسمانە.

ئەوانەی کە ژن تەنها لە سۆنگەی گون و لە ڕوانگەیەکی ڕۆمانسی و دڵدارییەوە دەبینن و لە دنیای ئایدیاڵی وخەیاڵی خۆیان دا ژن تەنها وەک جەستەیەکی ڕووت و بابەتی ئیرۆتیک و چێژ و ڕۆمانسیەت وێنادەکەن و لە حەقیقەت و واقیعیشدا، جەلادێکن لە دژی ژن و خواستەکانی ژن و مافەکانی ژن و دەستێکیان پێنووس و شیعرە بۆ ژن و دەستەکەیتری گۆچان.

یان ئەو شاعیرە هەست ناسک و مەمک دۆست و سمت پەروەر و مەست و بێ هۆشانەی زۆر بێ ئاگان لەوەی کە ڕۆژانە: لەگەڕەک-گوند -شار و وڵاتەکەی ئەوان ژن ئەتکدەکرێت و دەکوژرێت و لێی دەدرێت و مافی دەخورێت و ئازادی و کەرامەتی پێشێل دەکرێت، ئەمانیش لە دنیای میسالی خۆیان مەستی خەیاڵی لێو و گۆنا و سمت و سینگی ژن بوونەو شیعری پەمەیی و فانتازی لە پێناو جۆش و خرۆشی ناو گەڵ و حەز و ئارەزوو و چێژی خۆیان بۆ ئافرەت دەهۆننەوە و ئامادە نینە دوو دێڕ لەسەر چەوسانەوەی ژن و پێشێلکردنی مافەکانی مێ بنووسن و جارێک ویژدانیان بجوڵێت و بلێن: بۆ ژن دەکوژن؟ و بە کرداری بەژداری چاڵاکیەکی ڕۆشنگەری ژنان و ڕێکخراوەکانی مافی ژن و فێمنیزمی ڕۆشنگەری بکەن.

شاعیری ڕاستە قینە و ژن پەروەر، ئەو شاعیرەیه، کەلە پاڵ نووسین و تیۆرەکانی، لە پاڵ هەست ناسکی و تێکستەکانی، لە پاڵ پیا هەڵگووتنی ژن و قسە بریقەدار و زلەکانی.
بە کردەییش ئەمە دەسەلمێنێت، کە ئەو لەو جۆرە کەسانە نییە و، ئەو ناخوازێت لە تێکست و نووسینەکانی شتێک و لە واقع شتێکیتر بێت و خەبات و بەرگریکردن لە ماف و ئازادی ژن، تەنها بۆ ژن جێ بێڵێت و ئەرکەکە بە تەنها بخاتە سەرشانی ژنانەوە، لە مەیدانی خەبات و تێکوشاندا.

بەڵکو ئەو دەیەوێت بە پێنووس و هزر و تەواوی بوونیەوە، لە گۆڕەپانی خەباتی فێمێنیزمبووندا هاوشانی ژنە فێمێنیستەڕۆشنگەرەکان ئامادەبێت و پاڵپشتی ژنان بکات.

ئینجا با بێینەوە سەر بەسەرهاتی شاعیریکی ئەتایستی هاوڕێم،
شاعیرێک، دەستێکی گۆچانە بۆ ژن و دەستەکەی تری شیعر!
شاعیرێک لەگەرماو!
شاعرێک لەو ماوەیە بەرهەمێکی شیعری تازە بڵاو بووەوەی خۆی بە دیاری داپێم،
شاعیرێک،
سەرەتا کەناسیم پێکەوە لە جادەی موهەندسین و شەقامی سالمەوە، تا کۆتایی شەقامی مەولەوی و گەیشتین بە بەردەرکی سەرا، بە دەم پیاسە و ڕێکردنەوە، هەرشیعری بۆدەخوێندمەوە و هۆنراوەی ئیرۆتێکی و شیعری ڕۆمانسی و ناسکی بە شان و بن باڵ و کوڵمە و لێو مەمک و مل و کەمەر و سمت و ناو ڕانی ژن دادەگووت و ژنی ڕووت ڕووت دەکردەوە و شیعرە ئیرۆتیکیەکانی قوبادی جەلی زادە، نەدەگەیشتن بە تۆزی بەرپێی ئەوانەی ئەو، عەیب نەبێت پیاو گەر زوو فریای خۆی نەکەوتبا و وەزعەکەی کۆنتڕۆڵ نەکربوایە گێچی زەوقی فول دەبوو.
من لە میانی ئەو پیاسەیە و بە هۆی گوێگرتن لە شیعرە ئیرۆتیکیەکانی سێ جار زەوقم هەستا.
شیعر و هۆنراوە گەلێک، بە قەبری باوکم هەر دەتگووت لە گەرماو لەکاتی ئیستمنایا نووسیویەتی.

پاشان وازی لەشیعری ژنانە دەهێنا و سەبارەت بە ژن، دووبارە دەستی پێدەکردەوە و دەیگووت:ژن فاکتەری بەردەوامی بوون و ڕۆحی ژیان و ئەدرەسی شارستانیەت و سەنگی مەحەکی پێشکەوتنی کۆمەڵە.

بەبێ ئازادی و مافی ئافرەت و پشکداری ئافرەت لە هەموو سێکتەرەکانی ژیان و بیناکردنی کومەڵ، هەرگیز کۆمەڵێکی دادپەروەر و مەدەنی درووست نابێت و بنەماکانی دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ ناچەسپێن و جیهانێکی مۆدێڕن و پێڕفێکت و پێشکەوتوو نایەتەبوون. بە بێ حیساب کردن بۆ ژن و تواناکانی، کۆمەڵ کۆمەڵێکی ناتەندرووست و ناتەواو دەبێت، کۆمەڵێک هاوشێوەی جەستەیەکی شەلەلگرتووی نیوە مردوو دەبێت و نیوەی ئۆرگانەکانی لەش و تواناو وزەو هێزی جەستەی لە کاردەکەوێت.

ژن لە نوزی و ئەڕابخا و ئالالاخ و ئەربیل و ئاشور و نەینەوا و لە پێش زایین و لە ناو مێژوو پەرستگە و شارستانیەتەکانی وەک خۆری و سۆمەری و میتانی و فیرعەونی دا، ڕێزدار و موکەڕەم و خواوەند و خاوەن پێگە و شاژن و سەرکردە وفەرمان ڕەوا و کاهین بووە.
ئەسینە، ئەفرۆدێت، ئیزیس ، عەشتار، شاماران، شاووشکا، هیپات، تیشۆپ، نیگال، نەساتیا، نیننتی، نەفرتیتی، گیلۆخیپا، تادۆخیپا، لات و مەنات و عوزاو بەلقیس بووە.
ژن واو واو واو..

لە دڵی خۆم دەمگووت: کوڕە ئەوە پێدەچێت ژن پەرستێکی زۆر بە قوەت و فێمێنێستگەرایەکی زۆر عەزیزم و سەیربێت و لەوەدەچێت لە ماڵەوەیاندا مەعبەدێکی بۆ ژن پەرستی ڕۆنابێت و پڕی کردبێت لە پەیکەری خوداوەندە ژنەکان و، دەرپێ و ستیان و جلی ژێرەوەی ژنان و ڕۆژی پێنج جار، کڕنۆش بۆ پەیکەرەکان بەرێت و دەرپێ و شتەکانی تریش تێر تێر بۆن بکات. هاهاها

جا زۆر ئیلحاحی لێدەکردم شەماڵ تۆ دەبێت بێیت بۆ ماڵمان، ڕۆژێک ڕۆیشتم مانگی ڕەمەزان بوو،

لە ڕێگا کەوتمە بیر و خەیاڵان و دەمگووت خۆزگەم بە خۆی کە هێندە ژنیزم و جێندەریزم و مو نەرمە لە بەرامبەر ژنان و حەتمەن ئێستا کەدەگەینە ماڵەوەیان، لە دەرگای ماڵەوە بە ئامێز تێوەرهێنان و و ماچ و مورچ لە هاوسەرەکەی دەئاڵێت، خوایە من لەو کاتە چیبکەم، بەڕاستی زۆر خەجاڵەت و ئیحراج دەبم.

سەرتان نەیەشێنم، لە گەڵ ئەو شاعیرە ژنۆلۆژیا و ژنیزمەیه، گەیشتینە ماڵەوە،
یەکەم قسەی ئەوەبوو: ئافرەت لە کوێی بە ملی شکاوت؟گوتم دیارە ئەوە مادام هێندە ژنیزمە و ژنی خۆشدەوێت لە خۆشەویستیان و هەر بۆ گاڵتەو شۆخی بە هاوسەرەکەی دەڵێت!
دیسان ئەوجارە بە هاوسەرەکەی گوت: هەی باوک… شۆک بووم کەئەو جوێنەی داو بۆم بەیان بوو کە ئەوە بە ڕاستی جوێن و قسەی ناشیرین بەو هاوسەرە بێ تاوان و بەستەزمانە دەدات.
شەو بەردەوام بوو لە بێ ڕێزیکردن بە ژنەکەی و لە بەردەم من هەر قسەی بە بیر و باوەڕ و پیرۆزیە ئایینیەکانی ژنەکەی
دەگووت و دەیگووت خودا نییە و نوێژ بۆ کێ دەکەیت و بۆ کێ بەڕۆژوو دەبیت و خۆت برسی و تینوو دەکەیت و کێ منەتی بەوەیه، من لەناخەوە بۆ ژنەکە دەگریام و لەشەرمیشدا حەوت ڕەنگم گۆڕی و زەوی شەقی بردبوایە دەڕۆیشتمە ژێریەوە و چەند جار گووتم کاکە ئەو ئافرەتەبەستە زمانە خوێنەواریشی نییه، تۆ چۆن بەو ئسلوبە و ئینجا دژی بیرو باوەڕەکەی قسەی وا دەکەیت!؟
من لە ماڵەوە خۆم زۆر جار بەرماڵ بۆ دایکم دادەنێم.

ئینجا شەو کاتی خەوتن، دووبارە شاعیری هەست ناسک دەستی بە شیعر خوێندەوە کردەوە و لە لایەک شیعری بە شان و باڵی ژندا دەگووت و لە لایەکەیریش بە هاوسەرە بەستەزمانەکەی خۆی دەگووت:
وەرە بە ملی شکاوت ئەو قاوە ساردە بەرەوە ناخورێت کاکە، تۆزەک گەرمی کەرەوە، هەی کەران باوک گایی.
هەر دەشی گووت:شەماڵ گیان دەی با ئەو شیعرەشت بۆ بخوێنمەوە، گووتم کاکە من تاقەتم نییە و دەبێت بخەوم.

بەیانیش کە خەبەری بوویەوە، ژنە بە ڕۆژووبوو بانگی کرد و هەستە دەی نانم بۆ ئامادەبکە.
کە ڕۆیشتم لەوێ، گووتم خودایە بەڵێن بێت جارێکیتر پێ نەنێمەوە ماڵی ئەو پیاوە، دوای ئەوە، هەرجارێک دەڕۆمە سلێمانی کە دەیبینم، دەڵێت دەی با بڕۆینە ماڵەوە، من بە بیانووەک خۆم دەدزمەوە و ناڕۆم لە گەڵی.
حەققەت ئەوەش بڵێم: ئەو شاعیرە هەست ناسک و زمان پیسە، دڵێکی زۆر پاک و گەورەیشی هەیه.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…11…شەماڵ بارەوانی

بەشی یانزەهەم/
کۆمەڵێك عەدنانی وازیان لە ئیسلام هێنا..

لە بەشەکانی پێشووتر کەمەک باسی ڕوانگەی قورئانیەکان و هەندەک لە قورئانیەکانم کرد.
لەو بەشه تۆزەک لە بارەی عەدنانیەکانەوە دەدوێم.
لە پاڵ قورئانیەکان،
عەدنانیەکانیش لە کوردستانیش هەن، هەرچەندە ئەوان تەواوی ڕیوایەتەکان ڕەتناکەنەوە، وەلێ باوەڕیان بە زۆرێک لەوەی پێی دەڵێن (فەرموودەکان)ڕیوایەتەکان نییە و هێڵە سەرەکیەکانی بیرکردنەوەیان زۆر لە هی قورئانیەکان نزیکە و هەمان شێوەی قورئانیەکان باوەڕیان بە تیوری پەرەسەند( ئیڤۆڵەیشن) و جیاکردنەوەی دین لە سیاسەت و سیکۆلاریزم و مافەکانی ژن و مرۆڤ هەیه.

من کاتێک لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان بووم زۆرموتابەعەی وتارەکانی شێخ(عەدنان ئیبراهیم)م دەکرد، ئەو بانگخواز و ڕووناکبیرێکە و لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا نیشتەجێیە و لەوێ مزگەوتێکی بە دەستەوەیە و وتارەکانی کاریگەری زۆری لەسەرگەنجەکان هەیه و کەسێکی زۆر ئەقڵانیە.

جا بەو بۆنەیەوە، هەرکەسێک شوێن قسە و وتار و تێگەیشتنە جوان و هێمن و زانستی و ئەقڵانیەکانی ئەو پیاوە بکەوێت، پێی دەڵێن(عەدنانی).
من چەند برادەرێکی عەدنانیشم هەن و دانەیەکیان پێشووتر ئاڕاستە سەلەفیزم بوون.

وەلێ ئەوەش بڵێم:گەنج کەدەبێت به قورئانی، یان عەدنانی، ئیتر گەر بە تەواوی لە ژێر هەژموونی هەست و سۆز و عاتیفەی دینی بێتە دەر و قورتاری بێت، ئەوە سەرەنجام زۆر واوەتر دەڕوات و ئیتر لە قاڵبی هیچ ئایینێک و تێگەیشتنێکی دیاریکراو سنورێکدا خۆی نابەستێتەوە و لە هیچ خاڵێکدا؟ناوەستێت و بێ لایەن دەبێت لە هەموو ئایینێک و دەبێت بە کەسێکی تر و ئەو قۆناغەی قورئانی بوون، یان عەدنانی بوونیش جێ دێڵێت.

بەو بۆنەیەوە بۆ شۆخی
زۆرجار بە هاوڕێ فەقێکانم دەگووت: چۆن مارکس دەڵێت:
ئیمپیریالیزم دوایین قۆناغی گەشەکردنی کاپیتاڵیزمە و ئیتر لەوێوە، هێدی هێدی دێوەزمەی سەرمایەداری لەگەشە و نشونما دەکەوێت و لەناو دەچێت و دەڕوخێت و قۆناغی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم دەست پێدەکات.

قورئانی بوون و عەدنانی بوونیش ئاوا، دوایین قۆناغی ئایینداری بوون و پێشەکی بێ دین بوونە و ئیتر لەوێ وە (لائیک) بوون دەست پێدەکات.

بە حوکمی ئەوەی هەرکاتێک کە مرۆڤ لە ڕیوایەت و کەلەپووری دینی ڕزگار و ڕەها دەبێت، ئیتر هەست دەکات هەرچی بت و بڤە و تابوو و ترس و قورساییە لە سەر شانی لاچووە و ئیدی بتێک و سنوورێک و ترسێک نییە، هێڵی بۆ دابنێت و لێی بترسێت.
بەو شێوەیە ئەو دەبێتە هەڵگری بیر و باوەرێکی لیبڕاڵانە و ئازادانە و بێ ترس و لە دەرەوەی بازنەی ئایین و مەزهەب، بە ڕێگەیەکی زانستی و ئەقڵانی دوور لە میتۆلۆژیا، هەر بیردەکاتەوە و بیردەکاتەوە، هەر دەڕوات و دەڕوات، هیچ شتێک چیتر ئەو ناوەستێنێت.
لە کۆتاییدا دەگات بەو قەناعەتەی کە هەموو ئایینەکان دیاردەی کۆمەڵایەتین، یان و مەولەوی وتەنی(ئاوێنەی هزری پەیامبەرەکان)و بەرهەمی ناخ و بیرکردنەوە و تێڕامانی مرۆڤ خۆیەتی و هیچیتر.

سەبارەت بەوە،
چەند گەنجێک دەناسم دوو دانەیان ئێستافرێندمن لە فەیسبووک و یەکیان هی دەڤەر و شارەکەی منە، کاکە(ڕا….)ٚ وەختەک لە گرووپی(فیکرخانە)، ئەدمین بوون.
فیکرخانە، گرووپێکی فیکری عەدنانیەکان بوو، ئێستا دانەیەکیان (خا…ی)لائیکە، ئەو هاوڕێیەشم لە شارەکەی خۆم، لەگەڵ سێ دانەیتریشان هەر لەو گرووپه ئەدمین بوو، دوویان بە ئاشکرا مەسیحی بوونی خۆیان لە فەیسبوک جاڕدابوو و ئاینیان گۆڕی لە ئیسلامەوە بۆ مەسیحیەت. دانیەکیتریشان(ح.س). خۆم ئاسا بەرەو ئاڕاستەی نەهلیست بوون و پۆچگەرێتی ڕۆیشت.

جائەوانە لە ئەکاونت و فەیسبووکەکانی خۆیان بە ئاشکرا و بێ ڕتووش گوزارشت لە بیرو باوەڕی خۆیان دەکەن. وەلێ من نامەوێ ناویان ئاماژە پێ بکەم، ئەوەی لائیکیش،(خا…) سەرەتا کەسێکی توندڕۆبوو، ئێستا باوەڕی بە هیچ یەکێک لە ئایینەکان نەماوە. تەنها باوەڕی بە خوداوەند هەیە، وەلێ ئەو خوداوەندە نا کە ئایینەکان باسی دەکەن.
بەر لەچەند ڕۆژێکە، کۆمێنتێکیم بینی لەژێر پۆستێکی خۆیان لە فەیسبووک، لە وڵامی کەسێکدا، ئاوای نووسیبوو:(
١. خودا هەرگیز پەیامی بۆ هیچ مرۆڤێک نەناردووە.
٢. قورئان و پەیامەکان بەرهەمی ناخی پێغەمبەرانن.
٣. جیهان بەردەوام لە گۆڕان و جوڵەدایە.
٤. ژیان بێمانایە و هیچ باوەڕ و فکرێک ناتوانێت مانای ژیان لە خۆییدا کورتبکاتەوە.
٥. فیقهــ و شەریعەت و بەزم و رەزم یارییەکی مرۆڤە.
Seen by Shamal Ismael Kareem at 2:51 PM
Shamal Ismael Kareem
هتد…)
ئەوەش بڵێم سەبارەت بەو کوڕە، لەکاتی نووسینی ئەو بەشەی(بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گومڕا..) پێوەندیم پێوەکرد بۆ دڵنیابوون و دووپاتکردنەوەی زانیاریەکان لە زاری خۆیەوە سەبارەت بە خۆی و هاوڕێکانی، پێی گووتم: کە ئەو لە ڕێگەی ئەقڵ و عیرفانەوە، کەسێکی باوەڕدار و (ڕبووب)ی باوەڕه، نەک ئایین.
ئینجا ئەو هەر بە ئاشکرا لائیکە و ڕۆژانە چەندین پۆستی ڕەخنەیی سەبارەت بە ئەقڵی ئایینی و، ئیسلامی سیاسی و مەزهەب و کەلەپووری ئایینی و ئایینەکان پۆست دەکات و ئەو زانیاریانەم سەبارت بە خۆی و دوو لە هاوڕێکانی(ح. س)و (ڕ. بەردەڕەشی) لە زاری خۆی دووپاتکردەوە.

ئەو دوانەی کە بوون به مەسیحی دانەیەکیان(ها…کوردی) ئەویش پێشووتر کەسێکی دۆگماتیک و زۆر وشکباوەڕبوو و ئەندامێکی یەکگرتوو ئیسلامی بوو،
بیرمە جارەک قسەی پێ گووتم لە کۆمێنت لەسەر پۆستێکم، چوونکە ڕەخنەم لە مەلاکان و ئیسلامی سیاسی گرتبوو، ئەوکات من لە ماجستێرم دەخوێند و ئەو قوتابی بوو لە قوتابخانەی ئایینی.
ئەویش لە کاتی نووسینی ئەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا، پێوەندیم پێوەکرد و لە ڕێگای چاتەوە نامەمان گۆڕییەوە و نامەکەی سەبارەت بە خۆی و بیر و باوەڕەکەی و بەڕوخسەت و ئاگاداری خۆی و وەکوو خۆی و بێ هیچ دەستکاریەک لێرە دادەنێمەوە(خوێندکاری شەریعەی ئیسلامی بووم، ئەو ساتانەی لە فکرخانە ئەدمین بووم.
پاشان بوومە مەسیحی، ئەوە زۆر باش بوو، چێژم لێی بینی، دواتر وازم لە مەسیحیەتیش هێنا، بوومە مولحید، بەڵام وازهێنانم لە مەسیحیەت هەرگیز لەسەر بنەمای دژایەتی نەبوو، ئێستاش عیسام خۆشدەوێت، وە ئیلحادیشم تێپەڕاند…

ئێستا وەک پسپۆڕی خۆم، زیاتر گرنگی بە سایکۆلۆژیا و نەخۆشییە دەروونیەکان و سێکسزانی دەدەم.
من رێبازێکی دیاریکراوم نییە، خۆم لە دەرەوەی رێباز و ئایدۆلۆژیا دەبینمەوە.)

سەبارەت بەو سێ ئەدمینەی تری گروووپی فیکرخانەش کە پێشووتر موسڵمان و عەدنانی بوون، پێی گووتم(خا… نوێ بوو، ئەویش سەرەتا توندڕەو بوو، بەڵام بەهۆی فکرخانەوە گۆڕا.
را.. بووە مەسیحی و ح…یش بووە پووچگەرا)ٚ.

(ها …کوردی)
ئێستا لە زانکۆی سەلاحەدین، لە بەشی دەروونناسی خوندەکارە.
..
سەبارەت بە دانیەکیان(خ..) گووتم لائیک و بڕوادارە!
لەوەدەچێت ئەو پرسە لای خوێنەران درووست بووبێت و بڵێن:چۆن دەبێت کەسێک(لائیک) و بێ دین بێت و لە هەمان کاتدا بڕوادار و ڕبووبیش بێت!؟

هەڵبەت ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم زۆرجار لەوەش نەزانانە کورد وتەنی: دۆ و دۆشا و تێکەڵ دەکەن و دێن و هەرچی ئەگنوستیک و ئەتایست و دایزم و لائیکە، تەنانەت زەردەشتی و ئایندارانی سەربەئایینەکانی تریش، لە یەک خانە ڕیز دەکەن و ناویان دەنێن زندیک یان بێ باوەڕ و مولحید، کە ئەوە زۆر هەڵەیەکی گەورە و جەهلێکی موڕەکەب و تابڵێیت چەواشەکاریە.

ئەگنۆستیک: یان ئەگنۆستیکەکان گوومان گەران، واتا باوەڕیان بە ئایین نییە و هەموو ئایینەکان بە وەهم و درۆ دادەنێن، بۆ خۆداوەندیش نازانم گەراو شەکاک و گومانگران، نە بوونی خوداوەند دەسەلمێنن و نەیش ڕەتی دەکەنەوە.
سۆفستاییەکان لەسەردەمی پێش زاین لە یونان ئەگنۆستیک بوون.
ئەوان دەیان گووت:تەمەن هێندە کورتە و بەشی ئەوە ناکات، بێین و خۆمان بەوەها بابەتێک خەریک کەین، ئایە خوداوەند هەیە، یان نییە!
ڤێنکشتاین فەیلەسوفی زمان ناس دەڵێت:خودا لە دەرەوەی زمانە، شتێکیش لە دەرەوەی زمان بێت، ناتوانین نە بیسەلمێنین، نەیش ڕەتی کەینەوە، مادام بابەتەکە میتافزیکایە و لەدەرەوەی زمانە، باشتر وایە بێ دەنگی لێ بکەین.
(فاروق ڕەفیق)یش لەکتێبی(یەک کاتژمێر ماوە بۆ نیوە شەو) بەلای هەمان ڕای فینکشتاین دا دەڕوات.
(تەحسین حەمە غەریب)یش لە کتێبەکەی(فەلسەفەی ئەخلاق)دا، دەڵێت: سەبارەت بە بوونی خوداوەند و نەبوونی، سەلماندن، یان ڕەتکردنەوەی، لە ڕووی فەلسەفیەوە، بەڵگەکان تەکافوئولئەدیلەن، واتا هاوشێوەن، هەم ئەوانەی دەڵێن خودا هەیە، کۆمەڵەک بەڵگەیان هەیە، هەم ئەوانەیش کەدەڵێن نییە، بەهەمان شێوە.

🙁Deism)دایزمەکان

باوەڕیان بە خودا هەیە، بەڵام بە هەموو شێوەیەک ئایینەکان ڕەتدەکەنەوە و هەمان شێوەی ئەگنۆستیکەکان ئایین بەدرۆ و وەهم دەزانن. وەلێ ئەوان باوەڕی تەواویان بەوە هەیه، کە خودایەک بوونی هەیه، بەڵام خودای ئایینەکان نییە، کەواتە ئەوان بێ ئایین(لائیکن)،وەلێ بێ بڕوا و ئەتایست و مولحید نین.

دەتوانین بڵێین(ڕبووبەت: یان دایزم.
مەزهەبێکی فیکری لادینی و فەلسەفی لاهوتیە، دایزمەکان یان ڕبووبیەکان باوەڕیان بە خوداوەند هەیە، بۆچوونیان وایه و دەڵێن لە ڕێگای بەگەڕخستنی ئەقڵ و وردبوونەوە لە سروشت، بەسە بۆ ئەوەی باوەڕت بەوە هەبێت، خودایەک هەیه، بۆیە سەلماندنی ئەو خودایە پێویستی بەئایین نییە.
زۆربەی دایزمەکان دەستوەردانی خوداوەند لە کار و باری مرۆڤ ڕەتدەکەنەوە، بە تایبەتی پەڕچوو و موعجیزە..)

جا ئەو(خ…)یەی کە باسم کرد، لەو جۆرەیانە. واتا دایسم و ڕبووبیە.

ئینجاسەبارەت بە هاوتایکردنی مولحید و ئیلحاد بە چەمکی ئەتایستەوە، کاکە(پەیوەند سلێمانی) ئەتایست، وتارێکی جوان و بەهێزی سەبارەت بەوەنووسیوە و ئەو هەڵەیەی ڕوونکردووەتەوە و بەرپەرچی داوەتە، کە ناکرێت هەرگیز، ئیلحاد و ئەتایستبوون لە تای یەک تەرازو دابنێن و یەک وتا و پێناسەیان بۆ دابندرێت.
من لێرەوە چیتر لەسەر ئەوە ناڕۆم.

——————————————————————

تێبینی:
خا.. و ها..کوردی لارییان نەبوو ناوەکانیشان لەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گومڕادابنێم. وەلێ من پێم باشتر بوو و تەنها بە هێماو پیت ئاماژە بە ناوەکانیان بکەم.




کاکە من گۆشت خۆرنیم، بەتۆ چی!؟… شەماڵ بارەوانی

بەرلەچەند ڕۆژێکە بابەتی کەسێکم خوێندنەوە، کە لە ماڵپەڕی ڕوانگەو ڕەخنە دابەزیبوو، لە وتارەکە ئەو بەڕێزە ئاماژەی بەوە کردبوو کە:(لە وڵاتی ژاپۆن دەگێرنەوە ، راپرسیەک کرا لە سەر هۆکاری تەمەن درێژی هاووڵاتیان، لە هەرکەسێکیان دەپرسی بۆچی تا ئێستا تەمەنت زۆرەو تەندروستیشت سالمە، لە دوای تەواو بونی پرۆژەکە بە ئەنجامێک گەیشتن کە ئەوان بە پێچەوانەی زۆرینەی گەلانی جیهان سەریان لە ناو ژیانی خۆیان دایەو چاو لە سەر ژیانی کەسی تر نین تەداخولی ژیانی هیچ کەس و وڵاتێک ناکەن بە کوردیەکەی خۆمان کەمتر قسە دەکەن و زۆرتر فێر دەبن،)
ئەگەر بێت و ئەوە بەراوردی بکەین بە میلەتی کورد، ئەوە بێگوومان معادەلەکە سەت و هەشتا پلە پێچەوانە و جیاوازدەبێت.

بڕوا ناکەم نەتەوە و گەلێکی تر هەبێت لە سەر ڕووی زەوی بەقەد کورد، هێندە قسە لەسەر ژیانی ئەویتر بکات و بچێتە ناو تایبەت مەندی بەرامبەر و سنوری تاکەکان بشکێنێت و ئازادی خەڵک پێشێل بکات.
ئایینت چییە؟
ئەرێ بۆ نوێژ ناکەیت؟
بۆ قژت وا شانەکردووە، ئەو گۆرەویە ناشرینە چییە لە پێت کردووە،
شۆرتی بچوک و مایۆ، یان هی گەورە دەکەیتە بەرت؟
ژمارەی پێڵاوەکەت چەندە؟
بۆ ژن ناهێنیت؟
کەی ژن دەهێنیت؟
دە ژنێک بێنە،
تەمەنت چەندە؟
بۆ ڕوەکیت و گۆشت ناخۆیت؟
چۆن گۆشت ناخۆیت، کوڕە دەگۆشت بخۆ،
بۆچ و بۆچ و بۆچ؟
ئەوە ئەو پرسانەیە کە ڕۆژانە و بەردەوام ڕووبەڕووی خۆم و بینومە و دەبینم ئاڕاستەی خەڵکی تر دەکرێت.

ئەرێ کاکە بێ ئایینم، ژن ناهێنم، ناڕۆمە مزگەوت، شۆرت لە پێناکەم، ژمارەی پێڵاوەکەم ژمارە ٥٤، قژم وا شانەدەکەم،
گۆشت قوزەلقورت ناکەم،
بەتۆ چی؟

کاکە فێربن ڕێز لە ئازادی و هەڵبژاردن و حەز و خولیاکانی بەرامبەربگرن، مرۆڤی شارستانی هەرگیز، لە ژێر هیچ ناوێک و بە هیچ پاساوێک، ئەو مافە بەخۆی نادات دەست لە ژیانی تایبەتی بەرامبەر وەربدات و بچێتە ناو سنووری مەملەکەتی هیچ کەسێکەوە و قسە لە سەر ژیانی خەڵک بکات.

ئەزیزم دەبێت بزانیت تۆ ئەو مافەت نییە هەرگیز، بڕیار لە سەر ژیانی خەڵکی بدەیت و بە خەڵک بڵێیت وا بکە و بۆ وا دەکەیت و بۆ واناکەیت و دەبێت وا بکەیت.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…10…شەماڵ بارەوانی

بەشی دەیەم/

چۆن جوێن بە ئیمامی عوسمان دەدەیت..!؟

لە بەشەکانی پێشوو باسم لە ڕوانگە و هیڵە سەرەکیەکانی بیرکردنەوەی قورئانیەکان کرد.
لەو بەشەیش هەر باسی قورئانیەکان دەکەم.

من کاتێک لە حوجرە و لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان(شەریعە)بووم، چەندین فەقێم گۆڕین و کردمن بە قورئانی و کەم و زۆر کاریگەری منیان بەسەرهەوەبوو. تەنانەت نەک هەر فەقێ، بەڵکوو خوندەکاری کۆلێژی شەریعە و گەنجی دەرەوەی کۆلێژیشم گۆڕی و بە هۆی منەوە بوون بە قورئانی.

بەسەرهاتێکی زۆر خۆش هەیە قەت بیرم ناچێتەوە،
ئەوە لە قۆناغی یەکی کۆلێژ شەریعە بووم و دەستم کردبوو بە ڕەخنەگرتن لە هەندێک کەسایەتی بە ئایکۆن کرا و بە ئەفسانەکرا و پیرۆزکرا و سەرو ڕەخنەکراوی ناو مێژووی ئیسلامی و خەلیفەکانی ئیسلامی و مەزهەب و فیقهی ئیسلامی و کەلەپووری ئاین و دەیان و سەتان ڕیوایەت.

جا لای خوێندەکارەکانی کۆلێژ و فەقێکانی حوجرە و قوتابیەکانی قوتابخانەی ئیسلامی خێرا ناوم بڵاو بووەوە و خەڵکێک لەوانە، وەکوو بۆمبێکی مەترسیناک و کەسێکی هەڵگەڕاوە و فەقێیەکی گوومڕاو بابایەکی موڕتەد و دەرچوێک لە ئایین و بازنەی ئیسلام سەیریان دەکردم.

یەکەم خوندەکاربووم لە ناو کۆلێژی شەریعە بەو پەڕی بوێرییەوە دەمگووت:باوەڕم بە ڕیوایەت و کەلەپووری دینی نییە و ڕەخنەم لە هەردووک ئەوەی کە سونەکان پێی دەڵێن(سەحیحی بوخاری و سەحیحی موسلیم) و حەدیسەکانی نێو ئەو دوو سەرچاوەیە دەگرت و باسم له خەلیفەکاندەکرد و دەمگووت:ئەمەیان ستەم کاربوو و خەڵکی دەچەوساندەوە. ئەوەیان بکوژ و دیکتاتۆر و جەلاد و دژی ئازادی خوازان و بۆچوونی جیاواز بوو، حەلاج و گەیلانی دیمەشقی و ئیبنولموقەفەع و جەعدی کوڕی دەرهەم و کێ و کێی تری سەردەبڕی و لەسێدارە دەدان و دەیسوتاندن و ئەویتریان گەندەڵ بوو و کەس و کاری خۆی و کەسەنزیکەکانی لە دام و دەزگاکانی میری(حکومەت) دادەمەزراندن و ئەوەیتریان لە خەلیفایەتی و ئیدارەدان لاواز بوو و خەڵکی داوایان لێدەکرد لە دەسەڵات بێتە خوار، کەچی هەرنەدەهاتە خوار و دەیگووت سوڵتە کراسێکی پیرۆزە و خوداوەند کردوویەتیە بەرم و هەرگیز دایناکەنم و ئەوەکەیتریان لە سەرزەکات نەدان بە بەیتولمال، تۆمەتی موڕتەدبوون و کافربوونی دەدایە پاڵ خەڵک و جەنگی لە دژ بەرپادەکردن و خوێنی ڕەوادەکردن و دەیکووشتن، ئەوەیتر سەدان و هەزاران کەنیزه و کۆیلەی هەبوو و غەرقی عەیش و نۆش و چێژ و ڕابواردنی شەوە سوورەکان و سوارچاکی باوەشی ژن بوو، ئەوەیتریان بە خەلیفە نەخۆشەکە ناسراوبوو..تاد.

جا بە هۆی ئەو زمان درێژی و نەعەندرایی و هۆشیاری و ئەنتی باوی و نەچوونە ژێر باری ئەقڵی مێگەڵ و ئەو یاخی بوونەم، ڕووبەڕووی دەیان و سەتان توانج و تۆمەت و قسەی ڕەق و ناخۆش دەبوومەوە.

وەلێ زۆر خۆڕاگربووم و قەت ورەم بەرنەدەدا و لە بۆچوون و قەناعەتەکانم، یەک گەردیلەش پاشەکشەم نەکرد.

چەندین جار، لە لایان بەرامبەر و خەڵکێکی زۆرەوە
پێم گووتراوە: بەسە چیتر زمانت درێژ نەکەی، پێم دەگووترا مولحید و بێ دین، قەشە، کافر، مارکسی، زەندیک، زەردەشتی و ئێزدی، کافر و گوومڕا..تاد.

جا ئەوە ڕۆژێک لە کۆلێژی شەریعە پیاسەم دەکرد، کوڕێکی جاو شین و شیک پۆش و زەعیفکە(م.میرانی) بەرەو ڕووم هات، تۆزەک بە تووڕەییەوە گووتی:سەلام عەلێکم کاکە، ئەوە تۆی دەڵێن جوێنت بە ئیمامی عوسمان دایه!؟ ئەوە بێ ئەدەبیە بەڕاستی.

گووتم کاکە بەو شێوازە نییە، هەڵە حاڵی کراوی، تۆزەک هێورم کردەوە، ئەلحەق کوڕێکی ڕێک و پێک بوو، ئنتیماشی بۆ ئیسلامی سیاسی هەبوو، وەلێ حزبی نەبوو، عاتیفەی ئایینی زۆر بەهێزبوو، هەر لەو سۆنگەیەشەوە لە بەشی زانستی نمرەی بەرزیشی هێنابوو، کەچی هاتبوو کولێژی شەریعە، دواتر کە گۆڕا سەبارەت بەو عاتیفیە دینیە خۆی وای پێگووتم.
جا ئەو کوڕە کەسێکی زۆر بیرتیژ و ئاقڵ بوو، دەمارگیر نەبوو، مەزهەبگەرایی و ئیسلام گەرایی کوێری نەکردبوو. ئەو بە دوای ڕاستیدا دەگەڕا. ئێستاش پێم دەڵێت هەرکاتێک بۆم دەرکەوت ئەو قورئانی بوونە و قەناعەتەی ئێستام هەڵە و ناڕاستە و حەقیقەت شتێکی ترە، بێ دوو دڵی یەکسەر وازی لێ دەهێنم.

با بێینەوە سەر بەسەهاتەکە،
جا کاتێک وا بەهەڵچوونەوە لە ڕووم دوا، گووتم دەتوانین زیاتر لێک تێبگەین، وەلێ ئەو هەویرە، وەکوو پەندە کوردیەکە دەڵێت: ئاوی زۆری دەیوێت.
گووتی باش، دواتر سەردانی حوجرەی کرد و هات بۆ لام یەک دووجار، هێدی هێدی دەستمان کرد بە گفتوگۆ لەبارەی هەندەک ڕیوایەت و مەسائیلی فیقهی و بابەتی حەڵاڵ و حەرام و مێژووی ئیسلام، ئەو هەر دەی پرسی و منیش بە گوێرەی ئەو زانیاری و مەعریفەیەی ئەوکات هەم بوو، وڵامم دەدایەوە، دیاربوو، وڵام و قسەکانی من بۆ ئەو زۆر دڵگیر و جێگای قەناعەت و بڕوا پێکەربوون، هەر دەیگووت ڕاستە، لۆژیکیە، جوان و ماقوڵە.

دواتر یەک دووجار داوەتی ماڵەوەی خۆیانی کردم و گووتی:حەزدەکەم بێیت و قسە لۆبراکانیشم بکەیت و کاریگەرییان لە سەر دروست کەیت، منیش دوو جار ڕۆیشتم و شەویش لەوێ مامەوە و هەرقسەم بۆ براکانی و گەنجێکی تریشیان دەهێنا، دەکرد و دیاربوو قسەکانی منیان زۆر پێ خۆشبوو و بەو چەشنە
ئیدی ئەو کوڕە هێدی هێدی گۆڕاو سەرەنجام بوو بە قورئانی و براکانی خۆیشی و یەکێک کەسەنزیکەکانی تریشی(لەکاتی نووسینەوەی ئەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا.. پی گووتم) لە گەڵ سێ هاوڕێی تریشی کەلەگەڵ ئێمە لە کۆلێژدا بوون، لە شەریعە(هـ..)و (عو..) و (ب..)، ئەوانیشی گۆڕیون و تێگەیشتنیان بۆ ئاین لەگەڵ پێشووتر زۆر جیاوازە و، کاکە م.میرانی تاڕادەکی باش نزیکی کردوونەتەوە لەو تێگەیشتنەی قورئانیەکان.
خۆشم بە تێل قسەم لەگەڵ دانەیەکیان کرد لە کاتی نووسینەوەی ئەو بەشەی بیرەوەریەکان، کە پێشووتر ئەو کوڕە لەگەڵ من فەقێبوو لە قوتابخانەی ئایینی(مەلا عەبدولڵاپەلپیتانی)،
زۆر گۆڕابوو و دەیگووت: ڕیواتەتەکان(فەرمودەکان) وەکوو ئایین وەرناگرم هەرگیز،

جاکاکە( م، میرانی) براکەیشی(ئــ..میرانی)، چەندین جار بینیومە لە سۆشیاڵ میدیا، زۆر بە حەماسەت و گەرمیەوە لە ڕووی ئەو چەواشاکاری
Shamal Ismael Kareem
ودرۆیانەی بە دەم زەرەشتەوە کراوە، وەستاونەتەوەو و وڵامی ئیسلامگەراکانیان داوەتەوەو، م.میرانی و داوای لە من کردووە تا یارمەتیان بدەم و پێکەوە لێنگەڕێین‌ ئەو درۆ و چەواشەکاریانەی سەبارەت بە زەردەشت دەکرێت و کراوە و دەیکەن، وا بە ئاسانی بە سەریاندا تێنەپڕێت و چیتر گەنج و ڕۆڵە و هەرزەکاری کورد لەخشتە نەبەن و گوایە زەردەشتیەکان ئاگر پەرستن و دوو خوداوەندیان هەیە و هاوسەرگیری لەگەڵ کەسه نزیکەکانی خۆیان دەکەن و بە میزی گا خۆیان دەشۆن ..تاد. وەکوو ئەوەی پیاوە ئایینیەکان و نووسەرە عەرەبی و ئیسلامیەکان سەبارەت بە ئاڤێستا و زەردەشتیەت نووسیویانە و
ئیسلامیە سیاسیەکان و سەلەفیگەراکانیش، زۆر نەزانانە و قینە لە دڵانە، دێن و هەمان ئالیک کاوێژی دەکەنەوە و لە گرووپ و پەیج و ئەکاونتەکانیان دایدەنێنن و بڵاو دەکەنەوە.

جا ڕۆژێک لە کۆمێنت بینیم، ئیسلامیەک لە کاکە ئە.. میرانی پرسی بوو:خۆتۆ قورئانیت، چیت داوە لە زەردەشتیەت و بەرگری کردن لە زەردەشت!؟

ئەویش لە وڵامدا وتبووی: وەکوو مرۆڤێک پێم ناخۆشە چەواشەکاری و درۆ بەدەم زەرەدەشت و هیچ ئاینێک و کەسێکەوە بکرێت و بوختانیان بۆ بکرێت و قسەیان بۆ هەڵبەسترێت.

ئەوەش بڵێم
بۆ نوسینەوەی ئەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا..
چەندین جار پێوەندیم بە کاکە (م.میرانیەوە) کرد، بۆ دڵنیابوون و دوپاتکردنەوەی زانیارییەکانم، ئەو زانیاریانەم لێی وەرگرت و ئەوەشی پێگووتم، کە لەلایان خەڵکێکەوە بە هۆی قورئانی بوون و دەرچوونیان لە قاڵبی تێگەیشتنی مەزهەبی و سونەکان، ئەگەر هەموو بۆچوونەکانی خۆیان لە بارەی تێگەیشتنی خۆیانەوە بۆ ئایین بڵێن، ئەوە بێگوومان کافر دەکرێن.

بەڕاستی ئەوان مرۆڤی دینداری زۆر ڕێک و پێکن و دژی هیچ یەکێک لە ئاینەکانی تر نین و وەک چۆن باوەڕیان بە قورئان هەیە، هەمان شێوە باوەڕیان بە سیکولاریزم و بیردۆزی ئیڤۆلەیشن و پلورالیەتی ئایینی هەیە.
بەوشێوەیە من و م.میرانی بووین بە دوو هاوڕێی گیانی بە گیانی و تائێستاش هەرواین و ئێستاش پێم دەڵێت سوپاست دەکەم و ئستیفادەم لێت کرد، بە تایبەتی لە بیدایەتەکان کە زانیاریم نەبوو.

ئینجا من و م.میرانی دوای ئەوەی کۆلێژمان تەواوکرد، هەردووکمان ڕۆیشتین بۆ خوێندنی باڵا و ماجستێر، من لە باکوری کوردستان و شاری(وان)، ئەویش (مالیزیا)، پێی گووتم: حەزدەکەم لە گەڵ من بێیت و پێکەوە بڕۆین بۆ مالیزیا، لەوێ بخوێنین، جا خوێندن لە مالیزیا زۆر دەکەوێت. گووتی من کرێی فڕۆکە و مانەوەکەشت دەدەم، ئەگەر دێیت.

پێم جوان نەبوو ببم بە ئەرک و گووتم نایەم و زۆر سوپاستدەکەم و هەندەک پارەم هەبوو و هەندێکیتریشم قەرزکرد و ڕۆیشتم بۆ باکوری کوردستان و لەوێ و لەشاری وان و لەسەر ئەرکی خۆم خوێندم

ئەوە م.میرانی،

ئینجا سەبارەت بەوەی من کاریگەریم لەسەر هەندەک فەقێکانیش هەبوو. قسەیەکی خۆشمان هەبوو، لە حوجرە، هەموو جار لەگەڵ فەقێکان، تێر تێر بەو قسەیە پێدەکەنین(بای دوو پیاسە و دانیشتنێکە)،

من کە بووم بە قورئانی هێشتا قورئانیەکان لە کوردستان هیچ ناو دەنگێکیان نەبوو، کەس نەیدەناسێین، قورئانی بوون خێرا دەنگی دایەوە، هەڵبەت من بە گوێگرتن یان خوێندنەوە، یان بەریەک کەوتن لە گەڵ هیچ کەسێکی قورئانی، نەبووم بە قورئانی. وەکوو لە بەشی پێشوو ئاماژەم پێدا.

بەڵکوو خۆم لە دەرەنجامی خوێندنەوە و بیرکرنەوەی چەندین ساڵە و گوومان دروست بوون و هێدی هێدی و پلە بە پلە بووم بە قورئانی، کەبووم بە قورئانی ئینجا زۆر دوای ئەوە دکتۆر(محەمەد شەحرور)ی بیرمەندی قورئانی و قورئانیەکانم ناسی و زانیم قورئانی لە کوردستان هەن و وەکوو ئاماژەم دا، من زۆر لەمێژتر لەو بەروارە باوەڕم بە زۆرێک لە ڕیوایەتەکان نەمابوو، فەرموودەی (ئاحاد)م سەرلەبەری ڕەتدەکردەوە.
تەنها باوەڕم بە چەند فەرموودەیەکی موتەواتیر هەبوو.

فەقێ هەبوو دژم بوو، بەڵام دوایی ئەو فەقێیە گۆڕا و کردم بە قورئانی، جا فەقێکان بۆ شۆخۆی پێیان دەگووتم فلان فەقێیەش بێنین بۆت، تا بیکەیتە قورئانی؟
ئەوە بای دوو پیاسە و دانیشتێکە، واتا فەقێیەکی زۆر کەله ڕەق و وشکباوەڕ نییە، زوو ڕادەست دەبێت و دەیهێنیتە سەر قەناعەتی قورئانی بوون.

فەقێش هەبوو پێیان دەگووتم پیاسەیەک، یان چوار پیاسە و دوو دانیشتنی دەوێت تا بیگۆڕیت، ئینجا دەماندا قاقا.
گەنجێکم کرد بە قورئانی، فەقێش نەبوو، لە قوتابخانەی پەروەردەبوو، دواترو دوای ماوەیەک، ئەو گەنجەقورئانیش نەما و بوو بە لائیک، خۆی وای پێگووتم و زۆرجار قسەمان پێکەوە دەکرد. ئێستاش هاوڕێین.

لە بەشێکی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا.. باسم لەوە کردووە کە فەقێیەک شەوەک هاتبوو حوجرەکەی ئێمەو شەو لەوێ مابوویەوە، من بەسەردان لە ماڵەوەبووم، فەقێ(خ)، زۆر قسەی پێگوتبووم و جوێنی زۆری پێدابووم، گووتبووی گومڕایه، دواتر پێکەوە دانیشتین و قەناعەتیم گۆڕی و بوو بە قورئانی.

جائەو فەقێیە کاتێک دواتر و دوای ئەوەی من کۆلێژی شەریعەم تەواوکرد، ئەویش ڕۆیشت بۆ کۆلێژی شەریعە، ڕۆژێک سەردانی کردم و پێی گووتم: مامۆستا(ئو..)،کە مامۆستابوو لە کۆلێژی شەریعەی هەولێر، کەسێکی ئیسلامی سیاسی بوو و دەیانگووت کۆمەڵی ئیسلامی سیاسیە، کاتی خۆی بزووتنەوەی ئیسلامی بوو، کوڕی مەلا(ت.بەحرکەیی بوو)
جاگووتی پێی گووتم لە هەندێک کەس دوور کەرەوە، گووتی نەیزانی من دۆستی تۆم و قورئانیشم، ئینجا لیستێک ناوی داپێم و گووتی ئاگاداری ئەوانە بە، ئەوانە گوومڕا و خەتەرن و گوێیان بۆ مەگرە و موتابەعەیان مەکە و لێیان دوور کەرەوە، گووتی کەسەیری ناوەکانم کرد، دەبینم ناوی تۆ و یونس ڕاوی و عەبدولڕەحمان سدیق و چەند کەسەکیتریشی تێدابوو.




شیعر/ بنووسە کچەکەم بنووس… ن.نەوال سەعداوی.. و.شەماڵ بارەوانی

بنووسە کچەکەم بنووس،
تا بەنەمری بمێنیتەوە،

نووسین لە ژنەکان و کۆیلەکان قەغەکرابوو
ئەوان بە مەرگ مەحکوم بوون و مردنیان بۆ نوسرابوو

مانەوە تەنها بۆ خوداوەندەکان و بۆ
نێرەکان بوو

لە منداڵیمدا من دەترسام،
بە هۆی ترسی زۆرمەوە گۆڕایەڵیم دەنواند
بۆ فەرمانەکانی خوداوەند و پاشا،
بۆ نیشتمان و باوک و دایکم

هەمیشە ناوی دایکم لە کۆتایی دەهات
لە کاتێکدا من جگە لە ئەو هیچترم نەدەبینی
ئەو یەکەم ڕوخساربوو بینیم و
یەکەم دەنگیش بوو ببیستم
ئەو دەستپێکبوو
کەچی پاڵیان پێوەنا
بۆ دواوە

دایکم بە نهێنی دەینووسی و
وشەکانی لە ژێرزەویدا حەشاردەدا
ئەو وەکو من دەترسا
تامرد

کچەکەم تۆهاوشێوەی من مەبە
بنووسە بنووس ڕۆڵەکەم تا نەمریت و
بە نەمری بمێنیتەوە..
….

ن.نەوال سەعداوی
و.شەماڵ بارەوانی




ديوارى تابۆ… شەماڵ بارەوانی

درگای دیواری تابۆ بشکێنە و
پەردەی پەنجەرەی شەرم لابە

وەرە تاریکی باڵەخانەی تەنیاییم
بە فانۆزی ڕوت ڕووناککەرەوە

لێواری ئەتەگی ئشتیات
بە تەنافی بێ ئۆقرەییم هەڵواسەو
دەمی قەسیدەت بخەرە نێو دەمی شیعرمەوە

ستیانی هەستت
لە لقی بای حەزی جەستەما ببەستە
و
بە دەستی بوێریت
زنجیری پانتۆڵی بەختم بکەرەوە و
یاری بە ملپێچی هەوەسم بکە

لەسەر قەرەوێڵەی بوونم
دۆشەگی ترپەی دڵمم بۆ ڕاخستووی
لە ناو نوێنی تامەزرۆییمدا ڕاکشێ و
لەسەر سەرچەفی حەزەکانم
ڕووحت ڕووت کەرەوە

سەرت بخەرە سەر سەرینی گۆنام و
دەست بنێ گەردنی تاسەی هەناسەکانم

بە شیرینی ماچی سۆزت
لاقەی تینوێتی تاڵی مەراقم بکە

ئاوێتەی ئینجانەی خەیاڵم بە و
لە ئامێزی خولیام بتوێوە

مایۆی چاوەڕوانی داکەنە
لەگەڵ تارمایی خەونمدا جووت بە
و
بە ئیرۆتیکی وشەکانت
ئۆرگازمی ئارامی
ئاوێتەی پێخەفی موشتاقیم کە




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک-9-… شەماڵ بارەوانی

بەشی نۆیەم/

لەوێ هەموان لەسایەی سیستەمی سیکۆلاریزم و لەژێر سێبەری بنەماکانی سیکۆلاریزمدا.، موکەڕەم و موعەزەز، پارێزرا و ڕێزلێگیراون. کەواتا سیکۆلاریزم ئەو دەعباو دیکتاتۆر و مۆتەکە و دڕندە تۆقێنەرە نییە، کە ئیسلامگەراکان زۆر چەواشەکارانە، دەیانەوێ بە خەڵکی بناسێنن. نەخێر، هەرگیز، ئەو درۆ و چەواشەکارییە ڕاست نییە، کە سەلەفیزم و ئیسلامگەراکان لە دژی سیکۆلاریزم دا دەیکەن و سیکۆلاریزم بە دژایەتی کردنی ئاین یەکسان دەکەن.

لە بەشەکانی پێشوو باسمان لەوە کرد، کە سیکۆلاریزم هیچ کاتێک بە واتای دژایەتی کردنی ئایین و قەدەغەکردنی ئایین و مورادیفی بێ دینی نایەت، وەکو ئەوەی ئیسلامگەراکان وای پێناسەدەکەن و بە هەڵە و مەبەست و نەزانانە، بۆ دەروێشەکانیان و خەڵکێکی سادە لەوح، ئیعراب و شرۆڤەی دەکەن.

ئەو ئیسلامگەرایانەی بە هەڵە و چەواشەکارانە، دیسان بە مەبەست بۆ لێدان لە سیکۆلاریزم، کۆمۆنیست و ماتریالیست تێکەڵ دەکەن و عەلمانیەت هاوتای بێ دینی و یەکسان بە ئیلحاد و بێ بڕوایی دەکەن.
ئەوسەلەفیگەرایانەی بە مەبەست و زۆر چەواشەکارانە پڕۆپاگندەی بێ بنەماو بەتاڵ دەکەن، نەخێر و هەرگیز، عەلمانیەت بە هیچ شێوەیەک دژایەتی کردنی دین نییە، بەڵکو عەلمانیەت دەیەوێ” ئیتر دیانەت، خواپەرستی، نوێژ، زکر، تەهلیلە، مزگەوت، تەکیە، خانەقاو ئەو شتانە پتر بخرێنە قاڵبێکەوە کەڕێگە لەگەشەکردنی کۆمەڵایەتی نەگرن١٦٤.»٭

ئەو سەلەفیە توندڕۆ فێندەمێنتالیستانەی « وائەزانن لەوڵاتی ئێمە خەڵک زۆرتر خوا پەرستە، لەوڵاتە دیموکراتی و ئازادی و مەدەنیەکانا خەڵک زۆر لەخوا هەڵگەڕاوەتەوە، بەپێچەوانەوە، لەوییا مەسائیلی خواپەرستی و ئازادی عەقیده زۆرترە لەلای ئێمە، زۆر زیاترە.٢١٢)٭، وا حاڵی بوونە «عەلمانیەت ئیلحاد ئەگەیەنێ..گوایە عەلمانیەت دژی ئایین، خواو، یەکتاپەرستی ، پێغەمبەر، ئەسحابەکان، قورئان دڕاندن و سوتاندنە.١٦٢»٭،
لە کاتێکدا لەوڵاتە عەلمانیەکان، ئەو وڵاتانەی بە تەواوی و بە واتای وشەو بە کردەنی عەلمانین، نەک تەنهابە دروشم و ناو، لە نموونەی وڵاتانی ئەوروپا، کەهەموویان عەلمانین و ئازادی ئایین و مەزهەبیش لەو وڵاتانە لەوپەڕیدایە و خەڵکی ئازادە پێڕەوی لە چ ئایینێک دەکات و لە چی ئایینێکیش ناکات و دەڕوات بۆ کام پەرستگایش، کەسیش ڕێگری لێ ناکات و هیچ دەوڵەتێک لەو دەوڵەتە عەلمانیانەیش نەچوونە تا مزگەوت و کلێسا و ئاتەشگا و مەعبەدەکان بڕوخێنن و ئایین قەدەغە بکەن.
کەواتا مرۆڤ هێندەی لە ناو بازنەی دەوڵەتێکی سیکۆلارو لەسایەی سیستەمێکی سکولاریزمدا ئازادی ئایینی و بیرو باوەڕ و مافەکانی پارێزراو دەبێت، سەدا یەکیش لەژێر هەیمەنەی دەوڵەتێکی سیوکراتی و حکومەتێکی ئایینی و مەزهەبی و ئیسلامیدا ئازادی و مافەکانی زامن و پارێزراو نابن. مێژوو واقیعیش ئەمەیان سەلماندووە.

…….
١-مەلابەختیار، (دیموکراسی و دوژمانی)، پ١٦٣.
٢-سەرچاوەی پێشوو، پ٢١٢.
٣-هەمان سەرچاوە، پ١١.




ڕۆشنبیری کورد و دواڵیزم بوون، نووسەرێکی زل و عەزیم بە نموونە..! شەماڵ باروانی

بەشی یەکەم/

سەرەتادەمەوێ ئەوەبڵێم: دوور لە عەرزی عەزەلات و بە خۆداهەڵگووتن، کەمن ئەوانەی هێندەی من ڕاشکاو بێ گرێ و قسە لە ڕووبن.
چەندێن هاوڕێم هەن، دەڵێن سەرەڕای جیاوازیمان لە بیر و باوەڕ، لەبەر ئەو ڕاشکاویەت زۆرمان خۆشدەوێیت.

بۆ ئەم ڕاشکاوی و بێ گرێییەم(بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)بخوێننەوە، کە هەفتەی بەشێکی لە ڕۆژنامەی(ڕێگای کوردستان) و هەردووک ماڵپەڕەکانی:(دابڕان) و (دەنگەکان) بڵاو دەبێتەوە.
لەوێ، لە زۆر شوێن ڕەخنەی خۆم دەکەم و لە هەڵە و کەم و کوڕیەکانم دەدوێم.

جامادام خودی خۆم و زاتی خۆم، لە زمانی ڕەخنەییم و نووکی قەڵەمەکەی خۆم بە دەرنەبن، بە دڵنیاییەوە، بەڵێنم بە خۆم داوە، کە تا دوا هەناسەم، هیچ کەسێک، کە شایەنی ڕەخنەبوو، لەو ڕەخنە لێگرتنەی من قورتاری نابێت و زۆر ڕاشکاوانە ڕەخنەی دەکەم.
جا با ئەو کەسە وەکوو ئاماژەم بۆکرد خۆم و هەردووک چاوەکانم، یان نزیکترین کەس و ئازیزترین هاوڕێشم بێت.

بێگوومان، ڕەخنەی نەبێت بیربۆگەن دەکات و ژیان دەوەستێت.
هەڵبەت ڕەخنەی بونیادنەرانە و دڵسۆزانە دەڵێم، نەک ڕەخنەی ڕوخێنەر و تێکدەرانە.
ڕەخنەیەک، کە لەسەر بنەمای ڕق و تۆڵە و غەرەزی شەخسی بێت.

هەڵەنەبم ئەڕستۆیە سەبارەت بە پلاتۆن دەڵێت:پلاتۆنمان خۆشدەوێت، وەڵێ ڕاستی زیاتر، قسەیەکیتری هەمان شێوەی ئیبنولتەیمیەی تیۆرسەنی هزری ڕادیکاڵی و موفەکیری فیکری توندئاژۆیی لەکتێبێک و لەکاتی فەقێیاتیم بەرچاوکەوتووە، کەسەبارەت ئەحمەدی کوڕی حەنبەل دەڵێت:ئیمای ئەحمەدم خۆشدەوێت بەڵام حەقیقەت زیاتر.
.

هیوادارم لەو دوو قسەیە، دووشەشم لە دوو بێشی نەدابیتن و ناوەکانم بە هەڵەنەگووتبیتن، چونکوو ئەوەم زۆر لەمێژە و لە کاتی فەقێیاتیم و لە سەردەمی خوێندنم لە حوجره و قوتابخانەی ئایینی خوێندووەتەوە.
زۆر هەوڵم دا سەرچاوەی ئەو دوو قسەیە بدۆزمەوە، ئەفسوس نەمتوانی.

ئینجا با بێینەوە سەر ئەسڵی مەسەلەکە(ڕۆشنبیری کورد و دواڵیز و دەبڵ مۆڕاڵی).
دەبڵ مۆڕالی لە هەڵسوکەوت و دوالیزم بوون لە نێوان بیرکردنەوە و کردار، لە تیور و نووسین، لە دەرەوە و سەر شەقام و کونجی ماڵەوە.

گوتراوە قسە بێ دەسەڵات و بەستەمانە، هەموو کەسێک پێی دەوێرێت، یان قسه فڕێدان ئاسانە.
لینین وتەنی: شۆڕشکردن ئاسانە، وەلێ بەرگری کردن لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و لە بنەماکانی شۆڕ سەختە.

دەبڵ مۆڕاڵ و دوو ڕوو کێیە!؟
بێگوومان،
دوو ڕوو دەبڵ مۆڕاڵ: ئەو کەسەیە لە لایەک بانگەشە بۆ شتێک دەکات و لەلایەکەیتر خۆی سەت و هەشتاپلە دژی ئەو شتەیە کە بانگەشەی بۆ دەکات.

ئەو دوو ڕوویی و دەبڵ مۆڕالیەی لە ناو هاوپیشەکانم، لە نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامە و نووس و میدیاکار و ڕاگەیانکاردا، دەیان نموونەم بینیوە.

نووسەرێک دەناسم و دەیان کتێب و نامیلکەییم لە سەردەمی فەقێیاتی و خوێندنی قوتابخانەی ئایینی و حوجرە خوێندووەتەوە و خاوەنی گونیەک کتێب و نامیلکە و نووسین و کاری وەرگێڕانی بابەتی فکری و ئەدەبی و سیاسییەوە و سەری زمان و بنی زمانی باسی ڕەخنە و ئازادی و مرۆڤ و چی و چییە و خۆی لە سەرووی دەیان ئەرەگۆن و میشێل فۆکۆ و درێدا و گیڤارا و کێو کێیتر دەبینێت و خۆی هێنده قورس و سەنگین و بە کەسایەتی پیشان دەدات و هەیبەت و ویقار بە خەڵکی دەفرۆشێتەوە و پۆستی کۆمێدی دەکات و قبوڵیشی نییە هیچ کەسێک لەسەر پۆستەکەی بە لایک و کۆمێنت پێکەنێت و هەرکەسێک ئەوە بکات، لەکۆمێنت قسەی پێدەڵێت و دەڵێت
(من هەر باسی کوێرەوەریم دەکرد و عەوامیش هەر بە پێکەنین لایکیان دەکرد.)
پێکەنین لەسەر پۆستەکانی گوایە لە ویقار و کەسایەتی دەهێنێتە خوار، ئێ بابە مادام بۆ شتی کۆمێدی و پێکەنیناوی پۆستدەکەیت و بە فرێندەکانیشت دەڵێیت نابێت پێبکەنن؟ هاهاها لەو مەهزەلەیه، چەند جار ویستوومە لە کۆمێنت بۆی بدەمە قاقاو نەموێرایه و زانیومە توڕەدەبێت و ئەو کاکە شکۆدارە هەیبەتی بریندار دەبێت و قسەمان پێدەڵێت و لە شێوەی هەرزەکارێکی هەڵچوو مامەڵە دەکات .

ئینجا ئەو کاکە نووسەرە، ئەو زلە ڕووناکبیر و ڕەخنەگرە عەزیمە، لە پۆستێکی فەیسبووکدا،
باسی سینگ فراوانی و قبوڵ کردنی ڕای جیاواز و ڕێزگرتن لە ڕەخنەی کردبوو و نووسیبووی دەبێت تۆزەک دڵ فراوان و سینگکراوە بین و شارستانیانە لەگەڵ ڕەخنە مامەڵەبکەین و ڕەخنەمان خۆش بوێت و بە ڕۆحێکی وەرزشی ڕەخنە قبوڵ بکەین.

سوێند بە مرۆڤایەتی و هەموو ئەو پڕنسیپانەی خۆم باوەڕم پێیانەو لە پێناویانە تێدەکۆشم.
هەر لە ژێر ئەو پۆستە، سێجار کۆمێنتم کرد، هەر دەی سڕییەوە، بە هۆی ئەوەی لە کۆمنێنتەکەم یەک تۆز کە ڕەخنەم لێی گرتبوو.

جائەو زلە نوسەر و ڕووناکبیرە عەزیمە، لە فەیسبووک فرێندمەوە و موتابەعەی ئەوەم کردووە، هەموو کۆمێنتێکی ڕەخنەی خەڵکی لەسەر پۆستەکانی دەسڕێتەوە و تەنها کۆمێنتی دەستخۆشی و هەر بژی و وەی چەند موهیمیت و ئەڕڕەک کە نووسەرێکی ئەفسانەیی و قەڵەمێکی فشەکەری نموونەیی و کەسێکی عەزیم و زەبەلاحیت و هەی ماشااڵڵە و لێبێت و لە چاوی بەد و ناحەزانی ڕەخنەی ئازاد و مرۆڤی جقڵدان تەنگ و کۆمێنت سڕینەوە بە دوور بیت دەهێڵێتەوە.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…8…شەماڵ بارەوانی

بەشی هەشتەم/
قورئانیەکان باوەڕیان بە پلورالیەتی ئایینی هەیە..!

ئەوان ئەوان باوەڕیان بەو مەرج و کلیلانە نییە، کەسونیەکان و مەزهەبگەراکان کردوویانن بە هۆکاری چوونە بەهەشت، بۆ نموونە:شەش بنچینەکەی ئیمان و پێنج بنچینەکەی ئیسلام.
ئەوانە ناکرێت بکرێن بە مەرج،(( مَنْ آمَنَ بِاللەِ والیومِ الآخرِ و عَمِل صالحاً)) پێوەرە.
بـۆیە لە ڕوانگەی قورئانیەکانەوە. چۆن موسوڵمانێک دەچێتە بەهەشتەوە، ئێزدی و جولەکە و مەسیحی و زەردەشتی و کاکەییەکی و هیندۆسی و ، بوودیەکیش تەنانەت گەر بڕوای بەخوداوەند و ڕۆژ دوایی هەبێت هەمان شێوە. قورئانیەکان زیاتر پێوەری چاکەکردن و باشەکردن و خزمەتکردنی مرۆڤ بە ژیان و مرۆڤایەتی دەکەن بە پێوەر و هۆکاری چوونە بەهەشت. نەک ئایین و مەزهەب و ڕوانگەیەکی دیاریکراو.

قورئانیەکان وەکوو ئاماژەم بۆ کرد:
لایان ئاساییە موسڵمانێک ببێت بە گاور، یان زەردەشتی، یان ئێزدی و هەرئایینێکی تر و ئایین گۆڕین، یان وازهێنان لە ئایین، بە بەشێک
لە ئازادی و ئیختیاری تاک دادەنێن و کەس بۆی نییە لەسەر ئەو ئایین گۆڕینە و بە پاساوی ئایین گۆڕین، یان هەڵگەڕانەوە لە ئایین، خوێنی هیچ مرۆڤێک حەڵاڵ بکات و بڵێت(مَنْ بَدَّلَ دینَەُ فاقْتُلوەُ)سزای بدات و بیکوژێت.

