ڕۆژاڤا، دۆخەکە نە باشە، نە هێندەش خراپە، دیدێکی بان-حیزبی و بان-ئایدیۆلۆجی.. شێرکۆ کرمانج

لە دوای ئەوەی کە مەزڵووم عەبدی وتارەکەی لە دیمەشق پێشکەش کرد و هەڵوەشاندنەوە هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)ی ڕاگەیاند، جارێکی دیکە پرسی ڕۆژاڤای کوردستان بووەوە بە ڕۆژەڤ و مقۆمقۆیەکی زۆری لەنێو کوردستانیان دروست کرد. قسەکەران و شرۆڤەکاران بەسەر سێ بەرەدا، نەک دوو بەرە وەک زۆربەی خەڵک ئاماژەی پێ دەکەن، دابەش بوون. بەرەیەکیان ڕەخنەکانیان هێندە توند بوو کە دۆخەکەیان وەک هەرەس و شکست لە قەڵەم دەدا. بەرەی دووەم گۆڕانکارییەکان وەک دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ ڕۆژاڤا دەبین. بەرەی سێیەم، نە وەک شکست و نە وەک سەرکەوتن گۆڕنکارییەکان نابین، بەڵکوو وەک پاشەکشە لە هەندێک بوار و سەرکەوتن لە هەندێک کایەدا دەیانبینن، بە واتەیەکی دیکە دۆخەکە نە ئەو شکست ‌و تراجیدیایە کە هەندێک وێنای دەکەن، نە ئەو دەستکەوت سەرکەوتنەشە کە هەندێک بە بەژن و باڵایدا هەڵدەڵێن چونکە بەگشتی هەم شکست هەم سەرکەوتن ڕێژەیین، واتە دەبێت بەراورد بکرێن بە پێودانگی دیکەی مێژوویی. ئێمە لێرە مەبەستمان ئەو تەپڵ و دەهۆڵە ئایدیۆلۆجیاییانە نییە کە هەردوو بەرەی پڕۆ-پەکەکە و دژە-پەکەکە لێی دەدەن چونکە دیدە ئایدیۆلۆجییەکان کوێرانە و پێشوەختەن و بنەمایان لەسەر فاکت و لۆجیک دانەناوە، بەڵکوو دژ-بوون و پڕۆ-پوون ئاراستەیان دەکەن.
دید و تێگەیشتن و شرۆڤەکانی ئەم بابەتە خۆی زیاتر لە بەرەی سێیەمدا دەبینێتەوە و هەوڵیش دەدات بە بنەما لەسەر ئەو هەواڵ و گوتار و پێشهاتانەی کە لەم چەند ڕۆژەدا لە ڕۆژاڤا‌ـوە دەگەن، دەستکەوت و پاشەکشەکان دەستنیشان بکات تاوەکوو وێنە گەورەکە باشتر دەرکەوێت.
سەرەتا با دۆخەکە وەک ئەوەی کە نوێنەرانی خۆسەری لە ڕۆژاڤا نیشانی دەدەن ببینین ئینجا بێیەنە سەر سەرکەوتن و پاشەکشەکان، ئینجا شرۆڤە و ڕەخنە و پێشنیازەکان. فەتحوڵا حوسەینی، نوێنەری خۆسەری لە باشووری کوردستان لە گفتوگۆیەکی لە درەو میدیا هەندێک وردەکاری خستە ڕوو کە دەکرێت لەم خاڵانەدا کۆیان بکەینەوە:

یەکەم، هێزەکانی هەسەدە بە تەواوی هەڵناوەشێنەوە وەک ئەوەی میدیای عەرەبی بانگەشەی بۆ دەکات بەڵکوو دەبن بە چوار لیوای نیمچە سەربەخۆ و پێکهاتوو و کۆنتڕۆڵکراو لەلایەن کوردەوە، لانی کەم جارێ بەم شێوازە ڕێک دەخرێن (لیوای قامیشلۆ، لیوای کۆبانێ، لیوای حەسەکە، لیوای دێریک). واتە جۆرێک لە سەربەخۆیی خۆیان دەمێنێت و ئەرکی پاراستنی ناوچە کوردستانییەکان لە ئەستۆ دەگرن. پێدەچێت سەرکردایەتی ڕۆژاڤا نەیانەوێت ئەو پرسە زۆر گەورە بکەن لە ترسی تورکەکان و جادەی سووری.

دووەم، ئاسایش، کە کاروباری ئەمنی ناوچە کوردستانییەکان بەڕێوە دەبن لە پاڵ ئەمنی سووری بوونیان هەر ماوە، بەڵام ئاسایش باڵا دەستە و ئەمنە سوورییەکان بوونێکی ڕەمزییان هەیە، بەتایبەتی لە قامشلۆ و حەسەکە و دێریک و کۆبانێ، واتە لانی کەم لە ناوچە کوردستانییەکان بە گوندەکانیشەوە.

سێیەم، ئیدارەی خۆسەری وەک خۆی ماوە و بڕیارە هەر وەک خۆشی بمێنێتەوە بەڵام ببن بە بەشێک لە وەزارەتە سوورییەکان وەک هەر بوونێک لە دەوڵەتێکی ناوەندی. واتە فەرمانبەرە کورد و ناکوردەکان کە لە ئیدارەی خۆسەری دامەزرابوون لە شوێنی خۆیان کارەکانی هاووڵاتییان ڕایی دەکەن.

چوارەم، تا ئێستا هەر حەوت نوێنەرایەتیی خۆسەری لە دەرەوەی وڵات وەک خۆیان ماون و کارەکانی خۆیان درێژە پێدەدەن، ئەمە تا کەی وا دەمێنێتەوە دیار نییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەبێتە مایەی کێشمەكێش لە دواڕۆژ.

پێنجەم، بڕیارە لیوایەک بۆ عەفرین، هاوشێوەی قامشلۆ و حەسەکە و کۆبانێ و دێریک، دروست بکرێت، ئەمە نەکراوە چونکە چەتەکانی سەر بە تورکیا هێشتان لە عەفرین زاڵن، بەڵام پێ دەچێت سوورییەکان بە سەرەزارەکیش بێت ڕەزامەندییان لەسەر دابێت. هەر چۆنێک بێت، بکرێ زۆر باشە، نەشکرێت ئێجگار خراپە، نەک هەر بۆ عەفرین، بەڵکوو نیشانەی ئەوە دەبێت کە ڕازییبوونی سوورییەکان بۆ بوونی لیوا کوردییەکان لە ناوچەکانی دیکەش کاتییە و دۆخی دیفاکتۆ سەپاندوویەتی نەک ڕەزامەندییەکی دووقۆڵیی.

شەشەم، خەریکە ناوچە، کوردییەکان وەک هەرێم ناودەبرێن، ئەمە و تەواوی ئەو دۆخەی کە لە خاڵەکانی سەرەوە ئاماژەیان پێکرا، نیشانەی سەپاندنێکی ناڕاستەوخۆی فیدرالییە بۆ ناوچە کوردستانییەکان لە سووریا.

حەوتەم، ڕێگەدان بە خوێندن بە زمانی کوردی. ئەم هەنگاوە نوێ نییە چونکە خوێندن بەشێوەیەکی یاسایی، بەڵام نەک دەستووریی، لەو مەرسومە کۆمارییەی کە سەرۆکی سووریا دەری کردبوو وەک زمانی نیشتمانیی، نەک زمانی فەرمی، دانی پێدا نراوە. ئەمەش یەکەمجارە کە دان بە زمانی کوردی دەنرێت لە سووریا. وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاش فەرمانێکی دەرکردووە بۆ جێبەجێ کردنی ئەم یاسایە، بەڵام هێشتان چوارچێوەکانی بە تەواوی ڕوون نییە. ئەوەی جێگەی نیگەرانی منە ئەوەیە کە ئەم یاسایە خوێندن لە ئاستی زانکۆدا نەگرێتەوە چونکە ئەگەر خوێندن لە ئاستی زانکۆکانی ڕۆژاڤا، وەک زانکۆی کۆبانی، کوردی نەبێت ئەوە کاریگەریی لەسەر خوێندنی کوردی لە ئاستەکانی دیکەش دەبێت و وردە وردە زمانی کوردی گرنگی و پێگەی خۆی لە دەست دەدات.

هەشتەم، یەپەژە وەک کوتلەیەک، بەشێکیان نەک هەموویان، نزیکەی ١٥٠٠ کەسیان، دەخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆ نەک وەزارەتی بەرگریی. ئەمە جۆرێکە لە ڕازیکردنی هەردوولایەن، چونکە سوورییەکان قەبوڵیان نەدەکرد کە ژن لە سوپادا جێگەیان بکرێتەوە، هاوکات کوردانی ڕۆژاڤا ڕازی نەبوون کە یەپەژە هیچ ڕۆڵێکی نەبێت، بۆیە خراونەتە سەر وەزارەتی بەرگریی.

ئەمانەی سەرەوە ڕەوشی ڕۆژاڤایە لەم ساتە وەختەدا کە زیاتر بە بنەما لەسەر قسەکانی فەتحوڵا حوسەینی خراونەتە ڕوو، کە دەکرێت وەک ڕاستییەک وەری بگرین، بەڵام ڕاستییەکی کاتیی، نەک سەپا و کۆنکریتی. هەر چۆنێک بێت من پێم وایە دۆخی ڕۆژاڤا پاشەکشەی کردووە بەس بەتەواوی نەکەوتووە، ئەمن ئەم قسەیەم لە بابەتێکدا لە سەرەتای ئەم ساڵیش کرد و هۆکارەکانی پاشەکشەکەشم زیاتر گێڕایەوە بۆ ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە گەورەیەی کە تورکیا و قەتەر سەرکردایەتیان دەکرد، کە وای کرد ڕۆژاڤا بەتایبەتی دوای کشانەوەی ئەمریکییەکان لە هاوکێشەکە، دەرەقەتی گەلەکۆمەکییەکە نەێت. کوردانی ڕۆژاڤا بۆ ڕزگارکردنی گیانی هاونیشتمانییەکان و دوورخستنەوەی جینۆساید بە کەمترینی کە دەیانتوانی وەدەستی بێنن ڕازی بوون.

هاوکات، ئەو دەستکەوتانەی لەسەرەوە خرانە ڕوو پێمان دەڵێن کە دۆخی کورد لەوەی کە لە ٢٠٢٥ تێیدا بوو خراپترە بەڵام زۆر لە دۆخی ٢٠١١ی سەردەمی ئەسەدەکان باشترە. تا ٢٠٢٥ جوگرافیای ژێردەستی کوردانی ڕۆژاڤا دوو هێندی ئەوەی ئێستا لەژێر دەستیان دایە زیاتر بوو، ئەمەش پاشەکشەیەکی زەقە بەڵام ناکرێت ئەوە لەبیر بکەین کە بەشی هەرە زۆری ئەو ناوچانەی لەدەست دران، ناوچەی عەرەبنشین بوون. لە دەستدانیان زۆر شتی بۆ کوردانی ڕۆژاڤا ڕوون کردەوە ئەوە ئەگەر نەڵێین سەلماندی، پێش هەموویان کە “برایەتی گەلان” ئەگەر نەڵێم درۆیەکی گەورە بوو، ئەوە بە سانایی دەتوانین بڵێین کە لە دروشمێکی بێبنەما زیاتر هیچی دیکە نەبوو و نییە. ئەوە مانای ئەوە نییە کە نەتەوەکان و گرووپەکان دوژمنی هەتاهەتایین، بەڵکوو ئەوە مانای ئەوەیە کە نەتەوەی داگیرکەر برایەتی نەتەوەی داگیرکراو قەبووڵ ناکات، بەڵکوو هەمیشە چاوەڕوانی ملکەچییەتی. گۆڕانی ئەم عەقڵییەتە بە دەسەڵاتێکی لەرزۆک و ناسەقامگیر و هەڕەشە لەسەری وەک کورد زەحمەتە. بەهەر حاڵ، ئەوە پرسی سەرەکی ئەم کورتەبابەتە نییە.

بەکورتی، ئەگەر دۆخی کوردانی ڕۆژاڤا بە سەردەمی ئەسەدەکان (باوک و کوڕ) لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووە و تا ٢٠١١ بەراورد بکەین و ئەو قۆناغانەی ئەوکات بکەین بە پێوەر ئەوە ئەوەی ئێستا خەریکە بەدەست بێت ئێجگار گەورەیە، لە ڕاستیدا وەرچەرخانێکی مێژووییە چونکە کوردی لەژێر سفرەوە گەیاندۆتە دانپێنان بە بوون و بە زمان و کولتووری، تا ڕادەیەکیش بە جوگرافیای کوردی، نەک جوگرافیای کوردستانیی. خۆ ئەگەر دۆخەکە بە تاف و هەڕەتی سەردەمی زێڕینی ڕۆژاڤا (٢٠١٧-٢٠٢٤) بەراورد بکەین، ئەوە بەدڵنیاییەوە ڕۆژاڤا لە ڕووی هێزی سەربازییەوە، لە پێگە ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکەیەوە، لە ڕووبەری خاک و جوگرافیاکەیەوە بەتایبەتی، پاشەکشەی بەرچاوی کردووە.

ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە دۆخەکە دەڵەمەییە، داخۆ ڕۆژاڤا ئەوەی ئێستا بەدەستی هێناوە لێی کەم دەکرێتەوە یان بە تەواوی لە دەستی دەدات، یان دەبن بە بنەما بۆ دەستکەوی زیاتر، ئەوە دەوەستێتە سەر کۆمەڵێک فاکتەر پێش هەموویان وابەستەیە بە ئازادی بڕیاری سیاسی ڕۆژاڤا، بەتایبەتی خۆڕزگارکردنی لە کۆتوبەندە ڕێکخراوەییەکانی پەکەکە و قەندیل لەلایەک و سنوور و ڕێچکە ئایدیۆلۆجییەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان. ئەم قسەی من هی ئەمڕۆ نییە و زادەی گۆڕانکارییە نوێکان نین، لە ڕاستیدا، من لە ٢٠١٥ەوە داوا دەکەم کە سێبەری ئۆجەلان و قەندیل بەسەر ڕۆژاڤا کەم بکرێتەوە. ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئەوەی لە ڕۆژاڤا بەدەست هات قەندیل و ئۆجەلان هیچ ڕۆڵیان تێدا نەبووە، بەڵام ئەوەی هەستی پێ دەکرێ، ئەگەر لەسەرەتا ئەوان ڕۆڵی ئەرێنیان بوو بێت، ئەوا لەگەڵ گەشەکردن و بەرەوپێشڤەچوونی دۆخەکە و دەستکەوتەکان ئەوا ڕۆڵی ئایدیۆلۆجیا و وابەستەیی بە قەندیل و ئۆپۆچییەتیی کاریگەریی نەرێنیان زیاتر بوو لە ئەرێنی.

لە پاڵ ئەم هۆکارە ناوخۆییانە، گۆڕانکاریی لە هاوکێشە ناوخۆییەکان (وەک: ململانێی هێزە میلیشیاکانی ناو سووریا؛ دەسەڵات و تێکۆشان و ڕازیبوون یان یاخیبوونی عەلەوییەکان و دروزەکان)؛ لە هاوکێشە ئیقلیمییەکان (وەک: ململانێکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بەتایبەتی لەناو سووریا) لەگەڵ هاوکێشە جیهانییەکان (وەک: شەڕی ئەمریکا و ئێران)، هەموویان بەسەریەکەوە کاریگەرییان لەسەر بەرەوپێشچوون و کۆنکریتبوون یان پاشەکشەکردن و هەڵوەشانەوەی ئەوەی بەدەستهاتووە دەبێت. بە واتایەکی دیکە، ئەگەر ململانێکان لە قازانجی کورد بێت (بۆ نموونە، داوای دروستکردنی هەرێم و بەفیدرالبوونی ناوچەی عەلەوییەکان و دروزەکان بەرزبکرێتەوە؛ یان شەڕی ناوخۆ لە نێوان گرووپە جیاجیاکانی سووریا هەڵبگیرسێت)؛ یان ململانێکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بگاتە دۆخی بەیەکدانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ؛ یان ئەوەتا، شەڕی ئەمریکا و ئێران بە ئاراستەیەکدا بڕوات کە جارێکی دیکە ئەمریکا پێویستی بە تواناکانی کوردە بێت. هەر یەکێک لەم ئەگەرانە بە تاک یان بە کۆ لە قازانجی کورد بن تای تەرازوو بەلای کورد دا دەشکێتەوە، پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە، بۆیە وەسفکردنی دۆخەکە بە دەڵەمیی لە ڕاستی لە هەموو شتێک نزیکترە.
لەم ئانوساتەدا، ناکرێت ئەوە لەبیر بکەین کە یەکێک لە دەستەکەوتەکانی ئەم گۆڕانکارییانەی ئەم دوایە، بە دیفاکتۆش بێت، ئەوە بووە کە کوردانی ڕۆژاڤا زیاتر بۆ باوەشی کورد و کوردستانیبوون گەڕاونەتەوە هەم لەسەر ئاستی گوتار، هەم کردار. لەسەر ئاستی گوتار ئەمە بە ئاشکرا لە قسە و لێدوانەکانی سەرکردەکانی ڕۆژاڤا دەردەکەوێت. لە ئاستی کرداریش هەم لە شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ دیمەشق هەم لەگەڵ هەولێر و سلێمانی ئەمە بەڕوونی بەدی دەکرێت.
لە کۆتاییدا گرنگە دوو قسە لەسەر ئەوەش بکەین کە گرنگە کوردانی ڕۆژاڤا لە ئەزموونی ڕابردوویان چەند دەرسێک فێر بن، بەتایبەتی لەوەی کە قووڵایی ستراتیجی ئەوان لە باشوور و ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستانە، واتە لە نیشتمانپەروەریی کوردستانیی، نەک لە ئایدیۆلۆجیا یۆتۆپیاکانی وەک نەتەوەی دیموکراتیک و برایەتی گەلان و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و ئەنارشیزم و دژە-دەوڵەتی، کە هیچ شتێک ئەو ڕاستییەی نەسەلماندبێت ئەزموونی چەند مانگی ڕابردووی ڕۆژاڤا ئەو گومانانەی ڕەواندەوە.

شێرکۆ کرمانج




ئەگەر ئەمە سەر بگرێت، پەکەکە بە دەستی خۆی خۆی وەک تیرۆریست دەناسێنێت!.. شێرکۆ کرمانج

ئەمن نازانم لە داهاتوو چی ڕوو دەدات، دەکرێت ئەم پڕۆژەیاسایەی کە بەناوی “بەهێزکردنی هاوپشتی نیشتمانیی و ئامێزانی کۆمەڵایەتی” ڕاپێش کراوە، لە داهاتوودا دەرگایەک بە ڕووی کورد دا بکاتەوە و لەوێدا لە مەیدانی سیاسی و پەرلەمانی ئەسپی خۆی تاودا، بەڵام ئەوەی لەو دەقە بە چاوخشانێکی خێرا هەڵدەهێنجرێ، زۆر بە کورتی چونکە قسەی زیاتر هەڵدەگرێت، ئەمانەن:
یەکەم، پەکەکەییەکان یان ماندوو و شەکەت بوون و تاقەتی شەڕیان نەماوە و توانای بەرەنگاری و درێژەدان بە خەباتی چەکداریان گەیشتۆتە سفر، یان بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان، یان هەردووکیان بەسەریەکەوە، ئەوا ئامادەن خۆیان و مێژووی خۆیان بەدەستی خۆیان لەکەدار بکەن و نازناوی “تیرۆر” بەناوچەوانی خۆیان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی لە باکوور وەنێن. چونکە وەک لە دەقی پڕۆژەیاساکە بە ڕاشکاوی لە ماددەی پێناسەکان، دەڵێت: “”Organization” means the PKK/KCK terrorist organization and all affiliated formations thereof “، واتە، مەبەست لە “ڕێکخراو” ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە و کەجەکە و هەموو ئەو ڕێکخراوانەشە کە پەیوەنددارن بە پەکەکە و کەجەکە. لەوانەیە کەسانێک هەبن بڵێن جا خۆ تورکیا هەر بە پەکەکە و کەجەکەی گوتووە تیرۆریست. وەڵام بەڵێیە، ئەمە ڕاستە، بەڵام: یەک، ئەمە دەقێکی فەرمیی و یاساییە و کاریگەریی زۆر زیاتر و جیاوازترە لە بەیانات و قسە و پڕوپاگەندەی دەوڵەت. دوو، دەیان ئەندامی دەم پارتی نزیک لە پەکەکە واژۆیان کردووە، کە نوێنەرایەتی کورد دەکەن لە باکوور. ئەمەش واتە نەک هەر تورک و دەوڵەتی تورکیا پەکەکە و کەجەکە و پەیوەندارەکانیان بە تیرۆریست لە قەڵەم داوە و ناوزەد کردووە، بەڵکوو مانای ئەوەیە کە کورد خۆشی ئەم ڕێکخراوانەی وەک تیرۆریست ناساندووە. لە کوێش؟ لە دۆکیومێنتێکی فەرمیی-دەوڵەتیی‌ـدا، کە تا دەیان ساڵیدا یاساناسان و سیاسەتوانان و توێژەران دەگەڕێنەوە سەری.
دووەم لەوەش ترسناکتر، ئەم پڕۆژەیاسایە پێ داگری لەسەر ئەستۆپاکی دەوڵەتی تورکیا لە سەد ساڵ جینۆساید، زمانکوژی، کولتوورکوژی، ژینگەکوژی و تواندنەوەی لانی کەم دە (١٠) ملیۆن کورد لە تورکیا، دەکات چونکە لە دەقەکە نەک هەر پەکەکە و چەکدارەکانی وەک تاوانبار نیشان دەدات، بە یەک وشەش ئاماژەی بە کردەوە و ڕەفتارە شۆڤینی و دژە-کوردییەکانی دەوڵەتی تورکیا نەکردووە. بەکورتی، ئەمە کارنامەی خۆتاوانبارکردنی کورد و بەرائەتی تورکە.
سێیەم، ئەم دەقە تەسلیمبوونەوەی پەکەکە و هەموو ڕێکخراو و دامەزراوەکانی پەکەکەیە بەبێ هیچ گەرانتییەک و داواکردنی هیچ مافێک. لەوانەیە کەسانێک بڵێن ئاخر ئەوە تەنیا یاسای لێخۆشبوونی ئەندامانی پەکەکەیە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەدی بۆ هەر لە هەمان دەق چەندین گەرانتی بۆ لایەنەکەی دیکە فەراهەم کردووە. لە ڕاستیدا، هەر لەو دەقە دەوڵەتی تورکیا دوو گەرانتی زۆر گرنگی مسۆگەر کردووە. یەک، دەبێت پەکەکە هەموو چەکەکانی تەسلیم بکات، خۆی بەتەواوی هەڵوەشێنێتەوە لەگەڵ هەموو دامودەزگاکانی و ڕێکخراوە پەیوەندارەکانی (کە دەکرێت پەیەدە و هەسەدەش بگرێتەوە) ئینجا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بە بڕیارێک ئەوە پشتڕاست بکاتەوە، ئەوسا ئەم لێخۆشبوونە دەخرێتە مەیدانی جێبەجێ کردن، کە وابزانم شەش مانگی بۆ دانراوە. واتە، ئەگەر عەوەل پەکەکە مەرجە سەپێنراوەکانی سەری جێبەجێ نەکات، ئەوە دەوڵەتی تورکان هیچ هەنگاوێک ناهاوێت. دوو، دەوڵەتی تورکیا لە دادگاییکردنی هیچ کەسێک خۆش نابێت بەڵکوو ئەوانەی کە داواکراون و مەحکەمەیان لەسەرە، کە هەموو ئەندامانی پەکەکە داواکراون لەلایەن دادگاوە (مەگەر کەسێک پەیوەندی بە پەکەکەوە کردبێت کەس نەیزانیبێت)، تەنیا دادگاییکردنیان دوا دەخرێت بەپێی تاوانەکانیان. بۆ هەندێکیان پێنج ساڵ دوا دەخرێت و بۆ هەندێکی دیکە دە ساڵ. ئەمەش مانای ئەوەیە کە دەوڵەت حەز بکات دەتوانێت بە ئاسانی تەشقەڵە بە گەڕاوە و تەسلیمبووەکان بکات.
بەکورتی، ئەمە ڕەشنووسە و هیوادارم نەچێتە بواری جێبەجێکردن و دەرفەت مابێت بۆ ئەندامانی کورد لە پەرلەمانی تورکیا و لیژنەکان کە بەبنەما لەسەر ڕەخنەکانی ئێمەمانان پێداچوونەوە و هەمواری بکەن. ئەگەر ئەمە نەکرێت، ترسناکترین خاڵ لەم پڕۆژەیە خۆتاوانبارکردنی پەکەکەیە بەدەستی خۆی، ئەمەش لێکەوتەی ئێجگار قورسی بۆ خەبات و تێکۆشانی کوردانی باکوور دەبێت. بەپێی ئەم پڕۆژەیەیاسایە، پەکەکە دەڵێت، من هەڵە بووم، من تیرۆر بووم، من جودایخواز بووم، ئێوەش لەسەر حەق بوون.




بەعەرەبکردنی کورد یان بەعەرەبستانکردنی کوردستان: وەڵامێک بۆ ڕێبوار سیوەیلی.. شێرکۆ کرمانج

لە بابەتێکی ڕەخنەئامێز و ورد و پڕزانیاری و قووڵ و فیکری لەمەڕ بەکارهێنانی چەمک و چەمکسازیی، نووسەر و ڕووناکبیر، ڕێبوار سیوەیلی، ڕەخنەیەکی ئێجگار زۆری لە بابەتێکی من گرتووە کە بە ناونیشانی “تەعریب و تەرحیل، ئامرازەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ لەناوبردنی کورد” لە ماڵپەڕی سەکۆ بۆ نیشتمانسازی بڵاو بۆتەوە. بەشێکی ڕەخنەکانی بەڕاستی نەک هەر جێگەی دەستخۆشییە بەڵکوو شایستەی هەڵوەستەکردنە چونکە چوارچێوەی فکری و تیوری تێگەیشتن و توێژینەوە لەپەیوەند بە پڕۆسەکانی تەعریب و تەرحیل و جینۆسایدی کورد لە عێراق فراوانتر و قووڵتر دەکاتەوە و دەیبات بۆ ئاستێکی باڵای ئەکادیمی و زانستی، بۆیە خوێنەران هاندەدەم بۆ خوێندنەوەی، کە هەمدیسان لە ماڵپەڕی سەکۆ بەناونیشانی “لە «تەعریب»ەوە بۆ «بەئەویدیکردن»: لە وەڵامنامەیەکدا بۆ شێرکۆ کرمانج” بڵاو بۆتەوە.
لە هەمووی گرنگتر، بابەتەکەی سیوەیلی بۆ من وەئاگاهاتنەوەش بوو لەوەی کە نەک هەر ئەو خۆی بە هەڵە لە هەندێک چەمکەکانی کە من بەکارم هێناون گەیشتووە، بەڵکوو بۆ خۆشم لە پلەبەندی و گرنگی و چەمکەکان بەئاگاهاتمەوە. لە هەمووی زەقتر، وەک لە ناونیشانی بابەتەکەی پێشووتری من دەردەکەوێت، من تەعریب‌ـم وەک ئامرازێک بۆ لەناوبردنی کورد بەکارهێناوە، کەچی لەڕاستیدا، وەک لەم بابەتەش هەوڵدەدەم بیسەلمێنم، تەرحیل و جینۆساید وەک ئامراز بۆ تەعریبی کوردستان بەکارهاتوون. ئەوە بەو مانایەیە، ئەگەر ئەمڕۆ بابەتەکە بڵاو بکەمەوە ئەوە بەو ناونیشانە بڵاوی دەکەمەوە: “تەرحیل و جینۆساید، ئامرازەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ تەعریبکردنی/بەعەرەبستانکردنی کوردستان.” لە خوارەوە هەوڵدراوە گفتۆگۆ و شرۆڤەی ئەو چەمک و زاراوانە بکرێن و وەڵامێکیش بۆ ڕەخنەکانی سیوەیلی بخەمە ڕوو کە دواجار ببێتە مایەی فراوانتربوونی تێگەیشتنەکانمان بۆ پڕۆسەکانی تەعریب و ئەنفال و جینۆسایدی کورد لە باشووری وڵات و بەشدارییەکیش بێت لە ئەدبیاتی کوردی لە پەیوەند بەو پرسانە.
سەرەتا دەمەوێت ئەوە ڕوون بکەمەوە کە سەکۆ بۆ نیشتمانسازی لە نووسیندا پلەی ئەکادیمی (وەک دکتۆر) یان پێشگری وەک بەڕێز و کاک بەکارناهێنێت، بۆیە سەرەڕای ئەوەی کە ڕێبوار سیوەیلی ئەم جۆرە پلە و پێشگرانەی لە نووسینەکەی خۆیدا بەکارهێنابوو بەڵام سەکۆ لایداون. منیش لێرە پابەند دەبم بە ستایلی سەکۆ و پێشگر و پلەی ئەکادیمی بەکارناهێنم، ئەگەرنا ڕێبوار سیوەیلی چ وەک ئەکادیمی چ وەک هاوڕێ ڕێزی تایبەتی هەیە لای من. با بگەڕێینەوە سەر کڕۆکی پرسەکە، لەم بڕگانەی خوارەوە هەوڵدەدەم هەڵوەستەی زیاتر لەسەر ئەو خاڵانە بکەم کە هاوڕانیم لەگەڵ سیوەیلی، ئەوانەشی کە هاوڕام لێرە و لەوێ ئاماژەیەکی خێرایان پێ دەکەم.
بەکورتی، دەتوانم ڕەخنەکانی سیوەیلی لە دوو خاڵدا کورت بکەمەوە، یەکەمیان هەڵەتێگەیشتنێک لە پێناسە و تێگەیشتنی من بۆ هەندێک چەمک، بەتایبەتی چەمکی “تەعریب”؛ دووەمیان، تێگەیشتنی جیای ئەو بۆ هەندێک چەمک و دەستنیشانکردنی هەندێک ڕەهەند و لێکەوتە و دەرئەنجامی پڕۆسەکانی تەعریب و تەرحیل و جینۆساید کورد لە عێراق، کە بەشێکیان من یان پەیم پێ نەبردبوون یان لە شوێنی دیکە نەک لەو بابەتەی کە جەنابی خستبوویە ژێر زەڕەبین باس و شرۆڤەم کردوون. لە خوارەوە گفتوگۆی ڕەخنە و سەرنجەکانی سیوەیلی دەکەم، لەپاڵ ئەویش قووڵتر و وردتر شەنوکەوی پڕۆسە و چەمکی تەعریب دەکەم.

یەکەم، “تەعریب” لای سیوەیلی و لای من
سیوەیلی کێشەی سەرەکی لە توێژینەوەکەی مندا لەوەدا دەبینێت کە گوایە من زاراوەی “تەعریب” بۆ “گونجان” و “خۆگونجاندن”ی کورد لە عێراق دا دەبینم و بەکاردێنم. ئەو دەڵێت: “کاتێک دەگوترێت تەعریب، وا دەگەیەندرێت کە دەسەڵات هەوڵی داوە کورد وەک هێزێک بەشدارى پێ بکات لە ناو جەستەی نەتەوەی عەرەب یان شارستانیەتی ئیسلامیدا، واتە کورد ڕابهێنێت تا شانازیى بە عەرەببوونەوە بکات. لە ڕاستیدا، من هیچ کاتێک “تەعریب”م نە بەو شێوەیە بینیوە، نە وا پێناسەم کردووە، نە پێم وابووە دەوڵەتی عێراق مەبەستی لە تەعریب “گونجان” یان “خۆگونجاندنی” کورد بووبێت.
تا ئەو ڕادەی من ئاگادار بم، وەک لە کتێبێکی عارف قوربانی دەردەکەوێت، یەکەم کەس کە زاراوەی تەعریبی لە ئەدەبیاتی فەرمی دەوڵەتی عێراقی‌دا بەکار هێنابێت، قائید فرقەی کەرکووک لە سوپای عێراق‌‌دا بووە. ئەو لە نامەیەکدا کە لە ١٩٢٩ بۆ سەرۆکی ئەڕکانی سوپا نووسیویەتی، دەڵێت: ئەو عەرەبانەی ئێستا لە کەرکووک‌ـن ژمارەیان زۆر کەمە ناتوانرێت پشتیان پێ ببەسترێت بۆ تەعریبکردنی کەرکووک، بۆیە داوا دەکەم کە عەرەب بنێرن بۆ پارێزگاکە. ئەم دەربڕینەی قائید فرقەی کەرکووک دوو ڕاستیی گرنگ دەردەخەن، یەکەم، کە پەیوەندی بە پێناسەی تەعریبەوە هەیە و خاڵی ناکۆکی سیوەیلی و منیشە، ئەویش ئەوەیە کە مەبەست لە تەعریب هێندەی ‌هێنانی عەرەبە بۆ کوردستان هێندە بەعەرەبکردنی کوردەکانی کەرکووک و کوردستان نییە. ئەگەر مەبەست لە تەعریب “گونجاندن” یان “خۆگونجاندن” بوایە، قائید فرقە دەکرا لەبری ناردنی عەرەب داوا بکات کە هاوکاری ماددی بکرێت، یان یاسای نوێ دەربکرێت، تاوەکوو کوردەکانی کەرکووک بەعەرەب بکەن. بەڵام، لەبەر ئەوەی مەبەست زەوتکردن و داگیرکردنی خاک بووە بۆ هەتاهەتایە، بۆیە داوای ناردنی عەرەب دەکات تاوەکوو لە پڕۆسەیەکی درێژخایەن و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا، ژمارەی عەرەب لە کەرکووک زیاد بکرێت. دیارە دواتر دەرپەڕاندنی کوردیشی لەو پارێزگایە هاتە سەر، هاوشانی هێنانی عەرەب. دووەم، بە بنەما لەسەر ئەوەی کە ئەم نامەیە لە فەرمانبەرێکی دەوڵەتییەوە، لە خوارەوە بۆ سەرەوە نێردراوە، هاوکات، لەبەر ئەوەی نامەکە بەبێ پێچوپەنا، بەئاشکرا ئاماژە بە زاراوەیەکی ئاوەها لە دەقێکی فەرمیدا دەکات، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، نیاز و کردەی تەعریب لە ئاستی باڵا لە دەوڵەت و حکومەتدا گفتوگۆی لەسەر کراوە و پلانی بۆ داڕێژراوە.
تێگەیشتن و پێناسەی من بۆ “تەعریب”، دەتوانم بڵێم مەبەستی دەوڵەتی عێراقیش لە تەعریب، وەک لە کورتە-توێژینەوەکەی چەند ڕۆژ پێشووتر ئاماژەم پێ کردووە، ئەوەیە کە تەعریب “ستراتیجیەتێکی سیاسیی حکوومەتەکانی عێراق بوو… کە بەشێوەیەکی سیستەماتیک داڕێژرا بوو بۆ گۆڕینی دیموگرافیا و ناسنامەی ناوچە پلان بۆ دانراوەکان، ئەویش بە دەرکردنی کوردەکان ‌و نیشتەجێکردنی عەرەبی هاوردەکراو… لە جێگەی کورد.” ڕوونتر بڵێم:
• دەوڵەتی عێراقی لە “تەعریب” پێش ئەوەی مەبەستی تاکی کورد، وەک کەس، بێت تاوەکوو بیکات بە عەرەب، وەک ئەوەی سیوەیلی باسی لێوە دەکات، ئامانجی ئەندامانی کۆمەڵگەی/نەتەوەی کورد بووە لە شوێنی جیا جیا لە باشووری کوردستان (بۆ زانیاری زیاتر، تەماشای کتێبی “شوناسی عێراق”، ل.ل. ٣٦٢-٣٧٦ بکەن).
• لە تەعریبدا/بەعەرەبکردندا، کورد لە ناوچە کوردستانییەکان دەرپەڕێندراوە، ماڵوحاڵی دەستی بەسەردا گیراوە، خانووبەرەی سووتێنرا یان داڕمێنراوە، واتە کورد سڕێنراوەتەوە (cleansed) لەو ناوچانە. ئینجا عەرەبی هاوردە هێنراوەتە جێگەیان، پارەیان پێدراوە، خانوویان بۆ دروستکراوە، قەردیان بۆ تەرخان کراوە، پڕۆژەیان بۆ فەراهەم کراوە، هتد. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کورد وەک تاک بە ئامانج نەگیراوە بەڵکوو وەک نەتەوە، هاوکات وەک خاک و زێد و نیشتمان، واتە کوردستان بە ئامانج کراوە.
• مەبەستی پشت تەعریب “گونجاندنی” کورد نەبووە لە عێراق‌دا، بەڵکوو ئامانج داگیرکردنی خاکەکەی بووە، واتە مەبەست بەعەرەبکردنی کورد نەبووە بەڵکوو بەعەرەبستانکردنی کوردستان بووە، ڕێک وەک ئەوەی کە نیشتیمان عەبدولقادر، شاعیر، لە سەرنجێکی لەسەر بابەتەکەی سیوەیلی دەری بڕیوە.
• بۆ سیاسەتوانە عێراقیییەکان بەگشتی و بەعسییەکان بەتایبەتی، کورد “میوانە” لەسەر “خاکی عەرەب” (تەماشای دەستووری ١٩٤٧ی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی بکە، کە ئێستاش لەم لینکە وەک خۆی دەستکاری نەکراوە)، بۆیە یان دەبێت خاکەکە بەجێبێڵێت یان دەبێت بتاوێنرێتەوە و لە کوردبوون داماڵدرێت. بەڵام وەک لە پڕۆسەی تەعریب دەردەکەوێت، دەوڵەتی عێراقی بەگشتی ئەوەی یەکەمی هەڵبژاردووە، هەربۆیەشە، لەسەر خاکی خۆی دەری دەکات و عەرەب دێنێتە جێگەی. ئەمە نە “گونجاندنە” نە “خۆگونجاندن”، وەک ئەوەی سیوەیلی پێناسەی دەکات.
• بە سەرنجدانێکی خێرا لە پڕۆسەی تەعریب بۆت دەردەکەوێت کە دەوڵەتی عێراقی هەر لە دوای دامەزراندنییەوە درێژەپێدەر و هەمان ئەو پڕۆسانەی تەعریبی جێبەجێ کردووە کە بەدرێژایی مێژوو لە دژی کورد و کوردستان پەیڕەوکراوە، کە خۆی لە بەخشکەیی هاتنی عەرەب بۆ باکوور و ناچاکردنی کورد بۆ هەڵکشان بۆ شاخەکان، دەبینێتەوە. ئەمە لە نەمانی (یان ئێجگار کەم بوونی) کورد لە بەدرە و جەسان و مەندەلی و جەلەولا و حەویجە و قەراج و دەشتی نەینەوا و سیمێڵ و زومار و شنگال دەردەکەوێت. لەم ناوچانە بەگشتی کوردێک بوونی نییە کە کاتی خۆی خۆی گونجاندبێت یان دەوڵەتی عێراق ئەوی گونجاندبێت. تەعریب بە واتەی بەعەرەبکردنی کورد نایەت، بەڵکوو بە مانای سڕینەوەی کورد لە زێد و نیشتمان و زەوتکردنی خاک و وڵاتەکەی دێت. من هەر ئاوای تێگەیشتووم و پێشم وایە دەوڵەتی عێراقی هەر ئەوە مەبەستی بووە لە تەعریبدا.
• هەر کاتێک گوندێک تەعریب کراوە، خەڵکەکەی یان لەناوبراون وەک لە حالەتی ئەنفال، یان تەرحیل و تەهیجیر کراون وەک لە حالەتی گوندەکانی کەندێناوە. ئێمە لە گابەرەکە دوو جار گوندەکەمان بەر هەڵمەتی تەعریب کەوتووە، لە ١٩٦٣ و ١٩٨٧، هیچ جارێک دەوڵەتی عێراقی داوای لە خەڵکی گابەرەکە نەکردووە وەرن ببن بە عەرەب و لێتان خۆش دەبین، بەڵکوو هەر دوو جارەکە ئێمە دەرپەڕێنراوین، گوندەکەمان خاپوور کراوە، ئینجا عەرەبیان هێناوەتە سەر خاکی ئێمە. ئەمە “گونجاندن” و “خۆگۆنجاندن” نییە بەڵکوو ئەمە زەوتکردن و داگیرکردنی خاک و وڵاتە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە تەعریب پێش لەناوبردنی کورد مەبەست لێی سڕینەوەی کوردستان بووە، وەک خاک و نیشتمانی کوردستانیان. کەسەکان چیان بەسەر دێت بۆ عێراق کێشە نەبووە، چونکە بۆ ئەوان خاک گرنگ بووە، ڕێک وەک ئەوەی ئیبراهیم مەلازادە، ئەکادیمی، لە کۆمێنێکدا بۆ ڕێبوار سیوەیلی لەسەر بابەتەکەیدا نووسیویەتی.
• لە درێژەی ڕەخنەکانی، ڕێبوار سیوەیلی دەڵێت: ئێمەمانان بۆیە زاراوەی تەعریب بەکاردێنین چونکە «دەوڵەت خۆی لە بەڵگەنامە فەرمییەکانیدا (وەک بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش) زاراوەی تەعریبی بەکارهێناوە، بۆیە بەکارهێنانی لە ئەکادیمیادا بەڵگەیەکی کۆنکرێتیی مێژوویی و کارگێڕییە.» من دەڵێم نەخێر لەبەر ئەوە نییە بەڵکوو لەبەر هۆکاری دووەمە کە بەڕێزی هەر لەوێدا ئاماژەی پێ دەکات و دەڵێت «تەعریب ئامانجە سیاسییەکە بوو و ئەنفال و تەرحیل ئامرازی توندوتیژ بوون بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.». بەڵێ، ئەنفال و تەرحیل و تەهجیر و جینۆساید هەموویان ئامراز و میتۆدی گەیشتن بە تەعریب بوون کە دوا ئامانج بەعەرەبستانکردنی کوردستان بوو، چونکە مەبەست لە تەعریب “گونجاندن” و “خۆگونجاندن” نەبوو بەڵکوو ڕیشەکێشکردنی بوونی کورد بوو لەسەر خاک و نیشتمانەکەی و جێگریکردنی عەرەب لە شوێنیان.

دووەم، ئەنفال و تەعریب، تەواوکەری یەکدین نەک ڕەتکەرەوەی یەکدی
خاڵێکی دیکەی ناکۆکی لەنێوان ڕێبوار سیوەیلی و من لە بابەتەکە لەسەر پەیوەندی نێوان پڕۆسەی ئەنفال و پڕۆسەی تەعریبە. پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە بڵێم کە بەبێ خوێندنەوەی ئەو توێژینەوە هاوبەشەی کە ئارام ڕەفعەت و من ئەنجامان داوە و لە گۆڤاری (National Identities) بە ئینگلیزی بڵاوبۆتەوە لەگەڵ ئەو بڕگەیەی کە لەژێر ناونیشانی “ئەنفال: سڕینەوەی کورد لە پارێزگای کەرکووک” لە کتێبی “شوناسی عێراق”دا هاتووە و لە نووسینی خۆمە، هەندێک زەحمەتە لە دروستکردنی ئەو پەیوەندییە بگەین. سەرەڕای ئەوە لێرە هەوڵدەدەم بەکورتی بە خستنەڕووی چەند ڕاستییەک ئەو پەیوەندییە نیشان بدەم.
بەڵام پێش ئەوە، دەمەوێت بڵێم لێرەش سیوەیلی بە هەڵە لە من تێگەیشتووە. ئەو دەڵێت: “کەسێک یان سیستەمێک، کە بیەوێت نەتەوەیەک «بەعەرەب بکات» یان شوناسەکەى بگۆڕێت، پاکتاوی جەستەیی و بایۆلۆجی ناکات. بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و زیندەبەچاڵکردنی هەزاران منداڵ و ژن لە بیابانەکانی نۆگرە سەلمان، ئامرازی پرۆسەی «تەعریب» نین، بەڵکوو ئامرازی کۆمەڵکوژی و ژینۆسایدن.” هەڵە تێگەیشتنەکە لەوەدایە کە میکانیزمەکانی لەناوبردنی کورد لە عێراق لەیەکدی جودا بکرێنەوە، کە پێ دەچێت سیوەیلی ئەوە بکات. من پێم وایە، هەموو میکانیزمەکانی لەناوبردنی کورد لە عێراق، چ تەرحیل (ڕاگواستن) بێت، چ تەهجیر (چۆڵکردن) بێت، چ تەعریب بێت، چ کۆمەڵکوژی (جینۆساید) بێت، چ بەبەعسیکردن بێت، چ کوشتنی تاکە کەس بێت، تەواوکەری یەکدین و مەبەست و ئامانج لێیان کۆکردنەوە و بەرزەفتکردن و کۆنتڕۆڵکردن و لەناوبردن و سڕینەوەی نەک هەر کورد بووە بەڵکوو لە هەمان کاتیشدا داگیرکردنی خاکی کوردستان بووە. دەوڵەتی عێراق هەرچی کردبێت و چ میکانیزمێکی بەکارهێنابێت، دوا ئامانج و دوا مەبەست زەوتکردن و بێخەڵکردن و بێخاوەنکردنی خاکی کوردستان بووە، ئەویش بۆ درێژەدان بە داگیرکاریی و مسۆگەرکردن و بردنی سەروەت و سامانی سەر عەرد و بن عەردی کوردستان.
هەر چۆنێک بێت، چەند خاڵێک گرنگە کە هەڵوەستەی لەسەر بکەین لەمەڕ پەیوەندی نێوان ئەنفال و تەعریب، بەڵام تەعریب وەک ئەوەی من لێی تێگەیشتووم و لەسەرەوە ڕوونم کردەوە نەک وەک ئەوەی سیوەیلی لە بابەتەکەیدا خستوویەتیە ڕوو.
• من لە لە کورتە-توێژینەوەکە و لە کتێبی “شوناسی عێراق” و توێژینەوە و سیمینارەکانم بە وردی لەسەر پەیوەندی نێوان ئەنفال و تەعریب قسەم کردووە. هۆکاری پشت هەستکردنم بەو پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لە پارێزگای کەرکووک ئەنفالکراون بە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە، کە من لە توێژینەوەکانم بە “حەوز” ناوم بردوون. بەپێی توێژینەوەکانی من ٨٨٪ی هەموو ئەوانەی لە کوردستان ئەنفالکراون لە حەوزی کەرکووک بوون. لە توێژینەوەکان بە ژمارە و داتا و خشتە و نەخشە ئەوەم سەلماندووە، کە خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە سەریان. بەڵام لێرە ئاماژە بە دوو موفارەقە دەکەم. یەکەم، لە کاتی ئەنفالەکاندا ئەو کەسانەی کە لە ناوچەکانی ئەنفالی دوو (حەوزی سلێمانی) بەرە و عەربەت‌ و سلێمانی ڕۆیشتوون، بەگشتی بە سەلامەتی ڕزگاریان بووە. کەچی ئەو خەڵکانەی هەر لە قۆناغی دووەمی ئەنفالکان بەرەو خوار بۆ ناوچەی گەرمیان، واتە حەوزی کەرکووک هەڵاتان، هەموویان وەک ئەوانەی قۆناغەکانی سێ و چوار لە ئەنفالەکان گیراون و شونبزر کراون. دووەم، لە قۆناغی چواری ئەنفالەکان کە ناوچەی خاڵخاڵانی لە حەوزی کەرکووک و دەشتی کۆیەی لە حەوزی هەولێر کردبووە ئامانج، ئەوە خەڵکە مەدەنییەکەی خاڵخاڵان زۆربەیان گیران و بێسەروشوێن کران، بەڵام هەمان مامەڵە لەگەڵ ئەوانەی دەشتی کۆیە، حەوزی هەولێر، نەکراوە. بەپێی داتا پشتڕاستکراوەکان لەو ٧٢٠١ کەسەی کە لە ئەنفالی سێ لەناوبردراون تەنیا ٨٥٤ کەسی لە دەشتی کۆیەی حەوزی هەولێر بووە، کەچی ٦١٦٧ لە ناوچەی خاڵخاڵانی پارێزگای کەرکووک بوون. ئەمانە و ئەو بەڵگە و داتایانەی دیکە کە لێرە ئاماژەم پێ نەکردوون، هەموو دەیسەلمێنن کە مامەڵەی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ خەڵکی حەوزی/پارێزگای کەرکووک جیا بووە لەگەڵ خەڵکی پارێزگاکانی دیکە چونکە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەنفال لە پارێزگای کەرکووک سڕینەوەی بوونی کورد بووە لەو پارێزگا دەوڵەمەند بە نەوتە تاوەکوو کارئاسانی بۆ پڕۆسەی تەعریبی پارێزگاکە بکات. بەمەش زەمانەتی پچڕاندنی ئەو بەشەی خاکی کوردستان بکات، کە عێراقییەکان، بەعسی و نابەعسییەکان، پێیان وابووە کە تەنیا بە سڕینەوەی کورد لە کوردستان ناتوانن زەمانەتی زەوتکردنی یەکجارەکی خاکی کوردستان بکەن بەڵکوو بە هاوردەکردنی عەرەب و نیشتەجێکردنیان لە زێدی ئەوان لەسەر خاکی کوردستان ئەم هەوڵە بە ئامانج دەگات. هەر بۆیەشە من پێم وایە ئەنفال ئامراز بووە بۆ تەعریب، واتە تەعریب ئامانجە سەرەکییەکەیە و ئەنفال چەک و میتۆدی جێبەجێکردن بووە. بەڵام، وەک پێشتر پێداگری لەسەر کرا، تەعریب بەواتای بەعەرەبستانکردنی کوردستان نەک بەعەرەبکردنی تاک و ئینسانی کورد.
• ئەو سنوورەی کە لە ١٩٩١ دەوڵەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی کێشا، دوای ئەوەی دامودەزگا و دامەزراوە ئەمنی و ئیدارییەکانی لە بەشێک لە کوردستان کێشایەوە، هەمان ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنن کە هێندەی دەوڵەتی عێراق چاوی لە کەرکووک و ناوچە دەوڵەمەند بە نەوتەکان بووە هێندە نە کورد، نە بوونی کورد، نە ئەو بەشانەی دیکەی باشووری کوردستان گرنگی بۆی هەبووە. ئەم ئەنجامگیرییەش لە کتێبی “شوناسی عێراق” بەدرێژیی و بەوردی هەڵوێستەی لەسەر کراوە و شرۆڤە کراوە. سەرەتا دەبێت بزانین کە ئەو سنوورە سنووری ئەو ناوچە ئۆتۆنۆمییە نییە کە دەوڵەتی عێراق لە ١٩٧٤ تاکلایەنە دانی پێدانا، بەڵکوو سنوورێکی نوێیە بۆ ئەو بەشەی کوردستان. ئەمەش قسەی زۆر هەڵدەگرێت بەڵام لە کتێبەکدا گوتوومە: ڕژێمی عێراقی نیاز و پلانێکی ستراتیجی هەبوو لەپشت کشانەوەی لەو ناوچە کوردستانییانەی ئێستا بە هەرێم ناسراوە. حکومەتی عێراقی بە کێشانەوەی هێز و دامودەزگاکانی سنوورێکی نوێی بۆ ناوچە کوردستانییەکان کێشا، “ئەویش بە بڕینی ئەو ناوچانەی کە لەو دواییانە نەوتیان تێدا دۆزرابۆوە وەک مەخموور و دیبەگە لەگەڵ چاڵەنەوتەکانی خورماڵە، کە درێژکراوەی چاڵەنەوتەکانی ‘ئاڤانە’یە، وەک بابەگوڕگوڕ لە گەورە-چاڵەنەوتەکانی ناوچەکەن. خورماڵە و دیبەگە و مەخموور پێشتر بەشێک بوون لەو ناوچە ئۆتۆنۆمییەی کە حکومەتی عێراقی تاکلایەنانە لە ١٩٧٤دا ڕایگەیاندبوو، کەچی لە تخوبکێشانەکەی ١٩٩١دا لە ناوچە ئۆتۆنۆمەکە دابڕێنران. چەند ناوچەیەکی دیکەش کە پێشتر بەشێک نەبوون لە ناوچە ئۆتۆنۆمییەکەی ١٩٧٤، وەک ئاکرێ ‌و کفری‌ و کەلار، لەگەڵ سنوورکێشانەوەکەی ئەمجارە خرانە سەر ئەو ناوچانەی کە ئێستا وەک هەرێمی کوردستان ناسراوە” (تەماشای نەخشەی ژمارە ٧-١ بکە لە کتێبی شوناسی عێراق). ئەو ناوچانەی کە عێراق دایبڕین کڕۆکی ئەو ناوچانە پێک دەهێنن کە لە پڕۆسەکانی تەعریب تەرکیزیان خرابووە سەر، کەندێناوە و قەراج و تەواوی پارێزگای کەرکووک. لێرە دەمەوێت بڵێم کە دابڕینی ئەو ناوچانە و سڕینەوەی کورد لەو دەڤەرانە بەشێواز و میکانیزمی جیاجیا ئەنجام دەدران، بە ئەنفال و جینۆسایدیشەوە. واتە، ئامانج دزین و زەوتکردنی خاک بووە، بەڵام میکانیزم، تەرحیل و تەهجیر و ئەنفال و جینۆساید بووە. کێشەی سەرەکی لە ئارگیومێنتەکانی سیوەیلی ئەوەیە کە پاڵنەری ئابووری سیاسی (جیۆئیکۆنۆمیک) لە پشت پڕۆسەکان نابینێت، ئەوەش لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ پسپۆڕی ئەو کە فەلسەفە و سۆسیۆلۆجییە. هەر بۆیەش ئەو چەمکانەی کە ئەو خستویەتی ڕوو و من کەڵکم لێ وەرگرتن و دنیابینی منیان لەو بوارەدا فراوانتر کرد ئەوانەن کە پەیوەندیان بە ڕەهەندە مرۆیی و سۆسیۆلۆجییەکانەوە هەیە. بەگشتی پاڵنەری ئابووری لە پشت زۆربەی جینۆسایدەکان لە جیهاندا خۆی حەشار داوە. نازییە ئەڵمانەکان جووەکانیان بەس لەبەر ئەوە جینۆساید نەکرد کە دینیان یان گرووپی ئیتنیان لە ئەڵمانەکان جیاواز بوو، بەڵکوو هۆکارێکی سەرەکی لە پشت هۆلۆکۆست دەوڵەمەندی و توانای دارایی و بازرگانی جووەکان بوو. ئەمە بۆ کوردە-فەیلییەکانیش ڕاستە چونکە کوردبوون و شیعەبوونی کوردە-فەیلییەکان تاکە هۆکاری جینۆسایدییان نەبوو، بەڵکوو هۆکاری هەرە سەرەکی ئەوە بوو کە کوردە-فەیلییەکان دەوڵەمەندبوون و کۆنتڕۆڵی بانکەکان و بازاڕی شۆرجە و بازرگانی هەناردە و هاوردەی عێراق‌ـیان کردبوو. من توێژینەوەیەکم لەسەر ئەو پرسە لە ماڵپەڕی سەکۆ بڵاو کردۆتەوە بەناونیشانی “بۆ کوردە-فەیلییەکان لە عێراق دەرپەڕێنران؟”، کە خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆی. هەر چۆنێک بێت، دەتوانم بڵێم سەرەڕای هاوڕانەبوونم لە هەندێک پرس و ڕەهەند، ئەوا تێگەیشتنەکانی سیوەیلی و من دەکرێت وەک تەواوکەری یەکدی تەماشا بکرێن، کە خزمەت بە ئەدەبیاتی کوردی دەکەن لەم کایە ئەکادیمییەدا.
• ڕێبوار سیوەیلی گفتوگۆی قسەکانی عەلی حەسەن مەجیدی کردووە و ڕەخنەی لەو ئەنجامگیرییە گرتووە کە من پێی گەیشتووم لە پەیوەندی لە نێوان قسەکان و پڕۆسەی تەعریب. من لەوێدا قسەی خۆم کردووە بۆیە ناگەڕێمەوە سەری، خوێنەر دەتوانێت بابەتەکەی من بخوێنێتەوە، بەڵام هەوڵدەدەم کە ئاماژە بە بەڵگەیەکی دیکە بکەم لەو پەیوەندەدا. وەفیق سامەڕائی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئیستیخباراتی عەسکەریی عێراق، دوای ئەوەی لە بەغدا ڕایکرد و ڕووی لە هەرێم کرد، لە ناوەڕاستی نەوەتەکان کۆڕێک لە سلێمانی ساز دەکات. لەوێدا، سامەڕائی گوتویەتی، من جارێک لە سەدام حوسێن، سەرۆکی عێراق (١٩٧٩-٢٠٠٣)‌ـم پرسیوە، هەڵمەتەکانی ئەنفال کاتێکی زۆری ویست، نزیکەی هەشت مانگ، بەشێکی زۆر لە سوپای عێراق تەرخان کرابوون بۆ ئەو هەڵمەتانە، لانی کەم دوو فەیلەق، کەچی ژمارەی ئەو کەسانەی لەو هەڵمەتانە دەستگیرکران (بە دەربڕینی ئەو) زۆر نەبوون؛ باشە سەیدی (مەبەستی سەدام بووە)، مەگەر نەدەکرا لەبری ئەمە ئێمە لە شارێکمان دابا، خۆ ژمارەی کوژراوە کوردەکان زۆر لەوە زیاتر دەبوو. گوایە (وەک عارف قوربانی کە ئامادەی کۆڕەکە بووە و چەند جارێک ئەم چیرۆکەی بۆ گێڕاومەتەوە) وەڵامی سەدام ئەوە بووە: بەڵێ، من دەمتوانی بە نیو سەعات، بە چەکی کیمیایی لە هەولێر یان لە سلێمانی بدەم بە سەدان هەزار کورد بکوژم، بەڵام ئامانجی من کوشتنی خەڵک نەبوو، بەڵکوو مەبەستم بووە ئەو ناوچانەی کە بەر هەڵمەتەکان کەوتوون (کە وەک لێرە سەلماندمان ٨٨٪ لە پارێزگای کەرکووک بوون) عەرەبی لێ نیشتەجێ بکەم. ئەم چیرۆکە پشتڕاستی ئەو ئارگیومێنتەی من دەکاتەوە کە دەڵێت: “پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەنفال و تەعریبدا هەیە”. هاوکات، ئەوە دەسەلمێنێت کە لە توێژینەوەکانم دووبارەم کردۆتەوە، کە “ڕاستە مەبەست لە ئەنفال قڕکردنی بەشێک لە خەڵکی کوردستان بوو، بەڵام ئامانجێکی سەرەکی و ستراتیجی لە پشت پڕۆسەی ئەنفال سڕینەوەی کورد بوو لە پارێزگای کەرکووک،” واتە تەعریبی کوردستان، نەک بەعەرەبکردنی تاکی کورد.
• سیوەیلی لە ڕەخنەکانی لە چەمکە بەکارهاتووەکانی من، چەند چەمکێک پەرە پێ دەدات، کە وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات لە ٢٠٠٣وە لە کتێبی “قەفەسی ئاسنین” گفتوگۆی کردوون، کە بەڕاستی پڕبایەخن. ئەو دەڵێت: ئەو لێدوانانەی عەلی حەسەن مەجید، کە من ئاماژەم پێ کردوون بۆ سەلماندنی پەیوەندی نێوان تەعریب و ئەنفال، “دانپێدانانە بە پڕۆسەى «بەدوژمنکردن» نەک بەعەرەبکردن، لە شوێنێکی دیکە چەمکی “بەئەویدیکردن”یش پەرە پێ دەدات”. لێرە هاوڕام کە بەردەوام، حکوومەت و ڕژێمە عێراقییەکان، کوردیان وەک دوژمن و ئەویدیکە وێنا کردووە، ئەمە بەشێکە لە پڕۆسەی بەئاساییشکردنی پرسی کورد کە من لە کتێبی “سەد ساڵ دوای سیڤەر” لە بەشی دووەمدا شرۆڤەم کردووە. بەڵام من پێم وایە بەئەویدیکەکردن (othering) و بەدوژمنکردنی کورد بۆ پاساودان و زەمینەخۆشکردنی جینۆسایدی کورد بووە، کە پێم وایە لێرە سیوەیلی هاوڕامە. بەڵام وەک پێشتر جەختم لەسەر کردەوە من جینۆساید بە کۆتائامانجی دەوڵەت و حکومەتەکانی عێراق نازانم، بەڵکوو وەک گوتم، جینۆساید (بە هەموو فۆرمەکانی) میکانیزم و میتۆد بوون بۆ تەعەریبکردنی کوردستان. دەشکرێت بڵێین، کە تەعریب و بەدوژمنکردن و بەئەویدیکەکردن و جینۆساید هەموویان چەندین پڕۆسەن کە تەواوکەری یەکدین نەک ڕەتکەرەوەی یەکدی. بەڵام لەوەدا هاوڕای سیوەیلی‌ـم کە دبێژت: کاتێک عەلی حەسەن مەجید دەڵێت وایان لێ دەکەم هەموویان عەگالی عەرەبی لەسەر بکەن یان شەڕواڵ لەپێ دەکەم، “ئەمە گوزارشت لە پرۆسەیەکی فەرهەنگیی بەعەرەبکردن ناکات، بەڵکوو گوزارشت لە سووکایەتیپێکردن و زۆرداری و داماڵینی کەرامەت دەکات.” بەڵێ، لە ڕاستیدا گرنگی بابەتە ڕەخنەییەکەی سیوەیلی لە هێنانە پێشی چەمکگەلی وەک ئەوانەی لێرە گفتۆگۆ کران لەگەڵ چەمکگەلی وەک “سووکایەتیپێکردن” و “زۆرداری” و “داماڵینی کەرامەت”ـن. ئەم چەمکانە گوزارشت لە داگیرکەربوونی عێراق دەکەن، بەڵام هاوکات گوزارشت لە هەوڵی بەعەرەبکردنی، تەعریبی، کوردیش دەکات، وەک ئەوەی کە سیوەیلی پێناسە بۆ بەعەرەبکردن دەکات.

سێیەم، تەرحیل و تەعریب: هاوڕایی و ڕەخنە لە یەکدی
لە درێژەی بابەتە ڕەخنەئامێزەکەی، ڕێبوار سیوەیلی دیدێکی دیکەی من ڕەخنە دەکات. ئەو دبێژت “ئەگەر ستراتیجیەتی دەوڵەت «تەعریب» بووایە، دەبوو ئەم گوندە سنوورییانەش [ئەوانەی بە قووڵایی ٢٠ کم لەسەر سنوورەکانی تورکیا و ئێران ڕاگوێزران بۆ ئۆردوگا زۆرە ملێکان] پڕ بکرێنەوە لە عەرەب. بەڵام کاتێک ناوچەکە دەکرێتە «زۆنی قەدەغەکراو»، ئەمە دەیسەلمێنێت کە ئایدیۆلۆجیای دەوڵەت لەسەر بنەمای بەئەویدیکەکردن کار دەکات، واتە پاککردنەوەی خاکەکە لە بوونی کورد وەک ئامانجێکی سەرەکی.
بەڵێ، تەرحیل و تەعریب لێک جیاوازن، بەڵام من هەردووکیان وەک دوو پڕۆسەی هاوتەریب و تەواوکەری یەکدی دەبینم بۆ لەناوبردنی کورد، واتە ئەگەر تەرحیل بووبیتە مایەی تەعریب یان نا، ئەوە هەر مەبەست لێی سڕینەوەی کورد بووە، کە دواجار مەبەست لێی بە عێراقییکردن و بەعەرەبکردنی کوردستانە، جا لێرە کوردەکان وەک جەستە دەمێینن یان نا گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە کە تێی بگەین تەرحیل و تەعریب و جینۆسایدی کورد پڕۆسەگەلی هاوشانی یەکدی بوون. پڕۆسەشن نەک کردەیەکی یەکجارەکی، پڕۆسەیەک کە سەدان ساڵە دەستی پێ کردووە. دەوڵەتی عێراقی بە بوونی بەعس و بەبێ بوونی بەعس، واتە پێش بەعس و دوای بەعس لەسەری بەردەوام بوون و لەسەری بەردەوامن. پێشم وایە شەڕی کوێت نەبا، ڕاپەڕین و کۆڕەو نەبا، دەوڵەتی عێراقی بەخەستی لەسەر پڕۆسەکانی تەعریب و جینۆسایدی کورد بەردەوام دەبوو تاوەکوو، نەک کوردی بەعەرەب دەکرد، بەڵکوو تاوەکوو کوردستانی خاڵی دەکرد لە کورد و خاکەکەی وەک بەشێک لە نیشتمانی عەرەب/عێراق لەقەڵەم دەدا.
هاوکات من لەم کورتە-توێژینەوە نا، کە بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ توێژینەوەکانی تێزی دکتۆراکەم و کارەکانم لە کتێبی “شوناسی عێراق”، بەڵکوو لە کارە سەرەکییەکانی دیکەم، باسی ئەوەم کردووە کە بۆچی عێراق ناوچە سنوورییە شاخاوییەکانی لە نزیک سنووری ئێران و تورکیا سەرەڕای ڕاگواستن، تەعریب نەکرد. لەوێدا گوتوومە: “یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی تەعریبنەکردنی گوندە سنوورەییەکان ئەوەبوو کە پارێزگاریکردن لە عەرەبە هاوردەکان زۆر زەحمەت دەبوو بۆ حکومەت چونکە ئەو ناوچانە بەدەگمەن لەلایەن حکومەتەکانی عێراق کۆنتڕۆڵکراون، ئەوە ئەگەر نەڵێین هیچ کاتێک دەستیان پێڕانەگەیشتووە، چونکە پێشمەرگە کەم تا زۆر بەردەوام لەو ناوچانە بوونیان هەبووە” (تەماشای کتێبی شوناسی عێراق بکە).
بەڵێ، لەوەش لەگەڵ سیوەیلی هاوڕام کە دەڵێت: “قەدەغەکردنی کارکردنی کورد لە گوندەکان و کەرکووک، هەوڵدان نەبوو بۆ ئەوەی کوردەکە ببێتە عەرەب، بەڵکوو هەوڵێک بوو بۆ برسییکردن، خنکاندنی ئابووری و دەرپەڕاندنی فیزیکیی کورد لە سەر ماڵ و زەویی خۆی. بەعس باش دەیزانی کە بە بەستنی عەگالێک کوردێک نابێتە عەرەب، بەڵکوو ئەمە «نمایشێکی سەربازییانەی دەسەڵات» بوو بۆ سڕینەوەی ئیرادەی ڕەگەزێک.” وایە، بەڵام ناکرێت ئەوە لەبیر بکەین کە دەرپەڕاندنەکە بۆ جێگرتنەوەی ناوچەکان بە عەرەبی هاوردە بووە، ئەمەش جەوهەری تەعریبە.
هاوکات، ئەوەش ڕاستە کە “ڕاگواستنى لادێنشینەکان بۆ ئۆردوگای زۆرەملێ لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی سەربازیدا، پڕۆسەیەک بوو بۆ: یەکەم، داڕماندنى بونیادی ئابووریی خۆبژێوی کورد تاوەکوو کورد نەکرێتە «عەرەب»، بەڵکوو ببرێتە ئاستی بوونەوەرێکی بەکاربەری بێ ئیرادە و سەرشۆڕ کە بەتەواوی پشتی بە کۆپۆنی خۆراکی دەوڵەت ببەستێت. دووەم، کۆنتڕۆڵی ئەمنی و پۆلیسی؛ کۆکردنەوەی سەدان هەزار مرۆڤ لە شێوەی زیندانی کراوەدا (ghettoization) بۆ ئەوەی ڕێگە لە هەر جووڵەیەکی ڕزگاریخوازی بگیرێت.” هاوڕای سیوەیلی‌ـم، بەڵام ئەمە فرەڕەهەندی و فرەدەرکەوتە و فرەلێکەوتەی تەرحیل و تەهیجیر نیشان دەدات. هاوکات، منیش لە کتێبی شوناسی عێراق گوتوومە: “ڕاگواستن‌ و چۆڵکردنی دێهاتەکان دیمەنەکانی داگیرکاریی ناوخۆیی (internal colonization) لەخۆنیشان دەدا.” هەر لەو کتێبەشدا نووسیوەمە کە “مەبەستی سەرەکی ڕژێم لە ڕاگواستن ‌و چۆڵکردنی گوندە سنوورییەکان، یەکەم، کۆکردنەوەی هەرچی زیاتری خەڵکی کوردی ناوچە دوورەدەستەکان بوو لە ئۆردوگا زۆرەملێکان لە نزیک شارە گەورەکان تاوەکوو [حکوومەت] بتوانێت لەنزیکەوە چاودێری‌ و کۆنتڕۆڵیان بکات. دووەم، حکومەت دەیویست ناوچە کوردییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ داببڕێت بۆئەوەی ئەگەرەکانی پەیوەندی‌ و وەرگرتنی یارمەتی لە وڵاتە جیرانەکان ‌و کوردانی نیشتەجێ لەو وڵاتانە کەم بکاتەوە.”

ئەنجام
لە کۆتاییدا، پێویستە جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە بابەتەکەی ڕێبوار سیوەیلی یەکێکە لەو وەڵامە ڕەخنەییانەی کە بە وردبینی و زانستیبوون و ئاشنابوون بە چەمک و تیۆری، گفتوگۆکان لە پەیوەند بە چەمکگەلی وەک تەعریب و تەرحیل (ڕاگواستن) و تەهجیر (چۆڵکردن) و جینۆساید لە ئاستی دەربڕینێکی ڕۆژنامەوانی بۆ ئاستی گفتوگۆیەکی ئەکادیمی و زانستی بەرز دەکاتەوە. بە تایبەت، پەرەپێدانی چەمکگەلێک وەک «بەئەویدیکردن»، «بەدوژمنکردن»، «سووکایەتیپێکردن» و «داماڵینی کەرامەت»، کە هەنگاوی گرنگن بۆ تێگەیشتنی فراوانتر لە شێوازی مامەڵەی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ کورد. هەرچەندە لە هەندێک خاڵدا جیاوازیی تێگەیشتنمان هەیە، بەڵام زۆربەی ئەو ڕەخنانە هەم جێگەی سوپاسن و هەم دەبنە هۆی قووڵبوونەوەی گفتوگۆ و تێگەیشتنەکان.
ئەوەی من لەم وەڵامەدا هەوڵم دا ڕوونی بکەمەوە ئەوەیە کە «تەعریب» لە تێگەیشتنی مندا پێش هەر شتێک ستراتیجییەکی سیاسی دەوڵەتی عێراق بوو بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی و زەوتکردنی خاکی کوردستان، نەک پڕۆژەیەک بۆ بەعەرەبکردنی تاکی کورد. بۆیە تەرحیل و تەهجیر و ئەنفال و جینۆساید و تەعریب لە تێڕوانینی مندا نە پڕۆسەی دژبەیەکن، بەڵکوو ئامراز و میکانیزمی جیاوازن بۆ گەیشتن بە هەمان ئامانجی ستراتیجی؛ واتە سڕینەوەی بوونی کورد لە خاکی کوردستان بۆ درێژەدان بە داگیرکاریی.
لەو ڕوانگەیەوە، جیاوازیی سەرەکی نێوان من و سیوەیلی زیاتر لەسەر پێناسە و چوارچێوەی تیوریی چەمکی «تەعریب»ە، نەک لەسەر خودی تاوانەکان یان سروشتی سیاسەتەکانی دەوڵەتی عێراق. هیوام وایە ئەم گفتوگۆیە ببێتە دەستپێکی گفتوگۆیەکی زانستیی فراوانتر کە تێیدا هەموومان بە هاوکاری یەکدی چەمک و تێگەیشتنەکانمان قووڵتر بکەین و مێژووی ئەو تاوانانە بە وردی و زانستی بخەینە بەردەم خوێنەر.




تەعریب نییە، گەلۆ، بە بیلا تەعریب نییە.. شێرکۆ کرمانج

ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان قسەی زۆر لەسەر “قۆناغێکی نوێ لە تەعریب” دەکرێت. زاراوەی تەعریب بەکار دێت بۆ ئەم قۆناغە. ئەم پرس و دیاردەیە، هەقوایە توێژینەوەی زۆر و ماستەرنامە و دکتۆرای لەسەر ئەنجام بدرێت و قسەی زۆر هەڵدەگریت، بەڵام ئەمن لێرە زۆر بەکورتی ئاوڕێک لەو پرسە دەدەمەوە چونکە هەڵە تێگەیشتنێکی گەورە هەیە.
ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات، بەتایبەتی لە بیست ساڵی ڕابردوودا، ناکرێت و نابێت وەک تەعریب تەماشا بکرێت و ناوی تەعریبی بەسەردا بسەپێنرێت چونکە تەعریب سیاسەتێکی سیستەماتیکی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی دەوڵەتی عێراق بووە، کە لەسەردەمی مەلەکی دەستی پێ کردووە و لەسەر دەستی حیزبی بەعس و سەدام حوسێن گەیشتۆتە ترۆپ. تەعریب سیاسەتێکە کە دەوڵەتی عێراقی پلانی بۆ داناوە و دایڕشتووە و و جێبەجێی کردووە و دەیکات، مەبەست لێی گۆڕینی دیموگرافی باشووری کوردستان بووە، ئەویش بە دەرپەڕاندنی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و نیشتەجێ کردنی عەرەب لە جێگەیان. ئەمە تەعریبە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە هەرێم ڕوودەدات، ئەمە نییە.
ئەوەی لە کوردستان ڕوودەدات لە بیست ساڵی ڕابردوودا، “بەعەرەببوون” و “خۆبەعەرەبکردنە”، کە پێنج ساڵ دەبێت باسی ئەو شتە دەکەم. جیاوازییەکان زۆرن بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە: لەکاتێکدا کە تەعریب لە ئاکام و دەرئەنجامی سیاسەتی دەوڵەتی عێراقییە، بەعەرەببوون لە ئاکام و دەرئەنجامی سیاسەتەکانی حکوومەتی هەرێمە، کە زۆر هۆکاری لە پشتە، بەڵام لە هەموویان سەرەکیتر سیاسەتی خۆدەوڵەمەندکردنی خێرای کۆمەڵێک سەرمایەداری حیزبی و دەسەڵاتدار و چەند کەسێکی نزیک لە حیزبە باڵادەستەکانی هەرێم بووە. ئەویش بە فرۆشتنی خانووبەرە بەبێ هیچ بیرکردنەوە و پلان و سیاسەتێک، قازانجی خێرا و نابەرپرسانە نەبێت.
لە ئاکامی ئەم سیاسەتەدا خەڵکێکی زۆر لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق هاتوونەتە کوردستان. من ناوم لەوە ناوە “بەعەرەببوون”، واتە دیاردەیەک کە دەرئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
ئەدی “خۆبەعەرەبکردن” چییە؟ لە ڕاستیدا، “خۆبەعەرەبکردن” کردار و ڕەفتاری خەڵکی سادە و بازاڕی کوردستانە. لێرە مەبەستم هەڵسوکەوتی خەڵکی سادەی هەرێمە چ کڕیار بن، چ فرۆشیار.
با وردتر قسە بکەین. لە ئاکامی هاتنی خەڵکێکی زۆر بۆ هەرێمی کوردستان، بەکاربەرێکی زۆر عەرەب لە بازاڕەکانی کوردستان دا هاموشۆی دوکان و چێشتخانە و مارکێتەکانی کوردستان دەکەن. خاوەنی ئەو بیزنسانەش بۆ سەرنجڕاکێشانی بەکاربەر و کڕیارە عەرەبەکان خۆیان فێری عەرەبی دەکەن، یان کارمەندی عەرەبی لە بیزنسنەکانیان دادەمەزرێنن. ئەمەش وای کردووە، کاتێک کڕیارێکی عەرەب دەچێتە بازاڕ ئەوە خاوەن دوکانەکە بە عەرەبی قسە لەگەڵ کڕیارەکە/بەکاربەرەکە بکات.
لە هەمان کاتدا، بەشێکی زۆر لەو عەرەبە نیشتەجێیانەی کوردستان بیزنسیان کردۆتەوە لە کوردستان، واتە دوکان و چێشتخانە یان نمایشگەیان داناوە، کاتێکیش کوردێک دەچێتە لای ئەمانە وەک بەکاربەر یان کڕیار، دیسانە ئەوان بە عەرەبی لەگەڵ کوردە بەکاربەر و کڕیارەکە دەکەن. بە واتایەکی دیکە، کورد ئێستا لە هەرێمی کوردستان، بەکاربەر بێت، کڕیار بێت یان فرۆشیار، ئەوە دەبێت بە عەرەبی قسە بکات. ئەمەش من ناوم ناوە: “خۆبەعەرەبکردن”.
بەکورتی، “بەعەرەببوون” دەرئەنجامی سیاسەتی سەقەت و بێپلانی حکومەتی هەرێمە کە هاتنی عەرەبێکی زۆری لێکەوتۆتەوە و دیاردەی “بەعەرەبوونی” بەرهەمهێناوە. بەعەرەبوونی هەرێمیش وای کردووە کە خەڵکی هەرێم لە کوردستان لەبری کوردی لە بازاڕ و مۆڵەکان و دوکانەکاندا زمانی عەرەبی بەکاربێنن، ئەمەش “خۆبەعەرەکردنی” لێکەوتۆتەوە.
بۆیە، ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات تەعریب نییە و دەوڵەتی عێراق لێی بەرپرس نییە، بەڵکوو خەتای حکوومەتی هەرێمە، لەبری “تەعریب” دەبێت وەک “بەعەرەببوون” و “خۆبەعەرەبکردن” ناوزەد بکرێن.

شێرکۆ کرمانج




شەڕەکە ڕادەوەستێت، هەموو دۆڕا و هەموو براوەن؛ چۆن؟.. شێرکۆ کرمانج

ئەم شەو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وتارێک بۆ نەتەوەی ئەمریکا دەدات، بە ئەگەری زۆرەوە دوای بەکارهێنانی کۆمەڵێک وشە و زاراوەی سەریروسەمەرە و بازاڕیی، وەك: ئێرانمان تەفروتونا کرد؛ ئێران چی دیکە هەڕەشە نییە بۆ سەر ئەمریکا و ئیسرائیل؛ ڕژێمی ئێرانمان گۆڕی، ئێستا ئێران سەرکردایەتییەکی نوێی هەیە؛ ئێران پێویستی بە دەیان ساڵە بۆ ڕاستبوونەوە، هتد، ئینجا داوا دەکات کە شەڕەکە ڕاوەستێت. بەڵام دەشکرێت کە قسە لەسەر قووڵبوونەوەی شەڕەکە بکات، کە من بە ئەگەرێکی کەمی دەبینم. پێشبینیکردن هەر بۆ خۆی شتێکی زەحمەتە، هەر چۆنێک بێت، لەم بابەتە هەوڵدەدەم قسە لەسەر ئەوە بکەم کە بۆچی ئەگەر ئێستا شەڕ ڕاوەستێ، هەموو لایەنەکانی شەڕەکە هەم براوە هەم دۆڕاون.

ئەمریکا براوەیەکی دۆڕاو
ئەم قسانەی ترەمپ ڕاستیان تێدایە بەڵام هاوکات پاساون بۆ شەڕ ڕاگرتن. فیعلەن ئێران بێهزتر بووە، ڕوخساری ڕژێمەکە گۆڕاوە و ئەگەری هەیە ڕەفتاریشی بگۆڕێت، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی بەشێکی زۆر لە توندڕەوەکان کوژران و ئەوانەی ماونەتەوە دەزانن ئەگەر ڕەفتاریان نەگۆڕن لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە زەحمەتە بژین، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئێران هەموو دەرودراوسێکانی کردە دوژمن.
بۆیە دەتوانین بڵێین ئەمریکا براوەیە، چونکە گۆڕینی ڕژێم لە ڕۆژی یەکەمەوە سیاسەتی ئەمریکا نەبوو. توانای ئەتۆمی ئێران لاوازتربووە و توانا موشەکییەکانی زۆر کشاوەتەوە دواوە. پڕۆکسییەکانی ئێرانیش گورزیان پێکەوتووە، هاوکات، نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە پڕۆکسییەکان هیچ کاتێک هەڕەشەی ڕاستەوخۆ نەبوون بۆ سەر ئەمریکا.
بۆ یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەش، لەوانەیە ئەمریکا ئەوە بۆ گفتوگۆکانی دوای ڕاوەستانی شەڕ دوابخات. بە ئەگەری زۆرەوە لەسەر هاوکێشەیەک پێک دێن لەگەڵ ئێرانییەکان کە ئێران نەتوانێت بۆ بۆمبی ئەتۆمی بەکاری بهێنێت، بەڵام بتوانێت بۆ بەرهەمهێنانی وزە بەکاری بێنێت.
ئەمریکا دۆڕاوە، چونکە لە شەڕەدا شکۆ و پێگەی ئەمریکا لە زۆر ڕووەوە شکا یان زەرەری گەورەی بەرکەوت:
یەکەم، هەر ئەوەی کە ڕژێمی ئێران نەڕووخا، ئەگەر پۆلەسی ئەمریکاش نەبوو بێت، ئەوە بێتوانایی ئەمریکا نیشان دەدات.
دووەم، ئەمریکا بێ هاوپەیمانترین وڵاتە لە دنیای ئێستا، ئێرانی لێ دەرچێت. ئەمریکا بۆ ئەم شەڕەی دۆست و هاوپەیمانە هەر نزیکەکەی لە دنیا، بەریتانیا، نەک هەر نەیتوانی لەخۆی نزیک بکاتەوە بەڵکو درزێکی وای دروست کرد کە بۆ چەندین ساڵی دیکە ناکرێت پەیوەندییەکانیان وەک خۆی لێ بێتەوە.
سێیەم، ئەمریکا کە کۆڵەگەی هەر سەرەکی “ناتۆ”یە خەریکە هەڵدەوەشێتەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ترەمپ وەک سەدام حوسێن مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی ناتۆ دەکات، “اذا قال صدام قال العراق” (ئەگەر سەدام بڕیاریدا، واتە عێراق بڕیاریدا). وڵاتانی ئەوروپا ئیستێکیان بە ترەمپ کرد و هەموو بەسەریەکەوە (لانی کەم سێ زلهێزەکە: ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا) گوتیان “ئەوە شەڕی ئێمە نییە”، نەپرسمان پێ کراوە نە ناقەیەکمان لەو شەڕەدا دەست دەکەوێت.
چوارەم، ئەمریکا نەک هەر ئەوروپییەکانی لەخۆی زوویر کرد بەڵکو وڵاتانی ئاسیاشی نیگەران کرد. ژاپۆن و کۆریای باشوور و هیند و ئوسترالیا، لانی کەم لە چەند ساڵی ڕابردوو، ببوون بە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا لە دژی چین، بەڵام لەم شەڕەدا، تەنانەت ئوسترالیاش وەک جاران بەهانای ئەمریکاوە نەهات.

