هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە درێژەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ٢٩/١/٢٠٢٦ ـە.. شاخەوان قادر شۆڕش

ئەگەر گەل کەوتە بەردەم هەڕەشەی لەناوچوون و بەرگرییکردن خۆکوژیی بوو، گەیشتن بەڕێککەوتن و ڕازیبوون بە دەستکەوتێکی کەم باشترە لە لەناوچوون و لەدەستدانی وڵات. تەنها بۆ بیرهێنانەوە، ئەوەی بارەکەی ١٨٠ پلە گۆڕیی بوونی تڕەمپ بوو. کاتێ دۆناڵد تڕەمپ وەکو سەرۆکی ئەمەریکا دووبارە هەڵبژێردرایەوە لە ساڵی ٢٠٢٤دا، یەکێ لە مەترسیەکان ئەوەبوو ڕۆژئاڤا بۆ تورکیا جێ بهێڵێت، وەکو ئەو لە ساڵی ٢٠١٨دا ویستی هەموویان بکاتە دیاریی بۆ تورکیا، کە بە کۆمەڵکوژیی و داگیرکردنی دەڤەری عەفرین کۆتایی هات. دیارە ئەوەی لێی دەترسیان بەداخەوە ڕوویدا. ئەردۆگان لە سیاسەتدا ئەزموونی هەیە و دەشزانێ چۆن سۆزی ترەمپ بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، پەیوەندی خێزانی و بازرگانیان لە نێواندا هەیە، جووت تاوەری ترەمپ لە ئەستەمبۆلدا دروستکراوە. ئەوەی ئەردۆگان دەیخواست دەرگەی بۆ کرایەوە، لەم ڕێگەیەوە وەکو ساڵی ٢٠١٨ پلانی نوێی داڕشت، لەگەڵ ترەمپ و ئیسرائیل لەسەر لابردنی ڕژێمی ئەسەد ڕێککەوتن، پشتی ئیسلامیە تیرۆریستەکانیان گرت، سەرکردەی تیرۆریستەکان ‌حەمە جۆلانیان هێنا وکردیانە سەرۆکی سوریا. وەکو تورکیا و بە پاڵپشتی تورکیا ئامانجی سوریا لەسەرەتاوە لەناوبردنی خۆسەری ڕۆژئاڤا بوو، وەکو پێشتریش ئەم تیرۆریستانە دوژمنی سەرەکیان خۆسەری کورد بوو لە ڕۆژئاڤا. لەژێر ناوی سوریایەکی یەکگرتوو و بێ تیرۆردا لەگەڵ ترەمپ ڕێککەوتن و ئەویش تیشکی سەوزی بۆ هەڵکردن. ئەوەبوو ترەمپ پشتی لە کوردی هاوپەیمان کرد و لە ڕێگەی تۆم باراکەوە داوا لە کوردەکان کرا خۆیان هەڵوەشێننەوە ئەگەرنا لێیان دەدرێت. ئەمەریکا، تورکیا، سعودیا و قەتەر چوونە پشتی جۆلانی کۆنە سەرۆک تیرۆرستی ئیسلامی و هێرشیان بۆ کوردەکان هێنا. ڕۆژئاڤا کە بەهەزاران کەسی لە شەڕی دژی داعشدا لە دەستدا، خاوەنی هێز بوو، خاوەنی بیر و ئایدۆلۆژیا بوو، خاوەنی سەرکردەی مەیدانی بوون، بڕیاری بەرگرییان تا دوا فیشەک دا، کوردانی تاراوگە ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای پارێزگاریی گەلی کوردیان کرد. بڕیاری بەرگرییکردن وایکرد هەندێ لە دۆستانی کورد لە ئیسرائیل و ڕۆژئاوا بجووڵێن، ڕێگە بە شەڕ و کۆمەڵکوژیی کوردان بگرن.
بەکورتی ئەمەریکا گەورەترین ناپاکی لە کوردانی ڕۆژئاڤا کرد کاتێ پشتی لەوانە کرد کە خوێنیان بۆ بەرگریی لە مرۆڤایەتی ڕشت، وە پشتی ئەوانەی گرت کە کۆمەڵکوژیی خەلکی سڤیلیان کردبوو و دژی ئازادی و دیموکراسی بوون، بە بەڵگەی ئەوەی ئەمەریکا خۆی وەکو تیرۆریست ناوزەدی کردبوون و خەڵاتی بۆ کوشتنیان تەرخان کردوو. ڕۆڵی ئەوروپا زۆر لاواز بوو، پاسیڤ بوون و لە کەلێنی چاویانەوە سەیری ئەم ناپاکییەیان کرد کە هەموویان لە کوردیان کرد.
گەلی ڕۆژئاڤا، کورد و کەمینەکانی دی، خاوەنی خۆسەریی بوون، ئێستا ئەم خۆسەرییە نەما و کۆتایی پێهێندرا، نەمانی خۆسەریی و دەسەڵاتێکی پێشکەتووخواز و نزمبوونەوە بۆ ئەگەری خوێندن بە زمانی کوردی و پارێزگاریی هێزە چەکدارەکان لە ڕیزی سوپای سوریادا، کەمترین دەست کەوتە، زۆر ئازار بەخشە کە سەیری ئەم دابەزین و نسکۆیە دەکەین، بەڵام ئەوە لە لەناوچوون و بەعەرەبکردنی وڵات باشتر بوو. نەتەوەی کورد هێزی زلهێزەکانی ناوچەکە و جیهانی نییە، بۆیە کە گەورەترین زلهێز دژی گەلی کورد وەستایەوە، ناکرێ ڕێگەی خۆکوژیی هەڵبژێریت. هاوکێشەکە وا سوڕایەوە و تورکیا ڕێگەی گەیشتن بۆ ئامانجەکانی بۆ خرایە سەر پشت.
ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی لە وتارەکەیدا ئاماژە بە تەواوبوونی تێکەڵبوونی هێزەکان هەسەدە بە سوپای سوریا دەکات. بەپێی هەواڵەکان ئەو هێزانەوە بە پارێزراوی ماونەتەوە و تەنها ناویان گۆڕدراوە. ئەگەر وابێت ئەوە کارێکی باشە، خۆ ئەگەر پارێزگاریی ناوچە کوردیەکان بەو هێزانە بسپێردرێت گرنگی ئەو هێزانە وەکو خۆی دەمێنێتەوە.
ئەو جەخت لەسەر مافی خوێندن بە زمانی دایک لە خوێندگەکاندا لە ناوچە کوردیەکاندا دەکاتەوە، ئاماژە بە بەڵێنی سەرۆکی سوریا لەم بارەیەوە دەکات. ئەگەر مافی خوێندن بە زمانی دایک لە بەڵێنەوە بخرێتە دەستوور بێگومان ئیدی ئەوە دەچەسپێندرێ و بە ئاسانی لاناچێت، بەڵام ئەگەر تەنها بەڵێنی سەرۆک بێت، جێگەی نیگەرانییە و دەکرێ لە داهاتوودا جۆلانی خۆی یا سەرانی سوریا لێی پاشگەز ببنەوە.
مەزڵوم جەخت لەسەر سوریای داهاتوو وەکو سوریای ئاشتی و بەیەکەوەژیان دەکاتەوە و دەڵێت، “ئەو سوریایەی ئێمە دەمانەوێت بنیاتی بنێین، سوریایەکە بۆ هەموو گەل و پێکهاتەکانی لە عەرەب، کورد، سریانی، ئاشوری، تورکمان و هتد. سوریایەکی یەکگرتوو و ئارام، کە ماف و کەرامەتی هەموو هاوڵاتیانی بپارێزێت و پاشەڕۆژێکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو دابین بکات”. لە ڕاستیدا بەدیهێنانی ئەم سوریایە کە بۆ هەموو گەلانی سوریا بێت و مافیان وەکو هاوڵاتی و کەمینە پارێزراو بێت، سەختە بێتەدی. چونکە، یەکەم، لە سوریادا ڕژێمێکی ئیسلامی نەتەوەپەرست لە دەسەڵاتدایە کە دژی مافی گەلانە. دووهەم، تورکیا کە پاڵپشتی حکومەتی سوریایە بەهەموو شێوەیەک دژیی هەر چەمکێکە کە پەیوەندی بە مافی گەلان وەکو کەمینە هەبێت. سێهەم، سوریا وڵاتێکی ناسەربەخۆ و بێ هێزە و بە پارەی دەرەکی وەستاوە، باری ئابووری لارە. ئەگەر بە قسەی تورکیا و قەتەر و سعودیا نەکات هاوکاریی لێ دەبڕن. چوارەم سوریا لە نێوخۆیدا نایەکگرتووە و کاریگەریی گروپە ئیسلامیە تووندڕەوەکانی بەسەرەوەیە، وەکو ئیسلامیەکان دژی مافی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەن. پێنجەم ڕژێمەکە و گروپە ئیسلامیەکان دژیی ئازادی و کرانەوەی مرۆڤن، باوەڕیان بە مافەکانی مرۆڤ نییە. بۆیە ئەم سوریایەی مەزڵوم دەیخوازێت بەداخەوە زۆر سەختە بێتەدی. جگەلەوەی ئەگەرەکانی پاشگەزبوونەوە و سەپاندنی حوکمی دیکتاتۆرانە بە کراوەیی هەن.
هەرچۆنی بێت کورد لە ڕۆژئاڤا هەندێ هەنگاوی گرنگی سەرەتایی هاویشتووە، پێشتر دان بە بوونی نیشتیمانی کورد لە سوریا نەدەندرا، خوێندن بە کوردی قەدەغە بوو، کورد هیچ مافێکی نەبوو. ئێستا دان بە بوونی کورد و زمانەکەی لە سوریادا دەندرێت، ئەگەر ئەو دانپێنانە بچێتە دەستور دەچەسپێ و بە ئاسانی لاناچێت. کۆمەڵگەی ڕۆژئاڤا هوشیار بۆتەوە، هێزی مرۆیی هەیە، بیرێکی پێشکەوتووخوازانەی هەیە، ئەوەش بە ئاسانی لەنێو نابردرێت. پێویستە ئەو ئامادەییە دەستی پێوە بگیرێت و بپارێزرێت بۆ دەرفەتی داهاتوو.
بەداخەوە ئەوەی ڕوودەدات سووڕبوونە لەسەر دابەشکردنی کوردستان و هەوڵی تواندنەوەی کورد لە بۆتەی دەوڵەتە سەپێندراوەکاندا ئەوەش پێداگرتنە لەسەر ناڕەواییەکانی ڕابردوو کە لە دوای ڕێککەوتنی لۆزاندا لە ساڵی ١٩٢٣دا هات. ئەوەیە تورکیا پێداگریی لەسەر دەکات و لە ژێر ناوی پارێزگاریی لە مافی کوردەکان لە وڵاتانی دراوسێ بە خەڵکی دەفرۆشێت. تورکیا دەیهەوێ ئەوەی لە سوریا بەدەستی هێنا لە وڵاتانی دراوسێش جۆرێک لەم نموونەیە بەسەر کوردەکاندا لەژێر چەمکی درۆینەی مافی کوردەکاندا بسەپێندرێت.

٢٧/٨/٢٠٢٦




سزای کوشتنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی و هەندێ تێبنی خێرا.. شاخەوان قادر شۆڕش

دوای ئەوەی لە ١/٨/٢٠٢٥دا هەواڵی دەستگیرکردنی بڵاوبووەوە، تاڕادەیەکی زۆر خەڵکی کوردستان لە پرۆسەی دوای گرتنەکەی بێئاگا مانەوە، نزیکەی مانگێک بەر لە ئێستا هەواڵ بڵاوکرایەوە گوترا دانیشتنی یەکەمی دادگاییەکەی لە دادگای باڵا لە بەغدا لە ٧/٥/٢٠٢٦دا بەڕێوە دەچێت، ئێستا لە ١٤/٥/٢٠٢٦ لە دانیشتنی دووهەمدا دادگا سزاکەی بۆ بڕیووەتەوە. لە دانیشتنی یەکەم سکاڵاکاران و ڕزگاربووان گوزارشتی تاوانەکانی ئەو تاوانبارەیان کردووە، لە دانیشتنی دووهەمدا سزاکەی بۆ دەرکراوە. پرۆسەکە زۆر بە خێرایی ئەنجام درا.
تێبینیەکان: دەبووایە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان وەکو نوێنەری نەتەوەی قوربانی بە یەک تیمی پارێزەر و شارەزا بچنە دادگا، کە ئەوەیان نەکردووە و دوو لایەن بە دوو یاداشتەوە بەشداریان کردووە (دووبەرەکیەکە لێرەشدا هەبووە)، بەڵام پاشان گوتوویانە یەک تیمین. بەرەی یەکێتی هەوڵی دەرخستنی قارەمانیەتی خۆی لەم بارەیەوە دەدات و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانیش لەلایەن خۆیەوە تاڕادەیەک ناچاڵاکە. کە دەبووایە وەزارەتی ئەنفالکراوان خاوەنداریەتی بکات، سەرپەرشتی هەموو پڕۆسەکە بکات و لە هەموو پڕۆسەکەدا بەشداریی کاریگەری هەبێت، ڕاگەیاندن بدات و خەڵکی کوردستان لە هەنگاوەکاندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاگادارکاتەوە. بەڵام نەک ئەوەی نەکردووە، ئەمرۆ کە بڕیاری دادگا دەرچووە، مێش مێوانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان نییە و لە ماڵپەڕەکەیاندا هیچ بڵاونەکراوەتەوە.
تائێستا هیچ ڕاپۆرتیكی دادگا دەرنەچووە و نازاندرێ وردەکاریەکان چین، ئەو هەواڵانەی لێرە و لەوێ بڵاودەکرێنەوە زیاتر هەواڵی وروژاندن و ئەم بابەتانەن. بەڵام وەکو دەبیسترێتەوە، خەڵک فێرکراوە کە چی بڵێن و چۆن گوزارشت لە تاوانی ئەم تاوانبارە بکەن. ئەگەر ئەوە ڕوویدابێت، ئەوە گەورەترین هەڵەیە، چونکە پرۆسەی تاوانی گەلکوژیی ئەنفال پێویستی بە هیچ زیادەڕۆیی و هەڵبەستنێک نییە، ڕاستییەکان خۆیان ڕووی ڕاستەقینەی تاوانەکە دەردەخەن. گێڕانەوەی نادروست و ساختە زیان بە کەیسی دادگاکە و کەیسی تاوانەکە دەگەیەنێت. گێڕانەوەی ڕاستییەکان کەیسەکە بەهێز دەکەن و تاوانەکە بە دروستی وەکو خۆی دەکاتە بەڵگەی مێژوویی. بۆ نموونە یەکێ دەڵێ عەجاج وایکردووە و یەکێ دەڵێ نەخێر ئەوە ڕاست نییە و بەڵام ئەوها و ئەوهای کردووە. ئەوەی دەبیسترێت ڕەنگ لە نەشارەزایی و سەرلێشێواوی دەداتەوە.
عەجاج ئەفسەری ئەمن بووە و سەرپەرشتی ناوزڕاوترین قەڵای زیندانی کردووە، پرۆسەی دادگاییەکەی زۆر بە خێرایی و بە داپۆشراوی بەڕێوەچوو. کەسێکی بەشدار بوو دەیگوت، دادگاکە “زۆر بەبێکسی بەڕێوە چوو، پشتگیریی لە لایەن پەرلەمانتار و وەزیرەکانی بەغداوە پێوە نەبیندرا. لەم دوو دانیشتنەدا تەنها یەکێک لەوێ بووە کە سەر بە لایەنی دەسەڵاتدار نەبوو، وەرگێڕ خراپ بووە و وەرگێڕانەکەی لە کوردیەوە بۆ عەرەبی باش نەبوو.”
لە هەر وڵاتێکی ئازاد بایە ئەو پرۆسەی دادگاییە دەچووە بنج و بناوانی وەردەکارییەکان و تاوانکارییەکان لە ڕۆژی یەکەمی هێنانی ئەنفالکراوەکانەوە تاکو ئەو ڕۆژەی کە دوا زیندانیی ئەنفال لەوێ ئازادکراوە. پرۆسەی دادگاییکردنەکە بۆ ژمارەیەکی زۆری دانیشتن و لێکۆڵینەوە دیاردەکرا. کەسانی دیکە ڕاکێشی دادگا دەکران، چونکە عەجاج سوپەرمان نەبووە هەموو تاوانکارییەکان هەر خۆی ئەنجامی دابێت، ئەو هێزی ئەمن، سوپا و پۆلیسی لەژێر چنگدا بووە. تاوانکارییەکان بە تایبەتی لەلایەن ئەفسەرەکانی ئەمن و ئەندامانی سەر بە دەزگای دائیرەی ئەمن ئەنجام دراون. ئەوانە کێ بوون و ئێستا لە کوێن؟ بۆ کەسیان نەگیران و نەهێندرانە دادگا؟
گەلی کورد بێ خاوەنە و لاوازە، ئەگینا دەبووایە تاوانبارانی ئەنفال یەک یەک ڕاکێشی دادگایەکی تایبەت و سەربەخۆ لە کوردستاندا بکات، بە زمانی کوردی و بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان دادگایی تاوانبارانی ناوخۆی بکردایە. لەم کەیسەی عەجاجدا سووڕ بێ لەسەر ئەوەی ئەو تاوانبارە ناوزڕاوە بهێندرێتە کوردستان و بە کراوەیی لە پرۆسەیەکی پشوودرێژ و چڕدا دادگاییەکە بەڕێوە بچێت. لەم بارەدا ڕزگاربووی تاوانی ئەنفال و ‌هەڵەبجە نەدەچوو بۆ بەغدا و لەبەردەم دادوەری عەرەب، لە ژینگەیەکی زاڵی عێراقی و عەرەبیدا سکڵا بدا، ئەوجا ئایا لێی وەردەگرن یان نا، ڕێگەی دەدەن یان نا، یا لە پەلەپەلی و بە وەرگێڕی نوقسانەوە بەشدار بێت. ئەم ژینگەیە کاریگەریی دەروونی نەرێنی لەسەر ڕزگاربووانی کوردستانەوە هەیە، جگەلەوەی کورد وەکو نەتەوەی خاوەن قوربانی مافی یاسایی هەیە کاریگەریی لەسەر چۆنیەتی دادگاییەکە و پڕۆسەی بەڕێوەبردنی دادگاییەکەدا هەبێت. بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیانهێشتووە کوردستان بگاتە ئەو ئاستە و خاوەنی گوتنی خۆی بێت و گوێی لێ بگیرێت.
خەڵک دڵیان خۆشە و دەڵێن عەجاج سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام سزای لە سێدارەدان زیان بە کەیسی تاوانی ئەنفال و تاوانەکانی دیکە دەگەیەنێت، چونکە یەکەم، ئەو تاوانبارە زانیاری زۆر لایە و بە کوشتنی هەموو زانیاریەکان ون دەبن، دووەم سزای زیندانی هەمیشەیی قورسترە وەکو لە سزای کوشتن. پێویستە ئەو مرۆڤە تاوانبارە لە زینداندا بڕزێتەوە و هەموو ڕۆژێک خەون بە مردنەوە ببینێت، نەک زوو پەتێکی لە مل بکرێت و بیکوژن و ڕزگاری بکەن. دیارە هێشتا ئەم کەیسە تەواو نەبووە و نازانین چارەنووسی بە چی دەگات. لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا ئاسایی مامەڵە بە زیندانیانەوە دەکرێت و خەڵکیش هەن دەیانەوێ عەجاج لە زیندان ڕزگارکەن. ئەم مەترسیە هەیە، چونکە لە عێراقدا ڕێگەی دەچتێ. بۆ نموونە کاتی خۆی جەلال تاڵەبانی فڕۆکەوانی تاوانبار تاریق ڕەمەزانی لە زینداندا دەرهێنا و ئازادی کرد، نە دادگا و نە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی عێراقیش هیچیان نەگوت.
ئێستا لێرە و لەوێ دەسەڵاتدرانی هەرێم پیرۆزبایی دەکەن و بە دادوەریدا هەڵدەڵێن، بەڵام ئەوان خۆیان تاوانباری لە عەجاج گەورەتریان پەناداو و ڕزگارکرد و پلەوپایەیان پێدان و دژی دادگاییکردنیشیان وەستانەوە. تاوانی ئەو سەرۆکجاشانەی خەڵکیان گرت و ڕادەستکرد، لە تاوانی عەجاج کەمتر نییە. ئاشکرایە سەدان تاوانبار لە کوردستاندا هەن و بە ئازادی دەسوڕێنەوە.

شاخەوان قادر شۆڕش
١٤/٥/٢٠٢٦




ئازادی گەلانی ئێران لەبەردەم بەربەستەکانی دوای ڕوخانی ڕژێمی ئیسلامیدا.. شاخەوان قادر شۆڕش

لە جوگرافیای ڕامیاریی ئێراندا ژمارەیەک گروپی ئەتنی ئایینی و نەتەوەیی دەژین کە فارس نین و سەدان ساڵە لەژێر دەستی دەسەڵاتدارانی تاراندان. کورد، لور، بەختیاری، ئیلامی، بەلوج، ئازەری، عەرەب و چەندین گروپی دی لە ژێردەستەییدا دەژین. ئیمراتۆرەکانی ئێران لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە لەژێر ناوی ڕەوتی شیعەی ئیسلامیدا لە هەموو سەردەمەکاندا ناڕەوا ئەو گەل ونەتەوانەیان خستۆتە ژێر دەستیان و چەوساندوویاننەوە و چیان ویستووە پێیان کردوون. وەکو هەموو ئیمپراتۆرەکان بە درێژایی مێژوو لەسەر بنچینەی هێز و داگیرکاری و فراوانخوازیی دروست بوون، ناڕەوا و بەهێزی زەبروزەنگ خۆیان بەسەر گەلاندا سەپاندووە. گەلانی ژێردەستی ئێران لە بێهێزیی و ناچاریدا ملیان بۆ دەسەڵای ناوەند کەچ کردووە. لە دوای دامەزراندنی دەسەڵاتی پادشایەتی ڕەزا شا، ئەم بارە وەکو پێشوو درێژەی پێدرا. ڕژێـمی ڕەزا شا لە چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی گەلان لە تێکشکاندنی کۆماری کوردستان و ئازەربایجانەوە و لەسێدارەدانی سەرکردە کوردەکان و سەدان شۆڕشگێری کورد دەستی پێکرد و بەردەوام بوو، کەمترین کاردانەوە و ناڕەزایی بە تووندترین شێوە وەڵامی دەدرایەوە. حەمە ڕەزا شای ئێران لە خەیاڵی بەرزەفڕی خۆیدا نازناوی درۆزنەی پەهلەویان لە خۆیان نا، وەکو مەبەستی بوو ئیمراترۆری فارس زیندووکاتەوە و زمان و فەرهەنگی فارسی لەژێر رەوتی ناسیونالیستی ڕەگەزپەرستانەدا لە ڕێگەی زەبروزەنگدا بەسەر گەلاندا بسەپێنێت. کە ڕژێمی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ دا هاتنە سەرکار ئەم ڕەوتە خۆسەپێنەر و فراوانخوازییە لەلایەک و نکۆڵیکردن لە مافی گەلان لە لایەکی دی درێژەی پێدرا، لەژێر ناوی شۆڕشی ئیسلامی و بیروهزری خومەینیدا ٤٧ ساڵە ئەم ڕژێمە خەڵک دەچەوسێنێتەوە، ئازادیی و کرانەوەی تاکەکانی قەدەغە کردووە، یاسای شەریعەی ئیسلامی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە، لەو ساوە تا ڕۆژی ئەم ڕۆمان لە کوشتن و تیرۆر و ئازاردانی خەڵک لەسەر جودایی بیروڕاو داوای ئازادی خەڵک بەردەوامە. دەکرێ مەزەندەی ئەوە بکرێت کە سەدان هەزار کەس لە لایەن ئەم ڕژێمەوە بێدادانە لە دادگای بەناو شۆڕشی ئیسلامیدا سزای مردنیان بەسەردا سەپێندراوە و ناڕەوا کوژراون. جگەلەوەی کە ئێران هەناردەی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی ئێران کردووە، پشتگیریی گروپە ئیسلامیە تووندڕەوەکانی لە زۆر لە وڵاتە مۆسوڵمانەکاندا کردووە، بۆ نموونە دەستی خستۆتە ناو کاروباری عێراق، سوریا، لبنان و فەڵەستین وڵاتانی دیکە.
ڕژێمی شا لەژێر کاریگەریی هزری ئایدۆلۆژیانەی پان فارسیسزمدا ئەم گەلانەی چەوساندۆتەوە، ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەژێر کاریگەریی هزری ئایینی ئیسلامدا درێژەی بە هزری نەتەوەیی فارسیانە داوە و ئەم گەلانەی چەوساندۆتەوە. لە کاتێکدا نە ئیمپراتۆرەکان، نە ڕژێمی شا نە ڕژێمی ئیسلامی مافی ئەوەیان نەبووە ئەم هەرێمانە بە زەبروەنگ و هێز بخەنەژێر دەستی خۆیان و داگیریان بکەن.
لە دوای هەڵگیرانی جەنگ لە نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ڕژێمی ئیسلامی لە بەرەکەی دیکەدا لە ڕۆژی ٢٨/٢/٢٠٢٦دا، کوشتنی خامنەئی و ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکان و وێرانکرانی سەربازگە و کارگەکانی چەک، دەوڵەتی ئێران لە ئەگەری ڕووخان و وەرچەرخان دایە. ڕووخانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران نە تەنها بۆ گەلانی ئێران گرنگ و پێویستە بەڵکو بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان گرنگی هەیە، ئەگەر لە دیدی ئازادی و کرانەوەدا سەیری گۆڕینی ئەم ڕژێمە تۆتالیتارە ئیسلامیە بکەین.
کوڕەکەی شا بە ئاواتی گەڕانەوەیە و لایەنگرانیشی هەن، لە ئەگەری گەڕانەوەی کوڕەکەی حەمە ڕەزا شا بۆ دەسەڵات کە لە ئێستاوە هەڕەشە لەو گەلانە دەکات کە نیازی ئازادی و خۆسەریان هەیە، ئەوا ئەگەرەکانی درێژەدان بە چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی گەلانی ژێردەستەی ئێران لە ژێر ناوی پارێزگاریی لە یەکپارچەیی خاک و یەکسانی لە هاوڵاتیبووندا بەهێز دەبن، ئەوەش دەرئەنجامەکانی بۆ ئێرانی دوای ئایەتوڵاکان باش نابێت، چونکە ئاژاوە و ناکۆکی و شەڕی ناوخۆ و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی لە لایەن دەسەڵاتی تارانەوە ئەو مەترسیانەن کە لە ئەنجامی سەپاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەدا سەرهەڵدەدەن. گەلانی ئێران پێویستیان بە ئازادی و دیموکراسی هەیە، پێویستیان بە دیکتاتۆرێکی دی لەبەرگی پادشایەتیدا نییە.
هەموو ئەو گەلانەی لەژێر دەستی تاراندا بوون مافی خۆیانە چارەنووسی خۆیان دیارکەن و بڕیاری لەسەر بدەن، هەر جۆرە سەپاندنێک لەژێر ناوی پاراستنی یەکێتی خاکی ئێران، یا هاوڵاتی بوون و یەکسانی لە مافی هاوڵاتیبووندا بەمجۆرە ڕاکردن لە دانپێنانی مافی کەلتوری و ڕامیاریی و نەتەوەیی ئەم گەلانەی کە خاوەنی مێژوو و جوگرافیای تایبەت بەخۆیانن، ناتوانێ چارەسەری درێژ خایەن لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، بەپێچەوانەوە درێژەدانە بە چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی ئەم گەلانە کە نە فارسن و نە دەخوازن لەژێر دەسەڵاتی تاراندا بن.
لەگەڵ ڕوخانی ڕژێمی ئیسلامیدا پێویستە ڕەتی ئەو سنوورە جوگرافیانە بکرێنەوە کە دەسەڵاتی ناوەند بە مەبەستی لاوازکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیا ئەم نەخشە ناوخۆییانەی سەپاندووە. پێویستە ئەم شێواندنە جوگرافی و دیمۆگرافیانە چاکبکرێنەوە. بۆ نموونە نیوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەژێر چنگی ئێراندایە وەکو ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ناوزەدکراوە. کە کە خەڵک و خاکەکەی هیچ پەیوەندیان بە ئازەربایجانەوە نییە. پێویستە ئەم سنوورە بەڕێوەبەریی و جوگرافیانە چاکبرێنەوە. پێویستە گەلانی ئێران شانسی ئەوەیان پێبدرێت خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن و جۆرێک لە دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی یا فیدرالیان هەبێت، لەسەر بنچینەیەکی دیموکراسیانە سیستەمی ڕامیاریی خۆیان دابمەزرێنن و مافی کەلتوری و سیاسی کەمینەکان لە چوارچێوەی سنوورەکانیاندا پارێزراو بێت. دەکرێ جۆرێک لە سستەمی تێکەڵ لە ئۆتۆنۆمی و فیدرالی بەپێی هەڵکەوتە و تایبەتمەندی هەرێمەکان دروست بکرێت، مسۆگەری مافە کەلتوری و ڕامیاریەکان بکرێت، هەموو گەلان نوێنەریان هەبێت و بەشداریی لەبەڕێوەبردندا بکەن، مسۆگەری مافەکانی مرۆڤ بکرێت، هەروەها نوێنەرانی ئەم گەلانە بەشدرایی لە دەسەڵاتی ناوەنددا بکەن. هەروەها گرنگە بیری بخەینەوە سنووری هیچ دەوڵەتێکی بەزۆر سپێندراو پیرۆز نییە و فەرمانێک نییە لە ئاسمانەوە دابەزیبێت، بۆیە پێویستە لە دیدی ڕەوایی دادوەریی و مافی گەلانەوە سەیری سنوور بکرێت. ئەو گەلانەی کە توانای سەربەخۆییان هەیە و مەرجەکانی دەوڵەت پڕ دەکەنەوە ڕێگەی مافی چارەی خۆنووسینیان پێبدرێت و لە دەستووردا ئەم مافە مسۆگەر بکرێت.
زلهێزەکان جگەلەوەی خەریکی جێبەجێکردنی پلانی ئابووری و سیاسی خۆیانن و لە ململانێدان، بەپێی بەرژەوەندی تایبەتیان هەنگاو دەنێن و پیادەی ڕیالپۆلیتیک دەکەن، ئەوەش ئاراستەیەکە کە بیر لە بەدیهێنانی ئامانجە ئاسایشییە نەتەوەییەکان دەکاتەوە و مافی گەلانی ژێردەستە لە بەرنامەیدا نابێ، ئەگەر بەرژەوەندیەکانی نەخوازێت. لە کاتێکدا ئەمەریکا هەوڵی تێکشاندنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەتەواویی دەدات و دەیهەوێ ڕژێمەکە تەواو لاوازکات، مسۆگەریی کۆنتراکتی نەوت و گازبگات، ئیسرائیل جگەلە نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمی هەوڵی نەهێشتنی ڕژێمی ئیسلامی دەدات، کە بەهەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەیبینێت. وەکو لای سەرانی ئیسلامی ئێران ڕەوابووە ئیسرائیل لەگەڵ خاکدا تەختک بکرێت و بە شانازیەوە ئاماژەیان بە ئەرکی جیهادیانەی خۆیان کردووە، هەر لەم دیدە جیهادی و فراوانخوازیەوەش پشتگیریی گروپە ئیسلامیەکانی وەکو حەماس، حزبوڵا و حوسیەکانی لە دژی ئیسرائیلدا کردووە. بۆیە ئیسرائیل لەوەدا بە کردەوە و بەڵگەوە ئەو هەڕەشەیەی ئێرانی لەسەردا هەبووە و ئیستا دەیهەوێ شوێنەوەرای ئەم ڕژێمە نەهێلێت.
ڕۆژئاوا و وڵاتانی موسوڵمان لە دیدی تایبەتی جیاجیاوە لەگەڵ ئەوەن زوو سەقامگیریی بۆ ئێران بگەڕێتەوە و شەڕی ناوخۆ و پەرتەوازەیی دروست نەبێت. ئەگەر ڕۆژئاواییەکان لەگەڵ جۆرێ لە کرانەوە و بەستنی کۆنتراکتی نەوت و گازدا بن، ئەوا وڵاتە موسوڵمانەکان کێشەیان لەگەڵ هاتنی ڕژێمێکی دیکتاتۆردا نییە، چوکە خۆیان دیموکراسی نین.
ئەوەی بە پلەی یەک کاریگەریی لەسەر گۆڕانکارییەکەدا هەبێت ئەمەریکایە، جگەلەوەی سەختە لە نیازی شاراوە و هەنگاوی داهاتووی تڕەمپ بگەیت، چونکە ئێمە نازانین لە ژوورە داخراوەکاندا بڕیاری چی دەدرێت، بەڵام ئەگەر سەرنجی لێدوانەکان بدەین و وەکو لە سوریا دیترا ڕەوتی بەڕێوەبەریی تەرمپ سەبارەت بە جۆری چارەسەری کێشەی نێوان نەتەوەکان، تێگەیشتنێکە لەژێر کاریگەریی تورکیادایە، تێگەیشتنێکە خۆی لە هزر و بیرۆکەی ئۆتۆنۆمی و فیدرالی دووردەخاتەوە، پێ لەسەر یەکێتی خاکدا دادەگرێت، جەخت لەسەر مافی کەلتوری و هاوڵاتی بوون و “مافە سڤیلەکان” دەکاتەوە، دژی داننانە بە مافە نەتەوەییەکان و دابەشکردنی وڵاتە لەسەر بنچینەی مافە ئەتنی و نەتەوەییەکاندا، بەکورتی لەگەڵ چارەسەری فیدرالی و خۆسەریدا نییە، تەنها لەبارێکدا کە نەتەوەی ژیردەستە خۆی وەکو نەتەوە سەڵماندبێت و بەهێز و یەکگرتووانە هاتبێتە پێش و سووڕبێت لەسەر مافەکانی، لەم بارەدا دەکرێ لاربوونەوە ڕووبدات. بەڕێوەبەریی تڕەمپ پیادەی ڕیالیزم دەکات کە بەرژەوەندیی ناسیونالیستی ئەمەریکا چەقی هەنگاوەکانیانە، مافی مرۆڤ و مۆڕال گرنگیان نییە. بەکورتی بەڕێوەبەریی تڕەمپ کێشەی لەگەڵ بوونی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆردا نییە کە مافی گەلان پێشێلکات بە مەرجێک سەقامگیر بێت و بە پێی خواست و بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا بجووڵێتەوە. بۆ نموونە ئەوەی لە ڤەنزوێلا ئەنجامیدا بۆ ئەمەریکا ئاساییە دووبارەی بکاتەوە. ئەو ڕەوتەی ئەمەریکا ئاراستەیەکە لەگەڵ خواستی گەلانی ژێردەستەی ئێران یەکناگرێتەوە و دژە لەگەڵیاندا، بۆیە ئەرکی ئەم گەلانە لە خەباتیان بۆ گەیشتن بە ئازادیی زۆر سەختتر دەکات. ئەگەر سەیری سوریا بکەین ئەوە بێگومان خەباتی ئازادی و ڕزگاریی گەلان لە ئێراندا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت دایە، بۆیە چ جۆرە چارەسەرێک و سیستەمێکی ڕامیاریی بۆ ئێرانی دوای ڕژێمی ئیسلامی گونجاوە بژاردەیەکی ئاسان نابێ ئەگەر لەلایەک ئەمەریکا دژی پرەنسیپە دیموکراسیەکان بوەستێت و کەسێکی دیکتاتۆر بێنێت و بیسەپێنێت، لە لایەکی دی ڕەجەویەکان و شا پەرستەکان و فارسە ناسیونالیستەکان بەگشتی دژی مافی خۆبەڕێوەبەری گەلان بووەستنەوە.
گرنگە کوردەکان و گەلانی ژردەستە پەیوەندی دیپلۆماسیان بەهێزکەن و بگەن بە بازنەی خەڵکە نزیکەکان لە تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، تاکو بتوانن کارییگەریی لەسەر بڕیارەکان دروستکەن. ئەوەی لەسەر پارتە ڕامیاریەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە تەبایی و یەکگرتووییە لەسەر ستراتیژیەتێکی ڕامیاریی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە تیایدا ڕەچاوی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان بکات، مسۆگەری مافەکانی مرۆڤ بکات، مسۆگەری مافە کەلتوری و ڕامیاریەکانی کەمینەکانی کوردستان بکات، هەروەها لەسەر بابەتە چارەنوسسازەکان یەکگرتووانە لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و دەرەکیەکان بدوێن. پێویستە کوردستان هێزی بەرگریی تایبەت بە خۆی هەبێت و کە لە قۆناغی دوای ڕوخانی ڕژێم لەسەر بنچینەیەکی مۆدێرن ڕێکبخرێتەوە، هەڵەیەکی کوشندەیە لەسەر بنچینەی میلیشیا و ‌حزب حزبێنە درێژە بە بوونی بدات. یەکگرتوویی و دیسپلینی بەهێز، ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆکمە و بەهێز پیشان دەدات و وادەکات بەهێزەوە بچنە ناو دانوستان و ڕێککەوتنەکان.

شاخەوان قادر شۆڕش
٧-٣-٢٠٢٦




تۆم باراک و پیادەکردنی سیاسەتی تورکیا لە سوریا.. شاخەوان قادر شۆڕش

تورکیا بەهەموو شێوەیەک دژی ئازادی کوردانە ئەگەر لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا بێت، چونکە ڕاستەوخۆ وەکو مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیای دەبینێت. سەبارەت بە کوردەکانی سوریا بە تووندی دژی هەر جۆرە مافێکی ڕامیاریی یا مافی خۆبەڕێوەبەریی کوردەکانە، بۆیە لە ڕۆژی یەکەمی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و ڕاپەڕین لە دژی ڕژێمی ئەسەددا لە ساڵی ٢٠١١دا تورکیا ئەوەی چەندبارە کردۆتەوە، کەوا ڕێگەنادەن مافی ئۆتۆنۆمی بدرێتە کوردەکان یا جۆرێک لە مافی ڕامیاریی وەرگرن یا تەنانەت لە دەستوری داهاتوودا ناوی کورد بنووسرێت و دان بە بوونیان بندرێت. بەمجۆرە تورکیا دەڵێت دەبێ سەروەریی سوریا بپارێزرێت، پارچەنەکرێت، نەبێتە فیدرالی، حکومەت سەنترال بێت و هێزی چەکداریی سەر بە گروپە ئەتنیەکان نەمێنن. تورکیا هەمیشە پێیوابووە هەسەدە یا یەپەگە رێکخراوی تیرۆریستین و سەر بە پەکەکەن، دەبێ چەکەکانیان دابنێن و بچنە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی ناوەند، ناوچەکەش بخرێتەوە ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی ناوەند. تورکیا هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوە بووە ئەم هەرێمەی ڕۆژئاڤا نەبێتە جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەریی کوردان، بۆیە شێلگیرانە کاری بۆ لەناوبردنی ڕۆژئاڤا کردووە. لە ساڵی ٢٠١٨دا بەهۆی بوونی بەرژەوەندی هاوبەش و نزیکایەتی لە نێوان ئەردۆگان و سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپدا، ئەردۆگان دەرفەتی ئەوەی پێدرا هێرش بکاتە سەر کوردەکان، شاری عەفرین و کۆمەڵێ ناوچەی دیکە داگیربکات. ئەوسا کرێگرتە ئیسلامیەکانی دژ بە کوردەکان بەکارهێنا. تاوانی بە زۆر دەرپەڕاندن و نەهێشتنی کوردەکان لە زێدی باوباپیرانیاندا ئەنجام دران. بەڵام بەهۆی بوونی هەندێ لە دۆستانی کورد کە نزیک بوون لە ترامپ، هێرشەکە وەستێندرا و خۆبەڕیوەبەریی کوردەکان مایەوە. دوای هێنانی حەمە جۆلانی بۆ حوکم، ئەردۆگان دووبارە لەلایەن ترامپی برادەریەوە ئۆکەی بۆ کرا و ئەمجارە لە ڕێگەی جۆلانی و سوپای تیرۆریستانی سوریاوە لەژێر ناوی یەکخستنی سوریادا، هەوڵی تەواوکردنی ئەم ئەمانجەی دا کە لە ساڵی ٢٠١٨دا نەیتوانی تەواوی بکات.
ئەگەر سەرنج بدەینە لێدوانەکانی تۆم باراک نوێنەری ئەمەریکا لە سوریا، سەیر دەکەین وەکو ئەوە وایە ئەو کەسە ئەردۆگانە و لە بەرگی تۆم باراکدایە دەئاخڤی و تێگەیشتنی ڕەگەزپەرستانەی خۆی سەبارەت بە کوردەکان و چۆنیەتی خۆدانەدەستیان دەخستە ڕوو. وەکو ئەردۆگان پێی وابوو هەسەدە و یەپەگە بەشێکن لە پەکەکە، وەکو ئەردۆگان پێی وابوو دەبێ هەسەدە چەکەکانیان دابنێن و ملکەچی حکومەتی ناوەند بن، دەیگوت خۆسەری ڕۆژئاواڤا لە سوریای داهاتوودا جێگەی نابێتەوە، بەمجۆرە دەبێ هەموو ناوچەکان بخرێنەوە ژێردەستی سوریا. باراک لە سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژیی عەلەوەیەکاندا چاوپۆشیکرد، لە هێرش بۆ سەر دروزەکان چاوپۆشی کرد، لە هێرشی سوپای چەتەکانی سوریا بۆ سەر کوردەکان، ئەو وەکو نوێنەری ئەردۆگان سەرپەرشتی تاوانکارییەکانی کرد و بە کوردەکانی گوت “چەکەکانتان دابنێن و ملکەچی سوریا بن و هیچ مافێک وەرناگرن.” وەکو ئەردۆگان لە مافی هاوڵاتیبوون بەولاوە هیچ مافێک کە پەیوەندی بە کەمینەی کوردەوە هەبێت قبووڵ نەدەکرد. وەکو ئەوەی خێر بە کورد بکات دەیگوت کوردەکان مافی قسەکردنیان بە زمانی کوردی هەیە و دەتوانن ئاهەنگی نەورۆز بگێڕن. بەڵام ئاخافتن بە زمانی کوردی ماف نییە تاکو بە سیاسی بکرێت و وەکو ماف بە کورد بفرۆشرێت، بەڵکو ئەوە زمانی دایکی کوردەکانە و مافی سروشتی خۆیانە بە زمانی خۆیان بدوێن. بەکورتی ئەوەی لە تورکیا بەسەر کوردەکاندا سەپێندراوە تۆم باراکیش کاری بۆ سەپاندنی هەمان پۆلیتیکی چەوسێنەرانە دەکرد.
کوردەکانی سوریا کە لەژێر سەرپەرشتی SDF دان، زیاتر لە دە هەزار کەسیان لە شەڕی دژ بە داعش کردە قوربانی و ئەوان هێزی سەرەکی ناوچەکە بوون کە دەولەی ئیسلامی “داعش”یان شکاند و گیراوەکانیان لە لای خۆیاندا زیندانی کرد. لە کاتێکدا زۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئامادەنەبوون هاوڵاتیەکانی خۆیان لە زیندانەکاندا ببەنەوە و لەوێ بیاندەنە دادگا و بیانخەنە زیندان. لەکاتێکدا کە ڕێکخراوی داعش تەنها هەڕەشە نەبوو بۆ هەرێمەکە بەڵکو بۆ هەموو ڕۆژئاوا و ئەمەریکاش هەڕەشە بوو.
کوردەکان لە رۆژئاڤادا کە لە خاکی خۆیاندا دەژین و گەلێکی کراوە و ئازادیخوازن، خەبات بۆ پاراستنی سەروەری خۆیان و خوگرافیای خۆیان دەکەن و دەیانەوێ وەکو گەلانی دیکە ئازاد بن. دەیانەوێ لانی کەم لە هەرێمی خۆیاندا خۆیان بەڕێوەببەن و ئەو ئازادیەی بەدەستیان هێناوە نەخرێتە ژێر پێی حوکمی شەریعە. ئەمەریکا لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو ئارامی و سەقامگیریەن بوون کە دەسەڵاتی کوردی لە ڕۆژئاڤادا دروستیان کردبوو، کەمینەکانی وەکو ئێزدی و کرستیان و ئەوانی دی بە ئارامی لەوێ دەژیان. بەڵام بە سیاسەتی فێڵبازابەی ئەردۆگان هەڵخەڵەتان و ئەوا هەموو ناوچەکە ڕادەستی سوپای ئیسلامی سوریا دەکەن. سوپایەک کە پێکهاتووە لە کۆمەڵێ گروپی ئیسلامی دەرەکی تاوانبار لە کۆمەڵکوژیی و تاوانکاریی. ترامپ کە بانگاشەی ئەوە دەکات ٨ جەنگی ڕاگرتووە و تەنها بیر لە ئاشتی دەکاتەوە، لای ئاسایی بوو چەتە ئیسلامیەکان بێن و کوردەکان کۆمەڵکوژ بکەن و لە خاکی خۆیاندا دەریانپەڕێنن. چ داڕمانێکی مۆڕاڵە بەو شێوەیە لەگەڵ نەتەوە و هێزێکی هاوپەیمان بجووڵێیتەوە و ڕێگە بە دروستبوونی دەسەڵاتێکی ئیسلامی ڕەگەزپەرستی هاوشێوەی داعش بدەیت، هەڕەشە لەسەر هەرێمەکە و هەموو جیهان دروست بکەیتەوە!؟
سەرەڕای هەموو ئەوانە تۆم باراک داوای لە کوردەکان کرد شەڕ لە دژی حەشدی شەعبیدا بکەن، وەکو ئەوەی هەسەدە هێزێکی بەکرێگیراو بن و بۆ پارە بجەنگن. پازدە ساڵە کوردەکان بانگاشەی سیستەمی سۆسیالیستی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکەن و نموونەیەکی تایبەتی کرانەوە و پێکەوژیانیان پیادەکردووە، هاواری ئازادی دەکەن و خۆیان بەڕێوە دەبەن. بەڵام هەموو ئەوانە لای تۆم باراک و بەڕێوەبەریی ئێستای ئەمەریکا نرخی پولێکیان نەبوو و گرنگ نەبوون، لای ئەوان گەورە تیرۆریستێکی وەکو محمەد جۆلانی و گروپە تیرۆریستە ئیسلامیەکانی وەکو نوسرە و شام و قاعیدە و داعش گرنگتربوون، ئەوانەی کە سەری خەڵکیان بڕیووە، ژنیان وەکو سەبایا بردووە و فرۆشتوویانن و کۆمەڵکوژییان کردووە، ئەوانە لای ئەمەریکا گرنگتربوون. ئەوانەن دەتوانن سیاسەتی بێمۆڕاڵانەی ترامپ لە کوشتوبڕ جێبجێبکەن و کۆنراکتە بازرگانیەکانی بۆ مسۆگەر بکەن.
خۆشبەختانە هەڵمەتی لەناوبردنی کوردان، بە هەوڵ و کۆششی دۆستانی کورد و یەکگرتوویی سەرتاسەری کوردان وەستێندرا و کوردی ڕۆژئاڤا لە کۆمەڵکوژیی ڕزگارکران، ئەردۆگان و جۆلانی بە ئاوات نەگەیشتن، کورد لە ڕۆژئاڤا توانی هەندێ مافی گرنگ بەدەستبهێنێت و پێگەیەکی بنچینەیی خۆبەڕێوەبەریی بمێنێتەوە. ئەوە هەنگاوێکی ئەرێنیە بۆ ڕۆژئاڤا لە کاتێکدا لەژێڕ سایەی حوکمی جۆلانیدا چاوەڕوان دەکرێ لە سوریادا ڕەگەزپەرستی و حوکمی شەریعەی ئیسلامی سوننە لە داهاتوودا زاڵبێت و بچەسپێندرێت.

شاخەوان قادر شۆڕش
٣١/١/٢٠٢٦




تاوانباری تاوانی گەلکوژیی نعمە فارس محیاوی لە نەمسا مرد و هەرگیز نەدرایە دادگا.. شاخەوان قادر شۆرش

گەورە تاوانبارێکی دیکەی تاوانی گەلکوژیی فەریقی روکن نعمە فارس محیاوی تاوانبار لە کۆمەڵکوژیی بارزانیەکان لە ساڵی ١٩٨٣ و تاوانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨دا، داواکراو لە دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقدا لە ڕۆژی ٢٨/٨/٢٠٢٥دا مرد و نەدرایە دادگا. ئەم تاوانبارە لە وڵاتی نەمسا دەژیا، لەلای حکومەتی ئیراق و حکومەتی هەرێم شاراوە نەبوو، بەڵام نە حکومەتی ئێراق و نە حکومەتی هەرێم ڕۆژێک لە ڕۆژان هەوڵی گرتن و ڕادەستکردنی ئەو تاوانبارەیان نەدا، خۆیان لە ئاستیدا بێدەنگ کرد. ئیسرائیل دوای ٨٠ ساڵ دەچێ پاسەوانێکی سادەی زیندان دەدۆزێتەوە و لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا دەیداتە دادگا، بەڵام لای حکومەتی ئێراق و هەرێم ژەنەڕالێکی تاوانبار ئەو گرنگییەی نەبوو و حەزیشیان بە هەڵدانەوەی کەیسەکەی هەر نەکرد.
تاوانباری تاوانی گەلکوژیی نعمە فارس محیاوی کێ بوو:

  • نعمە فارس محیاوی دەرچوی کۆلێژی سەربازیی لە ساڵی ١٩٦٠ و کۆلێژی ئەرکان لە ساڵی ١٩٧٠، یەکێک بوو لە سەرکردە بەناوبانگەکانی ئەنجومەنی سەربازییی و هاوڕێی نزیكی سەدام حوسێن و ژمارەیەكی دی لە گەنجەکانی حزب بەعس کە لە کودەتای 9ی شوبات 1963دا لە گوللەبارانکردنەکە یا سوکایەتی بە تەرمەکەی سەرۆک وەزیرانی ئەوسای ئێراق عبدالكەریم قاسم بەشداریی هەبووە. ئەم زانیارییە وابڵاوکراوەتەوە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکم لەبەردەستدا نییە کە پشتڕاستی ئەوە بکاتەوە. بەهۆی خزمەتی سەربازییەکەی وەک ئەفسەر لە تۆپخانەی نیشتیمانی، بە پێی پلەی سەربازی بەرزبۆتەوە تا گەیشتۆتە پلەی فەریقی ڕوکن. گەیشتۆتە پلەی ئەمین سڕ لە لقی حطین و یەرموک. ئەو تۆمەتبار بوو بە تاوانی جەنگ کە لە کاتی جەنگی عێراق و ئێراندا ئەنجامدراون، چونکە یەکێک بوو لەو کەسانەی سەرکردەی تاقمی بکوژان لە کەرتی چوارەم لە پارێزگای ميسان و کەرتی فەیلەقی دووەم لە دیالەدا. ئەو یەکێک بوو لە دڵسۆزانی ڕژیمی پێشوو و بە ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ لە نێوان ساڵانی 1980 تا 1988 تۆمەتبار دەکرێت. ئەوەش لە بڕیاری ژمارە ١ بە ڕێککەوتی ٢/١/٢٠٠٥ لەلایەن فەرمانگەی زانیاری سەربە لیژنەی باڵای نیشتیمانی بۆ هەڵوەشانەوەی بەعس دەرچووە.
  • سەرۆکی فەیلەقی یەکەم بوو لە ساڵی 1983 دا لە کاتی جەنگی عێراق و ئێراندا. ئەو وەکو سەرۆکی فەیلەق لە گرتنی مێرمنداڵ و پیاوانی بارزانیەکان لە هاوینی ساڵی 1983 بەشداری هەبووە. بەپێی بڕیارێکی نهێنی و تایبەت بە ڕێککەوتی ٢٥/٨/١٩٨٣ فەرمان بە جەرد و مەسحی هەموو قەزای سدیق و ناحیەی دیانە دەکات و داوا دەکات هێزێکی ناکایی پێکبهێندرێت بۆ هەر ئەگەرێک. وەکو لەژێر فەرمانی ئەودا یەکەکانی فەیلەقی یەک دەوری ئۆردوگاکانی دیانا، حەریر و بەحرکە و قوشتەپەی گرت. هەموو پیاوان و هەروەها کوڕانی سەرووی 12 ساڵیان لەو شوێنانە دەستگیرکرد و ڕادەستی دائیرەی ئەمنیان کردن. بە هەزاران کەس دەستگیرکران و بەکۆمەڵ کوژران.
  • بەرامبەر بەشداریی گرنگی ئەو وەکو جێگری سەرۆکی فەیلەقی پێنج لە ئەنفالی یەکدا مەدالیای ئازایەتی لەلایەن سەدام حوسێن سەرکردایەتی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێراقەوە،لە 8ی تشرینی دوومی 1988 پێدەدرێت. هێزەکانی فەیلەقی پێنج بە سەرپەرشتی نعمە فارس هاوکاریی سوڵتان هاشمیان لە هێرشی ئەنفالی یەکدا بۆ سەر دۆڵی جافایەتی کردووە. هێزەکەی ئەو لە هێکێ بنگرد و کانی توودا بەشداری کردووە و لەوێدا خەڵک گیراون و ئەنفال کراون.
  • نعمە فارس سەرۆکی زانکۆی بەکر بوو لە ساڵانی ٩٠ کاندا و دوای ئەوە دەبێتە باڵوێزی ئێراق لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا، هەر لەوێش داوای پەنابەرێتی دەکات. تاڕووخانی حکومەتی بەعس لە ٩/٤/٢٠٠٣دا پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا هەبووە.
    لە ڕێککەوتی ٨/١٢/٢٠٠٥ دا دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی گرتنی ٢٤ کەس لە ئەفسەرە پلە باڵاکان و هەندێ سەرۆک جاش دەردەکات، لە ژمارە ١٣دا ناوی نعمە فارس نووسراوە. هەر لە ٨/١٢/٢٠٠٥دا دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی دەست بەسەرداگرتنی مولک و ماڵی تۆمەتبارەکان دەردەکات. فەرمانەکە لە ٢٧/١٢/٢٠٠٥دا دووبارە دەکرێتەوە. لە لایەن دادوەری لێکۆڵینەوەدا لە ڕێککەوتی ٢٩/١٢/٢٠٠٥ دا داوای زانیاری لەسەر ٨ ئەفسەر دەکرێت کە ناوی نعمە فارس دووەم ناوە و لە دوای ناوی نەزار خەزرەجیەوە هاتووە. ئەو فەرمانە لە ١٨/١/٢٠٠٦دا سێبارە دەکرێتەوە. دادگای باڵای تاوانەکان فەرمانی تایبەت بۆ دەستگیرکردنی نعمە فارس محیاوی وەکو سەرۆکی فەیلەقی یەک بەپێی تاوانی ماددەی ١٢ لە یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقدا دەردەکات. لە بروسکەیەکی دیکەی فەرمانی گرتندا ئاماژە بە شوێنی دانیشتنی کە وڵاتی نەمسایە دەکرێت.
    هەرچەندە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی نعمە فارس مەحیاوی دەرکرد و لە بەشداریی لە تاوانی ئەنفال تۆمەتبارکرا، ناوی ئەو لە ١١ بەڵگەنامەی دادگا هەبوو و ئاماژەی بۆ کراوە، بەڵام ئەم تۆمەتبارکردنە و داواکردنە هەر وەک نووسینی سەر کاغەز مایەوە و هیچ هەوڵێ بۆ دەستگیرکردنی نەدرا.
    لە هەر وڵاتێکدا دادوەریی هەبێت دەبێت تاوانبارانی تاوانی گەلکوژیی یا تاوانی جەنگ یا تاوان دژ بە مرۆڤایەتی دەستگیربکرێن و بدرێنە دادگا. کاتێ دادگا بڕیاری گرتنی تۆمەتباران دەردەکات، لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێککردنی وڵاتە ئەو تاوانبارانەی دادگا داوای کردوون بگیرێن و بدرێنە دادگا، ئەگەر کەسی تۆمەتبار لە دەرەوەی وڵات بوو، ئەوا داواکاریی دەستگیرکردن دەدرێتە ئەو وڵاتەی کە کەسەی تۆمەبتارەی لێیە و بە هاوکاریی ئەو وڵاتە کەسی تۆمەبتار دەستگیر دەکرێت، ئەوە ئەگەر ئەم وڵاتە هاوکاریی بکات.
    لە ئێراقدا بڕیار و فەمانی دادگا کاتێ بڕ دەکات ئەگەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن گرتن و دادگایی ئەو کەسەی لەبەرژەوەنددا بێت، بەڵام ئەگەر بڕیاری سیاسی دەوڵەت دژی گرتن و دادگاییکردن بێت، ئەوا فەرمانی دادگا تەنها نووسراوێکی سەر کاغەزە و کاری پێ ناکرێت. لە کەیسی تاوانی گەلکوژیی ئەنفال و بارزانی و ئەوانی دیکەدا، چەند تۆمەتبارێک هێندران و درانە دادگا، ئەوانیش: لە کەیسی ئەنفالدا عەلی حەسەن، سوڵتان هاشم، فەرحان موتلەگ، سابیر عەزیز، حوسێن ڕەشید و تاهیر تۆفیق هێندرانە دادگا، لە کەیسی بارزانیەکان تاوانباران تاریق عەزیز، وەتبان ئیبراهیم، حەمید یوسف، سەعدون شاکر، حیکمەت مەزبان و سۆفیان ماهیر هێندرانە دادگا، چاوپۆشی لە گرتنی سەدان و بگرە هەزاران تۆمەتبار کرا کە بەپێی بەڵگەنامەکانی بەعس ناو و پلەوپایە و جۆری بەشدارییان تۆمارکراوە. بەڵام هەموو ئەوانە بە ئازادی دەسووڕێنەوە و کەس پێیان ناڵێت چ کارەن. نعمە فارس یەکێ لە ئەفسەرە هەرکۆنەکان و هاوڕێی نزیکی سەدام، بەبەڵگەوە بەشداری لە تاوانی گەلکوژیی ئەنفال و بارزانیەکاندا هەبووە، تەنانەت مەدالیای ئازایەتی لەسەر بەشدارییەکەی وەرگرتووە. واتە ژەنەڕالێکی سەردەمی بەعس کە بەبەڵگەوە بەشداریی ئەو لە تاوانەکاندا ئاماژەی بۆ دەکرێت، سەربازێکی سادەی فیرقەیەکی سوپا نەبوو، یا پاسەوانێکی زیندانەکان نەبوو، بەڵکو سەرکردەیەکی تاوانەکە بوو، بەڵام نە دەسەڵاتی ئێراقی و نە دەسەڵاتی هەرێم هیچیان نەکرد. کاتێ دەسەڵاتی دادوەریی نەمسا داوای هاوکاریی لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە دەسەڵاتی ئێراقی دەکات، ڕەتی هاوکاریی دەکەنەوە. ئەوە کاتێک ڕوویدا کە لە ڕێگەی ناوەندی چاکەوە و چەند کەسێکی دیکەش سکاڵایان لە دژی ئەم تاوانبارە لە ساڵی ٢٠٠٧دا تۆمارکرد، پۆلیسی نەمسا وەڵامی داواکەی دایەوە و نوێنەریان بۆ بەغدا بۆ بەدەستهێنانی هاوکاریی بۆ کردنەوەی کەیس لەسەر تۆمەتبار نعمە فارس محیاوی، بەڵام هاوکارییان نەکرا و ئەوانیش کەیسەکەیان داخست، بۆ ئەوان بیانوێکی باش بوو کە خۆیان لە سەریەشەی دادگایکردن دەربازکرد.
    بەڵام چۆن ئەوان کەیس لەسەر کەسێکی ئەوها گرنگ دادەخەن، ئەگەرچی ئێراق ڕەتی هاوکاریش بکاتەوە. دەکرێ بڵێن کە بەڵگەنامەکان لە دژی نعمە فارس لاوازبوون و ئێراقیش هاوکاریی نەکردن بۆیە کەیسەکەیان داخست. بێگومان نەمسا دەیتوانی لێکۆڵینەوەی زیاتر بکات، پەیوەندی بە لایەنە پەیوەستدارەکان بکات و بەڵگەنامەکان بەدەستبهێنێت و کەیس لەسەر تاوانبار نعمە فارس بکاتەوە، بەڵام ئەوەیان نەکرد. ئەگەر لە لایەن جوولەکەکانەوە سکاڵا لە بوونی تاوانبارێکی بچووکی نازیی لە نەمسا بکرابایە، ئایا نەمسا دەیتوانی لێی بێدەنگ بێت؟ بێگومان نەخێر، چونکە حکومەتی ئیسرائیل و لۆبی جوولەکان هەمووی دەهاتنە دەنگ و بابەتەکە لە ڕاگەیاندنەکاندا دەتەقیەوە و لایەن سیاسیەکانیش دەهاتنە دەنگ. ئەوەی بە گەلی جوو و حکومەتی ئیسرائیل دەکرێت و دەیکەن، ئاستێکە کورد زۆری ماوە خۆی لێ بدات. جوولەکان گەلێکی هوشیار و زیندوون هەرچی کوردی باشوورە گەلێکی بێئاگا و نووستووە. حکومەتی هەرێم لەجیاتی گرتن و ڕاوەدوونانی تاوانباران، پەنای تاوانباران دەدات یا بۆ دەرەوە ڕزگاریان دەکات. واپێدەچێ ویستی کردنەوەی کەیس لەسەر ئەم تاوانبارەی تاوانی گەلکوژیی لەسەرەتاوە لای نەمسا لاواز بووە، کە دەکرێ یەکەم بڵێن ئێراق خۆی بێدەنگ بێت بۆ ئەوان لەم کەیسە بکۆڵنەوە، دووەم بێدەنگی ڕاگەیاندنی نەمسا لە ئاست بوونی تاوانبارێکی ئەوها گەورە لە وڵاتدا، دووهەم نەبوونی پشتگیری ڕامیاریی ناوخۆیی نەمسا بۆ کەیسەکە ، سێهەم خۆ دوورخستنەوە لە دەستپێکردنی کەیسێک کە قووڵبوونەوە و لێکۆڵینەوەی گەرەک بوو، ئەوەش بێگومان خەرجی دەوێت. کاتێ تاوانبار نعمە فارس لە نەمسا ژیاوە، زیرەکانە خۆی پەناداوە، دەرنەکەوتووە و دیدار و چاوپێکەوتنی نەبووە. بەمجۆرە خۆی لە ڕاگەیاندن بەدوورگرتووە و خۆی تێکەڵی هیچ چاڵاکیەکەی ئاشکرا نەکردووە.
    ئەگەر ڕەخنە لە لایەنی کوردی کە مەبەستم چاڵاکوان و خەباتگێرانی مافەکانی مرۆڤە نەک پارتەکان و لایەنگرانی سەر بە دەسەڵاتدارانی هەرێم، دەکرێ گونجاو بێت بپرسین جگە لە سکاڵا چیتر لە نەمسا کرا؟ کاتێ دەسەڵاتی دادوەریی وڵات چاوپۆشی یا ساردیی لە دەستپێکردنی کردنەوەی کەیس لەسەر تۆمەتبارێکی تاوانی گەلکوژیی دەکات، پێویستە پەنا ببردرێتە بەر میدیای ئەو وڵاتە، لەو لایەنەوە بوون و شوێنی ژیانی ئەو کەسە تاوانبارە ئاشکرا بکرێت، هەروەها پەیوەندی بە پارتەکانی دۆست و بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە بکرێت و بابەتەکە بجووڵێندرێت. چونکە کاتێ ئەو کەسە ئاشکرا بوو و میدیا لەسەریان نووسی سەختە بۆ دەسەڵاتی دداوەریی وڵات بێدەنگی لە کەیسەکە بکات. ئەوەندەی من لێی ئاگادار بم لەم لایەنەوە کارێکی ئەوتۆ نەکراوە و نەمزانیووە ناوی نعمە فارس وەکو تاوانباری تاوانی گەلکوژیی لە هیچ ڕۆژنامەیەکی نەمسادا هاتبێت. هەرچۆنی بێت ئەم تاوانبارەش مرد و سزای ڕەوای خۆی لەسەر تاوانەکانی وەرنەگرت.

    بەداخەوە زۆر لە تاوانباران دەمرن و نادرێنە دادگا لەوانە شێخ جەعفەر، عامر ڕەشید، ئەرشەد زێباریی، مەلا عوزێر، وەفیق سامەڕایی، حەمید شەعبان، عزەت دوریی، تارق ڕەمەزان و زۆریتر لە ئەفسەرانی کۆنی بەعس دەمرن و سزای داوەرانەی خۆیان وەرناگرن، ئەوەش خۆی لە خۆیدا قووڵبوونەی ئازاری کەسوکاری قوربانیانە و درێژەی زیاتری ئەم تاوان و ناڕەواییەیە کە تاوانی ئەنفال و تاوانەکانی دی دروستیان کرد. بێگومان ئاگادارم کە زۆر لەو ئەفسەرە ئێراقیانەی بەشداری تاوانی گەلکوژیی ئەنفالیان کردووە ئێستا لە کوردستاندا پەنادراوان و ڕیزیان دەگیرێت، دەسەڵاتداران پسولەی بێتاوانی بۆ تاوانباران دەبەخشنەوە و دەیانپارێزن، بەڵام ئەو هەوڵە حزبیی و ناوچییە هیچ لە تاوانباریی ئەوان ناگۆڕێت. تەنها دادگایەکی سەربەخۆ دەتوانێ تاوانباریی و بێتاوانیی ئەوان یەکلابکاتەوە. هەموو ئەوەشمان بینی کاتێ تەرمی تاوانباران گەیشتەوە کوردستان کۆڕ و ماتەمینیان بۆ گیرا، پرسە لەبەر بەرپرسان و سەرمایەدارەکان بەر نەدەکەوت. ئەم بارەی باشووری کوردستان بەداخەوە وێنای داڕمانی مۆڕال و پرەنسیپەکانی دادوەریی لە کۆمەڵگەدا لەژێر سایەی دەسەڵاتی نانیشتیماندا دەکات کە زۆر نائاساییە و وێنەی لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نییە، هەر بۆیە گرنگە بێدەنگی لە تاوانباران نەکرێت و ڕێچکە یاسایی و دادوەرییەکان وەبیربهێندرێنەوە. پێویستە دژ بە هەژموونی بێدادی و ناڕەوایی ڕاستییەکان بخرێنەڕوو و شێلگیرانە بەرگریی لە مافی کەسوکاری قوربانیانی تاوانی گەلکوژیی بکرێت.

شاخەوان قادر شۆرش
٢٠/١١/٢٠٢٥




گرتنی عەجاجی دڕندە و پرسیار و نیگەرانیەکان.. شاخەوان قادر شۆڕش

گرتنی عەجاج حەردان ئەحمەد تکریتی یا “حەجاجی نوگرەسەلمان” وەکو ڕزگاربووانی زیندانی نوگرەسەلمان (قەڵای سەربازیی نوگرەسەلمان) دەیناسێنن، یەکێ لە ئەفسەرە ناوزڕاوەکانی ڕژێمی ڕووخاوی بەعس بوو کە دوای ٢٢ ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ١/٨/٢٠٢٥دا هەواڵی دەستگیرکردنی بڵاوبووەوە. هەواڵەکە هەواڵێكی لە لایەک دڵخۆشکەرە و لە لایەکی دیکەدا کۆمەڵێک پرسیار و ڕەخنە دەهێنێتە پێشەوە.

سەرەتا باشە بزانین عەجاج تکریتی کێ بوو؟  عەجاج ئەفسەری سەر بە دائیرەی ئەمنی پارتی بەعس بووە، لە ژمارەیەک شوێندا وەکو ئەفسەری ئەمن کاری کردووە لەوانە لە موسەنا (المثنی)، بەسیە (البصیة) و نوگرەسەلمان (نگرة سلمان). شایانی گوتنە لە هەر سێ شوێندا خەڵک لە زیندانەکانی سەر بە پارتی بەعسدا ئەشکەنجە دراوە و بەکۆمەڵ کوژراون. بەر لە دەستگیرکردنی چەند جارێک هەواڵی مردنی لە لایەن کەس و کارەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، دەگوترێت ئەم هەواڵانە دروستکراوی خۆی بوون و بۆ ئەوەی کەس بەدوایدا نەگڕێن و سۆراخی نەکەن. هەروەها دەگوترێت عەجاج هەندێ نەشتەرگەریی دەموچاوی کردووە و خاڵێکی ڕەشی لەسەر ڕوومەتی هەبوو لای بردووە و هەر لە پارێزگای تکریت ژیاوە. وەکو کەسایەتیەکی خاون پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی دەرخستووە. دەگوترێت ئاشکرابوونەکەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ کێشەی تایبەتی کۆمەڵایەتی. واتە لایەنی دژ عەجاجیان  بۆ دەزگاکانی ئاسایش ئاشکرا کردووە. نازانین ئەوە چەندی ڕاستە بەڵام ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، دۆزینەوەی عەجاج بەهۆی بەدواداگەڕانی دەزگاکانی ئاسایش نەبووە. واتە ئەگەر کێشەی کۆمەڵایەتی نەبووایە کەس لێی نەدەپرسی ماڵت لە کوێیە. ئەوەش لە ئێراقی ئێستادا سەیر نییە.

شایانی گوتنە لە هێرشی گەلکوژکارانەی ئەنفالدا بە تایبەتی لە ئەنفالی دوو و سێ و چواردا لە نێوان ٢٢ی مارس و ٨ی مای ١٩٨٨دا بە هەزاران کەس لە دەشت و دۆڵەکانی قەرەداغ، گەرمیان و شوان و شێخبزێنی لە پارێزگاکانی کەرکوک و سلێمانی دەستگیرکران و ڕەوانەی سەرەتا تۆپزاوا کران، لەوێ مێرمنداڵ، گەنج و پیاوەکان ڕاستەوخۆ بۆ گۆڕەبەکۆمەڵەکان نێردران، منداڵ و کچ و ژنەکان و پیرەکانیش بۆ خوارووی ئێراق بۆ قەڵای سەربازیی نوگرەسەلمان نێردران. بەڵام جاری وا هەبووە گەنجەکانیش بۆ ئەوێ نێردراون و پاشان بەرەو کوشتن لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان نێردراون. ئەوانەی بۆ ئەم زیندانە نێردران بەرەوڕووی ئازار و ئەشکەنجەدان، تێنوەتی، برسیەتی و نەخۆشی بوونەوە و وردە وردە گەلێکیان مردن. عەجاج کە بەرپرسی قەڵازیندانەکە بووە بەکێبل، سۆندە، دار و چەکوش بەربۆتە گیانی زیندانیەکان. مرۆڤی لەژێر لێدان و ئەشکەنجەداندا دڕندانە کوشتووە. بێ بەزەییانە لە منداڵی داوە، خەڵکی تێنو و برسی کردووە تاکو زوو بمرن. کە زیندانیەکان مردوون تەرمەکانیان بۆ سەگەکانی دەرەوەی زیندان فڕێ داوە. ڕزگاربووان بە زۆری گوتن لە سەگە ڕەشەکان دەکەن.  زیندانیەکان خۆیان دەبووایە تەرمەکان ببەنە دەرەوە و هەموو دەیانزانی دوای ئەوە سەگ دێن و دەیان خۆن. دایک تەرمی منداڵی ساوای بردۆتە دەرەوە و زۆر باشیش لێی ڕوون بووە کە دوای ئەوە سەگە ڕەشەکان دێن و دەیانخۆن. بەچاوی خۆیان ئەوەیان دیتووە. عەجاج وەکو بەرپرسی ئەم زیندانە بەرپرسە لە زۆربەی ڕەهای ئەو تاوانانەی کە لەم زیندانەدا ئەنجام دراون. 

لەبەرچی تا ئێستا عەجاج تکریتی دەستگیرنەکرابوو؟ دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە کەیسی تاوانی گەلکوژیی ئەنفالدا کە لە ٢١/٨/٢٠٠٦دا دەستی پێکرد پێنج تۆمەتباری هێنایە دادگا، ئەوەش تەنها چەند دانەیەک بوو لە هەزاران تۆمەرتبار کە بەجۆرێ لە جۆرەکان پشکیان لە تاوانی گەلکوژیی ئەنفالدا هەبوو. لە نێو ئەو پێنچ کەسەدا ناوی عەجاج نەبوو. ئەو لەلایەن دادگاوە داواکراو بوو، بەڵام وەکو سەدان تۆمەتباری داواکراوی دیکە هەرگیز دەستگیر نەکرا و نەدرایە دادگا.  دیارە جگە لە زیندانی قەڵای سەربازیی نوگرەسەلمان چەند زیندانێکی دیکەی وەکو تۆپزاوا، دوبز، تکریت، نزارکێ و سەلامیە و هیتر هەبوون بەڵام بەرپرس و تاوانبارانی ئەو زیندانانە هەرگیز دەستگیر نەکران. دەسەڵاتی جێبەجێکردنی عێراق هیچ هەوڵێکی بەکردەوەی بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارانی داواکراوی تاوانی ئەنفال ئەنجام نەدا، هەرچەندە لە لایەن دادگاوە داوای زیاتر لە ٤٠٠ تۆمەتبار کە ناویان لە لیستێکدا نووسرابوو و لە لایەن دادگاوە داواکرا بوون.  ئەو ٤٠٠ کەسە تەنها بەشێکی کەمی تاوانباران بوون.

لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا کە وەکو وڵات و هەواری قوربانیانە، لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە نە دادگایەکی تایبەت بە تاوانی گەلکوژیی (جینۆساید) داندرا، نە هیچ هەوڵێکیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران دا. هەردوو پارتی دەسەڵاتدار پارتی و یەکێتی بەکردەوە دژی دادگایی سەرۆکجاشەکان وەستانەوە کە لەلایەن دادگاوە داواکرابوون. زۆر لە ئەفسەر و سەرکردە بەعسیەکان هاتنە کوردستان و پانادران. بەکورتی لە عێراق و هەرێمدا تاوانبارانی تاوانە گەورەکان پەنادراون و پارێزگاریی دەکرێن.  

ئەوەی پێویستە ئێستا ئەنجام بدرێت، کەیسەکەی ئەنفال لە دادگا بکرێتەوە، سکاڵا لە کەسوکاری قوربانیان یا ڕزگاربووان وەربگیرێت، کارئاسانیان بۆ بکرێت، پارێزەریان بۆ ئامادە بکرێت، تۆمەتەکانی سەر تاوانبار بخرێنە ڕوو. هەروەها ڕێگریی لە هەر هەوڵێکی ئازادکردنی یا جۆرێک لە ڕێککەوتن بۆ ئازادکردنی عەجاج بکرێت. پێویستە هەوڵەکانی ڕزگارکردنی عەجاج پوچەڵ بکرێتەوە، وەکو عەرەبە سوننەکانی سەر بە خێڵی عوبێد لە پارێزگای تکریت لە ئێستاوە هەوڵی بەردانی دەدەن، بانگاشەی ئەوە دەکەن گوایە ئەوە ئەو عەجاجە نییە و ئەو کەسێکی بێ تاوانە بۆیە دەبێ ئازادی بکەن. هەندێ لە ڕۆژنامەوانەکانی شاری کەرکوک بە مەبەستی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر عەجاج چووبوونە لای ماڵەکەی عەجاج، بەڵام لەلایەن دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیسی تکریتەوە ڕێگریان لێ کرا و هەرچی وێنەی گرتبوویان لێیان سەندنەوە و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر دەستبەسەر کران. ئەوان هەندێ زانیاری گرنگیان دەستکەوتووە و لایانوایە ئەوە عەجاجی نوگرەسەلمانە و خۆیشی لای دەزگای ئاسایشی ئێراقی دانی بەوەدا ناوە.

پێویستە پرۆسەی دادگاییەکە بێلایەنانە ئەنجام بدرێت و گەواهیدەر و ڕزگاربووان ببردرێنە دادگا و پارێزگاریی لە ژیانیان بکرێت. بەم جۆرە بەپێی یاسای تاوانی گەلکوژیی مادەی ١١ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی مادەی ١٢ دادگایی بکرێت. پێویستە دادگا لە دیدی ئەم تاوانانەوە بە وردیی و چڕیی بڕوانێتە تاوانەکانی عەجاج. ئەگەر دادگا تەنها بەپێی مادەی ١٢ی مافەکانی مرۆڤ عەجاج دادگایی بکات، ئەوە هەڵەیەکی یاسایی زەقە، چونکە وەکو بڕیارێکی پێشوەختە وایە، کە ئەوان بێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی یاسایی چڕ و پڕ و سەڵماندنی دەرئەنجام، هەرزوو بڕیارێکیان سەپاندووە و ئیدی سەیری ماددەی ١١ی تاوانی گەلکوژیی ناکەن. ئەگەر عەجاج تاوانی گەلکوژیی ئەنجام نەداوە، دەبێ بیسەڵمێنن چۆن ئەو تاوانی گەلکوژیی ئەنجام نەداوە و لەبەرچی تاوانەکانی ئەو تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە.  لەسەر ئەو بنچینەیە دەکرێ سزای دادوەرانە و ڕەوا بۆ ئەم تاوانبارە دڕندەیە ببڕدرێتەوە، بەڵکو ئارامیەک بە کەسوکاری قوربانیان و ڕزگاربووان ببەخشرێت.  

گرنگی گرتنی عەجاج وەکو بەئاگاهاتنەوەیەکە کە پەنجەی پرسیارەکان بۆ سیستەمی دادوەریی ئێراق ئاراستە دەکات. بۆیە ئەگەر لە بەرەی قوربانی و خەڵک بەگشتی بپرسیت ئەوا هەنگاوی دیکەی یاسایی و دادوەرانەی گرنگ ئەوەیە، پێویستە هەموو تۆمەتبارانی تاوانی گەلکوژیی ئەنفال و گەلکوژییەکانی دیکە دەستگیر بکرێن و بدرێنە دادگا. زۆرن ئەوانەی وەکو عەجاج بەشداریی ڕاستەوخۆیان لە تاوانەکاندا هەبووە، بەڵام تائێستا بە ئازادی دەسووڕێنەوە. هەموو ئەوانەی بە جۆرێ لە جۆرەکان لە تاوانەکە گڵاون، تاوانبارن و دەبووایە ڕادەستی دادگا بکرێن. بۆیە پەنادانیان تاوانە و دەبووایە سزای لەسەر بێت.  دادگاییکردنی تاوانبارانی تاوانی گەلکوژیی و دژ بە مافەکانی مرۆڤ هیچ کاتێک کۆن نابێت، تا ئەو ساتەی تاوانبار لە ژیاندا بێت دەکرێ دەستگیر بکرێت و ڕەوانەی دادگا بکرێت. بۆ نموونە تاوانبارانی نازی کە لە تاوانی گەلکوژیی هۆلۆکۆستدا بەشداریان هەبوو تاکو ئێستا دەستگیر دەکرێن و دەدرێنە دادگا، هەرچەندە ئێستا پیر و پەککەوتەن.

ئاشتی و بەیەکەوەژیانی دروست و ئەرێنی لە کۆمەڵگەیەکدا دروست نابێت ئەگەر دادوەریی نەهێتە دی. بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان و ئێراقدا ئەم داوایە گرنگیی نییە و دەسەڵاتداران گوێی پێ نادەن، وەکو بەرژەوەندییە بنەماڵەیی و خێڵەکی و ئەتنیەکان لەپێش هەر شتێکی دیکەوە دێن. 

شاخەوان قادر شۆڕش
٥/٨/٢٠٢٥




یەکەم بەردی سەنگەر، بەشێک لە ژیاننامەی ژەنەڕال سەید سەلیم.. شاخەوان قادر شۆڕش

یەکەم بەردی سەنگەر بەشێک لە ژیاننامەی سەرکردەی پارتیزان سەید سەلیم سەید نەبی نەمرە، ئەو فەرماندەیەی لە زیرەکی لە پلانی سەربازیی و لە ئازایەتیدا بە گەواهیی هاوڕێیانی کەم وێنە بووە. دیارە ژیاننامەی ئەو مرۆڤە مەزنە بەرفراوانترە لەوەی لە نێو دوو توێی ئەم پەرتووکەدا بە کورتی نووسراوە. خۆزگە ئەو ژەنەڕالە پارتیزانە خۆی بیرەوەریەکانی خۆی دەنووسیەوە و گوزارشتی ورد و درشتی ژیان و بیروهزری خۆی بۆمان دەکرد، بەڵام وەکو زۆربەی شۆڕشگێڕانی سەردەمی شاخ یا بواری ئەوەی بۆ نەڕەخساوە کە بیرەوەریەکانی خۆی بنووسێتە، یا نووسیویەتەوە بەڵام دواتر ئەم نووسراوانە بەهۆی هێرش و کاولکاریەکانی ڕژێم یا شەڕی ناوخۆ لەناو چووە.
برای بەڕێزم هیوا سەید سەلیم لە ڕێگەی بەڵگەنامەکانی گیانبەختکردوو سەید سەلیم کە خۆشبەختانە کەمێکیان ماون، لە ڕێگەی دیدار لەگەڵ هەڤاڵ و هاوسەنگەرانی ئەو، هەروەها لە ڕێگەی کۆمەڵێ سەرچاوە و چاوپێکەوتندا توانیوویەتی تیشک بخاتەسەر بەشێک لە ژیاننامەی ئەو. کۆکردنەوە و نووسینی بیرەوەری مرۆڤێک کە بەشێکی دیاری هاوڕێیانی لە ژیاندا نەماون کارێکی بێ گرێ و ئاسان نییە، ماندووبوونی زۆر و کاتی زۆری گەرەکە.
نووسەر لە ڕێگەی ئەم ژیاننامەیەدا بە دەرفەتی دەزانێت بۆ مێژوو بگەڕێتە دواوە و گوزارشتی مێژووی دەڤەری ڕەواندز لە جەنگی جیهانی یەکەم و هێرشی ڕووسەکان بۆ سەر دەڤەر و شارەکە بکات، مێژووی سەرهەڵدانی ڕێکخراو و پارتە ڕامیارییەکانی کوردستان لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمدا ئاماژە پێ بدات. هەروەها ئاماژە بە ڕۆڵی سەید تەهای نەهری وەکو قائیمقام و کەسایەتیەکی دیاری ڕامیاریی لە دەڤەری ڕەواندزدا بکات. سەید تەهای شەمزینی کەسایەتیەکی دیار بووە، بۆیە سەرنجی هەندێ لە بەرپرسانی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی ئینگلیزی ڕاکێشەوە، وەکو لەلایەن ئەدمۆندس و هامیلتۆنەوە بۆ سەرۆکی دەوڵەتی کوردستان لە بری شێخ مەحمودا پێشنیار کراوە، واپێدەچێ ئەوان پێیانوابووە ئەو باشتر لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئینگلیز دەگونجێت و دەکرێ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. دوای پاشگەزبوونەوەی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی بریتانی لە بەڵێنەکانی و لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراق، وە بەهۆی چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان لەلایەن ڕژێمی پادشایەتیەوە ژمارەیەک پارت و ڕێکخراوی ڕامیاریی دروست دەبن. ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی شاری ڕەواندز بەشداریی ڕاستەوخۆیان لە ڕێکخراوەکانی دارکەر، شۆڕش، هیوا و حزبی شیوعیدا هەبووە. دوای جەنگی جیهانی دووەم و دروستبوونی پارتی دیموکراتی کورد ژمارەیەک لە خەڵکە چاڵاکەکەی ڕەواندز پەیوەندی بە پارتیەوە دەکەن، لە کاتێکدا حزبی شیوعی بەهێزترین پارتی ڕامیاریی کوردستان و عێراق بووە، لە گوندەکەی ئەواندا لە کانیە قوڕەدا، شیوعیەکان زۆرینەی خەڵکیان لەگەڵدا بووە. بەڵام لەنێو بنەماڵەکەیاندا تەنها سەید تەهای برا گەورەیان شیوعی بووە، ئەوانیتر سەید عومەر، سەید عەبدوڵا، سەید ڕەشید و سەید سەلیم چوونەتە ڕیزی پارتی. بەهۆی ململانێ و ناتەبایی لە نێوان شوعیەکان و پارتیەکاندا ناکۆکی لە نێو خانەوادەکەدا تا ئاستی دژایەتیکردن هەبووە. لەو بنەماڵەیەدا بەتایبەتی سەید عومەر سەید نەبی چاڵاکانە بەشداریی لە خەباتی ڕزگاریدا دەکات و چەند جارێک لەسەر کوردایەتی تووشی زیندان دەبێت. بەم جۆرە هەست و لایەنگیریی لە خەباتی ڕزگاریی لە زووێکەوە دەخزێتە نێو ئەم خانەوادە شۆڕشگێڕە. بەهۆی تێکەڵکبوونیان بە کاری ڕامیاریی و پێشمەرگایەتی ئەندامانی ئەم خانەوادەیە لەوساوە زیندان و ئاوارەیی و چەرمەسەری زۆریان چەشتووە.
پێویستە بگوترێت بۆ زیندوومانەوەی بوون و ڕۆڵی ئەو خەڵکە چاڵاک و شۆڕشگێرە لە مێژووی دەڤەرەکەدا ئاماژە کردن بە ڕۆڵی مرۆڤە چاڵاکەکانی خەباتی ڕامیاریی لە دەڤەری ڕەواندزدا کارێکی دروست و پێویستە. هەروەها گرنگیدان بە ڕۆڵی خەڵکی دەڤەری باڵەکایەتی لە سەردەمی خەباتی چەکداریدا، کارێکی زۆر پێویستە، چونکە گیانی مرۆڤدۆستی و هاوکاریی خەڵکی گوندەکان و ناوچەکە بەگشتی بۆ بوونی خەباتی چەکداریی یەکلاکەرەوە بووە. ئەو خەڵکە باوەشی گەرمی بژێویی و مانەوەی پێشمەرگە بوون، ئەگەر نانێکی ڕەقیان هەبووایە لەگەڵ پێشمەرگەدا بەشیان کردووە، بۆیە گرنگە لەبیر نەکرێن. نووسەر لای لەم بابەتە کردۆتەوە و گرنگیی پێداون، کە جێگەی دەستخۆشییە.
گیانبەختکردوو سەید سەلیم لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا لە چەندین شەڕ و داستاندا لە دژی هێزەکانی ڕژێمی بەعسدا بەشداریی کردووە. گەورەترین شەڕی شۆڕشی ئەیلول لە گەلی عەلی بەگدا لە بەرزاییەکانی زنجیرەچیای گۆڕەنووکدا بەسەرپەرشتی سەید سەلیم ئەنجام دراوە دوای ئەوەی لە شەڕێکی دەستەویەخەدا بەرزاییەکان لە دوژمن پاک دەکەنەوە، دوژمن لە ٢/٨/١٩٧٤ بە هێزی تایبەتی مغاویر هێرش بۆ گرتنەوەی بەرزاییەکان دەکات. سەید سەلیم پلانی بەرگریی و هێرشی ژیرانەی داڕشتووە و توانیوویانە هێزەکەی دوژمن تێکبشکێنن و نزیکەی ٩٠ کەس لە دوژمن بکوژن و دەست بەسەر چەکێکی زۆردا بگرن. ئەو دەستکەوتانەی کە عەبدوڵا ئا‌غای سەرۆکی هێزی باڵەك کە دوور بوو لە بەرەی شەڕ، چاوی تێ بڕی و بووە هۆی ئەوەی سەید سەلیم و پێشمەرگەکانی سزا بدرێن و بخرێنە زیندان.
لە دوای هەڵگیرسانی خەباتی چەکداریی لە ساڵی ١٩٦١ دا کە بە شۆڕشی ئەیلول ناوی ڕۆیشتووە، گیانبەختکردوو سەید سەلیم لە ساڵی ١٩٦٢ دا چەکی پێشمەرگایەتی هەڵدەگرێت. لەو قۆناغەی خەباتی چەکداریدا سەید سەلیم بەهۆی ئازایی و لێهاتوویی پلەی سەربازیی بەرزدەبێتەوە لە سەرلقەوە تا دەگاتە سەرۆکی هێز لە دوا ڕۆژەکانی هەرەسی خەباتی چەکداریی ئەیلولدا لە بەهاری ساڵی ١٩٧٥دا. لە کاتی ئاوارەیی لە ئێراندا ئەو وەکو زۆر لە فەرماندە و کادیرە ڕەخنەگر و ناڕازیەکانی ناو پارتی بەهیوای دەستپێکردنەوەی خەبات بووە، بۆ ئەو مەبەستە بەشداریی لە کۆبوونەوە لە شاری نەغەدەدا کردووە و بڕیاری گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان داوە. لە دوای هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەکداریی لە ساڵی ١٩٧٦دا سەرەتا ئەو لە ڕێگەی گیانبەختکردوان عەلی هەژار و کاردۆ گەڵاڵیەوە پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی بزوتنەوەی سۆسیالستی کوردستانەوە دەکات، پاشان لە بەهاری ساڵی ١٩٧٨ دا پەیوەندی بە هێزەکانی بزوتنەوەی سۆسیالست لە نیمچە بەرەی یەکێتیدا دەکات. دوای ئەوە دەکرێتە فەرماندەی هەرێمی ١٢ی سۆران. کە بەداخەوە تەمەنی پێشمەرگایەتی هێندە درێژ نابێت و لە ٢٠/١٢/١٩٧٩دا لە شەڕێکدا کە بە داستانی سماقوڵی ناسراوە گیان بەخت دەکات و وەکو خۆی لە دوا ساتەکانی ژیانیدا گوتی دەبێتە” سەدەقەی کوردستان”. لەو شەڕەی دۆڵی سماقوڵیدا کە ئەو لەبەرەی گوندی سماقوڵی سەروچاوەدا بووە لەوێدا لەلایەن هەلیکۆپتەرەکانی ڕژێمەوە دەپێکرێت. دیارە بێباکی و نەترسیەکەی هۆکاریی ئەم پێکانە بوون وەکو ئەو هەمیشە یەکەم بەردی سەنگەری بۆ خۆی هەڵبژاردووە و بەر لە ساتی پێکانەکەدا لەسەر بەردەکە وەستاوە و چاودێریی جووڵەی دوژمنی کردووە. لەم داستانەدا کە تیایدا شینە بۆری فەرماندەی هەرێمی سەفین لە بەرەی سماقوڵی گرتک و سەید سەلیم فەرماندەی هەرێمی ١٢ی هەندرێن لە بەرەی سماقوڵی سەروچاوە گیانیان بەخت کرد، لە هەردوو بەرەی شەڕدا ژمارەیەک جاش دەکوژرێن و سەرووی ٥٠ کەس لە سەرباز و مغاویر و ئەفسەر کە لەنێویاند سەرۆکی فرقەکە هاشم موسڵاوی کوژرابوو. زیانێکی کوشندە بە دوژمن دەکەوێت (بەیانەکەی حسیک زیادەڕۆیی لە ژمارەی کوژراوەکاندا کردووە). دەگێڕنەوە لە ناو گوندی گرتکدا گیانبەخکردوو عەوڵا سوور فەرماندەی هەرێمی ١٤ بە تەنیا دەیان مغاویر و سەرباز دەکوژێت . لەم شەڕەدا هێزی پێشمەرگە بۆ یەکەم جار لە دوای دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکدارییدا گەورەترین زیان بە هێزی دوژمن دەگەیەنن. چەند کەسێک لە خەڵکی سماقوڵی سەروچاوە بۆیان گێڕامەوە، “کە شەڕ تەواو بوو و پێشمەرگە کشانەوە، هێزەکانی ڕژێم هاتنە نێو گوندەکە، کوژراوەکان کە زۆربەیان لە “گەری ماران” پێکرابوون، دوو دوو بە هێستر دەهێندرانە خوارەوە، زۆربوون، هەر دەکێشرانەوە و هەر تەواو نەدەبوون.”
گیانبەختکردوو سەید سەلیم کەسێکی زۆر ئازا و نەترس بووە بە جۆرێک بۆتە هۆی بێباکی لە دوژمن، ئەوەش دەکرێ لە هەندێ باردا بە زیان بگەڕێتەوە، وەکو بەداخەوە لە کۆتاییدا زیانی پێ گەیاند. دیارە ئازایەتی بەس نییە بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە سەرکردەیەکی بەتوانا و لێهاتوو، سادەیی و ڕووخۆشی لەگەڵ پێشمەرگەکانی، ژیریی لە پلان دانان و لەبەرچاوگرتنی گرنگیی ژیانی خەڵک و پێشمەرگە، گرنگیدان بە دیسپلین و ڕێکخستنی پێشمەرگەکان، هەروەها بڕوا هەبوون بە بیری ڕزگاریی و ئامانجەکانی، ئەو تایبەتمەندیانەن وادەکەن بەهای ئەم سەرکردەیە بەرزبێتەوە و ببێتە خۆشەویستی پێشمەرگە و خەڵک. سەید سەلیم ئەو تایبەتمەندیانەی لەخۆ گرتووە، بۆیە دەوروبەرەکەی پێیەوە سەرسام بووین و خۆشیان ویستووە. گیانبەختکردوو لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا خۆڕسکانە خۆی پێگەیاندووە و سوودی لە ئەزموونی ئەوانی دی وەرگرتووە و تا گەیشتووتە سەرکردەیەک کە بێ یەک و دوو وەک سەرکردەیەکی ئازا و شارەزای سەربازیی سیری کراوە و ئەو پلەیەشی پێ دراوە، بۆیە ئەو جگەلەوەی سەرکردەیەکی پارتیزانی بوو، ژەنەڕالێکی خۆڕسکی شاخ بوو.
وەکو لە سەرەتاوە گوتم گیانبەختکردوو سەید سەلیم زۆر زیاترە لەوەی لێرەدا نووسراوە، بە پێویستی دەزانم هەندێ تێبینی و ڕەخنە لەسەر ئەم کتێبە بنووسم. یەکەم: وەکو هاوڕێیەکم ئەم تێبینیەی هەبوو کە سەیری بەرگی کتێبەکە دەکەیت تەنها یەکەم بەردی سەنگەر نووسراوە کە ناونیشانی کتێبەکەیە و ناوی نووسەر لە خوارەوە نووسراوە. پێموایە دەبووایە لەژێر ئەو ناونیشانەدا بنووسرێت بۆ نموونە “ژیاننامەی سەید سەلیم” چونکە کتێبەکە لەسەر ئەوە.
دووهەم: نووسەر خۆی لەو لایەنانە نادات کە پەیوەندیان بە بیروڕا و ناکۆکی و شەڕی ناوخۆوە هەیە، چونکە ئەو گێڕانەوەی ئەم ڕووداوانە و وردبوونەوە لێیان بە باش نابینێت. بۆیە کە کتێبەکە دەخوێنیتەوە تۆ ناتوانێ خوێندوەیەک گەڵاڵە بکەیت کە ڕووداوەکانی مێژووەکە بە چاک و خراپیەوە لەخۆ گرتبێت و وابکات سەید سەلیم لە دیدی جیاجیاوە بناسیت و لە بیر و هزی ئەو نزیک ببیتەوە. خوێنەری هوشیار بە ناچاری بیری ئەو لایەنانە دەکات کە داپۆشراون و گوتنیان لەسەر ناکرێت. بۆ نموونە سەید سەلیم لەلایەن پارتی و فەرماندەی هێزی باڵەک غەدری لێکرا لە جیاتی پاداشت سزا درا. زۆری نەبرد ئاشبەتاڵ لەلایەن مەلا مستەفاوە ڕاگەیەندرا. ئێمە نازانین ڕای ئەو لەسەر عەبدوڵا ئاغای پشدەری و بەرپرسانی پارتی و مەلا مستەفا چی بوو، ئەم کتیبە لەم بارەیە هیچ ناڵێت. سەید سەلیم یەکێک بوو لەو فەرماندە دیارانەی لە بڕیاری ئاشبەتاڵ ناڕازی بوو و ڕەخنەی هەبوو، بەڵام لەم بارەیەوە هیچمان بۆ گوزارشت ناکرێت. سەبارەت بە ناکۆکی نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی سۆسیالست، دژایەتی جەلال تاڵەبانی بۆ بزوتنەوەی سۆسیالست لە دوای چوونە دەریان لە نیمچە بەرەی یەکێتی، ڕا و بۆچوونی سەید سەلیم لەم بارەیەوە نازانین چی بووە، خۆ ناکرێ سەید سەلیم هیچ ڕایەکی لەم بارەیەوە نەبووبێت. سەید سەلیم مابوو کە یەکێتی بڕیاری لێدانی هێزەکانی بزوتنەوە لە هاوینی ساڵی ١٩٧٩دا دەدات و بۆسە بۆ شێرکۆی شێخ عەلی و سەرباز ئەحمەد لە بناری کۆسرەتدادەنێنەوە، شەڕی ناوخۆ لێرە و لەوێ دەست پێ دەکات، بەڵام ئێمە نازانین سەید سەلیم لەم بارودۆخەدا لە کوێ بوو و چی کرد و چی گوتووە. ئەو گوزارشت و بابەتانە لەم کتێبەدا بزرن. ئەوە بەشێکە لە ژیانی ئەو کە خۆی لێ نادرێت.
سەبارەت بە خەباتی ڕزگاریی ڕابردووی باشووری کوردستان نووسینەوەی ژیاننامەی کەسێکی بەشدار لەم مێژووەدا ئەرکێکی مێژووییە و پێویستە چ بیرەوەریی یا ژیاننامە وێنەیەکی ڕیالیستانە و بێلایەنانە لەسەر ڕووداوەکانی ڕابردوو بخاتەڕوو. پێویست ناکات نووسەر دژایەتی کەس بکات، تەنها ڕووداوەکان وەکو خۆی چۆنە بەپێی توانا ئەوها لە زاری بەشداربووانەوە بنووسێتەوە. لە بیرەوەریی دروست و دەوڵەمەندا خاتری کەس ناگیرێت، باش و خراپ گوزارشت دەکرێت. ڕەوتی “نە شیش بسووتێ و نە کەباب” ڕێچکەیەکی خۆپارێزە کە زیان بە تەواوەتی لە گێرانەوە مێژوویەکاندا دەگەیەنێت، چونکە نایەوێ خۆی لەو لایەنانە بدات کە لایەن و کەسەکان دڵگران دەکەن. دەکرێ ژیاننامە زۆر بەرفراوان بکرێت ئەگەر نووسەر بیخوازێت. ژیانی کەسێک تەنها کۆمەڵێک چاڵاکی نییە، بەڵکو بوون و ژیانە، بیر و هزر و دیدگایەکە تایبەت بەو کەسە کە دەتوانێ وەکو شەپۆڵ لە دەریادا تا لە چاو ون دەبێت گوزەر بکات. دەزانم زۆر سەختە لەو ژوورە تاریکانەدا لاپەڕە ونەکانی مێژوو هەروا ئاسان بدۆزیتەوە، بەڵام دەکرێ هەندێ بکەونە بەرچاو. هەرچۆنی بێت ئێمە لەو کتێبەدا ئاشنایەتی لەگەڵ ئازایەتی و چاڵاکییە ناودارەکانی گیانبەختکردوو ژەنەڕال سەید سەلیم پەیدا دەکەین، بەڵام سەبارەت بە ژیانی ئەو تەنها ئاشنایەتیەکی زۆر کەم پەیدا دەکەین، سەبارەت بە بیر و هزری ئەو لەسەر بابەتە جیاجیاکان هیچی ئەوتۆ وەرناگرین.
سێهەم: نووسینی ناوی هەندێ سەرۆک جاشی تاوانبار وەکو نەوزادی ئەنوەر بەگی بێتواتە کارێکی دروستە و پێویستە ناوی سەرۆکجاشەکان نەشاردرێنەوە، بۆیە نەنووسینی ناوی هەندێ لە سەرۆک جاشەکان و نووسینی دوو پیتی کورتکراوە جێگەی ڕەخەنەیە. خوێنەر نازانێ گوتن لە کێ دەکرێت و ئەم پیتانە ناوی چ سەرۆکجاشێکی تاوانبارن، کە ڕاوی پێشمەرگەیان کردووە و بۆ ڕژێمی بەعس تاوانیان دژی پێشمەرگە و خەڵک ئەنجام داوە.
چوارەم: سەبارەت بە ڕۆڵی ئۆدا حەلیم زۆر کەم نووسراوە، دەبووایە زۆر زیاتر بنووسرێت. سەرکەوتنی زۆر لە سەرکردەکانی خەباتی شاخ خۆڕاگریی و پشتگیریی ژنەکانیان بووە. ئۆدا حەلیم لەم بوارەدا دایکێکی مەزن بووە، جگەلەوەی منداڵەکانی خستۆتە بن باڵی خۆی و پاراستوونی، چەرمەسەری و ئاوارەیی و نەداریی نەیتوانیووە وای لێبکات لە پشتگیریی بەردەوامی خەباتی گیانبەختکردوو سەید سەلیم بکەوێت. ژیاننامە و بیروەری ئەو بە تەنها چیرۆکێکی پڕ لە خەبات و درامایە. ئـێمە هەموومان قەرزاری ئەو دایکانەین.
لە کۆتاییدا دەبێ ئەوەش بڵێم کە سەیری سەرچاوەکانم کرد ناوی کتێبی “قادر شۆڕش چل ساڵ خەبات و تێکۆشان” م نەبینی کە من لە ساڵی ٢٠٠١دا بە هاوکاریی هاوڕێم کاک مەریوان زەندی کە هاوڕێی کاک هیواشە بە چاپم گەیاند. لەم کتێبەدا دیدار لەگەڵ دامەزرێنەران و کادیرانی سۆسیالست کراوە و پێموایە یەکەم کتێب بوو ئەوسا کەمێک لە مێژووی سۆسیالست دوا، ئەتوو برێی زانیاریەکانی نێو ئەم کتێبە بۆ کاک هیوا گونجاو نەبووبێ، وەکو ئەو گوزارشتێکی سەرەتای دروستبوونی سۆسیالست و خەباتی شار و شاخ دەکات. سەرەڕای تێبینیەکانم دەستخۆشی و ماندوونەبوونی لە برای بەڕێزم هیوا سەید سەلیم دەکەم، زانیاری بەسوود و باش لەم کتێبەدا هەن. سوپاسی دەکەم کە کتێبەکەی بۆ ناردم، بەڵام جگە لە خۆشەویستیم بۆ گیانبەختکردوو سەید سەلیم و ئەو خانەوادە پاک و تێکۆشەرە، ئەمن بڕوام بە گێڕانەوەی ڕیالیستانە، فرە دید و بێلایەنانەیە بۆیە لە ڕوانگەی هەڵسەنگاندنێکدا تێبینی و ڕەخنەکانم خستۆتەڕوو.
….
تێبینی: لە نووسینەکەدا نووسیبووم کەوا کاک ئاکۆ ئاکۆیی لە “کتێبی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان مێژوویێک لە خۆڕاگری ١٩٧٦ – ١٩٩١” ئەویش ئاماژەی وەکو سەرچاوە سوودی لە کتێبی “قادر شۆڕش چل ساڵ خەبات و تێکۆشان نەکردووە”. لێرەدا من هەڵەم چونکە لە سەرچاوەکاندا نووسراوە، بۆیە لەم تێکستەدا ئەو بەشەم لابرد. هیوادارم کاک ئاکۆ ئاکۆیی بە سینگفراوانیەوە ئەم هەڵەیە وەربگرێت. سوپاس بۆ کاک ئاکۆ کە خۆی لەم هەڵەیە ئاگاداری کردمەوە.

