دوو كتێبی نوێی شاخه‌وان سدیق بڵاوده‌بێته‌وه‌ ….

به‌م زووانه‌ ده‌زگای نووسیار
دوو كتێبی نوێی شاخه‌وان سدیق بڵاوده‌كاته‌وه‌

له‌ درێژه‌ی كاروچالاكیه‌كانیدا نووسه‌رو ڕۆژنامه‌نووس (شاخه‌وان سدیق) دوو كتێبی نوێ بڵاوده‌كاته‌وه‌. كه‌ پێكهاتوون له‌ دیداری ڕۆژنامه‌وانی به‌ دوو شێوازی جیاواز. كتێبی یه‌كه‌میان به‌ناونیشانی (چێژی نووسین)ه‌و كتێبی دووه‌میان به‌ناونیشانی (چێژی گێڕانه‌وه‌)یه‌. كه‌ ئێستا هه‌ر دوو كتێبه‌كه‌ له‌ چاپخانه‌ن و به‌مزوانه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌.
تایبه‌ت به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبه‌كانی شاخه‌وان سدیق ووتی: ئه‌م كتێبه‌ نوێیانه‌ درێژكراوه‌ی كتێبی یه‌كه‌من، كه‌ ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا بڵاوكرایه‌وه‌، به‌ناونیشانی (چێژی خوێندنه‌وه‌) واته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو كتێبه‌ی دیكه‌دا پڕۆژه‌ی كتێبی سیانه‌ن, كتێبه‌كان هه‌ر سێكیان كاری ڕۆژنامه‌وانی ئه‌ده‌بین، و به‌شێوه‌ی دیدار له‌گه‌ڵ نووسه‌رانی بواری ئه‌ده‌بدا سازدراون، كتێبی یه‌كه‌میان (چێژی خوێندنه‌وه‌) بریتی بوو له‌ ئه‌نجامدانی (13) دیداری ئه‌ده‌بی له‌گه‌ڵ (13) نوسه‌ردا, كه‌ تیایدا ده‌رباره‌ی پرسی (خوێندنه‌وه‌و چێژی خوێندنه‌وه‌ی كتێب) هه‌ریه‌كێك له‌و به‌شداربووانه‌ سه‌رنجه‌كانی خۆیان خستبووه‌ ڕوو, ئه‌م شێوازه‌ له‌ كتێبی دووه‌میشدا په‌یڕه‌وكراوه‌ به‌ناوی (چێژی نووسین) كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌گه‌ڵ (20) نووسه‌ردا ده‌رباره‌ی پرسی (نووسین و تایبه‌تمه‌ندی و شێوازه‌كانی و چێژی نووسین) دووباره‌ قسه‌كراوه‌, هه‌رچی كتێبی سێیه‌مه‌ جیاواز له‌ هه‌ردوو كتێبه‌كه‌ی كه‌، پێك هاتووه‌ له‌ (28) دیداری ئه‌ده‌بی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ (28) نووسه‌روو شاعیرو چیرۆكنووس و ڕه‌خنه‌گری بوری ئه‌ده‌ب دا, كه‌ هه‌ریه‌كێك له‌وانه‌ ناوی ئاشكراو ناسراو دیارن له‌ناو دونیای ئه‌ده‌بی كوردیدا, وه‌ ئه‌م دیدارانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی و ئه‌كادیمی واكراون كه‌ له‌ داهاتوودا ببنه‌ سه‌رچاوه‌ بۆ نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی له‌ سه‌ر ژیان و دونیابینی هه‌ریه‌كه‌ له‌و ئه‌دیبانه‌ی كه‌ دیداریان له‌گه‌ڵ كراوه‌. ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین ئه‌م كتێبانه‌ له‌لایان ئه‌م شوێنانه‌وه‌ چاپده‌كراون.
كتێبی یه‌كه‌میان (چێژی خوێندنه‌وه‌) كه‌ 128 لاپه‌ڕیه‌, به‌ سپۆنسه‌ری ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی چاپكراوه‌.
هه‌ردوو كتێبی (چێژی نووسین) كه‌ 310 لاپه‌ڕه‌و (چێژی گێڕانه‌وه‌) كه‌ 312 لاپه‌ڕه‌یه‌ له‌ بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای نووسیارن. به‌ڵام كتێبی (چێژی نووسین) به‌سپۆنسه‌ری سندوقی هاوكاری كتێبی ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ و كۆمپانیای یوكه‌ی بۆ بازرگانی گشتی چاپكراوه‌.و هه‌ر سێ كتێبه‌كه‌ له‌ چاپخانه‌ی (كارۆ)ی شاری سلێمانی چاپكراون.
ئێستا هه‌ردوو كتێبی (چێژی نووسین) و (چێژی گێڕانه‌وه‌) له‌ قۆناغی چاپكردندان و به‌مزوانه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ران.




دیدارێک لەگەڵ شێرزاد حەسەن …. سازدانی: شاخەوان سدیق

لە ستایشی ئەدەبدا

ساڵانێكی زۆرە هەمووان مەستی خوێندنەوەی بەرهەمە ئەدەبیەكانی ئەوین، ئەوێك كە دەمانباتەوە ناو ناخی خۆمان و دەمانخاتە بەردەم پرسیارە شەرمنەكانی خودەوە، ڕۆژێك بەدەم چاخواردنەوە، لە یەكێك لە كافێكان لەگەڵ (شێرزاد حەسەن) كەوتینە گفتوگۆی ئەدەبی كە سەرەنجام ئەم دیدارەی لێكەوتەوە

* مامۆستا با سەرەتا بپرسین پەیوەندی ئەدەب بە ژیانەوە چییە؟ بەتایبەت ئەدەبیاتی تۆ، یان ئیشکردنی تۆ لەنێو ئەدەبدا لە ڕوانگەی مرۆڤپەروەرییەوە چۆنچۆنی هەڵیدەسەنگێنێت ؟

_شێرزاد حەسەن: ئەدەب و ژیان دووانەی یەک سکن، بە شێوەیەکی ئۆرگانیکی پەیوەستن بە یەکەوە، من ناتوانم مەزەندەی زیندەگی خۆم بکەم لە دەرەوەی دونیای هونەر و ئەدەبدا، رێک وەک ئەوە وایە بە من بڵێیت کە وەک تەنێکی ئادەمییانە پەیوەندی نێوان گؤشت و ئێسقانەکانم چیییە؟ کە دیارە بۆ من وەها ئاوێتەن کە من بۆم لێکدی جیا ناکرێنەوە، گەر وا نەبێت..ئیدی من نابم و نیم. بۆ من نەنکم یەکەمین سەرچاوە یەکە حەز بە داستان و ئەفسانە و هەقایەتی کۆن بکەم، لە پاڵ سەرسامیم بە “رادیۆی کرماشان” کە تاکە دەروازەیەک بوو بۆ من کە شەوانە بە زنجیرە چیرۆکەکانی ئاشنا دەبووم کە خەیاڵی منی ئاگر دەدا، دیارە لەتەک دەنگی زوڵاڵی “شوکرڵلای بابان” کە شیعری کلاسیک و نیوکلاسیک و تازەی دەخوێندەوە، دەکرێت بڵیم وەک سێ سەرچاوە سادە بوون، بەلام بۆ من بوون بە هۆی گەشەکردنی چێژی ئەدەبی، بەڵام گؤڕانکاری سەرەکی لە ژیانی مندا ئە کاتە بوو كە لە پێچێکی ژیانمدا و لە تەمەنی دە سالیدا دایكم دەمبات بۆ مزگەوتێك و لای “مەلا حەسەن” ناوێک، لە گەڕەكی (كوران/هەولێر) بۆ ئەوەی لە ئایندەدا پیاوێكی چاكەكار و جوامێرم لێدەربچێت، دایکم دەیخواست لە باوكم نەچم کە پۆلیسێكی قومارچی و بێباک بوو وەک باوک و مێرد، دیارە بۆ ماوی سی (٣٠) ساڵ سەرگەرمی قومار بوو. دوا جار من توانیم لە ماوەی دوو ساڵدا قورئان “خەتم” بکەم کە ئیدی زمانی عەرەبی دەبێتە سەرچاوەیەک کە من دوای چوار سالێک بایی ئەوەندە کتێبی دینی و غەیرە دینیش بخوێنمەوە، ئیدی بتوانم خۆم لە قەرەی هەندێک کتێبی فیکر و ئاییناسی و بگرە ئەدەبیات: رۆمان و چیرۆک و شانۆگەری و شیعریش بخوێنمەوە، دیارە سینەماش بۆ من هەمدیس سەرچاوەیەکی سەنگین بوو بۆ تێگەیشتنم لە جیهانێک کە هەموو شتێکی بۆ منی کەودەن نوێ بوو. سەرەتا بە نامیلکەی سادە دەستم پێکرد و دوای ساڵانێک توانیم پەرە بە تواناکانی خۆم بدەم، لە دوا ساڵی قۆناغی ئامادەییدا ئاشنا دەبم بە سۆفی و عاریف و فەیلەسووفە ئیسلامییەکان، بە تایبەتی (فارابی و کندی و غەزالی و ئیبن حەزم و رازی) و لە هەموویان کاریگەرتر “ئیبن روشد” کە راشناڵ/ عەقڵانی بوو، من بەختم هەبوو کە عاریفە گەورەکانی ناو فیکری ئیسلامی هاوڕێ لە تەک فەیلەسووفەکانی ئیسلامیم ناسی کە دەمبەنەوە سەر فیکر و خوێندنەوەی ژمارەیەک لە فەیلەسووفانی “یۆنان”ی، هاوکات ئاشنا دەبم بە فەیلەسووفانی رۆژئاواش، ئەوەش بووە سەرچاوەیەک بۆ بیركردنەوە و تێڕامان. واتا كە قورئان دەخوێنم بایی ئەوەندە فێری عەرەبی دەبم کە پێی بخوێنمەوە، ئەوەش وای کرد دوورەپەرێز بم کە لە غەیری قوتابخانە و دەرس و دەور و موتاڵای فیکر و ئەدەبیات خۆم بە هیچ شتێکی دیکەوە سەرقاڵ نەکەم، دیارە لەو سەردەمەدا خوێندن لە قۆناغی سەرەتایی بە کوردی بووە، بەڵام لە قۆناغی ناوەندی و ئامادەییدا هەر هەموو وانەکان بە عەرەبی دەوترانەوە، كە دیارە لە سەرەتای سەدەی بیستەوە ئینگلیز سیستمی پەروەردەی تازە دەیهێنێت كە بە بڕوای من كۆكتێلێكە لە رۆح و رەوشتی دەرەبەگی و میلیتاری/ سەربازی پێکەوە، بۆ من لە تەک “حوجرە”دا، قوتابخانەش سەرچاوەیەکی دیکە بۆ هۆشیاری و زانست و زانیاری سەبارەت بە ناسینی خۆم و مرۆڤ و ژینگەی دەوروبەر. من مێژووی فتوحات و غەزەواتی عەرەبی و ئیسلامیم لە وانەی مێژوودا دەخوێندەوە کە ئەوسا بڕوام وابوو کە جەنگاوەرانی بیانان-نشین بە ناوی خوداوە ئایینێکی تازەیان بۆ ئێمە هیناوە کە رزگاری کردووین لە ئاگرپەرستی، زۆریش ئاسوودە بووم، بەڵام لە قۆناغی زانکۆدا کە دەبمە خوێندکاری کۆلێژ لە بەشی “زمان و ئەدەبی ئینگلیزی’ وەردەگیرێم، ئیدی دەستەڵآتم بەسەر دوو زماندا دەشکێت، سەرباری زمانی دایک، کە پتر خوو دەدەمە فیکر و فەلسەفەی رۆژئاوایی کە فێری گومان و پرسیارم دەکەن، لە دوا ساڵی زانکۆدا دەگەمە ئەو بڕاویەی کە ئێمەی کورد لەلایەن عەرەبەوە، بەڵام بە ناوی یەزدانەوە داگیر کراوین وەكو (خاك و خەڵك).

یەكێك لەو شتانەی كە من لەو كاتەدا دەمخوێندەوە بە سۆزێکی گەرمەوە فیکری مارکسی لەتەک فەلەسەفەی “بونگەرایی” لە رێگەی خودی “ژان پۆل سارتەر”ەوە کە گومان و پرسیاری سەرەخۆرەم دەبێت، دیارە لەتەک “مارکس” منیان کرد بە خانەی گومان و پرسیاری قورستر. كەواتە دەمەوێت بڵێم: ڕامان و بە دواداچوونم بۆ كۆمەڵیك فەیلەسوفی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوا منیان تووشی پرسیارگەلێک کرد کە ئایین و کارمەندکانی لە منیان قەدەغە كردبوو، هەر خودی ئەو گومان و پرسیارانە هانم دەدەن بە قووڵی حەزم بە شیکاری و تەتەڵەکردن و دۆزینەوەی ماناکانی ئەو میراتە بێت کە پتر لە سێزدە سەدە بوو من و نەتەوەکەمی گەمارۆ دابوو کە مەبەستم کۆی میراتی فیکری ئیسلامییە، کە دیارە بڕواشم بەوە هێنا وەک “مارکس” واتەنی: هەموو رەخنەیەک بەتاڵە، گەر لە رەخنەکردنی ئایینەوە دەست پێنەکات. ئەگەر باس لە ئەدەبیات بكەین کە لە سەردەمە دێرینەکاندا و بگرە بەر لە مێژوو زارەكی بووە نەک تۆماركراو. ڕەنگە تەمەنی ئەو زارەكییە من نەیزانم، بەڵام لەو كاتەوەی مرۆڤ فامی كردۆتەوە و زمانی پژاوە و فێری قسە بووە، حەزی بە داستانبێژیی بووە. واتا ئەدەبیات بەشە زۆرەكەی نادیارە كە فریا نەكەوتووین تۆماری بكەین. ئەدەبیات بەر لە هەرشتێك ئەفسانە و بەیت و بالۆرە و داستان ‌و شیعری زارەكیی بووە.

کەواتە بێجگە لە كتێبی قوتابخانە، یەكەمین كتێب، كە دەیگرمە باوەشم قورئان بووە کە دوچاری تێڕامان و بیرکردنەوەم دەکات، لە پاڵ گومان و پرسیاری خنکاو لە مێشکی تازە گەییوی مندا، وەک سەرەتا من پتر كەوتمە ژێر كاریگەریی زمانی عەرەبی، چونكە زمانی قورئان بوو کە پیرۆزی بەسەردا دەبڕیت مادامەكی لە ئاسمانەوە هاتووە، کە دواتر من دەگەمە ئەو بڕوایەی کە مێژووکردەیە. سەرەتای ئەزموونی نووسینی دەقە ئەدەبییەکانم بە زمانی عەرەبی بوون کە بیرمە تەمەنم لە دوازدە یان سیازدە ساڵان سەرووتر نەبووە کە بە ڕێكەوت لە ماڵی مەلایەكی نیمچە ماركسی، کە دراوسێ بووین و ناوی (مەلا هەمزە) بوو کە ئەوسا هەزار و یەك شەوەی دەخوێندەوە، ڕۆمانێكی (ئەمیل زۆلا) دەدۆزمەوە، بەرگەكەی سەرنجم ڕادەكێشێت کە كچێكی ملوانكە لە مل بەرگەکەی نەخشین کردبوو، نوسرابوو (الفریسە/ واتا: نێچیر).

دیارە هەر “مەلا هەمزە” وایكرد من ئاشنا بم بە (هەزار و یەك شەوە) کە دواتر نوقمم دەکات لە فانتازیا و خەیاڵی زێدە ئازاد. دواتر لە رێگەی ئاشنابوونم بە نووسەرانی کێشوەرەکانی دیکە کە کاریگەری “هەزار و یەک شەوە” بەسەر زۆربەی نووسەرانی ئاوروپا-ەوە هەست پێدەکرێت: نموونەی “لویس بۆرخس”.
بۆیە من لەپاڵ قورئان-دا، كە زمان و هێز و دەسەڵاتم بەسەر عەرەبی -دا دەشكێت. پەیتا پەیتا فێری خوێندنەوە دەبم، رێکەوتێک بووەتە هۆکار کە من دواتر ببم بە مۆرانەی کتێبان، ئیدی وای لێدێت کە من لە قۆناغێکی درەنگتردا کە دەبم بە مامۆستا چەند کۆرسێک سەبارەت بە سایکۆلۆژیا دەخوێنم کە کۆمەکم دەکات من پتر بایەخم بۆ ناسینی خۆم و خەڵکی دەوروبەرم هەبێت.. زیاتر گڕم دەدات خۆم و دونیا و ژینگەی دەوری خۆم بناسم کە دەبێت بە سەرچاوەیەک بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەدەبیاتی من کە رەهەندێکی رەوانی و دەروونی تێدەکەوێت.

* زۆرجار قورئان یان دەقە پیرۆزەكان كەسی دۆگما بەرهەم دەهێنن بۆچی لای تۆ بووە هۆی ئەوەی كە گومان و پرسیار بكەیت؟ بۆچی كەسێكی دۆگمایی نیت؟

_ شێرزاد حەسەن: لەو ڕۆژگارەی كە من باڵق دەبم، سەرەتای شەستەکان، چەپگەرایی لە كوردستاندا باوی بوو کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی هاوسۆزی ئەو تەوژمە بوون، لەسەر ئاستی چینایەتی خەڵکانی بەشمەینەت ئەو بزاف و رەوتەتیان بە فریادرەسی خۆیان دەزانی، هەتا گەر بە شێوەیەکی رێکخراوەیش نەبووبێت کە لە دەوری “حیزنی شیوعی” کۆ دەبوونەوە، ئەدەبیاتی مارکسی و بگرە وێژە و بەرهەمی ئەدەبی هەر دوو قۆناغی “رووسی” و “سۆڤییەتی” زێدە بەربڵاوبوو کە بە نرخێکی هەرزان دەست دەکەوتن، من سەر بە خانەوادەیەکی هەژار بووم کە نەمدەتوانی کتێبان بکڕم. گەڕەکەکەی ئێمەش بێجگە لە کتێبی ناو مزگەوتەکان کتێبی دیکەی تێدا نەبوو، گەر هەشبووبێت دیوانی شیعری کلاسیکی و نامیلکەکانی وەک خورشید و خاوەر، شیرین و فەرهاد، ئەمیر ئەرسەلان، شێخی سەنعان) هەبوون، دیارە “مەلا هەمزە” تاکە کەسێک بوو کە من ئاشنای بم و ئەدەبیاتی مارکسی بخوێنێتەوە. بۆیە بەلامەوە سەیر نەبوو کە “مەلا هەمزە” (ئەمیل زۆلا) بناسێت‌؟ چونكە چەپلەرەکان و شیوعییەکان عاشقی ئەو ڕۆماننووسە بوون، بگرە ژمارەیەکیان ناوی كچەكانیان ناو دەنێن (نینا) کە ناوی یەکێک لە رۆمانەکانییەتی. من لە تەمەنێکی زۆرکاڵدا لە دەفتەرێکدا خەیاڵ و ختوورەی خۆم دەنووسییەوە، هەندێکجار خولیام ئەوە بوو کە شەڕەکانی دایک و باوکم بنووسمەوە کە گۆبەندەکەی پەیوەست بوو بە قومارکردن و دۆڕاندن. ئەو كاتە كەس نەبوو گوێم لێبگرێت و قسەی بۆ بكەم، كەس نەبوو قەهری خۆمی لەلا هەڵبڕێژم، ئەوەی راستی بێت کە من بۆ خۆم ناچار بووم کە ئیدی وەک نۆبەرەی ماڵ، لە پاڵ خوێندنی مەکتەب بیر لە پەیداکردنی پارە بکەمەوە بۆ راستکردنەوەی باری ناهەمواری خۆم و خانەوادەکەم کە دیارە ئەوەیان ئەزموونێکی دەوڵەمەندتری پێبەخشیم.

بە واتا من بووم بە سۆزداری چەپلەرەکان کە کەوتمە ناو تۆڕێک لە رەنجدەر و خەڵکانی ماندوو بەدەست زیندەگی قورسەوە، هاوکات قووڵبوونەوەم لە دونیای فیکر و فەلسەفە و ئەدەبیات: رۆمان و چیرۆک و شانۆگەری و شیعر و سایکۆلۆژیا…هتد. بەڵام لەو ڕۆژگارە (ژان پۆل سارتەر)، لەوكاتەدا سێبەرێك بوو بەسەر سەری هەموومانەوە، “مارکس”یش لەولاوە. ئیدی من کەوتمە نێوان دوو بەرداشەوە: ئایین بە قۆرغکردنی هەقیقەت بۆ خۆی، جێگیربوون لە ناو یەقینگەرایی و بانگەشکردنی بۆ چەشنێک لە یوتۆپیا کە بە کورتی من بۆ چەندین ساڵ سەرم هەڵدەبڕی بۆ ئاسمان و رۆحی “ئایدیالیزم” منی دوور خستبۆوە، کە سەیری بەر پییەکانی خۆم بکەم و ژیان بە دیوە رۆشن و هەم تاریکەکەی ببینم، هەڵبەتە دەکرێت قەرزارباری خۆم بۆ هەموو ئەو میرات فیکرییە بگێڕمەوە کە منیان خستە سەر رێگای هەموو ئەو بیریار و دانا و زانایانەی کە “ماتریالیزم”یان پێناساندم کە ئیدی سەدەها دەرگایان بۆ من کردەوە بۆ ئەوەی بپرسم و نەترسم، گومان بکەم و نەسرەوەم، کە زانکۆم تەواو کرد من ببووم بە خاوەن هێزێکی عەقڵی کە بۆ هەمیشە خۆم لە خورافاتی ئایین و سیاسەت رزگار بکەم، چونکە هەر ئەو کات هەستێکم لە لا دروست بوو کە دوو کایە هەن دۆگما بەرهەم دێن کە سەرەتا بۆ من ئایین بوو، کەمێک درەنگتر سیاسەت بوو، بە تایبەتی کە بە دزییەوە و بە قاچاغ لە تەک ژمارەیەک لە دۆستان بە دزییەوە ئەو کتێبانەمان دەخوێندەوە کە درۆی یوتۆپیا لە یەکێتی شۆرەوەی بۆ ئێمە بسەلمێنێت، جۆرێک بوو لە یەقینگەرایی دینی، دیارە ئەوەش وایکرد کە میراتی فیکری خودی مارکس قووڵتر دەور بکەینەوە کە ئاخۆ شکستی شۆرشی ئۆکتۆبەر دەکەوێتە ئەستۆی مارکس یان ئەوانەی کە خۆیان بە خەونهێنی کۆمۆنیزم دەزانی، بۆ من خۆشی لەوەدابوو کە هەموو ژیانم بوو بە پرسیار و گومانکردن لە هەر هەموو ئایدیۆلۆژیای سەرزەمینی و هەم ئاسمانی، بە راستی پتر لە هەر سەرچاوەیەک بۆ من کە منی گۆڕی خودی ئەدەبیات بوو، کە بڕوای بە پیرۆزی و یوتۆپیا و رەهاگەری و تاک-هەقیقەتی نەبوو، هیچ گومانی تێدا نییە کە “ژان پۆل سارتەر” و هاوژینەکەی “سیمۆن دی بۆڤوار” دوو سەرچاوە بوون کە وایان کرد رێز لە خودگەرایی خۆمان بگرین و نەچینە ناو مێگەلگەرایی بە مانای ئەوەی رێز لە سەربەستی و هەڵبژاردنەکانی خۆمان بگرین، بە واتا تاکگەرایی ئاوازێکی خۆش بوو بۆ ئێمەی گەنج کە کەڵکەڵەی یاخیگەری سەرمەستی کردبووین. “سیمۆن دی بۆڤوار” پتر منی ئاشنا کرد بە چەوساندنەوەی رەگەزی مێینە بە درێژایی مێژوو، بەڵکو بۆ من شتێکی تازە بوو کە بزانم یەکەمین چەوساندنەوەی چینایەتی و بگرە توخمگەرایی دەرهەق بە ژنان بووە لە مێژوودا.

کەواتە وجوودییەت یان بوونگەرایی بۆ خۆی كڕینەوەی “زات / خودگەرایی” ئێمە بوو. من نەمدەزانی لە ناو دۆخێکی مێگەلگەرایی دەژیم، هەر ئەوسا کەوتینە گومانکردن لە پیرۆزی خانەوادە وەک دەزگایەکی چەوسێنەر بەرامبەر بە نەوەی تازە. دیارە مرۆڤایەتی هەم لە رۆژئاوا و هەم لە رۆژهەڵات بە درێژایی هەزارەها ساڵ بە قۆناغی مێگەلگەرایی تێپەڕیوە، من گومانم هەیە تا هەنووکە (فەردانییەت / تاكڕەویی یان تاکگەرایی) لای ئێمە چەکەرەی کردبێت. هەر هەمان ترس و گومان لەوەی من نەبم بە گیاندارێکی ملکەچ دەنێو ئەو رۆحی ئەو “گاڕانیزم”ە، ئامادە نەبووم ببم بە ئەندام لە هیچ حیزبێکدا کە لای من ئالتەرناتیڤی باوکێکە کە کاری خەساندنی نەوەکانی خۆیەتی، باوکێک لە فۆرمی دەزگایەکی زەبەللاحدا کە وامان لێدەکات بێهێزی خۆمان بشارینەوە لەژێر چەتری هێزێکدا کە ناوی حیزبە یان بگرە ئایین و مەزهەبە. دەبوو من عەقڵێكی نەسرەوتم هەبێت، ئەوەش بێ کۆشش و رەنجی زۆر و خوێندنەوەی کتێبە هارەکان ئاسان نەبوو. ئیدی من گەیشتمە دۆخێک کە میتافیزیك تەڵاق بدەم بەو مانایەی کە نەدەکرا عەقڵی خۆم دابخەم و سەر بە گروپ و رۆحی دەستەجەمعی ببم. ئیدی چیتر سەر هەڵنەبڕم بۆ ئاسمان و هەر هەموو گرفت و كێشەكانم لە سەرزەمین فەرامۆش بکەم. لە نێوان هەر دوو بەرداشی “ئایدیالیزم” و “ماتریالیزم” لە دۆخێکی ناجێگیر بووم تا ماوەی دوازدە ساڵان، لەو كاتەدا من ڕێك لەو دۆخە سەیرەدا بووم کە سەرم لەناو دەمی شێرێکدا بێت، هەر دوو لاقیشم لەناو دەمی پڵنگێک، هەردووكیان لە نێوان خۆیاندا ڕامبكێشن بیانەوێت بمخۆن. بەڵام من تەقەلام دەدا هیچیان نەمخۆن. كاتێكیش گومان لە میتافیزیك دەكەم و بە ئاشکرا گوزارشتی لێدەکەم، لە لایەن دۆست و ئاشنا و رۆشناوە بەر نەفرەتێكی گەورە دەكەوم. تائێستاش ئەو نەفرەتە هەر بە دوامەوەیە و بەردەوامە. هاوکاتیش من لە رێگەی چەوساندننەوەی نووسەرانی سۆڤییەتەوە تێگەێستم کە “دۆگما”ی ئایین و سیاسەت کە دەگەن بە بنبەست دووانەی یەک سکن، بە تایبەتی لەو قۆناغەی کە “ستالین” وەک دکتاتۆرێک دەکەوێتە ناو پاکتاوکردنی نەیارەکانی کە ژمارەیەکی زۆر لە نووسەران و هونەرمەندانی گرتەوە.

سیاسەت و ئایین لەم كۆمەڵگایەی ئێمەدا بەردەوام وەڵامی ئامادەی هەیە بۆ هەموو پرسیارێك. بە پێچەوانەوەی ئەدەبەوە کە بە هیچ وەڵامێك قایل و ئاسوودە نییە، ئەدەبیات دژی پیرۆزی و رەهاگەری و یۆتۆپیایە. ئەوە ئەدەب بوو کە منی ساغ کردەوە کە مکوڕ و رژدبم لەسەر داماڵینی پیرۆزی لە هەموو شتێک کە ببێت بە بیانووی تەڵاقدانی ئاوەز و عەقڵ. بە واتا من زانیم ڕێگای دۆزەخ بەرەو كوێ دەمبات، من خەونی گەیشتنم نییە بە بەهەشت: نە لەسەر زەمین و نە لە ئاسمان، بەڵكو پرسیاری من لەوەدا چڕ بۆتەوە کە ئەو دۆزەخە بۆچی هەیە؟

*ئەوكاتەی كە تۆ دەچیتە ناو دنیای ئەدەبیات و دەست بە نووسین دەكەیت، ئەدەبیاتی كوردی بەتایبەت نووسین لەو سەردەمەدا دابەش دەبێت بەسەر دووجۆری سەرەكی لە بیركردنەوە، جۆرێكیان باسكردنە لە چینی دەرەبەگ و جووتیار جۆرێكیتریان باسكردنە لە شۆڕش و خەبات لە ناو ئەم هەموو هەنگامەیەدا تۆ ئەو هەموو شتانە بە جێدەهێڵیت و ئاوڕ لە کەسە فەرامۆشکراوەکان دەدەیتەوە، دەگەڕێیتەوە بۆ خودگەرایی و سەر شتە بچۆلەكان. چی وای لێكردیت بگەڕێیتەوە سەر مرۆڤ؟

_شێرزاد حەسەن: من بە ختم هەبوو كە هەر لە سەرەتاوە بە ئەدەبیاتی رۆژئاوا ئاشنا دەبم کە ئەدەبێکی سەنگینە بە خودگەرایی و ئاوڕدانەوە لە کەسە تەنیا و نامۆکان، بە تایبەتی چیرۆکی کورت، من زۆر هاوڕام لەگەڵ ئەو دیدگایەی “میلان کودێرا” کە دەڵێت، “ئەدەبی داستانئامێز ستایشکردنی بەزینە.” بەو مانایەی کە بۆ هەمیشە مرۆڤ گیرۆدەیە و شکست و نوچدان چاوەڕوانی دەکات. ئەو كاتەی كە (بۆرس باسترناك) شاربەدەر دەکرێت کە هەموو تاوانەکەی ئەوە بووە رێزی لە خودگەرایی و تاکگەرایی دەگرت، دیارە هەر هەمان چارەنووسی “سۆلجنستین” و سەدەها نووسەری دیکەشی گیرۆدە کرد. ئەوكاتەی من وەک گەنجێک خولیای ئەدەبیات بووم “شۆڕشی قوتابیان” وەک بەرجەستەی خودگەرایی و یاخیگەری لە جۆش و خرۆشدابوو کە تیایدا نووسەران و شاعیران و هونەرمەندان رۆلیان هەبوو لە گڕدانی ئەوە بزاف و جمبوشەدا، کە کاریگەری لەسەر من و نەوەی من هەبوو، بە تایبەتی ئەوانەی بە ئەدەبیات و فەرهەنگی رۆژئاوایی ئاشنا بوون.

خودی ئەو شۆرشە گومانکردن بوو لە پیرۆزی باوکەکان، خودی خەیاڵی شاعیرانەش ببووە رابەری ئەو شۆرشەی کە بانگەشەی تازەگەری دەکرد کە دیارە شادروشمیان ئەوە بوو: (بەڵێ بۆ خۆشەویستی و نەخێر بۆ جەنگ) کە ئاماژە بوو بە دوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی و سەرتاپاگیر لە سەدەی بیستەمدا. هەڵبەتە بوونیشم لە بەشی زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزی بە تەواوی ئاسۆکانی روانینی منی فروانتر کرد، لە کۆلێژی ئەدەبیاتدا کۆمەڵیک مامۆستا و پرۆفیسۆری ناوداری عیراقی وایان کرد قووڵتر لە نێو ئەو زەریای فیکر و ئەدەبیاتی ئینگلیزی مەلە بکەم. مانەوەی من لە بەغدا بۆ خۆی سەرمایەیەکی گەورە بوو کە باشترین فیلم و شانۆگەری و پیشانگای هونەری شێوەکاری و جۆرەها چالاکی فەرهەنگی کە بە تەواوی جیهانی منی ئاوەدان کردبۆوە. دوا جار نووسین بۆ خۆی کردەیەکی خودگەرایە و ئاراستەی خودێکی دیکە دەکرێت، جوانی ئەدەب لەوەدایە کە بە هەموو خودگەرایی خۆیەوە دژی رۆحی نارسیزمە کە بە خۆپەرستی بگات، هاوکات رۆح و زیهنییەتێکی رەخنەگرانەمان پێدەبەخشێت. بە رای من گەڕانەوە بۆ خودگەرایی گەڕانەوەیە بۆ مرۆڤبوونی خۆت و ئەوانیدیکەش.

*حەزەكەم سەرنجی تۆ بزانم لەسەر وتەیەكی بەختیارعەلى دەڵیت : مرۆڤ، كە شکست دەهێنێت لە زۆر شتی ژیانی خۆیی ئینجا هەوڵدەدات مومارەسەی نووسین بكات، یان ڕووبكاتە نووسین. تۆ هیچ پەیوەندییەكت لەگەڵ شکست و نشوستی هەیە کە تایبەت بێت بە نووسین؟.

_شێرزاد حەسەن: بێگومان من شكستی خۆمم دەنوسییەوە، بەڵام نەمدەزانی ڕۆژێك دێت کە تۆ دیدارم لەگەڵدا ساز بكەیت. نووسین بۆ من گەمەیەكی پڕ نهێنی بوو وەک دەستپەڕ، چونكە نەمدەویست دایكم و باوكم بزانن، بە تایبەتی کە من دەمەقاڵی و شەڕەکانی ئەوانم تۆمار دەکرد، دەشمزانی ئاسان نەبوو بیزانن کە هەردووکیان نەخوێندەوار بوون، بەڵام ترسێکم لە دڵدا هەبوو، یان وەک باری دەروونی هەستم بە خیانەت و بێڕەوشتی دەکرد، کە نهێنییکانی ماڵی خۆمانم دەنووسییەوە. وتەكەی “بەختیار عەلی” لەوەدا ڕاستە کە (ئادلەر)ی دەروونناس باس لە گرێ و گواڵی مرۆڤ دەکات، جا چ جەستەیی بێت و چ دەروونی، کە وا لە مرۆڤ بکات داهێنان بکات، دەکرێت نووسین بۆ خۆی پڕکردنەوەی ئەو کەمبوودی و گرێ دەروونییانە بێت کە هەمانە، واتا كۆمپلێكستی یان بە عەرەوی “مرکب النقص”. ئەگەر بگەڕێینەوە لای “ئادلەر” وا سەیری كەسێك دەکات کە شكستێكی هەیە لە باری كۆمەڵایەتی کە مایەی نەنگی بێت، هەوڵدەدات بە جۆرەها چالاکی دیکە ئەوە نەنگییە لە خۆیدا دابتەکێنێت، خۆ دەکرێت دیوی ئەرێنی هەبێت وەک داهێنان یان بە نەرێنی و بەدکاری پڕی بكاتەوە: جا فیزیكی یان سایكۆلۆژی.

*فرۆید دەڵێت: چەپێنراوەكان دەگەڕێنەوە، بۆ نموونە شێرزاد-ی تا بیست ساڵان كۆمەڵیك چەپێنراوی زۆری هەبێت ئایا دواتر لە ناو نووسینەكانتدا ڕەنگدەداتەوە؟

_شێرزاد حەسەن: بێگومان وایە.. هەموو داهێنانێک بۆ خۆی گەڕانەوەیە بۆ منداڵی جا بە دەستی ئەنقەست بێت یان بە زۆردارەکی یان بە بەکارهێنانی هێزی عەقڵانی. “كۆڵن وڵسن”ی نووسەر ئامۆژگاری رۆماننووس دەکات و دەڵێت: “لە خۆتەوە دەست پێبكە.” بەو مانایەی کە خۆت ببیت بە سەرچاوەی داهێنانەکانت وەک ئەزموون و مەعریفەت. نووەسەرە گەنجەكان پەلاماری تێما و بابەتی گەورە و قەبە دەدەن: نموونەی ئەنفال و کیمیابارنی هەڵەبجە و شۆرشەکانی نەتەوەکەی تاوەکو خەڵکی بزانن کە خەم و خولیاکانیان چەندە مەزنن، بەڵام وا راستترە ئەم وەک نووسەرێکی گەنج ئاوڕ لە خەم و خولیاکانی خۆی و نەوەکەی بداتەوە. چونكە ئەم بۆچوونی وایە ئەگەر دەست بۆ ئەو تێما و ناوەرۆکە گەورانە ببات، ئەوسا خەڵكی پتر ستایشی دەکەن، زۆر جاران نووسەر پەنا دەباتە بەر بابەتی سێكچواڵەتی و ئیرۆتیكی شاراوە و ئابڕووبەرانە تاوەکو سەرنجی خوێنەرەکانی رابکێشێت کە خۆی وروژێنەرە، بەڵام مەرجە داهێنان بێت نەک فلیمی ڕووت و پۆڕنۆ بێت.، چونكە دیارە کە سێکس و ئیرۆتیكا بۆ هەمووان جێگەی بایەخە، یان ئەوەتا نووسەری گەنج وهەم بەتەمەن خۆیان لە قەرەی بابەتەکانی رامیاری و نیشتمانپەروەری دەدەن بۆ ئەوەی زوو ناوداربن. لە کاتێکدا وەک نووسەر زیرەکانەترە ئاوڕ لە هەموو ئەو بابەت و کەس و پانتاییە فەرامۆشکراوانە بدەینەوە کە نووەسەرەکانی دیکە بە بە بایەخێکی کەمەوە لێیان نزیک دەبنەوە.

*ئایا بابەتی شكست دەبێتە هۆی ئەوەی کە دنەت بدات باس لەو ڕۆژگارە بكەیت؟

_شێرزاد حەسەن: بە دڵنیاییەوە هەر هەموو نووسەرەکان منداڵی و قۆناغی لاوییەتی دەکەن بە گەنجینەی خۆیان، جا پڕ شکست بووبێت یان سەرکەوتن، کە بە بڕوای من شکستمان زۆرترە. نووسەر بۆ خۆی هەر چەندە خودگەرا بێت، لە ناو خۆیدا هەموو دونیای دەوروبەری خۆی هەڵگرتووە، تۆ وا دەزانیت شتێكی چکۆلەیت وەک گەردیلەیەک لەنێو ئەم گەردوونەدا خۆت دەبینیت، بەڵام هەموو دونیا وا لەناو تۆشدا ئامادەیە. من کە چیرۆکی شکستێکی دڵداری یان سۆزداری وەک “گوڵی ڕەش” دەنووسمەوە بە تەنها ئەزموونی شکستی من نییە، بەڵکو لەو سی ساڵەدا کە ئەو چیرۆکەم نووسیوە سەدەها کەس هەستیان کردووە من شکستی ئەوانم لە ئەوینداریدا بەرجەستە کردووە. لەبەر ئەوەی هەر كەسێك كەمێك ئەزمووندار بێت یان هۆشیارەكەی لە بان بێت کە باسی خۆی كرد وەكو ئەوە وایە کە باسی هەموومان بکات.

*تۆ لەو كاتەی، كە باسی ئەو هەموو كێشانەت كرد، هەم لە خێزانی خۆت و هەم لە كۆمەڵگا، تاكی كوردی تاكێك بووە کە لە ڕووی سیاسییەكەیەوە و هەم لە ڕووە چینایەتییەكەیەوە، تاكێكی شكستخوادوو بووە، بەڵام تۆش دێیت لە ئەدەبدا دیسانەوە كارەكتەری چیرۆكەكانی تۆش شكستخواردوون؟ بۆچی بیر لەوە نەكردۆتەوە تاكێك دروست بكەیت تاكێكی سەركەوتوو بێت، شكستخواردوو نەبێت و بەرەنگاری شكست بێتەوە، وەك لە زۆر فلیمدا دیومانە کە لە كۆتایدا پاڵەوانەكە سەركەوتوو دەبێت، ئایا دەبێت پاڵەوان هەر شکست بخوات؟

_شێرزاد حەسەن: نووسەر هەیە كۆی بەرهەمەكانی تراژیکە، ئەدیب هەیە ناسراوە بە كۆمیک، واتە بەزمگێڕە، هەن تێكەڵەیەکن لە نێوان تراژیدیا و كۆمیدیا، بە بۆچوونی من تراژیدیا وانەی زیاتری تێدایە، ئەوەش مانای کەم بایەخکردنی کۆمیدیا نییە، بەڵکو پەیوەستە بەوەی کە مرۆڤ بە گشتی لە سەرزەمین گیرۆدەی کارەساتی زۆر بووە، دەی خۆ ئەدەبیش رەنگدانەوەی ئەو تراژیدیایە، كە تۆ ناوی دەنێیت شكست یان دۆڕان و بەزین، من خۆم وەک نووسەر و ئادەمیزاد لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری پتر نەهامەتی و شکست و کەوتنم بینیوە، من ژمارەیەکی بێ شوومارم لە خەڵکی بەشمەینەت بینیوە، عاشقانی زۆر لە چواردەوری من دەدۆڕان و بگرە لە ژیان دەتۆران، مێژووی سیاسی و شۆرشەکانی ئێمە پڕن لە نشوستی و کارەساتی جەرگبڕ، لە شكستێکەوە بۆ شكستێكیتر. وەک نەتەوە گیرۆدە و داگیرکراوین لە لایەن ناشرینترین ستەمکارانی رۆژهەڵاتی ناوەراست. هەزار و چوار سەد ساڵە کولتووری بیابان و ئیمپراتۆرییەتی لم فەرمانڕەوایە کە لە ناوەکانمانەوە تاوەکو کرۆک و ناورۆک داگیرکراوین.

ئەوە کارەساتە کە ئێمەی کورد هیچ خوێندنەوەیەکی قووڵمان بۆ ئەو داگیرکردنە کولتوورییەی بێگانە نەکردووە، میللەتێك لەسەر خاكی خۆی دانیشووە و کەچی نامۆیە بە خۆی و ژیان و خاک، بۆی نییە ئاشنا بێت بە جوگرافیای خۆی، کامەیە پاڵەوانی سەرکەوتوو؟ بە رای من وەک نووسەر درۆی وام پێناکرێت. با بیرمان نەچێت کە “شێکسپیر” وەک شانۆنووس بە تراژیدیاکانی ناسراوە نەک شانۆگەرییە کۆمیدییەکانی.. ئەدەبی شكستەبار ئەدەبی بەزین نییە، من وانەیەک لە رۆمانی “دۆن کیخۆتە”ی “سێرڤانتس” فێر بووم کە ئەویش ئەوەیە بوون بە پاڵەوان وەهمێکی گەورەیە، ئەو رۆمانە گومان لە پاڵەوانبوون دەکات، باس لە گەمژەیی مرۆڤ دەكات. من دەمەوێت پێتان بڵێم کە هیچ پاڵەوانێك لەم دەوروبەرە بوونی نییە. دیارە من هیچ گلەییەكم نییە کە نووسەری واش هەبێت دونیا بکات بە بەهەشت و هەمووانیش تیایدا ئاسوودەبن، ، بەڵام من ناتوانم درۆی وا بکەم، ئیشی من پێچەوانەکەیەتی، كارەساتیشە میللەتێك بە دوای پاڵەوان و فریادڕەسدا بگەڕێت. تۆ پرسیاری کارەکتەری سەرکەوتوو دەکەی کە بۆچی دروستی ناکەم؟ بۆچی بیرت نەچوو بۆ رۆمانی “ژنێك بەسەر منارەوە” کە تیایدا خانمێکی تەنیا کە ناوی “شادی”ە لە بەرامبەر شارێکدا لە جەنگدایە، من باوەرم وایە کە لە كوردستان و لە هەنووکەدا خانمی وا ئازا و ئازاد هەن، بەڵام کەمینەن. لە چیرۆکی “زەلكاو”دا مامۆستایەکی یاخی و ئازا بە تەنیا دژی زۆرینە دەوەستێت کە لە زەلکاودا مەلە نەکەن کە دیارە رەهەندێکی رەمزی تێدایە.

*ئایا ئەدەب بۆ خودی تۆ وەک مرۆڤ و نووسەر چ بایەخێکی هەبوو؟

_شێرزاد حەسەن: ئەدەب هێزێکی فیکری بە من بەخشی کە قووڵتر بیر بکەمەوە، دیدگایەکی رەخنەگرانەی لە مندا خولقاندووە کە ناهێڵێت بسرەوم، كە من هاتمە ناو ئەدەبیات قوتابخانەی یان رێبازی ئەدەبی “ریالیزمی سۆشیالیزم” باوی بووە کە “کۆمیونیزم” یا چەپگەرایی ستایشی دەکرد بۆ هاندانی چینی کرێکاران کە گوایە یەکسانی و دادپەروەری لەگەڵ خۆیدا فەراهەم بکات، هاوکات من لە دوا ساڵی خوێندنی دانیشگاییم ئاشنا بووم بە شانۆگەری و بگرە دواتر فیکری “پووچگەرایی” کە بە راستی بەقەد هەموو فەیلەسووف و نووسەرەکانی دیکەی مرۆڤپەروەر منیان لەسەر ئەوە راهێنا کە رەخنەگربم و هەم مرۆڤدۆست، بە واتا فیکر و شانۆی پووچگەرایی منی بێدار کردەوە کە رێز لەو مرۆڤە بگرم کە گیرۆدەیە بە دەست سەدەها تەڵە و تەپکە فاقە کە هاوتوخمەکەی بۆی ناوەتەوە. ئایا ئەوان دەرگایان داخست؟ نەخێر.. ئەوان بە منیان گوت: مرۆڤ تەنیا و گیرۆدەیە لەسەر زەمین، ئەدەبی پووچگەرایی دنەی دەدام کە بیربكەمەوە، کەچی بۆ من رێبازی “ریالیزمی سۆشیالیزم” مژدەی بەهەشتێکی دەدامێ کە پتر باسی سوپەرمانی دەکرد، کە دیارە واش دەرنەچوو، بەڵگەش داتەپینی بلۆکی سۆشیالیزم بوو لە کۆتایی هەشتاکاندا. بێگومان لای من کۆمیدیایەک هەیە کە وانەی جوان و دانسقەی تێدایە کە زۆر جاران ناوی کۆمیدیای ڕەشی لێنراوە، بەڵام پرسیاری من ئەوەیە کە بپرسین: ئایا رەوایە بە ناوی ئایدۆلۆژیاكانی سەرزەمین و ئاسمانی زەریای خوێن دروست بکەین؟ ئەوە ئەو پرسیارە رەوشتپارێزەیە کە مەرجە لەخۆمانی بکەین. هەموو ئایینەكان بانگەشە دەکەن کە ئێمە هاتووین مرۆڤ ڕزگار بكەین و بیبەینەوە بۆ بەهەشت. لەولاشەوە ئایدۆلۆژیای ڕەسمی بە چەپگەرا و چ بە نەتەوەپەرستەكانیشەوە دەڵێن ئێمە هاتووین بەهەشـتێك بۆ ئێوە دروست بكەین. ئایا تۆ باوەر بەوە دەكەیت كە پاڵەوانێكت بۆ بخوڵقێنم كە هەرچوار پارچەکەی کوردستان یەكبخات؟

*ئایا یاخیبوون لە كوێی ئەم شكست و سەركەوتنانەدایە؟

_ شێرزاد حەسەن: بە بڕوای من ئەگەر كەسێكی هۆشمەند شكست بهێنێت، بێجگە لە یاخیبوون هیچ دەروازەیەكی دیکە نییە. من باوەڕم بەوە نییە كەسێك شكست بێنێت، ئیدی ئامادە نەبێت هەستێتەوە سەر پێیەکانی خۆی. بەڵام ناکرێت ئەو رۆحە غەیبانی و چارەنووسگەراییە لە ژیانی رامیاری و کۆمەڵایەتی ئێمەد تاوەکو هەنووکە لە یاد بکەین. بەڵام كەسێك هۆشمەند بێت، كە شكست دێنێت، دەبێت بە گومانكەر و خاوەنی دەیەها پرسیاری نەسرەوت. مەرج نییە شکست بەرەو بەزینمان ببات، دەکرێت بەرەو بیركردنەوەمان ببات؟ کارەکتەرەکانی ناو هەر دوو کایەی رامیاری و ئایین زۆر نارسیست و عاشق بە خۆیانن دیارە حەشاماتیش رۆڵی هەیە لەوەی خۆیان بە پیرۆز بزانن و بکەونە دەرەوەی هەر رەخنەیەکی شێلگیرانە، نووسەری راستەقینە دژی پیرۆزی دەوەستێتەوە، سیاسەتباز و ئاییندار خەونفرۆشن، هەردووکیان بانگەشە و مژدەی بەهەشمان بۆ رادەگەێنن، نووسەری رەسەن درۆی وا بۆ کەس ناکات.

با بگەڕێمەوە سەر کارەکتەری بەزیو و سەرکەوتوو، با نموونەی چیرۆکە ئەڤیندارییەکانت بهێنمەوە، چیرۆكە دڵدارییەكانی سەرزەمین دەنێو هەموو میللەتەکانی دونیا بە شكست كۆتایی هاتووە، یان بە مەرگ کۆتایی هاتووە یان بە لێکدابڕان، نموونەکانیش لە ژمارە نایەن “ڕۆمیۆ و جولێت، شیرین و فەرهاد، خەجێ و سیامەند، لاس و خەزاڵ…هتد.” ، چونکە وانە و پەند و راستی تیایە کە عاشقەکان ناگەن بە یەکدی، بگرە من لە ژیانی خۆمدا دوو عاشقم نەبینی بە یەکتری بگەن، لای من هۆکارەکەی دیارە کە مرۆڤ بە گشتی و بۆ ماوەی هەزارەها ساڵ و بگرە لای خۆمان تا هەنووکە دژی عیشق و خۆشەویستییە، چونکە لەسەر رق و کینە پەرورەردە کراوین پەروەردەی ئێمە وای کردووە کچەکان و کوڕەکان رقیان لە یەکتری ببێتەوە، گومان لە یەکتری بکەن و بێز لە یەکتری بکەنەوە.. ئیدی من کام دڵدار و عاشق لە چیرۆکەکانمدا بە درۆ بیانگەیەنم بە یەکدی و بە دەهۆڵ و زوڕنا کۆتایی بێت، ئەدەبی رەسەن هێزی درۆی وای نییە. لە ڕاستیدا ئەدەبی شكست ئەدەبێکی دنەدەر و هاندەرە بۆ بیرکردنەوەی زیات و گەڕان بە دوای هۆکارەکانی شکستەکان، ئەدەبێكە دژی یوتۆپیا و ئایدیۆلۆژیا و پیرۆزی و رەهاگەری و مژدە و دروشمی ساختە، ناهێڵێت خۆشخەیاڵ بیت و دونیا بڕازێنێتەوە بۆمان لە کاتێکدا ژیانی خۆمان لە ناو زیندان و شێتخانە و کوشتارگا و نەخۆشخانە بێت وەک ئێستاکێ.
کەواتە من جەخت لەسەر وتە جەرگبڕەکەی ” میلان كۆندێرا” دەکەمەوە کە دەفەرموێت، ” ستایشی داستان تەنیا لەوە دایە كە ستایشی بەزین دەکات.”. زەقترین نموونەش رۆمانی ” دۆن کیخۆتە”ی (سێرڤانتس)ە.

*کەواتە تۆ مەبەستت بووە خۆشەویستی بە شكست كۆتایی بێت؟. لە رۆمانی “ژنێك بەسەر منارەوە” ئاماژە بە کارەکتەرێک دەکەیت کە ناوی “هۆمەر”ە و شۆڕش دەینێرێت بۆ ئەوەی ژنە لەشفرۆشەكان بکوژێت، کەچی دواتر لە رێگەی عیشقی کچێکەوە کە “شادی” ناوە دەکەوێتە گومان لە خۆی و شۆرش، بگرە پەشیمان دەبێتەوە و هەڵدەگەڕێتەوە. عەشق یان ئەدەب كامیان دەتوانرێت قووڵتر مرۆڤ بگۆڕێت؟

_شێرزاد حەسەن: دیارە هەردووکیان، ئەدەب و عیشق، هەر یەکە و بە شێوەی جیاواز و زمانی تایبەت بە خۆی مرۆڤ دەگۆڕێت، هەر لەبەر ئەوەشە کە خۆشەویستی یەکێکە لە تێما و بابەت و ناوەرۆکە هەرە دیار و باو و زەقەکانی ناو جیهانی هونەر و ئەدەبیات، چونکە رۆح و کرۆکی ژیان و زیندەگییە، بەڵام لە ئەدەبدا تێما و بابەتی ئەوینداری ئەزموونێكی زۆر هەڵبژاردەیە، لە هۆشمەندییەکی باڵاترەوە دێت، پەیوەندی بە شارستانبوونی مرۆڤەوە هەیە، نموونەی وڵاتی “یۆنان” کە لە تەک فیکر و فەلسەفەدا پەرە بە شیعر و شانۆ و داستان و ئەفسانە و رەسم و پەیکەرتاشی و بگرە گشت هونەرەکان دەدات، چونکە لەوێدا رۆحی بە شارستانبوونی مرۆڤ چەکەرە دەکات، هاوکات تێمای عیشق و ئەوینداری و ئیرۆتیکا پتر گەشە دەکات و دەنێو دونیای ئەدەبیاتدا رەنگی داوەتەوە. ئەفسانەی ” ئۆدیب –ی پادشا” هەر هەبووە لە کۆندا، بەڵام ئەوە نووسەرێکی وەک “سۆفۆکلیس” دێت و دەیکات بە شانۆگەرییەکی نەمر، کە دواتر دەروونناسێکی وەک “فرۆید” بۆ خوێندنەوەی مرۆڤ و ئایین و دامەزراندنی شارستانیەت و هەم پەیدابوونی ئایینەکان و تاوانی کوشتنی باوک و ستەم و دەیەها بابەت و تێما و نهێنی خودی ژیان و بوون کەڵکی لێ دەبینێت. دواتر دەیەها دەروونناس و وئەدیب دێن و کەڵک لە ئەفسانەی ” ئۆدیب – ی پادشا وەردەگرن کە من بۆ خۆم لە ژێر کاریگەری هەمان ئەفسانەدا خەیاڵم ئاگر دەدەم کە بتوانم لە نۆڤلێتی/کورتە رۆمانی “حەسار و سەگەکانی باوکم”دا منیش باسی باوکی کوردانە بکەم، کە نوقمە لە ستەم و بێدادی، جا لە خانەوادەوە بیگرە تا ناو تەویلە و گەوڕی سیاسەتی ئێمە و درۆی شۆرش و رووبارێک لە خوێن، بگرە من گەرەکمە بڵێم ئێمە و ئازادی دووانەی هەمان سک نین، هێشتا کۆرپەی سەربەستی لە هەموو ڕەشهەڵاتی ناوەراست -دا لە دایک نەبووە.

بۆ من ئەو دۆخەی کە ئێمە تیایدا دەژین لە باری کۆمەڵایەتی و رامیارییەوە بە تەنها ستەم نییە، بەڵکو ڕۆحی رەشی ستەمە کە هەموو ژیان و زیندەگی ئێمەی گەمارۆ داوە. ئیدی بۆ دەبێت من هەر لە ختوخۆڕایی باس لە سەرکەوتن و سوپەرمان و ئاگرخۆر بکەم؟ دوا جار خودی نووسێن بەرهەم و زادەی دیدگا و جیهانبینی ئەو نووەسەرە خۆیەتی، رەنجی خوێندنەوە و ئەزموونی ژیان و تێگەیشنتنی منە. دابەشکردنی کارەکتەرەکانی ناو چیرۆک و شانۆگەری و رۆمانەکان بەسەر دوو کاتیگۆری سەرکەوتوو یان بەزیو لەمڕۆکەدا باوی نەماوە و سواوە.

*لە ئەدەبیاتی تۆدا جۆرێك لە ترس هەست پێدەكرێت. ئەو ترسەی كە “فرۆید” لە کتێبی “موسا و یەكتاپەرستی” ئاماژەی پێکردووە کە درێژبوونەوەی ترسە لە باوك کە بە دەردی (عوساب) دەگات و دواتر بە ترس لە خودا دەگاتە چڵەپۆپە. ئایا ئەو ترس و تۆقین و پەیوەندییە ناڕێکەش لەو هێزە زۆرەی باوکەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەیەتی لە باری فیزیکی / جەستەیی و رۆحییەوە بەسەر فەرزەندەکانییەوە؟

_شێرزاد حەسەن: بە بۆچوونی من گرێی ئۆدیب هیچ نییە، بێجگە لە خولیا و کەڵکەڵەی فەرزەندەکان کە چۆن لە ستەمی باوک رزگاریان بێت، دیارە دوای کوشتنی باوکیش هەستکردن بە گوناه و تاوان رۆحی هەموویان دەهاڕێت، ناچار رۆحی باوکە پیرۆز بکەن بە دروستکردنی کۆتەڵ و پەیکەر و بتی داتاشراو یان تەوتەم وەک رەمزێک بۆ زاتی باوکە، دواتر ترس و تۆقینەکە تەشەنە دەکات و ئیدی بە خەیاڵی کوشندە و ماندووی کچەکان و کوڕەکان ناچارن بەوەی رۆحی باوکە لە ناو دار و بەرد و شاخ و رووبار و بگرە هەر هەموو رەگەزەکانی ناو سروشت پەرت و بڵاو بکەنەوە، ئیدی باوکە دوای مەرگیش هەموو دونیایان لێ داگیر دەکاتەوە، بە رای من قۆناغی بتپەرستی زادەی چەشنێک لە پەرستن و سروتی پیرۆزکردنەکانی رۆحی باوان یان خودی باوە گەورەیە کە ئامادەن ببن بە قوربانیشی کە لە چیرۆکی ” سەربڕینی ئیسماعیل –دا لە لایەن “ئیبراهیم”ی باوکییەوە دەگاتە چڵەپۆپەی هەستکردن بە گوناه و ئامادەگی بوون بە قوربانی بۆ پاکبوونەوە لە خەیاڵی کوشتنی باوکدا کە دیار دەبێت بە “تابوو” واتا حەرامی هەرە حەرامەکان، باوکیش دەبێتەوە بە “تەوتەم”، بە واتا رەمز و سونبولێکی پیرۆز بۆ رۆحی باوکە، کە دەکرێت كۆتەڵیك بێت یان درەختێك و رووبارێک کە رۆحی باوکە تیایدا جێگیر بووە.. ئیدی کۆی سروشت بە رۆحی باوکە نەخشین دەبێت، بە بۆچوونی من قۆناغی بتپەرستی و سروشتپەرستی و بووونی ئەو سەدەها خوداوەندەی کە بۆ هەزارەها ساڵ مرۆڤ کرنۆشی بۆ بردووە زادەی ترس و تاوانی کوشتنی باوکە، کە دوا جار ترس و بیمەکە وەها دەئاوسێت و گەورە دەبێت کە بەندەکانی ناو سروشت ناچار دەبن خودا لەسەر زەمینەوە بگوێزنەوە بۆ ئاسمان کە ئەمجارەیان باوکە بە تەنیا سروشتی داگیر نەکردووە، بگرە زەوی و ئاسمان و هەر هەموو گەردوون هی خۆیەتی، کەواتە ناتوانین لە هەژموونی قەبە و هێزی لە بن نەهاتووی باوك دەربچین کە بەر نەفرەتی كەوتووین و هەرگیز پاک نابینەوە، بەڵام کەڵکەڵە و خولیای کوشتنی باوک وەک کەڵەگا و ستەمکار دەنێو هەموو کولتوورەکاندا بوونی هەبووە.

با من نموونەیەکی زیندوو بێنمەوە کە ئەویش فەرمانڕەوایی نەوەی سێیەم و چوارەمی بنەماڵەی بارزانی –ییە كە من وای دەبینم گەر هێز و ناو و مێژووی مەلا مستەفای بارزانی نەبووایە، هیچیان نەیاندەتوانی تا هەنووکە لەسەر تەختی دەستەڵاتداری و سەرمایەگوزاری بەردەوام بن، دیارە بۆ من گرنگە ئەوە بدرکێنم کە بارزانی باوە گەورە بە جەستە مردووە بەڵام ئەفسوونی و هێزی خواهانەی ماوە کە نەوەکانی دوای خۆی تا هەنووکە سوودی خراپیشی لێدەبینن. دیارە بە هەمان شێوە و کەمێک کاڵتر بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی –یش راستە، بگرە بۆ هەموو ئەو شێوە فیوداڵی و دەرەبەگییەی کە بە درێژایی مێژوو کە تا هەنووکەش ماوە و بۆتە یاسا و رێسا کە تەخت و تاجی فەرمانڕەوایی وەک میرات لە باوکەکانەوە بۆ کوڕەکانیان جێدەمێنن. دیارە رامیاری بە مانا مۆدێرنەکەی ئەو رۆحە خێڵگەرییە هەڵدەوەشێنێتەوە چیتر رێز بۆمیراتگری دانانێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتێک و نەتەوەیەک، بەڵکو پەروەردەی مۆدێرن کە ئێمە نیمانە تەنها رێز لە تواناکانی تاکەکەسەکان دەگرێت بۆ هەڵبژاردنی هەر کار وئیشێک و پۆستێک، دوا جار سەرۆک بەر لە هەر شتێک بۆ خۆی هاوڵاتی/هاونیشمانییە و بەس، نابێت پێگە و پۆستەکەی جێگەی ناز و فیز و هەوا و دەبدەبەی تێدا ببێتەوە. ترسی هەرە گەورەی من ئەوەیە کە ئێمە لە ماوەی ئەو بیست و شەش ساڵەی رابردوودا نەمانتوانیوە کچان و کوڕانی نەوەی تازە وا پەروەردە بکەین کە تەییار و ئامادە بێت بۆ خۆسەرقاڵکردن بە زانست و زانیاری، ویست و ئیرادەگەری لەواندا بچێنین، ئاوەز وعەقڵێکی رەخنەگرانەی هەبێت، خۆی لە ترس و شەرم رزگارکردبێت، بەر لە خوێندن بۆ وەدەستهێنانی پیشە، بیر لەوە بکاتەوە چۆنچۆنی ببێت بە مرۆڤ، بە بۆچوونی من و ئامادەگیم لە ناو ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانەکاندا وەک سەرپەرشتیار هێشتا سزادان و ئەشکەنجەدانی کچەکان و کوڕەکان ماون. لە راستیدا ترسی سەرەکیم لەوەدا چڕ دەکەمەوە کە پرۆسەی خەساندندنی نەوە یەک لە دوای یەکەکان: تاکە کارێکە کە زۆر بە وەستایی و کۆششەوە ئەنجاممان داوە.

*تۆ زۆرجار باسی كۆمەڵگای نێرسالاری دەكەیت و دەڵێیت هەموو شتەكان لەم كۆمەڵگایەی ئێمەدا بۆ نێرەوزە، بگرە وێنەی باوکی ستەمکار لەسەر ئاستی خانەوادەدا کە بە ناوی پیرۆزییەوە زیندانێکی بونیاتناوە لە ئەدەبیاتی تۆدا ئامادەگی زەق و زۆرە، کەچی هەمان ئەو وێنەی کەڵەگا و دکتاتۆرە لە ژیانی رامیاری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کۆی پانتایی و جومگەکانی کۆمەڵگای ئێمەدا سەدبارە دەبێتەوە. ئەوەیان لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکانی تۆدا دووبارە دەبێتەوە؟ ئایا بە راست زەخمی ستەمەکە وەها کوشندەیە؟

_شێرزاد حەسەن: بەڵێ.. ئەوەی دەگوزەرێت گڕدانی دۆزەخێکە بۆ هەموومان، بەڵام هەر هەمووان خۆیان لە بینین و درکاندنی دەدزنەوە. گرێی ئۆدیب، یاسا و رێسا ئاسمانی و سەرزەمینی باوانی پیرۆز کردووە کە کەم کەس هەیە بوێرێت گومان لەو پێگە پیرۆزەی باوکە ستەمکارەکان بکات لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و هەم رامیاری، دیارە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد ئەو کاتەی نهێنییەکانی ئەفسانەی “ئۆدیب – ی پادشا” مان درکاند، پیرۆزییەک کە لە ئاکامی کوشتنی باوکەوە بە دەستی فەرزەندەکانی دەگاتە ترس و تۆقینێک کە بە پەرستنی باوک کۆتایی دێت، دەئاوسێ و دەپەنمێت و قەبە و گەورە دەبێت لە خوداوەندە دێرینەکاندا دەبێت بە سرووتی هەزار شێوە لە پەرستن، دواتریش لە ئایینە ئیبراهیمییەکاندا بە یەکتاخوایی دەگات و مرۆڤایەتی پێوەی پاند دەبێت و تا هەنووکەش بەردەوامە. هەڵبەتە کارەساتی پیرۆزیش دەبێت بە مایەی تەڵاقدانی هەم کوشتنی عەقڵ و ئاوەز. دەبێت ئەوەش بزانین کە هەر سێ ئایینە ئیبراهیمییەکە زادەی باوکسالارییە و هەم دووبارە بەرهەمهێنەری نێرسالارییە بە زەخم و زیادەیەکی زۆرەوە.

*هۆكاری ئەوە چییە، كە زۆرجار لەناو ئەم كۆمەڵگا نێرسالارییەدا كە تۆ زۆر دووپاتیدەكەیتەوە، ژنەكانیش هەمان نواندن و نمایشی پیاوان دووبارە دەكەنەوە؟ بۆ نموونە: ترس لە مێینە بوون و بگرە خۆ بە گوناهبارکردنێکی بەردەوامی ژنان بۆ خودی خۆیان و هەم بۆ یەکتری، هاوکات هەموو هەوڵەکانی رەگەزی مێ بۆ ئەوەیە نێرینەکان ئاسوودە بکەن هەتا گەر لەسەر حیسابی بەدبەختی خۆیشیان بێت؟

_شێرزاد حەسەن: تێگەیشتن لەوەی بۆچی ژنان کەوتوونەتە ژێر هەژموون و دەستەڵاتی پیاوەکانەوە وامان لێدەکات بگەڕێینەوە بۆ کۆی مێژووی ستەم لەسەر ئاستی مرۆڤایەتی و پاشان لەسەر ئاستی ستەمی نێرینە دەرهەق بە مێینە. ئەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ داگیركردنی مێشكی خانمان لە لایەن پیاوەکانەوە لە رێگەی هەزارەها بەند و داو و تەپکە و تەڵە و فاقە و یاسا و رێسا ئاسمانی و هەم سەرزەمینییەکان، کە مێشک داگیرکرا، ئیدی زۆر ئاسانە کچەکان و ژنەکان بخەینە ژێر رکێفی خۆمان و جڵەوگیری ئێمەی نێرینەبن، بگرە خودی زمان تا هەنووکە زمانێکە هی نێرە و لە بەرژەوەندی نێریش خۆی دەنوێنێت، بگرە هەر لە سەرەتای ئەفسانەی خەلیقەتەوە کە یەزدان “ئادەم و حەوا” دروست دەکات، لە هەر سێ ئایینەکەدا بە ئەندازەی زۆر یان کەمەوە جەخت لەوە کراوەتەوە کە “حەوا” لە پێناو “ئادەم”دا خولقاوە، بگرە چەندین فەرموودەی باوەڕپێکراو هەیە کە جەخت لەوە دەکاتەوە کە رەزامەندی یەزدان لە ژنان پەیوەستە بە رەزامەندی مێردەکانیانەوە، دەگوترێ ئەوە “ئادەم”ە کە ناو لە شتەکانی دەوروبەری خۆی دەنێت نەک “حەوا”، هەڵبەتە بە یارمەتی یەزدان فێری ناوی شتەکانی ناو سروشت دەبێت، ئەوە “ئادەم”ە ناو لە “حەوا” دەنێت: حەوا، حەوا بۆ خۆی خامۆشە و گوێڕایەڵە.

بیرمان نەچیت کە گوناهی یەکەم خراوەتە ئەستۆی “حەوا” کە لە پای دەمبردنە بۆ میوەی قەدەغەکراو و فریودانی ئادەم بۆ تامکردنی میوەی حەرامکراو، پاشانیش تڕۆکردنمان لە بەهەشت، ژنان کەم عەقڵ و کەم دین هەژمار دەکرێن لە لایەن پیاوانەوە کە بۆ خۆی وای لێدێت کە ئەندازەسازی رەوشتپارێزی و مۆڕال لە لایەن پیاوانەوە بۆ ژنان دابمەزرێنن، یەکەمین گومانی لە میراتی ئەو کولتوورەی نێرینە بۆ خۆی نەخشەی کێشاوە لە زمانەوە دەستی پێکرد، چونکە هیچ فکرێکی سپی و رەش لە دەرەوەی زمان بوونی نییە، زمانێک کە لە “ئادەم” ەوە تا هەنووکە هی پیاوەکانە و کۆی یاسا و رێساکانی بە قازانج و سوودی رەگەزی نێرینە نووسراوەتەوە، بەڵام بۆ تا هەنووکە نەگۆڕاوە؟ چونکە پیاوان و ژنان پێکەوە هیچ گومانێکیان لەم زبڵ و زارە نییە کا بە پیرۆز ناسراوە، سەرباری ئەوەش هۆشیارییەکی زۆر و زاحڵ دەوێت پیاوان بێنە پای ئەوەی شەرم لە خۆیان بکەن و ئەو یاسا و رێسایانە هەڵبوەشێننەوە کە ستەم و بێدادی تێدایە دەرهەق بە ژنان. بگرە “حەوا” و کچەکانی کە دایکان و خوشکان و کچان و هاوژینەکانی من و ئێوەیە کراون بە هاوڕێی شەیتان، گوایە ئەوە شەیتانە کە هانی “حەوا” دەدات لە سێوە حەرامەکە بخوات. ژنان بۆ هەمیشە لە لایەن نێرینەکانەوە هەم ڕامکراون و هەم ڕاوکراون. ژنان بۆ خۆیان بڕوایان وایە شایستەی جۆرەها سزان کە بەر نەفرەتی یەزدان کەوتوون، بگرە من دەیەها جار لە ژنان و کچانم بیستووە کە وتوویانە، ” خوشکی خۆم.. ئێمە لە پەراسووی خوار و خێچی ئادەم خولقاوین و تازە هەرگیز راست نابینەوە.” لە راستیشدا ئەم روانینە زادەی زمانی خوار وخیچی نێرگەلێکی خۆ بە زلزانە، من گومانم لەوەدا نییە کە ژنان دوای تێکشکانی دایکسالاری لە بەرامبەر باوکسالاریدا بە تەواوی لە ناو مێژوودا جێلەق دەبن و وەدەر دەندرێن، چونکە پیاو بە تەنیا خۆی دەکات بە خاوەن مێژوو. فەرموو سەیری ناو هەر هەموو کایەکانی ژیان بکە، نە لە ناو کایەی ئاییندا و نە لەنا دونیای رامیاری و نە لە بازاڕ و سەرمەیگوزاریدا ژنان ئامادە نین، نەک خۆیان حەز بەوە بکەن.. نەخێر، بەڵکو پێگەی خانمان لە هەر سێ کایەکە نزمە و ریگا پێدراو نیە ژنان کێبڕکێ و ململانی دەگەڵ پیاواندا بکەن..کاری نەکردەیە. گوێ لەم فەرموودەیە بگرە سەبارەت بە خانمان، “من لە دوای خۆم هیچ فیتنەیەكم بەجێنەهێشتووە لە ژنان زیانبەخشتر بەرامبەر بە پیاوان.

*ئەدەب چۆن دەتوانێت هەموو ئەم تێڕوانینانە بگۆڕێت؟

_ شێرزاد حەسەن: سەرەتا گوتم کە ئەدەب وەک سیاسەتباز ورابەری ئایینی خاوەنی ئایدۆلۆژیا نییە، کە نیازی بێت من و تۆ وا پەروەدە بکات کە کۆی پەیامەکانی بە پیرۆز بزانین و پەیرەوی لێبکەین، ئەدەب تەنها ئەو هێز و هۆشیارییە زاڵ و زۆرەمان دەداتێ کە هەمیشە بپرسین و گومان بکەین، دیدگایەکی رەخنەگرانەت پێدەبخشێت، گۆڕانکاری لە مرۆڤدا و پەیداکردنی تێڕوانین و جیهانبینی تازە کارێکی ئاسان نییە کە لە میانەی چەند ساڵیکی کەمدا بێنە دی، ئەوەیان کار و ئەرکی پەروەردەی مۆدێرنە کە منداڵێکی تازەمان بۆ ئامادە بکات بە مەرجی گومانکردن لە بڕێکی زۆری ئەو میراتە فیکری و فەرهەنگی و یاسا و رێسا و نۆرمە کۆمەڵایتییەکان ببێت بە سەرمەشقی نەخشە و پلان و ستراتیژی درێژخایەن، ئەو گۆڕانکاریییە رادیکالەی ئێمە دیخوازین کار و پرۆسەیەکی مێژووییە و عەقڵی گەورە و ویست و خەونی گەرەکە کە بە داخەوە دەستەڵاتداران و پەروەردەکارانی ئێمە لەو بیست و شەش ساڵەی رابردوودا خەوتبوون. ئەو گؤرانکارییە زادەی کەڵەکەبوونی زانست و زانیاری و ماریفەتێکی پڕ و دەوڵەمەندە، دیارە من هیچ ئومدێکم نییە کە خانەوادەی کوردان بتوانن منداڵەکانیان لەسەر خۆشەویستی فیکر و ئەدەب و هونەر پەروەردە بکەن، هەموومان دەزانین قوتابخانەکانیش کاولەئاشن و بگرە کچەکان و کوڕەکانمان لە کتێب و زانست و زانیاری دەتۆرێنن، سیستمی پەروەردە و فێرکردنی ئێرە نەوەیەکی تازەی دروست نەکرد کە هێزی بیرکردنەوە و شیکاری و لێکۆڵینەوە و خوخوێندنەوە و دونیاناسینی هەبێت.. بۆیە دونیای ئێمە لە تووتیستان و کیڵگەی داهۆڵەکان دەچیت.

لە هەموو دونیای پێشکەوتوتر لە ئێمە كچەکان و کوڕەکان هەر لە سەرەتاوە فێری ئەوە دەکرێن بەدەر لە بابەت و پرۆگرامەکانی خوێندن، عاشقی خوێندنەوە ببن و بگەڕێن و ببینن و ببیستن بۆ ئەوەی بتوانن بیر و بۆچوون و شیکاری و لێکدانەوەی خۆیان هەبێت لەسر ئەو ئەزموون و زانست و زانیاریانەی کە دەخڕیتە بەردەست و چاوانیان.ئەرکی پەروەردەی تازەیە کە خەون بە دامەزرندنی جیهانێکی تازەوە ببینێت، ئێمە تا هەنووکە نەمانکردووە، کەواتە سەیر نییە لە شکستێکەوە بۆ شکستێکی دیکە درێژە بە ژیانێکی سست و بێ داهێنان و خەون و خەیاڵ دەدەین. پەروەردەی مرۆڤدۆست و عەقڵزەدە پرۆژە و خەونی ئەوەی هەیە کە فێری هونەری ژیان و خۆشەویستیمان بکات کە نەیکردووە. ئەوەندەی من ئاگادار بم وڵاتانی ئاوروپا لە دوای دوو جەنگی وێرانکار توانیان کەم و زۆر بەخۆبکەون و روو لە بەرپاکردنی رۆحی ئاشتیەوانی بکەن کە ئەوەش بێ پەروەردەی مرۆڤدۆستانە نەدەهاتە کایەوە، ڕەشهەڵاتی ناوەراست تا هەنووکە، بە کوردستانیشەو، خەونێکی وای نییە ئومێدمان بە داهاتوو هەبێت. دیارە لە دوا راپۆرتی یەکێتی ئاوروپا کە بۆ سەدەی بیست و یەک و هەزارەی سێیەم ئامادە کرابوو، تیایدا بە ئاشکرا دیارە کە گومانیان لە پەروەردەی خۆیان هەیە کە ئەگەر تەییار و ئامادە نەبن ئەگەری دووبارەبونەوەی مەترسییەکانی سەدەی بیست ئەگەرێکی دوور نییە، بە تایبەتی لە بواری توندوتیژی و رەگەزپەرستی و نایەکسانی و بێدادی و پێگەی نزمى خانمان بە بەروارد دەگەڵ پیاوان، پیسبوونی ژینگە کە ئاو و هەوا و خاک گەنیوتر بوون لە جاران..سەرباری ترسیان لە کوژانەوەی ئەم ئەستێرەیەی کە ئێمە لەسەری دەژین لە ئایندەیەکی نزیک یان دووردا.

*زۆر جاران ئەدەبیات دەستكاری كۆمەڵگا دەكات، كۆمەڵگا ئاسوودە نییە بەو نووسەرەی كە باسی جۆرێك لە تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگا دەكات، بگرە ڕەتی دەكاتەوە، مەبەستم ئەوەیە ئەدەب تا چ رادەیەک بە مافی خۆی دەزانێت کە پەردە هەڵماڵێت لەسەر نەنگی و کەموکوڕی و داڕزانی کۆمەڵگا؟

_شێرزادحەسەن: بە بۆچوونی من، ئەدەبێك ئابڕووبەرە نەبێت و پەردە هەڵنەداتەوە لەسەر رووداوە سەیر و سەمەرەکان و گۆبەندەکان و ئەو ژیانە تراژیدی و هەم کۆمیدییەی مرۆڤ.. کەواتە هیچی نەکردووە، گەر نەچێتە ناو چڵپاو و زەلکاوە شاراوەکانی ناو شار و گەڕەکە دۆزەخییەکانی ئێمە و شۆڕ نەبێتەوە بۆ ئەو ئەشکەوت و بەشە تاریکەی وا لە ناو ناخی هەمووماندایە، رەسمی ئەو بڕە زۆرەی توندوتیژییە نەکات، کە ژیانی ئێمەی خوێناوی و غەمگین کردووە.. ستەمی نەبڕاوە دژی منداڵان و ژنان، قسەیەکی نەبێت سەبارەت بەو مۆتەکە و کابووسەی ناومان ناوە مێژوو کە درۆیە و نیمانە، یان شۆڕشی چەواشە، یان بە داهۆڵ- بوونی ئەو هەموو پیاوە بەتاڵانە.. هەموو ئەو شتانەی كە مرۆڤ شەرمی لێدەكات و لێشی دەترسێت، گەر وا نەکات.. دەکرێت هەر ناوێکی دیکەی لێ بنێیت، بەڵام ئەدەب و هونەر و داهێنان نییە. ڕەنگە چەند خوێنەرێكی تەوەزەلی هەبێت کە دڵی نووسەرەکە خۆش بکات، بەڵام ناتوانێت خوێنەرێكی زیرەك پەیدا بكات. گەر سەیری مێژووی ئەدەبیات بکەین تێدەگەین کە بۆچی لە هەموو سەردەمەکاندا سانسۆر و چاودێری دەستەڵاتداران و کەسانی کۆنەپارێز هەبوون بۆ خنکاندنی دەنگی ئازاد و دلێری نووسەران، بگرە بە بیانووی سنووربەزاندن و شکاندنی حەرامەکان و قەدەغشکێنی ژمارەیەکی کەم و زۆر لە نووسەران لە جوگرافیای جیاواز و سەردەمە دێرینەکان و هەم لە هەنووکەدا سزا دراون بە توندکردنیان لە زیندان و ئەشکەنجەدان و شاربەدەرکردن و تڕۆکردن و کوشتن، جا چ بە ناوی ئایدیۆلۆژیان ئاسمانی بووبێت یان سەرزەمینی کە هەردووکیان پیرۆزیان بۆ خۆیان قۆرغ کردووە.

رۆماننووسی ئایرلەندی “جێمس جۆیس” دارکاری کرا لە سۆنگەی بڵاوبوونەوەی کۆمەڵە چیرۆکی” خەڵکانی دەبلن” گوایە ئاماژەی بە چەند کارەکتەرێکی ناو شاری “دەبلن” کردووە کە دەناسرانەوە، گوایە ئابڕووبەرە بووە، هەر خودی ئەو نووسەرە وتەیەکی تووڕەی هەیە کە گوتوویەتی، ” من ناتوانم بنووسم بە بێ بریندارکردنی هەستی ئەوانیدیکە! “نەجیب مەحفوز”یش لەسەر بڵاوبوونەوەی رۆمانی ” منداڵانی گەڕەکەکەمان” لە لایەن ئیسلامییە توندڕۆکان بەر چەقۆ درا. دوو نووسەری ئینگلیز کە کوڕ و باوک بوون: کە لە دوو قۆناغی جیاواز دەژیان و هەم ئەزموونیشیان لە یەکدی نەدەچوو، پتر سەرگەرمی نووسینی رۆمان بوون، مارتن – ی کوڕی دەیگوت گەر باوکم رۆمانێک سەبارەت بە خانەوادەی خۆمان بنووسێت، هەموو وردەکارییەکان باس دەکات، بەڵام توخنی ژووری نووستنی خۆی و دایکم ناکەوێت، بەڵام جیاوازی من لەتەک باوکمدا کە سەر بە نەوەیەکی تازەم ئەوەیە گەر منیش رۆمانێک سەبارەت بە خانەوادەی خۆمان بنووسم .. بەر لە هەر شتێک دەرگای ژووری خەوتنی دایک و باوکم دەکەمەوە. هەڵبەتە مەبەستی مارتن ئاشکرا و روونە.

زۆرینەی مرۆڤەکان حەزیان نییە ئاوێنەیەکیان بدەینێ و داوایان لێبکەین سەیری خۆیان بکەن گەر هەست بکەن پیس و چڵکن و ناشیرینن. مەرجە رێز لە فیکشن یان ئەدەبی داستان –ئامێز بگرین کە بڕوای بەوە نییە کەسانێک هەن فریشتە و کەسانێکیش شەیتانن.. نەخێر، بەلکو لە ئەدەبی گێڕانەوەدا کە بە فیکشن ناسراوە ئاماژە بە راستییەک دەکات کە نووسەران سەرگەرمی باس و خواسی ژیان و زیندەگییەکن کە هەمووو شتێکی تێدایە، واتا فیکش تۆماری باباتگەلێکە لە ژیانەوە قەرز کراو یان وەک ژیان وایە بە هەردوو دیوی جوان و ناشیرینی، بەڵام بێ داداگاییکردن و لە قەفەزنان، کەس سووک سەیری کارەکتەری “سۆنیا” ناکات لە رۆمانی ” تاوان و سزا”ی رۆماننوسی روسی ‘ دۆستیۆڤسکی”، کە ناچارە قوربانی بە لەشی خۆی بدات تاوەکو بتوانێت خوشک و براکانی بەخێو بکات، دەتوانین ئاماژە بە سەدەها کارەکتەری بەدکار و شەڕانگێز بکەین کە لە بری رق هەڵگرتن ئێمە هاوسۆزیانین.لە فیکشندا ژیان بە هەموو رەنگە جیاوازەکانەوە خۆی دەنوێنێت.

*تا چەند لەگەڵ ئەدەبی ڕووتبوونەوەدایت، كە داماڵینە لە هەموو شتێكی رووکەشانە؟

_شێرزاد حەسەن: ئەرکی ئەدەبە کە دەمامکەکان داماڵیت و مرۆڤ وەک خۆی دەربکەوێت، بە تایبەتی لە باری رۆحی و رەوانییەوە، واتا ناسینی دیوە شاراوەکەی، ئەدەب پەلاماری نادیار دەدات بەر لەوەی خۆی لە قەرەی ئەو بەشە بدات کە هەموومان پێی ئاشناین. ئەرکی ئەدەبە کە نائاسایی بکات بە ئاسایی و پێچەوانەکەشی راستە. بروا ناکەم تۆ مەبەستت “پۆڕنؤ” بێت سەبارەت بە ئەدەبی رووتبوونەوە، بەڵام هەموومان دەزانین کە ئەدەبی “ئیرۆتیکا” کە دیوە سۆزداری و عیشقییەکەی مرۆڤە پانتاییەکی گەورەی لە ئەدەبیاتی جیهانی داگیر کردووە. بە بڕوای من مرۆڤی ئەم سەردەمە تووشی سەرەتان / شێرپەنجەی رۆحی بووە کە مەرجە نووسەران ئاوڕی لێ بدەنەوە نەک وەک پزیشکی دەروونی و بەس، بەڵکو وەک ئەو نووسەرەی کە چاوی چۆلەکەی هەیە و هەر چواردەوری خۆی دەبینێت و دەپشکنێت. من بۆ خۆم نووسەر وەک بیرلێدەر دەبینم کە ناچارە چەندین چینی زەوی و خاک هەڵبکؤڵیت تاوەکو دەگاتە ئاوی پاک هەڵقوڵاو، مەرجە نووسەریش بە هەزار فانۆسەوە سەردانی ئەو ئەشکەوتە تاریکەی ناو ناخی مرۆڤ بکات، دەکرێت من و تۆ و ئەوانیدیکە دۆزەخێک لە ناو بوونی ئێمەدا هەبێت، نووسەری ئازا ئەوەیە کە بوێرێت سەر بەسەر زارکی ئەو جەهەننەمەدا شۆڕ بکاتەوە و بگرە پیاسەی بە ناودآ بکات، بە واتا من گەر وەک دۆزەخییەکان نەسووتێم: ئاخۆ چۆن بتوانم باسی سووتان بکەم؟

*هەموو ئەو نائومێدییەی لە ئەدەبیاتی تۆدا هەیە، پەیوەندی بەوەوە هەیە كە مرۆڤ دەمرێت و بوونەوەرێكی نەمر نییە، گەر وەكو گلگامێش بەدوای نەمرییەوە بگەڕایە، گریمان نەمری دەستبكەوتایە. ئایا تۆ هەر وا نائومێد دەبوویت یان ئەگەری ڕزگاربوون زیاتر دەبوو؟

_ شێرزاد حەسەن: بە بۆچوونی “ئەلبێر کامۆ” خودی مەرگ زاڵترین خولیا و بیرۆکەیە کە مرۆڤی داگیر کردووە. ئەگەر مرۆڤ نەمریش بووایە بێ گرفت و کێشە نەدەبوو، گەرچی هەندێک بیریار و دانا و سۆفی مەرگ بە کۆتایی نازانن، بەڵکو بە درێژکراوەی ژیانی دەزانن. حەسرەتی نووسەرێکی وەک “گابریل گارسیا مارکیز” ئەوە بوو کە ئەزموونی مەرگ لای نەبۆتە نووسین، یان شاعیرێکی وەک “ئەدۆنیس” بڕوای وایە ئەو خودی مەرگە وایکردوو مرۆڤ خودایەک و قیامەتێک بخوازێت. مەرگ بۆ خۆی وەک چەمک و مانا تێمایەکی سەرەکی ناو دونیای ئەدەبیاتە. ئەوەی کە بۆ من مایەی بایەخ و تێڕامانە ئەوەیە کە خەڵکی ئێمە مەرگدۆستە نەک ژیاندۆست، غەریزەی مەرگ و ژیان کە لە ململانێدان، پارسەنگی مەرگ قورسترە لە هی ژیان، بەڵام نائومیدی من هیچ پەیوەندی بە ترسەوە نییە لە مەرگ، بەڵکو هاوارێکە بۆ ژیاندۆستی، بەڵام من ناچارم وەک نووسەر باسی ئەو مەرگپەرستییە بکەم کە رۆحی خەڵکی ئێمەی تاریک کردووە. من لە هەوڵی ئەوەدام گومان لە مرۆڤ بکەم، بە تایبەتی پیاو کە لەوەتەی هێز و توانای پەیدا کردووە، سەرگەرمی جەنگ و ڕاووشکارییە. مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی جەنگە هەمیشەییەکانە.

*كە ژیان ئەوەندە ڕەش و ناخۆشە بۆچی مەرگ هەڵنەبژێرین پێش ئەوەی خۆی بێت؟

_شێرزاد حەسەن: هەڵبەتە هەندێك كەس لە نێوەندی نووسەران و هونەرمەندان و فەیلەسووفان بە خوایشتی خۆیان مەرگیان هەڵبژاردووە، ناوی گەورە و درەوشاوەش بوون. من لە تەمەنی لاوییەتیمدا بیرم لێدەکردەوە کە کۆتایی بە خۆم بێنم، چونکە زیندەگیم زێدە تاڵ بوو، وەلی چوار هۆکار نەیانهێشت دەستم بچێتە خۆم: تەنیایی و خەمی ناقۆڵای دایکم کە لە دوای من دە منداڵی ببوو، ستەمدیدە بوو بە دەست باوکێکی قومارچی و دەستوەشین و هەم جنێفرۆش، دووەمیان مۆسیقا بوو، نەک وەک ژەنیار، بەڵکو من گوێگرێکی هەمیشەیی مۆسیقا بووم، سێیەمیان کە دواتر هەموو ژیان ئاوەدان دەکاتەوە: ئەدەبیات بوو، چ وەک خوێندنەوە و چ وەک نووسین. چوارەمیان شاگەشکەبوونی من بە سینەما کە بۆ من دۆزینەوەی جیهانێکی هاوتەریب بوو لەتەک ئەدەبدا.راستی من هاوسۆزی فەیلەسوفی یۆنان-یم کە “ئیپیکورس”ە کە بڕوای وابووە کە” ئەم ناچار نییە بیر لە مەرگ بکاتەوە تا ئەو رۆژەی دەژی، چونکە کە دەمرێت هیچ بوارێکی نەماوە بیر لە ژیان بکاتەوە”، وتەکەی ئەو فەیلەسووفە زێدە پەندئامێزە. هاوکات من بڕوام وایە کە سەگێکی زیندوو، گەر بەڕەڵلا و تۆڕیش بێت جوانترە لە شێرێکی مردوو کە پادشای دارستانە. ئەم رستانە بۆنی ژیاندۆستی لێدێت، بەڵام كابرای دیندار قیامەت دێنێتە بەر ماڵەوە و پەلەیەتی بگاتە حۆرییەکانی ناو بەهەشت. ئەوەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەراست دەگوزەرێت مەرگدۆستییە تا ئەوپەڕی شێتبوون.

*ئایین ڕۆڵیی هەیە لەوەی كە مەرگ جوان بكات؟

_ شێرزاد حەسەن: بێگومان.. زۆریش بە داخەوە، بە تایبەتی مەرگ بۆ کەسانێک کە لەسەر زەمین گیرۆدەن. لە راستیشدا مرۆڤ تاکە ئاژەڵێکە کە نازانێت بژی. زۆربەی بیریار و دانا و زانا و فەیلەسووفەکانی کۆن و نوێ بەدبینن بەرامبەر توخمی مرۆڤ، لە هەنووکەدا ئاو و هەوا و خاک پیس و بۆگەن بوون، خەریکە ئەم ئەستێرەیەی ئێمە دەکوژێتەوە، دەی باشە.. بێجگە لە مرۆڤ کام گیاندار ئەو کارەی کردووە؟ گوایە مرۆڤ خەلیفەی خودایە لەسەر زەمین، دەی ئەگەر مرۆڤ دڕندەی خودا بووایە: چۆن شەڕانگێز و بەربادێکی لێدەردەچوو؟ ئایین رؤڵیکی گەورەی هەبووە لە رازاندنەوەی مەرگ، بگرە مەرگی کردووە بە فریادرەس و هەم گەیشتن بە فیردەوسی پڕ لە حۆری و غیلمان، بە تایبەتی ئایینی ئیسلام، مەگەر هەمووتان گوێتان لە تەلقینی سەر مردووەکانی خۆمان گرتووە کە مەلا دەژنەوێت، ” لقد خرجت من دار الغرور.. و دخلت الی دار السرور. لقد خرجت من دار الفناء.. و دخلت الی دار البقاء” کە مانا کوردییەکەی سووک و پووچکردنی ژیان و دونیایە و ئەو دونیاش هەواری خۆشی و نەمرییە.

فتوحات و غەزەواتی ئیسلامییەکان بە درێژایی مێژوو مژدەی داوە بە جەنگاوەرەکانی کە گەر شەهادەت وەدەست بێنن، بە جلی خوێناوییەوە لە ناو بەهەشتدا دەرحاڵ زیندوو دەبنەوە. بگرە سوپای عوسمانلییەکان کە بەرەو هەر شوێنێک ئەسپیان تاو دەدات مژدەی ئەتک کردنی ژنان و کچانی غەیرە دینیان بە جەنگاوەرەکان دەدا، سەرباری تاڵانی و داگیرکردنی خەڵک و خاک پێکەوە. کەسێک بە قەد چۆلەکەیەک دەماغی هەبێت ئەو مێژووە خوێناوییە بخوێنێتەوە تێدەگات مۆتیڤی سێکس و هەوەس کە لە بەهەشت چنگ دەکەوێت بۆ شەهیدەکان شاخەونی خەونەکان بووە، هەمیشە مەرگ و سێکس دووانەی یەک سک بوون دەنێو ئەو کولتوور و میراتە شەرمهێنە. کەسێک سورەتی ” ئەنفال” بخوێنێتەوە دەزانێت چی دەڵێم کە هاندانە بۆ تاڵانی و ئەتک کردن، ئەی چۆن عەرەبی بیانان-نشین توانی بگاتە چین و هیندوستان و کوردستان و ئیسپانیا؟ بە چەپکە گوڵەوە چوون یان بە زەبری شمشێر داگیریان کرد؟

*لەناو ئەو هەموو كێشە و گرفتانەی ژیاندا، هەر لە نەفرینی نێرسالاری کە بۆ تۆ بووەتە کانگای ستەم، بیگرە هەتا ونبوونی مرۆڤ خۆی. ئایا ئەرکی ئەدەب هەمان پەیامی ئایین و سیاسەتی هەیە کە بانگەشەی بەخشینی ژیانێکی خۆش و شکۆمەندی و بگرە رازاندنەوەی بەهەشتێکە لەسەر زەمین یان لە ئاسمان؟ سەرباری ئەوەش دەنێو هەر دوو کایەی ئایین و رامیاریدا مرۆڤ بووەتە چەقی بیرکردنەوە و هەم نیازیانە بیکەن بە خودان ژیان و سروشت و بگرە هەموو گەردوون. ئایا وایە؟ ئەی ئەدەب نیازی بە چییە بە بەراورد لەتەک ئەو دوو بانگەشەیە کە تۆ خۆت گومانت لەوەدا چڕ بۆتەوە کە هەردووکیان زەریای خوێنیان بەرپا کرددوە؟

_شێرزاد حەسەن: ئەدەب هیچ ئایدۆلۆژیایەكی فەرمی نییە و بانگەشە و مژدەی هیچ بەهەشتێکی پێ نییە، هاوکات سوپەرمارکێتی نییە کە وەک هەر دوو کایەی سیاسەت و ئاییین بە تەن خەون و هیوا و ئاوات بفرۆشێت. ئەدەب دژی ئایدیۆلۆژیایەکە کە فریوی مرۆڤ بدات بۆ مەرگێکی هەرزان، ئەدەب پێناسەی بۆ دۆزەخ و بەهەشت تەواو جیاوازە، بگرە گومانی لە هەردووکیان هەیە بەو شێوە رەهاگەرییەی کە ئایین و سیاسەت قۆڵ لە قۆڵدا باسی دەکەن. ئەدەب دژی هەر چەشنە “یوتۆپیا”یەکە کە دەکرێت ناوی بنێین شاری خەونەکان، بەڵكو ئەدەب ژیان وەكو خۆی وێنا دەکات کە هەموو رەنگەکان لە خۆی دەگرێت، بە قووڵیش ئەو توێكارییە بۆ زیندەگی تاڵی هەموومان دەكات. ئەدەب هیچ دروشمێكی زێرێن و خەونهێنی نییە تاوەکو خەڵکێک لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، بەڵام ئایدۆلۆژیا ئاسمانی و سەرزەمینییەکان خەڵکیان گڕداوە بە ناوی پیرۆزی و ڕەهاگەری و قۆرغکردنی هەر هەموو هەقیقەتەکان و جەخدتکردنەوە لەسەر یەقینگەرایی و فرۆشتنی مژدە و مزگێنی بە نرخی خوێن و فرمێسک و ئارەقە، کە دیارە ئەدەبیات ئامادە نییە حیساب بۆ هیچیان بکات. لە هەمووی گرنگتر ئایین و سیاسەت بە بێ “دۆگما” و “یوتۆپیا” ناژین کە ئەدەب هەردووکیانی تەڵاقداوە، بەڵکو کارکردەی ئەدەب بۆ خۆی گوماکردنە لە پیرۆزی و دۆگما و یۆتۆپیا. من هاوسۆزی وتەیەکی گەوهەرداری “ئەلبێر کامۆ”م کە دەفەرموێت، “ئایینی تازەی من خودی ئەدەبە.” کە دیارە ئەم وتەیە بۆ خۆی گومانکردنە لە ئایین بە مانا هەرە باو و ترادسیۆنەکەی.

*كەواتە ناتوانین وەک فریادرەس تەماشای ئەدەب بکەین؟

_ شێرزاد حەسەن: نەخێر و هەرگیز.. کۆی پرۆژەی ئەدەب و پەیامەکەی گومانکردنە لە هاتنی فریادرەس کە ئایین و سیاسەت کردوویانە بە پایە و بناغە و چەتری خۆیان، ئەدەب بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ خەونی هاتنی فریادرەس و پاڵەوانی رزگارکەر هەڵدەوەشێنێتەوە. هەر بە راستیش کارەساتە لە تاو هەموو گرفت و کێشە و تەڵزگە کۆمەڵایەتی و رامیاری و ئابوورییەکان لەسەر زەمین نەتەوەیەک چاوەڕانی فریادرەسی دێوبەزێن بێت وەک لە ئەفسانەکاندا هاتووە کە پاڵەوانێکی دێوبەزێن دێت خێر و خۆشی لەگەڵ خۆی دێنێت، گرفتی ئێمە ئەوەیە کە بەردەوام سەرمان بۆ ئاسمان هەڵبڕیوە و نزا دەکەین فریادرەسێکمان بۆ دابەزێت. دوا رۆمانی من “دوا شەوی دابەزینی عیسا” گومانی منە لە خۆمان وەک کورد کە لە پەراوێزی مێژووش نزیک نەبووینەتەوە، چونکە چاوەڕوانی فریادرەسین کە ئەوەش بۆ خۆی رەگێکی قووڵی ئایینی لە خۆیدا هەڵگرتووە کە بە تەنیا ئێمە گیرۆدەی نەبووین، بەڵکو بە درێژایی مێژوو لە سەردەم و قۆناغ و جوگرافیای جیاوازدا هەر هەموو خەڵکانی سەر ئەم ئەستێرەیە گیرۆدەی بوون، دیارە هەندێک نەتەوە رزگاریان بووە لەو خۆشخەیاڵییە، بە دیدگای من لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ئەو وەهمە لە ترۆپکدایە.

*کەواتە ئەدەب هۆشیاری بەرهەم دێنێت و تێڕامان و بیركردنەوەی مەردومگەل زیاد دەكات؟

_شێرزاد حەسەن: هەڵبەتە ئەدەب بەو ناسراوە کە بۆتەیەکە زۆرێک لە کۆی زانیاری و ماریفەتی مەردمگەلی لە خۆیدا کۆ کردۆتەوە، سەرباری ئەزموونی پڕ و دەوڵەمەندی جوگرافیا جیاوازەکان، ئەدەب بۆ خۆی خوانی خۆشەویستی و کۆکردنەوەی هەموومانە لەسەر هەمان سفرەی داهێنان و جوانی، ئەدەب خاوەنی هەزاەها ئەندازیارە کە پردی درێژ و بتەو و تۆکمە لە نێوان خەڵکانی هەر حەوت کێشوەرەکە دروست دەکەن کە مەحاڵە بڕوخێت. ئەدەب کەڵەکەبوونی کۆی هۆشیاری و زانیاری عەقڵە گەورەکانی سەرجەم مرۆڤایەتییە، هەر ئەوەشە وایکردووە خوێنەری هەمیشەیی ئەدەبیات بۆ خۆی دەبێت بە رەخنەگرێکی ویژدان زیندوو، ئەدەب هێزی سازاندنی دیالۆگ و فەراهەمکردنی رۆحی ئاشتیەوانی هەیە کە ناهێڵێت پەرت و بلاو ببینەوە، رێک پێچەوانەی هەر دوو کایەی ئایین و سیاسەتە، بە تایبەتی لای خۆمان، کە بۆ هەمیشە وایکردووە خۆمان بە پیرۆز بزانین و ئەواندیکە گڵاو و چەپەڵ، هاوکات دەمانکەن بە دۆژمنی یەکتری بە ناوی جیاوازی بیر و بۆچوون و فەلسەفەی سیاسی جیاواز و خودای جیاواز و دڕدۆنگ و مۆن و کینەباز و شمشێروەشێن.

بڕوای تەواوم بەوە هەیە کە دوورکەوتنەوە لە ئەەدبیات و هونەر کەسانی ساغڵەم و ئاوەزدار و عەقڵزەدە دروست ناکات. من لە دوای تەواوکردنی زانکۆ پتر ئاشنا بووم بە سایکۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیا کە سەر بە زانستە مرۆییەکانن، بەڵام چونکە لە تەمەنی چواردە ساڵییەوە بە ئەدەبیات ئاشنا ببووم، هەستم کرد خوێندنەوەم بۆ ئەدەبیاتی نەتەوەکانی دیکە رێگای بۆ کورت کردوومەتەوە کە ئاسانتر لە سایکۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیا کەڵک ببینم و قووڵتر خۆم و خەڵکی بناسم، دواتر بۆم دەرکەوت کە زانستە مرۆییەکانیش سوودێکی زۆریان لە ئەدەبیات وەرگرتووە، هەر لەبەر ئەوەش بووە کە من زانیم نووسەرێکی وەک “دۆستؤیڤسکی” هەمان هێز توانای ” فرۆید”ی هەبووە لە ناسینی مرۆڤ بە هەموو ئەو نهێنی و گرێ و ترس و درمە رۆحییەکانی کە کەم و زۆر لە ناو هەمووماندا ڕەگی داکوتاوە. بۆ من ئەدەب نازەنیترین یارە کە هەموو رۆژێک بە رۆحێکی تازەوە پێشوازیم لێدەکات، ئەفسوونی ئەدەب لەوەدایە کە ماریفەت و فیکر و زانیاری و ئەزموونی هەموو دونیا دەخاتە بەر دەمی من، بەڵام بە خۆشی و چێژ و غەمێکی سەنگین و مرۆڤپەروەرانە کە هەموو رۆژێک دەمکاتەوە بەو منداڵەی بۆ هەمیشە سەرسام بم و بپرسم و گومان بکەم.. بەڵام هاوکات نەهێڵێت عاشقی خۆم بم بە دیوە نارسیستی و خۆپەرستییەکەی.. بەڵکو بۆ هەمیشە گومانم لە خۆم هەبێت کە زۆرم ماوە ببم بە نووەسەر و ئینجا مرۆڤ… تائهوو.. هێشتا زۆرم ماوە کە منی پێڕەوگە بە گاگۆڵکێ بۆی دەخشم. دەی.. گوایە من کرێکار و شاگردی ناو دونیای ئەدەبیاتم.. دوا نیازی خۆم بۆ ئێوە دەدرکێنم کە لەوەدا چڕی دەکەمەوە: گەر ئەدەبیات سوود و کەڵکی بۆ هیچ کەسانێک نەبووبێت، ئەوجا منیش وەک ئاغزە نووسەر سوود و مانایەکم بۆ هیچ کەس نەبووبێت.. وەلی ئەوەندەم بەسە کە دوای دەیەها ساڵ لە کایەکردنی من دەنێو ئەدەبدا هێز و توانایەکی بە من بەخشیوە کە بۆ هەتاهەتایە لە خورافاتی “ئایین” و “سیاسەت” و مزگێنی و مژدە فاڵسۆکانی رزگارم ببێت و نەشترسم کە تاوەکو ناو جەرگەی جەهەننەم رێبکەم و باکم بە هیچ نەبێت..! دەی لەوە جوانتر گەرەکە ئەدەب چیدیکەم پێببەخشێت؟!




گفتوگۆ لەگەڵ نوسه‌رو ڕه‌خنه‌گر عه‌بدوڵا تاهیر به‌رزنجی

نوسه‌رو ڕه‌خنه‌گر عه‌بدوڵا تاهیر به‌رزنجی:
ده‌قی زیندوو، ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌گر قسه‌شی له‌سه‌ر نه‌كات هه‌ر زیندووه‌.
یه‌كێك له‌ قه‌ڵه‌مه‌ جدی و زیندوه‌كانی ناو دونیای ئه‌ده‌بی ئێمه‌، كه‌ ساڵانێكه‌ وه‌ك وه‌رگێڕو نوسه‌رو ڕه‌خنه‌گر كارده‌كات، مامۆستا (عه‌بدوڵا تاهر) به‌رزنج یه‌، له‌م دیمانه‌یه‌دا چه‌ند پرسیارێكم ده‌رباره‌ی گرنگی (شیعرو گۆڕانكاریه‌كانی چیرۆك و ڕۆمان و پێوسیتی ڕه‌خنه‌) ئاراسته‌كردو سه‌ره‌نجام گفتوگۆكه‌مان ئه‌م دیداره‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

سازدانی : شاخه‌وان سدیق
….

پ1/ هه‌ندێك جار ده‌وترێت، به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی زیندوو نییه‌ تا نه‌چێته‌ به‌رده‌م لێكۆڵینه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی كه‌سی ڕه‌خنه‌گر، به‌ مه‌به‌ستی شرۆڤه‌كردن ودووباره‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌ قووڵه‌كانی ئه‌و به‌رهه‌مه‌، به‌ بڕوای به‌ڕێزتان تا چه‌ند ئه‌م بۆچوونه‌ ڕاسته‌؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ ڕه‌نگه‌ جۆرێك زیاده‌ڕۆیی له‌به‌شێكی بۆچوونه‌كه‌دا هه‌بێت، چونكه‌ هه‌زاره‌ها ده‌قی كۆن و نوێی زیندووی دنیا ومیلله‌تان هه‌ن تا ئێستایش نه‌چوونه‌ته‌ به‌رده‌م لێكۆڵینه‌وه‌ وهه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌خنه‌گران، تا ئێستایش هیچ ڕه‌خنه‌گرێك ده‌ستی بۆ نه‌بردوون. زیندووبوونی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی به‌وه‌ نییه‌، یا مه‌رج نییه‌ بچێته‌ به‌رده‌م لێكۆلینه‌وه‌ی فڵان یا فیسار ڕه‌خنه‌گره‌وه‌، ناكرێت ئه‌مه‌ بكرێت به‌ مه‌رج بۆ زیندوویی ده‌ق وبه‌رهه‌می باڵا. زیندووبوونی به‌رهه‌م په‌یوه‌ندیی به‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ خۆیه‌وه‌یه‌، به‌و كه‌سه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ینووسێت،نه‌ك به‌ ڕه‌خنه‌كاره‌كه‌وه‌،ڕه‌خنه‌كاری به‌توانا و ڕاستگۆ ئه‌توانێت به‌ها جوانه‌كانی كه‌شفكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌های نه‌بوو مه‌حاڵه‌ به‌های پێ‌ ببه‌خشێت. چه‌ندین به‌لكو بگره‌ زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌ جوانه‌كانی گۆران یا (شێركۆ یا حسێن عارف) له‌ گه‌وره‌یی خۆیان ناكه‌ون وهیچ كه‌سێكیش ده‌ستی بۆ نه‌بردوون، چه‌ندین به‌رهه‌می مردوویش یا بێكه‌ڵكیش هه‌ن به‌ وتار و كتێب له‌سه‌ریان نووسراوه‌،به‌تایبه‌تی له‌ زانكۆكاندا. له‌و زانكۆ زلوزه‌به‌لاحانه‌دا ناوی وا ئه‌هێننه‌ پێشه‌وه‌ له‌ قوتوی هیچ عه‌تارێكدا نییه‌، ئه‌مه‌ به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی ئه‌م شاعیره‌ مه‌جهوله‌ له‌ كۆندا دوو میعری نووسیوه‌، به‌ڵام چونكه‌ خه‌ڵكی ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ زانكۆكه‌ی لێیه‌ ئیتر ئه‌یكه‌ن به‌ بیانوو بۆ ئه‌وه‌ی بیهێننه‌ پێشه‌وه‌.سه‌یری ئه‌م مه‌رجه‌ سه‌قه‌تانه‌ بكه‌ ! ئافه‌رین پێوه‌ری زانستی، جا هه‌ندێك ناونیشانی زه‌ق و سه‌یریشیان بۆ هه‌ڵئه‌بژێرن، وه‌ك (پێوه‌ری سیمۆلۆجی بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعری…) یا (شیعرییه‌ت له‌ به‌رهه‌می…) سه‌یری شیعری كابرایش ئه‌كه‌یت ئه‌بینی هه‌ر شیعری به‌ وه‌زن و قافییه‌ زانیوه‌ و هیچی تر. موفاره‌قه‌یه‌كی سه‌یره‌ ئیتر یه‌كێ‌ له‌م زانكۆیه‌دا نایه‌ بڵێ‌ كاكه‌ وانا!

پ2/ تا چه‌ند به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی به‌بێ‌ قسه‌كردن له‌سه‌ری به‌رهه‌مێكی زیندووه‌، ئه‌و گرنگییه‌ی ڕه‌خنه‌ به‌ به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بیی ده‌به‌خشێت چییه‌؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ ده‌قی زیندوو هه‌ر زیندووه‌، ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ قسه‌یشی له‌سه‌ر نه‌كات. بیگومان ڕه‌خنه‌گری به‌ سه‌لیقه‌ ئه‌توانێت به‌های جوانییه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه‌ و له‌ قاڵبێێكی ڕه‌خنه‌ییدا بیخاته‌ڕو، یا كارێكی تری تێدابكات. هیچ كات ڕه‌خنه‌كاران ناتوانن گیان بۆ جه‌سته‌ی ده‌قی بێگیان بگه‌ڕێننه‌وه‌.

پ3/ ڕه‌خنه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیه‌، یان دووباره‌ مانادانه‌وه‌یه‌ پێی؟ بۆچی نووسه‌رانی ئێمه‌ له‌ ڕه‌خنه‌ نووسین له‌ به‌رهه‌مه‌كانیان نیگه‌ران ده‌بن؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ زاراوه‌یه‌كه‌ به‌ په‌یڕه‌وه‌كانی ڕه‌خنه‌ی نوێوه‌ په‌یوه‌سته‌، وه‌ك بونیادگه‌ری وهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌خوازی و…من چ به‌عه‌ره‌بی بێت یابه‌ كوردی له‌ كۆتایی هه‌شتاكانه‌وه‌ به‌ چه‌ند نووسینێك له‌مانه‌ دواوم، ده‌قیشمان پێ‌ خوێندوونه‌ته‌وه‌. ساڵی (1992)له‌ گۆڤاری پرۆژه‌دا كه‌ به‌عه‌ره‌بی و كوردی له‌ سلێمانی ده‌رمانده‌كرد، به‌یاننامه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌ییم بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ خۆی له‌سه‌ره‌تادا وتارێك بوو ساڵی (1989)نووسیبووم، تێیدا جه‌ختم له‌سه‌ر ڕه‌وتی نوێ‌ و په‌یڕه‌و و زاراوه‌ی ڕه‌خنه‌ی نوێ‌ كردووه‌ته‌وه‌. بێگومان سوودیان بۆ ڕه‌خنه‌ هه‌بووه‌، هه‌ر یه‌ك له‌ بونیادگه‌ری و پاشبونیادگه‌ری و ڕه‌خنه‌ی وه‌رگرتن.. هتد وه‌رچه‌خان بوون له‌ ڕه‌وتی ڕه‌خنه‌ییدا، به‌ بۆچوونی ئێستایشم هه‌ریه‌كه‌یان له‌ شتێكدا زیاده‌رۆیی تێدا بووه‌، بۆ نموونه‌، زیاده‌ڕۆیی بونیادگه‌ری له‌وه‌دایه‌، له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر پێ له‌سه‌ر ده‌ق داده‌گرێ‌ و له‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌ره‌كی دایئه‌بڕێت و نووسه‌ر تا ڕاده‌ی بزركردن كه‌مده‌كاته‌وه‌، یا ڕه‌خنه‌ی وه‌رگرتن له‌ یه‌كێك له‌سێ‌ كوچكه‌ی (نووسه‌ر، ده‌ق ، وه‌رگر )كه‌مده‌كاته‌وه‌، باشتره‌ سه‌رله‌نوێ پیاچوونه‌وه‌ به‌ هه‌رسێكیاندا بكرێته‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ دووباره‌ مانادانه‌وه‌ به‌ ده‌ق،به‌ دوو جۆر له‌ پرسیاره‌كه‌ت ئه‌گه‌م، یه‌كه‌میان گه‌ڕانه‌وه‌ ئه‌گه‌یه‌نێت بو باوه‌شی مانای مه‌ركه‌زیی ده‌قه‌كه‌،واته‌ ئه‌و مانا سه‌ره‌كییه‌ی كه‌ نووسه‌ر گه‌ره‌كێتی، دووه‌میشیان فره‌كردنی مانای جۆراوجۆری ده‌قه‌، كه‌ خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆر ده‌یخولقێنێت. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆچی نووسه‌ران له‌ ڕه‌خنه‌ نیگه‌ران ئه‌بن، ئه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌موو ئه‌گرێته‌وه‌، په‌یوه‌ندیشی به‌ پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وده‌روونی و فیكریشمانه‌وه‌ هه‌یه‌ با له‌ هه‌موو شتێكی كۆمه‌ڵاتیمان بگه‌ڕێین وبێینه‌ سه‌ر شتی گرنگتر، تۆ سه‌یری ژیانی سیاسی وفیكریی سه‌رده‌می تێكڵاوبوونمان به‌مۆدێرنه‌ بكه‌، خه‌ڵك وتاكیان به‌ توندوتیژی و یه‌كتر قبووڵنه‌كردن په‌روه‌رده‌كردووه‌، بۆیه‌ گفتۆگۆكانیان نه‌زۆك بوون و به‌شێوه‌یه‌كی نادروست هاتوون و به‌رده‌وامبوون، ئیتر ئه‌مه‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیانی گرتووه‌ته‌وه‌. هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی چل و په‌نجای سه‌ده‌ی ڕابردوو كردوویه‌تی،ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر ڕۆشنبیرێك ماركسییانه‌ بیرینه‌كردبێته‌وه‌، بیركردنه‌وه‌ی به‌ به‌هادار نه‌زانییوه‌، واته‌ ڕای جیاواز و فره‌گه‌راییان پێ‌ قبووڵنه‌كراوه‌، هه‌روه‌ها به‌ره‌ حیزبی و رَۆشنبیرییه‌كانی تریش هه‌مان شتیان په‌یڕه‌وكردووه‌، ئیتر ئه‌م بزووتنه‌وه‌ و حیزبانه‌ كه‌ به‌رهه‌می قۆناغی نوێمانن، زه‌مینه‌یه‌كی وایان نه‌ڕه‌خسانووه‌ بۆ نه‌شونماكردنی قبوڵكرنی ڕاو و گفتووگۆی جیاواز. تۆ سه‌یری گفتوگۆی نێوان ئه‌و لا جیاوازانه‌ بكه‌ كاتێك له‌ ده‌یه‌كانی ڕابردوودا له‌ ڕۆژنامه‌كانیاندا له‌سه‌ر بابه‌تێك قسه‌یانكردووه‌، ئه‌بینیت زمانیكی زبر و بیرێكی توند وتیژ، هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ خه‌نجه‌ریان هه‌ڵنه‌گرتووه‌، كه‌ناله‌كانی ڕاگه‌یاندن، ئه‌مانه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیانماندا به‌ خراپی ڕه‌نگده‌ده‌نه‌وه‌،یه‌ك له‌وانه‌ كاری ڕه‌خنه‌یه‌.پاشان لای ئێمه‌ ڕه‌خنه‌ وه‌ك بوارێكی نووسین تازه‌ په‌یدا بووه‌،ته‌مه‌نی نییه‌،ئه‌مه‌ نه‌ك له‌چاو یۆناندا، بگره‌ له‌چاو عه‌ره‌ب وفارسیشدا. كاریگه‌ریی فیكری یۆنانی به‌سه‌ر ڕه‌خنه‌ی ڕه‌وانبێژیی عه‌ره‌به‌وه‌ دیاره‌، به‌ڵام ئه‌وان چه‌ندین سه‌ده‌یه‌ كار به‌و ڕه‌خنه‌یه‌ ده‌كه‌ن، له‌ نووسین ودانیشتنیاندا ئه‌دیبان به‌و جۆره‌ ڕه‌خنه‌ به‌لاغییه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، به‌ئاشكرا گفتووگۆیان له‌باره‌ی شیعره‌كانیانه‌وه‌ كردووه‌، سه‌یری ئه‌و كتێبه‌ كۆنانه‌یان بكه‌، پڕه‌ له‌ نموونه‌ی ئاشكرا. له‌ كۆتایی سه‌رده‌می جاهیلیدا، بازار و دانیشتنی ئه‌ده‌بی زۆربوون، له‌وانه‌ له‌ بازاڕی عكازدا چادریان بۆ نابیغه‌ی زوبیانی هه‌ڵداوه‌، ئیتر شاعیران هاتوون و له‌ مه‌جلیسه‌كه‌یدا شیعریان خوێندووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵیانسه‌نگێنێت و ڕای خۆی بدات.

جارێك شاعیران ئه‌عشا و (حه‌سانی كوڕی سابیت وخاتو خه‌نسا)ی شاعیر ئاماده‌ئه‌بن و شیعری بۆ ده‌خوێننه‌وه‌، له‌ كۆتاییه‌كه‌دا خاتو (خه‌نسا) شیعرێكی بۆ ده‌خوێنێته‌وه‌، (نابیغ)ه‌ی زوبیانییش ئه‌ڵێت، خه‌نسا، ئه‌گه‌ر ئه‌عشای شاعیر لێره‌دا ئاماده‌ نه‌بوایه‌ وشیعری نه‌خوێندبایه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌موت تۆ گه‌وره‌ترین شاعیری جن و ئینسی. جارێك(ام جندب) ی ژنی (ئمرو ئه‌لقه‌یس) ئه‌بێت به‌ حه‌كه‌م له‌نێوان ئمرو ئه‌لقه‌یسی مێردی و عه‌لقه‌مه‌دا كه‌ شاعیرێكی به‌توانا بووه‌،جا ئیتر هه‌ردووكیان وه‌سفی ئه‌سپ ده‌كه‌ن،له‌ كۆتاییدا (ام جندب) ڕای خۆی ده‌رئه‌بڕێت و شیعره‌كه‌ی عه‌لقه‌مه‌ به‌باشتر ئه‌زانێت، چونكه‌ وا وه‌سفی ئه‌سپه‌كه‌ی كردووه‌ ئه‌ڵێی باڵی لێ‌ ڕواوه‌ و له‌گه‌ڵ بادا پێشبڕكێ‌ ده‌كات، به‌ڵام ئمرو ئه‌لقه‌یس وه‌سفی ئه‌سپێكی له‌ڕولاواز ده‌كات، سواره‌كه‌ی هه‌ر خه‌ریكی قامچیلێدانه‌ و ناگات به‌ نێچیر.

له‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌دا چه‌ند وانه‌یه‌ك ئه‌بینین، یه‌ك له‌وانه‌ زه‌كاوه‌تی ئافره‌ته‌ ڕه‌خنه‌گره‌كه‌یه‌، دوو ئینساف وڕاستگۆییه‌تی، كه‌ مه‌رجه‌ و به‌درێژایی زه‌مه‌ن ڕه‌خنه‌ پێویسی پێی بووه‌. ئه‌م به‌های شیعری به‌لاوه‌ گرنگتربووه‌ نه‌ك په‌یوه‌ندیی خێزانیی خۆی. ئێمه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ تازه‌یشدا به‌ده‌س گرووپ و گرووپكارییه‌وه‌ ئه‌ناڵینین، ڕاستگۆیی په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌ده‌ین به‌سه‌ر ڕاستگۆیی هونه‌ریدا، ئه‌و نموونانه‌ی باسمانكردن كاریگه‌ریی باشیان هه‌بووه‌، تاڕاده‌یه‌ك شاعیرانی كۆنی عه‌ره‌ب ڕای یه‌كتری له‌ سنوورێكدا قبووڵبكه‌ن. من ناڵیم گه‌لی عه‌ره‌ب وه‌ك میلله‌تانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئیسلامی داخراو نییه‌، به‌لام باوه‌ڕم به‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ بواری شیعردا ئه‌و ڕه‌خنه‌ ڕه‌وانبێژییه‌یان، ڕۆڵیكی هه‌بووه‌ له‌ قبووڵكردنی ڕای جیاوازدا سه‌باره‌ت به‌ شیعر. په‌یڕه‌وكردنی ئه‌م نه‌ریته‌ له‌ سه‌رده‌می جاهیلییه‌وه‌ تا ئیستا كاریگه‌ریی باشی به‌جێهێشتووه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌وڵ و نه‌ریتانه‌ زوو لای خۆیشمان هه‌بوایه‌، ئێستا ڕه‌خنه‌ وبۆچوونی ئێمه‌یش وئاماده‌ییمان بۆ قبووڵكردنی ڕای ره‌خنه‌یی جیاواز، شتێكی باشتر ئه‌بوو.زۆرجار ڕه‌خنه‌ لای ئێمه‌ بووه‌ به‌ ئامرازی لێدان، هه‌م ڕه‌خنه‌كاره‌كه‌ وایداناوه‌ كه‌ تیر ئه‌هاوێت وهه‌م ئه‌وه‌یشی كه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌یی ئه‌گیرێت وای داناوه‌ به‌ر تیر ئه‌كه‌وێت، له‌م كاتانه‌دا ڕه‌خنه‌ ئه‌بێت به‌ وه‌سیله‌، نه‌ك ئامانجێك بۆ ڕۆشنكردنه‌وه‌.

پ4/ ئایه‌ ئێمه‌ وه‌ك كورد كه‌سی پسپۆری ڕه‌خنه‌گرمان هه‌یه‌؟ بۆچی به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی ئێمه‌ به‌ فلته‌ری ڕه‌خنه‌دا ناڕۆن؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ به‌بۆچوونم هیچ میلله‌تێك نییه‌ له‌ جبهاندا سه‌رجه‌م به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیی به‌ فلته‌ری ڕه‌خنه‌دا تێپه‌ریبێت. له‌ یۆنانی خاوه‌ن سه‌رچاوه‌ی ڕه‌خنه‌وه‌ بگره‌ تا دێته‌ سه‌ر ئه‌ده‌بی ئه‌مڕۆی میلله‌تان. بیرمان نه‌چێت ڕوویه‌ك له‌ ڕووه‌كانی ڕه‌خنه‌ مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵبژاردنی ده‌قه‌. ناكرێت ڕه‌خنه‌گر دابنیشێت وچاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بكات تا بزانێت، ئه‌مڕۆ ئه‌م گۆڤاره‌ شه‌ش شیعر بڵاوده‌كاته‌وه‌ و ئه‌و گۆڤار هه‌شت چیرۆك وئه‌و ده‌زگایه‌ چوار كۆمه‌له‌ شیعر یا چیرۆك چاپده‌كات، تا بۆیان دابنیشێت و له‌سه‌ریان بنووسێت. ئه‌مه‌ ئیشی ڕه‌خنه‌گر نییه‌، ئیشی لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌یه‌كه‌ یا گۆڤارێكه‌ به‌ نووسینێكی كورت ئه‌یانخاته‌ڕوو.كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مێك خۆی زیندوو نه‌بوو، له‌بنه‌ره‌ِتدا به‌ سه‌قه‌تی هاتبوو، ڕه‌خنه‌ ناتوانێت ڕۆحی به‌به‌ردابكات، ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌گر په‌نابباته‌ به‌ر هه‌ڵسه‌نگاندن، كه‌ له‌ ڕه‌گه‌زه‌ سه‌ره‌تاكانی ڕه‌خنه‌ی باوه‌، ئه‌توانێت باسی چه‌وتی بكات. ڕه‌خنه‌كار ئه‌توانێت رووه‌ جوانه‌كانی به‌رهه‌م به‌ زمان ومه‌نهه‌جێكی گونجاو كه‌شفبكات.