سەبارەت بە لەچک و باڵاپۆشیش دەڵێن: ئەوە ئەرک نییە ژنی موسڵمان بییان پۆشێت و کولتوور و دابوو نەریتی هەرگەلێک و نەتەوەیەک سەبارەت بە پۆشاک، لەوەدا ڕۆڵ دەبینێت. ئەوەی قورئانیش: { ﻳَﺎ أَﻳـﱡﻬَﺎ اﻟﻨﱠﱯِﱡ ﻗُﻞْ ﻷزْوَاﺟِ ﻚَ وَﺑـَﻨَﺎﺗِﻚَ وَﻧِﺴَﺎءِ اﻟْﻤُﺆْﻣِﻨِﲔَ ﻳُﺪْﻧِﲔَ ﻋَﻠَﻴْﻬِﻦﱠ ﻣِﻦْ ﺟَﻼﺑِﻴﺒِﻬِﻦﱠ } باسی جلبابە و ،(وَلْيَضْرِبْنَ بِخُمُرِهِنَّ عَلَىٰ جُيُوبِهِنَّ) باسی (خومورە)و (جیوب)ـە و نەجلباب و نە خومور و نەجیوبیش، هیچ کامیان لەچک و سەرپۆش و باسی قژی ئافرەت نییە و ﴿ وَإِذَا سَأَلْتُمُوهُنَّ مَتَاعًا فَاسْأَلُوهُنَّ مِنْ وَرَاءِ حِجَابٍ ذَلِكُمْ أَطْهَرُ لِقُلُوبِكُمْ وَقُلُوبِهِنَّ ﴾یش باسی حیجاب و خۆ داپۆشین نییە و دواتر ئەوە لە گەڵ شتێکی تریەتی و ئینجا تایبەت بە خێزانەکانی پەیامبەرە و لەگەڵ ئەوانیەتی و لە هەموو قورئانیشدا،تەنها (٨)جار وشەی (حِجاب) هاتووە و لە هیچ کامێک لەو هەشت شوێنەیش، وشەی(حِجاب) بە مانای(لِباس) و پۆشاک نییە و
ئەو جلباب و شتەیش بۆ دوورگەی عەرەب و سەردەمێکی جیاواز و کولتوور و دابوو نەریتی نەتەوەیەکی جیاواز و کۆمەڵە خەڵکێکی جیاواز و دیارکراوە، ناکرێت تۆ بێیت و شێوازی پۆشینی ژنانی بەدوو و دوورگەی عەرەب نشین، بەسەر هەموو ژناندا، لەوسەری دنیادا، بۆ ئەو پەڕی جیهان بگێشتێنیت و بسەپێنێت.
وە(دکتۆر محمد شحرور، لە ڤیدۆیەکی(٢٢)خولەکی دا، لە ڕێگای ئایەتەکانی قورئانەئەوە، ئەوە دەسەلمێنێت کە لە ئایینی ئیسلامدا (حیجاب) کردنی خانمان بە هیچ شێوەیەک، ئەرک نییە و نە خوداوەند و نە پەیامبەری ئیسلامیش داوای وەها شتێکیان لە ڕەگەزی مێینە و ژنانی موسڵمانان نەکردووە.
ئینجا باس لەوەکات کە باڵاپۆشی و حیجاب کردنە ئەرک بە ناوی ئایین و شەرعەوەو پاشان سەپاندن و گشتاندنی بە سەر تەواوی خانماندا لە هەموو سەردەمەکان، ئەوە تەنها دەمارگیرییەکی عەربییە و هیچیتر، نەک ئەرکێکی ئایینی، یان ئیسلامی، ئەو حیجاب و پۆشاکەی ناویان ناوە لیباسی ئیسلامی و حیجابی شەرعی، جگە لەعاداتێکی کۆنی عارەبی سەردەمی پێش ئیسلام و ئەوەی هەرخۆیان پێی دەڵێن(سەردەمی جەهالەت) و گواستنەوەی ئەو عاداتەی عەرەب، بۆ نەتەوەکانی تری ناعەرەب و بۆ سەردەمەکانیتر، هیچیتر نییە، ئەو عاداتەی کە هەرگیز نە ئایین بووە نەیش پەیوەندی بە ئایینەوە هەیە.
خۆزگە ئەوانەی زمانی عەرەبی دەزانن و تاقەتی خوێندنەوە و موتاڵای کتێب و شتیان نییە، هەرهیچ نەبێت بە وردی هەموان گوێیان لەو ڤیدۆیە(٢٢)خۆڵەکیەی محەمەد شەحروری ڕۆشنهرز وڕیفۆرمخوازی ئایینی دەگرت، ڤیدۆکە لە یوتوب هەیە..
Shamal Ismael Kareem
ئینجا، قورئانیەکان: کوشتنی مرۆڤ لەسەر سێکس و بە ناوی شەڕەف و لەژێر پەردەی ئاین و ڕەجم کردن و ئەو جۆرە تێگەیشتنانە، بە تەواوی ڕەتدەکەنەوە.
هەروەها قورئانیەکان سەبارەت بە حوکمی دەست بڕینی دز و ئەو ئایەتەی ﴿والسَّارِقُ وَالسَّارِقَةُ فَاقْطَعُوا أَيْدِيَهُمَا جَزَاءً بِمَا كَسَبَا نَكَالًا مِنَ اللَّهِ وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ ۝کە لە قورئان باس لەو دەست بڕینە دەکات. ئەوان دەڵێن ( فَاقْطَعُوا)، مەبەستی بڕین نییە، بەڵکو(منع و امساک)و گرتنە، ئینجا لە زۆر شوێنی تر لە قورئان و، یان ئەوەی سونەکان پێیدەلێن (سونەت و فەرمودە)و قورئانیەکان پێی دەڵێن(ڕیوایەت)، وشەی(قطع)بۆ مەبەستی تر بەکارهاتووە، نەک بڕین، بۆ نموونە:( قاطيعوالَّرحم)، و( قُطَّاعوا الطَّریق)، و(وَتَقْطَعُونَ السَّبِيلَ)، و(وَتُقَطِّعُوا أَرْحَامَكُمْ)، و (وَيَقْطَعُونَ مَا أَمَرَ اللَّهُ بِهِ)، و(وَقَطَّعْنَ أَيْدِيَهُنَّ)ش، کە لێرە بە شیددە هاتووە، واتا بە مانای بڕینە، نەک لێکردنەوە.
دوواتر(فَاقْطَعُوا أَيْدِيَهُمَا) ٲیدهما لێرە (جَمْعَ)، ئەگەر مەبەستی بڕین بوایه، دەیگووت(یَدَیْهِما)واتا بە( مُثَنَّى )دوو دەیهێنا، ئێ خۆ ناکرێت کەسەک دزی کرد یەکسەر هەردووک دەستەکانی ببڕیتەوە، کەواتە تێگەیشتنی (سونەکان)هەڵەیە و ئەو ڕیوایەتانەش ڕاست نین، کە باس لەبڕینی دەست دەکەن.

ئەوەی بییەوێت زیاتر لەسەر قورئانیەکان بزانێت، با بگەڕێتەوە بۆ کتێبەکانی (محەمەد شەحرور)، یان وتار و چاوپێکەوتن و دیباتەکانی، هەمووی لە یوتوب هەن.

بە گشتی ئەوە هێڵە گشتیەکانی بیرکردنەوەی قورئانیەکان بوو کە باسم لێوەکرد.
ئەوەش بڵێم: هەڵبەت من کە بووم بە قورئانی هێشتا قورئانیەکان لە کوردستان هیچ ناو دەنگێکیان نەبوو، کەس نەیدەناسین. قورئانی بوون خێرا دەنگی دایەوە، بێگوومان من بە گوێگرتن یان خوێندنەوە، یان بەریەک کەوتن لەگەڵ هیچ کەسێکی قورئانی نەبووم بە قورئانی.
بەڵکوو خۆم لە دەرەنجامی خوێندنەوە و بیرکرنەوەی چەندین ساڵە و گوومان دروست بوونی قۆناغ بە قۆناغ و سەرەتا لەهەندێک ڕیوایەت و دوواتر زۆر و پاشان ڕەتکردنەوەی سەرلەبەری ڕیوایەتەکان و مەزهەبەکانی ئیسلام و کەلەپووری ئایینی و هێدی هێدی و پلە بە پلە بووم بە قورئانی.
کەبووم بە قورئانی ئینجا زۆر دوای ئەو بەروارە و دوای تەواوکردنی کۆلێژی (شەریعە)، دکتۆر(محەمەد شەحرور)ی بیرمەندی قورئانی و شێخ (حسن فرحان المالک) و عەبدولڕەزاق جوبران و قورئانیەکانی ترم ناسی و ئینجا دواتر
سەیری زۆرێک لە ڤیدۆکانی شەحرۆرم کرد لەیۆتۆب و
کۆمەڵەک کتێبی شەحرورم خوێندەوە، لەوانە:
-الكتاب والقرآن: قراءة معاصرة.
-النبأ العظيم: قراءة معاصرة في التنزيل الحكيم.
-الكتاب والقرآن: رؤية جديدة.
-تجفيف منابع الإرهاب.
-نحو أصول جديدة للفقه الإسلامي: أسس تشريع الأحوال الشخصية.
-الدين والسلطة: قراءة معاصرة للحاكميّة.
-السنة الرسولية والسنّة النبوية: رؤية جديدة.
-أمّ الكتاب الكتابوتفصيلها: قراءة معاصرة في الحاكمية الإنسانية، تهافت الفقهاء والمعصومين.
-الإسلام والإنسان: من نتائج القراءة المعاصرة.
-دليل القراءة المعاصرة للتنزيل الحكيم: المنهج والمصطلحات.
تەنانەتدوو کتێبی شەحرورم ئەو کاتە خوێندەوە کە دەستبەرداری بیر و باوەڕی قورئانی بوونیش ببووم،(السنة الرسولية والسنّة النبوية) و
( أمّ الكتاب الكتابوتفصيلها: قراءة معاصرة في الحاكمية الإنسانية، تهافت الفقهاء والمعصومين)و ئەو دوو کتێبەم لای کاکە مەریوان میرانی هاوڕێی سەردەمی کۆلێژی شەریعەم برد، کەمن بۆم دەستنیشان کرد لە پێشانگای نێودەوڵەتی ئەویش کڕینی.
هەروەها لەسەرسێ لە کتێبەکانی عەبدوڵڕەزاق جوبران(کۆماری پێغەمبەر، چەتەکانی خودا، و کودەتای پەرستگا)م نووسی و لە هەریەک له ڕۆژنامەکانی(ڕێگای کوردستان)، و(کوردستانی نوێ)،و هەفتەنامەی(تاراوگە)، و ماڵپەڕەکانی(گەلاوێژ)، (ڕوانگە و ڕەخنە)، (دابڕان) و(دەنگەکان) بڵاوبوونەوە.




لە قیامەتیش هەر مرۆڤایەتی ئایین و ڕێگا و ڕێبازی منە… ! شەماڵ بارەوانی

جیرانێکی ئازیز، کەکاتی خۆی و سەردەمی منداڵیم، کە ماڵمان لە دێی (بارەوان)بوو، هەموو قورئانم لای ئەو خەتم کرد
لە کۆمێنتێکدا لەسەر بابەتێکم، کە لە ڕۆژنامەی(ڕێگای کوردستان) و ماڵپەڕی(دەنگەکان)بڵاو بووەوە. ئەو کۆمێنتەی بۆ بۆنووسیبووم:
سەیدا بابەتەکەم تەواو خوێندەوە هیچ سوودم لێی نەبینی، تاکە دێڕ سەرنجی ڕاکێشام ئایەتی قوران بوو کە هەندێک یادگاری تۆمی بیرخستەوە کە لەسەر خانوو دەنووستین، ئەوکات شەو خەبەرم دەبوویەوە، لایت چەرخێکم دەبینی دێت و دەڕوا، بەیانی زوو خەبەرم دەبوویەوە، بە هەمان شێوە کە جەنابت خەریکی لە بەرکردنی قوران بووی، چەندە کەسێکی مەحبوب و جوان بووی، چەندە کەیفم پێت دەهات چەندە متمانە پێکراو بووی، لە ناو خەڵک حەسودیم پێت دەهات کە کەسێکی وەکوتۆ لێدەرنەچووم.
بەڵام بەداخەوە ئێستا بوویتە کەسێک کە تەواوی ژیانمان و بیرکردنەوەمان جیاوازە لەیەکتری.
هیوادارم ڕۆژێک بێت و بتبینم گەڕاویتیەوە هەمان ڕێگا و دان بەوە دابنێیت و بڵێیت: جوانترین ڕێگایە بۆ ژیان مردن. بمێنی بەخێر سەیدا هیوادارم ڕەخنەکەم بەسنگێکی فراوان وەرگری..

منیش ئاوا وڵامم دایەوە:
بێگوومان ڕەخنە لای من پیرۆزە..
ڕەخنەنەبێت بیربۆگەن دەکات و ژیان دەوەستێت..

بۆ ئەوەش کەدەڵێیت سودی نەبوو، هەڵبەت ئەوە بۆچوونی خۆتە و دواتر من بەسەرهاتێک و کۆمەڵەک زانیاریم سەبارەت بە پێوەری جوانی لەکۆمەڵ و کلتورو سەردەمەجیاوازەکان خستووەتە ڕوو، دەکرێت لای تۆ سودی نەبێت و لای خەڵکی ترهەی بێت.

بۆ ئەوەش تەنها ئایەتەکەی قورئانت بینی!

قورئان دەڵێت(الَّذِينَ يَسْتَمِعُونَ الْقَوْلَ فَيَتَّبِعُونَ أَحْسَنَهُ ۚ أُولَٰئِكَ الَّذِينَ هَدَاهُمُ اللَّهُ ۖ وَأُولَٰئِكَ هُمْ أُولُو الْأَلْبَابِ)، ئەو القول)ـە، هەر قەولێک و گوتنێکی جوانی هەر فەیلەسوف و بیرمەند و زاناو وێژەوان و کەسێک بیت، دەبێت سەرنجمان ڕابکێشێت. ئینجا قورئان باسی پلورالیەتی(فرەیی) ئایینی کردووە و ئەوانەیتریش بە ڕاست داناوە.

هەڵبەت من گاتاکانی زەردەشت و دەقەکانی ئینجیل و فەلسەفەی ئەخلاق لای بوداو گووتەکانی ئۆشۆ و دالارمێ و مارکس و مەسیح و هەموو ئەو بیرمەند و ڕیفۆرمخواز و زانایانەش دەبینم، کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی خزمەتی ژیان و شارستانیەت و مرۆڤایەتیان کردووە و گۆڕانکاریان دروستکردوووە و شۆڕشێکی ڕۆشنبیری و فیکری و مەعریفی و زانستی و هۆشیاریان بەرپاکردووە.

وەکوو کاکە پەیکار عوسمان وتەنی(نیوەی پێغەمبەرانی تەورات بخەرە لایەك و بە تەنیا سوقرات بخە لاکەی تر، سوقرات قورسترە، نیوەی پێغەمبەرانی قورئان بخە لایەك و بە تەنیا کۆنفۆشیۆس بخە لاکەی تر، کۆنفۆشیۆس قورسترە، کەچی پێمانوایە ئەمان کەسی پیرۆزن و ئەوان کەسی ناپیرۆز، لەکاتێکا ئەوانە هەر هەمان ناوەڕۆکن بە ناوی جیاوەو خۆ ئەگەر وا نەبێ، ئیتر خوا هی هەمووان نیەو هەر هی ئەم ناوچەیەبووە!

ئەسڵەن ناوەڕۆکەکە، لەدنیای نوێدا زیاتر دیارە، کەچی تۆ پێتوایە یارییەکە لە فڵاندا تەواوبووە! غاندی و مارکس و کانت و ، (زەردەشت) و کێ و کێیتری خۆمان.. ئەمانە بە پێغەمبەر بیانپێوی، زۆر لە پێغەمبەری ئاسایی قورسترن و لە ئولی عەزمەکانی مرۆڤایەتیین!.
خەتەره مرۆڤ: ژیان و گەردون ومرۆڤایەتی، تەنها لەڕوانگەی تاقە کتێبەکەوە ببینێت و بخوێنێتەوە…

دنیا زۆر لەو چاڵە فیکریەی کە ئێمە تێیدا خۆمان قەتیس و زیندانی کردووە، فروانترە.

ئینجا بۆ ئەوەش کە پێشووتر، تەنها لەبەر ئەوە خەڵکێک ڕێزی منی دەگرت، چونکوو سەر بەهەمان ئیدەلۆژیاو ئایینی ئەو بووم، وەلێ کە وا نەمام و گۆڕام، ئیتر ڕێزم نەگرێت.

ئەوە دیسان کارەساتە مرۆڤ بیرکردنەوەی وابێت.

ئینجا ئەزیزم،
ئەوە فەلسەفە و پڕەنسیپی منە:
کەگەیشتیتە من، ئایین و مەزهەب و نەتەوەو هەموو شتێکت بۆخۆت و لەگەڵ من تەنها مرۆڤ بەو بەس.
زیانت بۆمن نەبێت و دەست لەژیانی تایبەتیم وەر مەدە و ڕێز لەهەڵبژاردنەکان و ئازادیەکانم بگرەو بەس.

بوودا وتەنی حەزدەکەیت:بەرد بپەرستە، من عیلاقەم چییە!؟ بە مەرجێک:ئەو بەردە مەگرەمن،
بەو بەردە لە کەسایەتی وئازادی بوونی من مەدە.

ئینجا من لە مێژه بەیانم کردووە، کە
من ئایینم مرۆڤ دۆستی و ویژدان دۆستی و ژینگە دۆستی و سروشت دۆستی و نەتەوە دۆستی و ئاژەڵ دۆستییە و هیچ کاتێک لەسەر جیاوازی دید و بۆچوون و ئایینی جیاواز، ڕقم لەکەس نابێتەوە و هەرگیز، بەکەمیش سەیری هیچ کەسێک ناکەم و ڕێز لەهەموو مرۆڤێک(تەنانەت سەگێکیش) دەگرم و و هەموو مرۆڤایەتیم بێ جیاوازی خۆش دەوێت و جوانترین و ڕاسترین و پاکترین ئایینیش لای من، تەنها مرۆڤ بوونە و لێرە و لەقیامەتیش هەر ئەو ئایینی مرۆڤایەتیەش کۆتا ڕێگا و ڕێبازی قەتعی منە و
وەکوو گەورە سۆفیزم و عاریفی مەزن(ئیبنولعەرەبی) دەڵێم:لقد صار قلبي قابلاً كل صورة فمرعى لغزلان ودير لرهبان
وبيت لأوثان وكعبة طائف وألواح توراة ومصحف قرآن
أدين بدين الحب أنّى توجــهت ركائبه فالحب ..

وەکوو مەولاناش دەڵێم(حەقیقەت جامێک بوو شکاو هەرکەسەو پارچەیەکی بەرکەوت).
لەکۆتایید دەڵێم، دوای چەندین ساڵ، لە حوجرە و کۆڵێژی شەریعەو ماجستێری ئیسلامی و خوێندنەوە و بیرکردنەوەو تێڕامان و بەراورد کاری، ئەوەی من پێی گەیشتم و بۆم بەیان بوو، خۆزیا، بۆخەڵکی تریش ئاشکرادەبوو.

ئەوخەڵکەی کە ئایین و مەزهەبی تەنها لەڕێگای بۆماوەیی و ڕێکەوتێکی جوگرافی و؟تەبای عامێ دەچمه شامێ، وەرگرتووە.

بێگوومان ئەوکات بیرکردنەوە و تەسەوراتیان سەبارەت بە ئایین و زۆر چەمک و شتی تر دەگۆڕا و شێوازێکی تر و زۆر باڵاتر بیریان دەکردەوە و هەرگیز، لەو جوغزە تەسکەی هیچ مەزهەبێک و ئیدەلۆژیایەک و لە قاڵبی ئایینێکی دیاریکراودا، بیرو تێڕوانین و کەسایەتی خۆیان زیندانی نەدەکرد و ئەوکات دنیایان زۆرجوانتر و جیاوازتر و مرۆڤایەتیشان زۆر باڵاترو پیرۆزتر دەبینی..
ڕێزت هەیه کاکە کەنعان و ئەو یادگاریەشم لە بیرە. کە لەکاتی منداڵیم قورئانم لای تو خەتم کرد و هیوادار هەردەم سەرکەوتووبیت..




هــەی لـچ قـەوی…! شەماڵ بارەوانی

بێگوومان سەرەتا دەمەوێ ئاماژه بەوە بکەم کە هەرکەسێک ئازادە، چۆن دەژیت و لە ژیانی تایبەتی خۆی چیدەکات و چ له لوت و دەم و لێو سنگ و سمتی دەکات و من هەرگیز ئەو مافەم نییە قسەی لەسەر بکەم و بڵێم تۆ بۆ سمتت پڕ سلیکۆن و لێوەکانت فیلەر و کوڵمەت بۆتۆکۆس دەکەیت و بێم و سوکایەتی و بێ ڕێزی پێ بکەم،

هەرگیز، ئەوە له گەڵ مۆڕاڵ و پڕەنسیپەکانی منی لیبڕال و سیکۆلار، کە باوەڕی تەواوم بە ئازادیەکانی مرۆڤ و ژیانێکی لیبڕاڵانە هەیە، یەک ناگرێتەوە.
بۆ ئەوەی کەس قسەکانم بە هەڵە وەرنەگرێت و خوێندنەوەی هەڵەی بۆنەکات و نەلێت تۆ چیت داوە لە ژیانی تایبەتی خەڵک و بۆ قسە لەسەر فیلەر و بۆتۆکس و سلیکۆنی ئەوانیتر دەکەیت.

ئەوەی من باسی دەکەم تەنها لەسۆنگەی گیڕانەوەی چیرۆکێکی ژیانی مناڵی خۆمە و هیچیتر.

ئینجا سەبارەت بە جوانی و ناشیرینیش، لای من هەموو مرۆڤێک جوانە و جوانی شتێکی ڕێژەییە.

چەمکی جوانی گەر لە کلتور و فەرهەنگی گەلان لێی بڕوانیت، هەریەکە و بە جۆرێک پێوەری بۆ داناوە و پێناسەی دەکات و هەر وڵاتێک پێوانە و پێوەر و ستانداردێکی تایبەتی بە جوانی هەیە، کە جیاوازه لە گەڵ وڵاتانی دیکە.

بۆیە پێوەری جوانی،
لە شارێک، لەگەڵ شارێکی تر و لە ناو گەلێک و لە دەڤەر و ناوچە و کلتورێک، لە گەڵ گەلێکیتر و دەڤەر و کلتورێکیکە. بە پێی دابوونەریتەکانیان جیاوازه.
بۆنموونە:
رێکوپێک بوونی ددانەکان لە زۆربەی وڵاتاندا وەکوو پێوەرێک بۆ جوانی لەبەرچاو ئەگیرێت، خەڵکێکی زۆر، پارەیەکی زۆر لە جوانکردن وڕێک و پێککردنی ددانەکانیان خەرج دەکەن،
بەڵام لە ژاپۆن ئەم بابەتە پێچەوانەیه. لەم وڵاتە ژنان ئەڕۆن بۆ لای پزیشکی ددان بۆ ئەوەی رواڵەتێکی شکاو و لار و خوار وئاڵۆز بە ددانەکانیان بدەن. ئەم مۆدێلە لە ژاپۆن پێی دەگوترێ “یائبا/ Yaeba”.

ژنانی ئیرلەندی بە گشتی برۆیان پان، پێستیان روون و لێویان باریکە.
پێستی سپی، لووتی بچووک و چاوی گەورە چەن پێوەرێکن کە بۆ ژنانی کۆریای باشوور زۆر گرنگە. بەڵام لەهەمووان گرنگتر فۆرمی دەموچاویانه کە ئەبێ هاوشێوە دڵ بێت.
بۆیە لەکۆریای باشور، بەربڵاوترین نەشتەرگەری ڕۆخساریانە بۆ سەرشێوەی دڵ.

ژنانی کۆریایی بۆ دەستەبەرکردنی روخسارێکی ئاوەها هەزاران دۆلار سەرف دەکەن.
لە وڵاتێکی وەکوو کینیای نوێ، کوتانی خاڵ، لەسەر ڕوخسار یەکێکە لە پێوەرەکانی جوانی. ژنان و پیاوان بەشێوەیەکی هونەر لەکەشە تایبەت و لەکەڕنەڤاڵەکان و فێستیڤاڵەکاندا، خاڵ لەسەر ڕوخساریان دەکوتن و پێیان وایە بوونی خاڵ لەسەر ڕوخسار ئەو کەسه جیاواز تر و سەرنج ڕاکێشتر و جوانتر دەکات.

لە وڵاتی ئێران بەربڵاوترین نەشتەرگەری، نەشتەرگەری لوتە.
لوتێکی جوان و ڕێک، گرنگترین پێوەری جوانییە
لای خانمانی ئەو وڵاتە.
پێوەری جوانی لەوڵاتانی ئەفریقیا، بە تایبەتی مۆریتانیا، قەڵەویە، ئەو ژنانەی قەڵەون و ڕێژەیەکی زۆر چەوری لەلەشیان دایە، جوانترین ژنن.
لە هەندێک شوێنیش کەم کێشی و کەمەرباریکی وەکوو بوکەڵەی (باربی) جوانترینە و کچ لەڕێگای نەشتەرگەریەوە شێوەی و کەمەر و لەش و لاری وەکوو باربی لێدەکات.

لە شوێنی تر ولاتی تر و لا خەڵکی تریش، سمتی خڕ و پڕ و قەڵەو، بۆ ئەو مەبەستەیش لە ڕێگای سلیکۆنەوە، سمتەکانیان قەبە و خرپن و پڕی هەوای دەکەن.

ئیدی ئاوایە ئەزیزم، تەنانەت
زۆرجار لە هەر سەردەمێکدا، شتکەلیک جوان و مۆد باوبوونە و دواتر و سەرەمێکی تر باویان نەماوە.
لەساڵانی هەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لای خانمان، برۆی بەرز و باریک و قەوس و لێوی بادەمی و بچووک و هێڵکەیی مۆد و باوبووە.
خانمان لەڕێگای مێکاپ و سووراوەوە، لێویان باریک و دەمیان بچووک دەکردەوە، ئێستا پێوەرەکە ڕێک پێچەوانە بووتەوە و لێوی ئەستورو دەمی گەوره مۆدو باویەتیو کچان و خانمان لەڕێگای فیلەر و بۆتۆکسەوە، لێو دەمیان قەڵە و زل و لەشێوەی دەبدەبە عەیب نەبیت پڕ بادەکەن.

برۆکانیشان هەمووی دەکەن بـە تاتۆ.
بۆیە دەبێت ئەوە بزانیت کە لە وڵاتێکی وەکوو ئەسیوبیا، پێوەری جوانی جیاوازە، لەگەڵ وڵاتێکی تری وەکوونەروێژ، یان سوێد، یان فێنلەندا.
گەلی مورسی لە ئەسیوبیا، ژنەکانیان پارچە دارێک، یان پارچە ئاسنێکی خڕ، دەخەنەبەشی خوارەوەی لێویان، بۆ ئەوەی لێویان ئەستوور و درێژ دەربکەوێت.
چونکە وایان پێ جوانترە و مارەییەکەشیان بەو شێوازە زۆرتر دەبێت.

ژنان لەهۆزی(کایان) لە باکوری ڕۆژئاوای بۆرما، نزیک سنووری تایلاند خولیای ئەوەن ملیان وەکوو هی زەڕافەی درێژبێت و بە گرنگترین پێوەری جوانی دەبینن.

ئیتر بەو شێوەیە دەکرێت لای تۆچاوی شین جوان، لای چینیەکان چاوی هێندە بچووک، بەقەد جای مریشکێک. لای عەرەب کەواعیبە ئەترابە و چاوی گەورەو گەش و حۆرالعین، لای کوردیش شتێکی تر.

ئاوایە ئیتر، بۆیە هەرگز، ناکرێت تۆ بێیت و پێوەری خۆت سەبارەت بە جوانی لەخەڵکی بکەیت بە یاساو ئەقیدە و کۆتا پێوەر و هەمووشتێک و ئەوەی لەتێڕوانینێ تۆ و بە پێوانە و پێوەری تۆ جوان، یان ناشیرین بێت، دەبێت لای خەڵکی تریش وابێت.

باسی ئەوم کرد ئێستا مۆد مۆدی بۆتۆکس کردن و لێو ئەستورکردن و دەم زلکردنە،
ئەو پۆتۆکس و لێو ئەستوورکردن و پڕباکردنە، نەک هەر مرۆڤەکان، تەنانەت ئەوەتا بۆ ئاژەڵاکانیش دەکرێت و وەکوو ئەوەی لە هەواڵێکی ماڵپەڕی(خاک تیڤی)یەوە خوێندمەوە، باسی لەوە کردبوو کە:لە پیشبڕکێی هەڵبژاردنی جوانترین حوشترەکان لە عەرەبستانی سعودیە، چەند حوشترێک لە رکابەرییەکە دووردەخرێنەوەو مافی بەشداریکردنیان لێوەردەگیرێتەوە، ئەوەش بەهۆی بەکار‌هێنانی بۆتۆکس بۆ لێوی حوشترەکان لەلایەن خاوەنەکانیانەوە.

ئەم پیشبڕکێیە ساڵانە بۆ هەڵبژاردنی جوانترین حوشترەکان لە سعودیە ئەنجامدەدرێت، بەڵام دەیان حوشتر دوورخراونەتەوە، چونکە خاوەنەکانیان بۆتۆکسیان بۆ لێوی ئەو حوشترانە کردووەو جوانکارییان بۆ کردوون تا ببنە خاوەنی خەڵاتەکە کە بڕە پارەیەکی خەیاڵییە.)

ئینجا با بـێمەوە سەر ئەسلی بابەتەکە و ئەو بەسەرهاتەی ژیانی مناڵی خۆمتان بۆ بگێڕمەوە سەبارەت بە لێوەکانم،

جا بەحوکمی ئەوەی هی من عەیب نەبیت،
هەندەک ئەستوور و قەویه(لێوەکانم)دەڵێم، هەڵە حاڵی نەبن.
جا بەو بۆنەیەوە، لە بیرمە لەدێیەکەمان، سەرەڕای ئەوەی زۆر لەگەڵ کوڕەکان یاریم دەکرد، کوڕێکی تاڕادەک مونەرم و تەبیعات کچانەش بووم و زۆرجار لەگەڵ خوشکەکەم یاری بۆکەڵانێ و کچانەم دەکرد و جارێک بیرم دێت، تەنانەت نەعلەیەکیان بۆ خوشکەکەم کڕی تۆزە بۆ پێیەکانی ئەو گەورەبوو، گوتیان بابۆتۆبێت، منیش قبوڵم کرد، لەگەل کچانی گەڕەک و دێیەکەشمان، لەبەیانی تا ئێوارە هەرخەریکی یاری کچانە بووم، جا هەندەک جار، ئەگەر لەکچێکم دابا، یان توڕە و بێزارم کردبوایە، لە ڕقان پێی دەگووتم(کچ لە ناو کودان باب قاڵۆچان)، بەوە زۆر توڕە دەبووم و پێم دەگووت:قەحپە گووی بخۆ.
بە شتێکیتریش زۆر زۆر پەست دەبووم لەکاتی مناڵیم، کاتێک لەگەڵ کچێک، یان کۆڕێک دەبوو بە شەڕمان، زۆر جاریەکەم جوێن کە بۆم حەواڵە دەکرا(هەی لچ قەوی)ٚ بوو، زۆر بەو جوێنە قەڵس دەبووم و چەندینجار بە هۆیەوە گریاوم و جوێنی زۆر پیسم بە بەرامبەر داوەتەوە لە تۆڵەی ئەوەی پێیان دەگووتم: لچ قەوی، لچ ئەستوور، لچ پەپۆلە، لچ باگوردان..تاد.
نا لەماڵەوەشمان داک و خوشک و براکانم زۆرجار، کە توڕەم دەکردن وەکو جوێنێک پێیان دەگووتم: لچ قەوی

ئێمە لە دەڤەری بەردەڕەش و دێیەکەمان، دێی (بارەون)، بە(لێو)دەڵێین لچ.
کچێک هەبوو، هاوتەمەنی من بوو، زۆر ئەو (هەی لچ قەویەی) پێدەگووتم، کەمن بە جوێنێکی زۆر وەڕزکەر و بێتام و ناخۆشم دەزانی.
خەمی ئەوەم بوو، کاتێک گەورەدەبم و دەبم بە گەنج و دەچمە خوازبینی هەرکچێک، ڕەفز لە دوو ڕفز وەردەگرم و بە هۆی ئەولێوە زلەمەوە هیچ کەسێک شوم پێناکات و کورد وتەنی ئاوا بەبێوە مێردی دەمینمەوە و سەردەنێمەوە.

زۆرجار وەکوو گوتەنی نازانیت خێر لەچیدایه، یان قورئان وتەنی(وعَسی ٲن تکرهُ شَیْئًا وهُوَ خَیْرُُ لَکُمْ)، ساڵان هاتوو ڕۆیشت و دوای چەندین سال و تەواوکردنی زانکۆ، ڕۆژێک بەڕێکەوت ئەوکچەم بینیەوە، پرۆسەی هاوسەرگیری پێکهێناببو و مناڵێکی خنجیلانەی خۆیشی لە گەڵدابوو، لێوەکانی بە فیلەر عەیب نەبیت زۆر ئەستوور و قەوی کردبوو، من یەکەم وشەم کە پێم گووت:ها هەی لچق قوی چۆنیت؟

هاهاها، دایە قاقاو گوتی: ئەوە هێشتا ئەوەت بیرماوە!
گووتم گاڵتەت بە لێوەکانی من دەکرد، کەچی ئێستا، زۆربەی کچان شێت و عەوداڵی ئەوجوره لێوەی وەکوو هی من عەیب نەبیت قەوی و ئەستوورن. دووبارە دامانا قاقا.

گووتی ئەرێ وڵا، هەی لچ قەوی، خۆزگەم بەو لچە هەر به سروشت قەویەی خۆت، ئێمە بە هەزار بگرە و بینە و بەردە و سورا و فیلەر و فرت و فێڵەوە، تا لێومان هەندەک ئەستوردەکەین،
کەچی تۆ لێوێکی ئاوا سروشتی و قەوی و جوانت هەیە.
…………..
تێبینی:
سەبارەت بە قسەکردن لەسەر پێوەری جوانی لە کولتوورە جیاوازەکان و سەردەمەجیاوازەکان و لەناوگەل و نەتەوە و هۆز و ناوچە جیاوازەکان،
سودم لە وێپسایتی(خاک تیڤی). و دوو له کورتە ڤیدۆکانی ماڵپەڕی(xyz)وەرگرتووە.




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک-8-… شەماڵ بارەوانی

بەشی هەشتەم/
لەوڵاتێکی سیستەم سیکۆلاریزمدا ، تۆئازادیت باڕخانە، یان مەلهایەک و کلێسایەک بکڕیت و بیکەیت بە مزگەوت، ئەوێ وەکوو ئێرە و ئەوە نییە، کەمەزهەبی وا هەیە لەفیقهی ئیسلامیدا دەڵێت: نابێت گاورەکان لەسەر خاکی ئیسلامی کلێسای تازە درووستبکەن، تەنها بۆیان هەیە کۆنەکان نۆژەن کەنەوە.

لێرە گەر دەوڵەت و حوکمەت سیوکراتی بێت، کێ بوێری ئەوە دەکات، بڕوات و بڵێت من دەمەوێت، پەرستگایەک بکڕم و بیکەم بە کلێسا! هاوار لەحاڵی و حاڵم بەحاڵ نەبێت و
کەسێک هەبێت سەرکێشیەکی لەو چەشنە سەرشێتانەیە بکات.
تەنانەت ئێستاش لە هیچ یەکێک لە وڵاتە ڕۆژهەڵاتیەکان، لەو وڵاتانەی کەسیستەمەکانیان، نە بەتەواوی لائیک و نەیش سیوکراتین، بەڵکوو تێکەڵیەکن، لەخێڵ و مەزهەب و سیوکراتی و کەمەک سیکۆلاریزم، باسی ئەوانە ناکەم کە ئیخوانی و ئیسلامی سیاسی حوکمی دەکات، وەکوو ئەوەی بەر لەچەند ڕۆژێکە، بینیمان، لە دەیان کەناڵ و ڕۆژنامە و ماڵپەڕی بیانی و جیهانی و کورستانی(پیاوێك و ژنێكی ئه‌ندۆنیزی دوای ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ بینران و دادگا بڕیاری له‌سه‌ر جه‌ڵدكردنیان دا، له‌ لایه‌ن پۆلیسی شه‌رعییه‌وه‌، به‌ گوێره‌ی شه‌ریعه‌ت جه‌ڵدكاری ده‌كرێن.)و جەڵدیش کران!

ئەوەیە جیاوازی و ماڵوێرانی و ترسناکی حوکومەتی سیوکراتی، لەگەڵ دەسەڵاتێکی سیکۆلاریستی تەمام عەیار، کە نە سەربڕین و دەست و پابڕین، نە ڕەجم کردنی مرۆڤ و نەیش جەڵدکردن و دارکاریکردنی هیچ کەسێکی تێدایە وەکوو ئەوەی لە دەوڵەتە مەزهەبی و سیوکراتی و ئیسلامیەکان دەکرێت.

لە ناو سیستەمی سیکولار، سزای فیزیکی و لە سێدارەدان نەماوە، بەڵکوو تەنها سزای سایکۆلۆژی و پێبژاردن و زیندانکردن هەیە، لە ڕوانگەی سیکۆلاریزمەوە: سزای فیزیکی و جەستەیی، سزایەکی دڵ ڕەقانەیە و هەرگیز، لە گەڵ پڕنسیپەکانی مرۆڤ بوون یەکناگرێتەوە.
با ئەو مرۆڤه، هەر هەڵەو تاوانێکی کردبێت. هەڵبەت کەدەڵێم: هەڵە، یان تاوان، ئەو هەڵە و تاوانە، ئەوەیە کە سیکۆلاریزم بە تاوانی دادەنێت، نەک ئەوەی مەزهەب و سیستەمێکی سیوکراتی لە خەڵکی کردوون بە تاوان و لادان و هەڵە.

دەیان و سەتان شت هەیە، لەسیستەمی سیکۆلاریزم دا، دەچنە خانەی تایبەت مەندی و ئازادیەکانی مرۆڤ و ئازادی تاکەکەسین و هیچ کەسێک و گرووپێک و مەزهەبێک و ئاڕاستەیەک و ئیدەلۆژیایەک بۆی نییە بە ناوی ئایین و مەزهەبەوە، بە ناوی حەڕام و لادانەوە، بە ناوی ئاسمان و خوداوەندەوە، بچێتە ناو ژیانی تایبەتی و ئازادی کەسێنی هیچ مرۆڤەکەوە و لەسەر ئەمە قسەبکات، یان سزایان بدەت. نەلەسەر ئاستی دەوڵەت و نەدەوڵەتی سیکۆلاریزم، نەیش لەسەر ئاستی تاک و هیچ تاکێکی سیکۆلار.

بۆ نموونە: خۆشەویستی نێوان کچ و کوڕێک، سوڕانەوەیان پێکەوە، ئایین گۆڕین، یان بێ ئایینی و وازهێنان لە ئایین، ڕەخنەگرتن لە مەزهەب و ئایین، ڕەگەز گۆڕین،

هۆمۆسێشکواڵێتی و لیسب و ترانز جێندەر..تاد. ئەوانە و سەتان شتی تر و نموونەی تر، کە بە پێی پێوەری سیکۆلاریزم، ئازادی و هەڵبژاردنی تاکە کەسین و مافێکی پارێزراو ڕێز لێ گیراو سەرەتایی هەر مرۆڤێکە، ئازادی و حەقێکی سروشتی هەر کەسێکە، بەو شێوەیە بژیت، کە خۆی حەزی پێدەکات و هەڵی دەبژێرێت، کەتۆزیانت بۆ ئەویتر نییە و ژیانی تایبەتی خۆت دەژیت، کێ حەدی هەیە، بێتە ناو ژیانتەوە و یاساو دۆگم و نۆرم و ئایدیۆلۆژیاو مەزهەب و تێگەیشتنی خۆیت بەسەردا بسەپێنت و لێت بکات بە یاسا.




“كودەتای پەرستگا”… شەماڵ بارەوانی

کتێبێکە حەقیقەت .شایەنی هەڵوەستە لەسەرکردن و خوێندنەوەیە،
“كودەتای پەرستگا”چارەسەرێکی بوونگەرایانەی ئاینە.
بە ڕێگەچارەیەکی وجودیانە بۆ ئایین و هەڵگەڕانەوەو وەرگەڕانەوەو کودەتاو شۆڕشێک لەدژی کاهینەکان و مەعبەدەکان، لەفێندەمێنتالیزم و سەلەفیزمی ئایینی، لە کەلەپوورو ڕابردووگەرێتی، لەتراژیدیای ئایدیۆلۆژیاکان، لە دۆگم و تێگەیشتنە سەتحیەکان، لەو مەعبەدانەی پڕن لە دەمارگیری ئایینی و ڕاسیزم و ڕق، خاڵین لە خۆشەویستی و مرۆڤایەتی.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت دەبێت چارەسەرێکی وجودیانە بۆکێشەکانی مرۆڤایەتی بدۆزینەوە و بە وجودیەت کێشەکانی مرۆڤایەتی چارەسەربکەین. شۆڕشێکی وجودیانە، شۆڕشێک ویژدان بنەمای بێت، شوڕشێک مرۆڤ بکات بە پێوەر، شوڕشێک تێگەیشتنێک بێنێتە بوون، چیتر بوونی مرۆڤ پێش ماهیەتی بخرێت، مرۆڤ پێش ئاین، مەزهەب، نەتەوە و ڕەنگ و ڕەگەزەکەی بخرێت و تەنها مرۆڤبوونی مرۆڤ بە پێوەر و ڕەچاو بکرێت و لەبەرچاوبگیرێت، مرۆڤ یەکەمین و دواهەمین شت بێت.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت پێویستمان بەئاینێکیترە، ئاینێکی وجودی، ئینسانی و ئەخلاقی، ئاینێک پەرستگاکەی دڵ بێت و کەعبەکەی مرۆڤ و پێغەمبەرەکەی ویژدان.

ئاینێک وجودی مرۆڤ لەبەرچاوبگرێت، ڕەچاوی خواست و حەزو ئیرادە و ماف و ئازادیەکانی تاک بکات و بوونی مرۆڤ بە تەواوی مانا بەرزو پیرۆز بنرخێنێت. چیتر بە ناوی ئاینەوە لە ئازادی مرۆڤ نەدرێت، ئازادیەکانی تاک دەستی بەسەردانەگیرێت و سەربەستیەکانی ژن دەستبەسەرنەکرێت و مرۆڤبوونی مرۆڤ پێشێڵ نەکرێت. ئاەقڵی مرۆڤ لەقاڵب نەدرێت و ویژدانی مرۆڤ خەفەنەکرێت.

چیتر لەژێر ناوی مەزهەب و لەژێر پەردەی ئاین و بە پاساوی ئاینی مرۆڤ بە کۆیلە و بەکەنیزە نەکرێت. ڕەخنە بەبڤە و جیاوازیەکان دەمکوت نەکرێن.

ئاینێکی وجودی، وجودیەتێک، مرۆڤ بکات بە گەوهەری ژیان و سەنتەری بوون. ویژدانی مرۆڤ بکات بە ئایین و دڵ بە پەرستگا.
وجودیەتێک، هەڵگری پەیامێکی ئەخلاقی و ئینسانی بێت، لەخەمی مرۆڤەکان کەم بکاتەوە و ئازارەکانیان سڕبکات و لە کۆیلایەتی فیکری و جەستەیی و دەروونی ڕزگاریان بکات.

مرۆڤەکان لە ئەشکەوتی تێگەیشتن و بیری دۆگمایی و چەقبەستوویی دید و بەستەڵەکی ئەقڵ و لە دەستی پەرستگاکان ڕزگاربکات و مرۆڤ بێنێتەدەر و تێکەڵ بە فەزای ژیانیان بکات.
مرۆڤایەتی لەگۆشەی مەعبەدەکان قورتاربکات، ئەو مەعبەدانەی بەڕۆژ ناوی خوداوەند بەرز ڕادەگرن و بەشەو مرۆڤەکانی لێدەدزن!

ئەو پەرستگایانەی لەلایەک بانگەشەی خۆشویستنی خوداوەند و مرۆڤایەتی دەکەن، لەلایەکەیتر تۆی دەمارگیری ئایینی و ڕقی مەزهەبی و پەتای پەرتەوازەیی لە نێوان مرۆڤەکان بڵاو دەکەنەوە!

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت مەعبەدەکان بنەمای هەموو کێشەکانن، بتەوێت باوەڕبهێنیت و باوەڕداربیت، مەرجی یەکەم بێ باوەڕبوونتە بە مەعبەدەکان.
کفرکردن بە مەعبەدەکان و جاڕدانی بێ باوەڕی لە هەمبەر مەعبەدەکان، ڕوکنی باوەڕ و پێشمەرجی ئیمانە.

كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت ژیانی ئێمە بە فیقه و فەتوا و تێگەیشتنی کاهینەکان لاقەکراوە. ژیانمان مەحکومە بە فیقه و بڕیار و ئەحکامی فەقێ و پیاوانی ئایینی و کاهینەکان. بە شافیعی و ئیبنولتەیمیەکان. بە عن عنەو قیلەو قالەکان.
نەک فەلسەفە و فەیلەسوفەکان ،بە ئیبنولباجە و ئیبنولتوفەیلەکان. بەعیرفان و عاریفەکان، به مەلاناو هەلاج و ئیبنولعەرەبیەکان.

“كودەتای پەرستگا”
وەکو کیرکگاردسۆرین پێمان دەڵێت (گرنگ نییە، باوەڕمان بە چی هەیه، گرنگ چۆنیەتی ئەو باوەڕهێنانەیە)،

تاچەند باوەڕەکەت، لەگەڵ مرۆڤ دۆستی، لەگەڵ ژینگە دۆستی، ژیان دۆستی و ئاژەڵ دۆستی، لەگەڵ مرۆڤ دۆستی دەگونجێت و بەرکەوتنی لەگەڵ ویژدان و مۆڕاڵ و ئەخلاقی مرۆڤایەتی نابێت.
تاچەند باوەڕەکەت جێگای فرە باوەڕی تێدا دەبێتەوەو ڕێز لەباوەڕەکانی تر دەگرێت. ڕێز لە ئازادی بیروباوەڕ و ئازادی ویژدان و هەڵبژداردنی ئەوانیتر دەگرێت. باوەڕەکەت تاچەند باوەڕی بە پێکەوە ژیان و بیری ناتوندوتیژی و تولەرەنس و ڕێبازی مرۆڤایەتی هەیە.

تاچەند باوەڕی بە پلوالیەتی ئایینی، کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە، ئەوە گرنگە. جا خوام دەکرد باوەڕ و ئەقیدەکەت، ئایین و ئیمانەکەت، مەزهەب و قەناعەتەکەت بەردێک، خاچێک، بتێک و درەختێک دەبوو. گرنگ ڕێز لە مرۆڤایەتی بگریت و باوەڕت بە خۆشەویستی و برایەتی و تەبایی و یەکگرتوویی نێوان مرۆڤەکان هەبێت.
Shamal Ismael Kareem
نەک ئەقیدە و باوەڕێک بێت، لە پێناویدا، سەری مرۆڤەکان ببڕدرێت و خەڵکی پێ بکرێت بە کۆیلە و پێی لە مرۆڤایەتی و کەرامەت و ئازادی و ژیانی مرۆڤەکان و ئەقڵانیەت و شارستانیەت و هەموو بەها و جوانیەکی بوون و مانایەکی ژیان بدرێت وجودی پێ وێران بکرێت.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت ئێمە نوێژخوێنمان بەدەست هێنا،وەلێ نوێژەکەمان لەدەستدا.
مەعبەدمان ڕۆنا، ئەفسوس مرۆڤایەتیمان ڕماند،“

كودەتای پەرستگا”
وەکو هێرمان هسە دەڵێت(ئەوەی دوێنێ خەمربوو، ئەمڕۆ بووە بەخەل).
ئەوەی پێشووتر تابوو بوو، ئێستا ڕەوایە.
مرۆڤ لە جیاتی ئەوەی بەناوی خوداوەندە ئازادبکرێت، کەچی بە پێچەوانەوە دەکرێت بە کۆیلە.
ئایین لە ئایینی خوداوەند و مرۆڤایەتیەوە، بووە بەئایینی کاهین و فەقێکان.
مەعبەدەکان بوون بە جۆرێک لەفرۆشگاو دووکانی سیاسی و ماڵی بازرگانی کردن. باوەڕ بووە بەبێ باوەڕی.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت دەبێ لە مەعبەدەکان بێینەدەر و بڕۆین بۆناو وجود، تەنها بەدەرچونت لە مەعبەد نەبێت، لە وجودی خۆت تێناگەیت.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت گەڕان بە دوای ئیسلامدا لە بێدەنگی سەلمان فارسییە، نەك لە ناو دووتوێی كتێبەكانی ڕازی، لە مەنفای ئەبی زەڕە، نەك لە قوڕەیشی بوونی خەلیفەكان، لەكوخەكەی عەلیە، نەک لەناو کۆشک و تەلاکانی مەعاویه.
لەسەرخاچەکەی هەلاجە، نەك لە ناو ئەقڵیەتی ئیبن سینا.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت خوداوەند پێویستی بە دروستکردنی مەعبەد نییە، بەڵکو ئەو پێویستی بەدروستکردنی مرۆڤە.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت لە تێکستەوە بۆ وجود، لە مێژووەوە بۆواقیع، لە داخران و تاکڕەهەندی جیهان بینیەوە، بۆ ناوئاپۆڕای ماناکان، لە خەتمی نبووەت و قفڵکردنی فیکرو قەدەخەکردنی تەئویلکردن و داخستنی دەرگای تەفسیرە نوێکان، بۆ کرانەوەی ئەقڵ و کردنەوەی لوغز و کۆدی چەمکەکان و سەرەتاو دەسپێکێکیتری خوێندنەەوەی دەقەکان.
لە تۆتالیتاریەتی ئایینیەوە، بەرەو پلورالیزمی ئایینی.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت کێشەکە ئەوە نییە، کەمرۆڤەکان لەئایین دەرچوون، بەڵکو تراژدیدیاکە دەرچوونی ئایینە لەمرۆڤ بوون.
“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت:سودی چییە ئاینت هەبێت و ویژدانت نەبێت. مەزهەبت هەبێت و مرۆڤ بوونت نەبێت. سودی چییە ئایین لە جیاتی ئەوەی مرۆڤ ئازاد بکات و بەرگری لە ئازادیەکانی تاک بکات، بە پێچەوانەوە مرۆڤ بە ئاین بکرێت بە کۆیلە و لە ئازادیەکانی بدرێت.

“كودەتای پەرستگا”
بانگەوازیکردنە بۆ ئایینێکی تر و ئاشنابوون بەخوداوەندێکیتری جیاواز لەوەی کاهینەکان و مەعبەدەکان بە خەڵکیان ناساندووە. ئەو مەعبەدانەی ڕێگەی خودا ناسی و ئینسانیەتیان لەبەردەم مرۆڤەکان شێواندوەو وندکردووە.

“كودەتای پەرستگا”
داوای ئایینێکیتردەکات، ئاینێک مرۆڤ تێیدا گەوهەربێت.
ئایینێک لە جیاتی ئەوەی ڕق فێری مرۆڤەکان بکات، فێری خۆشەویستی یەکتریان بکات. لەجیاتی ئەوەی داوای بە کۆیلەکردنی مرۆڤەکان بکات، مرۆڤەکان لە کۆیلایەتی ئازادبکات.
ئاینێک، ڕێز لە جیاوازیەکان بگرێت و باوەڕی بە ئاشتی و پێکەوژیان هەبێت. ڕەگەزپەرستی ڕەتکاتەوە و بە چاوێکی یەکسان سەیری هەموو مرۆڤەکان بکات.
ئایینێک، لەبەر بۆچونی جیاواز و لەسەر ئایینی جیاواز، بەکەم و گڵاو پیس سەیری هیچ کەسێک نەکات.

كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت مەعبەدی پێغەمبەر مرۆڤە.
پێغەمبەر ئایینی بۆ خزمەتی مرۆڤ هێنا…کاهینەکان مرۆڤ دەکەن بە خزمەتکاری ئایین.
پێغەمبەر لەمرۆڤایەتی دەگەڕا لەناو ئاییندا.. وەلێ کاهینەکان لە خشتی پەرستگا.

پێغەمبەر دەڕۆشتە هەموو پەرستگایەک…… کاهینەکان تەنها دەڕۆن بۆ یەک پەرستگا.
Shamal Ismael Kareem
“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت گرنگ نییە تۆ ئاینداربیت، ئەوەی گرنگە تۆ مرۆڤ دۆست بیت، گرنگ نییە تێکستە ئایینیەکان ئەزبەرزکەیت، گرنگ مرۆڤایەتی و مرۆڤ بوونت لەبیرنەکەیت.

“كودەتای پەرستگا”
خوداوەندێکیترمان پێدەناسێنێت،
خوداوەندێک، نەپێویستی بە ترساندن و نەیش بە تیرۆر و کوشتن و تۆقاندنی مرۆڤەکانە.
نەپێویستی بەگوتەبێژ و نەبە فەقێ و کاهین و پیاوە ئاینیەکانە.نەپێویستی بە شمشێرو نەبە دۆزەخ و نەبە زۆر لێکردن و ناچارکردنی مرۆڤەکانە.

خوداوەندێکی میهرەبان، لەسەر ڕیشی درێژ و شەرواڵی کورت هیچ کەسێک سزانادات. لەسەر ئەنجامنەدانی نوێژو نەپەرستنی خۆی، لێپێچینەوە لە هیچ کەسێک ناکات.

خودایەکی بە سۆز و میهرەبان، خودایەک هەموو مرۆڤەکانی خۆشدەوێت. بە جیاوازی دروستی کردوون، بۆیە جیاوازیەکانیشی خۆش دەوێت. خودایەک لە ڕەخنە و بیری ئازاد و لەپرسیار و گومان و ئایین و دیدی جیاواز ناترسێت.

خودایەک، ڕقی لەبەرتەسکردنەوەی سنوری ئازادیەکانە، ڕقی لەقوتکردنەوەی بت و دروستکردنی مەعبەدەکانە، ڕقی لەسانسۆر و بەکافرکردنی عەلمانیەت و بە تابووکردنی دیموکراسیەت و بە بڤەکردنی مۆدێڕنێتە و بەهەرتەقەکردنی ئازادیەکانە. ڕقی لە دەستوەردان لەژیانی تایبەتی مرۆڤەکان و بیروباوەڕی خەڵک و هێڵکێشانە.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت فقهی فەقێکان و
قسەی کاهینەکانمانکرد بە ئایین وئاینی خوداوەندمان کەمرۆڤایەتییە لەدەستدا.
خوداوەند ئەقڵ و ئیدراک، ئازادی و ئیرادەی بە ئێمە بەخشی و مرۆڤەکانی بە ئازادی دروستکرد و ئازادی پێدان، وەلێ فەقێ و کاهینەکان، ئاخوند و مەعبەد و پیاوە ئایینیەکان، ئەو ئازادیەیان لە مرۆڤەکان زەوتکردو بە ناوی ئاسمانەوە، دەستیان بەسەر زەوی و مرۆڤ بونی مرۆڤەکانداگرت.

خۆیان لە هەموو شتێکی مرۆڤەکان هەڵقورتاندو دەستیان لە هەموو تایبەت مەندیەکی مرۆڤەکان وەردا.
لەمۆسیقا ژەنین، جڵ وبەرگ و چۆنیەتی خەوتن، سمێڵ کورتکردن و ڕیش تاشین، شێوازی نان خواردن و ڕێکردن، چونە سەرئا و سێکسکردن، لە خۆشۆردن و فتبۆڵێنکردن، ئابوری، زانست و خوێندن، سیاسەت و حوکمکردن، لەیەکەم چرکەساتی لە دایکبونتەوە، تاکۆتا هەناسە و مردن، تاخستنە ناو تابووت و ژێر خاککردن، لە هەموو شتێک وازت لێناهێنن و دەست لەبونت وەردەدەن.

“كودەتای پەرستگا”
پێمان دەڵێت کاتی ئەوە هاتووە ئایین لە دەست کاهینەکان و پێغەمبەر لەئایینی مێژوویی و خوداوەند لە مەعبەدەکان دەربێنین و مۆنۆپۆلکردنی پیرۆزیەکان و ڕاستیەکانیان لێ بسەنینەوەو دووبارە پێناسە بۆ چەمکەکانی باوەڕو پەرستش و ئایین و ئەخلاق و ئەقیدە و بەهاکان بکەینەوەو پێناسەکان دابڕێژینەوەو وشەی کفرو کۆیلایەتی و تۆی ڕق و بیری ڕەگەزپەستی و ناوی جەنگ، لە فەرهەنگی مروڤایەتیدا بسڕینەوەو لە جیاتی ئەوەی هێندەی خەریکی باسکردنی تەوحیدی خوداوەندبین، هەوڵی تەوحیدکردن و یەکگرتنی مرۆڤەکان بدەین.
لەجیاتی ئەوەی هێندەی شەڕ بە ناوی ئاسمانەوە بەرپابکەین و ژیانی ئێرە بە ناوی بەهەشتەکەی ئەولاوە بە دۆزەخ وێران و مرۆڤایەتی خەڵتانی خوێن بکەین،
با ئاشتی لەسەر زەوی بەرقەرار و بەهەشتێک بۆ مرۆڤایەتی لێرە دروست بکەین.

مرۆڤایەتی ئاشنای چەمکی ڕێژەیی بوون و ئاشنای تولەرانس و لێبوردەیی و پێکەوژیان و خۆشەویستی و یەکترقبوڵکردن بکەین.

ماوەتەوە بڵێم
عەبدولڕەزاق جوبران/
مرۆڤێکی مرۆڤ دۆست و نووسەرێکی جوان نووسە.
ئەو لەکتێبەکان و نووسینەکانیدا،
داوای بە مۆدێڕنەکردنی ئاین و بە سەردەمیکردنی ئایین و گونجاندنی ئایین لەگەڵ دنیای تازەگەریدا دەکات.
داوای شۆڕش و کودەتا بە سەر کاهین و مەعبەدو فیقه و کەلەپووری ئایینی و دووبارەو
پێداچوونەوەو هەموارکردنەوەو خوێندنەوەی تێکستەکانی ئایێندەکات.
لە ڕێگەی وجودیەتێکی ئینسانی ئەپستراکت و ڕووت، وجودیەتێک لەگەڵ بەهاکانی ئینسانیەت و پڕەنسیپەکانی مرۆڤبوون یەکدەگرێتەوە و مرۆڤ دەکات بە ماک و بنەما؟و پێوەرو سەنتەر.
Shamal Ismael Kareem
“كودەتای پەرستگا”
داوای خوێندنەوەیەکیتری ئایین، دوور لەو خوێندنەوە فقهیه کلاسیکیه مەزهەبیە سیاسیە مێژووییەی پێشووتری ئایین دەکات.

جوبران بانگەوازی بو ڕوانگەیەکی مرۆڤانە و وجودیانەی ڕبوبیانە دەکات، وجودیەتێکی باوەڕداری لەشێوەی وجودیەتەکەی کیرکەگاردسۆرین،

نەک وجودیەتە بێ باوەڕیەکەی سارتەر، وەڵێ ئەو ڕوانگەیەکی زۆر باڵاو ئەخلاقی و مرۆڤ دۆستانەو جوانی هەیە بۆ مرۆڤ بوون، ئەو لەجوغزێکی تەسک و گوشەیەکی دخراو ڕوانینێکی ئایینی و دیدێکی تاریکی ئایدیۆلۆژی و مەزهەبی و لەسەر بنەمای ڕەش-سپی ، باوەڕ-بێ باوەڕ،بەهەشت دۆزەخی..
لەمرۆڤ ناڕوانێت، بەڵکوو جوبران لە دیدێکی هیومانیستانەو مرۆڤ دۆستانە مرۆڤ دەبینێت.ئەو بۆچونی وایە کە هەرگیز خوداوەند لەسەر بێ باوەڕی مرۆڤ سزا نادات و کێشەی خوداوەند کێشەی باوەڕهێنان یاخود بێ باوەڕی نییە لەگەڵ مرۆڤەکان،
بەڵکو کێشەی ئەو زاتە ستەم و دادپەروەریە، کێشەی نوێژنەکردن و نەچونە مەعبەدنییە، بەڵکوو کێشە بابەتی باپەندنەبوون بە ئەخلاق و مۆڕاڵی مرۆڤدۆستی و جێبەجێکردنی بەهاکانە لەناومرۆڤدا.

بۆیە ئەو بە پیاوەئاینیەکان و فەقێ و کاهینەکان دەڵێت بەسیەتی چیتر خۆتان لەخۆتانەوە مەکەن بە نوێنەری خوداوەند و سێبەری ئاسمان و دەرگاوانی دۆزەخ و پسوولەی چونە بەهەشت و دۆزەخ بەمرۆڤەکان مەفرۆشنەوەو بەهەشت و حەقیقەتەکان تاپۆی سەرخۆتان مەکەن.

بەهەشت و ڕەزامەندی و میهری خوداوەند زۆر لەوەگەورەترە کەئێوە لەو سنورەتەسک و ڕوانینە مەزهەبی و ئایدیۆلۆژیەداخراوە دەیبینن.
میهرو سۆزو لێبوردەیی و بەهەشتی خوداوەند، تەنها تایبەت بەکەسانێک و ومولکی ئایینێک و گرووپێکی فەندەمێنتالیست و مەزهەبێکی دیاریکراونییە، بەڵکوو هی هەموو مرۆڤەکانە، بوودی، جو، مەسیحی، زەردەشتی،کاکەیی، ئێزدی و موسڵمان، هی هەموانە.

سیکولەرو ئەتێست و گومانگەراکانیش، بەڵێ هی ئەوانیشیە. خوداوەند، هیچ کات لایەنگری گرووپێک، لە دژی گرووپێکیتر نییە، شەڕی ئایینێک لەدژی ئاینێکیتر ناکات و لە بەر جیاوازی مەزهەب، ئیدەلۆژیاو ئایین و ڕەگەز و نەتەوە، جیاکاری لە نێوانی مروڤەکان ناکات و ڕقی لە مرۆڤ نابێتەوەو جاڕی جەنگ و نەفرەت و کەرب وکینە و لایانگری بۆکەسانێک،
لەدژی ئەوانیتر نادات و دەرگای ڕەحمەت و بەهەشتە فراوانەکەی بۆخەڵکانێک بخاتە سەرپشت و بەڕووی ئەو هەموو ملیارەی تری مرۆڤایەتی دابخات.!
..
شەماڵ بارەوانی




ڕەواهو تەبەڕانی، حەقەقەهو ترمزی، باشیان لەدەست ئێمەدا لە پاپۆڕ هەتا دەرزی… شەماڵ بارەوانی

لەماڵپەڕی(دابڕان)، کاتێک،
ئەوە نووسینەم:(مۆدێلێكی نوێی ئیسلامگەراكان بۆ باڵاپۆش كردنی خانمان …!
بە دروشمی “لەدوای ڕەمەزانیش لەچکەکانمان لانابەین”یەكەمین فیستیڤاڵی ڕێكخراوی مەلای گەورە بەبەشداری زیاد لە 300 کچی تازەى باڵاپۆش لەشاری سلێمانی بەرێوەچوو،) بینی،

لەگەڵ وێنەی کۆمەڵێک کچی تەمەن هەرزەکار و مناڵ و بێ ئەزموون، کەکەوتوونەتە داوی ئیسلامی سیاسی و بە فاقی ئیدەلۆژیای ئیسلامی سیاسی وەبوون.

نەمزانی نە بیدەمە قاقا و پڕ بەگەرووم بگوڕێنم، بۆ ئەو ئەقڵیەتە ساواو پرۆژە مەهزەلە و مناڵانەیەی تاجی قوڕخستنە سەر و لەچکی سیاسی ئیسلامی سیاسی و تێر تێر پێبکەنم، یان بۆ ئەو هەموو کچە هەرزەکارە بێ پاکگراوەند و بێ ئەزموون و بێ ئاگایەی کوردی هاونەتەوەو هاوزمانی خۆم بدەمە پڕمەی گریان و تێر تێر بگریم،

ئەو هەموو هەرزەکارەی، کە کەوتوونەتە داوی ئیسلامی سیاسی و بوون بە قوربانی ئەجێندای نەیاری نەتەوەکەم و پرۆژەی تەعریب و لەچکی سیاسی.

بەڕاستی تووشی شۆکبووم.
تکایە: ئیسلامی سیاسی کە ئەو هەموو دەرفەت و ئازادیەی کارکردن و چاڵاکی نواندا و پڕۆژەی بەتەعریبکردن و بە ئیخوانیزەکردنی کۆمەڵی کوردەواری و تاکی کوردیتان پێدراوە، بێ ئەوەی هیچ کەسێک هەست بە ترس و بەرپرسیارەتی و خەمخۆری بکات، لە بەرامبەر ئەجێندا داعشی و پڕۆژە تەعریبەکەی ئیسلامی سیاسی لەسەر ئێستاو ئایندەی وڵات و ڕۆحی لێبوردەیی و گیانی پێکەوە ژیان و چەمکی پلورالیەت و یەکتری قبوڵکردن و کۆمەڵی کراوەو پێیان بڵێت لە پشت چاوەکانتان دوو برۆ و سەرووی دەمتان لوتێک هەیه.

هەر هیچ نەبێت، ناوی کەسانێکی وەکوو مەلای گەورە ناشرین مەکەن و پێیان بڵێن ئازاد بن وەکوو ئەوەی هێندە ئازادن لەوەی بەدڵی خۆتان لەمینبەرەکانتان و کەناڵەکانتان و لەسۆشیال میدیا، جوێنی مزرو نەفرەتی خوداوەند و چی بێ ڕێزیەک هەیه، بە گونیە، بۆ پیکەوەژیان و ئایینەکانی ترو شوێنکەوتوەکانیان و بۆ مرۆڤە و لائیک و سیکۆلاستەکان و کچەمۆدێل و هەموو جیاوازیەکان بنێرن.

وەلێ لەوەیان ئازاد نین، ئێوەی ئیسلامی سیاسی، بێن و بەکاهی دڵی خۆتان ناوی مەڵایەکی مرۆڤ دۆست و کورد پەروەری لەنموونەی گەورە، تێکەڵ به ئیدولۆژیای ئیسلامی سیاسی پڕۆژەی تەعریب بکەن.

بۆیه لەهەر هەنگاوێکی گەوجاندنی تاک و چاڵاکیەکی لەخشتەبردن و فیستیڤاڵێکی ئەقڵ فڕاند و لەچکی سیاسیدا، گونجاوتر و جوانتر و باشتروایه، ناوەکەی بکەن بە ڤیستیڤالی ڕیکخراوی سەید قوتب و مەودودی و حەسەن بەناو قەرەزاوی و مەلا عومەری تاڵیبانی و ئەبوو عومەر شیشانی و زەینەب غەزالی و ئامینە ئۆردوگان.

نەک ناوێکی وەکوو ئەوزاتە عەزیزم و ئەو مەلا ڕووناکبیر و بیرمەندو خوێنەوارو مرۆڤ دۆست و زانست پەروەر و کوردپەروەرەی لە نموونەی مەلای گەورەی کۆیە، گڵاو ناشرین کەن.

من لەشوێنی بنەماڵەی مەلای گەورەبم، ڕێک سکاڵایان لەسەر تۆماردەکەم، لەسەر ئەو بێ ڕێزیەی کەناوی مەلایەکی کوردپەروەری وەکوو مەلای گەورە، به پرۆژەیەکی تەعریب و لەچکی سیاسی ئیسلامی و بیری عروبە ناشیرین دەکەن.

کاکە
کچەکانی مەلای گەورە و ڕەوا جەلیزادەی کچە هونەرمەند تابلۆکێش و فاشیونیستی نەوەی مەسعود محەمەدی بیرمەند و کوڕی مەلای گەوره، ئەو لەچکە سیاسی و ستایلە سیاسیەی لەچک و لەچکیان نەکرد و نایکەن، ئیتر ئێوەی ئیسلامی سیاسی ئەو خۆڵکردنە چاوی خەڵکەتان لەچی!؟
کوڕە مەلای گەوره هەرباوەڕی بە ڕیوایەت و شت نەبووە،
(ڕەواهو تەبەڕانی، حەقەقەهو ترمزی
باشیان لەدەست ئێمەدا لە پاپۆڕ هەتا دەرزی)

بڕۆن تۆزەک ڕوانین و جیهانبینی ئەو زاتە و تەفسیرو هەموو بەرهەمەکانی (حكایات خەون و كەرامات”، “دیاری مەلا محەممەدی كۆیی”، “عەقیدەی ئیسلام”، “نوێكەرەوە”، “فڕی فڕی قەل فڕی”، “تەفسیر قوڕئانی پیرۆز ”و
المصقول فی الأصول”، “القائد فی العقائد”، “الكلام الجدید”، “حقیقە الایمان”، “المشاهد”، “الإله والطبیعة والعقل والنبوة”، “المعجزات والكرامات”، “حقیقە الاسلام”، “أبهی المآرب وإثبات الواجب”، “كشف الأستار فی مسألە الاختیار”، “ضیاعان عظیمان”، “الأشخاص الستة”، “الحدس سلم الإرتقا‌ء”، “خراب العالم”، “غایتي وأملي فی علمي وعملي” لەگەڵ “الوسیلة في علم أصول الفقه”.) ئەو مەلا بیرمەندە ڕیفۆرمخوازە ڕۆشنفکرە بخوێننەوە. تاباشتر بیناسن، کەهەر گیز نەتان ناسیوە.
ئێوەی ئیسلامی سیاسی و مەلای گەوره، نێوانتان ئاسمان و ڕێسمان جیاوازە، یان کورد وتەنی و حۆشتر و حەمام و کوجا و مەرحەبا.
کوڕە مەلای گەورە دیاره وەکوو ئەوەی ئێوەی ئیسلامی سیاسی، لینگاوقوچ لێی حاڵی بوون، هەرباسی لەچکی بۆ ژن و کچی کورد کردووە!
لەکاتێکدا بە پێچەوانەوە:
(یەکێک لەو بابەتانەی کە مەلای گەورە زۆر ئاوڕی لێداوەتەوە؛ بابەتی ئازادیی ژنان و خوێندنیان بووە. یەکێک لەو ھەنگاوە گرنگانەی لەم بوارە نای، ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٢٦ کچی خۆی ناردە مەکتەب. پێشی وابوو کە دەبێت کچان لە گەڵ کوڕان لە مەکتەب لەسەر یەک کورسی دابنیشن و ئەوانیش وەکوو کوڕان خوێندەوار بن و فێری زانست ببن)

ئەومەهزەلەیەی ئیسلامی سیاسی شتێکیتری تری هێنامەوە یاد، کۆمەڵێک مەڵاو هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتیم، کە سەربەئیسلامی سیاسین و باوەڕیان بەیەک دێڕ لەو هەموو شیعره غەزەلی و دڵداریانەی ناو دوو توێی دیوانەکەی مەحودی کەلە شاعیر و گەورە ئەدیبی کورد نییە،

کەچی بەرلەچەندساڵێکە لەهەولێر
هەمان شێوە، ڕێکخراوێکیان بەناوی(مەحوی)دانابوو،
لەژێر ناوی مەحویدا، خەریکی بڵاوکردنەوەی بەرنامەی ئیسلامی سیاسی و ئەجێندای تەعریب و بیری ئیخوانچیەتی بوون.
وەکوو ئەوەی بڵێیت مەحوی شاعیر و ئەدیب، کاتی خۆی دەستەڕاستی حەسەن بەنای دامەزرێنەری ڕێکخراوی ئیخوانولموسلیمین، باشتروایه بڵێین(موفلیسین)بووبێت.

هەربەڕاستی ئەوانە موفلیسن، هیچ پرۆژەیەکی جدی ژیانیان لا نییە، دێن و خەڵکی بە کۆمەڵێک بابەتی سادەو کەسی و شتی تایبەتی مرۆڤەکان، لەوێنەی لەچک و سیواک و برۆ هەڵگرتن و مێکاپ کردن ..تاد. سەرقاڵ دەکەن.

وەکوو بڵێیت: لەو سەردەمی جەنجاڵی و
Shamal Ismael Kareem
ئەو هەموو قەیرانەدا،، خەڵکی هیچ کێشەیەکی نەبێت، تەنها کێشەی لەچک و ڕیش و سیواک وچی و چی ئیسلامیەکان نەبێت!

