مافی ژنان: لە نێوان هەڵکشان و داکشان، ژنانی عێراقی لە چاوی زریاندا.. شیرین عەبدوڵڵا

لە کاتێکدا کۆتا ڕۆژەکانی ئەمساڵ بەڕێدەکەین و نزیک دەبینەوە لە ساڵی نوێ (٢٠٢٦)، دەبینین هەڵاواردن و دابەشکاری و نایەکسانییە جۆراوجۆرەکان لە گەشە کردندان لە نێو چەندین قەیران و بەرزبوونەوەی شەپۆلی کۆنەپەرستی لە جیهانێکدا کە بۆ چەسپاندنی باڵادەستی پیاوان دیزاین کراوە. مافی ژنان و گرووپە پەراوێزخراوەکان لە سەرانسەری جیهاندا ڕوو لە دابەزینە، ئەو دەستکەوتانەی بە خەبات بەدەست هێنراون کەوتوونەتە بەرهێرش و تا دێت دەوڵەتە بورژوازییەکانیش زیاتر و زیاتر لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان دەکشێنەوە. ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ هوشیاربوونەوە بە ناجێگیری مافەکانمان و ئاسانیی لەدەست دانیان. لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی خەباتی بەردەوام و ڕزگاریخوازانەی ژنانەوە، لێرە و لەوێ تیشکی هیوا بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتن دەدرەوشێتەوە.
لێرەدا چەند نموونەیەک لە پاشەکشە و دەستکەوتەکان دەخەینەڕوو، پاشان تیشک دەخەینە سەر بارودۆخی عێراق، کە ڕەنگە پەسەندکردنی پاکێجی ئەحکامە شەرعییەکانی جەعفەری (المودەووەنە) لە (٢٨)ی ئابی (٢٠٢٥)دا گەورەترین و مەترسیدارترین هێرش بێت بۆ سەر مافەکانی ژنان، نەک تەنها لە عێراقدا، بەڵکو لە سەرانسەری ناوچەکە.

  • لە لاتڤیا، پەرلەمان لە (٣١)ی ئۆکتۆبەر دەنگیدا بە کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
  • لە گامبیا هەوڵ هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەکردنی خەتەنەکردنی مێینە کە لە مێژە بە کاربووە.
  • لە مانگی حوزەیرانی (٢٠٢٢)، دادگای باڵای ئەمریکا بڕیاری (ڕۆ -دژی -وەید)*ی هەڵوەشاندەوە، بەمەش پارێزگاری دەستووری لە هەموو ژنان سەندەوە سەبارەت بە لەباربردن و چاودێری پزیشکی ڕزگارکەری ژیان، هەروەها زۆرێک لە ژنان و پێشکەشکەرانی خزمەتی لەباربردنی منداڵ ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و تۆمەتباری کردەوە. دایک و باوکەکان بەهۆی یارمەتیدانی کچەکانیان بۆ دەستگەیشتن بە چاودێری تەندروستی ڕووبەڕووی تۆمەت دەبنەوە. لێپرسینەوەی یاسایی و تاوانبارکردنی ژنانی دووگیان بە ڕێژەیەکی مەترسیدار زیادی کردووە.
    لە بەرامبەردا:
  • لە (٢٥)ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری (٢٠٢٥)، پەرلەمانی ئیتاڵیا یاسایەکی نوێی بە فەرمی دەرکرد کە ژنکوژی لە یاسای سزادانی وڵاتەکەدا جێگیرکرد و سزای زیندانی هەتاهەتایی پەسەند کرا. دەنگدانەکە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان.
  • لە بەریتانیا، لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەری ئەم ساڵدا، دادگای باڵا بڕیارێکی لەمێژینەی دادگای خێزانی هەڵوەشاندەوە، کە تیایدا توندوتیژی خێزانی لەنێوان دایک و باوکدا بە پەیوەندیدار لەگەڵ مەترسی بۆ سەر منداڵەکانیان نەدەبینرا. ئەمەش دەستکەوتێکی بەرچاو بوو بۆ ئەو ژن و منداڵانەی بەرکەوتەی توندوتیژی خێزانی بوون. ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی کۆمیساری توندوتیژی خێزانی گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە لە (٨٧٪)ی ئەو کەیسانەی کە خراوەتە بەردەم دادگای خێزان، توندوتیژی خێزانی هۆکارێک بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تەنها لە (٤٢٪)ی کەیسەکاندا بە پەیوەندیدار بە بڕیارەکانی سەرپەرشتیکردنی منداڵان دانراوە.
    لە عێراقدا خودی ئەو مودەوەنەیەی کە پەرلەمان پەسندی کرد، واتا (پاکێجی ئەحکامە شەرعییەکانی جەعفەری) گوزارشە لە دوژمنایەتی دەسەڵاتداران بەرامبەر بە ژنان و پێداگرییان لەسەر پەراوێزخستنیان و چەسپاندنی هەژموون و کۆنترۆڵکردنی پیاوان و ئاساییکردنەوەی توندڕەوترین شێوەکانی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان بە مەبەستی سەپاندنی ئەجێندای سیاسی کۆنەپەرستانەی خۆیان.
    ئەم دوژمنایەتیە تێمان دەگەیەنێت کە بۆچی یاسای توندوتیژی خێزانی بۆ زیاد لە ١٠ ساڵە لە ناو پەرلەماندا بێنەو بەرەی پێ دەکرێت!
    جگە لەوەش، شێوازی تێپەڕاندنی مودەووەنەکە، لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی سێ لایەنە لە بەینی قەوارە سیاسییە تائیفی و ناسیۆنالیستەکانی ناو دەسەڵات، دەربڕینێکی ئاشکرایە لە سروشتی پیاوسالاریی توێژی سیاسی دەسەڵاتدار و میکانیزمەکانی دامەزراوەکانیان، کە لەسەر بنەمای سازان و بەرژەوەندی هەر فراکسیۆنێک لەسەر حیسابی چاکەی گشتی کاردەکەن.
    هەروەها، پشتگوێخستنی نیمچە تەواوی میدیای جیهانی و ناوخۆیی لە تووڕەیی و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەرامبەر بە هەموارکردنەکە و مودەووەنەکە بەڵگەیە لەسەر ڕادەی ڕاکێشانی ڕای گشتی بە دژی ژنان و ڕۆڵی هاوبەشیی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، کە سوودی دارایی لەو لایەنانە وەردەگرن کە بەرژەوەندییەکانیان بەستراوەتەوە بە ئەجێندای ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان کە کۆنترۆڵی بڕیاردانی سیاسی دەکەن لە عێراق و ناوچەکەدا.
    دوای کەمتر لە سێ مانگ لە دەرکردنی ئەم یاسا دڕندانەیە دژی نیوەی کۆمەڵگا، هەمان پەرلەمانی پیاوسالار، هەڵبژاردنێکی ئەنجامدا. ئەم هەڵبژاردنە کە بە دەوری خۆشی لەسەر بنەمای سازان و دابەشکاری قەومی و تائیفی و حیساباتی فڕاکسیۆنە پەرلەمانییەکان و دابەشکردنی ڕۆڵ و تاڵانی غەنیمەکان دامەزراوە، نەک هەر هیچ پەیوەندی بە بەرژەوەندی و چارەسەری ئازارەکانی خەڵکەوە نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دانراوە کە ئیرادەیان لێ بستـێـنـێـتەوە و لە ڕێگەی پارە و چەکەوە ملکەچیان بکات و بەم جۆرە درێژە بە سیستەمەکەی بدات.
    یەکێک لە تایبەتمەندیە دیارەکانی ئەم هەڵبژاردنە لە خزمەتی کۆنەپەرستیدا، زیاتر جیگیر کردنی ستەمکاری بە دژی ژنان و بەردەوامدان بە یاسای ئەحکامی جەعفەری بوو.
    شایانی باسە کە ئەم هەڵبژاردنە، وەک هەڵبژاردنەکانی پێشوو لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە بێبەش نەبوو لە نوێنەرایەتی ژن. ژنان لە دوای ئەنجومەنی حوکمڕانی ئینتقالییەوە بەشدارییان کردووە، کە بە بڕیاری دەسەڵاتی کاتی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی پۆڵ بریمەر پێکهێنراوە و لە کۆی (٢٥) ئەندام سێ (٣) ژنی تیابوو. دوای دوو ساڵ و لە ساڵی (٢٠٠٥) دەستووری عێراق پەسەند کرا، کە (٢٥٪)ی کورسییەکانی پەرلەمانی بۆ ژنان تەرخانکرد (سیستەمی پشکی ژنان)؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە لە کۆی (٣٢٩) کورسی (٨٣) کورسی بۆ ژنان تەرخانکراوە.
    دوابەدوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی (٢٠٢١)، کەناڵی جەزیرە نێت بابەتێکی بەناونیشانی “لە پێشینەیەکی بەرچاودا… بەم شێوەیە ژنان هەڵبژاردنی عێراقیان سەرسام کرد” بڵاوکردەوە و ڕوونیکردەوە “سەرەڕای ئەو هەموو ناکۆکییانەی سەبارەت بە ڕۆڵی ئایندەی ژنانی عێراق هەیە، هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستهێناوە”. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (٢٠٢١)دا (٩٧) ژن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردران، کە بە ڕێژەی (١٤) کورسی پشکەکانیان زیاتر بوو، هەروەها سێ پۆستی وەزارییان دەستەبەرکرد کە بریتین لە دارایی، پەیوەندییەکان و کۆچ.
    بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئەوەیە کە ئەم بەشداریکردن و نوێنەرایەتیکردنەی ژنان لە ڕووبەرێکی درۆ و فریودەر زیاتر نەبووە. بوونی زۆرینەی ژنان لە پەرلەماندا بە پلەی یەکەم ئامرازێک بووە بۆ پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان و دامەزراندنیان بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای قەوارە سیاسییەکان، تەنانەت ئەگەر ئەو ئەجێندایانە لەگەڵ پرس و بەرژەوەندییەکانی ژناندا ناکۆکیش بن. ڕوونترین بەڵگەی ئەمە ئەوەیە کە ئەم “پێشکەوتنە گەورەیە” نەبووە ڕۆڵێکی دیاریکراو بۆ ڕەتکردنەوەی یاسای جەعفەری یان تەنانەت چەسپاندنی یاسای توندوتیژی خێزانی. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژنە پەرلەمانتارەکان دابەش بوون بەسەر دوو بەشدا کە بەشێکیان بەرگری لە مافەکانی ژنان دەکەن، و بەشەکەی تریان بە پێشخستنی دڵسۆزی بۆ حزب و خێڵ و نەتەوە و ئایین، دژایەتی مافی ژنان دەکەن.
    پەرلەمانتار جەمیلە عوبەیدی مشتومڕێکی بەرفراوانی لە کۆمەڵگەی عێراقدا دروستکرد، بە بانگەوازی هەڵمەتێک بۆ هاندانی فرەژنی و ڕەتکردنەوەی کەلتوری تاکژنی، بەو پێیەی ئەو پێشنیارە سوود بە ژنانی جیابووەوە و بێوەژن دەگەیەنێت کە لە شەڕدا مێردەکانیان لەدەستداوە. ئەو پەرلەمانتارە داوای دەرکردنی یاسایەکی “بۆ پاراستنی ژنانی ئازادی عێراق و چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە” کرد لە ڕێی دابینکردنی هاندانە داراییەکانی وەک دەرماڵـە و باج بۆ هاندان و هاوکاریکردنی پیاوان بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ “هەموو بێوەژنێک و جیابووەوەیەک”، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە “سەختی دارایی یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ڕێگری لە هاوسەرگیری لەگەڵ زیاتر لە یەک کەس دەکات”. ئەو ژنە پەرلەمانتارە پاڵپشتییەکی بەرچاوی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەرگرت، هاوکات ڕووبەڕووی ڕەخنەی هەندێک لە هاوپیشە ژنەکانی بووەوە. پێشنیارەکەی لەو کاتەدا لە سۆشیال میدیادا شەپۆلێکی توڕەیی و گاڵتەجاڕی لێکەوتەوە، کە بە “سوکایەتیکردن بە ژنان” دانرا.
    ژنە پەرلەمانتارمان بیستووە کە بانگەشەی هەڵبژاردنیان لەسەر بنەمای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی بوو بۆ لابردنی مەرجی ڕەزامەندی ژن بۆ هاوسەرگیری دووەم. ژنە پەرلەمانتارانی دیکە پشتگیریان لە هەموارکردنەوەی مادەی (٥٧) کردبوو کە پەیوەندی بە زەوتکردنی مافی سەرپەرشتیکردنی دایکانەوە (حەزانە) هەیە.
    جێگای سەرسوڕمانە کە سەرۆکی لیژنەی خێزان و منداڵ، دونیا ئەلشەمەری، خۆی بەرگریکاری هەموارکردنە کۆنەپەرستانەکەی یاسای باری کەسی (١٨٨) بوو، نوێنەرایەتی بۆچوونەکانی قەوارە سیاسییەکەی خۆی دەکرد و بەم شێوەیەش ئاستەنگی زیاتری خستە بەردەم ئەوانەی دژایەتی هەموارکردنەکەیان دەکرد.
    بۆیە سەیر نییە کە دوای دوو دەیە لە دەستگرتنی حزبە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکان بەسەر چارەنووسی خەڵکی عێراق ودوای شەش هەڵبژاردن، خەڵک هیچ باوەڕێکی بەو شتە نەماوە کە پێی دەوترێت پەرلەمان و هەڵبژاردن. سروشتی ڕاستەقینەی ئەم هەڵبژاردنانە ئەمجارە لە جاران زیاتر بە ئاشکرا دەرکەوتووە: لە کۆنتڕۆڵی ملیاردێرەکان، کڕینی دەنگ و نەبوونی هیچ دیدگایەک یان بەرنامەیەکی چاکسازی کە ڕەنگە سەختییەکانی ژیان کەم بکاتەوە، و لەم پرۆسەیەدا ژنان و مافەکانیان بونەتە گەورەترین قوربانی.
    هەروەها، لە سایەی هەمان ئەم بلۆکە پەرلەمانیەدا بوو، کە گەورەترین کۆمەڵکوژیی گەنجان کرا لە کاتی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩)، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە (٨٠٠) کەس و برینداربوونی زیاتر لە (٣٠) هەزار گەنج و ژن و پیاو، و لەگەڵ ئەوەشدا کە ژنان لەم ڕاپەرینەدا کۆت و بەندییان شکاند ولەماڵ هاتنەدەر، هێزەکانی کۆنەپەرستی یەکسەر و بێ دواکەوتن دەستیان دایە سەرکوت و پڕوپاگەندە و چەواشەکاری دژە ژن.
    هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە ژنانی عێراق (و پیاوانیش) ڕووبەڕووی دوژمنێکی ئاسایی یان سیستەمێکی پیاوسالاری نەریتی (تەقلیدی) نین وەک ئەوانەی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی مۆدێرن دەبینرێن، بەڵکو ڕووبەڕووی دوژمنێکی زۆر دڕندە دەبنەوە کە تواناکانی بێئەندازەیە و پەیوەندیی ئاڵۆز و چڕی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە- دوژمنێک کە درێغی نییە لە ئەنجامدانی قێزەونترین کۆمەڵکوژی لە دژی نەیارەکانی بۆ پتەوکرنەوەی چەپۆکی دەسەڵاتەکەی بەسەر خەڵکدا.
    لەم کەش و هەوا سیاسییە خنکێنەر و دژە ژنەدا، کە بۆ هەندێک لە توێژە نێرینەکانی عێراق دیزان و قۆرخ کراوە و لەڕێی توندوتیژییەوە و بە سیستماتیک، و بە پشت بەستن بە بنەمای بەها و نەریتی خێڵەکی و ئایینی کۆنەپەرستانەوە بەرهەم دەهێنرێتەوە، دەنگ و ئازارەکانی ژنان بەزەحمەت دەبیسترێت.
    جگە لەوەش، ژنان وەک هەموو گرووپە پەراوێزخراوەکانی دیکە، ڕووبەڕووی چەندین بەربەستی زیادە دەبنەوە لەبەردەم بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی و توانای ڕۆڵگێڕانیان لە داڕشتنی سیاسەتەکان کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانیان بکات و مافەکانیان بپارێزن؛ چالاکی سیاسی ژنان بە پێشێلکاری نەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان دادەنرێت، و فشارە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان زۆرێک لە ژنان بێهیوا دەکەن لە بەشداریکردن لە کاری سیاسیدا. کاندیدی ژن پێویستی بە ڕەزامەندی خێزانەکەی یان هۆزەکەی هەیە و لەوانەیە تووشی هەڕەشە وهێرشی میدیای ئەلیکترۆنی و هەراسانکردن بێت. جگە لەوەش ژینگەی کێبڕکێ و پیاوسالاری و پەراوێزخستن و ڕوانگەی سووکایەتیکردن بۆ ژنان لە شوێنی کار و دامەزراوە حکومییەکان وەک ڕێگرییەک لە دژی چالاکیی سیاسی کاردەکات.
    شایانی باسە، ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی بە دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی ١٨٨ کە دواتر لە شێوەی مودەووەنەدا لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند کرا، بە ڕێخرابوو، کە هەتا ئێستاش بەردەوامە و هەر ڕۆژە ژنان دەرگیری ئاکامە کارەساتبارەکانی دەبنەوە، چەندین ڕێکخراو و چالاکوانی ژنان و ئازادیخواز کە هەندێکیان لە تەحالوفی ١٨٨ بەشدار بوون، بەڵام ئەم ناڕەزایەتیانە نەیاتوانی بەر بە شەپۆلی کۆنەپەرستی ناو کۆمەڵگەو پەرلەمان بگرێت.
    شاهیدی چەندین هەڵمەتی شکۆشکاندن بووین بەرامبەر بەو ژنە پەرلەمانتار و پارێزەر و چالاکوانانەی کە دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسایەتی ڕاوەستاون، تەنها بەهۆی دەربڕینی بۆچوونەکانیان لە پرۆسەیەکدا کە گوایە دیموکراسییە و لەسەر بنەمای دیدگای جیاواز دامەزراوە.
    چالەنجەکانی بەردەم ژنان لە عێراقدا بێ ئەندازە و فرەلایەنەیە، پێویستی بە خەبات لە دژی ستراکتۆرە چەسپاوەکانی سیستەمی پیاوسالاری هەیە، کە لەلایەن پایەکانی سیستەمی سەرمایەداری و بەها کۆمەڵایەتییەکانی دوژمنایەتی ژنان و ڕزگاریکردنیانەوە پاڵپشتی دەکرێن. بەڵام نە پیاوسالاری و نە سەرمایەداری نەمر و هەتاهەتایی نین و ئەوەی ژنانی عێراق ئەزموونی دەکەن، قەدەرێکی حەتمی نییە. لەم سەردەمەدا ئەمە چارەنووسێکی حەتمی نییە، بەڵکو سیستەمێکە کە بە زەبری توندوتیژی و بەهێزکردنی بەها و نەریتە کۆنەپەرستەکانەوە بەرهەم هێنراوەتەوە.
    ئەرکەکە لە خەباتدایە بۆ هەڵوەشاندنەوە و ڕیشەهەڵکێشکردنی ئەم سیستەمە و گرتنەبەری دیدێکی کۆمەڵایەتی ڕادیکاڵ و سیاسەتێکی پراکتیکی هاوتا لەگەڵ چالەنجەکاندا.
    ٢٩-١٢-٢٠٢٥

*لەباربردنی منداڵ لە سەرانسەری ئەمریکادا، دوای بڕیارێکی یاسایی گرینگ لە ساڵی ١٩٧٣، یاسایی کرا، کە زۆرجار بە دۆسیەی ”ڕۆ دژی وەید” ناودەبرێت.




سەبارەت بە بڕیاری بە ڕەسمیکردنی بە ناو “عەبای زەینەبی” لە بەغداد، داهاتوو خراپتر دەبێت!.. شیرین عەبدوڵا

لە هەنگاوێکی کۆنەپەرستانەی نوێدا بەرامبەر بە ژنانی عێراق، کە بوەتە مایەی بەرپەرچدانەوەیـەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی، ئەنجومەنی پارێزگاری بەغدا ڕۆژی سێشەممە (٣)ی حوزەیران (٢٠٢٥) بڕیاریدا شتێک بە ناو “عەبای زەینەبی” وەک جلوبەرگی ڕەسمی لە پایتەختی عێراق پەسەند بکات.
ئەم بڕیارەش لە بەیاننامەیەکی (هودا جەلیل ئەلعبودە) دا هاتووە کە سەرۆکی (لیژنەی ژینگە)یـە لە ئەنجومەنی پارێزگا سەربە هێزەکانی هاوپەیمانی دەوڵەتی نیشتیمانی.
لەو نامەیەدا (هودا) ئاماژەی بەوە داوە کە ئەمە “بە ئامانجی پتەوکردنی ڕێز و کەرامەت و حەیایە، بەتایبەت لەناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوەدا، پاش ئەوەی داواکاریەک بۆ دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی عەبای زەینەبی وەک جلوبەرگی فەڕمی پێشکەش کرابوو”، ئەمەش بە بیانووی ئەوەی هەندێک لە مامۆستایان ڕێگریان لە خوێندکارە کچەکان کردووە لە پۆشینی عەبا لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەدا لە ترسی قۆپیەکردن (غەش).
وێنە و ڤیدیۆ و نموونەی ئەم عەبایە بڵاوبۆتەوە کە گوایە (١٤٠٠) ساڵ لەمەوبەر بەکارهاتووە. جێگای سەرسوڕمانە کە مێژوونووسانی سوننە و شیعە لەسەر زۆرێک لە ووردەکاریـیەکانی ئەو سەردەمە مێژوویـیە ناکۆکن، لەوانەش بەرواری لەدایک بوون و مردنی زۆر لە کەسایەتییەکانی ئەو سەردەمە، یان تەنانەت شوێنی ناشتنیان، کەواتە چۆن توانیان بەم ووردییە ئەم پۆشاکە تایبەتە بناسێنن؟ ئەمەش ئەو پرسیارە دەهێنێتە ئاراوە کە ورووژاندنی ئەم پرسە لەم قۆناغەدا پاڵنەری سیاسی پەیوەندیدار بە ئەمڕۆوەی لەپشتـەوەیە، نەک مێژووی ڕابوردوو؟ بە تایبەتی بەلەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە عیراق بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات!
ئەم بڕیارە بە ڕێکەوت و لەخۆیەوە نەهاتووە. دەسەڵاتی میلیشیاکان و سیستەمی پیاوسالاری ئیسلامی سیاسی دەسەڵاتدار لە عێراقدا زیاتر لە دوو دەیەیە، لە پاش دەسەڵات گرتنەدەستیان لە (٢٠٠٣)وە، لە هەوڵدان بە هەموو جۆرە ڕێگایەک، بۆ سەپاندنی دواکەوتوویی و پاشەکشە بەسەر کۆمەڵگا و سڕینەوەی هەموو شوێنەوارێکی پێشکەوتنخوازی.
هەر لە هەوڵە دووبارەکانیانـەوە بگرە بۆ چەسپاندنی یاسای جەعفەری تا ئەم دواییانە لە (٢١)ی کانوونی دووەمی (٢٠٢٥)دا هەموارکردنە بەدناوەکەی یاسای باری کەسی (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩)یان پەسەندکرد، ئەویش لە ڕێگەی ڕێکەوتنێکی سێقۆڵی ڕیسوا لەنێوان “پێکهاتە” سەرەکییەکانی پەرلەمان (سوننە و شیعە و کورد). هەروەها پەسەند کردنی بەناو (یاسای ڕێکخستنی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی)، لە (١٤)ی شوباتی (٢٠٢٣)دا بۆ دەمکوتکردنی دەنگی ناڕازی و پتەوکردنی ئیستبداد و گۆشەگیرکردنی هەر دەنگێک کە ڕەخنە لە دەسەڵاتە گەندەڵەکەیان بگرێت، ئەمە جگە لە خێراکردنەوەی هەنگاوەکانیان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی بە ئیسلامیکردنی یاساکانی تایبەت بە ژنان و دووبارەکردنەوەی ئەزمونی ڕژێمی ئێرانی لە عێراق، کە بە یاسای خێزان لە عێراق ناسراوە.
لەپێناو داسەپاندنی ئەم جۆرە گۆڕانکارییە کۆنەپەرستانانە، پەنا دەبەنە بەر دەربڕینی بەتاڵ و بێ ناوەڕۆک، لە چەشنی “ڕێز و کەرامەت و حەیا” وەک پێوەری وەهمی بۆ زاڵکردنی باڵادەستییان و کۆنترۆڵکردنی خواستە ڕزگاریخوازییەکانی ژنان و ژێردەستەیی هەمیشەییان، و بەم جۆرە، کۆمەڵگا و نەوە یەک لە دوا یەکەکانیش ملکەچ بکەن، لە کاتێکدا خۆیان بەردەوامن لە گەندەڵی و تاڵانکردن و سەرکوت و کوشتنی خۆپیشاندەران و دزینی مووچەکان و برسیکردنی جەماوەر و لەناوبردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک ئاو و کارەبا و خانوو بەرە لە ڕێگەی سیاسەتە نیۆلیبراڵیەکانیانەوە، کە ملیۆنەها کەسـی خستۆتەبەردەم نەخۆشی و ئاوارەبوون و دەربەدەری چ بەهاوین لە پلەی گەرمی سەختی سەروو (٥٠) دەرەجە و چ بە سەرمای زستانی عێراق.
باس لە “ڕێز و کەرامەت و حەیا” دەکەن لە کاتێکدا خۆیان هەمیشە خەریکی زیندووکردنەوەی هەموو ئەو شتانەن کە ڕێز و کەرامەتی ژنان پێشێل دەکات، وەک بە یاساییکردنی هاوسەرگیری کچانی مێرمنداڵ لە تەمەنی نۆ ساڵیدا، و بێبەشکردنیان لە مافەکانیان لە میرات وسەرپەرشتی منداڵ و جیابوونەوە، ئەمە جگە لە پاساوەکانیان بۆ هاوسەرگیری کاتی و چەندین داهێنانی تاوانکارانەی دیکە کە دەکەوێتە قاڵبی دەستدرێژی سێکسیەوە. پاشان داوای “حەیا” لە ژنان دەکەن تا دڵنیابن لە ملکەچکردنیان و قبووڵکردنیـیان بە دڕندایەتی کۆنتڕۆڵی پیاوسالاری.
ڕەنگە ئەم بڕیارە شتێک لە گاڵتەجاڕی پێوە دیار بێت؛ هۆڵی تاقیکردنەوە چ پەیوەندیەکی بە “ڕێز و کەرامەت و حەیا” وە هەیە؟.. و لەهەمان کاتدا سەرچاوەی تووڕەییشە، چونکە ڕەنگە وا لە هەندێک خێزان بکات بسڵەمێنەوە لە ناردنی کچەکانیان بۆ دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندن مەگەر بە پۆشینی جۆری پەسەندکراوی عەباوە نەبێت، نەوەک تۆمەتباربکرێن بە کەمی “ڕیز و کەرامەت و حەیا”.
هەر ئەمەشـە مەبەستی ئەم جۆرە یاسایانەیە، کە سەپاندنی ئاستەنگی و سنووردارکردنی خوێندنی ژنان و لەکەدار کردنی ناوبانگی دامەزراوەی پەروەردەیی و لەقەڵەمدانیانە وەک شوێنێک کە ئاسایشی تێدا نییە بۆ ژنان، بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ داسەپاندنی شتی خراپتر.
١١ی تەمموزی ٢٠٢




سەرهەڵدانی مانۆسفیر و ڕاستی توندڕەو.. شیرین عەبدوڵڵا

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دیاردەی بڵاوبوونەوەی ڕیتۆریکی میسۆجینی (دژە ژنی) دەبینرێ، ئەو مەیلانەی کە بە ئاشکرا بانگەوازی ئاساییکردنەوەی سووکایەتیکردن بە ژنان دەکەن، بەتایبەتی لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا، لەنێو دیاردەیەکی فراوانتری سەرهەڵدانی ڕاستی توندڕەودا.

مانۆسفێر چییە؟
ئەم بانگەوازانە پەیوەستن بە گرووپاتێک کە پێی دەوترێت مانۆسفێر (فەزای ئەلیکترۆنی یان دۆمەینی نێر)، کە گروپی ناڕێکخراون، هەندێکجار بە کۆمەڵگەی “حەبی سوور” ناودەبرێن. ڤیدیۆ بلۆگ و پۆدکاست و وێنە و پلاتفۆرمی یاری ئەلیکترۆنی و کاریگەرە (influencers ) بەناوبانگەکانیان لەسەر پلاتفۆرمەکانی وەک (X) و (YouTube) و (TikTok) و (Reddit) هەیە. هۆشداری بڵاو دەکەنەوە لەو مەترسییانەی نۆرمەکانی پیاوسالاری بەرەوڕووی دەبێتەوە و بۆچوونە دژەژن و دژە فێمینیستەکان بەرەوپێش دەبەن و ئەمان بە هۆکاری هەموو جۆرە کێشەیەک لە کۆمەڵگادا دەبینن.