پ5/ بابینه‌ سه‌ر باسی شیعر ده‌ڵێن” شیعری مۆدێرن وه‌ك جۆرێك له‌ كۆكراوه‌ی ژانره‌كانی تری لێهاتووه‌، واته‌ له‌ شیعرێكدا، (چیرۆك ودراماو په‌خشان) ده‌بینینه‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی (له‌ كورسی و ڕه‌نگدان وئێستا كچێك نیشتیمانمه‌) شێركۆ بێكه‌س كردوویه‌تی، هۆكاری ئه‌م په‌لهاویشتنه‌ بۆ ژانره‌كانی تر له‌ شیعری مۆدێرنا چییه‌؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ هه‌موو شیعری مۆدێرن وای لێنه‌هاتووه‌، ئێستایش زۆربه‌ی زۆری شیعری نوێ‌ تاك ژانره‌، ئه‌مه‌ی كه‌ تۆ باسیده‌كه‌یت پێیئه‌وترێت ده‌قی كراوه‌،كه‌ چه‌ند ژانرێك له‌خۆ ئه‌گرێت، ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ جۆره‌كانی شیعری نوێ‌ نه‌ك هه‌مووی،له‌ شیعری نوێدا ده‌قی وا نووسراوه‌ كه‌ ته‌نها سوودی له‌ شانۆ بینیوه‌ یا له‌ چیرۆك یا له‌ سینه‌ما، به‌ڵام نه‌بووه‌ به‌ده‌قی كراوه‌، یان نووسه‌ره‌كه‌ خۆی وای ویستووه‌.له‌ حه‌فتاو هه‌شتاكاندا چه‌ندین ده‌قمان هه‌ن له‌م جۆره‌ن. به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی شیعر ئه‌و شوناسه‌ی جارانی نه‌ماوه‌ هه‌ر له‌ ڕه‌گه‌زێكی خاڵسدا بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نا كه‌ هه‌موو شیعری نوێ‌ ببێت به‌ ده‌قی كراوه‌ یا ببێت به‌یه‌ك جۆر شیعر. نموونه‌ی له‌ ئه‌ده‌بی كوردیدا زۆر نییه‌. نییه‌ت و مه‌خسه‌د ڕۆڵ ئه‌بینن له‌ دیاریكردنی ژانردا.من ئه‌توانم بۆ به‌رهه‌می نوێگه‌ریی دووه‌ممان ،بۆ سه‌ره‌تای حه‌فتاكان بگه‌ڕێمه‌وه‌ و چه‌ند ده‌قێك هه‌ڵبژێرم و ڕه‌گێكی سه‌ره‌تایی ده‌قی كراوه‌یان تێدا بدۆزمه‌وه‌،بو نموونه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ چه‌ند شتێك له‌ چیرۆكه‌كانی له‌تیف حامید،بۆ سه‌ر ده‌قێكی ڕه‌فیق سابیر،به‌ڵام ئه‌وان مه‌به‌ست (قه‌سد ومه‌خسه‌د)یان نه‌بووه‌،ده‌قی كراوه‌ بنووسن.یه‌كه‌م كه‌س له‌ناو كوردا به‌ قه‌سد ده‌قی واڵای نووسیبێت شێركۆ بێكه‌سه‌.ئه‌و ناوی لێئه‌نێت،له‌سه‌ر به‌رگه‌كه‌ی ناوی ده‌قی واڵا ئه‌چه‌سپێنێت،واته‌ مه‌خسه‌ده‌كه‌ی ژانره‌كه‌ دیاریده‌كات، ئیتر من وه‌ك رَِه‌خنه‌گرێك له‌و دیاریكردن ومه‌خسه‌ده‌یه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ ده‌قه‌كه‌یدا ده‌كه‌م،ئایه‌ تاچه‌ند سه‌ركه‌وتووه‌؟ چۆنچۆنی بۆ ده‌قی واڵا چووه‌ تا چه‌ند لێیگه‌یشتووه‌،هه‌ڵبه‌زین ودابه‌زینی له‌م هه‌نگاوه‌یدا چییه‌؟

پ6/ شیعری ئێستای كوردی زیاتر له‌ژێر كاریگه‌ریی شیعر و ئه‌ده‌بیاتی فارسیدایه‌، له‌ كاتێكدا نه‌وه‌ی (70 و 80كانی سه‌ده‌ی ڕابردووی ئێمه‌، سه‌رچاوه‌ی ڕۆشنبیرییان هه‌مووی عه‌ره‌بی بووه‌.ئه‌مه‌ بۆ؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ پێشتریش ،پێش بیسته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، به‌هۆی زانینی زمانی توركی و هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی له‌ ناوچه‌كه‌دا، ئێمه‌ له‌ئه‌ده‌بیاتی توركه‌وه‌ نزیكبووین، بگره‌ به‌شێك له‌ به‌ئاگابوونمان له‌ ئه‌ده‌بی ڕۆژئاوا، له‌ڕێگه‌ی زمانی توركییه‌وه‌ بووه‌،فارسییش پێش نه‌وه‌ده‌كان به‌شێك له‌ فاكته‌ری ڕۆشنبیریی خۆمان بووه‌، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی حوجره‌وه‌،هه‌ر له‌ كۆنیشه‌وه‌ زمانی عه‌ره‌بی به‌بۆنه‌ی ئایینه‌كه‌وه‌ باوبووه‌ و ئاگامان له‌ شیعری عه‌ره‌بی بووه‌. سه‌باره‌ت به‌ نزیكبوونه‌وه‌مان له‌ شیعر وئه‌ده‌بی نوێی عه‌ره‌ب، ئه‌وه‌ هه‌ر له‌ حه‌فتا و هه‌شتاكانه‌وه‌ نه‌بووه‌،به‌ڵكو له‌وه‌ كۆنتره‌ و ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سی وچله‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو. له‌و ساڵانه‌ به‌دواوه‌ وه‌رچه‌رخان له‌ شیعری عه‌ره‌بیدا ڕوویدا، (لویس عه‌وه‌ز) به‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعری (بلۆتۆلاند وشیعری تر) و(نازك و به‌در شاكیر سه‌ییاب و به‌یاتی و كه‌سانی دیش). له‌و كاتانه‌وه‌ ئه‌دیبی كورد بۆ سوودبینین و به‌ئاگابوون له‌ ئه‌زموونی نوێگه‌ری،وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌رچاوه‌كان له‌ زمان و شیعری عه‌ره‌بی نزیكبووه‌وه‌،له‌ حه‌فتا و هه‌شتاكاندا ئه‌م بواره‌ گوڕوتینێكی زیاتری به‌ خۆوه‌ بینی،به‌ده‌گمه‌ن هه‌بوو زمانی عه‌ره‌بی نه‌زانێ‌ و به‌ عه‌ره‌بی نه‌خوێنێته‌وه‌. حه‌قیقه‌تێك هه‌یه‌ ئه‌بێت بوترێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕاسته‌ عه‌ره‌بیی سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی ڕۆشنبیریی بوو، به‌ڵام له‌به‌رده‌م درووستبوونی ده‌نگی جۆراوجۆری شیعر وئه‌ده‌بدا ڕێگر نه‌بووه‌، هه‌موو سوودیان له‌ شیعری عه‌ره‌بی بینیوه‌، كه‌چی هه‌ستناكه‌یت كه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ سێبه‌ری (سه‌ییاب یا به‌ییاتی یا نازك یا سه‌عدی یوسف) و…. بن، به‌ڵكو ده‌نگی ڕه‌سه‌نی واقیعی كوردین، موتوربه‌كردن وسوودبینین جیایه‌، وه‌ك (مه‌حمود ده‌روێش) ئه‌ڵێت ناتوانیت خۆت له‌ كه‌سی تر بپارێزیت. نووسین نووسینه‌ له‌سه‌ر نووسین ،گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ده‌نگی خۆت بیت.

شێركۆ بیكه‌س ده‌نگی ڕه‌سه‌نی خۆیه‌تی،ئاشكرایه‌ زمانی عه‌ره‌بی سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی ڕۆشنبیریی ئه‌و بوو، هه‌ر ئه‌ده‌بی ڕۆژئاوای به‌ زمانی عه‌ره‌بی ئه‌خوێنده‌وه‌، ئه‌مه‌ نه‌بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بێكی مردوو پێشكه‌شبكات، به‌ڵكو ئه‌ده‌بێك ته‌واو مۆركی شێركۆ و كوردی پێوه‌یه‌. شێركو بێكه‌س ئه‌وه‌نده‌ به‌په‌رۆش بوو بۆ موتابه‌عه‌كردنی چاپه‌مه‌نیی عه‌ره‌بی، له‌ ده‌ره‌وه‌یش لێی دانه‌بڕا.بیرمه‌ ساڵی 1975 له‌ مه‌ریوان بوو،له‌سلێمانییه‌وه‌ گۆڤاری (الاقلام) عیراقیی بۆ ئه‌هات، من خۆم بۆ شایه‌تی له‌ مه‌ریوان، دوو جار ئه‌و گۆڤاره‌ عه‌ره‌بیه‌م بۆ خویندنه‌وه‌ لێ‌ وه‌رگرت، به‌ڵام شێركۆ خۆی بوو،له‌تیف خۆی بوو، په‌شێو خۆی بوو ،ئه‌نوه‌ر قادر خۆی بوو ،كه‌ جارجاریش به‌ عه‌ره‌بی ئه‌ینووسی، فه‌رهاد شاكه‌لی خۆی بوو كه‌ عه‌ره‌بییه‌كی چاكی ئه‌زانی، حسێن عارف خۆی بوو، ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئیسماعیل خۆی بوو،عه‌بدوڵا سه‌راج خۆی بوو….له‌ نه‌وه‌د به‌دواوه‌ له‌ فارسی وه‌رگرتن بوو به‌ دیارده‌،بۆ نموونه‌، سوهراب سه‌ده‌ها شیعری مردووی خسته‌ ناو ئه‌ده‌بی كوردییه‌وه‌، سوودوه‌رگرتن له‌ سوهراب كارێكی ئاساییه‌ به‌ مه‌رجێك خۆتی لێ‌ دروستبكه‌یت. شیعری فارسی ده‌وڵه‌مه‌نده‌،نموونه‌ی باڵای تێدایه‌، نموونه‌ی وه‌ستاویشی زۆره‌، نموونه‌ی وای ئه‌خوێنمه‌وه‌، بێگیانه‌، خۆناكرێت هه‌ر ده‌قێك به‌ زمانی نیما و سوهراب و ئه‌حمه‌دی شاملو نووسرا، ئیتر كوێرانه‌ بڵێین ئه‌وه‌ ئه‌ده‌بێكی باڵایه‌. من له‌ ئێستای ئه‌ده‌بی فارسیدا زیاتر ئه‌زموونی چیرۆكیان سه‌رنجم ڕائه‌كێشێ..له‌سه‌ر ڕووبه‌ری شیعری كوردی ئه‌م دوو ده‌یه‌ی دوایی ،سوهراب شیعری مردووی زۆری خستۆته‌وه‌. سه‌رسووڕمان به‌ ئه‌ده‌بی كه‌سێك به‌و مانایه‌ نییه‌ ببم به‌ سێبه‌ری ولێی نه‌بمه‌وه‌، لێی نزیك ئه‌بمه‌وه‌ و گفتوگۆی له‌ته‌ك ئه‌كه‌م، به‌مه‌به‌ستی جیاوازی درووستكردن نه‌ك توانه‌وه‌ له‌ سنووری شوناسیدا. ڕه‌نگه‌ وه‌رگێڕان باشترین ڕێگه‌ بێت بۆ پردی په‌یوه‌ندی، ده‌زگاكانی ئێمه‌یش خه‌می بازرگانی وسوودیان پێش خه‌مه‌ ڕۆشنبیرییه‌كه‌ خستووه‌، مه‌به‌ستێتی ده‌ جار ئه‌دۆنیس چاپبكات، ده‌ جار ئه‌حلام موسته‌غانمی چاپكات، به‌ڵام نایه‌ت ده‌نگه‌ گرنه‌گانی دوای سه‌ییاب و به‌یاتی و ئه‌دۆنیس چاپبكات، كه‌ شتێكی ترن، چ ده‌زگامان چ خوێنه‌رانمان ناگه‌ڕێن ده‌نگی تر كه‌شفبكه‌ن، تا ڕاده‌یه‌ك ده‌زگا حه‌قێتی، له‌ بازار ئه‌ترسێت.

پ7/ هۆكاری ئه‌وه‌ چییه‌ كه‌ له‌ شیعری نوێدا زیاتر به‌ر ته‌كنیك ده‌كه‌وین به‌ر له‌ مانا، ئایه‌ شیعر هونه‌ر و زانسته‌ یان مانا و خه‌یاڵ، تێكشكاندنی زمانی باو، چ ڕۆڵێكی له‌ بونیادی شیعری نوێدا هه‌یه‌؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ له‌ پێشدا وتم شیعری نوێ‌ شوناسی گۆڕاوه‌،هه‌ر ته‌نها په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ بوونی دێرینه‌ی خۆیه‌وه‌،له‌م ڕووه‌وه‌ مه‌رج نییه‌ شیعر هه‌ر به‌ شیعر بنووسرێت، به‌ڵكو به‌ په‌خشانیش ئه‌نووسرێت وتیكلاوی سینه‌ما و شانۆ و هونه‌ری شیوه‌كاری وچه‌ندینی تر بووه‌، ئه‌م تێكڵاوبوونه‌ بۆ خۆی، ته‌كنیكی جۆراوجۆری ژانره‌كانی تر دێنێته‌ ناو جیهانی شیعره‌وه‌ وشوناسی پێ‌ ده‌وله‌مه‌ندده‌كات، له‌ زۆری شیعری كوردیدا ئه‌م ته‌كنیكه‌ ئاماده‌یی وه‌های نییه‌. جاران ته‌كنیكی شیعر هه‌ر هونه‌ری شیعر خۆی بووه‌، ئێستا ته‌كنیكی جۆراوجۆری سینه‌ما و هونه‌ری شیوه‌كاری و شانۆ و …بۆ هاتووه‌.

پ8/ مامۆستا با كه‌مێك له‌سه‌ر چیرۆكیش بوه‌ستین، كه‌ باس له‌ قۆناغه‌كانی چیرۆكی كوردی ده‌كه‌ین، به‌سه‌ر دوو قۆناغدا دابه‌ش ده‌كرێت (حیكایه‌ت وبه‌سه‌رهاتی لادێ‌، له‌ چیرۆك و گێڕانه‌وه‌ی شار) زۆر جار چیرۆكی (چای شیرینی حسێن عارف)یش به‌ سه‌ره‌تای چیرۆكی شاریانه‌ی كوردی داده‌نرێت. تا چه‌ند ئه‌م بۆ چونه‌ ڕاسته‌؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ مه‌رج نییه‌ ئه‌م قۆناغبه‌ندییه‌ وه‌ك یاسای لێبێت هه‌موو دنیای چیرۆكی كوردیی پێ بخوێنرێته‌وه‌، یا بۆ هه‌موو سه‌رده‌مێك وهه‌موو ئه‌زمونێك بلوێت. دوای ڕاپه‌ڕین وتا ئێستا گۆڕانكاریی زۆر به‌سه‌ر هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی كوردیدا هاتووه‌ ده‌كرێت له‌ چه‌ندین ده‌روازه‌ی تره‌وه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی كوردی بچین.
له‌ ڕۆمانی توركیدا دوانه‌ی لادێ‌ و شار ئه‌بینرێت و له‌ ڵیكۆڵینه‌وه‌یشدا به‌رچاو ئه‌كه‌وێت، به‌ڕاستیش ئه‌زموونی ڕۆمانی شار و ڕۆمانی لادێ‌ ده‌خوێنینه‌وه‌، له‌م نێوانه‌دا ڕۆمانی وا ئه‌بینیت هه‌ردووی له‌خۆ گرتووه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ باسی هیجره‌ت له‌ گونده‌وه‌ بۆ شار ده‌كه‌ن،له‌م چه‌شنه‌دا ڕۆماننوس ناچارئه‌بێت باسی ڕابردوو و ئێستای كه‌سه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ بكات،واته‌ ڕابردووی له‌گوندا وئێستا و ئاینده‌ی له‌ شاردا،له‌ یادمان نه‌چێت توركیا شاری هه‌یه‌، به‌ هه‌موو مانای شار، كه‌ كه‌سه‌كان تووشی نامۆیی ودله‌ڕاوكێ‌ ده‌كات. لاموایه‌ لێكۆڵه‌ری كورد له‌م ڕووه‌وه‌ په‌نایشی بۆ ڕَه‌خنه‌ی توركی وعه‌ره‌بی بردووه‌،هه‌ندێك جار دابه‌زاندنی بۆچوونی ڕه‌خنه‌یی ئه‌وانی دی به‌ وریاییه‌وه‌ نه‌بێت،به‌ هه‌ندێك زیاده‌ڕۆییدا ئه‌مانبات ،به‌تایبه‌ت كه‌ دێین و بۆ زه‌مینه‌یه‌كی جیاواز ئه‌یانگوێزینه‌وه‌. ئه‌م قۆناغبه‌ندییه‌ هه‌ندێك ڕاستیی تێدایه‌ ،خۆ ده‌كرێت چه‌ندین خه‌سڵه‌تی تر هه‌ن چیرۆكی كوردییان پێ‌ بخوێنرێته‌وه‌.
پ 9/ بۆچی زۆربه‌ی نووسه‌رانی ئێمه‌ به‌شیعر ده‌ستپێده‌كه‌ن و دواتر په‌ل بۆ نووسینی ڕۆمان ده‌به‌ن و چیرۆكنووس له‌و نێونده‌دا زۆر كه‌مه‌،

عه‌بدوڵا تاهیر/ وای بۆ ناچم هه‌موو شاعیران و نووسه‌رانی ئێمه‌ وازیان له‌ چیرۆك وشیعر ونووسینی ترهێنابێت و ڕوویان كردبێته‌ ڕۆمان، چونكه‌ شاعیران ونووسه‌رانی ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆرن به‌قه‌د سوپایه‌كی ئێجگار گه‌وره‌ ده‌بن،گه‌ر به‌و گشتگیرییه‌ بوایه‌ ئێستا له‌ ڕووی چه‌ندایه‌تیشه‌وه‌ بوایه‌ ڕۆمانێكی زۆرمان ئه‌بوو.باوه‌ڕ ناكه‌م چیرۆكیش ئه‌وه‌نده‌ هونه‌رێكی ئاسان بێت هه‌روا به‌ خشكه‌یی بۆ ڕامكردنی بچین.

پ10/ زۆر جار ده‌وترێت چیرۆك مه‌شقه‌ له‌ نێوان ڕۆمانێك بۆ ڕۆمانێكی تر، یان ده‌وترێت چیرۆك بۆ پێدانی پشووه‌ به‌ خوێنه‌ر له‌ نێوان كتێبێك بۆ كتێبێكی تر.

عه‌بدوڵا تاهیر/ ئه‌مه‌ ته‌نها ڕایه‌،ده‌ستور و یاسا نییه‌.ئه‌كرێت هه‌ندێك ڕۆماننووس وچیرۆكنووس وا بكه‌ن و وا بیربكه‌نه‌وه‌،ئه‌یشكرێت ڕۆماننوس وخوێنه‌ری تر وا نه‌كه‌ن.

پ11/ زۆرێك له‌ ڕۆماننووسان ده‌ڵێن ئێمه‌ ده‌توانین ئه‌وه‌ی به‌ ڕۆمان ده‌ینووسین، بیكه‌ین به‌ چیرۆك، یان ئه‌و چیرۆكه‌ی ده‌ی نووسین ده‌توانین بیكه‌ین به‌ ڕۆمان ئایه‌ ئێوه‌ چۆن له‌م سه‌رنجه‌ ده‌ڕوانن كاری وا ده‌كرێت؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ ئه‌مه‌یش شتێكی ڕێژه‌ییه‌. ڕای هه‌موو چیرۆكنووسانی جیهان نییه‌. واقیعه‌ن ڕۆماننوسی واهه‌یه‌، ڕۆمانی خۆی كردووه‌ به‌ چیرۆكێكی كورت، یان چیرۆكی خۆی كردووه‌ به‌ ڕۆمان.چه‌ندین جار له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كانیاندا باسی ئه‌م جۆره‌ ئه‌زموونانه‌ی خۆیان كردووه‌. ڕه‌خنه‌گرێكی ڕووسی ڕایه‌كی هه‌یه‌ ئه‌ڵێت ڕۆمانی تاوان وسزای دوستۆیڤسكی له‌ بنه‌ڕه‌تدا چیرۆكێكی كورته‌ و به‌ زۆر ئه‌یكشێنێ‌ و درێژی ده‌كاته‌وه‌.چیرۆك به‌ هونه‌رێكی ئاسان نازانم،بواری درێژدادری نادات، ڕه‌نگه‌ بتوانیت له‌ ڕۆماندا درێژدادری بكه‌یت، له‌ چیروكدا قورسه‌، ڕه‌نگه‌ ڕۆماننوسی وا هه‌بێت لای قورس بێت به‌و چڕوپڕییه‌ بنووسێت، كه‌ جیهانی چیرۆك گه‌ره‌كێتی.هه‌ندێك له‌ ڕه‌خنه‌گران چیرۆك به‌ خزمی نزیكی شیعر ئه‌زانن. له‌ بواری شیعریشدا ئه‌م ئه‌زموونه‌ هه‌یه‌،مه‌به‌ستم گۆڕینی جۆره‌ شیعرێك به‌ جۆره‌ شیعرێكی تر، بۆ نموونه‌ شاعیرێك دێت، چوارینه‌یه‌كی نووسیوه‌ و سه‌رله‌نوێ‌ دایئه‌ڕێژێته‌وه‌ و ئه‌یكات به‌ شیعری سه‌ربه‌ست،بۆدلێر یه‌كێكه‌ له‌وانه‌، شیعری سه‌ربه‌ستی هه‌بووه‌،هاتووه‌ كردوویه‌تی به‌ شیعری په‌خشان،ئیتر به‌ گۆێره‌ی كه‌شوهه‌وا نوێكه‌ كۆمه‌ڵیك گۆڕانكاریی به‌ سه‌را هێناوه‌،پێش ئه‌ویش،ئیلیزێۆس بیرترانی شاعیر، بابه‌تێكی له‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی فه‌ڕه‌نسیدا بڵاوكرده‌وه‌ و پاشان كردی به‌ شیعری په‌خشان.

پ12/ تاچه‌ند ده‌بێت نووسه‌ر بۆ خوێنه‌ر بنووسێت، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ نووسه‌ر نابێت بۆ خوێنه‌ر بنووسێت و ئه‌وه‌ خوێنه‌ره‌ ده‌بێت بۆ ئاستی نووسینی نووسه‌ر به‌رزبێته‌وه‌؟ تۆ له‌گه‌ڵ كام بۆ چوونه‌دایت؟

عه‌بدوڵا تاهیر/ له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا،واته‌ ئه‌گه‌ر بیری لێ‌ بكاته‌وه‌، یا نه‌یكاته‌وه‌، ده‌ق خۆی له‌ بنه‌ڕه‌تدا گوتارێكی ئاراسته‌كراوه‌ ،به‌ مه‌به‌ستێك بۆ خوێنه‌ر ده‌نێردرێت، یا با یاكۆبسنیانه‌ بڵێین، ده‌ق په‌یامێكه‌،نووسه‌ر بۆ وه‌رگرێكی ده‌نێرێت.
له‌باره‌ی ئه‌و ڕایه‌وه‌ زۆر وتراوه‌.ئیكۆ وا ئه‌بینێت كه‌ نووسه‌ر كاتی دانانی نه‌خشه‌یه‌ك بۆ ده‌قێكی، له‌ هه‌مان كاتیشدا بیر له‌ نه‌خشه‌یه‌كیش بۆ خوێندنه‌وه‌یشی ده‌كاته‌وه‌،جا خوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ فیعلی كتێبه‌كه‌ یا په‌یامه‌كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌،جۆرێكی تر هه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ ده‌قه‌كه‌ بخوێنێته‌وه‌،خوێنه‌ری میسالییش ئه‌و جۆره‌یه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ و ئاسۆكانی ده‌قه‌كه‌ به‌ باشی ئه‌زانێت .سه‌رچاوه‌كانی بواری گێڕانه‌وه‌،ئاماژه‌ به‌ جۆرێك خوێنه‌ری تر ئه‌ده‌ن،پێی ئه‌وترێت، خوێنه‌ری خه‌یاڵی كه‌ به‌ ئاشكرا ناوی یا سیفه‌تێكی له‌ ده‌قه‌كه‌دا دێت. خوێنه‌ر هه‌یه‌ واقیعییه‌، واته‌ ئێمه‌ كه‌ ده‌قێ یا كتێبێك ئه‌خوێنینه‌وه‌ ،خوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ین، له‌ گۆشت وخوێنین ،بوونه‌وه‌رێكی كاغه‌زین نین،خه‌یاڵی نووسه‌ر،له‌ناو ده‌قه‌كه‌دا نه‌یخولقاندووه‌، تیورداڕێژی به‌ناوبانگ ئایزر زۆر باسی خوێنه‌ری ناوه‌كی كردووه‌ و لای وایه‌، كه‌ ئه‌م جۆره‌ خوێنه‌ره‌،كه‌سایه‌تییه‌كی گریمانكراوه‌،ده‌قه‌كه‌ی له‌ پێناودا ئه‌نووسرێت،هه‌موو كارێكی ئه‌ده‌بی په‌یوه‌ندیی به‌ خوێنه‌رێكی نموونه‌ییه‌وه‌ هه‌یه‌ توانایه‌كی چاكی هه‌بێت بۆ وه‌رگرتن.خوێنه‌ری گریمانكراو به‌رهه‌می خه‌یاڵ و وێناكردنی نووسه‌ره‌ له‌ كاتی نووسیندا. هه‌موو ئه‌مانه‌ جیان له‌ خوێنه‌ری واقیعی كه‌ ئاستی وه‌رگرتنیان ئه‌گۆڕێت و ڕه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ ئاسۆی چاوه‌ڕوانیی ده‌قدا بگونجئَت وڕه‌نگیشه‌ پێچه‌وانه‌ی بكه‌وێته‌وه‌. له‌ ئێستا سه‌رقاڵی وه‌رگێڕانی بابه‌تێكی گرنگم له‌ جۆره‌كانی خوێنه‌ر ئه‌دوێت.

له‌ حه‌فتاكاندا ئه‌و پرسیاره‌ زۆر وروژایه‌ ئه‌ده‌ب بێته‌ ئاستی خوێنه‌ر یا خۆێنه‌ر بۆ ئاستی نووسین به‌رزبێته‌وه‌،پێشه‌كی من ئه‌ڵیم ئه‌دیب سه‌ربه‌سته‌ چۆن ئه‌نووسێت وچۆن به‌ گوێره‌ی ئه‌زموونی خۆی بیر له‌ خوێنه‌ر ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مه‌ ئه‌مانباته‌وه‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ته‌مومژ و ئه‌ده‌بی چینی باڵا و ئه‌ده‌بی چینی په‌راوێز، كه‌ ویستراوه‌ به‌ زمانی تایبه‌تی خۆی بنووسرێت. ئه‌ده‌بی شۆشیالیزم نموونه‌ی نوخبه‌گه‌ریی نه‌ویستووه‌،به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ چه‌ندین نووسه‌ریان له‌ناوداوه‌،دوور له‌ تارمایی ئه‌ده‌بی شۆشیالیزم له‌م ساڵانه‌ی دواییدا تاوانی شیعری قورس وته‌مومژاوی ئه‌ده‌نه‌ پاڵ هه‌ندێك شاعیری گه‌وره‌ی دنیا، له‌ سه‌روویانه‌وه‌ ئیلوێت،گوایه‌ ئه‌و شیعری له‌ ده‌س هه‌موو خه‌ڵك ده‌ركرد ودایه‌ ده‌ست نوخبه‌یه‌ك.




چیرۆكی كوردی و كێشه‌كانی له‌ دیدی نوسه‌رانه‌وه‌


چیرۆك یه‌كێكه‌ له‌ ژانره‌ گرنگه‌كانی ئه‌ده‌ب و یه‌كێكیشه‌ له‌ كۆنترین بواره‌كانی نوسین، له‌ كورترین پێناسه‌ی ئه‌م ژانره‌دا، گێڕانه‌وه‌ی بابه‌تێكه‌ له‌ كورترین ماوه‌دا. بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر چیرۆكی كوردی و كێشه‌كانی ئه‌م دیدارانه‌مان له‌گه‌ڵ چه‌ند چیرۆك نوسێكدا ئه‌نجامدا.
ئاماده‌كردنی ته‌وه‌ر: شاخه‌وان سدیق
…..


نوسه‌رو وه‌رگێڕِ: ڕه‌وف بێگه‌رد

ئه‌و گۆڕانه‌ به‌رچاوانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا له‌ چیرۆكی كوردیدا ڕویانداوه‌ چین؟ له‌ چیرۆكی (له‌خه‌وما)ی (جه‌میل سائیب)ه‌وه‌ ئا ئه‌مڕۆ. هه‌م له‌ ڕووی تێكست و تێماو ماناوه‌، هه‌م له‌ ڕووی ته‌كنیك و گێڕانه‌وه‌وه‌؟

ره‌ووف بێگه‌رد/ ئه‌و گۆڕانه‌ی باسی لێوه‌ ده‌كه‌یت كارێكی حه‌تمیه‌. چونكه‌ سه‌ده‌یه‌ك ته‌مه‌ن نه‌ك بۆ ژانرێكی ئه‌ده‌بی، به‌ڵكوو بۆ سه‌رجه‌م پرۆسه‌ی مه‌عریفی زۆره‌، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌و ئاڵ و گۆڕه‌ خێرایه‌ی له‌دوای هه‌ردوو جه‌نگه‌ جیهانیه‌كه‌وه‌ هاتنه‌ گۆڕێ و بوون به‌ هۆی گۆڕینی گه‌لێك سیستم و ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌یش تاڕاده‌یه‌كی زۆر به‌سه‌ر ئه‌قڵ و هزری كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ هێلانه‌ی نه‌مریی بۆ خۆی چێ كردبوو. هیچ شوێنێكی چه‌په‌ك و ته‌ریكی سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ نه‌مایه‌وه‌ كاریگه‌ریه‌كانی ئه‌و تراژیدیا سامناكه‌یان به‌رنه‌كه‌وێت و ده‌ست له‌ یه‌خه‌ی گه‌لێك له‌ به‌های چه‌ق به‌ستوو به‌رنه‌ده‌ن.
به‌لای منه‌وه‌ چیرۆكی له‌خه‌وماكه‌ی جه‌میل سایب بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ كارێكی دیار و ناوازه‌یه‌، ئه‌مه‌م له‌ زۆر دیمانه‌ی تردا وتوه‌. چونكه‌ جگه‌ له‌وه‌ی یه‌كه‌م چیرۆكی كوردیه‌، یه‌كه‌م هه‌نگاوی ئه‌ده‌بیی نووسینی په‌خشانیشه‌ كه‌ به‌ ڕه‌خنه‌ ده‌ست پێ بكات. نووسه‌ره‌كه‌ی بوێرانه‌ له‌ شان و شكۆیه‌كی پڕ له‌ خه‌وشی و كه‌لێنی سیاسه‌ت بدات كه‌ له‌ ڕێگای گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ پیاده‌ كراوه‌ و جه‌ماوه‌ر له‌ سایه‌یدا جگه‌ له‌ برسیه‌تی و ئاسایش نه‌دیوی و له‌ ده‌رگای جل خوارنه‌دان هیچی نه‌چنیوه‌ته‌وه‌. من هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ به‌ شه‌ره‌فی چیرۆكی كوردی ده‌زانم كه‌ له‌نێو گه‌رداوی سیاسی و ئاپووره‌یه‌كی بێ جه‌مسه‌ر و تابۆیه‌كی سه‌پێنراودا ده‌نگ هه‌ڵبڕێت و تابۆكان بله‌رزێنێت. دوای له‌ خه‌وما چیرۆك و گێرانه‌وه‌كان ئاقاری تریان له‌به‌رگرت كه‌ تا راده‌یه‌كی زۆر چاولێكه‌ریی مۆدێلێكی ئایدیۆلۆژی نوێ بوو كه‌ نه‌ك ته‌نیا كۆمه‌ڵگای كوردی، به‌ڵكوو سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگاكانی تریشی گرته‌وه‌. بابه‌ته‌كان زیاتربوون به‌ ململانێی چینایه‌تی كه‌ له‌ زه‌بر و زه‌نگی ده‌ره‌به‌گ و خاوه‌ن زه‌ویی له‌لایه‌ك و، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی جوتیار و پاڵه‌ له‌لاكه‌ی تره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت (زۆربه‌ی ئه‌و چیرۆكانه‌ له‌ یه‌كتر ده‌چوون، چونكه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ خوێنه‌ر ده‌یزانی سه‌رچاوه‌ی كێشه‌كه‌ چیه‌ و كاره‌كته‌ره‌كانی له‌كوێدا خۆده‌بیننه‌وه‌) جگه‌ له‌وه‌ی زمانی گێڕانه‌وه‌ حیكایه‌ت خوانی دوور له‌ ته‌كنیك و شێوازه‌ هونه‌ریه‌كانی گێڕانه‌وه‌ بوون.

به‌ڵام به‌هۆی ده‌ركه‌وتنی گۆڤاری گه‌لاوێژه‌وه‌ (١٩٣٩ – ١٩٤٩) له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و وه‌رگێڕانه‌كه‌مانه‌دا كه‌ له‌ ئه‌ده‌بی ئه‌وروپاوه‌ ده‌كرا، ورده‌ورده‌ چیرۆكی كورت شه‌قڵی تایبه‌تی خۆی گرت، بوو به‌ ئه‌ده‌بێك ستایڵ و تایبه‌تمه‌ندیی خۆی بدۆزێته‌وه‌ و له‌و قاوغه‌ ته‌نگه‌به‌ره‌یش ده‌ربچێت كه‌ ناوه‌رۆك و بابه‌تیان قۆرخ كردبوو. بابه‌تی خۆشه‌ویستی، كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی، تاكه‌تاكه‌ ئاوڕدانه‌وه‌ كه‌ خولیاكانی تاك بوون به‌ كه‌ره‌سه‌ی چیرۆك. من واده‌زانم گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی به‌سه‌ر فۆرم و بابه‌تی چیرۆكی كوردیدا له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتای سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات. به‌تایبه‌تی دوای گۆڕانێكی سیاسی كه‌ بواری بڵاوكردنه‌وه‌ی فراوانتركرد و په‌نجه‌ره‌یه‌كی له‌سه‌ر بیری ئازاد و گه‌ڕان و سووسه‌كردنی نوێ كرده‌وه‌. له‌م سۆنگه‌وه‌یه‌وه‌، كۆمه‌ڵێك چیرۆكنووس هاتنه‌ ناو كایه‌كه‌وه‌ كه‌ تاڕاده‌یه‌ك كاریگه‌ریه‌تی ڕاسته‌وخۆی ئه‌ده‌بی ئه‌وروپایان له‌سه‌ربوو.

به‌تایبه‌تی كه‌ توانیان بابه‌ته‌ ته‌قلیدیه‌كان و شێوازه‌ حیكایه‌ت خوانیه‌كه‌ی جاران ئافه‌رۆز بكه‌ن. ئه‌گه‌رچی ئه‌م شه‌پۆله‌ هه‌ندێكی شڵه‌ژاند، و هه‌ندێكیش به‌رهه‌ڵستیان كرد چونكه‌ هه‌موو مۆدێلێكی تازه‌ زوو هه‌رس ناكرێت، به‌تایبه‌تیی ئه‌وانه‌ی نه‌یانده‌توانی به‌شێوازی تازه‌ بنووسن و، هه‌ندێك له‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌یش كه‌ به‌ ناوی (قوتابخانه‌ی ڕیالیزمی سوسیالسته‌وه‌) شه‌ڕی ئایدیۆلۆژیان ده‌فرۆشت و له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌ تازه‌كان و شێوازی نووسینه‌كاندا وێك نه‌ده‌هاتن و خۆیشیان پێی نامۆ بوون. ئه‌م شه‌پۆله‌ تا ڕاده‌یه‌كی زۆر بایه‌خی به‌ مرۆڤ ده‌دا وه‌ك خۆی و ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ی مه‌ودای بیركردنه‌وه‌ و حاڵه‌ته‌ سایكۆلۆژیه‌كه‌ی تیا دروست كردوه‌. به‌تایبه‌تیش گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و كه‌سه‌ په‌راوێزخراوانه‌دا كه‌ كۆمه‌ڵ لێی به‌رپرسیاره‌ و خۆیشی فه‌رامۆشی كردون. لای ئه‌م جۆره‌ چیرۆكنووسانه‌ كێشه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ كێشه‌ی ته‌واویی كۆمه‌ڵگایه‌ چونكه‌ به‌رهه‌می خۆیه‌تی.

هه‌بوو. ئه‌مه‌ به‌ره‌نجامی سیاسه‌تی پڕ له‌ سته‌م كارانه‌ی دوژمنانی ئازادی و خه‌ون و خه‌مه‌كانی گه‌لی كوردستان بوو كه‌ نیمچه‌ هۆڵۆكۆستێكیان له‌ دژی ئه‌نجامدا. چیرۆكی ئێستامان، به‌تایبه‌تی لای نه‌وه‌یه‌كی نوێ كه‌ به‌رهه‌م گه‌لێكی جۆراوجۆری له‌به‌رده‌ستایه‌ و توانیویه‌تی شاره‌زاییه‌كی باش له‌ كلتور و ئه‌ده‌بی ئه‌وروپا و ئه‌مریكای لاتین و شوێنه‌باڵاكانی تر وه‌ربگرێت. بێگومان ڕۆحێكی تازه‌ و زیندووتری به‌ چیرۆك داوه‌. دیاره‌ پۆلێن كردنی ئه‌و كارانه‌ له‌ ئێستادا زه‌حمه‌ته‌. پێویستی به‌ كۆڕ و سیمینار و پسپۆڕ گه‌لێك هه‌یه‌ كه‌ شاره‌زاییه‌كی ته‌واویان له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی چیرۆك هه‌بێت و بتوانن به‌ ڕه‌هه‌ندێكی جیاواز له‌ جاران ئه‌نجامگیری بكه‌ن. ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ كارێكی ئه‌سته‌م نیه‌.

چیرۆكنووس: ئارامی كاكه‌ی فه‌لاح

پرسیار: زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌كرێت، نووسه‌ری چیرۆكی كوردی زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگه‌ تا ته‌كنیك و كه‌متر به‌لای ته‌كنیكی نوێ و دۆزینه‌وه‌ی شێوازی جیای گێڕانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێ، تا چه‌ند ئه‌م بۆچوونه‌ ڕاسته‌؟ ئایا چیرۆكی ئێستای كوردی خاوه‌نی ته‌كنیكی نوێ و به‌هێزه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌؟

ئارام كاكه‌ی فه‌لاح/ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌ باشتره‌ كه‌مێك باسی ته‌كنیك و فۆرم و گۆشه‌نیگاو شێوازی گێڕانه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ لای ئێمه‌ی خۆرهه‌ڵاتی و كورد هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ ناڕۆشنی ماونه‌ته‌وه‌ و كاتێكیش خوێنه‌رێكی كورد (لێره‌دا مه‌به‌ستم باشه‌كه‌شیانه‌) تێكستێكی ده‌كه‌وێته‌ به‌ر چاو ئه‌وا له‌ باسكردنی زمان زیاتر هیچی تری پێ نییه‌ و له‌ باره‌ی زمانیشه‌وه‌ ڕسته‌ی وه‌ك : كورد وا ناڵێی یان ئه‌م وشه‌یه‌ بێگانه‌یه‌ و هه‌موو هه‌ڵده‌ستن خۆیان لێ ده‌بێته‌ مامۆستای زمان، گه‌ر ڕێی هه‌ڵه‌ كرد و كه‌وته‌ ناو ئه‌و زه‌وییانه‌ی به‌ مین چنراون و له‌ جیاتی زمانی ، پێنووسه‌كه‌ی ته‌ته‌ڵه‌ی كردو باسێكی ته‌كنیكی كرد به‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌نها یه‌ك ڕسته‌ باسی ته‌كنیكمان بۆ بكات یان پێناسه‌یه‌كی كورتمان بداتێ كه‌ ئه‌و له‌و باره‌وه‌ چۆن بیرده‌كاته‌وه‌، ئه‌وا هه‌ر له‌م هه‌فته‌یه‌دا دوو ڕسته‌ی كۆمیدیم به‌رچاو كه‌وت وه‌ك ئه‌م چیرۆكه‌ به‌ ته‌كنیكێكی زۆر ساده‌و جوان نووسراوه‌، یان ڕسته‌یه‌كی تری وه‌ك: له‌ رووی ته‌كنیكییه‌وه‌ چۆته‌ قووڵایی سایكۆلۆژییه‌وه‌، ڕسته‌ی وا پێكه‌نیناویی كه‌ ته‌واو بێئاگایی مرۆڤی ئێمه‌ پیشان ده‌دات و له‌ هه‌مان كاتدا نه‌وسنێتی بۆ قسه‌كردن له‌باره‌ی ئه‌و شتانه‌ی كه‌ هیچی لێ نازانێ. له‌ باره‌ی ته‌كنیك وفۆڕم و شێوازی گێڕانه‌وه‌ی تێكستێكدا سێ پرسیاری سه‌ره‌كیی ده‌بێ ئاماده‌ بێت و هه‌ر سێ پرسیاره‌كه‌ش به‌سه‌ر چه‌ند لقی جیا جیادا دابه‌ش ده‌بن.

پرسیاری یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌: ئه‌وه‌ كێیه‌ له‌ناو تێكسته‌كه‌دا ده‌گێڕێته‌وه‌؟ پرسیاری دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌ چه‌ند ده‌زانێت له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌یگێڕێته‌وه‌؟ پرسیاری سێیه‌میش له‌ چ گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه‌ ده‌گێڕدرێته‌وه‌؟ با جارێ بێینه‌ سه‌ر پرسیاری یه‌كه‌م و وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه‌: كه‌ ئه‌مه‌ش به‌سه‌ر چه‌ند لقێكدا دابه‌ش ده‌بێ و یه‌كێكیان ئه‌وه‌ی ده‌یگێڕێته‌وه‌ نووسه‌ره‌كه‌ خۆیه‌تی، به‌و مانایه‌ی نووسه‌ره‌كه‌ خۆی دێت و به‌سه‌رهاته‌كه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ وه‌ك بۆ نـموونه‌ دۆنیشۆتی سێرڤانتس(١٦٠٥) كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ست پێ ده‌كات: له‌ دێیه‌ك له‌ لامانشا، كه‌ من نامه‌وێ ناوه‌كه‌ی بێنم له‌ كاتێكی زۆر دووریش نا، یان دانتی به‌ ئیتاڵییه‌كه‌ی له‌ دیڤینه‌ كۆمیدییه‌، خوداوه‌ندی كۆمیدی كه‌ كاری زۆری كرده‌ سه‌ر نووسه‌رانی وه‌ك جه‌یمس جۆیس و تێ سێ ئیلیۆت ولیام بلاك.

لقی دووه‌م كاتێ ئه‌وه‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌ یه‌كێك له‌ كاراكته‌ره‌كانی چیرۆكه‌كه‌ن كه‌ زۆربه‌ی زۆری رۆمان چیرۆكی پێ نووسراوه‌ بۆ نـموونه‌ دوكتۆرێك له‌ دێیه‌كدا كافكا (١٩٢٢)، من له‌ دوودڵییه‌كی گه‌وره‌دا بووم، ده‌بوایه‌ سه‌فه‌رێكی زۆر خێرا بكه‌م. یان ئێواره‌ی په‌روانه‌ی به‌ختیار عه‌لی ١٩٩٧ كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ست پێ ده‌كات: من (خه‌ندانی چكۆله‌) چه‌ندین ساڵ له‌مه‌و به‌ر هه‌موو ئه‌و رووداوه‌ سه‌یرانه‌ ژیام…. یان لقی سێیه‌م هه‌ر نووسه‌ر ده‌یگێڕێته‌وه‌ به‌ڵام خۆی ون ده‌كات؟ بۆ نموونه‌ كه‌ ده‌ڵێ ئه‌م چیرۆكه‌مان هه‌رچه‌نده‌ چیرۆكه‌ به‌ڵام له‌ ڕاستیدا رووی داوه‌. یان لقی چوار وه‌ك چۆن په‌پووله‌یه‌ك له‌ لقێكه‌وه‌ ده‌چێ بۆ لقێكی تر، تێكسته‌كه‌ش بریتیه‌ له‌ تۆماركردنی چه‌ند رووداوێك له‌ چه‌ند شوێنی جیاواز وه‌ك بۆ نموونه‌ چیرۆكی دزینی خه‌ونه‌كان یان من و كامێراكه‌م. پرسیاری دووه‌م : ئه‌وه‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌ چه‌ند ده‌زانێ؟ ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه‌ ده‌كرێ به‌سه‌ر چه‌ند لقێكدا دابه‌ش بێت. یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێ ده‌زانێ نمـونه‌ی ئه‌مه‌ش دۆنكیشۆت. لێره‌دا گێڕه‌ڕه‌وه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆی به‌ فلاش باك ده‌چێته‌وه‌ بۆ دواوه‌ بۆ كاتی ڕابردوو به‌ فلاش فۆروارد ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌ بۆ داهاتووی دوورو نزیك.

لێره‌دا ناراتوورده‌توانێت به‌ ئاره‌زووی خۆی به‌ ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا قسه‌بكات، ده‌توانێ چی به‌خه‌یاڵدا بێ، بیڵێت.زۆربه‌ی زۆری رۆمانه‌كانی سه‌ده‌ی شازده‌و سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌و هه‌ژده‌ به‌م جۆره‌ شێوازه‌ نووسراون. هه‌ر له‌ تۆماس هاردییه‌وه‌ تا هێنری فاێڵدینگز، بۆ سه‌لما لاگه‌رلیۆفی سویدی و زۆربه‌ی كورته‌ چیرۆكه‌كانی چێخه‌ف. دووم دانه‌ هه‌ر وه‌ك ئه‌و په‌پووله‌یه‌ی باسم كرد كه‌ تۆمار كردنی چه‌ند رووداوێك له‌ چه‌ند كاتێكی جیاوازدا، سێیه‌م ئه‌وه‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌ ده‌زانێ كه‌ یه‌كی له‌ كاراكته‌ره‌كان ده‌زانێ، وه‌ك بۆ نموونه‌ ١٩٨٤ ی جۆرج ئۆریۆڵ، لێره‌دا گێڕه‌ڕه‌وه‌ ده‌زانێ كه‌ ویستۆن سمپ چی ده‌زانێ به‌ڵام كه‌سی تر ئه‌مه‌ نازانێ.
چواره‌م ئه‌وه‌ی یه‌كێ له‌ كاراكته‌ره‌كان ده‌زانێ كه‌ ئه‌وانی تر چی ده‌زانن بۆ نموونه‌ غه‌ریب ڕیكۆرد له‌ نووسینه‌وه‌ی دڕكدا چونكه‌ زانیاری زۆری پێ ده‌گات له‌وانی تره‌وه‌. پێنجه‌م دانه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یزانێ زۆر سنوور داره‌ ئه‌مه‌ش بۆ شاردنه‌وه‌ی زۆری ئه‌و زانیارییانه‌ له‌ خوێنه‌ر وه‌ك نموونه‌ی زۆربه‌ی رۆمانه‌كانی ئاگاپا كریستی. له‌مه‌دا گێڕه‌ڕه‌وه‌ ناتوانێ زۆر شت ئاشكرا بكات، بۆیه‌ خوێنه‌ر زۆر زانیاری چنگ ناكه‌وێت. جاری وا هه‌یه‌ هێنده‌ سنوورداره‌ كه‌ ئێمه‌ی خوێنه‌ر ته‌نها له‌ خه‌یاڵ و ئه‌گه‌ری بۆچوون و مۆنۆلۆژو شڵه‌ژانی ده‌روونی كاراكته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌وه‌ زانیارییه‌كی كه‌ممان ده‌ست ده‌كه‌وێ وه‌ك له‌ تێكسته‌كانی هێنری جه‌یمس و جه‌یمس جۆیس و فرجینا ولف وه‌ك مۆنۆلۆژی ناوه‌كی كه‌ دوایی هه‌ر لای خودی جه‌یمس جۆیس ده‌بێته‌ شه‌پۆلی هۆش و ئه‌و وێنه‌ گرنگه‌ی ناوه‌وه‌ی مرۆڤمان بۆ ئاشكرا ده‌كات به‌ به‌رجه‌سته‌ بوونی نه‌خۆشی سه‌ختی ده‌روونی كه‌ بێگومان سه‌ره‌تاكانی ئه‌م شه‌پۆله‌ لای دۆستۆێفسكی ده‌بینینه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ تاوان و سزا دا.

به‌ڵام لای جه‌یمس جۆیس له‌ ڕۆمانی ئۆدیسیۆس (١٩٢٢) كه‌ یه‌كێ له‌ كاراكته‌ره‌كان له‌ كۆتاییدا به‌ په‌نجا لاپه‌ڕه‌ به‌ ته‌نها مۆنۆلۆژ كۆتایی به‌ رۆمانه‌كه‌ دێنێت. لێره‌دا من ده‌توانم لقی شه‌شه‌م بۆ زۆربه‌ی نووسه‌ره‌ كورده‌كان بكه‌مه‌وه‌ ئه‌ویش به‌وه‌ی نه‌ هیچ به‌ خوێنه‌ر ده‌ڵێت و نه‌هیچیش ده‌زانێ واش ده‌زانێ هه‌موو شتێ ده‌زانێت. ئێستا دێینه‌ سه‌ر سێیه‌م پرسیار ئه‌ویش وه‌ك وتم له‌ چ گۆشه‌ نیگایه‌كه‌وه‌ ده‌گێڕیته‌وه‌؟ یان كێ رووداوه‌كه‌ ده‌بینێ؟ ئه‌میش ده‌بێته‌ چه‌ند لقێك و یه‌كێكیان گۆشه‌نیگای ده‌ره‌كی وه‌ك كه‌سی سێیه‌می وه‌ك (ئه‌و یان ئه‌وان)، یان گۆشه‌نیگای ناوه‌كی وه‌ك ڕاناوی یه‌كه‌می من وه‌ك له‌ هه‌ندێ له‌ چیرۆكه‌كانی ئێلیس مۆنرۆ. ئه‌مه‌ش كه‌ تا ئێستا من باسم كردووه‌ هیچیان ته‌كنیك نین و كه‌ له‌ حه‌فتا و هه‌شتاكان دا به‌م جۆره‌یان ده‌وت ته‌كنیك ئێستاش زۆربه‌ی خوێنه‌رو نووسه‌ران ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یان هه‌یه‌، له‌م سێ پرسیاره‌وه‌ كه‌ كردم تۆ دێیت و ته‌كنیكی چیرۆك و ڕۆمان بۆ تێكسته‌كه‌ت هه‌ڵده‌بژێری و له‌ تێكه‌ڵییه‌ك له‌م سێ پرسیاره‌ دروستی ده‌كه‌یت. وه‌ك وتم ئه‌مانه‌ ته‌كنیك نیین به‌ڵكو فۆرمی كه‌سایه‌تین له‌ ناو تێكسته‌كاندا، ته‌كنیك برییته‌ له‌و هێزه‌ی كه‌ ده‌بێته‌ ڕێخه‌رو دابه‌شكردنی رۆڵ وكه‌سایه‌تی و دیمه‌ن و رووداوه‌كانی ناو چیرۆك و رۆمان تا هارمۆنییه‌ك بدات به‌ گێڕانه‌وه‌.تۆ قه‌ت ناتوانی پێش ئه‌وه‌ی بنووسیت بڵێیت من ئه‌و ته‌كنیكه‌ هه‌ڵده‌بژێرم چونكه‌ نووسه‌ر ناتوانێ ته‌كنیك هه‌ڵبژێرێت به‌ڵكو پێویستی ڕۆمان و چیرۆكه‌كه‌یه‌ ده‌یسه‌پێنێ به‌سه‌رتا، بۆ نموونه‌ گه‌ر كاراكته‌ره‌كانی تۆ له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه‌ قسه‌ بكه‌ن كه‌ زانیاری كه‌میان هه‌بێت و له‌ هه‌مان كاتدا نووسه‌ر خۆی زۆر به‌شداری نه‌كات و نه‌بێته‌ ده‌مڕاستیان، ئه‌وا لێره‌دا تۆ پێویستت به‌ ته‌كنیكی فره‌ده‌نگی ده‌بێت تا به‌ هۆی هه‌موویانه‌وه‌ بتوانی چیرۆكه‌كه‌ت بگێڕیته‌وه‌، كه‌ لێره‌دا تۆوی فره‌ده‌نگی له‌ فره‌كه‌سایه‌تی ناو یه‌ك كه‌سایه‌تییه‌وه‌، له‌ فره‌ده‌نگی ناو یه‌ك ده‌نگه‌وه‌ لای دۆستۆێفسكی ده‌دۆزمه‌وه‌ كه‌ دوایی گه‌شه‌ده‌كات و ده‌بێته‌ ته‌كنیكێكی تازه‌ بۆ نووسه‌رانی مۆدێرن، لای خۆشمان رۆمانی مه‌رگی تاقانه‌ی دووه‌می به‌ختیار عه‌لی لای من نموونه‌یه‌كی جوانی ئه‌م جۆره‌ ته‌كنیكه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی هه‌ریه‌كه‌یان هه‌ڵده‌ستن به‌ گێڕانه‌وه‌ی به‌شێك له‌ چیرۆكێكی درێژ كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌و ده‌نگانه‌ به‌شێكی كه‌می زانیاری ده‌داته‌ خوێنه‌ر و به‌ هه‌موویان هه‌موو تابلۆكه‌ بۆ خوێنه‌ر ته‌واو ده‌كه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ بۆ نمـوونه‌ ئه‌و ته‌كنیكه‌ی لای پامۆك له‌ رۆمانی (من ناوم سووره‌یه‌)، كاتێك زه‌یتوون قسه‌ ده‌كات، مردن، دره‌خت، ئه‌سپ به‌ناوی خۆیانه‌وه‌ قسه‌ده‌كه‌ن ، ده‌یگه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ رۆمانی كێڵگه‌ی ئاژه‌ڵانی جۆرج ئۆریۆڵ.

بێ دوودڵی ده‌زانم سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌وێوه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ وا به‌ جوانی و ئاسانیش ده‌چێته‌ ناو شیعری شێركۆ بێكه‌سه‌وه‌، كه‌ كاتێ دره‌خت قسه‌ ده‌كات، كۆتر ، دار ، مه‌ل ، شاخ، باخ قسه‌ده‌كه‌ن.بۆیه‌ گه‌ر بۆ نموونه‌ تۆ كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كیت هه‌موو شتێكی بزانیبایه‌ و بیگه‌ێنایه‌ته‌ خوێنه‌ر له‌م باره‌دا تۆ قه‌ت پێویستت به‌ فره‌ده‌نگی نه‌ده‌بوو، من لێره‌دا ده‌متوانی چه‌نده‌ها لاپه‌ڕه‌ی تر له‌سه‌ر ته‌كنیك بۆ نموونه‌ له‌ نیگای فۆرمالیسته‌ رووسه‌كان و ده‌قی كراوه‌ی ئیمپرتۆ ئیكۆ و فۆرمه‌كانی رۆمان لای ستێفان بیۆرك و ته‌كنیك لای پامۆك و مۆراكامی درێژه‌م به‌ باسه‌كه‌م بدایه‌ و هه‌ندێ تیشكم بخستایه‌ته‌ سه‌ر ته‌كنیك كه‌ له‌ چیرۆكه‌كانی مندا هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تی چیرۆكی باوكی ناو ته‌له‌فۆن و هه‌ر سێ به‌شه‌كه‌ی نووسینه‌وه‌ی دڕك من و كامیراكه‌م و زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانی تریشم به‌ڵام لیره‌دا ده‌وه‌ستم، بۆ ئه‌وه‌ی باسه‌كه‌م روونتر بكه‌مه‌وه‌ ده‌ڵێم كه‌ ته‌كنیك له‌ ڕێخستنی ماڵێك ده‌چێ كه‌ جارێ شت و مه‌كت نه‌خستۆته‌ شوێنی خۆی و هه‌ر جاره‌ی رێكی ده‌خه‌یته‌وه‌ و به‌ جۆری جیاواز پێشانی ده‌ده‌یت، لێره‌دا ته‌كنیك ته‌واو له‌و كچه‌ به‌سه‌لیقه‌ و زه‌وق جوانه‌ ده‌چێت كه‌وا ده‌كات ژووره‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كدا هارمۆنییه‌كیان هه‌بێت و ڕه‌نگه‌كانی یه‌ك ژووریش له‌گه‌ڵ یه‌كدا بگونجێن په‌رده‌كه‌ی له‌ فه‌رشه‌كه‌و فه‌رشه‌كه‌ی له‌ قه‌نه‌فه‌و كورسییه‌كان بچێت، ته‌كنیك لێره‌دا شتێك نییه‌ شاردراوه‌ بێت یان بۆ ته‌م و مژ دروست كردن به‌كار بێت به‌ڵكو ده‌بێ له‌دووری دووره‌وه‌ ببینرێت. بۆیه‌ لێره‌دا هیچ نووسه‌رێكی جیهانی نییه‌ چیرۆك و رۆمان به‌بێ ته‌كنیك بنووسێت هه‌ندێ له‌ نووسه‌ری خه‌یاڵپڵاوی كورد نه‌بێت. كه‌ چیرۆكێك ده‌نووسێت و ناوی لێ ده‌نێت ئه‌زموون، كه‌ كتێبی وه‌رگێڕدراو به‌ كتێبی خودی خۆی ته‌ماشاو مامه‌ڵه‌ ده‌كات و له‌كاتی بڵاوكرده‌نه‌وه‌یدا ئیمزای له‌سه‌ر ده‌كات.
رۆمان وه‌رده‌گێرێت و خۆی لێ ده‌بێته‌ رۆمان نووس. له‌ولاشه‌وه‌ ئه‌م باره‌ ناهه‌مواره‌ خوێنه‌رێك دروست ده‌كات كه‌ هێزی ڕه‌خنه‌و زه‌وق و چێژی خوێندنه‌وه‌ی لاواز ده‌بێت و به‌ره‌ به‌ره‌ نامێنێت و زیاتر بیر له‌ پڕكردنی ورگی ده‌كاته‌وه‌ تا پڕكردنی مێشكی به‌ كتێبی جوان. دواجار من زۆر گومانم له‌وه‌شه‌ كه‌ چیرۆكی كوردی ناوه‌ڕۆكی به‌لاوه‌ گرنگ بێت، من زۆر به‌ده‌گمه‌ن چیرۆكێكی جوانم به‌رچاو ده‌كه‌وێ، له‌دوای دووهه‌زاره‌وه‌ تا ئیستا كه‌سێكم نه‌بینیووه‌ به‌ جددی بێته‌ پێشه‌وه‌و بیه‌وێ هه‌موو ژیانی بۆ چیرۆك ته‌رخان بكات، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ هه‌ر قیژه‌ قیژو خۆبردنه‌پێشه‌وه‌ی درۆزنانه‌یه‌و هیچی تر، وه‌همی نوسین و نووسه‌ربوونه‌ نه‌ك نووسینی ڕاسته‌قینه‌و نووسه‌ری ڕاسته‌قینه‌. ماوه‌یه‌ك دێ و ته‌پ و تۆزێك ده‌كات ئیتر ده‌ڕوات. به‌ڵام هه‌ندێ گه‌نج هه‌ن من زۆر دڵم پێیان خۆشه‌و هه‌ست ده‌كه‌م ڕه‌نگه‌ ئه‌وان بتوانن شتێ بكه‌ن، بابزانین چۆن ده‌بێ.

نوسه‌رو وه‌رگێڕ: ئه‌حه‌مه‌دی مه‌لا

پ/ زۆرجار باس له‌وه‌ ده‌كرێت نوسینی چیرۆك مه‌شقه‌ بۆ نوسینی ڕۆمان، یان پشووه‌ له‌ نێوان نوسینی ڕۆمانێك بۆ ڕۆمانێكی تر، تا چه‌ند ئه‌م بۆ چونه‌ ڕاسته‌، ئایا ئه‌وه‌ی چیرۆك ده‌نوسێت ده‌توانێت ڕۆمانیش بنوسێت، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌؟

ئه‌حه‌مه‌دی مه‌لا / به‌ بڕوای من نابێ به‌وجۆره‌ سه‌یری كورته‌ چیرۆك بكه‌ین، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ رۆمان كورتره‌، ده‌بێ وه‌كو مه‌شق و خۆراهێنانی سه‌یری بكه‌ین، به‌ڵكو بنه‌ژه‌نرێكی دیكه‌یه‌، خه‌سڵه‌تگه‌لێكی دیكه‌ی هه‌یه‌ كه‌ له‌ رۆمان جیای ده‌كاته‌وه‌: داڕشتن، سیسته‌می كه‌سایه‌تییه‌كان، چڕیی، نه‌بوونی حه‌كایه‌تی لاوه‌كیی، هتد. مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر نووسینی كورته‌ چیرۆكدا زاڵ بێ، بتوانێ رۆمانیش بنووسێ یا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. له‌هه‌موو بارێكدا، كورته‌ چیرۆكیش داهێنانێكی ئه‌ده‌بییه‌.

پ/ زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌كرێت، نوسه‌ری چیرۆكی كوردی زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگه‌ تا ته‌كنیك و كه‌متر به‌لای ته‌كنیكی نوێو دۆزینه‌وه‌ی شێوازی جیای گێڕانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت، تا چه‌ند ئه‌م بۆچونه‌ ڕاسته‌، ئایا چیرۆكی ئێستای كوردی خاوه‌نی تكنیكێكی نوێ و به‌هێزه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌؟

ئه‌حه‌مه‌دی مه‌لا / ته‌كنیك ده‌بێ له‌گه‌ڵ شێوازدا ئاوێته‌ بووبێتن، ئه‌م ئاوێته‌بوونه‌ش له‌ خزمه‌تی بابه‌ته‌كه‌ ته‌واو بێ، به‌ واتایه‌كی دیكه‌، بابه‌ت به‌ دوای زمان و ته‌كنیكی خۆی ده‌گه‌ڕێ. كاتێك، چیرۆكێك گوزارشت له‌ بابه‌تێكی سایكلۆژی بكات، ئه‌و ده‌م پێویستمان به‌ مۆنۆلۆگ و زمانی ناوه‌كیی و
چڕبوونه‌وه‌ ده‌بێ بۆ ناخی كه‌سه‌كان، كاتێك بابه‌ت په‌یوه‌ندیی به‌ درامێكی ده‌ره‌كی ده‌بێ، ئه‌و ده‌م، به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌، ره‌نگه‌ دیالۆگی زیاتر، یا وه‌سفی زیاتر هه‌ڵبگرێ. هه‌روه‌ها رسته‌، یا په‌ره‌گرافی كۆتایی، كه‌ به‌ فه‌ڕه‌نسیی پێی ده‌گوترێ “chute” ده‌بێ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌هێز بێ. بۆ نموونه‌، دوا وشه‌ی یه‌كێك له‌ چیرۆكه‌كانی ماركێز، ” ئه‌و سه‌رهه‌نگه‌ی كه‌ نامه‌ی به‌ ده‌ست ناگا” زۆر به‌ هێز، كۆتایی به‌ چیرۆك/ رۆمانه‌كه‌ی ده‌هێنێ. بۆیه‌، كێشه‌ی زمان و ته‌كنیك و شێواز ده‌بێ له‌ هه‌مه‌ئاهه‌نگیی دابن.

چیرۆكنووس: فاروق هۆمه‌ر

چیرۆكی كوردی له‌ ئیستادا له‌ كوێی چیرۆكی جیهانیدایه‌ ؟ ئایا ئه‌ده‌بی كوردی خاوه‌نی تاموبۆنی چیرۆكی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی ؟

فاروق هۆمه‌ر/ من به‌ ته‌ماشاكردنی ئه‌و پرسیاره‌ تووشی ڕاچڵه‌كینێكی گه‌وره‌بووم . به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌ به‌شی یه‌كه‌می پرسیاره‌كه‌، هه‌ستم به‌و له‌خۆباییبوونه‌ گه‌وره‌یه‌ كرد كه‌ خۆی له‌ پشتی ئه‌و پرسیاره‌وه‌ حه‌شارداوه‌ . چیرۆك له‌ هه‌ر شوێنێكی دونیادا له‌ ده‌وری ئینسان خول ده‌خوا و په‌یوه‌ندییه‌كی زیندوویان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌ . كاتێك پرسیاری چیرۆك ده‌كه‌ین، كتوپڕ ئه‌و ئینسانه‌مان دێته‌وه‌ به‌رده‌م كه‌ له‌ پشتییه‌وه‌ ڕاوه‌ستاوه‌ . چیرۆكی ئینگلیزی واته‌ چیرۆكی ئینسانی ئینگلیزی و ئه‌و شوێنه‌واره‌ی كه‌ لێی ده‌ژی .

چیرۆكی ئه‌فه‌ریكی به‌ره‌و ئینسانی ئه‌فه‌ریكیمان ده‌با و پێگه‌ی ئینسانی ئه‌فه‌ریكیش له‌ جیهان دا به‌ره‌و ڕۆژگاری كۆن و ئه‌و سه‌رده‌مه‌مان ده‌باته‌وه‌ كه‌ ئینسانی ئه‌فه‌ریكی له‌وێ دا كۆیله‌ بووه‌ و له‌ ئه‌نجامی ئه‌و گوزه‌رانه‌وه‌ سه‌دان چیرۆكی گه‌وره‌یان به‌رهه‌مهێناوه‌ و دواتر چیرۆكی ئازادبوونی له‌ كۆیلایه‌تی و شكانی كۆتوبه‌نده‌كانی و ده‌گاته‌ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ ئینسانی ئه‌فه‌ریكی ئه‌مرۆ به‌ گرفت و خه‌مێكی دییه‌وه‌ له‌ جیهاندا وه‌ستاوه‌ كه‌ دیارترینیان خۆی له‌ جه‌نگی برسێتییا ده‌بینێته‌وه‌. چیرۆكی كوردی ده‌بێ هه‌ڵگری ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ بێ كه‌ كاره‌كته‌ری ئینسانی كوردی هه‌ڵیگرتووه‌. ده‌بێ سه‌ره‌تا بپرسین ئینسانی كوردی له‌ كوێی جیهاندایه‌ ؟ هه‌ڵبه‌ت چیرۆكی كوردی به‌بێ ئینسانی كوردی ناچێته‌ ناو جیهانه‌وه‌ .

چیرۆك دابڕاو نییه‌ له‌ ئینسان و له‌و شوێنه‌واره‌ش تیای ده‌ژی . كاتێك له‌ ووشه‌ی ” ئیستا ” وورده‌بینه‌وه‌، ده‌بینین كاتێك دیاری كراوه‌ و ئه‌وه‌مان نیشان ده‌دات ده‌بێ به‌رله‌وه‌ ڕۆژگارێكی دوورودرێژ هه‌بووبێ چیرۆكی كوردی له‌ناو جیهاندابووبێ و ئێمه‌ ته‌نیا پرسیار له‌و ئیستایه‌ی ده‌كه‌ین كه‌ من و تۆی تیاده‌ژین . من وای ده‌بینم نه‌ له‌ رابردوودا و نه‌ له‌ ئیستاش دا ئینسانی كوردی له‌ناو جیهان دا نه‌ژیاوه‌ . كورد به‌رده‌وام جیهانێكی نه‌دۆزراوه‌ بووه‌ و كورده‌كان بۆ خۆشیان نازانن ده‌كه‌ونه‌ كوێی دونیاوه‌ . چیرۆكی هه‌ر گه‌لێكی ئه‌م دونیایه‌ پاپه‌ندبووه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌ی خه‌م و ئازاره‌كانی خۆیانه‌وه‌ . ته‌ماشای چیرۆكی هیندی و ئیسرائیلی و ئه‌رمه‌نییه‌كان بكه‌ زۆر زیره‌كانه‌ خه‌مه‌كانی خۆیان خوێندۆته‌وه‌ و سه‌رنجی دونیایان بۆ خۆیان ڕاكێشاوه‌ .

ئێمه‌ی كورد تاوه‌كو ئیستا نه‌مانتوانیوه‌ گوزارشت له‌ خه‌م و ئازاره‌كانی خۆمان بكه‌ین و نوسه‌رانی ئێمه‌ خه‌ونی چوونه‌ ناو دونیایان نه‌بووه‌ . چۆن بچینه‌ نێو دونیاوه‌ . كه‌سانێك لێره‌وله‌وێ هه‌ن زۆر ساده‌ وا ده‌زانن وه‌رگێڕانی چیرۆكه‌كانیان بۆ سه‌ر زمانی فارسی و عه‌ره‌بی و ئه‌وانی دی ده‌روازه‌یێكی زۆر باش بێت بۆ چوونه‌ ناو كلتوره‌ جیاوازه‌كانی دونیاوه‌ و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ دونیای لۆكاڵه‌وه‌ زۆر به‌ئاسانی ده‌یانباته‌ نێو دونیایێكی فراوانتر . له‌نێو كۆمه‌ڵگای كوردی دا ڕوانینێكی ته‌ندروستمان نییه‌ بۆ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ئینسان و ئه‌و كێشه‌ گه‌ورانه‌ی هه‌مانه‌ له‌ نه‌بوونی ئازادی و چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی تاوه‌كو ده‌گاته‌ بێ رێزی به‌ ژن و منداڵ و كه‌م ته‌ماشاكردنی مرۆڤانی كه‌مئه‌ندام .

كوان ئه‌و نوسه‌رانه‌ی زۆر به‌ قووڵی باسیان له‌ گرفته‌كانی ئینسانی كوردی كردووه‌ به‌ هه‌موو خه‌مه‌كانییه‌وه‌ . ئایا چیرۆكی كوردی خه‌می ژنی كردۆته‌ خه‌می خۆی یاوه‌خوود له‌ توانایدا هه‌بووه‌ گرفته‌كانی ژن بباته‌ ئاستێكی باڵاوه‌ . ئه‌وه‌ هه‌ر باس له‌ مافی ئاژه‌ڵان مه‌كه‌. بۆ نمونه‌ رۆماننوسێكی وه‌ك ” ئانا سوئێل ” رۆمانێكی هه‌یه‌ به‌ناوی ” ڕه‌شه‌ی نازدار ” ده‌رباره‌ی ئه‌سپێك ده‌دوێ كه‌ دواجار ئه‌م ڕۆمانه‌ له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی دا هه‌موو دونیای خسته‌ ژێر كاریگه‌ری خۆیه‌وه‌ و روانینی خه‌ڵكانی ده‌رباره‌ی ئاژه‌ڵان گۆڕی . ئه‌م ڕۆمانه‌ هه‌ر به‌ته‌نیا و به‌ خۆرایی پڕ فرۆشترین ڕۆمانی دونیا نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و پڕ ماناترین ڕۆمانی دونیاشه‌ . له‌ جێگه‌یه‌ك دا ده‌ڵێ ” هیچ ئاینێك نییه‌ به‌بێ خۆشه‌ویستی . خه‌ڵكان ده‌توانن به‌ ئاره‌زووی خۆیان ده‌رباره‌ی ئایینه‌كانیان بدوێن، به‌ڵام كاتێك ئایینه‌كان فێریان ناكات باشبن و پڕ به‌زه‌یی بن به‌رانبه‌ر به‌ ئینسان و ئاژه‌ڵان، ئه‌وه‌ زۆر جێی شه‌رمه‌ .. ” ئێمه‌ تا ئیستا ئه‌ده‌بێكمان به‌رهه‌م نه‌هێناوه‌ باس له‌ باشبوونی ئینسان بكات .

ئه‌ده‌بێك بۆی نه‌كرێ ئه‌و ئینسانه‌ بگۆڕێت كه‌ هاوزه‌مانی خۆیه‌تی، چۆن بۆی ده‌كرێت بچێته‌ نێو دونیاوه‌، ئه‌گه‌ر چووش ده‌بێ كه‌ڵكی چییان پێبگه‌یێنێت . نوسه‌رانی ئێمه‌ ته‌نیا ڕوداو ده‌گێڕنه‌وه‌ . من پێم سه‌یره‌ نوسه‌رانی ئێمه‌ ئه‌ده‌بی هه‌موو جیهان ده‌خوێننه‌وه‌ و ته‌ماشای دونیایێك فیلمی ئێره‌وئه‌وێی كلتوره‌ جیاوازه‌كان ده‌كه‌ن و له‌ ئه‌لفه‌وه‌ تاوه‌كو یای ئه‌زبه‌ر ده‌كه‌ن كه‌چی بۆیان نه‌كراوه‌ كه‌ڵكێكی ئه‌وتۆی لێوه‌ربگرن و بیكه‌نه‌ ئه‌زمونێك بۆ ئه‌وه‌ی فێری ئه‌وه‌ بن چۆن دونیای خۆیانی پێ بخوێننه‌وه‌ . ئه‌و پرسیاره‌ گه‌لێك گرفتاری هه‌یه‌ و به‌پێی ئه‌و كاته‌ش كه‌ تۆ بۆ منت داناوه‌ لێره‌دا جێیده‌هێڵم و ده‌رباره‌ی تاموبۆنی چیرۆكی كوردی ده‌دوێم . كاتێك چیرۆك ناتوانێ سه‌رده‌م و ڕۆژگاری خۆی بناسێ و گرفته‌كانی ڕۆژگاری خۆی زه‌ق ناكاته‌وه‌ ده‌بێ داوای كام تاموبۆنی لێبكه‌ین . من پێموایه‌ چیرۆكنوسانی كورد چ له‌ ڕابردوودا و چ له‌ ئیستاش دا ئه‌و ئه‌زموونه‌یان په‌یدا نه‌كردبێ ئه‌ده‌بێكی ئینسانی قووڵ به‌رهه‌م بهێنن . كام چیرۆكی كوردی هه‌یه‌ ناوی نوسه‌ری پێوه‌ نه‌بێت بناسرێته‌وه‌ .

تاموبۆن كاتێك ده‌خوڵقێت چیرۆكنوسان گرفتی كۆمه‌ڵگاكانی خۆیانیان كردبێته‌ خه‌می گه‌وره‌ی خۆیان . كه‌سانێك دێن و كۆمه‌ڵێك چیرۆك ده‌نوسن و ده‌ڕۆن، له‌گه‌ڵ دور كه‌وتنه‌وه‌یان له‌بیر ده‌چنه‌وه‌ . بڕوا ده‌كه‌م چیرۆكنوسێكمان نه‌بێ بتوانین به‌ نوێنه‌ری ئه‌ده‌بی كوردی ڕه‌وانه‌ی دونیای ده‌ره‌وه‌ی بكه‌ین . كه‌سانێك له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌چاوی گه‌لێكی سته‌م دیده‌ لێمان ده‌ڕوانن و كاتێكیش له‌ نوسین و كاره‌كانمان ده‌ڕوانن ته‌نیا وه‌كو به‌زه‌یییه‌ك ده‌ست ده‌هێنن به‌سه‌رمانا و هاوخه‌مییمان ده‌نوێنن . ده‌نا بێجگه‌ له‌ مه‌موزینی خانی بڕواناكه‌م چیرۆكێك یان كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكێكی كوردی شك به‌رین بۆی بكرێ دوور له‌ چاوی به‌زه‌یی به‌ كێشه‌ ڕه‌واكه‌ماندا، له‌سه‌ر پێی خۆی ڕابوه‌ستێت . تۆ ته‌ماشای چیرۆكه‌كانی چێخه‌ف بكه‌، پڕه‌ له‌ تاموبۆنی خه‌مگینییه‌كانی ئینسانی روسی .

هه‌ر ئه‌و تاموبۆیه‌ش ئه‌و هێزه‌ی داوه‌تێ بپه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دونیای ده‌ره‌وه‌ و خه‌مگینییه‌كانی سه‌رجه‌م ئینسان له‌ نێو كۆمه‌ڵگا جیاوازه‌كان دا بلاوێنێته‌وه‌. چیرۆكی پیره‌مێرد و زه‌ریای هه‌مه‌نگوای، خه‌مگینی پیره‌مێردێكی ڕاوچی ده‌كاته‌ خه‌مگینییه‌كی ئه‌وه‌نده‌ دیار و گه‌وره‌ كه‌ تۆیه‌كی كوردیش بۆت ناكرێ هاوسۆزی له‌به‌رانبه‌ر نه‌نوێنیت . كاتێك چیرۆك گرفت و خه‌مگینی ئینسانه‌كانی خۆی هه‌ڵنه‌گرێت نه‌ك تاموبۆیێك و هێزێك په‌یداناكات به‌ڵكو له‌گه‌ڵ نوسینیا له‌ گوند و شاره‌كه‌ی خۆشی ناڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ و هێزی مانه‌وه‌شی له‌ناو سنور و زه‌مینه‌ی خۆشی دا به‌ره‌و داهاتوو نابێ.

نوسه‌رو وه‌رگێڕ: كه‌ریم په‌ره‌نگ

پ/ زۆرجار باس له‌وه‌ ده‌كرێت نووسینی چیرۆك مه‌شقه‌ بۆ نووسینی ڕۆمان، یان پشووه‌ له‌ نێوان نووسینی ڕۆمانێك و ڕۆمانێكی تردا، تا چه‌ند ئه‌م بۆچوونه‌ ڕاسته‌، ئایا ئه‌وه‌ی چیرۆك ده‌نوسێت ده‌توانێت ڕۆمانیش بنووسێت، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌؟

كه‌ریم په‌ره‌نگ/ چیرۆك و ڕۆمان گێڕانه‌وه‌ن، زۆر ڕه‌گه‌زی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ به‌ یه‌كیانه‌وه‌ ده‌به‌ستێت و زۆر ڕه‌گه‌زی دیكه‌ له‌ یه‌كیان جودا ده‌كاته‌وه‌. له‌ چه‌ند شوێنێك بیستوومه‌ و خوێندوومه‌ته‌وه‌ كه‌ مه‌رجی ڕۆمانووسین چیۆكنووسییه‌. ئه‌مه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی زۆر سه‌ربازییانه‌یه‌، ده‌یانه‌وێ بڵێن، ئه‌گه‌ر تۆ جێگری ئه‌فسه‌ر نه‌بووبی ناتوانیت ببیته‌ ئه‌فسه‌ر. یان ئه‌گه‌ر له‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیدا مه‌شقت نه‌كردبێت ناتوانیت له‌ شه‌ڕدا به‌شدار بیت یان بیركردنه‌وه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌ییه‌، ده‌یانه‌وێت به‌م قسه‌یه‌ بڵێن، ئه‌گه‌ر تۆ خوێندنی بنه‌ڕه‌تیت ته‌واو نه‌كردبێت، ناتوانی بچیته‌ دواناوه‌ندی. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ڕه‌خنه‌گرمان كه‌مه‌، زۆر له‌و ڕه‌خنه‌گره‌ كه‌مانه‌ش كه‌م ئه‌زموونن و زمانی گه‌لانی ده‌وروبه‌رمان و زمانی جیهانیی نازانن، كه‌ سوود له‌ ئه‌زموونی ڕه‌خنه‌گره‌كانیان وه‌رگرن، واته‌ هه‌ر به‌ زگماك ڕه‌خنه‌گرن، وا هه‌ست ده‌كه‌ن ناچارن هه‌ندێ پێوه‌ر بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب دابهێنن، كه‌ له‌ ڕاستیدا هه‌ندێ جار به‌ نوكته‌ ده‌چن، به‌ڵام كۆمه‌ڵێ خه‌ڵك هه‌مان ئه‌و ڕستانه‌ ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێنه‌وه‌ به‌ تێپه‌ڕینی كات له‌ ئه‌ده‌بی ئێمه‌ ئه‌و جۆره‌ قسه‌هه‌ڵدانانه‌ ده‌بنه‌ جۆره‌ نۆرمێك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ده‌ب.

به‌وه‌ی باشه‌ كه‌ له‌ ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا نۆڤلێت كه‌م نووسراوه‌ و زۆر جێگه‌ی خۆی نه‌گرتووه‌، یان هه‌ندێ نووسه‌ر نوڤلێت به‌ ژانرێكی به‌رز نازانن، ئه‌گه‌ر نۆڤلێتیش بنووسن هه‌ر به‌ ڕۆمان ناوزه‌دی ده‌كه‌ن، ئه‌گینا هه‌ندێ ڕه‌خنه‌گر داوایان له‌ نووسه‌ران ده‌كرد له‌ پێشدا كورته‌چیرۆك، ئه‌مجا چیرۆك، ئه‌مجا نۆڤلێت و ئه‌مجا خۆیان له‌ قه‌ره‌ی ڕۆمان بده‌ن و بینووسن، واته‌ ژانره‌كانی پێش ڕۆمان وه‌كو پراوه‌ و ڕاهاتن بۆ فێربوونی نووسینی ڕۆمان سه‌یر ده‌كرێن، نه‌ك وه‌كو داهێنانی سه‌ربه‌خۆ. ئه‌م قسه‌فڕێدانانه‌ نه‌ك ته‌نیا له‌ بواری ڕۆماننووسین، به‌ڵكو له‌ بواره‌كانی دیكه‌شدا بووه‌ته‌ باو، ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕێك توانای به‌ سه‌ر وه‌رگێڕانی ده‌قێكدا نه‌شكێت و كوردییه‌كه‌ی ده‌ستكاریی بكات و زمانێكی شاعیرانه‌ و “پاراو”ی پێ بدات، ئیتر ڕه‌خنه‌گره‌كانمان به‌ وه‌رگێڕانێكی باش ناوزه‌دی ده‌كه‌ن، زۆر ده‌ق هه‌ن به‌ زمانه‌ ئه‌سڵه‌كه‌ش به‌ زمانێكی شاعیرانه‌ نه‌نووسراون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر زمانی وه‌رگێڕانه‌ كوردییه‌كه‌ی شاعیرانه‌ بوو ئیتر به‌ وه‌رگێڕانێكی باشی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، له‌ ڕاستیدا له‌ كاتێكدا ده‌توانین به‌ وه‌رگێڕانێك بڵێین وه‌رگێڕانێكی باش كه‌ هه‌تا ده‌كرێت ده‌قه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كه‌ له‌ ده‌قه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌وه‌ نزیك بێت و هه‌ڵسه‌نگێنه‌ریش هه‌ردوو زمانه‌كه‌ به‌ باشی بزانێت و دێڕ به‌ دێڕ و وشه‌ به‌ وشه‌ی ده‌قه‌كان به‌راورد بكات ئه‌مجا حوكمی ئه‌وه‌ بدات ئه‌و ده‌قه‌ باش یان خراپ وه‌رگێڕدراوه‌. ئێمه‌ له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ماندا ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ی جیاواز ده‌بینین، مرۆڤی وا هه‌یه‌ به‌ چه‌ند ڕسته‌یه‌ك ڕووداوێكی گه‌وره‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، مرۆڤی وا هه‌یه‌ ڕووداوێكی بچووك به‌ تێروته‌سه‌لیی و سه‌رومڕیی ده‌گێڕێته‌وه‌ و زۆر شتی دیكه‌شی بۆ زیاد ده‌كات، به‌وه‌ی فۆكوسی گێڕانه‌وه‌كه‌ ته‌نیا له‌ كرۆكی ڕووداوه‌كه‌دا چڕ ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو وه‌سفی ده‌وروبه‌ر و كه‌ش و جل و به‌رگ و سیما و جووڵه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان ده‌كات.

من ناتوانم بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ چیرۆك و ڕۆمان دوو ژانری جیاوازن، له‌ كۆتاییدا چیرۆك و ڕۆمان گیڕانه‌وه‌ن، به‌ڵام چیرۆك كورته‌، چڕه‌، هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ زمانه‌كه‌شی چڕه‌، بواری به‌تاڵیی و لادان نادات. به‌ڵام ڕۆمان درێژه‌، ده‌رفه‌ت بۆ ڕۆماننووس ده‌ڕه‌خسێ گه‌مه‌ به‌ زمان بكات، له‌ خه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ لابدات، ڕوونكردنه‌وه‌ بدات، زمانێكی شیعریی یان زمانی ڕۆژانه‌ به‌كار بهێنێت، ته‌كنیكی جیاواز به‌كار بهێنێت، بۆ نموونه‌ ڕۆماننووس ده‌توانێت ڕۆمانێكی مێژوویی بنووسێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ چیرۆكدا كه‌متر شیاوه‌. ئه‌گه‌ر چیرۆكنوو‌سین پێوه‌ر بێت بۆ فێربوونی نووسینی ڕۆمان ئه‌وا ده‌بێ بڵێی، ئه‌لیس مۆنرۆ له‌ ساڵی ١٩٥٠ه‌وه‌، واته‌ ٥٧ ساڵه‌ چیرۆك ده‌نووسێ هه‌تا ئێستا فێری ڕۆماننووسین نه‌بووه‌، یان ده‌بێ بڵێین خۆرخێ لویس بۆرخه‌س به‌ درێژایی ژیانی مه‌شقی چیرۆكنووسیی كرد و فێری نووسینی ڕۆمان نه‌بوو. یان هه‌موو ئه‌و ڕۆماننووسانه‌ی هه‌رگیز له‌ ژیانیاندا چیرۆكیان نه‌نووسیوه‌ ڕۆمانه‌كانیان خراپن، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پێشووتر باش به‌ چیرۆك مه‌شقیان نه‌كردووه‌، ڕه‌نگه‌ ئومبیرتۆ ئێكۆ زه‌قترین نموونه‌ بێت كه‌ حه‌وت ڕۆمانی نووسیوه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم تاقه‌ چیرۆكێكی نه‌نووسیوه‌. هاینریش بوێل ده‌ڵێ: “زۆر حه‌ز ده‌كه‌م جارێكی دیكه‌ كورته‌چیرۆك بكه‌مه‌ ‹چه‌ق›. به‌ڵام كاتێ هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌مه‌ بكه‌م، هه‌میشه‌ ده‌رگیری نموونه‌كانی چنین ده‌بم.”له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ری چیرۆك زۆر بچووكه‌، زۆر جار ڕووداوه‌كه‌ش كورته‌، ئه‌مه‌ بۆ كاراكته‌ره‌كانی چیرۆكیش ڕاسته‌ كه‌ ده‌بێ له‌ ته‌نیا كه‌سێك یان ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌می كاراكته‌ر پێك دێت، چیرۆك فۆكوسی ده‌خاته‌ سه‌ر ڕووداوی كاراكته‌رێك و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ری.

ڕایه‌ڵه‌ی گێڕانه‌وه‌ش به‌رفراوان نییه‌ و ئاڵۆز نییه‌، به‌ڵكو له‌ لای شته‌ جه‌وهه‌رییه‌كان ده‌مێنێته‌وه‌. ئێمه‌ به‌ هه‌ڵه‌دا ده‌چین ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ڕێژیمان بۆ ڕۆمان نه‌كردبێت و ڕۆمان به‌ چیرۆكێكی درێژكراوه‌ تێ بگه‌ین. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ داخه‌وه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ خوێنه‌ری چیرۆك له‌ ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا كه‌م ده‌بێته‌وه‌، ئێستا زۆر چیرۆكنووس ڕوویان له‌ ڕۆماننووسین كردووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌كو چیرۆكنووس جێده‌ستیان دیار بووبێت و جیگه‌یه‌كی شایانیان له‌ ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا گرتبێت و توانایان به‌ سه‌ر ئه‌م ژانره‌دا شكابێت، خوێنه‌ری وریا هه‌ست ده‌كات هه‌ندێ له‌م ڕۆمانانه‌ چیرۆكی به‌ زۆر درێژكراوه‌ن. واته‌ مادام چیرۆكنووسێكی باش بوو ده‌بێ ڕۆماننووسێكی باشیش بێت، تووشی هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌بین گه‌ر له‌ بڕوایه‌دا بین گێڕانه‌وه‌ وه‌كو پله‌ی سه‌ربازیی وایه‌ و ده‌بێ به‌ بچووك ده‌ست پێ بكه‌ین و به‌ره‌به‌ره‌ پله‌ و پایه‌مان به‌رزتر ببێته‌وه‌، واته‌ چیرۆك وه‌كو په‌یژه‌یه‌ك سه‌یر بكه‌ین كه‌ به‌ سه‌ریدا به‌ره‌و به‌رزتر واته‌ ڕۆمان سه‌رده‌كه‌وین.
من له‌و بڕوایه‌دام شاعیر هه‌یه‌، وه‌كو شێركۆ بێكه‌س، به‌ شیعر گوزارشتی له‌ هه‌ستی ده‌كرد و پێویستی به‌وه‌ نه‌بوو شیعر وه‌كو مه‌شق بۆ نووسینی ژانرێكی دیكه‌ سه‌یر بكات، چیرۆكنووس هه‌یه‌، به‌ ته‌كنیكی چیرۆك گوزارشت له‌ خۆی ده‌كات و پێویستی به‌وه‌ نییه‌ چیرۆك وه‌كو مه‌شق بۆ نووسینی ته‌كنیكێكی دیكه‌ سه‌یر بكات، من نه‌ وه‌كو مه‌شق له‌ چیرۆك ده‌ڕوانم، چونكه‌ چیرۆكی ڕاسته‌قینه‌ و جیدی هیلاكییه‌كی زۆری ده‌وێت، نه‌ وه‌كو پڕكه‌ره‌وه‌ی كاتی حه‌سانه‌وه‌ی نێوان ڕۆمانێك و ڕۆمانێكی دیكه‌ی ده‌بینم، چونكه‌ داواكارییه‌كانی نووسینی چیرۆكی باش له‌ داواكارییه‌كانی نووسینی ڕۆمان قورسترن. چڕكردنه‌وه‌ی توانا بۆ نووسینی چیرۆك له‌ هه‌وڵدان بۆ نووسینی ڕۆمان كه‌متر نییه‌، چیرۆكنووس ده‌بێت له‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كدا ڕووداوێك، كاره‌كته‌رێك یان چه‌ند كاراكته‌رێك، زمان، گێڕانه‌وه‌ خه‌ست بكاته‌وه‌، لێره‌دا مه‌به‌ستم له‌ چیرۆكی مینیماڵ نییه‌، چونكه‌ من چیرۆكی مینیماڵ نه‌ به‌ چیرۆك ده‌زانم، نه‌ ده‌یخوێنمه‌وه‌. به‌ڵام ناكرێ ڕۆمانێكی ٢٠٠-٣٠٠ لاپه‌ڕه‌یی به‌و زمانه‌ چڕه‌ بنووسرێت، كاره‌كته‌ر كه‌م بكرێته‌وه‌، ڕووداو بۆ ئاستێكی بچووك سنوردار بكرێت، ڕۆمان زۆر جار به‌تاڵیی تێ ده‌كه‌وێت، كرۆنۆلۆژیای ڕووداوه‌كان ده‌گۆڕێن، ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ چیرۆكنووس ناتوانێت هاوكات ڕۆماننووسیش بێت یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌های ئیستاتیكی چیرۆكه‌كانی ئێرنست هێمه‌نگوه‌ی، ئیتالۆ كالڤینۆ، هاینریش بوێل، تۆماس مان له‌ ڕۆمانه‌كانیان كه‌متر نین. به‌ڵام ئێمه‌ ناتوانین بانگه‌شه‌ی هه‌مان به‌های ئیستاتیكی بۆ چیرۆكه‌كانی فرانتس كافكا یان جه‌یمس جۆیس بكه‌ین، ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر كافكا هه‌زار چیرۆكی تریشی بنووسیایه‌ و ڕۆمانه‌كانی (وه‌رگۆڕان)، (قه‌ڵا)، (ئه‌مه‌ریكا)، (بڕیاری دادگا)ی نه‌نووسیبایه‌ ئێستا ئێمه‌ نه‌مان ناسیبایه‌، یان جه‌یمس جۆیس جگه‌ له‌ پانزه‌ چیرۆكه‌كه‌ی ده‌یان چیرۆكی تری بنووسیبایه‌ و ڕۆمانه‌كانی (ئۆله‌سیس)، (وێنه‌ی هونه‌رمه‌ند له‌ تافی لاویدا)، (ده‌بلینییه‌كان) یان (فینگه‌نس وه‌یك)ی نه‌نووسیبایه‌ ئێستا له‌ لای ئێمه‌ ناوێكی نائاشنا ده‌بوو.

چیرۆكنووس: سیامه‌ند هادی

ئه‌وكاته‌ی ده‌ڵێین سیمایه‌كی دیاری چیرۆكی پێش ڕاپه‌ڕین، خستنه‌ڕووی بابه‌تی گشتی بوون و به‌نێو ڕوانین و ئه‌ندێشه‌ی تاكدا ڕۆنه‌چوون، مه‌به‌ست له‌و تایپه‌ دیاره‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ی چیرۆكنووسان ئیشیان له‌سه‌ر كردووه‌، چونكه‌ چیرۆكنووسیش هه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕوانینه‌وه‌.

سیامه‌ند هادی/ سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ ئه‌و گوتاره‌ ده‌سته‌جه‌معییه‌ی وه‌ك سیمایه‌ك به‌و ده‌قانه‌وه‌ دیاره‌، به‌وه‌ی خۆیان خستووه‌ته‌ جێگه‌ی هه‌موان و له‌بری گشت ده‌نگیان هه‌ڵبڕیوه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵبژاردنی بابه‌ته‌وه‌ نییه‌. ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ تۆ له‌ چ بابه‌تێك ده‌دوێیت، به‌ڵكو گرنگ چۆنێتی خستنه‌ڕووی بابه‌ته‌كه‌یه‌، كه‌ تا چه‌ند ڕوانینێكی تایبه‌تی و خودی به‌ بابه‌ته‌كه‌ ده‌به‌خشیت. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ هه‌لومه‌جی قۆناغی ده‌قه‌كانیش له‌به‌رچاو بگرین، كه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ڕه‌وشی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و كولتووری سه‌رده‌مێكی دیاریكراوه‌، پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانین هیچ سه‌رده‌مێك به‌تاڵ نییه‌ له‌و هه‌لومه‌جانه‌، له‌گه‌ڵ بوونی هه‌ندێك جیاوازیدا له‌ قۆناغێكه‌وه‌ بۆ قۆناغێكی تر. بێگومان نووسه‌ران له‌ هه‌موو سورده‌مێكدا به‌ ئه‌ركی خۆیان زانیوه‌، كه‌ له‌بری هه‌موان ده‌نگ هه‌ڵبڕن و به‌رگری له‌و به‌هایانه‌ بكه‌ن كه‌ سیمای مرۆڤبوون و هاووڵاتیبوون ده‌به‌خشنه‌ ئێمه‌، كه‌ به‌ قه‌ولی (ئه‌لبێر كامۆ) ژیان بێ بوونی ئه‌و به‌هایانه‌ هیچ مانایه‌كی نابێت. له‌وێوه‌ ده‌كه‌ونه‌ دژایه‌تی كۆمه‌ڵێك دیارده‌ كه‌ ده‌بنه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئه‌و به‌هایانه‌. له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێكدا هه‌میشه‌ چه‌ند شتێك هه‌ن بۆ نووسه‌ران كه‌ به‌رگرییان لێ بكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ ناتوانین گرفته‌كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی بابه‌تی نووسین بگه‌ڕێنینه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه‌ قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر خستنه‌ڕووی هونه‌ریانه‌ی بابه‌ته‌كه‌. بابه‌تی زۆربه‌ی ئه‌و چیرۆكانه‌ی له‌باره‌یانه‌وه‌ ده‌دوێین، له‌ ده‌وری خۆشه‌ویستی و هه‌ژاری و ده‌ره‌به‌گایه‌تی و دابونه‌ریتی كۆنخواز و سته‌مكاری سوڕاونه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ر یه‌ك له‌و بابه‌تانه‌ له‌ چیرۆكی جیهانیدا بگه‌ڕێین، ئه‌وا چه‌ندین نموونه‌ی ده‌دۆزینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ نووسراون و تا ئێستاش ئێمه‌ پێیان سه‌رسامین. كه‌واته‌ گرفته‌كه‌ له‌ بابه‌تدا نییه‌، به‌ڵكو گرفته‌كه‌ بۆ چه‌ند لایه‌نێكی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م زۆر به‌ كورتی ئاماژه‌یان پێ بده‌م.

١- به‌ شێوه‌یه‌ك ته‌ماشای زمان كراوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ ته‌نها ئامڕازێك بێت بۆ گوزارشتكردن، له‌ كاتێكدا زمان بوونێكی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه‌ و هه‌ڵگری چه‌ندین مانا و ده‌لاله‌ت و ئاماژه‌یه‌.

٢- زۆرجار به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی بابه‌تی چیرۆكه‌كه‌ باس كراوه‌ و هیچ گرنگییه‌كی به‌رچاو به‌ ته‌كنیك نه‌دراوه‌، ئه‌وه‌ش وای كردووه‌ ده‌قه‌كان گێڕانه‌وه‌یه‌كی ته‌قلیدییان هه‌بێت.

٣- زۆربه‌ی ده‌قه‌كان خاوه‌نی گرێچنێكی ئه‌رستۆیی بوون (سه‌ره‌تا و لوتكه‌ و كۆتایی)، ئه‌وه‌ش له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامدا خوێنه‌ر بێزار ده‌كه‌ن.

٤- زۆربه‌ی چیرۆكنووسانی كورد ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، ناتوانن له‌ خستنه‌ڕووی بابه‌ت و كه‌سێتییه‌كاندا بێلایه‌ن بن، به‌رده‌وام له‌سه‌ر هێڵێكی ئایدیۆلۆژی بابه‌ته‌كان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و كه‌سێتییه‌كانیش له‌ژێر ڕكێفی خۆیاندا ئاڕاسته‌ ده‌كه‌ن.

٥- له‌ خوێندنه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و چیرۆكانه‌دا، بێ ئه‌وه‌ی خۆمان ماندوو بكه‌ین و بیربكه‌ینه‌وه‌، به‌ ئاسانی هه‌موو مه‌دلول و مه‌به‌ستی ده‌قه‌كان ده‌گاته‌ ئێمه‌، چونكه‌ له‌نێو ده‌قه‌كاندا هه‌موو شته‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر ڕاسته‌وخۆ ڕوون كراونه‌ته‌وه‌ و پێویست به‌ گه‌ڕان و ڕاڤه‌كردن ناكات.

٦- له‌و جۆره‌ ده‌قانه‌دا نووسه‌ر خاوه‌نی په‌یامه‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌و په‌یامه‌ له‌ ڕێگه‌ی بابه‌تێكه‌وه‌ ده‌كرێته‌ سه‌نته‌ر و هه‌موو لایه‌نه‌كانی تری ده‌ق له‌ خزمه‌تی ئه‌و په‌یامه‌دا ده‌سوڕێنه‌وه‌.

٧- چیرۆكنووسانی ئێمه‌ له‌ژێر كاریگه‌ریی شه‌پۆلێكی ئایدیۆلۆژیدا زیاتر گرنگییان به‌ ناوه‌رۆكی ده‌ق ده‌دا و ته‌كنیك و فۆرمی چیرۆكیان تا ڕاده‌یه‌كی زۆر فه‌رامۆش كردبوو، ئه‌وه‌ش وای كردبوو چیرۆكه‌كان شێوه‌یه‌كی حیكایه‌تئامێز وه‌ربگرن.

٨- زۆرێك له‌و چیرۆكنووسانه‌ هه‌وڵیان داوه‌ به‌پێی خواست و داواكاری جه‌ماوه‌ری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بنووسن، به‌و واتایه‌ی ببنه‌ جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندیی زۆرینه‌ی خوێنه‌ران و ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت، ئه‌مان ده‌ریببڕن.

٩- ئه‌و نه‌وه‌یه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی ڕاسته‌خۆیان له‌گه‌ڵ واقیعدا كردووه‌ و هه‌وڵیان داوه‌ واقیع وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ بگوێزنه‌وه‌ بۆ نێو ده‌ق.

١٠- زۆر به‌ كه‌می ئه‌ندێشه‌ و كێشه‌ تایبه‌تییه‌كانی تاك كراونه‌ته‌ بابه‌ت، به‌ڵكو زیاتر ئیش له‌سه‌ر ئه‌و كێشانه‌ كراوه‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی تاك.
جگه‌ له‌م خاڵانه‌، چه‌ند ورده‌كارییه‌كی تریش هه‌ن كه‌ ئه‌و شێوه‌ سیمایه‌یان به‌ ده‌قه‌كانی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ به‌خشیوه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش چه‌ند چیرۆكنووسێك یان چه‌ند ده‌قێك هه‌ن كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و سیمایه‌ ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌.

چیرۆكنووسانی پاش ڕاپه‌ڕین به‌ حوكمی ئه‌و فه‌زا جیاوازه‌ی هاته‌ كایه‌وه‌، زیاتر به‌ ڕووی ئه‌ده‌بی خۆرئاوادا كرانه‌وه‌ و توانییان له‌ ده‌قه‌كانیاندا گۆڕانكاری به‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌دا بهێنن كه‌ وه‌ك سیمایه‌ك بۆ نه‌وه‌ی پێشتر ئاماژه‌مان پێدان، به‌ڵام دیسان هه‌ندێك ورده‌كاریی دیكه‌ سه‌ریانهه‌ڵدا كه‌ چه‌ند ئیشكالیه‌تێكی له‌نێو ده‌قه‌كانی ئه‌وانیشدا دروست كردووه‌. ڕاسته‌ ئه‌وان زیاتر گرنگییان به‌ ڕوانینه‌ تایه‌تییه‌كانی تاك دا و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كێشه‌ تایبه‌تییه‌كانی تاك، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی پێشتر ئه‌نجام دراوه‌، ئه‌وه‌ش وای كردووه‌ هه‌ندێك كێشه‌ی دیكه‌ بۆ ده‌قه‌كان دروست بكه‌ن، كه‌ جێگه‌ی له‌سه‌روه‌ستانه‌. زۆرجار ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ چڕی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ تاك، به‌ ته‌واوی فه‌زای ده‌ره‌وه‌ی فه‌رامۆش كردووه‌ و چیرۆكه‌كه‌ له‌ ڕووی ڕوانینه‌وه‌ مه‌ودایه‌كی زۆر ته‌سكی وه‌رگرتووه‌ و زیاتر ڕۆچوون بووه‌ به‌ ده‌وری ئه‌ندێشه‌كانی تاكدا، بێ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ده‌وروبه‌ره‌وه‌ هه‌بێت. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای هه‌موو ئه‌و بابه‌ت و ته‌كنیكانه‌ بكه‌ین كه‌ چیرۆكنووسی ئێمه‌ پێیان نووسیوه‌، له‌ چیرۆكی جیهانیدا گه‌لێك چیرۆكی داهێنه‌رانه‌یان پێ نووسراوه‌، به‌ڵام زۆرجار لای ئێمه‌ كێشه‌ی درووست كردووه‌، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردنی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌دا. له‌ كاردانه‌وه‌ی ئه‌و زمانه‌ ساده‌ و ئاساییه‌ی چیرۆكی نه‌وه‌ی پێش ڕاپه‌ڕیندا، لای هه‌ندێك له‌ چیرۆكنووسانی پاش ڕاپه‌ڕین هه‌وڵ دراوه‌ زمانێكی شیعری و تا ڕاده‌یه‌كیش ئاڵۆز به‌كار بهێنرێت، كه‌ ئه‌وه‌ش گه‌لێك جار زیانی به‌ ده‌قه‌كان گه‌یاندووه‌. كاتێك زمانێكی شیعری به‌ شێوه‌یه‌كی وه‌سفئامێز وێنای ڕوانینه‌كانی ڕاوی یان كاراكته‌رێك ده‌كات، كات ده‌وه‌ستێت و مه‌ودای جوڵه‌ش زۆر ته‌سك ده‌بێته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌ق له‌ په‌خشانێكی ئه‌ندێشه‌ئامێز نزیك ده‌كاته‌وه‌، كاریگه‌ریی ئه‌و جۆره‌ ده‌قانه‌ ئێستا به‌ چیرۆكی نه‌وه‌ی نوێوه‌ ده‌بینرێت. له‌ كاردانه‌وه‌ی ئه‌و شێوه‌ ساده‌ و ئاساییه‌ی له‌ خستنه‌ڕووی بابه‌تی زۆرێك له‌ ده‌قه‌كانی پێش ڕاپه‌ڕیندا ده‌بینرێن، هه‌ندێك له‌ چیرۆكنووسانی پاش ڕاپه‌ڕین به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌وه‌نده‌ ئاڵۆز بابه‌ته‌كانیان ده‌خسته‌ڕوو، كه‌ خۆشیان نه‌یانده‌زانی چۆن كۆتایی پێبهێنن. دیاره‌ دواتر خۆشیان هه‌ستیان به‌وه‌ كرد، هه‌ربۆیه‌ گۆڕانكارییان به‌سه‌ر چۆنێتی خستنه‌ڕووی بابه‌ته‌كانیاندا هێنا.

سه‌ره‌ڕای ئه‌و ورده‌كاریانه‌ی وه‌ك گرفت له‌ چیرۆكی پاش ڕاپه‌ڕیندا ده‌بینرێن، به‌ڵام ئه‌مه‌ ناكاته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ گۆڕأنكارییان له‌ ده‌قدا نه‌خوڵقاندبێت. چیرۆكنووسانی پاش ڕأپه‌ڕین به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ زمان و بابه‌ت و گێڕانه‌وه‌ و كاراكته‌ر و ورده‌كارییه‌ هونه‌رییه‌كانی تری ده‌قدا كرد و چه‌ند ته‌كنیكێكی چیرۆكیان تاقیكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌وانه‌ش چیرۆكی كوردییان له‌ قۆناغێكه‌وه‌ بۆ قۆناغێكی تر گوێزایه‌وه‌. ئه‌و شێوه‌ گوتاره‌ ده‌سته‌جه‌معییه‌ی لای زۆرێك له‌ چیرۆكنووسانی پێش ڕاپه‌ڕین ده‌بینرێت، كه‌ ده‌یانویست وه‌ك ده‌نگی هه‌موان خۆیان نمایش بكه‌ن و په‌سه‌ندكراوی زۆرینه‌ بن له‌ ڕووی گوتاره‌وه‌، به‌ ته‌واوی لای نه‌وه‌ی پاش ڕاپه‌ڕین كاڵ بووه‌وه‌ و ده‌قی نوێ زیاتر به‌نێو ڕوانین و دونیابینی تاكدا شۆڕبووه‌وه‌. لێره‌شه‌وه‌ چیرۆكی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ خۆی له‌ كۆمه‌ڵێك ڕووداوی ده‌وروبه‌ر و گشتی قوتار كرد و سه‌رقاڵ بوو به‌ ڕوانین و ئه‌ندێشه‌ی تاكه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی تایبه‌تی و دونابینی تایبه‌تی خۆی نمایش بكات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ك چۆن هه‌ندێك گرفت له‌ چیرۆكی زۆرێك له‌ نه‌وه‌ی پێشوودا هه‌ست پێ ده‌كه‌ین، به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌قه‌كانی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ش هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك گرفتن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باسه‌كه‌ له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ تاك، به‌ ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌وه‌ستین، تا بزانین ئه‌و شێوه‌ ئیشكردنه‌ چ جۆره‌ ئه‌نجامێكی لێ كه‌وته‌وه‌. زۆرێك له‌ چیرۆكنووسانی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ له‌ كاردانه‌وه‌ی ئه‌و ڕاسته‌وخۆییه‌ی پێشوودا له‌ لایه‌ك و خه‌ونی به‌جیهانیكردنی ده‌قه‌كانیان له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، هه‌وڵیاندا هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی له‌ كولتوور و لۆكاڵیبوون نزیكیان ده‌خاته‌وه‌، خۆیانی لێ به‌دوور بگرن، به‌وه‌ش ده‌قه‌كانیان له‌ هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كی كولتووری و لۆكاڵی داماڵرا. ئه‌و شێوه‌ ڕوانینه‌ تا ئێستاش درێژ بووه‌ته‌وه‌ و كاریگه‌رییه‌كه‌ی به‌ته‌واوی به‌سه‌ر ده‌قی زۆرێك له‌ چیرۆكنووسانه‌وه‌ ده‌بینرێت. ئه‌گه‌ر چیرۆك و ڕۆمانی زۆرێك له‌و نه‌وه‌یه‌ بخوێنینه‌وه‌، ده‌بینین ناوی كه‌سێتییان تێدا نییه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌شبێت دوورن له‌و ناوانه‌ی ئێمه‌ هه‌مانه‌، ناوی ناوچه‌ و شار و هیچ شتێكی ئه‌وتۆیان تێدا نییه‌ كه‌ ئێمه‌ بتوانین بیبه‌ستینه‌وه‌ به‌ ئێره‌وه‌.

ڕاسته‌ هه‌ندێك له‌و ده‌قانه‌ له‌ ڕووی هونه‌ری و بابه‌ته‌وه‌ چیرۆكی سه‌رنجڕاكێش و بێ گرفتن، به‌ڵام زۆر جار وه‌ك ده‌قێكی هه‌ڵواسراو ده‌رده‌كه‌ون و دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌ له‌ هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئێمه‌. هه‌موو ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ نووسه‌ران خه‌ونی تێپه‌ڕاندنی هه‌موو سنووره‌كانیان هه‌یه‌ و ده‌یانه‌وێت بۆ هه‌موو جیهان بنووسن، به‌ڵام خۆ به‌جیهانیبوونی ده‌قێك ناكاته‌ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی له‌ هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ده‌وروبه‌ری ئه‌و نووسه‌ری ده‌قه‌كه‌ی تێدا نووسیوه‌. ئێمه‌ په‌روه‌رده‌ی كولتوورێكین و به‌نێو چه‌ند ڕووداوێكدا گوزه‌رمان كردووه‌، كه‌ هه‌ڵگری چه‌ندین گرفت و جوانی و ناشیرینی و دژیه‌ك و وێنه‌ی جۆراوجۆرن، هه‌رچییه‌ك بكه‌ین ناتوانین زیهنی خۆمان له‌وانه‌ به‌تاڵ بكه‌ینه‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و فه‌زایه‌ ده‌ق به‌رهه‌م بهێنین.
له‌ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كاندا بوو جارێك چاوپێكه‌وتنێكی (تاهیر بن جه‌للون)م خوێنده‌وه‌، له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا وتبووی (جیهانیبوونی ده‌قێك له‌ لۆكاڵیبوونیه‌وه‌یه‌تی)، ئه‌و كاته‌ زۆر به‌ لامه‌وه‌ سه‌یر بوو نووسه‌رێك به‌و شێوه‌یه‌ بیر بكاته‌وه‌، به‌ڵام دواتر ڕاستیی ئه‌و قسه‌یه‌م بۆ ده‌ركه‌وت. هه‌موو نووسه‌رانی دونیا ئیش له‌سه‌ر ڕووداو و كاره‌سات و شوێن و ناوی تایه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن و هیچ گرفتێكیان بۆ خوێنه‌ران دروست نه‌كردووه‌، ئیتر نازانم بۆ ئێمه‌ به‌و شێوه‌یه‌ دوورده‌كه‌وینه‌ و له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی خۆمان ده‌ترسین؟ لێره‌شه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌وه‌ گرفت نییه‌ تۆ چ بابه‌ت و ڕووداو و شوێن و كاتێك هه‌ڵده‌بژێریت بۆ نووسینی ده‌قێك، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ چۆن ئه‌و ده‌قه‌ ده‌گێڕیته‌وه‌ و به‌ چ شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ هونه‌رییه‌كانی ده‌قدا ده‌كه‌یت. هه‌ندێكجار ده‌بینین كاره‌سات و ڕوودای گه‌وره‌ كراوه‌ته‌ بابه‌تی ده‌قێك و نه‌شیتوانیوه‌ ببێته‌ ده‌قێكی سه‌رنجڕاكێش، له‌ كاتێكدا له‌سه‌ر بابه‌ت و ڕووداوی ئاسایی و بچووك، ده‌قی زۆر باڵا و داهێنه‌وانه‌ نووسراوه‌. هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر باكگراوندی ڕۆشنبیری نووسه‌ر و توانا و سه‌لیقه‌ی له‌ گێڕانه‌وه‌ و چۆنێتی مامه‌ڵكردنی له‌گه‌ڵ ده‌قدا، كه‌ تا چه‌ند ده‌توانێت ده‌قێكی هونه‌ریانه‌ بخوڵقێنێت. ئه‌وه‌ بابه‌ت نییه‌ گرفت بۆ ده‌ق دروست ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه‌ چۆنێتی گێڕانه‌وه‌ و خستنه‌ڕووی ده‌قه‌كه‌یه‌ له‌ ڕووی هونه‌رییه‌وه‌.

پ/ كه‌ باس له‌ قۆناغه‌كانی چیرۆكی كوردی ده‌كه‌ین، به‌سه‌ر دوو قۆناغدا دابه‌ش ده‌كرێت (حیكایه‌ت وبه‌سه‌رهاتی لادێ‌، له‌ چیرۆك و گێڕانه‌وه‌ی شار) زۆر جار چیرۆكی (چای شیرینی حسێن عارف)یش به‌ سه‌ره‌تای چیرۆكی شاریانه‌ی كوردی داده‌نرێت.
عه‌بدوڵاتاهیر: مه‌رج نییه‌ ئه‌م قۆناغبه‌ندییه‌ وه‌ك یاسای لێبێت، هه‌موو دنیای چیرۆكی كوردیی پێ بخوێنرێته‌وه‌، یا بۆ هه‌موو سه‌رده‌مێك وهه‌موو ئه‌زمونێك بلوێت. دوای ڕاپه‌ڕین وتا ئێستا گۆڕانكاریی زۆر به‌سه‌ر هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی كوردیدا هاتووه‌، ده‌كرێت له‌ چه‌ندین ده‌روازه‌ی تره‌وه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی كوردی بچین. له‌ ڕۆمانی توركیدا دوانه‌ی لادێ‌ و شار ئه‌بینرێت و له‌ ڵیكۆڵینه‌وه‌یشدا به‌رچاو ئه‌كه‌وێت، به‌ڕاستیش ئه‌زموونی ڕۆمانی شار و ڕۆمانی لادێ‌ ده‌خوێنینه‌وه‌، له‌م نێوانه‌دا ڕۆمانی وا ئه‌بینیت هه‌ردووی له‌خۆ گرتووه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ باسی هیجره‌ت له‌ گونده‌وه‌ بۆ شار ده‌كه‌ن، له‌م چه‌شنه‌دا ڕۆماننوس ناچارئه‌بێت باسی ڕابردوو و ئێستای كه‌سه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ بكات، واته‌ ڕابردووی له‌ گوندا وئێستا و ئاینده‌ی له‌ شاردا، له‌ یادمان نه‌چێت توركیا شاری هه‌یه‌، به‌ هه‌موو مانای شار، كه‌ كه‌سه‌كان تووشی نامۆیی ودله‌ڕاوكێ‌ ده‌كات. لاموایه‌ لێكۆڵه‌ری كورد له‌م ڕووه‌وه‌ په‌نایشی بۆ ڕه‌خنه‌ی توركی وعه‌ره‌بی بردووه‌، هه‌ندێك جار دابه‌زاندنی بۆچوونی ڕه‌خنه‌یی ئه‌وانی دی به‌ وریاییه‌وه‌ نه‌بێت، به‌ هه‌ندێك زیاده‌ڕۆییدا ئه‌مانبات، به‌تایبه‌ت كه‌ دێین و بۆ زه‌مینه‌یه‌كی جیاواز ئه‌یانگوێزینه‌وه‌. ئه‌م قۆناغبه‌ندییه‌ هه‌ندێك ڕاستیی تێدایه‌، خۆ ده‌كرێت چه‌ندین خه‌سڵه‌تی تر هه‌ن، چیرۆكی كوردییان پێ‌ بخوێنرێته‌وه‌.

پ 9/ بۆچی زۆربه‌ی نووسه‌رانی ئێمه‌ به‌شیعر ده‌ستپێده‌كه‌ن و دواتر په‌ل بۆ نووسینی ڕۆمان ده‌به‌ن و چیرۆكنووس له‌و نێونده‌دا زۆر كه‌مه‌،
عه‌بدوڵاتاهیر: وای بۆ ناچم هه‌موو شاعیران و نووسه‌رانی ئێمه‌ وازیان له‌ چیرۆك وشیعر ونووسینی تر هێنابێت و ڕوویان كردبێته‌ ڕۆمان، چونكه‌ شاعیران ونووسه‌رانی ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆرن به‌قه‌د سوپایه‌كی ئێجگار گه‌وره‌ ده‌بن، گه‌ر به‌و گشتگیرییه‌ بوایه‌ ئێستا له‌ ڕووی چه‌ندایه‌تیشه‌وه‌ بوایه‌ ڕۆمانێكی زۆرمان ئه‌بوو. باوه‌ڕ ناكه‌م چیرۆكیش ئه‌وه‌نده‌ هونه‌رێكی ئاسان بێت هه‌روا به‌ خشكه‌یی بۆ ڕامكردنی بچین.




چیرۆكی كوردی و كێشه‌كانی له‌ دیدی چیرۆك نوسه‌ گه‌نجه‌كانه‌وه‌ …. ئاماده‌كردنی ته‌وه‌ر: شاخه‌وان سدیق

چیرۆك یه‌كێكه‌ له‌ ژانره‌ گرنگه‌كانی ئه‌ده‌ب و یه‌كێكیشه‌ له‌ كۆنترین بواره‌كانی نوسین، له‌ كورترین پێناسه‌ی ئه‌م ژانره‌دا، گێڕانه‌وه‌ی بابه‌تێكه‌ له‌ كورترین ماوه‌دا. بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر چیرۆكی كوردی و كێشه‌كانی ئه‌م دیدارانه‌مان له‌گه‌ڵ چه‌ند چیرۆك نوسێكی گه‌ندا ئه‌نجامدا.


پ/ ئه‌و گۆڕانه‌ به‌رچاوانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا له‌ چیرۆكی كوردیدا ڕویانداوه‌ چین؟ له‌ چیرۆكی (له‌خه‌وما)ی (جه‌میل سائیب)ه‌وه‌ ئا ئه‌مڕۆ. هه‌م له‌ ڕووی تێكست و تێماو ماناوه‌، هه‌م له‌ ڕووی ته‌كنیك و گێڕانه‌وه‌وه‌؟

سواره‌ نه‌جمه‌دین جه‌بار
5/12/1986 له‌ كه‌ركوك له‌ دایك بووه‌.
ساڵی 2005 ده‌ست به‌ نووسین و بڵاو كردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی ده‌كات.
ساڵی 2006 كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی (نامه‌یه‌ك بۆ فرۆید) بڵاو ده‌كاته‌وه‌.‌
ساڵی 2010 كۆلێژی كارگێری و ئابوری به‌شی ئاماری زانكۆی سلێمانی ته‌واو ده‌كات.
ساڵی 2011 كتێبی (ئه‌و نامانه‌ی بۆ پیرێتی خۆم ده‌یانێرم) بڵاو ده‌كاته‌وه‌.‌
ساڵی 2011 خه‌ڵاتی یه‌كه‌می شیعر له‌ ڤیستیڤاڵی گه‌لاوێژ وه‌رده‌گرێت
ساڵی 2015 و 2016 خه‌ڵاتی دووهه‌می چیرۆك له‌ ڤیستیڤاڵی گه‌لاوێژ وه‌رده‌گرێت.
25/11/2016 یه‌كه‌مین ڕۆمانی به‌ ناوی (سوپاس بۆ دۆستۆیڤسكی) بڵاو ده‌كاته‌وه‌.
چه‌ند چیرۆك و شیعرێكی وه‌رگێردراون بۆ زمانی ئینگلیزی و عه‌ره‌بی.
هه‌مان ساڵ قه‌ڵغانی كتێبی ساڵ له‌ لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵ و ده‌زگای داودییه‌وه‌ وه‌ك باشترین كتێبی ساڵ ده‌درێت به‌ ڕۆمانی سوپاس دۆستۆیڤسكی.

سواره‌ نه‌جمه‌دین/ ئه‌و ماوه‌یه‌ی ئێوه‌ پرسیاری له‌ باره‌وه‌ ده‌كه‌ن، نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كه‌، قسه‌كردن ده‌رباره‌ی سه‌ده‌یه‌ك له‌ چیرۆك(1925 بۆ 2017)، له‌ كاتێكدا چه‌ند ره‌گه‌زێكی دیاریكراوتان داناوه‌،‌ هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ خۆی پێویستی به‌ قسه‌كردنی ورد هه‌یه‌، كارێكی نه‌كرده‌یه‌ له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا جێگای ببێته‌وه‌، پرسیاره‌كه‌ چڕه‌ و وه‌ڵامێكی چڕی ده‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و سنوره‌ی بۆت داناوم وه‌ڵامێكی گونجاو بده‌مه‌وه‌، ده‌بێت خۆم له‌ زۆربه‌ی به‌شه‌كانی پرسیاره‌كه‌ بدزمه‌وه‌. به‌ به‌راورد به‌ مێژووه‌ كورته‌كه‌ی (92 ساڵ) چیرۆكی كوردی له‌ زۆربه‌ی ڕووه‌وه‌ هه‌نگاوی به‌رچاوی ناوه‌، به‌ جۆرێك ده‌كرێت بڵێم له‌ هه‌ندێك قۆناغدا نه‌ك هه‌نگاو بگره‌ به‌قه‌ڵه‌مبازیش ناوی به‌رین زیاده‌ڕه‌ویمان نه‌كردووه‌. چۆن مێژووی چیرۆكی جیهان زۆر له‌وه‌ درێژتر و چڕ تره‌، لێ چیرۆكی كوردی به‌م ماوه‌ كه‌مه‌ له‌ ئێستادا له‌ قۆناغێكی تا ڕاده‌یه‌ك شایسته‌دایه‌ به‌ به‌راورد به‌ ژانه‌ره‌كانی دیكه‌ی ئه‌ده‌ب، گه‌ر به‌راوردێكی چیرۆكی (له‌خه‌وما) و چیرۆكێكی ئه‌مڕۆ بكه‌ین، ده‌بینین ئاسته‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك به‌رچاو به‌ره‌وپێش چووه‌. به‌ ڕه‌چاوكردنی ئه‌و بۆچوونه‌ی لای وایه‌ (له‌خه‌وما) ناچێته‌ خانه‌ی چیرۆكه‌وه‌، بگره‌ گێڕانه‌وه‌ی رۆژانه‌یه‌ یان هه‌ڵڕشتنی ده‌رده‌ دڵه‌. چیرۆكی ئه‌مڕۆ زۆر هونه‌ری تر و بابه‌تی تره‌، به‌ تایبه‌ت چیرۆكی دوای نه‌وه‌ده‌كان به‌ ڕوونی كاریگه‌ری ئه‌ده‌بیاتی جیهانی پێوه‌ دیاره‌، ده‌كرێت بڵێم چیرۆكنووسانی نه‌وه‌ی پێش ئێمه‌ زۆر لێهاتووبوون له‌ هێنانی ئه‌زموونی چیرۆكنووسه‌ جیهانییه‌كان بۆ ناو چیرۆكی كوردی، نه‌وه‌ی پێش ئه‌وانیش زۆر زیره‌كانه‌ ئه‌زموونی چیرۆكی عه‌ره‌بی و فارسیان به‌كارهێنا بۆ دروستكردنی قۆناغێكی خۆیان. چیرۆكی ئه‌مڕۆ له‌ زۆربه‌ی ڕووه‌وه‌كانه‌وه‌ كاریگه‌ری چیرۆكه‌ جیهانییه‌كانی له‌سه‌ره‌، به‌جۆرێك فۆڕمه‌ نوێیه‌كانی چیرۆك به‌ ئاسانی ده‌گات به‌ چیرۆكی كوردی، گه‌ر سه‌رنجێكی چیرۆكی ئه‌مڕۆ بده‌ی ده‌یان فۆڕم و گێڕانه‌وه‌ی جیاواز ده‌بینیت، به‌ به‌راورد به‌ چیرۆكی (له‌خه‌وما- جه‌میل سایب) یان (مه‌سله‌ی ویژدان- ئه‌حمه‌د موختار جاف) كه‌ ده‌كرێت بڵێین زیاتر گێڕانه‌وه‌ كردویانێتی به‌ چیرۆك، ده‌بینین مانا ئه‌مڕۆ زۆر فراوانتره‌، فۆڕم زۆر جیاوازتره‌ و ده‌یان و سه‌دان فۆڕمی جیاواز په‌یڕه‌و ده‌كرێت، گێڕانه‌وه‌ و زمان، ته‌كنیكی جۆربه‌جۆر، گرێچن و چاوڕاو به‌ هونه‌رێكی به‌رز، هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كان له‌ چیرۆكی نوێدا بره‌ویان پێده‌درێت و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی فۆڕمی نوێ ده‌درێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م به‌راوردكارییه‌ له‌ نێوان ئه‌م دوو قۆناغه‌دا دادپه‌روه‌ری نییه‌، له‌ هه‌مان كاتدا كه‌مكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی ئه‌و دوو چیرۆكه‌ نییه‌ له‌ مێژووی چیرۆكی كوردیدا، چونكه‌ چ (له‌خه‌وما) و چ (مه‌سه‌له‌ی ویژدان) ده‌ستپێكێكی مه‌زن بوون بۆ چیرۆكی كوردی، چۆن پێشووتر چیرۆكی كوردی له‌ قۆناغی گێڕانه‌وه‌ی به‌رئاگردان و به‌ند و بالۆره‌ی نێو قاوه‌خانه‌كانه‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ فۆڕمێكی هونه‌ری، واته‌ چیرۆكی له‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ ژانه‌رێكی هونه‌ری، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش‌ چیرۆكی كوردی گه‌یشتووه‌ به‌مڕۆ.

پ/ زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌كرێت، نوسه‌ری چیرۆكی كوردی زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگه‌ تا ته‌كنیك و كه‌متر به‌لای ته‌كنیكی نوێو دۆزینه‌وه‌ی شێوازی جیای گێڕانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت، تا چه‌ند ئه‌م بۆچونه‌ ڕاسته‌، ئایا چیرۆكی ئێستای كوردی خاوه‌نی تكنیكێكی نوێ و به‌هێزه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌؟

جوتیار ئه‌حمه‌د ساڵی 1980 له‌ دایك بوه‌.