هەربەڕاستی
ئیسلامی سیاسی، خاوەن دیدێکی داعشانە و ڕوئیایەکی تابڵێیت تۆتالیتارانە و پۆپۆلیستانەو لەهەمانکاتدا هێندە خاوەنیمڕوانینیکی تابڵێیت تەسک و تاریک و داخراو ئەقڵیەتێکی مناڵانە و تێگەیشتنێکی هەرزەکارانەو سادەن.
جیهان و ژیان لەکوێ و ئەمانە لەکوێ!

مردن تۆ لەکوێی؟ جەهل کوشتمی!




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…7…شەماڵ بارەوانی

بەشی حەوتەم/

ڕێگاکانی ناسینی خودا، بە قەد ئەستێرەکانی ئاسمانە…!
لەبەشی پێشوو ئاماژەم بەوەکرد، کە تەنها ئەوە قورئانیەکانن، وەکوو پرۆتستانەکانی ناو مەسیحیەت، جێگای هیوا و ئەو کۆمەڵە کەسە جوان بین و بزوتنەوە ڕیفۆرمیست و چاکسازییەن، که بتوانن کاریگەریگەریەکی بەهێز و خێرایان هەبێت و لە هەناوی ئیسلامدا شۆڕشێک و کودەتایەک و نوێگەرییەک بەرپابکەن.

دێمەوە سەرباس و خواس سەبارەت بە دیدگا و تێڕوانینی قورئانیەکان و قورانیەکانیەکانتان باشتر پێدەناسێنم، کە منیش ڕۆژگارێک قورئانی بووم…

وەلێ مادام باسم لە پرۆتستانتەکان کرد، بۆیە پێم باشە و بە گرنگی دەزانم لەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕادا، هەندەك باسی پرۆتستانتییەکان بکەین و زیاتر لە بارەیانەوە بدوێین و باشتر بە خوێنەرانی ئەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…بییانناسێنین.

پرۆتستانتییەکان کێن..؟
هەڵبەت، وشەی(پرۆتستانت)، له‌ پەیڤی “پرۆتێستی (Protest)ئینگلیزییە هاتووه‌ و بە واتای: ناڕازی بوون موعارەزەبوون و ئیدانەکردن به‌رهه‌ڵستیكردن دێت.

پرۆتستانتییەکان، سەرەتا پێیان دەگووتن(ئینجلییه‌كانیان)، وەلێ دواتر و به‌ گوێره‌ی تێپه‌ڕینی ڕژگار و سەردەم، ناوه‌كه‌یان له‌ ئینجلییەکانه‌وه‌، گۆڕدرا بۆ پرۆتستانتییەکان و ئیدی بەو شێوەیە، لە پاڵ هەردووك مەزهەبی:کاتۆلیك و ئەرتەدۆکس، ئەوانیش بوون به‌ مه‌زهه‌بێكی تری دیار و کاریگەری نێو ئاینی مەسیحیەت و كریستیانەکان.

بزووتنەەی چاکسازی پرۆتستانەکان، کەشیشێک بە ناو (مارتن لۆتەر) دایمەزراند، چەوسانەوە و ستەمی کلێسا و پیاوانی ئایین و کەشیشەکان، هەموو سنوورێکی تێپەڕاندبوو و گەیشتە ئەوپەڕی خۆی، پاپاو پیاوانی ئایینی سەرو کلکیان لەگەڵ ستەم و جەوری و، کلێسا دەستیان لە گەڵ چینی دەرەبەگ و پاشاکان تێکەڵ کردبوو و بە ناوی عیسا و ئاین و ئاسمانەوە، خەڵکیان لە سەر زەوی دەچەوساندەوە و ستەمێکی زۆریان لە مرۆڤەکان دەکرد.

ئیتر لە مناڵدانی ئاینی کرسیتیان و هەناوی کلێسا و مەسیحیەتدا، بزووتنەوەی ئیسڵاحی( پڕۆتستانتییەت) لەدایک بوو، ئەو بزوتنەوە ریفۆرمیستەی وەکوو ئاماژەم بۆکرد(مارتین لۆتەر) دایمەزراند و ڕابەرایەتی دەکرد.

مارتین لۆتەر پیاوێکی ئایینی و لاهوتی و کەشیشێک بوو لە ساڵی( ١٤٨٣)زایینی دا لەدایك بوو. لە ساڵی(١٥٤٦)یش، ماڵئاوایی لە ژیانكرد و کۆچی دوایی کرد.

مارتن لۆتەر ڕیفۆرم خواز و چاکسازیخوازێک بوو، ئەو دژی بیروباوەڕەی پاپای كاتۆلیكی بوو، كە پاپا ئەو دەسەڵاتەی هەبێت و بتوانێت ببێت بە نوێنەر و سێبەری خوداوەند و لە جیاتی ئاسمان پسوولەی لێخۆشبوون و غوفران بۆ مرۆڤەکان دەربکات و مۆڵەتی چوونە بەهەشت بە خەڵکی بفرۆشێتەوە و بازرگانی بە ئایینەوە بکات و بە دڵی خۆی خەڵکێکیش بە کافر و هەرتەقەکات و بیاننرێت بۆ جەحیمی خوداوەند و دۆڵەکانی دۆزەخ.
Shamal Ismael Kareem
مارتین لۆتەر بڕوای بە هیچ واستە و وەسیلە و نێوەندگیرییەک نەبوو لە نێوان زەمین و ئاسمان، یان خوداوەند و مرۆڤەکان.
مرۆڤ دەتوانێت یەکسەر پەیوەندی لەگەڵ خواوەند ببەستێت. ئەوە قەناعەتی مارتین لۆتەربوو.
ئەو باوەڕی وابوو کە
“مرۆڤ بە باوەڕی دڵەوە و هەر لەڕێگای دڵەوە، لە خوداوەند نزیك دەبێتەوە، نەك بەو كارانەی كە كڵێسا بە سەریدا دەیسەپێنێت”.
مارتین لۆتەر هه‌موو جۆرە نوێژ وپەرستش و ڕیتواڵ و سوننەتێکی بە پێی ڤاتیکان و ڕۆماو پاپا و كڵێساکان و هەموو ده‌سه‌ڵاتێكی پاپا و کڵێساو کەشیش و چینی ئەکلیرۆسەکانی ڕه‌ت ده‌كرده‌وه‌ و دانی به‌ هیچ گووتە و بڕیار و بکە و نەکە و فه‌رمانێكی پاپا و پاتریکەکان و پیاوانی ئاینی دا نه‌دەنا.
ئەو لەسەر پرۆتستانتبوون و نەچوونە ژێر باری بڕیارەکانی پاپا و کلێسا و دژایەتی کردنی بۆ دەسەڵاتی پاپا و کلێسا و پیاوانی ئایینی، لەساڵی ١٥٢٠ی زاینی، لۆتەر، لەلایان ڕۆماوە: بڕیاری دادگایی کردن و هەموو سوتاندنی کتێبەکانی و بێ بەشکردنی لەوانە و گووتنەوەی بۆ دەرچوو.

مارتین لۆتەر دەیگووت: “كتێبی پیرۆز بە تەنها تاكە سەرچاوەی سەرەكی ئایینی مەسیحییەتە”. ئەو قسەکانی پاپاو چینی ئەکلیرۆس و هەموو شتێکی تری ڕەتدەکردەوە.
پرۆتستانییەت، وەکوو ئاماژەم بۆکرد، لە مناڵدانی کاتۆلیکەوە لەدایک بوو، لەمەزهەبی کاتۆلیکدا، پیاوانی ئایینی و کەشیشەکان بۆیان نەبوو، ژیانی هاوسەرگیری پێک بێنن.

مارتین لۆتەر دژی ئەو تێگەیشتنە وەستایەوە و، پرۆتستۆی ئەوەی کرد و گووتی کەشیشەكانیش دەتوانن وەکوو هەر مرۆڤێکی تری ئاسایی ژیانی هاوسەرگیری پێک بهێنن.

بە شێوەیه مارتین لۆتەر، سەرەڕای ئاستەنگ و ڕێگری و ناخۆشیەکان، کۆڵی نەداو بەردەوام بوو لە بڵاوکردنەوەی ڕێبازە ئیسڵاحی و مەزهەبە تازەکەی و بیرو ڕاکانی دژ بە کڵێساو پیاوانی ئایین، تاوەکوو سەرەنجام وایلێهات هەوادار و لایەنگرانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبوون و گوتەکان و بیرو باوەڕ و ڕێبازە تازەکەی زیاتر لە ناو خەڵکی بڵاو دەبوویەوە و خەلکێکی زۆر ڕوویان لەو تێگەشتنەی لۆتەر دەکرد، سەبارەت بە ئینجیل و کڵێساو پاپاو پیاوانی ئایینی و مەسیحیەت و ئێستا مەزهەبی پرۆتستانت،
به‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین ڕێباز و مه‌زه‌هەبی مەسیحیەت داده‌ندرێت له‌سەر ڕووی زەوی و پێڕەو شوێنكه‌وته‌و ژماره‌ی باوه‌ڕدارانی لە سەرتاسەری جیهاندا، بە(٨٠٠) ملیۆن كه‌س دێنە ژمارتن.

هەڵبەت لەپاڵ مارتین لۆتەر، (قەشەجۆن كاڵڤین John Calvin-١٥٠٩ بۆ ١٥٦٤ زایینی ژیاوە)
ئەویش تیۆلۆژیست و كەسایەتییەكی تری کاریگەر و دیاری نێو مەزهەب و ڕێباز و ڕێڕەڕوی پروتستانییەت بوو، لێرەوە قسەکردن لەوبارە بە کۆتادێنم و چیتر ناتوانم لەسەر ئەوە بڕۆم و ئەوە پوختەیەک بوو سەبارەت بە پرۆتستانیت.

ئینجا بابێینەوە سەر باس و خواسی قورئانیەکان،
من سەرەڕای ئەوەی دوای ئەوەی کۆلێژی شەریعەم تەواوکرد، دەستبەرداری قەناعەتی قورئانی بوونیشم بووم.
وەلێ من ئێستاش هاوڕێی قورئانیم زۆرن، تائێستایش هەر هاوڕێین و زۆر یەکتریمان خۆش دەوێت و سەرەڕای گۆڕانی هزر و دیدم، وەلێ ئێمە هەرکۆنتاک و پەوەندیمان هەیه و هیچ لە برایەتی و هاوڕێیەتیمان نەگۆڕاوە.

بەڕاستی قورئانیەکان مرۆڤی ئەقڵانی و هێمن و لەسەرخۆ و جوان بینن. ئەوان وەکوو سەلەفیگەرا و مەزهەبیگەرا و وئیسلامگەراکان جیقڵدان تەسک و دید داخراو نین، کاتێك دەبینن موسڵمانێک دەستبەرداری ئایینەکەی دەبێت، یان ئایینەکەی دەگۆڕێت. هیچ پێی تووڕه و قەڵس نابن و بە شتێکی زۆر ئاسایی و ئازادی تاک و مافێکی سروشتی هەر کەسێکی دەزانن، کە بەپێی قەناعەتی خۆی بژیت و هەڵبژێرت. ئینجا مەولانە وتەنی ڕێگاکانی ناسینی خودا هێندە زۆرە، بە قەد ئەستێرەکانی ئاسمان.
ناکرێت تەنها مزگەوت، یان کلێسا، یان ئاتەشگا و مەعبەدێکی دیاری کراو بکەیت بە ڕێگای ناسینی خوداوەند و گەیشتن بە ئەو. ئایینەکەی ئەو ماڵی حەقیقەت و هەموو ئەوانەیتر ڕەتکەیتەوە. ئەوە پێچەوانەی یاسای سروشت و پلورالیەتی ئایینی و جیاوازیەکانە. تەنانەت پێچەوانەی پێکەوەژیان و ویستی ئێزدانە.

قورئانیەکان لەو سۆنگەیەوە:
ڕوانگەیەکی بەرز و لیبڕاڵانە و هیومانیستانە و جوانیان بۆ مرۆڤ و ژیان و ژن و گەردوون هەیه. شلۆڤە و تێگەیشتنێکی هیومانیستانە و ئەقڵانیانە بۆ تێکستەکانی قورئان دەکەن و باوەڕیان بەو تەفسیرە:حەرفی، مێژوویی، فیقهی، مەزهەبی، سەلەفی، ئایدیۆلۆژی و سیاسی و حزبیە نییە، کە بە درێژایی مێژووی ئیسلام بۆ تێکستەکانی قورئان کراوە و دەکرێت.

ئەوان باوەڕیان وایە، ئایین بۆتاک و نیشتمان بۆ هەموانە و نابێت ئایین هەرگیز، تێکەڵ بە کایەی سیاسەت و کێڵگەی حوکومڕانی و کاری دەوڵەتداری بکرێت. ئەوان بە هەموو شێوەیەک دەوڵەتی سیوکراتی ڕەتدەکەنەوە. بیردۆزی داروینیان سەبارەت بە پەرەسەندن(ئیڤۆڵەیشن)قبوڵە و بۆچوونیان وایە: قورئان پشتگری ئەو تیورەی داروین دەکات و تیئۆرەکەی داروین هیچ دژایەتیەکیشی لەگەڵ ئەو دروست بوون و خەڵقەی ئادەم نییە، کە لەقورئان باسکراوە.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…6…شەماڵ بارەوانی

بەشی شەشەم/
بۆچی کاتی فەقێیاتیم ئینجیلم دڕاند..!؟

ئینجا لەو بەشە هاوڕێیان بابێینەوە سەر بەسەرهاتەکە، لە بەشەکانی پێشوو باسم لەوە کرد، فەقێیەک لە حوجرە، کە خەڵکی دەڤەری بەردەڕەش و یەکێک لە دێیەکانی لای خۆمان بوو. لەکاتی وتنەوەی وانەی فەلسەفە بە فەقێکانی تر، دەڕۆیشتە دەرەوە لە ژوورەوە، تا گوێی لە فەلسەفە و قسەی فەیلەسوفەکان نەبێت، نەوەک تێک بچێت و شێت بێت و سیستەمی ئەقڵ و بیرکردنەوەی ئاڵۆز بێتن و تووشی گۆمڕایی و بێ باوەڕی و بێت.

ئەو فەقێیە، کە لە ترسی من ڕایدەکرد کاتێک وانەی فەلسەفەم بە فەقێکان دەگووتەوە. خۆیشی دواتر لەڕێگای منەوە گۆڕا و بوو بە قورئانی و دواتر و سەرەنجام واوەتر ڕۆیشت و بوو بە کەسێکی لائیک، (لە مێژە ئاگاداری نیم و نازانم ئێستا بە کوێ گەیشتووە!؟).

فەقێیەکی تر هەبوو، فەقێ(خ)، ئەویش خەڵکی دەڤەری بەردەڕەش بوو. ئەوان ماڵەوەیان هەمویان ئیسلامی سیاسی بوون.
لە ناو فەقێیەکان قسەی پێ دەگووتم و تەنانەت جوێنیشی پێ دەدام و دەیگووت: گوێی بۆ مەگرن، ئەو فەقێیەکی گومڕایە، وەلێ دواتر کاتێک لە گەڵم دانیشت، دوای چەندین دانیشتن و دیالۆک و گفتوگۆ، سەرەنجام هاتە سەر هەمان قەناعەتی من.

دواتر ئەو فەقێیەلەسەر قورئانی بوون و بۆچوونی جیاواز، ماوەیەك لەگەڵ باوکی کێشە کەوتە نێوانیانانەوە، لەکاتی نووسینەوەی ئەو بەشەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا، بوو دڵنیابوون لە زانیاریەکانم سەبارەت بەوە، پێوەندیم پێوەکرد و خۆی ئەوەی بۆ باسکردم و ئەو هەواڵەی پشت ڕاستکردەوە.
لەگەڵ ئەو کۆنە فەقێیەی هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتی و ژیانی حوجرەم، ئێستاش هەر هاوڕێین و لەفەییسبووکیش فرێندین و پێی گووتم: ئاگام لە بیرەوەریەکانتە و دەیانخوێننمەوە.
ئەو فەقێیە، ئەوکاتەی بوو بە قورئانی چەند پۆستێکیم بینی لە فەیسبووک، زۆر دژە باو بوو، پێم گووت: کاکە لەسەر خۆ، بەو شێوە مەنووسە، کەس لێت تێناگات، زمانی نووسینەکەت هەندەک زبر و قورس و شێوازێکە، پیاوانی ئایینی و خەڵکی گشتی و مێگەڵ، بۆیان هەزم ناکرێت و کێشەت بۆ دەنێنەوە، بە تایبەتی لە گەڵ ماڵەوەتان.

ئەو فەقێیە، دواتر و دوای من، کۆلێژی: زانستە ئیسلامیەکان-زانکۆی سەلاحەدینی تەواوکرد. ئەویش هەمان کۆلێژ. کەمن پێشووتر لەوێم خوێند.

ئەو کاتەی من قورئانی بووم، چەندین فەقێ و کەسی دەرەوەی حوجرە و فەقێیاتیشم کردن بە قورئانی.
هەڵبەت قورئانیەکان: ئەوانەن کە تەنها باوەریان بە قورئان هەیە، ئەوان ڕیوایەت و کەلەپووری ئیسلامی بە بەشێک لە ئاین نازانن، ڕەخنە لە هاوەڵەکان و خەلیفەکان بە شتێکی نۆرماڵ دەزانن.
ئەوە لە ناو مەسیحیەکانیش هەیە، پێیان دەڵێن: ئینجیلییەکان، یان پرۆتستانتییه‌كان،
من لە حوجرە و کاتی فەقێیاتیم، لەسەر ئایینەکانم خوێندەوە.
ئەوکات هێشتا پۆلی دوانزەی خوێندنی ئیسلامی و لە قوتابخانەی ئایینی (مەلا عەبدولڵا پەلپتانی) فەقێ و قوتابی بووم.
هەرچوار ئینجیلەکەم خوێندەوە(یوحەنا، لۆقا، مەرقەس و بەرنابا)، زەبوورەکەی داود، کتێبەکەی بوودایش( فەلسەفەی ئەخلاق).
دوو سێ کتێبیشم لەسەر کاتۆلیک و ئەرتەدۆکس و پرۆتستانتییەکان خوێندەوە.
هەرچەندە من ئەوکات لە پێناو سود بینین، یان گەیشتن بەڕاستیەکان، یان بزانم مەسیحیەت چییە و چۆنە و ناشرینی و جی جوانی تێدایە، ئینجلەکانم نەخوێندەوە.
نەخێر،

بەڵکوو تەنها لە پێناو ئەوەی شارەزایی لەو ئایینە پەیاکەم و زنیاری لەسەر بەدەستبێنم و پاشان دژایەتی بکەم. من بێ ئەندازە ڕقم لە مەسیحیەت و جوڵەکە و هەموو ئایینەکانی تردەبوویەوە، تەنها ئیسلامم قبوڵ بوو.

هەموو شوێنکەوتەو مرۆڤەکانیتری سەربە ئایین و ئایینزا و بیرو باوەڕ و فەلسەفە جیاوازەکانی تری دەرەوەی بازنەی ئیسلامم کافردەکردن و بۆ ژێر توڕیی و نەفرەتی خوداوەند و ناو دۆڵەکانی دۆزەخم دەناردن و دەمگووت:((وَمَن يَبْتَغِ غَيْرَ الْإِسْلَامِ دِينًا فَلَن يُقْبَلَ مِنْهُ وَهُوَ فِي الْآخِرَةِ مِنَ الْخَاسِرِينَ))،و جگە لە ئیسلام، هێڵێکی چەوت و ڕەشم بەسەر هەموو ئەوانیتر دادێنا و دەمگووت: هەر هەموویان باتیڵ و کفر و بێ بڕوایی و درۆ و دەڵەسەن.

کەچوار ئینجیلەکەشم خوێندەوە، لای فەقێیەکان سوکایەتی و گاڵتەی زۆرم بە هەرچواردانە ئینجیلەکە کرد.
هەر دوای ئەوەی هەرچوارم خوێندنەوە، پارچەپارچەم کردن.

دواتر و دووای ئەوەی ڕۆیشتمە کۆلێژی شەریعە و بووم بە قۆناغی دووی کۆلێژ، زۆرشت لە تێڕوانین و دیدەنیگاو فیکری پێشووم گۆڕانی بەسەرداهات و وازم لە ئایدیۆلۆژیەتی ئیسلامی سیاسی و دەمارگیری ئایینی و ئاسۆ داخراوی و بیری ڕاسیزم گەرێتی و نەخۆشی مەزهەبگەرێتی و هەست و سۆزێکی کوێرانەی ئایینی هێناو دوور لەهەژموونی هیچ تێگەیشتنێکی پێشوو و لە پەنجەرەیەکی تر و گۆشەنیگایەکی تری زۆر باڵاتر و ئینسانی تر و کراوەتر و فراوانتر و سەت و هەشتا پلە جیاوازتر لەوەی پێشووم لە شتەکانم ڕوانی و هێدی هێدی قەبارەی گوومانە بچووکەکانی پێشووم سەبارەت بە ڕیوایەتەکان و کەلەپوور و فیقهو فیکری دینی و مێژووی ئایینی مەزنتردەبوو، دوای ئەوەی خەریکبوو لە قاوغی فێندەمێنتالیزمی و قەپێڵکی جەهاڵەتدا دەهاتمە دەر و هێدی هێدی فیکر ئیعتیزال و موعتەزیلەبوون و پاشان قەناعەتی قورئانی بوون و تۆی پلورایەتی ئایینی، لە دڵ و دەروون و مێشک و تێڕوانینمدا، چەکەرەی کرد و جێگیربوو.

دووباره ئینجیلەکانم خوێندەوە. وەلێ ئەوجارە، بەڕقەوە و لە پێناو دژایەتی کردن نا، بەڵکوو لە ڕوانگەکی ئەپستڕاکت و ڕووت و پەتی و بێلایەنانە و نها بە ئامانجی گەیشتن بە ڕاستیەکان و لەسۆنگەی مرۆڤ بوون و بەراوردی نێوان ئایینەکان.

دوای ئەوەی هەردووك گەورە تیۆلۆژیست و کەسایەتی و ڕابەری بزووتنەوەی ئیسڵاحی پرۆتستانییەت (مارتین و لۆتەر و جۆن کاڵڤن)و پاشان قەشە زویرگم ناسی.
ئینجا، ئەو قەناعەتەم لادروست بوو کەشکەڵەی ئەوە کەوتە بیر و هۆشم، کە ئیسلامیش چەندە پێویستی بە دەیان مارتین لۆتەر و کاڵڤن و بزووتنەوەیەکی ڕیفۆرمخوازی هەمان شێوەی پرۆتستانت، یان ئینجیلییەکان هەیه، تا لەو چەقبەستۆیی و دۆگمایی بوون و ئەو هەموو پەتای
مەزهەب و بیری فێندەمێنتالیزمی و دەستی پیاوانی ئایینی و هێزی خوڕافە و ئەو دەیان هەزار ڕیوایەت و، کەلەپوورە ژنگگرتووەی ئایین و مێژووەی ئیسلامی، کە لە خەڵکیان کردووە بە ئایین، دەری بێنن و ڕزگاری بکەن.

بە قەناعەتی من تەنها قورئانیەکان، وەکوو پرۆتستانەکانی ناو مەسیحیەت، جێگای هیوا و ئەو کۆمەڵە کەسە جوان بین و بزوتنەوە ڕیفۆرمیست و چاکسازییەن، که بتوانن کاریگەریگەریەکی بەهێز و خێرایان هەبێت و لە هەناوی ئیسلامدا شۆڕشێک و کودەتایەک و نوێگەرییەک بەرپابکەن و کۆمەڵەک تێکست هەموار بکەنەوە و خوێندنەوەیەکی تری تازە بۆ دەقەکانی قورئان بکەن.

خوێندنەوەیەک، کەلە گەڵ فەلسەفەی ژیان و ڕۆحی سەردەم و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ بگونجێت و وابکەن کە ئایین چیتر هیچ دژایەتی و بەرکەوتنێکی لەگەڵ یەکسانی جێندەری و حەزە سروشتیەکان بەشەر و ئازادیەکانی تاک و ئارەزووی مرۆڤەکان و چەمکی سیکۆلاریزم و هێزی ئەقڵانیەت و دنیای مۆدێڕنێتە و دەسەڵاتی زانست و کۆمەڵێکی مەدەنی و شارستانی و کرایەوە و سەردەمی نەبێت.

ئایین لە دەست ئەو تەفسیرە سەقەت و تێگەیشتنە:
نامرۆڤانە، مێژوویی، فیقهی، مەزهەبی، سەلەفی، ئایدیۆلۆژی و سیاسی و حزبیەی، کە بە درێژایی مێژووی ئیسلام بۆ تێکستەکانی قورئان کراوە و دەکرێت. لالەیان
هێزه ئیسلامگەراکان و حزبە دینیەکان و گرووپە ڕادیکاڵ و فێندەمێنتالیزمەکان دەربێنن.




سۆسیال دیموکرات، یان دیمەترەق..!؟… شەماڵ بارەوانی

دەڵێن: کاتی خۆی مارکسیەکانی شارەزوور، خۆپیشاندانیان کرد، لە ناو خۆپیشاندەراندا، مامە حاجیەکی بە تەمەنی تیابوو، دروشمی دەدایەوە و یەک بە دەنگ دەیگووڕاند و دەیگووت:ئێمە ڕۆڵەی مارکسین، لە خوا نەبێت، لە کەس ناترسین. یەکێک لە خۆپیشاندەران کە ئەوەی بیست، گووتی: مامە حاجی تۆ دەزانی مارکس کێ بوو؟
گووتی بۆ مارکس سەحابە نەبوو؟
گووتی ناگەوەڵا مارکس دەڵێت دین دلیاکە و خوداش بوونی نییە.
مامە حاجیەکە تووڕە بوو و گۆتی مارکس گووی خواردیە.

قوربان منیش حاڵی هەندێک لە چەپ و سۆسیال دیموکراتەکانم وەکوو ئەو مامە حاجیە دێتە پێش چاو،

ئەو بەناو چەپ و سۆسیال دیموکراتانەی کە نەسۆسیالن و نەیش فڕیان بە سەر دیموکراتیەوە هەیه.
تەنها بە دروشم سۆسیالست و بە قسە دیموکراتن، حەققەت لە واقیعدا لەگەڵ سۆسیال دیموکراتەکانی وڵاتانی خۆرئاواو ئەسکەندەنافیا، لە گەڵ گەوهەر و فەلسەفەی سۆسیالیزمدا، نێوانیان ئاسمان و ڕێسمانە و بگرە هەر بەراورد ناکرێت و جگە لە درووشمی قەبە و بەتاڵ، هیچ شتێکیتر ئەوان بە سۆسیال دیموکراتەوە نابەستێتەوە.

ئەو بەناو سۆسیال دیموکراتانەی بەردەوام لە کۆتایی کۆبوونەوە سیاسیە سێ چوار قوڵەکانیان لە پشت سەلەفیزم و فێندەمێنتالیزم گەلێکی وەکوو عەلی باپیر، خەریکی نمایشی نوێژی سیاسی بە کۆمەڵ و خۆڵخستنە چاوی جەماوەر و مێگەڵن.
ئەو سۆسیال دیموکراتانەی ئەو هەموو ساڵەی تەمەنی خۆیان و حزبە سۆسیالیستەکانیان، نەیانتوانی دوو بنەمای کاکە سۆسیال و سێ خاڵی خاڵە دیموکراتیەت لەسەر ئەرزی واقیع جێ بەجێ بکەن.

ئەو سۆسیال دیموکراتانەی قنیان بە کورسی سەرۆک و حزبایەتی و پەڕلەمانتاری و دەمیان لە گونیەی پارەی چەور چەقیەوە و هەرگیز ئامادەنین، دیموکراتی بن و کورسیەکەیان سۆسیالیستانە و دیموکراتانە، بۆ کەسێکیتر جێ بێڵن.

کاکە سۆسیال دیموکراتێک دەناسم، دەڵێت لە دەنگدانا یەک کورسیش بێنین، خەڵکینە خۆتان هیلاک مەکەن، هەر ئەمە براوەین، چونکوو هێزمان بە دەستەوەیه.
ئەو سۆسیال دیموکراتانەی لەکاتی لێ قەومان و تووڕەیی و غەزەبی خەڵکا، بە سۆسیال دی مەترەق دەکەونە گیانی خەڵکەوە و بە زەبری هێز و کوتەک دەمکووتی خەڵکی دەکەن.

ئەو سۆسیال دیموکراتانەی پڕ بە پێستە گەر پێیان بگووترێت:سۆسیال بنەماڵەیی، سۆسیال نوێژی بە کۆمەڵ، سۆسیال ئیسلامی، سۆسیال دوو ڕوو، سۆسیال خۆڵخستنە چاو خەڵک، سۆسیال نادیموکرات، سۆسیال کوێخایی، سۆسیال دەرەبەگ، سۆسیال بازرگان، سۆسیال کۆمپانیا و سۆسیال سەرمایەدار، سۆسیال ناسۆسیال و..تاد.

من خاتوو سۆسیال دیموکراتی وا دەناسم بە تارەت و دەستی بە دەستنوێژ و بە لەچکی سەوزەوە، ساڵانە لەڕۆژی لەدایک بوونی حەزرەتی مارکسدا، بەڵێن و پەیمان بۆ مارکس دووپاتدەکاتەوە، کە تاکوو مردن لە سەر ڕێبازە پیرۆز و پێشکەوتووخوازەکەی ئەو، هەر بە لەچک و دەستی بە دەستنوێژ و بە وەفاداری بۆ ئیدەلۆژیاکەی مارکسیزم بمێنێتەوە.

سۆسیال دیموکراتخانێکیتر دەناسم، داوا لە مەرجەعی باڵای ئایینی دەکات، مەزارگا و مەرقەدێک بۆ فلان شێخی تەریقەت و ئیمامی فیسار مەزهەب لە شارەکەیان بکەنەوە، تا بەرەکەتی مەرقەدی شێخ و گونیە پارەی زیارەتکارانی مەزارگای ئیمام،
بڕژێت بەسەر دڵ و دەرون و گیرفانی سۆسیال دیموکراتەکان،
مارکسم ڕۆ، سۆسیالم ڕۆ ، دیموکراتم ڕۆ ، نمایشی نوێژی بە کۆمەلی سیاسی و خۆڵخستنە چاوی پشت مەلا عەلی باپیرم ڕۆ ، خورمای عەرەب و لەچکی سەوزم ڕۆ.

ئەوەیە فەلسەفەی سۆسیال خۆرما کە ئێمەی نا سۆسیالیست لێی حاڵی نەبووین.

ئەو سۆسیال دیموکراتانەی دوای زیاتر لە دەیان ساڵ و پەنجا ساڵ لە سۆسیال دیموکرات بوون، تازە بە تازه دێن و باسی ئەوە دەکەن ڕۆژوو به خورمای عەرەبی نەشکێنن. چونکوو ئەوە لەگەڵ فەلسەفەی سۆسیال دیموکرات و ئیدەلۆژیای مارکسیزم یەکناگرێتەوە و ئەگەر نا، دواتر حەزرەتی مارکس(قَدَّسَ اللەُ سِرَّەُ) لە ڕووژی مەحشەرێ و لە حزووری خوای گەورە شکاتمان لێ دەکات.

چونکوو لە فەلسەفەی چەپگەرێتی و ئیدەلۆژیای مارکسیزمدا، بەربانگ کردن، بە گوێزی هەورامی خێر و حەسەنات و پاداشتی زۆر زیاترە، لە خورما و قەسپی عەرەبی.

مارکس لە بەرگی دووی کتێبی سەرمایه و لە بەشی دیالیکتیکی ماتریالیزمی خورما و مێژووی گوێزی هەورامی ئەوەی باسکردووە: کە من هەرگیز ئامادەنیم بە خورما ڕۆژوەکەم بشکێنم، چونکە ھی عەرەبە.

هەروەها مارکس و ئێنگڵس، لە قەولێکدا، لە مانیفێستی کۆمۆنیست)دا، گووتویانە کرێکارانی جیهان لەکاتی نوێژی بە کۆمەڵ جوان دەستی یەک بگرن، چونکوو هەتا ڕۆژووەکەتان بە وردە خورمای بوڕژوا بشکێنن و نوێژی بەیانیتان بە کۆمەڵ نەبێت و لەکاتی نوێژەکانتانا یەکنەگرن، ئەوا هەرگیز، کێشەی چینایەتی چارەسەرنابێت و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵێکی سۆسیال و خۆشگوزان بەرپانابێت و کابووسی کاپیتاڵیزم ناڕوخێت و حکومەتی دیکتاتۆری پڕولیتاریاش دروست نابێت.

ماوەتەوە بڵێم:
هیوادارم چەپەکان لێم دڵگران نەبن، من بەگشتی باسی چەپەکان ناکەم.
بە تایبەتی ئەو چەپانەی کەم و زۆر سۆسیالیست و چەپن و شەرم لە سۆسالیست بوون و چەپ بوونی خۆیان ناکەن و لەگەڵ مەبدەئو چەبپوونیان ڕاستگۆن و موجامەلەی قەشە و کلێسا و میتافیزیکا ناکەن.

من باسی چەپە درۆزن و دوو ڕووەکان دەکەم ، ئەو بەناو چەپانەی لەگەڵ عەلی نان دەخۆن و لە پشت مەعاویەشەوە نوێژدەکەن.

حەققەت من زۆر هاوڕێی چەپ و شیوعی و کومۆنیستم هەن و هاوڕێی گیانی به گیانی و وەکوو برا واین، لە نووسەر و شاعیر و ڕاگەیانکار و کەسی سیاسی و هونەرمەند و مرۆڤی ئاسایی..تاد. هەتا بڵێیت مرۆڤی ڕۆشنبیر و هێمن و بەڕێز و بە وەفا و دەست پاکن.
هەر بەڕاستی نموونەی ڕەوشت بەرزی و دڵپاکی و بێ گرێی و ڕاستگۆیی و لە خۆ بووردەیی و بە واتای وشە بە ڕێز و مرۆڤ دۆستن و ئەوەندەی لە هاوڕێیەتی و تێکەڵ بوون لە گەڵ ئەوان هەست بە ئارامی و مورتاحی دەکەم، سەتا یەک لە گەڵ هاوڕێ نەتەوەیی و ئیسلامی سیاسیەکان نا، لە ناو ئەوان، ئەوەی من هەستم پێکردبێت و تێبینیم کردبێت، نە دوو ڕوویی و درۆ، نە ڕق و دژایەتی کردنی یەکتری و یەکترشکاندنەوە و دوو زمانی و فەسادی کردن لەدژی یەکتری، نە بەرژەوەندی، من هیچم بینیوە. نەپارە پەرستی و پول پەرستی وەکوو ئەوەی لە ناو هاوڕێ ئیسلامی و نەتەوەییەکانم، یان لەو سۆسیال دیموکرات درۆزنانەی باسم لێوەکردن، دەیبینم و بینیومە بەداخەوە!




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک..7… شەماڵ بارەوانی

بەشی حەوتەم/

لەبەشی پێشوو باسمان لەوەکرد، کە لە ئۆروپا، مرۆڤەکان هەموان بێ جیاوازی ئازادن، چی ئایینێک و مەزهەبێک و ناوێکیان هەبێت، کەس لەسەر ناو مەزهەب و ئایینی جیاواز، هیچ کەسێک بۆی نییە خوێنی ئەویتر ڕەو کات، یان ڕێگری لێ بکات، لەوەی پێڕەوی لە مەزهەبەکەی و ئایینەکەی خۆی بکات.
لەوێ کلێساکان، مەعبەد و ئاتەشگا و مزگەوتەکان بەو ئەڕی ئازادی ئایینداری و خودا پەرستیان تێدا دەکرێت.
هیچ کەسێک بەناوی مزگەوتەوە بۆی نییە، هێرش بکاتە سەر کلێسایەک، یان مەعبەد و ئاتەشگایەک. هەمان شێوە مەعبەد و کلێساو ئاتەشگایش، بۆیان نییە هێرش بکەنە سەر مزگەوت.

زەردەشتیەک و بودیەک، هیندۆسێک و جوێک، کریستیانێک و ئێزدیەک، ئەتایستێک ئەگنۆستیکێک، هۆمۆسێکشواڵێک و لیسبێک و ترانز جێندەرێک، هەموویان مافیان پارێزراوە و سیستەمی سیکۆلاریزم بە یەک چاو سەیری هەر هەموویان دەکات.
کەسیان ئەو مافەیان نییە، لە ژێر هیچ ناوێکدا و بە هیچ پاساوێک، تەداخولی ژیانی ئەویتر بکات و ڕێگری لە ئازادیەکانی بکات و جوێنی پێ بدات و سوکایەتی و تەشهیراتی پێ بکات.

لەوێ پلورالیەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی، کولتوور و یاسایە. پێویستە هەموو ئایین و ئایینزاکان، ڕێزی ئەو پلورالیەتە ئایینیە، کۆمەڵایەتیە، سیاسیە بگرن.
نابێت قەشە، لە سەر جیاوازی بیر و ڕا و ئایینەکەی، قسە بە مەڵایەک بڵێت و مەڵا سوکایەتی بە حاخامێک بکات و ئاسرەوانێک بێ ڕێزی بە پیاوێکی ئایینی هیندۆسی بکات.

لەوێ دیالۆک هەیه، جیاوازیەکان پارێزاون، دەتوانی بە ڕێگای لۆژیک و گفتوگۆ بەڵگە و ئەرگیومێنت و سەلماندنەوە، بەو پەڕی ئازادی بانگەشە بۆ ئایین و بیر و باوەڕەکەت بکەیت، بێ ئەوەی هیچ کەسێک لە گوڵ کاڵترت پێ بڵێت.
بە مەرجێک، ڕێز لە پڕەنسیپەکانی سیکۆلاریزم بگرە، ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی وڵات نەشێوێنە، خۆت لە ڕقی مەزهەبی و ناکۆکی ئایینی و شەڕە دنوکی ئایینی بە دوور بگرە.
ئەوانیتر و فرەیی ڕەت مەکەرەوە، کولتووری پێکەوەژیان مەخەرە ژێر هەڕەشە و مەترسیەوە، تەشەنوجات و حەساسیەت و دوو بەرەکی ئایینی و مەزهەبی لە نێوان مرۆڤەکان درووست مەکە.

لەوێ بۆت نییە، لە ڕێگای جوێندان و تەشهیرات و هەڕەشەی شمشێر و چاو سوور کردنەوە و بە ناوی ئاسمان و بە پاساوی پیرۆزی و بانگەشەی پاوانکردنی مێژوو و مۆنۆپۆڵکردنی حەقیقەتەکان،

خەڵک ناچاری هاتنە سەر بیر و باوەڕەکەت بکەیت و دەست لە ئازادی و هەڵبژاردنیان وەربدەیت و بیر و باوەڕەکەی خۆت و ئایین و مەزهەبەکەی خۆت تێکەڵ بە یاسا و ژیانی گشتی و تایبەتی مرۆڤەکان و کۆمەڵ و دەوڵەت بکەیت و بە عەنتەری خۆت بسەلمێنیت.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…5…شەماڵ بارەوانی

بەشی پێنجەم/

هەرچی عیلمو لكەلامی خوێند، بە پەلكی دارەخورما و (نعل) لێی بدەن..!

لەبەشی پێشووتر باسم لەوەکرد، کە لەناو مەلا و فەقێ ئیسلامیەکان و سەلەفیەکان بە گشتی ڕوانینێکی نیگەتیڤ و سەقەت و هەڵەو باو هەیە سەبارەت بە لۆژیک و فەلسەفە و زانستی کەلام و وەهابیزمەکان خوێندنی زانستی کەلام و لۆژیک و فەلسەفە، بە حەرام و تاوان و تابوو دەزانن و
لە کۆنەوە هەندێک لە پیاوە ئایینیە فێندەمێنتالیزمەکان سەبارەت بە فەلسەفە و لۆژیک گوتوویانە:(من تمنطق، تزندق)، يان گووتوویانە( علم لا يفهمه الغبي، ولا يحتاجه الذكي!)،
واتا:زانستێكە كەسی زیرەك پێویستی پێنابێت و كەسی گەوج و گێلیش قازانجی لێناكات !!.

سەبارەت بە زانستی گوتە(علم الکلام)یش،
گوتوویانە(حوكم ئەوەیە بۆ ئەهلی كەلام كە لێیان بدرێت بە پەلكی دارەخورما و (نعل)وە بە نێو هۆز و تیرەكان دا بگەڕێنرێن و بوترێت ئەوە پاداشتی كەسێكە كە پشت لە كتێبەكەی خودا بكات و ڕوو لە كەلام بكات.)

هەڵبەت ئەوەش بڵێم، ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە سەبارەت بە لۆژیک و فەلسەفە بە گشتی وا نییە لای پیاوان ئایینی و لە زۆرێک لەقوتابخانە ئایینیەکان و لەحوجرەکان، لە کۆنەوە و ئێستاش، کتێبی مەنتق و زانستی لۆژیک دەخوێندرێت، مەبەستم کتێبی لۆژیکی(إيساغوجي)یە. پیاوی ئایینی هەبووە چەند دانراو کتێبیشی لەو بوارە نووسیو.

بۆ نموونە بۆتی(محەمەد سەعید رەمەزان بۆتی) کە مەلایەکی کورد بوو و لەو پایزەی کە بەهەڵە پێ گوترا بەهاری عەرەبی، لە 21 مارسی 2013، لە دیمەشقی پایتەختی سوریا تیرۆرکرا. جا ئێمە لە قوتابخانەی ئاینی(پەلپیتانی)، کتێبی (فقه السيرة)ی ئەو پیاوە ئاینیەمان وەکوو مەنهەج دەخوێند.
من لەحوجرە کۆمەڵێک کتێبێکیتری ئەو پیاوەم خوێندەوە، لەوانە:
-اللامذهبية أخطر بدعة تهدد الشريعة الإسلامية.
-السلفية مرحلة زمنية مباركة لا مذهب إسلامي.
-الجهاد في الإسلام كيف نفهمه وكيف نمارسه.
-الحكم العطائية شرح وتحليل.
-إشكالية تجديد أصول الفقه.
-كبرى اليقينيات الكونية.
-الإنسان مسير أم مخير.
-المذاهب التوحيدية والفلسفات المعاصرة.
لەمەی دواییان باسی گرووپە و مەزهەبە کەلامی و فەلسەفیەکان و و وجودیەت و مۆدێڕنێتە و سیکۆلاریزم و تیوری پەرەسەندن و لۆژیک و زانست کردبوو و وڵامی فەلسەفەی ماتریالیزمی دیالیکتیکی و ماتریالیزمی مێژوویی کرد بوو وڵامی (ماتریالیزمی دیالیکتیکی و ماتریالیزمی مێژوویی)
مارکسی دابوویەوە و گەنگەشەی فەلسەفەی ئیلحادی کردبوو.
حەققەت بووتی تەنها پیاوێکی ئاینی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو لاهوتی و تیولۆژیستێکی ئیسلامی و کەسێکی بەواتای وشە مرۆڤێکی ڕۆشنبیر و مەلایەکی موتەنەوەر بوو.

مەلای گەوە هەمان شێوە، لە پاڵ ئەوەی مەلاو پیاوەکی ئایینی بوو، لەهەمان کاتدا ڕووناکبیرێکی مەزنیش بوو، تەفسیرەکەی سەبارەت بە قورئان، تەفسیرێکی زۆر لۆژیکی و ئەقڵانییه.

وەلێ ئەوەشمان بیرنەچێت، وەک عەبدولکەریشم سروشی بیرمەند و عاریف و فەیلەسوفی بەڕەگەز ئێرانی و ڕاکردووی تاراوگە نشین دەڵێت(شارستانیەتی ئیسلامی، شارستانیەتی فیقه بووە، نەک فەلسەفە).شارستانیەتی پیاوانی ئایینی و فەقێکان بووە، نەک فەیلەسوفەکان.
بە درێژایی مێژووی ئیسلامی ئەوانەی گرنگییان بە زاستی کەلام و فەلسەفە و لۆژیک و زانستە ئەقڵیەکان داوە، هەمیشە لەلایان فێندەمێنتالیستەکان و توندڕۆکانەوە، ڕووبەڕووی ڕەخنە و چەوسانەوە و سەرکوتکردن و تەکفیرکردن و کوشتن و دەربەدەری بوونەتەوە.

بۆ ئەوە سەیرێکی مێژووی ئیسلامی بکەن و لاپەڕەکانی ئەو مێژووە هەڵدەنەوە، بزان چییان بەسەر باتنی و موعتەزیلە و ئیخوانولسەفەفا و هەلاج و ئیبولموقەفەع و گەیلانی دیمەشقی و جەعدی کوڕی دەرهەم و هەموو ئەو کەسایەتیە عاریف و ڕووناکبیر و گرووپە فیکری و مەزهەبیانە هێناوە، کە گرنگیان بە کاری ئەقڵ و فەلسەفە و لۆژیک داوە.

جا ئازیزان ئیسلامیەسیاسیەکان و سەلەفیزمەکان، ئەو ڕوانگە هەڵە و ناتەندروستەیان لە هەمبەر لۆژیک و فەلسەفە هەیە. گەرنا مەلاکۆنەکان و زۆر پیاوی تری ئایینی ئێستاش هەن، دژی زانستی لۆژیک نین و ئێستایش ئەو کتێبە لۆژیکیە کلاسیکیەی ئیساگۆگی لە حوجرە و قوتابخانە ئایینیەکان دەخوێندرێت. وەکوو ئاماژەم پێدا. هەرچەند ئەو کتێبەی ئیساگۆگی هەموو شتێک نییە و دنیای لۆژیک و پانتایی فەلسەفە، زۆر لەوە فراوانترە، ئەوان کەدەشیخوێنن، هەڵبەت بۆ خزمەتی ئایینەکە و بە خوارکردنەوە لە پێناو ئایدیۆلۆژیای خۆیان و سەلماندنی بیر و باوەڕی خۆیان دەیخوێنن، نەک لۆژیک لە پێناو لۆژیک.




چیتر لەمنداڵدانی یەسناکانم هیچ گاتایەکی تر لەدایک نابێت… شەماڵ بارەوانی

کەحەرفەکانم
چوونەوە سەر نەسلی کڕوزانەوە
و
کچێنی ڕستەکانم
ڕەنگی بێوەژنیان گرت

کە نیشتمانی خەونەکانم
پڕبوو لەترپەی ئاوارەیی
و
ڕێزمانی چاوەڕوانیم
ئیعرابی کوێری لێ ڕوا

کەنزاکانم بە فەتوای نائومێدی
پێچرایەوە
و
مەزهەبی
عیشق بە چەقۆی خوڕافە
نەزیفکرا
مەیە

قەراربوو
بەرلەوەی دەستنووسی خەمەکانم
پێ بگرێت
و
لەهجەی گریانم پاراوبێت

بەرلەوەی
حەلاجی وشەکانم
تەریقەتی دەهریبوون بپۆشن
و
بەرماڵی ئنتیمام
لە هەرتەقەی بێ هیوایی
سیخناخ بێ

بەرلەوەی
کفری ڕەشبینی
لە میحرابی وشەکانم
داگیرسێت
و
فەسڵی کاڵبوونەوە
لە ترۆپکی تەمەنم
چرۆبکات

بەرلەوەی
تۆبەی سنعانی
پیتەکانم
بەتاڵ بێتەوە
و
ڕەهێڵەی بارانی بێ تاقەتی
لە دەروازەی دەروونم دابکات

بەرلەوەی
گەڵای دیدەم
هەڵبوەرێت و
باهۆزی عەبەس
لە سردابی ڕۆحم
هەڵبکات
تۆبێیتەوە

درەنگە،و کات بەسەرچوو
من ئیتر نە حەوسەڵەی
کۆپی کردنی دوو ڕکات پێکەنین
و
نەیش مەزاجی
خواردنەوەی کوپێک
خەندەم ماوە

تازە فانۆزی بیناییم
چووە وەرزی کزی
و
سورەتی گەنجیم
مەحکوم بوو
بە ئایەتی پیری

ئاڤێستای ئەمەلم
کوژایەوە
و
چیتر لەمنداڵدانی یەسناکانم
هیچ گاتایەکی تر لەدایک نابێت

ئیدی گوڵی سەمایەکیتر
لەباڵی زۆربام شکۆفەناکات
و
درەختی ئشتیام
هیچ هێشووە ئامێزێکی تری
لێ ناروێت

من لەمێژە گۆزەی قاقام هاڕەیکردووە
و
خەونی فڕینم بەشکان مەحکوم بووە

لە مێژە ئینجیلی ئاواتەکانم
لەمانا بەتاڵ بووەتەوە و
وەرزی مەسیحم خاچی پایزی
گرتووە

ئیدی
تەرمی خەونەکانم
بە تابووتی ماڵئاوایی دەسپێرم

پاشماوەی کاتژمێرەکانی تەمەنم
دەپێچمەوە و
دەچمەوە سەر کۆتا چرکەکانی
هەڵوەرین

دەڕۆمەوە
بۆ نیشتمانی فرمێسک
بۆ کەناری عەدەم
بۆ باوەشی سەراب و
تاراوگەی دڵشگوشین




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…4…شەماڵ بارەوانی

بەشی چوارەم/

ئیبنولعــەقـیل، یــان ئیبنولعــەزرائـیل..!؟

لە بەشی یەکەم و دووەم دا، ئاماژەم بەوەکرد، کەهەندێک مەلا و فەقێی تر منیان وەک دەعبایەکی مەرترسیناک و فەقێیەکی گومڕا و لادەر و زۆر خەتەرناک بە هەندێک لە فەقێکان ناساندبوو.

کۆمەڵەک فەقێ لەیەکێک لە حوجرەکان، حوجرەی مزگەوتی( ئیبراهیم گەردی)، گوتوبوویان ئەو کوڕە کافربووە و خوێنی حەڵاڵە، فەقێیەک کە لە ناویان دەژیا، دواتر گۆڕا و بوو بە قورئانی و پاشان لائیک، خۆی ئەوەی بۆ گێڕامەوە. فەقێکان بەشێکیان لێم دوور دەکەوتنەوە، لە بیرم دێت، لە ناو حوجرە و لە مزگەوتی بەرزنجی کتێبێکم کڕێبوو، زۆرێک لە قوتابخانە فیکری و هەروەها هەموو قوتابخانە فەلسەفیەکانی تێدا بوو.

منیش بە وانە ئەو کتێبەم بە چەند فەقێیەک دەگووتەوە. فەقێیەک هەبوو، لە حوجرەیەکی تر بوو و هاوڕێمان بوو و زوو و بەردەوام بە سەردانی داهاتە لامان، جا لە حوجرە، کاتێک دەستمان بە وانەکە دەکرد، ئەو دەڕۆیشتە دەرەوە.

دواتر ئەمیش کاتێک تووشی گۆڕانی فیکری بوو، پێی گووتم: دەزانی بۆ دەڕۆیشتمە دەرەوە کاتێک تۆ فەلسەفەت بە فەقێکانی تر دەگووتەوە؟
گووتم: بۆ؟
گووتی:چونکوو دەترسام مێشکم تێک بچێت. شتێک بڵێم، هەڵبەت کەدەڵێم ئێمە لە حوجرە بە وانە فەلسەفەمان دەخوێند، ئەو حوجرەیە مەلای تێدا نەبوو، فەقێیەکی هاوڕێم، مانگی ڕەمەزان و ڕۆژانی جومعە، وتاری تێدا دەخوێندو، پێشنوێژی بۆ خەڵکەکە دەکرد. پێشووتر مەلا(جومعە)، مەلای ئەو مزگەوتەبوو، لە قوتابخانەی مەلاعەبدوڵلا پەلپیتانیش مامۆستابوو و وانەی زمانی عەرەبی و نەحو کتێبی(ابن العقیل)ی پێ دەگووتین، ئەو کتێبەی، بە هۆی زەحمەتیەوە، من بۆگاڵتە و شۆخی پێم دەگووت(ئیبنولعەزرائیل)و فەقێکان و خوندەکاراکان زۆر پێدەکەنین کەوام دەگووت.
ئێمە ئەو کتێبە، کەچوار بەرگ بوو، دوو بەرگی یەکەم و دووەممان لە قوتابخانەی ئایینی دەخوێند، لەکۆلێژی شەریعەش، دووبارە، هەرساڵە و بەرگێکیان دەخوێند، حەققەت دەبوا تەنها لەکۆلێژی شەریعە بخوێندرێت، هی ئاستی قوتابی ئامادەیی نەبوو.
دواتر و دوای ئەوەی ئێمە لەوێ نەماین، گووتیان قورسە و ئەو کتێبەیان لە قوتابخانەی(پەلپیتانی)لابرد و کتێبکی تری زمانی عەرەبیان هێنا شوێنی. لە کۆلێژی شەریعە و بەشی شەریعەیش، تەنها لە هەردووک قۆناغی یەکەم و دووەم هێشتیان، لە سێیەم و چوارەم لایان برد، بەڵام لە بەشەکەی ئێمە، بەشی بنەماکانی ئایین(أصول الدين)و بەشی خوێندنی ئیسلامی(دیراسات الاسلامیە)، هەر وەکوو خۆی مایەوە و هەر چوارساڵ خوێندمان.

بیرمە لە پۆڵی دوانزە، فەقێکان، ئەو ڕۆژەی، ئەزموونی ئەو بابەتەمان هەبوو، ڕێککەوتین، ئەگەر پرسەکان قورس هاتبوویەوە، وڵام نەدەینەوە و هەموان هۆڵی ئەزموونەکان جێ بێڵین، بێگوومان وەکوو ئێمە چاوەڕوانمان دەکرد وابوو، هەموان دەنگمان هەڵبڕی و گووتمان کاکە کەس وڵام نەداتەوە، وەزیری ئەوقاف، ئەوکات(كامیلی حاجی عەلی)بوو، لەسەر پشکی بزووتنەەی ئیسلامی وەزیربوو، گووتی بەس بێدەنگ بن، ئەوە یەکەو دە نمرە بۆ ئێوە، لەو لقەی کە دەڵێن داخل نەبووەو هاتووەتەوە، ساڵی پێشووتریش فەقێکان هەمان بەزم و فەرتەنەیان نابوویەوە.

باسی مەلا جومعەم کرد،
مەلا جومعە، مەلایەکی تابڵێیت هێمن و زیرەک و بەڕێزبوو.
من ئەو کات لە حوجرەی مزگەوتی عەلی سۆرانی دەمامەوە،
پۆڵی یانزە بووم،
جا مزگەوتی بەرزنجی و عەلی سۆرانی، زۆر لێکتری نزیک بوون، زۆر جار بەیانی، بە جادەی ئەلباندا، دەڕۆیشتم بۆ قوتابخانەی مەلاعەبدوڵلا پەلیپیتانی، کە دەکەوێتە نیوان هەردووک مزگەوتەکە، جادەی ئەلبان دەڵێم.

مەلا جومعەش بەو ڕێگایە دا دەڕۆیشت بۆ هەمان قوتابخانە، مەڵاو فەقێ، یان مامۆستاو قوتابی، دوو بەدوو و بە دەم قسەکردنەوە، پێکەوە دەڕۆیشتین بۆ سەواف، سەواف زۆر دوور نەبوو، چوارەگێک دەبوو بە پێ، ئێمە هەردەمانگووت سەواف، ڕاستە قوتابخانەکە، ناوی پەیمانگای(مەلاعەبدوڵلا پەلپیتانی)ٚبوو،
لە سەرەوەیدا، بینای مزگەوتەکەی سەواف بوو و ژێرەوەیشی قوتابخانەکەی ئێمەبوو، بۆیە لای خەڵک بەو ناو مەشهوربوو و تا نەتگووتبا سەواف کەس نەیدەزانی کوێیە.

دواتر مەلا جومعە نازانم بۆ لەو مزگەوتەی بەرزنجی نەما، ئەوە بەر لەوەی من بڕۆم بۆ ئەو مزگەوتە و حوجرەکەی ئەوێ.

جا لەو حوجرەیه،
ئێمە سێ فەقێ بووین، بەو فەقێیەش ڕا، کە لەوانەی فەلسەفە، ڕایدەکرد بۆ دەرەوە، لە حوجرەیەک تربوو، وەلێ زۆربەی کات و بەردەوام هەر لای ئێمە بوو، دەبووین بە چوار. ئەوەش بڵێم:جا بەر لە ڕۆیشنتم بۆ بەرزنجی، من سێ ساڵیش لە حوجرەکەی مزگەوتی(حاجی بەدریە بووم)، دوای ئەوەی لە مزگەوتی عەلی سۆرانی نەمام. ئینجا دواتر هاتم بۆ مزگەوتی بەرزنجی. ئەوکاتەی ڕۆیشتم بۆ ئەوێ.
من لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان بووم، ئەوانەتیریش، یەکێکیان لە قوتابخانەی ئیسلامی مەلا فایزبوو، دووەکەیتریشیان لە لە قوتابخانەی ئایینی مەلا عەبدولڵا پەلپیتانی دەیان خوێند و بۆمانەوەش لە بەرزنجی دەماینەوە.

هەڵبەت ئەگەر ئەو حوجرەیه، مەلای ڕەسمی خۆی هەبوایە، لە سەر مێلاکی وەزارەتی ئەوقاف و مەلاکەش سەربە ئیسلامی سیاسی بوایە، ئەوە هەرگیز، ڕێگەی پێنەدەداین کفرێکی ئاوا مەزن و کارێکی لەو شێوەیە بڤە و مەترسیناک، لە ناو حوجرەکە دا بکەین و فەلسەفە بەوانە بخوێنین.

سەبارەت بەوە لە بەشەکانی داهاتوو ئاماژە بەوە دەکەم، لەسەر کتێبی دوو کەسی سیکۆلار، چۆن لە حوجرە، لەلایان مەلایەکی ئیسلامییەوە دەرکراوم!

بێگوومان لە ناو مەلاکان و فەقێکان و ئیسلامیەکان و سەلەفیەکان بە گشتی ڕوانینێکی سەقەت و هەڵە و باو هەیە، بەوەی کەفەلسەفە مرۆڤ شێت دەکات و سیستەمی ئەقڵ تێک دەدات و بیرکردنەوە دەشێوێنێت و شتێکی زۆر بێمانایە و فەلسەفە و لۆژیک، هەڕەشەن بۆسەر ئایین و،

بیرو باوەڕی بڕوادار لەق دەکەن. بۆیه خەتەرە و مرۆڤی بڕوادار دەبێت خۆی لێیان بە دوور بگرێت. تەنانەت لە کۆنەوە هەندێک لە پیاوە ئایینیە فێندەمێنتالیزمەکان سەبارەت بە فەلسەفە و لۆژیک گوتوویانە:(من تمنطق، تزندق)، يان گووتوویانە( علم لا يفهمه الغبي، ولا يحتاجه الذكي!)




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک-6-… شەماڵ بارەوانی

بەشی شەشەم/

لەمیانی ئەو پێنج بەشەی پێشووتر زانیمان کە حەقیقەت و ماهیەت و زەرورەتی چەمکی سیکۆلاریزم چییە. حەقیقەتی ژیان و مرۆڤ و ئازادی لەسایەی سیکۆلاریزممان بۆ ڕۆشنبوویەوە. بۆمان بەیان بوو کە سیکولاریزم هیچ کاتێک مورادیفی بێ دینی و هاوتای بێ بڕوایی و دژایەتی کردنی ئایین و بە مانای قەدەغەکردنی ئایین نایەت. گەر سەیریش بکەین لە ئۆروپا، کەوڵاتگەلێکی بەمانای وشە، سیستەم سیکۆلاریزم و لانکەی سیکۆلاریزمن.

هەرگیز، لەسایەی هیچ یەکێک لەو وڵاتە سیکۆلاریستانەدا، ڕێگری لەئایین نەکراوە و ناکرێت، بگرە زۆر رێزی ئایینەکانیش گیراوە و دەگیرێت و هەموو ئایینەکان ئازادی تەواویشیان پێدراوە. بەڵکوو ئەوان تەنها قەدەغەی تێکەڵکردنی هەردووک کایەی ئایین و سیاسەت بە یەکتری دەکەن. نەک قەدەغەکردن و دژایەتی کردنی ئایین. ئەوان هەردووک دەسەڵاتی ناسوتی( زەمەنی و دنیایی)، و لاهووتی(ئاسمانی و ئایینی)یان لێکتری جوێ کردووەتەوە. لەو وڵاتە سیکۆلاریستانە دا، وەکو ئاماژەم بوکرد،

بگرە ئازادی بیر و بیر باوەڕی ئایینی و مەزهەبی زۆر زیاترە، بە راورد بەو وڵات و شوێنانەی ئیسلامین. لە نموونەی:ئێران، سعودیاو ئەفگانستان.. تاد. ئەو وڵاتانەی کەئیسلامگەراکان و فۆندەمێنتالیزمەکان بە ناوی ئایینەوە حوکمی دەکەن. لەوێ(وڵاتە سیکۆلاریستەکان) کەس بۆی نییە،

لەسەر ناوی عومەر و عەلی، ئەبوو زەڕ و موعاویە، سونە و شیعە، حەنەفی و شافیعی، مالیکی و باتینی، دوانزە ئیمامی و زەیدی، کۆمەڵ و بزوتنەوە، یەکگرتوو و سەلەفی، تاڵیبان و داعش، بۆکۆ حەرام و قاعیدە و فلان فیرقە ئایینی و فیسکە گرووپی تری ئیسلامی، لەسەر ماتریدی بوون و موعتەزیلەیی بوون، لەسەر حەمبەڵی بوون و ئەشعەری بوون، یەکتری بکوژێت و خوێنی یەکتری بڕێژێت و یەکتری تەکفیر و تەبدیع بکات و بسڕێتەوە. وەک ئەوەی لەوڵاتە ئیسلامیەکان بە درێژایی سەتان ساڵە، بگرە زیاتر لەهەزار و چوارسەت ساڵە ئەوە دەکرێت.




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…3…شەماڵ بارەوانی

بەشی سێیەم/

بەڵێن بێت بەو دەستانەی خۆم سەری مەلا بەختیار ببڕم..!

وەکو لە بەشی یەکەم باسم کرد، بەرلەوەی تووشی گۆڕانی فیکری بم، سەر بە هێزێکی ئیسلامی سیاسی کۆنزەرڤاتیڤ بووم، کە خۆی بە مەدەنی ناوزدە دەکرد، وەلێ من لەناخەوە هەڵگری بیری ڕادیکاڵی بووم و کەسێکی زۆرئایدیۆلۆژیست و تابڵێیت بیرتەسک و ئەقڵ ژەنگاوی و ئاسۆ داخراو بووم.

جا بەو بۆنەیەوە،
هێشتا لە قۆناغی غەیبوبەی فیکری و زۆر بە تووندنی لە ژێرکاریگەری عاتیفەی دینی دا بووم و بەنجی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی بەری نەدابووم و فەقێیەکی تابڵێیت دۆگماتیزم و بناژۆ خواز بووم.

بیرمە لە حوجرە بووم و ڕۆژێک فەقێیەک سیدیەکی هێنا حوجرە، دیباتێکی نێوان مەلا بەختیار و ئەبووبەکر کاروانی ئیسلامی سیاسی و چەند کەسێکی تری ئاڕاستە سیکۆلار بوو،
مێژووی مونازەرەکە، دەگەڕایەوە بۆ ساڵی1999.
مونازەکە سەبارەت بە(ئازادی ژن و بنەماکانی مەدەنیەت)بوو.

جا ئێمە بەو پەڕی عاتیفی و حەماسەتەوە لەگەڵ فەقێیەکان بەدەم سەیرکردنەوە، کاتێک سەرەی قسەکردنی کاروانی ئیخوانی دەهات، دەستمان بە چەپڵەلێدان و دەنگ هەڵبڕین و پێکەنین و خۆشخاڵی دەربڕین دەکرد، وەکوو ئەوەی بڵێیت لە هۆڵەکە و لە گەڵ ئامادەبووانی مونازەرەکە ئامادەبین و بڵێین ئەها بردمانەوە و کاروانی ئیسلامی، مەلا بەختیاری سیکۆلاری بەزاند و ئەوەی ئەم بەوی کرد، با بە دەواری نەکردووە، حەققەت واش نەبوو، قسەکانی مەلا بەختیار زۆر واقیعی تر و لۆژیکتر و بڕوا پێکراوتربوون و مەلا بەختیار زۆر زاڵتر و پڕ مەعریفەتر و لە دەربڕینا زۆر بە هێزتروو لە مونازەکەش دا، زیرەکتر و بە تواناتربووو کاروانی هەر بەو بەراورد نەدەکرا.
وەلێ ئێمە ئەو کات، ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی و هەست و سۆزی ئایینی و دەروێشایەتی کردن بۆ ئیسلامی سیاسی کوێری کردبووین و هەستی بینینی حەقیقەتی شتەکان وەک خۆی لێ سەندبووینەوە و بە فەلسەفەی بشفڕێت، هەربزنە، کارمان دەکرد و

دەمانگووت: مەلا بەختیار هەر چی بڵێت و چی بێت، لە ڕۆشنگەری و عیلم و مەعریفە و فەن و سەقافەت دا، هەر کاروانی لەو زیرەکتر و بە تواناترە و مەلای مولحید و سیکۆلاریست، هەرگیز، ناتوانێت موناقەشەی کاروانی بکات!

جامن لەژێر لێویشەوە دەمگووت: بە کوێرایی چاوی ناحەزان و کافران،
ڕۆژێک دادێت و دەوڵەتی ئیسلامی و حوکمی ئیسلامی دەگەڕێتەوە،
بەڵێن بێت مەلای بەختیار، بەو دەستانەی خۆم، گۆشە و گۆش سەرت بڕم.
ڕۆژگار هات و چوو، بەر لەوەی دەوڵەتی سیوکراتی دروست بێت، ئەو دەوڵەتەی هەموو خەون و ئاواتی من بوو،(خوایە کوێربم و لە خەونیش ئەو ڕۆژە ڕەشە و حوکمی ئیسلامی سیاسی نەبینم)، من تووشی گۆڕانی فیکری بووم و دواتر لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیا و فەیسبووکەوە، من و مەڵا بەختیار بووین بە فرێند و ڕۆژانە ڕاو بۆچوونمان لە سەر کۆمەڵێک چەمکی وەکوو:ڕۆشنگەری، فێمێنیزم، ڕیفۆرمی ئایینی، ئەقڵانیەت و فێندەمێنتالیزم و ..تاد. دەگۆڕیەوە و دیالۆک و گفتوو گۆمان لە سەریان دەکرد.
Seen by Shamal Ismael Kareem at Wed 11:12 PM
Shamal Ismael Kareem
وەئێستاش، من بە حوکمی کاری نووسەری و ڕۆژنامە نووسیمەوە، بۆ (23)، ڕۆژانامە و گۆڤار و ماڵپەڕی ئاڕاستە سیکۆلارست و نەتەوەیی و چەپ، دەنووسم، بەردەوام و بێ بچڕان، وە لە نێوان ئەو ژمارەیەدا، پێنجیان ماڵپەڕەکانی مەلا بەختیارن،
ماڵپەڕی:(دابڕان)، و ( چاودێر)، و (ڕوانگە و ڕەخنە)، و (گەلاوێژ)، و (فێمێزمی ڕۆشنگەری)،
بابەتی ئەدەبی و فیکری و سیاسی و ڕۆشنبیری دەنووسم و دەیان بابەتیشم سەبارەت بە بوارەکانی : کۆمەڵایەتی و فیکری و ئەقڵانی و مەدەنیەت و مۆدێڕنێتە و فێمێنیزم و سیکۆلاریزم و فێندەمێنتالیزم و ڕانان بۆ کتێبە ئەدەبی و فیکریەکان و ڕۆمانەکان و هەروەها شیعری خۆیشم لەو ماڵپەڕانە دا، بڵاو بووەتەوە و تائێستا لە سەر پێشنیاز و داواکاری خودی مەلا بەختیار خۆیشی، لە سەر یانزە کتێب و تێزێکی بەڕێزیان، لە نموونەی:
١-دیموکراسی دوای جەنگی سارد.
٢- ئازادی عەقڵ و کۆمەڵی مەدەنی.
٣- دیموکراسی و دوژمنانی
٤-پێشبینی سەرهەڵدان و مەترسیەکانی داعش
٥- دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتەو پۆست مۆدێرنێتەدا.
٦- کوردەواریی و رۆشنگەری هاوچەرخ.
٧-یەکەمین کۆڕ، یەکەمین مونازەرەی دوای راپەڕین.
٨-تۆتالیتاریزمی ڕۆحی و ئەرکەکانی ڕۆشنگەری هاوچەرخ.
٩-شۆڕشــی کــوردستان و گۆڕانکارییەکــانــی ســـەردەم.
١٠-دوڕیانــی دیموکــراســی و ســەلەفیــەت.
١١-دوور لەڕق و تەرەفگیری چەند سەرنجێک لەسەر لەبری بیرەوەری.
١٢-ژن جەوهەری دیموکراسییە لەو سەردەمەی جیهانگیریدا.کە ئەمەی دوایی تێزێکەی بەڕێزیان بوو.
نووسیومەو کە خۆی زیاتر لە(20)، لە کتێبەکانی خۆی بە دیاری بەخشی بەمن و لەو دوانزە کتێبەیش کە لەسەرم نووسیون،

چەندین ڕەخنەیشم لێی گرتووە، لە میانی نووسینەکانم سەبارەت بە کتێبەکانی ئەو، بە دڵێکی زۆرفراوان و زۆر بە خۆشحاڵیشەوە قبوڵی کردووە و بەر لەوەی لە سەریشیان بنووسم، پێشم گووت: هەرگیز، موجامەلەت ناکەم، ئەلحەق گووتی: بە دڵی خۆت بینووسە و ناتبوورم، ئەگەر بە دڵی خۆت و زۆر ئازادانە، ڕەخنەم لێ نەگریت و هەڵسەنگاندن و ڕانان بۆ کتێبەکانم نەکەیت. هەموویشی لە ماڵپەڕەکانی:(دابڕان)، و ( چاودێر)، و (ڕوانگە و ڕەخنە)، و (گەلاوێژ)دا، بڵاوبوونەتەوە، بێ ئەوەی دەستکاری یەک دێڕی نووسینەکانم بکرێت، یان ڕەخنەیەك و وشەیەکم لابرابێت، یا مەلا بەختیار پێی دڵگران و قەڵس ببووبێت.
ئێستاش (ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر) وا خەریکن، هەمووی له دوو توێی کتێبێکدا لە چاپ دەدەن و دواتر بڵاوی دەکەنەوە.