ئیسرائیل براوە بە تامی دۆڕاو
ئیسرئیل لەم شەڕەدا لەوانەیە تاکە دەوڵەت بێت کە لە هەمووان زیاتر قازانجی کردووە و دەکات. ئیسرائیل سەرکەوتووە چونکە:
یەکەم، لێدانی ئێران بە بۆمبێکیش بێت بۆ ئیسرائیل هەر سەرکەوتنە چ جای ئەوەی هاوشانی ئەمریکا ئەوە زیاتر لە مانگێکە بە هەزاران تۆن بۆمبیان بەسەر ئێرانەوە باراندووە.
دووەم، ئیسرائیل شکۆی دوژمنە هەرە سەرسەختەکەی شکاند. ڕۆژانە سەدان فڕۆکەی ئیسرائیل بەسەر ئێرانەوە تەڕاتێنێ دەکەن. فڕۆکەکان ڕۆژانە پەیامی باڵادەستی ئیسرائیل‌ بە ئێرانییەکان دەدەن، لە هەمان کاتدا بە هەموو وڵاتانی دیکەی ئیسلامی و عەرەبیشیان دەگوت کە خۆ دەبینن، ئەوەی پێیەوە دانازن چۆن “لەژێر پێی ئێمەدا” دەلەرزێت. دروستکردنی ترس لە دڵی ئەوانی دیکە هەمیشە ستراتیجێکی سەرەکیی ئیسرائیلییەکان بووە لە مامەڵە کردن لەگەڵ ئەوانی دیکەدا.
سێیەم، ئیسرائیل، بە کەمترین خەسارەت لەو شەڕەدا دەرچووە، لانی کەم بە بەراورد بەو وڵاتانەی کە ڕاستەوخۆ لە شەڕەکەدا گلاون. ئیسرائیل چەندبارە سەلماندییەوە کە لە بوارەکانی تەکنۆلۆجیای شەڕ و چەک یەکەمی بێڕکابەرە، ئەمەش بازەڕەکانی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان بۆ چەندین دەیەی دیکە گەرم دەکات.
چوارەم، ئیسرائیل لەم شەڕەدا دووبارە سەلمانییەوە کە ئەوەی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا کردی لە کوشتنی ئەو هەموو سەرکردە ئێرانییە لە چەند ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەدا ڕێککەوت نەبوو بەڵکو پلانێکی تۆکمە و ڕێکخراو بوو. هاوکات نیشانەی ئەوەیە کە ئیسرائیل نەک هەر لە تەکنۆلۆجیای شەڕ و چەک یەکەمی بێڕکابەرە بەڵکو لە سیخوڕی و لە چوونە ناو سیستەمی وڵاتانی نەیارانی. ئەمەش سەرکەوتنێکی دیکەی ئیسرائیلە چونکە ترس و دڵەڕاوکێی خستۆتە دڵی هەموو دەرودراوسێکانی، ستراتیجێک لە ستراتیجەکانی هەڕەشەی ئیسرائیلییەکان.
هەر چۆنێک بێت، بردنەوەکەی ئیسرائیل بەتامی دۆڕاو دەبێت چونکە ڕاستە کە ڕووخاندنی ڕژێم پۆلەسی بەیانکراوی نەبوو بەڵام لە گەڕی ئەمجارەی شەڕ هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بوو کە ڕژێم بڕوخێ، ئێران دابەش و لەرزۆک بێت. پێناچێت ئەم ئامانجەی ئێسرائیل، لانی کەم لەگەڵ ڕاوەستانی شەڕەکە لەم ڕۆژانەدا، بێتە دی. بۆیە ئەگەر لە درێژمەوداش ڕژێمی ئێران بڕوخێت، ئەوە لەم لەحزەیە ئەگەر ئیسرائیل براوەش بێت بە تامی دۆڕاوە.

ئێران دۆڕاوی براوە
ئێران ٤٧ ساڵە شەڕ بە ئیسرائیل دەفرۆشێت، وەک لە نووسینی دیکەدا ئاماژەم پێ کرد، ئێران ٤٧ ساڵە منداڵ و گەنج و پیر و ژن و پیاو بۆ شەڕ لە دژی ئیسرائیل ساز و ئامادە دەکات و دروشمی “مەرگ بەر ئەمریکا و مەرگ بەر ئیسرائیل” بە گوێ دنیادا دەدات. بەئاشکراش باس لە سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر گۆی زەوی دەکات. ئەم شەڕە و شەڕی ١٢ ڕۆژە هیچی نەسەلماندبێت فشۆڵی ئەم دروشمە چل ساڵییەی ئێرانی سەلماندووە. بێجگە لەمە، ئێران لەم شەڕە دۆڕاوە، چونکە:
یەکەم، زۆرترین زەرەری گیانی و ماددی کردووە. زۆرترین سەرکردە، لەنێویاندا، ڕابەری جمهوری ئیسلامی، ئایەتوڵا خامەنەیی، کوژراوە. ژێرخانی سەربازیی و پیشەسازی چەک و ئەمنی خاپوور کراون.
دووەم، ئێران شکۆی شکاوە بەوەی کە نەک هەر نەیتوانی ڕابەرەکانی بپارێزێت تەنانەت نەیتوانی ئەوانەش بپارێزێت کە بەرپرسیارەتی پاراستنی ڕابەر و سەرکردایەتی ئێرانیان لە ئەستۆ گرتبوو. کوژرانی چەندین وەزیری بەرگری، چەند سەرکردەی سوپای پاسداران، چەند وەزیری ئیتیلاعات، هتد، نیشانەی هیچ نەبن نیشانەی بێشکۆبوونی ئێرانن.
سێیەم، ئێران هەموو دراوسێکانی خۆی، کە خۆی بە پارێزەریان دەخستەڕوو، کردە دوژمنێکی وجودی. وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی سعودیە و قەتەر و عومان، نەک هەر خۆیان وەک دوژمنی ئێران نەدەزانی بەڵکو لەم چەند ساڵەی دوای وەک دۆستێک تەماشایان دەکرد، بەڕادەیەک کە چەندین مانگ دوا لێدانی ئێرانیان دواخست. ڕاستە ئیمارات هەمیشە بەرانبەر بە ئێران توند بوو، بەڵام بە درێژایی ساڵانی گەمارۆی سەر ئێران، ئیمارات دەرچەی ئێران بوو بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکان، هەم بە مسۆگەرکردنی ئەو کەلوپەلانی کە قەدەغەبوون هەم بە گەیاندنی پارە بۆ ناو ئێران. پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی کەنداو زۆر زەحمەتە بگەڕێتەوە پێش قۆناغی شەڕ.
سەرەڕای هەموو ئەمانە و چەندینی دیکەش، ئەگەر ئەم شەڕە ڕاوەستێت و ئێران نەڕووخێت ئەوە سەرکەوتنێکی ئێجگار گەورەیە بۆ ئێران، لانی کەم لە کورتمەودا دا. ئێران شەڕی مان و نەمانی دەکرد، بۆیە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بە هەر بارێک بێت، مادام ڕژێم لەسەر پێی خۆی ماوەتەوە ئەوە براوەیە.
دیارە، دەرچوونی ئێران لەم شەڕە، گرفت و کێشە ئابووری و داراییەکانی سەد بارتەقا زیاد دەکات، ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایی جەماوەری لە چەند ساڵی داهاتوودا، ئەگەر نەڵێم چەند مانگی دیکە، دێنێتە گۆڕێ. ئێران هێندە ماندوو بووە کە دەربازبوون لە گەڕێکی دیکەی ناڕەزایی زۆر کەمە. بەڵام بۆ ئەمڕۆ، ئێران دۆڕاوێکی براوەیە، مادام نەڕووخاوە.

وڵاتانی کەنداو، نە براوە نە دۆڕاو
وڵاتانی کەنداو بەگشتی حەزیان لێ نەبوو بچنە شەڕ لەگەڵ ئێران چ پێش شەڕ چ ئێستا. ئەوان حەزیان لێ بوو ئێران گورزێک بخوات و لاواز بکرێت بەڕادەیەک کە چیدیکە هەڕەشە نەبێت لەسەریان. ئیماراتی لێ دەرچێت پێم وانییە ئەوانی دیکە حەزیان لە داڕمانی ڕژێم بووبێت. کاتێکیش شەڕەکە ڕوویدا و ڕووی مووشەک و درۆنەکانی ئێران هێندی ڕووی لەوان بوو هێندە ڕووی لە ئیسرائیل نەبوو، ئەوە وای کرد هەموویان پێیان باشتر بێت کە ڕژێم گورزی کوشندەتری لێ بدرێت، بەڵام بەدەستی خۆیان نا بەڵکو بە دڵی ئەوان.
وڵاتانی کەنداو براوەن لەوەی کە بۆیان دەرکەوت کە توانای بەرگرییان زۆر لەوە زیاترە کە تەنانەت بەخۆشیان وێنایان دەکرد. ئەوان پێیان وابوو، کە دوای چەند مووشەکێک وڵاتەکانیان لەوانەیە تووشی شەلەل بێت و خەڵک بە هەزاران وڵاتەکانیان بەجێ بهێڵێت. بەڵام وەک چۆن زۆر سەرکەوتووانە ڕووبەڕووی کۆڕۆنا بوونەوە، لەم شەڕەشدا زۆر کەس و لایەنیان سەرسووڕهێن کرد.
وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی ئیمارات و سعودیە، پێشتر ئامادەکاریی ئەوەیان کردبوو کە ئەگەر گەرووی هورمز بگیرێت دەبێت چ بکەن، بۆیە هەردوو وڵات، بۆڕی ستراتیجیان بۆ کەنارەکانی دیکە ڕاکێشابوو، ئیمارات بۆ فوجەیرا لەسەر دەریای عومان، سعودیە بۆ یەنبوع لەسەر دەریای سوور. ئەم بیرکردنەوە ستراتیجییە نیشانەی هیچ نەبێت نیشانەی ئەوەیە کە وڵاتانی کەنداو ساڵانێکە پێگەیشتوون و ستراتیجیانە بیردەکەنەوە.
بێجگە لەمە، ئەوەی کە ئەرکی سەر وڵاتانی کەنداوی سووک کرد وەبەرهێنانە گەورەکانی ئەو وڵاتانە، لەگەڵ کۆمپانیاکانیان، لە وڵاتانی دیکە بوو. هەر یەک لە قەتەر و ئیمارات سەدان ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە دەرەوەی وڵات کردووە، ئەمەش بەرگرییکردنی بەستنی گەرووی هورمزی لەسەر کەم کردنەوە.
بۆ وڵاتانی کەنداو، ئەم شەڕە ئەزموونێکی نوێ بوو چونکە ئەوە یەکەمجار بوو کە هەموویان بەسەریەکەوە بەر هەڕەشەیەکی دەرکی ڕاستەخۆ بکەون. شەڕی کوەیت کاریگەریی ڕاستەخۆی تەنیا لەسەر ئەو وڵاتە بوو، نەک ئەوانی دیکە.
بۆیە، بۆ وڵاتانی کەنداو، ڕاستە کە زەرەرێکی ماددی زۆریان لەم شەڕە کردوو، خەرجی بەرگرییان نەک هەر ئێستا بۆ دواڕۆژیش زیادی کرد و زیاد دەکات، بەڵام یەک دنیا وانەی لێ فێربوون.

کورد، نە براوە نە دۆڕاو
لە ڕۆژانی سەرەتای شەڕ ترەمپ لە ڕێگەی چەند تەلەفۆنێکەوە بۆ سەرکردە کوردەکان، خەریک بوو کە کورد لەم شەڕەدا بگلێنێ. خۆشبەختانە، یان بەدبەختانە، هەر خۆی زوو پەشیمان بووە. ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە کورد ڕاستەوخۆ، نە کوردانی ڕۆژهەڵات، نە کوردانی باشوور، تێکەڵ بە شەڕەکە نەبن.
دیارە شەڕ، لێدانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، هەمیشە هەلی بۆ کورد ڕەخساندووە کە لە پەراوێزی شەڕ و گەمە جیۆپۆلەتیکییەکاندا هەندێک هەل بقۆزنەوە، ئەمجارە لەبەر دوو هۆکار ئەم هەلە نەقۆستراوە، یان نەڕەخسا. یەکەم، کوردانی ڕۆژهەڵات زۆر ساز و ئامادە نەبوون. دووەم، ترەمپ و ئەمریکا هیچی ئەوەیان لێ هەڵنەدەهێنجرا کە ببێتە مایەی جووڵەی کورد.
هەرچۆنێک بێت، جووڵە نەکردنی کورد، بووە مایەی ئەوەی کە نە قازانج بکات نە زەرە.

شێرکۆ کرمانج




ئەمریکا کورد بەکاردێنێت بەڵام هەمیشە لە قازانجی کورد دا بووە.. شێرکۆ کرمانج

لەم ڕۆژانە ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر قسەی لێ دەکرێت پەیوەندی نێوان کورد و ئەمریکایە. ئەوەی لە هەموو شتێکیش زیاتر ڕەخنەی لێ بگیردرێت ئەوەیە کە گوایە ئەو پەیوەندییە ئامرازییە و کورد زەرەرمەند بووە لە مامەڵەکانی لەگەڵ ئەمریکا.
ئەم قسانە ئەگەر کەسێکی سادە و کەم شارەزا لە مێژوو و لە سیاسەت بیکات بەبێ ئەوەی کە بزانێت ئەم جۆرە گوتار و تێگەیشتنانە کێ بڵاویان دەکاتەوە ئەوە دەکرێت ئاسایی لێی بڕوانین. بەڵام کاتێک ڕۆژنامەنووسێک، ئەکادیمییەک، یان سیاسەتوانێک قسە لەو بابەتە بکات و بەو ئاراستەیە ئارگیومێنتسازی بکات ئەوە بەڕای من دەچێتە خانەی نەک هەڵە تێگەیشتن بەڵکوو چەواشەکاریی.
پێش ئەوەی بێمە سەر قازانج و زەرەری کورد لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دەمەوێت قسە لەسەر یەک دوو دەرکەوتە بکە کە لەم ڕۆژانە بە زەقی هەستی پێ دەکرێت.
یەکەم، ئەوەی ڕوونە داگیرکەرانی کوردستان، لە پێش هەموویانەوە تورکیا و ئێران، خەریکە هار بن کە دەبینن پەیوەندییەکی ئاوەها قسەی لەسەر دەکرێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تەلەفۆن بۆ سەرکردە کوردەکان دەکات، هاوکات کوردستانیان خەریکی خۆسازدانن. ئەمە هیچ مانایەکی نەبێت مانای ئەوەیە کە ئەم نزیکبوونەوەیە لە قازانجی کوردە لە زەرەری داگیرکەرانە.
دووەم، کەس نییە لەم چەند ڕۆژە هەستی بەوە نەکردبێت کە میدیا چەواشەکارەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی، تەنانەت چەپی ڕادیکالی ڕۆژئاواییش، چەندە تەنگەتاو بوونە بەو لێک نزیکبوونەوەیە. تەنانەت ڕووناکبیر و ئەکادیمیستە بەناو مرۆڤدۆست و مافدۆست و دیموکراتخوازەکانی عەرەبی و تورکی و فارسی، بەوانەشەوە کە لە ڕۆژئاوا دادەنیشن، هەناسەیان تەنگ بووە و دەیان ناوناتۆرەیان بۆ کورد دۆزیوەتەوە هەر لە جودایخوازییەوە بگرە تا دەگاتە بەکرێگیراویی. ئەمەش وەک خاڵەکەی پێشووتر نیشانەی ئەوەیە کە ئەم پەیوەندی و لێکنزیکبوونەوەیە لە قازانجی کوردە، بۆیە ئەم توێژەش دڵەڕاوکێیان گرتووە.
هەندێک نووسەر و ئەکادیمی و ڕۆژنامەنووسی کوردیش کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەم گوتارە چەواشەکارییە و لە هەوڵی ئەوەدان کە کورد لە ئەمریکا دوور بخەنەوە.
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە کەس نییە پێی خۆش بێت کە کورد بەکاربێت، بەڵام قەتیسکردنی پرسەکە لە بەکارهێنان و ئامرازبوون بۆ پاراستنی کورد نییە بەڵکو بۆ ڕێگریکردنە لەوەی کە نەکا کورد وەک دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ١٩٩١ و ٢٠٠٣، هەروەها دەستوەردانەکانی لە سووریا لە ٢٠١٤، شتێکی بەرکەوێت و قازانجی لێ بکات.
مێژوو پێمان دەڵێت کە کورد بەردەوام لە دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە قازانجی کردووە. ئەمە لەبەر ئەوە نەبووە کە ئەمریکا ویستویەتی کورد سوودمەند بێت بەڵکو لە ئاکامی تێوەگلانی کورد لە گەمەکان، بەگشتی، قازانجی کردووە.
لە ڕاستیدا کورد تەنیا ئەو کاتانە بزاڤەکەی چۆتە پێش و دەسکەوتی گەورەی هەبووە کە لەگەڵ ئەمریکییەکان بووە بە هاوبەش، شەریک. هەموو دەستوەردانێکی ئەمریکی لە وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان بە قازانجی کورد کۆتایی هاتووە.
دەستوەردانی ئەمریکا لە ١٩٩١، چ بە لێدانی عێراق و دروستبوونی ڕاپەڕین، چ لە کۆڕەو و دانانی ناوچەی دژەفڕین دواجار بە قازانجی کورد شکایەوە. کەس نییە بتوانێت بڵێت کە ئەم دووانەیە (لێدان و سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین) فاکتەری سەرکیی بوون کە هەرێمی کوردستانی لە باشوور بەرهەمهێنا. ڕاستە لەو ئاکامەدا کورد زەرەری گیانی لێکەوتووە بەڵام دەستکەوتە نەتەوەییەکان لە ژمار نایەن. ئەوە بەسەر ئاماژە بەوە بکەین کە چۆن باشوور بوو بە قووڵایی ستراتیجی بۆ ڕۆژاڤا لە مانگی ڕابردوودا، هەروەها چۆن باشوور بووە گۆڕەپانی یەکبوونی کوردیی و کۆمەک و یارمەتی کۆکردنەوە بۆ ڕۆژاڤا. ئەمریکا و دەستوەردانەکانی و گەمەکردنی کورد لە یارییەکانی ئەمریکا نەبا هیچ کاتێک کورد لە باشوور بەم ڕۆژە نەدەگەیشت و دەبوو تا ئێستا لەژێر ڕەحمەتی ئەنفال و کیمیاباران با.
ئەمە بۆ ڕۆژاڤاش هەر ڕاستە، دەستوەردانی ئەمریکا و پشتیوانی ئەوان نەبا ئەزموونی ڕۆژاڤا دروست نەدەبوو. ڕاستە ئەمریکا وەک پێویست، بەتایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بەهانای کوردەوە نەهاتن، بەڵام ئەوەی ئێستا ماوەتەوە هەر بەگشتی زادەی ئەو پشتیوانیانەیە کە ئەمریکا لە ڕۆژاڤا کردی لە ٢٠١٤ەوە تا ٢٠٢٦. دۆخی کوردی ڕۆژاڤا ئێستا زۆر لە دۆخی کورد لە ٢٠١١ باشترە. بۆ نموونە: کورد لە ڕۆژاڤا سوپای خۆی هەیە؛ دامەزراوەی خۆسەری خۆی هەیە لە بەشێک لە ناوچە کوردستانییەکان؛ مەڕسومی کۆماریی سووری دەرچووە بۆ ناساندنی مافەکانی کورد کە دەکرێت لە دواڕۆژێکی نزیک بخزرێنە ناو دەستوور؛ دیبلۆماسیەتی کوردی لە ڕۆژاڤا گەیشتۆتە ئاستێک کە پێش ٢٠١١ خەونیشی پێ نەدەبینی. بەشداربوونی مەزڵوم عەبدی لە کۆنگرەی میونێخ ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە. ئەمانە هەمووی بەرهەمی ڕاستەوخۆش نەبن هی ناڕاستەوخۆی دەستوەردانی ئەمریکا لە سووریا بوون کە کورد بەشداری لە گەمەکانی ئەمریکا کرد، نەک لە ترسان بچێتەوە ماڵ و هیچی دەست نەکەوێت.
هیچ کامێک لەو دەستکەوتانەش بەرهەمی پێکهاتن و ڕێککەوتنی نووسراو و فەرمی نەبوون لەنێوان ئەمریکا و کورد، بەڵکو بەرهەمی بەشداریکردنی کورد بووە لە گەمەیەک، لە قومارێک، بەبێ پێکهاتن.
لە کۆتاییدا گرنگە لەسەر دوو خاڵی دیکە هەڵوەستە بکەین. یەکەم، کورد لە گەمەکانی لەگەڵ ئەمریکا ئەگەر زەرەریشی کردبێت ئەوە لە قازانج زەرەری کردووە، لە ڕۆژاڤا پاشەکشەی کرد بەڵام زیاتر لەو ناوچانەدا بوو کە ناوچەی کوردستانی نەبوون. دووەم، کورد بەبێ بەشداری لەو گەمانە هەر وەک بکەرێکی مردوو و کارتێکی بەکارنەهاتوو دەمێنیتەوە، دواجار بوونیشی، وەک هەمیشە بۆ هەتا هەتایە، لە مەترسیدا دەمێنێتەوە.

شێرکۆ کرمانج




هۆکارە دەرەکیی و ناوخۆییەکانی پاشەکشەکانی ڕۆژاڤا.. شێرکۆ کرمانج

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە بۆ دەستنیشان کردنی تەواوی هۆکارەکان کات و وردبوونەوەی زیاتری دەوێت، بۆیە ئەوەی لێرە گفتوگۆ دەکرێت و دەخرێتە ڕوو سەرەداوی سەرەتایین کە زادەی چاودێریکردنی ساڵانێکە لە دۆخی ڕۆژاڤا لەگەڵ ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانەی ئەم چەند ڕۆژە.
من ناوم لەمە ناوە “پاشەکشە” نەک “شکست” یان “ئاشبەتاڵ”، چونکە پێم وایە کورد لە پێشڕەفتەییەکانی لە دە ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژاڤا لەم چەند ڕۆژە پاشەکشەی کردووە نەک ئەوەی کە بزووتنەوەکە یان ئەزموونەکە شکستی هێنابێت یان ئاشبەتاڵی کرد بێت. پاشەکشە زادەی فشاری زۆرە، واتە هۆکاری دەرەکی ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت. بەڵام شکست و ئاشبەتاڵ زیاتر هۆکاری ناوخۆیی کاریگەرن.
هیچ پرسێک، ڕووداوێک، دۆخێک، شکستێک، پاشەکشەیەک، سەرکەوتنێک، هتد، یەک هۆکار یان دووی نین بەڵکوو چەندین هۆکاری لە پشتە. ئەو کەس و لایەنانەی کە یەک هۆکار دەبینن، ئەوە شرۆڤە ناکەن، بەڵکوو دەیانەوێت خاڵێکی سیاسی زەق بکەنەوە یان تۆمار بکەن. بۆ نموونە، ئەگەر ئەم پاشەکشەیە لە پڕۆژەی دیموکراتی و پێکەوژیانی گەلان وەک کۆڵەگەیەکی ئایدیۆلۆجی ئەبجەلان و پەک (هەر دوو ناو بە ئانقەست شێوێنراوە لەبەر سانسۆر) کورت بکەینەوە ئەوە لە ڕاستیدا هەم کورت دێنێت، هەم بۆ خۆی کە ڕەخنەیەکی ئایدیۆلۆجییە کەچی خۆی هەڵقوڵاوی ئایدیۆلۆجییە.
لە دۆخێکی وەک ئەمڕۆدا کە ئەو پاشەکشەیە بە چاوی خۆمان دەبینین، ئەوا سۆز یان توڕەیی یان نائومێدی زاڵ دەبێت بەسەر تێگەیشتن و دەربڕینەکانمان. لێرە هەوڵم داوە ئەمانە ئاراستەم نەکەن.

هۆکارە دەرەکیی و سەپێنراوەکان
یەکەم، پیلانی نێوەدەوڵەتیی، پیلانێکی نێودەوڵەتی گەورە ماوەیەکە بۆ بنکۆڵکردنی ئەزموونی خۆسەری لە ڕۆژاڤا (باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا) ئیش دەکات. تورکیا و قەتەر و سووریای ئەحمەد شەرع یارییکەری سەرەکین لەو پیلانە، کە بە پشتیوانی سعودیە، لە بێدەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل، لەم ڕۆژانە جێبەجێ کرا. تورکیا دژی دووبارەبوونەوەی ئەزموونی باشووری کوردستانە، بەتایبەتی ئەزموونێک کە نەیارە سەرسەختەکەی، پەک، بکەری سەرەکی بێت. قەتەر هەموو توانی خۆی خستەگەڕ کە دوا ئەزموونی ئیسلامیی لە وڵاتانی عەرەبی، سووریا، شکست نەهێنێت، ئەوە بێجگە لەوەی کە قەتەری ئێستا نوێنەرایەتی ناسیونالیزمی عەرەبی ڕەنگڕێژکراو بە ئیسلامی سیاسی دەکات و دژی هەر جۆرە دابەشبوونێکی وڵاتانی عەرەبییە، تەنانەت بە فیدراڵبوون و لامەرکەزیشەوە. سعودیە نایەوێت ئێران، یان هەر لایەنێک کە لە ئێران نزیک بوو بێت، ئێستا یان کاتی خۆی، لە سووریا پێگەی هەبێت، یان پێگە دروست بکات و ببێتە مایەی سەرئێشە بۆیان یان زیندووکردنەوەی حیزبوڵا. بۆیە بە خەستی لە پشت دەسەڵاتی سوننەگەرای شەرع ڕاوەستاوە، ئەگەرچی نیگەرانە لە نەفەسە ئیسلامییەکەی. لە خوارەوە قسە لەسەر بێدەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەم.
دووەم، هەڵە تێگەیشتنێک لە ڕۆڵی بکەری دەوڵەتی و نادەوڵەتی. لە مێژە لە نێو کورد دا هەڵە تێگەیشتنێک هەیە گوایە ئەمریکا شەریکە یان هاوپەیمانە. لە پەیوەند بەم پرسە گرنگە ئەوە بزانین کە لە دە ساڵی ڕابردوودا، ئەمریکا پشتیوانی لە کورد کردووە لە شەڕی دژ بە داعش نەک بۆ دروستکردنی کیان یان دەوڵەتی سەربەخۆیی. دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەمریکا لە دژی بکەرێکی نادەوڵەتی، واتە داعش، نەک بکەرێکی دەوڵەتی، واتە سووریا، پشتیوانی لە کورد دەکرد. کاتێک بکەرە نادەوڵەتییەکە گۆڕا بۆ بکەرێکی دەوڵەتی هاوکێشەکان و تێگەیشتنەکان گۆڕان. ئەمە بۆ باشوور و ئەزموونی ڕیفراندۆم و ١٦ ی ئۆکتۆبەریش هەر ڕاستە. ئەم هەڵە تێگەیشتنە لە باشوور و لە ڕۆژاڤا کوردی تووشی جۆرێک لە غرور کرد کە حیسابی بۆ زۆر هۆکاری دیکە نەدەکرد، وەک ڕۆڵی تورکیا و سعودیە لە هاوکێشەکان. لانی کەم کورد پشتیوانی ئەمریکای بە ئەزەلی وەرگرت بوو.
سێیەم، دۆناڵد ترەمپ و تۆم باراک، ڕۆڵی تاکەکەس. لەگەڵ بە کاندیدبوونەوەی ترەمپ، خەمخۆرانی ڕۆژاڤا، یەکێک لەوانە من، هەمیشە ترسی ئەوەمان هەبوو کە ترەمپ بێتەوە سەر حوکم و ڕۆژاڤا بکاتە قوربانی سەفقەیەک لە سەفقەکانی وەک جاری یەکەم لە ٢٠١٨-٢٠١٩دا لە سەرێ کانی و گرێ سپی کردی، یان هەر لەبەر بێئەخلاقبوونی پشت لە ڕۆژاڤا بکات. کاتێکیش کە ترەمپ بزنیسمانێکی وەک تۆم بارکی کردە نێردەی خۆی هێندەی دیکە ترسەکان گەورەتر بوون چونکە باراک بێجگە لەوەی کە دژەکورد بوو، پڕۆتورکیش بوو. هاوکات، هەموو تێگەیشتنەکانی هەڵقوڵاوی دیدی دەوڵەتێکی مەرکەزی بوو، کە دژایەتی لەگەڵ خەون و ئامانجەکانی کورد دەکرد و لەگەڵ شەرع و سوورییەکان یەکدی دەگرتەوە. لە پەیوەند بە پێشهاتەکانی ئەم چەند ڕۆژە، بە ڕەهایی نا، بەڵام من بە جددی پێم وایە ئەگەر ترەمپ نەبا هەر کەسێکی دیکە لە ئەمریکا (کۆمارییەکان یان دیموکراتەکان) حاکم بایە هێندە بێئەخلاق نەدەبوو بەرانبەر بە کورد و ئەگەری هەبوو ئەگەر دەستبەرداری کوردیش بان بەڵام بەم ئاست و ڕادەیە نەدەبوو.
چوارەم، شەرع و سوننە و پچڕاندنی هیلالی شیعی. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامی بەعس و هاتنی شیعەکان بۆ سەر حوکمی عێراق، کۆریدۆرێک دروست بوو لە تاران بۆ بەغدا، لەوێشەوە بۆ دیمەشق و باشووری لوبنان، کە بە هیلالی شیعی ناسرا. ئەم پێکەوە گرێدان و وابەستەبوونەی ئەم ناوچە و پایتەختانە هەڕەشەی گەورە بوون لەسەر ئیسرائیل، ئەگەر نەڵێم تاکە هەڕەشە بوو کە ئیسرائیلی نیگەران کردبوو. ساڵێک لەمەوبەر، کە شەرع و ئیسلامییەکان لە دیمەشق هاتنە سەر حوکم، یەکێک لە گرنگترین دەرکەوتەکانی ئەم گۆڕانکارییە پچڕاندنی هیلالی شیعە بوو. شەرع و هاوپەیمانەکانی کارێکیان کرد لە پچڕانی حیزبوڵا و ئێران، بێجگە لە لەگۆڕنانی ڕژێمەکەی ئەسەد، کە دەکرێت بڵێین بە کورد نەدەکرا. ئەمەش دیدی ئەمریکا و ئیسرائیلی بەرانبەر بە شەرع و سووریا گۆڕی بەتایبەتی دوای ڕێککەوتنی پاریس لە نێوان ئیسرائیل و سووریا و ملکەچبوونی شەرع بۆ ئیسرائیل. بۆ سووریا و شەرع، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، گەنم و جۆی ڕۆژاڤا و نەوتی دێرەزوور و فورات و بەنداوی تشرین ئێجگار زۆر گرینگتربوون لە بەرزاییەکانی جۆلان. من و چەندین ئەکادیمی و نووسەری دیکە پێش ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد داوامان لە هەسەدە کرد، بە ئاشکرا بە نووسین، بە دزی لەڕێگەی پەیوەندییەکانمەوە، کە هەسەدە ڕۆڵی پچڕانەکە ببینێت، ئەویش بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەلبوکەمال و درێژکردنەوەی قەڵەمڕەوییەکانی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دروزەکان لە نزیک سنووری ئیسرائیل، بەڵام داواکانمان سەدای نەبوو، هۆکار چی بوو، ئەڵاهو یەعلەم.
پێنجەم، فاکتەری جوگرافیی. لە پاڵ هۆکارە دەرەکییەکان فاکتەری جوگرافیا دژی کورد بوو، کە نازانم بە هۆکاری ناوخۆیی دابنێم یان دەرەکی، بەڵام لەبەرئەوەی زیاتر هۆکارێکی سەپێنراوە ئەوە بە ناوخۆییم دانەنا. جوگرافیا لە دوو لاوە غەدری لە ڕۆژاڤا و ئەزموونەکەی کردووە. یەکەمیان لەبەرئەوەی ڕۆژاڤا هەرێمێکی/کیانێکی داخراوە، واتە سنووری دەریایی نییە، لەوەش ترسناکتر بە دوژمنی سەرسەخت دەوردراوە. ئەمە بۆ هەموو کوردستانیش هەر ڕاستە و لە دەرەوەی ئیرادەی کوردە. هاوکات، جوگرافیای ڕۆژاڤا پێکهاتووە لە پێنج پارچەی بەیەکەوە نەبەستراو: عەفرین (کە تورکیا وێرانی کرد)، کۆبانێ (کە داعش و تورکیا خاپووریان کرد)، قامیشلۆ، گەڕەکەکانی حەلەب، لەگەڵ گەڕەکەکانی دیمەشق. ئەم دابەشبوونە و هەوڵەکانی تورکیا بۆ قووڵترکردن و بەرینترکردنی دابەشبوونەکە، بە تایبەتی بە داگیرکردنی عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی، تا دەگاتە عزاز و تەلڕەفعەت و مەنبەج، تواناکانی کوردی لە بوونی قوڵایی ستراتیجی و بەرگریی و هاوکاریی یەکدی ئێجگار کەم کردەوە. هەرێم و پارتی درەنگ لە گرنگی ستراتیجی ڕۆژاڤا گەیشتن نەک هەر بۆ کورد تەنانەت بۆ پارتیش، بەڵام تازە کار لە کار ترازاوە. ئەوەش کێشەیەکی دیکەی کوردە کە تا سەری لە بەردی ئەلحەد نەدا بە خەبەر نایەت.

هۆکارە ناوخۆییەکان
یەکەم، وەهم لەبەرانبەر واقیعییبوون. ئەبجەلان، بیرمەند و دامەزرێنەری پەک، لە دوای گرتن و زیندانیکردنی لەلایەن دەوڵەتی تورکیا، کۆمەڵێک تێز و تێگەیشتن و شرۆڤەی کردووە، کە هەر شوێنی بەرهەمهێنانی تێزەکانی جێگەی پرسیاری جددین، بەڵام با واز لەوە بێنین. لە ڕاستییدا تێگەیشتنەکانی ئەبجەلان زیاتر لە وەهم و خەیاڵ دەچن لەوەی پڕۆژەی نەتەوەیەکی داگیرکراو و بێمافکراو بن. کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پێکەوەژیانی گەلان لە ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست کە فاشیزم و شۆڤێنیزم و داگیرکاریی و ڕق و قینە لە کورد ئاراستەی دەکات کوا جێگەی بیرۆکەی وای دەبێتەوە، بەتایبەتی بۆ هێزێک لە دەرەوەی دەسەڵات. ئەگەر لە دەسەڵات بیت و دەوڵەت خۆت بەڕێوەی ببەی ئەوە دەکرێت قسەیەکی لێ بکرێت. دەرکەوتە هەر خراپەکەی ئەم تێگەیشتنە لە دۆخی ڕۆژاڤا لەوەدا بوو کە هەسەدە پێی وابوو دەتوانێت هێزێک دروست بکات لەسەر ئەو بنەمایە، کەچی دەرچوو عەرەبەکان، نەک عەرەبچە و ئیسلامییەکانیان، بەڵکوو ئەوانەش کە سەری ڕەزامەندیان بۆ دید و دەسەڵاتی هەسەدە دەلەقاند، لە دەرچەیەک دەگەڕان کە دژی کورد، نەک هەر هەسەدە، هەڵگەڕێنەوە. ئەمە ڕامان دەكێشێت بۆ پەیوەندی نێوان کورد و ئەوانی دیکە (تەماشای خوارەوە بکە).
دووەم، پراگماتیزم لە بەرانبەر ئایدیۆلۆگبوون، سیاسەتوان بەتایبەتی لە قۆناغی ئیدارەدانی کیان و ئەزموون و دەوڵەت دەبێت پراگماتیست بێت پێش ئایدیۆلۆگبوون. ئایدیۆلۆجیا کورت دێنێت لە شرۆڤە و تێگەیشتن لە دۆخەکان و هاوکێشەکان. ئایدیۆلۆگ بەرژەوەندی بیرمەند و حیزب دەبینێت و ئاراستەی دەکات، کەچی پراگماتیست و دەوڵەتدار بەرژەوەندی باڵای نەتەوە دەبینێت و ستراتیجی دوورمەودا دادەڕێژێت و تاکتیکی ڕۆژانە دەخاتەگەڕ بۆ گەیشتن پێیان. واپێدەچیت ئەحمەد شەرعی ئیسلامیی و جیهادی، بەڕاوێژی تورکیا لە سەرکردە کوردەکان پراگماتیزتر بوو. شەرع ئامادە بوو لە دژی کورد و بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕۆژاڤا دەست لەگەڵ شەیتانیش تێکەڵ بکات، کورد نەک هەر ئایدیۆلۆجیا ڕێگری لێ کرد بەڵکوو شەرمی سیاسی وای کرد کە نەتوانێت ڕاشکاوانە وەک دروزەکان داوای یارمەتی لە ئیسرئیل بکات. کورد نەک هەر داوای یارمەتی نەکرد، بەڵکوو شرۆڤەکان و قسەکانی ئەبجەلان ئەوەی لێ دەخوێندرایەوە کە ئەوان دەیانەوێت ڕێگری بکەن لەو پڕۆژە و نەخشەی کە ئیسرائیل بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داڕشتووە. ئەمە قسەی گیرفانی من نییە، بەڵکوو هەموو چاودێرێکی سیاسی هەستی بە نەفەسێکی لەم شێوەیەی نەک هەر لە قسەکانی ئەبجەلان دەکرد بەڵکوو لە بەرپرسەکانی دیکەی “پەک”یش دەبیستران. بێجگە لەمە، ئایدیۆلۆجیا ڕۆژاڤای کردە ناوچەیەکی داخراو بەڕووی وەبەرهێنان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان. ڕاستە ڕۆژاڤا لە دروستکردنی ئینسانێکی خۆڕاگر و پشت بەخۆ بەستوو تاڕادەیەک سەرکەوتوو بوو، بەڵام ئەوە کافی نییە بۆ وەدەستهێنانی پشتیوانیی دەرەکی. کیان و دەوڵەت لەسەر بنەمای سۆشیالیزم و کاری هەرەوەزی دانامەزرێت بەڵکوو کرانەوە بەڕووی وەبەرهێنان، دیارە لێرە مەبەستم گەندەڵ و گەندەڵکاریی نییە، بەڵام داخرانی ئابووری، ڕۆژاڤای لاواز کردبوو.
سێیەم، پەیوەندی نێوان کورد و ئەوانی دیکە پەیوەندی داگیرکەر و داگیرکراوە. لە پێش شەڕی دووەمی جیهانی، هەموو ڕاپەڕین و حیزب و لایەنە کوردییەکان لە شێخ عوبەیدوڵای نەهری تا دەگاتە قازی محەمەد، پەیوەندی کورد و ئەوانی دیکەیان وەک پەیوەندی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو دەبینی و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد، بۆیە سەربەخۆیی کوردستان دوا ئامانجیان بوو. لەدوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، ئەبجەلان و پەک، یەکەمین گەورەهێز بوون کە هەوڵیان دا، لانی کەم لە ڕووی تیوری و تێگەیشتن و گوتارەوە دروشمی خودموختاری بۆ کوردستان و دیموکراسی بۆ تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا تێکبشکێنن و سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستانیی بکەن بە ئامانج، واتە دەرخستنی کوردستان وەک وڵات و نەتەوەیەکی داگیرکراو. بەڵام لە چەند دەیەی ڕابردوودا ئەبجەلان و پەک و هێزە نزیکەکان لەم خەتە، بە هەموو شێوازێک دژی دەرخستنی پەیوەندی کورد و ئەوانی دیکە بوون وەک پەیوەندی داگیرکەر و داگیرکراو. لەپاڵ ئەو ڕاستییە، وەک لە چەندین دەرفەتی دیکەدا باسم کردووە، هاوکێشەی کورد لەگەڵ داگیرکەرانی هاوکێشەی هێزە بووە و هاوکێشەی هێز دەبێت تا ڕزگاربوونی. لەم هاوکێشە و پەیوەندییە تێنەگەین ناتوانین هەنگاوی دروست بهاوێین. لە دۆخی ڕۆژاڤا، کوردان لەوێ لەوە تێنەدەگەیشتن کە داگیرکەر هیچ کاتێک قەبوڵ ناکات داگیرکراو حاکم بێت بەسەرییەوە. بۆیە، سەرەڕای ئەوەی کە شەڕڤانان لە ڕۆژاڤا، لە ڕەقە، لە مەنبەج، لە دێرەزوور، لە هەموو باکووری سووریا، هەزاران شەهیدیان دا بۆ ڕزگارکردنی عەرەبەکانی ئەم دەڤەرە و پاراستنیان بەڵام کە هاوکێشەکان گۆڕان، ئامادە نەبوون و ئامادە نین نەک هەر لەژیر سایەی دروشمی برایەتی گەلان یەکسانانە لەگەڵ کورد بژین، بەڵکوو یەکسەر هەوڵی ژێردەستەکردنەوەی کورد دەدەن. پرسەکە ئەوەیە کە داگیرکەر نەک هەر دەسەڵاتی داگیرکراو قەبوڵ ناکات، بەڵکوو نایەوێت یەکسانیش بێت بە داگیرکراو. کورد دەبێت لەم هاوکێشەیە بگات. لە پاڵ ئەمە، ئەگەر کورد لە ڕۆژاڤا باوەڕی بە دامەزراندنی دەوڵەت هەبا، ئەوە لەوانەیە لە چەند دەرفەتێک کە بۆی ڕەخسا، بۆ نموونە لە ئانوساتی شکستخواردنی دەوڵەتی سووریا لەژێر سایەی بەشار ئەسەد، یان لە کاتی ڕووخانی ئەسەد و پێش جێگیربوونی دەسەڵاتی شەرع، بەیانی دامەزراندنی دەوڵەتی کردبا، یان هیچ نەبێت خۆی وەک هەرێمێکی فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی ناساندابا.
بە کورتی، ئەوەی لە ڕۆژاڤا ڕوو دەدات نە بە شکست نە بە ئاشبەتاڵ نابینم، بەڵکوو پێم وایە کە پیلانەکان و جێبەجێکاری پیلانەکان زۆر لە کورد بە تواناتر و بەهێزتر بوون بۆیە پاشەکشەیان بە ئەزموونی ڕۆژاڤا کرد. هاوکات، پێم وایە کورد باش لە هاوکێشە ئیقلیمییەکان نەگەیشتبوو و خۆی خستبووە یارییەکەوە کە دەبوایە یان نەیکات، مەبەستم فراوانکردنی قەڵەمڕەوییەکانیی بۆ ناوچە عەرەبنشینەکان، یان دەبوو سەرکێشی زیاتر بکات، ئەویش بەوەی ببووایە بە هێزی پچڕێنەری هیلالی شیعی و بەیەکەوە بەستنی کورد و دروزەکان و خۆبەهاوسێکردنی ئیسرائیل. هاوکات، کورد دەبێت بەخۆداچوونەوەیەکی جددی بە تێز و تێگەیشتن و ئایدیۆلۆجیاکانی بکاتەوە و بزانیت کە چەپبوون و ئانارشیستبوون دادی نادات بەڵکوو دەبێت کوردبوون و کوردستانییبوون بکات بە چەقی بیرکردنەوە و تێگەیشتنەکان.
هەر چۆنێک بێت، لەم لەحزەیە گرنگە هەموومان پشتیوانی ڕۆژاڤا بین، داوا لە سەرکردەکانی ئەوێ بکەن کە ئەگەر دێرەزوور و ڕەقەش بەتەواوی ڕادەستی دیمەشق بکەن ئەوە تەواوی حەسەکە بپارێزن، ئەگەر پێویست بکات شەڕ بکەن، چونکە خاکت نەبێت بوونت نییە.




لە نەبوونی دەوڵەت‌ـدا، زمان و نەتەوە لەناودەچن، کەیسی کورد.. شێرکۆ کرمانج

دامەزراوەکانی دەوڵەت پێویستیی حەتمین بۆ پاراستنی زمان و نەتەوە

پاراستنی زمان و کولتوور و مێژوو و کۆیاد، کە وەک کۆڵەگە سەرەکییەکانی نەتەوە لە بەشی دووەم و سێیەمی ئەم بابەتەدا ناسێنران، ئێجگار گرنگن بۆ مانەوەی هەر نەتەوەیەک. لەم بڕگەیە گفتوگۆی پێویستییەکانی مانەوەی نەتەوە دەکەین، بە واتایەکی دیکە بۆ پاراستن و مانەوەی نەتەوەی چی گرنگن و چی پێویستن. گرنگی زیاتر بە زمان دەدرێت چونکە لە کەیسی کورد دا لەوانەیە زمان گرنگترین بەهای نەتەوە بێت. کورد بە زمانەکەی لە هەموو شتەکانی دیکە زیاتر لە نەتەوەکانی دەوروبەری جیا دەکرێتەوە، هەر بۆیەشە لە هەموو کۆڵەگەکانی دیکەی نەتەوە، زمان، بەر هێرش و یاساغکردن کەوتووە لە هەر چوار پارچەی کوردستان‌دا.

گرنگی زمان بۆ نەتەوە
زمان توخمێکی سەرەکییە لە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووریی. لە هەندێک دۆخدا، بۆ نموونە کورد، ڕەنگە تاکە نیشانە بێت بۆ بوونی نەتەوە، یان گرووپێکی ئیتنی ڕەسەن. وەک ڕۆدۆڵفۆ ستاڤينهەیگن، کۆمەڵناسی مەکسیکی، دەڵێت: گرووپەکان لە ڕێگەی زمانەکانیانەوە، گوزارشت لە کولتووری خۆیان دەکەن، ناسنامەی کۆمەڵایەتی خۆیان دەردەخەن. زمانەکان پەیوەندیان بە پرۆسەی بیرکردنەوە و بە شێوازی تێگەیشتنی ئەندامانی گرووپە زمانییەکانەوە هەیە لە سروشت و گەردوون و دەوروبەر و کۆمەڵگە ((Stavenhagen 1996. گرنگی زمان ڕەنگە لە ژێر ڕووناکی تیۆرەکەی بێنیدیکت ئەندرسن بۆ دروستبوونی نەتەوە زیاتر دەرکەوێت کە بە “سەرمایەداریی چاپ” (print capitalism) ناسراوە. تێڕوانینەکەی ئەندرسن کە نەتەوە وەک کۆمەڵگەیەکی وێناکراو دەناسێنێت بنەمای لەسەر زمانێکی هاوبەش داناوە، کە لە ڕێگەی چاپ (میدیا) دەبێت بە زمانی فەرمی و ستانداردی نەتەوە و زەمینەی هۆشیاریی نەتەوەیی دێنێتە گۆڕێ و ئاسانکاری بۆ دەکات (Anderson 1991: 39-49).
هەر لەمەڕ گرنگی زمان بۆ بەهێزکردن و بنیاتنانی ناسنامەی نەتەوەیی، کلێیەر گرامش، زمانناس لە زانکۆی کالیفۆرنیا، دبێژت “زمان بریتییە لە سیستەمێک لە ئاماژە کە لە خودی خۆیدا بەهای کولتووری تێدایە، ئەو کەسانەی بە زمانێکی هاوبەش قسە دەکەن جیاوازی لە نێوان خۆیان و ئەوانی دیکە نیشان دەدەن، زمان وەکوو سیمبولی ناسنامەی خۆیان تەماشا دەکەن” (Kramsch 1998: 3). عەلالی ئەلفاسی، سەرکردەی ڕزگاریخوازی مەغریبییەکان، جەخت لەسەر ڕۆڵی زمان دەکات و یێژت هیچ نەتەوەیەک لەسەر ڕووی زەوی ڕازی نییە زمانەکەی، کە جەوهەری بوونی خۆیەتی، ببێتە قوربانی و بە زمانێکی دیکە ئاخافتن بکات، مەگەر لە ڕێگەی هێز سەپێنرابێتە سەری. ئەو دەڵێت مەعریفەیەک بە زمانی خۆت بەدەستی بهێنیت، ئەوە مەعریفەکە بەدەست دەهێنیت، خۆ ئەگەر بە زمانێکی دیکە بەدەستی بهێنیت، ئەوە مەعریفەکە تۆ بەدەست دێنێت (الفاسي ١٩٥٢: ٣٣٤). کانگاس و بیوجاک، لە پەیوەند بە پرسی کورد و زمانەکەی لە تورکیا، دەڵێن بۆ لەناوبردنی زمانێک، یان دەبێت هەموو ئەندامانی گرووپە زمانییەکە بکوژیت یان دەبێت لە ڕێگەی سیاسەت و بەرنامەی سیستەماتیک و فشاری جیاواز هەوڵی گۆڕینی زمانی دایکیان بدەیت (Kangas & Bucak 1994: 362). لەبەر ئەوەی، ئەوەی یەکەم زۆر سەختە، بەتایبەتی بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد کە ژمارەکەی، بۆ نموونە، لە تورکیا دەیان ملیۆنە، بۆیە دەوڵەت تەبەنی بژاردەی دووەمی کردووە، کە دواجار هەر سڕینەوەی کوردی وەک نەتەوە لێ دەکەوێتەوە بەڵام لەڕێگەی هێزی نەرم نەک ڕەق. بەکورتی، هەر چوار دەوڵەت-نەتەوەکە بۆ لەناوبردنی کورد پێش هەموو شتێک زمانەکەیان یاساغ کردووە، زمانی نەتەوەی زاڵیان سەپاندووە، کولتووری کوردییان شێواندووە، مێژوویان ژێر خاک خستووە. هەموو ئەمانە بۆ لاوازکردن و دواجار گۆڕینی ناسنامەی کورد، ئەویش پێش هەموو شتێک لەڕێگەی لاوازکردن و لەناوبردنی ئەو زمانەی کە کورد جیاوازی خۆی پێ دەسەلمێنێت.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئەگەر زمان هێندە گرنگ بێت بۆ دروستبوون و مانەوەی نەتەوە، ئەی بۆ مانەوەی زمان چ جۆرە دامەزراوەیەک و سیاسەتێک و ستراتیجێك و میکانیزمێک پێویستن. لەم بڕگەیە گفتوگۆی پێویستییە سەرەکییەکانی مانەوە و گەشەی زمان دەکەین.
ئێمە پێمان وایە لە دنیای مۆدێرن، دنیای دەوڵەت-نەتەوە، هەر زمانێک زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە نەبێت؛ زمانی زانست و مەعریفە نەبێت؛ زمانی ئەدەب و هونەر نەبێت؛ زمانی کار و بازاڕ نەبێت، ئەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەکارهێنانی کەم دەبێتەوە؛ ساڵ بە ساڵ لەبیردەچێتەوە و دەپووکێتەوە، لە دوورمەوداش لەناودەچێت.
لە دنیای مۆدێرن زمانەکان لە گەشەیەکی ئێجگار خێرا و فراواندان، خێزان ئەو یەکە و دامەزراوەیە نییە کە ئیستیعاب و ئیدارەی ئەو گەشەیە بکات، ئەوە دەوڵەت و دامەزراوەکانییەتی کە ئەو تونایەیان تێدایە. ئەو گەشەیەی کە زمانەکان بەخۆیانەوە دەیبینن دەبێت سیستەماتیکانە لە ڕێگەی پەروەردەی بەکۆمەڵ (وەک: قوتابخانە) و دامەزراوەی ئەکادیمی (وەک: کۆڕ و ئەکادیمیای زمان) و دەزگەی زانستی (وەک: زانکۆکان)، میدیای بەرپرس (وەک: تەلەفزیۆن و ڕادیۆی کەرتی گشتی) ئەندامانی نەتەوەی پێ ئاشنا و پابەند بکرێت.

بەسێنتەرکردنی زمانی نەتەوە
لە هەر دەوڵەتێک، ئەو زمانەی کە دەکرێت بە زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە لە هەموو ئاستەکان، هەر لە دایەنگە و باخچەی ساوایانەوە بگرە تا دەگاتە زانکۆ، دواجار بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەشبێت بە زمانی زانست و مەعریفە و ئەدەب و هونەریش. منداڵان و گەورەساڵان، بگرە کۆمەڵگە بەگشتی، گرنگی بەو زمانە دەدەن کە زمانی خوێندن و پەروەردەیە (وەک: تورکی لە تورکیا و فارسی لە ئێران). زمانێک نەتوانێت کتێبەکانی پڕۆگرامەکانی خوێندنی لە قۆناغی سەرتایی و ئامادەیی پێ بخوێنیتەوە؛ زمانێک (وەک کوردی لە تورکیا و ئێران) نەتوانێت لەمیانییەوە دەستت بە زانکۆ ڕابگات چ پێویست دەکات فێری بیت، ئەگەر فێریشی بیت هیچ گەشەیەک ناکات چونکە وشە و زاراوە و چەمکە زانستی و فکری و فەلەسەفییەکانی نە لە قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی، نە لە زانکۆ، ناخوێندرێت و ناگوترێتەوە. بە دەربڕێنێکی دیکە، کوردەکانی ئێران و تورکیا هیچ گرنگییەک لە فێربوونی زمانی دایکیان نابینن چونکە کاتێک دەچن بۆ قوتابخانە و لەوێشەوە بۆ زانکۆ هیچ پێویستیان بەو زمانە نییە کە لە ماڵەوە لە دایکیان فێری بوون تەنیا لەبەرئەوەی زمانی کوردی لەو دوو وڵاتە زمانی زانست و مەعریفە نییە. کێشەکە هەر ئەوە نییە کە بایەخ و بەهای زمانەکە کەم دەبێتەوە کاتێک زمانەکە زمانی خوێندن و فێربوون و پەروەردە نییە بەڵکوو لەوەش دایە کە زمانەکە گەشە ناکات، وشە و زاراوە و چەمکی نوێی بۆ دروست نابێت.
لەوانەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە زمانێک زمانی بازاڕ و کار نەبێت، ڕێک وەک ئەوەی زمانی کوردی لە تورکیا و ئێران. لە ڕاستیدا، سەرەڕای بوونی دامەزراوەی نیمچە-دەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان لە عێراق، لە ٣٣ ساڵی ڕابردوودا، کەچی لانی کەم لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا، ڕۆژ بە ڕۆژ، لە هەرێم خەریکە عەرەبی گرنگتر دەبێت لە کوردی. هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە لە دەرەوەی چوارچێوەکانی ئەم بابەتەیە بەڵام بوونی عەرەبێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان لە ئاکامی شەڕی ناوخۆی شیعە-سوننە (٢٠٠٣-٢٠١٠) و شەڕی داعش (٢٠١٤-٢٠١٧)، هاوکات، هەستی خۆ بەکەمزانی لە ئاکامی سەدان ساڵ لە داگیرکاریی و بوونی وەبەرهێنێکی زۆر و کۆنتڕۆڵکردنی هەندێک گەڕەک و بازاڕ وایان کردووە کە زمانی عەرەبی شان لە شانی زمانی کوردی بدات وەک زمانی بازاڕ و کار. هەر چۆنێک بێت، دواجار هەر زمانێک زمانی بازاڕ و کار نەبێت و هۆکارێک نەبێت بۆ پەیداکردن و دۆزینەوەی کار بایەخ و بەهایەکی ئابووری و بازرگانیی و دارایی نابێت و ئەندامانی کۆمەڵگە ئەگەر دووریش نەکەونەوە لە فێربوونی، ئەوە هەوڵی فێربوونی زمانێکی دیکە دەدەن، کە بۆ کورد بەگشتی تورکی، فارسی یان عەرەبییە.
زمانی کوردی، عێراقی لێ دەرچێت، چونکە دەیان ساڵە کوردیی تا ڕادەیەک زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردەیە، لە تورکیا و ئێران و سووریا نەبۆتە زمانی ئەدەب و هونەریش. بۆیە، دەبینین باشترین ڕۆماننووسە کوردەکان (وەک: یەشار کەمال، عەلی ‌ئەشرەف دەروێشیان و سەلیم بەرەکات) لەو سێ وڵاتە بە زمانی دایک نانووسن. هۆکارەکەی تەنیا بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە زمانی کوردی لەو وڵاتانە بەفەرمی نەناسراوە یان یاساغ کراوە، بەڵکوو هۆکاری سەرەکی پشت نووسین بە زمانێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە لە ژینگەیەک، زمانێک زمانی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە و زانست و مەعریفە نەبێت، ئەوا ئەو زمانە ناتوانێت دەرەقەتی ئەوە بێت کە ڕۆمانی پێ بنووسرێت، مەگەر چیرۆکێکی فۆلکلۆری یان ڕۆمانێکی سەدەکانی ناوەڕاستی پێ بنووسرێت کە تەنیا زمانێکی ڕۆژانەی سادەی پێویست بێت.
بێجگە لەوە، وەک تیوری “بژاردەی عەقڵانی” (rational choice)، پێداگری لەسەر دەکات، مرۆڤەکان ئەو شتە لە ژیانیان هەڵدەبژێرن کە قازانجی هەیە. لەژێر تیشکی ئەو تیورە نووسینێک کە نە خوێنەری هەبێت نە بازاڕ بۆچی بنووسرێت. بە دەربڕینێکی دیکە، لەبەر ئەوەی کوردانی تورکیا و ئێران و سووریا بەشی هەرە زۆریان بە کوردی نەیانخوێندوە و زمانەکەیان نەگەیشتۆتە ئاستێک کە بەسەر خوێندنەوەی ڕۆمان و شانۆدا بشکێت، بۆیە، ڕۆماننووسە کوردەکان لەو سێ وڵاتە توانای نووسینی کوردیشیان هەبێت هەر بە زمانە فەرمییەکەی دەوڵەت، بەو زمانەی کە زمانی پەروەردەی فەرمی و بەکۆمەڵە، دەنووسن. وەک گوتم هەم لەبەر ئەوەی تونای نووسینیان لەو زمانە بەرزترە هەم خوێنەریش بەو زمانە هەیە و ئەگەری فرۆشتنی کتێبەکانیان زیاترە.
بەڵام ئەوە کێیە دەتوانێت کە وا لە زمان بکات ببێت بە زمانی فێرکردن و خوێندن و پەروەردەی گشتی و زانست و مەعریفە و بازاڕ و کار؟ بە دڵنیاییەوە، دەوڵەت (وەک: تورکیا و ئێران)، یان لانی کەم یەکەیەکی سیاسی، فیدرالی یان کۆنفێدراڵی (وەک: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق، یان ئیدارەی خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا). بەسێنتەرکردنی زمان لە دەسەڵاتی دەوڵەت و کردەیەکی دامەزراوەکانی دەوڵەتە، یان ئەوەی ئێمە ناوماننا دەوڵەتئاسا، ستاتۆیەکی فیدرالی یان کۆنفێدرالی. بەڵام نابێت ئەوە لەبیربکەین کە هەر یەکەیەکی سیاسی (فیدرالی یان کۆنفێدرالی) ئەگەر تاڕادەیەکی باش سەروەر نەبێت و سەربەخۆ نەبێت و لە ڕووی ئابووری و دارایی پشتبەستوو بە خۆی نەبێت، ئەوە ناتوانێت ئەو زەمینە بەهێزە بڕەخسێنێت کە نەتەوە و زمانی کیانە فیدرلییەکە، کۆنفێدرالییەکە، نەکەوێتە ژێر هەڕەشەی نەتەوە و زمانە فەرمییە سەرەکییەکەی دەوڵەتەکە. بۆ نموونە، ویلایەتی کیوبێک لە کەنەدا، لەبەر بەهێزی پێگەی ویلایەتەکە و ئەو میکانیزمە یاسایی و دەستووریانە کە خراونەتە بەر بۆ پارستنی ویلایەت و نەتەوەی کیوبێک و زمانی فەرەنسی، ئەوا ئەگەری پارستنی نەتەوە و زمانەکەیان هەیە.

بەسێنتەرکردنی کولتوور و مێژووی نەتەوە
لەپاڵ بە سێنتەرکردنی زمان بۆ مانەوەی نەتەوە، گرنگی دەوڵەت، یان دەوڵەتئاسا، لە بەسێنتەرکردنی کولتوور و مێژوو و کۆیاد بایەخی خۆی هەیە. وەک لە بڕگەکانی پێشووتر ئاماژەی پێ کرا، وەک زمان، کولتوور و مێژوو و کۆیاد، بەها و ئەستوونی گرنگن بۆ کۆکردنەوەی نەتەوە لەسەر هاوبەشەکان، تاڵ یان شیرین بن. چوار دەوڵەتەکەی کە کوردستانیان دابەش کردووە، بەئاشکرا یان لە پشت پەردەوە، نەک هەر کولتوور و هونەر و مۆسیقای کوردی، پەراوێز و پشتگوێ دەخەن، بەڵکوو خۆیان بە خاوەنی، بەشێک یان تەواوی، کولتوور و مێژووی کورد کردووە. لە تورکیا، لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەزاران میلۆدی و گۆرانی فۆلکلۆری کوردی بەتورکی کروان و تورک وەک خاوەنی ئەسڵی ئەم میلۆدییانە دەناسێنن یان وەک نەناسراو (anonymous) ناوزەدیان دەکەن، وەک ئەوەی فۆلکلۆری کوردی بێخاوەن بێت. لەڕاستیدا بێدەوڵەتی نەتەوە بەرەو بێخاوەنداریی دەبات.
وێنەیەکی دیکە لەوانەیە باشتر مەبەستەکە ڕوون بکاتەوە. هەر کەسێک تەماشایەکی مێژووی فەرمی دەوڵەتی تورکیا، عێراق، ئێران یان سووریا بکات، بەتایبەتی ئەوەی لە کتێبەکانی مێژووی قوتابخانەکان دەخوێندرێن، ئەوە دەبینێت کە بە هیچ شێوەیەک هەست ناکات کورد لەو وڵاتانە بوونیان هەیە. لە تورکیا و ئێران، مێژووی کورد کراوە بە مێژووی تورکی یان ئێرانی؛ لە عێراق و سووریا کراوە بە مێژووی عەرەبی-ئیسلامیی. بۆ نموونە، لە هیچ کام لەم وڵاتانە سەلاحەدینی ئەیوبی وەک کورد نەناسێنراوە. لە عێراق وەک سەرکردەیەکی عەرەبی کە پارێزگاری لە خاک و نیشتیمانی عەرەب کردووە وێناکراوە (وزارة التربیة ١٩٩٠: ١٩-٢٢). تا چەند ساڵێک پێش ئێستا، لە عێراق، تورکیا و سووریا، یادکردنەوەی نەورۆز قەدەغە بوو. مەبەست لەم قسانە، وەک ئەوانی پێشووتر ئەوەیە کە ئەوە دەوڵەتە، یان دەوڵەتئاسا، کە بڕیار دەدات چ مێژووییەک مێژووی تۆیە (بۆ نموونە: سەلجوقییەکان یان ئەیوبییەکان)، یان کێ سەرکردەتە ( بۆ نموونە: ئەتاتورک یان شێخ سەعیدی پیران).
ڕوونتر بڵێین، لە غیابی دامودەزگا و دامەزراوەگەلی وا کە بتوانن مێژوو و کولتوور و کۆیاد دروست بکەن و بپارێزن و بسەپێنن، نەتەوە نە مێژوو، نە کولتوور، نە یادەورەی هاوبەشی دەبێت، هەشی بێت ناتوانێت خاوەندارێتی لێ بکات. لە مێژووی نوێی تورکیا، کورد تەنیا و یەکجار وەک چەند “عەشیرەتێک لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا”، نەک کوردستان، بوونیان هەبووە کە بەشداریان لە بزووتنەوەی ڕزگاری نیشتیمانیی تورکیا لە ١٩١٩-١٩٢٣ کردووە، لەوە زیاتر هەر مێژوویەک بۆ تورکیا نووسرابێتەوە نەک ناوی کورد، بۆنی کوردیشی لێ نایەت.

بەسێنتەرکردنی ئابووری نەتەوە
بەسێنتەرکردنی ئابووری هاوشێوەی پێداویستییەکانی دیکە بۆ مانەوەی نەتەوە گرنگی خۆی هەیە. مەبەست لە بەسێنتەرکردنی ئابووی ئەوەیە کە گەشە و ئابووری وڵات چۆن دەکرێت لە خزمەت نەتەوەیەک یان لە دژی نەتەوەیەک بێت لەناو هەمان وڵاتدا. بۆ نموونە، هەر چوار وڵاتەکە بەشێوەیەکی سیستەماتیک لە ڕووی ئابوورییەوە کوردستانیان پشتگوێ خستووە. ئەمەش وای کردووە کە ‏گەشەیەکی ناهاوسەنگ (‏uneven development‏) لەنێوان ناوچە کوردستانییەکان‌ بە بەراورد بە ناوچەکانی نەتەوەی باڵادەست (تورک، فارس و عەرەب) ڕووبدات. بێجگە لە بەدواکەوتوویی مانەوەی هەر چوار پارچەکەی کوردستان وەک ئاکامێکی ئەم سیاسەتە بەئانقەست و سیستەماتیکە، کۆچی بە کۆمەڵی کوردی لە ناوچەکانی خۆیان بۆ شارە گەورەکانی وەک تاران، تەورێز، بەغدا، ‏ئەستەمبوڵ، ئەزمیر، دیمەشق و حەلەبی لێکەوتۆتەوە کە پڕۆسەی توانەوەی کورد ئاسانتر کردووە.
ژمارەی ‏کورد لە ئەستەمبوڵ کە سەنتەرێکی ئابووری و پێشەسازی تورکیایە نزیک بە سێ ملیۆنە کە بەشی هەرە زۆریان لە ئاکامی ‏بەئەنقەست پشتگوێخستنی باکووری کوردستان، یان بەشەڕگەبوونی کوردستان، کۆچیان کردووە. لە عێراق، بەهەمانشێوە، تا هەشتاکان چاڵە گەورە دۆزراوەکانی ‏نەوت لە عێراق زۆربەیان لە باشووری کوردستان بوون کەچی لەو نۆ پاڵاوگە نەوتییەی کە تا ٢٠٠٣ لە عێراق دروستکرا بوون ‏تەنیا یەک دانەی لە کوردستان بوو. لەڕاستیدا، ئەو دانەیەش زیاتر بۆ تەعریبکردنی کەرکووک کەڵکی لێ وەردەگیرا لەلایەن حکومەت، ئەویش بەهێنانی کارمەند و کرێکاری عەرەب بۆ پاڵاوگەکە. لە ‏ئێران، سیاسەتی ناگەشە (de-development) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کوردی کردووە بە دەستی کاری کاتیی و هەرزان لە شارە ناکوردییەکانی ئێران. بۆ نموونە، کوردێکی زۆر لە ئێران لە کورەکان کاردەکەن یان کۆڵبەری ‏دەکەن، کە هەم ژیانیان بەردەوام لە مەترسیدایە، هەم پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتییان نزم ڕادەگرێ.
بە کورتی، بۆ مانەوەی نەتەوە و زمان، مەرجە کە یاسا و ستراتیج و میکانیزمی تۆکمە بسەپێنرێت و پەیڕەو بکرێت کە خۆی لە بەسێنتەرکردنی زمان، واتە زمانی نەتەوەکە بکرێت بە زمانی خوێندن و نووسین و فێرکردن و پەروەردەی گشتی و زانست و مەعریفە و بازاڕ و کار. بۆ ئەم ستراتیجییەتە گرنگە و ئامانجە مەزنە‏، دامودەزگا و دامەزراوەی حکومی (بۆ جێبەجێکردن و سەپاندن)، پەرلەمانی (بۆ ڕێگەپێدان و یاسادانان)، واتە دەوڵەت یان دەوڵەتئاسا، زەرورەتێکی حەیاتییە. لە غیابی ئەمانە نەتەوە و زمان ئەگەرەکانی پووکانەوەی دێتەگۆڕێ و لەناودەچێت.

بەرئەنجامی هەر چوار بەشەکە
ئەم بابەتە تەرخان کرابوو بۆ وەڵامدانەوەی دوو پرسیاری سەرەکی، کورد وەک گرووپێکی ئیتنی سەدان ساڵ لەژێر سێبەری ئیمپراتۆرییەتەکان بوون کەچی زمانەکەیان لە دەست نەداوە؟ ئەدی بۆ وەک گرووپێکی نەتەوەیی لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت-نەتەوەدا ئەگەری ونبوون و نەمانی هەیە؟ سەرەتا، سروشت و دۆخ و ژینگەی ئیمپراتۆرییەت بەراورد کرا بە هی دەوڵەت-نەتەوە. لەژێر ڕووناکیی بەراوردکارییەکە بەو ئاکامە گەیشتین کە هۆکاری هەرە سەرەکی مانەوەی کورد لەناو قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرییەتەکان (هەر لە ئەمەوی و عەباسییەکانەوە بگرە تا دەگاتە عوسمانی و سەفەوییەکان) بوونی فرەجەمسەریی و قەبوڵکردنی فرەیی بووە لە ئیمپراتۆرییەتەکان کە ژینگەیەک تێیاندا ڕەخسابوو کورد و زمانەکەی هەڕەشەی وجودییان لەسەر نەبووە. هاوکات، ڕۆڵی خێزان لە گەیاندن و گواستنەوەی زمان و کولتوور و ناسنامە لەنێو ئیمپراتۆرییەتەکان بەراورد کرا بە ڕۆڵی لەنێو دەوڵەت-نەتەوەدا. لەوێش بەو بەرئەنجامە گەیشتین کە خێزان یەکەیەک و دامەزراوەیەک بووە لەوەی یەکەم کە تاڕادەیەکی ئێجگار زۆر سەربەخۆییانە کاری کردووە و توانیویەتی زمان و کولتوور و ناسنامە بپارێزت، بەڵام لە دەوڵەت-نەتەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕۆڵی خێزان بەرتەسککراوەتەوە و دەوڵەت وەک دامەزراوەیەکی هەژموونگەرا بەسەر خوێندن و فێرکردن و پەروەردە پێگەی خێزانی لاواز کردووە و ڕۆڵی گەیاندن و فێرکردنی زمان و کولتوور و ناسنامەی تاڕادەیەک لێ ئەستاندووە. لە ئاکامدا، بەو ئەنجامە گەیشتین کە ئەگەر خێزان پارێزەری زمان و کولتوور و ناسنامەی کورد بوو بێت لەنێو ئیمپراتۆرییەتەکان، ئەوە بەو هۆکارەی کە خێزان لاواز بووە و بەو هۆکارەش کە دامەزراوەکانی دەوڵەت نەک هەر پارێزەری زمان و کولتوور و ناسنامەی کورد نەبوون، بەڵکوو تەواوی توانای خۆیان وەگەڕخستووە بۆ هاڕین و لەناوبردنی، بۆیە ئەگەرەکانی پووکانەوەی زمانی کوردی، دواجاریش، لە دوورمەودا، لەناوچوونی کورد هاتۆتە گۆڕێ.
ئەمانە و ئەو هۆکارانەی دیکە کە لە بابەتەکە گفتوگۆ کراون بوونەتە مایەی مانەوەی گرووپە ئیتنییەکان لەژێر سایەی ئیمپراتۆرییەتەکان و پووکانەوە لەژێر نیری دەوڵەت-نەتەوەکان. دامەزراوەکانی دەوڵەت-نەتەوە لەبەرئەوەی ئەختەبووتیانە دەستوەردان لە هەموو شتێک دەکەن و وەک ماشێنێک جیاوازییەکان دەهاڕن و لە ڕێگەی سیستەمی خوێندن و ناوەندگەرایی جیاوازییەکان دەکوژن. مەزەندە دەکرێت لە سەد ساڵی ڕابردوو لانیکەم دە ملیۆن کورد وەک بوون نا بەڵکوو وەک زمان و کولتوور و ناسنامە لەناوبردرابن، بەهێزی ڕەق و بە هێزی نەرم. دەوڵەت لە هەر شوێنێک بێت نەتەوەی زاڵ ‌و سەردەست‌، کولتووری زاڵ‌ و سەردەست، زمانی زاڵ ‌و سەردەستی دەبێت، دیموکراسی بێت یان دیکتاتۆری، بە خۆشی بێت یان بە زۆر، لە ماشێن ‌و دەستاڕی دەوڵەت جیاوازییەکان دەهاڕدرێن ‌و یەکبوون و ستاندارد دروست دەبێت. بۆیە کورد دەوڵەتی نەبێت ئەمڕۆ نا سبەی لە ماشێنی دەوڵەتی نەتەوەی سەردەست دەهاڕدرێت.

سەرچاوەکان
الفاسي، علال. (١٩٥٢). النقد الذاتي. القاهرة: المطبعة العالمیة.
وزارة التربیة (١٩٩٠) المطالعة التوجیهیة للصف السادس الادبی، بغداد: وزارة التربیة – الجمهوریة العراقیة.
Anderson, Benedict (1991). Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism, London: Verso.
Kramsch, Claire (1998). Language and Culture. Oxford: Oxford University Press.
Skutnabb-Kangas, Tove & Bucak, Sertaç (1994). “Killing a mother tongue, how the Kurds are deprived of linguistic human rights”. In Skutnabb-Kangas, Tove & Phillipson, Robert (Eds.), Linguistic Human Rights. Overcoming Linguistic Discrimination. Berlin: Mouton de Gruyter, pp. 347-370.
Stavenhagen, Rodolfo (1996). Ethnic Conflicts and the Nation-State. New York: Palgrave Macmillan.




بۆچی کورد لە سایەی ئێمپراتۆرییەتەدا پارێزراو بوو، لەژێر ڕکێفی دەوڵەت-نەتەوەشدا لەناودەچێت؟.. شێرکۆ کرمانج

بەشی سێیەم

نزیک بە هەزار ساڵ پێش سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوە لە ناوچەکە و دابەشکردنی فەرمیانەی کوردستان، کورد و کوردستان ئەگەر ئازاد و سەربەخۆش بووبن، ئەگەر خاوەنی میرنشینی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەواش بووبن، ئەوا بەگشتی، بە ڕاستەوخۆ یان بە ناڕاستەوخۆ، لەژێر قەڵەمڕەوی یەکێک لە ئیمپراتۆرییەتەکانی ناوچەکەدا بوون، جا ئەمەوی و عەباسییەکان بووبن یان عوسمانی و سەفەوییەکان/قاجارییەکان بووبن. بە سەدان ساڵ پێش ئەم قۆناغە، کورد وەک گرووپێکی ئیتنی، خەڵکانێک کە بە زمانی کوردی قسەیان کردبێت، بوونیان هەبووە و ڕۆڵیان لە مێژوودا کەم تا زۆر دیوە. قسەی ئێمە لەم بابەتە لەسەر ڕۆڵ و پێگەی کورد نییە بەڵکوو بوون و مانەوەیەتی. پرسیارەکە ئەوەیە بۆ کورد لانی کەم زیاتر لە هەزار ساڵ دەبێت لەم ناوچەیە، بەگشتی ژێر دەستبووە یان لە سێبەری گرووپێکی باڵادەستتر ژیاوە، کەچی بوون و زمانی هەبووە و ماوە، کەچی ئێستا ئەوە تەنیا ١٠٠ ساڵە لەژێر دەسەڵاتی چوار دەوڵەت-نەتەوەیە، بەڵام، وەک ئێمە بانگەشەی بۆ دەکەین، زمانەکەی و ناسنامەکەی کەوتۆتە مەترسی و لەناوچوون. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت بەرواردی نێوان سیستەمی حوکمڕانی ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەت-نەتەوە بکەین، لەو بەراوردکارییەدا نیشان بدەین کە بۆچی و چۆن کورد وەک گرووپێکی ئیتنی، لە یەکەمیان توانای گەشەپێدان و پاراستن و مانەوەی گرووپەکە و زمانەکەی هەبووە و لەوەی دووەمیان نییەتی. ئەمە بەشی سێیەمە لەو وتارە چوار بەشییەی کە لەسەر ئەگەرەکانی لەناوچوونی نەتەوە بێدەوڵەتەکان نووسراوە، کەیسی کورد وەک نموونە وەرگیراوە، بەشی یەکەم و بەشی دووەمی لە ماڵپەڕی سەکۆ بڵاوکراوەتەوە.

فرەیی و فرەجەمسەریی
یەکێک لە جیاوازییە هەر سەرەکییەکانی نێوان ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەت-نەتەوە بوونی فرەییە (pluralism) لە ئیمپراتۆرییەت، لەبەرانبەر وەکیەکیی (standardization) لە دەوڵەت-نەتەوەدا. ئیمپراتۆرییەتەکان لەسەر بنەمای فرەیی دامەزراون، جا فرەیی دینیی، نەتەوەیی، ئیتنیی یان کولتووری بێت. لە سەدەکانی ناوەڕاست، لەسەردەمی عەباسییەکان، کورد چەندین میرنشینی بەهێزی هەبووە، ڕەوادی (٨٤٤-١٠٥٤)؛ شەدادی (٩٥١-١٠٥٤)؛ حەسنەوی (٩٤١-١٠١٥)؛ عەنازی (٩٩٠-١٠٥٤)؛ دۆستەکی/مەروانی (٩٨٣-١٠٥٤) و دەوڵەتی ئەیوبی (١١٧١-١٢٥٠). ئەوانەی کوردستان، دووانیان هەم باڵادەست بوونە هەم ماوەیەکی زۆر فەرمانڕەوا بوون، حەسنەوی (لە دەڤەری کرماشان و سنە) لەگەڵ دۆستەکی لە دەوروبەری دیاربەکر، کە دراوی خۆیان هەبووە (تۆفیق ٢٠١١). لێرە کەمتر قسە لەسەر دۆخی میرنشینە کوردییەکانی سەردەمی عەباسییەکان دەکەین بەڵکوو قسەی زیاتر لەسەر ئەوانەی قەڵەمڕەوی عوسمانییەکان دەکەین.
لە سەدەی پازدە و شازدە، لە سەرزەمینە بەربڵاوەکەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی کە ئاقارەکانی بۆ سەر سێ کیشوەر درێژ ببووەوە، کورد، عەرەب، ئەرمەنی، یۆنانی، بولگاری، سێربی، ڕۆمانی وەک گرووپی ئیتنی بوونیان هەبوو. لە قۆناغی جیاجیادا، عوسمانییەکان بەشێوازی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ گرووپە ئیتنی و کۆمەڵگە دینییەکان دەکرد. لەسەرەتا لەبەر بچووکیی دەوڵەتەکەیان و لە کۆتاییشدا لەبەر بچووکبوونەوەی قەڵەمڕەوەییەکەیان و بە چاولێکەری ئەوروپییەکان بەرەو ناوەندێتی هەنگاویان نا، ئەگینا لە سەدەی پازدە تا سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە لەبەر بەرفراوانی تخووبەکانیان دەسەڵاتێکی زۆریان بۆ جەمسەرەکانی دیکە شۆڕکردبۆوە، ئەمەش بوو بە مایەی دروستبوونی چەندین میرنشین، وەک میرنشینە کوردییەکان (بەدلیس، بادینان، سۆران، بابان، هەکاری، بۆتان).
بێجگە لە پاراستنی دابونەریت و کولتوور لەژێر سێبەری ئەم میرنشینانە (بە میرنشینە کوردییەکانی قەڵەمڕەوی سەفەوییەکانیش، (وەک ئەردەلان [١١٦٩- ١٨٦٧] و زەندییەکان)، هەوڵێکی زۆریش دەدرا بۆ پێشخستنی زمان و وێژەی کوردی. بەگشتی، لە سێبەری عوسمانییەکان، مادام باج دەنێردرا و سەقامگیری پارێزراو بوو، عوسمانییەکان زۆر گوێیان بە کولتوور و دابونەریت و پراکتیزە جۆراوجۆرە ناوخۆییەکان نەدەدا، بەتایبەتی بۆ گرووپە ناتورکە موسڵمانەکان. ئەم دید و هەڵوێستە بووە هۆی دروستبوونی مۆزایکێکی ئیداری و دارایی کە تێیدا قەڵەمڕەوەکەیان پڕ بوو لە فرەیی و ڕەنگی خۆڵەمێشی و سێبەری جیاواز. عوسمانییەکان زیاتر حەزیان لە کارایی بوو نەک وەکیەکیی، ئەم نەرمییە ئیدارییە بوو کە وای لەوان کرد بۆ ماوەیەکی زۆر حوکمڕانی بەسەر خاکی عەرەب و کورد و سیرب و یۆنانییەکان، هتد، بکەن (Cleveland 1994: 45). ئەمە کەم تا زۆر لە ژێر دەسەڵاتی سەفەوییەکانیش بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاست بوو، چونکە دەسەڵاتی میرنشینی ئەردەڵان، بۆ نموونە، کە حەفت سەد ساڵی خایاند لە دەسەڵاتی میرنشینە کوردییەکانی قەڵەمڕەوی عوسمانییەکان زۆرتر نەبووبێت کەمتر نەبووە.
بەپێچەوانەی ئیمپراتۆرییەت، دەوڵەت-نەتەوە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەک هەر فرەیی و فرەڕەنگ نین، بەڵکوو لە سەد ساڵی ڕابردوودا، ئەو دەوڵەتانەی لەسەر خۆڵەمێشی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و قاجاری/سەفەوی دامەزراوان (وەک تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا) بەردەوام لە هەوڵی لەناوبردنی فرەیی و یەکڕەنگکردنی دەوڵەتەکانیاندا بوون. هەر چوار دەوڵەت، کە کوردستانیان دابەش کردووە، هەر زوو دروشمی یەک ئاڵا و یەک نەتەوە و یەک زمانیان بەئاشکرا، یان لەپشت پەردەوە، بەرزکردۆتەوە.
لە ئێران و تورکیا، زمان و کولتووری کوردی، بۆ چەندین دەیە یاساغ بوون، کە کاریگەرییەکانی زۆر زەحمەتە ئاوەژوو بکرێنەوە، ئێستاش ئەگەر کوردی ڕێگەپێدراوە، ئەوە لە ئاستە فەرمییە-سیاسییەکەی نییە بەڵکوو لە ئاستی خێزان و ئاستێکی ناوخۆیی زۆر سنووردار. لە تورکیا، ئەوە سەد ساڵە، کوردکوژی، زمانکوژی، کولتوورکوژی، ژینگەکوژی، ناسنامەکوژی، شوێنەوارکوژی بەردەوامە. لە عێراق، هەر لە زووەوە کورد وەک نەتەوە و زمان کەم تا زۆر دانی پێنراوە، بەڵام هاوکات و هاوتەریب، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە هەوڵی پەراوێزخستنی کورد و زمانەکەی بوون. سیاسەتی تەعریبی کورد و کوردستان زۆر بە چڕی لە ١٩٦٣ ەوە جێبەجێ کراوە. لە حەفتاکان و هەشتاکان پڕۆسەی ڕاگواستن و چۆڵکردن و دەرپەڕاندن و قڕکردن گەیشتە ترۆپک، ئیدی کورد، نەک هەر زمان و کولتووری کەوتە مەترسی، بەڵکوو وەک نەتەوە بوونی کەوتە مەترسییەوە. لە ٢٠٠٥، عێراق، لەوکاتەی لە لێواری تەپین بوو، بەفەرمی زمانی کوردی و بەشێکی کوردستانی وەک هەرێمێکی فێدرالی ناساند. لەگەڵ زیندووبوونەوە و بەهێزبوونی لە ٢٠١٧ ەوە، لە هیچ هەوڵێک سڵی نەکردۆتەوە بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان، بەڕادەیەک کە سیاسەتی تەعریب لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان تا ئێستا بەخەستی بەردەوامە. لە سووریا، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە کورد پەراوێزخراوە، لە ١٩٦٣ ێشەوە، ئەو بەشەی کوردستان بەشێوەیەکی سیستەماتیکی تەعریب دەکرێت. دەوڵەتی سووریا خۆی بەپێی دەستوور خۆی وەک دەوڵەتێکی عەرەبی ناساندوە، ڕێک وەک ئەوەی کورد و کوردستان بوونیان نەبێت لەو وڵاتە.
هاوکات، ئیمپراتۆرییەتەکان، بە عوسمانی و سەفەوییەوە، بەگشتی هێترۆجینیەس و فرەجەمسەرن (multipolarity)، ڕێک پێچەوانەی چوار دەوڵەت-نەتەوەکە کە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ هۆمۆجینیەسکردنی وڵاتەکەیان و فرەجەمسەری ڕەت دەکەنەوە و مۆنۆپۆلی دەسەڵات دەکەن.