ساڵی 2006 به‌شی شوێنه‌واری زانكۆی سلێمانی ته‌وكردووه‌.
ئێستا خوێنكاری ماسته‌ره‌ له‌ بواری شوێنه‌واردا.
تا ئێستا دوو كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك بڵاوكردۆته‌وه‌ به‌ناوه‌كانی (سواره‌كانی وشه‌و ڕێچكه‌ی مێلوره‌كان) ڕۆمانێكیش بڵاوكردۆته‌وه‌ به‌ناوی (ئایه‌ته‌كانی سوره‌یا).
جوتیار ئه‌حمه‌د/ تا ئه‌و كاته‌ی كاروان كاكه‌سور، ئارامی كاكه‌ی فلاح و عتا محمه‌د دێن و به‌ ناخی ئینسانی كوردا ڕۆئه‌چن و تێئه‌گه‌ن كه‌ تاكی كورد چه‌ند ناخی داڕماوه‌و چۆن ئه‌ناڵێنێ به‌ده‌ست نه‌خۆشیه‌كانیه‌وه‌، بارودۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی چه‌ند ده‌رونی ماندو كردوه‌! ئیدی لێره‌وه‌ تێماو مانا ئه‌گۆڕێن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئینسانی كورد به‌ره‌و ئه‌وه‌ ئه‌چێت كه‌خۆی بناسێت و به‌ناخی خۆیدا شۆڕبێته‌وه‌، به‌ره‌و وشیاری مل بنێت، له‌ ڕێگه‌ی ئاناتۆمی ناخی خۆیه‌وه‌ خۆی ده‌وروبه‌ر بناسێت ! تۆ ناتوانی تكنیك داڕێژی ئیدی به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ ناوه‌ڕۆك داڕێژی ئه‌مه‌ تنها بۆ زانست ده‌ست ئه‌دات كه‌ من له‌ شوێنی تریشدا وتوومه‌، ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ناچێته‌ خانه‌ی هیچ یاساو ڕێسایه‌كه‌وه‌ئه‌وه‌ ناوه‌ ڕۆكه‌ كه‌ تكنیك دیاری ئه‌كات و نوسه‌ر ئه‌توانێت به‌پێی ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌م تكنیك دیاری بكات. ئیدی باش یا خراپ ئه‌وه‌ ئه‌كه‌وێته‌ سه‌ر نوسه‌ر خۆی! چیرۆكی كوردی كه‌ زۆر خۆی له‌ قه‌ره‌ی تكنیك نه‌داوه‌، به‌تایبه‌تی له‌ ڕابردودا، پێئه‌چێ هۆی ئه‌وه‌بێت كه‌ ئێمه‌ ئه‌م ژانره‌مان وه‌رگرتبێت واته‌ وه‌ك هه‌ر ژانرێك و شتێكی تر هاورده‌مان كردبێت، شاره‌زای بنجوبناونی نه‌بین تا بزانین چۆن بیگێڕینه‌وه‌، بۆیه‌ زۆركات له‌ سه‌ر شێوازی ئه‌وه‌ی پێئه‌ڵێین حیكایه‌ت ده‌ست به‌گێڕانه‌وه‌ ئه‌كه‌ین، له‌م ساڵانه‌ی دوایدا چیرۆكی كوردی به‌شوێن شێوازی نوێی گێڕانه‌وه‌و ته‌كنیكی نوێدا ئه‌گه‌ڕێت، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ دنیابینی تاكی كورد زیاتر بووه‌، وه‌رگێڕان بۆ سه‌ر زمانی كوردی زۆر له‌ جاران زیاتر بووه‌ ئیدی باش بێت یا خراپ، پێشكه‌وتنی تكنه‌لۆجیاش خۆی هۆیه‌كی سه‌ره‌كیه‌ بۆ پێشكه‌وتنی تكنیكی چیرۆك كه‌ به‌رده‌ستخستنی زانیاری زۆر ئاسان كردووه‌.

پ/ به‌ به‌راورد به‌ چیرۆكی جیهانی ئه‌و شێوازو ته‌كنیكه‌ نوێیانه‌ كامانه‌ن كه‌ بۆ نوسینی چیرۆكی نوێی كوردی گونجاون؟ یان به‌ جۆرێكی كه‌ كێشه‌كانی ئێستای چیرۆكی ئێمه‌ له‌ چیدایه‌؟

گۆران ڕه‌ئوف

ساڵی 1991 له‌ دایك بووه‌ ـ
ده‌رچووی ئاماده‌ییه‌ ـ
له‌ ساڵی 2005 ده‌ستیكردووه‌ به‌ نووسین ـ ساڵی ۲۰۰۷ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی نۆڤلێتێك به‌ناوی (زستانێكی پڕ نهێنی)
ساڵی ۲۰۰۹ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆمانێك به‌ناوی (ڕاستییه‌ درۆزنه‌كان)
ساڵی ۲۰۱۳ چاپ و بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ شیعرێك به‌ناوی (عه‌شق نائومێدییه‌كی خۆشه‌) له‌لایه‌ن خانه‌ی ڕۆنان ه‌وه‌.
ـ ساڵی ۲۰۱٦ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكێك به‌ناوی (قه‌فه‌زێك له‌ناخی باڵنده‌یه‌كدا). له‌لایه‌ن ده‌زگای سه‌رده‌مه‌وه‌.
ـ ساڵی ۲۰۱۲ له‌ هه‌شته‌مین ڤیستیڤاڵی گوڵعه‌نبه‌ردا خه‌ڵاتی یه‌كه‌می وه‌رگرتوه‌ بۆ چیرۆكی قه‌فه‌زێك له‌ناخی باڵنده‌یه‌كدا.
ـ ساڵی ۲۰۱٤ له‌ هه‌ژده‌یه‌مین فیستیڤاڵی گه‌لاوێژدا خه‌ڵاتی دووه‌می وه‌رگرتووه‌ بۆ چیرۆكی دڵی قاسم. ـ ساڵی ۲۰۱۳ له‌ فیستیڤاڵی هه‌تاودا خه‌ڵاتی سێیه‌می وه‌رگرتووه‌ بۆ چیرۆكی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ژیانه‌كه‌ی تر.

گۆران ڕه‌ئوف: به‌شی یه‌كه‌می پرسیاره‌كه‌ كه‌مێك ئالۆزی تێدایه‌. دنیای چیرۆكی كوردی به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یتوانیوه‌ له‌گه‌ڵ مێژووی چیرۆك، له‌ جیهاندا هاوته‌ریب رێبكات، ناكرێت ئێمه‌ قسه‌ له‌باره‌ی سه‌رله‌به‌ری چیرۆكی كوردییه‌وه‌ بكه‌ین.. هۆكارگه‌لێكی زۆر هه‌یه‌ كه‌وایكردووه‌ بۆ مێژووی چیرۆكی كوردی لاسه‌نگ بێت له‌گه‌ڵ مێژووی چیرۆكی جیهانیدا؟ چونكه‌ دۆخی سیاسی و داگیركاری و راوه‌دوونانی نه‌ته‌وه‌ی كورد و چه‌وساندنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌ هۆكارێكی بنه‌ڕه‌تی بووه‌ تا چیرۆكی كوردی به‌پێی قۆناغه‌ جیهانییه‌كانی گه‌شه‌ به‌خۆی بدات. من نامه‌وێت ئاڕاسته‌ی قسه‌كان بگوازمه‌وه‌ بۆ ئه‌و هۆكارانه‌ كه‌ گه‌ر بێت و بمانه‌وێت قسه‌ی له‌باره‌وه‌ بكه‌ین ئه‌وا كاتێكی زۆری ده‌وێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌كرێت ببێته‌ وه‌ڵام بۆ پرسیاره‌كه‌ی ئێوه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌راورده‌ له‌ نێوان چیرۆكه‌ جیهانییه‌كان و ڕه‌وت و هه‌وڵه‌كانی چیرۆكنووسانی كورده‌ له‌ ئێستادا. چیرۆكی نوێی كوردیی هیچی كه‌متر نییه‌ له‌و چیرۆكانه‌ی له‌ دنیادا ده‌نووسرێن و بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، گه‌ر له‌ رابردوودا چیرۆكنووسانی كورد نه‌یانتوانیوه‌ له‌گه‌ڵ ته‌وژم و ڕه‌وتی چیرۆكدا گه‌شه‌ به‌خۆیان و به‌رهه‌مه‌كانیان بده‌ن، به‌ڵام ئێستادا به‌هۆی ئه‌م نه‌وه‌ نوێیه‌وه‌، چیرۆكی كوردی گه‌شه‌ی زۆر و به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، هه‌ر له‌ زمانی گێڕانه‌وه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ بابه‌ت و مادده‌ی چیرۆك و ته‌كنیك و كه‌ره‌سته‌ی چیرۆكنووسین.. هه‌موو بنه‌ما و پێوه‌ره‌كانی چیرۆكی نوێی تێدایه‌.
له‌ ئێستای چیرۆكی كوردیدا ئیشده‌كرێت له‌ بواره‌ جیاوازه‌ مرۆییه‌كانی وه‌ك بابه‌تی “ده‌روونی و فه‌لسه‌فی و كۆمه‌ڵایه‌تی و دیارده‌ و ئازار و خه‌مه‌ گه‌ردوونییه‌كانی مرۆڤی نوێ” كه‌ ئه‌مه‌ش به‌وردی ئیشی تێداكراوه‌ و هه‌موو پایه‌كانی چیرۆكی به‌باشی تێدا به‌رجه‌سته‌كراوه‌، وه‌ك كه‌ره‌سته‌ و زمان و ته‌كنیك و دروستكردنی كاراكته‌ر به‌ فۆڕمی ئه‌مه‌ زه‌مه‌نه‌. چیرۆكنووسانی ئێستا ده‌كرێت بڵێین شاره‌زاتر و به‌ئاگاترن له‌ چیرۆكنووسانی پێشوو، ئه‌مه‌ش پشت ده‌به‌ستێت به‌ گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك كرانه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌ڕووی دنیادا و فێربوونی زمانه‌ جیاوازه‌كان و خوێندنه‌وه‌ و ئاگاداربوون له‌ ڕه‌وتی چیرۆك له‌ جیهاندا و وه‌رگێڕانی چیرۆك و ئه‌ده‌بیاتی وڵاتانی دیكه‌ و ئه‌و بنه‌مایانه‌ی له‌ ئێستادا چیرۆكی پێهه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت. بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێین له‌ ئێستادا چیرۆكی كوردی گه‌ر هاوته‌ریبیش نه‌بێت له‌گه‌ڵ چیرۆكی نوێی جیهاندا ئه‌وا قۆناغی باشی بڕیوه‌ و خاوه‌ن چیرۆك و چیرۆكنووسی ئاگادار و حرفه‌یین.

گه‌ر بێمه‌ سه‌ر به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه‌، كێشه‌ی چیرۆكی ئێمه‌ له‌ چیدایه‌؟ ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادارم له‌ ئێستادا چیرۆكی زۆر جوان و نایاب به‌رهه‌مهاتووه‌ كه‌ هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ چیرۆكه‌ جیهانییه‌كان و چیرۆكی وڵاتانی دراوسێ، خۆشبه‌ختانه‌ وه‌ك باسمكرد نه‌وه‌یه‌ك دروستبووه‌ ئاگاداره‌ و ده‌یه‌وێت دنیای چیرۆكی كوردی ته‌كان بخوات و بڕواته‌ قۆناغێكی نوێوه‌، جا ئه‌م چیرۆكانه‌ له‌ زمانه‌وه‌ بیگره‌ تا ده‌گاته‌ ته‌كنیك و وه‌گه‌ڕخستنی بابه‌ت و رووداو و كاره‌كته‌ر و په‌یام و گووتاره‌كانی چیرۆكی كوردی، تێكڕا شتی جوان و به‌پێز ده‌بینین كه‌ له‌ ئاستێكی به‌رزی ئه‌ده‌بیدا به‌رهه‌مهێنراون. بۆمن ئیشكالییه‌تێك له‌ چیرۆكی كوردیدا به‌ریده‌كه‌وم، كێشه‌ی بابه‌ت و زمانمان هه‌یه‌. ئێمه‌ له‌ زه‌مه‌نێكداین زه‌مه‌نی تاریكی و ته‌نیایی و له‌نێوچوونی به‌شێكی زۆری به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆحییه‌كانی مرۆڤه‌، كه‌ پێویسته‌ زمانێكی ورد و به‌هێزمان هه‌بێت بۆ گوزارشت و گیڕانه‌وه‌ و دروستكردنی چیرۆك، كه‌ تێیدا ئه‌پده‌یتی زمانی گێڕانه‌وه‌ بكه‌ین و خۆمان لاده‌ین له‌ زمانه‌ سه‌رگوزشته‌یی و په‌خشانئامێزه‌كانی رابردوو، زمانێكی ساده‌گۆ كه‌ تێیدا قسه‌مان بۆبكات له‌مه‌ڕ ئیشكالییه‌تی مرۆڤی ئه‌م زه‌مه‌نه‌وه‌. ئه‌مه‌ش ده‌توانم بڵێم گه‌شه‌ی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ ئاماژه‌یه‌كی كورت بده‌م پێی، بابه‌تی په‌یام و مادده‌ی چیرۆكه‌، كه‌ پێویسته‌ قوڵتر كاری تێدابكه‌ین. به‌هۆی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی به‌سه‌ر به‌شه‌ریه‌تدا هاتووه‌، هاوكات كێشه‌ و شوناسی گرفته‌كانیش گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه‌ كه‌ ده‌كرێت وردتر ئه‌م كێشه‌ و گرفتانه‌ ده‌رك بكه‌ین و وه‌گه‌ڕی بخه‌ین بۆ پرۆسه‌ی به‌ چیرۆككردن. ئه‌مه‌ش پشت ده‌به‌ستێت به‌ خۆداماڵین له‌ ده‌رده‌ گشتییه‌كان و وردبوونه‌وه‌ له‌ كێشه‌ خودی و ده‌روونی و تاكگه‌راییه‌كان، كه‌ مرۆڤی ئیستا پێوه‌ی ده‌ناڵینێت، هه‌رچه‌نده‌ له‌م خاڵه‌شدا چیرۆكی كوردی زۆر به‌ره‌وپێشچووه‌ و له‌ بره‌ودایه‌، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی چیرۆكی ئێمه‌ بچێته‌ مێژووی چیرۆكی جیهانییه‌وه‌ به‌بڕوای من ئیشكردنی چیرۆكنووسانه‌ له‌ دروستكردنی زمانی نوێدا و ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ فۆڕمێكی گه‌ردونیان هه‌یه‌ ته‌وزیفبكرێن بۆ چیرۆك، نه‌وه‌ك خولانه‌وه‌ له‌بازنه‌ی كۆمه‌ڵێك بابه‌ت و كه‌ره‌سته‌ی سووادا كه‌ له‌مێژه‌ جیهان و دنیای ئێمه‌ش تێمان په‌ڕاندووه‌.


پ/ كێشه‌كانی ئێستای چیرۆكی ئێمه‌ له‌ چیدایه‌؟ به‌ به‌راورد به‌ چیرۆكی جیهانی ئه‌و شێواز و ته‌كنیكه‌ نوێیانه‌ كامانه‌ن كه‌ بۆ نووسینی چیرۆكی نوێی كوردی گونجاون؟ ئایا ئه‌ده‌بی كوردی خاوه‌نی تام و بۆنی چیرۆكی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی؟

به‌ختیار حه‌مه‌سوور، له‌دایكبووی سلێمانییه‌.

ساڵی ٢٠١٠ یه‌كه‌م چیرۆكی له‌ ڕۆژنامه‌دا بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.
ساڵی ٢٠١٥ كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی «مێرووله‌كان به‌ژێر ڕووناكیی مانگدا ده‌ڕۆن» له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووسه‌وه‌ چاپ و بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.
ساڵی ٢٠١٦ له‌ بیسته‌مین فیستیڤاڵی گه‌لاوێژدا به‌شداری كردووه‌ و خه‌ڵاتی یه‌كه‌می چیرۆكی وه‌رگرتووه‌.
به‌ختیار حه‌مه‌سوور: كێشه‌ی بنه‌ڕه‌تی ئێستای چیرۆكی كوردی نه‌بوونی جیهانبینییه‌، تێروانینه‌كان لۆكاڵین و به‌ دیدێكی لۆكاڵییه‌وه‌ ده‌نووسرێن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌ماشای چیرۆكی جیهانی بكه‌ین ئه‌مه‌ جۆرێكی تره‌؛ بۆ نموونه‌ چیرۆكی ڕووسی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تێما و بابه‌تی چیرۆكه‌كانی گۆگووڵ، چێخۆف، تۆرگنێف و… باس و كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ڕووداو و شوێن و به‌سه‌رهاته‌كانی ڕووسیایان هه‌یه‌ و كردوویانن به‌ چیرۆك، به‌ڵام جۆری جیهانبینیی ئه‌وان له‌ ئاستێكی به‌رز و به‌رفره‌دایه‌، له‌ ئاستێكدایه‌، كاتێك ئێمه‌ له‌ كوردستان ئه‌و چیرۆكانه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌، ده‌بینین بووه‌ به‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ و قسه‌ی ئێمه‌یش، كێشه‌ و گرفت و خۆشییه‌كانی خۆمان له‌و چیرۆكانه‌دا ده‌بینینه‌وه‌ و ده‌ڵێین: ده‌ڵێی بۆ ئێمه‌ نووسراوه‌! ئه‌مه‌ جیاوازییه‌كی بنه‌ڕه‌تییه‌، به‌ جۆرێك كه‌ زۆر جار ئه‌و چیرۆكانه‌ له‌ چیرۆكه‌كانی خۆمان باشتر له‌ خۆمان و دنیاكه‌مان ده‌دوێن و پێشانمان ده‌ده‌ن، ئه‌م جۆره‌ له‌ دنیابینیی كه‌متر له‌ چیرۆكی كوردیدا ده‌بینرێت. شێوازێك كه‌ بۆ چیرۆكی كوردی پێویسته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باس و كێشه‌ لۆكاڵی و ناوخۆییه‌كان به‌ دیدێكی جیهانییه‌وه‌ بنووسێته‌وه‌ و به‌چیرۆكیان بكات، ئه‌مه‌یش له‌ ڕێی فۆڕم و ته‌كنیكێكی ئه‌مڕۆیی و مۆدێرن، ئاگاداربوون و ئاشنابوون به‌ ئیمكانیه‌ت و پێشكه‌وتنه‌ خێرا و به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌ده‌بیات، به‌ تایبه‌ت ئه‌و گۆڕانه‌ به‌رچاوانه‌ی ژانری چیرۆك له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تاكو گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌م ئاسته‌ی ئێستا.ئه‌ده‌بی كوردی ته‌نیا به‌ كردنی ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌كانی مێژوویی كوردی ناتوانێت ئه‌ده‌بێكی لێ ده‌ربێت به‌ تام و بۆی خۆی، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی گرنگه‌ چۆنێتیی مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌ده‌بیاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕووداو و به‌سه‌رهاتانه‌ی كه‌ له‌ مێژوو و نه‌ریت و ئه‌مڕۆیی كوردیدا هه‌ن. چیرۆكی كوردی بۆ ئه‌وه‌ی مۆری خۆی وه‌ك شوناس و ناسێنه‌ری كورد لێ بدات، پێویستی به‌ ئاوڕلێدانه‌وه‌یه‌كی كۆنكرێتییه‌ له‌ ئایدیا و بیرۆكه‌ نزیك و دووره‌كان، له‌ مێژوو و كاره‌ساته‌كانه‌وه‌ تاكوو ڕووداوه‌ بچووك و ئاساییه‌كانی ده‌وروبه‌ر، ئه‌ویش به‌ شێوه‌یه‌كی هونه‌ری و دۆزینه‌وه‌ی فۆڕم و ته‌كنیكی گونجاو بۆ هه‌ریه‌ك له‌و تێما و ڕووداوانه‌.

پ/ كاتێك باس له‌ چیرۆكی كوردی پێش ڕاپه‌ڕین ده‌كرێت، باس له‌ چیرۆكێك ده‌كرێت كه‌ زیاتر كێشه‌ گشتیه‌كان بابه‌تی سه‌ره‌كی بون و گێڕانه‌وه‌ تیایاندا، فۆڕمێكی گشتی هه‌بوه‌، ئایا ده‌كرێت، بڵێین دوای ڕاپه‌ڕین چیرۆكی كوردی زیاتر باس له‌ خودو كێشه‌كانی تاك ده‌كات و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی شته‌ تایبه‌ت و وورده‌كانی تاك له‌ كۆمه‌ڵگادا؟

محمود نه‌جمه‌دین له‌ساڵی 2000 كانه‌وه‌ چیرۆك ده‌نووسێ‌

كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكێكی چاپكراوی هه‌یه‌ به‌ناوی هاوشێوه‌كانی سه‌لیم جه‌وده‌ت.
كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكێكیش به‌عه‌ره‌بی بڵاوبوه‌ته‌وه‌، ئێستاش هه‌مان كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك ئاماده‌یه‌ بۆ چاپی دووه‌م. دوو كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی دیكه‌ش ئاماده‌ی چاپن ئه‌وانیش (كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی پاسه‌كه‌ی گورون- كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی یاریم له‌گه‌ڵ مه‌كه‌ سه‌عدوون)
محمود نه‌جمه‌دین/ مه‌رج نییه‌ ئه‌و پۆلێنه‌ قبوڵ بێت، هه‌ندێك چیرۆكی حوسێن عارف هه‌یه‌ له‌ شه‌سته‌كاندا نووسیوێتی، ئاستیان ئه‌وه‌نده‌ به‌رزه‌، له‌وباوه‌ڕه‌دام له‌گه‌لێك له‌ چیرۆكه‌كانی دوای راپه‌ڕین ئاستیان به‌رزتره‌، بۆیه‌ زۆرجار زه‌مه‌ن ناكرێته‌ پێوه‌ر، ئه‌وه‌ی ده‌بێت ببێته‌ پێوه‌ر ئاستی چیرۆكه‌كه‌یه‌، خۆ ئێستا له‌روسیا گه‌لێك چیرۆكنووسی نوێ‌ هه‌یه‌، لێ‌ چیخۆف هێشتا تازه‌یه‌ و بگره‌ له‌ زۆرێك له‌ چیرۆكنووسه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ تازه‌تره‌، ئه‌وه‌ی بۆ چیرۆك گرنگه‌ زه‌مه‌نی نووسین نییه‌، تازه‌ و كۆنی له‌وه‌دانییه‌ كه‌ چیرۆكه‌كه‌ی كه‌ی نووسراوه‌، به‌ڵكه‌ ئه‌وه‌ی بۆ چیرۆك گرنگه‌ ئه‌و تێكسته‌ شه‌رت و شرووتی چیرۆكی تێدابێ‌ و رێك و راست خه‌سڵه‌ته‌كانی چیرۆكی تێدابێ‌، ئێمه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ تازه‌یه‌دا كه‌ ساڵی 2017یه‌ چیرۆكنووسمان هه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان وه‌ك چیرۆكنووسێكی باش ناسراوه‌، لێ‌ هه‌ندێك له‌ چیرۆكه‌كانی نه‌ك به‌ چیرۆكی پێش ڕاپه‌ڕین ناگه‌نه‌وه‌ بگره‌ ئاستیان زۆر نزمه‌، جا ئه‌وه‌ی بۆ چیرۆك گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چیرۆك چیرۆكی هونه‌ری بێ‌ و خه‌سڵه‌تی كورته‌ چیرۆكی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتبێ‌، گرێچنی تێدابێ‌، گێڕانه‌وه‌ گێرانه‌وه‌ی كورته‌ چیرۆك بێت، له‌روداوێك زیاتری تێدا نه‌بێ‌. له‌ده‌ست پێك تا كۆتایی به‌ نه‌مه‌تی كورته‌ چیرۆك بڕوات.

هێشتاش گه‌لێك چیرۆكنووسمانه‌ هه‌یه‌ پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر چیرۆكه‌كه‌ی درێژكرده‌وه‌ بۆ په‌نجا یان حه‌فتا لاپه‌ڕه‌ ئه‌وه‌ كردوویه‌تی به‌ رۆمان، له‌كاتێكدا خه‌سڵه‌تی رۆمان و چیرۆك په‌ویه‌ندی به‌ كه‌مو زۆری لاپه‌ڕه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكه‌ په‌یوه‌ندی به‌و خاڵانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ هونه‌ری چیرۆكی كورت و رۆمانی له‌سه‌ر بنیاد نراوه‌، بۆیه‌ له‌كۆن و له‌ تازه‌شدا كۆمه‌ڵێك خاڵ و كۆمه‌ڵێك مواسه‌فات هه‌یه‌ چیرۆكی له‌سه‌ر بنیاد ده‌نرێ‌، به‌نیسبه‌تی ئه‌وه‌ی چیرۆكی كوردی روداو و فۆڕمێكی گشتی هه‌یه‌ یان كاركردنه‌ له‌سه‌ر خود و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ناو خود، بۆ ئه‌وه‌شیان مه‌رج نییه‌، ده‌شێ‌ چیرۆكی پێش راپه‌ڕین له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می دوای راپه‌ڕین له‌ هه‌ندێك بابه‌ت و دۆسێدا جیاواز بن، به‌تایبه‌تی كورد له‌ سه‌ده‌ی رابردوودا له‌دۆخی به‌رگریدا بووه‌ و له‌حاڵه‌تی شۆڕشدا بووه‌، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ هه‌ندێك چیرۆك و بگره‌ رۆمان و شیعریش هه‌ندێكجار به‌رگی سیاسه‌ت و شۆڕش و ئایدۆلۆژیایان پۆشیوه‌. به‌ڵام به‌گشتی چیرۆك گێڕانه‌وه‌ی مرۆڤه‌ و مرۆڤیش هه‌میشه‌ حیكایه‌تێك، روداوێكی هه‌یه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌، جا سه‌لیقه‌ی چیرۆكنووسه‌كه‌ بڕیار ده‌دات ئاستی گێڕانه‌وه‌ چۆنه‌ و باشه‌ یان خراپ، سه‌ركه‌وتووه‌ یاخود نا.

پ/ زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌كرێت، نوسه‌ری چیرۆكی كوردی زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگه‌ تا ته‌كنیك و كه‌متر به‌لای ته‌كنیكی نوێو دۆزینه‌وه‌ی شێوازی جیای گێڕانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت، تا چه‌ند ئه‌م بۆچونه‌ ڕاسته‌، ئایا چیرۆكی ئێستای كوردی خاوه‌نی تكنیكێكی نوێ و به‌هێزه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌؟

فه‌رهاد چۆمانی

له‌دایكبووی: ١٩٨٦- چۆمان
تاوه‌كو ئێستا دوو كتێب: په‌نجه‌كان شتێك ده‌ڵێن- كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك- ٢٠١٣
وه‌رگێردراوه‌ته‌ سه‌ر فارسی و ئه‌مساڵ له‌ تاران بلاوكرایه‌وه‌.
قیژه‌- رۆمان- ٢٠١٧
وه‌گێڕان: رۆمانی مژاباد- جان دۆست- ٢٠١٦
ژنانی نهۆمه‌ به‌رزه‌كان- حه‌لیم یوسف – ٢٠١٧
٩٩ موورووی په‌رشوبڵاو- حه‌لیم یوسف
نائارامی- زولفو لیڤانه‌لی
فه‌رهاد چۆمانی: با پرسیار له‌م گشتاندن و زۆراندنه‌ ده‌ربهێنین، با سه‌ره‌تا وردبینه‌وه‌ له‌وه‌ی داخۆ له‌ چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی پشتبه‌ستوو به‌ تیۆره‌ ئه‌ده‌بییه‌كان به‌و ده‌ره‌نجامه‌ گه‌یشتووه‌ كه‌؛ نوسه‌ری چیرۆكی كوردی زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگه‌ تا ته‌كنیك و كه‌متر به‌لای ته‌كنیكی نوێو دۆزینه‌وه‌ی شێوازی جیای گێڕانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت! من له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌دا نیم، كه‌ زیاتر پرسیارێكه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ وه‌ڵامێكی خوازراو، من پێموایه‌ چیرۆكی كوردی له‌ ئێستادا هه‌م له‌ ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ هه‌م له‌ ته‌كنیك و شێوازی گێڕانه‌وه‌دا گۆڕانكاری و پێشڤه‌چوونی باشی به‌خۆوه‌ بینیوه‌، چیرۆكی كوردی له‌ قالبی حیكایه‌تخوانی هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، زه‌مه‌ن پارچه‌ پارچه‌ بووه‌، ڕووداوه‌كان به‌ ته‌كنیكێكی تازه‌ ده‌چنه‌ پێشه‌وه‌. تێما و (بابه‌ت)ی چیرۆكه‌كان هه‌م له‌ ڕووی چنینی ڕووداوه‌كان هه‌م له‌ ڕووی گوزارشتكردنێكی ڕاستگۆیانه‌تر له‌ ژیار و فه‌رهه‌نگ و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ گۆڕانكاری باشیان به‌سه‌ردا هاتووه‌. له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانی هه‌ر چیرۆكێكی جیهانیدا كاریگه‌ری و سایه‌ی كردوه‌ته‌ چیرۆكی هونه‌ری كوردی. ئه‌گه‌ر پێشان چیرۆكی كوردی كولتوور و فه‌رهه‌نگی زمانێك و دوان سه‌رچاوه‌ی بووبن، ئێستا به‌سای وه‌رگێرانه‌وه‌ له‌ چه‌ندین زمانه‌وه‌ شێواز و ته‌كنیك فێرده‌بین، له‌ گۆگۆڵ و چیخۆفه‌وه‌ تا جه‌یمز جۆیس، چارڵز دیكنز، هه‌منگوای و كافكا و ماركیز و موراكامی و كێ و كێ هه‌ر چیرۆكه‌ و ده‌لاقه‌ی دونیایه‌كی تازه‌ی به‌ڕوودا كردووینه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێ ئیستێك بكه‌ین و بپرسین به‌ڕاستی هه‌موو ئه‌م خه‌یاڵانه‌ وایكردووه‌ ئاسۆی ڕوانین و دونیابینی چیرۆكنووسانی ئێمه‌ی به‌رفراوان كردوه‌؟ ئایا كرانه‌وه‌ی ده‌لاقه‌كانی دونیا وایكردووه‌ چیرۆكنووسی ئێمه‌ به‌ تێمای خۆیه‌وه‌ به‌رگی ته‌كنیكێكی نوێ و جیهانی بكاته‌ به‌ر چیرۆكه‌كانی؟ ئایا به‌ڕاستی چیرۆكنووسی كورد دوای خوێندنه‌وه‌ی ده‌یان چیرۆكی وه‌رگێردراوی كولتوور و ئه‌ده‌بی گه‌لان پرسیاری له‌خۆی كردووه‌ له‌كوێی ئه‌ده‌بی جیهاندایه‌ و چیرۆكی كوردیش له‌ كوێی ئه‌م دونیا پڕ خه‌یاڵ و داهێنانه‌دا؟ من پێموایه‌ له‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌وه‌ به‌و ڕاستیه‌ ده‌گه‌ین كه‌ هه‌ڵه‌ ڕوویداوه‌، جۆرێكه‌ له‌ “به‌هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتن” چونكه‌ هه‌ندێك ته‌كنیك هه‌ن كاریگه‌ری زمانیان به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، كاتێك به‌ زمانی یه‌كه‌می خۆی ده‌یخوێنیته‌وه‌ ته‌كنیك “كاڵا به‌قه‌د باڵا”یه‌ به‌ڵام كه‌ وه‌رده‌گێڕدرێته‌ سه‌ر زمانێكیتر و هه‌وڵ ده‌درێ “لاسایی” ئه‌م ته‌كنیكه‌، لاساییه‌كی كوێرانه‌ی بكرێته‌وه‌ نابێته‌ چیرۆك، ده‌بێته‌ وڕێنه‌. هه‌ڵه‌یه‌كیتر ئه‌وه‌یه‌؛ چیرۆكنووسی ئێمه‌ هێنده‌ ئاسان خۆی ڕاده‌ستی ته‌كنیكی ئه‌وانیتر، یاخود ئه‌ده‌بی وه‌رگێڕدراو ده‌كات له‌بیری ده‌چێته‌وه‌ تێمای ئه‌و پێویستی به‌ ته‌كنیكی تایبه‌ت به‌ خۆیشی هه‌یه‌. من پێموانیه‌ چیرۆكنووسی كورد زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگ بێت، نه‌خێر! زۆر جار بیریشی ده‌چێته‌وه‌ ئه‌و كاڵایه‌ی بۆ باڵای تێماكه‌ی ده‌دوورێ یان به‌به‌ری ته‌نگه‌ یان فش. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانین پێشكه‌وتنه‌كان و ئه‌و گۆڕانانه‌ی به‌سه‌ر شێواز و ناوه‌رۆكی چیرۆكی هونه‌ری كوردیدا هاتوون نادیده‌بگرین.

پ/ چیرۆكی كوردی له‌ ئێستادا له‌ كوێی چیرۆكی جیهانیدایه‌؟ ئایا ئه‌ده‌بی كوردی خاوه‌نی تام و بۆنی چیرۆكی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی؟

ئارام شێخ وه‌سانی…

ساڵی 2012 یه‌كه‌م ڕۆمانی خۆی به‌ناوی (سه‌مای سڕبوون) بڵاو كردووه‌ته‌وه‌،
هه‌مان ساڵ خه‌ڵاتی لاوی ساڵی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری بۆ بواری ڕۆمان وه‌رگرتووه‌.
– ساڵی 2013 بۆ چیڕۆكی (ده‌زگیرانی گۆڕستان) له‌ ڤیستیڤاڵی هه‌تاو بۆ ئه‌ده‌بی گه‌نجان خه‌ڵاتی دووه‌می چیڕۆكی وه‌رگرتووه‌.
– ساڵی 2014 بۆ چیڕۆكی (زمانی دیوار) خه‌ڵاتی یه‌كه‌می ڤیستیڤاڵی گه‌لاوێژی بۆ بواری چیڕۆك وه‌رگرتووه‌.
– ساڵی 2014 ڕۆمانی (خه‌وتوو) له‌ خانه‌ی ئه‌ربیل، چاپ و بڵاو كردووه‌ته‌وه‌‌
– ساڵی 2016 ڕۆمانی (مه‌رگی مێژوونووس)ی، له‌ ناوه‌ندی ئاوێر به‌ چاپ گه‌یاندووه‌.
– چه‌ندین چیڕۆك و وتاری ئه‌ده‌بی له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.
ئارام شێخ وه‌سانی/ ئه‌ده‌بی كوردی له‌ جووڵه‌دایه‌. هه‌نگاوه‌كان ئه‌گه‌رچی دره‌نگوه‌ختیش بن، به‌ڵام بۆ كه‌وتنه‌ سه‌رپێ باش و گرنگن. تۆ بڕوانه‌ ئێمه‌ تا ئێستا مارسێل پڕۆستمان نه‌خوێندۆته‌وه‌، تازه‌ خه‌ریكه‌ ده‌كرێته‌ كوردی، ده‌یان به‌رهه‌می گرنگی دیكه‌، كه‌ بناغه‌ی گه‌شه‌سه‌ندن و پایه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بین، تازه‌ ئاوڕیان لێ ده‌درێته‌وه‌. نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین، كه‌متر زمانی دووه‌م ده‌زانێت، بۆیه‌ ئێسته‌ به‌ وه‌رگێڕانی ئه‌و تێكسته‌ به‌ ناوبانگانه‌، شاگه‌شكه‌ ده‌بێت.
به‌م هۆیه‌وه‌ تا ڕاده‌یه‌ك له‌ ڕێگه‌ی وه‌رگێرانه‌وه‌ ئاشانایه‌تیمان له‌گه‌ڵ ڕێچكه‌ی ئه‌ده‌بی جیهاندا دروست كردووه‌. ئه‌گه‌رچی تا ڕاده‌یه‌كی باش له‌ نووسه‌رانی سه‌رده‌م دابڕاوین، ئێمه‌ ئێسته‌ خه‌ریكی ئاشنابوونین به‌ نووسه‌رانی ساڵانی بیست و په‌نجا و حه‌فتا، زۆر به‌ كه‌می ئیش له‌سه‌ر‌ به‌رهه‌می نووسه‌رانی ساڵانی دوای نه‌وه‌د و دووهه‌زار ده‌كرێت، وێڕای ئه‌وه‌یش ئه‌و شه‌پۆله‌ گرنگ و گه‌وره‌یه‌ی وه‌رگێران وای كردووه‌، له‌ ئاستی چیڕۆك و ڕۆمان و ئه‌ده‌بی خۆمان تێبگه‌ین. ئێمه‌ كاتێك ڕۆمانێك یان چیڕۆكێكی بیانی ده‌خوێنینه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ و به‌ده‌ر له‌ ویست، ناخمان ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م به‌راوردكاری ئه‌ده‌بی خۆماڵی و ئه‌ده‌بی بیانی. ئه‌م به‌راوردكارییه‌، ئه‌كادیمیانه‌ نییه‌، جۆرێكه‌ له‌ چێژی خوێندنه‌وه‌. له‌ چه‌ندین جومگه‌وه‌ ده‌توانرێت ئه‌ده‌بی كوردی بناسرێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ بابه‌تدا، كه‌ نووسه‌ر به‌گشتی ناكرێت هه‌ڵبێت له‌و دۆخه‌ی له‌ ده‌وورووبه‌ریه‌تی، بابه‌تی گێڕانه‌وه‌ و چیڕۆك به‌گشتی، پێوه‌ندیان به‌ دۆخی ژیان و تایبه‌تمه‌ندی شوێن و خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌. بێگومان له‌ خاڵی مرۆڤبوون و كێشه‌ ئۆنتۆلۆجییه‌كاندا هه‌موومان له‌یه‌ك ده‌چین، هه‌روه‌ها هه‌مووشمان مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ به‌ زمان و تێگه‌یشتنی خۆمان باس له‌و كێشانه‌ بكه‌ین، به‌ڵام به‌هۆی كۆمه‌لێك هه‌ڵكه‌وته‌ی جیاوازه‌وه‌ به‌ركه‌وتنمان به‌ دیواری ژیان جیاوازه‌، لێره‌دا ده‌توانین چیڕۆك و گێڕانه‌وه‌ی كوردی بناسینه‌وه‌. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه‌ سه‌ر چیڕۆكی جیهانی، به‌پێی شوێن و زه‌مه‌ن گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌. شێواز و بابه‌تی سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی، جیاوازه‌ له‌ سه‌رده‌می دوای جه‌نگ، دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مریكییه‌كان جیاوازه‌ له‌ هیی ڕووسه‌كان، واتا له‌ ڕێگه‌ی كات و زه‌مه‌ن و هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندی دیكه‌وه‌، ده‌كرێ ئه‌ده‌بی خۆمان بناسینه‌وه‌ پێناسه‌ی بكه‌ین.

پ/ زۆرجار باس له‌وه‌ ده‌كرێت نوسینی چیرۆك مه‌شقه‌ بۆ نوسینی ڕۆمان، یان پشووه‌ له‌ نێوان نوسینی ڕۆمانێك بۆ ڕۆمانێكی تر، تا چه‌ند ئه‌م بۆ چونه‌ ڕاسته‌، ئایا ئه‌وه‌ی چیرۆك ده‌نوسێت ده‌توانێت ڕۆمانیش بنوسێت، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌؟
سواره‌ نه‌جمه‌دین/ نووسینی هه‌ر ژانه‌رێك سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌یه‌، په‌یوه‌ندی نێوان ڕۆمان و شیعر چۆنه‌،‌ په‌یوه‌ندی نێوان چیرۆك و رۆمانیش به‌ هه‌مان شێوه‌، نووسینی چیرۆك و ڕۆمان وه‌ك ئه‌وه‌ نییه‌ یه‌كێك شیعری كورت بنووسێت و چامه‌(قه‌صیده‌)ش بنووسێت، چیرۆك به‌شێكی كورتی ڕۆمان نییه‌، به‌ڵكو ژانه‌رێكی سه‌ربه‌خۆیه‌. ئه‌و بۆچوونه‌ی ده‌ڵێت چیرۆك مه‌شقه‌ بۆ ڕۆمان، یان ئه‌و نووسه‌رانه‌ی په‌یڕه‌وی ئه‌و وته‌یه‌ ده‌كه‌ن، زیان به‌ كرده‌ی نووسینی چیرۆك و ڕۆمانیش ده‌گه‌یه‌نن، به‌ گشتی نووسین هه‌ر جۆرێك بێت بۆ خۆی مه‌شقه‌، راپۆرتی ڕۆژنامه‌وانی بێت، یان په‌خشان، شیعربێت یان چیرۆك، رۆمان بێت یان داستان، تێكڕایان مه‌شقن بۆ ئه‌و ده‌قه‌ی له‌ كۆتایدا ده‌ته‌وێت بینووسیت، ئه‌و ده‌قه‌ی ڕه‌نگه‌ ده‌قی ته‌مه‌ن بێت.

له‌ پرسیاره‌كه‌تدا ئه‌وه‌ به‌دیده‌كرێت، كه‌ بۆچونێك هه‌یه‌ لای وایه‌ ژانه‌ری چیرۆك له‌ ئاستی ژانه‌ری ڕۆماندا نییه‌، یان به‌ روونتر چیرۆك ژانه‌رێكی بچوك و ئاسانه‌ و ڕۆمان هونه‌رێكی باڵایه‌! به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی (مه‌شق) و (پشوو) به‌ كه‌م ته‌ماشاكردنی چیرۆكه‌، لای من ئه‌مه‌ وانییه‌، چیرۆك هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ ڕۆمان و شیعر، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ وای ده‌بینم چیرۆك هونه‌رێكی ئه‌سته‌متره‌، له‌ چیرۆكدا مه‌ودایه‌كی كه‌مترت له‌ به‌رده‌مدایه‌ و ره‌گه‌زگه‌لێكی زۆریش تا جێگای بكه‌یته‌وه‌، ده‌ق وه‌ك ئه‌وه‌ی پارچه‌ زه‌وییه‌كی بیست مه‌تری بخه‌یته‌ به‌رده‌ست ئه‌ندازیارێك تا خانوویه‌كی ته‌واوی له‌سه‌ر دروست بكات، ده‌بێت ژووری میوان و چێشتخانه‌ و ژووری نووستن و ته‌والێت و حه‌مام و ته‌نانه‌ت باخچه‌شی تیادا جێگا بكاته‌وه‌، به‌ڵام ڕۆمان هونه‌ری ئه‌ندازیاره‌كه‌یه‌ له‌سه‌ر پارچه‌ زه‌وییه‌كی فراوان، جا باڵه‌خانه‌ یان كۆشكێكی تیادا بونیاد بنێت، ئه‌كه‌وێته‌وه‌ سه‌ر هونه‌ری ئه‌ندازیاره‌كه‌، به‌ چواندنێكی تر چیرۆك هونه‌ری كاتژمێری ده‌ستییه‌، لێ رۆمان هونه‌ری چێكردنی ئۆتۆمبێلێكه، له‌ سنوری كاتژمێرێكی ده‌ستیدا جێگای ژماره‌ و مه‌كینه‌ و پیل و پیم زۆرجار رۆژمێر ده‌كرێته‌وه‌، لێ له‌ دروستكردنی ئۆتۆمبێلدا ئه‌و مه‌ودا كه‌مه‌ نییه‌.

ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ی له‌سه‌ر زه‌ویه‌كی بیست مه‌تری بتوانێت ‌بینایه‌ك بونیاد بنێت، ئه‌گه‌ری زۆره‌ بتوانێت له‌سه‌ر زه‌ویه‌كی چه‌ند یاردیش باڵه‌خانه‌یه‌ك دروست بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كاتژمێری ده‌ستی دروست ده‌كات، ئه‌ستمه‌ بتوانێت ئۆتۆمبێلیش دروست بكات، بۆیه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ وه‌ك ئه‌ندازیاری بیناسازیه‌كه‌ نووسه‌ر ڕه‌نگه‌ بتوانێت چیرۆك و ڕۆمانیش بنووسێت، یان وه‌ك ئه‌ندازیاره‌ میكانییكییه‌كه‌ نه‌توانێت له‌ چیرۆك و ڕۆماندا كار بكات.

پ/ ئه‌و گۆڕانه‌ به‌رچاوانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا له‌ چیرۆكی كوردیدا ڕویانداوه‌ چین؟ له‌ چیرۆكی (له‌خه‌وما)ی (جه‌میل سائیب)ه‌وه‌ ئا ئه‌مڕۆ. هه‌م له‌ ڕووی تێكست و تێماو ماناوه‌، هه‌م له‌ ڕووی ته‌كنیك و گێڕانه‌وه‌وه‌؟

جوتیار ئه‌حمه‌د/ ئه‌توانین بڵێین جه‌میل سائیب له‌ چیرۆكی له‌ خه‌ومادا زۆر پێش سه‌رده‌می خۆی كه‌وتووه‌، سه‌رده‌مێك كه‌ به‌ڕای ئه‌و وه‌ به‌ڕای مێژوونوسانیش پڕبووه‌ له‌ زوڵمی شێخ محمود كه‌ مه‌لیكی یه‌كه‌مین ده‌ڵه‌تی كوردی بووه‌. سه‌ردمیك كه‌ له‌هه‌مان سه‌رده‌می ئێستا ئه‌چێت به‌ڵام زه‌من و كاره‌كته‌ره‌كان جیاوازن. له‌خه‌ومای جمیل سائیب لێدانه‌ له‌ دۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌مه‌ وه‌ك تێما ومانا، كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ ساڵانی ١٩٧٠ وه‌ به‌ ته‌كنیكێكی ساده‌ی به‌ یاساو ڕێسای ئه‌ده‌ب داڕێژراو چیرۆكی كوردی به‌رده‌وام ئه‌بێت، له‌ شێوه‌ی ئه‌دبی به‌رگری لێدان له‌ دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام تێمای ئه‌مجاره‌ ده‌سته‌لاتی ڕژێمی داپڵۆسێنه‌ری عراقیه‌، ئه‌مه‌ش زۆرجار ئیشكردن بووه‌ به‌ كۆدو مجاز. به‌ڵام ئه‌وه‌ی چیرۆكی دوای ڕاپه‌ڕین له‌و سه‌رده‌مه‌ جیا ئه‌كاته‌وه‌، دۆخی كافكایی و ئیشكردنه‌ له‌سه‌ر ده‌رونی ئینسانی كورد وه‌ك تاكێك كه‌ خۆی ئه‌ناسێتو خاوه‌نی خۆیه‌تی، بۆنمونه‌ ئه‌گه‌ر باسی دۆخه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ بكه‌ین تا ساڵانی ١٩٩٧ چیرۆكی كوردی باشور لێدان بووه‌ له‌ دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و باوك سالاری. لێدان و ڕخنه‌ی دۆخی سیاسی ته‌نها له‌ وتاردا به‌دی ئه‌كرا له‌بواری چیرۆكدا زۆر به‌دگمه‌ن به‌دی ئه‌كرێت، تا ئه‌وكاته‌ی شه‌ری كورد به‌ده‌ستی كورد ئه‌گاته‌ لوتكه‌و ئینسانی كورد هه‌ست به‌ وێرانبوونی ناخی خۆی ئه‌كات، بۆنمونه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری شێرزاد حه‌سه‌ن بكه‌ین به‌ده‌ست پیاو سالاریه‌وه‌ گیرۆده‌یه‌ ڕاسته‌ ڕۆچۆته‌ ده‌رونی ئینسانه‌كانه‌وه‌ به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و نێر سالارییه‌.

پ/ زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ هێنده‌ی خوێنه‌ری ڕۆمان هه‌یه‌ هێنده‌ خوێنه‌ری چیرۆك نییه‌، ئه‌م بۆ چونه‌ تا چه‌ند ڕاسته‌، ئه‌گه‌ر ڕاسته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ چییه‌؟

گۆران ڕه‌ئوف: بۆ ئه‌م تێڕوانینه‌ ئامار و داتایه‌كی ورد له‌به‌رده‌ستدانییه‌، كه‌ خوێنه‌ری رۆمان زۆرتره‌ له‌ خوێنه‌ری چیرۆك؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت و هه‌ستیپێده‌كرێت، بێگومان ئه‌و روانینه‌ دروست ده‌بێت كه‌ خوێنه‌ری رۆمان زیاتره‌ و له‌ ئێستادا پتر چاوی خوێنه‌ر له‌سه‌ر چاپ و بڵاوبوونه‌وه‌ی رۆمانه‌كانه‌. به‌ بڕوای من ئه‌مه‌ش چه‌ند هۆكارێكی له‌پشته‌وه‌یه‌ و هه‌ریه‌ك له‌م هۆكارانه‌ی ده‌مه‌وێت ئاماژه‌یه‌كی كورتیان پێبده‌م، سه‌رچاوه‌ن بۆ به‌ربڵاوی و گه‌شه‌ی خوێنه‌ری رۆمان به‌ به‌راورد به‌ چیرۆك و ژانه‌ره‌كانی تریش. یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ هۆكاری مێژووییه‌.. یان مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی ئه‌م و دوو ژانه‌ره‌یه‌ له‌ دنیادا و به‌تایبه‌ت له‌ كوردستاندا. مێژووی رۆمانی كوردی و سه‌رهه‌ڵدانی بۆ خوێنه‌ر به‌ به‌راورد به‌ چیرۆك، مێژوویه‌كی پته‌وتر و به‌هێزتری هه‌یه‌ و وه‌ك دیارده‌یه‌كی تازه‌ خۆی به‌یانكردووه‌ له‌ خه‌یاڵی خوێنه‌ری كوردیدا، هه‌ربۆیه‌ له‌ناوخۆیدا خاوه‌ن گووتار و په‌یامی به‌هێزتره‌ به‌ به‌راورد به‌ چیرۆك. یه‌كێكی تر له‌ هۆكاره‌كان، هۆكاری په‌روه‌رده‌ییه‌، “په‌روه‌رده‌ی خوێنه‌ر” ئه‌مه‌یش له‌ دو ئاستدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ و كاری زۆری بۆ كراوه‌. یه‌كه‌میان بایه‌خی ئه‌دیبانی كورده‌ به‌ رۆمان و ورد ئیشكردنیانه‌ له‌و ژانه‌ره‌دا، كه‌ به‌بڕوای من ئه‌مه‌ش بۆ كارامه‌یی و توانای رۆماننوسانی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئاستی دووه‌م بایه‌خی ده‌زگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌یه‌ كه‌ جیا له‌هه‌موو ژانه‌ر و بابه‌ته‌كانی تر، تیشكێكی تۆخیان له‌سه‌ر چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆمان داناوه‌، وه‌ك ئیشی رۆماننوسه‌ ناوخۆییه‌كان و وه‌رگێڕانی رۆمانه‌ جیهانییه‌كان، ئه‌م دوو هۆكاره‌ وایكردووه‌ جۆرێك له‌ په‌روه‌رده‌ی خوێندنه‌وه‌ دروست بێت بۆ رۆمان و رۆمان له‌ خه‌یاڵدانی خوێنه‌ری كوردیدا ببێته‌ شتێكی مه‌زنتر و باڵاتر له‌ئاست ژانه‌ره‌كانی تردا! ئه‌م دو ئاسته‌ی باسمكرد پێچه‌وانه‌كه‌ی بۆ دنیای چیرۆكیش راسته‌. یه‌كێكی تر له‌و خاڵانه‌ی كه‌ مه‌به‌ستمه‌ له‌باره‌وه‌ی بدوێم په‌یوه‌ندی به‌ چیژ و فراوانی مه‌ودای كاركردنه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ده‌كرێت ناوی به‌رین به‌ “هۆكاری بابه‌تی” له‌ رۆماندا زیاتر له‌ چه‌ندین كاراكته‌ر و چه‌ندین روودا و چه‌ندین بابه‌ت، بوونی هه‌یه‌ و نووسه‌ر ده‌ستكراوه‌تره‌ كه‌ خوێنه‌ر په‌لكێش و مه‌حكوم به‌ خوێنده‌وه‌ بكات، به‌ڵام له‌ چیرۆكدا تۆ ده‌توانیت بابه‌تێك یان مادده‌یه‌ك وه‌گه‌ڕبخه‌یت بۆ پرۆسه‌ی چیرۆكاندن. ئه‌م بابه‌ته‌یش له‌نێو چه‌ند كاره‌كه‌ته‌رێك و روداوێك یان زیاتردا ئیش ده‌كات. دنیای رۆمان دنیایه‌كی فراوانتره‌ و چه‌قبه‌ستوو نییه‌ له‌ بابه‌تێكی خودی یان بابه‌تێكی گشتیدا، به‌ڵكو ئیشكردنه‌ له‌ كۆی كێشه‌ فه‌لسه‌فی و ژیاری و مێژوویی و چه‌مكه‌ بنه‌ڕه‌تیی و وجوودییه‌كانی مرۆڤایه‌تی. له‌كاتێكدا ئه‌م مه‌ودا فراوانه‌ له‌ چیرۆكدا نییه‌ و پتر كاركردنه‌ له‌ نێو ده‌روون و بابه‌ته‌ خودییه‌كانی مرۆڤدا.
یه‌كێكی له‌ هۆكاره‌كان كه‌ وایكردووه‌ رۆمان زۆرترین خوێنه‌ری هه‌بێت به‌راورد به‌ چیرۆك و ژانه‌ره‌كانی تر هۆكاری پێكهاته‌ و میمۆری مێشكی مرۆڤه‌، كه‌ده‌كرێت ناوی به‌رین به‌ “هۆكاری سروشتی خوێنه‌ر” ره‌نگه‌ له‌ مێژووی هه‌ر خوێنه‌رێكدا كه‌ خوێنه‌ری رۆمان و چیرۆكه‌، به‌ سه‌دان رۆمان و چیرۆكی خوێندبێته‌وه‌، به‌ڵام دواجار ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ندێشه‌ و هزریدا ده‌مێنێته‌وه‌ روودا و بابه‌ت و كاره‌كته‌ر و هتد.. رۆمانه‌كانه‌ نه‌وه‌ك چیرۆكه‌كان، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌توانێت كاریگه‌ری به‌هێزتر و مه‌حكه‌متر دابنێت له‌ هه‌ست و نه‌ستی خوێنه‌ر رۆمانه‌كانه‌، نه‌وه‌ك چیرۆكه‌كان. كه‌ دیسانه‌وه‌ هۆی ئه‌مه‌ش ڕیشه‌ی له‌ مه‌ودای كاركردن و سروشتی كاركردنی ئه‌و دوو بواره‌دا هه‌یه‌.

پ/ زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌كرێت، نووسه‌ری چیرۆكی كوردی زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگه‌ تا ته‌كنیك و كه‌متر به‌لای ته‌كنیكی نوێ و دۆزینه‌وه‌ی شێوازی جیای گێڕانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت، تا چه‌ند ئه‌م بۆچوونه‌ ڕاسته‌، ئایا چیرۆكی ئێستای كوردی خاوه‌نی ته‌كنیكێكی نوێ و به‌هێزه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌؟

به‌ختیار حه‌مه‌سوور: سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی ناوه‌ڕۆك له‌گه‌ڵ ته‌كنیك و شێواز(فۆڕم) له‌ چیرۆكدا، به‌ گشتی ده‌بێت باس له‌وه‌ بكه‌ین كه‌ هیچ بڕیارێكی پێشوه‌خته‌ بۆ چیرۆكنووس نییه‌ كه‌ فه‌رز بكات چیرۆكێكی ناوه‌ڕۆكخواز، چیرۆكێكی ته‌كنیكخواز یان فۆڕمیك بنووسێت، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ تێمای چیرۆكه‌ ئه‌م ئه‌مره‌ ده‌سه‌پێنێت، تێمایه‌ كه‌ ته‌كنیك و فۆڕمی تایبه‌ت به‌ خۆی فه‌رز و داوا ده‌كات. هه‌ر چیرۆكێكی سه‌ركه‌وتوو كه‌ له‌ مێژووی دوورونزیكی ئه‌م ژانره‌دا نووسراوه‌ و ده‌نووسرێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌م ڕێسا و یاسایه‌دا هه‌ڵده‌سووڕێت. هه‌ر جیاكردنه‌وه‌ و دابڕكردنێك له‌ نێوان ئه‌م پێكهاتانه‌دا كارێكی نادروست و میكانیكی لێ ده‌ر دێت، كارێك كه‌ ناتوانێت درێژه‌ و به‌رده‌وامی به‌و ئیمكان و ئه‌گه‌ره‌ بدات كه‌ ناوی داهێنان و نه‌مرییه‌. چیرۆكنووسی سه‌ركه‌وتوو هیچ كات بیر له‌وه‌ ناكاته‌وه‌ به‌ پێوه‌ر و قاڵبی ئاماده‌ و سازكراو چیرۆك بنووسێت، ده‌توانین بڵێین هه‌ر چیرۆكێكی هونه‌ریی كه‌ ده‌نووسرێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی پێوه‌ر و قاڵبه‌ پێشوه‌خت سازكراوه‌كان ده‌نووسرێت، به‌ ژماره‌ی ئه‌و چیرۆكه‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ی هه‌ن ئێمه‌ پێوه‌ر و قاڵبمان هه‌یه‌، چیرۆكی هونه‌ریی و جیاواز به‌رده‌وام چاوی له‌وه‌یه‌ خیانه‌ت به‌و پێوه‌ر و قاڵبانه‌ بكات و پێوه‌ر و قاڵبی تایبه‌ت و دیاریكراو به‌ خۆی ساز بكات. لێره‌وه‌ ده‌توانین وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی ئێوه‌ بده‌ینه‌وه‌ و بڵێین: چیرۆكی كوردی له‌ ململانێی شكست و داهێناندا بووه‌ و هه‌یه‌، به‌ڵام له‌م به‌ستێنه‌دا تای شكستی قورستر بووه‌، ئه‌ویش به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ و سوودوه‌رگرتنی به‌رده‌وامی له‌ سوننه‌تێكی چیرۆكنووسی، كه‌ نه‌توان و ده‌سته‌وسان بووه‌ له‌ هاوسه‌نگی نێوان ته‌كنیك و فۆڕم له‌ لایه‌ك و ناوه‌ڕۆك له‌ لایه‌كی تر. چیرۆكی كوردی له‌ قۆناغێكدا زیادتر ڕووی له‌ شێوازێك له‌ چیرۆكی ناوه‌ڕۆكخواز كردووه‌ و به‌مه‌یش به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌وتووه‌ته‌ خزمه‌ت ئایدۆلۆژیا جیاوازه‌كانه‌وه‌، له‌ قۆناغێكی تریشدا ئاوڕی داوه‌ته‌وه‌ له‌ ته‌كنیك و فۆڕمه‌ جیهانییه‌كان، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك پێویست و به‌ شێوه‌یه‌كی قه‌تعی ته‌كنیك و فۆڕمه‌كان بكاته‌ به‌ به‌ر ناوه‌ڕۆك و له‌ هه‌ناو یه‌كدا بیانتوێنێته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت له‌م ڕه‌وته‌دا و به‌تایبه‌ت له‌ چیرۆكی نوێی كوردیدا، هه‌وڵ و به‌رده‌وامی هه‌ن، هه‌رچه‌ند وه‌ك پێویست به‌رچاو و زۆر نین، به‌ڵام حاشا لێ نه‌كراون، كه‌ بۆ خولقاندنی چیرۆكێكی ئه‌مڕۆیی و مۆدێرن ده‌كۆشن و سوود له‌ ده‌ره‌تان و ئیمكانه‌ جیهانییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی دروست وه‌رده‌گرن.

پ/ زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌كرێت، نوسه‌ری چیرۆكی كوردی زیاتر بابه‌ت و ناوه‌ڕكی تێكسته‌كه‌ی بۆ گرنگه‌ تا ته‌كنیك و كه‌متر به‌لای ته‌كنیكی نوێو دۆزینه‌وه‌ی شێوازی جیای گێڕانه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت، تا چه‌ند ئه‌م بۆچونه‌ ڕاسته‌، ئایا چیرۆكی ئێستای كوردی خاوه‌نی تكنیكێكی نوێ و به‌هێزه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌؟

مه‌حمود نه‌جمه‌دین/ بۆ چیرۆك بیرۆكه‌ زۆر گرنگه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌، چون بیرۆكه‌ ئه‌ساسی كاره‌كه‌یه‌، كه‌ چیرۆكنووسه‌كه‌ وه‌ك كه‌ره‌سه‌یه‌كی خاو مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ چۆن ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ ته‌حویل ده‌كه‌یت بۆ چیرۆك، لێره‌وه‌ گرنگی ئیشه‌كه‌ و سه‌ركه‌وتنی دیاری ده‌كرێت. بۆ نموونه‌ چیرۆكنووسه‌ ده‌توانێ‌ له‌ بابه‌تێك، یان بیرۆكه‌یه‌كی زۆر ساده‌ و بچووك چیرۆكێكی جوانی لێ‌ ده‌خولقێ‌، بۆیه‌ بیرۆكه‌ گرنگه‌ له‌وه‌ش گرنگ تر بۆ ئه‌وه‌ی بیرۆكه‌كه‌ت نه‌مرێ‌ چۆنێتی گێڕانه‌وه‌ و شێوازی گێڕانه‌وه‌كه‌ گرنگه‌، كه‌ چیرۆكنووس بتوانێ‌ به‌شێوازێك بگێڕێته‌وه‌ سه‌رسام كه‌ر بێ‌ بۆ خوێنه‌ر، خوێنه‌ر چاوه‌ڕوانی ئه‌و شێوازه‌ نه‌بێ‌ و وه‌ك شتێكی به‌ری بكه‌وێت و ته‌قلیدی نه‌بێ‌، ئێستا له‌دنیادا ئه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ و كاری پێده‌كرێ‌، بۆ نموونه‌ چیرۆكنووس هه‌یه‌ به‌رده‌وام بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ شێواز و ته‌كنیكی تازه‌ بدۆزێته‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت نموونه‌ زۆرن له‌سه‌ر ئه‌و شێواز و ته‌كنیكانه‌ی كه‌ هه‌یه‌. لێ‌ تۆ منت به‌ پابه‌ند كردووه‌ به‌ یه‌ك تا دوو ئه‌ی فۆڕ وه‌ڵامبده‌مه‌وه‌. له‌ چیرۆكنووسه‌كانی ئێستاش چیرۆكنووسی زۆرباشمان هه‌یه‌، هه‌ندێك له‌و چیرۆكنووسانه‌مان گرنگی زۆر به‌ ته‌كنیك و شێوازی نوێی گێڕانه‌وه‌ ده‌ده‌ن، وه‌ نه‌بێ‌ ئێمه‌ له‌بواره‌دا كۆڵ بین، چیرۆكی زۆر جوان و ئاست به‌رزمان هه‌یه‌، كه‌

به‌ته‌كنیكی نوێ‌ ده‌نووسرێن، به‌ڵام ده‌شێ‌ كه‌م بن، چون هه‌ر به‌گشتی نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردی زۆر ئاوڕی له‌ چیرۆك نه‌داوه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت بۆ ده‌زگا و ناوه‌نده‌كانی چاپه‌مه‌نیش چیرۆك زۆر گرنگ نییه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌وان ئۆرهان پامۆك بن و ئه‌وان بڕیار ده‌ده‌ن كه‌ چیرۆك هه‌بێ‌ یان رۆمان؟!. به‌داخه‌وه‌ هێشتا چیرۆك و رۆمان و ئه‌ده‌ب به‌گشتی له‌ده‌ستێكی ئه‌میندا نییه‌ و هه‌ندێك له‌وانه‌ی بڕیار له‌سه‌ر چیرۆك ده‌ده‌ن هیچ له‌چیرۆك نازانن و هێشتا شاره‌زای ته‌كنیكی چیرۆك نین، كه‌چی به‌وه‌شه‌وه‌ ناوه‌ستن بڕیار له‌سه‌ر چیرۆكی كوردی ده‌دن، به‌داخه‌وه‌ له‌ نه‌وه‌ی كۆندا یان باشتر بڵێم ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ساڵانی شه‌سه‌كان ئێمه‌ چیرۆكنووسێكی وه‌كو حوسێن عارفمان هه‌یه‌ كه‌ ده‌یان وتار و مه‌قاله‌ی له‌سه‌ر شێواز و ته‌كنیكی چیرۆك هه‌یه‌، واته‌ نه‌ له‌خۆیه‌وه‌ چیرۆك ده‌نووسێ‌ و نه‌ له‌خۆیه‌وه‌ چیرۆكی خه‌ڵك ره‌فز ده‌كات. قسه‌ زۆر بۆ ژانرێكی وه‌كو چیرۆك كه‌ زۆرترین غه‌دری لێكراوه‌، به‌ڵام با بمێنێ‌ بۆ ده‌رفه‌تێكی تر، چون خۆشم نیازم هه‌یه‌ زنجیره‌یه‌ك وتار له‌و باره‌یه‌ وه‌ بنووسم هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌رقاڵێم به‌چیرۆكنووسین و كاری رۆژنامه‌ گه‌رییه‌وه‌ بوار بدات.

پ/ به‌ به‌راورد به‌ چیرۆكی جیهانی ئه‌و شێوازو ته‌كنیكه‌ نوێیانه‌ كامانه‌ن كه‌ بۆ نوسینی چیرۆكی نوێی كوردی گونجاون؟ یان به‌ جۆرێكی دیكه‌ كێشه‌كانی ئێستای چیرۆكی ئێمه‌ له‌ چیدایه‌؟

فه‌رهاد چۆمانی: پێموایه‌ له‌وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كه‌مدا به‌ جۆرێك وه‌ڵامی یه‌م پرسیاره‌شم داوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام با وردتر بڵێم؛ له‌سه‌ره‌تاوه‌ من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم فۆڕم بكرێته‌ بۆته‌یه‌ك و ئه‌گه‌ر چیرۆك نه‌چێته‌ نێو ئه‌و قاڵب و كڵێشه‌یه‌وه‌ چیرۆك نه‌بێت. من ناتوانم شێواز و ته‌كنیكێك ده‌ستنیشان بكه‌م و بڵێم ئه‌مه‌یان گونجاوه‌! ئه‌مه‌ كاری نه‌كرده‌یه‌. هه‌ندێك بنه‌مای سه‌ره‌كی بۆ چیرۆك هه‌ن ئه‌گه‌ر چیرۆكێك ئه‌م بنه‌مایانه‌ی تێدابن، ئیدی پێویست ناكات چیرۆك چیرۆك مه‌حكووم بكه‌ین به‌ ته‌كنیكێكه‌وه‌. به‌ڵام دیسان ده‌ڵێمه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی گه‌لان هه‌وێنێكی بێ هاوتایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ناخودئاگا چیرۆك له‌ ڕووی فۆرم و ناوه‌ڕۆكه‌وه‌ پێشبخات.
ڕه‌نگه‌ ڕه‌خنه‌گرانی چیرۆكی هونه‌ری كوردی وه‌ڵامێكی باشتریان پێبێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشانی كێشه‌كانی چیرۆكی كوردی بكه‌ن، به‌ڵام من ده‌توانم بڵێم چیرۆك وه‌ك شیعر هه‌وڵ ده‌دات په‌یامێكی كورت و بچووك و سنووردار بگه‌یه‌نێت، بگره‌ گوزارشت له‌ دۆخی ده‌روونی ئه‌وساته‌ی چیرۆكنووس ده‌كات كه‌ تێیدا نووسیویه‌تی. یه‌كێك له‌ كێشه‌كانیش كه‌ بووه‌ته‌ مۆرانه‌ی چیرۆكی هونه‌ری كوردی ئه‌وه‌یه‌؛ چیرۆكنووس پێیوایه‌ گه‌یشتن به‌ نووسینی چیرۆكێك كه‌ به‌ پێودانگی ئه‌ده‌بی جیهانی و تۆكمه‌ بێت ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ئێلێمێنت و فه‌زایه‌ بۆ چیرۆك دروستبكرێت كه‌ بۆنموونه‌ له‌ چیرۆكێكی هێمنگوایدا هه‌یه‌. تۆ چ باسی ده‌ریا و نه‌وره‌س ده‌كه‌یت كه‌ سنووری كوردستانی گه‌وره‌ت ناگات به‌ ده‌ریا و ڕووداوه‌كانیشت له‌ یه‌كێك له‌ شاره‌كانی كوردستان ڕوو ده‌دات؟ چ باسی قیتار و بونیادی شارێكی پێشكه‌وتوو ده‌كه‌یت كه‌ خۆی شارسازی لای ئێمه‌ له‌ ژێر پرسیار و گوماندایه‌. مه‌به‌ستمه‌ بڵێم زۆرجار چیرۆكی خه‌یاڵكردی وا ده‌نووسرێ كه‌ ناكرێ ئه‌مه‌ تێمای چیرۆك بێت، ده‌كرێ به‌ شیعرێك، په‌خشانێك باشتر گوزارشت له‌ ویستی ئه‌م ده‌ربڕینه‌ بكرێت.

پ/ زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ هێنده‌ی خوێنه‌ری ڕۆمان هه‌یه‌ هێنده‌ خوێنه‌ری چیرۆك نییه‌، ئه‌م بۆ چونه‌ تا چه‌ند ڕاسته‌، ئه‌گه‌ر ڕاسته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ چییه‌؟ لاوازی بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكه‌ یان كێشه‌كه‌ له‌ ته‌كنیك و شێوازی گێڕانه‌وه‌دایه‌؟

ئارام شێخ وه‌سانی/ جارێك پێش هه‌مووشتێ، با هاوكێشه‌كه‌ به‌ هاوسه‌نگی سه‌یر بكه‌ین. ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ به‌گشتی له‌ بره‌وی به‌رده‌وام دایه‌. ڕۆژ دوای ڕۆژ له‌ ڕێڕه‌وی گێڕانه‌وه‌دا، ئه‌دیبان له‌ جیهاندا داهێنان و نوێخوازی ده‌كه‌ن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌یش پێوه‌ندی به‌ چه‌ندین هۆكاره‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ ناو خه‌مه‌كانی و زیاتر نامۆبوونی له‌به‌رده‌م ڕۆچوون به‌ ناو ته‌كنه‌لۆژیادا، دۆزینه‌وه‌ی وێنه‌كانی خه‌یاڵ و به‌ركه‌وتن به‌ چێژی نهێنی، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ فراوانی ڕووبه‌ری ئه‌و ژانره‌ و ده‌ربڕینی هه‌موو شته‌كان بۆ هه‌مووان به‌ ڕه‌وانبێژیی و چیڕۆكی یه‌كتری، ئه‌میش وای كردووه‌، كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی خوێنه‌رن، زوو یان دره‌نگ به‌ر ژانری ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ بكه‌ون.
هه‌ر یه‌ك له‌ چیرۆك یاخود ڕۆمان شتێكی هێنده‌ لێك جیاواز نین تاكوو بێن بڵێن ئه‌مه‌ خوێنه‌ری زۆره‌ و ئه‌مه‌ خوێنه‌ری كه‌مه‌، نا هه‌ردووكیان ئیشكردنن له‌ناو پانتایی گێڕانه‌وه‌دا، هه‌ردووكیان پێویستیان به‌ زمانێك هه‌یه‌ كه‌ سێبه‌ر‌ بخاته‌ سه‌ر پێكهاته‌كانی گێڕانه‌وه‌ و لای خوێنه‌ر شتێك دروست بكات، یان جێبهێڵێت و ئیستاتیكا وه‌ك تیشكێك بخزێته‌ ده‌رونه‌وه‌ . وه‌ك زۆر لێكۆله‌ر و شاره‌زا و چیڕۆكنووس، منیش پێم وایه‌ نووسینی چیڕۆك زه‌حمه‌تتره‌ له‌ ڕۆمان، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار، كه‌ دیارترینیان ئه‌وه‌یه‌، له‌ چیڕۆكدا نووسه‌ر ده‌بێ ئه‌وه‌نده‌ شاره‌زا و زاڵ بێت، كه‌ بتوانێت، زۆرترین مانا و ته‌كینك و یارییه‌كانی گێڕانه‌وه‌ له‌ كه‌مترین پانتایی ئه‌نجام بدات. ئیتر ئه‌وه‌ ڕوونه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌و توانایه‌ی نه‌بێت و ده‌ست بكات به‌ چیرۆكنووسین، ئه‌وا دیاره‌ چیڕۆكه‌كه‌ی ده‌بێته‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی ساده‌ی وه‌ك حیكایه‌تی به‌ر ئاگردان. وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رنجم داوه‌، پاش ئه‌وه‌ی ڕۆمان وه‌ك ژانرێكی نوێی ئه‌ده‌بی، پێگه‌ی خۆی گرت و ڕۆژ دوای ڕۆژ له‌ گه‌شه‌ به‌رده‌وامه‌، زاڵبوونی ئه‌م ژانره‌، به‌ ڕوونی بینرا. ئه‌م دۆخه‌ له‌ زۆرینه‌ی دونیا هاوشێوه‌یه‌، یان لێك نزیكه‌، واتا به‌گشتی ده‌نگدانه‌وه‌، ڕیكلامی ئه‌ده‌بی، ده‌زگه‌كانی چاپ و په‌خش و دامه‌زراوه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان و ته‌نانه‌ت خوێندنی ئه‌كادیمیش، زیاتر باوه‌شی بۆ ڕۆمان كردووه‌ته‌وه‌ وه‌ك له‌ چیڕۆك، بێگومان ئه‌وه‌یش كاریگه‌ری ده‌بێت له‌ ئاراسته‌كردنی خوێنه‌ر بۆ ژانری ڕۆمان. وه‌ك چۆن ده‌بینین، ئێسته‌ له‌ كوردستان هه‌تا كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكێكی بیانی وه‌رده‌گێڕدرێت، به‌ ده‌یان ڕۆمان وه‌رده‌گێڕدرێت، ئه‌مه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرا، زاڵكردن و بانگه‌وازكردنه‌، بۆ ڕۆمان له‌به‌رانبه‌ر ژانره‌كانی دیكه‌…




دیدار لەگەڵ سامان کەریم وەرگێڕی كارەكانی (ئورهان پاموك)


سامان کەریم:
“پامۆك پێی وتم بە شانازییەوە دێم بۆ سلێمانی و زۆر ئارەزوو دەکەم بيبينم”
….

لە دونیای موزیكەوە بۆ (وەرگێڕان)ی ئەدەبی، پیاوێك هێمن و ئارام وەك نۆتەو ئاوازی ژێی گیتارەكەی، ئەو ساڵانێكە ئارەزووی ئەدەبی توركی دەكات، ئێستا وەك وەرگێڕی كارەكانی (ئورهان پاموك) دەناسرێت، بێگومان ئەو پياوە (سامان كەریم)ە، من بۆ زیاتر ئاشنابوون بە یەكترناسینی ئەو (پاموك) ئەم دیدارەم لەگەڵدا سازدا.

سازدانی شاخەوان سدیق
………….

پ1/ لە دونیادا وەرگێڕان وەك هەمووكارێكی دیكە پیشەیە، واتە ئەوكەسانەی كە كاری وەرگێڕاندەكەن كە سانی تایبەتمەندن لەو بوارەداو شارەزایی بنەماو یاساكانی وەرگێڕانن، چۆن بوو ئێوە كە خۆتان موزیك سیانن بیرتان لەكاری وەرگێڕانكردەوە؟ ئەم هەستە هەستكردن بوو بە پێویستی كارەكە بۆ كتێبخانەی كوردی یان تەنها حەزی تایبەتی خۆتان بوو؟

سامان کەریم/ پێشەکی دەمەوێت ئەوە بڵێم کە بواری وەرگێڕان وەک بواری موزیک تەنها خەون و حەزێکی تایبەتی خۆمە. وەک شارەزایی لە بواری وەرگێڕانیشدا، زۆر نمونە هەیە کە کەسێک هەم مۆسیقی بێت هەم وەرگێڕ یاخود لەگەڵ ئەوەدا کە ئەکتەری سینەما، شانۆیە نووسەرو وەرگێڕیشە، هەتا بە نیسبەت پاموکیشەوە کاتێک زانی موزیسیانم زۆری پێخۆشبوو. پێدەچێت ئەمە لە ووڵاتی ئێمەدا کەمێک نامۆ بێت هەر وەک چۆن هەموو شتێک بە نامۆ دەبینرێت، بەڵام بە تێڕوانینی من موسیقییەک دەبێت ئاگاداری ئەدەبیاتی دنیا بێت، نووسەرێک دەبێت ئاگاداری ئۆپێرا، ستاییلەکانی موزیک، سینەما، شانۆ، بواری وێنەکێشان، پەیکەرتاشی بێت. بە دڵنییایی ئەمە بە پێچەوانەشەوە بۆ وێنەکێشێک یاخود سینەما کارێک هتد… دەبێت بەو شێوەیە بێت، هیچ نەبێت تێڕوانینی من بەوشێوەیەیە. هۆکاری ئەمە بە نیسبەت منەوە دوو خاڵە، یەکەمیان بوارەکەی خۆتی پێ دەوڵەمەند دەکەیت. دووەمیشیان کە زۆر گرنگە، مرۆڤ تاچەندە لە توانایدا بێت دەبێت خۆی دەوڵەمەند بکات بۆ ئەوەی زیاتر ژیان بەڕوونی ببینێت. ئەمە جگە لەوەی کە لە سەردەمی ژیانکردنمدا لە ئیستانبوڵ بۆ نمونە هەندێک کاری ئۆغوز ئاتای، جەمال سورەییا، جان یوجەلم دەخوێندەوە وەریانگێڕابوون، لە کاتێکدا کە خۆیان هەم نووسەر، هەم شاعیر هەم وەرگێڕێکی باشیشن، چەند سەرچاوەیەکیشیان هەیە لە بارەی بواری وەرگێڕانەوە، کە سەرنجیان ڕاکێشابووم. یاخود نەرڤالی نووسەر، شاعیری فەڕەنسی کە لە خۆیدا وێنەکیشیش بووە.

پ2/ ئێستا لەكوردستان لێشاوی وەرگێڕان هەیە، بەجۆرێك هەركەس كەمێك لە زمانێك دەزانێت دەست بەو پرۆسەیە دەكات بێ‌ سانسۆر، تا چەند پێتان وایە بۆ وەرگێڕان پێویستە كەسی وەرگێڕ شارەزایی باشی وردەكاری هەردوو زمانی نوسراو وەرگێڕدراوبێت؟ وەرگێڕانی حرفی چ جیاوازیەكی لەگەڵ وەرگێڕانی گشتیدا هەیە؟

سامان کەریم / لە هەموو بوارێکدا کاری باش، جوان خۆی پیشان دەدات. بە تێڕوانینی من ئەگەر کەسێک لەهەردوو زمانەکەدا توانایەکی باشی نەبێت دەکەوێتە ناو گرێکوێرەیەک، گێژاوێکەوە کە نەک پاش زەمانێکیتر بەڵکو هەر لە ساتی وەرگێڕانییەوە هەست بە قورساییەک دەکات کە نایتوانێت. لەبەر ئەوە مرۆڤ بە گشتی لەهەموو بوارێکدا دەبێت بزانێت چی دەکات، چۆن دەیکات، ئەنجامیشی چی دەبێت. بەدەر لەوەش من دڵخۆشم کە کارەکانم ناوەندی ئەندێشە چاپ، بڵاویان دەکاتەوە چونکە هەم بەڕێز هەژار مەجید خوێنەرێکی زۆر باشە، هەم ستافێکی زۆر باشیان هەیە کە جێی متمانەن. لێرەوە سوپاسی ناوەندی ئەنێشە دەکەم. سەرەڕای ئەمانەش خوێنەری باش دەتوانێت بڕیار لەسەر باشی، جوانی کاری ئەدەبی بدات.

پ3/ دەڵێن وەرگێڕان “دوبارە نوسینەوەی دەقە لە لایان كەسی وەرگێڕەوە” یان ” وەرگێڕ، نوسەری دووەمی دەقە” ئەمە تا چەند ڕاستە، بۆ وەرگێڕان تا چەند كەسی وەرگێڕ ئازادە لە دوبارە بنیاتنانەوەو داڕشتنەوەی زمانی ڕۆمانەكە، یان بە پێچەوانەوە دەبێت كەسی وەرگێڕ پابەندبێت بە ناوەرۆك و زمانی ڕۆمانەكەوە وەك خۆی؟

سامان کەریم / دەبێت وەرگێڕ هەم پابەندبێت بە ناوەرۆکی ڕۆمانەکەوە هەم ئازاد بێت لە چۆنێتی نووسینەوەی دەقەکەدا، چونکە وەرگێڕ شتێکی نوێ نانووسێت، بەڵکو وەریدەگێڕێت. لەگەڵ ئەوەشدا بیرفراوانی، زانیاری، تێڕوانینی وەرگێڕ گرنگە. وەک جەمال سوورەییا دەڵێت” وەرگێڕان پێویستی بە کۆمەڵێک یاسای تایبەت، ئامادەکاریی تایبەت هەیە. بەڵام وەرگێڕان لە بنچینەدا کاری “نووسینە”. لە بارەی وەرگێڕانەوە زۆر تێڕوانین هەیە، بەڵام من وەک خۆم گرنگی بە دوو لایەن دەدەم، لایەنێکیان هەستکردنمە بە هەست و تێڕوانینی نووسەر لە دەقەکەدا، لایەنەکەی تریشیان ئەوەیە کە هەوڵ دەدەم بە زمانی شیریم هەست و پەیامی نووسەر وەک خۆی بە چێژ، سەلیقەی ئەندازیارێکی بەتواناوە ووشەکان، ڕستەکان، پەڕەگرافەکان سەر لەنوێ بنووسمەوە. لە هەمووشی گرنگتر ئەو واتا، هەستەی کە نووسەر لە پشتی نووسراوەکەیەوە مەبەستێتی بتوانرێت وەک دەقە ڕاستەقینەکەی هەستی پێبکرێت.

پ4/ ئەدەبی توركی ئەدەبێكی گەورەو فراوان و جدیە، بەڵام لای ئێمە تەنها چەند كە سێكی كەم لە ئەدیبانی تورك ناسراون، تۆ بۆ لەناو ئەو ئەدیبانەدا دەستت بۆ (پاموك) برد؟ ئەوەی لە ئەدەبیاتی پاموكدا سەرنجی تۆی ڕاكێشاوە لە سەرەتاوە تا ئێستا چیە؟

سامان کەریم/ نزیکەی بیست ساڵ لە تورکیا، لەشاری ئیستانبوڵ، سەردەمێکیش لە عەنقەرە ژیام. ئەدەبیاتی تورکی بەڕاستی زۆر قوڵە، تاکو ئێستاش لە گەشەکردندایە. نەک پاموک بگرە زۆرێک لە شاکاری نووسەرەکانی تورکیام خوێندۆتەوە، سەرنجیان ڕاکێشاووم، بەڵام بەلای منەوە پاموک جیاوازترە لە نووسەرەکانی تر، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە پاموک هەر لە سەردەمی منداڵییەوە خوێنەرێکی زۆر باشبووە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بە قوڵی سەرقاڵی تێگەیشتنی نووسەرەکانی پێش خۆی، سەردەمی خۆی بووە بە نمونە یەحیا کەمال، ئەحمەد حەمدی تانپنار، ئۆغوز ئاتای، ئەحمەد ڕاسیم هتد… واتە شارەزایەیەکی باشی هەیە هەم لە مێژووی ئەدەبیاتی ڕۆژژئاوادا هەم لە مێژووی ئەدەبیاتی تورکیدا بە تایبەت و ڕۆژهەڵات بە گشتی، ئەمەش وایکردووە کە پاموک بۆشایی ناو ئەم دوو ئەدەبیاتە بدۆزێتەوە، بە شێوازێکی نوێ بنووسێت. بۆچی دەستم بۆ پاموک برد؟ لەسەر داخوازی بەڕێوبەری ناوەندیی ئەندێشە بەڕێز هەژار مەجید، داوای لێکردم کە کارەکانی پاموک وەربگێڕم، بە دڵنییایی وەک بڵێی بۆ ماوەی بیست ساڵ یەکتر بناسین، ڕێک داوای کارێکی لێکردم کە زۆر لە زووەوە بیرم لێکردبووەوە. ژیانە!
پ5/ خوێنەرانی بەرهەمەكانی پاموك باس لە چیرۆكی چڕو زمانی قورس و فەزای ئاڵۆزو لە بەرهەمەكانی پاموكدا دەكەن، تا چەند ئەمە ڕاستە؟ ئایا بۆ وەرگێڕان و گواستنەوەی ئەم ئاڵۆزیانە كارەكە هێندەی تر بۆ تۆ قورستر ناكات؟
سامان کەریم / کارەکانی پاموک لە چەند خاڵێکدا هاوبەشن، بۆنمونە لە باسکردنی مێژووی هەرشتێک بێت لە کارەکانیدا واتە بەردەوام لە ناو گێڕانەوەکانیدا تیشک دەخاتە سەر مێژووی هەندێک بابەت، بەڵێ لە تورکیاش باس دەکرێت کە کەمێک ئاڵۆزە، بەڵام بە نیسبەت منەوە ئەوە ئاڵۆزیی نییە، بەڵکو دەبێت زۆر بە سەلیقەوە کارەکانی بخوێنرێتەوە، چونکە لە کارەکانی پاموکدا، لە گێڕانەوەکانیدا هارمۆنییەتێکی زۆر بەهێز هەیە. دەمەوێت لە سەر بواری موزیک نمونەیەک بدەم کە گونجاوبێت بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم بابەتە: ئەو موزیکانەی لە ڕۆژهەڵاتدا پەسەند دەکرێت و ئاسانن بۆ گوێگرتن، ئەگەر لێیان ووردببیتەوە هارمۆنییەتێکی بەهێزیان تێدا نییە، واتە یەک میلۆدی یاخود لە دوو میلۆدی تێپەڕنابن. بەڵام کە گوێ لە کارێکی بیتهۆڤن، ڤاگنەر یاخود باخ دەگریت ئەمەندە هارمۆنییەتێکی بەهێزیان تێدایە کە بەڕاستی پێویست دەکات هەم زانیارییەکی باشت هەبێت لە بارەی چۆنییەتی گوێگرتنەوە هەم سەلیقەیەکی زۆریشت هەبێت، ئینجا دەتوانی چێژێکی پێویست وەربگریت. بە دڵنییایی ئەمە دوای ئەوەی کە کارەکە وەرگێڕانێکی باشی بۆ کرابێت. دەتوانین ئەم نمونەیە بچوێنین لەو کارە ئەدەبییانەی کە پێیدەڵێن سادە، لەگەڵ ئەو کارانەدا کە پێی دەووترێت ئاڵۆز. دەتوانم وەک نمونەی کارەکانی پاموکیش ئیشارەت بە جەودەت بەگ و کوڕەکانی بدەم کە ڕۆمانێکی کلاسیکە تا ڕادەیەک سادەیە، بەڵام ماڵی بێدەنگ، بە تایبەتی کتێبی ڕەش بەبەراورد لەگەڵ جەودەت بەگ و کوڕەکانیدا ئاڵۆزە، ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ماڵی بێدەنگ کتێبێکی پۆست مۆدێرنە، کتێبی ڕەشیش وەک پاموک خۆی دەڵێت هەر نەک پۆست مۆدێرن بەڵکو دادائیستییە. لەبەر ئەوە لە وەرگێڕانی کارەکانی پاموکدا ئەوەندە هەست بەو قورسییە ناکەم کە باسی لێوەدەکرێت، چونکە ئەو گۆشەی تێڕوانینەم دۆزیوەتەوە کە پێویستە بۆ تێگەیشتنی کارەکانی پاموک.

پ6/ سەرەتای كاری وەرگێڕانت بە پاموك دەستی پێكردوو لە ئێستادا دەست بۆ هەندێك نوسەر تر بردوە بە نمونە(كامۆ) ئەم گۆڕانكاریە بەردەوام دەبێت و بەنیازی بەرهەمی نوسەرانی تریش وەرگێڕی؟ یان تەنها لە پاموكدا دەوەستیت؟
سامان کەریم / لە وەرگێڕانی کارەکانی پاموک بەردەوام دەبم. لەم بارەیەوە دەمەوێت باس لە دوو چیرۆکی پچوکی ژیانی تایبەتی، بواری وەرگێڕانم بکەم: سەردەمێک لەگەڵ ئەوەدا کە لە ئیستانبوڵ سەرقاڵی هەم لە ژیاندا مانەوە هەم خوێندن بووم لە بواری موزیکدا، سەرقاڵی خوێندنەوەی ئەدەبیاتی ڕۆژ ئاوا بە گشتی، بەتایبەتی تورکی بووم. زۆر کات لەگەڵ (دیلەک)ی هاوسەرمدا کە ئەو کات خۆشەویستم بوو، پێکەوە کتێبمان دەخوێندەوە (دیلەک خوێنەرێکی باشی کارەکانی پاموکە) لەو ساتانەدا کە باسمان لە خەیاڵی ئەوە دەکرد ڕۆژێک بێینەوە بۆ سلێمانی بەردەوامی بە کاری سەما، موزیکی فلامێنکۆ بدەین، فێرگەیەکیش دابمەزرێنین، زۆر جار بە دیلەکم دەووت “زۆر ئارەزوو دەکەم لە سلێمانی ژیانێکی سادە دەست پێبکەین، زیاد لە کارکردنمان لە بواری موزیک و سەمادا، لە ژورێکی پچووکدا، لە ناو قۆرییەکی ڕەشبووەوەدا چا بخۆینەوە، بەڵام لەلایەکیشەوە لەبەر ڕوناکی گڵۆپێکی کزدا سەرقاڵی وەرگێڕانی ئەم شاکارانە بم کە بە تورکی دەیانخوێنمەوە، بەلامەوە پەسەندن”. دوای هاتنەوەم کتێبی “ئەزموونەکانی” کامۆم گرتە دەست، وەرمگێڕا. ڕاستییەکەی هیچ بە نیازی چاپکردن وەرمنەگێڕا، بە نیازی چاپکردنیش دەستم نەکردووە بە وەرگێڕان. بەڵام بیرم کردبووەوە دوای تەواوبوونی هەموو کتێبێک، خۆم نزیکەی سەد یاخود دوو سەد دانە کۆپی بکەم، بەرگەکانیان کاغەزی ڕەنگاو ڕەنگ بێت، لەچەند گۆشەیەکی گەڕەکەکانی شاری سلێمانیدا بۆ نمونە بەر دەرکی سەرا، سەهۆڵەکە، تووی مەلیک هتد… چەند دانەیەک دابنێم لەسەر شۆستەکان، هیچ نەبێت گەنجەکان کەمێک تووشی مەراق بکەم بۆ ئەوەی کتێبەکە هەڵبگرن بیخوێننەوە، هەر لەبەر ئەو هۆیەش بەرگەکانیانم ڕەنگاو ڕەنگ دەکرد. (چیرۆکی یەکەم)
دووەم چیرۆکم: دوای هاتنەوەم بۆ سلێمانی بە چەند مانگێک، ڕۆژێک لە ناوەندی ئەندێشە سیمینارێکی هەم تیۆری هەم پڕاتیکیمدا لە بواری ستایلی فلامێنکۆدا، بەڵام تیشکم خستە سەر زۆرێک لە بوارەکانی ژیان. دوای سیمانارەکە بەڕێز هەژار مەجید سەردانی کردم لە کافیتریای ئەندێشە، بە گوێچکەمدا چرپاندی ووتی “نازانم بۆچی تا کۆتا سات لە سیمینارەکەتتدا دانیشتم، گوێم لێگرتیت” دواتر جێیهێشتم. (بە دڵنییایی تازە هاتبوومەوە، ئەو ڕۆژەش بەڕێز هەژار مەجیدم بینیبوو، ناسیبووم) پاش سێ ڕۆژ سەردانی ئەندێشەم کرد، بەڕێز هەژار مەجید یەکسەر بە جۆشوخرۆشەوە هات بۆ لام هەواڵی پرسیم، ووتی سامان دەمەوێت شتێکت پێ بڵێم “تۆ دەبێت وەرگێڕ بیت”. بەدڵنیایی زۆرم پێخۆشبوو، لە وەڵامدا پێم ووت “کێ دەڵێت من وەرناگێڕم” چونکە ئەو کاتە من وەرگێڕانی کتێبی ئەزموونەکانم تەواوکردبوو.
جوانی، خۆشی ژیان لەوەدایە کە سەیرە.
داوای وەرگێڕانی کارەکانی پاموکی لێکردم، ئەمەم زۆر پێخۆشبوو، چونکە چەندەها ساڵبوو کارەکانی پاموکم دەخوێندەوە بۆ ئەوەی بتوانم لە هەموو لایەنێکی تورکیا بگەم. دەبوایە ئەزموونەکان چاپ ببوایە، لەسەر بڕیاری من دوامان خست، ماڵی بێدەنگی پاموکم وەرگێڕا، چاپ بوو، بە دوایدا ژنە قژسووەرەکە کە لە ماوەیەکی کەمدا چاپی یەکەمی تەواوبوو، چاپی دووەمی بڵاوبووەوە، سەمەرەیەک لە سەرمدا، من درەختێکم، ئێستاش کتێبی ئیستانبوڵم بە دەستەوەیە کە گەیشتوومەتە قۆناغی کۆتایی. لە ماوەی وەرگێڕانی کارەکانی پاموکدا چەند جارێک بەسەر ئەزموونەکاندا چوومەوە تاکو هێنامانە بارێک کە ئیتر بڵێین بەڵی ئەم کتێبە دەبێت چاپ بکرێت.

پ7/ دەوترێت “نوسەری ڕاستەقینە ئەوەیە كە خۆی لە نوسینەكانی بچێت” تۆ چەند جارێك پاموكت دیوەو لەگەڵی دانیشتویت و گفتوگۆتان كردوە، وەك دەشزانی لێرە ئەو خوێنەرێكی زۆری هەیە، چ سەرنجێكتان لا دروست بوە لەو دیدارانەتا لەسەر پاموك، ئایا پاموكی ناو ڕۆمانەكان چ جیاوازیەكی لەگەڵ پاموكی ئاسایدا هەیە؟

سامان کەریم / نامەوێت پاموک لە چەند ڕستەیەکدا کۆبکەوە، ئەتەکێتێکی بدەمێ، چونکە ئەمە کارێکی شیاو نابێت. وەک جیاوازی نا، بەڵام پاموکی ئاسایی پێکهاتووە لە هەموو کارەکتەرەکانی ناو کارەکانی، واتە لەهەموو ڕوویەکەوە گفتوگۆی لەگەڵدا دەکرێت هەر لەبواری مێژوو، هونەر، شانۆ، سینەما، موزیک، کۆمەڵایەتیی هتد… بەڵام لە هیچ کارەکتەرێکی ناو کارەکانیشی ناچێت!

پ8/ پاموك یەكێكە لەو نوسەرانەی كە كەمتر خۆی لە قەرەی پرسە سیاسیەكان دەدات، تۆ لەو یەكتر بینانەتا هیچ دەربارەی پرسی كورد قسەتان نەكرد، بەتایبەت كە زانی كتێبەكانی بەو كوالیتیە باشە وەرگێڕدراون بۆ كوردی و خوێنەرانێكی زۆری لە كوردستان هەیە، ئەو تا چەند ئاگاداری كێشەی كوردو تەنانەت ئەدەبیاتی كوردیشە، و سەرنجی چیە؟ هەستی چی بوو كە كتێبەكانی خۆی بە كوردی دیی؟

سامان کەریم/ پێشەکی بە تێڕوانینێکی ئۆبجەکتیفانە زۆر کورد دۆستە. ئارەزووی لە بابەتی سییاسی نییە. چەند جارێکیش دوبارەی کردەوە ووتی “شانازی دەکەم کە ئەوەندە خوێنەرێکی زۆری هەم کارەکانی من هەم ئەدەبیات بە گشتی هەیە لە کورستان، شانازی دەکەم کە خوێنەری کورد بێ ئەوەی گوێ بداتە قەبارەی کتێبەکانم دەیانخوێننەوە.” وەک منداڵێک دڵخۆشبوو کاتێک کتێبەکانم بۆ برد، دامە دەستی. دوپاتیشی کردەوە کە شێوازی چاپی کتێبەکانی لەلایەن ئەندێشەوە جوانترە لە چاپە ئینگلیزی، فەڕەنسییەکانی. دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە جاری دووەم لەسەر داخوازی پاموک خۆی یەکتریمان بینی، بە دڵنییایی زۆر خۆشحاڵبووم. باسم لەتوانای چەند نووسەرێکی کوردیش کرد، مەراقی بوو کارەکانیان بخوێنیتەوە.

پ9/ بڕیاربوو پاموك لەسەربانگێشتی ئەندێشەو بە داعوەتی ئێوە بێتە كوردستان و سلێمانی ئەو هاتنەكەیەو بڕیارە لێرە تا چەند بمێنێتەوە و چ پڕۆژەیەكی هەبێت؟

سامان کەریم / بەڵێ جاری یەکەم کە لە ماڵەکەی خۆیدا یەکترمان بینی، دوای قسەکردنێکی زۆر لەبارەی ژیانی تایبەتی من، کە زۆر مەراقی بوو، لەبەر ئەوەی کەمێک بۆم باسکرد کە لە ئێرانەوە، بەشاخەکاندا لە مانگی شوباتدا بە ڕێکردن بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ بە ناو بەفردا گەیشتوومەتە ئیستانبوڵ، دواتر ژیانی کۆڵانەکان، فێربوونی زمانی تورکی، خوێندنەوە، دەستکردنم بە خوێندن لە بواری موزیکدا، دەرچوونم لەناو دەی یەکەمداو ڕۆیشتنم بۆ مەدریدی ئیسپایا بۆ خوێندنی ماسترکلاس، ئەوەی زۆر سەرنجیشی ڕاکێشا گەڕانەوەم بوو بۆ ئیستانبوڵ، دوای سەردانم بۆ چەند ووڵاتێکی ڕۆژئاوا. کاتێک ئەم داخوازییەم پێووت ڕێک بەم شێوەیە وەڵامی دامەوە “بەدڵنییای بە شانازییەوە دێم بۆ سلێمانی.” زۆر ئارەزوو دەکات کە سلێمانی ببینێت، وەک بەرواری هاتنی بەروارمان دیاری کرد، بەڵام باسمان لە ماوەی مانەوە نەکرد، وەک پڕۆژەش جگە لەوەی کە دێتە ناوەندی ئەندێشە، کۆڕێک ساز دەکات، واژووی کتێبەکانی دەکات بۆ خوێنەرەکانی، سەردانێکی گشتی سلێمانی دەکات، پڕۆژەیەکی درێژ خایەنیش هەیە لە نێوان هەردوکماندا کە باسی لێکرا، بەڵام لە ئێستادا ناتوانم باس پرۆژەکەو ناوەرۆکەکەی بکەم.

پ10/ پڕۆژەی داهاتوتان چیە؟ كتێبی تری پاموكە یان بەرهەمی نوسەری ترە؟

سامان کەریم/ لە ئێستدا لە قۆناغی کۆتایی وەرگێڕانی کتێبی ئیستانبوڵدام، لەلایەکی تریشە کار لە وەرگێڕانی باوەڵەکەی باوکم دا دەکەم، جگە لە ڕۆمانی ماڵی بێدەنگ، ژنە قژسوورەکە کە چاپکراوون بڵاوبونەوەتەوە، لە ماوەیەکی نزیکیشدا ڕۆمانی سەمەرەیەک لەسەرمدا، کتێبی من درەختێکم دوای ئەوانیش کتێبی ئیستانبوڵ، باوەڵەکەی باوکم لەلایەن ناوەندی ئەندێشەوە چاپ دەکرێت، بڵاودەکرێتەوە، بە نیازم هەموو کارەکانی پاموک وەربگێڕم، تەوایان بکەم، بۆ نمونە ئەو کارانەی کە بە نیازم دوای کتێبی ئیستانبوڵ یەکسەر دەست بکەم بە وەرگێڕانیان: جەودەت بەگ و کوڕەکانی، کتێبی ڕەش، پارچەکان لە دیمەوەو ئەو کارانەی کە هێشتا وەرنەگێڕدراون. چاوەڕوانی کارە نوێکانیشی دەکەم بۆ ئەوەی ئەوانیش وەربگێڕم. پاموک خۆیشی پێشنیاری چۆنێتی سەرەی وەرگێڕانی کارەکانی بۆ کردم، بەخۆشحاڵییەوە پەسەندم کرد. لەگەڵ ئەمانشدا بە دڵنییایی دەست دەکەم بە وەرگێڕانی بەرهەمی نووسەری تریش، بەڵام لە ئێستادا خۆشتان دەزانن کە چەندە سەرقاڵم لەگەڵ کارەکانی پاموکدا.

پامۆک

پامۆک




حیكایه‌تی عه‌شقێكی ناكام … شاخه‌وان سدیق


له‌ گێڕانه‌وه‌كانی ڕۆمانی (زۆر نیگه‌رانین، ئێوه‌ له‌یلاتان نه‌دیوه‌)
” زیاد له‌ ڕێگایه‌ك هه‌یه‌ بۆ فریودانی مرۆڤ، هه‌میشه‌ خۆشه‌ویستی ئاسانترینیانه‌”
(عه‌تا محه‌مه‌د)
………

یه‌كێك له‌و بابه‌ت و تێما سه‌ره‌كیانه‌ی كه‌ مرۆڤ به‌درێژای مێژوی نوسین قسه‌ی ده‌رباره‌ كردوه‌، له‌ چه‌ندین گۆشه‌ نیگای جیاوازه‌وه‌، بابه‌تی خۆشه‌ویستی و عه‌شق،ه‌ ئه‌م بابه‌ته‌، ئه‌گه‌رچی مه‌سه‌له‌یه‌كی ژیانیی و هه‌میشه‌ زیندوه‌، به‌ڵام قسه‌كردنیش ده‌رباره‌ی هه‌میشه‌ پێویستی به‌ شێوازو فۆڕمی نوێیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گۆشه‌ نیگا جیاوازه‌كانی ببینی، و دوربیت له‌ خۆ دوباره‌كردنه‌وه‌، چونكه‌ عه‌شق زیاتر له‌ هه‌موو شتێك وه‌ك بابه‌تێكی ڕوحی و زاتی په‌یوه‌سته‌ به‌ خودی مرۆڤ خۆیه‌وه‌، بۆیه‌ وێناكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی وێناكردنی بنه‌مای خه‌ونه‌ تایبه‌ت و گشتیه‌كانی مرۆڤ خۆیه‌تی، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی (هایدگه‌ر) پێی وایه‌” مرۆڤ ناتوانێت له‌ هه‌بوونی خۆی تێبگات، ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی تێگه‌یشتن له‌ خودی خۆیه‌وه‌ نه‌بێت، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و خوده‌ی كه‌ هه‌یه‌ درك به‌و وجوده‌ی خۆی ده‌كات كه‌ هه‌یه‌” ڕه‌نگه‌ په‌یوه‌ست بونی عیشق به‌ حاڵه‌ته‌ وجودیه‌كانی مرۆڤه‌وه‌، له‌ سه‌ر چه‌ندین ئاست بۆ ده‌ربازبونی خودی مرۆڤه‌ بێت له‌ چه‌ندین حاڵه‌تی زاتی، كه‌ ڕه‌نگه‌ ساده‌ترینیان ده‌ربازبوون بێت له‌ ته‌نیایی، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی (به‌ختیار عه‌لیش)ده‌ڵێت” مرۆڤ بۆیه‌ عاشق ده‌بێت، هه‌تا ته‌نها نه‌بێت” ئه‌وه‌ش كه‌ كۆمه‌كی مرۆڤ وه‌ك ده‌رۆزه‌ كه‌رێكی ئه‌م چه‌مكه‌ ده‌كات بۆ به‌زیندوی هێشتنه‌وه‌ی، هه‌میشه‌ هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ بووه‌، (عه‌تا محه‌مه‌د) پێی وایه‌” ئه‌وه‌ی مرۆڤی دروستكرد، گێڕانه‌وه‌بوو” (ڕوداوه‌كان، چیرۆكه‌كان، په‌یوه‌ندی ئاڵوگۆڕی هه‌سته‌كان)، له‌ گێڕانه‌وه‌یانه‌وه‌ واتا و مانای نوێ‌ وه‌رده‌گرن، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردوه‌ هه‌میشه‌ مرۆڤ و خۆشه‌ویستی وه‌ك دوانه‌یه‌ك بۆ به‌رده‌وامی، زیندوێتیان به‌ ژیان به‌خشیوه‌. ئه‌گه‌رچیش زۆرجار و له‌ سه‌ر زۆر ئاست عیشق و خۆشه‌ویستی یان بۆ هه‌میشه‌ یان به‌شێكی گه‌وره‌ی ژیانی مرۆڤیان له‌ ناكامی و تاریكیدا هێشتۆته‌وه‌. كه‌ به‌رهه‌می ئه‌مه‌ش، سه‌ره‌نجام جگه‌ له‌ دڵشكان شتێكی تر نه‌بووه‌. (مه‌ریوان وریا قانع) له‌ مه‌سه‌له‌ی باسكردن له‌ دڵشكاندا له‌ دیدارێكدا ده‌ڵێت” دڵشكان به‌شێكه‌ له‌ بوون، پارچه‌یه‌ك یان چه‌ند پارچه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ژیانه‌. ڕه‌نگه‌ دڵشكان سه‌ركیترین هه‌ستێك بێت مرۆڤ له‌ ئاژه‌ڵه‌كانی تر جیابكاته‌وه‌. ده‌شێت ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ زیندوه‌ره‌كانی تر جیاده‌كاته‌وه‌ بوونی زمان و عه‌قڵ و خه‌یاڵ نه‌بێت، یاده‌وه‌ریی كورت و درێژ نه‌بێت، توانای نووسین و حیسابكردن و دروستكردنی ئامێرنه‌بێت، به‌ڵكو دڵشكان بێت. وه‌ك چۆن باوه‌ڕناكه‌م ئاژه‌ڵه‌كان دڵیانبشكێت، ئاواش باوه‌ڕناكه‌م به‌درێژایی هه‌موو مێژوو یه‌ك مرۆڤ هه‌بێت چه‌نده‌ها جار دڵی نه‌شكابێت. من ئه‌م كورته‌ باسه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌قۆزمه‌وه‌و له‌م نوسینه‌دا ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێك، كه‌مێك بۆچونی خۆم ده‌رباره‌ی ڕۆمانی (زۆر نیگه‌رانین، ئێوه‌ له‌یلاتان نه‌دیوه‌)ی نوسه‌ری ئێرانی(ڕه‌سوڵ یۆنان) ده‌رببڕم، كه‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ باسكردنه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ته‌كانی عه‌شقێكی ناكام، عشقێك كه‌ خۆشه‌ویستیه‌كی پاك و ساده‌و جوان ده‌ستپێده‌كات و به‌ كۆتایه‌كی هه‌ژێنه‌ر ته‌واو ده‌بێت، كه‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كانی وڵاتی ئێران به‌ناوی گوندی مه‌رجان سه‌نته‌ری ڕودانی چیرۆكه‌كه‌یه‌.

نوسه‌ر له‌ چه‌ند دێڕێكدا:

نووسه‌ر و شاعیر و وه‌رگێڕی ئێرانیی، (ره‌سوڵ یۆنان) ساڵی(١٩٦٩) له‌ گوندێكی رۆخی ده‌ریاچه‌ی ورمێ له‌ دایكبووه‌،.. جگه‌ له‌ ڕۆمانی (زۆر نیگه‌رانین ئێوه‌ له‌یلاتان نه‌دیوه‌) تا ئێستا (4) كۆمه‌ڵه‌ شیعری چاپكردوه‌و خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌می وه‌رگێڕدراوه‌ بۆ سه‌ر زمانی فارسی و چه‌ند كتێبێكی شانۆنامه‌شی چاپ و بڵاوكردۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ كتێبی (فرشته‌كان)، كه‌ به‌شێوه‌ی (مینیماڵ ) نوسراوه‌. ئه‌م نوسه‌ره‌، ئێستا له‌ شاری تاران نیشته‌جێیه‌.

چیرۆكی ڕۆمانه‌كه‌:

چیرۆكی ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ساده‌ باسكردن و گێڕانه‌وه‌ی ژیانی خێزانێكی چواركه‌سیه‌، له‌ گوندێكدا، به‌ناوی ئاوایی(مه‌رجان) كه‌ له‌ (دایك و باوك و كچێك و دایه‌گه‌وره‌)یان، پێكهاتوه‌، باوكه‌ كه‌ ناوی (ڕه‌جه‌به‌و دایكه‌كه‌ ناوی جه‌میله‌ و كچكه‌ش ناوی له‌یلایه‌) ئه‌م خێزانه‌ وه‌ك هه‌موو خێزانه‌كانی تری گونده‌كه‌ له‌ ژیانێكی ساده‌و ئاسایدا به‌دڵخۆشیه‌وه‌ ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ (له‌یلا) ڕۆژێك له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ ئاوهێنان له‌ كانی گونده‌كه‌یان، به‌ ڕێكه‌وت چاوی به‌ پیاوێكی غه‌ریبی شۆفێری ترێله‌یه‌ك ده‌كه‌وێت، به‌ناوی (ئیبراهیم) پاش ئه‌وه‌ی كابرا داوای ئاو له‌(له‌یلا) ده‌كات، هه‌ندێك گفتوگۆ ده‌كه‌ن و هه‌ر له‌و ساته‌ به‌دواوه‌، هه‌ردوكیان عاشقی یه‌كترده‌بن، له‌ دواترداو پاش چه‌ندینجار له‌ یه‌كتر بینینه‌وه‌، ئه‌و عه‌شقه‌ گه‌وره‌ترو قوڵتر ده‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ لاپه‌ڕه‌ (43)ی ڕۆمانه‌كه‌دا به‌م جۆره‌ باسی ده‌كات” له‌یلا دڵی كه‌وته‌ په‌له‌ په‌ل، هیوای ده‌خواست هه‌میشه‌ ئیبراهیم ببینێت، به‌ڵام ئیبراهیم دوربوو، زۆر دور، له‌ نێوان ئه‌و ئیبراهیمدا چه‌ندین شاخ و ده‌ریاو بیابانی بێژمار هه‌بوو، ئاره‌زووی ده‌كرد كه‌ دونیا بچوك بوایه‌، تا ئه‌وان بیانتوانیبا هه‌موو ڕۆژێك یه‌كتر ببینن، به‌ڵام دونیا گه‌وره‌بوو، گه‌وره‌تر له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و بیری لێده‌كرده‌وه‌” دوای به‌رده‌وام بونی ڕوداوه‌كان، به‌هۆی جوانی و سه‌رنجراكێشانی گه‌نجانی گوند، له‌یلا ڕۆژانه‌ دڵخوازو داواكاری تا دێت زۆرترده‌بێت و چه‌ندین گه‌نج عه‌شقی خۆیانی بۆ به‌یان ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ (بولودی كوڕی سوغرا، یه‌شاری كوڕی محه‌مه‌دی ڕاوچی، بایرامی كوڕی ئه‌لبای دارتاش) به‌ڵام (له‌یلا) داوای هه‌مویان ڕه‌تده‌كاته‌وه‌و به‌هیچیان ڕازی نابێت، پاش به‌رده‌وام بونی یه‌كتربینینه‌كانی (ئیبراهیم و له‌یلا) هه‌فتانه‌ به‌ نهێنی، و بینینیان له‌ لایان (بولودی) كه‌ڕوڵاڵه‌وه‌و پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ له‌ ئاوایدا، ئیتر باوكی له‌یلا زۆر نیگه‌رانده‌بێت و له‌یلا ناچار ده‌بێت، له‌گه‌ڵ (ئیبراهیم)ی خۆشه‌ویستیدا هه‌ڵبێت، پاش ئه‌وه‌ی ده‌چنه‌ شارێكی سه‌ر سنوری، له‌وێ‌ هاوسه‌ر گیری ده‌كه‌ن و ماڵێك پێكه‌وه‌ بنیات ده‌نێن، له‌ یه‌كێك له‌ ڕۆژه‌كاندا، ئیبراهیم له‌ به‌رامبه‌ر گواستنه‌وه‌ی بارێكدا به‌ پاره‌یه‌كی زۆر ناچاره‌ سه‌فه‌رێكی هه‌فته‌یی بكات، هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌ره‌تادا له‌یلا ڕازی نابێت، به‌ڵام له‌ دواجاردا(ئیبراهیم) ڕازی ده‌كات، به‌ڵام له‌یلا بێئاگا له‌وه‌ی كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی ئه‌وه‌ دواجار ده‌بێت ده‌ڕوات وئیتر هه‌رگیز ناگه‌رێته‌وه‌، ئه‌م هه‌واڵه‌ش له‌ زاری (موراد)ی هاوڕێی (ئیبراهیم)ه‌وه‌، ده‌گات به‌ له‌یلا، كه‌ دواتر ئه‌م (موراده‌) چاوی ته‌ماع له‌ (له‌یلا) ده‌بڕێت و ناپاكی له‌ هاوڕێكه‌ی ده‌كات، (له‌یلا) له‌ درێژه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌دا توشی زۆر ڕوداوی ناخۆش ده‌بێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ش كه‌ ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ گونده‌كه‌یان ناچاره‌ كاربكات، دواتر موراد ده‌یباته‌ كافتریاو یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌و دیكاته‌ گۆرانبێژ، دوای بڵاو بونه‌وه‌ی وێنه‌كانی له‌ سه‌ر دیواری یانه‌كان و بڵاوبونه‌وه‌ی ناوناوبانگی، كوڕانی گوند به‌هۆی زراندنی ناوی گونده‌كه‌یانه‌وه‌ بڕیارده‌ده‌ن بچنه‌ شاربۆ سۆراغی، ئه‌وسا به‌دیتنه‌وه‌ی یان بیكوژن یان بیبه‌نه‌وه‌، پاش گه‌یشتنیان به‌شارو مانه‌وه‌یان له‌ ئوتێلێك، شه‌و ده‌چنه‌ یه‌كێك له‌ یانه‌كان و له‌وێ‌ (یه‌شاری كوڕی محه‌مه‌دی ڕاوچی) كه‌ یه‌كێك له‌ ئاشقه‌كانی (له‌یلا) په‌لاماری كچه‌ گۆرانی بێژی ناو یانه‌كه‌ ده‌دات، كه‌ پێی واه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام پاسه‌وانه‌كانی یانه‌كه‌ زۆر به‌ خراپی لێی ده‌ده‌ن و فڕێی ده‌ده‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، كاتێك ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، بۆ ئوتێله‌كه‌ یه‌كێك له‌ ژنه‌ خزمه‌تكاره‌كان كه‌ ده‌وچاو ڕوخساری سوتاوه‌، چاره‌سه‌ری (یه‌شار)ده‌كات، و پێی ده‌ڵێت، من ده‌زانم به‌دوای كێدا ده‌گه‌ڕێن، ئه‌و ژنه‌ی به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن، هاوڕێی من بوو، ئه‌و دوای بیستنی هه‌واڵی مردنی باوكی، گڕی له‌ كافتریاكه‌ به‌رداو خۆی سوتاندو ئێمه‌شی ماڵوێرانكرد، بۆیه‌ بڕۆنه‌وه‌و چیتر به‌دوادا مه‌گه‌ڕێن، كوڕه‌كان، به‌بیستنی ئه‌و هه‌واڵه‌ به‌ دڵشكاوی و ناكامانه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ره‌و گونده‌كه‌یان كه‌ (ئاوای مه‌رجانه‌)، ئه‌و خزمه‌تكاره‌ ڕوخسار سوتاوه‌ش، كه‌ به‌هۆی سوتانی ڕوخساری و چونه‌ناوته‌مه‌نیه‌وه‌ كوڕه‌كان نه‌یان ناسیه‌وه‌، جگه‌ له‌ خودی (له‌یلا) خۆی هیچ كه‌سێكی تر نه‌بوو. ئه‌و (له‌یلا)یه‌ی كه‌ ڕۆژانێك جوانترین كیژۆڵه‌ی گونده‌كه‌یان بوو، به‌ڵام عه‌شق چاره‌ره‌نوسی به‌ته‌واوه‌تی گۆڕی.


ناونیشان و ده‌سپێك وه‌ك دوانه‌ی به‌هێزی ڕۆمانه‌كه‌:

یه‌كێك له‌ كلیل و سه‌ره‌تای چونه‌ ژوره‌وه‌ی هه‌ر تێكستێك، بێگومان (ناونیشان)و ده‌ستپێكی چیرۆكه‌كه‌یه‌، چونكه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دوانه‌ به‌شێوه‌ی سه‌رنجراكێش، واده‌كات، نوسه‌ر سیحری خۆی له‌ خوێنه‌ربكات بۆ ڕاكێشانی و به‌رده‌ومیدان به‌ خوێندنه‌وه‌ی تێكسته‌كه‌ی، هه‌ڵبژاردنی ناوی (زۆر نیگه‌رانین، ئێوه‌ له‌یلاتان نه‌دیوه‌) بۆ ئه‌م ڕۆمانه‌ یه‌كێكه‌ له‌و ناونیشانه‌ سه‌رنج ڕاكێشانه‌ی كه‌وای كردوه‌ له‌ به‌رگه‌كه‌یه‌وه‌ هزری خوێنه‌ر بۆلای خۆی ڕابكێشێت. ده‌رباره‌ی ده‌ستپێكیش، نوسه‌رو ڕه‌خنه‌گری ئێرانی (محه‌مه‌د ڕه‌زا سه‌رشار) پێی وایه‌” ده‌ستپێك پانتایی و پێگه‌ی زه‌مه‌ن و شوێنی چیرۆك شیده‌كاته‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی باویش كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی ده‌هێنێته‌ ناو چیرۆكه‌كه‌ و زانیارییه‌كی گشتی و سه‌ره‌تای له‌ چیرۆكه‌كه‌ به‌خوێنه‌ر ده‌دات” له‌م ڕۆمانه‌شدا نوسه‌ر عاقڵانه‌ به‌ ده‌ستپێكێكی سه‌رنج ڕاكێش ده‌ستپێده‌كات و خوێنه‌ر ناچار به‌ شوێنكه‌وتن و خوێنه‌وه‌ی دێڕبه‌دێڕو ته‌واوی ڕسته‌كانی چیرۆكه‌كه‌ی ده‌كات به‌م جۆره‌” له‌یلا له‌ ته‌نیشت په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ نوستبوو، بزه‌یه‌ك كه‌ به‌سه‌ر لێوه‌كانیه‌وه‌ بوو، پیشانی ده‌دا خه‌ریكه‌ خه‌ونێكی خۆش ده‌بینێت، بێئه‌وه‌ی بزانێت ڕۆژێك چیرۆكی ژیانی، خه‌و له‌ چاوی زۆرێك ده‌تارێنێت”

زمان و شیعر له‌ نوسین و گێڕانه‌وه‌دا.

بێگومان یه‌كێك له‌ خاڵه‌ به‌هێزو پته‌وه‌كانی سه‌ركه‌وتنی هه‌ر تێكستێك به‌سراوه‌ به‌ چۆنێتی زمانی نوسینه‌كه‌یه‌وه‌، هه‌روه‌ك (كاروان كاكه‌ سور)یش پێی وایه‌” زمان مه‌رجی یه‌كه‌می داهێنانه‌ بۆ هه‌ر نوسه‌رێك) له‌م ڕۆمانه‌شدا و بۆ چۆنێتی به‌باشی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌، نوسه‌ر پشتی به‌ شێوازێكی ساده‌ له‌ ده‌ربرین و قوڵ له‌ گه‌یاندندا به‌ستوه‌ كه‌ شیعریه‌ت ته‌واوی زمانی ده‌ربڕینه‌كانی داپۆشیوه‌، ئه‌مه‌ش چه‌ند په‌یوه‌ندی به‌ سوزداربونی ڕوداوه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ش په‌یوه‌ندی به‌ خێراتر گه‌یاندنی بیرۆكه‌و تێمای تێكسته‌كه‌یه‌ به‌ وه‌رگر. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ لاپه‌ڕه‌ (6)ی ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌ڵێت” له‌یلا خه‌ونی بینیبوو گوڵێكی سووری گه‌وره‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ده‌ریاچه‌ی گونده‌كه‌دا ڕواوه‌و ئه‌و له‌ ژێریدا، له‌ قوڵایی ده‌ریاچه‌كه‌دا، له‌گه‌ڵ په‌رییه‌كاندا ده‌ژی” یان له‌ شوێنێكی تری ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌ڵێت” شاپه‌ری له‌ سه‌ر تاشه‌ به‌ردێك دانیشتوه‌و ده‌فی مانگی ده‌ژه‌ند. په‌ریه‌كان به‌ چوار ده‌وریدا له‌ سه‌رخۆ سه‌مایان ده‌كرد، ده‌فی مانگ به‌ جووڵه‌ی ده‌سته‌كانی شاپه‌ری، به‌رزو نزم ده‌بۆوه‌ و ڕووناكییه‌كه‌ی، سه‌مای په‌رییه‌كانی جوانتر ده‌كرد.

ته‌كنیك وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی به‌هێزی گێڕانه‌وه‌:

گێڕانه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردنی تێمای سه‌ره‌كی ئه‌م چیرۆكه‌ به‌ بڕوای من یه‌كێكه‌ له‌ ته‌كنیكه‌ سه‌رنج ڕاكێشه‌كان كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ مرۆڤ ئاره‌زووی به‌رده‌وامبون له‌ خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ ده‌كات، به‌ڵام چه‌ند چیرۆكه‌كه‌ گرنگه‌، ئه‌وه‌نده‌ش شێوازی گێڕانه‌وه‌كه‌ی گرنگه‌ به‌ ته‌كنیكی به‌هێز، نوسه‌ر له‌م ڕۆمانه‌دا تا كۆتایی به‌شێوه‌یه‌كی ساده‌ له‌ ڕێگه‌ی ڕاویه‌كی هه‌مووشت زانه‌وه‌، كه‌ ئاگاداری ته‌واوی چیرۆكه‌كه‌یه‌ سه‌رجه‌م ڕوداوه‌كان له‌سه‌ر زمانی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ كۆتا به‌شی ڕۆمانه‌كه‌دا به‌ ته‌كنیكێكی به‌رز خوێنه‌ر توشی دڵڕاوكێی و شڵه‌ژان ده‌كات، به‌وه‌ی كه‌ هه‌ر كاره‌كته‌رو كه‌سایه‌تیه‌ك باس له‌ خۆی و چۆنێتی ڕودانی چیرۆكه‌كه‌ ده‌كات، كه‌ هه‌ندێك پێیان وایه‌، چیرۆكه‌كه‌ له‌ ئه‌ساسدا بونی نه‌بوه‌و ته‌نها ئه‌فسانه‌یه‌ و ئه‌سڵه‌ن (له‌یلا) هه‌ر بوونی نه‌بووه‌، (ڕه‌جه‌ب) كه‌ له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا باوكی له‌یلایه‌، ده‌ڵێت” ئه‌و هه‌ر كچی نه‌بووه‌ به‌ناوی له‌یلا،” ئه‌و پێی وایه‌ ئه‌و چیرۆكه‌ دایكی، كه‌ ده‌كاته‌ دایه‌ گه‌وره‌ی له‌یلا له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا خۆی دروستی كردوه‌و هه‌ڵی به‌ستوه‌، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی ده‌ركردنی بێتاقه‌تی ژنه‌كه‌ی واته‌ (جه‌میله‌) كه‌ له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا، دایكی (له‌یلا)یه‌. له‌كاتێكدا یه‌كێك له‌ ئاشقه‌كانی له‌یلا كه‌ ناوی (بلود)ی كوری سوغرایه‌، ده‌ڵێت” چیرۆكه‌كه‌ ڕاسته‌و ئه‌و به‌ ڕاستی عاشقی له‌یلا بووه‌و له‌یلا ڕاسته‌قینه‌یه‌، كه‌ دواجاریش هه‌ر له‌ پێناو ئه‌ودا خۆی فڕێداوه‌ته‌ ده‌ریاوه‌” به‌م جۆره‌ش نوسه‌ر گه‌مه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا ده‌كات و له‌كۆتا به‌شی یاداشته‌كانیدا، كۆتایه‌كی كراوه‌ بۆ خوێنه‌ر جێده‌هێڵت و به‌ خوێنه‌ر ده‌ڵێت” ئه‌م چیرۆكه‌ خه‌یاڵییه‌و هه‌ر جۆره‌ وێكچوونێك له‌ نێوان كه‌ سێتیه‌كانی چیرۆكه‌كه‌و كه‌سێتی ڕاسته‌قینه‌دا ڕێكه‌وته‌، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌یش بڵێم هه‌ندێك كات، هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌م چیرۆكه‌ ڕووی داوه‌. ئه‌ی بۆچوونی ئێوه‌ چییه‌؟؟؟

دوا سه‌رنج له‌سه‌ر ڕۆمانه‌كه‌:

ئه‌گه‌رچی چیرۆكی ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌بڕوای من چیرۆكێكی سۆزداری ساده‌یه‌ و هاوشێوه‌ی نوسین و گێڕانه‌وه‌ی له‌م جۆره‌ له‌ زۆرێك له‌ ئه‌ده‌بیاته‌كاندا بونی هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت هه‌ر له‌ ئه‌ده‌بیاتی (ئێرانی)خۆیدا كه‌ به‌ چه‌ندین شێوه‌ له‌لایان نوسه‌رانی دیكه‌وه‌ چیرۆك گه‌لی وا دارێژراون و له‌ ئه‌ده‌بیات و حیكایه‌تی كوردیشدا هاوشێوه‌ی هه‌یه‌ و شتێكی زۆر نوێ‌ نییه‌، وه‌ك بابه‌ت، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌و شێوازی داڕشتنی ڕوداوه‌كان به‌و گرێچنیه‌ ورده‌ و به‌و زمانه‌ ساده‌و پاراوه‌، به‌ڕاستی له‌ زۆرێك له‌ تێكسته‌كانی دیكه‌ی جودا ده‌كاته‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ واده‌كات خوێنه‌ر چێژ له‌ خوێندنه‌وه‌ی ببات و ئاره‌زووی ته‌واونه‌كردنی تێكسته‌كه‌ بكات. ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌قه‌باره‌ی نیو(A4) و له‌ دوتوێی (204) لاپه‌ڕه‌دا، له‌لایان ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌مه‌وه‌ چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و له‌ به‌رهه‌مه‌كانی ساڵی (2013)یه‌ و هاوڕێی وه‌رگێریش (جه‌بار سابیر) به‌زمانێكی جوان و شیرینی پاراوی كوردیانه‌، وه‌رگێڕاوه‌، كه‌ به‌ ڕاستی جێگای سوپاس و ده‌ستخۆشیه‌. من له‌ خوێندنه‌وه‌ی دووجاری ئه‌م ڕۆمانه‌ چێژی زۆرم بینی بۆیه‌ ته‌مه‌نا ده‌كه‌م ئێوه‌ش بیخوێنه‌وه‌و له‌و چێژه‌ بێبه‌شنه‌بن. چونكه‌ وه‌ك (میلان كۆندێرا) ده‌ڵێت” عه‌قڵی ڕۆمان عه‌قلی ئاڵۆزییه‌، هه‌موو ڕۆمانێك به‌ خوێنه‌ری خۆی ده‌ڵێت: شته‌كان له‌وه‌ ئاڵۆزترن كه‌ بیریان لێده‌كه‌یته‌وه‌”

————————————

بۆ ئه‌م نوسینه‌ سودم له‌م كتێبانه‌ وه‌رگرتوه‌.
هونه‌ری ڕۆمان_ میلان كۆندێرا_ لێكۆڵینه‌وه‌.
ده‌ستپێك له‌ چیرۆكی كوردیدا_ ئارام سدیق_ لێكۆلینه‌وه‌.
ڕێبه‌ری كتێبسازه‌ كوژراوه‌كان_ عه‌تا محه‌مه‌د_ ڕۆمان.