شاخەوان قادر شۆڕش
٩/٦/٢٠٢٥




پرسیار و نیگەرانییەکان لە ڕێکەوتنەکەی نێوان مەزڵوم و شەرعدا.. شاخەوان قادر شۆڕش

ئەم ڕێککەوتنە (١٠/٣/٢٠٢٥) کە وەکو دەگوترێت لەژێر گوشار و چاودێریی ئەمەریکا، ڕوسیا، بەریتانیا، تورکیا و قەتەردا کراوە (چەندی ڕاستە نازانین)، ڕێککەوتنێکە لە نێوان بەرەی سیکولار، پێشەکەتووخواز و کۆنەپارێز، ئیسلامی کراوە. ئەگەر بزانین ئەوە لە کاتێکدایە کە لەشکری ئیسلامی بە پاڵپشتی تورکیا هێرشی بۆ سەر بەنداوی تشرین بۆ سەر کوردەکان بەردەوام بوو، لە هەمان کاتدا لەشکری ئیسلامی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دژ بە عەلەوەیەکان ئەنجام دەدا. دەکرێ بڵێین ئەم ڕێککەوتنە ڕێککەوتنی نێوان هێزی ئاشتی و هێزی شەڕە. بێگومان گرنگە کێشەکان لە ڕێگەی دایەلۆگ و بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێن، بەڵام با بزانین دەتوانین چی لە خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتنەی کە بڵاوکراوەتەوە بخوێنینەوە.
لە خاڵی سێهەمدا دەڵێت ڕاگرتنی ئاگربەست لە سەرتاسەری خاکی سوریادا. کەواتە دەبێ هێرش بۆ سەر هێزەکانی خۆسەریی لە بەنداوی تشرین و حەلەب بووەستێت، کۆمەڵکوژیی بۆ سەر کەمینەی عەلەوی بوەستێندرێت. لە باری ملکەچیی بە ئاگربەست ڕێگە لە کوشتار و کاولکاریی زیاتر دەگیرێت. بۆیە ئەوە هەنگاوێکی ئەرێنی زۆر پێویستە. بەڵام ئەگەر ئەوە تەنها نووسینی سەر کاغەز بێت، هێرش و کوشتار دژی کەمینەکان بەردەوام بێت کەواتە هەموو ڕێککەوتنەکە دەکەوێتە ژێر گومان و خۆی لە خۆیدا هەڵدەوەشێتەوە.
لە خاڵی پێنجەمدا دەڵێت مسۆگەری گەڕانەوەی هەموو ئاوارە سوریەکان بۆ شار و گوندەکانیان دەکرێت و دەوڵەتی سوریا دەیان پارێزێت. گەڕانەوەی هەموو ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان زۆر پێویستە، بەڵام پرۆسەیەکی زۆر سەختە، لە کاتێکدا زۆر لە گوند و شاری خەڵک وێران بووین، یا لە ژێر چنگی لەشکری داگیرکەری تورکیا و چەکدارە ئیسلامیەکانی سەر بە تورکیایە. ئایا تورکیا ئامادەیە لە باکوری ڕۆژئاوای کوردستاندا، لە عەفرین و شوێنەکانی دیکە بکشێتەوە و لێبگەڕێت کوردەکان و کرستیانەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان؟ ئەوەی تورکیا بناسێت هیچ هەڵەیەکی نەکردووە ئەگەر گومان لە جێبەجێکردنی ئەم خاڵە بکات. جگەلەوەی زۆر لە ئاوارەکان بڕوا بەم دەسەڵاتە ئیسلامیە ناکەن کە لە نوێترین تاوانیدا کۆمەڵکوژیی عەلەویەکانی ئەنجام داوە.
ئایا ئەم ڕێککەوتنە بۆ کەمینەکان چی تێدایە؟
لە خاڵی یەکەمدا نووسراوە “مسۆگەرکردنی مافەکانی هەموو سوریاییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریی لە پرۆسەی سیاسی و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی، بەبێ ڕەچاوکردنی پاشخانی ئایینی و نەتەوەیی”. واتە خەڵک وەکو هاوڵاتی سوریا بێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی بۆیان هەیە لە پەرلەمان و حکومەتدا بەشداربن. لێرەدا جەخت لەسەر مافی هاوڵاتی لە بەشداریی لە پرۆسە یاسایی، جێبەجێکاری و دادوەریەکان دەکاتەوە. لەم دیدەوە مافی تاک لە کۆمەڵگەدا مسۆگەر دەکرێت، هەموو وەکو هاوڵاتی بە یەکسانی سەیریان دەکرێت و جوداکاریی ناکرێت. بەڵام… یەکەم، ئایا ئەم دەسەڵاتە ئیسلامیە دەتوانێ مسۆگەری مافی هاوڵاتیان بە یەکسانی بکات؟ ئایا دەتوانێ ڕێز لە ئازادی هاوڵاتیان بگرێت، لە کاتێکدا پێداگریی لەسەر جێبەجێکردنی شەریعە دەکات؟ پێداگریی لەسەر سوریایی بوون و عەرەبی بوون دەکاتەوە؟ زۆر سەختە دەسەڵاتی ئیسلامی و نەتەوەیی عەرەبی بتوانێ لە ئاستی ئەم خاڵەدا بێت، ئەگەر نەڵێین هەرگیز. ئایا هیچ دەسەڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی توانیوویانە مافی تاک مسۆگەر بکەن، هەموو ئازادانە و بێ جیاوازیی بەشداری لە پرۆسە جیاجیاکاندا بکەن؟ نەخێر تا ئێستا ئەوە نەبووە. دووەم، بەپێی ڕێژەی بەشداریی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردندا و بەپێی مافی هاوڵاتی لە هەر شوێنێکی گرنگی دەسەڵاتی وڵاتدا ئەندامانی ئەو شوێنانە بە خەڵکی سەر بە زۆرینەی ئایینی و نەتەوەیی پڕ دەکرێنەوە، ئەوەش نایەکسانی دەهێنێتە ئاراوە، کە بەئەگەری زۆر ناڕەوایی، چەوساندنەوە و ناکۆکی بەرهەم دەهێنێت. لەم بارەدا هاوڵاتیانی سەر بە ئایین و نەتەوەی کەمینە هەست بە پەڕاوێز خستن و بەلاوە نان دەکرێن، لە بڕیارەکاندا لە تەماشاکەر بەولاوە هیچیتر نابن. بەکورتی مۆدێلی کۆمەڵگەی مۆدێرن لەسەر بنچینەی مافی تاک و هاوڵاتیبوون لە سوریادا کە تێکەڵەیەکی نەتەوەیی و ئایینیە و مێژووی خوێناوی لە نێوانیادا هەیە، ناڕیالیستانەیە و زۆر سەختە بەدەست بێت.
ئایا ئەم ڕێککەوتنە بۆ کورد چی تێدایە؟
ئێمە نازانین جگە لەم خاڵانە، ڕێککەوتن لەسەر چیتر کراوە و چ بەڵێنێک بە کوردەکان دراوە، بۆیە تەنها هەروەستەیەک لەسەر ئەم خاڵانە دەکەین کە بڵاوکراونەتەوە. لە خاڵی دووهەمدا نووسراوە “کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا و دەوڵەتی سووریا مافی هاوڵاتی بوون و هەموو مافە دەستورییەکانی مسۆگەر دەکات”. یەکەم مافی هاوڵاتی بوون (وەکو لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەی بۆ کراوە) کە پێشتر لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا نەبوو ئێستا دانی پێنراوە. بەم واتایە کورد وەکو هاوڵاتی سوریا مافی هاوڵاتی بوونی هەیە و هەموو مافێکی وەکو هاوڵاتی هەیە. بەڵام مافی هاوڵاتی بوون کە ناوی مافی لێنراوە، لە وڵاتی ئازادا بێ یەک و دوو مسۆگەرە، نکۆڵیلێکردن لێی تاوانە. چونکە کورد لە زێدی باب و باپیرانی خۆیدا پێویستی بەوە نییە کەس ئەو خێرەی پێ بکات. پێشتر ڕژێمی بەعس تاوانی لەم بارەیە ئەنجام دا، ئێستا تاوانەکە نەماوە. دووەم مەبەست لە مسۆگەرکردنی هەموو مافە دەستورییەکان چییە؟ ئەم خاڵە وەکو لاستیک وایە دەکرێ بە ئارەزووی دەسەڵات فراوان بکرێت و وە بە پێچەوانەشەوە تەسک بکرێتەوە. ئایا مەبەست ئەوەیە کوردەکان بەپێی خاڵی یەکەم وەکو هاوڵاتی مافی بەشدارییان لە پڕۆسە و دامەزراوەکاندا هەیە؟ ئەگەر ئەوە مەبەستە، ئەوا ئەو ڕێککەوتنە ڕێکە ئەوەیە کە تورکیا و قەتەر و نەیارانی خۆسەری ڕۆژئاڤا دەیخوازن. لەم بارەدا دەسەڵاتی خۆسەریی و مافی نەتەوەیی کوردەکان نامێنێت. چونکە لەم بارەدا سوریا هی هەمووانە، هەموو لە سوریادا وەکو هاوڵاتی بەشدارن، پێویست بە مافی نەتەوەیی ناکات کە جوداخوازیی لە خۆ دەگرێت. تیئۆریەکە وادەڵێت. ئەگەر وابێت ئەو هەموو شەڕ و خوێنڕشتنە بۆ چی بوو؟ بۆ مافی هاوڵاتی بوون!؟ بە پێچەوانەوە ئەگەر مەبەست لە مسۆگەری هەموو مافە دەستورییەکان ئەوەیە کە کوردەکان بە پێی دەستور مافە نەتەوەیی و ڕامیارییەکانیان مسۆگەر دەکرێت، کەواتە کوردەکان ڕێگەی ئەوەیان پێ دەدرێت کە خۆسەری خۆیان هەبێت و نموونەی کانتۆن یا هەرێمێکی ئۆتۆنۆم یا فیدرال پێک بهێنن. بەڵام ئایا دەکرێ بەپێی ئەو بڵاوکراوەیە بڕوا بەو دەرئەنجامە بکەین؟ خاڵی چوارەم داوای یەکخستنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازیەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتی دەوڵەتی سوریادا دەکات. ئەوەش گومان لەسەر بوونی مافی ئۆتۆنۆمی دروست دەکات، چونکە ئەوەی ڕاستەوخۆ لەم خاڵە دەخوێندرێتەوە ئەوەیە کە دەوڵەتی سوریا سەرپەرشتی دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکان دەکات. بەڵام دەکرێ بگوترێت خۆبەڕێوەبەریی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا هەیە، بۆیە دەکرێ لەم بارەدا دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکان بمێننەوە و لەژێر چەتری دەوڵەتدا درێژە بە بوونی خۆیان بدەن. بەڵام چۆن؟ کێ ئەرکی بەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ؟ ئەگەر مەبەست کوردەکانە بۆ هیچ ئاماژەیەک بە مافی خۆبەڕێوەبەریی ناکرێت؟
خاڵی حەوتەم خاڵێکی مەترسیدارە بۆ داواکاریی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان. خاڵێکە بە دڵی تورکیا و قەتەرە. ئەم خاڵە وەکو لاستیک دەکرێ بە هەر لایەکدا ڕابکێشرێت کە دەسەڵات گەرەکیەتی. دەکرێ بەپێی ئەو خاڵە داوای مافی خۆبەڕێوەبەریی دروزەکان و کوردەکان دژایەتی بکرێت و ڕەوایی بە سەرکوتکردنی هەر هەوڵێک بۆ مافی خۆبەڕێوەبەریی لەلایەن دەسەڵاتەوە بدرێت. دەکرێ بگوترێت نا ئەم خاڵە مەبەستی داوای جوداخوازییە نەک مافی خۆبەڕێوەبەریی. بەڵام کێشەی ئەم بڵاوکراوەیە ئەوەیە بە یەک وشەش ناوی مافی خۆبەڕێوەبەریی ناهێنێت، بۆیە نادروست نییە ئەگەر خەڵک ڕەشبین بن.
لە خاڵی چوارەمدا ئاماژە بە کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی سوریا بەسەر کێڵگەکانی نەوت و گازەوە دەکات. ئەگەر دەوڵەت کۆنتڕۆڵی کێڵگەکانی نەوت و گاز بکاتەوە، کەواتە سەرچاوەی گرنگی دارایی خۆسەریی ڕۆژئاوا نامێنێت. ئەوەش ئابوریی خۆسەریی زۆر لاواز دەکات. ئەوە ئەگەر ڕێگە بە بوونی خۆبەڕێوەبەریی بدرێت. لە بارێکدا کە خۆسەری ڕۆژئاڤا بە مافی هاوڵاتی بوون بگۆڕدرێتەوە و نەمێنێت، دەوڵەت کۆنتڕۆڵی هەموو دەروازە و سەرچاوە سروشتیەکان بکات، لەم بارەدا تورکیا و قەتەر بە ئاسانی دەتوانن پڕۆژەی لولەکانی نەوت و گاز لە عێراقەوە بە سوریادا ڕابکێشن و بۆ دەریای سپی ناوەڕاست بیبەن. بازرگانییەکە بۆ قەتەر، تورکیا، سوریا و ئەمەریکا و ئەوڕوپا سوودی هەیە، وەکو گازی سروشتی داواکاریی لە بازاڕی جیهانی و ئەوڕوپیدا بەرزە. ئەوسا مافی نەتەوەیی کورد لە بنی بەرمیلە نەوتەکانیشدا نادۆزرێتەوە.

شاخەوان قادر شۆڕش
١١/٣/٢٠٢٥




ئەگەری کاریگەری بەنداو لەسەر زەویلەرزەکەی ٦ فێبریوەری و سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی لە تورکیادا.. شاخەوان قادر شۆرش

بومەلەرزە یا زەویلەرزە گەورەکەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، وە تورکیا و سوریا لە ٦/٢/٢٠٢٣دا زیانێکی یەکجار گەورەی گیانی و ئابوری بە هەموو ناوچە بەرکەوتووەکان گەیاندووە، لەکاتێکدا مرۆڤە زیندووەکانی ژێر خانووەڕووخاوەکان خەبات دژ بە کات دەکەن و لەنێوان مەرگ و ژیاندا بەهیوای ڕزگارکردنن، خەڵکی وڵاتە بەرکەوتووەکان هەژاون و ڕەخنە و گومانەکان لە زیادبووندان. گوتنی زۆر لە سروشتیبوونی یا مرۆکردی بومەلەرزەکە دەکرێت، جگەلەوە گوتن لە ئەگەری پەیوەندی هەبوونی سیاسەتی رەگەزپەرستانەی تورکیا بە بومەلەرزەکەوە دەکرێت.
دوو خاڵی گرنگ هەیە کە لێرەدا گرنگە ئاماژەیان بۆ بکرێت و گونجاون هەروەستەیەکیان لەسەر بکرێت، یەکیان سەبارەت بە سروشتیبوونی بومەلەرزەکە و کاریگەری بوونی بەنداو لەم چوارچێوەیەکدا، یەکیان پەیوەندی بومەلەرزەکە بە سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزیەوەیە.
یەکەم وەکو شارەزایانی زەویناسی وەکو جیوفیزیکەکان و جیۆلۆجەکان دەیڵێن لەژێر ڕووی زەویدا 7 پلێتی گەورە و زۆر پلێتی بچوک هەن، کە بەهۆی وزە و پاڵەپەستۆکانی ناخی زەوی ئەو پانتاییە گەورەو و بچوکانە بەبەردەوامی لەجووڵەدان. وەکو شارەزایان دەیڵێن هەژان و لەرزینی زەوی ڕوودەدات کاتێ لەنێوان پانتاییەکاندا لێکترخشان، لەیەکتر گیرابوون یا خزین بە تەنیشت یەکتر ڕووبدەن. ئەوان دەڵێن ئەوەی لە باکور و رۆژئاوای کوردستاندا روویداوە جوولانی پێچەوانەیی تەنیشت یەکی هاوتەریبی دوو پلێتە لەو شوێنەدا. بەمجۆرە زەویلەرزە ڕووداوێکی سروشتییە و ئەو هەرێمانەی دەکەونە سنوورەکانی پلێتە تێکنۆتیکەکان tectonic plates بەتایبەتی سێ گۆشەکان واتە لەو شوێنەی سێ پلێت بەیەکتردەگەن مەترسیدارترن کە وەکو مایکرۆ تەکتۆنیک پلات Micro tectonic plates ناسراون. سەبارەت بە زەویلەرزەکە لەو شوینەدا هەرسێ پلێتی تێکتۆنیکی ئەناتۆلی، عەرەبی و ئەفریکایی دەگەنەوەیەک. لێرەدا ڕوودانی ئەگەری بومەلەرزە زیاترە و بەپێی لێکدانەوەی شارەزایانی بواری زەویناسی دەکرێ بومەلەرزە لەم شوێنەی ئێستا هەموو سەد ساڵ جارێک یا زیاتر رووبدەن، بەڵام دیارکردنی کاتەکە سەختە.
بەڵام گرنگە سەرنجی ئەوە بدرێت کەوا بەپێی هەندێ لە نووسراو و ڕاپۆرتەکانی شارەزایانی بواری زەویناسیەوە، دروستکردنی بەنداو و گڵدانەوەی ئاوێکی زۆر لە ناوچەیەکدا دەکرێ کاریگەری لەسەر هاوسەنگی پلێتەکانی ژێر ڕووی زەوی تێکتۆنیک پلات tectonic plates دروستکات، بەتایبەتی ئەگەر هەرێـمێک کەوتبێتە سەر سنوورەکانی بەیەکگەیشتنی سێ پارچە پلێت وەکوی ئەو شوێنەی باکوری کوردستان ئەگەرەکانی بومەلەرزە زیاتر دەکەن. بەمجۆرە دروستکردنی بەنداو دەکرێ فاکتەرێکی هاندەربێ کە دەکرێ کاریگەری زیاتر لەسەر جووڵەی پلێتەکانی ژێر ڕووی زەوی دروستکات و ببێتەهۆی ڕوودانی بومەلەرزە.
بۆنمونە لەلایەن هەندێ لە زەویناسانی چینیەوە بومەلەرزەی سیچوانی Sichuan چین لەساڵی ٢٠٠٨دا کە بەهێزی ٧،٩ ماگنیتیوت بوو و نزیکەی ٨٠ هەزار کەسی کوشت لەلایەن هەندێ لە زەویناسانەوە بە بەنداوەکەی زیپینگپووی Zipingpu نزیک ناوچە بەرکەوتووکەوە بەسترایەوە. وەکو ئەوان دەڵێن ڕاستە ناوچەکە بە زەویلەرزە ناسراوە بەڵام ئەو هەژانە بەهێزە نائاساییە و هۆکەی گڵدانەوەی ئەو هەموو ئاوەیە لە بەنداوەکەدایە. نمونەیەکیتر بەنداوی کۆینیایە Koyna لە هیندستان کە لەساڵی ١٩٦٧ بومەلەرزە لەنزیکیەوە بەهێزی ٦،٣ ماگنیتیوت ڕوویدا و ئەو بەنداوە وەکو هۆکاری هاندەر سەیری کرا.

لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە کە دکتۆر جەوهەری Dr. V. P Jauhari نووسیویەتی و دراوەتە کۆمیسیۆنی جیهانی سەبارەت بە بەنداوەکان هاتووە کەوا بەنداوەکان بەهۆی ئاوی زۆری کۆکراوەیان دەتوانن بۆ پلێتەکانی ژێر ڕووی زەوی کەخۆیان لەژێر پاڵەپەستۆدان گوشار بهێنن. هەروەها شارەزایەکی دیکەی ئەو بوارە هارش گوپتا Harsh K. Gupta ئاماژە بە ئاستی قووڵایی بەنداو لە ١٠٠ مەتر زیاتر وەکو فاکتەرێکی گرنگی دروستکردنی گوشار، وە زۆری ئاوی گڵدراوەش بەهەمان شێوە فاکتەری گرنگی مەترسیدارە. کە دەکرێ لە لەکاتی پربوونی بەنداودا یا لە دوای پڕبوونیدا هەستی پێ بکرێت. لەو لێکۆڵینەوەیەدائاماژە بە شوێنی هەستیاری وەکو هیمالایا، خواروی ڕۆژئاوای چین، ئێران، تورکیا و چیلی دەکرێت. ئاماژە بە زیاتر لە ١٠٠ کەیسی بومەلەرزە دەکرێت، کە پێیانوایە دەکرێ بوونی بەنداو هۆکاری هاندەربن، بۆیە داوا دەکرێ کەوا هەروەستەیەک لەبەردەم بابەتەکەدا بکرێت و بیری لێبکرێتەوە بەرلەوەی هەنگاوی دروستکردنی بەنداو لەو شوێنە هەستیارەکاندا ئەنجام بدرێت. گرنگە سەرنجی بدەین کەوا ئەو بۆچوونە نەسەڵمێندراوە و بەڵام هەندێ لە زەویناسان لەگەڵ بوونی ئەو فاکتەرە مەترسیدارەدان.

ئەگەر بیر لە پلانی هێرشی سیاسی بکرێتەوە و گریمانی ئەوە بکرێت کەوا ئەو بومەلەرزەیە هێرشێکە بۆسەر کوردەکان لەلایەن تورکیاوە، ئەوە جەیمس گاهێرتی James Gaherty پرۆفیسۆر لە بواری زەویناسیدا لە زانکۆی باکووری ئەریزۆنای ئەمەریکادا دەڵێت هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە سروشتییە و دەستکردی مرۆڤ نییە. ئەو هەرێمە بەو مەترسیانە ناسراوە و بۆیە بێگومان بومەلەرزەکە ڕووداوێکی سروشتییە. هەروەها لیسا والد Lisa Wald کە شارەزای بواری جیۆفیوسیکە دەڵێت ئەو ڕووداوە بۆیە ڕوویدا چونکە هەرێمەکە هەستیارە و سنووری سێ پلێتی جیاواز لەوێدا بەیەک دەگەن، ئەو پلێتانە بە سستی دەجووڵێن و سنوورەکانیان ماوەیەکی درێژە گیربووە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو گوشاریەیان بۆ هاتووە کە تووانیوویەتی بیانخزێنێت. ئەو دەڵیت بومەلەرزە بەو قەوارە گەورەیە لە توانای ئەوە بەدەرە مرۆڤکرد بێت. دەڵێت بومەلەرزەی مرۆڤکرد کە بەهۆی مین و تێکردنی شلەی تایبەتەوە لەژێر زەویدا ئەنجام دەدرێت سنووردارە و تەوژمەکەی لە ٥ ماگنیتیوت تێناپەڕێت. لەو وتارەی بڵاوکراوەتەوە جەیمس گاهێرتی و لیسا والد ئاماژە بە ئەگەری پاڵەپەستۆی بەنداو یا پەیوەندی بەنداو بە بومەلەرزەکە ناکەن، بۆیە خۆیان لەو بابەتە نەداوە.

دووەم لەلایەکیتر بەهۆی بوونی ناکۆکی نەتەوەیی لە تورکیادا وە بەهۆی پیادەکردنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی پاکتاوکردن کە هەر لە گۆڕینی ناسنامە، ڕاگواستن و کوشتار و گۆڕینی دیمۆگرافیا دەگرنەخۆیان لەلایەن تورکیاوە وەکو چارەسەری کێشەی کورد لە باکوردا سەیری کراوە و سەیری دەکرێت، وەکو ئەو مەنتالە ڕەگەزپەرستییە لە کەمال مستەفا ئەتاتورکەوە ئەوها هاتووە و تەنانەت تا ئێستا دان بەبوونی کێشەی کورد ناندرێت و سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزیش بەجۆرێ لە جۆرەکان بەردەوامە. بۆیە دروستکردنی کۆمەڵیک بەنداو کە ڕووبەرێکی زۆر بەرفراوان لەخاکی باکوری کوردستاندا لەدەڤەری ئێلەزیگ، مەلاتیە و ئەیدامان و دەوروبەریاندا دەگرنەخۆیان، دەکرێ بێ پەیوەندی بە سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزیەوە نەبێت. تورکیا لەم ڕێگەیەوە سەدان گوند و دەیان شارۆچکە و شاری هەرێمەکە وەکو شاری حەسەن کێفی دەڤەری باتمان بەهەموو شوێنەوارەکانیەوە خستۆتە ژێرئاوەوە و بۆ تاهەتا نەیهێشت، وە دانیشتوانی ئەو هەرێمە بەرفراوانەش کە دەکرێ چەندان ملیۆن کەس بن، ناچاری ڕەوکردن کراون، دەکرێ خەڵکە ناچارکراوەکە قەربوویەکیان وەرگرتبێت، بەڵام قەرەبوو ناتوانێ زێدی دایکوباپیرانیان بەدەستبهێنیتەوە. ئەوانە گەلێکیان بە ئازادی یا نائارەزوومەندانە بۆ شوێنەکانی دەرەوەی کوردستان ڕەودەکەن و نیشتەجێ دەبنەوە و ناگەڕێنەوە. بۆیە ناڕاست نییە ئەگەر پرۆژەی گاپ وەکو کەرستەیەک بۆ جێبەجێکردنی پاکتاوی ڕەگەزی لێکبدرێتەوە. چونکە دەرئەنجامی ئەوهای هەیە کە دەچێتە چوارچێوەی ئامانجەکانی پاکتاوی ڕەگەزی. خودی ناونانی بەنداوە گەورەکە بە بەنداوی ئەتاتورک لە جەرگەی خاکی کورداندا سەرچاوە لە مەنتالی ڕەگەزپەرستانەی دژ بەکوردی تورکیا وەردەگرێت. وەکو ئەتاتورک ئەو سەرکردەیەی تورکیا بوو کە قەدەغەی هەموو بەها و تایبەتمەندییە نەتەوەییە کوردیەکانی کرد و هەموو کوردەکانی وەکو تورک ناونوس کرد و وەکو تورکی کێوی ناساندنی و نکۆڵی لە بوونی نەتەوەی کورد لە تورکیا کرد.

دروستکردنی بەنداوی گەورە لە چوارچێوەی پرۆژەی گاپ لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە ڕووبەرێکی گەورەی باکوری کوردستاندا، بێگومان کۆمەڵی ئامانجی هەیە، یەکەم بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بۆ وڵات، دابینکردنی ئاو بۆ باشترکردنی کوشتوکاڵی ناوچەکانی دەوروبەر، پەیداکردنی کار، بەڵام ئامانجێکی گرنگیش کۆنترۆلکردنی ئاو و ڕێژەی بەردانەوەی ئاوە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ڕێژەی ئاو لەسەر باشوری کوردستان و ئێراق و سوریادا هەیە و دەتوانێ وەکو چەکێکی سیاسی بۆ بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی تورکیا بەکاربهێندرێت. دیارە پڕکردنی بەنداو ڕاستەوخۆ دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکان وەکو کەمبوونی ئاوی دیجلە و فورات دەیان ساڵە هەیە و بۆتە هۆی وشکبوونی زەنگاوەکانی خوارووی ئێراق بۆ نموونە. هەروەها گرنگە سەرنجی ئەوە بدەین کەوا دروستکردنی بەنداوی گەورە زیانیشی لەلایەنی ژینگەوە زۆرن، لەوانە زیانگەیاندنی بەسامانە ئاویەکان کە دەرهاویشتەی سروشتیی کەمبوونەوەی ئاون، وشکبوونی زەنگاو، بەهەڵمکردنی ئاو بەڕێژەیەکی زۆر، زۆربوونی فرێدانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، نەمانی گەلێک جۆری ڕووەک و گیانەوەر و هتد. بۆیە دەکرێ پارێزەرانی ژینگە دژی دروستکردنی بەنداوبن.
ئەگەر بزانین بەنداوی ئەتاتورک دەتوانی نزیکە ٤٥ ملیار مەتر سێجا ئاو گڵداتەوە لە شوێنێکدا کە بە مایکرۆ تەکتۆنیک پلات ناسراوە، وەئەگەر سەیری نائاساییبوونی بەهێزی هەژان و زەویلەرزەکە بکەین بێگومان پێکچوون لەگەڵ ئەو زەویلەورزەیەی ناوچەی سیچوانی چیندا هەیە. ئەو زەوی لەرزەیەی باکوری کوردستان نائاسایی بووە وەکو پێشتر زەویلەرزەی تۆمارکراو خۆی لە ٦ ماگنیتیوت داوە بەڵام ئەوەیان ٧،٤ و ٧،٨ ماگنیتیوت بووە کە زۆر هێزتر و بەتەوژمتر بووە. بەمجۆرە گڵدانەوەی ئاوێکی یەکجار زۆر کاریگەری لەسەسەر هاوسەنگی پانتاییەکانی ژێرزەویدا دەکرێ هەبووبێت. لەو ڕوانگەیەوە و ئەگەر ئەوە ڕاست بێت و بتواندرێ بسەڵمێندرێت کەواتە فاکتەرێکی هاندەری گرنگی زەویلەرزەکە لەلایەن مرۆڤەوە دروست کراوە. بۆیە دەکرێ ڕووداوی بومەلەرزەکە کە بە کارەساتێکی سروشتی لێکدەدرێتەوە تەواو سروشتی نەبێت و زیادکردنی تەوژمەکە بەهۆی بەنداوەکەوە بووبێت. کاریگەریی بەنداوی ئەتاتورک لەسەر ئەو زەویلەرزە بەهێزە چی بووە بێگومان شارەزایان دەتوانن قسەی زیاتری لەسەر بکەن. بەڵام ئێمە دەتوانین بەراورد و لێکچواندن لە نێوان ڕووداوەکاندا بە پێی زانیاری شارەزایان بکەین.

جگە لەو سوود و زیانانەی کە ئاماژەمان بۆکردن، دەکرێ سەرانی ناسیونالیستی تورکیا تەنها بیریان لە چۆڵکردنی هەرێمە کوردیەکان وەکو یەکێک لە ئامانجەکانی پرۆژەیەکی گەورە کردبێتەوە، هەروەها بیریان لە بەکارهێنانی ستراتیژیانەی ئاو لە داهاتوودا بەرامبەر بە وڵاتانی دراوسێ کردبێتەوە، بەڵام چاوەڕوانی بومەلەرزەوی گەورەی لەو شێوەیە نەبووبن. هەرچۆنی بێت دەرئەنجامەکانی ئەو بوومەلەرز گەورەیە کە دەکرێ ژمارەی قوربانیانی بگاتە نزیکی ٤٠ هەزار کەس یا زیاتر، کە دەکرێ نزیکەی یا زیاتر لە سەدا پەنجای خەڵکی کوردستان بن، دەرهاویشتەیەکە دەچێتە ژێر سێبەری ئەو ئامانجانەی لە پاکتاوی ڕەگەزیدا خوازراون. بۆنمونە نەمانی دەیان هەزار کەس لە ئەندامانی سەر بە نەتەوەی کورد کە لەلایەن تورکە ناسیونالیستەکان نەخوازراون، بۆ سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی تورکی وەکو دیاری وایە چونکە لە جیاتی کۆمەلکوژکردنیان بە کردارێکی سروشتی لەناوچوون و کەسیش ناتوانێ ڕەخنە لە تورکیا بگرێت، ناچارکردنی خەڵک لە کۆچکردن و ئاراستەکردنیان بۆ شوێنی دیکە و بەجۆرێک کە دەوڵەت دەیخوازێت وەکو ئەوەی لێدێت دەوڵەت خۆی ڕایانگوازێت، وێرانبوون و کاولبوونی شوێنەوارە کۆنە کوردیەکان ئامانجێکی سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزییە و هتد. بەمجۆرە لەڕێگەی بومەلەرزەوە ئەنجامی خوازراو بەدەستهێندراوە. ئەو لێکدانەوەیە سەیر نییە ئەگەر بزانین ڕق و دژایەتی تووندی دەوڵەتی تورکیا لەبەرامبەر تەنانەت ناوهێنانی بوونی کێشەی کورد لە تورکیادا بە ئاشکرا هەیە، وە ئەگەر کەمێک بگەڕێنەوە دواوە و سەیری بومەلەرزەکەی شاری وان لە ساڵی ٢٠١١دا بکەین کە بووەهۆی مردنی زیاتر لە ٦٠٠ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ٤٠٠٠ کەس، ئەوسا ڕووداوەکە بەدڵی تورکە ناسیونالیستەکان بوو و لەکەناڵیکی ئاسمانی تەلڤزیۆنی تورکیادا بەئاشکرا هیوای ئەوە دەخواسترا و تکا لە خودا دەکرا کەوا ئەو جۆرە کارەساتانە لە شارەکانی دیکەی کورداندا ڕووبدەن و خانووەکان بەسەریاندا بڕوخێن. لەدیدی ئەوانەوە ڕووخانی خانووەکان بەسەر خەڵکەکەدا و لەناوچوونیان بۆ تورکیا و یەکڕەنگی نەتەوەی تورک زۆر پێویستە. ئێستا لەم زەویلەرزەیەدا ئەو ئامانجەی ئەو ڕەگەزپەرستەکان بێگومان هاتۆتەدی. ماڵوێرانی سەدان هەزار کەس و لەدەستدانی بژێوی ژیان و لەبارچوونی خەون و ئاوتیان، دەربەدەربوونیان لە زێدی دایکوباپیرانیان بۆ ئەوان کێشەیەک نییە، وەکو بۆ ئەوان باشترین کورد، کوردێکی مردووە. بەکوردیەکەی بۆ ئەو ڕەگەپەرستانە ئەگەر بومەلەرزەکە بەدەستی ئەوان نییە بەڵام بەدڵی ئەوانە. دەکرێ ڕەخنە لەو ئاماژەیەمان بگیرێت و بڵێن ئەوەی بەسەر کوردەکاندا هاتووە بەسەر تورکەکانیشدا هاتووە. ڕاستە بومەلەرزەکە جیاوازی لەنێوان نەتەوە و ڕەگەز ناکات و ڕووداوێکە بەسەر خەڵکی هەرێمە بێجیاوازی هاتووە، بەڵام دوو خوێندنەوە دەگرێتەخۆی، چونکە نەتەوەی کورد لەژێر سیاسەتی نکۆڵیکردن لە بوون و مافەکانی دایە و هەستیارە بەرامبەر بەهەر لێدان و کەمکردنەوەیەک لە قەوارە و بەها نەتەوەییەکانی، هەرچی نەتەوەی تورکە خۆی نەتەوەی زۆرینەی باڵادەستە، بەکەمبوونەوە و ڕەوکردن نە زیان بە خاکی نە بەڕێژەیان لە ئاستە بەرفراوانەکەدا دەگات.
بێگومان تاکو سەرانی تورکیا سیاسەتی نکۆڵیکردن و توواندنەوە بەرامبەر بە گەلی کورد و گەلانی دیکە پیادە بکەن، ناتوانن چارەسەری کێشە ئەتنی و نەتەوەییەکانی ناو تورکیا بکەن و هەرگیز ناتوان ئاشتی لە وڵاتدا بەدەستبهێنن. دیارە کوردەکان مافی خۆیانە دان بە بوونیان لە خاکی دایکوباپیرانیاندا بندرێت و لە سایەی چارەسەرێکی دیموکراسیانەی درێژخایەندا بە مافە ڕەواکانیان بگەن.

پێویستە جەختی لەسەر بکەینەوە کەوا ئەو بومەلەرزە ترسناکەی لە هەرێمەکەی داوە، سنوور ناناسێت، ڕەگەز و نەتەوە و ڕەنگ و دین ناناسێت، وێرانبوون و زیانەکە بەسەر هەرێمەکدا بەگشتی هاتووە. ئەوەی خانووبەرەی باش و تۆکمەی هەبووبێت زیانی کەمی بەرکەوتووە ئەوەی دی کە بەداخەوە چینە هەژار و ناوەندیەکەن زۆرترین زیانیان واپێدەچی بەرکەوتووە. پێویستە هاوکاری و یارمەتی بۆ هەمووان وەکو یەک و بێ جیاوازی نەتەوە و دین و ڕەگەز بەیەکسانی بێت و بگاتە هەموو شوێنێک. بەداخەوە حکومەتی تورکیا لەئاست ئەو دادوەری و یەکسانیەدا نییە، وەکو خەڵکی شارەکوردەکان ڕەخنە و تووڕەیی زۆر لەبەرامبەر بزریی هاوکاری حکومەتدا دەردەبڕن.
لە کۆتاییدا من لە پۆستێکی فەیسبووکدا نووسیبووم ئەو ڕووداوە تەواو سروشتییە و پەیوەندی لە دوور و نزیکەوە بە دین و بڕوای مرۆڤەکانەوە نییە، بێگومان مەبەستم دین و بڕوای ئایینی مرۆڤەکانە و دووبارە دەڵێمەوە کە ئەو ڕووداوە پەیوەندی بە دین و بڕوای ئایینی مرۆڤەکانەوە نییە. واتە خەڵک نوێژ دەکەن یان نایکەن، یا وابەستەی ڕێساکانی ئایینی ئیسلامن یا نا پەیوەندی لە دوورونزیکەوە بەو ڕووداوەوە نییە. وەکو سەبارەت بە ڕووداوە سروشتیەکان لێکدانەوەی ئایینی لۆژیکی و زانستی نیین. بەستانەوەی ڕووداوە سروشتیەکان بە ئایین گوتنێکە دەرهاویشتەی بیروهزری هەڵەبستراو و خەرافیانەی کۆنی کتێب و موفەسیرە ئایینیەکانە کە هیچ بنەمایەکی هۆشمەندانەی واتادار و بەڵگەئامێزی نییە.
تێبینی: هەموو ئەو بیرو بۆچوونانەی لەسەر زەویناسی و بومەلەرزەوە نووسراوە لە سەرچاوەکان وەگیراوە و ڕای من نین، چونکە من زەویناس نیم و لەم بوارەشدا شارەزا نیم.

١٣/٢/٢٠٢٣

————————-

سەرچاوەکان
DÆMNINGER:KATASTROFE OG VELSIGNELSEhttps://fjernenaboer.dk/temapakke/kampen-om-vandet/geografi/tema-2-daemninger/artikel/
Forskere: Kæmpe dæmning satte gang i jordskælv i Kina, https://ing.dk/artikel/forskere-kaempe-daemning-satte-gang-i-jordskaelv-i-kina-95513
Ekspert: Tyrkiets placering på tektonisk ‘mikroplade’ giver masser af jordskælv:https://www.dr.dk/nyheder/indland/derfor-er-tyrkiet-og-syrien-saa-haardt-ramt-af-jordskaelv?fbclid=IwAR2JpxGVyHNqGwZm_VSgiUI4xsZ_DgG4JaIM9qbtAJqDMWv8O8e9Rfswmx8
Turkey-Syria earthquakes: a seismologist explains what has happened, Published: February 6, 2023 9.06pm CET Updated: February 7, 2023 7.37am CET
https://theconversation.com/turkey-syria-earthquakes-a-seismologist-explains-what-has-happened-199340
Earthquakes Triggered by Dams, https://archive.internationalrivers.org/earthquakes-triggered-by-dams
Harsh K Gupta, 2002, A review of recent studies of triggered earthquakes by artificial water reservoirs with special emphasis on earthquakes in Koyna, India, Earth-Science Reviews,Volume 58, Issues 3–4, October 2002, Pages 279-310, available at https://www.sciencedirect.com/science/article/abs/pii/S0012825202000636
Tom Kertscher, February 9, 2023,The earthquake in Syria and Turkey was a real natural disaster, and not a political attack, available at: https://www.politifact.com/factchecks/2023/feb/09/instagram-posts/earthquake-syria-and-turkey-was-real-natural-disas/?fbclid=IwAR03fpDk5UlNP8FQ7QWNIZsdjGEEN-3O5cdMsuKNww0uJwPUknbFIgPWCUA

Matthew Cappucci, February 7, 2023, The Washington Post, “What triggered the Turkey quakes? Why was the second so big? Key questions, answered,” Feb. 7, 2023, available at: https://www.washingtonpost.com/weather/2023/02/07/earthquake-turkey-syria-causes-damage/
Shai Oster, Giant Dam May Have Triggered Sichuan Quake, February 6, 2009, Originally published in The Wall Street Journal available at: https://archive.internationalrivers.org/resources/giant-dam-may-have-triggered-sichuan-quake-2841




ڕۆمانی “جارێکیتر هاوسەرگیری ناکەم” و کۆمەڵێ بیروهزری جوان.. شاخەوان قادر شۆڕش

“جارێکیتر هاوسەرگیری ناکەم” ناونیشانی ڕۆمانێکە کە هاوڕێ و نووسەری هێژا شوان حەسەن نووسیوویەتی، ڕۆمانێکە لەچەند دیدێکی جیاوازەوە گوزارشت لە کێشەکانی هاوسەرگیری و بەیەکەوەژیانی پیاو و ژن دەکات، دەچێتە ناو کێشە جیاجیاکانی هاوسەرگیری لە چەند ئەزموونێکی جیاوازەوە. لەنێوان نمونەکاندا سێ جۆری هاوژینی کە مرۆڤی کورد لە وڵاتانی ئەوڕوپادا تووشی دەبن یا دەکرێ تووشی ببن بەتەواوی زاڵن. “ئازاد” کە منداڵێکی لە ژنی یەکەمیدا بەناوی “ساوێن” هەیە ڕۆڵی سەرەکی لە هاوسەرگیریەکاندا دەبینێ و گێرانەوەکان ئەزموونەکانی ئەون. ئازاد لەگەڵ ڕۆیشتنی کاتدا خۆی پێگەیاندووە و بۆتە کەسێکی هۆشمەند و ئازاد لە کۆمەڵگەی سویدیدا، بەجۆرێک کە توانیویەتی سنوری ترادیسیۆنانەی هاوسەرگیری ببەزێنێت و بێسڵەمینەوە بچێتەناو ژیانێکی تازە و هاوژینی دیکە پەیدا بکات.
ئەو گرفت و ناکۆکییە خێزانداریانەی کەگوزارشت دەکرێن بابەتێکن لەگەڵ ژیانی ڕاستەقینەدا تەواو گونجاون و دەکرێ لەلایەن زۆر لە کوردانی ئەوڕوپادا بناسرێنەوە. نمونەی یەکەم، هاوسەرگیری لەنێوان کوڕێک و کچێک لەکوردستاندا و دواتر هاتنیان بۆ ئەوڕوپا، کێشە و گرفتەکانی ئەو جۆرە هاوسەرگیریە و گەماڕۆ کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگە کە کاریگەریان لەسەر دەستپێک و دروستبوونی هاوسەرگیریەکەدا هەیە و دواتر وەکو تارمایی بەسەر خێزانەکەوەن و تێکەڵی ژیانی ناوخۆی ژن و مێردن. لەلایەکیتر چۆنیەتی پێگەیشتن و گەشەکردنی ژن و پیاو و چۆنیەتی وابەستەیی یا خۆڕزگارکردن لە گرێ و بەربەستە پیاوسالارییە کوردەواریەکان کە دەکرێ زۆر ئاسایی دوو دەرهاویشتەی جیاواز لەخۆ بگرن. یەکێک دەرچوونە لە نۆرم و نەریتە بەسەرچووەکان و یەکێک گەڕانەوە و وابەستەییە بە نۆرم و نەریتە کۆنەکان و دەربڕینیانە بەجۆری دیکە. دیارە ئەم نمونەیە واتە هاتنی ژن و مێرد لە کوردستانەوە بۆ ئەوڕوپا و دواتر چ چارەنووسێک چاوەڕوانیان دەکات دەکرێ بەسەدان ڕێچکەی جیاواز لە کۆمەڵگەی نوێی ئەوڕوپیدا گوزەرکەن و دەرهاویشتەی جیاوازیان بێگومان دەبێت. وەکو هەر هاوسەرگیریەک بنەمایەکی تایبەت بەخۆی هەیە. ئەوەی نووسەر ئاماژەی بۆ کردووە یەکێکە لە ڕێچکە و دەرهاویشتەکانی.
دوای ئەوە نووسەر دێتەسەر جۆرێکی تری بەیەکەوەژیان لەنێوان ئازاد و کچێکی سویدی بەناوی “سۆفیا”، ئازاد مرۆڤێکی هۆشمەند و ڕاستگۆیە و لەگەڵ نۆرم و ئیتیکی سەردەمیانەدا ئاشنایە و کێشەیەکی دیاری نییە، تەواو دەتوانێ لە کۆدەکانی ژیانی کۆمەڵگەی سویدی بگات، سۆفیا کچە سویدیەکی ژیر، هوشیارو چاڵاکە، ئەو ئازادی بەڕاستی خۆش دەوێت و بەڕادەیەک ڕەچاوی بەرژەوەندیەکانی ئازاد دەکات و ئەوانەی خۆی دەخاتەلاوە، بەڵام لەبەرامبەردا ئازاد بێئاگایانە چوارچێوەی ژیانە تایبەتەکەی خۆی تەواو نابەزێنێت دوا لە سۆفیا ناکات بێت لەگەڵی بژی و خانووەکەی خۆی بداتەوە و لەخانووەکەی ئازاددا ژیانی هاوژینی و بەیەکەوەیی بێ جیایی ئەدرەس دەستپێبکەن. ئازاد خواست و بەرژەوەندیەکانی سۆفیا نابینێ و پەیوەندیەکە لەسەرەتاوە تا کۆتایی ئەو لاسەنگییە بەخۆوە دەگرێت، تاکو ڕۆژێک سۆفیا پێی دەڵێت ئیتر تەواو من چیتر ناتوانم. بەمجۆرە ئازاد ئەو دیارییە دەگمەنە لەدەست دەدات کە دەکرێ مرۆڤ یەک جار لە ژیانیدا دەستی بکەوێت. ئازاد خۆشەویستی ژنێکی ژیر و مرۆڤدۆست لەدەست دەدات.
دوای ئەوە ئازاد تێکدەشکێ و لەناخەوە بریندار دەبێت و بەدوای وەڵام و هۆکارەکاندا دەگەڕێت و دەکەوێتە گومان و ڕەخنە لە خۆی. دوای ماوەیەک بە کچێکی کورد بەناوی “نسێ” ئاشنا دەبێت کە لە وڵاتی سوید گەورەبووە و هەڵگری بیروهزرێکی کوردی و سویدیە، کچێک لەلایەن دایکوباوکێکی کوردەوە لە سوید گەورەبووە و پەروەردەکراوە، لەچوارچێوەی رێکخستنی هاوسەرگیریی خێزانیدا بەشوو دراوەتە کوڕەخاڵەکەی و منداڵیكیان بەناوی “کەڤین” دەبێ و دواتر بەناچاری لەمێردە نادڵسۆزەکەی جیابۆتەوە. ئەوەش کاریگەری لەسەر نسێ نواندووە. ئازاد لەژێر تارمایی خۆشەویستی سۆفیادایە و نسێش لەژێر کاریگەری کێشەکانی پێشووی. ئازاد لەگەڵ نسێ دەستی بەهاوژینی کردووە، بەڵام دوو مرۆڤی جیاوازن و حەز و ئارەزووەکانیان جیایە، زۆرنابات جیاوازیەکان دەگەنە ڕادەیەک ئیتر ئازاد توانای هەڵگرتنیانی نامێنێ و بڕیاری جیابوونەوە دەدات. بەڵام وەکو مرۆڤێکی سنگفراوان و پێگەییوو ئارەزووی هەیە وەکو دوو برادەر بمێننەوە و مندالەکانیان ساوێن و کەڤین یەکتر ببینن.
لەگەڵ ئەوەی ئازاد کەسایەتیەکی سەردەمیانەی هەیە و بەڵێنی داوە ڕاستگۆیانە بژیت، بەڵام بەهۆی وابەستەیی بە کۆمەڵگەی کوردیەوە تووشی لادان دەبێت و هەستدەکات لەگەڵ کۆمەڵگەی سویدی ڕاستگۆ نییە و ئەویش بەهۆی بەرژەوەندیەکانی کەسانی نزیکیەوە لە کاری ساختەکاریدا دەگڵێ و ناتوانێ بڵێ نا. دواتر ئەو هەڵانە ئازاری دەروونی ئەو دەدەن.
ئەو گفتوگۆ و مشتوومڕانەی لە میانەی هاوسەرگیریەکاندا ڕوودەدەن، ڕیالیستانەن و دەتوانن سوود بە مرۆڤ لەم ڕوانگەیەوە بگەیەنن، وەکو ئەو کێشانەی ئاماژەیان بۆ دەکرێت بەزیندوویی هەن. جگەلەو گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە بەسوودانە نووسەر کۆمەڵێ بابەتی گرنگ دەهێنێتە ناوەوە و سەریان هەڵدەداتەوە، وەکو تێگەیشتن لە بابەتی ئازادی مرۆڤ لە دیارکردنی چارەنووس و بەئاسایی وەرگرتنی بۆنمونە دیاردەی هاوڕەگەزخوازی لە سویددا، بەباتی پێکداکەوتنی دوو کەلتور سەبارەت بە کوردەکانی سوید کە هەڵگری کەلتوری کۆمەڵگەی کوردستانن و لە وڵاتێکی پێشکەتووی وەکو سوید دەژین و لەگەڵ گرفت و کێشەکانی ئەو پێکدادانە کەلتوریەدا لەململانێدان، ئەو باوردۆخەی کە بوونی هەیە و ناتواندرێ نکۆڵی لێبکرێت. وەکو مرۆڤی کورد کە لە کوردستانەوە هاتووە ئێستا هەڵگری هەردوو کەلتوورە و ڕاکردن لێی چارەسەر نییە، بەڵکو دانپێنانە پێی. وە بابەتی ژینگە و ڤیگیتاربوون و تێگەیشتن لەمبارەیەوە، بابەتی دین و بڕواهەبوون و بە بوونی خوا، بابەتی ئەو کوردانەی لەیۆنان هەموو سنورێکی مرۆڤبوونیان بەزاندووە و بوونەتە دڕندە و بازرگانی وەکو ئاژەڵ بە مرۆڤ دەکەن، بابەتی ساختە و فرتوفێڵێ هەندێ لە خێزانە کوردەکانی سوید لە سیستەمی سویدی لەپێناوی پارەدا، کە لەچەندین لایەنەوە خۆدەخەنەڕوو، بابەتی گەندەڵیی دەسەڵاتی کوردی و ئەو کوردانەی لێرە و لەوێ لێی دەخۆن هتد. هەروەها سەیرێکی ڕەخنەگرانە لەبابەتەکان و ڕەخنەگرتن لە بیروهزری یەکلاکەرەوە یا تاکپەرستی و ونکردنی ئامانجی ڕاستەقینە، یا ڕەشکردنەوەی ڕابردوو بێ ئامادەیی بۆ باشترکردن، تەنگژەی سیاسی باشوور و سیاسەتی یەکترسڕینەوە، رەگەزپەرستی، ئیسلام و کۆنەپارێزی، تووندڕەویی چەپەکان و هتد. زۆر بابەتی گرنگی سەردەمیانەی دیکە کە ڕۆژانە هەن و خوێنەر بەرەوڕوویان دەبنەوە. “ئازاد و شێروان” بەیەکەوە لەڕێگەی گفتوگۆکانیاندا خوێنەر دەگەیەننە هەواری جۆرێک لە تێگەیشتنی سەردەمیانە.
نووسەر لە هەندێ لە گێڕانەوەکاندا وایکردووە ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێنەر بدوێت و خوێنەریش بهێنێتە ناو گفتوگۆکان، بەمجۆرە خوێنەر هەست دەکات کە پاڵەوانی ڕۆمان لەگەڵ ئەویش دەدوێت. بەمجۆرە هەوڵدەدات تۆش بکاتە بەشێک لە گفتوگۆکان و ڕاستەوخۆ بەتۆش دەڵیت کە ئەو دەیهەوێ ڕاستگۆیانە بدوێت.
هەروەها نووسەر گرنگی بەڕووداوو و بەسەرهاتەکانی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردەواری دەدات و تێکەڵی گێرانەکانی نێو کۆمەڵگەی سویدیان دەکات. گرنگیی بەکۆمەڵێ وشەی کوردەواری یا ناوچەیی جوان دەدات و لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا هەستیان پێدەکرێت، وەکو وشەی ناندنین، هاوژین و هاودەم، ئەمن، بزنەڕێ، جاڕسکردن، ترومبێل هتد دەبیندرێن و ئاسان لە ڕستەکاندا دەکەونە بەرگوێ.
ئازاد کە پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە جەخت لەسەر خاڵێکی گرنگ لە ژیانی هاوسەرگیریدا دەکاتەوە و پێداگریی لەسەردەکات، ئەویش ڕەتکردنەوەی هاوژینییە لەسەر بنەمای ناڕاستگۆیی و درۆ، وە ڕەتکردنەوەی چاوپۆشییە لەبوونی ناکۆکی هەمیشەیی، وە خۆبواردن و خۆڕاهێنان لەگەڵیدا. لای ئازاد گرنگە مرۆڤ ئازادانە بیرکاتەوە و ڕاستگۆ بێت، گرنگە هاوژینی بەرابەر بێت و بەکردەوە لەهەردوولایەنی ژن و مێردەوە بێت، ژن و پیاو بە دروستی لەهەموو ئەرک و کارەکانی خێزاندا هاوکار و هاودەم بن. هەروەها ئازاد بەپێوسیتی نازانێت درێژە بەهاوژینییەک بدات کە تیایدا ئاسوودە نییە. وەکو نایەوێ پیاوسالارانە فەرمان دەرکا و ژنیش ملکەچی بێت و چاوەڕوانی بڕیاری مێرد بێت یا ئەوە بکات کە مێرد دەیهەوێ و ئارەزوویەتی.
زۆر بابەتی دیکە هەن کە دەکرێ ئاماژەیان بۆ بکرێت، بەڵام ئەمن لێرەدا وازیان لێ دەهێنم.
ئەوەی لە کتێبەکەدا هەستم بە بزرییان دەکرد لەچەند خاڵیکدا ئاماژەیان بۆ دەکەم: یەکەم لەکاتی گفتوگۆ نێوان دووکەس یا سێ کەسدا باشتردەبوو ئەگەر ناوی کەسەکە لەبەرامبەر گوتنەکەدا دابندرێت، چونکە گەلێکجار لەبەر بوونی چەند ناوێک ناچاردەبووم بگەڕێمەوە دواوە تاکو بزانم کێیە ئێستا ئەوە دەڵێت و دەردەبڕێت. هەندێجار بەسەریدا ڕەت دەبووم و نەدەگەڕامەوە دواوە. دووەم یەکێ لە کۆڵەگەکانی بابەتی هاوژینی سێکسە لەنێوان دوو مرۆڤی گەیشتوودا، دەکرا گرنگی زیاتر بەو لایەنە بدرێت وەکو کێشەکان دەکرێ لێرەوە سەرهەڵبدەن.
گومانی تێدا نییە کەوا بابەتی گفتوگۆکان هەمووی بابەتی ڕیالیستانە و هەنوکەیی زۆر گرنگی خێزان و کۆمەڵگەن، بەخوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە دیدی مرۆڤ سەبارەت بە تێگەیشتن لە ژیانی هاوژینی و ژیان بەگشتی فراوانتر دەبێت.
دەستخۆشی لە هاوڕێ و نووسەر شوان حەسەن دەکەم و بەهیوای بەرهەمی زیاتر.

٤/١٢/٢٠٢٢




جامی جیهانی لەژێر تارمایی سپۆنسەری تیرۆر و کۆیلایەتی مۆدێرندا.. شاخەوان قادر شۆڕش

میرنشینی قەتەر نیمـچە دوورگەیەکی بچوکە کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی دوورگەی عەرەبی یا ڕۆژئاوای کەنداوی فارسی بە قەوارەی 11.571 کم دووجا، وه کۆی دانیشتوانەکەی زیاتر لە ٢،٥٠٠،٠٠٠ کەسە، ژمارەی عەرەبی ڕەسەنی وڵاتی قەتەر نزیکەی ٣٠٠،٠٠٠ کەسن و ئەوانی دیکە هەمووی بێگانەن کە زۆربەی هەرەزۆریان کرێکار و فەرمانبەری بێگانەن لە وڵاتە هەژارەکانی وەکو بەنگلادش، هیندستان، پاکستان، نیپال، سریلانکا و سودان و وڵاتانی دیکەوە هاتوون و کار بۆ کەس و دامەزراوە تایبەت و حکومیەکان دەکەن. ژمارەیەکی زۆر ئێرانیش لە قەتەر دەژین بۆیە جگە لە زمانی عەرەبی زمانی فارسیش بەکاردەهێندرێت. دەسەڵاتی سیاسی قەتەر دەسەڵاتێکی میرنشینی بنەماڵەیی دیکتاتۆرانەی کۆنەپارێزی ئیسلامیە و بەپێی شەریعەی ئیسلام یاسا دادەڕێژن. دەسەڵات لەژێرچنگی بنەماڵەی “التانی” دایە و لە ساڵی ١٩٩٥ ـەوە “حەمەد بن خەلیفە التانی” میری قەتەرە. بنەماڵەی التانی بنەماڵەیەکی بەدەوی دورگەی عەرەبین کە لە دەوروبەری ١٧٦٠ دا هاتوونەتە قەتەر و لەوێ نیشتەجێ بوون. میر خۆی سەرۆکی وڵات و حکومەتە و خۆشی حکومەت دیار دەکات، وە ڕێگە بە هیچ پارت و دامەزراوێکی سیاسی نادرێت. لەڕووی ئابووریەوە قەتەر پەیڕەوی ئابووری ئازاد دەکات و سەرچاوەی سەرەکی داهاتی قەتەر سامانی سروشتی ژێر زەویە، وە خاوەنی یەدەگێکی زۆر گەورەی نەوت و گازی ژێر زەویە. یەدەگی گازی سروشتی قەتەر زۆر گەورە و دەوڵەمەندە، وەکو سێهەم یەدەگی گازی سروشتی جیهان دادەندرێت کە لەدوای رووسیا و ئێرانەوە دێت. بەمشێوەیە قەتەر ژمارەی دانیشتوانی کەمە و سەرچاوەیەکی زەبەلاحی سامانی ژێرزەوی هەیە، هەروەکو لەڕووی سەرمایەوە وەکو دەوڵەمەترین وڵاتی جیهان سەیر دەکرێت.

تیرۆر و دەستێوەردان و بڵاوکردنەوەی ئیسلامیزم لە وڵاتاندا
قەتەر وەکو وڵاتێکی کۆنەپارێزی ئیسلامی چ وەکو وڵات یا لەڕێگەی کەسایەتییە دەوڵەمەندەکانەوە چ ئەوانەی قەتەرین یا هاتوونەتە قەتەر و پشتگیریان لای میری قەتەرەوە هەیە، هاوکاری و پشتگیری داراییان گەیاندۆتە ڕێکخراوە تووندڕەوە ئیسلامیەکان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرووی ئەفریکا و وڵاتانی دیکەدا، بەمجۆرە دەستیان خستۆتە ناو کاروباری وڵاتانی دیکە و لەلایەک هەوڵی دروستکردنی کاریگەری خۆیان لەسەر هاوکێشە سیاسیەکان و لەلایەک هەوڵی بڵاوکردنەوەی بیری کۆنەپارێزی ئیسلامی و ئیسلامیزمیان لەکۆمەڵگەکاندا داوە.
لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا قەتەر بە هاوکاری دارایی رێکخراوی ئیسلامی قاعیدە تۆمەتبار کرا. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٠ دا تۆمەتبارکرا بەوەی بەشێک لە هاوکاری دارایی ڕێکخراوە ئیسلامیەکانی ئەفغانستان و پاکستان لەلایەن قەتەرەوەیە. لەساڵی ٢٠١٣ دا ئەمەریکا کەسێکی قەتەریی چاڵاکوانی ئیسلامی بەناوی “عبدالرحمان النوعەیمی” کە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری “بانکی ئیسلامی قەتەر بوو” وەکو تیرۆرستی جیهانی ناساند و تۆمەتباریکرد بەوەی پارە و کەرستە و زانیاری بە ڕێکخراوی قاعیدە و هاوشێوەکانی لە سوریا، عێراق، سۆماڵ و یەمەن دەگەیەنێت. لە مانگی ئۆگۆستی ساڵی ٢٠١٤ دا بەپێی وتارێکی ڕۆژنامەی ئەمەریکی The New York Times لەژێر ناونیشانی “یانە بۆ تیرۆر” ، قەتەر پشتگیری دارایی ڕێکخراوی حەماسی فەلەستینی، قاعیدە و ئیخوانی میسر دەکات و پارەیان بۆ دەنێرێت. هەر ئەو ساڵە هەندێ لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکی داوایان لە کۆنگرێس کرد گەماڕۆ بخەنەسەر قەتەر لەبەر هاوکاری قەتەر بۆ ڕێکخراوی تیرۆریستی حەماس، قاعیدە، جەبهەی نوسرە و داعش. هەروەکو لە ڕاپۆرتێکی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئەمەریکادا قەتەر و تورکیاش لەگەڵیدا بە پشتگیری دارایی تیرۆریزم تۆمەتبار دەکرێت. لە ساڵی ٢٠١٦ دا لەڕێگەی ئاشکرابوونی نامەی ئەلەکترۆنیەوە ئاماژە بە پشتگیری قەتەر و سعودیا بۆ ڕێکخراوی داعش و هاوشێوەکانی دەکرێت.
بەپێی دانپێنانی بازرگانێکی سەر بە سەرۆکی ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعید‌‌ە کە لە ساڵی ١٩٩٦دا ڕایکردبوو بۆ ئەمەریکا، رێکخراوی “خێرخوازیی قەتەر” Qatar Charity یەکێک بووە لە سەرچاوە داراییەکانی سەرۆکی قاعیدە “ئوسامە بن لادن” . ئەو ڕێکخراوە کە گەورەترین ڕێکخراوی بەناو ناحکومی “خێرخوازیی” قەتەریە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لە پشتگیری ڕێکخراوە تیرۆریستە ئیسلامیەکاندا لەوانە قاعیدەدا هەبووە. لەساڵی ٢٠٠٣ دا ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز دووبارە ئاماژە بە هاوکاری قەتەر بۆ قاعیدە دەکاتەوە کە تیرۆریستی ئیسلامی “خالید شێخ محمد” کە ڕەنگبێ پلاندانەری هێرشەکەی سەر دوو تاوەرەکەی نیۆیۆرک بووبێت لە ساڵی ٢٠٠١ دا بۆ ماوەیەک خۆی لە قەتەر شاردۆتەوە و دواتر بۆ کوێت دەربازبووە.
لەلایەن دەزگای لێکۆڵینەوەی ئەمەریکی لە تیرۆریزمدا دوو کەس بەتایبەت ناویان دەهێندرێت ئەوانیش “خلیفە محمد تورکی السوبیحی” و “عبدالرحمان بن عومیر النوعیمی” کە نیشتەجێی قەتەرن و هاوکاری دارایی ڕێکخراوە تیرۆریستە ئیسلامیەکان بەشێوەیەکی سەرەکی دەکەن. النوعیمی کە لە ساڵی ٢٠١٣ دا سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی قەتەر بوو مانگانە ملێۆنێک و چارەگێک پاوەندی بریتانی بۆ ڕێکخراوی قاعیدە لە عێراقدا ناردووە و هەروەها مانگانە سەدان هەزار دۆلاری بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستەکانی سوریا ناردووە. لەکاتی ڕاپەڕینی بەهاری عەرەبیدا کە لە ساڵی ٢٠١١ دا ڕوویدا قەتەر ملیۆنەها دۆلار و زیاتر لە ٢٠ هەزار پارچە چەکی بۆ رێکخراوە ئیسلامیەکانی لیبیا نارد، ڕاهێنانی سەربازی پێکردن، ئەو ڕێکخراوە ئیسلامیانەی دژی ڕژێمی “معمەر قەزافی” شەڕیان دەکرد.
لەساڵی ٢٠١٣ ـەوە قەتەر هاوکاری دارایی ڕێکخراوی بەرەی نوسرە (الجبهه النصرە) لە سوریادا دەکات، لەڕێگەی بڕەپارەی ناوە ناوە یا لە ڕێگەی ڕێکخستنی فەندی پارە کۆکردنەوە بۆ ئەو ڕێکخراوە. هەروەها هاوکاری چەک و دەرمان و خۆراکی بۆ بەرەی نوسرە کردووە.
هەروەها بەپێی ڕاگەیاندنێکی بزوتنەوەی ڕزگاری سودان لە ساڵی ٢٠١٥ دا قەتەر بەهاوکاری حکومەتی سودان و ڕێکخراوی جەنجەویدە عەرەبەکان تۆمەتبارکرا، ئەوانەی کە بەشداریان لە تاوانی گەلکوژی گەلی دارفور لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ دا کرد و نزیکەی نیو ملیۆن کەسیان کوشت و دوو تا سێ ملۆنیان لە خاکی خۆیاندا دەربەدەر کرد.
سەبارەت بە ڕێکخراوی ئیسلامی حەماس ئەوا قەتەر لە ساڵی ٢٠٠٧ ـەوە هاوکاری دارایی و لۆجیستی ڕێکخراوەکە دەکات. جگەلەوەی سەرۆکی ڕێکخراوەکە “خالد مشعل” لە کۆتایی ٩٠ کانەوە بنکەی لە قەتەردا هەبووە. لەگەڵ تورکیا، قەتەر هەوڵیاندا دەسەڵاتی فەلەستینی لە غەزە وەدەرنێن و حەماس بهێننەسەرکار. وە لەوەتەی حەماس دسەڵاتی غەزەی بەدەستەوەیە قەتەر بەسەدان ملیۆن بگرە بە ملیار دۆلاری بۆ دەسەڵاتی حەماس لە غەزە ناردووە.
سەبارەت بە ڕێکخراوی دەولەی ئیسلامی “داعش” لە ئێراق و سوریادا قەتەر یەکێ لە سپۆنسەرەکانی ئەو ڕێکخراوە بووە. وەکو لە ساڵی ٢٠١٤ دا سەرۆکی وەزیرانی ئەوسای ئێراق نوری مالیکی قەتەر و سعودیای بە هاوکاری دارایی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش تۆمەتبارکرد.

قەتەر و جامی جیهانی ٢٠٢٢ بەپارەی بەرتیل و خوێنی هەزاران کرێکاری بەکۆیلەکراوی بێگانە

لە ڕۆژی ٢ دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٠ دا میرنشینی قەتەر توانی مۆڵەتی خانەخوێی پێشبڕکێی تۆپی پێی جیهانی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بەدەستبهێنێت، کە لە ٢٠/١١/٢٠٢٢ دا دەستی پێکرد. دوای ئەوە ڕەخنەی زۆر لەلایەن شارەزایانی تۆپی پێ و وڵاتان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاراستەی ڕێکخراوی تۆپی پێی جیهانی “فیفا” FIFA کرا و وەکو ئێستاش بەردەوامە. زۆرینە کۆکن لەسەر ئەوەی کەوا گەندەڵی سەرانی ڕێکخراوی فیفا کە ئەوسا سیپ بلاتەر Sepp Blatter سەرۆکی بوو بووە هۆی ئەوەی پشبڕکێکە بەر قەتەر بکەوێت. بەپێی سەرچاوەکان دەیان کەسی دەستەی بەرێوەبەر و هاوکارانیان لە گەندەڵیەکەدا گڵاون و بەرتیلیان وەرگرتووە. پێویستە بزانین کەوا ڕێکخراوی یەکێتی تۆپی پێی جیهانی “فیفا” بەداهاتی جامی جیهانی دەژیت و ئەوەش سەرچاوەی سەرەکی ئەو ڕێکخراوەیە. بەکورتی میرنشینی قەتەر توانی خاڵی لاوازی ئەو ڕێکخراوە جیهانییە بدۆزێتەوە و وابکات لە ڕێگەی بەرتیل و پارەوە پێشبڕکێکە بەو بدرێت. گەندەڵیەکان چۆن کراون و چی بوون، تەنها بەشێکی ئاشکرابووە.
کەسە سەرەکیەکانی گەندەڵی و سکەنداڵی جامی جیهانی ٢٠٢٢ لە قەتەر” سیپ پلاتەر” سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی جیهانی، “میشێل پلاتینی” Michel Platini سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا، “محەمەد بن حەمام” سەرۆکی قەتەری لە کۆنفیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا ناویان هەیە. جگەلەوانە ناوی سەرۆکی ئەوسای فەرەنسا “نیکۆلاس سارکۆزی” Nicolas Sarkozy و “ڤیتالی موتکۆ” Vitali Mutko جێگری سەرۆک وەزیرانی روسیا و سەرۆکی روسیا “پوتین” Putin لە سکەنداڵەکەدا دەهێندرێت و پشکیان وادیارە لە گەندەڵیەکەدا هەیە. ئەوانەی دەرەوەی بازنەی تۆپی پێ لەڕێگەی کەسانی دیکەوە کاریگەریان هەبووە. بێگومان کەسانی دیکەش هەن. محەمەد بن حەمام ڕۆڵی دیاری لە بەرتیلپێدان و ڕێکخستنی ڕێکەوتنەکان لەڕێگەی بەرتیل و پارەی زۆرەوە دەبینێت. بن حەمام پارەی داوەتە یەکێتی تۆپی پێی وڵاتان لەوانە سۆماڵ کە بەدەکومێنت هەیە. هەوڵ دراوە پارە بدەنە ئەوانەی ڕۆڵیان هەبووە یا پەیوەندی بەهێزیان لە ڕێکخراوی فیفیا و شوێنی بڕیارداندا هەبووە. بن حەمام بەپێی گوتنەکان بەر لە دەنگدانەکە مسۆگەری ڕێککەوتنێکی ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ کەناڵی جەزیرەی عەرەبی سەر بە قەتەر کردووە. بەڵێنی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری دیکەش بە فیفا دراوە ئەگەر قەتەر هەڵبژێردرێت. کۆبوونەوەی میشێل پلاتینی و سارکۆزی و میری قەتەر لە نۆڤەنمبەری ساڵی ٢٠١٠ دا کۆمەڵێ پرسیاری لای خەڵک دروستکرد، وەکو میشێل پلاتینی ئەوسا دەنگی خۆی بۆ قەتەر گۆڕێ. دواتر قەتەر یانەی پاریس سان جێرمانی کڕی و پشکی مافەکانی لە تۆپی پێی فەرەنسا کڕی. لەوساوە پەیوەندی چەوری بارزگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە. سەرۆکی ڕێکخراوی فیفا “جیانی ئینفانتینۆ” Gianni Infantino لە قەتەر دەژی و پەیوەندی باشی لەگەڵ سەرانی قەتەر وەکو دەڵین هەیە. چاوەڕوان دەکرێت داهاتی فیفا لە دوای کۆتاییهاتنی جامی جیهانی لە قەتەردا خۆی لە ٣ ملیار دۆلار دەدات.

چۆن قەتەر ٨ یاریگەی گەورە و مۆدێرنی تۆپی پێی دروستکرد
وڵاتێکی بچوکی وەکو قەتەر دەبوایە ٨ یاریگەی مۆدێرن بە نوێترین تەکنیک بۆ پێشبڕکێی جامی جیهانی دروستکات. بێگومان قەتەر خاوەنی سەرمایەکی زۆرە و لەڕێگەی سەرمایە زۆرەکەیەوە دەستی بەدروستکردنی یاریگەکان کرد. جگەلە هێنانی کارگەی گەورەی جیهانی، هێزی کاری دروستکردنەکە کرێکاری بێگانەی وڵاتە هەژارەکان بووە، وەکو میرنشینی قەتەر ئەزموونی لە هێنان و بەکارهێنانی کرێکاری وڵاتانی هەژاردا پێشتر هەبووە. بەڵام چۆن و بە چی شێوەیەک؟ وڵاتی قەتەر وەکو وڵاتە دەوڵەمەندەکانی دوورگەی عەرەبی بۆ کارەکەری و خزمەتکاری و کرێکاری سوود لە کرێکاری وڵاتە هەژارەکانی وەکو هیندستان و پاکستان، بەنگلادش، نیپال، سریلانکا، سودان و وڵاتانی دیکەی ئەفریکا وەردەگرن و دەیان ساڵە ئەو دیاردەیە هەیە. بەپێی دیدار لەگەڵ هەندێ لە کرێکارە بێگانەکانی قەتەر کە لە چەند بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی دانیمارکیدا بڵاوکرانەوە خەڵکی وڵاتە هەژارەکان لەبەر نەبوونی و باری خراپی ژیانیان ڕێگەی کارکردن لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەکو قەتەر هەڵدەبژێرن بێ ئەوەی ئاگاداری زانیاری تەواو و بارودۆخی ژینگەی کارەکە و جۆری کارەکەیان بن. ئەوانە پارەی تکتیان نییە چونکە هەژار و بێ پارەن، بۆیە پارەی ڕێگا قەرزدەکەن تاکو بگەنە وڵاتی قەتەر و لەوێ دەست بەکار بکەن. دامەزراوی تایبەتی سەر بە وڵاتی قەتەر یا هاوکار لەگەڵ قەتەر لە وڵاتەکاندا هەن، ناوی خەڵک دەنووسن و هاوکاریان لە قەرزدا دەکەن و دەیاننێرن بۆ قەتەر بۆ کارکردن. ئەو کرێکارانە کە گەلێکیان ماڵومنداڵیان لەبرسا جێدەهێڵن و بۆ کارکردن دێنە قەتەر، کە دەگەنە قەتەر لەلایەن کەسی قەتەری یا دامەزراوی قەتەری وەردەگیرێن، هەرزوو پاسەپۆرتیان لێ دەستێنن، مۆبایلیان لێ وەردەگرن، دەبێ کەفالەت بدەن و کەفیلیان هەبێت، بەمجۆرە کە پاسەپۆرتیان لێسەندرا ئیتر ناتوانن بڕۆن و وڵات بەجێبهێڵن، هەروەها بێ ڕازیبوونی کەفیل ناتوانن هیچ جووڵەیەک بکەن. ئەوجا لەو ساتەوە هەڵسوکەوتی خراپ لەگەڵیاندا دەست پێدەکات. دوای ئەوە دەیانبەن لە خانووی نیوەچڵی بەچیمەنتۆ دروستکراو و کەمێ پێداویستی سەرەتایی نیوەچل بەکۆمەڵ دایان دەنێن. بەکۆمەڵ لە ژووریان دەکەن و یەکی قەرەوێلەیەکی ئاسنی خراپ و تەواو. چێشت لێنان و خۆراک و شەکر و چا هەمووی لە ژووەکەیاندایە. دوای ئەوە بەیانی زوو بۆ کار و ئێواران لە کار دەگەڕێنەوە. سەرەتا دەبێ کاربکەن تاکو پارەی قەرزی ڕێگاکەیان بدەنەوە ئەوەش ماوەیەکی زۆری دەوێ و لەم ماوەیەدا ناتوانن هیچ بۆ ماڵ و منداڵیان بنێرنەوە. ئاستی دڵنیایی ژینگەی کار زۆر نزمە و لەبەر سەختی کار و نالەباری شوێنی کار ئەگەری ڕوودانی زیانی کار وەکو کەوتن، دەست شکان، پێ شکان یا ئازاری مل و شان و پشت زۆرە. زیانی دەروونیش وەکو ترس و سترێس و تراوما بێگومان هەن. ئەگەر نەخۆشکەون یا بکەون گرنگیان پێنادرێت و زوو هەرکە ڕاستبوونەوە داوای کارکردنیان لێ دەکرێت. دەبێ کاربکەن و ئەگەر بەکار ڕازیش نەبن چارەیەکیان نییە، بەکورتی وەکو کۆیلە کاریان پێدەکرێت و دەچەوسێندرێنەوە. وەکو لە دیدارەکەدا پەخشکرا کەسێک بەناوی خوازراوی “فیلیکس” کرێکارێکە خەڵکی وڵاتی گانای ئەفریکایە و ناوێرێت ئاشکرا خۆی بۆ کامێرا دەرخات، دەڵیت “دەیانەوێ وەکو ئاژەڵ کار بکەین. نایانەوێ پشوو بدەین. دەیانەوێ ئێمە بۆ ماوەی ١٠ دەمژمێر بێوەستان کار بکەین” . فیلیکس کەسێکی خوێندەواری هەژارە بۆ کاری خاوێنکردنەوە هاتۆتە قەتەر، بەڵام بێئارەزووی خۆی بردوویانە بۆ کاری خانووکردن، کە ئەو توانای ئەو کارەی نییە.
ئەگەر بریندار بوون، تووشی زیانی کار بوون یا مردن ئەوا قەرەبوو ناکرێنەوە. وەکو لە دیدارەکەدا پیشاندرا کرێکارێک ماڵومنداڵ جێدەهێڵێت بۆ ڕێگا پارە قەرز دەکات، ژنەکەی گوتی “پیاوەکەم تەندروست و بێ کێشە بوو”، دوای دوو مانگ کرێکارەکە لە قەتەر دەمرێ. تەرمەکەیان بۆ دەگەڕێتەوە. ئەو کەسە قەرەبوو نەکراوەتەوە، ماڵومندالەکەشی بەناچاری قەرزەکەی کە بۆ ڕێگا کردبووی دەبێ ئێستا بیدەنەوە. ئەوە نمونەیەکە لە هەزاران.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە رۆژنامەی گاردیانی بریتانی Guardian پێی هەڵساوە لەماوەی ئەو دەساڵەی دروستکردنی یاریگە و ڕێگاوبان و دامەزراوەکاندا بەهەزاران کرێکاری بێگانە کە خەڵکی وڵاتەکانی هیندستان، بەنگلادش، نیپال، سریلانکا، کینیا، فیلیپین، پاکستان، سودان و شوێنی تر مردوون. ئەوجا لەبەر گەرما مردوون، دڵیان لەناکاو لە لێدان وەستاوە، یا شەو نووستوون و هەڵنەستاونەتەوە یا لەسەر کار بەهۆی کارەوە مردوون، لە زۆر کەیسدا ئەو پرسیارانە بێ وەڵامن. لەماوەی دەساڵدا تەنها لەوانەی کە خەڵکی هیندستان، بەنگلادش، نیپال و سریلانکان زیاترە لە ٦٥٠٠ کرێکار مردوون، لەوانە بەشی هەرەزۆریان لەو شوێنانە کاریان کردووە کە پەیوەندی بە مۆندیالی ٢٠٢٢ ـەوە هەیە. ٨٠ لەسەدای مردووەکان خەڵکی ولاتی هیندستانن. ژمارەکە زۆر زیاترە ئەگەر خەڵکی وڵاتانی دیکەشی بخرێتەسەر. لەلایەن کەسوکاری قوربانیانەوە چیرۆکی جەرگبڕی بێژمارە هەن. هەر چیرۆکە کۆمەڵێ پرسیاری بێوەڵامی تێدایە و وەکو تیغە لە جەرگی خۆشەویستانیان ڕۆژانە دەچەقێت. پرسیاری وەکو بۆ دەنگی نەما؟ چۆن مرد؟ کەی بوو؟ لە چ شارێک؟ بێ وەڵامن و کەسوکاری مردووەکانیش لە چاوەڕوانی بێهودەی قەرەبوودان، کە ئایا هەرگیز قەرەبوو دەکرێنەوە.

قەتەر و پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریکا
پەیوەندی قەتەر و ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاکان، پەیوەندی سیاسی و ئابووری و دواتر سەربازی لە نێوانیاندا دروست بووە و هەیە. قەتەر بنکەیەکی گەورەی ئاسمانی ئەمەریکای بەناوی بنکەی ئاسمانی العدید ” قاعدة العديد الجوية” لە خۆ دەگرێت. ئەمەریکا ئەو بنکەیە بۆ هێرشەکانی بۆسەر ئەفغانستان و سوریا و ئێراق بەکار دەهێنیت. جگەلەو بنکەیە بنکەی سەربازیی “قاعدة السيلية العسكرية” لەدەرەوەی شاری دەوحەدا هەیە و ئەمەریکا بەکاری دەهێنێت. لەوێ بەسەدان تانک و زریپۆش و ماشێنی دیکەی سەربازی و چەکی قورس هەن. دەوروبەری زیاتر لە ١١ هەزار سەربازی ئەمەریکی لە قەتەردا هەن.
لەگەڵ ئەوەی هەندێجار ئاڵۆزی لە پەیوەندی نێوانیان دروست بووە بەڵام کاری نەکردۆتە سەر بوونی بنکە ئاسمانیەکە و ئێستا پەیوەندیەکە لەبارێکی بەهێزدایە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ دا ڕێککەوتنێک لەنێوان قەتەر و ئەمەریکادا مۆرکرا، لەوێدا بڕیاردرا کۆتایی بە ناکۆکیەکان بهێندرێت، ڕێز لە سەروەری قەتەر بگیرێت و هەروەها ئەمەریکا بەڵێنی ئامادەیی خۆی بۆ بەرەوڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆسەر خاكی قەتەر ڕادەگەیەنێت، لەبەرامبەردا قەتەر بەڵێنی بەهێزکردنی بنکەکانی ئەمەریکا لە قەتەردا دەدات. واتە ئەمریکا قەتەر لە هەڕەشەی دەرەکی دەپارێزێت، قەتەریش بنکەکان نوێ دەکاتەوە، بە باشترین سەرڤیس و کەلوپەل هاوکاری دەکات و ئەوەی پێویست بێت جێبەجێی دەکات.

بەکورتی
وڵاتی میرنشینی قەتەر وڵاتێکی نادیموکراسی کۆنەپارێزی ئیسلامیە و میر دەسەڵاتەکانی لەژێر چنگدایە، هەوڵیداوە و هەوڵ دەدات بیری ئیسلامی لە کۆمەڵگە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕەاست و ئەفریکا و شوێنی دیکەشدا بلاوکاتەوە، پشتگیری ڕێکخراوە تیرۆریستە تووندڕەوەکانی وەکو قاعیدە، جەبهەی نوسرە، حەماس، داعش و هاوشێوەکانی دەکات و هەوڵیداوە لەڕێگەی ئەو ڕێکخراوانەدا سیستەمی ئیسلامی لە وڵاتەکاندا بچەسپێنێت. قەتەر ملیارەها دۆلاری بۆ ئەم مەبەستە بەکارهێناوە. قەتەر پشکی بەرپرسیاری لە تاوانکاریەکاندا هەیە، وەکو تاوان دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی گەلکوژی کە بەرامبەر بە گەلی دارفور، گەلی کورد لە رۆژئاڤای کوردستان، ئێزدیەکان و کاکەیەکان و کریستیانەکان لە باشوری کوردستان و ئێراقدا هەروەها هەرچی تاوانێک ئەو گروپە ئیسلامیانە پێی هەڵسابن و لەهەر شوێنێک بێت کە دەستی هاوکاری دارایی قەتەری تێدا هەبووە.
وڵاتی میرنشینی قەتەر لەڕێگەی سەرمایەی زەبەلاحی خۆیەوە و لەڕیگەی بەرتیل پێدان و کڕینی کەس و دامەزاروەکاندا هەوڵیداوە کاریگەری بنوێنێ و خۆی بباتە ئاستی بەرزی وڵاتە بەتوانا و گەورەکان لە بوارەکانی تۆپی پێ و دەست و وەرزشی دیکەدا. قەتەر پێوایە بە پارە دەتوانێ بگاتە شانۆی سەرووی وەرزشی جیهانی و پلە بەرزەکان لە بواری جیاجیادا، وەکو لە ڕێگەی گەندەڵیەوە توانی مۆڵەتی خانەخوێیی جامی جیهانی ٢٠٢٢ بەدەست بهێنێت و ئێستا لەئاستی جیهانیدا ئاماژەی بۆ دەکرێت. دیارە گەندەڵیەکانی قەتەر لە بواری وەرزشە جیاجیاکاندا زۆرن و لەم وتارە بچوکەدا جێگەیان نابێتەوە، لێرەدا تەنها ئاماژە بە مشتێکی خەروارێک کراوە. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی بۆ بکرێت ئەوەیە کەوا خودی ڕێکخراوی تۆپی پێی جیهانی فیفا گەندەڵی تێدا هەبووە و گەندەڵی بەرپرسانی فیفا هاوکار بووە لە سەرکەوتنی قەتەر لە ئامانجەکەیدا کە وەرگرتنی خانەخوێیی جامی جیهانی ٢٠٢٢ بوو. بێگومان ئەگەر گەندەڵی لە ڕێکخراوەکەدا نەبوایە قەتەریش لە هەوڵەکانیدا سەرنەدەکەوت. بۆنمونە لە خولی تۆپی دەستی جیهانیدا لە ساڵی ٢٠١٥ بردرایە قەتەر، یاریزانەکانی قەتەر زۆربەیان قەتەری نەبوون و تاکو یاری کۆتایی خولەکەش چوون، لە یاری کۆتاییدا نەیانتوانی لەفەرەنسا ببەنەوە و دووهەم بوون. بەر لە دەستپێکی خولی کۆتایی بە سێ چوار ساڵ قەتەریەکان هەوڵیاندا لەڕێگەی بەرتیلەوە یاریزانێکی دانیمارکی بە ناوی نیکۆلای مارکۆسن Nikolaj Markussen بە ١٥-٢٠ ملیۆن دۆلار بکڕن و وایلێبکەن بچێتە قەتەر و بۆ وڵاتی قەتەر یاری بکات. بەڵام ئەو ڕەتی دەکاتەوە و خۆی نافرۆشێ. ئەو تەنها یاریزانێک بوو لە دەیانی دیکە کە هەوڵی کڕینیان دراوە.
هەموو یاریگەکانی قەتەر و ڕێگاوبان و دامودەزگان بە کرێکاری بێگانەی بەکۆیلەکراو دروستکراون. بەهەزاران کرێکار بە هۆکاری دیار یا نادیار لەسەر کار یا لە شوێنی مانەوەیاندا گیان لەدەست دەدەن، قەرەبووش نەکراونەتەوە و لەکیسی خۆیان و کەسوکاریان چووین. ژمارەی ئەوانەی تووشی نەخۆشی دەروونی بوون یا تووشی زیانی کار بوون بێگومان بەپێی سروشتی زیانەکانی کرێکار لە کارکردندا زیاترە لە ژمارەی مردووەکان، دیارە من لەلایەن خۆمەوە لەو بەدواگەڕانە سنوردارەی کردوومە هیچم بەرچاو نەکەوتووە تاکوو خەمڵاندنی بۆ بکەم یا ژمارەی لەسەر دابنێم. بەگشتی هەڵسوکەوتی کاربەدەستانی قەتەری سەبارەت بە کرێکارەکان زۆر خراپ بووە و تەنها چیرۆکە جەرگبڕەکان دەتوانن ئاستی نامرۆڤانەی کرداری قەتەریەکان و دارودەستەکانیان گوزارشت کەن. بۆیە دەکرێ بڵێین یاریگەکان بەخوێنی کرێکارە بەشخوراوەکان دروستکراون و خەڵکی جیهانیش سەیری یاریەکان لەو یاریگایانەدا دەکەن کە کرێکارە بەکۆیلەکراوەکان دروستیان کرد.
لەو وتارەدا بەگرنگم زانی ئاماژە بەکورتی بە پەیوەندی ئەمەریکا و قەتەر بکەم، چونکە ئەمەریکایەکان ڕەنگە لە هەمووکەس و لایەنێک چاکتر ئاگاداری ڕۆڵی قەتەر لە پشتگیری تیرۆریزمی ئیسلامیدا لە ڕۆژهەلاتی ناوڕاست و ئەفریکا و جیهاندا هەن، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی ناسیونالیستانەی خۆیان چاوپۆشی لە پێشیلکاری و تاوانکاریەکانی قەتەر و قەتەریەکان دەکەن. ئێستا ئەمەریکا بنکەی بەهێزی سەربازیی لە قەتەردا هەیە و وڵاتی قەتەریش دەپارێزێت.

٢٠/١١/٢٠٢٢

سەرچاوەکان
Qatar, https://da.wikipedia.org/wiki/Qatar#
Qatar Natural Gas, https://www.worldometers.info/gas/qatar-natural-gas/
2015 FIFA corruption scandal, https://www.britannica.com/event/2015-FIFA-corruption-scandal,
Qatar and state-sponsored terrorism, https://en.m.wikipedia.org/wiki/Qatar_and_state-sponsored_terrorism?fbclid=IwAR26Xtc83OJoW4fx55KZz9wFulKLACv__YoQ1TBqIJXo-Mxrsw_0GexGdpk
Qatar and the United States, https://en.wikipedia.org/wiki/Qatar%E2%80%93United_States_relations
Football corruption and the remarkable road to Qatar´s World Cup, https://www.theguardian.com/football/2022/oct/08/football-corruption-and-the-remarkable-road-to-qatar-world-cup
Michael Garcia’s Fifa report eases Russia and Qatar World Cup fears, https://www.theguardian.com/football/2017/jun/27/fifa-secret-report-world-cup-2022-leaked
Revealed: 6,500 migrant workers have died in Qatar since World Cup awarded, https://www.theguardian.com/global-development/2021/feb/23/revealed-migrant-worker-deaths-qatar-fifa-world-cup-2022
TV 2 møder migrantarbejdere i Qatar: – Jeg græder næsten hver dag, https://nyheder.tv2.dk/udland/2022-11-15-tv-2-moeder-migrantarbejdere-i-qatar-jeg-graeder-naesten-hver-dag
Dagher, Sam (2011-10-17). “Huge Role of Tiny Kingdom of Qatar in Libya Draws Concern”. The Wall Street Journal. Retrieved 2016-09-04.
Dansk håndboldstjerne taler ud: https://www.dr.dk/sporten/fodbold/vm/bag-om-vm-i-qatar/dansk-haandboldstjerne-taler-ud-jeg-blev-lokket-med-15-20




وەڵام بۆ دەرسیم دیبەگەیی سەبارەت بە ڕەخنە و تێبینییەکانی لە وتارەکەم “کە تاوانبار نەزار خەزرەجی لە دانیمارک بوو”

شاخەوان شۆڕش

بەڕێز کاک دەرسیم دیبەگەیی لە نووسێنێکدا (لە کۆتاییدا دامناوە) کە لە لاپەڕەی فەیسبووکەکەیدا دایناوە وەکو وەڵامێک بۆ وتارەکەی من سەبارەت بە تاوانبار نەزار خەزرەجی ئاماژەی بە ١١ خاڵ داوە. کاک دەرسیم هەندێ زانیاری بە ناڕاست دەزانێت و هەندێ زانیاریش کە لە وتارەکەی مندا نین دایناون، هەروەها سەرسوڕمانی خۆی لە هەندێ خاڵدا دەخاتەڕوو. پێموایە ئاساییە ئەو لەهەندێ خاڵدا ڕای دیکەی جیاوازی هەیە، هەندێ هەڵەی لاوەکی تێبینی کردووە و هەندێ زانیاری و وردەکاری زیاتری ئاماژە پێداوە، دەستیخۆش بێت و جێگەی سوپاسە. دیارە من ئەرێنیانە ئاماژەم بە چاڵاکیەکانی کۆمیتە و ئەندامانی کردووە، وەکو ئەوسا کاری گرنگ و باشیان ئەنجام دا، ئەوەش ڕاستییە. لەبەر گرنگی بابەتەکە کە بابەتێکی دەکومێنتارییە بەپێویستم زانی خاڵ بە خاڵی تێبینی و ڕەخنەکان بەسەر بکەمەوە.

ئەو وتارەی من نووسیوومە بۆ زیاتر بەدەکومێنتکردن و بەرچاوڕوونی زیاترە سەبارەت بە کەیسەکەی نەزار خەزرەجی کە لە دانیمارک بوو. دیارە من بەکورتی بەڵام بەپێی سەرچاوە دانیمارکیەکان بەسەر بابەتەکاندا تێپەڕیووم و ئاماژەم بە ڕووداوەکان کردووە، نە گوزارشتی هەموو ڕووداو و چالاکی و دەکومێنتەکانم کردووە، نە ئاماژەشم بە هەموو سەرچاوەکان کردووە، ئەوەشم لە وتارەکەدا نووسیووە. چونکە دەکرێ ئەم بابەتە بەسەدان لاپەڕەی لەسەر بنووسرێت.
گرنگە بگوترێت کە دەکرێ سەرچاوە هەڵەی تێدا هەبێت، وە بەدەکومێنتکردن هەوڵیکە بەپێی هەندێ بەڵگە هەوڵی سەڵماندنی رووداوێک دەدات، ئەوەش واتای تەواوەتی نادات و واتای ئەوە نییە کەوا سەد لە سەد ئامانجی پێکابێت، دەکرێ زانیاری گرنگ هەبێت لە دەکومێنتەکانی بەردەستدا نەبن. لای من گرنگە نووسین ئاراستەیەکی راستگۆیانەی هەبێت و پشت بە بەڵگە یا سەرچاوە ببەستێت، تاکو بەڵگە و سەرچاوە زێتر و باوەڕپێکراوتربن بابەت دەوڵەمەتر و بەهێزتر دەکەن. ئەگەر من لە نووسینێکدا هەڵەیەکم کردبێت، بێگومان وەکو ئاوخواردنەوە دانی پێدادەنێم و ڕاستی دەکەمەوە. سوپاسی هەر کەسێکیش دەکەم کە لە هەڵە و کەمووکوڕیی بابەتیانە ئاگادارم بکاتەوە. چونکە مەبەست ڕاستی و دروستیی گەیاندنە. دیارە هەڵەش لەنووسیندا جۆری هەیە، زانیاری لاوەکی و گرنگ یا یەکلاکەرەوە هەن، کە هەڵەکردن بەپێی گرنگی زانیاریەکە دەگۆڕێت. ئەو هەڵانەی کە بۆ ناوەڕۆکی خودی بابەتەکە دەرئەنجامیان نییە هەڵەی لاوەکین و هیچ لە دەرئەنجام ناگۆڕن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە چاکبکرێنەوە.

سەبارە بە ڕەخنە و تێبینیەکان: سەرەتا ناونیشانی نووسینەکەی هەڵەیە چونکە من هیچم بەتایبەت بۆ دەرسیم دیبەگەیی نەنووسیووە تاکو ئەو وەڵامی من بداتەوە. دەیتوانی لە جیاتی وەڵام بۆنمونە بنووسێت ڕەخنە و تێبینی.

خاڵی یەکەم: لە وتارەکەمدا هاتووە “لە مانگی مارسی ساڵی ١٩٩٦ دا لەهەوڵیکدا ڕادەکات و دێتە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی بەرەی زەردی ژێر فەرمانڕەوایی پارتی دیموکراتی کوردستان. لەوێ ماوەتەوە و سەردانی ئەملاوئەولای کردووە. دوایی لە ڕێگەی زاخۆوە ڕەوانەی تورکیا دەکرێت و پاشان دەچێتە عەمان پایەتەختی وڵاتی ئوردن”. ڕێککەوتی وردی هاتن و چوونەکەیم نەنووسیووە، چونکە لە سەرچاوەکاندا نەکەوتە بەرچاوم و نەشم ویستییە زیاتری لێ بکۆڵمەوە، ئەوەی لە یەکێک لە نووسراوەکان کەوتە بەرچاوم نامەکەی “جمعیە الحقوقیون العراقیین” بوو کە ئاماژە بەمانەوەی ئەو لە کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ دەکەن، ئەوان پێشتر تەلەفۆنیان بۆ خەزرەجی کردووە و پەیوەندیان لەگەڵیدا هەبووە، واپێدەچێت ئەو زانیاریەیان لە خۆی وەرگرتبێت. بۆیە پێموابووە کە وەکو لە نامەکەدا هاتووە ئەگەر لەوێ مابێتەوە بێگومان سەردانی ئەملاوئەولاشی کردووە، ئەو پەیوەندی نزیکی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی و ڕەنگە بەرپرسانی دیکەش هەبووە. هەروەها لای من گرنگ بووە لە چ مانگ و ساڵێکدا هاتووە و بە کوێدا دەرچووە، کە بەڵگەی کۆنکریتیم نەبێت لە خۆمەوە ناتوانم هیچی زیاتر بنووسم. دەرسیم دیبەگەیی دەڵێ ئەو باوەڕناکات سەردانی کەسی کردبێت و ناکرێ لەماوەی “سێ شەودا” جگە لەبەرپرسانی پارتی کەسی دی دیتبێت. کاک دەرسیم باوەڕ بە گوتنەکانی خەزرەجی کە بۆ بەڕێوەبەریی پەنابەرانی دانیمارکی نووسیووە دەکات، کە دەکرێ ڕاست نەبێت و ئەو لە پێناوی سەرکەوتنی کەیسی پەنابەریەکەی ئەوهای نووسیووە. لای خەزرەجی گرنگ بووە بۆ مسۆگەرکردنی مافی پەنابەریەکەی کەیسێک هەڵبەستێت و ئەوە بنووسێت کە بۆخۆی پێی گونجاو بووە. من پێموایە ئەو زانیارییەی کە خەزرەجی داویەتییە “جمعیە الحقوقیون العراقیین” زیاتر جێگەی بڕوایە لەوەی خەزرەجی خۆی بۆ کەیسی پەنابەرییەکەی نووسیتی. واپێدچێت دەرسیم زیاتر بڕوای بەو زانیارییە هەیە کە خەزرەجی بۆ کەیسی پەنابەریەکەی نووسیتی، کە من بەڕاستی نازانم.

خاڵی دووەم: سەبارەت بە پلانی برج البابل، دەنووسێت ژمارەی لاپەرەکان ١١٢ لاپەڕەیە ٤٢ نییە و ناکرێت هەڵەی نووسین بێت. هەروەها دەنووسێت “لە هیچ لاپەڕەیەکدا پلانی چۆنیەتی ڕاکێشانی ئەفسەرانی دژە ڕژێمی تێدا نییە بۆ ئامادەکردنیان بۆ کودەتایەک”. بەپێی ئەوەی دەرسیم نووسیتی ئەو هەموو لاپەڕەکانی ئەو پلانەی خوێندۆتەوە بۆیە دڵنیایە لەوەی لەهیچ لاپەڕەیەکدا خەزرەجی باسی ئەوەی نەکردووە. من وەکو دەرسیم ئەو ١١٢ لاپەڕەیەم نەخوێندۆتەوە و ئەو دەکومێنتەشم نەدیووە. من ئەوەم نووسیووە کە سەرچاوە دانیمارکیەکە نووسیتی، لەلایەن خۆمەوە هیچم کەم یا زیاد نەکردووە. لەوێ ئاماژە بە ٤٢ لاپەڕە دەکرێت و هەروەها بەپێی سەرچاوەکە و سەرچاوەی دیکەش ئەوە پلانی بووە. کۆمەڵی وتار و هەواڵی ڕۆژنامەکانم لابووە و سوودم لەوان وەرگرتوون. دەکرێ ئەو سەرچاوەیەی من سوودم لێوەرگرتووە هەڵەی تێدا هەبێت. هەروەها ئاساییە دەرسیم دیبەگەیی ئاگاداری هەموو بڵاوکراوە و زانیاریەک نەبێت.

خاڵی سێیەم: دەنووسێت “نزار خەزرەجی لە بەرنامەی (وفي روایة أخری)ی کەناڵی (ئەلعەرەبی)دا باسی ئەوە ناکات کە جەلال تاڵەبانی بانگهێشتی بەریتانیای کردبێت و بۆ ماوەی هەفتەیەک لای مام جەلال و فوئاد مەعسوم مابێتەوە، یان لەسەر بانگهێشتی مەسعود بارزانی سێ ڕۆژیش لای هۆشیار زێباری مابێتەوە، دەشێ لە بەشەکانی تر باسی کردبێت بەڵام بەشەکانی ترم بەتەواوی گوێ لێ نەگرتووە، خۆزگە شاخەوان بە دروستی و ڕێک ئاماژەی بە سەرچاوەکە دەکرد”. ئەوەی من نووسیتم بەپێی چاوپێکەوتنێکی ئەوە لەگەڵ کەناڵی العربی، ئاماژەم بە ناونیشانی چاوپێکەتنەکە نەکردووە، چونکە من تەنها ئەو کلیپە ڤیدیۆیەم بەدەست کەوتووە و کلیپەکەش ناونیشان و کاتی لەسەر نییە. بەڵام ئەوە قسەی خودی خەزرەجیە و خۆی لە دیمانەکەدا وادەڵێت، لە چ دیدارێکدا بوو و کەی بووە نەنووسراوە، پێموایە لە چاوپێکەوتنەکانی کە بڵاوکراونەتەوە دەکرێ بدۆزرێتەوە.

خاڵی چوارەم: دەنووسێت “هۆکاری پێنەدانی مافی پەنابەری بە نزار خەزرەجی کە گوایە تەنیا لەبەرئەوەی سەرۆکی ئەرکانی سوپا بووەو گومانی بەشداری کردنی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لێبکرێت لە ساڵی (1988)دا لە باشووری کوردستان، ڕاست نییە، بەڵکو ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لە سەرەتادا خۆی باسی ڕۆڵی سەرکردایەتی کردنی خۆی لە شاڵاوەکانی ئەنفال بۆ پۆلیس کردووە بۆیە ئەوان ئەو بۆچوونەیان لا دروست بووە کە ئەو تۆمەتبارە و دەستی هەیە لە کۆمەڵکوژکردنی کورد لە کوردستان”. سەرەتا ئەوەی من نووسیتم لە سەرچاوەیەکی دانیمارکی وەرگیراوە، ئەو سەرچاوەیەی من سوودم لێوەرگرتیە نەینووسیووە لەبەرئەوە مافی پەنابەری ڕەتکراوەتەوە چونکە تۆمەتبارە و دەستی هەیە لە کۆمەڵکوژکردنی کورد. پێموایە ئەوەی سەرچاوەکە نووسیتی گونجاوە. لە خاڵی نۆیەم زیاتر لەسەر ئەو بابەتە هەیە، بۆیە لێرە زیاتری لەسەر ناڕۆم.

خاڵی پێنجەم: کاک دەرسیم بەکورتی دەنووسێت “میدیای دانیمارک لەڕێگەی کوردەکانی خوێندگەی فێربوونی زمانی دانیمارکی لە شارۆچکەی سلەیلسە بۆیان ئاشکرابوو. کوردەکان بەیەکەوە داوا لە خوێندگەکە دەکەن کە نایانەوێ لەگەڵ ئەو تاوانبارەدا بخوێنن. هەروەها فشار دەخەنە سەر شارەوانی سوغۆ کە خەزرەجی و خانەوادەکەی لەو شارە دەرکەن، ئەوە بووەهۆی ئەوەی کە شارەوانی سوغۆ پۆلیس و میدیای دانیمارکی لێ ئاگاداربکەنەوە. ئەگینا میدیای دانیمارکی خۆیان هۆکاری دۆزینەوەی خەزرەجی نەبووینە.
من ئاماژەم بە چۆنیەتی ئاشکرابوونی خەزرەجی بۆ میدیای دانیمارکی نەکردیە و هیچم لەسەر نەنووسیووە، چونکە لەو سەرچاوانەی لای من هەن وردەکاری چۆنیەتی ئاشکرابوونەکەیم نەکەوتۆتە بەرچاو و نەیان نووسیووە چۆن بووە، ئەگەر هەبووایە بەکورتی ئاماژەم بۆ دەکرد. بەڵام بێگومان ئاشکرابوونی بۆ خەڵکی دانیمارک لەڕێگەی میدیای دانیمارکیەوە بوو و لەو ڕۆژەی ڕۆژنامەکان هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە کەیسەکە لە ئاستی دانیمارک و دەرەوەدا تەقیەوە. لە وتارەکەمدا بەکورتی نووسیتم “لە ٣٠ سەپتەمبەری ٢٠٠١ دا میدیای دانیمارکی لە بوونی فەرماندەیەکی پلە باڵای سەربە سوپای ئێراق لە دانیمارک ئاگادار دەبنەوە و بەشوێنی ژیانی دەزانن”. ئەوەشم بەپێی فاکتی بڵاوکراوەی هەندێ سەرچاوە نووسیووە. هیچ هەڵەیەک لەوەدا نییە. بێگومان میدیای دانیمارکی دەبێ لە سەرچاوەیەکەوە بەوەیان زانیبێت، خۆ ئەوان غەیبیان نییە! ئەوجا کوردەکانی خوێندگەی زمان بووە یا سەرچاوەی دیکە لام ڕوون نییە، چونکە وردەکاری ئەوەم نەکەوتۆتە بەرچاو.