ئەوەش بڵێم:
دووەم کتێبی شیعریم(پارچە شکاوەکانی دڵم)، مەلا بەختیار لە سەر ئەرکی خۆی بۆی چاپکردووم.

لە کۆتایی ئەو بەشەدا، ماوەتەوە بڵێم:
بەو چەشنە، ئیتر من گۆڕام و ئەو فەقێ دۆگماتیزم و وشک باوەڕ و فێندەمێنتالیزمەی جاران نەمام، تابڵێم سەری مەلا بەختیار، یان هەر سیکۆلاریست و چەپ و بێ دینێک دەبڕم،
گەر دەوڵەتی سیوکراتی و حوکمی سیوکراتی بگەڕێتەوە، یان ڕقێکی بێ ئەندازەی مەزهەبیانە و ئایدیۆلۆژیانەم لە دڵ دا، لە بەرامەریان دا،
هەبێت و تف و نەفرەت و نزای خراپیان لێ بکەم، وەکو ئەوەی کاتی سەرەتای فەقێیاتیم، لە هەمبەر حزبی شیوعی و بارەگای حزبەکەیان دەکرد، لە هەولێری پایتەخت، نەخێر ئەو سەردەمە گوزەشت و ئەوە جاران بوو، من ئیتر ئەو قەناعەتە داعشی و ئەو هەموو ڕق و دەمارگیری و نەفرەتەم لە مێشک و دڵ و دەروونم دا، بۆ هەرمان و هەمیشە دەرکرد و فڕێدا و ئێستا به پێچەوانەوە،
من لە بڵاوکراوەی چەپ و نەتەوەیی و سیکۆلاریستان، وتار و بابەت و شیعرەکانم بڵاو دەبێتەوە و بۆ کاکە مەلا بەختیاریش،
سەڕەڕای جیاوازی نێوانمان، لە دنیا بینینمان سەبارەت بە هەندێک چەمک و بۆچوونی سیاسی و، حزبایەتی، وەلێ خاڵی هاوبەشمان زۆر زیاترە، ئەوکات من کەسێکی فۆندەمێتالیست و ئیسلامیست، ئەویش لیبڕاڵ و سیکۆلاریست بوو، ئێستا منیش هەمان شێوە کەسێکی ئاڕاستە لیبڕال و سیکۆلارم.

لە کۆتایی دا، جیهان بینی و تێڕوانینی مەلا بەختیار هەرچییەک بێت لە بارەی حزبەوە، یاخود سیاسەتەوە، ئەوە ئازادی و مافی خۆیەتی و منیش مافی خۆمە هاوڕا، یاخود ناتەبا و جیاوازبم، مەرجیش نییە من وەک نووسەرێک کە هەمیشە بێ لایەنانە دەنووسم، لە گەڵ وشە بە وشەو دێڕ بە دێڕ و تەواوی ناوەڕۆکی کتێبەکان و زمانی نووسین و هەموو دەستەواژە و دەربڕینەکانی مەلا بەختیار. هاوبیر و تەباو هاوڕابم، وەلێ سەرەڕای هەر جیاوازیەک لە دید و تێڕوانینمان.

من هەردەستێک لە خزمەت پرۆژەی ڕۆشنگەری و پرۆسەی مەدەنیەت و نەتەوەکەی خۆی و مرۆڤ دۆستیدا بێت،

لە خزمەتی بەهاکانی سیکولاریزم و دنیای مەدەنیەت و بیری مۆدێڕنێتە و یەکسانی جێندەری و چەمکی نەتەوە پەروەری و ڕێبازی مرۆڤ دۆستی و خەباتی چینایەتی دا بێت،
کە هەموو ئەو کۆنسێپت و مەفهومانە، سەنگەر و ڕوئیا و ئەقیدە و پڕەنسیپ و پیرۆزیەکانی من و ماکی پێنووس و هێڵ و هەنگاوی منیشن.
هەردەستێک لەو بوارە کاربکات، من ئەو دەستە دەگووشم و دەستخۆشی لێ دەکەم و پشتگیری و هاوبیری و هاوبەشی دەکەم. جا هەردەستێک بێت.




کەرتی پەروەردە لەنێوان: مامۆستای تفەنگ بە دەست و قوتابی شەللاتی و دایک و باوکی ناحاڵی..! شەماڵ بارەوانی

بێگومان پەروەردەی باش، بەردی بناخەی هەرکۆمەڵێکی تەندروست و هەنگاوی یەکەمی دروستکردنی تاکێکی مەدەنی و شارستانییە، بە پێچەوانەیشەوە، پەرەوەردەی خەراپ هۆکاری سەرەکییە لە تێکدانی شیرازەی کۆمەڵ و بەرهەم هێنانی تاکێکی سەرسەری و بێ مۆڕاڵ و نێگەتیڤ، هەموو باشیەکان لە پەروەردەیەکی شارستانی و باش و تەندروستەوە لەدایک دەبێت، هەروەها، هەموو خەراپیەکان و کارە دزێویەکانیش بەرهەمی پەروەردەیەکی سەقەت و خراپ و ناشارستانی و ناتەندروستن.

گووتراوە دایک قوتابخانەیه، بێگومان وایە، قوتابخانەی یەکەم و ماڵ و دایکە،
ئینجا دایک، کاتێک وەکوو دایکێک، لە ماڵەوە نەتوانێت بەو ڕۆڵەی خۆی هەستێت و مناڵەکەی جوان پەروەردە بکات، یان بە شێوازێکی هەڵە پەروردەی بکات، بێگوومان بۆ مامۆستاو قوتابخانەی دووەمی زۆرقورستر دەبێت، ئەو ئەرکەی پەروەردەکردن، یان ڕاستکردنەوەی مناڵەکە.

پەروەردە دەبێت لە کۆمەڵێک ڕەهەندەوە لێی بڕوانین، تەنها ئەرک و کاری مامۆستا نییە، کۆمەڵێک دەست هەن لە پەروەردە کردندا، چی بە باشی، یان بە خراپی ڕۆڵ دەبینن، جابۆیەوە لە پێناو پەروەردەیەکی باش و شارستانی و تەندروست، دەبێت هەمووان دەست لە ناو دەست بن. لەوانە:
یاسا، خێزان، میدیا، کۆمەڵ ،قوتابخانە..تاد.
یانی دایکێک لە قوتابخانە، تەنها لەسەر ئەوەی مامۆستا قسەیەکی ڕەقی بە مناڵەکەی گووتووە، بێت و بە مامۆستا بڵێت: حەبڵ دەخەمە ملتەوە و بەو دەستانەی خۆم دەتخنکێنم!
دەبێت ئەو مناڵە کاتێک دەبینێت دایکی بەو شێوە ناشارستانی و سەقەتە بەرگری لێدەکات و بەو شێوە ناشیرینە هێرش دەکات سەر پەروەردەکارەکەی(مامۆستا)کەی، دەبێ چ ڕێزێک لەو مامۆستایه بگرێت و لە داهاتوو چ کەسێکی سەرسەری و شەڕانگێز و تاکێکی پڕکێشە و مرۆڤێکی خراپی لێ دەربچێت!

باوکی قوتابی بێت و حەرەمی قوتابخانە و پیرۆزی قوتابخانە بشکێنێت و هەڕەشە لە مامۆستا بکات، لەسەر ئەوەی مامۆستا شاپێک، یان دارێکی لە کوڕەکەی داوە!

دەبێت ئەو مناڵە چ کەسێکی لێ دەربچێت؟
بۆ ئەوانەو دەیان نموونەی تری لەو شێوەیە، لە ئەزموونی ئەو چەندساڵەی مامۆستایەتیم ، هەمووی بەڵگەم هەیە و بە چاوەکانی خۆم بینیومە.

ئاخر من قوتابیم بینیوە، هێشتا لە پۆلی سەرەتاییە و بە مامۆستای گووتووە:
وەڵا باوکم پلەدارە و دەڕۆم و پێی دەڵێم بێت و لێپێچینەوەت لە گەڵ دا بکات!

مناڵی وا، حەتمەن بەرهەمی ئەو جۆرە پەروەردە ناشارستانی و نا تەندروست و سەقەتەیەی باوک و دایکە، کە سەرەتا ئاماژەم پێکرد.

چەندین جار بینیومانە، لە ڕاگەیاندنەکان، کە قوتابی بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر مامۆستا و زامداری کردووە.

بەر لەچەند ساڵێک، لە دێیەکی ئەو دەڤەرەی خۆمان مامۆستابووم،
قوتابیەکی پۆلی(حەوت)مان هەبوو، زۆر نەوەستاو ئاڵچاغ و بێ ڕێزبوو، لە بەرامبەر مامۆستاکان. تەنانەت جارێک لە ناو پۆل زمانی لێدەرهێنام، منیش تەنها هێندەم پێ گووت: کاکە بۆ وادەکەیت تەواو نیت، یان بەترانیت!؟

جا ڕێک بە ترش و خوێ پێداکردنەوە،
ئەمەی بۆ دایکی گێڕابوویەوە و دایکی یەکسەر تێلی بۆ بەڕێوەبەرەکەمان کردبوو و گووتبووی دێم لەگەڵ مامۆستا شەڕ دەکەم، چۆن وا بە کوڕەکەی من دەڵێت!؟

دایکی بەڕێز، ئەی لەخۆتت نەپرسی: چۆن کوڕەکەی من هێندە بێ ئەدەب بێت و بگاتە ئەوەی زمان لە مامۆستاکە،ی دەربێنێت!؟

هەرچەند ئەو دایکە بەڕێزە دواتر دانی بە هەڵەکەی خۆی داناو داوای لێبووردنی لێ کردم و ئەلحەق دواتر تابڵێیت ڕێزی دەگرتم،

من بیرم دێت و مناڵ بووم و بە چاوەکانی خۆم بینیومە، بە هۆی دەست لە پشتدان و هاندانی دایکەکەیەوە، گەنجێک، گەنجێکی تری، بە کلاشینکۆف خەڵتان خوێن کرد و بە کابووسی مەرگی سپارد.

ئاخر دایکی وا، هەر لە مناڵیەوە، مناڵ پەروەردە ناکات، بەڵکوو شەللاتی درووست دەکات، جەلاد و بکوژ و شەقاوە پێشکێش بە قوتابخانە و کۆمەڵ و گەڕەک و شەقام دەکات.

ئێ باوکی ناحاڵی و دایکی بەڕێز:
تۆ لە ماڵەوە بە دەست دوو مناڵەوە گیرت خواردووە و بە شەق و پێلەقە دەکەویتە گیانیانەوە؟و خوا خواتە، بڕۆن بۆ قوتابخانە و دانێک، لە کۆڵت ببنەوە.

کەچی دێیت و لەسەر قسە پێ گووتنێکی مامۆستا، یان زلەیەکی مامۆستا، هەڕەشە و شەڕ و شکات دەکەیت!؟

ئەرێ بۆ جارێکیش بێت، بیرت نەکردووەتەوە و هەستت بەوە نەکردووە، کە تۆ بە دەست دوو مناڵەوە گیرت خواردووە!؟
ئەی مامۆستایەک، لە گەڵ چوارسەت مناڵ لە قوتابخانەیەک دەبێت حاڵی چۆن بێت؟

بیرت لەوە نەکردووەتەوە، مامۆستاش مرۆڤە، توڕە دەبێت و هەڵدەچێت، هەڵە دەکات، مناڵی خراپ بێزاری دەکات، ئەو شەلاتیەی تۆ درۆستت کردووە و بەڕەڵای گەڕەک و قوتابخانە و گیانی مامۆستات کردووە لەمیزاج و کەسایەتی دەدات و بێ ڕێزی پێ دەکات.
قیامەت هەڵدەستێت، گەر مامۆستا هەڵەیەکی کرد و تووڕە بوو و جارێک لە مناڵەکەتی دا، تەواو ئیتر دنیا خراب دەبێت!؟

هەڵبەت مەبەسم لێرە هاندان نییە بۆ لێدان، کەس هەڵە تەفسیری قسەکانم نەکات.
بێگوومان من دژی لێدان لە مناڵم و بە هەموو شێوەیەک لێدان ڕەت دەکەمەوە.
هەشت ساڵیشە مامۆستای وانەبێژم و یەك شاپ، یان دارێکم لە هیچ یەکێک لە قوتابیەکانم نەداوە، قوتابیەکانم هەندێکشیان کۆلێژیشیان تەواوکردووە و لەگەڵ خۆم ئێستا مامۆستای وانەبێژن.
بڕۆن لەهەموو قوتابیەکانم ببپرسن، بزان چەندە کەسێکی هێمن و ڕووخۆش و نا توندو تیژم لە گەڵیان.
وەڵێ مەبەستم، خوانەخواستە، گەر مامۆستا هەڵەکی واشی کرد، ئەی لێبوردەیی؟ ئەی ڕێزگرتن لە مامۆستا؟
ئەی ئەو هەموو ماندوو بوون و دڵسۆزی و قوربانی دانەی مامۆستا لە پێناو پەروەردەکردن و فێرکردن و پێگەیاندنی مناڵەکەت!؟
یانی مرۆڤ ئاوا بێ ئەمەک و سپڵەبێت و بەو ئاسانیە و بە جارێک، ئەو هەموو چاکە و ماندووبوون و خزمەت و دڵسۆزیەی مامۆستا لە بیربکات!؟

جا بەو بۆنەیەوە ئێمە مناڵ بووین و
لە قوتابخانەکەمان کۆمەلەک قوتابی بووین، هەندەک لاساربووین. ئەوکات دێیەکەی ئێمە، گە یاری تۆپی پێیان لەگەل دێیەی تر هەبووایە،
زۆر جار بەپێ دەڕۆیشتن. ئەوسا قەمەرەی بەڕازیلی هی پۆزلێدان و ژن
Shamal Ismael Kareem
گواستنەوەبوو. سەیارە، زۆر کەم بوو.

ئەوە نەوەتەکان دەڵێم.
ڕۆژێک پییاوەکانی دێیەکەمان، دەچوونە دێیەکی تر، بۆ فتبۆڵێن.
منیش کەئەوەم بینی، خێرا گووتمە هاوپۆلەکانم بۆ نایێن بڕۆین لەگەڵیاندا؟
ڕێککەوتین و کتێبەکانمان برد بۆ ماڵی قوتابییەک، ماڵیان نزیک قوتابخانەبوو بەو شێوەیە قوتابخانە و وانەمان جێ هێشت و ڕۆیشتین.
مامۆستایەکمان هەبوو لە دێی چەمەی نزیک دێیەکەی ئێمە، دێی(بارەوان)، هەموو بەیانیەک، بە پێ دەهات وانەی پێ دەگووتین، بەڕێوەبەریش بوو، جا بە حوکمی ئەوەی خوێنداربوون، دایمە تفەنگێکی لەگەل دا بوو.

جا بابێمەوە سەر بەسەرهاتەکە،
ئێمە ڕۆیشتین و لەدێ دەرچووین، هێندەمان زانی مامۆستاکە، بە سافیرە لێدان هات لە دوامان، ئەمەش هەر ڕامان دەکرد.
تاکو گەیشتین بە پیاوەکان، پیاوەکان گووتیان: کاکە بگەڕێنەوە، عەیبە، مامۆستا بە دواتانەوە هاتووە.
مامۆستا گەیشت پێمان، ئاگر لە چاوەکانی دەباری لە تووڕەییان، ئێمەش کەئەوەمان بینی، لە ترسانا، ناچار ملی ڕێگای گەڕانەوەمان گرتە بەر، قوتابیەکمان لەگەڵ دا دابوو،
ویستی لا ملی بکات و بلێت مەحاڵە من بگەڕێمەوە،

بیرمە مامۆستا تفەنگەکەی لە شانی هینایە خوار و ڕێک سێرەی لە ناو چەوانی گرت و گووتی: پێت دەڵێم بە بێ دەنگی و بە ئاقڵی و بێ لام و جیم، پێشم کەرەوە، ئەگەرنا ئەو کیرەت دەبەمێ و مێشکت دەپژێنم.

ناچار قوتابیەک لە ترساندا سەرێ خۆی نزم کرد و ملی ڕێگای گەڕانەوەی گرتەبەر و بە گەڵ ئێمە و بە پێش مامۆستاکەوت و ئەمەش، لە ترساندا، هەموو لەشمان وەکوو داربی ناو ئاوێ دەلەرزی و وەختا بوو میز بکەین بە خۆماندا.
کاتێک نزیک دێیەکەمان بووینەوە، مامۆستاکەمان پێی گوتین: بمبوورن کە جوێنم پێ دان، بە ڕۆژوومە و توڕە و زۆر هیلاکیشم.
منیش گووتم:
بووراوی و هیچ لەبەر دڵمان نییە مامۆستا، جوێنت بە شەکر.
کەوام گووت، هەتا هێزی تیابوو، شەپا زلەیەکی دا لە لەبنا گوێم و هەردووک چاوم لەگەل تاریک وبوون و دەمەکی باش یەک شتم نەبینی و دنیا بوو بە شەو لە پێش چاوەکانم.

گووتی خوێڕی، دەزانم هەمووی لە ژێر سەرێ تۆدایە، بەڵام ئاخ چیبکەم، یەتیمیت و ئەو بێ باوکیەت پشتی شکاندووم.

خەڵکی دێ، هەموان کە بەوەیان زانی پێدەکەنین و دەیانگووت مامۆستایە، هەرچی بڵێت، حەقی هەیه، هەموومان قەرزاری مامۆستاین، ئێوە هەڵەتان کردووە، مامۆستا هەرچیەکتان پێ بڵێت، ئەو مامۆستایە، دەبێ هەموان ڕێزی بگرین.
خەڵکی ئاوا ڕێزی مامۆستای دەگرت، کەس نەیگووت:
چۆن مامۆستا تفەنک لە قوتابی سوار دەکات!؟

کەس نەیگووت:دەی سکاڵای لێبکەن و بامامۆستا دوور بخەنەوە.
ئەوها به گەورەیی سەیری مامۆستایان دەکرد.
عەرەب قسەیەکی هەیە دەڵێت(کادَ المعلمُ ٲَنْ یَکونَ رَسولا)و
مامۆستا ئاوا سەیرکراوە.

نەخێر، هیچ کەسێک ئەوەی نەکرد لە کەس و کارەکانمان، وەکوو هەندێک لە دایک و باوکانی ئێستا، خۆی لە مامۆستا دانەنوستاندووە و چاوەڕێ بکات، هەر کە مامۆستا قسەیەکی بە مناڵەکەیی گووت،
خێرا هێرش دەست پێ بکات و هەڕەشە و سکاڵا بکات.
تکایە وەزیری پەروەردە، گەر لە پێناو مامۆستاش نەبێت، هەر لە پێناو پەروەردە، کە شکۆ بۆ مامۆستا بگەڕێننەوە.




سەت بەردت لە دوو بێت… شەماڵ بارەوانی

کەهەر دەڕۆیت
بڕۆ و
لە جیاتی جارێک
هەزار جار ماڵئاوا

من
ئیتر نە هۆنراوەی خەم
و
نەشیعر بۆ دابڕان
دەنووسم

نە لێدەگەڕێم
ئازار توخنی هەرێمی
دەروونم بکەوێت
و
نە گۆرانیش بۆ ئیشقێکی
شکست خواردوو
دەچڕم

تۆ شایەن نیت
بە دیار ئەلبوومی بیرەوەریەکانت
دانیشم و
ئەشکت بۆ بڕێژم

برۆ ئازیز
کەهەر دەڕۆیت
زوو بڕۆ
و
سەت بەردت لە دوو بێت




بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا…2…شەماڵ بارەوانی

بەشی دووەم/

فـــەقێیەکــی کـتێب خـــۆر..!

لەبەشی پێشووتر باسم لەوەکرد، کە تووشی گۆڕانی فکری بووم.
ئێمە کۆمەڵەک فەقێ بووین، هەموومان بە ئاڕاستە سەربە ئیسلامی سیاسی بووین و ئنتیمامان بۆ ئیسلامی سیاسی هەبوو، هەمان بوو یەکگرتوو، هەشمان بوو مەیل و ئنتیمای بۆ کۆمەڵی ئیسلامی هەبوو. وەلێ لەهەمان کاتدا، ئێمە مەڕ نەبووین، ڕاستە بە تەمەن گچکەبووین و هەریەک لە ئێمە سەرەتا بە ڕێگای هەست و سۆز و عاتیفەوە، ئنتیمامان بۆ ئەو دوو هێزیلە ئیسلامیە سیاسی لا دروست ببوو،

وەلێ ئێستا لەڕووی فیکرەوە بە هێزببووین و عاتیفانە بیرمان نەدەکردەوە، شوکور ئێستا هۆشیارە مەحوی و ئێمە شێوازێکی تر بیرمان دەکردەوە، بەرەو ئەقڵانیەت و جیهانی بیرکردنەوە و لۆژیک هەنگاومان ناوە، بۆیە ئێمە ئەو کۆمەڵە فەقێیە عەجووڵ و هۆشیاربووین. ئەوانیش هەندەکیان کەم و زۆر بەڵام بە ئەندازەی من نا، دەیان خوێندەوە. فەقێی هاوڕێم هەبوو بەرلەمن ڕۆمانی(تاعوون)ی کامۆی خوێندەوەو هێنای من بیخوێنمەوە.

فەقێشمان هەبوو، لەیەک قاڵبی بیرکردنەوەدا چەقی بەستبوو و حەزی بە خوێندنەوە و بیرکردنەوەو بینینی بیرو ڕای جیاواز و شتی جیاواز نەدەکرد. بە ساڵیش کتێبێکی نەدەخوێندەوە. زیاتر حەزی لە چاڵاکی حزبی بوو و هەوڵی دەدا خەڵک بکات بە ئیسلامی.

هەڵبەت ئەو گۆڕانە فیکریە، تەنها من تووشی نەبووم، چەندین فەقێی تری هاوڕێم و فەقێی تریش، لە حوجرەیتر ئاگاداربووم کە هەمان شێوەی من، وەک مەڵاکان دەڵێن تووشی گوومڕایی و لادان بوون.

جا لەو گۆڕانە فیکریە، من کەم و زۆر کاریگەریم لەسەر فەقێکانی هاوڕێم هەبوو، فەقێکان دەیان زانی و دەیان بینی کەمن جگە لەخوێندنەوەی کتێبی ئیسلامی و دەرسی حوجرەو قوتابخانەی ئایینی و بابەتە ئایینیەکان، بەردەوام و شەو ڕۆژ خەریکی خوێندەوەی ڕۆمان و چیرۆک و کتێبی فیکری و فەلسەفی و دەروونناسی و کومەڵناسی و سیاسی و مێژووییم.

بەهۆی مۆتاڵای زۆرمەوە، هەندێک لە فەقێکان پێیان دەگووتم کتێب خۆر و بۆیە متمانەشیان بە قسەکانی من دەکرد. سەرەتا نا، وانەبوون، هەندێکیان لێم دەترسان و نەیان دەوێرا توخنم بکەون. چوونک هەندێک مەلا و فەقێی تر منیان وەک دەعبایەکی مەرترسیناک و فەقێیەکی گومڕا و لادەر و زۆر خەتەرناک، لای ئەو فەقێیانە وەسفکردبوو.




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک… 5 … شەماڵ بارەوانی

بەشی پێنجەم…

دەوڵەتی سیکۆلاریزم، دەوڵەتی ئایینێك، گرووپ و مەزهەبێك، ئایدیۆلۆژیاو حزبێكی ئایینی، فیرقەیەكی دیاری كراو بەتەنها موڵكی ئەقیدەیەك نییە. سیکۆلاریزم دەڵێت دەبێت دەوڵەت،

دەوڵەتێک بێت، بۆ هەموان بێت. ژیانی هەموو مرۆڤایەتی تێدا بەرجەستەبێت. كەرامەت و سەرو گیان و حەزەكانیان تێیدا پارێزراوبێت. دەوڵەتێک بێت، جێگای ئازادییەكانی تێدا ببێتەوە. دەوڵەتێک بێت، كەس لەسەر ئایین و ئەقیدی ئایینی، لەسەر مەزهەبی جیاواز و دیدەنیگای جیاواز و بیروباوەڕی جیاواز، تیرۆر نەكرێت و ئەشكەنجەو ئازار و زیندانی و بێ سەرو شوێن نەكرێت.

دەوڵەتێک بێت ئایندار و لائیكێك، بڕوادار و گومانگەرایەك بە یەكسانی جێگایان تێدا ببێتەوەو جیاوازی لەنێوان هیچ مرۆڤێك نەكرێت، لەسەر بنەمای جیاوازی ئایینی، مەزهەبی، نەتەوەیی و ڕەنگ و ڕەگەز. دەوڵەتێک بێت، خۆشەویستی تێیدا ئایین و مرۆڤایەتی ڕێبازبێت. دەوڵەتێک بێت، رق و دەمارگیری، ڕەگەزپەرستی و یەكترسڕینەوە، تیرۆر و كوشتن و تووندوتیژی، فێندەمێنتالیزمی ئایینی و بیری ڕادیكاڵیەت،

دۆگمی بەرد و حوكمی شمشێر و هەڕەشەی سەربڕین و زمان قرتاندن و دەست و پێ پەڕاندن تێیدا تاوان و قەدەغەبێت. ڕێزگرتن لەئاشتی و برایەتی و پلۆرالیەت و پێكەوە ژیان، ئەرك و یاسا بێت. لێبوردەیی و یەكترقبوڵ كردن و چەمكی هاووڵاتی بوون، بنەماو دۆکترین و ئەقیدەی فەرمی دەوڵەت و دەستوری وڵات بێت. دەوڵەتێک بێت بەواتای وشە باوەڕی بە مافەكانی مرۆڤ هەبێت. ڕێز لە ئازادی و ماف و سەربەستی ژن.

هەڵبژارنەكانی تاك، ژیانی تایبەتی مرۆڤەكان، بیروباوەڕی هەموان و هەموو جیاوازیەكان بگریت. دەوڵەتێک بێت، دژایەتی یەكسانی جێندەری، دیموكراسیەت، سیكولاریزم و زانست و ئەقڵانیەت و تازەگەری نەكات..




فەقێیەکی گوومڕا… 1… شەماڵ بارەوانی

بەشی یەکەم/

بیگومان مرۆڤ تازیاتر لێکۆلینەوە بکات و بیربکاتەوەوە بخوێنێتەوە، ئاسوی بیرکرنەوەی فراوان تر و دیدی واڵاتردەبێت، تا زیاتر ئاشنای ڕوانگە و دید جیاواز و، قوتابخانەی فیکری و فەلسەفی زیاتر بێت و زێدەتر گوتەو تێزی زانایان و عاریفان و ئەندێشەمەندان و فەیلەسوفان بخوێنیتەوە، زیاتر تێدەگات و زیاتر هەڵەکانی پێشووی خۆی بۆ ڕۆشن دەبێتەوە.
مرۆڤی ئاقڵ و شارستانی و خوێنەوار، هیچ کاتێک لە شوێنێکی دیاریکراو لە پنتێکی دیاری کراوی بیکردنەوەو لەخاڵێکدا ناوەستێت و چەق نابەستێت.

مرۆڤی خوێنەوار و هۆشیار، هەمیشە عەوداڵی گەڕان بە دوای ڕاستیەکان و چوونە نێو قوڵایی شتەکان و ئەو دیوی پەردەی نەزانراوی شتەکانە،
مرۆڤی ژیر و ڕۆشنهزر، بەردەوام بە دوای شتی نوێ دا دەگەڕێت و هەوڵدەدات نوێ تاقی کاتەوە و شتی تازە ئەزموون کات و فێربێت.

مرۆڤی شارستانی و ئاقڵ، هەرشتێک لەگەڵ زانست و ئەقڵ و ویژدان و مرۆڤایەتی نەهاتەوە، پولێکی سوتاوی پێنادات و هەرگیز وەری ناگرێت. مرۆڤی شارستانی و ئاقل و خوێنەوار، گۆڕینی دیدو فیکری نازانستی و نائەقڵانی، لە پێڵاو لا ئاسانترە.
مرۆڤی شارستانی و خوێنەوار و هۆشیار، هیچ کاتێک لە گۆڕانکاری ناترسێت و دەمارگیری بۆ ئایینێک دیاری کراو مەزهەب و ئاڕاستەیەکی دیاریکراوی بیرکردنەوەکی دیاری کراو نییە و کوێرانە و چاولێکەرانە و بۆماوەییانە، شوێن هیچ بیر و باوەڕ و مەزهەب و گرووپ و ئایدیۆلۆژیایەک ناکەوێت.

ئەمڕۆ ئەوەی پێ ڕاستە، بەیانی بۆ دەرکەوت ڕاستیەکەی ئەو هەڵەیە، دانی پییادەنێت و دەستبەرداری ئەو ڕاستیە ساختەیه دەبێت.
مرۆڤی ئاقڵ و شارستانی و ڕۆشنبیر، باوەڕی بە چەمکی ڕەهایی نییە و ڕێژەیی بوونی شتەکان، قەناعەت و بیر و باوەڕیەتی.
مرۆڤی شارستانی تەنها لەڕوانگەی کتێبێکەوە بوون و گەردوون و ژیان و مرۆڤایەتی نابینێت و بڕیار لەسەر شتەکان نادات.
مرۆڤی شارستانی دەخوێنێتەوە، قبوڵ ناکات، کەس لەجیاتی ئەو بیربکاتەوەو بریاڕبدات و هەڵبژێرێت.

مرۆڤی شارستانی لەتونێلی مێژوودا گیرناخوات و بەردەوام خەونی گەڕانەوەی چوونەوە ناو مێژوویەکی کۆنی بەر لەهەزار ساڵە نابینێت و خەیاڵی ئەوە ناکات، ئێستا لەقاڵبی ڕابردوو بدات و واقیع بکات بە قوربانی مێژوو و مردووی ناو گۆڕەکان، لە جیاتی ئەو بڕیار بدەن و بیربکەنەوە و فەتوای بۆ بدەن.
نەخێر مرۆڤی شارستانی کوڕی ڕۆژە و شوێن قیلەو قال و عن عنەی ئەوی تر ناکەوێت، ئەو شوێن واقیع و ئەقڵ و ویژدان و مرۆڤایەتی دەکەوێت.
مرۆڤی شارستانی، مرۆڤێکە بەردەوام دەخوێنێتەوە.

ئینجا بابێینەوە سەر ئەسلی مەسەلەکەو چیرۆک و بەسەر هاتی فەقێیە گوومڕاکە باس بکەین و بزانین بەچی و چۆن و بۆچی گوومڕابوو!؟

هەڵبەت من زۆر زوو دەستم کرد بە خوێندنەوەی کتێبی هەمەجۆر و فەقێیەکی تابڵێیت نەوەستاو عەجووڵ بووم و زۆر زوو و هەر لە تەمەنی هەرزەکاری و ژیانی فەقێیاتی و قۆناخی خوێندنی حوجرە و قوتابخانەی ئیسلامیم، دەستم بۆ کتێبی قەبەو سنوری هێڵەسورەکان و بابەتی بڤەو نووسەرە بە تابوو کراوەکان دەبرد. جاری وابووە کتێبێکم کڕیوە لای مەلای مزگەوت لەسەری ڕوبەڕووی کێشە بوومەتەوەو بە هۆیەوە لەحوجرەو مزگەوت دەرکراوم.

بێ گوومان گۆڕانی ئایدیۆلوژی، لەڕووی سایکۆلۆژییەوە قورسە و هێندە شتێکی ئاسان نییە، تۆ وا زوو دەست بەرداری بیر و باوەڕی پێشووت بیت و لە فەقێیەکی دۆگمایی و بابایەکی ئیسلامیستەوە، بگۆڕێیت بۆ کەسێکی نهلیست و عەدەمی و سیکۆلاریست.
من ئەو گۆڕانکاریەی دووچارم بوو، بە ڕێگای خوێندنەوەو تێڕامان و بیرکردنەوەو بەراوردکاری نێوان ئایینەکان و لەڕێگای میتۆدێکی لۆژیکی و زانستیەوە بوو، نەک سۆز و عاتیفە، یان، ڕق و کاردانەوە.

ئازیزان چۆن گۆڕام و بەچی گۆڕام و بووم بە فەقێیەکی گومڕا؟ لەمیانی باسکردن لە چۆنیەتی بوونم بە فەقێیەکی گومڕاو سەر لێ شێواو لەدین دەرچوو، وەک هەندێک لە مەلاکان وایان پێ دەگووتم.

یەکێک لەو نووسەرانەی کە بووە هۆکاری ئەوەی من بگۆڕێم و ببم بە فەقێیەکی گوومڕا. عەبدولکەریم سروش بوو،
بە تایبەتی کتێبەکەی«ڕێگا ڕاستەکان». بۆ من ڕاچڵەکینێک بوو، سەبارەت بە قۆناغی بەنج و غەیبوبە و دۆگمایی بوونی فیکری و بەستەڵەکی ئەقڵی و بیرتەسکی و ئاسۆداخراویم و تەنها بەڕاستی زانینی تاقەڕێگایەک و قۆرخکردنی ڕاستیەکان و حاڵی نەبوون لە پیرۆزی چەمکی پلورالیزمی ئایینی.

سروش ئەو کەسەبوو، کاریگەری زۆری لەسەر دروستکردم. دانراو کتێبەکانی(ڕێگا ڕاستەکان، نیوەی پەنهانی فەیلەسووف، کەلەپوور و سیکولاریزم، ئەقڵ و ئازادی، تەنها ئەزموونی پێغەمبەر، سیاسەت و ئایینداری، پلورالیزمی ئایینی، ئاین لەسەردەمی مۆدێرنەدا) و بەتایبەتی ڕێگاڕاستەکان، دەروازەیەکی زۆر گرنگ و باشبوون بۆ ئەوەی من تووشی کرانەوەی فیکری و توانەوەی ئەو بەستەڵەکەی ئەقڵ ببم و لەو تونێڵە تاریکەی ئایدیۆلۆژی بێمە دەر و لەوە تێبگەم، دنیای مرۆڤایەتی گەلێ لەو حوجرە داخراو چاڵە فیکریەی من تێیکەوتووم، فراوانتر و ڕێگاکانی ڕاستی و حەقیقەتەکانیش، زۆر لەو ڕاستیە ساختەیەی من بانگەشەی بۆ دەکەم و پێی تەڵقین و گەوج و گۆشکراوم زۆرترن.




دایە دایە، باوکم مزگەوتی لەگەڵ خۆی هینایە… شەماڵ بارەوانی

ژیانی فەقێیاتیم پڕیەتی لە چیرۆک و بە سەرهاتی خۆش و ناخۆش. دنیایەکی سەیرە گیانە، هەرگیز بە خەیاڵیشم دانەدەهات، ڕۆژێک دادێت من تووشی ئەو گۆڕانە فیکریە دەبم و لەکەسێکی ئیسلامی و بابایەکی فێندەمێنتالیستەوە وە، دەگۆڕێم بۆ کەسێکی سیکۆلار و لیبراڵ!

هەڵبەت سەبارەت بە چوونم بۆ خوێندنی ئیسلامی و فەقێیاتی و حوجرە، ئەوە بە قەناعەت و حەزێکی خۆم بوو، کەس لەماڵەوەمان، نە فشاری چوون و نەیش پشتیوان و هاندەرم نەبوو لەو چوونەم بۆ خوێندنی ئایینی و مانەوە لە حوجرە. خانەوادەکەی من موسوڵمانی تەقلیدی بوون، نوێژ و ڕۆژوو و زۆربەی ڕیتواڵەکانی ئایینیان بە جێ دەگەیاند، وەلێ هەرگیز ئیسلامی نەبوون و دیندارییان بەو شێوە تەعریب و مۆدێلە تووند و نامۆیه نەگرتبوو، کە سەلەفیزم و ئیسلامی سیاسی لەکوردستان دەیانەوێت دەرخواردی خەڵکی بدەن.

جاکاتێک بڕیارم دا ببم بە فەقێ و بڕۆمە حوجرە،
دایکم بەڕەحمەت بێت، بۆ شۆخی بەردەوام پێی دەگوتم: کوڕەکەم، موعجیزەیه کاریتە لەکفر درووست بێت!
منیش بە پێکەنینەوە دەمگووت:ئەی نەت بیستووە کەپێشینان گوتوویانە: لەپەلویان دەبیت وەلی و لەوەلیانیش دەبیت بەلو؟ ئیجا زیاتر پێدەکەنین و دووبارە بەدایکمم دەگووت: دایە دەزانی لەنوح پەیامبەرەوە، تائێستا من یەکەم کەسم، لەنێو تیرە و هەموو بنەماڵەکەمان بڕۆمە فەقێیاتی و لەداهاتوو دەبم بە مەڵا.

جابە هۆی ئەوەی هەرزەکار بووم و عاتیفەی دینی بەسەرم دا زاڵ بوو و گوێم لە وتاری کۆمەڵێک واعیز و داعی و مەلای سەر بە ئاڕاستە و تەوژمی ئیسلامی سیاسی دەگرت، زۆر کەوتبوومە ژێر کاریگەری هزری ئیسلامی سیاسی و ئایدیۆلۆجیاکەیان و ئەو حەز و خولیایەم لا دروست بوو، منیش ڕۆژەک بێت و، ببم به مەڵاو بڕۆمە سەر مینبەر و بانگەوازی بۆ ئیسلام بکەم.
هەر لەو سۆنگەیەوە من بە ئیشق و تاسەو حەزێکی زۆرەوە
ڕۆیشتم بۆ فەقێیاتی و خوێندنی ئیسلامی،

هەرچەندە دایکم ئەمەی پێ خۆش نەبوو، نەک لەبەر ئەوەی دژە ئایین بوو، نەخێر، هەرگیز، دایکم ئەوەی من دەمبینی ڕۆژانە نیوەی تەمەنی هەر لەسەر بەرماڵ و لە گەڵ ئایین و بۆ خوا بەڕێکرد.

دایکم بێ ئەوەی پێم بڵێت، هەستم دەکرد، بەوە نیگەرانە و دڵخۆش نییە، کەمن کورد وتەنی عەیب نەبیت( سەر و کلکم لەگەڵ ئیسلامیەکان تێکەڵ کردووە)و ئەوە ئیسلامیەکانن هانی من دەدەن بۆ چوونم بۆ حوجرەو مزگەوتێک، کەسەر بە خۆیان و لەژێر دەستی خۆیانە. جارجاریش کاتێک کە دەمگووت ئیسلامیەکان واو وان و مەدحم دەکردن. دایکم دەیگووت: کوڕم بەو خوایه درۆی دەکەن، ئەوانە لۆ خوایان نییە.

دایکم زۆر دینداربوو، بەڵام قەت خۆشی لەئیسلامی سیاسی نەدەهات، دایکم خوێندەواری نەبوو، جارێک لە کاتی دەنگدان منی بۆ ئەوە هەڵبژارد لەگەڵی بڕۆم تا دەنگ بدات، لە بەردەم بنکەی دەنگدان، گووتم:دایە ئەوە گەیشتین، ئینجا تۆ دەنگ بەکێ و کامە لایەن دەدەیت؟

با یارمەتیت دەم؟ گوتی: کوڕەکەم من هیچ نازانم و خوێنەواریم نییە، بەڵام دەنگی من با لۆ خوای بیت. لەبەر پێکەنین خەریک بوو لەهۆش خۆم بچم. گوتم:دایەگیان خوای گەورە ئەوەی من بیزانم جارێ هیچ کاندید و لیستێکی نییە و بەژداری هەڵبژاردنی نەکردووە، گوتی وسبە کورە، دەم ڕووت. ئەوکات من هێشتا ئیسلامی بووم، مەلایەکی ئیسلامیش لەو دڤەرەی ئێمە خۆی کاندیدکردبوو. منیش گووتم: ئەو مەلا ئیسلامیه خۆی کاندید کردووە، بۆ دەنگت بۆ ئەو نەبێت؟ بەو خوایە، وەکو ئەوە وایە، کەدەنگ بدەیت بە خوای گەورە.

گووتی :وڵا هەردووک چاوی دەربێت، من دەنگی خۆمی پێنادەم، ئەو ئیسلامیە پیسە.

جا بەسەرتان نەیەشێنم و بەسەرهاتێکی تری ژیانی فەقێیاتی خۆمتان بۆبگێڕمەوە،
ئەوە لە فەقێ یاتیم ساڵەكی لای کەرکوک و مەنتیقەی شێخ بزێنی و ساڵەییان مەلابووم، جومعە کەوتارم تەواو دەبوو هەرجارەو کەسێک دەیگووت مامۆستا دەبیت لەگەڵ ئێمە بێیت و بە زاراوە شیرینەکەی کەرکوکیان وتەنی (لەماڵ ئێمە ئاش بخۆیت)،
جومعەکی پیاوەک گووتی مەلاگیان دەبێت لەگەڵ من بێیت، دەی بابڕۆین.
کو گەیشتینە حەوشەی ماڵی پیاوەكەی، دوو منداڵی دوانەی کچی هەبوون، کەمنیان بینی لەگەڵ باوکیانا، یەکسەر ڕایانکرد بۆ ژوورەوەو پڕ بەدەنگ هاواریان کرد:
دایە دایە، باوکم مزگەوتی لەگەڵ خۆی هینایە. کەوەم بیست دامە قاقای پێکەنین، جا من دیشداشەیەکی سپی عەرەبانیشم لە بەردابوو. گووتم هەرباش بوو نەتانگووت: دایە، دایە، باوکم سەلاجەی لەگەل خۆی هینایە.




سێ قول هواللە و دوو فەقێ و فێڵێک.. شەماڵ بارەوانی

بەحوکمی ئەوەی هەم فەقێ و هەم ئیسلامی بووم کاتی خۆی، ئەوە لەقۆناغی ژیانی فەقێیاتیم و سەردەمی ئیسلامی بوونم دا، فەقێیەکمان لەگەڵدابوو، ئێستا لەیەکێک لەمزگەوتەکان لەهەولێری پایتەخت مەڵایە، زۆر بەتووندی ئیسلامیبوونی گرتبوو و تابڵێیت ئیسلامیزمێکی دۆگمایی بوو. زۆرجار دەیگووت لەپێناو ئەو ڕێبازه پیرۆزەی(ئیسلامی سیاسی) و کاری دەعوە و بانگخوازی، ئەنجامدانی هەموو شتێک دروست و ڕێگە پێدراوە. هەندێک جار بۆ شۆخی و گاڵتە کاتێک تووڕەمان دەکرد، دەیگووت: تەنانەت زینا(سێکسی ناشەرعی)یش درووستە.

واتا ماکیافیلی وتەنی(الغایة تبرر الوسیلة) و ئامانجەکان ئامڕازەکان ڕەوا دەکەن، جا هەر لەو سۆنگە میکیاڤێلیانەیەوە، ئیسلامیەکان زۆر شتیان ڕەواکردبوو لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکەیان گەلێ شتیان دەکرد و زۆر شتیان لەسەرخۆیان قبوڵ دەکرد، بۆ نموونە دەیانگووت:ئێمە ئێستا لەقۆناغی دەعوەو بێ دەسەڵاتیداین، مەسیح وتەنی شاپێکیان لەلا ڕوومەتی ڕاستێت دا، تۆ لای چەپیشیان بۆ ڕابگره. یان، گەر کراسەکەتیان لێ دزی، تۆ دەرپێکەشتیان وێبدە. تا دەگەین بە قۆناغی تەمکین و دەوڵەت داری و جێ بەجێکردنی ئەحکامەکانی شەریعەت و ڕۆنانی دەوڵەتی سیوکراتی،
ئەوسا بەکاهی دڵی خۆمان دەتوانین دۆگم و ئایدیاکانی خۆمان، ئایدیۆلۆژیاو بیر و باوەڕ و ئەقیدەی خۆمان بسەپێنین و چی ویستمان بیکەین و بیڵێین و کەسێک کاتی خۆی و لەکاتی دوو ڕوویی و لاوازی و بێ دەوڵەتیماندا، شاپێکی تیاهەڵدابین، لەتۆڵەو جێگایدا دوو شاپی تیاهەڵدەدەینەوە. بۆیە ناچارین ئێستا لەگەڵ بڕیارەکانی دیفاکتۆ دا خۆمان بگونجێنین و هەندەک شت بکەین و بڵێین و بچینە ژێر باری ئەمری واقیعەوە.

ئەو هێزه ئیسلامیەسیاسیەی من ئەندامیان بووم و لەڕیزی حزبەکەیاندا کارم دەکرد، زۆر کاریان دەکرد و چەندین چاڵاکییان ئەنجام دەدا، لەحەقیقەتدا بڕوایان پێی نەبوو، وەلێ بۆ سەرنج ڕاکێشانی ئەویتر و خستنە ژێر کاریگەری خەڵکی بۆ ژێر ئایدیۆلۆژیاکەیان ئەنجامیان دەدا.
لەکارکردنیشدا زۆر زیرەک و فێڵباز و هەتابڵێیت تاکتیک باز و هونەرمەند و لێزان بوون، لەجوڵاندنی هەست و سۆزی خەڵکێک بۆ لای خۆیان و وەرچەرخاندنیان بە ئاڕاستەی ڕێباز و ئایدیۆیۆلۆژیای خۆیان.

جا فەقێیەکی هاوڕێم هەبوو، ئێمەش لەو دێیەی تێدا بووین، دەستمان کردبوو بەکاری دەعوەو بانگخوازی و گەمەی ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بەڵای خۆمان و بە ئیسلامیزم کردنیان. یان هەر هیچ نەبێت دەمانگووت بیانکەین بە هاوسۆز و لایەنگر، یان، دژایەتیمان نەکەن. جا ئێمەش بە حوکمی ئیسلامی بوونمان و خوێندنی دەرس و وانە لای ئیسلامیەکان، زۆر لێزان و فێڵبازبووین. دوو قوتابیی قوتابخانەی ئیسلامیەکان بووین و لەتاکتیک و فریودان و، زۆر بە حەماسەتیشەوە دەعوەمان لۆ ئیسلامیەکان دەکرد. جا هەموو شێوازێکمان دەگرتە بەر، تەنها لەپێناو سەرنج ڕاکێشانی خەلکی بەڵای خۆمانداو بتوانین هەست و سۆزیان بە ئاڕاستەی بیر و باوەڕە ئیسلامیە سیاسیەکەماندا بجووڵێنین. وەکوو سەردانی کردنی خەڵکی دێ، قسەی نەرم و لێوبەخەندەیی و ڕوو خۆشی، تێکەلاوی گەنج و هەرزەکارەکان و ..تاد. ڕۆژەکی خەریکی پیاسەبووین و ژنەکمان دیت لەپێش دەرگای حەوشەی ماڵەوەیان دانیشتبوو،
یەکسەر من ئەو فەقێیە بە یەکتریمان گووت: چۆن بتوانین و چی بکەین تا مەیلی بۆ ئیسلامیەکان ڕابکێشین؟
ڕێککەوتین کە هەردووکمان بڵێین یەکەو ختمەکی قورئانمان لۆت کردیە و تۆ ئاگادار نیت!
دوای ئەوەی سڵاو چاک و چۆنیمان لە ژنەکە کرد و پێمان گۆت: پلکە(پوورێ) ختممان لۆت کردیە. ژنەی بەستە زمان خەریک بوو لە خۆشیان باڵبگرێت و بفڕیت و تابڵێیت کەیفی هات و یەک گونیە دووعای مراز حاسڵ بوون و خێری بۆکردین. لەڕاستی دا پێش بگەین بە ژنەکەو سڵاوی لبکەین، یەکەو سێ قولهو وەڵامان خوێند.
لە ئیسلام فەرموودەک هەیە دەلێت: سێ جار خوێندنی سورەتی(الإخلاص)، واتا: سێ قل هواللە بخوێنە بەختمەکێ حیسابە.




لەتاریکی گوومڕاتر.. شــەمـاڵ بارەوانی

هەڵەبجەتان باش
من ناوم
عومەری خاوەرە و
نازناویشم
ناکازاکی

لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا
و
لەشانزەی سێی
هەشتاو هەشت
ساڵی
خەجاڵەتی دیموکراسیەت
و
بزەی فتوحات

ساڵی
کۆکووژی کورد
و
کارەسات

کۆمەڵێک جزمەی شۆڤینی
لەتاریکی گوومڕاتر
و
لەهۆزی عەفلەق

ڕەگیان دەچوویەوە
سەر تیرەی بەرد
و
مەزهەبی جەهل

ئەوان
لە توخمی تراویلکە و
جینۆساید

سەر بە نەسلی تاوان
و
لە بنچینەی
سەحراو

لە فیرقەی بەربەر بوون

لە مەنتقی
فەرهوود
و
مناڵدانی کووشتنەوە
هاتن

بۆنی هێڵنج
و
جەهننەم

بۆنی
فریشتەی مەرگ
و
قیژەی کچە ئەنفاڵکراوەکانیان
لێدەهات

لەگەڵ
دەرزنێک بیری عرووبە
و
پۆلێک تراژیدیا
و
گۆڕی بە کۆمەڵ

لەگەڵ
فڕۆکەیەک عەلی کیمیایی
و
بەرمیلێک ژەهری سارین و خەردەڵ

لەگەڵ
سندوقێک درۆی UN
و
جانتایەک دەبڵ مۆڕاڵی
کۆمەڵی نێو دەوڵەتی
و
دنیایەک گازی سپانیدو دووکەڵ

دەست لەناو دەست
هاتن
و
ملی پێنج هەزار سەوزاییان
قرتاند
پێنج هەزار جۆگەڵەیان خنکاند

پێنج هەزار کانیاویان کوژاندەوە
و
چرکەی پێنج هەزار کاتژمێری هەڵەبجەیان
لەکار وەستاند

پێنج هەزار درەختیان شەهیدکرد
پێنج هەزار مەلیتریان لەفڕین کرد

لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا
فەسڵی خەندەی هەڵەبجەیان
سڕییەوە
و
خونچەی پێنج هەزار
گوڵیان تووشی هەڵوەرین
کرد

لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا
و
لەشانزەی سێ
شاشەی کامێرایەکی مۆدێڕن
و
دوو بست ڕیشی مەزهەبێکی کلاسیکی

هاتن
تا پاشماوەی ئازارەکانی عەبابەیلێ و
عەنەب

زامی سیروان
و
فرمێسکی زەڵم

هاواری شنروێ
و
سکاڵای باڵامبۆ

دەهری بوونی شارەزوور
و
دڵ تەنگی گۆیژە

شیوەنی گەرمیان
و
تووڕەیی هەورامان

دیمەنی خنکانی کانی قووڵگەو
سەرای و شەهیدان
و
تەرمی هەڵەبجە
لەتابووتی دوو ڕووییان
بە ئەرشیف کەن

وێنەی ڕۆحە هەڵکروزاوەکان
بگرن
و
جەستە سووتاوەکەی
تۆفیقی کارەبا
بە دیکۆمێنت
و
لە بیرکەن

لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا
دەنگی پێنج هەزار گیانەڵای
بەساڵاچوو
و
پێنج هەزار
کۆرپەی داماو

پێنج هەزار
چیرۆکی تراژیدی
و
پێنج هەزار
تابڵۆی سوتاو

پێنج هەزار
فرمێسکی خوێناوی
و
پێنج هەزار
مۆمی کوژاوە
و
پێنج هەزار دووا هەناسەی
خنکاو

کران بە هەویری داڕمانی
ئەخلاق
و
موزایەدەی
مەزهەبی دوانزە ڕیش و
سیناریۆی فیلمێکی تری
جیهانی

لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا
جارێکی تر گەردوون
بە هیرۆشیمایەکی تر
دووگیان بوو

دووبارە
ئاسمان ئەنفالێکی تری لێ داواکردین
و
زەوی پێنج هەزار
پەپوولەی تری
لێ قڕکردین

لەشانزەی سێ بوو
پێنج هەزار باڵندەمان
لێ ونبوو
و
دڵی پێنج هەزار دایکی کورد
کون بوو




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک/4..شەماڵ بارەوانی

بەشی چوارەم
لەناو دەوڵەتی سیکولاریزمدا هیچ شتێک جیگیر و نەگۆڕ و پیرۆزو سەر و ڕەخنەو یەقینێکی ڕەهاو هێڵی سوور نییە، تەنها مرۆڤ و ئازادیەکانی نەبێت، تەنها ڕێزگرتن لەمافەکانی ئاژەل و سروشت دۆستی و ژینگە دۆستی و مرۆڤ دۆستی و ژن دۆستی و سەروەری یاساو چەمکی هاووڵاتی بوون و یەکسانی نێوان مرۆڤەکان نەبێت،

لەناو دەوڵەتێکی بە واتای وشە سیکۆلاریزمدا، هیچ کەسێک بۆی نییە، ئایینێکی دیاریکراو، مەزهەب ، یان، تیڕوانینی خۆییت بەسەردا بسەپێنێت. نەدەوڵەتی سیکۆلاریزم و نەهیچ هێزێک و کەسێک بۆی نییە، ئەوە بکات، هەرگیز،لەناو دەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، وەک چۆن نابێت کەس ئایینی خۆی بسەپێنێت، بەهەمان شێوە، نابێت ڕێگری لەئاییندارانیش بکرێت لەوەی ئازادانە مومارەسەی ئایینداری خۆیان بکەن. لە ناو دەوڵەتێکی سیکۆلاردا، نابێت هیچ ئایینێک قەدەغە، یان، بە پلە دوو و کە م سەیر بکرێت.

لەناو دەوڵەتی سیکۆلاریزم دا.هەموو ئایینەكان بەیەك چاو سەیردەكرێن و جیاوازی لەنێوان مەسیحیەك و زەردەشتیەك، لەنێوان موسوڵمانێك و ئێزدیيەك، لەنێوان جوويەك و بودیەك، لەنێوان بێ دینێک و گومانگەرایەک، لەنێوان هیندۆسێك و یارسانیەكدا نییە، سیکۆلاریزم هەرگیز، ئایین قەدەغە ناکات و ڕێگری لە ئازادی ئایینی هیچ ئایینێک ناکات، بەڵکو دژی بەسەنتەرکردنی ئایینێک و تێکەڵ کردنی ئایینە بەکایەی سیاسەت و ژیانی گشتیدا، سیکۆلاریزم دەڵێت ئایین مەسەلەيەکی تایبەتی نێوان مرۆڤ و خوداوەندە، نابێت تێکەڵ بە فەزای گشتی کۆمەڵ ژیانی گشتی خەڵکی بکرێت. بۆیه سیکۆلاریزم هەرگیز، ئایین قەدەغە ناکات و دژایەتی ئایین ناکات. سیکۆلاریزم دەڵێت: ئایین بۆتاک و نیشتمان بۆ هەموان.

سیکۆلاریزم پێمان دەڵێت:
من دژی ئایین نیم، بەڵکو دژی سەپاندنی ئایین و بەسیاسەتکردنی ئایینم، دژی ئەوەم ئایین بکرێت بەشمشێر و گەرووی ئازادی خەڵکی پێ پەڵبدرێت، ئایین بکرێت بە ئایدیۆلۆژیایەکی داخراو بیری مرۆڤەکانی پێ لەقاڵب بدرێت، ئایین بکرێت بە ئامێرێکی وێرانکەر و ژیانی خەڵکی پێ وێران بکرێت، ئایین بکرێت بە کابووسێکی ترسناک و مرۆڤەکانی پێ بتۆقێندرێت.




فەقێیەکی ئاشق.. شەماڵ بارەوانی

ئیشق شتێکی لائیرادییە، ئاشق بوون لەدەرەوەی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی کەسی ئاشقدایە، ئیشق ئاگرێکی زۆر دژوارە و گڕ لەناخی ئاشق بەردەدات و وەکو مۆم دەیسووتێنێت و دەیتوێنێتەوە، لەخۆڕا نەبوو ئاگری ئیشق تۆبەی بەشێخی سەنعان بەتاڵ کرد، مەجنوون ساڵێک بەدەوری ماڵی لەیلا دا دەسوڕایەوە، لەپێناو یەک نیگای لەیلا. دەیگووت گەر سەگەکەشیان ببینم ئارامی بەدڵ و ئاسوودەیی بەدەروونم دەبەخشێت.

ئیشقی ڕاستە قینە، پڕیەتی لە پاکێتی و ڕاستگۆیی و قوربانیدان و توانەوە و بۆیەکتری سوتاند.
ئیشق نابێت هیچ مەرجێک بخاتە نێوان ئاشقانەوە. وەلێ ئیشق ئاگرێکی هێندە دژوار و بەسوێ و سووتێنەرە، ئیشق ناخی ئاشق دەکات بە خەڵووز و ڕۆژانە و هەموو چرکە ساتێک، چوون مەرگێکی لەسەرخۆ دەیکووژێت، بەتایبەتی دابڕان و مالئاوایی و نەگەیشتن و شاد نەبوون.
دەڵێن لە مامۆستایەکی زانستیان پرسی ئیشق چیە..؟
وتی: ئیشق تەنها مادەیەکە، کە بە بێ ئۆکسجین بسوتێت.
ئیشق چاوی ئاشق لەئاست مەعشووق کوێر دەکات، مرۆڤ وەک کەسێکی هەرزەکار و مناڵێک لێدەکات، تەنانەت گەلێک جار ئاشق شێت دەکات.

ئیشق سنوورەکانی ئایین، مەزهەب، نەتەوەو ئیتن و ڕەنگ دەبڕێت. من بینیومە کچێکی باڵاپۆش و لەچك پۆش و ئیسلامی شووی به کەسێکی لائیک و لیبڕاڵ و سیکۆلار کردووە، گووتوویانە:بیرو باوەڕەکەمان شتێکی تایبەتە و هەرگیز نابێتە ڕێگر لەبەردەم ئەو ئیشقەمان، لەو بووارەوە گۆرانیەکی فۆلکلۆری کوردیمان هەیە، بەزاراوەی کورمانجی دەڵێت(لێ لێ لێ لێ، لێ لێ حنێ، هەرکەس سەر دینا خوە، تۆ یارامنێ)
ئیشقێک ڕاستەقینەبێت، تەنانەت زۆر جار بەرامبەر ئامادەبووە لەپێناوی دا، دەست لەنزیکترین کەس و ئازیزترین کەسەکانی هەڵگرێت و دەست بەرداری ئایین و بیر و باوەڕەکەی پێشووی بێت و هەموو شتێک لە دوای خۆی جێ بێڵێت و بڕوات و بەگەڵ ئەو کەسە بکەوێت کە ئاشقی بووە،

من ئەوەم بە نموونە لایەو لە نزیک ئەو دەڤەرەی ئێمەی تێدا نیشتەجێین لەبادینان، لەساڵی هەشتاکانەوە، کچێکی مەسیحی ئاشقی کوڕێکی موسوڵمان دەبێت لەکاتی خوێندن، ماڵەوەی کچەکە هەمووی دژی ئەو پەیوەندیە بوون. کچەکەیان سەرپشککرد، یان، ئیشقەکەت، یان، ئێمە، کچە بەچاوی پڕ لەفرمێسک و دڵی پڕ لەگریانەوە، ئیشقەکەی هەڵبژارد.
ئەفسووس ئاخریەکەی هەموان حاشایان لێی کرد و پەتی هەموو پەیوەندیەک و نێزیکیەک و شتێکیان لەگەڵی دا بجڕاند.
ئەوە بۆ نزیکەی چڵ ساڵ دەڕوات، ماڵی ئەو کچە، کە ئێستا بووەتە داپیرە و چەندین نەوەیە هەیە، لەگەڵ ماڵی باوک و کەس و کاری چەند کیلۆمەترێک نێوانیانە، ئەوان لەدێیەک و ئەوانیتر کۆمەڵگایەکی نزیک ئەو دێیە، وا بۆچڵ ساڵ دەچێت، بۆ جارێکیش یەکتریان نەبینیوە، بەقسەی کوڕی ئەو ژنەیەی کە دواتر ئایینەکەیشی گۆڕی، ئەو کوڕە مەڵایە و هاوڕێی سەردەمی فەقێیاتیمە و زۆر جار چیرۆکی ئیشقی نێوان دایک و باوکی و تەواوی بەسەرهاتەکەی بۆ لە ئەلفەوە، تاوەکو یا، باسکردووم، ئەوەیە ئیشقی ڕاستەقینە.

ئینجا با سەرتان نەیەشێنم و بێمەوە سەر مەسەلەی موشتاق بوون و ئاشق بوونی خۆم.
ئەوە لەکاتی فەقێیاتیم دا جارەكی مەلایەكی برادەرم گووتی شەماڵ گیان وەرە بچۆره ئەو دیوی دێگەلە و دەشتی كۆیە و لەدێ… لەجیاتی من وتاری جوعمەیان لۆ بدەو من كارم هەیە. منیش بەیانی لەگەڵ پاسی كۆیە زۆر زوو بەرێكەوتم و گەشتمە دێیەکە و یەكەم پیاو لێم راست هات و گووتی وەی لەو مەلایە قشت و گچکەیەی ! خۆناكرێت لەجێگای مەڵا… هاتبیت؟
گووتم بەرێ وڵا، گووتی دەی زووە جارێ بۆ مزگەوت، بابرۆینە مالێ و چایەكی بخۆینەوە، كە رۆشتمە ماڵ چم بینی خودایه! شاجوان! حۆری بەهەشت، سبیل جان، ئەوە چبوو خودایە گیان تۆ دروستت کردبوو و بەو هەموو جوانییە وێنەت کێشابوو!؟ خوشكی كابرای، کچێکی ناسک و تیتك زەرد و لێو ئاڵ. یەکسەر لە دڵەوە ئاشقی بووم،
لەخۆڕا نییە گووتراوە: ئیشق ڤایرۆسێکە لە رێگای چاوەوە دەڕواتە ناو دڵەوە.
لە لایەک بەئاگری ئیشق دەسووتام و لەلایەکەیتر سەرزەنشت و لۆمەی خۆمم دەکرد و بەخۆمم دەگووت: خەجاڵەتی بگرێت و نمەک حەرام مەبە، ئەوە ناپاکییە، ئەو کچە وەک خووشکی خۆت سەیربکە، عەیبە کاکە عەیبە، بەسەرهەستی خۆتدا زاڵ بەو دەی زوو بڵێ خودایه تۆبە. لەو بیرو خەیاڵانەدا بووم.

لەپڕ کچەکە هاتوو و پێی گووتم بەخێرهاتی مامۆستا، گووتم سەرچاوەکانم خوشكی خۆم، لەناخەوەیش دەمگووت سوپاس گیانی مەلای، هەی بەخۆم و مەندیلەوە بە قوربانت بین. ماوەک لەوێ دانیشتم و دواتر لەگەڵ پیاوەکە ڕۆشتین بۆ مزگەوت، وەلێ مزگەوتی چی و حاڵی چی، وەکو کابرا منیش لەو چرکە ساتە دەمگووت(وڵاهی، وڵاهی، گیانی من، ئێستا چگە لەتۆ دڵی من، هیچیتری تێدانییە)و بیر و هۆشم هەر لەكن ئەو كیژەی بوو و کورد وتەنی:پیس ئاشقی ببووم. لەناو وتار یەكەم جارم بوو بگریێم. سەیرم كرد دووسێ مامە حاجی بەتەمەن و دڵپاک، لەگەڵ من دا دەستیان کرد بەگریان. بەستەزمانانە وایان دەزانی من لۆ حاڵی ئومەتی موحەمەد(د.خ)و لەترسی خوای گەورە دەگریم، وای گەردەیان زانی گریانی من لۆچیە و من موشتاقی کێ بوومەو ئاگری چ ئیشقێکی هەرزەکارانە، وا خەریکە گڕم تێبەردەدات و دەمسووتێنێت، دەم کات بە هەڵم، بە سەراب، بەئاو، كو بەرد بارانیان دەكردم.

ئینجا دووای تەواوبوونی وتارەکە چوینەوە ماڵی كابرای و دیاربوو حەزی لێ بوو بڵێ وەرە خوشكێ خۆمت بدەمێ. گووتی:مەلاگیان مەوالیدت چەندە، بەتەما نیت ژنێ بینی؟ گۆتم ناوڵا جارێ خەریکی خیندنێ مەو هێشتا گچکەمە، وای كو پێم لەشانسێ خۆم ناو قوڕم کردە بەختی خۆم، ئاخر بێ شانسی ئێمە بە ویراسیە و دەلێن باپیرە گەورەمان کاتی خۆی دوو نانی بە دڵۆپەی بارانێ خواردیە، لەوی وەرایە دۆشاوە.




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک-3- شەماڵ بارەوانی

بەشی سێیەم/

دەوڵەتی سیکۆلاریزم: دەوڵەتێکە هاووڵاتی بوون پێوەرەو جیاوازی نەتەوە، ڕەنگ و ڕەگەز، ئایین و ئیتن و مەزهەب و ئیدەلۆژیا ناکرێن بە هۆکاری چەوسانەوەی ئەویترو بێ ماف کردنی.
سەپاندن و تۆتالیتارییەت.لەناو سیستەمێكی سیكۆلاردا هەرگیز، جێگای نابێتەوەو بوونی نییە. هیچ كەسێك، لەسایەی سیستەمێكی سیكۆلاریستی ڕاستەقینە، سیستەمێك، بەمانای وشە، نەك تەنها بە ڕواڵەت و بە ناو بە دروشمی بەتاڵ و بێ ماناو بێ ناوەڕۆك، سیكۆلاربێت، بۆی نییە تەداخولی ژیان و ئازادی و خواست و هەڵبژاردنەكانی ئەویتر بكات. دەوڵەتی سیكۆلار هەموو مافێكی بۆ تاك، بەپێی گریبەست و پەیمانێكی كۆمەڵایەتی نێوان هەموان و بەیاسا ڕێكخستووەو دەستەبەر و زامنكردوو پاراستووەو كردوونی بەبڤەو هێڵی سوور و كەس بۆی نییە، بە هیچ پاساوێك و لەژێر هیچ ناوێكدا، ئەو هێڵە سوور و بڤەو پیرۆزیەی تاك، ئەو ماف و ئازادی و خواست و سنورانەی مەملەکەتی تاک و مرۆڤەكان ببەزێنێت و ئازادیەكانیان پێشێڵ بكات.
لەدەوڵەتی سیكۆلاردا، هاووڵاتی لەسەرووی هەموو شتێكەوەیەو دەوڵەت دەوڵەتی هاووڵاتیەو هاووڵاتی بنەماو بنچینەیە، هاووڵاتی پێوەرو پیرۆزە، بێ ئەوەی سەیری ئایینەكەی یاخود ئیتن و مەزهەب و ئایدیۆلۆجیاكەی، نەتەوەو ڕەنگ و ڕەگەزەکەی بكرێت، لەدەوڵەتی سیكۆلاردا دەستورێك هەیە پێویستە بەیەك چاو سەیری هەموان بكات و بەیەكسانی ئەرك و ماف بۆ هاووڵاتیان دابەش و دیاری بكات و ئازادی ویژدان(لائیك-بێ دینی)و عەقیدەو بیرو باوەڕ بۆ هەموو كەسێك دەستەبەربكات و هەموان بە ئازادی بتوانن گۆزارشت لەخۆیان بكەن و كەس مافی ئەوەی نەبێت لەجیاتی ئەوەكەیتر بڕیاربدات و نەخشەی بكەو نەكەی بۆ بكێشێت و تاك ئازاد بێت بەو شێوازە بژیت كەخۆی دەیەوێت، نەك ئەویتر.
لەناو سیستەم و دەوڵەتی سیکۆلاریزمدا،
عەلمانیەت مرۆڤی کردووە بەکابەو ڕووگەی ژیان و دەبێت هەموو شتێک لەپێناو مرۆڤ و خزمەتی مرۆڤایەتی دابێت و هەموو شتەکان بەدەوری خواست و ئارەزوو و ئازادی و مافەکانی مرۆڤدا بخوڵێنەوە،
لەناو دەوڵەتی سیکۆلاریزمدا، دەسەڵات دەسەڵاتی ئەقڵ و هێز هێزی زانست و گۆڕەپان گۆڕەپانی بیرکردنەوەی ئازاد و ئینسانی ئازادو مرۆڤ بوونە. لەناو سیستەمی سیکۆلاریزمدا.
هیچ مەرجەعەکی باڵاو دەسەڵاتێکی پیرۆزی ڕەها بوونی نییە، تەحەکوم و یاری بەژیانی تاکەکان و چارەنوسی مرۆڤەکانەوە بکات، بەڵکو لە لەسایەی عەلمانیەت و لەناو سیستەمی عەلمانیدا ئیرادەی گشتی و پەیمان و ڕێککەوتنی کومەڵایەتی نێوان هاووڵاتیان و ئازادی و خواستەکانی تاک مەرجەع و پیرۆز باڵان.
..
شەماڵ بارەوانی




ئوستاز ئوستاز، هازیهی مەرەگە.. شەماڵ بارەوانی

لەبیریم دێت، پۆلی یەکی سەرەتایی بووین و خوێندن لەو سنوورەی دەڤەرەکەی ئێمە لەبادینان هێشتا بەزمانی عەرەبی بوو و هەموو مامۆستاکانیشمان نەتەوە عەرەب بوون، تەنها دانەیەکیان نەبێت، کوردی ئێزدی و دانیشتووی شاری موسڵ و بەئەسڵ خەڵکی قەزای شێخان بوو. هەرچەندە ئەوکاتە من زۆر بچووک بووم بە تەمەن.