بیرۆکەکانی مانۆسفێر چوار ڕەوتی بنەڕەتی لەخۆدەگرن:
1- “حەبی سوور” (لە فیلمی زانستی خەیاڵی ماتریکس وەرگیراوە- بە خواردنی حەبی سوور بەئاگا دەبیتەوە لە ڕاستی ئەو شتانەی لە جیهاندا ڕوودەدەن) و چالاکوانانی “مافی پیاوان”: داوا لە پیاوان دەکەن کە بەئاگا بێنەوە لەو ڕاستییەی کە سیستەمی سیاسی لایەنگری بەدژی پیاوان دەکات و ئەمان بەدەست جیاکارییەوە لە بوارەکانی جیابوونەوە، سەرپەرشتیکردنی منداڵ، و یاساکانی توندوتیژی خێزانی دەناڵێنن. بۆ نموونە داوای هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی “تەڵاقی بێ تاوان” دەکەن کە لە ژمارەیەک وڵاتی ڕۆژئاوادا جێگیرکراون، کە ڕێگە بە هەریەک لە هاوسەرەکان دەدات داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری بکەن بەبێ ئەوەی هەڵە لە بەرامبەرەکەدا بدۆزنەوە.
2- “هونەرمەندانی ئیغراکردن” و کەلتووری “نێری ئەلفا”: ئەم گروپانە پێدادەگرنەوە لەسەر خۆ فێرکردنی ستراتیژەکانی ڕاکێشان و ملکەچکردنی ژنان لە ڕێگەی ئازاردانی دەروونی و سۆزداری (negging- پشتگوێخستن) و بەرەوپێشبردنی وێنەی نێری ئەلفا، واتە نێری باڵادەست لە پەیوەندییەکانیدا، و لە ڕووی جەستەییەوە بەهێز، و بە تەواوی متمانەی بەخۆی هەیە بەبێ ڕەچاوکردنی کەسانی دیکە.
3- – پارێزگارە نەریتیەکان و بیرمەندە کۆنەپەرستەکان: ئەم گروپانە بانگەوازی گەڕانەوە بۆ بەها تەقلیدییەکانی خێزان دەکەن، و جیاوازییە بایۆلۆژییەکانی نێوان ڕەگەزەکان وەک بنەمایەک بۆ دابەشکردنی ڕۆڵەکان لەناو کۆمەڵگادا سەیر دەکەن، ئەمە جگە لە بۆچوونە کۆنەپەرستەکانی سەقامگیری خێزان وەک پایەیەکی بنەڕەتی بۆ پاراستنی نەزمی کۆمەڵایەتی. بەشێک لەم بزووتنەوانە لەسەر بنەمای لێکدانەوەی ئایینی و ئەخلاقی دامەزراون کە ئەم مۆدێلەی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو بەهێزتر دەکەن.
4- “ئنسێل -Incels” (عازەبیی نائیرادەیی): ئەم گروپە ڕەنگە دیارترین و مەترسیدارترین ڕەوتی مانۆسفێر بێت. ئەوانەی ئەم ڕەوتە پەیڕەو دەکەن، کەسانێکن، بەزۆری پیاو، کە بەهۆی نەبوونی ئەزموونی سێکسی یان سۆزداری هەست بە بێزاری دەکەن و ژنان و کۆمەڵگا بەگشتی بەرپرسیار دەکەن لە شکستەکەیان. لە ساڵانی ڕابردوودا چەند هێرشی توندوتیژی و تاوان ڕوویداوە کە ژنان و “پیاوە سەرکەوتووەکان لە پەیوەندیەکانیاندا” بوونەتە ئامانج. کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی (٢٠١٤)ی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە بووە هۆی کوژرانی شەش کەس و برینداربوونی (١٤) کەسی دیکە، یەکەمین کوشتاری بەکۆمەڵی لەم جۆرە بوو کە لە ساڵانی دواتردا زنجیرەیەکی بەدوای خۆیدا هێنا. مانیفێستە (١٤٠) لاپەڕەییەکەی لەلایەن تاوانبارەکە، (ئیلییۆت ڕۆجەرز) خۆیەوە بڵاوکراوەتەوە، بووەتە بەڵگەنامەیەک کە تا ئێستاش زۆرێک لە گروپەکانی (ئنسێل) وەک بنەمایەک بۆ عەقیدەکانی خۆیان پشتی پێدەبەستن. لە هێرشی ساڵی (٢٠١٨) لە تۆرۆنتۆ (١١) کەس کوژرا و لە ساڵی (٢٠٢١) لە بەریتانیا پێنج کەس گیانیان لەدەستدا.
پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا بڵاوبوونەوەی خێرای ئەم ناوەڕۆکانە ئاسان دەکات، چونکە ئەلگۆریتمەکانی فەزای ئەلیکترۆنی پاڵ بە بینەرانەوە دەنێت بەشداری ناوەڕۆکەکە بکەن و ئەو جیاکاریـیە سیستماتیکە بە دژی ژنان لە شێوەی ناوەڕۆکی هێرشبەرانە بە خێراییەکی زۆر زیاتر لەجاران دووبارە بکەنەوە. جێگای سەرسوڕمانە کە دەستەواژەی “عازەبی بێ ئیرادە” بۆ یەکەمجار لە ساڵانی نەوەدەکاندا لەلایەن ژنێکەوە داهێنرا، بەناوی (ئالانا)، کە ئامانجی وەسفکردنی ئەزموونی تەنهایی و بێ هاوسەرگیری کەسیی خۆی بوو، ویستی فەزایەکی گشتگیر و ڕاستگۆیانە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا درووستبێت. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات دژەژنی خۆی خزاندە ناو کۆمەڵەکە و کرا بەشوێنێکی یەکجار دوور لە سەلامەتی. ئێستا، (ئالانا) دەڵێت دژەژنەکان “دەستەواژەکەیان لێ ڕفاندنم”.

سەرنجڕاکێشیی گوتاری مانۆسفیر:
شایەنی باسە، پەرەپێدەرانی مانۆسفێر لە بنکەیەکی کۆمەڵایەتی فراوان بەهرەمەندن کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، بە ملیۆنان شوێنکەوتوویان لەنێو گەنجان و هەرزەکاران هەیە، لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، لەنێویاندا وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەم ناوبانگیـیەیان لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە زۆر یارمەتیدەربووە بۆ دروستکردن و کەڵەکەکردنی سامانی گەورە. یەکێک لە کاریگەرە دیارەکان لەم بوارەدا کەسێکە بە ناوی (ئەندرۆ تەیت).

  • ئەندرۆ تەیت، پێشبڕکێکاری پێشووی بەرنامەی “برا گەورە” و خۆی بە شارەزای شێوازی ژیان ناودەبات و پاڵەوانی پێشووی جیهانی (کیک بۆکسینگ)، ئێستا یەکێکە لە گەورەترین کاریگەرەکانی مانۆسفێری سۆشیال میدیا. لە ناوەڕاستی ساڵی (٢٠٢٢) ئەم ئەستێرە بەناوبانگە بەریتانی-ئەمریکیـیە زۆرترین بەدواگەڕانی گووگڵی هەبوو لە جیهاندا. لە مانگی تشرینی یەکەمدا بوو بە موسڵمان، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی جەنجاڵیەکی ئۆنلاین. لە (تیک تۆک) هاشتاگی (ئەندرۆ تەیت) زیاتر لە (١٠) ملیار بینینی بەدەستهێناوە. خاوەنی چوار و نیو (٤.٥) ملیۆن فۆڵۆوەری (تویتەرە) و ماڵپەڕێکی هەیە لەسەر بنەمای بەشداریکردنە، “زانکۆی هاستلەرز”، کە گوایە زیاتر لە سەد هەزار (١٠٠،٠٠٠) خوێندکاری هەیە، ئامۆژگاری خێرا دەوڵەمەندبوون و ڕێنمایی خۆیارمەتیدان پێشکەش دەکات کە لە “٤١ بنەماکەی بۆ پیاوان”دا هاتووە؛ بۆ نموونە، “هەموو پیاوێک ئەرکێکی پیرۆزی هەیە ئەویش کە جەستەی خۆی بە بەهێزترین شێوەی شکڵ پێبدات”.
  • (تەیت) بە ئاشکرا دەڵێت کە ئەو دژە ژنە، ژن “موڵکی پیاوانە” لە کاتی هاوسەرگیریدا، پێویستە لە ماڵەوە بمێنێتەوە و ژنان لە پیاوان کەمترن. ئەو و براکەی بە یاسا داواکراون بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و دەستدرێژیکردنە سەریان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قازانجێکی زۆری لە ڤیدیۆ دژە ژنە بەناوبانگەکانی بەدەستهێناوە.
  • زۆربەی شوێنکەوتوانی (تەیت) سەرنجڕاکێشییەکەی لە وێنەی بزنسمانێکی سەرکەوتودا دەبیننەوە، کە بە وتەی خۆی پیاوسالاری و کاری جیددی و پشت بەخۆبەستن بەرەوپێش دەبات. هانیان دەدات لە “نۆرماتیڤیەت – النمطیە” ڕزگاریان بێت و کۆنترۆڵی ژیانی خۆیان بکەن. ئەوان (تەیت) وەک ئەلگۆیەک و بەرجەستەکردنی خەون و ئاوات و خواستە بێهیواکانیان دەیبینن. وەک (تەیت) خۆی دەڵێت: “کۆشکێکی گەورەم هەیە، لیستی ئۆتۆمبێلی لوکسم هەیە، دەتوانم لە هەر شوێنێک بمەوێت بژیم، ژنێکی بێشوماریشم هەیە… من نمونەیەکی ناوازەم”.
    (تەیت) و هاوشێوەکانی مۆدێلێکی سەرکەوتنی بێ ناوەڕۆک بۆ نەوەیەک لە گەنجانی پەراوێزخراو دەخەنە ڕوو، کە توڕەن لە نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و جیاوازییە چینایەتییە بەرفراوانەکان و بێکاری و نائەمنی، نەوەیەک کە هەست دەکەن کۆمەڵگا دەستبەرداریان بووە. خۆی وەک دژە دامەزراوە (anti- establishment) دەخاتە ڕوو، لایەنگرێکی گەورەی سەرۆکی ئەمریکا (دۆناڵد ترەمپ) و هێمای بانگەشە (دیعایە)ی بزووتنەوەی ماگا (MAGA ) یە، چونکە (ترەمپ) بەڵێنی گەڕاندنەوەی پیاوسالاری دەدات- نەک “جۆرە نەرمترەکەی”، بەڵکو “هەژموونی بێ بەربەستی پیاو”.

    پەیوەندی نێوان مانۆسفێر و ڕاستی توندڕەو:
    ئەوەی کە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان ڕاستڕەوی توندڕەو و مانۆسفێردا هەبێت بەڕێکەوت نییە، بەو پێیەی هەردووکیان هاوبەشن لە ئایدۆلۆژیای پلەبەندی و باڵادەستی ڕەگەزێک بەسەر ڕەگەزێکی دیکەدا، گەڕانەوە بۆ شێوازە کۆنەپەرست و پارێزگارەکانی بنەماڵەی پیاوسالاری، دژایەتیکردنی ماف و ئازادییە سیاسی و مەدەنی و کولتوورییەکان، ڕەگەزپەرستی بەرامبەر بە کۆچبەران و شکۆمەندکردنی سەروەت و سامانی تاکەکەسی و باڵادەستی ماددی و جەستەیی و کۆمەڵایەتی تاکەکان بەسەر خۆشگوزەرانی گشتیی کۆمەڵگا.
    ئەم شەپۆلە نێرسالاریـیە هاوتەریبە لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕەوتی سیاسی ڕاستڕەوی کۆنەپەرست و نیوفاشیستی لە سەرانسەری جیهاندا، کە لە دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیەدا لە گۆشەکانی تۆڕی تاریکدا (dark web ) دەستیکرد بە شکڵگرتن و لە ساڵی (٢٠١٤)دا بە بەزۆری گەشەی سەند، هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کە لە ئەنجامدا دۆناڵد ترەمپ بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٦ دا هەڵبژێردرا، و دواتر بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترامپ لە نۆڤەمبەری (٢٠٢٤)دا تینێکی تازەی پیا هاتەوە. ئەو پیاوەی کە بە تێڕوانینی نزمی بۆ ژنان ناسراوە، و مێژوویەکی شەرمەزارکەری لە بەهرەبەرداری (ئیستغلالکردن) و سووکایەتیپێکردنیان هەیە، هەروەها بە ڕەگەزپەرستییەکەی بەرامبەر بە کۆچبەران و بە سیاسەتە بۆرژوازییەکانی کە دوژمنایەتی چینی کرێکار و هەموو دەستکەوتەکانیان دەکات. ئەو (٣٤) تاوانی یاسایی بەدواوەیە، بەڵام ئەمە هەمووی نەبووە ڕێگری ئەوەی دووجار هەڵبژێردرێت، نەک جارێک، بەوەی کە چارەسەری ساختە بۆ ویست و خواستەکانیان دەخاتە ڕوو.
    (ترەمپ) خۆی بە پیاوانێک دەورە داوە کە پەرە بە قەوانێکی سواوی (سترێئۆتایپێکی) نێرینەی باڵادەست دەدەن، و بێڕێزی بەو ژنانەی کە منداڵیان نییە دەکەن و جۆرێکی بەها خێزانییەکان بەرەوپێش دەبەن کە سەربەخۆیی ژنان کەم دەکاتەوە.
    هەر کە لە کەگەڵ ڕاگەیاندنی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ لە مانگی نۆڤەمبەردا، لافاوێکی بانگەوازی دژە ژنی سۆشیال میدیای گرتەوە، دڕندانەترینیان هەڵمەتێک لەلایەن (نیک فۆینتێس)، کاریگەر و پۆدکاستەری ناسیۆنالیستی سپی پێستەوە، لە (٥)ی ئەو مانگەدا بوو؛ ئەو دروشمی فێمینیستی “جەستەمان، هەڵبژاردەی خۆمان”ە کە لەلایەن بزووتنەوەی فێمینیستەکانەوە لە ساڵانی حەفتاکان پەسەندکرابوو شێواند و لەبری ئەوە نووسیبووی “جەستەی تۆ، هەڵبژاردەی من. بۆ هەمیشە”. پۆستەکەی لە ماوەی یەک هەفتەدا زیاتر لە (٩٠) ملیۆن بینەری هەبوو و زیاتر لە (٣٥) هەزار جار ڕیتویت کراوە، بەپێی دەزگای میدیایی (سی ئێن ئێن).
    هەر لە یەکەم سەعاتەکانی سەرۆکایەتییەکەیەوە، ترامپ دەستبەکاربوو بۆ جێبەجێکردنی پاکێجی سیاسەتە ئابوورییە کۆنەپەرستانە و دژە کرێکار و دژە هەژارەکانی، کە لەسەر بنەمای گۆشەگیریی ئابووری و هێرشکردنە سەر دەستکەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، کە دەرئەنجامەکانی نەک تەنها ئەمریکا، بەڵکو زۆرێک لە وڵاتانی جیهان دەگرێتەوە. بەو پێیەی ئەمریکا وەک کاریگەرترین وڵاتە لە سیستەمی سیاسی جیهاندا، هەرچییەک لە ئەمریکاوە سەرچاوەی گرتبێت، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا شەپۆل دەداتەوە، ئەڵبەتە بە پلەی جیاواز.
    هەرچەندە زۆرینەی کاریگەرەکانی (مانۆسفێر) و ڕاستڕەوەکان لە وڵاتانی ڕۆژئاوان، بەڵام گەڕانێکی خێرا لە ئینتەرنێتدا، گروپی هاوشێوە، هەرچەندە بچووکتر و کەمتر کاریگەر، لە هەندێک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا، گەشەسەندوو دەردەخات.
    سەرهەڵدانی گرووپە ڕاستڕەو و توندڕەو و مانۆسفێرەکان بە شێوەی جۆراوجۆر ڕەنگدانەوەی لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا هەبووە. بۆ نموونە لە عێراقدا ئەم بزووتنەوەیە نەفەسێکی نوێی بە گوتاری پیاوسالاری و دژە ژنی بەخشیوە، و هانی ئەو کۆنەپەرستییە باوکسالارە بەسەرچووانەی داوە کە پێگەی ژنان نزم ڕادەگرن، و بنەماڵەی تەقلیدی شکۆمەند دەکەن و ئیمتیازاتی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە ژنان زەوت دەکەن. ئەم ڕەوەندە لەم دواییانەدا بە هەموارکردنەوەی کۆنەپەرستی یاسای باری کەسی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩) گەیشت.

    بۆچی ئەم شەڕە لە دژی ژنان، ئێستا؟
    سەرهەڵدانی مانۆسفێر دەتوانرێت لە لایەنێکدا، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە گەشەسەندنی بزووتنەوەی فێمینیست و دەستکەوتەکانی لە دەیەکانی ڕابردوودا و نیگەرانی پیاوسالارەکان لە لەدەستدانی ئیمتیازاتەکانیان لێکبدرێتەوە. ڕوونە کە هەموو بزووتنەوەیەکی پێشکەوتنخواز و ڕزگاریخواز کاردانەوەی کۆنەپەرستانە توندوتیژانەی بەدوادا دێت لەلایەن ئەو کەسانەوە کە هەست دەکەن فەزاکەیان داگیردەکرێت. ئەمە یەکەمجار نییە کە ئێمە شاهیدی سەرهەڵدانی کۆنەپەرستی دەبین وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە دەستکەوتە پێشکەوتنخوازەکان. بۆ نموونە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لەگەڵ سەرهەڵدانی نیولیبرالیزمدا، شاهیدی بووژانەوەی بەها نەریتییەکانی خێزان و مۆدێلی بنەماڵەی پیاوسالاری بووین لەسەر دەستی نوێنەرانی ئەم جۆرە سەرمایەدارییە، وەک مارگرێت تاچەر، ڕۆناڵد ڕیگان و ئەوانی دیکە، لە پاشخانی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، بزووتنەوەکانی مافە مەدەنییەکان، مافی ژنان و مانگرتنە گەورە کرێکاریەکانی ئەو سەردەمەدا.
    بەڵام ئەمە هەموو مەسەلەکە نییە. ئەم شەڕە دژی ژنان جیا نییە لە وێنە گەورەکەی گۆڕانکاری و ململانێ سیاسی و ئابوورییەکان کە لە جیهاندا ڕوودەدەن. بەشێکە لە زنجیرەیەک هێرشی بۆرژوازی بۆ سەر توێژە جیاوازەکانی سیستەمە ئابووریەکەی کە لەلایەن ترەمپ و سیستەمی سەرمایەداری بە گشتی نوێنەرایەتی دەکرێن. شانبەشانی هێرش بۆ سەر پەنابەران، بیانییەکان، هەموو ستەملێکراوەکان، و ئەوانەی پێویستیان بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی، تەندروستی گشتی، پەروەردەی گشتی و هەر خزمەتێکی دیکەی گشتی هەیە، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی ئەمریکا، ڕوودەدات.
    مەعلوومە کە سەرمایەداری، هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە، تووشی قەیرانی دەورەیی بووە. لە هەر قەیرانێکدا دەبێت ڕێگای نوێ بۆ بەدەستهێنانی قازانج بدۆزێتەوە و هەوڵی هێنانەدی سەقامگیری بۆ بازاڕ بدات بۆ دڵنیاکردنەوەی وەبەرهێنەران، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت. وەک دەبینین لە ئێستادا ڕژیم بە هۆی شەڕەکانی و ناسەقامگیری کەشوهەوا و گرانی تێچووی ژیان و نایەکسانییەکی بەرفراوان تووشی چەندین قەیرانی فرەلایەنە بووە. هێرشەکانی بۆ سەر ئەو گرووپانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، بەشێک لەو دڵنیاییە بە ڕژیم دەبەخشێت. داخستنی سنوورەکان بەڕووی پەنابەران، زیندووکردنەوەی مەفهوومەکانی خێزانی تەقلیدی و پاڵپێوەنانی ژنان بۆ ناو ماڵ و دوورخستنەوەیان لە بازاڕی کار، لە لایەک پەرشوبڵاوی چینی کرێکار مسۆگەر دەکات و لەوانەیە هەستێکی ساختە (تەنانەت ئەگەر کاتیش بێت) بۆ بەردەستبوونی هەلی کار و کەمبوونەوەی بێکاری لە لایەکی دیکەوە درووست بکات.

    دەرئەنجام:
    بۆ بۆرژوازی ناتوانێت بە ئاسانی ئەم جۆرە سیاسەتانە جێبەجێ بکات، مەگەر بە بەرگێکی ئایدیۆلۆژی بیانپێچێتەوە کە واقیعی ناکۆکیەکانی بشارێتەوە. دەبێت ئەوە بە بڵاوکردنەوەی ئەو بیرۆکانە بکات کە هەڵاواردن و ڕق و دووبەرەکی لە نێوان جەماوەردا پەرە پێ دەدەن، هەتاکوو ئاسانکاری بۆ ژێردەستەکردنیان بکات.
    ئەم ماشێنە فیکرییە بۆ بورژوازی زۆر گرنگە، بۆ بردنە پێشەوەی سیاسەتەکانی و دەستەبەرکردنی دەنگی کرێکاران بە هەر شێوەیەک بێت. ملیۆنان دۆلار بۆ ئەمە خەرج دەکات و هەموو میدیاکان بەکاردەهێنێت، دامەزراوەی بیرکردنەوە (Think Tank) و توێژەر و شیکار و تەنانەت هونەرمەند و نووسەر و شاعیر و ئەکتەر و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی فیلمی هەیە… کە هەموویان شەو و ڕۆژ وەک ئامرازێکی پڕوپاگەندە کاردەکەن بۆ پێشخستنی سیاسەتەکانی چینی دەسەڵاتدار بە شێوەیەکی ورد و شاراوە، بە مەبەستی چاندنی دووبەرەکی لە نێوان کرێکاران و قەناعەت پێکردنیان کە سیاسەتەکانیان لە بەرژەوەندی کرێکاراندایە.
    لە نێوان گاڵتەپێکردن (تەنانەت ئەگەر بە ناوی سوعبەتێکی ناسکیش بێت) و ئیهانە و کۆمێنتی نەخوازراو و هەراسانکردن و توندوتیژیدا، کە تەنانەت ڕەنگە بگات بە کوشتنیش، خەتێکی جیاکەرەوە نییە. زۆر گرنگە کە گرنگی بە بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردانە بدرێت و ڕێگری بکرێت لەوەی گەنجان (و ژمارەیەک لە ژنانیش) بکەونە ژێر کاریگەری ئەم بیرۆکە دوژمنکاریانە دژی ژنان، کۆچبەران، یان گروپە هەژارەکان.. ئەم بیرۆکانە هەندێک جار لە شێوەی گاڵتە یان نوکتە، یان لە شێوەی بیرۆکەی کۆنەپەرست بە تامێکی زانستی، بەڵام بە ناوەڕۆکێکی ژەهراوی و شەرمەزارکەر، دەربڕینیان لێدەکرێت، ئامانج لێیان، ئامادەکردنی خەڵکە بۆ قبوڵکردنی ئەو بیرۆکە کۆنەپەرستانەی کە سیاسەتەکانی سیستەمی سەرمایەداری لەسەری بنیات نراوە و ناڕەزاییەکانی ئەوان بڕەوێننەوە.
    جووڵانەوەی مانۆسفێر و دژەژنی کە ئێستا بڵاوە، بەشێکە لەم ماشێنە فیکرییەی کە دووجار ڕێگەی بۆ هەڵبژاردنی ترەمپ خۆشکرد و بەشێکە لە سەرهەڵدانی فراوانتری ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لەسەر ئاستی جیهان.

    ١٢-٥-٢٠٢٥
    شیرین عەبدوڵڵا




دیداری سودانی و ستارمەر، دووڕوویی پیاوسالاری.. شێرین عەبدوڵڵا

هەرکەسێک لە دوور یان نزیکەوە ئاگاداری دۆخی ژنان بێت لە عیڕاق، ناتوانێت چاوپۆشی لەو پاشەکشە کۆنەپەرستانە گەورەیە لە ماف و ئازادییەکانی ژناندا بکات لە ناوجەرگەی هەژموون و کۆنترۆڵی هێزە میلیشیایی و تائیفی و عەشایرییەکان لەم چەند دەیەی ڕابردوودا، و بۆی دەردەکەوێت کە بڕگەی تایبەت بە ژنان لە بەیاننامەی هاوبەشی ئەم دواییەی نێوان سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە لە دوای سەردانەکەی ئەلسودانی بۆ بەریتانیا دوو هەفتە لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، سەرلێشێوێنەر و چەواشەکار و بگرە سووکایەتیکردن بوو.
تەنها هەفتەیەک بەسەر وادەی ئەو بەیاننامەیەی سەرەوە تێپەڕیبوو، کە پەرلەمانی عێراق، بە دیاریکراوی لە (٢١)ی کانوونی دووەم (ی ٢٠٢٥)، و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی کۆنەپەرستانەی یاساکان لە نێوان بلۆکە پەرلەمانییەکاندا، یەکێک لە کۆنەپەرستانەترین و ئازارمەندانەترین یاساکانی لە مێژووی وڵاتدا لە دژی ژنان پەسەند کرد، واتە: هەموارکردنەوەی بەدناوی یاسای باری کەسێتی (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩). لەم مامەڵەیەدا، بلۆکە پەرلەمانییەکانی تائیفی شیعە و سوننە و کورد ژیانی ژنان و کچانی عێراقیان خستە مەترسییەوە لە پێناوی چەند دەستکەوتێکی سیاسی دیاریکراو، هەریەکەیان لە بەرژەوەندی بلۆکە پەرلەمانییەکەی خۆی. پێدەچێت ئەم ڕووداوە گەورەیە و ئەم بازە مێژووییە گەورەیە بۆ دواوە، کە چەند مانگێکە، مایەی نیگەرانیی گەورەی ملیۆنەها ژن و منداڵی عێراق و لایەنگرانی ئازادی ژنان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و سۆشیالیستەکان و هەموو پێشکەوتنخوازان بووە و هەڕەشەیەکە بۆ سەر ژیان و سەلامەتی هەموو ژن و کچ و منداڵێکی ئەم کۆمەڵگایە، لە بیر و ئاگای هەردوو سەرۆک وەزیران غائیب بوو!
یەکەم شتی سەرنج ڕاکێش لە خوێندنەوەی ئەو بڕگەیەی کە تایبەتە بە ژنان لە بەیاننامەکەدا تایبەتمەندبوونیەتی بە دەستەواژەی بێناوەڕۆک و پووچەڵ کە هیچ جۆرە بەڵێن و پابەندبوونێک سەبارەت بە مافەکانی ژنان و پێگەی ئەوان لە عێراقدا نیشان نادات، دەستەواژەکان لە چەند وشەیەکی بەتاڵ تێناپەڕن وەک “بەڵێن”، “پێشوازی”، “ڕێکەوتن لەسەر”، “درکیان کرد بە گرنگی”، کە هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە ژیانی ناهەمواری ژنان لە عێراقدا بەدوادا نایەت، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی نائومێدیم، چونکە هیچ پێشکەوتنێک چاوەڕوانکراو نییە لە ماف و یەکسانی ژنان لە عێراقدا لە سایەی ئەم سیستمە تائیفی و ئایینی و ناسیۆنالیستییەی نوقمی پیاوسالارییە. هەروەها، بایەخدان بە ماف و خۆشگوزەرانی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگاش بەشێک نییە لە ئەولەویاتی ئەجیندەی پارتی کرێکارانی ئێستا لە بەریتانیا بە سەرکردایەتی کیەر ستارمەر، ئیتر چۆن دەتوانێت گرنگی بە ژنانی عێراق بدات، بە تایبەتی کە پارتەکەی ئەو، بە سەرکردایەتی تۆنی بلێر و هێڵی ڕاستڕەوی ناو پارتی کرێکارانی ناسراو بە (نیو لەیبەر)، ڕۆڵێکی کاریگەری لە داگیرکردنی عێراقدا گێڕا و بووە هۆی وێرانکردنی هەموو ژێرخانی وڵات و چەسپاندنی تائیفەگەری و لەئاکامدا هەژموونی حزبە ئیسلامی و تائیفی و ناسیۆنالیستەکان و تەشەنەکردنی گرووپە تیرۆریستەکان و کۆمەڵکوژییە کارەساتبارەکانی عێراق.
بەڵام ئەوەی مایەی بێزارییە لە بەیاننامەکەدا، ئەو دووڕووییە پیاوسالارییە ئاشکرایەیەتی؛ لە بڕگەی تایبەت بە ژناندا، بەیاننامەکە ئاماژە بە بەڵێنی هەردوولا دەدات بۆ “قوڵکردنەوەی هاوکاری لەسەر کارنامەی ژنان و ئاشتی و ئاسایش”ی نەتەوە یەکگرتووەکان و پێشوازیی بەریتانیا لە ” پلانەکانی عێراق بۆ دەستپێکردنی پلانی نیشتمانی سێهەم و تۆڕێکی ژنە ئاشتیخوازانی عێراقی لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥دا”، وەک ئەوەی لە عێراقدا هەموو شتێک زۆر باش بێت! ئەو ڕاستییەیان تەواو پشتگوێ خستووە کە لە ئەنجامی پێداگری لایەنە ئیسلامییە سیاسییە شیعەکان لەسەر تێپەڕاندنی ئەم هەموارکردنەوەیەی یاسایە، نیوەی کۆمەڵگای عێراق کە ژنانە، هەموو هەستێکی ئاسایش و ئارامیان لەدەست داوە، چ لە ماڵ و چ لە شوێنی کاریان. ئەم هەموارکردنە پێشێلکردنی هەموو بەها مرۆییەکان و تەنانەت ستاندارد و نۆرمە نێودەوڵەتییەکانە، و باڵادەستی دەسەڵاتە ئاینییەکان بەسەر پرسەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە دەستەبەردەکات و شەرعیەتدان دەدات بە دەستدرێژیکردنە سەر کچانی منداڵی تەمەن (٩) ساڵ و بە ڕاددەیەکی زۆر کۆمەک دەکات بە هەژارکردنی ژنان و زەوتکردنی مافەکانیان لە میرات، سەرپەرشتیکردنی منداڵ و تەنانەت ئەو ماف و ئیمتیازاتە کەمانەی کە هەبێت، و دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی تائیفەگەری و دابەشبوون لە کۆمەڵگادا.
هەرچەندە بەیاننامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە “هەردوو سەرۆک وەزیران هاوڕابوون لەسەر گرنگی پاڵپشتیکردنی ڕێکخراوەکانی مافی ژنان و ئەوانەی کە بە ڕابەریی ژنانن، هەروەها دانیان بە پێویستی بەردەوامی پاڵپشتی و دادپەروەری و لێپرسینەوە بۆ هەموو ڕزگاربووانی توندوتیژی سێکسی کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراوە”، لە هیچ ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بە بوونی ژنێک لەنێو شاندەکاندا بەدی ناکرێت و لە هیچ کام لە هەواڵەکاندا هەواڵێک سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی مافەکانی ژنان نییە و هیچ کام لە گرێبەستەکان پڕۆژەی پەیوەست بە تەندروستی و خۆشگوزەرانی ژنان، منداڵان، یان هەر گروپێکی پەراوێزخراو لە عێراقدا نەبووە. پێدەچێت شاندی عێراقی ئەوەیان لەبیر چووبێت بە هاوتا بەریتانیەکانیان بڵێن کە ڕژێمی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ وە بە بەردەوامی شەڕ لە دژی ڕێکخراوەکانی ژنان دەکات و بە شێوەیەکی سیستماتیک سەرکوتی چالاکوانی ژنان و ڕزگاریخوازان لە عێراق دەکات!
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، “هەوڵە بەردەوامەکان بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان و کچان…”، لە کاتێکدا جێبەجێکردنی هەموارکردنی یاسای باری کەسیەتی هیچی تر نییە جگە لە گەورەترین هەڵمەتی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵانی عێراق، کە لەلایەن دەوڵەت و پەرلەمانەکەی و بە پشتگیری لەلایەن سیستەمی خێڵەکی و تائیفی پیاوسالاری کۆنەپەرست کە بەریتانیا بۆ دەیان ساڵە بەشداری کردووە و بەردەوامە لە چەسپاندنی بناغەکانی.
دوا ڕستە، “کۆک بوون لەسەر گرنگی تەواوکردنی خوێندنێکی باشی کچان و بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە، کە سوودی بۆ هەموو کۆمەڵگا دەبێت”، تەنها گاڵتەکردن و گاڵتەجاڕییەک بوو، وەک چۆن هەموارکردنەوەی یاسای (١٨٨)، کە ئیلهامەکەی لە قوتابخانەی بیرکردنەوەی جەعفەری وەرگرتووە، هانی هاوسەرگیری کچان دەدات لە تەمەنی (٩) ساڵییەوە و بەزۆر زیندانیکردنیان لە ماڵەکاندا و سەرقاڵبوونیان بە پەروەردەکردنی منداڵ و بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی ماڵ، لەکاتێکدا هێشتا منداڵن، ئیتر باسی چ پەروەردە و بەهێزکردنی ئابوورییەک دەکەن؟
“مامەڵەی مێژوویی”، بە سوودی کێ؟
سەردانەکەی ئەلسودانی کە بە “مێژوویی” و “ناوازە” و “جیاواز” وەسف کراوە بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی ئابوری و ئاسایش و کۆچی نایاسایی، باس لەوە کراوە کە شاندێکی نزیکەی (٧٠) بازرگانی عیڕاقی و چەندین سیمینار و کۆبوونەوەی تیا بووە لەگەڵ (٢٤) کۆمپانیای بەریتانی بۆ لێکۆڵینەوە لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت کە لە ئەنجامدا پاکێجێکی بازرگانی (١٢.٣) ملیار پاوەندی لێکەوتەوە، کە بە زنجیرەیەک ڕێککەوتنی هەناردەکردن پشتگیری دەکرێت، بۆ پشتگیریکردن لە پەرەسەندنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان بەریتانیا و عێراق.
بەڵام ئەم (١٢.٣) ملیارە بە پلەی یەکەم ئامانجی کەڵەکەکردنی قازانج بۆ کۆمپانیا سەرمایەدارە بەریتانییەکان و شەریکە گەندەڵەکانیان لە ناوەندی دەسەڵات و سەرمایەدارەکانی دەوروبەریان لە عێراق، و ئەم گەشە ئابوورییە سەرمایەدارییە بە زەروورەت لەگەڵ هەژاری و بێبەشی زیاتر و قووڵبوونەوەی ڕووبەری نایەکسانی بۆ جەماوەری زەحمەتکێش لە عێراق و بۆ ژنان بەتایبەتی دێت.
ئەم ڕێککەوتنانە دەستکەوتی ئابووری و هەروەها ستراتیژی و سیاسی گرنگیان هەیە بۆ هەردوو حکومەت.
بەریتانیا کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی برێگزیت و پەتای کۆڤید و شەڕی ئۆکرانیا چەندین گورزی گەورەی ئابووری بەرکەوتووە، هەوڵدەدات کێشەکانی وڵاتەکەی لە بێکاری، هەژاری، کەمیی خانووبەرە و نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتیەکان بخاتە ئەستۆی پەنابەران، کۆچبەرانی نایاسایی، هەژاران و خانەنشینان بە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئاوارەبوون و دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران و بڕینی زەمانی کۆمەڵایەتی و یارمەتییەکانی خانەنشینی و فرۆشتنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان بە کەرتی تایبەت. یەکێک لە بڕگە گرنگەکانی ڕێککەوتنەکە بریتی بوو لە بڕیارە کۆنەپەرست و سەرکوتگەرانە دژ بە پەنابەران و تاوتوێکردنی پلانی عەمەلی بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی کە دۆسیەی پەنابەرییان لە بەریتانیا قبووڵنەکراوە و تەواوکردنی ئەو ڕێککەوتنە بوو کە لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو لە نێوان هەردوولا ئەنجامدرا، کە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ئیڤێت کوپەر شانازی پێوە دەکات کە کوالیتییەکی هەیە، بە تایبەت کە عێراقییەکان بەشێکی بەرچاو لەم کۆچبەرانە پێکدەهێنن.
سەبارەت بە عێراقیش ئەم ڕێککەوتنە لە پاشخانی تەقینەوەی ڕووداوەکانی ناوچەکە و گۆڕینی ڕژێمی سوریا و گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێزی ناوچەکە و پێویستی عێراق بۆ دۆزینەوەی هاوپەیمان لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە بۆ خۆپاراستن لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی، هەروەها لە پێشبینیی ئیدارەی ترەمپ و سیاسەتەکانی بەرامبەر عێراق و ناوچەکە.
ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیعدا دەگوزەرێت لە عێراقدا، تەواو پێچەوانەی ئەو وێنە گەشاوەیە کە لە بەیاننامەکەی سەرەوەدا ڕەنگدانەوەی هەیە و ئەو هەڕەشانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە پاشخانی دەرکردنی یاسای جەعفەری حکومەتی (چوارچێوەی هەماهەنگی-إطار التنسيقي)، بە سەرۆکایەتی ئەلسودانی، دەرئەنجامی سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوان، بەتایبەتی بەریتانیا و ئەمریکا، و ستراتیژیان بەرامبەر عێراق، بەتایبەتی لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە.