خاڵی شەشەم: کاک دەرسیم دەنووسێت نەک چەند هەفتەیەک، بەڵکو ڕێک لە کاتژمێری (1)ی نیوەڕۆی ڕۆژی (04.02.2003)دا لەگەڵ ئەحمەد عەزیز تاڵب ئەندامی کۆمیتەی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنی تۆمەتبار نزار خەزرەجی، لەگەڵ کارمەندێکی داواکاری گشتی بەناوی کاستن سۆنەگۆرد دانیشتین و بەناوبراوم گوت: پێمان وایە لەم نزیکانە نازار خەزرەجی لە دانمارک ڕادەکات، گەر ئێوە لە ڕێگەی پۆلیسەوە هەوڵ نەدەن چاودێری پۆلیسی لەسەر توندتر بکەن. بۆیە ئاگادارت دەکەینەوە تاوەکو تۆش ئەو داواکاریەی ئێمە بگەینیتە بیرگیتە ڤێستبێرگ … وە دەنووسێت “کاستن نابێ ئاگادارکردنەوەکە و داواکەی ئێمەی بە بیرگیتە ڤێستبێرگ گەیاندبێت”.
من نووسیتم “بەپێی بیرۆی هەواڵەکان ڕیتزاو Ritzau چەند هەفتەیەک بەر لە ڕاکردنەکەی خەزرەجی، پارێزەری دەوڵەت لە ئەگەری ڕاکردنی خەزرەجی ئاگادار دەکرێتەوە، بەڵام ئەوە نابێتەهۆی تووندکردنی چاودێری لەسەر ماڵەکەی خەزرەجیدا”. بۆ بیرخستنەوە خەزرەجی لە ١٧/٣/٢٠٠٣دا بزربوونی ڕاگەیەندرا. من زانیاریەکەم لەسەرچاوەیەکی باوەڕپێكراوی هەواڵ وەرگرتووە و ئاماژەم بۆ کردووە. هیچ هەڵەیەک لەوەدا نابینم. ئەگەر کاستن داواکەی ئەوانی پشتگوێ خستبێت و داواکاری گشتی ئاگادارنەکردبێتەوە، ئەوا وادیارە لەلایەنی دیکەوە هەمان نیگەرانی پێگەیەندراوە بۆیە لەم مەترسیە ئاگاداربوون. واتە پارێزەری دەوڵەت/داواکاری گشتی ئاگادارکراوەتەوە. کە کۆمیتە نزیکەی مانگونیوێک زووتر هەوڵیانداوە کاربەدەستان لەم مەترسییە ئاگادارکەنەوە، دەستیان خۆشبێت بێگومان کارێکی باشیان کردووە و وردەکاری و زانیاریەکی زیاترە و هەوڵەکانی کۆمیتەکە دەسەڵمێنێت.

خاڵی حەوتەم: کاک دەرسیم وردەکاریی بەر لە دروستبوونی کۆمیتەکە باس دەکات و ئاماژە بە هەوڵی خۆی و هەندێ لەهاوڕێیانی دەدات کەوا چۆن دوای کۆڕەکەی د. مەحمود لە ٢٠ی مانگ و دواتر ئەوەی مەلا بەختیار لە ٢٧ی مانگ و هەوڵی دامەزراندنی کۆمیتەیەک بۆ کەیسەکە دەکات. من لە نووسینەکەمدا بەپێویستم نەزانیووە و نەموویستووە لەم وردەکاریانە بپێچمەوە. وەکو لە واترەکەدا هاتووە نووسیتم “بەپێی ئەو ئەرشیفەی لای نەوزاد مارفە لە کۆبوونەوەیەکدا هەندێ لە کوردەکانی دانیمارک بە بەشداری ١٤ کەس لە ڕۆژی ٢٨/١٠/ ٢٠٠١ دا “کۆمیتەی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانبار نەزار خەزرەجی – دانیمارک” دامەزرا”. لای من گرنگ بووە ڕۆژی دامەزراندنی کۆمیتەکە بەکورتی ئاماژەی بۆ بکرێت.
کاک دەرسیم دەنووسێت” ئاسۆ کاکەیی هەرگیز سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی ڤایلە نەبووە”. دیارە لە ڕاپۆرتی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا نووسراوە “ئاسۆ کاکەیی کە نوێنەری کۆمەڵەی کوردیە لە شاری ڤایلە… بێگومان دەبووایە بنووسم “نوێنەر” لە جیاتی سەرۆکی کۆمەڵە. ڕاستە ئەوە هەڵەیەکە نەمدیووە، ئەگینا چاکم دەکردەوە. سوپاس بۆ تێبینیەکەی کاک دەرسیم…. پاشان دەنووسێت “فەهمی مەجید و کرمانج شەوکەت لە تەلەفزیۆن دەردەچوون و لەگەڵ ڕۆژنامەکان چاوپێکەوتنیان دەکرد سەبارەت بە ڕەوشی دادگاییکردنی خەزرەجی، فەهمی مەجید تەنانەت زۆر جار وتاریشی لە ڕۆژنامە دانمارکییەکان دەنووسی”… ڕاستە ئەوسا چاوپێکەوتن لەگەڵ هەندێ لە کوردەکانی دانیمارک کراوە و بابەتی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس و کێشەی کورد باسیانکراوە. جگەلەوە وتار و شیکاری ژۆرنالیستە دانیمارکیەکانیش زۆر بوون. من نەموویستووە ئاماژە بە چاوپێکەوتنەکان بکەم تەنها ئاماژەم بە کۆی چاڵاکیەکانی کۆمیتەکە کردووە. ئەگەر ئەوان وتاریشیان نووسیووە جێگەی دەستخۆشییە، کەمن لە ڕاستیدا نەمدیوون. هەروەها من نەچوویمە ناو وردەکاریەکانی چۆنیەتی چاڵاکبوون و سستی ئەندامانی کۆمیتەکە. پاشان دەنووسێت “دەزانم دواتر گۆران هەڵەبجەیی و بە درەنگەوەش شاخەوان شۆڕش هاتنە ناو کۆمیتەکە بۆ شوێن گرتنەوەی ئەو چوار کەسەی کە وازیان هێنابوو، بەڵام مێژووی هاتنی ئەوانم بەردەست نییە، خۆزگە شاخەوان خۆی دەینووسی”. وەکو لە وتارەکەشدا نووسیتم من لەسەرەتای دروستبوونی کۆمیتەکە لەگەڵدا نەبووم و دواتر بوومە ئەندام کە وای بۆدەچم لە مانگی ١١ یا ١٢ بوو بوومە ئەندام، کاتەکەم لایخۆم نەنووسیووە و بۆیە تەواو لەبیرم نییە و نازانم ڕێک کەی بوو. کاک گۆران هەڵەبجەیی پێشی من ببووە ئەندام و چاڵاکیش بوو. من ئەوسا لەشاری ئۆدینسا دەمخوێند. لە خۆپیشاندانی ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠١ لە کۆپنهاگن و بەردەم پەرلەمان بەشدار بووم و ئاگاداری کۆڕەکەی دکتۆر مەحمود و مەلا بەختیار بووم، بەڵام لەبەر بێکاتی نەمتوانی بۆ کۆڕەکان بچمە کۆپنهاگن. لەبیرمە ئەوسا بەتەلەفۆن لەگەڵ کاک نەوزاد مارف باس لەوە کرا کەوا د. مەحمود بانگ کراوە. کە بوومە ئەندامیش لە کۆمیتەکەدا لەڕاستیدا نەمدەزانی کێن ئەندامانی کۆمیتەکە، کاک نەوزاد مارف و کاک ئەحمەد عەزیز و کاک گۆران هەڵەبجەیی و یەک دوو هاوڕێی ترم لە چەند کۆبوونەوەیەکدا بینی. باسی ئەوەش لەگەڵ من نەکرا کەوا من وەکو ئەندامێکی نوێ شوێنی ئەوانە دەگرمەوە کە وازیان هێناوە. ئەرکێکی تایبەتیش بە من نەسپێردرا. من کە بوومە ئەندام بۆ ئەوەبوو هاوکاری کۆمیتەکە لە نزیکەوە بەپێی توانام بکەم. ئەوان خۆیان زۆر کاری گرنگیان کردبوو و ئەنجام دابوو وەکو لە نووسینەکەمدا ئاماژەم بۆ کردووە. لەو چەند کۆبوونەوە کەمەی کە بەشداریم تێدا کرد کاک دەرسیم دیبەگەیی لەگەڵ نەبوو. لە ڕاستیدا ئەوسا نەشم دەزانی ئەو ئەندامی کۆمیتەیە.

خاڵی هەشتەم: کاک دەرسیم دەنووسێت “ئێغیک هەلد (Erik Hald)، سەرۆک یان بەڕێوەبەری پۆلیسی غینگستیذ (Ringsted) نەبوو، بەڵکو سیینە یوستیسن (Signe Justesen) بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەو شارە بوو کە زۆر توند بوو بەرانبەر بە تاوانکاران و نزار خەزرەجی، ئیغیک هەلد پۆلیس یان ئەفسەری لێکۆڵینەوە بوو”.
ڕاستە ئەریک دال سەرۆکی پۆلیسی شارەکە نەبوو، بەهەڵە نووسراوە و لەپێداچوونەوەی وتارەکەدا زیاتر لێی وردنەبوومەتەوە. دیارە زۆرترینی نامەکان بۆ دوو کەسی سەر بە پۆلیسی شارەکە ناردراون یەکیان بێنی فرەدرێکسن بوو و یەکیان ئەریک دال. سوپاس بۆ تێبینیەکە.
خاڵی نۆیەم: دەنووسێت “شاخەوان شۆڕش نووسیوێتی: (دوای دروستکردنی کۆمیتەک بەناوی کۆمیتە و دەرسیم نامە بۆ سەرۆکی پۆلیسی شاری غینگستیذ لە ڕێکەوتی (28.01.2002) دەنێرێت و تیایدا چۆنیەتی بەشداریی تاوانبار نزار خەزرەجی لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا لە چەند خاڵێکدا ئاماژەیان بۆ دەکرێت). خۆم لەوە تێناگەم کە شاخەوان شۆڕش، بۆ ئاماژەی بەو نامەیەی من داوە کە لە ڕۆژی ئاماژە پێکراو بۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی غینگستیذم ناردبێ، خۆم ئەوە تاکە نامەی من نییە کە بۆ پۆلیس، یان دادگام ناردبێت”. وەڵام: هۆکەی ئەوەیە لام لاگرنگ بووە ئاماژە بەم نامەیە بکەم کە لەگەڵ ڕۆژی دامەزراندنی کۆمیتەکەدا ناردراوە. ئەوە یەکەم نامەی کۆمیتەیە بۆ پۆلیس، دواتر دەیان نامەی دیکە ناردراوە بەڵام نەموویستووە ئاماژە بە هەموو نامەکان بکەم. من نووسیتم بە ناوی کۆمیتە و دەرسیم نامە ناردراوە، چونکە ئەوەی لە سەرووی نامەکەدا تێبێنی دەکرێت ناوی کۆمیتەکە و دواتر ناوی سیانی دەرسیم لە دوای پیتی c/o هاتووە. (لە دانیمارک پیتی c/o بۆ ئەوە بەکاردێت ئەگەر یەکێک لەسەر ناونیشانی کەسێکیتر بژیت، لەژێر ناوی خانەخوێکە ئەو ناوەش لە دوای پیتی c/o دەنووسرێت، چونکە ئەویش لەو شوێنە دەژیت). نازانم لەبەرچی بەیەکەوە نووسراون، بەڵام زۆر لە نامەکان واناردراون. ئەگەر ناوی دەرسیم لە تەک ناوی کۆمیتەکەدا نەنووسرابایە بێگومان تەنها ئاماژەم بە ناوی کۆمیتەکە دەکرد. من وەکو دەکومێنتەکە چۆن بووە ئەوها ئاماژەم بۆ کردووە. کە ئەو بەر لە دروستبوونی کۆمیتەکە وەکو کەس زۆر نامەی تایبەتی ناردووە دەستی خۆش بێت و کاری باشی کردووە، ئەو دەتوانێ لە کتیبەکەی خۆیدا هەموو وردەکاریەکان بنووسێت.

هەروەها دەرسیم دەنووسێت ” لە ڕۆژانی (29) و (30.09.2003)، تەلەفۆنم کردووە بۆ وەزارەتی داد، وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەرێتی گشتیی پۆلیس و داواکاری گشتی (داواکاری وڵات)، ئەوانیش ڕێنماییان کردووم کە قسە لەگەڵ چەند لایەنێکی تری پۆلیس و دادوەری بکەم، لە ڕۆژی (02.10.2001)دا ژنێک لە وەزارەتی داد ڕێنمایی کردم کە قسە لەگەڵ هێنینگ فوذە (Henning Fode)ی سەرۆکی دادگای وڵات بکەم، هەروەها ژمارەی پۆلیسی غینستیذ و هێنینگ فوذە-ی دامێ. هەمان ڕۆژ قسەم کرد لەگەڵ هێنینگ فوذە، دوای گفتوگۆیەکی باش ڕێنمایی کردم کە سکاڵاکەم بنووسم و ژمارەی فاکسێکیشی دامێ تا سکاڵاکەیان بۆ فاکس بکەم. بۆ ڕۆژی دواتر (03.10.2001) سکاڵاکەم بە فاکس بۆی نارد، ڕۆژی پاشتریش (04.10.2001) هەندێک زانیاری ترم خستە سەر سکاڵاکە و وەکو تەواوکەری سکاڵای ڕۆژی پێشوو بۆیم نارد. ئەوانیش بە مێژووی (04.10.2001) نامەیەکیان بۆ ناردووم کە سکاڵاکانی ڕۆژانی ئاماژە پێکراو لە سەرەوەیان بەدەست گەیشتووە و دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن (کۆپی نامەکە لە خوارەوە دادەنێم). دوای چەند ڕۆژێک هێنینگ فوذە بە تەلەفۆن پێی ڕاگەیاندم کە سکاڵاکەی منیان بۆ پۆلیسی غینگستیذ ناردووە، کە ئەوان ئەرکی لێکۆڵینەوەیان لە دۆسێی تۆمەتبار نزار خەزرەجی بە پۆلیسی ئەو شارە سپاردووە”.
دیارە من لە وتارەکەمدا ئاماژەم بەوە کردووە کەوا دەرسیم و کرمانج پێشی دروستبوونی کۆمیتەکە سکاڵایان ناردووە، وەکو لە یەکەم ڕاپۆرتی کۆبوونەوەی کۆمیتەکەدا ئەوها هاتووە. لە ڕاپۆرتەکەدا ڕێککەوتی ناردنی سکاڵاکە نەنووسراوە. بەکورتی دەرسیم دیبەگەیی سکاڵاکەی بە فاکس بۆ داواکاری گشتی هێننیگ فۆدە لە ٣/١٠/٢٠٠١ دا ناردووە. وەڵامی لە ڕۆژی دواتر لە رێککەوتی ٤/١٠/٢٠٠١دا دراوەتەوە و پێیان ڕاگەیاندووە کە سکاڵاکەی ئەویان بە پۆلیسی شاری غینگ ستیز ناردووە بۆ لێکۆڵینەوە لەکەیسەکە وەکو ڕۆتینی هەر سکاڵایەک. هەروەها لەوەش ئاگاداری دەکەنەوە کە داواکاری گشتی دوێنێ واتە ٣ی مانگ داوای لە داواکاری گشتی بۆ هەرێـمی شیلاند کردووە کە لێکۆڵینەوە لەکەیسەکەدا دەستپێبکەن. بێگومان سکاڵاکەی دەرسیم و ئەوانی دواتریش بۆ کەیسەکە گرنگ بووە. بەڵام کەیسەکە لەسەر ئەو سکاڵایەی دەرسیم دەستی پێنەکرد وەکو دەکرێ لە ڕوونکردنەوەکەی دەرسیم دیبەگەییدا والێکبدرێتەوە. داواکاری گشتی دانیمارک مانگێک زیاتر بوو کەیسەکەی لەلایەن فەرمانگەی بەڕێوەبەریی پەنابەرانەوە بۆ هاتبوو و دوای لێکۆڵینەوە لەکەیسەکە و بەئاگاداری وەزیری داد کەیسەکە لەژێر گوشاری سیاسی ناوخۆدا لەرۆژی ٣/١٠/٢٠٠١ دا ناردرا بۆ پۆلیس.

بەپێی پراکتیک و یاسای پۆلیسی دانیمارک کە سکاڵا لە یەکێک دەکرێت، نامەی وەڵام بۆ کەسی سکاڵاکار دەنێردرێتەوە، دوای ئەوە پۆلیس لێکۆڵینەوە لە سکاڵاکە دەکات و لەبەڵگە و کەسەکان دەکۆڵێتەوە، پاشان هەڵسەنگاندن بۆ کەیسەکە دەکەن کە ئایا دەکرێ کەیسی تۆمەتباریی دژ بە کەسە سکاڵالێکراوەکە بکرێتەوە یا نا، پاشان “ئەگەر” بەڵگە هەبوو ئەوجا کەیسەکە دەنێرن بۆ دەسەڵاتی لێکۆڵینەوە لە سکاڵا Anklagemyndigheden کە لە بەڵگەکان دەکۆڵێتەوە کە کەیسکە گونجاوە بۆ دادگا، یا تەنها سزای بێ دادگا یا ڕەتکردنەوەی کەیسەکە. بەمجۆرە سکاڵای کەسێک پێویستی بە لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوە هەیە و پاشان بڕیار دەدرێت کەیسی تۆمەتباریی بکرێتەوە یا نا، ئەوەش چەند ڕۆژ و بگرە هەفتە و مانگ دەکرێ بخایەنێت. هەروەها پێویستە ئەوە ڕوونکەینەوە کەوا کردنەوەی کەیس دژ بە کەسێک یا لەڕێگەی سکاڵای کەسێکە دژی کەسە تۆمەتبارەکە کە دوای لێکۆڵینەوە لە سکاڵا و بەڵگەکان دێت، یا لەبەرئەوەیە کەوا دوای لێكۆڵینەوەی پۆلیس لە کەیسێکی تایبەتدا ئەو کەسە گومانی تاوانی لێدەکرێت و کەیس لە دژیدا دەکرێتەوە. دەکرێ لە لێکۆڵینەوەی کەیسێکی دیکەدا ناوی کەسێک بەرچاو بکەوێت و لەئەنجامدا لەلایەن پۆلیسەوە کەیسی لە دژدا بکرێتەوە.

بەپێی فاکتە بڵاوکراوەکانی هەندێ لە ماڵپەڕ و ڕۆژنامە دانیمارکیەکان میدیای دانیمارکی لە ٣٠/٩/٢٠٠١ بۆ یەکەمجار هەواڵی بوونی خەزرەجی بڵاودەکەنەوە، لە رۆژی ٣/١٠/٢٠٠١ دا واتە ٣ ڕۆژ دواتر داواکاری گشتی بڕیاری لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی خەزرەجی دەدات. بەڵام بەپێی ئەوەی لە ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دادەوە بڵاوکراوەتەوە لەلایەن فەرمانگەی بەرێوەبەریی پەنابەرانەوە Udlændingestyrelsen لە ڕۆژی ١٧/٨/٢٠٠١ دا کەیسەکە بۆ داواکاری گشتی دانیمارک دەنێردرێت بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە ئەگەری بوونی کەیسێکی تاوانکاریی کە ئایا خەزرەجی لە تاونکاریەکانی دژ بە کوردەکاندا تاوانی ئەنجامداوە یا نا، چونکە ئەوان “هۆکاری تەواو گونجاویان هەیە لەوەی کەوا وای بۆ بچن” کە خەزرەجی بەرپرسیاریی لەتاوانکاریەکانی شاڵاوەکانی ئەنفالدا هەبووە. داواکاری گشتی لە ڕۆژی ٣/١٠/٢٠٠١ دا وەزیری ناوخۆ فرانک یەنسن ئاگاداردەکاتەوە کە لە لێکۆڵینەوەی کەیسەکە تەواو بووە و دەکرێ لێرە لە دانیمارکدا کەیسی تاوانکاریی دژ بە سەرۆکی ئەرکانی سوپا نەزار خەزرەجی بکرێتەوە. هەروەها وەزیری ئاگاداری کردۆتەوە کەوا کەیسەکە هەر لە ڕۆژی ٣/١٠/٢٠٠١ دا لەلایەن داواکاری گشتیەوە بۆ داواکاری گشتی بۆ شیلاند ناردووە بە مەبەستی ئەوەی کەیسەکە لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لێبکرێت. بەمجۆرە ئەم کەیسە دوای لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتی دژی نەزار خەزرەجی کرایەوە.
ئەگەرچی لە ڕۆژنامەکاندا ڕاستەوخۆ ئەوە نەنووسراوە بەڵام هۆی ڕاگەیاندنی لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتی لە کەیسی خەزرەجی لە ٣ی مانگدا پەیوەندی زۆری بە تەقینەوەی هەواڵەکە لە ٣٠/٩/٢٠٠١ دا هەیە کە بووەهۆی تەوژمێکی سیاسی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دژ بە حکومەت و وەزیری داد. ئەگەر گوشارە سیاسیەکە نەبووایە، ڕەنگە داواکاری گشتی درەنگتر کەیسەکەی بۆ پۆلیس دەنارد. لە دانیمارکدا گوشاری سیاسی لەکەیسی ئەوها گرنگدا کاریگەریی یەکلاکەرەوەی هەیە کە حکومەت و بەتایبەتی وەزیری داد ناچاری وەڵام و جووڵە دەکەن.

خاڵی دەهەم: کاک دەرسیم دەنووسێت “تا ڕۆژی (06.10.2001)، تەنیا خۆم سکاڵام لەدژی نزار خەزرەجی تۆمار کردبوو، ئێوارەی ئەو ڕۆژە پێنج کورد چووینە نووسینگەی بیۆن ئێلمکویست و ئەومان کرد بە پارێزەری خۆمان بۆ ئەوەی سکاڵای ئێمە بگەیەنێتە پۆلیس. ناوی پێنج کەسەکە ئەمانە بوون: (جەعفەر عەبدوڵڵا نەسروڵڵا/ 1955/ هەڵەبجە، فوئاد حەمە فەرەج نانەوا/ هەڵەبجە، کرمانج شەوکەت عەبدولڕەحمان محەمەد عەلی ناسراو بە کرمانج شەوکەتی مەلا/ 1971/ هەڵەبجە، لەمیعە عەبولە عومەر (1956/ هەڵەبجە) و دەرسیم). کرمانج شەوکەت، لە خۆپیشاندانەکان و قسەکردن بۆ میدیای دانمارکی زۆر چالاک بوو، هەروەها بۆ ئێمەش پێویست بوو، بەڵام بەداخەوە دوای دوو مانگێک خۆی کێشایەوە، کە زیاتر بەهۆی سەرقاڵی ئیشەکەی بوو کە کاتی نەبوو، کەچی جارجار لە تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەکان دەردەکەوتەوە”.
دەستیانخۆش بێت کارێکی گرنگیان ئەنجام داوە. من ئاماژەم بەم ناوانە کە سکاڵایانکردووە نەکردووە، چونکە ناوەکان لە ڕاپۆرتەکەدا نەبوون و کۆپی سکاڵاکەیان لە ئەرشیفەکەی کاک نەوزاددا نەبوو. ئەگەر هەبووایە ئاماژەم بۆ دەکردن. سوپاس بۆ ئەو زانیاریە.
سەبارەت بە پەیوەندیکردن لەگەڵ پارێزەر بیۆن ئیلمکویست من ئەوەم نووسیووە کە لەبەردەستمدا بە بەڵگە هەبوو. نامەکە ئەوسا لە مارسی ٢٠٠٢دا ناردرابوو. بیۆن لە نامەیەکی بۆ پۆلیس ئاماژە بەوە دەکات کە پایزی ساڵی پار کوردەکان پەیوەندیان پێوەکردووە، بەڵام باسی ڕێککەوتەکە ناکات و هیچ نامەیەکیشم لەمبارەیەوە نەکەوتە بەرچاو. کە بیۆن بە خۆڕایی هاوکاری کردووە جێگەی دەستخۆشیە بێگومان. سەبارەت بە دیتەر و گەواهیدەرانی ئوردن نەموویستووە بچمە ناو وردەکاریەکان و بەکورتی ئاماژەم بە نامەکەی بیۆن کردووە وەکو بەڵگەی ئامادەیی و هەبوونی ئەوان.

خاڵی یازدەهەم: دەنووسێت “شاخەوان نووسیوێتی: (لە نامەکەدا ئاماژە بە مانەوەی خەزرەجی لای سەرکردایەتی پارتە کوردییەکان بۆ ماوەی سێ مانگ دەکەن و وەکو بەڵگەی بێتاوانی ئەوە بەکاری دەهێنن) لە نامەی هەر کەسێک نووسرابێت کە گوایە نزار خەزرەجی سێ مانگ لای سەرکردایەتی پارتە کوردستانییەکان مابێتەوە ڕاست نییە، چونکە نزار خەزرەجی بە دەستی خۆی نووسیویەتی کە ئەو لە ڕۆژی (14.03.1996)دا لە موسڵ گەیەنراوەتە ئاکرێ و لە بەرەبەیانی ڕۆژی (17.03.1996)دا لە زاخۆ پەڕیوەتەوە بەرەو تورکیا، کە هەمووی دەکاتە سێ ڕۆژ”. پێشتر لەخاڵی یەکەمدا وەڵامی ئەوەم دایەوە، ئەوەی خەزرەجی نووسیتی جێگەی متمانە نییە. ئەو نامەیەی لایەنە ئێراقیەکە دەبێ لای کاک دەرسیمیش هەبێت.

خاڵی دوازدەهەم: کاک دەرسیم دەنووسێت “هاوڕێیەکی شاخەوان شۆڕش بۆی نووسیبووم کە گوایە من تەواوی دۆسیەی دادگاییکردنی نزار خەزرەجیم لە کەسێک وەرگرتووە، کە نایەوێت ناوەکەی بڵێت. هەمان ڕۆژ سەیری ماسنجەری ئەو هاوڕێیەی شاخەوان شاخەوان-م کرد چونکە لە هەردوو فەیسبووکی خۆم لە ماسنجەرەوە تەلەفۆنی بۆ کردم، بینیم لە یەکێکیان پێشتر لە ڕۆژی (17.03.2022)دا نامەیەکی دەنگی جێهێشتبوو، کە دەڵێت: (تازە قسەم لەگەڵ شاخەوان شۆڕش کرد و گوتی: کاتی خۆی هەندێک دوکۆمێنتم بۆ دەرسیم ناردووە، جا نازانم نامەی حزبە کوردییەکانی تیایە بۆ حکومەتی دانمارک یان نا، کە پێویستی زۆرم بە نامەکان هەیە). زۆر بەلامەوە سەیرە گەر شاخەوان شۆڕش باسی ئەوەی کردبێت کە تەواوی دۆسیەی دادگاییکردنی نزار خەزرەجی بۆ من ناردبێت، کە خۆم گومانم هەیە ناوبراو ئەو قسەیەی کردبێت، بەڵام ئەو هاوڕێیەی شاخەوان دوای ئەوەی کە لە ڕۆژی (17.03.2022) قسەی لەگەڵ شاخەوان کردووەو دواتر هەمان ڕۆژ نامەی دەنگی بۆ من بەجێهێشتووە، لە نامەکەدا پرسیاری نامەی پارتە کوردستانییەکان دەکات، کە ئایە لەنێو ئەو دوکۆمێنتانەدا بێت، یان نا، کە شاخەوان کاتی خۆی بۆی ناردووم؟ ئەوەیان جێگەی سەرسوڕمانی زۆرە بۆ من، چونکە یەکەم کەس بوویمە نامەی سەران و پارتە کوردستانی و ئێراقییەکانم وەرگرتووە، دواتریش نامەی مام جەلال کە لە مانگی دیسەمبەری ساڵی (2002)دا وەرم گرت، نامەکانم تا دوای دوو بۆ سێ ساڵ بڵاونەکردنەوە، ئێستەشی لەگەڵ دابێ نامەی سەڵاح عومەر عەلی و نامەی هەشت عەرەبە کۆنە بەعسی و ئەفسەرە پلە بەرزەکانم بڵاونەکردۆتەوە”.
وەڵام: وەکو ئەو هاوڕێیە باسی کردووە ئەوەم نووسیە، نەمگوتووە تەواوی دۆسیەی نەزار خەزرەجیم بۆ دەرسیم نارد، نووسیم کۆمەڵێک دەکومێنتم وەرگرت و بۆم نارد. ئەوەشم نووسیبوو کەوا نازانم نامەکان لە ناو ئەو دەکومێنتانەدا هەبوون یان نا. بێ هیچ مەبەستێک و ئەوەی لەبیرم بووە ئاماژەم پێداوە.
دیارە دەرسیم دیبەگەیی خۆی باسی ئەوە دەکات کە بەر لە دروستبوونی کۆمیتە نامەکانی دەستکەوتووە بەڵام بۆ ئەندامانی کۆمیتەکەی نەناردووە. دەنووسێت ئەو خۆی یەکەم کەس بووە نامەکانی بڵاوکردۆتەوە و بۆ ئەندامی کۆمیتە کاک ئەحمەد عەزیزی ناردووە. دواتر کاک ئەحمەد گلەیی لە شاردنەوەی نامەکانی لێکردووە و بۆتە ناخۆشی لەنێوانیان. ئەو بابەتە پەیوەندی بە کێشە و کارە ناوخۆیەکانی کۆمیتەکەوە هەیە، بۆیە بۆ وتارەکەی من گرنگی نییە.

خاڵی سێزدەهەم: دەنووسێت شاخەوان نووسیوێتی: “سەرۆکی دانمارک ئانەس فۆ غاسموسن/ Anders Fogh Rasmussen)، لە ڕاستیدا ئەنەس فۆو غاسموسن سەرۆکوەزیرانی دانمارک بووە، نەک سەرۆکی دانمارک، چونکە هیچ پۆستێک نییە لە دانمارک بەناوی سەرۆکی دانمارک”. ڕاستە ئەوە هەڵەیە و بەهەڵە نووسراوە کە لە پێداچوونەوەی وتارەکەمدا تێبێنیم نەکردووە. ئەمنیش ئەوە دەزانم و هەندۆکەک سەرم لە سیستەمی سیاسی دانیمارک دەردەچی، سوپاس بۆ تیبیەکە.

خاڵی چواردەهەم: سەبارەت بە شوێنی نەزار خەزرەجی و هەڵە لە ناوی شارەکە و مەوداکەی بۆ شاری دوبەی ئەوەم لە سەرچاوە دانیمارکیەکە وەرگرتووە و زیاتری بەدوادا نەچووم. ڕاستە لە سەرچاوە دانیمارکیەکاندا هەڵەی لەم شێوەیە هەن.

لەکۆتاییدا پێویستە بیریبخەمەوە کەوا ئەو وتارەی من بەپێی سەرچاوە و دەکومێنتەکان نووسراوە، زۆر وردەکاریی هەن بە کەڵکی نووسینەکەی من نایەن و نووسینیان دەبێتە درێژدادڕی، دیارە ئەگەر هەڵە هەبێت چاکیان دەکەم، ئەگەر زانیاری زیاتر کە گرنگ بێت بۆ وتارەکە بێگومان دەیناخەمەسەر نووسینەکە، بۆ نمونە من نامەی مەسعود بازرانی کە بۆ بەرگری لە نەزار خەزرەجی ناردووە نەم بینیووە، ئەگەر دەستم کەوێت ئەویشی دەخەمەسەر.

ببوورن سەرم ئێشاندن

شاخەوان قادر شۆڕش
٢٠/٧/٢٠٢٢

…………………..
…………………..

وەڵامێک بۆ (کە تاوانبار نەزار خەزرەجی لە دانیمارک بوو)ی شاخەوان شۆڕش:
شاخەوان شۆڕش، لە ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی (01.07.2022)دا، لە فەیسبووکی خۆیی و ماڵپەڕی دەنگەکان وتارێکی لەژێر ناوی (کە تاوانبار نەزار خەزرەجی لە دانیمارک بوو)دا بڵاوکردۆتەوە. بە مەبەستی زیاتر دەوڵەمەندکردن و ڕاستکردنەوەی چەند هەڵەیەک، بۆچوونەکانی خۆم لەو چەند خاڵەی خوارەوەدا دەخەمەڕوو، بەڵام هەم کاتی ئەوەم نییە کە ناوی تەواوی ئەو ڕێکخراو، کۆمەڵەی کوردی و کەسانە بێنم کە هاوکارمان بووینە، هەم ئەو بابەتە بۆ ئەو مەبەستە تەرخان نەکراوە تا یەکە یەکە ئاماژە بە ناوەکانیان بکەم:
یەکەم: دوای ئەوەی نزار خەزرەجی، له ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌، ڕێکەوتی (14.3.1996)دا به‌ یارمه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان‌ لە موسڵ دەرباز دەکرێت و کاتژمێر دوازدەی شەو دەگاتە ئاکرێ، دوو ڕۆژ دواتر بەرەو زاخۆ دەڕۆن و لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێیەمدا، واتە ڕۆژی (17.03.1996)، کوردستان بەجێدە‌ێڵن بەرەو تورکیا، دواتر لە ڕۆژی (21.03,1996) بە فڕۆکە بەرەو عەمان-ی پایتەختی ئوردەن دەڕۆن، دوای به‌سه‌ربردنی چه‌ند ساڵێک له‌ ئورده‌ن و ئیسپانیا و چه‌ند سه‌ردانێکیشی بۆ له‌نده‌ن، لە ڕۆژی (03.07.1999) دەگاتە دانمارک، ئەو مێژووانەی کە ئاماژەم پێداون هەمووی خەزرەجی بە دەستی خۆی نووسیویەتەوەو لە کیسی بازاڕی ئاڵدی (Aldi Pose)دا لەژێر زەمینی ماڵەکەیدا جێی هێشتووە. نزار خەزرەجی، بە هەمووی بۆ ماوەی سێ شەو لە کوردستان و ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان ماوەتەوە، بۆیە باوەڕ ناکەم جگە لە بەرپرسانی پارتی لە ناوچەی دهۆک هیچ کەسێکی دیکەی دیبێت، یان (سەردانی ئەملاو ئەولای کردبێت) وەکو ئەوەی کە نووسەر نووسیوێتی بێ ناوهێنانی هیچ سەرچاوەیەک. بەڵام بەدڵنیایی دواتر لە عەمان و لەندەن سەران و بەرپرسانی کوردی دیوە.
دووەم: پلانی (برج بابل)، کە لەژێر ناوی (عملیة تغییر النظام العراقي)دا لە ڕێکەوتی (27.04.1996)دا لە عەمان لە ئوردەن نووسیوێتی، ژمارەی لاپەڕەکانی (112) لاپەڕەیە نەک (42) کە جیاوازییەکە زۆرە و ناکرێت هەڵەی نووسین بێت، کە ئەو (112) لاپەڕەیە لەناو کیسی ئاڵدی لەلایەن ڕۆژنامەنووس یاکوب تۆپسوی (Jacob Topsøe) دۆزرانەوەو دوانە پۆلیس و داواکاری گشتی. ناوەڕۆکی پلانەکە زیاتر پێکهاتە سوپای ئێراق، گاردی کۆماری، چەند بابەتێک بە ناویەکانی (دراسة عن عملیة تغییر النظام في العراق)، (المسالک المفتوحة لنا)، (ما طرح علی الأصدقاء قبل مجیئي وإتفق علیە)، (عملیات عمان – الأردن: عناصر المخابرات العراقیة في السفارة العراقیة وداخل عمان)، گۆڕینەوەی چەندان نامە لەنێویاندا نامەی دکتۆر ئەیاد عەلاوی بۆ خەزرەجی بە مێژووی (02.04.1996)، نامەی خەزرەجی بۆ ڕۆبەرت ڕیتچارد (Robert Richard) بە مێژووی (20.04.1996) و چەند کۆپییەکی ڕاپۆرتی پشکنینی پزیشکی، کۆپی ڕۆژنامەکان و شرۆڤەکردنی خەوننامە کە نزار زۆر باوەڕی بە خەون هەبووە. لە هیچ لاپەڕەیەکدا پلانی چۆنێتی ڕاکێشانی ئەفسەرانی دژە ڕژێمی تێدا نییە بۆ ئامادەکردنیان بۆ کۆدەتایەک، دەشێ ئەو بابەتەیان نەگەیشتبێتە دەستی من بۆیە هیچ زانیاریم لە سەری نییە! هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ناو کیسەی ئاڵدی، نزار خەزرەجی لەکاتی سەردانی کردنی پزیشک و نۆڕینگە پزیشکییە تایبەتەکان بەناوی (محەمەد حوسێن عەبدولکەریم) سەردانی کردوون بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە، بەڵام لە نەخۆشخانەی خزمەتگوزاری پزیشکی شاهانە – شاری حوسێنی پزیشکی (مستشفی الخدمات الطبیة الملکیة – مدینة الحسین الطبیة)دا بەناوی خۆی پشکنین و چارەسەری بۆ کراوە.
سێیەم: لە بەشی (6)ی دیمانەکەی نزار خەزرەجی، لە بەرنامەی (وفي روایة أخری)ی کەناڵی (ئەلعەرەبی)دا کە ڕۆژنامەنووس (بەدرەدین ئەلسائیغ) پێشکەشی دەکات و لەژێر ناوی (ماذا حصل في حلبجة وحملة الأنفال)دا لە ڕۆژی (03.05.2022)دا لە کەناڵی (یوتوپ) دانراوە، باسی ئەوە ناکات کە جەلال تاڵەبانی بانگهێشتی بەریتانیای کردبێت و بۆ ماوەی هەفتەیەک لای مام جەلال و فوئاد مەعسوم مابێتەوە، یان لەسەر بانگهێشتی مەسعود بارزانی سێ ڕۆژیش لای هۆشیار زێباری مابێتەوە، دەشێ لە بەشەکانی تر باسی کردبێت بەڵام بەشەکانی ترم بەتەواوی گوێ لێ نەگرتووە، خۆزگە شاخەوان بە دروستی و ڕێک ئاماژەی بە سەرچاوەکە دەکرد.
چوارەم: دوای ئەوەی نزار خەزرەجی، لە ڕۆژی (03.07.1999) دەگاتە دانمارک، ئەو لە یەکەم چاوپێکەوتنی خۆیدا لەگەڵ پۆلیسی دانمارک، باسی ڕۆڵی خۆی لە سەرکردایەتی کردنی شاڵاوی ئەنفالەکان لەدژی کورد دەکات، بەڵام دوای ماوەیەک لە قسەکانی پێشووی پەشیمان دەبێتەوە و نکۆڵی لە بەشداریکردن و سەرپەرشتی کردنی شاڵاوەکانی ئەنفال دەکات، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بە هەڵە لێکتێگەیشتنێک لەنێوان خۆیی و وەرگێڕەکە ڕوویداوە، کە وەرگێڕەکە وەرگێڕێکی کورد بووەو زمانی عەرەبی و دانمارکی سەدا سەد زانیوە، بۆیە هۆکاری پێنەدانی مافی پەنابەری بە نزار خەزرەجی کە گوایە تەنیا لەبەرئەوەی سەرۆکی ئەرکانی سوپا بووەو گومانی بەشداری کردنی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لێبکرێت لە ساڵی (1988)دا لە باشووری کوردستان، ڕاست نییە، بەڵکو ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لە سەرەتادا خۆی باسی ڕۆڵی سەرکردایەتی کردنی خۆی لە شاڵاوەکانی ئەنفال بۆ پۆلیس کردووە بۆیە ئەوان ئەو بۆچوونەیان لا دروست بووە کە ئەو تۆمەتبارە و دەستی هەیە لە کۆمەڵکوژکردنی کورد لە کوردستان.
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ڕۆڵی تۆمەتباری ڕاکردو نزار خەزرەجی لە سەرپەرشتیکردنی شاڵاوەکانی ئەنفال، دکتۆر کەمال سەید قادر بەرزنجی، کە هەڵگری بڕوانامەیە لە یاسای نێودەوڵەتی و لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا دەژیت و ئەندامی ڕێکخراوی پارێزەرانی بێسنوور بوو، لە کاتژمێری (11:35) خولەکی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی (13.02.2003)دا بە تەلەفۆن پێی گوتم: (دکتۆر خالید عیسا تەها سەرۆکی پارێزەرانی بێسنوور گوتی: نزار دەڵێت من ئەنفالم کردووە و بەڵام چارم نییە دەبێ بڵێم نەمکردووە، ئێوەش هەوڵم بۆ بدەن ئەگینا ناوبانگی عەرەب، ئێراق و سوپا دەچێت)، لە ڕۆژی (22.02.2003)دا تەلەفۆنم بۆ دکتۆر کەمال کرد بۆ ئەوەی پێی ڕابگەیەنم کە قسەم کردووە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسینێکی ئێکستغا بلەذ (Ekstra Blad) بەناوی نیلس ڤێستبێرگ (Niels Westberg) و دەیەوێت ئەو قسانەی دکتۆر خالید عیسا کە لە زاری نزار خەزرەجی بۆ تۆی کردووە، یەکێکتان بۆ ئەویشی بکات، گوتم: (من قسەم کرد لەگەڵ برادەرێکی دانمارکی و ئەوەم بۆ باسکرد کە تۆ ئەو ڕۆژە بۆ منت باسکرد، ئەو دەیەوێت ڕاستەوخۆ قسەکانی نزار لە زاری خۆتانەوە ببیستێ، کە گوتویەتی: ئەنفالم کردووە بەڵام لەبەر سومعەی جەیشی ئێراقی و سومعەی عەرەب دەبێ بە ناچاری نکۆڵی لێبکەم)، ئەو گوتی: (بەڵام دەبێ بە خالید بڵێم بزانم ڕازی دەبێت یان نا، چونکە ئەو وەکو برادەرایەتی بۆی باس کردووم. ئەگینا بێ ڕەزامەندی ئەو قسە بکەم خیانەتی مهەنییە). گوتم: باشە، هیوادارم بە زووترین کات قسە لەگەڵ دکتۆر خالید بکەیت و وەڵامم دەیتەوە). سێ ڕۆژ تێپەڕی هیچ وەڵامێکی نەبوو، بۆیە لە ڕۆژی (25.02.2003)دا تەلەفۆنم بۆ دکتۆر کەمال سەید قادر کرد و داوای وەڵامم لێکرد، بەڵام ئەو بەر لەوەی وەڵامم بداتەوە پرسی: (تۆ ناوی من و دکتۆر خالید عیسا تەها-ت بەو ڕۆژنامەنووسە دانمارکییە گوتیە)، لە وەڵامدا گوتم: (بەڵێ پێم گوتووە)، ئەو بە هاوارەوە گوتی: (کێ بە تۆی گوتیە ناوی ئێمەی پێبڵێت، بۆ لەخۆتەوە ئیشی سەربەخۆ دەکەیت)، بە توندی تەلەفۆنەکەی داخستەوە. دیاربوو لەگەڵ دکتۆر خالید عیسا قسەی کردبوو، پێ دەچوو ئەویش هەم گلەیی لێکردبێ کە ئەو قسەیەی ئەوی بە من گەیاندووە، هەم ئامادەش نەبووە قسەکانی نزار خەزرەجی بە ڕۆژنامە دانمارکییەکان بگەیەنێ نەوەک سومعەی، عەرەب، ئێراق و سوپای سەدام بچێت، بۆیە دکتۆر کەمال بەمشێوەیە تووڕەیی خۆی بەسەر مندا باراند. لەو هەڵسوکەوتەی دکتۆر کەمالی سەید قادر زۆر توڕەبووم، بەڵام دانم بەخۆمدا گرت، نەک لەبەرئەوەی کە تەلەفۆنی لەسەر داخستم، بەڵکو لەسەر ئەوەی وەکو دکتۆرێک کە بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسا هەبێت، کەچی تەنیا لەپێناو مانەوەی لە ڕێکخراوی پارێزەرانی بێسنوور (محامون بلا حدود/ Lawyers Without Borders) چاوپۆشی لە تاوانی تاوانبارێک بکات کە ئەنفالی کورد و کیمیا بارانی هەڵەبجەی کردبێت، لەگەڵ دەیان و سەدان تاوانی تر، دەبێ چاوەڕوانی چی لە دکتۆر کەمال بکرێت! ئایە خیانەتی پیشەیی (مهەنی) گەورەترە لە خیانەتی نەتەوەیی و نیشتمانیی، بۆیە ئەو نەتەوەو نیشتمانی کردە قوربانی مهنەکەی؟ دەمویست سەرەتا دکتۆر خالید عیسا، یان دکتۆر کەمال سەید قادر ئەو قسەیەی نزار خەزرەجی کە لای دکتۆر خالید عیسا کردبووی لە ڕۆژنامەکانی دانمارکی بڵاوبکرێتەوە، دواتریش بیگەیەنمە پۆلیس و ئەوان وەکو شایەدێک لەدژی نزار خەزرەجی بەکاربێنم، بەڵام دکتۆر کەمال سەید قادر ئامادە نەبوو لەپێناوی کورد و کوردستان خیانەت لە پیشەکەی بکات، وەکو ئەوەی کە خۆیی و دکتۆر خالید عیسا کردیان خیانەتی پیشەیی نەبێت، کە لە ڕاستیدا هەم خیانەتی پیشەیی و هەم شاردنەوەی تاوانە (شاردنەوەی تاوانیش دەکاتە بەشداری کردن لە تاوان). ئەو دوو پارچە کاغەزەی کە لەخوارەوە دایاندەنێم، هی ئەو کاتەن کە قسەم لەگەڵ دکتۆر کەمال سەید قادر کردووە و کورتەیەک لە گفتوگۆکانم نووسیوە.
پێنجەم: میدیاکانی دانمارک لە ڕێگەی جەلال سدیق ساڵح (1969/ سلێمانی)، جەمال سدیق ساڵح (1967/ سلێمانی)، سەمیر ڕەئوف ڕەشید تاڵەبانی و تەواوی ئەو کوردانەی لە خوێندنگەی فێربوونی زمانی دانمارکی لە شارۆچکەی سلەیلسە (Slagelse) لەگەڵ لوتفیە س. فوئاد-ی هاوسەر و محەمەدی کوڕە بچووکی خەزرەجی پێکەوە دەبن، بۆیان ئاشکرابوو کە سەرۆک سوپای پێشووی سەردەمی ئەنفال و کیمیاباران کردنی هەڵەبجە لە دانمارک دەژیت، ئینجا ئاشکرا کرا.
خوێندنگەی فێربوونی زمانی دانمارکی لە سلەیلسە تاکە خوێندنگە بوو بۆ تەواوی پەنابەرەکانی ڤێست شێلەند (Vestsjælland)، واتە خۆرئاوای دوورگەی شێلەند، زۆرجار نزار خەزرەجی لەبەردەم خوێندنگەی سلەیلسە چاوەڕێی لوتفیە و محەمەدی دەکرد تا دێنە دەرێ و بەرەو ماڵ پێکەوە بچنەوە. هیچ کام لە کوردەکان نزار خەزرەجی ناناسنەوە تا ئەو ڕۆژەی کۆنە ئەفسەرێکی سوپای ئێراق لە بەردەم خوێندنگەکەدا چاوی بە نزار خەزرەجی دەکەوێت و بۆ کوردەکانی باس دەکات کە ئەوە نزار خەزرەجی کۆنە سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێراقە، کوردەکانیش تێکڕا دەچنە بەڕێوەبەرێتی خوێندنگاکە و بەڕێوەبەرێتی شارەوانی سوغو و پێیان دەڵێن کە ئەوان نایانەوێت لە هەمان خوێندنگا لە سلەیلسە لەگەڵ ژن و منداڵی ئەو کوردکوژە بخوێنن، یان لە سوغو لە هەمان شار ژیان لەگەڵ خەزرەجی و خانەوادەکەی ببەنە سەر، چونکە بە دیتنی ڕۆژانەی ئەوان (زامی ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژی کورد)یان لێ نوێ دەبێتەوە. بۆ ئەوەی کێشەکە گەورەتر نەبێت، بەڕێوەبەرێتی خوێندنگەی سلەیلسە بڕیار دەدەن لوتفیە و محەمەد خەزرەجی لە خوێندن ڕاگرن و ڕەوانەی ماڵیان دەکەنەوە. بەڵام کوردەکان بەوەندە ڕازی نابن، بەڵکو فشار دەخەنە سەر شارەوانی سوغو کە خەزرەجی و خانەوادەکەی لەو شارە دەرکەن، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە شارەوانی سوغو پۆلیس و میدیای دانمارکی لێ ئاگادار بکەنەوە، ئەگینا میدیای دانمارکی خۆیان هۆکاری دۆزینەوەی نزار خەزرەجی نەبووینە. نزار خەزرەجی، لە کەمپی پەنابەران، لای کوردەکان، پەنابەرانی دانمارک و سوغو خۆی بە (عەبدولڕەحمان) ناساندبوو بۆیە درەنگ ئاشکرا بوو.
شەشەم: نەک چەند هەفتەیەک، بەڵکو ڕێک لە کاتژمێری (1)ی نیوەڕۆی ڕۆژی (04.02.2003)دا لەگەڵ ئەحمەد عەزیز تاڵب ئەندامی کۆمیتەی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنی تۆمەتبار نزار خەزرەجی، لەگەڵ کارمەندێکی داواکاری گشتی (Statsadvokat) بەناوی کاستن سۆنەگۆرد (Karsten Søndergård) دانیشتین و بەناوبراوم گوت: (پێمان وایە لەم نزیکانە نازار خەزرەجی لە دانمارک ڕادەکات، گەر ئێوە لە ڕێگەی پۆلیسەوە هەوڵ نەدەن چاودێری پۆلیسی لەسەر توندتر بکەن. بۆیە ئاگادارت دەکەینەوە تاوەکو تۆش ئەو داواکاریەی ئێمە بگەینیتە بیرگیتە ڤێستبێرگ (Birgitte Vestberg)، هۆکاری ئەوەی کە پێمان وایە ڕادەکات، چونکە ئێمە وەکو میللەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست باشتر شارەزای کلتوری میللەتانی ئەو ناوچەین، نزار خەزرەجی هەموو ڕێگا یاساییەکانی گرتەبەر بۆ خۆ ڕزگارکردن و خۆدزینەوە لە دادگاییکردن بەناوی ڕێگەپێدان بۆ دەرچوونی لە دانمارک بە پاساوی ئەوەی گوایە سەرکردایەتی سوپا دەکات لەپێناو ڕووخاندنی سەدام و ڕژێمەکەی، بەڵام شکستی هێنا و سەرکەوتوو نەبوو، پێمان وایە ئەو ئێستاکە بەتەواوی بێئومێد بووە لە دەرچوونی بەشێوەیەکی یاسایی لە دانمارک، بۆیە بەدڵنیایی لەمەودوا ڕێگەی نایاسایی دەگرێتەبەر کە ڕاکردنە، ئەوە کلتور و خەسڵەتی زۆربەی کەسانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە لەوانەشە هی هەموو جیهان بێت، بەڵام زۆرتر هی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە).
کاستن گفتی دا ئەو ئاگادارکردنەوەو داوایەمان بگەیەنێتە بیرگیتە ڤێستبێرگ-ی داواکاری گشتی، بۆ ئەوەی چاودێری چڕتری خەزرەجی بکرێت تا ڕانەکات، بەڵام دوای ڕاکردنی نزار خەزرەجی لە دانمارک، لە ڕۆژی (18.03.2003)دا باسی ئەو گفتوگۆیەی ڕۆژی (14.02.2003)ی نێوان خۆمان و کاستن سۆنەگۆرد-م بۆ ڕۆژنامەنووس کیێل کغێستیانسن (Kjeld Christiansen)، لە ڕۆژنامەی ئێکستغا بلاذ (Ekstra Bladet)دا کرد، کەچی دوای ئەوەی ناوبراو تەلەفۆن بۆ کاستن دەکات، ئەو وەڵامی کیێل ناداتەوەو تەلەفۆنەکە دەداتە دەست بیرگیتە ڤێستبێرگ، ئەویش سەرسوڕمانی خۆی دەردەخات و گوتبووی: (ئەوە بۆ من شتێکی نوێیە)، کەواتە کاستن نابێ ئاگادارکردنەوەکە و داواکەی ئێمەی بە بیرگیتە ڤێستبێرگ گەیاندبێت. ئەحمەد عەزیز و دەرسیم، لە ڕۆژی (14.02.2003)دا کاستن سۆنەگۆرد-مان ئاگادارکردەوە، کە دەکاتە مانگ و نیوێک بەر لە ڕاکردنی تۆمەتبار نزار خەزرەجی لە دانمارک.
بیرگیتە ڤێستبێرگ (Birgitte Vestberg)ی تەمەن شەست ساڵ (2002)، کە پێشتر داواکاری گشتی بوو لە دوورگەی فیون (Fyn)، لە سەرەتای مانگی شەشی ساڵی (2002)دا لەلایەن وەزارەتی داد، وەکو سەرۆکی داواکاری گشتی بۆ تاوانە تایبەتە نێودەوڵەتییەکان (Statsadvokat for Særlige Internationale Straffesager)، دەست نیشان کراو دامەزراندنی دەزگاکەی سەرەوەش ڕاگەیەنرا، بۆ ئەوەی سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەو دادگاییکردنی تۆمەتبار نزار خەزرەجی و (15) کەسی تر بکات، کە هەر شازدەیان گومانی تاوانی کۆمەڵکوژییان لێدەکرێت لە وڵاتی خۆیاندا. بیرگیتە ڤێستبێرگ، دوای دەست بەکار بوونی لەو پۆستە نوێیەیدا بە یەک دوو مانگ، لە وەڵامی پرسیارێکدا گوتی: (لێکۆڵینەوە لە دۆسێی نزار خەزرەجی کاتی زۆری دەوێ، ساڵێکی تری دەوێت، گەر زیاتری نەوێت).
حەفتەم: دامەزراندنی کۆمیتەی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانبار نزار خەزرەجی، دوای ئەوە دێت کە لە ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی (20.10.2001)، دکتۆر مەحمود عوسمان کۆڕێکی هەبوو لەسەر کەرکوک و شەممەی دواتر (27.10.2001)، مەلا بەختیار ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆڕێکی هەبوو لە کۆپنهاون و لەگەڵ ئاسۆ کاکەیی بۆ ئەو کۆڕە پێکەوە هاتین. لەو دوو کۆڕەدا لەگەڵ ئەحمەد عەزیز، نەوزاد مارف، کرمانج شەوکەت و چەندان کوردی تر گفتوگۆمان کرد بۆ ئەوەی کۆمیتەیەک دابمەزرێنین لەپێناوی ڕێکخستنی هەوڵی بەدادگاییکردنی تۆمەتبار نزار خەزرەجی، بۆیە لە کۆڕەکەی مەلا بەختیار لەگەڵ ئەحمەد عەزیز نازانم نەوزاد مارف لە کۆڕەکە بوو، یان بە تەلەفۆن قسەمان لەگەڵ ئەوکرد و پێکهاتین بۆ سبەی (28.10.2001) لە بنکەی کۆمەڵەی کوردی غۆسکیلە (Roskilde)، لە کاتژمێری (10)ی بەیانی کۆبینەوە. ئەوانەی لە کۆڕەکەی مەلا بەختیار ئامادەبوون ئاگادارمان کردنەوە، ئەوانەی تریش بە تەلەفۆن ئاگادارکرانەوە. ئاسۆ کاکەیی هەرگیز سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی ڤایلە نەبووە، بەڵام ئەو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە بووەو بەهۆی پێوەندی پتەوی نێوانمان بۆ خۆپیشاندان و یادی چواردە ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە، کە لە ڕۆژی (16.03.2002)دا لە کۆپنهاون یادی کرایەوە، هەروەها بۆ ئاغوس و چەند جێگەیەکی تریش هات!
لیژنەی دووەم کەسێکی تریان لەگەڵ بوو بە ناوی شادومان محەمەد کە پەیامنێری ڕۆژنامەی هاوڵاتی بوو، بەڵام دوای دوو مانگێک وازی هێنا، هەروەها مریەم شکاک و فەهمی عەبدولمەجید تەنیا لە ڕۆژی دامەزراندنی کۆمیتەکە ئامادەبوون و بۆ هیچ کۆبوونەوەیەکی تر نەهاتن، کرمانج شەوکەت-یش دوای چەند مانگێک دوورکەوتەوە و وازی هێنا. مریەم شکاک و شادومان بەجارێک بزربوون، بەڵام فەهمی مەجید و کرمانج شەوکەت لە تەلەفزیۆن دەردەچوون و لەگەڵ ڕۆژنامەکان چاوپێکەوتنیان دەکرد سەبارەت بە ڕەوشی دادگاییکردنی خەزرەجی، فەهمی مەجید تەنانەت زۆر جار وتاریشی لە ڕۆژنامە دانمارکییەکان دەنووسی. دەزانم دواتر گۆران هەڵەبجەیی و بە درەنگەوەش شاخەوان شۆڕش هاتنە ناو کۆمیتەکە بۆ شوێن گرتنەوەی ئەو چوار کەسەی کە وازیان هێنابوو، بەڵام مێژووی هاتنی ئەوانم بەردەست نییە، خۆزگە شاخەوان خۆی دەینووسی.
هەشتەم: ئێغیک هەلد (Erik Hald)، سەرۆک یان بەڕێوەبەری پۆلیسی غینگستیذ (Ringsted) نەبوو، بەڵکو سیینە یوستیسن (Signe Justesen) بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەو شارە بوو کە زۆر توند بوو بەرانبەر بە تاوانکاران و نزار خەزرەجی، ئیغیک هەلد پۆلیس یان ئەفسەری لێکۆڵینەوە بوو.
نۆیەم: شاخەوان شۆڕش نووسیوێتی: (دوای دروستکردنی کۆمیتەک بەناوی کۆمیتە و دەرسیم نامە بۆ سەرۆکی پۆلیسی شاری غینگستیذ لە ڕێکەوتی (28.01.2002) دەنێرێت و تیایدا چۆنیەتی بەشداریی تاوانبار نزار خەزرەجی لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا لە چەند خاڵێکدا ئاماژەیان بۆ دەکرێت).
خۆم لەوە تێناگەم کە شاخەوان شۆڕش، بۆ ئاماژەی بەو نامەیەی من داوە کە لە ڕۆژی ئاماژە پێکراو بۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی غینگستیذ-م ناردبێ، خۆم ئەوە تاکە نامەی من نییە کە بۆ پۆلیس، یان دادگام ناردبێت! تەنانەت پێش دامەزراندنی کۆمیتەی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنی تۆمەتبار نزار خەزرەجی نامەم بۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەو شارە ناردووە. هەروەها هەر بەڵگەیەک دەستمان کەوتبێت بە کورتە نامەیەک بە زمانی دانمارکی ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکانم بۆ پۆلیس و دادگا ڕوونکردۆتەوە، لەوانەشە زیاتر لە پەنجا نامەشم ناردبێت.
خۆم پێشترو لە سەرەتای ئاشکرابوونی نزار خەزرەجی لە دانمارک، لە ڕۆژانی (29) و (30.09.2003)، تەلەفۆنم کردووە بۆ وەزارەتی داد، وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەرێتی گشتیی پۆلیس و داواکاری گشتی (داواکاری وڵات)، ئەوانیش ڕێنماییان کردووم کە قسە لەگەڵ چەند لایەنێکی تری پۆلیس و دادوەری بکەم، لە ڕۆژی (02.10.2001)دا ژنێک لە وەزارەتی داد ڕێنمایی کردم کە قسە لەگەڵ هێنینگ فوذە (Henning Fode)ی سەرۆکی دادگای وڵات بکەم، هەروەها ژمارەی پۆلیسی غینستیذ و هێنینگ فوذە-ی دامێ. هەمان ڕۆژ قسەم کرد لەگەڵ هێنینگ فوذە، دوای گفتوگۆیەکی باش ڕێنمایی کردم کە سکاڵاکەم بنووسم و ژمارەی فاکسێکیشی دامێ تا سکاڵاکەیان بۆ فاکس بکەم. بۆ ڕۆژی دواتر (03.10.2001) سکاڵاکەم بە فاکس بۆی نارد، ڕۆژی پاشتریش (04.10.2001) هەندێک زانیاری ترم خستە سەر سکاڵاکە و وەکو تەواوکەری سکاڵای ڕۆژی پێشوو بۆیم نارد. ئەوانیش بە مێژووی (04.10.2001) نامەیەکیان بۆ ناردووم کە سکاڵاکانی ڕۆژانی ئاماژە پێکراو لە سەرەوەیان بەدەست گەیشتووە و دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن (کۆپی نامەکە لە خوارەوە دادەنێم). دوای چەند ڕۆژێک هێنینگ فوذە بە تەلەفۆن پێی ڕاگەیاندم کە سکاڵاکەی منیان بۆ پۆلیسی غینگستیذ ناردووە، کە ئەوان ئەرکی لێکۆڵینەوەیان لە دۆسێی تۆمەتبار نزار خەزرەجی بە پۆلیسی ئەو شارە سپاردووە. لە ماوەی نێوان (2001.10.28-4)دا لەوانەیە دەیان بەڵگەنامەم بۆ پۆلیسی ئەو شارە و ئیغیک هەلد ناردبێ.
نۆیەم: شاخەوان نووسیوێتی: (کەسی پەیوەندیکەر لەنێوان کۆمیتە و دامەزراوە دانمارکیەکاندا نەوزاد مارف بوو وەکو بۆ ئەو لیژنەیە دیاریکرابوو، بەڵام دەرسیم-یش پەیوەندی چالاکانەی هەبووە و دەکۆمێنت و نامەی ناردووە).
ئەگەر شاخەوان بە مەبەستی ئەوەی کە سنوورم بەزاندبێ و دەستم خستبێتە نێو کاری نەوزاد مارف، یان لەسەر داوای نەوزاد ئاماژەی بەو نامە ناردنانەی من کردبێت، هەق وانەبوو ئەو ئاماژەیە بکات، چونکە ئەو ئاگاداری دامەزراندنی کۆمیتەکە و ئیشکردنەکانی ناو کۆمیتەکە نەبووە کە چەند ئاستەنگ لەبەردەم ئیشوکارەکانماندا هەبوون، بەهۆی دووری شوێنی ژیانی ئەندامان لە یەکتر و کارکردن و خوێندنی ئەندامەکان، کە بۆتە هۆی ئەوەی کاتێکی زۆر تەنیا (ئەحمەد عەزیز، نەوزاد مارف و دەرسیم) لە کۆمیتەکەدا چالاک بووین، نەوزاد-یش لەبەر ئیشوکاری تایبەتی خۆیی و بژێوی ژیانی، هیچ کاتی نەبوو، بۆیە لەگەڵ ئەحمەد عەزیز بڕیارماندا کە ئەو بەڵگانەی بەدەستمان دەگات بەبێ ئەوەی بۆ چەند ڕۆژێک چاوەڕێی نەوزاد بکەین تا کاتی دەبێت و دەیاننێرێت، خۆم بیاننێرم، هەروەها بڕیاریشمان دا چیتر هەر ڕاگەیاندنێکی ئاسۆی دادگاییکردنی تاوانبار کە سەرەتا بە ڕاوێژی هەرسێکمان دەنووسرا و بڵاودەکرایە چیتر بۆ نەوزادی نەنێرین تا دەیخوێنیتەوە و ئۆکەی دەکات، کە خۆم هەر بابەتێک بە دانمارکی بوایە دەمکردە کوردی، یان هەر ڕۆژێک نزار خەزرەجی لە دادگا بوایە کە هەردەم لەگەڵ ئەحمەد عەزیز ئامادە دەبووین و جارجار ئەوانەی تریش دەهاتن، بە فاکس بابەتە وەرگێڕاوەکان و بڕیاری دادگاکەم بۆ ئەحمەد عەزیز دەنارد (کە ئەو دانمارکیەکەی باش نەبوو)، ئەویش بە پشت بەستن بە وەرگێڕانەکانم ئاسۆی دادگاییکردنەکانی دەنووسی و سەرەتا بۆ نەوزاد و منی دەنارد، هەر سەرنج و تێبینییەکمان هەبوایە بە تەلەفۆن ئاگادارمان دەکردەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر هیچمان نەبوایە، ئەویش دەستبەجێ بۆ ماڵپەڕە کوردییەکانی دەنارد. بەڵام هەردووکمان (ئەحمەد عەزیز و دەرسیم) نەماندەتوانی تا سەر وا بە سستی لەگەڵ نەوزاد کار بکەین و چاوەڕێی ئەو بکەین کەی کاتی دەبێت بۆ خوێندنەوەی ئەو ئاسۆی دادگاییکردنانەی نزار خەزرەجی کە ئەحمەد عەزیز بۆی دەنارد، بۆیە بڕیارمان دا لەوەش چیتر هیچ بۆ ئەو نەنێرین، ئەو بڕیارانەشمان بەهۆی سەرقاڵی نەوزاد مارف بووە بە کاری خۆی، کە مافی خۆی بووە کار بکات و بژێوی ژیانی خۆیی و خانەوادەکەی مسۆگەر بکات، هەروەها لەپێناوی پەلەکردن بووە لە بڵاوکردنەوەی ئاسۆی دادگاییکردنەکان لە هەمان ڕۆژ، یان ڕۆژی دواتر. بەڵام لە هەمان کاتیشدا نەوزاد مارف خەریکی کۆکردنەوەی بەڵگەنامە بووە، پێوەندی بە شایەدەکان کردووە و ڕۆژێک لە ڕۆژان کەسمان گلەییمان لێ نەکردووە، بەڵکو هەر بەڵگەنامەیەک پەیدا کرابێت هەموومانی دڵخۆش کردووە. تەواوی ئەو بابەتانەی کە لە دانمارکی بۆ کوردی وەرمگێڕان، لەگەڵ نووسینی کورتەیەک لە ڕەوشی دادگاییکردنەکانی تۆمەتبار نزار خەزرەجی کە لە ڕۆژانی دادگاییکردنی ناوبراودا دەمنووسین و بۆ ئەحمەد عەزیزم فاکس دەکردن، هەموویانم پاراستووە. خۆ زۆر جار (ئەحمەد عەزیز و دەرسیم)، دەچووین بۆ بینین و قسەکردن لەگەڵ نوێنەرانی پارتەکان لە پەرلەمانی دانمارکی، هەروەها چوونمان بۆ بینینی کارمەندانی (داواکاری گشتی بۆ تاوانە تایبەتە نێودەوڵەتییەکان)، بەتایبەت ئیغیک هەنسن (Erik Hansen)ی جێگری کۆمسیاری تاوانەکان و جارجاریش کاستن سۆنەگۆرد (Karsten Søndergård)، کە ئەو کارانە تەنیا بە ڕۆژ دەکران و نەوزاد مارف ڕۆژانە لەنێوان کاتژمێری (17-16)ی دوای نیوەڕۆ دەستی لە کار هەڵدەگرت و نزیکەی کاتژمێرێکی دەویست تا دەگەیشتەوە ماڵ، هەر بەهۆی درەنگ گەڕانەوەی نەوزاد لە کاردا کۆبوونەوەکانمان دەخستە کاتژمێری (19-18)ی ئێوارە لە ماڵەکەی ئەو.
بۆ منیش باش ڕێککەوتبوو کە لە ساڵانی (2004-2002) خوێندکار بووم لە کۆپنهاون و هەفتەی دوو یان سێ ڕۆژ لەوێ بووم و ئێواران لەنێوان (22-18) لە خوێندنگە بووم، بەیانیان لەگەڵ ئەحمەد عەزیز ئیشوکاری کۆمیتەکەمان دەکرد، کە چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕۆژنامەکان بوو، ئامادەبوونمان لە ڕۆژانی دادگاییکردنی نزار خەزرەجی لە سوغو، یان چاوپێکەوتنمان لە دەزگای (داواکاری گشتی بۆ تاوانە تایبەتە نێودەوڵەتییەکان)، کە بەزۆری لەگەڵ ئیغیک هەنسن بوو لە کۆپنهاون.
کاتێک کە ڕۆژی (19.11.2002)، پۆلیس و دادگای دانمارک بڕیاری دەستبەسەرکردنی نزار خەزرەجی دا لە ماڵەکەی خۆی، سەفەر کردنی لێ قەدەغە کرد و هەموو بەڵگەنامەکانی سەفەر کردنی ناوبراوی دەست بەسەردا گرت، چونکە دەیویست ڤیزەی سعودیە وەرگرێت و ڕابکات، لە تەلەفۆن بە نەوزاد مارف-م گوت: (باش بوو ماندوو بوون و هەوڵەکانمان بە فیڕۆ نەچوون)، نەوزاد لە وەڵامدا گوتی: (ڕاستە ئێمە هەموومان ماندوو بووین، بەڵام تۆ و ئەحمەد عەزیز لە هەموومان ماندووتر بوون، کە خۆم بەهۆی ئیشەکەمەوە نەمدەتوانی وەکو ئێوە بم). کەواتە گەر هەر بڕیارێکمان دابێت بۆ پڕکردنەوەی کارەکانی نەوزاد مارف، هۆکارەکەی سەرقاڵی ئەو بووە بە کاری ڕۆژانەی خۆیەوە نەک خۆهەڵقورتاندنی (ئەحمەد عەزیز و دەرسیم، یان دەرسیم بە تەنیا) لە ئیشوکاری نەوزاد مارف. بەلای کەم و بە تایبەت لە ساڵی (2002)دا هەروەها تا ڕاکردنی نزار خەزرەجی لەنێوان ڕۆژانی (2003.03.16-14)دا، سێ بۆ چوار کۆبوونەوەی کۆمیتەکەمان کردووە کە هەمووی لە ماڵی نەوزاد مارف بووە، کە تەنیا ئەو سێ کەسە بەشدار بووینە (ئەحمەد عەزیز، نەوزاد مارف و دەرسیم) و کەسی تر بۆ کۆبوونەوەکان نەهاتووە، یان ئاگادار نەکراونەتەوە، ئایە کێ ئەوانەی تری فەرامۆش کردووە، گەر فەرامۆش کرابن کێ فەرامۆشی کردوون؟
دەیەم: شاخەوان شۆڕش نووسیوێتی: (کۆمیتەکە لە مانگی مارسی 2002دا پەیوەندی بە بیۆن ئێلمکویست (Bjørn Elmquist) دەکات، ئەویش لە (8)ی مارسی (2002)دا نامە بۆ پۆلیسی غێنگستیذ دەنێرێت و داوا دەکات تۆمەت ڕووبەڕووی تاوانبار نەزار خەزرەجی بکرێتەوە.
تا ڕۆژی (06.10.2001)، تەنیا خۆم سکاڵام لەدژی نزار خەزرەجی تۆمار کردبوو، ئێوارەی ئەو ڕۆژە پێنج کورد چووینە نووسینگەی بیۆن ئێلمکویست و ئەومان کرد بە پارێزەری خۆمان بۆ ئەوەی سکاڵای ئێمە بگەیەنێتە پۆلیس. ناوی پێنج کەسەکە ئەمانە بوون: (جەعفەر عەبدوڵڵا نەسروڵڵا/ 1955/ هەڵەبجە، فوئاد حەمە فەرەج نانەوا/ هەڵەبجە، کرمانج شەوکەت عەبدولڕەحمان محەمەد عەلی ناسراو بە کرمانج شەوکەتی مەلا/ 1971/ هەڵەبجە، لەمیعە عەبولە عومەر (1956/ هەڵەبجە) و دەرسیم). کرمانج شەوکەت، لە خۆپیشاندانەکان و قسەکردن بۆ میدیای دانمارکی زۆر چالاک بوو، هەروەها بۆ ئێمەش پێویست بوو، بەڵام بەداخەوە دوای دوو مانگێک خۆی کێشایەوە، کە زیاتر بەهۆی سەرقاڵی ئیشەکەی بوو کە کاتی نەبوو، کەچی جارجار لە تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەکان دەردەکەوتەوە.
بیۆن ئێلمکویست، پارێزەرێکی بەتواناو ناسراو بوو، چەند ڕۆژ دواتر بە نامەیەک سکاڵاکانی نارد بۆ پۆلیس و داوای لە حکومەت کرد کە ئێمە ئەومان بە پارێزەری خۆمان دەستنیشان کردووە، بەڵام حکومەت ڕەتی کردەوە کە وەکو پارێزەری ئێمە دەست بەکاربێ و کرێی کارەکەی بدەنێ، کەچی ئەو گوتی: (من بۆ پارەی ناکەم و بۆ کوردی دەکەم کە نەتەوەیەکی ماف خوراون، بۆیە بەردەوام دەبم لەسەر کارەکەم و پارە گرنگ نییە بەلامەوە). ئەو هەر واشی کرد و بەردەوام بوو لە هەوڵەکانی خۆیی و بەر لە (8)ی مارسی (2002)دا دەیان جار تەلەفۆنم بۆی کردووە، نامەی بۆ ناردووم و سەردانیم کردووە، پێموایە دەبێ هەر لەسەر داوای من بووبێت کە دواتر کۆمیتەکە پەیوەندی پێوە کردبێ بۆ ئەوەی هۆکاری نەچوونی پۆلیسی دانمارک بۆ ئوردەن بزانین کە دوو شایەدی زۆر گرنگ لەوێ هەبوون بە ناوەکانی (عەمار ئیبراهیم ئەلسیاب و سامر یاسر حوسێن)، کە فڕۆکەوانی ئێراقی بەناوی عەمید جەودەت مستەفا محەمەد ئەلنەقیب تورکمانی (1941-2007.05.10)، سەرەڕای ئەوەی لە چاوپێکەوتنێکدا باسی کیمیاباران کردنی شاری هەڵەبجەی کردبوو لەلایەن فڕۆکەکانی ڕژێمی سەدام، کەچی تەشقەڵەی بەو دوو شایەدە دەکرد و داوای لێدەکردن کە لە شایەدی دان لەدژی خەزرەجی پەشیمان ببنەوە. نەوزاد مارف، قسەی لەگەڵ ئەو دوو شایەدەی ئوردەن کردبوو، سکاڵاکانی خۆیان بۆ ئەو ناردبوو، زانیاری زۆرتر لای ئەو دەست دەکەون.
یازدەم: شاخەوان نووسیوێتی: (لە نامەکەدا ئاماژە بە مانەوەی خەزرەجی لای سەرکردایەتی پارتە کوردییەکان بۆ ماوەی سێ مانگ دەکەن و وەکو بەڵگەی بێتاوانی ئەوە بەکاری دەهێنن).
لە نامەی هەر کەسێک نووسرابێت کە گوایە نزار خەزرەجی سێ مانگ لای سەرکردایەتی پارتە کوردستانییەکان مابێتەوە ڕاست نییە، چونکە نزار خەزرەجی بە دەستی خۆی نووسیویەتی کە ئەو لە ڕۆژی (14.03.1996)دا لە موسڵ گەیەنراوەتە ئاکرێ و لە بەرەبەیانی ڕۆژی (17.03.1996)دا لە زاخۆ پەڕیوەتەوە بەرەو تورکیا، کە هەمووی دەکاتە سێ ڕۆژ.
دوازدەم: شاخەوان نووسیوێتی: (من جارێک بەناوی کۆمیتە داوای بەڵگە و دەکۆمێنتەکانم لە وەزارەتی داد کرد، دوای دوو سێ هەفتە ئەوەی بەپێی یاسا ڕێگەی پێدەدرا بۆیان ناردم، منیش بۆ دەرسیم-م نارد). ڕاستە شاخەوان ئەو بەڵگانەی بۆ من ناردووە کە (68) لاپەڕەیەو تاوەکو ئێستاکە لەنێو ئەو زەرفەدایە کە بە پۆست بۆی ناردووم و مێژووی (24.08.2003)ی پۆستکردنەکەی لەسەرە، بەڵام ئەو (68) لاپەڕەیە هەمووی بە ئینگلیزین و هیچ سوودم لێوەرنەگرتوون، کە ئەو قسەیە دەکەم مەبەستم لە کەمکردنەوەی نرخی ئەو (68) لاپەڕەیەی ئەو نییە کە بۆی ناردووم، بەڵکو لە ڕاستیدا ئینگلیزی نازانم، سەرەڕای ئەوەی کە پێشتر هەمان شتم وەرگرتبوو بەڵام ئەوەی من (56) لاپەڕە بوو لەگەڵ (80) پەڕ بە زمانی دانمارکی کە لە هەردوو لای نووسراوە بۆیە زیاتر لە (120) لاپەڕە دەبێ، کەچی سوودم لەوانیش وەرنەگرتووە بۆ هیچ نووسینێک، یەکەم: چونکە کاتم نەبووە، دووەم: چونکە بڕیارم داوە کاتی نووسینی پەرتووکێک لەسەر (پرسی دادگایی کردنی نزار خەزرەجی لە دانمارک)، هەم ئینگلیزی و دانمارکیەکە سەیر بکەم. ئەو (68) لاپەڕەیەی کە شاخەوان بۆی ناردووم تاوەکو ئێستاکە لەنێو هەمان زەرفدایە کە ناوبراو بە پۆست بۆی ناردووم (وێنەی زەرفەکە دادەنێم)، هەروەها ئەو (56) لاپەڕەیە بە ئینگلیزی و (120) لاپەڕەیەی بە دانمارکی و خۆم لە دادگاو پۆلیسی دانمارک وەرمگرتوون، لەناو جانتایەکی سپی بەتەنیا دامناون (کە وێنەکەی دادەنێم).
بەڵام ئەوەی بەلامەوە سەیر بێت دوو مانگێک لەمەوبەر لە نووسینێکمدا لەسەر نزار خەزرەجی، هاوڕێیەکی شاخەوان شۆڕش بۆی نووسیبووم کە گوایە من تەواوی دۆسیەی دادگاییکردنی نزار خەزرەجیم لە کەسێک وەرگرتووە، کە نایەوێت ناوەکەی بڵێت. هەمان ڕۆژ سەیری ماسنجەری ئەو هاوڕێیەی شاخەوان شاخەوان-م کرد چونکە لە هەردوو فەیسبووکی خۆم لە ماسنجەرەوە تەلەفۆنی بۆ کردم، بینیم لە یەکێکیان پێشتر لە ڕۆژی (17.03.2022)دا نامەیەکی دەنگی جێهێشتبوو، کە دەڵێت: (تازە قسەم لەگەڵ شاخەوان شۆڕش کرد و گوتی: کاتی خۆی هەندێک دوکۆمێنتم بۆ دەرسیم ناردووە، جا نازانم نامەی حزبە کوردییەکانی تیایە بۆ حکومەتی دانمارک یان نا، کە پێویستی زۆرم بە نامەکان هەیە). زۆر بەلامەوە سەیرە گەر شاخەوان شۆڕش باسی ئەوەی کردبێت کە تەواوی دۆسیەی دادگاییکردنی نزار خەزرەجی بۆ من ناردبێت، کە خۆم گومانم هەیە ناوبراو ئەو قسەیەی کردبێت، بەڵام ئەو هاوڕێیەی شاخەوان دوای ئەوەی کە لە ڕۆژی (17.03.2022) قسەی لەگەڵ شاخەوان کردووەو دواتر هەمان ڕۆژ نامەی دەنگی بۆ من بەجێهێشتووە، لە نامەکەدا پرسیاری نامەی پارتە کوردستانییەکان دەکات، کە ئایە لەنێو ئەو دوکۆمێنتانەدا بێت، یان نا، کە شاخەوان کاتی خۆی بۆی ناردووم؟ ئەوەیان جێگەی سەرسوڕمانی زۆرە بۆ من، چونکە یەکەم کەس بوویمە نامەی سەران و پارتە کوردستانی و ئێراقییەکانم وەرگرتووە، دواتریش نامەی مام جەلال کە لە مانگی دیسەمبەری ساڵی (2002)دا وەرم گرت، نامەکانم تا دوای دوو بۆ سێ ساڵ بڵاونەکردنەوە، ئێستەشی لەگەڵ دابێ نامەی سەڵاح عومەر عەلی و نامەی هەشت عەرەبە کۆنە بەعسی و ئەفسەرە پلە بەرزەکانم بڵاونەکردۆتەوە.
وابزانم جاری یەکەم کە بە تەلەفۆن باسی ئەو نامانەم لای ئەحمەد عەزیز کرد، دوای دەرچوونی نزار خەزرەجی بوو لە دانمارک، ئەحمەد گلەیی کرد، کە گوایە چۆن دەبێت ئەو نامانە لە ئەندامانی کۆمیتەی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانبار نزار خەزرەجی بشارمەوە، لە وەڵامدا پێم گوت: (بۆ دەبێ گلەیی بکەیت، یان خۆت وا نیشان بدەیت کە توڕەیت لەسەر شاردنەوەی ئەو نامانە، کە جگە لە نامەی مام جەلال، ئەوانەی ترم بەر لە دروستبوونی کۆمیتەکە دەستکەوتووە)! یەکەم کەسیش کە نامەکانم دابێتێ ئەحمەد عەزیز بووە، دواتر لە چەند بابەتێکدا خۆم هەر چوار نامەم بڵاوکردەوەو بۆ سەدان هاوڕێشم ناردووە. ئەحمەد عەزیز، جارێکی تریش لە کۆتایی مانگی شوباتی ساڵی (2010)دا لە کوردستانەوە داوای نامەکانی کرد گوایە دەیەوێت پەرتووکێک لەسەر پرسی دادگاییکردنی نزار خەزرەجی بنووسێت، هەر چوار نامەم بۆ ناردەوە، کەچی دوای چەند ڕۆژێک لە ڕێکەوتی (01.03.2010)دا لە تەلەفزیۆنی (KNN) لە بەرنامەیەک تەنیا نامەکانی (دکتۆر فوئاد مەعسوم و جەلال تاڵەبانی) کرد و ئەوانەی (دڵشاد میرانی و ئیحسان عەبدولعەزیز)ی باس نەکرد، لەسەر بەکارهێنانی ئەو نامانە بەمشێوەیە بۆ بەرژەوەندی سیاسیی خۆی بوو بە ناخۆشیمان.
سیازدەم: شاخەوان نووسیوێتی: (سەرۆکی دانمارک ئانەس فۆ غاسموسن/ Anders Fogh Rasmussen)، لە ڕاستیدا ئەنەس فۆو غاسموسن سەرۆکوەزیرانی دانمارک بووە، نەک سەرۆکی دانمارک، چونکە هیچ پۆستێک نییە لە دانمارک بەناوی سەرۆکی دانمارک.
چواردەم: شاخەوان نووسیوێتی: (نەزار خەزرەجی لە شارێکە بەناوی عین الحسین بە دووری 100 کیلۆمەتر لە شاری دوبەی پایتەختی ئیمارات).
نزار خەزرەجی، لە وڵاتی ئیمارات، لە شاری (العین)ە، کە نزیکەی (150) کیلۆمەتر لە دوبەی پایتەخت دوورەو کەوتۆتە باشووری ئەو شارە. لە ڕۆژنامەکانی دانمارک هەڵەی زۆر کراوە لەسەر ناوی شارەکە و ماوەی نێوان شاری ئەلعەین و دوبەی، کە بە شێوەی جیاواز لەنێوان (20-100) کیلۆمەتر نووسراوە.
دەرسیم پێشەوا
دووشەممە (04.07.2022)
دانمارک