بە حاستەم و وەکوو خەونێک بیرم دێتەوە، وەلێ کورد وتەنی بیری مناڵی تیژه. ئەوە ڕۆژێک لەلەدێیەکەمان لەقوتابخانە بووین، قوتابیەک عەیب نەبێت دەستنوێژی گەورەی نەخۆش بوو و دۆخی زۆر زۆر ئالۆزبوو. بەکورتیەکەی حاڵەتی تەواری بوو. زەنگی چوونەژوورەوەیش لێی دابوو، ها ئێستا نا چەند چرکەیەکیتر مامۆستای وانە دێتە ژوور و هیچ دەرفەتێک نەما ئەو قوتابییە کوڕەی بەستەزمان بڕواتە سەرئاوێ. مامۆستاکەمان عەرەب بوو، کەسیشمان عەرەبیمان نەدەزانی.

لە نێو قوتابییەکان بووە هەراو مشتومڕ. باشە کاکە ئەوە مامۆستا هات کو حالی کەین ئەو کوڕە خەریکە بەخۆی دابکات؟! لە میانی ئەو مشتومڕ و هەرایەدا،
مامۆستا هاتەپۆل و کەسمان عەرەبیمان نەدەزانی و نەمان دەزانی کو تێیبگەیەنین کە ئەو قوتابییە ئەگەر زوو فریا نەکەوین، لەناو پۆل دەیقەومێنێت.
کوڕەش لەحەژمەتان و لە شەرمان حەوت ڕەنگی گۆڕی و بەکۆڵیش هەنسکی دەداو دەگریا. قوتابییەکانیش هەموان بەدەم قاقاو پێکەنینەوە دەیانگووت: گەرفریانەکەوین هەر ئێستا لەناو پۆل ئەوەی نابێت ڕوو بدات، ڕوو دەدات و کارەساتەکە دەقەومێت.

ئاخریەکەی قوتابییەک هەستاوەو سینگی خۆی دەرپەڕاند، عەلەساس من عەرەبی دەزانم و ئێوە نایزانن. دەستی خۆی بەئاماژە بۆ کوڕەکە درێژکرد و گووتی:ئوستاز ئوستاز، هازیهی مەرەگە. وای دەزانی بە عەرەبی بە هین(…)دەڵێن مەرەگە! و دەیویست بڵێت مامۆستا ئەو قوتابییە مەرەگەی دێت.
مامۆستا بەتووڕەییەوە گوڕاندی و گووتی وەل شنو مەرەگە مەرەگە؟!

ئاخریەکەی بەهەموان و بەهەزار حال، عەیب نەبیت هێنامان و بردمان تا مامۆستامان تێگەیاند و کوڕە بەسەلامەتی گەیشتە شوێنی مەبەست.

جاقوربان حاڵی هەندێک لەنوێنەرانی کورد لەو خولەی پەڕلەمان و ناو پەڕلەمانی عیراق ڕێک وەک ئەو سەردەم و ئەوسای خوێندنی ئێمە بەزمانی عەرەبی و ئەو ئوستاز ئوستاز هازیهی مەرەگەیە دێتەوە پێش چاوەکانم.
کەسی وادەناسم لەنێو ئەو کوردانەی بوونەتە پەڕلەمانتار و نوێنەر لەپەڕلەمانی عیراق، تۆ لەوەگەڕێ کابرا هەرزەیەکی دەم ڕووت و بێ پاگراوەندەو هیچ پاشخانێکی ڕۆشنبیری و مەعریفی و ئەزموونێکی سیاسیی نییە و فڕی بەسەر دنیای سیاسەتەوە نییە،

دوو دێڕ و چوار وشەی عەرەبی تەنانەت بەشڕیش نازانێت گۆ بکات. دەبێت بڵێین خودایە حاڵی هیچ یەکێک لەو پەڕلەمانتارانە بەحاڵی ئەو قوتابییەی پۆلەکەی ئێمە نەبێت و لەئەسنای کۆبوونەوەی پەڕلەمانا، کابرای پەڕلەمانتاری کوردی عەرەبی نەزان لێی نەقەومێت و حاڵەتی لەناکاو نەخوازراو کارەسات ڕوو نەدات. دەی مەگەر پێش قەومان هەر خۆی فریای خۆی بکەوێت و بڵێت: ئوستاز ئوستاز، ئانی مەرەگە و فریای چوونە شوێنی مەبەست بکەوێت.

شەماڵ بارەوانی




ئەو سەرک ئەستوورە بۆ نوێژان ناکات.. شەماڵ بارەوانی

بێگومان مرۆڤ تا زیاتر بخوێنێتەوە، تازیاتر ئاشنای فیکر و فەلسەفەو کولتوور ودیدی جیاواز بێت، تازیاتر بیربکاتەوەو بەراوردی نێوانی ئایینەکان بکات، زیاتر ئاسۆی بیرکردنەوەی فراوان و تونێلی تێڕوانینی وڵاتر دەبێت و لەزۆر شت تێدەگات. هەڵەکانی ژیانی پێشووی خۆی بۆ دەردەکەوێت و دەست بەرداری دۆگمی مەزهەب و ئەقیدەی ڕەها گەرایی و دەیان تێگەیشتنی پێشووتری دەبێت. ئینجا لەسۆنگەی مرۆڤ دۆستی و فەلسەفەی ڕێژەییەوە لەشتەکان دەڕوانێت. تێدەگات کە پێشووتر ئەو لەچاڵێکی چەندە تەسک و داخراودا ژیاوە. دنیا زۆر لەو چاڵەی هزر و تونێڵەی بیر و باوەڕ و ئەشکەوتەکەی ڕوانینی ئەو فراوانتر و مەزنترە. ئیتر دەست دەکات بە پێداچوونەوە و ئەبدەیتکردنەوەی ئەو دیدەنیگایەی پێشووتر کە بەبەغە ئاسا، لەسەری تەڵقین درابوو. من هەندێک وێستگەی ژیان و قۆناغی فیکری خۆمم بیردەکەوێتەوە، هەر بەڕاستی شەرم دامدەگرێت و هەست بەخەجاڵەتیەکی بێ ئەندازەو تەریق بوونەوەیەکی زۆر دەکەم. لەخۆم دەپرسم هەربەڕاستی من وابووم؟!
دواتر خۆم وڵامی خۆم دەدەمەوەو دەڵێم دەی خۆمن ئەو کات لەقۆناغی هەرزەیی تەمەن و غەیبووبەی فیکری دابووم.
بیرم دێت. لەڕابردووو و قۆناغی ژیانی خوێندنی ئایینی و فەقێیاتیمدا، چەندە کەسێکی وشک باوەڕ و مەزهەبی و ئایدیۆلۆژیست بووم. چەندە کەسێکی فێندەمێنتالیست و چەق بەستوو ناحاڵی بووم، سەبارەت بە یەکسانی جێندەری و ئازادیەکانی تاک و فرەیی و یەکترقبوڵ کردن و دەیان کۆنسێپتی تر، ڕوانینێکی چەندە نێگەتیڤی و خراپم هەبوو. چەندە هەڵەو نزم و سوک لەچەمکی لەمرۆڤ بوونم دەڕوانی. چەندە سوک سەرنجی ڕەگەزی ژنم دەدا. چەندە نائاژەڵ دۆست و نامرۆڤ دۆست و دەمارگیر و ڕاسیزم بووم. چەندە کوێرانە شوێن کۆمەڵێک دۆگم و تێگەیشتن کەوتبووم. چەندە ڕقم لە ئێزدی، کاکەیی، جو، مەسیحی و هەموو ئایینەکانی تر و ئاڕاستەکانی تری درەوەی بازنەی بیر و باوەڕ و قەناعەتەکەی خۆم دەبوویەوە. ئای خودایە چەندە هەڵە حاڵی کرابووین و تێگەیەندرابووین! لەو سۆنگەیەوە دەمەوێ نموونەیەکی ئەو قۆناغەی ژیانم بۆ خوێنەرانی ئازیز باس بکەم. بەحوکمی ئەوەی فەقێ بووین و زۆرجار مەلاکان لەجێگای خۆیان دەیانناردینە ژن (مارەکردنێ).
ڕۆژەک چومە ژن مارەکردنێ لای بەحرکەو ئەو ناوە، زاوا هات، ئەمەش بەشێک لەو مەلا بەڕێزانەی لایان دەمانخوێند وایان تێگەیاندبووین، هەر کەسەک نوێژی نەکرد، کە بەهیچ شێوەیەک وەک موستەلەحە عەشایەرەکە دەڵێت( ژنی لێ مارەنەبڕین)، چونکو دروست نییە و ئێمە شافعی مەزهەبین و بەپێی مەزهەبی شافعیش نوێژنەکەر فاسقەو نابی ژنی لێ مارەبکرێت. مەلایەکیش لەیەکێک لەمزگەوتەکان، زۆر جار کە پێشتوور دەڕۆشتمە وتارەکەی ڕۆژانی هەینی، زۆر بەخراپی و نەرێنی هێرشی دەکردە سەر نوێژنەکەر و دەیگوت: ئەگەر بەکۆڵانەیەکی تەسک دا ڕۆشتیت و لە ئاراستەی بەرامبەریشت سەگێک و نوێژنەکەرێک لەو کۆڵانەدا بوون، خۆت بدە لای سەگەکە، نەک نوێژ نەکەرەکە. بۆیە تابڵێیت ڕوانینێکی نێگەتیڤ و نزمم لەهەمبەر مرۆڤی نوێژنەکەر هەبوو، بابێینەوە سەر بەسەرهاتەکەو سەرتان نەیەشێنم، ‌ئێ منیش بە زاوام گوت نوێژ دەکەیت کوڕە؟ مامەحاجیەکی بەتەمەن لەوێ بوو، نازانم چی کوڕەکە بوو، یەکسەر لەجیاتی ئەو وڵامی دایەوەو گوتی: وڵا کاک مەلا ئەوەی ڕاستی بیت ئەو سەرک ئەستوورە نوێژان ناکات. من ئەوکات ئایینم زۆر بەتوندی و حەماسییەوە گرتبوو. بەینی خۆشمان بێت ، ئیسلامی و هاوسۆز و لایەنگری بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینیش بووم. ئیتر کەئەمەم لەو مامە جاجیە بیست و زانیم کوڕەکە نوێژ ناکات، تووڕەیی هەموو بوونی داگرتم و پێم گوت: کاکە ئەتو شەرم لەخۆت ناکەیت نوێژان ناکەیت؟ کو دەبی ئومەتی موحەمەدی نوێژی نەکات؟ ئێستا بەمن ناڵێیت جیاوازی توو جولەکەیەک چییە؟ هەرگیز ئەو ژنەت لێ مارەناکەم ئەگەر بشفڕی، چونکە بەپێی مەزهەب و ئایین تۆ فاسقی، سەرتان نەیەشێنم هەستام بڕۆم. هەموو دەوریان دام، کوڕە دانیشە مامۆستا مەکردمان و تو مەکە حەیامان دەچیت لەناو خەلکی بەو خوایەی، ئێ گۆتم کاکە دەبینن ئەوە نوێژی ناکات من کو ژنی لێ مارەبکەم؟! من و ئیمامی شافعی زۆر خاتریشمان گرتیە، گەرنا لای هەندەک مەلاو مەزهەب هەر کافریشە، دواتر گوتیان کاکە بەخودای وەعد دەدات دەست بەنوێژان بکات، گۆتم نا باوەڕم بە وەعدی نوێژ نەکەری نییە، دەبی ئیلا سوێندی بخوات، زاوای فەقیر لەشەرم و خەجاڵەتیان حەوت ڕەنگی گۆڕی و تنۆک تنۆک ئارەقەی شەرم لەسەر نێوچەوانی دەکەوتنەخوارەوەو ناچار سوێندی خوارد و گوتی بەو خوایەی ئیتر دەست دەکەم بەنوێژان، ئینجا لێم مارەبڕی.
ئێستاش کە ئەوەم بیردەکەوێتەوە، لەلایەک دەدەمە قاقاو تێر تێر بە ئەقڵیەت و بیرکردنەوەی ئەوسام پێدەکەنم و لەلایەکەی تریش تەریق دەبمەوە و لەخۆم دەپرسم باشە من بۆوام کرد. هەر بەڕاستی من هێندە مەزهەبی و بیر تەسک و ئاسۆ داخراو بووم؟!




دەمی خۆت بگرە، دەنا بەشەق دەتکەمە دەرەوە.. شەماڵ بارەوانی

دوێنی ڤیدۆیەکی تازەی مەلا عەبدول لەتیف سەلەفیم بینی، کە لەزۆرێک لەپەیج و گرووپ و ئەکاونتەکان لەسۆسیال میدیا بڵاو ببوویەوە. ڤیدۆکە نوێیەو لە بەریتانیایە، دیارەکە هی ئەو سەردانەی ئەو چەند ڕۆژەی دواییەتی، وەک خۆی دەڵێت بۆ کاری (دەعوە) چووەتە ئەو وڵاتە، تابەریتانیە کافر و بێ دینەکان، بەراز خۆر و شەراب خۆرەکان، بێنێتەسەر ڕێگای ڕاست و ئاشنای ئەقیدەو ئایدیۆلۆژیاو دۆگمەکانی سەلەفیزمیان بکات و سەبارەت بە چێژەکانی حەفتاو دوو حوری بەهەشت بۆیان بدوێت. بابای سەلەفیزم لەو ڤیدۆیەی بڵاو بووتەوە، دەبێتە مشت و مڕی لەگەڵ کۆمەڵێک لە فێندەمێنتالیستی تری ئامادەبووی موحازەرەکە، دیقەتم داو گوتم لەوانەیە ئەو هەراو هۆریاو هەڕەشەی شەق و شەڕە دەمەیە، بەدڵنیاییەوە لەسەر چوونەسەرمانگ و پرسی ڕۆبۆت و چۆنیەتی دروستکردنی ئایفۆن بیست و نەشتەرگەری چاندنەوەی دڵ و گواستنەوەی سەری مرۆڤێک، بۆ یەکێکیتر و کۆمەڵەک بابەتی تر وەکو: تەکنەلۆژیاو گرنگی وانەی فەلسەفەو یەکسانی جێندەری لە پەیمانگاو زانکۆکانی مەریخ و ناز و نیعمەتەکانی دەوڵەتانی سیکۆلاریزم و بابەتی ناپاکی کردن لەشۆڕش لەناو ڕۆمانی (مەزرای ئاژەڵان)ی جۆرج ئۆروێڵ و مەسەلەی دارولکفر و بەرزی و نزمی پلەکانی ئیمان و دەستکاری کردنی کەش و هەواو جیناتەکانی مرۆڤ و کۆپی کردنی مناڵ و سودەکانی گەڕانەوە بۆ سەردەمی ئەشکەوت و حیکمەتەکانی کارنەکردن بە ئەقڵ و مەترسیەکانی گڵۆباڵیزەیشن و، پێشکەوتنی زانستی و شۆڕشی تەکنەلۆژی لەسەر ئایندەی تارەت گرتن بەسێ بەرد و لستنەوەی پەنجەکان لەکاتی نان خواردن و فەزلی چوونە تەوالێت بەپێی چەپەو هاتنەدەرەوە بەڕاست و کۆمەڵێک تەوەری تری لەو شێوەیەیە. بەهەرحاڵ دیاربوو هەندەک لە ئامادەبووان و برایانی سەلەفیمان خوا هەمیشە پشت و پەنایان بێت و بییان پارێزێت و پایەداریان بکات، هەندەک جیاوازی ڕاو بۆچونیان هەبوو لەنێو خۆیاندا، کە دژو پێچەوانەبوون. جا لەدەرەنجامی ئەو ڕا جیاوازیە، لەنکاوڕا دەبێتە دەنگە دەنگ و شەڕە قسەو هەڕەشەی شەق تێهەڵدان و مەلا لەتیفی سەلەفیش لا ئیرادییەن سەر و دڵی دەگیرێت و قیچەک هەڵدەچێت و دەڵێت(ئا ئەو بێ ئەدەبانە بكەنە درەوە! .. ئەوانە نایانەوێت فێربن..). هەر لەو گەرمەی دەنگ هەڵبڕین و قسە بەیەکتری گوتنەدا، سەلەفیەکی تری لایەنگری مەلا لەتیف سەلەفی و برای دینیمان توڕە دەبێت و دەگوڕێنێت و بەسەلەفیەکی تر دەڵێت(دەمی خۆت بگرە، دەنا بەشەق دەتکەمە دەرەوە). براکانم لەمیانی ئەو شەڕە دەم و هەڕەشەی شەق تێیاهەڵدانە، بۆمان دەردەکەوێت کەئێرە دەوڵەتی عەلمانیەو تەنها مەجالی ئەوە هەیەو ئەوەی لەدەستیان دێت، تەنها جوێن و چاو سورکردنەەو هەڕەشەی شەق تێهەڵدان ودەرکردنە. کە دەسەڵاتیان بوو و دەوڵەت دەوڵەتی ئایینی بوو، ئەوکات هەڕەشە چەقۆو سەر بڕینە.
ئەزیزان بۆیە کاتێک دەڵێم سەلەفیگەراو ئیسلامی سیاسی دەسەڵاتیان هەبێت، بەشەق و پێڵەقەو چەقۆو سەربڕین ناچاری چوونە ژێر بار و بڕیار و ئەحکام و بۆچوونەکانیانمان دەکەن. لەخۆڕا نییە وادەڵێم، هەر سەیری ئەو ڤیدۆیەبکەن، بەسە بۆ ئەمە، کاکە گیان ئەوان بیرو باوەڕەکەیان وایە. ئەوە پرەنسیپ و قەناعەت و ئەقیدەو مەبدەئیانە. ئەوان باوەڕیان بە پلۆرالیەتی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە و ناتوانن گوێ لەبۆچوونی جیاواز بگرن و دید و ئاراستەی جیاواز قبوڵ کەن. سەیری مەلا لەتیف سەلەفی بکەن، لەناوجەرگەی دەوڵەتێکی سیکۆلاریزمدا، ڕای جیاواز بە شەق دەخاتە دەرەوە و هێرشدەکاتە سەر سیکۆلاریزم. ئای چەند گلەییم لەو جۆرە سیکۆلاریزمە گاڵتەجاڕە هەیە. وەک چۆن ئازادی بە هۆمۆسێشکواڵێک و لیسبێک و ترانز جیندەرێک دەدات، بەو پەڕی ئازادی بژین(کە مافێکی سروشتی خۆیانەو خێرو سەدەقەیەک نییە پێیان دەبەخشێت. و کەس بۆی نییە ئەو مافەیان لێ زەوت کات، تا دووبارە وەکو منەتێک پێیان ببەخشێتەوە). هەمان شێوە دەرفەت بە مەلا لەتیفێکی سەلەفیزم و فێندەمێنتالیست و، لەهەمان کاتدا داعش بیرێکیش دەدات بەکامی دڵی خۆیان و بەو پەڕی ئازادی بانگەشە بۆئایدیۆلۆژیا ناتولەرانس و بیرە دەمارگیر و مەزهەبە پڕ لە ڕق و نا مرۆڤانەکەی خۆیان بکەن. جا جەنابی بابای سەلەفیزم، هێشتا ناقایلەو گلەیی لەو عەلمانیەتە موجامەلەچی و ناحاڵی و ساویلکەیەیش دەکات. تۆ لەوە گەڕێ مەلا لەتیف دەسەڵاتی هەبێت و لەدەوڵەتە دینیەکەی مەلای سەلەفیزمدا خۆی وتەنی(دەرفەت نادات یەک ئافرەت بێ لەچک و ناباڵاپۆش بێت- لەکەناڵی Nrt خۆم پێش چەندساڵ لەدیدارێکدا، ئەوم بینی کە وای گوت)، دەبێت هەموان وەکو دەوڵەتەکەی ئەبووبەکری بەغدادی. یەک شێوە جل و بەرگ و پۆشاکی شەرعی و بە پێوەر و قیاسی بابای سەلەفیزم هەڵبژێرن. گەرنا بەشەق و تێیاهەڵدان و بەزۆری و بەهەڕەشەی چەقۆو سەربڕین ناچاریان دەکات. تۆلەوەش گەڕێ ئەو دەرفەت بەئێمەی سیکۆلاریزم و لیبڕاڵی و چەپ و ئێزدی و زەردەشتی و جولەکەو مەسیحی و بوودی و ئەویتری ناموسڵمان، کە یەک ڕۆژ ناتوانین لەو شوێن و دەوڵەتە بژین، کەئەو هاوبیرەکانی تێیدا بالادەست بن و حوکم بکەن، دەمان دەنە بەر شەق و پێڵەقەو بەتاوانی لادان لە ئایین، حوکمی هەرتەقەیی و زندیک بوون و کافربوونمان دەدەن و خوێنمان حەڵاڵ دەکەن و وەکو بەرخ و لەگۆڕەپانی گشتی و لەبەردەم هەمواندا چون بەرخێک سەرمان دەبڕن. بەڵکو ئەو سەلەفیزم و ئیسلامگەرایانەش، ئەو مەزهەب و بیر و بۆچونە جیاوازانەش، کەسەر بەهەمان ئایینەکەی ئەون و لەگەڵ ئەو بیرکردنەوەی مەلا لەتیف و سەلەفیزمە هاوبیرەکانیدا ناگونجێن و خیلافی جوزئیان هەیە. بەشەق دەکەنە دەرەوە، یان زیندانیان دەکەن، یان سەریان دەبڕن.
ئەوانەی دواجار لەگەڵ مەلا عەبدول لەتیف سەلەفی و هاوبیرانی، سەر بەیەک ئایینن و لەبنەمادا هەموویان یەکن و دەسەڵات بکەوێتە دەستی هەرکامەیان هەمووی داعشە..

شەماڵ بارەوانی




خانەوادەی بن لادن و جیھانی نەوت و ماڵ و تیرۆر.. شەماڵ بارەوانی

کتێبێکی ناوازەی نووسەرو ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی(ستیف کۆڵ)ــە،
«خانەوادەی بن لادن و جیھانی نەوت و ماڵ و تیرۆر»
ژیان نامەی گەورەترین تیرۆرستی سەدە، هۆڤانەترین مرۆڤ و دڕندەترین کەس، ئوسامە بن لادن. ئەو پیاوەی جگە لەڕێگای تیرۆرو کوشتن، ڕێگای سەربڕین و ئەتکردن، ڕێگای ناشرینکردن و ێرانکردن، هیچ ڕێگایەکیتری نەدۆزییەوە. ئەو پیاوە فێندەمێنتالیستەی بەکۆمەڵێک دۆگمی نامرۆڤانەو بە ئایدیایەکی لەبەرد ڕەقتر و بەمەزهەبێکی لێوان لێو لەڕق گۆشکرا. ئەو تیرۆرستەی لەخەیاڵدا دەژیاو هەر بەو خەیاڵە خۆشەیشی دەیویست ژیان لەقاڵب بدات و واقع وێران بکات. ئەو پیاوەی دەیخواست لەسەر دەمی جیهانگیری و مۆدێڕنێتەدا، بەڵام بە ئەقڵیەتی سەدەکانی ناوەڕاست بژین. ئەو مرۆڤەی هەر بەڕاستی لەمرۆڤ بوون داچۆڕابوو، جگە لەزمانی چەقۆو ستراتیژیەتی سەربڕین، جگە لە زاراوەی هێز و بۆمب و تۆقاندن، جگە لەسیاسەتی توندوتیژی و خوێن ڕشتن، هیچ زمان و زاراوەو سیاسەتێکیتری نەدەزانی. ئەو فێندەمێنتالیستەی دەویست دونیا، هەموو بەزۆر و لەژێر هەڕەشەو بەناچاری بێنێتە سەر ئەقیدەکەی خۆی و هەموو مرۆڤایەتی بەچاوەکانی ئەمەوە ژیان ببینن و بە پێیەکانی ئەو ڕێبکەن و بە ئەقڵە بەبەرد بوو و بەبەستەڵەک بووەکەی ئەویش بیربکەنەوە.
ئەو فاشیستەی لێوان لێو بوو لە دەمارگیری ئایینی و ڕقی ئایدیۆلۆژی. ئەو مرۆڤە نەخۆشەی دنیای بەسەر دوو ڕەنگ و دوو بەرەدا دابەشکردبوو.
ناوی لەخۆی و بەرە کەمینەکەی نابوو بەرەی ڕاستی و باوەر ، بەرەکەیتریش کە زۆرینەی مرۆڤایەتی پێک دێنن،
بەرەی بێ دینی و کفرو ناڕاستی!
ئەو مرۆڤە قێزەونەی لەپێناو حەوتاو دوو حۆری و ژیانی ئەو دیو و چێژو ڕابواردنەکانی دنیایەکەی تر، دەیویست چێژو خۆشیەکانی ژیانی ئێرە لەمرۆڤەکان قەدەغەبکات و ئازادی تاک سانسۆر و مافەکانی مرۆڤ قەدەغەبکات.
ئەو ڕادیکاڵە جەلادەی نەبڕوای بەمافەکانی ژن هەبوو، نە بەدیموکراسی. ئەو بوونەوەرەی هەموو تەمەنی خۆی لەدژایەتی کردنی کرانەوەی کۆمەڵ و چەمکی ئەقڵانیەت و
بنەماکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی بەهەدەردا.
ئەو بەربەریەی دەیویست هەموو ڕەنگاکانی تر بە بۆیەی ڕەش ڕەنگ بکات و هەموو جیاوازیەکان، لەبۆتەی بیری توندئاژۆییدا بسڕێتەوەو هەرچی دەنگی نا فێندەمێنالیست و ناتیرۆست هەیە بخنکێنێت.
ئەو کەسەی بەهۆی تێگەیشتنێکی تەسک و داخراو بیرێکی کۆنەخواز و عەقیدەیەکی سادیکانەوە، تووشی خەرەفانی فیکری و شێواوی ئەقڵی ببوو.
ئەو کەسەی دووچاری پەتای لوتبەرزی و نەخۆشی خۆبەڕاست زانی و خەڵک بەناڕاست زانین ببوو. ئەو کەسەی بەخەیاڵی خۆی پسوولەی چوونە دۆزەخی بۆ هەموو مرۆڤیایەتی بڕیبوویەوە ڕەزاو ڕەحمەتی خوداوەندی بەتەنها تاپۆی گرووپە پەڕگیر و ڕادیکاڵ و دەمارگیر و تیرۆرستەکەی قاعیدەکردبوو. ئەو دڕندەیەی خۆی لێببوو بەسێبەری ئاسمان و نوێنەری خوداوەندو بەناوی خوداوەندەوە
ڕقی خوداوەندو دۆڵی جەحیم و نەفرەتی بەسەر گاندی و ئەدیسۆن و ماندێلاو دایکە ترێزاو زەردەشت و بووداو داروین و ئۆشۆ و هەموو مرۆڤایەتی داددەباراند و دابەش دەکرد و
دەیگوت حەوت ملیارەکەی ئێستاو هەزاران ملیاری تری دادێت و دەیان ملیاریش کە ڕۆشتوون، هەموویان بەشیان دۆڵەکانی دۆزەخ و سوتانەو تەنها من و گرووپە سەر لێشێواوەکەی من و هاوئاواز و هاوفیکرە خەرەفاوەکانم نەبێت. تەنها ئەبو بەکربەغدادی و موسعەبی زەرقاوی و عومەر شیشانیەکان دۆستی خوداوەندو ئەهلی بەهەشت و لەژێر سێبەری عەرشی خوداوەندو بەزەیی ئاسماندان و
بەهەشت سەربڕخانەیەو بەتەنها تاپۆو ملکی سەبڕ و تیرۆروست و تێکدەر و توندئاژۆکانەو هەرچی داهێنەر و مرۆڤ دۆست و بیرمەندو زاناو بلیمەتیش هەیەو هەبووەو دەبێت، با هەرخزمەتی بەمرۆڤایەتی بکات و کردبێت و داهێنان و زانست و ڕوناکی و دۆزینەوەی پێشکێش بەژیان کردبێت، مادام لەسەر فەلسەفەی بەکەنیزەکردنی ژن و فقهی بەکۆیلەکردنی مرۆڤ و دۆکترینی بێ ڕێزیکردن بە وانیترو ئایدیای بەسوک سەیرکردنی مرۆڤەکان ناڕوات بەڕێوەو باوەڕی بە ئەقیدەی کوشتن و یاسای توندو تیژی و تیرۆر و دەمارگیری ئاینی و ڕقی ئایدیۆلۆژی و نەخۆشی مەزهەبگەرایی و جیاوازی نێوان مرۆڤەکان نییە، ئەوە بێ سودەو خوداوەند نرخی پوڵێکی سوتاو دەسکێک توری قوڕاوی بۆ مرۆڤدۆستیەکەی و فەلسەفە تولێرانس و هیومانیستەکەی ناکات، ئای خودایە جەهل کوشتمی زانین لەکوێیە؟!
ماوەتەوە بڵێم:
لە «خانەوادەی بن لادن و جیھانی نەوت و ماڵ و تیرۆر»
نووسەر بەوردی و دووروو درێژی دەوڵەمەندی باس لەژیاننامەی ئوسامە بن لادن دەکات و لەهەموو لایەنەکانی ژیانی ئەو پیاوە توندئاژۆیە دەدوێت و باس لەخانەوادەکەی دەکات، کەچۆن لەخانەوادەیەکی هەژار و کەم درامەتەوە، لەدەڤەری(حەزرەموت)لەیەمەن دەژین و دواتر
کۆچکردنی باپیرەی ئوسامەبن لادن(عەواد بن لادن) لە حەزرەموتی یەمەنەوە بۆ سعودیەو ئینجا بوونیان بە
بە دەوڵەمەندترین خانەوادە لەسعودیە. هەروەهاباس لەپەیوەندی خانەوادەکەی بن لادن لەگەڵ بنەماڵەی پاشایەتی ئال سعودو ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکاو کەسایەتیە سیاسی و بازرگانەکانی ئەو وڵاتە دەکات و
بۆ باسەکانی ئەو کتێبەیشی پشتی بە زۆرێک لەبەڵگەنامەو زیاتر ١٥٠چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی بەستووەو کە
لەهەر یەک لەوڵاتانی وەکو:شانشینی سعودیا، میسر، ئیسرائیل، یەمەن، بەریتانیا، سویسرا، ئەڵمانیا، ئەنجام دراون. و پاشان لەدوو توێی کتێبەکەی«خانەوادەی بن لادن و جیھانی نەوت و ماڵ و تیرۆر» کۆیکردوونەتەوەو لەچاپی داوە.
لە«خانەوادەی بن لادن و جیھانی نەوت و ماڵ و تیرۆر»
نووسەر گەرچی هەموو ئەندامانی خانەوادەکەی بن لادنمان پێدەناسێنێت و کەم و زۆر لەبارەیانەوە دەدوێت،
وەلێ زیاتر لەسەرژیان نامەی بن لادن و کەسایەتی ئەو گەورە تیرۆرستە دەدوێت و تیشک دەخاتە سەر لاپەڕەکانی تەمەنی ئەو بکوژە.
حەققەت «خانەوادەی بن لادن و جیھانی نەوت و ماڵ و تیرۆر»،کتێبێکە شایەنی خوێندنەوەیە و خوێنەر لەڕێگای ئەو کتێبەوە زانیاری زۆر بەدەست دێنێت سەبارەت بەو گەورە تیرۆرستەی سەدەو گەلێک نهێنی و پەنهانی لەژیانی تایبەتی ئەو کەسایەتیە Seen by Shamal Ismael Kareem at 9:15 AM
ڕقاوی و ڕادیکاڵەی بۆ ئاشکرا دەبێت و ئاشنای تەواوی لانەکانی ژیانی بن لادنی تیرۆرست و گرووپە تیرۆرستەکەی قاعیدە دەبێت.
..
شەماڵ بارەوانی




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک..2.. شەماڵ بارەوانی

بەشی دووەم/

سیکۆلاریزم ئیش لەسەر ئاوەدانکردن و خۆشکردنی ژیانی ئەو دنیایەی مرۆڤەکان دەکات، نەک دنیایەکیتر و جیهانێکیتر. سیکۆلاریزم چەمکێکی سەربەو دنیایەو بەرهەمی بیری ئازادە. سیکۆلاریزم ئەرکی ڕێخکستنی ژیانی مرۆڤەکان و جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەتە. سیکۆلاریزم بە ئایینەکان دەڵێت ئێوە لەناو دەوڵەتێکی سیکۆلار و لەسایەی سیستەمێکی سیکۆلاریزمدا ئازادن، لە ئاتەشگا، کلێسا، مزگەوت و پەرستگاکانتان، خودا پەرستی خۆتان بکەن و نوێژ و سروتە ئایینیەکانتان جێ بەجێ بکەن، بەڵام ئازاد نین دەست لەسیاسەت و کار و باری دەوڵەت و ژیانی گشتی و تایبەتی مرۆڤەکانەوە وەربدەن.
سیکۆلاریزم پێمان دەڵێت دەوڵەتی سیکۆلاریزم، دەوڵەتێکی مەزهەبی و ئایینی و ئایدیۆلۆژی نییە، دەوڵەتێک لەسەر بنەمای ئایینی و ڕەنگ و ڕەگەز و مەزهەب ڕۆنرابێت و جیاکاری لەنێوان مرۆڤەکاندا بکات و ئایین و مەزهەب و ڕەنگ و ڕەگەز بکات بە عەقیدەی فەرمی دەوڵەت و لەسەر مەسیحی بوون و ئێزدی بوون و زەردەشتی بوون، لەسەر ڕەنگی پێست و ڕەشپێستیدا جیاکاریت لەگەڵدا بکرێت و بەپلە دوو و نزم و کەم سەیربکرێیت. نەخێر، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزمدا، هەموان لەبەردەم یاسادا یەکسانن. دەوڵەت دەوڵەتی هاووڵاتییە.
لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، تەنها مرۆڤ بوون پێوەرە. مرۆڤ کابەو سەنتەرە. لەدابەشکردنی ئەرک و مافەکان هەر مرۆڤ بوون ڕەچاو دەکرێت و لەبەر چاو دەگیرێت، لە دەوڵەتی سیکۆلاریزمدا هەموو مرۆڤەکان بەجیاوازی ئایین، مەزهەب، ئیتن و نەتەوەو رەنگ و رەگەز، خۆیان تیدا دەبیننەوە.
دەوڵەتی سیکۆلاریزم، دەوڵەتێکە شوێنی هەموو پێکهاتەکان و ئاڕاستەو ئایدیۆلۆژیاکانی تێدا دەبێتەوە، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، ڕقی مەزهەبی و دەمارگیری ئایینی و جەنگی ئایینی و کوشتنی یەکتری لەسەر موسڵمان بوون و مەسیحی بوون، لەسەر زەردەشتی بوون و جولەکە بوون، لەسەر ئێزدی بوون و بوودی بوون و کاکەیی بوون، لەسەر شیعەبوون و سونە بوون، لەسەر عەلی و عومەر، ئەرتەدۆکس و کاتۆلیک، پرۆتستانت و فلان مەزهەب و فیسار ئەقیدە، لەسەر ترانس جیندەر و هۆموسێکشواڵ و لیسب بوون، بوونی نییە.
لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، لەسەر جیاوازی دین و دید و ئاڕاستە، بێ ڕێزیکردن بە مرۆڤەکان، قەدەغەیە و بەهیچ شێوەیەک بەکەم سەیرکردنی ئەویتر ڕێگە پێدراو نییە، بەکەم سەرنجدانی مرۆڤ، تاوانێکی گەورەیەو لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا کەس لێت ناپرسرێت بۆچ ئێزدی ، یان، زەردەشتیت؟ بۆچ مەسیحی ، یان، موسڵمان نیت؟
نەخێر، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، ئایین مەسەلەیەکی شەخسی و پرسێکی تایبەتی نێوان مرۆڤ و خوداوەند ، یان ئەو ئەقیدەو بیر و باوەڕەیە، کەسەکە باوەڕی پێیەتی. کەس بۆی نییە، بە ناوی ئاسمان و لەسەر ئایینی جیاواز و دیدی جیاواز لێ پێچینەوە لەمرۆڤەکان بکات و بەشمشێر ملی ئازادی خەڵک ببڕێتەوە و ژیان لەمرۆڤەکان بکات بە قوزەڵقورت و دۆزەخ.
لە دەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، هەموان مافیان پارێزراوە. لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، تۆ ئازادیت ئایینت هەبێت ،یان، نا، تۆ ئازادیت و حەزدەکەیت ڕۆژی سەت ئایین بگۆڕە، بەیانی موسڵمان بە و نیوەڕۆژ ببە به مەسیحی، ئێوارە ئێزدی به و شەو ببە بە یارسان ، یان، زەردەشتی، یان بێ ئایین، کەس بۆی نییە هەڕەشەت لێ بکات و پێت بڵێت مادام ئایینت گۆڕی، یان، وازت لەئایین هێناوەو لەئایینەکەی من ڕۆشتیتە دەرەوە دەتکوژم، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، لائیک بوون تاوان نییە، بەڵکو مافێکی سروشتی و سەرەتایی هەر کەسێکە، کە نایەوێت هیچ ئایینێکی هەبێت و خۆی بەئایین ببەستێتەوە.

لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، بەرامبەر، مادام حەز و خولیاکەی، ئەقیدە و بیر و ڕاکەی، زیانی بۆتۆ نییە، کەواتە تۆ بۆت نییە، تەداخولی هەڵبژاردن و حەز و خولیاو ئازادیەکانی بەرامبەر بکەیت و ڕێگری لێ بکەیت، تۆ بۆت نییە خۆت بکەیت بە وتەبێژی ئاسمان و دەمڕاستی ئایین و شمشێری خوداوەند و بکەویتە وێزەی ئازادی خەڵک و ژیانی خەڵک لەقاڵب بدەیت و دەست لە ئازادی مرۆڤەکان وەربدەیت، نەخێر، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، جگە لەئازادیەکانی تاک، هەڵبژاردن و حەز و خولیاکانی تاک، هیچ شتێکیتر پیرۆز نییە، هەموو شتێکیتر قابیلی قسە لەسەرکردن و ڕەخنە لێگرتنە، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، ڕێگە بەهیچ کەس و ئایین و مەزهەبێک و ئایدیۆلۆژیایەک نادرێت، شەریعەت و دۆگ و ڕێساکانی خۆی تێکەڵ بە دەستووری دەوڵەت و یاساکانی وڵات بکات و، ئەقیدەو ئیدەلۆژیاو بیر و باوەڕی خۆی ، بەسەر ئەوانیتردا بسەپێنێت، بەهیچ پاساوێک و لەژێر هیچ ناوێکدا، ئەوە قابلی قبوڵ نییە.
لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، کەس بۆی نییە شێوازێکی تایبەتی داهێنانی قژ و ستایلێکی پۆشاک پۆشین و ڕەنگێکی دیاریکراو، بەسەر ئەوانیتردا بکات بە ئەرک و ئایین و ئەخلاق، لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، ئەخلاق ئەوەیە: ڕێز لە ئازادی ئەوانیتر بگریت و بە هیچ بیانوو پاساوێک، نەچیتە ناو تایبەت مەندی مرۆڤەکانە..

شەماڵ بارەوانی




ترس و تارمایی ئیسلامی سیاسی، لەسەر کەرتی پەروەردە.. شەماڵ بارەوانی

لەمێژە گوتومەو دیسان دەشیڵێمەوە: سەلەفیزم و ئیسلامی سیاسی، بەهەموو فۆرم و تایپ و مۆدێل وشێوازەکانیانەوە، با لە تاکتیک و شێوازی کارکردنیشیان جیاوازبن، وەلێ لەجەوهەرو ئامانجدا ئەوان دوو ڕووی یەک دراون و یەک ئامانج کۆیان دەکاتەوە، ئەویش بەئیسلامیزەکردنی هەموو سێکتەرەکانی ژیان و چەسپاندنی شەریعەت و گەڕانەوەی حوکمی ئایینی و دەوڵەتی ئایینی و لێدان لە دیموکراسیەت و عەلمانیەت و پلورالیەت و پێکەوەژیان وجیاوازیەکانە. ئەوان کە ئێستا سەرمان نابڕن، لێمان نادەن، حوکمی شەریعەتمان لەسەر جێ بەجێ ناکەن و ژن بەردباران ناکەن و ناوێرن ئازادیەکانمان لەقاڵبی ئایدیۆلۆجیای خۆیان بدەن و دۆگم و عەقیدە و بیروباوەڕی خۆیانمان بەسەردا بسەپێنن، لەچاکەی خۆیان نییەو مانای ئەوە نییە کە ئەوان باوەڕیان بە سەپاندن و تیرۆرکردنی ئازادی خوازان و لەناوبردنی چەمکەکانی دنیای مۆدێڕنێتەو سڕینەوەی پێکەوەژیان و بیری لێبوردەیی و فرەیی نییە.

نەخێر ئەزیزم، هەرگیز بێدەنگ بوونی ئەوان لەو سۆنگەیەوە نییە، بەڵکوو ئەوان ئێستا لە قۆناغی مەکی و دەعوەو بێ دەسەڵاتی و جەبانی و تاکتیک و فرت و فێل و تەقیە و دوو ڕوویی دان، قۆناغێک هێشتا گەڕەکێک و کۆڵانەیەکیان بەدەستەوە نییە، داوای چەسپاندنی نەریتی چوارژنی و بەشەریعەتکردنی دەستورو بەئیسلامیزەکردنی تەواوی کایەکانی کۆمەڵ دەکەن، ئەوان هێشتا قوتابخانەیەکیان بەدەستەوە نییە، دەستکاری پرۆگرامی خوێندن و فۆلکلۆری کوردیمان دەکەن و بە زیادکردنی ئاییناسی بۆ بابەتی ئایینی لەقوتابخانەکان قەڵس دەبن و دەماری ڕاسیزم بوونیان دەگیرێت و کێرڤی دەمارگیری ئایینیان بەرزدەبێتەوە و دەیكەن بە قیامەت و هەرا.
ئەوان دژی ئەوەن جگە لەئایینی ئیسلام، مناڵ و ڕۆڵەی کورد بە هیچ ئایینێکیتر ئاشنابێت و زانیاری و شارەزایی لەسەری هەبێت، لێرەو لەوێ فشارو هەڕەشە لە ئازادی خوازان دەکەن و داستانی عەڤدی لەپرۆگرامی خوێندن و پەروەردە لادەبەن و داوا لە وەزیری پەروەردە دەکەن داوای لێبوردن بکات و داوا لەوەزیری ڕۆشنبیری دەکەن فلان پرۆگرامی کچە مۆدێل و فیسار بەرنامەی کرانەوەی فلان کەنالی کوردی و ئەو فلیمی تەلەفیزۆنی ڕابگرن. چونکە لەگەڵ ئایدۆلۆجیاو ئەقڵیەت و ئەتەکێت و ئادابی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم ناگونجێت.
ئەزیزم ئەوان بەبەرنامە و پلان و پیلان، شەو ڕۆژیان ناوەتە سەریەک و هێدی هێدی، خەریکن ئایدیۆلۆژیاو بیر وباوەڕ و دۆگمی خۆیان دەخزێننە نێو هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵ، بەتایبەتی کەرتی پەروەردەو ناوەندەکانی خوێندن، خەریکن لەناو قوتابخانەکان، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لەڕێگای کەسانی ترەوە، مزگەوت دروست دەکەن، ڕاستەو خۆ لەڕێگای ئەو مامۆستایانەی لەخۆیان و سەربەخۆیانن، چ بە ئاشکرا، یان بە نهێنی، ئنتیمایان بۆ ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەراکان هەیە، کار لەسەر بە ئیسلامیزەکردنی کردنی قوتابیان و لێدان لە کورد بوون و ڕەسەن بوون و، بەعەرەب کردنمان دەکەن. لە یەکێک لەقوتابخەکان، کە بەڕێوەبەرەکەی مامۆستایەکی هاوڕێمە، وا لەمنداڵەکان گەیەندراوە، ئەگەر ئەو مامۆستایە هاتە پۆل و گووتی بەیانی باش و بە کوردی سڵاوی کرد، وڵامی نەدەنەوە، دەبێ بەعەرەبی و جگە لە(السلام علیکم)ی عەرەب، بە هیچ شێوەیەک دروست نییە، بەزمانی کوردی سلاو بکرێت. هەر لەهەمان قوتابخانەو بەرلەچەند ڕۆژێک، کار گەیشتە ئەوەی لە بڵندگۆی مزگەوت بانگی ئەوە درا، کە کەس منداڵی خۆی نەنێرتە قوتابخانە، چەند ڕۆژێک وایانیش کرد. گوایە بەڕێوەبەری قوتابخانە، کەسێکی کافر و بێ ئایین و مولحیدە و نایەتە نوێژی جومعە و جەماعەت. گوتیان ئێمە منداڵی خۆمان نانێرینە بندەستی بێ باوەڕ و مولحیدێک. هێرش و هەڵمەتێکی گەورەشیان لەناو گوند و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دژی ئەو مامۆستاو بەڕێوەبەرەی هاوڕێم دەستپێکرد، بەگەورە و بچووکیانەوە. ئێستاش و تاکاتی نووسینی ئەو وتارەشم، هەڕەشە و تۆمەت و تەشهیر دژی ئەو بەڕێوەبەرەی هاوڕێم و و هەوڵدان بۆ بەئەهریمەنکردن و بەنەفرەتکردن و بە ناشیرینکردنی بەردەوامە. تەنانەت هەوڵی دەرکردنیشی دەدەن لەو دێیە و خەریکن وەکو نەسر حامد ئەبو زێد هەوڵی دروستکردنی کێشە دەدەن لەنێوان بەڕێوەبەرەکەو خێزانەکەی و کەسوکاری خێزانەکەی. هەموویش بە فیت و پلانی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزەمەکان، تەنها تاوانی مامۆستای بەڕێوەبەر، نەچونە مزگەوت و سەلام کردن بەکوردی و قسە لەسەر کردنیەتی سەبارەت بە ڕێزگرتن لە بیرو ڕای ئازاد و یەکسانی قوتابخانەو مزگەوت لەپیرۆزیدا،
هەمان شت پێش چوار ساڵە، بەسەر خۆشم هات، لەیەکێک لەو دێیانەی تێدا مامۆستابووم، بەفیتی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەراکان، سکاڵایان لەپەروەردەو لای موختاری دێ و خەڵکی دێ و ئەنجومەنی دێ، لەدژم تۆمارکرد و دایک و باوک و کەس و کاری قوتابیەکانیان لەدژ هاندام و داوای لابردنیان کردم، بە تۆمەتی زەردەشتی بوون و بێ دین بوون و بیانووی ئەوەی من گوایە بێ باوەڕ، ئێزدی و زەردەشتیم ، تەنها تۆمەت و تاوانم ئەوەبوو لەوتاری ڕێزبوون گوتم: ناوی عەرەبی لەمنداڵەکانتان نەنێن و جبەی عەرەبی و دیشداشەی عەرەبی نەپۆشن و جلی کوردی بپۆشن و زمانی عەرەبی پیرۆز نییە بۆ ئێمەی کوردو تەنها زمان، زمانی ئێمە بێت، زمانی کوردیە. لەسەریان کردم بەهەرا و فەرتەنەو ڕۆژی حەشر، ئەوەش پێدەزانم مامۆستای وانەی ئایین، لەیەکێک لەقوتابخانەکان، لەو دەڤەرەی منی تێدام هەڕەشەی لەسەر نەبەستنی لەچک لەقوتابیان کردووە، چەندین مامۆستا دەناسم لەبەردەمم دا،گاڵتەیان بە سرودی ئەی ڕەقیب کردووەو گوتویەتانە دروست نیە بڵێیت دینمان ، ئاینمان، هەرنیشتمان. مامۆستایەکیتر لەو قوتابخانەی منی تێدا، کاتێک باسی دەوڵەتی ماد و مێژووی باب و باپیرانی کورد و هەستی نەتەوایەتی و کوردایەتی دەکەم، بزە دەیگرێت و گاڵتەی بە وەزعەکەدێت و دەڵێت نەتەنەوە چییە؟ ئێمە موسڵمانین و بەس، شانازیش بەفەڵەستین و زمانی عەرەبیەوە دەکات.
مامۆستایەکی تر دەناسم و دەڵێت شیعر کفرە و قورئان دەڵێت(الشعراء یتبیعهم الغاوون)
مامۆستایەکی تر دەناسم، لەپێشەمن گالتە بە شیعر و ئەدەبیات دەکات و ئەمڕۆ بەو قوتابیەی پۆلی دوانزەی گوت، کەمن کتێبی شیعری خۆمم پێشکێشکرد، جگە لەئایین و بیسم اللە و ئیسلام، شیعر وو هەموو شتێک درۆیەو مەیخوێنەوە، شعری دڵداری حەرامە، ئەو کتێبە فێرە هیچت ناکات، تەنها کتێبەکانی ئیسلام بخوێنەوە، مامۆستای تردەناسم ،گاڵتە بە وانەی وەرزش و هونەر ومۆسیقا دێت و وانەی مۆسیقای لا، یەکسانە بە بێ ئەخلاقکردنی قوتابی،
وەزیری پەروەردە فریا بکەوە، گەرنا نەوەیەک لە بن دەستی ئەو جۆرە مامۆستایە دروست دەبێت، دژی مێژووی خۆی و نەتەوەکەی، دژی زمان و ئاڵاکەی، دژی ڕەسەنێتی بوون و کوردبوونەکەی، دژی مافەکانی ژن و ئازادیەکانی مرۆڤ، دژی هونەرو مۆسیقا، دژی شیعر و شانۆو وێنە، دژی و هونەر و تابلۆ و پەیکەر، دژی پێکەوەژیان و ئەو لێبوردەیی و فرەییە جوانەی کۆمەڵی کوردەواری و کوردستانی ئازیز، نەوەیەک، دەبێتە خزمەتکاری بێگانەو دژی هەموو شتێکی خۆی،
نەوەیەک میشکی بە بیری عروبە هاک و ئەقڵیەت و میناڵێنتی بەتەواوی بەداعش و بەتەعریب دەکرێت،
کارەساتە، قوتابی هەبووە، پۆلی چواری سەرەتایی بووە، بەمنی گوتووە، جائیز نییە، جەژنی لەدایک بوون بۆ مناڵ و هیچ کەسێک بگێڕیت، بیدعەو حەرامە، قوتابی پۆلی حەوت بووە، بەمنی گوتووە، پەیکەر بت و شیرکە!
ماوەتەوە بڵێم:
ئێمە دژی ئایین نین، نەخێر، هەرگیز، بەڵکو دژی بەسیاسەتکردنی ئایین ، بەحزبی کردنی ئایین و بەئایدلۆژیاکردنی ئایینین، دژی ئەوەین کەرتی پەروەردە، بکەوێتە دەست ئەقڵیەتی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزمەکان، نەوەیەکی بیر داخراو داعشی دروست بێت، نەوەیەک ئیسلامی سیاسی و سەلەفیگەراکان، بۆ بەرژەوەندی ئەجێنداو ئایدیۆلۆژیاکەی خۆیان و دوژمنانی کورد و مرۆڤایەتی بەکاریان بێنن.

شەماڵ بارەوانی




سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک-1-.. شەماڵ بارەوانی

بەشی یەکەم

سیکۆلاریزم: ئەو چەمکەی زۆر شێوێندراوەو درۆی زۆری بەدەمەوە کراوە و ناحەقی زۆری لەبارەوە کراوەو زۆر بێ بەزەییانە و چەواشەکارانە، بە دێوەزمەو دڕندەو نابووت کراوە، بەتایبەتی لای فێندەمێنالیست و ئیسلامگەراکان، هاتوون جا یان، نەزانانە و بێ ئەوەی لەسیکۆلاریزم حاڵی بووبن، یان، چەواشەکارانە و، فێڵبازانە و بەمەبەست و ئەنقەست، ئەو کارە ناشارستانیەتە دەکەن، سیکۆلاریزمیان بە ئیلحاد و کۆمۆنیست بوون و دژایەتی کردنی ئایین و وەکو دڕندەیەک پێناسەکردووە! حەساسیەتیان لای خەڵکێکی مێگەڵ ئاسا، سەبارەت بەچەمکی سیکۆلاریزم دروست کردووە، هەرگیز، سیکۆلاریزم نە ئیلحاد و بێ باوەڕییەو نەکۆمۆنیست بوون و نەمانای دژایەتی کردنی ئایینیشە. نەخێر، ئەوە ڕاست نییە و سیکۆلاریزم دژایەتی ئایین ناکات، بە پێچەوانەوە ڕێز لەئایینەکان دەگرێت، سیکۆلاریزم دەڵێت:
ئەقیدەو ئایینت، مەزهەب و دیدە نیگات، ڕەنگ و ڕەگەزت، ئیتن و نەوەت، هەرچییەکە، ئەوە پرسێکی تایبەت بەخۆت و کێشەی خۆتە، تۆ لەدەوڵەتی سیکۆلاریزم دا، تەنها مرۆڤ بە و بەس، لێرە تەنها مرۆڤ بوون پیرۆز و پێوەره و هەر مرۆڤیش کابە و سەنتەره، سیکۆلاریزم پێت دەڵێت :تەنها دەمارگیر و ڕاسیزم و فاشیست و تیرۆرست و فێندەمێنتالیست مەبە، ئایین مەکە بە هەڕەشە بۆسەر ژیانی ئەوانیتر و ئازادی مرۆڤەکانی پێ لەقاڵب مەدە. بودا وتەنی تۆ ئازادی بەردیش بپەرستیت، وەلێ ئەو بەردە لەئازادی من، لەژیان و کەڕامەت و کەسایەتی من، لەحەز و هەڵبژارن و مافەکانی من مەگرە.
لەدەوڵەتە سیکۆلاریستەکان ئازادی ئایینی زۆر زیاترە، لەو دەوڵەتانەی ئیسلامی و مەزهەبی و سیوکراتین، بۆ ئەوەش بەراورد و سەیرێکی وڵاتانی سیکۆلاریستی خۆرئاواو، وڵاتانی تری ناخۆرئاوایی و خۆرهەڵاتی سیستەمی ئیسلامی و ئایینی و مەزهەبی لەنموونەی: سعودیە، ئەفگانستان و، ئێرانیش بکە، کەواتە هێندەی لەناو سیستەمێکی سیکۆلاریزم دا، ئایینەکان ڕێزیان لێ دەگیرێت و جیاوازییەکان قبوڵ دەکرێن و تاک کەسایەتی و، مرۆڤ ماف و ئازادیەکانی، شکۆ و خواستەکانی دەستەبەر و پارێزراوە، سەتا یەک، لەناو سیستەمێکی ئایینی و مەزهەبی، ئەوە بوونی نییە.

گەورەیی و زەروری بوونی سیکۆلاریزمیش بۆ دەوڵەت، لەمێژە بە واقیعی و پراکتیکی و ئەزموون بۆ هەموان، سەلمێندراوەو ڕۆشن بووەتەوە، سەیرکە، هەموان، تەنانەت ئەو ئیسلامگەراو فێندەمێنتالیستگەرایانەش، کاتێک لێیان دەقەومێت، یان، بەهۆی کێشەی ئابووری و هەژارییەوە، یان، بەهۆی کێشەی ئەخلاقی و ئەمنی و تێوەگڵان لەکاری تیرۆرستیەوە، یان بەهۆی نەبوونی ئازادیەوە، وەک خۆیان دەیڵێن، یان ، بەهۆی ناکۆکی و جەنگی مەزهەبی و ئایینیەوە، ئەو جەنگ و ناکۆکیەی خۆیان لێی بەرپرسن و فتیلەی ئاگرەکەیان داگیرساندووە، ناچار دەبن و وڵاتە ڕۆژهەڵاتیەکان، وڵاتە مەزهەبی و دەوڵەتە مەزهەبی و سیستەمە سیوکراتیەکان جێ بێڵێن، لە ئەفگانستان، ناڕۆن بۆ سعودیا، لە سودان ، ناڕۆن بۆ ئێران، لەژێر دەسەڵاتی تاڵیبان، ناچنە ناو دەوڵەتی ئیسلامی و ژێر هەژموونی دەسەڵاتی داعش، بەڵکو ڕێگای وڵاتە سیکۆلاریستەکان دەگرنە بەرو، لەبەردەم سنووری قاپی دەوڵەتە سیکۆلاریستەکان دەوەستن و داوای ورگرتن و مافی مانەوەو وڵاتی نامە دەکەن، دوایش، کە دەوڵەتە سیکۆلاریستەکانی خۆرئاوا، لەخۆیان گرتن و باوەشی ناز و عەیش و نۆشی سیکۆلاریزمیان بۆکردنەوە و ژیانیان بۆ دابین کردن، غەرقی سۆشیاڵیان کردن، ئیدی ئەو نەزان و دەمارگیر و مەزهەبی و ئایدیۆلۆژیستانە، زۆر سپڵەو بێ ئەمەک دەردەچن، لەجیاتی ئەوەی سوپاسیان بکەن، کە ئەو بەهەشتەی لەئاسمان و خەیاڵیاندا بۆی دەگەڕان، لەواقیع سیکۆلاریزم پێی بەخەشین، دێن و دەکەونە لۆمەکردنی سیکۆلاریزم و قسە بە ئازادی مرۆڤ و مافەکانی ژن و ژینگە دۆستی و ئاژەڵ دۆستی و دار و بەرد دۆستی وڵاتانی سیکۆلاریست دەڵێن و زۆرجار پەنا دەبەنە بەرکاری توندو تیژی و هانی دەمارگیری ئایینی و دووبەرەکی مەزهەبی و ڕقی ئایدیۆیۆلۆژی و داخرانی کولتووری و کاری تێکدەرانە دەدەن و هەوڵی ناشرینکردن و نابووتکردنی ئەو کلتووە جوانەی پێکەوەژیانی وڵاتانی سیکۆلاریزم دەدەن و دژی پلورالیەت و فرەیی و دەوەستنەوەو لەناو جەرگەی دەوڵەتە سیکۆلایستەکان، خۆیان لەوان جیادەکەنەوەو هەوڵی دروست کردنی دەوڵەت لەناو دەوڵەت دەدەن!




بەرلەوەی ئازارەکانم بەئەرشیف کەم.. شەماڵ بارەوانی

بەرلەوەی بگەڕێمەوە
وەرزی بێ تاقەتی
و
گۆچانی پیری
لەسەر باڵی تەمەنم
بڕوێت

بەر لەوەی
پەنجەرەی چاوەڕوانیم
دابخەم
و
کراسی ئومێدم
بدڕێت

بەرلەوەی
ڕەهێڵەی بارانی یەئس
لەهەیوانی ڕۆحم
دابکات
و
ملوانکەی بەختم
بپسێت

بەرلەوەی
دڕکی شەوەزەنگ
لەبیابانی دەروونم
چرۆبکات
و
مۆمی خۆزگەکانم
بکوژێتەوە

بەرلەوەی
ئازارەکانم
بەئەرشیف کەم
و
ڕەنگی مەراقم
کاڵبێتەوە

دەبوایە تۆ بێیتەوە




بەعسیقڕانەکەی دێیەکەمان و جینۆسایدی پشیلەکان.. شەماڵ بارەوانی

تۆ ئەو هنگڤینی ئەوات لەشێ سەی وەردای..
ئەوە ئەو ڕستەیەبوو ئەمڕۆ لەناوگورانییەکی کوردی بەشێوەزاری کورمانجی گوێم لێبوو!

بەداخەوە زۆر بابەت هەیە لەناو مرۆڤە ڕۆژهەڵاتیەکان و بەتایبەتی ئێمەی کورد هێشتا زۆری ماوە،وەکو خۆی گرنگی پێبدەین و ڕێزیان بگرین و ڕێزگرتنیان بکەین ئەرک و کولتوو،لەوانە ژینگە دۆستی، مرۆڤ دۆستی، ئاژەڵ دۆستی ، وە ئەوەی من دەمەوێ لەبارەیەوە بدوێم ئاژەڵ دۆستیەکەیە، ئەفسوس لەوەیان تاکی کورد ،ناڵێم هەمووی بەڵام بەشێکی هەرە زۆری ئاژەڵ دۆست نین و لەبەرامبەر ئاژەڵدا هەستێکی لاوازو ڕوانینێکی زۆر نێگەتیڤ و سەقەت و هەڵەمان هەیەو لەگۆشەیەکی زۆر نامرۆڤانەو نائاژەڵ دۆستانەو نزمەوە سەیری ئاژەڵەکان دەکەین، تەنانەت بەشێک لەئایین و مەزهەبەکانیش ڕوانینیان لەبەرامبەر ئاژەڵەکان ڕوانینێکی ئاژەڵ دۆستانە نییە،
ئاخر تاوانی ئاژەڵێک چییە بە ئاژەڵی لەدایک بووە؟ سەگ چی لەئێمەی مرۆڤ کردووە تابەگڵاو پیس سەیری بکەین و بەبەرد لێی بدەین و وەکو جوێن بەمرۆڤ بڵێین هەی سەگ و لەناو گۆرانیەکانیشمان هەر بەکەم و گڵاو ناوی سەگ بێنین و بڵێین تۆ ئەو هنگڤینەی لەناو لاشەی سەگێگدایت، واتا هنگڤینێکی پاک، لەناو لەشێکی پیس!!
تۆسەیری وڵاتانی پێشکەوتوو بکە و لەگەڵ خۆمانی بەراوردبکە، بزان ئاژەڵ دۆستیەکەی ئەوان و نائاژەڵ دۆستیەکەی خۆمان چەندی جیاوازە، لەوڵاتانی ئۆروپاو پێشکەوتوو لەمناڵییەوە مناڵەکان فێری ئاژەڵ دۆستی دەکەن و دۆستایەتی ئاژەڵەکان بەتایبەتی سەگ دەکەن بەکولتوورو چۆن مرۆڤێک و مناڵێکیان خۆش دەوێت، ئاوایش سەگێک،بیرمە لەلادێ بووین و مناڵ بووم، لەدێیەکەماندا ڕۆژێک هەموو پیاوانی دێ کۆبوونەوەو یەکەو گونیەک و دارێکی ئەستوری بەدەستەوە بوو، نەمزانی مەسەلە چییەو هیچ حاڵی نەبـووم،دواتر گوتم لەوەدەچێت وەکو ئێمەی مناڵ شەڕە گەڕەک بەگەڕەک بکەن، ئەم گەڕەکە لەگەڵ گەڕەکەکەیتر، بەڵام ئەوەی من بۆی چووم وانەبوو، هەرهێندەم زانی گوتیان دەی بەعسی قڕانە، هەموویان پێکەوەو بەغاردان ڕاوەدووی پشیلەکانیان دەناو ماڵ بەماڵ و کۆڵان بەکۆڵان و گەڕەک بەگەڕەک و ژوور بەژوور بەدوای هەرپشیلەیەک دەکەوتن کەبییان بینیبا، ئینجا تانەیانگرتبا، وازیان نەدەهێناو پاشان دەیان خستە ناو گونیەک و بەدار دەکەوتنە گیانی ئەو گیانەوەرە بەستەزمانە بێ تاوانەیە،تا ئەنجن ئەنجنیان دەکرد، دیمەنە تراژیدیەکەی ئاژەڵ قڕان، کەئەوان ناویان نابوو(بەعسی قڕان) ئەوکات من هێندە مناڵبووم، هیچ نەلەمانای بەعس و نەلە ووشەی قڕان و نەیش لەکوشتنی ئەو هەموو پشیلە بەستەزمانەیە حاڵی نەدەبووم، هەرهێندەم دەزانی و دەبینی دیمەنی کوشتن و هاوارو ئازارو گونیەی خوێناوی و میاو میاو گریانی پشیلەکان دەگەیشت بە کەشکەڵانی ئاسمان و بەردەوام بوو تادەیان پشیلەیان خەڵتانی خوێن و عیدام کرد، هەموان لەگەڵ ڕاکردن بەدوای هەرپشیلەیەک قاقایان لێدەداو لەگەڵ کوشتنی هەرپشیلەیەکیش یەک بەدەنگ پێدەکەنین و دەیانگوڕاندو دەیانگوت، بکوژن، لەناوی بەرن،دەی حێرا..ئەوەتا دانەیەکیتر،لێنەگەڕێن بڕوات کافربابەی، بەداخەوە لەبەر کەم تەمەنی و مناڵیم وەک ئاماژەم بۆ کرد ئەوکات من هیچ لەو دیمەنە جەرگ بڕو تڕاژیدیک و ترسناکەی جینۆسایدی پشیلەکان حاڵی نەدەبووم! تەنها ئەوەندە نەبێت لەگەڵ کۆمەڵێک مناڵیتربەدوای پیاوەکاندا ڕامان دەکردو ئێمەیش پێدەکەنین و هەمان شێوەی پیاوەکان چێژێکی سادیکانەمان لەو کۆکوژی و قڕکردن و بەعسیقڕانەی پشیلەکان دەبرد،ئەوە دوای ڕاپەڕینەکە و ساڵانی نەوەدەکان بوو، ئەو پشیلەقڕانەی پیاوانی دێیەکەمان ناویان نابوو بەعسی قڕان، وای لێکردم دواتر و تا قۆناغی هەرزەکاریشم هەر پشیلەیەکەیم بدیتبا، پەلامارم دەداو بەداروبەرد دەکەوتمە گیانی و دەمویست لاسایی فیلمی بەعسقڕانەکەی پیاوانی دێیەکەمان بکەمەوە!
ئەو فیلمەترسناک و تراژیدیاو خەماویەی ئێستاش کەدیمەنی کوشتنی پشیلەکانم دێتەوە بیر،بێزاری و دڵگوشین وشەپۆلی فرمێسک و و ئازاری ویژدان و خەمێکی قوڵ هەموو بوونم دادەگرێت.

لەکۆتایدا دەڵێم مرۆڤی نائاژەڵ دۆست..
هیچ كاتێك فەلسەفە بە مرۆڤ بوونە نائاژەڵ دۆستەکەی خۆت لێ مەدە، مرۆڤ بوونی من و بزن بوونی ئەوو پشیلەبوونی ئەوی تر، هیچ كاممان لەدەسەڵاتی خۆماندا نییەو قەدەرێك وا ئێمەی هێناوەتە بوون. بهێنە پێش چاوەكانت تۆ لەشوێنی كەر بویتایە، یان بەسەگی لە دایك ببووایت، هەستت چۆن دەبوو؟!
ئایە دەكرێت لەبەروەی لە زومرەو رەگەزی ئێمە نین بەكەم سەیری مانگاو مەڕ بكەین؟!
خۆمن زۆر سەگم بینیوە لەمرۆڤ بە وەفاتر، كێ پێم دەڵێ ماكەرێك لە مێژووی كەربووندا خۆی تەقاندبێتەوە.
مەیمونێك سەری چۆڵەكەیەكی بڕی بێت.
جوانەگایێك تەحەرووشی بە ژیانی تایبەتی قەڵەڕەشیكەوە كردبێت و ورچێك جەنگێكی جیهانی هەڵگیرساندبێت.
ئیتر لەوە گەرێ تۆ ئەقلت هەیەو مرۆڤ بوونت نییە!