٣١-١-٢٠٢٥




سەرمایەداری و نایەکسانی و “کاڕۆڵێکی کریسمس”.. شیرین عەبدوڵڵا

زیاتر لە سەدە ونیوێک لەمەبەر، چارلس دیکنز ڕۆمانی بەناوباگی “کارۆڵێکی کریسمس” ی بڵاو کردەوە کە هەندێک وەک ئیدانە کردنی نایەکسانی لە دابەشکردنی سامان، و ستەمی ئابووری و دەسەڵاتی خاوەن کارە سەرمایەدارەکە (ئیبنیزەر سکروج) لە سەر کارمەندەکەی (بۆب کراتشیت) دادەنێن، لە بەریتانیای سەردەمی ڤیکتۆریا، لە سەدەی نۆزدەهەمدا، کاتێک کە هەژاری و برسیەتی بڵاو بوو، بە تایبەتی لە ناوەندە پیشەسازیە گەورەکانی وەک لەندەن و مانچستەر. دیکنز، کارمەند بۆب کراتچیت وەک کەسێکی دڵسۆز و لێبوردە نیشان دەدات، و لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا سکروجی سەرمایەدار بە ئاگا دێت و لە ناکاو لە کەسێکی چاوچنۆک و بێ بەزەییەوە دەگۆڕدرێت بۆ کەسێکی خاوەن بەزەیی و دڵسۆزی هەژاران. ئەمە لەوانەیە هەوڵێکی دیکنز بێت بۆ ئەوەی هیوای ئەگەری چاکسازییمان پێبدات لە سەرمایەداریدا. کات خێرا کەینەوە بۆ سەردەمی ئەمڕۆ، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە خەیاڵەکەی دیکنز نەهاتۆتە دی، چونکە سەرمایەداری ناتوانێت دەستبەرداری نایەکسانی و باڵادەستی بێت، ئەمەش مانای وایە کە هەتاکو ئەم سیستەمە لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە، نەهامەتی سەدان ملیۆن مرۆڤ بەردەوام دەبێت.

قەیرانەکانی سیستەم و قوربانییەکانی، کۆڤید- ١٩ وەک نموونەیەک:
لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابودوودا، پەتای کۆڤید تیشکی خستە سەرقووڵایی ئەو نایەکسانیەی کە ئەمڕۆ هەیە، و ڕەنگە بۆ یەکەم جار، سەرنجی بۆ ڕۆڵی گرنگ و حەیاتیی “کرێکارانی بنەڕەتی” لە پاراستنی سەلامەتی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگاکانمانی ڕاکێشا. ئەم دستەواژەیە بووە یەکێک لە ووشە بەناوبانگەکانی سەردەمی کۆڤید، کرێکارانی بنەڕەتی بە زۆرینەی ئەو کرێکارانە پێناسە دەکرێن کە لە بواری تەندروستی، پەروەردە و چاودێری کۆمەڵایەتی، پاک و خاوێنی، گواستنەوە، ئاو، خۆراک و بواری تردا کار دەکەن.
ئەوەش بە ڕوونی ئاشکرا بووە کە ئەم توێژە کۆمەڵایەتییە، کە تا ڕاددەیەکی زۆر پاڵپشتی ئابووری ووڵاتان دەکەن، بە گشتی بێ بەشترینن و بەرکەوتووی ئیستغلالکردنن، هەروەها داتا فەرمیەکان دەریانخستوە کە ئەو چینە لە هەمان کاتدا زۆرترین بەرکەوتووی مەترسییە پیشەییەکانی پەتاکەبوون. جگە لەوەش، ئەم گرووپە زۆرترین زیانی بە هۆی دەرەنجامە درێژخایەنە ئابووری وکۆمەڵایەتی و تەندرووستیەکانی پەتاکەوە لێکەوتۆتەوە. و لەهەمووشی گرنگتر ئەوە ڕوون بووەتەوە کە ژنان و پەنابەران و کرێکارانی کەم داهات، زۆرینەی زۆری ئەم توێژە پەراوێزخراوانە پێکدەهێنن. شایانی باسە، ئەم ئیهتمامە بە چینە لەبیرکراوەکان و ڕۆڵی نەرینی جیاوازی چینایەتی لە سەر ژیان و چارەنووسیان تەنیا شتێکی سەرزارەکی بوو و لە لایەنی میدیایی وپێزانینی مەعنەوی بۆ هەوڵ و قوربانیەکانیان لە سەردەمی پەتاکەدا تێنەپەڕی ونەبووە هۆی ڕەنگدانەوە وهیچ گۆڕانکاریەک لە واقیعی ماددی ژیانیاندا، کەواتە نایەکسانییەکان لەشوێنی خۆیان ماونەتەوە و تەنانەت قووڵتریش بوونەتەوە.

پەتاکە کۆتایی هات، و زیاتر لە دوو ساڵە زاڵ بووین بە سەر ڕێوشوێنە تەندرووستیەکانیدا، هەرچەندە تا ئێستاش بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگاکانمان بە دەست ئاکامە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیەوە دەناڵێنین. لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەم قۆناغەدا، تەنانەت ئەو ئاوڕدانەوە سەرزارەکییە بە کرێکارانی بنەڕەتی و باقی توێژە پەراوێزخراوەکان ووردە ووردە کاڵ بووەوە و شتەکان بۆ ئەوان گەڕایەوە بۆ ئەوەی پێش پەتاکە وخراپتریش. لێرەدا ڕاستییەک هەیە کە ناتوانرێت پشت گوێ بخرێت، ئەویش ئەوەیە کە زۆرێک لەو کرێکارانە کە زۆربەیان کاری کەم مووچە ونا زامنیان هەیە، بە گرێبەستەی سەعاتی سفرەوە، هەموو ڕۆژێک لە ساڵدا ڕووبەڕووی نا ئەمنی دەبنەوە، پەتا هەبێت یان نا. بەڵام قەیرانەکان دەرفەتێک بۆ ڕژێمە دەسەڵادارەکان دەڕەخسێنن کە دەسەڵاتی خۆیان بە سەر کرێکاراندا پتەوتر بکەن و پاشەکشەیان بە سەردا بسەپێنن لە پێناو چەسپاندنی پایەکانی سیستەمی نایەکسانی.
پەتای کۆڤید تەنها قەیرانێکی تەندرووستی نییە، بەڵکو قەیرانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیە کە کاریگەریی فرە ڕەهەندی هەیە. پەتاکە درووست کەری نایەکسانی چینایەتی نەبوو بەڵکو تیشکی خستە سەر ئەو نایەکسانیەی پێشتر هەبوو و گەورەتری کرد. ڕاستیشە کە بارگرانی پەتاکە لەسەر هەموو دانیشتوان چونیەک نەبوو، ئەویش لە بەر ئەوەیە کە زۆرێک لە “دیاریکەرە کۆمەڵایەتیەکانی تەندروستی”* – لەوانەش هەژاری، خراپیی ژینگەی فیزیکی وەک پیسبوون و بەرکەوتن بە دووکەڵ و ئاوارەیی و خراپی خانووبەرە و ڕەگەز- کاریگەریی بەرچاویان لەسەر دەرەنجامەکانی هەبووە.
با سەیری بەریتانیا بکەین، کە لەوێوە شۆڕشی پیشەسازی سەدەی ١٨ و ١٩ بە جیهاندا بڵاو بووەوە. ئەمڕۆ زۆرێک لە خێزانەکان لە ماڵی سارد و شێداردا دەژین کە یان ئامرازی گەرمیی پێویستیان نییە، و یان توانای خەرجییەکانی گەرم کردنەوە نادەن. زۆر کەسی دیکە- کە زۆربەیان گەنجی بێکار کراون- لە ژێر پردەکاندا یان لە بەردەم دەرگای میترۆکاندا دەخەون. ڕاپۆرتە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ووڵاتە لە دوای ساڵانی ١٩٥٠ کانەوە گەورەترین دابەزینی ئاستی ژیان بەخۆیەوە دەبینێت و زیاتر لە یەک لەسەر سێی منداڵان و یەک لەسەر چواری گەورەساڵان لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. “هاوپەیمانی کۆتایی هاتنی هەژاری سووتەمەنی” ** مەزەندە بەوە دەکات کە لە ساڵی ٢٠٢٢/٢٠٢٣ بە هۆی ژیان لە ماڵە ساردەکاندا، لە زستانی ئەم ساڵەدا ٤٩٥٠ مردنی زیادە لە بەریتانیا هەبووە.
ڕۆژنامەی لانسێت ووتارێکی لە سەر “پێداچوونەوەی ڕاپۆرتی مارمۆت- ٢٠٢٠” بڵاوکردۆتەوە ( ڕاپۆرتی ئەسڵی لە ساڵی ٢٠١٠ دا دەرچووبو)، کە تێیدا هاتووە کە “لەگەڵ ڕوودانی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابووری، پێویستە تەندرووستی بەردەوام بێت لە باشتر بووندا”، و “ڕاپۆرتی مارمۆت ٢٠٢٠ تیشک دەخاتە سەر ڕەوتی نیگەرانکەری بەرەو دابەزینی تەندروستی لە ئینگلتەرا و هۆشیاری دەدات کە کۆمەڵگا بەرگەی کەمتەرخەمی دەربارەی نایەکسانیی تەندرووستی ناگرێت”. هەروەها لە ووتارەکەدا هاتووە کە “هەرچەندە زۆرێک لە پێشنیارەکان، وەک کەمکردنەوەی هەژاری منداڵان و کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا، لە سەر بنەمای ئەو بەڵگانەن کە تا ڕاددەیەکی زۆر لە ئینگلتەرا وەرگیراون، بەڵام کاریگەریی بەرچاوی جیهانییان هەیە”.
لە عێراقدا، خەڵک بە دەست کاریگەرییەکانی سیاسەتی سەرمایەداری جیهانییەوە دەناڵێنن، بە هۆی شەڕ و ئاوارەیی و کۆچ و هەروەها سیاسەتی دەوڵەت کە تەواوکەری سیاسەتەکانی سەرمایەداری جیهانین، کۆڤید-١٩ تەنها قەیرانێکی تر بوو کە زیاد کرا بۆ ئەو چەندین قەیرانە قورس و گیرخواردوو و بێچارەسەرانەی کە هەن. پرسەکانی گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن و هەروەها تێکدانی سیستەماتیکی سیستەمەکانی تەندرووستی گشتی وپەروەردەی گشتی وژینگە و گواستنەوە و گەیاندن ڕۆژانە باری ژیانی خەڵکیان قورستر کردووە، ئەمە جگە لە قەیرانەکانی مووچە وجیاوازی بەرین لە پلەکانی مووچەدا و قەیرانی سووتەمەنی ئاسودەیی و ئارامی لە زۆرینەی ڕەها سەندۆتەوە. یاسا کۆنەپەرستە پیاوسالارەکان هەموو کۆمەڵگا، نەک هەر ژنان، ڕووبەڕووی چالەنجی یەکجار گەورە دەکاتەوە بە هۆی بووژانەوەی ستانداردی پیاوسالاری و توندوتیژی خێڵەکی وتایفگەرایی، کە بە دەوری خۆی جیاوازییەکان و نایەکسانییەکان قووڵتر دەکەنەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان عێراقی بە پێنجەم ووڵاتی بەرکەوتەی گەرمبوونی جیهانی و گۆڕانی کەشوهەوا پۆلێن کردووە. ووشکەساڵی، بیابانبوون (التصحر)، زیادبوونی ڕێژە و چڕیی زریانە خۆڵییەکان، پیسبوونی ژینگە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی نیشانەکانی ئەم قەیرانەن. بە دڵنیاییەوە، کاریگەرییەکانی هەموو ئەم قەیرانانە لە عێراقدا ڕەهەند و دەرەنجامی جیهانیی فراوانی هەیە.

لەم ڕۆژانەدا، کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ نزیک دەبینەوە و پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەین، لە کاتێکدا ئاسان نییە باسی یان تەنانەت بییر لە شتێک بکەینەوە جگە لەو وێرانکاری و شەڕانەی کە لە چواردەورەوە هەڵگیرساون و بوونەتە واقیعی ڕۆژانەی ژیانی ملیۆنەها کەس، و کارەساتەکانی کەشوهەوا کە دووبارە دەبنەوە و توندی و وێرانکارییان زیاتر وزیاتر دەبێت، پێویستمان بە بیرکردنەوەیەکی قووڵ نییە بۆ ئەوەی بزانین هەمان ملیۆنەها کرێکاری بنەڕەتی، زەحمەتکێشان، چینە هەژارەکان و ژنان و هەموو توێژە فەرامۆشکراوەکانی تر، کە ژیانی ڕۆژانەیان بەستراوەتەوە بە ئارەزووەکانی کەمینەیەکی مشەخۆر لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا، هەر ئەوانن کە پشکی هەرە گەورەی نەهامەتییەکانی ئەو شەڕ وکارەساتانە هەڵدەگرن.

ئاسۆی گۆڕانکاری:
لە سایەی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجی و دەستکەوتە زانستیەکانەوە، ئاسۆیەکی زۆر بەرین لەبەردەم مرۆڤایەتیدا کراوەتەوە بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر و بەرزترین پلەی تەندروستی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان، و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کارەساتە ژینگەییەکان و پەتا تەندرووستییەکانی داهاتوو، ئەویش بە ڕێکخستنەوەی سیستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی لە سەر بنەمای دابیینکردنی پێداویستیە ماددی و مەعنەویەکانی مرۆڤایەتی لە جیاتی ئەم سیستەمی سەرمایەدارییە کە لە سەر بنەمای درووستکردنی قازانج وکێبڕکێ و نایەکسانیە.
بەڵام لە سایەی ئەم سیستەمەدا، کۆمەڵێکی بچووک لە سەرمایەداران وەک ئیلۆن ماسک و جێف بیزۆس و هاپیشە سەرمایەدارەکانیان، دەستیان بە سەر چەندەها ملیار دۆلاردا گرتووە، بە جۆرێک کە توانای کۆنتڕۆلکردنی چارەنووسی مرۆڤایەتییان پێ دەدات وتەواوی دانیشتوانی هەسارەی زەوی ملکەچی خواست و ئیگۆکانی ئەمان بن. ئەوەتا ئێستا ئەم دوو پیاوە خوازیارن گەشتی ئاسمانی تایبەتی بەڕێخەن بۆ بۆشاییەکانی ئاسمان بۆ هەرکەسێک کە بیەوێت، ئیتر ملیارەها دۆلار لەم بوارەدا خەرج دەکرێت چونکە سەرمایەداری هەمیشە پێویستی بە فراوانکردنی بازاڕەکانیەتی بۆ تێپەڕدانی قەیرانەکانی خۆی. خواستەکانی سەرمایەداران تەنیا لە پرۆژەکانی وەبەرهێنانی بۆشایی ئاسماندا سنووردار نییە، بەڵکو ئێستا ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنە سیاسییەکانیش هەیە. ئەوەتا ماسک، بەشەخسی، زیاتر لە چارەکە ملیۆنێک دۆلاری بەخشیوە بۆ هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا، و لەم دواییانەشدا وەک هاوسەرۆکی دامەزراوەی (بەڕێوەبردنی کارایی حکومەت) دەستنیشانکراوە. ئەرکی ئەم دامەزراوەیە بڕینی ٢ تریلیۆن دۆلارە لە خەرجییە فیدڕاڵییەکان. ئەم سیاسەتە کۆنپەرستانانە، بە شێوەیەکی سەرەکی سنوورداکردنی خەرجییەکان لەسەر دوو بەرنامەی چاودێری تەندرووستی حکومی (مێدیکەر و مێدیکەید) و پرسی بێ خانەولانەیی دەکەنە ئامانج. ماسک پێی وایە کە “تاکە ئاوارەکان لە ڕاستیدا زۆمبی توندوتیژی ماددە هۆشبەرەکانن و چاویان مردووە و دەرزی و پیسایی مرۆڤن لەشەقامەکاندا” و “هەتا پارە زیاتر بۆ ئاوارەیی خەرج بکرێت، خراپتر دەبێت”. واتە ئێستا ماسک ڕۆڵ و باڵادەستیی بەرزی لە داڕشتنی سیاسەتە کۆنەپەرستەکانی دەوڵەت و شێوەی حکومەتی داهاتوودا هەیە. باقی ملیاردێرەکانیش ڕیزیان بەستووە، و بە پەلەن، بە چەکی چەندەها ملیۆن دۆلاری پشتیوانی سەرۆکی هەڵبژێردراو دەکەن، بۆ دڵنیابوون لە ڕۆڵگێڕانیاندا لە ژێردەستەیی هەموو لایەنکانی ژیان بۆ بەدەستهێنانی قازانجی تایبەت و پتەوکردنی ڕیزەکانیان بۆ سەرکوتکردنی هەر بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بە دژی.
بە پێی دواترین ئامارەکانی گۆڤاری فۆربس، سامانی ماسک نزیک بە نیو تریلیۆن دۆلارە. سامانی کەسیی ئەو کە ٤٤٢ ملیار دۆلارە، تەنیا لە ماوەی دوو مانگی ڕابوردوودا نزیکەی ١٨٠ ملیار دۆلار گەشەی کردووە، زۆربەی ئەم زیادبوونەش لە شەش حەفتەی دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا ڕوویداوە. بە دڵنیاییەوە، ئەو بڕە پارە فەلکییانە دەتوانن قەیرانە جیهانییە جۆراوجۆرەکانی وەک برسێتی و هەژاری چارەسەر بکەن، یان کۆتایی بە ئاوارەبوون و بێخانەولانەیی و یان چارەسەرێک بۆ شێرپنجە بدۆزنەوە، یان مەترسییەکانی کارەساتی ژینگەیی دوور بخەنەوە. بەڵام ئەم پرۆژانەی کە پەیوەندی بە ٨.٢ ملیار کەسەوە هەیە و دەکرێت سوودی لێ ببینێت، ناگەڕێنەوە بە قازانج و گەرەنتی باڵادەستی ئابووری و سیاسیی بۆ ئەم پارێزەرانەی ملیارەها دۆلار ناکەن، بۆیە هیچ چاوەڕوانی ئەوە ناکرێت کە ماسک و ئەو ڕیزە درێژەی هاوپیشە سەرمایەدارە ملیاردێرەکانی، نە دەستبەرداری خەونە ئاسمانییەکانیان بن، و نە باڵادەستی و دەسەڵاتە سەر زەمینییەکانیان.

ئەم هاوكێشەیە پێچەوانەیە و دەبێت بگۆڕدرێت. ئەو ملیارەها دۆلارانەی کە ئەم مشەخۆرانە دەستیان بەسەردا گرتووە، دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان: ئەو سوپا گەورەیەی کرێکارانی بنەڕەتی، هەژاران، زەحمەتکێشان، ژنان، گەنجانی بێکارکراو، منداڵان، کۆچبەران و هەموو چینە پەراوێزخراوەکان. ئەم گۆڕانکارییە نە بە پشتبەستن بە هیوای چاکسازی سکرووج دەبێت، وەک ئەوەی دیکنز پێشنیاری دەکات، وە نە بە گەشبینیی و لێبوردووی ساویلکانەی کارمەندەکەی بۆب کراتشێت. بەڵکو لە ڕێگەی گۆڕانکارییەکی هەمەلایەنە و ڕیشەیی لە پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا دێت کە ژیانێکی ئاسوودە و خۆشگوزەرانی بۆ ٨.٢ ملیار دانیشتووی هەسارەکە دابیین دەکات، نەک تەنها بۆ ژمارەیەکی بچووک لە چەتە دەریاییەکان.

گەیشتن بە یەکسانی دروشمێک یان خەون و فانتازیا نیە، بەڵکو پێویستیەکی هەرئێستاییە. بە بێ ئەوە، هەموو ئەوەی کە لە گەشت بۆ قووڵایی بۆشاییەکانی ئاسمان بەدەستی دەهێنێت، هاوردەکردنی نایەکسانییە لە زەویەوە بۆ گەردوون.

شیرین عەبدوڵڵا
٢٥.١٢.٢٠٢٤

  • Social Determinants of Health
    ** End Fuel Poverty Coalition



گفتوگۆی رۆژنامەی رەوت لەگەڵ شیرین عەبدوڵڵا دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان

شیرین عەبدوڵا: ئەم پەرلەمانە بە هەموو لایەنە ناکۆکەکانیـیەوە، لە ڕاستیدا لە سەر یەک خاڵی زۆر سەرەکی یەکدەستن، ئەویش پیاوسالاریـیە … و هیچ ئاسۆیەکی ڕووناکتر بە ژنان نادات.

ڕەوت: زۆر لە لیستەکان باس لە جیاوازی ئەم هەڵبژاردنە دەکەن لەوانی پێشووتر، وە بەزۆری باس لە تێکشکانی زۆرینەی ڕەهای کورسیەکانی پەرلەمان لەلایەن (پارتی)ـیەوە دەکەن، بەهۆکاری جۆراوجۆر، نەمانی کۆتا، کەمی تەزویر، کۆمۆسیۆنی سەربەخۆ و بێلایەن و چەیکی دەنگەکان هەر لەلای سندوقەکان و ئایا ئەگەر ئەمانە وابن مانای ئەوەی دەدات، کەبەڕاستی ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی پەرلەمانی کوردستان ڕوودەدات، بەتایبەت لە بەرژوەندی ژنان؟
شیرین عەبدوڵا: هەموو ئەو بەناو گۆڕانکاریانەی لە سیستەمی پەرلەمانیدا باسی لێ دەکەن، هیچ شتێک نیـیە جگە لە دانی ڕووکەش و پەردەیەکی مۆدێرن بە سەر درێژەدان بە کۆنەپەرستی و بێ مافی ژنان و هەموو ستەملێکراوانی کۆمەڵگا. ئەوەندەی پەیوەندی بە ڕزگاری ژنانەوە بێت، کاتێک دەتوانین باسی گۆڕانکاری ئەرێنی و باش بکەین لە بەرژەوەندی ژنان، کە ژنان لە هەرێمدا هەست بە ئاسوودەیی بکەن؛ چ لە ماڵەوە و چ لە شوێنی کار و چ لە سەر شەقام و ڕێگاوبانەکانی ئەم ووڵاتە. ئاسوودەیی بە مانای ئەوەی:
لە مەترسی کوشتن و سوتاندن و توندوتیژی و دەستدرێژی جۆراو جۆری ناو خێزان و دەرەوەی بە دوور بن.
ژن و پیاو یەکسان بن لە بواری خوێندن و کار و بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆیان و خانەوادەکانیان.
هەڕەشەی پێشێل کردنی مافە کەسایەتی و کۆمەڵایەتی و ئابووریـیەکانیانیان لەسەر نەبێت.
ناچار نەبن واز لە کارکردن، یان خوێندن و چالاکیـیەکانی تریان بهێنن و بخزێنە ماڵەوە بۆ بەخێوکردنی منداڵ و پیر و نەخۆشەکانی فامیلیـیەکانیان بۆ پڕ کردنەوەی ئەو کەلێنانەی سیستەمەکە و دەسەڵاتداران دروستیان کردوە بە بۆنەی تێکدانی سیستەماتیکی کەرتە گشتیـیەکانی تەندروستی و خوێندن و خزمەتگوزاریـیەکانی ترەوە.
ژنان بتوانن بە ئاسانی دەستیان ڕابگات بە خزمەت گوزاری تەندروستی و دادگایی بۆ کێشەکانیان، وە بەبێ هیچ ڕێگریـیەکی کۆمەڵایەتی یان ئابووری.
ژنانی دوو گیان یان نەخۆش بەرەو ڕووی گومان و سوکایەتی و توندوتیژی نەبنەوە.
بە چاوی سووک و باوەڕ پێ نەکردنەوە سەیری کێشە یاساییەکانیان نەکرێت.
کاتێک توشی توندوتیژی و زەوت کردنی مافەکانیان دەبن هەست بە پشتگیری تەواوی یاسا و دامودەزگاکانی بکەن.
بە هۆی چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێشکەوتنخوازیەوە تووشی کوشتن و ئەشکەنجە و شاڵاوی کۆنەپەرستانە نەبن.
ئەگەر باس لە گۆڕانکاری بکەین، ئەمانە و زۆر خاڵی دیکە هەیە کە دەبێت پێوەرەکانمان بێت بۆ گۆڕانکاری و لەخۆمان بپرسین ئایا ئێمە وەک ژنان تا چ ڕاددەیەک ئومێدمان بە هیچ کام لەم لایەنانە هەیە و ئایا شەڕ و پێکداچونەکانیان چەند پەیوەندی بە ژیان و خۆش گوزەرانی ئێمەی ژنەوە هەیە و چەند لە نیگەرانی و بێ مافیەکانی ئێمەی ژن کەم دەکەنەوە. ئەو ئاڵوگۆڕانەی سیستەمی پەرلەمانی کاتێک مەعنای دەبێت کە بەشێک بێت لە پاکێجێکی ئاڵوگۆڕی یەکسانیخوازانە و ئازادیخوازانە لە سەراپای (کوللی) سیستەمەکەدا، بەڵام دەبینین پەیامەکانیان پڕە لە دەمارگیری مەزهەبی و کۆنەپەرستی و دژە ژنی و دژە ئازادی.

ڕەوت: زۆر لە حیزبە نوێیەکان ( نەوەی نوێ، ڕەوتی هەڵوێست، بەرەی گەل ) دەڵێن ئەگەر خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکات، ئەوە بە قازانجی (یەکێتی) و (پارتی)یە و بۆیە پێویستە خەڵک بەبەرفراوانی بەشداری ئەم دەرفەتە بکەن، ئێوە دەڵێن چی؟

شیرین عەبدوڵا: ئەوان پێویستیان بە دەنگە بۆ مسۆگەر کردنی کورسیـیەکانی پەرلەمان و بەشی خۆیان لە تاڵان و چەتەگەری و گەندەڵی ڕژێمدا. ڕاستە لەوانەیە بەشداری نەکردن لە دەنگدان لە بەرژەوەندی (یەکێتی) و (پارتی) بگەڕێتەوە، بەڵام نە ئەوان و نە هێزە تازەکانیش هیچ ئاسۆیەکی ڕووناک بۆ باشتر کردنی ژیان و چارەنوسی ماف زەوتکراوەکانی هەرێمیان پێ نیـیە.
بە لای منەوە ژنان و هەموو توێژە ستەملێکراوەکان ئەگەر پەنجە مۆری خۆیان بدەن لەم هەڵبژاردنە ئەوە دەنگدانە بە چەسپاندن و درێژە پێدانی کۆنە پەرستی و ئەو پیاو سالاری و سیستەمە دژە ژنەی کە چەندین ساڵە هەیە و ئاسوودەیی لێ بڕیوین. ژنان و کرێکاران و نەداران بە درێژایی تەمەنی ئەم هەرێمە، هەمیشە و بە شێوەیەکی سیستەماتیک دوور خراونەتەوە لە سیاسەت و بەشداری کردن لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان. ئەم هات و هوریایەی کە دەیبینین و دەیبیستین لە ڕاستیدا هیچ مانایەکی واقیعی بۆ ژیانی زۆربەی هەرە زۆری ژنان و چەوساوەکانی ئەم هەرێمە نیـیە و هیچ لەو دۆخە سامناکەی ژیانیان کەم ناکاتەوە، بە پێچەوانەوە، ئەم پەرلەمانە بە هەموو لایەنە ناکۆکەکانیـیەوە، لە ڕاستیدا لە سەر یەک خاڵی زۆر سەرەکی یەکدەستن، ئەویش پیاوسالاریـیە و درێژە پێدانی ئەو سیستەمە دێرین و نێرینەیەی چەوسانەوەی ژنان و ستەم لێکراوانە و هیچ ئاسۆیەکی ڕووناکتر بە ژنان نادات.
ڕەوت
: بەرنامەی سیاسی و ئابووری و ئاڵوگۆڕ لە ژیانی خەڵکی کوردستان، بەتایبەت کرێکاران و هەژارانی کوردستان لە هیچ لە لیستەکان دا نەهاتووە، یان زۆر بەکەمی هاتووە، ئایا بۆ کاریگەری ڕەوتی کۆمەڵایەتی و سۆسیالیستی بەم هەڵبژاردنەوە لاوازە و گوشاری ناڕەزایەتییەکانی بەم هەڵبژاردنەوە زۆر کەم دیارە و زیاتر مۆرکی شەڕێکی حیزبی ڕووتە لەسەر کورسی دەسەڵاتی سیاسی و سەرمایە و مۆنۆپۆلکردنیانە؟

شیرین عەبدوڵا: ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان لە هەرێمدا ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە ببێتە فشارێکی جددی لەسەر دەسەڵات، لە لایەک بە هۆی سەرکوتی خوێناوی و لە لایەکی ترەوە بە هۆی نا ئامادەیی و کەم ڕێکخراوبوونی هێزی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆ گۆڕینی تەرازووی هێزەکان لە کۆمەڵگەدا.
ئەم حیزب و لایەنانەی شەڕی پەرلەمان دەکەن ئێستا، زۆر نامۆن بە داخوازیەکانی ژن و پیاو و لاو و منداڵ و پیری هەرێم و خۆشگوزەرانیـیانەوە لەبەرئەوەی کە ئەوان نوێنەری ئەم خەڵکە نین و بەرژەوەندیـیەکانی ئەمانیان لە ئاجێندەدا نیـیە، بە پێچەوانەوە، دەبینین کەمپەینەکانیان لەسەر ستایڵی دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بە تێچووی چەندەها ملیۆن دۆلار بەڕێوە دەچێت، وەڵامی ئەوان بۆ کێشەکانی مووچە و بێکاری و گرانی و نەبوونی ئازادیەکان، سەرکوتی زیاتری ناڕەزاییەتیـیەکان و کوشتن و دەستگیرکردنی چالاکوانان بووە و هیچ چاوەڕوانیـیەک ناکرێت کە لە پەرلەمانی داهاتودا شتێکی جیاواز بکەن.