+2




کە تاوانبار نەزار خەزرەجی لە دانیمارک بوو… شاخەوان قادر شۆڕش

٢٥/٦/٢٠٢٢ و لە ١٦/٧/٢٠٢٢ دا نوێکراوەتەوە
شاخەوان قادر شۆڕش

بەرایی

لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت بەرچاوڕوونیەک لەسەر هاتنی تاوانبار نەزار خەزرەجی بۆ دانیمارک و چاودێری ئەو لەلایەن پۆلیس و ئەگەری دادگاییکردنی بخرێتەڕوو. هەروەها وەزارەتی داد و پۆلیسی دانیمارک چیان کرد و کێ بوون ئەو لایەنە کوردی و عەرەبیانەی بەرگریان لێکرد، وە چۆن ڕایکرد و ئێستا لە کوێیە. هەروەها ڕۆڵی کوردانی دانیمارک و هەندەران لە هەوڵەکانیان بۆ بەدادگاییگەیاندنی تۆمەتبار دەخەینەڕوو. بێگومان ئەوەی لێرەدا نووسراوە هەموو زانیاریەکان نین، بەڵام بەپێی توانا زانیاری گونجاو کۆکراوەتەوە کە دەتوانێ وابکات تیشکێکی گونجاو بخاتەسەر بابەتەکە.
هاتنی تاوانبار نەزار خەزرەجی بۆ دانیمارک
لە هێرشە سەربازیەکانی ئەنفالدا کە لە رۆژی ٢٣ی مانگی دوو تا ڕۆژی ٦ی مانگی نۆی ساڵی ١٩٨٨ درێژەی کێشا، تاوانەکانی جەنگ، تاوان دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی گەلکوژی (ژینۆساید/جینۆساید) ئەنجام دران. تاوانی ئەنفال وەکو تاوانی گەلکوژی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقەوە لە ساڵی ٢٠٠٧ دا ناسێندرا، ئەوانەی بەشداری ڕاستەوخۆیان لە ئەنجامدانی تاوانەکەدا کردووە، یا بەجۆرێ لە جۆرەکانی هاوکاریان لە ئەنجامدانی تاوانەکان کردووە دەبێ بگیرێن و بدرێنە دادگا، وە بەپێی ئاست و قەوارەی تاوانەکان بەپێی بڕیارەکانی یاسای تایبەتی دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقی ساڵی ٢٠٠٥، یا یاسا نێونەتەوەیی و کۆنڤەنسیۆنی گەلکوژی ژنێڤ ساڵی ١٩٤٨ و ١٩٥١ وەکو لە دادگای نێونەتەوەیی بۆ تاوانکاریەکان ICC لە شاری های پەیڕەو دەکرێت، سزایان بۆ دیار بکرێت.
نەزار عەبدولکەریم فەیسەل خەزرەجی بە پلەی فەریق روکن لە سوپای ڕژێمی بەعسدا، کە گەلێ بەرپرسیاریی سەربازی پێسپێردراوە لەوانە فەرماندەی فرقە و سەرۆکی ئەرکان لە سوپادا لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و لە نیوەی دووەمی ٨٠ کان و لەکاتی تێکدان و ڕاگواستنی گوند و شارۆچکەکاندا، تێکدانی گەڕەکی کانی ئاشقان لە شاری هەڵەبجەدا و کۆمەڵکوژی دەیان کەسی شارەکە لە ساڵی ١٩٨٧ دا، وە لەکاتی کیمابارانی دێهاتەکانی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٧ دا، هەروەها لە هێرشەکانی تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا لە ساڵی ١٩٨٨ دا بەشداری ڕاستەوخۆی هەبووە. لەدوای شکانی سوپای ئێراق لە شەڕی کوێتدا لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی شیعەکانی خوارووی ئێراقدا لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ دا بەشداری ڕاستەوخۆی هەبووە. وەکو فەرماندەیەکی بەرپرس لە بڕیارەکان ناوی لە بەڵگەنامەکانی ڕژێمی بەعسدا هەیە. لەسەر تاوانی گەلکوژی ئەنفال بەپێی بڕیاری ژمارە ف٢/١٤٤٥ ڕێککەوتی ١٨/١٢/٢٠٠٥ نەزار خەزرەجی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقەوە داواکراوە و بڕیاری گرتنی دەردەچێت. نەزار خەزرەجی بۆخۆی لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنیدا لەبەرنامەی “وفی روایة اخری” لە کەنالی “التلفزیون العربی” لە رۆژی ٣/٥/٢٠٢٢ دا دەڵێت ڕاستەوخۆ بەشداربووە لە ئەنفالەکانی یەک، دوو و سێ و ئەنفالی کۆتایی لە ساڵی ١٩٨٨ دا. دوای جەنگی داگیرکردنی کوێت لەلایەن سەرۆکی ڕووخاوی ئێراق سەدام حوسێنەوە لە پۆستە بەرزەکانی سوپا دووردەخرێتەوە، پەڕاوێز دەکرێت و دەخرێتە ژێر چاودێری. لە مانگی مارسی ساڵی ١٩٩٦ دا لەهەوڵیکدا ڕادەکات و دێتە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی بەرەی زەردی ژێر فەرمانڕەوایی پارتی دیموکراتی کوردستان. لەوێ ماوەتەوە و سەردانی ئەملاوئەولای کردووە. دوایی لە ڕێگەی زاخۆوە ڕەوانەی تورکیا دەکرێت و پاشان دەچێتە عەمان پایەتەختی وڵاتی ئوردن. خەزرەجی پەیوەندی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا سی ئای ئەی CIAدا هەبووە، بەڵام کەی پەیوەندیەکەی دەستپێکردووە ڕوون نییە. بەپێی هەندێ سەرچاوە کە لە ئێراق بووە پەیوەندی پێیانەوە کرووە. بەپێی ئەو زانیارانەی کە یاکۆپ تۆپسو Jacob Topsøe لە ڕۆژنامەی ئینفۆرمەشیۆن Information دا بڵاویکردۆتەوە، بەپێی گوتنی ڕۆبەرت بێر Robert Baer کە لە ٩٠ کاندا سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی سی ئا ئەی CIA بوو لە کوردستانی ئێراقدا، ئەوکاتەی کە نەزار خەزرەجی لە ئێراق بوو، یەکێ لەو کەسانە بووە کە داندراوە لە ئەگەری ڕووخانی سەدام حوسێندا سەرۆکایەتی بگرێتەدەست، بەڵام ئەو خۆی لەوە ئاگادار نەبووە کە چ ڕۆڵێکی پێدەدرێت. لەنامەیەکدا کە لە ئەپریلی ١٩٩٦ دا بۆ سەرۆکی سی ئای ئەی ڕۆبەرت ڕیتچەر Robert Richer ی نووسیووە ئاماژە بە پەیوەندی ئەو دەکات و هەروەها دوای هەڵاتنیشی بۆ دەرەوەی ئێراق ئاماژەی بۆ دەکرێت، بەمجۆرە پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ سی ئای ئەی دا هەبووە. خەزرەجی لە نەخشە و پلانێکی تایبەتدا لەژێر ناوی “البرج البابل” دا نووسراوە، ئەو لە ٤٢ لاپەرەدا بە وردی پلانی چۆنیەتی ڕاکێشانی ئەفسەرە ناڕازیەکان و کۆکردنەوەیان بۆ ئەنجامدانی کودەتایەک لە دژی دیکتاتۆر سەدام حوسێن دا گوزارشت کردووە ( DR online, 2/2-2007).
بەپێی گوتنی خۆی لە چاوپێکەتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی” العربی” دا دەڵێت، کە لە ئوردن بوو لەسەر بانگهێشتی جەلال تاڵەبانی چۆتە بریتانیا و لای جەلال تاڵەبانی و فوئاد مەعسوم بۆ ماوەی هەفتەیەک ماوەتەوە و هەمیشە بەیەکەوە بوون. هەروەها هوشیار زێباری لەسەر داوای مەسعود بارزانی بانگهێشتی کردووە و سێ ڕۆژ لەگەڵ ئەواندا ماوەتەوە و زۆریان ڕێز لێگرتووە .
نەزار خەزرەجی لە مانگی ژولای ١٩٩٩ دا دێتە وڵاتی دانیمارک و داوای مافی پەنابەرێتی دەکات، بەڵام داواکەی ڕەتدەکرێتەوە، لەبەرئەوەی ئەو سەرۆکی سوپا بووە و گومانی لێدەکرێت کەوا لە کاتی هێرشەکانی سوپای ئێراق بۆسەر کوردستان لە ساڵی ١٩٨٨ دا بەشداری لە ئەنجامدانی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی هەبووبێت. وەکو دوو ساڵ دواتر لە هەواڵی ڕۆژانەی وەزارەتی دادەوە لە ٣/١٠/٢٠٠١ دا هاتووە فەرمانگەی بەڕێوەبەریی پەنابەران Udlændingestyrelsen هۆکاری گونجاویان هەیە و وایدەبینن کەوا خەزرەجی بەرپرسیاریی لە تاوانەکانی ئەنفالدا هەبووە. دوای ئەوە جۆرێك لە مافی “مانەوە تا ڕەوانکردنەوە”ی پێدەدرێت لەژێرناوی tålt ophold واتە مانەوەی تا ناردنەوەی بۆ وڵاتی خۆی یا وڵاتێکی دیکەی ئارام بێ ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی دروست ببێت. چونکە لەئەگەری ڕەتکردنەوەی مافی پەنابەرێتیدا بەپێی کۆنڤەنسیۆنی مافەکانی مرۆڤ دانیمارک ناتوانی کەسێک بۆ شوێنێک یا وڵاتی خۆی ڕەوان بکاتەوە ئەگەربێتوو ئەوکەسە لەکاتی گەڕانەوەیدا مەترسی لەسەر ژیانیدا دروست ببێت. هەروەها لەبەر ئەوەی دانیمارک ڕێکەوتنی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پەنابەران نەبوو، دانیمارک نەیدەتوانی ڕەوانی هیچ وڵاتێکی عەرەبی بکاتەوە. بەپێی ئەو بڕیارە خەزرەجی بۆی هەبوو بۆ وڵاتێک بچێت ئەگەر ڤیزای پێ بدرێت. دوای ڕەتکردنەوەی مافی پەنابەرێتی، نەزار خەزرەجی ڕایدەگەیەنێت کە نایەوێت لە دانیمارکدا بمێنێتەوە، بەڵکو دەیەوێ بڕوا بۆ وڵاتێکی عەرەبی و لەوڵاتێکی عەرەبیدا بژیت. خەزرەجی پەیوەندی بە بالوێزخانەی سعودیای عەرەبی لە لەندەن دەکات و داوای ڤیزایان لێدەکات، باڵوێزخانەی سعودیا بەڵێنی ڤیزای پێدەدەن. لە ١٨ی ئۆتۆبەری ١٩٩٩ دا داوا لە بەڕێوەبەریی کۆچبەرانی دانیمارک دەکات ڤیزاپاسی بۆ بکەن بۆ ئەوەی بتوانێ بۆ وڵاتی سعودیا بچێت. دووبارە لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە ئانەس جۆسیفسن Anders Josefsen داوا لە بەرێوەبەریی پۆلیس دەکات پەلە لە دەرکردنی ڤیزاپاسەکە بکەن.
لە ٣٠ سەپتەمبەری ٢٠٠١ دا میدیای دانیمارکی لە بوونی فەرماندەیەکی پلە باڵای سەربە سوپای ئێراق لە دانیمارک ئاگادار دەبنەوە و بەشوێنی ژیانی دەزانن. بەر لەوە کوردەکانی خوێندگەی زمان دەیناسنەوە، ئامادەنابن لەگەڵ ئەودا زمان بخوێنن، وە گوشار دەخەنە سەر خوێندگە و شارەوانی شارەکە کە دەریکەن . دەکرێ لەم ڕێگەیەوە بۆ میدیای دانیمارکی ئاشکرابووبێت. شوێنی ژیانی نەزار خەزرەجی لەگەڵ خێزانەکەی لە شاری سۆرۆ (سۆغو) Sorø لە شوقەیەکدا بە ناونیشانی Frederiksbergvej 40 2. tv. دەبێت. ئەو پێزانینەی میدیاکان دەبێتە هۆی هەڵکردنی شەپۆڵێکی گەورەی سیاسی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و پارتە چەپەکان دژ بە وەزیری دادی دانیمارک کە ئەوسا فرانک یەنسن Frank Jensen بوو کە سەربە پارتی سۆسیال دیموکرات بوو. وەکو دواتر دەرکەوت بەپێی رۆژنامەی یولاند پۆستن Jylland Posten )٢٣/٣/٢٠٠٣( دەزگای بەڕێوەبەریی پەنابەران ڕێگەی مانەوەی بە خەزرەجی لەژێرناوی “مانەوە تا ڕەوانکردنەوە” داوە بێ ئەوەی هیچ یەکێک لە پۆلیس، هەواڵگری بەرگری یا وەزارەتی داد لێی ئاگادار بن. کە بەوە دەزاندرێت ڕەخنەی تووند ئاراستەی وەزیری دادی ئەوسا فرانک یەنسن Frank Jensen دەکرێت. بەڵام دوای ئەوەش بارەکە وەکو خۆی دەمێنێتەوە و خەزرەجی هەر لەشوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە و” چاودێریکردنی” لەلایەن پۆلیسەوە درێژەی پێدەدرێت.
رۆژنامە سەرەکیەکانی وەکو پۆلیتیکن Politikken، یولاندپۆستن Jylland Posten، ئینفۆرمەشیۆن Information، ئێکسترا بلازت Ekstra Bladdet ، بی تی BT و ڕۆژنامەکانی دیکە و رۆژنامەی ناوچەییەکان و هەروەها هەردوو کەناڵی تەلەڤزیۆنی دی ئار DR و تیڤی توو TV2 لەسەر خەزرەجی و ئەگەری بەشداری خەزرەجی لە کۆمەڵکوژی کوردەکان لە کوردستانی ئێراقدا لەساڵی ١٩٨٨ دا بەکورتی دەنووسن و گوزارشت دەکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی داد لە ڕۆژی ٣/١٠/٢٠٠١دا هۆکاری لێکۆڵینەوە لە کەیسی خەزرەجی دەست پێدەکات کاتێ لەلایەن فەرمانگەی بەرێوەبەریی پەنابەرانەوە Udlændingestyrelsen لە ڕۆژی ١٧/٨/٢٠٠١ دا کەیسەکە بۆ داواکاری گشتی دانیمارک دەنێردرێت بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە ئەگەری بوونی کەیسێکی تاوانکاریی کە ئایا خەزرەجی لە تاونکاریەکاندا تاوانی ئەنجامداوە یا نا، چونکە وەکو لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “ئەوان هۆکاری تەواو گونجاویان هەیە لەوەی کەوا وای بۆ بچن کە خەزرەجی بەرپرسیاریی لەتاوانکاریەکانی شاڵاوەکانی ئەنفالدا هەبووە”. داواکاری گشتی وڵات Rigsadvokaten بەناوی هێنینگ فۆدە Henning Fode (١٩٩٥-٢٠٠٧) لە ڕۆژی ٣/١٠/٢٠٠١ دا وەزیری ناوخۆ فرانک یەنسن ئاگاداردەکاتەوە کە لە لێکۆڵینەوەی کەیسەکە تەواو بووە و دەکرێ لێرە لە دانیمارکدا کەیسی تاوانکاریی دژ بە سەرۆکی ئەرکانی سوپا نەزار خەزرەجی بکرێتەوە. هەروەها ئاگاداری کردۆتەوە کەوا کەیسەکە هەر لە ڕۆژی ٣/١٠/٢٠٠١ دا لەلایەن داواکاری گشتیەوە بۆ پارێزەری دەوڵەت/داواکاری گشتی بۆ شیلاند ناردووە بە مەبەستی ئەوەی کەیسەکە لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەی لێبکرێت. بێگومان جێگەی پرسیارە کەوا بۆچی دوای دوو ساڵ ئەوجا کەیسەکە بۆ داواکاری گشتی نێردراوە، لە کاتێکدا فەرمانگەی بەڕێوەبەریی پەنابەران گومانی بەهێزی لە بەرپرسیاریی خەزرەجی لە تاوانەکانی ئەنفالدا هەبووە، وەکو لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە.
ئەگەرچی لە ڕۆژنامەکاندا ئەوە نەنووسراوە بەڵام هۆی لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتی لە کەیسی خەزرەجی لە ڕۆژی ٣ی مانگدا پەیوەندی زۆری هەیە بە تەقینەوەی هەواڵەکە لە ٣٠/٩/٢٠٠١ دا کە بووەهۆی تەوژمێکی سیاسی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دژ بە حکومەت و وەزیری داد. ئەگەر گوشارە سیاسیەکە نەبووایە، لەوانەیە داواکاری گشتی پەلەی نەدەکرد و درەنگتر کەیسەکەی بۆ پۆلیس دەنارد. بۆ دانیمارک کەیسی تاوانبار خەزرەجی کەیسێکی گەورە و نائاسایی بوو. گوشاری سیاسی لەکەیسی ئەوها گرنگدا کاریگەریی یەکلاکەرەوەی هەیە کە حکومەت و بەتایبەتی وەزیری داد ناچاری وەڵام و جووڵە دەکەن. وەکو سێ ڕۆژ دوای هەڵمەتە سیاسیەکە لەڕێککەوتی ٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠١ دا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر کەیسەکە ڕادەگەیەندرێت بەمەبەستی ئەوەی لە فاکت و ڕاستیەکانی کەیسەکە بگەن و بزانن ئایا دەکرێ ئەو بەڵگە و بنەمایانە بەدەست بهێنن کە وادەکات بتوانن تۆمەتی بەشداریی لە تاوانی جەنگ و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی دژ بە سەرکردەی پێشووی ئەرکانی سوپای بەعس نەزار خەزرەجی بەرزکەنەوە و بەمجۆرە بیدەنە دادگا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی داد لە ڕۆژی ٢٢/٥/٢٠٠٢ ئەوسا لە ڕێککەوتی ١٧/٤/٢٠٠٢ دا دەزگایەک بەناوی داواکاری دەوڵەت بۆ تاوانە نێونەتەوەییە تایبەتەکان (SAIS) Statsadvokatur for Særlige Internationale Straffesager, بۆ ماوەیەکی کاتی دامەزرا، ئەرکی ئەو دەزگایە تاوانە گەورە نێونەتەوەییەکانی دەرەوەی وڵاتی دانیمارک بوو. ئەوسا ١٦ کەیس لەبەردەستیان بوو. لەوێدا بێرگیتە ڤێستبێرگ Vestberg Birgitte وەکو پارێزەری دەوڵەت/داواکاری گشتی بۆ کەیسی تاوانە نێونەتەوەییەکان لە رۆژی ١/٦/٢٠٠٢ داندرا، ئەو دەبوایە لێکۆڵینەوە لەو کەس و کەیسانە لەم چوارچێوەیەدا بکات، ئەوسا کەیسی تاوانبار نەزار خەزرەجی کەیسی لەپێش و گرنگی ئەو دەزگایە بوو.
داواکاری گشتی بۆ هەرێمی شیلاند بێرگیتە ڤێستبێرگ Birgitte Vestberg ئاگاداری ئەوەبوو کەوا سعودیا بەڵێنی ڤیزای بە خەزرەجی داوە و خەزرەجی دەتوانێ وڵات بەجێبهێلێت هەر ساتێکدا ڤیزاپاسی بۆ بکرێت، واتە بەرلەوەی بڕیاری گرتنی تەواوی بۆ دەرچێت. ئەوەش گوشاری لەسەر دەزگای SAIS دروستکردبوو و تاکو پەلە لە کەیسەکە بکەن.
لە ١٢ ئۆکتۆبەری ٢٠٠١ دا پۆلیسی شاری رینگ ستیز (غینگ ستز) Ringsted لێپرسینەوە لە نەزار خەزرەجی دەکات و لەهەمان کاتدا دەستەیەک پۆلیس دەوری شوێنی ژیانی نەزار خەزرەجی لە شاری سوغۆ دا دەگرن. دوای ٦ دەمژمێر لەلایەن دادگای شاری سۆرۆ Sorø لێپرسینەوەی دەستوریی لەگەڵدا دەکرێت و بەپێی بڕیاری دادگای شاری سوغۆ لەماڵەکەی خۆیدا دەخرێتە ژێر چاودێری پۆلیس. دادگابەئاماژە بە تاوانەکانی جەنگ بەپێی ڕێککەوتنامەی ژنێڤ ماددەی ١٤٦ و ١٤٧ هەروەها پێشێلی یاساکانی سزای دانیمارکی لە پەرەگرافی ٢٣٧، ٢٤٥، ٢٤٦ و ٢٥٠ کەیسی سزای بۆ دەکاتەوە، بەڵام نەزار خەزرەجی بێتاوانی خۆی ڕادەگەیەنێت. کەیسی خەزرەجی لەلایەن پۆلیسەوە کەوتە ژێر لێکۆڵینەوە. بەپێی گوتنی پارێزەری دەوڵەت بێرگیتە ڤێستبێرگ ئەوان یەک ساڵیان بۆ خۆیان تەرخانکردبوو بۆ لێکۆڵینەوە و بەدەستهێنانی بەڵگە و دەکومێنت بۆ بەرزکردنەوەی تۆمەت دژ بە نەزار خەزرەجی (پۆلیتیکن ٢٥/٣/٢٠٠٣). واتە کەیسی خەزرەجی لای پۆلیس بوو و لەژێر لێكۆڵینەوەدا بوو، خەریکی بەڵگە کۆکردنەوە بوون لەسەر تۆمەتبار، لەئەگەری بوونی کەیسی تاوانباریدا پۆلیس تۆمەت بەرەوڕووی تۆمەتباردا بەرزدەکاتەوە و دەینێرێت بۆ دادگا.
پارێزەرەکەی خەزرەجی سکاڵا دژی بڕیاری چاودێریەکەی تۆمار دەکات و کەیسەکە دەدرێتە دادگای پێداچوونەوە “دادگای ڕۆژهەڵاتی وڵات” ئوسترە لانسغات Østre Landsret، کە دادگایەکی پێداچوونەوەیە بە بڕیاری دادگای شارەکانی بەشی ڕۆژهەڵاتی وڵات. لە ٢٩ی نۆڤەنبەری ٢٠٠٢ دا سێ دادوەر لە دادگای ئوسترە لانسغات Østre Landsret بڕیاری چاودێریی تاوانبار نەزارخەزرەجی و قەدەغەی دەرچوونی لە دانیمارک درێژ دەکەنەوە، بەمجۆرە دادگاکە بڕیاری دادگای شاری سوغۆ جێگیردەکاتەوە. بەپێی گوتنی پارێزەری دەوڵەت بێرگیتە ڤێستبێرگ بۆیە ڕاستەوخۆ نەخرایە زیندان لەبەرئەوەی نووسراوی تۆمەتەبارییەکەی ئامادەنەبوو و لەژێر ئامادەکردندا بوو، ئەگینا ئەو دەیخواست لەزینداندا بێت.
لەبەر ئەوەی نەزار خەزرەجی هەستی بە هەڕەشە لەسەر ژیانی کردووە و ئەوەشی لە لایەن پۆلیس و دادگادا ئاماژە پێداوە، لەلایەکیتر لەبەر گرنگیی ئەو سەرۆکسوپا ڕاکردووە، بڕیاری چاودێریەکە بەم شیوەیە بوو: ڕۆژانە پۆلیسێکی شاری غینگ ستیز تەلەفۆنی بۆ خەزرەجی دەکرد و لە هەواڵ و بارودۆخ و مەترسیەکانی دەپرسی، وە نەزار خەزرەجی دەبوایە رۆژانی دووشەمە، چوارشەمە و هەینی لەنێوان دەمژمێر ٩ و ١٢ دا لەماڵ بێت و پۆلیسێک دەهاتە لای. ڕۆژانەش لەلایەن پۆلیسەوە پەیوەندی تەلەفۆنی پێوە دەکرا. دیارە دادگای شاری سۆرۆ داوای لە پۆلیس کردبوو بیخەنە ژێر چاودێری و ڕێگەی ڕاکردنی لێ بگرن، بەڵام ئەوەی کرا دەکرێ بڵێین پاسەوانی و پاراستنی ئەو بوو و تاڕادەیەک ئازاد بوو لە جووڵە و گەڕان. چونکە خەزرەجی جگە لەو کاتانەی بۆی دیارکرابوو دەیتوانی لە ماڵەکەی دەرچێت و بڕوات. بەپێی گوتنی ئەفسەری پۆلیس یەنس پیتەر گلێروپ Jens Peter Glerup کە ئەرکی زەنگ لێدانەکەی هەبوو، ئەو تەلەفۆنی بۆ کردووە، وە ئەگەر ژنەکەشی “لەتیفە” لە جیاتی خەزرەجی وەڵامی بدابایەوە و بیگوتبا کە خەزرەجی بار و تەندروستی باشە و هیچ مەترسیەک نییە ئاسایی پەسندکراوە، چونکە بۆ یەنس پیتەر گرنگ بووە کە دڵنیابێت لەوەی بارودۆخەکە باشە و ئەو لەوێیە و هیچی بەسەر نەهاتووە. وەکو ئەوە ئەرکی یەنس پیتەر بووە. هەروەها خەزرەجی خۆی لە ڕۆژانی دیاریکراودا نەچۆتە لای پۆلیس چونکە وەکو لە ڕاپۆرتی داواکاری گشتیدا هاتووە “نەیانویستووە زیاد لەپێویست ماندووی کەن”، بۆیە لەجیاتی ئەوە پۆلیسێک هاتۆتە لای. هەروەها پۆلیس نەیویستووە خەزرەجی “هەراسان بکات” لەو کاتانەی ئەو خەوتووە. ژنەکەی خەزرەجی لەتیفە لە مانگی دیسەمبەردا گەشت دەکات بۆ وڵاتی سعودیا و هیچ بەربەستێک لەلایەن پۆلیسەوە نابینێت چونکە ئەو سکالای لەسەر نەبووە، هەروەها پۆلیس کوڕەکانی خەزرەجی “محەمەد و ئەحمەد” ناخەنە ژێر چاودێری و گوێ لە تەلەفۆنەکانی ئەوان ناگرن. لەکاتێکدا ئەوان چاڵاکانە زەنگ بۆ ئەملاوئەولا لێدەدەن.
ئەوسا لە ساڵەکانی ٢٠٠٠ – ٢٠٠٢ ئەمەریکا بەگەرمی خەریکی هێز کۆکردنەوە بوو دژ بە رژێمی بەعسی ئێراق و مەبەستی ڕووخاندنی دیکتاتۆر سەدام حوسێنی هەبوو، لەلایەن میدیای جیهانی و دانیمارکیەوە دیدار لەگەڵ خەزرەجیدا دەکرێت و سەبارەت بە ئەگەری بەشداری ئەو لە ڕووخاندنی دیکتاتۆر سەدام حوسێندا لەگەڵی دەدوێن. لە دیدارێک لەگەڵ یولان پۆستندا Jylland Posten خەزرەجی ئامادەیی خۆی بۆ سەرپەرشتی سوپا دژ بە سەرۆکی دیکتاتۆری ئێراق ڕادەگەیەنێت و دەڵیت “دەمەوێ بەگەڕێمەوە ئێراق و دەتوانم وەکو پێشوو سەرپەرشتی سوپا بکەم و بوونم لەوێ وادەکات بەشێ لەسوپا لە دژی سەدام حوسێندا هەڵگەڕێنمەوە”. خەزرەجی خۆی زۆر بە دەسەڵات و توانا وێنە دەکات بەجۆرێک ئەو خۆی وەکو “شێرێک لە قەفەزدا” دەبینێت وەکو بۆ BBC باسکردبوو. گوتبووی “خەڵک لە ئێراقدا چاوەڕیی منن بەڵام ناتوانم هیچ بکەم چونکە دانیمارک ڕێگەم نادات بڕۆم”. هەروەها ڕەتی بێتاوانی خۆی دووپاتدەکردەوە و دەیگوت ئەگەر تاوانباربم چۆن “سەرکردە کوردەکان” پشتگیریم دەکەن.
بەپێی ڕۆژنامەی دانیمارکی یولاند پۆستن (ڕێککەوتی ٢٠/١١/٢٠٠٢) لە ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ١٩/١١/٢٠٠٢ دا ئەمەریکا بەفەرمی پشتگیری خۆی بۆ دادگاییکردنی نەزار خەزرەجی دەخاتەڕوو، وە ئاماژە بەگرنگی کۆکردنەوەی بەڵگە و دۆکومێنت سەبارەت بە پێشێلکاری و تاوانەکانی ڕژێمی بەعس دەکات. بەپێی زانیاریەکانی رۆژنامەی یولاند پۆستن لەئەگەری ڕووخاندنی سەدام حوسێندا ئەمەریکا بیری لە هیچ پۆستێکی گرنگ بۆ نەزار خەزرەجی نەکردۆتەوە. لەڕاستیدا ئەوە ئاماژە بوو بەوەی کەوا خەزرەجی ئەو گرنگیەی پێشووی لای ئەمەریکایەکان نەمابوو.
بەپێی بیرۆی هەواڵەکان ڕیتزاو Ritzau چەند هەفتەیەک بەر لە ڕاکردنەکەی خەزرەجی، پارێزەری دەوڵەت لە ئەگەری ڕاکردنی خەزرەجی ئاگادار دەکرێتەوە، هەروەها پێشتر لە ڕێککەوتی ٤/٢/٢٠٠٣دا لەلایەن چاڵاکوانانی کورد لە دانیمارکدا ئەم مەترسیە بە ئۆفسی پارێزەری دەوڵەت گەیەندراوە . بەڵام ئەوە نابێتەهۆی تووندکردنی چاودێری لەسەر ماڵەکەی خەزرەجیدا. بەپێی گوتن و تێبینی یەکێک لە درواسێکانی خەزرەجی بەناوی یان کۆلدینگ Jan Colding، کە ماڵەکەی لەبەرامبەری ئەو بووە و پۆلیس بۆ چاودێری بەکاریان هێناوە، چەند هەفتەیەک بەر لە بزربوونەکەی هەست بە چاودێری پۆلیس بەشێوەیەکی ئەوتۆ ناکرێت. بەهەمان شێوە نەمانی چاودێری دەبێتە جێگەی تێڕامانی چەند دراوسێیەکی دیکەش.
وەکو بڵاوکراوەتەوە لە” ١٧ی مارسی ٢٠٠٣ ” دا نەزار خەزرەجی لەماڵەکەیدا دەردەچێت و بێسەر و شوێن ون دەبێت. ئەو “ڕۆژە” کوڕەکەی هەواڵی بزربوونی باوکی بە پۆلیس دەگەیەنێت. بەڵام لە راستیدا خەزرەجی چەند ڕۆژێک پێشتر لە دانیمارک دەرچوو بوو. ونبوونی نەزار خەزرەجی پرسیار و گومان دروست دەکەن و ڕەخنە لە حکومەت و وەزیری دادی ئەو کاتە لێنە ئیسپەرسن Lene Espersen کە سەر بە پارتی کۆنسێرڤەتیڤ بوو دەگیرێت. داواکاری گشتی بێرگیتە ڤێستبێرگ Birgitte Vestberg دەڵێت ئەو چاوەڕوانی ئەوەی لە خەزرەجی کردووە کەوا “ڕیز لە بڕیاری دادگا دەگرێت و ناڕوات”.
لە ٢١ی ئازاری ٢٠٠٣ دا ڕۆژنامەی یولاند پۆستن Jyllands-Posten بڵاویدەکاتەوە کەوا نەزار خەزرەجی و هەشت لە ئەفسەرانی کۆنی ئێراقی ئێستا لە ئێراقدان. لە ٢٢ی ئازاردا ڕۆژنامەی بی تی BT بڵاویدەکاتەوە کەوا ڕاکردنی خەزرەجی لەلایەن سی ئای ئەی CIA ـەوە ڕێکخراوە. لە ١٦ی ئەپریلدا رۆژنامەی شەرقولئەوسەت دەرچوونی ژن و کوڕەکانی خەزرەجی لە دانیمارک بڵاودەکاتەوە.
ڕەوەندی کوردی و چاڵاکیەکانیان لە کەیسی نەزار خەزرەجیدا
ئاشکرابوونی خەزرەجی لە ٣٠/٩/٢٠٠١ دا ڕەوەندی کوردی و ئێراقی لە دانیمارکدا دەجووڵێنێت، کۆمەڵەی کوردی لە شاری ڕۆسکیلە (غۆسکیلە) Roskilde و کۆمەڵەی دیکە بیریان لە خۆپیشاندان کردۆتەوە، خۆپیشاندان لەبەردەم پەرلەمانی دانیمارک لە ٤/١٠/٢٠٠١ دا لەلایەن کۆمەڵەی کوردی غۆسکیلەوە ئەنجام دەدرێت و نامەیەک لەلایەن نەوزاد مارفەوە دەدرێتە پەرلەمان. بەپێی ئەو ئەرشیفەی لای نەوزاد مارفە لە کۆبوونەوەیەکدا هەندێ لە کوردەکانی دانیمارک بە بەشداری ١٤ کەس لە ڕۆژی ٢٨/١٠/ ٢٠٠١ دا “کۆمیتەی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانبار نەزار خەزرەجی – دانیمارک” دامەزرا. بەپێی نووسراوەکە بەر لە کۆبوونەوەی دروستبوونی کۆمیتەکە نوێنەری کۆمەڵەی کوردی لە شاری ڤایلە Vejle ئاسۆ کاکەیی ئاماژە بەوە دەکات کەوا نامەی بۆ وەزیری داد ناردووە، هەروەها دەرسیم دیبەگەیی و کرمانج شەوکەت ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوانیش سکالایان لە دژی خەزرەجی تۆمارکردووە. سکاڵای دەرسیم دیبەگەیی لە رۆژی ٣/١٠/٢٠٠١ دا ناردراوە، هەروەها لەڕۆژی ٦/١٠/٢٠٠١ دا پێنج کەس بەناوەکانی جەعفەر عەبدوڵڵا نەسروڵڵا، فوئاد حەمە فەرەج نانەوا، کرمانج شەوکەت عەبدولڕەحمان، لەمیعە عەبولە عومەر و دەرسیم ڕەحمان فەرحان چوونەتە نووسینگەی پارێزەر بیۆن ئێلمکویست Bjørn Elmquist و ئەویان کردۆتە پارێزەری خۆیان بۆ ئەوەی سکاڵاکانیان بگەیەنێتە پۆلیس .
کۆمیتەکە بەمەبەستی کۆکردنەوەی دۆکۆمێنت، پەیداکردنی دیتەر و سکاڵاکار هەروەها پەیوەندی بە ڕۆژنامە و پۆلیس و دادگا کەسایەتییە سیاسیەکان و پەرلەمان و حکومەتی دانیمارکی بەشێوەیەکی ڕێکخراوەیی دامەزرا. کۆمیتەکە دوو لیژنە پێک دەهێنێت، یەکەم لیژنە لیژنەی کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەنە کوردیەکان لە کوردستان و لەدەرەوەی وڵات بە دەرسیم دیبەگەیی و ئەحمەد عەزیز دەسپێردرێت. لیژنەی دووەم لیژنەی پەیوەندیەکان لەگەڵ دانیمارکی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە نەوزاد مارف، مریەم شکاک، کرمانج شەوکەت و فەهمی عەبدولحەمید دەسپێردرێت.
دواتر کەسانی دیکەش دێنە ناو کۆمیتەکە لەوانە گۆران هەڵەبجەیی و منیش بووم بە ئەندام لە کۆمیتەکە، بێگومان کەسانی دیکەی خۆبەخش هاوکاری کۆمیتەکەیان بەجۆرێ لە جۆرەکان کردووە کەلێرەدا ناویان نەنووسراوە. گۆران هەڵەبجەیی ئەرکی ڕاگەیاندنی لە ئەستۆدا بوو، وەکو لە یەکێک لە لێپرسینەوەکانی خەزرەجی لە دادگادا لەدوای تەوابوونی و هاتنەدەرەوەی لەدادگادا لە ١٧/١/٢٠٠٢دا، چەند پرسیارێک ئاراستەی نەزار خەزرەجی دەکات. ڤیدیۆکلیپەکە ئێستاش لە یوتوپدا YouTubeهەیە. کۆمیتەکە سەربەخۆ و خۆبەخشانە بوو و هیچ لایەنێکی سیاسی لەپشتی دروستکردنیدا نەبوو.
دوای دامەزراندنی کۆمیتەکە، دەستەی بەرگری لە شاری کەرکوک کەلەلایەن ئەحمەد عەزیزەوە سەرپەرشتی دەکرا، لە نزیکەوە هاوکاری کردووە، هەروەها ڕێکخراوی ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ دژ به‌ ئه‌نفالکردن و ژینۆسایدی گه‌لی کورد (چاک) هاتە پاڵ هەوڵەکانی بەدادگاییگەیاندنی نەزار خەزرەجی و هاوکاری کرد و بەشداریی لە چاڵاکیەکاندا هەبوو. دیارە هەوڵەکانی بەدادگاییگەیاندنی تاوانبار خەزرەجی لە دانیمارک بووە هاندەرێک و کاریگەری هەبوو لە دروستبوونی ڕێکخراوی چاکدا کە چەندین ساڵ دواتر ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی لە کەیسەکانی گەلکوژیدا لەئاستی ناوخۆیی و جیهاندا لە ئاستی جیاجیادا هەبوو لەوانە هەوڵەکانی چاک لە کاتی دادگاییکردنی بازرگانی هۆڵاندی فرانس ڤان ئەنرات، ناساندی تاوانی ئەنفال لە پەرلەمانی سوید وەکو تاوانی گەلکوژی، ڕێکخستن یا بەشداری لە دەیان کۆڕ و سمینار و بۆنەی گرنگدا کە تایبەت بە تاوانی گەلکوژی سازدەکران هتد. چاک هاوکاربوو لەو خۆپیشاندانە گەورەیەی کە بەبۆنەی یادی هەڵەبجە بۆ کوردانی تاراوگە لە بەردەم شارەوانی کۆپنهاگن لە ١٦/٣/٢٠٠٢ دا سازکرا ، کە لەو کاتدا بابەتی خەزرەجی بابەتێکی گرنگی ڕۆژ بوو و بۆیەش خۆپیشاندانەکە لە کۆپنهاگن سازکرا و هەوڵدرا زۆرترین کەس لەوێ کۆبکرێتەوە و خۆپیشاندانێکی گەورەی کوردان ساز بکرێت. جێگەی بیرخستنەوەیە ڕەوەندی کوردی وەکو پێویست بەدەنگ خۆپیشاندانەکەوە نەهاتن، ژمارەی ئامادەبووان هەزار کەس نەدەبوو. بۆیە خۆپیشاندانەکە ئەو سەرکەوتنەی بەدەست نەهێنا کە دەخوازرا.
دوای ئەوە سکاڵای دیکەش دژ بە خەزرەجی تۆمار دەکرێت لەوانە سکاڵای خەلیل محمەد ڕەشید لە وڵاتی سویدەوە لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٠١ دا تۆمار دەکرێت. دەکرێ سکاڵای دیکەش هەبن کە لێرەدا نەنووسراون. جگەلەوە رێکخراوی کوردی لە نەرویژ، سوید، ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، کەنەدا، ئەمەریکا و ئوسترالیا و شوێنی دیکە هاوکاری خۆیان بەنامە یا لەڕێگەی هاوکاری ڕاستەوخۆوە یا بەشێوەی دیکە بۆ کۆمیتەکە دەربڕیووە. کەسانی خۆبەخش لەوڵاتانی دیکەوە وەکو هۆڵاند و سویسرا و ئەڵمانیا هەوڵیانداوە یا هاوکاریان پێشانداوە و نامەیان ناردووە. لەڕێگەی ڕێکخراوی ئەمنستیەوە پشتگیری پرۆسەی دادگاییکردنەکە کراوە، بۆنمونە هیوا ناسیح وەکو ئەندامی ئەمنستی لە وڵاتی سویسرا لەم ڕێگەیەوە ئەمسنتی هیناوەتە ناو بابەتەکە و پشتگیری دادگاییەکەی کردووە. لە ڕۆژنامەکاندا لەسەر تاوانەکانی خەزرەجی نووسراوە یا وەڵامی ئەوانە دراوەتەوە کەوا بەرگریان لە خەزرەجی کردووە. لەوانە د. جەبار قادر لەژێر ناوی ئارام زندیدا وتاری لە رۆژنامەی زەمان و شەرقولئەوسەتدا بڵاوکردەوە، جگەلەوە گەواهیشی لەسەر تاوانەکانی خەزرەجی دایە پۆلیس.
هەروەها لە ڕێگەی ئەنتەرنێت و سۆسیال میدیاوە کە ئەوسا پاڵتۆڵک Paltalkهەڕمێنی هەبوو، لە پاڵتۆلکدا کۆڕ و کۆبوونەوە و چاڵاکی بەردەوام لەسەر تاوانبار نەزار خەزرەجیدا هەبوو، بەتایبەتی لە “ژووری پێشکەوتووخوازاندا” کە عەلی مەحمود و قادر نادر و هاوڕێیانیان بەڕێوەیان دەبرد، شەوانە کۆڕ و کۆبوونەوە و گوفتوگۆ و دیبات هەبوو، نووسەران و چاڵاکوان و کەسانی شارەزا لە کورد و عەرەب یا خەڵکی دیکە یا دیتەرانی تاوانکاریەکان بەچڕی بەشداریان کردووە. زیاتر لە ساڵێک کۆڕ و کۆبوونەوە لەسەر خەزرەجی و تاوانەکانی، کۆبوونەوە و دیبات سازکران.
جگەلە سازکردنی خۆپیشاندان بۆ ڕەوەندی کوردی و ئێراقی لە شارەکانی دانیمارک، سازدانی دیدار لەگەڵ ڕۆژنامە و تەلەڤزیۆنی دانیمارکی، کۆمیتەکە دەبێتە هۆی ئەوەی لەلایەنی جیاجیاوە پەیوەندی پێوەبکرێت و دەکومێنتی گرنگی وەکو گوتن و گوزارشتی ئەفسەر و کەسانی دیکە بەدەست دەگات. کۆمیتەکە هەرچی لێدوان و گوزارشتی دیتەران بەزمانی عەرەبی دەستی دەکەوێت دەیکاتە دانیمارکی و بۆ پۆلیس و داواکاری گشتی و وەزارەتی داد دەینێرێت. جگەلەوە بەڵگەی تاوانکاریەکانیان بۆ ڕۆژنامەکانیش ناردووە.
کۆمیتەکە هەر بەڵگەیەکی سەردەمی ڕژێمی بەعس لەکاتی ئەنجامدانی تاوانکاریەکاندا یا گوزارشتێکی دیتەران یا بەشدارانی دەستکەوتووە لەپێشدا زوو بۆ پۆلیسی ڕینگ ستز (غینگ ستز) Ringsted زیاتر بۆ دوو کەس ناردراوە بەناوەکانی ئەریک هالد Erik Hald و بێنی فرێدریکسن Benny Frederiksen، هەروەها ناونیشان و شوێنی ئەو کەسانەی کە هاتوونەتەپێش و ویستوویانە بئاخڤن و گوزارشت لە بەشداریی تاوانبار بدەن بۆ پۆلیس دیارکردووە و داوای لە پۆلیس کردووە کە بچن دیدار لەگەڵ ئەو کەسانە بکەن. لەوانە کەسانی گرنگی سەر بە سوپا لە وڵاتی ئوردن هەبوون. هەندێ لە دیتەرانی تاوانکاریەکان کە پێشتر لە سوپادا بوون و عەرەب بوون ئامادەیی خۆیان بۆ گوتن و گوزارشت لە ڕووداوەکان و سەڵماندنی بەشداریی خەزرەجی لە تاوانەکاندا خستەڕوو.
بەپێی ئەو ئەرشیفەی کە نەوزاد مارف لای خۆی پاراستوویەتی یەکەم نامەی کۆمەڵەی کوردی لە شاری ڕۆسکیلە (غۆسکیلە) Roskilde بە زمانی دانیمارکی لە ڕێکەوتی ٤/١٠/٢٠٠١ بۆ پەرلەمان و حکومەت ناردراوە کەلەلایەن نەوزاد مارفەوە نووسراوە، کە پەیوەستدارە بە خۆپیشاندانەکەی بەردەم پەرلەمان لەهەمان ڕۆژدا. دوای دروستکردنی کۆمیتەکە بەناوی کۆمیتە و دەرسیم دیبەگەیی نامە بۆ سەرۆکی پۆلیسی شاری ڕینگ ستیز لە ڕێکەوتی ٢٨/١/٢٠٠٢ دەنێردرێت و تیایدا چۆنیەتی بەشداریی تاوانبار نەزار خەزرەجی لەتاوانی گەلکوژی ئەنفالدا لە چەند خاڵێکدا ئاماژەیان بۆ دەکرێت. سەبارەت بە ئاماژە بە بەڵگەکانی بەشداریی تاوانبار لە تاوانەکەدا چەند نامەیەکی تر لە ساڵی ٢٠٠٢ دا بۆ پۆلیسی ڕینگ ستیز نێردراوە. کەسی پەیوەندیکەر لەنێوان کۆمیتە و دامەزراوە دانیمارکیەکاندا نەوزاد مارف بوو وەکو بۆ ئەو لیژنەیە دیارکرابوو، بەڵام دەرسیم دیبەگەییش پەیوەندی چاڵاکانەی هەبووە و دەکومێنت و نامەی ناردووە. نامەیەکی زۆر لەلایەن نەوازد مارفەوە نێردراون یا وەرگیراون. جگەلە پۆلیس و وەزارەتی داد، کۆمیتەکە نامەی بۆ یەکە بە یەکەی ئەندامانی پەرلەمان ناردووە. دیارە نامەی دیکە یا پەیوەندی دیکەش لەلایەن ئەندامانی کۆمیتەکە کە لە هەمان لیژنەدا کاریان کردووە دەکرێ هەبووبێت کە ئێستا لەو ئەرشیفەی بەردەستدا نین.
کۆمیتەکە لە مانگی مارسی ساڵی ٢٠٠٢ دا پەیوەندی بە پارێزەر بیۆن ئێلمکویست Bjørn Elmquist دەکات، ئەویش لە ٨ی مارسی ٢٠٠٢ دا نامە بۆ پۆلیسی غینگ ستز دەنێرێت و داوادەکات تۆمەت بەرەوڕووی تاوانبار نەزار خەزرەجی بەرزکرێتەوە، هەروەها پۆلیس بچێتە وڵاتی ئوردن گوزارشت لە چەند کەسێکی گرنگی سەر بە سوپای ئێراق لەوێ وەربگرێت، کە بەڵێنیان داوا گوزارشت بدەن. ئەو نامەیە دوای ئەوە دێت کە بێ ڕوونکردنەوەی گونجاو ئەو گەشتەی پۆلیس بۆ وەرگرتنی گوزارشت لە ئەفسەرێکی دیاری کۆنی سوپای ئێراق کە دیتەری ڕووداوەکان بووە، هەڵدەوەشێندرێتەوە. پارێزەر بیۆن ئێلمکویست خۆی لە نامەکەیدا کە بۆ پۆلیسی ناردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە کوردەکان لە پایزی ٢٠٠١ دا پەیوەندیان پێوە کردووە و داوای هاوکاریان لێکردووە، بەڵام نامەی پێشتر لەم ڕێککەوتەی ئاماژەی بۆ کرا لە ئەرشیفەکەدا نییە.

نامەکانی بەرگری لە نەزار خەزرەجی
لەکاتی بڕیاری چاودێریرکردنی نەزار خەزرەجیدا چەند نامەیەکی بەرگری لە خەزرەجی لەلایەن لایەنە کوردی و عەرەبیەکانەوە بۆ وەزارەتی دادی دانیمارکی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠١ ساڵی ٢٠٠٢ دا دەنێردرێت. نامەکانی پشتگیری و پاکانەی لایەنە کوردیەکان:
1. نامەی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان جەلال تاڵەبانی، ڕێککەوت ٢٨/١١/٢٠٠٢: لەنامەکەدا جەلال تاڵەبانی خۆی وەکو دیتەرێک دەخاتەڕوو و بەرگری لە سەرۆکی ئەرکانی سوپا ژەنەرال نەزار خەزرەجی دەکات، وەکو دیتەر گوزارشت دەدات و دەنووسێت “ئەو لە گەنجایەتیەوە کەسێکی نیشتیمانی بوو، کە بووە بەعسی سەر بە باڵی چەپ بوو دژی باڵەکەی سەدام حوسێن بوو، کە کرایە سەرۆکی ئەرکانی سوپا پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانیەوە هەبوو و کۆبوونەتەوە و زانیاری هەواڵگریان سەبارەت بە چاڵاکیەکانی سەرکردایەتی و سەدام حوسێن گۆڕیوەتەوە. لەیەکێک لە سەردانەکانی جەلال تاڵەبانی بۆ بەشی سەرۆکایەتی فەیلەقی یەک داوای لە خەزرەجی کردووە کەوا وەکو ئەفسەرێکی نیشتیمانی دژی ڕژێم ناوی جەلال تاڵەبانی لای خۆی تۆمارکات. ئەو ژوورێکی تایبەتی بۆ کۆبوونەوەیان سازکرد بەمەبەستی یەکخستنی چاڵاکیەکانیان لە دژی دیکتاتۆردا. بەپێی باشترین زانیاری جەلال تاڵەبانی، ژەنەڕال خەزرەجی خۆی بەشداری نەکردووە و فەرمانی نەداوە نە لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا نە لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا. فەرمانەکە ڕاستەوخۆ لەلایەنی سەرۆکی هێزە چەکدارەکان و عەلی حەسەن مەجیدەوە بوو”. لە خاڵی کۆتاییدا دەنووسێت “بەڕای تایبەتی خۆم ڕژێمی ئێراق هانی پەکەکە و کوردە ئێراقیەکانی دی داوە، ئەوانەی کە کاریگەری تراژیدیای هەڵەبجەیان بەسەرەوەیە و بێئاگان لە پەیوەندی نێوان ژەنەڕال خەزرەجی و ی.ن.ک دا، هەڵمەت لە دژیدا بەرپاکەن. ئەو تۆمەتانەی کە بەتایبەتی لە دوای ئاشکرابوونی ژەنەڕال نەزار خەزرەجی وەکو سەرۆکی داهاتووی ئێراق دەرکەوتووە، دروستکراوە و هیچ بەڵگە و بنەمایەکیان نییە”.
2. نامەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ڕێککەوت١٠/١٠/٢٠٠١: نامەکە لەلایەن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی دەرەوە د. فوئاد مەعسوم نوسراوە، “لەنامەکەدا هاتووە فەریقی یەکەمی ڕوکن نەزار خەزرەجی کەسایەتیەکی سەربازی و نیشتیمانی درەوشاوەی ناسراوە، بەپێی زانیارەکانیان بەشداری لە کیمیابارانی هەڵەبجە و شاڵاوەکانی ئەنفالدا نەبووە، ناسراوە بەوەی کە دژی تاوانەکانی جەنگ بووە، کەسایەتییەکی خاوەن ڕێز و تەقدیرە”.
3. نامەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێککەوت ١٠/١٠/٢٠٠١: نامەکە لەلایەن بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە دڵشاد میران نووسراوە، لەنامەکەدا هاتووە “کە ژەنەڕال خەزرەجی لە ساڵی ١٩٩٦ـەوە لەئێراق ڕایکردو بە کوردستاندا ڕەت بوو، ئەو کەسێکی دانپێندراوی ناسراوی سیاسیە و پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ پارتە کوردیەکان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقیدا هەیە، ئەو لە تاوانەکانی ساڵی ١٩٨٨ دا بێتاوانە، تاوانەکە لەلایەن سەرۆکی ئێراق سەدام حوسێن و عەلی حەسەن مەجیدەوە ئەنجامدراوە. هەوڵی دادگاییکردنی ئەو دەبێتە ناوزڕاندنی ژەنەڕال خەزرەجی و خزمەت بە سەدام حوسێن دەکات و وادەکات کەسانی دیکە نەوێرن ڕابکەن و بێنە ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقی. وە هیوادارە ئەو گەواهیدانە سروشتی تۆمەتەکان یەکلاکاتەوە”.
4. نامەی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، ژمارە ٨١٤ لە ڕێککەوت ١٦/٣/٢٠٠١ (ساڵەکە بەهەڵە نووسراوە، ساڵەکە ٢٠٠٢ بوو): نامەکە لەلایەن بەپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە ئیحسان عەبدولعەزیز نووسراوە. لە نامەکەدا هاتووە کەوا “فەریقی روکنی یەکەم سەرۆکی ئەرکانی پێشووی سوپای ئێراق دۆستی بزوتنەوە ئیسلامی کوردستانە و سومعەیەکی باشی لەنێو جەماوەری کوردستاندا هەیە، بزوتنەوە شاهێدی زیندووی شاری هەڵەبجەیە و پێشڕەو و سەرۆکیان شێخ عەلی عەبدولعەزیز دژی تاوانەکانی ڕژێمی ئێراق لە نەتەوەیەکگرتووەکاندا شاهێدە، دڵنیایان دەکاتەوە کەوا سەدام حوسێن و عەلی حەسەن مەجید ئەوان لە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە و تاوانەکانی ئەنفال بەرپرسیارن. دڵنیایان دەکاتەوە کەوا بەڕێز خەزرەجی بێتاوانە لەم دوو تاوانە، ئەو هاووڵاتیەکی شەریفە و هەر کە دەرفەتی دەستکەوت دژی سەدام و ڕژێمەکەی وەستایەوە و هەموو پلە و پایەکانی خۆی جێهێشت، وە داوادەکات کەوا ژیانی ئەو و خێزانەکەی بپارێزن چونکە ڕژێمی ئێراق ڕژێمێکی ئیرهابیە گرنگی بە مافەکانی مرۆڤ نادات”.
5. بەپێی سەرچاوەیەک مەسعود بارزانی و هەروەها ئیحسان مەلا عەلی نامەی تایبەتی بەرگریان بۆ خەزرەجی ناردووە. (ئەم نامانەم نەدیووە، بێگومان لەئەگەری پەیداکردنی نامەکاندا ئەوانیش دەخەینەبەرچاو).

نامە و بەرگری لەلایەن لایەنە عەرەبیەکانەوە:
1. بەپێی ڕۆژنامەی پۆلیتیکن نامەیەک کەلەلایەن ٧ لە کەسی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی واژوو کراوە. ئەوانە کە کۆنە بەعسی بوون و پلەی وەزیر و مامۆستای زانکۆ و فەرماندەیی سەربازیان لەنێو ڕژێمدا هەبووە نامەی پاکانەیان بۆ وەزارەتی دادی دانیمارکی لە ڕێککەوتی ٦/١٠/٢٠٠٢ دا نارد و ئەوسا لە ڕۆژنامەی زەمانی عەرەبیشدا بڵاوکراوەتەوە، ناوی کەسەکان وەکو لە رۆژنامەی پۆلتیکینی دانیمارکی بڵاوکراوەتەوە: ١. عبد الجانی الراوی ٢. هیشام الشاوی ٣. فارس حسین (یەکێ لەتاوانبارە سەرەکیەکانی ئەنفال، سەرۆکی فەیلەقی پێنج لەکاتی ئەنفالەکاندا کە ئێستا لە وڵاتی نەمسا دەژی) ٤. عادل الجبوری ٥. د. حسین الجبوری ٦. وسام السمیدعی ٧. عبدالسلام المیاحی. بەپێی ئەو نامەیەی لای دەرسیم دیبەگەیی هەیە ئەوانە ٨ کەسن. ناوی سعدون الدلیمی لەگەڵدایە. لەنامەکەدا بەرگری لە بێتاوانی خەزرەجی لە تاوانەکانی هەڵەبجە و ئەنفال دەکەن، وەکو کەسێکی نیشتیمانپەروەر و دڵسۆز و خاوەن کەسایەتی پێناسەی دەکەن و کە دژی ڕژێم وەستاوەتەوە، هەروەها پێیانوایە کەوا موخابەراتی ئێراقی لەپشتی ئەو هەڵمەتەن کە دەیانەوێ ناوی خەزرەجی بزڕێنن هتد. هەروەها ئاماژە بە پشتگیری سەرکردە کوردەکان لە خەزرەجی دەکەن و وەکو بەڵگەی بێتاوانی ئەو ئاماژەی بۆ دەکەن.
من لە ٢٥/١٠/٢٠٠١دا لە وتارێکدا لەژێر ناوی “تاوانباری جەنگ بۆ دادگا” کە لەرۆژنامەی پۆلیتیکندا بڵاوکرایەوە جگە لە ئاماژە بە شداریی خەزرەجی لە تاوانەکانی سوپای ئێراق و بەتایبەتی لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا، پێویستبوونی دادگاییکردنی ئەو تاوانبارەم بەکورتی ڕوونکردەوە، ڕەتی بانگاشەی نامەی ٧ کەسە ئێراقیەکەم کردەوە.
2. نامەی سڵاح عومەر عەلی سکرتێری تجمع الوفاق الوطني الدیمقراطي العراقي بە ڕێککەوتی ٨/١٠/٢٠٠١ نووسراوە.
3. گروپی جمعیة الحقوقیین العراقیین بەیانێک بڵاودەکەنەوە و بەرگری لە نەزار خەزرەجی دەکەن. ڕۆژنامەی زەمان لە ڕێککەوتی ٣٠/١١/٢٠٠٢ دا بڵاویکردۆتەوە. ئەوانە ئاماژە بە پشتگیری سەرکردە کوردەکان لە کەیسی خەزرەجی دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن کە خەزرەجی چەکی کیمایی دژی کوردەکان بەکار نەهێناوە و بێتاوانە وەکو ئەو سەرۆکی تەقلیدی ئەرکانی سوپا بووە و فەرمانی ڕاستەوخۆ لە دەست ئەودا نەبووە. لە نامەکەدا ئاماژە بە مانەوەی خەرەزجی لای سەرکردایەتی پارتە کوردیەکان بۆ ماوەی سێ مانگ دەکەن و وەکو بەڵگەی بێتاوانی ئەو بەکاری دەهێنن.
دەکرێ نامەی دیکە هەبن کە لەو ئەرشیفەکەدا نین یا بڵاونەکراونەتەوە. ئەو نامانە هەندێکیان لە ڕۆژنامە و تەلەڤزیۆنەکانی دانیمارکیدا ئاماژەیان پێدرا یا بڵاویش کرانەوە. هەروەها لە رۆژنامە عەرەبیەکاندا وەکو رۆژنامەی زەمان بڵاوکراونەتەوە یا ئاماژەیان پێدراوە. من جارێک بەناوی کۆمیتە داوای هەموو بەلگە و دەکومێنتەکانم لە وەزارەتی داد کرد، دوای دوو سێ هەفتە ئەوەی بەپێی یاسا ڕێگەی پێدەدرا بۆیان ناردم، منیش بۆ دەرسیم دیبەگەییم نارد.
لەبەرامبەر ئەم نامانەدا کۆمیتەی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانبار نەزار خەزرەجی پەرچەکرداری هەبوو، بەیانیان بڵاوکردۆتەوە و نامەیان بۆ پۆلیس و وەزارەتی داد لەمبارەیە ناردووە، هەروەها نامەی تایبەتی بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێککەوتی ١٧/١٠/٢٠٠٢ دا ناردووە و داوای لێکردوون دەست تێکەڵی پرۆسەی دادگاییەکە نەکەن. هەروەها لەهەمان ڕێککەوتدا نامەی تایبەت بۆ پەرلەمانی کوردستان نێردراوە و هەمان داوای لێکراوە و داواکراوە نامەیەک لەپەرلەمانی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی داد بنێرن و جەخت لە سەربەخۆیی پرۆسەی دادگاییەکە بکەن و لەئەگەری سەڵماندنی تاوانباریی خەزرەجیدا پشتگیری خۆیان بۆ بڕیارەکە و سزاکەی ڕابگەیەنن.
سەبارەت بەنامەکانی کەسایەتی و لایەنەکانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن داواکاری گشتی بۆ هەرێمی شیلاند بێرگیتە ڤێستبێرگ Birgitte Vestberg جەختی لەسەر سەربەخۆیی و بێلایەنی دەزگای لێکۆڵینەوەی کەیسەکە کردوەوە و گوتی “ئەو نامانە گوزارشت لە هەڵوێستی سیاسی دەکەن و هیچ کاریگەریان بۆسەر لێکۆڵینەوەی ئەوان نابێت”.
نەزار خەزرەجی کە لە ئێراق ڕایکرد و پەیوەندی بە CIA و ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقیەوە هەبوو، کە لەدانیمارک بوو دژی سەرۆکی دیکتاتۆری پێشووی ئێراق سەدام حوسێن دەدوا و دانی بە کۆمەڵکوژی کوردان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەنا وەکو لە دیدار و چاوپێکەتنەکانیدا هەیە، بەڵام لە چاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییەی لە ٣/٥/٢٠٢٢ دا کە خەزرەجی ناوی هێزەکانی پێشمەرگە وەکو “متمرد و مخرب” و دەهێنێت و نکۆڵی لە بوونی کۆمەڵکوژی خەڵکی سڤیل لە هێرشەکانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨ دا دەکات. لەو چاوپێکەتنەدا وەکو بەرپرسێکی سەربازیی ڕژێمی بەعس بەرگری لە هێرشەکانی ئەنفال دەکات. وەزارەتی کاروباری شەهیدان دژی ئەم گوتنانە بەیانێک لە ڕۆژی ١٠/٥/٢٠٢٢ دا دەردەکات و داوای گرتن و دادگاییکردنی دەکات. دووبارە بەپێی گۆڕانی بەرژەوەندییە سیاسیەکان و لەژێر گوشاری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و سۆسیال میدیا ئەم کاردانەوەیە ڕوویدا. بەڵام ئایا حکومەتی هەرێم هیچی لە گوڵ گرانتر بە سەرۆک و شێخی ئیمارات گووتووە؟ بەپێچەوانەوە بەپێی هەواڵی ڕۆژی ١٤/٦/٢٠٢٢ کە لە شەفەق نیوزدا بڵاوکراوەتەوە، پێشوازی لە کۆنسوڵی ئیماراتی عەرەبی “ئەحمد دحاری” کراوە و بەلێنی دروستکردنی کۆنسوڵێکی هاوبەشیان بەمەبەستی فروانکردنی چاڵاکییە ئابووریەکانی نێوان هەردوو حکومەتدا داوە.

دوای ڕاکردنی خەزرەجی چی کرا؟
وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆکرد، چەند هەفتەیەک بەر لە بزربوونی خەزرەجی چاودێریەکی ئەوتۆ نەمابوو، ئەوەبوو ئەو لە ١٧/٣/٢٠٠٣دا واتە ڕۆژی دوای لێدانی ئێراق لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هەواڵی ڕۆیشتنی بە پۆلیس دەگەیەندرێت. بەپێی هەندێ سەرچاوە لەوانە ڕۆژنامەی بی تی BT خەزرەجی یارمەتی دراوە و هاوکاری کراوە، هەروەکو ئاماژەی بۆ دەکەن لەلایەن سی ئای ئەی CIA ئەمەریکاوە هاوکاری کراوە و بردوویانە بۆ ئێراق، وەکو ڕۆژنامەی یولاند پۆستن لە رۆژی ٢١/٣/٢٠٠٣دا بلاویکردەوە کەوا خەزرەجی لەگەڵ هەندێ لە ئەفسەرانی پێشوو لە ئێراق بووە. واپێدەچی یارمەتی و هاوکاریکردنی خەزرەجی لە دانیمارکدا بێ هاوکاری پۆلیسی نهێنی دانیمارک نەبووە. بەڵام پارێزەری دەوڵەت گوتی “هیچمان لەمبارەیەوە نەدۆزیوەتەوە” ، هەروەها حکومەتی ئەمەریکا “بێئاگایی” خۆی لە شوێنی یا بزربوونی خەزرەجی بە وەزارەتی دادی دانیمارکی گەیاند (پۆلیکتیکن ٢٤/٣/٢٠٠٣).
لە وتارێکی ڕۆژنامەی پۆلیتیکن Politiken کە لە رۆژی ١٠/٤/٢٠٠٣دا بڵاوکراوەتەوە دەنووسرێت کەوا دەزگای هەواڵگری پۆلیس بەخەستی لە ڕووداوی دەمژمێرەکانی دوای بزربوونی خەزرەجی تێوەگڵاوە و پەیوەندی چڕ و پڕ لەبارێکی بێسەروبەردا لەنێوان بەشەکانی پۆلیسدا هەبووە. بەپێی ڕوونکردنەوەی سەرۆکی پۆلیسی وڵات Rigspolitichefen خەزرەجی چەند رۆژێک پێش ڕاگەیاندنی ونبوونەکەی ڕۆیشتووە، بۆیە هەوڵەکانی کۆنتڕۆل لە سنورەکاندا لەرۆژی ئاشکرابوونی ڕاکردنەکەی بێ سوود و واتا بوو. لەگەڵ ئەوەشدا پۆلیسی “غینگ ستیز” چەند دەستەیەکی بە سەگی پۆلیسیەوە بۆ پشکنین ڕەوان کرد. پۆلیسی هەواڵگری و وڵات ڕوونکردنەوەی زیاتریان سەبارەت بە ونبوونی نەزار خەزرەجی نەدا. لە پەرلەماندا لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەموو ڕەخەنیان لە پۆلیس دەگرت و لە ناڕێکی و بێسەروبەریی پەیوەندیەکانی نێوان بەشەکانی پۆلیس بەگلەیی بوون. وەزیری داد لێنە ئێسپەرسن Lene Espersen کە سەربە پارتی کۆنسێرڤەتیڤ بوو، دانی بە بێسەروبەری بارەکەدا نا و تێگەیشتنی خۆی بۆ ڕەخنەکان پیشاندا. سەرۆکی وەزیرانی دانیمارک ئانەس فۆ ڕاسمۆسن Anders Fogh Rasmussen کە سەر بە پارتی ڤێنستغا (لیبراڵ) بوو “پەرێشانی” لە ونبوونی خەزرەجیدا دەردەبڕێ و ئاماژەی بە ناڕازیبوونی خۆی لە بارەکەدا دەکات.
دوای ڕاکردنی خەزرەجی لە دانیمارک، ناوی خەزرەجی دەدرێتە ئەنتەرپۆل (پۆلیسی نێونەتەوەیی Interpol) و ڕادەگەیەندرێت کەوا بیگرن و بیگێڕنەوە دانیمارک. بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی پۆلیتیکنن(٢٤/٣/٢٠٠٣) داواکاری گشتی بێرگیتە ڤێستبەرگ دەڵێ “پێیان وایە دەزانن لە چ وڵاتێکدایە و خەریکی دانوستانن لەگەڵ ئەو وڵاتە”. بەڵام ناوی هیچ وڵاتێک ناهێنێت بەڵام ئاماژە بە وڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات. دانیمارک ڕێکەوتنی ڕادەستکردنی لەگەڵ هیچ وڵاتێکی عەرەبیدا نەبوو، بۆیە پرۆسەی ڕادەستکردنی کەسێک لەو وڵاتانەوە خۆی لە خۆیدا ئاڵۆز بوو. هەروەها پارێزەری وڵات ڕایدەگەیەنێت کەوا داوا لە دادگای شاری سۆرۆ Sorø دەکات بڕیاری زیندانی نەزار خەرەجی بدەن، تاکو خەزرەجی نەتوانێ بە ئازادی بسوڕێتەوە، “ئەگەر” دەستیان لێگیربێتەوە (پۆلیتیکن ٢٤/٣/٢٠٠٣). ڕۆژی دواتر دادگای شاری سوغۆ بڕیاری دەستبەسەری نەزار خەزرەجی لە بزریدا بۆ ماوەی چوار هەفتە ڕادەگەیەنێت. دادگا ڕەتیکردەوە کە بڕیاری زیندانیکردن “بێ دیارکردنی کات” بدات، چونکە دادگا “لای ڕوون نییە کە ئایا ئەو لە دەرەوەی وڵاتە یا لە دانیمارکە، یا ئایا ئەو ئارەزوومەندا لە دانیمارک هەڵاتووە” (پۆلیتیکن ٢٥/٣/٢٠٠٣).
خەزرەجی چۆن ڕایکرد ئەوها ڕۆیی و نەگەڕایەوە دانیمارک. لە چەند هەفتەی دوای ڕاکردنەکەی خەزرەجی گەلێ لەهەواڵەکانی ڕۆژنامەکان ئاماژەیان بە وڵاتی سعودیا یا کوێت یا ئیمارت دەکرد وەکو شوێنی گەیشتنی ئەو. دوای ئەوە هەواڵەکان چوون بەلایەکی دیکەدا و گرنگی بابەتەکەش وەکو پێشوو نەما. حەوت ساڵ دواتر لە رۆژی ٧/١٢/٢٠١٠ ڕۆژنامەی بی تی BT بڵاویدەکاتەوە کەوا نەزار خەزرەجی لە شارێکە بەناوی “عین الحسین” بەدووری ١٠٠ کیلۆمەتر لە شاری دوبەی پایەتەختی وڵاتی ئیماراتدا. سەبارەت بە بوونی ئەو لە وڵاتی ئیمارت و هەوڵەکانی دانیمارک بۆ ڕادەستکردنەوەی پارێزەری دەوڵەت بێرگیتە ڤێستبێرگ دەڵێ “ئێمە دەزانین ئەو لە کوێیە، بەڵام ئەو وڵاتەی ئەوی لێیە بەهیچ شێوەیەک ئامادەی هاوکاری نییە”.
ژۆرنالیست یاکۆب تۆپسو Jacob Topsøe کە لەسەرەتاوە بەدوای خەزرەجیەوە بووە و زۆر زانیاری لەسەر ئاشکرا کردووە، لە هەواڵێکی ئۆنلاینی تۆپسو میدیا topsoemedier.dk کە لە مانگی یەکی ٢٠٢٢ دا نوێکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات کەوا چیتر ئەنتەرپۆل Interpol بەدوای نەزار خەزرەجیدا ناگەڕێت، چونکە ناوی لەلیستی ئەنتەرپۆل دەرهێندراوە. لابردنی ناوی ئەو هاوکاتە لەگەڵ هاتنی سەرۆکی نوێی ئەنتەرپۆل لە ٢٥/١١/٢٠٢١دا کە لەهەمان وڵاتدا دەژی کە خەزرەجی تێدا دەژی.
سەبارەت بەوەی ئایا کەیسەکەی لە دانیمارکدا کراوەیە یا نا، ئایا حکومەتی دانیمارک هیچ ئومێدێکی بە ڕادەستکردنەوەی خەزرەجی ماوە، ئایا چی سەبارەت بە لابردنی ناو خەزرەجی لە لیستی ئەنتەرپۆلدا دەزانن و چ کاریگەریەکی بۆسەر کەیسەکە هەیە، پارێزەری دەوڵەت بۆ کەیسە تایبەتە نێونەتەوەیەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە.
سەرۆکی نوێی ئەنتەرپۆل کەسێکی ئیماراتییە بەناوی ئەحمەد ناسر ڕایسی Ahmed Naser Al-Raisi کە بەرلەوە لە ساڵی ٢٠١٥ ـەوە وەزیری ناوخۆی ئیمارات بووە، کەسێکە لەلایەن ڕیكخراوی مافەکانی مرۆڤەوە لەسەر ئازاردان و پێشێلکاریی ڕەخنەی لەسەرە. ١٩ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لەوانە ڕیكخراوی مافەکانی مرۆڤی جیهانی دژی ئەوە وەستان کە بکرێتە سەرۆکی ئەنتەرپۆل. سێ ئەندام پەرلەمانی ئەڵمانی و ٣٥ ئەندام پەرلەمانی فەرەنسی دژی بوون و هەوڵیاندا هەڵنەبژێردرێت. لابردنی ناوی ئەو گەورە ئەنفالچییە لەلایەن کێوە پێشنیار کراوە و کێ بە ئەحمەد ناسری گوتووە ناوەکەی لابدات، هیچ زانیاریەک ئاشکرا نەکراوە و نازانین. ئایا ئەمەریکا بووە؟ یا ئایا لەلایەن سەرانی دەسەڵاتی کوردی یا ئێراقیەوە ئەو داوایە کراوە؟ وەکو ئەوان پێشتر بەرگریان لێکرد و پاکانەیان بۆیکرد، وە پەیوەندی باشیان لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات و گەورە بازرگانەکانی ئەوێ هەیە. یا دەکرێ لەلایەن خودی سەرۆکی ئیماراتەوە بێت، کە خۆی کۆمەڵێ لەکۆنە ئەفسەرە بەعسیەکانی وەکو محەمەد سەعید سەعاف و ناجی صبری هاوشێوەی ئەوانی پەناداوە و دەیانپارێزێت. چەند لایەنێک بەرژەوەندیان لەوەدایە و ئەگەرەکان کراوەن. دواڕۆژ وڵامی ئەوەشمان بەئەگەری زۆر دەداتەوە.

دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان یا حکومەتی ئێراق چیان بۆ ڕادەستکردنی نەزار خەزرەجی کردووە؟
بەپێی بڕیاری ژمارە ف٢/١٤٤٥ ڕێککەوتی ١٨/١٢/٢٠٠٥ نەزار خەزرەجی لەگەڵ ٢٣ ئەفسەر وبەرپرسی دیکەی پلەباڵا لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقەوە داواکراوە و بڕیاری گرتنی دەرچووە. لەم بڕیارەدا ناوەی نەزار خەزرەجی یەکەم ناوە لە لیستەکەدا. بەمجۆرە ئەو داواکراو بوو. دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراق لیستێکی تایبەت کە ناوی ٤٢٣ کەسی تێدایە لە ڕێککەوتی ٢٠/٥/٢٠٠٧ دا بڵاودەکاتەوە لەم لیستەدا ناوی ئەو لادراوە. هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەمبارەیەوە نەدراوە. لە لیستەکەدا هەندێ ناو لادراون، هەروەها ناوی بەشێ لە بەشدارانی گەلکوژی لەلیستەکەدا نەنووسراون. شایانی بیرخستنەوەیە ئەو گەورە بەرپرسانەی ڕژێمی بەعس کە گیران و درانە دادگا ژمارەیان زۆر کەم بوو، وەکو لە سەر تاوانی ئەنفال ٧ کەس درانە دادگا، لەسەر تاوانی هەڵەبجە ٥ کەس کە چواریان ئەوانە بوون کەلەسەر ئەنفال دادگاییکران، لەسەر تاوانی کۆمەڵکوژی کوردانی فەیلی ١٦ کەس درانە دادگا کە دووانیان ئەوانەبوون کەلەسەر ئەنفال و هەڵەبجە درانە دادگا، لەسەر کۆمەڵکوژی بارزانیەکان ٦ کەس بوون دووانیان ئەوانە بوون کە لەسەر تاوانی کوردانی فەیلی درانەدادگا. واتە هەموو ئەوانەی درانە دادگا ٢٦ کەس بوون. بەمجۆرە بەسەدان کەس لە تۆمەتباران هەرگیز نەگیران و نەدرانە دادگا. دیارە بەشداربووانی تاوانەکانی هەڵەبجە و ئەنفال لە ئێراق و کوردستان وە لە وڵاتانی دەرەوەدا هەن. کۆمەڵێک کۆنە فەرماندە و ئەفسەری سەربازی لە ئیماراتن و لەوێ پەنادراون و دەژین. بەپێی زانیاریەکان نەزار خەزرەجی لە ئیمارت لە شاری ئەلعین دەژیت. هیچ هەوڵێکی بەکردەوەی کۆنکرێتی لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ڕادەستکردنی خەزرەجی تاساڵی ٢٠٢١ نەدراوە. دوای دیدارەکەی لە ٣/٥/٢٠٢٢ دا وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان لەڕێککەوتی ١٠/٥/٢٠٢٢ دا لە بەیانێکدا “داوای” گرتنی دەکات، بەڵام بەکردەوە و کۆنکریتی هیچ نەبیندراوە. بەپێچەوانەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیماراتی عەرەبی بەهێزتر کردووە، نەشبیستراوە لە دوا دیداریان لەگەڵ کۆنسوڵی ئیماراتدا ئەم بابەتە باسکرابێت. بەهەمان شێوە نەبیستراوە حکومەتی ئێراق داوای ڕادەستکردنی ئەوی کردبێت.
جێگەی بیرخستنەوەیە کەوا زۆر لە بەشدارانی شاڵاوەکانی ئەنفال یا کۆمەڵکوژیەکانی دیکە وەکو سەرۆکجاشەکان و فەرماندە و ئەفسەرانی کۆنی بەعس لە کوردستاندا هەن، ئەوانە پەنادراون و دەسەڵات دژی دادگاییکردنیانە. بۆنمونە کە عیزەت دووری جێگری سەدام حوسێنی دیکتاتۆر لە ئێراق مرد. گوترا لە هەولێر بوو! واتە ١٨ ساڵ دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس هەر لە ئێراق بوو و لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پەنادرابوو. جگەلەوانەی پەنادراون و پارێزراون، ئەفسەری فرۆکەوان تاریق ڕەمەزان کە لە سلێمانی گیرا و تۆمەتباربوو بە بەشداریی لە کیمیابارانی هەڵەبجە، لەلایەن ئاسایشی سلێمانی بوو، بەفەرمانی جەلال تاڵەبانی لە ٢٨/١٠/٢٠٠٧ دا ئازاد کرا، هەروەها وەفیق عجیل سامەرائی لە ساڵی ٢٠٠٧ دا لە سلێمانی گیرا، بەڵام بێتاوانی ڕاگەیەندرا و جەلال تاڵەبانی ئازادیکرد. هەرچەندە بڕیارەکە لەلایەن پارێزەر د. عەبدولڕەحمان حاجی شەعبان زێباری (ئەندام لە لیژنەی بەرگری لە قوربانیانی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقدا) لیژنەی بەرگری لە قوربانیان لە نوسینگەی دادگا لە هەولێر تەمیزکرا، پەیوەندی بە دادگای بەغداوە دەکرێ و لە دادگای بەغداوە بڕیاری گرتنی وەفیق سامەڕائی دەردەچێت. لە نێو ئێراقیشدا لە شارە عەرەبیەکاندا بەشداربووانی تاوانی گەلکوژی ئەنفال و هەڵەبجە یا تاوانکاریەکانی دیکە هەن، بەڵام دەسەڵات بەلایانەوە نەچووە.
لەڕاستیدا ئەگەرێکی دوورە چاوەڕوان بکرێت کەوا دەسەڵاتدارانی ئێستای هەرێمی کوردستان بچن داوا لە شێخ و حکومەتی ئیمارات بکەن ئەم تاوانبارەیان ڕادەست بکات. سەرانی هەردوو پارتی سەرەکی باشوری کوردستان ی.ن.ک و پ.د.ک پەیوەندی باشیان لەگەڵ خەزرەجیدا هەبووە، لەڕێگەی زاخۆوە بۆ دەرەوە بەڕێکرا، دواتر هەردوولا بانگهێشتیان کردووە و خزمەتیان کردووە، وەکو ئاماژەمان بۆکرد کە لە دانیمارک بوو هەردوولا بەرگریان لێکرد.
بەپێی گوتنی پارێزەر د. عەبدولڕەحمان زێباری بە پێی ماددەی ١٣٤ لە دەستوری ئێراقدا کە لەساڵی ٢٠٠٥ دا پەسندکراوە، دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراق تا کۆتاییهێنان بەکارەکانی بەردەوام دەبێت. هیچ بڕیارێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی دادگا لەلایەن پەرلەمان یا حکومەتی ئێراق دەرنەچووە. بەڵام لەڕێککەوتی ٢٨/٦/٢٠١١دا سەرۆکی دادگا لە ڕاگەیاندراوێکدا کۆتایی کارەکانی “دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراق” لە بەغدا ڕادەگەیەنێت. بەپێی گوتنی پارێزەر ئەیاد کاکەیی دادگاکە خراوەتەسەر دادگای تاوانی ناوەندی، وە دادگای لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی ماوە، بۆیە دادگا سکاڵا لەمبارەیەوە وەردەگرێت، دوای لێکۆڵینەوە لە سکاڵا ڕەوانەی دادگای ناوەندی دەکات. بەکردەوە دوای ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە کاری دادگا لە ساڵی ٢٠١١ دا دادگایی تاوانبارانی تاوانکاریەکانی تاوانی جەنگ یا دژ بە مرۆڤایەتی یا گەلکوژی ئەنفال نەکراوە و پرۆسەکە تاڕادەیەکی زۆر وەستاوە.

باری ئێستا و ئەگەری گرتنی خەزرەجی
تاکو ساڵی ٢٠١٠ پارێزەری دەوڵەت بیرگیتە ڤێستبێرگ ئاماژەی بەوا دابوو کەوا ئەوان دەخوازن بگیرێت و بیهێننەوە دانیمارک. کەیسەکەی کراوەبوو تا ئەو ساتەی ئەوان پێیانوابێ دەکرێ بگیرێت و بیدەنە دادگا. سەبارەت بە دانیمارک و ئەگەری تۆمەتبارکردنی بە تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی یا گەلکوژی، ئەو تا لە دانیمارک بوو کەیسی بۆ کرابۆوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوو، کەیسەکەی هەر لای پۆلیس بوو، بەمجۆرە کەیسی تۆمەتباریی لەسەر دروست نەکرابوو و بۆ دادگا نەنێردرابوو، بۆیە تۆمەتی لەسەر تاونەکان لەدژدا بەرزنەکرابووە، وە ئەگەر ئەو لە دانیمارک نەبێت ناتواندرێ تۆمەتی لەدژدا بەرزکرێتەوە و لەسەر ئەم بنچینەیە بدرێتە دادگا، وەکو بێرتە فێستبێرگ لە ساڵی ٢٠١٠ دا ئاماژەی بۆکردبوو.
ئەو لەلایەن داگای باڵاشەوە سەرەتا داواکرابوو، بەڵام دادگاکە نەما و کەیسەکانی لێکۆڵینەوە هێندراونەتەوە سەر دادگای ناوەندی لە بەغدا، لەمبارەیەوە دادگا تەواو سستە. بەپێی زانیاریەکانی بەردەست نە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و نە دەسەڵاتی بەغدا هیچ جووڵەیەکیان لەمبارەیەوە نییە. ئایا چ وڵاتێک مافی یەکەمی هەیە لە کەیسەکەدا، ئەوا بێگومان حکومەتی ئێراق لەپێشترە لە دانیمارک وەکو نەزار خەزرەجی هاوڵاتی ئێراقە و دەتوانێ داوای ڕادەستکردنی بکات ئەگەر بیهەوێ، دیارە ئەگەر ئیمارات ڕەتی ڕادەستکردنەوەی بکاتەوە، ئەوا ئێراقیش هیچی ئەوتۆی بۆ ناکرێت.
دوای ئەوەی ناوی نەزار خەزرەجی لە لیستی ئینتەرپۆل دەرهێندراوە شانسی گرتن و گەڕاندنەوەی بۆ دانیمارک زۆر لاوازترە لە پێشوو ئەوە ئەگەر تروسکاییەک هەبووبێت. جگەلەوەی لەبیرمان نەچێت خەزرەجی مافی جێنشینی لە دانیمارکدا پێنەدرابوو و داوای پەنابەری ئەو ڕەتکرابۆوە.

بەکورتی
نەزار خەزرەجی بەشداری لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا کردووە و تاوانبارە، دادگا دەتوانێ سزاکەی بەپێی گەورەیی و ئاستی تاوانەکانی دیار بکات. لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقەوە سەرەتا ناوی لە ڕیزی داواکراواندا هەبوو، بەڵام لەلیستی دواتردا ناوی لادراوە. خەزرەجی پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقی و لایەنە کوردیەکان هەبوو بەرلەوەی لە ئێراق دەرچێت. بەهەمان شێوە پەیوەندی لەگەڵ سی ئای ئەی CIA ئەمەریکادا هەبوو.
لە ساڵی ١٩٩٩ دێتە دانیمارک و داوای مافی پەنابەری دەکات، داواکەی ڕەتدەکرێتەوە و بڕیاری “مانەوە تا دەرکردنی” دەدرێت. نزیکەی دوو ساڵ لە وڵاتی دانیمارک بوو بێ ئەوەی هیچی لەسەر بگوترێت و بنووسرێت. لە ٣٠/٩/٢٠٠١ دا میدیای دانیمارکی بە بوونی ئەو وەکو بەرپرسێکی گەورەی سوپای بەعس دەزانن و هەواڵەکە دەتەقێتەوە، شەپۆڵێکی سیاسی ئاراستەی حکومەت و وەزیری داد دەستپێدەکات، لە ٣/١٠/٢٠٠١ دا داواکاری گشتی ئاگاداری وەزارەتی داد دەکاتەوە کە دەکرێ لە دانیمارکدا کەیسی لە دژدا بکرێتەوە و بڕیاری کردنەوەی کەیس لەسەر خەرزرەجی دەردەکات و دەخرێتە ژێر چاودێری. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی داد لە ڕێککەوتی ٢٧/٨/٢٠٠١ دا دۆسیەی خەزرەجی لەلایەن فەرمانگەی بەڕێوەبەریی پەنابەرانەوە بۆ داواکاری گشتی ناردرابوو، لەبەر ئەوەی بەڕێوەبەریی پەنابەریی هۆکاری گونجاویان هەبووە لەوەی کە وای ببینن کەوا خەزرەجی بەرپرسیاریی لە تاوانکاریەکانی تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا هەبووە. جێگەی پرسیارە لەبەرچی دوای نزیکەی دوو ساڵ ئەوجا کەیسەکە بۆ داواکاری گشتی دەنێرن! دەکرێ ئەم بابەتە لەلایەن دەزگای پۆلیسی نهێنی دانیمارکیەوە PET (دەکرێ بە ئاگاداری سی ئای ئەی CIA) پەردەپۆش کرابێت. هیچ زانیاریەکمان لەمبارەیەوە لەبەردەستدا نییە.
دادگای شاری سۆرۆ Sorø ئەو شارەی ئەو لێی دەژیا بڕیاری چاودێری خەزرەجی دەدات و قەدەغەی ڕۆیشتنی بۆ دەرەوەی دانیمارک دەکات. بەڵام چاودێری خەزرەجی لە دانیمارک وەکو پاراستن و پارێزگاری ئەو بوو، وە خەزرەجی ئازاد بووە لە چوونە دەر و گەڕاندا تەنها لەرۆژانی دووشەمە، چوارشەمە و هەینیدا لەنێوان دەمژمێر ٩ و ١٢ دا پێویست بوو لەماڵ بێت و پۆلیسێک دەهاتە لای.
ڕەوەندی کوردی لە دانیمارک لە ٤/١٠/٢٠٠١دا خۆپیشاندان لە بەردەم پەرلەماندا دەکەن و داوای دادگاییکردنی تاوانبار نەزار خەزرەجی دەکەن. لە ٢٨/١٠/٢٠٠١ دا “کۆمیتەی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانبار نەزار خەزرەجی – دانیمارک” پێدەهێنن. کۆمیتەکە هەرچی دەکومێنتی لەسەر بەشداری نەزار خەزرەجی لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا دەستدەکەوێت بۆ پۆلیس و وەزارەتی داد و رۆژنامەکان دەنێرێت. نامە بۆ ئەندامانی پەرلەمان دەنێرێت. دیتەر و سکاڵاکار کۆدەکاتەوە و بە دەزگای لێکۆڵینەوەی پۆلیس و پارێزەری دەوڵەتیان دەگەیەنێت. زۆر کۆمەڵەی کوردی و کەسایەتی کوردی و ئێراقی هاوکاری کۆمیتەکە دەکەن.
لایەنە کوردیەکان وەکو ی.ن.ک، پ.دک و بزوتنەوەی ئیسلامی نامەی بەرگری لە تاوانبار نەزار خەزرەجی بۆ وەزارەتی داد دەنێرن. پێ لەسەر بێتاوانی ئەودا دادەگرن. جەلال تاڵەبانی نامەی تایبەت دەنێرێت. گوتن لەنامەی تایبەتی مەسعود بارزانی دەکرێت. کەسایەتی و لایەنی عەرەبیش نامەی بەرگری دەنێرن. ئەوانە کە لەبەرژەوەندی سیاسیاندا نەبوو خەزرەجی بگیرێت و بدرێتە دادگا، خەزرەجی وەکو بێتاوان دەبینن و هەڵمەتی بەدادگاییگەیاندەکە بە پیلان و دەستی ڕژێمی بەعس دەبینن.
خەزرەجی بە چەند ڕۆژێک بەر لە ڕاگەیاندنی هەواڵی ڕۆیشتی لە دانیمارک لە ١٧/٣/٢٠٠٣ دا بەپێی ڕۆژنامەی BT بەهاوکاری سی ئای ئەی CIA وڵاتی دانیمارکی جێهێشتووە. ئەو تا لە دانیمارک بوو کەیسەکەی لەژێر لیکۆڵینەوەی پۆلیس و داواکاری گشتی دابوو و ڕەوانی دادگا نەکرابوو. بۆیە تۆمەتی تاوانباریی لە دژدا بەرزنەکرابۆوە. ئێستا کە ئەو لەدانیمارک نییە بەپێی یاسا ناتواندرێ تۆمەتی لە دژدا بەرزبکرێتەوە.
بەپێی زانیاریەکان خەزرەجی لە وڵاتی ئیمارت لە شاری ئەلعەین دەژیت، بەڵام ئیمارات بەهیچ شێوەیەک ئامادە نەبووە هاوکاری دانیمارک لە ڕادەستکردنیدا بکات. تاکو ساڵی ٢٠١٠ دانیمارک ئومێدی بە گرتن و ڕادەستکردنی هەبوو و کەیسەکەی کراوەبوو. بەڵام ئەوە هەرگیز ڕووی نەدا.
کۆمەڵێ تاوانبار لە تاوانی کوشتار و کۆمەڵکوژیەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس لە وڵاتی ئیمارتدا دەژین. سەبارەت بە خەزرەجی، حکومەتی هەرێم کە خۆی بە نوێنەری قوربانیانی تاوانی گەلکوژی ئەنفال دەزانێت، هیچ هەوڵیکی بۆ گرتن و ڕادەستکردنی خەزرەجی نەداوە. ئەوان پێشتر بەرگریان لێکردووە. دیارە لە چاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییەی لە ٣/٥/٢٠٢٢ دا کە خەزرەجی ناوی هێزەکانی پێشمەرگە وەکو “متمرد و مخرب” و دەهێنێت و نکۆڵی لە بوونی کۆمەڵکوژی خەڵکی سڤیل لە هێرشەکانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨ دا دەکات، دوای گوشاری سۆسیال میدیا و ڕەخنە لە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەیانێک لە دژی لێدوانەکانی نەزار خەزرجی دەردەکات، بە ئاماژە بە بڕیاری دادگا لە ساڵی ٢٠٠٥ دا داوای گرتن و ڕادەستکردنی دەکات. وەزارەتی شەهیدان نەزار خەزرەجی وەکو “تاوانباری سەرەکی” ناوزەد دەکات. دیارە لە هەرێمی فیدرالی کوردستاندا تۆمەتبار زۆرن بەڵام لەلایەن وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە بەیان لە دژیاندا دەرناکرێت و داوای گرتنیان ناکرێت. لەلایەکیتر لەلایەن دەسەڵاتی بەڕێوەبردن یا سەرکردایەتی هەردوو حزبی سەرەکی کوردستانەوە هیچ کاردانەوەیەک دژ بە خەزرەجی نەبیندراوە.
خەزرەجی مافی جێنیشینی لە دانیمارکدا نەبوو. ئەگەر ڕەگەزنامەی دانیمارکی هەبووایە لەسەر دانیمارک بوو بیهێنێتەوە و بیداتە دادگا، وەکو بۆنموونە سەبارەت بە ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆرسیتی ئیسلامی داعش کرا. بەڵام ئەو بارە لە ئارادا نییە. جگەلەوەی کە وەکو پەنابەر هاتە دانیمارک و خرایە ژێر چاودێریی چونکە گومانی تاوانباریی لە تاوانی گەلکوژیدا لێدەکرا، هیچ پەیوەندیەکی دیکەی بە دانیمارکەوە نییە. خەزرەجی هاوڵاتی ئێراقە و دەوڵەتی ئێراق دەتوانێ ئەوە بکات ئەگەر بیهەوێت. بەڵام ئەگەر ئیمارات دژی ڕادەستکردن بووەستێت ئێراق هیچی بۆ ناکرێت.
دوای ئەوەی کەسێکی ئیماراتی دەبێتە سەرۆکی ئەنتەرپۆل لە ٢٥/١١/٢٠٢١دا ناوی خەزرەجی لە لیستی داواکراوانی ئەنتەرپۆل دەردەهێندرێت، بۆیە چیتر پۆلیس بەدوایدا ناگەڕێن. بەواتایەکیتر ئێستا ئەو دەتوانێ بەئازادی بسوڕێتەوە. بۆیە ئێستا ئەگەری گرتن و ڕادەستکردنی خەزرەجی زۆر لاوازە.
پێویستە بگوترێت کەوا ڕاستە تاوانبار خەزرەجی تائێستا نەگیرا و نەدرایە دادگا، بەڵام هەوڵ و کۆششی کوردانی دانیمارک و هەندەران بوو وایکرد، وەکو بکەر و تاوانبارێکی سەرەکی تاوانی گەلکوژی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهانیدا بناسرێت. هەروەها ئەو هەڵمەتەی دژی خەزرەجی کاریگەری هەبوو لەسەر ئەوەی ئەمەریکاییەکان پەڕاوێزی بکەن و گرنگی زیاتری پێنەدەن. لەبیرمان نەچێت نەزار خەزرەجی خەونی جێگرتنەوەی سەدامی هەبوو و لەلایەن هەندێ لە میدیاکان و لایەنی ئۆپۆزیسیۆنەوە ئەوها سەیری دەکرا، بەڵام هەوڵ و کۆششی کوردانی هەندەران و کوردستان وە کەسوکاری قوربانیان ئەو خەونەی ئەویان لەباربرد.

تەواو

سوپاس بۆ بەڕێزان:
کاک نەوزاد مارف کە ئەرشیفەکەی خۆی بۆ ناردم.
کاک عەلی مەحمود کە لە هەندێ زانیاری ئاگاداری کردمەوە و هەندێ بەڵگەنامەی بۆ ناردم.
کاک گۆران هەڵەبجەیی کە لەهەندێ زانیاری ئاگاداری کردمەوە.

سەرچاوە و پەڕاوێز
شهادة رئيس أركان الجيش العراقي السابق نزار الخزرجي في حلقة جديدة من #وفيروايةأخرى،التلفزيون العربي‎:
https://www.facebook.com/AlarabyTelevision/videos/366640198845882
نامەی تایبەتی جەلال تاڵەبانی کە بۆ بەرگری لە نەزار خەزرەجی ناردووە بەسوپاسەوە لەلاپەڕەی فەیسبوکی کاک دەرسیم دیبەگەیی وەرگیراوە.
Den irakiske hærchef arbejdede for CIA 2. FEB 2007 OPDATERET 3. FEB 2007, https://www.dr.dk/nyheder/indland/den-irakiske-haerchef-arbejdede-cia
Efterforskning af irakisk hærchef er slut, Torsdag d. 18. december 2003, kl. 14.00 Opdateret torsdag d. 18. december 2003, kl. 22.47, Kilder: https://www.berlingske.dk/samfund/efterforskning-af-irakisk-haerchef-er-slut
Hærchefen fra Sorø (opdateret januar 2022!), https://topsoemedier.dk/erfaring/nicher/#haerchef
Historien om en bebudet flugt af Charlotte Aagaard og Jacob Topsøe, 15. februar 2007, https://www.information.dk/2007/07/historien-bebudet-flugt
Her gemmer hærchefen fra Sorø sig af Søren Mortensen, BT, 7. dec. 2010 – 0:38 | Opdateret 19. sep. 2012 – 21:28
Ahmed Naser Al-Raisi: https://en.wikipedia.org/wiki/Ahmed_Naser_Al-Raisi

هەندێ لە سەرچاوەکان ڕاستەوخۆ لە وتارەکەدا ئاماژەیان بۆ کراوە.
ناوی هەموو سەرچاوەکان لێرەدا نەنووسراون.

شاخەوان قادر شۆڕش




بیرەوەریی و ئەگەرەکانی تەواوەتی لە گێڕانەوەدا.. شاخەوان شۆڕش

نووسینەوەی بیرەوەریی لە سێ دەیەی ڕابردوودا شوێنێکی تایبەتی لە کتێبخانەی کوردیدا لە کوردستاندا بۆخۆی گڕداوە، وە بیرەوەریی پێشمەرگە دێرینەکان و کەسایەتییە سیاسیەکان بەتایبەتی توانیوویانە سەرنجی خەڵک ڕابکێشن، وەکو ڕابردووی گەلی کورد تەژییە لە تراژیدیا و بەسەرهاتی جەرگبڕ، کە بەجۆری جیاواز و بەنیوەچڵی بیستراون یا بەشارەاوەیی ماونەتەوە و خەڵک تامەزرۆی زانینیانن. لەبەر گرنگی ئەم لقەی ئەدەبی سیاسی بەپێویستم زانی هەروەستیەک لەسەر ئەم چەمکەی “بیرەوەریی” و ئەگەرەکانی تەواوەتی لە گێڕانەوەدا بکەم.
بیرکەوتنەوە پێویستی بە ژیاندنەوە هەیە تاکو ببێت بە بیرەوەریی، دەکرێ کەسێک ڕابردووی لەبیر بێت و بەوردی لەبیری بێت ڕووداوێک چۆن بووە، فڵان چی گوتووە و چی کراوە، ئەگەر ڕووداوەکە زیندوونەکرێتەوە ئەوجا چ لەڕێگەی نووسینەوە یا گێڕانەوەی زارەکیەوە بێت، ئەوا ئەم بیرکەوتنەوەیە زیندووناکرێتەوە و نابێتە بیرەوەریی. لەمبارەدا بیرەوەریی لەخودی کەسدا بەزگماکی سەردەنێتەوە و هەرگیز نادرکێندرێت. وەکو کۆمەڵناسی ناودار سۆوەن کیەکەگۆ Søren Kierkegaard پێیوایە دەکرێ ڕووداوێک زۆر بەوردی لەبیرمان بێت بێئەوەی بیگێڕینەوە. بۆیە ئەو “بیرکەوتنەوە” و “بیرەوەیی” بەڕوونی لەیەکتر جیادەکاتەوە.

بیرەوەریی خود Biography یا مێژووی ژیان؟ لە بەرایی مێژووی سەرهەڵدانی بیروهزری ئایینییدا گێرانەوە بیستراون و پشتاوپشتیان پێکراوە، هەندێ نووسراویش هەن کە گوزارشت لە ژیانی پێغەمبەرەکان دەکەن، بۆنمونە وەکو گوزارشتی ژیانی عیسا لە ئینجیلدا. بیرەوەریی خود دواتر هاتووە و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی پاش زایین کە ئەویش وەکو دەگوترێت کتێبی دانپێنانەکەی ئۆگستینە. دیارە جیاوازی هەیە لەنێوان بیرەوەریی و مێژووی ژیاندا، چون بیرەوەریی پەیوەندییە لەنێوان یاداشتکەر و بابەتدا، هەرچی مێژووی ژیانە پەیوەندییە لەنێوان یاداشتکەر و نووسەردا. نووسینی مێژووی ژیانی کەسێک لەزۆربەی بارەکاندا لەلایەن نووسەرێکەوە یاداشت دەکرێت. مێژووی ژیانی کەسێک لە دیدێکی کۆکەرەوەی هاوبەشی تەواودا دەنووسرێتەوە. بەڵام دەکرێ بیرەوەری خود تەنها جەخت لەسەر چەند قۆناغێکی ژیانی کەس بکاتەوە و لێی بدوێت. هەردوو جۆر بێگومان گرنگیان هەیە، بەڵام بیرەوەری خود کە ڕاستەوخۆ لەلایەن کەسەکە خۆی دەنووسرێتەوە زانیاری و بەسەرهاتەکان ڕاستەوخۆ دەگەیەنێت. باش یا خراپ کەسەکە خۆی لێی بەرپرسیارە. ئەگەر نووسەرێک مێژووی ژیانی کەسێک بنووسێتەوە، ئەگەری بارگاویبوونی مێژووی ژیانی کەسەکە بەبیروهزری نووسەرەوە هەیە. دیارە دەکرێ هەوڵی شێواندنی بەسەرهاتەکان لەهەردوو جۆردا بەئاگایانە یا بێئاگایانە هەبن. وەکو کتێبە ئایینی و مێژوویەکان مشتوومڕ و دیباتی زۆریان لەمبارەیەوە دروستکردووە.

بیرەوەریی خود دەکرێ بە جۆری جیاواز بخرێتەڕوو یا سوودی لێوەربگیرێت، بەجۆرێک لەنێوان نووسین لەشێوازی ڕۆمانەوە تاکو ئامۆژگاری، ڕێپیشاندانی ڕێچکەی ژیان یا بەدەکومێنتکردنی ڕووداودا جووڵە بکات. لە نووسینەوەی بیرەوەرییدا نووسەر خۆی بڕیاردەرە لەوەی دەقەکە گرنگیی بەچ لایەنێکی ژیان یا بە چ بوارێک دەدات. لایەنە ئەدەبی و کەلتوریەکان، کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکان، ئایینیەکان یا مێژوویی و سیاسیەکان، هەر بوارێک لەم بوارانە دەکرێ گرنگی تایبەتیان پێبدرێت. هەروەها نووسەر خۆی بڕیاردەرە لەوەی چ ڕۆڵێک بەخۆی دەدات، ئایا نیازی ئەوەیە ڕۆڵی خۆی لە ڕووداوەکاندا بخاتەڕوو، یا ئەزموونی ژیانی خۆی لە بۆتەی گێڕانەوەیەکی ئامۆژگاریئامێزدا بخاتەڕوو، یا ڕاستییەکان لە سەردەمێکی دیاریکراودا بخاتەڕوو، یا گوزارشتێکی ئەدەبیانەی بەسەرهاتەکانە بێئەوەی هێندە جەخت لەسەر خاڵە ورووژێنەرەکان و دیباتئامێزەکان بکاتەوە، وەکو نووسینی بیرەوەریی بەگوزارشتی پەخشاناویی و زمانی پاراوەوە بێگومان سەرنجڕاکێشە و خوێندنەوەی بۆ گەلێ لە خوێنەران بەچێژە. دەکرێ لای نووسەر گرنگبێت لە خود و تێپەرینی کەسایەتی خود وەکو پرۆسەیەک بەقۆناغە جیاجیاکاندا لەدیدێکی دەرونی تایبەتەوە قووڵبێتەوە و بدوێت، لەلایەنی ئەزموون و تاقیکردنەوە ئینتیم (تایبەت و کەسیی) intimate و کەسییەکانەوە قووڵبێتەوە، کە تیایدا دانپێنان و پەشیمانی، خۆشەویستی و کردارە تایبەتە ئینتیمەکان، کێشە دەروونیەکان دەکرێ گرنگیان پێبدرێت، وەکو بۆنمونە قووڵبوونەوەی فەیلەسوف و کۆمەڵناس ڕۆسۆ Rousseau کە بەجۆرێکی بێهاوتا لەسەردەمی خۆی لە بابەت و کێشە دەروونی و کەسییەکان لەبەرڕۆشنایی ئازادیی سروشتی مرۆڤ لەسایەی مەرج و سنورەکانی ئایین و کۆمەڵگەدا قووڵدەبێتەوە، بەجۆرێک کەوا تا ئەمڕۆ جێگەی سەرنجی شارەزایانە.

ئەگەر نووسینەوەی بیرەوەریی جەخت لەسەر ژیانی تایبەتی کەس و بابەتە ئینتیم و دەروونی و کەسییەکان بکاتەوە، لەمبارەدا بیرەوەریی گێرانەیەکی کەسیی تایبەتە لە جیهانی تایبەتی خوددا، گرنگی بە ئەزموونی خود لەژیاندا دەدات کە تەنها ئەو کەسە خۆی لێیان ئاگادارە و بۆ خوێنەریان یاداشت دەکات. نووسەر خۆی سەرپشکە لەوەی تاچەند لە نهێنی ژیانی تایبەتی خۆی قووڵدەبێتەوە و یاداشتیان دەکات. بەڵام ئەگەر مەبەست لە نووسینی بیرەوەریی خستنەڕووی ڕاستیەکان سەبارەت بە ڕووداوەکانی نێو کۆمەڵگە بێت، ئەوا مەرج و داواکارییەکان زیاترن. لەمبارەدا دەکرێ نووسەر هەوڵی جۆرێک لە بەدەکومێنتکردنی ڕووداوەکان بدات، ئەوەش مەرجەکانی بێلایەنی لە گوزارشتدا لەدیدی جیاوازەوە دەخوازێ کە کاریکی ئاسان نییە. بۆنمونە خوێندنەوەی بیرەوەریەک یا چەند بیرەوەریەک یەکسان نییە بە زانینی ڕاستیەکانی ڕابردوو وەکو خۆی. تێگەیشتن لە ڕاستییەکان کارێکی سەختە، چونکە لەناکۆکیەکاندا مرۆڤەکان دەکرێ تێگەیشتنی جیاوازیان لەسەر ڕووداوێک کە خۆیان ڕاستەوخۆ بەشداریان تێدا کردووە، هەبێت.

بوونی بیرەوەریی یا مێژووی ژیان بێگومان گرنگە چونکە بەردەوامی ژیان پێویستی بەگەڕانەوە بۆ دواوە هەیە، گرێکوێرە کۆمەڵایەتیەکان لە گەلێ باردا دەگەڕێنەوە دواوە بۆ دەستکەوتنی وەڵامی ئارێشەکان. زانینی ڕاستییەکان هەمیشە بە جۆرێک لە دەستکەوتنی وەڵامی هەندێ پرسیاری بێوەڵام دەبیندرێن، دەکرێ وەکو هەنگاوی بەرەوپێشەوەچوون ببیندرێن و وەکو داینەمۆی بەردەوامیی خۆیان بنوێنن. بەڵام ئەگەر بەچاوی ڕەخنە سەیری بیرەوەری و مێژووی ژیان بکەین دەکرێ بیرەوەری یا مێژووی ژیانی کەسایەتییەکی ناودار شێواندنی ڕاستیەکان بن و لەبارێکدا گەیاندنی گێرانەوەکان نادروست بن. پەیدابوونی گرنگیی و واتاداریی ئارەزوو و بەرژەوەندییەکان گرنگبوونی گێڕانەوەیان وەپێشخستووە، وە لەگەڵ دەرکەوتنی نووسینەوەی بیرەوەریەکانەوە دیاردەی بەکارهێنانی گێڕانەوە بەپێی ئارەزوو و بەرژەوەندیەکان کەم یا زۆر هەبووە. لەکۆندا لەزۆربەی بارەکاندا گێرانەوەکان لەلایەن کەسانی خاوەن دەسەڵات یا دەسەڵاتی سەرکەتوو و براوەوە بووە، بۆیە گێرانەوەکان بەپێی ئارەزووکانی دەسەڵاتدار یا لەبەرژەوەندیی لایەنی باڵادەستدا نووسراونەتەوە یا هەڵبەستراون. بێگومان زاڵیی ئەم جۆرە نووسینەوە و گێرانەوەیە کاریگەریی لەسەر ڕەوتی ژیانی کۆمەڵگەدا هەبووە، بەهەمانشێوە کاریگەریی لەسەر جۆری تێگەیشتنمان بۆ مێژوو و ڕووداوەکان نواندووە. ڕەوتی دژ بە گێڕانەوە زاڵ و باوەکان لەشێوی جۆراوجۆر سەریان هەڵداوە بۆنمونە دامەزارندنی لێکسیکۆنی ئەلتەرناتیڤ لەلایەن گروپێکی چەپەوە لەبەرئەوەیە کەوا ئەوان پێیانوایە دەبێ کۆمەڵگە لەم گێرانەوە ساختە و نادروستە دوورکەوێتەوە کە لەبەرژەوەندی لایەنی براوە، یا دەسەڵاتداران و سەرمایەداری نووسراونەتەوە، بۆیە پێویستە گێڕانەوە دروست و ڕەخنەگرەکان لەشوێنیاندا دابندرێن. پێویستە سەرنجی ئەوە بدەین کە ئەگەر شێواندنی ڕاستیی ڕووداو و بەسەرهاتەکان لە بیرەوەرییدا یەکسەرە بن، لە مێژووی ژیاندا دووسەرەن، وەکو لە بیرەوەریی خوددا نووسەر ڕاستەوخۆ گێڕانەوەکە دەگەیەنێت، ئەگەر هەڵبەستن و شێواندن لە گێڕانەوەکەدا هەبێت ڕاستەوخۆ لەلایەن نووسەرەوە ئەنجام دەدرێت. بەڵام لە مێژووی ژیانی کەسێکدا کە ڕووداو و بەسەرهاتەکان بۆ نووسەرێک دەگێڕێتەوە، ئەگەر کەسەکە بەمەبەست یا بێ مەبەست بەسەرهاتێک بشێوێنێ، ئەوا دەکرێ لەلایەن نووسەریشەوە بەشێوەیەک لەشێوەکان شێواندن و هەڵبەستن ڕووبدات. هەروەها ئەگەر لە نووسینەوەی مێژووی ژیاندا پشت بەسەرچاوەی لایەنگر و سۆزدارانە ببەسترێت، بەهەمانشێوە ئەگەری شێواندن و هەڵبەستن زۆرن.

لەلایەکیتر پێویستە ئاگاداری ئەو ڕاستییە بین کەوا ڕووداوەکان لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا بیرکەوتنەوەیان سەختتر دەبێت، وردەکارییەکان گرنگیان کەمتر دەبێت، وە زیاتر چەقی بابەت بەگرنگیی دەمێننەوە کە تەمەنی ئەویش پەیوەستداردەبێ بە توانای ئەوانەی دەیگێڕنەوە یا دەکرێ بیگێڕنەوە. بیرەوەری لەمبارەدا وەکو بەردێکی گڵسپی وایە کە لەگەڵ بارانی ساڵاندا دادەڕووشێت، وردە وردە توانا و ڕەنگ و ڕوخساری دەگۆرێت. بۆیە گێڕانەوە جگەلە شێواندنی بەمەبەست، سروشتیانە بەرەوڕووی کێشەی بیرچوونەوەش دەبێتەوە.

لەڕووی مێژووییەوە بیرەوەریی کە وەکو لقێکی ئەدەبی سەیری دەکرێت بە دینی کریستیانی دەبەسترێتەوە و دەگوترێت یەکەم بیرەوەری کتێبی دانپێنانە، کە لەلایەن قەشەی کرستیان ئۆگوستین Augustin(یا ئۆغستینۆس کە بەزمانی عەرەبیش هەیە) لەنێوان ساڵانی ٣٩٧-٣٩٨ پاش زایین نووسراوەتەوە. دوای ئەوە گێڕانەوە ئایینییەکان نووسراونەتەوە و نووسینیان لەسەرکراوە. لەهاتنی سەردەمی ڕۆشنگەریدا لەگەڵ گەشەسەندنی بیروهزری سیکولاریدا لەبارێکدا توێژێک لە ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە گرنگی بە هۆشمەندیی مرۆڤ دەدەن و ڕەخنە لە تێگەیشتنە دۆگمی و ئایینییەکان دەگرن، لە قاوغی کۆنەپارێزیی و ناهۆشمەندی چەقگرتوو دەردەچن، کەلەلایەن خۆیەوە کاریگەری لەسەر تێگەیشتنی کەسەکان لە گێڕانەوەی ڕابردوودا دەنوێنێت. بەمشێوەیە بیرەوەریی دەچێتە ئاستێکی دیکە، مرۆڤ لە قاوغە داخراوە دینییەکە دەردەچێت و سەبارەت بە خۆی دەدوێت، ئەوەش لە بیرەوەریی هونەرمەندی پەیکەرتاش بینڤینوتۆ سیلینی Benvenuto Cellini لە نێوان ساڵانی ١٥٥٨ – ١٥٦٦ دا دەبیندرێت. بەمشێوەیە هۆریزۆنتی گێڕانەوە وردە وردە فراوانتر دەبێت. فەیلەسوفی سویسری- فەرەنسی ناسراو جان جاک ڕۆسۆ Rousseau لە کتێبی دانپێناندا کە لەساڵی ١٧٦٤-١٧٧٠ دا نووسراوەتەوە، لەوێدا مرۆڤ وەکو پرۆسە دەبیندرێت، لەهەستی کەسی قووڵ دەبێتەوە، ڕەخنەدەگرێت و سنورەکان دەبەزینێت، بەمشێوەیە لقی ئەدەبیی بیرەوەریی خود دەباتە ئاستێکی بەرفراوانتر. بیرەوەیی گرنگیی لە کۆمەڵگەدا هەبووە لەگەڵ ئەوەی تووشی پاشەکشەش بووە. بیرەوەریی کەسەکان لەگەلێ باردا وەکو سەرچاوەیەکی گرنگی مێژوویی سەیریان کراوە، چونکە وەڵامی هەندێ پرسیاریان لابووە، هەروەها وەکو سەرچاوەیەکی گرنگی ڕابردوو خۆیان نواندووە. هەروەها بیرەوەریی لە سەدەی ١٩دا بەتایبەتی بەرەورووی ڕەخنەی تاوتوێکراو بۆتەوە، بۆنمونە لەلایەن فەیلەسوفی دەرونناس فرۆید Freudو دیدی دەرونناسیی فرۆیدیانەوە کەوتۆتە بەر ڕەخنە. لەدیدی فرۆیدەوە مرۆڤ توانای ناسینی خۆی نییە و گومانی لەمبارەیەوە لەتوانای مرۆڤ هەیە. هەروەها لەدیدی مارکسیانەوە بیرەوەریی خود ڕەخنەی لێگیراوە، کەپێیوایە جۆرێک لە ئاگایی ساختە دەگرێتەخۆی، واتە ئەوەی دەگێڕدرێتەوە بەئاگایانە ساختەی تێدا دەکرێت. بێگومان ئەوە سەبارەت بە گێڕانەوە مێژووییەکان ڕەخنەیەکی دروستە، چونکە شێواندن هەبووە و گێڕانەوەش بەهاهەڵگرە. دیارە گێرانەوە بە گێڕانەوە دەگۆڕێ و کێشەی ئاگایی ساختەش ڕێژەییە. هەروەها ستروکتورالیستەکان Structuralism ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە بیرەوەریی خود وەکو دروستکراو (فیکشن fiction) سەیر دەکەن. وەکو لای ئەوان لەپشتی هەر دەربڕینێک کۆمەڵێک سیستەمی سنوردار هەیە یا دەربڕینی شاراوە هەن، کە لەوێوە و لە ناوەوە لە کرانەوەی گوتنە نادەربڕاوەکاندا دانپێنانی دروست هەن. سەرەڕای ئەم ڕەخنانە و دروستییان سەبارەت بە بیرەوەریی خود و مێژووی ژیان، بەهۆی پێشکەوتن لە میتۆدەکانی بیرەوەریی و گێرانەوەدا، لەوانە باشتربوونی رەتمی زمان و پێشکەشکردنی زارەکی، وە گرنگیی ئەو لقە گرنگە بۆ مرۆڤەکانی کۆمەڵگە، بیرەوەریی خود توانیویەتی گرنگی خۆی لە کۆمەڵگەدا بپارێزێت.

لەدیدی دۆرتە بێرنتسنەوە Dorthe Berntsen کە پرۆفیسۆر و دەرونناسە بیرەوەریی تەنها بیرکەوتنەوە نییە، بەڵکو بیرکەوتنەوە و ژیاندنەوەی بەسەرهاتی کەسییە لە بۆتەی کۆنتێکستێکی مێژووی ژیاندا. ئەو پێیوایە تایبەتمەندیی گرنگی بیرەوەیی ژیاندنەوەیە، کە ڕووداوێک دەگێڕینەوە، رووداوەکە لە هۆشماندا دەژیێنینەوە. بەبەراورد لەگەڵ جۆرەکانی بیرکەوتنەوە، بیرەوەیی تێوەگڵانی هەستە کە گەشت لە کاتدا دەگرێتە خۆی. هەروەها لەڕوانگەیەکی دیکەدا بیرەوەری توانایەکی تایبەتە کەوا دەکات بەرەو دواوە بگەڕێینەوە و لەڕابردوو بڕوانین. ئێمە لە کاتێکدا بەرەو پێش دەڕۆین و ڕووداوەکان لەدوای خۆماندا جێدەهێلێن و دەبنە ڕابردوو، بیرەوەری لەمبارەدا بەپێی توێژەری کەنەدی ئیندەل تەلڤینگ Endel Tulving وەکو بارێکی تایبەتی هۆشداریی مەنتالی مرۆڤ وایە کە بەسەر ڕەوتی بەرەوپێشچووی نەگۆڕی کاتدا زاڵ دەبێت.

گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ دواوە و هەوڵدان بۆ ژیاندنەوەی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی سەردەمانی زوو، دەخوازێ مرۆڤ لە ژینگەی بارگاوی و بەهاهەڵگری ئێستایدا لە باری پێگەیووییدا کۆچێکی پێچەوانەیی خێرا بەرەودواوە بکات و لە ڕووداوەکانی ڕابردوو بەپێی توانای بیرکەوتنەوەی بڕوانێت. ئەو کەسە دەمێکە لە سەردەمی زوودا بەرەو سەرووی تەمەنی ژیان ڕۆیشتووە، ئەو مرۆڤە چیتر نە ئەو کەسایەتیەیە و نە خاوەنی هەمان بیرکردنەوەی ئەو سەردەمەیە یا دەکرێ بڵێین زۆر لە بیرکردنەوەکان و لێکدانەوەکانی سەردەمی پێشووی جێهێشتووە. بەڵام ئایا مرۆڤ توانای هەیە هەموو تێگەیشتن و لێکدانەوەکانی ئێستا وەکو جلێک دابکەنێت و فڕێیاندا، بگەڕێتەوە دواوە و هەمان جلی ئەوسا بکاتەوەبەر و بەهەمان بیرکردنەوەی بێئاگا و سنورداری ئەوسا بدوێ و سەیرکات؟ بیروهزری گەشەسەندوو و پێگەیشتووی مرۆڤ دەتوانێ هەوڵدات لەژینگەی ئێستای دەرچێت، بچێتەنێو چوارچێوەی ژینگەی بەسەرچووی ڕابردوو و هەوڵدات بەدیدی ئەوساوە سەیرکات و بگێڕێتەوە، کێشەکە ئەوەیە ئەو خودەی ئێستا ئەو خودەی ئەوسا نییە، بەڵکو خودێکە بەئەزموونەکاندا تێپەڕیووە و ئامانجەکان دەناسێت. لەلایەکیتر تاچەند دڵنیایی لە جۆری تێگەیشتن و بیرکردنەوەی ئەوسا هەیە؟ دڵنیایی تەواو سەختە بەدڵنیاییەوە هەبێت. وەکو بیرکەوتنەوەی تەواو بەهەمانشێوە سەختە. جگەلەوە بەناچاری دەبێ دەست بەهۆنینەوەی لایەنە ناڕوونەکان بکات کە هەرگیز ناتوانێ دڵنیایی بێخەوش لەبارەیانەوە بداتەدەست. چونکە سەختە بتوانین ڕووداوەکانمان بەتەواوی لەبیر بێت و بەتەواویی لەبیرمان بێت ئەوسا کتومت چۆنمان بیرکردۆتەوە. دۆرتە بێنتسن پێیوایە ژیاندنەوەی ڕووداوێک واتای ئەوە ناگەیەنێ کە ئێمە ڕووداوەکانی ڕابردوومان وەکو خۆی تەواو لەبیرە. لەگەڵ بار و ئاستی چۆنایەتی ژیاندنەوەشدا بیرەوەریی تاڕادەیەکی زۆر بەیەکەوەنان و دروستکردنەوەیە rekonstruktion کە بارگاوییە بە باری ئێستامان و لێکدانەوەکانمان کە ئێمە ئەمڕۆ دەیخەینەسەر ڕابردوو.

وەکو بەپێی ئەزموونەکانی ژیان دەردەکەوێت، هەندێک ڕووداو هەن بەئاگایانە یا بێئاگایانە لەبیرناکرێن، دەکرێ تامکردنی یەکەمجاری خواردنێک بێت، یا کڕینی شتێک بێت، مردنی کەسێک بێت وە هتد. لەنێو ئەو ڕووداوانەی لەیاددەمێننەوە ئەو ڕووداوانەن کە چارەنووسسازن و لەبیرکردنیان سەختە، بەتایبەتی ڕووداوێک کە واتای گرنگی بۆ ژیانی کەس و کۆمەڵگە هەیە، بۆنمونە تاوانی کوشتنی کەس یا کۆمەڵکوژی. لەو جۆرە ڕووداوانەدا لایەنە گرنگەکان واتە چەقی بابەتەکە کە واتای گرنگیان هەیە لەبیرکردنیان بۆ دیتەران یا کەسانی بەشدار یا تێوەگڵاوان سەختە کە بەئەگەری زۆر لەبیروهزری کەسەکاندا بەزیندوویی دەمێننەوە، بەڵام وردەکاریەکان یا ئەو لایەنانەی کە کەمتر گرنگن دەکرێ لەگەڵ ڕۆیشتنی کاتدا لەبیربکرێن.

لەلایەک بیرکەوتنەوەی ڕووداوەکان بە کەس بۆ کەس دەگۆڕێت، لەلایەکیتر تا ڕووداو کۆنتر بێت بیرکەوتنەوەی سەختتر دەبێت. بەڵام لەهەر بارێکدابێت بیرکەوتنەوەی ڕووداوێک وەکو کۆکردنەوەی پەزڵەکان puzzle یا پارچەکانی کۆی ڕووداوێک وایە بەپێی توانای بیرکەوتنەوە و گێڕانەوەی کەس بەندە. هەروەها چوارچێوە و تخوبەکانی ڕووداو، بزێو و ناجێگیرن بەجۆرێك کە نووسەر دیاریان دەکات. کۆکردنەوەی پەزڵەکانی ڕووداوی کۆن سەختن. بێگومان مرۆڤ هەیە بیری تیژە و ڕووداوەکانی ڕابردووی باش لەبیرە، بەڵام هەیە بەپێچەوانەوە توانای بیرکەوتنەوەی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا تووشی زیان بووە و توانای بیرکەوتنەوەی لاواز بووە. لەباشترین باری بیرکەوتنەوەدا هەندێ لەپەزڵەکان تەواو ڕوون نین، کە دەکرێ واتایەکی زۆریان بۆ چەقی خودی ڕووداوەکە نەبێت، بەڵام دەشکرێ گرنگیی دیاریان هەبێت. گرنگە بزانین کە بزریی زانیاریی گرنگ دەتوانن ئەنجامی ڕووداوێک و تێگەیشتن لە ڕووداوەکان بگۆڕن، ئەوەش دەکرێ بەمەبەست و لەڕێگەی شێواندنی گێڕانەوە بێت یا لەبێئاگایی و نەبوونی زانیارییەوە بێت. هۆکارەکە هەرچی بێت گێڕانەوە لەمبارەدا ناتەواوە. لەلایەکیتر هەرچەندە ناڕوونی لە بیرکەوتنەوەدا هەبێت، ئەگەرەکانی لێککشانی سنور و تخوبی ڕووداو هەروەها شێواندن و هەڵبەستن زیاترن. بەیەکەوەنانی چیرۆکی بەسەرهاتەکانی ڕابردوو، وەستایی و شارەزایی گەرەکە، لەهەمان کاتدا توانای گێڕانەوە لە چوارچێوەیەکدا کە لە واقیعی ڕووداوەکە بچێت کە بە مۆڕالی بەرز و هۆشیارییەوە بەندە، گرنگیی یەکلاکەرەوەی لەسەرکەوتوویی بیرەوەرییدا هەیە. ڕەوانبێژیی و پاراوی زمان لەگێڕانەوەدا گرنگە بەڵام واتای دروستیی و دەستپاکیی لە گێڕانەوەی ڕووداودا ناگەیەنن، چونکە دەکرێ لەپەنای ڕەوانبێژییەکەدا کۆمەڵێ پەزڵی دروستکراو و هەڵبەستراو هەبن، دەکرێ لادان و شێواندن هەبن. گێڕانەوەیەکی ئاسایی بێ دەربڕینی پاراو و و چەمکی ڕازاوە بەڵام دروست، لە گێڕانەوەیەکی ڕازاوە و ڕەوانی شێوێندراو زۆر باشتر و گرنگترە. چونکە گێرانەوە دروستەکە دەتوانێ ڕاستیی ڕووداوەکە بە بەمۆڕالێکی بەرزەوە بە خوێنەر و کۆمەڵگە بگەیەنێت، چون گێڕانەوەی دروست ڕووداوەکانی ڕابردوو بەدروستی بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازێتەوە.