نەتەوەی ناوک
لەوانەش گرنگتر ئیمپراتۆرییەت نەتەوەی ناوک (national core) ی نییە، بەڵام لە دەوڵەت-نەتەوەکان بەگشتی و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەتەوەیەک دەبێتە، دەکرێتە، یان بووەتە، نەتەوەی ناوک. بەواتایەکی دیکە، ئیمپراتۆرییەتەکان سیاسەتی لەناوبردن و قڕکردن و ئەسیمیلەکردنی ئەوانی دیکەیان لەناو یەک نەتەوەدا پەیڕەو نەدەکرد. بۆ نموونە، عوسمانییەکان و سەفەوییەکان/قاجارییەکان، پێش ئەوان، ئەمەوییەکان و عەباسییەکانیش، ئەگەر گرنگیشیان بە زمانێک لە زمانەکان دابێت بەڵام سیاسەتی قەدەغەکردنی زمان و سەپاندنی زمانێکی دیاریکراویان پەیڕەو نەدەکرد. عوسمانییەکان زمانی تورکی و سەفەویی و قاجارییەکان زمانی فارسییان لە دامودەزگا فەرمییەکانی خۆیان بەکاردەهێنا، هەندێک جار عەرەبیش لە کایەی دینییدا، بەڵام سیاسەتی بەتورککردن و بەفارسکردن تا دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی تورکیا و ئێران سەپێنراو نەبوو. بەپێچەوانەوە، هەر کە ئەو دوو دەوڵەت-نەتەوەیە لەسەر میراتی ئەو دوو ئیمپراتۆرییەتە دامەزران، ئیدی سیاسەتی بەتورککردن و بەفارسکردن بەڕادەیەک سەپێنران کە کورد لەسەر بەکارهێنانی زمانی کوردی زیندانی دەکرا. ئێران وەک تورکیا توند نەبوو لە سەپاندنی سیاسەتی یاساغکردنی زمانی کوردی، بەڵام دەکرێت ئەم جیاوازییە بۆ جیاوازی لە پراکتیزی سیاسەت لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتە بگەڕێتەوە. تورکەکان زیاتر مەیل بە بەکارهێنانی هێزی ڕەقن، کەچی فارسەکان بە خشکەیی و بە بەکارهێنانی هێزی نەرم کوردییان لەبیر خەڵک دەبردەوە.
لە سووریا، کوردەکان نەک وەک نەتەوە و گرووپی ئیتنی و زمانی دانیان پێنەنراوە، بەڵکوو لە میوانێکی ڕەزاقوورس وەک هیچ شتێکی دیکە حیسابیان بۆ نەکراوە. سیاسەتی کەمەربەندی ستراتیجی عەرەبی لە سەرەتای شەستەکانەوە جێبەجێ کراوە. بەپێی ئەم سیاسەتە سیستەماتیکییە سنووری نێوان تورکیا و سووریا بە قوڵایی ١٥ کیلۆمەتر لە کورد خاڵی کرا، لە شوێنەکانی دیکەش حکومەت دەستی کرد بە ‏دروستکردنی نیشینگەی (مستەوتەنەی) عەرەبی لە تەنیشت هەر گوندێکی کوردی (مەلازادە ٢٠٢٢: ٢٦٥-٢٦٦).
لە عێراق، لە ١٩٦٣ وە تا کۆتایی هەشتاکانی سەدەی بیستەم، نزیکەی ٣٦ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە، واتە ٤٢% ‏ی باشووری کوردستان، بەشێوەیەک لە شێوەکان بەر سیاسەتەکانی تەعریب کەوتن. هاوکات، دەوڵەتی عێراق سەدان هەزار ‏کوردی فەیلی لە عێراق بە زۆرەملێ دەرپەڕاند بۆ ئێران. تا ١٩٨٧، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق ١٩٢٨ گوندی کوردستانیان خاپوور کرد بە پاسا و بیانووی جیاجیا، لەنێوان ساڵانی ١٩٨٧ و ١٩٨٨ هەرچی گوندی دیکەی کە مابوو لەگەڵ زەوی تەخت کران (کرمانج ٢٠١٧: ٢٦٢-٢٩١)، بەمەش تاکوتەرا نەبێت، گوند لە سەرتاسەری کوردستان نەما.
ئەو نموونانەی کە ئاماژەیان پێ کرا، لە ڕاستیدا، لەوەی دەرهەق بە کورد و کوردستان لە هەر چوار دەوڵەت-نەتەوەکە کراوە مشتێکە لە خەروارێک، چونکە لەم کورتە بەسەرکردنەوەیە تەنیا مەبەستمان ئەوەیە کە جیاوازی لە نێوان مامەڵە و ڕەفتار و کرداری ئیمپراتۆرییەتەکان لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەکان دەرخەین. ئێمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوی چەند خراپ بووبن بەرانبەر بە کورد بەڵام سیاسەتی جینۆساید و زمانکوژی و کولتوورکوژی و ژینگەکوژییان پەیڕەو نەکردووە لە دژی. یەکێک لە هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەردوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و سەفەوی/قاجاری نەتەوەی ناوکیان نەبووە. لەبەرابەردا، نەتەوەی تورک، فارس یان عەرەب ئەستوونێکی سەرەکی وڵاتانی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا-یان پێکهێناوە. بەڕادەیەک کە دروشمی یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک ئاڵا ئەگەر بە ئاشکراش دروشمی هەر چوار دەوڵەتەکە نەبوو بێت، ئەوە بە پراکتیز کار بۆ ئەم تێگەیشتن و دیدە کراوە، کە نەتەوەیەک وەک ناوک وەرگیراوە و کورد و کوردی پەراوێز و یاساغ کراون.
وەک بەشێک لە بەناوککردنی نەتەوەکانی تورک و فارس و عەرەب لە چوار دەوڵەت-نەتەوەکە، کە لە ئیمپراتۆرییەتدا هاوتای نەبووە، تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا چوار دەوڵەتی توێنەر (assimilative) بوون، کەچی ئیمپراتۆرییەتەکانی ئەمەوی و عەباسی و عوسمانی و سەفەوی/قاجاری ناتوێنەر (non-assimilative) بوون. لەم نێوەدا و بۆ ئەم مەبەستە دەوڵەت-نەتەوە خوێندن و فێرکردن و پەروەردەی بەکۆمەڵ وەگەڕدەخا هەم بۆ قووڵکردنەوەی سیاسەتی نەتەوەی ناوک، هەم بۆ تواندنەوەی ئەوانی دیکە، کورد بۆ نموونە، لە قازانی نەتەوەی زاڵدا. لە ڕێگەی خوێندن و فێرکردن و پەروەردەی بەکۆمەڵ، دەوڵەت-نەتەوە دەگاتە هەموو کونوقوژبنێکی وڵاتەکە، بەڕادەیەک وڵات و هەرێم و جوگرافیاکان چەندی سەخت و دوورەپەرێز بن بەڵام دەست و گوێچکە و زمان و سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوە پێیان ڕادەگات و زمانی دایک و نەتەوە بێدەوڵەتەکان یاساغ دەکات، پەراوێز دەکات، لە فەزای گشتی وەدووریان دەخاتەوە.

خوێندنی بەکۆمەڵ
لە ئیمپراتۆرییەتە ئیسلامییەکانی سەرەتای پەیدابوونی ئیسلام تا دەگاتە ڕووخانیان لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، خوێندن و فێرکردن و پەروەردەی بەکۆمەڵ و فەرمی بوونی نەبوو. کەسانێک، نەک خەڵک، ئەگەر بە زمانێکی دیکەش (عەرەبی، فارسی یان تورکی) لە قوتابخانە دینییەکان (ئەوەی لەنێو کورد وەک “حوجرە” ناسراوە) خوێندنیشیان کردبێت، ئەوا، یەکەم، ژمارەیان هێندە کەم بووە هیچ کاریگەرییان لە زمانی گرووپە ئیتنییەکان نەبووە. دووەم، دەرچووانی حوجرەکان دواتر بوون بە مەلا لە شار و گوندەکان کە لەوێ بەگشتی لە مزگەوتەکان، تەنانەت ڕۆژانی جومعە لە خوتبەکانیش، هەر بە کوردی قسەیان کردووە.
بە واتایەکی دیکە، زمانی فەرمی ئیمپراتۆرییەت هیچ ڕێگە و ڕێچکەیەکی نەبووە بگات بە خەڵک/عەوام. لە ڕاستیدا، لە هەزار ساڵی پێش دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوە لە ناوچەکە، کورد بەگشتی، مەلاکانی لێ دەرچێت، یان ئەو فەرمانبەرانەی لە بەغدا و تاران و ئەستەمبوڵ کاریان دەکرد، کەسی دیکە بێجگە لە کوردی زمانێکی دیکەی نەزانیوە و بەکارنەهێناوە، بەدەگمەن نەبێت. بەواتایەکی دیکە، کورد و کوردی، وەک گرووپێکی ئیتنی و زمان نەک هەر مەترسی لەناوچوونی لەسەر نەبوو، بگرە هیچ هەڕەشەیەکی توانەوە و ئەسیمیلەبوونی ڕووبەڕوو نەبۆتەوە چونکە ئیمپراتۆرییەتەکان بەگشتی توێنەر نین بە بەراورد بە دەوڵەت-نەتەوە کە کۆڵەگەی لەسەر وەکیەککردن و سڕینەوەی فرەیی و جیاوازییەکان داناوە و کەڵک لە خوێندن و پەروەردەی بەکۆمەڵ بۆ ئەم مەبەستە وەردەگرێت.
بەپێچەوانەی ئیمپراتۆرییەت، یەکێک لە کۆڵەگەکانی دەوڵەت-نەتەوە خوێندنی فەرمی و بەکۆمەڵە. دەوڵەت-نەتەوەکان (وەک تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا) هەر لەگەڵ دامەزراندنیانەوە لە چەند دەیەیەکدا، خوێندن بە زمانی تورکی، فارسی یان عەرەبی‌ـیان کرد بە زمانی فەرمی و زمانی خوێندن و پەروەردە و زانست، ئەمەش وای کرد کە ئەم زمانانە ببن بە زمانی ئەدەب و نووسین و مەعریفە. بەمەش زمانی کوردی پەراوێزخرا و لە پێگەیەکی نزمتر نیشتەجێ کرا. دەوڵەت، لەڕێگەی خوێندن و پەروەردە گەیشتە هەموو کونوقوژبنێکی وڵات (بە کوردستان‌ـیشەوە)، نەک هەر زمانی نەتەوە سەردەستەکانی سەپاند بەسەر منداڵانی کورد، بەڵکوو عەقڵییەت و زهنییەت و تێگەیشتن و بیرکردنەوەی دەوڵەت و نەتەوە داگیرکەرەکەی خزاندە نێو مێشکی منداڵ و لاوانی کورد. ئەمەش لە هەموو شتێک زیاتر ئاسانکاریی بۆ تواندنەوەی نەتەوەی کورد کرد. شتگەلی لەم شێوەیە، لەژێر سایەی ئیمپراتۆرییەتەکاندا نموونەیان نەبوو.

ڕۆڵی خێزان
لەوانەیە گرنگترین جیاوازی نێوان ئیمپراتۆرییەت و دەوڵەت-نەتەوە پەیوەندی بە ڕۆڵی خێزانەوە هەبێت وەک دامەزراوەیەک و ناوەندێک بۆ گەیاندن و گواستنەوە و دروستکردن و گۆڕینی زمان، دابونەریت و کولتوور و مێژوو و ناسنامە. لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتەکان، خێزان وەک یەکەیەک و دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە فێرکردن و پەروەردەکردن و گەورەکردنی منداڵان و نەوەکانی دواڕۆژ، هاوکات، گەیاندن و گواستنەوە و دروستکردنی زمان، دابونەریت و کولتوور (بەهاکان و ماناکان و تێگەیشتنەکان و تێڕوانینەکان و ڕەوشتەکان). ئەوە بەو مانایە نییە کە دامەزراوەکانی ئیمپراتۆرییەت ئەو ڕۆڵەی بە فەرمی و ڕاستەخۆ بە خێزان سپاردبێت بەڵکوو لاوازی ناوەندێتی و سروشتی ئیمپراتۆرییەتەکان و نەبوونی خوێندن و فێرکردن و پەروەردەی بەکۆمەڵ ژینگەیەکی لەو شێوەیەی خولقاندبوو. لە بارودۆخێکی ئاوەهادا منداڵ ئەو زمانە فێر دەبێت کە داییوبابی قسەی پێدەکەن؛ هەڵگری دابونەریت و کولتوورێکیش دەبێت کە ماڵەوە و لە گوندەکەی پێیەوە ئاشنا دەبێت. ناسنامەکەشی ڕەنگدانەوەی کارەکتەرەکانی خێزان و گوند و دەوروبەرەکەی دەبێت. بەکورتی، کاتێک منداڵێک لە گوندێکی هەکاری، شارباژێر، عەفرین، یان مەریوان لە دایک دەبێت، بە زمانی دایکی، کە کوردییە، قسە دەکات؛ جلوبەرگ و دابونەریتەکانیش هاوشێوەی خەڵکی گوندەکەی و دەڤەرەکەی دەبێت؛ ناسنامەکەشی لە ئاستە بچووکەکەی سەر بە بنەماڵەیەکی دیاریکراو لە گوندێک و عەشیرەتێک لە دەڤەرێک دەبێت و لە ئاستە گەورەکەش هەڵگری ناوی گرووپێکی ئیتنی (وەک: کورد، عەرەب، تورک) یان دینیی (وەک: موسڵمان، کرستیان، جوو) دەبێت. کارتی باری کەسی و کارتی نیشتیمانی و پاسپۆرت لە بەشی هەرە زۆری ئیمپراتۆرەکاندا بوونیان هەر نەبوو تاوەکوو خەڵکیان پێ پێناس بکرێت یان بناسرێنەوە.
بەپێچەوانەوە، ئەگەر لە سەرەتاش وا نەبووبێت، بەڵام لەگەڵ دامەزراندن و بەناوەندبوونی دەوڵەت-نەتەوە، ئەرک و ڕۆڵی خێزان ڕۆژبەڕۆژ لاوازتر و بێکاریگەرتر بۆتەوە، بەڕادەیەک لە بیست ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەتی لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی تەکنۆلۆجی و ئینتەرنێت و مۆبایلی زیرەک و زیرەکیی دەستکرد، خێزان خەریکە کاریگەریی هەر نەمێنێت و دەوڵەت و دامەزراوەکانی دیکە، وەک میدیا و سۆشیالمیدیا ببنە جێگرەوەی خێزان لە پەروەردەکردن و دروستکردن و گۆڕینی منداڵ و گەنجان. وەک لە پەیوەند بە ئیمپراتۆرییەت ئاماژەی پێکرا، ئەم جێگۆڕکێیە لە ڕۆڵەکان هەندێک ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سروشتی ناوەندگەرایی و حەز و تەماحی دەستوەردانە لە دەوڵەت-نەتەوەکاندا، بەڵام هەندێکیشیان مەرج نییە لە جەوهەری دەوڵەت-نەتەوەوە سەرچاوەیان گرتبێت بەڵکوو زیاتر پەیوەندی بە پێشکەوتن و پێشهات و گۆڕانکارییە تەکنۆلۆجییەکانەوە هەیە.
لە پەیوەند بە پرسی کورد، چوار دەوڵەت-نەتەوەکە هەر لەسەرتای دامەزراندنییانەوە، لەڕێگەی خوێندن و فێرکردن پەروەردەی بەکۆمەڵ بەردەوام ڕۆڵی دەوڵەتیان بەهێز و خێزان بێهێز کردووە. هاوتەریب، زمان فەرهەنگ و کولتوور و دابونەریت و مێژوو و یادەوری هاوبەش و ناسنامەی نەتەوەکانی تورک و فارس و عەرەب بەسەر منداڵانی کورد دا سەپێنراوە. ئەگەر لە باشوور و ڕۆژاڤای کوردستان لە چەند دەیەی ڕابردوودا بۆ کوردانی ئەو دوو بەشەی کوردستان هەلێک ڕەخسا بێت، ئەوا کاریگەریی دەوڵەت و ناسنامەی نەتەوەی داگیرکەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێجگار زیاتر بووە.
لە میانی دامەزراوە پەروەردەیی و سەربازیی و ئەمنیی و تەکنۆلۆجییەکان، کوردستانی پڕ شاخ و داخ و دۆڵی سەخت و دژوار تەخت بووە، تەخت کراوە، بە مانا مەجازییەکەی، وەک چۆن تۆماس فریدمان ئەم تێرمە بەکاردێنێت لە بەستێنی جیهان لەئاکامی جیهانگیرییدا (Friedman 2007). بە واتایەکی دیکە، لەسەردەمی ئیمپراتۆرییەتەکان ئەگەر سەختی ناوچە کوردستانییەکان لەمپەڕێک بوو بێت لەپێش گەیشتنی زمان و کولتوور و ناسنامەی نەتەوەی باڵادەست، ئەوا لەژێر ڕکێفی دەوڵەت-نەتەوە، هیچ کونوقوژبنێکی کوردستان نەماوە کە دەزگا پەروەردەییەکان، ئەمنییەکان، یاساییەکان، تەکنۆلۆجییەکان، میدییاییەکان، هتد، دەستیان پێڕانەگەیشتبێت و کاریگەریی دراماتیکی و جەوهەری و یەکلاکەرەوەییان جێنەهێشتبێت. بۆ نموونە، لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە دوورەدەستترین گوندەکانی شرناخ (تا ئێستا)، سەردەشت (تا ئێستا)، کانی ماسی (تا ١٩٩١) و کۆبانێ (تا ٢٠١٣) قوتابخانە کراوەتەوە و دەوڵەت لەڕێگەی پەروەردەی بەکۆمەڵ منداڵانی کورد، لە شەش ساڵی تا ١٨ ساڵی، نەک هەر فێری خوێندن و نووسین دەکات بە زمانێکی دیکە، بەڵکوو زمانی نەتەوەیەکی دیکەیان بەسەردا دەسەپێنرێت و زمانی دایکیان یاساغ دەکرێت و بە مێژوو و کۆیادی تورک و فارس و عەرەبیش جۆش دەکرێن. لە دوای ١٨ ساڵیشەوە ڕاکێش دەکرێن بۆ خزمەتی سەربازی و لەوێ بە فەلسەفە و تێگەیشتنی نەتەوەی داگیرکەر پەروەردە دەکرێن و زۆرجار دەکرێن بە بەشێک لەو سوپایەی کە سەد ساڵە کوردستانی داگیرکردووە و خاپوور دەکات.
بۆیە دەکرێت بڵێین ئەگەر کورد وەک گرووپێکی ئیتنی، کوردی وەک زمان، لە هەزار ساڵی ڕابردوودا ماون ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ سروشت و ژینگەی ئیمپراتۆرییەت، کە بەئاگایی بێت یان بێئاگایی، دنیایەکی ڕەخساندبوو کە فرەیی تێیدا گەشەش نەکات لەناونەچێت. پانتاییەک کە فارس و تورک و عەرەب، بەبەراورد بە کورد، ئەگەر باڵادەستریش بووبن بەڵام هەژموونگەرا نەبوون کە ببن بە نەتەوەی ناوک لە سەرتاسەری ئیمپراتۆرییەتەکە و سیاسەتێکی سیستەماتێک بوونی نەبوو بۆ تواندنەوەی کورد لە قازانی ئەوانی دیکە. بە چەقبوونی خێزان و دووردەستی ئەم دامەزراوەیە لە دەستوەردانی ئیمپراتۆرییەت ژینگەیەکی دروستکردبوو کە منداڵێک ئەگەر لە خێزانێکی کورد لە دایک ببێت ئەوە بەو زمانە قسە دەکات و هەڵگری ئەو ناسنامەیش دەبێت. ئیمپراتۆرییەتەکان، وەک دەوڵەت-نەتەوەکان نەبوون کە سروشتێکی ئەختەبووتیان هەیە و دەستوەردان لە هەموو کونوکەلەبەرێک بکەن و پەروەردەی بەکۆمەڵ بسەپێنن، لەڕێگەی ئەویشەوە هەژموونگەرایی نەتەوەی ناوک (تورک، فارس یان عەرەب) بەسەر کورد دا دروست و زاڵ بکەن. هەژموونگەراییەکە بەڕادەیەک بێت کە پێگەی خێزان و ماڵ جێلەق بکەن و جێگۆڕکێ بە ڕۆڵەکەی بکەن لە پەروەردەکردن و گواستنەوەی زمان و کولتوور و ناسنامە.

ماویەتی..
شێرکۆ کرمانج

—————————

سەرچاوەکان
تۆفیق، زرار سدیق. (٢٠٢٠). کورد و کوردستان لە ڕۆژگاری خیلافەی ئیسلامی. هەولێر: خانەی موکریان.
کرمانج، شێرکۆ. (٢٠١٧). شوناسی عێراق، ململانێ نەتەوەیی و مەزهەبییەکان. سلێمانی: دەزگای سەردەم.
مەلازادە، ئیبراهیم سادق. (٢٠٢٢). “سەد ساڵ نکوڵیکردن وەک فۆڕمێکی جینۆساید، خەسڵەتەکانی کۆڵۆنیالیزم. بەشێک لە کتێبی: سەد ساڵ دوای سیڤەر، کورد لە کوێوە بۆ کوێ. سلێمانی: دەزگای جەمال عیرفان، پ.پ. ٢٢٥-٢٩٥.
Cleveland, William L. (1994) A History of Modern Middle East, Oxford: Westview Press.
Friedman, T. L. (2007). The world is flat: A brief history of the twenty-first century. Farrar, Straus and Giroux.




کاریگەریی دەوڵەت لەسەر مانەوەی زمان و نەتەوە، چەمکسازی و پێناسەکان.. شێرکۆ کرمانج

ئەمە بەشی دووەمە لە بابەتێکی چوار بەشی بەناونیشانی “لە نەبوونی دەوڵەت‌ـدا، زمان و نەتەوە لەناودەچن، کەیسی کورد”. لە بەشی یەکەمدا قسەمان لەسەر پێگەی زمانی کوردی کرد لەگەڵ ئەو مەترسیانە کە ئەمڕۆ بەتایبەتی زمانی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵات ڕووبەڕووی بوونەتەوە. لەم بەشەدا قسە لەسەر پێگەی دەوڵەت دەکەین لەسەر مانەوەی زمان.
بۆ ئەوەی بزانین لەناوچوونی نەتەوە بە چییەوە بەندە سەرەتا دەبێت پێناسەی نەتەوە بکەین. ئەوە زانراوە کە پێناسەی جیاجیا و لە دید و تێگەیشتنی جیاوازەوە نەتەوە ناسێنراوە. بەڵام ئێمە بۆ پێناسەی نەتەوە ئەو پێناسانە بە چاک دەزانین کە بنەماکان و کۆڵەگەکانی نەتەوە دیاری دەکەن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە پەیوەند بە ئارگیومێنتی سەرەکی ئەم بابەتە کە پێشنیاز دەکات “نەتەوە لە بێدەوڵەتیدا ئەگەرەکانی پووکانەوە و لەناوچوونی دێتەگۆڕێ” گرنگە کە بنەما و کۆڵەگەکانی نەتەوە دیاری بکەین، چونکە ئێمە پێمان وایە کە تەنیا دەوڵەت یان کیانێکی/بوونێکی دەوڵەتئاسا دەتوانێت بنەماکان و ئەستونەکانی نەتەوە دروست بکات و پەرە پێ بدات بپارێزێت، بەرزڕاگرێت، واتە لە لەناوچوونی ڕزگاریان بکات.
بۆ ئەم مەبەستە لێرە “نەتەوە” وەک گرووپێک پێناسە کراوە کە بە ئاگایی ‌و ئیرادەی خۆیان کۆمەڵگەیەکیان پێکهێناوە، کۆمەڵگەکەش خاوەنی ناسنامە و کۆیاد و کولتوور (زمان، دابونەریت، کەلەپوور) و مێژوو و ڕەچەڵەک و خاکێکی هاوبەشن. هاوکات، هەستی هاوپشتیوانی بەیەکەوەیان گرێ دەدا و پڕۆژەیەکی هاوبەشیشیان هەیە بۆ دواڕۆژ و بانگەشەی مافی خۆبەڕێوەبردن دەکەن. مافی خۆبەڕێوەبردنیش دەکرێت لە چوارچێوەکانی سەربەخۆیی، کۆنفیدرالی، فیدرالی یان ئۆتۆنۆمی بەدەست بێنێت (Guibernau 2004: 132). لێرەدا دەبێت ئەو جیاوازییە دیاری بکەین کە لەنێوان “نەتەوە” و “دەوڵەت-نەتەوە”دا هەیە. هاووڵاتییانی “دەوڵەت-نەتەوە” بەگشتی نیشتەجێی هەمان وڵاتن ‌و مافی یەکسانیان هەیە و ئامێزانی چەندین پەیوەندی شاقووڵیی ئابوورین. “نەتەوە” هەموو کارەکتەر و خەسڵەتەکانی “دەوڵەت-نەتەوە”ی تێدایە بێجگە لە مافی هاووڵاتییبوون بە یەکسانانە لەگەڵ پەیوەندییە ئابوورییە شاقووڵییەکە. بە شێوازێکی دیکە، ئەوەی نەتەوە لە دەوڵەت-نەتەوە جیادەکاتەوە ئەوەیە کە نەتەوە کیانێکی کۆمەڵایەتییە بەڵام دەوڵەت-نەتەوە کیانێکی هەم کۆمەڵایەتییە هەم یاسایی.

هەندێک گرووپ هەن کە نیشتەجێی وڵاتێکی دوای-کۆڵۆنیاڵن (وەک عێراق و سووریا) یان دەوڵەت-نەتەوەیەکن (وەک تورکیا و ئێران) کەچی بەخۆیان دەڵێن “نەتەوە” یان گەشەیان کردووە بۆ “نەتەوە”. ئەم گرووپانە وەک نەتەوەی-بێ-دەوڵەت (nation-without-state) ناسراون. نەتەوە-بێ-دەوڵەتەکان گرووپی وابەستەن بە خاك (territorial community) کە خاوەن ناسنامەی نەتەوەیی/نیشتیمانیی خۆیانن ‌و ئارەزووی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە بەڵام کەوتونەتە نێو سنووری وڵاتێک، یان چەند وڵاتێک، کە بەگشتی خۆیان بە دەوڵەتەکە ناناسێنن (وەک: کوردەکان، کەتەلۆنەکان، تامیلەکان‌ و سکۆتلەندییەکان).
ئەم بابەتە چوارچێوە و تێگەیشتنەکانی بنیاتگەراکان (constructivists) دەکات بە چاویلکەیەک بۆ شرۆڤە و گفتوگۆی دیدگایەک بۆ سەرهەڵدان/دروستبوونی نەتەوە، وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی-سیاسیی. لە ڕوانگەی بیناتگەراکان، هەموو دیاردە و مانا و بەها و ڕاستییەکان و ناڕاستییەکان، دیاردەگەلێکن، ماناگەلێکن، بەهاگەلێکن، ڕاستییگەلێکن کە لە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتیی-سیاسیی-ئابووریی-مێژووییدا دروست بوون و هەر لە پڕۆسەیەکی هاوشێوەش لەوانەیە لەناوبچن. بەم پێیە، بنیاتگەراکان، کە لە پەیوەند بە نەتەوە و ناسیونالیزم زیاتر وەک تازەگەراکان (modernists) ناسراون، پێیان وایە کە نەتەوەکان بەرهەمی ناسیۆنالیزمن، نەک بە پێچەوانەوە (Walicki 1998). ئەوە بەو مانایەیە کە نەتەوە شتێکی ڕاستەقینە و بابەتیی و پێویست نییە بەڵکو “بنیاتنراو” و “دەستکرد” و “بەرهەمی” نوخبەی سیاسیی و ڕووناکبیرییە. ئێمە تەواو هاوڕای ئەو دیدە نین کە هەموو نەتەوەکان دروستکراوی دەوڵەتن، بەڵکوو لەوەدا هاوڕاین کە هەندێک نەتەوە (وەک ئەمریکی، ئوسترالی، کەنەدی) دروستکراون، بەڵام هەندێک نەتەوە هەن کە ڕەگی ئیتنیان هەیە (وەک، ئەڵمانی، فەرەنسی، کورد، کەتەلۆنی). هاوکات، ڕۆڵی نوخبەی سیاسی و ڕووناکبیریی بەهەند وەردەگرین لە گەشەپێدانی نەتەوە لە گرووپی ئیتنییەوە (وەک ئینگلیزی)، یان لە چەند گرووپێکی ئیتنییەوە (وەک فەرەنسی).
ئێمە لە خوارەوە کە باس لە تیورەکانی نەتەوە دەکەین ڕای خۆمان زیاتر ڕوون دەکەینەوە، بەڵام لێرە گرنگە ئەوە بدرکێنین کە ئەوەی ئێمە لە پەیوەند بە بنیاتگەراییەوە پشتی پێ دەبەستین ئەوەیە کە لە دنیای مۆدێرن، لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەم، لە دنیایەک کە لەسەر بنەمای دەوڵەت-نەتەوە دامەزراوە، هیچ دامەزراوە و دەزگایەک لە دەوڵەت بەهێزتر نییە لە دروستکردنی ماناکان (وەک: تورکییبوون یانی چ و کوردبوون یانی چی؟)؛ پلەبەندکردنی بەهاکان (وەک: زمانی فارسی “فەرمیی و باڵایە” و کوردی زمانی “لۆکاڵ و خێڵ و عەشیرەتە”)؛ لە بەفەرمیکردن و بەهێزکردنی هەندێک زمان (وەک: تورکی لە تورکیا) و لە پەراوێزخستن و یاساغکردنی هەندێک زمانی دیکە (وەک: کوردی لە تورکیا)؛ لە دروستکردنی مێژوو (وەک: بە هیتییکردنی ڕەچەڵەکی تورک) و چەواشەکردنی مێژوو (وەک: ناساندنی کورد وەک “تورکە شاخاوییەکان”)؛ لە برەودان بە کولتوور و کەلەپوورێک (وەک: عەرەبی-ئیسلامی لە عێراق و سووریا) و یاساغکردن و بنبڕکردنی کولتوور و کەلەپوورێکی دیکە (وەک: تەعریبکردنی کورد و کوردستان لە عێراق و سووریا). ئەمانە و سەدان نموونەی دیکە، هەموو پێمان دەڵێن کە بە بەراورد بە دامەزراوەکانی دیکە (بۆ نموونە، حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنی)، دەوڵەت بەهێزترین و کاریگەرترین دەزگا و دامەزراوەی دروستکەری مانا و بەها و ڕاستییەکان و ناڕاستییەکانە. ئەو نموونەیەی ئێستا ئاماژەی پێ دەکەین زۆر لایەنی ئەم ڕاستییە دەخاتەڕوو. لە ١٩٨٧-١٩٨٨، حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی کە تاکە حیزب بوو لە عێراق، لەبەرانبەردا لە باشووری کوردستان (کوردستان لە عێراق) هەشت حیزب بەرەی کوردستانیان پێک هێنابوو، کەچی حیزبی بەعس توانی شکست بە هەر هەشت حیزبی کوردستانی بهێنێت. ئەوەی کە ئەو هێز و توانایەی دابووە حیزبی بەعس ئەوە تەنیا تواناکانی بەعس نەبوو وەک حیزبێک بەڵکوو ئەوە دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت بوون وەک: سوپا (هێزی زەمینی و دەریایی و ئاسمانی، ئیستیخباراتی عەسکەری، تەسنیعی عەسکەری)، پۆلیس بە هەموو لق و پۆپەکانی، ئەمنی عام و خاس، موخابەراتی ناوخۆ و دەرەوە، جەیشی شەعبی، ئەفواجی خەفیفە، لەگەڵ تەواوی وەزارەتەکانی دیکە (بۆ نموونە، پەروەردە و کار و نیشتەجێکردن)، کە توانای بەعسیان سەدبارتەقای حیزبە کوردستانییەکان کردبوو، توانای تەفروتووناکردنی ئەوانی فەراهەم کردبوو.
بە دەربڕینێکی دیکە، ئەوەی تێگەیشتن و بەها و مانا و مێژوو و ناسنامەی مرۆڤەکان (وەک تاک یان دەستەجەمعی) دروست دەکات، دەکرێت لەمانە کورت بکرێنەوە: دین؛ کولتوور؛ حکومەت (جۆری سیستەمی حوکمڕانی و یاسا و دەستوور و پۆلەسی)؛ خوێندن و پەروەردە؛ زانست؛ میدیا و خێزانن. لەمانە، خێزانی لێ دەرچێت، کەم تا زۆر، دەوڵەت دەسەڵاتی بەسەر زۆربەی دامەزراوە و دەزگاکانی دیکە، کە لێرە ئاماژەیان پێ کرا، لە دروستکردنی ڕەفتار و هەڵسوکەوت و تێگەیشتن و ناسنامەی مرۆڤەکاندا هەیە و لە هەمووشیان کاریگەرترە. دەوڵەت تاکە دامەزراوەیە کە بتوانێت پڕۆسەگەلی ئاڵۆز وەک جینۆساید، زمانکوژی، کەلتوورکوژی، تواندنەوە، ڕاگواستن، چۆڵکردن، بەعەرەبکردن، بەفارسکردن، بەتورککردن، ئەشکەنجە و زیندانیکردنی بەکۆمەڵ، ترس و تۆقاندن وەگەڕبخات ‌و ڕێکبخات‌ و بەئەنجامی بگەیەنێت لەڕێگەی کەڵکوەرگرتن لە دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکانییەوە، لەڕێگەی تەجنیدی زۆرەملێی و لەشکر و پەروەردەی گشتیی‌ و وەیەککردنی زمان‌ و کولتوور، هتد‌.
پرسیارێکی دیکەی گرنگ لەو پەیوەندەدا ئەوەیە کە نەتەوە چۆن دروست دەبێت؟ ئێمە دەزانین نەتەوە لە پڕۆسەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسیی-مێژوویی لەدایک دەبێت، بۆیە ئەگەری ئەوەی هەیە لە پڕۆسەیەکی پێچەوانە لەناوبچێت. ئەم پرۆسە بۆ ئێمە زۆر گرنگە چونکە ئەگەر نەتەوە ڕێگری لە پرۆسەی دروستبوونی یان کاملبوونی بکرێت یان پڕۆسەی دروستبوونی پێچەوانە بکرێتەوە ئەوە دەپووکێتەوە و ون دەبێت. لێرە مەبەست لە لەناوچوون مەرج نییە ئینقیراز (extinction) بێت، ونبوونی یەکجارەکی، بەڵكوو نزمبوونەی پێگەی نەتەوەکە و زمانەکەیەتی بە ئاستێک کە بوون و نەبوونی وەک یەک وابێت. بۆیە زۆر گرنگە بزانین کە نەتەوە چۆن دروست دەبێت.
دروستبوونی نەتەوە (nation formation) ئەو پڕۆسە کۆمەڵایەتیی-سیاسییەیە کە تێیدا خێڵ ‌و قەبیلەکان وردە وردە لە پڕۆسەیەکی مێژووییدا گەشە دەکەن بۆ گرووپی ئیتنیی (ethnic)، لەوێشەوە هەنگاودەنێن بۆ ئەوەی ببن بە نەتەوە (nation)، ئەگەریش قەوارەیەکی سەربەخۆ لە هەرێمێک یان دەوڵەتێکدا پێکبێنن ئەوا دەگەن بە، یان دەبن بە، دەوڵەت-نەتەوە (nation-state). دیارە ئەم پڕۆسە و گۆڕانکارییانە لە خودوخۆڕاییەوە ڕوونادەن بەڵکوو لە ژێر کاریگەریی هەندێک هۆکاری مەوزوعی‌ ‌و هەندێکی زاتیی ڕوو دەدەن. هۆکارە مەوزوعییەکان، بەکورتی، بریتین لەو گەشە کۆمەڵایەتیی-سیاسییانەی لە میانی پڕۆسەی مۆدێرنەتە دێنەپێش. بۆ نموونە، پەیدابوونی چاپ‌ و چاپەمەنی‌ و قوتابخانە و خوێندنی بەکۆمەڵ (mass education)، سەرهەڵدانی میدیا و سەرهەڵدانی پیشەسازی (industrialization) لەگەڵ کۆچکردن‌ و بەشاربوون (urbanization)، واتە گەورەبوونی شارەکان (Anderson 1991: 18, 37-40; Gellner 1998: 32; 1994: 55-63; 1983: 5-7). هۆکارە زاتییەکانیش، دیسان بەکورتی، برییتین لە دەستێوەرەدان‌ و کاریگەریی دەستەبژێری سیاسیی‌ و ڕووناکبیریی گرووپە ئیتنییەکان لە زیندووکردنەوە و زیندوڕاگرتن‌ و دروستکردنی کولتوور و کۆیاد ‌و دیاریکردنی چارەنووسی هاوبەش. بۆ نموونە، دانانی سەربەخۆیی‌ و ڕزگاری نیشتیمانیی وەک ئامانجێکی نەتەوەیی/نیشتیمانیی هاوبەش لەلایەن دەستەبژێرەوە. ئەویش لە ئەفراندنی سروود بۆ نەتەوە و نیشتیمان لەلایەن شاعیر (وەک: پیرەمێرد) و گۆرانیبێژان ‌(حەسەن زیرەک) و بەرزکردنەوەی ئاڵا و زیندووکردنەوە و زیندوڕاگرتنی یادە نەتەوەیی ‌و کولتوورییەکان.
ئێرنست گێلنەر کە ناسراوترین تیوریستە لەنێو تازەگەرەکان پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە پڕۆسەی گەشەی پیشەسازی‌ و مۆدێرنەتە (modernization)، کە بەشاربوون‌ ‌و دروستبوونی سەدان شاری نوێی لێکەوتەوە، بوون بە مایەی لە ڕیشە هەڵکێشان ‌و سڕینەوەی دابونەریت‌ و وابەستەییە (ئینتیما) سونەتییەکانی کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکان‌ و تێکچوونی هاوسەنگییە کۆنەکەی نێوان شار و دێ. لە ئاکامی ئەم پێشهاتەدا کولتووری شار جێگەی بنیات‌ و کولتووره‌ سونەتییەکان‌ و وابەستەیی بۆ گوند و عەشیرەتی گرتەوە. ئەم گۆڕانکارییە فیزیکی‌ و کولتوورییانه‌ وای کرد کە هەستی وابەستەیی لە ڕێگەی هاووڵاتییبوونەوە گەشە بکات. گێلنەر پەروەرده‌ی بەکۆمەڵ بە پێشمەرجێک بۆ دروستبوونی نەتەوە دادەنێت. بێنیدیکت ئەندرسن پێی وایە ناسیونالیزم لە سەدەی نۆزدەدا بە تەواوی دەرکەوت‌ و ناسرا چونکە زمان بوو بە هۆکارێکی سەرەکی یەکگرتنی کۆمەڵگە هاوزمانەکان، ئەویش لە ئاکامی بڵاوبوونەوەی خوێندەواری. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی خوێنەرانی ڕۆژنامە و کتێب‌ و بڵاوکراوەکان، ئیدی خەڵکەکە وای لێهات ئاگاداری هەواڵ ‌و پێشهاتەکانی کەسانی دوور و نزیک بن. ئەو هەواڵ‌ و پێشهاتانەی کە خەڵک ڕۆژانە و حەفتانە بەرچاو و بەرگوێیان دەکەوت و سنوورە لۆکاڵییەکانی دەبڕی‌ و ببوون بە مایەی دروستبوونی هەست‌ و سۆز و وابەستەییەک لەو دیوی سنوورەکانی کۆمەڵگە لۆکاڵییە بچووکەکان بۆ قەراغێک کە تخووبی وڵاتەکەی، نەتەوەکەی، زمانەکەی، نیشتیمانەکەی پێک دەهێنا، ئەمەش نەتەوە یان “دەوڵەت-نەتەوە”ی لێکەوتەوە.
هاوتای، گێلنەر و ئەندرسن، ئێریک هۆبزباوم، کە تازەگەرێکی مارکسییە، دەڵێت نەتەوە لەلایەن دەستەبژێرەوە، بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک “دابونەریتی داهێنراو”، دروست کراوە، دروست دەکرێت. ئەم دابونەریتانەش لە سیمبول‌ و ئەفسانە نەتەوەییەکان‌ و مێژوویەکی داڕێژراوەوە هەڵهێنجراون (Hobsbawm 1994: 77). ئەو لەو باوەڕەدایە کە سیاسەتە مەرکەزییەکانی دەوڵەتەکان لە هەموو شتێک زیاتر لە پشت بڵاوبوونەوە و توندوتۆڵکردنی گرنگیی نەتەوەن. بەگوێرەی دیدی تازەگەرەکان، نەتەوە پێش مۆدێرنەتە بوونی نەبووە و دەوڵەت ڕۆڵی کاریگەر لە دروستکردنی نەتەوەدا دەبینێت. ئەگەر ئەم دیدە وەک تێگەیشتنێک وەربگرین، ئەوە بۆ دروستبوونی نەتەوە دەوڵەت زەرورە، بە واتایەکی دیکە لە غیابی دەوڵەت نەتەوە دروست نابێت، ئەگەر دروستیش بووبێت ئەوە لەوانەیە لەناوبچێت.
دیدێکی دیکە بۆ دروستبوونی نەتەوە لەلایەن ئانتنی سمیس و جۆن هەچینسن گەشەی پێدراوە و وەک ئیتنۆسیمبولیی (ethno-symbolic) ناسراوە. سمیس دەڵێت لەوەدەچێت نەتەوە دیاردەیەکی مۆدێرن بێت بەڵام ڕەگوڕیشەکانی پێش-مۆدێرنەتەی لەناخی خۆیدا هەڵگرتووە و پێیەوەدیارە. بەواتایەکی دیکە، نەتەوەکان هەڵگری خەسڵەت‌ و توخمەکانی گرووپە ئیتنییەکانن، لەوانە: ڕەچەڵەکی هاوبەش، سیمبول ‌و ئەفسانە و یادەوەریی مێژوویی هاوبەش، لەگەڵ شوناسێکی کولتووریی باڵکێش (Smith 2002: 8-9; 1999: 36-42; 1987: 154). ئەگەر زیاتر قووڵبینەوە و وردبینەوە ئەوە پێکهاتە و خەسڵەت‌ و توخمە ئیتنییەکان لە زۆربەی نەتەوەکان (ئەڵمانی، فەرەنسی، تورکی، ڕووسی، کوردی) دەبینین، ئەو نەتەوانەی لێ دەرچێت کە لە پڕۆسەی نیشتەجێبوون و لەلایەن دەوڵەتەوە دروستکراون (وەک ئەمریکی، ئوسترالی، کەنەدی)، کە ڕەگێكی ئیتنی دیاریکراویان نییە بەڵکوو نەتەوەگەلێکن کە لە نیشتەجێبوونی خەڵکانێکی سەر بە گرووپی ئیتنی جیاجیا دروستکراون لەلایەن دەوڵەتەوە. بەشداری گرنگی هاچینسن لەم تێگەیشتنە قسەکردن‌ و ڕەخنەگرتنیەتی لە ڕۆڵی دەوڵەت لە دروستکردنی نەتەوە. ئەو بیرۆکەکان‌ و تێڕوانینەکانی گێلنەر و ئەندرسن‌ و هۆبزباوم لەمەڕ ڕۆڵی دەوڵەت‌ و دامودەزگاکانی لە دروستکردنی نەتەوەدا دەخاتە ژێر پرسیار و ڕەخنە دەکات. هاچینسن پێی وایە نەتەوە و دەوڵەت پەیوەندییەکی لاوەکییان هەیە ‌و تواناکانی دەوڵەت بۆ ڕێکخستن و دروستکردنی نەتەوە سنووردارن‌ و بەرزی‌ و نزمی بەخۆیانەوە دەبینن (Hutchinson 2000: 654). ئەو بۆچوونەکانی خۆی بە دیاردەی سەرهەڵدانی ناسیونالیزمێک لەناو خودی دەوڵەتێک لە دژی ناسیونالیزمی دەوڵەت یان دەسەڵات، وەک ناسیونالیزمی سکۆتلاندی لە دژی دەوڵەتی بەریتانی یان ناسیونالیزمی کوردی لە دژی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردیان تێدادەژی، پشتڕاست دەکاتەوە. واتە هاچینسن دەڵێت، مادام دەوڵەت نەتەوە دروست دەکات، ئەی چۆنە لەناو دەوڵەتێکدا دوو، یان زیاتر، لە ناسیونالیزمێک سەرهەڵدەدەن، یان بوونیان هەیە.
ئێمە هاوڕاین لەوەی کە ناسیونالیزم لە پەراوێز و لە کەنارەکانی ناسیونالیزمی دەوڵەت-نەتەوە دروستبوون و هەر دوو نموونەکە (سکۆتلاندی و کوردی) پشتڕاستی ئەو تێگەیشتنە دەکەنەوە بەڵام ئەوەی ئێمە هاوڕای نین دوو شتە: یەکەم، ناسیونالیزم و نەتەوەی کەنار و پەراوێز لە درێژمەودا لە غیابی دامەزراوەکانی دەوڵەت (حکومەت، پەرلەمان، سوپا، وەزارەتی پەروەردە، هتد) یان دامەزراوەی دەوڵەتئاسا (کیانێکی کۆنفیدراڵی، فیدرالی، ئۆتۆنۆمی) کە بتوانێت سیاسەتەکانی گەشە و پاراستن و بەرزڕاگرتنی ناسنامە و زمان و کولتوور و مێژوو و کەلەپوور و کۆیاد بەرجەستە بکات، ئەوا دەپووکێتەوە و ئەگەرەکانی لەناوچوونی دێتەگۆڕێ. دووەم، ئەوەی ناسنامە و زمان و کولتوور و دابونەریتی گرووپە ئیتنی و نەتەوەییەکان لە پەراوێز و کەناردا لە سەدان ساڵی ڕابردوودا پاراستبوو ئەوە خێزان و گوندە دوورەدەستەکان بوون. لە دنیای مۆدێرن و جیهانگیرییدا خێزان لاوازترین دامەزراوەیە بۆ پاراستن و پارێزگارییکردن لە ناسنامە و زمان و کولتوور. ئەوەی ئەمڕۆ ناسنامە و کولتوور دروست دەکات و زمان زاڵ دەکات ئەوە دەوڵەت و دامودەزگاکانی دەوڵەتن لە باشترین حاڵدا، لە خراپترینیش ئەوە هێز و تواناکان و دامەزراوەکانی جیهانگیریین کە هەم ناسنامە هەم زمان هەم کولتوور دەسەپێنن، جا ئەو ناسنامەیە کۆزمۆپۆلیتان بێت، زمانی ئینگلیزی یان چینی بێت، یان کولتووری ڕۆژئاوایی بێت.
بەبنەما لەسەر ئەو گفتوگۆیانەی پێشووتر، هاوکات، هەندێک پێشنیاز کە میراسلۆڤ هرۆچ (Hroch 1996: 79) خستوونەتییەڕوو دەکرێت سێ پێشمەرج بۆ دروستبوونی نەتەوە دەستنیشان بکەین.
یەکەم، کۆیادێکی هاوبەشی دیرۆکیی، جا چ سەرکەوتن بێت چ شکست، چ ڕاستی بێت چ ئەفسانە. بۆ نموونە، سەرکەوتنی کاوە بەسەر زووحاک بۆ کورد کە نەورۆز، جەژنی نەتەوەیی کوردی، لێکەوتۆتەوە؛ سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی عەرەبە-موسڵمانەکانی نیمچە دوورگەی عەرەب بەسەر بێزەنتییەکان‌ و ساسانییەکان ‌و دامەزراندنی دەوڵەتەکانی ئەمەوی ‌و عەباسی بۆ عەرەب، کە بە سەردەمی زێڕین لە مێژوودا لای عەرەبەکان ناوزەد دەکرێت؛ گرتن‌ و ڕاپێچ کردنی جووەکان لەلایەن نەبوخوزنەسەر ‌و فڕێدانیان لەسەر کەنارەکانی زێی فورات لە بابل بۆ جووەکان، وەک کۆیادێکی تاڵ بۆ جووەکان. ئایا کۆیاد بەبێ بوونی مۆزخانەی نەتەوەیی/نیشتیمانیی دەکرێت، ئایا بەبێ دەوڵەتی نیشتیمانیی نەتەوەکە دەکرێت مۆزخانەت هەبێت. بە دەربڕینێکی دیکە، ئایا کورد و کوردستانیان لە تورکیا یان لە ئێران دەتوانن مۆزەخانەی نەتەوەیی-نیشتیمانیی-کوردستانییان هەبێت، یان ئەوەی هەشە وەک تورکی/تورکیایی، یان فارسی/ئێرانیی هەژمار دەکرێت. بەدڵنیاییەوە، وەڵامەکە دووەمە.
دووەم، پەیوەندییە، ‌کولتووریی ‌و زمانییەکان لەنێو ئەندامانی گرووپەکە گەیشتبێتە ئاستێک کە ببێتە مایەی دروستبوونی پەیوه‌ندییەکی کۆمەڵایەتی لەنێویاندا کە لە پەیوەندی ئەندامانی گرووپەکە لەگەڵ کەسانی دەرەوەی گرووپەکەی خۆیاندا زۆر بەهێزتر بێت. بۆ نموونە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوخۆی کوردەکان لە پەیوەندی کوردەکان لەگەڵ گرووپە دراوسێکانییاندا (عەرەب‌، فارس‌ و تورک) بەهێزتر بێت. بەڵام ئایا ئەوە لە غیابی دەوڵەتدا دەکرێت، داخۆ چۆن پەیوەندییەکی وا ڕێک دەخرێت کاتێک کە زمانی گرووپێکیان زمانی پەروەردە و خوێندن و نووسین بێت، زمانی بازاڕ و مەعریفە و زانست و ئەدەب بێت، زمانی فەرمی دەوڵەت و زمانی پەیوەندی بێت، وەک زمانی فارسی و تورکی لە ئێران و تورکیا. داخۆ ئەمە دەکرێت کاتێک زمانەکەی دیکە، کوردی بۆ نموونە، تەنیا لە ماڵەوە و لە چەند بازنەیەکی داخرا و بێکاریگەر بەکار بێت؟ بەدڵنیاییەوە ئەمە ناکرێت، بۆ هەڵگێڕانەوەی ئەمەش، بوونی دەوڵەت بۆ نەتەوە یەکلاییکەرەوەیە.
سێیەم، جۆرێک لە یەکسانی لەنێو ئەندامانی کۆمەڵگە، کە لە ڕێگەی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە ڕێکخرابێت، ئامادەیی هەبێت. ئەگەر خاڵی یەکەم‌ و دووەم پێشمەرجن بۆ دروستبوونی نەتەوە ئەوە خاڵی سێیەم پێشمەرجێکە بۆ دەوڵەت-نەتەوە چونکە تەنیا لە سایەی بوونی دەوڵەتدا دەکرێت باس لە یەکسانیی هاووڵاتییان بکرێت. ئەگەر گرووپێک دوو مەرجی یەکەمیانی تێدا نەبێت ئەوا زۆر سەختە، ئەگەر نەڵێین مەحاڵە، کە وەک نەتەوە ناویان ببەین، ئەگەر هەر سێ مەرجەکەش ئامادەیی نەبێت ئەوە بەهەمانشێوە ناکرێت وەک گرووپێک تەماشا بکرێن کە گەیشتبن، یان ببن، بە دەوڵەت-نەتەوە. پێشمەرجی سێیەمی هرۆچ پێمان دەڵێت هەر گرووپێک دەوڵەت یان دامەزراوەی دەوڵەتئاسای وای نەبێت کە نەتوانێت ناسنامە و زمان و کولتوور و مێژووی بپارێزت، ئەندامانی کۆمەڵگەکەی لە ڕێگەی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە ڕێکبخات و یەکسانیی لەنێوانیاندا بەرقەرار بکات، ئەوا ئەو کۆمەڵگەیە، گرووپە، ناتوانێت گەشە بکات بۆ نەتەوە لە باشترین حاڵەت و دەوڵەت-نەتەوە لە دوا گەشەدا.
وەک لە سەرەتا ئاماژەی پێکرا ئەم بابەتە هەوڵدەدات وەڵامی دوو پرسیاری سەرەکی بداتەوە، کورد بۆ سەدان ساڵە ماوە و بۆ ئێستا ئەگەرەکانی لەناوچوونی هاتۆتەگۆڕێ. هاوکات، بۆ مانەوەی نەتەوە چ پێویستە، ئایا دەوڵەت، یان دامەزراوەی دەوڵەتئاسا، تاکە زامنی پاراستن و مانەوەی نەتەوەن. لە بەشەکانی داهاتوودا هەوڵدراوە وەڵامی ئەم دوو پرسیارە و پرس و پرسیارە پەیوەندارەکان گفتوگۆ بکرێن.

شێرکۆ کرمانج

ماویەتی..
————————-
سەرچاوەکان

Anderson, Benedict (1991). Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism, London: Verso.
Gellner, Ernest. (1983). Nations and Nationalism, Oxford: Blackwell.
Gellner, Ernest. (1994) “Nationalism and Modernization,” in Nationalism, eds. J. Hutchinson and A. D. Smith, Oxford: Oxford University Press, pp. 55-63.
Gellner, Ernest. (1998) Nationalism, London: Phoenix.
Guibernau, Montserrat (2004) “Anthony D. Smith on Nations and National Identity: a Critical Assessment,” Nations and Nationalism, vol. 10, no. 1-2, pp. 125-141.
Hobsbawm, Eric J. (1994) “The Nation as Invented Tradition,” in Nationalism, edited by J. Hutchinson and A. D. Smith. Oxford: Oxford University Press, pp. 76–83.
Hroch, Miroslav. “From National Movement to the Fully-Formed Nation,” in The Nation-Building Process in Europe, edited by G. Balakrishnan. New York: Verso, 1996, pp. 78–97.
Hutchinson, John. (2000) “Ethnicity and Modern Nations.” Ethnic and Racial Studies 23, no. 4, pp. 651–669.
Smith, Anthony D. (1987) The Ethnic Origins of Nations, Oxford: Blackwell.
Smith, Anthony D. (1999) “The Nation: Real or Imagined,” in People, Nation and State: The Meaning of Ethnicity and Nationalism, eds. E Mortimer & R Fine, London: I.B. Tauris, pp. 36-42.
Smith, Anthony D. (2002) “When is a Nation?” Geopolitics, vol. 7, no. 2, pp. 5-32.
Walicki, Andrzej. (1998) “Ernest Gellner and the ‘Constructivist’ Theory of Nation.” Harvard Ukrainian Studies, vol. 22, pp. 611–19.




دوای بەشداری ئەمریکا، شەڕەکە و دواڕۆژی ڕژێمی ئێران بەرەو کوێ.. شێرکۆ کرمانج

لەم بابەتە هەوڵ دەدەین وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار بدەینەوە هەر لە کاریگەرییەکانی بەشدارییەکەی ئەمریکا لە شەڕی ئێران-ئیسرائیل تا دەگاتە پرسی گۆڕینی ڕژێم و ئەگەرەکانی درێژبوونەوەی یان کۆتایی شەڕەکە. لە کۆتایی هەندێک قسە لە پێگەی کورد دەکەین.
دوابەدوای بەشداری ئەمریکا لە لێدانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ٢٢ی حوزەیران، شەڕێ ئێران-ئیسرائیل چۆتە قۆناغێکی دیکە. ئەم لێدانە یان شەڕەکە گەورەتر و بەرفراونتر دەکات، یان کۆتایی پێ دەهێنێت، هەر چییەک بێت شەڕەکە وەک خۆی نامێنێتەوە. ئەگەر ئێران بە توندی وەڵامی ئەمریکا بداتەوە، ئەوە وەڵامی ئەمریکا زۆر چڕتر دەبێت و ئەو ئاماژەیەی کە ئەمڕۆ ترەمپ بە “گۆڕینی ڕژێم” کردی، ئیدی لەوانەیە بەجددی کاری لەسەر دەکرێت. خۆ ئەگەر ئێران وەڵامی نەبێت، ئەوە ئەگەرەکانی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا زیندوو دەبێتەوە، خەیمەی سەفوان دووبارە دەبێتەوە. بەکورتی، ئێران وەڵام نەداتەوە، زۆر لاواز و فشۆڵ دەردەکەوێت و ڕووی مەجلیسانی نامێنێت، وەڵامیش بداتەوە، دەڕووخێنرێت.

ئیسرائیل، “ڕژێم ناگۆڕین”، لەوانەیە خۆی بتەپێت
ئیسرائیل توانای گۆڕینی ڕژێمی ئێرانی نییە، لە شەڕ و ململانێکانی سێ ئامانجی هەیە. یەکەم پەڕوباڵکردنی پڕۆکسییەکانی (حیزبوڵا، حەماس، حەشد، حوسییەکان)، کە تا ڕادیەکی چاک ئەو ئامانجەی پێکاوە، بەتایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، کە نەک هەر بووە مایەی لەدەستدانی هاوپەیمانێکی ستراتیجی لە سووریا، بەڵکوو توناکانی زیندووبوونەوە و بەهێزبوونەوە و پڕچەککردنەوەی حیزبوڵا نەما، ئەویش بە پچڕانی ئەو کۆریدۆرەی کە ئێرانی بە باشووری لوبنان دەبەستەوە. دووەم، لاوازکردنی توانا مووشەکییەکانی ئێران. لە دە ڕۆژی ڕابردوودا، ئیسرائیل بە تەقاندنەوەی کارخانەکان و حەمبارەکان و مووشەکهاوێژەکان توانا مووشەکییەکانی ئێرانی بەڕادەی ٥٠٪ کەم کردۆتەوە. تا شەڕیش ڕادەوەستێت لەم کردارەی بەردەوام دەبێت. سێیەم، لەناوبردنی تواناکانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. هەر لە ڕۆژی یەکەمی شەڕەکە تا ئێستا ئیسرائیل بەردەوام هێرشی کردۆتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەڵام ئەو چاک دەیزانی بەبێ هاوکاری ئەمریکا ناتوانێت ئەم ئامانجەی بپێکێ، بۆیە پەلی ئەمریکایان ڕاکێشا بۆ ناو شەڕەکە، لانی کەم، بۆ بەشداری کردن لە لێدانی بنکە ئەتۆمییەکەی فرۆدۆ، کە دوێنێ ئەمریکا ئەو داخوازییەی بۆ ئیسرائیل جێبەجێ کرد. لەبەرئەوەی ئیسرئیل کەم تا زۆر وا خەریکە لە ئامانجەکانی نزیک دەبێتەوە، بۆیە گۆڕینی ڕژێم زۆر گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە کە ئێران نەتوانێت هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات و چەکی ئەتۆمی دروست بکات. بۆیە، گۆڕین یان مانەوەی ڕژێمی ئێران لەسەر حوکم ئەو بایەخەی بۆ ئەوان نییە. بەڵام حەز بە باڵادەستی بەرەی توندڕەو (خامەنەیی و سوپای پاسداران) پێک هاتوون، نییە. هەر بۆیە لە ڕۆژی یەکەمەوە سەرکردەکانی پاسداران دەکاتە ئامانج، حەزیش دەکات خامەنەیی بکوژێت بەڵام ئەمریکا تا ئێستا ڕێگرە. ئیسرائیل، خۆی لە لێدانی بەرەی میانڕەو (سەرۆکی ئێران و پەرلەمان و سوپای/ئەرتەشی ئێران) تا ئێستا، پاراستووە، چونکە دەیەوێت ئەم بەرەیە لە دواجار بەتەواوی دەسەڵات بگرنە دەست، بەمەش ئەگەرەکانی سەرکێشی لەدژی ئیسرائیل، لانی کەم، بۆ چەندین دەیەی دیکە دوورکەوێتەوە. خۆ ئەگەر وەک ئاکامێکی شەڕەکە ڕژێمی ئێران ڕووخا، ئەوە لەوانەیە زیاتر سوکناییان بێت.

ترەمپ دەیەوێت ڕژێم بگۆڕێت نەک بیگۆڕێت
ئەمریکا دەیەوێت ڕژێم سیاسەت و ڕەفتار و کرداری بگۆڕێت، واتە ڕژێم دەستبەرداری پڕۆگرامی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بێت، نەک ئەمریکا بیگۆڕێت، واتە ئەم ڕژێمە لادات و ڕژێمێکی دیکە لەبری دانێت. ترەمپ و پشتیوانەکانی لە ماگا (MAGA) نایانەوێت ڕژێم بڕوخێت لەبەر ئەم هۆکارانە: یەکەم، بەڕووخانی ڕژێم ئەمریکا سەرئێشەیەکی گەورەی بۆ دروست دەبێت، ئێران دابەش و پەرتەوازە دەبێت، دەبێتە دەوڵەتێکی لەرزۆک و فشۆڵ. ئەمە زۆر لە قازانجی کوردە، بەڵام ئەوە خەمی ئەمریکا نییە. ئەمریکییەکان پێیان وایە، بە ڕووخانی ڕژێم سوودەمەندی یەکەم تورکیا دەبێت چونکە لە ڕێگەی ئازەرییە “هاوزمانەکان”ییەوە، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەخۆ، قوڵایی ستراتیجی زیاد دەکات و ئاڵەنگاریی بۆ ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان دروست دەکات. ڕووخانی ڕژێم ئەگەری ئەوە دێنێتە گۆڕێ کە کوردستان و خوزستان (عەرەبستان) و بەلوچستان ببن بە ناوچەی نیمچە-سەربەخۆ وەک ئێستای باشوور و ڕۆژاڤای کوردستان. ئەمریکا لەوانەیە ئەوەی پێ خراپ نەبێت بەڵام دەبێت پارێزگارییان لێ بکات، ئەگەرنا شەڕی ناوخۆ دروست دەبێت، لە هەردوو باردا سەرئێشەی زیاتر بۆ ئەمریکییەکان دروست دەبێت. هاوکات، لە غیابی دەسەڵاتێکی ناوەندی، ئەگەری سەرهەڵدانی گرووپی توندڕە و تیرۆریست زۆر دەبێت. بێجگە لەمە، خەڵکێکی زۆر کۆچ بۆ ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیا دەکەن، ئەمەش هیچ کەس و لایەنێکی ڕۆژئاوایی نەک پێی ناخۆشە بەڵکوو تەحەمولی ناکات. ئەو ئێرانەی کە لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئێران دەمێنێتەوە، ئێرانی فارسەکان، هێندەی دیکە دەکەوێتە باوەشی چین و ڕووسیا چونکە وەک گوتم بەلوچستان و خوزستان و کوردستان، لەوانەیە بەر ئەمریکا بکەون و ئازەربایجان‌ـیش بەر تورکیا. ئەم دۆخە ناسەقامگیرییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات کە لە بەرژەوەندی سعودیە و ئیمارات نییە. خۆ ئەگەر ئەوە بەبیر خۆمان بهێنینەوە کە ترەمپ چەند مانگێک پێش ئێستا باسی وەبەرهێنانی دوو ترلیۆن دۆلاری دەکرد لەوێ، ئەوە دەبێت ئەوە بزانین کە وەبەرهێنانی لەو شێوەیە پێویستی بە ڕۆژهەڵات-ناوەڕاستێکی ئارام و سەقامگیرە. لە دێڕێکدا، ئەمریکییەکان، ئێرانێکی لاواز و ملکەچیان لا گرنگترە، ئێرانێک کە بتوانن فەرمانەکانی خۆیانی بەسەردا بسەپێنن یان لانی کەم وای لێ بکەن سەرکێشی نەکات، لە ڕووخانی ڕژێم کە دەرکەوتە و لێکەوتەکانی نازانن. لەوانەش گرنگتر، ئەمریکییەکان پێیان وایە بۆ ڕاگرتنی پارسەنگی هێز لە ناوچەکە بوونی ئێرانێک کە هێندە بەهێز نەبێت سەرئێشە بۆ ئەوان دروست بکات، بەڵام هێندەش لاواز نەبێت کە سعودیە و وڵاتانی کەنداو پێویستیان بە ئەمریکا نەمێنێت، واتە ڕاگرتنی هاوسەنگی سوننە-شیعە نابێت لەبیر بکرێت. هەموو ئەوانەی وامان لێ دەکات کە بڵێین، پێناچێت ئەمریکییەکان حەز بە گۆڕینی ڕژێم بکەن.

شەڕەکە چەند دەخایەنێت؟
یاسایەکی گشتی لە شەڕدا هەیە کە دەڵێت دەست پێ کردنی شەڕ لە دەستی خۆتە بەڵام کۆتاییەکانی کەس نازانێت بەدەستی کێیە. سەرەڕای ئەمە، من پێموایە، ئیسرائیل هەر کاتێک حەز بکات دەتوانێت ئەم شەڕە ڕابگرێت، بەتایبەتی دوای لێدانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکییەکانەوە چونکە وەک ئاماژەی پێ کرا، ئیسرائیل بەگشتی ئامانجە سەرەکییەکانی تا ئێستا پێکاوە. هاوکات، درێژەدان بە شەڕ نە لە بەرژەوەندی ئێران‌ـە، نە ئیسرائیل‌ـیش قازانجی لێ دەکات. ئێران، دوای لە دەستدانی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ فڕۆکەکانی ئیسرائیل، هاوکات، دوای هەڵتەکاندنی بنکە ئەتۆمییەکانی، ئیدی هیچی نەماوە لە هەگبەی کە بتوانێت ئاراستەکانی شەڕەکەی پێ بگۆڕێت. پڕۆکسییەکانی بێ دەنگن، مووشەکەکان و مووشەکهاوێژەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ لە کورتی دەدەن. لەوانەش ترسناکتر، درێژەپێدانی شەڕ ئەگەرەکانی سەرهەڵدانی جەماوەری دێنێتە گۆڕێ. لە شەڕێکیشدا کە درێژکردنەوەی لە قازانجی هیچ کەس و لایەنێک نەبێت و دەرچوون لێی پێچەوانەکەی بێت، ئەوا ئەگەرەکانی ڕاگەیاندنی کۆتایی شەڕ، بەڕای من زۆر نزیکە، مەگەر شتێکی چاوەڕوان نەکراو ڕووبدات.

کورد و ڕووخانی ڕژێم
لەوانەی هیچ کەس و لایەنێک بە قەد کورد و بلوچ پێی خۆش نەبێت کە ڕژێم بڕووخێت، بەڵام حەز و ئامانجی ئەم دوو نەتەوەیە کەمترین بایەخی پێ دەدرێت لەو حیساباتانەی کە لەلایەن بەشدارانی شەڕەکە دەیکەن. ئەم دوو گرووپە هەم وەک نەتەوە هەم وەک مەزهەب لە زۆرینەی فارس جیان، دوو چەوساوەترین گرووپی ئێران‌ـیشن. لاوازبوونی ڕژێم زۆر لە قازانجی کورد دا نییە چونکە ڕژێم مووشەک و چەکی ئەتۆمیشی نەبێت لەوانەیە بتوانێت بپڕژێتە سەر کورد. لە حالەتی لاوازبوونی ڕژێم، بەتایبەتی ئەگەر میانڕەوەکان سەرکار بن، ئەوە ئەگەری هەیە کورد هەناسەیەکی ڕێژەیی باشتر بدات و هەندێک دەرفەتی بۆ بڕەخسێت کە بە هەندێک لە مافەکانی شاد بێت، بەڵام ڕووخانی ڕژێم دنیایەک دەرگا بە ڕووی کورد دا دەکاتەوەوە کە کورد تێیدا دەتوانێت لە خراپترین دۆخدا ناوچەیەکی فیدراڵی، کۆنفیدراڵی، یان نیمچە-سەربەخۆ بۆ خۆی زامن بکات، لە باشترین حاڵەتیشدا لەوانەیە هەنگاو بۆ سەربەخۆیی بنێت. لە دۆخی داڕمانی دەوڵەتی ئێران، کێشەی هەرە گەورەی کورد، کورد خۆیەتی، واتە دابەشبوون و پەرتەوازەیی و فرەگوتاریی و فرەلەشکریی. کوردەکان فێر نەبن پێکەوە هەڵ بکەن و پێک بێن لەسەر چەند ئامانج و بەرنامەیەکی هاوبەش، ئەوە لە ڕەخسانی هەر هەل و دەرفەتێک، ناتوانن وەک پێویست ئامانجەکان بپێکن.




ئیسرائیل چی دەوێت، ئێران چ دەکات، کورد لە کوێیە؟.. شێرکۆ کرمانج

شەڕە چاوەڕوان کراوەکەی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا دەستی پێ کرد. لەم کورتە بابەتە هەوڵ دەدەم چەند سەرنجێکی سەرەتایی بۆ هۆکارەکان (لە پەیوەند بە ئیسرئیل) و وەڵامەکان (لە پەیوەند بە ئێران) و لێکەوتەکان (لە پەیوەند بە کورد) بخەمە ڕوو.

ئیسرائیل و شەڕی مانەوە، وانەیەک بۆ کورد
ئەمڕۆ، دوای دەستوەشاندنەکە، بنیامین نەتەنیاهۆ گوتی ئیسرائیل هەڕەشەیەکی وجودی لەلایەن ئێران‌ـەوە لەسەرە چونکە ڕژێمی ئێران لە مێژە دروشمی “مەرگ بر ئیسرائیل”ی هەڵگرتووە و نەوە لە دوای نەوە ئێرانییەکان لەسەر لەناوبردن و سڕینەوەی ئیسرائیل پەروەردە دەکات. هەر لە قسەکانی نەتەنیاهۆ گوتی، لە سەروبەندی شەڕی دووەمی جیهانی، سەرکردەکانی دنیا چاوپۆشییان لە هەڵسوکەوت و کردار و ڕەفتار و گوفتارەکانی هیتلەر و نازییەکان کرد، واتە سیاسەتی نەرمینواندن (appeasement)یان لەبەرانبەر هیتلەر لەخۆنیشان دا. لە ئاکامدا شەڕێک بەرپا بوو کە ٢٠ ملیۆن کەس بوونە قوربانی، لەنێویاندا ٦ ملیۆن جوو هەبوو. لە درێژەی قسەکانیدا، نەتەنیاهۆ گوتی، جووەکان لە دوای هۆلۆکۆستە شەش ملیۆنییەکە، بڕیاریاندا کە نابێت جارێکی دیکە ئەوە ڕووبداتەوە، واتە (never again). بەو مانەیە، ئەوەی ئەمڕۆ ئیسرائیل کردی، ڕێگرییە لە دووبارە جینۆساید کردنی جووەکان و سڕینەوەی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێک کە ئەرکی پاراستنی نەتەوەی جووی لە ئەستۆ گرتووە.
لە ٢٠٠٧ لە کۆنفرانسێک، “ئەماتزیا بارام”م دیت، کە ئەکادیمییەکی جووی-ئیسرائیلییە و عێراقیناسە. لێم پرسی، ئێوە بۆ ئەوەندە دەترسن ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت؟ گوتی، کەسێک، میللەتێک، دەوڵەتێک، باوەڕی بەوە هەبێت کە “ئیمام مەهدی”، کە هەزران ساڵە بزر بووە، دەگەڕێتەوە، پێشیان وا بێت کە ئەو تەنیا کاتێک دەگەڕێتەوە کە لە دنیا “تەجال هەستایە”، واتە ئاخر زەمانە، شەڕە، قەیرانە، کەواتە زۆر ئاساییە، ئەو کەسە، ئەو دەوڵەتە چەکی ئەتۆمی بەکاربێنێت تاوەکوو ئەو ژینگەیە بخولقێنێت کە ئیمام مەهدی ناچار بە گەڕانەوە بکات.
بەکورتییەکەی، جووەکان وەک نەتەوە، ئیسرائیل وەک دەوڵەت، بەئاگایی بێت یان لە بێئاگایی، لە زیرەکییان بێت یان لە گەمژەیی، لەو قەناعەتەدان کە ئێران هەڕەشەیەکی وجودییە لەسەریان و چەکی ئەتۆمی هەبێت ئەوە لەوانەیە ئەو خەونەی خۆیان لە لەناوبردنی لانی کەم “شەیتانی بچووک” (ئیسرائیل) بهێننە دی. بۆ زانین، ئێرانییەکان بە ئەمریکا دەڵێن، شەیتانی گەورە، ئیسرائیل‌‌یش شەیتانی گچکە. بۆیە ئەم هێرشانەی ئێران، لانی کەم لە دیدی ئیسرائیلییەکانەوە، بۆ خۆپارێزییە.
تێگەیشتنێک هەیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە پێی وایە، دەوڵەت ئەرکی زۆرە، بەڵام ئەرکی یەکەمی هەر دەوڵەتێک پاراستنی دەوڵەتەکە و نەتەوەکەیەتی چونکە ئەگەر دەوڵەتەکە نەتوانێت خۆی بپارێزێت، نەتەوەکەی بپارێزیت، ئەوا هەموو ئەرکەکانی دیکەی دەوڵەت فلسێکی سووتا و ناکات.
دەکرێت دوو وانە لەو تێگەیشتن و دۆخە فێر بین. یەکەم، تەنیا ئەو دەوڵەتانە دەتوانن بمێننەوە کە دەتوانن خۆیان بپارێزن. دووەم، تەنیا ئەو نەتەوانە دەتوانن پارێزراو بن کە دەوڵەتیان هەیە. کورد لە کوێی ئەم هاوکێشانەیە کە تازە بە تازە لەو دنیا جەنجاڵە، لەو دنیا بێسەروبەرییە (anarchic)، برەو بە تێزی دژە-دەوڵەتی دەدات. ئەمڕۆ نیازم وابوو لەسەر پرسی بێدەوڵەتی و تێزی دژە-دەوڵەتی بابەتێکی دوورودرێژ بنووسن، کەچی نەتەنیاهۆ نەیهێشت.

ئێران و وەڵامەکان
ئەم گەڕەی ئەمجارەی پێکدادانەکان لەگەڵ گەڕەکانی پێشووتر زۆر جیاوازە. لەبەر ئەم ڕاستییانە:
یەکەم، ئێران لە کوشتنی حەسەن هەنییە، سەرکردەی حەماس، یان کوشتنی حەسەن نەسروڵا، سەرکردەی حیزبوڵا دا، کەم تا زۆر وەڵامی هەبوو، بەڵام وەڵامێک کە بنەمای لەسەر لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دانابوو. واتە وەڵامێکی پێشوەختە دیزاینکراوبوو، کە نەدەبوو شەڕەکە بگاتە “مریشکە ڕەشە”. واتە لە گەڕەکانی پێشووتر هەم ڕاستەوخۆ ئێرانییەکان و ئێران بە ئامانج نەدەگیران، هەم وەڵامەکانی ئێران تەنیا بۆ ڕووسپیکردنەوە بوو، نەک شەڕ و پێکدادان.
دووەم، ئاماژەکانی گورزی یەکەمی گەڕی ئەمجارەی شەڕەکە هەر سەعاتەکانی یەکەم پێمان دەڵێت کە ئیسرائیل ئەمجارە، ئەگەر ئامانجی ڕووخانی ڕژێمیش نەبێت، کە باوەڕ ناکەم ئەوە لە توانای ئیسرائیل بێت، ئەوە مەبەستی تەواو لاوازکردنی ڕژێم بێت هەم بە کوشتنی سەرانی ڕژێم، کە هەندێکی هەر لە چەند سەعاتی یەکەم کوشت، هەم لێدانی گورزێکی کاریگەر لە دامەزراوە ئەتومیی و موشەکییەکانی بەتایبەتی توانا سەربازییەکانی بەگشتی. واتە ئیسرئیل ئەم جارە بە هەموو توانای خۆی لە شەڕدایە و شەڕ دیزاینکراو ناکات.
بۆیە، ئێران ئەمجارە نەک وەڵامی دەبێت بەڵکوو دەزانێت ئەگەر وەڵامی نەبێت ئیسرائیل بە ئاسانی ڕاناوەستێت. داخۆ وەڵامی ئێران چی دەبێت؟ ئەوە بەڕاستی زانراو نییە چونکە تواناکانی ئێران لە گەڕەکانی دیکە ئاماژەی جیاجیای نیشان داین. لەلایەک لە یەکەم هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، کۆمەڵێک تەنەکەی نیشاندا کە بە ئاسمانەوە خۆیان گەیاندە ئیسرائیل. لەو وەڵامەدا ئێران زەرەرێکی زۆری ئابووری لە ئیسرئیل دا چونکە بۆ هەر پارچە تەنەکەیەکی ئێران، ئیسرائیل مووشەکێکی چەندان ملیۆنی بە هەدەردا، بەڵام هیچ زەرەری دیکە گیانی و ماددی نەدا. لەلایەکی دیکە، لە دووەم هێرشی گەورەی ئێران کە زیاتر لە ٢٠٠ موشەکی بالستیکی تێدا بەکارهات، هەندێک لە مووشەکەکان بە ئاسانی پەردە ئاسنییەکەی ئیسرائیلیان بڕی، ئەگەر ئامانجەکان باش دیاری کرابان لەوانە بوو کە زەرەری گەورە لە ئیسرئیل بدەن، بەڵام ئێران خۆی خۆی دەپاراست لە زەرەرکەوتنەوە.
سەرانی ڕژێمی لە ئێران ئەمجارە وەڵامی گەورەتریان دەبێت، ئەگەر تەواو بە ئاشکرا یان بە دزی خۆ تەسلیم بە ئەمریکا نەکەن بە زووترین کات. ئەم ئەگەرە واریدە، چونکە ئێران دەزانێت بەردەوام بێت لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمریکا تێوە دەگلێت، ئەمریکاش تێوە بگلێت، زەرەری زیاتر دەکات. تێوەگلانی ئەمریکا زۆری تێ ناچێت، هەر ئەمڕۆ و سبەی کە ئێران هێرش دەکات، ئەمریکا بەرگری لە ئیسرئیل دەکات لەڕێگە خستنە خوارەوەی مووشەکەکانی.
هەر چۆنێک بێت، ئێران “حاڵی حاڵی کسۆکانە”، کەس خۆزگەی پێ ناخوات. لەناوەوە دابەشە، هەم سەرانی دەوڵەت، هەم خەڵک؛ ئابوورییەکی تەپیوو؛ هەڵاوسان لەوپەڕیە؛ بێزاری و توڕەیی خەڵک لە ترۆپک دایە؛ توانا سەربازییەکانی دیاریکراون. لەبەرئەوە، ئاخوندەکان چاک دەزانن، نە دەتوانن بێدەنگ بن نەدەتوانن شەڕ بکەن. لە دۆخێکی زۆر ناسکن دان. دارێکیان بەدەستەوەیە هەر دوو سەری بە “….”ـە.

لێکەوتەکان و کورد
لەم ڕۆژانە لە ماڵی کاک مەسعود عەبدولخالق، ناوەندی ستاندەر گفتۆگۆیەکی ساز کرد بۆ قسە کردن لەسەر دۆخی کورد و ناوچەکە. لەوێ کەسێک گوتی بەهێزبوونی ئیسرائیل زۆر خراپە. منیش گوتم لەبەرئەوەی بەهێزبوونی ئیسرائیل عادەتەن بێهێزی داگیرکەرانی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە، بۆیە ڕێک پێچەوانە، لە قازانجی کوردە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەگەر ئەم شەڕە لاوازی زێدەتری ئێرانی لێ بکەوێتەوە ئەوە لە قازانجی کوردە، خۆ ئەگەر شەڕەکە بە ئاراستەیەکی دیکەدا بڕوا و ئیسرئیل بدۆڕێ و ئێران بەهێزبێتەوە ئەوە کورد، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵات و باشوور، زۆر زەرەر دەکەن. بۆ نموونە، ئەگەر ئێستا ئێران ڕێگری لە هاتنی مووچە بکات، ئەو کات بەتەواوی بنکۆڵی هەرێم دەکات.
خۆ ئەگەر ئەمریکا لە شەڕەکە بگلێت و گورزەکانی سەر ئێران زیاتر و کوشندەتر بن، ئەوە ئەگەری دروستبوونی خۆپیشاندان و شڵەژانی جادە دێتە گۆڕێ، تا دەگاتە ئەگەرەکانی تەپینی ڕژێم. ئەم سیناریۆیەش بە ئەرێنی بۆ کورد دەشکێتەوە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵات.
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کورد چەند ئامادەی پێشهاتەکانە، چەند ئامادەکارییان کردووە بۆ خستنەڕووی سیناریۆکان و پلاندانان بۆ پێشهاتەکان. تا ئەو ڕادەی من ئاگادارم و چەندین جاری دیکەش گوتومە، کورد بەگشتی کێشەی لەگەڵ هەل نەبووە، بەڵكوو گرفتی قۆستنەوەی هەلی هەیە. هۆکاری ئەمەش وەک گوتم دەگەڕێتەوە بۆ خۆئامادەنەکردن بۆ پێشهاتەکان، بۆ دیراسەنەکردنی سیناریۆکان.
هەر چۆنێک بێت، من لە مێژە گوتومە، دەوڵەت لە قەیراندا دروست دەبێت. کورد هەمیشە لە قەیرانەکاندا، لە گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکاندا، لانی کەم لە چەند دەیەی ڕابردوودا، قازانجی کردووە، بەڵام نەیتوانیوە وەک پێویست سوود لە گۆڕانکارییەکان وەربگرێت. بۆ نموونە، لە شەڕی عێراق-ئێران، بزووتنەوە ڕزگاریی نیشتیمانیی لە باشوور و ڕۆژهەڵات بۆ ماوەیەک زیندوو بووە، ئەگەر لە ئەنجامی هەوڵەکانی کوردیش نەبوو بێت ئەوە لە ئاکامی لاوازبوونی دوو داگیرکەری کوردستان بوو. شەڕی کوێت و دەرپەڕاندنی عێراق لەوێ لەلایەن ئەمریکا، لاوازی دەوڵەتی عێراق و ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ ی لە باشووری کوردستان لێ کەوتەوە. شەڕی داعش لە ٢٠١٤ دا ڕزگاربوون و گەڕانەوەی بەشێکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی لێ کەوتەوە. شەڕی ناوخۆی سووریا و هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانی، دروستبوونی ڕۆژاڤا و ئەزموونی خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایی بەدوای خۆیدا هێنا. بەڵام، لە هیچ یەکێک لەم پێشهاتانە کە بە قازانجی کورد وەرگەڕاون، کورد نەیتوانیوە وەک پێویست لە بەرژەوەندی خۆی بەکاریان بهێنێت.
سەرەڕای ئەمە، شڵەژانی گۆمەکان، لاوازبوونی دەوڵەتە داگیرکەرە ناوەندگەراکان، هەمیشە لە قازانجی کورد‌ـە. بابزانین ئەم شڵەقانەی ئەمجار کورد بە کوێ دەگەیەنێت.