Shaxi83@yahoo.com




گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەندی سەماکار کاروان عومەر … سازدانی/ شاخه‌وان سدیق

كاروان عومه‌ر:
من و سه‌ما دوو هاوڕێی ناكۆتاین، چونكه‌ پێكه‌وه‌ هاتوینه‌ته‌ بوون
سازدانی/ شاخه‌وان سدیق

سه‌ما یه‌كێكه‌ له‌ هونه‌ره‌ مۆدێرنه‌ هاوچه‌رچه‌كان و له‌سه‌ر ئاستی دونیا له‌ ئێستادا گرنگی زۆری پێده‌درێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش (29/4)ی هه‌موو ساڵێك وه‌ك ڕۆژی جیهانی (سه‌ما) دیاری كراوه‌. هه‌ربه‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌، پێم باش بوو ئه‌م دیداره‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی سه‌ماكار(كاروان عومه‌ر)دا ساز به‌ده‌م.

پ١/ زۆرجار باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ سه‌ما، هونه‌ره‌و هه‌ندێكیش پێیان وایه‌ كه‌ جۆرێكه‌ له‌ زانست، چونكه‌ كارێكی هه‌روا سانا نییه‌و سه‌لیقه‌ی وردی پێویسته‌، ئێوه‌ بیرو ڕاتان ده‌رباره‌ی ئه‌مه‌ چیه‌؟ سه‌ما هونه‌ره‌ یان باڵاتره‌ له‌ هونه‌ر؟

كاروان/ به‌ دڵنیایه‌وه‌ سه‌ما هونه‌ره‌، به‌ڵام هونه‌رێكی ئاسان نیه‌ و تێدا ژیان و هیلاك بوون، وه‌ هه‌وڵدانی پێویسته‌، چونكه‌ بونیادنانی جه‌سته‌ و ئاماده‌كردنی كاركرده‌ی جادونیه‌، وه‌ك چۆن كاركرده‌ی به‌ هه‌ره‌یه‌كی ڕه‌ها و فراوان نیه‌، كه‌ له‌ هاتنه‌بونته‌وه‌ له‌ تۆدابونی هه‌بێت، به‌ڵكو خود ئاماده‌كردن بۆ سه‌ما پرۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌نی ژیانكردنه‌و به‌بێ ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ حه‌زێكی كورت خایه‌ن، یان ناهۆشیار و نا زانستی له‌ سه‌مادا، هه‌ر وه‌ك چۆن پرۆسه‌ی فێربوون سنورێكی نیه‌ بڵێی لێره‌ دا ئیتر كۆتایی دێت، سه‌ما فێربوونیش ئیشكردنی رۆژانه‌ی ڕاستگۆییانه‌ی ناو هۆڵه‌كانی سه‌مایه‌، ئه‌و كاته‌ی خۆڵی نیشتوی سه‌ر جه‌سته‌ تێكه‌ڵَ به‌ خۆڵی ناو هۆڵه‌كان ده‌بن، ئیتر هیوایه‌ك بۆ سه‌ما فڕینێك له‌ جه‌سته‌یه‌كی ئازاد دا دێته‌بوون.

به‌دڵنیایه‌ وه‌ سه‌ما هونه‌ره‌ و له‌ ڕیزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی هه‌موو هونه‌ره‌كانی ده‌ربڕیندایه‌، چونكه‌ سه‌ما باڵاترین هونه‌ری ده‌ربڕینه‌، ئه‌گه‌ر جوڵه‌ی مرۆڤی كۆن بۆ خود ناساندن یان ئاشكراكردنی ژیان بێت، یان ئاماژه‌ و داواكاریه‌كانی ئه‌و منداڵه‌ بێت كه‌ ئێستا هاتۆته‌ بوون كه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌كی فێربوندا جوڵه‌كان و هاوسه‌نگی ده‌ دۆزێته‌وه‌، وه‌ك چۆن ده‌ربڕین وه‌ك پیویستیه‌كی سه‌ره‌تایی هه‌موو بونه‌وه‌ره‌كانه‌ به‌ئاژه‌ڵه‌ كانیشه‌وه‌، ئه‌گه‌ر كه‌مێك به‌سه‌ر نجدانه‌وه‌ بڕوانین، ده‌بینین كه‌چۆن سه‌ما به‌شێكی گرنگی ژیانی ئاژه‌ڵه‌كان پێكده‌هێنێت، گه‌ر بڕوانین له‌ پرۆسه‌ی وانه‌وتنه‌وه‌ و پرۆژه‌ سه‌ماكان، هه‌مان شته‌ ته‌نانه‌ت جوڵه‌ سه‌مای سروشته‌ و دیارده‌ سروشتیه‌كان روبه‌رێكی ئاشكراو فراوانیان له‌ سه‌مادا هه‌یه‌، وه‌ك ده‌بینین كه‌ ڕاهه‌ێنه‌رو سه‌ما كۆریۆگرافیه‌كان چۆن له‌ بونیادنانی ته‌كنیكی ڕاهێنان و كۆریگرافیه‌كانیاندا سودێكی فراوانیان له‌ ده‌ربڕین وجوڵه‌ی ئاژه‌ڵ وسروشت بینیوه‌، لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ سه‌ما وه‌ك دیارده‌یه‌كی یه‌كانگیر به‌ژیانی مرۆڤ، نزیكترین و جوانترین وڕونترین ده‌ربڕینه‌ له‌ خودناساندن و خود پێناسه‌كردندا، لێره‌شه‌ وه‌ ده‌گه‌ین به‌و دڵنیابونه‌، كه‌ سه‌ما باڵاترین هونه‌ری ده‌ربڕینه‌ له‌ نێوان هونه‌ره‌كانی تردا، ئه‌م بۆچونه‌شم له‌ دوو سه‌رچاوه‌ وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت.

یه‌ كه‌مین، سه‌ما له‌ ده‌ر بڕیندا په‌ نا بۆ هیچ ماده‌ یه‌ك نابات وه‌ك ناوه‌ندێك بۆ گوزارشت كردن و ده‌ربڕین و ئاماژه‌كانی جه‌سته‌، كه‌ ده‌ست پی ده‌كات به‌رجه‌سته‌ بوون ده‌كه‌وێت و به‌رجه‌سته‌ بوون ڕوده‌دات، به‌ر ئێستا بوون به‌ر خودبوون، به‌ر ئه‌و جه‌سته‌ یه‌ ده‌كه‌وێت كه‌ له‌ ژیانماندا به‌ رده‌وام هاوه‌ڵ و ڕێگه‌ ڕێمانه‌ به‌بێ هیج پیویستیه‌كی تر ده‌ربڕین ده‌كات، بۆیه‌ ڕاسته‌و خۆ به‌ر ناوه‌وه‌ وخه‌ون و هه‌سته‌وه‌ره‌كان و بیركرنه‌وه‌كان و هێزمان ده‌كه‌وێت. دوه‌مین كاتێك كه‌منداڵ یان مرۆڤی كۆن سه‌ره‌تایترین ده‌ربڕین ده‌كات و له‌ پرۆسه‌یه‌كی فێربوندا به‌ره‌و پێش ده‌چێت، دواتر هه‌مان ئه‌وجوڵه‌ و سه‌مایانه‌ ده‌بنه‌ گه‌نجینه‌ و پاشخان و به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ له‌ مرۆڤناسیدا به‌كار ده‌برێن، كاتێك تێده‌گه‌ین كه‌ به‌ هاونرخی سه‌ما له‌لای زانایانی زانسته‌مرۆڤایه‌تیه‌كان، به‌ تایبه‌ت زانا ئه‌نترۆپۆلۆژ و ئاركیۆلۆژه‌كان چه‌ند گرنگه‌ بۆ مرۆڤناسی و هه‌ڵگرتنی شوێنه‌واری مرۆڤبوون له‌ سه‌ر زه‌وی، هه‌مان كات له‌ ئه‌زمونی مرۆڤی هاوچه‌رخه‌وه‌ له‌و واتایه‌ گه‌یشتوین كه‌ ئه‌وه‌ ته‌نها عه‌قڵ و زانسته‌ داهێنان و به‌رده‌وام بوونیان به‌ ژیان و مرۆڤایه‌تی به‌خشیوه‌، به‌لایه‌كی تردا گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر پێناسه‌ی زانست وه‌ك تێگه‌یشتنێكی سه‌رده‌میانه‌، زانست بریتیه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی ته‌واوی هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌له‌ ئه‌ نجامی ئه‌زمونكردن و هه‌وڵدانی مرۆڤه‌كان بۆ فێربوون له‌ سه‌رده‌مێكدا به‌رهه‌م هاتوون و به‌ شێوه‌یه‌كی سیستماتیكی كۆكراونه‌ ته‌وه‌و پارێزراون و بونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی فێربوون و به‌رده‌ وامبوونی ژیان و پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی، سه‌ماش شانبه‌شانی هه‌موو ئه‌ و زانسته‌ مرۆڤایه‌تیانه‌ی كه‌بونیان هه‌یه‌ ومرۆڤایه‌تیان له‌ له‌ ناوچون پاراستوه‌… به‌ره‌و پیشچوه‌ و هه‌نگاوی ناوه‌ گه‌ر یه‌كه‌م هه‌نگاوی سه‌ما بۆ فێربوون له‌ سه‌ده‌ی شانزه‌ دا له‌ ئیتالیا له‌ ناو ماڵ و كۆشكی شاهانه‌دا ده‌ستیپێكربێت، ئه‌وه‌ ئێستا سه‌ما ماڵ و شوێنگه‌ وئه‌كادیمیای خۆی هه‌یه‌ بۆ فێربوون، به‌رده‌وام توێژینه‌وه‌ زانستیه‌ گرنگه‌كانی بواری سه‌ما، زانستی جه‌سته‌ و پێكه‌هاته‌ ئه‌ناتۆمی وئۆرگانی و ته‌كنیكیه‌كانی فروانتر و پیشكه‌وتوتر هه‌نگاوه‌كانی خێراتر، تێكڕای ژیانی مرۆڤایه‌تی له‌ بواری ده‌رونناسی وپزیشكی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌گشتی داگیر ده‌كه‌ن.

لێره‌ شه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم سه‌ما لێره‌ بوونه‌ ژیانبوونه‌ به‌رده‌وامبوونه‌. كه‌واته‌ سه‌ما هونه‌ربونه‌ زانست بوونه‌ مرۆڤبونه‌، به‌ڵام ته‌نها ئه‌و كاتانه‌ی له‌ پرۆسه‌یه‌كی زانستیدا گرنگی به‌ فێربون و ڕاڤه‌كاری و توێژینه‌وه‌ ده‌دات، زانستێك نیه‌ به‌بێ بناغه‌ لێره‌ بێت وه‌ك چۆن هونه‌رێك نیه‌ به‌بێ ڕاستگۆیی و هه‌ست و هێزو بیركردنه‌ وه‌لێره‌بێت، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌ دۆخێكدا، گه‌ر به‌ دوای داهێنان و به‌رده‌وامیدا هه‌نگاوه‌كان سه‌ر چاوه‌یان گرتبێت، نه‌ك بۆ ئامانج ومه‌به‌ستی كورتخایه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی و دوور له‌ مرۆڤبوون.

پ٢/ هه‌ندێك جار ده‌وترێت ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ هونه‌ره‌كانی تری وه‌ك (شانۆ، وێنه‌كێشان و مۆسیقادا) ناتوانێت بیانڵێت، له‌ سه‌مادا زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانرێت گوزارشتیان لێبكرێت، ئه‌و نهێنیه‌ شاراوانه‌ چین كه‌ مرۆڤی سه‌ماكار له‌ ڕێگه‌ی جوڵه‌كانی جه‌سته‌یه‌وه‌ ده‌توانێت به‌ فراوانی كه‌ون ته‌عبیریان لێبكات، سه‌ما كوێی ناته‌واویه‌كانی ئێمه‌ ته‌واو ده‌كات؟

كاروان/ من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچونه‌دانیم كه‌ له‌ سه‌مادا زۆر ئاسانترشته‌كان ده‌وترێت وه‌ك له‌ هونه‌ره‌كانی تردا، ناشزانم ئه‌ وه‌كێیه‌ واده‌ڵێت؟ ئه‌وه‌ بۆچونی كه‌سێكی تایبه‌ت یاخود كۆمه‌ڵگا یان هونه‌رمه‌ندێكی كورده‌؟ خۆزگه‌ ڕونتر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ پرسیاره‌ كه‌تدا ده‌خرایه‌ ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی پێت بڵێم ئه‌و شێوه‌ بیركرنه‌وه‌یه‌ له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌، چونكه‌ ناكرێت له‌ گفتوگۆیه‌كی هونه‌ریدا په‌ نابه‌رینه‌ به‌ر بۆچونێك كه‌ بناغه‌ی نه‌بێت وله‌ زه‌مینه‌سازیه‌كی پته‌وه‌ وه‌یان توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستیه‌ وه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتبێت، هیوادارم و دڵنیاشم تێده‌گه‌یت كه‌ ئێمه‌ باس له‌ سه‌مایه‌ك ده‌كه‌ین، كه‌ نه‌ك به‌ ته‌نها بۆ نه‌ریت په‌رستانمان، به‌ڵكو به‌ كولتور په‌رستانیشمان نامۆیه‌، سه‌ما له‌مێشكی هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیرانماندا وه‌ك نه‌ریت هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت نه‌ك وه‌ك هونه‌رو زانست، كه‌ كاریگه‌ریه‌كی باڵای به‌ سه‌ر سه‌رتاپای جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و بونیادی مرۆڤه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ من لێره‌ دا گرنگه‌ بناغه‌یه‌كی پته‌وكه‌ به‌ گفتوگۆ و به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنرا و دێته‌ بوون ..
بۆ كولتوری سه‌ما دروستبكه‌م، نه‌ك هه‌موو ئه‌و سه‌ر لێشێواوی و قسه‌ فڕێدانه‌ی كه‌ ته‌واوی ئاستی ڕۆشنبیری ئێمـه‌ی بۆ بڕێك ده‌ستكه‌وتی مادی وێران كردوه‌، له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ ئه‌و كه‌مینه‌یه‌ی نه‌به‌شدارن نه‌هانده‌ری ئه‌وشێوه‌ وێرانكردنه‌ن، دڵنیام تۆش وه‌ك گه‌نجێك ئه‌م بۆچونه‌ی منت پێ گرنگه‌ و گرنگی به‌ كاری جه‌خت لێكراو تۆكمه‌ ده‌ده‌یت.

ئێمه‌ی مرۆڤ له‌ ساتی خود جوڵاندن و سه‌مادا، به‌ واتای ڕێكاری ئێمه‌ له‌ سه‌ما دا كه‌ له‌ به‌رجه‌ سته‌بوون، به‌ر جه‌سته‌ كردن و به‌رجه‌سته‌ كه‌وتندا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ … ڕاسته‌وخۆ به‌ر زمان و ڕێزمانێكی تایبه‌ت به‌جوڵه‌و ده‌ربڕین ده‌كه‌وین، ئه‌و زمانه‌ش زمانی جه‌ سته‌یه‌، زمانی جه‌سته‌ بریتیه‌ له‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كانی به‌ رده‌وامبوون له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دی به‌ بێ قسه‌كردن به‌ هاوه‌ڵی و گوزارشتی و ده‌ربڕینی ده‌موچاو ده‌ بێته‌زمانێكی زیندو. لێره‌وه‌ ده‌ڵێم كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ هونه‌ره‌كان زمانی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌ بۆ ده‌ربڕین وه‌ك چۆن شێوازو مۆتیڤی هونه‌ری و كۆنسێپتی كاركردنیان هه‌یه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ ناكرێت به‌ وشێوه‌ ڕه‌هاییه‌ له‌و بابه‌ته‌ بدوێێن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر زمانی هونه‌ری به‌راستگۆییانه‌كاری پێ بكرێت وپه‌یامێكی ڕونی هه‌بێت وبه‌هێزوه‌ به‌ هۆشیاریه‌كی هونه‌ری وزانستیه‌وه‌ داڕێژرابێت، ئه‌وا ده‌توانێت بكرێته‌ ده‌ربڕی هه‌موو ئه‌و بابه‌ تانه‌ی ده‌مانه‌وێت بیگه‌یه‌نین به‌ وه‌رگر. سه‌ما كاركردن كارێكی هونه‌ری هه‌روا ئاسان نیه‌ بتوانین هه‌رچیمان هه‌یه‌ بیڵیین، ئه‌گه‌ر به‌ وردبینیه‌وه‌ پێكه‌هاته‌یه‌كی داڕێژرا و ته‌واوكراو هاڕمۆنیه‌كی یه‌كانگیر جوڵه‌ و كۆریۆگرافیه‌كان دا نه‌ڕێژریت، ئه‌واناتوانرێت مه‌به‌ست و په‌یام بگه‌یه‌نێت و ده‌ ره‌هاته‌ یه‌كبێت له‌ هونه‌ری سه‌ما. بۆ وه‌ڵامی دوا بڕگه‌ی پرسیاره‌ كه‌ش وته‌یه‌كی ڤۆلتێر فه‌یله‌سوف و نوسه‌ری فه‌ره‌نسیم دێته‌ یاد كاتێك ده‌ڵێت – “زمانه‌كان دراون به‌ مرۆڤ.. تاوه‌ كو بتوانێت بیركردنه‌وه‌كانی خۆی پێ بشارێته‌ وه‌” .به‌رامبه‌ر به‌م وته‌یه‌ش چه‌ند زانایه‌كی جیاوازی توێژه‌ر له‌ بواری زمانی جه‌ سته‌دا دڵنیایی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن – كه‌ جه‌سته‌ درۆ ناكات. لێره‌وه‌ ده‌توانم بڵێم ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ناتوانن ئه‌وه‌ی ئه‌یانه‌وێت له‌ هونه‌ره‌ كانیاندا بیڵێن، ئه‌وه‌ یان ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ به‌كارهێنانی زماندا ترسنۆك وهه‌لپه‌رست و درۆزنن – یان ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ هونه‌ردا هیچ بیركردنه‌وه‌كیان نیه‌ و به‌ هۆی زمانی هونه‌ره‌ وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ترخۆیان له‌ مۆڕالی مرۆڤبوون و ڕاستیه‌كان ده‌شارنه‌وه‌، دیاره‌ شاردنه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ و درۆزنبوون له‌ ئێستادا له‌ كوردستان بۆته‌ كولتورو مۆڕالی هه‌نوكه‌یی مرۆڤبوون، سیاسه‌ت، بازرگانی، دامه‌زراوه‌ كۆمه‌لایه‌تی، په‌روه‌رده‌یی، ته‌ندروستی و هونه‌ریه‌كان و ناڕاستگۆیی و دومۆڕالی سه‌رتاپای جه‌سته‌ و به‌ڕیوه‌بردنیان وه‌ك مۆرانه‌ ته‌نیوه‌، لێره‌وه‌ ئیتر تاكه‌ هونه‌رێك ته‌نها زانستێك كه‌ بتوانێت په‌ رده‌ هه‌ڵماڵێت له‌ ڕوی ئه‌ و هه‌موو داڕزانه‌… سه‌مایه‌ كه‌ ده‌توانێت مرۆڤه‌كان له‌ ڕه‌گو ڕیشه‌وه‌ به‌ره‌ و قوڵاییه‌ په‌نه‌هانه‌ كان بڕوات ونهێنیه‌كانی بوون ئاشكرا بكات، ناته‌واویه‌كانی جه‌سته‌ و هۆشیاری دیاریبكات، به‌ڵام سه‌مایه‌ك كه‌ بتوانێت له‌ ئێستا بووندا بێت سه‌مایه‌ك كه‌ گوزارشتی ڕه‌وان بێت له‌ پانتاییه‌ سپیه‌ كاندا سه‌مایه‌ك كه‌ ده‌روازه‌یه‌ك بێت بۆ تێكشكاندنی ئه‌و نه‌ریتانه‌ی كه‌ مرۆڤبونی مرۆڤی ئێمه‌ یان پارچه‌ پارچه‌ كردوه‌.

پ٣/ مرۆڤ چۆن سه‌ما و هه‌ست و تواناو بیركردنه‌وه‌كانی پێكه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌؟ ئایا له‌ سه‌مادا مرۆڤه‌كان ده‌توانن بڕۆنه‌ ناو به‌ریه‌ككه‌وتنێكی ڕاسته‌وخۆی مێژووی خودی خۆیانه‌وه‌؟ سه‌ما هونه‌ری وه‌رگرتنی چێژه‌، یان هونه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤه‌ بۆ ناوخودی خۆی و ده‌روازه‌یه‌كه‌ بۆ ئاشنابوون به‌خود له‌ ڕێگه‌ی جوڵه‌كانی جه‌سته‌وه‌؟

كاروان/ هه‌ست ووزه‌ و بیركردنه‌وه‌كان بوون وه‌ ئاماده‌ییان له‌ بچوكترین خانه‌ی له‌شدا هه‌یه‌، چۆن ده‌كرێت ئاشكرا بكرێن و به‌ره‌و پێش ببرێن و زیندوبكرێنه‌وه‌؟ ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگای پلانێكی تۆكمه‌ی ڕاهێنان و ئیشكردنه‌وه‌ به‌رهه‌م دیت. جه‌سته‌ مێژوی هه‌ر یه‌كێك له‌ مرۆڤبونی ئێمه‌یه‌، سه‌ماش ڕیگایه‌ كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئاستێكی باڵاتر له‌بونی جه‌سته‌دا چیرۆكه‌كانی جه‌سته‌ش گیرَِانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و مێژوه‌یه‌ كه‌ شوێنگه‌ی له‌ سه‌ر جه‌سته‌ جێهێشتوه‌، هه‌رله‌ به‌ هاوه‌ڵی كردنمان له‌ له‌ دایكبونمانه‌وه‌ گڕێمانده‌دات به‌ ئێستامانه‌وه‌. هه‌موو هونه‌ره‌كان چاوگی چێژ به‌خشین و چێژوه‌رگرتنن، ئه‌م دوو دۆخه‌ش چێژبه‌خشین وچێژوه‌رگرتن دوالیزمه‌ن و یه‌ كانگیرن و پێكه‌وه‌ كارده‌كه‌ن، چونكه‌ ناكرێت تۆی سه‌ماكار له‌ جیاتی چێژوه‌رگرتن، له‌ نه‌زانیدا له‌ ئازاری جه‌سته‌ دا بناڵێنێت، له‌ نا هۆشیاریتدا هه‌رچی ببینیت كۆپی بكه‌یت وبیخه‌یته‌ سه‌ر شانۆكان به‌ ناوی داهێنانه‌وه‌ پێشكه‌شی بكه‌یت، كه‌ لوتكه‌ی توانای داهێنان واته‌ به‌ كارهێنانی وزه‌ی عه‌قڵ و زانست نه‌ك نه‌زانین و خورافه‌، به‌ هۆی ئه‌و وزه‌یه‌ شه‌وه‌ سه‌ماكار ده‌گات به‌ خودی خۆی، ده‌گات به‌ خودناسین و ئیتر ته‌نها و ته‌نها له‌ بیركردنه‌وه‌ی شه‌پۆلی ده‌نگدانه‌وه‌ی جه‌ سته‌ی له‌ كاتی فڕیندا ڕاده‌مێنێت، لێره‌ دا گرنگی چێژمان بۆ ڕونده‌بێته‌ وه‌ كاتێك بینه‌ر چێژ ده‌بنیت ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌سه‌ماكاری هۆشیار سه‌ره‌تا خۆی چێژ له‌ كاره‌كه‌ی ده‌بینێت و به‌متمانه‌یه‌كی بی سنوره‌وه‌ ده‌گاته‌ فڕینێك كه‌ ته‌نها خۆی له‌لوتكه‌ی ئه‌و چێژه‌ تێده‌گات، به‌ڵام بینه‌ران له‌ سه‌رسامی ئه‌وفڕینه‌و گه‌یشتنی هه‌ست و وزه‌و بیركردنه‌وه‌ی هۆشیاری سه‌ماكاردا، چێژێكی ناكۆتا و پڕ به‌ هاترین جوانیان به‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌رگیز به‌وشه‌ ناتوانرێت گوزارشتی لێبكرێت.

پ٤/ به‌بڕوای ئێوه‌ چۆن سه‌ما ده‌توانێت په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێزوكاریگه‌ر له‌ ناوه‌وه‌ی مرۆڤه‌كاندا دروستبكات، به‌جۆرێك توانای گوزارشت و هێزو ئێرۆتیكی جه‌سته‌تا ئه‌و ئاسته‌ی ببێته‌ بزوێنه‌رو پاڵپیوه‌نه‌ری گۆڕانكاڕیه‌كان. ئایا سه‌ماله‌ كوێوه‌گۆڕانكاریه‌كانی له‌ هێزرو جه‌سته‌ی مرۆڤه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات؟

كاروان/ سه‌ما ئه‌و كاته‌ ده‌توانێت په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ هێزو كاریگه‌ر له‌ ناوه‌وه‌ی مرۆڤه‌كاندا دروستبكات، كه‌ جه‌سته‌ له‌ ئه‌نجامی ڕۆژانه‌ی ئیشكردنه‌وه‌ نه‌ك ته‌نها ته‌كنیكه‌كانی سه‌مای به‌ ڕاستودروستی له‌ پرۆسه‌یه‌كی تۆكمه‌ی فێربووندا به‌ر جه‌سته‌كردوه‌، به‌ڵكو سنوربه‌ندی سروشتی ئه‌ناتۆمی و ئۆرگانی جه‌سته‌ی به‌زاندبێت، ئه‌م كاره‌ش به‌ توێژینه‌وه‌ و قوڵبونه‌وه‌ له‌ تێكڕای ئه‌و میتۆده‌ جوڵه‌یی و جه‌سته‌ییانه‌دا سه‌رهه‌ڵده‌دات و خۆی ده‌ بینێته‌وه‌ كه‌ سه‌ماكار شاره‌زای ده‌بێت و ڕۆژانه‌ به‌ به‌رده‌وامی پراكتیكیان ده‌كات، ئه‌ومیتۆدانه‌ش زۆر زۆرن و ڕۆژانه‌ زیاتر ده‌بن، كه‌ واته‌ تۆی سه‌ماكار ده‌بێتچی بكه‌یت تا بتوانیت له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی خێرای گۆڕانكاریه‌ سه‌رده‌میه‌كانی بواری جه‌سته‌دا هه‌نگاو بنێێت؟ گۆڕانكاریه‌كانیش ئه‌وكاته‌ دروست ده‌بن كه‌ سه‌ماكار هه‌ست ده‌كات گه‌یشتوه‌ به‌ ئاست و به‌ ئه‌نجامێك كه‌ شتێكی زۆر جیاواز و نه‌ كرده‌ی له‌ جه‌سته‌یدا به‌رهه‌م هێناوه‌، ئیتر ئه‌وكات هه‌رزو بۆخۆی له‌ ئاسمانی توێژینه‌وه‌ دافڕینه‌كانی ناكۆتا له‌ گه‌ڕاندان به‌ دوای ئاشكرا كردنی خه‌ون و فه‌ نتاسیا دوره‌ ده‌ست و دوره‌ ڕیگاكان. سه‌ماكردن واتای كارێكه‌ كیمیایی و ئۆرگانیه‌ناوه‌كیه‌كانی جه‌سته‌، به‌م شێوه‌یه‌ش توانا و هێزه‌ ئێرۆتیكیه‌كان ده‌گه‌ینێته‌ ئاستی هه‌ڵپژان، هه‌ڵڕژان، به‌رپابوون و ده‌رچون له‌ هه‌موو سنوره‌ دروستكراوه‌كانی ئازادی ئیرۆتیك وجه‌سته‌ و چێژبینین.

پ٥/ هه‌موو مرۆڤێك له‌ ژیاندا پرسیارگه‌لێكی هه‌یه‌ كه‌ پێویستیان به‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌كانیه‌تی بۆ ئه‌مه‌ش به‌ شتێك گوزارشتی لێده‌كات تۆ بۆ سه‌مات هه‌ڵبژارد؟ سه‌ما ده‌توانێت تا كوێ وه‌ڵامی پرسیاره‌ وجودیه‌كانی تۆ بداته‌وه‌؟

كاروان/ من وسه‌ما دو هاوڕێی ناكۆتاین، چونكه‌ پێكه‌وه‌ هاتوینه‌ته‌بون، سه‌مام وه‌ك منداڵێك له‌ خۆمدا گه‌وره‌ كردوه‌، ئێستا له‌ ته‌مه‌نی گه‌نجیدایه‌ و به‌ دڵنیایه‌وه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو به‌ره‌ و گه‌ وره‌ بووون ده‌چێت، وه‌ك منداڵێك ده‌ستی سه‌ما وجه‌ سته‌مم گرتوه‌ بۆ فێربوون، پله‌ به‌ پله‌ به‌ره‌ و سه‌ره‌وه‌ سه‌رم خست له‌ ئێستادا گه‌وره‌ بوه‌ و خۆی هه‌نگاوه‌كانی ده‌نێت. سه‌ما له‌ ڕێگای پێكانه‌وه‌ هه‌بوونی منی به‌ڕه‌گوڕیشه‌ وه‌ له‌ سه‌ر زه‌مین داكوتاوه‌، سه‌ما سه‌لماندنی هه‌بوونی منه‌ لێره‌ و له‌ ڕێگای پێكانمه‌وه‌ شوێنه‌ كانیترم پێده‌ ناسێنێت، سه‌ماكردن ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه‌ كه‌ هه‌ ستی كردنی شتێكی جیاوازم پێده‌به‌خشێت، شتێك كه‌م كه‌س ده‌توانن بیكه‌ن، ئه‌ویش سه‌مایه‌ ته‌نانه‌ت سه‌ما لێره‌ بونیشم ده‌پارێزێت، له‌ ڕێگای سه‌ماوه‌ ده‌ستم بردوه‌ بۆ هه‌موو شوینێك له‌ جه‌سته‌مدا ئه‌و شوێنانه‌ی لای مرۆڤه‌كان فه‌نتاسیا و ئه‌سته‌مه‌و به‌رده‌وام ترسیان له‌ گوتاره‌كانی جه‌سته‌ و سه‌ما هه‌یه‌، شوێنه‌ تاریكه‌كان ئه‌و شوێنانه‌ی زۆر له‌ مرۆڤه‌كان له‌ ژیانیاندا نه‌ پێی ده‌ گه‌ن نه‌ لێی ده‌گه‌ن.

پ٦/ ئێستا هونه‌ری سه‌ما یه‌كێكه‌ له‌ هونه‌ره‌ باڵاو ئه‌كادیمه‌كانی دونیا، به‌ڵام له‌ چاو هونه‌ره‌كانی دیكه‌دا له‌ هه‌رێمی كوردستان گرنگی به‌م هونه‌ره‌ نه‌دراوه‌، به‌بڕوای ئێوه‌ هۆكاری ئه‌مه‌ چیه‌؟

كاروان/ هۆكاره‌كان زۆرن گرنگه‌كان ئه‌مانه‌ن…له‌ ئێستادا زۆربه‌ی پێویستیه‌كانی ژیانی مرۆڤی كورد گرنگی پێنادرێت ده‌بێت هونه‌ری و سه‌ما له‌ كوێی ئه‌م هاوكێشه‌ یه‌دابێت.. هونه‌رمه‌ند خۆی ده‌ستی هه‌یه‌ له‌م كاره‌ دا، كاتێك له‌نه‌زانین و نا هۆشیاریدا ناتوانێت ماڵێك له‌ ناوه‌وه‌ی مرۆڤه‌ كاندا بۆ خۆشویستنی سه‌ما وپه‌روه‌رده‌كردنی بونیادبنێت دێت ته‌نها هه‌وڵ و گرنگیپێدانی بۆ خود سه‌نته‌ری ته‌نها دروستكردنی باره‌گای حیزبی بێت بۆ كاره‌كه‌ی، ئیتر ده‌بێت چاوه‌روانی چ هه‌ناسه‌یه‌ك بۆ پێشكه‌وتنی سه‌ما… سه‌ما ئه‌گه‌ر كاركردنێكی تۆكمه‌ نه‌بێت بۆ مرۆڤه‌كان له‌ پێناو مرۆڤه‌كان… كاری هونه‌ر گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌ركه‌وتنی به‌ مرڤه‌كان ئیتر مرۆڤ نه‌بێته‌ سه‌نته‌ری پرۆژه‌ وكاره‌كان ئه‌وه‌ هیچ واتایه‌ك بۆ مرۆڤبونی سه‌ما كار و شانۆكارو هونه‌رمه‌ند بوون نامێنێت و درۆیه‌كی گه‌وره‌یه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ كاتێك هونه‌رمه‌ندپیش هه‌موشت خۆی ده‌كاته‌ سه‌نته‌ری هه‌موو پرۆژه‌كان، ئیتر واتایه‌ك بۆ پێشكه‌وتن وڕه‌گوڕیشه‌دانان نامێنێت، له‌م كاتانه‌شدا هێزی خورافه‌ و غه‌یبانیه‌ت زۆر ئاسان ده‌توانن به‌های باڵاترین هونه‌ر، كه‌ سه‌مایه‌ كه‌مبكه‌نه‌ و هه‌تا سنوری فه‌تواو ته‌كفیركردنی بگه‌یه‌نن. به‌ دڵنیایه‌وه‌ له‌ ئێستادا سه‌ما له‌ خراپترین ئاستی هۆشیاری حیزب و كۆمه‌ڵگای نه‌ریتدایه‌، له‌ بیرمان نه‌چێت تا ئه‌وكاته‌ی گوتاری سه‌ر شانۆكان گوتارێكی خۆ پارێز و كۆیله‌ بوون و ترسنۆكانه‌ بێت ئه‌وا ناتونرێت ئازادی ژیانی كاركردنی هونه‌ری ده‌سته‌ به‌ر بكرێت و دواڕۆژێكی پرشنگدار بۆ پرۆژه‌ی سه‌ما دروستبكرێت.

پ٧/ پڕۆژه‌تان بۆ بره‌ودان به‌م هونه‌ره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌؟ پێتان وایه‌ له‌ ئاینده‌دا سه‌ما و جوڵه‌كانی جه‌سته‌ ده‌بنه‌خواستی نه‌وه‌كانی ئاینده‌؟ ئێوه‌ ئاره‌زوو بۆ سه‌ما له‌ هه‌رێم چۆن ده‌بینن؟

كاروان/ سه‌ره‌تا ئه‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ من له‌ ساڵی ٢٠٠٨ وه‌ به‌ پرۆژه‌ی جیاواز بۆ منداڵان، گه‌ نجان و به‌ ته‌مه‌نه‌كان له‌ سه‌ر ئاستی كۆنسێپت وتنه‌وه‌ی وانه‌ی سه‌ما و نوسین و وه‌رگێڕانی په‌ ڕتوكی سه‌ما، هه‌وڵمداوه‌ سه‌ما وه‌ك هونه‌رێكی زانستی بۆ بره‌ودان دروستكردنی كولتوری سه‌ما له‌ كوردستاندا، بناسێنم. ئه‌م پرۆژانه‌ش بۆ شانۆكاران و كه‌ سانی ئه‌ماتیۆر بوون تا ئاستی چون بۆ لای مرۆڤه‌ په‌ راویزخراوه‌كانیش هه‌نگاوی ناوه‌. راسته‌ من له‌ كوردستان ناژیم، به‌ڵام به‌ پێی ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ له‌ژیانی هونه‌ریم وپرۆژه‌كانم ده‌توانم بیده‌م به‌ كوردستان، توانیومه‌ سه‌مای هاوچه‌رخ بناسێنم وله‌ لای گه‌نجان تا ئاستێكی باش خۆشه‌ویستی بكه‌م، كاتێك گه‌نجێك پێی باشه‌ به‌ سه‌ما نه‌چێته‌ سه‌ر شانۆ، به‌ڵكوچاوه‌روانی پرۆژه‌ی تۆكمه‌بێت گه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه‌ سودی ته‌نها فێربونبێت نه‌ك بچیت بۆ بڕێك ده‌ستكه‌وت هه‌موكارێك بكات. ئه‌مه‌ بۆ خۆی مژده‌به‌خشه‌ و خۆشنودیه‌، چونكه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ كه‌ له‌ئێستادا له‌ هه‌موو ئه‌و به‌ بازرگان بونه‌ی هونه‌ردا، خۆی ده‌پارێزێت كه‌ ته‌نها وه‌ك كاڵایه‌ك هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ بكرێت. به‌ڵكو به‌ دوای فێربون و زانستی ئه‌كادێمی سه‌ماوه‌یه‌. خواستێكی زۆر بۆ سه‌ما هه‌یه‌ ئه‌وه‌ نكوڵی لێناكرێت، به‌ڵام كام سه‌ما و چ شیوه‌ فێربونێك، ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت وه‌ك لایه‌نی پێداگۆگی سه‌ما جه‌ختی له‌ سه‌ربكه‌مه‌وه‌و دوباره‌ی بكه‌مه‌وه‌، ئێمه‌ نابێت ته‌نها بیرله‌ چه‌ندایه‌تی له‌ پرۆژه‌ی سه‌مادا بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵكو چۆنیه‌تی گرنگه‌، ناكرێت وه‌ك هه‌موو ئه‌و بوارانه‌ی ته‌نها له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی نیمانه‌ ئیتر هه‌ر چۆن بێت گرنگ نیه‌، به‌ بێ بناغه‌ی پته‌و سه‌ما كردن نابێت ئیتر به‌رده‌وام بێت… ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت له‌ ڕێگای سه‌ماوه‌ مرۆڤبونی كورد بدۆزینه‌وه‌ و مرۆڤناسیمان پته‌و بكه‌ین، و ئه‌وجه‌سته‌ پارچه‌ پارچه‌ بوه‌ له‌ ترازانی فراوانتر بپارێزین و مرۆڤێكی نوێێ لێدروستبكه‌ین و له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریه‌ گه‌وره‌كانی ژیانی مرۆڤایه‌ تیدابین، خۆ ئه‌گه‌ر ته‌نها له‌ سه‌ر ئاستی لۆكاڵی بێت، ئه‌وا سه‌ما هیچ بونیاد نانێت جگه‌ له‌ وێرانكردنێكی فراوانتری جه‌سته‌ی تاكی كورد..پرۆژه‌ گه‌لێكم هه‌یه‌، به‌ڵام پیویستی به‌ كات و پیویستی به‌ تێگه‌یشتن هه‌یه‌، له‌ لایه‌ن ئه‌ و كه‌سانه‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت سه‌ما ببێته‌ كولتورێكی زیندو، ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ ڕاستی بۆ براودان به‌ سه‌مای ڕاسته‌قینه‌ و دروست خه‌ون ده‌بینن، چونكه‌ سه‌ما باشترین ڕێگایه‌ بۆ ژیانه‌وه‌ی هه‌مووخانه‌ مردوه‌كانی كرۆكی تاكی كورد، سه‌ما ده‌توانێت كرۆك ئاشكرا بكات و له‌و ڕێگایه‌ وه‌ به‌ره‌ و پێشیان ببات و هۆشیاریان بكاته‌وه‌ بۆ ژیانێكی باشتر و باڵاتر له‌ ئیستادا.




دیمانە لەگەڵ چیرۆک نووس فاروق هۆمەر … سازدانی: شاخه‌وان سدیق

فاروق هۆمه‌ر”
هه‌ر چیرۆكێك ئه‌گه‌ر له‌ دوای ته‌واوبوونی، خوێنه‌ر نه‌توانێ بۆ كه‌سێكی دی بگێڕێته‌وه‌، به‌لای منه‌وه‌ چیرۆكێكی خراپه‌ و هه‌ڵه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵگرتووه‌.
له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا، ده‌نگێكی جیاوز به‌ ساده‌ی چیرۆكه‌كانی ناوبه‌ناو بۆ هه‌موان به‌ زمانێكی ساده‌، به‌ڵام قوڵ ده‌گێڕێته‌وه‌، ئه‌و ده‌نگه‌ش بێگومان (فرۆق هۆمه‌ر)ی چیرۆك نوسه‌، من بۆ زیاتر ئاشنابوون به‌ دونیای چیرۆك و ئه‌ده‌ی ئه‌و پێم خۆشبوو ئه‌م دیداره‌ی له‌گه‌ڵدا سازبده‌م.

سازدانی: شاخه‌وان سدیق


پ1/ له‌ ئه‌ده‌بی جیهانیدا، (ماركیز) ده‌ڵێت” قوتابخانه‌ی چیرۆكه‌كانی من نه‌نكمه‌، واته‌ له‌ نه‌نكمه‌وه‌، فێری چیرۆك نوسین بووم، ئه‌توانی پێم بڵیت، هۆكاری چیرۆك نوسین لای تۆ چی بوو؟، تۆ كێ‌ وای لێكردیت چیرۆك بنوسیت.

وه‌/ به‌ركه‌وتنی یه‌كه‌مم به‌ چیرۆك، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وحیكایه‌تانه‌ی كه‌ باوكم له‌ منداڵیما بۆی ده‌گێڕامه‌وه‌. ئه‌و شه‌وانه‌ ده‌یكردمه‌ باوه‌ش و به‌ده‌م گێڕانه‌وه‌وه‌ ده‌یكردمه‌ خه‌و . له‌ باوه‌شی ئه‌ودا وه‌ك زیندانییه‌ك وابووم و ده‌بوو دوای ته‌واوبوونی قسه‌كانی ئیدی من خه‌وم لێكه‌وتبێ . واته‌ گێڕانه‌وه‌ ئاره‌زوویێك نه‌بوو بۆ كرانه‌وه‌ی گوێچكه‌ و فراوانكردنی خه‌یاڵ و خوڵقاندنی دونیایێكی ره‌نگاوره‌نگ، ئه‌وه‌نده‌ی له‌ پشتییه‌وه‌ مه‌به‌ستێكی دی خۆی حه‌شاردابوو كه‌ هه‌رچی زووه‌ بخه‌وم . له‌و ڕۆژگاره‌ی حه‌فتاكان دا زۆربه‌ی خێزانی كوردی له‌ ژوورێكا ده‌نووستن.
بیر له‌وه‌ بكه‌ره‌وه‌ من نۆبه‌ره‌بووم له‌ خێزانی خۆمان، واته‌ له‌و ده‌مه‌دا دایك و باوكم سه‌ره‌تای گه‌نجێتی ته‌مه‌نیانبووه‌ و له‌وپه‌ڕی جوانی خۆیان دا بوون و من له‌وێدا و له‌به‌رده‌م شادی ئه‌وان چقڵێك نه‌بێ هیچی دی نه‌بووم. به‌وجۆره‌ فێڵانه‌ باوكم ده‌یكردمه‌ خه‌و و له‌ كۆڵ خۆی ده‌كردمه‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شا فێڵێكی خراپ نه‌بوو و دواجار خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی پێكردم.
من ڕیگرێك بووم له‌به‌رده‌م ئاسوده‌یی دایكم و باوكم و بۆ ئه‌وه‌ی كه‌شێكی له‌بار بۆ ئه‌وان سازبووایه‌، ده‌بوو من بكرێمه‌ خه‌و .
ئیدی باوكم وه‌كو فێڵێك په‌نای به‌به‌ر حیكایه‌ت ده‌برد بۆ ئه‌وه‌ی من بنووم . جارێك له‌ نیوه‌ی شه‌و و له‌ منداڵی خۆما به‌ خه‌به‌ر هاتم و ڕوانیم دایكم و باوكم له‌ ژووره‌كه‌دا نه‌مابوون. زۆر ترسام و هه‌ستم به‌ ته‌نیاییه‌كی زۆر كرد.
به‌ناو ماڵه‌كه‌دا گه‌ڕام و چوومه‌ حه‌وشێی پشته‌وه‌ و له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ ڕوناكییه‌ك سه‌رنجی ڕاكێشام و كه‌ ڕوانیم ئه‌وان له‌ ژووره‌وه‌ خه‌ریكی دونیای عاشقانه‌ی خۆیانن. ئه‌و دۆزینه‌وه‌یه‌، له‌ هه‌مان كاتا جۆرێكیش بوو له‌ سه‌ركێشی و ده‌رگا واڵاكردنێكیش بوو له‌به‌رده‌م یاخیبوونێك كه‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونم گه‌وره‌ و گه‌وره‌تر ده‌بوو. من له‌ یه‌كێك له‌ چیرۆكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی یه‌كه‌مم ” سه‌رگه‌ردانییه‌كانی پیاوێك ” چیرۆكێكم هه‌یه‌ به‌ناوی ” حیكایه‌ته‌كانی باوكم ” زۆر به‌ قووڵی باسم له‌وه‌ كردووه‌. ئه‌و ده‌یان چیرۆكی بۆ ده‌گێڕامه‌وه‌ و هه‌ر له‌و ده‌یان چیرۆكه‌وه‌ سه‌دانی دیكه‌شی لێداده‌تاشین. بۆ نموونه‌ كه‌ چیرۆكی شیرین و فه‌رهادی بۆ ده‌گێڕامه‌وه‌، له‌ گێرانه‌وه‌یه‌كا فه‌رهاد خۆی له‌ كێوی بێستون هه‌ڵده‌داشته‌ خوارێ و له‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی ترا باوكم له‌بیری چووبۆوه‌ چی بۆ گێڕابوومه‌وه‌ و ده‌یگووت” فه‌رهاد كه‌ ده‌گاته‌وه‌ ماڵێ شیرین خۆی كوشتبوو و جارێكی دیش ده‌یگووت له‌ كۆتاییا شیرین و فه‌رهاد ده‌گه‌ن به‌ یه‌كدی و ژیانێكی پڕ له‌ ئاسوده‌یی ده‌به‌نه‌سه‌ر.
ئیدی كه‌ گه‌وره‌بووم وورده‌ وورده‌ په‌ییم به‌ زۆرزانی باوكم و به‌و مه‌به‌ستتانه‌ش برد كه‌ له‌ پشتی ئه‌و گێرانه‌وانه‌وه‌بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شا ئه‌و حیكایه‌تانه‌ سه‌رچاوه‌یێكی گه‌وره‌بوون بۆ من، هه‌ر شه‌وێك به‌ جۆرێك من چاوم ده‌چووه‌ خه‌و.
جارێك به‌ده‌م گریان و جارێك به‌ده‌م پێكه‌نین و خۆشی و زۆرجاریش تووڕه‌یی. له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ری ئه‌و حیكایه‌تانه‌دا ده‌ژیام و بیرم لێده‌كردنه‌وه‌ و بۆیان ده‌گریام و وامده‌زانی كه‌سانی هه‌قیقین. حیكایه‌تی عاشقانه‌ی له‌یل و مه‌جنون و شێتبوون له‌پای عه‌شق، حیكایه‌تی رۆسته‌م و زۆراب و كوشتنی كوڕ به‌ ده‌ستی باوك، دووان بوون له‌و سه‌ربووردانه‌ی دواتر له‌ مێشكی منا له‌بیرنه‌ده‌چوونه‌وه‌ و به‌رده‌وام لام گه‌وره‌ده‌بوون. ئه‌وه‌ی كه‌ تا ئیستا باسم لێكرد به‌ركه‌وتنێكی ڕاسته‌وخۆی من بوو به‌ چیرۆك، به‌ڵام هۆكار ته‌نیا یه‌ك نییه‌ و دونیاییه‌ك هه‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ من هه‌ر به‌و جۆره‌ی باوكم چیرۆك ناگێڕمه‌وه‌. به‌رده‌وام بیر له‌ كاره‌كته‌رێك ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ جووڵه‌ و بیركردنه‌وه‌ و دونیابینی هه‌بێت . ڕوانینێك كه‌ پڕی بێت له‌ جوانی و ره‌نگینی. حیكایه‌تێك بگێرمه‌وه‌ كه‌ لای خوێنه‌ر تازه‌ بێ و شیاو بێت. مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا وه‌كو مامه‌ڵه‌ی باوكم مه‌به‌ستگه‌را نه‌بێت بۆ ته‌فره‌دان و هه‌لخه‌ڵه‌تاندنیان. چیرۆكنوس ده‌بێت كه‌سێكی خاوێن بێ و ڕاستگۆیی له‌گه‌ڵ ووشه‌ و بیركردنه‌وه‌ی دا له‌ ڕۆحیه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوبێت. ئه‌وانه‌ی بۆ مه‌به‌ستێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی جوانی ده‌نووسن دواجار ده‌ڕوخێن و هیچ به‌رهه‌م ناهێنن .

پ2/ له‌ زۆرێك له‌ چیرۆكه‌كانتا گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی سه‌یر بۆ منداڵی ده‌بینم، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ چیرۆكی (كوڕی باڵنده‌)دا ده‌یبینین، ئه‌م هه‌موو سه‌رسامیه‌ت به‌ منداڵی چیه‌؟ تۆ ده‌ته‌وێت له‌ ڕێگه‌ی چیرۆك نوسینه‌وه‌، منداڵیت بنوسیته‌وه‌؟ یان منداڵی ته‌نها تێمایه‌ بۆ داڕشتنی چیرۆكه‌كانت.

وه‌/ هه‌موو گرێ كوێره‌كانی ژیان وان له‌ناو منداڵی دا، منداڵی سه‌ره‌تای فامكردنه‌وه‌ و به‌ركه‌وتنه‌ به‌ دونیا. هه‌موو شتێك له‌وێ دا تازه‌ن و بۆ یه‌كه‌مجار ده‌یانبینی. تۆ ته‌ماشای گێرانه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌ بكه‌ منداڵ ده‌یانگێڕێته‌وه‌، هه‌ست ده‌كه‌ی سه‌رسامی و ره‌نگینیه‌كی سه‌یری تیایه‌ و شاخ و گوێ له‌ ڕوداوه‌كان ده‌ڕوێنێ به‌تایبه‌تی منداڵێك كه‌ له‌ ده‌می هه‌ژاندایه‌. بۆ نمونه‌ له‌ ڕووداوی په‌لاماردانی سه‌گێك بۆ منداڵێك، یان كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی منداڵێك له‌ په‌یژه‌یه‌كه‌وه‌، گوێیان لێبگره‌ چۆن باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن. منداڵ بۆ گوزارشتكردن له‌و ڕوداوانه‌ زمانی جیاواز و ڕوانینی جیاوازیان هه‌یه‌. كاتێك باسی ئه‌و سه‌گه‌ ده‌كات ده‌می به‌ ئه‌شكه‌وت ده‌شوبهێنی و ئه‌و سه‌گه‌ش به‌ ئه‌ژدیهایێك ده‌بینێ. كه‌وتنیش له‌سه‌ر په‌یژه‌یه‌كه‌وه‌ وه‌كو كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ له‌ شاخێكه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌. هونه‌ری وێنه‌كێشانیش لای منداڵ، خزمه‌تێكی گه‌وره‌مان ده‌كات بۆ ناسینی ئه‌و دونیا فراوانه‌ی لای منداڵ هه‌یه‌. من هه‌میشه‌ سه‌رسامم بووم به‌ منداڵ و منداڵی خۆمم زۆر خۆش ده‌وێ.
من له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌وه‌م ده‌ڕوانی ئه‌و دونیا فراوانه‌ چۆن دروستبووه‌، من له‌ كوێوه‌ هاتووم. دره‌خت و ئاسمان و چۆله‌كه‌ له‌ كوێوه‌ هاتوون. كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار ته‌له‌فیزۆنم بینی و خه‌ڵكانم له‌ناو شاشه‌دا هاته‌به‌رچاو ته‌واو دڵنیابووم كه‌ ئێمه‌ له‌ تیڤییه‌وه‌ له‌ دایكبووین. جارێك تیڤییه‌كه‌مان شكا، خاڵم هات پشته‌كه‌ی كرده‌وه‌ و ڕێكه‌وتیش وابوو شیروانی برام له‌و ڕۆژه‌دا له‌ دایكبوو. ئیتر گومانم نه‌ما كه‌ ئینسان خوڵقاوی تیڤییه‌. ڕۆژێك به‌ دزییه‌وه‌ و كاتێك ماڵمان چۆڵبوو و هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی خاڵم پشتی تیڤییم به‌ چه‌قۆیێك كرده‌وه‌ و له‌ناوه‌وه‌ی دا به‌ دوای منداڵ دا ده‌گه‌ڕام. زۆر خه‌مباربووم كه‌ هیچم تیا نه‌دۆزییه‌وه‌. هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ی تا ئه‌و كاته‌ له‌سه‌ر دونیا پێیگه‌یشتبووم هه‌مووی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌. من تا ئیستاش پێكه‌نینم به‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ دێ كه‌ كۆمه‌ڵگا به‌ منداڵیان ده‌ڵێ و گومانم له‌ هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ی كۆمه‌ڵگای خۆمانه‌ له‌ كاتی مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ منداڵ دا هانای بۆ ده‌به‌ن .
دایكم ده‌یگووت تۆمان له‌ ته‌نه‌كه‌ی خۆڵدا دۆزیوه‌ته‌وه‌، تا ڕۆژگارێكیش خۆم به‌ منداڵی ناو خۆڵه‌كان ده‌زانی. ده‌یان چیرۆكم له‌ ئه‌ندێشه‌ی خۆما ده‌خوڵقاند، كه‌ من منداڵێكی بێ دایك و باوكم و كه‌سم نییه‌ و ده‌چوومه‌ گۆشه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ خۆم ده‌گریام و بۆ به‌دبه‌ختی خۆم ده‌لاوامه‌وه‌. منداڵی سه‌ره‌تایێكی زۆر هه‌سته‌وه‌ره‌ بۆ داهاتوو و ئه‌وه‌ی له‌وێ دا به‌ده‌ستیده‌هێنی له‌ خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ و ڕوانین، دواتر سه‌خته‌ به‌ده‌ستی بهێنی.
من تا مردن منداڵی خۆم ده‌گێڕمه‌وه‌. ئاخر له‌لایێكی دییه‌وه‌ هه‌موو شه‌ڕه‌كانی ئینسانیش له‌وێ دا خۆیان حه‌شارداوه‌. هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌ی ناو خێزان، زه‌بروزه‌نگی باوك و باوكێكی دڕنده‌، نه‌رمونیانی دایك و دایكێكی به‌سته‌زمان و میهره‌بان. گرفتارییه‌كانی نێر و مێ و گونجان و نه‌گونجان له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌ و ئه‌و زیندانه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌ناوی په‌روه‌رده‌وه‌ فڕێت ده‌ده‌نه‌ ناوی. من منداڵێكبووم له‌گه‌ڵ هه‌موو شتێكی چوارده‌وری خۆم ناسازگاربووم و گه‌ره‌كمه‌ له‌ ڕێگه‌ی نووسینه‌وه‌ جارێكی دی هه‌موو شته‌كان بخه‌مه‌وه‌ سه‌ر ڕێچكه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان. كاتێك تۆ منداڵییه‌كی ناسروشتی ده‌ژیت و ناسازگار ده‌خوڵقێیت، ئاسان نییه‌ له‌ دوایی دا ئه‌و ناسازگارییه‌ تێپه‌ڕێنی و بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌گه‌ڵت ده‌مێنێته‌وه‌ .

من زۆر به‌سه‌ختی ده‌توانم ڕوداوه‌كانی ناو ژیانی منداڵی خۆم تێپه‌ڕێنم و به‌رده‌وام ده‌یانهێنم و ده‌یانبه‌م و لێیان ده‌كۆڵمه‌وه‌. من هه‌میشه‌ منداڵێكم و گه‌وره‌نه‌بووم و هه‌ستده‌كه‌م له‌وێ دا به‌جێماوم. واش بیرده‌كه‌مه‌وه‌ خه‌ڵكانی نێو كۆمه‌ڵگاكانی ئێمه‌ به‌پیریش منداڵ ده‌مێننه‌وه‌. وه‌كو منداڵ به‌ شتێكا ده‌نوسێن و لێینابنه‌وه‌. هه‌یه‌ حه‌زی به‌وه‌یه‌ هه‌موو مافه‌كانی خه‌ڵكانی چوارده‌وری خۆی بۆ خۆی به‌رێ، هه‌ر وه‌كو چۆن منداڵێك حه‌ز ده‌كات هه‌موو یارییه‌كان بۆ خۆی به‌رێ، یاوه‌خوود له‌ یارییه‌كی دووگۆڵییا، پێیخۆشه‌ خۆی گۆڵچی و هێڕشبه‌ر بێ و هه‌میشه‌ تۆپه‌كه‌ له‌ قاچی خۆی دا بێت. منیش به‌ منداڵی خۆما نوساوم و لێینابمه‌وه‌. تۆ بڕوانه‌ ئێمه‌ له‌ دونیایێك گه‌وره‌بووین پڕیبوو له‌ درۆ و زۆرزانی. من ته‌مه‌نم ده‌ ساڵ بوو كه‌ سه‌دام حوسێن هاته‌ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات، ئیستاش له‌ بیرمه‌ له‌ پشتی ماشێنێكی دوا به‌تاڵ دا هاتبووه‌ شاری هه‌ولێر و به‌ خه‌ڵكی ده‌گووت، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ساڵی دادێ من به‌ زمانی خۆتان له‌گه‌ڵتان ده‌دوێم و خۆم فێری زمانی كوردی ده‌كه‌م. من هه‌ر چاوه‌ڕوانبووم و ئه‌و نه‌ك هه‌ر فێری كوردی نه‌بوو و به‌ڵكو درۆ له‌دوای درۆ بۆ خه‌ڵكی ده‌كرد. من چۆن بتوانم چی دی نه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و ڕۆژگاره‌ و به‌ فه‌رامۆشی بسپێرم، ئه‌ی چۆن ئه‌و منداڵه‌ كه‌ خۆمم بڕوا پێبهێنم كه‌ ئه‌وه‌ درۆیه‌ و هانابردن بۆ درۆش كارێكی ساده‌یه‌، چۆن پێیبڵێم له‌ یادی بكه‌ و گوێی مه‌ده‌رێ.

كاتێكیش ده‌ستم بۆ چیرۆكنووسین برد، بێجگه‌ له‌ منداڵی خۆم هیچ شتێكی دیم له‌به‌رده‌ستا نه‌بوو لێیان بدوێم، یاوه‌خوود پێموابوو منداڵی خۆم باشترین و ڕاستگۆیانه‌ترین جێگه‌یه‌ كه‌ هانای بۆ به‌رم. ئه‌وه‌ش ناشارمه‌وه‌، یه‌كه‌مجار په‌لاماری دایك و باوك و خێزانه‌كه‌ی خۆمم دا و له‌ هه‌موو ئه‌و گوناهانه‌ ڕووتم كردنه‌وه‌. زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی سه‌رگه‌ردانییه‌كانی پیاوێك شه‌ڕی خۆمه‌ له‌گه‌ڵ خێزان . هه‌ر كه‌سێكیش سڵ له‌و شه‌ڕ و په‌لاماره‌ نه‌كاته‌وه‌ دواتر ده‌توانێ په‌لاماری شار و خه‌ڵكانی شاره‌كه‌ی خۆی بدات و سه‌ر بۆ هیچ شتێك دانه‌نه‌وێنێ و سڵ له‌ دڵیا ته‌واو ته‌واو چۆڕابێته‌وه‌ . چیرۆكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی ” نیگایێك پڕ له‌ گرفتاری ” سه‌ره‌تای هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌مه‌ له‌ خێزانی خۆم بۆ ناو شار و زه‌مینه‌یێكی فراوانتر. من سه‌رقاڵم به‌ ڕووتكردنه‌وه‌ی كه‌سێتی خۆم له‌ هه‌موو ئه‌و درۆ و دزی و لێدان و زلله‌ و فێڵبازییانه‌ی كه‌ تیای گه‌وره‌بووم و به‌رده‌وام به‌دوای ئه‌وه‌وه‌م ئه‌و منداڵه‌ له‌و دونیایه‌ بێنمه‌ ده‌رێ و له‌ شوێنێكی ئارامی دابنێم. له‌ زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانما منداڵێك هه‌یه‌ و هیچ كاره‌كته‌رێك لای من دروستنابێت ئه‌گه‌ر منداڵی نه‌زانم. زۆرباشیش ده‌زانم ئه‌گه‌ر نووسین نه‌بوایه‌، ئه‌وا من جه‌للادێكی گه‌وره‌ ده‌رده‌چووم و ده‌بوومه‌ پیاوكوژێكی گه‌وره‌ .

پ3/ زۆرجار ده‌وترێت چیرۆك نوسین مه‌شقه‌ بۆ نوسینی ڕۆمان. یان چیرۆك پشوی خوێنه‌ره‌ له‌ نێوان ڕۆمان بۆ ڕۆمانێكی دیكه‌، تۆ تاچه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆ چونه‌ی، تۆچیرۆك به‌ ژنرێكی سه‌ر به‌خۆده‌زانیت؟.

وه‌/ من وای نابینم چیرۆكنوسین مه‌شقێك بێ بۆ نوسینی ڕۆمان. به‌لای منه‌وه‌ چیرۆك هونه‌رێكی ناڵێم گه‌وره‌تره‌ له‌ ڕۆمان، به‌ڵام گه‌لێك دژوار و پڕ ئاسته‌میتره‌ له‌ ڕۆمان و كاركردنه‌ له‌ ڕووبه‌رێكی ته‌واو بچكۆلانه‌تر و به‌رته‌سكتردا. هه‌ر به‌ كاری میناتۆر ده‌چێت كه‌ له‌ناو ده‌رزییه‌كی بچكۆلانه‌دا سه‌رقاڵی هه‌ڵكۆڵین بیت. ئه‌گه‌ر ڕۆمان به‌كاری گروپێك له‌ناو سه‌مفۆنیایه‌ك دا بشوبهێنین، ئه‌وا چیرۆك كاری ئه‌و سۆلۆكاره‌یه‌ كه‌ له‌پڕێكا و له‌ شوێنێكی ئه‌و سه‌مفۆنیایه‌دا هه‌موو ڕوانینی گوێگر بۆ خۆی ده‌دزێت و ته‌واو ئاگایی هه‌موویان بۆ خۆی هه‌ڵده‌مژێت. یان به‌كاری ئه‌و ته‌نافبازه‌ ده‌كات كه‌ له‌به‌رزاییه‌كان گه‌مه‌ ده‌كات. هه‌موو كه‌سێك ناتوانێ چیرۆكێكی جوان بنوسێت. ئه‌گه‌ر وابووایه‌ ده‌بوو ئه‌ده‌بی كوردی پڕیبوایه‌ له‌ چیرۆك. له‌كاتێكا له‌ناو ئه‌ده‌بی كوردییا ژماره‌ی ئه‌و چیرۆكانه‌ی ئاستێكی به‌رز و باڵایان هه‌یه‌ و ده‌توانن شان به‌ن له‌ شانی چیرۆكه‌ گه‌وره‌كانی جیهان زۆر كه‌من. ڕاسته‌ نوسه‌ری ئێمه‌ پێیوابووه‌ ده‌بێ چیرۆك بنوسێ و دواجار بڕوات ڕۆمان بنوسێت، به‌ڵام له‌ هه‌ردوكیان دا وه‌ك یه‌ك سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌. بۆ ئه‌ده‌بی ده‌ره‌وه‌ی دونیای ئێمه‌ش هه‌ر وای ده‌بینم. من كه‌م نوسه‌رم پێ شك دێت له‌ هه‌ردوكیان دا هه‌مان ئاستی بڕیبێت. له‌ كاتێكا زۆر چیرۆكنوسی گه‌وره‌ هه‌ن له‌ دونیادا ته‌نیا چیرۆكی نوسیوه‌ و خۆی له‌ قه‌ره‌ی ڕۆمان نه‌داوه‌ . من وه‌ك خودی خۆم خۆشیم به‌ ڕۆمان نایه‌ت، ڕۆمان درێژدادڕییه‌كی سه‌یری تیایه‌ كه‌ من حه‌زم به‌و درێژدادڕییه‌ نییه‌ . ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ین، خه‌ڵكان له‌ ده‌می ئاخافتنی خۆیان دا ده‌ڵین چیرۆكی ژیان و مردن و ناڵێن ڕۆمانی ژیان و مردن . خوداوه‌ند له‌ حه‌وت ڕۆژا هه‌موو دونیای دروستكرد . ڕۆژی یه‌كه‌م زه‌مین و ئاسمانی دروست كرد .
تۆ ده‌توانی له‌ ڕۆژێكا چی بكه‌یت . مه‌به‌ستمه‌ با ته‌ماشای كات بكه‌ین. من زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانم له‌ ڕۆژێكا نوسیون . كاتێكی زۆرم به‌ نوسینیانه‌وه‌ نه‌كوشتووه‌، به‌ڵام هیچ چیرۆكێكم نه‌بووه‌ چه‌ندین ساڵ له‌ مێشكما هه‌ڵمنه‌گرتبێ. من بۆ خۆم چێژێكی زۆر گه‌وره‌ له‌ چیرۆك وه‌رده‌گرم، هه‌م وه‌ك خوێندنه‌وه‌ و هه‌م وه‌كو نوسینیش. ده‌توانم ڕۆژانه‌ له‌ پشتی مێزه‌كه‌مه‌وه‌ دابنیشم و چیرۆكێكی تازه‌ بنوسم. ئه‌گه‌رچی وام نه‌كردووه‌ و بۆ هه‌ر كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكێكم نێوانێكی زۆری لێخواستووم. ده‌توانم ڕۆمان بنوسم و له‌ ئاستێكی به‌رزیشا بێ وه‌كو چۆن پێشتر تێكستی شانۆیم نوسیوه‌. كاتێكیش ئه‌گه‌ر ڕۆمان بنوسم زۆر دڵنیام ئه‌زموونی چیرۆكنووسینم وه‌ك دونیابینم بۆ كایه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌ده‌ب به‌ هانامه‌وه‌ دێ، به‌ڵام هاوكاری ته‌واوم ناكات، چونكه‌ ئیدی من له‌ناو بۆته‌ و چوارچێوه‌یه‌كی دی دا ده‌جوڵێمه‌وه‌ كه‌ ته‌واوێك له‌ بۆته‌ و چوارچێوه‌ی چیرۆك ده‌ڕواته‌ ده‌ره‌وه‌. من كاتی خۆی خۆم ته‌رخان كردبوو بۆ شانۆنووسین كه‌چی له‌پڕێك خزاما نێو دونیای چیرۆكنووسینه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی هه‌موو ئه‌و زانیارانه‌م ده‌رباره‌ی شانۆ ده‌ستگیرۆییه‌كی زۆری كردم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا هه‌ستم پێكرد لێكنه‌چوونی ته‌واوی ئه‌و دوو كاركردنه‌بوو كه‌ هیچیان له‌وی دی نه‌ده‌چوون و بۆ ڕۆمانیش هه‌ر وه‌های ده‌بینم.
من زۆر به‌ساده‌یی له‌و ئه‌زموونه‌ ساده‌یه‌ی خۆمه‌وه‌ ده‌دوێم و ده‌شێ كه‌سانێك هه‌بن جیاواز له‌ من به‌ جۆرێكی دی ده‌رباره‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ بدوێن. كه‌سانێكی زۆر كه‌م له‌ ئه‌ده‌بیاتی دونیادا كه‌ له‌په‌نجه‌كانی ده‌ست تێناپه‌ڕن، بۆیان كراوه‌ له‌ هه‌ردوو ژانری ڕۆمان و چیرۆك دا هه‌مان ڕه‌نگینی تۆمار بكه‌ن. ڕه‌نگه‌ هه‌مه‌نگوای یه‌كێك بێ له‌و كه‌سانه‌.

پ4/ هه‌موو مرۆڤێك له‌ ژیانیدا شتگه‌لێكی هه‌یه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌، ده‌وترێتیش “مرۆڤ گیانله‌به‌رێكی حیكایه‌ت خوانه‌ و ئه‌وه‌ی ئاژه‌ڵ و مرۆڤ له‌ یه‌ك جیاده‌كاته‌وه‌، گێڕانه‌وه‌یه‌” مه‌به‌ستمه‌ بڵێم تۆ ده‌ته‌وێت چی بگێڕیته‌وه‌، چیرۆكه‌كانی تۆ بۆ گێڕانه‌وه‌ چین؟

وه‌/ من كاتێك منداڵبووم له‌ كۆڵان یاریم به‌ قوڕ ده‌كرد. هه‌ر له‌و قوڕ و خاكه‌ شارانێكم دروستده‌كرد و تێكم ده‌دانه‌وه‌. خه‌ڵكانم ده‌هێنا و له‌وێ دامده‌نان. له‌گه‌ڵ خۆم ده‌دوام و ناوم له‌ هه‌موو جێگه‌كانی ده‌نا. هه‌ر بۆ خۆم قسه‌م ده‌كرد و به‌خۆم ده‌گووت، ئه‌وه‌ ماڵ و كۆڵان و قوتابخانه‌ن. ناوم له‌ خه‌ڵكه‌كانی ناوی ده‌نا و به‌ ئاره‌زووی خۆم منداڵم دابه‌شده‌كردن به‌سه‌ریان دا و حیكایه‌تم بۆ ده‌خوڵقاندن. جارجارێكیش سه‌ركێشیم ده‌كرد و كه‌سێكم ده‌مراند و كه‌شێكی ناو پرسه‌م ده‌خوڵقاند. من سه‌ره‌تا بۆ سه‌رگه‌رمی خۆم حیكایه‌تم بۆ خۆم دروستده‌كرد و ڕه‌نگه‌ هۆكاره‌كه‌شی هه‌ر ئه‌وه‌بووبێ من له‌ منداڵیم دا له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر به‌باشی قسه‌م بۆ نه‌ده‌كرا و منداڵێكی ڵاڵه‌په‌ته‌ بووم هه‌ستم به‌ته‌نیاییه‌كی زۆر قووڵ ده‌كرد و بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و ته‌نیاییه‌ قسه‌م له‌گه‌ڵ خۆم ده‌كرد و ته‌نیا هاوڕێی خۆم خودی خۆمبووم.
حیكایه‌ته‌كانیشم تا ده‌هاتن زۆر ده‌بوون و زیادیان ده‌كرد. كاتێكیش كه‌ چوومه‌ قوتابخانه‌ و له‌سه‌ر شتێك سه‌رزه‌نشت ده‌كرام و لێپرسینه‌وه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كرا، هانام به‌به‌ر بیانووییه‌ك ده‌برد و ئه‌وه‌نده‌م حیكایه‌ت له‌ ناخابوو ئیدی مامۆستاكان بڕوایان پێده‌كردم و له‌وێشه‌وه‌ هه‌ستم كرد ئه‌و حیكایه‌تانه‌ ده‌توانن له‌گه‌ڵ هه‌ر به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌یێك له‌ شوێنی دیش به‌ فریامه‌وه‌ بێن . زۆرجار به‌ بیرم دێته‌وه‌ نه‌نكم و پوره‌كانم خستۆته‌ گریان به‌ هه‌ڵبه‌ستنی حیكایه‌تێك كه‌ له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ما له‌ قوتابخانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ دروستمكردبوو . ده‌مگوت پورێ، هه‌ر ئیستا له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ماشێنێك ژنێكی شێڵا و كوشتی. بڕۆ ته‌ماشابكه‌ عه‌با خوێناوییه‌كه‌ی هێشتا هه‌ر له‌وێ كه‌وتووه‌ .
ئه‌وان ده‌گریان و زیاتر پرسیاریان لێده‌كردم كێ بوو نه‌تناسی، پێمان بڵێ چی له‌به‌رابوو و تۆ به‌چاوی خۆت بینیت. ئیدی منیش به‌ ئاره‌زووی خۆم ترش و خوێم ده‌كرد و له‌سه‌ر پرسیاره‌كانی ئه‌وانه‌وه‌ حیكایه‌ته‌كه‌م ده‌ستكاری ده‌كرد و ڕێكمده‌خستنه‌وه‌ .
ده‌توانم بڵێم له‌ هه‌ر قۆناخێكی ژیانما حیكایه‌تێكی تایبه‌ت به‌و ڕۆژگاره‌ی خۆم هه‌بووه‌. له‌ هه‌ر شه‌قام و كۆڵانێكه‌وه‌ تێپه‌ڕیبم، ته‌ماشای سه‌ربان و په‌نجه‌ره‌ و ناو تاق و ده‌رگاكانیم كردووه‌ و له‌ ڕه‌نگی ده‌رگا و له‌ ته‌نافی پڕ له‌ جلی حه‌وشه‌ و سه‌ربان و له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی ووردبوومه‌ته‌وه‌ و له‌ ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتیانم ڕوانیوه‌ و گوێم له‌ قسه‌ و هاوار و ژاوه‌ژاویان گرتووه‌. كاتێك میوه‌فرۆشێكم له‌ كۆڵان ده‌دی هاوار ده‌كات، من بۆم ده‌كرا حیكایه‌تێكی بۆ دروستبكه‌م و ئیدی ئه‌و ڕۆژه‌م به‌وپه‌ڕی ته‌نیایی و بێده‌نگی خۆمه‌وه‌ به‌ فراوانكردنی ئه‌و حیكایه‌ته‌وه‌ ده‌برده‌ سه‌ر. په‌رداخێكی شكاو، گۆزه‌یه‌كی كه‌وتوو له‌ كۆڵانێك و جووتێك پێڵاوی كۆنی فڕێدراو له‌ كه‌لاوه‌یێك حیكایه‌تی خۆیان هه‌یه‌. حیكایه‌ت بۆ من وه‌كو مه‌شقێكی لێهاتووه‌ و من له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌گه‌ڵی ڕاهاتووم و به‌رده‌وام په‌راوه‌ی ده‌كه‌م . جارێك له‌ شوێنێك و له‌گه‌ڵ كیژێك گوێمان له‌ گۆرانییه‌كی حه‌مه‌ی ماملێ ده‌گرت، له‌ خۆمه‌وه‌ حیكایه‌تێكم بۆ گۆرانییه‌كه‌ دروستكرد و بۆ كیژۆڵه‌كه‌م گێڕایه‌وه‌ .
دوای ساڵێك پێمگووت ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌و گورانییه‌ بۆم گێڕایته‌وه‌ خۆم هه‌ڵمبه‌ستبوو و ڕاستنه‌بوو. تا ئیستاش لای بووه‌ به‌ هه‌قیقه‌تێك و بۆمناكرێ ئه‌وه‌ی له‌ لا بسڕمه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆرانییه‌دا كتوپڕ ده‌گری و ئه‌و حیكایه‌ته‌ هه‌ڵبه‌ستراوه‌ی منی بیرده‌كه‌وێته‌وه‌.
من به‌رله‌وه‌ی حیكایه‌ته‌كان بۆ ناو نووسین بگوازمه‌وه‌، ناخی خۆمم پڕكردبوو له‌ حیكایه‌ت. ناخم سه‌ر شاره‌ له‌ حیكایه‌ت و ئه‌وه‌نده‌ پڕه‌ كه‌ به‌شی هه‌موو ته‌مه‌نم بكات . له‌وه‌شه‌وه‌ فێری ئه‌وه‌بووم كه‌ ده‌كرێ سه‌ره‌تا حیكاته‌كان له‌ناو ناختا بنوسیته‌وه‌ و ئه‌وجا بۆ دوو توێی لاپه‌ڕه‌یێكی بگوازیته‌وه‌. من ده‌مه‌وێ چی بگێرمه‌وه‌ ؟ پێموایه‌ هه‌موو شتێك شایانی گێڕانه‌وه‌ بێ. ئێمه‌ له‌ دونیایێك گه‌وره‌بووین پڕی بوو له‌ ڕووداو. منداڵی و گه‌نجیم له‌گه‌ڵ جه‌نگدا به‌سه‌ربردووه‌. هه‌ر له‌و گه‌ڕه‌كه‌ی منی تیا گه‌وره‌بووم، سێ له‌ چواری هاوته‌مه‌نه‌كانم كوژران. ده‌توانم هه‌تا مردن به‌دبه‌ختی دایك و خوشكه‌كانی ئه‌وان بگێڕمه‌وه‌ . دواجار شه‌ڕی براكوژی و ئه‌و ماڵوێرانییه‌ی نه‌وه‌ده‌كان. چیرۆكی هه‌ڵاتن له‌ نیشتیمان و به‌ركه‌وتنم به‌ ته‌لی دڕكاوی سنوره‌كان. ژیانی ئێمه‌ و مێژوومان سه‌ر شاره‌ به‌ حیكایه‌ت .

پ5/ وه‌ك ده‌زانین ته‌كنیك به‌شێكی گه‌وره‌ی چیرۆكی مۆدێرنه‌، تۆش گرنگی به‌م لایه‌نه‌ زۆر ده‌ده‌یت، به‌تایبه‌ت له‌ چیرۆكی (كوڕی باڵنده‌)دا (زه‌مه‌نی ڕابردوو ئێستاو داهاتووت) به‌كارهێناوه‌، ئه‌و هه‌موو گرنگیدانه‌ به‌ ته‌كنیك بۆ لای تۆ بابه‌ت گرنگه‌ یان ته‌كنیك.

وه‌/ نه‌ك هه‌ر به‌ته‌نیا كوڕی باڵنده‌، هه‌ر یه‌كێك له‌و چیرۆكانه‌ی من نوسیومه‌، ته‌كنیكێكی تازه‌ی تیایه‌ و هه‌وڵم داوه‌ تایبه‌تمه‌ندێتییه‌كی جیاوازی پێببه‌خشم. هه‌ر چیرۆكه‌ دونیای خۆی و زه‌مینه‌یێكی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌. چیرۆك وه‌كو بنیاده‌م وایه‌ چۆن له‌ بنیاده‌مێكی دی ناكات و به‌سه‌رهاتێكی خۆی هه‌یه‌، چیرۆكیش به‌ هه‌مان شێوه‌ نابێ له‌ چیرۆكێكی دی بچێت. من له‌ڕێی ته‌كنیكه‌وه‌ گه‌ره‌كم بووه‌ هه‌میشه‌ خۆم تازه‌ بكه‌مه‌وه‌ . پێموایه‌ ئه‌گه‌ر چیرۆك له‌ناو ته‌كنیكا دانه‌مه‌زرێ هه‌میشه‌ خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌. تۆ ته‌ماشای منداڵێك بكه‌ كاتێك یارییه‌كی ده‌ده‌یته‌ ده‌ست، ده‌یه‌وێت هه‌رجاره‌ی به‌ جۆرێكی دی لێیبڕوانێت و تا ئه‌و شوێنه‌ش كه‌ هه‌وڵی شكاندنی ده‌دات بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیا به‌دوای به‌خشینی شێوه‌ و شێوازێكی دی دا ده‌گه‌ڕێت.

من پێشتر باسی ئه‌وه‌م كرد كه‌ منداڵبووم به‌ قوڕ یاریم ده‌كرد و هه‌ر جاره‌ی شتێكم له‌و قوڕه‌ هه‌ڵشێڵاوه‌ و به‌ جۆرێك ده‌ستم خستۆته‌ ناوی كه‌ شتێكی دی لێ پێكبهێنم. من نانه‌وایێك نه‌بووم هه‌موو گونگه‌كانم به‌ قه‌د یه‌ك و یه‌ك قورساییان هه‌بوبێ و ده‌ستم به‌ یه‌ك جووڵه‌ و یه‌ك شكاندنه‌وه‌ ڕاهاتبێت. من سێ كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكم هه‌ن؛ هه‌ر یه‌كێك له‌و چیرۆكانه‌ هه‌م له‌ڕووی بابه‌ت و هه‌م له‌ڕووی ته‌كنیكیش هه‌مه‌ڕه‌نگن و هه‌م له‌ڕووی كتێبیش له‌ یه‌كدی ناچن، فه‌زای بیركردنه‌وه‌ی من له‌ كتێبی یه‌كه‌مم دا خێزان و سه‌رگه‌ردانییه‌كانی تاكن له‌ناو خێزان دا، له‌ كتێبی دووهه‌م دا هه‌ر هه‌مان كه‌سه‌ و له‌ چوار چێوه‌یه‌كی گه‌وره‌تر و فراوانترا ده‌خولێته‌وه‌ كه‌ نیگه‌رانییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگان .
كتێبی سێهه‌میش نیشاندانی شارێكه‌ به‌ جۆره‌ها چیرۆك و كاره‌كته‌ری جیاوازه‌وه‌ و قووتكردنه‌وه‌یه‌تی له‌به‌رده‌م جیهان دا وه‌كو شارێكی زیندوو. بابه‌ت و ته‌كنیك هه‌ردوو وه‌كو یه‌ك شوێن بایه‌خن و ناكرێ بۆ یه‌كێكیان ئه‌وی دییان فه‌رامۆش بكرێ. هه‌موو ئه‌و توخمانه‌ی كه‌ سه‌ر به‌ ته‌كنیكن و له‌ودا ده‌توێنه‌وه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌شی كه‌ له‌ناو بابه‌تدان، تێكڕا له‌ بۆته‌یێكی هارمۆنیا كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ دامه‌زراندنی چیرۆكێك. به‌ڵام گرنگی ته‌كنیك له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ڕێگا ده‌دات چیرۆكێك به‌ دوو ته‌كنیكی جیاواز و به‌ دوو ته‌رزی جلوبه‌رگه‌وه‌ له‌یه‌كدی نه‌چن. ئه‌گه‌ر ده‌رباره‌ی لێكچوون و جیاوازی بدوێین، بابه‌ته‌كان به‌درێژای مێژوو هه‌ر هه‌مان ئه‌و بابه‌تانه‌بوون كه‌ خه‌ڵكان لێره‌وله‌وێی دونیا پێوه‌ی سه‌رقاڵبوون و ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ كه‌سێك بۆ كه‌سێكی دی جیاوازی ده‌خوڵقێنێ چۆنێتی گێڕانه‌وه‌ و خستنه‌ڕوویه‌تی. ئه‌و خسته‌ڕووه‌ش هونه‌ر و كارامه‌یی ده‌خوڵقێنێ.

پ6/ هه‌ندێك چیرۆك له‌ گه‌ڵ نوسینیاندا لای خوێنه‌ر ده‌مرن، و كۆن ده‌بن، ده‌توانی پێمان بڵیت خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی چیرۆكی زیندووی نه‌مر چین؟

ئه‌گه‌ر چیرۆكێك چیرۆك بێت نابێت بمرێت. هه‌ر وه‌كو چۆن ژیان به‌رده‌وامه‌ و سروشت به‌ ڕه‌نگینی خۆیه‌وه‌ بۆ سه‌دان ساڵ درێژه‌ی هه‌یه‌ و به‌رده‌وام خۆی تازه‌ ده‌كاته‌وه‌، ده‌بێت چیرۆكیش ئاوا توانای مانه‌وه‌ی هه‌بێت. ئه‌و چیرۆكانه‌ی له‌ دوای خوێندنه‌وه‌یێكه‌وه‌ ده‌مرن ژیانیان تیا نییه‌ و بۆیان نه‌كراوه‌ په‌ی به‌و پرسیار و خه‌مگینی و سه‌رقاڵیانه‌ی ڕۆژگاره‌كه‌ی خۆیان به‌رن. چیرۆك هه‌ر به‌ ته‌نیا گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوێك و ڕیزكردنی ووشه‌ و ڕسته‌ نییه‌ له‌ پاڵ یه‌كتره‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆكێكی باش بنووسیت ده‌بێت بتوانیت ژیان بنووسیته‌وه‌ و توانای خه‌ڵقكردنت هه‌بێت. ئه‌و گرفتارییانه‌ی مرۆڤ له‌ناو ژیان دا تووشیان دێ چین؛ مردن و ژیان، منداڵی و پیربوون، عه‌شق و گه‌ڕان به‌دوای نه‌مری دا، سته‌مكاری و نادادوه‌ری ناو كۆمه‌ڵگاكان. تۆ چیرۆكی ئینسان ده‌نوسیته‌وه‌. ئیدی چۆن ده‌بێ ئینسان نه‌ناسیت و درك به‌ هه‌ناسه‌ و ترپه‌ی لێدانی دڵی نه‌كه‌یت.

ده‌بێ ده‌ست بخه‌یته‌ ناو هه‌ناوییه‌وه‌ و له‌گه‌ڵیا بدوێی. ده‌بێ به‌و زه‌مینه‌یه‌ش نامۆ نه‌بی كه‌ كاره‌كته‌ره‌كه‌تی لێ داده‌نێیت. كاره‌كته‌رێك دروستبكه‌یت له‌ گوشت و خوێن. ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ بناسیت و وه‌كو كه‌سێكی زیندوو بتوانی ڕابردوو و ئیستا و داهاتووی بنوسیته‌وه‌. قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌یت و ئه‌و گرفته‌ی دووچاری هاتووه‌ گرفتێكی هه‌قیقی بێ و سه‌ره‌تا و كۆتایی هه‌بێ و ده‌می هه‌ستپێكردن و ده‌می چاره‌سه‌ربوونی بزانیت. چۆن ڕۆژگار چركه‌ چركه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌ڕوات و وه‌ستانی نییه‌، ده‌بێت چیرۆكه‌كه‌ت تێكه‌ڵاوی ئه‌و ده‌مكاته‌ بێ و توانای تێكه‌ڵاوبوون و سازانی له‌گه‌ڵیا هه‌بێت و لێیدانه‌بڕێت. ده‌بێت چیرۆك وه‌كو ساختومانێكی توندوتۆڵ هه‌ڵبچنرێت و ڕێگه‌ نه‌ده‌یت یه‌ك خشت له‌ شوێنی خۆی گرنگی و بایه‌خی خۆی نه‌بێت.

هه‌موو پێكهاته‌كانی چیرۆك له‌ خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ و ڕوداو، هه‌ر خۆیان به‌ ته‌نیا و به‌بێ یاریده‌ی هاوپاڵه‌كانی دی ناتوانن چیرۆكێكی باش بگێڕنه‌وه‌ و بخوڵقێنن. هه‌ر چیرۆكێك ئه‌گه‌ر له‌ دوای ته‌واوبوونی، خوێنه‌ر نه‌توانێ بۆ كه‌سێكی دی بگێڕێته‌وه‌ به‌لای منه‌وه‌ چیرۆكێكی خراپه‌ و هه‌ڵه‌یێكی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵگرتووه‌. تۆ بڕوانه‌ پشیله‌ ڕه‌شه‌كه‌ی ئێدگار ئالان پۆ، تا ئیستا ئه‌و چیرۆكه‌ ده‌ژی و هه‌ناسه‌ ده‌دات و توانای بڕێنی ڕۆژگاره‌ جیاوازه‌كانی هه‌یه‌. ته‌نیا و ته‌نیاش سه‌ركه‌وتنی ئه‌و چیرۆكه‌ش له‌و ڕوداوه‌دا خۆی نابینێته‌وه‌ كه‌ پۆ، وه‌ستایانه‌ چنیوێتی، به‌ڵكو ده‌توانی گوێت له‌ هه‌ناسه‌دانی كاره‌كته‌ره‌كه‌ی بێ، په‌ی به‌ ترس و نیگه‌رانی و داچڵه‌كین و چاوه‌ڕوانییه‌كه‌ی به‌ریت و وه‌كو میله‌كانی كاتژمێرێك به‌بێ وه‌ستان له‌ پنتێكه‌وه‌ به‌ره‌و پنتێكی دی ده‌ڕوات.

له‌ چیرۆكی كوردی دا، گه‌له‌ گوركی حوسێن عارف، به‌ هه‌مان شێوه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هه‌ره‌ چیرۆكه‌ زیندووه‌كانی ئێمه‌، تۆ له‌ ده‌می خوێندنه‌وه‌دا هه‌ستناكه‌یت هه‌ر به‌ته‌نیا چیرۆكێك ده‌خوێنیته‌وه‌، به‌ڵكو تۆ له‌ناو ڕووداوێكا ده‌ژیت كه‌ به‌ هه‌قیقی ڕوو ده‌دات و خه‌یاڵ نییه‌ و هه‌ست ده‌كه‌یت چركه‌ چركه‌ به‌ره‌و كۆتایی ده‌ڕوات و هه‌ر چركه‌یێكی ده‌توانی ده‌ستی تێوه‌ بده‌یت و قورسایی خۆی هه‌یه‌. خاڵیكی زۆر به‌هێزی چیرۆك، ئه‌وه‌یه‌ له‌ دوای خوێندنه‌وه‌وه‌ وا له‌ خوێنه‌ره‌كه‌ت بكه‌یت ئه‌و كه‌سه‌ نه‌بێت كه‌ له‌وه‌به‌ر هه‌بووه‌ و بتوانی بچیته‌ ناو یاده‌ورییه‌وه‌ و له‌وێ دا تا مردن بمێنیته‌وه‌ و ناچاری بكه‌یت كه‌ ده‌ستت لێهه‌ڵنه‌گرێت. ئه‌وه‌ش كارێكی ساده‌ نییه‌ و سیحرێكه‌ كه‌ له‌ ئه‌زموونی خوێندنه‌وه‌ و دونیابینییه‌وه‌ ده‌رسكێت.

پ7/ نوسه‌رێك ده‌ڵێت” پێش بڵاوكردنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ت خۆت (10) جار بیخوێنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بێزاربوت لێی بیدڕێنه‌و بڵاوی مه‌كه‌ره‌وه‌، تۆ تا چه‌ند دوای نوسین و بڵاوكردنه‌وه‌ چیرۆكه‌كانی خۆت ده‌خوێنیته‌وه‌.؟

وه‌/ خه‌می بڵاوكردنه‌وه‌ خه‌مێكی زۆر ساده‌یه‌ و ڕه‌نگه‌ ته‌نیا له‌سه‌ره‌تای نووسین دا ئه‌و هه‌ڵپه‌یه‌ بوونی هه‌بێت و دواتر نامێنیت. ئه‌گه‌ر زانیت ئه‌و هه‌ڵپه‌یه‌ له‌گه‌ڵتا ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ گرفتارییه‌كی زۆر گه‌وره‌یه‌ و ده‌بێت زوو له‌ خۆتا بیكوژیت. وه‌كو بڵاوكردنه‌وه‌ من باكم به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ نه‌بووه‌ و كاتێكیش چیرۆكێكی خۆم بڵاوده‌كه‌مه‌وه‌ ئیدی ترسم لێی نییه‌ و ئه‌و ژیانه‌م پێبه‌خشیوه‌ كه‌ توانای مانه‌وه‌ی هه‌بێت. من تا ئیستا له‌ هیچ چیرۆكێكی خۆم بێزارنه‌بووم و نه‌ك ده‌جار به‌رده‌وام ده‌یانخوێنمه‌وه‌. من هه‌ر چیرۆكێكی خۆم، چونكه‌ هه‌ڵقوڵاوی نێو ژیانی خۆمبوون له‌ناو مندا بوونیان هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵم ده‌ژین .

منت لێت ناشارمه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و پاشخانه‌ ڕۆشنبیرییه‌ی ده‌رباره‌ی هونه‌ری نووسینی شانۆ هه‌مه‌، توخمێكی سه‌یرم له‌ناو چیرۆكه‌كانم چاندووه‌ كه‌ ده‌شێ به‌ سیناریۆ ناوزه‌دی بكه‌م . تۆ ئه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌رێكی شانۆ بیت، پێویستت به‌وه‌ نییه‌ سیناریۆ بۆ چیرۆكه‌كانی من بنوسیت و زۆر ساده‌ ده‌توانی بیانخه‌یته‌ سه‌ر شانۆ و ته‌نانه‌ت بشیانكه‌یت به‌ فیلم . تۆ سه‌یری ئه‌و منداڵه‌ بكه‌ كه‌ له‌ژوورێكی پڕ له‌ ئاو ڕاده‌كات و له‌ناو هێڵانه‌ی حاجی له‌قله‌قێك ده‌گیرسێته‌وه‌ . ئه‌و عاشقه‌ی ماڵی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی گوڵباران ده‌كات و ئاماده‌یه‌ گورچیله‌ی خۆی پێ ببه‌خشێ. ئه‌و ژنه‌ی له‌ حه‌وشه‌یه‌كدا خه‌ریكه‌ خۆی ده‌سوتێنێ. ئه‌وانه‌ ڕووداو گه‌لێكن كه‌ لای من بیرناچنه‌وه‌ و من ڕۆژانه‌ له‌ناو یاده‌وه‌ری خۆم دا ده‌یانبه‌م و ده‌یانهێنم. من ئه‌گه‌ر چیرۆكێك هه‌موو ئه‌و سیحرانه‌ هه‌ڵنه‌گرێت كه‌ خۆم ده‌مه‌وێت ئه‌وا به‌ هیچ جۆرێك بڵاوی ناكه‌مه‌وه‌ و حه‌زیشم به‌زیادكردنی ژماره‌ی چیرۆكه‌كانم نییه‌. من له‌و نوسه‌رانه‌م كه‌ زۆر كه‌م ده‌نوسم و ده‌مه‌وێت كاری پوخت به‌رهه‌م بهێنم .

پ8/ ناونیشانی چیرۆك به‌شێكی گرنگی سه‌نج ڕاكێشانی خوێنه‌ره‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای تۆ تێبینی ده‌كرێت، هه‌ڵبژردنی ناونیشانه‌كان لای تۆ تا ڕاده‌یه‌ك ناوێكی ساده‌ی بێگرێ‌ و گۆڵن، هۆكاری گرنگی نه‌دان به‌ به‌هێزی ناونیشانه‌كان لای تۆ بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

وه‌/ زۆر ساده‌ ده‌شێ بڵێم مه‌رج نییه‌ ناونیشان مه‌به‌ستی چیرۆكه‌كه‌ ڕه‌نگ پێبداته‌وه‌. هه‌ندێكجار ناونیشان هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌. خه‌ڵكان به‌ ناودا ده‌ناسرێنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ ناودا هه‌ڵناسه‌نگێنرێن. مه‌رج نییه‌ هه‌موو ناو دانایه‌ك پیاوێكی دانا بێت و هه‌موو كچێكی جوانیش ناوی جوان بێ . لای من ئه‌وه‌ی كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌م كۆی گشتی چیرۆكه‌كه‌یه‌ وه‌كو یه‌كه‌یه‌كی گشتگیر. ده‌مه‌وێ سه‌رنجی خوێنه‌ر به‌ناونیشانه‌وه‌ مژووڵ نه‌كه‌م و ئه‌و خوێنه‌ره‌ی هه‌ر به‌ ته‌نیا له‌ڕێی ناونیشانه‌وه‌ بڕیار ده‌دات و ته‌نیا ناونیشانه‌كه‌ ڕایده‌كێشێ یان ڕایناكێشێ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ وای لێبكه‌م بڕوات و له‌ كۆڵم بێته‌وه‌. چیرۆك وه‌كو ته‌ماشاكردنه‌ له‌ گوڵێكی سوور له‌ناو پارچه‌ خاكێكی ڕووته‌ن دا، ئیدی ئه‌و تۆزه‌ خاكه‌ی گوڵه‌كه‌ی لێ ڕواوه‌ هه‌ر ناوێكی هه‌بێ و ئه‌و گوڵه‌ش هه‌ر ناوێكی لێده‌نێی هیچ كات هێنده‌ی ئه‌و ته‌ماشاكردنه‌ بایه‌خی نییه‌ كه‌ له‌ ئه‌ندێشه‌ی تۆدا هه‌ڵیده‌كۆڵێ. كاتێكیش ناونیشان لای من ساده‌ و بێگرێ و گوڵ له‌ دایك ده‌بێ، داوه‌تكردنی خوێنه‌ره‌ بۆ چیرۆكێكی ساده‌ و بێگرێ و گۆڵ. بۆ نموونه‌، كاتێك چیرۆكی گوڵه‌كانی شه‌وم نووسی، ئاره‌زووم نه‌بوو سیحرێك له‌ناونیشان دا به‌جێبهێڵم ئه‌وه‌نده‌ی ئاره‌زووم بوو ئه‌و سیحره‌ له‌ كۆتایی دا و له‌ دوای خوێندنه‌وه‌وه‌ به‌ هێواشی دروست ببێ .

هه‌رواش بوو و ته‌ماشام كرد زۆر به‌باشی مه‌به‌سته‌كه‌م گه‌یشتووه‌ و خه‌ڵكانێك به‌هۆی ناونیشانه‌وه‌ چیرۆكه‌كه‌یان نه‌ناسی، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌و سیحره‌وه‌ كه‌ له‌ناو چیرۆكه‌كه‌دا خۆی حه‌شاردابوو. كاتێك ئه‌و چیرۆكه‌ بڵاوبۆوه‌ كه‌سانێكی زۆر ساده‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵ و شاروشارۆچكه‌كانه‌وه‌ به‌و چیرۆكه‌كه‌ سه‌رسامبوون. له‌وه‌ تێگه‌یشتم ناونیشان ئه‌وه‌نده‌ سه‌رنجڕاكێش نییه‌ و ئیدی خۆم له‌و كاكردنه‌ بوارد. من له‌و چیرۆكنووسانه‌م كه‌ نامه‌وێ چیرۆكه‌كانم خوێنه‌رێكی زۆری هه‌بن و خوێنه‌رێكی كاتی لێ كۆبێته‌وه‌، له‌وه‌ ده‌گه‌ڕێم ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر چیرۆكه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌ به‌ هێواشی بڕیاری له‌سه‌ر بدات. زۆرجار تۆ چیرۆكێكیش ده‌خوێنیته‌وه‌ هیچت لا دروستناكات و زۆر به‌ ساده‌یی ده‌شێ بڕوات. كه‌چی له‌ شوێنێك و له‌پڕێكا ئه‌ندێشه‌یێك ده‌تباته‌وه‌ بۆ ناو چیرۆكه‌كه‌ و ته‌واوی چیرۆكه‌كه‌ جارێكی دی لات زیندوو ده‌بنه‌وه‌. من بۆ خۆم ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌م و ده‌مه‌وێت شوێنكاری من له‌ چیرۆك دا له‌ كۆتایی خوێندنه‌وه‌دا شتێك لای خوێنه‌ر به‌جێ بهێڵێت. هه‌ر له‌سه‌ره‌تای خوێندنه‌وه‌شمه‌وه‌ چیرۆكم وه‌ها بینی و وه‌هاش ناسی. بۆ تێگه‌یشتن و خۆشویستنی هه‌موو چیرۆكه‌كانی چیخۆف و هه‌مه‌نگوای و پۆ، ده‌یان ساڵیان لێخواستم و له‌ دوای خوێندنه‌وه‌ و به‌ هێواشی سیحری چیرۆكه‌كان لام شوێنی خۆیان كرده‌وه‌. چیرۆك ده‌بێ له‌ناوتا بژی و هه‌رگیز له‌ ده‌موساتی خوێندنه‌وه‌دا بۆتناكرێ بڕیار له‌سه‌ر باش و خراپی چیرۆكه‌كان بده‌یت. من ده‌زانم خوێنه‌ری كورد هه‌ر وه‌كو چۆن هێشتا چێژی له‌ ده‌قی شانۆ وه‌رنه‌گرتووه‌ و شانۆناس نییه‌، چیرۆكناسیش نییه‌ چیرۆك له‌ناویا ناژی. هۆكاره‌كه‌شی زۆر به‌ساده‌یی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ نازانین چۆن بخوێنینه‌وه‌ و بۆ ده‌خوێنینه‌وه‌ .

پ9/له‌ نوێترین كتێبتا (سلێمانیه‌كان) زۆر كار له‌سه‌ر شاری سلێمانی و كه‌سایه‌تیه‌كانی ده‌كه‌یت و بنه‌مای سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كانتن، ئه‌م هه‌موو گرنگیدانه‌ به‌ سلیمانی بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

وه‌/ سلێمانی بۆ من شاری منداڵی و پنتی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌مه‌ وه‌كو ئینسانێك بۆ نێو دونیایێكی فراوان . كاتێك منداڵێك له‌ دایك ده‌بێت له‌ناو ژوورێكی بچكۆله‌دا ده‌خوڵقێ و به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ته‌نیا كه‌سێكه‌وه‌ كه‌ دایكه‌ و دواتر له‌ڕێی هه‌ر چوار په‌لیه‌وه‌ به‌نێو ژوره‌كه‌دا هه‌وڵی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ و ناسینی ڕووبه‌ره‌ جیاوازه‌كانی دی ده‌دات. هه‌وڵی ناسینی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی تر كه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی دا هه‌ن و له‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی و له‌ شاره‌كه‌ی دا هه‌ن. مرۆڤ هه‌ر به‌ته‌نیا له‌ڕێی چوارپه‌لیه‌وه‌ ئه‌و گه‌شته‌ ئه‌نجام نادات، به‌ڵكو له‌ڕێی بینین و بیستن و ده‌ست لێوه‌دانه‌وه‌ ده‌كرێ زۆر واوه‌تر له‌ زه‌مینه‌ی خۆی بڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ و په‌لبكێشێ. سلێمانی بۆ من هه‌ر به‌ته‌نیا شارێك نییه‌، به‌ڵكو جیهانێكیشه‌ كه‌ من ڕۆژ به‌ ڕۆژ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ده‌ده‌م. سلێمانی ئه‌و كاتانه‌ی له‌وێبووم و له‌ناویا ژیاوم و ئه‌و كاتانه‌شی كه‌ لێوه‌ی دووربووم و هه‌وڵم داوه‌ بۆی بگه‌ڕێمه‌وه‌، تاكه‌ شارێك بووه‌ كه‌ داگیری كردووم و به‌رده‌وام به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵی كردووم. من وای ده‌بینم هه‌ر مرۆڤێك له‌ژیانی دا بۆی ده‌كرێ ته‌نیا شارێك به‌باشی بناسێ و دواتر هه‌موو شاره‌كانی دی دونیا وه‌كو ئه‌و شاره‌ بینا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ یاده‌وه‌رییدا جێی خۆی كردۆته‌وه‌. من كاتێكیش له‌ سلێمانی دوورنه‌كه‌وتبوومه‌وه‌ هه‌ر به‌ سلێمانییه‌وه‌ به‌سترابوومه‌وه‌ و به‌رده‌وام ده‌گه‌ڕام بیناسم. له‌ دره‌خت و ئاسمان و شاخه‌كانی ده‌وروبه‌ری وورد ده‌بوومه‌وه‌، له‌و خه‌ڵكانه‌ی له‌ ناویا ده‌ژیان، له‌و كه‌سانه‌ی ده‌مردن و به‌خاكمان ده‌سپاردن و له‌و منداڵانه‌شی كه‌ ده‌هاتن و هێنده‌ی پێنه‌ده‌چوو له‌پاڵمانه‌وه‌ گه‌وره‌ ده‌بوون . كاتێك سلێمانیم به‌جێهێشت و شارانێكی تری دونیام ناسی، هه‌ستم كرد تاكه‌ شارێك كه‌ من وه‌كو به‌ری ده‌ستم له‌گه‌ڵ خۆم هه‌ڵمگرتووه‌ ته‌نیا سلێمانییه‌ و من ده‌توانم تا مردن له‌سه‌ری بدوێم. شاره‌كان هه‌ر چاره‌كه‌ سه‌ده‌یێك ڕه‌نگ و شێوه‌یێكی دی وه‌رده‌گرن و له‌ ڕابردووی خۆیان ناچن. من زۆرجار به‌ خه‌ڵكانێكی جیاوازی شاره‌كانی دی ده‌گه‌یشتم هیچیان ده‌رباره‌ی ڕابردووی خۆیان نه‌ده‌زانی. ته‌نانه‌ت ناوی شه‌قام و كۆڵان و قوتابخانه‌ و مزگه‌وته‌كانیان له‌ یاد ده‌كرد. ترسێك دایگرتم له‌وه‌ی له‌بیرچوونه‌وه‌ حه‌قیقه‌تێكه‌ نه‌ك هه‌ر ته‌نیا مرۆڤه‌كان، به‌ڵكو شاره‌كانیش ده‌گۆڕیت. زۆرجار زۆر ساده‌ و بێ ویستێكی تایبه‌ت ده‌رباره‌ی گۆرانییه‌كی كوردی له‌ گه‌نجێكم ده‌پرسی ئه‌و گۆرانیبێژه‌ كێیه‌، ته‌ماشام ده‌كرد كه‌مێك ڕاده‌ما و هه‌وڵی ده‌دا بیری لێبكاته‌وه‌ و به‌ دوایا بگه‌ڕێ . كه‌چی له‌ هه‌مان كاتا زۆر شاره‌زایانه‌ گۆرانیبێژه‌كانی چوار ده‌وری خۆمانی ده‌ناسی. لێره‌دا هه‌ڵوێسته‌یێكم كرد و گه‌یشتمه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ ده‌بێت شتێك بكه‌م ئه‌و شاره‌ به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان له‌ مردن و له‌بیرچوونه‌وه‌ قوتاربكه‌م . من پێموابوو له‌ دوای ڕاپه‌ڕین ئێمه‌ ده‌توانین ئه‌رشیفێكی گه‌وره‌ی نیشتیمانی دابمه‌زرێنین و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كارێكیان بۆ شاره‌كانیان كردووه‌ له‌وێدا تۆمار بكه‌ین و یاد و بۆنیانی تیا بپارێزین . كه‌چی وا ده‌رنه‌چوو و به‌هۆی دابه‌شبوونه‌وه‌ خه‌ریكه‌ كه‌سانیكی ده‌ستڕه‌نگین و ماندوونه‌ناس پووچ و ڕیسوا ده‌كرێن. كه‌سایه‌تییه‌كان به‌جۆرێك له‌یاد ده‌كرێن، كه‌ دوور نییه‌ سبه‌ی خه‌ڵكانێك شوێنه‌واریشیان نه‌دۆزێته‌وه‌. هیچ شارێك نییه‌ له‌ دونیا ئه‌رشیف و مۆزه‌خانه‌یێكی تایبه‌ت به‌ خۆی نه‌بێت . شاره‌كانی ئێمه‌ له‌به‌رده‌م فه‌وتانێكی سه‌یردان و هه‌ندێكجار هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌وه‌ به‌ ده‌ستئه‌نقه‌ست ڕوو ده‌دات و ڕه‌شه‌بایێكه‌ بۆ شۆرینه‌وه‌ و سرینه‌وه‌ی شوناسمان هه‌ڵیكردووه‌. هه‌ڵبه‌ت من دڵنیام ئه‌و كتێبه‌ هه‌ر وا به‌ ته‌نیا نامێنێته‌وه‌ و ئه‌و په‌یامه‌ی من هه‌ڵمگرتووه‌، ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی ڕوون و ڕوونتر ده‌بێته‌وه‌ و شوێنهه‌ڵگری بۆ په‌یدا ده‌بن. من هه‌ر به‌ته‌نیا مه‌به‌ستیشم به‌ ئه‌رشیفكردنی شارێك نییه‌ـ، به‌ڵكو نیشاندانی هونه‌ری خۆمه‌ كه‌ ده‌توانم هه‌موو شتێك بهێنمه‌ ناو هونه‌ری چیرۆكه‌وه‌ و ئه‌و چوارچێوه‌ و ته‌وقه‌ش بشكێنم كه‌ له‌ ده‌وری خۆمان هه‌ڵمانچنیوه‌ ده‌رباره‌ی نوسینی چیرۆك. گه‌لێك له‌ نوسه‌رانی گه‌وره‌ی دونیا بابه‌تی ناو شار و نیشتیمانه‌كه‌ی خۆیان بوونه‌ته‌ هه‌وێنی نوسینه‌كانیان و ده‌شبێ هه‌رواش بێ. منیش بیرمكرده‌وه‌ سلێمانی تاقه‌ شوێنێكه‌ كه‌ من خۆشم ده‌وێ و هه‌ر خۆشه‌ویستی ئه‌ویش وایلێكردووم هه‌موو دونیام خۆشبوێ. كاتێك له‌ هه‌ر شارێكی دی ته‌ماشای ئاسمان ده‌كه‌م، ده‌ست له‌ دره‌ختێكه‌وه‌ ده‌ده‌م بۆم ناكرێ چڵێكی لێ بشكێنمه‌وه‌، چونكه‌ من شاره‌كه‌ی خۆمم زۆر زۆر خۆشویستووه‌ و هه‌رگیز ڕێگه‌م به‌ خۆم نه‌داوه‌ دڵی بڕه‌نجێنم. سلێمانییه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و وه‌فا و پێزانینه‌ی منه‌ بۆ ئه‌و شاره‌ی كه‌ به‌ هه‌ناسه‌ی خۆی گه‌وره‌ی كردووم .

پ10/ به‌ختیار عه‌لی له‌ دیدارێكدا ده‌ڵێت” باشترین خزمه‌تێك كه‌ نوسه‌رێك پێشكه‌ش به‌ خوێنه‌ره‌كانی بكات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كاتی نوسیندا بیریان لێنه‌كاته‌وه‌” ئایا نوسه‌ر ده‌بێت بۆ خوێنه‌ر بنوسێت، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ نوسه‌ر نابێت بۆ خوێنه‌ر بنوسێت و ئه‌وه‌ خوێنه‌ره‌ ده‌بێت بۆ ئاستی نوسینی نوسه‌ر به‌رزبێته‌وه‌. تۆ تا چه‌ند له‌كاتی نوسینی چیرۆكدا خوێنه‌ره‌كانتت له‌ بیره‌؟

وه‌/ منیش له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕوانینه‌ی كاك به‌ختیاردام كه‌ ده‌بێ نوسه‌ر له‌ ده‌می نووسین دا بیر له‌ خوێنه‌ره‌كانی نه‌كاته‌وه‌ . هه‌میشه‌ له‌ ئه‌ندێشه‌ی نووسه‌ردا خوێنه‌رێكی گریمانكراو هه‌یه‌، له‌ ده‌می نووسین دا بۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و خوێنه‌ره‌ گریمانكراوه‌، به‌شێكیشی له‌ خودی نووسه‌ر هه‌ڵگرتبێ. هه‌میشه‌ كاری نووسه‌ران ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ خوێنه‌ر بۆ ئاستی نووسین به‌رزبكاته‌وه‌. هه‌ندێك بیركردنه‌وه‌ هه‌ن له‌ ڕۆژگارێك دا خراونه‌ته‌ ناو ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ ناكرێ قسه‌یان له‌سه‌ر بكرێ و به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان تابۆ كراون، ئیدی مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ڕۆحی كۆمه‌ڵگا نابێت به‌ر به‌و داخرانه‌ بگرێت. مافه‌ ئینسانییه‌كان به‌ گشتی و له‌ناویان دا مافه‌كانی ژنان و منداڵان ئه‌و بابه‌تانه‌ن به‌ناوی بێده‌نگی و ملدان بۆ بیروڕای زۆرینه‌ هه‌میشه‌ كۆمه‌ڵگاكان خۆی لێ دزیونه‌ته‌وه‌. نوسه‌ر ده‌بێت كه‌سێكی بوێر و یاخی بێت و بایه‌خێك بۆ ئه‌و ترسه‌ دانه‌نێت كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ دێته‌ به‌رڕێی و هه‌میشه‌ به‌دووی ئه‌و ئایینده‌ گه‌شه‌وه‌ بێت كه‌ كۆمه‌ڵكا و زمان و ڕوانینی باو بگه‌یێنێته‌ ئاستێكی به‌رزتر. من وه‌كو خودی خۆم له‌ ده‌می نووسین دا ئاگام له‌و خوێنه‌ره‌ باوه‌ نییه‌ و زۆرجاریش به‌هۆی ئه‌و بابه‌تانه‌وه‌ كه‌ كردومنه‌ته‌ ناوه‌ڕۆكی چیرۆكه‌كانم هه‌ندێكجار بابه‌تێكی خوازراو نه‌بوون و بۆ خودی خۆمم نوسیون و بۆ ئاسوده‌یی و مه‌زاجی خۆمم نوسیوون. ئه‌و نوسه‌ره‌ش كه‌ بۆ خۆی نه‌نوسێ، بڕوا ده‌كه‌م بابه‌تی سواو و بێ كه‌ڵك بنوسێت و بوێری ئه‌وه‌ نه‌كات كه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌ی ڕۆژگار بترازێ. من زۆرجار له‌و ڕوانینه‌م دا بۆ هینریك ئه‌پسنی شانۆنووسی نه‌رویژی ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ و كه‌ڵك له‌ له‌كاره‌كانی ئه‌و وه‌رده‌گرم. هه‌ردوو شانۆیی ” دوژمی خه‌ڵك ” و ” ماڵی بووكه‌شووشه‌ ” له‌ ده‌م و ساتی خۆی دا زۆر به‌ خراپی له‌لایه‌ن ڕۆژگاری خۆیه‌وه‌ به‌ ڕووی دا وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و دووچاری به‌ره‌نگارییه‌كی قورس بوونه‌ته‌وه‌. من كاتێك چیرۆكی ” جیهانی هه‌ردوو دیووی ته‌ویله‌كه‌م نووسی ” كه‌ یه‌كه‌مین چیرۆكی من بوو، به‌ره‌نگارییه‌كی زۆرم هاته‌ڕێ به‌ڵام له‌و ڕوانینه‌م په‌شیمان نه‌بوومه‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ پێموابووه‌ نووسین ده‌بێ ڕۆحێكی پێشره‌وانه‌ی هه‌بێت. لێره‌دا نابێت ڕۆمانی ” سه‌گوه‌ڕی ” خوالێخۆشبوو محه‌مه‌د موكریشمان له‌ یاد بچێت كه‌ دوور نه‌بوو به‌ هۆی هه‌ڵه‌ شیكاركردنه‌وه‌ له‌ناو شۆرش دا سزای كوشتنی به‌سه‌را بدرێت .




گفتوگۆ لەگەڵ جوتیار ئەحمەد … سازدانی/ شاخه‌وان سدیق.


جوتیار ئه‌حمه‌د”
بۆ من نوسین خوڵقاندنی دنیایه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جیاوازتر له‌و واقیعه‌ی كه‌ هه‌یه‌.
یه‌كێك له‌ ده‌نگه‌ تازه‌و جدیه‌كانی ناو دونیای چیرۆك نوسینی ئێمه‌، كه‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ به‌بێده‌نگی و دوور له‌ فه‌وزای میدیای خه‌ریكی بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانێتی گه‌نجێكی هێمن و له‌سه‌ر خۆیه‌، به‌ناوی (جوتیار ئه‌حمه‌د) بۆ زیاتر ئاشنابوون به‌م نوسه‌ر گه‌نجه‌، پێمان باش بوو له‌م دیداره‌دا بیدوێنین.

سازدانی/ شاخه‌وان سدیق.


پ1/ زۆرێك له‌ نوسه‌رانی كورد، به‌ شیعر نوسین دێنه‌ ناو دونیای ئه‌ده‌بیه‌وه‌ و كه‌متر خۆیان له‌ قه‌ره‌ی نوسینی چیرۆك ده‌ده‌ن، هه‌ربۆیه‌ له‌ بواره‌كه‌شدا كه‌سی چیرۆك نووس كه‌مه‌، ئێوه‌ ئه‌مه‌ بۆچی ده‌گێڕنه‌وه‌؟ ئایا چیرۆك نوسین كارێكی قورسه‌و پێویستی به‌ سه‌لیقه‌و مه‌عریفه‌یه‌، یان نوسینی چیرۆك تایبه‌ت مه‌ندی خۆی هه‌یه‌؟

وه‌/ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا نووسنیش وه‌ك هه‌موو كرده‌وه‌كانی تر بۆته‌ چاولێكه‌ری و مۆدی ڕۆژ، واته‌ گۆڕینی ئه‌ركی شیعر له‌ نوسین بۆ خوێنده‌واره‌وه‌ بۆ عه‌وام، لێره‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌ست پێئه‌كات كه‌ شاعیریش به‌ره‌و عه‌وام بوون ئه‌ڕوات، ئیدی هه‌ستكردن به‌وه‌ دێته‌ ئاراوه‌ كه‌ شیعر نوسین كرده‌یه‌كی زۆر ئاسانه‌، كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ وانیه‌. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ من بۆ به‌شیعر ده‌ستم پێنه‌كرد، لای من وه‌ك پاموك ده‌ڵێت” شیعر نوسین قسه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ خودا واته‌ ئه‌بێت خودا بتدوێنێ، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه‌ تۆ ناتوانیت شیعر بنوسیت”، كه‌م شاعیر هه‌یه‌ خودا بیان دوێنێ، هه‌ربۆیه‌ دنیای ئێمه‌ پڕبووه‌ له‌ شیعری هیچ. جگه‌ له‌وه‌ش من هیچ كات نه‌مویستووه‌ ببمه‌ شاعیر، یا هیچ كات له‌گه‌ڵ ئه‌و لێشاوه‌دا ناڕۆم كه‌ تۆ باسی ئه‌كه‌یت. سه‌باره‌ت به‌چیرۆك به‌ڵێ ژیرخانێكی پته‌وی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وێ، فراوانكردنی خه‌یاڵ و دنیابینی جیاوازی ئه‌وێ، من تا نه‌متوانی به‌ زمانێكی بیانی بخوێنمه‌وه‌، نه‌متوانی چیرۆك بنووسم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌مه‌وێ پێت بڵێم كه‌ نوسه‌ری ئێمه‌ كه‌سێكی ته‌مه‌ڵه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌دا، وه‌ بۆته‌ كه‌سێكی چالاك له‌ نوسیندا كه‌ ئه‌مه‌ش به‌بێ ژێرخانی باشی خوێندنه‌وه‌ ئه‌بێته‌ چه‌نه‌بازی و بێمانایی.

پ2/ گه‌لی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی كاره‌ساتبار به‌ درێژای مێژوو چه‌ندین كاره‌ساتی به‌سه‌ردا هاتووه‌ و له‌م ڕوه‌شه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ ده‌وڵه‌مه‌نترین میله‌تبین له‌ ڕووی زۆری چیرۆك، كه‌ به‌هۆی ئه‌و كاره‌ساتانه‌وه‌ ڕویانداوه‌، كه‌ هه‌میشه‌ كه‌ره‌سته‌ی باشی گێڕانه‌وه‌ن بۆ دروستكردنی چیرۆكی ئه‌ده‌بی، ئێوه‌ پێتان وایه‌ ئێمه‌ توانیومانه‌ به‌تایبه‌ت چیرۆك نوسه‌كانمان سودی باش له‌م هه‌موو كاره‌ساتانه‌ وه‌رگرن بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندی چیرۆكی كوردی و به‌ ئه‌ده‌بكردنی ڕوداوه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی دوای هۆلۆكۆست جوله‌كه‌كان كردیان.؟

وه‌/ كه‌ تۆ مه‌عریفه‌ی خوێندنه‌وه‌و نوسینت نه‌بێ با هه‌موو مێژووه‌كه‌ت كاره‌سات بێت، هیچ سودی نیه‌، ته‌نها زۆر وتنی بێمانا چاپ وبڵاو ده‌كرێته‌وه‌، خۆ (تاوان وسزا)ی دیستۆڤسكی باسی كاره‌ساتی كۆمه‌ڵگه‌ ناكات، یا باباسی داستانی (گه‌لگامێش)ی سۆمه‌رییه‌كان بكه‌ین، كه‌ چه‌ندین سه‌ده‌ پێش(ئۆدیسه‌و ئه‌لیاده‌)ی هۆمیرۆس یا چیرۆكه‌كانی ته‌ورات نوسراوه‌ته‌وه‌، له‌وێشه‌وه‌ بۆ (هاملێتی شه‌یكسپیر)، دۆنكیخۆته‌ی (سێرڤانتس) و پاشان، وه‌ك وتم دیستۆڤسكی و ئینجا (ئاناكارنینای تۆلستۆ)ی، ئه‌مانه‌ كه‌بونه‌ته‌ تێكستی نه‌مر هیچیان باسی كاره‌ساتی گه‌وره‌ ناكه‌ن، كه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ هاتووه‌، به‌ڵكو باسی ده‌رون و ناخی مرۆڤ ئه‌كات، واته‌ كێشه‌ ده‌رونیه‌كانی مرۆڤ كه‌ هه‌میشه‌ به‌ نه‌گۆڕی ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌و كێشه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌تای دروستبونی مۆرڤایه‌تیه‌وه‌ مێشكی مرۆڤ ده‌خۆن. كۆمه‌ڵگه‌كانی خۆیانیان ئه‌ناتۆمی كردووه‌، كه‌ دوای ئه‌وانیش كۆمه‌ڵناس و ده‌ررونناسه‌كان بۆ زانسته‌كه‌ی خۆیان به‌كاریان هێناوه‌، ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ. واته‌ چیرۆكنوس و ڕۆمانووس به‌بێ شاره‌زای ده‌رونی ئینسانی كۆمه‌ڵگه‌كانی خۆیان ناتوانن تێكستی نه‌مر بخوڵقێنن، ئه‌مه‌ش به‌ خوێندنه‌وه‌و وردبونه‌وه‌ ده‌كرێت، له‌ ته‌نیایدا ئه‌توانی بخوێنیته‌وه‌و وردبیته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌ی نوسه‌رانی ئێمه‌ ڕقیان له‌ هه‌ردوكیانه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك پیشه‌ی سیاسه‌ت كوتله‌وكوتله‌كاری و به‌شان و باڵی یه‌كتردا هه‌ڵدانی هێناوه‌ته‌ كایه‌وه‌.

پ3/ هه‌موو مرۆڤێك كه‌ ده‌نوسێت كۆمه‌ڵێك چیرۆكی تایبه‌تی له‌ ژیاندا بۆ گێڕانه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ماركیز ده‌ی وت” من ده‌ژیم بۆ ئه‌وه‌ی بگێڕمه‌وه‌” ئه‌توانم بزانم چیرۆكه‌كانی تۆ له‌ ژیانا بۆ گێڕانه‌وه‌ چین؟ ئایا نوسین پانتایه‌كه‌ بۆ ووتنی ئه‌وشتانه‌ی كه‌ له‌ واقیعدا بۆت ناكرێت؟ یان ئه‌ده‌ب به‌گشتی و ژانری چیرۆك نوسین به‌تایبه‌تی بۆ تۆ چین؟

وه‌/ هه‌موو مرۆڤێك چیرۆكی خۆی هه‌یه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌، به‌ڵام ئایا كێ توانای هه‌یه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌و نوسینه‌وه‌. یاخود بوێری وتنی نهێنی و قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی هه‌یه‌. چیرۆكه‌كانی من بۆ گێڕانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ ده‌رونی مرۆڤه‌كان وكۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ستی پێده‌كه‌م، به‌دڵنیاییه‌وه‌ تۆ كه‌ له‌ ته‌نیاییدا ئه‌نووسی خاوه‌نی جیهانی خه‌یاڵی خۆتی واته‌ی ئه‌وه‌ی له‌ واقیعدا ناكرێت نووسه‌ر ئه‌توانێ به‌پێی خه‌یاڵ و ویژدانی خۆی بیخوڵقێنێ. بۆ من نوسین خوڵقاندنی دنیایه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جیاوازتر له‌و واقیعه‌ی كه‌ هه‌یه‌، ڕه‌فزكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داڕزاو بنیادنانی دنیایه‌كی جوانتر بۆ كاره‌كته‌ره‌كانی دنیای خه‌یاڵی خۆم، كه‌ هه‌ڵێنجراوی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ین، خۆم به‌ واقیع تیایدا ئه‌ژیم، جیاواز نوسینه‌وه‌ی ده‌ستورو یاساكان به‌و شێوازه‌ی خۆم ئه‌مه‌وێ.

پ4/ له‌ نێوان كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی بڵاوكراوه‌ی ( ڕێچكه‌ی مێروله‌كان،) تا ڕۆمانی (ئایه‌ته‌كانی سوره‌یا) وه‌ستانێك له‌ كاركردنتا به‌دی ده‌كرێت، له‌ ڕووی زه‌مه‌نه‌وه‌، ئه‌م وه‌ستانه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردنی معریفه‌وه‌ هه‌یه‌، یان نه‌خێر نه‌وه‌ستاون، به‌ڵام كه‌متر بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌و ناتانه‌وێت به‌شێك بن له‌، لێشاوی بڵاوكردنه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا له‌ دنیای ڕۆژنامه‌و گۆڤاری ئێمه‌دا هه‌یه‌؟ ئه‌توانم بزانم هۆكاری ئه‌م بێده‌نگیه‌ت چییه‌؟

وه‌/ به‌ڵێ من نامه‌وێ به‌شێك بم له‌و لێشاوه‌، وه‌ حه‌زیشم له‌ زۆر نوسین نیه‌، به‌ڵكو زیاتر حه‌ز به‌خوێندنه‌وه‌ ده‌كه‌م، زۆر كه‌س به‌شداره‌ له‌و لێشاو نوسینه‌وه‌یه‌دا، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ هه‌موو دنیادا باوه‌، به‌ڵام له‌ كۆتایدا ده‌قێك ئه‌مێنێته‌وه‌ كه‌ توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كانی هه‌بێت، خه‌یاڵی مرۆڤه‌كان فراوان بكات، نادیاره‌كان بێنێته‌ به‌رچاوی خوێنه‌ر. جگه‌له‌وه‌ش من ئه‌وه‌نده‌ی بۆم بكرێ خۆم دور ئه‌گه‌رم له‌و كوتله‌و كوتله‌كاره‌ییه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسم كرد، په‌یوه‌ندی هاوڕیه‌تیم له‌گه‌ڵ هیچ نوسه‌رێك نیه‌، كه‌ ڕێزم بۆ هه‌مووشیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ خۆبه‌زلزانیه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو من له‌گه‌ڵ لێشاودا ناڕۆم، وه‌ له‌ دنیای نوسینی ئێمه‌دا بۆگه‌نبوون و گه‌نده‌ڵیه‌كی سه‌یر له‌ ئارادایه‌، هه‌ر بۆیه‌ نامه‌وێ تێكه‌ڵ بم، هیچ یه‌ك له‌ هاوڕێ‌ نزیكه‌كانم نوسه‌رنین، وه‌ به‌ ده‌گه‌مه‌نیش ده‌خوێننه‌وه‌.