لەم ڕوونکردەوەی سەرەوەدا باشتر بۆمان درەدەکەوێ کەوا بیرەوەریی گێرانەوەیەکە سەپگێگتیڤە subjective واتە هەڵگری بەها و تێگەیشتنە کەسییەکانە، چونکە ئەو کەسە خۆی لەناو ڕووداوەکاندایە و ئەو بەسەرهاتەکان بەپێی هەست، دیتن، زانین و تێگەیشتنی خۆی دەگێڕێتەوە. ئەو کەسە بەشێکە لە ڕووداوەکان واتە جیا و بێلایەن نییە لە ڕووداوەکان و دیدێک نییە جیا لە جیهانی ڕووداوەکە. بۆیە ئۆپژێکتیڤی objective بەواتای “ئازادبوون لە بەهاکان” واتە ئازادبوون لەبیروهزری خود ئەستەمە و ناکرێ. واتە هەوڵدان بەگەیشتن بە ئۆپژێکتیڤی بەمجۆرە هەوڵدان بۆ ئازادکردنی خود لەهەست و بەهاکان واتە ئازادکردن لە هەست، هزر و لێکدانەوە بەپێی دید و بۆچوونەکان، کە لانیکەم دەخوازێ خود لەچوارچێوەی بوونی خۆیدا دەربچێت و خۆی خاڵیکات لە هەست، ئارەزوو، هزر و تێگەشتنەکان، وەکو کەسێک لەدەرەوەی ڕووداودا کە وەکو کەرستە یا ئۆپژێکت سەیری یەکەکان، مرۆڤ و بوون و دەوروبەر بکات، ناکرێ و ئەگەرێکی ناڕیالیستانەیە. دیارە هەست، حەز و ئارەزوو، زانین، لێکدانەوە و خوێندنەوەکان، پەروەردە و پێگەیشتنی مرۆڤ بنچینەلەسەر ڕاوبۆچوون و بیر و هزری بەهاهەڵگر لەدیدی جیاجیاوە دەگرن، کە تێگەیشتن و لێکدانەوەکانی خود بۆ ژیان و دەوروبەر پێکدەهێنن. کەمرۆڤ گوێ دەگرێت گوێ لە دیدوبۆچوون لە گێڕانەوەیەکی بەهاهەڵگر دەگرێت، کە سەیر دەکات، سەیری مرۆڤەکان لە دید و گۆشەنیگایەکدا دەکات کە لانیکەم بە بەلایەنێکی تێگەیشتنێکەوە بەندە، کە دەخوێنێتەوە لەزۆربەی بارەکاندا گوزارشت، یا ڕوونکردنەوە یا گێڕانەوەیەک دەخوێنێتەوە کە هەڵگری لانیکەم بەهای تێگەیشتنێکی زاڵ یا کۆی کۆمەڵێک تێگەیشتنە. وەکو لەزۆربەی نووسینەوەی بیرەوەریەکاندا نووسەر لای گرنگە ئەوە گوزارشتکات کەخۆی دیویەتی و تێیگەیشتووە، چونکە لای گرنگە پەیامی ئەزموونی ژیانی لەڕووانگەی خۆیەوە بە خوێنەر بگەیەنێت.

لەدیدێکی دیکەوە ئۆپژێکتیڤی لە گوتن یا دەربڕیندا بەواتای “بێلایەنیی و گوزارشتی بێلایەنانە”، لەمبارەدا گوتن و دەربڕین لەبارێکدا بێلایەنە ئەگەر وابەستەی بار، مۆرک، ئارەزوو و ئامانجی ئەو کەسە نەبێت کە خاوەنی گوتنە. بێلایەنی دەخوازێ کە کەسەکە و گوتنەکەی لەگەڵ ڕاستییدا تەبابێت و سەربەخۆ بێت لە بارە لایەنگیرەکانی خود. دەربڕینی بێلایەن دانپێنانێکە کە تاڕادەیەکی زۆر تەبایە لەگەڵ بارە ڕاستییەکە، بەپێچەوانەوە گوتن و دەربڕینی لایەنگیر لە بارێک دەدوێ کەوا چۆن ئەم کەسە خۆی دەیەوێ بارەکە ببینێت و وە خوێنەریش بۆ ئەم لایە دەبات کە خۆی گەرەکیەتی. بەڵام لەبارێکدا کە گێڕانەوەی بیرەوەریی پەیوەندی بە کەسەکە خۆی هەیە، ڕاگرتنی زمانی تەرازووی ئەم بێلایەنییە سەختە. بێگومان بیرەوەریی دەتوانێ سەبارەت بە ڕاستییەکانی ڕابردوو بدوێت، بەڵام سەختە بتوانێ ڕووداوەکە بە هەموو زانیارییەکانیەوە کتومت بگێڕێتەوە، بۆنمونە لەبەر کۆنبوون و سەختی بیرکەوتنەوە و نەبوونی زانیاری تەواو. چونکە گێرانەوە لە بیرەوەرییدا تەنها دیدێکە و زۆر دیدی دیکە هەن بزرن یا لانیکەم لەم بیرەوەرییەدا دەستناکەون بۆنمونە لەبیرکراون. بۆنمونە ئەگەر تەنها یەک بیرەوەریی یا مێژووی ژیانی کەسێک سەبارەت بە سەردەمێکی دیاریکراو لە شوێنێکی دیاریکراودا هەبن، دەکرێ گێڕانەوەیەکی سەرکەوتوو بێت، بەڵام ئێمە نازانین ئەم گێڕانەوەیە چەند لە حەقیقەت یا ڕاستیی ڕووداوەکان نزیکە و تاچەند زانیاریی گرنگ لە گێڕانەوەکەدا بزرن. جگەلەوەی ئەگەرەکانی شێواندن و هەڵبەستنیش کراوەن. ئەگەر لەدیدی ڕاشیونالیزمی ڕەخنەگرانەی critical rationalism فەیلەسوفی نەماساوی کارل پۆپەرەوە Karl Popper سەیری چەمکی بێلایەنی لە گێڕانەوەدا بکەین (بەئاگادراییمان لەوەی ئێمە گوتن لە بابەتێکی سەپگێکتیڤ واتە بەهاهەڵگر هەروەها نۆرماتیڤ دەکەین)، دەکرێ بێلایەنی لەگێڕانەوەدا لەڕێگەی گێڕانەوەی دیکەدا لە دیدی جیاوازەوە کە پشتڕاستکردنەوە دەگرێتەخۆی گوازرشتێکی هۆشمەندانە و دروست بسەڵمێندرێت. ئەگەر لەگێڕانەوەی ڕووداوێکدا، چەند گوزارشتێک لە دیدی جیاوازدا ئاماژە بە هەمان ناوەڕۆک و ئەنجام بکەن، دەکرێ بڵێین گێڕانەوەکە دروستە و جێگەی پشت پێبەستنە. ئەوەی لەم دیدەوە دەکەوێتە ئەستۆی نووسەر سەبارەت بە گێڕانەوەی ڕووداوێک ئەوەیە، ئەو لەلایەن خۆیەوە ئەوە بگێڕێتەوە کە خۆی دیویەتی، شتێ نەڵێت نەیدیتبێ یا ڕووینەدابێت. بۆیە بێگومان نووسەر دەتوانێ هەوڵدات ڕابردوو وەکو خۆی بنووسێتەوە لەبارێکدا کە خۆی وابەستەی مەرجەکانی بێلایەنی بکات. واتە نووسەر لەبارێکدا بێت کە سەربەخۆبێت لە هەست و ئارەزووی خود، سەربەخۆبێت لە باوەڕ و بەرژەوەندیەکان، جگەلە گێڕانەوەی ڕاستیەکان وەکوخۆی هیچ بەرژەوەندییەکی کەسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و سیاسی نەبێت. هەوڵدان بۆگەیشتن بە تەواوەتی وەکوخۆیی نووسەر دەخاتەسەر ڕێچکەیەکی دروست کە وادەکات گێرانەوە پابەندی دەزووی سووری مەرجەکانی بێلایەنی بێت و لێی دوورنەکەوێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە سەبارەت بە بیرەوەریی یا بیرەوەریی سیاسی و کەی بیرەوەریی ئامانجی گونجاو لە بابەتیبوون و بێلایەنی دەپێکێ، دەکرێ نووسینەوەی بیرەوەریی ئەوکاتە تەواو لوتکەی تەواوەتی بپێکێ، ئەگەر ڕووداوەکان وەکو خۆی و بەپەرێزێکی خاوێن، بە مۆڕالێکی ڕاستگۆیانە و ڕشکاوانە بنووسرێنەوە. لەدیدێکدا کە ئایدیالی بێلایەنی ئامانجە، نووسەر لەمبارەدا گرنگیی بەڕاستیی یا حەقیقەتی ڕووداوەکان دەدات و هەوڵی خۆئازادکردن دەدات لە بیروباوەڕ و ئارەزوو و ئامانج، بەمشێوەیە هەڵە و کەتن و چەوتییەکانی خۆی بە کراوەیی بەپێی ئەو سەردەمە دەگێڕێتەوە ئەگەرچی لەکۆمەڵگەدا یا لە گرووپی خۆیدا ناپەسند بن یا جۆرێک لە گەمارۆ و سزا بگرنەخۆیان، هەروەها نووسەر لەهەمان دیدەوە هەوڵدەدات بڕوانێتە دەوروبەری، باش و خراپی خۆی و ئەوانیتر دەڵێت، لەسەر خۆی و ئەوانیتر باز نادات، چۆنی دیتییە وا دەگێڕێتەوە. بەڵام گێڕانەوە لە بەسەرهاتی خود لەباشترین باری بێلایەنیشدا بێبەری نییە لەبەهاکانی خود، چونکە لەبیرەوەرییدا ڕابردوو کەم یا زۆر بەپێی دیدی بەهاهەڵگری یاداشتکەرەوە زیندوودەکرێتەوە و ژیانی دەخرێتەوەبەر.

دەکرێ لەکاتی نووسینەوەی بیرەوەرییدا ڕووداوی مێژوویی واهەبن گەڕانەوەی نووسەر بۆ دواوە پێویست بکەن، نووسەر گێڕانەوەی ڕووداوەکە یا بەسەرهاتەکە لەزاری کەسانی دیکەوە یا لە مێژووی چاپکراودا بگێڕێتەوە. ئەگەر دەرخستنی ڕاستیی ڕووداو مەبەست بێت لەمبارەدا نووسەر ناچارە هەوڵی بەدەستهێنانی زانیاری دروست و باوەڕپێکراو بدات. ئەگەر مێژووی چاپکراو بێت، دەبێ گرنگی بەبێلایەنی سەرچاوە بدات و بەچاوی ڕەخنەوە سەیری سەرچاوەکان بکات. نووسین لە جۆری توێژینەوە و لێکۆڵینەوە ئەگەر تەواو بن باشترین سەرچاوەن. هەرچی بیرەوەریی و ژیانی کەسە، بەهاهەڵگرن، بۆیە دەبێ بەچاوی ڕەخنەوە سەیریان بکرێت. ئەگەر گێڕانەوەی ڕووداوێک بێت کە نووسەر خۆی لە ناو ڕووداوەکەدا نەبووبێت و لەخانەی کەسی سێیەمدا بێت، پێویستە لەزاری کەسی یەکەم واتە ئەوانەوە بیانگێرێتەوە کە خۆیان بەشدار بووین. پێویستە گرنگی بە دروستی و ڕاستگۆیی و گەیشتن بە ڕاستیی بدات. گێرانەوەی کەسی دووەم، کەسێک کە خۆی لە کەسی یەکەمەوە ڕاستەوخۆ بیستوویەتی گرنگی دووبارە هەیە، بەڵام دەبێ بەچاوی ڕەخنە وەربگیرێت. پێویستە نووسەر پەنا بۆ گوتن و دیدە جیاوازەکان لەسەر ڕووداوەکاندا ببات تاکو بتوانێت وێنەیەکی گونجاو لەسەر ڕووداوەکاندا بداتە دەست وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆیکرد. چونکە دەکرێ گێڕانەوەکان بەهۆی بەرژەوەندییە جیاوازەکان جودا و دژبەیەک بن. بەئەگەری زۆر دەکرێ باشترین گێڕانەوە لەلایەن ئەو کەسە بەشدارانەی کە هیچ بەرژەوەندیەکیان نییە و ڕاستگۆییان لاگرنگە بەدەست بهێندرێت. لەمبارەدا لەکاتیکدا نووسەر هەوڵی گەیشتن بەڕاستیی ڕووداوەکان لە دیدی جیاوازەوە دەدات، جۆرێکە لە بەدەکومێنتکردنی ڕووداوێک کە ئەویش گێڕانەوەی بێلایەنە لە دیدی جیاوازەوە سەبارەت بە ڕووداوێک. لەم بەشانەدا بیرەوەریی وەکو دەقێکی دەکومێنتاریی وایە، کە بێلایەنی لە نووسەر دەخوازن و نووسەر هەوڵدەدات بێلایەنانە تیشک بخاتەسەر ڕووداوێک. وەکو دەقی دەکومێنتاریی ئەوە دەخاتەڕوو کە کەسانی بەشداربوو دیویانە یا دەیگێڕنەوە لە دیدی جیاوازەوە، وە نووسراو و دەکومێنتەکان دەخاتەڕوو، کە مەرج نییە کردنەوەی هەموو گرێکوێرەکان بن.

هەندێ لایەنی دیکە کە لەبیرەوەرییدا گرنگیان هەیە و گێڕانەوە بەهێزدەکەن، وەکو سەرچاوەکان ئاماژەی بۆ دەکەن هەوڵدانە بۆ کۆنکریتیبوون لە گێڕانەوەی بابەت یا ڕووداوی تایبەتدا، گرنگە دوورکەوتنەوە لەڕووداو بەوریاییەوە ئەنجام بدرێت و گەڕانەوە بۆ گێڕانەوە ئاسان و بێگرێ بێت. واتە لەمبارانەی نووسەر ناچارە لە بابەتێکی پەیوەستدار بدوێت و بگەڕێتەوە دواوە یا پێش ڕووداو بکەوێت، گەڕانەوەی بۆ چەقی بابەتەکە ڕێکخراوانە و بێگرێ بێت، بەجۆرێک خوێنەر تووشی سەرلێشێوان و بەلاڕێدابردن نەکات.
لەگێڕانەوەی ڕووداودا کە پەیوەندی بە مێژووی سیاسیەوە یا کۆمەڵگەوە هەیە، نووسینی ناوی کەسەکان و شوێنەکان، ژمارەی تەواو و ڕێککەوتەکان گرنگن، کە گێڕانەوە بەهێز دەکەن، وە خوێنەر دەتوانێ وێنەیەکی گونجاوتر سەبارەت بە ڕووداوەکە لەلایەنی قەوارە و کات و شوێنەوە بێنێتەبەرچاو. بێگومان ئەوە کارێکی ئاسان نییە و بێکێشە نییە، لەبارێکدا ناوهێنانی کەسەکان دەکرێ کێشە بهێننەئاراوە. لەبارێکدا نووسەر لەبەر هەر هۆکارێک لەسەر ناوەکان بازدات، ئەوا بێگومان خوێنەر لەلایەنێکی گرنگ بێبەش دەکات، جگەلەوەی وەکو پەنادانی ڕاستییەکان دەکرێ سەیری بکرێت. ئەوەش بیرەوەریی لاواز دەکات.

وەکو سەرچاوەکان ئاماژەی بۆدەکەن لە نووسینەوەی بیرەوەرییدا گرنگە هەڵبژاردنی چۆنایەتی هەبن و درێژدادڕی بێ ناوەڕۆک و کردار بەلاوە بندرێت. لە بیرەوەری خوددا دروستە گرنگی بەو لایەنانە بدرێت کە لە ژیانی کەسدا واتای گرنگیان هەیە، دەکرێ خۆشی و ناخۆشی بن، دانپێنانی تاڵ بن یا شانازی بن. لە نووسینەوەی بیرەوەریدا سەرەتا و کۆتایی هەیە، نووسەر بە پێی دەزووێکی سوور هەنگاو بەرەو سەروو دەنێت و رەحەت دەچێتەپێش، بەمجۆرە وەکو نووسینەوەی ڕۆمان وایە، بەڵام ڕۆمان نییە و وەکو گوترا دەکرێ لەمیانەی گێڕانەوەکاندا هەوڵی بەدەکومێنتکردنیش هەبێت. ڕۆیشتنی پێبەپێ و گرتنی ڕێچکەی دیار پێویستن کەوادەکەن خوێنەر بزانێ لە کوێیە و سەری لێ نەشێوێت. دیارە نووسەر هەیە پابەندی ئەو بارە نابێ یاری لەگەڵ کات و گێرانەوەکان دەکات، ناڕوونی لە تێکستدا درووست دەکات دیارە بەمەبەستی سەرنجڕاکێشان و دروستکردنی کتوپڕیی، لەمبارەدا بیرەوەریی تاڕادەیەک هەندێ لە تایبەتمەندیەکانی ڕۆمان دەگرێتەخۆی. هەروەها وەکو سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کەوا گرنگە نووسەر هەوڵ بدات شێوازی تایبەت بەخۆی بەدەستبهێنێ و هەیبێ، خۆی جیاکاتەوە لە شێوازی نووسەرانی دیکە، هەوڵدات لەڕێگەی گوزارشتی هەست، ڕەنگ و دەنگ گیان بەبەر وشەکاندا بکات و سەرنجی خوێنەر رابکێشێ. لەکوردەوارییدا بەکارهێنانی وشە و چەمکی تایبەت، دەستەواژە و گۆتە و دەربڕینی ناوچەیی، پەند و قسەی نەستەق لە شوێنی پێویستدا هتد، هەمووی دەکرێ شێوازی تایبەت دروستکەن و گێڕانەوە بەچێژ و سەرنجڕاکێش بکەن.
بەکورتی نووسینەوەی بیرەوەریی بۆ سەدەکانی دوای زایین دەگەڕێتەوە، لەگەڵ تێپەڕبوونی ئیپۆکەکاندا گەشەیکردووە و هۆریزۆنتی بەرفراوانتر بووە. لەسەردەمی ڕۆشنگەرییدا گەشەی چۆنایەتی بەخۆیەوەی بینی، بەڵام کەوتەبەر ڕەخنەی بابەتیانەی تاوتوێکراو، چون بیرەوەریی بەهاهەڵگرە و دیدی کەسێک بڵاودەکاتەوە کە دەکرێ لەگەڵ ڕاستیی و دروستیی ڕووداودا تەبا نەبێت، هەروەها توانای لەگەیاندنی واقیعی ڕووداوەکاندا سنوردارە. بەڵام بیرەوەریی واتای خۆی بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگە هەرچۆنیبێ پاراست. لەدیدی سەردەمیانەی ئێستاماندا نووسەر خۆی بڕیاردەرەلەوەی چ ڕۆڵێک بەخۆی دەدات، هەروەها گرنگیی تایبەت بە چ بوارێکی ژیان دەدات. بێگومان بیرەوەریی خود یا مێژووی ژیان بۆ ئاشناکردنمان بەڕابردوو گرنگن، وەکو وەڵامی گەلێ پرسیاری بێوەڵاممان دەکرێ دەستکەوێت و جۆرێک لە بەیەکگەیشتنەوە لەنێوان ئێستا و ڕابردوو لە هەست و هزرماندا بەدەستبهێنین. دەکرێ تەبایی یا ناتەبایی لەگەڵ گێڕانەوەکانی بیرەوەرییدا هەبن، هەروەها ئاساییە گێرانەوە هەموو زانیاریەکان نەگرێتەخۆی. لەگەڵ ئەوەی نووسەر خۆی بڕیاردەرە لەوەی چۆن دەیەوێ ڕووداوەکان بۆ خوێنەر یاداشت بکات، مەرج و داواکاریی تەواوەتی لە گێڕانەوەی بێلایەندا هەن، چونکە لەلایەن خوێنەرەوە چاوەڕوانی ڕاستگۆیی و دروستیی لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان لە نووسەر دەکرێت. گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی ڕابردوو، زیندکردنەوەی بەسەرهاتەکانی ڕابردووە، وە بەپێی دید و تێگەیشتنی ئێستامان ژیانی دەخەینەوە بەر. بۆیە بێلایەنی لە گێڕانەوەدا بەواتای هەوڵدان لە خۆدەربازکردن لە هەست، بار و مۆرک و بەرژەوەندییەکان لە گەیاندنی گێڕانەوەدا سەختە.

بیرکەوتنەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو هەمیشە بەرەوڕووی چەند بەربەستێک دەبنەوە وەکو تەمەنی بەسەرچووی ڕووداو، لەبیرکردنی هەندێ یا کۆمەڵێ لە پەزڵەکانی ڕووداو، بێئاگایی لەبەشێک یا هەندێک لە لایەنەکانی ڕووداو، نەبوونی زانیاریی تەواو، هەروەها ئەگەرەکانی شێواندنی بەئاگا یا بێئاگا کراوەن. ئەگەر گێڕانەوە نەتواندرێت بسەڵمێندرێت، واتە گوزارشتی ڕووداو لەلایەن کەسانی دیکەوە پەنجە نەخەنەسەر هەمان ناوەڕۆک و ئەنجام، ئەوا ئێمە نازانین گێڕانەوەکە تاچەند لە حەقیقەت و ڕاستیی ڕووداوەکانەوە نزیکە یا دوورە. وەکو گێڕانەوە مێژووییەکان کە لەسەردەمێکی تایبەت دەدوێن و تاکوتەنهان دەچنە ئەم چوارچێوەیە. لەمێژووی نوێدا سەڵماندنی بوون و ئەنجامی ڕووداوەکان پێویستیان بەجۆرێک لەپشتڕاستکردنەوە هەیە، تاکو بتواندرێ پشتیان پێبەسترێت. دیارە بەهۆی زۆربوونی گێرانەوە لەبۆتەی بیرەوەریی یا مێژووی ژیاندا، بەیەکچواندن و بەراوردکردنی دەقەکان سەبارەت بە ئەگەری بوون و ڕاستیی ڕووداوەکان ئاسانترە وەک لە پێشوو.

شاخەوان شۆڕش
١١/٣/٢٠٢١

——————————————————–

پەڕاوێزەکان:
Bøger_Kunst (artsentertainment.cc)
selvbiografi | lex.dk – Den Store Danske
Erindring – Betydning og hvordan man skriver en erindring (dagens.dk)
objektivitet | lex.dk – Den Store Danske
En guide til erindringen (videnskab.dk)
Leksikon for det 21. århundrede
Hvad er kritisk rationalisme? (videnskab.dk)
Dokumentar | Grundbog til medier i dansk (systime.dk)
Dokumentarfilm – Wikipedia, den frie encyklopædi




بیرەوەری ڕۆژە سەختەکانی پێشمەرگەیەک: دوان لە مێژووێکی سانسۆرکراودا.. شاخەوان شۆڕش

کتێبی “بیرەوەری رۆژە سەختەکانی پێشمەرگەیەک” کە لەلایەن برای بەڕێز ئازاد کاکل نووسراوە، گێرانەوەی مێژووی خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی ساڵانی ١٩٨٢ – ١٩٨٤ـە، کە بەچڕی ئاماژە بە ململانێ و شەڕی نێوان پارتە سیاسیەکان لە دەشتی هەولێر و خۆشناوتیدا دەکات و هەندێ گێرانەوەی کورتی شەڕ و ململانێکانی پێشتر و ڕوونکردنەوەی مێژوویش دەگرێتەخۆی. کتێبەکان لە ساڵی ٢٠١٥ لەشاری هەولێردا چاپکراون. پێموایە هەر نووسینێکی بەویژدانانە لەم مێژووە لەم دیدە جیاوازەوە جۆرێک “سانسۆری” لەسەرە، بۆیە لای من گرنگی تایبەتی هەیە و پێموایە بەبێ زانینی ئەم مێژووە تێگەیشتنمان لە تێکۆشان و ململانێکانی خەباتی چەکدرای دوای هەرەسی خەباتی چەکداریی ئەیلول ناتەواوە.
پێویستە بگوترێت کەوا بیرەوەری گێرانەوەی مێژووێکی دیاریکراوە سەبارەت بە بەسەرهاتەکانی کەسێک لەم ماوەیەدا لەدیدی ئەم کەسەدا، بۆیە گێرانەوەکە بەهاهەڵگرە و لایەنگیرە. چونکە ئەو کەسە خۆی کە لەناو ڕووداوەکاندایە، بەسەرهاتەکان بەپێی دیتن و تێگەیشتنی خۆی دەگێڕێتەوە. سەبارەت بە گێرانەوەی مێژووێکی سیاسی کاتێکی دیارکراو، لەبەرئەوەی مێژووەکە پەیوەندی بە کۆمەڵگەیەک هەیە، نووسینەوەی بیرەوەری ئەرکی نووسەر زۆر سەخت دەکات. دیارە نووسەر خۆی بڕیاردەرە لەوەی دەیەوێ چۆن مێژووەکە بگێڕێتەوە و چ ڕۆڵێک بەخۆی بدات، چونکە وەکو گوتم بیرەوەری گێڕانەوەیەکە لەدیدی تایبەتی کەسێکەوە. ئەگەر گێڕانەوە بیەوێ خۆی لە قەرەی بێلایەنی بدات، پێویست دەکات بەچاوی ڕەخنەوە بنووسێت، باش و خراپی خۆی و ئەوانیتر بڵێت، لەسەر خۆی و ئەوانیتر باز نەدات. ئەگەر خۆی لە ناو ڕووداوێک نەبووبێت و لەخانەی کەسی سێیەمدا بێت، پێویستە لەزاری کەسی یەکەم لەچەند دیدێکی جیاوازی ئەوانەوە بیانگێرێتەوە کە ڕاستەوخۆ بەشداری ڕووداوەکە بووین. هەروەها نووسینی ناوی کەسەکان و شوێنەکان، ژمارەی تەواو و ڕێککەوتەکان بیرەوەری بەهێز دەکەن و گرنگن. بێگومان ئەوە کارێکی ئاسان نییە و بێکێشە نییە. دیارە دەکرێ زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بنوسرێت.
هەرکە کتێبەکان گەیشتنە دەستم خۆم پێ نەگیرا و بەخێرایی لاپەرەکانی کتێبەکەم هەڵدایەوە و سەیرێکی خێرای ناورەۆکی کتێبەکانم کرد. سەردێڕەکان زوو بردمیانەوە سەرەتای هەشتاکان و برینەکانمیان کوڵاندەوە. لەدیدی منەوە سەردێرەکان گریانی خەباتێک بوو لە ئاقاری رامیارە هەرزەکاندا، تێئالانی هەست و سۆز بوو لە تەونی ئاڵۆزی مێژووی ئیپۆکێک کە تیایدا مرۆڤە جوانەکان وەکو گەڵا هەڵوەرین و خەونەکان بۆ ئارەزووەکانی سەرۆک و پارتی پێشڕەو لەخاچدران، ئەو ئیپۆکەی بۆ تاهەتایە برینداری کردم، بەڵام نەیتوانی پاکی و بوێری مرۆڤە جوانەکان لە ئەندێشە و هزرمدا بسڕنەوە.
کورد دەڵێ “گوریس لە ئەستووریدا دەپسێت”، لەم دووبەرگی ئەم کتێبەدا خوێنەر ئاشنایەتی لەگەڵ بەهێزیی حزبی سۆسیالیست لە دەشتی هەولێر و خۆشناوەتیدا پەیدا دەکات، نووسەر خوێنەر هەڵدەگرێ و بە دڕیی هەڵدێری شەڕی سەپێندراوی براکوژیدا تێیاندەپەڕێنێت و گوزارشتی ڕیالیستانەی پەرتەوازەیی و لاوازبوونی ئەم هێزە گەورەیە لە سنوری پارێزگای هەولێردا دەکات. بۆیە کتێبی “بیرەوەری ڕۆژە سەختەکانی پێشمەرگەیەک” گێرانەوەیەکە گوزارشتی لاوازبوونی پارتێکی گرنگی گۆڕەپانی خەباتە بەهۆی شەڕی براکوژیەوە. ئەو شەڕەی کە هەمیشە لەنزیکەوە بەشێوەیەکی سەرەکی خەڵکە ئاساییە شۆڕشگێرەکە داویانە و بۆ خەباتی ڕزگاری گەلیش باجێکی یەکجار قوڕس بووە و دەرهاویشتە نەگەتیڤەکانیشی لەسەر کۆمەڵگەدا درێژخایەنن.
لە ڕاستیدا بۆ کەسێکی ئاسایی دانیشتووی کوردستان ئاسان نییە لە ڕاستیە تاڵەکانی ئەو سەردمە سانسۆرکراوە بدوێت، دان بە هەڵە و کەموکوریەکانی حزبەکەدا بنێت و لەهەمان کاتدا بوێرانەش پەنجە بخاتە سەر تاوان و پێشێلکاریەکانی ئەو حزبانەی کە ئێستا لە کوردستاندا دەسەڵاتداران. هەمیشە ئاسانە رەخنە لە حزبێک بگری کە دەسەڵاتی نییە و لاوازە یا لەناو چووە، بەڵام لە سەیری ڕەخنەگرانە لە مێژووی ڕابردووی حزبێک کە دەسەڵاتی هەیە بوێری و قوربانیدانی گەرەکە.
ئەم کتێبە خۆی جیادەکاتەوە لە گێڕانەی مێژووێک لەدیدی بەرپرسێکی سەردەمی شاخدا لەسەرووەوە بڕوانێتە ڕووداوەکانی خوارووی خۆی، بەڵکو ئەم کتێبە قاچەکانی خوێنەر دەباتە بنی لێژایی کەنداری ڕاستییە تاڵەکان. هەروەها گوزارشتەکانی ئەم کتێبە پەخشان نووسین و گوتن و گێڕانەوەی رۆمانسیانە نین، تاکو رووداو و بەسەرهاتەکان بە وشە و ڕستەی درێژدادڕی پڕلە ئاوەڵناو بنووسێرێنەوە، بەڵکو گێڕانەوەی پیشمەرگەیەکی ماندووە کە خوێنەر بە کۆڵدا دەدا و بێ ئەملاوئەولا دڕک و قامیشلانی ناو زەندۆر و هەرەتان دەبڕێ و دەچێتە پێش. گێڕانەوەکان لەدیدێکی بێ پێچ و پەناوە گوزارشت دەکرێن. ئەوانەی ئاگاداری رووداوەکان بوون و وابەستەی خەباتی ئەو سەردەمە بوون لە دەشتی هەولێر و کۆیە و خۆشناوەتیدا، زوو تێکەڵی هەناسەی نووسەر لە گێڕانەوەکاندا دەبن و هەنگاوەکان بەیەکەوە هەڵدێننەوە. دیارە پێموایە ئەوانەی کە بەم مێژووە و رووداوانە نامۆن ئەوانیش دەکەونە ژێر تەوژم و کاریگەری گێڕانەوەکان، چونکە گێڕانەوەی مانەوە لە دەشتوپەناو پەسیوان، ڕۆیشتنی شەوورۆژان، شەڕوپێکدادانی جەرگبڕی نێوخۆیی و گۆڕانی درامایانە لە ڕووداوەکاندا وادەکەن خوێنەر حەز بە تێگەیشتنی ئەو ڕۆژانەی پێشمەرگایەتی لەنزیکەوە بکەن.
ئەوەی کاک ئازاد لەم کتێبەدا دەیانگێڕێتەوە، کەمترن لەوەی کە ڕوویانداوە، وە ڕووداوەکان زیاتر هەڵدەگرن، هەروەکو خۆی ئاماژەی بۆ دەکات، بەڵام ئەوە گێڕانەوەی ساڵانێکی خەباتە کە زۆر کەم لەسەری نووسراوە. زۆرن ئەوانەی بەشداریان لەو ڕووداوانەدا کردووە، بەڵام دەگمەنن ئەوانەی لەم دیدە جیاوازەوە لەسەریان نووسیوە. هۆکەشی ئەوەیە بەرژەوەندیەکانی ئەوان ئەوە ناخوازن دەست بۆ ئەم مێژووە بەرن. دیارە هیچ گومان لەوەدا نییە، کە دەکرێ ئەوانەی لە ڕووداوەکانی ئەم مێژووەدا بەشداریان هەبووە لەگەڵ هەندێ لە وردەکاری گێڕانەوەکان ناتەبابن یا زانیاری دیکەیان هەبێت، ئەوەش تایبەتمەندیەکی سروشتی گێرانەوەی بیرەوەرییە، کە لە دیدی تایبەتی کەسێکەوەیە. لە ساڵی ٢٠٠٠ دا لە کتێبی “قادر شۆڕش چل ساڵ خەبات و تێکۆشان”دا هەوڵمدا لەڕێگەی دیدار و چاوپێکەوتندا بەشێکی ئەو مێژووە بنووسرێتەوە و بڵاوبکرێتەوە. ئەوسا زۆر کەم لەسەر ئەم مێژووە نووسین هەبوو و ئەو نووسینانەی هەشبوون لاواز بوون. بێگومان ئەو نوسینەی کاک ئازاد کە ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەندی هەیە بەشداریەکی زۆر گرنگە لە تیشک خستنەسەر ئەو لایەنە پەڕاوێزخراوەی خەباتی چەکداری ئەو سەردەمە.
ئازاد وەکو لاوێکی بێ بەش لە ژیانێکی ئاسایی بێ ئەزموون و تاقیکردنەوەی لاوێتی، وەکو خۆی دەنووسێت “لە هەڕەتی لاویدا بووم، زۆر ئاشقی تفەنگ و ڕەخت بووم. ئەوەندەی ئاشقی بەژن و باڵای تفەنگێکی بڕنۆ بووم، نیو ئەوەندەش ئاشقی بەژن و باڵای بەرزی کچە کوردێکی ئەسمەری چاو ڕەش نەبووم” . ئەو هێندە لەژێرکاریگەری هەواڵی پێشمەرگە گیانبازەکاندا بووە، یەکسەر ئەشقی تەفەنگ و یاخیبوون دەبێت. بێئاگایانە تووڕە لە ئارەزووە سەرکوتکراوەکانی گەنجێتی، تووڕە لە ترسولەرز و ژێردەستەیی دەسەڵاتی داگیرگەر، تامەزرۆ بەگەیشتن بە پێشمەرگایەتی و نەوزادی برا و هاورێ، یاخی دەبێت و بەپەلە ڕوو لە دەشت دەکات بۆ ئەوەی تازووە فریای کاروانی خەبات بکەوێت. ئازاد بێئاگا لە کیشە و ناکۆکیەکانی خەباتی چەکداری دەچێتە ناو باوەشی جەنجاڵی پیشمەرگایەتی.
نووسەر سەرەتای بیرەوەریەکانی بە چوونی خۆی بۆ ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی دەشتی هەولێردا لەژێر فەرماندەیی قادر مستەفادا دەست پێدەکات، بۆیە یەکسەر دێتەسەر ڕۆژە بەراییەکانی خەباتی چەکداری لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٢ دا، ئەوسا هێشتا لە دەشتی هەولێر پێشمەرگە بەڕۆژ نەیاندەتوانی لە گوند و ئاوەدانییەکاندا بە ئاشکرا بمێننەوە. ناوچەی دەشتی هەولێر و وراتی کۆیێ دەشت و گردۆڵکەی ڕووتی زۆرە، مانەوە لەم ناوچەیەدا شارەزایی دەویست لەکاتێکدا ڕژێمی بەعس لەبەهێزیدابوو و بۆسەی هێزەکانی جاش و ئەمن بۆ هێزەکانی پێشمەرگە زۆربوون، وە هەلیکۆپتەرەکانی ڕژێم ڕۆژانە لەسەر ناوچەکەدا گڕەگڕەیان بوو. نووسەر بەکورتی لەسەر ئەم شێوەیەی خەباتی پارتیزانی لەژێر سێبەری هەلیکۆپتەری بەعسدا دەوەستێت. دوای ئەوە بەکورتی دێتەسەر گوزارشتی هێزەکان و ناوەکانیان لە ناوچەکەدا، لێرەدا نووسەر باسی هەموو هێزەکانی پارتە سیاسیەکانی دەڤەرەکە دەکات کە حزبی سۆسیالست، یەکێتی، حزبی شیوعی و پاسۆک بوون. ئەمەش وێنەیەکی گونجاو بۆ خوێنەر لە قەوارەی هێزەکانی ئەو سەردەمە دروست دەکات. نووسەر دێتەوە سەر هێزەکانی حزبی سۆسیالیست و کێشە و کەموکوڕیەکانی ئەو هێزانە دەخاتەڕوو. پاشان گوزارشت لەهەندێ چاڵاکی هێزەکانی پیشمەرگە لە دەشتی هەولێردا لە نزیکەوە دەکات، چۆنیەتی شەڕی پارتیزانی ئەوێ لەنزیکەوە و لەناو ڕووداوەکەوە بەخوێنەر دەگەیەنێت. نووسەر لە گوزارشتی ناوچەکە و هێزەکانی ئەوێوە دێتەسەر بابەتی ململانێی پێشمەرگەکانی سۆسیالیست و یەکێتی و پەرتەوازەیی هێزەکان، پارەکۆکردنەوە و سەرانە وەرگرتن، چاڵاکی و نەبەردی و گیانبەختکردنی پێشمەرگە و دەستی ڕژێم لەڕێزەکانی پێشمەرگەدا، پاشان دێتەسەر هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ لەنێوان هێزەکانی سۆسیالیست و یەکێتیدا وە ئەوەش دەبێتە بابەتی سەرەکی بیرەوەریەکان. بەمجۆرە بوون بە بەشێک لە هێزە گیانلەسەردەستەکانی پێشمەرگە دژ بە هێزەکانی ڕژێم کە ئەو خەونی پێیانەوە دەبینی، هێندە درێژەناکێشن کە ناکۆکی نێوان هێزەکان دەستپێدەکەن و لە پایزی ساڵی ١٩٨٢دا کێشەکان ئاراستەیەکی تەواو نەخوازراو وەردەگرن.

بۆ باشتر تێگەیشتن لە ناکۆكی نێوان ئەو دوو پارتە، نووسەر دەگەڕێتەوە دواوە و گوزارشت لە درووستبوونی بزوتنەوە و جیابوونەوەی لە یەکێتی و دواتر هەندێ لە شەڕ و پێکدادانەکان و کوشتنە ناڕەواکان، پاشان دەگەڕێتەوە سەردەمی پێشمەرگایەتی خۆی و ناکۆکی و پێکدادانەکان لەوێوە. ڕووداوەکان خوێنەر دەتاسێنن و لە یەکێکەوە دەیانگوازێتەوە بۆ یەکیتر. ئەگەر مەبەست لە گێرانەوی ڕابردوو دەرخستنی ڕاستیەکان بەشێوەیەکی گونجاو بێت، بێگومان گێرانەوە لەلایەن کەسی سێیەمەوە پێویستیان بە وردکردنەوەی زیاتر و دیدی جیاوازی زیاتر هەیە، دیارە نووسەر ئاگاداری ئەم لایەنەیە بۆیە هەوڵیداوە لەچەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژە بە ڕووداوەکان بکات، ئەوەش گێرانەوەی ڕووداوەکانی دەوڵەمەند کردووە. وەکو بۆ نمونە لە ڕووداوی کوشتنی فەرامندەی هەرێمی ١٤ی سۆسیالیست عەوڵا سوور، دوای خۆدانەدەستی لەلایەن نەوشێروان مستەفاوە یا کوشتنی دیلەکانی شەڕی قەراسنج لەلایەن یەکێتیەوە ئەم هەوڵە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستیی ڕووداوەکان تاڕادەیەکی باش دراوە، بەڵام بێگومان دەکرێ باشتریش بێت.
خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئاماژە بە چ سەرچاوەیەک دەکرێت. گێرانەوەی کەسی یەکەم لە دیدی دژ بەیەکەوە یا بەتایبەتی کەسانێک کە هیچ بەرژەوەندیەکی سیاسیان نییە زۆر گرنگە بەپێی توانا بۆ ڕووداوەکان هەبێت، کە لە ڕووداوی کوشتی شێرکۆی شێخ عەلیدا یا شەماڵ و سەربازدا وەکو پێویست نییە. بەڵام ئەم بابەتە کە لاکردنەوەیەکە لە ڕابردوو کە هەوڵێکی نووسەر بۆ ئاشناکردنی خوێنەر بەڕووداوەکانی ڕابردوو لێرەدا کۆتاییان نایەت، چونکە ئەوەی نووسراوە هەموو زانیاریەکان نییە. کتێبەکە لەساڵی ٢٠١٥دا چاپ کراوە، ئێستا زانیاری زیاتر لەسەر زۆر لە ڕووداوەکاندا بڵاوکراونەتەوە و چاوەڕوانی زانیاری زیاتریش دەکرێت. بێگومان خوێنەر دەتوانێ لەلایەن خۆیەوە ئەرکی زیاتر بۆ کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر بکێشێت. پێموایە ئەوەی قوڕسایی زۆر بە کتێبی “بیرەوەریەکانی ڕۆژە سەختەکانی پێشمەرگەیەک” دەبەخشن و ناوەڕۆکەکەی دەوڵەمەند دەکەن، گێرانەوەی ئەو ڕووداوانەیە کە کاک ئازاد خۆی بەشداری ڕاستەوخۆی تیایاندا کردووە، لە نزیکەوە بە ڕووداوەکان و بەسەرهاتەکان ئاشنامان دەکەن.
وەکو گوترا دوای تەمەنێکی کورت لە خەبات دژ بە هێزەکانی ڕژێم، لەجیاتی دوژمن پارتەکانی گۆڕەپانی خەبات لولەی تفەنگەکانیان ئاراستەی سینگی یەکتردەکەن. لە کۆتایی پایزی ١٩٨٢ دا گرتنی فەرماندەیەکی حزبی سۆسیالیست کاکەسوور قۆریتانی لە دەشتی کۆیە لەلایەن هێزەکانی یەکێتیەوە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و هاتنەکایەی کارەساتە جەرگبڕەکان بوو. کاکەسوور لەکاتی گەڕانەوەیدا لە چاڵاکیەکدا لەلایەن دۆست و برادەرانی کە یەکێتی بوون دەستگیر دەکرێت. زۆربەی پێشمەرگەکانی یەکێتی و سۆسیالیست لە ناوچەکەدا خەڵکی ناوچەکە بوون و دۆست و هاوڕێی یەکتر بوون، بەڵام وەکو ڕوویدا بەرژەوەندی حزب و بڕیارەکانی سەروو بە ئاسانی توانی سنووری تەبایی و ئاشنایەتی ببەزێنێت و براکان بەگژیەکدا بکەن. دیارە ئەوسا خەون و خولیای بوون بە پارتی پێشڕەو و بوون بە پاڵەوانی گۆڕەپان وەکو تایبەتمەندیی پێویستی پارتی شۆڕشگێر دەناسران. بەداخەوە کاکەسوور چۆن گیرا و بردرا، هەر ئەو بردنە دەبێ و هەرگیز ناگەڕێتەوە.

لەناوەڕاستی مانگی یەکی ١٩٨٣دا شەڕی گوندی نێرەگین و بۆسە و شکستی پلانەکەی هێزەکانی یەکێتی لە تیکشکاندنی هێزەکانی سۆسیالیست لە بەستی شەرغەدا، وە تاوانەکانی شەڕەکە ڕووداوێکە کە بە بەشداری نزیکەی ١٠٠٠ پێشمەرگەی هەردوو بەرە دەبێ، دەیان کوژراو و بریندار و دیل دەرئەنجامی ئەم شەڕە خۆکوژییە دەبن. بەداخەوە لەم شەڕەدا پێشمەرگەی دیل بەدەستی پێشمەرگە گولەباران دەکرێت. تائێستا زۆر کەم لەسەر ئەم شەڕە نووسراوە و لێرەدا خوێنەر دەتوانێ تاڕادەیەکی باش لە ڕووداوەکە بگات.

نووسەر لە زۆرداریی هەندێ لە پێشمەرگەکان سەبارەت بە کەسانی بەندکراو دەدوێ و ئاماژە بە بێویژدانی و نامرۆڤبوونی ئەندامانی پیشمەرگە لەبەرامبەر کەسانی بەندکراودا دەکات، وە ئاماژە بە بارودۆخی هێنانەدی ئەم پێشێلکارییە ناڕێکخراوەییە دەکات، ئەویش نەبوونی دادگایی و سزادانە لەبەر هێشتنەوەی کەس و هێزەکانە لە ڕیزی هەر لایەنەێک خۆیدا بەهەر نرخێک بێت. لەوێوە نووسەر دەمانبات بۆ شەڕی کەلی قەشقە و بۆسەی جاشەکانی سەر بە ڕژێم. لەم بۆسەیەدا شەڕی دەستەویەخە ڕوودەدەن، خەڵک و پێشمەرگە بەیەکەوە هێزی جاشەکان تێکدەشکێنن و هەڵیاندەبڕن. خۆزگە ناوی سەرۆکجاشەکان دەنووسران و تۆمار دەکران. وەکو ئەوە مێژووە و پێویستە بنووسرێنەوە. لە شەڕەکانی دیکەشدا ئەم بزرییە بەرچاو دەکەون، نووسینی ناوی سەرۆک جاشەکان لە شەڕەکاندا بۆ مێژوو گرنگن.

بەداخەوە شەڕی خۆبەخۆیی درێژەی هەبوو و ناوە ناوە دەست لەیەکتر وەشاندن بەردەوام دەبێ، نووسەر بە زنیجیرە دێتەسەریان، لە بۆسەدانانەوە بۆ شەماڵ و سەرباز کە دوو فەرماندەی یەکێتی بوون، بۆ شەڕی دۆڵی بالیسان و تێکشکاندنی هێزەکانی یەکێتی لەوێدا، وە بۆ شەڕی گرتنی ئاشقوڵقە و قڕاناقە و پشتائاشان و کۆمەڵکوژیەکەی ئەوێ دڵمان دەتەزێنن، ڕووداوەکان بەخێرایی گوزەردەکەن و هێشتا زامێک ساڕێژنەبووە، برینی دیکەی دێنەسەر.
دوای گرتنی سەرکردایەتی سۆسیالیست و شیوعی لە بناری قەندیلدا لەلایەن هێزەکانی یەکێتیەوە، هێزەکانی سۆسیالیست تووشی پاشەکشە و پەرەتەوازەیی دەبن، شەڕی ناوخۆش لە خۆشناوەتی و دەشتی هەولێردا بەردەوام دەبێت، نووسەر لەلاپەڕە ١٣٥ دەنووسێت لەشەڕی جلبەسەردا زۆر تینووی بووە بۆ ئاو خواردنەوە دەچێتە ناو گوند و لە ماڵێکدا داوای ئاوی کردووە، ژنێک پێشوازی کردووە و ئاوی داوەتێ و گالۆنێکی پێنج لیتریش دۆی بۆ هێناوە تاکو بۆ هاوڕێکانی بیبات، ژنەکە لێی دەپرسێ “ئەرێ کاکە ئەو شەڕە لەگەڵ کێیە؟” ئازادی تینوو بەپەلە دەڵێ:

“ئێمە سۆسیالیستین و لەگەڵ جەلالیەکانە!” ژنەکە پێی دەڵێ: “ئەوە کوردستان بەش دەکەن!؟ بەخوای کوڕم قەت نابینە هیچ!” شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوام دەبن، کۆمەڵێ لە چەمی قەرەسالم، فەرماندەیەک لە گوندی گرتک، هەندێ لە پۆڕیجە، هەندێ لە پیرداود و هتد. بە گولەی پێشمەرگەکانی ئەو بەر دەپێکرێن یا بەدیل دەکوژرێن. لە زۆربەی بارەکاندا دیلەکان بێئەملاوئەولا لەلایەن هێزەکانی یەکێتیەوە کوژراون. هەرەسی وردە وردەی ورەی پێشمەرگە، بێزاری لە شەڕی یەکدی، کوژرانی دەیان پیشمەرگە و سەرکردەی قارەمان وەکو سووتەمەنی شەڕی خۆبەخۆیی و ئارەزووی پێشڕەوخوازیی، ئازاد بێهیوا دەکەن و ئەوپەڕی نائومێدی دایدەگرێت و وەڵامێکی دروستی لەم هەموو یەکترکوشتنە دەست ناکەوێت.
دوای چۆڵکردنی خۆشناوەتی و دەشتی هەولێر لەلایەن هێزەکانی حزبی سۆسیالیستەوە کە لەساڵی ١٩٧٨ـەوە پێشمەرگەی سۆسیالیستی لێ هەبووە، یەکێتی بۆ یەکەمجار پێیان چۆڵ دەکات و لەناوچەکەدا خۆی دەبێتە هێزی بێڕکابەر، یەکێتی شێخ جەعفەر بۆ ناوچەکە دەنێرن، لەلاپەڕە ١٦٧دا نووسەر دەنوسێت “شێخ جەعفەر خەڵکی سنووری دەشتی هەولێر نەبوو کەسی لەو سنوورە نەدەناسی، دار و بەردی ئەو ناوچەی لێ ببووە پارتی و سۆسیالیست و شیوعی، تووشی هەر کەسێک دەبوو لەناوچەکەدا شێخ با، ڕیش سپی با، پیاوماقول و جوتیاربایە، چ شوان چ گاوان بایە دەیگوت “سەگ باوک تۆ قایدەی؟ سەگ باوک تۆ حسکی؟ سەگ باوک تۆ حشعی؟ دەتکوژم! ڕەمیت دەکەم!” … دوای ئەوە دارکاری لایەنگرانی پارتەکان و خەڵک و سوتاندنی ماڵە پێشمەرگە لە گوندەکاندا دەستپێدەکەن.

نووسەر لەدرێژەی بیرەوەریەکانیدا ئاماژە بە ڕووداوەکانی شەڕی پشتئاشانی دووەم دەکات، کە دووبارە هێزەکانی بەرەی جود و یەکێتی دەکەونەوە گیانی یەکتر، ئەمجارەیان هێزەکانی پارتی بەشداری لە شەرەکەدا دەکەن و هاوکارییش لە ئێران وەردەگیرێت. بەهەمانشیوە لەبەرەی یەکێتیدا دەگوترێت هاوکاری لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە هەبووە. هێرشی هێزەکەی جود بەبێ ئاگای زۆر لە پێشمەرگە بەشدارەکان، بەستراوە دەبێت بە جەنگی عێراق و ئێران، بەتایبەتی شەڕی حاجی ئۆمەران کە پارتی ڕاستەوخۆ بەشداری تیدا کرد و وەکو دەگوترێت ئیدریس بارزانی بەرپرسی بووە. لە بەرگی دووەمی کتێبەکەدا درێژە بەم بابەتە دەدرێت و نووسەر دێتەوە سەر باسی شەڕی قەندیلی دووەم و چۆنیەتی کاردانەوەی سەرانی پارتی لە شکانی هێزەکەی حەسۆ میرخان، کە بووەتەهۆی شکانی ئەوانیتر. گومان لەوەدا نییە کە نووسەر زانیاری گرنگ لەسەر شەڕەکە بەخوێنەر دەگەیەنێت، بەڵام خۆزگە لەسەر ئەم بابەتە زیاتر دەنووسرا و زانیاری زیاتر کۆدەکرایەوە، چونکە ئەمە بابەتێکی گرنگە و کۆمەڵێ بەرژەوەندی ئاڵۆز لێرەدا پەیوەندیان بە شەڕەکەوە هەیە. دیارە لەهەردوولای جەنگەوە هەوڵدراوە سوود لە هێزکانی پێشمەرگە وەرگیرێت و بۆ مەرام و ئامانجی جەنگی هەردوو وڵات ڕاستەوخۆ بەکاربهێندرێن. بەتایبەتی لەبەرەی ئێراندا کە ڕاستەوخۆ هێزەکانی پارتی هاوکاری ڕژێمی ئێرانیان لە بەرەی گردەمەند و حاجی ئۆمەراندا کردووە. لە شەڕی حاجی ئۆمەراندا لە مانگی ئۆگستدا ڕژێمی بەعس ژاری کیمیایی دژ بە هێزەکانی ئێران بۆ یەکەمجار لە جەنگدا بەکارهێنا. بۆیەکەمجار بەم بەرفراوانییە هێزێکی کوردی هاوکاری سوپای ئێران لە جەنگی ئێران- عێراقدا بکات. ڕژێمی ئێران هێرشەکەی لەژێر ناوی فەجری دوو ئەنجامدا (بۆ زانیاری زیاتر بۆنمونە سەیری وتاری فەجری حاجی ئۆمەران و جینۆسایدی بارزانیەکان، نووسینی عەلی مەحمود بکە). کاردانەوەی ڕژێمی بەعس گرتنی بەهەزاران مێرمنداڵ و پیاوی سەربە خێلی بارزانی لە ئۆردوگاکانی هەریر و دیانا و قوشتەپەدا دەبێت، کە دواتر هەموویان بەکۆمەڵ دەکوژرێن.
وەکو خوێنەر هەرزوو لەمیانەی خوێندنەوەی بیرەوەریەکاندا بەم ڕاستییە ئاشنا دەبێت کەوا کەسی خۆشەویستی یەکەمی نووسەر لە بیرەوەریەکانی ڕۆژە سەختەکاندا نەوزادی براو برادەرە، کە لەشەڕی کەلی قەشقە بە سەختی بریندار دەبێت، زامەکەی زوو چاکنابێتەوە و درێژەی دەبێت. هەرچۆنی بێت ماوەیەک لە سەرکردایەتی لە گوندی سێلوێ و زێوکە دەمێننەوە و دەرئەنجام دووبارە لەبەر سووڕبوونی نەوزاد کە فەرماندەی کەرت بووە و ویستی چوونەخوارەوەی بەهێز بووە، بڕیاری گەڕانەوە بۆ خوارەوە بۆ ناو بەرەکانی پێشمەرگە دەدەنەوە. لەگەڵ ئەوەی هێشتا باری تەندروستی نەوزاد تەواو جێگیرنابێت. هەردووکیان بەناو سروشتی جوانی دۆڵ و شاخەکانی برادۆستدا تێدەپەڕن و لە گوندی بارزانی چۆڵکراودا دەگیرسێنەوە. نووسەر گوزارشت لە جوانی سروشتی ئەو دەڤەرە دەکات و پێیەوە سەرسام بووە، هەروەها لە هەڕەشەکانی شێخەکانی بارزان دەدوێ و کەدەبێتەهۆی ئەوەی هێزەکەی سۆسیالیست و شیوعی گوندەکەی ئەوان چۆڵکەن و بچنە گوندەکانی دەوروبەر.
زۆرناخایەنێ کە بڕیاری گەڕانەوەی هێزەکان بۆ خۆشناوەتی و بەڕانەتی و دەشتی کۆیە و هەولێر دەدرێتەوە. هێزەکانی شیوعی و سۆسیالیست ٢٠٠ کەسێک دەبن بەفەرماندەیی قادر مستەفا و مەلا بەکر و عەلی حاجی و محەمەد حەلاق و هەندێکیتر ڕوو لە خۆشناوەتی و بەڕانەتی و دەشتی هەولێر و کۆیە دەکەنەوە، گەڕانەوە بۆ ناوچەکان زۆر سەخت دەبێت و لە جۆرێک لە خۆکوژی دەچێت، چونکە یەکێتی لە گفتوگۆدابوو و ژمارەی هێزەکانی زۆر ببوو، چەک و تەقەمەنیان زۆر بوو، شارەزای هەموو ناوچەکە بوون و کون بە کونیش لەدوو پێشمەرگەکانی سۆسیالیست و شیوعی دەگەڕان. جگەلەوە ڕژێمی بەعسیش لەلایەن خۆیەوە هەوڵی لێدانیانی دەدا، یا هاوکاری یەکێتی لە لەنێوبردنیان و شەڕی کوردکوژیدا دەکرد. لە ٢٠ی مانگی پێنجی ساڵی ١٩٨٤ لە گوندی زێبارۆک لەگەڵ هێزەکانی یەکێتی تووشی شەڕ دەبنەوە، دوای شەڕێکی سەخت چەند پێشمەرگەیەک لەهەردووبەرەدا دەکوژرێن و بریندار دەبن. دوای ئەو شەڕە و شەکەت و ماندوو لە زێبارۆکەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی کۆیە بەڕێدەکەون و کۆمەڵێک دۆل و شاخ و شیو و دەشت دەبڕن دەچنە گوندی قۆریتان و سەردانی ماڵی کاکەسوور دەکەن کە یەکێتی بەدیلیانگرت و دواتر بە بڕیاری سەرکردایەتی یەکێتی گولەبارانیانکرد.
تەنها شەوێک لەوێ دەمێننەوە و لەبەر گەیشتنی هێزەکانی یەکێتی بەناچاری دەڕۆن. لەبەرەبەیاندا بەهەرەت و شاخان دەکەون و دوای دوو شەو ڕۆیشتن و شەکەتی لە گوندی قەراسنج دەگیرسێنەوە، لەگەڵ ئەوەی پێشبینی ڕووبەڕوونەوەی هێزەکانی یەکێتیان لەوێدا کردووە. لە گوندی قەراسنجدا هێزەکانی یەکێتی پێیان دەزانن، بەهێزی زۆرەوە، بە جادەکانی دەربەند و کۆڕێ و حوجراندا بەبەرچاوی هێزەکانی ڕژێم دەوریان دەگرن. لە ٢١ مانگی شەشی ١٩٨٤دا شەڕی کوردکوژی بەگەرمی لە گوندی قەراسنجی بناری چیای سەفین دەستپێدەکاتەوە… ئەم شەڕەی قەراسنج ڕووداوێکی پڕ لە تاوان و کارەساتە، کە کاک ئازاد زۆر بە ووردی لەدیدی خۆیەوە لەناو شەڕەکەوە بەجوانی گوزارشتی دەکات.

لەڕاستیدا نابەرابەریەکی گەورە لەنێوان ئەم دووبەرەی شەڕدا هەبوو، هێزەکانی سۆسیالیست و شیوعی ماندو و شەکەت بوون و کێشەی شوێنی حەسانەوە و کەمی تەقەمەنی و خۆراکیان هەبوو، هەرچی هێزەکانی یەکێتی بوون بەچەکی باش و تەقەمەنی زۆر و لەژێر چەتری ڕژێمدا بە ترومبێل و پیکاپ ئازادانە دەسوڕانەوە، هێزەکانیان کۆکردەوە و لەماوەیەکی کەمدا دەوری ئەو هێزەکەی سۆسیالیست و شیوعیان بەتەواوی گرت… لەکاتی ئەم شەڕەدا بەڕێککەوت بەهۆی سەردانی خزمێکمان لە گوندی کۆڕێ بووم، وەکو شایەدحاڵێک لە جادەی کۆڕێ و حوجراندا هێزەکانی یەکێتیم لەسەر جادە بینی، لەنێویاندا بۆنمونە هێزێکی دەشتی کۆیەی یەکێتیم بینی ترومبێلەکانیان ڕاگرت و هاتنەخاوەرەوە، پاشان بەپەلە سواربوونەوە و ڕۆیشتن، لەنێویاندا فەرماندەی کەرت شمدیل و دووانی دیکەم ناسیەوە کە ناوەکانیانم لەیاد نەماوە. بەڕاستی دیمەنیکی ئازاربەخش بوو، کە دەمبینی کورد دژی کورد شەڕ دەکا و ڕژێمیش هاوکاری پاسیڤ دەکات و سەیردەکات. نامەوێ چیتر لەسەر ئەم بابەتە بڕۆم، چونکە پێویستە ئەم کارەساتە لە کتیبەکەی کاک ئازاد خۆیدا بخوێننەوە.

لە کۆتاییدا دەکرێ بپرسین ئەم شەڕی ناوخۆیە لەپای چی؟ دەکرێ خوێنەر جۆرێک لە وەڵامی ئەم پرسیارەی لەم کتێبەدا دەستکەوێت. بێگومان لە هەردوو بەرگی بیرەوەریەکاندا زانیاری زۆر هەن کە لەم ماوە کورتەی ژیانی پێشمەرگایەتی گەنجێکی خێرلەخۆنەدیودا هەن. بیرەوەریەکان گێڕانەوەیەکی چڕی ڕووداوەکانی نێوان ساڵانی ١٩٨٢ – ١٩٨٤ ـە. گێرانەوەکان سەدان پرسیار دروست دەکەن و جەرگبڕن و کارەسات ئامێزن، ڕووداوەکانی مێژووێکی گرنگ گوزارشت دەکرێن، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەم کتێبە شایانی خوێندنەوەیە.
دەستخۆشی لە کاک ئازاد کاکل دەکەم و هیوادارم کاک ئازاد بەرگەکانی دیکەی بیرەوەریەکانی وەکو ئەو دوو بەرگە بەهەمان هەناسە و بە زانیاری زیاترەوە بنووسێتەوە و بەچاپی بگەیەنێت، کە بێگومانم کۆمەڵی ڕاستی گرنگی مێژوویی لەخۆیان دەگرن.

شاخەوان شۆڕش
٣/١/٢٠٢١




ئیزدی کۆمەڵگەیەکی تایبەتی ئێتنین و پێویستە هەرێمی تایبەت بە خۆیان هەبێت

شاخەوان شۆڕش
٢٠/١٠/٢٠٢٠

ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم لە ١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ دا، وەکو ڕاگەیەندراوە مەبەستی گەراندنەوەی ئارامی و ئاسایشە بۆ شاری شەنگال و ناوچەکە، هەروەها نیازی وایە لەژێر کاریگەری پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ک) و حکومەتی ناوەنددا قایمقام و هێزێکی ٢٥٠٠ کەسیی لە ئێزدیان دابمەزرێنیت. واپێدەچی قایمقام ئەندامێکی پارتی دەبێت و ئەو هێزەی دادەمەزرێت بەو کەسانە پڕدەکرێتەوە کە لەلایەن بە پارتی و حکومەتەوە دیاردەکرێن. پارتی لەژێر ناوی حکومەتی هەرێمەوە بەرژەوەندیەکانی خۆی دەپارێزێت. جگەلەوە خاڵێکی دیاری ڕێکەوتنەکە دەرکردنی هێزە چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یە لە شارەکە و ناوچەکەدا. بەپێی ڕێکەوتنەکە (خاڵی ٢، ب) ئەو ڕێکخراوانەی سەر بە پەکەکەن ئەگەر ئێزدیش بن هیچ ڕۆڵیان نابێ و بۆیان نییە لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێکەوتنەکە بەشدار بن و کاریگەری بنوێنن. بەڕوونی دیارە ڕێکەوتنەکە ڕەچاوی بەرژەوەندیەکانی تورکیا و پارتی بەباشی دەکات.
لە ٣-٨-٢٠١٤ دا کاتێ لەشکری ئیسلامی داعش هێرشی کردە سەر شەنگال و ناوچەکە، هێزەکانی پارتی بێشەڕ هەڵاتن و هێزەکانی حکومەتیش بەهەمان شیوە پشتیان لە کۆمەڵگەی ئێزدیان کرد. تورکیا لەلایەن خۆیەوە پشتگیری ڕێکخراوی دەولەی ئیسلامی داعشی دەکرد و پاسیڤانە سەیری کوشتار و لەناوبردنی ئێزدیانی کرد. ئەوەش بووەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەی ئێزدی بەرەوڕووی تاوانی گەلکوژی بەدڕندانەترین شێوە ببنەوە، بەهەزارانیان کوژران و بەهەزاران ژن و منداڵیان بەدیل بردران و کرانە سەبایە و کۆیلە. واتە هێزەکانی حکومەت و پارتی نەیانتوانی کۆمەڵگەی ئێزدی لە کۆمەڵکوژی و تاوانی گەلکوژی بپارێزن. بەگشتی هەردوولا لەئەگەری دووبارەنەبوونەوەی تاوانی گەلکوژی فەشەلیان هێنا، دیارە ئەوە بابەتێکی فرەلایەنەیە و نامەوێ لێرەدا لەسەری بڕۆم. ئێستا هەمان ئەو دوو دەسەڵاتە هاتوون ڕێکەوتنێک بەپێی تێگەیشتنی خۆیان بەسەر خەڵکەکەدا دەسەپێنن، وەکو بڵێی وەڵامی ناپاکیەکەیان لە کۆمەڵگەی ئێزدی بەمجۆرە دەدەنەوە. دیارە وەکو دەسەڵاتی فەرمی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێراق ئەوان دەسەلاتن، بۆیە نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکە مامەڵە لەگەڵ ئەوان دەکەن. بەڵام ئەم لایەنە ئەوە ناگەیەنێ کە ئەوان بۆیان هەبێت دوای ئەوەی هۆکاری گەلکوژی ٢٠١٤ بوون، بێن بێ بەشداریی ئێزدیان خۆیان ڕێکەوتنێک بەسەر ئەو کۆمەڵگەیەدا بسەپێنن. وەکو لەهیچ شوێنێکی ڕێکەوتنەکەدا نەهاتووە کەوا ڕێکخراوێکی ئێزدی یا دەسەڵاتێکی کۆمەڵگەی ئێزدی ڕۆڵی پێدرابێت. پارتی و حکومەتی ناوەند و حەشدی شەعبی ڕۆڵیان هەیە. ئەوان کەمێ لە کۆمەڵگەی ئێزدی هاتوونەتەپێش ئەویش دامەزراندنی قایمقام و هێزێکی ٢٥٠٠ کەسییە لەئێزدیان. جگەلەوەی ئەم هاتنەپێشە جێگەی پرسیار و گومانە، ئەوان کۆمەڵی مافی گرنگی ئێزدیان پشتگوێ دەخەن. دیارە لەبەرئەوەی ئەوان دەسەڵاتی فەرمین و ڕێکەوتنەکەیان کردووە نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان UN پشتگیری ڕێکەوتنەکە خۆشباوەڕانە دەکات وەکو هەنگاوێکی دروست ناوزەدی دەکات. کێشەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەیە لەنزیکەوە ئاگاداری قووڵایی دەرئەنجامەکانی ئەم ڕیکەوتنە نین. جێگەی پرسیارە کەوا پشتگیری ڕێککەوتنێک بکرێت، بێئەوەی بەشداری ڕاستەوخۆی ئێزدیان لە ڕێکەوتنەکدا ببیندرێت.
پارتی و حکومەتی ناوەند زۆریان لاگرنگە ڕێکخراوی پەکەکە لە دەڤەری شەنگال نەهێڵدرێت. لە کاتی تاوانی گەلکوژی ٢٠١٤دا ئەوان خۆیان لەشکری هەڵاتووان بوون و پەکەکەش لەشکری ڕزگارکەر بوو! لەراستیدا ئەوانە نایانەوێ ڕووبەڕووی راستیەکان بووەستنەوە و بیر لەوە بکەنەوە چۆن دەتوانن دیموکراسیانە و شارستانیانە کۆمەڵگەی ئێزدی دوای تاوانی گەلکوژی دروستکەنەوە و بیگەیەننە هەوارێکی دروست و ئارام بەهاوکاری ئەو هێزەی دەیان هەزاری لەکوشتن و کۆیلایەتی ڕزگارکردن. ئێستا لەخەڵکی ئێزدی ڕێکخراوی هاوسۆزی پەکەکە دروستکراوە و هەن و لەسەر ڕەوتی ئۆجەلان سیاسەت دەکەن. هیچ تاوانێک لەوەدا نییە. ئەوانە خەڵکی دەڤەرەکەن و دەتوانن هاوکاری کارا لەهەر هەنگاوێکی بنیاتنانەوە بکەن. بەڵام بۆ دژیان دەوەستنەوە و پەڕاوێزیان دەکەن؟ ئایا پەیڕەوکردنی ئایدۆلۆژیایەکی دیموکراسیانە تاوانە؟ ئەگەر ئایدۆلۆژیا مافەکانی مرۆڤی لاگرنگ بێت و دان بە پرەنسیپە دیموکراسیەکان بنێت لەژێر هەرناوێکدا بێت گرنگ نییە، گرنگ ناوەرۆک و ئامانجی ئایدۆلۆژیاکەیە. دەتواندرا بە دانیشتن و ڕێکەوتن ئەو کیشەیە چارەسەر بکرێت و ڕێکخراوەکانی ئێزدیان بەشداری گرنگ بکەن و مافەکانی ئێزدیان لەڕێکەوتنەکەدا بچەسپێنن. بەڵام بێگومان چارەسەر هەرگیز نایەتەدی لە کاتیکدا ڕەتی هەر دایەلۆگ و دانوستانێک لەگەڵ ڕێکخراوەکانی وابەستەی بیروباوەڕی ئۆجەلان و پەکەکە بکرێتەوە. بەپێی ڕێکەوتنەکە پارتی و حکومەتی ناوەند ڕێک وەکو تورکیا هەلسوکەوت لەگەڵ ئاراستەی پەکەکە دەکەن.
پارتی دژی بوونی پەکەکەیە و بیر لە مانەوەی هەژموونی خۆی لەدەڤەرەکەدا دەکاتەوە، ئەوەش مەبەستی سەرەکی ئەوە لە ڕێکەوتنەکەدا. بەڵام بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگەی ئێزدیان لێرەدا چین!؟ کێشەی کوشندەی ڕێکەوتنەکە ئەوەیە کۆمەڵگەی ئێزدیان وەکو دانیشتوانی شارێکی تێکدراو سەیردەکا و بەدامەزارندنی قایمقامێک و هێزێکی ئێزدیان پێیوایە چارەسەری دۆزیوەتەوە. جگەلەو کەسە ئێزدیانەی سەر بە پارتین، ئەوانیتر ڕقیان لە بنەماڵەی بارزانی و پارتییە و ئارەزووی بوونیان لە دەڤەرەکەدا ناکەن. ئەگەر قایمقام پارتی بێت و هێزەکەش لە ئێزدیەکانی سەر بە پارتی دروست بکرێن، ئەوا بێگومان ناکۆکی لەنێوان ئێزدیەکان دروست دەکات. بێمتمانەیی بەم دەسەڵات و هێزە دروست دەبێت و لەلایەن خەڵکەوە پشتگیری نابێت و دژایەتیشی دەکرێت.
دیارە کێشەی کۆمەڵگەی ئێزدی زۆر لەوە بەرفراوانترە کە ئەم ڕێکەوتنە سەیری دەکات. پرسیارەکان زۆرن لێرەدا بیانکەین: ئایا ئەوە ئێزدیەکان نین کەدەبێ گوتنیان لەسەر ئاسایش و چارەنووسیان هەبێت؟ ئایا ئێزدیەکان وەکو کەمینەیەکی ئێتنی مافی خۆیان نییە بەرگری لەخۆیان و مافەکانیان بکەن؟ ئایا ئەوان مافی ئازادی سیاسی و کەلتووریان نییە؟ لەبەرچی دەبێ خەڵکی غەیرەئێزدی بڕیار لەسەر ئاسایش و چارەنووسی ئەوان بدەن؟ ئایا ڕەوایە پارتی و حکومەتی ناوەند کە هۆکاری ڕوودانی تاوانی گەلکوژی ٢٠١٤ بوون، ئێستا بڕیار لەسەر ئاسایش و چارەنوسی ئێزدیان بدەن؟ دەبووایە ئەوانەی لەژێرناوی خەبات بۆ مافەکانی گەلی کورد کاردەکەن و خۆیان بەپێشڕەو دەزانن، دەرک بەو ڕاستیە بکەن، ئەگەرنا دەبێ خەباتی ئەوان بۆ ئازادی مافی گەلان بنەمای لەسەر درۆ و ساختە دروست بووبێت.
ئێزدی بەدرێژایی مێژوو چەوسێندراونەتەوە، بەرەوڕووی جوداکاری بوونەتەوە و بە نزم سەیریان کراوە. وەکو خۆیان دەیڵێن لەسەدەی حەوتەمەوە تاکو ئێستا تووشی ٧٣ کۆمەڵکوژی بووین، کە دواترینیان تاوانی گەلکوژی ٢٠١٤ یە. خراپ تێگەیشتن و نزم سەیرکردنی ئێزدیان تا ئێستا لەکۆمەڵگەی موسوڵماناندا بەردەوامە، پشووتەنگی سیستەماتیکیانە و پەڕاوێزخستنی ئێزدیان لەگەڵ باڵابوونی بیروهزری خەڵک گەورەبووە، تێگەیشتن و بڕوایێکە لە بنەماکانی ئیسلام کە ئایینی زاڵ و سەرەکییە بوونی هەیە، چون ئیسلام وەکو کافر سەیری ئەوان دەکات. ئێستاش خەڵک زۆرن پێیانوایە ئێزدی کافرن و پیسن، لەبواری کاردا وەکو کرێکار کاریان پێ ناکەن، یا شتیان لێ ناکڕن، یا تێکەڵیان نابن و حەزناکەن ئێزدی بێنە ناویان هتد. ئەوەی ڕوودەدات جوداکاری و ڕەگەزپەرستی و ڕاسیسزمە.
کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگەی ئێزدی وەکو کەمینەیەکی خاوەن ماف دانیان پێدابندرێت، پێویستە دان بەوەدا بندرێت کەوا ئێزدی مافی ئازادی سیاسی و کەلتووریان هەیە. وەکو هەر گەلێکیتر ئێزدی مافی خۆیانە کۆمەڵگەی خۆیان بەڕێوەببەن بەم شێوەیەی کە خۆیان ئارەزوویانە. پێویستە ئێزدیەکان هەرێمی ئۆتۆنۆمی یا فیدرالی تایبەت بەخۆیان هەبێت بەپێی ئەو ناوچانەی بەدرێژایی مێژوو لێی ژیاون و زێدی بابوباپیریانە. مافی خۆیانە بەڕێوەبەریی خۆیان هەبێت، ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و یاسادانانیان هەبێت، سوپای بەرگری خۆیان هەبێت، هێزی تایبەتی پۆلیس و ئاسایشیان هەبێت. لەسەر حکومەتی ناوەند و هەرێمە پشتگیری لە کۆمەڵگەی ئێزدی بکەن. لەم کۆمەڵگەیەدا و لەژێر بەرێوەبەریەکی دیموکراسیانەدا، پێویستە هەموو کەمینەکان بەپێی ژمارە و قەوارەیان نوێنەریان لە ئەنجومەنی یاساداناندا هەبێت و بەشداری ئەنجومەنی بەڕێوەبردن بکەن. هەموو بیروباوەڕە دیموکراسیەکان کە گرنگی بە مافەکانی مرۆڤ دەدەن، مافی خۆیانە بێجیاوازی لە کۆمەڵگەدا بوونیان هەبێت. وەکو لە دیموکراسیدا بیروڕا جیاوازەکان دەتوانن لەگەڵ یەکدا بژین و کێبڕکێی دەسەڵات ئاشتیانە بکەن. دەسەڵاتی دامەزراوەیی دیموکراسی و شارستانیانە دانووی لەگەڵ هێزی چەکداری سەر بە ئەم پارت و ئەو پارت ناکوڵیت. بۆیە هێزی میلیشیا لەم ژینگەیەدا ڕەتدەکرێتەوە. لەم دیدەوە پێویستە هێزە میلیشیاکانی وەکو پارتی و حەشدی شەعبی و پەکەکە لە دەڤەرەکەدا نەمێنن و ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە بدرێتەدەست ئێزدیەکان خۆیان، لەچوارچێوەی ماف و یاساکانی سیستەمی فیدرالیدا. پەکەکە یا پارتی و یەکێتی یا هەر پارت و ڕێکخراوێکیتر دەتوانن لەڕێگەی پارت و ڕێکخراوی بێچەکی دیموکراسیخوازانەوە لەکۆمەڵگەی ئێزدیاندا ڕۆڵیان هەبێت و پۆزەتیڤانە هەوڵی پێشخستن و گەشەپێدانی کۆمەڵگەی ئێزدیان بدەن.
پێویستە چارەسەری کێشەی ئێزدیان درێژخایەنانە بێت، پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەژێر چاودێری UN دا سەرپەرشتی ئاوەدانکردنەوە و مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی ئارام و ئاشتەوا بۆ ئەم کۆمەڵگەیە بکات کە لە تاوانی گەلکوژی ڕزگاربوون و بەردەوام لە تراومای تاوانی گەلکوژیدا دەژین. پێوستە بەشێکی گرنگی خەرجی ئاوەدانکردنەوە بخرێتەسەر دەسەڵاتی هەرێم و ناوەند، بەڵام هەڵەیەکی گەوەرەیە ئاوەدانکردنەوە بەوان بسپێردرێت. چونکە هەردوو دەسەڵات لەژێر گەندەڵیدا دەناڵێنن.
هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم لەسەریانە داوای لێبووردن لە کۆمەڵگەی ئێزدی بکەن، کار بۆ ئەوە بکەن ئەو متمانەیە بەدەستبهێننەوە کە بەتایبەتی لە ساڵی ٢٠١٤ دا دۆڕاندیان. قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان بکەنەوە. هەردوولا لەسەریانە هاوکاری دارایی ببەخشن بۆ ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنی سیکتەری تەندروستی و بوارەکانی دیکە، کار بۆ نەهێشتنی جوداکاری و ڕەگەزپەرستی دژ بە ئێزدیان لە کۆمەڵگە موسوڵمانەکانیاندا بکەن. پرۆسەی ئاشتبوونەوە و بەیەکەوەژیان هەنگاوی بەکردەوە لە هەردوو دەسەڵاتی ناوەند و هەرێم دەخوازێ و پێویستە لەهەموو لایەنەکانەوە کاری گرنگی لەسەر بکەن.
تەنها دوای چارەسەری تاووتوێکراوی درێژخایەن و داننان بە مافەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی و هەروەها بنیاتنانی بنەمایەکی ئاشتیخواز و یەکسانخواز و دادوەرانە، کۆمەڵگەی ئێزدی دەتوانن بەئارامی بژین و مسۆگەری ژیانێکی بەختەوەر و ئاسوودە بۆ ئێستا و دواڕۆژ بکەن.

شاخەوان شۆڕش
٢٠/١٠/٢٠٢٠




مەلا عوزێر: سەرۆکجاشی بکوژ و قوربانیەکانی لەوێنەیەکی بڵاوکراوەی کوڕی تاوانباردا

شاخەوان شۆرش…..

لەم ڕۆژانە وێنەیەکم کەوتەبەرچاو کە لەلایەن کوڕێکی مەلا عوزێرەوە بڵاوکراوەتەوە، لەم وێنەیەدا کە لەساڵی ١٩٨٠دا گیراوە، مەلا عوزێر بەرلەوەی ببێتە جاش و کۆمەڵێ پیشمەرگەی دەشتی هەولێری حزبی سۆسیالیستی کوردستان هەن، لەوانە ئیبراهیم شورتە و ڕەمەزان عەبدولڕەحمان کە هەردووکیان بەدەستی مەلا عوزێر خۆی کوژراون. واپێدەچی وێنەکە بەمەبەستی پیشاندانی لایەنی شۆڕشگێڕیی مەلا عوزێرەوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە دوو لە پێشمەرگەکانی ناو وێنەکە بەدەستی مەلا عوزێر خۆی کوژراون.
عەزیز حەمەد مەولود شێخانی ناسراو بە مەلا عوزێر یەکێ لەو سەرۆکجاشانەیە کە کۆمەڵێ تاوانیان دژی پێشمەرگە و هاوڵاتیان ئەنجامداوە و لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا بەشداریکردووە. بەپێی لیستێکی دادگای باڵای تاوانەکای ئێراقی کە ناوی تۆمەنبارانی تاوانی گەلکوژی ئەنفال و تاوانەکانی دیکەی گرتبووەخۆی، ژمارەی تۆمەتباران ٤٢٣ کەس بوون لە لیستەکەدا و لە ژمارە ٢٢٩ دا ناوی مەلا عوزێر هاتووە. لە دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقدا ١٠ سکاڵای لەسەردا تۆمارکراوە. لەلایەن دادگاوە فەرمانی گرتنی بۆ دەرکراوە.
دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقی لە دادگاییکردنی تۆمەتبارانی تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا دەستیپێکرد، تەنها چەند تاوانبارێکی دادگاییکرد، ئەوانیش سەدام حوسێن، عەلی حەسەن مەجید، سوڵتان هاشم، سابر عەبدولعەزیز و فەرحان موتەلگ بوون. سەدام حوسێن لەسەر کەیسی دوجەیل سزای کوشتنی بۆبڕایەوە و زوو کوشتیان، بەمجۆرە لەسەر تاوانی ئەنفال سزای بۆ نەبڕایەوە. هەروەها عەلی حەسەن مەجید کە لەدوای سەدام حوسێندا تاوانباری هەرە گەورە بوو ئەویش لەسەر تاوانی شەعبانیە سزای مردنی لەساڵی ٢٠١٠ دا بەسەردا سەپێندرا. سوڵتان هاشم کە چوار سزای مردنی لە سەر تاوانی گەلکوژی ئەنفال بۆ دەرکرابوو، بەهۆێ نکۆلی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی بەسەرپەرشتی مام جەلال لە واژوکردنی سزاکە، سزاکەی مردنی لەسەر جێبەجێ نەکرا و لە زیندانێکی ناسریەدا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بە مردنی خۆی مرد. سەرۆکجاشەکان و زۆر لە تۆمەتبارەکان هەرگیز ڕاپێچی دادگا نەکران، ئەو تۆمەتبارانە لەلایەن دەسەڵاتی ناوەند و کوردیەوە پەنادران. دەسەڵاتی کوردی بەشبەحاڵی خۆی دژی دادگایی سەرۆکجاشەکان وەستایەوە لەگەڵ ئەوەی بەفەرمی لە ساڵی ٢٠١١ دا لە دادگای باڵای تاوانەکانەوە داوای ئەو تۆمەتبارانە کرا. هەروەها لەگەڵ ئەوەی کەسوکاری قوربانیان دەیان سکاڵایان لەسەر ئەو سەرۆکجاشانە تۆمارکردبوو، بۆنمونە ٤٧ کەیس لە دژی سەرۆکجاش عەباسی بالو ئاغا تۆمارکرابوو بەڵام لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پارێزگاری لێکرا و ڕادەستی دادگا نەکرا. پارتی و یەکێتی لێبووردنەکەی ساڵی ١٩٩١یان کردۆتە بەڵگەی یا بیانووی ڕەتکردنەوەی دادگاییکردنی سەرۆکجاشەکان. بەبێ گوێدانە مافە یاسایەکان یا گەورەیی تاوان لە ئاستی تاوانی گەلکوژیدا.
جێگەی بیرخستنەوەیە سەرۆکجاش مەلا عوزێر لەساڵی ١٩٨٠ دا دەچێتەوە ناو ڕژێم و دەبێتە جاش، هەندێ دەڵێن مەلا عوزێر پیاوی ڕژێم بووە و بۆ سیخوڕی ڕەوانەی ناو پێشمەرگە کراوە و دواتر گەڕاوەتەوە ناو ڕژێم. مەلا عوزێر سەرەتا سەرۆکی مەفرەزەخاسە و دواتر سەرۆکی فەوجی ١٣٠ بووە، لەو ساتەوەی کە گەڕاوەتەوە ناو ڕژێم دەست دەکات بە ڕاوە پێشمەرگە بەتایبەتی ڕاوی پیشمەرگەکانی حزبی سۆسیالیستی کوردستان. مەلا عوزێر بارەگای لە قوشەتەپە هەبووە، هەروەها لەگەڕەکی مەنتکاوەی شاری هەولێر بارەگای جاشایەتی هەبوو، دەیان تاوان لە مێژووی جاشەیەتیدا ئەنجام دەدات و بێگومان یەکێ لە سەرۆک مەفرەزەخاسە هەرە دڕندەکانی شاری هەولێر بووە. تاوانەکانی زۆرن و نازاندرێ ژمارەی تاوانەکانی چەندن، زۆر لە کەسوکاری قوربانیان یا لەڕێگەی سولحی عەشایەری بێدەنگکراون یا بەبەرتیل ڕازیکراون، یا لەبەر مەترسی لەسەر ژیانیان ناوێرن دەنگ بکەن، یانیش لەناو یەکێتی و پارتی بەرژەوەندیان هەیە و بێدەنگیان هەڵبژاردووە. دەگوترێت دەوروبەری نزیکەی ٧٠ پێشمەرگە و ئەندامی حزبی سۆسیالیست لەیەن مەلا عوزێرەوە یا بەهۆی ئەوەوە لەناوچووین، ئەوجا یا ئەو گرتوونی و ڕادەستی کردوون و دواتر لەسێدارە دراون یا ڕاستەوخۆ لە بۆسەکانی ئەودا کە بەتایبەتی هەندێجار لەگەڵ معاون ئەحمەدی ئەمنی قوشتەپەدا لە دەشتی هەولێر دایدەنان کوژراون. ئەوە جگە لە قوربانیەکانی دیکەی دەستی ئەو.
لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دا بەرەی کوردستانی لێبووردن بۆ جاشەکان دەردەکات، لەژێر ئەو بانگاشەیەی کە وابکات بەڵکو بەشداری یا هاوکاری خەڵک لە ڕاپەڕین لە دژی ڕژێمی بەعسدا بکەن. بەڵام لەراستیدا پارتە گەوەرەکان بەرژەوەندی خۆیان لەم هەنگاوەدا هەبوو. لە ڕاپەڕیندا هەندێ سەرۆکجاش هاوکاریان کرد بەڵام زۆریان نەیان کرد. لەڕاستیدا کە خەڵک ڕاپەڕین ئەو لێبووردنە نەشبایە هیچی لە بارەکە نەدەگۆڕی، چونکە زۆربەی چەکدارەکانی سەرۆک جاشەکان ڕاکردووی سەربازی بوون یا لە ناچاری چەکی جاشایەتیان هەڵگرتبوو، ئەوانە خۆیان سروشتی دژایەتی خەڵکیان نەدەکرد ئەگەر نەشهاتبانە ڕیزی گەل، هەندێ لەو چەکدارانە کۆنە پێشمەرگە بوون و لە دەرفەتێک دەگەڕان دژی ڕژێم بوەستنەوە. سەرکردەکانی بەرەی کوردستانی لە واقیعی بارەکە نەشارەزا بوون و ماوەیەک بوو لە شارەکانی ئێران کەوتبوون و دووربوون لە رووداوەکان. بۆنموونە لە خوارووی ئێراق خەڵک ڕاپەڕی و توانیان دامودەزگاکانی ڕژێم ڕاماڵن، هیچ سەرۆکجاشیش نەبوو “هاوکاریان” بکات. لەلایەکیتر دەکرێ ئەو لێبووردنەی بەرەی کوردستانی بە زیانبەخش لێکدرێتەوە، وەکو لانیکەم بووەهۆی پاراستنی سەرۆکجاشەکان لە سزای گەل (دەکرێ لەسەر ئەو بابەتە زیاتر بنوسرێت).
لە دوای ڕاپەڕین پارتەکانی کوردستان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیتی نیشتیمانی کوردستان پیشبڕکێیان بوو لەسەر وەرگرتنی سەرۆکجاشەکان و پەنادانیان لە ڕق و تۆلەی کەسوکاری قوربانیان. حزبی سۆسیالیستی کوردستان ئەویش هەندێ لەو سەرۆک جاشانەی گرتەخۆی. پێشبڕکێی پارتی و یەکێتی لەسەر سەرۆکجاشەکان لەبەر بەرژەوەندی خەڵک و کوردستان نەبوو بەڵکو لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی حزبەکانیان بوو، وەکو دواتر دەرکەوت بۆ چی بوو. لەوساوە هەرجارێ گوتن لەدادگایی سەرۆکجاشەکان دەکرێت هەردوو پارتی دەسەڵاتدار لێبووردنەکەی ساڵی ١٩٩١ دەهێننەوە بەرگوتن. ئاشکرایە بەرەی کوردستانی دامەزراوێکی یاسایی نەبوو بەڵکو بەرەی چەند پارتێکی بەرهەڵستکاربوو، ئەگەر ئەو دامەزراوە ناهەڵبژێردراوە لێبووردنیش دەرکات، لێبووردنەکە تەنها دەکرێ مافی گشتی ئەو پارتانە بگرێتەوە کە ئەوان لەڕێگەی ئەم لێبووردنەوە لێخۆشبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە. بەڵام ئەوان ناتوانن لێبووردن لەجیاتی کەسوکاری قوربانیان دەرکەن، چونکە مافی کەسیی کەسوکاری قوربانیان مافێکە تەنها ئەوان خۆیان لێی بەرپرسیارن، لەلایەکیتر لێبوردن ناتوانی لە بوونی تاوانی دژبەمرۆڤایەتی یا گەلکوژیدا وابکات گەلی قوربانی لە تاوانباران خۆش بێت. هیچ دامەزراوێکی سیاسی توانای ئەوەی نییە لێبوردن بۆ تاوانبارانی گەلکوژی دەرکات. تەنانەت پەرلەمان ئەگەر ڕەواش بێت ئەو توانایەی نییە ئەو جۆرە لێبووردنە دەرکات، چونکە ئەو بابەتە چارەنوسسازە و پەیوەندی بە هەموو گەلەوە هەیە. بۆیە ڕەتکردنەی بەدادگاگەیاندنی سەرۆکجاشەکان سیاسیە و نایاساییە.
لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مەلا عوزێر وەکو زۆر سەرۆکجاشیتر پەنا دەدا و دەگرێتەخۆی، یەکێتی موچەی باڵای بۆ دەبڕنەوە، دواتر بۆ وڵاتی هۆڵاند دەربازی دەکەن. مەلا عوزێر لە هۆڵاند دادەنیشێ و جار جارە دەگەڕێتەوە کوردستان و لەلایەن یەکێتیەوە دەپارێزرێت و پێشوازی گەرمی دەکرێت. دەگوترێت زەوی وەرگرتووە و خانووی گەورەی لەسایەی یەکێتیدا هەیە.
هەندێ لە تاوانەکانی مەلا عوزێر:
ئیبراهیم بەکر سۆفی محەمەد ناسراو بە ئیبراهیم شورتە لە ساڵی ١٩٧٧ ببووە پێشمەرگە کە ٣ کلاشینکۆفی ڕژێمی بەعسی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو کە بووە پیشمەرگە، ئەوسا چەک زۆر کەم بوو و نرخی بۆ پێشمەرگە زۆر بوو، ئیبراهیم شورتە لە ڕێککەوتی ٢١/٤/١٩٨١ دا لە گوندی مورتکەی قوشتەپە بەدەستی مەلا عوزێر سەرۆکی مەفرەزە خاسە دەکوژرێت.
لە بۆسەیەکدا لە گوندی قۆپە قوڕان لە ساڵی ١٩٨٢ دا، سێ پێشمەرگەی حزبی سۆسیالیستی کوردستان دەکوژێت. (پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە)
لە بۆسەیەکدا کە لە شەوی ١٥/١/١٩٨٣ لە دەشتی هەولێر کە لەگەڵ ئەمنی قوشتەپە بۆ پێشمەرگەکانی دەشتی هەولێری حزبی سۆسیالیست دایانابوو ١١ پیشمەرگە دەکوژن. ناوەکان: ڕەمەزان عەبدولڕەحمان، ڕەشاد بەردێنە، شێرزاد هەینی، ئەکرەم مەولود، موزەفەر عوسمان، نوری خورمەلە، ڕەمەزان ئەحمەد، ڕەحمان ئیسماعیل، سالم عومەر، ئیسماعیل نوەردین و ڕەحمان سەعید. تەرمەکانی پێشمەرگە هەمووی دەکەونە دەستی جاش و ئەمنەکان و دەیانبەن بۆ قوشتەپە. دەگوترێت ئەکرەم مەولود بەبرینداری گەیشتۆتە قوشتەپە، مەلا عوزێر لەوێ گولەبارانی دەکات.
لە ڕێکەوتی ٣١/٧/١٩٨٢دا بۆسەیەک بۆ کۆمەڵێ ئەندامی ڕێکخستنەکانی حزبی سۆسیالیست دادەنێ و ٩ کەسیان دەستگیر دەکات، لە نێویاندا ئەبوبەکر عومەر ڕەشید ناسراو بە دیار هەروەها نەجمەدین … کە دواتر لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە ڕێکەوتی ١٤/٤/١٩٨٥دا لەسێدارە دەدرێن. دیار بەرپرسێکی بەتوانا و باڵای ڕێکخستنەکانی سۆسیالیست بوو لە شاری هەولێر و دەوروبەریدا.
لە بۆسەیەکدا لە گوندی سابلاغی سەربە شارۆچکەی قوشتەپە لە ٢١/١٠/١٩٨٢ پێنج پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەناوەکانی نادر سمایل (نالە قەشقەیی)، محەمەد غەفور ئەحمەد، عوسمان عەلی محەمەمەد، محەمەد مەحمود قادر و حەمید سەعید حەمەدئەمین دەکوژێت. نالە قەشقەیی فەرماندەیەکی ئازا و ناودار بوو. مەلا عوزێر بە شۆفرلێتەکەی تەرمئ کوژراوەکان بەبەرچاوی خەڵکی گوندی سۆربەش و مورتکەدا دەبات و ڕادەستی ڕژێمیان دەکات.
خالید عەزیز و حەمەدئەمین عەزیز کە دوو کوڕی عەزیز قەمبەر بوون و ڕاکردووی سەربازی بوون، لەلایەک کەسێکی سەربە مەلا عوزێرەوە ڕادەستی مەلا عوزێر دەکرێن، کە ئەویش وەکو دەستکەوتێک یەکسەر ڕادەستی دائیرەی ئەمنیان دەکات و دواتر لە سێدارە دەدرێن. (پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە)
عەریف ئەکرەم پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بۆسەیەکی هاوبەشی جاشەکانی مەلا عوزێر و هەندێ مەفرەزە و فەوجی دیکەدا لە نزیک گوندی کەردز لە ٢٨/٢/١٩٨٢ دا دەکوژرێت. (پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە)
لە گوندی نێرگین ١٤ کەسی گرتووە و رادەستی ڕژێمی کردووە (پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە).
بەگوتنی یەکێک لە کەسوکاری قوربانیان کەناوی خۆی ئاشکرانەکردووە، برایەک و دوو مامی ئەو کەسە کە خەڵکی گوندی نێرەگینن لە دوای ئەنفالدا لەلایەن مەلا عوزێرەوە ڕادەستی ڕژێم کراون و دواتر گولەبارانکراون.
مەلا عوزێر وەکو هەر سەرۆک جاشێکی دیکە بەشداری تاوانی گەلکوژی ئەنفالی کردووە، چەند جار و لە کوێ و کوێ زانیاری تەواوم نییە، بەڵام بەپێی زانیاریەکان لەگەڵ جاشەکانی مامەند قەشقە (یەکێ لەو سەرۆکجاشانەی کە پارتی گرتیەخۆی و پەنایدا) لە ئەنفالی گوندەکانی بەستی شەرغەی دەشتی هەولێر وەکو سێگرتکان و نێرگین یا دەشتی کۆیە بەشداری کردووە، خەڵکیان کوشتووە یا گرتووە و ڕادەستکردووە.
لە ٧/٥/١٩٨٨ دا لەهەڵەمەتێکدا لە شارۆچکەی قوشتەپەدا مەلا عوزێر و جاشەکانی ٥٤ کەس دەستگیر دەکەن، هەندێکیان ڕاکردووی سەربازی دەبن. مەلا عوزێر خۆی هەندێ لەوانە ڕادەست دەکات. لە گیراوەکان ١٢ ئازاد دەکرێن، ١٢ دەنێرنەوە بۆ سەربازگەکانیان، ئەوانیتر فەرمانی کوشتنیان بەسەردا دەسەپێندرێت و گولەباران دەکرێن.
ئەوانەی ئاماژەمان بۆ کردن بەشێکن لە تاوانەکانی مەلا عوزێر، بێگومان تاوانی دیکەش هەن کە ئێمە زانیاریمان لەسەریان نیە. بۆیە گومان لەوەدا نییە کە ئەو تاوانبارە و دەبێ بدرێتە دادگا.
مەلا عوزێر لە کوردستان نییە تاکو دەسەلاتی کوردی بتوانن بیپارێزن، ئەو لە وڵاتی هۆڵاند دەژی، کەیسی لەسەر هەیە و پۆلیسی هۆڵاندی دەزانن ئەو تۆمەتباری تاوانی گەلکوژیە، بەڵام پۆلیس پێویستی بە شایەدحاڵ و دەکومێنتی کۆنکریتی هەیە تاکو بتوانێ کەیسی لەسەر دروستکەن. کەسوکاری قوربانیان دەتوانن چاڵاکانە سکاڵاکانیان پێشکەش بە پۆلیسی هۆڵاندی بکەن، یا شایەدەکان دەتوانن شایەدی لەسەر تاوانەکانی بدەن.
لەنێو هەموو گەلێکدا تاوانباران دەدرێنە دادگا، ئەو تاوانبارانەی کە لەڕیزی ڕژێمدا بوون و تاوانی دیار و گەورەیان ئەنجامداوە بەپێی یاسای تاوان دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی دەگیرێن و ڕادەستی دادگا دەکرێن، بەپێی یاسا دادگاییدەکرێن و سزای خۆیان وەردەگرن. تاوانی واگەورە کۆن نابێت و هەمووکات دەکرێ تاوانبار ڕاپێچی دادگا بکرێت. بۆنمونە لەسەر تاوانی گەلکوژی هۆلۆکۆست کە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا لەلایەن نازیەکانەوە دژ بە جووەکان ئەنجامدرا، لە هاوینی ٢٠١٥ دا دادگایەکی ئەلمانی لە شاری لونەبۆرگ کۆنە نازیستێکی ئەڵمانی بەناوی ئۆسکار گرۆنینگ تەمەن ٩٤ ساڵەی بە چوار ساڵ سزادا، ئەو کەسی نەکوشتبوو، تاوانی ئەو ئەوەبوو شمەکی وەکو پارە، سەعات، چاویلکە و شتیتری زیندانیەکانی کۆدەکردەوە. دوای نزیکەی ٧٣ ساڵ لەدوای تاوانکە سزای دادوەرانەی بەسەردا سەپێندرا. ئەم ساڵ تاوانبارێکی دیکە دۆزرایەوە بەناوی برونۆ دێی کە لەکاتی تاوانەکەدا پاسەوانی زیندان بووە و ئەوسا تەمەنی ١٧ ساڵ بووە، دوای ٧٥ ساڵ درایە دادگا و دادگای هامبۆرگ سزای دوو ساڵ زیندانی بۆ بڕیەوە.
لە باشوری کوردستاندا لەسایەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا بەپێچەوانەی هەموو گەلانی جیهان، سەرۆکجاشە تاوانبارەکان پەنادران، قەڵە و بەهێزکران، پێگە و دەسەڵاتیان زۆر لەوە بەرزتر و زیاترە کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا هەیانبوو. خەڵکی باشوری کوردستان دەبێ لەچاوەڕوانیدابن تاکو ئەو ڕۆژەی خەڵکی باشوریش وەکو گەلانیتر دەبنە خاوەنی دەسەڵاتی نیشتیمانی ڕەوا و تاوانباران ڕاپێچی دادگا دەکەن. ئەوە ئەمڕۆ خەونە بەڵام دەکرێ بێتەدی.

تێبینی: هەندێ لە زانیاریەکان سەبارەت بە تاوانەکانی مەلا عوزێر بەپێی سەرچاوەی بڵاوکراوە کە لە خوارەوە داندراون نوسراون. دەکرێ زانیاریەکان تەواو نەبن. ئەگەر زانیاری گونجاوتان لەسەر ڕووداوەکان هەیە ئاگادارم بکەنەوە، سوپاستان دەکەم.

————————————————–

سەرچاوەکان:

وێکپیدیا: ئیبراهیم ئەحمەد سۆفی ناسراو بە ئیبراهیم شورتە
https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20141005101458116586&lng=12;

ئەحمەد عەبدولعەزیز عەبدولکەریم زەمان، کوردۆپێدیا
https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20150609203011121533&lng=14

یەکێتی ئەگەر دەیەوێ دڵسۆزی خۆی بۆ خەلکی کوردستان بسەڵمێنی با مەلا عوزێر بداتە دادگا
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=48443

تاوانبار بە ژینۆساید، بەڵام سەربەست لە هولەند
http://www.derbendixan.net/kurdish/item_detail.php?id=391#.XyXDzCgzbIU

پیاوێکی کۆمەڵکوژ لە هۆڵەندا سەربەست کرا
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=77393&skeyword=%D9%85%DB%95%D9%84%D8%A7+%D8%B9%D9%88%D8%B2%DB%8E%D8%B1

مام ئۆمەر پیشمەرگەیەکی دێرین، “دەستخۆش بۆ دەسەلاتی کوردی کە دەیان تاوانباری وەک مەلا عوزێر و قاسم ئاغا لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا ئەحەوێنێتەوە”
https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=63983&skeyword=%D9%85%DB%95%D9%84%D8%A7+%D8%B9%D9%88%D8%B2%DB%8E%D8%B1

Former Nazi Guard Is Convicted in One of Germany’s Last Holocaust Trials
https://www.nytimes.com/2020/07/23/world/europe/holocaust-trial-nazi-guard-germany.html

Oskar Groening, ‘Bookkeeper of Auschwitz,’ convicted of war crimes, dies at 96
https://www.washingtonpost.com/local/obituaries/oskar-groening-bookkeeper-of-auschwitz-convicted-of-war-crimes-dies-at-96/2018/03/13/49517c5a-26ce-11e8-b79d-f3d931db7f68_story.html

شاخەوان شۆرش
٢/٨/٢٠٢٠




تیرۆرکردنی سەرکردەی سۆسیالیست ئەحمەد فەقێ ڕەش چۆن و لەبەرچی؟ … شاخەوان شۆڕش

بەپێی پلانێکی داڕێژراو لەژێر چەتری ئێران و پارتیدا دوو پێشمەرگەی پارتی ئازاد عەریف شێخە و حوسێن ڕەسول سەرکردەی حزبی سۆسیالیست ئەحمەد فەقێ رەش لە شاری شنۆ لە ڕێککەوتی ٢٦/١١/١٩٨٥ دا تیرۆر دەکەن. لە وتارەکەدا وردەکاری زیاتری ئەوسا و هۆکاری تیرۆرکردنەکە بخوێنەوە.
بەداخەوە باشوری کوردستان ئەو بەشەی کوردستانە کە تووشی ده‌رز و شەقبوونی سیاسی بووە، لەزووەوە و بەتایبەتی لە شەستەکانی سەدەی رابردووەوە خۆفرۆشی و نۆکەری و بێگانەپەرستی لەنێو پارتە رامیاریەکاندا گەرای کردووە، حزبەکان‌ له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تیاندا ئاماده‌ن زیان به‌یه‌كتر بگه‌یه‌نن و هاوکاری داگیرکەران دژی یەکتر بکەن.
دووبەرەکی و دژایەتی یەکتر له‌ نیوسه‌ده‌ی ڕابردوودا زیانی کوشندەی بە خەباتی ڕزگاری نیشتیمانی ئەو بەشە گەیاندووە و بۆتە بەربەست لەبەردەم پێشکەوتن و گەشەکردنی گەلدا، هەروەکو ئەو ده‌رزه‌ سیاسیە کوشندەیە کاریگەری خراپ و تێکدەرانەی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان و پێشکەوتنی کۆمەڵگەوە نوواندووە و تائێستاش بەردەوامە. بۆیە ئاماژە بەو لایەنە دەکەین، چونکە تێکۆشەری نەمر ئەحمەد فەقێ ڕەش بووە قوربانی ده‌ستی چەند چەکدارێکی كورد كه‌ له‌لایه‌ن پارتێكی سیاسیه‌وه‌ پشتگیریکران و ئێستاش پەنادەدرێن. جێگەی بیرخستنەوەیە، کەوا ئەو جۆرە تاوانکاریە لێرە و لەوێدا روویانداوە و لەلایەن پارتە سیاسیەکانەوە لەژێر بەرژەوەندیە نانیشتیمانیەکاندا بەرگری لێکراوە. بۆیە ئەو تاوانەی لێرەدا نوسراوە یەکەم نمونە نییە.