تەیف سامی و باوانی ٧٦ ترلیۆن دۆلارییان لە کورد دزیوە، مووچەش بە منەت دەدەن!.. شێرکۆ کرمانج

چەند ڕۆژێکە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بێشەرمانە و ڕاشکاوانە گوتی ئێمە، دەوڵەتی عێراق، چی دیکە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نادەین. چەند ساڵێکە قسە لە دزیی سەدە دەکرێت بەڵام ئێستا بۆتان ڕوون دەبێتەوە کە تەیف و باوانی لە هەموو دزەگەورەکان دزەگەورەترن.
من لێرە ناچمە ناو ڕەهەندە زۆرەکانی ئەم پرسە، بەشی هەرە زۆرتان ئاگادارن، هەمووشمان دەزانین کە کەم تا زۆر حکومەتی هەرێم نەک لە ململانێکانی لەگەڵ بەغدا بەڵکوو لە دابینەکردنی مووچەی فەرمانبەرەکانی خەتابارە. خەتای یەکەمیشی ئەوە نییە کە لیستی مووچە دروست نییە، داهاتی نەوت ڕادەستی بەغدا ناکات، یان داهاتی ناوخۆ نانێرێت، وەک تەیف سامی دەڵێت. ئەمانە پرسی لاوەکین، لای من خەتاکە لەوەدایە بۆ دەبێت حکومەتێک کە دوو حیزب ٣٢ ساڵە بەڕێوەی دەبەن تا ئێستا نەیتوانیوە کە چارەسەرێک لە دەرەوەی گەڕانەوە بۆ بەغدا فەراهەم بکات. ئەم وتارە دەیەوێت باس لە دوو هۆکاری دیکە بکات کە پەیوەندییان بە عەقڵییەتی کورد هەیە، یەکێکیان عەقڵییەتی کۆمەڵگەی کوردی بەگشتیی، ئەوەی دیکەش عەقڵییەت و هەڵسوکەوت و کرداری یەکێتیی و پارتی. دیارە هۆکار زۆرن، بەڵام ئەم دووانە هەم گرنگن هەم ئەگەر بگۆڕێن کێشەکە بە ئاقارێکی دیکەدا دەبەن لە بەرژەوەندی کوردستانیان.
کێشەی یەکەم ئەوەیە کە کورد وادەزانێ مووچە، یان باشتر بڵێم بودجە، ئیمتیازێکە، چاکەیەکە، پیاوەتییەکە، خێرێکە، عێراق بە کوردی دەکات، یان دەدات. دەیان حەقیقەت هەن ئەم تێگەیشتنە پووچەڵ دەکەنەوە. مەبەستی سەرەکی ئەم وتارەش هەڵوەشاندنەوەی ئەم تێگەیشتن و جیهانبینییەیە، کە زادەی سەد ساڵ داگیرکاریی و داگیرکردنی عەقڵی ئینسانی کوردە لە عێراق.
لەم کورتە وتارە، هەر دەرفەتی ئەوە دەبێت کە ئاماژە بە یەکێکیان بکەین. ناوچەی ئێمە، کەندێناوە، کە لە ڕووی جوگرافییەوە درێژکراوەی “دەشتی هەولێر”ە، تا ١٩٧٥ سەر بە پارێزگای هەولێر بوو، بەڵام دواتر زیاتر لە ٢٠ گوندی خرایە سەر کەرکووک و ناحیەی “قودس”ی جاران و “سەرگەڕان”ی ئێستایان لێ دروست کرد. لەو داتایانەی کە ئێستا دەیخەینە ڕوو، بۆتان دەردەکەوێت کە بۆچی ئەو ناوچەیە لە ١٩٧٥ تەعریب کرا و خرایە سەر پارێزگای کەرکووک.
من خەڵکی ئەو ناوچەیەم و لەوێ گەورە بووم، گوند بە گوند گەڕاوم، سەردانی زۆر لە بیرە نەوتەکان و وێستگەکانی هەناردەکردنی نەوتم لەو دەڤەرە کردووە. بەپێی ئەو داتایانەی کە من لە ئەندازیاران و خەڵکی ناوچەکە وەرم گرتووە، سەرگەڕان ٢٠٠ بیر نەوتی لێیە، گوندەکەی ئێمە، گابەرەکە، بە بەراورد بە گوندەکانی دیکە کەمترین بیرە نەوتی هەیە لە سەرگەڕان، کە پێنج بیرە نەوتە، گوند هەیە ٣٠ بیر نەوتی هەیە، وەک عەوڵافات. لە کۆتایی پەنجاکان بابم لە یەکێک لەو بیرە نەوتانەی گوندەکەمان وەک حەرەس و دواتر وەک کرێکار دەست بەکار دەبێت.
لە پەنجاکانەوە دەست بە دەرهێنانی نەوت لەو ناوچەیە کراوە. ئێستا ڕۆژانە ١٨٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. لە ڕاستیدا ئەندازیارەکان دەڵێن سەرگەڕان توانای بەرهەمهێنانی ٣٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە ڕۆژێکدا، ئەگەر حەزبکەن. واز لەوە بێنن کە چەندین ملیۆن بەرمیل نەوتی دەدزرێت. بەڵام بۆ حیساب کردنی بڕی دزراوی نەوت لەلایەن دەوڵەتی عێراق، واتە تەیف سامی و باوانی، با کەمترین توانای بەرهەمهێنان و هەناردەکردن وەک ڕێژەیەک (مەعەدەلێک) وەرگرین، با بڵێن لانی کەم ڕۆژانە ١٠٠ هەزار بەرمیل هەناردە کراوە. ئەگەر لە پەنجاکانەوە حیساب بکەین، کە دەبێتە لانی کەم ٧٠ ساڵ، هەر ساڵێکیش ٣٦٥ ڕۆژە، ئەوا لەو کاتەوە تا ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری عێراق 2,٥٥٥,٠00,000 بەرمیل نەوتی دەرهێناوە و فرۆشتووە، واتە لە کاتەوە تا ئێستا عێراق زیاتر لە ٢ ترلیۆن و نیو نەوتی کوردستانی دزیوە. ئەگەر بەرمیلی بە ٣٠ دۆلار حیساب بکەین ئەوە دەکاتە ٧٦,٦٥٠,٠00,000. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە تەیف و باوانی تەنیا لە ناوچەی سەرگەڕان زیاتر لە ٧٦ ترلیۆن و نیو دۆلاریان لە سامانی نیشتیمانیی گەلی کوردستان دزیوە. ئەگەر نەوتی بابەگوڕگوڕ و جەوەل جەمبور و خانەقین حیساب بکەین ئەوە دزییەکە خۆی لە ٥٠٠ ترلیۆن دۆلاریش دەدات. دەبێت ئەوە بزانین کە ئەگەر کاتی خۆی نەوت بە ٣٠ دۆلار فرۆشابێت ئەوە ئەو ٣٠ دۆلارە بەرانبەر بە ٣٠٠ دۆلاری ئەمڕۆ هەیە چونکە توانای کڕینی دۆلار لەو کاتدا زۆر لە ئێستا لەسەرەوەترە بووە.
کەچی ئەم ڕاستییە کەس قسەی لەسەر ناکات، لە ڕاستیدا کەس هەر ناشیزانێت. نەتەوەیەک ئاوا بە ڕۆژی ڕووناک سامانی نیشتیمانەکەی بدزرێ، کەچی سیاسەتوان و ڕووناکبیر و ئەکادیمیی و چالاکوانانیشی وەک خەڵکە عەوامەکە بێ دەنگ بن، ئەوە بەدڵنیاییەوە داگیرکەرەکەی هەر بەو شێوازە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، واتە پارەی خۆت بە منەت و لووتبەرزی نەک دەداتێ، بەڵکوو لێت دەبڕێ.
کێشەی دووەم، پێشتریش، بەڵام لانی کەم دوای مردنی مام جەلال و تێکچوونی نێوانی یەکێتیی و پارتی، هەموو مامەڵەیەکی ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە لەگەڵ عێراق، بە نزیکبوونەوە لە دەسەڵاتداران و حیزبەکان و کەسایەتییە عێراقییەکان یان دوورکەوتنەوە لێیان، مەبەست لێی قازانجی گشتی، بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانیی نەبووە، بەڵکوو بۆ دەستکەوتێکی تەواو حیزبی بووە، ئەوە ئەگەر بۆ ملشکاندنی ئەوی دیکە نەبووبێت.
نموونە زۆرن بەڵام تاوەکوو بابەتەکە درێژدادڕ نەبێت، ئەوە تەنیا یەک نموونە ئاماژە پێ دەکەین. کاتێک پارتی لەگەڵ سەدر و حەلبووسی لە ٢٠٢١ هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەکەیان پێک هێنا هێندەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی عێراق بوو لە یەکێتیی نیو هێندە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نەبوو. بەهەمان شێوە، کاتێک یەکێتیی لەگەڵ مالیکی و عامری و خەزعەلی ڕێگریان لە سەرگرتنی بەرە سێ قۆڵییەکە دەکرد، هێندەی بۆ شکست پێهێنانی پارتی و سەرخستنی کاندیدەکەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بوو، نیو هێندە قازانجی گشتیی گەلی کوردستان ڕەچاو نەکرابوو، ئەمە و سەدان نموونەی دیکە.
بۆیە لەسەروبەندی دوا گەڕی ململانێکانی هەرێم و عێراق لە پەیوەند بە مووچە، هەر کردەیەک یان هەڵوێستێک کوردستانیان بینوێنن ئەم دوو خاڵەی لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا ڕەچاو نەکات ئەوە هەر لە جێی خۆی دەسوڕێتەوە. بە واتایەکی دیکە، دەبێت کوردستانیان لە پێگەی دەرۆزەکەرەوە لەگەڵ بەغدا مامەڵە نەکەن، وەک مرۆڤێکی عەقڵ داگیرکراو و بێئاگا لە دزییە گەورەکانی ئەو دەوڵەتە نەچنە دانوستانەوە، بەڵکوو وەک خاوەن مافێکی سەد ساڵ زەوتکراو و سامان دزراو بچن بۆ بەغدا. دووەم، کاتێک کە حیزب و لایەن کوردستانییەکان، بە خەڵکیشەوە، هەڵوێست دەنوێنن ئەوە هەڵوێستەکە، کردارەکە، بەیاننامەکە، دەبێت زادەی قازانجی حیزبی نەبێت، بەڵکوو بەرژەوەندی نەتەوەیی، نیشتیمانیی، کوردستانیی لەبەر چاو گرتبێت.




دەستوورێک بە دژ، نەک بۆ کورد نووسراوە.. شێرکۆ کرمانج

چەند سەعاتێک پێش ئێستا لیژنەیەک کە سەرۆکی کاتیی سووریا، ئەحمەد شەرع، ڕای سپاردبوون، دەستوورێکی کاتیی بۆ وڵاتەکە بنووسنەوە، ڕەشنووسێکیان خستە پێش شەرع و ئەویش پەسەندی کرد. ئەم دە (١٠) سەرنجە خێرایە زادەی خوێندنەوەیەکی خێرای بەشی یەکەمی دەستوورەکەیە کە لە چوار بەش و ٤٣ بەند پێکهاتووە:
یەکەم، ڕاستە ئەم دەستوورە کاتییە و بۆ ماوەیەکی ڕاگوزەرە (فەترەی ئینتیقالییە) بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو دەقانەی لەم دەستوورە هاتوون دەبن بە بنەما بۆ دەستوورە هەمیشەییەکە.
دووەم، نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە عێراق لە ١٩٥٨ و تا ٢٠٠٥، واتە بۆ ماوەی ٥٣ ساڵ، بە دەستووری کاتیی بەڕێوەچووە، بۆیە ئەگەری زۆرە کە ئەم دەستوورەش هەروا بە کاتیی بمێنێتەوە. لەبەرئەوە ناکرێت و نابێت وەک دەستوورێکی کاتیی تەماشا بکرێت.
سێیەم، ناساندنی دەوڵەتی سووریا لە ماددەی یەکەم وەک “کۆماری عەرەبیی سووری”، نیشانە و ئاماژەیەکە کە عەقڵییەت و تێگەیشتن و دیدگای دەستەبژێری نوێی سووریا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، بەتایبەت لە پەیوەند بە پرسی نەک هەر لە خۆنەگرتنی کورد، بەڵکوو داننەنان بە کورد.
چوارەم، جەخت کردنەوە لە یەکپارچەیی جوگرافیای سیاسی سووریا، هەر لە ماددەی یەکەم، پەیامێکە بۆ کورد، کە دەڵێت گوێ بگرن ئەم سووریایە یەک پارچەیە و بەشێک لە نیشتیمان و وڵاتی ئێوە لە خۆناگرێت و بیر لە جیابوونەوە و سەربەخۆیی نەکەن، چونکە وەک دواتر جەختی لەسەر کراوەتەوە، کەس ناتوانێت “لە هیچ بەشێکی خۆش بێت”.
پێنجەم، لە ماددەی دووەم، بنەماکانی دەوڵەتێکی داعشیی دادەمەزرێنێت بەوەی کە دەڵێت “دینی سەرۆککۆمار ئیسلامە”. ئەمەش هەموو ئەو بانگەشانە لە گۆڕ دەنێت کە دواتر هەر لەم دەستوورە بۆی دەکرێت لەسەر هاووڵاتییبوون (المواطنة). چەمکێک کە نەک هەر جۆلانی و دەستوورنووسەکانی بۆ دژایەتیکردنی کورد و گرووپە دینیی و نەتەوەییەکانی دیکەی سووریا ماوەیەکە پێداگری لەسەر دەکەن، بەڵكوو دەستەبژێریی سێکولاری سووریش بەردەوام دەیڵێن و دەێڵێنەوە، وەک ئەوەی کە ئەوە بەس کوردە باوەڕی بە “مواتەنە” نییە. لێستنەوەی مافی بەسەرۆکبوون لە درووز و کرستییانەکان، بۆ نموونە، ناهەقییەکی زەقە و بنەماکانی هاووڵاتیبوون نەک هەر بنکۆڵ دەکات بەڵکوو دەیکاتە گاڵتەجاڕیی.
شەشەم، هەر لە ماددەی دووەمدا، دەستوورەکە فقهی ئیسلامیی کردووە بە، نەک هەر بنەمایەکی سەرەکی یاسادانان بەڵکوو کردوویەتی بە “بنەما سەرەکییەکە” (المصدر الرئیسي). ئەمەش تەواو دژایەتی دەکات لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی.
حەوتەم، دەستوورەکە بانگەشەی ئازادی باوەڕ دەکات و دەڵێت پارێزراوە بەڵام دەڵێت دەوڵەت “ڕێز لە دینە ئاسمانییەکان دەگرێت”، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە تەنیا سێ دین لەو وڵاتە ڕێزلێگیراوە، ئیسلام و کرستیان و جوو. لەڕاستیدا ئەمە دەکرێت دواجار بکرێت بە بنەمایەک بۆ دژایەتیکردنی دینە نائاسمانییەکان و بێدینەکان.
هەشتەم، تاکە زمان کە وەک زمانی فەرمی ناسێنراوە زمانی عەرەبییە. ئەمەش نەک هەر داننەنانە بە زمانی کوردی بەڵکوو ڕەتکردنەوەی کوردە وەک نەتەوە، یان گرووپێکی ئیتنی. ئەگەر زمانی کوردی بە فەرمی نەناسرێت ئەوە کوردی نەک هەر نابێتە زمانی کار و بازاڕ و زانست و ئەدەب و فەلسەفە بەڵکوو نابێتە زمانی خوێندن و نووسینیش. بەواتایەکی دیکە، ئەمە جۆرێکە لە یاساغکردنی زمانی کوردی، کە ڕێک دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەت و پراکتیزە کە سەد ساڵە لە سووریا پەیڕەو دەکرێت، هاوکات، ئەمە تێنەپەڕاندنی سووریای بەعس و دەمارگیریی و نکوڵیکردنە.
نۆیەم، کورد لە دەستوورەکە وەک نەتەوە یان گەل دانی پێدا نەنراوە تەنیا وەک “عرق” نەبێت، ئەوە ئەگەر “عرق” لە عەرەبییدا بە مانای ئیتن بێت، خۆ ئەگەر “عرق” بە مانای ڕەگەز بێت ئەوە مانای ئەوەیە کە کورد لەم دەستوورە نوێیەدا لە هیچ شوێنێک دانی پێ نەنراوە.
دەیەم، ئەم دەستوورە دوو ڕۆژ دوای ڕێککەوتنەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع نووسراوە. ئەمەش تەنیا یەک مانای هەیە، ئەویش ئەوەیە کە شەرع، باشترە بڵێین جۆلانی، یەک زەڕە ڕێز لە واژۆکەی خۆی ناگرێت، ناکرێت و نابێت کورد متمانەی پێ بکات.
ئەوەی ئێمە لەسەرمانە گەیاندنی پەیامێکە، هیوادارین بگات.




پڕۆسەی ئاشتی لە باکوور لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل.. شێرکۆ کرمانج

چەند مانگێکە قسە لە پڕۆسەی ئاشتی لە باکوور و تورکیا دەکرێت. هۆکاری زۆر لە پشت دەستپێشخەریی ئەم گەڕەی پڕۆسەکە دایە، لەوانە: ماندووبوونی هەردوولا، گەیشتن بەو باوەڕەی کە لەڕێگەی خەباتی چەکداریی یان نکوڵیکردن هیچ لایەک بە ئامانجی خۆی ناگات، تا دەگاتە ئەو وەرچەرخانەی کە لە دید و تێگەیشتن و ئایدیۆلۆجیای ڕابەری تەڤگەری کورد لە باکوور، عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕوویانداوە. بەڵام هیچیان بە قەد ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتوونەتەپێش کاریگەریی نەبووە کە وەک ئاکامێکی شەڕ و پێکدادانەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر، کە وێرانبوونی غەززە و بەشێکی باشووری لوبنان و لاوازبوونی حەماس و حیزبوڵا و داتەپینی ڕژێمەکەی “حافیز ئەسەد” هاتوونەتە پێش. وەک ئاکامێکیش پەڕوباڵکردن و لە قاوغنانی ئێرانی بەرهەم هێنا. وەک بەرئەنجامێکیش هاوکێشەکانی هێز لە ناوچەکە گۆڕا؛ ئیسرائیلێکی ئێجگار بەهێز و تورکیایەکی سەرکێش و ئێرانێکی پەڕپووت و وڵاتانێکی عەرەبی بێدەنگی بەرهەم هێناوە.
لەم کورتە بابەتە هەوڵ دەدەم، گەنگەشەی پڕۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان بکەم لە پەیوەند بە ململانێی نێوان ئیسرائیل و تورکیا کە هەر یەکێکیان لە هەوڵی خۆبەهێزکردندایە.
ئیسرائیل پێی وایە کە ڕووخانی ئەسەد و بێهێزکردنی ئێران زادەی لێدان و شەڕەکان و پلان و پیلانەکانی ئەوان بووە، بۆیە خۆیان بە شایستەی خەرمانەکە دەزانن. بەڵام ئەگەر تەماشای نەخشەکە بکەین، دەبینین کە یەکێک لە بەرئەنجامەکانی کار و کردەوەکانی ئیسرائیل، فراوانبوونی قەڵەمڕەویی تورکیایە، بەتایبەتی لە سووریا. بۆیە، ئیسرائیل دوای پچڕاندنی هیلالی شیعی و دوورخستنەوەی هەڕەشەکانی ئێران، دەیەوێت تورکیا نەبێت بە جێگرەوەی ئێران، واتە، بەو هێزەی کە بتوانێت لەڕێگەی سووریا و هاوپەیمانە ئیخوانییە-ئیسلامییەکانی لەوێ هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات، وەک چۆن جاران ئێران دەی کرد. بۆ ئەم کردەیە، ئیسرئیل لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارە نوێکانی دیمەشق بە هیچ شێوەیەک وەک هاوپەیمان، یان نزیک لە خۆی، نە ئەمڕۆ نە سبەی، نابینێت. بۆیە، هەر زوو دوابەدوای گۆڕانکارییەکانی سووریا لە هەوڵی کەڵک وەرگرتنە لە دوو کارت، کورد و درووز.
ئیسرئیل دەزانێت کە درووزەکان هێزگەلێکن لەوانەیە نەتوانن ئەو ڕۆڵە ببینن کە ئیسرائیل دەیەوێت یان ئەو کردارە بکەن کە ئەو پێویستی پێیەتی بۆ گۆڕانکاریی لە هاوکێشە نێوخۆییەکانی سووریا. بۆیە، خۆی لە هەوڵی خۆ نزیک کردنەوەیە لە کورد. ئەمەش لە قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، گیدعۆن ساعر، بەدەرکەوت، کاتێک گوتی: “کوردەکان نەتەوەیەکی گەورەن… بێ دەوڵەتن… ئێمە دەبێ دەستی دۆستانە بۆ لای کوردەکانی ئێران و تورکیا ڕابکێشین و پێوەندیەکانمان بەهێز بکەین”. دواتر، قسەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامێن نەتەنیاهۆ، هێندی دیکە ئەو خۆنزیکردنەوەیەی نیشاندا لەوەی کە گوتی: “ڕێگەنادەین دوژمنانمان لە لوبنان و سووریا بەهێزببنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەستمان درێژكردووە بۆ هاوپەیمانە درووزییەكانمان و دۆستە كوردەكانمان لە ناوچەكە”. پێشووتر لە دیدارێک لە سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی کە بۆ مەزڵووم عەبدی ڕێکخرا بوو، عەبدی دانی بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل نەنا، بەڵام نکوڵیشی لێ نەکرد و گوتی هەڵوێستی ئیسرائیل لە پشتیوانی کورد بەرز دەنرخێنین.
لە هەموو ئەوانە، هەست بە نزیکبوونەوەیەک لەنێوان کوردانی ڕۆژاڤا و ئیسرائیل دەکرێت. هەردوولا پێویستیان بەیەکە. کورد پێویستیی بە هاوکاری ئیسرائیل‌ـە بۆ مانەوە و خۆپاراستن هەم لە هەڕەشە و هێرشەکانی تورکیا، هەم لە هەر پێکدادانێکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق کە پێناچێت لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بگەن بە هیچ لێکتێگەیشتنێک لە گفتوگۆکانیان. بەهەمان شێوە، ئیسرائیل‌ پێویستیی بە کوردە بۆ فشار خستنە سەر حکومەتەکەی دیمەشق و هاوکاریکردنی درووزەکان. ئیسرائیل نایەوێت حکومەتێکی مەرکەزی بەهێز لە دیمەشق دروست بێت، تەنیا کورد و هەسەدە دەتوانن ئەم کارە بکەن و ڕێگریی لە دروستبوونی حکومەتێکی بەهێز و سەرکێش بگرن.
لە هەمان کاتدا، تورکیا چاک دەزانێت کە لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کورد ژمارەیەکە کە ناکرێت پشتگوێ بخرێت. هاوکات، ئەوەش دەزانێت کە ئیسرائیل بۆ دوورخستنەوەی سەرکێشییەکانی تورکیا و بۆ لاوازکردنی هاوپەیمانەکانی لە سووریا لەوانەیە کەڵک لە کورد وەربگرێت، بۆیە دەیەوێت ئەو چەکە، ئەو کارتە، لە دەست ئیسرائیلییەکان دەربێنێت و بیخانە ژێر دەستی خۆی. ئەمەش وای کردووە کە پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی بکات.
لە پڕۆسەی ئاشتی، تورکیا دەیەوێت کۆمەڵێک ئامانج بپێکێت، لە پێش هەموویانەوە دوورخستنەوەی کورد لە بەرەی ئیسرائیل، کە لەم ئانوساتەدا، عەرەبەکانی کەنداو و ئەمریکا‌ـش لە هەمان بەرەن. بوون بە بەشێک لەم بەرە کاریگەرە زۆر گرنگە، بۆیە زۆر گرنگە کە کورد هەموو هەلێک بقۆزێتەوە بۆ نزیک بوونەوە لەم بەرە.
بەکورتی، ململانێی ئیسرائیل و تورکیا لەسەر کوردە، هەرلایەکیان کورد بباتەوە هەنگاوێک لە زاڵبوون بەسەر ئەوی دیکەدا نزیک دەبێتەوە. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئەدی کورد دەبێت چ بکات؟
من پێموایە کە کورد لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا دەبێت هەوڵ بدات دوولایەنە، دووسەرە، واتە، بە دوو ستراتیجی جیاواز کار بکات، هەم لە تورکیا نزیک بێتەوە هەم لە ئیسرائیل. ڕوونتر بڵێم، دەکرێت پێشوازی لە دەستپێشخەری ئاشتی بکات لە تورکیا و هەندێک مەرجەکانی تورکیاش قەبوڵ بکات، لەوانە چەکدانانی پەکەکە بەڵام زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ تورکیا بکات چونکە من زۆر گومانم لە نیازەکانی تورکیا هەیە. لە ڕاستیدا، من پێموایە، وەک ئاماژەم پێ کرد، تورکیا تەنیا مەبەستی دوورخستنەوەی کوردە لە ئیسرائیل چونکە چاک دەزانێت ئەگەر ئیسرائیل پشتیوانی لە کورد بکات، ئەوا ئەمریکاش لە هاوکارییەکانی لە ڕۆژاڤا بەردەوام دەبێت، بەمەش هێزی کورد دەچێتە ئاستێکی بەرز.
بە دەربڕینێکی دیکە، کورد لە باکوور دەکرێت بە پیر پڕۆسەی ئاشتییەوە بچن، لەبەر هیچ شتێک نەبێت بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەکانی تورکیا لەسەر ڕۆژاڤا. هاوکات، کوردانی ڕۆژاڤا و هەسەدە دەست درێژ بکەن بۆ ئەو ئاماژانەی کە لە ئیسرائیل‌ـەوە دێن و هەوڵی دروستکردنی پەیوەندییەکی ستراتیجی تۆکمە بدەن، هەم بۆ خۆپاراستن هەم بۆ پاراستنی درووزەکانی سووریا. کورد دەبێت ئەوە بزانێت ئەگەر ئیسرائیل نیازی پاکیش نەبێت ئەوە تورکیا نیازی گڵاوە، لەبەرئەوە نابێت بە بەڵێنەکانی تورکیا، هەڵبخەڵەتێ و هەڵەکانی حەسەن خەیرییەکان دووبارە بکاتەوە.
ئەگەر کورد بتوانێت پاڵپشتی ئیسرائیل مسۆگەر بکات، ئەوە دەتوانێت وەک کارتێک لە دژی تورکیا لە پڕۆسەی ئاشتیش لە باکوور بەکاری بێنێت.
کورد ڕێزی سوارە، داخۆ دەتوانێت گەمەکە بباتەوە، ئەوە دواڕۆژ بۆمان دەردەخات.




پێشهاتەکانی سووریا و لێکەوتە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی.. شێرکۆ کرمانج

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا هەیئەی تەحریری شام کە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نزیک لە تورکیا-یە و پاشخانی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکخراوەکانی قاعیدە و داعش، هێرشی کردە سەر شاری حەلەب، دووەم گەورەشاری سووریا. لە ماوەیەکی کەم سوپای سووریا شکا و شارەکەی چۆڵکرد، ڕێک وەک ئەوەی لە ٢٠١٤ دا لە موسڵ ڕوویدا. ئێستا، کەم تا زۆر، تەواوی شارەکە بە فڕۆکەخانە و شوێنە ستراتیجییەکان لە ناو شار و دەوروبەری کەوتۆتە دەست گرووپەکەی هەیئەی تەحریر شام و هاوپەیمانەکانی. هاوکات، بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی تورکیا، لە باکووری پارێزگای حەلەب، وردتر بڵێین لەو ناوچانەی کە پێشووتر تورکیا و گرووپی سوپای سووریای ئازاد داگیری کردبوون، هێرشیانە کردە سەر ئەو دەڤەرانەی کە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە بوون. لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، ئەوانیش پێشرەفتی زۆریان کردووە و هێزەکانی هەسەدە وردە وردە ناوچەکانیان چۆڵ دەکەن. وێنە و نەخشە و جوگرافیا و پارسەنگی هێز تا ئێستا دەڵەمەییە، جارێ نازانرێت کە دۆخەکە چی بەسەر دێت، بەڵام سەختە بگەڕێتەوە پێش کەوتنی حەلەب. لەم بابەتە هەوڵدەدەین ڕۆڵ و کاریگەریی و دەرکەوتەکانی ئەم پێشهاتە نوێیە بۆ بکەرە سەرەکییە ناوخۆیی و هەرێمییەکان دەستنیشان بکەین.

سووریا، بەشار ئەسەد و ڕژێمەکەی
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە دوای بەهاری عەرەبی و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ بە پشتیوانی سێ هێز و لایەن لەلێواری مەرگ گەڕایەوە. ڕاوێژ و پلان و بەشداری سوپای پاسدارانی ئێران و چەکدارەکانی حیزبوڵای لوبنانی لەلایەک و هێزی ئاسمانی ڕووسیا لە لایەکەی دیکە نەبا ڕژێمەکەی ئەسەد دەربازی نەدەبوو. ئێستاش ئەو داڕمانەی سوپاکەی ئەسەد ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە لاوازبوونی هەر سێ هاوپەیمانە سەرەکییەکەیەوەی هەیە. گورزە بەردەوام و کوشندەکانی ئیسرائیل لە چەند ساڵی ڕابردوو و کوشتنی دەیان ئەفسەری پلەبەرز و لێدانی سەدان بنکە و بارەگای سوپای پاسدارن لەناو سووریا، توناکانی ئێرانی لە بەهاناوەهاتنی ئەسەد تەواو کز کردبوو. هاوکات، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵا و کوشتنی زۆربەی هەرە زۆری سەرکردەکانی، بە حەسەن نەسروڵا-وە، لەگەڵ هەڵتەکاندنی ژێرخانی سەربازیی ئەو ڕێکخراوە هەم لە لوبنان هەم لە سووریا، ئەسەدی بێ بەش کرد لە بازووەکی بەهێز کە لە ٢٠١١ ەوە لە خەتی پێشەوە، نەک خەتی دواوەی، سوپای سووریا شەڕیان بەدژی هێزە سوننە-ئیسلامگەراکانەوە دەکرد. بێجگە لەمە، سەرقاڵبوونی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکەی ئەسەد، ڕووسیا، بە شەڕی ئۆکرانیا، هێندەی دیکە بەرەی سووریا-ئێران-حیزبوڵای لەبەرانبەر هێزە نەیارەکانیان لاوازتر کردبوو.
لەپاڵ ئەمانە، ڕژێمەکەی ئەسەد و سوپاکەی ماندوون و گەلی سووریا-ش ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان پشتیوانی حکومەتیان کردبێت لەبەر چاوی ڕەشی ئەسەد نەبووە بەڵكوو لەبەر مێژووی ڕەشی گرووپە جیهادی و سەلەفییەکانە کە بەشی هەرە زۆری ئۆپۆزسیۆنی سووریی پێک دێنن. ئەمەش وای کردووە کە جارجار شەقام پشتیوانی لەو گرووپانە بکات بەدژی سوپای سووریا.

تورکیا
لەم ڕووداوانەی ئەم دواییە، تورکیا بکەری سەرەکییە. ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا، دوای پاڕانەوەیەکی زۆر لە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لە ٢٠٢٠ بە ڕێککەوتنێک گەیشت کە هەرچی پاشماوەی گرووپە تیرۆریستی و جیهادی و سەلەفییەکان هەیە لە پارێزگای ئیدلیب داڵدە بدات. ئەمە لەو کاتە دابوو کە سوپای سووریا و ئێران و حیزبوڵا بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی ڕووسیا، حەلەب و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریا-یان یەک لە دوای یەک ڕزگار کرد. دیارە ئەوکات وا بڕیار بوو کە ناوچەکە لە چەک دابماڵدرێت، بەڵام جێبەجێ نەکرا. تورکیا لەو کاتەوە ئەو گرووپانەی ئیدلیب و ئەوانەش کە لە ناوچەکانی جەرابلس و ئەلباب و ئەعزاز و عەفرین، دوای دەرپەڕاندنی هێزە کوردییەکان و هەسەدە، داڵدە دابوون، ئامادە دەکات بۆ ڕۆژێکی ئاوا. پرسیارەکە ئەوەیە بۆ لەم کاتە؟
ئەوەی کە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ناوچەکە ئاراستە دەکات، پرسی کوردە. تورکیا بوونی کورد لە هەر شوێنێک وەک هەڕەشەیەکی وجودی دەبینێت، هەموو هەوڵێک دەدات بنبڕی بکات، ئەوەی بۆ نەکرێت گەمەی لاوازکردنی کورد دەکات. تورکیا پاڵنەری سەرەکی پشت ئەو جووڵەیەیە کە لەم ڕۆژانە لە حەلەب و سووریا هاتنەپێش. ئەو پێی وایە کە ئەمریکییەکان پشتیوانی کوردەکان دەکەن لە سووریا؛ ئێران و سووریا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، بەهێزیان نەکەن لاوازیان ناکەن. تورکیا هەلی بێهێزیی بەرەی ئێران و سەرقاڵی ئەمریکای بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات قۆزتەوە و دەیەوێت بە بەردێک چەندێک کێشکەیەک بکوژێت.
یەکەم، کورد (هەسەدە) سەرقاڵی شەڕ بکات، ئەگەر بۆشی کرا لەڕێگەی پڕۆکسییەکانییەوە گورزی لێ بوەشێنێت، وەک ئێستا لە تەلڕەفعەت و ڕۆژهەڵاتی حەلەب و ڕێگەی M4 دەبینرێت.
دووەم، ساڵێک زیاترە، تورکیا دەیەوێت دانوستان بکات لەگەڵ سووریا بە مەبەستی لاوازکردنی پێگەی کورد و گێڕانەوەی سوپای سووریا بۆ ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی هەسەدە کۆنتڕڵیان کردووە، ئەسەد تا ئەمڕۆ نەهاتۆتە ژێر بار. ئەم هەوڵەی تورکیا بەو ئاراستەیەیە.
سێیەم، هەر لە ڕێککەوتنی ڕێڕەوی هیند-کەنداو-ئەوروپا (IMEC) کە وا بڕیار بوو بە ئیسرائیل-دا تێپەڕێت تا دەگاتە لێدانی حەماس و حیزبوڵا و پڕۆکسییەکانی دیکەی ئێران و دانوستانەکان، تورکیای تێدا کەنارگیر کراوە. ئەمەش تورکیای نیگەران و توڕە کردووە. ئەم جووڵەیەی تورکیا پەیامێکە بۆ هەمووان (ئیسرائیل، وڵاتانی کەنداو، ئەوروپا، ئەمریکا، تەنانەت هیندستان-یش) کە ئێمە ئێستاش یاریکەرێکی سەرەکین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بێ ئێمە نە ئاشتی نە شەڕ ناکرێن.
چوارەم، تورکیا ماوەیەکە دەیەوێت پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد لە باکوور زیندو بکاتەوە، بەڵام دەیەوێت بە کورد بڵێت کە ئەوە منم بڕیار لە مافەکانتان دەدەم چونکە ئەوە منم کە لە ناوچەکە نەک هەر لە باکوور بڕیاری شەڕ و ئاشتی دەدەم. بەکورتی دەیەوێت بە کورد بڵێت، کە وەک دەولەت باخچەلی گوتی، دەبێت بێن و خۆڕادەستی ئێمە بکەنەوە.

ئێران و حیزبوڵا و “بەرەی مقاوەمە”
ئەگەر شەڕی داعش و دەرکەوتەکانی، هێزی ئێرانی گەیاندبێتە ترۆپک، ئەوا شەڕی غەززە و لێدانە جەرگبڕەکانی حیزبوڵا و حەماس توناکانی ئێرانی هێندە دابەزاندووە کە مەگەر شەڕە تاقەتپڕووکێنەکەی عێراق-ئێران (١٩٨٠-١٩٨٨) هێندە کاتی خۆی لاوازی کردبێت. پێشهاتەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەگەر دەیان هۆکاری لە پشت بووبێت بەڵام هیچیان بە قەد کزبوونی ئێران و نینۆکردنی پڕۆکسییەکانی کاریگەریی لەسەر ئەم شکستەی سووریا لەبەرانبەر گرووپە جیهادییە سوننەکانی سووریا نەبووە.
پەیوەندی ستراتیجی ئێران لەگەڵ سووریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەڕی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق، کاتێک کە بێجگە لە سووریا هەموو وڵاتانی دیکەی عەرەبی پشتیوانیان لە عێراق دەکرد. گرنگی سووریا بۆ ئێران لەگەڵ دروستکردنی حیزبوڵا لە باشووری لوبنان دەیان هێندە زیادی کرد. سووریا ئەو ڕێڕەوەیە کە هیلالی شیعی تەواو دەکات، هیلالێک کە لە ئێرانەوە دەست پێ دەکات و بە عێراق و سووریا-دا تێپەڕ دەبێت بۆ باشووری لوبنان. بە واتایەکی دیکە، ئەو ڕێڕەوەیە کە ئێران چەک و تەقەمەنی پێدا دەگەیەنێتە حیزبوڵا تاوەکوو هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات. بۆیە وەک لە ٢٠١١، کاتێک گەڕی یەکەمی شەڕی ناوخۆی سووریا سەری هەڵدا، ئێران هەرچی لە توانایدا بوو خستیە گەڕ بۆ پاراستنی بەشار ئەسەد و ڕژێمەکەی، لەوەشدا سەرکەوتوو بوو.
ئێستا کە گەڕی دووەمی شەڕی ناوخۆی سووریا دەستی پێ کردووە، ئێران هەمان هەوڵ دەدات بەڵام لە پێگەیەکی زۆر لاوازتر. پێگەیەک کە ساڵانێکە کەوتۆتە بن ڕەحمەتی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل. هاوکات، بازووە بەهێزەکەشی، حیزبوڵا، شکاوە، هەر بەناو ئاڵای سپی هەڵنەکردووە، ئەگینا، لانیکەم لە لوبنان، هیچ کاتێک ئاوا پەڕپووت نەبووە. هەر چۆنێک بێت، چاوەڕوانی دەکرێت، ئێران و ئەوەی وەک “بەرەی مقاوەمە” خۆیان دەناسێنن، دووبارە توناکانی خۆیان وەگەڕ بخەن، بۆ ڕزگارکردنی حەلەب-یش نەبێت بۆ پاراستنی ڕژێمەکەی ئەسەد لە دیمەشق، درێخی نەکەن. بەڵام بێ پشتیوانیی ڕووسیا، لەوانەیە نەتوانن ئەمجارە ئەسەد لە داڕمان ڕزگار بکەن.

ڕووسیا و بەرەیەکی دیکەی شەڕ
لە ئەیلوولی ٢٠١٥، تا ئەو کاتەی ڕووسیا هێزی ئاسمانی لە سووریا وەگەڕنەخست، هەموو چاودێران پێیان وابوو ئەمڕۆ نا سبەی ڕژێمەکەی ئەسەد، سەرەڕای پشتیوانی ئێران و حیزبوڵا، دەکەوێت. ڕووسیای جێگرەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لەو ئانوساتدا لە هەموو دنیادا تەنیا لە تەرتوس (شارێکی سووریا لەسەر دەریای ناوەڕاست) بنکەیەکی سەربازیی دەریایی هەبوو، پێشی وابوو بۆ گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتی وەک زلهێزێک سووریا ئەو بەردەبازەیە کە دەکرێت لێیەوە هەنگاوی دیکە بهاوێت. بۆیە پاراستنی سووریا و ئەسەد ببوون بە ئەولەویاتەکانی فلادیمێر پوتین. بۆ ماوەی پێنج ساڵ، ڕۆژ نەبوو هێزی ئاسمانی ڕووسی لە سووریا چالاکی سەربازی ئەنجام نەدات، تا دەرپەڕاندنی گرووپە جیهادییەکان و نەیارەکانی ئەسەد لە زۆربەی خاکی سووریا، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە نەبێت لەگەڵ ئیدلیب، کە وەک ئاماژەی پێ کرا، لە پێکهاتنێک لەگەڵ تورکیا کرا بە مۆڵگەی پاشماوەکانی داعش و قاعیدە و جەبهەت ئەلنوسرە، کە دواتر بەشی زۆریان بوون بەو هەیئەت تەحریر شام-ـەی ئێستا سەرکردایەتی هێرشەکانی سەر حەلەب و حەما دەکات.
ڕۆژێک دوای هێرش بۆ سەر حەلەب، جارێکی دیکە هێزی ئاسمانی ڕووسیا بەگەڕ کەوتەوە. ڕووسیا، سەرقاڵی شەڕی ئۆکرانیا نەبا، تەواوی تواناکانی خۆی دووبارە لە خزمەت مانەوەی ئەسەد وەکار دەخستەوە، بەڵام ئەمجارە لەوانەیە وەک گەڕی یەکەم نەتوانێت هاوکار بێت. لە ڕێگەی هێزەوەش نەبێت، ئەگەری زۆرە کە ڕووسیا فشارێکی زۆر بخاتە سەر تورکیا کە ڕێگری لە جیهادییەکان بکات تاوەکوو زیاتر سەرەڕۆیی نەکەن. ئەگەر زۆرە کە تورکیا ئەوە بۆ ڕووسیا بکات، چونکە مانەوە یان ڕمانی ئەسەد بۆ تورکیا سترتیج نییە، لانیکەم لە ئێستادا. ئەوەی گرنگە بۆ تورکیا، فراوان کردنی ناوچەکانی ژێر دەستی پرۆکسییەکانییەتی، هەم بۆ ناردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە سوورییەکان کە تا هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەردۆگان دەیەوێت لە کۆڵ خۆیانی بکاتەوە چونکە هەستێکی دژە-سووری لە شەقامی تورکیا سەری هەڵداوە. هاوکات، تورکیا لەڕێگەی بەرفراوانبوونی جوگرافیای پرۆکسییەکانی دەتوانێت فشاری زیاتر بخاتە سەر ئەسەد کە دەستبەرداری داواکانی تورکیا بێت و پشت لە کورد بکات.
لەم نێوەدا، ڕووسیا دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوە هەم لە ئاستی دیبلۆماسی، هەم لە ئاسمانی سووریا، ببینێت. ڕۆڵێک کە هیچ بکەرێکی دیکە لەم ساتەدا ناتوانێت جێگرەوەی بێت. لەبەرئەوە، پوتین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕۆڵی شادروستکەر (king-maker) دەبینێت.

کورد و هەسەدە
لە گەڕی یەکەمی شەڕی ناوخۆی سووریا، هیچ لایەنێک بە قەد کورد قازانجی نەکردووە. دیارە باجەکەی زۆر قورس بووە، شەهید و بریندارێکی زۆر؛ وێرانبوون و لەدەستدانی بەشێکی زۆر لە ڕۆژاڤای کوردستان، وەک عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی. سەرەڕای ئەمانە، جوگرافیای ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە ئێستاش دوای لە دەستدانی هەندێک ناوچە لە گەڕی دووەمی شەڕی ناوخۆ زۆر گەورەترە لە جوگرافیای ناوچە کوردییەکان. لەم گەڕەدا، تا ئێستا کورد زەرەرمەندە لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی. یەکەم، ئەو ناوچانەی کە لە دەستی داون زۆنی پچڕپچڕ بوون و تورکیا و پڕۆکسییەکانی هەر زوو بە تەواوی لە ناوچەکانی دیکەی ژێردەسەڵاتی هەسەدە دایبڕین. دووەم، پشتیوانە سەرەکییەکەی کورد لە سووریا، کە ئەمریکایە، بەگشتی لە ڕۆژئاوای فورات کەم بەرگری لە هێزەکانی هەسەدە دەکات و سەرقاڵی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتیشن. ئەوە بێجگە لەوەی کە ئەمریکا زیاتر لە دژی بکەرە نادەوڵەتییەکان وەک داعش و گرووپە جیهادییەکانی دیکە بەرگری لە کورد دەکرد، بەڵام ئەمجارە لەبەر ئەوەی جیهادییەکان لەژێر باڵی تورکیا خۆیان حەشار داوە، ئەمریکا خۆی دوورەپەرێز گرتووە، لانیکەم تا ئێستا.
بۆ کورد گرنگە لەم ئانوساتەدا خۆی لە شەڕی بەرەی ئەسەد-ئێران-حیزبوڵا-مقاوەمە لەدژی بەرەی جەبهەی تەحریر شام و جەیشی سووری حور و تورکیا بپارێزێت. واچاکە پێگەی خۆی لە مەنبەج و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات توند بکات. ئەگەر هەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هێزەکانی هەسەدە بە دژی بەرەی ئێران و مقاوەمە بەکاربێنن، ئەگەر ئەوە ڕووبدات و زەمانەتی پشتیوانی درێژخایەن لە کورد و ئیدارەی خۆسەری نەبێت، زۆر خراپ بەسەر کورد-دا دەشکێتەوە. خۆ ئەگەر پشتیوانی مسۆگەر بکرێت تێوەگلان لە شەڕ لەگەڵ بەرەی ئێران، لەوانەیە زۆر بە قازانجی کورد کۆتایی بێت.

ئیسرائیل و ئەمریکا
حەماس ئەو گۆنگەرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەڵگیرساند، ئیسرائیل و ئەمریکا سوودمەندی سەرەکی بوون لەو گۆنگەرە. ئەوەی لە سووریا ئێستا ڕوودەدات، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، دەرکەوتەی سەرکەوتنەکانی ئیسرائیل و شکستەکانی بەرەی مقاوەمە-یە. ئەو گەڕەی شەڕی ناوخۆی سووریا ئەگەر بەدەستی ئیسرائیل-یش نەبێت ئەوە بە دڵی ئەوە، چونکە دوو بەرە کەوتوونەتە شەڕ لە دژی یەکدی کە هەردووکیان دژی ئیسرائیل-ن. ئیسرائیل حەزناکات هیچ بەرەیەک لەم بەرانە سەربکەوێ، بەڵکوو پێی خۆشە شەڕەکە درێژە بخایەنێت و هەر دوو بەرەکە لاواز و پەرپووت بن. ئەوەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لەم هاوکێشە نوێیە نیگەران دەکات، باڵادەستبوونی تورکیا-یە. ئیسرائیل و ئەمریکا حەزناکەن ئەو بۆشاییەی لە ئاکامی لاوازبوونی ئێران هاتۆتەگۆڕ لەلایەن تورکیا-وە پڕ بکرێتەوە.


بەکورتی، گۆڕانکارییەکان و پێشهاتەکان لە سووریا هەم خێران هەم چاوەڕوان نەکراو. بێجگە لەمە، بکەری دیکەش بێجگە لەوانەی باس کران ئەگەر تا ئێستاش لە گەمەکە نەئاڵابن لەوانەیە لە دواڕۆژێکی نزیک تێوەبگلێن، لەوانە سعودیە و ئیمارات. ئوردنیش ئێجگار نیگەرانە لە سەرکەوتنی گرووپە جیهادییەکان چونکە ئەویش وەک سعودیە و ئیمارات دانویان لەگەڵ گرووپە ئیسلامگەراکان، بە توندڕە و میانڕەوەوە، ناکوڵێ. هاوکێشەکان بە کام لادا لار دەبنەوە جارێ دیار نییە، بەڵام ئەوەی زانراوە کە بەرەی ئێران و مقاوەمە لە داشکاندان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کوڵاندایە. من زۆر جار گوتومە دەوڵەت لە قەیرانەکاندا لە دایک دەبێت. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، داخۆ کورد چەند ئامادەیە هەم بۆ قۆزتنەوەی ئەو هەلانەی کە ئەم گۆڕانکارییانە دەیانهێنە پێش لە ڕۆژاڤا و باشووری کوردستان، هەم بۆ دروست کردنی دەوڵەت، خەونە گەورەکەی کوردستانیان.




هۆکاری پشت نەنووسینی مەزهەب و نەتەوە لە سەرژمێریی عێراق: مەترسییەکانی سەر کورد و سوننە.. شێرکۆ کرمانج

عێراق وڵاتێکە کە کەمترین سەرژمێریی لێ کراوە بەڵام هەرکاتێک کرابێت، زۆرترین گەمە لەگەڵ زانیارییەکان کراوە و بۆ مەبەستی سیاسی و ئایدیۆلۆجی بەکارهاتووە. ئەم سەرژمێرییەی ئەمجارەی ٢٠٢٤، گوایە ناسیاسییە و زانیارییەکان بۆ پلاندانان بۆ گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەکاردێن، بەڵام من پێموایە ئەمجارە زۆر لە جارانی پێشووتر، مەرامی سیاسی و ئایدیۆلۆجی و مەزهەبیی و نەتەوەیی لە پشتە. لەم کورتەبابەتە، بە خێرایی هۆکارەکانی دانەنانی پرسیاری نەتەوە و مەزهەب دەخەمەڕوو، لەویشەوە بۆمان دەردەکەوێت کە چەندە پلانی سیاسیی و مەزهەبگەرا لە پشت ئەم سەرژمێرییەوەن. هاوکات مەترسییەکانی سەر کورد لە بوون لە عێراق-دا گفتوگۆ دەکەم.
سەرەتا با باسی ئەوە بکەین کە بۆچی مەزهەب لە فۆرمی سەرژمێرییەکەدا نەنووسراوە؟ بۆ تێگەیشتن لەمە دەبێت بزانین کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا چ گۆڕانکارییەک بەسەر دیموگرافیای شیعە لە عێراق-دا هاتووە.
یەکەمین سەرژمێریی لە عێراق لە ١٩٢٧ کراوە، بەڵام زانیارییەکانی ورد نەبوون و پرسیاری نەتەوە نەکراوە، بەڵام دین و مەزهەب هەژمار کراون. هەر چۆنێک بووبێت، زنیارییەکان هەندێک ئاماژە نیشان دەدەن. بۆ نموونە، لەو سەروبەندەدا کۆی دانیشتوانی بەغدا ٢٥٠ هەزار کەس بووە، لەو ژمارەیە سوننەکان ١٣٠ هەزار کەس بوون (بە ڕێژەی ٥٢٪)؛ شیعەکان ٥٤ هەزار کەس بوون (بەڕێژەی نزیک لە ٢٢٪)، جووەکان ٥٠ هەزار کەسێک بوون (بەڕێژەی ٢٠٪). دیارە بەشێکی زۆر لە شیعەکان کوردە-فەیلییەکان بوون، واتە شیعەی عەرەب هەر ئێجگار کەم بووە (تەماشای وێنەی هاوپێچ بکەن).
بابزانین لە سەد ساڵی ڕابردوو ئەم ڕێژەیە چی بەسەر دێت. لە ١٩٥٧، ژمارەی دانیشتوانی بەغدا لە ٢٥٠ هەزارەوە لە ١٩٢٧ بەهۆی کۆچ لە دێهات و شارەکانەوە چواربار زیاد دەکات بۆ نزیکەی ٨٠٠ هەزار. ئەمەش زیادبوونی ژمارەی شیعەکانی لە بەغدا لێ دەکەوێتەوە . ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕێژەی شیعە لە ٢٢٪ بۆ نزیکەی ٥٠٪ زیاد بکات (تەماشای کتێبەکەم “شوناسی عێراق” بکە، ل. ١٧٧). وەک ئاگادارن شەڕی شیعە-سوننە لە ساڵانی ٢٠٠٣ تاوەکوو ٢٠٠٨ بووە مایەی دەرپەڕاندنی ژمارەیەکی زۆر لە سوننەکان لە عێراق بەگشتی و لە بەغدا بەتایبەتی. بۆیە وەک لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە عێراق لە ٢٠٠٩ دەردەکەوێت چیدیکە بەغدا شارێکی زۆرینە سوننە نییە بەڵکوو شارێکی شیعەنشینە، بەزۆرینەیەکی ڕەها. لیستە سوننییەکان بەسەریەکەوە تەنیا ١٦٪ ی کورسییەکانی بەغدا-یان بردەوە، لەبەرابەردا لیستە شیعییەکان ٧٠٪ ی کورسییەکانی بەغدا-یان مسۆگەرکرد. لە دوا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق لە ٢٠٢١، هەر دوو لیستی سوننە، عەزم و تەقەدوم، بەسەریەکەوە ١٧٪ دەنگەکانی بەغدایان بردەوە و شیعەکانیش زیاتر لە ٨٢٪. هەموو ئەمانە کەم تا زۆر ئاماژەن کە ڕێژەی شیعە لە بەغدا لە سەد ساڵی ڕابردوو لە نزیک لە ٢٠٪ ەوە بۆ زیاتر لە ٨٠٪ بەرزبۆتەوە. ئەمەش ڕێژەیەکی ئێجگار زۆرە، واتە بەغدا لە شارێکی سوننەنشینەوە بووە بە شارێکی شیعە. هەر کەسێک بەغدای لە چەند ساڵی ڕابردوو دیبێت، بە ڕوونی هەست بەوە دەکات. من خۆم ئەمساڵ دوو جار سەردانی بەغدا-م کرد.
لێرەوە دەزانین کە بۆچی پرسیاری مەزهەب لە فۆرمی دوا سەرژمێریی لە عێراق دەرهێنرا، چونکە ئەگەر پرسیاری مەزهەب کرابا ئەوە ژمارە و ڕێژەی سوننە هەم لە عێراق هەم لە بەغدا دەردەخست کە چەندە کەمی کردووە. ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری لێ دەکەوتەوە نەک هەر لەناو عێراق بەڵکوو لە دنیای عەرەبی و ئیسلامیش. سوننەکان لە هەر کوێیەک بن دەیان پرسی “بەغدای هاڕونە ڕەشید”، واتە بەغدای سوننەکان، بۆ وای بەسەر هات. ئەوە بێجگە لەوەی کە زانیارییەکان نیشانی دەداین کە چۆن شار و پارێزگا سوننەکان بەشیعەکراون، چۆن بەسرە لە سوننە خالی کراوە، چۆن سامەڕا و تەلەعفەر بەتەواوی بە شیعەکراون ئامادەیی بۆ بەپارێزگاربوونیان دەکرێت، واتە پرۆسەی تەشیع لە عێراق دەردەکەوت. هاوکات، ئەگەر داتاکان یارییان لەگەڵدا بکرێت، کە من ئەوە بە ئەگەرێک دەزانم، ئەوە لە غیابی نەتەوە و مەزهەب بەدیارناکەوێت کە بە قازانجی کێ گەمەکە کراوە. بە دوو وشە، مەزهەب نەنووسرا تاوەکوو پڕۆسەی بەشیعەکردنی عێراق بشاردرێتەوە.
بۆ دەرکەوتنی ژمارە و ڕێژەی کوردیش ئەمە هەر ڕاستە. ڕێژەی کورد لە عێراق لە ڕۆژی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە لە کەمبوونەوەدایە. لە یەکەم سەرژمێریی باوەڕپێکرا لە عێراق-دا، بەپێی سەرچاوەکان دەردەکەوێت، ڕێژەی کورد لە عێراق ساڵ بە ساڵ کەم دەکات. لە ١٩٤٧ ڕێژەکە زیاتر لە ٢٨٪ بووە، تا ١٩٨٧ بۆ کەمتر لە ٢٢٪ دابەزیوە. لە ١٩٩٧ ڕێژەکە کەم دەبێتەوە بۆ کەمتر لە ٢٠٪. لە دوای ٢٠٠٣، تا ماوەیەک بودجەی هەرێمی کوردستان بە ١٧٪ دیاری دەکرا، لەسەر ئەو بنەمایەی کە ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم بە بەراورد بە عێراق لەو دەوروبەرەیە. ئەگەر کوردەکانی دەرەوەی هەرێمیش هەژمار بکەین ڕێژەکە دەگاتەوە نزیکەی ٢٠٪ ـەکە. واتە لە ١٩٤٧ بۆ ٢٠٠٣ کورد لە عێراق بە ڕێژەی ٨٪ کەمی کردووە، ئەوەش مانای ئەوەیە کە بەردەوام ڕێژەی کورد لە عێراق لە دابەزیندایە.
نازانم بڵێم خۆشبەختانە یان بەدبەختانە، لە دوای دامەزراندنی هەرێمی کوردستان لە ١٩٩١، دۆخی خەڵکی کوردستان و ئاستی ڕۆشنبیریی و پەروەردە و خوێندنی کوردستانیان بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عەرەبی عێراق زۆر باشتر و بەرزترە. ھیچ شتێک ئەوە نەسلمێنێت، ڕێژەی گەشەی دانیشتوان، کەمیی ژمارەی منداڵ، ئەوە دەسەلمێنێت. ھەر کۆمەڵگەیەک پێشکەوتوو بوو، خێزان بچووکتر دەبێتەوە چونکە ژمارەی منداڵ کەم دەبێتەوە. ئەمە لە کوردستان بە بەبەراورد لەگەڵ عێراق بە زەقی ڕوویداوە. بۆیە ڕێژەی عەرەب بەردەوام لە زیادبوون و کورد لە کەمبوونە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە 2017 دا ژمارەی دانیشتوان لە عێراق بۆتە 37 ملیۆن، کە تەنیا 5 ملیۆن و 755 هەزار و کەسیان لە هەرێمی کوردستان دادەنیشن. واتە ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم لە ١٧٪ لە ٢٠٠٣ بۆ ١٥.٥٪ دابەزیوە لە ٢٠١٧ دا. لەم سەرژمێرییەدا، من مەزەندە دەکەم، کە ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم بۆ دەوروبەری ١٣٪ لە دانیشتوانی عێراق دابەزێت.
بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکەمان، بۆ بۆکسی نەتەوە لە فۆرمی سەرژمێریی لادرا. من پێموایە هۆکارەکەی بۆ ئەم خاڵانە دەگەڕێتەوە:
یەکەم، ئەگەر نەتەوە لە فۆرمەکاندا بنووسرایە، ئەوە هەموو کوردێک دەیزانی کە نزیکەی ملیۆنێک عەرەب لە هەرێمی کوردستان-دا نیشتەجێن کە ترس و دڵەڕاوکێیەکی جددی دروست دەکرد لەسەر ئاراستەکانی هەرێم لە دواڕۆژدا، جا چ لە پەیوەند بە هەڵبژاردنی پارێزگاکان بێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بێت، ڕاپرسی بێت لە هەرێم بۆ سەربەخۆیی یان هەر پرسێکی دیکە.
دووەم، عێراقییەکان نایانەوێت کوردستانیان بزانن کە ئەو ملیۆن عەرەبە، کە ڕۆژانە لە زیادبووندایە، لە دواڕۆژدا لە هەر ڕاپرسییەک بۆ هەموارکردنی دەستووری عێراقی لەوانەیە ئاراستەی دەنگدان لە پارێزگاکانی هەرێم (هەڵەبجە، سلێمانی، هەولێر، دهۆک) بگۆڕێت بە قازانجی شیعە و سوننە، واتە عەرەب لە عێراق-دا. لەبیرتان نەچێت بۆ هەموارکردنی دەستووری عێراق ئەگەر سێ پارێزگا بەپێچەوانەی هەموارکردنەکە دەنگ بدەن ئەوە هەموارکردنەکە ڕەت دەکرێتەوە. بە زیادبوونی ڕێژەی عەرەب لە هەرێمی کوردستان لە دواڕۆژدا ئەم ئەگەرە دێتەگۆڕێ، ئەمڕۆش نەبێت سبەی.
سێیەم، عێراقییەکان نایانەوێت خەڵکی کوردستان بزانن کە نزیکەی ٦٠٠ هەزار عەرەب تەنیا لە ٢٠٠٣ ـەوە تا ئێستا لە کەرکووک و دەورەبەری نیشتەجێ کراون. ئێستا ئەو ژمارەیە لای زۆر کەس زانراوە بەڵام بە فەرمیبوون و بە دەرخستنی لەلایەن دامەزراوەیەکی فەرمییەوە دەنگۆ کاردانەوەی زیاتری لێ دروست دەبوو، بۆیە نەیانویست خانەی نەتەوە لە فۆرمی سەرژمێرییەکەدا هەبێت.
چوارەم، خانەی نەتەوە هەبا، دوای دەرچوونی ئەنجامەکان دەردەکەوت کە ڕێژەی کورد لە عێراق لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو لە ٢٨٪ وە کەمبۆتەوە بۆ نزیکەی ١٣٪، واتە لە نیوە زیاتر کەمی کردووە. ئەمەش وای دەکرد کە ترسێکی گەورە لەنێو کوردستانیان دروست بکات، بەوەی مانەوەیان لەناو عێراق-دا مایەپووچە و ئەگەرەکانی لاوازبوونی پێگەی کوردستانیان دێنێتەگۆڕێ، کە ئاماژەکانی بە زەقی لەم ساڵانەی دواییدا دەرکەوتووە.
پێنجەم، کەمبوونی ژمارە و ڕێژەی کوردستانیان لە عێراق-دا، دوو بەرئەنجامی ئێجگار ترسناکی دیکەی لێ دەکەوێتەوە، لەوانەی پێشووتر ترسناکتر، کە خۆیان لە کەمبوونەوەی بودجەی تەرخانکرا و بۆ هەرێم و داکشانی ژمارەی کورسییە تەرخانکراوەکان بۆ پارێزگا کوردستانییەکان دەبینێتەوە.
با زیاتر لەم پرسە ڕوونین، لە خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراق لە 2005، کوردستانیان ٥٨ کورسیان لە ٢٧٠ کورسی تەرخان کراو بۆ عێراق بردەوە (واتە، ڕێژەی کورسی براوە زیاتر لە ٢١٪ بوو). لە خولی دووەم لە 2010 سەرەڕای زیادکردنی کورسییەکان بۆ 325، کەچی ژمارەی کورسییە براوەکانی کوردستانیان بووە 57 (واتە، ڕێژەی کورسی براوە کەمی کرد بۆ ١٧.٥٪). لە 2014 لە کۆی 328 کورسی، کورد 61 کورسی مسۆگەر کردووە (واتە، ڕێژەی کورسی براوە تۆزێک زیادی کرد بۆ ١٨.٥٪). لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا، کورد لە ٣٢٩ کورسی ٥٦ کورسی بەدەستهێناوە (واتە ڕێژەکە ئەمجارە کەمی کردووە و دابەزیوە بۆ ١٧٪). لە دوایین هەڵبژاردندا لە ٢٠٢١، ژمارەی کورسی کوردستانیان زیادی کرد بۆ ٥٨ کورسی (واتە ڕێژەکە تۆزێک زیادی کردووە بۆ ١٧.٥٪). بەگشتی، ئەم زانیارییانە پێمان دەڵێن کە ڕێژە و ژمارەی کورسییەکانی کوردستانیان لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، ئەوە نەبێت کە کورد لە بچووکردنەوەی بازنە لە عێراق وەک یەک بازنە بۆ هەر پارێزگایەک یەک بازنە زەرەرمەند بووە و ڕێژەی کورسییەکان لە ٢١٪ بۆ ١٧-١٨٪ دابەزیوە.
بەڵام، دوای دەرچوونی ئەنجامەکانی ئەم سەرژمێرییە، لەبەر ئەوەی ژمارەی دانیشتوان لە پارێزگا عەرەبنشینەکان بە بەراورد بە پارێزگا کوردنشینەکان زۆر زیاد دەکات، ئەوە لێرە بەدواوە ڕێژەی کورسییەکانی کوردستانیان ئەگەری هەیە دابەزێت بۆ کەمتر لە ١٥٪. ترسە گەورەکەش ئەوەیە کە بەپێی دەستووری عێراقی دەبێت بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس نوێنەرێک هەبێت لە پەرلەمان، بۆیە ژمارەی کورسییەکانیش زیاد دەکرێت، لە ٣٢٩ وە بۆ نزیکەی ٤٦٠ کورسی، ئەوە ئەگەر ژمارەی دانیشتوان بگاتە ٤٦ ملیۆن. ئەوکات، لەبەر ئەوەی کە ژمارەی کورد بە بەراورد بە عەرەب کەمی کردووە نەک زیاد ئەوە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەیباتە زۆر کەمتر دەبێت، بەمەش هێندەی دیکە پێگەی کوردستانیان لە عێراق-دا لاواز دەبێت.
بەڵام ئەوەی من زەندەقم لێی چووە، ئەوەیە کە تا ئەو ڕادەی من ئاگادارم، ئەوانەی پێشبینی ژمارەی دانیشتوانی عێراق دەکەن، ھەموویان پێیان وایە لە ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتوانی عێراق خۆی لە ٨٠ ملیۆن دەدات. لەو ڕێژەیە بەپێی ڕێژەی منداڵبوون لە نێو کورد و عەرەب، پێشبینی دەکرێت کە ڕێژەی کورد بۆ ٧٪ لە عێراق دابەزێت. ئەوەش پێگەی کورد نەک لاواز دەکات بەڵکوو هەر نایهێڵێت.
ئەم پێشهاتانە پێویستی بە قسەی زۆر و بیرکردنەوەی گەورە و ستراتیجیی ھەیە. بەڵام من یەک شت دەزانم و دەڵێم، ئێمە وەک کوردستانیان ھیچ چارەسەرێکمان نییە لە عێراق بێجگە لە جیابوونەوە، سەربەخۆیی، ئەگینا بە ٢٥ ساڵی دیکە کورد لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆکیش دەبێت بە کەمینە. بەکورتی، کورد یان خنکان یان جیابوونەوەی لە پێشە. خۆ ئەگەر سەربەخۆیی لەم قۆناغەدا زەحمەت، یان ئەگەرەکانی کەمە، ئەوە دەبێت کوردستانیان دوو شت بکەن، دەوڵەتئاسایەک لە ناو عێراق-دا بۆ کوردستانیان دروست بکەن، واتە هەرێم ببێت بە قەوارەیەک هاوشێوەی هەرێمی کیوبێک لە کەنەدا، تاوەکوو وەک ئەوان سیاسەتی خۆپاراستن لە هەڕەشە و ترس و هەژموونی هەرێمە ئینگلیزیزمانەکان پەیڕەو بکەن. هاوشێوەی کیوبێک، کوردستانیان دەبێت سیاسەتی پاراستنی زمان، سنووری هەرێم (دوای گێڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان)، کولتوور، مێژوو، دابونەریتی خۆیان بپارێزن، ئەگینا لەناودەچن.
بەکورتی، هەرێمی کوردستان یان دەبێت سەروەر و سەربەخۆ و ئازاد بێت یان سیاسەتی بەکیوبیککردنی کوردستان لە عێراق پەیڕەو بکات.




شەڕی براکوژی و پاوانخوازیی و فرەلەشکریی بەرهەمی خه‌باتی چه‌کداریین!.. شێرکۆ کرمانج

لەم زنجیرە بابەتە کە تەوەرە سەرەکییەکانی خەباتی چەکدارییە تائێستا باسمان لە ژمارەیەک دەرکەوت و بەرئەنجامی نەرێنیی کردووە. لە بەشی یەکەم پێداگریمان لەسەر ئەوە کرد کە خەباتی چەکداریی وا دەکات بزووتنەوە کوردستانییەکان پشت بە داگیرکەرانی کوردستان ببەستن و جڵەو و ئاراستەی بزووتنەوەکەش لە دەست بدەن. لە بەشی دووەم باسمان لە خەباتی چەکداریی کرد وەک شێوازێکی باونەماو لە خەباتدا، لەوێدا جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا، خەباتی چەکداریی بۆتە مایەی شکستی بەردەوام بۆ حیزب و لایەنە کوردستانییەکان. لەم بەشە تاوتوێ پەیوەندی نێوان خەباتی چەکداریی لەگەڵ چەند دەرکەوتەیەکی دیکەی نەرێنیی دەکەین و ئەوە دەخەینەڕوو کە چۆن خەباتی خەباتی چەکداریی بۆتە مایەی هەڵگیرسانی شەڕی براکوژی و پاوانخوازیی و فرەلەشکریی نەک تەنیا لەنێوان حیزب و لایەنەکانی پارچەیەکی کوردستان بەڵكوو لەنێوان حیزب و لایەنە پارچە جیاجیاکانی کوردستان. لە کۆتاییشدا، گفتوگۆی کاریگەریی خەباتی چەکداریی لەسەر هه‌ڵئاواردنی دەستەبژێری سیاسی و ڕووناکبیریی لەگەڵ‌ جه‌ماوه‌ری کوردستان دەکەین.

شه‌ڕی براکوژی
وەک پێشووتر ئاماژەی پێ کرا،‌ خه‌باتی چه‌کداریی به‌گشتی و چالاکییه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌ شاخ و شاره‌کان کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ و به‌رچاوییان هه‌بووه‌ له‌ وروژاندن و خرۆشاندنی هه‌ست و نه‌ستی شۆڕشگێڕانەی جه‌ماوه‌ر. به‌ڵام به‌ چاوخشانێکی خێرا به‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ کوردستانییه‌کان دیارده‌یه‌کی کوشنده‌ دێته‌به‌رچاو که‌ کاریگه‌رییه‌کی زۆر نەرێنیی له‌سه‌ر ڕه‌وتی بزووتنه‌وه‌کاندا‌ داناوه‌ و زۆرجاریش بۆته‌ مایه‌ی داڕمانی متمانه‌ به‌ هێزی پێشمه‌رگه، ئه‌ویش شه‌ڕی ناوخۆیه‌.
دوا بەدوای شکستی ١٩ ڕاپەڕینی چەکداریی لە باکووری کوردستان و ڕاپەڕینەکانی شێخ مەحموود و بارزان لە باشوور، هەروەها ڕووخانی کۆماری مەهاباد، شۆڕشی ئه‌یلول لە باشوور ده‌کرێت به‌ سه‌رتایه‌کی نوێ دابنرێت لە بزووتنەوە کوردستانییەکان، لانیکەم لە ڕووی ڕێکخرابوونیانەوە، کە پارتێکی سیاسیی ڕابەرایەتی دەکردن نەک وەک ئەوانەی پێش ئەمان کە بەگشتی شێخ و سەرۆک عەشیرەتەکان سەرکردایەتیان دەکردن. بەگشتی، بزووتنەوە و ڕاپەڕینەکانی دوای جەنگی دووەمی جیهانی لەو خاڵەدا لەوانی پێش خۆیان جیا دەکرانەوە. سەرەڕای ئەوە،‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ شۆڕشی ئەیلول (١٩٦١-١٩٧٥) و جوڵانەوەکانی دوای ئەویش بە سەرکردایەتی حیزبە کوردستانییەکان، وەک: شۆڕشی نوێ/گوڵان (١٩٧٦-١٩٨٨) و شۆڕشی ڕۆژهەڵات (١٩٧٩-تائێستا)؛ ڕاپەڕینی تەباخ (١٩٨٤-تائێستا) چه‌نده‌ چه‌که‌کانیان به‌ دژی داگیرکه‌ر و نه‌یارانی کوردستان به‌کارهێناوه‌ ئه‌وه‌نده‌ش له‌ دژی یه‌کدی له‌ شه‌ڕی “براکوژی”دا به‌کاریان هێناوه‌. هه‌ر لایه‌نێک له‌لایه‌نه‌کانی شه‌ڕی براکوژی لایه‌نه‌ نه‌یاره‌که‌ی تاوانبار کردووە و ده‌کات.
لەوانەیە کەسانێک هەبن که‌ هۆکاری‌ شەڕی ناوخۆ بگێڕنەوە بۆ جیاوازیی ئایدیۆلۆجی و عەقڵییەتی پارتی پێشەنگ (الحزب الطلیعي)، ململانێ لەسەر دەسەڵات و سامان، دەستوەردانی هێزە داگیرکەر و دەرەکییەکان، تێنەپەڕاندنی عەقڵییەت و هەستی عه‌شیره‌تگه‌ریی و ناوچه‌گه‌ریی لەلایەن هێز و لایەنە کوردستانییەکان، تێنەگەیشن لە هاوچارەنووسیی و هەست نەکردن بە بەرپرسیارەتیی مێژوویی، لاوازیی هەست و هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کە باڵی کێشابێت بەسەر هەست و بیری تەسکی حیزبیی، هتد. ئه‌مانه‌ و چه‌ندین هۆی دیکه‌ هه‌موویان کەم تا زۆر کاریگه‌رییان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵگیرسان یان به‌رده‌وامی شه‌ڕی ناوخۆیی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمە مه‌به‌ستمانه‌ په‌نجه‌ی له‌سه‌ر دانێین ئه‌وه‌یه‌ که‌ خه‌باتی چه‌کداریی یان بوونی هێزی چەکدار، واتە ئامادەیی چەک و چەکدار، میکانیزم و زه‌مینه‌ی شه‌ڕی براکوژی دێنێته‌گۆڕێ. لانیکه‌م، ده‌توانین به‌دڵنیاییه‌وه‌ بڵێین که‌ بوونی هێزی چه‌کدار فۆرمه‌کانی لێک حاڵینه‌بوون و یه‌کدی قه‌بوڵنه‌کردن و پێشبڕکێ له‌ فۆرمی دژایه‌تیکردنێکی ساده‌ دەگۆڕن بۆ فۆرمێکی خوێناوی. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی که‌ پێکدادانی چه‌کدارانه‌ کاره‌ساتی دڵته‌زێنی به‌دواوه‌یه‌ و چاره‌سه‌رکردنی ململانێکان و کێشه‌کان دوای خوێنڕشتنیش ئاڵۆزتر و برینه‌کانیش قووڵتر ده‌کەن.
له‌ فه‌زایه‌کی بێ چه‌ک، واتە بێ بوونی هێزی چەکدار دوورکەوتنەوە لە خەباتی چەکداریی وەک ڕێبازێک، ئاسۆی هۆشیارکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر فراوانتر دەکات و لایه‌نه‌ ئاژاوه‌گێڕه‌کانیش ده‌رفه‌تی پێکدادانی شه‌ڕئامێزیان نابێت. ئه‌و لایه‌نانه‌ی که‌ گومانی نوکه‌رایه‌تیشیان لێ ده‌کرێت له‌ نه‌بوونی چه‌کدا ده‌کرێت ئاسانتر ئاشکرا و ڕیسوا بکرێن. به‌ڵام که‌ به‌ چه‌ک هه‌وڵی له‌ناوبرنیان ده‌درێت له‌لایه‌ن نه‌یاره‌کانه‌وه، داگیرکەرانەوە،‌ زیاتر و باشتر پشتیوانی سه‌ربازیی و لۆجستیان لێ ده‌کرێت، بەمەش زه‌لکاوی شه‌ڕه‌که‌ قووڵتر ده‌بێت.
چه‌ک نه‌بێت خه‌ونێکی گه‌وره‌ی داگیرکەران و نه‌یارانی کورد زینده‌به‌چاڵ ده‌کرێت، چونکه‌ توانای به‌گژیه‌کدادانی لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان له‌ده‌ستیان دەرده‌چێت. چه‌کداربوونی لایه‌ن و حیزبه‌ سیاسییه‌کان ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ناوخۆیی بەردەوام زیندوو ڕاده‌گرێت. دێوەزمەی شەڕی ناوخۆ ئێستاکه‌ش له‌ باشووری کوردستان هەر هەیە له‌نێوان یه‌کێتی و پارتی‌. به‌کورتی حیزبی چه‌کدار نەک هەر له‌ قۆناغی ڕزگاریی نیشتیمانی بەڵكوو‌ لە قۆناغی ده‌سه‌ڵاتداریش ئه‌گه‌ری ده‌ستبردنی بۆ چه‌کی لێ ده‌کرێت. بۆ؟ وەڵامەکە ئاسانە چونکە حیزبی چەکدار دوای هاتنە سەر حوکم ئامادە نییە هێزە چەکدارەکانی، کە وەک پارێزەری خۆی دەبینێت، لە چەک داماڵێت، یان بیانخزێنێتە نێو سوپایەکی بان-حیزبی و نیشتیمانیی، ڕێک وەک ئەوەی ئێستا لە باشوور دەبینرێت.
ململانێی سیاسی له‌ هه‌موو شوێنێک و زه‌مه‌نێک بوونی هه‌یه‌ و ده‌بێت. لە ڕاستیدا سیاسەت وەک زانست و وەک پراکتیز وەڵامگۆی ململانێکانە و مەبەست لێی ڕێکخستن و کەمکردنەوە و ئیدارەدان یان چارەسەرکردنیانە. سیاسەت تەنیا لەو شوێنە بوونی نییە کە یەک کەس بوونی هەیە، یەک کەسەکە بوو بە دوو، سیاسەت سەرهەڵدەدا. واتە، ئەو ململانێیانەی کە لە نێوان حیزب و لایەنە کوردستانییەکانیش هەیە سروشتییە و زادەی ئەو ڕاستییەیە کە ململانێ لە بوونی دوو کەس، دوو لایەن، دوو گرووپ، دوو حیزب، هتد، سەرهەڵدەدات. به‌ڵام چه‌ک و چەکداری کە زادەی ڕێبازی خەباتی چەکداریین، ململانێکان به‌ ئاقارێکی نه‌ویستدا ده‌بات. بۆ نموونە، شه‌ڕی باڵی مه‌کته‌بی سیاسی بە سەرکردایەتی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی لەلایەک و گرووپەکەی دیکە لەناو پارتی بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی له‌ شه‌سته‌کانی سەدەی ڕابردوو، یه‌کێتیی و پارتی له حه‌فتاکان و‌ هه‌شتاکانی سەدەی ڕابردوو، یه‌کێتیی و بزووتنه‌وەی ئیسلامیی‌ له‌ نه‌وه‌ته‌کانی سەدەی ڕابردوو تا سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم، کۆمه‌ڵه‌ی زەحمەتکێشان و حیزبی دیموکرات له‌ هه‌شتاکانی سەدەی ڕابردوو، حیزبی دیموکرات و ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ له‌ نه‌وه‌ته‌کانی سەدەی ڕابردوو، په‌که‌که‌ و هه‌رێم، په‌که‌که‌ و پارتی، په‌که‌که‌ و یه‌کێتیی، نموونه‌ی تاڵ، بەڵام زەقی، ئه‌و شه‌ڕه‌ ناوخۆییانه‌ن که‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان ڕوویانداوه‌. خه‌باتی چه‌کداریی نه‌با به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ململانێکان نه‌ده‌گه‌یشته‌ ڕاده‌ی پێکدانانی چەکداریی و خوێنڕشتن و قڕکردنی یه‌کدی.
به‌ڵگه‌یه‌کی زه‌ق بۆ په‌یوه‌ندی خه‌باتی چه‌کداریی له‌گه‌ڵ شه‌ڕی ناوخۆیی ئه‌وه‌یه‌ که‌ مه‌ڵبه‌ند و گۆڕه‌پانی پێکدادانه‌کان شاخه‌کانی کوردستان بوون ده‌نا خۆ ئه‌م لایه‌ن و حیزبانه‌ له‌ناو شاره‌کانیش ئه‌ندام و لایه‌نگریان هه‌بوو که‌چی کێشه‌کان له‌ شاره‌کان هه‌رگیز به‌ چه‌ک یه‌کلایینه‌کراونه‌ته‌وه‌. بێجگە لەمە، ململانێکانی نێو پارتی دیموکراتی کوردستان (مەلا مستەفا لەدژی ئیبراهیم ئەحمەد)، یان ئەوانەی نێوان حیزبی دیموکرات (عەبدولرەحمان قاسملۆ لەدژی ئەوانی دیکە) پێش دەست پێ کردنی خەباتی چەکداریش لە باشوور یان ڕۆژهەڵات بوونیان هەبوو، بەڵام تەنیا کاتێک ململانێکان بە چەک یەکلاییکرانەوە، ئەوکاتەی کە خەباتی چەکداریی دەستی پێ کرد.
شایەدی کەسێک، کە کورد گوتەنی سەری خۆی لەنێو ئەو باسوخواسانەدا سپی کرد، لەوانەیە پشتڕاستکردنەوەیەکی باش بێت بۆ ئەو ئارگیومێنتەی کە لێرە من پێداگری لەسەر دەکەم و دەڵێم خەباتی چەکداریی هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی شەڕی براکوژییە. نه‌وشیروان مسته‌فا، کە لە شەستەکانەوە پەنجەی لەگەڵ بزووتنەوە کوردستانییەکان نەرم کرد تا مردنی لە ٢٠١٧دا، له‌ کتێبی “په‌نجه‌کان یه‌کتری ده‌شکێنن” (ل 136) ده‌ڵێت “ڕاسته‌ ناکۆکییه‌کان هه‌میشه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ی سیاسییه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حیزبه‌کان‌ له‌شکری تایبه‌ت به‌ خۆیانیان نه‌بوایه‌ نه‌یان ئه‌توانی په‌نابه‌رنه‌ به‌ر شه‌ڕی چه‌کداریی بۆ به‌لاداخستنی ناکۆکییه‌کان.” ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە من جەختی لەسەر دەکەم، لە غیابی چەکدا پەنا بۆ ئامراز و شێوازی دیکە دەکرێت ببرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی پرس و کێشە و ململانێکان، وەک گفتوگۆ، دانوستان، پێکهاتن، هتد. بەڵام کاتێك حیزبەکان خەباتی چەکداریی پەیڕەو دەکەن و ململانێی لەنێوانیان سەرهەڵدەدات ئیدی چەک دەبێتە ئەو ئامرازەی کە دەستی بۆ درێژ دەکرێت لەبری میکانیزمە مەدەنییەکان.
نموونەیەکی دیکە بۆ سەلماندنی پەیوەندی نێوان شەڕی براکوژی و خەباتی چەکداریی دۆخی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە وەک حیزبێک. یەکگرتوو وەک حیزبێکی سیاسی کوردستانیی لە ١٩٩٤ دامەزراوە، لەو کاتەوە تا ئێستا لەو لایەنە دەگمەنانەیە کە لە شەڕی ناوخۆ نەگلاوە. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیە کە دەستەی چەکداری نییە و خەباتی چەکداریی نەکردووە بە ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، لانیکەم تا ئەمڕۆ. یەکگرتوو هێزی چەکداری هەبووایە، ئەگەری زۆربوو وەک لایەنەکانی دیکە لە شەڕی براکوژی بەشدار بووایە، جا حەزی کردبا یان نا.
لە هەمووی ترسناکتر ئەوەیە کە به ‌بوونی چه‌ک توندوتیژییه‌کان ده‌گه‌نه‌ ئاستی قڕکردنی یه‌کدی. بێجگه‌ له‌مه‌ بوونی چه‌ک کارئاسانی بۆ داگیرکه‌ران ده‌کات که‌ هه‌وڵی ته‌شه‌نه‌کردنی ململانێکان بده‌ن و به‌ره‌و ئاقاری پێکدادان و خوێناوی ببەن.
لایه‌نه‌ کوردییه‌کان به‌ گشتی چه‌ک و تفه‌نگ له‌ شان کردنیان وه‌ک سیمبوڵی خەباتی ڕزگارییخوازیی نیشتیمانیی ناساندوه‌، هیچ کامیشیان بوێری ئه‌وەیان نه‌کردووە که‌ ئه‌و تێڕوانینه‌ کۆن و ناوه‌ڕۆک چەپییانە یان خێڵه‌کییانە‌ بگۆڕن. ئه‌مه‌ وای کردووه‌ که‌ ده‌ست پێ کردن یان ده‌ست پێ کردنه‌وه‌ی خه‌بات هه‌میشه‌ به‌ ده‌رچوونی یه‌که‌م ته‌قه‌ له‌ تفه‌نگ بناسێنن. بۆ نموونە، یەکێتیی ١ی حوزەیران ١٩٧٥ دامەزراوە بەڵام دەستپێکی شۆڕشی نوێ لای یەکێتیی ئەو ڕۆژە نییە بەڵکوو ئەو ڕۆژەیە کە خەباتی چەکداریی دەست پێ دەکات، واتە ١ی حوزەیرانی ١٩٧٦. ئەمە بۆ پە}کە{کە-ش هەر ڕاستە، پەکەکە لە ١٩٧٨ دادەمەزرێت بەڵام لە دیدی حیزبەکە، شۆڕشی تەباخ لە دامەزراندنی حیزبەکەوە دەست پێ ناکات بەڵکوو لە دەست پێ کردنی خەباتی چەکداری لە ١٥ ی تەباخی ١٩٨٤. کاره‌سات له‌وه‌دایه‌ ئه‌م ڕاستییه‌ی سه‌ره‌وه‌ وای کردووه‌ که‌ هه‌ره‌سهێنانی بزووتنه‌وه‌ چه‌کدارییه‌کان و کپبوونی تفه‌نگه‌کان به‌ سه‌رنه‌که‌وتن و شکستی بزووتنه‌وه‌کە‌ وه‌ک کۆیه‌ک ببینرێت‌. بۆنموونه‌، نسکۆی 1975 وه‌ک هه‌ره‌سهێنانێکی سه‌ربازیی نه‌ناسراوه‌ به‌ڵکوو وه‌ک داڕمانی ته‌واوی شۆڕشی ئەیلول ناسێنراوە، سەرەڕای ئەوەی کە پارتی وەک حیزبێکی سیاسیی لە نسکۆدا کۆتایی پێ نەهات.