١٨-١٠-٢٠٢٤




(٨)ی مارسی ٢٠٢٤، چالێنجەکان و ئاسۆکانی خەباتی ڕزگاریخوازی ژنان لە ناوچەکەدا.. شیرین عەبدوڵڵا

سیستەمی سەرمایەداری لە ئێستادا بە یەکێک لە گەورەترین و قووڵترین قەیرانە مێژووییەکانیدا تێدەپەڕێت. پێدەچێت لە ئێستادا یەکێک لە سەنتەرەکانی ئەم قەیرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا چڕبوبێتەوە و ژنان زۆرترین پشکی لێکەوتەکانی ئەم قەیرانە لە ئەستۆ دەگرن.
ئێمە شاهیدی یەکێک لە وەحشیترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووین، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەبەردەم چاو و گوێی مرۆڤایەتیدا دەگوزەرێت، کە بریتیە لە پێنج مانگ شەڕی جینۆسایدی غەززە. تاوانی ترسناک و دڕندەیی و دەستدرێژی بەکۆمەڵ لە سودان ڕوودەدات بە پەردەپۆشی تەواوەتی میدیاکان. هەروەها ناتوانین چاوپۆشی بکەین لەوەی کە لە ناوچە ناکۆکەکانی دەوروبەر لە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەدا ڕوودەدەن.
پێویستمان بە تێڕوانینێکی زۆر ورد نیـیە بۆ ئەوەی بزانین کە شەڕ و برسێتی و پەتا و لافاو و پیسبوونی ژینگە بوونەتە بەشێک لە دیاردەکانی ژیانی ئاسایی زۆرینەی ڕەهای خەڵک، ئەمانە هەمووی نیشانەکانی ئەم قەیرانە خنکێنەرەن لە ژێر سایەی سەرمایەداری و میلیتاریزمەکەی و سیاسەتە ئابوورییە نیولیبراڵییەکانی کە هیچ چارەسەرێک پێشکەش ناکەن جگە لە سەپاندنی هەژاری زیاتر، نایەکسانی، بێکاری، و تێچووی زۆری ژیان و لەناوبردنی ژینگە بۆ دەستەبەرکردنی قازانجەکانی. ئەمە دیمەن و باکگراوندی (٨)ی مارس (ئازار)ی ئەمساڵە.
ئەمانە، لەگەڵ زاڵبوونی دەسەڵاتە ئیستبدادی و سەرکوتگەر و پیاوسالارە دژ بە ژنانەکان لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەدا.
سەرمایەداری بارگرانی قەیرانەکانی دەخاتە سەر شانی ژنان و پەنابەران و باقی گروپە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگا، کە دەستیان لە دروستکردنی ئەم قەیرانانەدا نیـیە، بە ئیستغلالکردنیان وەک سوپای یەدەک (احتیاط) و سەرچاوەی کاری هەرزان و سەخت و ناجێگیر هەر کاتێک کە بازاڕ پێویستی پێیان بێت، و پاشان دەرکردنیان لە کار لە کاتی قەیرانەکاندا و هەرکاتێک پێویستی بازاڕ کۆتایی هات.
لە کاتی قەیرانەکانی سەرمایەداریدا، چینی دەسەڵاتدار و نوێنەرانی دەرفەتەکە دەقۆزنەوە بۆ لێسەندنەوەی ئەو دەستکەوت و مافانەی کە توێژە چەوساوەکان، لە ڕێگەی خەباتی سەخت و خوێناوی خۆیانەوە بە درێژایی دەیان ساڵ بەدەستیان هێناوە، بە بیانووی “بەرژەوەندی ووڵات”، “ئاسایشی نەتەوەیی” و “دوژمنی دەرەکی” هتد.. بە کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە گشتیەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، گواستنەوە و نیشتەجێبوون، بۆیە بێکاری زیاد دەکات، بۆ ژنان ئەستەم دەبێت بتوانن کێبڕکێ لەسەر ئەو کارە کەمانە بکەن کە لە بازاڕی کاردا بەردەستن، و ناچارن ڕازی بن بە بارودۆخی کارکردن و کرێی نزمتر، یان بەتەواوی بازاڕی کار بەجێبهێڵن و لە ماڵەوە بمێنێتەوە بۆ بەخێوکردنی منداڵ و بەساڵاچووان و خاوەن پێداویستیەکانی ناو خێزان کە بەهۆی بڕینی خزمەتگوزارییەکانەوە لەلایەن دەوڵەتەوە پشتگوێ خراون.
قەیرانەکان زۆر لەسەر دۆخی تەندروستی (جەستەیی و دەروونی) ژناندا ڕەنگدەداتەوە، بەو پێیەی پیاوانی خێزان لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا ئەولەویەتیان هەیە لەسەردانی پزیشک و تێچووی چارەسەرکردن و خۆراک و پەروەردە… هتد وە گەورەترین پشکیان لە داهاتی کەمی خێزانەکە بەردەکەوێت. زۆرجار لێکۆڵینەوە دەخوێنینەوە و دەبیستین کە ئاماژە بەوە دەکەن کە ژنان بە ڕێژەیەکی زیاتر لە پیاوان تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبن، بەڵام زۆرینەی ئەم توێژینەوانە ڕۆڵی ئەو کۆمەڵگە پیاوسالارە پشتگوێ دەخەن کە تێیدا ئەم بارودۆخانە لەنێو ئەو ژنانەدا سەرهەڵدەدەن کە جگە لە هەژاری و پەراوێزخستن، بەدەست هەڵاواردن و توندوتیژی سێکسی و خێزانیەوە دەناڵێنن. سەرەڕای گرنگی دەستنیشانکردنی دەروونی لە حاڵەتە تاکەکاندا، پێویستە فراوانتر بیر بکەینەوە و ئەو سیستەمە ستەمکاریانە هەڵبوەشێنینەوە کە هەموومان نەخۆش دەخەن.
بیرۆکەی بەکۆیلەکردنی ژنان لە داهێنانی سەرمایەداری نەبووە، ئەو شکستە مێژووییەی ژن کە ئەنگڵس باسی دەکات، زۆر پێش سەرمایەداری ڕوویداوە و دیاردەیەکی خۆبەخۆ بووە لە ئەنجامی دابەشکردنی خۆبەخۆیی کار و خاوەندارێتی ئامرازەکانی بژێوی لە خێزاندا، بەڵام سەرمایەداری داهێنەریی لە بەرهەمهێنانەوەی و شارەزابوون لە بە کاڵاکردنی ژندا بووە، بە خستنەگەڕی ماشێنێکی میدیایی و سیستمێکی فیکری و کۆمەڵایەتی کۆنەپەرست و پیاوسالارەوە، وەک یاساکانی هاوسەرگیری، تەڵاق، صیغە، میرات، لەباربردنی منداڵ.. سەرمایەداری هەموو لایەنەکانی ژیان دەقۆزێتەوە بۆ دۆزینەوەی بازاڕێک بۆ کاڵاکانی و بەدەستهێنانی قازانج، تەنانەت هونەر و ئەدەب و هەستی مرۆڤی وەک ڕۆژی دایک و ڤالانتاین و ئارەزووی منداڵبوون و زۆر شتی تر، هەموویان لە ناوەڕۆکی ئینسانی خۆیان بەتاڵ دەکرێنەوە و دەکرێن بە کاڵا و بەکاردێن بۆ پڕکردنەوەی حسابی بانکی سەرمایەدارەکان.
هەموو ئەم دیاردانە لەم ساڵانەدا لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەخێرایی تەشەنە دەکەن، وەک دەبینین بوژانەوەی کەرتی تایبەت و سەدان قوتابخانە و نەخۆشخانەی ئەهلی کە زۆربەی زۆری خەڵک دەرەقەتی تێچوەکانی نایەت، لەسەر حیسابی بڕینی بودجەی کەرتی گشتی و تێکچوونی خزمەتگوزارییەکان تیاییاندا، و سەدان کلینیکی جوانکاری و ڕیکلام بۆ “بەرهەمەکانیان” و هاندانی ژنانی گەنج (هەروەها کوڕانیش) بۆ تێکدانی جەستەیان و نەشتەرگەری جۆراوجۆر. هەموو بۆنە و جەژنە باوەکان دەبنە فشارێکی ئابووری گەورە لەسەر ملیۆنەها کرێکار و زەحمەتکێش کە لە ژێر فشاری کۆمپانیاکانی ڕیکلام و میدیادا ناچارن بەشێکی بەرچاو لەو داهاتەیان کە لە بنەڕەتدا کەمیشە، بۆ دیاری بۆ ئازیزانیان خەرج بکەن، و دەرگیری بارێکی قورستر دەبن لەوەی کە لە توانایاندابێت. گەورەترین سوودمەند سەرمایەداران و بانکە نێودەوڵەتییەکانە.
لە هەمان کاتدا کە بارودۆخی توێژە چەوساوەکان، و لە سەروشیانەوە ژنان، بەرەو خراپتر دەچێت، سامانی سەرمایەدارەکان زیاتر دەبێت و سەروەت و سامان زیاتر و زیاتر لە دەستی گروپێکی بچووکدا دەمێنێتەوە کە سود لە دۆخە قەیراناویەکان و نەهامەتی ملیۆنان کەس دەبینن لە پێناو قازانج لە ڕێگەی بازرگانی چەک و دەرمان و کەرەستەی پزیشکی و خۆراک و باقی پێداویستیەکانی کۆمەڵگا، بە پشتیوانی تەواوی دەوڵەتان و ڕژێمە بۆرژوازییە دەسەڵاتدارەکان. سەرمایەداری لە هەر شوێنێک بێت، دەرفەتێک دەدۆزێتەوە بۆ چنینەوەی قازانجی زیاتر بە هەر شێوەیەک بێت، وە گرنگی بەوە نادات ملیۆنەها کەس تووشی داهاتوویەکی نادیار ببێت، لەپێناو ڕزگارکردنی بانک و ملیاردێرەکان.
ئەوەش زانراوە کە سیستەمی سەرمایەداری هەموو قەیرانەکانی دەقۆزێتەوە بۆ داسەپاندنی پاشەکشەی ماددی و مەعنەوی بەسەر زۆربەی جەماوەردا و هەرچەند قەیرانەکە توندتر بێت، هێرشی کۆنەپەرستانە بەهێزتر و توندتر دەبێت، پشکی ژنانیش زیاتر دەبێت.
ئەوەی ژنان لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمە پیاو سالار و ئیستبدادیەکانی وڵاتانی ناوچەکە پێش ئەم شەڕ و ململانێیانە دەیان ناڵاند بەدەستیەوە، ئێستا چەندین جار زیادی کردووە. ئەوەی بەسەر ژنانی غەززە و سوداندا دێت، تاوانە و قابیلی بێدەنگی نیـیە، بەڵام ئەوەی لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بەتایبەت لە دوای شکستی شۆڕشەکانی ساڵی (٢٠١١) لە میسر و تونس، زەنگی مەترسی پاشەکشەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەدەن، بەڵام هاوتەریب لەگەڵ ئەم قەیرانە و ئەم هێرشە دوژمنکارانەیە، توانای شۆڕشگێڕانە و نیشانەکانی بەرەنگاربوونەوەی ژنانی ئازادیخواز و تەحەدای ئەم هەلومەرجە نەهامەتبارە لە گەشەکردندایە.
کەمپەینەکانی حیجابکردنی کچانی گەنج لە بەناو “فێستیڤاڵی تاجی زێڕین”ی ساڵانە و لەم بابەتە، کە بە توندی لەلایەن دەسەڵاتەکانی ئیسلامی سیاسی ناوچەکەوە پشتیوانی مالی (تەمویل) دەکرێن، شتێک نیـیە جگە لە دیاردەکانی ئەم هێرشە لە دژی ژنان به ئامانجی مسۆگەرکردنی تەسلیمی فیکری و جەستەیی نەوەکانی داهاتوو و ئامادەکردنیان بۆ قبوڵکردنی هەژموونی پیاو و ئایدۆلۆژیای دژە ژن و بەم شێوەیە بەکۆیلە کردنیان.
ئازارەکانی ژنانی ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی نیزامە پیاوسالارییە کۆنەپەرستەکاندا، و باڵادەستی و زیندووکردنەوەی یاسا و نەریتە پاتریارکی و خێڵەکیەکان، ئەو زەمینانەن کە تاوانەکانی کوشتن و توندوتیژی و بازرگانیکردن و هاوسەرگیریی منداڵان و فرەژنی و بێبەشکردن لە مافەکانی جیابوونەوە، میرات و چاودێری منداڵ.. ڕۆژانە ئەنجام دەدرێن.
لە ناوجەرگەی ئەم سیناریۆیە و دیمەنە تاریکەدا و سەرەڕای هێرشی توندی سەرمایەداری و سیستمە کۆنەپەرستەکانی بۆ سەر ژنان و چینی کرێکار، ناتوانین دەرکەوتەکانی ڕەخنە و بێدەنگ نەبوون لە بەرامبەر هەموو ئەوەی کە کۆنەپەرست و سەدەی ناوەڕاستییە پشتگوێ بخەین، و هەستێکی گەشەسەندوو بۆ بەرەوپێشچوونی نیشانەکانی بزووتنەوەیەکی یاخیبوونی ژنانی فراوان لە ئاسۆدایە، بە تایبەت لە نێو ژنانی گەنجدا.
چەڵێنج (تەحەدا) و هاوپشتی نێودەوڵەتی و ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ڕوو لە زیادبوونن، بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان لە دەیەی ڕابردوودا بووژانەوەیەکی بەخۆیەوە بینی، لە ڕێگەی بزووتنەوەکانی وەک (می توو- منیش) (٢٠١٧) کە تیشکی خستە سەر پرسی هەراسانکردن و زیادبوونی هۆشیاری کۆمەڵایەتی بە دەرکەوتەکانی ئازاردانی سێکسی و پێشێلکاری لەلایەن خاوەن دەسەڵات و سەلمێندرا لە دوای ئەمڕۆوە ناکرێت ئەم کردەوانە وەک “ناچار” قبوڵ بکرێن، ململانێکان بۆ مافی زاوزێ و لەباربردنی منداڵ لە زۆر ووڵاتانی جیهان بەردەوامە.
هەروەها وەک ئاشکرایە، کوشتنی (ژینا /مەهسا ئەمینی) لەسەر دەستی پۆلیسی ئەخلاق لە ئێران لە ئەیلوولی (٢٠٢٢ دا) بووە هۆی ئەو ڕاپەڕینە بەرفراوانەی کە زۆربەی شار شارۆچکەکانی ئێرانی گرتەوە، و بە هاوپشتیـیەکی نێونەتەوایەتی فراوانەوە. ئەم ڕاپەڕینەی کە بە دژی ستەم لە سەر ژنان و حیجابی زۆرەملێ سەری هەڵدا، بە خێرایی بووە ڕاپەڕینێکی سیاسی و جەماوەری بە دژی هەژاری و بێکاری و سەرکوتی سیاسی و فەرهەنگی سیستەمی سەرمایەداری و ڕژێمە سیاسیە ئیسلامیەکەی لە ئێراندا.
ئەم بزووتنەوانە لە ماوەیەکی کورتدا ڕەهەندی جیهانییان وەرگرت و بە بڕوای من گرنگیدان بە هاوپشتی نێونەتەوایەتی لە نێوان ژنان و بە تایبەت ژنانی چینی کرێکار و خەڵکی هەژار، یەکێکە لە بابەتە جەوهەریەکانی خەباتی ئێمە لەم قۆناغەدا.
پەتای کۆرۆنا هۆشیارییەکی لەزیاد بووندای دروستکردووە سەبارەت بە نایەکسانی و جۆرە جیاوازەکانی و چۆن نەخۆشی و تەندروستی پلەبەندییەکی کۆمەڵایەتی پەیڕەو دەکەن: تا باری کۆمەڵایەتی و ئابووری نزمتر بێت، باری تەندروستی و میانگینی (موعەدەلی) تەمەن خراپتر دەبێت.
ڕەنگە بڵێین بارودۆخی ژنان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ماف و ئازادییەکانیان زۆر باشترە لە وڵاتانی ناوچەکە وەک عێراق و سوریا و سعودیە و پاکستان و ئێران و ئەوانی تر و ئەمەش بەتەواوی ڕاستە، بەڵام ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان لەم وڵاتانەدا بەدەستیانهێناوە بەردەوام نین و هەمیشە هەڕەشەی لێسەندنەوەیان لەسەرە، هەر وەک چۆن بینیمنان لە کەیسی (ڕۆ- دژی واید) لە ئەمریکا کاتێک دادگای باڵا بڕیاریدا یاسای منداڵ لەباربردنی کە بۆ ماوەی (٥٠) ساڵ بەکار بوو، لە هاوینی (٢٠٢٢) دا هەڵبوەشێنێتەوە.
بزووتنەوەی کرێکاری و ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکان بەبێ ڕۆڵگێڕانی کاریگەر و چالاکانەی بزووتنەوەی ژنانی ئازادیخوازی ڕادیکاڵ ناتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن. ماوەیەکی یەکجار زۆرە ژنان لە کاریگەری چالاکانە لە سیاسەت و بڕیاردان لە جیهانی پیاوسالاری سیاسەتدا دوور خراونەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە ئەم هاوکێشەیە بگۆڕدرێت و ژنان گوتاری (خیطابی) ڕزگاریخوازانەی خۆیان بەرز بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەو هێزە گەورە شارراوەیەی کە لە بزووتنەوەی ژناندا هەیە، ئازاد بکرێت لەپێناو گۆڕانکاری ڕیشەیی و هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەموو شێوازە پیاوسالاری و کۆنەپەرستانەیەی چەندین سەدەیەی بۆمان ماوەتەوە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو دەتوانێ سەرەتایەک بێت بۆ ڕزگارکردنی هەموو کۆمەڵگە لە هەموو جۆرەکانی ئیستغلال و هەڵاواردن.

٢-٣-٢٠٢٣

شیرین عەبدوڵڵا




تەنها ماچێکی خۆبەخۆ، یان ستانداردە بەسەرچووەکانی پیاوسالاری؟.. شیرین عەبدوڵا

پرسی هەراسانکردن و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە هاوینی ئەمساڵدا (٢٠٢٣) جارێکی دیکە هاتە ئاراوە، ئەویش لە ئەنجامی چەند دیمەنێکی تەواو ڕاچڵەکێنەر، کە لەوانەیە زۆر کەس لە گەرمەی خۆشی ڕووداوەکەدا پشتگوێی خستبێت، کە هەڵسوکەوتی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، (لویس ڕوبیالێس) بوو، لە کاتی مەراسیمی دابەشکردنی میدالیاکاندا، پاش سەرکەوتنی تیپی پێی ئیسپانیا بەسەر ئینگلتەرا لە پاڵەوانێتی مۆندیاڵی تۆپی پێی جیهانی ژنان، کە لە (٢٠)ی ئاب لە ئوسترالیا بەڕێوەچوو.
لە کاتێکدا یاریزانەکانی ئیسپانیا هێشتا مانا و گرنگیی ئەو دەستکەوتە پیشەیـیە گەورەیەی خۆیانیان کە چەند ساتێک لەوەوبەر بەدەست هێنابوو، استیعاب نەکردبوو، ئەوانیش و ملیۆنەها کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی شۆک بوون، بەهۆی ڕەفتارە قێزەونەکانی لویس ڕوبیالێس بەرامبەر بە یاریزانانی ئەو تیپە. ڕوبیاڵیس لە پەخشی ڕاستەوخۆدا، دەبینرا جارێک بە توندی لە باوەشیان دەگرێت و ئینجا یەکێکیان بە شێوەیەکی بێ ڕێز لەسەر شانی بەرز دەکاتەوە، و پاشان بە سەر سوڕماوی دەیبینین، کە بە توندی (جێنیفر هێرمۆسۆ) لە باوەش دەگرێت و بە زۆر ماچێکی دەمی دەکات لەکاتێکدا بە توندی سەری لەبەینی هەردوو دەستیدا گرتووە و بە شێوەیەک بەرەو لای خۆی ڕادەکێشێت کە بواری خۆ ڕزگارکردنی نیە. هەروەها ڕوبیالێس لە کلیپێکی کەدا بینرا کە ئەندامی نێرینەی خۆی دەگرێت وەک نیشانەی تەحەداکردن دژی تیپی بەرامبەر.
زۆر نائومێدکەر بوو کە هەڵسوکەوتەکانی ڕوبیالێس سایەی بە سەر یاریەکەدا پۆشی، لەجیاتی ئەوەی سەرنج بۆ ئەم دەستکەوتە مێژوویـیە و ئەو پلەیە بەرزەی پیشەگەری و لێهاتووییەی یاریزانەکان لەو یاریـیەدا نیشانیاندا ڕابکێشن، هەموو میدیاکان سەرنجیان چووە سەر پرسی ماچەکە، سەرەڕای ئەوەی کە هەموو ڕەفتارەکانی ڕوبیاڵیس قێزەون و قبوڵنەکراو بوون.
لەوەش خراپتر ئەوەبوو کە کێسەکە لێرەدا کۆتایی نەهات، بەڵکو لە ڕۆژان و هەفتەکانی دوای یاریـیەکە هەڵمەتێکی میدیایی ناشیرین و توند لە دژی هێرمۆسۆ بەرپا کرا کە بە درۆزن و پیلانگێڕ و هەوڵدان بۆ تێکدانی ناوبانگی سەرۆکەکەی و هتد تۆمەتبارکرا.
بەڵام ئەوەی ئومیدبەخش بوو ئەو کەمپێنە جیهانیـیە بوو کە بۆ پشتگیری کردن لە جێنیفەر هێرمۆسۆ و هاوڕێیانی بە ڕێخرا و لەسەر ئاستی جیهانیش دیبەیتێکی فراوانی درووست کرد و بە تایبەتی تیشکی خستە سەر کێشەی توندوتیژی و نایەکسانی ژنان و ئیستغلال کردنی پێگەیی دەسەڵات بەرامبەر ژنانی کارمەند.
جیهانێکی نا ئاسوودە بۆ ژن:
ئەوەی لە ڕۆژی مۆندیالی ئوسترالیا ڕوویدا نە ڕووداوێکی سادە بوو و نە ڕەفتارێکی هەڵەی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و تەنانەت دامەزراوەی بەد ناوبانگی فیفا بوو، بەڵکو ئەم ڕووداوە بیرخستنەوەیەکی ترسناک بوو بۆ هەموو ژنان و ئازادیخوازان، کە کۆمەڵگای ئەمڕۆ شوێنێکی ئاسوودە نیـیە بۆ ژن، کۆنەپەرستیـیە باوەکانی پیاوسالاری ڕەگ و ڕیشەی قووڵیان لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا داکوتاوە. هەر جارێک ژن هەنگاوێک بەرەو پێشەوە دەنێت، تێڕوانینی پلە نزمیی کۆمەڵگای پیاوسالاری بە بیر دێنرێتەوە، کە ئەو موڵکی پیاوە و سەرکەوتنەکانی سەرکەوتنەکانی ئەون، و سەرەڕای لێهاتوویی لە بوارەکەیدا، هەڵسەنگاندنەکەی تەنها لەسەر بنەمای ستانداردەکانی جوانی و مێینەیی دامەزراوە. هەرچەندە لێرە و لەوێ لە هەندێک وڵاتدا دەستکەوتی بەشەکی بەدەست هاتووە، بەڵام هێشتا هەنگاوی گەورەمان ماوە کە دەبێت بیبڕین بۆ ئەوەی یەکسانی بەدەست بهێنین.
ئەوەی لە بیستی مانگی ئابدا ڕوویدا، ڕووداوێکی ناوازە نیـیە، بەڵکو یەکێکە لەو پێشێلکاریانەی کە ڕۆژانە ژنان لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە، لەوانەش لە شوێنی کارەکانیان و لەسەر دەستی خاوەنکارەکانی خاوەن دەسەڵات و کۆنترۆڵ، بەڵام جیاوازیـیەکە ئەوەبوو کە ئەمجارەیان ڕووداوەکە ڕاستەوخۆ و بە لایڤ تۆمار کراوە هەموو جیهان بینیویەتی، چۆن تەواوی پرۆسەی دەستدرێژی سێکسی ڕوودەدات، ڕاستەوخۆ لەسەر شاشە و هەموو پلاتفۆرمەکان پەخش کرا.
ئەمەش پرسیارێک دێنێتە ئاراوە: ئەگەر کارەکان لە ئاشکرادا بەم شێوەیە بن، ئایا لە پشت پەردەوە، دوور لە کامێراکان دەبێت چی ڕووبدات؟
ئەگەر ئەمە لەنێو گروپێکی نوخبە و پیشەگەردا ڕوودەدات، وەک یاریزانانی تۆپی پێی مێینە، کە لە پێگەی کۆمەڵایەتی و سەرنجی ژمارەیەکی زۆر لە بینەران بەهرەمەندن و تاڕادەیەک ئاسانە بۆیان کە کەیسەکانیان بخەنە بەردەم ڕای گشتی و دادگاکان، بە هۆی ناوبانگ و توانای دارایی، بەبەراورد بەو ملیۆنەها ژنەی کە ڕۆژانە بەرکەوتەی ئەم جۆرە هەراسانکردنانەن لە جیهاندا، دۆخەکە چۆنە لەو شوێنانەی کەمتر بەرکەوتەی سەرنجدانن، لە دامەزراوە و ئۆفیسە گشتی و تایبەتەکاندا، یان کارگەکان، فرۆشگا، کێڵگە و هتد، لەلایەن خاوەنکارەکانەوە کە دەسەڵاتیان هەیە؟
کاردانەوەی ڕوبیالیس ڕێک وەک کاردانەوەی هەراسانکەرێک بوو، هەرکەسێک تەحەدای بکات بە گەمژە، بێعەقڵ، یان ڕقاوی و پیلانگێڕی تۆمەتبار دەکات، ئەمە جگە لەوەی گرنگی ڕووداوەکە بچووک دەکاتەوە و قوربانیـیەکە و ئەوانی دیکەش بە شێواندنی ناوبانگ و تیرۆرکردنی کارەکتەری تۆمەتبار دەکات. ئەمانە هەمووی بەشێکن لە یاریپێکردن بە هەستی قوربانیـیەکە لەلایەن هێرشبەرەوە و دروستکردنی گومان لەخۆی و ترساندنی هەموو ئەو کەسانەی کە بەرگری لێدەکەن.
دەوترێت کە کاردانەوەی هێرمۆسۆ کاتێک دوای ڕووداوەکە پێکەنی وەک بەڵگەیەک لە دژی بەکارهێنراوە، و ئەمەش بەشێکە لە پیاوسالاری باو، کە ژنەکە بە “قبووڵکردنی” توندوتیژی تۆمەتبار دەکات، بەڵام بۆ هەمووان ئاشکرایە کە ژن زۆر جار ناچارە هەوڵی ئاسانکردنەوەی دۆخەکە بدات بۆ ئەوەی لە چڕی شەرمەزاری و دروستبوونی جەنجاڵی ڕزگاری بێت. بەتایبەت ئەگەر کەیسەکە پەیوەندی بە پیاوێکی پلەدار و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتیـیەوە هەبێت.
لە کەیسی هێرمۆسۆشدا، لە کاتێکدا کە چاوی هەموو جیهان لەسەر ئەو و هاوتیمەکانی بوو، زۆر زەحمەتە پیاوێکی خاوەن دەسەڵات و کۆنترۆڵێکی گەورە و دامەزراوەیەکی زەبەلاحی وەک فیفا لەو ساتانەدا تاوانبار بکرێت. قوربانیان بە باشی ڕادەی ئەو بەرگریـیە کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیـیەی کە پیاوە کاریگەرەکان هەیانە دەزانن، وە ڕادەی ئاستەنگە یاسایی و کۆمەڵایەتیـیەکان و چڕی لێکۆڵینەوەکان، سەرەڕای ئەوەی کە دەسەڵاتی دادوەری و ڕای گشتی زۆرجار لایەنگری پیاوان دەگرن، وە تەنانەت لێدوانەکانی ئەوانیش بە جددی وەرناگرن، و بەرپرسیارێتی هێنانی بەڵگەی پێویست بۆیان دەخەنە ئەستۆی خۆیان. بەهۆی توانا دارایی و کاریگەریـیە کۆمەڵایەتییەکانیانەوە، ئاسانە بۆ دەستدرێژکاران کە قوربانیـیەکە بە تۆمەتی زڕاندنی ناوبانگ یان شتێکی تر دادگایی بکەن. هەموو ئەمانە دەبنە هۆکاری بێدەنگکردنی قوربانیانی.
پیاوسالاری ڕەگی قووڵ داکوتاوە، بەڵام گۆڕانکاریی بەڕێوەیە و بەری پێ ناگیرێ!
هاتنە ناوەوەی ژنان بۆ بواری وەرزش و یاریـیە جیهانیـیەکان خۆی لە خۆیدا دەستکەوت و هەنگاوێکە بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەمیان بۆ دەربڕینی تواناکانی خۆیان و گەیشتن بە داهێنەری و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان لە کۆمەڵگەدا. و ئاشکرایە ڕزگاربوونی ژن لە شەو و ڕۆژێکدا ڕوونادات، و ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامە. تەنها گەیشتنی ژن بۆ ناو بوارێکی دیاریکراو بەو مانایە نییە کە هەموو ئەو بەربەستانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە لاچوون، بۆیە پێویستە هەموو دیاردە کۆنەپەرستانە و پیاوسالارییەکان دەستنیشان بکرێت و بهێنرێتە ڕووکەش بە مەبەستی پەرەپێدان بە ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا سەبارەت بەم بابەتانە و لابردنی ئاسەواری فۆرمە پیاوسالارییە چەسپاوەکان لە هەر شوێنێک کە هەبن.
وەک دەزانین واقیعی ژنان لە عێراق و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی دوورە لە بارودۆخی ژنان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، لێرە ژنان لەژێر هەژموونی تەواوی عەقڵیەتی پیاوسالارانەدا ژیان بەسەر دەبەن بە پاڵپشتی سیستەمە کۆنەپەرست و ستەمکارەکان کە تیایاندا پلە ژێرەوەیی ژنان و چەوساندنەوەیان لە یاساکانی دەوڵەتدا چەسپێنراوە. لەگەڵ ئەمەشدا، بەدەستهێنانی هەر پلەیەک لە دەستکەوت بۆ ژنان لە هەر سووچێکی جیهان بەشدار دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاسۆی چاوەڕوانیـیەکانمان و هەنگاوێک بەرەو بەدەستهێنانی یەکسانی.
یەک شتی گرنگ کە لە ئاکامی ڕەفتارەکانی ڕوبیالیسەوە هاتە ئاراوە ئەوەبوو کە لە ماوەی چەند چرکەیەکدا پرسی توندوتیژی دژی ژنانی دووبارە گەیاندە سەرنجی هەموو جیهان، وە سەلماندی کە گۆڕانکاری دەستی پێکردوە.
لە پاش ئەمڕۆ، و لە پاشخانی بزوتنەوە جیهانیـیەکانی وەک (می توو-Me too- منیش)ی (٢٠١٧)، هۆشیاریـیەکی نوێ له ئارادایە کە توندوتیژی سێکسی چیـیە و چۆن دەناسرێتەوە و وەک “خراپەیەکی پێویست” قبووڵ نەکرێت و پەڕدەی لەسەر دانەخرێت. ئێستا جیهان دەزانێت کە هەنگاوەکانی ژن بەرەو گەیشتن بە یەکسانی بەردەوامە و ناوەستێت و ئەوەی پێشتر لای خەڵک “ئاسایی” دەبینرا، یان پشتگوێ دەخرا، چیتر وا نەماوە.
بەڵام گەیشتن بە یەکسانی بۆ ژنان بە دابڕاو لە هەموو گروپە چەوساوەکانی تری کۆمەڵگا ڕوونادات. ئێستا، لە کاتێکدا ئێمە لە جەرگەی چەندین قەیرانی جیهانیداین، لەوانە ئاسەواری پەتای کۆرۆنا، شەڕەکان، کارەساتەکانی کەشوهەوا، قەیرانە ئابووریـیەکان، قەیرانی گرانی، و سەرلەنوێ گرنگیدان بە نایەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی کە لە ئەنجامی سیاسەتە نیولیبراڵیـیەکان خراپتر بوون، پرسی گەیشتن بە یەکسانی بە هەموو فۆرمەکانیـیەوە بووەتە بابەتێکی بەپەلە کە ناتوانرێت دوابخرێت. ئیتر ناکرێ پرسی کەمکردنەوەی هەژاری، بوونی جیاوازیـیە چینایەتیـیە بەرفراوانەکان، یان ئەو نایەکسانیـیە ڕەگەزی و کۆمەڵایەتیـیانەی کە پەتای کۆرۆنا ئاشکرای کردووە، کە مەترسی ڕاستەوخۆی بۆ سەر ژیانی ملیۆنان کەسمان دروست کردووە، پشتگوێ بخرێت.
بردنەوەی جامی جیهانی تیپی فووتباڵی ژنانی ئیسپانیا دەستکەوتێکی مێژوویی گەورە بوو، بەڵام لەوە گرنگتر ئەو هیوا و ئومێدە بوو کە بە ژنان و لاوانی جیهانی بەخشی کە ستانداردەکانی پیاوسالاری بەسەر چوون و نایەکسانی دەتوانرێت کۆتایی پێ بێت، و هەراسانکردنیان لە لایەن خاوەن پلە و پایەدارەکانەوە چیتر ناشاردرێتەوە.