پ5/ زۆرجار ده‌وترێت چیرۆك نوسین مه‌شقه‌ بۆ نوسینی ڕۆمان. یان چیرۆك پشوی خوێنه‌ره‌ له‌ نێوان ڕۆمان بۆ ڕۆمانێكی دیكه‌، تۆ تاچه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆ چونه‌ی، تۆچیرۆك به‌ ژنرێكی سه‌ر به‌خۆده‌زانیت؟.

وه‌/ ئه‌م پرسیاره‌ زیاتر بۆ خوێنه‌ر گونجاوه‌، واته‌ ئه‌بێت له‌خوێنه‌ر بكرێت. ئه‌شێ هه‌ندێكجار چیرۆك نوسین مه‌شق بێت بۆ ڕۆماننووسین، به‌ڵام هه‌موو كات نا، ئه‌بینی ڕۆمانووسی زۆر سه‌ركه‌وتوو هه‌بوون و هه‌ن كه‌ چیرۆك نووسیش نین، وه‌ ئه‌شێ زۆرجار چیرۆك ڕۆمانێكی ته‌واو نه‌كراوبێت، له‌ هه‌مانكاتیشدا ئه‌توانین بڵێن چیرۆك ژانرێكی سه‌ربه‌خۆشه‌.

پ6/ دواین بڵاوكراوه‌تان ڕۆمانێكه‌ به‌ناونیشانی (ئایه‌ته‌كانی سوره‌یا). ده‌توانین كه‌مێك له‌سه‌ر شێواز و ته‌كنیك و تێمای سه‌ره‌كی ئه‌م ڕۆمانه‌ بۆمان بدوێت؟ به‌ بۆچونی خۆتان له‌ نێوان كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی چاپكراوی یه‌كه‌متان و ئه‌وه‌ ڕۆمانه‌ی ئێستادا چ گۆڕانكارییه‌ك به‌سه‌ر شێوازی نوسین و ته‌كنیكی نوسین لای ئێوه‌ هاتوه‌؟ ئێوه‌ له‌گه‌ڵ ستایلی دیاری كراو تایبه‌تان، یان پێتان وایه‌ له‌ نوسینێكه‌وه‌ بۆ نوسینێكی تر ده‌بێت گۆڕانكاری هه‌بێت؟

وه‌/ ئایه‌ته‌كانی سوره‌یا باسكردینی داڕزانی هه‌موو كونجه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌هۆی سیاسه‌ته‌وه‌، ڕاكێشانی سیاسه‌ته‌ بۆ ناو دنیای فه‌نتازی و شیته‌ڵكردنی، باسكردنی خنكاندنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌ ناو ده‌ریای نه‌وتدا، ونبونی هه‌موو بۆنه‌خۆشكانه‌و زاڵبونی بۆگه‌ن وپیسیه‌. من ناتوانم بڵێم چ گۆڕانكارییه‌ك له‌ نێوان كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی یه‌كه‌مم و ئه‌م ڕۆمانه‌دا ڕویداوه‌، ئه‌وه‌ خوێنه‌ر و ڕه‌خنه‌گر ئه‌توانن قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن. وه‌ك باسم كرد من له‌ دنیای ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا یاسای جێگیر نابینم به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی خۆم و فراوانبوونی دنیای بینی خۆم ئه‌نوسم، نوسه‌ر ئه‌كرێ زمانی تایبه‌تی گێڕانه‌وه‌ی خۆی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیه‌وێ له‌سه‌ر یه‌ك ستایلی تایبه‌ت بنوسێ، ئه‌وه‌ دوره‌ له‌ دنیای ئه‌ده‌به‌وه‌.

پ7/ زۆرێك له‌ ڕۆمان نوسه‌كان ده‌ڵێن ئێمه‌ ده‌توانین ئه‌وه‌ی به‌ ڕۆمان ده‌ی نوسین بیكه‌ین به‌ چیرۆك یان ئه‌و چیرۆكه‌ی ده‌ی نوسین ده‌توانین بیكه‌ین به‌ ڕۆمان ئایا ئێوه‌ پێتان وایه‌ كه‌ كاری چیرۆك نوسین ئه‌وه‌نده‌ سانایه‌؟ یان ئه‌م كاره‌ ده‌كرێت بكرێت؟ بۆ چونتان چیه‌؟

وه‌/ من هیچ یاسایه‌ك له‌ ئه‌ده‌بدا نابینم، واته‌ ناكرێ ئه‌ده‌ب وه‌ك بیركاری و فیزیا یاسای هه‌بێت، به‌ڵكو خه‌یاڵ ده‌ور ئه‌بینێ له‌گه‌ڵ توانای نوسه‌ر، ئه‌وه‌ی تۆ باسی ئه‌كه‌یت ئه‌كه‌وێته‌ سه‌ر توانا و فراوانی خه‌یاڵی نوسه‌ر.

پ8/ هه‌ندێك چیرۆك له‌ گه‌ڵ نوسینیاندا لای خوێنه‌ر ده‌مرن، و كۆن ده‌بن، ده‌توانی پێمان بڵیت خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی چیرۆكی زیندووی نه‌مر چین؟

وه‌/ ئه‌م پرسیاره‌ هه‌مان وه‌ڵامی پرسیاری دووه‌می هه‌یه‌، واته‌ نووسه‌ر ئه‌بێت توانای ئه‌ناتۆمی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆی هه‌بێت، له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ن و ڕوداوه‌كانی سه‌رده‌می خۆیدابێ، كاڵڤینۆ ده‌ڵێت” ڕوه‌ك ناسیه‌كه‌ی باوكم زۆر سودی هه‌بووه‌ بۆ دنیای نوسینی من، چونكه‌ شاره‌زای ڕه‌گه‌كانی ئه‌و تێمایانه‌بووم كه‌ له‌سه‌ری ئه‌نوسم، فێری ئه‌وه‌بووم وه‌ك ڕه‌گ به‌ وارو وێخی شته‌كانا بچه‌مه‌ خواره‌وه‌.

————————————–
جوتیار ئه‌حمه‌د:
له‌دایك بووی (1980) له‌ شاری سلێمانی.
بڕوانامه‌ی له‌ به‌شی شوێنه‌وارناسیدا هه‌یه‌.
له‌ ڕابردوودا دوو كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی بڵاوكردۆته‌وه‌، به‌ناوه‌كانی (سواره‌كانی وشه‌، ڕێچكه‌ی مێرووله‌كان)
دواین بڵاوكراوه‌ی ڕۆمانێكه‌ به‌ناوی (ئایه‌ته‌كانی سوره‌یا).




نامه‌ بۆ كچه‌كه‌م ڕۆمانی ئازاره‌ قوڵه‌كانی تاراوگه‌نشین … شاخەوان سدیق

“خوداوه‌ند بۆیه‌ ئازار ده‌خوڵقێنێت، تا شاعیران بۆ نوسینی سروده‌كانیان ئاتاجیان به‌ بابه‌ت نه‌بێت” (هۆمیرۆس)

ڕه‌نگه‌ كه‌م گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ هه‌بن له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی، چ له‌سه‌ر ئاستی گشتی و چ له‌سه‌ر ئاستی تاك هێنده‌ی ئێمه‌ وه‌ك كورد، له‌ ئازاره‌ سه‌خت و تاڵه‌كانی مه‌نفاو ئاواره‌ی و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ نیشتمان تێبگه‌ن، بۆیه‌ كاتێك به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی تایبه‌ت به‌م بابه‌ته‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ خێراترو فراوانتر له‌ هه‌ر خوێنه‌رێكی دی له‌ وڵاتانی تری دونیا لێی تێده‌گه‌ین و ده‌ست و په‌نجه‌ له‌گه‌ڵ دیڕبه‌ دێڕی چیرۆكه‌كه‌و ڕوداوه‌كانی ناویدا نه‌رم ده‌كه‌ین. چونكه‌ به‌درێژای مێژوو نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ ئاواره‌ی و دوركه‌وتنه‌وه‌و هه‌ڵهاتن له‌ نیشتمان به‌شێك بووه‌ له‌ ژیانمان، جا بۆ هه‌ر بیانویه‌ك بوبێت وه‌ك تاراوگه‌ نشینێك خۆمان وێناكردووه‌،هۆكاری ئه‌م كرداره‌ش ئه‌گه‌ر زۆرجار له‌لایان نه‌یاره‌كانمانه‌وه‌ بووبێت، ئه‌وا هه‌ندێك جار له‌لایان خۆمانه‌وه‌ كراوه‌، وه‌ك خێزان و حزب و حكومه‌تی خۆماڵی خۆمان، هه‌ربۆیه‌ هه‌ندێك جار ئه‌م حاڵه‌تی تاراوگه‌ نشینیه‌ لامان بۆته‌ حه‌زوو ڕۆشتن و هه‌ڵهاتن له‌ نیشتمان لامان بۆته‌ خه‌ونێكی گه‌وره‌ و چیتر (ماغوت) وته‌نی” ئه‌وه‌ی به‌ نیشتمانی به‌ستوینه‌ته‌وه‌ ته‌نها پێڵاوه‌كانمان بووه‌” به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای داخه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌م ڕووداو چیرۆكانه‌ی جێهێشتن و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ نیشتمان كه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌، نه‌مانتوانیوه‌ بیانكه‌ینه‌ كه‌ره‌سته‌ی ئه‌ده‌بی و له‌ فراوانبونی دۆزی نه‌ته‌وه‌ی خۆماندا سودیان لێببینین، وه‌ك ئه‌وه‌ی نوسه‌رانی ئه‌فغانی (له‌تیف و خالید حوسه‌ینی و عتیق ڕه‌حیمی )ه‌ له‌ ڕۆمانی (ڕوخساره‌ به‌ندكراوه‌كه‌ و كۆلاره‌بازو خاك و خۆڵه‌مێش)دا بۆ ناساندنی دڕنده‌یه‌تی تاڵیبانه‌كان له‌ ئه‌فغانستان كردویانه‌، یان ئه‌وه‌ی (مسته‌فا خه‌لیفه‌) له‌ ڕۆمانی (قه‌پلیك)دا ده‌رباره‌ی ترسناكی زیندانه‌كان و شێوازی سزادانی به‌ندكراوان له‌ سوریا كردویه‌تی. ئه‌گه‌رچی ناكرێت له‌ ئه‌ده‌بیاتی خۆشماندا (ده‌ربه‌ندی په‌پوله‌و گۆڕستانی چراكان)ی (شێركۆ بیكه‌س) وچه‌ند هه‌وڵێكی دیكه‌ له‌ به‌رچاو نه‌گرین.
ئێستا ئه‌وه‌ی وا ده‌كات ڕۆمانی (نامه‌ بۆ كچه‌كه‌م) ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ كۆی ڕوداوه‌كانی مێژووی خۆمانه‌وه‌ سود وه‌رگرتنه‌ له‌ دیارده‌ و ئازاری تاراوگه‌ نشینی وه‌ك تیماو كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ به‌ده‌ب كردنی مێژوو، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) ده‌ڵێت” چیرۆكی هه‌موو ژیانێك، چیرۆكی ئازارێكه‌”
چیرۆكی ڕۆمانه‌كه‌
ڕۆمانی (نامه‌ بۆ كچكه‌م) یه‌كێكه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌ چاپكراوه‌كانی ناوه‌ندی ئه‌ندێشه‌، كه‌ له‌ نوسینی نوسه‌ری یۆنانی (تیۆدۆر كالیفاتیدێس) و نوسه‌رو وه‌رگێڕ(دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی)به‌ زمانێكی پاراو و جوان وه‌ریگێراوه‌ بۆ كوردی. كه‌ پێشتریش هه‌مان وه‌رگێڕ ڕۆمانی (ژنێك بۆ خۆشویستنی) ئه‌م نوسه‌ره‌ی بۆ كوردی وه‌رگێڕاوه‌.

ئه‌م ڕۆمانه‌ باسكردنه‌ له‌ ئازاره‌ قوڵ و تاڵه‌كانی تاراوگه‌، كه‌ هه‌میشه‌ مرۆڤ په‌یوه‌ست ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ ڕابردویانه‌وه‌و هه‌میشه‌ش گه‌رانه‌وه‌ بۆ نیشتمانی دایك بۆیان ده‌بێت خه‌ونی گه‌وره‌. كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م ڕۆمانه‌ ناوی(پابلیۆس ئۆڤیدیۆس)ه‌ كه‌ به‌ (ناسۆ)ی شاعیر ناسراوه‌ و له‌ شاری ڕۆما ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م شاعیره‌ ده‌كه‌وێته‌ داوی خۆشه‌ویستی كچێكه‌وه‌و شیعری ئاشقانه‌ بۆ ئه‌و كچه‌ ده‌نوسێت، قه‌یسه‌ر بڕیاری ده‌ركردنی له‌ ڕۆما ده‌دات و به‌ناچاری ڕووده‌كاته‌ وڵاتی یۆنان.
پاش گرسانه‌وه‌ی، (ناسۆ) له‌ وڵاتی یۆنانه‌وه‌ ده‌ست ده‌كات به‌ ناردنی نامه‌ بۆ كچه‌كه‌ی، كه‌ له‌ ڕاستیدا كچی خۆی نیه‌و كچی كه‌سێكی تره‌، به‌ڵام ناسۆ له‌كچی خۆی زیاتر خۆشی ده‌وێت، ڕۆژانه‌و به‌رده‌وام له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و كه‌شتیانه‌ی كه‌ له‌ ڕۆماوه‌ ڕوده‌كه‌نه‌ كه‌ناراوه‌كانی یۆنان ده‌كه‌وێته‌ سۆراخكردنی ئازیزانی له‌ نیشتمان، به‌ڵام بێسود ده‌بێت و به‌درێژای ژیانی ته‌نها دوو نامه‌ی له‌ نیشتمانه‌وه‌ پێده‌گات.
ئه‌م شاعیره‌ له‌ نامه‌یه‌كدا ده‌نوسێت” كچه‌كه‌م ئێستا كه‌ بای خۆرئاوا هه‌ڵی كردووه‌، ده‌بێت خۆم فێربكه‌م كه‌ ئه‌م ژیانه‌ بێڕوحمه‌م خۆش بوێ‌، نابێ‌ هه‌رگیز گله‌وگازه‌نده‌ له‌ سه‌رما بكه‌م، گله‌و گازه‌نده‌ له‌ماڵی سارد، له‌بای ته‌زێنه‌ر، له‌ ته‌خته‌خه‌وی ناخۆش، له‌ شه‌رابی به‌ستوو، له‌ ڕۆشتنی ژنان و له‌ بێده‌نگی پیاوان هه‌موو به‌یانییه‌ك ده‌بێ‌ ده‌ستێكم بنێمه‌ سه‌ر دڵم و هه‌ست به‌ لێدانی بكه‌م، چما دڵێك له‌ماوه‌ی ژیاندا چه‌ند جار لێده‌دا؟ ئه‌وه‌ له‌ یاده‌وه‌ریمدا هه‌ڵبگرم و بزانم كه‌ هێنده‌ی ژماره‌ی ئه‌و لێدانانه‌ پاساو بۆ به‌خته‌وه‌ری هه‌ن”.

نوسه‌ر له‌م ڕۆمانه‌دا ته‌نها نایه‌وێت خوێنه‌ر له‌ به‌رده‌م پرسیاری مه‌نفادا ڕابگرێت، به‌ڵكو قوڵتر له‌ ته‌نهای مرۆڤ له‌ نیشتمان ده‌ڕوات و پرسی مه‌نفای ڕۆحی و تاراوگه‌نشینی ناخی مرۆڤ ده‌كاته‌ پرسێكی جدیترو پێی وایه‌ كێشه‌ی ئینسان له‌ مه‌نفاكانی ناو ڕۆحی خۆیه‌وه‌ سه‌ره‌تا ده‌ستپێده‌كه‌ن و دواتر بۆ به‌شه‌كانی تری ژیان ده‌گوازرێنه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ نامه‌یه‌كی تردا ده‌نوسێت” مه‌نفا ته‌نها ئه‌وه‌نییه‌ كه‌ بنیاده‌م له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆی وه‌ده‌ر ده‌نرێ، به‌ڵكو ئه‌وه‌شه‌ كه‌ بنیاده‌م له‌ خودی خۆشی وه‌ده‌ر ده‌نرێ‌ بۆیه‌ ده‌بوو هیچ كه‌سێك ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كه‌سی تردا نه‌شكایه‌”
ئه‌وه‌ی نوسه‌ر له‌م ڕۆمانه‌دا به‌قوڵی كاری له‌سه‌ر ده‌كات به‌ستنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی ڕه‌گه‌زییه‌ به‌ خۆشه‌ویستی خاكه‌وه‌، هه‌ڵهاتن له‌ نیشتمان له‌ پێناو عه‌شقدا، ئه‌و چاره‌نوسه‌یه‌ كه‌ ئه‌م شاعیره‌ ڕوبه‌ڕوی بۆته‌وه‌ بۆیه‌ (ناسۆ) چه‌ند بیری خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌كات هێنده‌ش هی نیشتمانه‌كه‌ی، من له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌دا یه‌كڕاست خه‌یاڵم بۆ قسه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی (حه‌مزا تۆڤ) نوسه‌ری كتێبی (داغستانی من) چوو، كه‌ ده‌ڵێت” له‌ دونیادا دووشت شایه‌نی ئه‌وه‌ن ململانێی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر دروست ببێت، ئه‌وانیش(نیشتمانێكی خۆشه‌ویست و ئافره‌تێكی قه‌شه‌نگ) ن قه‌شه‌نگی و شۆخ و شه‌نگیی ئافره‌ت بوونی نییه‌، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستی و به‌های نیشتیماندا هاوسه‌نگ نه‌بێت” نوسه‌ری ئه‌م ڕۆمانه‌ خۆی یه‌كێكه‌ له‌ تاراوگه‌ نشینه‌كان و له‌ وڵاتی یۆنانی زێدی خۆی ئاواره‌ بووه‌، بۆیه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌یدا هه‌ست ده‌كرێت كه‌ باش ڕۆچۆته‌ ناو ناخی مرۆڤی ئاواره‌وه‌، زۆر جار مرۆڤ بۆئه‌وه‌ی له‌شتێك تێبگات پێی خۆشه‌ خۆی ئه‌زمونی ئه‌و شته‌بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی (فرۆخ) ده‌ڵێت” بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ ڕه‌قێتی به‌رد بكه‌م پێم خۆشه‌ سه‌رم بشكێت” بۆیه‌ نوسه‌ریش له‌م ڕۆمانه‌دا خۆی ئه‌زمونی هه‌ڵهاتن له‌ نیشتمانده‌كات و وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كات هه‌مان هه‌ستی تێدا دروستبێت، ئه‌و به‌خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی تاراوگه‌نشینی خۆی ئازاره‌كانی مه‌نفا ده‌گوازێته‌وه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ نامه‌یه‌كی تردا ده‌نوسێت” كچه‌كه‌م لێره‌ له‌م به‌شه‌ چۆڵو هۆڵه‌ی دونیادا كه‌ منی لێم، زه‌مه‌ن ناڕوا، ڕۆژدوای ڕۆژ، له‌ جێگه‌ی خۆیدا ڕه‌واح ده‌كا، لێره‌ ناتوانم هیچم له‌ بیر بچێته‌وه‌، لێره‌ هیچ برینێك ساڕێژ نابێ، تاقه‌ كارێك كه‌ ده‌توانم بیكه‌م ئه‌وه‌یه‌، شته‌كان وه‌یادی خۆم بهێنمه‌وه‌، ئه‌و زه‌مه‌نه‌ چیی دی بونی نییه‌ كه‌ تێده‌په‌ڕێ‌، به‌ڵكو ته‌نها ئه‌و زه‌مه‌نه‌ هه‌یه‌ كه‌ تێپه‌ڕیوه‌”.
به‌م شێوه‌یه‌ چیرۆكی غه‌مگینی ئه‌م شاعیره‌ عاشقه‌ له‌ تاراوگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، تا له‌ كۆتایداو پاشمانه‌وه‌ی (ناسۆ)له‌ مانفا و وڵاتی غه‌ریبدا بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ هه‌شت ساڵ سه‌ره‌نجام به‌خه‌می دوری له‌ نیشتمان و مه‌عشوقه‌كه‌ی سه‌رده‌نێته‌وه‌و بۆیه‌كجاری كۆچی دوای ده‌كات.

ته‌كنیك و زمان وه‌ك دوانه‌ی به‌هێزی ڕۆمانه‌كه‌:

یه‌كێك له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌ كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وا ده‌كات خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێڵته‌وه‌ و نه‌توانێت واز له‌ خوێندنه‌وه‌ی بهێنێت، بوونی ئه‌و زمانه‌ پاراو شیعریه‌یه‌تی كه‌ زۆر شاعیرانه‌ گه‌مه‌ به‌ وشه‌و ڕسته‌كان ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌لكاندن و كوت ده‌ربڕینی ڕسته‌كان به‌ شێوه‌ی گرێچنی ورد، ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ی بوونی ئه‌و ته‌كنیكه‌ به‌رزه‌ی كه‌ نوسه‌ر بۆ ڕێكخستنی شێوازی نوسینی نامه‌كان به‌كاری هێناوه‌، نوسه‌ر ئه‌گه‌رچی هه‌وڵیداوه‌ له‌ ڕێگه‌ی نوسینی نامه‌كانه‌وه‌ چیرۆكی ژیان و نه‌هامه‌تیه‌كانی خۆی وه‌ك نمونه‌یه‌ك له‌ مرۆڤ، بۆ ڕای گشتی بخاته‌ڕوو، به‌ڵام فره‌ ده‌نگیه‌كی وای خوڵقاندوه‌ كه‌ تێمای چیرۆكه‌كه‌ی فره‌لایه‌ن و فره‌ ڕووداو بێت. هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وای كردوه‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ ببێته‌ ڕۆمانێكی سه‌ركه‌وتوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی (به‌ختیار عه‌لی)ش ده‌ڵێت” ڕۆمان هونه‌ری ئاماده‌كردنه‌وه‌ و هێنانه‌ قسه‌ و ناساندنی مرۆڤه‌ بێده‌نگه‌كانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤیش بناسیت، بیهێنیته‌ قسه‌ و بیناسێنیت، پێویستیتت به‌ دونیابینیه‌كی گه‌وره‌ و خۆشه‌ویستیه‌كی گه‌وره‌ هه‌یه‌، كه‌ ئه‌و دوانه‌ت ونكرد ناتوانیت ڕۆمانی فره‌ده‌نگ بنوسیت”

ڕۆمانی نامه‌ی: (نامه‌ بۆ كچه‌كه‌م) وه‌ك نمونه‌:

ڕۆمانی نامه‌یی یه‌كێكه‌ له‌ شێوازه‌ هه‌ره‌ كۆنه‌كانی نوسینی ڕۆمان، كه‌ هه‌ندێك بۆچوون پێی وایه‌، سه‌ره‌تای نوسینی ڕۆمانی ئه‌وروپی به‌م ته‌كنیكه‌ نوسراوه‌، ئێستا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆمانی نامه‌یی تێبگه‌ین په‌نا بۆ پێناسه‌ باوه‌كه‌ی (ده‌یڤید لاچ) ده‌به‌ین كه‌ ده‌ڵێت” ڕۆمانی نامه‌ی جۆرێك له‌ گێڕانه‌وه‌یی یه‌كه‌م كه‌سییه‌، به‌ڵام خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی دیاریكراوه‌، كه‌له‌ شێوه‌ی ناسراوتری ژیاننامه‌یدا به‌دی ناكرێت، له‌ كاتێكدا چیرۆكی ژیاننامه‌یه‌ك به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی بۆ گێڕه‌ره‌وه‌ ناسراوه‌” ئه‌م جۆره‌ له‌ نوسین له‌ ناو ئه‌ده‌بی دونیادا ناسراوه‌و چه‌ندین ڕۆمان به‌م شێوازه‌ نوسراون له‌وانه‌ (هه‌ژارانی دۆستۆیڤسكی و ڕۆمانه‌ نامه‌یه‌كانی پامیلاو كلارسیای سامۆئیل ریچارسۆن) له‌ ئه‌ده‌بی كوردیشدا چه‌ند نمونه‌یه‌ك به‌دی ده‌كرێت له‌وانه‌ ڕۆمانی(نامه‌كانی فێرنادۆی ئه‌ژین عه‌بدوالخالق و نازیلای یاسین بانی خێڵانی) كه‌ بێگومان ڕۆمانی تریش هه‌ن. بێگومان ئه‌م شێوازه‌ له‌ نوسین به‌ ڕێگایه‌كی گرنگی گێڕانه‌وه‌ داده‌نرێت كه‌ نوسه‌ر له‌ ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی خودیه‌وه‌ ته‌واوی چیرۆكه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، بۆیه‌ خوێنه‌ر له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ ڕۆمانانه‌دا ته‌نها له‌ زاری كه‌سی نامه‌ نوسه‌وه‌ ئاگاداری ته‌واوی ڕوداوه‌كان ده‌بێت كه‌ زۆرجار ئه‌و كه‌سه‌ به‌ ڕاوی هه‌موو شتزان ناو ده‌برێت.

دواسه‌رنج له‌سه‌ر ڕۆمانه‌كه‌:

ڕۆمانی (نامه‌ بۆ كچه‌كه‌م) یه‌كێكه‌ له‌و ڕۆمانه‌ گرنگ و پڕچێژانه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا خوێندمه‌وه‌، كه‌ نوسه‌ر به‌سه‌لیقه‌یه‌كی وردو له‌ ڕێگه‌ی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌وه‌ و له‌ دوتوێی چه‌ند سه‌د لاپه‌ڕه‌ڕه‌یه‌كدا ده‌مانخاته‌ به‌رده‌م چه‌ند پرسێكی جدی وه‌ك (عه‌شق و خۆشه‌ویستی خاك و شیعرو مه‌نفاوه‌) نوسه‌ری ئه‌م ڕۆمانه‌ قسه‌یه‌كی بۆ گێڕانه‌وه‌ هه‌یه‌، “قسه‌یه‌ك وه‌ك ده‌ڵێن له‌ دڵه‌وه‌ بۆ دڵانه‌” هه‌ر ئه‌مه‌ش له‌ مرۆڤه‌كانی تر جیای ده‌كاته‌وه‌، (عه‌تا محه‌مه‌د) پێی وایه‌” مێژووی مرۆڤ له‌وكاته‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ توانی به‌سه‌رهاتێك بگێڕێته‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كرد له‌ جیهانی ئاژه‌ڵان دایببڕێت” ئه‌م ڕۆمانه‌ وه‌ك زۆرێك له‌ نوسراوه‌كانی دیكه‌ بێكێشه‌ نیه‌و له‌ زۆر شوێندا درێژ دادڕی له‌ شێوازی گێڕانه‌وه‌كه‌یدا كراوه‌، كه‌ به‌لابردنی چه‌ند به‌شێك هیچ له‌ ناوه‌ڕۆكی ڕۆمانه‌كه‌ ناگۆڕێت. به‌ڵام به‌گشتی ئه‌م ڕۆمانه‌ شیاوی خوێندنه‌وه‌یه‌، به‌تایبه‌ت بۆ كه‌سانێك كه‌ خۆیان مرۆڤی تاراوگه‌ نشینن، یان ئه‌زمونی مه‌نفایان كردووه‌. (ناسۆ) له‌نامه‌یه‌كی دیكه‌دا به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ ده‌نوسێت” به‌بێده‌نگی به‌ڵێن به‌خۆم ده‌ده‌م، به‌هێزبم و هه‌رچی له‌ توانامدا هه‌بێت بیكه‌م، تا ڕۆژێك له‌ ڕۆژان بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ نیشتمانی منه‌، جا ئه‌گه‌ر نه‌شتوانم تیایدا بژیم ئه‌وا لانی كه‌م، بتوانم لێی بمرم”. له‌دواجاردا جێگه‌ی خۆیه‌تی سوپاسی وه‌رگێڕی به‌توانا(دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی) بكه‌ین بۆ وه‌رگێڕانی دووبه‌رهه‌می ناوازه‌ی ئه‌م نوسه‌ره‌ به‌ زمانێكی جوان وپاراو و ناساندنی به‌ دونیای ئه‌ده‌بی و كتێبخانه‌ی كوردی.

بۆ ئه‌م نوسینه‌ سودم له‌م كتێبانه‌ وه‌رگرتووه‌.
به‌ره‌و ڕۆمانی كوردی_ ئارام سدیق_ نوسین
كیمیاگه‌ری ووشه‌_ یاسین عومه‌ر_ وه‌رگێڕان
وه‌ك باڵنده‌ی ناو جه‌نگه‌ڵه‌ ترسناكه‌كان_به‌ختیار عه‌لی_دیداری ئه‌ده‌بی




گفتوگۆ لەگەڵ شاعیر دلاوەر قەرەداغی …. سازدانی/ شاخەوان سدیق.

دلاوەر قەرەداغی:
شیعر بۆمن هەم پەناگەو هەم هێڵی بەرگرییە بۆ خۆپاراستن لە بچووك بونەوەی خۆم.

دلاوەر قەرەداغی: یەكێكە لە نوسەرو شاعیرو وەرگێڕە بەتواناكانی ئێستای ناو دونیای ئەدەبی ئێمە، كە ساڵانێكە بەرهەمەكانی جێگای مشتومەڕی گەرمی كۆڕوكۆبونەوەكانن، ناوی ئەو هەمیشە ناوی ئاشنایە بە هەموومان، بەجۆرێك كەم لە كتێبخانەكانی ئێمە لە ماڵەوە هەیەكە كێبێكی شیعری یان وەرگێڕدراوی ئەم نوسەرو وەرگێڕەی تێدا نەبێت، بۆ زیاتر ئاشنابوون بە تێڕوانینی (قەرەداغی) بۆ ئەدەب بەگشتی بەتایبەت شیعر، ئەم دیدارەم لەگەڵدا سازدا.


پ١/ زۆرێك لە نوسەرانی دونیاو بەتایبەت نوسەرانی كورد كە دەست بە نوسین دەكەن، لە شیعرەوە دەست بە نوسین دەكەن. دواتر هەندێك لەوانە ڕێگای جیاوازی خۆیان بۆ ژانرەكانی تری ئەدەب دەدۆزنەوە. مەبەستمە بپرسم هۆكاری ئەمە چیە؟ ئایا شیعر نوسین كردەیەكی هێندە ئاسانە، یان وەك ئەوەی (بەختیار عەلی) دەڵێت” مرۆڤ بۆ ئەوەی شیعرێكی جوان بنوسێت دەبێت ڕۆحی پیر بووبێت”

وە/ بەشێكی زۆری ئەوە پەیوەندی بەوەوە هەیە كە پاشخان و زەمینەی كولتووری و ئەدەبییمان شیعر بووە و هەر لە سەرەتاوە زوبان و گوێ و حەزی نووسینمان بە شیعر پژاوە. ژانری شیعر هەر لە زووەوە هەژموونی بە سەر خەیاڵ و یادەوەرییمانەوە هەبووە و پانتایی گەورەی لە هزر و دەربڕین و خۆ دەربڕینماندا داگیركردووە. ئەو شیعرانەی لە ماڵ و قوتابخانەكاندا پێمان لەبەردەكران و ئەو سروودە نیشتمانییانەی پێمان دەگوترانەوە، وایان دەكرد كە شیعر نەك هەر نزیكترین و سەرەكیترین ژانر بێت لێمانەوە، بەڵكو ئەركێكی نیشتمانیی و پەروەردەییش ببینێ و هاوكاتییش بڕێكی زۆری حەزی نووسین و چەشەی ئەدەبییمان لەو سەرەتایانەدا تێر بكا و زەمینەمان بۆ خۆ تاقیكردنەوەی نووسین بۆ بڕەخسێنێ. وێڕای ئەوەش لە قوتابخانە و بوارە پەروەردەییەكەدا شیعر زیاتر لە چەقی سەرنجدا بووە و زۆرتر پێشبڕكێ و چالاكی لە چاو شانۆ و شێوەكاری و مۆسیقادا بۆ شیعر دەڕەخسێنرا و گرینگیی پێدەدرا. ئەمە بەراورد بە نووسەرێكی خۆرئاوا بەو شێوەیە نەبووە. بۆ نموونە بەشێكی زۆری ڕۆماننووسە بەنێوبانگەكانی دونیا لە كاری ڕۆژنامەنووسی و ئەزموونی ڕۆژنامەوانییەوە پێیان ناوەتە ناو ئەزموونی نووسین بە تایبەتی ڕۆمانەوە. شیعر لای ئێمە بە جۆرێك لە جۆرەكان هەم فریادڕەس بووە و هەمیش تاقە دەروازە و دەروو بووە‌. بە شیعر شت فێربووین و بە شیعر لاواوینەتەوە و بە شیعر گۆرانیمان گوتووە و بە شیعر گوزارشتمان لە تووڕەیی و تەنیایی و بردنەوە و شكستەكانمان كردووە.

پ٢/ بەگشتی ئەگەر سەیری شیعری كوردی، بەتایبەت شیعری دوای ڕاپەڕین بكەین، دەبینین ڕەشبینیەكی زۆر باڵی بەسەر فەزای زۆرێك لەو تێكستانەدا گرتووە، بە تایبەت لە شیعری گەنجەكاندا، ئەویش بەجۆرێكە، كە مرۆڤ لە خوێنەوەیاندا جگە لە ئازارو برین و بێزاری تامی هیچ شتێكی تر ناكات، پێتان وایە ھۆكاری ئەمە چییە؟ شیعر بۆ پیشاندانی ناشیرینیەكانی ژیانە؟ یان دۆزینەوەی جوانییە شاراوە نەبینراوەكان و دۆزینەوەی ئەو دونیا نوێیەیە كە مرۆڤەكانی تر كەمتر پەی پێدەبەن؟

وە/ لە ڕاستیدا دەكرێ ئازار و ڕەشبینی و غەم و نسكۆ و ….. هتد لە یەك كاتدا بكرێتە جوانترین شیعر و خەراپترین تێكستیشیان لێ بەرهەم بهێنرێ… شیعری جوان بە ڕای من لەیەك كاتدا لە ناو هەموو ئەوانەدا و لە دەرەوەشیاندان… هەموو شتێك لە ژیان و دەوروبەرماندا نەك هەر ماتریاڵی خاو و كەرەستەی ناوازەن بۆ شیعر، بەڵكو خوڵقێنەری زوبانی دەقیشن… هەستەكانی مرۆڤ هەر لە ناچیزەترینیانەوە تا شكۆدارترینیان، هەر لە غەمگینترینیانەوە تا شادترینیان دەبنە شیعر .. ئەوەی ئێوە باسی دەكەن دەشێ شەپۆلێك بێ و شیعر و هەڵبەست و قسە و تێكستی جۆراوجۆر و ئاست جیاوازی لە خۆی گرتبێ، دەكرێ لە بری باسی ئەو شەپۆلە بە كۆ بكرێ، ئێمە هەوڵ بدەین دەنگە كەم و ناوازەكانی بناسینەوە و ئەگەر شتێك هەبێ ناوی ڕەخنەی كوردی بێت، قسەیان لە سەر بكا و گرینگییان پێ بدا… شەپۆل و ئاپۆرە و قەرەباڵخییەكان دەڕەونەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە چەند دەنكە مروارییەكی جوان و بە درەوشە و تەنیان…

پ٣/ ئاماژەتان بە ڕۆڵی ڕەخنەگر داوە، دەمەوێت بپرسم بۆ زۆرێك لەوانەی بابەتی ڕەخنەیی لەسەر تێكستەكان دەنوسن پێش قسەكردن لەسەر ناوەرۆك و ئاستی ئەدەبی دەقەكە قسە لەسەر كەسایەتی شاعیرەكە دەكەن، ئەوە پەیوەندی بە ناڕاستگۆی شاعیرانی ئێمەوە هەیە لەگەڵ خۆیان و جیاوازی لە نێوان نوسین و هەڵسوكەتی ژیانی خۆیاندا هەیە؟ یان لاوازی ئاستی ڕەخنەی ئێمەیە كە هێشتا ناتوانێت لە كەسایەتی شاعیر دوربكەوێتەوەو واز لە ژیانی تایبەتی نوسەر بێنێت و بابەتیانەو زانستیانە قسە لە سەر خودی دەقەكە خۆی بكات.

وە/ بە داخەوە چەند هەوڵێكی دەگمەن و تاك و تەرای لێدەرچێ، ڕەخنەی كوردی پێبەپێی بزاوتە ئەدەبیی و هونەرییەكە نەهاتووە و قسەی جیددی لە بارەیەوە نییە و نەبووە . ئیشی ڕەخنەی كوردی تا ئەم ساتەوەختە بە زۆریی لە نێوان پۆلێن كردنی كارێكی ئەدەبیی لە نێوان باش و خەراپ، لاواز و بەهێز، جوان و ناشیرین، ڕەشبین و ڕووناكبین، ئومێدبەخش و نائومێدكەر و تا دەگاتە ڕووخێنەر و بنیاتنەردا قەتیس ماوە و ئەوەیشی لەو كۆنتێكستەدا دەیڵێ تێكەڵەیەكە لە سەرنجی لابەلا و سەرەقەڵەمی پەرتەوازە و ڕای شەخسی و زووتێپەڕ، ئەوە ئەگەر نەیپەرژێتە سەر قسەكردن لە سەر كەسێتی نووسەر خۆی و شێوازی ژیان و ستایشكردن یان بوغزاندنی، یاخود نەیەتە سەر ئەوەی دواجار هێڵێكی ڕاست و چەپ بە سەر هەموو شیعردا بهێنی و بە ڕستەیەك بڵێ: كورد هەمووی شاعیرە و شیعر لە دنیادا باوی نەماوە و خوێنەری نییە…. لە ڕاستیدا ڕەخنە لە دەرەوەی هەموو ئەو خانەبەندكردنەی كارێكی ئەدەبیی بە سەر باش و خەراپ و جوان و ناشیرین و لاواز و بەهێزدا، ئیشێكی بنەڕەتی لە ئەستۆدایە كە ئەویش هەڵگۆزانی دەلالات و مانا و ئاسۆی نوێیە لە دەقدا، هێنانە قسەی دەق و كەشفكردنی وزە تاریك و شاراوەكانێتی… ڕەخنە بەرهەڵداكردنی ئەو نەگوتراوانەیە كە دەق نەیگوتوون یاخود نەیویستووە بیانڵێ، بەو مانایە ڕەخنە ئاستێكی مەرمووق و شكۆداری دەقە لە بەرزترین و واڵاترین ئاستی چێژی ئەدەبیی و ڕاهێنانی خوێنەر لە سەر چێژبردن لە ئەدەب و ئەزموون و ڕەهەند و ئاسۆ هەنووكەیی و ئایندەییەكانی… لە ڕاستیدا هەندێك لەو ڕانانەی كە لە ئەدەبیاتی ئێمەدا لە بارەی كتێبەوە دەنووسرێن، جیددی تر و پڕ زانیاری تر و خاوەنی بەهای ئەدەبیی و ڕەخنەیی زیاترن لەو نووسینانەی بە ناوی ڕەخنەی ئەدەبییەوە دەنووسرێن..

پ4/ شیعر یەكێكە لە گرنگترین و كۆنترین ئەو ژانرە ئەدەبیانەی كە بەدرێژای مێژوو لەگەڵ مرۆڤدا ژیاوە، (كازانزاكیس) یش دەڵێت( شیعر ئەو خوێیەیە كە ناھێڵێت جیهان بۆگەن بكات) بەبڕوای ئێوە ئەم گرنگیەی شیعر لە چییەوە ھاتوە؟ تۆ بۆدەتەوێت شیعر بنوسیت و بۆ تۆ شیعر چییە؟

وە/ گرینگیی شیعر بە بڕوای من لە خۆیدا و لە هەبوونیدایە. لەو بەشداریییە فرە مەودا و تێكچڕژانە چڕەیدایە لەنێو ژانرەكانی تری ئەدەب و تەنانەت سینەما و مۆزیكیشدا…گرینگیی شیعر بە لای منەوە لەوەدایە كە لە كرۆكی ژیاندایە، لە پڕكردنەوە و بەرجەستەكردنی پێداویستییە ناوەكیی و ڕۆحییەكانی مرۆڤدایە. لەو شكۆیەدا كە لێناگەڕێ بچووك و بچووكتر ببینەوە و بكەوینە دوای دروشم و مژدەی سادە و ڕۆژانەیی و درۆیینە. گرینگیی شیعر لەوەدایە جەختمان لە سەر دیوە سەركەش و یاخی و تەنیا و سەرفرازەكەی خۆمان پێ دەكاتەوە، گرینگیی شیعر لەوەدایە بازمان بە سەر دیوە نزم و توڕەهات و هیچەكەی خۆماندا پێ دەدا و ڕووبەڕوو بەرامبەر دیوە باڵا و ڕاستەقینە و جوانەكەمان ڕامان دەگرێ.. گرینگیی شیعر لەوەدایە كە ئەڵتەرناتیڤمان بۆ جیهان دەداتێ، ئەڵتەرناتیڤمان بۆ زوبان و خەیاڵ و ئایندە و خۆبوونمان دەداتێ… واتە شیعر جیهانێكی تر و زوبانێكی تر و ئایندەیەكی تر و بوونێكی ترمان دەداتێ، بوونێك كە خۆمان هەڵیدەبژێرین و توند و پتەو و بەرپرسیارانە و بە بێ سازش لەبەر ڕەشەبای كۆست و كارەساتەكانیدا ڕادەوەستین …

پ/ كاتێك كە ئەزمونی شیعری تۆ دەخوێنینەوە، تیایدا هەمیشە هەست بەگەڕانەوەیەكی دیار یان شاراوە بۆ منداڵی دەكەین و لەوێوە بەر دونیای شتە بچوك و سادەكان بە زمانێكی قوڵ لادەكەوین، بەتایبەت لە شیعری (باوكە پەنجەرەكە بكەوە، قسەیەك لە دڵما ماوە دیڵێم) ئەم گرنگیدانە بە ڕابردوو بۆ؟ گەڕانەوە بۆ منداڵی تەنھا كەرەستەیە بۆ بنیاتنانی شیعر یان یادەوەریەكی لە دەستچووی تۆیە و شیعر قەرەبووی لە دەست چونیت بۆ دەكاتەوە؟

وە/ دەتوانم بڵێم شیعر لای من خودی منداڵییە بە هەموو دیتاڵەكانییەوە لە ئێستادا و پراكتیزەكردنەوەیەتی بە هەمان ئەو خەیاڵاتانەی كە منداڵ دونیای واقیعی پێ دەستكاری دەكا و بە هەمان ئەو كەرەستانەی كە منداڵ دونیای خۆی پێ ڕۆدەنێ. شیعری جوان بە بڕوای من بەو وزە گەورەیەی خەیاڵ و بەو كەرەستە سیحرییانەیەوە كە خاوەنییەتی، هیچ پێویستی بەوە نییە لە سەر یادەوەریی بژی و ئاخ و داخ بۆ ژیاندنەوەی هەڵكێشێ و قەرەبووی شتێك بە شتێكی تر بكاتەوە. ڕەنگبێ نۆستالگیا كەم و زۆر ڕۆڵ لە خەیاڵدا بگێڕێ و بە جۆرێك لە جۆرەكان كاریگەری لە سەر بونیادی تێكستەكە هەبێ، بەڵام ئەو كاریگەرییە دەبێ ئەوەندە دوور و كاڵ و یەكانگیر لەگەڵ ئێستادا بێ كە لە سەر یادەوەری و گەڕانەوەی نۆستالگیانە بۆ ڕابردوو نەژی و هەناسە نەدا، ئەگەرنا لەو كاتەدا شیعر نزیك دەبێتەوە لە مۆنۆلۆگ یان خۆدواندنێكی یەكتا و یەك ڕیتم و بێ خەیاڵ. واتە من ئەوەندەی وەك ستركتور دەگەڕێمەوە لای منداڵیی و هەوڵی خوڵقاندنەوەی ئەتمۆسفێر و بەكارهێنانەوەی كەرەستەكانی و فۆرماندنەوەی زوبان و وێنەكانی دەدەم، ئەوەندە بە دوای ئەوەوە نیم كە یادەوەرییەكانی بگێڕمەوە یان ڕابردوو بكەمە چەق و سەنتەری ڕۆنانی بونیادی شیعرەكە.

پ/ نوسەرێك دەڵێت” پتر لە هەر شتێكی تر بۆیە شیعر دەنوسم هەتا بتوانم باسی خۆم بكەم” ئەپرسم تۆ تاچەند لە نوسینەكانتا خۆت ئامادەی؟ تۆ خۆت دەنوسیتەوە، یان ئەوانی تر، لەكاتی نوسیندا خۆتو دنیا تایبەتەكەی خۆتت لە بیرە؟ یان تۆ بۆ خوێنەر دەنوسیت و لە پێشنوسین و دوای نوسینیشا خوێنەرێت لە بیرەو بۆ ئەوان دەنوسیت.؟ شیعر پەیوەندیەكی زاتییە یان گشتی؟

وە/ من لە میانەی خۆمەوە وەك خود و سەنتەر، لە دەوروبەر و دونیا دەدوێم، دەبمە بەشێكی یەكانگیر لەگەڵ دونیای خۆم و شەریكێكی كارا و هاوبەش و ئەكتیڤ لەگەڵ مرۆڤ و گەردوون. دەتوانم بڵێم بە زۆریی لە شیعر و پرۆسەی شیعرنووسیندایە، دەبمە خودێك كە دەتوانم هەست بكەم شتێك دەكەم، هەست بكەم كە بەشدارم، كە قسەیەكم هەیە بۆ گوتن، لە نزیكەوە هەستەكانم لە بینین و بیستن و چەشتن و بەركەوتن ڕۆڵی ڕاستەقینە و سروشتی خۆیان دەگێڕن. لە شیعردا دەبمە كەسێكی تر، كەسێك ئامادە بۆ دەست بەكاربوون بە كەرەستە سادە و ئەفسووناوییەكانی ڕۆنان و خوڵقاندنەوە. شیعر بۆ من هەم پەناگە و هیڵی بەرگرییە بۆ خۆپاراستن لە بچووكبوونەوەی خۆم و هەم هێڵی هێرش و ڕۆیشتن بۆ شەڕێكیشە كە ئازایەتی خۆمی تێدا بنوێنم و هەست بە شكۆ و كاریگەریی خۆم بكەم، ئیتر هیچ گرینگییش نییە كە تیایدا دەیبەمەوە یان دەدۆڕێم. شیعر تا سەر ئێسك پرۆسەیەكی داهێنەرانەی خودییە، بەڵام لە ڕووبەرێكی بەرفراوان و واڵای بووندا.

پ/ زۆرێك لەوانەی ئەزمونی شیعری تۆیان خوێندۆتەوە پێیان وایە ئەزمونی شیعر نوسینی تۆ ئەزمونێكی (هێمنە) بەجۆرێك كاتێك توڕەش دەبیت یان نیگەران دەبیت و توشی جۆرێك لە هەڵچوون دەبیت لە شیعردا ھێشتا بێزاری و تورەبوونەكانت دەربڕینێكی هێمنانەیە، بەنمونەش لە شیعری (هەموو ڕێگەكان دەچنەوە سەرا) ئەم هێمنیە لە چیەوە ھاتووە، ئەوە پەیوەندی بە كەسایەتی خۆتەوە ھەیە یان شیعر خۆی ئەوە دەخوازێت، ناكرێت چون لە باسی پەپولەدا مرۆڤ ناسكە ئاواش لەكاتی دەربڕینی ناشیرینیەكاندا مرۆڤ زبربێت ئەگەر لە شیعریشدابێت؟

وە/ پێم وا نییە تێكستی جوان لە تووڕەییدا و بە تووڕەیی بنووسرێ، لانیكەم من وای دەبینم كە زوربەی ئەو تێكستانەی بە تووڕەیی و لە ساتەوەختی تووڕەییدا دەنوسرێن دەبنە دروشم یان تێكستی ساتەوەختی كە زوو تێدەپەڕن و دەگوزەرێن و بیردەچنەوە… هیچ شتێك وەك نووسین پێویستی بە هێمنی و هاوسەنگیی و لەسەرخۆیی و لەسەروەستان نییە… تێكستی جوان لەوە شەفافتر و ڕوونترە كە بە تووڕەیی و هەژان و ئینفیعالی ساتەوەختی شلوێ بكرێ‌. هەموو شتێك لە تێكستدا دەبینرێ، تەنانەت ئەو تەمومژ و ئاڵۆزییەش كە شاعیر دەیەوێ بێ توانایی خۆی لە ژێریدا بشارێتەوە. كاتی خۆی كاك رێبین هەردی لە نووسینێكدا زۆر جوان و ڕوون باسی ئەو چەمكەی ئەم پرسیارەی ئێوە دەكا و بە نموونە باسی زوبانی ئەو یەك دوو شیعرەم دەكا كە بۆ ئەنفال و هەڵەبجە نووسراون و چەند دێڕێك لە شیعری (شەهیدەكان ماڵیان لە شووشەیە)، دێنێتەوە كە شەهیدەكان لە شیعرەكەدا “بە دوای كۆرسێكدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی خۆیان لە خولی فێربوونی ئۆكۆردیۆن ژەنیندا ناونووس بكەن…” سەبارەت بەو شیعرەی ئێوەیش ناوتان هێنا ( رێگەكان دەچنەوە بەر سەرا) كاتێك نووسرا شار پۆنگی خواردبۆوە بە ڕق و هوتافكێشان و تووڕەیی، چەند جارێك داوام لێكرا وەك زوربەی زۆری ئەو شیعرانەی تر كە بۆ ١٧ ی شوبات لەو كاتەدا دەنووسران، سەر بكەومە سەر سەكۆكە و بیخوێنمەوە، بەڵام من قاییل نەبووم و پێم وا بوو ئەو شیعرە لە بەردەم خەڵكێكی زۆر و بە دەنگی بەرز و گڕ ناخوێنرێتەوە، چونكە شیعرێكە لە قەرەباڵخییدا و بە تووڕەیی نەنووسراوە..

پ/ پێم خۆشە دەربارەی پەیوەندی شاعیر بە كۆمەڵگاوە سەرنجت بزانم، (پابلۆنیرۆدا) لە وتارێكدا دەڵێت” ئێمەی شاعیران مافی خۆمانە شادومانبین، بەو مەرجەی شان بەشانی گەلەكەمان و لەكاتی بەرخۆدان و ڕێگای خۆشبەختیدا لەگەڵیان بمێنینەوە. یان لە جێگایەكی تردا دەڵێت” شاعیر هەرگیز سڵ لەوە ناكاتەوە بەشۆڕشگێڕ ناوی ببەن، چونكە شیعر خۆی شۆڕشە” مەبەستمە بپرسم تاچەند پێتان وایە كە دەبێت شیعرو شاعیر لەگەڵ خەڵك و لە بەرەی خەڵك بن و شیعر بەشێك بێت لە خستنە ڕووی ئازارەكانیان.

وە/ هیچ گومان و دوودڵییەك لەوەدا نییە كە دەبێ شاعیر و نووسەر لەگەڵ خەڵك و لە بەرەی خەڵكدا بێت دژی ستەم و ستەمكار، ئەگەر هەر نەیشتوانێ دژی بێت ئەوا لانیكەم لایەنگری ستەم و ستەمكار نەبێ و یەكێك نەبێ لەوان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ بۆ هەندێ پرسی هەستیار لەگەڵ تاك و نوخبە و كەمینەدا بێت دژی ڕا و بیروبۆچوونی باوی زۆرینە و ئاپۆرە و حەشامات. لە ڕاستیدا سیاسەت لای ئێمە بۆ بەرژەوەندی خۆی بە گوێرەی مەزاجی خۆی ئەو پرسەی زۆر جار و بە شێوەی جۆراوجۆر شێواندووە و ئەندام و لایەنگیرانی خۆی بە جۆرێك پەروەردە كردوون كە مەرجە شاعیر و نووسەر و ڕووناكبیران خاوەن هەڵوێستی هەنووكەیی سیاسیی بن. بەڵام لە ڕاستیدا نووسەر بەر لە هەر شتێك دەبێ خاوەن ڕوئیا و دید و هەڵبژاردن و دونیابینی خۆی بێ و دوای قەرەباڵخیی نەكەوێت، ئەم قسەیەش بەو مانایە نییە كە لەگەڵ خەڵك و بەرەی خەڵكدا نەبێت، بەڵام لەگەڵ بوون بە دیوە سیاسی و مەرامە ئایدیۆلۆژییەكەی دا نا، بەڵكو دژی خودی ئەو دیوە سیاسیی و مەرامە ئایدیۆلۆژییەش كە حیزب و رێكخراوگەلی سیاسی ئامانجمەندانە خەڵك دەكەنە پردی وەدیهێنانی مەرامەكانی خۆیان یان بۆ لێدانی نوخبە و دەستبژێر و ئیلیتێكی سیاسی یان ڕووناكبیر و مۆدێرن ئامادەیان دەكەن.

پ/ قسەیەكی بوزیەكان هەیە دەڵێت” هەوڵبدە زۆر سەفەربكەی، تەنانەت ئەگەر بۆ گەڕەكی ئەودیو ماڵەكەی خۆشت بێت، ئەوەش لە خوێنەوەی كتێبێك گرنگترە” من دەزانم تۆش یەكێكیت لەوانەی سەفەرت زۆركردوە لە زۆر شوێنی دونیا ماویتەوە، دەمەوێت بپرسم، گەڕان و سەفەر تاچەند بۆ نوسەر، بەتایبەت بۆ ڕوئیای شیعری شاعیرگرنگن، بینینی دونیا چی بەتۆ بەخشیوە و چ كۆمەكێكی بۆ پرۆسەی نوسین لای تۆ هەبووە.

وە/ لە ڕاستیدا گرینگیی سەفەر و بینینی شوێنی تر و هەڵمژینی هەوای تر هەر لەوەدا كورت نابێتەوە كە بنیادەم وڵات و شوێن و جێگەی تر دەبینێ و بە خەڵك و زوبان و كولتووری تر و نوێ ئاشنا دەبێ، بەڵكو ئەوەیە كە مرۆڤ (خۆ) یەكی تر لە پنتگەلی تری دونیادا دەبینێ كە لەو كەسەی بەر لەر سەفەر و بینینی خۆی لە فەزا و ڕووبەری پێشوودا ناچێت… مرۆڤ لە سەفەر و بینینی شوێنانی تردا لە خۆی تێدەپەڕێنێ و ڕوانینی دەپژێ، خەیاڵی دەوروژێ و سەرسامیی دایدەگرێ و دڵی بە ڕیتمی نوێ لێ دەدا و ئارەزووی بۆ ژیان تا دوا پلە بۆ باوەش كردن بە دونیا و هەڵمژینی هەوای تازە و یەكانگیربوون لەگەڵ شتگەلی نوێدا دەبزوێ…. سەفەر و گەڕان و بینینی دونیا مافی سەرەتایی هەر كەسێكە و هەموو كەسێك خولیاو ئارەزووی بە پلە و ئاستی جیاواز بۆی هەیە و دیارە بە شێوازی جیاوازییش لە سەری ڕەنگ دەداتەوە و كاردانەوەی بۆی هەیە، هەر بۆیە كەمیش نین ئەو كەسانەی كە ساڵانێكی زۆرە لە دەرەوە دەژین و سەفەریان بۆ شوێنی جیاواز كردووە، بەڵام نەك هەر قولانجێك لە خۆیان تێنەپەڕاندووە، بەڵكو جاران مرۆڤتر بوون و ڕوانینیان كراوەتر باشتر و جوانتر بەر دونیا و بوون دەكەوتن. بیرمان نەچێت سەفەرێكی تریش هەیە جوگرافیی نییە و مرۆڤ یەك هەنگاوی بۆ هەڵنانێ، بەڵام لە كتێب و شیعر و مۆسیقا و فیلمەكانەوە ئاشنا دەبێ بە دونیا و لە نزیكەوە بەر شار و ڕێگە و زەریا و زوبان و كولتووری نوێ دەكەوێ. سەبارەت بە منیش كە سەر بەو‌ نەوەیەم لە جەنگەكاندا لە دایكبووین و گەورەبووین و یەكەمین سەفەرمان، ڕەوی ناچاری و زۆرەكیی و گیانی خۆ ڕزگاركردن بووە، بۆیە هەمیشە هەست دەكەم ترس و نیگەرانیی و جۆرە دردۆنگیی و ڕاڕاییەك بە سەفەر و گەڕان و شوێن بینینەكانمانەوە هەیە. بەڵام بە گشتی هەرە شتی گرینگی سەفەر بۆ نووسەران بە بڕوای من ئەوەیە، كە ئەگەر لەوەوبەر بە یەقینەوە خۆی بە نووسەر و شاعیر و داهێنەر زانیبێ، ئیدی هەر لە سەرەتا و یەكەمین هەنگاویی سەفەرەكەیدا ڕادەچڵەكێ و شۆك دەبێ بەوەی كە ئەوانە هیچیان نەبووە، بەڵام هاوكات گوڕی ئەوەشی تێدەگەڕێ كە ئەگەر بیەوێ دەتوانێ دەست پێكردنەوەیەكی تازە دەست پێ بكاتەوە، خۆ ئەگەر نەیشتوانێ بە زوبانێكی نوێ بنووسێ، بەڵام بەهەرحاڵ دەتوانێ بە خەیاڵ و ڕوانینی نوێوە بیر بكاتەوە و خۆی بە كەسێكی تری جیاواز لە پێشوو بزانێت.

پ/ هەمیشە دەوترێت بڕیاری نوسین بۆ نوسەر كارێكی گران و پڕ لە دودڵی و ڕاڕاییە، (ماركیز)یش دەڵێت” قورسترین و سامناكترین بڕیار، دانیشتنە لە بەردەم كاغەزی سپیدا” توش لە نوسینێكدا دەڵێت” هەموو ڕووبەڕوو بونەوەیەك لەگەڵ كاغەزی سپی دڵڕاوكێیەكی لەگەڵدایە” مەبەستمە بپرسم ئەم ترسەو دڵڕاوكێیە لە كاغەزی سپی لەچیەوەیە بۆ نوسەر؟ تۆ باش ئەو ھەموو ئەزمونە لە نوسین، هێشتا هەر لەكاتی نوسینا قەلەقی؟ نوسین بەتایبەت شیعر چی پێبەخشیت و لە چی بێبەشی كردی؟

وە/ لە تەوراتدا بەسەرهاتێكی سەرنجڕاكێش لە بارەی ئێلیسا پێغەمبەرەوە هەیە كە سەروكاری لەگەڵ مردوو زیندوو كردنەوەدا هەیە و بەوپەڕی باوەڕ و قەناعەتەوە شان دەداتە بەر ئەركێكی مەحاڵی لەوجۆرە. ‘كازانتزاكیس’ یش لە یادەوەرییەكانیدا ‘ڕاپۆرت بۆ گریكۆ’، بەسەرهاتی هاوڕێیەكی شاعیری بە ناوی ئانگیلیۆس دەگێڕێتەوە كە ئێوارەیەكی درەنگی ڕۆژێكیان لە پیاسەكردن دەگەڕێنەوە، لەبەر دەرگای ماڵەوەدا ڕادەوەستن و لەزەریا دەنۆڕن. پۆستەچی گوند دێت و نامەیەك لە جانتاكەی دەردێنێ و دەیداتە دەست هاوڕێكەی. پاشان سەر دەباتە بناگوێی و بە ترس و شڵەژانەوە دەڵێ: “بەستەیەكی گەورەشت بۆ هاتووە”… ئانگیلیۆس بەدەم خوێندنەوەی نامەكەوە ڕوخساری سوور هەڵدەگەڕێ و هەناسەبڕكێی پێدەكەوێ. پاشان نامەكە دەداتە كازانتزاكیس و دەڵێ:”بیخوێنەوە!” كازانتزاكیس نامەكە وەردەگرێ كە هی ژنەكەی (ئانگیلیۆس) ـە و بۆی نووسیوە:
“بوزا بچكۆڵە ئازیزەكەم! بەرگدرووەكەی هاوسێمان مرد، وا بۆت دەنێرم بەڵكو ڕۆحی بكەیتەوە بە بەردا!”
ئانگیلۆس بەترسەوە تەماشای كازانتزاكیس دەكا و دەڵێ:” بڵێی بتوانم؟ … بڵێی زەحمەت بێ؟” كازانتزاكیس بە شانهەڵتەكاندنەوە دەڵێ:” نازانم، بەڵام بەهەرحاڵ، بەڵێ زۆر زەحمەتە!” پۆستەچییەكە پەلەی دەبێ، دەڵێ:” ئەی چی لەو بەستە گەورەیە بكەم؟” ئانگیلیۆس وەڵامی دەداتەوە:” بۆم بێنن…!” وا دەڵێ و بە دەم چاوەڕوانییشەوە خۆی دەخواتەوە و لێو دەكرۆژێ. زۆری پێناچێ دوو پیاوی لادێیی دەردەكەون. تابوتێكیان بەسەر شانەوە دەبێ كە تەرمی كابرای بەرگدرووی تێدایە. ئانگیلۆس زۆر جوامێرانە دەڵێ:” ئادەی بۆم بەرنە سەرەوە” جارێكیتر ئاوڕ دەداتەوە، تەماشای كازانتزاكیس دەكا و بە نیگەرانیی و دردۆنگییەوە دەڵێ:”چ دەڵێی؟ بڵێی بتوانم؟ تۆ بڵێی ئەوەم لەدەست بێ؟” كازانتزاكیس وەڵامی دەداتەوە:” تۆ هەوڵی خۆت بدە، منیش دەچم پیاسەیەك دەكەم!” كازانتزاكیس ڕێگەی كەنار زەریا دەگرێتەبەر. بۆنی سەوڵ و زەریا هەڵدەمژێ و بەخۆی دەڵێ:” ئێستا ساخ دەبێتەوە ئاخۆ ئەو هاوڕێیەم فشەكەر و تەڵەكەبازە یان ڕۆحێكی چاوقایمە و سەروكاری لەگەڵ مەحاڵدا هەیە؟ بڵێی چ بكات؟ بڵێی هەوڵبدا مردووەكە زیندوو بكاتەوە؟ یاخود لە حەژمەت ئابڕووچوون وەك ڕێوییەكی فێڵباز دەخزێتە نێو جێگەكەی و خۆی دەكا بە نوستوو، ئەمشەو ئەوەم بۆ دەردەكەوێ….” كاتێ كازانتزاكیس دەگەڕێتەوە ماڵەوە، ژووری هاوڕێكەی كە لە نهۆمی سەرەوەیە، لەڕووناكیدا پرشنگ دەدا. بە درێژایی شەو دەنگی نركە و ناڵەو نەعرەتە و جیڕەی قەرەوێڵەی لێوە دێ. پاشان دەنگی تەپەی پێ بەدرێژایی و پانایی ژوورەكە. هەمدیس نووزە و هاوارهاوار و نەعرەتە و جیڕەجیڕی قەرەوێڵە. كازانتزاكیس بەردەوام گوێی لە هاوڕێكەی دەبێ كە هەناسەی قووڵ هەڵدەمژێ و دەنركێنێ و هاوار دەكا و پەنجەرە دەكاتەوە، وەك بڵێی خەریكبێ بخنكێ و پێویستی بەهەڵمژتنی هەوا بێ. تاریك و لێڵەی بەرەبەیان، كازانتزاكیس لەشەكەتیی خۆیدا خەو دەیباتەوە. بۆ بەیانی كە وەئاگا دەبێتەوە و دەچێتە خوارەوە، دەبینێ ئانگیلیۆس لەسەر مێزەكە دانیشتووە. شیرەكەی دەست لێنەدراو لەبەردەمیدایە. كازانتزاكیس بە بینینی ڕادەچڵەكێ، چونكە ڕەنگی مردووی لێنیشتووە، دەم و لێوی خۆڵەمێشیی دەچێتەوە و دەوری چاوانی شین هەڵگەڕاوە. كازانتزاكیس هیچ ناڵێ، واقوڕماو لەلایەوە دادەنیشێ و چاوەڕێ دەبێ. بەڵام ئەوەی لە ڕوخساری هاوڕێكەیدا دەیبینێ شكۆی كەسێكە كە هەوڵی وەدیهێنانی مەحاڵی داوە، ئەوەش ڕێك واتە شیعر نووسین.

ئەو بەسەرهاتەم بۆیە لێرەدا نووسییەوە تا لێكچوونی هەوڵی شیعر نووسین بە هەوڵ و پڕكێشییەكانی ئێلیسا پێغەمبەر و ئانگیلیۆس بۆ زیندووكردنەوە و ڕۆحبەبەرداكردنی مردوویەك بچوێنم… هەمان ترس و زەندقچوون، هەمان سپیێتیی ڕەها، هەمان دردۆنگیی و هەژان، هەمان مردوویی سەركاخەز و نێو تابووت و هەمان خولیا بۆ زیندووكردنەوە و خوڵقان و وەدیهێنانی مەحاڵ. ئەوە وێڕای ئەو شكۆ و بەرزەفڕیی و هەیبەتەی كە بنیادەم لە كاتی وەدیهێنانی ئەركێكی ئەوەندە خەیاڵپڵاوانە و بێهوودە و ناكردەنی و تاقەتپڕوكێندا دایدەگرێ، شكۆیەك گەورەتر لە شكۆ درۆیینەی پادشا و دەسەڵاتدار و فەرمانڕوایان .. هەربۆیە لە خۆڕا نییە كە كەس وەك ئەو پادشا و دەسەڵاتدارانە ڕقێكی قووڵ و شاراوەی لە شاعیران نییە، دیارە كە دەڵێم شاعیر، مەبەستم لە شاعیرە بە مانای تەواوی وشەكە نەك شیعرچی و هەڵبەستوان




گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر بەیان سەلمان …. سازدانی / شاخه‌وان سدیق

به‌یان سه‌لمان:
له‌ كۆنه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، گێرانه‌وه‌ به‌شێكی ته‌واوكه‌ری گرنگی ژیانه‌

ژنه‌ ڕۆژنامه‌نووس (به‌یان سه‌لمان) یه‌كێكه‌ له‌ ناوه‌دیارو ده‌نگه‌ جدیه‌كانی ناو دونیای ئه‌ده‌بی كوردی و وه‌رگری خه‌ڵاتی ئه‌م ساڵی ئه‌ندێشه‌یه‌ بۆ ڕۆمان له‌ ئێستادا خاوه‌نی هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕۆمانه‌كانی (شه‌وانی ئاده‌م و به‌رزایی شوراكان و نه‌وه‌كانی مادائی) و له‌ ئێستاشدا سه‌رقاڵی نوسینی ڕۆمانێكی نوێیه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ شاری كه‌ركوك، بۆ زیاتر ئاگاداربوون له‌ تێڕوانینی ئه‌و بۆ ئه‌ده‌ب، ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵ سازدا.


پ1/ (كۆڵن وڵسن) له‌ كۆندا وتویه‌تی ” كاریگه‌ری ڕۆمان له‌سه‌ر كلتوری مرۆڤایه‌تی له‌ تێكڕای تێزه‌كانی (داروین و فرۆیدو ماركس) زیاتر بووه‌. ئه‌مڕۆ به‌هۆی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیاو، به‌تایبه‌ت هاتنی ئینته‌رنێت، زۆرێك پێیان وایه‌، بایه‌خ و گرنگیی ڕۆمان له‌ ئێستادا وه‌ك جاران نه‌ماوه‌، ئێوه‌ پێتان وایه‌ تا چه‌ند ئه‌م بۆچوونه‌ ڕاسته‌؟

به‌یان سه‌لمان/ با له‌ وته‌یه‌كی پۆل ڤالێری ده‌ست پێ بكه‌م كه‌ له‌ ساڵی 1937 وتویه‌تی ”كاتی كۆتای دنیا وا ده‌ست پێ ده‌كات.”. كه‌ ڤالێری ئه‌وه‌ی گوتوه‌، ماوه‌ی دوای شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م و دوو ساڵ پێش ده‌سپێكی شه‌ڕی جیهانی دووهه‌مه‌. ئاساییه‌ كه‌ مرۆڤ ڕه‌شبین بێت. دیاره‌ ڤالێری به‌و ڕسته‌یه‌، باس له‌ ”به‌یه‌ك ره‌نگكردنی” دنیا ده‌كات. وه‌ك یه‌ك به‌رگ، هه‌موو كه‌سێك یه‌ك بۆچوونیان ده‌بێت و ده‌یانه‌وێت وه‌ك یه‌كیان لێ بێت و وه‌ك ئه‌ویان هه‌بێت. له‌ كوردستانیش، ئه‌و ڕه‌شبینییه‌ به‌ بارو دۆخی ناوچه‌كه‌وه‌ پابه‌نده‌. بێ گومان ئه‌وه‌ كاریگه‌ریی له‌ سه‌ر بۆچوونی ئه‌و كه‌سانه‌شه‌ كه‌ تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌یان نییه‌. ئه‌ده‌ب هه‌ر ده‌مێنێت. ڕۆمانیش وه‌ك به‌شێك له‌و، به‌ تایبه‌تی به‌رگریی ده‌كات، جۆرێكه‌ له‌ ”ئه‌نتی بایۆتیكی” سروشتیی، كه‌ دژ به‌ ئایدیۆلۆژیا به‌رگرییت پێ ده‌كرێت. ساتێكیش دێته‌ پێشێ، كه‌سه‌كه‌ خۆی له‌ ته‌وژمی ته‌كنه‌لۆجی بێ تاقه‌ت و وه‌ڕس ده‌بێت، ئه‌وجا ده‌ست به‌ خۆ ڕیكخستنه‌وه‌ ده‌كات. له‌ جێیه‌كدا، ته‌كنه‌لۆجیاش ده‌بێته‌ ئایدیۆلۆجی و ده‌سه‌ێندرێته‌ سه‌ر تاكه‌كان. ده‌بێ تاك دژی ئه‌و سه‌پانده‌نه‌ به‌رگریی بكات.

كێشه‌ش له‌ خودی ته‌كنه‌لۆجیادا نییه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ شێوه‌ی به‌كارهێنانێتی، له‌ چاولێكردن له‌ به‌كارهێنانی، وه‌ك له‌ ناوه‌ڕۆكی رسته‌كه‌ی ڤالێری تێ ده‌گه‌ین. كه‌ بزانین: بۆ، كه‌ی، له‌ كوێ، به‌كاری ده‌هێنین، هیچ گرفتێك دروست ناكات و ناتوانێت وه‌ك ئامرازێك تۆ به‌كار بهێنێت، به‌ڵكو تۆ، ده‌سه‌ڵاتت به‌سه‌ر ئه‌و ئامرازه‌دا ده‌شكێت و سوودی لێ وه‌ر ده‌گریت. ته‌كنه‌لۆجیا له‌گه‌ڵ داهێنانیدا، له‌سه‌ره‌تاوه‌، تاكو گه‌شه‌ی كۆمپیوته‌ر له‌ ئه‌مڕۆدا، ئه‌گه‌رچی زۆر ئالۆزیی جیهانی ئه‌مڕۆ و تاكێتیی و دووركه‌وتنه‌وه‌ وبگره‌ چوونه‌ كه‌نار به‌ ویستی تاك خۆی، به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، هاوكات به‌شێكیشه‌ له‌ گه‌شه‌ی ژیان. بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت ئاسانكاریی داهێناوه‌، كه‌سایه‌تی تاكه‌كان و ته‌نانه‌ت چه‌رخی فیكریشی گۆڕیوه‌. وێرای ئه‌وه‌ش، ئێمه‌ چیتر ناتوانین پشتگوێی بخه‌ین، به‌ڵام ده‌كرێت، زۆر به‌ چاكیی خۆمانی له‌گه‌ڵ بگونجێنین، به‌ باشیی كاری پێ ئه‌نجام بده‌ین، بێ ئه‌وه‌ی له‌ داهێنان و هه‌وڵی تاكێتمان كه‌م بكاته‌وه‌. به‌ تایبه‌تی نابێت له‌ دنیای ناوه‌وه‌ی خۆمان دامان ببڕێت. كێشه‌ له‌و دابڕانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خود، ئه‌گه‌ر زۆر سه‌ر بكه‌ینه‌ سه‌ر به‌كارهێنانیان. بێجگه‌ له‌وه‌ی، بۆچوون و نووسین ده‌بنه‌ ده‌ستكرد و به‌هایان نامێنێت، وه‌ك نووسینی خێرای لاپه‌ڕه‌یه‌كی فه‌یسبووكی لێ دێت. كه‌ كه‌س به‌ ڕاستیی و به‌ قوڵیی نایان خوینێته‌وه‌ و به‌ ”لایكێكی” ڕێزلێنان كۆتاییان پێ دێت!
با سه‌یری ئه‌و لایه‌نه‌ی ته‌كنه‌لۆجیاش بكه‌ین، كه‌ له‌ جێی خۆمانه‌وه‌، هه‌زاران ڕۆمان له‌ ناو به‌رزترین ره‌فه‌ی كتێبخانه‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ ده‌هێنیننه‌ سه‌ر شاشه‌یه‌ك و ده‌یان خوێنینه‌وه‌. ئه‌وه‌ له‌ ساییه‌ی گه‌شه‌ی كۆمپیوته‌رو هاتنی ئینته‌رنێت هاتۆته‌ دی. گرنگه‌ كه‌سانی ”ساغ” ئه‌ندام كه‌مێك بیر له‌ ”كه‌م” ئه‌ندامێكیش بكه‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ی نابینا و ته‌نانه‌ت نه‌خه‌وێنده‌واریشه‌، ئه‌مڕۆ ده‌توانێت به‌ ئاسانیی گوێ له‌ هه‌زاران كتێب بگریت. له‌بری ئه‌وه‌ی ده‌یان ڕۆمان و كتێب له‌گه‌ڵ خۆتدا بۆ سه‌فه‌ر به‌ریت، كلیلێكی (یو ئیس بی) و تابلێتێك سه‌دان كتێبت بۆ ده‌گوازێته‌وه‌. به‌ ڕاستیی له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ ڕه‌شبیینیانه‌ نیم كه‌ به‌زۆر پێمانی ده‌فڕۆشن. به‌ كورتیی، كه‌وتۆته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی، چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. دواجار، خوێندنه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ هه‌وڵی تاك خۆی، خۆشه‌ویستییه‌، په‌یوه‌ندی مرۆڤ به‌ خوێندنه‌وه‌ و كتێب، په‌یوه‌ندییه‌كی ئیشقی ئه‌زه‌لیی سه‌یره‌.

پ2/ مرۆڤ به‌درێژای مێژوو له‌ ڕێگه‌ی (ئه‌فسانه‌و حیكایه‌ت و چیرۆك)ه‌وه‌ ده‌ماوده‌م شتی گێڕاوه‌ته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی (عه‌تا محه‌مه‌د)یش ده‌ڵێت “ئه‌وه‌ی مرۆڤی دروستكرد گێڕانه‌وه‌ بوو”، مه‌به‌ستمه‌ بپرسم، تۆ له‌ نوسیندا ده‌ته‌وێت چی بگێڕیته‌وه‌، یان مرۆڤ بۆ هه‌میشه‌ خه‌میه‌تی بگێڕێته‌وه‌؟

به‌یان سه‌لمان/ له‌ كۆنه‌وه‌ بۆ ئه‌مڕۆ، گێرانه‌وه‌ به‌شێكی ته‌واوكه‌ری ژیانه‌. ئه‌و به‌شه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ تێیدا به‌ ورده‌كاریی ڕۆژانه‌دا بچینه‌وه‌. ژیان بریتییه‌ له‌ هێماو نهێنی، تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌، پڕه‌ له‌ بوونه‌وه‌ر، له‌ شوێن، له‌ ڕووداو، له‌ توندوتیژیی و له‌ جوانییش. له‌ هه‌موو چركه‌ ساتێكدا پێویسته‌ باسیان بكرێت. ئیتر ئه‌و كه‌سه‌ی چیرۆك ده‌گێڕیته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك كۆد له‌ ده‌وروبه‌ری بێت و ئه‌و به‌ گێڕانه‌وه‌ یه‌ك به‌ یه‌كی جفره‌كانی بكاته‌وه‌.له‌لام، ئه‌وه‌ مڕۆڤه‌ كه‌ زادی فه‌یله‌سووف و ڕۆماننووس دابین ده‌كات، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. له‌ میتۆلۆژیادا، ڕچه‌ڵه‌كی گه‌ردوون سه‌ره‌تا به‌ دروستكردنی ئاسمان و زه‌وی و بوونه‌وه‌ره‌كانی تر بوو، له‌ كۆتاییدا مرۆڤ. بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ ڕێگای پرسیاركردن بگێڕێته‌وه‌؛ هه‌ر خودی میتۆلۆژیا كه‌ مرۆڤ دایهێناوه‌، ئه‌و پرسیاركردنه‌ ده‌سه‌لمێنێت. ئه‌وه‌ مرۆڤه‌ له‌بری سروشت و سه‌رجه‌می بوونه‌وره‌كان و گیان له‌به‌ره‌كان قسه‌ ده‌كات، پرسیار له‌ وجودی خۆی ده‌كات و ده‌یگێرێته‌وه‌. گێڕانه‌وه‌، گه‌ڕانه‌ به‌ دوای شتی نادیار تا بیكه‌ینه‌ دیار. هه‌ندێك جار، شتی زۆر ساده‌ و ئاساییه‌، به‌ڵام نه‌بیندراون. ده‌توانم بڵێم، ئه‌و به‌هه‌شته‌یه‌ كه‌ هه‌موومان به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕێین، ئه‌وه‌ی لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌، ناشڵێم پێی ده‌گات، تا ڕاده‌یه‌ك ده‌ستی ده‌چێته‌ ناو نادیار و زمانه‌كه‌ی وه‌ر ده‌گێڕێت و دووباره‌ به‌ زمانێكی تایبه‌ت كه‌ خۆی دای ده‌هێنێت، شته‌كانی پێ ده‌گێڕێته‌وه‌. له‌بیرشمان نه‌چێت، كه‌ خودی زمان، ئامرازێكی هاوپه‌یوه‌ندییه‌، كه‌ به‌ نێوه‌ندی ئاماژه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌وه‌ كه‌ سه‌ر له‌ شته‌ نادیاره‌كان هه‌ڵ ده‌داته‌وه‌.

پ3/ به‌درێژای مێژووی نوسین جگه‌ له‌ وه‌زیفه‌ی گێڕانه‌وه‌، چیرۆك و ڕۆمان، به‌پێی قۆناغه‌ جیاوازه‌كان ئه‌ركی جۆراو جۆریشیان هه‌بووه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی (باختین) ده‌ڵێت” ئه‌وه‌ی كه‌ دوێنێ ئه‌ركی ڕۆماننووس بوو، ئه‌مڕۆ ئه‌ركی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی ڕۆمانه‌” مه‌به‌ستمه‌ بپرسم، ئه‌ركی سه‌ره‌كی ڕۆمان پاش گێڕانه‌وه‌ چییه‌؟ تا چه‌ند نووسه‌ر له‌ ڕێگه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانیه‌وه‌، دیوی شاراوه‌ی واقیع ده‌گوازێته‌وه‌؟

به‌یان سه‌لمان/ با له‌وه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌م كه‌ باختین ده‌ڵێت ”ڕۆمان جه‌نده‌رێكه‌ كه‌ له‌ پرۆسه‌ی به‌ بوونه‌” به‌م واتایه‌، هه‌میشه‌ له‌ گۆڕاندایه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌و ئازادییه‌ بێ سنووره‌ی ڕۆمان ده‌سه‌لمێنێت كه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌. له‌ داهاتوودا فه‌لسه‌فه‌ له‌ ڕۆمان زیاتر، هه‌ڵسه‌نگاندن به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینیت. ئه‌وه‌ یاسای ئاڵۆزیی دنیاییه‌، كه‌ جه‌غه‌ت ده‌كاته‌ سه‌ر فیكر و هه‌ڵسه‌نگاندنی. من وشه‌ی ”كارئه‌كته‌ر” caractère به‌كار نابه‌م، ئه‌وه‌ بۆ خه‌سڵه‌ته‌كانی كه‌سایه‌تییه‌كی ناو شانۆیه‌، وشه‌ی ”كه‌سایه‌تی” personnage ڕاستره‌، هه‌ر بۆیه‌ له‌ تیۆری ئه‌ده‌بیی فه‌ره‌نسیدا له‌گه‌ڵ ”كه‌سێك” personne جیایان كردۆته‌وه‌. لێره‌وه‌، ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ی ده‌خرێته‌ ناو كارێكی ئه‌ده‌بیی، هه‌ڵگری بۆچوون و ڕوانینێكه‌ له‌ باره‌ی مرۆڤ و دنیا. بێ گومان هه‌رچی ده‌یزانێت، یاخود پێی هه‌ڵ ده‌سێت و به‌ نیازه‌ بیكات، له‌ ڕێگای گێڕانه‌وه‌ ئێمه‌ پێی ئاشنا ده‌بین و دیزانین. ئیدی ئه‌مه‌ له‌سه‌ر نووسه‌ر كه‌وتووه‌، چۆن چیرۆك و ڕووداوه‌كان ده‌خاته‌ به‌ر چاو خوێنه‌ر. كه‌ باس له‌ ڕاستیش ده‌كه‌ین ”واقع”، ئه‌وه‌ ڕاستی ژیان ده‌گوازینه‌وه‌، به‌ڵام به‌ نێوه‌ندی داهێنانێكی خه‌یاڵیی. له‌وانه‌یه‌ ئه‌و ”دیوه‌ شاراوه‌یه‌ش” كه‌ له‌لای تۆ پرسیاره‌، وه‌ها شاراوه‌ نه‌بێت، به‌ڵام كه‌سایه‌تییه‌كی ده‌ستنیشانكراو ئامانجی ئه‌وه‌ی له‌ دوایه‌ ببێته‌ زمان حاڵی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی تێیدا ده‌ژی، یاخود ببێته‌ هه‌ڵگری هه‌ستی كه‌سێك، بۆچوونی، تێگه‌یشتنی بۆ شته‌كان، مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ كێشه‌ و ڕووداو و ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی ده‌وروبه‌ره‌كه‌یشی.

پ4/ ئه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كانی تۆ بخوێنێته‌وه‌ زوو له‌وه‌ تێده‌گات كه‌ ڕه‌گێكی گه‌وره‌ی كاركردنی تۆ له‌ناو مێژوو دایه‌و ده‌ته‌وێت هه‌میشه‌ مێژوو وه‌ك تێمایه‌كی سه‌ره‌كی له‌ناو كاره‌كانتا وجودی هه‌بێت، قسه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێت “مێژوونووس مێژووی كۆمه‌ڵ ده‌نوسێته‌وه‌ نه‌ك مێژووی مرۆڤ، به‌س ڕۆمان مێژووی مرۆڤ ده‌نوسێته‌وه‌. تۆ ده‌ته‌وێت كامیان بنوسیته‌وه‌ مێژوو بۆ بۆتۆ گرنگه‌؟

به‌یان سه‌لمان/ مێژوونووس ئیشی نووسینه‌وه‌ی مێژووی مرۆڤیشه‌! مێژووی شارستانییه‌تێك بۆ نموونه‌، مێژووی مرۆڤه‌كانیشه‌. هیچ كۆمه‌ڵێك، شارستانییه‌تێك بێ مێژووی مرۆڤه‌كانی به‌های نییه‌. كه‌ باس له‌ شارستانییه‌تی میزۆپۆتامیا و گرێك ده‌كه‌ین، ئه‌و مێژووه‌، بێ مرۆڤه‌كانی كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ی ژیاون و ئه‌وانن كه‌ خودی شارستانییه‌ته‌كه‌یان دروست كردووه‌، بوونی نییه‌! له‌ ڕۆمانه‌كانمدا، دیوێكی مێژووم نووسیوه‌ته‌وه‌، نه‌ك هه‌موو مێژوو. تێڕامانم له‌ مێژوویه‌ك، ڕوانگه‌م له‌ ئاستی ڕووداوی ئه‌و مێژوودا هێناوه‌ته‌وه‌. مێژووی ڕاستی سه‌رده‌مێكم ده‌قاودق زیندو نه‌كردۆته‌وه‌. وه‌ك ڕۆماننووسێك، ئه‌مه‌ ئیشی من نییه‌. جاری وه‌هاشه‌، ده‌بیستم، ئه‌مه‌ش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژنه‌ ڕۆماننووسم، پێم ده‌ڵین، هه‌موو ده‌قه‌كانی له‌سه‌ر ژنن. ڕۆمانه‌كانم باسی هه‌موو مرۆڤێك ده‌كات. پیاو وه‌ك ژن جێی خۆیان هه‌یه‌. پاشان ئه‌وه‌ پێویستیی ڕووداوه‌كانه‌ كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ره‌كی ژن بێت یان پیاو، یان منداڵ. خۆ شاڕڵ دیكنز كه‌ ” ئۆلیڤه‌ر تویستی” نووسیوه‌، منداڵ نه‌بووه‌، پیاوه‌! ژاك له‌ندن ”دان چه‌رمۆ”ی نووسیوه‌، كه‌ باس له‌ ئاژه‌ڵێكی نیوچه‌ سه‌گ و نیوچه‌ گورگ ده‌كات!

پانتایی ڕۆمان بریتی نییه‌ له‌وه‌ی ته‌نها پیاو، یان ژنی تێدا به‌كار ببرێت. نووسه‌ر باس له‌ پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵێك، یاخود شارستانییه‌تێك ده‌كات، كه‌ گرنگه‌ هه‌موو ڕه‌گه‌زی مرۆڤ و بوونه‌وه‌رێكیشی تێدا بێت. له‌ ”به‌سه‌رهاته‌كانی خه‌زنه‌ مه‌ملووك” بۆچوونێكم له‌باره‌ی مێژویه‌كی كۆیلایتییه‌وه‌ هێناوه‌ته‌وه‌ و كه‌سایه‌تی سه‌ركیش پیاوه‌، خودی گێڕانه‌وه‌كه‌ش به‌ زمانی پیاوه‌. له‌ ”شه‌وانی ئاده‌م” كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی ئاده‌م و مه‌ردۆخ و ژینۆ و سه‌كینه‌ و بێڤه‌ره‌، كه‌سایه‌تییه‌كی نێره‌مووكیشی تێدایه‌. له‌ نه‌وه‌كانی مادایی كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێكن، ژن و پیاو و منداڵ. به‌ده‌ر له‌وه‌ی، ئه‌مانه‌ ڕێگه‌ر نین له‌ لێكدانه‌وه‌ی هه‌ندێك كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و وجودیی و فیكریی، كه‌ پێویستیان به‌ چوونه‌وه‌ سه‌ر مێژووییه‌كی تایبه‌تی خه‌ڵكانێك، شوێنێك، هه‌یه‌ و له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ لێكی بده‌ینه‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ”له‌ به‌رزایی شوراكان”دا هاتووه‌. ئه‌و جۆره‌ كاركردنه‌ پێوستییه‌، ده‌ستكرد نییه‌.


پ5/ له‌ ساتی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی هه‌ردوو ڕۆمانی (خه‌زنه‌ مه‌ملوك و به‌رزایی شوراكان)دا زۆر به‌ وردیی كار له‌سه‌ر كێشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئینسانی ئێمه‌ ده‌كه‌یت. پێت وایه‌ مرۆڤی ئێمه‌ به‌رده‌وام گیرۆده‌ی كۆمه‌ڵێك گرێی ده‌روونی تایبه‌ته‌، كه‌ خۆشی شه‌رم له‌ باسكردنیان ده‌كات؟ لێره‌شه‌وه‌یه‌ كه‌ تاكی ئێمه‌ خاوه‌نی زیاتر له‌ ده‌موچاوێك و كه‌سێتیه‌كه‌و به‌رده‌وام به‌ چه‌ندین ماسك ڕوخساری داشارێته‌وه‌. ده‌مه‌وێت بپرسم، تۆ ده‌ته‌وێت چۆن له‌م بابه‌ته‌ بڕوانی؟ تا چه‌ند ڕۆمان ده‌ست و په‌نجه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی مرۆڤدا نه‌رم ده‌كات؟

به‌یان سه‌لمان/ مرۆڤ له‌ هه‌موو جێیه‌ك دروستكه‌ری ژیانه‌. ڕووی ئه‌ودیوی خودی ژیانه‌. كه‌ ده‌ڵێین ژیان پڕ له‌ نێهنی و هێما و كۆده‌، واته‌ مرۆڤ ڕوویی ئه‌ودیوێتی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌ و زمانی ده‌ربڕینی پێیه‌. واته‌، بوونه‌وه‌رێكی ئاڵۆزه‌، خاكیترین تاك، بێ ئاڵۆزیی نییه‌. له‌لای خۆمان و له‌ هه‌موو شوێنێكی دنیاش، مرۆڤ سه‌دان كێشه‌ی ده‌روونیی هه‌یه‌. جیاوازیی له‌ نێوان ئێره‌ و ئه‌وێ، له‌ جۆری شاردنه‌وه‌یه‌تی. چونكه‌ كه‌سی نه‌خۆش هه‌وڵ ده‌دات كێشه‌ ده‌روونییه‌كانی بشارێته‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هۆشی پێیان هه‌بێت. ئه‌و ده‌مامكانه‌ی ئاماژه‌شی پێ ده‌كه‌یت، له‌و ڕاستییه‌وه‌ هاتوون، كه‌ ماده‌م مرۆڤ زمانی ده‌ربڕینی هه‌یه‌، كه‌واته‌ پێویستی به‌ ماسكه‌ و به‌كاریان ده‌بات، ده‌نا ناتوانیت ژیانی رۆژانه‌ی به‌سه‌ر به‌رێت. بگره‌ بێ ماسك له‌ دۆزه‌خدا ده‌ژی. بێگومان ده‌مامكه‌كان به‌ ڕووی ئیجابی و سه‌لبی جودان. خه‌زنه‌ ده‌مامكی شه‌رم و نه‌خوێنده‌واریی به‌كار ده‌بات، تاكو له‌ ده‌سه‌ڵاتی زۆرداران خۆی رزگار بكات. خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌مامكی چوونه‌ مزگه‌وت به‌كار ده‌بات، تاكو بازرگانه‌تێكه‌ی هه‌ر له‌ گه‌شه‌دا بێت. له‌ ”به‌رزایی شوراكان” ئه‌و كه‌سانه‌ی لاقه‌ی زه‌كیه‌ ده‌كه‌ن، گشتیان، رۆژانه‌ ماسكیان هه‌ڵگرتووه‌ و دواییش ئاسایی بۆ سه‌ر ئیشی خۆیان ده‌چن. له‌ ”شه‌وانی ئاده‌م” پیاوه‌كانی ناو كۆشك گشتیان ماسكه‌كانیان لاداوه‌، بۆیه‌ چیتر ناتوانن له‌ ناو كۆمه‌ڵ بژین و له‌ چۆله‌وانییدا جێی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌ كه‌ ماسكی هه‌مه‌ جۆر ده‌سه‌پێنێته‌ سه‌ر خه‌ڵك. ڕۆمان ئیشیش له‌ناو ئه‌و دوو فاقه‌ی ئاڵۆزیی كه‌سایه‌تییانه‌ ده‌كات، كه‌ كۆمه‌ڵێك پێك ده‌هێنن، یاخود تاكێكی لێ به‌رهه‌م هاتووه‌.

پ6/ زۆر جار باس له‌وه‌ ده‌كرێت، كۆتای ڕۆمانه‌كانت كۆتای كراوه‌ن و هه‌میشه‌ كه‌متر خۆت له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانت ده‌ده‌یت، به‌جۆرێك كۆتاییه‌كان بۆ خوێنه‌ره‌كانت جێدێڵیت، تا چه‌ند ئه‌م بۆچونه‌ ڕاسته‌؟ ئه‌مه‌ به‌ مه‌به‌ست ده‌كه‌یت یان نا، ئه‌وه‌ ته‌نها بۆچونی خوێنه‌ره‌و كاری ڕێكه‌وته‌؟
به‌یان سه‌لمان/ من دیسان دێمه‌ سه‌ر ژیان. ده‌ڵێم به‌رابه‌ر به‌ مردن كه‌ دۆخێكی داخراوه‌، ژیان ته‌واو كراوه‌یه‌. ئیتر به‌و شێوه‌یه‌ ئیش له‌ ڕۆمانه‌كانم ده‌كه‌م. تا ئه‌و جێیه‌ی كه‌ ”كۆتاییه‌كانی”، هه‌ر وه‌ك له‌ ژیانی ڕاستیدا، كراوه‌ بێت و له‌ شوێنێكدا، كه‌ ئێمه‌ نازانین به‌ره‌و كوێیه‌، ناشزانین له‌ كه‌یه‌، واته‌ كاتیشی نازانین، ئه‌وه‌ مرۆڤه‌كان بڕیاری خۆیان ده‌ده‌ن، هه‌ر وه‌ك ڕاستیی له‌ ژیاندا. ئێمه‌ ناچین بڕیار بۆ كه‌سێك بده‌ین چی بكات. ڕۆمان چیرۆكی كۆن نییه‌، تاكو زه‌مانی شازاده‌ و كچه‌ پاشا بگێڕێته‌وه‌، كه‌ كۆتاییه‌كه‌ی به‌ ”هه‌پی ئێند” ته‌واو ده‌بێت و ”هه‌موو به‌ یه‌ك شاد ده‌بنه‌وه‌”! ڕۆمان خودی پێناسه‌ی ژیانه‌، ڕۆماننووسیش به‌ زمانێكی تایبه‌ت ڕووداوه‌كانی ده‌گێڕیته‌وه‌. ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بۆچوونی خوێنه‌ری هه‌مه‌جۆریش ده‌گونجێت. له‌وانه‌یه‌ خواستی خوێنه‌ری زۆر ساده‌ نه‌پێكێ، كه‌ هه‌میشه‌ به‌دوای چاره‌سه‌ر ده‌گڕێت. ده‌ بپرسین: كێ چاره‌سه‌ری ڕاستیی له‌لایه‌؟ چاره‌سه‌ر خۆی بریتیه‌ له‌ چی؟ ئه‌وه‌ی كه‌سێك به‌ چاره‌سه‌ر دای ده‌نات، یه‌كێكی دیكه‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی كێشه‌ سه‌یری ده‌كات. واته‌ ئێمه‌ لێره‌، له‌ به‌رامبه‌ر دۆخێكی ڕێژه‌یین ”نسبی”.

پ7/ باس له‌وه‌ ده‌كرێت له‌ ئێستاداو دوای بڵاو بونه‌وه‌ی ڕۆمانی (شه‌وانی ئاده‌م) كار له‌سه‌ر ڕۆمانێكی نوێ ده‌كه‌یت. ده‌كرێت هه‌ندێك زانیاری گرنگ ده‌رباره‌ی ڕۆمانه‌كه‌و بیرۆكه‌كه‌ی به‌ خوێنه‌ران بده‌یت؟

به‌یان سه‌لمان
هه‌ڵقوڵانی نه‌وت له‌ سه‌ده‌ی ڕابردوو، له‌ گونده‌كانی سه‌ر به‌ كه‌ركووك، ده‌ركردنی خاوه‌ن عه‌رده‌كان، شیرازه‌ی بنه‌ماڵه‌ی باجه‌ و مێژووی كوردیش له‌ ناوچه‌كه‌، به‌ره‌ به‌ره‌ هه‌ڵ ده‌وه‌شێته‌وه‌. له‌و ڕۆمانه‌دا، تا قوڵایی بنچینه‌ی شار و پێكهاته‌كانی ده‌چین. چۆن سه‌یری به‌رده‌وامبوون له‌ شوێندا ده‌كرێت؟ خودی شار موڵكی كێیه‌؟ مرۆڤی هۆشمه‌ند ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پله‌یه‌كی به‌رزی خوێنده‌واریی هه‌یه‌، یاخود كه‌سێكی ئه‌قڵانییه‌؟ له‌هه‌ناوی ئه‌و مێژووه‌ پڕ ئازاره‌، له‌ ڕێگای چاره‌نووسی (باجه‌ گه‌وره‌)، بێ ئه‌وه‌ی زۆر جێ گۆڕگێ بكات، چه‌رخی ڕووداوه‌كان ده‌سوڕێت. ئه‌و گه‌وره‌-كچه‌ نه‌خوێنده‌واره‌، باش ده‌زانێت، له‌ هه‌ر قۆناغێكی ژیانی، كه‌ به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی مێژوویی و سیاسیی و فیكری كه‌سایه‌تییه‌كان گرێ دراوه‌، جڵه‌وی كه‌سایه‌تی خۆی و ئه‌وانه‌ی به‌ ده‌وریشییه‌وه‌ن، بگرێته‌ ده‌ست. كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی زۆر له‌ ده‌وری (باجه‌)ن. ئیشكه‌ره‌كانی ماڵه‌كه‌، (سپارده‌)، (ده‌وڵه‌ت) كه‌ له‌ هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ له‌و ماڵه‌یه‌ و جێی متمانه‌یه‌تی، خزم و كه‌سه‌كانی، هاتوچۆكه‌رانی دیوه‌خانه‌كه‌ی. ئه‌گه‌ر دیوه‌خانه‌كه‌ی به‌ پێی سه‌رده‌م هه‌ر له‌ شوێن خۆیه‌تی، ئه‌وه‌ دۆخی كه‌سه‌كان و ڕووداوه‌كان نییه‌، كه‌ هه‌میشه‌ له‌ گۆڕاندان. كاتی خۆی، چوار كچ ده‌چنه‌ لای باجه‌؛ له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاش، چوار كچی جیاواز كه‌ پڕ په‌نهانیین و جێی گومانن ده‌چنه‌ لای. له‌ هه‌ردوو سه‌رده‌مدا، ئه‌و كچانه‌ چییان له‌بن سه‌ره‌؟ ڕۆژێكیان، داستان، خوشكه‌زای باجه‌، بۆ وڵات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌و هاتنه‌وه‌یه‌ ڕووداوی زیاد له‌ نیو سه‌ده‌ زیندوو ده‌كاته‌وه‌. داستان به‌دوای خۆشه‌ویسته‌كه‌ی (سپارده‌) وێڵه‌. نه‌بوونی هیچ هه‌واڵێكی، نهێنیی چی شاردۆته‌وه‌؟ قین و خۆشه‌ویستی، چ ئاكامێكیان لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌؟ له‌ ڕێگای باجه‌، چاره‌نووسی هه‌موو كه‌ركووك، له‌ ناو ئه‌و ڕۆمانه‌ نوێییه‌. چاره‌نووسێك، كه‌ هه‌تا بڵێی لایه‌نی به‌هێزیی ده‌ره‌خات، هاوكات ناسكییشیی، واته‌ هه‌میشه‌ جێی گره‌وه‌.




گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەند دانا ڕەئوف … سازدانی/ شاخه‌وان سدیق


دانا ڕه‌ئووف:
ده‌قی خۆماڵی هه‌میشه‌ ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی گێڕاوه‌ له‌ دروستكردن و بونیادنانی شانۆدا.

سازدانی/ شاخه‌وان سدیق

شانۆ یه‌كێكه‌ له‌ هه‌ره‌ زیندوترین هونه‌ره‌كانی دونیاو، ڕۆژانه‌ له‌ شاره‌گه‌وره‌كانی دونیادا چه‌ندین نمایشی جدی به‌ چه‌ندین شێوازو ڕێبازی جیاجیاوه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت، له‌ هه‌رێمی كوردستانیش تاڕاده‌یه‌كی باش گرنگی به‌م بواره‌ دراوه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌ پێویستمان زانی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند(دانا ڕه‌وف) ده‌رباره‌ی گرنگی شانۆ ئه‌م دیداره‌ سازبدین.

شاخه‌وان سدیق/ ساڵانی ڕابردوو كۆمه‌ڵێك نمایشكران، كه‌ زیاتر نمایشی شانۆیی كلاسیكی بوون و ده‌قه‌كانیان زیاتر ده‌قی وه‌رگێڕاو بوون، ئه‌م كارانه‌ له‌ سه‌ره‌تادا بینه‌رێكی زۆریان هه‌بوو، به‌ڵام ورده‌ورده‌ ئه‌م بینه‌ره‌ نه‌ما تا ئه‌وكاته‌ی كۆڕی شانۆی با ده‌قی خۆماڵیان دروست كرد، ده‌قێك كه‌ پێشتر نه‌ بووه‌ و خۆیان دروستیان كرد، به‌ستیانه‌وه‌ به‌ بابه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ وه‌ ده‌قه‌كانیان باسكردن بوو له‌ ئه‌مڕۆو ئێستای ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆمان. ئه‌م كارانه‌ بینه‌رێكی زۆریان هه‌بوووه‌ و بۆ چه‌ند ڕۆژێكی زۆر نمایشكران، هه‌ست ناكه‌ی تۆرانی بینه‌ری ئێمه‌ پێوه‌ندی هه‌بووه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئه‌و ده‌قه‌ وه‌رگێڕاوانه‌ پێوه‌ندیان نه‌ بووه‌ به‌ ئێستای كۆمه‌ڵگای ئێمه‌وه‌؟ هه‌ست ناكه‌ن بینه‌ری ئێمه‌ شانۆیه‌كی ده‌وێت بیبه‌ستێته‌وه‌ به‌ واقیعی ژیانی خۆیانه‌وه‌؟

دانا ڕه‌ئووف / پێش هه‌موو شتێك ده‌قی وه‌رگێڕاو و شانۆی كلاسیكی، سه‌رچاوه‌یه‌كی گرینگ و پێویستی هه‌موو شانۆ و بزووتنه‌وه‌یه‌كی شانۆییه‌، به‌بێ شانۆی كلاسیكی یان هه‌ر ده‌قێكی تری وه‌رگێڕاو شانۆ كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی تێدایه‌، ئه‌و كه‌لێنه‌یش هه‌رگیز به‌ ده‌قی خۆماڵی پڕناكرێته‌وه‌. له‌ هه‌موو دونیادا شانۆ ته‌نها شانۆی خۆماڵی نییه‌ و شانۆ پرۆسه‌یه‌كی پێكه‌وه‌ به‌ستراوه‌ و شتێكه‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تی پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌؛ ئه‌مه‌یش هۆكارێكی زۆر ساكاری هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شانۆ هه‌میشه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ مرۆڤ و خه‌ون و هیوا و ئازاره‌كانی مرۆڤ و پێوه‌ندییه‌كانی مرۆڤ به‌ یه‌كترییه‌وه‌. ئه‌گه‌ر نه‌مایشكردنی ده‌قی وه‌رگێڕاو و كلاسیكی بینه‌ری له‌ شانۆ ته‌كاندبێته‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌بێ هیچ گومانێك هه‌ڵه‌ی ئه‌و ده‌قه‌ وه‌رگێڕاوه‌ یان كلاسیكییه‌ نه‌بووه‌ و نییه‌، به‌ڵكو هه‌ڵه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌، كه‌ نه‌مایشی ده‌كه‌ن. شانۆنامه‌ تازه‌ و مۆدێرنه‌كان، له‌ پاڵ ده‌قه‌كانی شانۆی كۆنی گرێكی، شه‌كسپیر، مۆلییر، ستریندبێرگ، چێخه‌ف، برێشت، پینته‌ر… و هه‌زاره‌های تریش، كه‌ به‌رده‌وام له‌سه‌ر شانۆكانی دونیا نه‌مایش ده‌كرێن، نه‌ك هه‌ر بینه‌ریان له‌ شانۆكان نه‌ ته‌كاندۆته‌وه‌، به‌ڵكوو وزه‌یه‌كی گه‌وره‌بوون بۆ شانۆ، شانۆكاره‌كان و بینه‌ریان بێشوومار له‌ ده‌وری خۆیان كۆكردۆته‌وه‌. ده‌بێ ئێمه‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆمان بكه‌ین، چۆن و بۆچی ئه‌و هه‌موو ده‌قه‌ كلاسیكییه‌ تا ئێستا به‌ به‌رده‌وامی پێشكه‌ش ده‌كرێن. گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌ نییه‌، كه‌ ئێمه‌ ده‌قی وه‌رگێڕاو یان شانۆی كلاسیكی پێشكه‌ش ده‌كه‌ین، گرینگ ئه‌وه‌یه‌ چی هه‌ڵده‌بژێریت و چۆنی پێشكه‌ش ده‌كه‌یت.

هه‌ر ئێستا، كه‌ من وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی تۆ ده‌ده‌مه‌وه‌، هه‌ر كۆڕی شانۆی با-یش نه‌مایشێكی گه‌لێك سه‌ركه‌وتوویان له‌ شانۆی جیهانی و ده‌قێكی وه‌رگێراوه‌وه‌ پێشكه‌ش كردووه‌، كه‌ ئه‌ویش (مارا/ساد-ه‌. مارا/ساد) له‌ ماوه‌ی ئه‌م سی چل ساڵه‌ی ڕه‌وت و بزووتنه‌وه‌ی شانۆی كوردیدا، له‌ چه‌ند هه‌ل و مه‌رجی جیاوازی وڵات و شاره‌كه‌ماندا نه‌مایش كراوه‌، بۆ نموونه‌، كه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌شتاكاندا و له‌ كاتی جه‌نگی عێراق/ئێران و له‌ تیپی شانۆی ئه‌زموونگه‌ری مارا/سادمان نه‌مایش كرد، هه‌مان ئه‌م نه‌مایشه‌ی ئێستا نه‌بوو، هه‌روه‌ها كه‌ كۆمه‌ڵێك براده‌ری تر و له‌ كه‌لاوه‌كانی ئه‌وسای ئوتێل حسیب ساڵح، دوای شه‌ڕی عێراق/ئێران مارا/سادیان نه‌مایش كرد، هه‌مان نه‌مایشه‌كه‌ی ئێمه‌ نه‌بوو. كه‌واته‌ گرفته‌كه‌ ده‌قی وه‌رگێراو یان شانۆی كلاسیكی نه‌بووه‌ و نییه‌، به‌ڵكوو هه‌ڵبژاردن و چۆنییه‌تی نه‌مایشكردن و چاره‌سه‌ره‌ هزری، هونه‌ری و ئێستاتیكییه‌كانه‌. كه‌ له‌ دونیایشدا به‌ به‌رده‌وامی ده‌قی كلاسیكی نه‌مایش ده‌كرێت، له‌ فۆرم و شێواز و ستایله‌ كلاسیكییه‌كه‌یدا نه‌مایش ناكرێت، گه‌ر وا بوایه‌ شانۆ ده‌مێ بوو مردبوو. كاری شانۆكار و شانۆ ئه‌وه‌یه‌ پرسیاره‌كانی ئه‌مڕۆ و هه‌ناسه‌یه‌كی نوێ له‌و ده‌قانه‌دا بدۆزێته‌وه‌: گرینگ نییه‌ چی نه‌مایش ده‌كه‌یت، كلاسیك، مۆدێرن یان ده‌قێك خۆتان له‌ كاتی پرۆڤه‌ و به‌كاری ڕاگوزاری و هاوبه‌ش ده‌ینووسن، گرینگ ئه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌وای ئه‌مڕۆ و ئه‌م ساته‌ هه‌ناسه‌ بدات و بژی. كاری شانۆ و شانۆكار ڕازاندنه‌وه‌ و دروستكردنی مۆزه‌خانه‌ نییه‌ له‌سه‌ر شانۆكان، هاوكات وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاریش نییه‌، به‌ڵكوو وروژاندنی پرسیاره‌كانه‌، ده‌رخستنی ڕاستییه‌كانه‌ و بێزاركردنی بینه‌رانه‌.

من له‌و بڕوایه‌دانیم كۆڕی شانۆی با یان هه‌ر شانۆیه‌كی تر چ له‌ كوردستان یان له‌ هه‌ر سووچێكی تری ئه‌م دونیایه‌دا بتوانێت پشت بكاته‌ ئه‌و كولتووره‌ دێرین و گه‌وره‌یه‌ی شانۆی جیهانی و ته‌نها خۆی ده‌قی خۆی به‌رهه‌مبهێنێت. له‌و كاته‌دا زۆر كه‌موكووڕی تێدا ده‌بێت؛ نه‌ شانۆ گه‌شه‌ ده‌كات، نه‌ تواناكانی ئه‌كته‌ر و نه‌ دیدی ریژیسۆر. نووسینی ده‌قی خۆت و به‌ كاری هه‌ره‌وه‌زی و پرۆسه‌یه‌كی ڕاگوزاری، له‌ قۆناخ و ڕه‌وشێكی دیاریكراودا ئه‌زموونێكی باش و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و زۆربه‌ی شانۆكاره‌كانی دونیایش، بۆ نموونه‌ (ئاریان موشكین و پیته‌ر برووك)، كاری وایان كردووه‌، به‌ڵام پشتكردنه‌ شانۆی جیهانی و ده‌قی وه‌رگێڕاو و كلاسیكی و ته‌نها و ته‌نها خۆت به‌ كاری هه‌ره‌وزی ده‌قی تایبه‌ت به‌ خۆت به‌رهه‌مبهێنیت، ئه‌وا بێگومان تێنه‌گه‌یشتنێك هه‌یه‌. ده‌كرێت شانۆنامه‌نووسێك به‌ به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ گروپێك كار بكات و ئه‌و گروپه‌ ته‌نها ده‌قه‌كانی ئه‌و شانۆنامه‌نووسه‌ به‌كاربهێنن و نووسه‌ره‌كه‌یش له‌ پرۆسه‌یه‌كی گه‌شه‌كردوودا، له‌ دیدی ریژیسۆره‌وه‌ ده‌قه‌كانی نووسێت. ئه‌م جۆره‌ كارانه‌یش نموونه‌یان له‌ شانۆی جیهانیدا زۆره‌ و ئه‌زموونێكی گه‌لێك ده‌وڵه‌مه‌نده‌. مولییر بۆ ئه‌و شانۆیه‌ی ده‌نووسی، كه‌ خۆی كاره‌كانی تیا پێشكه‌ش ده‌كرد، چێخه‌ف به‌ ته‌واوی خۆی ته‌رخانكردبوو بۆ شانۆی هونه‌ری مۆسكۆ، داریۆ فۆ نموونه‌یه‌كی تری دانسقه‌یه‌، كه‌ خۆی نووسه‌ر، ئه‌كته‌ر و ریژیسۆر بوو… هتد. ئێستایش زۆر شانۆنامونووس هه‌ن، كه‌ پێوه‌ندییان به‌ شانۆیه‌كه‌وه‌ یان ریژیسۆرێكه‌وه‌ هه‌یه‌ و پێكه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن، ئه‌و ده‌ینووسێت، ریژیسۆره‌كه‌یش له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌كانی تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ گه‌شه‌یه‌كی دراماتۆرگی گرینگدا چ ده‌قه‌كه‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌چێت و چ دیدی ریژیسۆر و هه‌روه‌ها ئه‌كته‌ره‌كانیش.

شاخه‌وان سدیق/ نه‌بونی ده‌قی كوردیه‌ وای كردووه‌ شانۆكاره‌كان ده‌قی وه‌رگێڕاوی ئه‌وروپی به‌كاربهێنن بۆ به‌رهه‌م هێنانی كارێكی شانۆیی یان چی؟ هه‌ست ناكه‌ی بینه‌ری ده‌قی شانۆیی كوردی زیاتربێت؟

دانا ڕه‌ئووف / ئه‌ده‌بی كوردی بنه‌ماكانی له‌سه‌ر شیعر ڕۆناوه‌، شیعری كلاسیكی كوردی له‌ مه‌وله‌وی-یه‌وه‌ بۆ شێركۆ بێكه‌س سامانێكی گه‌وره‌ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و ڕۆڵێكی گه‌وره‌یشی له‌ پارێزگاریكردن و گه‌شه‌ی زمانی كوردیدا گێڕاوه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ژانره‌كانی تری ئه‌ده‌ب، ڕۆمان و ته‌نانه‌ت كورته‌ چیرۆك و ده‌قی شانۆیی ئه‌و مێژووه‌ درێژه‌یان نییه‌ و تا ڕاده‌یه‌ك به‌ ئه‌ده‌بی كوردی نامۆن. خۆ ئه‌گه‌ر كورته‌ چیرۆك له‌ حه‌فتاكانه‌وه‌ هه‌ندێك هه‌نگاوی جدی نابێت، ئه‌وه‌ ڕۆمان له‌ كۆتایی هه‌شتا و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ زیاتر ده‌ركه‌وتوه‌ و بره‌وی به‌ ئه‌ده‌بی كوردی داوه‌. نووسینی ده‌قی شانۆیی تا ئێستا نه‌بووه‌ به‌ كولتوور و نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك ژانرێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌ربكه‌وێت و خۆی بسه‌پێنێت، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندین هه‌وڵی زۆر جدی هه‌ن و به‌ر له‌ ڕۆمانیش چه‌ندان قه‌له‌می به‌پێز و به‌ توانا ده‌قی شانۆییان نووسیوه‌، بۆ نموونه‌ (عه‌بدلڕه‌حیم ڕه‌حیمی هه‌كاری، پیره‌مێرد، ئه‌لف با هه‌وری و تا ده‌گاته‌ ئه‌نوه‌ر قادر ڕه‌شید، فه‌تاح خه‌تاب، ئه‌حمه‌د سالار، دڵشاد مسته‌فا)… هتد كه‌ جێگا په‌نجه‌یان دیاره‌ و هه‌نگاوی گرینگ و پێویستیان ناوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا نووسینی ده‌قی شانۆیی نه‌بووه‌ به‌ كولتوور و نه‌یتوانیوه‌ جێگای خۆی بگرێت. هیچ كه‌سێكیش تا ئێستا سه‌ت له‌ سه‌ت خۆی بۆ ئه‌م ژانره‌ ته‌رخان نه‌كردووه‌. به‌ ڕای منیش یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كان گه‌شه‌نه‌كردن و بێهێزی شانۆی كوردییه‌، كه‌ نه‌یتوانیوه‌ چ له‌ ڕووی ریژی و چ له‌ ڕووی دراماتۆرگییه‌وه‌ بره‌و به‌ توانای ئه‌و شانۆنووسانه‌ی خۆمان بدات، ئه‌وه‌ی ئه‌وان نووسیویانه‌ له‌سه‌ر شانۆكان به‌رجه‌سته‌ی بكات. كاری شانۆنووسه‌كانی ئێمه‌ به‌و پرۆسه‌ هاوبه‌ش و هاوكارییه‌ گرینگه‌ی نێوان ریژیسۆر/شانۆنامه‌نووس، شانۆنامه‌نووس/ئه‌كته‌ردا نه‌ڕۆیشتوه‌ و سوودیان له‌ ئه‌زموونی یه‌كتری وه‌رنه‌گرتووه‌ و به‌ركه‌وتنێكی قووڵ و تێگه‌یشتنێكی دوولایه‌نه‌ بۆ پرۆسه‌كه‌ نه‌بووه‌. بێگومان له‌م بارودۆخه‌یشدا شانۆكاره‌كان به‌ ده‌قی وه‌رگێڕدراو هه‌وڵی پركردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌یان داوه‌.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ده‌قی خۆماڵی هه‌میشه‌ ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی گێڕاوه‌ له‌ دروستكردن و بونیادنانی شانۆدا، ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت ده‌قی سه‌ركه‌وتوو، هاریكاری نێوان شانۆ، ریژیسۆر و شانۆنامه‌نووسه‌كان دروست ده‌كات، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. چێخه‌ف ڕۆڵێكی بێهاوتا و گرینگی له‌ دروستكردنی شانۆی هونه‌ری مۆسكۆدا بینیوه‌، ستانیسلاڤسكی هه‌رگیز به‌بێ چێخه‌ف نه‌یده‌توانی ئه‌و شانۆیه‌ دروست بكات، كه‌ ڕۆڵێكی گرینگی له‌ مێژووی شانۆی جیهانیدا بینیوه‌؛ شانۆی هونه‌ری مۆسكۆ چێخه‌ف ده‌كات به‌ شانۆنامه‌نووسێكی پله‌ یه‌ك، به‌هه‌مان شێوه‌ چێخه‌ف-یش شانۆی هونه‌ر ده‌كات به‌ شانۆیه‌كی هونه‌ری، كه‌ ناوبانگه‌كه‌ی سنووره‌كانی هه‌موو دونیا ده‌به‌زێنێت.
بێگومان له‌م باره‌یشدا بینه‌ر زیاتر له‌ شانۆكان كۆده‌بنه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسانتر خۆیان له‌سه‌ر شانۆكان و له‌نێو ئه‌كته‌ره‌كاندا ده‌دۆزنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌یبینن ڕاسته‌وخۆتر په‌یوه‌سته‌ پێیانه‌وه‌، ریژیسۆریش به‌ شیوه‌ و فۆرم و ڕێگایه‌كی تر هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی دیمه‌نه‌كان ده‌دات و ئه‌و ته‌كنیكه‌ی به‌كاری ده‌هێنێت زیاتر له‌ واقیعی ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆمانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ وه‌رده‌گرێت. ده‌مه‌وێت سه‌رله‌نوێ ئه‌وه‌یش دووپات بكه‌مه‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ی پێشكه‌ش ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی شتێكی زیندوو و نزیك له‌ واقیعی مرۆڤی هاوچه‌رخ و مۆدێرنی خۆمانه‌وه‌ بێت، ده‌بێت به‌ هه‌وای ئه‌مرۆ بژی و هه‌ناسه‌ بدات. ده‌بێت شانۆی كلاسیكی، مۆدێرنی وه‌رگێراو و ده‌قی خۆماڵی له‌ جووڵه‌یه‌كی دیالێكتیكی دا یه‌كتر ته‌واو بكه‌ن و سوود له‌ ئه‌زموونی یه‌كتر وه‌ربگرن.


شاخه‌وان سدیق/ ئه‌مڕۆ ساردو سڕیه‌كی زۆر له‌ ناو دنیای هونه‌ری ئێمه‌دا له‌ ڕوی نه‌بوونی ڕه‌خنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت ڕه‌خنه‌ی هونه‌ری و شانۆیی. به‌جۆرێ ئه‌و هه‌موو كار و نمایشه‌ تێده‌په‌ڕێت كه‌س ته‌نها دوو دێڕی له‌ سه‌رناڵێت، تۆ ئه‌مه‌ بۆ كه‌مته‌رخه‌میی هونه‌رمه‌ندان ده‌گێڕیته‌وه‌، كه‌ گرینگی به‌ بواری نوسین ناده‌ن یان ئه‌مه‌یش وه‌ك هه‌موو كێشه‌كانی تر په‌تای نه‌بوونی نوسه‌ری ڕه‌خنه‌ی هونه‌رییه‌؟

دانا ڕه‌ئووف / ده‌بێت ئێمه‌ ئه‌وه‌ باش بزانین، ڕه‌خنه‌ی شانۆیی یان ئه‌ده‌بی له‌خۆوه‌ دروست نابێت، هه‌ر بۆ نموونه‌، گه‌ر تۆ رۆمانی كوردیت نه‌بێت و هیچ ڕۆمانێك نه‌كه‌وێته‌ بازاڕه‌وه‌، ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیشت نابێت و كه‌س قسه‌ له‌سه‌ر ڕۆمان ناكات. شانۆیش هه‌مان هاوكێشه‌یه‌، ئه‌گه‌ر نه‌مایشی باش پێشكه‌ش نه‌كرێت و شانۆ نه‌بێت و هیچ ڕێپرتوارێكی شانۆیی له‌ ئارادا نه‌بێت، بێگومان ڕه‌خنه‌ی شانۆیشمان نابێت. بزووتنه‌وه‌ی شانۆی كوردی سسته‌ و ڕێپۆرتوارمان نییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ڕێزیشت له‌ پرسیاره‌كه‌تدا ئاماژه‌ت پێكردووه‌، ڕاست نییه‌. له‌م یه‌ك دوو ساڵه‌دا، چ له‌ هه‌ولێر و چ له‌ سلیمانی كۆمه‌ڵێك كاری باش پێشكه‌ش كراون و له‌سه‌ریشیان نووسراوه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كاندا دانیشتن و گفتوگۆیشیان له‌سه‌ر كراوه‌. هه‌ندێك قه‌ڵه‌می باشیشمان هه‌یه‌، كه‌ له‌ شانۆ ده‌گه‌ن و ئه‌وه‌ی ده‌ینووسن، له‌ خودی پرۆسه‌ شانۆییه‌كه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتووه‌. من بۆ نموونه‌ چه‌ند ناوێك ده‌ڵێم، كه‌ به‌ڕاستی هه‌وڵی جدییان له‌م بواره‌دا هه‌یه‌؛ (حه‌مه‌سوار عه‌زیز، حیده‌ر عه‌بدره‌حمان و هه‌ندێك ته‌قه‌لای ڕه‌خنه‌یی نیهاد جامی-یش).

له‌م ڕۆژانه‌دا، كه‌ له‌ سلیمانی مارا/ساد نه‌مایش كرا، چه‌ندین گوتاریی ڕه‌خنه‌ی جدیشی به‌ دوای خۆیدا هێنا، هه‌روه‌ها ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، كه‌ (شوان عه‌توف) كارێكی مۆنوداراما، هاوكات شانۆنامه‌ی (سێ خوشك)ی چێخه‌ف هه‌ر له‌ سلێمانی نه‌مایش كران، به‌هه‌مان شێوه‌ كۆمه‌ڵێك گوتاری ڕه‌خنه‌ییان به‌ دوای خۆیاندا هێنا. كاری جدی هه‌میشه‌، كاردانه‌وه‌ی جدیشی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

ڕه‌خنه‌گری شانۆیی به‌هایه‌كی گرینگی هه‌یه‌ و ڕۆڵی ئه‌و ته‌نها ئه‌وه‌ نییه‌، وه‌ك ڕاوێژكارێكی به‌سه‌لیقه‌، ڕێنمایی بینه‌ر بكات، تا كارێكی باش ببینن و كارێكی خراپ نه‌بینن. هه‌روه‌ها كاری ڕه‌خنه‌گریش ئه‌وه‌ نییه‌، دوای بینینی نه‌مایشێك خاڵه‌ باش و خراپه‌كان ده‌ستنیشان بكات؛ ڕه‌خنه‌ی شانۆیی زۆر له‌وه‌ گرینگتر و پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆزتریشه‌. هه‌موو فۆرمه‌كانی هونه‌ر، شانۆ، مۆسیقا، وێنه‌كێشان… هتد، به‌بێ ڕه‌خنه‌ و ڕۆڵی ڕه‌خنه‌، به‌ڕای من له‌ژێر هه‌ره‌شه‌دایه‌. هونه‌ری مۆسیقا و وێنه‌كێشان به‌ ته‌واوی له‌م بواره‌دا فه‌رامۆش كراون و هیچ شتێك له‌سه‌ر پێشانگا و كۆنسێرته‌ مۆسیقییه‌كان ناوترێت و نانووسێت، به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ كاره‌ساته‌.

شانۆ هونه‌رێكی گرانه‌، هونه‌رێكه‌ به‌ ئاسانی ناگه‌یته‌ دوا ئه‌نجامه‌كان، ڕه‌خنه‌گری شانۆیش ده‌بێت ئه‌م ڕاستییه‌ بزانێت، ئه‌و توانا و جورئه‌ته‌ی هه‌بێت، په‌رده‌ له‌سه‌ر نه‌ك ته‌نها هه‌ڵه‌كان، به‌ڵكوو له‌سه‌ر توانای هونه‌رمه‌نده‌كانیش هه‌ڵماڵێت. باشترین ڕه‌خنه‌گره‌كانی شانۆیش ئه‌وانه‌ن، كه‌ ڕۆژانه‌ له‌ هۆڵی پرۆڤه‌كاندا داده‌نیشن و چاودێری پرۆسه‌ی داهێنان و هه‌نگاو به‌ هه‌نگاوی كاری ئه‌كته‌ر و ریژیسۆر ده‌كات. ڕه‌خنه‌گر چاوی سێیه‌م و خوێنه‌ری سێیه‌می نه‌مایشه‌كه‌یه‌، دوای ئه‌كته‌ر و ریژیسۆر، ئه‌و نه‌مایشكه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئاستی گه‌شه‌ و ته‌واوی پرۆسه‌ پراكتیكی و كرده‌ییه‌كه‌ شیده‌كاته‌وه‌ و توانای كردنه‌وه‌ی كۆده‌كانی هه‌یه‌. من له‌و بڕوایه‌دام، هه‌ندێك یان چه‌ند ڕه‌خنه‌گرێكی دیاری كراو تا ئاستێكی باش ئه‌و توانایه‌یان هه‌یه‌. بێگومان بینه‌ر یاخود ریژیسۆر و ئه‌كته‌ره‌كان چه‌ند هاوڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گر ده‌ینووسێت، ئه‌وه‌ شتێكی تره‌ و گرینگیش نییه‌.