پاوانخوازیی و خه‌باتی چه‌کداریی
وەک ئاکامێکی دیکەی نەرێنی خەباتی چەکداریی، ئه‌زموونی کوردستان کاره‌ساتێکی دیکه‌ له‌خۆ نیشان ده‌دات ئه‌ویش پاوانخوازیی و داگیرکردنی گۆڕه‌پانی خه‌باته‌، که‌ تا ئێستا کاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێکه‌وتۆته‌وه‌. لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان له‌به‌رئه‌وه‌ی زیاتر خۆیان له‌ ڕێگای‌ ده‌سته‌ چه‌کداره‌کانه‌وه‌ ناساندووه‌ و به‌گشتی له‌و شوێنانه‌ توانیویانه‌ خه‌بات بکه‌ن و ڕیشه‌داکوتن که‌ چه‌کداره‌کانیان بوونیان هه‌بووه‌. بۆ نموونه‌ یه‌کێتیی به‌ گشتی له‌ سۆران و پارتی له‌ بادینان و حیزبی دیموکرات له‌ موکریان و کۆمه‌ڵه‌ له‌ دەورەبەری سنە. ئەمە بۆ په‌+که+‌که‌ له‌ باکوور لەوانەیە زۆر ڕاست نەبێت بەڵام هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ئەو حیزبە گۆڕەپانی خەباتی لە باکوور قۆرغ کردووە، بە باش یان خراپ.
حیزبە کوردستانییەکان، بۆ کاراکردنی چالاکییه‌کانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ هێزه‌کانیانی بەسەردا زاڵە‌ هه‌وڵی ناردنی چه‌کداره‌کانیان داوه‌ بۆ شوێنه‌کانی دیکه، واتە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان‌. ئه‌و کاره‌ساته‌ی که‌ له‌ 1978 له‌ ناوچه‌ی هه‌کاری ڕوویدا به‌شێکی له‌ ئاکامی پاوانخوازیی له‌لایه‌ن پارتی و ناردنی هێز بوو له‌لایه‌ن یه‌کێتیی-ه‌وه‌ بۆ ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وییه‌که‌ی. یه‌کێتیی له‌ بڵاوکراوه‌کان باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ زامنکردنی ڕێگه‌ی گواستنه‌وه‌ی چه‌ک‌ له‌ سووریا-وه‌ هۆی سه‌ره‌کی ده‌رچوونی ئه‌و هێزه‌ بوو. هه‌رچۆنێک بێت، هۆکاری پشت جووڵەی هێزەکانی یەکێتیی هەر چییەک بووبێت، شکاندنی پاوانخوازیی پارتی بێت یان گواستنه‌وه‌ی چه‌ک، هه‌ردووکیان په‌یوه‌ندییان به‌ خه‌باتی چه‌کدارییه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌ واته‌یه‌کی دیکه،‌ خه‌باتی چه‌کداریی هۆکاری سه‌ره‌کی کاره‌ساتی هه‌کاری بووە. ئەگەر یەکێتیی خەباتی چەکداریی نەکردبا پێویستیی بەوە نەدەبوو کە بچێت ڕێڕەوی کۆمەک و یارمەتی و چەک و تفاق لە سووریا-وە بۆ کوردستان مسۆگەر بکات؛ بەهەمانشێوە، پارتی ئەگەر هێزی چەکداری نەبوایە ئەوە عەقڵییەتی پاوانخوازیی لەلای گەڵاڵە نەدبوو. بەهەر حاڵ، کارەساتی هەکاری کە بەرهەمی خەباتی چەکدارییە دوای زیاتر لە ٤٥ ساڵ برینه‌کانی به‌ ته‌واوی سارێژ نه‌کراون.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، حیزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ندان ساڵ له‌سه‌ر پاوانخوازی شه‌ڕیان کرد. بوونی چه‌کدارانی په‌که‌که‌ له‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم تا ئێستا چه‌ندین شه‌ڕی لێ که‌وتۆته‌وه‌، ئێستاش ئه‌و ئه‌گه‌ر هه‌ر ماوه‌. هەردوو نموونە، هەردوو پاوانخوازیی، دەرکەوتەی خەباتی چەکداریین. پە=کە=کە بۆیە پێویستی بە بنەوبارەگایە لە باشوور چونکە خەباتی چەکداریی دەکات. کەسێک، کادیرێک، چالاکوانێکی هەدەپە/دەم پارتی لە قەندیل و گارە و مەتین نابینیت، ئەوەی لەوێیە گەریلا چەکدارەکانی پە_کە-کەن.
بۆ چاره‌سه‌رکرنی ئه‌م دیارده‌یه‌ که‌ چه‌ندین نه‌هامه‌تی لێکه‌وتۆته‌وه‌، ده‌بێت لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان گه‌شه‌ به‌ توانای ڕێکخستن و سازدان و وه‌گه‌ڕخستنی جه‌ماوه‌ر بده‌ن به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌سته‌ چه‌کداره‌کان. کادر و ڕێکخه‌رانی جه‌ماوه‌ر پێویست ناکات چه‌کدار بن.

هه‌ڵئاواردنی دەستەبژێر ‌و‌ جه‌ماوه‌ر
ئاکامێکی نەرێنیی دیکەی خەباتی چەکداریی لێک جیابوونەوەی دەستەبژێری (نوخبەی) سیاسیی و خەڵکی کوردستانە. دامه‌زراندن و ناردنه‌ شاخی ده‌سته‌ چه‌کداره‌کان هه‌میشه‌ یه‌که‌م کاری حیزب و ڕێکخراوه‌ کوردستانییه‌کان بووه‌. ده‌سته‌ چه‌کداره‌کانیش به‌گشتی له‌ دەستەبژێری (نوخبەی) سیاسیی و ڕووناکبیریی‌ هه‌ره‌ لێهاتوی حیزبه‌کان و ڕێکخراوه‌کان بوون. هه‌رزووش‌ ڕه‌وانه‌ی شاخ و داخ و ئه‌شکه‌وته‌کان ‌کراون. به‌م کاره بزووتنه‌وه‌ کوردستانییه‌کان دوو هه‌ڵه‌ی جه‌رگبڕیان کردووە‌، یان بڵێین دوو ئاکامی خراپی لێ ‌که‌وتۆتە‌وه‌‌. یه‌که‌میان، جیاکردنه‌وه ‌و دوورخستنه‌وه‌ی نوخبه‌ی ڕووناکبیرو ڕابه‌رانی بزووتنه‌وه‌که‌ بووە‌ له‌ جه‌ماوه‌ری شار و شارۆچکه‌کان، ئەو شوێنەی کە پێگەی سەرەکی چینی ناوەند و خوێندەوار و پیشەگەرەکانە. دووه‌میان، له‌ ده‌ستدانی ڕۆڵه‌‌ هه‌ڵکه‌وتووه‌کانی ناو ئه‌و دەستەبژێرە‌ بووە له‌ شه‌ڕه‌ نابه‌رابه‌ره‌کاندا. شه‌هیدبوونی هەزاران سه‌رکرده‌ که‌ له‌ ته‌مه‌نێکی کورتی خه‌بات گیانیان له‌ ده‌ستداوە ده‌کرێت به‌ نموونه‌ بهێنینه‌وه، وەک شەهید فوئادی مستەفا سوڵتانی (تەمەن ٣٠ ساڵ) لە ڕۆژهەڵات، شەهید ئارام (شاسوار جەلال، تەمەن ٣١ ساڵ) لە باشوور، شەهید مەعسووم کۆرکماز (تەمەن ٣٠ ساڵ) لە باکوور‌. له‌ ده‌ستدانی ئه‌و هه‌موو‌ شه‌هیده‌ ڕووناکبیره‌ زه‌ره‌رێکی ئێجگار گه‌وره‌یه‌ که‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی کوردستان که‌وتووە، بەتایبەتی لە ڕووی گەشەی فکریی و ستراتیجی بزووتنەوەکان. بێگومان په‌نابردن بۆ چه‌ک هۆی هه‌ر سه‌رکیی شه‌هیدبوونیان بووە‌.
ئه‌و دەستەبژێرە که‌ ڕه‌وانه‌ی شاخ و دۆڵه‌کان ده‌کرێن ئه‌گه‌ر شه‌هیدیش نه‌بن ئه‌وه‌ به‌ حوکمی دوورکه‌وتنه‌وه‌یان له‌ جه‌ماوه‌ر کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆیان له‌سەر ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان له‌ناو شار و شارۆچکه‌کاندا نەدەما. ئه‌وان له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ ڕۆژ له‌ شاخه‌کان (لەم سەردەمەشدا لەنێو تونێلەکان) زۆربه‌ی کاتیان به‌سه‌رده‌برد و به‌ شه‌و به‌ ماندویی و شه‌که‌تی له‌ناو دێهاته‌کان له‌گه‌ڵ بوونی ترسێکی زۆر له‌ دوژمن نه‌یانده‌توانی وه‌ک پێویست جه‌ماوه‌ر ڕێکبخه‌ن و وەگەڕبخەن. دیاره‌ ئه‌وه‌ به‌و مانا‌یه‌ نییه‌ که‌ له‌ دێهاته‌کان کار نه‌کراوه‌ یان له‌ شاره‌کان ڕێکخستنه‌کان بوونیان نه‌بووه‌، به‌ڵکوو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و دەستەبژێرە‌ که‌ ده‌بوایه‌ له‌ ناو خه‌ڵک با له‌به‌ر په‌نابردن بۆ چه‌ک سنووری کاره‌کانیان له‌ ناوچه‌یەکی دیاریکراو قه‌تیس ده‌بوو، کاتێکیش شه‌هید ده‌بوون کاریگەرییان کۆتایی پێ دەهات. له‌ مێژووی کورد-دا چه‌ندین ڕێکخراو له‌ شار له‌ دایکبوون و له‌ شاخ وه‌ک ئاردی ناو دڕکیان لێهاتووه، بۆ نموونە حیزبی هیوا‌. هۆی ئه‌مه‌ش دیسان هه‌ڵپه‌کردنه‌ بۆ خه‌باتی چه‌کداریی.
لە بەشی داهاتوو گفتوگۆی چەند دەرکەوتەیەکی نەرێنیی دیکەی خەباتی چەکداریی دەکەین، لەوانە چۆن خەباتی چەکداریی کوردستانی کردووە بە کێڵگەی شەڕ و چۆن بۆتە مایەی دڵخۆشکردنی داگیرکەرانی کوردستان. ‌ ‌‌ ‌‌




خه‌باتی چه‌کداریی، ڕێبازێکی باونه‌ماو و شکستی بەردەوام.. شێرکۆ کرمانج

لە بەشی پێشووی ئەم زنجیرە وتارە باسمان لە دوو دەرکەوتەی نەرێنیی خەباتی چەکداریی کرد و گوتمان خەباتی چەکداریی حەتمییەتی پشتبەستنی بزووتنەوە کوردستانییەکان دێنێتەگۆڕێ لەگەڵ لەدەستدانی جڵەوی بزووتنەوەکان و ئاراستە فکریی و ئایدیۆلۆجییەکانیان. لەم بەشدا، سەرەتا باس لە خەباتی چەکداریی دەکەین وەک شێوازێکی خەبات کە باوی نەماوە. دواتر باس لەوە دەکەین کە چۆن خەباتی چەکداریی بۆتە مایەی شکستی بەردەوام بۆ بزووتنەوە کوردییەکان.

ڕێبازێکی باونه‌ماو
کورد وەک گرووپێکی ئیتنی-نەتەوەیی زیاد لە سەد ساڵ دەبێت پەنای بردۆتە بەر خەباتی چەکداریی، بۆ نموونە بزووتنەوەکانی: شێخ عوبەیدوڵای نەهری (١٨٨٠)؛ سمکۆی شکاک (١٩١٨-١٩٣٠، پچڕپچڕ)؛ شێخ مەحموودی حەفید (١٩١٩-١٩٤١، پچڕپچڕ)؛ شێخ سەعیدی پیران (١٩٢٥)؛ بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥)؛ شۆڕشی ئەیلول (١٩٦١-١٩٧٥)؛ شۆڕشی نوێ/گوڵان (١٩٧٦-١٩٨٨)؛ شۆڕشی ڕۆژهەڵات (١٩٧٩-١٩٨٦)؛ تەباخی پە(کە)کە (١٩٨٤-تا ئێستا). بەکورتی، کەم تا زۆر لە سەد ساڵی ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر هەموویان سەرکەوتنی یەکلاکەرەوەیان بەدەست نەهێناوە. لەڕاستیدا، ئەو دوو ئەزموونەی کە ئێستا لە باشوور و لە ڕۆژاڤا بەرجەستەن هیچیان بەرهەمی خەباتی چەکداریی نین.
دیارە ئەوە بەو مانایە نییە کە خەباتی چەکداریی ئەزموونی سەرکەوتووی لە جیهاندا نەبووە. شەڕی ڕزگاریی نەتەوەیی/نیشتیمانیی: جەزائیر (١٩٥٤-١٩٦٢)؛ چین (١٩٢٧-١٩٤٩)؛ کوبا (١٩٥٣-١٩٥٩)؛ ڤێتنام (١٩٤٥-١٩٧٥) و زیمبابۆی (١٩٦٤-١٩٧٩) نموونەی سەرکەوتووی ئەم شێوازەن لە خەبات. بەپێچەوانەوەش، ئەزموونی ناکوردی سەرنەکەوتووش هەن، بۆ نموونە خەباتی ڕزگارییخوازی: گەلی تامیل لە سریلانکا (١٩٨٣-٢٠٠٩)؛ گەلی سەحارا لە مەغریب (١٩٧٥-تا ئێستا) و گەلی فەلەستین لە ئیسرائیل (١٩٤٨- تا ئێستا).
خه‌باتی چه‌کداریی، ئەوەی وەک “شه‌ڕی پارتیزانی”یش ناسراوە، شێوه‌ خه‌باتێکی نوێ بوو له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیست هێز و لایه‌نه‌ “شۆڕشگێڕ”ە چەپ و کۆمۆنستییه‌کان دایان هێنا و له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ ڕزگاریخوازه‌ نەتەوەیی-نیشتیمانییه‌کانیش لاسایی لێ کرایه‌وه‌. بەڵام وه‌ک شێوازێکی خه‌بات شه‌ڕی پارتیزانی بە کۆتایی سەدەی بیستەم له‌ که‌م شوێنی دنیا باوی ماوه‌. هه‌ندێک ڕێکخراوی چه‌پ له‌ ئه‌مریکای لاتین، وەک بزووتنەوەی فارک (FARC) لە کۆڵۆمبیا تا چەند ساڵێک لەمەوبەر درێژەیان بە شەڕی چەکداری دا، بەڵام ئەوانیش لە ٢٠١٦ دا ڕێککەوتنێکی ئاشتیان لەگەڵ حکومەت واژۆ کرد و دوای نزیکەی ٥٠ ساڵ لە شەڕی چەکداریی چەکیان دانا. شۆڕشگێرەکانی تامیل تایگەرس لە سریلانکا تا ٢٠٠٩ شەڕی پارتیزانیان پەیڕەو دەکرد، بەڵام بەداخەوە لەوێ بەبێ واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی حکومەتی سریلانکا بەسەریاندا زاڵ بوو. حەماس لە فەلەستین سەرەڕای ئەوەی کە کەرتی غەززە لەڕووی ئیدارییەوە بەڕێوە دەبات کەچی درێژە بە خەباتی چەکداریی دەدات. دوا گەڕی خەباتی چەکدارییان لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٣ دا بوو بەڵام ماڵوێرانییەکی وای بۆ فەلەستینییەکان لێ کەوتۆتەوە کە تەنیا لەو کاتەوە تا ئێستا زیاتر لە ٤٥ هەزار فەلەستینی کوژراون کە بەشی هەرە زۆریان مەدەنین.‌ په{‌که}‌که‌ و پژ*اک، هه‌ردووکیان ئێستاکانه‌ بە پچڕپچڕیش بێت درێژه‌ به‌م شێوه‌ خه‌باته‌ ده‌ده‌ن. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەگەڵ ئەوەشدا کە هێزە چەکدارەکانی کۆمەڵە و حیزبی دیموکرات و پاک و لایەنەکانی دیکەش لەژێر فشارێکی زۆردان و سەنگەرەکانیان دوای فشار لەلایەن دەوڵەتی ئێران و حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێ چۆل کرا بەڵام بیرۆکەی خەباتی چەکداریی بەتەواوی وەلانەنراوە.
له‌وانه‌یه‌ هەندێک کەس بپرسن، مه‌گه‌ر ڤێتنام، چین، کوبا، نیکاراگوا، هتد، هەموویان له‌ ڕێگه‌ی خه‌باتی چه‌کداری ڕزگاریان نه‌بوو؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێین، به‌ڵێ. ئەگەر وەڵامەکە بەڵێیە، ئەدی بۆ ناکرێت لە کوردستان درێژە بەم شێوازە لە خەبات بدرێت و بۆ باوی نەماوە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارانە دەڵێیین، نابێت ئه‌وه‌ له‌بیربکرێت که‌ دنیای ئه‌و سه‌رده‌م دنیای دوو-جه‌مسه‌ریی بوو. زۆرجار به‌رژه‌وه‌ندی جه‌مسه‌رێک‌ وای ده‌خواست که‌ پشتیوانی تەواو له‌ خه‌باتی ڕزگاریخوازیی گه‌لێک یان وڵاتێکی داگیرکراو، ڕسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، تا سه‌رکه‌وتن، بکات، ئەویش بە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی لەگەڵ پشتیوانی دیبلۆماسی و میدیایی. هاوکات هاوکێشەی هێز، هێزی ڕزگاریخواز لەلایەک و هێزی داگیرکەر لەلاکەی دیکە، لەئاکامی پشتیوانی دەرەکی و سروشتی هاوکێشەکانی هێز لەو سەردەمدا زۆر لێک نزیک بوون. بۆیە، سەرکەوتنی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان مەحاڵ نەبوو.
له‌ ڕێگای خه‌باتی چه‌کداریی چه‌ند وڵاتی دیکه‌ش وه‌ک جه‌زایر و لیبیا، وەک نموونە، له‌ ژێر ده‌ستی کۆڵۆنیالیستی فه‌ره‌نسی و ئیتالیی ڕزگاریان بوو. ئه‌مه‌ش ڕاسته‌، به‌ڵام ده‌بێ بزانین که‌ وڵاته‌ کۆڵۆنیالیسته‌ سوننەتییەکان وه‌ک بەریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئیتالیا‌ مانه‌وه‌یان له‌ وڵاته‌ کۆڵۆنیالکراوه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای قازانج و زه‌ره‌ر هه‌ڵده‌سه‌نگاند. هه‌رکاتێک ته‌رازووه‌که‌ به‌لای زه‌ره‌رێکی کۆنتڕۆڵنه‌کراوبا ئه‌وه‌ وڵاته‌که‌یان به‌جێده‌هێشت. زۆرجار له‌ ڕێی خه‌باتی چه‌کداریی ئاکامێکی له‌م شێوه‌یه‌ ده‌هاته‌پێش و وڵاته‌ کۆڵۆنیالیسته‌که‌ ناچار به‌ ده‌رچوون ده‌کرا، وەک ئەوەی کە فەرەنسا لە جەزائیر و ئیتاڵیا لە لیبیا و بەریتانیا لە کینیا کردی.
ئه‌وه‌ی لێره‌ زۆر گرنگه‌ ئاماژه‌ی پێ بکه‌ین له‌ په‌یوه‌ند به‌ بارودۆخی داگیرکردنی وڵاتانی کۆڵۆنیالکراو و داگیرکردنی کوردستان ئه‌وه‌یه‌ که‌ داگیرکارییەکان له‌ بنه‌ڕه‌تدا جیاوازن. کوردستان له‌لایه‌ن وڵاتانێکه‌وه‌ داگیرکراوه‌ که‌ خاکی کوردستان به‌ به‌شێکی سه‌رەکی وڵاته‌که‌ی خۆیان داده‌نێن، که‌چی فه‌ره‌نسا و بەریتانیا و وڵاتانی دیکه‌ی کۆڵۆنیالیست به‌ده‌گمه‌ن وڵاته‌ داگیرکراوه‌کانیان به‌ به‌شێکی نه‌پساوه‌ی وڵاته‌کانیان داده‌نا. خۆ ئەگەر ئەوەشیان لە قۆناغێکدا کردبێت، ئەوە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوای دامەزراندنی، ئەو تێگەیشتن و وەسفەی بۆ داگیرکارییە ئەوروپییەکان هەڵوەشاندەوە. هۆکارێکی دیکە بۆ ئەو جیاوازییە، ئەوەیە کە وڵاته‌ کۆڵۆنیالیسته‌کان بەگشتی هاوسنوور نەبوون لەگەڵ وڵاته‌ داگیرکراوه‌که‌. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر کوردستان-دا هاتووه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی سیاسیدا به‌ کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆیی (internal colonialism) ناوده‌برێت. ئێره‌ شوێنی ده‌رخستنی هه‌موو جیاوازییه‌کانی نێوان کۆڵۆنیالیزم و کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆی نییه‌، بێجگە له‌وه‌ی که‌ گوتمان وڵاته‌ داگیرکه‌ره‌که‌ خاکی وڵاته‌ داگیرکراوه‌که‌ به‌ به‌شێک له‌ خاکی خۆی ده‌زانێت بەڵام لەوەش ترسناکتر و جیاوازتر ئەوەیە کە خاکه‌ داگیرکراوه‌که، کوردستان لەم حالەتەدا،‌ به‌ڕه‌سمی له‌لایه‌ن ده‌زگا نێودەوڵەتییه‌کانی وه‌ک نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌به‌شێک له‌ خاکی وڵاته‌ داگیرکه‌ره‌که‌ ناسراوه نەک وڵات و خاکێکی داگیرکراو‌.
خاڵێکی دیکه‌ی جیاوازی دۆخی کوردی ئه‌وه‌یه‌ که‌ داگیرکه‌رانی کوردستان زۆر که‌م گرنگی بە زه‌ره‌ری مانه‌وه‌یان له‌ کوردستان دەدەن، چونکه‌ لێخۆشبوون له‌ کوردستان به‌ شکان له‌ سەروەریی نیشتیمانی خۆیان دەزانن. بۆیە زۆر جار بە لەناوچوونی خۆیان دێنەپێش، لای ئەوان گرنگ ئەوەیە کوردستان ڕزگاری نەبێت و بە مافەکانی نەگات. بێجگه‌ له‌مانه‌، ڕای گشتیی و میدیای ئازاد له‌م وڵاتانه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی که‌ فشاری ڕاسته‌قینه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست بکه‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مریکییه‌کان و میدیاکه‌یان کردیان له‌ کاتی جه‌نگی ڤێتنام. هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا تورکیا ‌زیاتر لە ٤ ترلیۆن دۆلاری له‌ شه‌ڕی کوردستان سه‌رف کردووە. ڕای گشتی و میدیای تورکیا نه‌ک هه‌ر دژی شه‌ڕ نین‌ به‌ڵکوو ته‌واوی بزووتنه‌وه‌که‌ی کوردستان به‌ تیرۆریست له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. حکومه‌تی عێراق له‌ پێناو له‌ناوبردنی بزووتنه‌وه‌ چه‌کدارییه‌که‌ی باشووری کوردستان لە 197٥ به‌شێکی خاکی عێراقی به‌خشیه‌ ئێران. جمهوریی ئیسلامی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ نزیک بە دە ساڵێکە لەژێر گەمارۆی ئابوورییە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، بەتایبەتی ئەمریکا، هاوکات ڕێژه‌ی ئاوسانی (التضخم) ئابووری له‌ ١٠٠٪ تێپه‌ڕیکردوه‌ که‌چی له‌ هیچ شتێک ناسڵه‌مێته‌وه‌ له‌ ڕاوه‌دونان و کوشتنی کادیر و پێشمه‌رگه‌کان له‌م دیو یان ئه‌و دیوی سنووری ڕۆژهەڵات.
هەر چۆنێک بێت، له‌ دیدی ئه‌وروپا و “دنیای ئازاد” خه‌باتی چه‌کداریی نه‌ک هه‌ر باوی نه‌ماوه‌ به‌ڵکوو زۆر به‌دناو کراوە‌. له‌یلا زانا و سەلاحەدین دەمیرتاش و عه‌بدوڵا ئۆجەلان هه‌رسێکیان سەرکردەی کوردن و له‌ کوردستانی بنده‌ستی تورکیا خه‌بات ده‌که‌ن بۆ مافه‌کانی کوردستانییان. کەچی له‌یلا زانا و دەمیرتاش له‌به‌رئه‌وه‌ی توندوتیژیی به‌کارناهێنن له‌ خه‌باته‌که‌یاندا کاتێک‌ دەگیرێن، ئەوا هه‌موو ئه‌وروپا له‌سه‌ر کردارێکی لەو جۆرە لە دژی دەوڵەتی تورک به‌جواب دێن و شەرمەزاری دەکەن. لەڕاستیدا، دەمیرتاش لە ئەوروپا و ئەمریکا وەک ئۆبامای کورد ناسرابوو. که‌چی ئۆجەلان له‌به‌رئه‌وه‌ی وەک سەرکردەی گرووپێکی چه‌کداریی ناسراوە کە پەیڕەو لە شەڕی پارتیزانی دەکات، ئەوا نەک هەر لەکاتی گرتنی کەس بەرگریی لێ نەکرد بەڵکوو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بەشێک بوون لە پلانی دەستگیرکردنی. پێش گیرانیشی، کاتێک چوو بۆ ئه‌وروپا نه‌ک دوژمنانی کورد به‌ڵکوو دۆسته‌کانیشی به‌ هانایەوە نه‌هاتن.
بۆیه‌، کورد ئه‌گه‌ر بیه‌وێت به‌ زمانی زه‌مانه‌ بدوێت و دژایه‌تی ڕه‌وتی جیهانی نه‌کات ده‌بێت به‌‌ شێوازه‌کانی خه‌باتی خۆیدا بچێته‌وه‌ و بزانێت که‌ شێوه‌ خه‌باتێکی باونه‌ماو ناتوانێت گوێگر و پشتیوانی له‌ خه‌باته‌که‌ی له‌ دنیای بڕیاربه‌ده‌ست بۆ په‌یدابکات.

شکستی به‌رده‌وام
زۆربه‌ی حیزب و ڕێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان خه‌باتی چه‌کداریان به‌ به‌رزترین و شکۆدارترین قۆناغی خه‌باتی ڕزگاریی نیشتیمانیی به‌ جه‌ماوه‌ری کوردستان ناساندووه (لە بەشەکانی دیکە دەگەڕێینەوە سەر ئەم پرسە)‌. له‌ هه‌مانکاتدا به‌ درێژایی مێژوو بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ (لێره‌ مه‌به‌ستمان پێشمه‌رگه‌ی شاخه‌) تاکه‌ هێزی به‌رگریکه‌ره‌ نه‌ک هه‌ر له‌ کوردستان به‌ڵکوو لە شه‌ره‌ف و ناموسی کورد‌.
من له‌و باوه‌ڕه‌دام که‌ کوردستانییان ده‌بێت به‌ چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه ‌و واقعیانه‌ی دوور له‌ هه‌ست و سۆزی کوێرانه‌ی کوردانه‌ به‌ مێژووی کوردستان-دا بچنه‌وه‌ و بزانن ئایا به‌ڕاستی هێزی پێشمه‌رگه‌ توانیویه‌تی ئه‌م ئه‌رکه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ شاخ ببینێت؟ به‌ واتایه‌کی دیکه‌ ئایا له‌ توانایدا بووه‌ ئه‌م ئه‌رکه‌ قورسه‌ بخاته‌ سه‌ر شان؟ به‌ خستنه‌ڕووی چه‌ند نموونه‌یه‌ک هه‌وڵده‌دین وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ بده‌ینه‌وه‌.
مێژووی کورد پڕه‌ له‌ نموونه‌ی به‌ ئاکام نه‌گه‌یشتنی خه‌باتی چه‌کداریی. بزووتنەوە چەکدارییەکەی 1974-1975 له‌ باشووری کوردستان نموونه‌یه‌کی زه‌قه‌. به‌ شایه‌دی هه‌موو لایه‌ک گه‌وره‌ترین بزووتنەوەی چەکداریی بووە لە کوردستان،‌ به‌تایبه‌تی له‌ بواری ژمارەی چەکدار و به‌جه‌ماوه‌ریی بوونیدا. بزووتنەوەکە زیاتر له‌ ١٠٠ هەزار چه‌کداری هه‌بوو. ئەوە لەکاتێکدا بوو کە ژمارەی کورد لە باشووری کوردستان لەوکاتدا لە دەوروبەری دوو ملیۆن بوو، ئەمەش بەو مانایەیە کە بەشی هەرە زۆری هاونیشتیمانیانی باشووری کوردستان، تەمەن لە ١٨ بۆ ٣٠ ساڵان، چەکداری بزووتنەوەکە بوون. سەرەڕای ئەوە، هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ست پێ کردنی شەڕ لە ئازاری ١٩٧٤ تا ئازاری ١٩٧٥ ڕۆژانه‌ له‌ پاشه‌کشه‌دا بوو. ئەوە بەو مانایە نییە کە هێزی پێشمەرگە لەو ماوەیەدا هیچ سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە بەڵکوو مەبەستمان ئەوەیە کە لەسەرەتای شەڕ، بۆ نموونە، لە بەرەی هەولێر چیای سەفین لەبەردەستی هێزی پێشمەرگە بوو، بەڵام دوای نزیک بە ساڵێک لە شەڕ، گەلی عەلی بەگ-یش گیراو و شەڕ لە نزیک ڕەواندوز دەکرا. له‌ ڕاستیدا ئه‌و هێزه‌ گه‌وره‌یه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌بێ شه‌ڕ زۆربه‌ی شاره‌ گه‌وره‌کانی کوردستانی چۆڵ کرد. ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌‌ قه‌بوڵ بکه‌ین که‌ بزووتنەوەکە‌ به‌ پلانێکی نێوده‌وڵه‌تی له‌ناوبرا، خۆ ناکرێ بەرگریی له‌ شکسته‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی لە مەیدانی شەڕدا بکرێت. ڕاسته‌ سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ش به‌ده‌ستهاتووه‌ له‌ پێکدادانه‌کاندا، وه‌ک شه‌ڕی هندرێن و ده‌یان داستانی قاره‌مانانه‌ی هه‌موو شۆڕشه‌کانی کوردستان. به‌ڵام پێوەرە سەربازییەکان ئەنجام دەپێون. بە واتایەکی دیکە، بردنه‌وه‌ی‌ پێکدادان (معرکه‌) گرنگ نییه‌، به‌ڵکوو بردنه‌وه‌ی شه‌ڕ (حرب) گرنگه‌.‌ ئه‌نجام له‌سه‌ر شه‌ڕ ڕاده‌وه‌ستێت نه‌ک پێکدادان.
دوابه‌دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران له‌ 1979 به‌شێکی زۆری خاکی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات، بە شارە گەورەکانی وەک سنە، سەقز، بۆکان، مەهاباد، مەریوان، هتد، له‌ ژێر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان بوو، حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە. که‌چی پێشمه‌رگه‌کانی حیزب و کۆمه‌ڵه‌ نه‌یانتوانی شەش مانگ زیاتر به‌رگری له‌ شارە گەورە‌ ئازاده‌کان بکه‌ن. تا ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی پێشوو لێره‌و له‌وێ نه‌بێت پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵات بوونێکی ئه‌وتۆی نه‌ما. لەژێر فشار بنە و بارەگاکانیان هێنایە باشووری کوردستان. لێرە ئاماژەمان بەو کورتە-شۆڕشە چەکدارییانەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەکرد کە لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو سەریان هەڵدا و تەنیا چەند مانگێکیان خایاند چونکە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ڕەوشی پرسەکان نەبوو، بەڵام هەر چۆنێک بێت ئەوانیش بەشێکن لە شکستی خەباتی چەکداریی.
له‌ ساڵی 1984 په‌که‌که بانگی ده‌ست پێ کردنی خه‌باتی چه‌کداریی ڕاگه‌یاند، پێش بزووتنەوەکەی ١٥ تەباخی پە+کە+کە، لەنێوان ١٩٢٠ تا ١٩٣٨، لانیکەم ١٩ بزووتنەوەی چەکداریی دیکە لە باکووری کوردستان شکستیان خواردبوو. ئه‌وان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که‌ ده‌رسیان له‌ هه‌ڵه‌کانی شۆڕشه‌کانی پێش خۆیان لە باکوور و بەشەکانی دیکەی کوردستان وه‌رگرتووه، که‌چی لە کۆتایی نه‌وه‌ته‌کان هێزێکی ئەوتۆیان له‌ باکووری کوردستان نه‌ما کە شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ داگیرکەری تورک بکات و لە قووڵای تورکیا گورز لە سوپای داگیرکەر بوەشێنێت، بەتایبەتی دوای دەستگیرکردنی ئۆجەلان، کە بەتەواوی سه‌رکردایه‌تی و بنکردایه‌تیان گواسته‌وه‌ ناوچه‌کانی خواکورک و قه‌ندیل له‌ باشووری کوردستان.
ڕاستە له‌وکاته‌وه‌ به‌به‌رده‌وام خۆڕاگریی بێوێنەیان نواندووە لە دژی هێزەکانی تورکیا کە ساڵانە ئۆپەراسیۆن لە دژی گەریلاکان ئەنجام دەدات بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە دەوڵەتی تورکیا ئەوە بۆ ماوەی بیست ساڵ دەچێت هێزە چەکدارەکانی پە=کە=کەی لە هێزێکی هێرشکەر کردووە بە هێزێکی بەرگرییکەر، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ستراتیج و تاکتیکی شەڕی پارتیزانی یەکناگرێتەوە. پارتیزانەکان دەبێت خۆیان بڕیار بدەن کە کەی شەڕ دەکەن، لە کوێ شەڕ دەکەن؛ ئەوە پارتیزانەکانن کە ئامانج دیاری دەکەن نەک دوژمن. بەڵام ئەوەی ئێستا لە خەباتی چەکداریی لە باکوور هەستی پێ دەکرێت و دەبینرێت هیچ خسڵەتی شەڕی پارتیزانی پێوەدیار نییە. دیارە هۆکارەکە زانراوە، ئەویش ئەوەیە کە هاوكێشەی هێز زۆر لارە بە لای داگیرکەری تورکیا، بەتایبەتی دوای گەشەپێدان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).
درۆن بەتەواوی هاوكێشەکانی هێزی گۆڕی و یاسا و ڕێسای گەمەکانی ئاوەژوو کرد، بۆیە وەک چۆن لە بەشی ڕابردوو و لەم بەشەدا هەندێک هۆکارمان خستەڕوو کە چۆن خەباتی چەکداریی نەهامەتهێن بووە بۆ خەڵکی کوردستان، بەهەمانشێوە، گەشەپێدان بە درۆن و باڵادەستی داگیرکەرانی کوردستان لەم بوارەدا، وەک ئاکامە نەرێنییەکانی دیکەی خەباتی چەکداریی، دەبێت ببنە مایەی بەخۆداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ڕێبازەکانی خەبات. درۆن خەباتی چەکداریی لە شەڕی پارتیزانی گۆڕی بۆ شەڕ لە تونێلەکان، ئەمە بۆ فەلەستینییەکانیش هەر ڕاستە. شەڕ لە تونێلەکان زۆر زەحمەتە ببێتە مایەی وەگەڕخستن و ڕابەرایەتیکردنی جەماوەر، وەک چۆن چێ جیڤارا و فیدێل کاسترۆ لە کوبا؛ ماوتسی تۆنگ لە چین و هۆشی منە لە ڤێتنام، کردیان.
نموونه‌یه‌کی دیکه‌ی ‌زه‌قی بێتوانایی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ بەرگریکردن له‌ کوردستان خۆڕانه‌گریان بوو له‌به‌رابه‌ر دژه-‌هێرشه‌کانی دەوڵەتی داگیرکەری عێراق دوای ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی به‌هاری 1991. بێجگه‌ له‌ به‌رگرییه‌کی کورت له‌ توزخورماتوو و ده‌وروبه‌ری کفری له‌ هیچ شوێنێکی دیکه‌ی کوردستان هێزی پێشمه‌رگه‌ بەرخۆدانێکی وای له‌ خۆ نیشان نه‌دا.
هیوادارم ئه‌م ڕوونکردنه‌وانه‌ و خستنەڕووی ئەم ڕاستییانە وەک تانە و بێڕێزییکردن بە پێشمەرگە و گەریلا لێک نەدرێتەوە. من وەک پێشووتر ئاماژەم پێ کرد، گومانم لە دڵسۆزی و قارەمانی پێشمه‌رگه‌ و گەریلاکان نییە. بەهەمان شێوە ئەو قسە و گفتوگۆیانە یەک زەڕە بێڕێزیی نییە بە خوێنی شه‌هیده‌کان و ڕۆحی فیداکارانه‌ی پارتیزانه‌کانی کوردستان، چونکه‌ من ڕێزی بێپایانم هه‌م بۆ پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌کان، هه‌م بۆ زیندوه‌کان، هه‌یه‌. پێشم وایه‌ گەریلا و پێشمه‌رگه‌کان جوامێرترین و خۆنەویسترین ڕۆڵه‌کانی کوردستانن و ڕێزلێنان له‌ خوێن و ڕابردوویان ئه‌رکی هه‌موو کوردستانییه‌که‌. به‌ڵام، من پێم وایه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ خۆگرتن و هه‌ڵسه‌نگاندنی واقعیانه‌ی ڕابردوو، یه‌که‌م هه‌نگاوه‌ بۆ تێپەڕاندنی ئه‌و نەهامەتییانەی به‌سه‌ر هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک دێن.
ڕاستییه‌کی تاڵ هه‌یه‌ ده‌بێت درکی پێ بکه‌ین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ داگیرکه‌رانی کوردستان توانای سه‌ربازیی و لۆجستیکی و ته‌کنۆلۆجیای شه‌ڕیان زۆر له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ و گەریلا زیاتره‌. پێشمه‌رگه‌ به‌ کلاشینکۆف چی پێ ده‌کرێت له‌گه‌ڵ هەلیکۆپته‌ر و فڕۆکەی جەنگی و ده‌بابه‌، ئێستا درۆنیشی هاتە سەر. وره‌و له‌خۆبردویی چین له‌به‌رابه‌ر چه‌کی کیمیاوی و درۆن. ده‌بێت دیسان ئه‌وه‌ بڵێم من لێره‌دا مه‌به‌ستم هێزی پێشمه‌رگه‌ وه‌ک هێزێکی سه‌ربازی ڕاهێنراوی پڕچه‌ککراو نییه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان یان لە ئیدارەی خۆسەری لە ڕۆژاڤا ده‌کرێت بکرێت به‌و هێزه‌ ئه‌گه‌ر یه‌کبخرێت و ڕێگه‌ی پێبدرێت، به‌ڵکو مه‌به‌ستم هێزی پێشمه‌رگه‌ وه‌ک هێزێکی پارتیزانی گه‌ڕیده‌یه‌ له‌ شاخه‌کان. دیاره‌ نابێت ئه‌وه‌ش له‌بیر بکه‌ین که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمیش ڕێگه‌ی پێنادرێت خۆی پڕچه‌ک بکات، ئه‌وه‌ ساڵانێکە‌ حکومه‌تی مه‌رکه‌زی عێراقی له‌ هه‌وڵی سنووردارکردن و تواندنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ناو سوپای عێراق-دا.
هەم هێز‌ی پێشمەرگە، هەم گەریلاکانی کوردستان، که‌ بۆ به‌رگریکردن له‌ کوردستان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دروست کراون، له‌ کاته‌ هه‌ره‌ پێویسته‌کان وه‌ک ئه‌نفالکردنی کورد له‌ باشوور لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو؛ ڕەشەکوژیی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵات لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو؛ لە ڕووخاندن و چۆڵکردنی زیاتر له‌ چوار هەزار گوند له‌ باکوور لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو، نه‌یانتوانی کورد له‌و نه‌هامه‌تیانه‌ بپارێزن. ئه‌وه‌ مانای ئه‌وە نییه‌ که‌ پێشمه‌رگه‌ بێ وره‌بوون، ترسنۆک و خۆڕاگرنەبوون، به‌ڵکوو ئەمە ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت که‌ ئه‌و ئه‌رکه‌ زۆر قورستره‌ له‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و گەریلا بتوانن پێی هه‌ڵبستن. به‌کورتی هه‌موو ئه‌و کاره‌سات و نەهامەتییانە ئه‌وه‌ ده‌گه‌یەنێت که‌ خه‌باتی چه‌کداریی شه‌ڕێکی دۆڕاوه‌ و شێوازێکی نه‌زۆکه‌ بۆ خه‌باتی ڕزگاریی نیشتیمانیی.
لە بەشی داهاتوودا بە ئیزافەی قسەکردن لەسەر چەند نەهامەتییەکی دیکە وەک ئاکام و دەرکەوتەی خەباتی چەکداریی، شرۆڤەی ئەوە دەکەم کە بۆچی داگیرکەرانی کوردستان حەز دەکەن کە کورد دەست بۆ چەک درێژ بکات و پەیڕەو لە خەباتی چەکداریی بکات.




خه‌باتی چه‌کداریی و حەتمییەتی پشتبەستن بە داگیرکەران.. شێرکۆ کرمانج

ئەم بەشێکە لە زنجیرە وتارێکی شرۆڤەکاریی، کە لەسەر خەباتی چەکداری و بەرئەنجام و دەرکەوتە نەرێنی و وێرانکارییەکانی بۆ سەر گەلی کوردستان لە ڕۆژانی داهاتوودا، دەیاننووسم. ئەوەی ڕاستی بێت سەرەتاکانی ئەم نووسینە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٢٤ ساڵ پێش ئێستا و ڤێرژنی یەکەمی ئەم نووسینە بە دوو بەش لە گۆڤاری هەوار، کە لە ئوسترالیا دەردەچوو، بڵاوکرایەوە. ئەم نوسخەیە بەدەستکاریی و نوێکردنەوە لەژێر تیشکی بەردەوامبوونی خەباتی چەکداریی لە باکووری کوردستان بەگشتی و ئەو چالاکییەی کە پار^تی کرێکا^رانی کوردستان (پەکەکە) لە ٢٣ی ئۆکتۆبەر ئەنجامیدا و بەرپرسێیەتییەکەی لە ئەستۆ گرت، نووسراوە. بابه‌تەکە‌ بەسەریەکەوە هه‌وڵدانێکه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ یه‌کێک له‌ هۆکارە‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌رنه‌که‌وتنی بزووتنەوە و شۆڕشه‌کانی گه‌لی کوردستان له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان، ئه‌ویش په‌یڕه‌ویکردنی‌ خه‌باتی چه‌کدارییە وه‌ک شێوازێکی خه‌بات بۆ گەیشتن بە مافەکانی گەلی کوردستان، لەنێویاندا ڕزگاریی نیشتیمانیی. بەگەڕانەوە بۆ مێژووی کورد، بەتایبەتی دوای شەڕی دووەمی جیهانیی و ئەزموونی خەباتی چەکداری لە کوردستان لەوکاتەوە، شرۆڤەی پێشهات و دەرکەوتەکان دەکەین. لەسەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە خەباتی چەکداریی لەوانەیە لایەنی باشیشی هەبووبێت وەک وروژاندن و حەماسەتخولقێنی و گورزوەشاندن لە داگیرکەر و ڕزگارکردنی هەندێک ناوچەی کوردستان جار جار، لێرە و لەوێ، بۆ ماوەی کورت یان درێژ. بەڵام ئەو لایەنە، یەکەم، لە دەرەوەی چوارچێوەکانی ئەم بابەتەیە، دووەم، بە هیچ شێوەیەک لایەنە ئەرێنییەکانی خەباتی چەکداریی بارتەقای لایەنە خراپ و ئاکامە کارەساتبار و نەرێنییەکانی نابن. بۆیە، ئه‌وه‌ی لە هەموو شتێک زیاتر ته‌رکیزی له‌سه‌ر ده‌کرێت ئاکامه‌ خراپه‌کانی ده‌ستبردنی حیزب و ڕێکخراوه‌ کوردستانییه‌کانه‌ بۆ خه‌باتی چه‌کداریی. پاش ده‌ستنیشان کردنی ئاکامه‌ خراپه‌کانی خه‌باتی چه‌کداری، هەوڵ دەدەین لە بەشەکانی کۆتایی ئەم زنجیرە بابەتە وەڵامی دوو پرسیاری دیکە بدەینەوە، یەکەم، داخۆ لایەنە کوردستانییەکان خەباتی چەکدارییان وەک تاکتیک و سەپێنرا و هەڵبژاردووە یان وەک ستراتیج. دووەم، داخۆ کوردستانییان هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لە پێشە، ئەگەر هەیە ئەو بژاردەیە چییە و چۆنە گرنگییاکانی چین؟ گرنگی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ تاوەکوو ئێستا له‌ باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌م شێوازی خه‌باته‌ له‌لایه‌ن پەکەکە و پارتی ژیانه‌وه‌ی کوردستان (پژاک) و چه‌ندین لایه‌نی دیکه [وەک حیزبی دێموکڕاتی کوردستان (حیزبی دیموکرات) و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان (کۆمەڵە)]‌ که‌م تا زۆر په‌یڕه‌وی لێ ده‌کرێت، یان ئەگەر وازیشیان لێ هێنابێت ئەوە جارناجارێک گفتوگۆی دەکەنەوە. ئێمە پێمان وایە کە خەباتی چەکداریی، لانیکەم، دەبێتە مایەی: (١) پشتبەستنی بزووتنەوە کوردستانییەکان بە داگیرکەران؛ (٢) له‌دەستدانی جڵه‌و و ئاراستەی بزووتنه‌وه کوردستانییەکان؛ (٣)‌‌ ناشیرین و لەکەدار بوونی بزووتنەوەکان لەبەر پەیڕەوکردنی شێوازێکی باونەماو لە خەبات؛ (٤) شکستی بەردەوام و یەک لەدوای یەکی بزووتنەوە و شۆڕشەکان؛ (٥) هه‌ڵاواردنی هەردوو نوخبه سیاسی و ڕووناکبیریی کوردستان لەگەڵ ‌خەڵک و جەماوەر؛ (٦) هەڵگیرسان و درێژەدانی شه‌ڕی ناوخۆ؛ (٧) پاوانخوازیی و داگیرکردنی گۆڕه‌پانی خه‌بات و فرەلەشکریی؛ (٨) بەشەڕگەبوونی سەرزەویی کوردستان و کردنی بە کێڵگەی شەڕ لەلایەن داگیرکەران؛ (٩) بەهێزبوونی دەوڵەتی قووڵ و پێگەی سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی داگیرکەران؛ (١٠) ده‌ستبه‌ردارنه‌بوونی چه‌ک دوای سەرکەوتن. لەم بەشەدا گفتوگۆی کاریگەریی خەباتی چەکداریی لەسەر پشتبەستن بە داگیرکەرانی کوردستان دەکەین. یه‌کێک له‌ هۆکارە‌ هه‌ره‌ سه‌رکییه‌کانی به‌ ئاکام نه‌گه‌یشتنی شۆڕشه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی کوردستان، پشت به‌ستنیان بووه‌ به‌ وڵاتانی دراوسێ و گره‌وکردنیان بووه‌ له‌سه‌ر کێشه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردستانییان به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه‌. سه‌رنه‌که‌وتنی شۆڕشی چوارده‌ ساڵه‌ی ئه‌یلول (1961-1975) به‌ سه‌رکردایه‌تی مه‌لا مسته‌فای بارزانی نموونه‌یه‌کی زه‌قی ئه‌و دیارده‌ کوشنده‌یه‌یه‌ که‌ تووشی شۆڕشه‌کانی کورد بووه‌.

پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵی ١٩٦٢، واتە تەنیا ساڵێک دوای دەست پێ کردنی شۆڕشەکە، کاتێک شای ئێران، محمد ڕەزا، دەستی کرد بە دابینکردنی تەقەمەنی سووک و پاڵپشتی دارایی بۆ کوردەکان دژی حکومەتی عێراق. پشتگیریی دارایی ساڵانە و ناردنی چەک لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا زیادی کرد و لە ١٩٧٤ دا گەیشتە لوتکە و لە ٧٥ ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند (تەماشای کتێبی “مام جەلال: دیداری تەمەن، ل. ٣٠٦ بکە). دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول لە 1975، یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان (یه‌کێتیی) له‌ دیمه‌شق دامه‌زرا و بۆ پشتیوانی له‌ شۆڕشی “نوێ” ئه‌وێیان به‌ تاران گۆڕیه‌وه‌. پاشانیش له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌کی جیۆپۆلیتیکی و سه‌رنه‌گرتنی مفاوه‌زاته‌کانی سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سەدەی ڕابردوو و زویربوونی سووریا لە مفاوەزاتەکە، یه‌کێتیی ڕووی کرده‌ تاران و پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران دامەزراند، بە ڕادەیەک کە سوپای پاسداران لە هەندێک چالاکی پێشمەرگە بەشداریان کرد. پێش یه‌کێتیی، پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران خۆشبوو له‌و خه‌باته‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاکان چڕببووه‌ و پشتیوانی له‌ ئێران وه‌ر‌ده‌گرت. وەک یەکێتیی، پارتی لە هەندێک ناوچە چالاکی هاوبەشی لەگەڵ سوپای پاسداران ئەنجام دا. بێجگە لەمە، بارەگا سەرەکییەکانی پارتی لە گوندی زێوە و شاری کەرەج بوون تا ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١. له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش، حیزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌ دوای ئه‌وه‌ی که‌وتنه‌ به‌ر فشاری هێزه‌کانی جمهوری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، هەر زوو بۆ کۆمه‌ک و یارمه‌تی په‌نایان بۆ عێراق هێنا. هەندێک لە بارەگا سەرەکییەکانی هەردوو لایەن تا ڕاپەڕین لەو ناوچانەدا بوون کە لەژێر سایەی حکومەتی عێراقی-دا بوون و کەم تا زۆر کۆمەکی سەربازیی و لۆجستییان لە عێراق وەردەگرت. به‌هه‌مانشێوه،‌ په‌=که=‌که،‌ دوای دامه‌زراندی له‌ 1978 هه‌ر زوو سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی بنه‌وبارگه‌ی تێک ناو ڕووی کرده‌ سووریا. دواتریش دوای ڕاگه‌یاندنی خه‌باتی چه‌کداریی له‌ 1984 سووریای کرد به‌ پشتیوانی سه‌ره‌کیی خۆی و ده‌شتی بیقاع-یشی له‌ لوبنان کرد به‌ مه‌ڵبه‌ندی مه‌شق و سازدانی گه‌ریلاکانی بۆ شه‌ڕ له‌ کوردستان. بەگشتیی، پێداویستییەکانی خەباتی چەکداریی (چەک، فیشەک، ئازوقە، پارە، هتد) پاڵنەریی سەرەکی دروستبوونی پەیوەندی لەنێوان هێز و لایەنە کوردستانییەکان و داگیرکەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بوون. لێره‌دا حەزدەکەم پێش ئەوەی زیاتر بچمە ناو بابەتەکە لەسەر دوو شت هەڵوەستە بکەم.
یەکەم، من ڕێز و پێزانینم بۆ هەموو ئەوانە هەیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پێشمەرگە، گەریلا یان شەڕڤان بوون. هاوکات، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کوردستان دادەنوێنم، بەوانەش لە خەباتی چەکداریی گیانیان فیدا کردووە. ئەو ڕەخنانەی من لەسەر شێوازێکی خەباتە بە هیچ شێوەیەک نابێت وەک بێڕێزیی بە ماندووبوون و خوێنی ڕژاوی بەشدارانی خەباتی چەکداریی ببینرێت. دووەم، ده‌مه‌وێت خوێنه‌ر ئاگاداربکه‌مه‌ که‌ مه‌به‌ست له‌ پشتبه‌ستن نۆکه‌رایه‌تی کردن نییه‌، له‌م بابه‌ته‌ که‌ باس له‌ پشتبه‌ستن ده‌که‌ین مه‌به‌ستمان تاوانبارکردنی نه‌ سه‌رکردایه‌تی و نه‌ بنکردایه‌تی ئه‌م لایه‌نانه‌ نییه بەڵکوو ڕەخنەکردنی خەباتی چەکدارییە کە حەتمییەتی پشتبەستن بە داگیرکەرانی کوردستانی هێناوەتەگۆڕێ‌. بەبنەما لەسەر‌‌ دیالەکتیکی هۆ و ئه‌نجام دەکرێت شرۆڤەی پەیوەندی نێوان خەباتی چەکداریی و پشتبەستن بە داگیرکەران بکەین. به‌پێی ئه‌م دیاله‌کتیکه‌ هه‌موو ئه‌نجامێک هۆی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هۆکه‌ به‌هێز بێت ئه‌نجامه‌که‌ حه‌تمی ده‌بێت‌، ئه‌گه‌ر هۆکه‌ش بێهێز بێت ئه‌نجامه‌که‌ی وه‌ک ڕووداوێک ده‌رده‌که‌وێت‌‌، بە زمانی بازاڕ پێی دەڵێن ڕێککەوت (سودفە). بۆ نموونه،‌ ئه‌گه‌ر که‌سێک خۆی باش ئاماده ‌بکات بۆ تاقیکردنه‌یه‌ک ئه‌وه‌ سه‌رکه‌وتنی شتێکی حه‌تمییه‌، ئه‌گه‌ریش که‌م یان هه‌ر خۆی ئاماده ‌نه‌کات ئه‌وه‌ سه‌رکه‌وتنی به‌ سودفه‌یه‌. به‌ بنه‌ما له‌سه‌ر ئه‌م پرنسیپه‌ ده‌توانین هۆی سه‌رنه‌که‌وتنی شۆڕشه‌کانی کوردستان تا ئه‌و شوێنه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ خه‌باتی چه‌کدارییه‌وه‌ هه‌یه‌ شی بکه‌ینه‌وه‌.
که‌من ئه‌وانه‌ی گومانیان له‌وه‌دا هه‌بێت که‌ هۆی هه‌ره ‌سه‌رەکی شکستهێنانی “شۆڕشی ئه‌یلول” لە باشوور بە سەرکردایەتی پارتی پشتبه‌ستنی بوو به‌ ئێران، ئێرانێک کە لە باشترین دۆخ نەیارە و لە خراپترینیش دوژمن و داگیرکەر. گومان له‌وه‌شدا نییه‌ که‌ “شۆرشی نوێ”ی کوردستان له‌ 1976-1988 بە ڕابەرایەتی یەکێتیی به‌هه‌مانشێوه‌ پشتبه‌ستن بوو به‌ ئێران، کە به‌هه‌مان ئاکامی گه‌یاند. ئاشکراشه‌ که‌ “ڕێککەوتنی ئەدەنە” لە نێوان سووریا و تورکیا، بە سەرپەرشتی ئێران و میسر، له‌ 1998، بۆ وەستاندنی پشتیوانییەکانی سووریا لە پەکە^کە، کە ده‌رپەڕاندنی “عه‌بدوڵا ئۆجالان”ی سه‌رکرده‌ی شۆڕشی کوردانی باکوور بەدوای خۆیدا هێنا، هۆکاری هەرە سەرەکیی بێهێزبوونی بزووتنه‌وه‌که‌ له‌و پارچه‌یه‌ی کوردستان-دا بوو، لانیکەم لاوازبوونی باڵی سەربازیی بزووتنەوەکە، کە لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو بەشێکی زۆری باکووری کوردستانی لەژێر دەسەڵاتدا بوو و چالاکییەکانی گەریلا ناوچەیەکی بەرفراوانی لە باکوور گرتبۆوە، کەچی لە بیست ساڵی ڕابردوودا تاک و تەرا نەبێت، گەریلا لە باکوور بوونی نەماوە. لە باشووریش گەریلا توانای هێرشیان لە دەست داوە، بەرگرییکردنی لێ دەرچێت، ئەویش لە چەند شاخێکی سەخت لە دەرەوەی سنوورەکانی باکووری کوردستان، لەنێو تونێل و ئەشکەوتەکانی باشوور نەبێت. ئەمانە ڕاستیی تاڵن.
زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین، کاریگه‌ریی ڕێککەوتنی ئەدەنە له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌کەی باکوور‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بوونی باره‌گاکانی په‌@که@‌که‌ له‌ لوبنان و پشبه‌ستنی به‌ سووریا بۆ دابینکردنی بارەگا بۆ مەشق و ڕاهێنان لە دۆڵی بیقاع و یارمەتی سەربازیی و لۆجستیکی. هه‌رئه‌ویش بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ سووریا ده‌ستی باڵای هه‌بێت له‌ دیاریکردنی ئاراسته ‌و دواڕۆژی بزووتنه‌وه‌که، لانیکەم تا ئەو کاتەی بارەگاکانی پە+کە+کە لە بیقاع بوون‌.
پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، ئایا شۆڕشه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی کوردستان بۆ پشت به‌ داگیرکه‌رانی کوردستان ده‌به‌ستن؟ به‌ ده‌ربڕینێکی دیکه‌ شۆڕشه‌کان چۆن ده‌توانن پشت به‌ بێگانه‌ نه‌به‌ستن؟ کورد چۆن ده‌توانێت به‌رانگژی تورکیا بێته‌وه ‌و پشت به‌ سووریا نه‌به‌ستێت؟ یان دژی دەوڵەتی عێراق یان ئێران خه‌بات بکات بێئه‌وه‌ی یارمه‌تی له‌ ئێران یان عێراق وه‌رنەگرێت؟ ئایا ده‌کرێت شه‌ڕی پارتیزانی بکرێت و کۆمه‌ک له‌ ده‌روجیران وه‌رنه‌گیرێت؟ ئایا شه‌ڕ بێ ئازووقه‌ ده‌کرێت؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ ده‌بێت هۆکانی پشتبه‌ستن به‌ دراوسێکان (داگیرکه‌ران) بدۆزینه‌وه‌، ئه‌وسا ڕێگه‌چاره‌ی خۆقوتارکردن له‌ نه‌هامه‌تی پشتبه‌ستن به‌ بێگانه‌ ده‌ستنیشان بکه‌ین.
ده‌ست پێ کردن‌ و درێژه‌دان به‌ خه‌باتی چه‌کداریی لەلایەن بزووتنه‌وەکانی کوردستان، پێویستیی پشبه‌ستن به‌ ده‌روجیران دێنێته‌ گۆڕێ. بۆ؟ چونکه،‌ بۆ خه‌باتی چه‌کداریی، بزووتنه‌وه‌کان (کادیر و پێشمەرگەکانیان، گەریلاکانیان) پێویستییان به‌ چه‌ک و گولە و تفاقی جه‌نگی و زه‌خیره‌ بۆ چەکدارەکانیان دەبێت‌، هاوکات پێویستییان بە نەخۆشخانە دەبێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی بریندارەکانیان، هتد. ئه‌مانه‌ش‌ وا له‌ بزووتنه‌وه‌کان‌ ده‌که‌ن په‌نا بۆ وڵاتانی دراوسێ ببه‌ن بۆ کۆمه‌ک و یارمه‌تی و پشتیوانی. بە واتایەکی دیکە، خه‌باتی چه‌کداریی میکانیزمی پشتبه‌ستن به‌ دراوسێکان دێنێتەگۆڕێ. هاوکات، له‌به‌ر شوێن و واقیعی جوگرافی کوردستان کە “وڵاتێکی دەورەدراو” (landlocked)، واتە وڵاتێکی بێ کەنارە و لە هەموو لایەکەوە بە وشکانی دەوردراوە، ئەوا زۆرجار، ئەگەر نەڵێین هه‌میشه‌، ئه‌و لایه‌نەی کە بزووتنەوەکانی کوردستان داوای یارمەتی لێدەکەن، یەکێک لە چوار‌ داگیرکه‌رەکەی کوردستان-ە. هه‌ڵکه‌وتی کوردستان وای کردووه‌، ئه‌گه‌ر دۆستێکی کورد به‌نیازپاکی، یان بۆ بەرژەوەندی خۆی، بیه‌وێت یارمه‌تی ڕاپەڕینەکانی کوردستان بدات، ئه‌وا‌ به‌ناچاریی بۆ گه‌یاندنی کۆمه‌ک و چەک و تەقەمەنی ده‌بێ له‌ ڕێگه‌ی دراوسێیه‌کی، داگیرکەرێکی، کوردستان بیان گه‌یه‌نێت. مێژووش پێمان ده‌ڵێت که‌ دراوسێکانی کوردستان ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌کانیان یارمه‌تی کوردیان داوه‌ و ده‌ده‌ن، یان یارەمەتی لایەنی دیکە دەگەیەنن.
دیاره‌ ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر دراوسێ نه‌یاره‌کانی کوردستان جێبه‌جێ نابێت، به‌ڵکوو له‌سه‌ر ئه‌و هه‌رێمه‌ نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ی کوردستانیش لە باشوور یان هه‌ر دەوڵەتێکی سەربەخۆ له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان لە دواڕۆژ دابمەزرێت، جێبه‌جێ ده‌بێت. چونکه‌ هه‌رێمه‌که‌/وڵاتەکە، بۆ نموونە: هه‌رێمی کوردستان، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ کاتییه‌کانی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ کوردستانییه‌کان له‌ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌کات، وەک ئەوەی ئێستا بە زەقی دەبینرێت لە مامەڵەکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەکانی ڕۆژهەڵات و باکوور. بۆیه،‌ ئه‌و فشاره‌ی که‌ ئێستا هه‌رێم جارجار ده‌یخاته‌ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ چەکدارییەکانی ڕۆژهه‌ڵات یان باکوور شتێکی چاوه‌ڕوان کراوه‌.
لەوەشدا دەردەکەوێت کە خه‌باتی چه‌کداریی و پشتبه‌ستن به‌ لایه‌نێکی دیکه‌ په‌یوه‌ندییه‌کی دیاله‌کتیکیانه‌یان هه‌یه‌. لەوەش ترسناکتر ئەوەیە، هه‌رکاتێک بزووتنەوەیەک پشت به‌ لایه‌نێکی دەرەکی‌ ببەستێت، ئه‌وا له‌لایه‌ک ده‌بێته‌ مایه‌ی له‌ده‌ستدانی جڵه‌وی بزووتنه‌وه‌که‌، له‌لایه‌کی دیکه‌ش، بزووتنه‌وه‌که‌ ده‌که‌وێته‌ ژێر کاریگه‌ریی ئایدیۆلۆجی و فکری لایه‌نه‌ پشتپێبه‌ستراوه‌که. بۆ نموونە، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی په(‌که)‌که‌ تاڕاده‌یه‌ک له‌ نه‌وه‌ته‌کان سه‌ربه‌خۆیی خۆی پاراستبوو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی باره‌گای سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی له‌ سووریا و بنکەکانی مەشق و ڕاهێنانی لە لوبنان بوون، ئەوا ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر ده‌خزایه‌ ژێر کاریگەریی ئه‌و ده‌وڵەتە، وەک تێوەگلانی پە[کە]کە لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو‌ بۆ ڕازیکردنی پشتیوانەکەی، سووریا. هۆیه‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی که‌ تا ده‌هات بزووتنه‌وه‌که‌ پێداویستیی جه‌نگ و تفاق و شوێنی مه‌شقکردنی زیاتر ده‌بوو. بەهەمان شێوە، بوونی په‌^کە^‌که‌ له‌ سووریا، که‌ هۆکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌ستبردنی بۆ چه‌ک و پەیڕەوکردنی خەباتی چەکداریی،‌ یه‌کێک له‌و هۆکارانە بوو که‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریکا و ئیسرائیل وه‌ک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ته‌ماشا بکرێت، چونکه‌ هەم سووریا، وڵاته‌ پشتپێبه‌ستراوه‌که‌، ده‌یان ساڵه‌ وه‌ک وڵاتێکی پاڵپشتیکەر له‌ تیرۆر ناسراوه‌، هەم خەباتی چەکداریی شێوازێکی ڕەتکراوەیە بۆ خەبات لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا (لە بەشەکانی داهاتوودا قسەی زیاتری لەسەر دەکرێت). لەلایەکی دیکەوە، توندڕه‌ویی سووریا کاریگه‌رییه‌کی خراپی له‌سه‌ر ڕه‌وتی فکریی و پراکتیزیی په‌+که+‌که‌ دانابوو. سووریا به‌مه‌به‌ستی فشارخستنه‌ سه‌ر تورکیا و پارسه‌نگکردنی ته‌رازووی هێز له‌ کێشه‌ی ئاو له‌گه‌ڵ تورکیا په‌-که-‌که‌ی به‌کارده‌هێنا. له‌هه‌مانکاتدا شه‌ڕی مه‌عنه‌وی و ئایدۆلۆجی ئه‌مریکا و ئیسرائیلی-شی پێ ده‌کرد، گوایه‌ به‌ره‌ی دژی ئیمپریالیزمیان پێکهێناوە، گوتارێک کە ئێستاش، دوای زیاتر لە ٢٥ ساڵ لە دەرچوون لە سووریا، کەچی پە!کە!کە نەیتوانیوە لێی ڕزگار بێت. لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکانی دەربازنەبوون لە گوتاری دژە-ئیمپریالیزم، نزیکیی ئەو ڕێکخراوە بێت لە ئێران لەم ساڵانەی دوایی، کە خۆی بە ڕابەری بەرەی دژی-ئیمپریالیزم دەزانێت، ئەوەی ئێران ناوی لێناوە بەرەی مقاوەمەت.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە له‌ 1946 دامەزرا، تا سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو زیاتر خه‌ریکی خه‌باتی ژێرزه‌مینی و جه‌ماوه‌ری بوو. په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ هیچ ده‌روجیرانێکی کوردستان نه‌بوو، که‌چی له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ چه‌کدارییه‌که‌ی 1961 هه‌رزوو سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی به‌مه‌به‌ستی کۆمه‌ک وه‌رگرتن ده‌ستی له‌گه‌ڵ ئێران تێکه‌ڵ کرد. به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا له‌ڕێگای چه‌ند که‌سێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل-یش په‌یوه‌ندی به‌سترا. گۆڕانکارییه‌کی ئه‌وتۆ له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندی پارتی تا ١٩٦١ له‌ سه‌رکردایه‌تی بزووتنه‌وه‌که‌ و ڕه‌وته‌ فکرییه‌کانی پارتی ڕوویان نه‌دابوو، پرسیارەکە ئەوەیە، ئەد‌ی بۆچی دوای ده‌ست پێ کردنی خه‌باتی چه‌کداریی، بزووتنه‌وه‌که‌ ده‌ستی بۆ دراوسێکانی درێژ کرد. ئه‌گه‌ر خه‌باتی چه‌کداریی و پێداویستییەکانی شەڕ نه‌بووبێت ئه‌دی ده‌بێ چی بێت؟ واتە، خەباتی چەکداریی زەرورەتی پشتبەست بە بێگانەی هێناگۆڕێ. لەهەمان کاتدا، به‌نزیکبوونه‌وه‌ له‌ ئێران و ئیسرائیل پارتی‌ هەم جڵەوی بزووتنەوەکەی لە دەستدا، هەم بوو بە بەشێک لە گەمە ئیقلیمییەکانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، هەم لە‌ ڕه‌وته‌ شۆڕشگێڕییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌می ناوچه‌که‌ دوورکه‌وته‌وه‌، له‌وانه‌ حیزبی شیوعی عێراقیش. ئێمە لێرە باس لە باشی یان خراپی نزیکبوونەوە یان دوورکەوتنەوە لە حیزبی شیوعی و بلۆکی ڕۆژهەڵات ناکەین، بەڵکو دەمانەوێت ئەوە بڵێین کە پشتبەستن بە بێگانە حەتمییەتی گۆڕین لە ئاراستەی فکریی بزووتنەوەکەش دێنێتەگۆڕێ. پارتی تا سەرەتای شەستەکانی ڕابردوو وەک هێزێکی چەپ خۆی دەناساند و لە حیزب و لایەنە چەپەکانی ناوچەکە نزیک بوو، بەڵام کاتێک بزووتنه‌وەکە لەگەڵ ئێران و ئیسرائیل پەیوەندی گرێدا، ئێدی پارتی پشتی له‌ چەپ و بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات کرد و ڕووی لە ئێران و ئەمریکا کرد، وەک بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی موحافیزکار خۆی نمایش دەکرد.
بەپێچەوانەوە‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌که‌ی باکوور بنه‌وبارگه‌ی له‌ سووریا دانابوو ئه‌ویش دژ به‌ ڕۆژئاوا و به‌ شنه‌ی ڕۆژهه‌ڵات سه‌مای ده‌کرد، بزووتنه‌وه‌ کوردییه‌که‌ش له‌سه‌ر هه‌مان ئاواز دەیخوێند و ئاڵای سووری کۆمۆنیزمی له‌ شاخه‌کانی کوردستان هه‌ڵکردبوو. به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا، وەک ئاماژەی پێ کرا، له‌ لوبنان له‌پاڵ فه‌له‌ستینیه‌کان شه‌ڕی ئیسرائیلی ده‌کرد.
ئه‌مانه‌ هه‌موو نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن که‌ خەباتی چەکداریی بێجگە لەوەی پێویستیی پشتبەستن بە وڵاتێکی دراوسێ، لە دۆخی کوردستان، داگیرکەرێک، دێنێتەپێش، ئەوا بزووتنه‌وە چه‌کدارییەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییه‌کانیان ده‌که‌ونە‌ ژێر کاریگه‌ریی فکریی و ئایدیۆلۆجیی ئه‌و لایه‌نەش کە پشتی پێ ده‌به‌ستن. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ مایه‌ی نه‌ک هه‌ر له‌ ده‌ستدانی جڵه‌وی بزووتنه‌وه‌که‌ به‌ڵکو ئاراسته‌ فکرییه‌کانیشی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقعی ڕۆژ نابن چونکه‌ به‌ ناچاری ده‌که‌ونه‌ ژێر ڕه‌حمه‌تی خه‌ته‌ ئایدیۆلۆجییه‌کانی ده‌وڵه‌ت یان لایه‌نه‌ پشتپێبه‌ستراوه‌که‌. یه‌کێک له‌ به‌ره‌نجامه‌کانی پشتبەستن بە بێگانە، کە زادەی پەیڕەوکردنی خەباتی چەکدارییە، لەگەڵ‌ ده‌ستدانی جڵه‌وی بزووتنه‌وەکە‌، دەوڵەتە پشتپێبەستراوەکە دەخاتە پێگەیەکی بەهێز لە کاریگەریی دروست کردن لەسەر بزووتنەوەکە. بۆیه‌ هه‌ر کاتێک به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی وڵاتە پشتپێبەستراوەکە بخوازێت فوویه‌ک له‌ “مه‌شخه‌ڵی” شۆڕشه‌کان/ڕاپەڕینەکان ده‌که‌ن.
ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ که‌ خه‌باتی چه‌کداریی تاکه‌ هۆکاری سه‌رنه‌کەوتن یان سه‌رانگۆبوونی بزووتنه‌وه‌ کوردستانییه‌کانه‌، به‌ڵکو یه‌کێکه‌ له‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌کان. بۆیه‌ من له‌و باوه‌ڕه‌دام یه‌که‌م هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌رکه‌وتن و له‌ده‌ستنه‌دانی ڕكێفی بزووتنه‌وه‌کانی کوردستان به‌ وه‌لانانی خه‌باتی چه‌کداریی وه‌ک شێوازێکی خه‌بات ده‌ست پێ ده‌کات.
لە بەشەکانی داهاتوودا، گفتوگۆی خاڵە نەرێنی و نه‌هامه‌تییه‌کانی دیکەی خه‌باتی چه‌کداریی دەکەین، لەوانە: ناشیرینبوون و باونەمانی خەباتی چەکداری وەک شێوازێکی خەبات؛ شکستی بەردەوام و یەک لەدوای یەکی بزووتنەوە و شۆڕشەکان؛ تا کاریگەریی خەباتی چەکداریی لەسەر هه‌ڵاواردنی هەردوو نوخبه سیاسی و ڕووناکبیرییەکانی کوردستان لەگەڵ ‌خەڵک و جەماوەر.

ماویەتی..




تەزویر کێشە نییە، دەزانن کێشەکە چییە؟.. شێرکۆ کرمانج

چارەسەری کێشە بە دیاریکردنی کێشە دەست پێ دەکات، ڕێک وەک ئەوەی چۆن چارەسەری نەخۆشی بە دەستنیشان کردنی هۆکاری پشت نەخۆشییەکە دەست پێ دەکات. ئەوەی ئەلفوبێی سیاسەت و تەندروستی بزانێت ئەو ڕاستییە دەزانێت. بۆیە بەڕاستی قسەکردن لەسەر تەزویر مایەپووچ و بێ بنەمایە چونکە جەوهەری کێشەی دیموکراسی لە هەرێم، لە عێراق و لە تەواوی ناوچەکە (وەک وڵاتانی ئێران، میسر و تورکیا و ڕووسیا) گرفت یان بوونی تەزویر نییە بەڵکوو کێشەگەلێکی دیکە کە بوون بە ڕێگر لەپێش گەشەی دیموکراسی. لەم کورتەبابەتە بەسەرپێی قسە لەسەر هەندێکیان دەکەین.
ئەوەی هەڵبژاردن لە کوردستان و کۆمەڵێک وڵات نادیموکراسی دەکات، پرسی تەزویر نییە، چونکە نەک لەم هەڵبژاردنە بەڵکو لە هەموو هەڵبژاردنەکان، ئەوکاتانەی کە بەخەستی تەزویر دەکرا، تەنیا بای چەند کورسییەک دەکرا تەزویر بکرێت، بەگشتی دەکرێت بڵێین، لە کەمترین حالەت کورسییەک و لە زۆرترین حالەت پێنج کورسی لەو ١٠٠ کورسییەی پەرلەمانی کوردستان بە تەزویر دەبردرانەوە.
ئەوەی وا لە هەندێک کەس بکات پەنا بۆ تیوری پیلانگێڕیی، یان تەزویر و ساختەکاری ببات، ئەوەیە کە ئەوانە پێیان وایە پارتی و یەكێتیی جەماوەریان نییە، مادام جەماوەر و دەنگدەریان نییە، ئەدی ئەوە چۆنە هەموو جارێک زۆرینەی کورسییەکان دەبەنە. بەکورتی، پێمان خۆش بێت یان نا، ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە. پارتی و یەکێتیی دوو هێزی گەورەن لە کوردستان و جەماوەریان هەیە و جەماوەرەکەشیان گوێڕایەڵترن لە جەماوەری حیزبەکانی دیکە نەک تەنیا لەبەر دڵسۆزییان بۆ پارتی و یەکێتیی بەڵکوو لەبەر پەیوەستبوونی بەرژەوەندییەکانیان بەم دوو حیزبەوە، لەبەر مێژووی زۆر و دوورودرێژی ئەو دوو حیزبە، لەبەر خزمخزمێنەیان، هتد. ئەوەش ڕاستییەکە کە بە خۆشی بێت یان ناخۆشی دەبێت قەبوڵی بکەین. قەبوڵ کردن لەبەر ئەوەی نا کە ئەمە ڕاستە یان باشە بەڵکوو لەبەر ئەوەی واقیعێکە و سەپێنراوە، جا ئەوەی نازانێت ئەو واقیعە بۆ ئاوای لێهاتووە ئەوە شتێکی دیکەیە.
ئەوەی دەبێت قسەی لەسەر بکرێت تەزویر نییە بەڵکوو ئەو هۆکارانەن کە ڕێگرن لەپێش پڕۆسەی نیشتیمانسازی و بەدامەزراوەییبوونی دامودەزگاکانی هەرێم، کە دەکرێت لەم خاڵانەدا کورت بکرێنەوە:
یەکەم، نەبوونی هەلی یەکسان، واتە هەندێک حیزب، یەکێتیی و پارتی، بەتایبەتی، پارەیەکی زۆر و توانایەکی زۆر و زەبەلاحیان لەبەردەستدایە کە لە ئاکامی ناعەدالەتی و گەندەڵی و قۆرغکردنی جومگەکانی دەسەڵات مسۆگەریان کردووە و لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لە خزمەتی خۆیان بەرژەوەندی کاندیدەکانیان بەکاریان دێنن.
دووەم، کۆنتڕۆڵکرنی میدیا بە هەموو شێوەکانی، هەر لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەوە بگرە تا سۆشیال میدیا، لەلایەن پارتی و یەكێتیی، کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەو پارە زۆرەی لەبەردەست پارتی و یەکێتیی دایە کە لە ڕێگەی دەستگرتن بەسەر سامانی گشتیی و گومرگەکان و دروستکردنی کۆمپانیای زەبەلاحی خانوبەرە و هەناردە و هاوردەکردن و مسۆگەرکردنی کۆنتراکتەکان و موساتەحە و زەوی زاردا مسۆگەریان کردووە. لە بەرئەنجامدا هەر دوو حیزب بوون بە خاوەنی کۆمەڵێک بانک و کۆمپانیای میدیایی زەبەلاح. ئەمانەش دەرفەتی نایەکسانیان بۆ کاندیدەکانی ئەم دوو حیزبە بە بەراورد بەوانی دیکە ڕەخساندووە.
سێیەم، کۆنتڕۆڵکردنی دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان، هەر لە پێشمەرگەوە بگرە تا دەگاتە پۆلیس، کە هەم بۆ چاوسوورکردنەوە، هەم بۆ گرتن و زیندانیکردنی نەیاران بەکار دێت. ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای خەڵکانی دەرەوەی ئەم دوو حیزبە دروست کردووە کە لە هەڵبژاردنەکاندا و لەسەر سندوقەکانی دەنگدان ئەنجامەکانی دەردەکەون.
چوارەم، نەبوونی دەستوور و دادگایەکی باڵا کە هەم بێلایەن بێت هەم یەکلاییکەرەوە بێت. لە غیابی دەستوور و دادگاش، یەکێتیی و پارتی هێندەی دیکە تواناکانی گەندەڵکاریی و کۆنتڕۆڵکردن و قۆرغکردنیان زیادی کردووە. ئەمەش ژینگەیەکی دروست کردووە کە دیموکراسی نەک تێیدا گەشە ناکات بەڵکوو بپووکێتەوە.
کەواتە تکایە واز لەوە بێنن کە تەزویر کراوە یان نەکراوە، چونکە وەک گوتمان، بێجگە لەوەی کە تەزویر ڕۆژ بە ڕۆژ، جار بە جار، هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن، کەمی کردووە هیچ کاتێک تەزویر ئەو خەمە گەورە و ئەو گەمەگۆڕەرە، گەیم چەینگەرە، نەبووە.
ئەوەی گەمەکان و بارەکان بەلای پارتی و یەکێتیی دا لار دەکاتەوە ئەو چوار خاڵەیە کە ئاماژەم پێکردن، تا گەندەڵی کەم نەکرێتەوە، تا میدیا لەژێر دەسەڵاتی پارتی یەکێتیی دەرنەهێنراێت، تا سامانی گشتی لەلایەن حکومەتێک کە هی خەڵک بێت و بەرپرس بێت بۆ خەڵک، تا دادگای ئازاد و دەستوورمان نەبێت، تا هێزە ئەمنییەکان بە نیشتیمانیی نەکرێن، بەکورتی، تا پڕۆسەی نیشتیمانسازی لە هەرێم وەگەڕنەخرێت و نەبێت بە پڕۆسەیەکی تۆکمە، ئەوە دیموکراسی هەر ساختەکراسی بەرهەم دێنێت، بەڵام وەک گوتم نەک لەبەر تەزویر بەڵکوو لەبەر ئەوەی تەواوی پڕۆسەکە ساختەکارییە.




بۆچی ئەمریکا پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات دژی ئێران.. شێرکۆ کرمانج

ئەوەی لێرە دەیخوێننەوە، دید و تێگەیشتن و پێشبینیکردنی من نییە بۆ پۆڵەسی (واتە: هەڵوێست و کردە و ستراتیجییەکانی) ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران، بەڵکوو ئەمە دیدی کەسی دووەمە لە ئیدارەی ئەمریکا، ئەنتنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە لە بابەتێکی دوورودرێژدا بەناونیشانی “ستراتیجییەتی نوێبوونەوەی ئەمریکا: دووبارە بنیاتنانەوەی سەرکردایەتیی بۆ جیهانێکی نوێ” (America’s Strategy of Renewal: Rebuilding Leadership for a New World) نووسیویەتی، کە لە گۆڤاری فۆرین ئەفەیرس (Foreign Affairs) لە یەکی ئۆکتۆبەر بڵاوی کردۆتەوە. لەبەر گرنگی بابەتەکە من بە چاکم زانی کە ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە ئێران-ەوە هەیە بکەم بە کوردی، بەڵام هەوڵمداوە کە تەرجومەی حەرفی نەکەم تاوەکوو خوێنەر باشتر لە بابەت و چەمکەکان و پەیامەکانی نێو ڕستەکان بگات. لە کۆتایشدا خوێندنەوەیەکم بۆ تێگەیشتن و پەیامەکانی بلینکن کردووە لە چەند بڕگەیەکدا.
بلینکن بابەتەکە بەوە دەست پێ دەکات کە ماوەیەکە کێبڕکێیەکی توند بۆ دووبارە-پێناسەکردنەوەی جیهان لە ئارادایە، بەتایبەتی لە پەیوەند بە سیستەمی جیهانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. ژمارەیەکی کەم لە وڵاتان، لەوانە ڕووسیا، بە هاوکاری ئێران و کۆریای باکوور، لەگەڵ چین، بڕیاریان داوە دەستکاری بنەما بنەڕەتییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی بکەن. لە کاتێکدا شێوازی حوکمڕانی و ئایدیۆلۆجیا و بەرژەوەندی و تواناکانی ئەم وڵاتانە لە یەکدی جیاوازن، بەڵام لەوەدا هاوبەشن کە هەر چواریان دەیانەوێت دەسەڵاتێکی خۆسەپێن لە ناوخۆی وڵاتەکانیاندا بسەپێنن و لە کایە نێودەوڵەتیی و ئیقلیمییەکانیشدا کاریگەرییان هەبێت و دەستێوەردان بکەن. هەموویان بەسەریەکەوە دەیانەوێت ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر خاک بەزۆرەملێ یان هێز چارەسەر بکەن و توانا ئابووری و وزەییەکانیان وەک چەکێک بەکاربێنن لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەریان و جیهاندا.
بلینکن لەوە زیاتر دەچێتە ناو جەوهەری بابەتەکە و ڕاشکاوانە دەڵێت، ئەم وڵاتانە (ڕووسیا، چین، ئێران و کۆریای باکوور) هەموویان هەوڵدەدەن بناغەکانی هێزی ئەمریکا لە جیهاندا بنکۆڵ بکەن و لەناوی ببەن، کە خۆی لەم بوارانەدا دەبینێتەوە: باڵادەستی سەربازی و تەکنەلۆجی، باڵادەستی دۆلار، تۆڕی بێهاوتای هاوپەیمانی و هاوبەشیی لەسەرتاسەری جیهان. لە کاتێکدا ئەم وڵاتانە بە ئاشکرا وەک میحوەرێک خۆیان پێناسە نەکردووە بەڵام کار و کردەوەکانیان وەک میحوەرێک نیشانیان دەدات. بۆیە، واچاکە بەو شێوەیش مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەم قسەیەی بلینکن زۆر مانا، بەتایبەتی بەرانبەر ئێران، لە خۆی حەشار داوە. بەکورتی بەو مانایە دێت، کە ئەو پشتیوانییانەی کە ئەمریکا لە ئیسرائیل-ی دەکات دەگەڕێتەوە بۆ بە بەشێکبوونی ئێران لەم میحوەرە، لە کۆتاییدا دەگەڕێینەوە سەر ئەم خاڵە.
ئینجا، بلینکن هەندێک هەڵوێست و کردار و ستراتیجی ئەمریکا دەخاتەڕوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم میحوەرە و دەڵێت، کاتێک سەرۆک جۆ بایدن و جێگرەکەی کامالا هاریس هاتنە سەر حوکم لە ٢٠٢١ دا، ئەم وڵاتانە بە خەستی بەشێوەیەکی شەڕانگێزانە بەگژ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا-دا چووبوونەوە. ئەم وڵاتانە پێیان وابوو کە ئەمریکا لە ناوخۆدا لە ململانێ و پاشەکشە و گەڕانەوەدایە و لەگەڵ دۆستەکانی لە دەرەوەی وڵات هاوکار و هاوبەشی نەماوە، یان کەم بوونەتەوە. ئەوان لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپ ئەمریکییەکانیان دەبینی کە باوەڕیان بە حکومەت و دەزگاکانی لەق بووە و دیموکراسیی ئەمریکییش تووشی جەمسەرگیریی بووە و بەرەو ئاقارەکانی ئیفلیج بوون هەنگاوی ناوە. هاوکات ئەو وڵاتانە دەیان بینی کە ئەمریکا خەریکە هەر خۆی ئەو دامەزراوانە بنکۆڵ بکات کە خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیی (وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ) دایمەزراندوون.