ناسری ڕەزازی و داعشە دەم شڕەکانی سۆشیاڵ میدیا.. شەماڵ بارەوانی

ئەو جوێن و سوکایەتی و بێ ڕێزیەی سۆشیاڵ میدیا، لەبەرامبەر هەرشتێک و لای کۆمەڵێکی کەسی تێڕوانین داعشی ئەقڵ بەبەردبووی دەم شڕ، ئاماژەیەکی زۆر مەترسیناکە و ئەوەمان پێ دەڵێت زوو، یان، درەنگ، ئێمەی ئازادی خوازان و کۆمەڵی کراوەو پلورالیەتی ئایینی و کومەڵایەتی و سیاسی و ئەو پێکەوەژیانە جوانەی دەیان ساڵە، لە کوردستان بوونی هەیە، باجەکەی زۆر بەقورسی دەدەین، گەر زوو چارەنەکرێت و فریانەکەوین و خەمی لێ نەخۆین.
ئەو تێڕوانین داعشگەرایانەی ئێستا بەجوێن و سوکایەتی و بێ ڕێزی هێرش دەکەنە سەر هەمووشتێک، بە بڕوای ئەوان کفر و حەرامە، سبەی دەسەڵاتیان هەبێت، چەک دەست دەدەنێ و وەکو داعش بە تڤەنگ، گوللەبارانمان دەکەن و بەچەقۆ و شمشێر سەر و دەست و پاو زمانمان دەبڕن ، ئەو داعشبیرانەی ئێستا لەسۆشیاڵ میدیا گاڵتە بە تراژیدیاو فۆلکلۆر و فەرمان و نەهامەتی و ئازاری ئێزدیەکان دەکەن و هەموان دەڵێن هێدی باژۆ و ناڕەزایەتیان دەرنەبڕی و ویژدانیان نەجوڵا و فرمێسک لەچاوانیان نەباری، کاتێک ئەو هەموو کوردە ئێزدیە، لەلایان داعشی تیرۆرست، کوژران و بێ سەرو شوێنکران و ئەتکران و کران بە کەنیزە و کۆیلەی دەوڵەتی ئیسلامی، بەیانی دەسەڵاتیان هەبێت، هەمان شێوەی داعش دەمان کوژن و دەمان کەن بە کۆیلە و کەنیزە، ئەوانەی ئەمڕۆ لەسۆشیاڵ میدیا بێ ڕێزی بەکەسێک دەکەن و بەڕەتڵ جوێنی بۆ دەنێرن، تەنها لەسەر ئەوەی گوتی: من یارسانیم و موسڵمان نیم ،سبەی دەرفەتیان هەبێت، هەموو عەلمانی و لائیک و کاکەیی و زەردەشتی و ئێزدیەکان جینۆساید دەکەن، بێگومان حزبە ئیسلامیە سیاسیەکان و سەلەفیگەراکان و کۆمەڵێک بانگخواز و پیاوی ئایینی بەرپرسیاری یەکەمن لەو دۆخەی خوڵقاوە، ئەوان خەتابار و تاوانباری سەرەکین، لەدروستکردن و بەرهەم هێنانی نەوەیەکی جیقڵدان تەسک و تاک ڕەهەند و ئاسۆتاریک و دەم شڕ و جوێن دەر، هێندەی لەکەناڵ و لەسەر مینبەرەکانیان ، لە شاشەی تەلەفیزۆن و لە ڕادیۆکانیان، بگوڕێنن و هاواربکەن: ، تێکەڵاوی هەردوک ڕەگەز لەناوەندەکانی خوێندن فیتنەو ئاشووبە، بێ لەچک و سفوری ژن و کچ، لەخوا نەترسان و نیشانەی ئاخر زەمان و بەڕەڵایی و بێ ئەخلاقیە، کچ لاقی ڕوت بێت، بۆ کەس و کارەکەی شەرمەزاری و بێ غیرەتی و دەیوسیە، ئێزدی شەیتان پەرست و گڵاو پیسن، زەردەشتی ئاگرپەرستن و هاوسەرگیری لەگەڵ خوشک و کچ و دایکیان ئەنجام دەدەن، کریستیانەکان خاچ پەرستن و عیسا دەپەرستن، یارسانی شەوە ڕەشیان هەیە و کافرن ، شیوعی و مارکسی دوژمنی خوداوەندن، هەموو ئایینەکانی ترو ئاڕاستەکانی تر، هەڵەو جەهنەمین، پەیکەر بتە، مۆسیقا حەرامە، تابلۆی ئیرۆتێکی بەڕەڵاییە، کۆلێژی هونەرەجوانەکان، کۆلێژی هونەره قەبیحەکانە، شیعری دڵداری تابوویە، داستانی دەروێش عەڤدی کفرە، نابێت بابەتی ئایین ناسی سەبارەت بەئایینەکانی تر لەقوتابخانەکان بخوێندرێت، جەژنی نەورۆز جەژنی ئاگرپەرستیە، جەژنی سەری ساڵ جائیزنیە، دەیان جوێن و سوکایەتیتر بە مرۆڤ بوون و کوردبوون و یەکترقبوڵکردن و جیاوازیەکان و فرەیی و پێکەوەژیان، هەموویم بە ڤیدۆ و بەڵگە لایه، ئەو گوتارە داعشگەراو دەمارگیر و تۆتالیتار و جوێناوی و خوێناوی و ناتولەرەنس و دژە پێکەوەژیان و داخراوە، سەتان و هەزاران هەرزەکاری بێ پاگراوەندو نەشارەزاو ناڕۆشنبیر گوێیان بۆ دەگرێت، نەوەیەکی دەم شڕی جوێندەر و تاک ڕەهەند دروستدەکات، نەوەیەکی هەرزەکاری دید تەسک و مێشک بچوک، نەوەیەکی نەفەس کورت و ڕوانین تاریک، نەوەیەک شاڵاوی جوێن و هوروژمی سوکایەتی بۆ هەر شتێک دەبات، لەگەڵ میزاجی داعشیانەو ئەقڵی بەبەستەڵەک بوو و ڕوانینی تاکڕەهەندانەی ئەو نەگونجێت ، نەوەیەک فێری ئەوە نەکراوە ڕێز لەجیاوازیەکان بگرێت و ئەویتر قبوڵ بکات و شارستانیانەو مرۆڤانە بیربکاتەوەو لە ڕوانگەیەکی بەرز و جوان لە جیاوازیەکان و مرۆڤەکان و ژیان بڕوانێت، نەک داعشگەرایانەو مەزهەبیانەو ئایدیۆلۆژیایانە، نەوەیەک پێی بڵێیت: کاکە خۆ ئایینداری و بڕواداری بەزۆر نییە، چ لۆژیکێکی تێدایە تۆ بەزۆر بڕواو ئەقیدەیەکی دیاری کراو، بەسەر مرۆڤێکدا بسەپێنێت، ئاخر ئەوە چۆن دەبێت من بڕوام بەشتێک نەبێت و ئەو قەناعەتەم لادروست نەبێت، کەتۆ هەتە، تۆ بێیت و بەزۆر و بە جنێو سوکایەتی پێم بڵێیت: نەخێر بیر و باوەڕ و قەناعەتەکەی من، ئەقیدە و ڕێبازەکەی من ڕاستە و دەبێت باوەڕت پێی هەبێت. باوەریشت پێی هێنا، نابێت بەهیچ شێوەیەک پەشیمان ببیتەوەو بیکردنەوەو ئەقیدە و ئایینت بگۆڕیت، گەرنا خوێنت حەڵاڵ و کوشتنت ڕەوا دەبێت، چونکوو تەنها ئێمە ڕاستین، یارسانی، ئێزدی، جو، زەردەشتی، بودی و کریستیان ..تاد. هەمووی هەڵە و دۆزەخی و ناڕاستن، تەنها من و بیرو باوەڕ و دۆگمەکانم نەبێت، ئەوەیتر هەمووی بۆ جەهنەم و تفی ئێمە و نەفرەتی خوداوەندیان لێ بێت، سەیرە! ئەو تێگەیشتنە دیکتاتۆر و تاک ڕهەندو ڕاسیزم و دەمارگیر و تۆتالیتار و داعشگەرایە، کاکە بۆ دەبێ خەڵک وەکو تۆ بیربکاتەوەو ڕێ بکات و هەڵبژێرێت و ئاینداربێت و لەسەر مەزهەب و بیر و باوەڕەکەی تۆبێت؟ خۆ بەزۆر نییە، تۆ موسڵمانیت، ئەویتر جو، یارسانی، ئێزدی، زەردەشتی و مەسیحیە.
ئایین و بیر و باوەڕ ناکرێت لەڕێگەی شمشێر و چاوسورکردنەوەو جوێن و سوکایەتی و سەپاندنەوە، بەسەرخەڵکدا بسەپێندرێت، بەڵکو دەبێت لەڕێگەی لۆجیک و ئەخلاق و بەڵگە و سەلماندنەوە بێت، ئەی (لا اکراە فی الدین) و(فمن شاء فلیکفر ومن شاء فلیؤمن) یانی چی؟
بەداخەوە، بیرداعشە دەمشڕەکانی سۆشیاڵ میدیا، هەرگیز، لەمرۆڤ بوون تێناگەن و ناتوانن ئەویتر قبوڵ بکەن، کاکە دەم شڕگیان، بیرت نەچێت ئێرە کوردستانە، نەک داعشستان. ئێرە لانکەی پێکەوەژیانی ئایینە جیاوازەکانە، بیرشت نەچێت یارسانی و زەردەشتی و ئێزدیەکان داگیرکەرو میوان نین، ئەوان دانیشتووی ڕەسەنی ئەو زێدەن، خاوەنی ڕاستەقینەی خاکەکەن، بەر لەبیر و باوەڕەکەی تۆ بەهەزاران ساڵ، ئەوان لێرەن و هەن، ئیتر ئەو خۆفشکردنەوەو بەداعشکرنەوەت لەچی.
جا ئەو داعشبیر و دەم شڕانەی سۆشیاڵ میدیا، ماشەللایان لێ بێت، چەندە بە بەزەیی و پڕ فرمێسک و خاوەن ویژدانن، بۆ ڕەیانی عەرەبی مەغریبی(من خۆشم بۆی گریام) ، پێنج ڕۆژە خەریکی شیوەن و فیغان و فرمێسک ڕشتنن، کەچی هەزاران مناڵ و کچ و ژن و پیاوی کوردی ئێزدی، جینۆ ساید و کۆکوژ و بێ سەر و ئەتکران هەر بەخەیاڵیشیاندا نەهات!




هەموو شتێک پەستم دەکا.. شەماڵ بارەوانی

هەموو شتێک پەستم دەکا
هاژەی رووبار
و
شەپۆلی دەریا

ڕەهێڵەی باران
و
بێدەنگی با

هەموو شتێک پەستم دەکا

وەرزی پایز و
دیمەنی بەهار

گۆمی مەنگ و
تاڤگەی سازگار

چون بۆ لادێ و
مانەوە لەشار

هەمووشتێک پەستم دەکا

قوڵپی گریان
و
بزەو پێکەنین

باخ و سەوزایی
و
گەڵا هەڵوەرین

هەموو شتێک پەستم دەکات

چرپەی هەناسەو
لێدانی دڵ

ژاکانی هەڵاڵەو
و
شکۆفەی گوڵ

گمەی کۆتر
و
نەغمەی بولبول

هەموو شتێک پەستم دەکا

دووکەڵ و ئاگر
پشکۆ و خەڵوز

جریوەی ئەستێرە
و
زریان و باهۆز
هەموو شتێک پەستم دەکا

دیلی و ئازادی
بێداری و خەو

جەنگ و ئاشتی
ڕۆژ و شەو
هەموو شتێک پەستم دەکا

تەنها ئامێزی تۆ
نەبێت
کە دڵ خۆش و مەستم دەکا




مروڤ بوونمان لەنێوان بەرداشی ژن سالاری و پیاو سالاریدا.. شەماڵ بارەوانی

سەرەتا بۆ ئەوەی ژنەفێمێنیستەکان تاوانبارم نەکەن بەوەی منیش هەمان شێوەی نێرسالارەکان بیردەکەمەوە، نزم لەژن و ئازادی و ئازارکانی ژنەوە، دەڕوانم و تێڕوانینێکی پاتریارکیانەو نێگەتیڤم بۆ ژن و کریزی ژن هەیه، نەخێر، هەرگیز، من لەمێژە بەنووسینەکانیشم ئەوەم سەلماندووە کەچەندە پشتگیرو لایەنگری ژن و ماف و ئازادیەکانی ژنم، ئەوەش وەک منەت و خۆ هەڵکێشان و فەزڵ و چاکەیەک بەژن نافرۆشمەوە، بەڵکوو ئەوە ئەرک و ئەخلاق و مرۆڤ بوون و پڕەنسیپە لای من، بۆ ئەو خەباتەشم شان بەشانی فێمێنیستەکان، لەپێناو ماف و ئازادیەکانی ژن، لەپێناو سڕینەوەی مینتاڵێنتی نێرسالاری و نەهامەتیەکانی ژن، لەپێناو بوونی ژن و سەربەستیەکانی ژن، کامە ژنە نووسەری بوێر و یاخیەو لای ئەقڵیەتی نێرسالاری و لە دەڤەری نێرسالاری و جڤاتی نێرسالاریدا، تابوو و بڤە و هێڵی سور و قەغەدەیە، من هاتووم و کارم لەسەر بەرهەمەکانیان کردوو و خوێندنەوەو ڕانانم بۆ کتێب و ڕۆمانەکانیان کردووەو لەڕۆژنامەو گۆڤار و ماڵپەڕەکانیش بڵاو بوونەتەوە، شەش ڕۆمانی خاتوو(نەوال سەعدادی) و چوار ڕۆمانی خاتوو(فەزیلە ئەلفاروق)،و کتێبێکی (فاتیمە مەرنیسی)و دەیان شیعرو نوووسین و بابەتی ترم ،سەبارەت بە ژن و مافەکانی ، ژن و ئازادیەکانی ژن ، ژن و موعاناتەکانی ژن و دژایەتی کردنی ئەقڵی نێرسالاری و جیاکاری ڕەگەزی، لەپێناو ژنبوون و یەکسانی جێندەری،
لە دەیان گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕدا، بڵاوبووەتەوە،
تەنانەت بەشێک لەپیاوەکان بەوە تۆمەت بارم دەکەن زۆر ژنانە دەنوووسم و ڕۆشتومەتە سەنگەری فێمێنزمەکانەوەو دژایەنی پیاو و نێر دەکەم ، ئینجا با بێمەوە سەر ئەسلی مەسەلەکە، بێگومان لەسۆنگەی مرۆڤ بوونم و باوەڕی تەواومەوە بە یەکسانی جێندەرییەوە ئەو قسەیە دەکەم، چۆن پیاوسالاری نەخۆشیەکی کوشندەو دیاردەیەکی قێزەون و نامرۆڤانەو دێرینەیەو کۆمەڵ تووشی پەرتەوازەیی و دووبەرەکی و ئیفلیج و دەردو بەڵاو ئافات و ماڵوێرانی دەکات، ژن سالاریش هەمان شێوە. ئێمە دەبێ دایمە مرۆڤ سالارانە بیربکەینەوەو ژیان بکەین، ئەو دیواری جیاکاری ڕەگەزییە بڕمێنین، کە لەسەر بنەمای جیاکاری جێندەری لەنێوان هەردووک ڕەگەزدا ڕۆنراوە.
ئەو ئەقڵیەتە نێرسالاریە نەخۆشە لەناو بەرین و مرۆڤەکان لەبێ مانایی و مەترسیەکانی ئاگاداربکەینەوەو هەموان لەڕێگای پەروەردە و یاسا، خێزان و ڕاگەیاندنەوە، ئاشنای چەمکی یەکسانی بکەین،
هەڵبەت، بیرۆکەی ئەو نووسینەم دوای ئەوەهات بەر لەماوەیەک، بابەتێکم لەسەر ژن و دۆزەخی نێرسالاری نووسی، لەگەڵ ڕانانێکم بۆ ڕۆمانێکی (فەزیلە ئەلفاروق)ی ژنە نووسەر و فێمێنستی بەڕەگەز جەزائیری و شیعرێکیشم بۆ ئازارەکانی ژن، هەردووک نووسینەکەم و شیعرەکەیشم، پێشووتر لە سێ ڕۆژنامەو ماڵپەڕ بڵاو ببوونەوە، گوتم با بۆ ماڵپەڕی(یەکێتی ژنانی…)بنێرم، خۆ هەرسێکیان تایبەتن بەمافەکانی ژن و ئازارەکانی ژن، کەچی بڵاویان نەکردەوە!،
بێگومان نووسینی ئەو بابەتەم وەک غەرەز شەخسی نەنووسیوە، هەرگیز، من شتی کەسێنی تێکەڵ بەناواخنی نووسینەکانم و کاری ڕۆژانامەنووسیم ناکەم و بڵێم بۆ بابەت و نووسین و شیعرەکەیان بڵاو نەکردمەوە. من باکم بەمەنییە و زیاد لەحەڤدە ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕیتر هەن، من بەردەوام و بێ بڕانەوە: شیعر و بابەت و وتاریان بۆ دەنووسم،
بەڵکو مەبەستی ما لێرەو لەو نووسینەدا، دەرخستنی ئەو جۆرە ئەقڵیەتەی پشت مالپەڕەکەی(یەکێتی ژنانی..)نە، ئەو ئەقڵیەتەی هەمان ڕێچکەی نێرسالاری گرتووەتەبەر و هەمان هەڵەی ئەوان و توندڕۆیی ئەوان دووبارە دەکاتەوە،
کاتێک سەیرێکی ماڵپەڕەکەیانم کردو چاوێکم بە بابەتەکانیاندا خشاندا. ئەوەی سەیربوو بەلامەوە و تووشی شۆکی کردم، کاتێک سەرنجی بابەتەکانم دان، بینیم هەمووی تەنها هی ژنە نووسەرەکانەو بابەتی ژنانەن، یانی هیچ نووسەرێکی نێر بابەتی لەوێ بڵاو نابێتەوەو ئەو ماڵپەڕەی یەکێتی ژنانی ..تەنها هی ژنە و لەو ماڵپەڕەو لای ئەو جۆرە ئەقڵیەتە، تەنها ژن سەنتەر و تەوەر و کابە و هەموو شتێکەو. پیاو نێر لێرە، هیچ مەوقیع و مەحەللێکیان لەئیعرابا نییەو ڤیتۆیان لەسەر!
سەیرە! ئێمە خەبات بۆ ئەوە دەکەین، جیاکاری ڕەگەزی نەمێنێت و یەکسانی جێندەری ببێت بەیاسا و کولتوور و بچەسپێت ، پەرژینی ئەقڵیەتی نێرسالاری بڕمێت، تۆ دووبارە دێیت و هەمان هەڵەی نێرسالاران دووبارە دەکەیتەوەو، دیوارێکیتری کۆنکریتی مێ سالاری و ژن سالاری، لەبەرامبەر دیواری نێرسالاری چێدەکەیت و کارەساتی جیاکاری ڕەگەزی قوڵتردەکەیتەوە و قوڕی ئەو جیاکارییە نامرۆڤانەیه بۆ ژیانی مرۆڤایەتی خەستر دەکەیتەوەو حەساسیەت و دوو بەرەکی و دوورکەوتنەوە دەخەیتە نێوان هەردوو ڕەگەزەوە!
توندڕۆیی و زیادەڕەوی چ لای پیاو لەدژی ژنەوە بێت، چ لای ژن، لە دژی پیاوە بێت، هەردووکی تراژیدیاو ماڵوێرانکەر و نامرۆڤانەیە، ئێمە دەبێت هەردووک ڕەگەز، دەست لەناو دەست و شان بەشان، کار بۆ سڕینەوەی بیری نێرسالاری و جیاکاری ڕەگەزی بکەین، کار بۆ نەهێڵانی ئاسەوارە خراپەکانی ئەو ئەقڵیەتە بکەین، دووبارە مرۆڤ بهێنینەوە سەر سکە تەندروست و ڕێگە ڕاستەکە، ئەویش ڕێگەی مرۆڤ بوون و یەکسانییە، ئینجا دەبێ ئەو ژنە بەڕێزانەو یەکێتیەکەیان، دەبێ دەستخۆشی لەهەر نێرێک و پیاوێک بکەن، کە پشتگیری مافەکان و داوا ڕەواکان و ئازادیەکانی ژن دەکات و لەئازار و نەهامەتی و تراژیدیاو دۆزەخی ژیانی ژنان تێدەگات و دەچێتە بەرەی ژنان و سەنگەری فێمێنزم بوون و دژی ئەقڵیەتی نێرسالاری و چەوسانەوەی ژن و سەلبکردنی ئازادیەکان ژن و لەژن خستن و لەمرۆڤ خستنی ژن، دەوەستێتەوە، نەک ڤیتۆ بخەنە سەر پیاو و دیوارێکیتری ژن سالاری، لەپاڵ دیوارە نێرسالاریەکە دروستکەن و هەردووک ڕەگەز هێندەی تر لەیەکتری دوور خەنەوە!

جا لەهەمووی سەیرتر، بابەتێکم لەو ماڵپەڕە کەوتە بەرچاو، لەژێر ناونیشانی: دورگەیەك تەنها بۆ ژنان و٫ ناوەڕۆکەکەشی ئەوە بوو(ژنە سەرمایەدارێكی ئەمریكی دوورگەیەك دەكڕێت‌ و تایبەتی دەكات تەنها بۆ ژنان‌ و رێگە بەپیاوان نادات سەردانی ئەو دورگەیە بكەن.كریستینا ڕۆز دورگەیەكی گەشتیاری لەكەناراوەكانی فێنلاند لە ناو دەریای بەڵتیك كڕی و تایبەتی كرد بە ژنان و ڕێگە نادات بەهیچ پیاوێك سەردانی ئەو دورگەیە بكەن، جگە لە كارمەندانی چاككردنی كارەبا و ئامێرەكان كە دەبێت بە پارێزەرە و دور لە چاوی ژنان كارەكانیان ئەنجام بدەن!




خەونێکی هەڵکڕوزاو.. شەماڵ بارەوانی

کامە تەنهاییەو
کۆرپەی شەوە بێ نازەکانی منی
ڕانەژاندبێ

کامە مۆمەو
بەخەمەکانی من دانەگیرسابێ

کامە کەشتیە
و
بە ئازارەکانی من سەوڵی لێ نەدابێ

کامە دەریایەو قیژەکانی منی تیا
نەخنکابێ

ئیتر تەوقی
ئەو هەموو عەزابە سەرمەدیه
لەبەرۆکی شیعرەکانم
دەکەمەوەو
کراسی ئەو
نائومێدیە ئەزەلیەی
کراوەتە بەر دێڕەکانم
دەدڕێنم

چیتر
لەچاوەڕوانی خەونێکی
هەڵکڕوزاودا
نوێژی ئومێد نابەستم
و
وێردی دڵشکان ناخوێنم

ئیتر
ئەلبومی بیرەوەریەکان
لەیادگەمدا دەسڕمەوە
و
درەختی ئازارەکانم
دەبڕمەوە

ناهێڵم
چیتر
دڕکی شەوەزەنگ
لەئەرشیفی ژیانما
چرۆ بکات
و
پروشەی بارانێکی ساختە
لە سنووری هۆنراوەکانما
درۆ بکات

هەرچی تروسکەی غەریبیە
لە تاراوگەی ڕۆحما
دەخنکێنم

گەر ئەو دوو چاوەشم
بۆت بگرین
دەریان دێنم




ئەمشەو تەنیایی دادەگیرسێنم.. شەماڵ بارەوانی

ئەمشەو
لەگەڵ بێدەنگی شەوەزەنگدا
بەدەم ژەنینی فلوتی ئازار
و
بەباکردنی جگەرەی خەمەوە
شەوێکیتری تەنیایی دادەگیرسێنم

ئەمشەو
ئینجانەی بەختم لەسەر باڵکۆنی
تەنیایی درز دەبات
و
تەرمی خەونەکانم
لەگۆڕستانی عەدەم
دەچێنم

ئەمشەو
نە کۆترێک گمەی دڵخۆشی
لەسەر پەنجەرەی بێتاقەتیم
دەخوێنێت

نە نەغمەی بولبولێک
نمەی بارانی بێزاریم
دەڕەوێنێتەوە
و
نەشنەبای نەسیمێکی تەڕ
پەردەی هیلاکیم دەلەرێنێتەوە

ئەمشەو
ئستاتیکای وشەکانم
دەبن بە تراویلکەو
و
ئەدرەسی هەموو هۆنراوەکانم
دەچنەوە سەر نەسەبی هەڵوەرین

ئەمشەو
دوا فەسڵی خەونەکانمە
و
تنۆکێک بزەم نامێنێت
بۆ فانۆزی پێکەنین

ئەمشەو
شەپۆلێک خەمی سەرشێت
لەپێدەشتی دەرونما
دادەکات
و
هێشووی هەنگاوەکانم
دەبن بەبەرد

ئەمشەو
شیعرەکانم
کاژی چاوەڕوانی
فڕێ دەدەن
و
ڕوخساری دێڕەکانم
ئاوێتەدەبن بە باوەشێک گەڵای
ڕەنگ زەرد

ئەمشەو
هاژەی رووباری خۆزگەکانم
دەخنکێن
و
زۆربای ڕۆحم
مەیلی سەمایەکی خەمناک
دەکات

ئەمشەو
مەوسمی بەهار
هەرێمی دڵم جێ دێڵێت
و
وەرزێکیتری پاییز
دەست پێدەکات

ئەمشەو
جۆگەلەی هیچ ماچێک
کانی مەراقم بەسەرناکاتەوەو
هەواری تامەزرۆییم
تەڕناکات

ئەمشەو
ئاوێنەی ئاواتم
دەشکێت
و
کزەبای
هیچ هەناسەیەک
لەتابووتی جەستەما
هەڵناکات

ئەمشەو
باڵندەی ئومێدم
بە بێ نازی سەردەنێتەوە
و
دووبارە کاروانێکیتری
سەراب
بەرەو هەیوانی تەنیاییم
دێتەوە




غەریزەی ژنبوون.. شەماڵ بارەوانی

هێشتا
زمانی زەمەن
هێشووی گڕوگاڵی نەگرتبوو
و
خوداوەند سەبارەت
بەخەڵقکردنی پیاو
لەمەلەلدابوو

هێشتا
بیگ بانگ ڕووی نەدابوو
و
ژیان لەمناڵدانی ئەزەلدابوو

بلیتی عەورەت
بۆ یەکەم ئافرەت بڕا
و
مەوسمی ژنبوون
بەتەلیسمی تاوان
قفڵ درا

هەزاران ساڵ بەر لەسوقرات
ژەهریان
کرد بە پەرداخی چارەنووسی
ژنەوە
و
دەیان قەڕن بەر لەمێژوو
لەلایان ئاپۆڕایەک
تاریکیەوە فەزای ژنبوون
بە دڵۆپێک شەڕەف
پێناسەکرا

ئۆه خودایە
ئەوە چ سێوێک بوو
ژنی پێ خەتابار
کرا

لێرە
فەسڵ فەسڵی سمێلە
و
هەر سمێڵە چرۆدەکات

ڕۆژ نییە
دنیایەک شەتڵی حوزن
لەپێدەشتی ڕۆحی ژنا
نەڕوێنن
و
ژمارەیەک غەریزەی ژنبوون
نەخنکێنن

شەو نییە
لەشکرێک گۆچان لەدایک
نەبێت
و
زەمبیلێک خەندەی
ژن بێ سەرو شوێن نەکرێت

لێرە
ڕەگی ژنبوون دەچێتەوە
سەر نەسەبی خەتاو
هەر ڕەنگی ژنە درز دەبات

هەر دڕکی گۆناهەو
لەدەڤەری ژن پێدەگات
و
هەر قامچی شەڕەفە و
بەڵاماری خەونەکانی ژن دەدات

هەر مینتاڵێنتی خێڵەو
بە فێمێنزم بووندا
هەڵدەشاخێت
و
هەر سێدارەی سمێڵە
لەبەرامبەر ئازارەکانی ژن
ختکەدەکات

هەر پروشەی فرمێسکەو
لە هەواری ژن دادەکات

هەر
منارەی مەعبەدەو
بەسەر لۆژیکی ژندا
دەڕمێت

هەر
قوڵبی گریانی
ژنەو
بەسێدارەی نەریتەوە
هەڵدەواسرێت

هەر گۆزەی ژنەو هاڕەدەکات

هەر شکانەو لەسەر باڵی زوربای ژن
چرۆدەکات

هەر فاریزەی
عەورەتەو دەخرێتە ناو ڕێزمانی ژنەوە
و
هەرچی ئایدیاو فەلسەفەو عەقیدەیە
ژنبوون بەهەڵە ئیعراب دەکات

لێرە
چرکەیەک نییە
ڕەوێک ڕدێنی تازە
و
ڕستێک تیوری نێرسالاری
و
حەشاماتێک فەرمودەی
ژن کوشتن
و
مەترێک فەتوای کۆن
و
مشتێک تاشەبەردی مەزهەب
و
دنیایەک قەفەسی ئایدیۆلۆژی
و
دەرزنێک چەقۆی ڕادیکاڵ
گەشەنەکات

ئۆه خودایه
ئەو فەسڵی ژن کوژانەوەیه
هەر لەبن نەهات

ئەو تەمەی ئاسمانی
ئاواتەکانی
ژن
هەر نەڕۆشت و ون نەبوو

ئەو پەردەی نێرسالارییە
هەرنەدڕاو
کون نەبوو

خودایه من تێناگەم
ئەم هەموو
ڕدێن و
چەقۆو
ڕمان و
منارەیه

ئەم هەموو
قەفەس و
مەزهەب و
نەریت و
سێدارەیه

ئەم هەموو
شکان
و
خەتا
و
خیڵ
و
خنکانەیه

ئەم هەموو
تاریکی
و
گوناه
و
درز
و
ئیدەلۆژیاو
و
گۆچانەیه

ئەم هەموو
قامچی و
شەڕەف و
سمێڵ و
تیوری نێرسالاری و
فەرمودەی ژن کوشتنەیە

ئەم هەموو
فرمێسک
و
فاریزەی عەورەت
و
خەتا ئەزەلی و
ئیعرابە هەڵەیه

تۆ ئافراندت
یان پیاو دایهێنا.. !؟




شیعر/ هەزارو چوارسەت ساڵە.. شەماڵ بارەوانی

زمانی کوردیتان باش
من لەمەیدانی چوارچراوە
سەوزبووم
و
نەسەبم دەچێتەوە سەر
دوا وەسیەتی
سەید ڕەزای دێرسمی

من
کچەکەی لەیلاقاسمم
و
ناوم زارایـە

دەستێکم
خەمی ئازادی کوردە
و
دەستەکەیترم
لەدیلێتی
و
قەفەسدایە

هەزارو چوارسەت ساڵە
دەمم دەگرن
ڕەگم دەبڕن

هەزارو چوارسەت ساڵە
دمکوژن و
مێژووم
دەسڕن

هەزارو چوارسەت ساڵە
مۆگم بە مەجوس
و زەردەشتم
زەندیک دەکەن

هەزارو چوارسەت ساڵە
ئاگری میحرابم
دەکوژێننەوە
و
نوکی شمشێرم
لێ تیژ دەکەن

هەزارو چوارسەت ساڵە
کفن و تابووت بەشی
ڕۆڵەکانی میدە

هەزارو چوارسەت ساڵە
ئێزدیخانم لەفەرماندایە
و
سێدارە چارەنووسی
قازی و شێخ سەعیدە

هەزارو چوارسەت ساڵە
ناسنامەم نەزیفدەکرێت

هەزارو چوار سەت ساڵە
فەرهەنگم بە تەتریک و تەفریس
دەکرێت

هەزارو چوارسەت ساڵە
تەعریب تەوقەی
درۆم لەگەڵ دەکات

هەزارو چوارسەت ساڵە
دڕکی دوژمن
لەسەر جەستەی نیشتمانم
چرۆ دەکات

هەزارو چوارسەت ساڵە
کامە گۆڕی بەکۆمەڵە
و
تەرمنی منی تیانەبێ

کامە جینۆسایدە
و ناونیشانی
کۆجۆ و ئەنفالی کورد نەبێ

هەزارو چوارسەت ساڵە
هەرفتوحات و ئاه و ناڵە

هەزارو چوارسەت ساڵە
مێژووم هەر زام و ئەنفالە




ژنێک لەسەر نوکی چەقۆ ڕێدەکات.. شەماڵ بارەوانی

ئەگەر بینیتان
کۆترێک لەگمە چۆتەوە
و
باهۆزێک لەکاتی هەڵکردندا
گیانی دەرچووە
ئەوە خەونەکانی ژنێک لەبارچووە

ئەگەر بینیتان
ڕووبارێک
بە کزی هەنگاو دەنێت و
دڵی شەپۆلێک
لەکەناری نوکەندێکدا لەلێدان وەستاوە
ئەوە
خۆزگەکانی ژنێک خنکاوە

ئەگەر بینیتان
خۆر بە قەڵەقیەوە
بەرەو سنوری ئاوابوون
دەڕوات
و
هەورێکی توڕە
قژی خۆی دەڕنێتەوە
ئەوە حەسرەتەکانی ژنێک
مۆمیا کراوە

ئەگەر
مەوسمی بەهارتان بینی
دەڕۆشتەوە سەر نەسلی کاڵبوونەوەو
وەرزی ژنبوون بە بێدەنگی سەری نایەوە
ئەوە
دیکتاتۆریەتی نێرسالاری جاڕ
دراوە

ئەگەر بینیتان
ئاواتەکانی ژنێک دزراوە
ئەوە
هەشتی مارس تەکفیرکراوەو
ژنبوون
بەدەرزنێک فەتوای کۆنەوە
گەمارۆد دراوە

ئەگەر بینیتان
بەرماڵی عارفێک دەهری
بووە
نزای زاهدێک شەهیدکراوە
ئەوە ژنێک دڵی لەئاسمان شکاوە

ئەگەر بینیتان
ژنێک لەسەر نوکی چەقۆ ڕێدەکات
ئەوە دەروازەکانی ئازادی
بەدەم ژنەوە داخراوە

ئەگەر لەشوێنێک بینیتان
باسی گوناه دەکراو
حەشاماتێک حەرام لەوێ
وەستاوە

ئەوە
نووزەی ژنێک
به سێدارەی سمێڵێکەوە
هەڵواسراوە

ئەگەر بینیتان
تەرمی قیژەکانی ژنێک
لەخاچ دراوە
و
تابوتێکی لەناکاویان
بۆ خولیاکانی ژنێکیتر داناوە
ئەوە
جگەرەی پیاوێک بەئازارەکانی ژن
داگیرساوە

ئەگەر بینیتان
بۆنی مەرگ دێت
لەم ناوە

ئەوە
بە بیانووی شەڕەف
پاکیزەیی ژنێک
ئەتککراوە




وەرزێکیتری سەراب دادەگیرسێنم.. شەماڵ بارەوانی

من عاریفانە خۆشم ویستی
ئەفسوس
تۆ وەک ژەنەڕاڵێک ناپاکیت لێکردم

تازە
کتێبی تەمەنم تەواو بوو
من جگە لەلەتێک یەئس
و
سەتڵێک فوغان
چیترم نەماوە

بۆچی دێیت
دوای ئەوەی گۆچانێکی ماندوو
هات و لێواری ڕستەکانی گەنجێتی
پڕکردم لە ئیعرابی پیری

دوای ئەوەی
دارستانی وشەکانم
ڕەنگی بیابانێکی داماویان گرت

دوای ئەوەی فەهرەستی
مەراقم
خاڵی بووەوە
لەمەجاز
و
ئیدیۆمی ئۆقرەییم
ئاوس بوو بەژان

دوای ئەوەی
مەوسمی خەونەکانم
پڕبوون لەخەمی هەراش
لەهێشووی هەڵوەرین
لەبەڵێنی شەهیدکراو

دوای ئەوەی
گەڵایەکی تەماشام
نەما بۆ ڕوانین
و
پایز بوو بە ناسنامەی شیعرەکانم

دوای ئەوەی
درۆکانت
ئیفلاسیان کرد
و
بەرماڵی عیشقم
تژی بوو لەکفری فیراق

تازە کات درەنگە
ببورە
من ئیتر
هەموو پێکەنینەکانم
لەتابووتی گریان
مۆمیا دەکەم

وەرزێکیتری سەراب دادەگیرسێنم
و
دۆسیەی دڵپاکیم
دادەخەم

ببورە
من دەڕۆم و
هەموو خەونە دڵشکاوەکانم
دەبەمەوە عەدەم

دەڕۆم و
ئارشیفی
حوزنە کاڵەکانم
دەبەمەوە
بۆ دەڤەری دەهری بوون
بۆسەر نەسلی خۆڵەمێش

چیتر میزاجی
لۆژیکی دۆڕانم نەماوە

دەڕۆم و دیالیکتیکە تەواو نەبووەکانی
عیشق
و
پاشماوەی ئازارە هەڵکڕووزاوەکانم
دەبەمەوە
بۆ سنووری فەنابوون
بۆ دەڤەری خنکان




عـەزاب.. شەماڵ بارەوانی

تازه دەگەڕێیتەوە
دوای ئەوەی ئەرشیفی ژیانم
لێوان لێو بوو
لەگریانی خەست
لەخەمی هەراش
لە عەزابی ڕووت

کات زۆر درەنگە
دەبوا زوو بێیتەوە
بەر لەوەی
چرکەکانی تەمەنم
لەکار بکەوێت
و
باڵی سەمای زۆربام
بشکێت

بەرلەوەی
درەختی ئومێدم
غەریزەی یەئس بگرێت
و
خونچەی ئازارەکانم
بپشکوێت

بەر لەوەی
دیواری بەختم درز ببات
و
کراسی چاوەڕوانیم
بدڕێت

بەرلەوەی
شەپۆلی حوزن
لە کەناری دەروونم بەرقەراربێت
و
باڵندەی بزە
لە مەملەکەتی تەنیاییم بفڕێت

تاکەی
لەنۆکەندی تارمایی دا
سەوڵی خۆشباوەڕی لێبدەم
و
کەشتی حەزەکانم
لە ناو شەپۆلی غەدردا
بخنکێت

تاکەی
لەدەڤەری دڵپاکیم دا
سەراب بڕوێت

ببورە
من ئیتر ئشتیای
جەنگێکی بێ ماناو
ئۆقرەی نشوستم نەماوە

چیتر
قوماری عیشق و
شەڕی ئەو هەموو
دۆڕانە بەمن ناکرێت

من ناتوانم
ئەو هەموو هێشووەی هەڵوەرین
کۆبکەمەوە

خۆمن
هەموو قاقاکانم
بوون بەخەڵووز
و
وەرزی خەونەکانم
پایز

من لەمێژە
چوومەتەوە سەر نەسلی هیلاکی
و
ڕەنگی سەحرام
لێ ڕواوە

لەمێژە
ڕۆشتوومەتە سەر عەقیدەی دەهریبوون
و
بەرگی ڕاهیبەییم فڕێداوە

دەی
من دەبێ بڕۆم

وادەی وەڕزیم تەواوبوو
و
ئیتر سەنگەری عیشق جێ دێڵم

دەستدەکەم
بەسەفەری دڵشکان
و
دەڕۆمەوە سنووری فەنابوون

ماڵئاوا
ئەی شکست




شیعر/ بەرماڵەکەی دایکم.. شەماڵ بارەوانی

لەناو بەرماڵەکەی دایکمدا
ڕق
قەدەغەکراوە
و
ئایین تێکەڵ بەسیاسەت نەکراوە

بەرماڵەکەی دایکم
بەرماڵێکی لەخوا نەترسە
و
هەر لەمناڵیەوە
فێری عیشقی خوا کراوە

بەرماڵەکەی دایکم
هەمان بەرماڵەکەی
شێخ سەعیدو سەیدا ڕەزایە

بەرماڵێکە
دەستێکی ڕوو لەئاسمان و
دەستەکەیتری
لای قازی پێشەوایە

بەرماڵەکەی دایکم
بەرماڵێکی مرۆڤ دۆستەو
بۆ هەموان دایمە لەنزایە

بەرماڵێکە
تەریقەتی خۆشەویستی
لەمەولانا وەرگرتووەو
ئەخلاق لەبودا

بەرماڵەکەی دایکم
ڕەگی دەچێتەوە
سەر خـودا.




ئارشیفی لەبیرچوونەوە.. شەماڵ بارەوانی

وەرە با
هەنسکەکان
بە سنووری فەنابوون
بسپێرین
و
شەقامی چاوەڕوانی
بەپیاسەی ئامێز
ئاوەدانکەینەوە

وەرە
با کەڕنەڤاڵی ماچ بگێڕین
و
هەموو بزەو وەریوەکانمان
کۆبکەینەوە

وەرە
با شوشەی فیراق
بە بەردی ویساڵ
هەپرون هەپرون کەین
و
ئەو نیشتمانەی مەراق
لەبێتاقەتی بەتاڵ کەینەوە

وەرە
با پاشماوەی
بیرەوەریەکان تەواوکەین
و
ژێلەمۆی دووری
بکوژێتەوە

وەرە
بەر لەوەی
وەزری پیری
لەسەر درەختی تەمەنم
چرۆبکات
و
مانیفێستی ئاواتەکانم بەنیوە ناچڵی
سەربنێتەوە

وەرە
با
خەمەکان دەمکوت کەین
و
شەپۆلی ئازارەکانمان
ببڕێتەوە

وەرە با
ماچی ئشتیها
لەترۆپکی تامەزرۆیی
داگیرسێنین
و
چرۆی ئەو هەموو
حەسرەتە کاڵبێتەوە

وەره
با
دۆسیەی دابڕان دابخەین
و
تەرمی تەنیایی
لەئارشیفی لەبیرچوونەوە
بنێژین
و
چیتر
فرمێسک بۆ فیراق
نەڕێژین




زێـراب.. شــەماڵ بارەوانــی

کارەساتتان باش..

من ناوم شنگالە
و
نازناوم گـۆڕی بە کـۆمـەڵ

لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆداو
لەپڕ
کۆمەڵێک شمشێری ڕادیکاڵ و
ڕەوێک خەنجەری بیابان

کۆمەڵێک شەوی ئەنگوستەچاو
مەزهەبێکی زۆر کۆن
ڕژانە کۆڵانەکانی
کۆجۆم

کۆمەڵێک شمشێر
شێوەیان دەڕۆشتەوە سەر
سەدەکانی ناوەڕاست
و
بۆنی خوێنیان لێدەهات

ڕەوێک خەنجەری بناژۆخواز
سیخناخ بوون
لەجەهل و تاریکی
پڕ بوون لە نەفرەت

بێ لەدەرگادان
و
بە ڕستێک قەفەز
و
باوەشێک شەریعەت

بە فرسەخێک تقوسی سەحراو
قاپێک خەڵووزی خوڕافە

بەکۆمەڵێک ئایدیای ڕق
و
ستڵێک فەتوای ڕەق

خۆیان کرد بە ژوورداو
گوتیان
ئێمە پاسەوانەکانی دەرگای دۆزەخین
و
لەو دیوی سردابی مێژوو و
حاشیەکانی جەهالەتەوە هاتووین

ڕەگمان دەچێتەوە سەر زێراب
و
مۆڵەتی ئاسمانمان پێیە

بەڵێ
ئەوان لەبەردەم بێدەنگی هەمواندا
پەلاماری گۆمەزی شەرفەدینیان داو
کچێنی شنگالیان نەزیف کرد

بەرائەتی جیلوەیان
بە چەقۆی ئەنفال سەربڕی
و
مەسحەفی ڕەشیان
خەڵتانی سورەتی کفرکرد

نەمزانی کێ بوون
بەڵام
گوتیان ئێمە سەر بەخێڵی بەردو
پاشماوەی فتوحاتین

ئێمە نەوەی نەفرەت و
لەنەسەبی قانونی ڕەجمین

بەڵێ ئەوان
هەمان ئەو ڕەوە خەنجەرەبوون
کە شەهرەبانویان کرد بەکەنیزەو
لەگەڵ فرمێسکەکانی یەزدەکورد
ناردیانن بۆ سنوری تەعریب

هەمان
ئەو چەقۆیانەبوون
کە بەر لە هەزارو چوارسەت ساڵە

ئاگری ئاتەشگای ئەشۆیان کوژاندەوە
و
بەرماڵی نزای زەردەشتیان شەهیدکرد

هەمان ئەو شمشێره ڕادیکاڵانەبوون
کە پەنجەرەی میحرابی متیرایان
بە لمی بیابان سواق
و
کراسی بووکێنی گوڵاڵەیان دڕاند

هەمان
ئەو خەنجەرە ئوسوڵیانەبوون
کە گاتاکانی ئاڤێستایان پڕکرد
لە ئیقاعی زندیکبوون و
شادەماری مەچەکی یەسناکانیان بڕی

کۆمەڵێک تاریکی
چاوەکانیان
هێشتا جۆگەڵەی خوێنی
هەفتاو چوارفەرمانی ئێزدیخانی
لێدەچۆڕا

هێشتا
بۆنی دەهریبوونی ئاهۆرامەزدا
و
فوغانی دایکە ئەنفاڵکراوەکانیان لێدەهات

هێشتا
بۆنی حەرامسەرای کەنیزەکان و
توڕەیی فەرمودەکانی فتوحاتیان لێدەهات




رەهەندەکانی ژنبوون.. شەماڵ بارەوانی

پێشکەش بەهەموو ژنە چەوساوەکان…

لەوەرزێک لەدایک بووم
لێوان لێو بوو لەکاتژمێرەکانی ژن کوشتن

ویستم دەنگی ژن بنووسمەوە
گوتیان
لەهجەی ژن عەورەتە
و
ئارەزووی پیاو دەجوڵێنێت

ئوە خودایە
من تێناگەم
بۆچی مێ باجی شەهوەتەکانی نێر بدات
و
ئەو هەموو گوناهەیان
لە ڕەشنووسی ژن
بارکرد

خودایە
ئەوە چ مەوسمێک بوو
خەندەکانی ژنیان
لەتابووتی هەڵوەرین ناشت

ئەوە ڕەهێڵەی چ بارانێکی دڵ ڕەق بوو
فەرهەنگی ژنی پڕ کرد
لەدڵۆپە خوڕافە

خودایە
هێشتا وەرزی ئێستام دانەگیرساندبوو
چاوی خەیاڵە شینەکانیان کوێرکردم
و
مۆمی ئایندەیان کوژاندمەوە

هێشتا هێشووی هیواکانم
پێنەگەیشتبوون

درەختی تەمەنیان بڕیمەوە
و
ڕەهەندەکانی ژنبوونیان ئیکمال کرد

چ زوو زەمەنی ژنیان پڕکرد لە گۆچان
و
ژنبوونیان بە تخوبەکانی پیری
و
نەسەبی ژنیان بە دەروازەی
سەراب سپارد

خۆمن
تازە خەریک بووم
ئینشای یەکسانی بنووسم
و
نەخشەی ژن بوون بکێشم

کەچی
لەپڕ کۆمەڵێک تاریکی
لەنەژادی مەرگ
کۆمەڵێک تەمتوومان
لەخێڵی جەهالەت
بە باوەشێک ڕەجم و
دەرزنێک دۆگمەوە

بە حەشاماتێک قامچی و
ڕستێک قانونی کۆنەوە

هاتن
و
حەقیقەتی ژنیان
موتوربەی ئەفسانەکرد
و
هەرێمی ژنبوونیان
پڕکرد لە تابوو

ئاواتەکانی ژنیان
خەساند
و
هەموو ڕەنگەکانی ژنبوونیان
بردەوە سنووری کوێری

من تێناگەم
خودایه بۆچی
بەرلەمێژوو ژن و هەڵە
خرانە تای تەرازووەک
و
خەتاکەی ئادەمیان خستە ئەستۆی ژن!

خودایە
ڕاستە دەڵێن ژن بوو مەسیحی
لەخاچدا
و
هەر ژنیش بوو
فووی کرد بە ئاگرەکەی ئیبراهیمدا؟

من تێناگەم
بۆچ دەبێ خنکاندنی خەونەکانی
ژن شەڕەفی پیاو
و
هەڵوەرینی خۆزگەکانی ژن
قەدەری خودا بێت

گلەیی بێ خودایە
گەر ئەو جارە ژنت دروست کرد
با لە میهرەبانی خۆت بێت
نەک پەراسووی پیاو

من نامەوێ چیتر لەڕەگی خەم بم
بمبەرەوە
سەر ڕەچەڵەکی خۆت ئەی خودا

خودایه
تاکەی ژن
هەر سێبەری پیاو کۆپی
و
بێدەنگی خۆی ئەرشیف بکات

خودایە
لەکامە سورەتت هاتووە
پیتەکانی ژن دەبێت بچێتەوە
ڕستەکانی پیاو
و
دەنگی ژن
لەناو تەرمی عەورەت
مۆمیا بکەن

خودایە
بە مەنتقی کامە
قەبیلەبوو
مەلەفی کوشتنیان بۆ ژن کردەوە

بە فەتوای کامە
مەزهەب بوو
ژن بوون حەرام کرا

ئەوە ڕدێنی چ ڕێزمانێک بوو
عەورەتی ئاوەڵناوی کرد بەبەر ڕستەی ژنبووندا

بە وڕێنەی
کامە عەقیدە بوو
ڕێنووسی ژنیان
لەدەفتەری ژیان نەزیفکرد

بە سمێڵی کامه نیچەبوو
تواناکانی ژنیان بەستەوە

بە ئاگری کامە نیرۆن بوو
ژنیان سوتان
و
بە میزاجی کامە ڕادیکاڵ بوو
ژن بەردباران کرا

خودایە
چۆن ڕێگەت دا
ئەلف و بێی ژن بوون
لەقەفەسی پیاودا
ئیعراب بکرێت

چۆن هێشتت
قیژەکانی ژن
بپڵیشێتەوە
و
ئەبجەدیەتی ژن
بوون
لەبەردەم
منارەی پیاودا
بسڕدرێتەوە




دەروازەی غوربەت .. شەماڵ بارەوانی

..
بەهۆی تۆوە
هێشتا وشەکانم مەحکومن بە نەزیف
و
لەهجەی ڕستەکانم لەحاڵەتی
سکوتدان

بەهۆی تۆوە
ڕەهێڵەی بارانی گریانم
ناسی
و
ئاشنای دەڤەری خەم بووم

بەهۆی تۆوە
کەشتی ئومێدم
لەنۆکەندی دڵشکان لەنگەری گرت
و
گۆزەی ئاواتم شکا

بڕۆ ئازیز
نامەوێ چیتر
بەو هیلاکی عومرمەوە
بگەڕێمەوە
ناو زەمەنی خۆشباوەڕیم
و
دووبارە
لەکونی کۆنە عیشقێکەوە
چزوی خەیانەت
بمگەزێت

نامەوێ
جارێکیتر
لە ئاوێکی لێڵدا سەوڵ لێبدەمەوە
کەیەکەم بەڵەمم
تێیدا بەشەپۆڵی غەدر خنکا

برۆ فرمێسکەکانت
ببەرەوە بۆ مەملەکەتی خەجاڵەتی
و
ملوانکەی پەشیمانیت
بەگەردنی تەریق بوونەوە بسپێرە

کە شعوری ئینجانەی حەلاجی
حەرفەکانم
بە گوڵە سورەکەی شبلی شکا

کە مەسنەوی موناجاتەکانم
بەفیراقی شەمس
سوتا
موتاڵاکردنی حەسرەتەکانی مەولانا
سودی چییە

کە تێکستەکانم
تووشی عەقیدەی خەمۆکی بوون
و
کتێبی شیعریم
ڕۆشتە سەر عەبەسترین مەزهەب
بەئەرشیفکردنی سەراب
مانای چییە

تازە من چومەوە زەمەنی پیری و
وەرزەکانم
هەمووی بوو بەخەرابات

تازە
باڵندەی خەندەکانم
بەرەو خەرەندی فرمێسک
کۆچیان کرد
و
مەنفای دڵشکانیان کرد بەنیشتمانی
بێدەنگی

ببورە
من خەریکی کۆکردنەوەی
پاشماوەی بیرەوەرییەتاڵەکانم
و
چیتر حەوسەڵەی گوێگرتن
لە سەرگوشتەی هەڵکڕوزانم
نەماوە

خۆمن تازە هەموو چرکاکەنم
لەکارکەوتوون
و
هەناسەکانم
لەلێواری ئیفلیجدان

من
لەمێژە چۆگەڵەی هەنسکەکانم
وشکی کردووە

لەمێژە ڕۆشتومەتەوە
سەر ڕەچەڵەکی عەزابێکی ڕەهاو
و
بوخچەی باوەڕم
تژی بووە لە دەهری بوون

لەمێژە
سپێدەی هەنگاوەکانم
بەرەو دەروازەی غوربەت
کەوتووەتەڕێ و
خۆری چاوەڕوانیم
بەرەو تخوبی ئاوابوون

لەمێژە
سەربردەکانم پڕبوون لە زام
و
مەوتنی ڕۆحم
سیخناخ لەچۆڵەوانی

لەمێژە چۆڵەکەی هێزم
لەفڕین کەوتووەو
و
تەرمی خەونەکانم
بە تابووتی نشووست سپاردووە

ببورە
من ئیدی چومەتە ئەو دیوی وەرزی کوژانەوە
و
میزاجی جارانم نەماوە
ڕادیکاڵانە خۆشم بوێیت

تازە چۆن بتوانم
ئەو هەموو پیرییە لەئاوێنەی تەمەنم
بتەکێنم

چۆن گەمارۆی ئەو هەموو تاڵەسپیەی
قژی هۆنراوەکانم
بشکێنم

چۆن بتوانم
وەرزی پەرتبوون بێدەنگ بکەم
و
کەناری ئۆقرەییم
لەشەپۆڵی هەراسان
بەتاڵ کەمەوە

ببورە
من تاتوانم
هیچ تەرجەمەیەکی
ئەو هەموو بێ تاقەتیەی
دەربەندی دەروونم
بکەم

ناتوانم
غوباری غروری
ئەو تاریکیە نەرسسیەی
باڵەخانەی
ڕۆحم دوور خەمەوە

ئیتر
چۆن بتوانم
جارێکیتر
دوو ڕکعات نوێژی زەمهەریر دابەستم

ناتوانم
نا
ببورە من دەبێ بڕۆم
ئەوە
شەمەندەفەری مەرگ
وا دەگات
بە دوا سنورەکانی تەمەنم

خوا حافیز
ئەی ناپاکی




ئەلف و بێی دڵداری.. شەماڵ بارەوانی

١
ئەفسووس
هێشتا
ئەلف و بێی دڵداریم
پێی نەگرتبوو
هێشووی ڕێزمانی دێڕەکانم
کاڵبوویەوە
هێشتا
ئیعرابی ڕستەکانم
باڵق نەبوبوون
هەموو حەرفەکانم
مەحکوم بوون بەسەراب

٢
تازە درەنگە بۆ ژماردنی
قەتماغەی خۆزگەکانم

خۆمن
من ئێستا
جگە لەلەتێک هوڕژن و
بوخچەیەک دڵشکان
چیترم نەماوە

دەسنووسی بیرەرەوریەکانم
هەمووی
بەحەسرەت سەریان نایەوە
و
نەغمەی حەزەکانم
سەراپا بوون بەخۆڵەمێش

من چیتر
ناتوانم سەمای عیشق
لەسەر خەڵووزی چاوەڕوانی
دابەستم
و
فریای سڕکردنی
ئەو هەموو فوغانەی
مارشی قەڵەقیم بکەوم

تازە فانۆزی
هیلاکیم
پێی نایه سنورەکانی کزی
و
باڵندەی خەمەکانم
گەیشتن بە تخوبی
موستەحیل

٣
بێزاربووم
هێندەی
موتاڵای سورەتی
دڵشکان بکەم

هێندەی یاسینی
حوزن
بەدیار نەزیفی جەستەی
یەئسەکانمەوە بخوێنم

٣
ئۆه خودایە
چ زوو
شەقامی مەراقم
وشکی کرد
و
هەموو خەونەکانم
هەر بەکاڵی کوژانەوە

چ زوو
دۆسیەی شیعرەکانم
پۆشاکی ماتەمیان پۆشی
و
وشەکانم
چونەحاڵەتی فەنابوون

٤
من ئیتر
هیچ گەڵای پێکەنینێکم
پێوە نەماوە بۆ ڕنینەوەو
تنوکێک خەم بۆ ڕژان

خودایە
ئەوە چ عەبەسێک بوو
لەپێدەشتی تەنیاییم دایکرد

ئەوە چ هەڵکڕووزانێک بوو
لەدەربەندی ڕۆحم
داگیرسا

ئەوە چ تەڵبەندێک بوو
لەنیشتمانی ئەمەلم هەڵتۆقا
و
ئەوە چ هەڵوەرینێک بوو
لە ئامێزی دارستانی
هیواکانم هەڵیکرد

خودایە
تۆ پێم بڵێ
ئەوە قانونی عیشق بوو
یان سیاسەتی
سوتان!




سورەتی ماچ.. شەماڵ بارەوانی

تازە دەگەڕێیتەوە
دوای ئەوەی
ئینجانەی چاوەڕوانیم
درزی برد
و
خونچەی دڵخۆشیم هەڵوەرا

چۆگەڵەی حەسرەت ڕژایەی
کەناری فەنابوونم
و
کیشوەری تەمەنم پڕبوو
لەوەرزی پیری

دوای ئەوەی
نیشتمانی خەونەکانم
بوو بەخۆڵەمێش
و
سپێدەی مەراقم
بەبێ هەناسەی عیشق
سەری نایەوە

دوای ئەوەی
سیخناخ بووم
لە هێڵنجی غوربەت و
مۆرانەی سەراب
دای لەدرەختی جەستەم

سەوڵی مەراقم
لەلێدان کەوت
و
سۆمای قەڵەمم
کوژایەوە

زەحمەتە تازە
وەرزێکیتری تەمەنم
چرۆ بکات
و
قەدەر مشتێکیتر پێکەنینم
بداتێ

درەنگە
خۆ من هەموو ڕەنگەکانم
کاڵبوویە

هەموو ترۆپکەکانم
بوون بەخەرەند

تازە ناتوانم
مۆتاڵای دێڕە تێک شکاوەکانی
مانیفێستی
موحیبەت بکەم
و
شپڕزرەیی ئیعرابی
وشەکانم
لە هستریا بەتاڵ کەمەوە

ناتوانم
مەنەلۆگی شیعرەکانم
بەمۆسیقای ئۆرگازم بشێڵم
و
ئەو هەموو پارچە شکاوەی یەئسەکانم
کۆبکەمەوە

ناتوانم
ئەو هەموو خەمە هەراشە
بێدەنگکەم
و
کەڵاوەی پیریم نۆژەن کەمەوە

بمبورە
کات درەنگە
ناتوانم
ستران بۆ گۆزەیەکی دڵ شکاو
بچڕم
و
نوێژی گەڕانەوە بۆ بەڵێنێکی هەزارجار ئەتکراو
ئەداکەمەوە

ناتوانم
وەکو جاران
بڕۆمەوە میحرابی عەشق و
سورەتی ماچە لەدەستچوەکان
قەزا کەمەوە.




ڕاکردن بەدوای گورگەکاندا.. شەماڵ بارەوانی

ناونیشانی ڕۆمانێکیتری ٢٦٩لاپەڕەیی نووسەرو ڕۆماننووسی بەڕەگەز عێراقی تاراوگەنشین(عەلی بەدر)ەو
یەکەم چاپی لەساڵی٢٠٠٧ لێ بڵاوبووەوە.
چیرۆکی ڕۆمانەکە ڕاستەوخۆ باس لەدوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی بەعس و کەوتنی بتی سەدامی فاشیست و دیکتاتۆر دەکات لەعیراق. لەدوای ئەوەو لەشاری نیویۆرک، یەکێک لەدەزگاکانی ڕاگەیاندن(ئێم ئای سی)، پەیامنێرێکی ئەمریکی بەڕەگەز عیراقی تەمەن چڵ وپێنج ساڵ، لەبەشی ڕۆژهەڵات لەودەزگای ڕاگەیاندنە وەکو پسپۆرو شرۆڤەکارێکی سیاسی کاردەکات.
لەژێر ناوێکی خوازراودا ڕایدەسپێرن تاوەکو ڕیپۆرتاژێکیان بۆ بنوسێت و ئامادەبکات لەبارەی ئەو مارکسی و ترۆتسکیە شیوعیانەی کە لەو وڵاتە(عیراق)ڕایان کردووە بۆ ئەفریقیا. شۆڕش لەوێ، لەکۆتایی هەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی بەعسی دڕندە،لەوێ
پێوەندی بەو هێزە ئومەمیەمارکسیزمە ئەسیۆبیەوە دەکەن کە لەلایان ئەفسەری گەنج(منگستۆ هیلا مریام )لەئەدیس بابا دامەزراوە.
ئەو ڕۆژنامەنووسە لەبیستەکانی تەمەنیدا بەمەبەستی خوێندن چووەتە ئەمریکاو لە زانکۆی شیکاگۆ دەخوێنێت. دواتر لەوێ و لەکاتی خوێندنی زانکۆ پرۆسەی هاوسەرگیری دەکات لەگەڵ کچێکی ئەمریکی بەناوی(ماری، یاخود میمی وەک خۆی وای پێ دەڵێت)کە لەهەمان زانکۆدا دەخوێنێت، بەو هۆیەوە ڕەگەزنامەی ئەمریکی بەدەست دێنێت. دەبێت بە خاوەنی دوو مناڵ بەناوەکانی(سام، و کاتی)و ئەو لەسەرەتای تەمەنیدا کەسێکی ئاڕاستە چەپ و ئشتیراکی بیروباوەڕ دەبێت، وەلێ دواتر هێدی هێدی ئاڕاستەو دیدەنیگاو فیکری لە ترۆتسکیەت و چەپ و مارکسیزم و پێشکەوتنخوازییەوە، بەرەو ڕاستڕەوی و کۆنزەرڤاتیف و پارێزگارییەوە دەگۆڕێت و دەبێت بە شوێنکەوتەی ڕاستڕەوێتی و دەکەوێتە ژێرکاریگەری بیرمەندو تیۆرسێنی ڕاستڕەوی لەشێوەی کلۆد لیڤی شتراوس و مایکل لیدن و تێزو تێڕوانین و بەرهەمەکانیان لەزانکۆ دەخوێنێت و هەمان شێوەی شتراوس باوەڕی وایە کەدیموکراسی دەبێ بە زەبری هێز بگشتێندرێت و بڵاو بکرێتەوە ، چونکە گەروانەکرێت هەرگیز وەک چۆن ماکدۆناڵد لەچاینا بووەتە خواردنێکی میلی،ئەوە دیموکراسیش ئەگەر بەهێز نەچەسپێندرێت، ئەوا هەرگیز، نابێت بەخوراک و تێڕوانین و سیستەمی ژیانی خەڵک و ناچێتە ناو شادەماری ژیان و نابێت بەنەریت و مۆدێکی میلی.

ئەو بەو شێوەیە دەبێت بە شوێنکەوتەو بەرگریکارێکی سەرسەختی ڕاستڕەوە پارێزگارەکانیتری وەک پۆل وۆلفۆفیتر و ڕیتچارد بیرل و فوئاد عەجمی..تاد..و بەخۆی دەڵێت من لەناخەوە یەساریم ،وەلێ باوەڕی تەواوم زیاتر لەهەر ئەوروپییەک بە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسیەتەکەی ئەوروپا هەیەو هیچ ڕۆژێک دژایەتی مۆدێڕنیتەو ڕۆژئاوام نەکردووە.
نووسەر درێژە بە باسەکانی دەدات و لەسەر زاریی ئەو پاڵەوانە ناو نادیارەی ڕەخنەی هەردووک بلۆک و سیستەم دەکات، بلۆکی ئیمپڕیالیزم و بلۆکی مارکسیزم، و ئەمریکا بەوە تاوانباردەکات کە لەکاتی جەنگی ساردی نێوان هەردووک جەمسەری ئەمریکاو یەکێتی سۆڤیەت، ئەمریکا پشتیوانی سیستەمەدیکتاتۆرەکانی دەکردو پشتی دیکتاتۆرەکانی دەگرت، تەنها بەهۆکاری ئەوەی لەو وڵاتانەدا ڕێگە لەگەشەسەندن و گەیشتنی شیوعی و هێزە چەپەکان بگرێت لەگەیشتینیان بە پۆپی دەسەڵات. لەبەرامبەریشدا ڕەخنەی ئەو مارکسیزمانەدەکات کەپێش شۆڕشەکانیان شێوەیەک بوون و دواتر شێوەو ڕوخساوشتێکی ترو چۆن کاتێک لەکاتی شۆڕشدا لەدژی ڕژێمە دیکتاتۆرو کۆنە پەرست و وابەستەو پاشکۆی ئەمریکاو کۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالیزم بوون و هەمووی خۆی پێ گیڤارابووەو دواتر کاتێک دەگەن بەدەسەڵات، ماو کاسترو ئاسا لەژێرناوی شۆڕش بەردەوام و بەپاساوی بەرگری کردن لەدەستکەوتەکانی شۆڕش، دەوڵەتێکی پۆلیسی قەمعی ڕۆدەنێن و وڵات دەکەن بە زیندانێکی گەوره بۆ هەموو ئەوانەی ناڕازین و ڕەخنەدەگرن و پێچەوانەن، ئیدی دەبن بەخواوەندو بتی پەرستراوی تازەی وڵات و خۆیان دەسەپێنن و هەموو سەرکردەکانی تری بەشداربووی شۆڕشکە دەکوژن و تەسفیەدەکەن.
شۆڕشەکە لەخەڵکەکەو چینی پڕۆلیتەر و کرێکارو جوتیارو گەل وخەڵکی هەژار دەدزن و شۆڕش دەکوژن و وڵات غەرقی گەندەڵی و ناعەداڵەتی و نادیموکراسیەت و ستەم و جیاکاری چینایەتی دەکەن و خۆشیان ڕۆدەچن لەلەزەت و ڕابواردن و دەبن بەهەمان ئەو دیکاتۆرو دەرەبەگ و فییۆداڵانەی کە پێشووتر لەدژیاندا شۆڕشیان بەرپاکردو خەباتیانکردو جەنگان! لەنمونەی وڵاتانی تری یەکێتی شۆرەوی لەنموونەی چیکۆسلۆڤاکیاو ئەمریکای لاتین و ئەفریقیا.
بەوچەشنە پاڵەوانی ڕۆمانەکەی عەلی بەدر دەست دەکات بەگەڕان و زانیاری کۆکردنەوە لەبارەی ژیانی ئەو شیوعیەڕاکردوانەی عێراق،لەوێ چاویدەکەوێت بە جەمال وەحید لەمیوانخانەی(ئەلمەسکال) لەئەدیس بابای، جەمال لەهەفتاکانی سەدەی بووری لەبەغدا شیوعی بووە، دوای هاتنە سەرحوکمی سەدام حوسێن و لەو کۆشتارگەیەی لەدەرحەقی شیوعیەکان و ڕاوەدوونانیان لەساڵی١٩٧٩ ئەنجامی دەدات، لای ڕژێمی بەعس دەگیرێت و دوومانگ لەزیندان دەمێنێتەوەو ئازارو شکەنجەی زۆر دەدرێت و دواتر ئازاد دەکرێت، دوای ئازادکردنی لەڕێگەی کوردستانەوە ڕادەکات بۆ یەکێتی سۆڤیەت و لەوێ ماوەیەک لەگەڵ دەزگای نۆفۆستی کاردەکات، دواتر دەردەکرێت و شیوعیەکانی ئەوێ دەکەونە شوێنیەوە و تاوانباری دەکەن بە سیخوڕی دەزگای هەواڵگیری عیراق و دوای ئەوە لەوێ ڕادەکات و لەئەدیس بابا دەگیرسێتەوەو لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەوروپی-ئەمریکی لەبواری پارێزگاریکردن لەئاژەڵەکان کاردەکات.
جەبر سالم یەکێکیترە، لەو شیوعیە بەڕەگەز عیراقیەی لەترسی بەعسیزم و بەمەبەستی شۆڕشی ئومەمی و خەباتی چەکداری ڕووی لە ئەسیوبیاو ئەدیس باباکردووە. ئەو بە ئامانجی دروستکردنی کۆمەڵێکی بەختەوەرو یۆتۆپی بێ چین و مارکسی و لەناو بردنی ڕژێمی بورژوازی و سیستەمی کەپیتاڵیزم و لەهەمان کاتدا وەک ڕۆژنامەنووسێکیش ،تاوەکو چرکە بە چرکەی شۆڕشەکە یاداشت و تۆمار بکات و ڕووداوەکان بنووسێتەوە هاتووە بۆ ئەو وڵاتەو بەژداری لە هێزی ئاڵاسوری عەقید منگستۆی کۆمۆنیزم دەکات، وەلێ ئەفسووس دواتر بەهۆی ڕەخنەو ناڕەزایەتیەکانی ڕووبەرووی کوشتن دەبێتەوەو تاوانباردەکرێت بە سیخوڕی سەدام حوسێن و دەزگای هەواڵگیری سەرکوتکاری عیراق! و دەکەوێتە گومان و بۆی ئاشکرا دەبێت، کە شۆڕش نەماوە، شۆڕش مرد، ئاڵای سور کەوت، بەهاکان بەرئاژووکراون و بنەماکان ژێر پێخراون و ئەو فریودراوە، ئەوەی بەدوایداوێڵ و عەوداڵەو بۆی دەگەڕێت لێرە دەست ناکەوێت و ئەو تەمەنی خۆی بەدوای کڵاوی بابردوو و بە خۆڕایی بەفیڕوداوەو لەخۆی دەپرسێت کوا ترۆستکی پەیامبەرەچەکدارەمارکسیزمەکە، کوا گیڤارا، کوا بینۆشێ، کوا خەونەکانی مارکس و لینین،کوا عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و چینی پڕۆلیتەر، کوا سرودی ئومەمی، کوا باتریس لۆمۆمبای پاڵەوانی دژه ئیمپریالزم و کۆڵۆنیالیزم؟
هەمووی جگەلە درووشمی بەتاڵ و خۆڵکردنە چاو زیاتر نەبوون و ڕاکردن بەدوای گورگەکاندا ، ڕاکردنێکە بەدوای وەهم، ڕاکردنە بەدوای جیهانێکی یۆتۆپی و خەیاڵی، ڕاکردنە بەدوای بەهەشتێکی بەڵێن پێدراو، ڕاکردنە بەدوای ئامانجگەلێکی پیرۆز و خەونە بەدینەهاتووەکان، بەدوای ڕۆنانی کومەڵێکی بێ چین و یەکسانی خواز!
..
شەماڵ بارەوانی




مەوسمی هەڵوەرین.. شەماڵ بارەوانی

بەرلەوەی
خونچەی تەماشام بژاکێت
و
هەڵوەرین لە مەوسمی چاوەڕوانیمدا
چرۆبکات

بەرلەوەی
قەڵەمی مەرگ یەخەی
دەفتەری تەمەنم
بگرێت
و
بارانی کوژانەوە
لەئاسمانی بەختم
دابکات

بەرلەوەی
تراویلکە
لەئەلبومی دابڕان
ئەرشیفکەم

بەرلەوەی
شکان لەسەر باڵی
بەڵێن هەڵکۆڵم
و
ئاوێنەی گەنجیم
هاڕەبکات

بەرلەوەی
دڵی پەنجەرەی ئومێدم
لەلێدان بکەوێت
و
سەراب ببێتە ناونیشانی
خۆزگەکانم

بەرلەوەی
هەوری هەرەس
لەسەر تڕۆپکی خەونەکانم بنیشێتەوە
و
شەمەندەفەری سەفەری عەدەم
ئیمزای گەشتی فەنابوونم بکات

بەرلەوەی
مۆرانەی عەبەس
لەجەستەی خولیاکانم
بدات
و
برین لەسەر جەستەی ڕێنووسی ڕستەکانم
بڕوێت

بەرلەوەی
ئیقاعی گریانم
مەحکوم بەخنکان بێ
و
وەرزی دروێنەی تەمەن دەستپێبکات

بەرلەوەی
سێپدەی خەندەکانم
پڕبێت لەموناجاتی حوزن
و
زریانی یەئس
لە مەوتەنی خولیاکانم هەڵبکات

بەرلەوەی
چرای خەونەکانم
بکوژێتە
و
کلووە بەفری کێوی خۆزگەکانم
بتوێتەوە

وەره
دەروونی حەرفەکانم
لەکڕوزان خاڵی کەرەوە
و
پشکۆی خەمەکانم
بکە بەخۆڵەمێش

وەرە
کراسی شەکەتی
لەبەر شیعرەکانم داکەنەو
وەرزی وشەکانم
پڕکه لەبەهار

وەرەو
خوڕەی جۆگەڵەی ویساڵت
بڕژێنەرە ناو ڕووباری فیراقم
و
له کەناری ڕۆحم
شەپۆڵ بگرە

وەرە
شەمعەدانی ڕۆحم داگیرسێنە

تەمی بێ نازی لەسەر تەنافی قەڵەقیم
بفڕێنە
و
لەناو پێخەفی ئامێزمدا
سەرەخەوی مەراق بشکێنە

وەرەو
هێڵانەی خەیاڵم
پڕکە لەوردە ئیلهامی شیعر
و
درەختی دیدار
لەنیشتمانی چاوەڕوانیم
بڕوێنە




شیعر/ فەهرەستی ژنبوون.. شەماڵ بارەوانی

– پێشکێشەبەهەموو ژنێکی چەوساوەی نیشتمانەکەم..