شاخه‌وان سدیق/ ڕه‌خنه‌گری شانۆیی تا چه‌ند پێویستی به‌ تیۆری شانۆ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌گرێكی باش بێت؟ ئایا بنه‌مایه‌كی تیۆری بۆ ڕه‌خنه‌گر پێویسته‌؟

دانا ڕه‌ئووف / ڕه‌خنه‌گرێكی باشی شانۆیی ده‌بێت له‌ شانۆ بزانێت و له‌ هونه‌ری شانۆ بگات، شانۆ ئه‌ده‌ب نییه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی ده‌نووسێت به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان پێوه‌ندی به‌ شانۆوه‌ هه‌بێت. كاتی خۆی ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕه‌خنه‌ی شانۆییان ده‌نووسی كه‌سانی پسپۆر نه‌بوون، به‌ڵكوو زیاتر ئه‌و كه‌سانه‌بوون، كه‌ سه‌رقاڵی ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بوون، وه‌ك كارێكی ئه‌ده‌بی باسی ناوه‌ڕۆك و بنه‌ما هزرییه‌كان و ده‌قه‌ شانۆییه‌كه‌یان ده‌كرد، نه‌ك لایه‌نه‌ كرده‌ییه‌كه‌ و ئێستاتیكای شانۆ. له‌ هه‌شتاكانه‌وه‌ ئه‌م ڕێچكه‌یه‌ گۆڕاوه‌ و ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌ ده‌نووسن به‌شێكن له‌ شانۆ و كاره‌ شانۆییه‌كان. من خۆم، به‌رله‌وه‌ی بنووسم چ وه‌ك ئه‌كته‌ر و چ وه‌ك ریژیسۆر كارمكردووه‌، ئه‌زموونی شانۆ و لایه‌نه‌ كرده‌یی و پراكتیكییه‌كه‌م گواستۆته‌وه‌ بۆ نێو گوتاره‌ ڕه‌خنه‌یی و شانۆییه‌كان.
تیۆری شانۆیی و شیكردنه‌وه‌ی ده‌ق و تێگه‌یشتن له‌ پێكهێنه‌ره‌كانی تری نه‌مایشی شانۆیی، ره‌خنه‌گر له‌ نه‌مایش و سروشتی كاره‌كه‌ زیاتر نزیك ده‌كاته‌وه‌ و دیده‌ ئێستاتیكییه‌كه‌ی له‌ ڕاڤه‌ی ریژیسۆر و خوێندنه‌وه‌ی نه‌مایشه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت. ئێمه‌ نامانه‌وێت ره‌خنه‌گر ریژیسۆ و ئه‌كته‌ر بێت، به‌ڵام پێویسته‌ له‌ كاری ریژیسۆر و ئه‌كته‌ر بگات، زانیاری له‌ مێژووی شانۆدا هه‌بێت و له‌ بنه‌ما دراماتۆرگییه‌كانی ده‌ق/نه‌مایش بگات.

ڕه‌خنه‌یش چه‌ندین ڕێباز و ته‌وژمی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ و ده‌بێت ڕه‌خنه‌گر بزانێت له‌ چ بنه‌مایه‌كی فه‌لسه‌فی، ده‌روونی، جوانكاری یان هه‌ر ڕیبازێكی تره‌وه‌، نه‌مایشه‌كان ده‌خوێندێته‌وه‌. ئه‌مه‌یش پێویستی به‌ ڕۆشنبیرییه‌كی قووڵ و گشتگر و هه‌مه‌لایه‌ن هه‌یه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕه‌خنه‌گرێكی باش به‌بێ بنه‌مایه‌كی تیۆری نابێت به‌ ره‌خنه‌گرێكی باش و هه‌رگیز ناتوانێت كۆد و سمبۆله‌كانی نه‌مایش بدۆزێته‌وه‌ و نووسینه‌كانیشی بریتی ده‌بێت له‌ داڕشتن و وشه‌ ڕیزكردن.

بەرگ... دانا ڕەئوف




گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر ئارام کاکەی فەلاح … سازدانی / شاخه‌وان سدیق

ئارام كاكه‌ی فه‌لاح:
نووسه‌ر بوونه‌وه‌رێكی ئاڵۆز و په‌رش و بڵاوه‌، كتێب نه‌بێ هیچ شتێكی تر كۆی ناكاته‌وه‌

له‌ دونیای ئه‌ده‌بی ئێمه‌داو به‌تایبه‌ت له‌ بواری نوسینی چیرۆكدا (ئارام كاكه‌ی فه‌لاح) یه‌كێكه‌ له‌ ناوه‌دیارو ده‌نگه‌ جدیه‌كانی ئه‌و بواره‌، بۆ ئه‌م ساڵیش و له‌ چواره‌مین ڤێستیڤاڵی ئه‌ندێشه‌دا، خه‌ڵاتی چیرۆكی پێبه‌خشرا، بۆ ئاگاداربوونی زیاتر له‌ دونیای ئه‌ده‌بی ئه‌و نوسینه‌كانی ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵ سازدا.

پرسیاری یه‌كه‌م: له‌ وتارێكدا ( شێرزاد حه‌سه‌ن) ده‌ڵێت:مومكین نییه‌ مرۆڤ پاش خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر كتێبێك به‌شێك له‌ دونیا بینییه‌كانی نه‌گۆڕڕێت. به‌ڕێزیشتان له‌ نووسینێك ده‌رباره‌ی ناسینی كتێبه‌وه‌ ده‌ڵێن:ئه‌وه‌ی رۆژێ ده‌ستی بردو كتێبێكی به‌ چێژه‌وه‌ خوێنده‌وه‌، ئیدی قه‌ت وه‌ك خۆی لێ نایه‌ته‌وه‌. مه‌به‌ستمه‌ بپرسم:كتێب بۆ له‌ ژیانی مرۆڤدا گرنگه‌؟، ئه‌م سیحره‌، ئه‌م جادووه‌ چییه‌ كتێب له‌ مرۆڤی ده‌كات و ده‌یگۆرێ بۆ كه‌سێكی دیكه‌؟

ئارام كاكه‌ی فه‌لاح: له‌ چیرۆكی (ژنی ژێر باران)دا وته‌یه‌كی ژنه‌ نووسه‌ری فه‌ره‌نسی تیایه‌ به‌ ناوی ( مادام دی سڤێنگه‌)، كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مدا ژیاوه‌ و به‌ نووسینی نامه‌كانی، به‌ تایبه‌تی نامه‌كانی بۆ كچه‌كه‌ی، زۆر به‌ناوبانگه‌ و ده‌ڵێ: هه‌تا كتێب هه‌بێ خۆمان هه‌ڵناواسین.له‌ ڕاستیدا لای من كتێب ئه‌و ماڵه‌ ڕه‌مزییه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ هه‌میشه‌ هه‌یه‌تی و ده‌توانێ بچێته‌وه‌ ناوی و ده‌رگاكه‌ی پێوه‌ بدات وهه‌ست به‌ ئارامیی بكات. ئه‌و ئاوێنه‌ سیحرییانه‌یه‌ له‌ جیاتی سیمای ده‌ره‌وه‌ت ده‌توانی له‌ خۆت بڕوانیت و ترس و هاوار و نائومێدییه‌كانتی تێدا بدۆزیته‌وه‌. یان دۆستۆێڤسكی وته‌نی ئه‌و نهێننیانه‌ی تێدا بدۆزیته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ ته‌نانه‌ت جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نییه‌ له‌گه‌ڵ خۆشیدا باسیان بكات. كتێب ئه‌و زه‌وییه‌یه‌ كه‌ ده‌توانی خه‌ونه‌كانتی تێدا بچێنی. ئه‌و سه‌فه‌رانه‌یه‌ كه‌ ناتوانی خۆت بیانكه‌یت، ئه‌و سه‌فه‌رانه‌ به‌ نێو سه‌ده‌كاندا، به‌ نێو وڵات و شاره‌كاندا. ئه‌و كه‌سانه‌ی بێ ئه‌وه‌ی بیانناسیت، ده‌بنه‌ به‌شێكی گرنگی ژیانت. كتێب چه‌ندێ گرنگه‌ بۆ ناسینی دونیا، هێنده‌ش گرنگه‌ بۆ ناسینی خۆت. كتێب ده‌ستكاری هه‌ندێ شوێن ده‌كات كه‌ وا ده‌كات له‌ خۆت زیاتر نزیكت بكاته‌وه‌و زیاتر به‌و مرۆڤه‌ی ناو خۆتت ئاشنا بكات. بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵیان به‌ كتێبه‌وه‌ نییه‌، به‌ خۆیان زۆر غه‌ریبن. ئه‌وانه‌ی كتێب ناخوێننه‌وه‌، چونكه‌ سه‌یری خۆیان زۆر ناكه‌ن، زۆر قسه‌ ده‌كه‌ن و به‌ گشتی كه‌سانی زۆره‌ بڵێن.

پرسیاری دوو: زۆر جار ده‌وترێت كاتێك مرۆڤ ده‌ستی به‌ هێنانه‌دی خه‌ونه‌كانی ناگات، په‌نا بۆ نووسین ده‌بات. به‌ختیار عه‌لیش له‌ دیدارێكدا ده‌ڵێت( مرۆڤ كاتێك له‌ هه‌موو شته‌كان فاشیل ده‌بێت روو ده‌كاته‌ نووسین و ده‌بێت به‌ نووسه‌ر). به‌ڕاستی نووسه‌ر بوون دواكارتی فشاری مرۆڤه‌ بۆ به‌رده‌وام بوون له‌ ژیان؟ یان نووسین بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتنی مرۆڤه‌ بۆ ئاشنابوون به‌ دیوێكی تری ژیان و كه‌شف بوونی دونیایه‌كی نوێیه‌؟مه‌به‌ستمه‌ بپرسم تۆ بۆ ده‌نووسیت؟ نووسین وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی چ پرسیارێكی تۆیه‌ له‌ ژیان؟

ئارام كاكه‌ی فه‌لاح: نووسین وه‌ك عه‌شق وایه‌، ته‌نها ئه‌و كاته‌ هه‌ستی پێ ده‌كه‌ی كه‌ له‌ناو زیندانه‌كه‌یدایت. له‌مه‌وه‌ ده‌مه‌وێ بڵێم كه‌ نووسین بڕیارێكی پێش وه‌خت نییه‌. نووسه‌ری راسته‌قینه‌ ناتوانێ بڵێ ئیتر من له‌ به‌یانییه‌وه‌ ده‌بم به‌ نووسه‌ر، یان گه‌وره‌ بم ده‌بم به‌ نووسه‌ر. مرۆڤ كاتێ پێ ده‌زانێ نووسه‌ره‌، كه‌ ئیتر له‌ هه‌موو شتێكی تر ده‌ستی شتووه‌. رۆژێ هه‌ست ده‌كه‌ی ته‌واو به‌ ته‌نیا ماویته‌وه‌، یان له‌ناو ده‌یه‌ها كه‌سدایت و ته‌نیایت. هه‌ست ده‌كه‌ی هیچ شتێكی تر سوودی نه‌ماوه‌و كه‌س گوێ ناگرێت لاپه‌ڕه‌ سپییه‌كه‌ی به‌رده‌مت نه‌بێت. كتێب نووسین ئه‌و په‌رچه‌كرداره‌یه‌ به‌رامبه‌ر ناعه‌داله‌تییه‌كانی دونیا، به‌رامبه‌ر برین و خواروخێچییه‌كانی. ئه‌و هاوارانه‌یه‌ كه‌ كه‌س ئاماده‌ نییه‌ بیبیستێت. من ده‌نووسم، چونكه‌ هه‌ست ده‌كه‌م به‌شێكی زۆر زۆری من به‌ نووسین نه‌بێت قسه‌ ناكات. نووسه‌ر بوونه‌وه‌رێكی ئاڵۆز و په‌رش و بڵاوه‌، كتێب نه‌بێ هیچ شتێكی تر كۆی ناكاته‌وه‌.

پرسیاری سێ: گوستاف فلوبێرله‌ شوێنێكدا ده‌لێ:( مادام بۆڤاری خۆمم). منیش زۆر جار له‌ خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانی تۆدا، وێنه‌ی خۆت ده‌بینم و ئاماده‌ییتان وه‌ك كاراكته‌ر له‌ناو چیرۆكه‌كاندا دیاره‌، به‌ تایبه‌ت له‌ناو چیرۆكی (باوكی ناو ته‌له‌فۆن)دا. ده‌مه‌وێ بزانم تا چه‌ند بۆچوونه‌كه‌م ڕاسته‌؟ تۆ ده‌ته‌وێت چیرۆكی خۆت بنووسیته‌وه‌ یان هی ئه‌وانی تر؟

ئارام كاكه‌ی فه‌لاح: وه‌ك له‌ زۆر شوێنی تریش باسم كردووه‌، مرۆڤ ناتوانێ خۆی له‌ نووسینه‌كانی بهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌. كه‌ سه‌یری ژیانی گارسیا ماركیزو ئه‌و شوێنه‌ی لێی ده‌ژیا، ده‌كه‌ین،ئه‌وسا تێده‌گه‌ین كه‌ ژیانی ئه‌م نووسه‌ره‌ به‌ چڕی له‌ناو ڕۆمان و چیرۆكه‌كانیدایه‌. من تا بیره‌وه‌رییه‌كانی ئانا دۆستۆێفسكایام نه‌خوێندبووه‌وه‌، بڕوام نه‌ده‌كرد دۆستۆێفسكی هێنده‌ له‌ناو كتێبه‌كانیدا بێت. تۆ هه‌ر سه‌یری دوو رۆمانی بكه‌،(بیره‌وه‌رییه‌كانی ماڵی مردووان هی ساڵی ١٨٦٤ و قومارچی هی ساڵی ١٨٦٦ ) ،ئینجا بۆت ده‌رده‌كه‌وێ سێبه‌ری ئه‌م پیاوه‌ له‌هه‌موو شوێنێكی ئه‌م دوو رۆمانه‌یه‌. من له‌ پراگ ئه‌و كه‌لاوه‌و ماڵ و ژووره‌ ڕووخاوانه‌م بینی كه‌ كافكا ته‌مه‌نێكی زۆری ژیانی تێدا به‌سه‌ر بردبوو، ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ لێی ده‌ژیا و ده‌نووسی، ئینجا له‌ نووسینه‌كانی باشتر تێگه‌یشتم و زانیم كه‌ زۆربه‌ی چیرۆك و رۆمانه‌كانی باسی ژیانی پڕ برین و په‌ڕپووتی خۆیه‌تی. بێگومان ئه‌مانه‌ هه‌موویان بێ ویستی نووسه‌ر خۆی دێنه‌ كایه‌وه‌. منیش وه‌ك هه‌ر نووسه‌رێكی تر بێ ویستی خۆم به‌شێكی زۆرم له‌ناو چیرۆك و رۆمانه‌كانمدایه‌. به‌ڵام ئه‌م باس كردنه‌، باسكردنێكی بایۆگرافی و ژیانی تایبه‌تی نییه‌، هێنده‌ هه‌یه‌ ده‌بێ له‌شوێنێكی تردا بۆی بگه‌ڕێین، ئه‌م شوێنه‌ش یاده‌ورییه‌.دوایش ئه‌م خوده‌ هێنده‌ له‌ نێوان دیڕه‌كان و ئه‌وانی تردا ده‌تووێته‌وه‌ كه‌هه‌ر باس كردنێكی خود، چه‌نده‌ها كه‌سی تر خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه‌.

پرسیاری چوار: له‌ دیدارێكدا خێزانی (مه‌حموود ده‌وڵه‌ت ئابادی) باس له‌سه‌ر وه‌ختی نوسینی رۆمانی( كلیده‌ر) ده‌كات و ده‌ڵێ: شه‌وێك نیوه‌شه‌و خه‌به‌رم بووه‌وه‌، مه‌حموود به‌ كوڵ ده‌گریا، پێم وت خێره‌ چی بووه‌ بۆ ده‌گریت؟ وتی یه‌كێ له‌ پاڵه‌وانه‌كانم مرد كه‌ نه‌ده‌بوو بمرێت. تۆش له‌ پێشه‌كی یه‌كێ له‌ كتێبه‌كانتا ده‌ڵێیت: زۆر به‌ وردی وچڕی له‌گه‌ڵ پاڵه‌وانه‌كانم ده‌ژیم ولاتان سه‌یر نه‌بێ گه‌ر بڵێم له‌گه‌ڵ نووسینی هه‌ر چیرۆكێكدا نه‌خۆش ده‌كه‌وم. مه‌به‌ستمه‌ بزانم تا چه‌ند رووداو وكاراكته‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی نووسه‌ر له‌ ده‌قدا خۆیان فه‌رز ده‌كه‌ن؟

ئارام كاكه‌ی فه‌لاح: ده‌زانی گارسیا ماركیز هه‌مان چیرۆك ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ مارسیدیسی ژنی شه‌وێك هه‌ڵده‌ستێ و ده‌بینێ ماركیز ده‌گری و لێی ده‌پرسێ چی روویداوه‌؟ ئه‌ویش ده‌ڵێ : پاڵه‌وانێكی خۆمم له‌ ناو رۆمانه‌كه‌دا كوشت. ناچار بووم، مێرسیدیسی ژنیشی تا به‌یانی لای داده‌نیشێ و دڵی ده‌داته‌وه‌. ئه‌م قسه‌یه‌ له‌ كتێبێكدایه‌ كه‌ دیدارێكی دوورودرێژه‌ له‌گه‌ڵ نوسه‌ردا و هه‌موو كتێبه‌كه‌ بۆ دیداره‌كه‌ ته‌رخان كراوه‌. به‌هه‌ر حاڵ ئه‌وه‌ لای من وایه‌ كه‌ له‌دوای نووسینی هه‌ر چیرۆكێك و رۆمانێك من ته‌ندرووستیم تێك ده‌چێ و نه‌خۆش ده‌كه‌وم، هاوڕێ نزیكه‌كانم ئه‌وه‌ ده‌زانن و من هه‌ندێ جار به‌ گاڵته‌وه‌ پێیان ده‌ڵێم كه‌ من دوای نووسینی هه‌ر چیرۆكیك، چوار تا پینج كیلۆ كه‌م ده‌كه‌م ونووسینی چیرۆك لای من بۆ ڕێجیم باشه‌، بۆیه‌ پیشنیار ده‌كه‌م ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ وه‌زنی خۆیان دابه‌زێنن، بێن و چیرۆك بنووسن و به‌ چڕی و به‌ قووڵی له‌گه‌ڵ كاراكته‌ری ناو چیرۆكه‌كانیاندا بژین، كاتێك نووسه‌ر وا به‌ قووڵی، به‌و جۆره‌ی من مه‌به‌ستمه‌ له‌گه‌ڵ چیرۆكه‌كه‌یدا ده‌ژی، ئه‌وا نووسینی زه‌حمه‌تتر ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌رك و پێداویستی له‌سه‌رت زیاتر ده‌بێ و گه‌ر ئه‌وسا شتێكی واش هاته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ وای لێ كردی بڕیارێك بده‌ی بۆ نه‌مانی یه‌كێك له‌ كاراكته‌ره‌كان، ئه‌وسا وه‌ك ده‌بینی كاراكته‌ری ناو چیرۆك و رۆمانه‌كان وه‌ك كاراكته‌ره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی تێكستی لێ دێ و نه‌مانی ئه‌وانیش ژانێكی گه‌وره‌ت پێده‌گه‌ێنێت.

پرسیاری پێنج: له‌ ئێستادا ڕۆژانه‌ و له‌ بڵاوكراوه‌كاندا به‌ر چه‌ندین تێكست به‌ ناوی چیرۆكه‌وه‌ ده‌كه‌وین، به‌ڵام كاتێ به‌دوای چیرۆكی جددیدا ده‌گه‌ڕێن، چیرۆكی جددیمان زۆر كه‌مه‌. به‌ بۆچونی به‌رێزتان ئه‌م زۆر و بۆرییه‌ هی چییه‌؟

ئارام كاكه‌ی فه‌لاح: سارته‌ر له‌ ساڵی ١٩٤٧ دا كتێبێكی هه‌یه‌ به‌ ناوی (ئه‌ده‌ب چییه‌)، له‌وێدا به‌راوردێك ده‌كات له‌نێوان نووسه‌ر و دانه‌ردا ده‌ڵێ: مه‌رج نییه‌ هه‌موو دانه‌رێك، نووسه‌ر بێت. منیش له‌سه‌ر هه‌مان بۆچوونی سارته‌ر ده‌مه‌وێ بڵێم، ده‌بێ ئێمه‌ش به‌راوردێك بكه‌ین له‌نێوان نووسینی چیرۆك و چیرۆك نووسدا و به‌ بڕوای من مه‌رج نییه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی چیرۆك ده‌نووسن و ته‌نانه‌ت كتێبی چاپكراویشیان هه‌یه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك به‌ چیرۆكنووس له‌قه‌ڵه‌میان بده‌ین. با بێمه‌وه‌ سه‌ر زۆر و بۆرییه‌كه‌و له‌چه‌ند خالێكدا كۆیان بكه‌مه‌وه‌. یه‌كێ له‌و خاڵانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ڕاستی نووسینی چیرۆكی جوان زه‌حمه‌ته‌. هه‌ر خۆی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ كارێكی سه‌خته‌ و به‌هره‌و لێزانین و ماندووبوونێكی زۆری ده‌وێ و كارێكی هه‌تا بڵیی پڕووكێنه‌ره‌. دووم هۆ ئاستی خراپی ئه‌و گۆڤار و رۆژنامانه‌ن كه‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی سه‌رپه‌رشتی ده‌كه‌ن ئاگایه‌كی زۆر قووڵیان له‌ ئه‌ده‌ب نییه‌ و شایسته‌ی ئه‌و شوێنه‌ گرنگه‌ نین كه‌ ڕای خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و ژانره‌ گرنگه‌ی ئه‌ده‌ب ده‌ربڕن و زۆربه‌یان زمانێكی زیندووی بیانی نازانن و ئاگایان له‌ ئاستی ئه‌ده‌بی جیهانی كه‌مه‌ خوێنه‌رێكی ته‌مه‌ڵن، بۆیه‌ هه‌ر تێكستێكیان به‌ ناوی چیرۆكه‌وه‌ بۆ بێت، به‌ كارێكی ناوازه‌و داهێنه‌رانه‌ له‌قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن و بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وان لای من هۆكارێكی زیندووی ئه‌و زۆرو بۆرییه‌ن و لێپرسراوی یه‌كه‌می ئه‌و ناشرینییه‌ن. هۆكاری سێیه‌م، ده‌توانم ئه‌و گروپ چێتییه‌ی ناو ئه‌ده‌بی كوردی ده‌ستنیشان بكه‌م، كه‌ هاورێیه‌تی و پیاهه‌ڵدانی درۆ زیاتر بوونه‌ته‌ هێنانه‌ پیشه‌وه‌ی هه‌ندێ تێكستی خراپ، كه‌ ماوه‌یه‌ك سه‌رقاڵ و بێزارت ده‌كات و ئیتر بۆ خۆی ون ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌یان لای من زۆر گرنگ نییه‌، چونكه‌ هیچ تێكستێكی خراپ به‌ مه‌دح و پیاهه‌ڵدان ناژی، به‌ڵام له‌وه‌ نیگه‌رانم كه‌ئه‌م جۆره‌ ئه‌ده‌به‌ ته‌واو ئه‌ده‌بی كوردی داپۆشیوه‌و به‌خۆی و وه‌همه‌كانییه‌وه‌ خوێنه‌ری ئێمه‌ی سه‌رقاڵ كردووه‌ و ئاستی چێژی ئینسانی ئێمه‌ی له‌ تێكستی جوان دابه‌زاندووه‌ و له‌سه‌دا نه‌وه‌دی خوێنه‌ری ئێمه‌ نازانێ تێكستی جوان چییه‌؟ یه‌كێكی تر له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌م ده‌ پازده‌ ساڵه‌ی دوایش، ده‌ركه‌وتنی تۆڕێكی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك فه‌یس بووك و ده‌ست خۆشییه‌كانێتی، نووسه‌رو خوینه‌ری وا ساویلكه‌ هه‌یه‌ كه‌ هێز و جوانی نووسین به‌ لایك و ده‌ست خۆشییه‌ درۆكانی ناو فه‌یس بووك ده‌پێوێت و به‌و جۆره‌ خۆی لێ ده‌بێته‌ نووسه‌ری چیرۆك و له‌ هه‌مان كاتدا رۆمان نووس و رۆژنامه‌ نوس و وه‌رگێرو ده‌یه‌ها شتی تر. هۆكاری تریش زۆرن، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ جارێ به‌سه‌.

پرسیاری شه‌ش: زۆر جار له‌ چیرۆكه‌كانتا كۆتایی كراوه‌ هه‌یه‌، خوێنه‌ر چاوه‌رێی به‌شی تری چیرۆكه‌كانت ده‌كات.وه‌ك بۆ نموونه‌ چیرۆكی (ژنی ژێر باران). به‌ ڕاستی نه‌ده‌كرا كۆی به‌شه‌كانی ئه‌م چیرۆكه‌ و هه‌ندێ له‌وانی تریش پێكه‌وه‌ وه‌ك ڕۆمان بنووسرانایه‌؟ ئه‌مه‌ ویستی خۆته‌ خوێنه‌ر تامه‌زرۆ بكه‌یت و وای لێ بكه‌یت چاوه‌ڕێ بكات تا به‌شێكی تری چیرۆكه‌كه‌؟ یان بێ ویستی خۆت ئه‌مه‌ رووده‌دات؟

ئارام كاكه‌ی فه‌لاح: بێگومان زۆربه‌ی زۆری ئه‌و چیرۆكانه‌ی من نووسیوومن، ده‌متوانی بیانكه‌م به‌ رۆمان و ئێستاش ده‌توانم به‌ شێوه‌ی ڕۆمان بیاننووسمه‌وه‌، تۆ باسی(ژنی ژێر باران ) ده‌كه‌یت، منیش نه‌ك ته‌نها ئه‌و چیرۆكه‌ كه‌ سێ به‌شیم لێ نوسیووه‌ و به‌شی سێیه‌میم تێكه‌ڵاوی چیرۆكی نووسینه‌وه‌ی دڕك كردۆته‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو چیرۆكه‌كانی تریشی وه‌ك (گوڵه‌كانی دۆزه‌خ، نووسینه‌وی دڕك،من و كامێراكه‌م،باوكی ناو ته‌له‌فۆن،ئه‌و كوڕه‌ی له‌ زۆر كه‌س ده‌چێت،دزینی خه‌ونه‌كان و من به‌ بووكێكی گه‌وره‌وه‌) به‌ رۆمان بنووسیایه‌، به‌ڵام ڕاستت بوێ، من هه‌ر رۆمانێك بتوانم به‌ چیرۆك بنووسم، ئه‌وا وا ده‌كه‌م و به‌ چیرۆك ده‌یاننووسم با چه‌ند به‌شێكیش ده‌رچن. ئه‌وه‌ بۆ من گرنگ نییه‌ خاوه‌نی چه‌ند رۆمان ده‌بم، به‌ڵكو ئه‌وه‌ بۆ من گرنگه‌ خاوه‌نی چه‌ند چیرۆكی جوانم. چیرۆكێكی جوان، به‌ ده‌ رۆمان ناگۆڕمه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م رۆمانه‌ی دوایم( سیزیف، ئه‌و كوڕه‌ی دوو دڵی هه‌یه‌)به‌ چیرۆك بۆم نه‌نووسرا بۆیه‌ بێ ویستی خۆم درێژ بووه‌وه‌ بۆ رۆمان. هه‌ر چه‌ند پێشم خۆش بوو بوو به‌ رۆمان، بۆ ئه‌وه‌ش خۆم بڕیار ناده‌م، به‌ڵكو نووسینه‌كه‌ خۆی بڕیار ده‌دا، قه‌ت ئه‌و به‌شانه‌ی چیرۆكه‌كانم، كه‌ له‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌بنه‌ دووان سیان، بۆ تامی ..تامی و تامه‌زرۆیی خوێنه‌ر نایاننووسم، به‌ڵكو پێویستییه‌كه‌ی رۆحی خۆمه‌ وا ده‌كات درێژ ببنه‌وه‌ تا ناكۆتا.جۆر و كاراكته‌ری ئه‌و چیرۆكانه‌ی من ده‌یانووسم وا فه‌رز ده‌كاست تا ناكۆتا درێژ ببنه‌وه‌.، من ته‌نانه‌ت رۆمانی (سیزیف ئه‌و كوڕه‌ی دوو دڵی هه‌یه‌)، له‌ناو خۆیدا چه‌نده‌ها رۆمانی تری هه‌ڵگرتووه‌، چه‌نده‌ها به‌شه‌ رۆمانی نه‌نوسراوی تیایه‌، هه‌ر كاتێ بیه‌وێ بانگم ده‌كات تا بینووسمه‌وه‌. هیچ شتێ سنوور بۆ ئه‌و خه‌یاڵ و نوسینانه‌ی من دانانێت مه‌رگ نه‌بێ، بۆیه‌ تا من بژیم و توانای نووسینم هه‌بێ ئه‌وانیش دریژ و درێژتر ده‌بنه‌وه‌ و به‌شی تر له‌دایك ده‌بێت.

پرسیاری حه‌وت: له‌ ئێستادا ئێوه‌ یه‌كێكن له‌ ده‌نگه‌ جددییه‌كانی ناو چیرۆكی كوردی و خاوه‌ن خوێنه‌ری تایبه‌تی خۆتانن.ده‌كرێت لێره‌وه‌ به‌ خوینه‌ره‌كانتان بلێن، پڕۆژه‌ی ئاینده‌تان چییه‌ و خوێنه‌ره‌كانتان به‌م زوانه‌ چیرۆكی تازه‌تان ده‌خویننه‌وه‌؟

ئارام كاكه‌ی فه‌لاح: به‌ڵێ ماوه‌یه‌كی تر چیرۆكێكی تازه‌م به‌ ناوی (كارگه‌ی تووڕه‌یی) له‌ گۆڤارێكی تازه‌دا بڵاوده‌بیته‌وه‌ و له‌وێدا خوێنه‌ران به‌ر ته‌كنیكێكی تازه‌م ده‌كه‌ون له‌ ناو چیرۆكدا كه‌ ده‌توانم ناوی بنێم ( ته‌كنیكی شانۆیی له‌ناو چیرۆكدا).پرۆژه‌ی نووسینی ترم زۆره‌ و رۆمانێكی تازه‌م به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌و گه‌ر بۆم كرا وه‌ك چیرۆك بینووسم ئه‌وا ده‌یكه‌م، گه‌ر نه‌متوانی ئه‌وا ده‌یكه‌م به‌ رۆمان.

پرسیار: له‌وه‌ڵامی پرسیاری شه‌شدا ده‌ڵێیت(هه‌ندێك چیرۆك هه‌بووه‌ ده‌متوانی بیكه‌م به‌ رۆمان و هه‌ندێك له‌ رۆمانه‌كانیش ده‌متوانی به‌ شێوه‌ی چیرۆك بنووسم)ده‌پرسم گۆڕینی چیرۆك به‌ رۆمان و گۆڕینی رۆمان به‌ چیرۆك ئه‌وه‌نده‌ كارێكی ئاسانه‌؟ده‌توانی به‌ وردی باس له‌ جیاوازییه‌كانی چیرۆك و رۆمانمان بۆ بكه‌یت؟

ئارام كاكه‌ی فه‌لاح: بێگومان هێنده‌ ئاسان نییه‌، به‌ڵام وه‌ك له‌ پێشدا وتم، كاراكته‌ری ئه‌و جۆره‌ چیرۆكانه‌ی من ده‌یاننووسم، به‌ پێی ئه‌وه‌ی ته‌كنیكێكی كراوه‌یان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ری درێژبوونه‌وه‌یان هه‌یه‌ تا ناكۆتا، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ بێنه‌وه‌ ناو ژیانی ئێستا، ئه‌گه‌ری خۆتازه‌كردنه‌وه‌، ئه‌گه‌ری ژیان خۆی له‌هه‌مووی گرنگتره‌، كۆمه‌ڵێك كاراكته‌ر هه‌میشه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ بێنه‌وه‌ به‌رده‌مت وهه‌ناسه‌ت لێ قه‌رز بكه‌ن و بڵێن بمانووسه‌ ئێمه‌ نه‌مردووین.من گه‌ر بتوانم ژنی ژێر باران به‌ سێ به‌ش بنووسم، بۆ ناتوانم بیكه‌م به‌ رۆمان؟به‌ تایبه‌تی ژنی ژێر بارانێك كه‌ چیرۆكه‌كه‌ی قه‌ت ته‌واو نه‌بێت. من گه‌ر غه‌ریب ریكۆرد به‌ سێ به‌ش بنووسم، بۆ ناكرێ به‌شێوه‌ی رۆمان بینووسم به‌ جۆرێك ئه‌م كاراكته‌ره‌م هه‌میشه‌ دێته‌وه‌و ده‌چێته‌ ناو چیرۆكه‌كانی تریشمه‌وه‌؟ له‌كاتێكدا من خۆم رۆمانیش ده‌نووسم، ده‌زانی بۆ یه‌كێ نووسه‌ری هه‌ردوو جۆره‌كه‌ بێت، ئه‌وه‌ ده‌زانێ كه‌ چیرۆك و رۆمان هێنده‌ دوو دونیای لێك جیاواز نین. ئه‌وه‌ لای ئێمه‌ی كورد چونكه‌ رۆمان ته‌مه‌نێكی هێنده‌ كورتی هه‌یه‌، لامان زه‌حمه‌ت تره‌ و وا ده‌زانین چیرۆك نووسین ئاسانتره‌، به‌ڵام راستت بوێ پێچه‌وانه‌یه‌. گه‌ركه‌مێك له‌ پێوانه‌ گشییه‌كانی چیرۆك و رۆمان قسه‌ بكه‌م، ده‌توانم بلێم كه‌ چیرۆكێكی درێژ( نۆڤێل كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا وشه‌یه‌كی ئیتاڵییه‌و له‌ نۆڤێلاوه‌ هاتووه‌ كه‌ به‌مانای هه‌واڵ دێت، یان به‌ لاتینێكه‌ی پروسه‌ كه‌ مه‌به‌ست لێی جۆرێك گێڕانه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ناسه‌یه‌كی درێژی تێدایه‌) ده‌توانی بۆ چل و نۆ لاپه‌ڕه‌یه‌ك درێژ بێته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ ده‌كرێ له‌ په‌نجاوه‌ ناوی بنرێت رۆمانی كورت.

هه‌رچه‌ند من خۆم زۆر بڕوام به‌م جۆره‌ پێوانانه‌ نییه‌.ئیشی رۆمان ئیشێكه‌ له‌ ئاسۆیه‌كی فراوانتردا، له‌ یاریگایه‌كی فراوانتردا، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كاراكته‌ری زۆرتردا، له‌گه‌ڵ جیاكردنه‌وه‌ی به‌ چه‌ند به‌شێك و هه‌ر به‌شێكیش ده‌كرێ باسێكی سه‌ربه‌خۆ بێت، دوایی به‌ ته‌كنیكێك ئه‌م به‌شانه‌ پێكه‌وه‌ ببه‌سرێته‌وه‌،به‌ڵام له‌ چیرۆكدا ده‌كرێ یه‌ك به‌سه‌رهاتت هه‌بێ و یه‌ك كاراكته‌ر،یه‌ك هه‌ناسه‌، یه‌ك رووداو، یه‌ك چوونه‌ ناوه‌وه‌، یه‌ك كۆتایی، یه‌ك گرێچن، یه‌ك سه‌ره‌تا، به‌ڵام ئه‌مه‌ كاری نووسین ئاسانتر ناكات، چونكه‌ له‌ چیرۆكێكی جواندا ده‌بێ حیساب بۆ هه‌موو ڕسته‌یه‌ك و بۆ هه‌موو وشه‌یه‌ك بكه‌یت، ده‌بێ هیچ شتێكی زیاده‌ی تێدا نه‌بێت، له‌ كاتێكدا له‌ رۆمانێكی ئاساییدا ده‌توانی چه‌ندها لاپه‌ڕه‌ به‌ وه‌سف پڕبكه‌یته‌وه‌، ده‌توانی چه‌نده‌ها شت بڵێیت كه‌ ده‌كرێ نه‌یانڵێیت، وه‌ك سیاسییه‌ك چۆن ده‌توانی سه‌عاتێك قسه‌ بكات و هیچیش نه‌ڵێت، رۆمان نووسێكیش ده‌توانی چه‌نده‌ها لاپه‌ڕه‌ بنووسێت و هیچیش نه‌ڵێت، نه‌ك ته‌نها نووسه‌ران، به‌ڵكو خوێنه‌رانی رۆمانیش ئه‌وه‌ ده‌زانن كه‌ رۆمان پرێتی له‌ شتی زیاده‌، كه‌ ده‌كرێ فڕێیان بده‌یت و هیچ كارێكیش نه‌كات، له‌ كاتێكدا چیرۆكی جوان به‌ شێوه‌یه‌ك بیناكراوه‌ ده‌سكاری یه‌ك ڕسته‌ بكه‌یت ده‌ڕمێ،بێگومان ئه‌م پێوانه‌یه‌ بۆ زۆربه‌ی ئه‌و چیرۆك رۆمانه‌ خراپانه‌ی ئێستا لای ئێمه‌ ده‌نوسرێن و بڵاوده‌بنه‌وه‌ ناگونجێ، پێش هه‌موو شتێ ده‌بێ ئه‌و سه‌رنجه‌ باوه‌ فڕێ بده‌ین كه‌ نووسینی چیرۆك ئاسانتربێ له‌ رۆمان، به‌تایبه‌تی ئه‌و جۆره‌ چیرۆكه‌ی ئێستا ئێمه‌ ده‌ینووسین، مه‌به‌ستم چیرۆكی مۆدێرنه‌، هه‌موو ئاماده‌كاره‌ییه‌ك و هه‌موو ئه‌گه‌رێكی بوون به‌ رۆمانی تێدایه‌، من باسی ئه‌و دوو چیرۆكه‌ی خۆم كرد، بێجگه‌ له‌وان، تۆ سه‌یری چیرۆكی (من و كامێراكه‌م ) چیرۆكی (دزینی خه‌ونه‌كان)، ئه‌مانه‌ بۆ نموونه‌ وه‌ك له‌ پێشه‌كی كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكه‌كه‌شدا باسم كردووه‌، كه‌ به‌ ته‌كنیكی مینی رۆمان نووسیومن، كه‌سانێكی زۆر كه‌م نه‌بێ، زۆركه‌س ئاوڕیان لێ نه‌داوه‌ته‌وه‌ و تێی ناگه‌ن، تێشی بگه‌ن، هێنده‌ سه‌رقاڵن به‌خۆیانه‌وه‌ دوو وشه‌ له‌باره‌یه‌وه‌ ناڵێن، زۆر كه‌سیش ده‌یبات و به‌هه‌ڵه‌ به‌كاری دێنێت،من ئه‌م ماوه‌یه‌ چه‌ند چیرۆكێكم خوێنده‌وه‌ به‌و جۆره‌ ته‌كنیكه‌ی من ده‌ینووسم نووسرابوون، هێنده‌ چیرۆكه‌كه‌یانی قه‌ره‌باڵه‌غ كردبوون، یه‌كسه‌ر تێده‌گه‌ی كه‌ ئه‌م براده‌رانه‌ له‌م جۆره‌ ته‌كنیكه‌ تێنه‌گه‌یشتوون و به‌كاری دێنن.ده‌ستخۆشیان لێ ده‌كرێ و هه‌ندێ جار خه‌ڵاتیشی پێ وه‌رده‌گرن.

بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی بڕیارده‌ده‌ن له‌باره‌ی ئه‌و چیرۆكانه‌وه‌، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ پێیان بڵێین كوڕی باش! چیرۆك وا نانووسرێ، ئه‌م ته‌كنیكه‌ به‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتووی. بۆ نموونه‌ ئه‌و جۆره‌ ته‌كنیكه‌ یارمه‌تیت ده‌دا چیرۆكێك به‌ ته‌كنیكی رۆمان بنووسیت، به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ ته‌كنیكه‌ دێت و رووداوه‌كانت بۆ كۆده‌كاته‌وه‌ و ده‌یهێنێته‌ ژێر كۆنترۆڵی نووسینه‌وه‌،بۆیه‌ چیرۆكه‌كه‌ به‌م جۆره‌ تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ و قه‌ره‌باڵه‌غ نابێ، وه‌ك چۆن رووناكییه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ دێته‌ ناو كامێرایه‌كه‌وه‌ و عه‌ده‌سه‌ی كامێراكه‌ رووناكێیه‌كه‌ت له‌ یه‌ك خاڵدا بۆ كۆده‌كاته‌وه‌ تا په‌ڕش و بڵاو نه‌بێته‌وه‌، تا عه‌ده‌سه‌كه‌شت باشتر بێ، ئه‌و وێنه‌یه‌ی ده‌یگریت روونتر ده‌بێت، ئه‌و ته‌كنیكه‌ش وایه‌ رووداوه‌كانت بۆ كۆده‌كاته‌وه‌ تا كۆنترۆڵیان بكه‌یت و بۆ گێڕانه‌وه‌ ئاسانتر بێت، له‌چه‌ند رووداوێكه‌وه‌ بێنه‌وه‌ سه‌ر یه‌ك دوو رووداو، له‌ رۆماندا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌، له‌ عه‌ده‌سه‌كه‌وه‌ جارێكی تر دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و په‌رش و بڵاو ده‌بێته‌وه‌، له‌ یه‌ك رووداوه‌وه‌ ده‌بێته‌ چه‌نده‌ها رووداو. له‌ یه‌ك كاراكته‌ره‌وه‌ چه‌نده‌ها كاراكته‌ری تر له‌دایك ده‌بێ.بۆیه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌و ئه‌و چیرۆكانه‌م و كردن و نووسینیان به‌ رۆمان كارێكی هێنده‌ زه‌حمه‌ت نییه‌، وه‌ك له‌چاوپێكه‌وتنێكی تریشدا باسم كرد، كه‌ من به‌ نهێنی لابورێكم هه‌یه‌ كه‌ ته‌كنیكی چیرۆكی تێدا له‌دایك ده‌بێ، جارێ وا هه‌یه‌ له‌دایك بوونی ته‌كنیكێك چه‌ند مانگ وساڵ تێڕامان و بیركردنه‌وه‌ی وردو قووڵی ده‌وێت، هه‌ندێ كه‌سیش ده‌یانه‌وێ به‌ دوو چیرۆك ئه‌و ته‌كنیكانه‌ به‌رن و به‌كاری بێنن بێ ئه‌وه‌ی به‌قووڵی لێی تێبگه‌ن. وه‌ك ماشێنێك بیده‌یته‌ ده‌ست قووتابییه‌كی نه‌زان لێی بخوریت، ئه‌وانه‌شی بریار له‌سه‌ر باشی ئه‌و تێكسته‌ خراپانه‌ ده‌ده‌ن، وه‌ك ئه‌و مامۆستایانه‌ وان له‌ته‌نیشت ئه‌و قوتابیانه‌وه‌ دانیشتوون وله‌به‌ر ورگ و گیرفانی خۆیان هه‌ر خه‌ریكی ده‌ستخۆشی كردنیانن به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ بده‌نه‌ هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ی له‌ ڕێگا تووشیان بوون.




مای نیم ئز له‌یلا ڕۆمانی حیكایه‌ته‌ ئاڵۆزه‌كانی سه‌رگه‌ردانی مرۆڤ … ن/ شاخه‌وان سدیق

پێویسته‌ مرۆڤ كه‌سێك هه‌بێت له‌ ژیانیدا خۆشی بوێت، ئه‌گه‌رنا هه‌ركارێك بكات، شتێكی هه‌ر كه‌مه‌. (له‌ ڕۆمانه‌كه‌وه‌)

له‌ كتێبی دووه‌می یاده‌وه‌رییه‌كانیدا (ئه‌لبێرت كامۆ) باس له‌ ڕۆڵی گرنگی نوسه‌ر ده‌كات و ده‌ڵێت” ئه‌و یه‌كه‌مین شته‌ی نووسه‌ر پێویسته‌ فێری ببێت، هونه‌ری گۆڕینی ئه‌و شتیه‌ كه‌ هه‌ستی پێده‌كات بۆ ئه‌وشته‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌وانی تر هه‌ستی پێبكه‌ن” ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌رنجی ئه‌م وته‌یه‌ی (كامۆ)بده‌ین له‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ له‌ دیدی ئه‌وه‌وه‌ (نوسه‌ر) كه‌سێكه‌ كه‌ جیاوازتر له‌وانیتر له‌ دونیاو ئه‌وه‌ی له‌ناویدا هه‌یه‌ ده‌ڕوانی و دواتر به‌ شێوازیتر ده‌یانگۆڕێت به‌ كه‌ره‌سته‌ گه‌لێك كه‌ خه‌ڵكانی تری نزیك له‌ ئه‌و بیبینن. واته‌ ئه‌و مرۆڤانه‌ی پێیان ده‌وترێت (نوسه‌ر) مرۆڤگه‌لێكن جیاواز له‌ توێژه‌كانی تر ده‌بینن و تێده‌فكرێن و پرسیار ده‌كه‌ن،وه‌ك (سوهراب) واته‌نی ” چاومان ده‌شۆن و به‌جۆرێكی كه‌ دونیامان پیشانده‌ده‌نه‌وه‌” به‌ڵام به‌بڕوای من بۆ ته‌واوكردنی وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ به‌ته‌نها نوسه‌ر گرنگنیه‌و ئه‌وه‌ی ڕوناكی به‌دیوه‌ گرنگه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌به‌خسَێت، بوونی (خوێنه‌ر) به‌واتای وه‌رگره‌، چونكه‌ به‌بڕوای من هیچ تێكستێك چه‌ند به‌هێزیش بێت له‌ واتاو ده‌ربڕیندا به‌بێ تێگه‌یشتنی خوێنه‌ری وشیار هێشتا ناكامڵه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی (ڕایمۆند فێده‌رمان)ده‌ڵێت” هه‌ندێك خوێنه‌ر تێكست پڕده‌كه‌ن له‌ مانا” كه‌واته‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌باشی له‌ گۆشه‌یه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی تێكسته‌وه‌ له‌ دونیا بڕوانین و تێبگه‌ین ده‌بێت هاوكێشه‌ی (نوسه‌ر+ دیالۆگ + خوێنه‌ر = ڕه‌خنه‌گر) هاوسه‌نگ بكه‌ین، چونكه‌ به‌بێبوونی ئاماده‌ی هه‌ریه‌كێك له‌مانه‌ مومكین نییه‌، تێكست هیچ بایه‌خێكی هه‌بێت، چونكه‌ خوێنه‌ری باش، ده‌بێته‌ ڕه‌خنه‌گری باش و دوباره‌ مانا به‌ تێكست ده‌به‌خشێته‌وه‌، لێره‌وه‌ ئه‌گه‌ر بكرێت وه‌ك خوێنه‌رێك له‌ ژێر ڕۆشنای ئه‌و پێشه‌كییه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌مه‌وێت كه‌مێك ده‌رباره‌ی ڕۆمانی (مای نیم ئز له‌یلا)ی كچه‌ نوسه‌ری ئێرانی (بی تا مه‌له‌كوتی) بدوێم، كه‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌رهه‌می چاپكراوی ئه‌م ساڵی (بیسته‌هه‌مین ڤێستیڤاڵی گه‌لاوێژه‌) و له‌لایان هاوڕێی وه‌رگێڕ (مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌)ی یه‌وه‌ به‌ زمانێكی پاراو جوان وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی. ئه‌م نوسینه‌ش له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ كتێبگه‌لێكی زۆر له‌ دونیای ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا چاپ و بڵاوده‌كرێنه‌وه‌و له‌ ڕه‌فه‌كانی كتێبخانه‌ی كوردیدا به‌بێده‌نگی ده‌مێننه‌وه‌ و خوێنه‌ران كه‌ به‌بڕوای من به‌شه‌ گرنگه‌كه‌ی ڕۆحی تێكستن له‌ ئاستیاندا بێده‌نگن، بۆئه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ش دوربێت له‌ دیواری ئه‌و بێده‌نگیه‌ ترسناكه‌،پێم خۆشبوو بۆچونی خۆم ده‌رباره‌ی بنوسم. چونكه‌ هاوڕام له‌گه‌ڵ قسه‌كه‌ی ڕۆمان نووس (ئه‌مبرتۆ ئیكۆ)دا كه‌ده‌ڵێت” خوێنه‌ر ته‌نیا ئه‌و كه‌سه‌ نییه‌ كه‌ كتێبێك ده‌گرێت به‌ ده‌سته‌وه‌و چاوه‌ڕوانی نوسه‌ره‌كه‌ ده‌كات شتێكی پێبڵێت، به‌ڵكو هێزێكه‌ له‌ پرۆسه‌ی به‌خشینی ماناو تێپه‌ڕاندنی ئاسۆكانی نوسه‌ردا به‌شداره‌، خوێنه‌ر ئه‌و مانایانه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌له‌ سنوری خه‌یاڵی نوسه‌ر تێده‌په‌ڕن، واته‌ كه‌سێك نییه‌ ئیشی ته‌نیا وه‌رگرتن بێت، به‌ڵكو كه‌سێكه‌ خۆی به‌ سه‌رچاوه‌ی ته‌فسیر و تێڕوانین ده‌بینێت”

چیرۆكی ڕۆمانه‌كه‌:

ئه‌م ڕۆمانه‌ باسكردنه‌ له‌ چیرۆكی ژیانی مرۆڤ گه‌لێك كه‌ به‌نه‌وه‌ی بینه‌ری ساته‌كانی شكست و بێهیوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران له‌ ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ناوده‌برێن، ئه‌و شۆڕشه‌ی كه‌پاش ئازارو مه‌ینه‌تیه‌كان، ئێرانیه‌كان دژی سیستمی شانشینی و هێنانه‌كایه‌ی حكومه‌تێكی نوێ‌ به‌هیوای باشتربوونی ژیان ئه‌نجامیاندا ،به‌ڵام وه‌ زۆرێك له‌ شۆڕشه‌كانی تری دونیا و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ شۆڕش و ئامانجه‌كانی بۆ زۆرێك له‌ ئێرانیه‌كان له‌و وڵاته‌دا ده‌بێته‌ دۆزه‌خ، ئه‌ویش دوای پێكدادانی گروپه‌ چه‌پ‌و ڕاست ڕه‌وه‌كان و له‌ سێداره‌دانی هه‌زاران لاوی ئازادیخواز به‌ناو تۆمه‌تی جۆراوجۆره‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش وای كرد كۆچی به‌لێشاوی ئیرانیه‌كان بۆ تاراوگه‌ ده‌ستپێبكات و جارێكی تر نیشتمان بۆ زۆرێك له‌وان ببێته‌وه‌به‌ زیندانێكی گه‌وره‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی (به‌ختیار عه‌لیش) له‌ وتارێك ده‌رباره‌ی شۆڕش پێی وایه‌” مێژووی مرۆڤایه‌تی هیچ نییه‌، جگه‌ له‌ قه‌سابخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ به‌ناوی شۆڕشه‌وه‌” له‌م ڕۆمانه‌شدا خانمی (مه‌له‌كوتی) باس له‌ چیرۆكی ژیانی پڕ له‌ نه‌هامه‌تی هه‌ندێك له‌و هاوڵاتیه‌ ئێرانیه‌ تاراوگه‌ نشینانه‌ی وڵاتی (ئه‌مریكا) ده‌كات كه‌ خه‌م و دوریه‌كانی غوربه‌ت، هه‌ناوی كه‌رت و په‌رتكردون و یاده‌وه‌ری ته‌نگی پێهه‌ڵچنیون، به‌جۆرێك كه‌ له‌ چه‌ند شوێنێكی ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌ندێك له‌ كاره‌كته‌ره‌كان له‌ خۆ ونكردن نزیك ده‌بنه‌وه‌، تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌نجام یه‌كێك له‌ كاره‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ خود كوژی ده‌كات و له‌سه‌ر پردێكه‌وه‌ خۆی هه‌ڵده‌داته‌ خواره‌وه‌و كۆتای به‌ ژیانی خۆی دێنێَت. به‌گشتی ڕۆمانه‌كه‌ یاریكردنێكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاواداو هه‌وڵێكه‌ بۆ پیشاندانه‌كانی نائومێدیه‌كانی ئینسان كه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت له‌ هه‌ركوێیه‌كی ئه‌م دونیایه‌دا بژی.

ته‌كنیك و زمان. وه‌ك دوانه‌ی به‌هێزی گێڕانه‌وه‌.
له‌ ڕاستیدا و بۆ من وه‌ك خوێنه‌رێك، چیرۆكی ئه‌م ڕۆمانه‌ حیكایه‌تێكی ساده‌و ساكار و ئاسایی بوو، وه‌ك زۆرێك له‌ چیرۆكی ئه‌و ڕۆمانانه‌ی كه‌ كه‌ڕۆژانه‌ ده‌یانبینین و ده‌یان خوێنینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای بایه‌خ و له‌سه‌ر وه‌ستانه‌ له‌م ڕۆمانه‌دا بونی ته‌كنیكی به‌هێزی گێڕانه‌وه‌و زمانه‌ ئاست به‌رزه‌كه‌یه‌تی كه‌ بوه‌ته‌ هۆی جوان و به‌هێز داڕشتنی ڕسته‌كان و به‌ستنه‌وه‌یان به‌یه‌كه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌هاوكاری و بوونی شیعریه‌ت له‌ ساتی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كاندا، كه‌ به‌دیلۆگی (پینگ پۆنگ)ی كورت و خێرا ڕسته‌كانی داڕێژاون، ئه‌ویش به‌جۆرێك له‌كاتی خوێنه‌وه‌دا هه‌رده‌ڵێی كورته‌ چیرۆك ده‌خوێنیته‌وه‌، نه‌ك ڕۆمان. كه‌ به‌ بڕوای من ئه‌مانه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌م خانمه‌ نوسه‌ره‌ خۆی هه‌م (شانۆكارو شیعر)نوسه‌و كاریگه‌ری خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكی جیهانیشی له‌سه‌ره‌ كه‌ به‌ ئاسانی له‌كاره‌كه‌یدا هه‌ستی پێده‌كه‌رێت، به‌تایبه‌ت چیرۆكه‌كانی نوسه‌ران (هه‌نگوای ئه‌مریكی و چیخۆفی ڕوسی) ئه‌م ڕۆمانه‌ له‌ ڕووی ته‌كنیكه‌وه‌ دابه‌شكراوه‌ به‌سه‌ر (حه‌ڤده‌) به‌شی جیاوازو سه‌ربه‌خۆدا، به‌جۆرێك هه‌ربه‌شه‌ی ده‌توانرێت وه‌ك چیرۆكێكی سه‌ربه‌خۆی ڕوداو ئامێز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، واته‌ له‌م ڕۆمانه‌دا له‌ هه‌ربه‌شێكه‌وه‌ بته‌وێت ده‌ست به‌خوێندنه‌وه‌ بكه‌یت ده‌توانیت و تیمای سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌ تێك ناچێت، ئه‌م ڕۆمانه‌ سێ‌ گێڕڕه‌وه‌ی سه‌ره‌كی هه‌یه‌و ده‌نگی هه‌ریه‌كێك له‌و حیكایه‌ت خوانانه‌ش سه‌ربه‌خۆو جیاوازن، به‌جۆرێك هه‌ریه‌كێك له‌وانه‌ به‌جۆرێكی جیاو تایبه‌ت چیرۆك و ڕوداوه‌كانی خۆی و به‌شێوه‌ی گرێچنی تایبه‌ت به‌خۆی چیرۆكه‌كه‌ی ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش نیشانده‌ری تواناو لێهاتوی و شاره‌زای نوسه‌ره‌ له‌ چۆنێتی نوسینی ڕۆمان و شێوازه‌كانی له‌مڕۆدا.

سه‌رنج له‌سه‌ر ڕۆمانه‌كه‌:
بێگومان هه‌موو به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی چه‌ند به‌بایه‌خ و گرنگیش بێت، هێشتا به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ش لایه‌نی دیكه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ قسه‌كردن ده‌رباره‌ی هه‌ندێك خاڵ لاواز تیایدا، به‌بڕوای من ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ جوانیه‌كانی ئه‌ده‌ب كه‌ گۆشه‌ نیگای زۆر و جیاوازی بۆ بینین هه‌یه‌، من له‌ خوێنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌دا به‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ كه‌وتم كه‌ ناكرێت بوترێت كه‌موكورتین له‌ كاره‌كه‌دا ته‌نها تێبینین و به‌بڕوای من ده‌بوو نوسه‌ر باشتر كاری له‌سه‌ر بكردنایه‌.
یه‌كه‌م: زۆرێك له‌ ڕووداوه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه‌ ئاڵۆزن، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر خوێنه‌ری شاره‌زا نه‌بێت ڕه‌نگه‌ ئاسان نه‌بێت هه‌ندێك ڕوداو كاره‌كته‌ر به‌ئاسانی بۆت جیابكرێته‌وه‌، كه‌ ره‌نگه‌ ئالۆزی گێڕانه‌وه‌كه‌ نوسه‌ر له‌ خزمه‌ت ته‌كنیكه‌كه‌ی به‌كاری هێنابێت، به‌ڵام سه‌ره‌نجام هه‌رچۆنێك بیت خوێنه‌ر توشی مه‌له‌ل ده‌كات.
دووه‌م/ ته‌واوی ڕۆمانه‌كه‌ به‌ نه‌فه‌سی شانۆیی نوسراوه‌و كه‌متر نوسه‌ر توانیوێتی خۆی له‌ وێنه‌ی درامایی بپارێزێت، كه‌ ده‌كرا باشتر و له‌ ڕێگه‌ی دیالۆكی كاره‌كته‌ره‌كانه‌وه‌ خۆی له‌م حاڵه‌ته‌ بپاراستایه‌ و زیاتر له‌ سینه‌ما نزیك بكه‌وتایه‌ته‌وه‌.
سێیه‌م/ ئه‌گه‌رچی ڕۆمانه‌كه‌ له‌ وڵاتی فه‌ره‌نساو دوور له‌ سانسۆر چاپكراوه‌، به‌ڵام له‌ زۆرێك له‌ دیمه‌نه‌ (ئیرۆتیكیه‌)كاندا، نوسه‌ر خۆی سانسۆری كردوه‌و حه‌قی ته‌واوی به‌ گێڕانه‌وه‌ی ساته‌كانی ڕووداوه‌كه‌ نه‌داوه‌و شه‌رمێكی زۆر به‌ نوسینه‌كه‌وه‌ له‌و ساتانه‌دا دیاره‌، كه‌ خوێنه‌ر به‌ئاسانی هه‌ستده‌كات نوسه‌ر خۆی سانسۆرو ڕێگره‌ له‌ به‌رده‌م (ڕاوی) حیكایه‌ته‌كاندا. بۆ باشتر ته‌عبیركردنی ئه‌و ساتانه‌.
چواره‌م/ ئه‌گه‌رچی ڕۆمانه‌كه‌ باسكردنه‌ له‌ نائومێدی و نه‌هامه‌تیه‌كانی مرۆڤ به‌ هه‌ردوو ڕه‌كه‌زه‌كه‌یه‌وه‌، به‌ڵام ساته‌ تراژیدیه‌كانیش له‌م ئیشه‌دا زۆر نه‌رم و نیان گێڕاونه‌ته‌وه‌ به‌ زمانێكی ته‌واو كچانه‌، كه‌ به‌بڕوای من نوسه‌ر له‌ كاتی قسه‌كردنی كاره‌كته‌ره‌ پیاوه‌كاندا نه‌ی توانیوه‌ له‌ كچ بونی خۆی ده‌ربازببێتن، بۆیه‌ له‌كاتی خوێنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌دا یه‌كڕاست به‌ر نوسین به‌ زمانی (فێمینستیان)ه‌ ده‌كه‌ویت.

ئه‌م ڕۆمانه‌ بۆ بیخوێنینه‌وه‌:
(هاشمی ئه‌حمه‌د زاده‌) له‌ كتێبی (جیهانی ڕۆمان)دا پێی وایه‌” ڕۆمان له‌جیاتی نوێنه‌رایه‌تیكردنی هه‌موو جیهان، ته‌نیا ڕووناكی ده‌به‌خشێته‌ سه‌ر هه‌ندێك خاڵ بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ جیهان” له‌ ئێستادا و به‌گشتی مرۆڤ له‌ هه‌ر شوێنێكی ئه‌م زه‌ویه‌دا بێت و هه‌رچۆ بژی بێهیوایه‌كی گه‌وره‌ بیركردنه‌وه‌ی ته‌نیوه‌، بۆیه‌ زۆر جار به‌م سه‌رده‌مه‌ ده‌وترێت چاخی مرۆڤه‌ نا ئومێده‌ گه‌وره‌كان، له‌م ڕۆمانه‌شدا نوسه‌ر هه‌وڵیداوه‌ باس له‌ ئێستای دۆخی مرۆڤ له‌ دوو جه‌مسه‌ر دونیادا بكات و بیبه‌ستێته‌وه‌ به‌ دوو كلتوری جیاوازوه‌، ئه‌ویش به‌ پیشاندانی ئه‌و نا ئومێدیه‌ قوڵه‌ی كه‌ له‌ ڕۆح و جسته‌ی مرۆڤدا سه‌ره‌ڕای بوونی ته‌كنه‌لۆژیاو پێشكه‌وتن مۆدێرنه‌ دروستی كردوون، نوسه‌ر ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌وه‌ باس له‌ نه‌هامه‌تیه‌كانی شۆڕش و خه‌مه‌كانی مرۆڤ له‌ ئاواره‌بون و ته‌نهای غوربه‌ت بكات، باس له‌ عیشق و ته‌نهای و جیابونه‌وه‌ و هه‌ستانه‌وه‌ی دواتری دوای شكست، باس له‌ ونبونی مرۆڤ له‌ شاره‌گه‌وره‌كاندا ده‌كات، كه‌ چۆن جۆرێكه‌ مرۆڤ بۆته‌ ڕۆبۆتێكی گه‌وره‌و له‌ قه‌ڵباڵخترین جێگادا هه‌ست به‌ ته‌نهای گه‌وره‌ ده‌كات، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر وشیاری نه‌بێت ئه‌سته‌مه‌ به‌ئاسانی خۆی بدۆزیته‌وه‌، نوسه‌ر بۆ ده‌ربڕین و داڕشتنی هه‌موو ئه‌مانه‌ش زمانێكی ته‌واو پڕله‌ هارمۆنیای مۆسیقی به‌كارهێناوه‌ كه‌ خوێنه‌ر په‌ره‌گراف په‌ره‌گراف به‌دوای خۆیدا ڕاده‌كێشێت، بۆیه‌ به‌بڕوای من خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ بۆ خوێنه‌رانی ئێستای ئێمه‌ گرنگه‌، چونكه‌ ڕۆمانه‌كه‌ جگه‌ له‌ ته‌كنیكه‌ به‌رزه‌كه‌ی خاوه‌نی چیرۆكێكیشه‌ كه‌ تاڕاده‌یه‌ك له‌ ژیانی ئێستای زۆربه‌مانه‌وه‌ نزیكه‌، وه‌ك نوسه‌ریش خۆی ده‌رباره‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ ده‌ڵێت” بۆ نوسینی ئه‌م كتێبه‌ خۆم ده‌سوتام و وشه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ یه‌ك یه‌ك داده‌گیرسان” من به‌هیوام له‌م نوسینه‌مدا ناهه‌قیم له‌ گێڕانه‌وه‌ی تیكسته‌كه‌ نه‌كردبێت و خۆتان به‌خوێندنه‌وه‌ی چێژی ڕاسته‌قینه‌ له‌ ڕۆمانه‌كه‌ وه‌رگرن و ئه‌م نوسینه‌ی منیش ته‌نها وه‌ك ناساندێكی كورت چاولێبكه‌ن. سوپاس بۆ وه‌رگێڕی ئه‌زیز(مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌ی) له‌پای ئه‌و وه‌رگێڕنه‌ جوانه‌ به‌و زمانه‌ پاراوه‌و ناساندنمان به‌م به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌یه‌. به‌هیوام له‌ داهاتوودا به‌رهه‌می زیاتری (بی تا مه‌له‌كوتی) بخوێنینه‌وه‌.

—————————————
بۆ ئه‌م نوسینه‌ سودم له‌م كتێبانه‌ وه‌رگرتووه‌.

1- خوێنه‌ری كوشنده‌_به‌ختیار عه‌لی_ 2005
2- جیهانی ڕۆمان_ هاشم ئه‌حمه‌د زاده‌_2015
3- بیره‌وه‌ریه‌كانی ئه‌لبیرت كامۆ_وه‌رگێڕانی_پێشڕه‌و حسین.




گفتوگۆ لەگەڵ سەڵاح بایەزیدی سەبارەت بە وەرگێڕان ….سازدانی / شاخه‌وان سدیق.


سه‌ڵاح بایه‌زیدی

قه‌ڵه‌می وه‌رگێڕ وه‌ك هی نووسه‌ر قه‌ڵه‌مێكی ئازاد و ڕه‌ها نییه‌، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك سنوور و چوارچێوه‌ی دیاریكراوی هه‌یه‌.
(سه‌ڵاح بایه‌زیدی) یه‌كێكه‌ له‌ وه‌رگێره‌ ناسراو دیاره‌كانی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی ناو دونیای وه‌رگێڕانی كوردی و خاوه‌نی چه‌ندین كتێبی وه‌رگێڕدراوه‌ له‌ زمانی فارسیه‌وه‌ بۆ كوردی، تایبه‌ت به‌ پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵ سازدا.


پ1/ (بارگاس یۆسا) ده‌ڵێت “وه‌رگێڕه‌كان شكست خواردووه‌كانی ناو دونیای ئه‌ده‌بن” واته‌ ئه‌وانه‌ی نه‌یان توانیوه‌ ببنه‌ ئه‌دیبی باش ڕوویان كردۆته‌ وه‌رگێڕان و بونه‌ته‌ وه‌رگێڕی باش، ئه‌م بۆچوونه‌ به‌ بڕوای تۆ تا چه‌ند ڕاسته‌؟ تۆ بۆ ده‌ستتكرد به‌ وه‌رگێڕان؟

وه‌/ به‌ ڕای من وه‌رگێڕان تا ڕاده‌یه‌ك كۆسپه‌ له‌ به‌ر ده‌م ئه‌وه‌ی ببیته‌ ئه‌دیبێكی باش، چونكه‌ ئیتر ناتوانی وه‌كوو پێویست كات بۆ نووسینی خۆت ته‌رخان بكه‌ی. له‌ نووسیندا تووشی وه‌سوه‌سه‌ت ده‌كا، چونكه‌ ئیدی به‌ هه‌ر ده‌قێك ڕازی نابی. یان ده‌نا ڕێگر ده‌بێ له‌ به‌رده‌م ئه‌وه‌ی ستایلێكی نووسینی تایبه‌ت به‌ خۆت بدۆزیته‌وه‌. ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕان بوو به‌ خولیا، به‌رده‌وام هه‌ست ده‌كه‌ی كاری وه‌رگێڕانت زۆره‌ و ده‌كرێ بیرۆكه‌كانی خۆت وه‌ لاوه‌ بنێی و دواتر كاریان له‌ سه‌ر بكه‌ی. هه‌تا له‌ وه‌رگێڕاندا پڕكارتر بی، له‌ نووسیندا ته‌وه‌زه‌لتر ده‌بی. ئه‌و كاته‌ی كه‌ بۆ وه‌رگێڕانی ته‌رخان ده‌كرێ، ئه‌گه‌ر بێت و بۆ ده‌قێكی خۆت ته‌رخان بكرێ، بێگومان چه‌نده‌ش له‌ سه‌ره‌تادا لاواز بێ، به‌ پێی ئه‌زموون ده‌گۆڕدرێ و شتێكی پوختی لێ ده‌رده‌چێ. محه‌ممه‌دی قازی و ئیبراهیمی یۆنسی له‌و دوو وه‌رگێڕه‌ پڕكاره‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردانه‌ن كه‌ خزمه‌تی ئه‌ده‌بیی فارسییان كردووه‌ و سه‌لماندوویانه‌ كه‌ ده‌كرا ئه‌دیبی باش بن. محه‌ممه‌دی قازی به‌ ڕۆمانی “زارا” و “بیره‌وه‌رییه‌كانی وه‌رگێڕێك” و ئیبراهیم یۆنسیش به‌ چه‌ند ڕۆمانێك وه‌ك “دادا شیرین” و “نزا بۆ ئارمێن”. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، وه‌ك چۆن كاری وه‌رگێڕان ڕه‌نگه‌ زه‌بر له‌ نووسین و داهێنان بدا، ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌دیب بوون بۆی هه‌یه‌ زیانی بۆ وه‌رگێڕان هه‌بێ. له‌وانه‌یه‌ ئه‌دیبێكی باش وه‌رگێڕێكی باش نه‌بێ. ستایل و سه‌لیقه‌ی خۆی به‌ سه‌ر ده‌قه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كه‌دا بسه‌پێنێ. بوودلێر شاعیر و نووسه‌رێكی به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسییه‌، هاوكات له‌ ئینگلیزیشه‌وه‌ كاری وه‌رگێڕانی كردووه‌، له‌وانه‌ “قه‌له‌ڕه‌ش”ه‌كه‌ی ئێدگار ئالێن پۆی كردۆته‌ فه‌ره‌نسی، به‌ڵام به‌ ڕای زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌گران وه‌رگێڕانێكی بوودلێریانه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ی له‌ ده‌قه‌كه‌دا بوودلیر ده‌بینرێ، ئێدگار ئالێن پۆ نابینرێ. له‌ كوردیشدا نموونه‌ی وامان هه‌یه‌، وه‌رگێڕانی شیعره‌كانی خه‌ییام له‌ لایه‌ن مامۆستا هه‌ژاره‌وه‌، وه‌رگێڕانێكی هه‌ژارانه‌یه‌. ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ژار ده‌بینرێ خه‌ییام نابینرێ.
سه‌باره‌ت به‌ به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه‌شت ده‌بێ بڵێم ئه‌و حه‌زه‌ گه‌وره‌یه‌ی بۆ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان و ئه‌ده‌بی جیهانی هه‌مبوو خولیای وه‌رگێڕانی له‌ مندا به‌دی هێنا. یه‌كه‌م به‌رهه‌می چاپكراوم وه‌رگێڕانی كورته‌ چیرۆكێكی ته‌نز بوو له‌ زمانی فارسییه‌وه‌ كه‌ كاتی خۆی له‌ گۆڤاری “سروه‌”دا بڵاو بۆوه‌. دواتر به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر درێژه‌م به‌ كاری وه‌رگێڕان دا و له‌ ماوه‌ی پانزه‌ ساڵی ڕابردوو، له‌ هیچ هه‌لومه‌رجێكدا وازم لێ نه‌هێناوه‌ و لێی پاشگه‌ز نه‌بوومه‌ته‌وه‌.

پ2/ هه‌میشه‌ ده‌وترێت وه‌رگێڕان نووسینه‌وه‌ی ده‌قێكی نوێیه‌ له‌ لایه‌ن كه‌سی وه‌رگێڕه‌وه‌، ئێوه‌ چۆن له‌مه‌ ده‌ڕوانن؟ پێتان وایه‌ وه‌رگێڕان ده‌توانێت ڕۆحی زیندووی تێكسته‌كان بگوازێته‌وه‌؟

وه‌/ وه‌رگێڕان نووسینه‌وه‌ی ده‌قێكی نوێ نییه‌، به‌ڵام هیچی له‌ نووسین كه‌متر نییه‌، بۆیه‌ش وه‌رگێڕ ده‌بێ له‌ هه‌مانكاتدا نووسه‌ر بێ. به‌ڵام قه‌ڵه‌می وه‌رگێڕ وه‌ك هی نووسه‌ر قه‌ڵه‌مێكی ئازاد و ڕه‌ها نییه‌، كۆمه‌ڵێك سنوور و چوارچێوه‌ی دیاریكراوی هه‌یه‌. لێره‌دا، وه‌رگێڕ ده‌توانێ به‌رگێكی نوێ به‌ باڵای ده‌قدا ببڕێ. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆمانێكی وه‌رگێڕدراوت خوێنده‌وه‌ و هه‌ستت كرد كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه‌ جلی كوردیان له‌به‌ر دایه‌ یان فه‌زای گوند و شوێنێكی نیشتیمانی خۆت له‌ مێشكتدا وێنا بوو یان ده‌نا هه‌ست بكه‌ی كه‌سه‌كان به‌ كوردی قسه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ بزانه‌ ڕۆحی زیندووی تێكسته‌كه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌.

پ3/ ئێستا له‌ كوردستان پڕۆسه‌ی وه‌رگێڕان له‌ زمانی دووه‌م و سێیه‌مه‌ ده‌كرێت، پێتان وایه‌ ئه‌م جۆره‌ وه‌رگێڕانه‌، وه‌رگێڕانی زیندوو بێت، ئایا تا چه‌ند ده‌قه‌كه‌ جوانیی خۆی ده‌پارێزێت له‌م جۆره‌ وه‌رگێڕانانه‌دا.

وه‌/ په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌و زمانه‌ دووه‌م و سێیه‌مه‌ كام زمانن. ئه‌گه‌ر ئه‌م زمانه‌ دووهه‌مه‌ زمانێكی ئه‌وروپی بێت، به‌ ڕای من گۆڕانكارییه‌كی زۆر گه‌وره‌ ڕوو نادا، زۆر به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانی پشت به‌ وه‌رگێڕانێكی ئینگلیزی ببه‌ستی كه‌ له‌ هه‌نگاری یان یۆنانییه‌وه‌ كراوه‌، یان وه‌رگێڕانێكی فه‌ره‌نسی كه‌ له‌ پورتوگالی و ئیسپانییه‌وه‌ كراوه‌، چونكه‌ گۆڕانكاریی به‌ سه‌ر وشه‌كاندا نایه‌، ستروكتوری ده‌ق ناگۆڕدرێ. هه‌ڵبه‌ت دیسان ئه‌گه‌ر له‌ زمانی یه‌كه‌مه‌وه‌ بێ باشتره‌، به‌ڵام هه‌ندێك زمان هه‌ن، له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی كورددا یه‌ك دوو ئه‌دیب ئاشنای نه‌بێ، بۆیه‌ به‌ ناچاری له‌ زمانی دووه‌مه‌وه‌ ده‌بێ وه‌ربگێڕدرێن. ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ی له‌مه‌ڕ وه‌رگێڕان له‌ لای خۆمان و جیرانه‌كانمان هه‌یه‌، لێره‌ نییه‌ یان كێشه‌كان له‌و ڕووه‌وه‌ به‌ ڕاده‌یه‌ك چاره‌سه‌ر كراون كه‌ ئیتر نابینی باسی لێوه‌ بكرێ. به‌ڵام بۆ زمانی فارسی وا نییه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگه‌ بۆ وه‌رگێڕه‌ كورده‌كان. ناتوانی متمانه‌ به‌ هه‌ر وه‌رگێڕێكی فارس بكه‌یت. فه‌وزایه‌كی گه‌وره‌ له‌ وه‌رگێڕانی فارسیدا هه‌یه‌. ئیتر وای لێ هاتووه‌ هیچ سنوورێكی ئه‌خلاقی ناناسێ. من ڕۆمانێكی وه‌رگێڕدراوی فارسیم خوێنده‌وه‌ وه‌رگێڕه‌كه‌ی وشه‌ی ”به‌راز”ی له‌ نێو كتێبه‌كه‌دا كردبوو به‌ ئاژه‌ڵ، ئاژه‌ڵه‌كان. له‌ زۆر جێدا، پێش ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی ئێران كاره‌كانیان سانسۆڕ بكا، بۆ خۆیان سانسۆڕی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كانیان بڵاو ببێته‌وه‌. ئه‌مه‌ ته‌نیا نموونه‌یه‌كی بچووكه‌ له‌ سانسۆڕێك كه‌ وه‌رگێڕ به‌ سه‌ریدا سه‌پاوه‌ یان دڵخوازانه‌ كردوویه‌تی و زۆریش بێمانایه‌. ئیتر بمێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كان ده‌فارسێندرێن، ئیدیۆم و ده‌سته‌واژه‌كان ده‌گۆڕدرێن. هه‌ست ده‌كه‌م له‌ نێوان زمانی فارسی و عه‌ڕه‌بیدا پتر ده‌توانی پشت به‌ زمانی عه‌ڕه‌بی ببه‌ستی و ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر ناچار بی وه‌رگێڕانێكی ده‌ستی دوو و سێ بكه‌ی، له‌ عه‌ڕه‌بییه‌وه‌ بێت كه‌موكوڕی كه‌متر بێ.

پ4/ ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌كییانه‌ چین كه‌ ده‌بێت له‌ كه‌سی وه‌رگێڕدا هه‌بن، ئایا زانینی زمانێك به‌ته‌نها ده‌توانێ وا له‌ مرۆڤ بكات توانای وه‌رگێڕانی تێكسته‌كانی هه‌بێت، وه‌رگێڕان پیشه‌یه‌ یان زانسته‌ یان هونه‌ره‌؟

وه‌/ وه‌رگێڕان له‌ كوردستان هێشتا نه‌بۆته‌ پیشه‌ یان زانست و زیاتر هونه‌ر یان خولیا و حه‌زێكی تاكه‌كه‌سییه‌. پیشه‌ نییه‌ چونكه‌ ده‌توانم بڵێم هه‌موو وه‌رگێڕێكی كورد له‌ په‌راوێزی ژیانی ڕۆژانه‌دا كاری وه‌رگێڕان ده‌كا، بۆ بژیوی ژیان ناچاره‌ په‌نا بۆ كاری تر ببات و وه‌ختی پشوو و حه‌سانه‌وه‌ی بۆ وه‌رگێڕان دابنێ، وه‌رگێڕانی كوردی له‌ په‌راوێز و به‌ ماندوویی ده‌كرێ و له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ش به‌ نۆره‌ی خۆی كاریگه‌ریی له‌ سه‌ر كوالیتی وه‌رگێڕان هه‌بێ. نه‌بۆته‌ زانستیش چونكه‌ كۆڕ و ناوه‌ندی تایبه‌ت به‌ وه‌رگێڕان دروست نه‌بوون و وه‌رگێڕی كورد به‌ هه‌وڵی خۆی، خۆی پێده‌گه‌یه‌نێ و ده‌رچووی زانكۆ یان ناوه‌ندێكی تایبه‌ت به‌ وه‌رگێڕان نییه‌. دواتر به‌رهه‌می وه‌رگێڕدراویش، نه‌ به‌ باش نه‌ به‌ خراپ قسه‌ی له‌سه‌ر ناكرێ و هه‌ڵناسه‌نگێنرێ.
سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگێڕانێكی باش و سه‌ركه‌وتوویش، به‌ بۆچوونی من زانین و شاره‌زابوون به‌سه‌ر زمانی ده‌سپێك و زمانی مه‌به‌ستدا مه‌رجه‌، به‌ڵام به‌ ته‌نیا به‌س نییه‌. وه‌رگێڕ ده‌بێ له‌و بواره‌دا ئاگادار بێ كه‌ كاری له‌ سه‌ر ده‌كا. دیاره‌ ئه‌مڕۆكه‌ ئه‌نته‌رنێت له‌چاو ڕابردوو ده‌رفه‌تێكی زیاتری بۆ وه‌رگێڕه‌كان ڕه‌خساندووه‌ و له‌ هه‌ندێك ڕووه‌وه‌ ئاسانكاری بۆ كردوون. بۆ نموونه‌ وه‌رگێڕێك زۆر به‌ سانایی ده‌توانێ سه‌باره‌ت به‌ فه‌رهه‌نگ و نه‌ریتی ناوچه‌یه‌ك یان سه‌باره‌ت به‌ ناو، شوێن، كه‌سه‌كان و زۆر شتی تر زانیاری به‌ده‌ست بێنێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ له‌ پێشخستنی توانا و ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگێڕدا به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ور نابینێ و ته‌نیا ده‌توانێ كێشه‌ ته‌كنیكییه‌كانی چاره‌سه‌ر بكا.

پ5/ وه‌رگێڕان ده‌توانێت چ ڕۆڵێك له‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی كتێبخانه‌ی كوردیدا بگێڕێت؟ بۆ هه‌وڵ نه‌دراوه‌ وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌ بكه‌ن، واته‌ به‌رهه‌مه‌ كوردییه‌كان وه‌ربگێڕنه‌ سه‌ر زمانه‌ بیانییه‌كان، پێتان وا نییه‌ له‌ ئێستادا ئه‌وه‌ پێداویستییه‌كی گه‌وره‌یه‌؟
وه‌/ وه‌رگێڕان ڕه‌فه‌ به‌تاڵه‌كانی كتێبخانه‌ی كوردی داده‌گرێ و ڕه‌فه‌ی نوێی پێوه‌ زیاد ده‌كا، نه‌ته‌وه‌یه‌ك چه‌نده‌ش خاوه‌نی كتێب و نووسه‌ر بێ، دیسان پێویستی به‌ وه‌رگێڕانه‌. خاڵی سه‌رنج ڕاكێش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی خاوه‌نی زۆرترین كتێب و ده‌وڵه‌مه‌ندترین زمانن، زیاتر له‌وانی دیكه‌ گرنگی به‌ وه‌رگێڕان ده‌ده‌ن و له‌و بواره‌وه‌ چالاكترن. كتێبی وه‌رگێڕدراویان له‌ هی نووسراو پتره‌. وه‌رگێڕان، ده‌توانێ به‌ هانای كتێبخانه‌ی كوردییه‌وه‌ بێ، ده‌وڵه‌مه‌ندی بكا و ڕه‌نگ و بۆی پێ ببه‌خشێ. ده‌توانێ له‌ داهێنان و نوێگه‌ریدا ڕۆڵێكی به‌رچاو بگێڕێ.
له‌ وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌دا، به‌ پێچه‌وانه‌ی وه‌رگێڕان به‌ زمانی كوردی هه‌وڵ و خولیای وه‌رگێڕ به‌ ته‌نیا به‌س نییه‌، هه‌ندێك فاكته‌ری دیكه‌ دێنه‌ گۆڕێ: هه‌ڵبژاردنی ده‌ق، دۆزینه‌وه‌ی وه‌شانخانه‌، تیڕاژ و ڕێژه‌ی خوێنه‌ران. زۆر شت كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ وه‌رگێڕانی ده‌قێكدا به‌ كوردی بیری لێ نه‌كرێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ من خۆم تاقیم نه‌كردۆته‌وه‌ تا بزانم كه‌ند و كۆسپه‌كانی به‌رده‌می چین.

پ6/ ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا وه‌رگێڕانی پیادا تێپه‌ڕ ده‌بێت له‌ هه‌رێمی كوردستان چۆن ده‌بینن، پێتان وایه‌ زۆر و بۆریی له‌ وه‌رگێڕاندا هه‌یه‌، كێ به‌رپرسیاره‌ له‌و دۆخه‌ و چی بكرێت بۆ باشتربوونی؟
وه‌/ وه‌رگێڕان هه‌تا زۆر بێ باشتره‌، ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان ده‌كرێ، زۆر نییه‌، هێشتا به‌ سه‌دان شاكاری كلاسیك هه‌ن بۆ سه‌ر زمانی كوردی وه‌رنه‌گێڕدراون، ڕه‌نگه‌ بۆ خۆمان پێمان وابێ زۆره‌ چونكه‌ دره‌نگ ده‌ستمان پێ كردووه‌. به‌ڵام بۆربوون له‌ وه‌رگێڕاندا به‌دی ده‌كرێ، پاشاگه‌ردانییه‌ك هه‌یه‌ و به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ده‌زگاكانی چاپ و په‌خش لێی به‌رپرسیارن. ئه‌و ده‌زگایانه‌ ده‌بێ هه‌موو وه‌رگێڕانێك بڵاو نه‌كه‌نه‌وه‌ و لیژنه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و كتێبانه‌ پێك بێنن كه‌ به‌ نیازن بڵاویان بكه‌نه‌وه‌ و له‌ بڕیارداندا هه‌ستیارتر بن. به‌ تایبه‌ت گرنگی به‌ زمانی كوردی بده‌ن كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌رگێڕانی كوردی.

به‌شێك له‌ ژیاننامه‌:
سه‌ڵاح بایه‌زیدی ساڵی ١٩٨٢ له‌ شاری مه‌هاباد له‌دایك بووم. له‌وێ تا دیپلۆمم خوێنده‌وه‌ و ساڵی ١٩٩٩ له‌به‌ر هۆكارگه‌لی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانم به‌جێ هێشتووه‌ و ڕووم كردۆته‌ باشووری كوردستان. چه‌ند ساڵێك له‌ شاری سلێمانی ژیاوم و له‌ ساڵی ٢٠٠٨ه‌وه‌ له‌ سویسرا ده‌ژیم. له‌ زانكۆی نۆشاتێل ساڵیك زمان و ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسیم خوێندووه‌ و ئێستاش له‌ شاری نۆشاتێل نیشته‌جێم. تا ئێستا زیاتر له‌ ده‌ كتێبم بۆ سه‌ر زمانی كوردی وه‌رگێڕاوه‌ و به‌ هۆی شاره‌زاییم له‌ زمانی فه‌ره‌نسی و توركیدا پتر گرنگیم به‌ ئه‌ده‌بیاتی فه‌ره‌نسا و توركیا داوه‌.




گه‌نج ونوسین – شیعرنوسین وه‌ك نمونه‌یه‌ك … ن: شاخه‌وان صدیق

“مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت شیعرێكی جوان بنوسێت ده‌بێت ڕۆحی پیربووبێت” (به‌ختیارعلی)

هه‌میشه‌ له‌دنیای ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا شتێك كه‌زۆرترین قسه‌‌و باسی ده‌رباره‌ ده‌كرێت نووسینه‌ (به‌تایبه‌ت لای ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه‌ هێشتا له‌ سه‌ره‌تاكانی هه‌نگاوناندایه‌ به‌ره‌و دنیای ڕۆشنبیریی) بۆیه‌ده‌بینی زۆرترین ڕه‌خنه‌كان له‌م ناوه‌نده‌دا ڕووبه‌ڕوی ئه‌مان ده‌بێته‌وه‌ تاده‌گاته‌ ئه‌وئاسته‌ی كه‌هه‌ندێك جار بپرسین كه‌ ئایا ئێمه‌نوسینی گه‌نجانه‌مان هه‌یه‌ ؟ كێن ئه‌ونوسه‌ره‌ گه‌نجانه‌ی ده‌نوسن و؟ چی ده‌نوسن ؟ هه‌چه‌نده‌ هه‌ر جۆرێك وهه‌رچۆنێك بێت، ئه‌مانه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌زمون كردنی خوێنه‌وه‌و نوسیندان، به‌ڵام ده‌بێت هۆكارو مه‌دلوله‌كانی پشت سیاقی واتای نوسینه‌كان بخوێرێته‌وه‌و شرۆفه‌ بكرێت. من له‌م نوسینه‌ كورته‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌م به‌پێی ئه‌زمونی خۆم كه‌مێك ده‌رباره‌ی شیعر نوسین لای ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه‌پێی ده‌وترێت گه‌نج ونوسینی گه‌نجانه‌ بوه‌ستم وباسی بكه‌م ، چونكه‌ پێم وابێت زۆرترین ڕێژه‌ له‌ گه‌نجانی ئێمه‌ كه‌ ده‌نوسن به‌شیعر ده‌ست پێده‌كه‌ن وبۆخۆشی شیعریه‌ت سه‌ره‌تای چونه‌ ناو ده‌روازه‌كانی بیركردنه‌وه‌و نوسینه‌.

چونكه‌ شعر تاكه‌ ئامڕازێكه‌ له‌ ژیاندا كه‌ ده‌توانێت ڕاستیه‌كانی ناخی ئینسان ده‌ربڕێت وهه‌موو ئه‌و نهێنیه‌ شاراوانه‌ی ناوه‌وه‌ كه‌شف بكات كه‌ له‌كاتی ئاسایدا هه‌ستی پێناكرێت، له‌ڕوی ئه‌ركیشه‌وه‌ هه‌میشه‌ وه‌زیفه‌كه‌ی له‌ ژانه‌ره‌كانی تری ئه‌ده‌ب قورسترو گه‌وره‌تره‌، چونكه‌ ئه‌ركی شاعیر ئه‌وه‌نیه‌ كه‌ڕووداوه‌كان بگێرێته‌وه‌ یان واقیع كۆپی بكات، به‌ڵكو ئه‌ركی ئه‌و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ییه‌ كه‌ده‌شێت ڕووبده‌ن ، ئه‌وه‌ شیعره‌ كه‌ مرۆڤ هه‌میشه‌ ده‌توانێت گه‌مه‌ی خه‌یاڵاته‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆی تیابكات وهه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌له‌ واقیع جێبه‌جێ‌ نابێت له‌ودا دروست كردن وداڕشتنه‌وه‌ی هه‌میشه‌ كارێكی ئاسانه‌، بۆیه‌ده‌بینی گه‌نج كاتێك شعرده‌نوسێت چه‌نده‌ ده‌یه‌وێت ته‌عبیرله‌و هه‌موو شته‌كه‌بت كراوانه‌ی ناوناخی بكات ئه‌وه‌نده‌ش ده‌یه‌وێت خۆی به‌تاڵ بكاته‌وه‌ كه‌ به‌بڕوای من ئه‌مه‌ش باشترین هاوڕێ وده‌ربڕی ئه‌ون هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك جار ئه‌م جۆره‌ شعرنوسینه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی ئه‌ده‌ب دوورده‌كه‌وێته‌ وه‌و ده‌بێته‌ ده‌روازه‌ی به‌تاڵ بوونه‌وه‌ له‌كێشه‌ زاتیه‌كان وه‌ ك ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ لای زۆر له‌ گه‌نجی ئێمه‌ بوونی هه‌یه‌، به‌و پێیه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌وبڵاوكراوه‌ شعریانه‌ بكه‌یت كه‌ لێره‌و له‌وێ گه‌نجان چاپی ده‌كه‌ن هه‌ست به‌و ڕاستیه‌ ده‌كه‌یت كه‌ گه‌نج چی ده‌نوسێ‌ و بۆده‌نوسێت ؟
هه‌ئه‌مه‌شه‌ به‌بڕوای من وای كردوه‌ به‌م سه‌رده‌مه‌ بوترێت سه‌رده‌می لێشاوی شعری ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكا شیعر بۆ خۆی وه‌ك ژانه‌رێكی سه‌ره‌كی ئه‌ده‌ب كۆمه‌ڵێك یاساو بنه‌مای تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ كه‌ناكرێت به‌ته‌واوه‌تی بوترێت ئیحساس وهه‌سته‌.
ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌و به‌تاڵ بوونه‌وه‌ی ئینسانه‌ به‌هێنده‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ شیعر ده‌بێت له‌ مه‌عریفه‌یه‌كی قوڵ وله‌ باگراوندێكی ئه‌ده‌بیه‌وه‌ هاتبێت چونكه‌ (ئه‌رستۆ) واته‌نی (هارمۆنیاو كێش ڕه‌گه‌زی جه‌وهه‌ری شعرن، كه‌ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی له‌نێوان شعرو مۆسیقاو هونه‌ره‌كاندا دروست ده‌كات ) چونكه‌ شعر به‌ته‌نها لاسای كردنه‌وه‌نه‌ نیه‌، به‌ڵكو هارمۆنیاو ئیستاتیكاش له‌هۆیه‌ سروشتیه‌كانیه‌تی، هه‌رئه‌مه‌شه‌ ئه‌و گرنگیه‌ ده‌دات به‌شیعرو له‌ مێژووی جیاده‌كاته‌وه‌ ، چونكه‌ شیعر شتی گشتی ده‌ڵێت، به‌ڵام مێژوو شتی تاك وپاچه‌ر یه‌كی تایبه‌ت ودیاری كراو مێژوو ئه‌وه‌ ده‌ڵێت كه‌ ڕووی داوه‌، به‌ڵام شیعر شتێك ده‌ڵێت كه‌ده‌شێت ڕووبدات.

چونكه‌ له‌ِڕاستیدا شیعر هه‌وڵدانه‌ بۆ كه‌شف كردنی لایه‌نه‌كانی تری دنیا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ جێگای پرسیارو له‌سه‌روه‌سانه‌ی له‌شیعریه‌تی ئه‌م نه‌وه‌یه‌دا له‌قاڵب دان وته‌سك كردنه‌وه‌یه‌تی بۆكێشه‌یه‌ك وبچوككردنه‌وه‌یه‌تی بۆمه‌سه‌له‌ی ئیحساس وشتی هه‌ستیو زاتی وپاڕانه‌وه‌ كه‌ده‌شێت هۆكاری سه‌ره‌كی نه‌بوونی باگراوندی مه‌عریفی وشاره‌زانه‌بوونبێت له‌ ده‌نیای ئه‌ده‌ب دا چونكه‌ مرۆڤ پێش ئه‌وه‌ی بنوسێت پێویستی به‌وه‌یه‌ بخوێنێته‌وه‌و له‌ چۆنێتی نوسین وخه‌سڵه‌ته‌كانی نوسین به‌تایبه‌ت شعرتێبگات چونكه‌ (به‌ختیار )واته‌نی ( هیچ شاعیرێكی ڕاسته‌قینه‌ له‌سه‌ره‌تادا له‌شیعرنوسینه‌وه‌ ده‌ست پێناكات، هه‌میشه‌ شعرخوێنه‌وه‌ پێش شیعرنوسین ده‌كه‌وێت ) چونكه‌ شعرشتێك نیه‌ مرۆڤ فێری بێت، به‌ڵكو دۆخێكی زهنیه‌ تێیدا ده‌ژین وكه‌جێمان هێشت جگه‌له‌تارمایی جوانیه‌كی وه‌سف نه‌كراو هیچی ترمان له‌یاد نامێنێت.
ڕاسته‌ مرۆڤ ده‌توانێت له‌شیعردا ئه‌ودنیایه‌ دروست بكات كه‌خۆی ئاواته‌ خوازیه‌تی به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا له‌قاڵبدان وبه‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی یه‌كێكن له‌وپه‌تایه‌ی كه‌ئه‌مڕۆ شیعریه‌ت به‌تایبه‌ت لایگه‌نجی ئێمه‌ توشی بووه‌ بۆیه‌له‌كاتی خوێنه‌وه‌ی به‌رهه‌می نوسراوی شیعر لای گه‌نج ته‌نها و ته‌نها جگه‌ له‌ چه‌ند هه‌ستێكی عاتفیانه‌ی دوورله‌ پرۆسه‌ی عه‌قڵانی كه‌پتكراو زیاتر هیچی ترنابینیت، كه‌ ڕه‌نگه‌ وه‌زیفه‌ی نوێ لای ئه‌مانه‌ ته‌نها نه‌بوونی ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ر بێت .
كه‌ به‌بوون وهاوڕێیه‌تی كردنی ئه‌وڕه‌گه‌زه‌ش هه‌مووشتێك ده‌وه‌ستێت وكۆتای دێت، له‌كاتێكا له‌سه‌ر وه‌ختی نوسینی ئه‌م به‌ناو شیعرانه‌دا گه‌وره‌ترین پاساولای ئه‌وان به‌تاڵكردنه‌وه‌ی ئیحساسی تاكه‌كه‌سیه‌ وده‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی شعره‌وه‌خه‌ونه‌كانیان ببینین له‌كاتێكا شیعر به‌ته‌نیا ئه‌مه‌نیه‌ وپڕۆسه‌یه‌كی ته‌واو عه‌قڵانیه‌ به‌ختیار واته‌نی (بۆئه‌وه‌ی بتوانین به‌شیعر خه‌وببینین ده‌بێت بتوانین به‌شعر بیربكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام شعرنوسین بریتی نیه‌له‌ نوسینی بیر به‌شیعر، به‌ڵكو پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌ به‌شعر، شاعیر كه‌سێكه‌ كه‌به‌شیعر بیرده‌كاته‌وه‌ نه‌وه‌ك بیربكاته‌وه‌ دواترشعر بنوسێت ) به‌ڵام من هه‌ندێك جاری دیكه‌ وای ده‌بینم كه‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ به‌خۆشمه‌وه‌ شیعر وه‌ك پڕۆسه‌یه‌كی ته‌واو عاتیفی وسۆزداری سه‌یرده‌كه‌ین كه‌ ته‌نهاو ته‌نها له‌خزمه‌تی پڕۆسه‌كی حه‌زین دابێت هه‌رئه‌وه‌ی كه‌لای ئێمه‌ پێی ده‌وترێت به‌هه‌ڵه‌ عه‌شق كه‌به‌ بڕوای من هه‌مووشتێكه‌ ته‌نها ئه‌شق نه‌بێت وه‌ك ده‌بینیت له‌كرداردا پڕۆسه‌ی عه‌قڵانی و گه‌ مه‌زمانیه‌كان ون ده‌بن و ته‌نها وته‌نها عاتیفه‌ سه‌رانسه‌ری پانتای نوسینه‌كان داگیرده‌كه‌ن، به‌ڵام من دیسانه‌وه‌ هاوڕاده‌بمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ختیاردا كه‌ده‌ڵێت ( شیعر عاتیفه‌ی مرۆڤ نیه‌ كه‌ قسه‌ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ عاتیفه‌یه‌ كه‌زمانی تێكده‌چێت وته‌عبیر بچوك به‌شی ناكات و مانا ئاماده‌كات له‌ به‌رده‌میدا ته‌سك بێته‌وه‌، شیعرزمان نیه‌ ،به‌ڵكو شیعر گه‌ڕانی زمانه‌ له‌ناو خویدا بۆزمانێكی تر . به‌م تێڕوانینه‌شه‌وه‌ له‌شیعر به‌بڕوای من ده‌توانین شیعرێك به‌رهه‌م بهێنین كه‌ بچێته‌ خانه‌ی ژانه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌ده‌به‌وه‌ .

—————————–

سه‌رچاوه‌كان:
ده‌رباره‌ی ئه‌زمونی شیعر، ن: به‌ختیار عه‌لـی
شیعرییه‌ت لای ئه‌دۆنیس.




ململانێی عه‌قڵ‌و شێتی ناو ڕۆمانی (له‌ به‌رزایی شوراكانه‌وه‌)ی به‌یان سه‌لمان

شاخه‌وان سدیق

)هه‌ركاتێك مرۆڤ پێی وایه‌ شێت نییه‌. ئه‌وا به‌دیوێكی تردا شێتێكی بێ‌ ئاگایه‌(
باسكال

له‌ماوه‌ی ڕابردوودا كۆمه‌ڵێك ڕۆمانی كوردی ‌و بیانیم خوێنده‌وه‌، كه‌ هه‌ریه‌كێك له‌وانه‌ بۆخۆیان خاوه‌نی جۆرێك تایبه‌تمه‌ندێتی له‌ چیرۆك‌و ته‌كنیك‌و شێوازی گێڕانه‌وه‌دا بوون. ئه‌گه‌رچیش هه‌ریه‌كه‌یان هی نوسه‌رێكی جیا له‌ وڵاتێك‌و له‌ كلتورێكی جیاوازه‌وه‌ نوسرابوون، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌نی تاموچێژی تایبه‌تی خۆیان بوون، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ڕاكێشام ‌و به‌بڕوای من شیاوی له‌سه‌ر وه‌ستان بوو. ڕۆمانی (له‌ به‌رزایی شوراكانه‌وه‌)ی نوسه‌ر (به‌یان سه‌لمان)بوو، ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌ قه‌باره‌ی نیو ئه‌ی فۆڕو له‌دوتوێی (332) لاپه‌ڕه‌دا‌و له‌لایان به‌رێوبه‌رایه‌تی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانیه‌وه‌ چاپ‌و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، بۆخۆشی چیرۆكی ڕۆمانه‌كه‌ باسكردنه‌ له‌ ژیانی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك له‌ناو (قه‌ڵا)یه‌كدا‌و نوسه‌ر ناوی ناوه‌ (به‌رزایی شوراكان) كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌ كچێكی شێته‌ به‌ناوی (زه‌كییه‌) كه‌ له‌منداڵیدا دایك و باوكی دوای ئه‌وه‌ی ده‌زانن شێته‌و ته‌واو نییه‌ فڕێی ده‌ده‌ن كه‌ دواتر ژنێك به‌ناوی (میم خونچه‌) ده‌ی دۆزێته‌وه‌و ده‌یكاته‌ كچی خۆی، پاشان ئه‌م كچه‌ به‌تێپه‌ڕبوونی ڕۆژ گه‌وره‌ده‌بێت، باڵق ده‌بێت‌و سنگ ده‌كات، ئه‌مه‌ش واده‌كات ببێته‌ جێی سه‌رنج‌و دواتر نێچیری پیاوه‌ هه‌وازبازه‌كان‌و به‌شێوه‌ی جۆراو جۆرو ناشیرین ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كه‌نه‌سه‌ر، سكی پڕده‌كه‌ن‌و كۆمه‌ڵێك منداڵی پێده‌خه‌نه‌وه‌، به‌بێئه‌وه‌ی كه‌س خۆی به‌خاوه‌نی بزانێت، دواتر پیاوێك به‌ناوی مامۆستا وه‌ردی هه‌وڵی پارێزگاری كردن له‌م كچه‌ شێته‌ ده‌دات، به‌ڵام بێسود ده‌بێت‌و له‌یه‌كێك له‌ ڕۆژه‌كاندا‌و له‌لایان بكوژێكی نه‌ناسه‌راوه‌وه‌ (زه‌كییه‌) ده‌كوژرێت، ئه‌م ڕوداوه‌ كار له‌ مامۆستا وه‌ردی ده‌كات‌و پاش ماوه‌یه‌ك ده‌ست ده‌كات به‌ فرۆشتنی ده‌رمانی شێتی ‌و وه‌ك تۆڵه‌یه‌ك له‌ خه‌ڵك ته‌واوی دانیشتوانی ناو قه‌ڵا به‌ ڕێگای جۆراوجۆر شێت ده‌كات. هه‌موو ئه‌م به‌سه‌رهاته‌نه‌ش له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا بۆ چه‌ند به‌شێك له‌ ڕێگای بیره‌وه‌ری كه‌سایه‌تیه‌كانه‌وه‌ دابه‌ش كراوه‌.
بابه‌ت‌و چیرۆك له‌ پانتای ڕۆمانه‌كه‌دا :

هێڵی گشتی ڕۆمانی (به‌رزای شوراكان) له‌سه‌ر دوبنه‌مای سه‌ره‌كی كارده‌كات، كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ چیرۆك وه‌ك بابه‌ت بۆ گێڕانه‌وه‌ ‌و هونه‌ری ته‌كنیك بۆ ڕێكخستنی كاره‌كه‌. كه‌ به‌كاركردن له‌سه‌ر هه‌ردوكیان هێڵی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌. ڕۆمانه‌كه‌ گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتێكه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ ساڵانی (شه‌ست‌و حه‌فتاكان)ی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ نوسه‌ر به‌ گێڕانه‌وه‌ی چپرۆكه‌كه‌ی ده‌مانباته‌ ناو ڕۆمانه‌كه‌ی ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی گێڕه‌ره‌وه‌یه‌كی هه‌مووشت زانه‌وه‌ كه‌ ئاگاداری ته‌واوی ڕووداو به‌سه‌رهاته‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه‌یه‌. ئه‌گه‌رچی له‌ هه‌ندێك شوێندا ڕێگه‌ به‌ هه‌ندێك له‌ كه‌سایه‌تیه‌كان دراوه‌ خۆیان ببنه‌ ڕاویی‌و ڕووداوه‌كان بگیڕنه‌وه‌، به‌ڵام دواتر چیرۆك خوان خۆی جڵه‌وی ته‌واوی ڕۆمانه‌كه‌ ده‌گرێته‌ ده‌ست‌و وه‌ك شاهیدێك ته‌واوی به‌سه‌رهاته‌كان له‌ زمانی ئه‌وه‌وه‌ ده‌بیستین. ده‌ستپێكیش خاڵی جه‌وهه‌ری‌و سه‌رنج ڕاكێشی ناو ڕۆمانه‌كه‌یه‌ كه‌وا له‌ خوێنه‌رده‌كات په‌لكێشی ناو ڕوداو له‌دوای ڕوداوی چیرۆكه‌كه‌ ده‌ببێت، به‌بڕوای منیش ده‌سپێك كلیل‌و سه‌ره‌تای چونه‌ژوره‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌یه‌، كه‌ دواتر به‌ ئیستاتیكاو ته‌كنیكی كاره‌كه‌مان ئاشنا ده‌كات، خۆ ئه‌گه‌ر (بابه‌ت‌و ته‌كنیك)یش دوولایه‌نی سه‌ره‌كی به‌هێزی داڕشتنی ڕۆمان بن، ئه‌وا ده‌ستپێك به‌بڕوای من ئه‌و خاڵه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت نوسه‌ر به‌وردی ئیشی له‌سه‌ر بكات، به‌یان سه‌لمان له‌م ڕۆمانه‌دا ئاقڵانه‌ ئیش له‌سه‌ر ده‌ستپێك ده‌كات‌و له‌ دێڕه‌كانی سه‌ره‌تاوه‌ گه‌مه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ خوێنه‌ره‌كانیدا ده‌كات، ئه‌ویش به‌وه‌ی سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه‌ی به‌ دوو ڕوداوی تراژیدی ده‌ستپێده‌كات، كه‌ یه‌كه‌میان (ده‌ركه‌وتنی حه‌وێز قه‌سابه‌ به‌خۆی‌و كێردێكی گه‌وره‌‌و تیژی سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ كه‌ هه‌رله‌ویا گۆلكێك سه‌رده‌بڕێ‌و خوێنی كیاندارێك ده‌ڕێژێت، دووه‌م پێدانی هه‌واڵی كوشتنی كچێكی شێت به‌ناوی (زه‌كیه‌) كه‌ دواترو له‌ درێژه‌ی ڕۆمانه‌كه‌دا نوسه‌ر به‌گه‌مه‌ی زمان‌و له‌ڕێگه‌ی گرێچنینێكی وردو به‌ تكنیگی سه‌رنج ڕاكێش له‌ گێڕانه‌وه‌دا وا له‌ خوێنه‌ر ده‌كات كه‌ گومان بكات ئه‌م دوو ڕووداوه‌ په‌یوه‌ندیان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌و پێده‌چێت بكوژی (كۆلكه‌كه‌ هه‌مان بكوژی كچه‌كه‌ (زه‌كیه‌)بێت له‌كاتێكدا خۆی ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌گه‌ره‌كان‌و ڕه‌نگه‌ هه‌رگیز وانه‌بێت. چونكه‌ له‌ته‌واوی چیرۆكه‌كه‌دا كه‌سی بكوژی زه‌كیه‌ دیارنیه‌و ونه‌. ئه‌مه‌ش هه‌وڵی ئاقڵانه‌ی نوسه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری كوشتنه‌كه‌ به‌كراوه‌ی بهێڵته‌وه‌و هه‌مووان وه‌ك به‌شێك له‌ تۆمه‌تباری ڕوداوه‌كه‌ بزانێت. ئه‌وه‌تا له‌ لاپه‌ڕه‌(86)دا به‌م جۆره‌ باس له‌ كوشتنه‌كه‌ ده‌كات
ئه‌و ڕۆژه‌ی زه‌كیه‌یان به‌كوژراوی دۆزییه‌وه‌،نۆ چه‌قۆی زلی لێدرابوو، كونی لێدانه‌كان هێنده‌ گه‌وره‌بوون به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م خوێنی له‌ به‌ربڕییبوو، زه‌كییه‌ سارد، بێ‌ خوێن، ڕه‌نگی سووری كراسه‌ سورمه‌كه‌ی ‌و خوێنه‌كه‌ی تێكه‌ڵاو بوبون، بۆیه‌كه‌م جار چاوی داخست بوو، به‌ئاگاركردنه‌وه‌ی مامۆستا وه‌ردی به‌په‌له‌ شه‌رواڵێكی له‌پێكردوو له‌ماڵه‌وه‌ ده‌رچوو، وه‌ك هه‌موو خه‌ڵكی دی چووه‌ سه‌ر شوێنی ڕوداوه‌كه‌، له‌لاشه‌كه‌ چوه‌پێشێ‌‌و ته‌ماشای كرد، له‌خۆیی‌و له‌وانه‌ی به‌ده‌وریدا وه‌ستانبوون ده‌یپرسی: كێ‌ كوشتویه‌تی؟؟ كاممان ئه‌مه‌ی كردووه‌
به‌یان سه‌لمان وه‌ك ڕۆمان نوسێك:

)فارگاس یۆسا) له‌ كتێبی (نامه‌ بۆ ڕۆماننوسێكی لاو)داو له‌ به‌شی (نامه‌ی دووه‌مدا) سه‌باره‌ت به‌ نوسه‌ری ڕۆمان ده‌ڵێ‌” ڕۆماننووس ئه‌زموونی ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌پشكنێ‌ ‌وبه‌شوێن پایه‌و پێگه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت تا چیرۆك دابهێنێت، ئه‌مه‌ش هه‌ر به‌ته‌نیا بۆ خاتری ئه‌وه‌نییه‌ ئه‌و كه‌س‌و ڕووداوو دیمه‌نانه‌ دووباره‌بكاته‌وه‌ له‌و كه‌ره‌سته‌ سه‌ره‌تاییانه‌ی كه‌ یاده‌وه‌رییه‌كانی بۆی دابین ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ش له‌نێو دانیشتوانی یاده‌وه‌رییه‌كانیدا ئه‌و سووته‌مه‌نییه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ پێویستێتی تا ئه‌و پرۆسه‌ درێژو قورسه‌ كه‌ داڕشتنی ڕۆمانه‌ به‌سه‌ر كه‌وتن كۆتایی پێبێت” (به‌یان سه‌لمان)یش یه‌كێكه‌ له‌و نوسه‌ره‌ وردوو دیارانه‌ی بواری نوسینی ئێمه‌، كه‌ هه‌میشه‌ بابه‌ته‌كانی جێگای سه‌رنجی منه‌، ئه‌ویش به‌هۆی هه‌ڵبژاردن‌و وردبونه‌وه‌ له‌و بابه‌ت‌و چیرۆكانه‌ی كه‌ بۆ ڕۆمانه‌كانی هه‌ڵیان ده‌بژێرێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌میشه‌ وه‌ك نوسه‌رێك زۆربه‌ی بابه‌تی ڕۆمانه‌كانی له‌سه‌ر كێشه‌ی ژن داده‌ڕێژێت‌و زۆرێك له‌ ناشیرینیه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كانی به‌ پیاو ده‌به‌خشێت‌و كه‌م جار هاوسه‌نگی نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان ڕاده‌گرێت، به‌ڵام هێشتا من وه‌ك پیاوێك چێژێكی زۆری لێده‌به‌م، چونكه‌ پێم وایه‌ ئه‌وه‌ندی ئامانجی ئه‌و پیشاندانی لایه‌نه‌شاراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای پیاوسالاری ئێمه‌یه‌ ئه‌وه‌ندی مه‌به‌ستی له‌ دروستكردنی دیواری جیاكاری نێوان ڕه‌گه‌زه‌كان نییه‌، چونكه‌ هه‌ر له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا ئێمه‌ به‌ر كه‌سایه‌تی مامۆستا (وه‌ردی) ده‌كه‌وین كه‌ پیاوه‌و كه‌سایه‌تی دووه‌می ناو ڕۆمانه‌كه‌یه‌، كه‌ دواتر ده‌بێته‌ فرۆشیاری شێتی، ئه‌م پیاوه‌ ڕۆحێكی فریشته‌ئاسای پاكی هه‌یه‌و هه‌میشه‌ پارێزه‌ری (زه‌كیه‌)یه‌، كه‌ ڕۆڵه‌كه‌ی به‌ته‌واوی مانا ئینسان دۆستیه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات تێبگه‌ین كه‌نوسه‌ر پێمان ده‌ڵێت(په‌نجه‌كانی ده‌ست) وه‌ك یه‌ك نین‌و ده‌كرێت هه‌میشه‌ كه‌سانی چاك‌و خراپ هه‌بن. به‌یان سه‌لمان له‌ شوێنێكی جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌وه‌ ئیشده‌كات كه‌ ڕاسته‌خۆ كار له‌ هزرو بیركردنه‌وه‌مان ده‌كات، له‌و شته‌وه‌ كه‌ زۆر نزیكه‌ لێمانه‌وه‌و فه‌رامۆشمانكردوه‌، له‌و مرۆڤ‌و هاو ڕه‌گه‌زانه‌مانه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ بری هاوكاریكردنیان به‌ (شێت) ناویان ده‌به‌ین‌و بۆ سه‌رگه‌رمی‌و ڕابواردنه‌كانی خۆمان به‌كاریان ده‌هێنین، ئه‌و جارێكی كه‌ ده‌مانخاته‌وه‌ ژێر پرسیاری ئه‌وه‌ی كه‌ داخۆ ڕۆژێك هه‌ریه‌كه‌مان بیرمان له‌ ئازارو ژیانی شێتێك كردۆته‌وه‌، ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و شێته‌ (میینه‌)ش بوو،چی؟؟ به‌راست له‌كۆمه‌ڵگایه‌كدا مرۆڤ نه‌توانێت ڕێز له‌ مێینه‌ بگرێت ئه‌ی چۆن ده‌توانێت ڕێز له‌ شێتێك بگرێت كه‌ ئه‌و مێینه‌یه‌ له‌ ڕووی ئه‌قلیه‌وه‌ ناته‌واو شێت بێت؟؟!!

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌یری چیرۆك و هه‌ڵبژاردنی بنه‌ماكای چه‌مكی(شێتی یان عه‌قڵ) وه‌ك تیمای سه‌ره‌كی ڕۆمانی (له‌ به‌رزایی شوراكان) بكه‌ین ئه‌وا تێده‌گه‌ین كه‌ ئه‌م خانمه‌ خه‌می گه‌وره‌و پرسیاری سه‌ره‌كی نوسه‌رانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بپرسێت”له‌و دنیا جوانه‌ی هه‌موان بانگه‌شه‌ بۆ باشتر بونی ده‌كه‌ین، ئه‌م هه‌موو ناشیرینیه‌ چییه‌ مرۆڤ ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌رهه‌می ده‌هێنێت” هه‌ر وه‌ك چۆن (سادقی هیدایه‌ت) ده‌ی وت ” بۆ به‌دۆزه‌خ كردنی جیهان، به‌هه‌شت باشترین بیانووه‌”

هه‌ڵبژاردنی چه‌مكی شێتی وه‌ك تێمای سه‌ره‌كی كاره‌كه‌:
تێمای سه‌ره‌كی ڕۆمانی (له‌ به‌رزایی شوراكانه‌وه‌) برتییه‌ له‌ به‌ریه‌ك كه‌وتنی هه‌ردوو ده‌سته‌واژه‌ی (عاقڵی + شێتی) نوسه‌ر به‌م دوانه‌وه‌ هێڵی گشتی ڕۆمانه‌كه‌ داده‌ڕێژێت، ئه‌ویش له‌ ڕێگای كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌وه‌ كه‌ كچێكی شێته‌ به‌ناوی (زه‌كیه‌) له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی عاقڵدا، كه‌ له‌ جوگرافیایه‌كی دیاری كراودا ده‌ژین به‌ناوی (ماڵه‌كانی ناو قه‌ڵا) یان ماڵه‌كانی ناو (به‌رزایی شوراكان). ئه‌مانه‌ مرۆڤ گه‌لێكن له‌ هه‌موو چین‌و توێژه‌كان‌و به‌ناوی جیاجیاوه‌ كه‌ سه‌رگه‌رمی ئیش‌و كاری جیاجیان، به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌یان له‌دوو كه‌سایه‌تی به‌ماسك داپۆشراودا، كه‌ له‌كه‌سایه‌تی یه‌كه‌مدا وێناو ته‌مسیلی چاكه‌ ده‌كه‌ن‌و له‌وه‌ی دووه‌میشدا ‌و له‌ژێر په‌رده‌وه‌ به‌نهێنی تاوان به‌رامبه‌ر به‌ خۆیان‌و ئینسان‌و هاوڕه‌گه‌زه‌كانیان ده‌كه‌ن، ئه‌ویش به‌ناوی عاده‌ت‌و پاراستنی كلتور، كه‌ به‌بڕوای من ئه‌مانه‌ نه‌ك پارێزه‌ری كلتوری چه‌ق به‌ستووی خێڵه‌كی نین، به‌ڵكو ئه‌وان قوربانی ده‌ستی كلتور‌و عاده‌تن‌و هه‌رده‌بێت واش ته‌ماشایان بكرێت، هه‌ر بۆیه‌ نوسه‌ریش له‌ ڕێگه‌ی پرسیاری (شێت كێیه‌؟ عاقڵ كێیه‌؟ خوێنه‌ر ڕاده‌گرێت‌و كۆمه‌ڵگاش ده‌خاته‌ به‌رده‌م وه‌ڵامی ئه‌م پرسه‌وه‌ ‌و ده‌پرسێ‌ خودی شێتی واتای چییه‌؟ ده‌كرێت چۆن ئێمه‌ سه‌یری مرۆڤی شێت بكه‌ین، ئایا قه‌د بیرمان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ ئه‌وانه‌ بۆ شێتن؟؟ به‌ڕاست شێت بوون چ جۆره‌ نه‌خۆشییه‌كه‌‌و ده‌بێت چۆن هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌خۆشانه‌دا بكه‌ین؟؟ ڕه‌نگه‌ بۆ ئه‌مه‌ش واباشبێت ئێمه‌ گه‌شتێكی خێرا به‌ مێژووی شێتی له‌ دنیادا بكه‌ین‌و بزانین له‌ كۆنه‌وه‌ چۆن سه‌یری ئه‌م جۆره‌ له‌ مرۆڤ كراوه‌، بۆخۆشی ئه‌گه‌ر پێناسه‌یه‌كی شێتی بكه‌ین ئه‌وا ده‌توانین بڵێین: شێته‌كان ئه‌و مرۆڤانه‌ن كه‌ توانای تێگه‌یشتنی عه‌قلیان كه‌مه‌ له‌ مرۆڤی ئاسایی‌و بۆ ئه‌نجامدانی كاره‌كانیان ناتوانن وه‌ك پێویست خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت ئه‌مانه‌ مرۆڤن ‌و هه‌رده‌بێت واش سه‌یریان بكرێت. ڕه‌نگه‌ كتێبه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی (میشێل فۆكۆ) (شێتی‌و ناعه‌قڵ) باشترین یارمه‌تیده‌ربێت بۆ تێگه‌یشتن له‌م مێژووه‌. فۆكۆ: مێژووی به‌ریه‌ك كه‌وتنی كۆمه‌ڵگا له‌گه‌ڵ شێته‌كاندا دابه‌ش ده‌كات بۆ سێ‌ به‌ش‌و سه‌رده‌م، كه‌ ئه‌وانیش سه‌رده‌می (كلاسیك‌و ڕۆشنگه‌ری‌و ڕێنسانسه‌) پێشی وایه‌ جگه‌ له‌ (ڕێنساس) هیچ سه‌رده‌مێك نه‌ی توانیوه‌ له‌نرخ‌و به‌های شێته‌كان تێبگات، چونكه‌ له‌سه‌رده‌می كلاسیكدا شێته‌كان كۆده‌كرانه‌وه‌و به‌ كه‌شتی ده‌بران‌و ده‌خرانه‌ ده‌ریاوه‌‌و پێیان وابوو ئه‌وانه‌ كه‌سانی بێكه‌ڵكن، سه‌رده‌می ڕۆشه‌نگه‌ریش سه‌رده‌می به‌ره‌وپێش چوونی داهێنانبووه‌‌و بۆ ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌ عه‌قڵ‌و عاقڵێتی هیچ شتێكی تر بایه‌خی نه‌بووه‌، ته‌نها به‌هاتنی ڕێنیسانس شێت وه‌ك مرۆڤ سه‌یركراوه‌و حاڵه‌ته‌كه‌شیان وه‌ك نه‌خۆشی ئه‌ژمار كراوه‌و نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تیان بۆ كراوه‌ته‌وه‌. جگه‌ له‌مانه‌ش (فۆكۆ) ڕه‌خنه‌ له‌كۆمه‌ڵگای كلاسیكی فه‌ره‌نسی ده‌گرێت‌و پێی وایه‌ ئه‌وانیش نه‌یان توانیوه‌ مامه‌ڵیه‌كی دروست له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ مرۆڤانه‌دا بكه‌ن. فۆكۆ بۆ خۆشی ماوه‌یه‌كی زۆر دوچاری نه‌خۆشیه‌ك ده‌بێت كه‌ له‌ شێتبون نزیك ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ دواتر پێی وایه‌” شێتی وه‌ك عه‌قڵ ڕاستی هه‌ڵگره‌‌و گشت عه‌قڵێ‌ بڕێك شێتی تیا به‌رجه‌سته‌یه‌” خۆئه‌گه‌ر سه‌یری مێژوی ڕۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌ت كۆمه‌ڵگا سونه‌تیه‌كان بكه‌ین ئه‌وا توشی نائومێدیه‌كی گه‌وره‌ ده‌بین له‌ بینینی چۆنێتی مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ شێته‌كاندا، ئه‌گه‌رچی ئه‌م كۆمه‌ڵگایانه‌ زۆربه‌یان باروه‌ڕدارن‌و به‌پێی خودی ئاین(شێته‌كان ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ هیچ ئه‌ركێكی ئاینی نایان گرێته‌وه‌و له‌هه‌موو شتێك به‌خشراون) به‌ڵام هه‌میشه‌ لای ئه‌مانه‌ شێت یان له‌ماڵه‌كاندا به‌سراوه‌ته‌وه‌و زیندانی كراوه‌، یاخود بۆته‌ هۆكاری سه‌رگه‌رمی‌و ڕابرواردنی كه‌سانی تر له‌ بازاره‌كاندا. بۆیه‌ به‌هه‌موو دیوه‌كاندا شێته‌كان كه‌سانی قوربانی بوون له‌ مێژووی به‌شه‌ریه‌تدا. هه‌ربۆیه‌ به‌یان سه‌لمانیش له‌ لاپه‌ڕه‌ (200) ئه‌م ڕۆمانه‌دا‌و له‌زمانی مامۆستا وه‌ردیه‌وه‌ ده‌ڵێت ” بۆ ئه‌وه‌ی له‌ شێت تێبگه‌ین ده‌بێت شێتبین” خۆ ئه‌گه‌ر چاوێك له‌ مێژووی ده‌ست درێژی مرۆڤ بۆ سه‌ر مرۆڤ بكه‌ین ئه‌وا ده‌بێت بۆ مێژووی دورو درێژی ژیاری مرۆڤایه‌تی بگه‌رێینه‌وه‌، چونكه‌ به‌ سروشت مرۆڤ گیاندارێكی توندوتیژه‌و ئاره‌زوی داگیركاری‌و ده‌ستدرێژی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌به‌رده‌م جۆره‌كانی ده‌ستدرێژی سێكسی دا بوه‌ستین ئه‌وا به‌ر چه‌ندین جۆر له‌ شێوازی ده‌ستدرێژی ده‌كه‌وین له‌وانه‌ش ده‌ستدرێژی به‌زۆری ناچاری مرۆڤ له‌گه‌ڵ هاوڕه‌گه‌زی خۆیدا واته‌ (نێر له‌گه‌ڵ نێر)دا یان گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ منداڵانی خوار ته‌مه‌نی یاسایدا، یان مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵدا یان مرۆڤ له‌گه‌ڵ كه‌سانی نوقسان‌و كه‌م عه‌قڵدا. كه‌ هه‌ریه‌كێك له‌مانه‌ به‌هه‌رجۆرێك له‌ جۆره‌كان حاڵه‌تی ناشازو نایاساین‌و ئه‌نجامده‌رانیان ده‌كرێت وه‌ك مرۆڤی ناته‌ندروست له‌ڕوی دینی‌و یاسایی‌و ئه‌خلاقیه‌وه‌ سه‌یر بكرێن. ئه‌گه‌ر نوسین. به‌تایبه‌ت ڕۆمان جگه‌ له‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی ئیستاتیكیانه‌ی ئه‌ده‌بی جۆرێكیشبێت له‌ په‌یام‌و ئایدیا بۆ گه‌یاندنی بیرۆكه‌ی گه‌رانه‌وه‌ بۆ مرۆڤ بوون، ئه‌وا له‌م ڕۆمانه‌دا (به‌یان سه‌لمان) خوێنه‌ر له‌ به‌رده‌م دوو بابه‌تی گرنگ بۆ پیشاندانی دیوه‌ شاراوه‌كانی تاوان له‌ كۆمه‌ڵگادا ڕاده‌گرێت ئه‌وانیش (شێتی‌و مینه‌)بوون، كه‌ هه‌ردوو بابه‌ته‌كه‌ نیشانه‌ی بێده‌سه‌ڵاتی‌و به‌رائه‌تن به‌تایبه‌ت له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی پیاوسالاری وه‌ك كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا. ئه‌م ڕۆمانه‌ بیرخستنه‌وه‌ی بابه‌تگه‌لێكه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌یه‌ مێژویه‌كیان ئه‌وانیش (پیاوسالاری، كوشتنی ژنان، سێكسی ناته‌ندروست یان نادروست ، خیانه‌ت) كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش هۆكارن بۆ به‌رده‌وامی دان به‌ ده‌ستدرێژی ڕه‌گه‌زایه‌تی‌و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانی بنه‌ماكانی خۆشه‌ویستی له‌نێوان تاك‌و خێزانه‌كاندا. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كپته‌ گه‌وره‌ جنسیه‌ی كه‌ له‌كۆنه‌وه‌ تائێستا كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی گرتۆته‌وه‌، به‌جۆرێك جنس كردن به‌ته‌ندروستی بۆ چێژ وه‌رگرتن له‌ چوارچێوه‌ی خۆشه‌ویستیدا نییه‌، به‌ڵكو ئه‌نجامدانی حاڵه‌تێكی ئاژه‌ڵانیه‌ كه‌ ئاماج لێی یان به‌تاڵبوونه‌وه‌ یان سه‌لماندنی پیاوه‌تی نێرینه‌كانه‌. ئه‌وه‌تا له‌لاپه‌ڕه‌ (76)ی ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌نوسێت” كه‌سمان نه‌بوو زه‌كییه‌ وه‌ها ته‌ماشا نه‌كات، كه‌ هه‌رچی هێزی باڵایه‌ له‌ناو لنگیدایه‌”

ئه‌م ڕۆمانه‌ بۆ گرنگه‌:

)ئێزرا پاوه‌ند) له‌ وتارێکدا ده‌رباره‌ی نوسه‌ر باش ده‌ڵێت” نووسه‌ره‌ باشه‌كان ئه‌و كه‌سانه‌ن زمانێكی چالاك به‌كار ده‌هێنن، واته‌ زمانێكی ووردو ڕوون‌و ئاشكرای بێ‌ گرێ‌و گۆڵ ” لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێت بڵێم هه‌میشه‌ نوسین به‌لای منه‌وه‌ ئه‌و په‌یامه‌ گرنگه‌یه‌ كه‌ به‌زمانێكی ساده‌بتوانیت پرسیاری گه‌وره‌ بخیته‌ڕوو، هه‌روه‌ك چۆن له‌م ڕۆمانه‌دا (به‌یان سه‌لمان) وای كردووه‌، هه‌ندێك جار نوسین له‌ دنیای ئێمه‌دا بۆته‌ بابه‌تێكی وشك‌و بێزراو ئه‌ویش به‌هۆی به‌كارهێنانی كۆمه‌ڵێك له‌ زاراوه‌ی بیانی كه‌ ڕه‌نگه‌ تێگه‌یشتنیان بۆ نوسه‌ره‌كه‌شی بڕێك قورس بێت، به‌ڵام من له‌ كۆی ئیشه‌كانی ئه‌م نوسه‌ره‌دا به‌ر جۆرێك له‌ ساده‌ نوسین ‌و قۆڵ ده‌ربڕین ده‌كه‌وم كه‌ به‌بڕوای من بۆ نوسه‌ری باش ئه‌مه‌ زۆر گرنگه‌، بۆ منیش ئه‌م ڕۆمانه‌ی وه‌ستان بوو له‌به‌رده‌م پرسێكی قۆڵی ئینسانیدا كه‌ جارێكی كه‌ به‌تێڕوانینێكی كه‌وه‌ له‌ مرۆڤانێك بنواڕم كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌شێت ئه‌ژمارده‌كرێن، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ یه‌كێك بوو له‌و شته‌ چێژبه‌خشانه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ كه‌م جار مرۆڤ بتوانێت شانسی به‌ده‌ستهێنانی هه‌بێت. سه‌رچاوه‌ی ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌ جوانی چیرۆكه‌كه‌و ساده‌ی له‌ ده‌ربڕیندا به‌شێكی گه‌وره‌ی په‌یوه‌ندی به‌ خودی به‌رائه‌تی كه‌سایه‌تییه‌كه‌وه‌ هه‌بوو كه‌ (زه‌كییه‌) چونكه‌ ئه‌م كه‌سه‌ ئه‌گه‌رچی شێت بوو، به‌ڵام له‌ ژیان‌و مردنیشدا خاوه‌نی مێژوویه‌كی جوانه‌ كه‌ ده‌كرێت وه‌ك نمونه‌ی مرۆڤی زوڵم لێكراو ته‌ماشای بكه‌ین. هه‌ر وه‌ك له‌ لاپه‌ڕه‌ (226)ی ڕۆمانه‌كه‌دا هاتووه‌.” پاش مردنی زه‌كییه‌ مێژووی بۆخۆی نوسیه‌وه‌. كه‌س له‌ قه‌ڵادا مێژووی له‌ دوی خۆی وه‌ها جێ‌ نه‌هێشت. ئه‌و كه‌ به‌شێتیی به‌های له‌لایان نه‌بوو، ئه‌وه‌تا له‌ مردنیدا به‌های بۆخۆی دروست كرد، بووه‌ ئه‌و عاقڵه‌ی كه‌ به‌ته‌نها میژوو بۆ خۆی ده‌نووسێته‌وه‌، كه‌س له‌ جه‌سته‌ی مردوویه‌ك شێتیی‌و ئاقڵیی نابینێ‌، ته‌نها ئه‌وه‌ ده‌بینێ‌ كه‌ لاشه‌یه‌كه‌، ئه‌گه‌ر زه‌كییه‌ له‌ قه‌ڵا نه‌كوژایه‌و له‌ هه‌رچ كوییه‌كی دی فڕێیان بدایه‌‌و بدۆزرایه‌ته‌وه‌، كه‌س نه‌ی ده‌زانی ئه‌مه‌ جسته‌ی شێته‌ یان عاقل، بۆیه‌ جسته‌ی زه‌كییه‌ له‌مردنیشدا هه‌ر براوه‌بوو.
به‌هیوام ئه‌م نوسینه‌ ته‌نها وه‌ك سه‌رنجێكی كورت سه‌یربكرێت‌و له‌ ئاینده‌دا چه‌ندین نوسینی تر به‌دوای خۆیدا بهێنێت، چونكه‌ دڵنیام گه‌لێك لایه‌نی شاراوه‌ی تر له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌یه‌ كه‌ده‌كرێت شرۆڤه‌‌و ئاشكرا بكرێت.