گرینگی مانگرتنی ئێستای پەرستاران لە بەریتانیا، ڕۆڵی لەسەر ژنانی کرێکار و مافەکانیان.. شیرین عەبدوڵڵا

کۆلیژی شاهانەی پەرستاری لە بەریتانیا* لە ڕۆژی ١٥.١٢.٢٠٢٢، بۆ یەکەمجار لە مێژووی (١٠٦) ساڵەی خۆیدا، دەستیکرد بە ڕێکخستنی گەورەترین مانگرتنی ستافی پەرستاری لە سەرانسەری وڵاتدا، کە نزیکەی سەد هەزار (١٠٠.٠٠٠) لە ئەندامەکانی لە (ئینگلتەرا) و (ئێرلەندای باکوور) و (وێڵز) بەشداری دەکەن. پێشبینی دەکرێت ئەمە قۆناغی یەکەمی مانگرتن بێت لەسەر مووچە و بارودۆخی کارکردن و سەلامەتی نەخۆش بۆ دوو ڕۆژی ١٥ و ٢٠ی (دیسەمبەر)ی ئەمساڵ، و پێشبینی دەکرێت ئەمە تەنها سەرەتای مانگرتنێکی درێژتر بێت، ئەگەر دانوسانە فەرمیەکان ئەنجام نەدرێ، یان ئەنجامێکی جێگەی ڕەزامەندیی بەدەست نەهێنن، هەروەها تیمەکانی فریاگوزاری و ئەمبوڵانس و ئاگرکوژێنەوە و بەشێک لە پزیشکانیش دواتر پەیوەندییان پێوە دەکەن.

(کۆلێژی شاهانە) بە سوودی ئەندامەکانی، لە زمانی پات کۆڵین، سکرتێری گشتی سەندیکاکەوە، داوای زیادکردنی مووچە بە ڕێژەی (%١٩) دەکات واتە لەسەدا پێنج (%٥) سەروو ڕێژەی هەڵاوسان، هەروەها داوای باشترکردنی بارودۆخی کارکردن دەکات بۆ دڵنیابوون لە دەست لەکار نەکێشانەوەی کادرەکان، و ڕاکێشانی کارمەندی نوێ بۆ ئەو پیشەیە، و دڵنیابوون لە سەلامەتی نەخۆشەکان.

ئەم مانگرتنانە بەشێکن لە زنجیرە مانگرتنێک کە ئەمڕۆ زۆرێک لە دامەزراوە گەورەکانی بەریتانیایان گرتۆتەوە، بە کۆی گشتی زیاتر لە یەک ملیۆن و (٤٠٠) هەزار ڕۆژی کارکردن کە بریتین لە کرێکارانی تۆڕی شەمەندەفەر، کرێکارانی خوێندنی باڵا، وانەبێژ و غەیرە ئەکادیمی، کرێکارانی ڕۆیاڵ مەیل، فەرمانبەرانی حکومی لە وەزارەتی ناوخۆ، شۆفێران، هەندێک هێڵی هاتووچۆی پاس، کرێکارانی دادگا و هەندێکی تر. ئەم شەپۆلە مانگرتنە لەسەر پاشخانێک سەریهەڵداوە کە زیاتر لە دە ساڵە مووچەی کەرتی گشتی خەوێنراوە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و چاودێری کۆمەڵایەتی و بەنەفیتەکان کەم کراونەتەوە و سیاسەتی نیولیبراڵ و ملکەچکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ یاساکانی بازاڕ و کێبڕکێ و کەڵەکەکردنی قازانج لەسەر حیسابی ملیۆنانی خەڵکی هەژار پیادە دەکرێت.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی (%٢٢)ی خەڵک لە بەریتانیا لە هەژاریدا دەژین. چەند ملیۆنێک لەمانە، لەنێوانیاندا نیو ملیۆن منداڵ، دۆخی (هەژاری لەڕادەبەدەر) یان بەسەر بردووە لە ماوەی (١٢) مانگی پێش پەتای کۆڕۆنا. “هەژاری لەڕادەبەدەر” خراپترین حاڵەتی هەژاریە کە مرۆڤ هیچ توانایەکی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و خواردن و پۆشاک و خۆ گەرم کردنەوەی نییە. دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات و مەترسی ئەوە هەیە کە ئەم زستانە بە هەموو مانایەک تاریک و سەخت بێت بۆ بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای بەریتانیا.

هۆکار و کاردانەوەکانی مانگرتنی پەرستاران،

کرێ و بارودۆخی کارکردن:

ژمارەیەکی زۆر لە پەرستاران لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی کەمی مووچەوە پیشەکەیان بەجێهێشت، بەڵام کرێ تاکە هۆکار نەبووە. ئەندامانی (کۆلێژی شاهانە)، وەک هەموو کارمەندانی چاودێری تەندروستی و کۆمەڵایەتی لە بەریتانیا، بەهۆی فشاری کارە بێوچانەکانەوە بەدەست ماندوێتییەکی زۆرەوە دەناڵێنن و ئەم فشارە تاڕادەیەکی زۆر لە ماوەی پەتای کۆڕۆنادا توندتر بووە. بەهۆی ئەم مەرجانەوە پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی کار قورسە، ئەمەش بارگرانی لەسەر ئەو کرێکار و فەرمانبەرانە زیاد دەکات کە لە پیشەکەدا دەمێننەوە.

بەیاننامەیەک کە لە لایەن کۆلێژەکەوە لە مانگی یەکی ساڵی (٢٠٢٢) پێشکەش بە پەرلەمانی بەریتانیا کراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئێستادا زیاد لە (٣٩.٨١٣)، تێکڕا لەسەدا دە و نیو (%١٠.٥) پۆستی بەتاڵ لە هێزی کاری پەرستاری لە ئینگلتەرا هەیە.

هەروەها بەیاننامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ستافی پەرستاری تەندروستی گشتی (ناشناڵ هێڵث سێرڤس- ان اچ اس) بە شێوەیەکی عادلانە پاداشت نادرێنەوە بەرامبەر بە پلەی بەرزی لێهاتوویی پیشەیی و مەترسی پیشەیی بە بەراوورد بە کەرتەکانی تر و کەرتی تایبەت.

داواکاری زیادکردنی مووچە بە ڕێژەی (%١٩) بۆ قەرەبووکردنەوەی لێبڕینەکانە کە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لە ئەنجامی سیاسەتەکانی (پاشکەوتکردن بۆ زیادکردنی کارایی) و خەواندنی مووچەی کەرتی گشتی لە ساڵی (٢٠١٠) ەوە تا ئێستا، کە مووچەی ڕاستەقینەی پەرستارانی خاوەن ئەزموونی خراپتر هێشتۆتەوە بە ڕێژەی (%٢٩)، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنانەت ئەگەر پەرستاران (%١٩) زیادبوون وەربگرن، هێشتا بەهای ڕاستەقینەی مووچەکانیان کەمتر دەبێت لە ساڵی (٢٠١٠).

پەرستاری و مافی ژنانی کرێکار:

پیشەی پەرستاری لە مێژوودا پیشەیەکی ژنان بووە، کە تێیدا بەرزترین سیفەتە مرۆییەکان تێکەڵ بە لێهاتوویی پیشەیی و بەکارهێنانی زانستی دەبن. سەرەڕای گۆڕانی ئەم شێوازە لە سەردەمی ئێمەدا کە زۆرێک لە پیاوان لەم پیشەیەدا کار دەکەن، و سەرەڕای ئەو هەموو پێشکەوتنە زانستییە زەبەلاحانەی کە لە سەردەمی فلۆرانس نایتنگەیل (پێشەنگی پەرستاری مۆدێرن) ەوە بەدەست هاتوون، ئەو بۆچوونە نەریتییە هەر ماوتەوە کە پیشەکە وەک خزمەتگوزاری یان “بانگەوازێکی مرۆیی” یان “ئەرکێکی خێرخوایی” دەبینێت کە ژنان بە خۆبەخش و بۆ یارمەتیدانی ئەوانی دیکە کاردەکەن، لەبری ئەوەی وەک پیشەیەک سەیر بکرێت کە هەردوو جەندەر کاری تیا دەکات و ئاستی بەرزی لێهاتوویی و توانایی جەستەیی و دەروونی، و زیهنی دەوێت. ئەمەش بووەتە هۆی بەکەم نرخاندنی پیشەکە و بێزارکردنی مۆڕاڵی کادرەکانی.

ڕێکخستنی مانگرتن بۆ کارمەندانی تەندرووستی هەمیشە زەحمەتە، بەو پێیەی ڕاگرتنی دەوام تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی نەخۆشەکان دەبێت. بەو پێیەی کە پاڵنەری زۆربەی ئەوانەی لەم بوارەدا کار دەکەن حەز بە یارمەتی و هەستی ئینسانییە، زۆر قورسە بۆیان نەخۆشەکانیان بەجێ بهێڵن لەکاتێکدا کە ئەو نەخۆشانە پێویستیان بەمانە. مانگرتن لە نەخۆشخانە یان کلینیکێکی پزیشکی وەک مانگرتن بۆ نموونە لە کارگەیەکی ئۆتۆمۆبیل نیـیە.

سیستەمە تەندرووستییەکان، نەک هەر لە بەریتانیا، بەڵکو لە هەمو جیهاندا، بەهرەبەردارییەکی خراپ لە دڵسۆزی و گیانی ئینساندۆستانەی کادیرەکانیان دەکەن، و مافە پیشەییەکانیان پێشیل دەکەن و هەروەها پلە نزمی ژن لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا ڕێگە بۆ ئەم پێشێلکاریە خۆش دەکات و ئاسانتری دەکات.

نایەکسانی حەقدەست و مافەکانی ژنان لە هەموو سێکتەرەکاندا زۆر بە زەقی لە کەرتی پەرستاری و تەندروستیدا دەبینرێت، بەڵام ژنی پەرستار وەک هەر کرێکارێکی تر ژنێکی کرێکارە، و مافی خۆیەتی مانبگرێت و داوای مافی یەکسان بکات و کارەکەی بەو پێیە هەڵسەنگێنرێت کە شایەنیەتی.

سیاسەتەکانی جیاکاری لەنێوان مانگرتوان و جەماوەردا:

حکومەتەکان بەتایبەتی سوود لەم خاڵە وەردەگرن بۆ ئەوەی بیروڕای گشتی بەدژی مانگرتوان بورووژێنن و هاوسۆزی خەڵک کەم بکەنەوە بۆ هەر مانگرتنێکی ستافی پزیشکی و بڵاوەپێکردنی ڕیزەکانیان، وەک ئەوەی لە مانگرتنی گشتی پەرستاراندا لە ساڵی (١٩٨٨)دا ڕوویدا، کاتێک (تاتشەر) کرێکارانی مانگرتووی تۆمەتبار کرد بە وەی کە “بە ئەنقەست دژە نەخۆشن” و ” بارگرانی لەسەر شانی ئەو پەرستارانە زیاد دەکەن کە هەرگیز خەونیش بە مانگرتنەوە نابینن چونکە واز لە نەخۆشەکانیان ناهێنن”!

(ڕیشی سوناک)، سەرۆک وەزیرانی ئێستای بەریتانیا، مانگرتنەکانی ئێستای ئیدانە کرد و ڕایگەیاند، مانگرتنەکان “مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر خێزانە زەحمەتکێشەکان”، وەک ئەوەی کارمەندانی تەندروستی، پەرستاری، ئەمبولانس، هێڵی ئاسن، گواستنەوە و پۆست خێزان و کەسانی زەحمەتکێش نەبن لە دەرەوەی ئەم پۆلێنکردنە بن. بەم شێوەیە حکومەتەکان هەوڵ دەدەن ناتەبایی لەنێوان سێکتەرەکانی جەماوەری ناڕازیدا بچێنن و ڕیزەکانیان بڵاوە پێبکەن، بەڵام جەماوەر ئاگاداری ئەوە بووەتەوە و هاوسۆزی بۆ پرسی مانگرتووان بە گشتی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.

پەرستاران تۆمەتبار دەکرێن بەوەی کە سەلامەتی نەخۆشەکانیان پشتگوێ دەخەن و بایەخیان بپێنادەن، بەڵام مانگرتووان دەڵێن، هەر ئێستا ژیانی نەخۆشەکانیان لەمەتریسدایە و دەمرن، بەهۆی خراپی بارودۆخ و قورسی کارەکە و فشاری کار و کەمی ژمارەی کرێکاران بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی نەخۆشەکان و بیرۆکراسی زیاد لە پێویست. وە ئەوان خۆیان بەرپرسیار دەزانن کە ئێستا دەبێت دەنگیان بەرز بکەنەوە لە پێناو پاراستنی نەخۆشەکانیان و داهاتووی پیشەکەیان و پاراستنی خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی.

مانگرتن و ڕێکخستن وەک ئامرازێکی گرینگ بۆ گەیشتن بە داواکارییەکان

 و گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسانیخواز:

مانگرتووان باش دەزانن کە مانگرتن ڕێگەیەکی سەلمێنراوە بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری. مانگرتنی ئەندامانی (کۆلێژی شاهانەی پەرستاری) لە (ئێرلەندای باکوور) لە ساڵی (٢٠١٩) یارمەتیدەر بوو بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی مووچە لەگەڵ (ئینگلتەرا) و (وێڵز). هەرچەندە مانگرتنی ساڵی (١٩٨٨) نەیتوانی یەکسانی مووچە لەگەڵ پیشەکانی دیکەدا بەدەستبهێنێت، یان بارودۆخی کارکردن باشتر بکات، بەڵام (تاتشەر) لەو کاتەدا ناچار بوو کرێ بە ڕێژەی لەسەدا پانزە و لەدەدا سێ (%١٥.٣) بەرز بکاتەوە.

ئەمە و سنووردانانیش بۆ کاتی دەوامی ڕۆژانە و مافی پشووی کۆتایی هەفتە دەستکەوتی خەباتە ڕێکخراوەکانی دوو سەدەی ڕابردوون.

گەیشتن بە داواکارییەکانی پەرستاران لە بەریتانیا دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگ و هۆکاری بەهێزکردنی مۆڕاڵی سێکتەرەکانی دیکە، بە ئەگەری گەیشتن بە داواکارییەکانیان. جگە لەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی پیشەی پەرستاری وەک پیشەیەک کە پلەیەکی بەرزی لێهاتوویی هەبێت کە تێیدا زانست لە پێناو سەلامەتی و خۆشگوزەرانی مرۆڤدا بەکاردەهێنرێت و بەو پێیەی ژنان زۆرترین ڕێژەی کرێکارەکانین، دەبێتە هەنگاوێک بەرەو سەپاندنی یەکسانی لە مووچە وماف و بارودۆخی کرێکارانی ئەم کەرتە یەکجار گرنگە، و هەروەها دەبێتە ئیستانداردێک کە کرێکاران و ژنانی کرێکار لە ووڵاتانی جیهان و سیستەمە تەندروستیەکانیان سوودی لێ وەربگرن بۆ پەرەپێدان بە مافەکانیان.

دەبێت هەمومان پشتگیری تەواوی مانگرتنی پەرستارانی بەریتانیا بکەین.

١٨-١٢-٢٠٢٢

شیرین عەبدوڵڵا

****************************

 * (کۆلێژی شاهانەی پەرستاری) لە بەریتانیا گەورەترین سەندیکای پەرستارییە لە جیهاندا. هەم دەزگایەکی پیشەیی و هەم سەندیکایەکی کرێکارییە. زیاتر لە ٤٥٠ هەزار ئەندامی ستافی پەرستاری و مامان و خوێندکار و یاریدەدەری پەرستاری هەیە.

شایانی باسە کە ئەم کۆلیژە تا ساڵی ١٩٩٥ سیاسەتی مان نەگرتنی پەیڕەو کردوە وتەنانەت مانگرتنی ساڵی ١٩٨٨ی ئیدانە کرد، کە لەلایەن پەرستارانی تەندروستی دەروونییەوە دەستیپێکرا و لە سەرانسەری وڵاتدا تەشەنەی سەند.




سەبارەت بە بڕیاری حکومەتی بەریتانیا بە نادرنی پەنابەران بۆ ڕواندا… شیرین عەبدوڵڵا

لە درێژەی سیاسەتە دژە پەنابەرەکانی حکومەتی کۆنسەرڤاتیڤی بەریتانیادا، ئەم ووڵاتە دەیەوێت یاسایەکی نوێ بچەسپێنێت. لە ناوەڕاستی مانگی نیسان/ ئەپریلی ٢٠٢٢ بەریتانیا ڕێکەوتنێکی لە گەڵ ڕواندا واژوو کرد کە بەرپرسایەتی هەڵسەنگاندنی داوای پەنابەری دەداتە دەست ڕواندا.
بەپێی ئەم ڕێکەوتنامەیە، ولە بەرامبەر ١٢٠ ملیۆن پاوەندی بەریتانیدا، ڕواندا، کە زیاتر لە 6500 کیلۆمەتر دوورە لە بەریتانیاوە، بەرپرس دەبێت لە گواستنەوەی داواکارانی پەنابەری بەریتانیا، چاودێریی بەرەوپێشچوونی داواکارییەکانیان ولە کۆتاییدا، ئەگەر داواکارییەکەیان قبووڵ کرا، بۆ ماوەی درێژ خایەن لە ڕواندا نیشتەجێ دەکرێن. ئەم ڕێکەوتننامەیە یەکێکە لە بەندەکانی پڕۆژەیاسای هاوڵاتیبوون و سنوورەکان، کە تێیدا هەر کەسێک بە نایاسایی بگاتە بەریتانیا وهەروەها ئەوانەی لە ١.١..٢٠٢٢ ەوە هاتوون، دەتوانرێت نەک هەر تووشی گرتن ودادگایی کردن بن (بە تۆمەتی داخڵ بوونی ووڵات بە نایاسایی) بەڵکو بگوێزرێنەوە بۆ ڕواندا، وبەتایبەتی ئەو گەنجە تاکانەی بە ڕێگای نایاسایی و مەترسیداری وەک بەلەمە بچووکەکان دەگەنە ئەم ووڵاتە.
ئەم ڕێکەوتننامە دژە پەنابەرو دژە ئینسانیە، دژ بە کەسانێکە بە سەختترین زرووفی ژیانیاندا تێدەپەڕن و بە هۆی شەڕ ونائارامی توندوتیژی و یان کارەساتی سروشتی وئاکامەکانیەوە (کە سیستەمی نایەکسانیی سەرمایەداری خۆی وە بەریتانیا وەک یەکێک لە نوێنەرە جیهانیەکانی، بە ڕاستەوخۆ دروستکەر وخوڵقێنەرین) بە ناچاری هەڵکەنراون لە ڕێ وشوێن وکۆمەڵگای خۆیان وناچاری ژیانی ئاوارەبوون کراون ولەم ڕێگەیەدا تووشی دەیان مەترسی بۆ سەر ژیانیان بوون کە ساڵانە بە سەدان وهەزارانیان لێ دەمرێت و دەخنکێت وبێسەر و شوێن دەبێت..
ئەمە هەنگاوێکی کەی ئەم ووڵاتەیە دژ بە خەڵکی هەژار وچەوساوە، بۆ زیاتر چەسپاندنی نایەکسانیەکان وشان خاڵی کردنەوەی دەوڵەتە لە بەرپرسایەتی لەژیان و خۆشگوزەرانی ئینسانەکان. هەروەک چۆن بەردەوام شاڵاو ئەبات بۆ سەر خزمەت گوزاری ومافە گشتیەکان وەک تەندروستی، پەروەردە و خوێندن، بیمەی بێ کاری وخانووبەرەی دەوڵەتی و هاتوچۆ..هتد. پێیان دەڵێت بەتەمای دەوڵەت مەبن هیچ پشتگیریەک وهیچ ئاسانکاریەکتان بۆ بکات، ووڵات ووڵاتی سەرمایەداران و بانک وکۆمپانیا و کارتێلە زەبەلاحەکانە ولەخزمەت بەرژەوەندی ئەواندایە. تۆ ئەگەر لێت قەوماوە، ئەگەر برسیت، هەژاریت، نەخۆشیت، پەک کەوتەیت، ئاوارەیت، ستەم لێکراویت، نەخوێندەواریت، بێکاریت، بێخانەو لانەیت یان بە هەر جۆرێک پەراوێز خراویت لەم کۆمەڵگاکەدا، ئەوا خۆت بەرپرسیاریت. سیستەمی سەرمایەداری و مۆدێلە نیولیبرالیەکەی هەموو فرسەتێک وهەمو قەیرانێک بەکار دەهێنێت بۆ دەست بەرداربوونی دەوڵەت لە دابیینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ کرێکاران و نەداران و چەوساوەکان.
ئەم ڕێکەوتننامەیە پشت گوێ خستنی هەموو ئیستاندارێکی جیهانی وتەنانەت ئەو پەیماننامانەی کە خودی بەریتانیا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەران تا ئێستا پابەندێتیی***. ئەڵبەتە، برێکزیت فرسەتی دەستبەرداربوونی بۆ خوڵقاندون لەم پەیماننامانە ولە چەندین ئیلتیزاماتی تری نێو دەوڵەتی وەک مافەکانی کرێکاران وەک سەعاتی کار و پشوو، لانی کەمی کرێ ومافی مان گرتن وڕێکخراوبوون ..هتد وتا بە ئارەزووی خۆیان و بە بێ پەیوەست بوون بە هیچ ستانداردێکی جیهانی، دەستیان ئاوەڵا بێت بۆ چەوسانەوەی ئینسانەکان وپەرە پێدانی نایەکسانیەکان لەخزمەت پتەو کردنی سەرمایەداری نیۆلیبراڵی و کەڵەکەی زیاتری سەرمایە.
ئاشکرایە حکومەتە ڕاستڕەوەکەی بۆریس جۆنسۆن بە نوێەنەرایەتی وەزیری ناوخۆ پریتی پاتێڵ، ئەم ڕێکەوتنامە دڕندانەیەی، لە پێناو دەستکەوتی سیاسی حیزبی کۆنسێرڤاتیڤدایە و بۆ ڕازی کردنی ڕای گشتی ڕاستڕەوەکانی بەریتانیایە کە پێیان وایە پەنابەران سەرچاوەیەکی سەرەکی کێشە ئابووری وکۆمەڵایەتیەکانی ئەم ووڵاتەن وگوایا بەم سیاسەتە بەر بە گەیشتنی نایاسایی پەنابەران دەگرن لەڕێگای کەناڵی ئینگلیزیەوە. شایانی باسە، بەریتانیا و ووڵاتە ئەوروپیەکان بە گشتی، بەردەوام خەریکی داخستن و قورس کردنی هەموو ڕێگەکانی تری پەنابەری وپەنابەریی “یاسایی” بۆ ئەم ووڵاتانە ڕۆژ بەڕۆژ سەخت و سەخت تر دەبێت. هەمومان دیمەنە دڵتەزێنەکان و تراژیدیای دۆزینەوەی تەرمی ئەو ٢٧ کەسەمان لە یادە کە لە نۆڤەمبەری ٢٠٢١ بەلەمە لاستیکەکەیان لە کەناڵی ئینگلیزی قڵپ بوەوە، کە ئەمە یەکێک بوو لە گەورەترین تراژیدیاکانی لەم جۆرە و ئاکامێکی ڕاستەوخۆی قایم کردنی سنوورەکانە. ئەگەر ڕێگەی یاسایی ئاسان هەبێت بۆ داواکاری پەنابەری بۆچی ئەو گەنجانە چارەنووس وژیانی خۆیان دەخەنە ژێر رەحمەتی شەپۆلەکانی دەریاوە.

ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا مەئساتەکانیان چەند قات دەکات وبێ گومان کۆمەڵیک لە کارەسات و گرفتی تازە دەهێنێتە ڕێیان بەتایبەتی ئەوەی کە ڕێژەیەکی بەرجاو لە پەنابەران ژن و منداڵن کە تووشی توندو تیژی وستەم بوون، ئەوان دەنێردرێن بۆ ووڵاتێکی نائارام کە سیستەمی نیشتەجێبوونی ئاوارە وئاسانکاری بۆ ئینتیگرە بوونیانی تیا نیە، کە هێشتا ئاسەوارەکانی جینۆسایدی ١٩٩٤ی پێوە ماوە، (کە لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژدا زیاد لە ٨٠٠٠٠ کەس، زۆربەی لە توتسیەکان، قەتڵ وعام کران لە شەڕی ناوخۆییدا)، وتەنانەت ساڵی ڕابوردوو حکومەتی بەریتانیا خۆی نیگەرانی لای نەتەوە یەکگرتوەکان دەربڕی سەبارەت بە بانگەشەکانی ‘کوشتن، مردن لە کاتی دەستبەسەریدا، وون کردنی زۆرە ملێ و ئەشکەنجەدان’ لە ڕواندا، وەهەروەها بەرتەسکی مافە مەدەنی وسیاسیەکان لەو ووڵاتەدا.
ئاشکرایە عێراق وکوردستان یەکێکن لە گەورەترین سەرچاوەکانی ئاوارەیی لەجیهاندا ولە سایەی نزیک بە ٣٠ ساڵ لە مۆدێلی ئابووری سەرمایەداری نیۆلیبراڵی وڕژێمی سیاسی قەومی وتایەفەیی ئەم ووڵاتەدا ژیان بۆتە دۆزەخ هەر بۆیە گەنجانی ئەم ووڵاتە ڕۆژانە بە لێشاو ڕوو دەکەنە سنوورەکان وبە ناچار، چارەنووسی خۆیان و منداڵیان دەخەنە دەست مافیاکانی قاچاخچی بەشەر. ناردنی ئەم کوڕ و کچە گەنج و منداڵانە و فامیلیەکانیان بۆ ڕواندا چەپۆکێکی بێ بەزەییە بە ڕوویاندا و کوشتنی هەموو هیوایەکیانە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئاسوودە وئارام کە مافێکی سەرەتایی ئەوانە.
مافی پەنابەری ونیشتەجێبوون لە ووڵاتێک کە ئینسانەکان سەلامەتیان تیایدا پارێزراوبێت، یەکێکە لەو دەستکەوتانەی ئازادیخوازانی دنیا بە خەباتی چەندین ساڵ بەدەستیان هێناوە. ئەم سیاسەتە ئەگەر سەر بگرێت هەنگاوێکی گەورەیە بۆ دواوە وڕێگە خۆش دەکات بۆ سەندنەوەی زیاتر لە مافە سەرەتاییەکانی بەشەر. ئەم پرۆژە یاسایە شتێک نیە جگە لە ئاگر خۆشکردنی گوتاری سیاسی ڕەگەزپەرستی ونایەکسانی وئەرکی ئێمەی ئازادیخوازە کە بە توندی دژی بوەستینەوە.

شیرین عەبدوڵڵا
10.5.2022


  • پڕۆژەیاسای هاوڵاتیبوون و سنوورەکان کە لەمانگی تەمموزی 2021 دا خرایە بەردەم پەرلەمان، هەندێک بەندی تری تێدایە دەربارەی نەتەوە، پەنابەری، کۆچبەران، قوربانییەکانی کۆیلایەتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ.
    **یەکێک لە بەندەکانی تایبەت بە پەنابەران: ئەو پەنابەرانەی بە نایاسایی داخڵی بەریتانیا دەبن، دەتوانرێت بەناوی سەرپێچیەکی نوێوە دادگایی بکرێن کە ئەویش گەیشتنیانە بە بەریتانیا بە شێوەیەکی نایاسایی ولەوانەیە بۆ چوار ساڵ دەستگیر بکرێن.
    ***بەریتانیا، پابەندی دوو پەیماننامەی نێو دەوڵەتی پەنابەریە: یەکەمیان: پەیماننامەی پەنابەری ١٩٥١ی نەتەوە یەکگرتوەکان کە حەوت دەیە پێش ئێستا ئیمزای کردوە کە ناردنەوەی خەڵک قەدەغە دەکات بۆ ووڵاتێک کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەبێت وە یان ئازادیان لێ زەوت بکات. دووەم: پەیماننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە هیچ کەس نابێت بخرێتە ژێر زەبری ئەشکەنجەدان وسزای نائینسانی وخراپ مامەڵەکردن وڕیسواکردن.
    بە پێی یاسا نێو دەوڵەتیەکان، هەر کەسێک مافی پەنابەری هەیە لەو ووڵاتەی کە پێی دەگات. یاسای یەکێتی ئەوروپا ناسراو بە یاسای ‘دوبلینی سێهەم’ ڕێگە دەدات پەناخوازان بگەڕێنرێنوە بۆ یەکەم ووڵاتی ئەندامی یەکەێتی ئەوروپا کە کەسێک بیسەلمێنێت لێوەی هاتۆتە ناوەوە. بەڵام لەپاش برێکزیت بەریتانیا چیتر بەشێک نیە لەم ڕێکخستنە وهیچ پلانێکی لەجێیدا واژۆ نەکردوە هەر بۆیە گواستنەوەی کۆچبەران بوەتە کێشەیەک، ولەلایەکی کەشەوە چونکە پابەندی هیچ پەیمانێک نیە، دەستی ئاوەڵا بوە تا بە ئارەزووی خۆی چارەنووسی پەنابەران دیاری بکات.