هاتووم
بە پیاسەیەکی پڕلە بەرائەتی کچانەم
بەناو کوچەتاریکەکانی کۆماری نێرسالاریدا گوزەر بکەم

دەستێکم پڕە لەسەبەتەی سێوی عەیبەو
دەستەکەی ترم
جەنتایەک یاخی بوون

سەراپام یەکسانی جێندەرو
پڕ بەباڵام ڕەهابوونم هەڵگرتووە

هاتووم مەمکەکانم
بکەم بە تابلۆی فیمێنستی
و
پەنجەکانم پۆرترێتی ئازادی

لێرەبوو
بەبیانووی لادان
لەسنوری نەریت
دەفتەری کچێنی کچێکیان دڕاند

لێرەبوو
بە پاساوی شکاندنی تابوو
دەنگی کچێکیتریان
خنکاند

لێرەبوو
ژن بوون حەرام کرا

لێرەبوو
کچ بوون وردو خاشکرا

هەر لێرەبوو
کچێکیان لەناو ئاپۆڕادا
لەخوێن گــەوزاند

کچێکی تریشیان بەبێ دەنگی
فـڕاند

هێشتا لە ئەزەلدابووم
کاتێک ژن بوونم سفرکراو
لەناو دڵۆپێک شەڕەف و گۆزەیەک نەفرەت
تەعمیدکرام

هێشتا لەمنداڵدانی قەدەر دابووم
بە قەترەیەک خەجاڵەتی
تەهارەتی بێدەنگیان پێگرتم

دنیای ژنبوونمیان لەناو دەنگی پیاو ناشت
و
بە تۆپەڵێک تاریکی تەڵقینیان دام

هێشتا لەژێر عەرشی خوداوەند دابووم
ڕەوتێکی فێندەمێنتالیست و ڕەوێک خەنجەر
پەڵاماریاندام

خەونە ئەرخەوانەکانمیان
لەناو دەیجوردا بێ سەروشوێنکرد
و
شادەماری ئینشای ژن بوونمیان
بڕاند

هێشتا
لەپەراسووی ئادەم دروست نەکرابووم
نازناوی خوارییان پێدام

ئارشیفی حەزەکانیان دزیم
و
بەکەم ئاوەزو پەتی ئەهریمەن
مەحکوم کرام

هێشتا لەسێوەکەی بەهەشتم نەخواردبوو
بە نیو هێندەی نێرینەیەک ئەژمارکرام

دۆسیەی ژنبوونیان پڕکردم لەهیـــــــچ و
بۆ کەنارەکانی سەراب فڕێدرام

هێشتا پێم نەخستبوویە
سەر زەمینی مەملەکەتی ژن کوژان
خرامە نێو ڕیوایەتی ئاشوب
و
لەگەڵ تاوان هاوتاکرام

هێشتا درەختی ژن
هێشووی وشەی نەگرتبوو
و
هەنگاوەکانی ژنبوون پێ نەگەیبوون

هێشتا ژن لە عەدەم بوو
فەهرەستی ژنبوونیان
بە لەکی عار چنی
هەرچی گەڵای خەندەی ژنبوو
هەموویان لەژێر قاقای پێڵاوەکانی
پیاودا پلیشاندو
ئینجانەی پێکەنینی ژنیان
پڕکرد لە گریان

هێشتا سەمای ژیانم دانەبەستابوو
وەرزی پایزیان بۆ مەوسمی تەمەنم دووری
و
فرسەخێک یەئسیان
لەدەروازەی ئێوارەی ژنبوونم ڕوواند

نەزیفییان موتوربەی هەناسەکانم کرد
و
وەرزی ژنبوونیان هەڵوەراند.




خەرەندی خەم.. شەماڵ بارەوانی

لێرە
هەموو شتێک بۆنی بێزاری دەدات
و
خەونەکان بەمنداڵی سەردەنێنەوە

لەم تاراوگەیەی ڕۆحدا
هەڵوەرین بووەتە مەوسمی تەمەنم
و
شەو نییە جانتایەک بێتاقەتی کۆنەکەمەوە

لەم نیشتمانەی غەریبیدا
بۆهەر ڕێگایەک دەڕۆم
دەڕواتەوە سەر خەرەندی خەم
و
کامە وەرزی ساڵ بپۆشم
ڕەنگی پایز و بۆنی نامۆیی دەگرێت

ئەفسووس
لەو مەوتەنەی تەنیاییدا
درەختی بەختم
جگە لەهێشووی ئازار
چیتری لێ ناڕوێت

هەوری چاوەڕوانیم
جگە لە فرمێسکی دابڕان
هیچ ویساڵێک نابارێنێت

لێرە بەهار بەنیوەچڵی جێمان دێڵێت
و
ئاواتەکان زوو دەکوژێنەوە

ئێرە مەملەکەتی هەنسک و ژانە
ئێرە دوورگــەی دڵشکـانــە!




شیعر/ وشکە ساڵی تەمەن.. شەماڵ بارەوانی

لێم گەڕێن با جامی خەمەکانم بڕژێت
با شوشەی ئازارەکانم هاڕەبکات و
وردبێت

دەمەوێ چیتر لە حوزن بەتاڵ ببمەوەو
بڕۆمەوە سەر ڕەنگی جارانم

دووبارە وەرزی بەهار بپۆشم و
وشکە ساڵی تەمەنم دابڕزێت

تەنیایی یەقەی وشەکانم بەربدات و
ئاوەدانی لەدەفتەری ڕۆحم بڕوێت

لێم گەڕێن با یەئسەکانم پەرت بن و
چاوەڕوانی لەناو کتێبی خەونەکانم بمرێت

لێم گەڕێن با بڕۆمەوە وەرزی بەختەوەری و
شیعرەکانم بۆنی بەرائەتی منداڵی و
ڕەنگی ئاویان لێ بڕوێت

وەکو جاران لێوی دێڕەکانم
هێشووی خەندە بگرن
و
تەلاری بێ تاقەتیم بڕمێت

..
شەماڵ بارەوانی




ڕۆمانی(جیهانی سەدام حوسێن).. شەماڵ بارەوانی

یەکەم چاپی لە دوو توێی ڕۆمانێکی قەبارە مەزنی٤١٤لاپەڕەیی لە٢٠٠٣/٤/١٤، لێ بڵاو بووەوە، نوسەرەکەی لەژێر ناوی خوازراوی(مەهدی حەیدەر)ئەو ڕۆمانەی لەچاپداوەوناوی ڕاستەقینەی خۆی نەنووسیوەو تائێستا ناسنامەی ڕاستەقینەی ڕۆمانەکە ئاشکرانەبووە بەشێک پێیان وایه عەبدولڕەحمان مونیف، یاخود فوئاد تکرلی لەوەدەچێ نووسەرەکەی بێت ،بەڵام ئەمانە هیچیان پشت ڕاست نەبووەتەوەو کەس نازانێت کێ نووسەری ڕاستەقینەی«جیهانی سەدام حوسێن»ە.
بەهەرحاڵ هەرکێ بێت ،نوسەرەکەی، گرنگ دەست و قەڵەمی خۆش بێت و شاکارێکی جوان و بەرزی ئەدەبی لەبارەی دیکتاتۆرە گۆڕبەگۆڕەکەی عیراق پێشەشکردین،
نووسەری ناونادیار لەپشەکی ڕۆمانەکەیەوە لەبارەی ڕۆمانەکەیەوە پێمان دەڵێت«ئەو ڕۆمانە کارێکی مێژوویی نییە، بەڵکوو کارێکە بەرهەمی خەیاڵە، خەیاڵێک واقع بۆمەبەستی بونیاتنانی خەیاڵێکی هاوشێوەی دنیای عیراقی بەکاردێنیت.. جارانێک ڕێک وەکو عێراق و هەندێک جاریش پێچەوانەیەتی.”
نووسەر بۆماوەی دەساڵ(١٩٩٢-٢٠٠٢)، خەریکی نووسینی ڕۆمانەکە بووە، لەهەردوک وڵاتی نیپال-پیرۆ،
«جیهانی سەدام حوسێن».
ڕۆمانێکە تەنها داهێنراوێکی زادەی خەیاڵێکی ڕوت و گێڕانەوەیەکی سادەو ساکاری کۆمەڵێک چیرۆکی فانتازی و ئەفسانەیی نییە، بەڵکو ڕۆمانێکە، تێکەڵیەکە لەژیانی کەسێنی، مێژوو و خەیاڵ و نووسەر خەیاڵ لەبەرژەوەندی واقع دادەڕێژێتەوەو باس لەحەقیقەتی ژیان دەکات لەوڵاتێک کە پێی دەڵێن عیراق، ڕۆمانێکە ئەگەر نەتوانین بەدیاری کراوی پۆلینی بکەین، بۆ کامە بەش، ئەوە دەتوانین بڵێین داستانێکی مرۆڤانەی ئەدەبی مەزنە، ئەدەبێکە باس لەدیکتاتۆر دەکات و لەشێوەی ڕۆمانەکانی (جەنابی سەرۆک-ی میگێل ئەنخل ئاستۆریاس )و (پایزی پەتریکێک-ی گابرێل گارسیا مارکیز). هەردووک نووسەری ناودارو جیهانی و ئەمریکای لاتین، بە ئەدەبی دیکتاتۆرو لەڕیزی ڕۆمانەمەزنە جیهانیەکان دایبنێین.
«جیهانی سەدام حوسێن».
جیهانێک پڕی لە ڕق و کینە، تیرۆرو تۆڵە،پیلان و کوشتن، فاشیەت و دیکتاتۆریەت، سیخناخ لە ترس و دڵەڕاوکێ، کابوس و فۆبیا. جیهانێک، خاڵی لە مرۆڤایەتی و ویژدان، جیهانێک بێبەش لە سۆزو میهرەبانی، لەهێمنی و جوانی، لەئازادی و عەدالەت و کامەرانی، «جیهانی سەدام حوسێن».
جیهانێک،لێوان لێو لە دۆسیەی نهێنی و هەواڵی ڕۆژنامەوانی و ڕاستی مێژوویی لەبارەی سەرکردەی دیکتاتۆرو تۆتالیتار جەنابی سەدام حوسێنی فاشیست.
نووسەرلەکاتی جەنگی دوومی کەنداو دەسپێدەکات، لەو کاتەی: ١٦/یەنایەری/ ساڵی١٩٩١، ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر بەغدا،
لەبەرەبەیانی ئەو ڕۆژەدا،سەدامی دیکتاتۆر هێشتا لەپڕمەی خەودایە،لەژێر زەمینی یاریگای تۆپی پێ، ٥کیلۆمەتر لەکۆشکی سەرۆکایەتی دوور، لەوشوێنەی تەنراوەتەوە بە هێزو پاسەوانی کۆماری، ئینجا باس لەسەردەمی دروووستبوونی دەوڵەتی عیراق و سەردەمی پاشایەتی و حومڕانی پاشاکان و کاتی ڕۆخانی سیستەمی پاشایەتی لەعێراق و کۆتایی هەیمەنە و ئینتیدابی بەریتانیەکان لەو وڵاتە دەکات و پاشان ڕێڕەوی ڕووداوەکان درێژدەبێتەوە بۆ دواترو سەردەمی نوری سەعید و عەبدولسەلام عارف و عەبدولکەریم قاسم و ئەحمەد حەسەن بەکرو تا سەردەمی سەدام حوسێنی شۆڤینی.
نووسەر لە«جیهانی سەدام حوسێن»دا. گەشتێکی زەمەنی بە لاپەڕەکان و وێستگەکانی ژیانی دیکتاتۆری کۆچکردوو (سەدام حوسێن) بەخوێنەر دەکات و بە تەواوی لایەنەکانی ژیان و قۆناغەکانی ژیانی ئەو تۆتالیتارو فاشیستەئاشناماندەکات،باس لە وێستگە بەوێستگەی ژیانی سەرکردەی دیکتاتۆردەکات،لەژیانی منداڵی و لەو کاتەی سەدام تەمەنی پێنج ساڵان دەبێت و لەماڵی خاڵی(خەیرواللە تلفاح) دەبێت،لەشاری تکریت، کاتێک ئینگلیزەکان خاڵی دەخەنەزیندانەوە، ئینجا ژیانی سەدام لەگەڵ (سەبحە)ی دایکی لەگوندی شویش،دزی، کارکردن، خوێندن، هاروهاجی سەدام و ڕاوەدوونان و بەردبارانکردنی لای مناڵانی دێ،دواترچونی سەدام بۆ ماڵی خاڵۆی لە کەرخ، ئینجا چونی بۆ شاری تکریت، بەغدا،هاوڕێیەتی سەدام و هاوڕێ بەعسیە تکریتیەکەی خاڵی عەقید(ئەحمەدحەسەن بەکر)، چیرۆکی پرۆسەی هاوسەرگیری کردنی سەدامی دیکتاتۆر لەگەڵ کچە خاڵەکەی(ساجیدە خەیرواللە تلفاح).
پەیوەندیکردنی سەدام بەڕیزەکانی بەعس و وەرگرتنی پۆستی کارو باری ئەمنی لەناوحیزب،ململانێی نێوان شیوعیەکان و بەعسیەکان لەدوای ڕوخانی سیستەمی پاشایەتی و چیرۆکی برینداربوون و زیندانی کردن و ڕاکردنی سەدامی فاشیست ،لەدوای هەوڵی کودەتایەکی شکستخواردووی بەعسیەکان بۆ تیرۆرکردنی(عەبدولکەریم قاسم). ئەمانەو دەیان زانیاری و چیرۆکی ترلەنێو دوو توێی ئەم ڕۆمانەدا هەن، لەبارەی دیکتاتۆری پێشوو(سەدام حوسێن).
«جیهانی سەدام حوسێن».
چیڕۆکی ژیانی کەسێکە، کەژیانی سەراپا کودەتاو خوێنڕشتن و تیرۆرکردن بوو،کەسێک زۆر لەتەمەنێکی زووەوە پەیوەندیدەکات بە ڕێکخستنەکانی فاشیسترین حیزبی سەدەی بیستەم(حیزبی بەعس)، ئەو کەسەی لەپێناو حیزبە شۆڤێنیەکەی و مەبدەئەفاشیستیەکانی، ئیتر دەبێت بەمەزنترین دڕندەی عیراق و پاڵەوانی حیزبی بەعس و هەرکاتێک حیزب بیەوێت کەسێک تیرۆربکات، سەدام ڕادەسپێرن بۆ تیرۆرکردنی و ئەرک و ڕۆڵی سەدام لەناوحیزب دەبێت بە پاکتاوکردن و تیرۆرکردنی هەموو ئەوکەسانەی حیزب بەڕەخنەگرو نەیارو ئۆپۆزسیۆن و ڕکابەری خۆی دەزانێت و هەرکاتێک حیزب لەکەسێک توڕەدەبێت و دەیەوێت لەنێوی بەرێت، سەدام لەگەڵ کومەڵەک کەسیتری بەڵتەجی بەعسی بەو ڕۆڵی لەناوبردن و تەسفیەکردن و کوشتنە هەڵدەستێت،سەدام بەو جۆرە دەبێت بە کەسێکی دڵرەق و فاشیست و تەسفیەچی و کودەتاچی و ئیتر بەچەک هێرشدەکاتە سەر کەژاوەی ئۆتۆمبیلەکانی عەبدولسەلام عارف و شکست دێنێت و ڕادەکات بۆ میسرو دواتر کودەتا بەسەر هاوڕێکەی (حەسەن بەکر)دەکات و لەدەسەڵات لایدەبات و دەگات بەهەڕەمی دەسەڵات و لوتکەی بڕیاردان و بەفیعلی دەبێت بە کەسی یەکەمی وڵات و سەرۆکی دەوڵەت و مێژووی عیراق هێندەی تر ڕەش و خوێناویتر دەکات و سیخناخی دەکات لە خوێن و توندو تیژی و پاکتاوکردن و تیرۆرکردن و بۆ ماوەی ٣٤ساڵ ،بێ وەستان و بێ بڕانەوەو بەزەبری هێزو کوتەک و ئاگرو ئاسن حوکمی خەڵک دەکات و دەوڵەتێکی پۆلیسی قەمعی تۆتالیتێری ڕۆدەنێت و هەرچی دەنگێکی ناڕازی و ڕەنگێکی جیاوازو نابەعسی بێت، هەمووی دەخنکێنێت و دەسڕێتەوەو وڵات یەکپارچه دەکات بە بەعسیستان و ئەنفالستان و شۆڤینیستان و لەسایەی حوکمی بەعسیزمدا ئیتر هەناسەیەک بۆ ئازادی و شوێنێک بۆ کەسی نا بەعسی نامێنێتەوەو تۆ بە بیرو باوەڕ، بەعسی و فاشی نەبیت،چارەنووست پاکتاوکردن و تیرۆرکردن و ئەنفال و کیمیابارانکردن و لەناوچون و نەمانە، یاخود یاخی بوون و ڕووبەڕووبوونەوەو جەنگ و شۆڕشە، یا ڕاکردن و وڵات جێ هێشتن و ڕووکردن لەغەریبی و تاراوگەو هەندەرانە، یان سەرشۆڕی و جاشێتی و کۆیلەیەتی بۆ بەعس و ڕادەست بوون بە بەعسیەکانە، بەوشێوەیه ژیان لەژێر دەسەڵاتی بەعس لەعیراقدا زۆر لەپێشەخۆی وێرانترو کاوڵتردەبێت، ئەو عیراقەی کە نووسەر لەبارەیەوەدەڵێت( لەدوای دەرچوونی هەر بەیان نامەیەکی تازەی بەعس، پیاوەکانی بەعس گەمارۆی ماڵەکان دەدەن و کۆمەڵێک پیاو ون دەبن-دەڕفێندرێن) بەو چەشنە لەسایەی حیزبی بەعس و حوکمی سەدام حوسێندا، ئەمن و ئارامی، ئازادی و ژیان، ئاشتی و خۆشگوزەرانی بەیەکجاری لەوڵات بارگەیان تێکدەنێن و باردەکەن، یاخود لەپشت چواردیواری بەندیخانەکانی بەعس دەست و پێو دەمیان دەبەسترێتەوەو بەنددەکرێن، یا لەسەردەستی جەلادەکانی بەعسیزم لەسێدارەدەدرێن و بۆماوەی سیواچوار ساڵ، خوێنڕشتن و بێ سەروشوێن کردن و کوشتن و تیرۆرکردن و پاکتاوکردن و ئەنفالکردن و تەعریبکردن و بە بەعسکردن دەبێت بە سیمای سەرەکی ژیان و بنەماکانی دەوڵەتی عیراق، لەژێر هەژمونی سێبەری دەسەڵاتی بەعسی تیرۆرست و تۆقێنەرو دڕندە، لەژێر دەستی سەدامی کورد کوژو مرۆڤ کوژی ڕەگەزپەرست و لەمۆڕاڵ و مرۆڤ داچۆڕاو،ئەو عەقڵیەتە شۆڤێنیەی تەعریبکردن و ئەنفالکردن و کوشتن و تیرۆرکردنەی تائێستایش ، لەژێرناو بەپاساو بەشێوازو لەناودەمامکیتر بەتایبەتی لەدژی نەتەوەی کورد درێژەی پێدەدرێت و کۆتایی نەهاتووە و هەرماوە.
..

شەماڵ بارەوانی




كچە كتێب دزەكە.. شەماڵ بارەوانی

ڕۆمانێکی قەبارە مەزنی٦٥٠لاپەڕەیی- خەیاڵی- مێژوویی(مارکۆس زۆساک) نووسەرو ڕۆماننووسی ئستورالیەو یەکەم چاپی لەساڵی٢٠٠٥لێ بڵاوبووەو لەساڵی ٢٠١٣، فیلمێکی سینەمایی هەر بەهەمان ناونیشان لێ بەرهەم هێندرا، توانی چەندین خەڵات بەدەست بێنێت و بەپێی لیستی ڕۆژنامەی(نیویورک تایمز) بۆ ماوەی٢٣٠هەفتە، ژمارە پێوانەی لە پڕفرۆشترین تۆمارکردووەو پڕفرۆشترین ڕۆمان بووە،
ڕوداوەکانی ناو دوو توێی ئەو ڕۆمانە باس لەتاریکترینی قوناغی ژیان و چرکەساتی مێژووی مرۆڤایەتی دەکات، سەردەمی دەسەڵاتدارێتی نازیەکان و حوکمی هیتلەر،لەکاتی دووەم جەنگی جیهانیدا،لەئەڵمانیا، ئەو کاتەی تەواوی ئەڵمانیا، سیستەمێکی دیکتاتۆرانەی تۆتالیتارانەی نازیزمانەی پۆلیسی و قەمعی بەڕێوەی دەبات و بیری ڕەگەزپەرستی لەترۆپکدایەو کابوسی هەژاری و دێوەزمەی برسیەتی تەنگی بەژیانی خەڵک هەڵچنیوەو تارمایی تەمی ترسی نازیەکان هەموو لایەکی ژیانی تەنیوەو خەڵکی بەدەست دەیان موعانات و، نەهامەتیەکانی جەنگەوە دەناڵێنێن و خەم و ئازارو تراژیدیاکانی ژیان لەسایەی جەنگدا گیانیان دەهاڕێت، ئەو جەنگەی کەسایەتی و دەروونی ڕوخاندوون و هەموو بونی تێک و پێکی شکاندوون و ژیانێکی پڕ لە کابوساوی لەگەڵ دەنگی فڕۆکەو تەقەی جەنگ و بوردومانە یەک لەدوای یەکەکان بەڕێدەکەن،جەنگێک جەستەی وڵات و مرۆڤەکانی پارچە پارچەکردووەو دەیان و سەدان هەزار مرۆڤ دەبن بە قوربانی و سوتەمەنی ئاگرە بێ ئامانەکەی، بەو شێوەیە خەڵکی لەگەڵ ترس و مەرگ، لەگەڵ تراژیدیاو نەهامەتی و ئازارەکان ژیانێکی کۆڵەمەرگانە بەڕێدەکەن،ئاسمانی ئاڵمانیا، تەمی بیری ڕاسیزم و ڕەگەزپەرستی دایپۆشیوەو جووەکان توشی چەوساندنەوەو ئیبادەو کۆمەڵکوژی دەبنەوە لەلایان نازیەکانەوە، هیچ ئاسۆیەک و ئومێدەک و دەروازەیەک نییە بۆ قورتاربوون و چوونە دەر لەو دۆخە دۆزەخیە، تائەو کاتی لەساڵی١٩٤٥، ئەمریکیەکان دێنە ناو ئەڵمانیاو نازیەت شکست دێنێت و بتی هیتلەر بۆ هەتاهەتایە دەکەوێت و کابوسی نازیزم لەناو دەچێت و تاریکایی و تەمی دەمارگیری و دەگەزپەرستی و دەسەڵاتی دیکتاتۆرانە،لەئەڵمانیا، ئاوا دەبێت و بەیەکجاری ون دەبێت، لەو ڕۆمانە، مەرگ گێڕەڕەوە(راوی)ڕووداوەکانە، پاڵەوانی «كچە كتێب دزەكە».

(لیزل) کچێکی تەمەن نۆساڵانەو حوکومەتی نازی بەبیانوی ئەوەی دایک و باوکی شیوعین، لەگەڵ براکەی کە دواتر دەمرێت، لیزل و براکەی لەدایک و باوکی دەسەنێت و خانەوادەیەکی هەژار، خانەوادەی هۆبێرمان، پێک دێن لە (هانز هۆبرمان) و (روزا)ی هاوسەری، وەک کچی خۆیان تەبەنیان دەکەن و لەخۆیاندەگرن ژیاندەکات، ئەوخانەوادەی لەژیانێکی پڕ لە ترس و قەڵەق و نیگەرانیدا دەژین، بەهۆی دەسەڵاتی نازیەکانەوە، ئەو کاتەی(ماکس)جو دێت و لەترسی ڕاوەدونانی نازیزمەکان خۆی لەژێرزەمینی ماڵەکەی ئەوان حەشاردەدات، قوڕی ترسەکەیان دەقات خەستردەبێت و هێندەیتر مۆتەکەی ترس لەنازییەت باڵیان بەسەردا دەکێشێت، ئەو نازیەتەی هەرچی کتێبە کە لەگەڵ بیری نازیزمدا ناگونجێت هەموویان کۆدەکاتەوەو گڕیان تێبەردەدات و دەیانسوتێنێت و خوێندنەوەی هەر کتێبێک، جگە لەکتێبەکانی حیزبی نازی وەکو کفرێکی ئاشکراو دەرچوون لە یاسای نازیەت و سەرپێچیکردنی بڕیارەکانی هیتلەرو تاوانێکی گەورە ئەژماردەکرێت و خوێنەرەکەی بەتوندترین شێوە سزادەدرێت، هەموو خەڵکی لەژێر هەڕەشەوهێزو فشار ناچاردەکات ئاڵای نازیزم لەماڵەکانیان هەڵبواسن، مناڵەکان لەقوتابخانە درووشمی نازیزیەت بڵێنەوەو هەموان بە ئایدیۆلۆجیەتی نازیزم تەلقین دەدرێن و بەو بیرە ڕەگەزپەرستانەو فاشیانەگۆشدەکرێن و فێری دەمارگیری و ڕق و توندو تیژی دەکرێن و دەروونی پاکیان دەشوێندرێت و دەکرێن بە خزمەتکارو جێ بەجێکاری ئارەزو ئەجێندای نازیزم،
لیزیل، ئەوکاتەی ماکس دێت،ماگس جو، گەشتی خوێندنەوەو چوونە نێو دنیای کتێب و تێکەڵبوونی ئەو بەکتێب دەست پێدەکات و کتێبگەلێک دەخوێنێتەوە، کە لەگەڵ ئاست و تەمەنەکەی ئەو ناگونجێت،هەر لێرەشەوەیە گەشتی دزینی کتێبی لیزیل دەستپێدەکات و نازناوی کچەکتێب دزەکە وەردەگرێت و ئەو هەر کتێبێک کە دەیدزێت و دوای ئەوەی کە دەخوێنێتەوە، دەیگەڕێنێتەوە بۆ شوێنی خۆی،
من لێرەوە کۆتایی بەگێڕانەوەی چیرۆکەکانی ڕۆمانەکە دێنم و پاشماوەو تەواوی ڕووداوەکان و هەرچیترو ئەوەیتری ماوە، بۆخوێنەر خۆی جێ دێڵم بڕوات چیرۆک و بەسەرهاتی ڕۆمانەکە تەواوبکات، تاوەکو بزانێت لەئەنجامدا چیرۆکی ژیانی لیزل و هانز، ڕۆزا، دایک و باوکی ڕاستەقینەی، هاوڕێکانی(ماکس ، و ڕۆدی) و دۆخی ژیان، بەکوێ دەگات و چی لێدێت.
..
شەماڵ بارەوانی




هێشوە ترێی ماچ.. شەماڵ بارەوانی

تۆنەبیت
کێ بە ماچی دیدار
تینوێتی تاسەی تەماشام بشکێنێ

کێ لاولاوەی دڵی
لە ئامێزی درختی بەختم بئاڵانێ

کێ جانتای چاوەڕوانیم
پڕکات لە سێوی نیگا

تۆ نەبیت
کێ دوگمەی کراسی حەزم
بە پەنجەی تامەزرۆیی بکاتەوە

کێ باهۆزی بێزاری
لە شەقامی تەنیاییم ڕابماڵێ

کێ سەبەتەی ئشتیام
تەژی کات لە هێشوە ترێی ماچ

تۆ نەبیت
کێ تروسکەی مۆمی ئاسوودەیی
لە هەیوانی دەروونم داگیرسێنێت

کێ باڵندەی نازم
لە قەفەزی باڵای بگرێت

کێ قوڵاپی مەراقم
لەستیانی سۆزی ببەستێ

تۆنەبیت
کێ تابلۆی خەیاڵم پڕکات لە ڕەنگ

لەبەر ئاوێنەی کێ
قژی نیگەرانیەکانم شانەبکەم

بزەی هەنگی شادیم
بخەمە سەر خونچەی لێوی چ گوڵێک

لاپەڕەی یادەوەریەکانم
لەناو چ ئەلبومێک یاداشت کەم

تۆ نەبیت
پزیسکی کامە خۆر
بەستەڵەکی خەمەکانم بتوێنێتەوە

پەپوولەی کلوەبەفری خۆزگەم
لەسەر لووتکەی کامە کێو بنیشێتەوە

تەرمی دێڕەکانم
لەگۆڕستانی کامە دیوان بنێژم

کێ کڵپەی ئاگری ئاشتەگای نیگەرانیم خامۆشکا

کێ کەزی هۆنراوەی فرمێسەکەکانم بهۆنێتەوە

کێ بەدەم لایلایەی گریانەوە
بێشکەی ئیلهامم ڕاژەنێ و
کۆرپەی شیعرم بلاوێنێتەوە
..




تەرمی خەمەکانم.. شەماڵ بارەوانی

دێمەوەو

جانتەیەک ماچت بۆدێنم

گوڵی شادی

لە ئینجانەی تەمەن دەڕوێنم

.

دێمەوە

ئەزموونی عەشق یاداشت دەکەم

هەموو عاشقانی وڵات پاداشت دەکەم

.

دێمەوەو

مل لە ڕێدەدەم

بەرگی غوربەت فڕێ دەدەم

.

دێمەوە

تاڵی تەنیایی ئۆغردەکەم

 ئاوی چۆمی نیشتمان فڕدەکەم

.

دێمەوەو

هەموو شتێک لەنیگای تۆوە دەناسم

تەرمی خەمەکانم

لە قەنارەی هەناسەکانت هەڵدەواسم

.

دێمەوەو

مێژووی ناکۆکییەکانمان دەسڕینەوە

خەنده دەکەین بە شوێنگرەوەی ئەسرینەوە

.

دێمەوە

لەخەوی دبڕان هەڵدەستین

نوێژی ئامێز دەبەستین

.

دێمەوەو

میحرابی عیشق

بە نزای ڕۆح تەڕ دەکەین

موناجاتی ئاوێتەبوون لەبەردەکەین

.

دێمەوە

دانووستانی ئەوین خۆشدەکەین

ئاگری ڕق خامۆش دەکەین

دێمەوەو

مۆمی پەیمان له ژوانگەی عەشق هەڵدەکەین

هەموو کێشەکان لەڕێگەی ماچ حەڵدەکەین.

Seen by Shamal Ismael Kareem at 4:12 AM




تونێڵی تەنیایی.. شەماڵ بارەوانی

کەی دێیت
دەیجورەکانی دەروونم
بکوژێنیتەوە
و
سەبەتەی حەزم پڕکەیت لەماچ

کەی دێیت
کراسی ئامێزم
بۆ بدووریت
و
بەپەنجەی سۆزت
ئاگری چاوەڕوانیم خامۆش کەیت

کەی دێیت
گۆپاڵی ناز
بە پشتی چەماوەم
ببەخشیت
و
فرۆشگەی تەمەنم
لێوان لێو کەیت
لە نوقڵی ژیان

کەی دێیت
قومێک هەناسەم بدەیتێ
و
بازنگی بەختەوەری
بخەیتە مەچەکی خەونەکانم

کەی دێیت
پاڵتۆی هەستت
لە سەرتەنافی عاتفەم
هەڵخەیت
و
شەقامی نیگام
سیخناخ کەیت لەدیدار

کەی دێیت
پارچەشکاوەکانی دڵم
کۆبکەیتەوە
و
تونێڵی تەنیاییم
ئاودان کەیتەوە

کەی دێیت
کەزی شیعرەکانم
بهۆنیتەوە
و
بیابانی قەسیدەم
بەبارانی میهرەبانیت
تەڕکەیت

چۆڵەوانیم لەبەر داکەنیت
و
وەرزی ئاوەدانیم لەبەرکەیت
..




ئینجانەی بەختم.. شەماڵ بارەوانی

هەموو سپێدەیەک
من و تەنیایی
بەدەم پیاسەی بێزارییەوە
شەقامی خەم تەی دەکەین..

هەموو نیوەڕۆژێک
لەسەر ڕێگەی چاوەڕوانی
ئەلبوومی بیرەوەرییەکان هەڵدەدەینەوە..

هەموو ئێوارەیەک
سەردەکەینە مەیخانەی ئازار و
جامێک مەستی دەنۆشین..

هەموو شەوێک
لەسەر دۆشەگی نیگەرانی
گوێ بۆ ئاوازی دابڕان هەڵدەخەین..

کەی دەگەڕێیتەوەو
لەئینجانەی بەختم بڕوێیت
ئاوێتەی ترپەی هەناسەکانم بیت و
لەئامێزی حەزەکانمدا بتوێیتەوە

لەبێ تۆییدا
مـــن لە
بەهارێکی ڕەنگ زەردو
گۆرانییەکی غەمگین
لە
جەستەیەکی مۆمیاکراو
لەچۆمێکی وشکبوو دەچم

لەدووری تۆ

لە پاڵەوانێکی شکستخواردوو
ئیمپڕاتۆرێکی ڕووخاو
لە
داستانێکی تراژیدیک و
له چامەیەکی بێ شیعر دەکەم

لەنەوەتەیەک دەچم
-زمان
-جوگرافیا
-مێژوو
-کلتوور و
هەموو شتێکی دزرابێ.




شەپۆلی حوزن.. شەماڵ بارەوانی

دەبوایە زوو بێیتەوە
بەرلەوەی
گۆچانی پیری
لە سوچی تەمەنم
چرۆ بکات
و
دڕکی نائومێدی
لەسەر دیواری چاوەڕوانیم
بڕوێت

بەرلەوەی
باخچەی خەونەکانم
پڕبێت لەهەڵوەرین
و
سوتماکی خەم
لەناو تابلۆی خەونەکانم
داگیرسێت

بەرلەوەی
مەلی حەزم
بەرەو ئاوابوون
ببزوێت
و
چاوی موناجاتم
هێشووی
کوێری لێ بڕوێت

بەرلەوەی
قامەتی قەڵەمم
قەمبوور بێ
و
ترپەی دڵی ڕێنووسی
ڕستەکانم لەلێدان بکەوێت

بەرلەوەی
کۆرپەی حەرفەکانم
بە بێ نازی سەربنێنەوە
و
ئەژنۆی قافیەی شیعرم بشکێت

بەرلەوەی
شەپۆلی حوزن بگات
بەدەروازەی دەروونم
و
تەمی تاریکی
پەنجەرەی ڕوانینم
داپۆشێت

بەرلەوەی
تەڵەسپیەکانی
قژی هۆنراوەم
پێ بگەن
و
مەجازی وشەکانم
کاڵبێتەوە

بەرلەوەی
کۆتری بەختم
لەفڕین بکەوێت
و
کاتژمێری ئاواتەکانم
بکوژێتەوە
..
شەماڵ بارەوانی




بیابانی ڕۆح.. شەماڵ بارەوانی

وەرزی خەزان دەستی پێکرد
و
پاییز جلی بەهارەی
لەبەر شیعرەکانم داکەنی

ئینجانەی وشەکانم
شەقار شەقار داگەڕا
و
هەڵۆی هەڵوەرین
لەسەر لوتکەی گوڵی خەونەکانم
نیشتەوە

کەتۆ ڕۆیشتی
تەمی ئازار
ئاسمانی خۆزگەکانمی داگرت
و
جادەی چاوەکانم
کوێری لێ ڕوا

زمانی قەڵەمم لاڵ بوو
و
درەختی تەمەنم
هێشووی پیری گرت

کەتۆ ڕۆیشتی
کەس نەما
لاوانەوەم بۆ بڕێسێ
و
کۆرپەی گریانم
ژیرکاتەوە

کەس نەما
حەوشەی فرمێسکم
گەسک دات
و
کۆتری تامەزرۆییم
بۆ هێڵانەی ئامێزی باتەوە

کەس نەما
بیابانی ڕۆحم
پڕکات لە نەمامی ئاوەدانی
و
لەتەنیایی خاڵیم کاتەوە
..
شەماڵ بارەوانی




ئینجانەی خەونەکانم.. شەماڵ بارەوانی

وەرە چیتر با لەدووریت
دڵی ئینجانەی خەونەکانم
درز نەبات
و
شوشەی ڕۆحم هاڕەنەکات

وەرە
پەرتی قژی هۆنراوەکانم کۆکەرەوە
و
ڕەگی قەتماغەی فرمێسکەکانم هەڵکەنە

وەره
هەوری حوزن
لە ئاسمانی دیدەم ڕابماڵە
و
پاڵتۆی شەکەتی
لەدامێنی هەناسەکانم
دابکەنە

وەرە جانتایەک
دڵخۆشی بێنە
لەبنمیچی نیگەرانییەکانم
ببەستە
و
دڵۆپ دڵۆپ ئارامیت
بڕژێنه ناو پەرداخی عەزابم

وەرە
سەرابی
تەمەنم بێ دەنگ کەو
و
گۆپاڵی بێ تاقەتیم
سیخناخ کە لەهیوا

وەرە
قردێلەی ئستاتیکا
بدە لە بەرۆکی وشەکانم
و
بێ نازی شەقامی حەزم
بکوژێنەوە

وەرە
پەنجەی نوسینم
خاڵی کەوە لەعەبەسیەت
و
گۆزەی ڕستەکانم
پڕکە لە ئەنەرژی

وەرە
هیلاکی دیواری دەروونم لابەرە
و
تۆزی سەر پەنجەرەی
چاوەڕوانیم
بسڕەوە

وەرە
حەوشەی ئازارەکانم
لێوان لێوکە
لە بزە
و
پەردەی گریانم بدڕێنە

وەرە
تابلۆی مەراقم تەژیکە لەئیرۆتیک
و
ماچی ویساڵ
لەسەر ترۆپکی تەنیاییم داگیرسێنە

وەرە
ئیفلاس بە خەمەکانم بکەو
و
لەکۆچەی بێزاری دەرم بێنە

وەرە
زەمهەریری
جەستەی دێڕەکانم
خاوکەرەوە
و
لەئامێزی خۆزگەکانت
بمڕوێنە.

شەماڵ بارەوانی




ناساندنی ڕۆمانی “ژنە نان فرۆشەکە”ی کزافیە دۆمۆنتبان

ئامادەکردنی: شەماڵ بارەوانی

شاکارێکی تری ٢٩٤ لاپەڕەیی”کزافیە دۆمۆنتبان”ی گەورە نووسەری ناوداری فەڕەنسیە.
نووسەر لەساڵی ١٨٢٤ لەبهۆتسارت لەدایکبووە، و لەساڵی ١٩٠٢و لەشاری پاریس کۆچی دوایی کردووە.
دۆمۆنتبان بە ناودراترین نووسەری ڕۆمانە میلیەکانی سەدەی١٩ هاتووەتەناسین،
نووسەر خاوەنی کۆمەڵێک ڕۆمانی ترە، کەهەموویان باس لەتراجیدیامیلیەکانی ژیانی میلی مرۆڤەکان دەکەن،
لەوانە.
-سوارچاکی لانسکۆتە
-کیژانی جادولێکراو
-شازادە توتور
-پەری دەریا
-پزشکی هەژاران
-هەڵگری ئازار
-بەکرێگیراوی پۆلیس
-خوشکە سوزان
-ماڵی هەژاران
-قومارخانەی ژنان
-سەرەتاکانی ئستێره
-کوڕی خێزان
-دان پیانانی سەرگەردانێک
-بازرگانی کۆیلەی سپی و چەندین بەرهەمیتری ناوازە.
بەڵام ناودارترین و پڕفرۆشترینی ڕۆمانەکانی سەدەی ١٩ی نووسەر”ژنە نان فرۆشەکە”یه.کە یەکەم چاپی لەساڵی١٨٨٩لێ بەتەواوی لێ هاتە بڵاو کردنەوە دوای ئەوەی لەساڵی١٨٨٤ لەڕۆژنامەی”لۆبۆتی جۆڕنال” بەزینجیرەی و بەش بەشی لێ هاتبوو وەشان.
ژنە نان فرۆشەکە. ڕۆمانێکی کۆمەلایەتی- تراجیدیکەو بەرجەستەکەری ئازاری مرۆڤایەتییەو
بۆ زۆرێک لە زمانەکانی جیهان هاتووەتە وەرگێڕان.
تەوەری سەرەکی و بابەتی چیڕۆکی “ژنە نان فرۆشەکە”باس لەتراجیدیاو نەهامەتییەکانی مرۆڤایەتی و چەوسانەوەی یەکتری و کێشەی نێوان مرۆڤەکان دەکات.
نوسەر ێیدا تیشک دەخاتەسەر لایەنێکی ڕەشی ژیان و دۆخێکی تراجیدیکی بوون و باس لەقۆزتنەوەی بێ هێزی مرۆڤ و ستەم لێکردنی دەکات لەلایان مرۆڤ و هاوڕەگەزی خۆیەوە،ئەو مرۆڤانەی دڵیان بووەتە بەردو هەستی ئینسانیان لەدەست داوەو هیچ بەزەییەک لەناخیاندا نەماوەو لەهەموو بەهاو مۆڕاڵێکی مرۆ دۆستی داماڵدراون.
لەپاڵ چەمکەکانی دلسۆزی و قوربانی دان و کارو هەوڵدان .
هەمو پارادۆکسەکانی تری وەک مردن – ژیان،
دڵ پاکی – هەستی تۆڵەسەندنەوە،

  • خۆشەویستی – ڕق
    -ڕەشبینی – ئومێد
    -هەژاری – دوڵەمەندی
    -حەقیقەت – خەیاڵ
    باس و تەواوکەری چیڕۆکەکانی ئەو شاکارەمەزنەی نووسەرن.لە ژنە نان فرۆشکەدا
    کۆمەلێک کارەکتەری سەرەکی ڕۆڵ دەگێڕن.
    -جیل لابرۆ: خاوەنی کارگە. کە دوای مردنی هاوسەرەکەی جان فۆریە، بەپاسەوانی بەردەم دەرگای کارگەکە لای خۆی دایدەمەزرێنێت، تابتوانێت بژێوی ژیانی خۆی و دوو منداڵە بێ باوکەکەی دابین بکات.
    -خاتوو جان فۆرتیێ: پاڵەوانی ڕۆمانەکە،ئەو ژنەی پیاوەکەی لە کارگەدا دەمرێت.
    -لوسی و جۆرج :هەردووک کچ و کوڕی فۆرتێ.
    -جاک جیرۆد:ئەو کارمەندەی کارگەکەو هاوڕێی هاسەرە کۆچکردووەکەی جان و ئەو کەسەی ژیانی جان فۆرتیە دەکاتە دۆزەخ وتومەتی بۆهەڵدەبەستێت و دەیخاتەزیندانەوە.
    -ماری : کچی پۆل هرمان،پۆل”جاک جیرۆد”
    -لوسیان :کوڕی جیل لابرۆ.کە دوایی دەکەوێتە داوی خۆشەویستی لۆسی کچی جان فۆرتیە.
    -ئیتیان: گەواهیدەڕی ڕاستی.
    -قەشە فلیکس لۆژییێ:قەشەی ئەو دێیەی خاتووژان فۆرتیێ کاتێک ڕادەکات ئەو داڵدەی دەداتماوەیەک.
    پوختەی چیڕۆکی”ژنە نان فرۆشەکە” باس لەنەهامەتی و ئازاری ژنێک”جان فۆرتیێ” دەکات.
    کە هاوسەرەکەی بەهۆی ڕوواوێکەوە لەو کارگەیەی تێیدا کاردەکات گیان لەدەست دەدات،
    مێژووی چیڕۆکەکە بۆ نیوەی دووەم لەسەدەی ١٩ی زایینی دەگەڕێتەوە.
    جان خاوەن دوو منداڵە،کوڕێک و کچێک، جۆرجی بچوک لەگەڵ لوسی شیرەخۆر،
    جان فۆرتێ لەهەمان ئەو کارگەیەی هاوسەرەکەی کاری تێدا دەکردو بەهۆی تەقینەوەی ئامێرێکەوە گیان لەدەست دەدات. کاردەکات، تاوەکو بتوانێت ڕووبەڕووی قورسایی ژیان ببێتەوەو تۆزێک لە نەهامەتییەکانی کەم کاتەوەو پاروە نانێک بۆ خێزانە بچوکەکەی مسۆگەربکات.
    وەلێ ئەفسووس جان فۆرتیێ، لەلایان بەڕێوەبەری کارگەکەوە،
    سەرەڕای نەهامەتی هەژاری و بێ هاوسەری و لە ئەستۆگرتنی دوو منداڵ و بەخێوکردنیان. تووشی نەهامەتی تر دەبێتەوە،
    دووای ئەوەی جاک جیرۆد دەیەوێت دۆخی هەژاری و ژیانی بقۆزێتەوەو فریوی بدات و وەک نێچیرێکی لاوازو بێ دەسەڵات بیخاتە داوی خۆیەوە، جاک داوای هاوسەرگیری لێدەکات، بەڵام جان ڕەتی دەکاتەوەو ئەو بەڵێنی بەهاوسەرەکەی داوە هەرگیز دوای ئەو ژیانی هاوسەرگیر پێک نەهێنێتەوەو دەست بەرداری دوو منداڵەکەی نەبێت.
    بۆیێ ئەوە دەبێتە هۆکاری لەدایکبوونی ڕقێکی زۆر لە دڵ و دەروونیدا. لەهەمبەر جان.
    جاک پیلانێکی نامرۆڤانە لەدژی جان دادەڕێژێت، خاوەنی کارگەکە “جیل لابرۆ” دەکوژێت و ئەو کارە قێزەونەی دەخاتە ئەستۆی ژان و دەیخاتەداوەو ڕادەستی پۆلیسی دەکات،و جان لەدادگادا بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بۆدەبڕێتەوەو کوڕەکەی جۆرج لای خۆشکی کاهینەکە”فیلیکس لۆژییێ” جێ دێڵێت و کچەکەیشی لوسی لەدێیەک لای ژانێکی شیردەرە،
    ئیتر لەزیندان پێوەندی بە منداڵەکانیەوە دەپچڕێت و هیچ ئاگایەکی لێیان نامێنێت و هیچ لە بارەیانەوەنازانێت و لەناو چوار دیواری زینداندا. بەهۆی دابڕان لە منداڵەکانی و دیارنەمانی چارەنووسیان لەگەڵ دڵەڕاوکێ و خەم و فرمێسک و ئازار ڕۆژە دۆزەخیەکان بەڕێدەکات.
    ئەو ڕۆژانەی هەر چرکەیەکیان بە قەد ساڵێک درێژە.
    جاک جارودی دوای ئەوە هەموو شتە بەنرخەکانی کارگەکە دەدزێت و،
    ئیدی دەبێت کەسێکی زەنگین و ساماندارو ئەوەندەیتر لە نامرۆڤی و قۆزتنەوەی ژیانی خەڵک ڕوودەچێت و دەڕواتە ئەمریکاو ناوکەی خۆی لەجاک جیرۆدەوە بۆ”پۆل هرمان” دەگۆڕێت.
    دوو منداڵەکەی جان، و هەروەها منداڵەکەی جۆن لابرۆ خاوەنی کارگەکە،بەهۆی ئیفلاسی و نەمانی هیچ شتێکەوە
    دەیان نەهامەتی و ناخۆشی دەچێژن لەژیانیاندا تا گەورە دەبن،لەکۆتایی چیڕۆکەکەدا، جان بە لوسی و جۆرج شاد دەبێتەوەو جاک گارودیش بە سزای کارە هۆڤانەو قێزەونەکانی خۆی دەگات و کورد گوتەنی دەگات بە حەقی خۆیی و دان بە تاوانەکەی خۆی دادەنێت و دووای سێ مانگ لەگرتووخانەو بەرگە نەگرتنی دۆخی زیندان کۆتایی بەژیانی خۆی دێنێت و کچەکەشی توشی نەخۆشییەکی کوشندەدەبێت و دەمرێت،
    بەو شێوەیە کۆتایی بە چیڕۆکی ڕۆمانەکەدێت و لەکۆتایدا
    نوسەر دەیەوێت ئەوەمان پێ بڵێت ڕاستی هەرچەند بۆ ماوەیەکی زۆریش بێت بێ سەرو شوێن بکرێت و ون ببێت، دواجار هەر ئاشکرادەبێت و تای تەرازو بەلار ڕاستیدا دەشکێتەوەو هەر ڕاستی سەردەکەوێت.
    ……
    شەماڵ بارەوانی



“ژنە ڕوەکیەکە”. ڕۆمانێکی ڕووەکی- خەیاڵی- دەروونی “هان کانگ” ژنە نووسەری کۆری.. شەماڵ بارەوانی

“ژنە ڕووەکیەکە” سێ هەمین بەرەهەمی خاتوونە نووسەرەو یەکەم چاپی لەدوو توێی ڕۆمانێکی ٢٢٣لاپەڕەیی و لەساڵی٢٠٠٧ بەزمانی کۆری لێ بڵاوبووەیەوەو دوواتر و لەساڵی٢٠١٦خەڵاتی “مان بۆکەر”ی نێو دوڵەتی بەدەست هێنا،و تائێستا بۆ زۆرێک لە زمانەکانی جیهان هاتووەتە وەرگێڕان.

هان کانگ. لەو ڕۆمانەدا گفتوگۆی سیستەمی خۆراکی ڕووەکی ناکات و لەوە نادوێت کەئایەڕووکی بوون بۆ جەستەو دەروونی مرۆڤ سوود بەخشە یاخود نا؟ئایە مرۆڤ گۆشت خۆربێت یان ڕووەکی؟ کامەیان سوود بەخشەو کامەیان زیان بەخشە لەڕووی زانسییەوە؟

بەڵکە نووسەر لە”ژنەڕووکیەکە” باس لەسرووشتی ژیان و هەڵ و مەرجی کۆمەڵایەتی دەکات لەکۆریای باشوور.

قسە لەو یەکترقبوڵ نەکردن و  ئاسۆ داخراوەی ئەقلیەتی نێرسالاری و پەتای پاتریارکی دەکات کە توشی ئەقڵی مرۆڤایەتی بووەو نەخۆشی خستووە.

لەکۆمەڵگای کۆریای باشوور دەدوێت.

کۆمەڵگایەک لە ڕووی زانست و  تێکنەلۆجیاوە لەلوتکەی حەداسەو هەڕەمی پێشکەوتندایە.

وەڵی ئەفسوس لە  مۆدڕنە بوونی ئەقڵ و کرانەوەی سەقافی و ئەویتر قبوڵ کردن و ڕێزگرتن لەئازادی و سەربەستی تاک و لەهەلبژاردنەکانی و قبوڵکردنی  ئەنتی باو جیاوازییەکان، لە خوارەوەی خوارو دایەوەو هێشتا ژن وەک مرۆڤێکی پێڕفێکت و لەڕوانگەیەکی یەکسانەوە سەیرناکرێت و نەریتە کۆنەکان و ئافاتەکانی ئەقڵیەتی پیاوساڵاری تەحەکوم بە مێنتەڵێنت و بیرکردنەوەو تێگەیشتن و ژیانیانەوە دەکات و خێزان لەسەر بنچینەی نێرسالاری دادەمەزرێت و هێشتا دەسەڵاتی ڕەهاو جڵەوی خێزان بەتەنها لەدەست نێردایە!!

نووسەر لەڕۆمانەدا باس لە چیڕۆکی ژیانی ژنێک  دەکات.لەکۆتایی بیستەکانی تەمەنیدایەو جگە لەخواردنەڕووەکیەکان هیچ شتێکیتر ناخوات،و

خۆی لەهەرخواردنێک بەدوور دەگرێت کە گۆشتی تێدابیت، هەمو جۆرە گۆشتێکیشی لەخۆی قەدەخەکردووە،جاگوشتی سورو ئاژەڵ بێت،یان هی باڵندەو پەلەوەربێت یاخود ماسی و هەر جۆرەگۆشتێکیتر بێت کە مرۆڤ دەیخوات بە پێی کلتوری کۆریا.یاخود هەروڵاتێکیتر.

ئەو سەرەڕای دوور کەوتنەوەی لە گۆشت خواردن.هێڵکەو ماست و شیرو پەنیرو هەمو ئەو خواردنانەیتر کەبەرهەمی ئاژەڵ و پەلەوەریشن نایان خوات.

بڕیاریداوە بە تەواوی  پەیوەندی خۆی لەگەل ئەو جۆرە خواردنانە بپچڕێنێت و لێیان دوور کەوێتەوە،

پاڵەوانی “ژنە ڕووەکیەکە” ئیدی بەتەواوی بڕیارەی دوور کەوتنەوە لەگۆشت و هەموو موشتاقاتەکانی دەدات،بێ ئەوەی پێشووتر پلانێکی بۆ ئەو ئەو بڕیارەی دانابێت،تا قۆناخ بەقۆناخ ئەو بڕیاریارەی جێ بەجێ بکات و هێدی هێدی ببێت بەکەسێکی ڕووەکی و لەخواردنی گۆشت دوور بکەوێتەوە.

یاخود ئەو بڕیارەی لەسۆنگەیەکی پەتی مرۆڤانەوەدابێت،

وەک ئەو مرۆڤە گۆشتخۆرانەی تر کاتێک بڕیاردەدەن ببن به ڕووەکی.لەو سۆنگەیەوە ئەو بڕیاردەدەن

 کە مرۆڤ بەڕەهایی نابێت گۆشتی هیچ گیان لەبەرێک بخوات.

چونکە ئەو مافەی نییە ئازاریان پێ بگەیەنێت و هەمو ئاژەڵ و گیان دارو پەلەوەرو باڵندەیەک مافی ژیانیان هەیەو هیچ مرۆڤێک ئەو مافەی نییە لە پێناو حەزو ئارەزو گەدەی خۆی ئەوان بکات بە قوربانی و لەسەر حیسابی گیان و گۆشتی ئەوان بژیت. بۆیە گۆشت خواردن بە بۆچوونی ئەوان کارێکی نا ئەخلاقی و دوور لە ویژدان و  پێچەوانەی پڕەنسیپەکانی مرۆڤایەتیە.بەبۆچی ئەوان

مرۆڤ سەرەتا گۆشت خۆر نەبووەو بوونەوەرێکی ڕووەکی بووە،بەڵام دووایی و هێدی هێدی و لەقۆناخی دەست پێکردنی ڕاوکردنەوە تووشی ئەو کارەنامرۆڤانەیەو ئەو هەڵە گەورەیە بووە،بۆیێ پێویستە مرۆڤ ئیتر دەست بەرداری ئەو کاره نائەخلاقی و نا ئینسانیەی بێت و ئەو هەڵەو بێ ویژدانیەیشی چاک بکاتەوەو و دووباره بگەڕێتەوە سەربنچنەی ڕەسەنی مڕۆڤایەتی خۆی  و ببێتەوە بە ڕووەکی و بەتەواوی دەست بەرداری گۆشت خواردن و ئازاردانی گیان داران بێت.

بەڵام “یۆنگ هیێ”ی پاڵەوانی  ژنە ڕووەکیەکە.

بڕیاری دەست بەرداربوونی گۆشت و فەلسەفەی گۆشت نەخواردنەکەی ئەو لەسەر  بنەماو پێوەرەی ڕووەکیەکان نییە کە ئێماژەم پێدا، ئەو هیچ هۆکارێکی تەندرووسی و یان ئایینی و ئەخڵاقیمان پێ ناڵێت بۆ ئەمە!

بەڵکە ئەو ڕووەکی بوونەی ئەو هەڵقوڵاوی خەونێکە و بڕیارێکی بێ بەرنامەی بەپەلەو لەناکاوی شەوێکە.

شەوێک دەخەوێت و بەیانیەکەی لەخەو هەڵدەستێتەوەو خۆی لەبەرەم بەفرگر”سەلاجە”کە دەبینێتەوەو چووەتە تێڕامان و  بیرکردنەوە بەدیار ئەو هەموو جۆرە گۆشتەی پێشووتر لەو بەفرگرەیان ئاخنیوە!لەگۆشتی مانگاو بەرازو مریشک و ماری ئاوی..خەونەکەی دووبارە دەبێتەوەو ئەو جارە هەچی گۆشتی ناو بەفرگرەکە هەیە هەمووی دەهێنێتەدەرو دەیخاتەناو عەلاگەیەک و دەیبات لەدووری ماڵەوەفڕێیان دەدات.

ئەو ڕوەکی بوونە لەناکاو ئەو گۆڕانە بێ پلەبەندی و خێراییەی  یۆنگ هێ دەبێتە شۆک بۆ”جۆنگ”ی هاوسەری و کێشە بۆ خۆیشی.

هاوسەرەکەی بەو هەڵس و کەوتە نامۆیەی سەرسڕمانی دەیگرێت،خۆ ئەو پێشووتر ژنێکی ئاسایی و لەسەر خۆو زۆر  هێمن بوو،چۆن دەکرێت لە شەو رۆژێکدا سەدوو هەشتا پلەبگۆڕێت و هەڵسوکەوتی وا نامۆ بنوێنێت!؟.

نا شتی وا مەحاڵەهەرگیز ناکرێت.”من نەمبینیوە هاوسەرەکەم پێش ڕووەکی بوونی هیچ هەڵس و کەوتێکی جیاواز بنوێنێت”.

یۆنگ هێ نەک تەنها بەوەندە دەوەستێت واز لە گۆشت خواردن بێنێت، بەڵکە هەر شتێک بۆنی گۆشتیشی لێ بێت ئەو توخنی ناکەوێت. ئەو لێناگەڕێت دەستی  هاوسەرەکەی بەری بکەوێت و سەرجێی لەگەڵ ئەنجام بدات، چونکە بۆنی بێزەوەری گۆشتی لێ دێت.”گۆشتی جەستەی!”

ئەو هەڵسوکەوتە نامۆیەی “لەتێڕوانینی دەوربەردا”ئەو گۆڕانکارییه لەناکاوەی لەشەوڕۆژێکدا.

ئەو بڕیارە بەپەلەو خێرایەی لەگەڵ خەوێکدا.ئەو خەوەکابووسییەی ژیانی سەراپا دەگوڕێت و ڕوو بەڕووی دەیان کێشەو ناخۆشی  دەکاتەوە،

ئیدی دوای ئەو بڕیارو گۆڕانکارییەی بەسەر ژنەڕووەکیەکە”یۆنگ هیێ”دادێت و دوورکەوتنەوەو لەگۆشت

دووچاری کۆمەڵێک کێشە دەبێتەوەلەگەڵ خێزان و کەسەنزیکەکان و دەورو بەری و  هەموان سەرزەنشتی دەکەن و بە زبری ڕوو ڕووبەڕووی دەبنەوە لەسەر ئەو بڕیارەی بەتایبەتی باوکی کە ئەو هەڵس و کەوتەی کچەکەی”گۆشت نەخواردنەکەی”. بە شورەیی و عەیبەیەک دادەنێت لەهەمبەر هاوسەرەکەی! هەموان دەیانەوێت  بەزۆر و زەخت گۆشتی دەرخواردەن و

و تانەو پلاری تێدەگرن و تەنانەت بە شێت دەیدەنە قەڵەم و پێی دەڵێن ئایە مرۆڤێک ئەقڵی تەندرووست و بێ کێشەبێت ئەو هەموو جۆرە گۆشتە خۆش و چێژ بەخشە چۆن لەخۆی قەدەخەدەکات!؟

دواتر هاوسەرەکەی لێی جیادەبێتەوەو

ئەو توندو تیژی و هەڵس و کەوتە نامرۆڤانەیەی کەسە نزیکەکانی کاردانەوەی خەراپ لەسەر دەروونیدا درووست دەکەن .بەو چەشنە  یۆنگ هێ.  قبوڵی نەکردنی لە لایان خێزان و خانەوادەکەی و کۆمەڵگەو ڕێز نەگرتن لەهەست و بڕیارەکەی،

کاردانەوەیەکی نەرێنی لەسەر درووست دەکات و دەیکات بە ڕووەکیەی  توندڕۆو

ئەو حاڵەتە ڕوەکیەکەی دواتر زۆر  زۆر نامۆ دەبێت و  هەستێکی سەیری لا درووست دەبێت و هەست دەکات ئیدی بەتەواوەتی  بووەتە ڕووەکێک! و بەتەواوی لەهەموو خواردنێک دوور دەکەوێتەوە.تەنانەت خواردنە ڕووەکیەکانیش و تەنها ئاو دەخواتەوەو وەک چۆن درەخت بەتەنها ئاو تیشکی  خۆر بەسیەتی بۆوەی گەشە بکات و بژیت.ئەوە پوختەیەک بوو لە تەوەری ڕۆمانی ژنەڕووەکیەکە

یۆنگ هێ. ئەو ڕادەکاتە دارستانەو دەیەوێ لەناو سرووست ون بێ و جەستەی خۆی هەموو لەشێوەی تابلۆیەکی سرووشتی بە وێنەی درەخت و کوڵ و گیاو سەوزایی دەنەخشێنێت.

ژنەڕووەکیەکە. ڕۆمانێکی ناوازەو جیاوازەو بۆئێمەی گۆشت خۆر و هەموو ئەوانەی ئاشنای فەلسەفەی ڕووەکخۆری و پڕەنسیپی ژیانی ڕووەکخۆرەکان نین .شتێکی نامۆیەو

 نووسەر لەوشاکارەدا بە وردی باس لەژیانی خێزانی  ییۆنگ هێی  پێش ئەوبڕیارەو دوای ئەوبڕیارە دەکاتن و لەخەراپەی مامەلەی کەس و کارو

جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی  و کەوتنەداوی لەلایان پیاوە هونەرمەندو وێنەکێشەکە”هاوسەری خوشکە گەورەکە(ئینهێ)ی کە بە چوار ساڵ لەخۆی گەورەترە” و  بەکارهێنانی بۆ مەبەستی هونەری  ئیرۆتێکی خۆی و دواتر ململانێ و کێشەو ناکۆکی خوشکەکەی لەگەڵ هاوسەرەکەی و کۆتایی هاتنی پێکەوە ژیانی ئەمانیش  بەهۆی ئەو کارە نامرۆڤانەیەی هاوسەرەکەی کە لەگەڵ خوشکەکەی”یۆنگ هیێ ڕووەکی” ئەنجامی دەدات و وێنەی باخێکی پڕ لەگوڵی ڕەنگاو ڕەنگ لەسەر هەموو جەستەی دەکێشێت ” بردنی یۆنگ هێ بۆ نەخۆشخانەی دەروونی و پشت تێکردنی هەموان و بەتەنها مانەوەی جگەلە ئێنهێی خوشکی نەبێت کە ڵەگەڵیدا دەمێنێتەوەو گرنگی پێدەدات. دوای ئەوەی لەسەرەتادا دژی بوو هتد…..

ئەوە پوختەیەک بوو لە تەوەری ڕۆمانی ژنەڕووەکیەکە.

ئەوەی ماوەبیڵێین و لەو شاکارە پێی دەگەین ئەوەیە. لە وڵاتێکی وەک کۆریای باشوور کە خاوەنی مێژووەکی دووروودرێژو  شارستانیەتێکی قوڵ و وڵاتێکی خاوەن تەکنۆلۆژیاو هەڵگری سیمایەکی شارستانی و پێشکەوتوو نانەریتانە.دۆخی  ژن و ڕەگەزی مێینەو چەمکی فێمێنزم و یەکسانی جیندەری.

لەو تونێڵەتاریکەی پاتریارکیدا گیری خواردبێت و  بەو شێوازە نا مرۆڤانەیه مامەڵە لەی لەگەڵدا بکرێت، ئەی دەبێ حاڵی ژن و مێینە له وڵاتانی دواکەوتوو نەریتخوازو کۆمەڵگا نێرساڵارەکان چۆن بێت؟

ئەو ڕۆمانەو چیڕۆکی یۆنگ هێ ئەوەمان پێدەڵێت کە

مێنتەڵێنێتی نێرسالاری کارەساتە.ئەو ئەقلیەتە کۆنە خوازو  نامرۆڤانەیەی پێی وایە دەبێت خۆی سەردارو ژن و مێینە شوێن کەوتەی بێت.نێر لە هەڕەم و لوتکەداو

مێینە لەنزمی و لەچالدابێت.

ئەو دەبێت بڕیار لەسەر هەمووشتێک بدات و چی پێ خۆش بێت بیکات و بیڵێت و چش بەدڵی نەبوو و لەگەڵ ئارەزووی یەکی نەگرتەوەو نەچو بەمیزاجیدا.ئەوە دەبێت نەیکات و دژیبێت.

لەکۆمەڵگەو لەناو خانەوادەیەکی وا پاتریارکی ژن جگە له خزمەتکارێکی هەوەس و گوێڕایەڵی بوونێکی ڕەهای ژێر فرمان و بکەو نەکەکانی نێرینە چتێکیتر نییە،

مێ لەکۆمەڵگەو دۆزەخێکی لەو چەشنە خاوەنی هیچ ئیرادەو سەروەری و ئازادی و بڕیارێکی سەربەخۆ نییەو ئەو دەبێت لەژێر سێبەرو هەژموونی نێرینەدابێت و  لەمەملەکەتی پیاوسالاریدا دەبێت بەڵێنی پاشکۆیەتی و

سوێندی نیوەمرۆڤ بوون و کەم ئەقڵی بوون بخوات و  بەردەوام لاوازی و بێ ئیرادەیی و شوێنکەوتەیی خۆی بۆ پیاو دووپات کاتەوە!

دەبێ تاکەی لەو ڕوانگە نامرۆڤانەیه لەو ڕەگەزە پیرۆزو تەواوکەرەی ژیان بڕوانین و بە پاساوی بێ بنەماو پێوەری نا لۆژیکی و قامچی نێرسالاری لەپیرۆزی و  کەسایەتی و هێزو ئازادی و خواست و حەزەکانی ژن بدەین و لە مرۆڤ بوونی کەم کەینەوەو جیاوازی ڕەگەزی لەنێوان مرۆڤەکان،درووست کەین؟

ئەو جیاوازیانەی کە تەنها بەرهەمی بیڕکردنەوەیەکی ڕووتی نێرسالاری و خێڵگەرێتی و مەزهەبگەرایی و ئەو پەیوەندی و پەروەردەسەقەت و ناتەندرووستەی کۆمەڵایەتین لەجڤاتە نەریتگراو کۆنزەرڤاتیڤ و پارێزگارەکان و

 و هیچ ماقوڵی و ڕەوایەتییەکی ئینسانی ئەخڵاقی و لۆژیکیان نییە،

بۆیە ئەرک و پێویستە  دیلێت بکرێنەوەو سەرلەبەری هەڵبوەشێنرێنەوەو ڕۆئیایەکی  مرۆڤانەو دیدێکی یەکسانی جێندەریانە و سیستەم و

سترەتکتۆرێکی کۆمەڵایەتی دادپەروەر و ژنخواز و یەکسان جێگەیان بگرێتەوەو هەموو ئمتیاز و  ماف و  ئازادی و دەرفەتەی بۆ پیاوان  ڕەخساوە لە کۆمەڵگەژینگە بۆ ژن و ڕەگەزی مێینەیش  بڕەخسێت و دەرگا لەبەردەم بەهرەو تواناکانی ژن بکرێتەوەو چیتر لەژێر هیچ پاساو بەهیچ بیانویەک کپتی تاقەو وزەو لێهاتوویی ئەو ڕەگەزەی تەواوکەری کۆمەڵگەنەکرێت و بوون و هێزو کەسایەتیان تیرۆرنەکرێت و کەرامەتیان نەڕووشێندرێت و  ئازادی و سەربەستیان خەفەنەکرێت و لەگەڵ پیاو ڕەگەزی نێرینە

 و بەیەکسانی و دوور لەهەرجیاکارییەکی ڕەگەزی و دیدێکی فاشیستانەو نامرۆڤانە، ڕەو ڕەوەی ژیان بەڕێکەن کومەڵگە بەرەو پێشەوە ببەن و ژیانی مرۆڤایەتی پێک بهێنین،

تا چیتر ڕەگەزی مێینە وەک مرۆڤ سەیربکرێن و نەبن به قوربانی تێگەیشەنێکی کۆن و ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەبەردبوو  ئێکسپایەر بووی هەڵەو سەقەت و نەخۆش و نەوە بۆ نەوە وەک میرات نەیگوازێتەوەو وەک کەلتورێک پێڕەوی لێنەکرێت و  ژیان هاڕمۆنی خۆی لەدەست نەدات و هێزو تەرازووی کۆمەڵگا لاسەنگ نەبێت.

تاکەی دەبێت ڕێز لە نیوەی ئەقڵی کۆمەلگە نەگیرێت و بەناوی دەرچوون لە دابی گشتی و سنوری پیاو و لادان لە پیرۆزی. ڕێز لەهەڵبژاردن و ئازادی تاک نەگرین و دەست لە ژیانی بەرامبەر وەردەین؟

ئاخر ئەو بڕیارەی ژنە ڕووەکیەدای. جا لەهەرسۆنگەیەکەوە بێت و هەر تێگەیشتنێک لە پشتیەوەبێت و هەر هۆکارێک مۆتیڤ و پاڵنەری بێت.