لە ساڵی ١٩٧٩ دا هێرشه‌كانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بۆسه‌ر شاره‌كانی كوردستان بوونه‌هۆی شكان و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی حزبی دیموكراتی كوردستان بۆ شاخه‌كان و ناوچه‌ سنوریه‌كان. له‌داوی‌ ئەوە سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیستی كوردستان په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕژێمی ئیسلامی ئێران دەبه‌ستێت، به‌مجۆره‌ هاتووچۆ دروست دەبێت. وەکو لەبەشی یەکەمدا گوترا له‌ ئه‌نجامی داگیركردنی باره‌گاكانی سه‌ركردایه‌تی حزبی سۆسیالیست له‌ ١٩٨٣ دا لەلایەن هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە، حزبی سۆسیالیست باره‌گای سه‌ركردایه‌تی گواسته‌وه‌ گوندی زێوكه‌، هه‌روه‌ها زۆربه‌ی به‌رپرس و فه‌رمانده‌كان ماڵومنداڵیان برده‌ شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. ئه‌حمه‌د فه‌قێ ڕه‌ش بانگكرایه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی له‌ زێوكه،‌ به‌مجۆره‌ له‌ هه‌رێمی ٩ ی باڵه‌ك نه‌ما.

بۆیه‌ ئه‌ویش ماڵه‌كه‌ی ده‌گوازێته‌وه ‌دیوی كوردستانی ئێران و له‌شاری ورمێ نیشته‌جێ ده‌بن. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و دڵنیا نه‌بوو و زۆر به‌ گومان بوو، چونكه‌ ده‌یزانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران چاڵاكیه‌كانی ئه‌ویان دژ به‌ هێزه‌كانی ڕژێمی ئیسلامی لەساڵی ١٩٧٩دا لەبیرنه‌كردووه‌ و به‌دوایه‌وه‌ن و له‌ده‌رفه‌ت ده‌گه‌ڕێن. زۆرجار لای هاوڕێ پێشمه‌رگه‌كانی ده‌یگوت “هه‌رگیز له‌وانه‌ دڵنیانیم، ڕۆژێ ئه‌و دڕندانه‌ ده‌مكوژن!”.
جگه‌له‌ ڕژێمی ئیسلامی له‌به‌رئەوەی فەرماندەیەکی مەفرەزە سەرەتایەکانی هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەکداری بوو و کەسێکی ناودار و خۆشه‌ویست بوو له‌ناوچه‌كه‌ی خۆیدا، له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ سیاسیه‌ رکابەرەکانیشەوە ململانێی كراوه‌، به‌ڵام ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌كی به‌هێزی هه‌بوو و ملكه‌چی داواكاری هیچ لایه‌نێک نه‌بووە. بەپێی زانیاریەکان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دژایەتی کراوە. دیارە ئەوسا پارتی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕژێمی ئیسلامی ئێراندا له‌وپه‌ڕی به‌هێزیدا بوو و له‌ به‌ره‌كانی شه‌ردا دژی سوپای ئێراق هاوكاری سوپای ئێرانیان بەخەستی ده‌كرد، هه‌روه‌ها به‌بوونی كه‌سێكی به‌هێزی وه‌كو ئه‌حمه‌د فه‌قێ ڕه‌ش له‌ ناوچه‌كه‌دا واپێدەچێ دڵخۆش نه‌بوون، جگەلەوە هۆکاریتریش هەبوون (لەخوارەوە نوسراوە) کەوابکەن پارتی ئارەزووی ئەو نەکەن. له‌و سه‌روبه‌نده‌دا لە هاوینی ساڵی ١٩٨٤ دا لەکاتێکدا سەرکردایەتی حزبی سۆسیالست لەلاوازیدا بوو و لە گوندی زێوکە بووە، هێزی پارێزگاری ئەوتۆی لێ نەبووە، هێزێكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی بابه‌كر زێباری به‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی حزبی سۆسیالستدا ده‌ده‌ن.
پێشمەرگەی دێرین ئازاد کاکل لەبەرگی دووەمی بیروەریەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوسا پارتی زۆر دژی حزبی دیموکرات بوون و بەهاوکاری هێزەکانی ئێران بەدوای پێشمەرگەکانی دیموکراتەوە بوون، هەوڵیان دەدا حزبی سۆسیالیستیش بێننە سەنگەری خۆیان دژی حزبی دیموکرات بەڵام سەرکردایەتی سۆسیالیست بەتووندی دژی ئەو داوایەی پارتی دەوەستنەوە. لە لاپەرە ٤١ دا دەنوسێت: “لە کۆتایی مانگی ٧ دا هێزێکی هاوبەشی پارتی و پاسداری ئێران بە فەرماندەی بابەکر زێباری بەبیانووی گەڕان بەدوای پێشمەرگەکانی حزبی دیموکرات لەپەنای هاوپەیمانی لە کتوپرێک هێرشێکی فراوانیان کردە سەر بارەگای مەکتەبی سیاسی سۆسیالیست لەبناری شاخی سپی زێر (لە گوندی زێوکە) بە بیانووی ئەوەی پێشمەرگە و برینداری حزبی دیموکراتی ئێران لەناو بارەگای سۆسیالیست حەشار دراون. مەکتەبی سیاسی لەوکاتە هێزێکی ئەوتۆی لەبارەگای سەرکردایەتی نەبوو ئەوەی لێشی بوو زۆریان بێچەک بوون بە حسابیش ئەو ناوچەیە لەژێر ڕکێفی حکومەتی ئێرانە و ئەمانە، لە سەرکردایەتیش تەنیا مامۆستا مەلا ناسحی لێبوو.
هێزەکانی پارتی و پاسداری ئێرانی بەچەکی هاوەن و هەموو جۆرە چەکێک تەقە لە بارەگای سەرکردایەتی دەکەن، بەڵام پێشمەرگەکانی سۆسیالیست لێیان بێدەنگ نابن، تەقەیان لێدەکەن، سێ کەسیان لی بریندرا دەکەن و یەکیان لێ دەکوژن، لە هێزەکانی ئێمەش هەڤاڵ ئاسۆ حەسەن سکرتێری یەکێتی لاوانی سۆسیالیستی کوردستان بریندار دەبێت…” هەروەها دەنوسێت: “مولازم بابەکری پارتی و هێزێکی ٥٠٠ – ٦٠٠ کەسی تێکەڵ لە پارتی و جەنگەهای نامنەزەمی ئێران کە هێزێکی تایبەتی پارتی و ئێران بوون کە پێیان دەگوتن گروی زەربەتی و بەتایبەت بەدوای دیموکراتدا دێ بە دێ دەگەڕان. مولازم بابەکر بەو بیانووەی کە گوایە برینداری دیموکرات لە ڕێگای کاک ئەحمەد فەقێ ڕەشەوە هاتوونەتە مەقەڕەکانی ئێمە، پارتیش بۆ ئەوەی سۆسیالیست بە ئێران تەمێ بکات کەتبوونە پێشیان…”
محەمەدی حاجی مەحمود لە بیرەوەریەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە پارتی و ئێران لەبەرئەوە لە حزبی سۆسیالیست تووڕەبوون، چونکە سۆسیالیست بەیانی دەرکردبوو و رەخنەی لە پارتی و ئێران لە شەڕی حزبی دیموکرات گرتبوو و دژی شەڕەکە بوو، لە ڕادیۆکەی حزبی دیموکراتدا چەندجارێک بەیانەکە خوێندراوەتەوە، پارتیش بەیانەکەیان وەرگێڕابوو و دابوویانە ئێران، وە ئێرانیش لەبەرامبەر ئەوەدا دوو ئەندامی سەرکردایەتی سۆسیالیست سەید کاکە و مەلا ناسیح دەگرێت.
بەپێی گێرانەوەی هەندێ لە پێشمەرگەکانی ئەوسا گومانی زۆر هه‌یه‌ كەوا‌ ‌مه‌به‌ستیان لەو بەسەردادانە كوشتنی ئه‌حمه‌د فه‌قێ ڕه‌ش بووە، به‌ڵام ئه‌وكات ئه‌و بەسەردان چووبووە دۆڵی ڕوست و لەوێ نەبووە. کاتێ ئەحمەد فەقێ ڕەش بەو هەواڵە دەزانێ زۆر هەراسان دەبێ و ئەو پێشێلکاریەی پارتی بە کارێکی دوژمنانە دەبینێ، بۆیە ئەوان لە دۆڵی روست خۆیان بۆ شەڕ ئامادەدەکەن. ئەحمەد فەقێ ڕەش پێشمەرگەیەک دەنێرێتە سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیست، بە پیشمەرگەکەدا کۆدێکی نهێنی دەنێرن، کە ئەگەر سەرکردایەتی رێگە بدات ئەوا ئەوان ئامادەن لە دۆڵی رۆست لە هێزەکەی پارتی بدەن. کۆدەکەش بەو شێوەیە بووە، ئەگەر سەرکردایەتی بڕیاری شەڕیدا لە ئێزگەدا ناوی نهێنی (ئاگر گەرمە) بگوترێت، بەڵام ئەگەر بڕیاری شەڕ نەبوو بگوترێت (مانگ لە چواردەیە). سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیست دژی هەڵگیرساندنی شەڕ دەبێت، بۆیە کۆدی مانگ لە چواردەیە لە ئیزگەدا دەگوترێتەوە. دوای ئەوە ئەحمەد فەقێ ڕەش و هێزەکەی بەرەو سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیست دەگەڕێنەوە، لە رێگەدا تووشی هەندێ پێشمەرگەی پارتی دەبن، ئەو پێشمەرگانە سرێشمەیی دەبن. ئەحمەد فەقێ ڕەش نیازی هەبووە چەکیان بکات، بەڵام ئەو پێشمەرگانەی کە لەگەڵیدابوون لەبەر ناسیاویان لەگەڵیاندا ڕێگەیان پێ گرتووە. ئەحمەد فەقێ ڕەش لەوێ بە توڕەیەوە بەو پێشمەرگە پارتیانە دەڵێ، “بە ئیدریس بڵێن، باچیتر منداڵوتاڵان بۆ سەرکردایەتی نەنێرێت، ئەگەر پیاوە با بەخۆی بێت”. سەرکردایەتی پارتی بەوەیان زانیبۆوە. دواتر پارتی نێردەیەک بۆ ئاشتبوونەوە دەنێرێت. نێردەکەی پارتی لەژێر سەرپەرشتی فه‌ره‌نسۆ هه‌ریری دەبێت، لە دانیشتنەکەدا فەرەنسۆ هەریری به‌شێوه‌ی گاڵته‌ بە ئه‌حمه‌د فه‌قێ ڕه‌ش دەڵێ “هاتتین به‌ڵام لێره‌نه‌بووی!”. ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێ “خۆزگه‌ لێره‌بام، ئه‌وجا ده‌تانزانی ئه‌حمه‌د فه‌قێ ڕه‌ش كێیه!”‌.
ئه‌حمه‌د فه‌قێ ڕه‌ش بوونی خۆی له‌ ئێران پێخۆش نه‌بووە، جارجاره‌ بۆ پارێزگاری خۆی دەمانچەیەکى هه‌ڵگرتووە كه‌ لەژێرپشدێنەکەی و ساقۆیە‌كه‌یدا شاردوویەتیەوە، حەزی نەکردووە بەچەکەوە ببیندرێت. دەگێڕنەوە کە زۆرجار گوتوویه‌تی “کە له‌ئێران لەئاوێنەدا خۆم بەچەکەوە دەبینم، وەکو جاش خۆم دێتە بەر چاو”. بۆیە زۆربه‌ی كاته‌كان بێ چەک بوو یان ئه‌گه‌ر هه‌ڵیگرتبا دەمانچەى بە شاراوەیی هەڵدەگرت.
حزبی سۆسیالستی كوردستان لە شەری ناوخۆی ١٩٨٣ – ١٩٨٤ دا ژمارەیەکی زۆر فەرماندە و کادیر و پێشمەرگە لەدەست دەدات، له‌ ساڵی ١٩٨٤ و سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٨٥ دا کێشە‌ ناوخۆیه‌كان گەورەتردەبن و تەنگ بە پارتەکە هەڵدەچنن، ناكۆكی له‌نێوان ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و ڕەخنە و ناره‌زایی له‌لایه‌ن ئه‌ندام و كادیرانی خواروو له‌ سه‌ركردایه‌تی حزبی سۆسیالست، دەبنەهۆی ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ فه‌رمانده‌ و كادیر و پێشمه‌رگه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی قادر عه‌زیزدا جیاببنه‌وه‌ و وه‌كو ئیتیجاهی شۆڕشگێر خۆیان دەناسێنن. دەگوترێت ئه‌حمه‌د فه‌قێ ڕه‌ش تێگەیشتنی بۆ ڕەخنە و گلەیەکان هەبوو بەڵام‌ له‌گه‌ل جیابوونه‌وه‌ نه‌بووە. زۆر ناخایەنێ لەبەرەورووبوونەوەیەکی کتوپڕی هەندێ لە هێزەکانی هەردوولا فه‌رمانده‌ی بەتوانا و ناسراوی ده‌شتی هه‌ولێر قادر مسته‌فا دەبێتە قوربانی. ئەحمەد فەقێ ڕەش بەو هەواڵە زۆر تێکدەچێت، دوای ئه‌و ڕووداوه‌ بەمه‌به‌ستی به‌هاناچوون و کۆکردنەوەی پێشمەرگەکان بڕیاری رۆیشتن دەدات.
بڕیاربووە بچێتە شاری شنۆ و لەوێوە بۆ لای هێزەکانی پێشمەرگە. دوو لە پێشمەرگەکانی ڕۆژی پێشتر لە شاری شنۆ هەست دەکەن کە پێشمەرگەیەکی پارتی بەناوی ئازاد عەریف شێخە چاودێریان دەکات. ئەوانیش ئەوە بە ئەحمەد فەقێ ڕەش دەڵین و داوا دەکەن لەگەڵی بچن، بەڵام ئەحمەد فەقێ ڕەش ڕێگە نادات. دەگێڕنەوە و دەڵێن بەرلەوەی ماڵەکەی بەجێبهێڵێت کچە بچوکەکەی “پەخشان” لە ئامێز دەگرێت و زۆر ماچی دەکات، بە خێزانەکەی دەڵێت “واهەست دەکەم کچەکەم نابینمەوە، دڵم گوشراوە!”. بەتەنیا له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ كه‌ له‌ شاری ورمێ بوو به‌ره‌و شاری شنۆ به‌ڕێده‌كه‌وێت، ته‌نها ده‌مانچه‌یه‌كی پێبووه‌ كه‌ له‌ژێر پشدێن و چاكه‌ته‌كه‌یدا دەیشارێتەوە‌. له‌ شاری شنۆ شه‌و له‌ماڵی دۆستێكی ده‌بێت.
له‌ به‌یانی ٢٦\١١\١٩٨٥ دا ماشێنێکی جێب به‌كرێده‌گرێت كه‌ شوفێره‌كه‌ی كه‌سێكی بارزانی ده‌بێت به‌ناوی حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د، له‌لاپه‌ڕگه‌ی شار ده‌یه‌وێت هه‌ندێ مریشك بكڕێت و له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ پێشمه‌رگه‌كانی ببات، له‌و كاته‌دا له‌ په‌نایه‌كدا له‌ ناكاو دوو چه‌كدار هێرشیان ده‌كه‌نه‌سه‌ر و ده‌یانده‌نه‌ به‌ر ڕێژنه‌ی گوله‌، له‌ ئه‌نجامدا هه‌ردووكیان ئه‌حمه‌د فه‌قێ ڕه‌ش و شوفێره‌كه‌ ده‌كوژرێن. بەپێی زانیاریەکانی ئەوسا کە لە بەیان و گۆڤاری حزبی سۆسیالیستدا بڵاوکرایەوە و بەپێی زانیاریەکانی هاوڕێیانی کەناڵە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو فەیسبووک ئه‌و دوو چه‌كداره‌ی ته‌قه‌یان لێده‌كه‌ن یەکیان ناوی “ئازاد عه‌ریف شێخە” و ئەویتریان ناوی “ڕه‌سوڵ حسێن” دەبێ‌ كه‌ هه‌ردووكیان خه‌ڵكی ڕوستن و پێشمه‌رگه‌ی پارتی بوون.

دوای ئه‌وه‌ ڕژێمی ئیسلامی ئێران ئازاد عه‌ریف شێخ ده‌گرن، نزیكه‌ی دوومانگ له‌ زینداندا ده‌یهێڵنه‌وه‌ و پاشان ئازادی ده‌كەن. دوای ئەوە ئازاد عه‌ریف ده‌چێته‌وه‌ ناو ڕژێمی ئێراق و ده‌بێتەوە‌ سیخوڕی ڕژێم. ده‌گوترێت پارتی هاوکاریان کرد و ڕەوانی ناو ڕژێمیان کردەوە‌. کەسەکەی دیكه‌ به‌ناوی ره‌سول حوسێن له‌گه‌ڵ پارتی ده‌مێنێته‌وه‌، دواتر له‌ دۆڵی روست ده‌كه‌وێته‌ بۆسه‌ی جاشەکانی ڕژێم و ده‌كوژرێت. ده‌گوترێت كه‌ جله‌كانیان پشكنیووه‌ ناسنامه‌ی ئیستخباراتی ڕژێمی به‌عسی پێبووه‌ (چەند راستە نازانین). لێرەدا کۆمەڵێ پرسیار سەرهەڵدەدەن. چۆن کەسی تاوانبار دوای دوو مانگ ئازاد دەکرێت، ئەگەر گرتنەکە شانۆگەری و دیزەبەرخۆنەی تاوانەکە نەبووە؟ ڕژێمی ئێران لەسەر تریاکفرۆشتن خەڵک لەسێدارە دەدا، چۆن لەسەر پیاوکوشتن دوای دوو مانگ بکوژیان ئازاد کرد؟ بەڵام بێگومان ئەگەر کارێک پەیوەندی بە ئیتلاعات و دەسەڵاتدارانەوە هەبێت هەموو دەرئەنجامێک کراوەیە، چونکە دادگا لەژێرچنگی دەسەڵاتدایە. لەو کەیسەی پیاوکوشتنەدا دەستوبردیەکی ئاشکرا هەبووە! گونجاوە بپرسین ئەگەر ئەو دوو پێشمەرگەی پارتی هەڵسابان بە کوشتنی شوفێرە بارزانیەکە و ئەحمەد فەقێ ڕەشی لەگەڵدا نەبوایە، ئایا بارزانیەکان و سەرانی خێلێ بارزانی هەروا ئاسان لێیانخۆش دەبوون؟ ئایا نمونەی وا هەیە کە پێمان بڵێ بەڵێ بارزانیەکان لە بکوژی “سۆرانی” خۆش دەبن؟ جگەلەوە ئایا بەپێی تێگەیشتنی سەرانی پارتی دەکرێ بێ سولحی عەشایەری کەسی پیاوکوژ و تاوانبار بەکوشتن سزا نەدرێت؟ گونجاوە لێرەدا نمونەیەک بهێنینەوە، لە نەوەتەکاندا دوای ئەوەی سەرکردایەتی پارتی دێنە مەسیف و سەری ڕەش، جارێکیان لەسەر دوژمنداری لە گوندی بیرێژ کەسێک دەکوژرێت، کەسی تاوانبار دەگرن و دەیهێنن بۆلای سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانی، ئەویش یەکسەر بڕیاری کوشتنەوەی تاوانبار دەدات و دەڵێ “بەپێی ڕێبازی بارزانی دەبێ پیاوکوژ بکوژرێتەوە!”، بۆیە بکوژەکە بێ یەکودوو گولەباران دەکرێت. کەواتە بەپێی ڕێبازی بارزانی پیاوکوژ دەبێ بکوژرێتەوە. بەڵام بەپێی نمونەکانی مێژووی ئەوان ئەو تێگەیشتنە بەپێی بەرژەوەندیەکان دەگۆڕێت و ئەو پیاوکوژانە ناگرێتەوە کە سەر بە خۆیانن. بۆیە ئەگەر تەنها کوژراوەکە شوفێرە بارزانیەکە بوایە و هیچ بەرژەوەندیەکی بنەماڵەی بارزانی لەئارادا نەبوایە، ئەوا زیاتر ڕێیدەچیتێ کە هەردوو بکوژەکە هەوڵی کوشتنیان بەزووترینکات دەدرایەوە. لەلایەکیتر دوای بەربوونی ئازاد عەریف شێخە دوای دوو مانگ لەبەرچی پارتی نەیگرت و سزای نەدا، لەکاتێکدا وەکو دەگێڕنەوە سکرتێری حزبی سۆسیالست کۆچکردوو رەسول مامەند خۆی پەیوەندی بە سەرۆکی پارتیەوە مەسعود بارزانیەوە کردبوو و وە مەسعود بارزانی “بەڵێنی پێدابوو” کە تاوانبار سزا بدەن.

پاشان ئەگەر پارتی باکی بە سەرکردەیەکی حزبێکی کوردستانی نەبوو خۆ ئەو کەسێکی بارزانی کوشتبوو! لەلایەکیتر ئەوەی گومان لەو هەڵسوکەوتەی پارتی بەهێزتر دەکەن تەسلیمبوونەوەی ئازاد عەریفە بە حکومەتی ئێراق. ئەوەش تیئۆری دەستهەبوونی پارتی لە تاوانەکەدا و دواتر دەربازکردنی بۆ ناو ڕژێم بەهێزتردەکەن. هەروەها سەبارەت بە تۆمەتبارەکەیتر بۆچی دوای تاوانەکە رەسول حسێن دەستگیرنەکرا و لەنێو ڕیزەکانی پارتیدا پارێزگاری لێکرا؟ رەسوڵ حوسێن بۆ ماوەیەک لەناو پارتی وەکو پێشمەرگەی پارتی مایەوە تا ئەو ساتەی کەوتە نێو بۆسەی جاشان و کوژرا. بۆیە دەکرێ بڵێین ئێران و پارتی هەردوولایان بەرژەوەندیان لە نەمانی ئەحمەد فەقێ ڕەشدا هەبوو، چونکە ئەحمەد فەقێ ڕەش لەلایەک بە کوشتنی پاسدار و سەربازی ئێرانی لەلایەن ئێرانەوە ناوی لەلیستی ڕەشدا بوو، لەلایەکیتر واپێدەچێ پارتی بە کوشتنی “عەریف شێخەی سیخوڕ” باوکی ئازاد وەکو تاوانبار سەیری ئەحمەد فەقێ ڕەشی کردووە، هەروەها بە توانا و کەسایەتی ئەو دڵخۆش نەبوون و جگەلەوە ئەحمەد فەقێ ڕەش سوکایەتی بە پێشمەرگەی پارتی و ئیدریس بارزانی کردبوو. سەبارەت بە قوربانیە بارزانیەکە واپێدەچێ بنەماڵەکەی بەجۆرێک لە جۆرەکان بە پارە و قەرەبوو بێدەنگکراون (چۆن بووە نازانین و زانیاریمان نییە).
جێگەی ئاماژەپێدانە محەمەدی حاجی مەحمود لە بەرگی دووەمی بیرەوەریەکانیدا دەڵێ پارتی ئەحمەد فەقێ ڕەشیان شەهید کرد. واتە ئەو پەنجەی تاوانباری ڕاستەوخۆ ئاراستەی پارتی دەکات.

دەنوسێت: “پارتی کە دەستی نەدەڕۆیشت بە دۆستایەتی دەیکوشتین و کە دەستی ڕۆیشت بە ئاشکرا ئەحمەد فەقێ ڕەش احتیاتی مەکتەبی سیاسیان لە شنۆ شەهید کرد، تائێستاش قاتیلەکەی ئامر لیوایە لای پارتی بەناوی ئازاد عەریف شێخە”.
بەڵام بۆچی ئازاد عەریف شێخە بە تیرۆرکردنی ئەحمەد فەقێ ڕەش هەلسا؟ بەپێی زانیاریەکان و بەپێی بیرەوەریەکانی عەبدوڵلا ئاغای پشدەری لە کتێبی (یاداشتەکانم لە شۆڕشی ئەیلولی مەزن) کە ئەوسا ئامر هێزی باڵەک بووە، لە لاپەڕە ٢٩دا دەنوسێت: “عەریف شێخە (باوکی ئازاد) خەڵکی گوندی رۆست لەسەر تۆپی ٢٥ رەتل ئیشی دەکرد زۆر شارەزا و لێزان بوو لە بەکارهێنانی تۆپ و چەند ساڵ خزمەتی هەبوو، بەڵام بەداخەوە لە ساڵی ١٩٧٤ دا بەهۆی برای خۆی (هەمزە) کەوا لەناو دەزگایەکانی جاسوسی دوژمندا ئیشی دەکرد هەڵگەڕایەوە لە شۆڕش و بەنهێنی کەوتە پەیوەندی کردن و بوو بە یەکێک لە سیخوڕەکان و لە ساڵێ ١٩٧٦ دا بەدەستی شۆڕشگێڕانی کورد کوژرا…” ئەوەی عەبدوڵا ئاغا دەیگێڕێتەوە و ئاماژەی بۆ دەکات لای خەڵکی ناوچەکە شتێکی شاراوە نەبووە، زۆربەی خەڵک بەو ڕاستیەیان زانیووە. بەپێی زانیاریەکان دوای هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەکداری لە ساڵی ١٩٧٦ دا و دواتر لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ئەوسا بڕیاری کوشتنی پیاوخراپ و سیخوڕەکانی ناوچەکە دەدرێت. دەگوترێت ئەو چاڵاکیەی کوشتنی سیخوڕان بە فەرمانی سەرکردەی ئەوسای بزوتنەوەی سۆسیالیست و یەکێتی دکتۆر خالید سەعیدەوە بووە. عەریف شێخە یەکێ لەو سیخوڕانە دەبێت کە دەکوژرێت. دەگێڕنەوە کە خەڵکی ناوچەکە زانیویانە کێ بەو چاڵاکیە هەڵساوە. بەڵام بنەماڵەی عەریف شێخە پێیانوابووە کەوا ئەحمەد فەقێ ڕەش ئەوی کوشتووە، هەرچەندە ئەو هیچ پەیوەندی بە کوشتنی ئەو سیخورەوە نەبووە.

ئایا پارتیش هەمان تێگەیشتنی هەبووە نازانین، بەڵام واپێدەچێ. ئایا ئازاد عەریف شێخە لەلایەن پارتیەوە وایتێگەیەندراوە و هاندراوە؟ لەمبارەیەوە زانیاریەکی ڕوون نییە. بەڵام ئایا پارتی چۆن سەیری عەریف شێخەی کردووە، ئایا وەکو ئەندامی نهێنی پارتی سەیری کردووە یان بەشێوەیکیتر، زانیاری ڕوونمان لەمبارەیەوە نییە. دیارە دەگوترێت سەردەمێک لەلایەن پارتیەوە پۆستەری شەهیدانی بۆ کراوە وە ئەگەر ئێستا موچەی شەهیدانەی لەلایەن پارتیەوە بۆ بڕابێتەوە وادیارە پارتی بە ئەندامی خۆی داناوە و کوشتنیشی بە نارەوا و تاوان داناوە. ئەو هەڵسوکەوتە پێشتر لە پارتی بیندراوە چونکە لەدوای ڕاپەرین زۆر لە کۆنە جاش و سیخوڕ و جەیشی شەعبی خۆیان وەکو ئەندامی پارتی لەقەلەمدا و پارتی پەنایدان و بەرگری لێکردن. بێگومان وەڵامی زۆر لەو پرسیارانە لای پارتی و کەسی تۆمەتبارە و تەنها دادگایەکی سەربەخۆ و رەوا رەنگە بتوانێ ساغیان کاتەوە. وەکو دەگێڕنەوە خودی ئەحمەد فەقێ ڕەش، سەبارەت بە کوشتنی عەریف شێخە ئەوەی گوتووە کەوا ئەو لەگەڵ کوشتنی نەبووە بەڵکو پێیوابووە دەکرا بەئامۆژگاری وایلێبکەن واز لە سیخوڕی بهێنێت.

بەپێی زانیاریەکانی سەرچاوەیەک ئازاد عەریف شێخە لەساڵی ١٩٨٢ دا لەلایەن مەفرەزەیەکی حزبی شوعیەوە دەستگیردەکرێت. دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٩٨٢ لە هەولێر و هەندێ شوێنیتردا، ئازاد عەریف شێخە کە سیخوری ڕژێم بووە، زمانی لە هەندێ خوێندکاری ناوچەکەداوە و بەگرتیداون، لە رێکخستنەوە ئەو هەواڵە دەگەیەندرێتە هێزەکانی حزبی شوعی، بەمجۆرە مەفرەزەیەکی حزبی شوعی دەچن دەیگرن. ئازاد دەگیرێ و وەکو سیخور دەخرێتەبەر لێپرسینەوە، دارکاری دەکرێت و ئازار دەدرێت. دوای ماوەیەک مانەوە وەکو بەند لەلای هێزەکەی حزبی شوعی، لەلایەن نەجمەدین گۆرۆنیەوە کە فەرماندەیەکی پارتی بوو و سەرپەرشتی هێزێکی پارتی لە دۆڵی رۆست کردووە هەوڵی ئازادکردنی ئازاد دەدرێت. ئەوسا نێوانی حزبی شوعی و پارتی خۆش بووە. حزبی شوعی بەڵێن لە ئازاد وەردەگرن کەوا نەچێتەوە ناو ڕژێم و نەبێتەوە سیخور، بەمجۆرە بەریدەدەن و دەچیتەلای هێزەکەی پارتی و دەبێتە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان.
دوای ئەوە ئازاد هەر لەناوچەی ڕوست پێشمەرگە بووە، زۆرجار بۆی هەڵکەوتووە دەست لە ئەحمەد فەقێ ڕەش بوەشینێ بەڵام نەیکردووە یا نەیوێراوە. بەڵام لە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر چەتری ڕژێمی ئیسلامی ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستاندا ئەو تاوانەی ئەنجامدا. بەپێی زانیاریەکان ئێستا ئازاد عەریف شێخە لەگەڵ پارتیە بەپلەی سەربازی عەقید یا حەمید، مووچەیەکی باش وەردەگرێت و ژیانێکی باش دەژیت و بەئازادی دەسوڕێتەوە.
بوونی تاوانبار لەریزی پارتەکانی باشوری کوردستاندا دیاردەیەکی نوێ نییە لە راستیدا. بەمشیوەیە بوونی تاوانبارێک لەڕیزی پارتیدا شتێکی نوێ نییە. پێویستە بگوترێت، ئەو تاوانبارانەی لە ڕیزی پارتە دەسەڵاتدارەکاندا هەن چەند جۆرێکن کە دیارترینیان ئەوانەن، یەکەم: ئەوانەی کە لەلایەن پارتەوە بۆ تاوان ئاراستەکراون وەکو تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە، کاوە گەرمیانی، محەمەد حەلاق، رەئوف ئاکرەیی، ڕێناس هتد. دووەم: بەشداربووانی تاوانی گەلکوژی ئەنفال (وەکو کۆنەبەعسیە بەرپرسەکان و سەرۆکجاشەکان)، سێیەم سەرکۆجاش و کۆنە بەعسیەکان کە بەکوشتنی پیشمەرگە و خەباتگێڕان تاوانباران وەکو عەباس ئاغا، مەلا عوزێر، مەمۆ، قاسم ئاغا، تەحسین شاوێس (لەژیاندا نەماوە) هتد.
چوارەم: دوژمندارەکان، ئەوانە لە کۆندا گەلێکیان تاونێکیان ئەنجام دەدا و دەهاتنە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی پارتێک کە وەریدەگرتن و بەرگری لێدەکردن. دیارە کەسی دوژمنداریش هەبوو کە خۆی قوربانی تاوانێک بوو و خۆی دەربازکردبوو و هاتبووە ناو حزبێک. لەبەر بوونی ڕەوتی میلیشیاگەرایی پاوانخوازی بوونی تاوانباران لەڕیزی پارتی چەکدار و خاوەن دەسەڵاتدا بەهەموو جۆرەکانیەوە هەبووە و هەیە. لە باشوردا بەرژەوەندیەکانی پارت و بنەماڵەی دەسەڵاتدار لەسەرووی دادوەریەوەن، بۆیەش تاوانباران نادرێنە دادگا.
بەکورتی لەبەر نەبوونی کۆمەڵگەیەکی دادوەر و دادگای سەربەخۆ “ئازاد عەریف شێخە” یەکێ لەو تۆمەتبارانەیە کە بەئازادی دەسوڕێتەوە. لەهەر کۆمەلگەیەکدا ئەگەر دادوەری هەبێت، لەسەر تاوانی کوشتن لەو ئاستەدا کەسی تۆمەتبار دەگیرێت بەپێی یاسای کەتن و تیرۆر، یاسای تاوانی سیخوڕی و ناپاکی دەدرێتە دادگا و لە دادگادا بڕیاری ئەگەری تاوانباری و جۆری تاوان و سزاکانی یەکلادەکرێنەوە. ئێمە گوتن لەدادوەری دەکەین نەک تۆڵەسەندنەوە، بۆیە گرنگە ئەو دوو چەمکە لەیەکتر جیابکرێنەوە و تێکەڵ بەیەک نەکرێن.
ئەرکی به‌رپرسیاریی حزبی سۆسیالیست لەئاست تاوانەکەدا
هەر پارتێکی کوردستان هەڵگری هەر دروشمێکی سیاسی بێت، ئەرکێکی ڕێکخراوەیی و مۆرالی لەسەرشانە کە پارێزگاری لە ئەندامانی بکات و ئاسایشیان بپارێزێت، ئەگەرچی لە باری پارتیزاندا کارێکی سەختە و ئاسان نییە. پێویستە ئەو پارێزگاری و بەرگریکردنە لە یاسای ناوخۆیی پارتەکەدا بنوسرێت، تاکو ئەندام بزانێت لەکاتی زیانلێکەوتندا، برینداربوون، گیران یا تیرۆرکردندا چۆن پارتەکەی بەرگری لێدەکات و دەتوانێ چی بۆ بکات. بەکورتی پارت وەکو پشتوپەنای ئەندام وایە و دەبێ بەرگری لە ژیان و بوونی ئەندام بکات، هەرکاتێک ئەندام تیرۆرکرا، پارت بێتەدەنگ و بەڕێگەی گونجاو دادوەری بۆ کەسوکاری قوربانی و هاوڕێکانی بەدەستبهێنێت. هەروەها لەباری تیرۆرکردنی ئەندامێکی پارت لەلایەن کەسانی سەر بە پارتێکی دیاریکراو یا هەرکەسێکیتر، ئەرکی پارتە چۆنیەتی ڕووداو و هۆکاری تاوان بەڕوونی بنوسێت و تاوانەکە بۆ ئەندامان و کەسوکاری و ڕایگشتی روونکرێتەوە و ئاشکرا بکرێت.
هەروەها ئەوەش ئاشکرا بکرێت کە پارت چۆن دادوەری لە ئاست تاوانەکەدا بەدەست دەهێنێت. ڕیگەچارەسەرەکان چین؟ ئەگەر بەربەست دروست بوو، بەربەستەکان چین؟
سەبارەت بە حزبی سۆسیالست و چۆنیەتی بەرگری لە ئەندامانی یا گەیشتن بەدادوەری لەئەنجامی کارێکی تیرۆرکردندا، نوسراوەیەکی یاسایی ناوخۆ ئەگەر هەشبووبێ سادە و سەرپێی بووە. بەپێی رووداوەکانی ڕابردوو واباوبووە کە پشتگیری ئەندام بکرێت و بەرگری لێبکرێت، لە باری کوشتنی ئەندامدا زیاتر کۆنەپارێز و خێڵەکیانە سەیری ئەو بابەتە کراوە و لە یاسای نەنوسراوەی پارتدا و لە بیری ئەندامانیدا ئەوە باو بووە کە کەسی تاوانبار بکوژرێتەوە یا ڕێکەوتنێکی عەشایەری لەنێوان خێزانی تاوانبار و خێزانی قوربانی ئەنجام بدرێت. دیاردەی کۆنی کوشتنەوە وەکو کۆمەڵگەکانی دیکە لە کۆمەڵگەی کوردەواریشدا باوبووە و پارتەکانیش ئەو ڕێگەیان گەلێجار پیادەکردووە، یا چاوپۆشیان لە کارەکە کردووە ئەگەر بەرژەوەندی خۆیانی تێدابووبێت. جاروابووە تاوان بە تاوان چارەسەر کراوە و هەموولا خۆیان لە ئاستیدا کەڕ و ڵاڵ کردووە.

لە باری خەباتی چەکداری لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا دامەزراوەی دادوەری ئەگەر هەشبێ لە ئاستی پیویست نییە، دەکرێ پارتێکی باڵادەست لە ناوچەیەکدا خۆی جۆرێک لە دادگا دابمەزرێنێت، ئەوەش کێشەی بێلایەنی و یاسایی زۆرە. پارتەکانی باشوری کوردستان تێگەیشتنی هاوبەشیان بۆچارەسەری کێشەکان نەبووە، جگەلەوە ئەگەر بەرژەوەندیان بەهۆی دادگایەکی خێڵەکیانە کەوتبێتە مەترسی بێگومان دژی وەستاونەتەوە. پارتەکان لەو ئاست و توانایەدا نەبووین بیرولێکدانەوەی کۆنەپارێز و خێلەکیانە تێپەڕینن و سەردەمیانە بیرلە چارەسەری تاوان بکەنەوە. ئێمە لێرەدا مەبەستمان تاوانە لەرووی یاساییەوە وەکو تیرۆرکردن یا کوشتنی دیل یا هەر تاوانێک بەپێی یاسا بچێتەخانەی تاوان.
سەبارەت بە تیرۆرکردنی ئەندامی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالستی کوردستان ئەحمەد فەقێ ڕەش، حزبی سۆسیالیست چیکرد؟ بێگومان وەکو نەریتە باوەکە بیریان لە کوشتنی تاوانباران کردۆتەوە و رەنگە هەوڵیش درابێ. دەگوترێت هەوڵێکی جدی لەوبارەیەوە نەبووە، بەپێی گێرانەوەکانی ئەوسا سکرتێری حزبی سۆسیالست کۆچکردوو رەسول مامەند دوای بەربوونی ئازاد عەریف شێخە پەیوەندی بە سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانیەوە کردووە، وە مەسعود بارزانی بەڵێنی پێداوە سزای ئازاد عەریف شێخە بدات، بەڵام زۆری نەخایاندووە ئازاد عەریف شێخە تەسلیمی حکومەتی عێراق بۆتەوە. لەدوای ئەوە حزبی سۆسیالیستیش بێدەنگی هەڵبژاردووە و کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نەبووە.
ئایا هیچ بڵاوکراوەیەکی تایبەت بە تیرۆرکردنەکە و دەستنیشانکردنی تاوانباران بۆ ئەندامان یا رایگشتی بڵاوکراوەتەوە؟ جگەلە هەواڵەکە لە ئیزگە و بەیاننامەی سەربازی و گۆڤار لەچوارچێوەی هەواڵدا لە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە شتێکیتر بڵاونەکراوەتەوە. هەروەها ئەوەش ڕووننەکراوەتەوە کە ئەو حزبە چۆن و بەرنامەی گەیشتن بەدادوەری لەکەیسی تیرۆرکردنی ئەحمەد فەقێ ڕەشدا چییە.

دوای دۆڕانی حزبی سۆسیالست لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ دا، لە پلینۆمێکدا لە هاوینی ساڵی ١٩٩٢ کە لە سەیرانگەی سەرچناری لە سلێمانی بەسترا ئەندامێک پرسیاری تیرۆرکردنی ئەحمەد فەقێ ڕەش و بێدەنگی حزب لە ئاست تاوانەکەدا لە سکرتێری حزبی سۆسیالیست رەسول مامەند دەکات. بەلام رەسول مامەند وەڵامی پرسیارەکە ناداتەوە و دەیباتە لایەکیتر. بێگومان ئەو ئەندامە و هاوڕێیانی بەدوای دادوەری لە ئاست تاوانەکەدا دەگەڕان، بۆیە پرسیار لەمبارەیەوە کرا. واپێدەچێ وەڵام نەبووە لەبەرئەوەی حزبی سۆسیالست هیچی نەکردبوو و هیچ بەرنامەیەکیشی نەبووە پیادەی بکات. لەئەگەری بوونی بەرنامەیەکدا ئەو دەیتوانی وەڵامی بێدەنگی و هۆکاری نەبوونی کردار روونکاتەوە. بۆنمونە دەیتوانی بڵێ تاوانبار لای پارتیە و پارتی پەنای دەدات و ئێمەش لەباری ئێستادا هێزی ئەوەمان نییە پارتی ناچار بکەین تاونبار رادەستی دادگا بکات. بەڵام خۆدزینەوە لەوەڵام لاوازی و بێبەرنامەیی ئەو حزبە لەئاست تاوانەکەدا وێنەدەکەن. دیارە ئەوسا هێشتا حزبی سۆسیالیست خاوەنی هێزبوو.
تاوانی کوشتن و تیرۆر بەپێی یاسا
لەهەر وڵاتێکدا یاسای تایبەت بە جۆرەکانی کوشتن هەیە، بۆیە ئاست و قەوارەی سزادان بەپێی باری تاوانەکە دەگۆڕێت. کوشتنی بەئاگایانە و بێئاگایانە و ڕێکەوت و زۆر جۆری دیکەی کوشتن هەیە. ئێمە لێرەدا مەبەستمان تاوانی کوشتنی بەئاگایانەیە کە کەسی بکوژ بەنیازی لەناوبردن تاوانەکە ئەنجام دەدات.
کەسی بکوژ لەباری دەرونی تەندروست دایە و بەپێی پلان بەئاگایانە تاوانەکەی ئەنجامداوە.
بەمجۆرە ئەو کەسەی کەسێکی دیکە دەکوژێت بەپێی یاسای تایبەت بەجۆری کوشتنەکە سزا دەدرێت. بۆنمونە لە دانیمارک کەسی تاوانبار لە ٥ ساڵەوە تاکو سزای هەمیشەیی بەپێی یاسای سزای ٢٣٧ هەیە . لە ئەمەریکا کوشتنی بەئاگایانە سزاکەی یا زیندانی هەمیشەیی یا مردنە . لە ئێراقدا سزای کوشتنی بەمەبەست زیندانی هەمیشەیی یا سزای مردنە.
ئەگەر نیازی کوشتنی پلانبۆداندراو لەباری ناکۆکی لەنێوان دوو بەرەدا ڕووبدات یا پەیوەستدار بە ململانێی سیاسی ڕووبدات یا لەلایەن دەسەڵاتی حوکمدارەوە کوشتنی کەسێک ئەنجام بدرێت، تاوانەکە دەچێتە خانەی تیرۆر، ئەگەر بتواندرێ تاوانبار رادەستی دادگا بکرێت، چاوەروان دەکرێ کەسی تاوانبار بەتووندترین جۆری سزای تیرۆر سزابدرێت.
دیارە ئەگەر کەسی بکوژ لەلایەن ڕژێمێکی داگیرکەرەوە کاری سیخوڕی بکات و بەکاری کوشتنە پالنبۆداندراوەکە هەڵسێت، ئەوە جگەلەوەی کوشتنەکە تیرۆرکردنە، کەسەکە تاوانی سیخوڕی و ناپاکیشی دەکەوێتەسەر، کە ئەویش بەپێی یاسای تایبەت سزای تووندی دەکەوێتەسەر. تاوانی سیخوڕی و ناپاکی تاوانێکن دژی هەموو ناسیۆن یا گەل کە دەکرێ لە چەند بارێکدا خۆی بنوێنێ وەکو گەیاندنی زانیاری هەستیار بە دوژمن، هاوکاری دوژمن لە لێدانی لایەنیکی سیاسی سەر بە گەلی ژێردەستە هتد.
لەباری کوشتنی بەمەبەستدا یا تیرۆرکردندا، جگەلە کەسی بکوژ ئەوانەی هاوکاری کەسی بکوژیان بەجۆرێ لە جۆرەکان کردووە سزایان دەکەوێتەسەر. بۆیە یارمەتیدان و هاوکاریکردن لە هەر بارێکدا پەیوەستداری بسەڵمێندرێت، دەکەوێتەژێر یاساکانی سزا. بەهەمانشیوە شاردنەوە یا پەنادانی بەئاگایانەی کەسی تاوانبار سزای لەسەرە، چونکە کەسی تاوانبار دەبێ لەسەر ئەنجامدانی تاوانەکەی رادەستی دادگا بکرێت. هەرکەسێ یا لایەنێ پێشگری لەو پرۆسەیە بکات یا کەسی تاوانبار بەجۆرێ لەجۆرەکان بپارێزێ یا پەنابدات بەپێی یاسا سزای دەکەوێتەسەر.
بەپێی ئەو گوزارشتەی سەرەوە ئەوەمان دەست دەکەوێت، کەوا ئازاد عەریف شێخە و ڕەسوڵ حوسێن بەپێی پلانی داڕێژراو و بەمەبەستی کوشتن فەرماندە و ئەندامی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیست ئەحمەد فەقێ ڕەش لە رۆژی ٢٦/١١/١٩٨٥ دا تیرۆردەکەن. کوشتنەکە بەمەبەستە و تیرۆرکردنە. هەموو رووداوەکانی پێش و دوای ئەنجامدانی تاوانەکە ئاماژە بەهەبوونی هاوکاری و یارمەتی ڕژێمی ئیسلامی ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستان لە تاوانەکەدا دەکەن، بەبەڵگەی ئەوەی ئێران سزای تاوانبار ئازاد عەریف شێخەی نەدا و ئازادیکرد، هەروەها چەکداری پارتی بوو و پاشان پارتی سزای نەدا و بۆ ناو ڕژێم بەڕێیانکرد، وە ئێستاش ئەندامی پارتیە و مووچەی باشی بۆ بڕاوەتەوە و میشیش میوانی پارتی نییە.
واتە ئێران و پارتی تۆمەتی هاوکاری لەکاتی تاواندا و پاشان پاراستن و پەنادانی تاوانباریان دەکەوێتە ئەستۆ. ئەوەش ئەرکی دادگایەکی رەوای سەربەخۆیە کە بتوانێ یاساییانە بیسەڵمێنێت و سزا بۆ تاوانباران ببڕێتەوە. ئایا تاچەند ئازاد عەریف پەیوەندی بەڕژێمی بەعسەوە هەبووە و سیخوڕ بووە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانکەدا پێویستی بەسەڵماندن هەیە. فاکتەکان ئاماژە بەهەبوونی پەیوەندی دەکەن، چون مەفرەزەیەکی حزبی شوعی لەسەر ئەوە لە ساڵی ١٩٨٢ دا دەچن دەیگرن و دەیهێنن، ئێمە نازانین ئەوسا حزبی شوعی چیان لێدەرهێناوە و چیان دەستکەوتووە. دواتر کە تاوانەکە ئەنجام دەدات دوای دوو مانگ دەچێتەوە ناو ڕژێم و وەکو دەگوترێت دەبێتەوە پیاوی حکومەت. گومان لەوەشدا نییە کە تیرۆرکردنی کەسێکی پلەبەرزی وەکو ئەحمەد فەقێ ڕەش لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە خەڵات دەکرێت و کەسی تاوانبار بەرزدەکاتەوە. بۆنمونە هەر کەسێک پێشمەرگەیەک یا سەرکردەیەکی پێشمەرگەی تیرۆر بکردایە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە خەڵات دەکرا و ئەو کەسەش دەکرا بکرێتە سەرۆکی مەفرەزەی خاسە، بۆنمونە عەوڵا تورگ لە ئەنجامی تیرۆرکردنی فەرماندە سلێمان بیرێژیدا لە گوندی چیوە لە کۆتایی حەفتاکاندا، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە خەڵاتکرا و کرایە سەرۆکی مەفرەزە خاسە. بۆیە گومان دەکرێ کە ئازاد عەریف شێخە لەکاتی پێشمەرگایەتیدا و تاکو ئەنجامدانی تاوانەکە پەیوەندی بە ڕژێمی بەعسەوە نەبووبێ، وە هەروەها گومان دەکرێ کە ڕژێمی بەعس بەگرنگی زۆرەوە تیرۆری سەرکردەیەکی پێشمەرگەیان وەرنەگرتبێ و تاوانباریش دەستخۆشی لێنەکرابێ و خەڵاتیش نەکرابێ.
بێگومان سەدان کەیسی تاوان هەیە کە بێچارەسەر ماونەتەوە و کەسوکاری قوربانیان چاوەڕوانی دادوەری دەکەن، زۆربەیان ئەوە دەزانن کە هەرگیز دادوەری نابینن و بەحەسرەتی سزادانی تاوانباران سەردەنێنەوە. لە باشوری کوردستاندا تاوانبارانی سەر بە پارتی دەسەڵاتدار پەنا دەدرێن یا لە باشترین باردا چارەسەرێکی خێلەکیانە دەدۆزنەوە و بەمجۆرە کەسی تاوانبار لەسزادان دەپارێزرێت. یا سیناریۆیەک ڕێکدەخەن و تاوانەکە دەبەنە ئاقارێکیتر.
لە ئەگەری بوونی دەسەڵاتێکی نیشتیمانی و دیموکراسی ڕەوا و دادوەردا، کەتیایدا دەستورێکی مرۆڤدۆست و شارستانی بەکردەوە سەروەرە، کەسوکاری قوربانیان دەتوانن سکاڵا و بەلگەکانی تاوانی تیرۆرکردن، گرتن و بزرکردن و دیل کوشتنەکان بدەنە دامەزراوی پەیوەستدار بە کۆکردنەوەی تۆماری تاوانکاریەکان و دروستکردنی کەیسی یاسایی لەسەر تۆمەتباران، دەستگیرکردنیان و دادگاییکردنیان لەدادگادا، ئەوسا چۆنیەتی، جۆر و بڕیاری دادگا دیاردەکرێن و بڕیاریان لەسەر دەدەرێت. لەو بارەدا دەکرێ تاوانباران سزای رەوای خۆیان وەرگرن.
بەڵام لەکاتێکدا کە دەسەڵاتێکی دادوەر بوونی نییە، مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێن، گرنگە ڕیکخراوێکی سڤیل بەکاری کۆکردنەوە و بەدەکومێنتکردنی تاوانە کەسیەکانی وەکو تاوانەکانی وونکردنی کەسەکان، تیرۆرکردنە سیاسیەکان، دیلوکوشتن لە شەرەکانی ناوخۆدا، ئەنفالکردنەکان (ئەوانەی خەڵکیان دایەدەست ڕژێم) هەڵسێت. پێویستە ئەو تاوانانە بنوسرێنەوە و بەدەکومێنت بکرێن، تاکو وون نەبن بەڵکو دوای دەساڵیتر یا دوو یا سێ دەیەیتر تاوانباران راپێچی دادگابکرێن، وەکو ئەوەی جولەکەکان لە ئاست تاوانبارە نازیەکاندا دەیکەن. گەیاندنی تاوانباران بە دادگا جگەلەوەی پرۆسەیەکی رەوای دادوەریە، هەنگاوی گرنگی ڕێگەگرتنە بە دووبارەبوونەوەی تاوان. لەبیرمان نەچێت کە تاوان ئاشکرابوو کۆن دەبێت بەڵام ون نابێت. لەلایەکیتر گرنگە ئەو تۆمارانە لە مێژووی گەلدا بە زیندوویی هەبن و خەڵکی کوردستان و نەوەکانی داهاتوو لەو راستیانە ئاگادار بکرێنەوە.
17-2-2019

———————————————–

پەڕاوێز و سەرچاوە:

کوشتن بەپێی یاسای دانیمارکیManddrab: https://danskelove.dk/straffeloven/237
کوشتن بەپێی یاسای ئەمەریکیMurder: https://en.wikipedia.org/wiki/Murder_(United_States_law),
سیخوڕی Espionage: Espionage: https://en.wikipedia.org/wiki/Espionage
ناپاکیTreason: https://en.wikipedia.org/wiki/Treason

یاداشتەکانم لە شۆڕشی ئەیلولی مەزن لە ساڵەکانی ١٩٦٤ – ١٩٧٥، بەرگی دووەم، عەبدوڵلا پشدەری،٢٠٠٤
ئازاد کاکل، بەرگی دووم، بیرەوەری رۆژە سەختەکانی پێشمەرگەیەک، ٢٠١٥
محەمەدی حاجی مەحمود، ڕۆژمێری پێشمەرگەیەک، بەرگی دووەم، ساڵ ؟
قادر شۆرش، چل ساڵ خەبات و تێکۆشان، ٢٠٠١
نامە و زانیاری لەلایەن پێشمەرگە دێرینەکان لە میدیا کۆمەڵایەتیەکاندا




لە باوکەوە بۆ کوڕ و برازا: گەمەی بەرژەوەندیەکان لە تارمایی هەرەتەکردنی گەلدا … شاخەوان شۆڕش

تۆماس هۆبز (١٥٨٨-١٦٧٩): مرۆڤ خۆپەرستە و بەدوای بەرژەوەندیەکانی خۆی دەکەوێت. مرۆڤ عەودالی شانازی و لایەنگیری و تۆڵەیە. دەسەڵاتی سەرکوتکەر و باڵا بۆ کۆمەڵگە پێویستە و دڵنیایی بۆ مرۆڤەکان دابین دەکات بۆیە لەسەر مرۆڤەکانە ملکەچی بن. ئەو رێکەوتنە پێویستە.
مەکیاڤیلی (١٤٦٩-١٥٢٧): ئامانج بەکارهێنانی هەر کەرستە و رێگەیەک رەوا دەکات.
لە دیدی ریالیستی کلاسیکدا لە ئاستی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتدا شتێک نییە بەناوی مۆرال، چاکەخوازی یا مافی مرۆڤ، لەسەر دەسەڵاتدارە ئەوەی لەبەرژەوەندی دەوڵەتدایە ئەوە بکات بێ گوێدانە تێگەیشتنی مرۆڤدۆستانە یا لێکدانەوەی مۆرالئامێز.
سەبارەت بە هەردوو دەسەڵاتی زەرد و کەسک ئەو تێگەیشتنە گونجاوی دیاری هەیە، هەرچەندە ئەوەی ئەوان دەیکەن لەبەرژەوەندی بنەماڵە و حزبدا دەیکەن. دیارە ئەوان بەرژەوەندیەکانی وڵات و گشت لە دیدی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە دەبینن. هەردوو دەسەڵاتی بنەماڵەیی کەسک و زەرد وای پیشاندەدەن ئەوان پێداویستی مێژوویین، بۆ کوردستان باشترینن، ئامانجی ئەوان ئامانجی گەلە، بەکورتی لەدیدی سوپێکتیڤی خۆیاندا ئەوەی ئەوان دەیکەن لەبەرژەوەندی گەلدایە. هەر لەو ڕوانگەیەوە پێیانوایە خەڵکی کوردستان قەرزاری ئەوانن.

دەستبەسەرداگرتن و فەرمانرەوایی دەسەڵاتی میلیشیا لەبەرەی کەسک و زەردا لە دوای ڕاپەرینەوە تاکو ساڵی ٢٠٠٣ و پاشان ڕێکەوتنی ستراتیژی بەهەمان مەنتالی قۆرغ و دەستبەسەرداگرتنی هەردوو زۆن تا ساڵی ٢٠١٣ درێژەی کێشا. دوای درێژکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی بۆ دوو ساڵ و دواتر داواکاری گۆڕینی سیستەم و سەرۆک لە ڕێگەی پەرلەماندا لە ساڵی ٢٠١٥ دا هێلی سوری بنەماڵەی بارزانی راستەوخۆ بەزاند. ئەو هێلە سورەی لە ٩٠ـەکاندا بەهەزاران کەسی کرایە سوتەمەنی. نەمانی مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم و سیستەم گۆڕین و بەهێزکردنی پەرلەمان، واتای لەدەستدانی دەسەڵات و دۆمینانسی ڕامیاری و ئابوری و سەربازیەکانی دەیان ساڵەی بنەماڵەی بارزانی بوو لە ئاستە گرنگ و بەرزەکاندا و لە کۆتایدا دەرئەنجامێکی نادیار بەئەگەری زۆر چارەنوسیان دەبوو. ئێستا ئەوان لەبەردەم ململانێی سەخت و یەکلاکەرەوەی نێوان بەرژەوەندی بنەماڵە و نەیاریانیاندابوون.

ئەوان لەو ڕوانگەیەوە بۆ ڕزگاربوون لەو تەنگژەیە بەبەرنامە پرسی ڕیفەراندۆمیان بۆ بەلاڕێدابردنی پرسە بنچینەیەکە وە وەکو کارتی دەربازبوون هێنایە پێش و سەپاندیان. لە دیموکراسیدا واباوە کێشە و پرسی گوڕانکاری لەسیستەم بەهۆی تەنگژەی رامیاری و ئابوری، لایەنەکان بۆ جۆرێک لە چارەسەری تەنگژەکە دەبەن، نەوەکو نکۆڵی لە تەنگژەکە و خۆ گێلکردن و چون بەرەو ئاقارێكی نامۆ لە شێوەی گرتنەبەری لوتبەرزانەی ڕێچکەی رێفەراندۆم لەسەر چارەنوسی گەل! بنەماڵەی بارزانی پێشتر بۆ زاڵبوون و خۆسەپاندن، بێ یەکودوو پەنایان بردبووە بەر سوپای تورکیا و سوپای ئێراق، ئێستا بۆچی دەبوایە لە لوتکەی دەسەڵاتدا دەستبەرداری دۆمینانسیان بن!؟ لەلایەکیتر چۆن دەکرا مل بۆ هەوڵەکانی گۆڕینی سیستەمی سیاسی کەچکەن کە بە زیانی راستەوخۆی بەرژەوەندیەکانی ئەوان تەواو دەبوو؟ ئەوان لە مێژووی سیاسیاندا هەرگیز پەسندی هەوڵ و پێشنیاری ئەوهایان نەکردووە کە ڕێگە بۆ دەسەڵات و سەرۆکایەتی لایەنیتر خۆش بکات، ئێستا بۆ ئەوە بکەن و لە کۆتایدا دەسەتبەرداری بەرژەوەندی باڵا، دەسەڵاتی باڵا و هێزی باڵا، داهاتی باڵا و بێسنوری بازرگانیان بن! نەدەکرا ئامانجی سەرەکی بنەماڵە بکرێتە قوربانی دیموکراتیزەکردن و پەرلەمانتاریزم کە دژی حوکمی بنەماڵە و میلیشیایی ئەوان بوو. بۆیە بەبەرنامە دژی هەوڵی گۆڕینی سیستەم وەستانەوە و وەک کودەتا ناوزەدیانکرد، بەرەو بەهێزکردنەوەی دیاردەی دووبەڕیوەبەری هەروەها هاوتەریبی هەنگاویتری ڕێکخراوانە هەنگاویاننا. وە لەبەرامبەر بەرزبوونەوەی ئاستی مەترسیە ناوخۆییەکاندا وردە وردە سوپای تورکیایان زیاتر خزاندە ناو خاکی باشور و خۆیان لەئەگەری مەترسیە ناوخۆیەکاندا دلنیاکردەوە. هەموو ئەو هەنگاو و کردارانە تەبان لەگەڵ هزری ریالیستانەی کلاسیک کە بەرژەوندی باڵا و تایبەتەکان بەرزدەکاتەوە و پرەنسیپە دیموکراسیەکان یا هەلوێستی نیشتیمانی و بیروهزری مۆرالئامێز دەخاتەلاوە.

بەئاگایانە پرسی ریفەراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بەرزکرانەوە و سەرۆکی ماوەبەسەرچوو کە دەبوایە بێ یەکودوو پۆستەکەی جێبهێلێت ئێستا وەک پاڵەوانی نەتەوەیی خرایەوە روو. “سەرۆک” خۆی سەرپەرشتی یاریەکەی گرتەدەست! حزبە لاواز و بیتواناکان کە موچەیان لەلایەن دەسەڵاتی حزبیەوە پێدەدرێت بێ رەخنەگرتن ملیان بۆ داوای میر کەچکرد.

لە بزریی مەرج و بنەما بنچینەیەکاندا و لە کاتێکدا لە ئاستی نێونەتەوەییدا ناتەبایی ڕاکشاو پیشاندرا، لەگەڵ ئەوەی بەڕوونی دەزاندرا کە چارەنوسی ریفەراندۆم باش نابێ، بەڵام بنەماڵەی بارزانی شێلگیرانە لەسەر هەنگاوەکانیان سوڕبوون. بەئاگایانە گوێیان لە کەس نەگرت و لەهیچ نەبوو. ئەوان ستراتیژیانە بۆ ئامانجی باڵا هەوڵیان دەدا و جگە لەو ئامانجەش ئامادەنەبوون هیچیتر ببیستن و ببینن. ئەوان دەیانزانی چی دەکەن! وەکو مەکیاڤیلی دەڵێ “هەنگاونان بەرەو گەیشتن بە ئامانج بێ لاکردنەوە و سڵەمینەوە”. چونکە ریفەراندۆم رەتکردنەوە و نکۆڵیکردن بوو لە کێشە و تەنگژە رامیاری و ئابوری و سەربازیەکان، نکۆلیکردن بوو لە گۆڕینی دەسەڵاتی میلیشیا و پارامیلیتاریزم، هەروەها هەوڵی خۆڕزگارکردن بوو و گەرانەوە بوو بۆ دەسەڵاتی بێڕکابەری باڵا بەپێی پلانی داندراو. ئەوان ئاگاداربوون لەوەی پرسی سەربەخۆیی یاری بوو بە هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی خەڵک، سەرلێشێواندن و بەلارێدابردن بوو، بەڵام هەروەکو لەتێگەیشتنی ئەواندا چەسپێندراوە، بۆ گەیشتن بە ئامانجی باڵا، نیشتیمانپەروەری و مۆرالی مرۆڤدۆستانە و راستگۆیی نرخی قرانێکی سوتاویان نییە و گرنگیان نییە، چون وەکو مەکیاڤیلی دەیڵێ “ئامانج هەموو ڕێگە و هەنگاوێک رەوا دەکات”.

وەکو چاوەڕوان دەکرا کە ریفەراندۆم ئەنجامدرا هەر زوو هەرەشەکان لەهەموولایەک بەرزبوونەوە، ئەو مەسعود بارزانیەی “گوایە” منەتی کەسی نەدەزانی، هیچ هەنگاو و چارەسەرێکی لانەبوو! ئەو سەری لەسەر رێفەراندۆم دادەنا، کەچی ئێستا نوقەی نەبوو! ئەو بەئاگایانە خۆی مەلاسدا بوو و چاوەڕوان بوو، لە بێئاگایی گەلدا بەرەو ئامانجی باڵای خۆی دەچوو. دوای تەنها سێ هەفتە نیوەی خاکی باشوری کوردستان لەلایەن بەرەی زەرد و کەسکدا رادەستی ئێراقی لاواز کرا و بەسەدان مرۆڤی کوردیان لە سیناریۆی بێمۆڕاڵ و مەکیاڤیلیانەیاندا کردە قوربانی. بەپێی سەرچاوەکان پێشتر ڕێکەوتن لەسەر ئەو پاشەکشەیە کرابوو، ئەوەش لەگەل ڕێکەوتن و فاکتەکانی بەر لە هاتنی داعش گونجاوی تەواوی هەیە. گریمان پرسی ریفەراندۆم لە ئارادا نەبوو و یەکێتی و پارتیش تەبایانە حوکمیان بکردبا، ئایا حکومەتی هەرێم توانای هەبوو لەو ناوچانە نەکشێتەوە کە دوای هاتنی داعش گرتبوونی؟ نەخێر! لە دیدی ڕێکەوتنی دەستوریانەی ئێراق و هاوکاری نێوان دەسەڵاتی کوردی و بەغدا لەژێر سەرپەرشتی ئەمەریکادا، هەرێم بەشێکە لە ئێراق و ئەو ناوچانەش سەر بە حکومەتی بەغدا بوون لە کاتێکدا کە کێشەی سنور چارەسەر نەکرابوو، بۆیە هەر دەبوایە رادەستی ئێراق بکرێنەوە.

تەنها لەدوو باردا دەیانتوانی بەزۆری هێز ئەو ناوچانە بخەنەوە سەر کوردستان یەکەم ئەگەر ئەمەریکا پشتگیری کردبان، دووەم ئەگەر هێزێکی کاریگەر و باڵادەستبان کە ئەوەش ئەگەرێکی ناڕیالیستانەیە. ئەمەریکا هەرگیز پشتگیری خۆی بۆ کورد لەمبارەیەوە پیشان نەداوە، بەڵکو لەسەر ئەو سیاسەتە دەڕوا کە دوای ڕووخانی سەدام دایڕشت. بۆیە ئەگەر ریفەراندۆم نەشبوایە هەموو ئەو شوێنانەی دوای هاتنی داعش گیران دەبوایە رادەستی ئێراق بکرێتەوە و هێزی پێشمەرگە بگەڕێنەوە سنوری پێشوویان. گومان لەوەدا نییە کە ئەوان دەیانتوانی بوونیان لە ناوچە کێشەلەسەرەکاندا وەکو کارتێکی بەهێز بۆ چارەسەری کێشەی سنور بەکاری بهێنن، بەڵام ئەوە ئامانجی ئەوان نەبوو، هەروەک چارەسەری کێشەی سنور وەکو پێشوو خاڵێکی پەراوێزخراوبوو، چون چەور نەبوو و وەکو بیرە نەوتەکان پارەی بێسنوری بەرهەم نەدەهێنا. سیناریۆکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و هاڕینی بەرژەوەندیەکانی گەل لە نێوان دوو بەرداشی زەرد و سەوزدا فێل و ساختەبوو لە گەل کرا، تۆمارکردنی ناپاکیەکیتر بوو لە مێژوویاندا. دیارە خەڵک تەنها رووی دەرەوەی یاریەکەی هەردوو بنەماڵەیان بینی، بێگومان خەلک لە لایەنی شاراوەی یاریەکە بێئاگان. هەردوولا وەکو لە مێژوویاندا بیندراوە لەپێناوی بەرژەوەندیەکانیاندا ئامادەن زیان بە بەرژەوەندیەکانی گەل بگەیەنن.

چۆن ریفەراندۆم ئامانجی بنەماڵەی بارزانی پێکا؟ ئۆپۆزیسیۆنی نایەکگرتوو و لاواز زیانی کوشندەی پێکەوت، بزوتنەوەی گۆڕان کە داینەمۆی هەنگاوەکان بوو، ئێستا دوایان کەوتووە و لە حکومەتدا لەژێر سەرپەرشتی بنەماڵەی بارزانیدا بەشدارە. یەکێتی کە لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانیەوە کۆنترۆلکراوە و بەنەخۆشی باڵباڵێنێوە دەناڵێنێ، وەکو هێزی دووەم لە حکومەتدایە و هێزی میلیشیای خۆی بە پارێزروای لە بەرەی سەوزدا هەیە. ئۆپۆزیسیۆن تێکشکێندرا و لاوازکرا، ئومێدی بەدیموکراسیکردنی سیستەمی سیاسی پووکایەوە. ئێستا گووتن لە سیستەم گۆڕین لەبیرکراوە بەجۆرێک وەکو بڵێی پێشتر داوکاریەکی لەو جۆرە بوونی نەبووە.

لەبزری ئازادیدا پارتی لەپای بایکۆتی خەڵک لە هەڵبژاردندا وە لە رێگەی گەوجاندن و بەکۆیلەکردنی سیستەماتیکیانە لەڕێگەی بەرتیل و موچەی موفتەوە لە سامانی دزراوی گەلەوە، وە گەماڕۆ و ساختەکانیەوە لە دوای هەلبژاردنی ٢٠١٨ بەهێزتر وەکو براوە هاتەوە گۆرەپانی رامیاری باشوری کوردستان، ئێستا بنەماڵەی بارزانی لە بزری ئۆپۆزیسیۆندا (ئەوەی هەیە زۆر لاوازە) ئاسانتر دەتوانن درێژە بەبەرژەوەندیەکانیان بدەن و بڕیارەکانی خۆیان بسەپێنن. یەکێتی لەڕێگەی گەمارۆ و ساختەکانیەوە توانی ببێتەوە هێزی دووەم و درێژە بە زاڵی خۆی لە بەرەی سەوزدا بدات. دووبەرەیی بەهێزبۆتەوە، ئەوەش لە بەرژەوەندی بەتایبەتی بنەماڵەی دەسەلاتداردایە، چونکە پارتی لە بەرەی زەردا هەموو ئەو داهات و دەستکەوتانەی هەیە کە گرنگن، وە پارتی تەنها کاتێک یەکگرتوویی باشوری کوردستانی دەوێ ئەگەر هەمووی لەژێر ڕکێفی بنەماڵەی بارزانیدا بێت. بنەماڵەی بارزانی چیتر خۆیان وابەستەی رێکەوتنی پێشووی ستراتیژی لەگەل یەکێتیدا نابینن، جگەلەوەی لە کوردستاندا باڵادەستن و دەستیان بەسەر پۆستە گرنگەکاندا گرتووە، لە ئاستی ئێراقیشدا دەیانەوێ هەمان رۆل ببینن بۆنمونە پۆستی سەرۆکی کۆمار بۆ خۆیان ببەن.

ئەگەرچی مەسعود بارزانی لەژێر گوشاردا وازی لە پۆستی سەرۆکایەتی هێنا، بەڵام ئێستا هەر خۆی کەسی یەکەمە و وەکو سەرۆک دەجوڵێتەوە و بڕیار دەدات. ئەندامانی سەر بە بنەماڵە خۆیان بێ ڕکابەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتن. تاکو لەدەست خۆیاندا بێت پۆستی سەرۆکی هەرێم پێویستە، هەرکاتێ لەدەستخۆیان نەما بەئەگەری زۆر هەوڵی نەهێشتنی دەدەن. ئێستا لەبەرژەوەندیاندایە پۆستە بەدەسەڵات و چەورەکە بەردەوام بێت و بەدەست خۆیانەوە بێت.
لەکۆتایدا دەکرێ بڵێین بنەماڵەی بارزانی یاریان بە هەستی نیشتیمانی و نەتەوەیی خەڵک کرد، هەستی خەلکیان کرد بە قوربانی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، ئەوەش کاری یەکەمجاریان نەبووە و کەلتوری سیاسی ئەوان واهاتووە. وەکو جارانی پێشوو بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان تێکۆشان و بەئاگایانە بۆ ئەو ئامانجەش چوون.
بۆ ئەوان بەکارهێنانی هەموو ڕێگە و کەرستەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانج رەوا بوو، بۆیەش لەلای ئەواندا پێکانی ئامانجی تایبەت گرنگی سەرەکی هەبوو، شتێک بەناوی مۆرال و راستگۆیی و پرەنسیپەکانی نیشتیمانپەروەری نرخی عانەیەکی نەبوو. بۆنمونە ئەگەر مەسعود بارزانی لەگەڵ تۆزقاڵێکی بەڵێن و دروشمەکانی بەر لە ڕیفەراندۆم راستگۆ بایە لانی کەم لە سیاسەت دوور دەکەوتەوە. (ژاپۆنیەکان لە ئەنجامی ژێرکەوتندا خۆیان دەکوژن). بەپێچەوانەوە مێشیش لەمبارەیەوە میوانیان نییە. بۆ؟ چونکە لە راستیدا ئەو سەرکەوتووە، چون ئامانجی خۆی و بنەماڵەکەی پێکا کە پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندیە باڵاکانیانە.

بەکورتی ریفەراندۆم بووە هۆی: یەکەم بەهێزبوونەوەی دووبەرەیی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و میلیشیای پارتی و یەکێتی. دووەم مانەوەی دەسەڵاتە رامیاری و ئابوری و سەربازیەکانی بنەماڵەی بارزانی بە پارێزراوی و بگرە بەهێزتربوونی. سێیەم تێکشکانی ئۆپۆزیسۆن و کەمۆکردن و دەمچەورکردنیان بۆ ناو دەسەڵات. چوارەم دوورکەوتنەوەی ئەگەرەکانی دروستکردنی دەسەڵاتی نیشتیمانی لە کوردستانێکی یەکگرتوودا، بەمجۆرە تێکشکاندنی هەنگاوەکانی بەرەو ناسیۆن بوون. پێنجەم تێکشکاندنی هەوڵەکانی دیموکراتیزەکردنی سیستەمی سیاسی باشوری کوردستان بە شێوەیەکی کوشندە. شەشەم لاوازکردنی خەباتی سەربەخۆیی و دوورخستنەوەی تا ماوەیەکی نادیار.

شاخەوان شۆڕش
8-6-2019




دورگەی کیپرۆس Κύπρος (قوبرس) و هەندێ زانیاری … شاخەوان شۆڕش

گریکەکان (یۆنانەکان) خۆیان بە قوبرس دەڵێن کیپرۆس، بۆیە منیش ئەو ناوەم پێ پەسندە و بەکاریدەهێنم. بەگشتی پێموایە خەڵکی وڵاتەکە چۆن ناوی وڵاتی خۆیان دەهێنن پێویستە ئەو ناوەش بۆ وڵاتەکەیان بەکاربهێندرێت.
باوکم (قادر شۆڕش) لە ساڵانی ١٩٤٣- ١٩٤٦ وەک سەربازی ئینگلیز لە دورگەی کیپرۆس بووە، ئەو سێ ساڵە کاریگەری یەکلاکەرەوەیان لسەر ژیان و داهاتووی ئەودا نواندووە. باوکم زۆر بەرز دەیڕوانیە خەڵکی کیپرۆس، بە دەستپاکی و ساکاری ئەوان سەرسام بوو. خەباتی شۆڕشگێڕانەی ئەوان دژی دەسەڵاتی داگیرکەری ئینگلیز جێگەی گرنگی پێدان و سەرنجی ئەو بووە. گریکە کیپرۆسەکان هەستی ڕزگاریخوازیان بەو بەخشیووە و لەوانەوە فێری خەبات دژی داگیرکەران بوو. بۆیە هەمیشە ئارەزووی ئەوەم کردووە کە سەردانی ئەو دورگەیە بکەم و بیبینم. خۆشبەختانە لە کۆتایی مانگی مایدا ئەو دەرفەتەمان بۆ ڕێکەوت. دیارە جیاوازیەکی زۆر لە نێوان ئەو دوو سەردەمەدا هەیە و گۆڕنکارای زۆر ڕوویانداوە.

ڕووبەری کیپرۆس ٩٢٥١ کیلۆمەتری دووجایە. ژمارەی دانیشتوانی کیپرۆس ٩٤٧٠٠٠ کەسە، سەدا ٧٥ گریکن، سەدا ١٠ ی تورکن (بێ تورکە جێنیشکراوەکان) و سەدا ١٥ی سەر بە نەتەوەی دیکەن. تورکی کۆنی کیپرۆس پاشماوەی عوسمانیەکانن. بەنیازی چارەسەر و یەکگرتنەوە دوای ڕێکەوتنێک لە ساڵی ٢٠١٥ دا لە نێوان سەرانی هەردوو بەشدا، هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە پێکهاتەی دانیشتوانی دورگەکە ٧٨،٥ لەسەدای گریکە، ٢١،٥ لەسەدای تورکە.

کیپرۆس دورگەیەکی خنجیلانەیە و بەگردۆڵکە و چیا دەوڵەمەندە، کەنارەکانی درەوشاوە و ڕوون و سەرنجڕاکێشن. کیپرۆس پڕە لە داری جوانی جۆراو جۆر، ڕەزی زۆر کە ترێی جۆراوجۆر دەگرنە خۆیان، هەروەها پڕە لە گوڵ و پنچکی سەرنجڕاکێش و جوان. دارەکانی وەکو پالمە، زەیتون و پرتەقاڵ و لیمۆ و هەندێ داری دیکە (ناوەکانیان نازانم) زۆر دەکەونە بەرچاو. پنچک و دار تارکی سپی، پەنبە و سور لە زۆر ڕێگە و کەنار ڕێگەکاندا بە بەرزی جیاوازەوە دەبیندرێن. دەگوترێت ٥٥٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا شەراب لە کیپرۆسدا بەرهەم هێندراوە. دورگەکە بە شوێنەواری سەردەمی رۆمەکان دەوڵەمەندە و لە چەندین شوێندا دەبیندرێن.

سەرەتای ژیانی مرۆڤ لە دورگەی کیپرۆسدا بۆ ٨٠٠٠ ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە. لە ساڵی ١٢٠٠ی پێش زایندا گریکەکان لەوێ جێگیربووین و خۆبەڕیوەبەری شار بنچینەی دادەڕێژرێت. لە ماوەی ٧٠٩ تا ٣٣٣ ی پێش زاین لەلایەن ئاسوری، میسری و فارسەکانەوە داگیرکراوە. دوای ئەوە لەلایەن ئەسکەندەری گەورەوە خراوەتە سەر یۆنان. لە ٥٨ ی پێش زاین تاکو ٣٣٠ زاین هەرێمێکی سەر بە ئیمپراتۆری رۆم بووە. لە ساڵی ٤٥ ی زاین وەکو یەکەم هەرێمی رۆمەکان دینی کریستیانی (مەسیحیەت) لە خۆ دەگرێ. لە ساڵانی ٦٤٧ تا ٩٦٥ لەلایەن لەشکری عەرەبەکانەوە گەلێجار تاڵان دەکرێت. لە ساڵی ١٥٧١ دا لەلایەن تورکە عوسمانیەکانەوە داگیردەکرێت و تا ١٨٧٨ لەژێردەستی تورکاندا دەمێنێتەوە. پاشان ئینگلیز داگیری دەکەن. لە ساڵی ١٩٢٣ دا لە ڕێکەوتنامەی لۆزاندا تورکیا دەستبەرداری هەموو داواکاریەکانی لەسەر کیپرۆس دەبێت (ئەو ڕێکەوتنەی بە زیانی کورد و ئەرمەن تەواو بوو و ناپاکیان لێکرا). بەمجۆرە کیپرۆس دەکەوێتە ژێردەستی دەسەڵاتی کۆلۆنیالستی ئینگلیز تاکو ڕزگاربوونی لە ساڵی ١٩٦٠دا. بەڵام بەداخەوە لە ٢٠ ژولای ١٩٧٤دا لەلایەن تورکیاوە سەرووی دورگەکە داگیردەکرێت و ٣٧ لەسەدای خاکی دورگەکە تا ئەمڕۆش لەژێر دەسەڵاتی داگیرکەری تورکیادایە. ئەو بەشە لەژێرناوی “کۆماری تورکی باکوری قوبرس” سەربەخۆیی ڕاگەیاندووە، بەڵام جگە لە تورکیا هیچ وڵاتێک دانی پێنانێت. لە لایەن یوئێنەوە هێلێکی چۆڵ بەپانتایی جیاوازەوە لە نێوان سنوری هەردوو لادا چاودێری دەکرێت.

مۆرکی داگیرکاری تورکە عوسمانیەکان بەسەر دورگەکەوە دیارە، بۆنمونە کەنیسا گەورەکەی نیکۆسیا و فامەگۆستە هەردووکیان کراونەتە مزگەوت. عوسمانیەکان سەریان تێکداون و لە شوێنی تێمپلە کرستیانیەکەدا گومبەت و مینارەیان بە ئەندازیاریەکی هەژارانەوە دروست کردووە و کردوویانەتە مزگەوت. شێواندنێکی پێکەنیناویە کە کەم کارامەیی و بێشەرمی خۆسەپاندنی تورکەکان وێنە دەکات. کورد دەڵێ “سەر قۆزی بن ئاڵۆز” بەڵام ئەوەیان “بن قۆزی سەر ئاڵۆزە” لە راستیدا. لە ژێرەوە کارامەیی ئارتیتێکتۆری کۆنی ڕۆمەکان بە بیناکەوە دیارە و لە سەردا گومبەت و مینارەیەکی ناشیاوی بەسەردا سەپێندراوە. کەنیساکەی فامەگۆستە لەبنچینەدا ناوی کەتەدرال ساینت نیکۆلاسە دوای داگیرکاریەکە ناوی کراوەتە مزگەوتی لالە مستەفا پاشا، ئەو سەرلەشکرە تورکەی کە دورگەکەی داگیر کردووە. ئەوەی نیکۆسیا کراوەتە مزگەوتی سەلیمیە کە لە بنچینەدا ناوی کاتەدرال ساینت سۆفیایە.

دوای داگیرکردنی کیپرۆس لەلایەن تورکیاوە، ڕژێمی تورکیا هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای وڵاتەکەی داوە، تورکی لە تورکیاوە گواستۆتەوە کیپرۆس و نیشتەجێی کردوون و رەگەزنامەی ئەوێی داونەتێ. ئەو پرۆسەیە ئێستاش بەردەوامە، بەجۆرێک تورکە کۆنەکانی کیپرۆس ئێستا کەمینەن و کێشە و ناکۆکیان لەگەڵ تورکە جێنیشکراوەکاندا هەیە. دەگوترێت لەوبەشە داگیرکراوەدا ئێستا ٣٥٠،٠٠٠ تورک هەن. تورکیا بەمجۆرە پێشێلی ماددەی ٤٩ رێککەوتننامەی ژەنیڤی کردووە و دەکات. جگەلەوە ئێستا لە سایەی سیاسەتی ئەردۆگانەوە هەوڵی ئیسلامیزەکردنی خەڵکەکە دەدرێت، بۆ نمونە لە ڕێگەی کردنەوەی خوێندگەی قورئان و سەپاندنی پرەنسیپەکانی شەریعە. دەگوترێت تورکە کۆنەکان کێشەیان لەگەڵ ئەو بە ئیسلامکردنەدا هەیە، بەڵام دژ بە سیاسەتی تورکیا بێدەسەڵاتن. ئەو سیاسەتە ئاتۆریتاری و سەپێنەرەی تورکیا وایکرد کە تورکە کیپرۆسەکان لە ٢٢ ژانیوەری ٢٠١٨ دا بڕژێنە سەرشەقام و خۆپیشاندان دژی ئەو سیاسەتە بکەن.

باوکم کە لە ساڵەکانی ١٩٤٣ – ١٩٤٦ دا لە کیپرۆس بووە لە بیرەوەریەکانیدا دەنوسێت ” بەکاتی ٩ی سەرلەبەیانی گەیشتینە بەندەری شاری فامەگۆستە کە شارێکی دورگەی قوبرسە. شارێکی خنجیلانە و جوان بوو. هەستمان لە خەڵکەکەی ڕاگرت بە یۆنانی و تورکی قسەیان دەکرد. ئێمە لەناو خۆماندا گوتمان زۆرباشە لێرە تورک هەن کە سەر بە ئایینی خۆمانن و زۆریشمان تورکی دەزانین کەواتە پەکمان ناکەوێ لە شتکڕین و پێویستییر. بەڵام ڕاستیەکەی بەپێچەوانەوە بوو چونکە یۆنانیەکان لە هەموو ڕووێکەوە لە تورکەکان باشتربوون بۆ ئێمە”… پاشان دەنوسێت، “پەلەکەی ئێمە کە ٣٥ کەس بوو ناردراین بۆ شاری کەرینیە (ئێستا تورکیا داگیریکردووە)، لە نزیک ئەو شارە لەگەل هەندێک سەربازی ئینگلیز بۆ ماوەی شەش مانگ ماینەوە… خەڵکی شارەکە هەموویان یۆنانی بوون تاک تاکەی تورک تێدا بوو”… دوای مانەوەمان بۆ شەش مانگ لە شاری کەرینیە گوستراینەوە بۆ شاری مۆرفۆ. شاری مۆرفۆ دەکەوێتە رۆژئاوای نیکۆسیا (پایتەختی کیپرۆس) دوو کیلۆمەتر لە دەریاوە دوورە و دەکەوێتە کلکەی چیای کەرینیە… خەڵکەکەی هەمووی یۆنانی بوون ٥ تا ١٠ مال تورکی تێدا بوو”… هەروەها دەنوسێت “ئەوکاتە دورگەی قوبرس لە ژێر دەستی ئینگلیز دابوو کە لەلایەن فەرماندەیەکی سەربازی ئینگلیز بەڕێوە دەچوو، بۆیە یۆنانەکان خەباتیان دەکرد بۆ ڕزگاربوونیان لە چنگی ئینگلیز. میللەتی قوبرس کوردیان زۆر خۆش دەویست ڕێک بە پێچەوانەی تورکەکان. یۆنانەکان حەزیان بە دۆستایەتیمان دەکرد، فێریان دەکردین کە گەڕاینەوە کوردستان خەبات بکەین بۆ خۆڕزگارکردنمان لە چنگی ئینگلیز و داگیرکەران”…. “هەمیشە هانیان دەداین کەوا بگەڕێنەوە کوردستان و بەشداری شۆڕشی کورد بکەین، پێیان دەگوتین، “ئێوەش وەک ئێمە ژێردەست و چەوساوەن”. بەڵام تورکەکان بە پێچەوانەی ئەوان بوون، زۆربەیان سیخوڕی ئینگلیز بوون و دژی یۆنانەکان بوون، هیچ نیشتیمانپەروەری و مرۆڤایەتیان پێوە دیار نەبوو، بەڵکو دژی هەموو جۆرە کارێکی مرۆڤانە بوون، هەموو شتێکیان و کارێکیان لە پێناو پارە پەیداکردن بوو”…

دوای داگیرکردنی کیپرۆس لەلایەن تورکیاوە خەڵکە یۆنانەکە ڕادەکەن و شارەکانی کەرینیا، مۆرفۆ و فامەگۆستا و شارەکانیتر جێدەهێلن، ئێستا هەموو دانیشتوانی ئەو شارانە تورکن. دەگوترێ چەند سەد کەسێکی یۆنانی کیپرۆسی لەوێدا ماون کە قبووڵی چۆلکردنی زێدی خۆیان نەکردووە. لەشاری لیمەسۆل لەو هوتێلەی لێی ماینەوە لەوی لە دوکانێکی هوتێلەکەدا کە ژنێک سەرپەرشتی دەکرد لەگەڵیدا کەوتینە گفتوگۆ، خۆشحاڵبوو کە زانی کوردم، هەرزوو گوتی: “ئێمە دوژمنمان هاوبەشە! بەداخەوە خراپترین دوژمنمان هەیە لە هەموو جیهاندا!” گوتی “من یەکێکم لە هەڵاتووەکانی ناوچەی کەرینیا کە بە منداڵی لەوێوە لەگەڵ دایکوباوکم رامکردووە. ئێمە خانوو و زەوی و زارمان هەبوو و دەوڵەمەند بووین بەڵام هەمووی داگیرکرا. لێرە وەکو پەنابەر بێ ماڵ و سامان ماینەوە. وڵاتمان ناڕەوا داگیرکرا. تورکیا بۆ وا دەکات!؟ ئەو هەموو خاکەی هەیە بۆ چاوی بڕیوەتە ئەو وڵاتە بچوکەی ئێمە! دوای ئەو هەموو ساڵە چارەسەرێک نییە! زۆر ناڕەوایە! بەداخەوە واهەست دەکەم ژیانی من فەوتا! راستە ئێستا ژیانمان باشە و خاوەنی خانووی خۆمم، بەڵام ئێمە وەکو ئێوە لە دڵەوە بریندارین!”. دواتر گوتی “من لەگەڵ چارەسەری یەکگرتنەوەدام، هیوادارم ئەوە سەربگرێت”.

ئێمە بەسەردان چوینە پایتەختی کیپرۆس کە شاری نیکۆسیایە لەوێدا پەڕینەوە بەشە داگیرکراوەکەی شارەکە کە هەموو دانیشتوانەکەی ئێستا تورکن. جوداییەکی زۆر لە نێوان بەشی خواروو و سەروو بەدی دەکرێت. بەشی خواروو کە لەلایەن کیپرۆسە گریکەکاندایە پێشکەوتنی بەرچاوی پێوەدیارە، هەرچی بەشە ژێردەستەکەیە بەو شیوەیە نییە، خانوو و شەقامەکان بێخزمەت و کۆنن، وە دواکەوتوو دەکەوێتە بەرچاو. ئەو جوداییە بە خەڵکەکەشەوە دیارە لەبەری گریکەکاندا خەڵک ئازاد و گەشاوە و کراوەن، بەڵام لەبەشە ژێردەستەکەدا داخراوی دیارە و بەدی دەکرێت.

داگیرکردنی ئەفرین و بەرگری تورکە چەپەکان لە خەڵکی ئەفرین: کە شاری کوردانی ئەفرین لە رۆژئاوای کوردستاندا لەلایەن تورکیاوە داگیرکرا رۆژنامەیەکی تورکە چەپەکان بە ناوی “ئەفریکا” دژی داگیرکاریەکە وتارێکی دابەزاند و لەژێر سەردێڕەکەدا نوسی “داگیرکردنێکی دیکەی تورکیا”، بەراوردی داگیرکاریەکەی بە داگیکردنی کیپرۆس لە ساڵی ١٩٧٤دا کردبوو. ئەردۆگان وتارەکەی بە بێمۆڕال و بێشەرم ناوبرد و هانی لایەنگرانیدا کاردانەوەی پێویست بەرامبەر بە ڕۆژنامەکە ئەنجام بدەن. سەدان کەس لە تورکە رەگەزپەرستەکانی سەربە گورگەبۆرەکان کۆبوونەوە، ئاڵای تورکیا و کیپرۆسی باکوریان بەرزکردەوە و بەدروشمی ئەڵاهوئەکبەر چوونە بەردەم ئۆفیسی رۆژنامەکە، بە بەرد و هێلکە و بتلی شوشە هێرشیان کردەسەر شوێنەکە. ناونیشانی رۆژنامەکەیان لە بچمی خانوەکەدا هێنا خوارەوە و هەندێ هەوڵیاندا بچنە ژوورەوە و بگەنە ستافی رۆژنامەکە. تورکیا هەرەشەی دادگاییکردنی سەرنوسەری رۆژنامەکە شێنەر لەڤێنت و نوسەرەکە عەلی عوسمانی کرد. شێنەر لەڤێنت کە هەوڵی سوتاندن و کوشتنی درا، وە سەگێکی کوژرایان خستە بەردەرکی ماڵەکەی، وەڵامی تووندی ئەردۆگان و تورکیای لە وتارێکدا دایەوە و سیاسەتی تورکیای بە ئیمپریالیستی و عوسمانی نوێ ناوزەدکرد و نوسی: “جێگە سەرسوڕمانە کە پیاوێکی ئەوها گەورە و دەسەڵاتدار لە ڕۆژنامەیەکی ئەوها بچوک دەترسێ”… هەروەها ئەوە دووپات دەکاتەوە کە “خەباتیان لە دژی سیاسەتی ئیسلامی فاشیستانەی ئەردۆگان بەردەوام دەبێت” و لە کۆتاییدا دەنوسێت “ئێمە لە گوتنی راستیەکاندا هەر بەردەوام دەبین”.
گەشتەمان تەنها بۆ هەفتەیەک بوو و کورت بوو، هیوادارم جارێکیتر بتوانم بچمەوە ئەوێ و سەردانی شوێنەکانیتری ئەو دورگە جوان و مێژوو دەوڵەمەندە بکەم.

شاخەوان شۆڕش
3-6-2019

—————————————–
سەرچاوەکان:

  1. https://en.wikipedia.org/wiki/CyprusCyprus:
  2. Krogh, Dorte, Turen går til Cypern, Politikens rejsebøger, 2018
  3. قادر شۆڕش، چل ساڵ خەبات و تێکۆشان، ٢٠٠١: http://kadirshorsh.com/Kadir%20Sh..A4.pdf



خەڵاتی نۆبلی نادیە و رەخنە نارەواکان بۆسەر نادیە و کۆمەڵگەی ئێزدیان … شاخەوان شۆڕش

نادیە لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا لە ١٥ سەپتەمبەری ٢٠١٤ دا لە گوندەکەی خۆیان کۆجۆ لەلایەن داعشەوە دەستگیردەکرێ و بەکۆیلە دەکرێ، لە نۆڤەمبەری ٢٠١٤ رزگار دەبێ، لە سەرەتای ٢٠١٥ دا وەک پەنابەر دەگاتە ئەلمانیا، لەساڵی ٢٠١٦ دا ٣ خەڵاتی مەزن (بالوێزی نیازباشی یوئین، مەدالیای مافەکانی مرۆڤ و ئازادی دەربڕین) بەدەست دەهێنێ، لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا لە ساڵی ٢٠١٨ دا خەڵاتی نۆبلی ئاشتی بەدەست دەهێنێ.

لە کورتەی پیشەکیەکەدا چاڵاکی و کاریگەری نادیەمان بە بەلگەوە بۆ دەردەکەوێت. دیارە خەباتی نادیە بریتی بووە لە خەباتی ئەو لە ناساندنی تاوانی گەلکوژی ئێزدیان و هەروەها ئازایەتی نادیە لە دەرچوونی لە قاوغی قوربانیبوونەوە بۆ خەبات دژ بە تاوانباران، ناساندنی دڕندەیی تاوانەکە بە جیهان و هەوڵدان بۆ دانپێنانی وەکو تاوانی گەلکوژی، هەروەها چوونی بۆ ئاستێکی جیهانی و لەوێدا خەباتکردن بۆ هەموو قوربانیانی تاوانی دەستدرێژی کە لە زۆربەی بارەکاندا لە کاتی شەردا و لە بوونی تاوانی جەنگ و پاکتاو و گەلکوژیدا روودەدەن، بۆنمونە وەکو دەستدرێژیەکانی تاوانی گەلکوژی دارفور، تاوانی پاکتاوی رەگەزی و گەلکوژی لە یوگوسلاڤیای کۆندا، لە شەری ئێتنی ناوخۆی کۆنگۆدا، تاوانی گەلکوژی رواندا و هتد. دیارە خەلاتەکە لەپای خەباتی نادیەیە بۆ قوربانیانی تاوانی دەستدرێژی لە شەڕدا و ئەوەش جەختی لەسەر دەکرێتەوە، هەروەکو خەباتی د.

دەنیس مەکویکە بەهەمان شێوە بۆ ڕزگارکردنی قوربانیانی دەستدرێژییە لە شەڕی نێوان وڵات و گروپە ئەتنیەکاندا. سەبارەت بە د. دەنیس پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەو دکتۆرە تائێستا بە هەزاران نەشتەرگەری بۆ قوربانیانی دەستدرێژی کردووە و جگەلەوە هەوڵی داوە لەباری دەروونیدا یارمەتیان بدات. تەنانەت لە کاتی بەخشینەوەی خەڵاتەکەدا ئەو خەریکی نەشتەرگەری بووە. ئەو قوربانیانەی د. دەنیس نەشتەری کردوون بەتایبەتی قوربانی شەڕی ئێتنیانەی کۆنگۆن.

نادیە موراد کە خۆی قوربانیەکی دەستی داعشە ١٨ کەسی لە خێزانەکەی بوونەتە قوربانی، هەندێکیان لە کچ و ژنەکان بەکۆیلەکراون، هەندێکیان کوژراون، دیارە پیاوەکان هەموویان گولەبارانکران. نادیە خۆی یەکێک بووە لە کچە ئێزدیە بەکۆیلەکراوەکان، دەستدرێژی کراوەتەسەر و لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەداندا بووە. دواتر دوای نزیکەی ٣ مانگ کۆیلەیی خۆی ڕزگار کردووە.

جگەلەو خەڵاتە پێشتر نادیە موراد لە ساڵی ٢٠١٦ دا لایەن یوئینەوە وەکو بالوێزی نیازباشی داندرا و هەروەها مەدالیای مافەکانی مرۆڤی هاڤل و مەدالیای ساخارۆفی بۆ ئازادی دەربڕین بەدەستهێناوە. بەدەستهێنانی ئەو پایەیە و خەڵاتانە بێگومان نادیە دەبەنە ئاستێکی بەرزی جیهانی، کە ئەرکی سەرشانی ئەو و خەباتی ئەو دەبەنە ئاستێکی جیهانی و زۆر بەرفراوانتر. بەمجۆرە بەشێکی گرنگی خەباتی نادیە لەسەرەتاوە هەوڵێک بووە بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەی بەکۆیلەکران و دەستدرێژیان کرایە سەر و لەبازارە ئیسلامیەکانی داعشدا هەرزانفرۆش کران، دواتر لە ساڵی ٢٠١٦ دا ئەو لایەنەی خەباتی ئەو گرنگی زیاتر وەردەگرێ و دەبێتە جیهانی، چون کێشەکە کێشەیەکی جیهانیە و بەرفراوانە.

لای هەمووان ئاشکرایە کە لە ڕێکەوتی ٣ ی ئۆگستی ٢٠١٤ دا لەبەرچاوی هەمووان جیهادیە ئیسلامیەکانی داعش بە پشتبەستن بەدین و باوەڕیان هەلمەتی لەناوبردنی ئێزدیانیان دەستپێکرد و ئەنجامدا. بەر لە هێرشەکەی داعش دەسەلاتداران پەراوێزیانکردبوون و کۆمەڵگەیەکی پشتگوێخراوبوون، ئەوەی سەر بە پارتی نەبوایە و سەر بەلایەنیتر بوایە پەراوێز و دژایەتی دەکرا، پارتی هەمان ڕەوتی بەحزبیکردن و گەندەڵ و ناکوردستانی لەوێش پیادەدەکرد، کۆمەڵگە خرابووە ژێر چنگ و چەپۆکی حزبی پشووتەنگی سەرۆک. ئەوان وەکو کۆمەڵگەیەکی تایبەت هیچیان بۆ نەکرا و گرنگیان پێنەدرا و لەبیرکراوبوون.

لە کاتی هێرشەکەدا هێزەکانی پارتی کە گوایە هێزی بەرگری و پارێزگاری ئەوێ بوون رایانکرد و ئێزدیەکانیان بۆ ئیسلامیەکانی داعش جێ هیشت، هەروەکو ئاوارە ئێزدیەکان گوتیان “فرۆشتیانن”. دیتمان دەستدرێژیان کرایەسەر و کوشتوبڕ کران. شوێن هەبوو چەند رۆژ و هەفتە دوای هێرشی شەنگال ئەوجا داگیرکرا وەکو گوندەکەی نادیە گوندی کۆجێ کە لەلایەن داعشەوە دەوری درابوو و لە ١٥ سەپتەمبەردا دەستی بەسەردا گیرا و خەڵکەکەی بەر شاڵاوی تاوانی گەلکوژی کەوتن. هیچ هێزێک بەهانایانەوە نەچوو. بۆیە دەکرێ بڵێین کورد و جیهان پشتیان تێکردن.

ئێزدیەکان ئێستا چ وەکو تاک یا کۆمەلگە لە ئازار و تراومای تاوانەکاندا دەژین، چیرۆکە جەرگبرەکان ئاسمانی بیر و هۆشیانی داگیرکردووە و لە زامی تەنیایی و بێکەسیدا دەتلێنەوە. دەسەڵات و کۆمەڵگەی موسوڵمانی دەوریان لە ئازار و داخوازیەکانی ئەوان ناگەن، قوربانیە رزگاربووەکان هەندێکیان لە ژێر هەڕەشەی لەناوچووندان، گەلێکیان نائومێدانە چاوەڕێی کۆتایی و نەمان دەکەن، لای زۆریان دوای نەمانی خۆشەویستان و دوای ئەو هەموو تیرۆر و تاوانە درندانەیە ژیان هیچ واتایەکی نەماوە. دیل و بەکۆیلەکراوەکان هەر رۆژەی مردنێک بەچاوی خۆیان دەبینن و خۆزگەی نەمان دەخوازن، کەسە هوشیار و بەئاگاکان لەوانە نادیە لە خەمی رزگارکردنی ئەوانیترن و خەبات دەکەن. زۆر لە دایکەکان چاوەڕێی هەوالی کچ و کوڕە وونبووەکانیانن و لە هۆریسۆنتی هیوای دوورەدەستدا دەڕوانن….

گومان لەوەدا نییە کەوا زۆرینەی ئێزدیەکان لە باشوری کوردستاندا دەژین، ئەوان کەمینەیەکی خاوەن ئایین و کەلتوری تایبەت بە خۆیانن، بەدرێژایی مێژوو بوونەتە قوربانی دەستی جوداکاری ئایینی و نەتەوەیی و چەندینجار بەرەوڕووی تاوانی پاکتاوی ڕەگەزی بوونەتەوە و کوشتوبڕ کراون، دواجار لە 2014 دا ئیسلامیستەکانی داعش تاوانی گەلکوژیان بە دڕندانەترین شێوە دژیان ئەنجامدا. ئێزدیەکان خۆیان دەڵین ئەوان تائێستا ٧٤ جار بەرەوڕووی “فەرمان” واتە قڕکردن بوونەتەوە.

خەلاتکرنی نادیە ساڕێژی زامی ئەوان بێگومان ناکا هەروەکو مەبەستی خەڵاتەکەش ئەوە نییە، چون کێشەی ئەوان زۆر بەرفراوانتر و سەختترە، بەڵام بە جۆرێ لە جۆرەکان بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی دانپێنانێکە بە ئازارەکانی کۆمەڵگەی لەبیرکراوی ئێزدیان و بوونی ئەو کۆمەڵگە بەشخوراو و قوربانییە. گومان لەوەدا نییە کەوا هەولەکانی نادیە رۆلی گرنگی لە ناساندنی کۆمەڵگەکە و تاوانەکەدا وەکو تاوانی گەلکوژی بینی.

وەکو دیتمان دوودڵی لە دانپێنان لە خەڵاتەکە و رۆڵی نادیەدا بەجۆرێ لە جۆرەکان لە لاپەرە کۆمەلایەتیەکاندا خرایە روو، هەندێ بێ ئەوەی ئاگاداری هیچ خەباتێکی نادیە بن هێرشیان کردەسەر و ناوناتۆرەیان بۆ هەلبەست، هەندێ لەبەر رەتکردنەوەی کوردبوونی ئێزدیەکان هێرشیان کردنەسەر. بەکورتی بەپێی ئەوەی نوسران رەخنەکان هەندێکیان لە بێئاگایی بوو، هەندیکیان لە دیدی ئەتنۆناسیونالیستانەی کورتبینەوە بوو، وە هەندێکیان لە دیدێکی حزبیانەوە بوو، هەندێ لە دیدێکی ئیسلامیانەوە بوو. دیارە دوای بەرزبوونەوەی نادیە موراد وەکو ئەستێرەیەکی ئەو کۆمەلگە بەشخوراوە، ئەو رەخنە و هێرشانە خرانەروو.