ئەفسانەی پاکیزە یی، ووەهمی پشکنینی پەردەی کچێتی و “چاککردنەوەی” کچێتی ؟!.. شیرین عبدوڵڵا

لە کۆمەڵگای پیاوسالاری ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وهەمو ئەو ووڵاتانەی ژێر دەسەڵاتی ئیسلام، یەک شت کە ژنان لێی بێ بەشن، ئەویش سەربەخۆییە بەسەر فیکر وهەڵسو کەوت و جەستەی خۆیاندا.
بە پێی داب و نەریتی کۆنەپەرستانەی کۆمەڵایەتی، هاوژینی و سێکس کردن پێش هاوسەرگیری لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئاینیەوە لەم کۆمەڵگەیانەدا بۆ ڕەگەزی مێ قبووڵ نیە و وەک تاوان مامەڵە دەکرێت. ژن موڵکی تایبەتی پیاوە، وشەرەف وەک حاڵەتیێکی سایکۆلۆژی پیاو وئامرازێکی کۆنترۆڵ و ژێر دەستەیی ژن، بەستراوەتەوە بە پاکیزەیی ژنەوە. هەر لەکەیەک وە یان گومانێک لەپاکیزەیی ژن دەرەنجامی یەکجار قورسی لێ دەبێتەوە وەدەبێتە مایەی شەرمەزاری ونەفرەت لێکردن لەبەر لەکەدارکردنی ئابڕووی خێزانی وتووشی توندوتیژی وهەڵوەشانەوەی هاوسەرگیری وتەڵاق وتەنانەت کوشتن بە مەبەستی ‘سڕینەوەی عەیبە’ و ‘بەرگری کردن لە شەرەف’.

دیاردەیەک کە بە ڕاددەیەکی بەرچاو لەزیادبووندایە ئەویش پشکنینی پەردەی کچێنی* (غشاء البکارە)، بە مەبەستی سەلماندنی پاکیزەیی کچ لە بەرامبەر مێرد و کەسوکاری ئەودا وە هەروەها کەسوکاری کچەکە خۆیدا. بە هۆی ئەوەی لە ‘بازاڕی هاوسەرگیریدا’ بەهای کچی پاکیزە لەسەرترە، ویان بۆ لابردنی گومان لەسەریان، وە وەک جۆرێک لە “تاقی کردنەوەی کاڵا پێش کڕین”، کچەکان یان لە ڕێگەی پۆلیس و دادگاوە، وە یان بە شێوەیەکی نهێنی لە کەرتی تایبەتدا، ولە هەردوو حڵەتەکەدا، لە ژێر بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی بێ ئەندازە گرژ وسەختدا، لەلایەن کەس وکاری خۆیان یان مێردەکانیانەوە، ڕاپێچی پزیشکی دادوەری وە یان کلینیکە پرایڤەتەکان دەکرێن تاکو لێکۆڵینەوە وپشکنین لە ڕابوردوی سێکسییان بکرێت.

بەڵام ئەم پشکنینە، چ ئەگەر لە ڕێی پۆلیس و دادگاوە ئەنجام بدرێت، وە چ بە شێوەی نهێنی لە کلینیکە پرایڤەتەکان، خۆی جگە لەوەی کە سوکایەتی پێکردنێکی تەواوە بەم کچانە وڕیسوا کردنیانە، وتووشی بارودۆخێکی دەروونی زۆر سەخت و دژواریان دەکات، وبە جۆرێک لە دەست درێژی جەستەیی دادەنرێت، سەرەڕای ئەمانە هەمووی، لە ڕاستیدا ئەم پشکنینە ناتوانێت هیچ بسەلمێنێت وهیچ بنەمایەکی زانستی نیە. پشکنینی کچێتی تەنها وەڵامێکی سەقەتە بە، وتەعبیرە لە، خۆرافە وجەهلێکی کۆمەڵایەتی مێژوویی سەدان ساڵە وبەردەوامی بەمە دەدات.
بۆ هەندێک لەم گەنجانە کە لە ڕابوردودا تووشی دەست درێژی سێکسی بوون، ئەم پشکنینە دەبێتە هۆی بەبیر هێنانەوەی ڕووداوەکە (یان ڕووداوەکان) ودووبارەبونەوەی ترۆما وتووشبوونی کێشەی دەروونی کە لەوانەیە بگاتە ڕادەی خۆکوشتن.

چاککردنەوەی پەردەی کچێتی:
بە زیاد لەوەی کە ئەم پشکنینە ئازار بەخشە نازانستیە بەربڵاوە لە کۆمەڵگەدا، بەڵکو بەمەبەستی نەهێشتنی گومان و دووبارە درێژەدان بە ئەفسانەکە، چارەسەری ساختەش پەیدا بووە ولەگەشەدایە، ئەویش بە ‘دورینەوە’ یان ‘چاککردنەوەی’ پەردەری کچێتی**.
هەبوونی ئەم ‘پێداویستیە کۆمەڵایەتیە’ و ئەو زوروفە کۆمەڵایەتیە ئاڵۆزەی تیایدا ئەنجام دەدرێت، باشترین فرسەتی خوڵقاندوە بۆ ئیستغلال و کەڵک وەرگرتن وقازانج وکردوویەتی بە کاڵایەکی نموونەیی لە بازاڕی سەرمایەداری نیولیبراڵیدا، چاوپێخشانێکی خێرا بە ئینتەرنێتدا دەری دەخات پزیشک و کلینیکە پرایڤەتەکان وەک نەشتەرگەریەکی ‘جوانکاری’ (کە هیچ سوودێکی بۆ تەندروستی کچەکە نیە) بەینی ١٠٠$ – ٤٠٠$ بۆ پشکنین و ١٠٠٠$ تا ٣٠٠٠$ بۆ نەشتەرگەری دەستێنن.
ئەوەی کە ئەم کاڵایە بێ سوودە، یان تەنانەت زیان بەخشە بە کچەکە، وە یان لە ڕووی مۆڕاڵیەوە قبووڵ نیە، ڕێگری نین لەبەردەم بازاڕی ئەم کاڵایەدا ودەسەڵاتدارانیش باکیان نیە و ڕێی پێ ناگرن چونکە لەگەڵ سیستەمەکەدا ناکۆک نیە.

کۆکردنەوەی زانیاری وئامارەکانی ئەم پشکنین و نەشتەرگەریانە ئاسان نیە لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی یەکجار نهێنی ئەنجام دەدرێن وزۆر جار فایلەکانی ئەم کەیسانە لەناو دەبرێت بۆ سڕینەوەی بەڵگە، وە هەروەها نە کچەکان و نە کەسوکاریان وە نە پزیشک و کلینیکەکان ئامادە نین زانیاری تۆمار کراو بدەن بەدەستەوە. بێگومان لە سایەی ئەم نهێنیکاریەدا ئەگەری زیان پێ گەیشتنی کچەکان دوو قات دەبێت، ئەگەر توشی هەر گرفتێک بن لەئاکامی نەشتەرگەریەکەوە ئەوا بەدواداچونی پزیشکی و هەروەها یاسایی زۆر زەحمەتە بۆیان.
شایانی باسە، نە پشکنینی کچێنی و نە ئەم نەشتەرگەریانەی ‘چاککردنەوەی’ کچێتی، لە هیچ کۆلیژێک و سیستەمێکی پزیشکیدا ناخوێندرێت وهیچ استانداردێکی زانستی وڕێنمایی (گایدلاین) ێکی پزیشکیان بۆ نیە، هەر بۆیە بە شێوەی جۆراو جۆر ئەنجام دەدرێن وهەندێک جار لە لایەن کەسانێکەوە کە مەرج نیە هیچ ڕاهێنانێکی پزیشکیشیان هەبێت. دووبارە ئەمەش هۆکارێکی کەیە بۆ زیاد بوونی ئاڵۆزی وناڕۆشنی و بارێکی هەستیار کە دروست دەبێت بۆ ئەم کچانە.

بۆچی ئەم پشکنینە هیچ ناسەلمێنێت؟
چەند فاکتێک:
پەردەی کچێنی بریتیە لە پارچە پێستیکی تەنک لە ناو زێی مێدا کە کردنەوەیەکی بچوکی تێدایە کە خوێنی مانگانەی لێوە دێتە خوارێ. ئەم بەناو پەردەیە هیچ وەزیفەیەکی بایۆلۆجی وفیسیۆلۆجی نیە، بوون ونەبونی ئەم پەردەیە بەهیچ جۆرێک هیچ کاریگەریەکی لەسەر تەندروست و هەڵسو کەوت و فەنکسیۆنی هیچ کام لە ئەندامەکانی جەستەی ژن نیە ونەبوە ونابێت، بەڵام گرنگە بزانین ئەو کەسانەی کە پەردەیان بەتەواوی داخراوە وکردنەوەی تیا نیە، توشی قەتیس بوونی خوێنی مانگانە دەبن وکیشەی تەندروستیان دەبێت وپێویستان بە چارەسەری پزیشکی هەیە.

جۆرەکانی ئەم بە ناو پەردەیە لە زۆرێک لە میدیا و لاپەڕەکانی تۆڕی ئینتەرنەتدا هەیە و لێرەدا نایهێنمەوە بەڵام ئەوەی گرنگە ئەم پەردەیە هەندێک جار ئەوەندە تەنکە کە لەکاتی سێکس کردندا بۆ یەکەم جار وە یان لە ئەنجامی زەبری دەرەکی ئیمکانی هەیە بدڕیت ولەوانەیە یەک دوو دڵۆپ خوێن ببینرێت. لە هەمان کاتدا، وبە پێچەوانەی ئەو هەزاران وێنە ودایەگرام و ڤیدیۆ یوتیوبیانەی لە سەر ئینتەرنێت دەبینرێت، ئاوا صاف و ڕێک وپێک نیە، بەڵکو چرچ ولۆچە و قابیلی کشانە، واتە مەرج نیە بدڕێت و خوێنی لێ بێت.
ئەم دڵۆپە خوێنەیە کە وەک بەڵگەی بێ تاوانی بەکار هاتوە وچەندین سەدەیە کۆمەڵگای بەشەری حوکم بەسەر ژناندا دەدات وکاتیک ئەگەر ئەم دڵۆپە خوێنە نەبینرێت گومان دروست دەبێت وتۆمەتی ناپاکیزەیی و بێمتمانەییان دەخاتە پاڵ ودۆزەخیان بۆ دادەگیرسێت و پاساو بۆ کوشتنیان دەکرێت بە بیانووی ئابڕوو چوونەوە.
جگە لە سێکس، چەندین هۆکاری دەرەکی هەیە کە دەبێتە هۆی دڕاندن یان شکاندنی پەردە. لەوانە کەوتن یان باز هەڵدان، هەندێک جۆری وەرزش وەک سواری ئەسپ وپاسکیل ..هتد، وئەم کەسانە کە بۆ یەکەم جار سێکس دەکەن خوێن نابینن.
ئەبێت ئاگاداری ئەوەش بین کە هەبونی خوێن لە کاتی جووت بووندا و یان لەپاش سێکس ودوبارە بونەوەی ئەم خوێنە لەوانەیە نیشانەی نەخۆشیەکانی کۆئەندامی زاووزێ بێت ودەبێت بە بێ دواکەوتن پشکنینی بۆ بکرێت تاکو چارەسەر بکرێت.

دژە ژنی بەڕەسمی:
لە عێراق و کوردستان، پشکنینی غشاء البکارە لە لای لیژنەیەکی پزیشکی دادگایی کە لە ٣ کەس پێک هاتووە دەکرێت دوای هێنانی نوسراوێک لە لایەن پۆلیسەوە. واتە لەم کۆمەڵگایەدا کە کۆنەپەرستی تیا زاڵە، ئەم پراتیکە دژە ژنانەیە ڕەسمییەتی هەیە، وژنان وەک تاوانبار سەیر دەکرێن، دەستگاکانی پۆلیس و دادگا لە خزمەتی داب و نەریتی پیاوسالاری وکۆنەپەرستیدان، لەکاتێکدا کە ژنەکان هیچ جۆرە پاڵپشتێکی یاسایی وکۆمەڵایەتیان نیە و ژیانیان بە ڕاستی دەکەوێتە مەترسیەوە. ئەم پراتیکانە ئەڵقەیەکن لە زنجیرەی توندوتیژی دژی ژن و دەبێت قدەغە بکرێن نەک ڕەسمییەتیان پێ بدرێت.

پاش چەندین سەدە لەم کردەوە دژە ژنانەیانە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٨دا کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەوازی قدەغە کردنی پشکنینی کچێتیان دەرکرد، لەبانگەوازەکەیاندا دەڵێن: “کچێتی یان پاکیزەیی ووشەیەکی زانستی یان پزیشکی نیە، بیرۆکەی پاکیزەیی شتێکی کۆمەڵایەتی وکولتوری ودینییە، وتەعبیرە لە جیاوازی وژێر دەستەیی ڕگەزی مێینە لە کۆمەڵگادا..” ***
بەڵام کێشەکە ئەوەیە، کە هەرچەندە قەدەغە کردنی ئەم جۆرە دەست درێژیانە بۆ سەر جەستەی ژنان هەنگاوێکی گرنگ و پێویستە، بەڵام بانگەوازێک بە تەنها گۆڕانکاری دروست ناکات و لە توندوتیژی دژی ژنان کەم ناکاتەوە. بەڵکو دەبێت کۆتایی بەو بنەما کۆمەڵایەتیانەی کە سەرچاوەی نایەکسانی وتوندوتیژی جەندەریە بهێنرێت.
لە ڕاستیدا، تەنها ڕێگە یەک بۆ زانینی ڕابوردوی سێکسی کەسێت ئەوەیە لە خۆی بپرسیت، بەڵام تەنها کاتێک دەتوانرێت چاوەڕوانی وەڵامی ڕاستەقینە بیت کە ژنان سەربەخۆیی وئازادی تەواویان هەبێت لە هەڵبژاردنەکانیاندا وکاتێک کە کۆمەڵگا ڕێزی تەواو بۆ ئەم ئۆتۆنۆمیەیان دابنێت.
بە بەدەستهێنانی ئەم ئازادیە، خۆشگوزەرانی هەمو کۆمەڵگە دەچێتە پێشەوە، وئەو کات پرسیارکردنەکە خۆی دەبێتە جێگەی پرسیار!.

شیرین عبدوڵڵا
14.11.2021


  • پشکنینی پاکیزەیی چیە: پشکێنەرەکە دوو پەنجە دەخاتە زێی کچەکەوە وە یان بە چاو سەیری دەکات وحوکم لەسەر ڕابوردووی سێکسی ئەو کەسە دەدات.
    ** ئەم “چارەسەرە” شێوازی جۆراوجۆری هەیە؛ هەندێکیان چەند ڕۆژێک پێش هاوسەرگیری، بە دەرزی ودەزوو دوو- سێ تەقەڵ دەدەن لە دیوارەکانی ناو زێی کچەکە، وە یان پارچە پێستێک لەبەشێکی تری ناو زێی بەکاردەهێنن، بۆی لە کاتی جووت بووندا شوێنەکەی بریندار بێت و خوێنی لێبێت.. لە هەندێک ووڵات، چەند کەپسولێکی وورد بەکار دەهێنرێت کە دیوارێکی تەنکی هەیە وشلەیەکی سووری تیایە لەخوێن دەچێت، ئەم کەپسولە دەخرێتە ناو زێی کچەکەوە وبەهەمان شێوە وا دەردەکەوێت خوێنی لێهاتوە.
    *** https://www.who.int/news/item/17-10-2018-united-nations-agencies-call-for-ban-on-virginity-testing



ژنکوژی وخۆکوشتن و توندوتیژی – تا کەی!.. شیرین عەبدوڵا

ماوەیەکە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاکانەوە هەواڵی زیاد بونی ڕێژەی دیاردەی ژن کوژی و خۆکوژی و توندوتیژی دەبینین و دەبیستین لە عیراق و کوردستان. ئەم تراژیدیایەی کە دەگوزەرێت جیا نیە لەو ڕەوەندە جیهانیەی کە لە ساڵی ڕابوردودا و بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ڕێنماییەکانیەوە، بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردوە. بەڵام لەم وڵاتەدا تایبەتمەندی خۆی هەیە، و ستەم و ژن کوژی و پلە دوویی ژن زۆر لەم دیاردەیەی کۆڕۆنا واوەترە، لە ستراکتۆری کۆمەڵگەکەدایە و لەیاسادا چەسپێنراوە. لە سیستەمی پیاوسالاری قەومی و میلیشیایی و دینی ئەم وڵاتەدا ژنکوژی لە ژێر ناوی پاراستنی شەرەفدا پاساوی یاسایی و کەلتوری بۆ دەکرێت.
لەپاش کوشتنی زەهرا محەممەدی ٢١ ساڵە لە هەولێر ڕۆژی ١٦-٤-٢٠٢١، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە تویتێکدا ڕایگەیاند “هیچ شەرەفێک لەژن کوشتندا نیە، ئەمە دەبێت کۆتایی پێ بێت، وەزیری ناوخۆم ڕاسپاردوە بۆ دڵنیابون لەوەی تۆمەتبار بە سزای خۆی بگات”!.. بەڵام ئەوەتا دوای یەک مانگ و بەپێی هەواڵەکان هێشتا تۆمەتباران دەستگیر نەکراون. ئەمە زۆر ئاساییە لەم وڵاتەدا چونکە زۆربەی ئەم کەیسانە یان بەداخراوی دەمێنێتەوە و یان بکوژان، ئەگەر دەستگیریش بکرێن، دوای ماوەیەک ئازاد دەکرێن.
توندوتیژی دژی ژن لە جیهاندا شێوازی یەکجار زۆری هەیە وەک لێدان، شێواندنی جەستە، کوشتن، سوتاندن، بەردەباران، تێزاب پیاڕشتن، دەست درێژی سێکسی، ئوتوی مەمک، فڕاندنی بووک، خەتەنە، زەواجی منداڵ، زەواجی بەزۆر، فرۆشتن، ئازاردانی دەرونی و شکاندن، سوکایەتی پێکردن، بێبەش کردن لە خواردن، دەرمان، و پارە، هەڕەشە و هەراسان کردنی سۆشیال میدیا…هتد. ئەگەر هەندێک لەم جۆرە دەستدرێژیانە لە عیراق و کوردستان پێشتریش نەبیسترابن، ئەوا لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر و زیاتر دەبینرێن و دەبیسترێن.
بەرامبەر هەر ژنێک کە دەکوژرێت هەزاران هەیە لە مەترسی کوشتن و توندوتیژیدا دەژین کە لە هەر ئان و ساتێکدا ئەگەری کوشتنیان دێت، و ڕاستیەکەی ئەوەیە کە کچ و ژن لە سەراسەری دنیادا لە نائاسودەییدا دەژین، هەمیشە لە کەرەنتینەدان، دەبێت بەردەوام بە دڵە لەرزەوە دەرچن لەماڵ (ئەگەر ڕێیان پێ بدرێت!). ئەمانە سروشتی نین، بەڵکو سیستەمی پلە دویی ژن و باڵادەستی پیاوسالاری کە تیایدا دەژین فەرزی کردوە.
بە دوای کوشتنی سارا ئێڤراردی ٣٣ ساڵە لەبەریتانیا ڕۆژی ٣ی مارسی ئەمساڵ، ڕاگەیەندرا کە لەماوەی ساڵی ڕابوردودا 115 ژن لەو وڵاتەدا کوژراون لەلایەن هاوسەر و کەسوکاریانەوە، واتە هەر 3 ڕۆژە و ژنێک دەکوژرێت. ئاشکرایە کە ژمارەیەکی بەرچاو پیاویش دەکوژرێت، بەڵام یەک ڕاستی هەیە ئەویش هۆکاری سەرەکی کوشتنی ژن بە بۆنەی ژن بونیەوەیەتی.
تۆمەتبارکردنی قوربانی و باوەڕ پێ نەکردنی:
کاتیک کە کچێک یان ژنێک توشی توندوتیژی جەستەیی، دەرونی، یان دەست درێژی سێکسی دەبێت و دەیەوێت ڕاپۆرتی بکات، پێش هەموو شتێک پشکنین لە کردەوە و هەڵسوکەوت و جلو بەرگی خۆی دەکرێت و بەچاوی گومانەوە سەیری دەکرێت. پرسیار دەکرێت: ئەبێت چی وتبێت یان کردبێت وا پیاوەکەی توڕە کرد؟، بۆ لەو کاتەدا لەدەرەوە بوو، چی دەکرد لەو شوێنە، جلەکانی چۆن بون، چۆن دەڕۆیشت، قسەی لەگەڵ کێ کردبوو… لەباتی ئەوەی لە هەڵسوکەوتی تاوانبار بکۆڵرێتەوە. هەر کۆمەڵگایەک لە جیهاندا بە پلەی زیاد و کەم قاڵبێکی تایبەتی بۆ هەڵسوکەوتی ژن داناوە کە هەر بە ئاستەم لێی لادات تاوانە.
بەهەزاران کچ لەسەر کێشەکانی پەردەی کچێنی (غشاء البکارە) کوژراوە و دەکوژرێت، بەبۆنەی نەفامی کۆمەڵگا لە فاکتە زانستیەکانی ئەم بەشەی لەشی ژن.
ئامارەکانی پۆلیسی بەریتانیا ئەوە دەگەیەنێت کە ژن پێش ئەوەی پەیوەندی بکات بە پۆلیسەوە بە تێکرا ٢٨ جار توشی توندوتیژی دەبێت، و تەنها ١٥٪ی دەستدرێژی سێکسی تۆمار دەکرێت، واتە ٨٥٪ ڕاناگەیەندرێت.

ڕۆڵی یاسا:
یاسا دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکجار گرنگی هەبیت لە دابین کردنی ڕاددەیەک لە خۆشگوزەرانی و سەلامەتی ژن و منداڵی کچ. خوێندن باشترین نمونەیە، بە قەدەغە کردنی نەخوێنەواری منداڵانی کوڕ و کچ، نەوەی هوشیار پیدەگات کە ئاگایی بە مافەکانی خۆی هەبیت، و بەتایبەت فرسەت دەدات بە کچان لەمنداڵیەوە دەرچن لەماڵ و بڕوا بە خۆبونیان هەبێت و سەربەخۆیی ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی خۆیان بچەسپێنن.
یاسای عیراق و زۆربەی وڵاتانی دەوروبەر و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەسەر ئەساسی ئاینی ئیسلام و شەریعە دامەزراون بەڵگە لە منداڵ وەرناگرێت، بەڵام هەمان ئەم یاسایە زۆر بە ئاسایی لەتەمەنی ٩ ساڵییدا دەیدات بە شوو و دەینێرتە ناو دۆزەخی ژیانێکی بێ ئاسودەوە و هەموو خەون و هیواکانی بۆ داهاتو دەخاتە ژێر پێوە.

لە عیراقدا یاسای تاوان پەرەگرافی ٤١ مافی “سزادانی” ژن دەدات بە میرد، کە “هیچ تاوانێک نیە ئەگەر لەکاتی بەکار هێنانی مافی یاسایی خۆیدا ئەنجام بدرێت، هەروەک دیسپلینی مامۆستا و دایک و باوک بۆ منداڵەکانی ژێر دەستیان”!
یاساکانی هاوسەرگیری لە یەمەن داوا لە ژن دەکات ماڵ بەجێ نەهێڵێت بە بێ ڕوخسەتی مێردەکەی!
لە هەندێ وڵاتی وەک ئەفغانستان و هیندستان گرنگیەکی زۆر دەدریت بە ئەزمونی پێشوی سێکسی ژنەکە لە حاڵەتی دەستدرێژیکردندا. ئەفغانستان یەکێکە لەو وڵاتانەیە بەر ڕەخنەی توند کەوتوە بە بەکارهێنانی “تاقیکردنەوەی پەنجە”- ئەمەش بریتیە لە پشکنینی جەستەیی بۆ ئەو ژنانەی کە راپۆرت لەسەر دەست درێژی سێکسی دەکەن، پزیشکەکە دوو پەنجەی لە ناو زێی ژنەکە دادەنێت بۆ ئەوەی بزانیت ئایا ژنەکە “ڕاهاتوە بە سێکس”، واتە ئەگەر پێشتر سێکسی کردبێت، دەست درێژیەکە بە تاوان دانانرێت!. ئەمەش ڕێگە لە زۆر ژن دەگرێت کە دەست درێژی سێکسی تۆمار بکەن. ئەم جۆرە پشکنینانە تەنها سوکایەتی پێکردنی ژنە و هیچ بەڵگەیەکی پەیوەندیدار دابین ناکات.

کەم هەستیاری کۆمەڵگا:
ژنێک کەتوشی دەست درێژی یان توندوتیژی دەبێت ژیانی دەبێتە دۆزەخێک، نەک هەر لەبەر ئەو هەلومەرجەی تیای دەژی، بەڵکو خۆی بە تەنها و بێ پاڵپشت دەبینێتەوە و چەندین جار سڵ دەکاتەوە لە درکاندن و تۆمار کردنی ئەم کارانە لەبەرئەوەی کۆمەڵگای پیاوسالار هەزار و یەک ڕێگری لەبەردەمدا دادەنێت.
کۆمەڵگا کەم هەستیارە بەرامبەر ستەم دژی ژن و بایەخێکی زیاتر دەدات بە پیاو، بەتایبەتی ئەگەر تۆمەتبارەکە کەسێکی ناسراو و خاوەن جێگاوڕێگایەکی کۆمەڵایەتی بێت. ئەوانەشی کە باوەڕی پێدەکەن ناتوانن دەنگ هەڵبڕن بەهەمان شێوە بێدەنگ دەکرێن.
نەک هەر کۆمەڵگا باوەڕی پێناکات و سکاڵاکەی بێ بایەخ دەکات، بەڵکو سیستمی دادگا و پۆلیسیش بە هەمان شێوە لە خزمەتی ئەو کولتوری پیاوسالاریەدایە. ژنەکە (تەنانەت ئەگەر منداڵیش بێت) دەبێت ئەرکی کۆکردنەوەی بەڵگە هەڵگرێت، ئینجاش بەڵگەکانی وەرناگیرێت.
زۆربەمان تراژیدیای بەناز محمودی ٢٠ ساڵە دەزانین، کە لە ٢٠٠٦دا بەدەستی باوک و مام و ئامۆزایەکی لە بەریتانیا کوژرا، بەناز زیاتر لە پێنج سکاڵای لای پۆلیسی بەریتانیا تۆمار کردبوو کە ژیانی لەمەترسیدایە. لە عیراق و کوردستان دژە ژنی و بەستنەوەی شەرەفی پیاو بە ژنەوە و فەزڵی نێر بەسەر مێدا لە یاسای ڕەسمی وڵاتدا جێگیر کراوە، ژنکوشتن وەک کوشتنی تر سەیر ناکرێت و چەندین بکوژانی ژن بە ئازادی دەسوڕێنەوە لە کۆمەڵگادا، تەنانەت هەندێکیان کە دانیشتوی وڵاتانی ئەوروپین دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان تا تاوانەکانیان ئەنجام بدەن چونکە لەوێ دەتوانن لێی دەرباز بن.

کۆمەڵگای چینایەتی سەرمایەداری سیستەمێکی نایەکسانە کە لەسەر بنەمای دابەشکاریەکانی کۆمەڵگا ڕاوەستاوە و هەردەم بەرهەمیان دەهێنێتەوە. توندوتیژی پیاو بەرامبەر ژن بەشێکە لە کولتوری دەستەباڵایی بەشێکی کۆمەڵگا بەسەر بەشێکی تریدا، و بزوتنەوە قەومی و دینی و میلیشیاییەکانی کە زاڵن لە عیراق و کوردستان نوێنەر و چەسپێنەری ئەم دڕندەییەی سیستەمی چینایەتین. کۆتاییهێنان بەم تراژیدیایە کارێکی هەمەلایەنە و بێوچانی پێویستە. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە ئەم دەسەڵات و سیستەمەی لەسەر کارە لەم وڵاتەدا، هەرگیز ئەنجام دانی ئەم کارەی لێ چاوەڕوان ناکرێت و نەک هەرئەمە بەڵکو بە خۆیان و کولتور و ئایدیۆلۆژی و ڕژێمی سیاسیانەوە ڕێگری هەرەسەرەکی بەردەم کۆتایی هێنانن بە ستەم لەسەر ژنان.