کەیاسا ڕێگەی پێبدات و  زیانی بۆ کەس نەبێت،بۆدەبێت ئێمە دژی بوەستینەوەو دەستی نامرۆڤانەی تێ  بکوتین و پێشێڵی خواست و هەڵبژاردنەکەی بکەین و ڕێز لەو ئازادی و هەڵبژاردنە کەسێنیە نەگرین و وەک ژیانی تایبەت تاک لێی نەڕوانین؟

ژیانی تایبەتی هەر تاکێک،کاتێک دەگات بە قۆناخی ڕوشدو کامڵ بوون و یاسا وەک مرۆڤێکی پێگەشتوو و کامڵ حیسابی بۆدەکات. هێڵی سورەو هیچ کەسێک بۆی نییە بەهیچ پاساوێک بچێتەناویەوە.

بۆدەبێت لەجیاتی ڕێز گرتن لەکەسێک کە ئەقیدەو تێگەیشتن و شێوازی ژیان و هەڵبژاردنی لە هی ئێمە جیاوازە.

ئازاری بدەین و قسەی پێ بڵێین و بە ڕەقی و نامرۆڤانەو خەراپی و ناشارستانیانە مامەڵەی بکەین!.

بۆ دەبێت مرۆڤەکان وەک خۆیان قبوڵ نەکەین.

بۆدەبێت ئیدەلۆژیاو پێوەرو چەمکەکانی خۆمان بەسەر بەرامبەردابسەپێنین و ناچاری بکەین بێتە ژێرباڵی ژیان و تێگەیشتنی ئێمە.بۆ دەبێ ئێمە ڕاست و ئەوەیتر هەڵەبێت.

بۆدەبێت من خۆم نەبم و  پاشکۆو سێبەرو شوێن کەوتەی تۆبم؟بۆدەبێ من  کاتێک بە پێی مەزەب و کلتورەکەی تۆ نەجۆلێمەوەو خۆم خاوەنی فەلسەفەی تایبەت بەخۆم بم لەژیان و بە پێی ئەو ئەتێڕوانینە بجوڵێمەوەو پێڕەوی لەو یاسایە بکەم کە خۆم ئازادانەو دوور لەهەر فشارێک و شوێنەوتنێکی کوێرانەو چاولێکەریەی تەقلیدی  و بۆماوەیی هەڵم بژاردبێت و  بڕوام پێی هێنابێت و

ئامادەنەبم بەزۆرو ناچاری بێمه ژێر باری ئەو دۆگماو دیدە تەسک و داخراو ڕەهاگەراو ناتەتدرووستەی تۆ

من سەر لێ شێواوو لادەرو لەکی عارو شورەیی و جەهنەمی و بەد ڕەوتارو شێت و  لە زومڕەی گۆمڕایان بم!؟

تاکەی لەجیاتی ئەوەی جیاوزییەکان بکەین بە هەوێنی خۆشەویستی و هۆکاری  پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لەیەکتری،

بیان کەین بە فاکتەری ناکۆکی و ململانێی ئایدۆلۆجی و شەڕی یەکتر سڕینەوەو هۆکاری خۆ ناشرین کردن و بە دۆزەخکردنی ژیان و تێکدانی پێکەوە ژیانی کۆمەلایەتی و پچڕانی شیرازەی خێزان و دوو کەرتکردنی مرۆڤایەتی و یەکتری قبوڵ نەکردن؟

بۆدەبێت تۆ گۆشت بخۆیت،بەڵام من ئەو مافەم  نەبێ کە نەیخۆم.تۆ گۆشت خۆریت نیشانەی ئاقڵی و

 ڕووەکی بوونی منیش شێتی!

ئاخر ماقوڵی و لۆژیکی بوونی ئەو تێڕوانینە سەیرە  لەکوێدایە!؟.

……

شەماڵ بارەوانی




کورتەیەک دەربارەی ڕۆمانی ” هیبتا’ی مەحمود سادق.. شەماڵ بارەوانی

“هێپتا”شاکارێکی ناوازەی “مەحمود سادق”نووسەرو ڕۆمان نووسی میسریە،و،یەکەم چاپی لەساڵی”٢٠١٤”لێ هاتە وەشان و ناودەنگێکی باشی بەدەست هێناو دەنگدانەوەیەکی گەورەی درووست کردو کۆپیەکی زۆری لێ فرۆشراو بە پێی لێستی پڕفرۆشترینی ڕۆمانەکان، بۆماوەی ٣ساڵ لەوڵاتی میسر، لەپلەی یەکەم و پڕ فرۆشترین ڕۆمان بووەو تا ئێستا زیاد لە ٤٥جار چاپکراوەتەوە،
ئەو بەرهەمە ئەدەبییە مەزنە خۆی خزاندە نێو جیهانی سینەماو فیلمەوەو لەساڵی”٢٠١٦” لەلایان “هادی الباجوری”دەرهێنەری میسرییەوە،بە پاڵەوانێتی کۆمەڵێک ئەستێرەو ئەکتەری ناوداری ئەو وڵاتە لەنمونەی:عەمر شەریف، ماجدلکدوانی،ئەحمەد مالیک، یاسەمین ڕەئیس، دیناشەربینی، و بە بەژدای خاتونە گورانی بێژ”نیلی کەریم “و چەندان ئەکتەری تر فیلمێکی سینەمایی لێ بەرهەم هێندرا.
هێپتا.ڕۆمانێکی ڕۆمانسییەو نووسەر بە ناوەڕۆکێکی قوڵ و زمانێکی پاراو سادەو دوور لەگرێ دایڕشتووە،و ڕۆمانسیەت و فەلسەفەی ئاوێتەکردووەو چیڕۆکەکانی تێکەڵیەکن لە خۆشەویستی و ئازار.
هیێتا.هێمایە بۆپێگەی باڵابوون و گەیشتن پلەکەمال.
دنیایەکی جیاوازە،
گەشتێکەبۆ جیهانی خۆشەویستی.
چیڕۆکی عیشق و ناڵەو ئومێدە.
نووسەر لەو بەرهەمەیدا باس لەقۆناخەکانی خۆشەویستی و پەیوەندی سۆزداری دەکات.لەو هەستەی مرۆڤ دەدوێت ، کاتێک دەکەوێتەداوی خۆشەویستی کەسێکی ترەوە.
چەمکی”هێپتا”زاراوەیەکی گریگی و یۆنانیەو بەواتای ژمارە حەوت”٧”دێت و نووسەریش لێرە پەیوەندی عاتفی و هەستی خۆشەویستی بۆ “٧” قۆناخ دابەش کردووەو بە شێوەیەکی زانستی و جوایەز لەسەرخۆشەویستی دەدوێت لەو حەوتقۆناخەدا.
لەو حەوت قۆناخەی. هەر قۆناخەو جۆرێک لە خۆشەویستی ئەزمون دەکرێت و لەهەر ٧قۆناخدا. بەپێی قۆناخەکان گۆڕانکاری بەسەر شێوەو جۆری خۆشەویستییەکە دادێت. خۆشەویستی قۆناخی مناڵی جیایه لە خۆشەویستی لە تەمەنی هەرزەکاری
هەروەها خۆشەویستی لەقۆناخی گەنجێتیدا، جوایەزە لەگەڵ ئەو خۆشەویستییەی قۆناخی ناوەڕاستی تەمەن، کەچی لەهەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لەخۆشەویستی ڕوودەدەن،گۆڕانکارییەکان لەیەک مرۆڤدایە، تەنها قۆناخەکانی تەمەنی ئەو کەسە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و ئەو گۆڕانکارییانەی قۆناخی تەمەن، دەبن بە هۆکار بۆ گۆڕانکاری لە شێوەو شێوازی خۆشەویستی.

چونکە مرۆڤ لە هەرقۆناخێک لەو قۆناخەی تەمەنیدا، لەمنداڵی و هەرزەکاری و گەنجی و ناوەڕاستی تەمەندا. بەئەزمونی جیاوازدا تێدەپەڕێت و شتی تازە دەبینێت و وانەی نوێ فێردەبێت و زانیاری و مەعریفەی تر لەو بوارە وەردەگرێت و گۆڕانکاری لەهزر و سایکۆلۆجییەت و هەستی دا درووستدەبن.
بۆیەکا نووسەر پێی وایە بۆوەی لەپێوەندی سۆزداری سەرکەوتووبیت و لە پیرۆزی چەمکی عیشق تێبگەیت، دەبێت ئاگاداری ئەو”٧”قۆناخە بیت و هەر قۆناخێک لەو قوناخانە.جۆرێک لە خۆشەویستییەو بەشێوازێکی جیاواز کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەو دەروون و شعور و کەسایەتی و بڕیارەکانی مرۆڤ درووست دەکات،
نووسەر ئەو حەوت قۆناخە لەڕێگای گێڕانەوەو کۆمەڵێک قۆناخی جیاوازو چوار چیڕۆکی جوایەزو چوار کەسایەتی، بەناوەکانی”ٲ“ کە گوزارشتە لەتەمەنی گەنجێتی و “ب” هەرزەکاری و”ج“ ناوەڕاستی تەمەن و ”د“منداڵی ، و ٧ قۆناخی جوایەز.
قۆناخی:
سەرەتا.
گەیشتن.
پەیوەندی.
پەیبردن.
ڕاستی.
بڕیاردان.
هێپتا.
قۆناخی یەکەم، جوانترین و پاکترین قۆناخە، لەپەیوەندی.گەرچی قۆناخێکی سەرشێتانەیەو بیرکردنەوەو ئەقڵ تێیدا ونەو هەست و سۆزێکی مناڵانەی تێدا زاڵەو مرۆڤ لەو قۆناخەدا نازانێت ئەو پەیوەندیەی هەڵی بژاردووە، تاچەند ڕاستەو ئەو بڕیارەی داویەتی لەجێی خۆیەتی یاخود نا،
ئەو قۆناخەی ئەو کەسەی کەوتووەتە داوی خۆشەویستییەوە، وا دەزانێت هەمو ژیان تەنها ئەوکاتەی چرکە ڕۆمانسیەکانییەتی و بیرو هۆش و هۆشیاری تەنها لەو کاتەدایە!.
قۆناخی دووەم.قۆناخی دان پیانانە، ئەو قۆناخە هەردووک خۆشەویست ئەو شتەهاوبەشانەی نێوانیان باس دەکەن و لەخاڵە لێکچووەکانیان دەدوێن،

قۆناخی سێیەم. قۆناخی پێکەوە بەستنەوەیانە، قۆناخی ئاوێتە بوونی ڕۆح و تێکەڵ بوونی دووگیان و توانەوەیانە لەیەک جەستەدا، دوای ئەوەی باسی خاڵە لێک چوو و شتە هاوبەشەکانی نێوانیان کرد.
قۆناخی چوارەم. قۆناخی سەدمەو شۆکە، ئەو قۆناخەی هەردووک خۆشەویست بە ئەقڵ لەشتەکان دەڕوانن و ئەو سۆزە زاڵەی پێشوتر پەردەی کوێری بەسەر بیرو هۆش و ئەقڵیان دادابوون لادەچێت و چاوی ئەقڵیان دەکرێتەوەو چیتر دڵ ناتوانێت سەروەرو بڕیاردەرو حاکم بێت و لەجیاتی ئەقڵ و ئاوەزەوە بڕیاربدات و گڵوپی ئاوەز بکوژێنێتەوەو کوێرانە شوێن سۆز بکەوێت، لەو قۆناخەدا، هەردووک خۆشەویست لەوە تێدەگەن کە پێشووتر لەبەر زاڵبوونی هەست و سۆزو لایەنە عاتفییەکە نەیان توانیوە ڕاستیەکان وەک خۆیان ببینن و بەدرووستی هەڵسەنگاندن بۆ شتەکان بکەن و تەندرووستانە بڕیاربدەن، لێرەوە تێدەگەن کە ئەوان تا ئێستا تەنها خاڵە هاوبەشەکانی نێوانیان بینیوە،لەشتەجوانەکان دوواون.
ئیدی پەردەکان لادەچەن و ڕاستییەکان ئاشکرا دەبن و نهێنییەکان خۆیان نماییش دەکەن و خاڵە جوایەزەکان بەدەردەکەون و ئەو هەموو جیاوازی و پنتە ناکۆکەی نێوانیان بۆ ڕۆشن دەبێتەوەو ئەو کەم و کوڕی و ناشرینی و عەیب و عارانە دەبینن،کەپێشوتر نەیان توانی بوو بیان بینن، ئیتر و درک بە ڕاستییەکان دەکەن و یەکتری وەک ئەوەی هەیە لەواقع و حەقیقەتدا دەناسن، نەک بەو شێوە فانتازیایەی بەری نها لە خەیاڵی خۆیان لە بارەی یەکتری دایان ڕشتبوو و لەدڵ و دەروونیاندا وێنەیان بۆ کێشابوو! ئیدی بەو چەشنە ئەوە قۆناخی پەی بردن بە ڕاستییەکانە.
قۆناخی پێنجەم،ئەو قۆناخەی هەردووک لایەن بەشێوەیەکی تەواو، دوور لەماکیاج و ماسک و موجامەله، دوور لە ڕازاندنەوەو جوانکردن، دوور لە شاردنەوەو فریودان و درۆ، دوور لە خەیاڵ و فەنتازیا، یەکتری دەناسن و لە ڕاستێتی پەیوندی نێوانیان تێدەگەن.
قۆناخی شەشەم، قۆناخی بڕیاردانە، بڕیادانێکی چارەنووس ساز و یەکلاکەرەوە، دووای ئەوەی هەردووک تەڕەف هەموو شتێک لەبارەی یەکترییەوە دەزانن و حەقیقەت و جەوهەری یەکتریان بۆ ڕۆشن دەبێتەوەو پەردەو ماسک و ماکیاجەکان لادەچن و کۆد و نهێنییەکان ئاشکرا دەبن.
ئیدی بڕیار دەدەن. ئایه پەیوندییەکەیان درێژە پێبدەن و بەردەوام بن لە خۆشەویستی؟، یاخود لێرەوە کۆتایی بە هەمو شتێک بێنن و ئەو پەیوەندییە سۆزدارییەی نێوانیان ڕابگرن؟.
قۆناخی هەوتەم، کۆتا قۆناخ، ئەو قۆناخەیە کە نووسەر ناوی ناوە”هێپتا”قۆناخی باڵابوون و کەماڵ لە خۆشەویستی،
ئەو قۆناخەی هەردووک لایەن، دوای ئەوەی بڕیاردەدەن کە خۆشەویستیەکەیان بەرەدەوامی پێبدەن و پەیوەندیەکاکەیان نەپچڕێنن.
مەحمود سادق.لەدایک بووی ساڵی١٩٨٧،و خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبی و ڕۆمانی ناوازەیه،وەک ڕۆمانەکانی:
“طه الغریب ” ٢٠١٠ .
” بضع ساعات فی یوم ما” ٢٠١٢ .
“أنستا حیاه‌” ٢٠١٥ .
” أنت فلیبدأ العبث” ٢٠١٧ .
………

شەماڵ بارەوانی




باباسارتەر، شاکارێکی تری”عەلی بەدر.. شەماڵ بارەوانی

.باباسارتەر شاکارێکی تری”عەلی بەدر” نووسەرو ڕۆمانسی عێراقیەو یەکەم چاپی لەساڵی٢٠٠١لێ هاتە وەشان.

عەلی بەدر.
نووسەرو ڕۆمان نووسی عێراقی لەدایکبووی ساڵی١٩٦٤ی عێراقەو ئێستا لە بڕۆکسلی پایتەختی بەڵجیکا دەژیت، عەلی ناوێکی دیاری نێو کایەی ئەدەب و دنیای ڕۆشنبیری و جیهانی ڕۆمانەو توانیویەتی بەهۆی ڕۆمانەکانیەوە ناودەنگێکی باش بەدەست بێنێت و خوێنەرێکی زۆر لەدەوری بەرهەمەکانیدا کۆبکاتەوە،

عەلی لەپال شاکاری”بابا سارتەر” خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمی تری ناوەزەیە.لەوانە:
-٢٠٠٠ شتاء العائلة،
-٢٠٠٣ الطريق إلى تل المطران.
-٢٠٠٤الوليمة العارية.
-٢٠٠٥صخب ونساء وكاتب مغمور.
-٢٠٠٦مصابيح أورشليم.
-٢٠٠٧ الركض وراء الذئاب.
-٢٠٠٨حارس التبغ.
-٢٠٠٩ ملوك الرمال.
-٢٠١٠الجريمة، الفن، وقاموس بغداد.
-٢٠١١أساتذة الوهم.
-٢٠١٥ الكافرة.
-٢٠١٦عازف الغيوم.
-٢٠١٧ الكذابون يحصلون على كل شيء “

ڕۆمانی باباسارتەر ، ڕۆمانێکی ٢٤٠لاپەڕەیی و شاکارێکی ناوازەی ئەدەبیەو بوچەندین زمان هاتوەتە پەرچڤەردن و تائێستا زیاد لەدەجار چاپکراوەتەوەو سەرکەوتنێکی بێ وێنەی تۆمارکردووەو ناو دەنگ و شوهرەتێکی باشی بەدەست هێناوەو لەکاتی بڵاوبوونەوەی وتائێستا.
خوێنەرێکی زۆری بەدەوری خویدا کۆکردەوەو توانیویەتی چەندین خەڵات بەدەست پێ نێت،
ڕوژنامەی” نیویورک تایمز”بەیەکێک لە ڕۆمانەگرنگەکان وەسفی کردووە،کە بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕی و زمانێکی کومێدی لەجیهانی ڕۆشنبیری دەدوێت،هەروەها ڕۆژنامەی”لیبڕاسیۆن”ی فەڕەنسیش بەیەکێک لەجوانترین ئەو ڕۆمانانەی داناوە، کەوەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فەڕەنسی.

گەرجان پۆل سارتەری بوونگەرا، بە ڕێبەری فەلسەفەی وجودی هاتبێتەنیاسین، ئەوا عەبدولڕەحمان”پاڵەوانەکەی باباسارتەری “عەلی بەدر”یش
زەعیمی پوچگەرێتی و هلێنج هاتنەوەیە لەو وڵاتانەی پێی دەڵێن”عەرەبی”

باباسارتەر ڕۆمانێکی فەلسەفیەو
نووسەر لەباباسارتەر.جان پۆل سارتەر دەکات بەتەوەرو کابەی بەرهەمەکەی و هەموو بابەت و کارەکتەرەکانی تر، بەدەوری ئەو ئەو فەیلەسوفەنهلیست و پوچگەراو فەلسەفەوجودیەکەیدا دەسوڕێنەوەو

بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕانە لە ژیانی ڕۆشنبیری یاخود ئەوکەسانەی سەتحیانەو ڕووکەشانە،لەوجودییەت حالی بوونە دەدوێت. ئەو کەسانەی تەنها وەک توێکڵ شوێن ئەو فەلسەفەیەکەوتوون و نەچوونەتە کاکڵ و و قوڵایی و کرۆکی بابەتەکەو پەڕتۆکخانەکانیان بۆ پۆزلێدان پڕی پەرتۆکە فەلسەفی وجودییەکان کردووە. بێ ئەوەی هیچی بخوێننەوە،یاخود لێی تێبگەن “بڕواناکەم کەس لەو نەوەیەی ئێمە هیچ لەوە تێبگات کەدەیخوێنێتەوە،هەموویان درۆزنن،ئایە لە ترۆستکی حاڵی دەبوون؟ ترۆتسکیەت ئەو فەلسەفەیە نەبوو کە لەبوونگەراییدا دەمان بینی،ئەو خۆی لە بابەتی زانستی دەبینێتەوە… لەڕاستی دا عەبدوڵڕەحمان نەیدەتوانی بەفەڕەنسی بنووسێت وەک چۆن نەیدەتوانی بە عەرەبی بنووسێت،و نەیدەتوانی بە شێوەیەکی ڕێک و پێک بیربکاتەوە…. ڕۆشنبیرییەکەی ڕۆشنبیرییەکی زارەکی بوو، ڕوشنبیرییەک بوو پشت بەستووبوو بە قسە نەک نووسین، وەکو ڕۆشنبیری هەموو ئەو نەوەیەی ئەو یەکێک بوو لەوان، کە لە کافێ و چایخانەکان دادەنیشتن و بە دەم ئەنجام دانی یاری دۆمینەو کێشانی نێرگیلە لەبەیانیدا قسەیان لەبارەی هەموو شتێکەوە دەکرد، یان ئێواران لە سەرکورسی سینەماکاندا،یان شەو له تیاترۆخانەو باڕۆ شوێنەگشتیەکان ڕۆدەچوون لە سەرخۆشی و مەستیدا. ئەوانەی جگە لە ناونیشان و تایتڵی کتێبەکان نەبێ هیچیتریان لێ نەدەخوێندەوە… ئەوانە هیچ لەفەلسەفەی وجودییەت نازانن “.
بەو چەشنە
ئەوان فەیلەسوفی چێژو مەستین و و دیدەنیگا نهلیستی و وجودییەتەکەی سارتەر لە ڕابواردن و مەیی و ناو گەڵی ژن کورت دەکەنەوەو دەیانەوێ فەلسەفەبونگەراییەکەی سارتەر بگوازنەوە نێو باڕو یانەو تیاترۆخانەکان”لەگەڵ نووشی هەر پەراخێک لەمەی هێڵنج و وجودییەتیان زیاتر دەبوو، و چاویان زیاتر بەو فەلسەفە مەزنەیە دەکرایەوە…ژن، ژیان جگە لە ژن و پەرداخێک کۆنیاک هیچتر نییە… ئاه ئەی عەبدوڵڕەحمان، ئەی فەیلەسوفی سەدری… ئەی سارتەری عەرەب. بخۆ ئەمە من هەست بەهێڵنج دەکەم، ئەو ئافرەتە خودی بوونە، وە من بوونم لە پێناو بوونی ئەوە…با بەخدا بکەین بە پاریسێکیتر…بەخدا بکەین بە پایتەختی بوونگەرایی… دەتوانین ئەو بوونگەرایییە ناو بنێین بوونگەرایی”شهوانی” ئارەزووبازی.هێڵنجەکەی ئەو”عەبدولڕەحمان” بەرەو ئاڕاستەی ژیانە نەک مردن و خۆ کوشتن، هێڵنجێکە بەرەو خواردن و چێژ، بەرەو ژوانەکانی مەستی…
فەلسەفەکەی عەبدوڵڕحمان فەلسەفەیەکی وجودیە نەک میتافیزیکی، فەلسەفەیەک شتەکان لە بەرزایی دەهێنێتە خوارەوە، فەلسەفەیەکە تێکەڵ بە شتەکانی بوون دەکات،تێکەڵ بە شتەکانی سەر زەوی دەبێت…چی دەبوو گەر مرۆڤ لەیەکەم چرکە ساتی لەدایکبوونیدا، تا وەکو مردنی لەگەڵ هەستی هێڵنجدا بژیابا؟. ئەوە چۆن دەبوو؟… بۆ نمونە ئەو کۆنیایەکە بێ وێنەیە نۆش بکەیت و ئەو جگەرە هۆڵندیە بکێشیت و بڕۆیتە باوەشی ژنێکی وەک دەلال…بەو شێوەیە وجودییەتێکی تەواو دێتە بوون، وجودیەتێکی بێ کەم و کوڕی، و تۆ دەبیت بە مەزنترین بونگەراو وجودیست لەسەر زەوی…ئەوەبوو لەدەست سارتەر چوو و سارتەر درکی پێ نەکرد… من بۆ هەموو ئەوانەی بوونگەرایی دەپەرستن بیرو بۆچوونە بوونگەراییەکانی خۆمیان بۆ دەگوازمەوە،و وجودییەتی خۆمیان دەرخوارد دەدەم، و پێیان دەڵێم بوونگەرایی چێژێکی گشتیە، چێژێکی مەشاعیە،چێژێکی تاکە کەسی یاخود نەرسسی و خۆ پەرستی نییە… ئا لێرە ئێمە بوونگەراییەکی عەرەبی دێنینە بوون… و جیاواز دەبێت لەو بوونگەراییەی سارتەر دایهێنا”.
عەبدلولڕەحمان ئیدی بەخەیاڵی خۆی گەیشتووەتەوە لوتکەی بوونگەرێتی بوون و ڕۆ چووەتە قوڵایی فەلسەفەکەو ئەوەی ئەو پەی پێ دەبات و دەیزانێت ئەوانەیتر نایزانن و درکیان پێنەکردووەو بوونگەرایی ئەوە نییە لە دوو توێی کتێبێکدا نووسراوە، بەڵکە ئەزمونە پێشەوەی تیۆرێکی وشک و دوو ڕستەی مردوو بێ گیانی ناو لاپەڕەی کتێبەکان بێت.
“ئەو فەیلەسوفێکەو ڕۆیشتووەتە فەڕەنساو بەچاوەکانی خۆی بوونگەراییەتی بینیوە،لەکاتێکدا لێرە کەس توانای ئەوەی نییە ئەوەی ئەم بینیویەتی بیبینێت،کتێبەکان هەرچەندە ئاستی وردبینیان بەرزبێت ناتوانن لەگێڕانەوەو گواستنەوەی فیکرو تێڕوانینەکان ڕاستیەکان بخەنە ڕوو وەک ئەوەی مرۆڤ بەچاوەکانی خۆی و بەواقعی شتەکان دەبینیت،عەبدولڕەحمان وجودیەتی بەهەردووک چاوەکانی خۆی بینی، خودی بوونگەرایی،پاشان دەستی لێداو هەستی پێکرد و بەدەستەکانی گرتی ،لەکاتێکدا هەموو بوونگەراکانی ئێرە تەنانەت نەیان بینیوە،تەنها خەونیان پێوە بینیوە، و لەهزری خۆیاندا وێناو خەیاڵیان کردووە، عەبدولڕەحمان لێرە شتێکە و بوونگەراییەکانی تر شتێکیترن،جیاوازی نێوانیان جیاوازییەکی مەزنە،چونکە جیاوازی نێوان ئەزمونکارو خەوەنبینە…. عەبدولڕەحمان بوونگەرایی ئەزمونکردووەو قسەی لەگەڵ کرددوەو بە خوێن و یەسقان و گۆشتەکانییەوە ناسیویەتی”.
لە تێڕوانینی عەبدولڕەحمان سارتەردا عەدەمیەت و بوونگەرایی واتا چێژ و ڕابواردن و بەسەربردنی شەوە سوورەکان لەگەڵ مەی و مەستی و ژن”
کاتێک عەبدولڕەحمان دەڵێ:پوچگەرایی”عەدەمیەت”،واتا ئەو خۆی مەست دەکات.
کاتێک دەڵێ:ئازادی، ئەوە واتای،ئەوەیەلەگەڵ ژنێک دەخەوێت.
کاتێک دەڵێ: پابەندبوون”التزام”، ئەوە مانای وادەی باڕ یاخود یانەی شەوانەیە…بەرەو خۆشەویستی و جنس و مەستی و چێژ…دانیشتن و ژوان لەیانەی شەوە فەلسەفیەسورەکان… ئەوە مەستی و سەرخۆشیە، جنس و دەرچوونە لە داب و نەریتەکان”
بەو شێوەیە
ئەوان لەماڵەوەو،دەرەوە، لەیانەو باڕو کافێ و سینەماو هەموو شوێنێک و لەهەموو شتێک ئاماژە بە سارتەرەو نهلیزم و فەلسەفەی بوونگەرایی دەدەن و

نمونەی پێ دەهێننەوەو تەنهاو تەنها لەسەر پەیوەندییە سێکی و سۆزداری ئازادانەکەی سارتەر لەگەڵ سیمۆن دیبۆڤوار زانیارییەکی سەرەتایی و سەرپێیانەیان هەیەو لەبارەی ناسنامە فەڕەنسیەکەی و ڕۆمانەکەی”هێڵنج” شتێکی کەمیان بەر گوێ کەوتووە.ئەو پەڕتۆکەی وەک تایتڵ و دەستوری ژیان و ئینجلی پیرۆزی خۆیانی سەیردەکەن و ژیانە عەدەمی و عەبەسی و مادیگەرایانەو چێژو لایەنە جنسیە ئازادانەکەی و لاساییکردنەوە لە پۆشینی جڵ و بەرگ، پێڕەوی لێدەکەن و کوێرانە شوێن سارتەرو وجودییەت دەکەون و ڕۆدەچن لە فەوزاو بێ سەرو بەری و بێ مانایی، و بێ ئاگا.لە تیۆرو جیهان بینییە فیکری و فەلسەفییە قۆڵەکەی سارتەرو هەموو قوتابخانە هزری و فەلسەفییەکانی ترو بەڕووکەشی بە وجودیەتیانەوە گرتووە،

بێ ئەوەی دوو ڕستە لەفەلسەفەکە حاڵی بووبێتن و چوارقوتابخانەی فەلسەفیان خوێندبێتەوە،خۆیان لێدەبێت بە سارتەرو فەلسەفەو فەخفەفەخە لێدەدەن و وشەی تەم و مژاوی دەستەواژەو گوتەی فەلسەفی قورس و لێڵ و ناڕۆشن بەکاردەبەن لەکاتی گفتۆو قسەکردن، بۆئەو مەبەستەی عەرزی عەزەلاتی خۆیانی پێبکەن و خەڵک لە قسەکانیان حاڵی نەبێت و خۆیان وەک فەیلەسوفی سەردەم پیشان دەن،کەچی لەحەقیقەت و واقعدا فڕیان نەبەسەر جیهانی فەلسەفەو نەیش دنیای فەیلەسوفانەوە هەیە.
ئابەو شێوەیە تۆ دەبیت بە فەیلەسوف و دەوروبەر بەکەسایەتییەکی ناودارو فەیلەسوفێکی بێ وێنە لێت دەڕوانن و پیرۆزت دەکەن،
ئەو کەسانەی واز لە ناسنامەو ڕەسەنێتی بوونی خۆیان دێنن و بەتەواوی دەبن بە پاشکۆی بیرو فەلسەفەی ئەوانی تر، ئەوانەی وجودییەت ومارکسییەت و هەمو ئەو فەلسەفە هاوردانەی تر وەک ئایین و ڕێباز و مەزەبێکی پیرۆز پێڕەوی لێدەکەن و وردو درشتی ئەو قوتابخانەفەلسەفیانە دەگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەکانیان، بێوەی بزانن چی بۆ کۆمەڵگاکانی ئەوان گونجاوەو چی پێویست و گرنگەو چیش کەڵکی نییەو ناکرێت بەهەمان پێوانەی ئەو شوێنەی ئەو فەلسەفەو قوتابخانانەی لێ لەدایک بووە، لەکۆمەڵگەکانی خۆیان بی پێون و هەما شێوە تەفسیری کەن و ڕێک وەک ئەوێ کۆپی پێستی کەن و بێ قرتان و کەم و زیادەو گۆڕانکاری و پێداچونەوەو ڕەخنەو هەڵسەنگاندن، بیگوازنەوەو لەگۆمەڵگەکانی خۆیان دەرخواردی تاکی دەن و هیچ حیساب بۆ تایبەت مەندی و جوگرافیاو واقع و جوایەزییەکان نەکەن!

نووسەر لەو ڕۆمانەدا،
قسەلەسەر لەبڕگەیەکی مێژوویی عێراق دەکات،و دەمان گەڕێنێتەوە بۆ ساڵانی چلەکان و پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی بووری ژیانی ڕۆشنبیری له بەخدا و بڵاو بوونەوەی فەلسەفەی وجودی لەناو نوخبەی ڕۆشنبیری وڵاتانی عەرەبی، و
لەنەوەیەک لەو سەردەمەدا دەدوێت کە دەکەوێتە ژێرکاریگەر هزرو فەلسەفەو بیری ڕۆشنگەری ڕۆئاوا و کاریگەر دەبێت بە قوتابخانەفیکری و فەلسەفیەکانیان و فەیلەسوف و بیریارو ڕوناکبیرەکانیان،
لەنمونەی بوونگەرایی و مارکسیەت و بونیەوی و تڕۆتسکیەت و هتد….و ئەوەیش ڕەنگدانەوەو کاریگەری لەسەر تێڕوانین و هزرو هەڵس و کەوت و دەروونیان جێ دێڵێت. ئەو کاریگەربوونەیش جا ج لەڕێگای چونەئەوروپاو ڕاستەوخۆو بەریەک کەوتنەوە بێت، یاخود خوێندنەوەی نووسین و بەرهەمەکانیان،

نووسەر لە باباسارتەر. بەوردی باس لە ژیانی ئەو ساتەی دانیشتوانی شاری بەخدا دەکات و لە مەزهەب و گروپە ئیتنی و پێکهاتە ئایینییە جوایەزەکانی وەک مەسیحیەت و جوو و موسڵمانەکان دەدوێت و قسە لە چینەکانی کۆمەڵگا دەکات و تیشک دەخاتە سەرژیانی خەڵک و دۆخی گوزەرانیان و دەوڵەمەندی و هەژاری و هەڵ و مەرجی ژیانی ئەو ساتە،

بەخدای ساڵانی چلەکان و پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی ڕابردوو. پڕی لە پارادۆکس و بیرو باوەڕو ئایین و ئایدولۆجیای جیاواز. وجودیەت، نەتەوەپەرستەکان،مارکسی و شیوعیەت، ئایینی جو،کریستیان، ئیسلام،ململانێی چینایەتی و فیکری و سیاسی، شۆڕش وکودێتاو جەنگی خوێناوی، ژیانی ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیرو هزرڤانەکان،بوڕژوا شۆڕشگێڕو سیاسیە درۆزنەکان، پیاوە سەربازییەکان،شەقامی ڕەشید، میوانخانەکان، فرۆشگاو کافێ و مەلهاکان.
هەموی تەوەری ئەو ڕۆمانەن و نووسەر لەبارەیانەوەدەدوێت.

کۆمەڵێک کەسایەتی و کارەکتەر لەو ڕۆمانەدا ڕۆڵدەگێڕێن. لەوانە عبدولڕەحمان سارتەر فەیلەسوفی عێراقی،کەبەهۆی کارێگەربوونی بە”جان پۆل سارتەر”ی فەیلەسوفی فەڕەنسی، ، ئەو فەیلەسوفەی بەشێوەیەکی زۆر سەیرکاریگەرە بە جان پۆڵ سارتەرو فەلسەفەی وجودییەکەی!

نووسەر باس لەکەسێک دەکات “ڕاوی ڕۆمانەکەی”
لەلایان حەنا یوسف و ونونو بەهاری هاوسەری داوای لێدەکەن و ڕایدەسپێرن کە کتێبێک لەسەر ژیانی عەبدولڕەحمان سارتەر بنووسێت و ئەمانیش لەبەرامبەردا پارەی وێدەدەن”تۆ لەبارەی ئەو کەسەوە دەنووسیت و ئێمەیش هەموو تێچووی نووسینەکە لەئەستۆ دەگرین، و دواترحەقدەستەکەیشت پێدەدەین…بەڕاستی زۆر دڵم بەوە خۆش بوو چونکە من موفلیس و بێ دراو بووم..شەو هەزاران پەڕاو، بەڵگەنامە، وێنەی فۆتۆگرافی و زانیاری و تێبینیم لەبارەی فەیلەسوفی سەدری لەبەردەمم کۆکردەوە…دەستم کرد بەپلان دانان نووسینەوەی لاپەڕەسەرەتاییەکان لەبارەی ژیاننامەی ئەفەیلەسوفە بوونگەراییە عێراقیەی کە بەسارتەری سەدری ناوزەد دەکرا”.

عەبدولڕەمان پاڵەوانی ڕۆمانەکەی عەلی بەدر،فەیلەسوفی شاری سەدر،لەوردو درشتی ژیانیدا شوێن پێی جان پۆل سارتەر دەکوێت و لەهەموو شتێک لاسایی دەکاتەوە،

لەستایلی داهێنانی قژی،جل و بەرگی، ڕێکردن. بیرکردنەوە، عەبدولڕەحمان ئاواتەو خوازبوو گەر وجود داپەروەربوایە،چاوەکانیشی هەمان شێوەی سارتەر خێڵ بونایە،
تاهیچ خاڵ و شتێکی لێک نەچو لەنێوانیاندا نەمابوایە،

عەبدولڕەحمان سارتەر لەکۆتایی پەنجاکانی سەدەی بووری بەمەستی خوێندنی دکتۆرا، لەسەرفەلسەفەی بونگەرایی، ڕوو لە زانکۆی سۆربۆن لەپاریسی پایتەخی فەڕەنسادەکات،پاریسی بوکی ئەوروپا،پاریسی پایتەختی داهێنان و جوانی، پایتەختی شیعر و مۆسیقاو ڕوشنبیرو فەلسەفە،پایتەختی وجودییەت و بوونگەرایی،پایتەختی مۆلێر و ڤۆلتێر و ژان ژاک ڕۆسۆ و ژان دارو میشێل فۆکۆ،

عەبولڕەحمان پرۆسەی هاوسەرگیری لەگەڵ
جەرمین پێک دێنێت و لەبەرهەمی هاوسەرگیرییەکەیان کوڕێ و کچێکیان دەبێت و عەبدولڕەحمان
ناوی هەرووک منداڵەجمکەکەیان دەنێت
“عەبەس، و سەدا”
عەبدولڕحمان دواتر دەست بەرداری خوێندنەکەی دەبێت و لەوپروسەیەدا شکست دێنێت، پاشان لەگەڵ هاوسەرە فەڕەنسیەکەی “جەرمین” لەسەرەتای شەستەکان
بەیەکجاری وڵاتی فەڕەنساو شاری پاریس جێ دێڵن دەگەڕێتەوە بەخدای پایتەختی عێراق،

لەکاتی گەیشتنەوەی بەبەخدا،هاوڕێ ڕۆشنبیرەکانی پێشوازی لێدەکەن و ئەویش لەناو ئاپۆڕای ئامەدەبوواندا، ئەو ڕستەیەی دەڵێتەوە:”بڕوانامە چ واتایەکی هەیە لەجیهانێکی بێ مانادا”.
عەبدولڕەحمان کە نازانێ دوو دێڕ لەسەر تێڕوانین و بیرو فەلسەفییە بوونگەراییەکەی سارتەر بنووسێت، لەهەمان کاتدا تووشی گرێی خۆ بەزل زانی و فەیلەسوف زانی بووە، لەکاتێکدا بێ بڕوانامە لە پاریس گەڕاوەتەوە، دەیەوێ خەڵک وەک فەیلەسوفێکی زەخم و بیرمەندێکی وجودی وەک سارتەر حیسابی بۆ بکەن و ڕێزی لێ بگرن و لەسەرووی پێگەو پلەی هەمووانەوەبێت ، بەو مەبەستە ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ کچەپاریسیەک پێک دێنێت، تا بۆ هەمووانی بسەلمێنێت کە،ئەو بیرمەندو فەیلەسوفێکی وجودی ناو دار و جیاوازە”ئەو خۆی لەوانیتر جیا دەکردەوەو خۆی لێ بەدوور دەگرتن وڕقی لێ دەبوونەوەو بەردەوام باسی لەوە دەکرد کە ئەو سەر بەچینێکی ئۆڕۆستۆکراتی خانەدان، و چینێکی ئاست بەرزە،
دەیویست سەرشۆڕیان بکات،گەر یەکێک لە کچە فەڕەنسیەکان بخوازێت ئەوە لەمان بە تواناترو شەڕەفمەندانەترە، بۆیە گەڕایەوە بۆ بەخدا لەگەڵ ژنێکی فەڕەنگی کە لە فەلسەفەو ئەخلاق لەسەرووی ئەمانەوەبوو، دەیویست بەمە سەرشۆڕ و فەرامۆشیان بکات و پێگەو ئاستی فەلسەفی و فیکری خۆیانی بۆ دەرخات و بسەلمێنێت کەئەو لەوان ئاستی فیکری و فەلسەفی بەرزتررە…باوکی ئەو هاوسەرگیرییەی عەبدولڕەحمانی کوڕی لەگەڵ کچە فەڕەنسییەک بە ئمتیازێک دادەنا کە هیچ ئمتیازێک لە دنیا هاوواتای نابێ، ئەوە واتای ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوروپا بەو هەموو لێهاتوویی و پێگەیشتوویی خۆی ڕێز لە توانای کوڕەکەی دەگرن، و ڕێزی دەگرن، و یەکێک لەکچەکانی خۆی وێدەدەن،وای دەبینی کە ئەو هاوسەرگیرییە خزماتییەکەلەنێوان خۆی و دیگۆل دا. و ئەوەی بە پرسێکی سیاسی زۆر گەورەتری دەبینی لە هاوسەرگیرییەکی سادەی کوڕەکەی کە چووتەوە پاریس بۆ خوێندن و ژیانی هاوسەری لەو ڕێگەیەوە لەگەڵ ئەو کچە پێک هێناوە”.
ئەفسووس ئەو خزماتیەی نێوان باوکی عەبدڵڕەحمان سارتەر و شارل دیگۆل درێژه ناکێشێت و
جەرمینی بۆکی و ،کچە پوری ژان پۆل سارتەری فەیلەسوفی فەڕەنسی ” وەک ئەوەی عەبدولڕەحمان بۆ حۆ هەڵکێشان وای بڵاوکردبوویەوە لەناو خەڵک”و هاوسەری عەبدولڕەحمان سارتەری فەیلەسوف، ئەو هاوسەرەی عەبدولڕەحمان سارتەر لەژێرەوە لەگەڵ ئیسماعیل حەتوبی هاوڕێی عەبدولڕەحمانی هاوسەرەکەیەوە دەست تێکەڵ دەکات،
دواتر کاتێک عەبدلڕەحمان بەو خەیانەتەی هاوسەرەکەی دەزانێتەوە،ناتوانێت چیتر بەرگەی ژیان بگرێت و ڕووی ناو خەڵکی نامێنێت و بە دەمانچه فیشەکێک دەنێت بەسەریەوەو کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت.

چەند کەسێک لەپاڵ عەدولڕەحمانی بونگەرای پاڵەوان لەو ڕۆمانەدا ڕۆڵ دەگێڕن لەوانە:
-ئیسماعیل حەتوب، یەکێکی ترە لەو کاراکتەرانەی ڕۆڵ لەو شاکارەدەگێڕێت.
ئەوکەسەی لەئاراستەی شیوعیەتەوەبادەداتەوەو دەبێت بە کەسێکی بوونگەرا،و پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ژنی هاوڕێکەی”عەبدولڕەحمان سارتەر”دەبەستێت.

-شائوولی نەرجسی و نەفعی، و شیوعی ئایدۆلۆجیا،و بەئایین جو، ئەو کەسەی دەخوازێت مەملەکەتی بەختەوەری لەسەر زەوی درووست بکات.

-ئێدمۆن ئەلقوشلی ئەو کەسەی زۆر لەژێرکایگەری تروتسکیەتەو عاشقی لیۆ تڕۆتسکی مارکسی و شۆڕشگێڕی چەپە و دەیەوێت هەما شێوەی تڕۆتسکی و لەسەر ڕێچکەکەی ئەو شۆڕشێک بەرپابکات و هەمو شتێک تێک و پێک بشکێنێت.

-دەلال مسابنی ژنە سەماکار،
عەباس فەلسەفە،سەلمان،
پارێزەر بەتروس سمحیر،ئیلین،فەرەج،ئیلیاس،
-نادیەخدوری، ئەو ئافرەتە کریستیانەی دەبێتە قوربانی گۆڕانکاریە کلتورییەکان و هەڵ و مەرجی ژیانی ئەوکاتەی بەخدا،و دەست درێژی سێکسی دەکرێتەسەر.
هەمو ئەمانەو چەندان کەسیتر لەو شاکارەڕۆڵدەگێڕن.
……..

شەماڵ بارەوانی




بەسەرکردنەوەیەکی کورت بۆ ڕۆمانی قسمەت.. شەماڵ بارەوانی

یەکەم دیمەنی ڕۆمانی”قسمەت” بەوە دەست پێدەکات
“هەندێک لەو کەسانەی لەو کافێیەی نزیک ئەو شوێنەی کە قسمەت خۆکوژ”انتحار”ی تێدا دەکات. دەیگێڕنەوە کە” شەو بوو. قسمەت بەخۆیی و منداڵێکی تەمەن دووساڵانەو دانەیەکیری شیرەخۆرەوە بەخێرایی بەرەو ئاڕاستەی ڕووبارەکە نزیک بوویەوەو نەعلەکانی و دوواتر ئەو ماکسیەکەی بەری داکەندن و سکەکەی کە دووگیانی پێوەدیاربوو وەدەرکەوت. منداڵە شیرە خۆرەکەو ئینجا ئەوەی دوو ساڵانە و پاشان خۆیشی خستە ناو ڕووبارەکەوە”.
قسمەت
کەنووسەر ڕۆمانەکەی بەناوی ئەمەوە ناوناوەو لەسەرەتای چیرۆکی ڕۆمانەکە تا کۆتایی ئامادەگی و ناو وجودی دەبێت،
ئەو ژنێکی کوردی فەیلیە. بەو چەشنە شەوێک بڕیار دەدات کۆتایی بەژیانی خۆی بنێت ، بڕیارە مەترسیناک و هەڵەکەی دەکاتە کردار و کچەکەتەمەن دووساڵ و منداڵە شیرەخۆرەکەیشی لەسەر پردی دیجلە داوێتە ناو ڕووباری دیجلەو دواتر خۆیشی دەهاوێژێتە ناو ئاوەکەوە،

ڕۆمانی “قسمەت”. ڕۆمانێکی تری ژنە نووسەری عێراقی”حەورا ئەلنیداوی”ە، یەکەم چاپی لەساڵی٢٠١٨ لێ بڵاو بووەوە.نووسەر ڕۆمانەکەی بەسەر سێ بەش دابەشکردووەو چیروکی ژیانی ژیانی خانەوادەیەکی کوردی فەیلی تێدا باس دەکات و لە مێژووی ژیانی عێراق دەدوێت لەساڵی١٩٥٠،تاوەکو٢٠٠٩.
ئەو خانەوادە کوردە فەیلیە، کە لەساڵی١٨٧٣ لە هەرێمی لۆرستان لەترسی والی ڕایانکردووەو له بەغدا گیرساونەتەوە. پێشەوەی ڕەزا شای پەهلەوی بێت و ئەو هەرێمە بخاتە ژێر حوکمڕانی خۆی وبیخانە سەر ئێران و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامە نەتەوییە کوردیەکەی و سیمای کوردبوونی هەرێمەکە بدات و بە پارسی و ئێرانی بوونی بکات.

خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە، ئازار و موعاناتی کوردە فەیلیەکانی دەبینێت، کە چ شێوازێکی هۆڤانەو نامرۆڤانە لەلایان بەعسیزمەوە ڕوو بەڕووی چەوسانەوەو ئیبادەو ڕەشبگیری و مەرگ و دەربەری دەبنەوە.
کوردە فەیلیەکان لە سەردەمی بەعسیەکان و لەلایان ئەحمەد حەسەن بەکرو دواتر سەدامی گۆڕ بەگۆڕ توشی چەوسانەوەو ڕاوەدوونانێکی زۆر هەمەجیانەو کوشتن و عیدام کردن و دەرکرد بوون، لەساڵی١٩٧٠ ئەو کاتەی بەعیسەکان حوکمڕانی وڵاتیان دەکرد، تاوەکو ٢٠٠٣و کاتی ڕوخانیان، دەیان هەڵمەتی پاکتاوی و چەوسانەوەو لەناو بردنی کوردانی فەیلیان ئەنجامداو ناچاریان کردن وڵات جێ بێڵن و بەزۆری و لەژێر فشار و تیرۆر و تۆقاندندا . له زێدی ڕەسەنی باو باپیرانیان دووریان دەخستنەوەو حزبی بەعس بڕیاری بێ بەشکردنی کوردە فەیلیەکانی لەناسنامەی عێراقی بوون دەرکرد و بە ئیێرانی هەژماری کردن و بە شێوەیەکی بەرنامە داڕێژراوانەو هۆڤانە کەوتە کوشتن و عیدام کردنی کوردە فەیلیەکان،
لەشارەکانی بەغداو خانەقین لە١٩٧٩ دوای ئەو دوو شارە ، ئەو ڕەشبگیری و هەڵمەتە بەربەرییەی گواستەوە بۆ شارەکانی تریش و لە دەرەنجامی ئەو کارە وەحشیگەرانەی بەعسیە فاشییەکاندا ٣٥٠کوردی فەیلی ئاوارەی ئێران بوون و زیاتر لە پانزە هەزاریشیان ون و بێ سەرو شوێن بوون و حزبی بەعسی عەرەبی کۆکوژو ئیبادەی کردن و تەنانەت تا ئێستا تەرمەکانیشان نەدۆزراوەتەوە.”ساڵی ١٩٨٠زۆرترین ڕاوەدوونان و دەرکردن تێیدا ڕوویدا، ئەو ڕاوادوونانەی لەساڵی١٩٧٥، لەسەردەمی سەرۆکی ئەوساتە”ئەحمەد حەسەن بەکر”دەستی پێکرد…دواتر سەتان خانەوادەی عێراقی کۆکرانەوەو دەکران و نێردرانە سنووری ئێرانەوە بە بیانووی تەبعیەت و لایانگری ئێران… بەڵام من نەم دەتوانی لەوە تێبگەم بۆچی ئێمە ئێرانین خۆ ئێمە پێش هەموو شتێک کوردین، ئەگەر هاوڵاتی عێراقیش نەبین سەرەڕای ئەوەی هەموو ژیانی خۆمان وا بەڕێکرد بەڵام بەڵگە چییە لەسەر ئێرانی بوونی ئێمە ئەو ئێرانەی هەرگیز پێشەوەی لەڕۆژێکی ساردو سڕی بەفراوی زستاندا بمانترەنجێننە سنورەکانی و بە خۆخشکەبمان خزێننە ناوییەوە نەمان بینی بوو”.

بەو چەشنەی کوردەکان ڕووبەڕووی هەڵمەتی کوشتن و ڕاوەدوونان و زەوتکردنی ناسنامەدەبنەوە.
لەوڵاتێک لەوەتەی درووست بوونییەوە کورد دەچەوسێنێتەوەو هەوڵی سڕینەوەی کورد بوونی دەدات و کورد بوون وەک تاوانێک سەیری دەکات و بەردەوام گەورەو بچوک و جەوان و دان عەمرو ژن پیاو منداڵ و تاکی کورد دەکات بە سوتەمەنی و قوربانی ئەژدەهای بیری عروبەی شۆڤێنی و ڕەگەز پەرست و لەسەر نیشتمانی ڕەسەنی خۆت. داگیرکەرانی و مێژوو و خاک و کلتورت. دەرت دەکەن و دەتکەن بە پەناهەندەو سەرگەردان و پەرش و بڵاوی دنیات دەکەن و وەک ئاژەڵێک دەت ئاخنە ناو پاشەوەی ئۆتۆمبیل و ڕادەستی چارەنوسێکی نادیارو دێوەزمەیەکی دڵ ڕەق و سنوورێکی مین ڕێژکراو بە بۆمب و مەرگت دەکەت و بە غەریبی و نامۆییت دەسپێرن “لەو شوێنەی کە یەکەم وێستگەی ڕاگواستن و دەرکردن و کۆچکردن مان بوو،ئەفسەرو سەربازە دڵ ڕەقەکانی ڕژێمی بەعس کۆیان کردینەوەو دەیان بێ ڕێزی و جوێنی ڕەگەز پەرستانەیان ئاڕاستەکردین و هەندێک لەخانەوادەکان به جڵی نووستنەوە هێنرابوون بۆ ئەو شوێنەو کچێک بەجڵی خەوتنەوەبوو، جڵێکی نیمچە ڕووت و هەموو ئەعزای بەدەنی بەدەرەوەبوو… یەکێک لەژنەکان سەرپۆشەکەی خۆی وێ دا تاوەکو جەستەکەی خۆی داپۆشێت و لەسەرنجەکان بەدووری بگرێت. لەوانەیە ئەوە دووایین شێوازی پۆشینی ئەو شێوازەی جڵ و بەرگ بێت بەو شێوازە ورووژێنەرو و پاژنەی پێڵاوەکانی بەرزبێت ئیتر دوای ئەوەی دەگەین بە ئێران. لەوێ بەشێوەیەکی ڕەهاو بەپێی یاسای مەزەبی لەچک و باڵا پۆشی بەسەر ژن و کچەکاندا دەسەپێندرێت…لەسای یاسای باڵاپۆشی زۆرداری و ناچارکردنی ژن و کچەکان . لە ئێران ژن و کچەکان بوێری ئەوەیان نەدەکرد بەشێکی قژیشیان دەرخەن وەک دوایی دەبینن چۆن ژنەکان جاڕی یاخی بوون و پێ گیری نەکردن دەدەن لەدژی ئەو حوکم و یاسایەی بەزۆر سەپاندنی باڵاپۆشی و لەچکی کۆماری ئیسلامی ئێران…

بەو شێوەیە دەستیان کرد بە دەرهێنانی یەکە یەکە لەخانەوادەکانمان و پاشان فەرمانیان کردین سواری پاشەوەی پیکابەکان بین. کە پێشووتر بۆمان ئامادەکرابوون…لەگەڵ کۆتایی کاژێرەکانی بەیانی گەیشتینە ئەو خاڵەی ئەوان دەیان وییست.ئەفسەرەکانی ئەمن و ڕژێمی بەعس دابەزین…ڕووی چەکەکانیان ئاڕاستەکردین… یەکێک لە ئەفسەرەکان گوڕاندی و بەدەست ئاماژەی کرد:
ئەو چیایە لەوێ دەبینن، بڕۆن تێی بپەڕێنن و لەو دیوی دەگەن بە خومەینی و ئەو چاوەڕێتانە…ئێمەیان لەسەر سنوور بە بێ حاڵ و ماڵی و سەرگەردانی لەناو کەڵبەی موشەک و مین و برسیەتی و ساردی جێ هێشت…
هەزاران مرۆڤی بەتەمەن و ژن و منداڵ لەو کۆچ و دەرکردنەدا. زۆربەی لەڕێگە بوونە قوربانی بێ ئەوەی تاوانێکیان ئەنجام دابێ، تەنها ئەو ڕێکەوتە بایۆلۆجیە نەفرەتیە نەبێ کە لەدەرەنجامی دا بەکوردی فەیلی لەدایک بوون”.
ئەو ڕێژێمە دڕندە شۆڤێنیەی بەعس تەڕ و وشک یپێکەوە دەسوتان و ڕەش و سپی پارێزراو نەبوون لەدەست دەسەڵاتە دڕندەییەکەی و هەر کەسێک بە پێی ئایدۆلۆجیا عروبە ڕەگەزپەرستیەکەی بەعسیزم نەجوڵابایەوەو بەعسیەتی نەکردبا بە ڕێباز و ئەقیدە،هەمان چارەنووسی کوردی دەبوو و مردن و دەرکردن و تراژیدیا چاوەڕێی دەکرد” دەرکراوان هەموو کوردانی فەیلی نەبوون. تەنانەت زۆربەی بە بنەچە ئێرانیش نەبوون وەک ئەوەی حکومەتی عێراقی بانگەشەی دەکرد و زۆرێکیان خانەوادەی بە بنەچە عەرەبی بوون و ڕژێمی بەعس دەیویست بەهەر هۆکارێک لە هۆکارەکان لێیان ڕزگاری بێت”.
ئەرێ بۆچی دەبێ لەسەر بیرو باوەڕو ناسنامەی کورد بوونت ڕووبەڕووی جینۆسایدو تەرحیل و ڕاگواستن و کوشتن ببیتەوە؟
بۆچی دەبێ بەو شێوە دڕندەییە کورد لەناسنامەی هاوڵاتی بوونی بێبەشکرێت و نەتەوەیتر خۆی لێ بکات بەسەردار و کوردی تەنها وەک پاشکۆو خزمەتکارو سێبەرو جاشی فیکرەی عروبەو عەرەبە شۆڤێییەکان قبوڵ بێت و هەر کوردێک بڵێ نەخێر من کوردم و کولتور مێژوو و فەرهەنگ و هەموو شتێکم لەهی عەرەب جیاوازەو ئەو کاتەی من لەسەر ئەو خاکە دەژیام و خاوەن خاک وماڵ بووم کە پێی دەڵێن عێراق ، حوشترێکی عەرەبیش لێ نەبوو و ئێرە هەزاران ساڵە کوردی لێ دەژیت و ماڵی کوردەو عەرەب بەشێوەی شەڕو داگیرکاری و کۆچەری و لێقەوماوی و چەندین شێوەو سیاسەتی ترەوە هاتوون و ئەوڕۆ خۆیان کردووە بە خاوەن ماڵ و کوردیش بە میوانێکی ڕەزاگران یا خود بێگانەیەکی نەخوازرا!!”بۆچی دەبێ کەسیکیتر بڕیار لەبارەی شێوەو ڕووی نیشتمانم بدات؟ چۆن ئەو دەسەڵاتەی بۆ پەیدا بوو من لە نیشتمانەکەی دابڕنێت…کاتێک منیان لەڕەگی خۆم دەرەهێناو فڕێی کەناری غوربەتیان دام و لەناسنامەو تەمەنی خۆمیان داچۆڕاندم، کفرم کرد بە هەموو مێژووەکەیان،سنوورەکەیان، ئنتیماو شانازییە پڕو پۆچەکانیان ، ئەو دیکتاتۆرە دڵڕەقانە ئێمەیان بەتەواوی فەرامۆش کرد. لەڕاستی دا من خودی نیشتمانم کە لەسەر دوو پێیەکانی دەڕوات”.

بەوچشنە کورد لەناو ئەو وڵاتەی پێی دەڵێن عێراق جگە لە دەرکرن وزەوتکردنی ماف و لێسەندنەوەی ناسنامەو ماڵوێرانی و ئەنفال و هۆڵۆکست هیچیتری نەبینیوەو
دواجارو لەساڵی ٢٠١١لە پەڕلەمانی ئەو وڵاتەی تائێستاش دەمان چەسێنێتەوەو ماف و کەرامەت و خاکمان پێشێل دەکات، دان بەوەداندرا کە لەسایەی ئەو عێراق و سەدام و بەعسی عەرەبی شۆڤێنییەوە لەساڵی١٩٨٠دا کوردانی فەیلی لەلایان حزبی بەعسەوە ڕووبەڕووی پاکتاوی ڕەگەزی و کۆمەڵکوژی بوونەتەوەو کۆکوژکراوان.

ڕۆمانی قسمەت، چیرۆکێکی ئەفسانەیی یاخود حەکایەتێکی خەیاڵی وفەنتەزی نییە و نووسەر لەخەیاڵی خۆیەوە دایڕشتبێت و هۆنیبێتەوە، ڕاستە هەموو داستان و ڕۆمان و چیڕۆکێک هەرچەند واقعی بێت و حەقیقەتێکی بۆ هەبێت، بێ گومان نووسەر خەیاڵ ئاوێتەی چیرۆک و گێڕانەوەکان دەکات، نووسەری”قسمەت”یش بەتێکەڵکردنی فەنتاز بەمەبەستی تەشویق و زیاتر ڕازانەوەو ڕەونەقدارکردنی گێڕانەوەکەو بەتام کردنی چیرۆک و ڕووداوەکان ئەو شێوازی ئاوێتەکردن و تێکەهەڵکێشکردنی فانتازیاو واقع. هەرئەو تایبەت مەندی و شێوازەیشە کە نووسینێکی ئەدەبی لەگێڕانەوەیەکی مێژوویی وشک و ڕووت و بێ گیان جیا دەکاتەوە.

خاتوونە نووسەر ئەوەی باسی دەکات مێژوو و ڕووداو چیڕۆکی ڕاستەقینەی ژیانی هەموو کوردانی فەیلیە،کە بەدەست ڕژێمی بەعس و سەدامی دیکتاتۆر، دەیان تاڵی و ناسۆری و دەربەری و چەوسانەوەو تراژدیایان چەشتووە،
نووسەر لە گێڕانەوەی چیڕۆکی ڕۆمانەکەیی و لە داڕشتن و گێڕانەوەی ڕووداوەکان پشتی بە ڕووداوەکانی مێژوو و ئەو نووسین و بابەتانەوە بەستووە کە لەسەر ئەو تراژدیاو چەوسانەو دەرکردن و کۆکوژییەی کوردە فەیلیەکان نووسراون و لە پەرتۆک و گۆڤار و ڕۆژنامەو سایتە ئەلیکترۆنیەکان بڵاو کراونەتەوەو بۆ ئەو مەبەستەیش سەردانی گەڵێ شوێنی کردووە تازانیاری زێدەتر لەو بارەیەوە کۆبکاتەوەو لە ڕۆمانەکەی پشتیان پێ ببەستێت و بابەتەکەی پشت ئەستوورترو دەوڵەمەندتر بکات و دووای ماندووبوون و هەوڵ و شەو نخوونی و گەڕانێکی زۆر. لەکۆتاییدا ئەو کارە ئەدەبییە ناوازەیەو ئەو داهێنانە مەزنەی خۆیمان لەدوو توێی شاکارێکی ئەدەبی و لەژێر ناونیشانی” قسمەت”وە پێشکێش بکات و خەرمانەیەکی تری ئەدەبی جیاواز بخاتە سەر کتێبخانەی مرۆڤایەتی و بۆ دنیای نووسین و ڕۆشنبیری بسەلمێنێت کە ئەو وەک ژنێک هیچی لە پیاو کەمتر نییەو خاوەنی بەهرەیەکی بەرزی نووسین و داهێنانی ئەدەبییەو شایەنە پێی گوترێت ژنە داهێنەرو نووسەر و پێنووسە بەویژدان و سەرکەوتوو و لێهاتووەکە.

چیرۆکی ڕۆمانەکە باسکردنە لەخانەوادەیەکی کوردی فەیلی، نووسەر لەڕێگەی چیرۆکی ئەو خانەوادە کوردە فەیلیە باس لە کۆچکردن و کێشەی ناسنامەو هەموو ئەو ئازارو نەهامەتیانە دەکات کە کوردانی فەیلی ڕوو بەڕووی دەبنەوە.

قسمەت
چیرۆکی چارەنووس و دەربەدەری و تراژیدیاکانی کوردانی فەیلیە.
داستانی تراژیدیای نەتەوەیەکە”کوردانی فەیلی”لەسەر دەستی عەرەبە ڕەگەز پەرست و شۆڤینییەکان تووشی پاکتاوی ڕەگەزی و سڕینەوەی ناسنامەدەبن.

قسمەت.
تراژیدی نامەیە، ڕۆمانێکی ئەنترۆپۆلۆجیە،
نووسەر بەوردی باس لە نەهامەتی و ئازارو ناڵەو ڕاوەدوونان و کۆمەڵکوژکردن و کۆچکردن و
ناسنامەو ژیانی ڕۆژانەو زمان و یادگەی چیایی و بنەچەو کولتورە کوردەوارییە ڕەسەنەکەی کوردانی فەیلی دەکات .

خانەوادەی “مەلا غولام عەلی ڕەحیم”کوردی فەیلی شیعە مەزەبە لەماڵێکدا دەژین لە گەڕەکی”الدهانة”. لە بەغدای پایتەخت، پێشووتر ماڵە جوێک پێش کۆچکردنیان لە کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوو بۆ وڵاتی ئیسرائیل تێیدا نیشتەجێ بوونە،
ئەو گەڕەکەی پێشەوەی عەرەبی هاوردە ڕووی لێ بکەن و تێیدا ئاکنجی بن، لەکۆنەوە زۆربەی دانیشتوانەکەی جوو کریستیان بوون.
چیرۆکی چارەنووسی خانەوادەی مەلا زۆر لە چیرۆکی چارەنووسی ئەو خانەوادە جووە دەکات کە پێشووتر لەو خانووەدا ژیاون. ئەو خانەوادە فەیلیە کوردە هەمان شێوەی سەتان و هەزاران خانەوادەی تری کوردی فەیلی لەلایان حزبی بەعسی دیکتاتۆر و فاشیست دەچەوسێندرێنەوەو ناسنامەیان لێ دەسەندرێتەوەو دەربەدەرو ئاوارە دەکرێن، بە پاساوی لایانگریان بۆ ئێران، ئەوە چارەنووسی کورد بووە بە درێژایی مێژووی درووست بوونی ئەو دەوڵەتەی پێی دەلێن عێراق، هەموو سەرۆک و ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی لە یەکەم پاشاوە، تا ئێستاکێ هەچی لەدەستیان هاتبێ و بۆیان چووبێتە سەرو گونجاو بووبێ درێخی و کەم تەرخەمیان نەکردووە لە داگیرکردنی خاکی کورد وسڕینەوەی ناسنامەکەیی و دەست بەسەرداگردتنی ئازادی و مافەکانی و شێواندنی زمان و کەلتور و مێژووەکەی و ئەنجام دانی تاوانی جینۆسایدو کۆکوژی و کیمیاباران و ئەنفال و خاپوورکردنی هەزاران دێهات و بۆردوومانکردنی شارەکانی و دەربەدەرکردنی کورد. هەکامیان هاتبێتە سەرحوکم و جڵەوی حوکمڕانی گرتبێتە دەست و بۆی لوابێ، سەلماندوویەتی کە سەدامێکی تەمام عەیارە لەفاشییەت و ڕەگەز پەرستی و پێڕەوکردن لەسیاسەتی پاکتاوکردن و تەعریب کردن و کوشتن و سڕینەوەی کورد،شیعە و سونە، ڕاست و چەپ و نەتەوەگەراو ئیسلام گەرا و لائیک و عیلمانی و -مەزەبی و عەدەمی، کۆماری و پاشایەتی، هەموویان لەبەرامبەر کورددا یەک ئەقڵیەت و کۆمەڵێک دەم و چاوی جۆراو جۆر و سیاسەت نەگۆڕن.

ئەو وڵاتەی لەوەتەی لەدایک بووەو هاتوەتە بوون هەر دەڵێی زەویەکەی بە نەفرینی ئاسمان کەوتووەو ئەهریمەنی شەڕانگێزی بەڵێنی داوە کە هەرگیز دەرفەت نەدات ئاشتی و ئاساییش بەخۆیەوە ببینێت و لەچنگ کەڵبەی دێوەزمەی جەنگی مەزەبی و تائیفی و گروپە ڕەگەز پەرست توندڕۆ و میلیشیاکان و کێشەی تیرۆر و کوشتن و بێ دادی و گەندەڵی و قەیران قورتاری نەبێت و تارمایی تاریکی و فەوزاو و کێشەو ناکۆکییەکان یەخەی ئاسمانەکەی بەرنەدەن و ژیان تێیدا هەموو دەم بە تونێڵێکی ڕەش و تاریک و تابڵۆیەکی خوێناوی داپۆشرابێت.
خانەوادەکەی مەلا غولام جارێک لەسەر مەزەبی بوون و هەزار جار لەپێناو کوردبوونەکەیان.ڕووبەڕووی ئەو هەموو تراژدیدیاو کارەساتە دەبنەوە، ڕاستەغولام کوردێکی مەزەو شیعەیە وەلێ ئەو زۆر پابەندی و مەزەب و ئاییندارییەوە نییە” ئەو لەگەڵ ئەوەی زۆر ئاییندار نەبوو و هێندێک جار نوێژی دەکرد وهەندێک جاریش نەیدەکرد…بەڵام ئەو پێشەواکانی خۆش دەویست و بڕوای وابوو کە زەوی عێراق پیرۆزە بۆخۆی و نەوەکانی چونکوو ئەولیاکانی خوای تێدا نێژراوە، ئەو هەرکاتێک هەستی بە ناڕەحەتی بکردبا سەردانی نەجەف یاخود کەربەلای دەکرد بۆ سەردانی کردنی ئەو کەسانەی کە ئەو بڕوای وابوو ئەوان واسیتەکار و نێوانکاری نێوان ئەم و خوان، تەنانەت سووربوو لەسەر سەردانی کردنی موسای کازم کاتێک دەرفەتی بۆ بگونجابوایە”

خانەوادەی مەلا غولام عەلی.
دوای دەرکردن و کۆچکردنیان لەنێوان سنووری عێراق-ئێراندا دەگیرسێنەوە، مەلا غولام بو یەکەم جار هەستکرد بە نامۆیی دایدەگرێت و هەستی ئەوەی لا درووست دەبێت، کە ئەو بێگانەو خەڵکی سەر ئەو هاسەرەیە نییە، عێراقی فەوزاو تیرۆر و چەوسانەوەو فاشییەت دەریان دەکەن و ناسنامەیان لێ دەسەننەوە بە پاساوی لایانگریان بۆ ئێران، ئێرانی کۆماری پەتی سێدارەو کوردکوژی و مەزەبی و مەلالی ئاخوندەکانیش ڕەتی دەکەنەوە لەخۆیان بگرن و ڕەگەزنامە بەخۆی و خانەوادەکەی ببەخشن بە بیانووی عێراقی بوون و ئێرانی نەبوونیان.

چەند دێڕێک لەبارەی نووسەرەوە.
حەوراءئەلنەداوی نووسەرو ڕۆماننوسێکی بەڕەگەز عێراقیەو لەوڵاتی دانیمارک پێگەیشتتوەو ئێستا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەژیت، لە ئۆگۆستسی ساڵی١٩٨٤لە بەغدا لە دایک بووەو ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ “نەشئەت ئەکرەم”ی یاریزانی عێراقی پێکهێناوە.
لەپاڵ ڕۆمانی قسمەت،نووسەر خاوەنی ڕۆمانی”تحت سماء كوبنهاغن”ە.کەیەکەم چاپی لە ساڵی٢٠١٠لێ دەرچوو.

……شەماڵ بارەوانی