پیشتر نادیە موراد لەلایەن دەسەڵاتی هەرێم (پارتی کە لەو دەڤەرەدا دەسەڵاتدارە) گرنگی پێنەدراوە و دژایەتیشی کراوە. پارتی هەوڵیدا ئەندامی پارتی و پەرلەمان ڤیان دەخیل بەرزکاتەوە و سەرنجەکان بۆ لای ئەو راکێش بکات بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. بۆیە هەندێ لە رەخنەکان شون لەو دیدە حزبیەوە بەجۆرێ لە جۆرەکان هەڵدەگرێت.
رەخنەی ئیسلامیستەکان کلاسیکیە و گوتنەکان سەرچاوە لەو فاکتەوە دەگرن، کە ئیسلامیەکان ئەوان وەکو کافر سەیر دەکەن و نکۆڵی لە مافە ئایینی و کەلتوریەکانیان دەکەن، تووندرەوەکانیان لەناوبردنیان بەرەوا دەزانن. داعش کە رێکخراوێکی ئیسلامیستی تووندرەوە لەناوبردنی کۆمەڵگەی ئێزدی بە ئەرک دەزانێ و هەر لەو ڕوانەگەیەوەش تاوانی گەلکوژی ئەنجامدا. لەراستیدا ئەو تێگەیشتنە نەرێنیە کاریگەری لەسەر کۆمەلگەی موسوڵمانیش بەدیاری هەیە، هەروەکو زۆر لە موسوڵمانان تێگەیشتن و سەیرێکی نەرێنیان بەرامبەر بە مرۆڤ و کۆمەڵگەی ئێزدیان هەیە.

رەخنە ئیتنۆناسیونالیستیەکان بە جۆرێ لە جۆرەکان نکۆلی لە دانپێنان بە نادیە و کۆمەڵگەی ئێزدیان دەکات. دەگوترێ “ئەوان خۆیان بە کورد نازانن”، “نادیە چی بۆ کورد کردووە؟!”، “ئەوان حاشا لە کوردبوونی خۆیان دەکەن”! هتد. بەکورتی داوا لە نادیە و ئێزدیەکان دەکەن ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان ساغ کەنەوە و ئایا ئەوان سەر بە ئێمەن یان ئەوان! بەکورتی ئەوان تەنها ئەو کاتە کۆمەڵگەی ئێزدیان لاپەسندە، ئەگەر ئەوان خۆیان بە کورد دابنێن و خۆیان لە کورد جیانەکەنەوە.

بەپێی مێژوو گەلی ئێزدی هەرگیز حاشایان لە زمان و کەلتوری خۆیان نەکردووە. باشترە رەخنەگران بچن گوێیان لێبگرن و سەیری کەلتور و ڕێتوالی ئایینیان بکەن! مانەوەیان دوای دەیان هەلمەتی لەناوبردن بە درێژایی مێژووی بوونیان توانای خۆڕاگری ئەوان دەسەلمێنێ. ئەوان لە نێو گورگاندا ژیاون و درێژەیان بە مانەوەی خۆیاندا داوە. ئێزدیەکان وەکو کۆمەڵگەیەکی ئێتنی خاوەن ئایین و دابونەریتی تایبەت بەخۆیان، خۆیان سەرپشکن لەوەی وابەستەی نەتەوەییان چییە. ئێزدین یا کوردن؟ ئەوە پرسیارێکە ئەوان لە وەڵامیدا سەرپشکن. پێناسەی نەتەوەیی تەنها و تەنها مافی ئێزدیەکان خۆیانە، مافی کورد یا عەرەب یا کەسیتر نییە ناسنامەی نەتەوەیی بەسەر ئەواندا بسەپێنێ. لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا ئێزدیەکان هەمووی بەعەرەب نوسرابوون و نکۆلی لە ناسنامەی نەتەوەییان کرابوو، هەروەکو ئێزدیەکان کەوتبوونەژێر سیاسەتی بەعەرەبکردن و تواندنەوە لە پرۆسەیەکی پلانبۆداندراوی پاکتاوی رەگەزیدا. سەپاندنی ناسنامەی نەتەوەیی بەسەر ئێزدیەکاندا بەهەرجۆرێک بێت دەچیتە خانەی چەوساندنەوە و پاکتاوی رەگەزی. هەروەها هەر جوداکاریەکی ئایینی یا نەتەوەیی پێشێلی مافەکانی مرۆڤە. بۆیە گرنگە دەرک بەوە بکرێت کەوا کۆمەڵگەی ئێزدی هەموو مافێکی کەلتوری و رامیاریان هەیە و پێویستە ئەو کەمینەیە بپارێزرێن، دان بە مافی کەلتوری و رامیاریاندا بندرێت، هاوکاریان لە ئاوەدانکردنەوە، گەشەسەندن و کرانەوەدا بکرێت، پێویستە خەڵکی کوردستان بە چاوی ڕێز و خۆشەویستیەوە سەیری ئەو کۆمەڵگە بەشخوراو و خۆڕاگرە لەمێژینەیە بکەن، شانازی بە جودایی و تایبەتمەندیەکانی ئەوان بکەن، باوەشی میهرەبانیان بۆ بکەنەوە و خۆشیان بوێن.

لە کۆتاییدا پیویستە بگوترێت، خەباتی نادیە خەباتێکی بەرزی مرۆڤایەتیە لە ئاستی کوردستان و ئێراق و هەرێم و جیهاندا. خەباتی چاڵاکوانانی مافی مرۆڤ و تاوانی گەلکوژی چ لە ئاستی کوردستاندا یا جیهاندا لەگەڵ خەباتەکەی ئەودا لەیەک ڕێچکەی خەبات دەکەنەوە. خەباتی نادیە وەکو خەباتی هەر چالاکوانێکی مافی مرۆڤ بۆ جیهانێکی رەواتر و باشترە.


ژمارەیەک لەو ڤیدیۆکلیپانەی کە ئاماژە بە چالاکیەکانی نادیە موراد، تاوانکاریەکانی داعش و ئازاری قوربانیان دەکەن لە خوارەوە داندراوە.

Nadia Murad speaking to BBC HARDtalk in 2016

Amal Clooney Criticizes World Response To Yazidi Genocide | NBC News

الفتاة الأيزيدية نادية مراد: “داعش يغتصبون السيدات بعد الصلاة .. وقتلوا 700 شاب في ساعتين
https://www.youtube.com/watch?v=FhjV2aDlo9Q

Nadia Murad: Eine Jesidin kämpft für Menschenrechte

ISIS Survivor Nadia Murad Becomes UN Goodwill Ambassador | NBC News

The Interview: Yazidi former sex slave Nadia Murad recalls IS group hell in Iraq (2016)

Nadia’s Story: Yazidi survivor calls for international protection

Nobel Peace Prize shared by Nadia Murad, anti-rape activist l Al Jazeera English

Nobel Peace Prize laureate 2018 Nadia Murad, Efforts to end sexual violence as a weapon in war

Nobel peace prize 2018 winners: who are Denis Mukwege and Nadia Murad?

Yazidi Girls: Prisoners of ISIS




بەشداری باشوری کوردستان لە هەلبژاردنی پەرلەمانی ئێراقدا … شاخەوان شۆڕش

ناتواندرێ نکۆلی لەو فاکتە بکرێت کە باشوری کوردستان بەشێکە لە ئێراق و سەربەخۆ نییە، لەگەڵ ئەوەی خەلكی کوردستان ئارەزووی ناکەن. ئەوە بارێکی سەپێندراوە و پێویستە ژیرانە هەلسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت و کار بۆ جیابوونەوە بەپێی پرنسیپە دانپێندراوە نێوەنەتەوەیەکان بکرێت. دیارە جگەلەوەی کە دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان نەیاتوانیوە سنوری بەرژەوەندیە تایبەتیەکان تیپەڕینن و بەرێوەبەریەکی سەرکەوتوو پێکەوەبنێن و کورد وەکو ناسیۆن بناسێنن، سەپاندنی ریفەراندەم لە ٢٥ ی سێپتەمبەری ٢٠١٧دا کە دەرهاویشتەی بەرژەوەندیە تایبەتەکان بوو، لە بزری مەرج و بنەما بنچینەیەکاندا ئەنجامدرا، بۆیە زیانی کوشندەی گەیاند و خەباتی سەربەخۆخوازی تووشی شکستێکی گەورە کرد. دوای کەوتنەکەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ باشوری کوردستان جگەلەوەی سەدا ٥١ ی خاکەکەی بەهەموو ناوچە دابڕێندراوەکانەوە رادەستی ژێردەسەڵاتی ئێراق کرا، خاڵە سنوریەکان و بیرە نەوتەکانیش کەوتنە ژێر کۆنترۆلی دەسەڵاتی بەغدا. بەمجۆرە ستاتوسی باشوری کوردستان لە ئاستی ئێراق و هەرێم و نێوەنەتەوەییدا لاوازکرا .

باشوری کوردستان پێویستی بە ڕزگاربوون لە تەنگژەی نەبوونی دەسەڵاتی نیشتیمانی رەوا و نەبوونی ستراتیژی کوردستانی هەیە. پێویستە هەنگاوەکان ئارستەیان بۆ بنیاتنانی ناسیۆن لەسەر بنچینە دانپێندراو و مۆدێرنەکان بێت و لە چوارچیوەی رێکەوتن و کۆنڤنسیۆنە نێونەتەوەیەکاندا خۆی بگونجێنێ و خۆی پێبگەیەنێت. دروستکردنی دەسەڵاتی رەوا و بەتوانا بەرپرسیاریەکەی دەکەوێتە سەر کۆمەلگە و مرۆڤەکانی. خەڵک ناچارن هەلوێست وەرگرن و کۆمەڵگە لەو بارە ناکوردستانیە سەپیندراوە دەربازکەن. دیارە دەربازبوون لەو قەیرانە لەمێژینەیە ئاسان نییە، بەڵام هەموو هەنگاوێکی دەربازبوون بچوک یا گەورە پێویستن.

لەدیدێکی ئایدیالانەوە دەبوایە دوای کەوتنی ئۆکتۆبەر چارەسەری قەیرانی رامیاری باشوری کوردستان بکرابایە و ولات لەژێر چنگی دەسەڵاتی نادیموکراسی و بنەماڵەیی دەرهێندرابا. دەبوایە دەسەڵاتێکی کاتی گواستنەوە دەستبەکاربێت، دەستوری کوردستان بنوسرێت، لە گشتپرسیدا پەسند بکرێت و هەلبژاردنی رەوا و ئازاد لەسایەی دەستور و سیستەمێکی دیموکراسیدا ئەمجام بدرێت. بەمجۆرە باشوری کوردستان خۆی لە قەیرانی دووبەرەیی ڕزگارکا و بەهێز و گوڕەوە وەکو ناسیۆنێکی یەکگرتوو بێتەوە گۆڕەپانی ڕامیاری. ئەوە نەکرا، بۆیە لەکاتێکدا باشوری کوردستان لەقەیراندا دەژی و چارەنوسی سیستەمی رامیاری بە تاریکەڕیدا تێدەپەڕێ، باشوری کوردستان لاواز و پەرتەوازەیە و بەو لاوازیە بەشداری لە هەلبژاردنی پەرلەمانی ئێراقدا دەکات. بۆیە بارەکە پێچەوانەی ئاواتەکانە و لەو بارە نالەبارەدا خەڵک ناچارە هەڵوێست وەرگرێت و بڕیارێک بدات.

لە ئەنجامی پرۆسەی دروستکردنەوەی ئێراقدا بەپێی دەستوری پەسندکراو لەگەڵ بوونی رەخنەی زۆر لەدەستور مافە ئابوری و رامیاریەکانی باشوری کوردستان تارادەیەکی باش چەسپێندراون و ڕێکەوتن لەسەر چۆنیەتی چارەسەری کێشەی ناوچە سنوریە کێشەلەسەرەکان کرا. جگەلەوەی کە دەسەڵاتی بەغدا بەربەستی دروستکردووە یا هەنگاوی گرنگی بۆ چارەسەری کێشە گرنگەکاندا نەناوە، لە ئاستی ئێراقدا دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیانتوانی ستراتیژیانە کار بۆ مسۆگەرکردنی مافەکان بکەن و چارەسەری کێشە بنچینەیی و گرنگەکان وەکو کێشەی سنور بکەن. دوو بەرەییانە کاریان کرد و گەلی کوردیان پارچە و لاواز پێشاندا. بێ هەبوونی ستراتیژێکی کوردستانی، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیە تایبەتەکاندا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا بەجیا هەلسوکەوتیان کرد. دەسەڵاتی دووبەرەیی زەرد و کەسک نەیتوانی یەکدەنگ و یەک ستراتیژ گەلی کورد وەکو نەتەوەی هاوشانی عەرەب لە ئێراقدا پیشاندا و بسەڵمێنێت. ئەوەش زیانی بەبەرژەوەندیەکانی کوردستان لەهەموو لایەن و ئاستەکانەوە گەیاندووە.
ئەو راستیانە پێویستدەکەن خەڵکی کوردستان بە ئاراستەی دەربازبوون لە قەیران و بنیاتنانی ناسیۆن بیربکەنەوە، بیرلە گۆڕینی ئەو بارە سەپێندراوە بکەنەوە و کار بۆ بنیاتنانی دەنگ و هێزیکی یەکگرتووی کوردستانی بکەن کە لە ئاستی ئێراقدا کارا بێت. ئەگەرچی بەربەست و گەماڕۆکانی پارتی دەسەڵاتدار زۆر و بەهێزن ، بەڵام باشترە خەڵک هەوڵی خۆیان بەپێی توانا بدەن.

لەو وڵاتانەی ئازادن و خاوەنی سیستەمی دیموکراسین، زۆر لە دەنگدەران لە هەبژاردنی پەرلەماندا پشتگیری ئەو پارت و دەسەڵاتە ناکەن کە وڵاتی تووشی قەیران کردووە و گوزەرانی خەڵکی خراپ کردووە، بەڵکو پشتگیری ئەو پارتە ڕامیاریانە دەکەن بە پێی بەرنامە و بەڵێنەکانیان دەتوانن سەرنجی خەڵک بۆ لایخۆیان ڕاکێشن. بۆیە لە زۆر باردا چاوەڕوانکراوە کە خەڵک سزای پارتی دەسەڵاتدار دەدات و پشتگیری پارتی دیکە و بەتایبەتی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکەن. بەمجۆرە دەسەڵاتدار دەگۆڕێت و دەسەڵاتی نوێش لەسەریەتی بەڵێنەکانی بەجێبگەیەنێ و کار بۆ باشترکردنی باری ئابوری و رامیاری وڵات بکات و گوزەرانی خەڵک باشتر بکات. دیارە لەو وڵاتدانەدا دەستوری دیموکراسی و مۆدێرن هەیە، زۆرینەی خەڵک وابەستەی حزب و سەرۆک نین و خەڵک ئاستی هوشیاریان بەرزە.

ئەگەرچی بنەما دیموکراسیەکان لە باشوری کوردستاندا لە ئارادا نین، بەڵام دەکرێ خەڵک سوود لە بارەکە وەرگرێت و بە ئاراستەی ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی ناسەرکەوتوو و بنیاتنانی بنەماکانی نیشتیمانیبوونی دەسەڵاتی کوردی هەنگاوبنێت. لەم دەرفەتەی هەڵبژاردندا باشترە گرنگی بەو پارت و کاندیدانە بدرێت کە هۆکاری قەیرانەکە نین و لە دەسەڵاتدا نەبوون. ئەگەر ئەو پارتانەی لەبەرەی ئۆپۆزیسیۆنن یا بەڵێنیان داوە لەگەڵ پارتی دەسەڵاتداردا هاوپەیمانی ناکەن ژمارەیەک لە شوێنەکانی پەرلەمانی ئێراقدا بەدەست بهێنن چاوەڕواندەکرێ دەنگێکی جیاواز بن. دیارە لەسەر ئەو پارتانەیە بەپێی بەرنامە و کردەوەکانیان بیسەڵمێنن کە جێگەی متمانەی خەلکن و ئەوان کار بۆ بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن، بەرژەوەندیەکانی کوردستان لەسەرووی بەرژەوەندیە تاینەتیەکانیان دادەنێن. پێویستە بەرنامەی چۆنیەتی چارەسەری کێشەی سنور، بەرگری، دەرەوە، دارایی، نەوت و سامانی سروشتی، ئاوارەکان هتد بخەنەروو، چۆن داکۆکی و شەڕ لەسەر مافەکانی کوردستان لە ئاستی ئێراقدا دەکەن، هەروەها بۆخەڵکی روونکەنەوە چۆن و بۆچی بەهێزبوونی ئەوان لە ئاستی ئێراقدا دەتوانێ باشوری کوردستان لە قەیران دەرباز بکات و بیگەیەننە هەوارێکی سیاسی و ئابوری گونجاو و دانپێندراودا.

بێزاری و نائومێدی خەڵک وایکردووە کە بەشێک لە خەڵکی کوردستان بڕیاری بایکۆتی هەلبژاردن بدەن. بێگومان دوای ١٦ ئۆکتۆبەر زۆرینەی خەڵکی کوردستان توڕە و بێزارن. دیارە هۆکارەکان جیاوازن، بەشێک نایانەوەێ دەنگ لەسەر هەلبژاردنێک بدەن ئێراقی بێت، چونکە ئەوان خۆیان بە کوردستانی دەزانن. بەشێک لە ساختە و گەندەڵی پارتی دەسەڵاتدار بێزارە و هیچ متمانەیەکی بە پرۆسەیەک نییە کاریگەری ئەوانی بەسەرەوە بێت. بێگومان هۆکاری تریش هەن. لەبیرمان نەچێت بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراق لەلایەن سوننەکانەوە لە ٢٠٠٥ دا بووەهۆی لاوازکردنی سوننە لە ئاستی ئێراقدا و کێشە و دەرهاویشتەی خراپی بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەوان لێکەوتەوە. بایکۆتی هەلبژاردن لەلایەن کوردەوە باشوری کوردستان لە ئاستی ئێراقدا بێگومان لاواز دەکات، لاوازی کورد لە پەرلەمانی ئێراقدا بۆ مسۆگەرکردن و بەدیهێنانی مافە ئابوری و رامیاریەکانی کوردستان زیانبەخشە بۆنمونە لە چارەسەری کێشەی سنور، دارایی، بەرگری یا سامانی سروشتیدا کاریگەری لایەنی کوردی لەسەر بڕیارەکان لاوازتر دەبێت لەوەی کە هەبوو. بۆیە گومان لەوەدا نییە کە دەبێ باشوری کوردستان لە ئاستی ئێراقدا بەهێزبێت تاکو بتوانێت مسۆگەری مافە دەستوریەکان بکات و لە دانوستانەکاندا بۆنمونە سەبارەت بە چارەسەری کیشەی سنور بتوانێت سەرکەوتووبێت. بایکۆت ئەگەر یەکدەنگ و ستراتیژیانە و بەپێی پلانی نەتەوەیی و نیشتیمانی بوایە بێگومان بارەکە جۆرێکیتر دەبوو و خەڵکیش هەموو پشتگیریان دەکرد. لە باری ئێستادا کە باشوری کوردستان پێویستی بە بەڵسانەوە و بەهێزبوون هەیە بایکۆت زیانبەخشە، بۆیە پێویستە سۆز و لێکدانەوەی سوپگێکتیڤانە بەلاوە بندرێن و چی لە بەرژەوەندی کوردستاندایە ئەوە بکرێت.

لایەنێکتر کە پێویستە گرنگی پێبدرێت، بایکۆت ڕێگەی ساختە لە هەڵبژاردن بۆ پارتی دەسەڵاتدار خۆشتر دەکات، جگەلەوەی پارتی دەسەڵاتدار سوود لە بایکۆت بۆ خۆی وەردەگرێت و ئەگەری چوونی شوێنەکانی پەرلەمانی ئێراق بۆ پارتی دەسەڵاتدار لەبارتر دەبێت و بەئەگەری زۆر بۆ ئەو دەبێت، هەروەکو پارتی دەسەڵاتدار هەموو هەوڵێک دەدات ژمارەی شوێنەکانی پەرلەمانی ئێراق بە پارێزراوی بهێلێتەوە، بەمجۆرە جلەوی پەیوەندی و دانوستان هەر لەدەست خۆیدا بهێڵێتەوە و وەکو پێشوو درێژە بە سیاسەتی تایبەتی خۆی بدات.
لەکۆتاییدا پێویستە بگوترێت هەوڵەکانی گەیشتن بە سیستەمی دیموکراسی و دەسەڵاتیکی ڕەوای یەکگرتووی کوردستانی کە بتواندرێ هیوای ناسیۆنبوونی لەسەر هەلبچندرێ بچوک یا گەورە پێویستن. دەکرێ دەسەڵاتی نادیموکراسی هەرێم لەریگەی ساختەکاریەوە ئەنجامی دەنگەکان بگۆڕێت، بەڵام دەشکرێ لەهەموو دیهات و شارێک ئەوەی بۆ نەچیتەسەر و دەنگدەران نوێنەری خۆیان هەلبژێرن.

4-5-2018




خۆپیشاندانی خەڵک لە نێوان داوای موچە و ڕووخانی دەسەڵاتدا … شاخەوان شۆڕش

دوای قەیرانی چەندین ساڵەی رامیاری و بەڕێوەبەریی وڵات، دوای ژێرکەوتنە کوشندەکەی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ باشوری کوردستان بە شەقبوویی و پەرتەوازەیی، بێ بوونی دەسەڵاتی رەوا و یاسایی، لەژێر چەپۆکی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیادا بەقەیراندا گوزەری کردووە.
هۆکارەکانی قەیرانی ئابوری دەکرێ لەچەند خاڵێکدا کورتکرێنەوە: یەکەم: گەمارۆکانی دەسەڵاتی بەغدا و هەوڵی زەلیلکردنی دەسەڵاتی بنەماڵەیی هەرێم و بڕینی بەشێکی بودجە، کزبوونی داهاتەکانی سنور کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر باری ئابوری هەرێمی کوردستاندا نواند.

دووەم: خەرجی و قەرزی ملیۆن و ملیاردی کۆمپانیاکانی نەوت کە کۆنتراکتیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم کردووە، بۆنمونە لە ٣١ی ئابی ٢٠١٧ دا یەک ملیارد دۆلار تەنها دراوەتەوە دانا گاز DANA GAS و هاوکارانی ، لەلایەکیتر حکومەتی هەرێم بەپێی ڕێکەوتنێک مانگانە ١٠٠ ملیۆن دۆلار دەبێ بداتە کۆمپانیاکان وەکو گەنیل، دی ئێن ئۆ، گەلف کیستۆن، گاسپرۆم و تاقە Genel, DNO, Gulf Keystone, Gazprom, Taqa. جگەلەو قەرزانە حکومەتی ئێراق ٣٠ ملیارد دۆلاری لەسەر کوردستان کردۆتە ماڵ و دوای دانەوەی دەکات.

سێیەم: بوونی بودجەیەکی گەندەڵئامێزی بەرفراوان کە تێرکردنی ئێستا لەتوانای دەسەڵاتدارانی حزبی هەرێمدا نەماوە. لە ماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردوودا بەشی هەرەزۆری بودجەی هەرێم بۆ موچەی ساختە و موفتە، پرۆژە حزبیەکان، موچەی ئەندامانی حزب، موچەی قەبە و گەورە بۆ دەسەڵاتداران، خەڵات و بەخشینەوە، خەرجیە زیادەرۆکان کە بێژمارە و بێسنور بووین لە ژێر ناوی جیاجیادا ڕۆیشتووە.
چوارەم: گەمارۆی وڵاتانی داگیرکەر، سڕکردن و دەستبەسەراگرتنی داهاتی نەوت لە تورکیا، کشانەوە و ساردبوونەوەی کۆمپانیاکان لە ئالووێری بازرگانی و پرۆژە جیاجیاکاندا، رادەستکردنی چاڵە نەوتیەکان بۆ دەسەڵاتی بەغدا.

هەموو ئەوانە بەیەکەوە گوشارێکی گەورە و گورچکبڕیان بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم هێناوە، کە نە بە پاشەکەوتی موچەی کارمەندان و کرێکاران نە بە گڵدانەوەی تەواوی موچەکانیان ناتوانێ بەر بەو قەیرانە ئابووریە گەورەیە بگرێ کە دەسەڵاتی بنەماڵەیی میلیتسگەرا خۆی بەرپرسی یەکەم و سەرەکی دروستکردنی قەیرانەکەیە.
دیارە بردن و بڕینی بەشێکی موچە بڕینی کرێی کاری خەلکە و سزادانی خەڵکە لەکێشە و قەیرانێک کە ئەوان لێی بەرپرسیار نین، بەڵکو دەسەڵات خۆی لێی بەرپرسیارە. مامۆستایان و فەرمانبەران و کرێکارەکان باجی هەڵە و پیشێلکاریەکانی دەسەڵاتی خۆسەپێنەری هەرێم دەدەن.

ئەگەر پرەنسیپە دیموکراسیەکان تۆزێک بوونیان هەبوایە، لەراستیدا دەبوایە ئەو هەموو کەوتن و نسکۆ ئابوری و رامیاریە یەک لە دوای یەکە ببێتەهۆی رۆیشتنی ئەو دەسەڵاتە و دووربخرێنەوە و بەرەوڕووی دادگا بکرێنەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی دەسەڵات دیموکراسی نییە و لە رێگەی هێزە حزبیە چەکدارەکانیەوە دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە، دوای ئەو نەهامەتی و کەوتنە ئابوری و ڕامیارییە کوشندەیە ئامادە نییە تەختی دەسەڵات چۆڵ کات، جگەلەوە خۆی وەک قوربانی دەبینێ و هەڵە و پێشێلکاریەکان دەخاتە سەر لایەنی دیکە، مانەوە و درێژەدان بە قۆرغی دەسەڵات بەڕەوا دەبینێ، وە شێلگیرانە کار بۆ مانەوەی خۆی بە هەر نرخێک بێت دەکات.

دیارە مامۆستایان توێژێکن لەو توێژانەی کە بێ موچەیی بە کاریگەرترین شێوە زیانی پێگەیاندوون، رۆژانە لەگەڵ نارەوایی و تاوانەکان، لەگەڵ بێمنەتی و رووقایمی دەسەڵاتی میلیشیا دەژین. دەگوترێت “جام کە پڕ بوو لەسەری دەڕژێ”، ئێستا مامۆستایان هاتوون خۆپیشاندان بۆ مافی زەوتکراوی خۆیان دەکەن، داوای نان و کار و ئازادی دەکەن. دیارە خۆپیشاندان و نارەزایی دەربڕین مافی سروشتی هەموو هاوڵاتیانە، هەر دەسەڵاتیک ئەگەر کەمێک رەوایەتی هەبێت و کەمێک بەرژەوەندی هاوڵاتیان لەبەر چاو بگرێت، لەسەریەتی بێت و گوێ لە هاوڵاتیانی ناڕازی بگرێت و رێگەچارەیەک بدۆزێتەوە بۆ چارەسەری کێشە و قەیرانەکە.

لەبیرمان نەچێت کێشەی قەیرانی ئابوری تەنها کێشەی مامۆستایان نییە بەڵکو کیشەی هەموو کۆمەلگەیە، بۆنمونە کەسێکی خانەنشینی بێدەرامەت، یا پێشمەرگەیەکی دێرین، یا کرێکارێکی دامەزراو هتد. قەیرانی ئابوری کاریگەری لەسەر هەموو تاکێکی کۆمەڵگەدا کەم یا زۆر نواندووە. هەروەکو کە داهات نەبوو کرین و فرۆشتن دەوەستێ و تەنها ئەوانە ئاڵوێریان دەبێ کە بە داهاتی گشتیەوە وابەستە نین، وەکو بەرپرسانی بازرگانی حزبی، هەوادارانی حزبی کە پێشتر سەرمایەی زۆریان بەلاوە ناوە، یا زۆرینەی سەرمایەدارەکان کە لەسەر بنچینەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گەل سامانەکانیان پێکەوەناوە و بێگومان پشکیان لەو قەیرانەدا هەیە، یا ئەوانەی دیکە کە لەلایەنی کەسوکاریان لە دەرەوەدا هاوکاری دەکرێن. زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەژێر هێلێ هەژاریدا دەژین و بەشێکیان بە کۆلەمەرگی ژیان بەسەر دەبەن. بۆنمونە پێشمەرگەیەکی دێرینی خانەنشینکراو لە خۆپیشاندا هاواری سزای سەرانی دەسەڵات دەکات و بێزارە لەوەی کە تاکە دینارێکی لە باغەڵدا نییە. بەپێی هەواڵەکان تائێستا دەیان کەس لەبەر هەژاری خۆیان کوشتووە.

بەپێچەوانەوە کاردانەوەی دەسەڵات و هێزە تایبەتەکانی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، ئاماژە بە دەسەڵاتێکی لوتبەرز و لەخۆبایی دەکەن، کە ئامادەنییە دان بە کەوتن و هەلەکانی خۆیدا بنێ و بیر لە چارەسەری بنەرەتیانە بکاتەوە. سەرۆکی سەپێندراوی حکومەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانی هەڕەشەی لەخەڵکی خۆپیشاندەر کرد کە گوتی “ئەگەر خۆپیشاندەران چەقۆ و دەمانچەیان پێبێت، ئێمەش وەک ئەوان ڕەفتار دەکەین”، هەروەها هۆشداری دایە پارتە سیاسیەکان کە نەکەن خۆپیشاندان بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکاربهێنن. ئەوەی نێچیرڤان بارزانی بیری لێدەکاتەوە چارەسەرێکی کاتیە و لە بابەتی موچە دەرناچێت، هەروەکو بڕیاریان داوە دەستکاری ئەو پاشەکەوتە بکەن کە بەسەر مووچەخۆرانیاندا سەپاندووە. پشووتەنگی نێچیرڤان ئومێدێک بۆ چارەسەری کیشەکان ناهێلێتەوە.

لەلایەکیتر کاردانەوەی تووند و نامرۆڤانەی پیاوانی دەسەڵات سەردەمی ڕژێمی بەعس بیر خەڵک دەهێنێتەوە، پارتی دەسەڵاتدار هێزەکانی ئاسایش و زێرەڤانی و هەواڵگریەکانی هێناوەتە شارەکان، وەکو پیاوەکانی ئەمن و بەعسیەکان ڕاستەوخۆ لە خەڵک دەدەن، یا خەڵکی بژاردە دەگرن و دەفڕێنن، دارکاریان دەکەن و هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکەن مامۆستا ئیدریس دیبەگەیی وەک نمونە، لەترسی توڕەیی خەڵک هەندێ بەردەدەن و هەندێ زیاتر دەهێلنەوە و تیرۆری دەروونی و فیزیکی دەکرێن، هەندێ ڕێگەی گەرانەوەیان لە سنوری دێگەلە لێ دەگیرێت هتد. ئەوەی دەیبینین وێنەی دامەزراوێکی داپلۆسێنەر و سەرکوتکەرانەی بەعسیانە دەکەن، کە دەیان ساڵە هەموو کۆمەلگەی بە هەموو کونجوکەلەبەرەکانیەوە خستۆتە ژێر چاودێری و چنگی دیکتاتۆرانەی خۆی. بەشێکی لە ئەندامانی کۆمەڵگە بە پارەی دزراوی گەل کڕیووە و کردوونیەتە کۆیلەی موچە، ئەوەیتری هەمووی خستۆتە ژێر چاودێری لە زیندانێکی گەورەدا.

کێشەی ئابوری کوردستان جگەلەوەی دەرئەنجامی گەندەڵی بێسنوری دەسەڵاتداران و فرۆشتنی نەوتی کوردستانە بە بەدەیان کۆمپانیا لە رێکەوتن و کۆنتراکتی هەرزانفرۆش و گوماناویدایە، دەرهاویشتەی قۆرغکردنی دەسەڵاتی رامیاری و رەتکردنەوەی چارەسەری دیموکراسیانەیە بۆ کێشە و تەنگژەکان لەلایەن بنەماڵەی دەسەڵاتدارەوە، کە بۆ خۆدەربازکردن لە قەیرانەکاندا پەنایبردە بەر قومارکردن بە چارەنوسی گەل. قەیرانی بەڕێوەبەری، ئابوری و رامیاری کوردستان هەمووی بەرهەمی فەرمانرەوایی خۆسەپێنەر و نایاسایی حزبی چەکدارن کە لە بۆتەی حکومی ملیشیانەدا درێژەی بە مانەوەی خۆی داوە. بۆیە دەسەلاتی بنەماڵەیی میلیتسگەرایە کە بەرپرسیاری یەکەم و کۆتاییە لە قەیرانی بەرێوەبەری، ئابوری و ڕامیاری لە باشوری کوردستاندا. بێ لابردنی ئەو دەسەڵاتە نارەوا و نایاساییە، چارەسەری درێژخایەنی نە قەیرانە ئابوریەکان و نە قەیرانە رامیاریەکان ناکرێن.

هەروەکو دەیبینین خۆپیشاندەران داواکانیان تێکەڵێکە لە داوای موچە، دادگایی گەندەلکاران و رووخانی دەسەڵات، بۆنمونە لە دروشمەکاندا دەگوترێت، “نان و کار و ئازادی”،.. “بڕوخێتن”،.. “خەڵکی قەڵاومنارە لەو حوکمەتەی بێزارە”،.. “ئەندازیاری بازرگانی، بارزانی و تاڵەبانی” ،.. “قوباد نێچیر عەبادی، بەسە تاکەی گەوادی” هتد. دروشمەکان رەنگدانەوەی قەیرانە ئابوری و رامیاریەکەیە کە خەڵک بەدەستیەوە دەناڵێنن. خەڵک دەسەڵات بە هۆکاری قەیرانە ئابووری و رامیاریەکان دەبینێ، بۆیە لەراستیدا داوای رووخان و نەمانی دەکەن. بەمجۆرە بڕی تێنوێتی توڕەیی و بێزاری خەڵک بەو یاریەی ئێستای حکومەت ناشکێ.


شاخەوان شۆڕش
٢٨/٣/٢٠١٨




باشوری کوردستان: هۆکارەکانی داڕمانی خانووە دوو دیوەخان و بناغە ساختەکە


شاخەوان شۆڕش
21-12-2017

لەماوەی رابردوودا زۆرهەروەستە لەسەر دەنگی بەڵی و نەخێر کران و زۆرگوتران، هەروەها زۆر لەسەر بوون و ونەبوونی ریفەراندەم و دەرئەنجامەکان گوتران. لە زۆربەی بارەکاندا هۆکاری داڕمان و کەوتنەکە سۆزدار و لایەنگرانە لێکدرانەوە. پێویستە بگوترێت، مرۆڤەکانی کۆمەڵگە لە گشتپرسیدا دەنگ لەسەر پرسیارێک دەدەن کە پرۆسەیەکی رامیاری دروستی کردووە. لە وڵاتی نادیموکراسیدا نوێنەرانی گەل پەراوێزخراون، بڕیاردەر نین و کاریگەریان لەسەر پرۆسە رامیاریە گرنگەکاندا نییە. هەروەکو ریفەراندەمەکەی ٢٥ ی سێپتەمبەر دەرئەنجامی پرۆسەیەکە کە لە مانگی ژونی ٢٠١٧ ـەوە سەری هەڵنەداوە، بەڵکو دەرهاویشتەیەکی ناکایی و ناجێگیری ئەو ئاراستە میلیتسگەرایە رامیاریەیە کە لە دوای راپەرینی ١٩٩١ ـەوە جلەوی رامیاری لە باشوری کوردستاندا زەوت کرد. ئەو ئاراستەیە لەسەرەتاوە سەپێندراوە و دوورە لە کاریگەری دەسەڵاتی گەل، بەرژەوەندیە تایبەتەکانی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و پارتگەرا گڕی دەدا و ‌‌هەڵیدەسورینێ. لە سایەی دەسەڵاتی خۆسەپێنەردا بەئەگەری زۆر پرۆسەی هەڵبژاردن یا گشتپرسی ملکەچی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتە، چونکە بوونی خودی پرۆسەکە بەرژەوەندی دەسەڵاتدار دروستیکردووە. دیارە دەسەڵاتی خۆسەپێنەر لەرێگەی دامەزراوە سەرکوتکەرکاندا درێژە بەبوونی خۆی و بەرژەوەندیەکانی دەدات. هەرچۆنی بێت جۆری دەنگدان لە سەر سەربەخۆیی لە ریفەراندەمەکەدا بۆ گروپێک ئەرکێکی کوردستانی بوو و دەربڕینی ئاوات بوو، بۆ هەندێک هەڵویست بوو دژی دەسەڵات، بۆ هەندێک پشتگیری بوو لە دەسەڵات، بۆ هەندێک ملکەچی بوو لەترسی گەماڕۆکان، بۆ هەندێکیش گرنگیەکی نەبوو.

پرۆسەی دروستکردنی ناسیۆن لە وڵاتێکی داگیرکراودا، پرۆسەیەکی ئاڵۆز و سەختە هەروەکو پرۆسەکە بە کۆمەڵێ فاکتەری هەرێمی و نێوەنەتەوەییەوە بەندە. پێویست دەکات نەتەوەی ژێردەست هەروەها هەڵگرانی ئەو پرۆژەیە لە ئاستی داخوازیەکان و مەرج و تێگەیشتنە نێوستاتی، هەرێمی و نێونەتەوەیەکاندا بن. لەباری باشوری کوردستاندا پرۆسەی بنیاتنانی ناسیۆن بە بەراورد لەگەڵ گەلانی ژێردەستەی دیکەدا، بەهۆی مەرج و بەربەستە جوگرافی، دیمۆگرافی، ئابوری و رامیاریەکان پرۆسەیەکی ئاڵۆزتر و سەختترە. کێشەوبەربەستە سەرەکیەکان کە تایبەتن بە کوردستان: کوردستان بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکراوە و کێشەی رامیاری کورد کاریگەری لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی ئەو وڵاتانەوە هەیە، کوردستان چواردەوری بەسنوری ولاتی داگیرکەر دراوە، ئێران و تورکیا کە بەشێکی گەورەی کوردستانیان لەژێردەستدایە زلهێزی رۆژهەڵاتی ناوەراستن، وڵاتانی داگیرکەری کوردستان هەمووی وڵاتی نادیموکراسی و دیکتاتۆرن، نەبوونی وڵاتی دۆست لەسنور یا دۆستی بێمەرج و راستەقینە لە ئاستی جیهانیدا، گۆڕینە زۆرەملێ دیمۆگرافەکان و تێکەڵی ئەتنیانە لەگوند و شارە سنوریەکاندا، کوردستان بەسەرچاوەی سروشتی دەوڵەمەندە و وڵاتانی داگیرکەر نایانەوێ دەستبەرداری بن، هتد. بۆیە ئاڵۆزی و سەختی پرسی کێشەی کورد دەخوازێت توانای کوردەکان لەهەر پارچەیەکدا لەوانە لە کوردستانی بندەستی ئێراقدا نمونەیی بێت، بتوانێ بەتەواوی لە ئاستی داخوازی و مەرجە دانپێندراوە نێونەتەوەیەکاندا بێت.

دوای دەستێوەردانە نێونەتەوەیەکە لە دوای ڕاپەڕین و کۆڕەی بەهاری ١٩٩١ دا، بەرەی کوردستانی کە ئەوسا ٨ پارتی لەخۆی دەگرت، خاوەنی بەرنامەیەکی ستراتیژی بنیاتنەر نەبوو، بەڵکو کۆمەڵیک بیر و ئایدیای جیا لەئارادا بوون، لەکاتێکدا هەموو پارتەکان لەژێرکاریگەری بەرژەوەندی حزب و رەوتی ئێراقچیانەدا بوون (جگە لە پاسۆک کە ئێراقچی نەبوو). جگەلەوە لای پارتی و یەکێتی بەرژەوەندی تایبەتی سەرۆک و پارت گرنگی یەکەم و لەپێشیان هەبوو، بۆ بەدیهێنانی ئامانج و خەونی دێرینەیان خۆیان ئامادەدەکرد و سوودیان لەبارە ناکاییەکە وەرگرت. دوای هەڵبژاردنی ١٩٩٢ پارتی و یەکێتی تەنها خۆیان وەکو دوو هێزی کاریگەر مانەوە. ئەوان دوو هێزی پاوانخواز و میلیتسگەرابوون و لەسەر بنچینەی مۆدێلی کلاسیکی سەرۆک و پارتی دیکتاتۆر پێکهاتبوون، هەر لەسەرەتاوە کاریان بۆ بەهێزکردنی ئەو سترەکتورە سەپێنەر و نادیموکراسیە بە خەستی کرد و گرنگیان پێدا. ئەوش لەسەر حسابی بنیاتنانی ناسیۆن بەپێی هەنگاوی ستراتیژیانەی تاوتوێکراوەوە. بەمجۆرە لەجیاتی داڕشتنی دەستوری کوردستانی، بنیاتنانی دامەزراوە بەریوەبەری، ئابوری و رامیاریەکان لەسەر بنچینە و تێگەیشتنێکی مۆدێرن و کوردستانیانەدا، دروستکردنی سوپای نیشتیمانی، پیادەکردنی ستراتیژێکی نیشتیمانی هاوبەش، بنیاتنانی کۆڵەگە گرنگە دیموکراسیەکان، ئارەزووەکانیان لە ئامانجە بنەماڵەیی و پارتگەرا تایبەتەکان چڕکردەوە هەر لایەنە بەجیا بەدوای ئامانجە تایبەتەکانی خۆی کەوت. ئەوەش بووەهۆی شەڕی ناوخۆ، دابەشبوونی باشوری کوردستان بەسەر دوو زۆنی میلیتسگەرای زەرد و سەوز و دوو بەڕێوەبەریدا، هەروەها راکێشانی وڵاتانی داگیرکەر ئێران و تورکیا و ئێراق بە سوپا و دامەزراوەکانی تریان بۆ ناو باشوری کوردستان، بەمجۆرە بەرزبوونەوەی کاریگەری ئەو وڵاتانە بەسەر ئاراستە و چارەنوسی کوردستاندا.

لەدوای دەستێوەردانی دووەمی نێونەتەوەیی بەسەرپەرشتی ئەمەریکا و رووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، دەرفەتێکی دیکەی کەموێنە هاتەوە بەردەم، یەکەم بۆ بەخۆداچوونەوە و هەڵتەکاندنی دامەزراوە حزبی و نادیموکراسیەکان، بەمجۆرە دیموکراتیزەکردن و لە هەمانکاتدا هەلهێنانی هەنگاوە گرنگەکانی بنیاتنانی ناسیۆن، دووەم (لە کاتێکدا مەبەستی جیابوونەوەیان نەبوو) کارکردنی ستراتیژیانە لەسەر دابینکردنی مافە رامیاری و ئابوری و سەربازیەکان لە چوارچیوەی ئێراقدا و بەدەستورکردنی مافی جیابوونەوە لە رێگەیەکی دیموکراسیانەوە. هەردوو پرۆسەی رامیاری کوردستان و ئێراق بەیەکەوە گرێدراون و تەواوکەری یەکترن. هەروەکو ناسەرکەوتوویی لە پرۆژەی بنیاتنانی ناسیۆن لە ئاستی ناوخۆی کوردستاندا، ناسەرکەوتوویی لە ئاستی ئێراقدا بەئەگەری زۆر بەدوایخۆیدا بێگومان دێنی.

بەپێچەوانەوە هەردوو بەرەی زەرد و سەوز لەسەر بەحزبیکردنی کۆمەڵگە و سەقامگیرکردنی دامەزراوە سەرکوتکەرە حزبی و نانیشتیمانیەکان درێژەیان بە کارەکانیاندا. باشوری کوردستان هەرگیز دیموکراتیزە نەکرا و هەنگاوە سەرەتایەکانی بنیاتنانی ناسیۆن بە دروستی نەنران، دامەزراوە نیشتیمانیەکان لەهەر بەرەیەکدا وابەستەی حزب کران و خرانە خزمەت بەرژەوەندیە تایبەتەکانی بنەماڵە و پارتی دەسەڵاتدار. بەکردەوە باشوری کوردستان بەپارچەیی مایەوە و لەهەرلایەکدا پارت و بەرپرسە دەسەڵاتدارەکان پیادەی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان کرد. حزبی چەکدار دەستی بەسەر بوارەکانی هەواڵگری و ئاسایش و بەرگریدا گرت و هێزی میلیتسگەرا کۆمەڵگەی بەهەموو جومگەکانیایەوە خستەژێرچنگی خۆی. مرۆڤەکانی کۆمەڵگە کرانە کۆیلەی موچە یا خرانە ژێر گەمارۆکانی پارت، ژێرخانی ئابوری نابووتکرا و کۆمەلگە خەسێندرا، لەجیاتی هوشیارکردنەوەی مۆدێرن و کوردستانیانە گۆمەڵگە بەخەستی نووقمی کۆنەپارێزی ئیسلامیکرا، لە بزری ستراتیژی نیشتیمانیدا هەربەرەیە بەجۆر و شێوەیەک هەنگاوی حزبیانەی نا، سەرچاوەی سروشتی لەجیاتی ئەوەی کوردستان دەوەڵەمەندکا، لەلایەن بنەماڵەی دەسەڵاتدارەوە دەستیبەسەرداگیرا و بەکارهێندرا، بەرزرترین ئاستی گەندەڵی لەو بوارەدا تۆمارکرا و لەئەنجامدا ملیارەها دۆلار لەسامانی گەل بەفیڕۆ چوو و کۆمەڵگە کەوتە ژێر قەرزی گەورەی کۆمپانیا بێگانەکان. واتە لە ئاستی پەروەردەیی، بەڕێوەبەری، کۆمەڵایەتی، سەربازی، ئابوری و رامیاریدا جگەلە ناسەرکەوتوویی زیان بە بەرژەوەندیەکانی گەل کوشندانە گەنەیەندرا.

لە ئاستی ئێراقدا بەهۆی بوونی کاریگەری هێزی دەرەکی ئەمەریکا و سەرپەرشتیکردنی لە پرۆسەی دروستکردنەوەی ئێراقدا، تواندرا پشک لەدەسەڵاتی ناوەندا بەپێی قەوارە هەبێت، چارەسەرێک بۆ کێشەی ناوچە سنوریە کێشەلەسەرەکان بەدەستور بکرێت، بەڵام دەسەلاتداران نەیاتوانی مافی چارەنوس بەدەستوربکەن، لەراستیدا گرنگیەکی ئەوتۆیان پێ نەدا. جگەلەوە لەبەر دوو ئاراستەیی بەرەی زەرد و سەوزدا سیاسەتێکی پارتگەرای دوو بەرەیی و ناتەبا لە ئاستی ئێراقدا پیادەکرا و نەیانتوانی وەکو نوێنەری ناسیۆنێک لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند لە هەموو بوارە گرنگەکاندا کۆنسترەکیڤانە یا پریمۆدالانە مسۆگەری دانپێنان و گەرەنتیەکان لە بوارەکانی ماف و بەرگری و چارەنوسدا بکەن و ستراتیژیانە کاریان لەسەر بکەن.

دووبەرەیی و زاڵی بەرژەوەندی بنەماڵەیی و حزبی ڕۆڵی گرنگی لە خراپترکردنی باری ئابوری و ڕامیاری کوردستان، هەروەها پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی ناوەند و هەرێمی کوردستاندا گێڕا بە جۆرێک کە بووەهۆی قەیرانی ئابوری و ڕامیاری بنبەستوو. جگەلەوەی کە بۆشایی نێوان گەل و دەسەڵاتداران ڕوو لە هەڵکشاندا بوو، خەڵک متمانەیان بە دەسەڵات گەیشتە ئاستێکی زۆر نزم و یا نەما. دەبوایە لە هاوینی ٢٠١٣ دا ماوەی سەرۆک نایاسایانە درێژنەکرێتەوە، ئۆپۆزیسیۆن کە تازە دەرکەوتووبوو کار لەسەر ئۆپۆزیسیۆنبوون و ئامانجەکانی خۆی شێلگیرانە بکات. بەلام بەپێچەوانەوە سیستەمی ناسەرکەوتووی دووبەرەیی و بێمتمانەیی پێشوو ماوەی درێژکرایەوە و ئۆپۆزیسۆنیش ملی کەچکرد و چووە ناو دەسەڵات. پێداگرتنی سەرۆکی سەپێندراوی هەرێم لەسەر مانەوەی لە دەسەڵاتدا لە ٢٠١٥ دا و وەستانەوەی بەرەی زەرد دژ بە گۆڕانی بنەڕەتی رامیاری لە باشوری کوردستاندا بارەکەی تەنها خراپتر کرد و شەقبوونە رامیاریەکە کوشندەترکرا. لەجیاتی دەستلەکارکێشناوەی سەرۆک و چارسەری کێشەکان لە رێگەیەکی دیموکراسیانەدا، ڕیفەرەاندەم وەکو جۆرێک لە چارەسەری قەیرانی ناوخۆی باشوری کوردستان و ئێراق هێنرایە پێش و بەرزکرایەوە. بۆیە ریفەراندەم دەرئەنجامی بەرنامەیەکی نیشتیمانی تاوتوێکراوی ستراتیژیانە نەبوو، بەڵکو دەرهاویشتەی قەیرانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و ئێراق بوو. شکست و ناسەرکەوتوویی لە ئاستی ناوخۆ و ئێراقدا، لەهەمانکاتدا ڕزگارکردنی بەرژەوەندیە کەسی و بنەماڵەیی و حزبیەکان دروستیانکرد. ریفەراندەم نکۆڵیکردن بوو لە قەیرانی ڕامیاری و شەقبوونە کوشندەکە، لە قەیرانە ئابوریەکە، هەروەها لە بێزاری و توڕەیی خەڵک. هەوڵێک بوو دەیوست بە خۆلێگێلکردن و چاوپۆشیکردن قەیرانەکان تێپەڕێنێ و بە هەوارێکی ئەستەم و دوورەدەست بگات، لەوێوە گەورەیی سەرۆک و سەرکەوتن بە خەلک بفرۆشێتەوە، بەمجۆرە مسۆگەری درێژی خەونە ڕەنگاوڕەنگە تایبەتەکانی بکات.

بەڵام کیشەی سەرۆک و دەسەڵاتی بەرەی زەرد ئەوەبوو، ئەو پرۆسەی بەناو جیابوونەوەیەی دەستیپێکردبوو، لە بزری فاکتەرە گرنگەکاندا پرۆسەیەک بوو نامۆ بە تێگەیشتنە نێونەتەوەیەکان. سەرکەوتنی ریفەراندەم بە سەرکەوتنی دەسەڵاتی کوردی لە ئاستی ناوخۆ و ئێراقدا و هەروەها نێونەتەوەیدا وابەستەبوو، کە بەپێچەوانەوە دەسەڵاتی کوردی لەهەرسێ ئاستدا ژێرکەتوو و ناسەرکەوتوو بوو. لەئاستی هەرێمی و نێونەتەوەیشدا هیچ کارێکی گرنگی کۆنسترەکتیڤانە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ نەکرابوو، بەپێچەوانەی فاکتەرەگرنگەکان، بەبێ گوێدانە هۆشداریەکان، جەختی سەرەکی خرایە سەر پەیوەندی لەگەڵ تورکیا، پەرەدان و ملکەچبوون بە بەرژەوەندیەکانی تورکیا. لەلایەکیتر خەرجکردنی ملیۆنەها دۆلار بۆ هەندێ “ڕاوێژکاری” بێگانە. دەسەڵاتی هەرێم لەخۆباییانە بەپێچەوانەی شەپۆڵەکان سەوڵی لێدەدا.

پشتکردن لە ئەمەریکا و رۆژئاوا، کە باش یا خراپ ئەو هێزەن هۆکاری سەرەکی بوونی دەستکەوت و ئازادی باشوری کوردستانن، هەنگاوێکی خۆکوژانەی بێئەملاو ئەولا بوو. هەر دوای ئەنجامدانی ڕیفەراندەمەکە کە پشتگیری رۆژئاوا کشایەوە و گەماڕۆ و هەڕەشەکان لەهەموو لایەکەوە سەریان هەڵدا، دەسەڵاتی لاوازی باشوری کوردستان کەوتە لەرزە و لە بێ پلانی و نائامادەییدا دەرئەنجامێکی نادیار چاوەڕێی بوو.

ڕێکەوتنی ژێربەژێری باڵی دەسترۆیشتووی بەرەی سەوز، ڕێکەوتنی ١٥ ئۆکتۆبەر و پەسندکردنی مەرجەکانی ئێراقێکی لاواز، دواتر دارمانی ١٦ ئۆکتۆبەر، دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە چەوتە دووبەرەییە بوو کە لە ٢٦ ساڵی رابردوودا سەپێندرا، دەرئەنجامی ناسەرکەوتووییە لە ئاستی ناوخۆیی، ئێراقی، هەرێمی و نێونەتەوەییدا کە لە وتارەکەدا ئاماژەمان بۆکردن.

قەیرانی رامیاری و ئابوری ناوخۆی کوردستان کە هۆکارەکەی بوونی دووبەرەیی و دەسەڵاتی نانیشتیمانیە بەربەستی بنچینەیی و سەرەکی تێکشکان و دارمانەکەیە، کە بەبێ گۆڕانکاری بنەرەتی لە سیستەمی دووبەرەیی بنەماڵەیی و میلیتسگەرادا مەترسی دەرئەنجامی خراپتر بێگومان زۆر کراوەیە. هەروەکو کلیلی سەرکەوتن لەسیستەم و دەسەڵاتێکی یەکگرتووی نیشتیمانی رەوا و مۆدێرندایە لە ئاستی باشوری کوردستاندا. بۆیە بەبێ بوونی سیستەمێکی سەرکەوتووی رامیاری، باشوری کوردستان لە ئاستی ناوخۆ و لەئاستە دەرەکیەکاندا ناتوانێ سەرکەوتووبێت.




لاوازی و شکستی کورد لە چارەسەری ناوچە سنوریە کێشە لەسەرەکاندا …. شاخەوان شۆڕش

کە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا رژێمی بەعس روخا لایەنە سەرەکیەکانی ئێراق لەسەر سیستەمی فیدرالی رێککەوتن و مۆری دەستوریان کرد. سەرانی پارتی و یەکێتی واژووی مانەوەی باشوری کوردستانیان لە چوارچێوەی ئێراقدا کرد. بەمجۆرە باشوری کوردستان دەستوریانە لە چوارچێوەی ئێراقدا مایەوە و چارەسەری کێشەکان خرانە ئەو چوارچێوەیە. ئەو ڕێکەوتنە لەگەڵ یاسا و پرەنسیپە نێونەتەوەیەکان سەبارەت بە کێشەی لەو جۆرە، تێگەیشتن و گونجاوی نێونەتەوەیی هەبوو. چارەسەری ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان ئێراق و باشوری کوردستان بەپێی دەستور بڕگەیەکی تایبەتی بۆ داندرا و لەرێگەی بڕیاری ١٤٠ ـەوە جۆری چارەسەرەکە بڕیاری لەسەر درا. بەپێی دەستور دەبوایە تاکو کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ کۆتایی بە چارەسەرەکە بهێندرێت. واتە ئاسەوارەکانی بەعەربکردن نەهێلدرێت، ئاوارەکان بگەرێنەوە، موڵکە داگیرکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێتەوە، دامەزراوەکان بە هاوبەشی رێکبخرێنەوە، پاشان ریفەراندەم لەسەر چارەنوسی ئەو ناوچانە بکرێت و سنور دیار بکرێت. لە دیدێکی کوردستانیانەوە ئەو بڕیارە کەموکوری هەبوو و رەخنەش زۆر گیران. هەرچۆنی بێ ماددەی ١٤٠ گرنگی خۆی هەبووە و بۆ چارەسەری کێشەیەک داندرابوو کە بەدرێژایی تەمەنی دەوڵەتی ئێراق هەبووە و بێ چارەسەر مابووەوە.

بۆ ئەوەی کورد بتوانێ لە ئاست جێبەجێکردنی کێشە ئاڵۆز و سەختە نەتەوەیەکانیدابێ، دەخوازێ بەر لەهەر فاکتەرێک کورد خۆی خاوەنی نوێنەری رەوا و بەهێز بێت، لە هاوکێشە هەرێمی و نێونەتەوەیەکان بگات و لە چوارچێوەی تێگەیشتنە دانپێندراوە نێونەتەوەیەکاندا خاوەنی ستراتیژی ناسیونالیستانەی مۆدێرن بێت.

کیشەی سنور گرنگترین کێشەی نێوان ئێراق و باشوری کوردستانە، بۆیە دەبوایە لەپێشترین خاڵی نوێنەرانی کورد بێت و بە کاریگەرانەترین شێوە کار بۆ جێبەجێکردنی بکرێت. ئەرکی دەسەڵاتدارانی هەرێم بوو بەگەرموگوڕی و هوشیاری زۆرەوە هەوڵی جێبەجێکردنی خاڵ بەخاڵی ماددەی ١٤٠ بێ دواکەوتن بدەن، بێ ساردبوونەوە تواناکانیان بۆ جێبەجێکردنی ماددەکە بخەنەگەڕ، رێگەی سستی نەدەن و هەڵوێستی تووند بەرامبەر هەر پێشێلکاریەکی دەسەڵاتی بەغدا بنوێنن و جەخت لەسەر چارەسەریە دەستوریەکان بکەنەوە.
لەبەرئەوەی باشوری کوردستان نە خاوەنی نوێنەری بەهێز بوو، نە هوشیاری و تێگەیشتنی سەردەمیانە و گونجاوی بۆ پرسێکی ئەوها گرنگ هەبوو، بەپێچەوانەوە سەرانی دەسەڵاتی هەرێم، شێلگیرانە کاریان لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ نەکرد. کێشەی ناوخۆیی و دووبەرکی نێوان بەرەی سەوز و زەرد رۆڵی لاوازکردنی گێڕا و هەوڵەکانی بەلاڕیدا برد، بۆنمونە دوو بەرەیی ئاسایش و دوو ئاراستەیی لە کەرکوکدا، دابڕینی ناوچەکان و بەرێوەبردنیان بەپێی بەرژەوەندیە حزبیە زەرد و سەوزەکان لەهەر زۆنێکدا، بەمجۆرە دوورکەوتنەوە لە هەنگاو و چارەسەری ستراتیژیانەی کوردستانیانە بۆ کێشەکە. لە بەرامبەری لاوازی نوێنەرانی کوردا دەسەڵاتی بەغدا جگەلەوەی هەنگاوەکانی سست بوو، بەربەستی دروستکرد، سیاسەتی پەراوێزکردنی کورد و جار جارە بەعەربکردنیش بەردەوامیان پێدرا.

وەکو دەرکەوت چارەسەری ماددەی ١٤٠ لەکارە لەپێشەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم نەبوو. لەجیاتی ئەوە هەر بەرەیە لەلایەن خۆیەوە ململانێی بەدەستهێنانی پلەوپایەو پۆست لە ئاستی ئێراق و کوردستان بوو، هەروەها نایاسایانە خەریکی ئاواکردنی نەوت بە قاچاغ و هەلکەندنی چاڵی نەوت بوون، خەریکی بەستنی کۆنتراکت لەگەل کۆمپانیای تورکی و بێگانە، خەریکی هینانی بازرگانە تورک و عەرەبە گەندەڵەکان بۆ کوردستان بوون و هتد. بەکورتی هەوڵەکان لەگەلێ باردا نایاسایانە بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەی زۆرو خێرا چڕکرانەوە. سەرانی دەسەڵاتی هەرێم ئامادەبوون لەسەر نەوت دژی بەغدا بووەستنەوە و بیگەیننە کەناری شەڕ، بەڵام تەنها بۆ یەکجاریش لەسەر سستی یا سڕکردنی ماددەی ١٤٠ هەڵوێستیان وەرنەگرت و لە بەغدا یاخی نەبوون.
لە جیاتی هەروەستە و بەخۆداچوونەوە، وە چارەسەری کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا، دەسەڵاتدارانی هەرێم پەیوەندی و بازرگانیان لەگەڵ تورکیا بەهێزتر کرد، وردە وردە لە دەسەڵاتی بەغدا دوورکەوتنەوە، ناکۆکیەکان قوڵتر و نێوانیان فراوانتر بوو. ئەوەش کە ئاماژە بوو بە کێشە و بێمتمانەیی لەنیوان یەکەی فیدرال و دەسەڵاتی ناوەندا، ئاراستەکەی روو لە ناکۆکی زیاتر و دەرئەنجامی نادیار بوو. لەراستیدا رووکردنە تورکیا و سەیرکردنی تورکیا وەکو فریادرەس لە شەوەزەنگدا گرتنەبەری کوێرەڕێیەک بوو لە هەڵدێردا. ئەوەش گەورەترین و کوشندەترین هەڵەی مێژوویی بوو کە دەسەڵاتدارانی باشور تێیکەوتن.

لە ساڵی ٢٠١٤ دا هیرشەکانی داعش بۆسەر کوردستان دەستیپێکرد، کە تاوانی گەلکوژی شەنگال و تاوانی دیکەی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی لێکەوتەوە. دوای ئەوە بەهاوکاری هاوپەیمانان و لایەنە کوردستانیەکان، هێزی پێشمەرگە توانی زۆربەی ناوچە کوردستانیە سنوریەکان کە گرنگترینیان شاری کەرکوک بوو ڕزگاربکات و بیانخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
ئەو سەرکەوتنە سەرکەوتنێک بوو لە باری شەردا، وە ڕێکخراوی داعش دوژمنی هاوبەشی ئێراق و باشوری کوردستان بوو. بۆیە ڕزگارکردنی ئەو ناوچانە لەچنگی تیرۆرستانی داعش، ڕزگارکردن لە دوژمنێک بوو کە وەکو یەک دژی کوردستان و ئێراق بوون. ڕزگارکردنی ناوچە سنوریە کێشەلەسەرەکان واتای ئەوە نەبوو کە ئیتر ئەو ناوچانە بۆ کوردستان گەڕانەوە و ئێراقیش وازیان لێدێنێ. بە پێی رێکەوتنە دەستوریەکە ئەوناوچانە دەکەوتنە ژێر دەسەڵاتی ئێراق تا ئەو کاتەی ماددەی ١٤٠ چارەسەر دەکرێت. هەموو ئەو گوتن و بۆچوونانەی کە پێیوابوو ئەو ناوچانە کوردستانین و نابێ بگەڕێندرێنەوە ژێردەستی ئێراق، یا پێیوابوو ئیتر ئەو ناوچانە جارێکیتر ناچنەوە بندەستی ئێراق، بۆچوونی سۆزدار و خۆشباوەڕانە و ناتاوتوێکراوبوون. ڕاستە لە دیدێکی کوردستانیانەوە ئەو ناوچانە کوردستانین، بەڵام لە دیدی ئێراقیانەوە بەپێچەوانەوە ئێراقین. لەو پرسەدا دوو لایەن هەن کە دوو دیدی دژ بەیەکیان هەیە، دیارە هەردوولا لەسەر چارەسەری کێشەکە ڕێکەوتنی دەستوریان کردووە. بێگومان بوونی ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا، پۆزیسیۆنی دەسەڵاتی هەرێمی بەهێزکرد و لە ئەگەری هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دا بێگومان زۆر سوود بەخش بوو، وە دەیتوانی پرۆسەکە زۆر پێشخات. بۆیە ئەگەر تێگەیشتنی راشیونالانە زاڵبوایە دەبوایە ئەو سەرکەوتنە بۆ وەگەڕخستنی چارەسەری یەکجاری ماددەی ١٤٠ بەکاربهێندرێت.

کێشەناوخۆیەکانی باشوری کوردستان و قەیرانی پرسی سەرۆکایەتی و پەرلەمان، پرسی ڕیفەراندەمی قووتکردەوە، کە لەبنچینەدا لەلایەن سەرۆکی نایاسایی و ماوەبەسەرچوو مەسعود بارزانیەوە هێندرا و سەپێندرا. پێداگرتن لەسەر ریفەراندەم لە ناوچە سنوریە کێشەلەسەرەکاندا، بێ گوێ پێدان و بێ هیچ رێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی بەغدا، بە پشتکردن لە ئەمەریکا و داواکاریەکانی، بە پشتکردن لە رێکەوتنە دەستوریەکە، لەکاتیکدا هەنگاوەکانی دەسەڵاتی نایاسایی هەرێم لە ئاستی ناوەوە و دەرەوەدا لەسەر ئاستی بوارە گرنگەکاندا جێگەی پرسیاری زەق بوون، هەموو ئەوانە وایکرد سەرانی باشوری کوردستان خۆیان تەواو تەریککەن و بکەونە قوژبنێکی تەنگ و نالەبار. ئەو هەڵە کوشندانە وایانکرد بارەکە ١٨٠ پلە وەرگەڕێ و بگۆڕێ. حکومەتی ئێراق هەڵەکانی دەسەڵاتدارانی باشوری قۆزتەوە و کەوتە سەنگەری دژ، داوای هاوکاری هەرێمی و نێونەتەوەیی کرد و گەماڕۆکانی بەکردەوە دەستپێکرد، داوای دەستبەجێی چۆڵکردنی ناوچە ڕزگارکراوە کێشەلەسەرەکانی کرد. ئێران و تورکیا و ئێراق لەسەر چۆکپێدادانی کورد کەوتنەکار. گوشارە ناوخۆیی و دەرەکیەکان بوونەهۆی مۆرکردنی كشانەوە و شکست لە ١٥ ی مانگی ئۆکتۆبەردا، نەک هەر ئەوە بەڵکو پەسندی ئەوەکرا کە ئێراق کۆنترۆلی هەموو بیرە نەوتیەکان و خاڵە سنوریەکان دوای ٢٦ ساڵ دوورکەوتنەوە بکاتەوە. ناپاکی باڵێکی ناو یەکێتی دەرهاویشتەی کێشەناوخۆیەکان بوو کە دەسەڵاتداران نکۆڵیان لە بوونی دەکرد.

وەکو گوترا کێشەی ناوچە کوردستانییە سنوریەکان لە رێگەی دەستورەوە چارەسەری بۆ داندراوە، پێویست بوو لە ڕێگەی دایەلۆگ و دانوستان بەپێی دەستور چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت. دەستبەسەرداگرتن لەژێر ناوی کوردستانی بوونی ناوچەکاندا، بێگومان دەرگەی دایەلۆگ دادەخا و ڕێگە بۆ بەرەورووبوونەوە و شەڕ خۆش دەکات. بەئەگەری زۆر بەرەوڕووبوونەوەی چەکداری و شەڕ روویان نەدەدا، ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم لەئاستی پێویستبان و دەستوریانە لەگەڵ کێشەکەدا جووڵابانەوە. بەرەوڕووبوونەوە و شەڕ و دواتر شکست و دۆڕان دەرئەنجامی ئەو ئاراستە چەوتە بوو کە لەدەیەی ڕابردوودا پیادەکرا.

ئەگەر کوردستان کێشەی ناوخۆیشی نەبوایە، خاوەنی سوپای بەهێزی نیشتیمانیش بوایە چارەسەری ئاشتیانە باشتربوو لە شەڕ و بە کوشتدانی مرۆڤ و وێرانکردنی وڵات. بەپێچەوانەوە لە کاتێکدا دەسەڵاتی سیاسی لاوازبوو و بە کێشەی ناوخۆیەوە گیرۆدەبووە، بەمجۆرە باشوری کوردستان ئەو پێگە بەهێزەی نەبوو، دەبوایە سەرنج تەنها لای چارەسەری دەستوریانە بێت.
لە باری ئێستادا و لە دوای ئەو کەوتن و دۆڕانەی کە ڕوویدا، ئەگەر باشوری کوردستان خۆی بگرێتەوە و دەسەڵاتێکی نوێ نوێنەرایەتی بکات، پێویستە شێلگیرانە بۆ چارەسەری دەستوریانەی ماددەی ١٤٠ بگەڕێتەوە. بوونی دەسەڵاتێکی رەوا و دیموکراسی بێگومان کوردستان هەڵدەستێنێتەوە و بەهێزی دەکات، بەپێچەوانەوە درێژەی پاشماوەی ئەو دەسەڵاتە دووبەرەییەی ئێستا کورد بە لاوازی دەهێڵیتەوە و ستاتوسی کورد لەهەر دانوستان و گفتوگۆیەکدا لاواز دەکات.

30-10-2017




کاتەلۆنیا و رێگەی سەختی سەربەخۆیی … شاخەوان شۆڕش

کاتەلۆنەکان پێیانوایە ئەوان ناسیۆنێکی سەربەخۆن و نارەوا لە ساڵی ١٧١٤ دا خراونەتە ژێرچنگی سپانیا. هەنگاوە گرنگەکانی خەباتی سەربەخۆییان لەدوای نەمانی فەرمانرەوای دیکتاتۆر فرانکۆ لە ١٩٧٥ دا، لە ساڵی ١٩٧٩ وە دەستپێدەکات کە جۆرێک لە خۆبەرێوەبەریان پێدرا. لە ساڵی ٢٠٠٦ دا دەسەڵاتی زیاتر بە دەسەڵاتی بەڕیوەبەری کاتەلۆنیا دەدرێت. لە ساڵی ٢٠١٠ هەندێ لە دەسەڵاتەکانی لەلایەن دادگای دەستوریی سپانیەوە لێدەسەندرێتەوە. لەدژی ئەوە بەسەدان هەزار دەرژێنە سەر شەقامەکان و بۆ سەربەخۆیی خۆپیشاندان دەکەن. لە ساڵی ٢٠١٢ دا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس خۆپیشاندان بۆ سەربەخۆیی دەکەن. لە ساڵی ٢٠١٤ دا دەسەلاتی کاتەلۆنیا گوێ بە سپانیا نادا و گشتپرسیەکی سیمبۆلی ئەنجام دەدا و ٨٠ لەسەدا دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدەن، بەڵام رێژەی بەشداربووان تەنها ٣٧ لەسەد بوو.

دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەری کاتەلۆنیا مەبەستی جیابوونەوەیە، بۆیە وەکو دەسەڵاتێکی رەوا و هەلبژێردراوی خەڵک لە رێگەی پەرلەمانەوە لە مانگی ژونی ٢٠١٧ بڕیاری ریفەراندەمی پەسندکرد و پرسی مافی چارەنوسی خستە بەردەم گشتپرسی لە ١ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دا. گشتپرسی کرا و ٤٢% لەسەدای دانیشتوان بەشداریان کرد، لەوانە ٩٠ لەسەدا دەنگیان بۆ جیابوونەوە و سەبەخۆیی دا. رێژەی بەشداربووان کەمترە لەسەدا ٥٠% ی رێژەی دانیشتوانان، ئەوەش ئاماژەیە بەوەی کە خەڵکێکی زۆر سەبارەت بە جیابوونەوە دوودڵبوون یا لەبەر هۆکاری دیکە نەیانویستووە بەشداری گشتپرسیەکە بکەن. دیارە ژمارەیەکەی زۆری سپانی لە کاتەلۆنیادا دەژین. لەگەڵ ئەوەی سپانیا بەهەموو شێوەیەک دژی جیابوونەوەیە، کاتەلۆنیا هەوڵی جیابوونەوە لەڕێگەی دایەلۆگی دیموکراسیانەدا دەدات.

کاتەلۆنیا هەرێمێکە لەو ١٧ هەرێمەی کە دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەریان لە سپانیادا هەیە. خاکەکەیان بەسەر ولاتی دیکەدا دابەش نەکراوە، بۆیە کێشەکە تەنها پەیوەندی بە سپانیاوە هەیە. سپانیا دەسەڵاتێکی دیموکراسی هەیە، هەروەها کاتەلۆنیا دەسەڵاتی دیموکراسی هەیە و گەلێکی پێشکەوتووە. لە روانگەیەکی دیموکراسیانەوە دەسەڵاتی کاتەلۆنیا بەهێزە لەبەرئەوەی هەڵبژێردراوی خەڵکە و پشتگیری خەڵکی هەیە. کێشەی ئەتنی لەناو کاتەلۆنیادا نییە و ناکۆکی رامیاری نادیموکراسیانە لەوێدا نییە. کاتەلۆنیا مەرجی سەرکەوتوویی لە بەرێوەبردن و ئاستی ناوخۆییدا سەڵماندووە، خاوەن دامەزراوە بەرێوەبەری و جێبەجێکاریەکانە لەسەربنچینەیەکی رەوا و دیموکراسیانەدا. دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ و بێ دەستێوەردانی دەسەڵات دەتوانی کارە دادوەریەکانی ئەنجام بدات. باری ئابوری باشە و توانای خۆدروستکردنەوەی هەیە، ئەگەرچی لە جیابوونەوەدا زیانی بەرایی بەردەکەوێت، بۆیە واچاوەڕوان دەکرێت کە دەتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ. پەرلەمان دەسەلاتی بڕیاری لەسەر پرسە چارەنوسسازەکاندا هەیە. بۆنمونە بڕیاری ریفەراندەم و سەربەخۆیی پەرلەمان دەریکرد. هەلبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێن و ئاڵوێری دەسەڵات دیموکراسیانە ئەنجام دەدرێت. بوونی ئەو فاکتەرانە کە بەهێزی کاتەلۆنیا لە ئاستی ناوخۆییدا وێنەدەکەن وادەکەن کە ئەگەر جیاشبێتەوە ئەگەری سەرکەوتنی وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ هەیە. هەروەها لەبەر ئەو هۆکارانە ئەگەرەکانی دانپێنانی نێونەتەوەیی بە ولاتی سەربەخۆی کاتەلۆنیا ریالیستانەن. ئەوە ئەگەر لە هەوڵی سەربەخۆییان سەرکەوتن.

کێشەکانی کاتەلۆنیا لە نکۆلێکردنی سپانیادا خۆی دەدۆزێتەوە. لە دەستوری سپانیادا مافی چارەنوسی گەلی کاتەلۆنیا نەنوسراوە و ئەو مافەیان دەستوریانە نەدراوەتێ. لە دەستوری سپانیادا نوسراوە کە سپانیا یەکە و پارچەنابێ. دادگای دەستوری سپانیا رەتی ریفەراندەم و ئەنجامی ریفەراندەم دەکاتەوە و بە نادەستوری دادەنێ. بەمجۆرە حکومەتی سپانیا دژی جیابوونەوەیە و هەڕەشە دەستبەسەرداگرتنی کاتەلۆنیا لە رێگەی ئەرتیکلی ١٥٥ـەوە دەدات. دەسەڵاتی سپانیا هەموو هەوڵێک دەدات تاکو سپانیا بەیەکگرتوویی بهێڵێتەوە، هەروەکو باسکەکان لە زووەوە هەوڵی جیابوونەوە و سەربەخۆیی دەدەن. بۆ ئەوەی بەر بە پێکدادان بگیرێت، پێوستە دانوستان و گفتوگۆ بکرێت و لە رێگەی دایەلۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن. یەکێتی ئەوروپا دەتوانێ ڕۆڵی گرنگ لەو بارەیەوە بگێڕێت، بەڵام واپێدەچی یەکێتی ئەوروپا زۆر ئارەزووی جیابوونەوەی کاتەلۆنیا ناکات.

لەراستیدا کەیسی کاتەلۆنیا سەختە، بەڵام ئەوان وەکو گەلێک خۆیان بە سپانی نازانن و بە مافی خۆیان دەزانن چارەنوسی خۆیان دیموکراسیانە دیاربکەن. سپانیەکان بەپێی بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی سپانیا دەستوریان نوسیوەتەوە. سەپاندنی بەرژەوەندی نەتەوەی باڵادەست کە لە دەستوردا چەسپێندراوە بەسەر نەتەوەی کەمینەدا پێشێلکردنی مافی نەتەوەی کەمینەیە. هەر کەمینەیەک ئەگەر مەرجەکانی نەتەوە پڕبکاتەوە، مافی رەوای خۆیەتی وەکو ناسیۆنێک رەتی دەستوری سەپێندراو بکاتەوە و ناسیۆنبوونی خۆی رابگەیەنێ. بەیەکەوەژیان لەسەربنجینەی ئارەزوومەندی و پەسندکردنی بەرابەر بەدیدەهێندرێت، ئەگەر نەتەوەی زۆرینە لەژێرناوی پیرۆزی یەکێتی خاکدا ڕێگری لە ئازادی نەتەوەی کەمینە لە بریاری چارەنوسدا بکات، بنەمای بنچینەیی بەیەکەوەژیانی ئارەزوومەندانەی ئازاد ناهێلێت. بەیەکەوەژیان فۆرمی ئارەزوومەندی خۆی لەدەستدەدات و دەچێتە خانەی سەپاندنی مانەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا. ناچارکردنی کەمینە بە مانەوە ناکۆکی ناوخۆیی دروستدەکات، ئەگەر دەسەڵاتی زۆرینە لەجیاتی مسۆگەرکردنی مافی کەمینە لە دەسەڵات و سامانی وڵاتدا، پۆلیتیکی پەرواێزکردن بگرێتەبەر، نکۆلی لە مافیان بکرێت و داواکانیان پشتگوێ بخرێت.
لە بارێکدا کە کاتەلۆنیا سەربەخۆیی راگەیاندووە، سپانیا وەکو وڵاتێکی بەهێزی ئەوروپا دژە، کێشەکان لێرەوە دەستپێدەکەن و بەرەوهەڵکشان دەچن. ئایا سپانیا دەتوانێ کاتەلۆنیا بخاتەوە ژێرچنگی خۆی و دەسەڵاتی بەرێوەبەری کاتەلۆنیا هەڵوەشێنێتەوە؟ یا ئایا کاتەلۆنیا دەتوانێ بەربەستەکان تێپەڕێنێ و بگاتە سەربەخۆیی؟ دواڕۆژ پێشانمانی دەدات. بەهیوای سەرگرتنی سەربەخۆیی کاتەلۆنیا.

27-10-2017




مام جەلال: باجی یاری لەگەڵ “درۆودەلەسەی” سیاسەتدا! … شاخەوان شۆڕش

لە ١٩٨٤ دا کرێکار بووین، رۆژێکیان سەربەست کە بەیەکەوە کارمان دەکرد گوتی “سیاسەت درۆودەلەسەیە”! گوتم چۆن؟ گوتی “ئەوە قسەی مام جەلالە”! ئەو گوتنە خستمیە بیرکردنەوە. سەربەست لایەنگری یەکێتی بوو.
گومان لەوەدا نییە مام جەلال سەرکردە و کەسایەتیەکی سیاسی ناسراوە و خاوەنی مێژووەکی رامیاری دوورودرێژە کە خۆی لە زیاتر لە نیوسەدەدا دەدات. لەو مێژووەدا شۆڕشگێڕی و بەڵێنی شۆڕشگێڕانە، ساردوگەرمی، هەلسان و دابەزین هەن، سەرکەوتن و ژێرکەوتنی کاتی هەن، سنگفراوانی هەن، بەڵام پشووتەنگی، تەسکبینی و کورتبینیش هەن، ڕەشبینی هەن، هەنگاوی هەلپەرستانە و دووڕوویی هەن، هەروەها گەندەڵی و تاوان هەن. مام جەلال ئەو سەرکردە سیاسیەیە کە لە زۆرباردا لەگەڵ پێشهات و هەلومەرجەکانی رۆژدا سیاسەتی کردووە، هەڵوێستی گۆڕیووە و خۆی گونجاندووە، هەنگاو و تاکتیکی نەخوازراو و نائاسایی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەکارهێناوە، بەمجۆرە بە بڕوا و پرەنسیپێکی مۆرالی تایبەتەوە وابەستە نەبووە و لە زۆر هەلومەرجدا وەکو ریالستێکی کلاسیک جوڵاوەتەوە.

بەپێی سەرچاوە مێژوویەکان و گوتنی هاوڕێیانی کۆنی ئەو، مام جەلال لە کۆتایی چلەکان و لە دەیەکانی پەنجاکان و شەستەکاندا سیاسیەکی بەتوانا و لێهاتوو بووە، بە زیرەکی و چاڵاکیەکانی سەرنجی هاوڕێکانی راکێشاوە، لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا بەخێرایی سەرکەوتووە و گەیشتووەتە پلەباڵاکان. لە دووبەرەکیەکەی ١٩٦٤دا لەگەڵ هاوڕێیانی دیکەی مەکتەبی سیاسی و بەشە حزبیەکە رەخنەی لە سیاسەتی تاکڕەو و خێلەکیانیەی مەلا مستەفا هەبووە، کە وایکردووە دواتر لە پارتی جیابوونەتەوە. جیابوونەوەی ئەوان لە پارتی کاردانەوەیەکی ئاسایی بووە، بەڵام چوونە سەنگەری حکومەتی بەغدا دژ بە پارتی سەر بە مەلا مستەفا لە ١٩٦٦ دا هەنگاوێکی نائاسایی و هەلەیەکی کوشندە بوو ئەوان تێیکەوتن. لەلایەک لایەنە هوشیار و ڕامیارەکەیان خستە خانەیەکی نەخوازراوە، لەلایەکیتر برەویان بە ڕەوتی خێلەکی و دیسپۆتیانەی مەلا مستەفا دا.

شەڕی کوردکوژی ئەوسا ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە و کادیری دڵسۆزی کردە سوتەمەنی خۆی کە سەرکردایەتی هەردوو باڵی پارتی لێی بەرپرسیارن. ڕێککەوتنەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی لە ١٩٧٠ دا بەجۆڕی لە جۆرەکان وازهێنان بوو لە ناکۆکی و ململانێکە لەلایەن مام جەلال و برایم ئەحمەدەوە، چونکە مەلا مستەفا هەر لەسەر رەوتی خۆی بەردەوام بوو و گۆڕانێک لەمبارەیەوە نەبوو. ئەو هەنگاوەی برایم ئەحمەد و مام جەلال سوودی بە بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان گەیاند، بەڵام چارەسەرێکی بنەرەتی و درێژخایەنی ناکۆکیەکە نەبوو، وە دووبەرەکیەکە بەوە کۆتایی نەهات. ئەو دووبەرەکیەی ئەوسا بووبە پەتایەکی کوشندەی ئیفلیجکەری درێژخایەن بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی باشوری کوردستان، بەجۆرێک ئێستاش باشوری کوردستان پێیەوە دەناڵێنێت.

دوای هەرەسی خەباتی چەکداری ئەیلول لە ١٩٧٥ دا، مام جەلال لەگەڵ هەندێ لە هاوکارانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیان دامەزراند، لە ساڵی ١٩٧٦ دا بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان بەسەرکردایەتی عەلی عەسکەری و د. خالید سەعید و عومەر دەبابە چوونە ناو نیمچەبەرەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کە ئەوسا لە خەتی گشتی، کۆمەڵەی رەنجدەران و بزوتنەوە پێکدەهات. لە هاوینی ١٩٧٦ دا مام جەلال دەکرێتە سکرتێری یەکێتی. ئەوسا بزوتنەوە بەهێزترین باڵی ناو یەکێتی بوون. ئەو یەکگرتنە لەسەرەتاوە کێشەی هەبووە، چونکە زۆر لە سەرکردەکانی بزوتنەوە لەبەر جیاوازیان لەگەڵ بیروبۆچوونەکانی مام جەلال پشتگیریان نەکردووە. یەکگرتنەکە هەر دوو ساڵ دەخایەنێ و دوای ئەوە بزوتنەوە لە یەکێتی دێتەدەر و لەگەڵ کۆمیتەی ئامادەکردنی پارتی کە د. مەحمود ‌عوسمان سەرپەرشتی دەکرد بەیەکەوە حزبی سۆسیالستی یەکگرتووی کوردستانیان (حسیک) دروست
کرد.
بەپێی گوتنی ئەندامانی بزوتنەوە، جودایی لەبیر و لێکدانەوەکاندا، ناتەبایی سیاسەتی یەکێتی لەگەڵ بیروباوەرە بنچینەیەکانی بزوتنەوە، تاکڕەوی و جوداکاری مام جەلال لە بڕیار و هەڵسوکەتیدا بەتایبەتی لەنێوان کۆمەڵە و بزوتنەوەدا، سەرکردەکانی بزوتنەوە تووشی نیگەرانی و بێزاری دەکەن. دژایەتی و شەڕ دژ بە سەرکردایەتی کاتی پارتی دیموکراتی کاردستان (قیادەی موەقەتە) کە لای زۆر لە سەرکردەکانی بزوتنەوە پشتگیری نەبووە ئەویش هۆکارێکی دیکەی نیگەرانی و دواتر ناتەبایی ناوخۆیی بووە. لەو بارە گرژە ناوخۆییەدا کارەساتی هەکاری لە ١٩٧٨ دا روودەدات و بەسەدان پیشمەرگە و کادیری بزوتنەوە دەکەونەبەر بۆسە و هێرشەکانی قیادەی موەقەتە و هەندێکیان بەدیلی گولەباران دەکرێن. بۆنمونە سەرکردە دیارەکانی بزوتنەوە وەکو دکتۆر خالید، عەلی عەسکەری و حوسێن بابەشێخ بەدیلی گولەباران دەکرێن. دوای کارەساتەکە باری ناوخۆیی یەکێتی روو لە خراپبوون دەکا، لە هۆکارەکانی ڕوودانی کارەساتی هەکاریدا لەلایەن زۆر لە کادیر و سەرکردەکانی بزوتنەوەدا گومان دەخرێتەسەر مام جەلال.

مام جەلال بزوتنەوەیەکی بەرابەر لە ناو یەکێتیدا دروست دەکات و دەکەوێتە دژایەتی حزبی سۆسیالست. بەگشتی مام جەلال لە نامە ناردن و ڕاکێشانی کەسانی ناسراو و چاڵاک بۆ ناو یەکێتی چالاک بووە. مام جەلال لە هەڵکێشان و پێداهەلداندا یا گوتنی درەوشاوەی تاکتیکیانەدا مامۆستا بووە. لە دوای جیابوونەوەکەدا نامەی بۆ زۆر لە کادیر و لایەنگرانی بزوتنەوەی سۆسیالست ناردووە. بۆنمونە نامەی بەناوە نهێنیەکەی کاردۆ بۆ کاردۆ گەلاڵی (وابزانم سوارە ناوی نهێنی کاردۆ بووە) ناردووە کە پارێزەرێکی چەپی ڕۆشنبیر، کادیرێکی زۆر بەتوانا و پێشکەوتووی بزوتنەوە بوو لە خەباتی نهێنیدا، لە نامەکەدا دوای بەرزکردنەوە و پێداهەلدان داوای لێدەکات بێتە ناو یەکێتی و رێکخستنەکانی یەکێتی دەخاتە ژێردەستی ئەو، بەلام کاردۆ رەتی داواکەی دەکاتەوە. دوای ئەوە مام جەلال کەوتە دژایەتی ئەو و هاوڕیکانی. دیارە زۆرینەبرد کاردۆ گەڵالی و عەلی هەژار لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیردەکرێن و بۆهەمیشە شونبزر دەکرێن. مام جەلال لە بیرەوەریەکانیدا کاردۆ گەلالی بە پیاوی ڕژێم داناوە!

یەکێتی لە خەباتی چەکداریدا هەوڵیداوە خۆی هێزی سەرەکی و پارتی پێشرەو بێت، بۆیە جگەلەوەی کە هەمیشە لەگەڵ پارتی لە ناکۆکیدا بووە، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کێشەی هەبووە و نەیتوانیووە بەیەکەوە و شان بەشانی ئەوان خەباتی چەکداری بێ کێشە و شەڕ بباتەسەر. لە ساڵەکانی ٧٩، ٨١ و ٨٣ دا لەگەڵ سۆسیالست بەتایبەتی هەروەها لەگەڵ پاسۆک و حزبی شوعی ناوە ناوە کەتۆتە شەڕ و بەسەدان پیشمەرگە و کادیر و سەرکردە لەهەردوو بەرەدا بوونەتە سووتەمەنی شەڕی ناوخۆی کوردکوژی. لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاری کوشتنی دیل دراوە و تاوان لەمبارەیەوە ئەنجامدراوە. بۆنمونە گولەبارانکردنی کاکە سور قۆریتانی کە لە سەرکردایەتی یەکێتی بەند بوو پەیوەندی راستەوخۆی بە بڕیاری ئەوەوە هەیە. ئەو کاتەی کاکەسور و هاوڕێکانی لەدەشتی کۆیە لەلایەن هێزێکی یەکێتیەوە چەک دەکرێن، ناکۆکی و شەر لە نێوان یەکێتی و سۆسیالستدا نەبوو، پێشمەرگەکانی دەشتی کۆیە وەکو هاوڕێ و هاوخەباتی یەک وابوون. ئەوڕۆژە کاکە سور و هاوڕیکانی لە چاڵاکیەک دەگەڕانەوە و دەیانتوانی چەک دانەنێن و شەڕبکەن، بەڵام نەیانکرد. کاکەسور و هاوڕێکانی چەک دەکرێن و کاکە سور رەوانەی سەرکردایەتی یەکێتی دەکرێت و لەوێ بەند دەکرێت. تاوانی کاکەسور ئەوەبوو چاڵاک بوو و سۆسیالست بوو. هەروەکو مام جەلال لە بریار و کوشتنی دیل لە شوێنەکانی دیکەی شەڕدا، وەکو کۆمەڵکوژیەکەی قرناقە و پشتئاشان بێبەری نەبووە.

یەکێتی لەژێر سەرکردایەتی مام جەلالدا لەبری خەباتی هاوبەشی دوور لە پاوانخوازی، سیاسەتی پارتی پێشڕەو و پاکاسازی پیادەکرد. سیاسەتی پاکتاو و پاوانکردن ئەگەر لایەنێکیش سەربخات، مەرج نییە لایەنی سەرکەوتوو بگەیەنێتە ئامانج. کوردکوژی لە باشوری کوردستاندا زیانی کوشندە و جەرگبڕی بە خەباتی ڕزگاریخوازی گەیاند و لە کۆتاییدا گەلی کورد باجەکەی دا. یەکێتی توانی سۆسیالست، شوعی و پاسۆک تەواو لاوازبکات، بەڵام سەرکەوتنە سەربازیەکەی کورتماوە بوو. شەڕی خوێناوی ناوخۆ دەرزێکی کوشندەی لە ریزی گروپە هوشیارە رامیارەکەدا دروستکرد، کە ساڕێژکردنی ئاسان نەبوو و کاریتێکردنێکی درێژخایەنی نەرێنی بەسەر خەباتی ڕزگاریخوازی داهاتوودا نواند. دواتر دەرکەوت ئەو زیانە چ کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر داهاتووی یەکێتیدا نواند. بێگومان ئەگەر بنەماکی پەسندکردن و دانپێنان هەبوونایە، دایەلۆگ و هۆشمەندی زاڵبوونایە، هوشیاری کوردستانیانە هەبووایە، ئەو زیانە گەورەیە بەر خەباتی ڕزگاریخوازی نەدەکەوت و ئێستا باری رامیاری باشوری کوردستان تەواو جیاواز دەبوو.

مام جەلال لە کاتی کۆڕەوەکەدا و لە کاتێکدا هێزە ئەنفالچیەکانی سوپاسی ئێراق هێرشیان دەکردە سەر خەڵکی بێبەرگری کوردستان لەگەڵ سەرکردەی حزبەکانی دیکەدا چووە بەغدا و دەستی لەملی سەدامی دیکتاتۆر کرد و بەخۆشحاڵیەوە ماچی کرد. ئەو ماچە کوردستانیانی زۆر نائومێدکرد.
لە دوای راپەرینی ١٩٩١ دا یەکێتی وەکو پارتی هەرچی سەرۆک جاش و پیاوخراپی بەعس هەبوو لەخۆی کۆکردەوە، دیارە لەبەر گەلێ هۆکار پارتی زۆرتری بەرکەوت. دوای هەڵبژاردنی ١٩٩٢ لەگەڵ پارتی رێکەوتنی ففتی ففتیان مۆ ردکرد و سیستەمی رامیاری کوردستانیان لەبەراییدا ئیفلیجکرد. کاکە و مامە (سەرۆک و ڕابەر) هەردووکیان ئامادەنەبوون پراکتیکیانە و بەکردەوە کاری بنیاتنانی ناسیۆن بگرنەدەست، بەکردەوە بچنە ناو کارەکان و ببنە سەرۆکی پەرلەمان یا حکومەت. خۆیان لە دیوەخانەکانیان نەهاتنەدەر و بڕیار و دەسەڵاتی سەرەکیش هەر لای خۆیان بوو. دوو ساڵ دوای ئەوە لەسەر پارە و داهات و دەسەڵات کەوتنە شەڕ لەگەڵ یەکتر. یەکیتی هێزەکانی ئێرانی راکێشایە ناو کوردستان و پارتی هێزەکانی تورکیا. بەسەدان رۆلەی کوردیان کردە سووتەمەنی بەرژەوەندی تایبەتی سەرۆک و حزب. زۆنی زەرد و سەوزیان دروستکرد و باشوری کوردستانیان کردە دوو بەش. تاکو لە ساڵی ١٩٩٨ دا ئەمەریکا کەوتە نێوانیان و پێکیهینانەوە.

جگەلەوە یەکێتی ناوە ناوە دەستی لە پارتە خۆڕسکە چەپ و ناسیونالیستە بێ پشتیوانەکان وەشاند، کوشتنی ئەندامانی رەوتی کۆمۆنیست و پارتی کاری سەربەخۆ، بەمجۆرە لاوازکردن و لەناوبردنیان بونمونە. ئەوەش بیرخستنەوەی کەلتوری سیاسی یەکێتی سەردەمی شاخ بوو. بەڵام بەپێچەوانەوە پارتە ئیسلامیەکان کە لەلایەن ئێران و تورکیا و وڵاتانی دیکەی ئیسلامیەوە پشتگیری دەکران لە دەڤەری سەوزدا گەشەیانکرد و بەهێزبوون.
مامە و کاکە لە دانوستان و گفتوگۆکاندا لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا، دەستوریان مۆرکرد، بێ ئەوەی مافی چارەنوس لە دەستوردا بنوسن. کێشەی سنور بە مادەی ٥٨ دواتر ١٤٠ بەسترایەوە و بەهەڵواسراوی مایەوە، کە دەبوایە لە ٢٠٠٧ دا کۆتایی پێبهێندرێت. مام جەلال تا ساڵی ٢٠١٤ بەناو سەرۆکی ئێراق بوو، بەڵام پرسی سەرەکی چارەی نەکرا. لەدوای رووخانی ڕژێمی بەعس بزوتنەوەی ریفەراندەم نزیکی ١٧٠٠٠٠٠ ئیمزای بۆ مافی چارەنوس لە ٢٠٠٤ دا کۆکردنەوە و گەیاندیە بەغدا و بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان. وەکو مەسعود بارزانی، مام جەلال گوێی پێنەدا و گوتی “سەربەخۆیی خەونی شاعیرانەیە”.

هەر گەلێکی گەلکوژلێکراو مافی یاسایی خۆیەتی تاوانباران راکێشی دادگا بکات. دیارە سەرۆک جاشەکان جگەلە تاوانی گەلکوژی ئەنفال تاوانیان بەرامبەر بە خڵکی کوردستان و پیشمەرگە کردبوو، بەڵام مام جەلال وەکو مەسعود بارزانی بڕیارەکەی بەرەی کوردستانیان کردە بیانوو، بەرگری لە سەرۆک جاشەکان کرد و رێگەی بە پرۆسەیەکی رەوای دادوەرانە گرت. جگەلەوە مام جەلال کێشەیەکی لەوەدا نەبوو کە سەرکردەی بەعس و ئەنفالچی وەفیق سامەرائی بکاتە راوێژکاری خۆی. بەرگری لە ئەفسەری پلەباڵای بەعس و ئەنفالچی نەزارخەزرەجی کرد و دژی دادگاییکردنی وەستا، پەنای سەرکردەکانی بەعسی وەکو تەها محیەدین مەعروفی دا. بەرگری لە سوڵتان هاشم کرد و هەوڵی ئازادکردنی دا. کە سوڵتان هاشم سەرپەرشتی زۆربەی شاڵاوەکانی ئەنفالی دژ بە کورد کردبوو. فرۆکەوانی جەنگ تاریق رەمەزان کە دەگوترێت بەشداری لە کیمیابارانی تاوانی هەلەبجەدا کردبوو ئەو ئازادی کرد. دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراق سزای هەلواسینی بۆ سەدام بڕیەوە، مام جەلال ئامادە نەبوو ئیمزای بکات گوایە دژی سزای کوشتنە. بەڵام ئەو خۆی یاسای پرۆسەی دادگاییەکەی پێشتر لە ٢٠٠٥ دا مۆرکردبوو کە سزای کوشتنی تێدابوو. هەروەها لە ئێراقدا رۆژانە بڕیاری کوشتن دژ بە گیراوان دەدرا مام جەلال کێشەیەکی لەگەڵ ئەوەدا نەبوو. دادگای باڵای ئێراق لەسەر کەیسی بچوکی دوجەیل سەدام حوسێنی لەناوبرد، مامە و کاکە کێشەیەکیان لەوەدا نەبوو. مام جەلال وەکو مەسعود بارزانی دژی خواستەکانی گەلی قوربانی جوڵایەوە، نمونەیەک تەنها لە ناو کوردا شێوەی بیندراوە.

دەستتێکەڵاوکردنی یەکێتی لەگەڵ ڕژێمی ئێران و راکێشانی بەرژەوەندیەکانی ئێران بۆ ناو کوردستان لە دەڤەری سەوزدا، رێگەدان و چاوپۆشیکردن لە تیرۆرکردنی ئەندامانی حزبی دیموکرات لەلایەن پیاوکوژەکانی ڕژێمی ئیسلامیەوە لەسایەی دەسەڵاتی سەوزدا بووە. مام جەلال و یەکێتی کێشەیەکیان لەوەدا پیشان نەداوە. مام جەلال گرنگی بە دروستکردنی بنکە و مزگەوتی شیعە و بیروئایدیای خومەینی داوە. ئەو گرنگی پێدانە جگە لە زیان هیچ سوودێکی بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نییە.

لە دەستپێکی پرۆسەی دروستکردەوەی ئێراق لە ٢٠٠٣ دا لەگەڵ پارتی ڕێکەوتنی ستراتیژیان مۆرکرد، کە جۆرێک بوو لە ڕێکەوتنە ففتی ففتیەکەی پیشوو، ئەمجارەیان واڕێککەوتن مامە سەرۆکی ئێراق بێت و کاکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بێت، خێروبێری کوردستایش لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن.
ڕێکەوتنی ستراتیژی ئەگەرەکانی دیموکراتیزەکردنی سیستەمی سیاسی کوردستانی نەهێشت. لەو ڕێکەوتنەدا بنەماڵەی بارزانی براوەی سەرەکی بوون. هەروەکو ئەو دەسەڵاتەی مام جەلال بەریکەوت تەنها سیمبۆلی بوو، ناوێکی گەورە بەڵام بۆش لەدەسەڵات. مام جەلال وایکرد دەسەڵاتی کوردستان بکەوێتە ژێرچنگی بنەماڵەی بارزانی کە قۆرغی دەسەڵاتیان کرد و تاکرەوانە کەوتنە دوای بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیە تایبەتەکانیان، مام جەلال یا پشتگیری کردن یا لە ئاست پێشێلکاریەکانیان بێدەنگ بوو. وەکو بڵێی بەپێی ڕێکەوتنی ستراتیژی تاڵان و تاوان رەواکرابوو. بەمجۆرە بەپێچەوانەی خەونی دێرینەی خۆی، بنەماڵەی بارزانی و دەسەڵاتی دیسپۆتیانە و مافیایی ئەوانی لەبری لاوازکردن بەهێزکرد. بەمجۆرە مام جەلال نەک هەر نەیتوانی ببێتە بنیاتنەری سیستەمێکی رەوای دیموکراسی لە کوردستاندا، بەڵکو بە رێکەوتنی ستراتیژی پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی لەناوبرد و بنەماکانی دەسەڵاتی رەوای نیشتیمانی لەباربرد.

دیارە هەموو ئەوانەی کە لە دوای رووخانی بەعسدا دەسەڵاتی باڵایان لە ئاستی ئێراقدا دەستکەوت، دەبێ سوپاسی ئەمەریکا بکەن. ئەمەریکا نەبووایە سەدام بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێراقی نەدەڕووخا. سیستەمی سیاسی دوای سەدام ئەمەریکا سەپاندی، ئەگەر عەرەبەکانی ئێراق بڕیاریان بەدەستبوایە، ئەو جۆرە سیستەمە سیاسیە دروست نەدەبوو. بۆیە بوونی مام جەلال بەسەرۆکی ئێراق هێندە پەیوەندی بە زیرەکی ئەو نییە، ئەوەندەی پەیوەندی بە سترەکتوری سیستەمی سیاسی ئێراقی دوای سەدامەوە هەیە. سیستەم یا چارەسەرە سیاسیەکە ئەوەدەخوازێ کە کەسێکی کورد پۆستێکی باڵا لە ئاستی ئێراقدا وەرگرێت، ئەوجا دەکرێ سەرۆکی کۆمار بێت یا سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام سەرۆکی وەزیران کە دەسەڵاتی کاریگەر و باڵای هەیە بۆ لایەنی زۆرینەی شیعە دەچێت. دیارە مام جەلال لەگەڵ ئەوەی پۆستەکەی سیمبۆلی بوو و بەکردەوە دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نەبوو، بەڵام بەهۆی ئەو پارە زۆرەی لە کوردستاندا دەستی دەکەوت، هەروەها زیرەکی لە بەدەستهێنانی متمانە بە لایەنەکان توانیبووی رۆڵی گرنگ لە کەمکردنەوەی ناکۆکیەکان لە ئاستی ئێراقدا بگێڕێت. بەڵام کیشەی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ئێراق بەبێ چارەسەری بنەڕەتی و کۆنسترەتیڤانە ناتواندرێ چارەسەربکرێن، بۆیە هەوڵەکانی مام جەلال چارەسەری کاتی و کورتخایەن بووە و چارەسەری ستراتیژی درێژخایەن لە دەسەڵات و توانای ئەودا نەبوو.

سەبارەت بە یەکێتی مام جەلال لەوەدا زیرەک بوو کە لایەنە ناکۆکەکانی ناو یەکیتی بگەیەنەتە یەک، کوردەواریانە متمانەیان بەدەستبهێنێت، بەڵام نەیتوانی پارتێکی ڕامیاری خاوەن دیسیپلین و پرەنسیپە دیموکراسیەکانی پارتایەتی بنیاتبنێ. مام جەلال نەیتوانی سترەکتورێکی فەکشنالی زیندوو و ناکەسی دروستکا، بەمجۆرە لەناو یەکێتیدا ئەو داینەمۆیە دروستکا کە پارت هەڵدەسوڕێنێ و پیشدەخا، ئەو داینەمۆیەی کە بەردەوام لە خۆنوێکردنەوە و گەشەسەندن دایە. بەکورتی وایکردبوو یەکێتی مام جەلال بێ، مام جەلال یەکێتی بێ. لەئەگەری نەمانی مام جەلالدا، چارەنوسی یەکێتی نادیاربێ.

لەژێر سەرکردایەتی مام جەلالدا سەرکردەکانی یەکێتی لەژێرناوی خەباتی شاخدا داهات و موچەی باڵایان بۆخۆیان مسۆگەرکرد، سەرمایە و مولکی زۆریان بەدەستهێنا و بەمافی ڕەوای خۆیان زانی. وەکو هەر دیکتاتۆرێک خۆی لە پۆستی سکرتێری یەکێتیدا مایەوە لە ١٩٧٦ ـەوە تاکو ئەو رۆژەی بەهۆی نەخۆشیەوە لە ٢٠١٤ دا پەکیکەوت. تا رۆژی کۆچی دواییشی هەر ئەو سکرتێری یەکێتی بوو، واتە بۆ ماوەی ٤١ ساڵ. وەکو سەرکردە دیکتاتۆرەکانی رۆژهەلاتی ناوەراست، کەسوکاری خۆی بەرزکردەوە و پارتەکەی خستە ژێرچنگی بنەماڵەکەی خۆی. ئیستا بنەماڵەکەی ئەو رەنگە لە دوای بنەماڵەی بارزانی گەندەڵترین بنەماڵەی کوردستان بن. وەکو بیندرا دوای پەککەوتنی خۆی یەکێتی بەرەو پەرتەوازەیی و پوکانەوە هەنگاوی ناوە و دەنێت. ئەوەش بەڵگەیە لە ناسەرکەوتوویی مام جەلال لە بنیاتنانی ئەو حزبەی کە زۆربەی ساڵەکانی مێژووی سیاسی خۆی تێدا بەسەربرد.