——————————————————-
بۆ ئه‌م نوسینه‌ سودم له‌م سه‌رچاوانه‌ وه‌رگرتووه‌.
ئێزرا پاوه‌ند …له‌شیعردا بلیمه‌ت‌و له‌سیاسه‌تدا دۆڕاو. هاشم ساڵح . وه‌. هه‌ورامان وریا قانع.
نامه‌ بۆ ڕۆماننوسێكی لاو (فارگاس یۆسا) وه‌. شیرینز ك
دیداری (به‌یان سالمان) له‌ پاشكۆی ڕه‌خنه‌ی چاودێر سازدانی ئارام سدیق.
Shaxi83@yahoo.com
www.facebook.com/shaxi.shafiq

شاخه‌وان سدیق




گفتوگۆ لەگەڵ ئەنوەری ڕەشی عەوڵا …. ئا/ شاخه‌وان سدیق

ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا
“به‌داخه‌وه‌ تێڕامانی ئێمه‌ هێنده‌ی له‌سه‌ر پێگه‌ و كه‌سایه‌تی نووسه‌ره‌، ئه‌وه‌نده‌ دڵمان نه‌سپاردووه‌ به‌ بواری جوانناسیانه‌ی ئه‌ده‌بی”

ئا/ شاخه‌وان سدیق

(ئه‌نوه‌ر ڕه‌شید عه‌بدوڵا) یه‌كێكه‌ له‌ شاعیرو نوسه‌رو ناوه‌ دیاره‌كانی ناو دنیای ئه‌ده‌بی كوردی و له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا جگه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ند كتێبێكی شیعری خۆی ڕۆمانێكیشی به‌ناوی (په‌رتگا) بڵاوكردۆته‌وه‌، بۆ قسه‌كردن ده‌رباره‌ی تێڕوانینیان بۆ ئه‌ده‌ب و كاره‌كانی ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵ سازدا.

شاخه‌وان سدیق/ شیعر یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین و كۆنترین ئه‌و ژانره‌ ئه‌ده‌بیانه‌ی كه‌ به‌درێژای مێژوو له‌گه‌ڵ مرۆڤدا ژیاوه‌، (كازانزاكی)ش ده‌ڵێت( شیعر ئه‌و خۆییه‌ كه‌ ناهێڵێت جیهان بۆ گه‌ن بكات) به‌بڕوای ئێوه‌ ئه‌م گرنگیه‌ی شیعر له‌ چییه‌وه‌ هاتوه‌؟ بۆ تۆ ده‌ته‌وێت شیعر بنوسیت و بۆ تۆ شیعر چییه‌؟
ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا / له‌وه‌ته‌ی یادوه‌ریی هه‌یه‌، شیعر.. عیشق.. خودا؛ ئه‌و سێ رێگایه‌ن ناچنه‌وه‌ سه‌ر هیچ! به‌شێكن له‌ سێكۆچكه‌ی پیرۆز. چه‌ند بیانهێنیت و بیانبه‌یت به‌ زانینه‌كانی ئه‌قڵ و ئه‌قلانییه‌تدا، كه‌چی ره‌گیان ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر نه‌زانین. مه‌حاڵن و چاره‌ی مه‌حاڵیشمان بۆ ده‌كه‌ن. گه‌رچی هیچیان له‌ ده‌ست نایه‌ت، هیچ بۆشاییه‌ك پڕناكه‌نه‌وه‌، كه‌چی ناتوانین فڕێشیان بده‌ین. بۆ فڕێداراون.. بێنه‌وایان.. بێناسنامه‌كان، بێمنه‌ت مه‌لهه‌مێكی روحین. رۆشناین بۆ ده‌هالیزه‌ ئه‌نگوسته‌چاوه‌كانی نێو ده‌روون و ته‌نیاییه‌كانمان. گشت ئه‌و شتانه‌مان بۆ ده‌دوێنێننه‌وه‌، كه‌ بۆ دواندن نه‌ده‌بوون. گشت ئه‌و شتانه‌مان بۆ ده‌بیننه‌وه‌، كه‌ نابینرێن. گشت ئه‌و شتانه‌مان پێده‌بیستێ، كه‌ نابیسترێ.. یانی له‌ یه‌ككاتدا ده‌توانێ هیچ و هه‌موو شتێكیش بێ! له‌ لوغزه‌كان ده‌دوێ و خۆیشی به‌ لوغز ده‌مێنێته‌وه‌. توخنی نهێنییه‌كان ده‌كه‌وێ و خۆیشی به‌ نهێنی ده‌مێنیته‌وه‌. ناڕۆشنه‌ و رۆشنت ده‌كاته‌وه‌. چون موعه‌ممایه‌ له‌ ناو موعه‌ممادا. شیعر هه‌روابووه‌ و هه‌رواش ده‌مێنێته‌وه‌!

شاخه‌وان سدیق / ئه‌گه‌ر له‌م تێڕوانینه‌ی به‌رێزتانه‌وه‌ بۆ شیعر سه‌یری كه‌سایه‌تی شاعیر بكه‌ین ده‌توانین چۆن له‌ شاعیر، یان كه‌سی شیعر نووس تێبگه‌ین( ماغوت) له‌ دیدارێكدا ده‌ڵێت”شاعیره‌ ڕاسته‌قینه‌كان شاعیری ژیانن، ئه‌و شاعیرانه‌ن مه‌رگی باڵنده‌یه‌ك و لێڵ بوونی جۆگه‌یه‌ك، هێنده‌ی مه‌رگی مرۆڤێك نیگه‌رانیان ده‌كات” ئه‌م تێڕوانینه‌ تا چه‌ند له‌ ڕاستیه‌وه‌ نزیكه‌ له‌ كاتێكدا زۆرێك له‌ شاعیران ته‌نها له‌كاتی نوسینی شیعردا شاعیرن.

ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا / له‌م نه‌خشه‌ و هێڵه‌ به‌یانییه‌دا؛ به‌ ستوونی و شاقوڵی دابه‌ش كراوه‌، بۆ نووسه‌ری راسته‌قینه‌ و نووسه‌ری ساخته‌ و موزه‌یه‌ف. ده‌كرێ ئه‌م پرسیاره‌ له‌ خۆمان بكه‌ین، گه‌ر تێكست نه‌بێ، خوێنه‌ر و نووسه‌ر چ نرخ و مانایه‌كیان ده‌بێ..؟ گه‌رچی هه‌تا ئێستاشی له‌سه‌ر بێت، لای ئێمه‌ تێكست نه‌ناسراوه‌، چون به‌ مانای وشه‌، پوخت له‌دایك نه‌بووه‌. تێڕامانی ئێمه‌ هێنده‌ی له‌سه‌ر پێگه‌ و كه‌سایه‌تی نووسه‌ره‌، ئه‌وه‌نده‌ دڵمان نه‌سپاردووه‌، به‌ بواری جوانناسیانه‌ی ئه‌ده‌بی. گه‌رچی دنیای نووسینیش به‌ جیاوازی لێكدانه‌وه‌كانه‌وه‌، نیشانیداوین، تێكست و نووسه‌ر و خوێنه‌ر سێینه‌ی پیرۆزن. بێ یه‌كتریی نابن و خۆ ناگرن و نوقسانن!
داخوا وابه‌سته‌یی سلڤادۆر دالی به‌ فرانكۆوه‌، عه‌زرا پاوه‌ند به‌ فاشییه‌كانه‌وه‌، هایدیگه‌ر و نازییه‌كان، سه‌ر به‌ كولتووریی ئێمه‌ بونایه‌، له‌ كوێی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌دا دامانبنابان و جێمان بكردنایه‌ته‌وه‌..؟ مه‌گه‌ر هاوبڕوا به‌ به‌هانه‌ی هه‌ڵوێسته‌وه‌، به‌ گومڕاییه‌وه‌ سه‌نگه‌سارمان بكردنایه‌ و دامانبشۆرینایه‌ و له‌ به‌های هونه‌ریی و فیكرییان كه‌م بكردنایه‌ته‌وه‌ و به‌ خۆزلزانییه‌كه‌وه‌ بمانگوتبا: چیتر تابلۆ و گوتاره‌كانیان به‌ پولێكی قه‌ڵپ ناكڕین! رێونكه‌رانه‌ چاوه‌ڕوانی خودایه‌تیمان له‌ نووسه‌ر و ئه‌هلی هونه‌ر هه‌یه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌ویش به‌ گۆشت و ئێسقانه‌وه‌ مرۆڤه‌ و، مرۆڤیش مه‌حكومه‌ به‌ وێستگه‌ و قۆناغه‌ جوداكانی گه‌شه‌كردنی جه‌سته‌یی و مانه‌وی، مه‌حكومه‌ به‌ هۆرمۆنه‌كانی. مرۆڤ پێچیده‌ترینی نێو بوونه‌وه‌ره‌كان بێ، چۆن بتوانین كورتی بكه‌ینه‌وه‌ بۆ یه‌ك ره‌هه‌ند، یه‌ك به‌ها و یه‌ك هه‌قیقه‌ت..!؟ یاخود.. نا، مرۆڤ و به‌هاكانی، پۆڵین بكه‌ین به‌سه‌ر باش.. و باشتر.. و باشترییندا..؟ ئه‌مه‌ و گه‌لێك رێگه‌ی ترتاقیكراونه‌ته‌وه‌، هه‌موو شتێكیان پێنه‌وتین و رستێك گرێی ترمان رووبه‌روو بوه‌وه‌. مه‌سه‌له‌ن نووسه‌ر هه‌یه‌، كه‌ تێكستی ده‌خوێنینه‌وه‌ به‌ سیحر و جادوی خۆشه‌ویستی سه‌رسامت ده‌كات و له‌ ناوه‌ندی رۆشنبیرییشدا له‌ باشترینه‌كانه‌. كه‌چی له‌ په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆڕی یاراندا، بێڕۆح دیاره‌ و خاڵییه‌ له‌ خۆشه‌ویستی..؟ ئیتر بڵیین ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ درۆزن و مونافیقه‌ و نووسینه‌كانیشی ناخوێنینه‌وه‌، كه‌ ئه‌م حوكمه‌ ئاسان و حازر به‌ ده‌سته‌یان له‌ كۆڕ و كۆمه‌ڵی ئێمه‌ی داخراودا له‌ باوترینه‌كانێتی بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی یه‌كتریی. گه‌ر ئه‌مانه‌ نا، ئه‌ی چی..؟ ئه‌م راستییه‌ ساده‌یه‌، پێمان ده‌ڵێته‌وه‌ ده‌بێ له‌ شوێنی تره‌وه‌ بڕوانینه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان نووسه‌ر و تێكست. چون هه‌یه‌ له‌ هونه‌ری نووسین و خه‌یاڵكردنه‌وه‌دا كه‌سێكی به‌ ده‌ربه‌سته‌ و حیسابی ورد و درشتی خۆ ده‌ربڕینه‌كانی به‌ هه‌موو ئه‌و پێودانگانه‌ ده‌پێوێ كه‌ له‌ پرۆسه‌ی نووسیندا تووشی دێت. كه‌چی له‌ هونه‌ری هاوڕێیه‌تی و دۆستایه‌تییدا، بێخه‌یاڵ و بێده‌ربه‌ست و خه‌مسارد و بگره‌ خۆپه‌رستیشه‌. ئه‌م گرفته‌ش ناچارمان ده‌كات، درشته‌ خودی مرۆڤ وه‌ك كۆیه‌ك وه‌ربگریین، كه‌ ده‌ره‌نجامی كارلێكی ورده‌ خوده‌كانێتی: خودی كۆمه‌ڵایه‌تی، خودی روحی، خودی ئیستاتیكی، خودی سیاسی، خودی فه‌لسه‌فی.. تاد ده‌شێ ئه‌م ورده‌ خودانه‌ی من ناوم بردن، پێپلیكانه‌ی ژێر پێی یه‌كتریی بن، ئه‌و درشته‌ خوده‌ی چاومان لێیه‌وه‌یه‌تی پێی بگه‌ین. هه‌یه‌ خوده‌ ئیستاتیكییه‌كه‌ی له‌ به‌رزترین پله‌دایه‌، كه‌چی خوده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی له‌ پێپلیكانه‌ی خوارتردایه‌. هه‌یه‌ خوده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی له‌ بڵندتریندایه‌، كه‌چی خوده‌ ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی نه‌ویترینێتی! روانین و چاوه‌ڕوانی ئێمه‌ له‌م خودانه‌، زاده‌ی تێگه‌یشتن و نرخاندنه‌كانمانه‌. گه‌ر به‌ هه‌ره‌میانه‌ و په‌یژه‌ییانه‌ چاو لێبكه‌ین، به‌ ده‌رئه‌نجامێكی جیاواز ده‌گه‌ین.
ئه‌گه‌ر.. نا، ئه‌ویتر هاوسه‌نگیه‌كه‌ی، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو شتێكدا بازنه‌یی و هێشووییه‌و گشت ورده‌خوده‌كانی ناوخۆی، هه‌موویان هارمۆنییكیه‌تیان له‌ نێواندایه‌. ئه‌زموونه‌كان پێمانده‌ڵێن: گه‌ر ئه‌مه‌ نایابتریینیان بێ، بۆ چاوه‌ڕوانییه‌ك كه‌ نووسه‌ر لامان دروست ده‌كات یاخود بۆی دروست ده‌كه‌ین، ئه‌م جنسه‌ له‌ كه‌مینه‌كان بوون و ده‌بن. بیرمان نه‌چێت جوانیش هه‌میشه‌ كه‌م بووه‌ له‌ هیچ ده‌ورانێكی مێژووی به‌شه‌رییه‌تدا، زۆر نه‌بووه‌. جا گه‌ڕان و عه‌وداڵ بوون و به‌ مه‌راقگرتنی ئه‌وه‌ش: داخوا نووسه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یڵێ، هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ده‌یكات..؟ ده‌كرێ پێدرێژی و زماندرێژی و پێ خستنه‌ ناو ژیانی تایبه‌تی نوسه‌ره‌وه‌ هه‌بێت، كه‌ ره‌گی به‌ فزولیه‌تی ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ په‌یوه‌ندیی به‌ مه‌رجه‌كانی نووسین خۆیه‌وه‌ نییه‌! له‌ ناوه‌ندی ئێمه‌دا نه‌خۆشییه‌كه‌ به‌ جۆرێك دایڕزاندوین و ترسناكه‌، جار هه‌یه‌ حه‌ز له‌ ستایڵی نووسینی كه‌سێك ناكه‌یت، یاخود ئێره‌یی پیده‌به‌یت. به‌مه‌وه‌ ناوه‌ستێ و دڵی ئاو ناخواته‌وه‌. نه‌ك له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ خۆشی پێینایه‌ت، ده‌یبوغزێنێ، به‌رهه‌مه‌كانی بێ ئه‌وه‌ی بیخوێنێته‌وه‌ به‌ كه‌م ده‌گرێت، به‌ كوردییه‌كه‌ی به‌دویژدانییانه‌ خراپه‌كارییه‌وه‌ لێیده‌خوێنێ. ئالێره‌دایه‌، ئه‌وه‌ی هه‌قیقه‌ته‌كان پۆڵێن ده‌كات، چێژی ئه‌ده‌بی و سه‌روسه‌ودای جوانییه‌كانیان نیین، به‌ڵكو پێشداوه‌ری رق و بوغزو گرێ ده‌روونییه‌كانن. بۆیه‌ له‌و زه‌مینه‌دا، ئاسایی ده‌بێ ناو و ناتۆره‌ی سه‌یر سه‌یر دابتاشرێ و پێوه‌بلكێنرێت. گشت ئه‌م ورده‌ پرسیار و ورده‌ وه‌ڵامانه‌ نه‌مانبه‌نه‌ به‌ر درشته‌ وه‌ڵامێك كه‌ بڕوا به‌ هه‌موومان بهێنیت. كه‌وابێ مه‌رج نییه‌، نووسه‌ره‌كان كه‌ وه‌سوه‌سه‌ و خه‌ونی ئیلاهییانه‌یان هه‌یه‌، ده‌بێ خۆشیان خوداوه‌ندێك بن..؟ مه‌رج نییه‌، چون ئه‌ده‌ب خۆی پڕه‌ له‌و پارادۆكسیانه‌ی ده‌بنه‌ بیناسازی تێكسته‌كه‌. بۆ ده‌بێ ئه‌م پارادۆكسه‌ش نووسه‌ره‌كه‌ نه‌گرێته‌وه‌..؟ له‌ كاتێكدا نوسه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌بونایه‌تیدا له‌ ناكۆكیدایه‌، بۆ ده‌بێ له‌گه‌ڵ خۆیشیدا ناكۆك نه‌بێ..؟! ئایا مرۆڤ به‌و هه‌موو لێكدژییانه‌ی خۆیه‌وه‌، چۆن رێده‌كات و چۆن بیر ده‌كاته‌وه‌ و له‌ رێی خود نووسینه‌وه‌ی خۆیه‌وه‌، چ ره‌هه‌ندێكی ترمان له‌ خوده‌ ئیستاتیكییه‌كه‌ی پێده‌به‌خشێت..؟ بۆ من له‌ سه‌روو هه‌موو چاوه‌ڕوانیه‌كانه‌وه‌یه‌. نووسین و به‌خششه‌ ئه‌ندێشه‌ییه‌كانی بۆ من و خۆی بۆ خۆی. ئیتر ئافه‌ریده‌كردنی دوژمنێكی وه‌همی، دوورخستنه‌وه‌مانه‌ له‌ دنیای نووسین به‌ گشتی و ئه‌ده‌بی به‌ تایبه‌تی!


شاخه‌وان سدیق/ زۆر جار ده‌وترێت پرۆسه‌ی نوسین به‌سه‌رهاتی ته‌واو نه‌بووی هه‌ریه‌كێك له‌ ئێمه‌یه‌، یان كاتێك مرۆڤ ده‌ستی به‌ هێنانه‌دی خه‌ونه‌كانی ناگات په‌نا بۆ نوسین ده‌بات وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ختیار عه‌لییش له‌ دیدارێكدا ده‌ڵێت” مرۆڤ كاتێك له‌ هه‌موو شته‌كاندا فاشیل ده‌بێت ڕوده‌كاته‌ نوسین و ده‌بێت به‌ نوسه‌ر” به‌ڕاستی نوسه‌ر بوون دواكارتی فشاری مرۆڤه‌ بۆ به‌رده‌وام بوون له‌ ژیان، یان نوسین بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتنی مرۆڤه‌ به‌ ئاشنابوون به‌ دیوێكی كه‌ی ژیان و كه‌شف كردنی دونیا یه‌كی نوێیه‌؟

ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا / له‌مناڵێتییدا هه‌موو شتێك به‌ گه‌وره‌ ده‌بینیت، كه‌ گه‌وره‌ ده‌بیت.. هه‌موو شته‌كان بچكۆله‌ ده‌بنه‌وه‌! ئه‌وه‌ی دیسانه‌وه‌ توانای به‌ گه‌وره‌ نیشاندانه‌وه‌ی شته‌كانی هه‌یه‌، هێشتا.. مناڵه‌! نووسین گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌سڵه‌ته‌كانی ئه‌و مناڵێتییه‌یه‌، كه‌ له‌ كۆڵانه‌كانی خه‌یاڵكردنه‌وه‌دا به‌ خه‌به‌ردێته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌م راستییه‌ ساده‌یه‌ش بێ، نوسه‌ره‌كان چه‌ندێ ئاینده‌خوازیش بن، ناتوانن بێ رابردووه‌ ( كه‌ مناڵیتیی له‌وێیه‌) ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنێنه‌وه‌. چون نووسین گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و رابردووه‌یه‌ به‌پێ وچاوی مناڵێتییه‌وه‌. به‌وه‌ده‌چێ ره‌گه‌زێكی بنه‌ڕه‌تیتر بۆ كرده‌ی نووسین ” دیسان خه‌ڵقكردنه‌وه‌” بێت. خه‌ڵقكردنه‌وه‌، هه‌ر له‌ وشه‌یه‌ك و مناڵێتی خۆته‌وه‌، هه‌تا مرۆڤه‌كانی تریش. سروشت، گه‌ردون ده‌گرێته‌وه‌. گرتنه‌به‌ری ئه‌م پرۆسێسه‌ش زڕبێ یاخۆ به‌ردار، هه‌ر به‌ زمانه‌و له‌ رێی زمانیشه‌وه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی وه‌رده‌گرینه‌وه‌ و ساغ ده‌بێته‌وه‌، كه‌ ئێمه‌ بۆ ده‌نووسین..؟ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش بێت، ده‌توانین رێ به‌ خۆمان بده‌ین، كه‌ نووسین ” میمیسیس/ ته‌قلید و لاساییكردنه‌وه‌” نییه‌، به‌ڵكو خۆی خودی ژیانه‌. به‌ڵام ژیانكردنێكی تاك و ته‌نهایانه‌یه‌، له‌ رێی فه‌نتازیاوه‌، ژیانكردنێكه‌ توێشه‌به‌ره‌كه‌ی ئه‌ندیشه‌كردنه‌. هه‌تا نزیكبونه‌وه‌ له‌وه‌ی، ئه‌وه‌ ته‌نها تۆ نیت له‌ ژیاندای، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ژیانیشه‌، له‌وێدا ” له‌ نوسیندا” هه‌ناسه‌ ده‌دا و ده‌ژێته‌وه‌. نوسین لێی ده‌وه‌شێته‌وه‌، ببێته‌ جێكه‌وته‌ و له‌ بری ژیان خۆی نیشان بداو بنوێنێته‌وه‌. گه‌ر وا نه‌با، هه‌ندێ نوسه‌ر ئیره‌ییان به‌ نوسینه‌كانیان نه‌ده‌برد. كه‌ ژیانی تێكسته‌كانیان له‌ ژیانی خۆیان نه‌مرتر و درێژتره‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نووسین به‌ سروشت بزۆز و بزێوه‌ بۆ گۆڕان، به‌و پێیه‌، ناتوانین مه‌رجێكی نه‌گۆڕ بۆ كرده‌ی نوسین دابمه‌زرێنین و هه‌موومان وه‌كو یه‌ك رازی بكات. چونكه‌ نوسین له‌وه‌ سركتره‌ له‌ قه‌فه‌زی مه‌قوله‌ و ستایڵێكدا زیندانیی بكه‌ین. ئه‌وه‌ كوشتنی پێكهه‌ڵپژان و كارلێكی جیاوازییه‌كانیشه‌. ئه‌وه‌ی له‌ ژیانیشدا نه‌گۆڕه‌، ناتوانی ژیان به‌ یه‌ك ره‌نگ و یه‌ك مۆدێل ببینی.. ناتوانی به‌ یه‌ك ده‌نگ بیبیستی.. یه‌ك بۆن و یه‌ك تامی هه‌بێت. مادام ماكی ژیان فره‌ ده‌رگا و فره‌ رێگایه‌. كه‌وابێ هه‌ركه‌س ده‌توانێ له‌و رێگایه‌ بدوێ كه‌ فه‌نتازیا یان واقیعییانه‌ رۆیشتووه‌ پیایدا. هه‌یه‌ نوسین به‌و شاده‌رگا و ده‌روازه‌یه‌ ده‌بینێ كه‌ لێوه‌ی ده‌چێته‌ ناو قه‌ڵای هه‌بوونایه‌تیه‌وه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ راستن، چون به‌ڕاستی له‌ رێی نوسینه‌وه‌ خۆیان گێڕاوه‌ته‌وه‌. واتا كرده‌یه‌ك خۆتی تیا ده‌گێڕیته‌وه‌، به‌ڵام به‌م هه‌موو كرده‌ و كۆشانه‌شه‌وه‌، هه‌رگیز ناگه‌یت به‌ دوا مه‌نزڵ. گه‌رچی نوسین ناخودئاگایانه‌ چاو له‌ دووی ئه‌و مه‌نزڵه‌یه‌ كه‌ كه‌س پێی تێ نه‌ناوه‌، هه‌رگیز پێی ناگات. به‌ڵێ وێستگه‌ی جیا جیا هه‌یه‌، كه‌ پێی تێناوه‌. ئه‌ویش ئه‌و تێكستانه‌ن ده‌یخوێنینه‌وه‌. ده‌شێ بتوانین ناوی بنێین ورده‌ مه‌نزڵه‌كان. نووسین گه‌ڕیده‌یی بوونه‌ به‌ نێو توێی دڵی ئه‌و ورده‌ مه‌نزڵانه‌دا! ئا له‌وێدا نوسه‌ر مارشاڵی فه‌شه‌له‌كانی خۆی و دنیایه‌! دۆنكیخۆته‌ مارشاڵی فاشیله‌كان بوو. له‌ ئه‌ده‌بدا” ئه‌م جیهانه‌ باڵایه‌ و به‌ركه‌ماڵه‌ ده‌رونییه‌” قبوڵكراوه‌ مارشاڵی فه‌شه‌له‌كانی خۆت بیت، لێ له‌ ژیانی واقیعییدا كه‌ ته‌وقدراوه‌ به‌ سه‌دان ته‌لبه‌ندی سه‌لماندن و به‌ڵگه‌ و مه‌رجی لۆجیكیی نه‌گۆڕ و ئه‌قڵانی، جێی توانج و ته‌شه‌ر و تانووت لێدانه‌. گرنگ نییه‌ فاشیله‌ یان سه‌ركه‌وتوو، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ پرسیار له‌ باره‌ی به‌های شتێكه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ نووسینه‌! وه‌ك بڵێی: ئه‌و په‌رستگایه‌ی له‌ سوجده‌بردن و نوێژی وشه‌كانه‌وه‌، له‌سه‌ربه‌رماڵی په‌ره‌یه‌كدا، بگه‌یت و وه‌سڵ به‌ پرته‌وی خودای مانا و ئه‌ودیوو ماناكان! گه‌رچی دوا گه‌یشتنیش نییه‌..

شاخه‌وان سدیق/ زۆرجار ده‌وترێت كاری ئه‌ده‌ب ده‌رخستنی ناشیرینیه‌كانی ژیانه‌، به‌ هێنده‌ی باسكردنبێت له‌ جوانییه‌كانی، به‌ڕاستی ئێوه‌ پێتان وایه‌ ئه‌ده‌ب و تێكستی ئه‌ده‌بی بۆ كاری ڕه‌خنه‌گرتنن له‌ ژیان، یان ئه‌ده‌ب خوڵقاندنی دونیایه‌كی نوێیه‌ له‌و دیو ژیانی واقیعیه‌وه‌، به‌گشتی په‌یوه‌ندی ئه‌ده‌ب به‌ ژیانه‌وه‌ چۆن ده‌بینن؟

ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا / ئه‌وه‌ی به‌ هیچ كلۆجێك. ناهێڵێ، ژیان له‌ میكانیكیی بوونه‌وه‌دا په‌ژمورده‌ ببێ، به‌ره‌و مرداره‌وه‌بوون بچێ، په‌یبردن و دینامكییه‌ته‌كانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌. له‌ به‌رئه‌وه‌ی هه‌رچیه‌ك بۆ ملپێكه‌چكردنی مه‌رامه‌كانی خۆی، بیه‌وێ روحی بڵندی ژیان وه‌ده‌ربنێ و سه‌رفی بكات، ئه‌ده‌ب له‌ نێو دڵی بانگه‌وازه‌كانی خۆیدا كه‌ ” گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی هه‌تا هه‌تاییه‌” ئه‌و شته‌ سه‌رفكراو، فه‌رامۆشكراو، كه‌نه‌فتبوو، هێزلێبڕاوه‌ی ژیان، له‌ خۆیدا، له‌ دۆخێكی تردا، هه‌ڵده‌بژیرێ و به‌ به‌رزتریین شێوه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنیته‌وه‌. به‌و له‌ونه‌ش به‌رجه‌سته‌ی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ لێوانلێو زیندوێتیی لێبچۆڕێنێته‌وه‌. به‌ راده‌یه‌ك گه‌ر ژیان بده‌یته‌وه‌ ده‌ست خۆی، له‌وه‌ی له‌و واقیعه‌ فه‌وتێنه‌رانه‌دا هه‌بووه‌ و به‌سه‌ریدا هێنراوه‌، له‌و به‌ فه‌نتازییادا كرنه‌یدا خۆی ناناسێته‌وه‌. وه‌ك بڵێی له‌ په‌یمانێكی نوێدا بێت، خودایه‌كی تر، به‌ بونیادی سیسته‌مه‌ به‌هاییه‌كانی، به‌ په‌یام و مه‌كتوبه‌ ئیستاتیكییه‌كانی خۆی ئافه‌ریده‌ی كردبێته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م سیحر و جادووه‌ سه‌رمه‌دیی و بێسنووره‌ش، بێ هیچ زیاده‌ڕه‌ویی و گومڕاییه‌ك، جودا له‌هه‌ر بوارێكی تر، له‌ خاسڕه‌ویی ئه‌ده‌ب و هونه‌رێكی باڵا ده‌وه‌شێته‌وه‌!

شاخه‌وان سدیق/ كاتێك به‌ر نوسین یان ده‌قێكی تۆ ده‌كه‌وین له‌گه‌ڵیدا به‌ر زمانێكی جیاواز له‌ ده‌ربڕین ده‌كه‌وین، ده‌مه‌وێت بپرسم زمانی جیاواز یان جیاواز نوسین، تاچه‌ند بۆ نوسه‌ر گرنگه‌؟ ئایا زمانی جیاواز مه‌رجه‌ بۆ پرۆسه‌ی داهێنان؟

ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا / هه‌ر وه‌ك چۆن تۆوێك له‌ هه‌موو خاكێك و كه‌ش و هه‌وایه‌كدا ناتروكێ و شین نابێ. ئه‌و زه‌مینه‌ی نوسه‌ریش له‌سه‌ری وه‌ستاوه‌، بووه‌ته‌ پێگه‌ی و لێیه‌وه‌ ده‌ڕوانێت، وه‌ك وێڵگه‌ردێك بۆ خۆی و بوون و دنیا تایبه‌ته‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێت، تۆوی زمانیشی پشتبه‌ستوو ده‌بێ به‌ ریشه‌داكوتانی ئه‌زمون و تێرامانه‌كانی، هه‌ر به‌و ماته‌رانه‌شه‌ له‌ ده‌ستی دێت خۆی فۆرمۆله‌ و شێوه‌باز بكات. تۆ بڕوانه‌.. له‌ چل و شه‌ش كرۆمۆسۆمی دایكمان باوكمان پێكهاتوین، كه‌چی ئێمه‌ ئه‌وان نین، ته‌نها خۆمانین. نه‌ك په‌نجه‌ مۆری دڵ و رۆحمان، شه‌پۆلی بینین و هه‌ناسه‌دانیشمان له‌وان ناچێت. منیش هه‌روا چاو له‌ زمان ده‌كه‌م. زۆر ساده‌، شێوازی به‌یانكردنی تۆ كه‌سایه‌تیی تۆیه‌، له‌و بوار و ئه‌تمۆسفێره‌دا كه‌ خۆتی پێده‌رده‌بڕیت. بۆچی ئه‌و زمانه‌ی كتێبه‌ پیرۆزه‌كانی پێ نوسراونه‌ته‌وه‌، له‌ زمانی گشتی ناچێت..؟ چون میتافیزیك و سوپه‌رناچوڕاڵیه‌ت و روحانیه‌ت سه‌رپه‌نایه‌تی. له‌ ئینجیلدا هاتووه‌: شه‌رابی تازه‌ نابێ بكرێته‌ مه‌شكه‌ی كۆنه‌وه‌ هه‌تا نه‌دڕێ! ئه‌فكار و بیركردنه‌وه‌ی تازه‌ش، ناكرێ بكرێته‌ مه‌شكه‌ی زمانه‌ كۆنه‌كه‌وه‌. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی لای زۆربه‌ی ئێمه‌ ئیدامه‌ی هه‌یه‌ و له‌سه‌ری ده‌له‌وه‌ڕێن و سه‌روكارییان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه‌ و به‌وپه‌ڕی دڵنیاییه‌وه‌ به‌رگریی لێده‌كه‌ن. لێ نوسه‌رێكی تر كه‌ نادڵنیابێت، به‌رامبه‌ر، ئه‌و زمانه‌ مێگه‌لییه‌ی هه‌موو له‌سه‌ری راهاتوون و كاوێژی ده‌كه‌نه‌وه‌، چون پێیانوایه‌ ئه‌مه‌ ( صراگ مستقیم ) ه‌و نوسین ده‌بێ هه‌ر وه‌هابێت. بۆیه‌ هه‌موو له‌ ده‌وری سه‌ری به‌رده‌ره‌شه‌كه‌ی زمان بگه‌ڕێین و شه‌یتانی له‌عینیش به‌ خڕكه‌ به‌ردی به‌دنیازی، مه‌رام و بوغز و گرێ ده‌رونیی و نابووتی و نادانیه‌كانمان سه‌نگه‌سار بكه‌ین. من به‌ دوعای ئاوا ناڵێم ئامین! خۆ جوله‌كه‌ و كریستیانیتی و ئیسلامیش، له‌ شیكڵدا جیاواز دیارن، لێ جه‌وهه‌ری هه‌رسێكیان له‌ ئه‌سڵی یه‌ك خاك و خۆڵه‌وه‌ هاتوون و هه‌ڵقوڵاون. بۆیه‌ زمانی ناوكۆیشیان هه‌ر ده‌توانێ سه‌روسه‌ودایان له‌وه‌ زیاتر نه‌بێت: له‌ خۆڵه‌وه‌ هاتوین و ده‌چینه‌وه‌ بۆ خۆڵ. ناخودئاگا، هه‌ر به‌و پێودانگگه‌له‌ زۆرینه‌مان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ زماندا ده‌كه‌ینه‌وه‌. به‌ڵێ.. هه‌موو ئیلاهه‌كانی زمان، ده‌بێ، له‌به‌رده‌م یه‌ك شازمانی خودای مه‌زندا هه‌ڵوه‌شێنه‌وه‌، خه‌سڵه‌تی ئایینی ته‌وحیدییش له‌مه‌ زیاتر نه‌بووه‌ و نییه‌. بۆمنیش، وته‌بێژه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردیی به‌ یه‌ك شاشه‌قامی زماندا رێده‌كه‌ن، به‌ جیاوازی ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ چ بڵێن، هاوڕا و هه‌مڕه‌نگ و هاوره‌گه‌ز و هاوئاهه‌نگن له‌یه‌ك په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، كه‌ ده‌بێ زمان وه‌ك كۆرسێك پیایدا بڕوات و ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و راستییه‌ حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ بێت. یه‌عنی دامه‌زراندن و به‌ ستانداردكردنی یه‌ك فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی گشتی، كه‌ ده‌بێ هه‌موو پێڕه‌وی لێبكه‌ین، و ته‌عمید و غوسڵی خۆمانی تیا ده‌ربكه‌ین، هه‌تا له‌ لایه‌ن دژبه‌ره‌كانه‌وه‌ تووشی بێئیمانی، رۆح پۆخڵی، فه‌وزای زمان نه‌یه‌ین. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی له‌م كۆڕاڵ و رێكه‌وتنه‌ ده‌سته‌جه‌معییه‌ش لابدات، وه‌ك لادانێتی له‌ ئایینی ته‌وحیدیی، كه‌ به‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ و كافر و زه‌ندیق ناوزه‌د ده‌بیت، و به‌م رێكه‌وتنه‌ گشتی و مێگه‌لیانه‌ش بێت، هه‌ركه‌س ده‌توانێ فتوات له‌سه‌ر بدات و خوێنت حه‌ڵاڵ بێت. جا ئه‌م تایبه‌تییه‌ته‌، ئه‌م خۆڕاپسكانانه‌ی باس و خواسه‌كان له‌ ئه‌سیریی، ئه‌م گیان ره‌هابونه‌ی زمان، كه‌ له‌ قوڵایی دڵی ئه‌زمونه‌كانمه‌وه‌ سه‌ر ڕاستانه‌ گه‌ره‌كێتی خۆی بخوڵقێنیته‌وه‌، لاوازییه‌ یاخود هێزه‌.. خۆدۆزینه‌وه‌یه‌ یاخود ونبوون.. پوكانه‌وه‌یه‌ یاخود داهێنان نازانم..!؟ گه‌ر هه‌قی ئه‌وه‌م پێ بدرێت، منیش خوداوه‌ندێكی بچكۆلانه‌م له‌ خۆمدا كه‌شف كردووه‌، كه‌ له‌ خودای گشتی ناچێت، ئه‌مه‌. ئه‌وه‌ له‌ مندا به‌ پیت و وشه‌ و ئایدیاكانی خۆیه‌وه‌ ده‌ئاخفێ و منیش ده‌یژنه‌وم. به‌ڵێ بۆ من، ئه‌مه‌ ته‌نها ماڵ جیایی “ماهییه‌ت و جه‌وهه‌ری” ستایڵی منه‌، له‌م مێگه‌لستانه‌ به‌ ره‌سمی كراوه‌ی زمانی كوردیدا! ئه‌و ئاوه‌ گه‌وره‌كان رشتویانه‌، من چیتر پێی لێناخه‌م. وه‌ك مناڵێك ئاوس به‌ فه‌نتازیاكانی سه‌رقاڵی خۆڵه‌به‌تانێ و یارییكردنم له‌ نێو ورده‌ هه‌قیقه‌ته‌كانی خۆمدا..!

شاخه‌وان سدیق/ ڕه‌خنه‌گری گه‌وره‌ی ئه‌ڵمانی (مارسێل ڕایخ ڕاینسكی) ده‌ڵێت” ده‌بێت ڕۆمان چێژمان پێببه‌خشێت، چێژی خوێندنه‌وه‌و كات به‌ سه‌ربردن” تاچه‌ند پێتان وایه‌ ئه‌ده‌ب به‌ تایبه‌ت ڕۆمان بۆ چێژو كات به‌ سه‌ر بردن بێت، ئێوه‌ له‌ ڕۆمانه‌كه‌تاندا (په‌رتگا) تاچه‌ند ڕه‌چاوی چێژی خوێنه‌رتان كردوه‌، بۆ له‌ دوای ئه‌و ڕۆمانه‌وه‌ كاری ترمان نه‌دی؟ دوای (په‌تگا) ڕۆمانی تری تۆ ده‌خوێنینه‌وه‌؟

ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا / من به‌رگدروو نیم، هه‌تا كه‌ته‌لۆگێك بده‌مه‌ ده‌ست خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گره‌كان و بڵێم: هه‌ڵبژێرن به‌ ئاره‌زووی قه‌ڵه‌وی و بنسێتی و كوڵه‌بنه‌یی و به‌ژن زراڤی ( چێژ و مه‌عریفه‌ی) خۆتان. بڵێم هه‌تا ده‌ڵب و ته‌سك و تروسك نه‌بێت، بفه‌رموون.. چۆنچۆنی بنوسم، به‌ دڵی ئێوه‌ رێ بكه‌م، بیربكه‌مه‌وه‌ و خۆم ده‌ربڕم، هه‌تا كه‌یفخۆش بن و ئاره‌زووه‌كانتان تێر بكه‌م . ئاخر نوسه‌ر سوزانیی نییه‌، هه‌تا به‌ پێی حه‌ز و شه‌هوه‌تبازیی موشته‌رییه‌كانی خۆی ئارایش بكا. دوكان و بازاڕ دانانی سیاسیش نییه‌ هه‌تا نان بكڕێ و بفرۆشێ به‌ نرخی رۆژ، وه‌ له‌ خه‌می ئه‌ودا بێت بزانێ لایه‌نگریی زۆره‌، له‌وێوه‌ ئه‌و دڵنیاییه‌ ده‌سته‌به‌ر بكات كه‌ راستی و دروستی موباره‌زه‌ كردن و خوێندنه‌وه‌كانی بۆ واقیعی حاڵی حیزب و كۆمه‌ڵگاكه‌ی له‌ چ ئاستێكدایه‌. داخوا مه‌به‌ست له‌ هه‌ستی چێژبینین ده‌بێ چی بێ..؟ چێژی ئازادی، چێژی ئه‌قڵی، چێژی ئیستاتیكیی. لای بودا هیچ چێژێك نییه‌، وه‌ك چێژی ئازادیی. ده‌رهه‌ق به‌ رۆمانی په‌رتگا بانگه‌شه‌ی هیچ به‌هره‌مه‌ندییه‌كم نه‌كردووه‌، ته‌نها له‌وێدا من موماره‌سه‌ی ئه‌و ئازادییه‌ بوداییه‌م كردووه‌ و هیچی تر. هه‌یه‌ ده‌ترسێ رووبه‌رووی لاوازییه‌كانی خۆی ببێته‌وه‌ و روحی هه‌لاهه‌لابووی خۆی به‌ رووتی و په‌رتبوویی ببینێته‌وه‌. په‌رتبوون له‌ نێوان خولیا جه‌سته‌یی و رۆحییه‌كان. په‌رتبوون له‌ نێوان وه‌هم و واقیعدا.. په‌رتبوونی له‌ نێوان مه‌نفا و نیشتماندا.. په‌رتبوونی ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێ بیڵێیت و كه‌چی زمانێك نادۆزیته‌وه‌، كه‌ پڕاوپڕی ئه‌و له‌تبوونانه‌ بێت. ئاله‌وێدا، به‌ قه‌ولی ماریا فارگاس یۆسا: ” راوی نادیار، ئه‌و گێڕه‌ره‌وه‌یه‌، كه‌سێتییه‌كی شیزۆفیرییانه‌ی هه‌یه‌، وه‌كو خه‌یاڵپڵاوێك هه‌روا بۆ خۆشی ده‌كرێته‌وه‌ و شت ده‌دركێنێ و قسه‌ له‌گه‌ڵ خودی خۆی ده‌كات، له‌ كاتێكدا رووی ده‌می له‌ خوێنه‌ره‌. ئه‌و بازدان و جێگۆڕكێیانه‌ی راوی مایه‌ی سه‌رلێتێكدانه‌ “. ده‌ی هه‌یه‌ چێژ له‌مه‌ نابینێ. له‌ كاتێكدا لای كانت ” له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئاماژه‌كردن، به‌ هه‌ستی خوده‌وه‌، جوانی و چێژ خۆی له‌ خۆیدا هیچ نییه‌” گه‌ر به‌و پێوانه‌ كانتییه‌ بێ ” ئه‌و خودێتییه‌ كێیه‌، كه‌ توانای پێناسه‌ و حوكمدان و فتوای هه‌یه‌ به‌سه‌ر قه‌شه‌نگی – بوونی ئه‌ده‌بی و هونه‌رییدا- ..؟ ” كه‌چی لای شۆبنهاوه‌ر كه‌ ده‌چێته‌ ناو لۆچه‌كانی هه‌بونایه‌تیمانه‌وه‌، پێیوایه‌: خواستی خۆپه‌رستیی، چێژێكه‌ كه‌ بۆ مرۆڤ له‌ هه‌ر چێژێكی تر باڵاتره‌. ئه‌م چێژه‌ش ته‌نها له‌ رێگه‌ی به‌راوردكردنی خۆت له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا دێته‌دی. ده‌بێ ئه‌و تواناییه‌ له‌ كوێوه‌ بهێنیت، له‌ كۆمه‌ڵێكی نه‌خۆش و دڵ و ده‌روون كرمه‌ڕێزبوی وه‌ك ئێمه‌دا، مه‌رزی ئه‌و هه‌موو راز و نیازه‌ ده‌رده‌دارانه‌یه‌ ببه‌زێنیت، كه‌ له‌ ژێرپه‌رده‌ و به‌ ناوی جوانناسییه‌وه‌ شه‌ڕی عوقده‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن و ده‌بێ دڵیكی خودایانه‌ت هه‌بێ، هه‌تا به‌رگه‌ی پێوه‌دانه‌كانیان بگریت و به‌ سنگێكی فراوانه‌وه‌ لێشیان قبوڵ بكه‌یت..؟ به‌ڵێ دوای په‌رتبوونی مرۆڤی ئێمه‌ له‌ په‌رتگادا. بۆ دوو ساڵیك ده‌بێ، مژۆڵی رۆمانیكی تر بووم، كه‌ باس له‌ سه‌رگه‌ردانی مرۆڤ ده‌كات بۆ بیبینه‌وه‌ی ماڵێك كه‌ ببێته‌ سه‌رپه‌نای روحی، به‌ ناوی ( ماڵیخۆ)، له‌ رێكخستنه‌وه‌ و پاكنووس كردنیدام.




گه‌ڕانه‌وه‌ بۆلای ئه‌ویتر: له‌ جه‌سته‌ی شه‌كه‌تی قه‌سیده‌یه‌كی هیلاكدا … (شاخه‌وان سدیق)

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆلای ئه‌ویتر: له‌ جه‌سته‌ی شه‌كه‌تی قه‌سیده‌یه‌كی هیلاكدا
(خوێنه‌وه‌ی قه‌سیده‌ی هیوا قادر، چێژی پاڵكه‌وتنه‌ له‌ سه‌ربوونی ئاو)
(ئیسماعیل حه‌مه‌ ئه‌مین)

—————

هه‌میشه‌ پێم وا بووه‌، قورسترین شت ئه‌وه‌یه‌ ئینسان بتوانێت قسه‌ له‌ سه‌ر ئیحساسی كه‌سێكی كه‌ بكات، چونكه‌ بۆ خۆی دروست بوون‌و هێنانه‌ دنیای به‌رهه‌مێكی نوێ‌ هه‌ڵگری چه‌ندین هۆكارو ئامڕازه‌و ده‌شێت له‌ پشت هه‌موو ووشه‌كانه‌وه‌ فره‌ مه‌به‌ست‌و فره‌ بۆچوون ئاماده‌یان هه‌بێت، كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌ته‌نها كه‌سی نوسه‌ر خۆی بتوانێ‌ تێیان بگات، چونكه‌ ئه‌وه‌ ئیحساسی ئه‌وه‌ به‌پانتای ئه‌و خه‌یاڵانه‌دا تێپه‌ڕیوه‌و دواجار به‌و شێوه‌یه‌ ته‌عبیریان له‌ خۆیان كردووه‌. به‌ڵام له‌ خوێنه‌وه‌ی شیعری هیوا قادردا من كه‌متر به‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ ئه‌كه‌وم‌و هه‌میشه‌ پێم خۆش بووه‌ بگه‌ڕێم به‌شوێن نهێنیه‌كانی پشت دێڕه‌كانیدا، ئه‌ویش ڕه‌نگه‌ پیوه‌ندی به‌و زمانه‌ ساده‌یه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ هه‌میشه‌ زمانی قسه‌كردن‌و زمانی شیعری هیوا بووه‌ له‌ نوسین‌و ئاخاوتندا، یان ڕه‌نگه‌ په‌یوه‌ندی به‌و هه‌موو ئینسان دۆستیه‌ی هیواوه‌ هه‌بێت كه‌ هه‌میشه‌ له‌ ڕێگای دنیابینیه‌كانی خۆیه‌وه‌ وه‌ك شاعیر هه‌ستی پێكردوه‌و ده‌ریبڕیوه‌، بۆ من چه‌ند گرنگه‌ كه‌ ده‌قه‌ كه‌ چۆنه‌و جوانه‌. ئه‌وه‌ندش ڕاستگۆیی نوسه‌ره‌كه‌ی گرنگ‌و پێویسته‌ له‌ سه‌یركردنی بۆ دنیاو ئه‌وه‌ی كه‌ وتویه‌تیو ئه‌وه‌ی كه‌ بڕوای پێیه‌تی، كه‌ هیوا یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی ئه‌گه‌ر شیعریش نه‌نوسێت له‌ زۆرێك له‌ شیعرنوسه‌كانی كه‌ پێم شاعیرتره‌، چونكه‌ شیعریه‌ت له‌ ناوه‌وی هیوادایه‌ نه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌و كاتی نوسیندا، فروخ واته‌نی ” ڕقی دنیام له‌و شاعیرانه‌یه‌ كه‌به‌س له‌ كاتی نوسینی شیعرا شاعیرن” ئه‌وه‌تا هیواش له‌ دیدارێك دا به‌م جۆره‌ باس له‌ چۆنیه‌تی پرۆسه‌ی شیعریخۆی ده‌كات. ( شیعری من دنیای خۆم‌و خه‌ون‌و ته‌مناكانی خۆمه‌، بۆمن گرنگ نیه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆم تۆ چۆن ته‌عریفی من ده‌كه‌یت، چونكه‌ من تۆی خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌خه‌مه‌ ناو به‌ شیعریكردنی دنیاوه‌، تۆ یاقبوڵم ده‌كه‌یت یان نا، ئیدی ئه‌وه‌ تۆیت دواتر ته‌عریف بۆ من داده‌نێیت له‌ ڕێی تێگه‌یشتنی خۆت‌وخوێنه‌وه‌ی خۆته‌وه‌، بۆ شیعره‌كانم نه‌ك من” لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین ئه‌م گه‌ڕیده‌یه‌ی شیعرو جوانی ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستیه‌تی به‌دوای به‌شه‌ ونبوه‌كانی خۆیدا بگه‌ڕێت، ئه‌وه‌نده‌ مه‌به‌ستی نیه‌ لاپه‌ڕه‌ ڕه‌شكاته‌وه‌ به‌ناوی نوسینی شیعره‌وه‌. بۆیه‌ ده‌مه‌وێت كه‌مێك له‌ سه‌ر نوێترین قه‌سیده‌ی هیوا بوه‌ستم كه‌ له‌ ژماره‌ (121) پاشكۆی ڕه‌خنه‌ی چاودێردا له‌ به‌رواری (23/6/ 2008) بڵاوكرایه‌وه‌. به‌ناوی( به‌ قوڵپه‌ قوڵپی ئاوت ده‌سپێرم) من ئه‌م كاره‌ی هیوا كه‌ ئه‌زموونێكی نوێیه‌ له‌ شیعرنوسینی، جیاوازتر له‌ هه‌موو قه‌سیده‌كانی كه‌ی وه‌ك ( دوعایه‌ك بۆ ته‌نهای، ته‌رمیناڵ، سێوی سور، ژیان له‌ كۆڵانه‌كه‌ی ئێمه‌یه‌، مردن له‌ دوو كۆڵان ئه‌ولاتر،و ، ئه‌وڕۆژه‌ی ئه‌مرم باران له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌م ئه‌دات) كه‌ پێشتر نوسیونی ده‌بینم، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و حه‌زه‌ هه‌میشه‌ییه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هیوا ده‌یه‌وێت ئه‌زمونی شتی نوێی تیابكات، له‌م قه‌سیده‌یه‌دا ئه‌وه‌نده‌ پرسیاره‌ فكریه‌كان ئاماده‌ییان هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ شاعیر كاری له‌ جوانكاری‌و ئستاتیك دا نه‌كردووه‌، چونكه‌ به‌بڕوای من شاعیر په‌یامێكی هه‌یه‌ له‌م كاره‌یدا په‌یامێك كه‌ بیركردنه‌وه‌ فكریه‌كان ده‌توانێت تیایدا كێشه‌ ئاڵۆزه‌كانی بۆ ساده‌ بكاته‌وه‌. ئه‌مه‌شه‌ ئه‌م كاره‌ی له‌ كاره‌كانی تری جودا كردۆته‌وه‌، ئه‌زمونی شیعری هیوا له‌ ڕابردوودا ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ ئه‌و چۆن له‌ شیعر‌و ئه‌ده‌ب له‌ ڕێگای دنیابینیه‌كانی ئه‌ڕوانێت‌و هه‌میشه‌ش وای كردوه‌ ئێمه‌ش له‌م سه‌فه‌ركردنانه‌یدا له‌ ڕێگای خه‌یاڵه‌وه‌ به‌شداربین. كه‌ ئه‌مه‌ش خاسیه‌تێكی گرنگی تری شیعریه‌ له‌ هیوادا هه‌روه‌ك (لورانس پیرین)یش له‌ كتێبی شیعر چیه‌دا ده‌ڵێت ” بوونی ئه‌ده‌ب، بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی به‌رجه‌سته‌یه‌، به‌رجه‌سته‌ له‌م ڕووه‌وه‌ كه‌ بۆته‌ وێنه‌یه‌كی چڕو به‌رچاو، ئه‌ركی ئه‌و ئه‌مه‌نیه‌ له‌ باره‌ی ئه‌زمونه‌وه‌ بدوێت، به‌ڵكو ئه‌م ئه‌ركه‌ی هه‌یه‌ كه‌ مۆڵه‌تی به‌شداری خه‌یاڵی له‌ ئه‌زمونمان پێببه‌خشێت” هیوا جیاواز له‌ كاره‌كانی كه‌ی له‌م قه‌سیده‌یه‌دا كار له‌سه‌ر هه‌ردوو چه‌مكی (لێبورده‌ی‌و گوناه) ده‌كات له‌ ڕێگای زمانێكی چڕوپڕ له‌ واتادا، به‌ڵام ساده‌ له‌ ده‌ربڕیندا ئه‌ویش به‌بڕوای من ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ تێڕوانینه‌ی كه‌ شاعیرهه‌یه‌تی ده‌رباره‌ی ژیان‌و له‌ ئه‌زمونی ئه‌ویتره‌وه‌ هه‌ست به‌و گوناهانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌شێت ڕۆژێك له‌ ڕۆژانكردبێتی هه‌روه‌ك ده‌ڵێ‌”
تۆ ده‌مبه‌خشیت
به‌ ڕۆژه‌شینه‌كانم ده‌سپێرم،
له‌گه‌ڵ ژماره‌ی لێدانه‌كانی دڵتا،
له‌ هه‌ورازی عومرا،
له‌ تونێتی ژیانا من له‌یاد ده‌كه‌یت.

زمان له‌م ده‌قه‌ی هیوادا تا ئاسێكی باڵا گه‌ڕانه‌ به‌دوای خۆ دۆزینه‌وه‌ی واتادا نه‌ك به‌دوای وێناندنی فۆڕمێكی ئیستاتیكی جێگیردا كه‌ به‌ هۆی میكیاج كردنه‌وه‌ ده‌لاله‌ت له‌ ده‌قه‌كه‌دا به‌ئاراسته‌یه‌كی تر بگۆڕێت. بۆیه‌ ده‌بینی له‌م ده‌قه‌دا وه‌ك (مالارمێ‌) ده‌ڵێت ” زمان قسه‌ده‌كات نه‌ك نوسه‌ر، چونكه‌ نوسین گه‌یشتنه‌ به‌و پنه‌ته‌ی كه‌زمان دێته‌گۆ نه‌ك من” لێره‌وه‌ نوسه‌ر له‌ ڕێگای وتنی داوای به‌خشینه‌وه‌ له‌ویتر جه‌ده‌لێكی ناكۆتا له‌گه‌ڵ ژیان‌و بووندا دروست ده‌كات، كه‌ ڕه‌نگه‌ هۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌و ترسه‌ هه‌میشه‌ییه‌ی نوسه‌ربێت كه‌ به‌رده‌وام هه‌یه‌تی له‌ له‌بیركردن‌و له‌ بیر چوونه‌وه‌ی هه‌روه‌ك چۆن له‌ قه‌سیده‌ی (ئه‌وڕۆژه‌ی كه‌ ئه‌مرم باران له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌م ئه‌دات)دا ده‌ڵێت ” ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ ئه‌مرم منداڵان له‌ كۆڵاندا خه‌ریكی هه‌لوكێنن” شاعیر به‌و هه‌سته‌ ئینسانییه‌وه‌ تێده‌گات كه‌ مردن شتێكی حه‌تمیه‌‌و گرنگترین سیفاتی ئینسانیش له‌ بیركردنه‌، بۆیه‌ ئه‌ویش ده‌مرێت‌و دواتریش له‌ بیرده‌چێته‌وه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ پێش هه‌موویان ئه‌ویتره‌كه‌ی خۆی بێت جا شاعیرده‌یه‌وێت پێش ئه‌م مه‌رگ‌و له‌بیركردنه‌ داوای به‌خشین له‌ گوناهه‌كانی بكات له‌ ڕێگه‌ی شیعره‌وه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ لای ئه‌و سه‌رچاوه‌ی هه‌موو جوانییه‌كانبێت له‌ ژیاندا، چونكه‌ ئه‌وه‌ شیعره‌ كه‌ده‌توانێت هه‌موو دژه‌كان له‌ ناو خۆیدا كۆبكاته‌وه‌ به‌ گه‌ناه‌و لێبوردنیشه‌وه‌ هه‌روه‌ك (لورانس پیرین)یش ده‌ڵێت” جودایی نێوان شیعرو جۆره‌كانی تری ئه‌ده‌ب، ته‌نیا جودایی پله‌یه‌، شیعر گوشراوترین‌و چڕترین شێوه‌ی ئه‌ده‌به‌ كه‌ زۆرترین شت له‌ كه‌مترین وشه‌دا ده‌رده‌بڕێت” پرسیاركردن وه‌ك به‌شێكی گرنگی له‌م قه‌سیده‌یه‌دا ڕێگایه‌كی فراوانه‌ كه‌ نوسه‌ر لێیه‌وه‌ ڕامانده‌كێشێته‌ ناو بابه‌ته‌ فكریه‌كانی، ئه‌و له‌م سه‌رده‌می زبری ته‌كنه‌لۆجیایه‌دا له‌ناو ئه‌و مۆدێلی به‌ڕۆبۆت بوونی دڵی ئینسانه‌كاندا به‌دوای شته‌وردوو له‌ بیركراوه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت، شتانێك كه‌ له‌ ئێستادا پرسیاركردن ده‌رباره‌یان ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌نده‌ی پرسیاركردن ده‌رباره‌ی ئامێرێكی ته‌كنه‌لۆجی قورسبێت له‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا، من هه‌میشه‌ وتومه‌ ئه‌م كابرایه‌ به‌م هه‌موو ناسكیه‌وه‌، چۆنده‌توانێت له‌ ووڵاتێكی قه‌ڵباڵغی ته‌كنه‌لۆجی وه‌ك سویدا بژی، به‌ڵام گه‌ر به‌هه‌ڵدا نه‌چووبم مه‌سه‌له‌ فه‌لسه‌فییه‌كان یارمه‌تی ده‌رێكی باشی ئه‌ون له‌ بیركردنه‌وه‌ فكریه‌كانیدا كه‌ سه‌ره‌نجام هێزی ئیراده‌ی پێده‌به‌خشن‌و هه‌ستی بینینی جوانی تیا دروست ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك چۆن هه‌ندێك له‌ زانایانی سایكۆلۆجی مێشكی مرۆڤ دابه‌ش ده‌كه‌ن به‌سه‌ر سێ‌ هێزدا، ” هێزی بیركردنه‌وه‌: كه‌ ڕێگه‌ی گه‌یشتنه‌ حه‌قیقه‌ت نیشانی مرۆڤ ده‌دات. هێزی ئیراده‌: كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ مرۆڤ ڕێگای خێر ئه‌دۆزێته‌وه‌، هێزی هه‌ستپێكردن: كه‌ مرۆڤ فێرده‌كات چۆن له‌زه‌ت له‌ جوانی وه‌ربگرێت.
” بۆ هیواش گه‌ڕان به‌دوای جوانیداو پرسیاركردن لێیان به‌وڕاده‌یه‌ ئه‌وشتانه‌ن كه‌ دڵنیایه‌ ئه‌ویتره‌كه‌ی خۆشی بۆی جێگای له‌سه‌روه‌ستان‌و تاڕاده‌یه‌ك بڕوا پێنه‌بوونه‌ بۆیه‌ دووباره‌ به‌ویتره‌كه‌ی خۆی ده‌ڵێت” به‌ منداڵه‌كانت ده‌ڵێیت، ئه‌و گێژه‌لوكه‌یه‌ك بوو به‌ فرمێسكه‌كانم خه‌واندم، ئه‌وپیاوێك بوو به‌ عه‌یاری سه‌رده‌مێك خه‌ونی ده‌بینی كه‌له‌ قوتووی هیچ عه‌تارێكدا نه‌بوو، ئه‌وچی بوو كه‌نه‌ی توانی بێت به‌چۆله‌كه‌یه‌كی ته‌نهاو بفڕێت، ئه‌و پیاو بوو ده‌بوو خه‌ون بخوازێت نه‌ك ژن.” یاده‌وری به‌ شێكی كه‌ی گرنگی ئه‌م قه‌سیده‌یه‌، من له‌ هه‌موو كاره‌كانی تری هیوادا به‌ ڕۆمانه‌كانیشه‌وه‌ هه‌ستم به‌م حاڵه‌ته‌ی نوسینی كردووه‌ كه‌ تاچ ئاستێكی زۆر له‌ ناو یاده‌وه‌ریدا ڕۆچووه‌، هه‌سته‌كه‌م یه‌كێك له‌وشتانه‌ی كه‌ هه‌ستی گوناهیان لادروست كردوه‌و وای كردوه‌ هیوا داوای به‌خشین بكات بوونی یاده‌وه‌رییه‌ زۆره‌كانیه‌تی كه‌ نزیكترین هاوڕێن بۆی‌و تاكه‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كیشن كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگای ئه‌ده‌به‌وه‌ دووباره‌ له‌گه‌ڵیاندا بژێته‌وه‌و ته‌عبیریان لێبكاته‌وه‌ هه‌روه‌ك به‌ختیار عه‌لیش ده‌ڵێت” له‌ ئه‌ده‌بدا ڕابردوو له‌وه‌ ده‌كه‌وێت كه‌ ته‌نیا ڕابردوو بێت‌و ده‌بێت به‌ بابه‌تێك بۆ ئه‌به‌دیه‌ت، به‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی سه‌ره‌تایی‌و ماده‌یه‌كی خاو بۆبوونێكی جاویدی، یاده‌وه‌ری ناتوانێت به‌بێ‌ ئه‌ده‌ب ‌و هونه‌ر شه‌ڕی دژبه‌ بیرچوونه‌وه‌ بباته‌وه‌” بۆیه‌ ده‌بینی بونی ئه‌و یاده‌وه‌ریه‌ زۆرانه‌ ئه‌ده‌بێكیان به‌ هیوا به‌خشیوه‌ كه‌ دووباره‌ ژیانیان تیا دروستكردۆته‌وه‌، به‌ڵام ژیانێكی جیاواز كه‌ هیوا خۆی خوڵقێنه‌ریه‌تی بۆیه‌ دووباره‌ به‌ختیار ده‌ڵێت” یاده‌وه‌ری چه‌ند ئه‌ده‌ب دروست ده‌كات، ئه‌ده‌بیش هێنده‌ یاده‌وه‌ری دروست ده‌كات” ئه‌وه‌تا هه‌رله‌م ده‌قه‌دا نوسه‌ر له‌ڕێگای یاده‌وریه‌وه‌ ئه‌ویتر ناچارده‌كات كه‌ له‌ گوناهه‌كانی بیبه‌خشێت وه‌ك ده‌ڵێت” ده‌م به‌خشیت، بڵێ‌ ده‌م به‌خشیت، بۆئه‌وه‌ی له‌ شه‌وێكی مانگه‌ شه‌ودا خۆم نه‌كوژم.

بچۆره‌ برینه‌كه‌ی خۆته‌وه‌و هاواركه‌ ده‌تبه‌خشم، تێر تێر بگری، منیش ده‌چمه‌ حه‌وشه‌ی ته‌نهایی خۆمه‌وه‌و چۆله‌كه‌ له‌ خۆم ده‌رده‌كه‌م، وه‌ك دارتوویه‌ك سنگی خۆم ده‌كوتم‌و زه‌ڕنه‌ قووته‌ له‌ خۆم ده‌وه‌رێنم، هێلانه‌ له‌خۆم ده‌رده‌كه‌م، مار قه‌ف قه‌ف ده‌ئاڵێنم له‌ خۆمه‌وه‌، تاپڕێك به‌دڵما ده‌ته‌قێنم، تا خودا سواڵ له‌ من نه‌كات” جگه‌ له‌ یاده‌وه‌ری به‌شێكی كه‌ی كاركردنی هیوا به‌ بڕوای من خه‌ونه‌، چونكه‌ مرۆڤ چۆن له‌ هێنانه‌ بیری یاده‌وه‌ریه‌كانیدا ئازاده‌ ئاوهاش له‌ خه‌وبینیندا ئازاده‌ به‌جۆرێك كه‌ هه‌ندێك جار له‌ خه‌وندا مرۆڤ ده‌گاته‌ ئه‌و شوێنه‌ دووره‌ ده‌ستانه‌ی كه‌ هیچ كات مرۆڤ ناتوانێت ده‌ستی پێیان بگات، بۆیه‌ ده‌بینیت هه‌میشه‌ خه‌ونیش وه‌ك یاده‌وه‌ری له‌پێشینه‌ی كه‌ره‌سته‌كانی شاعیره‌ له‌كاتی نوسیندا هه‌روه‌ك فرۆیدیش ده‌ڵێت” شاعیر ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ ده‌زانێت چۆن خه‌ون‌و خه‌یاڵه‌كانی ده‌كاته‌ به‌هه‌می هونه‌ری، یان حه‌قیقه‌تێكی هه‌ست پێكراو، هیوا له‌م دوو دێڕه‌دا خه‌یاڵه‌كانی چڕده‌كاته‌وه‌و خه‌ون ئاسا به‌ئه‌وتره‌كه‌ی خۆی ده‌ڵێت” وه‌ك چرایه‌ك له‌ به‌رده‌م ئه‌شكه‌وتێكدا له‌ره‌له‌ر به‌كزی ده‌له‌رزم‌وده‌گریم، تۆمه‌گری، عه‌یارانه‌ پێبكه‌نه‌، له‌ سه‌ر قوڵپه‌ قوڵپی ئاو دڵت میقاتكه‌” ئه‌م پڕۆسه‌ی به‌خه‌ونكردنی خه‌یاڵه‌ لای هیوا به‌بڕوای من سوود وه‌رگرتنه‌ له‌ هه‌موو كه‌ره‌سته‌یه‌كی واقیعیی بۆ مه‌به‌سته‌ تایبه‌تیه‌كانی خۆی‌و ئه‌نجام دانی كرداری گۆڕینی (نامه‌ئلوفه‌ به‌ مه‌ئلوف) ئه‌ویش له‌ سه‌ر بنه‌مای دووباره‌ بنیات نانه‌وه‌ی دنیابینیه‌كانی له‌ ڕێگای زمان‌و كه‌ره‌سته‌ ڕۆحیه‌كانیه‌وه‌ بۆیه‌ ده‌بینین لای فرۆیدیسته‌كان شاعیر ئه‌وكه‌سه‌یه‌” داخوازییه‌ ناواقیعیه‌كان ده‌گۆڕێت به‌چه‌ند ئامانجێكی جێبه‌جێكراو، ئه‌مه‌ش به‌ هۆی ئه‌و بڵندبوونه‌وه‌ی كه‌ غه‌ریزه‌كان ده‌كات به‌ شتی ڕوحیی،” هیوا هه‌میشه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌و نوسه‌رانه‌ی كه‌ به‌رده‌وام كێشه‌ی له‌گه‌ڵ ته‌نهایی خۆی‌و بۆشاییه‌ ڕۆحیه‌كانیدا هه‌بووه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌و ئه‌زمونه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ هیوا له‌ مه‌نفا پیایدا تێپه‌ڕیوه‌ بۆیه‌ دوباره‌ ده‌ڵێت” من زۆر ته‌نهام، تۆز له‌ ته‌نهایم هه‌ڵده‌ستێ، غه‌ریبی له‌ ڕوخسارم، شڵه‌ژاوی له‌ چاوم، من هێنده‌ شاعیرم، تازه‌ شیعر یارییه‌م نایا، هێنده‌ عاشقم خۆكوشتن فریام ناكه‌وێت، هێنده‌ دێوانه‌م كه‌س ڕووی نایه‌ت وه‌ك شێت دوام كه‌وێت” ئه‌گه‌ر بڕوامان به‌وه‌ هه‌بێت كه‌ له‌ دوای (زمان،واتا، مانا)وه‌ شیعر چێژه‌، ئه‌وه‌ ده‌بێت له‌ ناو شیعردا به‌دوای بابه‌تدا بگه‌ڕێن، بابه‌تێك كه‌ به‌شێك له‌ خۆمان‌و جوانیه‌كانی دنیایی تیا بدۆزینه‌وه‌، به‌بڕوای من كه‌ره‌سته‌ی بابه‌تی نوسین لای نوسه‌ر به‌شێكی زۆری په‌یوه‌ندی به‌ منداڵی نوسه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ نوسه‌ر هه‌میشه‌ ده‌یه‌وێت قه‌رزه‌كانی منداڵی بداته‌وه‌ ئه‌و قه‌رزانه‌ی كه‌ له‌ كیسی چوون‌و بۆی نه‌لواونبیانكات، بۆیه‌ به‌بڕوای ده‌رونزانه‌كان كه‌سایه‌تی نوسه‌رو هونه‌رمه‌ند هه‌رله‌ قۆناغه‌كانی منداڵیدا دیاره‌و ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌، ئه‌وه‌تا هیوا له‌ باسكردنی مناڵی خۆیدا ده‌ڵێت” من مناڵێكی تابڵێی موته‌حه‌ریك بووم له‌ به‌رده‌م هه‌موو شتێكدا، ئاسایی بوو ڕۆژێكی دوورودرێژ دوای مێرووله‌یه‌ك بكه‌وم بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌م بزانم چی ده‌كات، سه‌رسام بووم به‌ هه‌موو شته‌كانی ده‌وروبه‌رم له‌ قۆناغی منداڵیمدا تا ئه‌و ئاسته‌ گه‌یشت كه‌ ده‌تووت به‌ده‌م خه‌وه‌وه‌ ده‌ڕۆم كاتێك خۆم ده‌دایه‌ ده‌ست خه‌یاڵاته‌كانی خۆم‌و بۆدوورترین شوێن ده‌ڕۆیشتم، من زۆر له‌زه‌تم له‌ خه‌یاڵكردن‌و به‌فه‌نتازیاكردنی دنیاوه‌ ده‌بینی، دنیام سه‌رله‌نوێ‌ له‌ خه‌یاڵی بێگه‌ردوو بێگوناهی خۆمدا دروست ده‌كرده‌وه‌، له‌ دڵی خۆمدا بۆئه‌و گه‌ورانه‌ ده‌گریام كه‌ توڕه‌ ده‌بوون‌و له‌گه‌ڵ یه‌كتردا شه‌ڕیانده‌كرد، وه‌ك پێغه‌مبه‌رێكی بچكۆله‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی هیچی نییه‌ خه‌یاڵی خۆی نه‌بێت، ده‌مویست هه‌موو دنیا جوانكه‌م” لێره‌وه‌ تێگه‌یت كه‌ره‌سته‌ی یه‌كه‌می نوسین لای هیوا منداڵیه‌، ئیتر ئه‌و منداڵیه‌ چۆن به‌چ شێوه‌یه‌ك گوزه‌راوه‌ ئه‌وه‌ خۆی‌و یاده‌وه‌ریه‌كانی ده‌زانن، به‌ڵام هه‌رچۆن بێت هیوا خاوه‌نی خه‌یاڵێكی به‌رفراوانه‌ بۆیه‌ ده‌بینین زمانیش له‌م ده‌قه‌ هیلاكه‌ی دا فره‌واتاو ده‌وڵه‌مه‌نده‌، به‌ جۆرێك كه‌ ئه‌م ده‌قه‌ پێویستی به‌ زیاتر له‌ جارێك خوێنه‌وه‌یه‌ هه‌ر وه‌ك شیلله‌ریش ده‌ڵێت” زمان له‌ توانایدا هه‌یه‌ ته‌عبیر له‌ هه‌موو شته‌كان بكات، به‌ڵام به‌ پێوانه‌ی خه‌یاڵ.

شیعر پێویستی به‌ خه‌یاڵ هه‌یه‌، به‌ڵام زمان پێویستی به‌ تێگه‌یشتن هه‌یه‌” ڕۆشبیری ‌و مه‌عریفه‌ به‌بڕوای من كه‌ره‌سته‌ گه‌لێكی گرنگن له‌ ئاستی سه‌ركه‌وتن‌و نه‌مری هه‌رده‌قێكدا، چونكه‌ به‌بڕوای من مه‌عریفه‌ی شعر به‌سراوه‌ به‌ مه‌عریفه‌ی شاعیره‌وه‌ هه‌روه‌ك چۆن له‌م دێڕانه‌ی هیوادا هه‌ست به‌ بوونی مه‌عریفه‌یه‌كی قوڵ ده‌كه‌یت كه‌ به‌بڕوای من خاڵی به‌هێزی‌و جوانی ئه‌م ده‌قه‌یه‌ كاتێك به‌وی ترده‌ڵێت” من له‌وێ‌ نیم، من تازه‌ له‌وێیه‌ك نابم له‌ نێوان دوو سنه‌وبه‌ردا ماچێكم به‌یتێ‌، تازه‌ من لای ته‌ڕی چیمه‌نێك نابم به‌ پێی په‌تیی من‌و تۆ ختوكه‌ی بێت، لای فواره‌یه‌ك ئاونابم، به‌ بینینی من‌و تۆ بگاته‌ ئۆرگازم، من زیخێك له‌ پێم ده‌ردێنم كه‌ هه‌زاران هه‌زار ساڵ له‌وه‌و به‌ر كچێكی پێ خه‌به‌ركراوه‌ته‌وه‌ بۆ واده‌ی ژووان” ڕه‌نگه‌ قسه‌كردن‌و شیته‌ڵكردنی به‌ش به‌ش‌و دێڕ به‌ دێڕی ئه‌م قه‌سیده‌ نوێیه‌ی هیوا قادر زۆر زیاتر له‌مه‌ی بوێت هه‌رچه‌نده‌ من نه‌م ویست به‌ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ی بنوسم‌و بۆچوونی خۆم بڵێم، به‌ڵكو پێم خۆش بوو له‌ سه‌ر منداڵی‌و بۆچوونی چه‌ند كه‌ سێكی تر ده‌رباره‌ی ئه‌م ده‌قه‌و ئه‌زمونی شیعری هیوا قسه‌ بكه‌م، چونكه‌ ئه‌م ده‌قه‌ زمانێكی فره‌ واتایه‌و ده‌كرێت له‌ چه‌ندین گۆشه‌نیگاوه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، كه‌ به‌بڕوای من جیاوازترین ئه‌زمون‌و ده‌قی هیوایه‌ كه‌ نوسیبێتی، كه‌من خۆم زۆر چێژم لێبینی‌و به‌ ئه‌زمونێكی نوێ‌و سه‌ركه‌وتوشی ئه‌زانم وه‌روه‌ك چۆن ( ئیسماعیل حه‌مه‌ ئه‌مین) له‌ نوسینێكدا ده‌رباره‌ی ئه‌م ده‌قه‌ ده‌ڵێت” ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ی هیوا قادر نه‌ك هه‌ر داهێنه‌رانه‌یه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێك، به‌ڵكو جۆرێكه‌ له‌ وه‌رچه‌رخانی شیعر به‌ سه‌رقه‌ڵبوونه‌وه‌ی له‌ نێو وورده‌كاریدا” Shaxi83@yahoo.com

——————————-

سه‌رچاوه‌كان
كتێبی شیعر چیه‌؟ن/ لۆرانس پیرن/ وه‌/ ئه‌بوبكر خۆشناو
كتێبی شیعرو فه‌لسه‌فه‌. ن/ مه‌جید مه‌حمود /وه‌/ فوادی مه‌جید میسری
وتاری له‌ودیو كورسیه‌كانه‌وه‌ چی ده‌بینین / به‌ختیارعلی گۆڤاری هه‌نار
دیداری هیوا قادر / ئا/ زمناكۆ بورهان قانع / كوردستانی نوێ‌
قوتوی خه‌یاڵی قه‌سیده‌/ ن/ ئیسماعیل حه‌مه‌ ئه‌مین/ ڕه‌خنه‌ی چاودێر




ترسی ون بوون، پرسی جوانی له‌ قه‌سیده‌ی عه‌شقی یاسین عومه‌ردا

(مرۆڤ بۆیه‌ عاشق ئه‌بێت، هه‌تا ته‌نها نه‌بێت) — (به‌ختیار علی)
——————–

شاخه‌وان سدیق

————————————————————–
هه‌میشه‌ یه‌كێك له‌ پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كانی شیعر له‌دوای (زمان، مانا، خه‌یاڵ)ه‌وه‌ (چێژه‌)، ئه‌گه‌ر بڕواشمان به‌وه‌ هه‌بێت كه‌ كاری سه‌ره‌كی ئه‌ده‌ب به‌تایبه‌ت شیعر گه‌ڕانه‌ به‌دوای جوانیدا ‌و بۆخۆشی هونه‌ری شیعر هونه‌ری دروستكرنی ئیستاتیكایه‌، ئه‌وا ده‌بێت له‌ نه‌زموئیقاعی شیعریه‌وه‌ چێژ كاری سه‌ره‌كی خۆی ده‌سپێده‌كات، به‌جۆرێك خوێنه‌ر په‌لكێشی ناو دنیای ده‌ق بكات تا له‌ناو تێكسته‌كاندا دنیابینیه‌كانی نوسه‌ر له‌ پێكهاته‌ی وێنه‌كانه‌وه‌ بگاته‌ خوێنه‌ر، چونكه‌ په‌یامی نوسه‌ر وورد بونه‌وه‌یه‌ له‌ واتاو وێنه‌كان له‌ ڕێگای زمانه‌وه‌ كه‌ دواجار كارله‌ گۆڕینی بیركردنه‌وه‌و دنیابینی خوێنه‌ر ده‌كه‌ن تا ئاستێك سه‌یركردن‌و وێناكردنه‌وه‌ بۆ بوون‌و نه‌بوون كه‌ پێناسه‌یه‌كی نوێ‌ له‌ فۆڕمێكی جیاوازدا وه‌رده‌گرێت، هه‌روه‌ك ڕۆلان بارت ئه‌ڵێت ” ئێمه‌ ناتوانین به‌ شێوه‌یه‌كی كه‌ بنوسین ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ بیر نه‌كه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ نوسین مانای ڕێكخستنی دنیایه‌” له‌ ناو ئه‌م ڕێخستنه‌شدا شیعر وه‌زیفه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی خۆی ده‌ست پێده‌كات، كه‌ تۆماركردن‌وخوێنه‌وه‌ی وێنه‌ جیاوازه‌كانی دنیایه‌، هه‌ر وه‌ك ئه‌دۆنیس ده‌ڵێ‌” شیعر كه‌شف ده‌كات وێنه‌ ناگرێت ” چونكه‌ خوڵقاندنی وێنه‌ له‌ ده‌قێكدا وه‌ستاندنی خودی چركه‌یه‌ك له‌ بوون یان ژیان نیه‌، به‌ڵكو خوێنه‌وه‌ی دووباره‌ی وردكراوه‌كانی ئه‌و چركه‌ ساتانه‌ی ژیانه‌، چونكه‌ شیعر هونه‌ری لاسایكردنه‌وه‌ی سروشت نیه‌، به‌هێنده‌ی ئه‌وه‌ی خوڵقێنه‌ر‌و دۆزه‌ره‌وه‌ی چركه‌ ئیستاتیكیه‌كانی ناو سروشته‌، مادام كاری سه‌ره‌ی شیعر گه‌ڕان‌و كه‌شف كردنه‌ كه‌واته‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی تێما له‌ تێكستی شیعریدا پرسیاره‌، بۆیه‌ كه‌سایه‌تی شاعیر هه‌میشه‌ گوماناویی‌و ئاڵۆزه‌، ئه‌م گومان‌و ئاڵۆزیانه‌ش هه‌میشه‌ سه‌رچاوه‌ی نیگه‌رانیه‌كانی ئه‌ون به‌وپێیه‌ی خوڵقاندی ده‌ق دووباره‌ دروستكردنه‌وه‌ی جوانیه‌كی خوازراوه‌ كه‌ له‌ حه‌زه‌ تایبه‌تیه‌كانی شاعیره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، ئه‌گه‌ر لێره‌وه‌ به‌خێرای سه‌یرێكی قه‌سیده‌ی عه‌شقی(یاسن عومه‌ر) بكه‌ین به‌سانایی هه‌ست به‌ ڕاستێتی ته‌واوی پێناسه‌كانی سه‌ره‌وه‌مان ئه‌كه‌ین، كه‌ چۆن شاعیر له‌ ڕێگای هه‌ڵژاردنی تێمای عه‌شقه‌وه‌ ترس‌و گومانه‌كانی خۆی له‌مه‌ڕونبون‌و فه‌وتاندنی جوانی ئه‌خاته‌ ڕوو كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ها مه‌عریفیه‌كانه‌ بۆ چه‌مكێك كه‌ به‌درێژای مێژووی بوون مرۆڤ ئالوده‌ی بووه‌‌و هه‌ر له‌ پێناو ئه‌وه‌شدا چه‌ندین قوربانی داوه‌ شاعیر له‌م ده‌قه‌ی دا ده‌ڵێ‌”
ئه‌گه‌ر ئه‌سپی كاروانچه‌كان عه‌شق بوایه‌
نه‌ ون ده‌بوون نه‌ سه‌رگه‌ردان
گوناهی خۆمانه‌ كه‌ ئاوی حه‌یات نادۆزینه‌وه‌
چوونكه‌ به‌ بێ‌ عه‌شق ده‌گه‌ڕێین
ئه‌وه‌ی موسای برد بۆ “توور” بۆ بینینی خودا
عه‌شق بوو
ئه‌و ئه‌سپه‌ی موحه‌مه‌دی برد بۆ ئاسمان بۆ پاڵ عه‌رش
“بوراق ” نه‌بوو عه‌شق بوو
ئه‌و داره‌ی كه‌ عیسای گه‌یانده‌ مه‌له‌كوتی باڵا
خاچ نه‌ بوو عه‌شق بوو ….عه‌شق….

به‌ پێی ئه‌و یاسایه‌ی كه‌ پرسیار كه‌ره‌سته‌ی یه‌كه‌می شاعیره‌ له‌ ڕێگای گه‌مه‌زمانیه‌كانیه‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ له‌ ناوجه‌نجاڵیه‌كاندا ترس‌و فه‌وتانی جوانی له‌ ژیاندا ترس‌و نه‌مانی واتا شاراوه‌نی پرۆسه‌ی دنیا بینیه‌ لای شاعیر، بۆیه‌ له‌ زمانی یاسین دا شیعر كه‌ره‌سته‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ها له‌ ده‌ست چوووه‌كانه‌ بۆ دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی پیرۆزیه‌كان پێی، چونكه‌ ئه‌وه‌ جوانیه‌ هه‌میشه‌ كه‌ره‌سته‌ی به‌رهه‌م هێنه‌ری چێژه‌ واده‌كات مرۆڤ به‌رده‌وام به‌سه‌ر شكسته‌كانیدا زاڵبێت، شاعیر له‌م ده‌قه‌دا پرۆسه‌ی به‌ پیرۆزكردنی جوانیه‌كان هاوته‌ریب ده‌كاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوی جوانیه‌كانی مێژوودا بۆیه‌ لای ئه‌و ئه‌وه‌ حه‌زكردن له‌ جوانیه‌ هه‌موو سنوری تواناكان ده‌برێت واله‌ مرۆڤ ده‌كات هه‌میشه‌ قوربانی بۆ بدات بۆیه‌ دووباره‌ ده‌ڵێ‌”

تۆ ئه‌ی عه‌شق
ئه‌ی سه‌رچاوه‌ی هه‌موو شكسته‌كانمان
ئه‌ی سه‌ره‌تای هه‌موو ئومێدێكمان به‌ ژیان
هه‌میشه‌ ستایشت ده‌كه‌ین هه‌میشه‌ زه‌م
ده‌زانین گه‌رتۆ نه‌بیت به‌ ته‌واوه‌تی وێڵده‌بین
تۆ ڕێگایت‌و تۆشیت ده‌لیل
هه‌ندێك جار هه‌ر خۆشت كاروانیت
چونكه‌ هه‌میشه‌ بێكه‌س‌و
له‌ به‌رئه‌وه‌ هه‌میشه‌ به‌ ته‌نیایت

له‌ شیعری یاسین دا به‌رده‌وام وێنه‌كان خۆیان نوێ‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ جۆرێك هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ تێمای كاركردنی ئه‌ون فره‌ ڕه‌هه‌ندو فره‌واتا خۆیان نمایش ده‌كه‌ن، بۆیه‌ شاعیر هه‌میشه‌ گرنگیه‌كی زیاد له‌ پێویست ده‌دات به‌ جوڵاندنی عاتیفه‌ی خوێنه‌ر‌و واده‌كات له‌ گه‌ڵ خوێنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانیدا بتكاته‌ به‌شێك له‌ كاره‌كته‌ری ئه‌كتیف له‌ پانتای ده‌قه‌كه‌یدا‌و ناچارت ده‌كات ببیته‌ به‌ شێك له‌ كه‌سی پرسیاركه‌ر له‌ دنیای ناو ده‌قه‌كه‌یدا، بۆیه‌ زمان لای یاسین ئه‌وه‌نده‌ ئیش له‌ سه‌ر خوێنه‌ر ده‌كات ئه‌وه‌نده‌ هه‌وڵنادات فۆڕمه‌كان له‌ قاڵبێكی دیاری كراودا ڕێكبخات هه‌روه‌ك به‌ختیار عه‌لیش ده‌ڵێ” شعر عاتیفه‌ی مرۆڤ نیه‌ كه‌ قسه‌ ده‌كات،به‌ڵكو ئه‌وه‌ عاتیفه‌یه‌ كه‌ زمانی تێكده‌چێت‌و ته‌عبیری بچوك به‌شی ناكات ‌و مانا ئاماده‌كان له‌ به‌رده‌میدا ته‌سكده‌بنه‌وه‌ ” بۆیه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین شێوازی گه‌مه‌زمانیه‌كان لای یاسین هه‌میشه‌ له‌ خزمه‌ت بوون‌و گه‌یاندنی پرسیاره‌كانیایه‌تی ئه‌ویش به‌ پشتبه‌ستن به‌ بوونی باگراوندێكی شیعری‌و مێژووی كه‌ له‌م ده‌قه‌یدا سه‌فه‌رێكی خێرایه‌ بۆ گه‌رانه‌وه‌ بۆ ڕابردوو له‌ ڕێگای فلاشباكه‌وه‌ ڕاگوزه‌رێكی ته‌نهایه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه‌ مرۆڤ له‌ مێژووی بونیدا كردونی، كه‌ سه‌ره‌نجام بوونه‌ته‌ هۆی نه‌مان‌و فه‌وتاندنی جوانی، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ یاده‌وه‌ری شاعیردا ترس و نیگه‌ران به‌رهه‌م هێناوه‌ كه‌ به‌ بۆچوونی ئه‌و ئه‌وه‌ عه‌شقه‌ كه‌ سه‌ره‌نجام ده‌بێت بێت‌و ژیان له‌ هه‌موو پۆخڵه‌ واته‌كانی پاك بكاته‌وه‌ هه‌ر عه‌شقیشه‌ كه‌ مرۆڤ پرده‌كات له‌ تواناو ئومێد تا بێ ئومێدی‌و بێ هیوای نه‌ی كوژێت بۆیه‌ هه‌ر له‌م ده‌قه‌ی دا ده‌ڵێت ”

ئه‌ی عه‌شق ….
گه‌رتۆنه‌بیت ئێمه‌ چۆن ده‌توانین
ئه‌م هه‌موو سه‌ده‌یه‌ خوێن تا ئێره‌ كۆڵ بكه‌ین
گه‌ر تۆ نه‌بیت ئێمه‌ چۆن ده‌ توانین
پاش دروست كردنی ئه‌م هه‌موو دۆزه‌خه‌
هێشتا به‌ شوێن به‌ هه‌شته‌وه‌بین
گه‌رتۆنه‌بیت پاش بینینی ئه‌م هه‌موو غه‌زه‌به‌
چۆن تا ئێستا به‌ نیازی خوایه‌كین میهره‌بان
چۆن تا ئێستاش به‌ نیازی یارێكین نازه‌نین
چۆن تا ئێستاش به‌ نیازی دنیایه‌كی
باشترین………..

Shaxi83@yahoo.com
https://www.facebook.com/shaxi.shafiq




كاریگه‌ری شیعری فارسی له‌سه‌ر شیعری نوێی كوردی (فروغ و سوهراب)وه‌ك نمونه‌

ئاماده‌كردنی ته‌وه‌ر: شاخه‌وان سدیق
—————————-
له‌ پاش ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی (1991)ی خه‌ڵكی كوردستان شه‌پۆلێكی وه‌رگیڕانی شیعری فارسی به‌تایبه‌ت هه‌ردوو شاعیری دیاری ئیران(فروغی فروخ زاد و سوهراب سپهری) ده‌ستی پێكرد، به‌جۆرێك كه‌ به‌چه‌ندین وه‌رگێڕانی جیاواز تا ئێستاش به‌ تیراژی زۆر چاپ ده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ناڕاسته‌وخۆو هه‌ندێك جاریش ڕاسته‌خۆكاریكردۆته‌ سه‌ر ئاڕاسته‌ی نوسینی شاعیران(به‌تایبه‌ت شاعیرانی گه‌نج) له‌ نوسینه‌كانیاندا، به‌جۆرێك له‌خوێندنه‌وه‌ی زۆربه‌یاندا به‌ ئاشكرا تاموبۆنی دنیانینی ئه‌و دوو شاعیره‌ ده‌بینی،بۆ قسه‌ردن ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ش به‌ پێویستمان زانی ئه‌م ته‌وه‌ره‌ ئه‌نجام بده‌ین.
ئه‌م ته‌وه‌ره‌ بۆ…..؟

شاخه‌وان سدیق

ئه‌گه‌ر بڕوامان به‌وه‌ هه‌بێت كه‌ شیعری جوان ده‌بێت وه‌ك میوه‌ تام بكرێت، ئه‌وا ده‌بێت بڕواشمان به‌ جیاكردنه‌وه‌ی (هه‌ست وئیلهام) هه‌بێت له‌مه‌عریفه‌ی شیعریدا، هه‌روه‌ك چۆن مه‌رج نییه‌ هه‌موو هه‌ستێكی جوان شعربێت، ئاواش مه‌رج نیه‌ هه‌موو تێكستێكی شیعری له‌ هه‌ناویدا خاوه‌نی هه‌ستێكی جوانی شاراوه‌بێت، بۆیه‌ به‌بڕوای من ئه‌وه‌ی زیندوێتی به‌ هه‌ر تێكستێكی شیعری كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی (له‌ دڵه‌وه‌ بۆ دڵ بێت) ده‌به‌خشێت. ڕاستگۆی خودی نوسه‌ره‌كه‌یه‌تی، یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ خۆی و دووه‌م له‌گه‌ڵ خوێنه‌ره‌كانی نه‌ك هیچ شتێی تر، له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوشدا له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕه‌نگه‌ (شیعر)نوسین زیاتر بێت له‌ هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی تری ئه‌ده‌ب كه‌نوسراون، به‌تایبه‌ت لای نوسه‌رانی تازه‌ پێگه‌یشتووی گه‌نج، كه‌ ئه‌گه‌ر ناهه‌قی نه‌بێت زۆرێك له‌م نوسراوانه‌ به‌ ئاشكرا هه‌ست به‌ شێوازو تامی شیعری ئه‌ده‌بیاتی تر تیایاندا ده‌كرێت، به‌جۆرێك كه‌ زۆرجاران هه‌ست به‌لێچوون و ئاوێزان بوون له‌گه‌ڵ شیعری ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی تردا ده‌كرێت، به‌تایبه‌تیش شیعرو ئه‌ده‌بی (فارسی) و له‌ناو ئه‌و ئه‌ده‌به‌شدا به‌تایبه‌تر هه‌ردوو شاعیری دیاری فارس(فروخ فرۆخ زادو) و (سوهراب سپهری) كه‌ ئه‌م شاعیرانه‌ نه‌ك ته‌نها سه‌پك و شێوازه‌كانیان نزیكن له‌ (تقلید)و دوباره‌كردنه‌وه‌وه‌، به‌ڵكو زۆرجار ته‌نها هه‌ندێ‌ له‌ وشه‌ی ناوڕسته‌كانیان گۆڕدراون، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ش، به‌ڵكو ئه‌م سه‌رسامیه‌ به‌ئه‌ده‌باتی ئه‌م دووشاعیره‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستێك كه‌ زۆر به‌ زووی به‌شێكی زۆر له‌ تێكسته‌كانیان وه‌ربگێردرێته‌ سه‌ر زمانی كوردی و وه‌رگێڕانه‌كانیشیان بۆ چه‌ندینجار چاپ بكرێنه‌وه‌. كه‌ به‌بڕوای من هۆگری بۆ ئه‌ دوو شاعیره‌ش هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دووخاڵ.
یه‌كه‌م/ شیعری كوردی له‌ پێش ڕاپه‌ڕین و له‌ ده‌یه‌ی هه‌شتاكاندا به‌زۆری ته‌نها شیعری شۆڕش و پیاهه‌ڵدان بووه‌ به‌ نیشتمان و ئازادیدا وكه‌متر په‌رژاوه‌ته‌ سه‌ر ئینسان وه‌ك سه‌نته‌رو ورد بونه‌وه‌ له‌ جوانییه‌ جوزئیان، كه‌به‌بڕوای من ئه‌م لایه‌نه‌ پانتاییه‌ی گه‌وره‌ له‌ شیعری (سوهراب) پێكدێنێت و هۆكاری په‌یوه‌ست بوونی زۆرێك له‌گه‌نجانیش به‌م شاعیره‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌م خاڵه‌وه‌ هه‌یه‌.
دووه‌م/ ڕۆحی یاخیبوون و نزیك بونه‌وه‌ له‌ مۆدێلی جۆرێك له‌ نامۆبوون وته‌نهای و عه‌به‌س یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ دیاره‌كان بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعری(فروخ)و سه‌رسام بوون پێی،كه‌ ئه‌مه‌ش به‌تایبه‌ت له‌ شیعری خانمانی ئێمه‌دا به‌ ڕوونی ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه‌. ئه‌ویش به‌ هۆكاری نه‌بوونی ئازادی و ئه‌و هه‌موو كه‌بته‌زۆره‌ی كه‌دنیای گه‌نجانی ئێمه‌ی داپۆشیوه‌، بۆیه‌ یاخیبوون له‌ (نه‌ریت و خێزان و كۆمه‌ڵگا) كه‌ یه‌كێكن له‌ تێماكانی شیعرلای (فروخ) ده‌بنه‌ قسه‌ی گه‌رم و دڵخوازی گه‌نجان و نوسه‌رانی شیعری نوێی ئێمه‌و هۆكارن بۆ هه‌وڵدان له‌ دوباره‌كردنه‌وه‌یان.
به‌دڵنیاییه‌وه‌ ته‌نها ئه‌م هۆكارانه‌ش نین وڕه‌نگه‌چه‌ندان هۆكاری تریش هه‌بن كه‌وایانكردووه‌ شیعری (فارسی) به‌وقوڵیه‌ كار له‌ شیعری نوێی ئێمه‌ بكات، هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌و به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی دیالۆك و وه‌رگرتنی بۆچوونی جیاواز ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسه‌ به‌ پێویستم زانی ئه‌م ته‌وه‌ره‌ بوروژێنم وبه‌هیواشم هیچ كه‌س و شیعرنوسێكی ئه‌زیز زویرنه‌بێت و خوێنه‌وه‌ی جیاوازی بۆنه‌كرێت، چونكه‌ نه‌مه‌به‌ستمان ناو ئه‌زمونی كه‌سه‌و نه‌لێدانه‌له‌ كه‌س ته‌نها ئامانج له‌ته‌وه‌ره‌ كه‌ گفتوگۆ كردنه‌ ده‌رباره‌ی ناوه‌رۆی ئه‌م بابه‌ته‌ وبه‌هیوام له‌ ئاینده‌دا ئه‌م پرسه‌ قسه‌و گفتوگۆی زیاتر به‌دوای خۆیدا بهێنێت.

_______________________________________________________
ئازاد به‌رزنجی
Azad Barznji

ئه‌م كاریگه‌ریانه‌ هه‌م لایه‌نی ئه‌رێنیی هه‌بووه‌ و هه‌م نه‌رێنی، به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا كاریگه‌رییه‌ ئه‌رینییه‌كانی زیاتر بوون.
كاریگه‌ریی ئه‌ده‌بیاتی میلله‌تانی دونیا و كارلێكی كه‌لتووره‌كان هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گر بووه‌ و هیچ كه‌لتوورێك نییه‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا خاڵی بێت له‌ كاریگه‌ریی كه‌لتووره‌كانی تر، ئیتر چ زۆر یان كه‌م. هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌، ئه‌ده‌بیاتی فارسی یه‌كێكه‌ له‌و ئه‌ده‌بیاتانه‌ی كه‌ له‌ ڕۆژگارێكی زووه‌وه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌لتووری میلله‌ته‌كانی تری جیهان هه‌بووه‌ و ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌كی ته‌واو سروشتییه‌. هه‌ر بۆ نموونه‌ گه‌ر چاوێك به‌ ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌بی و توركی و هیندی و ته‌نانه‌ت ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكیشدا بخشێنین، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دونیابینیی گه‌لێ له‌ شاعیرانی وه‌كو مه‌ولانا و خه‌ییام و حافز و سه‌عدی و فه‌ریده‌دین عه‌تتار و نیزامی و هتد… ده‌بینینه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م كارلێك و كاریگه‌رییه‌ تا ئێستاش ئاسه‌واری به‌رده‌وامه‌ و ئه‌مه‌ش گه‌ر ده‌لاله‌ت له‌ شتێك بكات، ئه‌وا ده‌لاله‌ت له‌ زیندوویی و ڕه‌سه‌نایه‌تیی ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌تیش شیعری فارسی ده‌كات.
سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌رییه‌كانی شیعری فارسی له‌سه‌ر شیعری كوردی و به‌تایبه‌تیش له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێ به‌ر له‌ هه‌موو شتێك ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ ئه‌م كاریگه‌رییه‌ هه‌م لایه‌نی ئه‌رێنیی هه‌بووه‌ و هه‌م نه‌رێنی، به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا كاریگه‌رییه‌ ئه‌رینییه‌كانی زیاتر بوون.
بێگومان هه‌موو ده‌زانین كه‌ پێش ڕاپه‌ڕین بوارێكی ئه‌وتۆ نه‌بوو بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بیاتی فارسی و ئه‌و كارانه‌ی له‌ فارسییه‌وه‌ كراون به‌ كوردی زۆر كه‌م بوون، هۆكه‌شی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وای ڕژێمی ئه‌و ڕۆژگاره‌، هه‌ر بایه‌خدانێك به‌ ئه‌ده‌بی فارسییان به‌ بایه‌خدان به‌ كه‌لتووری دوژمن ده‌زانی. به‌ڵام له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ بوارێكی باش ڕه‌خسا بۆ بایه‌خدان به‌ كه‌لتووری بیانی و به‌تایبه‌تیش فارسی، چونكه‌ هه‌م نزیكترین بیانی بوون به‌ ئێمه‌ و هه‌م زمانی فارسی و زمانی كوردی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر یه‌ك خێزانی زمانه‌وانی، بۆیه‌ نزیكایه‌تییه‌كی زۆر له‌نێوانیاندا هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش پتر هانی ئه‌دیبان ده‌دات بۆ وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌، گه‌رچی له‌سرێكی تریشه‌وه‌، به‌هۆی كۆمه‌ڵێك وه‌رگێڕ و وه‌رگێرانی خراپه‌وه‌، بووه‌ته‌ مایه‌ی وێرانی له‌ كتێبخانه‌ی كوردیدا. به‌هه‌رحاڵ، وه‌رگێڕانی شیعری فارسی له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ بۆ سه‌ر زمانی كوردی و به‌تایبه‌تیش شیعره‌كانی فرووغی فه‌ڕوخزاد و سوهراب سپهری، كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی له‌سه‌ر شاعیره‌ لاوه‌كان هه‌بووه‌ و له‌ زۆربه‌ی شیعره‌كانیاندا فه‌زا و زمان و ڕوانینی ئه‌وان ده‌بینینه‌وه‌.من بۆ خۆم هۆكاری ئه‌م كاریگه‌رییه‌ و شێوه‌ی ڕه‌نگدانه‌وه‌كه‌ به‌مجۆره‌ ده‌بینم: پێشتر و له‌ هه‌شتاكان و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كاندا، گوتاری شیعریی كوردی خۆی له‌ به‌ره‌نگاری و حه‌ماسی شۆڕشگێڕانه‌ و نیشتمان و یاخیبوونی ده‌سته‌جه‌معی و مه‌سه‌له‌یه‌كدا ده‌بینییه‌وه‌، كه‌ هه‌ر شاعیره‌ و به‌ شێوه‌یه‌ك گوزارشتی لێ ده‌كرد. به‌ڵام له‌ دوای هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی سوهراب و فرووغ( كه‌ من خۆم به‌شێكی زۆریانم لێ وه‌رگێڕاون)، جۆرێك له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خود و بۆ یاخیبوونی فه‌ردی و ڕامان و سروشت به‌ڵام به‌ دیدێكی تره‌وه‌، لای ئه‌و شاعیرانه‌ سه‌ریهه‌ڵدا. چییتر شۆڕش و موقاوه‌مه‌ت و شیعری بۆنه‌ ئه‌و سیحر و ئه‌فسوونه‌ی نه‌ما و له‌بری ئه‌وه‌ گه‌ڕانێك ده‌ستی پێ كرد به‌دوای زمانێكی شیعریی وادا كه‌ گوزارشت له‌ وێرانبوونه‌كانی دوای شۆڕش و نائومێدی و له‌بارچوونی خه‌ونه‌كان و نامۆبوونی نه‌وه‌ی دوای شه‌ڕی ناوخۆ و تێكشكانه‌كان بكات.
سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌رییه‌كانی فرووغ، من پێم وایه‌ زیاتر له‌ شیعری خانمه‌ شاعیره‌كانی دوای راپه‌ڕیندا ده‌یبینینه‌وه‌ و ئه‌م كاریگه‌رییه‌ش خۆی له‌ یاخیبوون دژ به‌ په‌تریاركییه‌ت و ده‌ربڕینی حه‌ز وخۆزگه‌ و غه‌می ژنانه‌ و جۆرێك له‌ پڕكێشی له‌ زماندا ده‌یبینین. سه‌باره‌ت به‌ سوهرابیش، ده‌رچوون له‌ ئایدیۆلۆجیا و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ساته‌ پاكیزه‌كان و بۆ عاڵه‌ته‌ ڕۆحییه‌كان.له‌ڕاستیدا قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و كاریگه‌رییان خۆی له‌ خۆیدا پێویه‌تی به‌ باس و لێكۆڵینه‌وه‌ی درێژ و سه‌ربه‌خۆیه‌ و ئه‌وه‌ی وتمان به‌ته‌نها ئاماژه‌یه‌ك و هیچی تر.


ڕێبوار سیوه‌یلی

Rebwar Siwali

پێگه‌ی شاعێرێتی له‌ كولتووری ئێرانیدا پێگه‌یه‌كی به‌رزه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌بووه‌ هانده‌ر كه‌ گه‌نجانی نوسه‌ر و شاعیری ئه‌مدیو، خه‌ون به‌وه‌وه‌ ببینن وه‌ك ئه‌وانیان لێبێت
ده‌یه‌ی هه‌شتاكان ده‌یه‌ی سه‌ره‌تاكانی جوڵه‌ی كورد بوو له‌ شاره‌وه‌ بۆ وڵاتانی دراوسێ، به‌ تایبه‌تی بۆ ئێران. نه‌وه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵاتن له‌ شه‌ڕه‌وه‌، كه‌وتنه‌ داوی شیعری فارسییه‌وه‌، كه‌ داوێكی خۆش و به‌سوود بوو. ئه‌م نه‌وه‌یه‌ سیاسه‌تیان نه‌ده‌كرد و له‌ ڕێگه‌ی خوودانه‌ ئه‌ده‌بیی كلاسیك و هاوچه‌رخی فارسییه‌وه‌، جیهانێكی نوێیان دۆزییه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت پێشتریش كه‌سانێكی وه‌ك مامۆستا عه‌بدووڵا تاهیر به‌رزنجی له‌ سلێمانی و مامۆستا گوشاد حه‌مه‌سه‌عید له‌ هه‌ولێر هه‌بوون، كه‌ جاروبار ئه‌ده‌بیاتی فارسییان ده‌كرده‌ كوردی، به‌ڵام به‌ به‌رده‌وامیی جه‌نگی نێوان عێراق و ئێران، نه‌وه‌یه‌ك ئاواره‌ی ئێران بوون و ئه‌وانه‌ش كه‌وتنه‌ ژێر كاریگه‌ریی شاعیرانی جۆربه‌جۆری فارسی نووسه‌وه‌. له‌ناو ئه‌و شاعیرانه‌دا، نیما، شاملو، فه‌رووغزاد، سپێهری و گه‌لێكیتر. له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای شۆڕشی گه‌لانیی ئێرانیشدا كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی كه‌وته‌ باوه‌شی كۆماریی ئیسلامییه‌وه‌، بزووتنه‌وه‌یه‌كی چاپه‌نی له‌ ئارادابوو، كه‌ به‌رده‌وام به‌رهه‌می ئه‌م شاعیرانه‌ی چاپ و بڵاو ده‌كرده‌وه‌. له‌وه‌ش زیاتر، بزووتنه‌وه‌یه‌كی ڕاڤه‌ و خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌، له‌سه‌ر ده‌ستی دكتۆر محمدرچا شه‌فیعی كدكنی، د. ڕه‌زا براهنی و محمدی حقوقی و محمدعلی سپانلوو و چه‌ندانیتر له‌ ئارادابوو، كه‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر پۆلێنكردنی شاعیران و بابه‌تی شیعرییان ده‌كرده‌وه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ گرنگیی و كاریگه‌ریی گۆڤاره‌كانی وه‌ك ئادینه‌ و كلك و چه‌ندانیتر، كه‌ به‌رده‌وام ڕه‌واجیان به‌ شیعر داده‌یه‌وه‌. ئه‌و كوردانه‌ی چوونه‌ ئێران، له‌ هه‌مان كاتدا خۆیان له‌به‌رده‌م چه‌ندین كه‌ناڵدا بینینه‌وه‌ كه‌ هه‌موویان ده‌یانبردنه‌وه‌ سه‌ر شیعر و ئه‌ده‌بیات.. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و جمووجووڵ و چالاكیانه‌ش كه‌ ڕۆشنبیرانی كوردی شاره‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌نجامیان ده‌دان و ئه‌مه‌ش ده‌بووه‌ هانده‌ر بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌رانی كوردی ئه‌مدیو، زوو خۆیان فێری زمانی فارسی بكه‌ن و لێی سوودمه‌ند بن..
شیعری فارسی له‌ دوای (نیمایۆشیج)ه‌وه‌، به‌ تێپه‌ڕین به‌ شاملوو، ئه‌خه‌وان سالس و فروغزاد و سپێهری و ئه‌وانیتر، چ وه‌ك بابه‌ت و چ وه‌ك فۆرم بۆ كورده‌كان تازه‌بوو. هه‌ڵبه‌ت پێشئه‌وه‌ی كوردی باشوور به‌ ده‌قی شیعریی فارسیی ئاشنا بێت، ئاشنای گۆرانی و مۆزیكی فارسی بوو. زۆر پێشئه‌وه‌ی شیعری فارسی وه‌ربگێڕدرێت، داریووش و سه‌تار و گووگووش، حمیرا، هایده‌، مه‌هه‌ستی و ئیره‌ج و هه‌ندێكیتر، چوارچێوه‌ی زه‌وقی باشووریان به‌لای موزیك و شیعری فارسیدا كێش كردبوو، به‌تایبه‌تیش كه‌ به‌شێكی شیعری ئه‌م ده‌نگبێژانه‌یان ده‌گوته‌وه‌. ئه‌وه‌ش په‌نجه‌ره‌یه‌كی نوێ بوو بۆ ئه‌وه‌ی لێوه‌ی بڕوانیته‌ ئه‌ودیو زیندانه‌ گه‌وره‌كه‌ی به‌عس له‌ شیعری هاوچه‌رخی فارسیدا، شتگه‌لێكی جوان هه‌بوو كه‌سه‌رنجیان ڕاده‌كێشا. یه‌كه‌م هه‌ر یه‌كه‌ له‌ شاعیرانی به‌ناو، خاوه‌نی ستایل و شێوازی شیعریی خۆیان بوون. سیما و سه‌رووكه‌لله‌ی شاعیره‌ فارسه‌كانیش سه‌رنجڕاكێش بوو، خودی پێگه‌ی شاعێرێتی له‌ كولتووری ئێرانیدا پێگه‌یه‌كی به‌رزه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌بووه‌ هانده‌ر كه‌ گه‌نجانی نوسه‌ر و شاعیری ئه‌مدیو، خه‌ون به‌وه‌وه‌ ببینن وه‌ك ئه‌وانیان لێبێت. ئه‌مه‌ش شتێكی ئاساییه‌. زمانی شیعری شاعیره‌ هاوچه‌رخه‌كانی ئێران، جگه‌ له‌ ئه‌حمه‌دی شاملوو، جگه‌ له‌ یه‌دوڵای ڕوئیایی و كه‌مێكیش نیما خۆی، زمانێكی ئاسان و شیاوی ئاسان تێگه‌یشتنه‌. فه‌رووغزاد، سپێهری زمانێكی خۆشیان هه‌یه‌، ساده‌ له‌ ده‌ربڕین و ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ میتافۆر و وێنه‌دا. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بابه‌تی شیعری فه‌رووغ بۆ ئێمه‌ جیهانێكی نوێی زۆر تازه‌ بوو. له‌ فه‌رووغه‌وه‌ تێگه‌یشتین كه‌ ده‌نگی ژن له‌ شیعردا هه‌مان شیعر نیه‌ كه‌ پیاو بۆ ژنی ده‌نووسێت. له‌وێدا ژنێك له‌ خۆی ده‌دوێ وه‌كئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌. ئیراده‌یه‌ك بۆ به‌رده‌وامی و هه‌ستێك له‌ شكستدا به‌رجه‌سته‌ ده‌كات. هه‌ندێ پۆتانشێڵ، یان توانایی له‌ تاكه‌كه‌سدا به‌ خۆی ئاشنا ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ویستی نوێ و جیهانبینی نوێی بۆ ده‌هێننه‌ پێش. ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی پێیده‌ڵێت: چوونه‌ جیهانێكی دیكه‌وه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ خوێنه‌ر و شاعیران به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن. به‌ هه‌مان شێوه‌ سوهراب نوێ بوو، چ له‌ زماندا و چ له‌ وێنه‌سازیی و چ له‌ جیهانبینیدا. سوهراب وێنه‌یه‌كی ئێستاتیكیانه‌ی عیرفان و گه‌ردوونگه‌رایی له‌ شیعردا به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، كه‌ پتر ئینسانیه‌ تا ئێرانی و فارسیانه‌. خوێندنه‌وه‌ی شیعری سوهراب ڕه‌ژووێك له‌ ناخی مرۆڤدا ده‌گه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ هه‌یه‌. ستایلێك له‌ ژیان و بیركردنه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی توندوتیژیی و ڕق. به‌ شیعریكردنی توێكڵی هه‌نار و جلشتنی ڕه‌عنا و خۆشاردنه‌وه‌ی خودا له‌و دیو دره‌خته‌كانه‌وه‌.. ساده‌یی و شه‌ففافییه‌ت به‌شێكی گرنگی شیعری سپێهرییه‌، ئه‌مه‌ش له‌ واقیعێكدا كه‌ ئاڵۆزیی و تاریكی باڵاده‌سته‌، گرنگیی خۆی بۆ ڕۆحیی مرۆڤ هه‌یه‌. ئه‌م شاعیرانه‌ پردێك بوون شاعیره‌ كورده‌كانیان په‌ڕانده‌وه‌ بۆ ئه‌و دیو بیركردنه‌وه‌ ته‌قلیدیه‌كان له‌ شیعر و زمان. ئاسۆی خه‌یاڵ و چنینی زمانی شیعریی ئێمه‌یان گۆڕی. سۆژه‌ی ئه‌زموونكه‌ر له‌ واقیعی كوردیدا چیتر نه‌یده‌توانی به‌ زمانی باوی شیعری كوردی، خۆی ده‌ربڕێت، بۆیه‌ ئه‌م ستایله‌ له‌ شیعری فارسی وه‌ك فه‌ریادڕه‌سێك هه‌ندێ كه‌سی له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ ڕزگار كرد، هه‌ندێكیانی وه‌ك لاساییكه‌ره‌وه‌ و چه‌ندێكیشی وه‌ك ڕاگوێزه‌ره‌وه‌یه‌كی ناشیی به‌ ئێمه‌ ناساند. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، تێڕوانینی من بۆ ئه‌م كاریگه‌ربوونه‌ به‌ شیعری فارسی، خراپ نیه‌. كاریگه‌ریی به‌شێكه‌ له‌ سرووشتی شیعرنووسی و شاعیرانه‌ بیركردنه‌وه‌. شیعره‌ گه‌وره‌كان شیعرگه‌لێكن نمونه‌ به‌رزه‌كانی شیعرمان بیرده‌خه‌نه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نمونه‌ی نائومێدكه‌ر له‌ كاریگه‌ریی و لاساییكردنه‌وه‌مان زۆره‌. كۆمه‌ڵگای كوردیش كۆمه‌ڵگایه‌كی بێ كاراكته‌ر و تایبه‌تمه‌ندییه‌، بۆیه‌ شوێنكه‌وته‌یی، لاساییكردنه‌وه‌، خۆبه‌ئه‌ویترزانین، مۆده‌بازیی و فیزلێدان شتێكی ئاساییه‌ تیایدا. مرۆڤ كه‌ بۆخۆی كاراكته‌ر و شوناسی تایبه‌تی خۆی نه‌بوو، شوناسی ئه‌وانیتر ده‌كاته‌ به‌ری خۆی بۆ ئه‌وه‌ی سوودمه‌ند بێت له‌و پرستیژ و پیاهه‌ڵدانه‌ی له‌ناو كۆمه‌ڵگا، یان ده‌سته‌ و تاقمێكدا به‌ نسیبی ده‌بێت و له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ پێگه‌یه‌ك بۆخۆی به‌ده‌ستده‌هێنێت. ئه‌مه‌ بۆ شاعیرانیش هه‌ر ڕاسته‌.

مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی

كاتێك گۆته‌ كاریگه‌ر له‌ حافز وه‌رگرێت و بۆرخیس له‌ خه‌یام، بۆ كورد له‌ ئه‌ده‌بی فارسی كه‌له‌په‌نایداو له‌ ڕوی كولتوورییه‌وه‌ زۆر نزیك ترو كاریگه‌ر تره‌ سودی لێوه‌ر نه‌گرێت.
پێش هه‌مووشتێك ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێم زۆرسروشتی یه‌ شاعیران شیعری وڵاتانی تربخوێننه‌وه‌و بكه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ریییانه‌وه‌و ئه‌مه‌ نیشانه‌ی زیره‌كی وردی شاعیرانی كورده‌و هیچ شاعیریانوسه‌رێكی سه‌ركه‌وتونییه‌ بتوانێ له‌ جوغزی داخرانی خۆیدا بمێنێته‌وه‌و سه‌ركه‌وتوبیت .به‌تایبه‌ت شیعرفارسی كه‌ له‌ دنیادا ناسراوه‌و كاریگه‌ری گه‌وره‌ی خۆی داناوه‌ به‌ هی ئاستی باڵاو لایه‌نی هونه‌ری به‌گشتی و به‌تایبه‌ت دونیابینی قوڵ و ئینسانیی یانه‌وه‌، پێمه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر نه‌وه‌ی نه‌وه‌ ده‌كان بگره‌ نه‌وه‌ی دوای دو هه‌زارو ژماره‌یه‌ك له‌و گه‌نجانه‌ی ئێستا ده‌نوسن جگه‌ له‌فروغ و سوهراب كاریگه‌ری شه‌مس له‌نگرودی و گه‌روس عه‌بدول مه‌لكیان و ره‌سول یۆنان و شاعیرانی نه‌وه‌ی نوێێ ئێرانیان له‌سه‌ره‌.ئه‌مه‌ش یارمه‌تیده‌رێكی باشه‌ بۆ گه‌ش و كاژفڕێدانی فه‌زای شیعری ئێمه‌و دروستبونی جیاوازی گۆرانكاری و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ ئاینده‌ دا زیاترو جۆراو جۆرتر جیوازتر ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م كاریگه‌رییانه‌ ده‌بینین، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم له‌ هه‌موو كه‌سه‌كان نییه‌و ئه‌وه‌ شی كه‌هه‌یه‌ به‌ یه‌ك ئاست و وه‌ك یه‌ك نییه‌ و ئاسته‌ كان جیاوازه‌، كاتێك گۆته‌ كاریگه‌ر له‌ حافز وه‌رگرێت و بۆرخیس له‌ خه‌یام بۆ كورد له‌ ئه‌ده‌بی فارسی له‌په‌نایداو له‌ ڕوی كولتوورییه‌وه‌ زۆر نزیك ترو كاریگه‌ر تره‌ سودی لێوه‌ر نه‌گرێت.