بەگوێرەی تێگەیشتنەکانی بلینکن، جۆ بایدن و کامالا هاریس لەگەڵ هاتنە سەر کاریان، ستراتیجییەتی نوێبوونەوەیان (strategy of renewal) پەیڕەو کردووە، بەوەی کە هەوڵی بردنەپێشی توانای کێبڕکێی ئەمریکایان لە بوارەکانی ئابووری و تەکنۆلۆجی، هتد، لەگەڵ ئەوانی دی بردەپێش. هاوکات، لە ناوخۆدا ئەم هەوڵانەیان هاوجووت کرد لەگەڵ هەڵمەتێکی دیپلۆماسی چڕ بۆ بوژاندنەوەی هاوپەیمانیی و شەراکەتەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵات. بەم پێیە، ئەم ستراتیجە دوو ستوونییە، باشترین ڕێگە بوو بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو گریمانەیەی کە دەیگوت توانا ئابووری و سەربازیی و تەکنۆلۆجییەکانی ئەمریکا لە داکشاندایە، یان ئەوەی ناویان نابوو، ئەمریکا گلۆرەی بەرەو لێژییە. ئەم گریمانانە مەترسیدار بوون چونکە وای لەو وڵاتانە کردبوو کە بەردەوام بن لە تێکدانی سیستەمی جیهانی ئازاد و کراوە و سەقامگیر و ئاوەدان، کە ئەمریکا بە بازووی خۆی دایمەزراندبوو. سیستەمێک کە بەشێکی زۆری وڵاتانی دیکەی دنیا بەدوایدا دەگەڕان و دەیانویست لەژێر سێبەریدا بحەسێنەوە. ئەو سیستەمە جیهانییەی کە ئەمریکا حەفتا ساڵێكە دایمەزراندووە و بەرگری لێدەکات، لە دیدی بلینکن، جیهانێکە کە وڵاتان ئازادن لە هەڵبژاردنی ڕێگا و هاوبەشەکانی خۆیان؛ ئابوورییەکەی بنەمای لەسەر کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە و کراوە و ڕوون داناوە، دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان دەڕەخسێنێت. جیهانێک کە تەکنەلۆجیا، مرۆڤەکان بەهێز دەکات و پێشکەوتنی مرۆڤ خێراتر دەکات. جیهانێک کە بنەمای لەسەر یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش جاڕنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دانابێت و ماف و بەها گەردوونییەکانی مرۆڤ ڕێزیان لێ بگیرێت. جیهانێک کە بتوانێت پەرە بسەنێت بۆ ڕەنگدانەوەی واقیعی نوێ، ڕێگە و دەنگ بدات بە دیدگا و یاریزانە تازەپێگەیشتووەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکانی ئێستا و داهاتووی مرۆڤایەتی.
ستراتیجی ئیدارەی بایدن، کە بلینکن دەیخاتەڕوو، ئەمریکای خستۆتە پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی زۆر بەهێزتر لە چاو چوار ساڵ لەمەوبەر، بەڵام کارەکانمان تەواو نەبوون. ئەمریکا دەبێت خۆڕاگری خۆی لە سەرانسەری جیهاندا بپارێزێت بۆ ئەوەی گریمانەکانی ئەو وڵاتانەی کە دژی ئێمەن لەرزۆک بکەین. دەبێت ئێمە خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانە نەتوانن هاوکاری لەگەڵ یەکتر قووڵتر بکەنەوە و ئەو بۆشاییانە پڕبکەنەوە کە پێشووتر دروست ببوون. دەبێت ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بە دۆستەکانی و هاوڕێکانی و شەریکەکانی نیشان بدات. دەشبێت بەردەوام بێت لە بەدەستهێنانی متمانەی گەلی ئەمریکا بە هێز و ئامانج و بەهای سەرکردایەتی دیسپلینکراوی ئەمریکا لە جیهاندا.
لە پەیوەند بە ئێران، بلینکن دەڵێت، ئێمە بەر چاومان ڕوونە و فشاری دیپلۆماسیمان زیاد کردووە، هەم لەسەر ئێران هەم لەسەر کۆریای باکوور. هاوکات، پێگەی سوپای ئەمریکامان بەهێزتر کردووە بۆ ڕێگریکردن و سنووردارکردنی تاران و پیۆنگیانگ. لە دیدی ئیدارەی بایدن-ەوە، دەرچوونی تاکلایەنە و چەواشەکارانەی دۆناڵد ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران (پێنج + یەک)، بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی لە زیندان ڕزگار کرد و ئاسایشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بۆ نموونە، ئیسرائیلی خستۆتە مەترسییەوە. ئێمە بە ئێران-مان نیشان دا کە ڕێگایەک هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە و پابەندبوون پێی. لە هەمان کاتدا، گەمارۆیەکی بەهێزمان خستبووە سەر ئێران بەشێوەیەک کە هەرگیز ڕێگە بە تاران نەدات چەکی ئەتۆمی بەدەست بێنێت. ئێمە ئامادەیی خۆمان بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆریای باکووریش بە ڕوونی ڕاگەیاند، بەڵام هەردوولا، کۆریای باکوور و ئێران، دەبێت ئەوە چاک بزانن کە ئێمە ملکەچی پێشمەرجەکانی ئەوان نابین.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووشدا، ئەمریکییەکان ئەوەیان بۆ ڕوون بۆتەوە کە تا فلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، تا زیاتر فشاری شەڕەکەی کەوتبێتە سەر، ئەوا زیاتر پشتی بە پشتیوانی و کۆمەکی ئێران و کۆریای باکوور و چین بەستووە بۆ درێژەدان بە شەڕەکە. بۆ نموونە، کۆریای باکوور باری یەک شەمەندەفەری گەورە چەک و تەقەمەنی لەم ماوەیەدا گەیاندە ڕووسیا، کە تێیدا ملیۆنان گوللـەی تۆپخانە و چەندان مووشەکی بالیستیکی تێدابوو. ئەمانە بەزەقی پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی چەندین بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانن. بەهەمان شێوە، ئێران کارگەیەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ڕووسیا دروست کردووە و سەدان مووشەکی بالیستیکیشی بۆ مۆسکۆ ناردووە. لەپاڵ ئەمانە، کۆمپانیا چینییەکان ئامێر و مایکرۆ ئەلیکترۆنیاتەکان (چیپەکانیان) بۆ ڕووسەکان بەردەست کردووە، کە لە پیشەسازی سەربازیی و چەکدا بەکاردێن.
لەگەڵ زیادبوونی پشتیوانییەکانی چین و ئێران و کۆریای باکوور بۆ ڕووسیا، یارمەتییەکانی مۆسکۆ-ش بۆ ئەو سێ وڵاتەی هەڵکشا، بەتایبەتی لە بواری دابینکردنی تەکنۆلۆجیای پێشکەوتووی سەربازی و چەک. ئەمەش لە ئێستادا هەڕەشەیەکی زەقی دروستکردووە بۆ سەر ژاپۆن و کۆریای باشوور. بۆ نموونە، پوتین و کیم جۆنگ ئون پەیماننامەیەکی سەردەمی جەنگی سارد-یان زیندووکردەوە، کە بەڵێنیان تازە کردەوە یارمەتی سەربازی یەکدی بدەن ئەگەر هەریەکێکیان بچێتە شەڕەوە.
هاوکات، ڕووسیا پشتیوانی سەربازی و تەکنیکی بۆ ئێران زیاد کردووە و دانوستانەکانی بۆ هاوپەیمانییەکی ستراتیجی لەگەڵ ئەو وڵاتە خێراتر کردووە. ڕووسیا ئەمەی لەکاتێکدا کردووە کە دەزانێت تاران بەردەوامە لە پڕچەککردن و ڕاهێنان و پارەدارکردنی ئەو پرۆکسیانەی کە هێرشی تیرۆریستیی دەکەنە سەر کارمەندان و سەربازانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە گەرووە کەشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور. هاوکارییەکانی ڕووسیا و چین لە هەموو دۆمەینەکاندا فراوانتر بووە و هەردوو وڵات مانۆڕی سەربازیی شەڕانگێز و بەرفراوانیان ئەنجامداوە، لەنێویاندا لە دەریای باشووری چین و جەمسەری باکوور. هەموو ئەوانە ئەمریکای تەواو نیگەران و توڕە کردووە، بە قسەی بلینکن.
چین، ڕووسیا، ئێران و کۆریای باکوور مێژوویەکی ئاڵۆز و بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە، هاوپەیمانییەکەیان بە هیچ شێوەیەک خۆی لە شانی هاوپەیمانییە باڵابەرز و درێژخایەنەکانی ئەمریکا نادات. پشت پەردەی بانگەشە گەورەکانیان بۆ دۆستایەتی و پشتیوانیی پڕیەتی لە مامەڵەخوازیی و بەرژەوەندی تەسکیی کاتیی و کڕین و فرۆشتن کە بە تێپەڕبوونی کات ئەگەری هەڵوەشانەوەیان هەیە. ئەوە بە تایبەتی بۆ چین ڕاستە، کە تەندروستی ئابوورییەکەی لە ناوخۆ و هێزی لە دەرەوەی وڵات لە ئەگەری درێژەدان بەو شەراکەتە کاتییانە لە مەترسیدایە. لەگەڵ ئەوەشدا، وەک بلینکن پێ داگری لەسەر دەکات، جۆرێک لە پابەندبوون لەنێوان هەر چوار وڵاتدا هەیە کە خۆی لە دژایەتی کردن و تەحەدای ئەمریکا و سیستەمی نێودەوڵەتییدا دەبینێتەوە. ئەوەش بەردەوامی داوە بە هاوکارییەکانیان، بە تایبەت کە دەبینن ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بەرامبەریان وەستانەتەوە.
کاریگەرییە خراپەکانی ئەم هێزە دەستکاریخوازانە (revisionist powers) ئەوروپا و ئاسیای تێپەڕاندووە. لە ئەفریقا، ڕووسیا بریکار و بەکرێگیراوەکانی بەڕەڵا کردووە بۆ دەرهێنانی زێڕ و کانزا گرنگەکان و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە هەوڵی ڕووخاندنی حکومەتە دیموکراسییەکان دەدەن. مۆسکۆ لەبری ئەوەی پشتگیری لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە سودان، چەک بە هەردوو لایەنی شەڕکەر دەدات بۆ درێژکردنەوەی کوشت و کوشتار. ئەوەی ئەمریکای توڕە کردووە، وەک لە قسەکانی بلینکن دەردەکەون، ئێران هاوشان و هاوتای ڕووسیا، بەڵام لە ئەفریقا نا بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەیە کە بریکارەکانی تاران دۆخی نالەباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان قۆستۆتەوە و ئاژاوەگێڕی لە هەموو شوێنێکدا دەکەن بۆ زیندووکردنەوەی ڕێگاکانی بازرگانی نایاسایی چەک لە ناوچەکە و گەورەکردنی ململانێکان لە چەندین وڵاتدا. لە لایەکی دیکەوە، پەکین چاوی لە شەڕانگێزییەکانی مۆسکۆ لە ئەفریقا نوقاندووە و لەلای خۆشیەوە وڵاتانی ئەو کیشوەرەی زیاتر و زیاتر خستۆتە ژێر باری قەرزی ناپایەدارەوە، بەمەش ئابووری وڵاتانی ئەفریقای خستووەتە ژێر مەترسییەوە. بەهەمان شێوە، لە ئەمریکای باشوور، چین و ڕووسیا و ئێران پشتیوانی سەربازی و ئابووری و دیپلۆماسی پێشکەش بە حکومەتە تاکڕەوییەکەی نیکۆلاس مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا دەکەن. ئەمەش وای لە مادۆرۆ کردووە کە ئەو قەناعەتەی لا دروست بێت کە ڕژێمەکەی لە ژێر فشاردا نییە، بۆیە دژایەتی ئۆپۆزسیۆن دەکات.
کاریگەریی هێزە دەستکاریخوازەکان، چوار دەوڵەتەکە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زەقتر و توندتر دەردەکەوێت. دە ساڵێک پێش ئێستا، ڕووسیا پشتگیری لە هەوڵەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرد بۆ سنووردارکردنی خواستە ئەتۆمییەکانی ئێران؛ بەڵام ئێستا ڕێک بە پێچەوانەوە، پشتیوانی لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکات و کارە ئەتۆمییەکانی ئێرانی چالاکی کردۆتەوە، هاوکات، کارئاسانی بۆ چالاکییە ناسەقامگیرییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەکات. بێجگە لەمە، ڕووسیا چەندین ساڵ بوو دۆست و هاوبەشێکی نزیکی ئیسرائیل بوو، بەڵام لە دوای هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل، لە جیاتی ئیدانەکردنی هێرشەکە، پوتین پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەماس گەشە پێداوە. بەپێچەوانەوە، بلینکن دەڵێ کە ئێمە ماندوونەناسانە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەولاتریش کاردەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ و ئازارەکانی غەززە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی کە وا بکات ئیسرائیلییەکان و لوبنانییەکان بتوانن بە سەلامەتی لە هەردوو دیوی سنووردا بژین و ناوچەکە لە مەترسی شەڕێکی ناوچەیی و گەورەتر دوور بخەینەوە. لەوەش زیاتر، ئەمریکا دەیەوێت بەردەوام بێت لە کارکردن بۆ نزیکردنەوە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە نێوان ئیسرائیل و سعودیە.
ئەم هەوڵانەی ئێمە و ئەوان یەکتربڕن. ئێمە پێمان وایە، بلینکن ێژێ، بەبێ کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە و ڕێگایەکی باوەڕپێکراو بۆ بەدەوڵەتبوونی فەلەستین کە ئاوات و خواستە ڕەواکانی فەلەستینییەکان و پێداویستییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دابین بکات، ئاساییکردنەوە و ئاشتی ناتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت. بەڵام ئەگەر ئەم هەوڵانەی ئێمە سەربکەون، ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەب و ئیسرائیل بەرەوپێش بچێت. ئەوکات ئیسرائیل دەبێتە بەشێک لە ژێرخانی ئەمنی ناوچەکە و دەرفەتە ئابوورییەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا گەشە دەکەن و ئێران و بریکارەکانی گۆشەگیر و پەراوێز دەخرێن. سەرەتاکانی ئەم جۆرە پەیوەندییە چەند ساڵێک لە ڕێگەی پەیماننامەی ئەبراهام و ڕێککەوتنەکانی پێش ئەو بناغەیان دانرابوو. یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەم ڕاستییە هاوکارییەکانی وڵاتانی عەرەبی بوو لە مانگی نیسانی ئەم ساڵ کاتێک ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرئیل، وڵاتانی عەرەبی بەشداربوون لە شکستپێهێنانی هێرشەکان.
لە کۆتاییدا، بلینکن دەڵێت، من وەک وەزیری دەرەوە سیاسەت (politic) ناکەم؛ بەڵكو من پۆڵەسی (policy) جێ بەجێ دەکەم. پۆڵەسی پەیوەندی بە بژاردنەکانەوە هەیە. هەر لە ڕۆژی یەکەمیشەوە بایدن و هاریس بژاردەیەکی ڕاستیان هەڵبژارد کە بنەمای لەسەر ئەوە دانابوو کە لە جیهانێکی پڕکێبڕکێ و پڕتەنگژەدا، ئەمریکا ناتوانێت بە تەنیا بەسەر تەحەداکان و گرفتەکاندا سەرکەوێت، ئەمە ڕێک پێچەوانەی دیدی ترەمپ بوو، کە گۆشەگیریی هەڵبژاردبوو. بۆیە، ئەمریکا پێی وایە، ئەگەر بیەوێت بەرژەوەندییەکان و ئاسایشی خۆی بپارێزێت و دەرفەت بۆ گەلەکەی بخوڵقێنێت، ئەوا دەبێت لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەدا بوەستێت که پشکیان هەیه و حەز بە جیهانێکی ئازاد و کراوه و سەقامگیر و خۆشگوزەران دەکەن و بەگژ ئەو کەس و لایەنانەشدا بچێتەوە کە هەڕەشەن لەسەر ئەو جیهانە و سیستەمە نێودەوڵەتییەکەی.
بە خوێندنەوەی ئەم تێگەیشتن و دیدەی ئەمریکا، ئێمە باشتر لەوە دەگەین کە بۆچی، یەکەم، ئەمریکا بێدەنگە لە پەڕوباڵکردنی پرۆکسییەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیل-ەوە لە ساڵی ڕابردوودا، هەر لە لێدانی حەماس-ەوە بگرە تا دەگاتە هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵا و باشووری لوبنان. دووەم، ئەمریکا وای دەبینێت کە ڕووسیا، لە دیدی ئەوان شەیتانە گەورەکە، مادام لە شەڕێکدا گلاوە کە تا تەواو لاوازبوونی ناهێڵن لێی دەرباز بێت، بەمەش ئەمریکییەکان پێدەچێت خەمی ڕووسیا-یان بە تێوەگلانی لە شەڕ لە ئۆکرانیا لە کۆڵ خۆیان کردبێتەوە. ئەوەی دەمینێتەوە کوریای باکوور-ە، کە ئێستا نیازیان نییە خۆیانی پێوە سەرقاڵ بکەن چونکە هەڕەشەیەکی جددی نییە لەسەر ئەمریکا ڕاستەوخۆ، جگە لەوەی جار جار دوو هاوپەیمانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ژاپۆن و کۆریای باشوور، ناڕەحەت دەکات بە تاقیکردنەوەی چەند مووشەکێک. لە پەیوەند بە چین-یش، بەخوێندنەوەی قسەکانی بلینکن، ئەوە ئەمریکا پێی وایە دەکرێت سیاسەتی ڕووبەڕوونەبوونەوە لەگەڵیدا پەیڕەو بکات چونکە، ئەوان پێیانوایە کە بەرژەوەندییەکانی چین ئێجگار گەورەن لە بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژاوا، بۆیە دەکرێت چین بێتەوە هۆشی خۆی و لە ڕووسیا دووریش نەکەوێتەوە ئەوە وەک ئێستا پشتیوانی لێ نەکات.
بەڵام پرسە هەنووکەییەکە ئێران-ە کە دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەمەش بۆ ئێران لە هەر سێ وڵاتەکەی دیکە ئاسانترە و هەنوکەییترە لەبەر دوو هۆکار: یەکەم، ئێران بێهێزترینی ئەو چوار دەوڵەتەیە بۆیە لێدانی لە هەمووان بێ گرفترە، هەم لەبەر ئەوەی وەک گوتم خاڵە لاوازەکەیە (the weakest link)، هەم لەبەر ئەوەی کە چەکی ئەتۆمی نییە. دووەم، بۆ لێدانی ئێران، ئەمریکا زۆر پێویستی بە خۆ سەرقاڵکردن نییە چونکە ئیسرائیل دەتوانێت ئەو کارەی بۆ بکات و هەرزان لەسەر ئەمریکا بوەستێت.
بۆیە من پێموایە کە ئەگەری لێدانی ئێران لەم ڕۆژانە زۆرە بەڵام نەک بە مەبەستی ڕووخانی ڕژێم وەک ئیسرائیل حەزدەکات بەڵکو بۆ لاوازترکردنی ڕژێمی ئێران لەلایەک و ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ئەویش بە تەقاندنەوەی ڕیئەکتەرە ئەتۆمییەکانی، وەک ئەوەی ئەمریکییەکان دەیانەوێت. ئەم دوو دیدە جیایە، دیدێک کە بنەماکەی لەسەر ڕووخانی ڕژێم داناوە، کە ستراتیجی ئیسرائیل-ە، لەگەڵ دیدی ئەمریکییەکان، کە لاوازترکردنی ئێران و نینۆککردن و پەڕوباڵکردنیەتی، هۆکاری هەرە سەرەکی دواخستنی لێدانی ئێران-ە لە چەند ساڵی ڕابردوودا. داخۆ کەی سازانێک لەسەر ئەم دوو دیدە دەکرێت ئەوە تەنیا کات پێمان دەڵێت، بەڵام من پێموایە زۆری پێناچێت، بەڵام دیدی کامیان زاڵ دەبێت ئەوەش مەعلوم نییە، بەڵام من پێموایە کە دیدی ئەمریکا ئەگەری زیاترە، وەلەو لەوانەیە زۆربەی کورد حەز بە سەرکەوتنی دیدی ئیسرائیل بکەن.




بۆ ئەمجارە هەڕەشەکانی تورکیا ئێجگار ترسناکن… شێرکۆ کرمانج

لەم کورتە نووسینە هەوڵدەدم هەڵوەستەیەک لە پشت هۆکارەکانی هەڕەشەکانی ئەم چەند ڕۆژەی تورکیا بکەم‌ و هۆکارەکان و ئامانجەکانی هێرشە چاوەڕوانکراوەکانی تورکیا شرۆڤە بکەم و بخەمەڕوو.
تورکیا ترسناکترین و سەرسەخترین داگیرکەری کوردستانە، لە هەر شوێنێک کورد هەناسەیەک بدات ئەو دەیەوێت لەو شوێنە ئۆکسجین ببڕێت. ئەمە نە ڕای منە، نە شرۆڤە، نە تێگەیشتن، بەڵکو حەقیقەتە. من زۆر کەم باوەڕم بە حەقیقەت هەیە بەڵام ئەگەر یەک حەقیقەت لەم دنیایە هەبێت ئەوە ئەم تاکە هەقیقەتە، کە بەداخەوە بەشێکی زۆری کورد لێ غافڵن.
ماوەیەکە سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، هەڕەشە دەکات و دەڵێت هێرش دەکەینە سەر باکوری سوریا، ڕۆژاڤا. بۆ ئەم مەبەستە هەم مورتەزەقەی سوری ڕاهێنان پێکردوە، هەم میدیای تورکی سازکردووە. ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر جێگای سەرنج بێت بێدەنگییەکی نێودەوڵەتیی ئەمجارە هەستی پێدەکرێت.
تورکیا هێرشەکان لەکاتێکدا کە دنیا، ئەمریکا و ئەوڕوپا بەتایبەتی، سەرقاڵی شەڕی ئۆکرانیان. هاوکات، ململانێکانی تورکیا لەگەڵ ناتۆ لەسەر بەئەندامبوونی سوید و فینلەندا بۆتە قسەوباسی ڕۆژ. تورکیا دەیەوێت هەر دوو دەرفەت بقۆزێتەوە و هێرشەکانی خۆی دەست پێبکات. بێدەنگیی ڕۆژئاوا دەکرێت وەک گڵۆپی سەوز و مامەڵەیەکی ژێربەژێر ببینرێت لەوەی کە تورکیا ڕازی بێت بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لەبەرابەردا ئەوان ڕازی بن بەو گورزەی کە تورکیا دەیەوێت لە کوردی بوەشێنێت و بڵێت هەڕەشەکانی تیرۆرمان کەمکردۆتەوە بۆیە ئاساییە سوید و فینلەند ببن بە ئەندام لە ناتۆ.
چەندە ئەم سیناریۆیە ترسناک و دڵتەنگکەرە دە هێندە ئامانجەکانی تورکیا لەم هێرشانە، کە پێموایە خۆی لەمانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:
یەکەم، ئەردۆگان دەیەوێت پێش هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ سەرکەوتنێت بۆ خۆی و حیزبەکەی تۆماربکات، بەتایبەتی ئەگەر ئەوە ڕەچاوبکەین کە ئابوری تورکیا و لیرەی تورکی لە خراپترین دۆخدان لەوەتەی ئەکەپە هاتۆتە سەر حوکم و دەنگەکانی ئەکەپە لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکان لاوازیی جەماوەریی ئەکەپە نیشاندەدەن.
دووەم، تورکیا دەیەوێت بەم هێرشە ئەزموونی ڕۆژاڤا تەواو لاواز بکات، ئەویش بە پچڕاندنی چەند ناوچەیەکی دیکەی گرنگ لە ڕۆژاڤا کە خۆی قوڵایی ستراتیجی و خاک و زەوی کەمە. هاوکات، ڕۆژاڤا ناچار بە گفتوگۆ و تەسلیمبوونەوە بە ڕژێمی سوری بکات. ‏
سێیەم، تورکیا دەیەوێت باکوری کوردستان بە تەواوی لە ڕۆژاڤا، کە قەوارە و ئەزموونێکی کوردییە، داببڕێت و ناوچەیەکی، بەفەر زۆنێکی، عەرەبی لەنێوان دوو بەشی کوردستان دا دروست بکات، دابڕینەکەش بکاتە هەتاهەتایی.
چوارەم، تورکیا ئەمجارە دەیەوێت، هیوادارم من ڕاست نەبم، کە هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی سێ گۆشەی سنوری تورکیا-عێراق-سوریا، کە دیوێکی قامیشلۆیە و دیوەکەی دیکەی شەنگال. ئەگەر ئەوەی بۆ بچێتە سەر ئیدی هەرێمی کوردستان، باشور، لەگەڵ ڕۆژاڤا بە تەواوی دادەبڕێت. ئەم دوو هەرێم و ئەزموونە پەیوەندییان زۆر باش نیە بەڵام هیچ کاتێکیش پەیوەندیان هێندە خراپ نەبووە وەک ئەوەی لە میدیا و سۆشیال میدیای کوردی زەقدەکرێتەوە. بەڵام پەیوەندییەکان باش بن یان خراپ بۆ تورکیا ئەوە گرنگ نییە، ئەوەی بۆ تورکیا گرنگە ئەوەیە کە ئەم دوو ئەزموونە هەردووکیان کوردین و نابێت سنووری هاوبەشیان هەبێت و لە دواڕۆژدا بۆ هەر پڕۆژەیەکی کوردی و کوردستانی کەڵکی لێوەربگیرێت.
پێنجەم، بە دابڕینی هەرێم و ڕۆژاڤا تورکیا مەترسیدارترین و هەڕەشەئامێزترین کردار بەرابەر بە ڕۆژاڤا ئەنجام دەدات ئەویش ڕێگریکردنە یان بڕینی دەستی ئەمریکایە لە گەیشتن بە ڕۆژاڤا چونکە ئێمە هەموومان چاکدەزانین کە یارمەتییەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژاڤا زۆربەی هەرە زۆری لە هەولێرەوە دەچێت. بۆیە کۆنتڕۆڵکردنی سنوری فیشخاپوور و سحێلا لەلایەن تورکیاوە زۆر ترسناکە. نابێت ئەوە لەبیربکەین کە لە ٢٠١٧، کاتێک سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دەیانویست سحێلا بگرن ئەمریکاییەکان هۆکارێک بوون بۆ شکستپێهێنانی ئەم هەوڵە چونکە ئەوان نەیاندەویست لەڕێگەی عێراقەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕۆژاڤا ببەستن.
شەشەم، بە داگیرکردنی ئەو سێگۆشەیە، تورکیا دەتوانێت سنوری هاوبەش و ڕاستەوخۆ لەگەڵ عێراق دروستبکات و هەرێم بێبەش بکات لەو هەموو سەرچاوە داراییەی کە ساڵانێکە لە گومرگی ئیبراهیم خەلیل دەستی دەکەوێت، بەمەش گورزێکی گەورە لە هەرێم بەگشتیی و لە پارتی بەتایبەتی دەدات.
حەوتەم، بە گەیشتنی تورکیا بە فیشخاپوور و سحێلا وا دەکات کە شەنگاڵ تاڕادەیەک لە ڕۆژاڤا داببڕێت و هەناسە بە شەنگالییەکان و هێزەکانی یەبەشە تەنگ بکات.
لەبەر ئەم هۆکارانە و چەندانی دیکە کە لەوانەیە بەسەر من دا تێپەڕبووبن، هەڕەشەکانی ئەمجارەی تورکیا لە هەموو هەڕەشەکانی پێشووتر ترسناکترن ئەگەر بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.




“پەروەردەی ئیسلامی”، پرسیارکوژی‎ ‎‏‌و گومانکوژی… شێرکۆ کرمانج

ئەم وتارە کە بەشی چوارەمە لەو زنجیرەی وتارەی کە دوابەدوای هێرشەکانی هەندێک کەس و لایەن بۆ سەر نوسەر و ڕوناکبیری کورد کاک شێرزاد حەسەن وا خەریکم دەیاننووسم. کاک شێرزاد لە کۆڕێکدا بەبنەما لەسەر هەندێک توێژینەوەی من گوتبوی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی کوردستان مرۆڤی داعشئاسا بەرهەمدێنن (‏تکایە بۆ پێناسەی داعشیزم و ئیسلامیزم تەماشای بەشی یەکەم بکە لەم زنجیرە وتارە کە لەژێر ناونیشانی “من بووم ‏نەک شێرزاد حەسەن” بڵاوبۆتەوە).
لە بەشی یەکەمدا پێداگریم لەسەر ئەوە کرد کە هەندێک لە دەقەکانی کتێبەکان بە ڕاشکاوی بە منداڵان دەڵێن ئەو کرستیانانەی لەگەڵتاندا ‏دەژین لەم وڵاتە دوو بژاردەیان هەیە، یان سەرانەی کرستیانبوونیان ‏بدەن یان دەبێت بیانکوژین. لە بەشی دووەمیش بە نیشاندانی چەند دەقێک لە کتێبەکان نیشانماندا کە منداڵان و خوێندکارانی کوردستان لەمیانی کتێبەکانی پەروەردەی ‏ئیسلامی لە جیاتی قەبوڵکردنی فرەیی و ڕێزگرتن فێری بێنرخکردنی ئایینەکانی دیکە دەکرێن. ‏‏لە بەشی سێیەم باسم لەوە کرد کە چۆن لە ڕێگەی کتێبەکاندا ئیسلام وەک ئایین بەسیاسیی دەکرێت و منداڵانی هەرێمی کوردستانیش دەکرێن ‏بە ئیسلامیی، واتە چۆن ئیسلامیزم وەک ئایدیۆلۆجیایەک لە قوتابخانەکان برەوی پێدەدرێت. ئەمەش خۆی لەخۆیدا بنەمایەکە و هەوڵێکە بۆ بەداعشکردنی منداڵان.
ئەم بەشە هەوڵێکە بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەسەر ئەوەی داخۆ پەیام‌ و بەهاکانی نێو کتێبەکانی “پەروەردەی ئیسلامی” چ جۆرە منداڵێک، خوێندکارێک، مرۆڤێک، یان نەوەیەک، بەرهەمدێنن. هاوکات، هەوڵێکە بۆ گۆڕینی خوێندنی ئایین لە قوتابخانەکانی کوردستان لە پەروەردەی ئیسلامییەوە بۆ ئایینناسی. پاڵنەری سەرەکیش بۆ ئەم هەوڵە ئەوەیە کە پەروەردەی ئایینیی کار و ئەرکی قوتابخانەکانی کوردستان نییە.
گرنگی توێژینەوە لە پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانە (مینهاجی دیراسی) لەوەدایە کە لەنێو هەموو ئەو کتێب‌ و زانیاری ‌و زانینانەی (مەعریفانەی) لەبەردەستدان کتێبەکانی قوتابخانە لە هەر هەموویان کاریگەرییان لەسەر منداڵان ‌و لاوان‌ زیاترە. ئەمەش بە سوک‌و سانایی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە بێجگە لە دەق و پەیامەکانی ناو کتێبە مەنهەجییەکان هیچ کتێب‌ و زانیارییەکی دیکە لەم دنیایەدا نییە کە هەموو منداڵ ‌و لاوێک پێی ئاشنا بێت، چونکە خوێندن، وەک زۆربەی وڵاتانی دیکە، لە کوردستانیش بەزۆرییە (ئیلزامییە). ئەمەش وای کردوە کە خوێندکار حەزبکات یان حەزنەکات ئەوا زانیاری ‌و مەعریفە ئامادەکراوەکانی نێو کتێبە مەنهەجییەکانی بەسەردا دەبارێنرێت. گومانیش لەوەدا نییە کە ئەم زانیارییانە، وەک ئەو پەندەی دەڵێت “فێربوون لە منداڵی وەک نەقشهەڵگرتنە لەسەر بەرد”، جێپەنجەی خۆیان جێدێڵن.
پرسیارکوژی ‌و گومانکوژی
ئەگەر دروستکردنی پرسیار و گومان‌ و گەڕان بە دوای سێ پرسیارە گرنگ ‌و گەورە و جەوهەرییەکەی مرۆڤایەتی: ئێمە کێین؟ لەکوێوە هاتووین؟ بەرەو کوێ دەچین؟ کڕۆک‌ و خەمی سەرەکی سیستەمی پەروەردە بێت ئەوە منداڵانی کوردستان هەر لە یەکەم ڕۆژی چوونیان بۆ قوتابخانە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەیان دەستدەکەوێت‌ و یەک دانە پرسیاری جەوهەری بێ وەڵام لەلای منداڵەکان نامێنێتەوە. گومانکردنیش، کە جەوهەر و سەرەتای هەموو لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و بەدواداچوونێکە، نەک لەلای مندڵان و خوێندکاران گەشەناکات بەڵکو ئەگەر هەشبێت دەڕەوێتەوە.
پرسیار لێرە ئەمەیە، داخۆ ئەو بانگەشەیەی ئێمە بنەمای لەسەر چ داناوە؟ بۆ پشتڕاستکردنەوەی بانگەشەکە چاوێک دەخشێنین بە کتێبی “پەروەردەی ئیسلامی”. منداڵانی کوردستان لە وانەی یەکەمی کتێبی “پەروەردەی ئیسلامی” بۆ پۆلی یەکەمی بنەڕەتی پێیاندەگوترێت کە “خودا پەروەردگارمانە خولقێنەری ئاسمان، زەوی، مرۆڤ، گیانەوەر، ڕووەک، ئاو وە هەموو شتێک”ـە. سەرنجێک لە ناوەڕۆکی ئەم دەقەی سەرەوە بدەین بۆمان دەردەکەوێت کە:
یەکەم، لە ڕۆژی یەکەمی خوێندن، منداڵانی کوردستان وەڵامی هەموو پرسیارە فەلسەفییەکانی مرۆڤایەتیان، کە مرۆڤەکان هەزاران ساڵە بە دوایانەوە حەوداڵن، لە یەک ڕستەدا بە دەستدەکەوێت. چونکە ئەم دەقەی سەرەوە وەڵامی هەر سێ پرسیارە گەورە فەلسییەکەی، کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکردن، داوەتەوە.
دووەم، ئەم دەقە چەمکی فەلسەفی زۆر قوڵ‌ و ئاڵۆز لە خۆدەگرێت کە لە توانای منداڵێکی تەمەن شەش ساڵیدا نییە کە بتوانێت بە سانایی تێیانبگات‌ و هەرسیان بکات.
سێیەم، ئەم دەقە منداڵی بێپرسیار و بێگومان لە پرسە فەلسەفییەکان بەرهەمدێنێت چونکە وەک گوتمان وەڵامی پرسە فەلسەفییەکانی بە ئامادەکراوی لە دەقەکە دەستدەکەوێت. بێجگە لەمە ڕستەکە زۆر بەشێوەیەکی ڕەهاییانە (ئیتلاقیانە) داڕێژراوە.
ئەم هەڵسەنگاندن‌ و ڕەخنانەی سەرەوە لەوانەیە ڕووبەڕووی ڕەخنە ببنەوە بەتایبەتی لەوانەی کە ئایینیان وەک ڕاستییەک و باوەڕێکی ڕەها وەرگرتووە و لای ئەوان ئایین جێگای هیچ پرسیار و گومانێک نییە. بۆنمونە، لەوانەیە کەسانێک هەبن ڕەخنەبگرن ‌و بپرسن ئەی باشە مەگەر خوا زەوی‌ و ئاسمان‌ و مرۆڤی نەڕسکاندوە/نەخولقاندووە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە ئێمە دەڵێین:
یەکەم، مەبەستی ئەم وتارە قسەکردن نییە لەسەر ئەوەی داخۆ ئەم دەقەی کە لە کتێبەکە هاتووە ڕاستە یان هەڵە، بەڵکو زیاتر قسەکردنە لەسەر شێوازی داڕشتنی ڕستەکە/دەقەکە، لەگەڵ ئەو پەیامانەی کە ئەم شێوە داڕشتنە دەیانگەیەنێت.
دووەم، کردنی پرسیارەکە بەمشێوەیەی سەرەوە لە چوارچێوەی پرسیارێکی پەروەردەیی-فەلسەفیی دەزگایەکی (ئینستیتۆیەکی) حکومی سەربەخۆ، وەک وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، دەردەچێت‌ و دەبێتە پرسیارێکی ئایینیی-فەلسەفی دەزگایەکی ئایینیی، وەک مزگەوت. ئەمەش دەمانخاتە بەردەم پرسیارێکی دیکە، ئایا وەزارەتی پەروەردە دەزگایەکی حکومییە یان ئایینییە؟ دیارە ئەگەر حکومەتی هەرێم خۆی بە حکومەتێکی نائایینی (مەبەست لە نائایینی دژە-ئایین نییە) دابنێت ‌و وڵات لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەوڵەت لە ئایین، وەک بەخۆی ئیدیعا دەکات، بەڕێوەببات ئەوا ئەوکات دەبێت پێداچوونەوە بکات بە شێوەی داڕشتنی نەک تەنیا ئەم دەقە بەڵکو زۆربەی دەق ‌و ڕستەکانی کتێبی “پەروەردەی ئیسلامی”، کە دواتر باس لە هەندێکی دیکەشیان دەکەین.
پێداچوونەوەکەش کارێکی هێندە سەخت نیە. هەنگاوی یەکەم لەوە دەستپێدەکات کە هەر ئێستاکانێ وەزارەتی پەروەردە دەستیداوەتێ ئەویش بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی خوێندنی “پەروەردەی ئیسلامی” بۆ “ئایینناسی”یە. مەبەستێکی سەرەکی ئەم وتارە خزمەتکردنە بەو هەنگاوە. هەنگاوی دووەمیش دەبێت ئەوە بێت داخۆ مەبەست لە ئایینناسی چییە؟ بە چەند نمونەیەک دەکرێت هەندێک تیشک بخەیەنە سەر چۆنییەتی کارکردن بە ئاراستەی گۆڕینی وانەکانی پەروەردەی ئایینی بۆ ئایینناسی‌ و ڕزگارکردنی دەقەکان لە خسڵەتە پرسیارکوژی ‌و گومانکوژییەکانیان.
بە چاککردنی ئەم دەقەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، دەستپێدەکەین. دەقەکە لە کتێبەکەی پۆلی یەکەمی بنەڕەتیدا دەڵێت “خودا پەروەردگارمانە خولقێنەری ئاسمان، زەوی، مرۆڤ، گیانەوەر، ڕووەک، ‏ئاو وە هەموو شتێک”ـە‏. ئەم دەقە لە دیدێکی ئایینییەوە سەرچاوەی گرتووە و نوسراوە کە دەکرێت شیاو بێت بۆ کتێبێکی ئایینیی کە لە دەزگایەکی ئایینیی، وەک مزگەوت بخوێندرێت، بەڵام نوسینی ئەم دەقە لە توێی کتێبێکی قوتابخانەیەکی حکومی نەگونجاوە. لە کتێبەکانی قوتابخانە حکومییەکان دەبێت ئایینناسی بخوێنرێن نەک پەروەردەی ئایینیی‌ و ئیسلامی. ئەوەش بە مانای ئاشناکردنی خوێندکاران بە هەموو ئایینەکانی دنیا لەسەروی هەمووشیانەوە ئایینی ئیسلام چونکە ئایینی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە.
لەوانەیە هەندێک کەس پرسیاری ئەوە بکەن باشە چۆن دەکرێت دەقێکی ئایینی وەک ئەو دەقەی سەرەوە لە جیاتی ئەوەی وەک دەقێکی ئایینی ڕەها، وەک دەقێکی ئایینناسی بخرێتە نێو توێی کتێبەکان. لە وەڵامدا دەکرێت بڵێین ئەمە کارێکی زمانەوانی زۆر سەخت نییە. ئەویش بە داڕشتنەوەی دەقەکە دەبێت، بەبێ ئەوەی تانە لە جەوهەری بڕوای موسڵمانانیش بدرێت کە باوەڕیان بەوە هەیە کە خوا زەوی ‌و ئاسمان‌ و مرۆڤی خولقاندوە. داڕشتنەوەکەش دەکرێت بەمشێوەیە بێت: “موسڵمانان پێیانوایە کە خوداکەیان خولقێنەری ئاسمان، زەوی، مرۆڤ، گیانەوەر، ڕووەک، ئاو و هەموو شتێک”ـە.
ئەم داڕشتنە، دەقەکە لەو دەربڕە ڕەهاییە ڕزگاردەکات کە داڕشتنەکەی پێشووتر هەیبوو. لە پاڵ ئەمیش دەرگای پرسیار ‌و گومان لەبەردەم خوێندکاران داناخات چونکە ئەم دەقە ئەو مانایە دەبەخشێت کە ئەوە لە دیدی موسڵمانانە کە خودا ئاسمان‌ و زەوی ‌و مرۆڤی خولقاندوە. دەقە نوێکە ئەم دیدەشی وەک هەقیقەتێکی ڕەها وەرنەگرتووە. فەزاکانی ئەم دەقە جێگای دیدی دیکەی تێدا دەبێتەوە و دەرگاش ئاوەڵا دەکات لەڕووی کۆمەڵێک پرسیار، کە گرنگن بۆ منداڵ.
کاریگەریی ئەم داڕشتنە لەسەر منداڵانی کوردستان بە زۆر شێوە دەبێت، لەوانە:
یەکەم، پرسیاری ئەوە لەلای خوێندکاران دروستدەکات کە ئەمە تاکە دید نیە و تێگەیشتن ‌و تێڕوانینی دیکەش هەیە بۆ ئەم پرسە گرنگەی مرۆڤایەتی.
دووەم، گیانی قەبوڵکردنی دیدگاکانی دیکە لەلایەن خوێندکاران دروستدەکات چونکە دیدگاکە ڕەهاییگەرانە دانەڕێژراوە.
سێیەم، هەلی پێکەوەژیان‌ و تەبایی لەنێوان ئەندامانی گەلی کوردستان لەنێوخۆیاندا و لەگەڵ گەلانی دیکە دروستدەکات. ئەمەش بەوەی کە منداڵانی کوردستان هەر لە یەکەم ڕۆژ و یەکەم وانەی قوتابخانە بە گیانی فرە دیدگەیی گۆشدەکرێن نەک تاکڕەویی کە دید و دەستپێکی دەقەکەی نێو کتێبەکەیە.
چوارەم، ئەم داڕشتنە دەبێتە بەردی بناغەی پێکەوەژیان‌ و تەبایی ئایینی‌ و ئایدیۆلۆجی لە کوردستان.
لە بەشی داهاتوودا هەندێک ئەنجامگیری لە گفتوگۆکانی ئەم بەشە دەکەین و چەمکگەلی وەک ڕەهایگەرایی و تاکڕەویی زیاتر شەنوکەو دەکەین.

شێرکۆ کرمانج




كتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی:.. شێرکۆ کرمانج

كتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی:
بەسیاسییکردنی ئیسلام و بەئیسلامییکردنی منداڵان
شێرکۆ کرمانج

لەم بابەتەدا بە وردبوونەوە لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تا دەگاتە پۆلی دوازدەی ئامادەیی هەوڵدەدەم تیشک بخەمە سەر ئەوەی چۆن لە ڕێگەی ئەم کتێبانە ئیسلام وەک ئایین بەسیاسییدەکرێت و منداڵانی هەرێمی کوردستانیش دەکرێن بە ئیسلامیی، واتە چۆن ئیسلامیزم وەک ئایدیۆلۆجیایەک لە قوتابخانەکان برەوی پێدەدرێت. ئەم بابەتە بەشی سێیەمیشە لەو زنجیرە بابەتانەی کە لەم ماوەیەدا بڵاومکردۆتەوە لە پەیوەند بە کاریگەریی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە بەرهەمهێنانی مرۆڤی داعشئاسا.
لەسەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە بەرپرسی یەکەم لە برەودان بە ئایدیۆلۆجیای ئیسلامیزم و بەئیسلامییکردنی منداڵان لە قوتابخانەکان وەزارەتی پەروەردە و وەزیری پەروەردە و سەرۆکی حکومەت ‌و سەرۆکی هەرێمن کە بەرپرسیارەتی یەکەمیان لەم کارە دەکەوێتە ئەستۆ، لەدوای ئەمانە ئەو ئیسلامییانەن کە بەشێوەیەک لە شێوەکان لە جومگەکانی وەزارەت جێگەی خۆیان کردۆتەوە و لەو ڕێگەیەوەش پەیامەکانی خۆیان خزاندۆتە نێو توێی کتێبەکان.
مەبەستمان لە ئیسلامیزم و بەئیسلامییکردن چییە؟ تێگەیشتن لەم دوو چەمک و زاراوەیە زۆر گرنگە پێش ئەوەی باس لە دەقەکانی کتێبەکان بکەین کە بە ئاراستەی ئەم دوو بیرۆکە و زاراوەیە ئیشدەکەن.
ئیسلامیزم ئەو تیۆرە‎‎‏ فیکری یان ئایدیۆلۆجیە سیاسییەیە کە لە ئاکامی هەوڵەکانی ‏کەسێک (وەک سەید قوتب یان ئەبوبەکر بەغدادی)،‏‎‎‏ ڕێکخراوێک (وەک ‏‏ئیخوان موسلیمون) یان بزوتنەوەیەک (وەک داعش) بەرهەمدێت،‎‎‏ ئەویش ‏بەخوێندنەوەی سەرچاوە سەرەکییەکانی ئایینی ئیسلام.‏ بەدەربڕینێکی دیکە، ‏ئیسلامیزم دیدێکە کە ئایین‌ و سیاسەت لێکجیاناکاتەوە، واتە جیهانبینییەکە کە ‏ئیسلام ‏تەنیا وەک ئایینێک نابینێت کە تێگەیشتنی تایبەت بەخۆی هەبێت بۆ ‏بوونی ڕسکێنەرێک (خالقێک) لەگەڵ چەندین ڕێوڕەسمی ‏خواپەرستی، وەک نوێژ و ‏ڕۆژو یان کۆمەڵێک بەهای مرۆیی، بەڵكو ئیسلام وەک ئایدیۆلۆجیا و سەرچاوە‌ و ڕێنیشاندەر ‌و ڕێنماییکەرێک بۆ ‏تەواوی پرسە سیاسیی ‌و کۆمەڵایەتی‌ و ‏ئابورییەکان دەبینێت‌ و لەسەر ئەو بنەمایەش مامەڵەی ‏لەگەڵدا دەکات. بەواتایەکی دیکە، وەک بیرمەند و تیۆریستە ئیسلامییەکان ‏دەڵێن “ئیسلام شێوازێکی کامڵی ژیانە” و ‏‏”تاکە چارەسەرە” بۆ پرسە سیاسی‌ ‏و کۆمەڵایەتی‌ و ئابورییەکان.‏
بەئیسلامیکردن، چاکتر بڵێین بەئیسلامییکردنی منداڵان لە بەرنامەکانی خوێندن، واتە نووسینەوەی بابەتەکان‌ و چیرۆکەکان ‌و دەقەکان لە دیدی ئایدیۆلۆجیایەکی دیاریکراو کە ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی سیاسییە، کە بە ئیسلامیزم ناسراوە. ئیسلامیزم و داعشیزمیش لە ڕەگوڕیشەدا هاوبەشن. بە دەربڕینێکی دیکە هەر هەوڵێک بۆ بەئیسلامییکردنی منداڵان واتە هەوڵە بۆ بەرهەمهێنانی داعش لە قوتابخانەکان.
ئێستا بابێینە سەر ناوەڕۆکی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێم. لە ڕاستیدا بەشێکی زۆر لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی هەر لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتییەوە تا دوازدەی ئامادەیی تەرخانکراون بۆئەوەی وا نیشانبدرێت کە ئایینی ئیسلام ئایینێکی سیاسییە، واتە ئیسلام لە توێی کتێبەکانی قوتابخانە نەک وەک ئایین نیشاندراوە بەڵکو وەک ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسیی بە خوێندکاران ناسێنراوە. ئەمەش، وەک زۆربەمان دەیزانن و پێشوتر ئاماژەی پێکرا، بانگەشەیەکە کە هێزە ئیسلامییەکان لە دنیای ئیسلام بە داعشیشەوە دەیکەن. لە خوارەوە ئاماژە بە چەند نمونەیەک دەکەین:
یەکەم، لە لاپەڕە ٣١-٣٢ هەردوو چاپی ٢٠١١ و ٢٠١٥ (تەماشای هاوپێچ بکە) لە کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی حەوتەمی بنەڕەتی لە یەکێک لە وانەکان دەڵێت قورئان پەڕتوکی یاساگوزاریی ‌و ئەحکامە، خوا بۆیە ڕەوانی کردوە تا ببێتە دەستور. ئەمە ڕاست ئەو ئارگیومێنتەیە کە حەسەن بەننا و ئەبوئەعلای مەودودی‌ و سەید قوتب ‌و یوسف قەرەزاوی‌ و هەموو ئیسلامییەکانی دنیا و کوردستان بەکاریدەهێنن بۆ بەسیاسییکردنی ئایینی ئیسلام (بۆ زانیاری زیاتر تەماشای کتێبی بەسیاسییکردنی ئیسلام کە لە نووسینی نووسەری ئەم بابەتەیە بکە). دانانی قورئان وەک دەستور و بەرنامەی ژیان بانگەشەیەکە ئیسلامییەکان نەک موسڵمانەکان ‏دەیکەن وەک ئەوەی کە دەڵێن “ئیسلام چارەسەرە” (الاسلام هو الحل). ئەوان، مەبەست ئیسلامییەکانە، بۆیە دەڵێن ئیسلام ‏چارەسەرە چونکە پێیانوایە ئیسلام بەرنامەی ژیانە و باسی لە ورد و درشتی کێشەکانی مرۆڤ کردوە.
دووەم، لە لاپەڕە ٦٦ ی هەمان کتێب، هەوڵێکدراوە کە درێژکراوەی هەوڵی ئیسلامییەکانە بۆ ناساندنی پێغەمبەری موسڵمانان نەک وەک پەیامبەرێک و ڕابەرێکی ئایینی بەڵکو وەک سیاسییەک و دامەزرێنەری دەوڵەتێکی ئیسلامیی. لە کتێبەکەدا هاتووە کە پێغەمبەر لە قۆناغی مەککەدا بانگهێشتەکەی تەنها بواری بیر و باوەڕی گرتبۆوە، بەڵام لە مەدینە دا زەمنیەساز و لەبار بوو بۆ پەیامی ئیسلام و بناغەی دەسەڵاتێکی ئیسلامیی دانا (تەماشای هاوپێچ بکەن). ئەمەش دیسان هەمان ئەو بانگەشەیەیە کە ئیسلامییەکانی ئیخوان موسلمین و داعشییەکان دەیکەن. بۆ نموونە یوسف قەرەزاوی، یەکێک لە ئیسلامییە هەرە ناسراوەکانی دنیا و باوکی ڕۆحی ئێستای ئیخوانییەکان لە جیهان، پێغەمبەری موسڵمانان بە سەرۆک‌ و دامەزرێنەری یەکەمین حکومەتی ئیسلامی دادەنێت. قەرەزاوی دەڵێت “حاکم لە ئیسلامدا “بریکار” (وەکیل)ـە لەسەر ئۆممەت”ی موسڵمانان (تەماشای یوسف القرضاوی، من فقه الدولة في الإسلام،‎‎‏ بکە، لاپەڕە ٣٥). ئەو ‏بانگەشەیەی قەرەزاوی و کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی کە پێغەمبەر دامەزرێنەری دەوڵەت بووە بەتەواوی لەگەڵ دەیان ئایەتی قورئان ڕاستەوخۆ دژایەتی دەکەن. بۆ نموونە، لە ‏سورەتی ئەنعام هاتووە “ولو شاء اللە ما أشرکوا وما جعلناک علیهم حفیظا وما أنت علیهم بوکیل”، واتە “ئەگەر خوا‏‏ مەیلی ‏لێبا،‎‎‏ شەریکیان پەیدا نەدەکرد،‎‎‏ ئێمە تۆمان نەکردۆتە پاسەوان (حەرەس) بەسەریانەوە‌ و نەبویتە هەمەکارەیان (وەکیل ‏بەسەریانەوە)” (قورئان ٦: ١٠٧)،‎‎‏ هەروەها لە سورەتی ئەنعام هاتووە “قل یا أیها الناس قد جاءکم الحق من ‏ربکم فمن اهتدی فإنما یهتدي لنفسە ومن ضل فإنما یضل علیها وما أنا علیکم بوکیل”، واتە “بێژە،‎‎‏ خەڵکینە! واڕاستیو ‏لەلایەن پەروەرندەتانەوە بۆ هات. هەرکێ ڕێگەی ڕاست بەدیکا،‎‎‏ شارەزابوون بۆ خۆیەسی،‎‎‏ هەرکەسێکیش گومڕا ببێ،‎‎‏ ‏گومڕایی دژی خۆیەسی. من (پێغەمبەر) وەکیلی کەستان نیم” (قورئان ١٠: ١٠٨)،‎‎‏ یان ئەوەی لە شوێنێکی دیکە ‏سورەتی ئەنعام دەڵێت: “وکذب بە قومک وهو الحق قل لست علیکم بوکیل”، واتە “هۆزەکەی تۆ ئەم قورئانی واڕاستیشیان ‏پێ درۆیە. بێژە خۆ من نەبوومە وەکیل بەسەرتانەوە” (قورئان ٦: ٦٦). ‏لەپاڵ ئەمانە، لە زیاتر لە پەنجا ئایەت لە قورئاندا پێغەمبەری موسڵمانان وەک “شاهید”،‎‎‏ “مژدەدەر”،‎‎‏ “پەیامبەر”،‎‎‏ ‏‏”گەیەنەری پەیام”،‎‎‏ “ڕێنیشاندەر”،‎‎‏ “ئاگادارکەرەوە” یان “وەبیرهێنەرەوە” ناویبراوە. بەپێچەوانەوە‎‎‏ لەهیچ شوێنێک ‏پێغەمبەری موسڵمانان وەک حاکم یان وەکیل ناوی لە قورئاندا نەهاتووە.

سێیەم، کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی دوازدەی ئامادەیی بەتەواوی تەرخانکراوە بۆ ڕونکردنەوە و قسەکردن لەسەر ئەو ئایدیۆلۆجیایەی کە پێیدەگوترێت ئیسلامی سیاسیی، ئیسلامیزم/داعشیزم. بە مانایەکی دیکە ژوورەکانی قوتابخانە لە کوردستان کراون بە ژووری پەروەردەکردنی کادیری ئیسلامیی-سیاسیی. دانەرانی کتێبەکە هێندە سەرەڕۆییان کردوە کە ناونیشانی بەشی دووەمی کتێبەکەیان لە چاپی ٢٠١١ ناونابوو “ئیسلام ‌و پەروەردەی سیاسی”، بە واتایەکی دیکە ئەگەر لە کتێبەکانی پێشوتر لە بن پەردە و بە ناڕاستەوخۆ قسەیان لەسەر ئایدیۆلۆجیای ئیسلامیزم کردبێت ئیدی لە پۆلی دوازدە بێپەردە قسە لە ئیسلامی سیاسیی دەکەن. لە چاپی ٢٠١٥ ی کتێبەکە ئەم ناونیشانە گۆڕاوە، پێدەچێت ڕەخنەکانی ئێمە ئەوکات کاریگەریی هەبووبێت، کە من لێرەوە بۆ ئەو شتە دەستخۆشی لە وەزارەتی پەروەردە دەکەم. بەڵام کتێبەکە هێشتان کێڵگەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی منداڵی ئیسلامیی/ئیسلامگەرا، منداڵێک کە پێیوابێت ئیسلام ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسییە وەک ئەوەی کە ئیسلامییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن. لەپەیوەند بە کتێبی پۆلی دوازدە ناکرێت ئاماژە بە نمونە بکەین چونکە تەواوی بەشی دووەم و سێیەمی کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەک لەنێوان ئیسلام و سیاسەت و دەسەڵات. لێرە تەنیا ئاماژە بە ناونیشانی وانەکان و بڕگەکان دەدەین:
١. لە لاپەڕە ١٩، ناونیشانی بەشی دووەمی کتێبەکە خراوەتەڕوو کە نووسراوە: “ئیسلام و بەڕێوەبردنی ژیان”، واتە هەمان مانای ناونیشانی بەشی دووەم لە چاپی ٢٠١١ دەبەخشێت کە نوسرابوو “ئیسلام ‌و پەروەردەی سیاسی” چونکە بەڕێوەبردنی ژیان پرۆسەیەکی سیاسییە خۆ ئایینی نیە. هاوکات هاوماناشە لەگەڵ ئەو بانگەشەیەی ئیسلامییەکان کە دەڵێن “ئیسلام بەرنامەی ژیانە”. خۆ ئەگەر دانەرانی کتێبەکەش دەڵێن نەخێر مەبەستمان سیاسەت نیە، ئەدی بۆ یەکەم وێنە لەو بڕگەیەدا وێنەی دەنگدانی کەسێکە لە هەڵبژاردنەکان لەگەڵ وێنەی باڵەخانەی دادگایەک. ئەگەر دەنگدان و دادگا سیاسەت نەبن چی سیاسەتە.
٢. لاپەڕە ٢١ تا ٢٣ قسە لەسەر دادپەروەری و ئیسلام لە بواری سیاسی و ئابوری دا دەکات. لە پەیوەند بەم بڕگانە دەبێت ئەوە بگوترێت کە لە چاپە نوێکەی ٢٠١٥ دا وەک چاپە کۆنەکەی ٢٠١١ هەست بە بەسیاسییکردنی ئیسلام و بە بەئیسلامییکردنی منداڵان دەکرێت، بەڵام تۆزێک کەمتر چونکە زۆر بڕگە لادراوە. سەرەڕای ئەمە تەواوی بەشی دووەمی کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی نێوان ئایین و سیاسەت، ئایین و دەسەڵات، کە ئیسلامییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن. بە مانایەکی دیکە کتێبەکە کراوە بە پلاتفۆرمێک بۆ بەئیسلامییکردنی منداڵان (تەماشای تەواوی بەشی دووەم بکە لە لاپەڕە ١٩ تا ٤٣).
٣. لە لاپەڕە ٤٧ هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان ئیسلام و دیموکراسی دراوە. دواتر لە لاپەڕە ٤٩ باس لە یەکسانی گەل و نەتەوەکان لە ڕوانگەی ئیسلامەوە دەکات. لێرەش وەک بڕگەکانی پێشتوتر مەبەستەکە بەسیاسییکردنی ئیسلام و بە ئیسلامییکردنی منداڵانە.
٤. بەشی سێیەمی کتێبەکە کە لە لاپەڕە ٥٣ وە دەستپێدەکات، تەرخانکراوە بۆ خستنەڕووی ئەوەی دانەرانی کتێبەکە ناویان ناوە “هێڵە گشتییەکانی تێڕوانینی ئیسلام بۆ سیستمی ئابوری”. دوای ئەمە قسە لەسەر “ڕێسا گشتییەکانی یاسادانانی ئیسلامی لە مەسەلە ئابوریەکاندا” دەکەن. بەهەمانشێوە، لێرەش هەر مەبەست دروستکردنی ئەو پەیوەندییەیە لەنێوان ئیسلام و سیاسەت کە ئیسلامییەکان پێداگری لەسەر دەکەن و دەڵێن ئیسلام و سیاسەت، یان ئیسلام و دەوڵەت لێک جیاناکرێنەوە. بۆ نموونە‏،‎‎‏ ئیمام غەزالی (١٠٥٨-١١١١)‏ لە کتێبی ‏‏”إحیاء علوم‌ الدین”، لاپەڕە ٢٦، دەڵێت “سوڵتان ‌و دین جمکن،‎‎‏ دین ئەسڵە ‌و سوڵتانیش پاسەوان،‎‎‏ ‏هەرشتێک ئەسڵی نەبێ ڕووخاوە،‎‎‏ هەرشتێکیش پاسەوانی نەبێ بزرە”. بەهەمانشێوە‏،‎‎‏ ئیبن تەیمیە ‏‏(١٢٦٣-١٣٢٨)،‎‎‏ کە ئیسلامییە نوێکان بە شێخ ‌و ڕابەری خۆیانی دادەنێن،‎‎‏ پێیوایە کە دین‌ و دەوڵەت دوو شتی ‏لێک جیانەکراوەن. ئەو لە کتێبی “السیاسة الشرعیة” دەڵێت “ئەگەر ‏دین لە سوڵتان جیا بۆوە،‎‎‏ یان سوڵتان دینی وەلانا، ئەوا کاروباری خەڵک تێکدەچێت”. ئیسلامییەکانی ئەم سەردەمەش هەمان بۆچوونیان هەیە. بۆ نموونە‏،‎‎‏ مەلا کرێکار (ئەمیری پێشوی ئەنسارولئیسلام) لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی،‎‎‏ ژمارە ٦٠، ١١\٢\٢٠٠٢،‎‎‏ جەخت لەسەر جیانەکردنەوەی ئیسلام ‌و سیاسەت دەکات ‌و دەڵێت ‏ئێمە ناتوانین بڵێین “ئیسلامی سیاسی‌ و ئیسلامی ئابوریی ‌و ئیسلامی عیبادەت… ئیسلام یەک ئیسلامە”‎‎‏.
بەبنەما لەسەر ئەو گفتوگۆیانە و ئەو ڕاستییانەی خرانەڕوو دەتوانین بڵێین کە دانەرانی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی بەو کارانەیان پێداگری لەسەر هەمان ئەو تێگەیشتنە دەکەن کە ئیسلامییەکانی وەک قەرەزاوی و سەید قوتب و مەلا کرێکار و فوقەهاکانی وەک ئیمام غەزالی و ئیبن تەیمیە کردویانە لە بەیەکەوەگرێدانی ئیسلام و سیاسەت. ئامانجی دانەرانی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی دانی ڕەنگێکی سیاسییە بە ئایینی ئیسلام، ئەمەش هەم بەسیاسییکردنی ئیسلام هەم بەئیسلامییکردنی منداڵان بەرهەمدێنێت، کە خۆی لە خۆیدا بەرهەمهێنانی داعشیزم وەک ئایدیۆلۆجیا و مرۆڤی داعشئاسای لێدەکەوێتەوە.
بۆیە ‏واچاکە کتێبەکانی قوتابخانەکان لەم جۆرە ‏بانگەشە ئایدیۆلۆجیانە پاکبکرێنەوە چونکە ڕیکلام بۆ ڕەوتێکی سیاسی بە هیچ ‏شێوەیەک ئەرکی قوتابخانە و سیستمی ‏پەروەردە نیە. ‏




کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی، گاڵتەکردن بە ئایینەکانی.. دیکە شێرکۆ کرمانج

لە بەشی پێشووتری ئەم زنجیرە وتارە ئاماژەمان بەوە کرد کە درێژە بە نیشاندانی ئەو نمونانە دەدەین لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی کە دەبنە مایەی دروستبوونی مرۆڤێکی ڕەهاگەرا و تاکڕەو بەڕادەیەک کە داعشئاسا دەرچێت (تکایە بۆ پێناسەی داعشیزم و ئیسلامیزم تەماشای بەشی یەکەم بکە کە لەژێر ناونیشانی ” من بووم نەک شێرزاد حەسەن” بڵاوبۆتەوە). لەوێدا سەرنجی ئێوەمان بۆ بابەتێک لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی ڕاکێشا کە تاکە ڕێگە لە پێش کرستیانەکان مابێتەوە، ئەوە ملکەچکردن‌، سەرانەدان، یان ملپەڕاندنە. لەم بەشە بە چەند نمونەیەک نیشانی دەدەین کە منداڵان و خوێندکارانی کوردستان لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە جیاتی قەبوڵکردنی فرەیی و ڕێزگرتن فێری بێنرخکردنی ئایینەکانی دیکە دەکرێن.

سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی پێنجەمی سەرەتایی نەک هیچ ڕێزێک بۆ ئایینەکانی دیکە ناهێڵێتەوە بگرە دەکرێت بڵێین کە جێگەیەکی بۆ ئایینەکانی دیکە نەهێشتۆتەوە. لە لاپەڕە ٥٢ ی چاپی ٢٠١١ دا، لە دەقێکی کتێبەکەدا هاتوە کە “ئیسلام ئەو ئاینەیە کە خوای گەورە بۆ مرۆڤایەتی ناردووە و ڕازی نابێت کە ئاینێکی دیکە بێجگە لە ئیسلام هەڵبژێرێت.” بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم تێگەیشتنەش، لە کتێبەکە ئایەتێکی قورئان ‌خراوەتەڕوو کە دەڵێت “إن الدین عند اللە الإسلام”، واتە “ئاین لەلای خودا تەنها ئیسلامە.” ئەم دەقە ڕێک بە منداڵان و خوێندکاران دەڵێت کە نابێت هیچ ئایینێکی دیکە بوونی هەبێت یان پەیڕەوبکەیت، خۆ ئەگەر ئایینیێکی دیکەت هەڵبژارد ئەوە لە ڕێ لادەری چونکە بە فەرمانی خودات نەکردوە.
ئێمە لێرە تەفسیری ئایەتەکە ناکەین چونکە کتێبەکە ئەم کارەی کردوە، لە ڕاستیدا ئیشی من تەفسیرکردنیش نیە بەڵکو شرۆڤەی ناوەڕۆکی ئەو دەقانەیە کە لە کتێبەکەدا هاتوە کە لەم دەقەدا هیچ تەفسیرێک هەڵناگرێت بێجگە لەوەی کە خۆی گوزارشت لە خۆی دەکات.

دیارە لە هەمان کتێبدا باس لە لێبوردەیی ئایینی ئیسلامیش کراوە، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم تێگەیشتنەش ئەو ئایەتە قورئانییە هێنراوەتەوە کە دەڵێت “لا إکراە في الدین”، واتە “زۆرکردن لە ئاییندا نیە”. بەڵام پێش ئەوەی ئەو قسەیە بکات، کتێبەکە لە هەمان لاپەڕە، واتە ٨١، دەڵێت لە ڕوانگەی قورئانەوە کتێبە ئاسمانییەکانی ئایینەکانی دیکە “هەندێکیان دواتر دەستکاری کراون”، واتە بەلاڕێدا براون. ئەمەش بنکۆڵکردن و بێنرخکردنی ئایینەکانی دیکەیە نەک ناساندن و ڕێزگرتن.
لە لاپەڕە (١٠ و ٦٢) ی هەمان کتێبدا نوسراوە “دەبێت موسڵمان باوەڕی وا ‏بێت کە پێغەمبەر (محمد) دوا پێغەمبەرە و هەموو مرۆڤایەتی شوێن ‏ڕێبازەکەی بکەون”. بەپێی ئەم دەقەی کتێبەکە بێت هەموو ئەو ئایینانەی ‏کە دوای مردنی پێغەمبەری موسڵمانان پەیدابوون، وەک بەهایی و سیغ، ‏دەبێت وەک ئایین قەبوڵنەکرێن. بەهەمانشێوە، نەک هەر پەیڕەوانی ئەو ‏ئایینانەی دوای ئیسلام هاتوون بەڵکو ئەوانی پێش ئیسلامیش هاتوون دەبێت ‏بێنە سەر ئایینی ئیسلام چونکە دەقەکە زەق زەق دەڵێت دەبێت هەموو ‏مرۆڤایەتی شوێن ڕێبازی پێغەمبەری موسڵمانان بکەون.

کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی دوازدە، چاپی ٢٠١١، بەشی کۆتایی تەرخانکراوە بۆ ئاینناسی، بەڵام بەداخەوە لەجیاتی ئەوەی ئایینەکانی دیکە ‏بە خوێندکارانی کوردستان بناسێنێت چەند مەبەستێکی دیکە بەدیدەکرێن، کە لێرە ناکرێت قسە لەسەر هەموویان بکەین بەڵام ‏ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین.
بەشی ئاینناسی تەرخانکراوە بۆ بەرزگەرایی (ئیستیعلای) ئیسلام وەک ئایین بەسەر ئایینەکانی دیکەدا، واتە ئیسلام وەک ئایینێک کە لە سەروی هەموو ئایینەکانی دیکەوەیە نیشاندراوە. ئەمەش بە چەندین شێوە کراوە، لەوانە: ‏گاڵتەکردن، کەمکردنەوە یان بچوکردنەوەی ئایینەکانی دیکە.

بەشێک لە کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی دوازدە تەخانکراوە بۆ “ناساندنی” ئایینی هیندۆس. لە لاپەڕە ١١٧، چاپی ٢٠١١ ی دا، نوسراوە: “ئاینی هندۆسی تێکەڵەیەک لە یەکتا پەرستی و فرەخواوەندێتی و پەرستنی هەندێک دیاردەی سروشتی، سەرەڕای کۆمەڵێک بنەماو بەهای فەلسەفی و رۆحی جوان، چەندەها ئەفسانە و جادو و بۆچوونی سەرەتایی تێدایە، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر بەشێک لە شوێنکەوتووانی بەجێهێشتووە، لە نەریتە نەرێنییەکانی ئەم ئاینە، جگە لەو سیستمە چینایەتییە توندو تیژی و زوو بەشودان و ژن هێنانە، کە هەندێک جار لە تەمەنی (١٠) ساڵیدا ئەم کارە دەکەن و ئەگەر مێردی یەکێک لەو ئافرەتانەش مرد، بۆی نیە تا مردن شو بکاتەوەو دەبێت بەدەم خەفەت خواردن بۆ هاوسەرەکەیەوە ژیان بەرێتە سەر.”

پێش هەموو شتێک ئەمە ئایینناسی نیە چونکە ناوبردنی ئایین بە ئەفسانە و وەهم و جادو (کە لە لاپەڕە ١١٠ دووبارەکراوەتەوە) کەمکردنەوە و گاڵتەپێکردنی ئایینە. ئەوەی جێگەی سەرەنجە، لەم دەقە ڕەخنە لە هیندۆسەکان گیراوە بەوەی کە منداڵان/کچان لە ‏تەمەنی دە ساڵیدا بە مێرد دەدەن. ئەمە لە کاتێکدا کراوە کە موسڵمانان بەخۆیان ئەم جۆرە کارانەیان پەیڕەوکردوە. بۆنمونە، ‏پێغەمبەری موسڵمانان عایشەی لەو تەمەنەدا هێناوە و دواتریش قەدەغەکراوە لە شوکردنەوە. لێرە قسەی ئێمە لەسەر ئەوە نیە کە بۆ هیندۆسەکان یان پێغەمبەری موسڵمانان ئەم کارەی کردوە، پرسیارەکە ئەوەیە بۆ کارێک کە موسڵمانان پراکتیزی بکەن‌ و ڕەوا بێت دەبێت وەک خاڵێکی نەرێنیی لە ئایینەکانی دیکەدا تەماشابکرێت، ئەوە ئەگەر مەبەست لەم ئاماژەپێدانە لەکەدارکردنی ئایینی هیندۆسی نەبێت. ‏

هەر لە پەیوەند بە پرسی ئاینناسی شتێکی دیکەی زۆر سەرنجڕاکێش لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی کە بۆ ئاینناسی تەخانکراون بەدیدەکرێت ‏ئەویش ئەوەیە کە کتێبەکان زۆر کەم تەرخانکراون بۆ ئەو ئایین ‌‌و مەزهەبانەی کە لە کوردستان بوونیان هەیە یان ئەوانەی ‏لەگەڵ موسڵمانە کوردەکان لەم ناوچەیەدا دەژین. مەبەستم ئەو بەشەی ئاینناسی کە تەرخانکراوە بۆ ناساندنی ئایینەکانی دیکە بە ‏منداڵە موسڵمانەکان پێش هەموو ئایینێک دەبوایە باس لە ئایینی ئێزیدی ‌و کرستیان ‌و مەزهەبی شیعە بکەن، کەچی ئەو ئایین ‌و ‏مەزهەبانە لە چاپەکانی ٢٠١١ هەر باس نەکراون. لەجیاتی ئەمانە باس لە ئایینی بوزیی ‌و کۆنفۆشیان کراوە. دیارە باسکردنی ئەم دوو ئایینە ‏گرنگی خۆی هەیە بەڵام واچاکبوو خوێندکارانی کوردستان بە ئایینی ئێزیدی ‌و کرستیانی‌ و مەزهەبی شیعیی ئاشناکرابان ‏چونکە ئەو کێشەو گرژیانەی کە ئێستا لە کوردستان ‌و عێراق لەنێوان ئایینەکان دا هەن بەگشتی لەنێوان موسڵمانان ‌و ئێزیدییەکان، موسڵمانان ‌و ‏کرستیانەکان لەگەڵ سوننەکان ‌و شیعەکاندا هەیە. چاپی ٢٠١٥ ی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی باس لە ئایینی ئیزیدی و جولەکە دەکەن بەڵام ئەمجارە ئایینەکانی دیکە، کرستیان و هیندۆس و کۆنفۆشی، باس نەکراون.
چاپی ٢٠١٥ ی کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی یازدەم بەشێکی تەرخانکردوە بۆ ئایینی جولەکە بەڵام دەقەکان نەک هەر لە دیدێکی ئاییناسی نەنوسراون بگرە دیدی ئیسلام بۆ ئایینی جولەکە خراوەتەڕوو. بۆنمونە کاتێک باس لە چیرۆکەکانی جولەکەکان و پێغەمبەرەکانیان دەکات، ئەوە ئەو چیرۆکانە دەگێڕێتەوە کە لە قورئاندا هاتوون (تەماشای لاپەڕە ٨٤ بکە)، نەک ئەوانەی تەورات. لەمەش سەرنجڕاکێشتر، سەرەڕای ئەوەی کە تەورات وەک کتێبی پیرۆزی جولەکەکان دەناسێنێت و دەڵێت “بە گوێرەی باوەڕی ئێمەی موسڵمانان [تەورات] لە بنەڕەتدا پەیامی خودایە و لە ئاسمانەوە بۆ موسا” نێردراوە بەڵام دواتر دەڵیت “لە کاتی وێرانکردنی پەیکەرەکەدا [کە پێدەچێت مەبەستی ڕوخاندنی پەرستگای یەکەمی جولەکەکان بێت] لە سەردەمی هێرشی پادشای بابلی (بەختی نەسردا) ون بوون و سەر لەنوێ نوسرایەوە و بەوەش وەکو خۆی نەما و شتی دیکەی تێکەڵ بوو. تاکە یەک پرسیاریش لە کۆتایی ئەم بەشە خراوەتەپێش خوێندکاران ئەویش بۆ زەقکردنەوەی بانگەشەی دەستکاریکردنی تەوراتە لەلایەن جولەکەکانەوە.

بەکورتی، کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی وەک داعش و داعشئاساکان گاڵتە بە ئایینەکانی دیکە دەکەن و بە لەڕێ لادەر و دەستکاری کراویان لە قەڵەم دەدەن. هاوکات، وەک داعشییەکان ڕێگە بە پەیڕەوکردنی ئایینەکانی دیکە نادەن. دیارە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە زۆر شوێنی دیکە باس لە قەبوڵکردنی ئایینەکانی دیکە دەکەن بەڵام دژایەتییەکی زۆر لەنێو دەقەکاندا بەدی دەکرێت، بەوەی لە شوێنێک باس لە فرەیی دەکرێت لە دوای ئەو دەڵێت بێجگە لە ئیسلام هیچ ئایینێکی دیکە قەبوڵ ناکرێت و مرۆڤایەتی هەمووی دەبێت پەیڕەو لە ڕێبازی ئیسلام بکات. بۆیە دەکرێت بڵێین کە بەگوێرەی ئەو نمونانەی کە لێرەدا خرانەڕوو کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی مرۆڤی داعشئاسا بەرهەم دێنن، مرۆڤێک کە فرەیی ڕەتبکاتەوە و پێداگری لە تاکڕەوی و تاکئایینی بکات.




“من بووم.. نەک شێرزاد حەسەن”.. نووسینی: دکتۆر شێرکۆ کرمانج

وەک ئاگادارن کۆمەڵێک کەس، بە تایبەتی ئیسلامییەکان، لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆییەی ڕۆمانووس‌و نوسەر و مامۆستا شێرزاد حەسەن هاتوونەتە دەنگ. لەملاو ئەولا هەندێکیش هەڕەشە دەکەن گوایە کاک شێرزاد سووکایەتی کردووە و گوتوویەتی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان داعش دروست دەکەن. سەرەتا دەبێ ئەوە ڕاستبکەمەوە کە کاک ‘شێرزاد’ گوتوویەتی بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەیەک کە توێژینەوەیەکی دکتۆر “شێرکۆ کرمانج”ە. (بەندە) وانەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان داعش بەرهەم دێنن کە من خاوەنیم،نەک خودی ‘شێرزاد’ بۆ خۆی بەم دەرئەنجامە گەیشتبێت.

لە بەرئەوەی گفتوگۆکان ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە چەند توێژینەوە و بابەت ‌و چاوپێکەوتنی منەوە هەیە، بە باشمزانی کە سەرەتا بۆ وەڵامی ئەوانەی کە هاتوونەتە دەنگ‌و دەڵێن شتی وا لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی نیە کە داعش-دروستکەر بێت، هەر بۆ نمونە ئاماژە بە چەند دەق‌و پەیامێک لە کتێبەکان دەکەم، بەڵام هەر ڕۆژەی نموونەیەک دەخەمە ڕوو. دواتر، لە دەرفەتێکدا کورتەی توێژینەوەکانم دووبارە بڵاودەکەمەوە.

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم کاتێک کاک شێرزاد دەڵێت کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی داعش بەرهەمدێنێت مەبەستی “داعشیزم”ە، واتە عەقڵییەتی داعش، ڕێک ئەوەی کە من لە توێژینەوەکان پێداگریم لەسەر کردوون، ئەگینا ئەو کاتەی من توێژینەوەکەم ئەنجامدا بوو داعش وەک ڕێکخراوێک بوونی نەبوو.

بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا وا چاکە پێناسەی عەقڵییەتی داعش یان داعشیزم بکەین. داعشیزم فۆڕمە هەرە توندڕەوەکەی ئیسلامیزمە، ئەو ئیسلامیزمەی کە میانڕەوانی وەک یەکگرتو و توندڕەوانی وەک داعش کۆدەکاتەوە. لێرە مەبەست لە میانڕەویی ‌و توندڕەویی زیاتر لە بیرکردنەوە نییە؛ بەڵکو لە ڕێباز و ئامراز و دەرکەوتەدایە. هەرچۆنێک بێت، مەبەست لە عەقڵییەتی “داعش” تێگەیشتنێکی تاکڕەوانە و ڕەهاییگەرییانەیە بۆ هەقیقەت، بە مانایەکی دیکە، مرۆڤێک کە هەڵگری بیروباوەڕێک‌و جیهانبینییەک بێت کە پێیوابێت هەقیقەتەکان هەمووی لای ئەوە و ئەوانی دیکە دەبێت بێنە سەر ڕێچکەی ئەوانی داعشگەرا، ئەگینا لەناو دەبرێن، لە باشترین حاڵەتیشدا ببن بە پاشکۆ. هاوکات، لەبەر ئەوەی هەقیقەتەکانی ئەوان، مەبەستم عەقڵ داعشئاساکانە، هەقیقەتی دینین ئیدی پیرۆزن‌ و لە دەرەوەی گومان و پرسیار و ڕەخنەن، هەر کەس‌ و لایەنێک لێیان نزیک ببێتەوە، دەبێت سزا بدرێن و سەریان پەلبدرێت.

بە کورتی، ئیسلامیزم/ داعشیزم ئەو تیۆرە‎‎‏ فیکری یان ئایدیۆلۆژییە سیاسییەیە کە لە ئاکامی هەوڵەکانی کەسانی وەک (سەید قوتب یان ئەبوبەکر بەغدادی) جێگیر بووە،‎‎‏ ڕێکخراوێکی وەک (‏ئیخوان موسلیمون) یان بزووتنەوەیەکی (داعش) ئاسا بەرهەمدێت،‎‎‏ ئەویش بە خوێندنەوەی سەرچاوە سەرەکییەکانی دینی ئیسلام.‏ بە دەربڕینێکی دیکە، ئەو دیدگایەیە کە دین‌ و سیاسەت لێکتری جیا ناکاتەوە، واتە جیهانبینییەکە کە ئیسلام ‏تەنیا وەک دینێک نابینێت کە تێگەیشتنی تایبەت بە خۆی هەبێت بۆ بوونی ڕسکێنەرێک (خالق)ێک، لەگەڵ چەندین ڕێوڕەسمی ‏پەرستن وەک نوێژ و ڕۆژوو، بەڵكو وەک ئایدیۆلۆژیا و سەرچاوە ‌و ڕێنیشاندەر ‌و ڕێنماییکەرێک بۆ تەواوی پرسە سیاسیی ‌و کۆمەڵایەتی‌ و ‏ئابورییەکان دەیبینێت‌ و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. بە واتایەکی دیکە، وەک بیرمەند و تیۆریستە ئیسلامییەکان دەڵێن “ئیسلام شێوازێکی کامڵی ژیانە”و ‏‏”تاکە چارەسەرە” بۆ پرسە سیاسی ‌و کۆمەڵایەتی‌ و ئابوورییەکانیش.

هاوکات دەبێت ئەوەش بڵێم کە من باوەڕ ناکەم من و کاک ‘شێرزاد’یش پێمانوابێت کە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی تاکە بەرهەمهێنەری داعش‌ و داعشیزم بن لە هەرێمی کوردستان. هیچ دیاردەیەک، فیکرێک، ڕووداوێک نییە کە یەک هۆکاری هەبێت. کاک شێرزاد قسەکانی لەسەر ڕۆڵی قوتابخانە و پەروەردە بوو، توێژینەوەکانی منیش تەنیا لەسەر کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێم بوو، بۆیە هەردووکمان ئاماژەمان بەو هۆکارە کردووە کە لە پشت سەرهەڵدانی “داعش” و “داعشیزم”دایە، دەنا دەیان هۆکاری دیکە هەن لە پشت دروستبوونی ئیسلامیزم/داعشیزم لە کوردستان‌ و لە جوگرافیا و شوێنەکانی دیکەدا.

دەبێت ئەوەش بڵێم کە لە نووسینی ئەم بابەتە ڕێسا و ڕێکارە ئەکادیمییەکان بەکارنەهاتووە؛ چونکە ئەمەی ئێرە توێژینەوە نییە بەڵکو خستنەڕووی هەندێک لە دەرئەنجامی توێژینەوەکانە، بۆ وردەکاری زیاتر دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەر توێژینەوەکان.

با بێینە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکە. لەم کورتە بابەتە و لە ڕۆژانی داهاتوودا بە چەند نموونەیەک پشتڕاستی ئارگیومێنتی توێژینەوەکانم دەکەمەوە، کە دەکرێت وەک بەرگرییەک لە کاک شێرزاد ببینرێت، وا بێت یان نا..گرفتێکم نییە!