١٦-٥-٢٠٢١




دەربارەی هەڵبژاردنی سێکسی کۆرپە ونەریتی لەباربردنی منداڵی کچ.. شیرین عبداللـه

توندوتیژی بەرامبەر ژنان و کچان زۆر لەپێش لەدایک بونیانەوە دەست پێ دەکات. کۆمەڵگای پیاوسالاری سەردەم، بایەخێکی زیاتر دەدات بە کۆرپەی نێر وەک لە مێ. لە یەکەم ڕۆژی دروست بونیانەوە مێیەکان دەرگیری جەنگی مان و نەمان دەبنەوە وهەندێک جار هەر لەسەرەتاوە لەبار دەبرێن، تەنها لەبەر ئەوەی مێن! کۆرپەی مێ دوای لەدایک بونیشی و لەگەڵ گەورەبونیدا، هەمو ڕۆژێکی ژیانی پلە دوویی خۆی دەبینێت و بە درێژایی تەمەنی ڕۆژانە دیاردەی توندوتیژی و هەڵاواردنی جنسی دەبینێت بەرامبەر خۆی و هاو ڕەگەزانی. توندوتیژی بەرامبەر ڕەگەزی مێ، ئەگەر بە شێوەیەکی ئاشکراو زەقیش نەبێت، چەندین شێوازی شاراوەی هەیە بە جۆرێک ئەم کردەوانە وەک نۆرمی لێهاتوە، لەکاتێکدا پێشێل کردنی سەرەتایی ترین مافەکانی مرۆڤن.
(بەهۆی “نایەکسانی نادیارەوە” ساڵانە ٢٤٠ هەزار کچی خوار تەمەن ٥ ساڵ لە هیندستان دەمرێت) بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی گۆڤاری لانسێتی بەریتانی لە ٢٠١٨دا. زۆربەی ئەم مردنانە بە هۆی پشت گوێ خستنی پێداویستیە سەرەکیەکانیانە وەک خواردنی باش و تەندروستی و خوێندن.. منداڵی کچ کەمتر خواردنی پێ دەدرێت و کەمتر دەبرێت بۆ لای پزیشک و هەلی خوێندن و گەشەپێدانی وەک منداڵێک کەمتر پێ دەدرێت وەک لە کوڕ.
فەزل دانی کوڕان بەسەر کچاندا لەلایەن دایک و باوکانەوە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و باشوری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چین و باکوری ئەفریقادا زیاتر باوە. هۆکارەکانی ئەم جیاوازیە دەگەڕێتەوە بۆ توانایی داهاتی زیاتر (بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی کشتو کاڵیدا)، لەو کۆمەڵگانەدا کوڕ “ناو”ی خانەوادە دەهێڵێتەوە و بەخێو کردنی دایک و باوک لە پیری و نەخۆشیاندا دەگرێتە ئەستۆ. منداڵی کچ “بارە” بەسەر خانەوادەکەوە چونکە هەلی کاری دەرامەت بەرزی کەمترە لە کوڕ و تێچوی مارەیی و دۆری و بەتایبەتی ئەوەی کە دوای هاوسەرگیری کچ دەگوێزرێتەوە بۆ لای خانەوادەی مێرد لەبەر ئەوە هیچ سودێکی ئابوری نابێت بۆ دایک و باوکی خۆی..
پێشوازی نەکردن لە منداڵی کچ و لەباربردنیان نەریتێکی کۆنی زۆربەی کۆمەڵانی دنیایە و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پیاوسالاریەوە، نەک هەر منداڵی کچ بێ بەها سەیر دەکرێت بەڵکو دایکەکەش دەکەوێتە ژێر فشارێکی دەرونی یەکجار زۆرەوە بۆ ئەوەی کوڕی ببێت. ژن تاوانبار دەکرێت بەوەی کە کوڕی نابێت، لەکاتێکدا ئەمە هیچ بنەمایەکی زانستی نیە چونکە ئەوە کرۆمۆسۆمەکانی پیاوە (ئێکس و وای) کە سێکسی مناڵەکە تحدید دەکات نەک هی ژن (ئێکس ئێکس). ئەمە دەبێتە هۆی توندوتیژی بە دژی و زۆر جار دەبێتە هۆی تێک چونی خانەوادەکە و ئەوەی پیاوەکە ژنی دوهەم و سێهەم دەهێنێت تەنها بۆ ئەوەی کوڕیان ببێت! وەک ئەوەی ژنەکە تاوانێکی گەورەی کربێت وە یان “ژنێکی بێ سودە”.
تا ئیستا هیچ ڕێگەیەکی زانستی نیە لەسەر چۆنیەتی دیاری کردنی ڕەگەزی کۆرپە پێش دوو گیانی بوون. لەگەڵ ئەمەشدا و بەمەبەستی بەدیهێنانی خواستەکانیان (کە لە بنەڕەتدا خواست و فشاری کۆمەڵگایە) جوتەکان پەنا دەبەن بۆ هەندێک ڕێگای نازانستی و کولتوری بۆ ئەوەی کوڕیان ببێت وەک پەیڕەو کردنی سیستمێکی خواردنی تایبەت، یان جوت بون لە کاتێکی دیاریکراوی مانگەکەدا، وەیان بەکار هێنانی خشتەی چینی.. هتد. هیچ کام لەم ڕێگانە بنەمای زانستی نیە و بە هیچ جۆرێک نەسەلمێنراوە.
لەمێژوشدا نەریتی سەیر و سەمەر هەبوە، بۆ نمونە یۆنانیەکان پییان وابوە کۆرپەی نێرینە لای ڕاستی پیاوەکە هەڵگیراوە و مێینە لای چەپ، و بەم پێیە پیاوی یۆنانی گونی لای چەپیان دەبەست بۆی ڕێگە بە دروست بونی کۆرپەی مێ بگرن. پیاوی هیندی بەتوندی گونی لای چەپیان دەگرت لە کاتی جوت بوندا بۆ هەمان مەبەست. پیاوانی فەڕەنسا هەر بە یەکجاری گونی چەپیان دەردەهێنا بۆ ئەوەی بەهیچ شێوەیەک فرسەتی دروست کردنی مێیان نەبێت. لە تایوان پێیان وابو هاوسەرگیری پیاوی قەڵەو و ژنی لاواز مێینەی لێ دەبێتەوە و بە پێچەوانەشەوە. کەسانی تر پێیان وابوە پەیوەندی کردن لە ڕۆژانی تاکدا مێینە دروست دەکات و ڕۆژانی جوت نێرینە.
لە حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوەوە، مەسەلەی دیاری کردنی ڕەگەزی کۆرپە بوە شوێنی لێکۆڵینەوەی زانستی و بەم پییەش، و بەتایبەتی لەو کۆمەڵگانەی کە پیاوسالاری تیا زاڵە وەک زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و چین و هیندستان.. هتد، بەکاڵا کردن و تیجارەت کردن بەم پرۆسەیەوە پەرەی سەند. سەدان کلینیک و خەستەخانەی تایبەتی پەیدا بون و دایک و باوکان هەلی “هەڵبژاردەی” دەست نیشان کردنی سێکسی کۆرپەیان پێش پیتاندن و دوای پیتاندن بۆ کرایەوە. زانست و تەکنۆلۆژیا خرانە خزمەت بەردەوام پێدانی ئەم نەریتە دواکەوتوە کۆمەڵایەتیە کە دژی مافی منداڵ و ژنە بە پلەی سەرەکی.
لەوکاتەوەی پشکنینی دیاریکردنی سێکس لە ساڵەکانی حەفتاکانەوە دەستی پێ کردوە، تەنها لە هیندستان ٦٣ ملیۆن کچ کەمتر لەدایک بوە.
بە پێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، ساڵانە ١.٢ – ١.٥ ملیۆن کۆرپەی کچ لە جیهاندا لەبار دەبرێت و ٩٠٪ ی ئەمانە لە هیندستان و چینن.
لە کۆمەڵی سەرمایەداریدا هیچ شتێک نەماوە کە نەبێتە کاڵا و سەرچاوەی قازانج تەنانەت خواست و ویستی کەسەکان ئیتر گرنگ نیە ئەم خواست و ویستانە چەند دژە ئینسان بێت، و لەبەر ئەوەی “پێویستیەکی” کۆمەڵایەتی و فشارێک هەبو بۆ ئەم هەڵبژاردنی سێکسی کۆرپەیە، سەرمایەداران ئەم هەلەیان قۆستەوە و تەکنۆلۆژیای تازەی وەک (دی ئێن ئەی) خرایە خزمەتی ئەم مەسەلەیەوە.
لەمبارەیەوە بڕگەیەک دەهێنمەوە لەوتارێکی ڕۆژنامەی (الریاض)ی سعودی لە ماڵپەری ئەلکترۆنی لە (١٣-٣-٢٠١٣) بە ناونیشانی (ژنان لە ترسی ژن بەسەر هێنانیان “قەناعەت دەکەن”، و پیاوان “شەرم دەکەن”) کە دەڵێت: “دیاریکردنی سێکسی منداڵ چیتر زەحمەت نیە، ئەو کەسانەی ئارەزوو دەکەن میوانەکەی داهاتویان کچ یان کوڕ بێت، بە دیاریکراوی ئەوانەی دەیانەوێت دوای چەند کچێک کوڕیان بێت.. ئەمە بەرژەوەندێکی فراوان لە گفتوگۆی نێوان هاوسەرەکان دەدۆزێتەوە، بە تایبەت ئەو هاوسەرەی کە مەترسی ئەوەی هەیە کە مێردەکەی ژنی بەسەر بهێنێت لە بەر کوڕ”.
نەک هەر بە ئاشکرا فەزڵی منداڵی کوڕ بەسەر کچدا وەک دیاردەیەکی نۆرماڵ و پێویستیەک دەردەخات، بەڵکو ئەوەی کە ژنەکە لەژێر مەترسی ژن بەسەر هێناندایە وەک دیاردەیەکی زۆر نۆرمال دەخرێتە ڕوو. وە چەند “چارەسەرێک” بۆ خانەوادەکان پێشکەش دەکات بۆی کوڕیان بێت وبەر بە کۆرپەی کچ بگرن!.
بۆ چارەسەرکردنی واقیعی ئەم کیشەیە وئەم نایەکسانیە هەندێک داوای باشتر کردنی چاودێری و ڕاپۆرتکردن و بەکارهێنانی یاساکان دەکات، کە ئەمانە هەموی زۆرگرنگە و دەبێت بکرێت، بەڵام وەڵام بە بنەما و هۆکارە کۆمەڵایەتیەکانی ئەم کێشە قێزەوەنە نادەنەوە کە ئەویش پیاوسالاری و کۆمەلگای نایەکسانی و چینایەتیە کە بوەتە گەورەترین هەڕەشە لەسەر ژیان و چارەنوسی ڕەگەزی مێینە لە جیهاندا.

٢١-٣-٢٠٢١




هەژاری ونایەکسانی دوای یەکساڵ لەکۆڤید.. شیرین عبدالله

یەک ساڵ تێ پەڕی بەسەر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩. ئاکامە تەندروستیەکانی کۆڤید لە کورت و درێژ خایەندا شوێنی ئەم باسە نیە، لێرەدا دەمەوێت بە کورتی بچمە سەر ئاکامە کۆمەڵایەتی وئابوریەکانی کە بە پێی ئامارە جیهانیەکان پێدەچێت چەندین دەیە بخایەنێت ولەوانەیە بۆ هەندیک وڵات درێژماوەتریش بێت.

ڤایرۆسی نایەکسانی:
هەندێک کەس نازناوی ‘ڤایرۆسی نایەکسانی’ لێ ناوە، لەکاتێکدا کۆڤید -١٩ جیاوازی نازانانێت لەنێوان توشبواندا، بەڵام لەئەساسدا بوە هۆی پەردە هەڵماڵین لەسەر قێزەوەن ترین دەردەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری سەردەم، ئەویش ئەو نایەکسانیە یە کە ئەم سیستمە لەسەری ڕاوەستاوە.
لەڕاستیدا هەر کۆڤید نیە کە ئەم نایەکسانیەی سەلماندوە؛ لەمێژوی پاندەمیکدا، تاعونە ڕەشی سەدەی ١٤ بوە هۆی مردنی ١/٣ ی دانیشتوانی سەر زەوی، کە زۆربەی ئەمانە هەژار ترین کەسەکانی کۆمەڵ بون. حەوت سەدە دواتر، هێشتا هاوکێشەکان نەگۆڕاون!.
لەم ساڵەی ڕابوردودا وە لە سایەی کۆڤید-١٩ دا، لە سەرتاسەری جیهاندا، چەندین جار ئەوە سەلمێنرا کە کوشەندەیی کۆڤید لەو کۆمەڵانەدا زۆر زیاترە کە ڕێژەی بەرزی هەژاری ونەخۆشی وچڕی شوێنی کارو ژیان ونەبونی خزمەت گوزاری تەندروستی گشتی وبێ کاری یان کاری ناجێگیری تیایە. وبەو پێیەی ڕێژەی ئەو نەخۆشیانە (وەک شەکرە، نەخۆشی دڵ و دەمارەکان، سیەکان، قەڵەوی..) شان بەشانی هەژاری زیاد دەکات، توش بونی ئەم کەسانەش بە کۆڤید-١٩ ولەدەست دانی کار ودەرامەتی خێزانەکانیان زیاد دەکات، وبەم جۆرە دەبنە قوربانییانی ڕیزی پێشەوەی نەخۆشیەکە لە کۆمەڵگەدا..

یەکێک لەو نمونانە، وڵاتی پۆلیڤیا (یەکێک لە وڵاتە. هەرە هەژارەکانی ئەمریکای جنوبی)، بە پێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە گۆڤاری لانسێت ی بریتانی لە ٢٥.١.٢٠٢١ دا هاتوە، ڕێژەی مردن لەناوچە هەژارەکاندا لە تەمموزی٢٠٢٠ حەوت قات زیاتر بوبە بەراورد لەگەڵ هەمان کاتی ٢٠١٩(پێش کۆڤید)، لەکاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە ناوچە دەوڵەمەندەکاندا تەنها دوو قات بو.
https://www.thelancet.com/journals/langlo/article/PIIS2214-109X(21)00001-2/fulltext
٧٠٪ کرێکارانی بۆلیڤیا کاری ناجێگیر وبێ کۆنتراکتیان هەیە وبە بێ وهیچ جۆرە بیمەیەکی کۆمەڵایەتی، وئەمە خۆی هۆکارێکە ناهێڵێت بەر بەتەشەنەی ڤایرۆسە بگیرێت چونکە ئەم کرێکارانە ناچارن سەلامەتی خۆیانو خێزانەکانیان بکەن بە قوربانی قوتی ڕۆژانەیەن. لەکاتێکدا دەوڵەت کرێکارانی هاتو چۆ وکشتوکاڵی وبازاڕەکانی بە “کرێکاری پێویست” ناساندوە، وئەم جۆرە کارانە زیاترین مەترسی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکەیان تیادایە، ودوڵەت بەکارهێنانی دەمامک و دەست کێش وهتد.. ی فەرز کردوە بە سەریاندا، بەڵام ئەم کرێکارە کەم دەرامەتانە دەبێت ئەم ئامرازانە وهەروەها تاقیکردنەوەکانیشیان لەگیرفانی خۆیان بکڕن.
لە هەندێک وڵات وەک بریتانیا وئەمریکا، سەرەڕای هەبونی یارمەتی دەوڵەت بۆ توشبوانی کۆڤید وئەو کەسانەی بە هۆی کۆرۆناوە بێ کار بون، ئەم یارمەتیانە ڕێژەیەکی زۆری هاوڵاتیان کە پێویستیان پێیە یان هەر شمولیان ناکات یان دەستیان پیا ڕاناگات لەبەر نەشارەزایی دیجیتاڵی وسیستەمی فۆرم پڕکردنەوەی یەکجار ئاڵۆز وبیرۆکراتی ویان نەبونی ئینتەرنێت وکۆمپیوتەر.

ڕێژەی هەژاری:
بەپیی ئامارەکانی سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی لە ٢٠١٩ دا زیاد لە ٦٢١ ملیۆن کەس لەجیهاندا (٨.٠٪) لە خوار هێڵی هەژاریدا دەژیان (ستانداردی ١.٩$ داهاتی رۆژانە بەکارهاتوە بۆ پێناسەی هێڵی هەژاری!).
ئەم ژمارەیە لە ٢٠٢٠دا گەیشتە ٧٦٦ ملیۆن (٩.٩٪) لەکاتێکدا پێشبینی دەکرا ١٢٠ ملیۆن زیاد بکات. (واتە ١٤٤ملیۆن زیادی کرد). بانکی نێودەوڵەتی پێی وایە لە ٢٠٢١دا زیاد لە ١٥٠ملیۆن کەسی تریش دێتە ئەم ڕیزەوە.

نایەکسانی لە بوژانەوەی ئابوری ووڵات:
بێ گومان کۆڤید کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتانی جیهان داناوە بەڵام بۆ ووڵاتە پێشکەوتوەکان وەک شۆکێکی کاتیە. وڵاتانی وەک بریتانیا و ئەمریکا سەرەڕای ئەوەی زیانێکی یەکجار زۆری بەشەریان لێکەوتوە لەم پاندەمیکەدا، توانای دابین کردنی چەندین ملیۆن ژەم ڤاکسینیان هەیە بۆ هاوڵاتیانی خۆیان (کە ئەمە بۆتە مایەی ڕەخنەی توند لە جیهاندا و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ناوی ناوە ناسیۆنالیزمی ڤاکسین) وبەم جۆرە لەوانەیە بتوانن تا ڕادەیەک ئابوری وڵاتەکە ببوژێنەوە. هەندێک وڵات وەک کەنەدا ئەمەندە ڤاکسینی کڕیوە کە ٥ قاتی ژمارەی دانیشتوانە.
لە لایەکی کەوە نادیارە کەی وڵاتانێکی وەک زیمبابوی، مکسیک ، پاکستان…دەستیان بە ڤاکسین ڕادەگات. تەنانەت هۆمی خاراس شارەزا لە ئابوری جیهانی و گەشەسەندن لە پەیمانگای بروکینگس لەلێکۆڵینەوەیەکیدا مەترسی بەردەوامی زیادبونی ڕێژەی هەژاری دەخاتە ڕو، پێشبینی دەکرێت ئەم ئاکامە ئابوری و کۆمەڵایەتیانە درێژ خایەن بن وتەنانەت هەتاکو ٢٠٣٠ و دواتریش.
ئەم مەترسیە بۆ وڵاتە هەژارەکان یەکجار زیاترە کە زۆربەیان لەوانەیە تاکو ٢٠٢٢ ش دەستیان بە ڤاکسین ڕا نەگات ئەمەش بەمانای نەخۆشیەکە بەردەوام دەبێت لە کوشتن و هەژار کردنی زیاتر لەناویاندا. سەرەڕای ئەمە زۆربەی ئەم وڵاتانە دەرگیری چەندین گرفتی وەک شەڕ وبرسیەتی وکێشمەکێش وگەندەڵی ونەبونی خزمەت گوزاریە سەرەکیەکانن.. هتد.

ئاکامە کۆمەڵایەتیەکان:
لە چەند مانگی ڕابوردودا تیشک خراوەتە سەر ئاکامەکانی ئەم پەتایە وەک ڕێژەی بێ کاری ونەخوێندەواری، توندوتیژی بەرامبەر ژن و منداڵ، نزم بونەوەی ئاستی کرێی کار..هتد بە بۆنەی داخستنی سنورەکان وقوتابخانەکان و شوێنی کار وپابەند بون بە ڕینماییەکانی خۆپاراستنەوە. لەهەندێک وڵات دەبینرێت ئاستی کرێ بەرز بۆتەوە بەڵام ئەمە بە هۆی تیاچونی کارە کرێ نزمەکانەوەیە بە پلەی سەرەکی.
بەڵام زۆر ئاکامی تر هەیە کەمتر دیارە وەک ڕێژەی واز هینان لە خوێندن، کەوتنە ژێر باری قەرز، بێخانەولانەیی، بەد خۆراکی و زیاد بونی ئەگەری توشبون بە نەخۆشی…
بە پیی ئامارە جیهانیەکان یەک ملیار منداڵ لە قوتبخانە دەوام ناکات. زۆربەی هەرە زۆری ئەمانە بەتایبەتی لە ولاتە هەژارەکاندا، دەستیان بە هێڵی ئینتەرنێت وکۆمپیوتەر ناگات وناتوانن لە دوورەوە بخوێنن، بارودؤخی ماڵەکانیان گونجاو نیە بۆ خوێندن وفێر بون ولەخانەوادەی ناجێگیر وبێئاسودەدا دەژین.. کچان بە ڕێژەیەکی زیاتر واز لە خوێندن دەهێنن و بەم پێیە زیاتر زەرەرمەندن.
جگە لە دەست دانی هەلی کار وکەم بونەوەی دەرامەت، خانەوادەکان دوچاری گرانی و قەرز بون بەتایبەتی ئەوانەی کە منداڵیان هەیە. بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی ریزۆلیۆشن فاوندەیشن کە کۆنگرەی نەقابەکانی بریتانیا (تی یو سی) بڵاوی کردۆتەوە، ئەو فامیلیانەی کە پێش پاندەمیکەکە کەمترین ئاستی دەرامەتیان هەبوە، ئێستا دو قات مەسرەفیان زیادی کردوە. نەک هەر خواردن وکاڵاکانی تر گران بون، وبەبۆنەی لەماڵەوە مانەوەیان مەسرەفی سوتەمەنی وکارەباو ئاو هتد.. زیادی کردوە و جگە لە تێچوی خوێندنی منداڵەکانیان لە ماڵەوە.

ژمارەیەکی زۆر ئەوانەی کاریان لەدەست داوە توانای دانی کرێ خانویان نیە وبەم جۆرە بێ خانەولانە بون. ڕێکخراوی شێلتەری بریتانی دەڵێت لە ٣ مانگی یەکەمی دوای سەرهەڵدانی پاندەمیکەکە ژمارەی چاوەڕوانکردوانی نیشتەجێبون ٦٠٠٠ زیادی کرد.
زیاد بونی توندوتیژی بەرامبەر ژن وکوشتنیان کراوە وەک ئاکامێکی ڕاستەوخۆی ڕێنماییەکانی خۆپاراستن ولەماڵەوە مانەوەی ژنان وکچان لەگەڵ بکوژانیاندا ودەست ڕانەگەیشتنیان بە خزمەت گوزاری فریاکەوتن ویارمەتی دان، بەلگەی زۆری هەیە وچەندین ئاماری جیهانی هەیە کەئەمە دەسەلمێنی.

لە عیراقدا:
لە سایەی سیستمی سیاسی بۆرژوا میلیشیایی وگەندەلی حیزبە قەومی وئیسلامیەکاندا، کە هیچ جۆرە زەمانەتێکی کۆمەڵایەتی بۆ خەڵک تیا نیە، وهیچ جۆرە یارمەتیەکی ئابوری دەوڵەت بۆ توشبوانی کۆرۆنا وخانەوادەکانیان وکسب و کاریان دابین ناکرێت، لەم ساڵەی ڕابوردودا ڕێژەی هەژاری بەڕاددەیەکی ترسناک زیادی کردوە.
لەهەڵسەنگاندنێکی وەزارەتی پلاندانانی عیراق بە پشتیوانی یونیسیف و بانکی جیهانی ودەسپێشخەری گەشەی مرۆیی ئۆکسفۆرد لە ناوەڕاستی ٢٠٢٠ دا؛ منداڵ وگەنج زۆربەی هەرەزۆری ئەو ٤.٥ ملیۆنە (١١.٧٪) پێک دەهێنن کە لەبەر مەترسی هەژاری ونەداریدان بە بۆنەی کۆرۆناوە.
ڕێژەی هەژاری لە ساڵی ٢٠١٨ دا ٢٠٪ بو، ئەمە لە ٢٠٢٠ دا زیادی کردوە بۆ ٣١.٧٪ کە یەکسانە بە ١١.٤ ملیۆن! وزۆربەی هەرەزۆری ئەمانە منداڵ وگەنجن.

سیستەمی تەندروستی گشتی عیراق یەکجار وێرانە ولە ڕیزی نەبودایە، لەکاتێکدا کە کەرتی تایبەت لە بوژاندنەوەدایە، ولەم چەند ساڵەی ڕابوردودا دەیان وسەدان کلینیک وخەستەخانەی تایبەت کراوەتەوە. بێ متمانەیی خەڵک بە سیستمەکە گومان وبێ باوەڕی بە ڕێنماییە تەندروستیەکان وبایەخ نەدان پێیان دروست کردوە وتەنانەت خۆدزینەوە لە تێست وفەحس کردن وچون بۆ خەستەخانە. پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی ڕۆژانە دەبینن ژمارەی توشبوان وگیان لەدەست دان زیاترە لە وەی کە تۆمار دەکرێت چونکە کرێکاران ونەداران لۆکژەری ١٤ ڕۆژ کەرەنتینەیان نیە لەماڵەوە دانیشن وکار نەکەن تاچاک دەبنەوە وخۆیان ودەوروبەریان بپارێزن، وکارەکانیان بەجۆرێک نیە کەبتوانن لەماڵەوە ئەنجامی بدەن. هەمو شەپۆلێکی تازەی کۆرۆنا یەک شاڵاوی گەورەی تازەی هەژار کردن وچالەنجی تەندروستی زیاتر لەگەڵ خۆیدا دەهێنیت.
خزمەت گوزاریە گشتیەکانی تر وەک خویندن وئاو کارەباو سوتەمەنی وڕێگەوبان وخانوبەرە…هتد بەهەمان شێوە وێرانە وکەتۆتە بەر شاڵاوی پرایڤەتایز (تایبەتی) کردن.

بێگومان کۆڤید-١٩ وئاکامەکانی بۆ چەندین ساڵی تر باس دەکرێت وهێشتا بەتەواوی هەمویمان نەزانیوە. ڤاکسینەکان وچارەسەرەکانی کۆڤید چالەنجی تازە لەگەڵ خۆیان دەهێنن هەروەک سەرەتاکانی لە ئێستادا دەردەکەوێت بە ناسیۆنالیزمی ڤاکسین وبیرتەسکی وڵاتە گەورەکان ودەست گرتنیان بەسەر ڤاکسینەکاندا لەسەر حسابی هەژارانی دنیا. هەر لەئێستادا سەرهەڵدانی چەندین نەوەی تازەی ئەم ڤایرۆسە پرسیاری تازەی هێناوەتە ئاراوە وەبێگومان لە هەمو قۆناغ وهەڵچون وداچونیکی پاندەمیکەکەدا نایەکسانیەکان زەقتر دەبنەوە. نایەکسانی وهەژاری بنەمای سەرەکی کۆمەڵگای سەرمایەداریە وئەم سیستەمە خۆی دروستکەری نایەکسانیە.
لەوانەیە هەرگیز سەرچاوەی سەرەکی کۆڤیدمان بۆ نەدۆزرێتەوە ویان نەتوانین بەر بە پاندەمیکی داهاتو بگرین، ئەگەری پاندەمیکی تروکارەساتی سروشتی تر لە داهاتویەکی نزیکدا هیچ بە دور نازانرێت. بەلام گەورەترین چالەنج لەبەردەم کۆمەڵگای مرۆیی ئەمڕۆدا کارکردنە بۆ نەهێشتنی ئەو هەژاری ونایەکسانیەی کە بوە هۆی گیان لەدەست دانی زیاد لە ٢.٣ ملیۆن هاومرۆڤمان وداسەپانی نەهامەتی وبێئاسودەیی بەسەر داهاتوماندا.

شیرین عبدالله
7.2.2021




پێشبڕکێی پێکوتە بەرەو کوێ؟ … شیرین عبدوڵڵا

یەک ساڵ پێش ئێستا ئەگەری سەرهەڵدانی پەتایەکی جیهانی پێشهاتێکی دوور و گریمانیەیی بوو، ئەمڕۆ بەپێی هەواڵەکان، پەتای کۆڤید-١٩ تا ئێستا زیاد لە ٢٦.٥ ملیۆن توش بووە و ٨٧١ هەزار کەسی لە سەرتاسەری جیهاندا کوشتوە. ئێستا هەموو جیهان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دۆزینەوەی پێکوتەیەکی کاریگەرە دژی ئەم پەتایە. پێکوتەیەکی کاریگەر نەك هەر مەترسی نەخۆشیەکە کۆنترۆڵ دەکات بەڵکو هیوا بە مرۆڤایەتی دەبەخشێت کە بە بێ دەمامک و دورکەوتنەوە پارێزراو بێت و ژیان ئاسایی ببێتەوە.
ئاشکرایە پێویستمان بە پێکوتەیەکە بۆچارەسەری پەتای کۆڕۆنا ڤایرۆس، وە بۆ ئەم مەبەستە پێشبيڕکێیەکی گەورە لەنێوان وڵاتە بەهێزەکان و کۆمپانیا جیهانیەکانی دەرماندا بەڕێوەیە. هێزەگەورەکانی دونیا کە زۆربەی کۆمپانیاکانی دەرمانیان هەیە، گرنگی ئەم پێشبڕکێیەمان نیشان دەدەن، ڤلادیمێر پۆتین ئۆپەراسیۆنەکەی ناو ناوە سپۆتنیك ٥، ڕۆژەکانی پێشبڕکێی فەزاییمان بییر دەهەنێتەوە، دۆنالد ترەمپ هەوڵەکانی ئەمریکای ناو ناوە ئۆپەراسیۆن وارپ سپیید (وارپ سپیید ١ یەکسانە بە خێرایی تیشك- لەزنجیرە فلیمی ستار ترێکدا خێرایی کەشتیە فەزاییەکان بە وارپ سپیید ١،٢،٣،…. باسدەکران !).
بە نیسبەت کۆڤید ڤ-١٩ چ ڤایرۆسەکە و چ پێکوتەکەش تازەن و کەس تا ئێستا نازانێت ئاکامی تاقیکردنەوەکان لەسەر بەشەر چیدەبێت.
لەدەیەی ڕابوردودا شۆڕشێکی گەورە لە بواری تەکنۆلۆژیای جیناتدا بەدەست هاتوە کە وای کردوە کاری ١٠-٢٠ ساڵی دۆزینەوەی پێکوتە کەم کاتەوە بۆ چەند ڕۆژ یان چەند حەفتەیەك. لە حاڵی حازردا زیاد لە ١٧٠ تیمی پزیشکی سەرقاڵی دۆزینەوە و دروست کردنی پێکوتەی پەتای کۆڤید١٩ن. زۆربەی ئەم تیمانە پشت بە تەکنۆلۆژیای تازەی جینات دەبەستن لەجیاتی پرۆسە کۆنەکان کە ڤایرۆسی مردو یان لاواز کراوی بۆ زیادکردنی بەرگری لەش بە دژی ڤایرۆسەکە بەکاردەهێنا. تا ئێستا هیچ کام لەم پێکوتانە بۆ بەکارهێنانی سەرتاسەری پەسەند نەکراوە بەڵام ٩یان گەیشتۆتە قۆناغی ٣ی تاقی کردنەوە.
ئەم پێشبڕکێیە، پێش ئەوەی بۆ ڕزگار کردنی مرۆڤایەتی و کەم کردنەوەی ڕێژەی گیان لەدەستدانی خەڵک بە ڤایرۆسەکە بێت، بە مەبەستی دابین کردنی قازانجی زیاتری کارتێلە گەورەکانی دەرمان و کەڵەکەی سەرمایەیە، و لە تێڕوانینێکی بەرتەسکی دەسەڵاتەکانەوەیە، کێ یەکەم کەس پێکوتەی دۆزیەوە و تۆماری کرد بۆ بەکارهێنانی سەرتاسەری ناوی، مافی خاوەندارێتی و مۆنۆپۆلی بازرگانی، دەچێتە مێژوەوە و لە هەڵبژاردنەکاندا بێگومان دەیباتەوە و ڕۆڵی خۆی لەناو هێزەکانی جیهاندا دەسەلمێنێت…هتد.
پێشبڕکێ لەم بوارەدا و گوێنەدان بە هاوئاهەنگی نێو دەوڵەتی و بیر تەسکی ناسیۆنالیستی پێکوتە، لە قازانجی هیچ لایەک نیە جگە لە کارتێلە گەورەکانی دەرمان دروست کردن و دەوڵەتە بە هێزەکان و ئەو نایەکسانیەی کۆڤید-١٩ لەسەری گەشە دەکات چەند قات زیاد دەکات. ئەو گروپە کۆمەڵایەتیانەی زیاترین قوربانیان لێ کەوتۆتەوە بە بۆنەی ڤایرۆسەکەوە چ لەباری تەندروستی و چ ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە نەهامەتەکانیان زیاتر و قوڵ تر دەبێتەوە.
ستاندەردەکان و لادان لێیان
چەند ستانداردێكی جیهانی دانراوە بۆ دروست کردنی پێکوتە:

  • ٥٠٪ کاریگەر بێت. لانی کەم ٣٠٪.
  • توانای دروست کرنی بە ڕێژەیەکی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا.
  • دەبێت بە ستانداردێکی زۆر بەرز لە سەلامەتی دروست بکرێت لەبەر ئەوەی لە ژمارەیەکی زۆر لە خەلکی تەندروست دەدرێت.
    یەکێک لە مەترسیەکانی ئەم پێشبڕکێیە لادانە لەم ستاندەردانە کە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەگەری دروست کردنی پێکوتەیەکی لاواز و ناکاریگەر یان تەنانەت زەرەر مەندیش.
    بێگومان پێکوتەیەکی ناکاریگەر پاندەمیکەکە خراپ تر دەکات، نەک هەر بەرگری لەش زیاد ناکات بۆ نەخۆشیەکە بەڵکو خۆشخەیاڵی دەدات بە کەسەکان و دەسەڵاتەکان کە دەبێتە هۆی شلکردنەوەی پەیڕەویەکانی دەست شتن و دورکەوتنەوە و بەکارهێنانی دەست کێش و دەمامك و …هتد.
    ئەمانە هەموی نەك هەر متمانەیی خەڵک بە سیستەمەکان کەم دەکاتەوە بەڵکو بە زانست و سیستەمی زانستی و دەبێتە هۆی سڵەمینەوە لە وەرگرتنی پێکوتەکە و هەروەها بە فیڕۆ بردنی زۆرێک لە ئینەرجی و کەرەستە وەک دەرزی و سرینج و …هتد بە بۆنەی دروست کردن و دابەشکردنی پێکوتە یەکی بێ سود. ئەم بێمتمانەییەش دیسان دەبێتە ڕێگریەک لە بەردەم کۆنترۆڵ کردنی ڤایرۆسەکە. ئەمەش دوبارە دەرد و مەینەتیەکانی هەژار و بێ دەرامەتەکانی کۆمەڵگە و توێژە پەراوێزکراوەکان زیاتر دەکات کە خۆیان لە سەرەتاوە و تا ئێستا قوربانیانی سەرەکی ئەم پەتایە بون.
    لە مێژوی پێکوتەدا چەندین نمونەی کارەسات هەیە کە دەکرێت دەرسی لێ وەربگیرێت؛
  • لە ١٩٤٢پێکوتەی نەخۆشی پەتای زەرد (یەللۆ فیڤەر) تێکەڵ بوو بوو لەگەڵ ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر (التهابی کەبەدی ڤایرۆسی) کەدرا بە زیاد لە ٣٠٠ هەزار سەربازی ئەمریکی ونزیکەی ١٥٠یان مردن.
  • هەروەها لە ١٩٥٥دا ڕوداوی (کەتتەر) ڕویدا کە دروستکەری پێکوتەی ئیفلیجی مناڵ (شلل الاطفال) بوو. “تاقیگەی کەتتەر” ڤایرۆسەکەیان بە تەواوی لاواز نەکردبوو، بۆیە بەم پێکوتە خراپە ٤٠ هەزار کەس توشی نەخۆشی ئیفلیجی مناڵ بون و ٢٦٠ کەسیان لە دەست و قاچ کەوتن و١٠کەس مردن. ئەمانە لە کتێبی بەناوبانگی ستانلی پلۆتکین دا (پلۆتکینس ڤاکسینس) ئاماژەی پێدراوە.
    تەنانەت دوای پەسەندکردنیش پێکوتە هەر دەبێت لە ژیر چاودیریدا بێت، چونکە تاقیکردنەوەکان، مەترسیە درێژخایەنەکان دەستنیشان ناکەن. لە ١٩٩٩دا پێکوتەیەکی دژی ڕۆتا-ڤایرۆس (ڤایرۆسیکی سک چونە لەناو منداڵاندا یەکجار بڵاوە) قەدەغە کرا دوای ئەوەی ژمارەیەك لە منداڵ توشی ڕیخۆڵە گیران بون.