شاخەوان شۆڕش
5-10-2017




“فاولەکانی” مەسعود بارزانی …. شاخەوان شۆڕش

لەو وتارەدا هەروەستەیەکی کورت لەسەر هەندێ لەو خاڵە گرنگانە دەکەین کە لە دوایین سەردانی سەرۆکی پارتی و نوێنەری هەندێ لایەن بۆ برۆکسل لەسەر پرسی ریفەراندەم هاتنەوە بەرگوتن.
سەبارەت بە رەخنەی یەکێتی ئەوروپا، پێشتر نوێنەری یەکێتی ئەوروپا پێیان گوت: ریفەراندەم ئەوها یەکلایەنە خراپە و پێویستە لەگەڵ بەغدا کێشەکان چارەسەر بکەن و بە پێی دەستور ڕێککەون. مەسعود بارزانی ئەو ئامۆژگاریەی ئەوانی پێ باش نەبوو و گوتبووی “دژی خواستەکانی خەڵکی کوردستان مەوەستنەوە”. ئەو لە مەبەستیان نەگەیشتووە، وەڵامەکەی چەوتە، چونکە ئەوان نەیانگوتووە دژی سەربەخۆیی کوردستانن. جگەلەوەی ئەو ریفەراندەمە لەبەر خواستی خەڵک سەری هەڵنەداوە، هەروەکو ئەوان هەرگیز گوێیان بە خەڵک و خواستەکانی نەداوە، ئەگەر گوێیان لە خواستی خەڵک بگرتایە لە ٢٠٠٣ دا پرسیان بە خەڵک دەکرد و نەدەچوونەوە بەغدا.

لە ١٢ ی مانگدا ئەو سەرۆکایەتی شاندێکی شەق و شڕی کرد و چووە برۆکسل، لەنێو گوتنەکانیدا مەسعود بارزانی دەڵێ: “ئەگەر پشتگیریشمان ناکەن ئەوا لانی کەم بێلایەن بن!” . گوتنەکەی چەوت و هەڵەیە، چونکە یەکەم ئەو هەڵەی یەکەم دووبارە دەکاتەوە و سووڕە لەسەری. ئەوەش بۆ ئەوروپیەکان ژیری وێنە ناکات، بەڵکو سەیردەکەن ئەو پیاوە لە ئامۆژگاریەکەی ئەوان ناگات و پێداگری لەسەر گوتن و هەنگاوی چەوتی خۆی دەکات. ئەوان سەیردەکەن کەسێک کە نادیموکراسیانە درێژەی بە دەسەڵاتی خۆی داوە و خۆی سەپاندووە، مەترسیەکانی سەر کوردستان و خەلکەکەی بەهەند هەڵناگرێ. بەنیگەرانیەوە زەنگی مەترسی داهاتوویەکی کارەساتئامێزی نەخوازراو لە پێشبینی ئەواندا لێدەدات.

دەسەڵاتدارە گرنگەکان لەوانە ئەمەریکا ناتەبایی خۆی پێشتر لەسەر ریفەراندەم لەسەر سەربەخۆیی راگەیاند. مەسعود بارزانی گوتی ‘ئێمە لە بڕیارەکەمان هەرگیز پاشگەز نابینەوە”. دووبارە لە برۆکسل هەمان شتی دووبارە کردەوە. ئەمەریکا لەلایەن خۆیەوە دووبارە هۆشداری دەدات، کە ئێراق پێوستی بە ئارامبوونەوە و سەقامگیری هەیە، ئەو هەنگاوە دەبێتەهۆی تێکچوونی ئارامی لە ئێراق و دەوروبەری. ئەو پێداگریە چەوت و هەڵەیە، چونکە ئەگەر ئەمەریکا پشتگیری پرۆسەکە نەکات یا دژی بوەستێت، کوردستان ناتوانێ سەربەخۆ بێت. سەبارەت بە ئێراق، ئەمەریکا دەسەڵاتی یەکلاکەرەوەیە. رێکراگری و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەمەریکا و رۆژئاوا پرسی لەپێشن، ئەگەر ببینن باری ئێستا بە هۆی راگەیاندنی سەربەخۆیی خراپتر دەبێت، نەک هەر لایەنگری نابن، بەڵکو ڕێگەشی پێدەگرن.

هەموو گوتنەکان لەسەر ناتەبایی و ناکۆکی لەگەڵ گۆڕان، ئاماژە بە شەقبوونێکی کوشندە لە کۆمەلگەی کوردیدا دەکەن، ئەوەش تەنها بە خراپ بۆ ئەو کە خۆی وەکو سەرۆکی کورد سەپاندووە دەگەڕێتەوە. ئەو گوتنانە هەڵە و هەنگاوە نادیموکراسیەکانی ئەو بیر ئەوروپیەکان دەهێننەوە، ئەوەش دووبارە لەدەستدانی متمانەی ئەوروپیەکانە بەو. لای ئەوروپیەکان دەسەڵاتی رەوا ئەو دەسەلاتەیە، کە پشتگیری خەلکی هەبێت، پەرلەمانی هەبێت، حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن هەبێت، سوپای نیشتیمانی هەبێت، مافی مرۆڤ ڕێزی لێبگیرێت و ئازادی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەدا هەبن، هەڵبژاردن بێ دواکەوتن هەبێت و ئاڵووێری دەسەڵات هەبیت. ئەوانە هەموویان لە ئێستادا بزرن. بنەماگرنگەکانی دەسەلاتێکی رەوا نین، یا لاواز و شەق و شڕن، بەمجۆرە بنەما گرنگەکانی ستات ئامادە نین.

گوتنی ئەوەی کە “گۆڕان شەڕی دژی داعش نەکردووە” فاولێکی کوشندەیە و گۆڵ لە خۆکردنە! ئەو خۆی بە ئەوروپیەکان دەڵێ، ئیمە سوپای نیشتیمانیمان نییە! هێزەکانی ئێمە هێزی میلیتس و حزبین و هەر حزبە لەسەریەتی هێزەکانی خۆی بنێرێ و شەڕبکات. ئەوەی ئەو شانازی پێوە دەکات، لای ئەوروپیەکان رەتکراوەیە! چونکە لەئەگەری دەسەڵاتی رەوادا حزبی چەکدار قەدەغەیە. لەئەگەری بوونی سوپای نیشتیمانیدا وابەستەیی حزبی بەلاوەدەندرێت و هێزی سەربازی وابەستەی حزب نابێت. بەرگری نیشتیمانی پێویستی بە بوونی سوپای بەهێزی نیشتیمانی هەیە، ئەو خۆی پێی گوتن نیمانە.
مەسعود بارزانی دەڵێ، بەدرێژایی مێژووی ئێراق کورد چەوسێندراوەتەوە، کۆمەڵکوژکراوە، تاوانی ژینۆسایدی ئەنفال و هەلەبجە و بارزانیەکان و فەیلیەکان ئاماژەیان بۆ دەکرێت. هەموو کوردێکی ئازادیخواز ئەو راستیانە دەزانن، دەسەڵاتدارانی جیهانیش ئەوە دەزانن، ئەگەر ئەنگۆ ئەوەتان دەزانی بۆچی لە ٢٠٠٣ دا چوونەوە ژێر سەرداری ئێراق، لە کاتێکدا بزوتنەوەیەکی خەڵکی سەرتاسەری داوای لێکردن ریفەراندەم لەسەر چارەنوس بکەن و مەچوونەوە بەغدا!؟ ئەگەر چوونەوە بەغدا، بۆ مافی چارەنوستان نەکردە بەندێک لە دەستوری ئێراقیدا!؟ ئەو خۆی دەستوری ئێراقی بێ ئەو مافە مۆرکرد. بێ گوێگرتن لە ڕەخنەگران لێکدانەوەیەکی چەوتی هەڵبژارد و بەدوای کەوت، کە لەو خاڵەی خوارەوەدا هاتووە.

ئەو دیسان ئاماژە بە دەستوری ئێراقی دەکات و دەڵێ لە دەستوردا نوسراوە “ئەگەر لایەنەکان ملکەچی دەستور نەبن و بڕیارەکانی دەستور رانەگیرێت، ناتواندرێ وڵات بە یەکگرتوویی بمێنیتەوە”. لێرەدا دووخاڵ گرنگە ئاماژەیان بۆ بکرێت: یەکەم: ئەو کە دەستورەکەی مۆرکرد ئاماژەی بەو رستەیەی دەستورکرد و ەکو مافی چارەنوس لێکیدایەوە و گوتی بە روونی مافی چارەنوس لەدەستوردا نوسراوە. ئێستاش ئاماژە بەو ڕستەیە دەکاتەوە و هەمان لێکدانەوەی هەڵە دووبارە دەکاتەوە. ئەو خاڵە واتای مافی چارەنوس ناگەیەنێت، جگە لە خۆی و لایەنگرانی کەسیتر ئەو ڕستەیە والێکناداتەوە. کاردانەوەکانی ئێراق لەمبارەیەوە ئەو تێگەیشتنە رەتدەکەنەوە. ئەگەر مافی چارەنوس لە دەستوردا هەبوایە، دەنوسرا کەوا کوردستان مافی چارەی خۆنووسینی هەیە و دەکرا ئاماژە بە کاتی ئەنجامدانەکەش بکرێت. ئەوە لەدەستوردا نییە. من کاتی خۆی لەکاتی دانوستانەکاندا پێش و دوای پەسندکردنی دەستور لەسەر ئەو خاڵەم نووسی. دووەم: دەڵێ “ئەگەر لایەنەکان ملکەچی دەستور نەبن”! لە ئێراقدا لایەنە سەرەکیەکان بەپێی بەرژەوەندیەکانیان هەلسوکەوت دەکەن. کەس دەستور ناخوێنیتەوە، ئەگەر پێویستکات ئاماژەی بۆ دەکەن. راستە لایەنەکان ملکەچی دەستور نین، بەڵام ئەو خۆی یەکێ لەو لایەنە گرنگانە بووە کە پێشێلی ئەو دەستورەی لە هەمووان زیاتر کردووە کە خۆی مۆری کردووە. لە فیدرالیدا حکومەتە ناوچەیی یا هەرێمیەکان لەهەموو ئەو پرسانەی پەیوەیدنیان بە سەرەوری ستاتەوە هەیە ناسەربەخۆن، بەڵکو دەسەڵاتی ناوەندە خاوەنی دوا وتەیە. بۆنمونە سەبارەت بە کۆنتراکتە سەربەخۆکانی نەوت، پەیوەندیەکانی بە وڵاتانی دەرەوە بێپرسی بەغدا، هێنای سوپای تورکیا بێ پرسی بەغدا هتد. هەمووی پێشێلکارین لە دەسەڵاتی ناوەند، کە ئەو خۆی پێشتر رەزامەندی ملکەچی خۆی بۆ دەربڕیووە. هەبوونی مافی چارەنوس لە دەستور زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوە بوو، بەڵام کە ئەوە نەچەسپێندرا، ئەو چەکە دراوەتە دەست ئێراق دژایەتی هەر جوڵانەوەیەک بکات کە ئاراستەکەی جیابوونەوەیە.

لە کۆتاییدا پێویستە بگوترێت، کە لە ئەگەری بوونی دەسەلاتی بەهێز و رەوادا، دەسەڵاتێک کە خاوەنی بنەما بنچینەیەکانی ستات بێت و خاوەنی سوپایەکی بەهێزی نیشتیمانی بێت، دەسەڵاتێک کە خاوەنی بڕیار بێت و سەرەوەری خۆی پاراستبێت، دەکرێ ئەو بەهێزیە پاڵنەری سەرەکی هەنگاوی سەربەخۆیی بێت، لەکاتێکدا کە مەترسی دەرکیش هەن. بەڵام باشوری کوردستان ئەوەشی نییە، مەترسیە دەرەکیەکانی زۆر بە کراوەیی هەن، نەک هەر ئەوە هێزەکانی سوپای تورکیا لە باشوری کوردستاندا بوونیان هەیە، سوپای ئێران بەپێی ئارەزووی رامیاری و سەربازی خۆی دێت و دەڕوا. دەزگای هەواڵگریەکانی تورکیا و ئێران خزاونەتە ناو جەرگەی کۆمەڵگەی باشوری کوردستان. ئەوجا ئەوەی خۆیان هێناویانە یا بەسەریاندا سەپێندراوە، یانیش لە ژێر ناوی دیکەدا و بەنهێنی کارەکانیان ئەنجام دەدەن. هەموو بینیومانە لەسەر کێشەی نێوانیان چوونەتە تاران و ئەنقەرە، داوای پشتگیری و یارمەتیان لەوان کردووە.

14-7-2017




لەبەرچی رەخنە لە ریفەراندۆمی یەکلایەنە دەگیرێت؟ …. شاخەوان شۆڕش


“گەلی هوشیار هەنگاوی خۆکوژانە نانێت”

دوای راگەیاندنی ئەنجامدانی ریفەراندەم لەسەر سەربەخۆیی لە ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ دا، کاردانەوە نێونەتەوەییە رەخنەگر و دژەکان خێرا کەوتنەبەرچاو. دژایەتیکردنی سەربەخۆیی لەلایەن وڵاتانی داگیرکەری کوردستانەوە وەکو پێشوو کەوتنەوەبەرچاو، ئەوەش رەنگ لە پۆلیتیکی نکۆڵیکەرانە و بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی وڵاتانی داگیرکەر دەداتەوە کە هەمیشە وابووە، لەو وتارەدا گرنگی بەو کاردانەوانە نادەین. ئەوەی لێرەدا گرنگی پێدەدەین، رەخنەی نەتەوە یەکگرتووەکان یا رەخنەی تاوتوێکراو و کۆنسترەکتیڤانەی رۆژئاوا بەتایبەتی یەکێتی ئەوروپا یا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ نمونە ئەلمانیایە لەمبارەیەوە. دیارە جودایەکی زۆر لەنێوان رەخنەکاندا هەیە، وڵاتانی داگیرکەر و هەوادارانیان راستەوخۆ دژن، هەرچی وڵاتانی رۆژئاوایە لەگەڵ جۆر و شێوەی هەنگاوەکەدا ناتەبان.

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند کە “بەهیچ جۆرێک خۆیان تێکەڵی ریفەراندۆمی کوردستانی ئێراق ناکەن”. یەکێتی ئەوروپا هۆشداری دەداتە بەرپرسانی باشوری کوردستان و ریفەراندۆمی یەکلایەنە بە باش نابینێ، بەڵکو ئاماژە بە ریفەراندۆم لەسەر مافی چارەنوس لە رێگەی رێکەوتن و دەستورەوە دەکات. ئەوان پێیانوایە پێویستە کوردستان و ئێراق لەسەر هەموو کێشەکانی نێوانیان ڕێکەون و دیموکراسیانە گشتپرسی لەسەر مافی چارەنوس ئەنجام بدرێت. ئەلمانیا لەلایەن خۆیەوە رەخنە و ئامۆژگاریەکی لەو شێوەیە ئاراستەی بەرپرسانی کورد لە باشور دەکات. ئەڵمانیا پێیوایە گشتپرسی یەکلایەنە لە هەرێمێکدا کە ئازاری ناکۆکی و شەڕ دەچێژێ لە ئێستادا باش نییە، پێویستە پرسیارە کراوەکان لە رێگەی دایەلۆگ و رێکەوتنەوە لەنێوان کوردستان و ئێراقدا چارەسەر بکرێن. رەخنەی ئەو لایەنانە زیاتر پەیوەندی بە مەترسی و پرسە دەرەکیەکانەوە هەبووە، دیارە ئەوان ئاگاداری رەوشی ئاڵۆزی ناوخۆی باشوری کوردستانن و ئاگادارن لەوەی کەوا دامەزراوە ستاتیەکان لەکار کەوتوون و کێشەیان هەیە. بۆ کورد و بۆ پرسی سەربەخۆیی گرنگی ئەو لایەنە ناوخۆییە کەمتر نییە لە مەترسی و پرسە دەرەکیەکان.

یەکێتی ئەوروپا یا وڵاتانی رۆژئاوا ئاگاداری ئالۆزی کێشەی کوردن، بەڵام ئەگەر نەشیانگوتبێت ئەوان دژی سەربەخۆیی کوردستان نین، ئەوان پێیانوایە کورد وەکو هەر گەلێکی دیکە مافی خۆیەتی سەربەخۆ بێت، ڕەخنەکەی ئەوان هۆشداری و ئامۆژگاریە بۆ سەرانی باشوری کوردستان. ئەوان گشتپرسی یەکلایەنە و راگەیاندنی سەربەخۆیی دوای ئەوە بە مەترسی لەسەر ڕێکڕاگری و ئاسایشی هەرێمەکە و رۆژهەلاتی ناوەراستدا دەبینین، ئەوان مەترسیەکە لەوەدا دەبینن کە ئەو هەنگاوە ببێتەهۆی شەڕی ئێتنی نێوان کورد و عەرەب، دەستێوەردان و داگیرکاری لەلایەن ئێران و تورکیا، فراوانبوونی شەڕ بۆ ولاتانی دەوروبەر، برسیەتی، کوشتار و ماڵوێڕانی بۆ خەڵکی ناوچەکە بەتایبەتی خەڵکی کوردستان، خۆبەدوورگرتنی زۆرینەی وڵاتانی جیهان لە پشتگیری جیابوونەوەکە، ڕەوکردنی خەڵک لە وڵاتانی خۆیان و بەمجۆرە شوپۆلێکیتری پەنابەران بۆ ئەوروپا هتد.

یەکێتی ئەوروپا پشتگیری ڕێگەیەک دەکات کە ئەو مەترسیانە رەچاو بکات و بەریان پێ بگرێت. رێگەیەک کە بتوانی پشتگیری نێونەتەوەیی بۆ سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت، بەمجۆرە پارێزگاری سەرەوەری باشوری کوردستان لە ئاستی نێونەتەوەییدا بەپێی رێککەوتنە جیهانیەکان بەدەستبهێندرێت، واتە بەدەستهێنانی مافی سەروەری و پارێزگاری لە سەروەری رامیاری و جوگرافی وڵات بەپێی پەرەگراف و چارتەرە پەسندکراوە نیونەتەوەیەکان، وەکو چارتەری ٧ ی نەتەوەیەکگرتووەکان. بۆیە ئەوەی ئەوان دەیلێن یەکەم هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی دانپێنان و رەوایەتی لە ئاستی ئێراقدا، دووەم لەو ڕێگەیەوە بەرگرتنە بە هەڵگیرسانی شەڕ و ناکۆکی ناوخۆیی ئەتنی و نێونەتەوەیی بەمجۆرە دوورکەوتنەوە لە کوشتار و ماڵوێرانی داهاتوو، سێیەم بەدەستهێنانی پشتگیری نێونەتەوەیی لەسەر بنچینەیەکی پەسندکراو و دانپێندراودا، واتە بەرگرتن بە دژایەتی وڵاتانی دراوسێ و دوور، گۆشەگیرکردنی کوردستان و خەڵکەکەی، چەقبەستنی پرسەکەیە لە بارێکی نەخوازراودا.

بەکورتی ئەوان لەگەڵ گەیشتن بەسەربەخۆیین لە رێگەیەکی ئاشتیانە و دایەلۆگئامێزی کۆنسترەکتیڤی دانپێندراودا. ئەوەش لەلایەک دەسەڵاتێکی رەوا و بەهێز، هوشیار و خاوەن ستراتیژیی ناسیونالی ناوخۆ دەخوازێ، لەلایەکیتر رێکەوتن لەگەڵ ئێراقدا لەڕێگەی دایەلۆگ و دانوستاندا دەخوازێ. گومان لەوەدا نییە کەوا یەکێتی ئەوروپا بەپێی ئەزموونەکان دەدوێ و ئاماۆژگاری دەکا، کە پرۆسەکە بەڕێگەیەکی دروست و پەسندکراودا ببردرێت.

ئەو گەلە ناسەربەخۆیانەی کە لەڕێگەی دایەلۆگەوە گەیشتنە ڕێکەوتن و لە ڕێگەیەکی کۆنسترەکتیڤانەی دیموکراسیانەدا گەیشتنە سەربەخۆیی، توانیان مەترسی شەڕ و ناکۆکی، گەماڕۆ و گۆشەگیری بەلاوەبنێن، توانیان سەرکەوتووانە بگەنە هەواری سەربەخۆیی و زوو پشتگیری وڵاتانی جیهان بەدەست بهێنن و ببنە ئەندامی نوێ لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا. بۆ نمونە جیابوونەوەی سلۆڤاکیا لە چیک، جیابوونەوەی مۆنتنیگرۆ لە سربیا، جیابوونەوەی خوارووی سودان لە سودان.

سلۆڤاکیا: لەدوای کۆتاییهاتنی شەڕی سارد، هەروەها روخانی بلۆکی سوور، وڵاتە بەزۆر یەکخراوەکانی سۆڤیەت و یوگوسلاڤیا هەڵوەشانەوە و زۆر گەل سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند. ئەو گۆڕانکاریە جیهانیە لەسەر چیکوسلۆڤاکیاش کاریگەری راستەوخۆی هەبوو. لەدوای سەرهەلدانی “شۆڕشی قەدیفەیی” لە ساڵی ١٩٨٩ دا ئەنجومەنی ڕاوێژکاری نەتەوەیی سلۆڤاکیا لە ساڵی ١٩٩٢ دا دەستوری سەربەخۆی دارشت، دوای گفتوگۆ و دانوستانێکی زۆر لە مانگی ئۆگستی ١٩٩٢ سەرۆکی چیک و سەرۆکی سلۆڤاکیا لەسەر پارچەکردنی چیکوسلۆڤاکیا ڕێکەوتن، لە مانگی نۆڤەنمبەری ١٩٩٢ دا پەرلەمانی فیدرالی چیکوسلۆڤاکیا دەنگی لەسەر پارچەکردنی وڵات لە کۆتایی مانگی دیسەمبەری ١٩٩٢ دا، وە لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٣ دا سەربەخۆیی سلۆڤاکیا بێ ئەنجامدانی ریفەراندۆم راگەیەندرا. بەمشیوەیە سەربەخۆیی سلۆڤاکیا لە رێگەی دایەلۆگ و بەپێی ڕێکەوتن ئەنجامدرا. وڵاتانی جیهان پشتگیری خۆیان ڕاگەیاند و دانیاننا بە وڵاتی سەربەخۆی سلۆڤاکیا. جیابووەنەوەیەکی بێ کێشە و ئازار ئەنجامدرا.

مۆنتینیگرۆ: وەکو هەرێمەکانی دیکەی یوگوسلاڤیای کۆن لەگەڵ روخانی یوگوسلاڤیا لە یوگوسلاڤیا جیانەبۆوە، بەڵکو کۆماری فیدرالی یوگوسلاڤیایان ڕاگەیاند، کە لەلایەن کۆمەلگەی نێونەتەوەیەوە ڕەتکرایەوە و دانی پێنەندرا. لەساڵی ٢٠٠٣ دا لەگەڵ سربیا بەیەکەوە کۆماری سربیا و مۆنتینیگرۆیان راگەیاند. لە رێگەی دایەلۆگ و دانوستانەوە هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێکەوتن کە مافی چارەنوسی مۆنتینیگرۆ لە دەستوردا بنوسرێ ، مافی ئەوە بدرێتە مۆنتینیگرۆ کە لە داهاتووی نزیکدا گشتپرسی لەسەر جیابوونەوەی لەگەڵ سربیا ئەنجام بدات.

بەپێی دەستور بڕیاردرا گشتپرسی لەسەر سەربەخۆیی دوای سێ ساڵ ئەنجام بدرێت و ئەوەش لەپەرلەماندا پەسندکرا. لە ڕێکەوتی ٢١ مای ٢٠٠٦ دا گشتپرسی ئەنجامدرا و زۆرینەیەکی کەم بە بڕی ٥٥% دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا. لە ٣ ی مانگی ژونی ٢٠٠٦ دا مۆنتینیگرۆ سەربەخۆیی خۆی راگەیاند. بەمشێوەیە جیابوونەوەیەکی دیموکراسیانە و بەپێی دەستوور ئەنجامدرا. وڵاتی سەربەخۆی مۆنتینیگرۆ پشتگیری ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەی جیهان بەخێرایی بەدەستهێنا و بووە ئەندامێکی نوێ لەنێوان وڵاتە سەربەخۆکاندا.

دیارە ئەو وڵاتانە ئەوروپین و ئاستی هۆشیاری و پێگەیشتووییان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەرزترە، وە کێشەکانیان هێندە ئاڵۆز نەبوون بەبەراورد لەگەڵ باشوری کوردستان. نمونەیەکی گونجاو بۆ باشوری کوردستان دەکرێ جیابوونەوەی خوارووی سودان بێت، هەروەکو خواروی سودان و سودان بۆ ماوەیەکی درێژ لە شەڕی ناوخۆیی خوێناویدا بوون. دوای سەربەخۆیی سودان لە ساڵی ١٩٥٦ دا ناکۆکیە ناوخۆیەکان لەنێوان سەروو و خواروو دەستیان پێکرد و دواتر بووەهۆی شەری ناوخۆی درێژخایەن کە دوای دامەزراندنی هەرێمی ئۆتۆنۆمی خوارووی سودان لە ساڵی ١٩٧٢دا ئارامیەکی بەخۆیەوە بینی و پاشان لە دوای ساڵی ١٩٨٣ دەستی پێکردەوە.

دوای شەڕی وێرانکەری ناوخۆ و ناکۆکی بەردەوام لە ٩ ی ژانیوەری ساڵی ٢٠٠٥ دا “رێکەوتنی بەرفراوانی ئاشتی” لەنێوان حکومەتی سودان و بزوتنەوەی ڕزگاری گەلی سودان مۆرکرا. هەرێمی ئۆتۆنۆمی خوارووی سودان دروستکرایەوە و رێکەوتن لەسەر گشتپرسی لەسەر مافی چارەنوس کرا و بڕیاردرا دوای ٦ ساڵ خەڵکی خوارووی سودان ریفەراندۆم لەسەر سەربەخۆیی ئەنجام بدەن. لە رۆژی ٧ فێبریوەری ٢٠١١ دا خوارووی سودان گشتپرسی ئەنجامدا و ٩٨% خەڵک دەنگیان بۆ سەربەخۆییدا. لە رۆژی ٩ ژوڵای ٢٠١١ دا خوارووی سودان سەربەخۆیی ڕاگەیاند. دوای ئەوە خوارووی سودان لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە پشتگیری کرا و هاتەریزی وڵاتە سەربەخۆکان. دیارە لەبەر ناسەرکەوتوویی بزوتنەوەی ڕزگاری گەلی سودان لە بنیاتنانی دەسەڵاتێکی دیموکراسی رەوا، هەروەها بوونی کێشە و ناکۆکی خەستی ئێتنی ناوخۆ کەبۆتەهۆی روودانی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی رەگەزی، خوارووی سودان نەیتوانی نمونەیەکی سەرکەوتوو وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ پیشان بدات، ئەوەش نەبۆ ناووناوبانگی خوارووی سودان باش بووە نە بۆ ئەو گەلانەش باشە کە ناکۆکی ناوخۆییان هەیە و هەوڵی سەربەخۆیی دەدەن.

لەو نمونانەی ئاماژەمان پێدان، گەیشتن بە سەربەخۆیی لە رێگەی دایەلۆگ و ڕێکەوتن، دواتر ئەنجامدانی گشتپرسی لە باری مۆنتینیگرۆ و خوارووی سودان، کلیلی سەرکەوتنی پرۆسەکەن. ئەگەر مۆنتینیگرۆ یا خوارووی سودان بێ ریکەوتن و بێ گوێدانە دەسەڵاتی ناوەند هەنگاوی سەربەخۆییان نابا، بێگومان شەڕ و ناکۆکی دروست دەبوون و دەکرا ببێتەهۆی دەرئەنجامی زۆر نەخوازراو بۆ گەلانی ئەو وڵاتانە.

گرنگە سەرنجی ئەوە بدەین، کەوا هەردوو دەسەڵاتی سلۆڤاکیا و مۆنتینیگرۆ دەسەڵاتی دیموکراسی و رەوا بوون، ئەوەش کۆڵەگەی گرنگ بوو بۆ هەنگاوی سەربەخۆیی ئەو گەلانە. خوارووی سودان خاوەنی دەسەڵاتی دیموکراسی نەبوو و کێشەی ناوخۆیی هەبوو، بەڵام خوارووی سودان توانی بەربەستی سەرداری سەپێندراوی سودان لە رێگەیەکی پەسندکراو و دانپێندراودا تێپەڕێنێ. دیارە ناکۆکی ناوخۆیی ئێستا هەڕەشە لە بوونی ئەو وڵاتە تازە سەربەخۆییە دەکات. خوارووی سودان نمونەیەکی نەگەتیڤە و وادەکات وڵاتانی زلهێز یا رۆژئاوا کە دەسەڵاتی گرنگیان لە رۆژەڤی جیهاندا هەیە بە وریایەوە هەلسوکەوت لەگەڵ هەرێمە ناکۆکیئامێزەکان بکەن و هەروا ئاسان پشتگیری سەربەخۆییان نەکەن.

بوونی دەسەڵاتی رەوای دیموکراسی کە بتوانێ بوونی ئازادی و مافەکان، سەروەری یاسا بسەڵمێنێ، بتوانێ ئاڵوێری دیموکراسیانەی دەسەڵات بسەڵمێنیت، گرنگترین بنچینەیە بۆ سەرکەوتن لە پێکانی زۆرترین ئامانجی نەتەوەیی و سەرکەوتن لە دانوستان لەسەر پرسی سەربەخۆیی، دواتر بەدەستهێنانی دانپێنان و پشتگیری دەوروبەر و نێونەتەوەیی.
هەنگاونان بێ بوونی بنەما گرنگە ناوخۆیەکان و بێ لەبەرچاوگرتنی مەترسیە دەرەکیەکان هەنگاوێکی خۆکوژانەیە. لەبەرژەوەندی کوردستان و پرسی سەربەخۆیی کوردستاندایە هوشیارانە گوێ لە رەخنە و ئاماۆژگاریەکان بگرێت، بنەماگرنگەکان دەستەبەربکات و هەوڵی گەیشتن بە سەربەخۆیی کۆنسترەکتیڤانە بدات.


شاخەوان شۆڕش
30-6-2017

———————————–

سەرچاوە و خوێندنەوەی زیاتر:

Chapter VII of the United Nations Charter
https://en.wikipedia.org/wiki/Chapter_VII_of_the_United_Nations_Charter
https://en.wikipedia.org/wiki/Slovakia#Establishment_of_the_Slovak_Republic_.28after_1993.29Slovakia:
Montenegro: https://en.wikipedia.org/wiki/Montenegro
South Sudan: https://en.wikipedia.org/wiki/South_Sudan
EU discourages Iraqi Kurdistan from holding independence referendum, June 19, 2017
http://ekurd.net/eu-kurdistan-referendum-2017-06-19

Germany warns Iraqi Kurds against ‘one-sided’ referendum plans, June 8, 2017 https://www.reuters.com/article/us-mideast-crisis-iraq-kurds-germany-idUSKBN18Z2BM

UN won’t back Kurdistan independence referendum in Iraq: official, June 16, 2017 Kur¬dish Region, Middle East & World
http://aranews.net/2017/06/un-wont-back-kurdistan-independence-referendum-in-iraq-official/




هەلبژاردنی پەرلەمان دوای ریفەراندۆم!؟ … شاخەوان شۆڕش


نەدەبوایە ڕیفەراندۆم بخرێتە دوای هەلبژاردنی پەرلەمان!؟
هەلبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم چۆن و بە پێی چ مۆدێلێک؟

هەر گەلێک کە هەوڵی خۆدروستکردن و کار بۆ گەیشتن بە سەروەری خۆی دەکات، بەر لەهەرشتێ لە قۆناغی گواستنەوەدا لەسایەی دەسەڵاتێکی کاتیدا دەزگا و دامەزراوە بنچینەیی و گرنگەکانی وڵات وەکو دامەزراوە یاسایی، ڕامیاری، دادوەری و بەڕیوەبەریەکان پێکدەهێنێ، دەستوری نیشتیمانی دادەڕێژێ و گشتپرسی لەسەر دەکات، پاشان هەڵبژاردن بەپێی دەستوری نوێ دەکات، پاشان دەسەڵاتی یاسادانان و بەرێوەربردن بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن دەست بەکار دەبێت. ئەو هەنگاوە کۆڵەگەی هەرە گرنگ و بنچینەیی دروستکردنی ناسیۆنە. دوای ئەوە دوای سەلماندنی کارکردنی دامودامەزراوەکانی وڵات، پرسێکی گرنگی مافی چارەنوس پرۆژەیەکی بۆ ئامادەدەکرێت، پەرلەمان پەسندی دەکات و دەیخاتە بەردەم گشتپرسیەوە. ئەو ڕێگەیە ڕێگەیەکی تەندروست و دانپێندراوە و دەتوانێ پشتگیری ناوخۆ و دەرەکی لە ئاستی جیهانیدا بەدەست بهێنێت.

بەداخەوە لە باشوری کوردستاندا دیموکراتیزەکردن ئەنجام نەدرا و پرۆسەکە بەو شیوەیە نەبووە. دوو پارتی چەکدار بە هێز و زەبروزەنگ پاوانی باشوری کوردستانیان کرد و وڵاتیان تووشی قەیرانی رامیاری و ئابوری کرد، لە ماوەی ٢٦ ساڵدا تەنانەت نەیانتوانی دەسەڵاتێکی یەکگرتووی نیشتیمانی پێکەوە بنێن. لە هاوینی ٢٠١٥ـە وە باشوری کوردستان کەوتۆتەژێر قەیرانێکی کوشندەی هەمەلایەنە. هەروەکو سەرۆک ئامادە نییە واز لە پۆستە درێژکراوەکەی بهینێت و پەرلەمانیش لەکارکەوتووە. بنەماڵەی دەسەڵاتدار ئامادە نییە دەستبەرداری دەسەڵاتی رەهای خۆی بێت، نایەوێ پەرلەمانێکی بەهێز ببینێ، نایەوێ پەرلەمان ببێتە شوێنی چارەسەری کێشەکان، لەڕێگەی میتۆدە نادیموکراسیەکان درێژە بەدەسەڵاتی ئاغایانەی خۆی دەدات و سەپاندنی خۆی دووپات دەکاتەوە.

دوای چەقبەستنی بارەکە هەنگاوی دروست تەنها ئەوەیە کە هەلبژاردن بکرێت و لانی کەم دامەزراوە بنچینەیی و گرنگەکانی وڵات رەوایەتی وەرگرنەوە و هەوڵی چارەسەر و دەرچوون لە قەیرانەکە لەلایەن نوێنەرانی لەنوێ هەلبژێرداودا بە هەناسەیەکی نوێ و هەوارێکی رامیاری نوێدا بدرێت. دیارە لە باشوری کوردستاندا کۆمەڵگە و مرۆڤەکانی لەسایەی حزبی چەکداردا ئازاد نین، بۆیە ئەنجامی هەڵبژاردن هەمیشە لەژێر کاریگەری ئەو کەشە میلیتسگەرایەدا دەبێت. لە ئێستادا و لەسایەی ئەو دەسەڵاتە میلیتسگەرایەدا دیموکراتیزەکردن ئەستەمە، بەلام ئەگەر ویست هەبێت دەکرێ ئەو هەلبژاردنە وەکو تێپەربوونیک بەکاربهێندرێت و دواتر هەنگاوەکانی دیموکراتیزەکردن بەکردەوە بنرێن و دامەزراوە نادیموکراسیەکان هەڵوەشیندرێنەوە، ئەوەش بە ویستی شێلگیرانە دەکرێ بکرێت.

لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی خاوەن حزبی چەکدار خاوەنی دوا گوتنە، پرۆسەکە بەو شێوەیە نەبوو کە لە کۆمەلگە خاوەن دامەزراوەکاندا ڕوودەدەن، بەڵکو بەجۆرێکە کە لەگەل ئارەزووەکانی بنەماڵەو پارتی دەسەڵاتدار دەگونجێت. هەروەکو لە کۆبوونەوەکەی نێوان پارت و لایەنەکاندا کۆمەڵی بڕیار دراوە ئاماژە بە گونجاندنی خاڵە گرنگەکان لەگەڵ ویست و بەرژەوەندیەکانی سەرۆکی پارتی دەسەڵاتداردا دەکەن.
پرسی ریفەراندۆم لەسەر مافی چارەنوس خراوەتە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمان. واتە بەبێ بوونی دامەزراوە رەوا یاسایی و جێبەجێکاریەکان، بەبێ رەزامەندی دیموکراسیانەی پەرلەمان، پرسەکە سەپێندراوە و بڕیارە ئەنجام بدرێت. خەڵک بێگومان سەربەخۆیی دەوێ، هەروەکو سەربەخۆیی خەونی دێرینەی خەڵکی کوردستانە! ئەو سەپاندن و پەلە پەلە لەبەرچی لە کاتێکدا هیچ گومان لەوەدا نییە کە خەڵک سەربەخۆیی هەلدەبژێرن؟ ئەو سەپاندن و پێداگریە لە سەپاندنی ویستی منداڵیکی کەلەش گەورە دەچێت، کە لە لۆژیک و بنەما و دەرئەنجامەکانی پرسەکە ناگات. چی دەبوو ئەگەر ریفەراندۆمەکە سێ چوار مانگ دوای هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام بدرێت؟ وادیارە ئەوان ٢٦ ساڵە نوستبوون، ئێستا بەئاگاهاتوون، بۆیە نایانەوێ چیتر دوابکەوێ و بەر نرخێک بێت دەبێ هەرئێستا ریفەراندۆم ئەنجام بدرێت؟!

هەڵبژاردنی پەرلەمان دواخراوە و خراوەتە مانگی ١١ ، کە دەبوایە یەکەم کاری گرنگ بایە و پەلەی لێکرابا. ئەگەر بەرژەوەندی گەل و کوردستان لەبەرچاوبگیرابایە، دەبوایە دەستەیەکی بێلایەنی دوور لەدەستی حزبەکان، دەستورێکی مۆدێرن دابڕێژن و لەسەر بنچینەیەکی نوێ و مۆدێرن هەڵبژاردن بکرێت. دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ناسەرکەوتوو بوو و وڵاتی ئیفلیج کرد، بۆیە پەرلەمانتاریزم تاکە ئەلتەرناتیڤی گونجاوە. پێموایە ئەگەر دەستوری نوێ گرنگی بەولایەنە بدابایە، زۆرینەی رەهای خەڵک پشتگیریان دەکرد. هەڵبژاردنی پەرلەمان لەسەر بنەمای کۆن کێشە کۆنەکان لەگەڵ خۆیدا زیندوو دەکاتەوە، ئەوەش لەباشترین باردا جگە لە تێپەڕبوون لەباری ئێستادا لە داهاتوودا هیچی نوێی لێ شین نابێت.
هەلبژاردنی سەرۆکایەتی کە خراوەتە تەک هەڵبژاردنی پەرلەمان، نازاندرێ لەسەر چ بنچینەیەک و بەپێی چ مۆدێلێک؟ ئایا لەسەر بنچینەی ئێستایە کە فەشەلی هێنا و ناسەرکەوتوو بوو، یا لەسەر بنچینەیەکی نوێ و جیاوازە؟ لەسەر ئەو پرسە گرنگە کە بووە هۆی دواترین قەیرانی رامیاری باشوری کوردستان هیچ ڕێکەوتنێکی روون نییە. ئەگەر بڕیاروایە لەسەر هەمان بنەمای پێشوو و جێبەجێکردنی داواکانی مەسعود بارزانی بێت، ئاماژەی لایەنەکانە بە ملکەچی بە باری ستاتوس کۆ وەکو پێشوو.

لایەنگرانی دیموکراسی و پەرلەمانتاریزم ئەگەر لە راستیدا هەبن، دەکرێ ئەو ڕێکەوتنە بکەنە مەرجی هەنگاوەکانی دواتری دیموکراتیزەکردن و چوون بەرەو سیستەمی پەرلەمانی. مەرجەکان وەکو: هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە نادیموکراسیەکان، نەهێشتنی حزبی چەکدار یا چەکداری سەر بەحزب، چەککردنی بەرپرس و کەسایەتیە فیودالەکان، سەندنەوەی دەسەڵات لە بنەماڵە، گەڕاندنەوە سامانی دزراو بۆ وڵات و کۆمەڵگە، بەناسیونالکردنی بوارە گرنگەکانی بەرهەمهینان و سامانی سروشتی، بنیاتنانی دەسەڵاتێکی دادوەری بێلایەن، پێکهێنانی سوپایەکی نیشتیمانی دوور لەدەستی حزب هتد. ئەگەر دەسەڵاتی بنەماڵەیی ملکەچی ئەو مەرجانە نەبوو، جگە لە ڕاپەرین ڕێگەیەکی دیکە لەبەردەمدا نییە.

سەیری خاڵەکانی رێکەوتنەکە لە خوارەوەدا بکە:

رۆژی گشتپرسی و هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم دیاریکران
لەلایەن سەنگەر عەبدولڕەحمان
رووداو – هەولێر

کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حیزبەکانی باشووری کوردستان کۆتاییهات و بڕیاردرا رۆژی 25-9-2017، گشتپرسی ئەنجام بدرێت.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لەکاتی خۆی و لە رۆژی 6-11-2017، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.

بڕیاردرا چەند کۆمیتەیەکی باڵای گشتپرسی دروستبکرێت بە سەرۆکایەتی بارزانی بۆ سەردانی وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی عەرەبی و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا.

لەدوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێک بڵاوکرایەوە و ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی.

راگەیێندراوی كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پارتە سیاسییەكانی ناو حكومەت و پەرلەمان

رۆژی چوارشەممە 7ـی 6ـی 2017 لە سەلاحەدین نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و سەرۆك و جێگری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەكەدا بە تێروتەسەلی بابەتی ریفراندۆم و هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان و كێشە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێم و بارودۆخی ناوچەیی و جیهانی تاوتوێ كرا و ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بیروبۆچوونی خۆیان لەسەر پێویستیی ریفراندۆم و چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و بارودۆخی زاتی و مەزووعیی هەرێمی كوردستان خستەڕوو.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بە تێكڕای دەنگ لەسەر ئەم خاڵانەی ڕێككەوتن:

یەكەم: رۆژی بیست و پێنجی ئەیلوولی 2017 وەك رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاری كرا.

دووەم: هەر لە رۆژی كۆتایی كۆبوونەوەكە هەتا كاتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لایەنەكان كار بۆ كاراكردنەوەی پارلەمان و چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان بكەن ئەوەیش لەپێناو بەدەستهێنانی كۆدەنگیی نیشتیمانی.

سێیەم: جەخت لەسەر چاككردنەوەی بژێویی ژیانی خەڵك و ئاوڕدانەوە لە كێشە ئابوورییەكانی هاووڵاتیانی كوردستان و مووچەخۆر و چینوتوێژەكان و خەڵكی كەمدەرامەت كرایەوە.

چوارەم: بڕیار درا بە پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆكایەتی بەڕێز مەسعود بارزانی. هەروەها بڕیار درا هەتا رێككەوتی 12ـی 6ـی 2017 پارتە سیاسییەكان نوێنەری خۆیان بۆ بەشداربوون لە چەند كۆمیتەی تایبەت بە ریفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم دیاری بكەن.

پارتی دیموكراتی كوردستان

یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان

حزبی شیوعیی كوردستان

حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان

حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان

پاتی چاكسازیی پێشكەوتووی كوردستان

لیستی هەولێری توركمانی

بەرەی توركمانیی عێراق

پارتی گەشەپێدانی توركمان

لیستی ئەرمەن لە پارلەمانی كوردستان

بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری

مجلس الشعبی الكلدانی الاشووری

————

7-6-2017




عەزیز محمەد لە نێوان وابەستەیی و خۆگونجاندندا … شاخەوان شۆڕش

گومان لەوەدا نییە عەزیز محەمەد خاوەنی خەباتێکی ڕامیاری دوورودرێژە، کەسایەتیەکی سادە و خاکی و خەڵک دۆست بوو، لەناوبژیوانی و هەوڵی ئاشتەواییدا شوێنی دیاربووە و لەگەڵ ڕێکەوتن و چارەسەر لەرێگەی دایەلۆگەوە بوو. ئەو تایبەتمەندیانە تایبەتمەندی ئەرێنین و لایەنی درەوشاوەی سەرکردەی کۆچکردوو عەزیز محەمەدن.

لەلایەکیتر کەلتوری پێداهەڵدان و بەرزکردنەوەی رۆژهەڵاتی، جگەلەوەی چاوپۆشینە لەلایەنە نەرێنیەکان، ئاراستەیەکی لایەنگرانەی سوپگێکتیڤانەیە کە لارە بەلای درێژەی نائومێدی و داماویەکان. سەبارەت بەو جۆرە کەسایەتیانە ناچارین پەنجە لەسەر لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکان دابنێین، بۆ ئەوەی بتواندرێ سوود لە هەلسان و کەوتنەکان وەربگیرێت.

عەزیز محەمەد بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ سەرۆکی حزبی شوعی بوو، لە مێژووی رامیاری خۆیدا هەلسان و دابەزینی زۆری تۆمارکردووە. ئەو ئەگەرچی سەرکردەیەکی ئێراقی بوو بەڵام پەیوەندی راستەوخۆی بە باشوری کوردستان و مێژووی خەباتی رامیاری باشوری کوردستانەوە هەیە. هەروەکو نزیکەی ٦٠ ساڵە باشوری کوردستان لە قەیرانی رامیاری ناوخۆدا خۆی دەخواتەوە و بەدەستی کۆمەڵێ سەرکردە و پارتی ناسەرکەوتووەوە گیرۆدە بووە، عەزیز محەمەد وەکو سەرۆکی پارتێکی دیاری ئەو ماوەیە، لەو قەیرانە بێبەری نییە.

خەباتی چەپ لە کوردستان و ئێراقدا لە سەرهەلدانیەوە و تاکو کۆتایی هەشتاکان وابەستەی تێگەیشتنێکی رۆژهەڵاتی تەسکبین و بەتایبەتی سۆڤیەت بوو. خەباتێک کە ئامادەی قوربانی کۆمەڵگە بۆ ئایدۆلۆژیای نازانستی و وشکی تووندڕەو بوو. چەپەکانی ڕۆژئاوا زوو دەرکیان بەو وشکی و گیرۆدەییەی لێکدانەوەی وشەیی مارکسیسزم کرد، بۆیە هەوڵیاندا رەوتەکە بەرەو ئاراستەیەکی ریالیستانەی گونجاو ببەن، ئاراستەیەک کە بتوانێ لەگەڵ داخوازیەکانی کۆمەڵگە و چینی ستەمدیدە بگونجێت، وە بەدیهێنانی ریالیستانە بێت. بۆنمونە ئەو هەوڵانەی رۆزا لوکسمبۆرگ، کۆرچ، گرامسی یا شارەزایانی خوێندگەی فرانکفۆرت لە دوای بیستەکاندا دایان.

عەزیز محەمەد لە ٦٤ ـەوە تاکو ٩٣ سکرتێری حزبی شوعی بوو، جگە لەملکەچی بۆ سۆڤیەتی براگەورە چیتری تۆمار نەکرد. کەلێنی گەورەی بوونی چەپ لە کوردستاندا پشکی دیاری بەرپرسیاریەکەی لەئەستۆی حزبی شوعی دایە، هەروەکو خۆی بە پێشڕەوی پارتە چەپەکان دەناساند. شکستێکی گەورەیە دوای ٧٠ ساڵ خەبات، بوونی چەپ لە مەودایەکی سنورداری ناکاریگەردا رەتناکات و لەکۆبوونەوە بچوکەکان تێناپەرێت. چۆن نان و ئاو بۆ مرۆڤەکانی کۆمەڵگە پێویستە، هێندەش بوونی پارت و ڕێکخراوی چەپ بۆ بوونی کۆمەلگەیەکی تەندروست پێویستن. دیارە حزبی شوعی رۆڵی خۆی لەمبارەیەوە نەبینی و بەرپرساریشە لەو بارە نالەبار و نابووتیەی کە ئێستا بەرەی چەپی تێکەوتووە.

لەژێر سەرۆکایەتی عەزیز محەمەدا بوو کە حزبی شوعی چووە ناو بەرە لەگەڵ حزبی بەعسدا لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتا و ناوەراستی حەفتاکاندا. ئەو هەنگاوە هەنگاوێکی خۆکوژانە بوو. جگەلەوەی حزبی شوعی کەوتە سەنگەری دژ بە خەباتی ڕزگاری خەڵکی کوردستان، حزبی بەعس بە بەرنامە زیرەکانە حزبی شوعی لەناوەوە داڕزاند. دوای ئەو کەوتنە حزبی شوعی هەرگیز وەکو پێشوو خۆی نەگرتەوە. دووبارە هەلبژاردنەوەی عەزیز محەمەد لە کۆنگرەی دوای ئەوە و دواتر تەنها ئاماژە بە لاسایی کەلتورێکی کۆنسەرڤەتیوی چەقبەستووی رۆژهەڵاتی دەکەن. ئەگەر سەرکردەیەک کەم یا زۆر پشکی لە نسکۆ و ژێرکەوتنێکدا هەبوو، رەوتی راشیونال و هوشیار جارێکیتر هەڵینابژێرێتەوە. رەتکردنەوەی بەرپرسیاری لەبارێکدا کە مرۆڤ ناتوانێ لە ئاست داخوازی و ئاماجەکاندا بێت، هەستکردنێکی ژیرانەیە و ئازایەتی گەرەکە. بەڵام پەسندکردنی بەرپرسیاری لەگەڵ بوونی فاکتەرە نەرێنیەکان کە ناسەرکەوتوویی رابردوو وێنە دەکەن، پەسندکردنی درێژەدانە بە ناسەرکەوتوویی و مانەوە لەباری پەنگخواردووی پێشوودا لەلایەن کەسەکەوە.

کەلتوری رامیاری دوورەپەرێزی و خۆگونجاندن کاریگەری دیاری بەسەر عەزیز محەمەد و حزبی شوعیەوە هەبووە. دیارە رەوتی خۆ گونجاندن و خۆلادان لەبەرورووبوونەوەی نارەواییەکان، چارەسەری کێشە و قەیرانەکان ناکەن، بەڵکو پەسندکردنی کێشە و قەیرانەکانە و خۆڕاهێنانە لەگەڵ بارودۆخ و هاوکێشەیەک کە نارەوایی سەپاندوویانە. ٢٦ ساڵە کۆمەڵگەی باشوری کوردستان لەلایەن دوو بەرە و بنەماڵەوە ناڕەواییان لەبەرامبەردا دەکرێت لەسایەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و حزبی چەکدارەوە گەندەڵی، تاوان و ناپاکی کۆمەڵگەیان ئیفلیج کردووە، بەڵام ئەو لەو ماوەیەدا وەکو کەسایەتیەکی دیار، بیهەڵوێست مایەوە و دەنگی دژی ئەو ناڕەواییە هەڵنەبڕی. ئەو هەوڵیداوە رەچاوی بەرژەوەندیەکانیان بکات، هەروەکو لەلایەن دەسەڵاتەوە خەڵات کراوە. پێشینان دەڵێن بێدەنگی نیشانەی رەزامەندییە، ئەو پەندە راستی تێدا هەیە. ئەگەر ئەو وزە و توانای ململانێی نەبوو و بەساڵدا چووبوو، دەیتوانی لانی کەم مەدالیای بارزانی رەتکاتەوە.

لە کۆتاییدا پێویستە بگوترێت، دەکرێ بەخشینی مەدالیا پرسیار دروستکەن و جێگەی رەخنەبن. چونکە زۆر لە مەدالیاکان نەک هەر ناتوانن راستیەکان بپێکن، بەڵکو راستیەکان لە بەرگی بەرژەوەندییە بارگاوی و رەنگاویەکان دەئاخنن و مارکوشتەی دەکەن. هەروەکو بوونی مەدالیای زۆر لە شێوەی مەدالیای سۆڤیەتی، بارزانی یا بلە و زۆر جۆری دیکە رەزامەندی لایەن و دیدێکی رامیارییە لە ئاکار و کرداری ئەو کەسەی خەڵاتەکەی پێبەخشراوە.

1-6-2017




مرۆڤەکان وەکو خۆیان ببینن: نەوشێروان مستەفا لە نێوان تاوانباری و فریادرەسیدا

شاخەوان شۆڕش

ئەگەر بمانەوێ لە مێژوومان بگەین و ئەگەر بمانەوێ دوارۆژێکی رۆشن بۆ داهاتوو دروستکەین، دەبێ دان بەراستیەکاندا بنێین، دەبێ مێژووی رامیاری کوردستان وەکو خۆی ببینین. دەبێ بتوانین باش و خراپ لەیەکتر جیاکەینەوە و مێژووی کەسەکان وەکو خۆی ببینین. نەوشێروان مستەفا یەکێکە لەو کەسایەتیانەی کە مێژووەکەی هەلسان و دابەزینی زۆری بەخۆیەوە دیووە، ئەگەرچی بەم دواییە سەرکردایەتی بزوتنەوەیەکی گۆرانخوازی دەکرد و مۆرکی ئەرێنی دیاری نواند، مێژووی رابردووی بەشێکن لەو کەسایەتیە.

نەوشیروان مستەفا یەکێ لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، سکرتێری پێشووی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان لەماوەی خەباتی چەکداری یەکیتی لە شاخدا لە سیاسەتی پاکتاوی لایەنەکانی دیکە لە گۆڕەپانی خەباتدا رۆلێ دیاری هەبوو، وەکو سەرکردەیەکی مەیدانی لە شەڕەکانی ناوخۆدا بەشداری راستەوخۆی هەبوو، بڕیاری گوڵەبارانکردنی پێشمەرگەی دیلکراوی بێسڵەمینەوە داوە و خۆیشی راستەوخۆ پێشمەرگەی دیلی گولەبارانکردووە. بۆنمونە کۆمەڵکوژیەکەی ئاشقوڵقە، قرانقە و پشت ئاشان، یا گولەبارانکردنی پارتیزان و فەرماندەی هەرێمی ١٤ی سۆسیالست عەوڵا سور بەدیلی لەلایەن خۆیەوە راستەوخۆ. بەمجۆرە نەوشێروان مستەفا یەکێک بوو لە تاوانبارە سەرەکیەکانی شەڕی ناوخۆ.

لەدوای ڕاپەرینی ١٩٩١دا نەوشێروان مستەفا وەکو سەرکردەکانی دیکەی یەکێتی بەشداری کەم یا زۆر لە هەنگاوەکانی یەکێتیدا هەبووە، لەشەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی لە ناوەراستی نەوەتەکاندا رۆڵی هەبوو، وەکو سەرکردەباڵاکانی یەکێتی، پارەیەکی زۆری بەرکەوتووە، موچەی باڵای هەبووە، زەوی بەرکەوتووە، لە رێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتیدا بەشداری هەبووە. لە نەخشکردنی سیاسەتی یەکێتی رۆڵی هەبووە، بەکورتی لە گەندەڵی و تاوانەکاندا بێبەری نەبووە. بۆنمونە دابڕینی داهات و سامانی گەل لەژێرناوی خەباتی شاخدا کە یەکێتی و سەرکردەکانی کردیان هەمووی سەد لە سەد گەندەلی و تاڵانی داهاتی گەلە. نەوشێروان مستەفا یەکێک بووە لەوان.

لەدوای ساڵی ٢٠٠٧ وە لەبەر هەر هۆیەک بێت، نەوشێروان مستەفا خۆی لە رەوتی یەکێتی جیاکردوە و بزوتنەوەی گۆڕانی پێکهێنا، کە بەشێویەکی سەرەکی خەڵکی نارازی ناو یەکێتی بوون. نەوشێروان مستەفا و بزوتنەوەی گۆران سودیان لەو دەنگە یاخی و سەربەخۆخوازە وەرگرت کە دەمێک بوو بەگژ دەسەڵاتی ناڕەوای بنەماڵەیی و ڕێکەوتنی نانیشتیمانی ففتی ففتی هاواری بوو.

بزوتنەوەی گۆڕان توانی دەنگێکی ناڕەزایی گونجاو و بەهێز دژ بە دەسەڵاتی ناڕەوای بنەماڵەیی دروستبکات. رۆڵی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان بوو توانی بۆ یەکەمجار لەمێژووی سیاسی باشوری کوردستاندا لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ دا ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانە لاوازەکەی کوردستان دروستکات و ئومێدێک بەر پرۆسەی دیموکراسیە ئیفلیجکراوەکەی باشوری کوردستان بخاتەوە. ئەو گۆڕانکاریەی ئەوسا گۆڕانێکی ئەرێنی هیوابەخش بوو بۆ ئاراستەی دیموکراتیزەکردنی کوردستان لەدوای چەقبەستنێکی درێژماوەدا.

بەڵام لە دوای هەلبژاردنی نوێ و دروستکردنی حکومەتی بنکەفراوان، بەمجۆرە نەهێشتنی ئۆپۆزیسیۆن لەپەرلەماندا، بەپێچەوانەوە پاشەکشەیەکی کوشندەبوو لە ڕەوتی دیموکراتیزەکردندا ئەگەرچی سست ولاوازیش بوو. هەروەکو بوونی ئۆپۆزیسیۆن پێداویستیەکی هەرەگرنگی بێئەملاو ئەولای دیموکراسیە. بزوتنەوەی گۆڕان پەسندی نەمانی ئۆپۆزیسیۆنی لەپێناو دەسەڵاتدا کرد.

هەوڵەکانی ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەماندا بۆ چاکسازی و چوون بەرەو سیستەمێکی دیموکراسی دوای نائومێدبوونیان لەدەسەلاتی بنەماڵەیی سەریانهەلدایەوە و زیندووکرانەوە، بەجۆرێ لە جۆرەکان بوونە ئۆپۆزیسیۆن لەناو زگی حکومەتدا، کە دواتر هەوڵی گۆرینی سیستەمی سەرۆکایەتی و رێگەگرتن لە دووبارە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکبوونی مەسعود بارزانی لەرێگەی پەرلەمان و پرۆسە دیموکراسیەکاندا، بووە هۆی لەکارخستنی پەرلەمان و سەپاندنی دەسەڵاتی حزبی و هێشتنەوەی مەسعود بارزانی وەکو سەرۆک بەزەبروزەنگ و میکانیزمە نادیموکراسیەکان. بەشداری گۆڕان لەدەسەڵاتدا هەلەیەکی کوشندە بوو، چونکە یەکەم بەشداری لە حکومەت لەگەڵ ئەوانەی کە بە گەندەڵ و تاوانبار ناوزەددەکران پەسندکردنەوەی دووبارەی ئەوانە، دووەم بنەماڵەی بارزانی هیچی ئەوتۆیان لە رەوتی خۆیان نەگۆڕی و درێژەیان بە سیاسەتی بنەمالەیی خۆیاندا. گۆران لە راستیدا بژارێکی دیکەی لەبەردەمدا نەبوو یا دەبوایە مل بۆ تاوان و ناڕەوایەکان شۆڕکا یا جولەیەک بکات و ئەوی خراپی کردووە چاکیکاتەوە.

نەوشێروان مستەفا وەکو چۆن تاڵەبانی و بارزانی رەتیانکردەوە ببنە سەرۆکی پەرلەمان یا حکومەت، چونکە لەبەرژەوەندیاندا نەبوو، ئەویش نەبووە سەرۆکی پەرلەمان، ئەوەش پاشەکشە و خۆلادان بوو لەبەرەوڕوو بوونەوەی راستەوخۆی دەسەڵات. نەوشێروان مستەفا لەناو گەل نەبوو و لەگەڵ خەڵک نەمایەوە، خۆی لە رووداوەکان دوورەپەرێزگرت. ئەوەش دووبارە خاڵی لاوازی ئەو وێنە دەکەن. ئەوە ئەگەر نەوشێروان مستەفا بڕوای تەواوی بە سیستەمی پەرلەمانتاری هەبوو و هیوای پەرلەمانێکی بەهێزی دەخواست.

نەوشێروان مستەفا رابروویەکی پڕشنگداری نەبوو، بەڵکو رابردووی ئەو تەژیە لە تاوان و پێشێلکاری، ئەو تاوانانەی نەوشێروان مستەفا کە وەکو سەرکردەیەکی یەکێتی ئەنجامیدان کۆن دەبن بەڵام وون نابن، ئەگەر دادوەری هەبووایە دەبوایە ئەو لەسەر ئەو تاوانانە بدرێتە دادگا. دیارە لە کوردستانی ئێمەدا تاوانبارە دەسەڵاتدارەکان نادرێنە دادگا، هەروەکو نە ئەو و نە هیچ یەکێ لە پاڵەوانەکانی شەڕی ناوخۆ نەدرانە دادگا. نەم بیستووە نەوشێروان مستەفا داوای لێبووردنی لە کەسوکاری قوربانیان کردبێ. ئەو مێژووە نەرێنیە بەشێکی دیارە لە مێژووی خەباتی سیاسی نەوشێروان مستەفادا.
مێژووی دوای ٢٠٠٧ و دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕان، و بەرەورووبوونەوەی سیستەمی خۆسەپێنەری بنەماڵەیی و حزبی چەکدار، ئەو مێژووەیە کە وەرچەرخانێکی گرنگ و دیار لە مێژووی سیاسی ئەودا تۆمار دەکەن، مێژووەکی ئەرێنییە لە رەوتی دیموکراتیزەکردنی سیستەمی سیاسی باشوری کوردستان، ئەوەش لایەنە ئەرێنیەکەیە لە مێژووی ئەو مرۆڤەدا.

بەرەورووبوونەوەی دەسەڵاتی مافیایی و بنەمالەیی خۆسەپێنەر و نادیموکراسی، هەوڵەکانی بردنی سیستەمی سیاسی کوردستان بەرەو ئاقارێکی رەواو دیموکراسی بەر لە دروستبوونی بزوتنەوەی گۆران لە ئاستی تاکەکاندا هەبوون، بەهەموو کەموکوڕیەکانیەوە بزوتنەوەی گۆڕان گوڕێکی باشی بە هەولەکاندا، ئێستا رەوتەکە بەگشتی سستکراوە، بەڵام بێگومان هەر بەردەوام دەبێ. چونکە دەسەڵاتێکی ڕەواتر لە دەسەڵاتی دیموکراسی و دەسەڵاتی گەل نییە، ئەوەش تەنها رێگەیە کە ئازادیخوازن بۆی دەچن.

شاخەوان شۆڕش
19-5-2017




لە کەمالیزمەوە و بۆ “ئەردۆگانیزم” … شاخەوان شۆڕش

لەکات و بارێکدا کە بنچینە دیموکراسیەکان لە ئارادا نەبوون، لەڕێگەی نادیموکراسیانە، لەژێر هەرەشە و گەماڕۆدا، لەکاتێکدا نەیارانی ئاکەپە، رەخنەگرانی دەستوری نوێ، هاوسەرۆکان و ئەندامانی هەدەپە، رەخنەگران، رۆژنامەوانان گیران و خرانە زیندان، لەکاتێکدا میدیای رەخنەگر دەمیان داخرا و دەستیانبەسەرداگیرا، لەکاتێکدا کۆمەڵێ ناوچەی کوردستانی تورکیا لەژێر باری ناکاییدا بوون، دەسەڵاتی ئەردۆگان گشتپرسی لەسەر دەستوری نوێ کرد و بە زۆرینەیەکی لاواز گەیشتە ئامانج. ئەگەرچی بەپێی پرەنسیپە دیموکراسیەکان گشتپرسیەکە نارەوابوو و لەسەرتاوە تا کۆتایی نارەوایی لە پرۆسەکەدا هەبوو، بەڵام ئەنجامە جێگەی خۆی دەگرێ و دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەردۆگان و دەسەڵاتی ئێستای تورکیا کۆنترۆلی کەناڵە گرنگەکانی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و ئامادەنین مل بۆ رەخنە و گوشارەکانی ناوەوە و دەرەوەی تورکیا بدەن، گوێش نادەنە ئەوەی خەڵک چی دەڵێ. لای ئەردۆگان ئەنجامە گرنگە کە بەدەستهێندرا، ئەوجا بەهەر رێگە و میتۆدیک بێت، ئەوەش لای ئەو گرنگە. هەروەکو ئەردۆگان بڕوای بە پرەنسیپە دیموکراسیەکان نییە و بە خولیای بەرزەفڕی دەسەڵاتی رەهای سەرۆک لێدراوە.

پەسندکردنی دەستوری نوێ چی دەگەیەنێت:
– سیستەمی پەرلەمانی دەگۆڕدرێ بە سیستەمی سەرۆکایەتی.
– سەرۆکی وڵات لە دەسەڵاتێکی سیمبۆلیەوە دەبێتە دەسەڵاتێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوە.
– دەسەڵاتی بەریوەبەری دەچیتەژێر چنگی ڕاستەوخۆی سەرۆک، کە هەموو وەزیرەکان خۆی دیاریان دەکات، هەروەها دەتوانێ دەریانکات.
– پۆستی سەرۆکی دەسەڵاتی بەرێوەبەری نامێنێ و سەرۆکی وڵات و جێگرەکانی جێگەی دەگرنەوە.
– سەرۆکی وڵات دەتوانێ هەندێ یاسا لەرێگەی بڕیاری راستەوخۆی خۆیەوە (decree) بسەپێنێ.
– سەرۆک دەتوانێ بودجە ئامادە بکات.
– سەرۆک راستەوخۆ دەتوانێ پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە.
– سەرۆک دەتوانێ باری ناکایی وڵات رابەگەیەنێ.
– دوو لەسەر سێی دادوەرەباڵاکانی وڵات لەلایەن سەرۆکەوە دیاردەکرێن.
– پەرلەمان ناتوانێ لە وەزیرەکان بکۆڵێتەوە و کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە دژیان پێکبهێنێ.
– پەرلەمان بەزۆرینە دەتوانێ کەیسی یاسایی لەکارلابردن دژی سەرۆک دەستپێکات، بەڵام دەستپێکردنی خودی دادگاییەکە لە دادگای تایبەتدا سێ لەسەر چواری پشتگیری ئەندامانی پێویستە.
– هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆک هەموو ٥ ساڵ جارێک دەبێت. وە سەرۆک بۆ دوو ماوە دەتوانێ سەرۆک بێت.
– ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە ٥٥٠ وە دەبێتە ٦٠٠ ئەندام.
– سەرۆک دەتوانێ وەکو سەرۆکی پارت بمێنێتەوە لە کاتێکدا پۆستی سەرۆکایەتی هەیە.
– ماوەی دەسەڵاتی پێشووی ئەردۆگان ناژمێردرێ و بەمجۆرە ئەردۆگان دەتوانێ بۆ دوو ماوەی دیکە ببێتە سەرۆک لە داهاتوودا واتە تا ٢٠٢٩ سەرۆک بێت.

بەهۆی ئەوەی ئاکەپە (پارتی داد و گەشەپێدان) کە پارتێکی کۆنسەرڤەتیو و ئیسلامیە و ئەردۆگان کە سەرۆکی پارتێکی کۆنەپارێز و ئیسلامیە دەتوانن کاریگەری زۆریان بەسەر سیستەم و رەوتی بیرکردنەوەی داهاتووەوە هەبێت. ئەردۆگان ئەو سەرۆکەی تورکیایە کە ڕێچکەی سیستەمی رامیاری تورکیای گۆڕی، لە سیستەمێکی سیکولاری کۆنسێرڤەتیو، راستڕەو و ئەتنۆناسیونالیستی پەرلەمانتاریەوە بەرەوە سیستەمیکی کۆنسێرڤەتیو، ڕاستڕەو و ئەتنۆناسیونالیستی ئایینپارێزی سەرۆکایەتی. سیستەمی کۆنسێرڤەتیو و ئەتنۆناسیونالیستی دژە چەپی سیکولاری پەرلەمانتاری لەساڵی ١٩٢٣ ـەوە لەلایەن کەمال مستەفاوە بنیاتنرا، لەوساوە ئەو سیستەمە رەگەزپەرستی ئەتنۆناسیونالیستی پەرلەمانتاریە دژ بە چەپە لە تورکیادا پیادە کرا، ئەردۆگان لەڕێگەی دەستورگۆڕینەوە ئەو ڕێچکە و سیستەمەی گۆڕێ. لەدوای دەستبەکاربوونی دەستوری نوێوە تورکیا چیتر واتای پرەنسیپەکانی ئیسلام بەلاوە نانێ، چیتر پەرلەمانتاری نابێ و دەسەڵاتی پەرلەمان سنوردار دەبێ. بەکورتی تورکیا ئایینپارێز و رەگەزپەرست و ئەنتۆناسیونالیست و دژە چەپ دەبێ و خاوەنی سەرۆکێکی بەهێز لە رووی دەسەڵاتەوە دەبێت. هەروەکو ئەردۆگان کە مسۆگەری دووجار هەلبژاردنەوەی خۆی لە دەستوری نوێدا کردووە، دەتوانێ لەماوەی فەرمانڕەواییدا پرەنسیپە ئیسلامیەکان لە سیستەمی رامیاری و بوارەکانی پەروەردەدا بچەسپێنێت.

سیکولاریزم و دیدی سیکولارانە پاشەکشەیان پێ دەکرێت، بەمجۆرە تێگەیشتن و خوێندنەوە مۆدێرن و پۆستمۆدێرنەکان و راشیونالیزم تووشی پاشەکشە دەبن، هەروەکو لە ئاستی کەناڵەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگەدا لەمەودوا ئایینپارێزی و پرەنسیپە ئیسلامیەکان برەوی زیاتر پەیدا دەکەن. کردنی پرەنسیپە ئیسلامیەکان بە یەکێ لەسەرچاوەکانی یاسادانان یا سەرچاوەیەکی بنچینەیی یاسادانان لەداهاتوودا ئەگەری ریالیستانەی هەیە. بەئەگەری زۆر لە داهاتوودا لێکدانەوە زانستیە کۆمەڵایەتیەکان بەجۆرێ لە جۆرەکان پاشەکشەیان پێدەکرێت و لەبری ئەوە لێکدانەوە نازانستیە ئیسلامگەراکان برەو پەیدا دەکەن. بەواتایەکیتر سیکولاریزم کە خاڵێکی پۆزەتیڤی سیستەمی رامیاری تورکیا بوو و پشتگیری نێونەتەوەیی لە جیهانی رۆژئاوادا بەتایبەتی هەبوو و گرنگی پێدەدرا، ئێستا لەگەڵ ئەو سیستەم گۆڕینەدا لاواز دەکرێ و مەترسی تەواو نابووتبوونی هەیە.

ئەگەرچی پەرلەمان بەپارتە کۆنەپارێز و رەگەزپەرستە ناسیونالیستەکان پڕکرابووە و دەنگی کەمینە و چەپەکانی بەلاوازی تێداهەبوو، ئەگەرچی سیستەمی پەرلەمانتاری لەسەر بنچینەی دەستورێکی کۆنسێرڤەتیو، رەگەزپەرست و ڕاستڕەو داڕشترابوو، توانیبووی بۆ تورکان (بۆ کورد و کەمینەکان نا)، جۆرێک لە دیموکراسی چ لە باری دسەڵاتداری و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتەوە یا جۆرێک لە ئازادی دەربڕین بەدیبهێنێت.
بەکورتی ئەگەر لەدیدێکی بێلایەنەوە سەیری گۆڕینی سیستەم بکەین، ئەوا ئەو خاڵە پۆزەتیڤانەی کە لە سیستەمی رامیاری تورکیادا دەبیندران کە بریتیبوون لە پەرلەمانتاریزم و سیکولاریزم، لاواز و سنوردار و ناگرنگ دەکرێن. لە ئیپۆکی نوێی ڕامیاری تورکیادا جگەلە کۆنەپارێزی، ڕاستڕەوی و ڕەگەزپەرستی، ئیسلامگەرایی و سەرۆکی ئاوتۆریتێر لە سیستەمی ڕامیاری نوێدا خۆیان دەسەپێنن.

سەبارەت بە کورد ئەو سیستەمە پەرلەمانتاریەی کە پێشتر هەبوو، بۆ خەڵکی کوردستان سوودێکی ئەوتۆی نەبوو، هەروەکو ڕژێمی تورکیا کە لەژێر کاریگەری ئایدۆلۆژیای کەمالیزمی ئەتنۆناسیونالیست دابوو و بەپێی دەستورێکی ڕاسترەوی ڕەگەزپەرست دەچووبەڕێوە، لەسەرتاوە رەتی بوونی کێشەی کورد یا بوونی کەمینەی کورد یا مافی کەمینە نەتەوەیی و ئەتنیەکانی تا کۆتایی سەدەی بیستەم تووندڕەوانە کردەوە. کوردستانی بندەستی تورکیا هەمیشە پەراوێزخراو و گەماڕۆدراوبووە، لەهەڵبژاردنەکاندا گەماڕۆی ناڕەوای لەسەر بووە. دوای نزیکەی ٩٠ ساڵ لە ململانێ ئەوجا کوردەکان لەرێگەی پارتێکی پلورال و چەپدا کە پارتی گەلی دیموکراتی (هەدەپە) بوو، توانیان بەربەستی ١٠% ی پەرلەمانتاری ببەزێنن و وەکو کەمینە بێنە پەرلەمانەوە. دیارە هەدەپە دوو سنوری سوری بەیەکەوە شکاند، یەکەم پارتێکی کوردی هێنایە پەرلەمان، دووەم پارتێکی چەپی هێنایە پەرلەمان. ئەگەری چارەسەری کێشەی کورد لە رێگەی ئەو کەمینە لاوازەدا زۆر سەخت بوو، چونکە ئەو کەمینەیە توانای کاریگەری لەسەر بڕیارەکاندا نەبوو، هەروەکو زۆرینە لەدەست ئەواندا نەبوو و کارتێکردنیشی لەتوانایاندا نەبوو.

لە تورکیایەکی کۆسەرڤەتیو و رەگەزپەرستدا کە کەمالیزم و رەگەزپەرستی تورکی ئاوێتەی خوێنی زۆرینەی تورکان بووە، زۆر سەخت بوو بۆ هەدەپە لە پەرلەماندا بتوانێ ببێتە زمانی تەرازووی پەرلەمان یا سەنگی یەکلاکەرەوە لە بڕیارەکاندا، وەکو لە پەرلەمانی هەندێ لەوڵاتە دیموکراسیەکاندا دەبیندرێ، کە دەکرێ لە هەندێ ماوەی دەسەڵاتی پەرلەمانتاریدا پارتێکی بچوک بتوانێ ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە بڕیارەکاندا بگێڕێت. بەڵام ئەگەر لەروانگەی خەباتی سڤیل و پەرلەمانتاریەوە سەیری بکەین، لەگەل ئەوەشدا هاتنی هەدەپە بۆ پەرلەمان و بەرزبوونەوەی دەنگی کوردان، دەنگی کەمینە و چەپەکان لە پەرلەماندا تاکە تروسکاییە لەمێژووی ژێردەستەیی کورد، کەمینەکان و چەپەکان لە تورکیای ڕاستڕەو و کەمالیستدا لە ساڵی ١٩٢٣ ـەوە تا ساڵی ٢٠١٧.

لەباری ئێستادا لەکاتێکدا سەرانی هەدەپە و زۆر لە ئەندامانیان گیراون و دەستبەسەرن، لەکاتێکدا دەسەڵاتی سەرۆکی ڕەگەزپەرست، ئایینپارێز و دژە چەپ رەهایە، ئەگەری هاتنەوەیان بۆ پەرلەمان بەو قەوارەیەی پێشوویان زۆر سەختە. ئەگەر لە داهاتوودا ئەو پارتە یا پارتێکی دیکەی لەو شێوەیە بتوانێ بەربەستی پەرلەمان ببەزێنی، لەئەگەری بوونی ژمارەیەکی لەو شیوەیەی پێشووی ئەندامانی هەدەپە لە پەرلەماندا لەداهاتوودا، ئەو گروپە چەپ و پەرلەمانتاریە لەجاران لاوازتر و بێدەسەڵاتتر دەبن. چونکە ئیتر پەرلەمان چیتر ئەو دامەزاروە نییە بتوانێ بڕیاری یەکلاکەرەوە و گرنگ بدات. سەرۆک دەسەڵاتی ڕەهای هەیە و دەتوانێ بڕیاری گرنگ راستەوخۆ لەلایەن خۆیەوە دەربکات و پەرلەمان لەزۆربەی بارەکاندا ناتوانێ پێشیان پێ بگرێ. بەکورتی ئەگەرچی پیشتر دەستور و سیستەمی ڕامیاری تورکیا سەرسەختانە دژ بە مافەکانی کورد بوون، لە ئیپۆکی نویی تورکیادا بارەکە سەختتر و ئاڵۆزتر دەکەوێتە بەرچاو. بەکورتی بۆ کورد بارەکە لە خراپەوە بۆ خراپترە.

پیویستە بیری بخەینەوە کە ئەو کەمە گۆڕانکاریەی تورکیا لەسایەی دەسەڵاتی ئەردۆگاندا سەبارەت بە مافی کەلتوری کەمینەکان لە دەستوردا کران، راستەوخۆ پەیوەندی بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپادا هەبوو. چونکە یەکێ لەمەرجەکانی ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپادا ڕێزگرتنە لە مافەکانی مرۆڤ و پرەنسیپە دیموکراسیەکان. ئێستا لە بارێکدا کە میکانیزمە دیموکراسیەکان سنوردار و لاواز دەکرێن، ئەردۆگان خەون بە دەسەڵاتێکی سوڵتانیانەوە دەبینێت و هەنگاو بەرەو دەسەڵاتێکی ئاوتۆریتێری دەچێت، ئەگەری ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا زۆر لاواز دەکا، چونکە تورکیا بنچینە گرنگەکانی ئەندامبوون بەئەگەری زۆر لەدەست دەدات.

1-5-2017




سەرۆک جاشەکان و بەشداریان لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا … شاخەوان شۆڕش

لێرەدا سەرنج دەدەینە واتای بوونی سەرۆک جاشەکان بۆ تاوانی گەلکوژی ئەنفال، چۆنیەتی تاوانباریان لە دادگادا، هەروەها لێکدانەوە و بیانووەکان لە دیدی تایبەتی دژ بەیەکەوە.
واباشە لە دوو ڕوانگەوە سەرنج بدەینە ئەو بابەتە. یەکەم: لەدیدی بەرەی لایەنگرانی قوربانیانەوە، لە دیدێکی سۆزدارانە و نۆرماتیڤەوە زۆرجاران دەگوترێت و جەختدەکریتەوە لەسەر ئەوەی کەوا ئەندامانی سەر بە نەتەوەی کورد خۆیان بەشداریان لە تاوانی شاڵاوەکانی ئەنفالدا کردووە و خۆیان بوونەتە چاوساغی سوپای عەرەبی ئێراقی و پێشی کەوتوون، وە بەشداری راستەوخۆیان لە تاوانەکاندا کردووە، بۆیە لە تاوانی کۆمەڵکوژیەکانی ئەنفالدا ئەوان لە هێزەکانی ڕژێمی بەعسی عەرەبی تاوانبار ترن.

لە روانگەیەکی مۆرالی نەتەوەیی و نیشتیمانیەوە، ئەو کوردانەی بەشداریان لە ئەنجامدانی تاوانەکەدا کردووە، ناپاکیان لە خەڵکی کوردستان کردووە بۆیە ئەوانە جگە لە تاوانباریان لە ئەنجامدانی تاوانکە، تاوانی ناپاکیشیان ئەنجامداوە. دیارە بوونی تاوانی ناپاکیە کە خەڵکی سەر بەنەتەوەی قوربانی والێکدەکات، بەرامبەر بەو تاوانکارە ناوخۆییانە ڕقئەستورتربن و داوای سزای تووندتر بکەن. بۆنمونە لە کاتی ڕاپەریندا خەڵک رقئەستورترە بەرامبەر بە کەسانێک کە ئەندامی کۆمەڵگەی قوربانین بەڵام هاوکاری لایەنی دەسەڵاتی تاوانباریان کردووە. بەڵام ئایا خەڵک تاچەند لەوەدا داواکەیان ڕەوا و گونجاوە؟ ئایا دەکرێ سزای ئەوانە تووندتر بێت؟ لە روانگەی یاساییەوە پێویستە ئەو خاڵە لە دوو لایەن و ئاستەوە روونبکرێتەوە و وەڵام بدرێتەوە، لە ئاستی دادگای نێوخۆیی و لە ئاستی دادگای نێونەتەوەییدا. دادگای نێوخۆیی کە لەلایەن نەتەوەی قوربانیەوە دامەزرێندراوە و پیادەی دەستور و یاسای تایبەت بە ولات دەکات، لەزۆربەی بارەکاندا سزای بۆ ئەو کردەوانە داناوە کە دەکرێ وەکو زیانگەیاندن بە ئاسایشی نەتەوەیی یا سەروەری وڵات سەیربکرێن. دیارە هەر وڵاتە بەجۆری تایبەت بە خۆی و بەپێی بروا و ئایدۆلۆژیاکەی سەیری ناپاکی دەکات و پێناسەی دەکات، بۆیە جودایی زۆر لەمبارەیەوە لە پێناسە و تێگەیشتنەکاندا هەیە.

ئەگەر ئێمە سەیری واتا باو و پەسندکراوەکەی ناپاکی بکەین، بەئەگەری زۆر هەموو وڵاتەکان بەپێی یاسای نوسراوە یا نەنوسراوە هاوکاری دوژمن لەلایەن ئەندامانی کۆمەڵگەوە بە ناپاکی نەتەوەیی و نیشتیمانی دادەنێن. ئەگەر کەسێکی کۆمەڵگە ئەو سنورانە ببەزێنێت و هاوکاری لایەنی دژ و نەیاربکات، ئەو کەسە وەکو ناپاک لە کۆمەلگە و وڵات سەیری دەکرێت بەرەورووی سزا دەبنەوە. بۆیە ئەو کەسانەی کە لەسەر تاوانی ناپاکی بەرەورووی سزا ببنەوە، کە سزای تاوانکاریەکانی دیکەش وەردەگرن، کۆی سزاکەیان گەورەتر و تووندتر دەبێت. دیارە لە ئەگەری نەبوونی یا بزری دادگای ناوخۆدا لەو تاوانکاریانە ناپێچرێتەوە، بەڵام کۆمەڵگەی قوربانی بەپێی تێگەیشتن و مۆرالی کۆمەڵگە بەپێی یاسای نەنوسراوەی کۆمەڵگە ئەو کەسانە وەکو تاوانبار لە ناپاکیدا سەیردەکات و دەکرێ لە ڕێگەی کرداری تایبەتی نایاساییەوە هەوڵی سزادانیان بدرێت، وەکو بۆنمونە تیرۆرکردنیان.

لە ئاستی دادگای نێونەتەوەییدا، تاوانی ناپاکی لە وڵاتی کۆمەڵگەی قوربانی لێپێجانەوەی لێناکریت و یاسایەک بۆ ئەو لایەنە تەرخان نەکراوە. هەروەکو ناپاکی پەیوەندی راستەوخۆی بە وڵاتە پەیوەستدارەکە خۆیەوە هەیە، پێناسەی ئەو چەمکەش لە دیدی تایبەتی وڵاتی پەیوەستدارەوەیە و تایبەتە بەهەندێ پێشێلکاری کە تەنها بۆ ئەو وڵاتە واتا و گرنگی یاساییان هەیە. بۆیە لە دادگایەکی نێونەتەوەییدا کەسانی تۆمەتبار تەنها لەسەر ئەو تاوانکاریانە سزا دەدرێن، کە لە هێرشەکەدا ئەنجامیان داوە و دەچنەخانەی تاوانەکانی جەنگ، دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی. بەمشێوەیە چەمکی ناپاکی بۆ دادگایەکی نێوتەتەوەیی سەرووی وڵات گرنگی یاسایی نییە. چونکە دادگای نێونەتەوەیی جیاوازی لە نێوان کەسە تۆمەتبارەکاندا ناکات و تەنها سەرنج دەداتە تاوانکاریەکانیان کە ئەنجامیان داوە. بۆ نمونە ئەگەر سەرۆک جاشێک لەسەر تاوانی گەلکوژی بدرێتە دادگایەکی نێونەتەوەیی، ئەو سەرۆکجاشە لەسەر تۆمەتی چۆنیەتی هاوکاری و بەشداری لە تاوانکە، وە بەهێزی و لاوازی بوونی بەڵگەکان لەوبارەیەوە دەکۆڵێتەوە. ئەگەر بەشداریەکەی سەڵمێندرا، ئەوا بەپێی جۆری تاوانەکەی بەپێی یاسای دادگا سزای بۆ دەبڕێتەوە.

دادگای نێونەتەوەیی لەوە ناکۆڵێتەوە کە ئایا ئەو سەرۆکجاشە ناپاکی لەنەتەوەکەی خۆی کردووە یانا. لەئەگەری بوونی یاسای ناپاکی ناوخۆی وڵاتدا، وە بوونی سزا لەمبارەیەوە، لەوبارەدا ئەو بابەتە کێشەی دادگای ناوخۆیی وڵاتە نەوەک دادگای نێونەتەوەیی. دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقی بەهەمان شیوە لە ئەگەری بوونی تاوانەکانی ناپاکی ناکۆڵێتەوە و دادگاکە پیادەی ئەو یاسا و پرەنسیپانە دەکات کە تایبەتن بە تاوانی جەنگ، دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی. چونکە دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقی دادگایەکی ناسیونالی ناوخۆیی کوردستان نییە. ژمارەیەکی زۆر سەرۆک جاش ناویان لە دادگا هەبوو و دەبوایە بدرێنە دادگا لەسەر تۆمەتی بەشداریان لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا، بەڵام دەسەڵاتی زەرد و سەوزی کوردی یا دەسەڵاتدارانی ئێراقی پەنایاندان. ئەگەر ئەو سەرۆکجاشانە بدرابانە دادگا، دادگا لەسەر تاوانی بەشداریان لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا دادگایی دەکردن. ئەگەر لە کوردستان دادگایەکی ناسیونالی کوردستان هەبووایە و بۆ تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی تەرخانکرابووایە، دەیتوانی لەئەگەری بوونی یاسا بۆ تاوانەکانی ناپاکی لەسەر جۆر و قەوارەی تاوانکە دادگاییان بکات. وەکو گوتمان دادگای لەو جۆرە لە کوردستاندا بوونی نییە و یاسایەکیش لەمبارەیەوە بوونی نییە، هەروەکو تاکو ئێستا باشوری کوردستان خاوەنی دەستور نییە.

دووەم: لەلایەکیتر ئەو بەشداریەی بە دەیان فەوجی جاشی کورد لە تاوانی ئەنفالدا هەندێ خەڵکی تووشی گومان کردووە لە بوونی تاوانی گەلکوژی. لە دوو روانگەی جیاوازەوە ئەو فاکتەرە دژ بە بوونی تاوانی گەلکوژی لێکدراونەتەوە و بەکارهێندراون. کەهەردوولایان بەرژەوەندی تایبەتیان لەپشتی ئەو گۆتەیاندا هەیە. لایەنی تاوانکار بەدید و لێکدانەوەیەک، لایەنی سەربە گەلی قوربانیش لە دید و لێکدانەوەیەکی دیکەوە. لایەنی تاوانکار واتە لایەنگرانی ڕژێمی بەعس و بەرگریکارانی ئەوان وەکو بەڵگە دژ بەبوونی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی بەکاریان ‌هێناون و دەهینێت. هەرچی لایەنی سەربەگەلی قوربانیە کە دەسەڵاتی کوردی زەرد و سەوز لەگەل دۆستانی سەرۆکجاشەکان دەگرێتەوە، کە پەنای سەرۆکجاشەکانیان داوە و دژی دادگاییکردنیانن، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەوان لەسەرۆک جاشەکان خۆشبووین و لێبوردنیان بۆیان دەرکردووە، بۆیە دژی هەموو جۆرە دادگاییەکی ئەو سەرۆک جاشانەن.

سەرکردایەتی ئەو دوو پارتە لێبوردنەکەی ١٩٩١ دووپات دەکەنەوە و جەختی لەسەر دەکەنەوە. لەلایەکیتر لێرە و لەوێ ئەوەش گوتراوە کە دادگاییکردنی سەرۆکجاشەکان زیان بە کورد دەگەیەنێت و وادەکات گومان بخاتەسەر بوونی تاوانی گەلکوژی. واتە دەسەلاتی زەرد و سەوز بۆ پاراستنی سەرۆک جاشەکان و هێزەکانیان لە ریزی پارتی دەسەڵاتدارەوە لێبوردنەکەو ئەو بیانووی زیانگەیاندن بۆ دۆسیەی بوونی تاونی گەلکوژی بەکاردەهێنن. گرنگە بیریبخەینەوە کەهەرچی لایەنی تاوانکارە بەشداری جاشەکان لە تاوانی ئەنفالدا بۆ خۆدەربازکردن لە تاوانباریان لە تاوانی گەلکوژیدا بەکاردەهێنن. ئەوانە بەشداری جاشەکان دژ بە ناساندنی تاوانەکە وەکو تاوانی گەلکوژی بەکاردەهێنن. وەکو بەلگەیەک دژ بە بەڵگەکانی بوونی تاوانی گەلکوژی بەکاریدەهێنن. لایەنگرانی رژێمی بەعس و بەرگریکارانی لایەنی تاوانکار ئەو بابەتە دەقۆزنەوە و دەڵێن ئەوەی روویداوە لە ئەنجامی شەڕێکی ڕەوادا دژ بەو گروپ و رێکخراوە چەکدارانە بووە کە دژی وڵات بوون، دەسەڵاتی ئێراق دژی گەلی کورد نەبووە. بوونی بەهەزاران چەکداری کورد کە بەهێزەکانی بەرگری نیشتیمانی دەناسران لە ریزەکانی سوپادا وەکو بەڵگەی نیازپاکی دەسەلات و نەبوونی ڕق و مەبەستی لەناوبردنی گەلی قوربانی پیشان دەدەن. لەو روانگەیەوە لایەنگرانی دەسەڵاتی بەعسی ئێراقی هەوڵی پیشاندانی سوپایەکی نیشتیمانی عەرەبی و کوردی ئێراقی دەدەن، کە لەباری بەرگریدابووە دژی سوپای ئێران و بەکرێگیراوانیان، بۆیە شەڕێکی ڕەوای بەرگریان کردووە. مەبەستیش لەناوبردنی گەلی کورد نەبووە، هەروەکو کورد مافی ئۆتۆنۆمی هەبووە و لە سوپادا بەشداری چالاکانەیان هەبووە.

گومان لەوەدا نییە کەوا بەهەزاران جاشی کورد و بەدەیان سەرۆکجاشی کورد بەشداریان لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ کردووە. ئەوانە یەکەم: هێزێکی تایبەتی سەر بە ڕژێمی بەعس بوون و بەشێک بوون لە هێزەچەکدارەکانی ئێراق و لەژێر سەرپەرشتی دەسەڵاتی بەرگری و ئاسایشی حکومەتی ئێراقدابوون. فەوجی جاشە کوردەکان سەربەخۆ توانا و دەسەڵاتی نە بڕیار و نە چاڵاکیان هەبووە. ئەوان بەهیچ جۆرێک لە ئاستێکدا نەبوون بتوانن کاریگەریان لەسەر بڕیارەکانی سەرۆکایەتی ئێراقدا هەبێت. بۆیە ئەوان جگەلە هێزێکی ملکەچی چەکداری ئێراقی کە چاوەڕێی فەرمانیان کردووە، چیتر نەبووین. ئەوان بەرەگەز کورد بوون، بەڵام سەر بە ڕژێمی بەعس بوون و ئەوەیان کردووە کە لەبەرژەوەندی ڕژێمی بەعسی ئێراقیدا بووە. کاری سەرەکی هێزی جاشەکان شەڕ و لێدانی هێزەکانی پێشمەرگە بوو. هێزی جاشەکان دژی هێزی شۆڕشگێرە کوردەکان بەکاردەهێندران. بۆیە فەوجی جاشەکان لای کۆمەلگەی کوردی هێزێکی نەخوازراو بوون و خەڵک حەزی بە چارەیان نەدەکرد، خەڵک وەکو هێزێکی بەکرێگیراوی حکومەتی ئێراق سەیریان دەکردن. بەمجۆرە هێزی جاشەکان لەبەرەی دژ بە خەڵکدا بوون و لەسەنگەری ڕژێمی ئیراقیدا بوون، کە خەڵکی کوردستان وەکو دەسەڵاتێکی بێگانەی ناڕەوا سەیریان دەکرد.

بڕیاری قڕکردن و لەناوبردنی دانیشتوانی ناوچە قەدەغەکراوەکان بە هەڵەبجەشەوە، لەلایەن سەرۆکی ئێراق سەدام حوسێنەوە درابوو، سەرۆکی بیرۆی باکوری پارتی بەعس عەلی حەسەن مەجید (عەلی کیمیاوی) جێبەجێیکرد. ئەوەش واتای یەکلاکەرەوەی بۆ بوونی مەبەستی لەناوبردن لەلایەن دەسەڵاتی ئێراقیەوە هەیە. بوونی هێزی چەکداری کورد کە لەژێر فەرمانی راستەوخۆی دەسەڵاتی ئاسایش و سوپای عەرەبی ئێراقیدا بووە و کە لە سەنگەری سوپای تاوانکاردا بوونی هەبووە، هیچ کاریگەریەکی لەسەر ئەو فاکتەرەدا نییە و ناتوانێ ئەو راستیە بگۆڕێت.
بەپێی بەڵگەکان لەگەڵ ئەوەی سەرۆک جاشەکان و چەکدارەکانی فەوجە سوکەکان سەر بە ڕژێمی ئێراق بوون و فەرمانەکانی ڕژێمی ئێراقیان ملکەچانە جێبەجێ دەکرد، بەڵام ڕژێمی بەعس لێیان بەگومان بووە و ئەوانەی تەنها بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی بەکارهێناوە. سەرانی ڕژێمی بەعس بڕوایان بە سەرۆک جاش و جاشەکان نەبووە، وە بە شایستەی ئەوەی نەزانیون کە لە کۆمەلگەی عەرەبیدا بتویندرێنەوە و ژیانیان بە پارێزراوی بمێنێتەوە. هۆکەشی ئەوەبووە کە جاشەکان کورد بوون. بۆنمونە عەلی حەسەن مەجید (عەلی کیمیاوی) لە کۆبوونەوەیەکدا دەڵێ، دەتانەوەی کۆمەڵگەی عەرەبی بەوانە پڕبکەنەوە و دەوڵەمەندی بکەن؟! ئێزدیەکان (ئێزدیەکان بە عەرەب ناونوسکرابوون و ژمارەیەکی زۆریان لە فەوجە سوکەکان بوون) !؟ بیانێرنە سەروو و لەوێ دەیاندۆزمەوە و بە شۆفڵ و بلدۆزەر سەریان پان دەکەمەوە. وەکو پێشتر بینیمان سەرانی بارزانیەکانی سەر بە ڕژێم لەگەل ئەوەی دڵسۆزیان بۆ ڕژێم پیشاندابوو، بەلام کە بڕیاری لەناوبردنی بارزانیەکان دەرچوو، ئەوانیش لەنێوبردران.

شاخەوان شۆڕش
١٣/٤/٢٠١٧




خەڵک بێگومان سەربەخۆیی دەوێ، ئەوەش لەبەر لێزانی و قارەمانی سەرۆک و حزبەکان نییە!


شاخەوان شۆڕش
3-4-2017

ساڵەکانی ٢٠٠٣-٢٠٠٥ دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس: بزوتنەوەی ریفەراندۆم کە پشتگیریەکی خەڵکی بەرفراوانی هەبوو هەوڵیدا گشتپرسی لەسەر مافی چارەنوس بکرێت و کوردستان لە ئێراق جیابێتەوە. بەڵام کاکە و مامە گوێیان بە هەڵویستی خەڵک نەدا، رێگەی بەغدایان گرتەبەر و چوون ئێراقی ئەنفالیان دروستکردەوە و فیدرالیان لەگەڵ بەغدا مۆرکرد.
ئەوسا مەسعود بارزانی و پارتیەکان دژی داوای سەربەخۆیی بوون و دەیانگوت “هەلگرتنی بەردی گەورە نیشانەی نەهاویشتنە”. مام جەلال و لایەنگرانی لە ناو یەکێتی دەیانگوت “سەربەخۆیی خەونێکی شاعیرانەیە”.
لەکاتی هەلبژاردندا لەبەر ئەوەی سەرانی پارتی و یەکێتی دژی ریفەراندۆم بوون لەسەر مافی چارەنوس، دەنگدانەکە بە فەرمی نەکرا، بەڵکو نافەرمیانە ئەنجامدرا. لە دەنگدانەکەدا ٩٧ لەسەدای خەڵک پشتگیری سەربەخۆییان کرد. کە بێگومان بووەهۆی بەهێزکردنی سەرانی پارتی و یەکێتی لە دانوستانەکانیاندا لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا. بەواتایەکیتر کاکە و مامە وەکو کارتێکی گوشار بۆ خۆیان سودیان لێوەرگرت.
پارتی و یەکێتی لەسەرەتای دروستبوونیانەوە دوو پارتی ئێراقچی و ئۆتۆنۆمیخواز بووین، کە رژێمی بەعس رووخا ئەوان لەسەر ئەو رەوتە ئێراقچیەی خۆیان بەردەوام بوون. واژوکردنی سیستەمی فیدرالی و مانەوەی کوردستان لە چوارچێوەی ئێراقدا بەبێ ناوهێنانی مافی چارەنوس و بەبێ هەبوونی شانسی گشتپرسی لەسەر جیابوونەوە لەلایەن ئەوانەوە بەشاگەشکەییەوە پەسەند کرا.
ئەوسا ئەوان وەکو دەسەڵاتێکی خۆسەپێندەری خاوەن میلیتس بەپشتگیری دیموکراسیانەی خەڵک دەسەڵاتیان نەگرتبووە دەست، هەروەکو گوێشیان بە هەڵوێستی خەڵک نەدا، بۆیە ئەوەیان کرد کە خۆیان لەبەرژەوەندیان دابوو.
ئێستا دوای ناسەرکەوتووییان لەسیاسەتی ئێراقیانەیاندا، دوای ناسەرکەوتووییان لە یەکخستنی گەل و دروستکردنی دەسەڵاتێکی یەکگرتووی نیشتیمانی ڕەوادا، دوای پشتگوێخستنی پرۆسەی دیموکراتیزەکردن و بەردەوامیان لە سیستەمی میلیتسگەرای پاوانچیانەی نانەتەوەییدا، دوای کەوتن لە دوای کەوتن و بردنی کوردستان بەرەو قەیرانی ڕامیاری و ئابوری، دوای درێژکردنەوەی دەسەڵاتی سەپێندراوی سەرۆک و حزب بەسەر کۆمەڵگەدا، دوای لەکارخستنی پەرلەمانە لاوازەکە، ئێستا لە کاتێکدا رەوایەتی نوێنەربوونیان نییە، لە کاتێکدا تاوانەکانیان کەڵەکە بووە و تا سەری لووتی خەڵک هاتووە، لەسەر بنچینەی بەرژەوەندی تایبەت و خێلەکیانەی حزب و سەرۆکدا، هاتوون هەستی نەتەوەیی بەخەلک دەفرۆشن و دەڵێن دەبێ ڕیفەراندۆم لەسەر سەربەخۆیی بکەین!
بێگومان بۆیە ڕیفەراندۆم دەکەن، تاکو تاوانەکانیان بەوجۆرە بەسەر خەلکدا تێپەڕێنن و لەوسەرەوە وەکو پاڵەوان خۆیان بەخەڵک پیشان بدەنەوە، هەروەها درێژە بە پێشێلکاریەکانیان بدەن. بێگومان لەبەر چاوی کاڵی خەلکی کوردستان نییە ریفەراندۆم دەکەن، بەڵکو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ئەوە دەخوازێ و ئێستا خۆیان ئەوەیان گەرەکە. ئەوان خەڵک وەکو ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەکار دەهێنن، ئەگینا ئەوان کەی گرنگیان بە را و هەڵوێستی خەڵک داوە. ئەوان هەمیشە ئەوەیان کردووە کە لەبەرژەوەندی تایبەتی سەرۆک و پارتەکەیان دابووە، چەندین نمونە لەمبارەیەوە هەن هێنانی سوپای تورکیا، ئێران، پاوانی نەوت و فرۆشتنی، ٣١ ئاب، مۆرکردنی رێکەوتنی نهێنی لەگەڵ داگیرکەران هتد.. لەو یاریەدا بنەماڵەی بارزانی رۆلی سەرەکی دەگێرن و سەرکردەکانی یەکێتی و پارتەکانی دیکەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان بەدوایان کەوتوون.

پرۆسەی ڕیفەراندۆم لەسەر سەربەخۆیی گەلێکی ژێردەستەدا بەشێوە دانپێندراو و مۆدێرنەکەی، دوای رێکخستنی دامەزراوە دادوەری، یاسایی، بەرێوەبەری، ئابوری و رامیاری و بەرگریەکاندا، دوای لابردنی دامەزراوە خۆسەپێنەر و نادیموکراسیەکان لە پرۆسەیەکی رەوای دیموکراتیزەکردندا دەکرێت، دەستوری نیشتیمانی بێلایەنی ناحزبی لە قۆناغی گواستنەوەدا دەنگی لەسەر دەدرێت، پاشان هەلبژاردنی رەوا و ئازاد دەکرێت، پەرلەمانی نوێ لەبەر رۆشنایی دەستوردا پرۆژەی سەربەخۆیی تاوتوێ دەکات و لە پەرلەمان پشتگیری بۆ پەیدا دەکات، پاشان دەیخاتە بەردەمی خەڵک، کە لە گشتپرسیەکدا دەنگ لەسەر سەربەخۆیی دەدرێت.

واتە بەرلەوەی ئەو هەنگاوە بهاوێژرێت، دەبێت وڵات خاوەنی دەسەڵاتیکی رەوای بەرێوەبەری، یاسایی، دادوەری بێت، خاوەنی سوپای نیشتیمانی دوور لە دەستێوەردانی حیزب بێت. دەبێ لانی کەم بوونی خۆی وەک دەسەڵاتێکی گونجاوی رەوا خۆی تاڕادەیەک سەڵماندبێت، ئەوجا ئەو هەنگاوە چارەنوسسازە بنرێت. کورد هەرچوارلای دوژمنە کەچی سەرانی دەسەڵاتی حزبی میلیتسگەرا بەو شەق و شڕیەی باشور، لەو بارە لاواز و نالەبارەیدا، لەژێر قەیرانی ئابوری و ڕامیاریدا و بێ بوونی ڕەوایەتی هەوڵی ئەو هەنگاوە دەدەن.

بەکورتی خەڵک لە ٢٠٠٥ دا گوتیان بەڵێ بۆ سەربەخۆیی هەرچەندە پارتی و یەکێتی گوێیان پێنەدا، ئێستاش لە ٢٠١٧ دا خەلک هەر دەڵێن بەڵێ بۆ سەربەخۆیی ئەگەر ئەوان گوێی پێ بدەن یا نەدەن، چونکە “سەربەخۆیی” خەونی لە مێژینەی خەڵی کوردستانە و خەڵک ئازادی تەواوی نەتەوەیی لە سەربەخۆییدا دەبینن. بۆیە پشتگیری خەلکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لەبەر لێزانی و قارەمانی پارت و سەرۆکەکان نییە. گەیشتن بەسەربەخۆیی ئاواتی هەموو کوردستانیانە، ئەوەش مافی رەوای خۆیانە.

دووبارە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان
بەڵێ بۆ دیموکراتیزەکردنی کوردستان و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی کوردستانی کراوە و ئازاد
نەخێر بۆ دەسەڵاتی نادیموکراسی خۆسەپێنەری بنەماڵەیی و حزبی چەکدار.