+نمونەی یەکەم:

لە کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی چاپی (٢٠١١) و لە لاپەڕە (٤٠)دا، دانەرانی کتێبەکە دەڵێن: “شاندێکی کریستیانەکانی هەرێمی “نەجران” هاتنە لای پێغەمبەر (د.خ)، ئەویش دوای خستنە ڕووی باسێکی چڕ و پڕی سەبارەت بە ئایینی ئیسلام، پێیفەرموون، ئەوە ئیسلامە، یان وەریبگرن یان سەرانە بدەن، ئەگەر نا.. خۆتان ئامادە بکەن جەنگێک کە لەگەڵ ئێوەدا بەرپای دەکەین” لە پەراوێزدا (تەماشای وێنەی هاوپێچ بکەن).

ئێستا دەزانم هەندێک کەس دەڵێن جا کێ دەڵێت ئەم چیرۆکە ڕاستە، یان ئەم فەرموودەیە سەحیحە. نەک بۆ ئەم نموونەیە؛ بەڵکو بۆ هەموو نموونەکانی دیکەش ئەوە پرسی من نییە. پرسی من ئەوەیە داخۆ ئەم دەقە چ پەیامێک یان تێگەیشتنێک لای خوێندکار/منداڵ دروست دەکات؟ بە کورتی‌ و بە ڕاشکاوی دەپرسم، ئەم دەقە “داعش” دروست نەکات، ئیدی نازانم چی داعش دروست دەکات ئەگەر دەقی وا دروستی نەکات؟ ئاخر ئەم دەربڕینە بە ڕاشکاوی بە منداڵان دەڵێت ئەو کرستیانانەی لەگەڵتاندا دەژین لەم وڵاتە دوو بژاردەیان هەیە: یان سەرانەی/باجی “کرستیان-بوونیان” بدەن؛ یان دەبێت شمشێر بە ڕوویاندا هەڵبکێشین‌ و بیانکوژین.
لە (٢٠١٤)دا کاتێک داعش هات‌ و دەشتی “نەینەوا”ی داگیرکرد، ڕێک بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ “کریستیانەکان” کرد، وەک ئەوەی بڵێیت هەموویان خوێندکار ببوون لە قوتابخانەکانی کوردستان.

ئەوەی ڕاستی بێت ئەم دەقە لە چاپی (٢٠١٥)ی هەمان کتێب ڕەشکراوەتەوە، تەنیا ئەو چەند دێڕە نەک تەواوی بابەتەکە. ئەمەش دوو شت دەسەلمێنێت:
یەکەمیان: ئەو ڕەخنانەی کە من گرتبووم لەو کتێبانە لە ساڵی( ٢٠١٢ )ەوە، چ بە نووسین چ بە چاوپێکەوتن، لەگەڵ ئەو دیدارانەی کە لەگەڵ وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرام‌ و چاپەمەنییەکان سازکران‌، هاوکات هەوڵەکانم لەگەڵ ڕێکخراوی “یۆنیسکۆ”، کاریگەرییان هەبووە، کە بۆ هەموومان جێگەی خۆشحاڵی‌ و دەستخۆشییە. بەڵام زۆر بە ڕاشکاویی دەیڵێم کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامیی دەیان ‌و سەدان نا؛ بەڵکو هەزاران پەیام ‌و چیرۆک‌ و گوزارشت و دەربڕینی وای تێدایە کە مەرج نیە داعش دروستکەر بن، بەڵام هێندە کرچ‌ و کاڵن کە بە هیچ شێوەیەک هیچ پەیام‌ و نرخێكی پەروەردەیی لە خۆیان ناگرن، بگرە بە پێچەوانەوە پەیامی ناتەبایی‌ و دژە پێکەوەژیان‌ و پەراوێزخستن ‌و بە کەمزانینی ئەوانی دیکە لەخۆیان دەگرن.

نموونەی دووەم: لادانی ئەو دەربڕینە لە چاپە نوێکەدا خۆی سەلمێنەری ئەوەیە کە تەنانەت دانەرانی کتێبەکانیش درکی مەترسیی بوونی دەقێکی لەم جۆرەیان لە کتێبەکان کردووە.

وەک لە سەرەتادا گوتم، تا چەند ڕۆژێکی دیکە هەر ڕۆژەی لە کورتە بابەتێکدا بە خستنەڕووی نموونەیەک دەمەوێت ڕاستیی “داعشدروستکەری” کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێم بخەمە ڕوو. بەڵام دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەو نوسخانەی کە من لە( ٢٠١٢ ) تا ( ٢٠١٥ ) ئیشم لەسەر کردوون، ئێستا لە کتێبخانەکەمدان لە “ئوسترالیا” و لێرە لەبەر دەستم نین، بۆیە کارکردنم زۆر ئاسان نابێت. بەهەرحاڵ هەر چۆنێک بێت هەوڵ دەدەم لانیکەم پێنج شەش نموونە بخەمەڕوو. چاوەڕوان بن.

———————————————–

“پرۆفایل”

  • شێرکۆ کرمانج: دکتۆرای لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی “ساوس”/ ئوسترالیا تەواوکردوە. نووسەری کتێبی “شوناس ‌و نیشتیمان لە عێراق”ە، کە بە ئینگلیزی‌و عەرەبی‌و کوردی بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ کتێبی “بە سیاسییکردنی ئیسلام” کە دوو چاپی بە کوردی بڵابۆتەوە. شێرکۆ دەیان توێژینەوەی له‌سه‌ر پرسی کورد و پۆلەتیکی عێراق ‌و فیکری سیاسی ئیسلام بە ئینگلیزی لە جۆرناڵە ئەکادیمییەکان بڵاوکردۆتەوە و بەبەردەوامیش لە رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان بابەت‌ و توێژینەوە بڵاودەکاتەوە. شێرکۆ چوار ساڵ مامۆستا بوو لە زانکۆی “ئوتارا” لە مالیزیا، پێش ئەویش توێژەری پۆست دکتۆرا بوو لە زانکۆی ساوس ئوسترالیا. لە (٢٠١٠) بۆ ماوەی هەژدە/ ١٨ مانگ گەڕایەوە کوردستان ‌‌و وەک بەڕێوەبەری تواناسازی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کاری دەکرد و لە “زانکۆی سەلاحەدین” دەرسی دەگوتەوە. ئێستا یاریدەدەری پرۆفیسۆرە و سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە لە زانکۆی شارقە لە ئیمارات.



زمانی دایک و زارا محەمەدی، بەئاسایشکردنی پرسی کورد لە ئێران … شێرکۆ کرمانج

تاوانبارکردنی، زارا محەمەدی کچە کوردێکی نیشتەجێ لە سنە، بە هەڕەشە لەسەر ئاسایشیی نەتەوەیی ئێران‌‌و سەپاندنی دە ساڵ زیندانی تەنیا لەبەر ئەوەی ڕێکخراوێکی پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک‌و یارمەتی بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکانی کرماشان‌و لوڕستان لەگەڵ فێرکردنی خۆبەخشانەی منداڵانی کورد زمانی دایکیان هیچ گومانێک لەسەر بەئاسایشکردنی پرسی کورد لە ئێران ناهێڵێتەوە. بۆیە لەم بابەتە هەوڵدەدەم پرسی بەئاسایشکردنی پرسی لە ئێران تاوتوێ بکەم.
مەبەست لە بەئاسایشکردن ئەوەیە کە چۆن دەوڵەت وەک بکەرێک شەرعیەت دەدات بە بەکارهێنانی هێزو توندوتیژی‌ بۆ سەرکوتکردنی گروپێک یان لایەنێک کە داوای مافەکانیان دەکەن. بەئاسایشکردن سەرچاوەی لە تێگەیشتنێکی ڕیالیستەکان بۆ سیاسەت‌و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەڵهێنجاوە کە پێیوایە مانەوەی دەوڵەت‌و یەکپارچەیی خاکەکەی گرنگترین ئامانج‌و ئەرکی دەوڵەتە. لەم سۆنگەیە دەوڵەت ئامادەیە هەموو یاساو ڕێساکان بشکێنێت‌و هی نوێ دابهێنێت بۆ پاراستی خۆی‌و مانەوەی‌و لەناوبردنی نەیارەکانی. ئەم دیدە پێچەوانەی دیدی قوتابخانەی کۆبنگهاگن گروپە نەتەوەییەکان‌و هەڕەشە لەسەر بوون‌و شوناسیان نابینێت.
چی ئاسایشەو چی بە ئاسایشدەکرێت هێندەی دروستکراوە هێندە بابەتیی نیە. لەم سۆنگەیەوە، ئاسایش ئەوەیە کە نوخبەی سیاسی یان ڕۆشنبیری دەوڵەت (نەتەوەی سەردەست) بەیانیدەکات‌و دڵسۆزی گروپێک یان لایەنێک لەناوەوە یان لە دەرەوەی وڵات دەخاتەژێر پرسیارو دژ بە بەهاکانی دەوڵەت‌و نەتەوەی سەردەست نیشانیدەدات‌و وەک هەڕەشەیەک لەسەر یەکێتیی‌ خاک‌و نەتەوە وێنای دەکات. ئیدی گروپە یان لایەنە بەئامانجکراوەکە وەک کۆسپێک دەبینرێت لەلایەن دەوڵەت‌و نەتەوەی سەردەست لە پێش پڕۆسەی وەکیەکردن (homogenization) ی دەوڵەت-نەتەوە، ئەویش بەتواندنەوەو سڕینەوەی گروپە یان لایەنە بەئامانجکراوەکان‌.
پێشئەوەی باسی بەئاسایشکردنی پرسی کورد لە ئێران بکرێت دەبێت دوو پرس ڕونبکرێتەوە، یەکەم، چەمکی داوا و ماف لێکجیابکرێنەوە، ئەوەش بەو مانایەی کاتێک کوردەکان داوای مافەکانیان دەکەن بە مافی دەوڵەتی سەربەخۆو سەروەریی ناکرێت تەنیا وەک هەوڵێک بۆ دابەشکردن‌و هەڵوەشانەوەی ئێرن تەماشابکرێت بەڵکو وەک ڕێگەچارەیەک بۆ ڕزگارکردنی ئێران ببینرێت بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی‌و ئاشتی هەم لە ئێران هەم لە ناوچەکە هەم لە جیهان. دووەم، ڕاستە کوردەکان لە هەندێ قۆناغ‌و لە هەندێک بارودۆخ ئاستی مافەکانیان بۆ سەربەخۆیی‌و جیابوونەوە بەرزکردۆتەوە بەڵام بەگشتیی کوردەکان هەوڵی دەستبەرکردنی مافە سیاسی‌و کەلتوری‌و زمانییەکانیان لە بەنامەرکەزیکردنی سیستەمی حوکمڕانی‌و دامەزراندنی چوارچێوەی ئۆتۆنۆمی‌و فیدڕالی دا کردوەو بینیوە. بۆیە نزیکبوونەوەو تێگەیشتن لە پرسی کورد دەبێت لەو چوارچێوانەوە بێت ئەگەرنا ئەوە شەرعیەتدان، نەک ڕەخنەکردنی، بە بەئاسایشکردنی پرسی کوردی لێدەکەوێتەوە.
چۆنیەتی مامەڵەکردنی دەوڵەتی ئێران بۆ پرسی کورد دەکرێت بەسەر دوو قۆناغدا دابەشبکرێت. قۆناغی یەکەم، سەردەمی ڕەزا شا (١٩٢٥-١٩٤١) و محەمەد ڕەزا شا (١٩٤١-١٩٧٩)، لەم قۆناغەدا، بەتایبەتی سەردەمی ڕەزا شای باوک هەموو جیاوازییەکی نەتەوەیی نادیدەدەکراو دەوڵەت لە پڕۆسەی بەمۆدێرنکردندا لە هەوڵی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی وەکیەک دابوو کە تێیدا هەموو جیاوازییەکان لە بۆتەکەی نەتەوەو کەلتوری سەردەست، فارس دا، دەتواندەوە. ڕەزا شا بەحوکمی سەرسامبوونی بە ئەتاتورک‌و لاسایکردنەوەی تورکیا بوونی جیاوازییەکانی وەک هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی میللەت‌و گەلی ئێراندا دەدیت‌و لەسەر ئەو بنەمایەش مامەڵەی لەگەڵدا دەکردن. لەسەردەمی محەمەد ڕەزا شای کوڕ تاڕادەیەک فەزای سیاسی ئاواڵەتربوو بۆ نەتەوەو گروپە جیاجیاکانی ئێران بە کوردیشەوە بەڵام تەرکیزی دەوڵەت لەسەر بەفارسیکردنی شوناسی ئێران وەک خۆی مابۆوە.
قۆناغی دووەم، لە ڕوخانی شا و دامەزراندنی جمهوری ئیسلامی (١٩٧٩ تا ئێستا) دەستپێدەکات. سەرەڕای ئەوەی کە دەستورەکەی ئەم قۆناغە پێچەوانەی قۆناغی پێشوتر دان بە جیاوازییە نەتەوەیی‌و مەزهەبییەکان دەنێت کەچی وەک دەستورکەی پێشوتر تەنیا زمانی فارسی وەک زمانی فەرمی‌و زمانی خوێندن‌و پەروەردە دەناسێنێت. دەوڵەت جیاوازییە نەتەوەییەکان وەک ئاڵنگاریی ئەمنی‌و هەڕەشە لەسەر سەروەریی‌و یەکپارچەیی ئێران‌و لەسەر ئەو نیزامەی کە جمهوری ئیسلامی دەیەوێت لە ناوچەکە بەرقەراری بکات، دەبینێت. تەنیا لەو دیدەوەش دەکرێت شرۆڤەو تێگەیشتن بۆ بەرخوردەکانی ئایەتوڵا خومەینی بکرێت کە لە ڕۆژانی سەرەتای دامەزراندنی جمهوری ئیسلامی لەخۆی نیشاندا وەک: یەکەم، فەتوای شەڕ لە دژی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات؛ دووەم، ڕەتکردنەوەی هەموو حیزبێک بێجگە لە بەناو حیزبی خوا؛ پاککردنەوەی کوردستان لەوەی ناوینابوون “شەیتانەکان.” بەمشێوەیە، بەشداری ئێران لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ڕیفراندۆمی کوردەکانی عێراق‌و بچوکردنەوەی هەرێمەکەیان لە ٢٠١٧ دا دەکرێت لەم تێگەیشتنەوە شرۆڤەی بۆ بکرێت.
سوننیبوونی بەشێکی زۆری کوردانی ئێران هێندەی دیکە پرسی کوردی لە ئێران ئاڵۆزتر کردوە. بێجگە لە شوناسی نەتەوەیی، حکومەت شوناسی مەزهەبییشیان وەک هەڕەشە لەسەر شوناسی مەزهەبیی نەتەوەی سەردەست وێنادەکات.
سەرەڕای سەرکوتکردنی بزوتنەوە کوردییە چەکدارییەکان لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردو کەچی دوای سی ساڵ کوردەکان نزیکەی نیوەی زیندانییە سیاسییەکانی ئێران پێکدێنن، ئەمە لەکاتێکدایە کە کوردەکان ١٠٪ لە دانیشتوانی ئێران پێکدێنن. کوشتنی سەرکردە کوردەکان لە ئەوڕوپا (عەبدولرەحمان قاسملۆ و سادق شەرەفکەندی لە ١٩٨٩ و ١٩٩٢ لە نەمسا و ئەڵمانیا لەدوای یەک) نیشانەی ئەوەن کە دەوڵەتی ئێرانی جوڵەی کوردەکان لە هەر جێگەیەکی ئەم دنیایە وەک هەڕەشە لەسەر ئاسایشی دەبینێت.
محەمەد ڕەزا شا لە ١٩٧٨ ئەحکامی عورفی بەسەر تەواوی ئێراندا سەپاند. دوای ڕوخانی ڕەزا شا بە ئاشکراو بەنائاشکرا ناوچە کوردنشینەکان لەڕێگەی ئەحکامی عورفییەوە بەڕێوەدەچن‌و دەسەڵاتی دامەزراوە ئەمنییەکانی سوپاو پاسداران‌و بەسیج‌و ئیتیلاعات باڵادەست‌و یەکلاکەرەوەی پرسەکانن. بەسەربازگەکردنی کوردستان ناکرێت وەک پەرچەکردارێک بۆ خەباتی چەکداری دابنرێت چونکە بۆنمونە لە ئێران لە ١٩٨٩ ـەوە چالاکی چەکداری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات زۆر سنوردار بووە.
بۆ سەپاندنی ئەحکامی عورفی‌و سەرکوتکردنی بزوتنەوە کوردییەکان، چەکدار و مەدەنی، ئێران کەم تا زۆر کوردستانی کردوە بە سەربازگەیەکی گەورە. بەسەربازگەکردنی کوردستان تەرخانکردنی زەوی‌و زاری جوتیارانی بۆ دامەزراوە سەربازییەکان‌؛ بۆ بنکەو ڕاهێنا‌ن‌، هەروەها بۆ خانوبەرە بۆ ئەفسەرو پلەدارەکانی لێکەوتۆتەوە. ئەمەش هێندەی دیکە ناوچە کوردنشینەکانی بەتورک‌و بەفارس کردوە. هاوکات، دروستکردنی بنکەو پایەگای سەربازی لە هەموو گوندەکانی کوردستان‌ لەگەڵ وەبەرهێنان لە بواری سەربازیی‌و دامەزراوەی سەربازی، کوردستانی لە دواکەوتیی ڕاگرتوەو ڕادەگرێت. خەڵکەکەشی ناچار بە کۆچ کردوە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئێران‌ کە توانەوەی کورد ئاسانترو خێراتر دەکات‌. هاوکات، دانیشتوانی ناوچەکەش ناچار بە کارکردن دەکات بۆ دامەزراوە سەربازی‌و ئەمنییەکان‌، ئەمەش رەواج‌و پاساو بۆ بەجاشبوون دروستدەکات، هەم لەبەر نەبوونی هەلی کاری دیکە هەم کردنی جاش بە تاکە هەلی “کار”.
بەئیزافەی ئەمانە، هاندەری سەرەکی لە بەسەربازگەکردنی کوردستان لە دیدە فۆکۆییەکە “چاودێریی دەستەجەمعیی”و نیشاندانی ئامادەگیی هەمیشەیی دەوڵەت‌و دامەزراوەکانیەتی. دامەزراوەکان بەتەلبەندو لوغم پارێزراون کە ناوچەیەکی زۆریان لە کوردستان لە کەڵکی ئابوریی‌و کشتوکاڵیی خستوە. بەجاشکردنی کۆمەڵگە بێجگە لەوەی ملکەچیی خەڵک بۆ دەوڵەتەکان مسۆگەردەکات، هاوکات، شەڕی کورد بە کورد خۆش دەکات. ئەمەش هەم لەڕێگەی بەگژدادانی جاش‌و هێزە چەکدارە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان هەم بە پێکدادانی گروپ‌و سەرکردە جاشەکان لەنێو خۆیان کە پەرتکەو زاڵبە دێنێتەگۆڕێ لەگەڵ نیشاندانی دووبەرەکی‌و دواکەوتویی سوننەتیبوونی کۆمەڵگەی کوردی.
بۆ بنکۆڵکردنی ڕەوایی پرسی کوردو بەئاسایشکردنی پرسەکە ئێران زاراوەی تاوانئامێز لە دژی هێزو لایەنە کوردییەکان، چەکدار یان مەدەنی، بەکاردێنن، وەک زیدی ئینقلابی (دژی شۆڕش).
هەموو ئەمانە دەریدەخەن کە ئێران پرسی کوردی کردوە بە پرسێکی ئاسایشیی‌و لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ کوردو کوردستان دەکات، بۆیە کاتێک کچێکی خۆبەخش دەیەوێت منداڵانی کورد فێری زمانی دایکیان بکات وەک هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی خاک‌و میللەتی ئێران لەقەڵەمی دەدات‌و زارا خاتون بە دە ساڵ زیندانی دەکات.




ستراتیجییەتە ترسناکەکەی ئەمجارەی تورکیا … شێرکۆ کرمانج

دەوڵەتی تورکیا بەحوکمی ئەوەی کە جێگرەوەی ئیمپراتۆریەتە پەلهاوێژەکەی عوسمانیەکانە، هاوکات، بەحوکمی ئەوەی کە بوونی کوردو کوردستان بە هەڕەشە لەسەر تورک‌و تورکیا دەبینێت، ئەوە بەردەوام لە هێرش‌و پەلکشان‌و‌ شەڕدایە لەگەڵ هەر بوونێکی کوردستانیی “ئەگەر لەسەر مەریخیش بێت”، وەک تورکەکان دەڵێن. تورکەکان ئێستاش لە کابوسی سیڤەر ڕزگاریان نەبووەو ڕزگاریشیان نابێت تا ئەو ڕۆژەی دان بە فرەیی‌و پێکەوژیانی گەلان لە تورکیاو لە دەرەوەی تورکیا نەنێن. لەگەڵ هاتنەسەر حوکمی ئیسلامییەکانی ئەکەپە بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆگان خەونی زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیش زیندوکراوەتەوەو هەوڵی چڕدراوە بۆ دروستکردنەوەی. عوسمانییە نوێکان، لەسەرەتا دەیانەوێت بە داگیرکردنەوەی ئەو ناوچانە دەستپێبکەن کە تورکەکان وەک ناوچەکانی تورکیای “میساقی میللی” ناویان دەبەن. ئەوانەش ئەو ناوچانەن کە تورکەکان بە ناوچەی داگیرنەکراویان دادەنێن لەلایەن هاوپەیمانەکان لە شەڕی یەکەمی جیهانی چونکە پێش ئاگربەستی مودرۆس لەژێر دەستی عوسمانییەکان بوون، کە تەواوی باشوری کوردستان (ویلایەتی موسڵ) ‌و ڕۆژاڤای کوردستان‌و بەشێک لە پارێزگای حەلەبی سوری دەگرێتەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی پشت لەشکرکێشیە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان‌و ڕۆژاڤا ئەو تێگەیشتنە داگیرکاریی‌و پەلەهاوێژیەیە.
سەرەڕای ئەوەی کە ستراتیجییەتی درێژمەودای تورکیا داگیرکردنی تەواوی رۆژاڤاو باشوری کوردستانە‌، بە پارێزگای کەرکوکیشەوە، کەچی ستراتیجییەتی نزیکمەودای لەم هێرشانەی ئەم دواییە دوو ئامانجی سەرەکییە: یەکەم، چاندنی تێرۆرستان لە قەندیل. دووەم، پچڕپچڕکردنی خاکی کوردستان.

چاندنی تێرۆرستان لە قەندیل
قەندیل ناوچەیەکی بەربڵاوی شاخاوی سەختە کە باشورو باکورو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. مەبەست لە قەندیل لەم بابەتە تەنیا زنجیرە چیاکانی قەندیل نیە بەڵکو تەواوی ئەو ناوچە شاخاوییە سەختەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی قەڵادزێ‌وە دەستپێدەکات بە دەوروبەری ڕەواندزو باڵەکایەتی تێپەڕدەبێت تا دەگاتە چیاکانی شیرین‌و گارەو سیپان لە نزیک ئامێدی. ئەم ناوچانە سەدان ساڵە دەستی حکومەتەکانی ناوەندی، نە عێراق نە تورکیا نە ئێرانی پێ ڕانەگەیشتوە. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوەوەش بوون بە شوێنی سەرەکی بنکەو بارەگای هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان. لە سەرەتای نەوەتەکانیشەوە پەکەکە تاڕادەیەک بەتەواوی کۆنتڕۆڵی ئەم ناوچانەی کردوەو بنکەو بارەگا سەرەکییەکانی خۆی لێ دامەزراندون‌و بۆ کاری حیزبی‌و سیاسی‌و پلان‌و ڕاهێنانی گەریلا بەکاریاندێنێت.
ساڵانێکە تورکیا لە هەوڵی دەرپەڕاندنی گەریلاو کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانەیە، کە تا ئێستا سەرکەوتو نەبووە. لەدوای پەیدبوونی گروپە تێرۆرستیە ئیسلامییەکانی وەک قاعیدەو داعش، تورکیای لێدەرچێت، هیچ هێزو لایەن‌و دەوڵەتێک نیە، بە ئەمریکاشەوە، کە حەزبکات ئەو ناوچانە لە پەکەکە پاکبکرێنەوە چونکە هەموو لایەک پێیانوایە دەرپەڕاندنی پەکەکە لەو ناوچانە ئەگەری پڕکردنەوەیان لەلایەن گروپە تێرۆرستیەکان دێنێتەگۆڕێ.
تورکیا خۆیشی تا ئێستا هەمیشە کێشەی ئەوەی هەبووە کە ئەگەر ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵیش بکات لەوانەیە نەتوانێت پارێزگارییان لێبکات لەبەر نەبوونی جێگرەوە. بەڵام ماوەیەکە تورکیا کۆمەڵێک گروپی تێرۆرستی لە سوریا کەمۆکردوەو کردونی بەهێزی مورتەزەقە، بۆیە ئەگەری زۆرە ئەگەر تورکیا لە هێرشەکانی ئەمجارەی بۆ سەر ئەو ناوچانە سەرکەوتوبێت ئەوە بەو هێزە مورتەزەقانە پڕیانبکاتەوە کە لەلایەک ئاسایشی تورکیا بپارێزن لەلایەکی دیکە هەڕەشە لە ئاسایشی باشورو ڕۆژاڤای کوردستان‌و‌ ئێران بکەن. لێرە کە دەڵێین ئاسایشی کوردستان مەبەستمان ئاسایشی خەڵکی کوردستان‌و خاکی کوردستان‌و تەواوی هێزو لایەنەکانی کوردستانە بەو لایەنانەشەوە کە لە تورکیاوە نزیکن، وەک پارتی‌و یەکگرتو.

پچڕپچڕکردنی خاکی کوردستان
دوای دروستبوونی کیانێکی کوردستانیی لە ڕۆژاڤای کوردستان، کە سەرەتا بە کانتۆنەکانی جەزیرەو کۆبانێ‌و عەفرین ناسرابوون‌و دواتریش لەژێر ناوی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێکخران، تورکیا کۆمەڵێک ترسی ستراتیجی لێ نیشتوە:
یەکەم، دروستبوونی کوردستانێک کە لە خانەقینەوە جوگرافیاکەی درێژبێتەوە بۆ نزیک دەریای ناوەڕاست کە قوڵاییەکی ستراتیجی بە کوردستان دەدات. لێرە دەبێت ئەوە بڵێم کە ڕاستە ئەو کوردستانە بەو قوڵایی‌و جوگرافیایەوە هێشتا وەک دەوڵەتێک یان کیانێک دروستنەبووە بەڵام ترسی تورکیا لە دروستبوونی ئەم کیانەیە. تورکیا ستراتیجیانە بیردەکاتەوەو هەنگاودەنێت، ئەو پێیوایە ئەو هەرێمەی ئێستا کە دەستکەمۆ کراوە مەرج نیە تا ئەزەل لە دەست دەستکەمۆکراوەکان بمێنێتەوە. بێجگە لەمە، دیدو بیرکردنەوەی ستراتیجیانەی تورکیا بۆ کوردستانییەکی دەستکەمۆکراو و یاخییەک وەک یەک وایە.
دووەم، لەبەر دیدە دوژمنکارییەکەی، تورکیا پێیوایە کە دروستبوونی کیانێکی کوردستانیی دەبێتە مایەی دابڕانی تورکیا لە دنیای عەرەبی‌و ئیسلامی، ئەمەش پێگەی ستراتیجی کوردستان هەم لە تورکیا هەم لە دنیای عەرەبی بۆ کوردستان زیاددەکات، کە تورکیای پێیناخۆشە.
سێیەم، هەڵکشانی کاریگەرییەکانی ئەم دوو ئەزمونەی باشورو ڕۆژاڤا بۆ سەر کوردستانیانی باکور، ترسێک کە تورکیا لە مێژە هەیەتی‌و دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژگارەکانی پەیمانی سیڤەر.
بۆ شکستپێهێنانی هەردوو ئەزمونەکەی کوردستان، هەم ئەوەی باشور هەم ئەوەی ڕۆژاڤا، هاوکات بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی کوردستانێکی درێژبووەوەو یەکگرتوو، یەکێک لە ستراتیجییە نزیکمەوداکانی تورکیا پچڕپچڕکردنی جوگرافیای کوردستانە ئەویش بە داگیرکردنی ناوچەی جیاجیا لەو درێژاییە جوگرافییە‌و پاککردنەوەی لە کوردو نیشتەجێکردنی عەرەب‌و تورک‌و تورکمانی مورتەزەقە لە شوێنەکانیان.
بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا تورکیا بە داگیرکردنی جەرابلس هەردوو کانتۆنی جەزیرەو کۆبانێی لە کانتۆنی عەفرین دابڕی. دواتر بە داگیرکردنی عەفرین کوردستانی لە گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست‌و دروستکردنی دەروازەیەکی نێودەوڵەتی دوورخستەوە. ئینجا تورکیا بۆ پچڕاندنی، ناکاملیش بێت، کانتۆنی جەزیرەو کۆبانێ ناوچەکانی سەرێ کانی‌و سەرێ سپی داگیرکرد. لە هەموو ناوچە داگیرکراوەکان بەچڕیی لە هەوڵی پاکسازیی نەژادی‌‌و بەتورککردن‌و بەعەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکانە.
لەم هێرشەی ئەمجارەی تورکیا، بێجگە لە پلانی چاندنی تێرۆرستان لە قەندیل، دەوڵەتی تورکیا مەبەستی داگیرکردنی قەزای ڕەبیعەو شەنگالە، بەتایبەتی چیای شەنگال. مەبەست لەمەش وەک هەوڵەکانی پێشوتری پچڕپچڕکردنی درێژبوونەوەی جوگرافیای کوردستانە.
گرنگی شەنگال‌و دەوروبەری لەوەدایە کە هەرێمی کوردستان به‌ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژهەڵات‌و باکوری سوریا دەبەستێتەوە. هاوسنووربوونی هەرێمی کوردستان‌و بەڕێوەبەریی خۆسەری، شەنگال‌و ڕەبیعەی کردۆتە ‌ده‌روازه‌یه‌کی سەرەکی بۆ‌ په‌یوه‌ندی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و کەلتوری‌و بازرگانی‌و هاتوچۆ له ‌نێوان هەرێم‌و بەڕێوەبەریی خۆسەری. بایه‌خی ئه‌م ده‌روازیه‌ بۆ هەرێم به‌رزترده‌بێته‌وه‌ کاتێک دەبینرێت کە تورکیا لە دراوسێیەکی نەیار دەبێت بە دراوسێیەکی داگیرکەر.
داگیرکردنی شەنگال وادەکات کە تورکیا هه‌ڕه‌شه‌کانی کردنەوەی‌ ده‌روازه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ بەڕووی عێراق جێبەجێ بکات‌و‌ گرنگی ده‌روازی ئیبراهیم خه‌لیل کەمبکاتەوەو پێگەی هەرێم لە ڕووی ستراتیجیەوە بێ بایەخ بکات‌.
هاوکات، ناوچه‌ی شەنگال بەناوبانگە له‌ به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم و جۆ کە بایەخێکی گرنگی هەیە بۆ زامنکردنی ئاسایشی خۆراکی کوردستان بۆیە تورکیا دەیەوێت ئەو ناوچانە بخاتە ژێر دەستی خۆی.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو شرۆڤەکارییانە دەتوانین بڵێین کە هێرشەکانی ئەمجارەی تورکیا بە بەراورد لەگەڵ هێرشەکانی پێشوتر ئێجگار ترسناکە چونکە مەبەست لێی چاندنی ڕەگوڕیشەی تێرۆریستە مورتەزەقەکانیەتی لە قەندیل، لەگەڵ، پچڕاندنی باشورو ڕۆژاڤای کوردستان. کوردستانیان لەم خەتەرە نەگەن هەر هەموویان، بە نەیارەکان‌و دۆستەکانی تورکیا، پێکەوە لە مەنجەنیقی تورکدا دەسوتێنرێن.




بۆ ناڕازی‌و ڕەخنەگرەکان دەبێت دەنگبدەن؟ … شێرکۆ کرمانج

ئەمڕۆ لە ڕادیۆی نیشتیمانیی (National Radio) ئوسترالی گوێم لە بەرنامەی بیرۆکە گەورەکان (Big Ideas) دەگرت. لە بەرنامەکە فەیلەسوفی ناودار پیتە سینگە (Peter Singer) قسەی دەکرد. سینگە فەیلەسوفێکی ئوسترالیە بەڵام لە زانکۆی پرینستنی ئەمریکی وانە دەڵێتەوە. ئەو فەیلەسوفە پسپۆڕییەکەی بواری ڕەفتار و ئەخلاقە (moral and ethics).

لە بەرنامەکە پرسیاری ئەوەیان لە سینگە کرد کە داخۆ ئەو ئەو کەسانە بە ڕاستدەزانێ کە دەڵێن ئێمە نامانەوێت منداڵمان ببێت چونکە دنیا کەمئەخلاق بووە، یان بەرەو بێئەخلاقی (immoral) دەڕوا، هاوکات ژینگە بەرەو وێرانی دەچێت لەئاکامی زیادبوونی ژمارەی دانیشوان‌. لە درێژەی پرسیارەکە گوتیان ئەو کەسانە دەڵێن ئێمە نامانەوێت منداڵێکمان ببێت کە لە کۆمەڵگەیەکی کەمئەخلاق یان بێئەخلاق گەورەبێت‌ ببێتە بارێکی قورس بەسەر ژینگە. پیتە سینگە لە وەڵامی ئەو پرسیارە گوتی، ڕاستە من پێموایە کە زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان بارێکی قورسی بەسەر ژینگە دروستکردوەو ئەگەر ئەخلاقیەن بیر بکەینەوە لەوانەیە باش نەبێت کە منداڵمان ببێت. ئەو گوتیشی، بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە کە منداڵ لە دایکدەبن‌و ژمارەی دانیشتوان زۆر دەبن، بۆیە پێموایە ئەو خێزانانەی کە ئاوا لە ڕوانگەی ئەخلاقیەوە ئەو پرسە دەبینن واچاکە لێگەڕێن منداڵیان ببێت چونکە ئەگەر ئەوان منداڵیان نەبێت ئەوە منداڵی ئەو خێزانانە زۆر دەبن کە خەمی ئەخلاقیانەی ژینگەو مرۆڤایەتیان کەمترە یان هەر نیە، ئەوکات منداڵی کەمئەخلاقەکان یان بێئەخلاقەکان زۆر دەبن کە ئەگەری هەیە وەک ئەو خێزانەی لێی پەروەردەبوون کەمتر گرنگی بە ئەخلاق‌و پرسە ئەخلاقییەکان‌و ژینگە بدەن، هاوکات منداڵی ئەو خێزانانەش کەم دەبن یان هەر نامێنن کە لەو ڕوانگە ئەخلاقییەوە پرسەکانی ژینگەو مرۆڤایەتی دەبینن. ئەوکات ژینگەو مرۆڤایەتی زەرەردەکەن.

من لێکچوونێک لەنێوان دەنگنەدانی کەسە ناڕازی‌و ڕەخنەگرو توڕەکان لەگەڵ ئەو کەسە خەمخۆرانەی ژینگەو مرۆڤایەتی دەبینم، کە پیتە سینگ هانیدان منداڵیان بێت. من پێموایە کە کەسە ڕەخنەگرو ناڕازی‌و توڕەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی لە کەسە هەرە دڵسۆزو خەمخۆرەکانی کۆمەڵگەی ئێمەن، بۆیە ئەگەر ئەوان دەنگ نەدەن ئەوە شانسی ئەو کاندیدانە زۆرتر دەبێت کە کەسانی کەمتر خەمخۆرترو دڵسۆزتر دەنگیان پێدەدەن. ئەوە بەو مانایە نیە کە ئەو کەسانەی کە دەنگدەدەن خەمخۆرو دڵسۆز نین بەڵکو بەو مانایەیە کە ئەگەر کەسە ناڕازی‌و ڕەخنەگرو توڕەکان بەشداری هەڵبژاردن بکەن ئەوە شانسی دەرچوونی کاندیدە باشەکان لە کاندیدە کەمباشەکان یان خراپەکان زیاتر دەبێت.
بۆیە من پێموایە کە کەسە ناڕازی‌و ڕەخنەگرو توڕەکان پێش هەموو کەسێک دەبێت بەشداری دەنگدان بکەن‌و هانی خەڵکی دیکەش بدەن کە دەنگ بدەن بە کاندیدە باشەکان. لێرە حەزدەکەم دوو شتی دیکەش بڵێم ئەوانیش ئەمانەن:

یەکەم، دەبێت کوردستانیان لەوە بگەن کە ئەوەی لە کوردستان هەیە، هەڵبژاردنە، واتە بەشێک لە پڕۆسەی دیموکراسی نەک تەواوی دیموکراسی. دەبێت ئەوەش بزانن کە پڕۆسەی دیموکراسی (ئەوەی بە دیموکراتازەیشنیش ناودەبرێت) بەبەردەوامبوونی پڕۆسەکە چاکترو باشتر دەبێت نەک بە پچڕاندنی. بەشدارینەکردن پچڕاندنی پڕۆسەکەیە.
دووەم، دەبێت ئەوەش بڵێم کە پڕۆسەی دیموکراسی پڕۆسەیەکی درێژخایەنە، دیموکراسخوازان دەبێت پشودرێژبن‌و کۆڵنەدەن.




ئەردۆگان بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵێک هێناوەتەپێش؟ …شێرکۆ کرمانج

بڕیاربوو هەڵبژاردنەکان بۆ سەرۆک کۆمار و هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی تورکیا لە نۆڤەمبەری ٢٠١٩ ئەنجامبدرێن کەچی ئەردۆگان بە بڕیارێک هەڵبژاردنەکانی پێشخستوە بۆ مانگی جونی ئەمساڵ. لەم کورتە بابەتە هەوڵدەدەم هۆکارەکانی پشت بڕیارەکەی ئەردۆگان بخەمەڕوو:
یەکەم، ئەردۆگان لە ڕیفراندۆمەکەی پار کە سیستەمی حوکمی لە پەرلەمانی گۆڕی بۆ سەرۆکایەتی مەبەستی ئەوە بوو کە هەرچی زووترە ئەو دەسەڵاتەکانی وەک سەرۆک بەکاربهێنێت بەڵام لەبەرئەوەی بەپێی بڕیاری ڕیفراندۆمەکە سەرۆک تەنیا لە هەڵبژاردنی داهاتوی تورکیاوە دەتوانێت هەموو ئەو دەسەڵاتانە فەراهەمبکات کە دەستورە نوێکەی پێدەبەخشێت، بۆیە ئەردۆگان دەیەوێت بەزووترین کات هەڵبژاردن بکرێت تاوەکو کەڵک لە دەسەڵاتە نوێکانی سەرۆک وەرگرێت.

دووەم، ئابوری تورکیا لەدوای هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە کوردستانی تورکیا لە ناوەڕاستی ٢٠١٥ و هەروەها دوای “کودەتا” سەرنەکەوتوەکەی تەموزی ٢٠١٦ ـە ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپی دەڕوات. یەکێک لە نیشانەکانی ئەم بارودۆخە خراپە دابەزینی لیرەی تورکیە بۆ تۆمارێکی بێ پێشینە. لە نیسانی ٢٠٠٨ دۆلارێکی ئەمریکی 1.30 لیرەی تورکی بوو، دوای دە ساڵ لە حوکمی ئەردۆگان ئێستا لە نیسانی ٢٠١٨ دا دۆلارێکی ئەمریکی 4.10 لیرەی تورکییە، واتە نزیکەی چواربار نرخی دابەزیوە. دیار نیوەی ئەم دابەزینە لە نرخی لیرەی تورکی لە تەموزی ٢٠١٦ ـەوەیە، واتە دوای ئەوەی ئەردۆگان بوو بە سەرۆک کۆمار. ئابوریناسەکان پێشبینی داتەپینی زیاتری لیرەو داڕمانی ئابوری تورکیا دەکەن، بۆیە ئەردۆگان دەیەوێت هەرچی زووترە بچێت هەڵبژاردن بکات پێش داتەپین‌و داڕمانە گەورەکان.

سێیەم، لەوەتەی مێراڵ ئاکشەنەر، حیزبێکی نوێی بەناوی İYİ لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ‌ـەوە دامەزراندوە، ئەردۆگان ترسی ئەوەی لێنیشتوە کە تا کات بڕوات ئاکشەنەر جەماوەری زیاتر دەبێت. بۆیە ئەردۆگان پێیوایە کە واچاکە پێشئەوەی گڕو تەوژمی ئاکشەنەر پەرەبسەنێت هەڵبژاردن سازبکات. ئەردۆگان پێیوایە کات لە بەرژەوەندی ئەو نیە بەڵکو لە بەرژەوەندی ئاكشەنەرە.

چوارەم، ئەردۆگان دوای داگیرکردنی عەفرین خۆی وەک ئەو سەرکردەیە نیشانداوە کە دەتوانێت دوژمن بشکێنێت‌و ناسیونالیست‌و ئیسلامییەکان وەگەڕبخات. ئەو پێیوایە ئێستا کاتی ئەوەیە کە کەڵک لەو سەرکەوتنانەو لە وروژانی هەستی ناسیونالیزمی تورکی‌و ئیسلامیزم وەربگرێت پێش ئەوەی وروژانەکان خاوببنەوە.

پێنجەم، دوای داگیرکردنی عەفرین، ئەردۆگان هەڕەشەی گرتنی مەنبەج‌و تەواوی ڕۆژاڤای کوردستانی دەکرد. بەڵام هەڵوێستی ئەمریکا لەبەرابەر مەنبەج‌و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژاڤا پێدەچێت جیابێت لەوەی عەفرین، تا کاتیش تێپەڕبێت ئەزمونی ڕۆژاڤا جێکەوتەتر دەبێت‌و هەڕەشەکانی ئەردۆگان پوچتر دێنەپێش چاو، بۆیە ئەو دەیەوێت هەڵبژاردن بێنێتەپێش‌ تاوەکو هەڕەشەکانی بەئاشکرا درۆ دەرنەکەون.
داخۆ ئەردۆگان لەو کارەی سەرکەوتودەبێت یان نا ئەوە پرسێکی دیکەیە بەڵام بەدڵنیاییەوە قومارێکی گەورە دەکات




ئازادکردنی ساڵح موسلم چیمان لەسەر ئەوڕوپا پێدەڵێت؟ … شێرکۆ کرمانج

دوای دەستبەسەرکردنی ساڵح موسلیم لە پراغ، پایتەختی چیک، خەڵکێکی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرشیان کردە سەر وڵاتە ئەوڕوپییەکان‌و دامودەزگاو دامەزراوەکانی. هەندێک لەوانە توڕەیی‌و خەمخۆریی بوو سەرچاوەی ڕەخنەو هێرشەکانیان بەڵام هێرش‌و ڕەخنەکانی هەندێکی دیکە هەڵقوڵاوی پاشخانی ئایدیۆلۆجی بوو جا چ ئیسلامییەکان بووبن یان چەپی توندڕەو. بێجگە لەم دوو گروپە خەڵکانێکیش هەبوو لە کەم شارەزایی لە سیستەمەکانی ڕۆژئاواو ئەوڕوپا گلەیی‌و هێرشەکانی خۆیان دەکرد.
لەم کورتە بابەتە هەوڵدەدەم چوارچێوە تیورییەکانی لیبرالیستەکان بکەم بە دیدگایەک بۆ تیشک خستنە سەر ئەم بابەتەو هۆکارەکانی بەهەڵە تێگەیشتن لە سیستەم‌و شێوازی کارکردنی دامەزراوە دەوڵەتییەکان بخەمەڕوو.

سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردو، بەتایبەتی لەوەتەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین دەستیانپێکردوە بەزەقی بێدەنگیی وڵاتانی ڕۆژئاوا هەستیپێدەکرێت. لەوکاتەوە منیش بەبنەما لەسەر تێگەیشتنی ڕیالیستەکان بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی چەندجارێک باسم لە کەمبایەخیی بەهاو ئەخلاق کردوە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. ئێستاش هەر پێموایە کە ڕیالیستەکان تاڕادەیەکی چاک لێکدانەوەکانیان لەو پەیوەندە ڕاستە، بەدەربڕینێکی دیکە بۆچوون‌ تێگەیشتنەکانیان ڕێی تێدەچێت.

سەرەڕای ئەوە من هەمیشە پێموایە کە هیچ قوتابخانەیەکی فکریی یان تیورێک ناتوانێت هەموو دیاردەکان‌و یان ڕووداو پێشهاتەکان شەرح‌و تەفسیل بکات. هاوکات پێموایە بۆ تێگەیشتن لە هەڵسوکەوتی وڵاتەکان‌و دامەزراوەکانیان ناتوانین بەگەڕانەوە بۆ یەک تیور، یەک بیرمەند یان یەک قوتابخانەی فکری تێیبگەین، یان هەموو دیوەکانی دیاردەکە ببینین‌و وەڵامی پرسیارەکانمان دەستکەوێت.

ئەو تیورەی کە دیاردەیەک باش ڕوندەکاتەوە لەوانەیە بۆ ڕونکردنەوەی دیاردەیەکی دیکە کورت بێنێت. بۆنمونە، کاتێک باس لە بێدەنگی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکەین لەبەرابەر هێرشەکانی بۆ سەر عەفرین ئەوە تیوری ڕیالیستەکان وەڵامێکی چاکتری پێیە بەبەراورد لەگەڵ تیورەکانی دیکە. ڕیالیستەکان لە حالەتێکی ئاوەهادا بێدەنگیەکە بۆ بێبایەخی ئەخلاق‌و بەها مرۆییەکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەگێڕنەوەو دەڵێن ئەوە بەرژەوەندییەکانە کە سەرچاوەی بڕیارو هەڵوێستی وڵاتەکانە لەبەرابەر وڵاتێکی دیکە.

بەڵام ئەگەر ئەوە بەبیر خۆمان بێنینەوە کە ڕیالیستەکان پێیانوایە کە دەوڵەت (state) یەک یەکەی سیاسیەو بە یەک دەنگ‌و بە یەک ڕەنگ‌و بە یەک زمان قسەدەکات ڕەفتار دەنوینێت ئەوە لە پەیوەند بە ئازادکردنی ساڵح موسلیم بۆمان دەردەکەوێت کە تیوری ڕیالیستەکان کورتدەهێنێت.
پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆو لەچیدا تیوری ڕیالیستەکان کورت دەهێنێت؟ لە وەڵامدا دەڵێین ئەگەر دەوڵەت یەک یەکەی سیاسی بێت کەواتە هەموو دامەزراوەکانی دەبێت بە یەک دەنگ‌و بەیەک ڕەنگ‌و بە یەک زمان قسەبکەن‌و ڕەفتار بنوێنن، هاوکات لەسەر یەک بنەما پرسەکان هەڵبسەنگێنن‌و بڕیاری لەسەر بدەن. ئەوەش بەو مانایەیە کە‌ دەبوایە چیک بەرژەوەندییەکانی خۆی ڕەچاوبکردایەو لەسەر داوای تورکیا ساڵح موسلیمی نەک هەر ئازاد نەکردبا بەڵکو ڕادەستی تورکیا بکردایەوە. کەچی ئەوەی بەدیکرا ئەوەبوو کە دامەزراوەی دادگا لە دەوڵەتی چیک عەدالەت‌و ڕاستیی‌و بەڵگەی کردن بە بنەماکانی هەڵسەنگاندنی کەیسەکە نەک بەرژەوەندی‌و قازانج. بەواتایەکی دیکە، دادگای چیک عەدالەت‌و بەڵگەی بە بنەما وەرگرت نەک بەرژەوەندی بۆیە ساڵح موسلیم ئازادکرا.

ئەمەش پشتڕاستی تیوری لیبرالەکان/ئایدیالیستەکان لەمەڕ دەوڵەت دەکات کە پێیانوایە دەوڵەت یەک یەکەی سیاسی نیە بەڵکو دامەزراوەکانی بەگەڕانەوە بۆ بنەمای جیاجیا بڕیارەکانیان دەدەن. ئەوان دەڵێن زۆر جار دەوڵەت لەمیانی گفتوگۆ لەنێوان دامەزراوەکان بەبڕیاری خۆی دەگات. بۆنمونە، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکان بەگشتی بەرژەوەندی نیشتیمانیی ڕەچاودەکەن لەکاتی هەڵسەنگاند‌ن‌و بڕیاردان کەچی دادگاکان یان وەزارەتی پەروەردە لەوانەیە دادی کۆمەڵایەتی، یەکسانی، بەڵگە، ئازادی هتد بکەن بە بنەمای تێگەیشتن‌و بڕیارەکانیان.
لەژێر تیشکی ئەم گفتوگۆیانە بۆمان دەردەکەوێت کە ناحاڵیبوونێک لە دنیای کوردی بۆ شێوازی کارکردنی دەوڵەت‌و دامەزراوەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە، ئەم ناحاڵیبوون، یان بەدحاڵیبوونە، سەرچاوەی زۆربەی هێرش‌و ڕەخنەکانی ئەو خەڵکانەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرچاودەکەوتن.




کەندێناوە سەرەتای تەعریب‌و سەرەتای دەستپێکردنەوەشی … شێرکۆ کرمانج

هەر جارێک پرسیاری تەمەن‌و ڕۆژی لەدایکبوونی خۆم بکردایە، دایکم دەیگۆت کوڕم ئەتو تەقریبەن چار مانگانبووی لە زگم کە حەرەس قەومی ‌و عەسکەر هاتن گابەرەکەو چەندین گوندی دیکەیان لە کەندێناوە سوتاند. بابت لەگەڵ تەواوی خەڵکی گابەرەکەو ئەو گوندانەی کە سوتێندران بردران‌و لە موسەیب لەودیوی بەغدای زیندانیکران. ئەو ڕۆژی خوا ئەتوی دا مە بابت‌و خەڵکەکە لە زیندان بەربوون. ئەو وەختی ئەمە لە هەولێرێ بووین چونکە حکومەت پاش گرتنی پیاوەکان ژنەکانیان دەرکرد لە گوندەکان. دایکم ئێستاش ئاوا چیرۆکی لەدایکبوونی من دەگێڕێتەوە کە لەڕاستیدا تەنیا چیرۆکی لەدایکبوونی منداڵێک نییە بەڵكو چیرۆکی هەوڵی زیندەبەچاڵکردنی گەلێکیشە لەڕێگەی تەعریب‌و ڕاگواستن‌.

سوتاندنی ئەو گوندانەی دایکم باسی دەکردن لە کەندێناوە لە ١٩٦٣ دا کە ژمارەیان دەگەیشتە نزیکەی ٣٠ گوند لە ٧٠ گوندی ناوچەکە دەکرێت بەسەرەتای تەعریبکردنی سیستەماتیکانەی ناوچە کوردستانیەکان لە باشوری کوردستان دابنرێت. هەندێک نوسەرو توێژەر پڕۆسەی تەعریبکردنی کوردستان دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی پاشایەتی کاتێک یاسین هاشمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ١٩٣٦ دا ئاسانکاریی زۆری پێشکەش بە خێڵە عەرەبەکانی دیوی ڕۆژئاوای زێی دیجلە کرد تاوەکو بێن لە دیوی ڕۆژهەڵاتی دیجلە لە ناوچەی حەویجە پێگەدانێن، ئەویش بە لێدان‌و ڕاکێشانی کەناڵێکی ئاو تاوەکو عەرەبەکان لە دەوروبەری کەناڵەکە بەروبومەکانیان بچێنن‌و نیشتەجێبن. بەڵام ئەم هەوڵانە زۆر سیستەماتیک نەبوون چونکە خێڵە کوردییە نیمچە ڕەوەندەکانیش ئازادکرابوون کە کەڵک لەم پڕۆژەیە وەرگرن بەس کوردەکان تەنانەت بەپیر بانگەوازی هەندێک لە ڕوناکبیری کوردیشەوە نەچون بۆ نیشتەجێبوون لەو ناوچانە.
مەبەست ئەوەیە کە پێش هاتنی ناسیونالیستە عەرەبەکان بۆ سەر حوکم لە ١٩٦٣ هاتنی عەرەب بۆ کوردستان زیاتر بەشێوەی گەشەیەکی سروشتی بووە لەوەی سیاسەتێکی تەعریبی سیستەماتیکی لەپشت بووبێت. بەڵام لەوکات بەدواوە تەعریبکردن شێوازێکی سیستەماتیکانە بەخۆیەوە دەبینێت‌و لەئاکامیدا لەنێوان ١٩٦٣ تا ٢٠٠٣ نزیکەی ٣٦ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە، واتە ٤٢%، ی خاکی کوردستان، بەشێوەیەک لە شێوەکان بەر سیاسەتەکانی تەعریب کەوتووە.

ناوچەی کەندێناوە لەم هەڵمەتە سیستەماتیکییە پشکی شێری بەرکەوتوە. یەکەم هەوڵی تەعریبکردنی ناوچەکە لە ١٩٦٣ دا لەسەر دەستی حەرەس قەومییەکان‌و ناسیونالیستە عەرەبەکان لەسەردەمی عەبدولسەلام عارف ئەنجامدراوە، کە وەک گوتم نزیکەی ٣٠ گوندی گرتەوە. دووەم هەوڵ لە ١٩٧٥ دا لەسەر دەستی بەعسییەکان لەسەردەمی ئەحمەد حەسەن بەکر جێبەجێکرا. تەنیا ئەو گوندانەی گرتەوە کە ئەوکات نەوتیان تێدا دۆزرابۆوە کە ژمارەیان ٢٩ گوند بوو. سێیەم هەوڵ لە ١٩٨٧ لەسەر دەستی بەعسییەکان لەسەردەمی سەدام حوسێن وەگەڕخرا کە تەواوی گوندەکانی کەندێناوەی گرتەوە.
لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراق لە ٢٠٠٣ دا خەڵکی تەواوی گوندەکانی کەندێناوە بەشێوەیەکی پچڕپچڕو بەژمارە کەم گەڕاونەتەوە گوندەکانی خۆیان‌‌و بەگشتیش خەریکی ئاژەڵداری‌و کشتوکاڵن. لەدوای شکستی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ لێرەو لەوێ قسە لەسەر گەڕانەوەی عەرەبەکان بۆ ناوچەی کەندێناوە کراوەو دەکرێت، بەتایبەتی ئەو گوندانەی کە لە ١٩٧٥ ‌ـەوە عەرەبیان تێدا نیشتەجێکرابوو. لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ ی کانونی دووەم، گروپێکی گەورە لەو عەرەبانەی کاتیخۆی لەناوچەکە نیشتەجێکرابوون بە پاڵپشتیی پۆلیسی ئیتیحادی عێراقی و بەڕەزامەندی پارێزگاری کەرکوک هاتونەتە گوندی پەلکانە، یەکێک لە گوندە تەعریبکراوەکانی کەندێناوە. لەوێ هەندێک ماڵیان داگیرکردوەو هەڕەشەیان لە خەڵکەکەش کردوە کە دەبێت گوندەکە جێبهێڵن.

ئێستا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ شکستپێهێنانی هەوڵی دووبارە تەعریبکردنەوەی ناوچەکە لەژێر سایەی حکومەتەکەی عەبادی. لەو پەیوەندە واچاکە هەڵوەستە لەسەر هەندێک پرس بکرێت‌و هەندێک ڕاستیی بخرێنەڕوو، لەوانە:
یەکەم، حکومەتی مەرکەزی عێراق دەیەوێت خۆی لەم هەوڵە نەبان بکات‌و بیخاتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی پارێزگای کەرکوک وەک ئەوەی کە گەڕانەوە بۆ سیاسەتی تەعریب بەشێک نیە لە سیاسەتی حکومەتی مەرکەزی. ئەم قسانەی حکومەتی مەرکەزی بە سەرکردایەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەڕاستییەوە دوورن چونکە دوای شکستی ئۆکتۆبەر ئەوە بۆ چەند مانگێک دەچێت هەوڵی ئێجگار چڕو بەرفراوان دراوەو دەدرێت بۆ دووبارە تەعریبکردنەوەی تەواوی ناوچە کوردییەکان بەتایبەتی ناو شاری کەرکوک. نمونەی ئەم هەوڵانە دانی پسولەی خۆراک‌ (البطاقة الغذائیة) و پسولەی نیشتەجێبوون (بطاقة السکن) ـە بە سەدان عەرەبی هاتوو (عرب النازحین) لەناو شاری کەرکوک. مەترسی ئەم کارە لەوەدایە کە پسولەی خۆراک‌و پسولەی نیشتەجێبوون لە هەڵبژارادنەکان بنەمای سەرەکین بۆ مافی دەنگدان لە هەموو شوێنێک، ئەمەش بە دڵنیاییەوە هاوکێشە سیاسییەکان‌و کورسییە براوەکان لە هەڵبژاردنی داهاتودا بە قازانجی هێزە عەرەبییەکان‌و بەدژی هێزە کوردییەکان دەگۆڕێت. هەر لە بنەڕەتیشدا پڕۆسەی تەعریب، بەکۆن‌و بەنوێیەوە، بۆ ئەم مەبەستە داڕێژراوە.

دووەم، ئەم هەوڵانە ناکرێت‌و نابێت لەلایەن گەلی کوردستانەوە قەبوڵبکرێت چونکە دژی مافە نەتەوەیی‌و نیشتیمانییەکانی خەڵکی کوردستان‌و پێشێلکردنێکی زەقی مافەکانی مرۆڤیشە بەگشتی. کوردستانیان دەبێت ئەم هەوڵانەی لایەنە عێراقییەکان بکەن بە سەرەتایەک بۆ زیندوکردنەوەی ماددەی ١٤٠ لە دەستوری عێراق کە بە ڕون‌و ئاشکرا پێداگری لەسەر نەهێشتنی ئاسەواری تەعریب دەکات‌و میکانیزمی ناردنەوەی عەرەبە هاوردەکان‌و گێڕانەوەی کوردو تورکمانە دەرپەڕێندراوەکانی دیاریکردوە. بۆیە دەستور دەبێت بکرێت بە بنەما بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی ئەم ناوچانە ئەگەرنا هەمیشە هەڵگیرسانەوەی شەڕی نەتەوەیی لە عێراق لەنێوان کوردو عەرەبدا بەزیندویی دەمێنێتەوە‌، کە بەدڵنیایشەوە ماڵوێرانی بۆ نەتەوەکانی عێراق بەدوای خۆیدا دێنێت.

سێیەم، کوردستانیان دەبێت ئاگاداری ئەوە بن کە ئەم پرسە پرسێکی سیاسییەو ناکرێت لەڕێگەی دادگاوە چارەسەربکرێت. مەبەست ئەوەیە ناکرێت پرسی خاوەندارێتی لەم ناوچانە لەسەر ئەساسی وەرگرتنی قەرەبۆ یان وەرنەگرتنی قەرەبۆ یەکلاییبکرێتەوە چونکە خەڵکی ئەم ناوچانە تەنیا لەسەر ئەساسی کوردبوونیان دەرکراون نەک هۆکارێکی دیکە. قەرەبۆکردنەکەش بەزۆرەملێ بووە. خۆ ئەگەر هۆکاری ئەمنی، ستراتیجی یان تەندروستی‌و ژینگەیی لەپشت چۆڵکردنی گوندەکان بووە ئەی بۆ عەرەب هێنراون بۆ ناوچەکە. حکومەتی مەرکەزی عێراق لەسەردەمی بەعس بڕیارێکی ڕەگەزپەرستانەی داوەو دەبێت بەگەڕانەوە بۆ دەستوری ٢٠٠٥ ی عێراق ئەم بڕیارانە هەڵوەشێنرێنەوەو ماددەی ١٤٠ یش بکرێت بە میکانیزمێک بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخە شێوێنراوەکە.

چوارەم، ئەم پرسە تەنیا کێشەو ململانێی گوندنشینە کوردەکانی ناوچەکەو عەرەبە هاوردەکان نیە تا لەمیانی ململانێ لەسەر خاک (نزاعات الأرض) لەنێوان دوو کەس یان چەند کەسێک یەکلاییبکرێتەوە. ئەمە کێشەی گەلی کوردستانە لە عێراق کە ڕووبەڕووی سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزیی‌و تەعریب‌و ڕاگواستن‌و چۆڵکردن بۆتەوە. ئەم پرسانە دەبێت لەنێوان حکومەتی مەرکەزی‌و نوێنەرانی کورد چ لە بەغدا چ لە حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی دەستوری عێراق یەکلاییبکرێنەوە . ناکرێت ئەو ئارگیومێنتە قەبوڵبکرێت کە گوایە زەوییەکانی ئەم ناوچانە کاتیخۆی لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق تاپۆکراون‌‌و بگوترێت کوردنشینەکانی ئەم ناوچاوانە چیدیکە مافی داواکردنی ئەم زەوییانەیان نیە چونکە وەک گوتم ئەمە بڕیارێکی دەمارگیریی‌و ڕەگەزپەرستانەی حکومەتی عێراق بووەو مەبەستێکی سیاسیی دژە-کوردی لەپشت بووە، بۆیە دەبێت لەو چوارچێوە سیاسییەدا ببینرێت‌و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
لەکۆی ئەم قسانە دەکرێت بگوترێت وەک چۆن سەرەتاکانی تەعریبکردنی کوردستان کاتیخۆی لە کەندێناوە دەستیپێکرد واپێدەچێت سەرەتاکانی دووبارە دەستپێکردنەوەی تەعریب هەر لەو ناوچەیە دەستپێبکاتەوە، وەک ئاماژەکان ئێستا دەرکەوتون. بۆیە ئەم هەوڵە نابێت وەک کردەیەکی چەند کەسی، یان هەڵەیەک، یان پرسێکی لاوەکی تەماشابکرێت. ئەم هەوڵە لە کەندێناوە سەربگرێت درێژدەکرێتەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستان کە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزین‌و عێراق سازدەکەنەوە بۆ شەڕێکی دیکەی خوێناوی، ئەمجارە نەتەوەیی، کە لە قازانجی هیچ کەس‌و لایەنێکدا نیە.




حەوت هۆکار لەپشت سوتاندنی دامودەزگاکان؟…. شێرکۆ کرمانج

یەکێک لەو دیاردانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی کوردستان لەدوای دامەزراندنی حکومەتی هەرێم لە ١٩٩٢ ـەوە تا ئێستا بەرچاودەکەوێت سوتاندنی دامودەزگاو بارەگا حیزبییەکانە. پرسیار ئەوەیە کە هۆکاری پشت ئەم کارە توندوتیژییە چییە، بەتایبەتی ئەگەر بێت‌و ئەوە بەبیر خۆمان بێنینەوە کە بەشی هەرە زۆری بەشداربووان لەپێش‌و لەکاتی خۆپیشاندانەکان داوای ناتوندوتیژییان دەکرد لە خۆپیشاندانەکان.

ھۆکار زۆرن لەپشت کارە توندوتیژییەکان بەڵام دەکرێت گرنگترینیان لەم خاڵانەدا کۆبکرێنەوە:

یەکەم، کورد ھیچ کاتێک لە مێژوودا دەوڵەتی سەربەخۆی نەبووە تا هاوڵاتیانی دەزگاکانی دەوڵەت‌و حکومەتەکە بە ھی خۆی بزانێت‌و بیپارێزێت. ئەو حکومەت‌و پەرلەمان‌و دامودەزگایانەش کە لە ١٩٩٢ دروستبوون هەر زوو لەگەڵ شەڕی ناوخۆ لەسەرەتای نەوەتەکان کران بە دامودەزگای حیزبی، چاکتر بڵێین کران بە دامودەزگای یەکێتیی‌و پارتی کە سەرانی دوو بنەماڵە بەسەریاندا زاڵبوون. لەوەش گرنگتر، میدیای هەر دوو حیزب تەواوی سەرکەوتن‌و شکستەکانیشیان بە حیزبی کردوە. بۆنمونە، ناردنی هێز بۆ ڕۆژاڤا کرابوو بە دەستکەوتی یەکێتیی‌و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە هەرێم‌و بە دەستکەوتی پارتی؛ دۆڕانی کەرکوک‌و ناوچە دابڕاوەکان کرابوون بە شکستی یەکێتیی‌و دزینی نەوت‌و تەخشان‌و پەخشان کردنی سامانی گشتی بە شکستی پارتی. هێزەکانی ئاسایش‌و پێشمەرگەش وەک چۆن لەسەرەتاوە حیزبییبوون دوای ٢٥ ساڵ لە حوکمڕانی هەروا بە حیزبیی ماونەتەوە. ئەمەش وایکردوە کە هاوڵاتی کوردستان هەستی ئینتیمای نەک هەر بۆ دامودەزگاو حکومەت نەبێت بەڵکو لە ڕقی حیزب ڕقی لە خاک‌و نیشتیمانیش بێتەوەو لە دەرفەتێک بگەڕێت لە ڕقی پارتی‌و یەکێتیی نیشتیمان‌و وڵات‌و دامودەزگا حکومییەکانیان بسوتێنێ.

دووەم، لە کوردستان داڕشتەی (ستراکتۆری) خێڵ لاوازبووە بەڵام عەقڵی خێڵ (tribalism) هێشتا زۆر بەهێزە، ئەمەش بۆتە زادەی زاڵیی کەلتوری ڕق و قینە کە بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەلتورو عەقڵی خێڵ. لێرە دەبێت ئەوە بڵێین کە عەقڵی خێڵ مەرج نیە لە فۆرمی خێڵ دەرکەوێت بەڵکو دەکرێت لە فۆرمی ناوچە، شار، حیزب، بنەماڵە یان گوند دەرکەوێت. ئینسانی کورد ئەوەندەی ئینتیمای بۆ خێڵ، بۆ شار، بۆ حیزب، بۆ بنەماڵە، بۆ گوند هەیە ئەوەندە ئینتیمای بۆ خاک‌و نیشتیمان‌و نەتەوە نیە. ئەم وردە-شوناس‌و ئینتیمایانەش خەڵک کۆوەناکەن بەڵکو دابەشدەکەن، دابەشبوونەکانیش لە غیابی شوناس‌و ئینتیمایەکی کۆگیر دەبنە زادەی دروستبوونی ململانێ‌. لە غیابی دامودەزگای دەستوری‌و پەرلەمانی‌و دادگایی بۆ ڕێکخستن‌و یەکلایکردنەوەی کێشمەکێشەکان، ئەوە ململانێکان بەرەو ئاقاری ناتەندروست دەڕوات‌‌و ڕق‌و قینە بەرهەمدێنێت‌. ڕق لە خەڵکی ئەم ناوچەیەو ئەو ناوچەیە، ڕق لە ئەندامانی ئەم حیزبەو ئەو حیزبە …هتد. ڕقیش بەلەناوبردنی ئەوی دیکەو سیمبولەکانی ئەوی دیکە دادەمرکێتەوە. لەدەرئەنجامدا کاتێک پێکدادان ڕوودەدات لایەنەکان‌و کەسەکان لە هەوڵی سڕینەوەی ئەوی دیکەدا دەبن، سڕینەوەش لوتکەی توندوتیژییە.

سێیەم، خۆپیشاندانەکان، بەتایبەتی گەڕی ئەمجارە، نە ڕابەری ھەیە نە ڕێکخراوە نە هیچ لایەن‌و گروپێکی ڕێکخراو سەرپەرشتی دەکات. کەسێک و لایەنێک نیە خەڵک ئاراستەبکات، ئامانج و میکانیزم دەستنیشان بکات‌و ھەنگاوی پێویست بۆ جێبەجێکردنیان بهاوێت. لەغیابی ڕابەری مەیدانی‌و گروپێکی ڕێکخەر، گەڕەلاوژەو فەوزا لە خۆپیشاندانەکان پەیدادەبن‌و ناعەقڵانی بەسەر عەقڵ‌و سۆزو عاتیفە بەسەر لۆجیک زاڵدەبێت. کاتیکیش ناعەقڵانی‌و نالۆجیک زاڵبوون، ئیدی چاوەڕوانی کرداری توندوتیژیی دەکرێت.

چوارەم، دەسەڵات لەڕێگەی کۆمەڵێک بەڵتەجی بۆ ناشیرکردنی خۆپیشاندەران‌و ئامانجەکانیان دەسیسەکانی خۆی خستۆتە ڕیزی خۆپیشاندەران و ھانی توندوتیژیی دەدەن. توێژینەوەکانیش سەلماندویانە لەکاتی خۆپیشاندانەکان بەشداربووان لاسایی یەکدی دەکەنەوە، ئەمەش دەبێتە مایەی ئەوەی کە ئەو کەسانەی باوەڕیان بە توندوتیژییش نیە یان نیازی کاری توندوتیژییان نەبێت کارگەلێک ئەنجامدەن کە بەهیچ شێوەیەک بەتەنیا کارگەلی وا ئەنجامنەدەن. بەواتایەکی دیکە هەر هێندە کەسێک یان چەند کەسێک لەنێو گروپێکدا بەردیان هاوێشت یان هێرشیانکردە سەر دامەزراوەیەک ئیدی ئەوانی دیکەش بێ بیرکردنەوە ڕەدویان دەکەون‌و هەمان کار ئەنجامدەدەن، بەکاری توندوتیژییشەوە.

پێنجەم، ئەوەی لای هەمووان ئاشکرایە ئەوەیە کە توڕەیی‌و بێزارییەکانی خەڵک چەند ساڵێکە گەیشتونەتە ترۆپک. هۆکاری هەرە سەرەکی توڕەییەکانیش تەنیا بێ موچەی‌و بێ کارەبای‌و بێ ئاوی‌و بێ خزمەتگوزاری نیە؛ هاوکات، تەنیا دزی‌و گەندەڵی‌و تەخشان‌و پەخشانکردنی سامانی گشتیی نیە؛ هەروەها، تەنیا شکست‌و خیانەتەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەرو ٣١ ی ئاب نین، بەڵکو ئەمانە هەموویان بەسەریەکەوەش، بەڵام لەسەروی هەموو ئەمانەوە نەبوونی یەکسانیە. خەڵک توڕەیە چونکە دەبینێت کەسانێک هەن موچەیان هەیەو ئەو نیەتی؛ کەسانێک ئاو کارەبای بیست چوار سەعاتەیان هەیەو ئەو نیەتی؛ کەسانێک تەعین دەکرێن‌و ئەو تەعین ناکرێت. هەموو ئەم هۆکارانە توڕەیی‌و بێزارییەکی لەڕادەبەدەری بەرهەمهێناوەو ساڵانێکیشە پەنگدەخواتەوە ئێستاش لەبەرابەر دەسەڵاتێک کە ھیچ ئامادەیی گوێگرتنی لە خەڵک‌و دانوسانی لەگەڵ نوێنەرەکانی نیە تەقیوەتەوەو توندوتیژیی لێکەوتۆتەوە.
شەشەم، کەلتوری توندوتیژیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە کوردستانیشەوە زادەی زاڵیی سێ گوتاری شۆڕشگێریی زاڵە لە ناوچەکە کە گوتاری شۆڕشگێڕیی ناسیونالیزمی‌و شۆڕشگێڕیی کۆمۆنیستی‌و شۆڕشگێڕیی ئیسلامیین. گوتاری ئەم سێ ڕەوتە بەگشتی بانگەشەی ڕاپەڕین‌و ڕوخان‌و سەرلەنوێ دروستکردنەوە دەکەن. ئەم سێ ڕەوتە بەگشتیی باوەڕیان بە شۆڕشە بۆ گۆڕانکاری. مەبەستی من لێرە ئەوە نیە کە خۆپیشاندەران سەر بەو ڕەوتانەن بەڵکو قسەی من لەسەر زاڵیی ئەم سێ گوتارەیە لەسەر عەقڵی خەڵک سەرەڕای لاوازی ئەم ڕەوتانە وەک هێز.

حەوتەم، هیچ گومانی تێدا نیە کە دەسەڵات لە کوردستان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆکاری هەرە سەرەکیە لەپشت دەستبردنی خەڵک بۆ توندوتیژیی. پارتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی مەنفەزێکی نەهێشتوە بۆ دەربڕینی ناڕەزاییەکان، ئەویش لە ڕێگەی سەرکوتکردن‌و داپڵۆسینی دەنگە ناڕازییەکان. خەڵکی ناوچەکانی دیکەش چاک ئەو ڕاستییە دەزانن بەبێ تێگەیاندنی پارتی لە پەیامەکانیان هیچ گۆڕانکارییەک لە کوردستان ناکرێت، ئەوەش دەزانن کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی ئەگەرەکانی خۆپیشاندان‌و دەنگ هەڵبڕین زۆر کەمە بۆیە لە هەر شوێنێکی دیکە پارتی‌و بارەگاکانی ببینرێن خەڵک بەوپەڕی توڕەییەوە بەرەو ڕوویان دەڕۆن بۆ دەربڕینی بێزارییەکانیان. پارتیش بۆ ترساندنی نەک هەر ئەوانەی کە هێرش دەکەن بەڵکو بۆ تۆقاندنی هاوڵاتیانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بەوپەڕی بێ بەزییانەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوەو تەقەیان لێدەکات‌و توندوتیژیی دروستدەکات. لە ئاکامدا خەڵک ئەو باوەڕەی لا دروستبووە کە چەک‌و شۆڕش‌و ڕاپەڕین‌و توندوتیژیی تاکە ڕێگەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پارتی‌و دەسەڵات.

سەرەڕای بوونی ئەو هەموو هۆکارە بۆ توندوتیژیی بەڵام خەباتی ناتوندوتیژیی تاکە شێوازی خەباتە کە نەک تەنیا سەرکەوتن بەڵکو حکومەتێکی مەدەنی تەندروست بەرھەمبێنێت. توندوتیژیی‌و ڕاپەڕین‌و شۆڕش سەدان ساڵە نەک ھەر کوردستان بەڵکو تەواوی وڵاتانی ناوچەکە وێراندەکات. مەترسیە گەورەکە ئەوەیە کە ھەر کەس‌و لایەنێک بەھێز بێتە سەر حوکم تەنیا بەھێز حوکم دەکات‌و تەنیا بەھێزیش دەبێت لاببرێتەوە. ئەمەش سوڕێک دروستدەکات کە دەکرێت بە سوڕی توندوتیژیی ناوببرێت. سوڕەکە بەردەوام دووبارە دەبێتەوەو بەردەوام توندوتیژیی بەرهەمدێنێتەوە. کورستان ئێستا لە گێژاوی سوڕی توندوتیژییدا دەخولێتەوە.

بۆ پچڕاندنی ئەم سوڕە دەبێت بۆ ھەتا ھەتایە، تەنیاو تەنیا، شێوازی خەباتی ناتوندوتیژی پەیڕەوبکرێت. ڕابەرانی ناڕەزاییەکان‌و خۆپیشاندانەکان نابێت بھێڵن بە ھیچ شێوەیەک نە دەسەڵات نە کەسانی دیکە خۆپیشاندانەکان بەرەو ئاقاری توندوتیژیی ببات چونکە توندوتیژیی دەبێتە مایەی لەکەدارکردنی خۆپیشاندانەکان و زەمانەتی مانەوەی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان دەکات چونکە پاساوی سەرکوتکردنی پێدەدات. خەڵکی کوردستان لاسایی ئەزمونی تونس بکەن باشترە لەوەی ئەزمونی سوریا و لیبیا دووبارە بکەنەوە.
لەکۆتاییدا دەبێت لەسەر دوو خاڵی دیکەی گرنگ هەڵوەستە بکەین. یەکەم، هۆکارەکانی توندوتیژیی نابێت بەهیچ شێوەیەک بکرێن بە پاساو بۆ شەرعیەتدان بە توندوتیژیی. توڕەیی‌و زوڵم و چەوسانەوە ھەڵە ناکەن بە ڕاست، ناڕەوا ناکەن بە ڕەوا. دووەم، ئەگەر خەڵک بارەگای حیزبی یان دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوتاند ئەوە نابێت‌و ناکرێت دەسەڵات ئەمە بکات بە پاساو بۆ تەقەکردن لە خەڵک. کاری دەسەڵات‌و دامودەزگا ئەمنییەکان کوشتنی خەڵک نیە بەڵکو پاراستنیانە، خەڵک دەبێت کۆنتڕۆڵ بکرێن نە بەر گولە بدرێن.
هەرچۆنێک بێت، تاکەڕێگا خەباتی ئاشتیانەو مەدەنیانەو ناتوندوتیژییە. دەبێت توندوتیژیی کاتەگۆریکەری، واتە لەبنەڕەتەوە، ڕەتبکرێتەوە.




دوو شەو و دوو ڕۆژ تەرمی پێغەمبەر نەنێژرا، داخۆ چی دەگوزەرا؟ … شێرکۆ کرمانج

سادەگۆیی نیە ئەگەر بڵێین پڕۆسەی بەسیاسییکردنی ئیسلام‌و ململانێ سیاسییەکان لەناو موسڵمانان بەچڕی لە ڕۆژی مردنی پێغەمبەری موسڵمانان دەستیپێکرد. ئەم بابەتە هەوڵدەدات تاوتوێ ئەم ئارگیومێنتە بکات.

حەسەن بەننا، کە دامەزرێنەری ڕێکخراوی ئیخوانی موسلمین،‌ هەروەها قەرەزاوی، باوکی ڕۆحی ئیخوانیەکان لە دنیا، هەردووکیان باس لەوە دەکەن کە یاوەرانی (ئەسحابەکانی) پێغەمبەر، دەستنیشانکردنی خەلیفەیان لە ناشتنی تەرمی پێغەمبەری موسڵمانان پێگرنگتر بوو، بۆیە تا خەلیفەیان دیارینەکرد پێغەمبەریان نەناشت. قەبوڵکردنی ئەو گۆتانەی حەسەن بەننا ‌و قەرەزاوی، بۆ هەر کەسێک کە تۆزێک شارەزای ڕێوڕەسم‌و دابونەریتی ناشتنی تەرمی مردو‌و لەلای موسڵمانان بێت، شتێکی مەحاڵە. بەپێی نەریتی ئەوساو ئێستای موسڵمانان، کە پێغەمبەری موسڵمانان بەخۆی ڕۆڵی هەرە سەرەکی هەبوو لە پێشنیازکردنی، لاشەی مردوو دەبێت بە زووترین کات بنێژرێ. لە یەکێک لەو فەرمودانەی کە بوخاری‌و موسلم بە ڕاستیان داناوە پێغەمبەری موسڵمانان دەفەرموێت “أسرعوا بالجنازة، فإن تک صالحة فخیر تقدمونها، وإن یک سوی ذلک، فشر تضعونە عن رقابکم”، واتە: پەلەبکەن لە ناشتنی مردوەکانتان ئەگەر کەسانی باش بن ئەوا باشترە بۆیان زوو پێشکەشی گۆڕ بکرێن، ئەگەریش خراپەکارن ئەوا شەڕێکەو لە کۆڵتان دەبێتەوە.

پرسیار ئەوەیە داخۆ دەکرێت کە حەسەن بەننا و قەرەزاوی ئاگاداری ئەم فەرموودەیە نەبن، خۆ ئەگەر حەسەن بەننا مەلاو عالیمێکی دینی نەبێت ئەوە قەرەزاوی نەک هەر مەلایە بەڵکو بە یەکێک لە شارەزاترین کەسانی بواری قورئان‌و سوننەت هەژماردەکرێت. ئەی ئەگەر وایە چۆن‌و بۆچی ئیسلامییەکان دەیانەوێت پرسی ناشتنی لاشەی پێغەمبەر بێ بایەخدارتر بکەن لە پرسی دانانی جێنیشین‌و فەرمودەکەی پێغەمبەری موسڵمانانیش لەم نێوەدا پشتگوێبخەن.

ڕاست پێچەوانەی تێگەیشتن‌و قسەکانی قەرەزاوی‌و حەسەن بەننا، بەبنەما لەسەر ئەو فەرمودەیەی پێغەمبەری موسڵمانان‌ کە ئاماژەیپێکراو نەریتی باو، لەناو موسڵمانان دانانی تەرمی مرد‌وو و تەماشاکردنی پەسند نیە. هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆئەوەی تاوەکو خەموپەژارە دەستبەسەر هۆش‌و عەقڵ‌و ڕەفتاری خاوەنتازییەدا نەگرێت. لۆجیکی ئەمە ئەوەیە کە هەتا زووتر لاشەی مردوو بشاردرێتەوە کەسوکاری مردوەکە خێراتر دەتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان دەستپێبکەنەوە. هەندێک سەرچاوە پێیانوایە ناشتنی تەرمی پێغەمبەری موسڵمانان شەو ‌و ڕۆژێکی پێچوە هەندێکی دیکە بە دوو شەو‌و دوو ڕۆژی دەزانن. ئەگەر ناشتنی تەرمی مردوو بەپێی سوننەتی پێغەمبەری موسڵمان‌و نەریتی موسڵمانان وا بخوازێت بەزووترین کات بنێژرێت، ئەی بۆچی تەرمی خۆشەویسترین کەس لەلای موسڵمانان ئاوا دواخرا؟

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەکرێت بڵیین کە پێش مردنی پێغەمبەری موسڵمانان کۆمەڵگەی موسڵمانان گەشەیەکی بەرفراوانی بەخۆوە دیبوو، چ وەک ژمارە چ وەک قەڵەمڕەویی. لەو سەروبەندا زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی نیمچە دوورگەی عەرەب ببوونە موسڵمان. پێغەمبەری موسڵمانان بەخۆی لە بنەماڵەی هاشمی خێڵی قوڕەیش بوو کە بەهێزترین‌و گەورەترین خێڵی مەککە بوو. کە دەشڵێین زۆربەی خێڵ‌و تیرە عەرەبییەکان ببوونە موسڵمان ئەوە وادەگەیەنێت کە بەشێوەیەک لە شێوەکان دەسەڵاتی قوڕەیشیان قبوڵکردبوو، چونکە پاش گرتنی مەککە خێڵ‌و تیرە عەرەبییەکان ترسیان لە گەورەیی دەسەڵاتی موسڵمانان‌و قوڕەیش لێنیشتبو‌و و هەڵپەی هاتنە ژێرباری ئیسلامیان دەکرد. ئەوە بۆ قوڕەیشییەکان بارودۆخێکی تازە‌و بێوێنە بوو لە مێژوویاندا.

لەبەرئەوە، پاراستنی ئەو ڕەوشە هەنوکەییە (الوضع الرا‌هن) بۆ قوڕەیش‌و پیاوماقوڵانیان (ڕعیان) گرنگییەکی تایبەتی هەبوو. ئەوان دەیانزانی ڕاگرتنی ئەو بارە تەنیا بە هەڵبژاردنی یەکێک لەناو خۆیان وەک خەلیفەی پێغەمبەرەکەیان دەکرێت بەردەوامیی پێبدرێت. بۆیە کاتێک دوای مردنی پێغەمبەری موسڵمانان بەچەند ساتێک مقۆمقۆی ئەوە بڵاوبۆوە کە ئەنسارەکان خەریکی دانانی کەسێکن بە خەلیفە، پیاوەناودارەکانی قوڕەیش بە هەڵەداوان کەوتنەخۆ‌و هاواریان گەیاندە ئەبو بەکر‌و عومەری بن خەتاب. پرسی چۆن‌و کێ بە خەلیفەی پێغەمبەری موسڵمانان دانێن باڵی بەسەر هەموو شتێکی ئەوسای مەدینەدا کێشا، بە ناشتنی تەرمی پێغەمبەریشەوە.