ساڵح سووزه‌نی
Suzani

چی گوتنی سوهراب و زمانی گفتی فروغ ئێسته‌ به‌شێكی حاشاهه‌ڵنه‌گری ئه‌ده‌بی كوردین به‌ تایبه‌ت له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان
دوای ده‌نگه‌ مه‌زنه‌كانی شێعری كوردی له‌ باشوور هه‌ست به‌ بۆشاییه‌ك بۆ به‌ره‌و پێش چوون و گه‌شه‌ نوێگه‌ری ده‌كرا. هه‌ر بۆیه‌ ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر په‌ل بكێشی بۆ زمانێكی دیكه‌ و هه‌وڵ بده‌ی ره‌وته‌ نوێیه‌كانی ئه‌و زمانانه‌ بقۆزیته‌وه‌. فارسی و عه‌ره‌بی و توركی نیزیك ترین و زۆرترین ئاڵ و گۆڕیان له‌ گه‌ڵ زمانی كوردی هه‌یه‌، ئاساییه‌ كه‌ سه‌ره‌تا گه‌نجان به‌ره‌و لای خۆیان ڕابكێشن به‌ هۆی تێكه‌ڵاوی زمانی فارسی و كوردی. شێعری فارسی زۆر ترین به‌رده‌نگی به‌ رێژه‌ی زمانه‌كانی دیكه‌ له‌ ناو كوردا هه‌یه‌ و یه‌كه‌م ئه‌گه‌ری كاریگه‌رییه‌ له‌سه‌ر شێعری كوردی دوای راپه‌ڕین زمانی عه‌ره‌بی لای گه‌نجان ئیتر بڕه‌وی نه‌ما كه‌وایه‌ ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌ دا ده‌قی شاعیرانێك زێده‌تر ته‌شه‌نه‌ده‌كا كه‌ زمانێ ساكارتریان، به‌ رێژه‌ی شاعیرانی دیكه‌، هه‌یه‌ و خێراتر دێته‌فام كرن… له‌ شێعری فارسیدا ده‌قی سوهراب و فروغ زیده‌تر كه‌ڵك له‌ زمانی رۆژانه‌ وه‌ر ده‌گرن و له‌و شاعیرانه‌ن كه‌ زۆرترین كاریان له‌سه‌ر شێعری “گفت” كردوه‌/گفتار/ و هه‌ر بۆیه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ و وه‌رگێڕان دا خۆش فام و خۆش ده‌ست ترن… تایبه‌تمه‌ندی وه‌رگێرانیش به‌ تایبه‌ت بۆ شیعر هه‌ڵبژاردنی ده‌قی ئه‌و شاعیرانه‌یه‌ كه‌ زمانێكی ئالۆز و پڕ كاركردیی زمانییان نیه‌… بۆیه‌ كه‌س ناچێ شێعری به‌راهه‌نی یان باباچاهی و فه‌لاح وه‌رگێڕێ بۆ زمانی كوردی … كه‌ وایه‌ باشترین ده‌ق بۆ زووتێگه‌یشتن و خێرا وه‌رگێران ده‌قی كه‌سانێكی وه‌ك سوهراب و فروغ و سه‌ی عه‌لی ساڵحی و شه‌مس له‌نگروودی یه‌ كه‌ به‌ زمانی ئاسایی روژانه‌ ده‌ووسن. شاعیرانی گه‌نج له‌و دیو زێده‌تر له‌ ژێر كاریگه‌ری “چی گوتن”ی شێركۆیی و په‌شێوی و هه‌ڵمه‌تی ..دان تا “چۆن گوتنی مه‌سیفی و سه‌ڕاچ و ……. به‌ گشتی فورمالیسته‌كانی هه‌ولێر.. هه‌ر بۆیه‌ دێنه‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌و شاعیراه‌ی كه‌ له‌ شێێعر دا “چی گوتن”یان لا گرینگه‌ و ژنانه‌یی گوتنی فروغ و عرفانی گوتنی سوهراب سپێهریش دیاره‌ نموونه‌یه‌كی باشه‌ بۆ وه‌ی وه‌ دووی ئه‌وان كه‌ون و ساكار بێژی ئه‌وان له‌ به‌رانبه‌ر چۆن بێژی “ناو زمانی” شاعیرانی دیكه‌ی فارس دا هه‌ڵبژیرن. له‌كۆتایی دا ئه‌مه‌وێ وه‌ك ره‌خنه‌یه‌ك، ئه‌مه‌ ئاراسته‌ بكه‌م كه‌ ؛ شێعری سه‌رده‌م به‌دوای چی گوتن ه‌وه‌ ناڕوا و به‌دوای هاتنه‌ ئارای خوێندنه‌وه‌ نوێكانی سه‌رده‌م زمان ناسی.. نیشانه‌ ناسی .. دیارده‌ناسی و هێرمنۆتیكی نوێ … فورمالیسم و پێكهاته‌خوازی و دواتر پێكهاته‌ هه‌ڵوه‌شێنی و پاش مودێرن خوازیی… زێده‌تر به‌ لای “كاركرد و گه‌مه‌ی زمانی .. ئایرونی .. پارۆدی . چه‌ند ده‌نگی بوون و تیكه‌وتن له‌ گه‌ڵ دیكتاتۆریه‌تی زمان دا ده‌ڕوا . تا چی گوتنی سوهراب و زمانی گفتی فروغ. نوێتر خوازیی ئێسته‌ به‌شێكی حاشاهه‌ڵنه‌گری ئه‌ده‌بی كوردی به‌ تایبه‌ت له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ و به‌ ئاشكرا ره‌وتێكی رووله‌ گه‌شه‌یه‌ به‌ پێی ئه‌و فورم و تێكنێكانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی پێكرا.و ده‌یان كتێب و وتار و وتویژ و چه‌ندین سمیناری باشی به‌رێوه‌ بردوه‌ و جێی خۆیه‌تی شاعیرانی گه‌نجی باشووریش له‌و ره‌وته‌وه‌ له‌ ئه‌ده‌بی كوردی بڕوانن نه‌وه‌ك زمانی عیرفانیی په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ری سوهراب و چی گوتنی ژنانه‌یی فرووغ. چیمان پێ خۆشه‌ له‌سه‌ر عیرفان و ژنانه‌یی ده‌توانین به‌ وتاریش ئاراسته‌ی بكه‌ین . به‌لام زمانی شیعر زمانی فورم و تكنیك و ئانارشیزمی نوێخوازانه‌یه‌ نه‌ لاسایی كردنه‌وه‌.

ژاوێن شاڵی

zhawen

له‌ئێستادا ده‌یان نوسه‌ر و شاعیرمان هه‌ن به‌نه‌فه‌سی سپێهری و فه‌روخزاد و شاملۆوه‌ ده‌نووسن و به‌شێوه‌یه‌ك كه‌وتونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی و دنیابینی و ئه‌وانه‌وه‌ كه‌ من له‌پنتێكدا خۆیان نابینم
بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌مه‌وێت به‌ وته‌ كۆن و به‌ناوبانگه‌كه‌ی بارت ده‌ست پێبكه‌م كه‌ ده‌فه‌روێت : “هیچ ده‌قێك بوونی نییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كان”، پێموابێت ئه‌و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك راسته‌، وه‌لێ جیاوازییه‌كی ریشه‌یی هه‌یه‌ له‌نێوان كاریگه‌ریی و به‌سێبه‌ربوو یاخود پاشكۆبوونی كه‌سانی تردا، واته‌ له‌ناو ئه‌ده‌بدا بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت به‌ ئاگایی بێت یاخود نائاگایی خۆمان سه‌رسام بوونمان به‌و نوسه‌رانه‌ی كه‌ لای ئێمه‌ پێشه‌نگ و ده‌یانخوێنینه‌وه‌ و به‌شوێن نوێترین به‌رهه‌مه‌كانیاندا ده‌گه‌ڕێین كاریگه‌ریی خۆی له‌سه‌ر فكر و بۆچوون و هه‌روه‌ها به‌رهه‌كانیشمانه‌وه‌ جێدێڵێت، وه‌لی نوسه‌ری هۆشیار ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ به‌ر له‌ هه‌ركه‌س خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گری به‌رهه‌مه‌كانی خۆی بێت و به‌چاویلكه‌ی ره‌خنه‌گرێكه‌وه‌ نوسینه‌كانی خۆی بخوێنێته‌وه‌و شرۆڤه‌ بكات، ئه‌وكات له‌هه‌ر شوێنێك هه‌ستی كرد ئه‌و كاریگه‌رییه‌ نزیكه‌ به‌ره‌و به‌پاشكۆ چوون و یاخود كۆپی بونی نوسه‌رانی تر بچێت دروست به‌ تێكسته‌كه‌یدا ده‌چێته‌وه‌ و له‌وانه‌شه‌ هه‌ر بیسڕێته‌وه‌ و ئاخود شه‌وێنه‌واری ئه‌و كاریگه‌رییه‌ بسڕێته‌وه‌و به‌رهه‌مێك له‌خه‌یاڵ و هزر و ماریفه‌ی خۆی به‌رهه‌م بهێنێت. له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ و دروستتر بڵێم به‌ر له‌ راپه‌ڕینیش ئه‌ده‌بی كوردی كاریگه‌ریی ئه‌ده‌بیاتی بێگانه‌ی به‌سه‌ره‌وه‌ بووه‌ و دوور له‌ناوهێنان ئه‌دیبگه‌لێكی به‌ناوو ده‌نگمان هه‌ن كه‌ له‌هه‌ندێك شوێندا كۆپی په‌یستی شاعیر و نوسه‌رێكی عه‌ره‌ب یان فارسیان كردووه‌ به‌ توركیشه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ستی پێده‌كرێت له‌ئه‌ده‌بیاتی كوردی پاش راپه‌ڕین به‌تایبه‌ت نه‌وه‌ده‌كاندا ته‌وژمێك له‌ نوسین به‌ناوی شیعر و چیرۆكه‌وه‌ به‌رهه‌م هێنراون و هه‌ندێكیشیان فاكته‌ر بوون له‌ به‌ناوبانگ بوونی نوسه‌ره‌كه‌یدا كه‌ كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی ئه‌ده‌بیاتی فارسی به‌سه‌رییه‌وه‌ ده‌بینرێت، خاڵی هه‌ره‌ ترسناك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ته‌وژمه‌ په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ و له‌ئێستادا ده‌یان نوسه‌ر و شاعیرمان هه‌ن به‌نه‌فه‌سی سپێهری و فه‌روخزاد و شاملۆوه‌ ده‌نووسن و به‌شێوه‌یه‌ك كه‌وتونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی و دنیابینی و گوزارشتی ئه‌وانه‌وه‌ كه‌ من له‌پنتێكدا خۆیان نابینم. وه‌لێ كاری داهێنه‌رانه‌ی نوسه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رووتی خۆی و هزر و خه‌یاڵ و ئستاتیكای خۆیمان بخاته‌ به‌رده‌م، وابكات له‌ چاویلكه‌ی ئه‌وه‌وه‌ روداو و به‌سه‌رهات و چركه‌ساته‌ شیعرییه‌كان بۆ منی خوێنه‌ر بگوازرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ زێده‌تر له‌شیعر دا ده‌بینرا وه‌لی ئێستا ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ چیرۆكیشدا بوونی هه‌یه‌ و چیرۆكت پێده‌ڵێم هه‌ر به‌ په‌ره‌گراف به‌راورد ده‌كه‌ین كه‌ سادقی هیدایه‌تی په‌یست كردووه‌ و له‌چیرۆكێكی خۆیدا و له‌زاری كاراكته‌رێكییه‌وه‌و له‌ژێر ناوی خۆی بڵاوی كردۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆخۆی ده‌چێته‌ خانه‌ی شتێكی تره‌وه‌ به‌ده‌ر له‌ كاریگه‌ریی كه‌ پێی ده‌وترێت (دزی ئه‌ده‌بی(




منداڵ‌و جوانی- هونه‌ر‌و نهێنی له‌ ڕۆمانی هاوڕێ نیگاركێشه‌كه‌م دا

(ئه‌ده‌بی منداڵان جێیه‌ك له‌ناو دنیادا ده‌به‌خشێت به‌منداڵ، له‌ناو منداڵیشدا جێیه‌ك ده‌به‌خشێت به‌ دنیا.) (لیگیا بۆین

(شاخه‌وان سدیق)
————————-
ڕه‌نگه‌ هه‌میشه‌ له‌ ناو دنیای ڕۆشنبیری ئێمه‌دا، ده‌یان‌و سه‌دان جار گوێ بیستی ئه‌وه‌بین كه‌ بۆچی خه‌ڵكی ئێمه‌ ناخوێنێته‌وه‌؟ یان بۆچی خوێنه‌وه‌ نه‌بوه‌ته‌ به‌شێك له‌ كلتوری ئێمه‌؟ كه‌ بێشك وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ قسه‌ زۆر هه‌ڵده‌گرێت‌و دنیایه‌ك هۆكاری خۆی هه‌یه‌، كه‌ به‌بڕوای من سه‌ره‌كی ترین هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌روه‌رده‌ی خێزانی له‌ قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نی منداڵیدا. چونكه‌ پێم وابێت په‌روه‌رده‌كردنی منداڵێك به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست دواجار نه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروست له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیاندا دروست ده‌كات، خوێنه‌وه‌ش وه‌ك به‌شێك له‌وشێوازی په‌روه‌ده‌كردنه‌ ڕۆڵ‌و كاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌. چونكه‌ له‌و قۆناغه‌ی ژیانی تاك له‌م ووڵاته‌دا ته‌ندروست‌و ئاسایی نه‌بووه‌، هه‌ر وه‌ك چۆن ده‌بینین ئێستا ئه‌م لایه‌نی ژیانمان بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی تیایه‌و بێشك بوه‌ته‌ گرفتێكی گه‌وره‌ له‌ به‌رده‌م ڕاهاتنمان له‌ سه‌رخوێنه‌وه‌و بووه‌ته‌ هۆی دروست بوونی لاوازی چێژ له‌ كه‌سایه‌تی تاكی ئێمه‌دا. چونكه‌ منداڵان له‌ووڵاتی ئێمه‌دا نه‌ك فێرنه‌كراون‌و نه‌یان توانیوه‌ كتێب‌و ئه‌ده‌بی منداڵان بخوێنه‌وه‌، زۆربه‌ی زۆریشیان له‌ خوێندن بێبه‌ش بوون‌و شانسی خوێنده‌واربوونیان له‌ ده‌ستداوه‌، هه‌ر وه‌ك (هیوا قادر) وه‌رگێڕی ئه‌م كاره‌ له‌ پێشه‌كی ئه‌م نۆڤلێته‌دا ده‌ڵێت” منداڵ له‌ ئه‌ده‌بی مۆدێرنی كوردیدا وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی نه‌زان‌و بچكۆله‌ ته‌ماشا كراوه‌، بونه‌وه‌رێك كه‌ هه‌قی هه‌ڵبژاردنی نیه‌و هه‌میشه‌ش ده‌بێت گوێ‌ ڕایه‌ڵبیت له‌ به‌رده‌م وه‌زع ونه‌سیحه‌تی ئه‌وئه‌ده‌به‌ی كه‌وه‌ك كاریگه‌رییه‌ك كاری كردوه‌ بۆ زوو گه‌وره‌كردنی منداڵان، وه‌ بێگومان وه‌ك ده‌بینین له‌ ئێستادا چۆن ئه‌م هۆكاره‌ گاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی ڕه‌نگی له‌ ئاستی ڕۆشنبیری ئێمه‌دا داوه‌ته‌وه‌”. ڕه‌نگه‌ به‌ شێكی كه‌ی هۆكاری ئه‌مه‌ش بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ دنیایی ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا كه‌متربایه‌خ به‌ ئه‌ده‌بی منداڵان دراوه‌‌و له‌‌و بواره‌دا كه‌متر تێكست‌و ده‌ق بۆ دنیای منداڵ نوسراو وه‌رگێڕاوه‌ له‌ ئه‌ده‌بی نه‌ته‌وه‌كانی كه‌وه‌. بۆیه‌ ده‌بینی هه‌موو ئه‌وانه‌شی كه‌ له‌ قۆناغه‌كانی منداڵی یان مێرد منداڵی‌و نه‌وجوانیدا به‌هۆی كه‌ سێكی بنه‌ماڵه‌كه‌یانه‌وه‌ شانسی ده‌ستكه‌وتنی كتێبیان هه‌بوه‌وه‌ خوێندویانه‌ته‌وه‌ به‌ناچاری ئه‌ده‌بی گه‌وره‌كان بووه‌‌و هه‌موو كتێبه‌ گشتیه‌كانیان خوێندوه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت هاوكێشه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی سه‌ره‌وه‌مان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆمان هاوسه‌نگ بكه‌ین‌و كلتوری خوێنه‌وه‌ دروستكه‌ین، ده‌بێت بگه‌ڕینه‌وه‌ لای منداڵان‌و ئاوڕێك له‌م به‌شه‌گرنگه‌ی ناو ئه‌ده‌ب بده‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ ئه‌ده‌بیاتی منداڵان ناسراوه‌. چونكه‌ ئه‌ده‌ب له‌ ڕێگای فه‌نتازیاوه‌ زیاتر كار له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌و دنیابینی منداڵ ده‌كات‌و زیاتر خه‌یاڵیان فراوانتر ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات له‌ ئاینده‌دا خوێنه‌رێكی جدی‌و پڕچێژی به‌ئاگا دروست بكات، چونكه‌ ئه‌ده‌بی منداڵان خاوه‌ن تایبه‌ت مه‌ندێتی خۆیه‌تی هه‌م له‌ ڕووی جیهانه‌ ساده‌كه‌یانه‌وه‌ هه‌م له‌ ڕووی فراوانی خه‌یاڵ و فه‌نتازیا تێیدا له‌ ڕێگه‌ی گه‌یاندنی جوانی ئیستاتیكی به‌رامبه‌ر به‌ ژیان‌و دنیابینی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ناویدا ده‌گوزه‌رێت. هه‌روه‌ك چۆن بێكه‌س له‌ شیعرێكیدا كه‌ بۆ منداڵانی نوسیوه‌و له‌ ڕێگای زمانێكی ساده‌وه‌ باس له‌ هاتن‌و گرنگی فڕۆكه‌ ئه‌كات‌و ئاشنای ده‌كات به‌منداڵان ‌وده‌ڵێت”
شتێكی بێخوێن‌و گیان ئه‌فڕێت ئه‌چێته‌ ئاسمان
ناویان ناوه‌ ته‌یاره‌ زۆر مه‌حكه‌م و به‌كاره‌
له‌ شه‌ڕا موسیبه‌ته‌ له‌ ئاشتیا نیعمه‌ته‌
له‌ سایه‌ی عیلمه‌ت‌و فه‌ن شتی وا دروست ده‌كه‌ن
لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێت باس له‌ و هه‌وڵه‌ دڵسۆزانه‌ به‌كه‌م كه‌ له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ لێره‌و له‌وێ‌ خه‌م خۆرانی ئه‌م بواره‌ داویانه‌ به‌ نوسین‌و وه‌رگێڕانی چه‌ندین چیرۆك‌و شیعرو بابه‌تی منداڵان له‌ ڕێگای ده‌ركردنی چه‌ندین كتێب‌و گۆڤاری تایبه‌ت به‌م لایه‌نه‌ گرنگه‌ی ناو ئه‌ده‌ب، یه‌كێك له‌و هه‌وڵانه‌ش وه‌رگێڕانی كتێبی (هاوڕێ نیگاركێشه‌كه‌م)ی نوسه‌ری به‌ڕازیلی (لینگا بۆینگه‌)یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن نوسه‌رو وه‌رگێڕی به‌توانا (هیوا قادره‌)وه‌ له‌ سویدییه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی، كه‌ نۆڤلێتێكه‌ به‌قه‌باره‌ی (77) لاپه‌ڕه‌ له‌ وه‌رگێڕانه‌ كوردییه‌كه‌یدا. به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م نوسه‌ره‌ سه‌ربه‌ كلتوری واقیعی سیحری ئه‌ده‌بی ئه‌مریكای لاتینه‌. شێوازی نوسینه‌كانی واله‌ خوێنه‌رده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ ڕوداوه‌كانیدا بڕوات‌و ببێته‌ به‌شێك له‌ پاڵه‌وانه‌كانی. ئه‌م نۆڤلێته‌ به‌ زمانێكی ساده‌و به‌ ده‌ربڕینێكی قوڵ كاری تیاكراوه‌ به‌ جۆرێك كه‌ بۆ منداڵێك‌و گه‌وره‌یه‌كیش خوێنه‌وه‌ی ئاسان بێت. ئه‌م به‌رهه‌مه‌ خۆی وه‌ك به‌شێك له‌ ئه‌ده‌بی منداڵان ئه‌ژمارد كراوه‌و له‌ ساڵی (2004) نوسه‌ره‌كه‌ی خه‌ڵاتی (ئه‌سترید لینگرێت) پێبه‌خشراوه‌، كه‌ خه‌ڵاتێكی سویدیه‌‌و تایبه‌ت به‌ نوسینه‌ له‌ بواری ئه‌ده‌بی منداڵان‌و مێردمنداڵاندا كه‌ گه‌وره‌ترین خه‌ڵاته‌ له‌ جیهاندا‌و خه‌ڵاته‌كه‌ بڕی( پێنج ملیۆن كرۆنی سویدیه‌، كه‌ نزیكه‌ی 655هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی ده‌كات). هه‌رچه‌نده‌ نوسه‌ر خۆی له‌ چاوپێكه‌وتنیكدا ده‌ڵێت ” من خۆم وه‌ك كه‌سێك ده‌بینم كه‌ زۆر شه‌یداو عاشقی ئه‌ده‌بی منداڵانم. به‌ڵام من بۆ كه‌سێكی تایبه‌ت یان بۆ ته‌مه‌نێكی تایبه‌ت نانووسم كه‌ ته‌مه‌نی ده‌ساڵ یان سی ساڵ یان چل ساڵبێت بۆ ئه‌وه‌ی كتێبه‌كانم بخوێنێته‌وه‌، خوێنه‌ره‌كانی من له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی ته‌مه‌ندان”. نوڤلیتی هاوڕێی نیگاركێشه‌كه‌م یه‌كێكه‌ له‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ مرۆڤ له‌گه‌ڵ خوێنه‌وه‌یدا ڕوبه‌ڕووی چه‌ندین پرسیاری ساده‌، به‌ڵام گرنگ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ده‌شێت به‌شێك بێت له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی هه‌موومان. سه‌ره‌تا چیرۆكه‌كانی ئه‌م كاره‌ له‌ ڕۆژی هه‌ینیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات‌و له‌ یه‌كه‌م دێڕی ده‌سپێكه‌كه‌دا ڕوبه‌ڕوی ئه‌و پرسیاره‌ت ده‌كاته‌وه‌. كه‌ ئایا هه‌رگیز تۆ سه‌یری ڕه‌نگه‌كانی چوارده‌ورته‌كه‌ی؟ ئه‌ی ئه‌م ڕه‌نگانه‌ هیچ شتێك له‌ كه‌سایه‌تی تۆ داده‌گۆڕن؟ له‌ كاتێكا له‌ تیۆری ده‌رون ناسیدا ڕه‌نگ په‌یوه‌ندیه‌كی گرنگی به‌ ئاستی مه‌زاجی ئینسانه‌وه‌ هه‌یه‌و هه‌ندێك جار ده‌توانرێت كه‌سایه‌تی مرۆڤ له‌ ڕه‌نگه‌كانی به‌ری‌و چوارده‌وره‌كه‌یه‌وه‌ بخوێنرێته‌وه‌، چونكه‌ ڕه‌نگه‌كان بۆخۆیان خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندین‌و هه‌ریه‌كه‌یان ئامڕزو خوێنه‌وه‌ی خۆیان هه‌یه‌. هه‌روه‌ك له‌ چیرۆكه‌كه‌دا ده‌ڵێت” هاوڕێكه‌م پێی ووتم بێگومان تازیاتر بچیته‌ ناوڕه‌نگه‌كانه‌وه‌ زیاتری لێوه‌ به‌ده‌ست دێنیت” به‌گشتی ئه‌م كاره‌ له‌ واتا ساده‌كه‌یدا ئاشنابوونی خوێنه‌ره‌ به‌ نهێنی چه‌ند ڕه‌نگێك كه‌ بۆ كه‌سی پاڵه‌وانی ناو چیرۆكه‌كه‌ واتاو مه‌غزای گرنگیان هه‌یه‌، چیرۆكه‌كه‌ باسكردنه‌ له‌ هاوڕێه‌تی دوو كه‌س كه‌ یه‌كێكیان كه‌سی ڕاوی چیرۆكه‌كه‌یه‌ كه‌ به‌خوێنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ باس له‌ په‌یوه‌ندی خۆی‌و هاوڕێ‌ نیگاركێشه‌كه‌ی ده‌كات كه‌ جیاوازییه‌كی زۆری ته‌مه‌ن له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌. لێره‌دا به‌بڕوای من نوسه‌ر مه‌به‌ستێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌یوه‌ندی هاوڕێیه‌تی له‌ نێوان ئه‌م دوو كه‌سه‌ جیاوازه‌دا‌و به‌كارهێنانی هونه‌ر، به‌تایبه‌ت هونه‌ری وێنه‌كێشان وه‌ك ئامڕزێك بۆ گرێدان‌و كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو كه‌ سایه‌تیه‌ ئه‌ویش ڕه‌خنه‌گرتنه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاو ده‌سه‌ڵات وه‌ك دوو ته‌واوكه‌ری گرنگ‌وبڕیارده‌ر له‌ ژیانی تاك دا. نوسه‌ری ئه‌م به‌رهه‌مه‌ هه‌میشه‌ له‌ ڕێگای دنیای منداڵانه‌وه‌ جه‌ده‌لێك له‌ نێوان توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگادا دروست ده‌كات. به‌وپێیه‌ی نوسه‌ر له‌ ووڵاتێكدا ژیاوه‌ كه‌ هه‌میشه‌ پڕبوه‌ له‌ توندوتیژی‌و ژاوه‌ژاو تاڕاده‌یه‌كی زۆر خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ده‌ست هه‌ژارییه‌وه‌ ناڵاندویانه‌. نوسه‌ر له‌وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی كه‌ بۆچی به‌رهه‌مه‌كانی له‌ ده‌ست سانسۆر كردن ڕزگاریان بوه‌ ده‌ڵێت” ئاخر كه‌س بڕواناكات له‌ چیرۆكی منداڵاندا من باسی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان‌و چه‌وسانه‌وه‌ی ئینسان بكه‌م، كتێبه‌كانی من له‌ سانسۆر ڕزگاریان ده‌بێت، چونكه‌ جه‌نراڵه‌كان كتێبی مناڵان ناخوێنه‌وه‌. به‌شێكی گه‌وره‌ی كاركردنی نوسه‌ر له‌م كاره‌یدا برتییه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری ئه‌ویش له‌ ڕێگای (كلاودیۆ) پاڵه‌وان‌و گێڕه‌ڕه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ كه‌ یاده‌وه‌رییه‌كانی له‌گه‌ڵ هاوڕێ‌ نیگاركێشه‌كه‌یدا ده‌گێڕێته‌وه‌. ئه‌وه‌تا له‌ لاپه‌ڕه‌(24) به‌زمانێكی زۆر ساده‌ یاده‌وه‌ریه‌كی قوڵ ده‌گێڕێته‌وه‌ كاتێك منداڵه‌كه‌ دوای مه‌رگی هاوڕێ نیگاركێشه‌كه‌ی پاكه‌تێكی له‌ ڕێگه‌ی خۆشه‌ویستی هاوڕێكه‌یه‌وه‌ كه‌ ناوی(كلاریس)ه‌ به‌ده‌ست ده‌گات‌و له‌سه‌ری نوسراوه‌” بۆ ئه‌و هاوڕێیه‌ی كه‌ تاوڵه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كرد” كه‌ ئه‌ویش مه‌به‌ستێكی تری نوسه‌ره‌ له‌ فراوانكردنی خه‌یاڵی خوێنه‌ره‌ مناڵه‌كانی له‌ ڕێگه‌ی ئه‌ده‌به‌وه‌. چونكه‌ وه‌ك به‌ختیار علی ده‌ڵێت” ئه‌ده‌ب ئه‌و ڕووبه‌ره‌یه‌ كه‌ تیایدا یاده‌وه‌ری شه‌خسی‌و یاده‌وه‌ری ده‌سته‌ جه‌معی له‌ هه‌ر شوێنێكی تر زیاترله‌ یه‌ك نزیك ده‌بنه‌وه‌، یاده‌وه‌ری چه‌ند ئه‌ده‌ب دروست ده‌كات، ئه‌ده‌بیش هێنده‌ یاده‌وه‌ری دروست ده‌كات”. نوسه‌ر له‌م كاره‌ره‌دا هه‌وڵێكی زۆری داوه‌ كلتوری پرسیار دروست بكات، به‌تایبه‌ت لای منداڵان كه‌ له‌ زۆرێك له‌ كۆمه‌ڵگا دواكه‌وتوه‌كاندا ئه‌م مافه‌یان لێئه‌سه‌نرێته‌وه‌. هه‌میشه‌ وایان فێرده‌كرێت كه‌ پرسیاركردن ده‌رباره‌ی زۆر شت كاری ئه‌وان نیه‌. ئه‌وه‌تا له‌ لاپه‌ڕه‌(32) ئه‌م نۆڤلێته‌دا كاتێك (كلاودیۆ) منداڵی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌ ده‌یه‌وێت ده‌باره‌ی مه‌رگی هاوڕێكه‌ی بپرسێت دایكی زوو وه‌ڵامی ئه‌داته‌وه‌و پێی ده‌ڵێت” بۆت نیه‌ ئیتر له‌وه‌ زیاتر بیرله‌مه‌ بكه‌یته‌وه‌. له‌ ته‌مه‌نی تۆدا بیر له‌ ژیان ده‌كرێته‌وه‌ نه‌ك مردن. خۆتۆ هاوڕێی تریشت هه‌یه‌….” ئه‌م چیرۆكه‌ چه‌نده‌ شاكارێكی ئه‌ده‌بیه‌ ئه‌وه‌نده‌ یاساو ڕێنماییه‌. به‌تایبه‌ت بۆ خوێنه‌ره‌ منداڵه‌كان كه‌ مه‌به‌ستێكی گرنگی نوسه‌رن، ئه‌ویش له‌ ڕێگای پرسیاره‌ جدییه‌كانیه‌وه‌، پرسیار گه‌لێك ده‌رباره‌ی ( خه‌ون، هاوڕێیه‌تی، هونه‌ر، عه‌شق، مردن) هه‌روه‌ك چۆن له‌ لاپه‌ڕه‌(51)دا منداڵه‌كه‌ ده‌ڵێت” هه‌ندێك ڕۆژ هه‌یه‌ بیر له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌‌و ده‌ڵێم تۆ بڵێیت بتوانم زیاد له‌ یه‌ك هاوڕێی ڕاسته‌قینه‌م هه‌بێت” هێڵی گشتی ئه‌م نۆڤلێته‌ كركردنه‌ له‌ سه‌ر زه‌مه‌ن به‌و پێیه‌ی نوسه‌ر ڕوداوه‌كان دابه‌ش ده‌كات به‌سه‌ر ڕۆژه‌كانی دوو هه‌فته‌دا‌و بڕێكیش خێرا ڕووداوه‌كان تێده‌په‌ڕن. ئه‌وه‌ش له‌م كاره‌دا كه‌ زۆر سه‌رنجی منی ڕاكێشاو نوسه‌ر وه‌ك نهێنی ناو چیرۆكه‌كه‌ به‌كاری هێناوه‌ بوونی (زه‌نگی كات ژمێری) هاوڕی َنیگاركێشه‌كه‌یه‌ كه‌ هه‌ركاتێك ئه‌م زه‌نگه‌ لێده‌دات منداڵه‌كه‌ هه‌ست به‌ بوونی هاوڕێ‌ كه‌ی ده‌كات. ئه‌م چیرۆكه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ڕامانده‌كێشێته‌ ناو دنیایه‌كی پڕله‌ جه‌نجاڵ‌و پڕكێشه‌، له‌ دواجاریشدا له‌گه‌ڵ دنیایه‌ك له‌ پرسیاردا جێمان ده‌هێڵێت هه‌روه‌ك له‌ كۆتای چیرۆكه‌كه‌دا له‌ زمانی (كلاودیۆ)وه‌ پێمان ده‌ڵێت” من پێم وایه‌ له‌ ئێستاوه‌ ده‌توانم به‌رده‌وام هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌م خوشبوێت كه‌ له‌پڕقوتده‌بنه‌وه‌، تا له‌ كۆتایدا بتوانم یه‌ك به‌یه‌ك له‌ هه‌موویان بگه‌م. به‌گشتی ئه‌م شاكاره‌ ده‌كرێت زیاد له‌ جارێك بخوێنرێته‌وه‌، چونكه‌ جگه‌ له‌ بوونی زمانه‌ ساده‌كه‌ی له‌ گێڕانه‌وه‌دا زاڵ بوون‌و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای چه‌ندین نهێنیه‌‌و كردنه‌وه‌ی گرێی چه‌ندین كێشه‌شه‌ كه‌ ده‌شێت ڕۆژێك له‌ ڕۆژان پرسیاری هه‌موومان بووبێت بۆیه‌ له‌ دواجاردا (لینگا بوینگا)ی نوسه‌ری ئه‌م شاكاره‌ ده‌ڵێت ” من هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ خۆمدا قسه‌ ده‌كه‌م، به‌ده‌نگی به‌رز له‌گه‌ڵ ئه‌و ئینسانانه‌ قسه‌ده‌كه‌م كه‌ ده‌یان خوڵقێنم، ئه‌مه‌ شتێكی نا ئاساییه‌!!! كاتێك كه‌ مناڵبووم به‌ده‌نگی به‌رز له‌گه‌ڵ خۆم قسه‌م ده‌كرد، خه‌ڵكی ده‌یان ووت: گوێی لێمه‌گرن منداڵه‌:، ئێستاش خه‌ڵكی به‌هه‌مان شێوه‌ی جاران ده‌ڵێن گوێی لێمه‌گرن پیربووه‌:!! به‌ڵام نووسین سیحره‌، من هه‌رگیز تائێستا نازانم كاتێك كه‌ ده‌نوسم من كێم.

Shaxi83@yahoo.com
www.facebook.com/shaxi.shafiq




گفتو گۆ لەگەڵ شاعیر بەرزان هەستیار …. ئامادەکردنی: شاخەوان سدیق

به‌رزان هه‌ستیار:”له‌ ئه‌ده‌بی هه‌موو دنیادا لێكچوون هه‌یه‌ و كه‌سیش وه‌ك هه‌ندێ نووسه‌ری لای ئێمه‌ نه‌یكردووه‌ به‌هه‌را”
ئا/ شاخه‌وان سدیق

به‌رزان هه‌ستیار یه‌كێكه‌ له‌ نه‌وه‌ی هه‌شتاكانی ده‌نگی شیعری كوردی ‌و هه‌میشه‌ به‌شیعره‌ سه‌رنج ڕاكێش‌و پرسیاره‌ جدییه‌كانی ڕامانده‌كێشێته‌ ناو دنیای تێكسته‌كانی هه‌روه‌ك (به‌ختیار علی)له‌ نوسینێكدا ده‌ڵێت” قه‌سیده‌ی دڕێژی به‌رزان هه‌وڵێكی زۆری تێدایه‌ بۆ چربوونه‌وه‌، بۆ كۆكردنه‌وه‌ی مانا له‌یه‌ك وێنه‌ی خێرادا بۆ گوتنی مانای قوڵ به‌ وشه‌ی كه‌م له‌ سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه‌ تێڕامانێكی بێوچان له‌ مردن و شكست و ته‌نیای هه‌یه‌ له‌ زۆر جێگادا خه‌مگینه‌، جۆره‌ هه‌ستێكی بینینی ته‌نیای تێدایه‌ به‌ قه‌ده‌رخۆی وه‌ك مرۆڤ، هه‌ستێكی پوچ به‌ژیان كه‌ ده‌گاته‌ پله‌ی گاڵته‌كردن به‌ زمان و به‌ ئینسانیش خه‌یاڵی به‌رزان له‌خزمه‌ت نیگه‌رانیه‌ ڕۆحیه‌كه‌یدایه‌ ئه‌و خه‌مه‌ تاریكه‌ی ناوه‌وه‌یه‌ كه‌ده‌یه‌وێت ببێته‌ ده‌روازه‌ی تێڕامان و كه‌ره‌سته‌ی دروست كردنی مانا” هه‌ربۆیه‌ به‌ پێویستم زانی بۆ زیاتر ئاشنابوون به‌ دنیابینی به‌رزان ئه‌م دیداره‌ی له‌گه‌ڵ سازبده‌م.

پ/ هه‌میشه‌ ده‌وترت نوسین به‌ شێكه‌ له‌ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی شكسته‌كانی ئینسان ئه‌و شكستانه‌ی كه‌ نه‌ی توانیوه‌ به‌ سه‌ریاندا زاڵ بت یان نوسین پڕكردنه‌وه‌ی نه‌قسه‌كانی ئینسانه‌. لای تۆ نوسین هه‌ستكردن به‌نه‌قس بوو؟ یان وه‌ڵامدانه‌وه‌ی شكسته‌كانت؟ یان هیچ كام له‌مانه‌ نه‌بوو؟ مه‌به‌ستمه‌ بڵێم دوای ئه‌مانه‌ تۆ بۆ ئه‌نوسی؟؟

وه‌/ ئه‌گه‌ر به‌وردیی له‌ پرسیاره‌كه‌ت وردببمه‌وه‌، ئه‌توانم بلێَم تا ڕاده‌یه‌كی زۆرخۆی له‌ ناوخۆیدا به‌شێكی زۆری وه‌ڵامه‌كه‌شی هه‌ڵگرتووه‌، به‌ واتایه‌كیتر ده‌مه‌وت بڵێم پرۆسه‌ی نووسین لای من هه‌ندێك جار وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و شكسته‌ قورسانه‌یه‌ كه‌ تا سه‌ر ئێسقان به‌سه‌ر خۆمدا ده‌مشكننه‌وه‌ و هه‌ندێكجاریش پێش ئه‌وه‌ی بوومه‌له‌رزه‌ی شكستێك ڕووبدات هه‌ستی پێده‌كه‌م و گه‌ره‌كمه‌ له‌ ڕێگه‌ی نووسینه‌وه‌ به‌ربه‌وشكسته‌ بگرم، كه‌واته‌ چاكتر وایه‌ هه‌میشه‌ خۆم له‌ نووسین نزیك بكه‌مه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ جۆرێكی وا، نه‌بم به‌ّژێر باری شكست و مه‌ینه‌ته‌كانه‌وه‌ كه‌ بوارێكم نه‌مێنێت بۆ هه‌ناسه‌دان. ده‌نووسم، ده‌نووسم، ده‌نووسم بۆ ئه‌وه‌ی “تا ئه‌و دووچڵ ڕێحانه‌ی ژیانه‌م بۆنیان بێت ” منیش ده‌ست له‌ دیواره‌كانی “بوون” بده‌م. ده‌نووسم بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام لاولاوی عیشقێك به‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌م چۆڵ نه‌كات. پێش هه‌موو شكست و دوای هه‌موو داڕمانێك ده‌نووسم، نه‌وه‌ك بێده‌نگیی لاڵم بكات.

پ/ له‌ شیعره‌كانتا گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی سه‌یرئه‌بینم بۆ مناڵی و هه‌ست به‌ بوونی ترسكی گه‌وره‌ش له‌ پیری. پێم خۆشه‌ بزانم ئه‌م دوو پرسه‌ چی ئه‌گه‌یه‌نن له‌ ژیانی تۆداو ده‌ته‌وت ئه‌م دوو هاوكشیه‌ چۆن هاوسه‌نگ بكه‌یت.؟؟؟؟

وه‌/ من وای ده‌بینم كه‌ كه‌مكه‌س له‌ ئێمه‌ منداڵیی خۆی بینیبێت و یان هیچ نه‌بێت ڕێژه‌یه‌كی كه‌می له‌ خولیاو ئاره‌زووه‌كانی منداڵیی بۆ هاتبێته‌دی، منداڵیی لای من ئه‌و بناغه‌ پته‌و و سه‌نگینه‌یه‌ كه‌ دواترده‌كرێت هه‌موو كێشی ته‌مه‌نی بخرێته‌ سه‌ر، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ منداڵیی زۆربه‌ی زۆرمان منداڵییه‌كی شه‌رمن و له‌رزۆكه‌، منداڵییه‌ك كه‌ به‌ مانای ووشه‌ له‌ هه‌موو ماناكانی منداڵیی به‌ده‌ر بووه‌، به‌ كوردی و به‌ كورتیی ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك منداڵی پیرو چاوكز بووین. بیرم دێت هه‌ر كات میوانێكمان بهاتایه‌ ده‌بوایه‌ وه‌ك گه‌وره‌كان به‌خێرهاتنی بكه‌ین و به‌ ئه‌ده‌به‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین و له‌به‌رده‌م میوانیشدا ده‌بوایه‌”پیاوانه‌ ” خۆمان پیشان بدایه‌و گه‌رده‌میشمان بكردایه‌وه‌ ده‌بوایه‌ وه‌ك گه‌وره‌یه‌ك بدوێین كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه‌ی منداڵ زۆر سه‌خت بوو.
من ده‌ڵێم ڕه‌نگه‌ بۆ ئه‌و كاته‌ی ئێمه‌ تا ڕاده‌یه‌ك ئه‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ كردنه‌ له‌گه‌ڵ منداڵ ئاسایی بووبێت، ئه‌ویش به‌حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بابوباپیرانی ئێمه‌ خاوه‌نی ڕۆشنبیرییه‌كی ئه‌و تۆ نه‌بوون و دابونه‌ریتیش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ڕێپێداون كه‌ به‌و چه‌شنه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ منداڵدا بكه‌ن.
من حه‌ز ده‌كه‌م لێره‌دا شتێكت بۆ بگێڕمه‌وه‌ ، ئه‌و كاته‌ی له‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی پیره‌مه‌گروون بووم، ڕۆژێكیان كه‌ له‌ قوتابخانه‌ هاتینه‌ده‌رێ له‌به‌رده‌م قوتابخانه‌دا كوڕێكی دراوسێی خۆمانم بینی كه‌ هاورێی گه‌ڕه‌كم بوو، هه‌ر كه‌ سڵاومان له‌یه‌ك كردپێی وتم بڕۆ بۆ ماڵه‌وه‌ باوكت پاسكیلی بۆ كڕیویت ، ئیتر من به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچی لێبپرسم له‌به‌رده‌م قوتابخانه‌وه‌ هه‌تاماڵه‌وه‌ به‌ڕاكردن ڕۆیشتمه‌وه‌و هه‌ر كه‌خۆم كرد به‌ ماڵه‌وه‌دا و خوشكێكمم له‌ حه‌وشه‌بینی وتم كواپاسكیله‌كه‌م؟ ئه‌ویش هه‌ر زۆر به‌ ساردیی وتی پاسكیلی چی؟ ئیتر من به‌و منداڵییه‌ له‌وه‌ تێگه‌یشتم كه‌ ئه‌و هاوڕێیه‌كم ته‌نها به‌ گاڵته‌وه‌ ئه‌وه‌ی پێ وتووم، من ئێستاش ڕووخساری ئه‌و هاوڕێیه‌ی منداڵییمم له‌به‌رچاوه‌ ، كه‌ له‌یه‌ك ڕۆژداتووشی دووحالََّه‌تی جیاوازی كردم، حاڵه‌تێكیان ئه‌و هه‌موو كامه‌رانییه‌بوو كه‌هه‌تا گه‌یشتمه‌ماڵه‌وه‌ خه‌ریك بوو باڵ ده‌ركه‌م، حاڵه‌ته‌كه‌ی تریش ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌ گه‌یشتنه‌ ماڵه‌وه‌م و پرسیاركردنم له‌ پاسكیله‌كه‌ تووشی ناخۆشترین و تاڵتریت شكستیكردم، جا ئیتر ئه‌مه‌ نموونه‌یه‌كی بچووكه‌ له‌ نائومێدییه‌كانی منداڵیی، بۆیه‌ هه‌رسات كه‌ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ كۆڵانه‌كانی منداڵیی، نامه‌وێت ئه‌و كۆڵانانه‌ببن كه‌ پڕبوون له‌ تاریكیی، ده‌مه‌وێت منداڵیه‌ك بێت كه‌ به‌ڕاستیی تام و چێژی خۆیم پێببه‌خشێت، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ جاریش هه‌موو كۆڵانه‌ تاریكه‌كانیم له‌ ده‌روازه‌كانی پیریی پێ خۆشتره‌.

پ/ به‌داخه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ بچوك بوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌بری باسكردن له‌ ناوه‌رۆك و ته‌كنیك و بابه‌ت و زمان له‌ ده‌ق دا باس له‌ له‌یه‌كچون ودزی و لاسایكردنه‌وه‌ ده‌كرت. تۆ پتوایه‌ هیچ ده‌قێك هه‌بێت له‌دنیادا ته‌ئسیری ده‌قێكی پێش خۆی له‌سه‌ر نه‌بێت؟ یان ئه‌م باسكردن له‌ له‌یه‌ك چوون ودزیه‌ له‌ دنیای ئه‌مڕۆی ئێمه‌ دا لای تۆ چی ئه‌گه‌یه‌نت؟؟؟؟

وه‌/ هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و وته‌زایه‌ت بیستووه‌ كه‌ده‌ڵێت ” شێرچییه‌، جگه‌ له‌چه‌ند ئاژه‌ڵێكی هه‌رسكراو؟” ئه‌مه‌ ڕاسته‌وڕاست له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بدا ده‌گونجێت، ئه‌وانه‌ی كه‌ته‌نها ده‌وروخولی ئه‌وه‌ده‌ده‌ن كه‌ بزانن كامه‌ دێڕی فڵان نووسه‌ر دووراو دوور ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر دێڕی فڵانه‌ نووسه‌ری ترو تا بۆیان بكرێت خۆیان له‌ هه‌موو شته‌ جوانه‌كانی ناو ده‌قه‌كه‌ به‌دوورده‌گرن و زۆرجاریش له‌ بێ سه‌وادییاندا له‌بواری ڕه‌خنه‌دا په‌نابۆ ئه‌وجۆره‌ شتانه‌ ده‌به‌ن و ئامانجیشیان ته‌نها دروستكردنی تۆمه‌تێكی بێ بنه‌مایه‌ بۆ نووسه‌ره‌كه‌، تۆپێم بڵێ كام له‌وبوختان دروستكه‌رانه‌، خۆیان، وتارێك، یان به‌رهه‌مێكی ناوازه‌یان پێشكه‌ش به‌خوێنه‌ری كورد كردووه‌؟ من نكووڵی له‌وه‌ناكه‌م كه‌ هه‌ندێ به‌رهه‌م نه‌ك هه‌ر كاریگه‌ریی به‌رهه‌مێكی پێش خۆی له‌سه‌ره‌و بگره‌ هه‌ندێ جاریش گواستنه‌وه‌ی ده‌قاوده‌قی به‌رهه‌می كه‌سێكیتره‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت تۆ بێیت و له‌ هه‌رشوێنێك بینیت، بۆ نمونه‌من باسی” مردن “م كردووه‌ و پێش منیش كه‌سێكی تر باسی له‌ گۆشه‌ نیگایه‌كی جیاوازتر و به‌ كه‌ره‌سته‌ی ته‌واو جیاله‌ من باسی مردنی كردبێت، ئیتر تۆ من به‌وه‌ تاوانباربكه‌یت كه‌ من ماڵی ئه‌وم تاڵان كردووه‌.
من له‌ چه‌ند جێیه‌كی تریش باسی ئه‌و په‌تایه‌م كردووه‌ و زۆریش به‌وه‌ نیگه‌رانم كه‌ ده‌بینم مه‌یدانی ڕه‌خنه‌ی كوردی زۆرێك له‌و چه‌شنه‌ نووسه‌ره‌ ده‌ستو پێ سپییانه‌ی تێ ڕژاوه‌ و ڕه‌نگه‌ سه‌رله‌ هه‌ندێك خوێنه‌ری كه‌م ئه‌زموونیش بشێوێنن.
دواجار ده‌مه‌وێت بڵێم له‌ ئه‌ده‌بی هه‌موو دنیادا لێكچوون هه‌یه‌ و كه‌سیش وه‌ك هه‌ندێ نووسه‌ری لای ئێمه‌ نه‌یكردووه‌ به‌وهه‌را و زه‌ناو تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی نووسه‌ری وا هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت لێكچوونێكی به‌رچاو له‌ نێوان هه‌ندێ به‌رهه‌می خۆیشیدا ده‌بینرێت، هه‌ربۆ نموونه‌، نووسه‌رێكی وه‌ك “جه‌لیل قه‌یسی” گه‌ربه‌ هه‌ڵه‌دانه‌چووبم كتێبی”ماڵ ئاوا ئه‌ی شاعیران” كه‌ چه‌ند شانۆنامه‌یه‌كی یه‌ك په‌رده‌ییه‌، كاتێك كه‌ خوێندمه‌وه‌ هه‌ستم كرد زۆربه‌ی شانۆنامه‌كانی هه‌ر له‌ یه‌ك كه‌شدا ده‌سووڕێنه‌وه‌ و بگره‌ ته‌واولێكیش ده‌چن كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر لای ئێمه‌ ڕووبدات هه‌رئه‌وده‌ست و پێ سپییانه‌ی مه‌یدانی ئه‌ده‌ب ئه‌یكه‌نه‌ڕۆژی حه‌شر ونووسه‌ربه‌وه‌تاوانبارئه‌كه‌ن كه‌ كه‌وتۆته‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ وجوینه‌وه‌ی خۆی. ئیدی مادام تۆ ده‌خوێنیته‌وه‌ و سه‌ر به‌ ئه‌هلی نووسینیشیت، ئه‌وه‌ هه‌رڕووده‌دات كه‌ له‌ شوێنێكدا شتێك بڵێیت و بنووسیت و پێش تۆش ئه‌و شته‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان نزیك له‌وه‌ی تۆ وترابێت یان نووسرابێت. من وه‌ك خۆم ئه‌و جۆره‌ نووسین و نووسه‌رانه‌ هیچ كات نابنه‌ له‌مپه‌رێك له‌به‌ر ده‌ممدا و ئه‌وه‌ی بتوانم ده‌یڵێم و ده‌یبه‌خشمه‌ خوێنه‌ره‌كانم.

پ/ هه‌میشه‌ پرسی مه‌رگ پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی شیعری تۆی داگیر كردوه‌. بۆ خۆشی مه‌رگ به‌درێژایی مێژوو یه‌كێك بوه‌ له‌ پرسیاره‌ جدیه‌كان ئه‌مه‌وێت بزانم ترسانته‌ له‌ مه‌رگ و ئاره‌زوو بون و ڕه‌زامه‌ند بوونته‌ له‌ ژیان. به‌رده‌وامی به‌م پرسه‌ داوه‌ لای تۆ؟ یان حه‌زكردنه‌ له‌ نه‌مری و مانه‌وه‌؟ یان تێڕامانته‌ له‌ ژیانی دوای مردن كه‌ ئه‌فلاتونیه‌كان پی ده‌ڵێن ژیانی هه‌تا هه‌تایی؟ یان مه‌رگ لای تۆ و بۆتۆ چیه‌؟؟؟

وه‌/ وادێته‌بیرم جارێكی ترو له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ترداوه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م داوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ وردیی دیقه‌تی شیعره‌كانی دیوانی “به‌ ته‌نیشت فه‌نابوونه‌وه‌” بده‌یت له‌وێوه‌به‌ ئاشكرا ئه‌م پرسی مردنه‌ سه‌ر ده‌ردێنێت و پاشانیش له‌ شیعره‌كانی دوای ئه‌و دیوانه‌ و زه‌قتریش له‌ قه‌سیده‌ی “ساڵێك له‌ نیگه‌رانیی “دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت.
هه‌ر وه‌ك خۆشت ده‌ڵێیت مه‌رگ به‌ درێژایی مێژوو یه‌كێك بووه‌ له‌ پرسیاره‌جدییه‌كان، به‌ڕای منیش وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ نه‌ هێنده‌ سانایه‌ ونه‌ده‌كرێت به‌ شیعرێك دوان و ڕۆمانێك و وتارێك وه‌ڵام بدرێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ لای من ئه‌م پرسیاره‌ به‌چه‌ندین شێوه‌ وگۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و هه‌رجاره‌ وبه‌ جۆرێك سه‌نگه‌رم لێده‌گرێت.
من هه‌رگیز وه‌ك پرنسیبێكی نه‌گۆڕمه‌رگم خۆش نه‌ویستووه‌ و هه‌ڵوه‌دای هه‌ڵبژاردن و پێك گه‌یشتن نه‌بووم له‌گه‌ڵیدا، به‌ڵكو هه‌میشه‌ ویستوومه‌ له‌ڕێی باس كردن ولێدوان له‌ مه‌رگ، خۆمی لێ دوورخه‌مه‌وه‌ و جۆره‌ ئازایه‌تییه‌كی شاراوه‌ش له‌ خۆمدا دروست بكه‌م و له‌هه‌مان كاتیشدا له‌و هه‌موو غه‌دره‌بدوێم كه‌ مه‌رگ ناغافڵانه‌ لێمانی ده‌كات.

پ/ هه‌ندك كه‌س له‌ خوێنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانتا پیان وایه‌ تۆ زۆر ره‌ِشبینی و بێهیوای به‌رامبه‌ر به‌ژیان؟ ئایا تۆخۆت هه‌ست به‌مه‌ده‌كه‌یت؟ یان پێتوایه‌ پرسیاركردن له‌ ژیان و ئه‌وه‌ی له‌ ناویدایه‌ به‌ مه‌رگیشه‌وه‌ بۆ خۆی بوونی گه‌شبینی و پرۆژه‌ی جدییه‌ بۆ ژیان؟؟؟؟

وه‌/ نازانم تۆ قه‌ت به‌شه‌و به‌ ناو گۆڕستانێكدا یان به‌ چۆڵه‌وانییه‌كدا ڕۆیشتوویت؟ من خۆم زۆرجار له‌و شوێنانه‌دا له‌ ترساو بۆ ئه‌وه‌ی وره‌یه‌ك بده‌مه‌به‌رخۆم كه‌وتوومه‌ته‌ گۆرانیی وتن وله‌ ناخیشه‌وه‌ ترس بڕستی لێبڕیوم، ئه‌م پرسی مه‌رگه‌ش له‌ شیعره‌كانمدا زۆربه‌ی زۆری هی ئه‌وه‌یه‌ كه‌,وه‌ك له‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی پێشوودا ئیشاره‌تم پێدا، ترسی مردن له‌ خۆم بڕه‌وێنمه‌وه‌، من نامه‌وێت بمرم، وه‌ك چۆن هه‌موو جار كه‌ پرسیارمان له‌ نه‌نكم ده‌كرد كه‌ بۆچی له‌ مردن ده‌ترسێت؟ ئه‌ویش ده‌یوت ئاخر به‌ ته‌نها چی بكه‌م له‌و چاڵه‌تاریكه‌دا؟ ڕه‌نگه‌ ئه‌م وه‌ڵامه‌ی نه‌نكم ئه‌گه‌ربه‌ ڕاگوزاریی ته‌ماشای بكه‌یت، ئه‌وه‌نده‌ لای خۆی ڕاتنه‌گرێت، به‌ڵام لای من ئه‌و وه‌ڵامه‌ كۆمه‌ڵێك مانای گه‌وره‌ و سه‌یری له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌.
ڕاسته‌ له‌ هه‌ندێ شیعردا ئه‌و په‌نابردنه‌ به‌ر مه‌رگ هه‌یه‌ وبه‌ تایبه‌تیش له‌ شیعری” ئێواره‌یه‌ك بۆ خۆكوشتن” دا به‌ڵام له‌ هه‌مان كات وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ خه‌وێكی ناخۆش به‌ ئاگاهاتبمه‌وه‌، سامێكم لێنیشتووه‌ و وتوومه‌به‌س نه‌بووخه‌وبوو !
به‌ واتایه‌كیترو ڕاشكاوانه‌ترده‌مه‌وێت جارێكی تریش دووباره‌ی بكه‌مه‌وه‌ هه‌رگیز نامه‌وێت به‌و كۆڵانانه‌داڕه‌تبم كه‌ مه‌رگ بۆسه‌ی خۆی تیاناونه‌ته‌وه‌، هێشتا زۆرشتماوه‌ بمه‌وێت ده‌ستم بیانگاتێ و هه‌ست به‌له‌زه‌تیان بكه‌م و ڕۆشناییه‌كی تریان پێببه‌خشمه‌به‌ر هه‌یوانی فێنكی ژیان، هه‌ر بۆیه‌ نه‌ده‌مه‌وێت و نه‌ده‌شتوانم واز له‌و پرسیاره‌ جددی و له‌ هه‌مان كاتدا ئاڵۆزانه‌ش بهێنم، هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌شه‌وه‌ به‌رده‌وام پرۆژه‌ی ترم ده‌بێت و ئه‌و سه‌ری توونێلی ئه‌و پرسیارانه‌شم لێ دیار نییه‌ .!!!

تیبنی/ ئه‌م دیداره‌ له‌ساڵی 2009 دا سازدراوه‌و له‌ گۆڤاری هه‌ناردا ئه‌و ده‌م بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.




هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش ڕۆمانێك پڕله‌ ململانێ و ئومێدو عه‌شق … شاخه‌وان سدیق.


نوری عه‌شق تاریكی گوناه ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ عه‌شق شێوازێكی نه‌ناسراوی جه‌نگان بێت”
(پاولۆ كۆیلۆ(

له‌ كتێبی (12 نامه‌ بۆ ڕۆمان نوسێكی لاو)دا (بارگاس یۆسا) ئاماژه‌ به‌ گرنگی نووسینی ڕۆمان له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌وه‌ ده‌دات و ده‌ڵێت” ڕۆماننووس ئه‌زموونی ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌پشكنێ‌ و به‌شوێن پایه‌ و پێگه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت تا چیرۆك دابهێنێت، ئه‌مه‌ش هه‌ر به‌ته‌نیا بۆ خاتری ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌و كه‌س و ڕووداو و دیمه‌نانه‌ دووباره‌ بكاته‌وه‌ له‌و كه‌ره‌سته‌ سه‌ره‌تاییانه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی بۆی دابین ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ له‌ نێو دانیشتوانی یاده‌وه‌رییه‌كانیدا ئه‌و سووته‌مه‌نییه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ پێویستێتی تا ئه‌و پرۆسه‌ درێژ و قورسه‌ كه‌ (داڕشتنی ڕۆمانه‌) به‌سه‌ركه‌وتوویی كۆتای پێبهێنێت”
ئه‌گه‌ر له‌م تێڕوانینه‌ی (بارگاس یۆسا) وه‌ بڕوانینه‌ ڕۆمان وه‌ك ژانرێكی گرنگی ئه‌ده‌ب په‌یوه‌ست به‌ژیانه‌وه‌، ئه‌وا تێده‌گه‌ین نووسه‌ر بۆ ده‌یه‌وێت ڕۆمان بنووسێت. یان ئه‌و هه‌سته‌ قووڵه‌ چییه‌ كه‌ وا له‌ مرۆڤ ده‌كات یاده‌وه‌ری به‌گه‌ڕبخات و بیر بكاته‌وه‌، تا له‌ ڕێگایه‌وه‌ ببیستێ‌ و ببینێ‌ و بگێڕێته‌وه‌، نووسینی ڕۆمان ده‌كرێت ته‌نها وه‌ك دروستكردن و گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك لێی بڕوانین؟ یان نه‌خێر له‌ودیو دیواره‌كانی ڕسته‌وه‌ نووسه‌ر به‌دوای جیهانێكی نه‌بینراوی نوێدا ده‌گه‌ڕێت و له‌ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌یدایه‌. هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی (هاشمی ئه‌حمه‌دزاده‌) ده‌ڵێت “كاتێك ڕۆماننووس، ڕۆمانێك ده‌نووسێت، ئه‌و جیهانێكی جیاواز و نوێ‌ ده‌ئافرێنێت، جیهانێك كه‌ دانیشتوان و داموده‌زگای تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌” بۆیه‌ به‌بڕوای من ئه‌گه‌ر ڕۆمان وه‌ك گرنگترین ژانری ئه‌ده‌بی سه‌یر بكرێت هه‌ڵه‌ نییه‌ و مرۆڤ له‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر ڕۆمانێكدا بێ‌ ویستی خۆی به‌سه‌ر دنیایه‌كی نوێ‌ و جیاوازدا ده‌كه‌وێت، ئیتر ئه‌و دنیایه‌ واقیعی بێت یان خه‌یاڵی، گێڕانه‌وه‌ و باسكردن له‌ ڕووداوه‌كانی كۆنبن یان نوێ‌، هی كام سه‌ده‌ و وڵات ‌و نه‌ته‌وه‌بن گرنگ نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ تۆ ڕۆمانێكی شیاو بخوێنیته‌وه‌، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی كاتێك ڕۆمانی (هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش)ی نووسه‌ری فه‌ڕه‌نسی (ئه‌لێكسانده‌ر دۆما) ده‌خوێنیته‌وه‌ به‌ر ئه‌م دنیا نوێیه‌ ده‌كه‌ویت و هه‌ست ده‌كه‌یت به‌ڕاستی كتێبێكی ناوازه‌ و جیاواز ده‌خوێنیته‌وه‌. به‌ جۆرێك كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ڕۆمانه‌كه‌وه‌ نووسه‌ر گه‌مه‌ی گێڕانه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ خوێنه‌رانیدا ده‌ستپێده‌كات و واده‌كات له‌ یه‌كه‌م به‌ریه‌ككه‌وتنتدا و له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌یدا ئیتر تۆ ببیته‌ دیلی ده‌ستی ڕۆمانه‌كه‌ و به‌دوای دێربه‌دێڕی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ی بكه‌ویت. (دۆما) ڕۆمانی (هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش) به‌م سه‌ره‌تا سه‌رنجڕاكێشه‌ ده‌ستپێده‌كات” هه‌میشه‌ شادبه‌ و چێژ له‌ ژیانت وه‌ربگره‌، كاركردن له‌ فه‌رمانگه‌یه‌ك و بوونه‌ كارمه‌ند، به‌س نییه‌ و ژیانێكی خۆشت بۆ دروست ناكات. ژیان واته‌ ئارامی و به‌خته‌وه‌ری و له‌ سه‌روو هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ ژیان واته‌ شادیی، كه‌واته‌ به‌ڕاستی شاد به‌” (ئه‌لێكسانده‌ر دۆما) له‌ (24)ی ته‌موزی ساڵی (1802) دا له‌ گوندێكی نزیك شاری پاریس به‌ ناوی (ویلر كۆتره‌) له‌ دایكبووه‌، له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نیدا جگه‌ له‌ نووسینی ڕۆمان، شانۆنامه‌نووسێكی گه‌وره‌ش بووه‌ و ناسناوی (سوڵتانی پاریسی) به‌هۆی كاره‌كانییه‌وه‌ پێبه‌خشراوه‌، (دۆما) به‌هۆی ڕۆمانه‌ پڕ ڕووداو و سه‌ركێشییه‌كانییه‌وه‌ به‌ یه‌كێك له‌ نووسه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كانی سه‌رده‌می كلاسیكی فه‌ڕه‌نسی داده‌نرێت، ئه‌و خاوه‌نی هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕۆمانه‌كانی (كۆنت مۆنت كریستۆ، سێ‌ تفه‌نگدار، بیست سالا دواتر، هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش، مادام كاملیا و دڵی ژنێك)كه‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ ساڵی (1870) كۆچی دوای كردووه‌. ئه‌گه‌رچی له‌ ماوه‌ی ژیانیشیدا چه‌ندین به‌رهه‌می ناوازه‌ی بڵاوكردۆته‌وه‌ له‌ ڕۆمان و شانۆنامه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاری هه‌واڵنێری كردووه‌ و زۆریش سه‌ركه‌وتوو بووه‌ تیایدا، ڕۆمانی (هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش) یه‌كێكه‌ له‌ ناسراوترین كاره‌كانی ئه‌و، ئه‌م ڕۆمانه‌ كتێبێكی (160) لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره‌ نیو (A4) و ڕووداوه‌كانی به‌پێی گێڕانه‌وه‌ دابه‌شكراوه‌ به‌سه‌ر (33) به‌شدا كه‌ هه‌ریه‌كێك له‌ به‌شه‌كان خاوه‌نی ناونیشانێكی كورته‌ له‌وانه‌ (پیاوێكی خۆشحاڵ، به‌ڵگه‌نامه‌ی نهێنی، ناردنی په‌یام، مردن له‌سه‌ر شه‌قام و ….هیتر) كه‌ هه‌ریه‌كێك له‌م ناونیشانانه‌ وه‌ك كلیله‌ بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌سپێكی چیرۆكه‌كه‌ و خوێندنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی ئه‌و به‌شه‌، بۆ خۆشی چیرۆكی ڕۆمانه‌كه‌ گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی كوڕی بازرگانێكی گوندی (دۆرت) ه‌ له‌ وڵاتی (هۆڵه‌ندا) به‌ناوی (كرنلیۆز ڤان بارل) كه‌ مێژوی چیرۆكی ڕۆمانه‌كه‌ باسكردنه‌ له‌ ساڵی (1672)، كه‌ كورتكراوه‌ی چیرۆكه‌كه‌ش به‌م شێوه‌ییه‌، له‌ وڵاتی هۆڵه‌ندا و له‌یه‌كێك له‌ شاره‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا ساڵانه‌ فیستیڤاڵێكی گه‌وره‌ بۆ نمایشكردنی گوڵی جۆراوجۆری ده‌گمه‌ن و تایبه‌ت ڕێكده‌خرێت، كه‌ پاشای وڵات خۆی سه‌رپه‌رشتی ده‌كات و ئاماده‌ ده‌بێت، له‌ یه‌كێك له‌ فیستیڤاڵه‌كانی ساڵی (1672) خه‌ڵاتێكی گرانبه‌ها به‌بڕی (سه‌د هه‌زار له‌پاره‌ی زێڕ) ته‌رخانده‌كرێت بۆ هه‌ر كه‌سێك كه‌ بتوانێت (هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش) به‌رهه‌م بهێنێت، هه‌ر له‌ یه‌كه‌م ڕۆژیشه‌وه‌ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌ به‌ ناوی (ڤان بارل) ده‌ست ده‌كات به‌ به‌خێوكردنی (خلیسكی) هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش. به‌مه‌به‌ستی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ لاپه‌ڕه‌ (24) ڕۆمانه‌كه‌دا ده‌ڵێت” من دڵنیام ده‌توانم هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش په‌روه‌رده‌ بكه‌م و خه‌ڵاتی سه‌د هه‌زار له‌ پاره‌ی زیڕیش ببه‌مه‌وه‌ و بۆ خه‌ڵكی هه‌ژارو نه‌داری خه‌رج بكه‌م. من له‌ دنیادا ئه‌ناسرێم و له‌ بیری هه‌موو به‌خێوكه‌رانی هه‌ڵاڵه‌دا ده‌مێنمه‌وه‌، ئه‌مه‌وێ‌ ناوی هه‌ڵاڵه‌كه‌م بنێم هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌شی (ڤان بارل)” به‌ڵام دواتر ئه‌م پیاوه‌ به‌هۆكاری وه‌رگرتنی نامه‌یه‌ك له‌ گروپێكی ڕێگه‌ پێنه‌دراو به‌ ناوی (برایانی دی ویته‌) و شاردنه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتداران له‌ ماڵه‌كه‌یدا، ده‌خرێته‌ زیندانه‌وه‌ و نزیكده‌بێته‌وه‌ له‌ له‌ ده‌ستدانی خه‌ونی په‌روه‌رده‌كردن و به‌رهه‌مهێنانی (هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش) به‌ڵام دواتر زیندان چۆكی پێدانادات و گه‌وره‌ی خه‌ونه‌كه‌ی هیچ ڕێگریه‌ك نازانێ‌، هه‌ربۆیه‌ ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی كچی ده‌رگاوانی زیندانه‌كه‌وه‌ كه‌ كچێكی گه‌نجه‌ به‌ ناوی (ڕۆزا) كاره‌كه‌ی جێبه‌جێ‌ بكات. هه‌رچه‌نده‌ باوكی كچه‌كه‌ به‌ توندی دژی كاره‌كه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌، به‌ڵام كچه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ یارمه‌تیدانی زیندانییه‌كه‌ سه‌ره‌تا به‌ هاوكاری كردنی ده‌ستپێده‌كات بۆ به‌رهه‌مهێنانی هه‌ڵاڵه‌كان له‌ باخچه‌ی زیندانه‌كه‌دا به‌ ڕێنمونی (ڤان بارل) تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی ورده‌ ورده‌ كچه‌ عه‌شقی كابرای زیندانیكراو ده‌بێت، ئه‌گه‌رچی جیاوازی ته‌مه‌نیشیان زۆره‌، له‌ سه‌ره‌تاشدا كابرا عه‌شقه‌كه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ خه‌می گه‌وره‌ و عه‌شقی یه‌كه‌می ئه‌و ته‌نها هه‌ڵاڵه‌كانه‌، به‌ڵام دواتر ئه‌ویش عه‌شقی (ڕۆزا) ده‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ درێژه‌ی چیرۆكه‌كه‌دا و له‌ لاپه‌ڕه‌ (65)دا ده‌ڵێت” (ڤان بارل) شه‌وان نه‌یئه‌توانی بنوێ‌، بێخه‌وی ئه‌و له‌به‌ر هه‌ڵاڵه‌كانی نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌ستی ئه‌كرد خه‌می له‌ ده‌ستدانی ڕۆزا، له‌ خه‌می له‌ ده‌ستدانی هه‌ڵاڵه‌كانی زیاتره‌. كاتێكیش كه‌ خه‌وی لێده‌كه‌وت به‌رده‌وام خه‌ونی ڕۆزای له‌سه‌ردابوو”
ئه‌گه‌رچی ئه‌م چیرۆكه‌ دورو درێژو پڕ له‌ ڕوداوی خۆش و ناخۆشه‌. به‌ڵام پڕتاموچێژه‌ و له‌كۆتای ڕۆمانه‌كه‌شدا شادی و خۆشی ده‌ستپێده‌كات، ئه‌ویش دوای به‌رهه‌مهێنانی هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش و دزینی له‌لایان كه‌سێك به‌ناوی (ژانكوپ)وه‌ و دواتر گه‌رانه‌وه‌ی بۆ خاوه‌نه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی له‌لایان پاشای وڵات و جگه‌ له‌ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی سه‌د هه‌زارپاره‌ی زێر به‌ به‌یه‌كگه‌یشتنی دوو عاشقه‌كه‌ كۆتای به‌ چیرۆكه‌ تراژیدیه‌كه‌ دێت و ناوی هه‌ڵاڵه‌كه‌ش ده‌نرێت، هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌شی ( ڕۆزا ڤان بارل).
ئه‌م شاكاره‌ی (دۆما) به‌ زمانێكی كوردی جوانی پاراو له‌ لایه‌ن هاوڕێی وه‌رگێر(جه‌بار سابیر)ه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی و بڕیاره‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا چاپ و بڵاوبكرێته‌وه‌، بۆ خۆشی ڕۆمانه‌كه‌ به‌ شێوه‌ی دیالۆگی كورت و به‌رده‌وام له‌ لایه‌ن كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌وه‌ و له‌ ڕێگه‌ی گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌موو شتزانه‌وه‌ چیرۆكه‌كه‌ ده‌گێڕدرێته‌وه‌ و ئه‌ویش به‌ شێوه‌ی ڕسته‌ و ڕووداوی كورت بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر نه‌ك بێزار نه‌بێت له‌ خوێندنه‌وه‌ی، به‌ڵكو هۆگری به‌سه‌رهاته‌كانی خۆی بكات، من له‌م نووسینه‌مدا ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر دوو ئاست باس له‌ گرنگی ئه‌م ڕۆمانه‌ بكه‌م.

یه‌كه‌م/ قووڵی تێمای چیرۆك و ئاستی به‌رزی گێڕانه‌وه‌.

به‌ بڕوای من هه‌موو مرۆڤێك گه‌ر نووسه‌ریش نه‌بێت و توانای داڕشتن و خوڵقاندنی تێكستیشی نه‌بێت، ئه‌وا خاوه‌نی چیرۆكگه‌لێكه‌ كه‌ هه‌ركات ده‌رفه‌تی بدرێت ده‌توانێت بیگێڕێته‌وه‌. هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی (ماركیز)یش ده‌یوت” من ده‌ژیم بۆ ئه‌وه‌ی دواتر بگێڕمه‌وه‌” به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆ ده‌ته‌وێت (چی و چۆن) چیرۆكه‌كانی خۆت ده‌گێڕیته‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وكاته‌ی به‌رامبه‌ر كاغه‌ز و قه‌ڵم دۆشداده‌مێنیت و له‌ به‌رده‌م مێزی نووسینێكدا بڕیارده‌ده‌ی ببیته‌ نووسه‌ر و بنووسیت. به‌ بڕوای من له‌مه‌دا (دۆما) زۆر سه‌ركه‌وتووبووه‌ هه‌م له‌ شێوازی هه‌ڵبژاردن و دروستكردنی چیرۆكه‌كه‌دا و هه‌م له‌ شێوازی ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌یدا. كه‌ زۆر شاره‌زایانه‌ هه‌ر دووكیانی پێكه‌وه‌ به‌ستووه‌، بۆخۆشی ئه‌م نووسه‌ره‌ به‌ نووسه‌ری درامی پڕ ڕووداوی سه‌ركێش ناسراوه‌ له‌ كاره‌كانیدا و له‌ كه‌مترین گێڕانه‌وه‌دا زۆرترین ڕووداو ده‌خوڵقێنێت و چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌دۆزێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ چیرۆكه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌ بۆ خوێنه‌رن و جگه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی ئاسایش هه‌میشه‌ په‌یام له‌ نووسینه‌كانیدا هه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ خۆی هه‌واڵنێربووه‌ و له‌و بواره‌دا كاری كردووه‌. بۆیه‌ كاره‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌ خاوه‌نی چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندین و خوێنه‌ر هه‌ر زوو له‌ په‌یامی پشت ناوه‌رۆكی كاره‌كانی ده‌گات وه‌ك ئه‌وه‌ی (ئه‌دگار ئالان پۆش ده‌یوت: ” له‌ ده‌ستپێكی چیرۆكدا خوێنه‌ر تێده‌گات ئه‌و چیرۆكه‌ چی له‌ هه‌گبه‌كه‌یدایه‌ بۆ خوێنه‌ره‌كه‌ی”.

دووه‌م/ ئاستی به‌رزی زمان گرنگیدان به‌ ناونیشان.

بیگومان یه‌كێك له‌ پایه‌ گرنگه‌كانی ڕاكێشانی خوێنه‌ر بۆ هه‌ر كتێبێك به‌ بڕوای من و بۆ من دوو خاڵی زۆر گرنگ و سه‌ره‌تایین كه‌ ئه‌وانیش (ناونیشان و ده‌ستپێكن) چونكه‌ هه‌ر دوو ئه‌م لایه‌نه‌ ده‌بنه‌ گرێبه‌ستی سه‌ره‌تای نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ر له‌ هه‌ر كتێبێكدا. (پی.دی.جێمز) له‌ باره‌ی گرنگی ناونیشانی كتێبه‌وه‌ ده‌ڵێت” به‌بڕوای من ناونیشانی كتێب زۆر گرنگی هه‌یه‌ و دۆزینه‌وه‌ی ناوی گونجاو كارێكی سه‌خته‌، من ناونیشانی كتێب، یان زۆر زوو بێ‌ هیچ گرفتێك ده‌دۆزمه‌وه‌، یان زۆر درێژه‌ ده‌كێشێت و به‌زه‌حمه‌ت ده‌یدۆزمه‌وه‌” لێره‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری ناونیشانی ڕۆمانه‌كه‌ی (دۆما)ش بكه‌ین (هه‌ڵاڵه‌ی ڕه‌ش) ئه‌گه‌رچی ناوێكی ساده‌یه‌، به‌ڵام زۆر سه‌رنجڕاكێش و جوانه‌ و هه‌ر زوو هه‌ستی خوێنه‌ر بۆ خۆی ڕاده‌كێشێت، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌و زمانه‌ بێگروگۆڵه‌ی كه‌ نووسه‌ر به‌كاری هێناوه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌یدا و خۆشبه‌ختانه‌ش دووباره‌ وه‌رگێڕی ئه‌م كتێبه‌ (جبار سابیر) سه‌ركه‌وتووبووه‌ له‌ زیره‌كانه‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م زمانه‌ جوان و شیعری و پاراوه‌ی (ئه‌لكسه‌نده‌ر دۆمادا)، چونكه‌ وه‌ك (كاروان كاكه‌سور) ده‌ڵێت” زمان مه‌رجی یه‌كه‌می داهێنانه‌ بۆ هه‌ر نووسه‌رێك”

ده‌ره‌نجام:
خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر ڕۆمانێكی سه‌ركه‌وتوو بۆمن، گه‌یشتنه‌ به‌ تامی ئه‌و چێژه‌ ڕاسته‌قینه‌ی كه‌ ته‌نها خۆم له‌ كاتی مژین و كرماندنی دێڕه‌كانیدا وه‌ك نوقڵ هه‌ستی پێده‌كه‌م،(هاشمی ئه‌حمه‌دزاده‌) له‌ كتێبی (جیهانی ڕۆمان)دا به‌م جۆره‌ وه‌سفی ڕۆمانی سه‌ركه‌وتوو ده‌كات” ڕۆمانی سه‌ركه‌وتوو تێگه‌یشتنی ئێمه‌ له‌مه‌ڕ جیهانی واقیع، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو و كاریگه‌ر، قووڵتر و تیژتر ده‌كات” كه‌ ده‌كرێت بڵێم خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ی (دۆما)ش بۆ من یه‌كێك بوو له‌ هۆكاره‌كان به‌ گه‌یشتن به‌و چێژه‌ ڕاسته‌قینه‌ی كه‌ ده‌كرێت هه‌ر خوێنه‌رێك له‌ دوای خوێنده‌وه‌ی هه‌ر كتێبێكی باشه‌وه‌ پێی بگات. چیرۆكی ئه‌م ڕۆمانه‌ پڕه‌ له‌ وانه‌كانی (ساده‌ی، بڕوابه‌خۆبوون و كۆڵنه‌دان، ڕاستگۆیی و گه‌وره‌یی عه‌شق و گه‌یشتن به‌ خه‌ونه‌ گه‌وره‌كانی مرۆڤ) ئه‌گه‌ر مرۆڤ خۆی ئیراده‌ و بڕوای به‌ گه‌یشتن به‌ خه‌ونه‌كانی هه‌بێت. ده‌رباره‌ی ئه‌مه‌ وته‌یه‌كی (پاولۆ كۆیلیۆ) هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت” له‌ ژیاندا چه‌ندانجار خه‌ونه‌كانمان هه‌ره‌سیان هێناوه‌ و ئاره‌زووه‌كانمان به‌ ناكامی ده‌بینین، به‌ڵام ده‌بێت درێژه‌ به‌ خه‌ونبینین بده‌ین، ئه‌گه‌رنا ڕۆحمان ده‌مرێت و عه‌شق ناتوانێت به‌فریای بگات” ماوه‌ته‌وه‌ بڵین دووباره‌ سوپاس بۆ هاوڕێی وه‌رگێڕ(جه‌بار سابیر) بۆ وه‌رگێڕانی ئه‌م شاكاره‌ی (ئه‌لێكسانده‌ر دۆما) و ناساندنی به‌ خوێنه‌رانی كتێبخانه‌ی كوردی، به‌هیوام ئێوه‌ش پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌، وه‌ك من چێژ له‌ خوێندنه‌وه‌ی ببینن.

بۆ ئه‌م نوسینه‌ سودم له‌م كتێبانه‌ وه‌رگرتووه‌.
1- 12 نامه‌ بۆ ڕۆمان نوسێكی لاو_ فارگاس یۆسا_ وه‌گێڕانی_ شیرین.ك
2- جیهانی ڕۆمان _ كۆمه‌ڵه‌وتار _ هاشم ئه‌حمه‌د زاده‌
3- ستاتیكای گێڕانه‌وه‌_ لێكۆلینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی_ ئارام سدیق
4- حه‌كیمانه‌ _ پاولۆ كۆیلیۆ_ وه‌رگێڕان _ كارا فاتیح.




دیدار، ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان و گرفته‌كانی له‌ گه‌ڵ وه‌رگێڕ كه‌ریم په‌ڕه‌نگ

كه‌ریم په‌ڕه‌نگ:
وه‌رگێڕان نووسینه‌وه‌ی ده‌قێكی نوێیه‌ به‌ زمانێكی تر

له‌ ئێستاداو له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌ دونیای ئه‌ده‌بیدا شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه‌ بیانیه‌كان به‌دی ده‌كرێت، كه‌ ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ هه‌یانه‌ له‌ زمانی یه‌كه‌مه‌وه‌و هه‌یانه‌ له‌ دووه‌م‌و سێیه‌مه‌وه‌ وه‌رده‌گێردرێن، به‌بێئه‌وه‌ی به‌دونیای ڕه‌خنه‌یداو به‌ بێ هیچ فلته‌رێكی ئه‌كادیمیدا تێپه‌ڕببن، بۆ زیاتر قسه‌كردن ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ پێویستمان زانی ئه‌م دیداره‌، ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان و گرفته‌كانی له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ گه‌ڵ وه‌رگێڕی به‌توانا (كه‌ریم په‌ڕه‌نگ)دا ساز بده‌ین،
سازدانی: شاخه‌وان سدیق

پ/ هه‌میشه‌ ده‌وترێت وه‌رگێڕان نووسینه‌وه‌ی ده‌قێكی نوێیه‌ له‌ لایه‌ن كه‌سی وه‌رگێڕه‌وه‌، ئێوه‌ چۆن له‌مه‌ ده‌ڕوانن؟ پێتان وایه‌ وه‌رگێڕان ده‌توانێت ڕۆحی زیندووی تێكسته‌كان بگوازێته‌وه‌؟

وه‌/ هه‌وڵ ده‌ده‌م وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ت به‌ پێچه‌به‌ده‌وه‌رانێك بده‌مه‌وه‌ و دواییتر ڕاسته‌وخۆتر بۆ پرسیاره‌كه‌ت بگه‌ڕێمه‌وه‌. له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ یه‌ك پرسیار نییه‌، به‌ڵكو دوو پرسیاری تا ڕاده‌یه‌ك له‌ یه‌كتر جیاوازن. حه‌ز ده‌كه‌م به‌ پێناسه‌یه‌كی ساده‌ی وه‌رگێڕان ده‌ست پێ بكه‌م: گواستنه‌وه‌ی ده‌قێك له‌ زمانی سه‌رچاوه‌وه‌، واته‌ ئه‌و زمانی لێیه‌وه‌ وه‌رده‌گێڕین، بۆ زمانی مه‌به‌ست، واته‌ ئه‌و زمانه‌ی بۆی وه‌رده‌گێڕین كه‌ من باسی وه‌رگێڕان ده‌كه‌م به‌ ئاستی یه‌كه‌م مه‌به‌ستم وه‌رگێڕانی ده‌قه‌، واته‌ ده‌قی نووسراو له‌ زمانێكه‌وه‌ بۆ زمانێكی تر به‌ نووسین، واته‌ من مه‌به‌ستم وه‌رگێڕانی ده‌قه‌، به‌ پله‌ی یه‌كه‌میش وه‌رگێڕانی ده‌قی ئه‌ده‌بییه‌، چونكه‌ من وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بی له‌ وه‌رگێڕانی پزیشكی و زانستی جودا ده‌كه‌مه‌وه‌، دواییتر ئه‌م مه‌به‌سته‌م باشتر ڕوون ده‌كه‌مه‌وه‌.
وه‌رگێڕ ده‌قێك له‌ كۆدی زمانێكه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت باش شاره‌زای بێت بۆ كۆدی زمانێكی تر كه‌ ده‌بێت زۆر باش شاره‌زای بێت وه‌رده‌گێڕێت، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌رگێڕ ده‌قێكی ئاماده‌ی له‌ به‌رده‌ستدایه‌ ده‌قێكی نوێ ده‌خوڵقێنێت و ده‌قێكی هه‌تا ئه‌و كاته‌ له‌ئارادانه‌بوو به‌ زمانی مه‌به‌ست به‌رهه‌م ده‌هێنێت، ده‌توانێن به‌ زمانێكی ساده‌ بڵێین، وه‌رگێڕ داهێنه‌ری ده‌قه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كه‌یه‌. وه‌كو چۆن داهێنان به‌هره‌ و سه‌لیقه‌ و كارامه‌یی و ده‌ستڕه‌نگینیی و ڕۆشنبیرییه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌بێت ئه‌م ئه‌دگارانه‌ له‌ كه‌سایه‌تی وه‌رگێڕدا هه‌بن. وه‌رگێڕان ته‌نیا پردی نێوان دوو زمان نییه‌، به‌ڵكو پردی نێوان دوو كه‌لتووریشه‌. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ زانینی زمانه‌وه‌ هه‌بێت ئه‌وه‌ به‌س نییه‌ وه‌رگێڕ دوو زمان باش بزانێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ پێوه‌ری وه‌رگێڕان بێت هه‌ر كه‌سێك دوو زمان بزانێت ده‌توانێت ببێته‌ وه‌رگێڕ. وه‌رگێڕ ده‌بێت شاره‌زای تێكڕای دوو زمانه‌كه‌ بێت، هه‌ر له‌ وشه‌سازیی و ڕسته‌سازیی و ئیدیۆمه‌وه‌ هه‌تا گه‌مه‌كانی تری زمان. ده‌بێ ئامانجی هه‌موو وه‌رگێڕانێك به‌ ڕه‌چاوكردنی هه‌موو هه‌ل و مه‌رجه‌ جیاوازه‌كان گواستنه‌وه‌ی گوته‌ی زمانی سه‌رچاوه‌ بۆ زمانی مه‌به‌ست به‌ بێ له‌ ده‌ستدانی مانا بێت. ئامانجی وه‌رگێڕانی باش هێنانه‌ئاراوه‌ی هاوسه‌نگییه‌كه‌ له‌ نێوان په‌یامی ده‌قی سه‌رچاوه‌ و مانای ده‌قی زمانی مه‌به‌ست، واته‌ فه‌راهه‌مكردنی ئه‌وه‌ی، كه‌ وه‌رگێڕان له‌ كه‌لتووری زمانی مه‌به‌ستدا هه‌مان په‌یام به‌ وه‌رگره‌كانی بگه‌یه‌نێت، وه‌كو ئه‌و په‌یامه‌ی ده‌قی كه‌لتووری سه‌رچاوه‌ نه‌ وه‌رگره‌كانی ده‌گه‌یه‌نێت. بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رگێڕ به‌م ئامانجه‌ بگات، ده‌بێ له‌ وه‌رگێڕاندا مه‌رجه‌كانی ناوكۆیی، ڕێزمانی زمانی مه‌به‌ست، شێوه‌ی گوزارشت، شێواز، ئیدیۆم و گه‌مه‌كانی تری نووسین ڕه‌چاو بكات، كه‌ هه‌ندێ جار كاریگه‌ریی سنوورداركه‌ریان بۆ سه‌ر وه‌رگێڕ و وه‌رگێڕانه‌كه‌ هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌نجامگیریی ئه‌م قسانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بكه‌ین له‌ ناوكۆدا ده‌مه‌وێت بڵێم وه‌رگێڕان نووسینه‌وه‌ی ده‌قێكی نوێیه‌ به‌ زمانێكی تر كه‌ كۆده‌كانی له‌ گه‌ڵ زمانی سه‌رچاوه‌ جیاوازه‌. واته‌ ئه‌مه‌ له‌به‌ر گرتنه‌وه‌ و نووسینه‌وه‌ی ده‌قێك نییه‌ به‌ڵكو خوڵقاندنی ده‌قێكه‌ كه‌ ته‌نیا سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌قێكی تره‌ كه‌ به‌ زمانێكی تر نووسراوه‌. وه‌رگێڕ كه‌ ده‌قێك وه‌رده‌گێڕێت به‌ ڕێزمانی زمانی سه‌رچاوه‌ وه‌ری ناگێڕێت، به‌ڵكو به‌ ڕێزمانی زمانی مه‌به‌ست، وه‌رگێڕ گه‌مه‌ له‌ زمانی سه‌رچاوه‌دا ناكات، به‌ڵكو له‌ ده‌قی مه‌به‌ستدا، وه‌رگێڕ ده‌قی سه‌رچاوه‌ داناڕێژێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌قێكی نوێ به‌ زمانێكی تر داده‌هێنێت ڕێك ده‌توانین به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه‌ت یه‌كسان بكه‌ین به‌وه‌ی جیاوازیی له‌ نێوان وه‌رگێڕانی باش و وه‌رگێڕانی خراپدا چییه‌؟
من له‌و بڕوایه‌دام هه‌موو وه‌رگێڕێك كه‌ بڕیار ده‌دات ده‌قێك له‌ زمانێكه‌وه‌ بۆ زمانێكی تر وه‌ربگێڕێت، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ ڕوحی ده‌قێك له‌ زمانی سه‌رچاوه‌وه‌ بۆ زمانی مه‌به‌ست وه‌ربگێڕێت، به‌ڵام ئیتر ئایا مه‌به‌سته‌كه‌ی ده‌پێكێت و به‌ ئامانج ده‌گات پرسیاره‌كه‌ لێره‌دایه‌. ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ چین له‌ به‌رده‌ستی وه‌رگێڕدان؟ زانینی زمانی سه‌رچاوه‌، زانینی زمانی مه‌به‌ست، زاڵبوونی به‌ سه‌ر هه‌ل و مه‌رجه‌كانی داڕشتن و كۆده‌كاندا. هاوسه‌نگیی له‌ نێوان ده‌قی سه‌رچاوه‌ و ده‌قی مه‌به‌ستدا گرنگترین خاڵن كه‌ وه‌رگێڕ ده‌بێ ڕه‌چاوی بكات، هاوسه‌نگیی به‌ مانای یه‌كسانیی نایه‌ت، یه‌كسانیی له‌ وه‌رگێڕاندا مه‌حاڵه‌، وه‌رگێڕ له‌ باشترین حاڵه‌تدا ته‌نیا ده‌توانێ ده‌قێك بنووسێت هه‌تا بكرێت له‌ ده‌قی سه‌رچاوه‌وه‌ نزیك بێت، ده‌مه‌وێ بڵێم وشه‌ و ڕسته‌ و ده‌سته‌واژه‌وه‌ وه‌رناگێڕدرێت به‌ڵكو ده‌ق وه‌كو سه‌رجه‌م وه‌رده‌گێڕدرێت.

وه‌رگێڕان كاتێك ده‌توانێت ڕۆحی زیندووی ده‌قێك بگوازێته‌وه‌:

١ ده‌ستپاكیی گواستنه‌وه‌ی ده‌قی سه‌رچاوه‌ بۆ ده‌قی مه‌به‌ست، به‌ پێی ئه‌وه‌ی وه‌رگێڕانه‌كه‌ تا چ ئاستێك توانیویه‌تی مانای ده‌قی سه‌رچاوه‌ بگوێزێته‌وه‌، هه‌تا بكرێت به‌ بێ زیادكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌.
٢ ڕوونیی – ئه‌و ئاسته‌ دیاری ده‌كات، كه‌ وه‌رگێڕان بۆ زمانی مه‌به‌ست چه‌ند بۆ سه‌ر وه‌رگری زمانی مه‌به‌ست له‌ ڕێی ده‌قه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كه‌وه‌ كاریگه‌ر بووه‌، ئایا ده‌قه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كه‌ ده‌توانێت هه‌مان كارگه‌ریی به‌ سه‌ر وه‌رگری ده‌قی مه‌به‌سته‌وه‌ هه‌بێت وه‌كو به‌ سه‌ر وه‌رگری ده‌قی سه‌رچاوه‌وه‌ هه‌یبووه‌، یان ئایا ئه‌گه‌ر ده‌قه‌كه‌ به‌ زمانی مه‌به‌ست بنووسرابایه‌ هه‌مان كاریگه‌ریی به‌ سه‌ر وه‌رگره‌كه‌وه‌ ده‌بوو، ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ش خاڵێكی تره‌ بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی وه‌رگێڕان خوڵقاندنی ده‌قێكی نوێیه‌.
٣ ئایا ده‌قه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كه‌ ده‌توانێت جێ به‌ ده‌قه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ له‌ق بكات. ئایا ده‌قی وه‌رگێڕدراو ده‌توانێت قه‌ناعه‌ت به‌و كه‌سانه‌ بكات كه‌ به‌ زمانی تر ده‌قه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ ده‌خوێننه‌وه‌، ده‌قه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌یان پێویست نه‌مێنێت و ده‌قه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كه‌ی له‌ جێ دابنێن؟ ئه‌گه‌ر دوای به‌راورد خوێنه‌ره‌كه‌ توانی متمانه‌ به‌ ده‌قه‌ وه‌رگێڕدراوه‌كه‌ بكات، ئه‌وا وه‌رگێڕ ده‌توانێت زۆر ئاسووده‌ بێت

پ/ ئێستا له‌ كوردستان پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان له‌ زمانی دووه‌م و سێیه‌مه‌وه‌ ده‌كرێت، پێتان وایه‌ ئه‌م جۆره‌ وه‌رگێڕانه‌ وه‌رگێڕانی زیندوبێت، ئایا تا چه‌ند ده‌قه‌كه‌ جوانیی خۆی ده‌پارێزێت له‌م جۆره‌ وه‌رگێڕانانه‌دا.

من له‌و بڕوایه‌دام كه‌ تۆ باسی زمانی دووه‌م و سێیه‌م ده‌كه‌ی زیاتر مه‌به‌ستت زمانی عه‌ره‌بی و فارسی بێت. چونكه‌ باوه‌ڕ ناكه‌م كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ بێت، ئه‌گه‌ر ده‌قێك له‌ زمانی فه‌ره‌نسییه‌وه‌ كرابێته‌ ئینگلیزیی و له‌ زمانی ئینگلیزییه‌وه‌ بكرێته‌ كوردی. ئه‌گه‌رچی خۆم تێبینییه‌كی زۆرم له‌ باره‌ی وه‌رگێڕانه‌وه‌ له‌ زمانی دووه‌م و سێیه‌مه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌رچی وه‌رگێڕ ده‌ق له‌ كۆدی زمانێكه‌وه‌ بۆ كۆدی زمانێكی تر وه‌رده‌گێڕێت. ئه‌گه‌رچی وه‌رگێڕ ده‌ق له‌ زمانێكه‌وه‌ بۆ زمانێكی تر وه‌رده‌گێڕێت، به‌ڵام زمان خۆی هه‌ڵگری نه‌ك ته‌نیا ڕێنماییه‌كانی زمانه‌ به‌ڵكو به‌شێكی زمان كه‌لتووریشه‌. گۆران له‌ شێعری “ده‌روێش عه‌بوڵڵا”دا ده‌ڵێ: “وه‌كو عه‌كسی قه‌مه‌ر وایه‌ له‌ ناو حه‌وزێكی لێخندا”، من وه‌رگێڕان له‌ زمانی دووه‌م و سێیه‌مه‌وه‌ به‌و عه‌كسی قه‌مه‌ره‌ ده‌بینم له‌ ناو حه‌وخێكی لێخندا.له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌كو نه‌ته‌وه‌كه‌ی ئێمه‌ كه‌ كتێبخانه‌یه‌كی هه‌تا بڵێی هه‌ژارمان هه‌یه‌ و وه‌رگێڕمان له‌ زمانه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ كه‌مه‌ یان بۆ هه‌ندێ زمان وه‌رگێڕمان نییه‌ چارمان چییه‌ ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕه‌كان له‌ زمانی دووه‌م و سێیه‌مه‌وه‌ وه‌رگێڕان نه‌كه‌ن؟ چه‌ند وه‌رگێڕمان هه‌یه‌ یۆنانی بزانن و “زۆربا” و ڕٶمانه‌كانی تری كازانزاكیمان بۆ وه‌ربگێڕن؟ چه‌ند وه‌رگێڕمان هه‌یه‌ ڕووسی بزانن و تۆڵستۆی و دۆسته‌یه‌ڤسكی و پوشكین و چێخه‌ف و ئولیتسكایامان بۆ وه‌ربگێڕن، چه‌ند ئیسپانیزانمان هه‌یه‌ لۆركا و ماركیز و زافۆن و مێندۆزامان بۆ وه‌ربگێڕن. له‌ ئێستادا ئه‌م وه‌رگێڕانانه‌ له‌ زمانی دووه‌م و سێیه‌وه‌ بۆ زمانی كوردی تاقه‌ ده‌لاقه‌یه‌كن به‌ سه‌ر به‌شێكی ئه‌دبێ جیهانیدا بڕوانێت. به‌ڵام لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئایا تینووێتی خوێنه‌ری كورد به‌و وه‌گێڕانانه‌ ده‌شكێن؟ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ وه‌رگێڕمان نه‌بێت ژاپۆنی بزانێت، دوو بژارده‌مان له‌ به‌رده‌مدایه‌: یان ده‌بێ ڕۆمانه‌كانی هاروكی موراكامی نه‌خوێنینه‌وه‌، یان به‌ ناچاریی له‌ زمانێكی تره‌وه‌ وه‌ری بگێڕین كه‌ زمانی یه‌كه‌م نییه‌. ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوان بووینایه‌ كه‌سێك له‌ زمانی یه‌كه‌مه‌وه‌ هه‌ندێ به‌رهه‌ممان بۆ وه‌ربگێرێت ڕه‌نگ بوایه‌ ئێمه‌ له‌ ژیانماندا ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ به‌ كوردی نه‌خوێنینه‌وه‌.
به‌ڵام هه‌ندێ شتیش هه‌ن مایه‌ی سه‌رسووڕمان و نیگه‌رانین، وه‌رگێڕیك كه‌ هۆڵه‌ندی ده‌زانێت، وه‌كو ئه‌ده‌بی هۆڵه‌ندی زۆر هه‌ژار بێت، ده‌چێت ڕۆمانێكی سویدی كه‌ بۆ هۆڵه‌ندی وه‌رگێڕداوه‌ بۆ كوردی وه‌رده‌گێڕێت. هه‌رگیز هێنده‌ی ئێستا كوردی باشوور له‌ هه‌نده‌ران و وڵاته‌ جیاوازه‌كان نه‌ژیاون، زمانی جیاواز فێر بوون، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ بواری وه‌رگێڕاندا ڕه‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه‌.ڕٶمانی “دۆستایه‌تییه‌ مه‌ترسیداره‌كان”ی هاروكی موراكامی له‌ زمانی ژاپۆنییه‌وه‌ بۆ ئینگلیزی وه‌رگێڕدرابوو. پاشان له‌ ئینگلزییه‌وه‌ كرا به‌ ئه‌ڵمانی. هه‌ر زوو ڕه‌خنه‌گر و ژاۆنناس و موراكامیناسه‌كان كه‌وتنه‌ هه‌را و وتیان كۆمه‌ڵگای ژاپۆنی كۆمه‌ڵگایه‌كی كۆنزه‌رڤاتیڤه‌ و خه‌ڵكی ژاپۆن به‌و جۆره‌ی ڕۆمانه‌كه‌ بازاڕیی نییه‌، پاشان ڕاسه‌وخۆ له‌ زمانی ژاپۆنییه‌وه‌ بۆ ئه‌ڵمانی وه‌رگێڕدرا، به‌ ڕاستی ڕۆمانه‌كه‌ به‌و زمانه‌ نه‌نووسراوه‌ و ده‌قه‌ ئینگلزییه‌كه‌ زۆر له‌گه‌ڵ كه‌لتووری ئه‌مه‌ریكیدا گونجێنراوه‌. هه‌موو وه‌رگێڕانێك كه‌مێك له‌ جه‌وهه‌ره‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش له‌ زمانێكی تر و له‌ كه‌لتوورێكی تر وه‌ری بگێڕین دوو هه‌نگاو له‌ زمانه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ دوور ده‌كه‌وینه‌وه‌.

پ/ ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌كیانه‌ چین كه‌ ده‌بێت له‌ كه‌سی وه‌رگێڕدا هه‌بن، ئایا زانینی زمانێك به‌ته‌نها ده‌توانێ وا له‌ مرۆڤ بكات توانای وه‌رگێڕانی تێكسته‌كانی هه‌بێت، وه‌رگێڕان پیشه‌یه‌ یان زانسته‌ یان هونه‌ره‌.

زانینی دوو زمان بنه‌مه‌یه‌كی تۆكمه‌ نییه‌ بۆ وه‌رگێڕان. ئه‌گه‌ر كه‌سێك دوو زمان به‌ باشی بزانێت ڕه‌نگ بێت بتوانێت له‌ دادگایه‌ك، له‌ فه‌رمانگه‌یه‌ك، له‌ وه‌زاره‌تێكدا وه‌رگێڕانی زاره‌كی یان نووسراو بكات. ته‌نیا توانای وشه‌ و ڕێزمانی دوو زمان به‌س نییه‌ بۆ وه‌رگێڕان. بێگومان ئێمه‌ به‌ هه‌مان ئاست به‌ سه‌ر زماندا زاڵ نین. ئه‌گه‌ر زانینی دوو زمان به‌س بوایه‌ بۆ وه‌رگێڕان ده‌بوو زانینی زمانێكیش به‌س بوایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ ببنه‌ نووسه‌ر. لێره‌دا ده‌بێت جیاوازیی له‌ نێوان وه‌رگێڕانی ده‌قی ئه‌ده‌ب له‌ ده‌قی زانستیی، ده‌قی سیاسیی، ده‌قی سیسیۆلۆژی و فه‌لسه‌فی و پزیشكی بكه‌ین، توانای وه‌رگێڕان ته‌نیا توانای زاڵبوون به‌ سه‌ر دوو زماندا نییه‌، به‌ڵكو قووڵبوونه‌وه‌شه‌ له‌و بواره‌دا كه‌ لێیه‌وه‌ وه‌رگێڕان ده‌كات. من له‌و بڕوایه‌دا نیم كه‌سێك چه‌ند سه‌د دیوانه‌ شیعری به‌ دوو زمانه‌كه‌ نه‌خوێندبێته‌وه‌ بتوانێت ده‌قێكی شیعریی به‌ باشی وه‌ربگێڕێت، كه‌سێك چه‌ند سه‌ت ڕۆمانێكی به‌ هه‌ردوو زمانه‌كه‌ خوێندبێته‌وه‌ ناتوانێت ڕۆمان وه‌ربگێڕێت. له‌ حاڵه‌تی وه‌رگێڕانی ده‌قی ئه‌ده‌بیدا نه‌ك ته‌نیا دوو سیسته‌می جیاوازی زمان، دوو كۆدی جیاوازی زمان، به‌ڵكو دوو ئه‌ده‌بی جیاواز، دوو كه‌لتووری جیاوازی دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاواز به‌ر یه‌ك ده‌كه‌ون. وه‌رگێڕه‌ باشه‌كان ئه‌و وه‌رگێڕانانه‌ نین كه‌ ته‌نیا دوو زمان به‌ باشیی ده‌زانن، به‌ڵكو كه‌سانێكن به‌رده‌وام ڕۆشنبیریی و مه‌عریفه‌ی خۆیان ده‌خه‌مه‌ڵێنن و قووڵتری ده‌كه‌نه‌وه‌.
ئه‌م به‌شه‌ی دووه‌می پرسیاره‌كه‌تم زۆر به‌ دڵه‌. ئێمه‌ وه‌كو پیشه‌ وه‌رگێڕمان زۆر كه‌مه‌. ئیتر وه‌رگێڕه‌كانمان یان شاعیر و چیرۆكنووس و ڕۆماننووسن و له‌ بوارێك له‌ بواره‌كانی ئه‌ده‌بدا داهێنه‌رن و وه‌گێڕانیش ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ خاڵێكی ئه‌رێنییه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م داهێنه‌ره‌ له‌ كاتی وه‌رگێڕاندا وه‌كو وه‌رگێڕ بیر بكاته‌وه‌ و زمانی شیعر، ڕۆمان، یان هه‌ر بوارێكی تر به‌ سه‌ر وه‌رگێڕانه‌كه‌یدا زاڵ نه‌بێت و بابه‌تییانه‌ وه‌ربگێڕێت. ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕ له‌ وه‌رگێڕاندا قووڵ ببێته‌وه‌ پاش ماوه‌یه‌ك زیاتر خه‌ریكی وه‌رگێڕان ده‌بێت و وه‌رگێڕان هێنده‌ سه‌رقاڵی ده‌كات كه‌متر خه‌ریكی نووسینی به‌رهه‌می خۆی بێت، چه‌ندان نموونه‌ی زیندووشم له‌ به‌رده‌مدایه‌. به‌ڵام وه‌رگێڕیش هه‌یه‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ هیچ بوارێكی تردا داهێنانی پێ ناكرێت، ڕوو ده‌كاته‌ وه‌رگێڕان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بواره‌كه‌دا بمێنێته‌وه‌.
ڕاسته‌ وه‌رگێڕان له‌ دونیای ئێمه‌دا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتیی پاشاگه‌ردانییه‌كی زۆری تێدا به‌دی ده‌كرێت، به‌ڵام زانستی وه‌رگێڕان یه‌كێكه‌ له‌ زانسته‌ زیندووه‌كانی دونیا و له‌ ڕۆژئاوا بایه‌خێكی زۆری پێ ده‌درێت. وه‌رگێڕان وه‌كو هه‌موو پرۆسێسێك ڕه‌هه‌ندی زانستی هه‌یه‌. وه‌رگێڕ ده‌بێت ستراتیژێكی ڕوونی هه‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنی بابه‌تدا بۆ وه‌رگێڕان، ده‌بێ به‌ به‌رنامه‌ڕێژییه‌كی تۆكمه‌وه‌ ده‌ست به‌ وه‌رگێڕان بكات، ته‌ته‌ڵه‌كردنی هه‌ڵبژاردنی ڕسته‌ی گونجاو، وشه‌ی گونجاو، ده‌سته‌واژه‌ی گونجاو، هه‌وڵدان بۆ پاراستنی ناوكۆیی، نووسینی په‌راوێز بۆ تێگه‌یشتنی باشتر له‌ ده‌ق، ئه‌مانه‌ و زۆر هه‌نگاوی تر هه‌موو هه‌نگاوی زانستین.هه‌ر هه‌وڵێك بۆ گه‌یاندنی ده‌قێك به‌ وه‌رگر، هه‌ر له‌ وشه‌ئارایی و ڕسته‌سازیی و به‌كارهێنانی گه‌مه‌ی زمان بۆ جوانكردن و ڕازاندنه‌وه‌ی ده‌ق هونه‌ره‌. وه‌رگێڕان گواستنه‌وه‌ی وشكی وشه‌به‌وشه‌ی ده‌قێك له‌ زمانێكه‌وه‌ بۆ زمانێكی تر نییه‌، ڕه‌نگ بێت وه‌رگێڕان زیاتر هونه‌ر بێت وه‌كو له‌ زانست.

پ/ وه‌رگێڕان ده‌توانێت چ ڕۆڵێك له‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی كتێبخانه‌ی كوردیدا بگێڕێت؟ بۆ هه‌وڵ نه‌دراوه‌ وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌ بكه‌ن، واته‌ به‌رهه‌مه‌كوردیه‌كان وه‌ربگێڕنه‌ سه‌ر زمانه‌ بیانییه‌كان، پێتان وانیه‌ له‌ ئێستادا ئه‌وه‌ پێداویستییه‌كی گه‌وره‌یه‌؟

وه‌كو پێشووتر له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكتدا ئاماژه‌یه‌كی كورتم كرد. له‌ كتێبخانه‌یه‌كی هه‌ژاری وه‌كو كتێبخانه‌ی ئێمه‌دا وه‌رگێڕان گرنگییه‌كی مه‌زنی هه‌یه‌، به‌ڵام نه‌ك ته‌نیا له‌ بواری ئه‌ده‌بدا، به‌ڵكو له‌ هه‌موو بواره‌كانی تردا، ئێمه‌ له‌ ڕێی ئه‌و كه‌لتوورانه‌وه‌ كه‌ له‌ كه‌لتووره‌كه‌ی ئێمه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترن، به‌ ئه‌زموونترن له‌ ڕێی وه‌رگێڕانه‌وه‌ زۆر شت فێر ده‌بین.
به‌ بێ وه‌گێڕان ئه‌ده‌ب چه‌مكێكی به‌تاڵه‌. ئێمه‌ له‌ ڕێی وه‌گێڕانه‌وه‌ ده‌زانین گه‌لانی تر چٶن بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌ست به‌ چی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ته‌نیا له‌ ڕێی هونه‌ری زمان و ڕاڤه‌ی وه‌رگێڕوه‌كانه‌وه‌ ده‌زانین. ئه‌ڵمانیا خۆی ئه‌ده‌بێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه‌ و به‌ سه‌دان چیرۆكنووس و ڕۆماننووسیان هه‌یه‌، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ هه‌ردوو كتێبی گێڕانه‌وه‌ یه‌كێكیان وه‌رگێڕدراوه‌. ئێمه‌ له‌ ڕێی وه‌رگێڕانه‌وه‌ ئه‌زموونی جیهان بۆ بازنه‌ی كولتووری خۆمان ده‌گوازینه‌وه‌.
له‌ چه‌ند شوێنێكی تر ئاماژه‌م بۆی كردووه‌ كه‌ باشترین ڕێگه‌ بۆ وه‌رگێڕان وه‌رگێڕانه‌ بۆ زمانی دایك، واته‌ من وه‌كو كورد كه‌ له‌ زمانی تره‌وه‌ بۆ زمانی كوردی وه‌رده‌گێڕم. ئه‌ڵمانی له‌ زمانی تره‌وه‌ بۆ ئه‌ڵمانی وه‌رده‌گێڕێت، ئیسپانی له‌ زمانی تره‌وه‌ بۆ ئیسپانی وه‌رده‌گێڕێت. ئینگلیزێك له‌ زمانی تره‌وه‌ بۆ ئینگلیزی وه‌رده‌گێڕێت. واته‌ ئه‌ڵمانییه‌ك فێری ئیسپانی نابێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ئینگلیزی بۆ ئیسپانی وه‌ربگێڕێت، ئیسپانییه‌ك فێری ئینگلیزی نابێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ئیسپانی بۆ ئینگلیزی وه‌ربگێڕێت. هه‌ندێ گه‌مه‌ی زمان هه‌ن، هه‌ندێ نهێنیی نووسین هه‌ن مرۆڤ ته‌نیا ده‌توانێت له‌ زمانی دایكیدا بیكات، واته‌ هه‌رچی چه‌نده‌ زمانێكی بێگانه‌ باشیش فێر ببێت ناتوانێ وه‌كو زمانی دایكی پێی بنووسێت، هه‌موو ڕۆمانه‌كانی (كارلۆس ڕویس زافۆن) پیته‌ر شڤار له‌ ئیسپانییه‌وه‌ بۆ ئه‌ڵمانی وه‌ری گێڕاون، پیته‌ر شڤار ئه‌ڵمانییه‌ نه‌ك ئیسپانی و له‌ زمانێكی بێگانه‌وه‌ بۆ زمانی دایكی وه‌رگێڕان ده‌كات، كیوستن براند سێ ڕۆمانی خاومێ كابرێی له‌ كه‌ته‌لانییه‌وه‌ بۆ زمانی ئه‌ڵمانی وه‌رگێڕاوه‌، كیوستن براند ئه‌ڵمانه‌ نه‌ك كه‌ته‌لانییه‌كی فێری ئه‌ڵمانی بووبێت. وه‌رگێڕی ڕٶمانه‌كانی خالیدا حوسه‌ینی له‌ئینگلیزییه‌وه‌ بۆ ئه‌ڵمانی ده‌رده‌گێڕن ئه‌ڵمانن نه‌ك ئینگلیز. ده‌یان نموونه‌ی تریش. ده‌زانم نموونه‌ی تر هه‌ن، بۆ نموونه‌ ڕۆمانی كۆلۆنێلی مه‌حمود ده‌وله‌تئابادی كه‌ به‌همه‌ن نیرومه‌ند له‌ فارسییه‌وه‌ بۆ ئه‌ڵمانی وه‌ری گێڕاوه‌. به‌ڵام له‌ ڕاستیدا نیرومه‌ند خۆی وه‌رگێڕ نییه‌ و نووسینی ئه‌ده‌بیش نانووسێت، ئه‌و ده‌یان كتێبی نووسیوه‌، به‌ڵام هیچ كتێبێكی ئه‌ده‌بیی نییه‌، به‌ڵكو هه‌موو كتێبه‌كانی سیاسی و فیكرین. به‌ڵام كه‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ له‌ ئێران مۆڵه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی نه‌درابوو، ده‌وله‌تئابادی به‌ ده‌ستنووس بۆ نیرومه‌ندی ناردووه‌ و ئه‌ویش وه‌ری گێڕاوه‌. من دڵنیام ئه‌گه‌ر ببوایه‌ته‌ كتێب نیرومه‌ند وه‌ری نه‌ده‌گێڕا، به‌ڵكو ڕه‌نگ بوو سوزانه‌ داغستانی (چه‌ندان ڕۆمانی عه‌تیق ڕه‌حیمی، سپێده‌ی مه‌ستیی فه‌تانه‌ حاج سه‌ید جه‌وادی بۆ ئه‌ڵمانی وه‌رگێڕاوه‌) وه‌ری بگێڕایه‌. به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ته‌ ناوازه‌یه‌. واته‌ هه‌موو وه‌رگێڕانه‌كان كه‌ ده‌ق وه‌رده‌گێڕن له‌ زمانێكی بێگانه‌وه‌ بۆ زمانی دایكیان ده‌یگوازنه‌وه‌. ئێمه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ وه‌كو داهێنه‌ری كوولتور نه‌ناسراوین. زیاتر له‌ سه‌ت ساڵ وێنه‌ی كورد له‌ لای ئه‌ڵمان و نه‌مساوییه‌كان و سویسرییه‌كان وێنه‌ی “به‌ ناو كوردستانی هۆڤدا”ی كارل مای بوو. چه‌ند ساڵێكه‌ خه‌ریكه‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ی كارل مای بۆ كورد كاڵ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا وێنه‌یه‌كی تری كورد له‌ ئه‌وروپا هاتۆته‌ ئاراوه‌، ئه‌ویش وێنه‌ی كورده‌ كه‌ گه‌لێكی ئازایه‌، هه‌ر ئه‌وانن ڕووبه‌ڕووی داعش ده‌بنه‌وه‌، ژنه‌كانیشیان شه‌ڕڤانن، منداڵه‌كانیان له‌ ده‌ریاكاندا ده‌خنكێن. ئه‌مڕۆ هه‌ر ڕۆژنامه‌ و گۆڤارێك بكه‌یته‌وه‌ بابه‌تێكی له‌ باره‌ی كورده‌وه‌ تێدایه‌، به‌ڵام باسی كولتووری كوردی به‌ هیچ جۆرێك ناكرێت. ئه‌مه‌ش گوناهی خۆمانی زۆر تێدایه‌، به‌وه‌ی هه‌موو شتێكی ئێمه‌ به‌ ده‌ستی سیاسی نه‌خوێنده‌واره‌یه‌. من خۆیشم نازانم چٶن وا له‌ ئه‌وانی تر بكه‌ین زیاتر بایه‌خ به‌ كولتوری ئێمه‌ بده‌ن و بمانخوێننه‌وه‌ و ئه‌ده‌به‌كه‌مان وه‌ربگێڕن. گرفتێكی تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ نموونه‌ی پێشووترمان به‌ هیچ زمانێك نییه‌ ده‌زگاكانی بڵاوكردنه‌وه‌ ئاماده‌ نین سه‌ركێشیی بكه‌ن و كتێبێك چاپ بكه‌ن كه‌ نازانن ده‌خوێنرێته‌وه‌ یان نا. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من بۆچوونم وایه‌ وه‌رگێڕ بۆ زمانی دایكی وه‌ربگێڕێت، نه‌ك زمانێكی بێگانه‌ كه‌ فێری بووه‌، دوو ڕۆمان له‌ ئارادا بوون كه‌ حه‌زم ده‌كرد به‌ یارمه‌تی چه‌ند كه‌سێك وه‌ریان بگێڕم، په‌یوه‌ندیم له‌ گه‌ڵ چه‌ند ده‌زگایه‌كی بڵاوكردنه‌وه‌ش كرد، به‌ڵام هیچ كام له‌ ده‌زگاكان ئاماده‌یی و پشتگیریی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌یان ده‌رنه‌بڕی. منیش ئاماده‌ نیم چه‌ندان مانگ بۆ وه‌رگێڕان ته‌خان بكه‌م بۆ كارێك كه‌ ڕه‌نگ بێت هیچ وه‌زگایه‌ك بۆمی بڵاو نه‌كاته‌وه‌ حه‌ز ده‌كه‌م لێره‌شدا ئاماژه‌ بۆ خاڵێك بكه‌م، كه‌ له‌ مێژه‌وه‌ له‌ دڵمدا گرێیه‌كی گه‌وره‌یه‌. زۆربه‌ی نووسه‌رانی كورد فیز و لووتبه‌رزییه‌كیان تێدایه‌ كه‌ نازانم له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. من له‌ ڤێنا ده‌ژیم. له‌ ڤێنا ٥ قاوه‌خانه‌ هه‌ن، زۆربه‌ی نووسه‌ره‌ نه‌مساوییه‌كان، وه‌رگێڕه‌كان، ئه‌كته‌ره‌كان هاتوچۆی ئه‌و قاوه‌خانانه‌ ده‌كه‌ن، زۆر وه‌رگێڕ له‌ زمانه‌ جیاوازه‌كانی دونیاوه‌ دێن بۆ ئه‌و قاوه‌خانانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ره‌كان ببینن و باسی خاڵی ناڕوونی نووسینه‌كانیان له‌ گه‌ڵ بكه‌ن. قاوه‌خانه‌یه‌ك هه‌یه‌ ناوی قاوه‌خانه‌ی “موزیۆم”ه‌، ئه‌لفریده‌ یه‌لینه‌ك، كه‌ نه‌ك ته‌نیا له‌ نه‌مسا به‌ڵكو له‌ سۆنگه‌ی خه‌ڵاتی نۆبێله‌وه‌ له‌ هه‌موو دونیا ناسراوه‌، پێش ئه‌وه‌ی زۆر نه‌خۆش بكه‌وێت زۆر ده‌هاته‌ ئه‌و قاوه‌خانه‌یه‌، هه‌رگیز نه‌مبینیوه‌ ده‌ست به‌ ڕووی كه‌سێكه‌وه‌ بنێت و داواكارییه‌كی ڕه‌ت بكاته‌وه‌، خه‌ڵكی گه‌شتیار ده‌هاتن وێنه‌یان له‌ گه‌ڵ ده‌گرت، جاری وا هه‌بوو باسی شتی ڕۆژانه‌یان له‌ گه‌ڵ ده‌كرد. من به‌ هیچ كه‌س له‌ ڕۆماننووسه‌كانم نه‌گوتبوو ده‌مه‌وێت ڕۆمانی بۆ ئه‌ڵمانی وه‌ربگێڕم، به‌ڵام هیچ كامیان ئاماده‌ی كۆمه‌كردنم نه‌بوو، ته‌نانه‌ت یه‌كێكیان ژماره‌ی ته‌له‌فۆنه‌كه‌شی بۆ نه‌ناردم، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داوای ژماره‌ی ته‌له‌فۆنه‌كه‌یم كرد. ئه‌مه‌ش ته‌نیا به‌ زیانی خۆیان ده‌كه‌وێته‌وه‌.

پ/ ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا وه‌رگێڕانی پیادا تێپه‌ڕده‌بێت له‌ هه‌رێمی كوردستان چۆن ده‌بینن، پێتان وایه‌ زۆر و بۆریی له‌ وه‌رگێڕانداهه‌یه‌، كێ به‌رپرسیاره‌ له‌و دۆخه‌ و چی بۆ باشتربونی بكرێت؟

به‌ ڕاستی من ناتوانم له‌م دووره‌وه‌ داوه‌ریی زۆری و بۆریی له‌ وه‌رگێڕاندا بكه‌م. من زۆر كه‌م كتێبم به‌ ده‌ست ده‌گات، نه‌ك ته‌نیا له‌ به‌ر دووریی، به‌ڵكو كه‌میی كاتیش هۆكارێكی تره‌، به‌ڵام مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئاگام له‌ كتێبی كوردستان نییه‌ و زۆر جار هاوڕێكانم ئه‌زیه‌ت ده‌كێشن و كتێبم بۆ ده‌نێرن. من به‌ گه‌وره‌یی فێری ئه‌ڵمانی بوومه‌ و ئێستاش به‌ زمانی خۆمی نازانم، هه‌نددێ جار كتێبێك به‌ ئه‌ڵمانی ده‌خوێنمه‌وه‌ و لێی تێ ده‌گه‌م و چێژی لێ ده‌به‌م، به‌ڵام هه‌مان كتێب به‌ كوردی ده‌خوێنمه‌وه‌، كه‌ زمانی دایكمه‌ هیچم له‌ لا به‌جێ ناهێڵێت و جاری وا هه‌یه‌ له‌ زۆر بڕگه‌ و ڕسته‌ و ده‌ربڕین ناگه‌م. ده‌بێ خه‌وشێك له‌ وه‌رگێڕانه‌كه‌دا یان له‌ داڕشتنه‌كه‌دا هه‌بێت. لێره‌دا من مه‌به‌ستم هه‌ڵه‌ی وه‌رگێڕان نییه‌، هه‌موو وه‌رگێڕانێك هه‌ڵه‌ی تێ ده‌كه‌وێت و هه‌ڵه‌ی بێ خه‌وش بوونی نییه‌ نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ له‌ ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا به‌ گشتیی و نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی وه‌رگێڕان به‌ تایبه‌تی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌. كه‌س به‌ من ناڵێت كتێبخانه‌ی كوردیی چ كه‌لێنێكی تێدایه‌ و چی وه‌ربگێڕم، كه‌ كتێبێك وه‌رده‌گێڕم و بڵاو ده‌بێته‌وه‌، كه‌س به‌ من ناڵێت نه‌نگیی وه‌رگێڕانه‌كه‌ له‌ كوێدایه‌ و له‌ كوێدا ده‌بوو باشتر بیت. ئه‌مه‌ پاشاگه‌ردانییه‌. به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ده‌زگاكان له‌مه‌ به‌رپرسن به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نیا كێشه‌ی بواری وه‌رگێڕان نییه‌، به‌ڵكو ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كانی تردا له‌ ئارادایه‌. ئێستا بۆ ده‌زگا گرنگه‌ چه‌ند كتێب چاپ ده‌كات یان به‌ شانازییه‌وه‌ باسی ئه‌وه‌ بكه‌ن چه‌ند كتێبیان ڕه‌فز كردووه‌، نه‌ك چۆنێتی كتێبه‌كان.
ئێمه‌ ده‌بێت له‌ خۆمان بپرسین: ئایا ئه‌و ڕۆمانه‌ی گوینته‌ر گراس كه‌ بۆ كوردی وه‌رگێڕدراوه‌، ئه‌و ڕۆمانه‌ی میلان كوندێرا كه‌ بۆ كوردی وه‌رگێڕدراوه‌، ئه‌و ڕٶمانه‌ی كافكا كه‌ بۆ كوردی وه‌رگێڕدراوه‌، ئه‌و ڕۆمانه‌یه‌ كه‌ گراس، كوندێرا یان كافكا به‌ زمانه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ نووسیویه‌تی؟ كێ ده‌توانێت پێمان بڵێت به‌ڵێ یان نه‌‌و. ئایا ئه‌و وه‌رگێڕانانه‌ كه‌م تا زۆر په‌یوه‌ندییان به‌ نووسه‌ره‌كه‌وه‌ هه‌یه‌؟ یان ده‌قێك ده‌خوێنینه‌وه‌ كه‌ زاده‌ی ئه‌قڵی وه‌رگێڕێكی عه‌ره‌ب یان فارسه‌ و به‌ ئاره‌زووی خۆی تێی كه‌وتووه‌ و لێی هه‌ڵپاچیوه‌ یان لێی زیاد كردووه‌. من خۆم پێنج ده‌قی بۆ كوردی وه‌رگێڕدراوی “ده‌نگی پێی ئاو”ی سوهراب سپهریم له‌ گه‌ڵ فارسی و ئه‌ڵمانییه‌كه‌دا به‌راورد كردووه‌، من فارسی نازانم، به‌ڵام وه‌رگێڕانه‌ كوردییه‌كان هێنده‌ له‌ یه‌كتر جیاوازن، هه‌ندێ وشه‌ هێنده‌ به‌ مانای جیاواز لێكدراونه‌ته‌وه‌ وه‌كو پێنج شیعر به‌ مانی جیاواز نووسرابن. ڕۆمانی دووه‌می خالید حوسێنی دوو جار له‌ ئینگلیزییه‌وه‌ وه‌رگێڕدراوه‌، جارێكیان به‌ ناوی “هه‌زار خۆری دره‌وشاوه‌” كه‌ ئازاد به‌رزنجی وه‌ری گێڕاوه‌ و جارێكیان ژووان جه‌لال به‌ ناوی “هه‌زار خۆری پرشنگدار”ه‌وه‌، له‌ هه‌ندێ شوێندا زۆر جیاوازن، كه‌س پێمان ناڵێت بۆچی. هه‌ندێ وه‌رگێڕان هه‌یه‌ له‌ زمانی دووه‌مه‌وه‌ كراوه‌ و له‌ زمانی یه‌كه‌مه‌یشه‌وه‌ كراوه‌، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ی له‌ زمانی دووه‌مه‌وه‌ كراوه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ خۆشره‌، كه‌س پێمان ناڵێت بۆچی. من له‌و بڕوایه‌دام كه‌ ئێستا خوێنه‌رێكی زۆری وریامان هه‌یه‌ و پێویست به‌وه‌ ناكات زمانی سه‌رچاوه‌ بزانێت بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازیی له‌ نێوان وه‌رگێڕانی باش و خراپدا بكات.

—————————————-

كه‌ریم په‌ڕه‌نگ
له‌ ١١ دێسه‌مبه‌ری ١٩٦٠ له‌ كه‌ركوك له‌دایكبووه‌
قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی و ئامادیی پێشه‌سازیی هه‌ر له‌و شاره‌ ته‌واو كردووه‌
له‌ تافی لاویدا ده‌ستی به‌ نووسینی شیعر كردووه‌
له‌ ساڵی ١٩٨٠ه‌وه‌ له‌ نه‌مسا ئه‌ژی
نووسه‌ر و وه‌رگێڕه‌
چه‌ند ڕۆمانێكی وه‌رگێڕاوی كه‌ریم په‌ڕه‌نگ
١ پاتریك سویسكیند، عه‌تر، سه‌رده‌م، سلێمانی، ٢٠٠٩
٢ فریدریخ دویرنمات، دادوه‌ر و جه‌لاده‌كه‌ی، یانه‌ی قه‌ڵه‌م، سلێمانی، ٢٠١٢
٣ ئێریش ماریا ڕیمارك، شه‌وی لێشبۆنه‌، ئه‌ندێشه‌، سلێمانی، ٢٠١٣
٤ ئێریش ماریا ڕیمارك، باره‌ی ڕۆژئاوا ئارامه‌، غه‌زه‌لنوس، ٢٠١٥
٥ گوینته‌ر گراس، ته‌پڵی ته‌نه‌كه‌ (هێشتا چاپ نه‌بووه‌
خاوه‌نی دیوانێكی شیعر، ١٨ كتێبی وه‌رگێڕدرا(شانۆنامه‌، ڕۆمان، لێكۆڵینه‌وه‌)یه‌، ئێستا خه‌ریكی پاكنووسكردنی كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكێك و ڕۆمانێكی خۆیه‌تی، كه‌ ڕه‌نگ بێت هه‌ر ئه‌مساڵ چاپ ببن.