پڕۆسەی هەڵبژاردنی خەلیفە کێشمەکێشێکی ئەوەندەی لێکەوتەوە کە بە تێپەڕبوونی زەمەن بووە مایەی دابەشبوونی موسڵمانان بەسەر شیعە‌و سوننەدا. سوننەکان ئەوانەن کە دانانی ئەبوبەکر وەک یەکەم خەلیفەی موسڵمانان قەبوڵدەکەن‌و پڕۆسەکە بە ڕەوا دەزانن، هەرچی شیعەکانن ئەوانەن کە ئەوە ڕەتدەکەنەوە‌و پێیانوایە کە پێغەمبەری موسڵمانان عەلی بن ئەبی تالیبی وەک جێنشین، پێش مردنی خۆی، دیاریکرد کەچی یاوەرانی پێغەمبەری موسڵمانان ئەو وەسیەتەی ئەویان بەجێنەگەیاند. ئەوە بێجگە لەوەی یەکەم کێشمەکێش لە سەر خەلیفە لەنێوان قوڕەیشییەکان‌و ئەنسارەکان بوو نەک بنەماڵەکانی ناو قوڕەیش. بۆیە دەکرێت بگوترێت کە پڕۆسەی دانانی خەلیفە ئەوەندە سوک‌و سانا نەبوو وەک ئەوەی ئیسلامییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن بەڵکو گرفتی هێندە ئاڵۆزی لێکەوتەوە کە موسڵمانانی لەسەر خەتی مەزهەبی، ئایدیۆلۆجی‌و سیاسیی هەر لەو کاتەوە بەش بەش کرد کە ئاسەوارەکانی تا ئێستا بەردەوامن.

بە تێڕامان لەو ڕووداوە مێژووییانەی لە ئانوساتی مردنی پێغەمبەری موسڵمانان، بەتایبەتی ئەوانەی لە مەدینە هاتنەپێش، ئەوە دەردەکەوێت کە دواخستنەکە پەیوەندی بە چەند هۆیەکەوە هەبووە. یەکەم: لاوازی چاوگە سەرەکییەکانی ئیسلام، قورئان‌و سوننەت بەتایبەتی، لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ پرسی حوکمکردن‌و بەڕێوەبردن‌و جێنشین دیاریکردن. نە قورئان نە سوننەت لە دوور یان لە نزیک باس لە پڕۆسەی حوکمکردن یان ئەوەی لەوکاتەوە بە خەلافەت ناویدەرکرد، ناکەن. دیارە لەوانەیە هۆی سەرەکی ئەوەش بگەڕێتەوە بۆئەوەی کە قورئان لە کۆمەڵگەیەکی بێ‌دەوڵەت دابەزیوەو حوکمکردنی فەرمی لەناو کۆمەڵگە خێڵەکییەکەی ئەوکاتی عەرەبان باوی نەبووەو پراکتیزنەکراوە. پێغەمبەری موسڵمانانیش سەرەڕای ئەوەی کە بە گۆتەی شیعەکان لە حەجی ماڵئاوایی فەرمویەتی “من کنت مولاە فهذا علی مولاە”، واتە: “ئەو کەسەی من مەولای بووم، ئەوە عەلی مەولایەتی” کەچی وەک دەردەکەوێت کە فەرمودە ڕوون نییە مەبەستی پێغەمبەر چی بووە، جێنشینی دینیی یان دنیایی.

بەهەرحاڵ، شیعەکان ئەو “فەرمودەیە” بەوە لێکدەدەنەوە کە پێغەمبەری موسڵمانان عەلی بن ئەبی تالیبی وەک خەلیفەی خۆی دیاریکردوە. لەبەرابەردا سوننەکان بۆ پاڵپشتی لە دانانی ئەبوبەکر ئەو ڕووداوە بە نمونە دێنەوە کە جارێک پێغەمبەری موسڵمانان زۆر نەخۆش دەبێت‌و ناتوانێت پێشنوێژی موسڵمانان بکات، بۆیە ئەبوبەکر دەنێرێت بۆ پێشنوێژیکردن. ئەوەی یەکەم لەلایەن سوننەکان ڕەتکراوەتەوە‌و ئەوەی دووەمیش تەنانەت سوننەکان بەخۆشیان وەک بەڵگەیەکی ڕەها بۆ دانانی خەلیفە وەریان نەگرتوە بەڵکو تەنها بۆ بەهێزکردنی کەیسی ئەبوبەکر بۆ خەلافەت پشتی پێدەبەستن. ئیبن خەلدون لەو باوەڕەدایە پێغەمبەری موسڵمانان قەت باسی لەوە نەکردوە کێ جێگەی دەگرێتەوە چونکە پێیوابووە ئەوە شتێکی”بێنرخ‌و ئیمتیازێکی بێباوەڕانە”. ئەوە بەڵگەیەکی دیکەی ئەوەیە کە پێغەمبەری موسڵمانان زۆر بایەخی بە مەسەلە دنیاییەکان، لە چوارچێوەی ڕۆڵی وەک پێغەمبەرێک، نەداوە.

هۆکاری دووەمیش سەرقاڵبوونی موسڵمانان بوو بە کێشمەکێشی نێوان موهاجیرەکان بەسەرکردایەتی ئەبوبەکر‌و عومەری بن خەتاب لەلایەک‌و ئەنسارەکان بەسەرکردایەتی سەعد بن ئەبی عوبەیدە لەلایەکەی دی‌، هاوکات، کێشەی بنەماڵەی بەنی هاشم بە سەرکردایەتی عەلی بن ئەبی تالیب لەلایەک‌و بنەماڵەکانی دیکەی خێڵی قوڕەیش، دیسانەوە بەسەرکردایەتی ئەبوبەکر‌و عومەر لەسەر دیاریکردنی خەلیفە، لەلاکەی دیکە بوو.

هەراوهۆریا بەدانانی سەعد بن ئەبی عوبەیدە وەک جێنشینی پێغەمبەری موسڵمانان دەستیپێکردو بە بەرەنگاربوونەوەی قوڕەیشییەکان گەیشتە ترۆپک. لایەنە سەرەکییەکان لە سەقیفەی بەنی ساعیدە، کە وەک هۆڵێکی گەورەی کۆبوونەوە وابوو، کۆبوونەوە‌و دەستە‌ویەخەی یەکدی بوون. ئەم کێشەیە دواتر لە مێژووی موسڵمانان بە کێشەی سەقیفە ناویدەرکرد. بەگوێرەی گێڕانەوەکەی تەبەری (الطبري)، یەکێک لە بەناوبانگترین مێژوونوسانی سەرەتای ئیسلام، لە کتێب “تاریخ الطبري” دا، کار گەیشتە ئەوەی هاواری “ئەمیرێک لە ئێمە‌و ئەمیرێکیش لە ئێوە” بەرزبێتەوە. گفتوگۆیەکانی ناو سەقیفە لەسەر خەلیفە ململانێیەکی دینی نەبوون بەڵکو ناوەڕۆک سیاسیی بوون. مەبەست لەو ڕاکێش ڕاکێشکردنەش وەرگرتنی دەسەڵات‌و زاڵبوونی سیاسییانە بوو، ئەوەبوو لەجیاتی دین، گەیشتن بە دەسەڵات، بوو بە تەوەری سەرەکی ململانێکان.

بەگشتی باس لەوە دەکرێت کە پێغەمبەری موسڵمانان کەسێکی تەگبیرکەر‌و لێهاتوو شارەزا بووبێت، کەچی پرسیار ئەوەیە ئەدی بۆچی ئەو کەسە شارەزایە درکی ئەوەی نەکرد کە تەگبیرێک‌و ڕێوشوێنێک بۆ موسڵمانان پێش مردنی پێشنیاز بکات لەپەیوەند بە پرسی جێنشین. دیارە ئیسلامییەکان پێیانوایە پێغەمبەری موسڵمانان ئەو ئەرکەی بۆ موسڵمانان جێهێشت، بەڵام ئەوە بەمەزەندەی من زۆر لە ڕاستیی دوورە. هۆی سەرەکی ئەم ئاماژەپێنەکردنە ئەوەیە کە لەسەردەمی پێغەمبەری موسڵمانان شتێک نەبوو بەناوی دەوڵەت‌و پڕۆسەیەکی فەرمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت نەچەسپی بوو. کۆمەڵگە عەرەبییەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی پێش ئیسلام، بە کۆمەڵگە تازە-دروستبووەکەی موسڵمانانیشەوە دوای هاتنی ئیسلام، لەسەر بنەمایەکی خێڵەکی بەڕێوەدەچوون، بەها ئیسلامییە نوێکان‌و خێڵەکییە کۆنەکان گرێبەستی کۆمەڵگەکە بوون نەک یاساو ڕێسا.




بۆ بەرهەم ساڵح ؟ … شێرکۆ کرمانج

پێکهێنانی حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی بۆتە وێردی سەر زمانی هەموومان بەڵام:
کێ سەرۆکایەتی بکات؟
لە کێ پێکبێت؟
چۆن پێکبێت؟
ئەرکەکانی چی بن؟
ئەم پرسیارانە کەمترین قسەیان لەسەر کراوە، ئەم بابەتە هەوڵێکە بۆ قسەکردن لەسەر ئەم چەند پرسیارە. لای زۆربەمان ڕونە کە پێکھێنانی حکومەتێکی ڕزگاریی نیشتیمانی لە ئێستادا زەرورەتێکی حەتمیە لە ھەرێم. بۆیە بەچاکمزانی کە چەند بیرۆکەیەک بخەمەڕوو بۆ گفتوگۆیەکی جدی.
لەسەرەتاوە دەمەوێت ئەوە بڵێم کە من بەچاکی دەزانم کە سەرۆکایەتی حکومەتەکە بە د. بەرھەم ساڵح بسپێردرێت لەبەر ئەم ھۆکارانە:
١- بەرھەم ساڵح کاندیدێکە کە لەوانەیە ھەموو لایەنەکان، پارتی و یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتو و کۆمەڵ و حیزبەکانی دیکەش قەبوڵی بکەن.
٢- بەرھەم ساڵح کەسێکە کە ھەم ئەزموونی لە بەڕێوەبردنی حکومەتی ھەرێم ھەیە ھەم کەسێکی تەکنۆکراتە.
٣- بەرھەم ساڵح لەنێو دامودەزگا عێراقیەکان ناسراو خۆشەویستەو پەیوەندییەکی بەربڵاوی لەگەڵ بکەرو کەسایەتییە سیاسییە کاریگەرەکانی ناو عێراق ھەیە.
٤- بەرھەم ساڵح ئەزمونی لەکاری دیبلۆماسی ھەیە بە ئاستە نێودەوڵەتیەکەشەوە. ئەو لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان بەتایبەتی ئەمریکاو بەریتانیا ھەم ناسراوە ھەم پەیوەندی توندوتۆڵی ھەیەو ڕێزلێگیراویشە.
٥- بەرھەم ساڵح کەسێکی کاریزماییەو قسەکەرێکی چاکەو توانای داڕشتنی ئارگیومێنت‌و دەربڕینی بیرۆکەکانی زۆر لەسەرەوەیە.
بۆیە ھەنگاوی یەکەم بۆ ھەستانەوە پێکھێنانی حکومەتێکی نیشتیمانییە بە سەرۆکایەتی بەرھەم ساڵح بەبەشداری ھەموو لایەنە سەرەکییەکانی کوردستان بەمەرجێک ئەندامانی کابینەکەی لە گۆڕان ٢٥٪ و یەکێتیی ٢٥٪ و پارتی ٢٥٪ بەشێوەیەکی یەکسانانە پێکبێت. ئەو ٢٥٪ دیکەش بۆ ھەموو لایەنەکانی دیکە تەرخانبکرێت بەمەرجێک کە نەوەی نوێش پشکی بەرکەوێت.
واچاکە هیچ ئەندامێکی کابینەکە لە ئەندامانی ئەو نوخبە سیاسییە نەبن کە لە پێش شکستی ئۆکتۆبەر لە پۆستە باڵاکانی حکومەت‌و حیزب‌و پێشمەرگە بوون.
حکومەتە پێکهێنراوەکە ئەرکی بەڕیوەبردنی حکومەتی هەرێمی پێبسپێردرێت‌و پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم هەڵبوەشێنرێتەوەو دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم بە ئەنجومەنی وەزیران بسپێردرێت‌.
تەواوی بڕیارەکانی حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی واچاکە بە زۆرینەی ڕەها دەربچێت، واتە ڕازیبوونی لانیکەم ٧٥% ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران. ئەمەش مسۆگەرکردنی بڕیاری دەستەجەمعیە لەم کاتەدا کە لە هەموو ئانوساتێک کوردستانیان پێویستیان بە کۆدەنگی‌و یەکڕیزییە.
حکومەتە پێکهێنراوەکە حکومەتێکی ڕاگوزەر بێت‌و مافی گفتوگۆکردنی لەگەڵ حکومەتی بەغدا لەسەر پرسە چارەنوسسازەکاندا نابێت هەبێت.
یەکێک لە ئەرکە هەرە سەرەکییەکانی حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی هەڵوەشاندنەوەی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بێت‌ لەگەڵ دانانی دەستەیەکی نوێ لە کەسانی پرفیشناڵ‌و بێ لایەن.
ئەرکێکی دیکەی سەرەکی حکومەتەکە ئامادەکارییە لەگەڵ ڕێکخستنی هەڵبژاردنێکی پاک‌و بێگەرد.
دوای هەڵبژاردنەکان حکومەتێکی نوێ لەسەر بنەمای کورسییەکانی پەرلەمان دادەمەزرێت‌ کە توانای گفتوگۆی لەگەڵ بەغدا هەبێت لەسەر پرسە چارەنوسسازەکان.




پڕۆژەیەک بۆ تێپەڕاندنی گەورەشکستی ئۆکتۆبەر … شێرکۆ کرمانج

لەدەستدانی نزیکەی ٥٠% خاکی کوردستان لە شەو و ڕۆژێکدا گەورەشکستی ئەو نوخبە سیاسییەی کوردستان بوو کە لەپاڵ شکستە گەورەکانی دیکە، هەر لە لەدەستدانی شەرعیەتی یاساییەوە بگرە تادەگاتە قەیرانی ئابوری‌و سیاسی‌و لەکەدارکردنی شکۆی گەل‌و نیشتیمان، نابێت‌و ناکرێت ئاوا بەسانایی بەسەر ئەو نوخبە سیاسییە تێپەڕێت. کاتی ئەوە هاتوە بەو نوخبە سیاسییە، کە ژمارەیان لە سەد کەس تێپەڕناکات، بگوترێت ئیدی بەسە.
ئەم نوسینە هەوڵێکە بۆ خستنەڕووی پڕۆژەیەک بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە نالەبارەو خستنەوە سەرپێی پەرلەمان‌و دامەزراندنی حکومەتێکی ڕزگاریی نیشتیمانیی.
ئەم پڕۆژەیە دوو پلان لەخۆدەگرێت، پلانی ئەی و پلانی بی. پلانی بی تەنیا لەحالەتی جێبەجێنەکردنی پلانی ئەی دەکرێت بخرێتەگەڕ. پێشئەوەی هەر دوو پلانەکە بخرێنەڕوو واچاکە بکەرەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەستنیشانبکرێن.

جێبەجێکەرانی پڕۆژەکە

لەسەرەتا دەبێت ئەوە بگوترێت کە هەم پڕۆژەکەو هەنگاوەکانی هەم ئەو بکەرانەی لێرە دەستنیشانکراون هەوڵ‌و ناوی سەرەتایین دەکرێت دەوڵەمەنترو هەمەلایەنتر بکرێن.
پڕۆژەکە واچاکە بەزووترین کات لەلایەن گروپی یەکەم لە جێبەجێکەرەکان (بکەرەکان) بخرێتەڕوو و بەهەمائاهەنگی لەگەڵ گروپی دووەم‌و سێیەم جێبەجێبکرێت:
گروپی یەکەم، دەبێت هەموو ئەو حیزب‌و لایەنە سەرەکیانەی کوردستان بگرێتەوە کە ئێستا بەشێک نین لە نوخبەی دەسەڵاتدارو دەستڕۆیشتویی ناو یەکێتیی‌و پارتی کە ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە لە شکستەکانی ئیدارەدانی هەرێم بە گەورەشکستی ئۆکتۆبەریشەوە، کە لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستانی لێکەوتەوە، لەوانە: بزوتنەوەی گۆڕان، لیستی نەوەی نوێ، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، گروپ‌و لایەنە نزیکەکان لە پەکەکە، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، یەکگرتوی ئیسلامی، حیزبی شیوعی کوردستان لەگەڵ هەموو ئەو حیزب‌و لایەنانەی کە ئەم پڕۆژەیە، یان هاوشێوەکەی پەسەند دەکەن.
دووەم، ئەفسەرو پێشمەرگەو کادیرو ئەندامە نیشتیمانپەروەرو دڵسۆزەکانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کە زۆرینەی هەرە زۆری ئەندامانی ئەم دوو حیزبە پێکدێنن.
سێیەم، تەواوی کۆمەڵگەی مەدەنی‌‌و چالاکوانە سیاسی‌و کۆمەڵایەتیەکان‌و سەرتاپای خەڵکی دڵسۆزو نیشتیمانپەروەری کوردستان.
لیژنەیەک لەلایەن نوێنەرە سەرەکییەکانی جێبەجێکەرانی پڕۆژەکە، وەک لەسەرەوە دەستنیشانکران، پێکدێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.

پلانی ئەی (Plan A)

پلانی ئەی کۆمەڵێک هەنگاو وکارو کردەوە لەخۆدەگرێت کە لە حالەتێکدا جێبەجێدەکرێت ئەگەر هاتو لەگەڵ خستنەڕووی پڕۆژەکە ئەو نوخبە سیاسیەی کە ئێستا هەرێم بەڕێوەدەبەن، کە ژمارەیان لە سەد کەسێک تێپەڕناکات، لەگەڵ خستنەڕووی پڕۆژەکە دەستبەرداری کارو بەپرسیارەتییەکانیان بوون. لەم حالەتەدا پلانی ئەی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ئەم هەنگاوانە لەخۆدەگرێت:
یەکەم، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، یوسف محەمەد، بەهەمئاهەنگی لەگەڵ دوو جێگرەکەی، بەزووترین کات داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بکەن، لە ماوەی سێ ڕۆژ دا. نابێت هیچ ئەندام پەرلەمانێک ڕێگری لە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە بکات ئەگەرنا مامەڵەی نوخبە سیاسییە شکستخواردوەکەی لەگەڵدا دەکرێت، وەک لە خوارەوە هاتوە.
دووەم، لە کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان لە هەولێری پایتەخت بڕیاری دامەزراندنی حکومەتێکی ڕزگاریی نیشتیمانی دەدرێت‌و سەرۆکی پەرلەمان، یوسف محەمەد، ئەرکی سەرۆکایەتی حکومەتەکەی پێدەسپێردرێت.
سێیەم، پێکهێنانی لیژنەیەک لە دانیشتنی یەکەم بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، یوسف محەمەد، بۆ دەستنیشانکردنی حکومەتێکی تێکنۆکراتی کاربەڕێکەر بەناوی “حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی” لە کەسانی بێلایەن‌و شارەزا بۆ جێگرتنەوەی وەزیرەکانی حکومەتەکەی هەرێم پێش ١٦ ی ئۆکتۆبەر، لەماوەی دوو حەفتەداو یەکسەر حالەتی ئیمێرگینسی (طوارئ) ڕادەگەیەنێت.
چوارەم، سەرۆکایەتی هەرێم، مەسعود بارزانی‌و جێگرەکەی هەروەها سەرۆکوەزیران‌و تەواوی وەزیرەکان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە سەرۆکایەتی‌‌و حکومەت ڕابگەیەنن، لەماوەی حەفتەیەک لەسەر بڕیاری پەرلەمان.
پێنجەم، حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی سەرۆکی هەرێم‌و سەرۆکوەزیران‌و وەزیرەکان خانەنشین دەکات‌.
شەشەم، حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی مافی دادگاییکردن‌و لێپرسینەوەی لە هیچ بەرپرسێکی حکومی‌و حیزبی نیە.‌
حەوتەم، هەر بەرپرسێکی حکومی‌و حیزبی لە نوخبە سیاسییە خانەنشینکراوەکە خۆ لەکاروباری حکومەت‌و هاوڵاتیان هەڵبقورتێنێت دەبێت یەکسەر بگیرێت‌و دادگایی بکرێت.
حەوتەم، حکومەتە کاربەڕێکەرەکە کاروباری ڕۆژانەی وەزارەتەکان‌و هاوڵاتیان بەڕێوەدەبات.
هەشتەم، حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی دەستەیەکی نوێ بۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە کەسانی بێلایەن‌و تەکنۆکرات‌و شارەزا دیاریدەکات‌و دادەمەزرێنێت بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان‌و سەرۆکی هەرێم، لەماوەیەک کە زیاتر لە شەش مانگ نەبێت.
نۆیەم، حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی ئاگاداری حکومەتی عێراقی دەکات کە تەنیا نوێنەرانی گەل لە پەرلەمان‌و حکومەتی داهاتو مافی دانوسانیان هەیە لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی لەسەر پرسە چارەنوسسازەکان.
دەیەم، بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی هاوڵاتیان، بەتایبەتی چارەسەرکردنی پرسی موچە، حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی مافی دانوسان‌و گفتوگۆی لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی هەیە.
یازدەم، دوای پێکهاتن لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی لە بەغدا، حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی بڕیاری پاشەکەوتکردنی موچە هەڵدەوەشێنێتەوەو موچە وەک پێشوتری لێدەکرێتەوە.
دوازدەم، حكومەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی هەڵوەشاندنەوەی هەر دوو دەزگای پاراستن‌و زانیاری ڕادەگەیەنێت.
سێزدەم، پەرلەمان‌و حکومەتی داهاتو دەبێت کاربکات لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تەواوی هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی ئاسایش‌و دووبارە دامەزراندنەوەیان لەسەر بنەمای پیشەیی‌و یاسایی.

پلانی بی (Plan B)

ئەگەر هاتو لەگەڵ خستنەڕووی پڕۆژەکە، وەک لە پلانی ئەی هاتوە، واتە ئەو نوخبە سیاسیەی کە ئێستا هەرێم بەڕێوەدەبەن کە ژمارەیان لە سەد کەسێک تێپەڕناکات دەستبەرداری کارو بەپرسیارەتییەکانیان نەبوون، ئەوە لەم حالەتەدا پلانی بی دەخرێتە بواری جێبەجێکرندنەوە کە دەکرێت ئەم هەنگاوانە لەخۆبگرێت:
یەکەم، هەموو ئەو بکەرو جێبەجێکارانەی کە وەک “جێبەجێکەرانی پڕۆژەکە” ناویان هاتوە، واتە بکەرەکانی گروپی یەکەم‌و گروپی دووەم‌و گروپی سێیەم، دەبێت دەستبەجێ لیژنەیەک پێکبێنن بۆ سەرپەرشتیکردنی ڕاپەڕینی سەرتاسەری‌ کە خۆی لە مانگرتنێکی سەرتاسەری ببینێتەوە کە یەک داواکاریان هەبێت ئەویش دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی هەرێم‌و جێگرەکەی‌و سەرۆکی حکومەت‌و ئەنجومەنی وەزیران بێت. خەڵکی مانگرتو نابێ‌و ناکرێت بەهیچ شێوەیەک لەم داوایە کەمتر قەبوڵبکەن‌و دانوسانی لەسەر بکەن.
دووەم، هەرکاتێک سەرۆکی هەرێم‌و سەرۆکوەزیران‌و وەزیرەکان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند ئەوە تەواوی هەنگاوەکانی پلانی بی دەبێت جێبەجێبکرێن.
سێیەم، ئەگەر سەرۆکی هەرێم‌و سەرۆکوەزیران‌و وەزیرەکان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان ڕانەگەیاند ئەوە لەپاڵ مانگرتنی گشتی دەبێت خۆپیشاندانی گشتی ڕابگەیەنرێت‌و بەردەوام بێت تائەوکاتەی کە داواکارییەکان جێبەجێدەکرێن. ئەوکات دیسان پلانی ئەی کارادەکرێت‌و هەنگاوەکانی جێبەجێدەکرێن.




گرنگیی بڕیاری دەستەجەمعی بۆ گۆڕان … شێرکۆ کرمانج

لەدوای مردنی نەوشیروان مستەفا گرنگترین پرسیار کە ڕووبەڕووی گۆڕان‌و گۆڕنخوازان بووبێتەوە ئەوەیە داخۆ سەرانی گۆڕان بەبێ نەوشیروان دەتوانن ڕابەرایەتی ڕێکخراوەکەو بزوتنەوە جەماوەرییەکەی کوردستان بکەن کە خەون‌و ئامانجی سەرەکیان گۆڕانکاریی‌و چاکسازییە لە سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێم. وەڵامی ئەم پرسیارە هێندە سوک‌و ئاسان نییە، لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، لەوانە:
یەکەم، سەرکردەیەکی دیکە نییە لەناو گۆڕان کە وەک نەوشیروان مستەفا توانای گردکردنەوەی دەنگ‌و ڕەنگە جیاوازەکانی ناو گۆڕان‌و بزوتنەوە جەماوەرییەکەی هەبێت. ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو سەرکردە دروستنابێت بەڵکو بەو مانایەیە کە ئێستا بوونی نییە یان هێشتان دەرنەکەوتوە.
دووەم، گۆڕان ڕێکخراوێکی نائایدیۆلۆجییە، ئەمەش مانای ئەوەیە کە خەڵکانی سەر بە بیرو بۆچوونی جیاجیا لە دەوری ئەو ڕێکخراوە کۆبوونەتەوە کە لە غیابی نەوشیروان لەوانەیە زەحمەتبێت دانویان پێکەوە بکوڵێت.

سەرەڕای ئەم دوو تەحەدایە بەڵام گردکردنەوەی گۆڕانخوازەکان لە دەوری یەک ئەستەم نییە چونکە گۆڕانخوازەکانی ناو گۆڕان دەتوانن لەسەر کۆمەڵێک بەهاو پەیام‌و دیدو جیهانبینی نەوشیروان وەک سەرکردەو، گۆڕان وەک ڕێکخراو، کۆببنەوە، لەوانە: عەدالەتی کۆمەڵایەتی، ئازادی، یەکسانی‌و هەلی هاوتا، شەفافییەت، چاکسازی، پێکەوژیان، قەبوڵکردنی ئەوی دی، سیستەمی پەرلەمانی، مێریتۆکراسی (کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو). ئەمانە بەهاگەلێکن کە دەکرێت زۆربەی گۆڕانخوازەکان لە دەوری کۆوەبن، بەکۆن‌و نوێکان، بەچەپ‌و ڕاستەکان، بەلیبرال‌و موحافیزکارەکان، بەدین‌و بێدینەکان.
لەناو گۆڕاندا، جیاوازی فکری‌و جیاوازی لەشێوازی کارکردن، هەم لەنێوان نەوە کۆنەکەی گۆڕان‌و نەوە نوێکەی گۆڕان هەیە، هاوکات لەنێوان چەپڕەو ڕاستڕەوەکانی نێو گۆڕانیش جیاوازی بیرکردنەوە هەیە، بەهەمانشێوە لەنێوان توندڕەو و میانڕەوەکانیش جیاوازی لەشێوازی کارکردن هەیە. ئەمانە کۆمەڵێک جیاوازیین کە بوونیان لەنێو ڕێکخراوێکی نائایدیۆلۆجی ئاساییە بەڵام ئیدارەدانی ئەو جیاوازییانە کارێکی ئاسان نییە. چۆن ئەو جیاوازییانە ئیدارەدەدرێن‌و کێ ئیدارەیان دەدا ئاراستەکانی گۆڕان لە دواڕۆژ دیاریدەکات.

گۆڕان دوای نەوشیروان دەکرێت شکست بێنێت لە کۆوەبوون لە دەوری بیرو دیدو پەیام‌و بەهاکانی نەوشیروان چونکە کەسانێکی زۆر هەن لەناو گۆڕان کە لە بەهاو پەیامەکانی نەوشیروان نەگەیشتون. هاوکات گۆڕان دەکرێت شکست بێنێت لە ئیدارەدانی ڕەوتە جیاجیاکانی ناو ڕێکخراوەکە، تەنانەت دەرەوەی ڕێکخراوەکەش چونکە گۆڕان تەنیا دەنگی ئەندامەکانی ڕێکخراوەکە نییە، خەڵکێکی زۆر ڕێکخراویش نەکراوە بەڵام خۆی بە گۆڕانخواز دادەنێت یان دەنگدەری گۆڕانە. شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دوو بابەتە ئاراستەکانی گۆڕان دەستنیشادەکات.
بۆ تێگەیشتن لە پەیام‌و بەهاکانی نەوشیروان واچاکە گۆڕان کار لەسەر نیشاندان‌و بەرزڕاگرتنی بەهاو پەیامەکانی نەوشیروان بکات. هاوکات گۆڕانخوازەکان، لەسەر هەر نەوەیەک هەژماربکرێن یان سەر بە هەر ڕەوتێکی ناو گۆڕان بن دەبێت میکانیزمی لێکتێگەیشتن‌و بڕیاردان لەناو ڕێکخراوەکە دیاریبکەن.
میکانیزمی بڕیاردانی دەستەجەمعی، بەمەرجێک جەمعەکە نوێنەرایەتی ڕەوتە جیاجیاکانی ناو بزوتنەوەکە بکات، زۆر گرنگە. گرنگی ئەم خاڵە لە غیابی سەرکردەیەکی دیار کە ئێستا بە ڕێکخراوەکە دیارە هێندەی دیکە بایەخدارە. دوای دەرکەوتنی ڕابەرێک بڕیاری دەستەجەمعی هەر گرنگە بەڵام ڕابەرەکە ئەوکات دەتوانێت بەڕاوێژ لەگەڵ ئەو گروپە سەرکردەیە بڕیاربدات.

تا ئەو ڕادەیەی من ئاگاداربم ناوەندێک هەیە لە هەیکەلیەی گۆڕان کە لە پەیڕەو و پڕۆگرامی گۆڕان ئاماژەیپێکراوە ئەویش “خانەی ڕاپەڕاندن”ـە کە وابزانم دەبوو لە حەوت کەس پێکبێت، کە تا ئێستا پێکنەهاتوە.
ئەمڕۆ پێکهێنانی خانەی ڕاپەڕاندن کە لە حەوت ئەندام زیاتر نەبێت نەک هەر زۆر گرنگە بەڵکو زەرورەتێکی حەتمییە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بۆئەوەی توانای بڕیاردانی خێراو بەدەنگەوە هاتنی خێرای گۆڕانکارییەکانی هەبێت.
ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن واچاکە نوێنەرایەتی ڕەوتە جیاجیاکانی ناو گۆڕان بکات بۆئەوەی هەموویان هەست بکەن کە بەشدارن لە پڕۆسەی بڕیاردان‌و ئاراستەکردنی گۆڕان. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە کەسانی خانەی ڕاپەڕین مرۆگەلی جەماوەریان تێدابێت. مرۆگەلێک کە توانای کارکردنیان هەبێت لەگەڵ خەڵک‌و لەنێو خەڵک. هاوکات کارابن لە هەڵسوڕاندن‌و وەگەڕخستنی جەماوەر.




ترەمپ لە سعودیە چی بە موسڵمانان گوت‌و چی لێدەکەوێتەوە؟ … شێرکۆ کرمانج

لە دانیشتنی لوتکەی عەرەبی-ئیسلامی‌-ئەمریکی کە لە ٢١ی ئایاری ٢٠١٧ دا لە ڕیازی پایتەختی عەرەبستانی سعودی بەسترا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وتارێکی پێشکەشکرد. لە وتارەکە ترمپ دیدی خۆی‌و سیاسەت‌و ستراتیجی وڵاتەکەی لەپەیوەند بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و دنیای ئیسلام بەگشتی‌و پرسی تیرۆریزمی ئیسلامی بەتایبەتی خستەڕوو.

لەوێدا سەرکردە موسڵمانەکان کۆمەڵێک قسەو دیدو پەیام‌و تێگەیشتنی ترەمپیان بەرگوێکەوت کە هەندێکیان بەهەلەکەبازی وەرگیران‌و هەندێکیشیان قوڕسبوو لەسەر دڵیان‌و کەمێک پەیامیش هەبوون کە تێگەیشتن لێیان بۆ ئەوان لەوانەیە زەحمەت بووبێت. لێرە هەوڵدەدەین پەیامە جۆراوجۆرەکانی ترمپ بەکورتی بخەینەڕوو و شرۆڤە بکەین، هەندێک قسە لەسەر دەرکەوتەکان‌و پاڵنەرەکانی پشت پەیامەکە بکەین.
لەوانەیە بەهەڵەدانەچووبم ئەگەر بڵێم ترمپ لەم وتارەی پێچەوانەی زۆربەی وتارەکانی دیکەی زیاتر وەک سەرۆک دەردەکەوت بەڵام سەرۆکێک، کە وەک بیزنێسمانێک (کە پاشخانی خۆیەتی)، ئاسودەیی‌و سەقامگیریی وڵاتان‌و هاونیشتیمانیانی بەگشتی لە گەشەی سەرمایەداری‌و سەرمایەگوزاری‌و ئابوری دا دەدیت. تەنانەت تێگەیشتنەکانی بۆ شەڕی تیرۆریزمی ئیسلامیی‌و ڕێگریکردن لە بیری توندوتیژی هەر لە گەشە ئابورییەکاند قەتیسکردبوو.

ترەمپ پێچەوانەی سەرۆکە ئەمریکییەکان (بۆنمونە جۆرج بۆش‌و باراک ئۆباماو بیل کلینتن) لە وتارەکەیدا پشتی لە پرسی ئازادی‌و ئازادی ڕادەربڕین‌و مافەکانی مرۆڤ کرد. ئەو هەر بەوە نەوەستا بە ناڕاستەوخۆ سیاسەتی سەرۆکەکانی پێش خۆی خستەژێر ڕەخنەوە، ترەمپ پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە بۆ ئێمە نیە شێوازی ژیان‌و بیرکردنەوەی ئێوە هەڵبژێرین. ئەو بەو قسانەی واپێدەچوو بە سەرۆکە موسڵمانەکان بڵێت کە ئەوە ئیشی ئێمە نییە کە ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتییەکانتان دەکەن. تاکە یەکسانییەک کە ئاماژەیپێکرد یەکسانی بیروباوەڕی دینی‌و قەبوڵکردنی جیاوازییە دینییەکان بوو. بۆ کەسێکی موحافیزەکاری-دینی وەک ترەمپ پێدەچێت ئازادی دینی تاکە ئازادی بێت کە مرۆڤ پێویستی پێیبێت یان ئەوەتا دیندارەکان تاکە گروپن لە ناوچەکە کە ئەمریکا دەبێت لەسەریان وەجواببێت.
ترەمپ ئەوەی لەبیرچووبۆوە، یان نازانێت، کە ژمارەیەکی زۆر لە توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە سەرکوت‌و نادادپەروەریی‌و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ هۆکاری هەرە سەرەکین لە پشت لەدایکبوونی بیری توندوتیژین‌، بە بیری ڕادیکالیزمی ئیسلامیشەوە. تەنانەک گەشەنەکردنی ناوچەکەش لەڕووی ئابوری‌و بازرگانیش هەر پەیوەندی بە نەبوونی ئازادییەوە هەیە.

یەکێک لەو پەیامانەی کە دەکرێت بڵێین بەدڵێکی فراوانەوە لەلایەن ئامادەبووانی لوتکەکە وەرگیرا هەوڵی ترەمپ بوو لە جیاکردنەوەی ئیسلام‌ وەک دین لەگەڵ ئیسلامیزم‌ وەک ئایدیۆلۆجیا، بەتایبەتی ئیسلامیزمی توندڕەوی قاعیدەو داعش. ئەو گوتی کە ئەو شەڕەی لە ئارادایە شەڕی نێوان دینەکان‌و شارستانییەکان نییە بەڵکو شەڕی نێوان ئێمە (بە ئێوەی موسڵمانیشەوە) لەگەڵ شەیتانە. ئەوەی هەموومان کۆدەکاتەوە ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشەمانە لە شەڕ دژی تیرۆریستە ئیسلامییەکان کە ئێوەی موسڵمانان زەرەرمەندی گەورە بوون تێیدا، شەڕێک کە موسڵمانان لە هەموو کەسێکی دیکە زیاتر بوونەتە قوربانی.

ڕاستە ترەمپ ئیسلامی وەک دین لە ئیسلامیزم وەک ئایدیۆلۆجیا جیاکردەوە بەڵام پاشگری ئیسلامیی لە تیرۆیستەکان‌و تیرۆریزم‌و ئایدیۆلۆجییەکەیان نەکردوە، کە لەوانەیە بەشێکی زۆری لە سەرکردەکان‌و گوێگرە موسڵمانەکان نیگەران یان دڵتەنگ کردبێت. ئەمەش لەوانەیە یەکێک لەو هۆکارانە بووبێت کە تا تەواوبوونی وتارەکەی کەسێک لە ئامادەبووان سەری بۆ قسەکانی ترەمپ نەلەقاند یان چەپڵەی بۆ لێنەدا. چەپڵەی کۆتاییش هەستانەوەی بەخۆیەوە نەدیت، سەرەڕای ئەوەی کە ترەمپ لە قسەکانی عەرەبەکان‌و سعودییەکانی بە خەڵکانی ڕێزگر لە میوان وەسفکرد.
ناوهێنانی حەماس وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بەدڵنیاییەوە ئیسرائیلییەکانی دڵخۆشکرد بەڵام دوورنییە زۆرینەی ئامادەبووانی هۆڵەکەی گرژو توڕەکردبێت. ترەمپ لێرە نەک هەر ویستی حەماس بخاتە ڕیزی حیزبوڵاو قاعیدەو داعش بەڵکو ویستی لەبەردەم موسڵمانان‌و سەرکردەکانیان هاوپەیمانی خۆی، واتە ئەمریکا، بۆ ئیسرائیل جارێکی دیکە دەربخات‌و نوێبکاتەوە.

ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر جێگەی سەرنج بوو لە وتارەکەی ترەمپ ناوهێنانی ئێران بوو، وەک تاکە دەوڵەت لە دنیا ئیسلامدا، کە سپۆنسەری تیرۆر بکات. ئەو ئێرانی تاوانبارکرد بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق‌و سوریا‌و لوبنان‌و یەمەن. هاوکات، زۆربەی هاوپەیمانەکانی ئێرانی (وەک حیزبوڵا، میلیشیا شیعەکان لە عێراق، حوسییەکان)، وەک گروپی تیرۆریستی ناوبرد. ترەمپ ڕاشکاوانە داوایکرد کە دەبێت ئێران ئیحتیوابکرێت تا ئەوکاتەی کە ئەو دەبێت بە هاوکار یان هاوپەیمان یان ئەوەتا ئەو نیزمەی ئێستا ئاڵوگۆڕدەکرێت.
ناوهێنانی ئێران بەوشێوە خراپییەو بەوزەقییە کۆمەڵێک هۆکاری لەپشتە. لەپێش هەموویانەوە دەکرێت ئەوەبێت کە ئامادەبووانی لوتکەکە هەر هەموویان موسڵمانی سوننە بوون. لەوەش گرنگتر لە قسەکانی ترەمپ وادەردەکەوت کە بە عەرەبەکانی کەنداو بڵێت ئەگەر ئێوە یارمەتی ئێمە بدەن لە بڕینی پارە لە ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان‌و بەگژاچوونەوەی بیری توندوتیژیی ئیسلامیی ئەوە ئێمە لە ڕێگریکردن لە خەونە فرانخوازییەکانی ئێران یارمەتیتان دەدەین. هەربۆیەش هەندێک لە چاودێران هەر ئێستاکە باس لە دروستکردنی ناتۆیەکی کەنداویی دەکەن بەژی ئێران لەسەردەستی ئەمریکا.
ئەم پشتیوانییکردنە لە وڵاتانی عەرەبی کەنداو لەوانەیە ئاوا بەسانایی لەناوچەکە تێپەڕنەبێت. ئەگەری زۆر هەیە کە هێندەی دیکە پێکدادانەکانی نێوان عەرەبە سوننەکان‌و ئێرانییە شیعەکان‌و هاوپەیمانەکانی لەناوچەکە قوڵبکاتەوەو ئێرانییەکان زیاتروزیاتر بەرەو ڕوسیا پاڵبنێت‌و پێشبڕکێی چەک لەناوچەکە بگەیەنێتە ئاستێکی دیکە، بەتایبەتی ئەگەر ئەوە بێنینەوە بیر خۆمان کە هەر لەسەروبەندی لوتکەکە ئەمریکاو سعودیە ژمارەیەک ڕێکەوتنی چەککڕینیان بەبڕی سەدو پەنجا ملیار (بلیۆن) دۆلار ئیمزاکرد. هاوکات نزیکبوونەوەی ئەمریکا لە وڵاتانی عەرەبی‌و ئیسلامی دەکرێت پەیوەندی بەو پڕۆژە زەبەلاحانەی “چین”یشەوە هەبێت. چین ساڵانێکە نیازی نوێکردنەوەی ڕێی ئاوریشم (Silk Road) ی هەیە بەمەبەستی بەستنەوە وڵاتانی ڕۆژهەڵات بە وڵاتەکەیەوە.

بێجگە لە پڕۆژەی ڕێی ئاوریشم چین ئێستا لەهەوڵی دروستکردنی ژمارەیەک بەندەری ستراتیجییە لە کەنارەکانی هیندو کەنداوی عەرەبی‌و ئەفریقاو دەریای سور تا دەگاتە ئەوڕوپا. پڕۆژەکە بەناوی “یەک کەمەربەند یەک ڕێگا” (One belt, One Road) ناسراوە. ئەم نزیکبوونەوەی ئەمریکا لە وڵاتە موسڵمانەکان، کە چواردەوری “چین”یان داوە بەشێکیشە لە ئیحتیواکردنی ئەم پڕۆژەیە، یان لانیکەم بۆ پێشبڕكێکردن لەگەڵ نفوزی چین لەو دەڤەرانەدا.
بەکورتی ناوچەکە لە دواڕۆژێکی نزیکدا گۆڕانکاری گەورە بەخۆیەوە دەبینێت بەڵام ئەو گۆڕانکارییانە ئەو گەشە ئابورییەیە دەبێت کە دۆناڵد ترەمپ خەونی پێوەدەبینێ بۆ دژایەتیکردنی بیری توندوتیژیی ئیسلامیی یان هێندەی دیکە دەڤەرەکە لە گرژی‌و ململانێ‌و پێکدادانی هێزە ناوخۆییەکان‌و ناوچەییەکان‌و جیهانییەکان دەئاڵێنێ. ئەوانە پرسیارگەلێکن کە لە چاوەڕوانیدان.




بۆ ئەمریکا پشتیوانی لە ڕۆژاڤا دەکات؟ … شێرکۆ کرمانج

دوای سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، بۆ ئەمریکاو دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ وا دەردەکەوێت کە ئەردۆگان لە سەردانەکەیدا ئەو شتانەی دەستنەکەوتبێت کە هەوڵی بۆ دەدان، لەوانە: بڕینی یارمەتیەکان لە پەیەدەو کوردانی ڕۆژاڤاو دانانیان وەک تیرۆریست؛ لەگەڵ ڕادەستکردنی فەتحوڵا گولەن، پیاوە دیندارە موسڵمانە تورکەکەی نیشتەجێ لە ئەمریکا، کە ئەردۆگان بە عەقڵی پشت کودەتاکەی تەموزی ٢٠١٦ ی ناساندوە.
لە پرێس کۆنفرانسەکەی کۆشکی سپی ئەردۆگان هەر قەوانە کۆنەکەی لێدەدا ئەویش کە خۆی لەوەدا دەدیتەوە کە پەیەدە بەچکەی پەکەکەیەو جیاوازییەک لەنێوانیاندا نیەو شەڕی تیرۆر (داعش) بەپشتیوانیکردن لە گروپێکی تیرۆریستی (پەیەدە) ناکرێت.

هەر لەوێدا، ترەمپ باسی لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو ئەمریکا کردو گرنگی هاوکارییکردنی هەردوو وڵاتی خستەڕوو بۆ سەرکەوتن بەسەر تیرۆر. بەڵام ئەردۆگان گوێی لەوەنەبوو کە بۆی چووبوو ئەویش پشتکردن لە پەیەدەو ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکان‌و دانانیان وەک گروپێکی تیرۆریستی. تاکە شتێک کە ترەمپ گوتبێتی‌و ئەردۆگان پێیخۆشبووبێت ناوبردنی پەکەکە بوو وەک گروپێکی تیرۆریستی.

پرسیارێک کە لەسەر زاری زۆر کەسە ئەوەیە داخۆ ئەمریکا پشت لە تورکیا دەکات‌ بەڕووکردنی لە پەیەدەو ڕۆژاڤا، بەواتایەکی دیکە ئەمریکا تورک بە کورد دەگۆڕێتەوە. سادەگۆیەکان بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە یەکسەر دەڵێن بەڵێ، ئەوە نییە ئەمریکا مکوڕە لەسەر پشتیوانیکردن لە ڕۆژاڤاو ناردنی چەک بۆ پەیەدەو هێزەکانی سوریای دیموکرات. تێگەیشتن بەمشێوەیە لە سیاسەتی وڵاتان بەگشتی‌و ئەمریکا بەتایبەتی، کە ئێستاکانێ تاکە گەورە زلهێزی دنیایە، ناحاڵیبوونە لە چۆنییەتی سیاسەتکردن‌و سیاسەت داڕشتن لەوەی بە سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتان ناسراوە.

ئەمریکا نە کورد بە تورک دەگۆڕێتەوەو نە تورک بە کورد. ئەمریکا لەناوچەکە سیاسەت دەکات لەپێناو بەدیهێنانی ستراتیجییەتە گشتییەکانی لەناوچەکەو لەناوبردنی داعش کە بەشێکە لەو ستراتیجیەتە. بۆیە کاتێک کە ئەمریکا هێزەکانی سوریای دیموکرات پڕچەک دەکات بۆ دژایەتیکردنی تورکیا ئەم کارە ناکات. ئەمریکا لە گرنگیی پێگەی ستراتیجی تورکیا گەیشتوەو حەزناکات کە تورکیا بخاتە بەرەی ئەوانی دیکە کە لەم قۆناغەو لەم ناوچەیە بەرەی ڕوسیاو ئێرانە، کە بە بەرەی نەیارانی ئەمریکا ناسراون. بۆیە ئەمریکا هیچ کاتێک نایەوێت تورکیا زویربکات بەڵام لەوانەیە لەناچارییا سیاسەتەکانی ئەمریکا ببن بەمایەی ڕەنجان‌و توڕەبوونی تورکیا.

باشە ئەگەر ئەمریکا گرنگیی‌و پێگەی تورکیا درکدەکات‌و نایەوێت زویریبکات ئەی بۆ ئامادەنییە کە پشت لە کوردانی ڕۆژاڤا بکات، کە خواستی یەکەمی تورکیایە بۆ درێژدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئەو دوو وڵاتە؟
لێرە هەوڵدەدەین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە. هۆکاری پشتیوانی ئەمریکییەکان لە ڕۆژاڤا زۆرن بەڵام دەکرێت لێرە لەسەر گرنگترینیان هەڵوەستە بکەین:
یەکەم، ئەمریکا ساڵانێک پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی بەناو میانڕەوی سوریا کرد، بە جەیشی حوری سوریشەوە، بەڵام دوای خەرجکردنی نزیکەی نیو ملیار دۆلار هەموو هەوڵەکانی بە فیڕۆچوون‌و بەشێکی زۆری لەو چەکانەشی کە بە گروپە میانڕەوەکانی دا گەیشتنە دەست گروپە توندڕەوەکانی وەک داعش‌و جەبهەی نوسرە. بۆیە ئەمریکا بەدوای بەدیلێکدا دەگەڕا، هێزەکانی پەیەدەو سوریای دیموکرات ئەو بەدیلە چاوەڕوانکراوە بوون.

دووەم، هاوکاریکردنی هاوپەیمانان لە بەرگریکردن لە کۆبانی‌و شەڕڤانەکانی پەیەدە‌، کە لەژێر کاریگەریی میدیاو ڕای گشتی ڕۆژئاوا ئەنجامدران، سەرەتایەکی چاکبوو بۆ دروستبوونی پەیوەندییەکی ڕاستەقینە کە توانای شەڕڤانە کوردەکانی لە بەرگریکردن لە خۆو شەڕکردن لەگەڵ داعش نیشاندا. ئەمە لە شەڕەکانی دواتر، بەتایبەتی شەڕی مەنبەج‌و ڕۆژئاوای فورات، زیاتر دەرکەوت. بەکورتییەکەی بۆ ئەمریکییەکان دەرکەوت کە کوردەکان هێزێکن ئەگەر پشتیوانیان لێبکرێت دەتوانن نەک هەر شەڕی داعش بکەن بەڵکو بەرگریش لە ناوچەکانیان بکەن. ئەزمونی ئەو سەربازە ئەمریکیانەی کە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ شەڕڤانەکان هەیانبوو کاریگەریی خۆی هەبوو لە سەرنجڕاکێشانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بۆ شەڕڤانەکان‌و سەرکردەکانیان.

سێیەم، ڕاستە ئەمریکییەکان نایانەوێت تورکەکان پەراوێزخەن بەڵام لە قەیرانی سوریا بۆیان دەرکەوت کە تورکەکان لە باشترین حاڵەتدا هاوپەیمانێکی خراپن چونکە ساڵانێک بوو سنورەکانی خۆیان نەک هەر بەڕووی داعش‌و گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان دانەخستبوو بەڵکو لە سنورەکانی تورکیا هاوکاری‌و کارئاسانی پێشکەش بە تیرۆریستەکان دەکرا، بەئاشکرا یان بەدزی. کۆنترۆڵکردنی ئەو سنورانە تەنیا بەپشتیوانیکردن لە پەیەدەو هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکرا کە بەشی هەرە زۆری ئەو سنورانەیان لە ماوەی چەند ساڵێک لە داعش، هاوسنورەکەی تورکیا، پاککردەوە.

چوارەم، ئەمریکییەکان پێویستییان بە هاوکارێک‌و هاوپەیمانێک بوو کە پێویستی بە ئەمریکییەکان بێت بەڵام توانای ئەنجامدانی شەڕو بەڕێوەبردنی خەڵکیشی هەبێت لەسەر زەوی سوریا. هاوپەیمانێک کە لەبەرئەوەی پێویستی بە یارمەتی ئەوانە هیچ کاتێک لەژێر فەرمانی ئەوان دەرنەچێت. ڕاستیی ئەم خاڵە لەوکاتە زەقتر دەردەکەوێت کە بارودۆخی کوردانی ڕۆژاڤا ڕەچاوبکەین کە لەلایەکەوە تورکیا، لەلایەک پارتی، لەلایەکی دیکە داعش‌و ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە میانڕەو و توندڕەوە تادەگات بەشار ئەسەد دەوردراوە کە بەئاشکراو بەدزی دژایەتی پەیەدەو کوردانی ڕۆژاڤاو و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن. بەکورتی وەک چۆن ئەمریکا کەسی نییە لەسەر زەوی شەڕی بۆ بکات کوردەکانی ڕۆژاڤاش کەسیان نییە کە هانای بۆ ببەن‌و یارمەتیان بدات. لەئاکامدا هەردووکیان بوون بەتەواوکەری یەکدی.

چوارەم، تورکیا هەر لەسەرەتای قەیرانی سوریاو پێش ئەویش خەونی بە درێژکردنەوەی قوڵایی ستراتیجی خۆی دەدیت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەئاراستەی کەنداوی عەرەبی، هاتنی بۆ ناو سوریا لەم ئامانجەی نزیکدەکردەوە. ئەمریکا ئەم پەلئاوێشتنەی تورکیای پێ باش نییە. ئەمەش کاتێک زەقتر دەردەکەوێت ئەگەر ڕەچاوی ئەوە بکەین کە تورکیا لە ٢٠٠٢ ـەوە حکومەتێکی ئیسلامیی-سوننیی ڕابەرایەتی دەکات‌و لەهەوڵی زیندوکردنەوەی خەونە ئیمپراتۆرییە عوسمانییەکانە لەسەر بنەمای دین‌و مەزهەبی سوننە. پشتیوانیکردن لە ڕۆژاڤا بەشێکە لە ستراتیجیەتی ئەمریکا بۆ لەباربردنی ئەو خەونەی تورکیا.

پێنجەم، لە ناوەڕاستی ٢٠١٥ دا پاش ئەوەی ئەمریکا باسی لە چارەسەری سیاسی کرد بۆ کێشەی سوریا، کە هاتنی ڕوسیای بۆ ناو هاوکێشەکانی سوریا بەچڕی بەدوای خۆیدا هێنا، کە دواتر باڵادەستی ئێرانی نەک هەر لە سوریا بەڵکو تەواوی ناوچەکە لێکەوتەوە. ئەمانە هەمووی وای لە ئەمریکا کرد کە پێیوابێت ئەگەر پشتیوانی لە کوردەکان نەکات‌و لەڕێگەی ئەوانەوە بازوی خۆی‌و ناوچەکانی ژێردەستی تاکە هاوپەیمانە ساواکەی بەهێزنەکات ئەوە سوریا لە دواڕۆژێکی نزیکدا بەتەواوی دەکەوێتە ژێر ڕکێفی ڕوسەکان لەلایەک‌و ئێرانییەکان‌و هاوپەیمانەکانی (وەک ئەسەد و حیزبوڵا) لەلایەکی دیکە. بەکورتی‌و بەکوردی ئەمریکا پشتیوانی لەڕۆژاڤاو هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات بۆ بەرگریکردن‌و ڕێگریکردن لە زیاتر تەشەنەکردنی ڕۆڵی ئێران لە سوریاو لە ناوچەکە.

شەشەم، دوای شڵەژانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئاکامی ئەوەی بە “بەهاری عەرەبی” ناسراوە ئەمریکییەکان بەگشتی‌و ترەمپ بەتایبەتی بەدوای بکەری سەقامگیریکەردا دەگەڕێن لەناوچەکە. کوردانی ڕۆژاڤا سەلماندویانە نەک هەر سەقامگیری ناوچەکانیان دەتوانن ڕابگرن‌و بپارێزن بەڵکو ئەو ناوچانەش کە وەک ناوچەی ناکوردی دانراون تائێستا کێشەیەکی وایان تێدا سەریهەڵنەداوە کە ببێتە مایەی نیگەرانی ئەمریکییەکان. بۆ ئەمریکییەکان پرسی سەقامگیریی پێش دیموکراسی دێت. لەڕاستیشدا هەروایە چونکە توێژینەوەکان‌و ئەزمونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێماندەڵیت کە هەرێم‌و وڵاتە ناسەقامگیرەکان ژینگەیەکی چاکن بۆ بەرهەمهێنانی تیرۆریزم‌و تیرۆریستان. ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نییە. بۆیە ئەمریکا پێیوایە کاتێک کە پشتیوانی لە ڕۆژاڤا دەکات پشتیوانی لەو ئەزمونە سەقامگیرە دەکات کە بەخۆی بەرگری لەخۆی دەکات لەدژی سەرهەڵدان‌و تەشەنەی بیری توندوتیژی‌و تیرۆریزم.

حەفتەم، سەرکەوتنی ئەزمونی ڕۆژاڤا لە ڕێزگرتنی فرەیی دینی‌و نەتەوەیی، ئەگەر ڕێژەییش بێت، لەو ناوچانەی کە بەڕێوەیان دەبەن لەگەڵ تەبەنیکردنی سێکولاریزم‌ وەک بنەمایەک بۆ یاسادانان‌و ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنان بەدڵنیاییەوە کاریگەرییان هەبووە لە نزیکبوونەوەی کوردو ئەمریکییەکان بەڵام پێموانییە بێ بوونی ئەو هۆکارانەی لەسەرەوە ئاماژەمانپێکردن پەیوەندییەکان بەو ئاستە دەگەیشتن کە ئێستا پێیگەیشتون.
ئەم هۆکارانە بەگشتی پێماندەڵێن کە پشتیوانیکردن لە ڕۆژاڤا، پەیەدەو هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەوەندەی پەیوەندی بەیەکگرتنەوەو یەکنەگرتنەوەی بەرژەوەندی‌و ئامانج‌و ستراتیجییەکانی بکەر (actor) ـەکانە ئەوەندە پەیوەندی بە ئەخلاق‌و ئایدیۆلۆجیاوە نییە.

ئەگەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئایدیۆلۆجیا دامەزرابان هیچ کاتێک هێزێکی چەپڕەوی ژینگەپارێزیی ئینتەرناشناڵیستی وەک پەیەدە لەگەڵ ئەمریکای بازاڕی ئازادو دیموکراسخوازی سەردەمی باراک ئۆباما، یان ئەمریکای ناسیونالیستی ئابوری‌و کۆنزێرڤەتیڤی سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، لێکنزیک نەدەبوونەوە. ئەخلاق‌و مافەکانی مرۆڤ‌و بەها دیموکراسییەکان لێرەو لەوێ قسەیان لەسەر دەکرێت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەشە جارجار کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتێک یان بکەرێک هەبێت، بەڵام بەگشتیی پرس‌و بەهای یەکلاکەرەوە نین، ئەوەی یەکلاکەرەوەیە هاوئامانجی‌و هاوبەرژەوەندی‌و هاوستراتیجییە. بۆیە کوردو کوردستانیان چ لە ڕۆژاڤا چ لە هەر شوێنێکی دنیا بن دەبێت لەو ڕاستییە بگەن‌و لەسەر ئەم بنەمایانە لە پرسی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی دیکەی دنیا نزیکببنەوە.




تورکیا و سەربەخۆیی کوردستان … شێرکۆ کرمانج

لە ٢٠١٢ ـەوە یەکێک لەو هۆکارانەی کە بازاڕی قسەکردنی لەسەر سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان گەرمکردوە بەزەقی هەڵوێست وەرنەگرتنی تورکیایە لەو دەنگەدەنگەی کە لە هەرێم دەبیسترێت. دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە تەمەنی حکومەتی هەرێم، وادەردەکەوت کە تورکیا هەرێمی کوردستانی وەک واقعێک، ئەگەر تاڵیشبێت، قەبوڵکردوە.
هەندێک لە کوردەکان ئەوەیان وادەهاتە بەرچاو کە لەوانەیە تورکیا کوردستانێکی سەربەخۆشی هەر قەبوڵ بێت. دیارە لەبەرابەردا کەسانێک هەبوون پێیانوابوو کە بێدەنگییەکەی تورکیا لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ جدی نەبوونی هەوڵەکان لە باشور. هەندێکیش پێیانوایە هەر هەوڵێکی هەرێم بۆ سەربەخۆیی دەبێتە مایەی هێرشی تورکیا بۆ سەر هەرێم لەگەڵ داخستنی سنورەکانی بەڕوویدا.

سەرەڕای نادیاریی هەڵوێستی تورکیا لەسەر پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بەڵام هەندێک پێشهات‌و هۆکار هەن کە ئاماژەن بۆ جۆرێک گۆڕان لە دیدو تێگەیشتنی تورکیا، لەوانە:
یەکەم، تورکیا چاکدەزانی کە هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەهێندە کێشەی کوردەکانی خۆی لێ قوڵترو ئاڵۆزتردەکات.
دووەم، تورکیا لەوانەیە ئەو توانایەی هەبێت کە هەرێمی کورستان داگیربکات، بەڵام وەک چۆن ئەمریکا حکومەتەکەی سەدامی لە چەند حەفتەیەکدا ڕوخاند کەچی زەحمەتێکی زۆری دیت لە کۆنترۆڵکردنی عێراق‌و دواجاریش پاش هەشت ساڵ بە پەلەپروزکێ عێراقی جێهێشت. چارەنوسی تورکیاش لە هاتنی بۆ هەرێم لەوە باشتر نابێت.

سێیەم، ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر هەرێم ئەوە ئەگەرەکانی بەئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا، کە لە ئاکامی داگیرکردنی قوبرس تا ئێستا بە ئامانج نەگەیشتوە، هێندەی دیکە دوادەخات.
چوارەم، گۆڕانکارییەکان لە دیدو تێگەیشتن‌و ئامانجەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوای گیرانی سەرۆکەکەیان، عەبدوڵا ئۆجەلان، وانیشاندەدەن کە کوردەکانی تورکیا کەمتر مەیل بە سەربەخۆیینەو زیاتر داوای خۆسەری دەکەن. ئەمەش لەوانەیە هەڵوێستی تورکیای لەبەرابەر سەربەخۆیی کوردەکانی عێراق هێورترکردبێتەوە.

پێنجەم، قەبەیی قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێم‌و تورکیا، کە لە ٢٠٠٩ دا گەیشتبوە ١٠ ملیار دۆلارو لە ٢٠١٥ دا خۆی لە ١٢ ملیار دۆلار دەدا، لەوانەیە وایکردبێ تورکیا لەهێرشکردن بۆ سەر هەرێم سڵکاتەوە. لە سەرەتای ٢٠١٢ دا ژمارەی کۆمپانیا تورکییەکان لە هەرێم گەیشتبوە ١٠٢٣ کۆمپانیا. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ٩٠% ی ئەو کەلوپەلانەی لە بازاڕەکانی هەرێمدا دەفرۆشرێن تورکین. ئەمەش ئەگەرەکانی هێرشکردنە سەر هەرێم کەمتردەکاتەوە.

شەشەم، دروستبوونی پەیوەندییەکی شەخسی‌و بازرگانی‌ لەنێوان بنەماڵەی بارزانی‌و هەندێک لە سەرکردەکانی پارتی عەدالەت‌و گەشەپێدان (ئەکەپە).
حەوتەم، ئێستا قسە لەسەر جێگرتنەوەی ڕوسیا دەکرێت لەلایەن هەرێمەوە لە دابینکردنی غازو نەوت بۆ تورکیا، بەتایبەتی دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ڕوسی لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەو گرژیانەی لەنێوانیاندا هەیە لەسەر هەڵوێستیان لەپەیوەند بە سوریا. ئەم گۆڕانکارییانە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و تورکیای بردە ئاستێکی دیکە.

هەشتەم، لە ٢٠١٢ ـەوە پەیوەندییەکانی عێراق‌و تورکیا هەڵبەزو دابەزی زۆری بەخۆوەدیوەو ڕۆژبەڕۆژ خراپتربووە. تێکچونی پەیوەندییەکانی ئەنقەرەو بەغدا، لێکنزیککەوتنەوەی ئەنقەرەو هەولێری لێکەوتۆتەوە.
ئەو فاکتەرو گۆڕانکارییانە دەکرێت وامانلێبکات بڵێین لەوانەیە تورکیا دەوڵەتێکی کوردی لە هەرێم قەبوڵبکات بەڵام ئاماژەکانی دوای دروستبوونی ئەزمونی ڕۆژاڤا لە کوردستانی سوریا پێچەوانەی ئەوەمان پێدەڵێت. هەڵوێستەکانی تورکیا لەگەڵ بەهێزبوونی ڕۆژاڤا زۆر گۆڕاوە. بۆیە لەو پەیوەندە بەبنەما لەسەر گۆڕانکارییەکان، بەتایبەتی ئەو داوایەی کە ئەردۆگان لە بارزانی کرد لەو سەردانەی کە بۆ تورکیا کردی لە ئابی ٢٠١٦ دا کە گفتوگۆ بکەن لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەکرێت بڵێین ئەگەری قەبوڵکردنی دەوڵەتێکی کوردی هاوسێ لەلایەن دەوڵەتی تورکیا زۆر دوورە مەگەر ئەو دەوڵەتە وەک قوبرسی باکور هەر بەناو سەربەخۆ بێت‌و تەواو ملکەچی ئەنقەرە بێت.

ئەم بێدەنگیەی تورکیا لەبەرابەر پەیام‌و وتەکانی مەسعود بارزانی‌و میدیاکانی نزیک لە پارتی هێندەی مەبەست لێی بەستنەوەی هەرێمە بە تورکیا وەک پارێزراوێک (محمیة) ئەوەندە مەبەست لێی قەبوڵکردنی تورکیا نییە بە دەوڵەتێکی بەمانا کوردیی‌و سەربەخۆ.
ئەوەی ڕاستیبێت، ئەو هۆکارانەی پێشوتر هەڵوێستەیان لەسەر کرا تاکە هۆکار نەبوون بۆ نزیکبوونەوەی حکومەتی هەرێم‌‌‌و تورکیا بەڵکو بەهێزبوونی پێگەی ئێران لە بەغدا، بەتایبەتی دوای دەرچونی ئەمریکییەکان لە عێراق لە ٢٠١١ دا زیاتر هانی تورکیایدا لە هەرێم نزیکبێتەوە.
لەئەنجامی باڵادەستبوونی ئێران لە عێراق‌و سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی پۆلینبەندیی ناوچەکە لەسەر بنەمای مەزهەبیی، شیعە لەدژی سوننە، تورکیا قەناعەتێکی لادروستبووە کە بەیەکپارچەیی مانەوەی عێراق لەوانەیە زەحمەتبێت، بۆیە هێندەی دیکە خۆی لە هەرێم نزیکدەکردەوە بەمەبەستی ئەوەی کە زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە. بەمانایەکی دیکە، لەجیاتی ئەوەی تەواوی عێراقی لەدەستبچێت با بەشێکی لەدەستبچێت، بەوەی کە هەرێم لەژێر باڵی ئەودا بمێنێتەوە جا ئەگەر سەربەخۆش بێت.

تورکیا زۆر بە وردی مامەڵە لەگەڵ پرسی هەرێم لە عێراق دەکات. ئەو دەیەوێت هەرێم ئەگەر سەربەخۆ بوو نەک هەر نەیاری ئەو نەبێت بەڵکو دەستکەلای ئەو بێت، بۆیە هەموو هەوڵەکانی خۆی خستۆتەگەڕ بۆئەوەی جێگەی هەرێم بکاتەوە لەژێر باڵی تەوەری سوننە لە ناوچەکە. بێدەنگیی تورکیا لەو وتانەی کە بارزانی‌و هاوبیرەکانی لەپەیوەند بە سەربەخۆیی دەیکەن تەنیا دەکرێت لەو چوارچێوەیەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە سوریاو پشتیوانیکردنی حکومەتی عێراقی لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، کە هەردووکیان وەک حکومەتی شیعیی ناسراون، لەبەرابەریشدا پشتیوانیکردنی تورکیا لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا بە هەندێک گروپی تیرۆرستیشەوە، تورکیای هێندەی دیکە لە حکومەتی مەرکەزی دوورو لە حکومەتی هەرێم نزیککردەوە.

ئەگەر هەرێم پشتیوانی، یان لانیکەم بێدەنگی تورکیا مسۆگەر بکات، کە ئاماژەکانی زۆر ڕون نین، ئەوە ئەوکات زۆر سەختدەبێت بۆ حکومەتی مەرکەزی لە بەغدا ڕێگری لە جیابوونەوەی کوردەکان بکات. بەواتایەکی دیکە، جیابوونەوەی هەرێم ئەوەندەی پەیوەندی بە هەڵوێستی ئەنقەرەوە هەیە ئەوەندە پەیوەست نییە بە هەڵوێستی بەغدا.

هەرچۆنێک بێت، ساڵانێکە زۆر کەس دەڵێن کە جیابوونەوەی کوردستان پرسی کاتە زیاتر لە هەر شتێکی دیکە بەڵام شکستی حکومەتی هەرێم لە سیاسەتی سەربەخۆی نەوت‌ لەگەڵ نغرۆبوونی ئەو نوخبە سیاسییەی کە بانگەشەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکات تا بنەقاقای لە گەندەڵی‌و دزی سامانی گشتیی وای لەزۆر کەس کردوە کە تا ئەو نوخبە سیاسییە باڵادەستبن دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە خەونێک بۆ گەل‌و گەمەیەک‌و موزایەدەیەکی سیاسی قێزەون لەلایەن نوخبە سیاسییەکەوە هیچی دیکە نییە.




هوشیار زێباری غەدرێکی سیاسی لێکرا! … شێرکۆ کرمانج

پارتییەکان‌و میدیاکانی پارتی مانگێک زیاترە باس لەوەدەکەن کە ئەوەی لە دژی هوشیار زێباری کراوە ڕق‌و قینێکی سیاسییەو پەیوەندی بە گەندەڵییەوە نییە.
پرسیار ئەوەیە داخۆ ئەمە ڕاستە؟ بەڵێ بەدڵنیاییەوە ئەوە ڕاستیی تێدایە، بەڵام هاوکات تەواوی ڕاستییەکانیش نییە. بەڵێ ڕاستە کە هەندێک هێز لە عێراق بەتایبەتی کوتلەکەی نوری مالیکی ڕق‌‌‌و قینێکی سیاسیان هەبوو لە زێباری لەبەر چەند هۆیەک، لەوانە: یەکەم، زێباری پارتییە، دووەم، زێباری خاڵی مەسعود بارزانییە. سێیەم، پەیوەندییەکانی بارزانی‌و مالیکی لەدوای کەوتنی موسڵ‌و بڕینی موچە زۆر خراپ تێکچوو، بەڕادەیەک کە مالیکی بارزانی تاوانباردەکرد بە پلاندان بۆ هەرەسهێنانی سوپای عێراق‌و پارتیش مالیکی لەپشت موچەبڕینی خەڵکی هەرێم دەدیت.
بەهەرحاڵ، بۆ تۆڵەسەندنەوە مالیکی‌و کوتلەکەی هەوڵیاندا کە کۆمەڵێک بەڵگە کۆبکەنەوە بۆ سەندنەوەی متمانە لە هوشیار زێباری.
بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە لێرە دوو ڕاستیی هەن نەک یەک ڕاستیی، وەک ئەوەی پارتی‌و میدیاکانی دەیانەوێت نیشانیبدەن.
ڕاستیی یەکەم ئەوەیە کە ڕقێک‌و گەمەیەکی سیاسی هەبوو لە پشت سەندنەوەی متمانە لە هوشیار زێباری. کە ئەمە لە گەمە سیاسییە پەرلەمانییەکان لە هەموو وڵاتانی دیموکراسی بوونی هەیەو پەیڕەودەکرێت.
ڕاستیی دووەم ئەوەیە کە هوشیار زێباری بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی لە پەرلەمان خرانەڕوو لەگەڵ ئەو وەڵامانەی کە زێباری داینەوە نەک هەر بۆ پەرلەمانتاران بەڵکو بۆ هەموو خەڵک دیارو ڕون بوو کە زێباری گەندەڵی کردوەو چاوپۆشیشی لێکردوە.
پرسیار ئەوەیە داخۆ دەکرێت پەرلەمانتاران‌و خەڵک لە زێباری خۆشبن لەبەرئەوەی کە گەمەیەک‌و ڕقێکی سیاسی لە پرسەکەدا ئامادەیی هەیە. نەخێر، گەندەڵی گەندەڵییەو گەندەڵکار دەبێت متمانەی لێبستێندرێتەوەو دادگاییش بکرێت بەتایبەتی ئەگەر لە پۆستێکی هەستیارو سیادی بێت چونکە کەسەکە سوێندی خواردوە کە سەروسامانی خەڵکی بپارێزێت نەک بدزێت.
پرسیارێکی دیکەی گرنگ لێرە ئەوەیە کە داخۆ هەڵوێستی پارتی لەجیاتی ئەو کڕوزانەوەیە لەبەرابەر ئەو گەمە پەرلەمانییە-یاساییە دەبێت چی بێت؟
من پێموایە پارتی‌و پارتییەکان دەبێت لەسەر گەندەڵییەکانی مالیکی‌و هەموو ئەوانەی کە گەندەڵن‌و لە پشت سەندنەوەی متمانە لە زێباری بوون بێدەنگ نەبن‌. پارتییەکان‌و ئەندام پەرلەمانتارەکانیان دەبێت لە هەوڵی بەدەستهێنانی بەڵگەو دروستکردنی فایل بن لەسەر گەندەڵییەکانی نەیارەکانیان‌و هەموو ئەوانەی دیکە کە گەندەڵیی دەکەن. ئەوکات پارتی دەبینێت کە چۆن هەموو ئینسانێکی خاوەن ویژدان پشتیوانی لە پارتی‌و ئەندام پەرلەمانەکانیان دەکەن.
بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە داخۆ پارتی‌و میدیاکانی‌و پەرلەمانتارەکانی ئەم کارە دەکەن. من پێموایە نەخێر. چونکە پارتیەکان حەزناکەن بەهیچ شێوەیەک مەلەفی گەندەڵکاران نە لە عێراق نە لە کوردستان بجوڵێت چونکە پارتییەکان لەسەری سەرەوەی سەرکردایەتییەکەیانەوە تا سەر ئێسقان لە گەندەڵی ئاڵاوان بەڕادەیەک کە ئەوەی هۆشیار زێباری هەر نایەتە بەرچاو.
من پێموایە واچاکە ئەوەی ماوەیەکە لە پەرلەمانی عێراق بەرچاودەکەویت دەبێت ببێتە نەریتی گەمەی سیاسی لە عێراق‌و کوردستان، بەبەردەوامی. گەمەیەک کە تێیدا فراکسیۆنی ئەم حزب لێپێچینەوە لە وەزیرەکانی ئەو حزب بکات‌و ئەمەی ئەوانیش ئەوەی ئەوانی دیکە بداتە دادگا، بەڵام بەبنەما لەسەر بەڵگەو فاکت. ئەم‌ گەمەیە زۆر تەندروست‌و دیموکراسی ترە لەوەی کە تا ئێستا باوبوو ئەویش ئەو چاوپۆشی لە دزی‌و گەندەڵییەکانی ئەم بکات‌و ئەم چاوپۆشی لە دزی‌و گەندەڵییەکانی ئەو بکات.




ستراتیجیەتێک بۆ کوردانی ڕۆژاڤا …. شێرکۆ کرمانج

گەلەکۆمەکی هێزە ناوخۆیی‌و دەرەکەییەکان لە سوریا بۆ سەر گەلی کوردو ئەزمونەکەی لە ڕۆژاڤا بە هێرشکردنە سەر جەرابلس‌ لەلایەن لەشکری تورکیاو هاوپەیمانەکانی لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەگەڵ داواکەی ئەمریکا بە کشانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات‌و یەکینەکانی پاراستنی گەل‌ (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) گەیشتە ترۆپک. هەوڵەکانی بەیەکەوەگرێدانی کانتۆنی کۆبانێ‌و عەفرین لەکورتمەوداو لەدرێژمەودا بووە بەئەگەرێکی سەخت ئەگەر نەڵێین موستەحیل. بۆیە پێداچوونەوەیەک بە ستراتیجیەتی کوردانی ڕۆژڤاو هاوپەیمانەکانیان پێویستە. ستراتیجیەک کە خۆی لە کۆچی گشتی کوردانی سوریا دەبینێتەوە بۆ کانتۆنەکانی جەزیرەو کۆبانێ. ئەم نوسینە هەوڵێکە بۆ خستنەڕووی ستراتیجیەکە لەگەڵ هۆکارەکانی پشت ستراتیجیەکە، واتە ڕاشنالیتی پێشنیارەکە.
سەرەتا دەبێت ئەوە بگوترێت کە ستراتیجیەتەکە بنەمای لەسەر سێ تێگەیشتن داناوە: یەکەم، سیاسەتی ئەمری واقیع؛ دووەم، ناهاوسەنگی هێز لەنێوان بەرەی کوردان‌و هێزە نەیارەکانی؛ سێیەم، ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتی ئەمریکاو ڕوسیاو تورکیا لەماوەی چەند حەفتەی ڕابردو، کە لە بەرژەوەندی کورد نەبوون.
خاڵێکی دیکە کە لە داڕشتنی ئەم ستراتیجیەتە لەبەرچاوگیراوە ئەوەیە کە لە هاوکێشە سیاسییەکان‌و سەربازییەکان پاراستنی دەسکەوتەکان بەگشتی زەحمەتترە لە بەدەستهێنانیان. لە ٢٠١٢ ـەوە كوردەکان لە ڕۆژاڤا دەستکەوتی هێندە گەورەیان بەدەستهێناوە کە لە خەیاڵی هیچ کەسێکدا نەبووەو نییە بەتایبەتی ئەگەر قەوارەی کوردو پچڕپچڕی ناوچەکانیان بەبیرخۆمان بێنینەوە. ئەم ستراتیجیەتە هەوڵێکە بۆ پاراستنی سەرکەوتنەکان.
ژمارەی کوردەکان لە سوریا لە دوو ملیۆن تێپەڕناکات‌و کێشەی هەرە گەورەش لەپاڵ کەمی ژمارەی کوردان لەو وڵاتە پەرشوبڵاویانە بەسەر شارو پارێزگاکانی سوریا. بەشێکی گەورە لە کوردان نیشتەجێی شارەکانی ‘حەلەب‌’ و ‘دیمەشق’ـن. ئەمەش چڕی کوردانی لە ناوچە کوردستانییەکان کەمکردۆتەوە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کۆچپێکردنی کوردەکان لە حەلەب‌و دیمەشق‌و تەواوی شارو شارۆچکەکانی دیکەی سوریا بۆ کانتۆنەکانی جەزیرەو کۆبانێ پێویستییەکی هەنوکەییە. کۆچپێکراوەکان واچاکە لە شاری حەسەکەو ئەو ناوچانەی کە چڕی کوردیان کەمە لەنێوان هەر دوو کانتۆنی کۆبانێ‌و جەزیرە، وەک شەدادی‌و گرێسپی‌و تەلحەمیس‌و تەلتەمر، نیشتەجێبکرێن.
ئەم کۆچپێکردنە کە کڕۆکی ئەم ستراتیجیەتە پێکدەهێنێت دەبێت هەر ئێستا لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی هەر دوو کانتۆنی جەزیرەو کۆبانێ دەستپێبکات‌. هەر ئەوانیش دەبێت تەواوی ڕێوشوێنە ئیداری‌و لۆجیستیەکانیان بۆ دابینبکەن.
کۆچی بە کۆمەڵی کوردانی سوریا بۆ ناوچە کوردییەکان بێجگە لەوەی کە چڕی کورد لە ڕۆژاڤا زیاددەکات‌و ئەمنیەتی ناوچەکانیان باشترو تۆکمەترو پارێزراوتر دەکات، هاوکات، کوردانی دەرەوەی کانتۆنەکان لە لەناوچوون لەڕێگەی توانەوە دەپارێزێت‌. لەپاڵئەمەش، کوردانی شارە سورییەکان هەر ئێستا بەگشتی لەنێوان مەرگ‌و ژیندا دەژین، بەتایبەتی ئەوانەی حەلەب کە ژمارەیان لەوانەیە خۆی لە ١٠٠ هەزار کەسێک بدات.
خاڵی نەرێنی سەرەکی ئەم ستراتیجەتە ئەوەیە کە کورد دەبێت دەسبەرداری یەکگرتنەوەی کانتۆنی عەفرین‌و کۆبانێ بێت کە لە ڕاستیدا ئەم هەوڵە، سەرەڕای ئەوەی کە شەهیدێکی زۆری بۆ درا، بەڵام هەم واقیعی نەبوو هەم قومارێکی گەورە بوو چونکە زۆربەی ئەو ناوچانەی کە کەوتونەتە نێوان عەفرین‌و کۆبانێ ناوچەی عەرەبی‌و غەیرە کوردین یان بە چڕی تەعریبکراون.
ئەو تێگەیشتنە بان-نەتەوەییەی کە پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) باسیلێوەدەکات لە ڕووی تیورییەوە زۆر جوانە بەڵام تەنیا لەو ناوچانە دەکرێت بەرجەستەبکرێت کە زۆرینەی کوردن‌و خۆیان بە هەڵگری ئەو پەیامە بان-نەتەوەییە دەزانن. دەیان ساڵە مێژووی دنیاو ناوچەکە پێماندەڵێت کە سنوری دەسەڵات‌و جوگرافیای ڕاپەڕینی کوردان، یان هەر گروپێکی نەتەوەیی یان مەزهەبیی، لەو شوێنە کۆتاییپێدێت کە چڕی نەتەوەیی‌و مەزهەبیی کۆتایی دێت. پەیەدەو یەپەگەو یەپەژە واچاکە درکی ئەو ڕاستییە بکەن کە حوکمکردنی ئەو ناوچانەی کە چڕی کوردیان کەمە یان هەر کوردی تێدانییە سەختەو پاراستنیشی موستەحیلە. ئەگەر لە کورتمەوداش نەبێت لەدرێژمەودا ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت.
کورد لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژاڤا زۆرینەی ڕەها نییە، بۆیە ئەم کۆچە دەستەجەمعییەی کە لێرە پێشنیازکراوە بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە کوردییەکانە. گۆڕینی دیموگرافیای ڕۆژاڤا بەو مانەیە نییە کە عەرەب‌و کریستیان‌و تورکمان‌و خەڵکانی سەر بە نەتەوەو دینەکانی دیکە لەو ناوچانە دەربکرێن. بەپێچەوانەوە ئەو ئەزمونە فرەکەلتورییەی کە ئێستا لە ڕۆژاڤا جێبەجێدەکرێت دەبێت بەردەوام بێت‌و پێکەوژیانی نەتەوەکان‌و دینەکان تۆکمەترو قوڵتربکرێتەوە.
ئەو ناوچانەی کە ئێستا دوو کانتۆنەکەی ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات پێکدێنن ناوچەیەکی بەرفراوان‌و دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی‌و ئاویی‌و دەکرێت کیانێکی سیاسی‌و ئابوری‌ پشتبەخۆبەستوی لێدروستبکرێت. بەڵام سەقامگیری ئەو ناوچانە بە چڕی کورد پەیوەستە بۆیە کوردانی ناوچەکانی دیکەی سوریا دەبێت بگوازرێنەوە ئەوێ.
بێجگە لەم هۆکارانە دەبێت ئەوەشمان لەبیرنەچێت کە زۆر زەحمەتە سوریا وەک وڵاتێکی یەکگرتو وەک جاری جاران دروستبکرێتەوە، بۆیە بوونی کورد لە حەلەب یان لە دیمەشق، یان هەر شوێنێکی دیکە، دەیانکات بە کەمینەیەک لەو شوێنانە کە هیچ سەنگێکی سیاسیان نابێت‌. لە ئەگەری دابەشبوونی سوریا یان دروستبوونی چەند فیدڕالییەتێک ئەوە ئەگەرەکانی توانەوەی کوردە دابەشبووەکان بەسەر شارو شارۆچکەکانی دیکەی سوریا زۆر زیاددەکات.
مانەوەی کورد لە شارەکانی دیکەی سوریا هێزەکانی یەپەگەو یەپەژە ناچار بە پەرشوبڵاویی دەکات بۆ پاراستنی کوردەکان لە شوێنەکانی دیکەی سوریا. ئەمەش بارێکی دیکەی قورس دەخاتە سەر هێزە ئەمنییەکانی ڕۆژاڤاو تواناکانیان ئیستینزاف پێدەکات‌و مایەپوچیشە.
لە حالی حازردا کانتۆنی عەفرین تاڕادەیەکی چاک توانیویەتی پارێزگاری لەخۆی بکات. ئەگەر بارودۆخەکە ئاوابمێنێتەوە ئەوە دەکرێت قسە لەسەر ئەو کانتۆنە نەکرێت بەڵام ئەگەر هاوکێشەکانی هێز لەوێش گۆڕان ئەوە دەکرێت لەژێر تیشکی ئەم ستراتیجیەتە بیر لە خەڵکی ئەوێش بکرێتە.
بەکورتییەکەی کاتی ئەوە هاتوە کە ڕۆژاڤا هەنگاوی جدی بهاوێژێت بۆ چڕکردنەوەی ڕێژەی کورد لە کانتۆنەکانی جەزیرەو کۆبانێ‌ بەمەبەستی چاکتر پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە لە چەند ساڵی ڕابردو بەدەستهاتون. دابەشبوون‌و پەرشوبڵاوی کورد لە سوریا مەترسییە لەسەر ئەزمونی ڕۆژاڤاو دەستەکەوتەکانی کە بیرکردنەوەی جدی گەرەکە.