    ناسیۆنالیزمی پێکوتە

    بە پێی دەزگا هەواڵیەکان، کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لە ٣١ی تەمموزی ئەمساڵدا، لەگەل چەند کۆمپانیایەکی پزیشکیدا، گرێبەستیان کرد بۆ دابین کردنی ٣٠٠ ملیۆن ژەم لە پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەگەڵ ئەوەشدا کە هێشتا ناشزانین کە هیچ کام لەم پێکوتانە ئیش دەکات یان نا. وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیاش بەهەمان شێوە چەندەها ملیۆن ژەمی چەند پێکوتەیەکی کۆرۆنایان دابین کردوە لە ئێستاوە. ئەمەش بە مەبەستی بوژاندنەوەی ئابوری وڵاتەکە و دروست کردنی متمانە لای دانیشتوانی ووڵاتەکانیان و لەوانەیە بەهیوابن بەمە تا ڕاددەیەک کەموکوڕیەکانی سەرەتای پاندەمیکەکە لە بیر خەڵک بەرنەوە.
    ناسیۆنالیزمی پێکوتە نەک هەر لەڕووی مۆراڵیەوە نادروستە، بەلکو بە پێچەوانەی هەمو گرێبەستە نێودەوڵەتیەکان و مافی مرۆڤیشە.
    بە پێی ڕاپۆرتە هەواڵیەکان، لانی کەم لەسەرەتادا، توانای دروست کردنی پێکوتەکە سنوردار دەبێت و لەوانەیە چەند مانگێک یان زیاتر بخایەنیت هەتاکو بەشی زۆربەی وڵاتان دروست دەکرێت. ئەمەش مانای وایە، هەچ پێکوتەیەک لەسەرەتادا دروست دەکرێت دەچێت بۆ ئەو وڵاتانەی پێشوەخت کڕیویانە.
    هەروەها ئەو وڵاتانەی سیستەمی تەندروستی گشتی بەهێزیان نیە لە هەمان کاتدا سیستەمی گواستنەوە و خەزنکردن و دابەش کردنی پتەویشان نیە کە ئەمە زیاتر بەردەستبوونی پێکوتەکە دوا دەخات لە کاتێکدا کە ڤایرۆسەکە بەردەوامە لە بڵاوبونەوەدا، و دەبێتە هۆی قوڵتر بونەوەی گرفتە تەندروستی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی ئەم وڵاتانە.
    بە بێ هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی، پێشبڕکێی بەردەوام نرخی پێکوتە و کەلوپەلەکانی بەرز تر ڕادەگرێت، کە ئەمەش دوبارە بە قازانجی کۆمپانیای دەرمانی ووڵاتە بە هێزەکان دەکات.
    شاردنەوەی زانیاریەکان وئاکامی تاقیکردنەوەکان
    ئاشکرایە چەند سەدە لەمەوبەر و لە کاتی پەتای (تاعونی ڕەش)دا گۆڕینەوەی زانیاری شتێکی ئاسان نەبوە. ئەمڕۆ ئێمە ئەو گرفتەمان نەماوە بەڵام جۆرێکی تری گرفتمان هەیە، ئەویش ڕێککەوتن و پابەندە بازرگانیەکانن. کۆمپانیا گەورەکان پارەیەکی خەیالێان لە شاردنەوە و مۆنۆپۆلکردنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان دەست دەکەوێت و لەبەرژەوەندی خۆیان و هێنانی قازانجی زیاتر و کەڵەکەی سەرمایەکانیان و بەهێزکردنی پێگەیان لە بازاڕی جیهانیدا.
    ئاڵوگۆڕ پێ نەکردنی زانیاریەکان و بڵاونەکردنەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان لەکاتێکدا کە ڤایرۆسەکە لە تەشەنە و بڵاوبونەوەدایە دیسان دەبێتە هۆی توشبون و مردنی زیاتری ئەو گروپە کۆمەڵایەتیانەی لەسەرەتاوە تا ئێستا بونەتە قوربانی و توشی فەلاکەتی تەندروستی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بون.


پەتای جیهانی کۆڤید-١٩ هەر وەک پەتاکانی تر لە مێژودا لەسەر نایەکسانی پەرەدەستێنێ و تەشەنە دەکات و سود لە خاڵە لاوازەکانی کۆمەڵگە وەردەگرێت. سیستەمی سەرمایەداری ئەم نایەکسانیانە بەردەوام دروست دەکاتەوە و لەژێر سایەی ئەم سیستەمەدا ئەگەری چەندین پەتا و کارەساتی تری وەک کۆڤید -١٩ و خراپتریش ڕۆژبەڕۆژ لەزیاد بوندایە. لەوانەیە پێکوتەی کۆڕۆنا ڕزگارمان بکات لەم پەتایە وەیان لانی کەم ئاکامەکانی لەسەرمرۆڤایەتی کەم بکاتەوە بەڵام ئاسەوارەکانی کۆڤید و تاوانەکانی سیستەمی سەرمایەداری و بێباکی لەبەرامبەر تەندروستی و گوزەرانی ژیانی ئینسانەکاندا بەردەوام دەبێت.
مرۆڤایەتی شایەنی ئەم کارەساتە نیە و دەبێت تەندروستی و ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی واقیعی ژیانی مرۆڤەکان بێت ئەمەش بەکۆتایی هێنان بە سەرمایەداری ئەنجام دەدریت.
6.9.2020




چاو پێ کەوتن لەگەڵ شیرین عبدوڵڵا

– ژمارە ٥ی ڕۆژنامەی ڕەوت مێز گردێکی لە گەڵ هەندێک لە شارەزایان دەربارەی پەتای کۆرۆنا و ئاکامە جۆراوجۆرەکانی ساز دا. شیرین عبدوڵڵا تیشکی خستە سەر سیاسەتی تەندروستی و سیستەمی تەندروستی ووڵاتەکان:

بەستەری تەندروستی وتەکنەلۆژیا وسیاسەتی تەندروستی

پرسیار: دۆناڵد ترامپ، دەوڵەتی چینی تاوانبار کرد بە بڵاوکردنەوەی فایرۆسی کۆرۆنا/ سارسی ٢، بڵاوبونەوەی پەتای کۆڤیدی ١٩. چین تۆمەتی گوستنەوەی فایرۆسەکەی گەڕاندەوە بۆ تیمە سەربازییەکانی ئەمەریکا کە سەردانی شاری وەهانیان کردوەو لەوێ ماونەتەوە.. بەپێی لیکۆڵینەوە زانستیەکان ودکتۆرەکان بێت، ڤایرۆسەکە لە بازاڕیکی شەعبی یەوە کە گۆشتی شەمشەمە کوێرەی تیا فرۆشراوە لە ناوەڕاستی مانگی ١٢ ەوە، تا ئەوە بوو بەجهیاندا بڵاوبوەوە؟ لە ڕاستیدا ساڵی پار تیمە پزیشکەکانی جین هەر لەهەمان شار لەمانگی ٣ دا ڕاپۆرتێکی زانستیان لە مەترسی بڵاوبونەوەی فایرۆسێکی لەو بابەتەو توشوبنی ئینسانیەتی لەو نەخۆشیە بڵاوکردبوەوە. ئێستاش هەیە لە ئەرشیفدا ماوە. بەشێکی تر لە دکتۆرەکان لەکۆبونەوەکانی ڕێکخراوەی تەندروستی جهیانی سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکان هۆشدارییان دابوو بە (پەتای ئیکس /ناویان بردبوو) کە بەئەگەری زۆر بڵاودەبێتەوە ئەگەر ڕێوشوێنە پێویستیە تەندروستیەکان نەگیررێتە بەر، تۆ ئەم سیناریۆیانە چۆن لێدەدەیتەوە؟

ش ع : ئەم سیناریۆیانەی ئەمریکا و چین کە هەر یەکەیان تۆمەت دەخاتە پال ئەوی تر لە راستیدا ڕاکردنە لە واقیعەتەی کەبۆیان دروست کردوین وەڵام دانەوە بەو پرسیارو نیگەرانیانەی خەڵک بەرامبەر دەسەڵاتەکانیان لە ڕوبە ڕوبونەوەی ئەم پەتایەدا وبەشێکن لەو مآساتانەی کە 7.3 ملیار بەشەر بە دەستیانەوە ئەنالێنێت. ئایا ڤایرۆسەکە دروست کراوی چینە یان امریکا ئەوە بۆ ئێمە هیچ لە وە ناگۆڕێت کە وەکو سەربازی بێ چەک کتوپر خراوینەتە ڕیزی پێشەوەی ڕوبە ڕووبونەوە لەگەل نەخۆشیەکی کوشندە دا کە زانیاری زۆرمان نیە لەسەری وەڕێنماییەکانی پێمان دەدرێن ناڕۆشنو سەر لێ شێوێنەرن وە خستونیەتە بەردەم مەترسی داهاتویەکی ئابوری تاریک وترسناک. هەر وەک ئێوە ئیشارەتتان پێ دا لایەنە پزیشکیەکان بروایان وایە ڤایرۆسەکە لە پرۆسەیەکی سروشتیدا دروست بوەوژمارەیەکی زۆر لەپزیشکان وزانایانی تەندروستی گشتی لە ڕۆژی 19.2.2020 لە گۆڤاری لانسیتی بریطانی کە یەکێکە لە گۆڤارە بەناوبانگە پزیشکیەکان نامەیەکی پشتیوانیان بڵاوکردەوە بۆ پزیشکان وزانایانی چین کە تآکید لە سەرچاوەی سروشتی ڤایرۆسەکە دەکەنەوە ونیگەرانیان دەربڕی کە ئەم جۆرە پروپاگەندانە بێجگە لە دروست کرنی ترس وبێ متمانەیی دەبنە ڕێگرێک لە بەرامبەر هەوڵە جیهانیەکانمان بۆ کۆنترۆڵ کردنی پەتاکە. ڕاپۆرت وبەڵگە زانستیەکانیش کە ئەمە دەسەلمێنێت هەیە وبە ئاسانی دەست دەکەوێت. بەلام هۆکارەکانی سەر هەڵدانی ئەم ڤایرۆسە وچەندین کارەساتی سروشتی ترچیە ئەمە شوێنی پرسیارە وئێستا ئەوە ئاشکرایە کە تێکدانی بێ سنوری ژینگە وسروشت بۆڕاوو بازرگانی بە مەبەستی قازانج لە سستەمی سەرمایەداری نیولیبرالیدا بەشەریەتی خستۆتە ژێر مەترسی توش بون بە ڤایرۆسە ئاژەلیەکان کە ئەمە دەلیلی بێ بایەخی تەواوی ئەم سستەمەیە نەک هەر بە ژیانوباش بژێوی دانیشتوانی سەر زەوی بەڵکو بە ژینگە وسروشتیش ودرک پێ نەکردنیەتی وبەلکو بێ باکیشیەتی بە زیانەکانی ئەم جۆرە پراتیکانە.
https://www.thelancet.com/journals/lancet/article/PIIS0140-6736(20)30418-9/fulltext

پرسیار: ئایا سیاسەتی تەندروستی جهانی کەمترخەمە؟

ش.ع: لە ٣١ دیسەمبر ٢٠١٩ چین هەوالی “چەند کەیسێکی التهابی قورسی سنگ لە ووهان” ی بە رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕاگەیاند کە دواتر ناسرا بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تازە. لە ١١.٣.٢٠٢٠ دا حالەتی پاندەمیک- پەتای جیهانی- راگەیاندرا..هەتاکو ئیستا کەزیاتر لە 4 مانگە زیاد لە 260.000 کەسی کوشتوە و 3.8 ملیون توش بوە.
ئەمە دەکرا وا نەبێت.
بێ گۆمان سیاسەتی تەندروستی وولاتەکان کەم تەرخەمن و دەنگی نارەزایەتی بەرامبەریان لە جیهاندا بەرز بۆتەوە.
پێش ئەوەی بێمە سەرچۆنێتی مامەڵە کردنی ووڵاتەکان لە گەڵ کۆرۆنا ئەمەوێت ڕوونی کەمەوە کە زۆربەی ولاتانی جیهان لە بناغەدا ئامادە نەبون بۆ ئەمە ویەکێک لە هۆ سەرەکیەکانی ئەوەیە کە سیستەمی تەندروستی وخزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی گشتیان یەکجار لاواز وبایەخ پێ نەدراوە. لەگەڵ ئەوەدا کە سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تيدروس غيبريسوس لە کۆنگرەی آستانادا 2018 رای گەیاند کە نیوەی ئەو 7.3 ملیارەی دانیشتوانی زەوی دەستی ڕاناگات بە خزمەت گوزاری تەندروستی بناغەیی لەوانە نەخۆشی گوازراوە ونەگوازراوەکان وتەندروستی مناڵان ودایکایەتی ومناڵ بون وتەندروستی جنسی ودەروونی وهتد…نەک هەر ئەمە بەلکو لەم سالانەی ڕابوردودا دەبینین لە زۆر وولاتی دنیادا کە تا رادەیەک ئەم خزمەت گوزاریانەی تیایە بە شێوەیەکی سیستەماتیک وبەردەوام هێرشی کراوەتە سەر ولاواز کراوە بە بەهێز کردنی کەرتی تایبەت وهێنانە ناوەوەی بازاروقازانج وکەم کردنەوەی ڕۆڵ وبەرپرسیەتی دەوڵەت لە دابین کردنی ئەم پێداویستیە سەرەکیانەی کۆمەلگا. ئەمە وای کردوە کە سیستەمە گشتییەکان زیاتر وزیاتر لاواز بن وتوانای بەرگەگرتنی هیچ جۆرە شۆکێکی لەم بابەتەیان نەبێت. زاناو شارەزا تەندروستیەکان زەنگی ئەم مەترسیەیان لێ داوە و هاوارەکانیان پشت گوێ خراوە.
بۆ نمونە لە 2014 دا دوو دکتۆری شارەزا لە تەندروستی کۆمەڵدا لە بریطانیا ئیشارەتیان بەوە دا کە پاندەمیکی داهاتو رووی دا (نەک ئەگەر) کە لەوانەیە ئنفلوەنزای تەیر بێت یان شتێکی کە تەنها چەند هەفتەیەکمان بە دەستەوە دەبێت ئەمە مانای وایە پاندەمیک لە لیستی سەرەوەی مەترسیەکاندا بوە لە ولاتەکەدا وە ئەم دکتۆرانە تیشکیان خستە سەر ئەوەی کە چاکسازیەکانی دەولەتی 2012 ی سیستەمی تەندروستی گشتی بریطانیا ئەم مەترسیەی زۆر زیاتر کردوە. سیستەمی تەندروستی بریطانیا بە یەکێک لە سەرکەوتوترین سیستەمەکانی ووڵاتە پێشکەوتوەکاندا ناسراوە کە بە خۆڕاییە بۆ هەمو دانیشتوانی وڵاتەکە. لە ماوەی٣٠ ساڵی رابوردودا حکومەتە جۆراوجۆرەکانی بریطانیا هێرشێکی توندو بەردەوامیان کردۆتە سەر ئەم سیستەمە بە مەبەستی بەبازار کردنی ودەرهێنانی وردە وردەی لەدەست کەرتی گشتی بۆ کەرتی تایبەت وچنینەوەی قازانج. ئەوە بو چەندین خزمەت گوزاری تەندروستی داخران وە یان کەم کرانەوە وژمارەیەکی زۆر لە کرێکارو کار بە دەستەکانی دەرکراون وئەم هێرشە نەک تەنها کەرتی تەندروستی بەلکو هەمو خزمەت گوزاریە گشتیەکانی وەکو خوێندن وهاتو چۆ خزمەت گوزاریە کۆمەلایەتیەکان و سیستەمی بەنەفیت وخانو بەرە و…هتد گرتۆتەوە بە ڕادەیەک کە ڕێژەی هەژاری لە وڵاتەکەدا یەک جار زیادی کردوە وبۆتە کێشەیەک بۆ ڕێکخراوە خێەرخوازیەکان کە خۆشیان بە هەمان شێوە ئەم ‌پرۆسەیە گرتونیەتەوە. ئەم واقیعەتانە زۆر بە جوانی لە فلیمی (ئای دانیەل بلەیک) ی دەرهێنەری سۆشیالیست کێن ڵۆخ دا ئاشکرا کراوە.
هاتنی کۆرۆنا:
کەواتە کەم تەرخەمیەکان لە ئێستادا دەستی پێ نەکردوە ودرێژ خایەنە وئەم سیستەمە خۆی بەشێکە لە کارەساتەکە. لە گەل سەر هەڵدانی کۆرۆنادا ئەم کەم تەرخەمیانە یەک جار زەق بونەوە نەک هەر لە بریطانیا بەڵکو لە زۆر لە ووڵاتانی بە ناو پێش کەوتو.
هەر وەک دەزانن رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە 30.1.2020 حالەتی تەندروستی گشتی بە پەلەی راگەیاند لە سەر تا سەری جیهاندا وپێشتر لە 10.1.2020 دا پاکەجێکی رێنمایی بۆ هەمو وولاتەکان راگەیاند بە پێی ئەو زانیاریانەی لەو کاتەدا هەبون لە سەر نەخۆشیەکە. ئەو ڕەخنانەی بە گشتی لە ووڵاتەکان هەیە ئەمانەن:

  • دەبینین لەباتی کارکردی هاوئاهەنگ لەگەڵ یەکا بۆ لەناو بردنی نەخۆشیەکە وڵاتانی جیهان بەفردی وتێروانینێکی ناسیۆنالیستانەی بەر تەسک مامەڵە دەکەن
  • پلانەکانیان خاووخلیچکی و بێبایەخی پێوە دیارە بە پشت گوێ خستنی پرۆسەی تێست وبە دوادا چونی کەیسەکان وپەیوەندیەکانیان وڕانەگرتنی خێرای کۆبونەوە گشتیەکان وەک مراسیمی ئاینی ووەرزشی وئاهەنگ و کۆڕ وکۆبونەوە گەورە کۆمەلایەتیەکان ودانە خستنی سنورەکان وکارەنتینە نەکردنی هاتوانی وڵاتەکان وکار نەکردنی خێرا بۆ دابین کردنی پێداویستی خۆپاراستن لە ماسک ودەست کێش و ئامێرە تەندروستیەکان (کە دەکرا زۆربەی وڵاتان لە ناو خۆدا دروستی بکەن ویان ئەو زەخیرە ئامێرانەی لە مەخزەنەکاندا تەرخان کراوە بۆ سوپا بەکار بهاتایە!). مانگەکانی ٢ و٣ فرسەتێکی یەکجار گرنگ بو کە دەبوا ووڵاتەکان بەکاریان بهێنایە بۆ خۆ ئامادە کردن بۆ ئەو پەتایەی کە ڕۆژ بە ڕۆژتەشەنەی دەکرد بە بەرچاوماندا.
  • بییر نەکردنەوە لە چینە پشت گوێ خراوەکانی کۆمەلگە وەک پەناهەندە و زیندانی وبێ خانە ولانەکان ودانیشتوانی کەمپەکان وماڵەکانی پەک کەوتەکان…
  • ژنان وقوربانیانی توندو تیژی خانەوادەیی لە پلانەکاندا نەبون ئەوەبو دەنگی نارەزایەتی ڕێکخراوەکانی ژنان لەزۆربەی وڵاتانەوە بەرز بوەوە بە هۆی زیاد بونی توندوتیژی ئەوانەی کە لە کەرەنتینەن لەگەڵ هاوسەرە کانیاندا ودەست رانەگەیشتنیان بە خزمەت گۆزاریەکان وقورسی پەیوەندیەکان
  • زۆربەی وڵاتان سیاسەتی بەرگری قطیع (هۆردو) یان پیادەکرد کە رەخنەیەکی زۆری هاتە سەر لە لایەن شارەزایانی تەندروستی و کۆمەڵایەتیەوە کە سیاسەتێکی شیاونیە. هەندێک وڵات لەمە پاشەکشەیان کرد بەڵام هێشتا سیاسەتەکانیان لە باشترین حالەتدا ناڕۆشن وسەرلێشێوانی دروست کرد لای خەڵک.
  • کرێکارانی کارە بناغەییەکان وەک: کارمەندانی تەندروستی وگواستنەوە ورێگەوبان وپۆست وکرێکارانی شارەوانی وئەوانەی لە سوپەرمارکیتەکان ولە ئامادەکرن وپاکێجکردنی خواردن کار دەکەن.. ورینماییەکانی لەمالەوە مانەوە نایانگرێتەوە. لەبەر ئەوە ئەمانە زیاترین ڕێژەی ئەگەری توشبونیان بە نەخۆشیەکە هەیە. لەگەل ئەمەش دا دەبینین وڵاتەکان کەم تەرخەمیەکی یەک جار زۆریان بەرامبەر ئەم گروپانە کردووە بە تایبەتی لە دابین نەکردنی پێداویستیەکانی خۆ پاراستن لە توش بون بە کۆرۆنا وناڕۆشنی ئامۆژگاریەکان ئەوەتا دەبینین ژمارەیەکی بەرچاو لە ستافی تەندروستی ورێگەوبان وکرێکاری تری ئەم کارە بناغەییانە گینایان لە دەست داوە وگیان لە دەست ئەدەن. ئەمە لە کاتێک دایە کە لە سەر تاسەری جیهاندا کەمییەکی یەکجار زۆر هەیە لە ستافی خزمەت گۆزاری بە تایبەتی کەرتی تەندروستی بە پێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی.
  • پاکێجی یارمەتیە ئابوریەکان ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران ناگرێتەوە وئەمانە هیچ زەمانەتێکی ئابوریان نیە لە بەر ئەوە لەکاتی توشبونی خۆیان یان ئەندامانی خانەوادەیان بە نەخۆشیەکە بە ئاسانی ناتوانن دەست لە کار هەڵگرن ولە ماڵەوە دانیشن. ئەمە بۆتە رێگرێک لەبەردەم کۆنترۆل کردنی بلاو بونەوەی ڤایرۆسەکە. ئەمە جگە لەوەی کە ووڵاتانێک وەکو عیراق هیچ یارمەتیەکی ئابوریشی دانەناوە.

    پرسیار: تێبینییەکی گرنگت هەیە لەسەر ئەو ڕێوشوێنانەی دەوڵەتان گرتویانەتە بەر بۆ بەرتەسککردنەوەی پەتاکە؟ ئایا مۆدیلی چینیت پێ سەرکەتوو بوو یان سویدی؟ کۆریات لەگەڵ ئەمەریکا پێ چۆن بوو؟ ئایا بۆچی ئیتالیا سیستەمی تەندروستیەکەکەی لەتەواوی ئەوروپا پەککەوتەتر بوو؟

    ش ع: بەراورد کردنی راستەوخۆی ولاتەکان و تآسیری پەتاکە لەسەریان کارێکی راستەوخۆ ومستقیم نیە وە هەر وڵاتەو سیستەمێکی جیاوازی هەیە بۆ تۆمار کردنی کەیسەکان. بەلام چەند نمونەیەکی سەرکەوتو هەیە لە جیهانداکە ئومێد بەخشە ونیشان دەدەن کە کارکردنی بە پەلە وهاوئاهەنگ دەتوانێت تارادەیەکی زۆر بەر بە ڤایرۆسەکە بگرێت وە لانی کەم لە خراپترین نتیجە بمانپارێزێت بۆ نمونە کۆریای باشوور کە زۆر بە چڕی تێست وبە دواداچونی کرد ویان المانیا کە بە پەلە ڕێژەی تێستیان زیاد کرد و نیوزیلەندە بە هەمان شێوە ستراتیژی لە ناو بردنی پیادە کرد. بە پێچەوانەی ئەمانەوە دەبینین وولاتانی امریکاوبریطانیا وبرازیل بۆ نمونە بە جولانەوەی خاوەخاو وناڕۆشنی وسەر لێشێواوی ئامۆژگاریەکانیان وڕاکێشانی پەنجەی تۆمەت بۆ ئەم وئەو وبیرکردنەوەی تەسک لە سنوری جۆغرافیای وڵاتەکاندا بۆ مەبەستی ناوخۆیی لەباتی هاوئاهەنگی لەسەر ئاستی جیهان بوە هۆی ڕێژەیەکی یەکجار زۆر لە تووش بوان ومردنیش. ئەم جۆرە بێ بایەخی وکەم تەرخەمیەی وولاتەکان بۆتە شوێنی نارەزایەتیەکی بەرفراوانی خەلک وڕۆڵی دەولەتەکانی جیهان لە پاراستنی بەرژەوەندی هاوولاتیانیانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە.

پرسیار: بەدڵنییاییەوە، هەرکەس ولایەن وگروپ وحزبێکی سیاسی جددی پاش کۆرۆنا دەبێت پرۆژەیەکی گرنگی سیاسەتی تەندروستی گشتی لە بەرنامەکەیدا بگونجێنێت؟ ئاڵوگۆڕێکی گرنگ بەسەرسەرجەم جومگەکانی سیستەمی تەندروستی وڵاتدا بێت؟ لە ڕوانگەی تۆ چ بەرنامە وپرۆژەو ستاندەردیکی زانستی پیویستە بۆ کۆمەڵگای ئەمڕۆ؟

بە رای من ئەم پەتایە دوو کێشەی ئەمڕۆی خستە ڕوو کە مرۆڤایەتی گەیشتۆتە شوێنێک کە چارەسەرکردنیان بۆتە پێداویستیەک قابیلی دواکەوتن نیە. یەکەمیان نایەکسانیە ودووەم نەبونی خزمەت گوزاری تەندروستی گشتی بۆ هەموان وە بە خۆڕایی.
کۆرۆنا کێشەی ئەو بەشانەی کۆمەڵی زەق کردەوە کە دەسەڵاتداران نایانبیستن ونایابینن ولە پلانە ئابوری وکۆمەلایەتی وسیاسیەکانیاندا حیسابیان بۆ ناکەن. کۆرۆنا هەمو جیهانی بە ئاگاهێنایەوە کە نایەکسانیەکی خەیاڵی دەورو بەری داوین. کۆڤید-١٩ چالەنجێکی بایۆلۆجیە کە جگە لە باری فیزیکی ودەرونی ئاکامەکانی کۆمەلایەتی وئابوری ودرێژ خایەنن. دەتوانم بڵێم کە بە لێکۆڵینەوە لە بایۆگرافی توشبوەکاندا وئەو گروپانەی کەزیاترین زیانیان پێ گەیشتوە ڕێگای چارەسەروبەرگرتن بە پەتا وکارەساتی تری لەم جۆرە مان بۆ دەردەکەوێت.
ماڵپەری بی بی سی نیوز رۆژی ٨/٥/٢٠٢٠ دەڵێت کە دانیشتوانی ناوچە هەژارەکان دووقات ئەگەری مردنیان بە کۆرۆنا هەیە (٥٥/١٠٠٠٠٠)وەک لە ناوچە دەولەمەندەکان (٢٥/١٠٠٠٠٠).
هەچ پرۆژەیەکی تەندروستی گشتی کاتێک دەتوانێت خزمەت بە کۆمەلگا بکات کە هەمو توێژەکانی کۆمەڵ بە خۆڕایی وبە بێ هیچ جیاوازیەک دەستیان پیا ڕابگات.
ئەوەی کە پێویستە هە هەمو وڵاتەکاندا سیستەمێکی تەندروستی وچاو دێری کۆمەڵایەتی (صحە ورعایە اجتماعیە) گشتی یە بە ستانداردێکی بەرز لە فێرکرکردن وراهێنان وئامرازودەزگای کواڵیتی بەرز وبە هەل ومەرجی کارکردن وموچەیەکی باش بژێوی شایستە بۆ هەمو کارمەندان کە بتوانێت خزمەتگوزاریەکان پێشکەش بە کۆمەل بکات بە یەکسانی وبە بێ جیاوازی وپارێزراو بێت لە دەست تێوەردانی کەرتی تایبەت وبازاڕ وسیاسەتە ئابوریە نیولیبرالیەکان.

شیرین عبدالله
9.5.2020




ئایا دروستە وانەی ئایینی داسەپێنرێت بەسەر سیستمی خوێندندا … شیرین عەبدوڵا

ئەمە بابەتێکە گفتو گۆی زۆری لەسەر کراوە، هەڵبەتە لە ئێستا كاتيكي گونجاو تر نیە بۆ کردنەوەی ئەم دایەلۆگە لە کاتێکدا کە عیراق لەبەردەم گۆڕانکاری ڕیشەییدایە بەتایبەتی لەسەرهەڵدانی خۆپیشاندانە جەماوەریەکانی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩) وە.
پێش ئەوەی تەنانەت بچینە ناو باسەکەوە، هەندێک پرسیارمان بۆ دێتە پێشەوە:
ئەگەر بڕیاردرا وانەی ئایین بخرێتە سیستەمی خوێندنەوە ئایا کام ئایینە هەڵ دەبژێریت؟ ئایینی زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتەکە؟ ئەی “کەمایەتیەکان” چی؟
ئەگەر ئێمە باس لە کۆمەڵگایەکی مەدەنی دەکەین کە تیایدا مافی هەمو تاکەکان پارێزراو بێت ئایا هەمو مناڵان مافی فێر بونی ئایینی فامیلیەکانی خۆیانیان بە شێوەی ڕەسمی لە مەکتەبدا نیە؟ وە ئەگەر هاتو ئەمەشمان کرد و هەمو ئایینەکانی وڵاتەکەمان خستە ناو سیستمەکەوە، ئەی ئەوانەی کە بێ باوەڕن و بێ دینەکان و ئاتایستەکان و بیر ئازادەکان و…؟
ئەگەر بابەتەکە دەربارەی فێرکردنی ئاینە وەک باوەڕ و شێوە بیرکردنەوەی کەسەکان ئایا زەروور نیە مێشکی مناڵەکانمان دەوڵەمەند بکەین و هەموو جۆرە باوەڕەکانیان پێ بناسێنین و لەوانەش بێ دینیەکان بۆ ئەوەی فکر ڕۆشنی و باوەڕ بە خۆبونیان تیا بچێنین هەتا توانای بڕیاردانیان هەبێت وە لەوانە بڕیاری هەڵبژاردنی بیر و باوەڕێک کە خۆیان پێیان دروستە دوور لە فشاری کۆمەڵایەتی و پێشداوەری؟
بە بڕوای من لایەنە نەگەتیڤەکانی داسەپاندنی وانەی ئاینی بەسەر سیستمی خوێندندا لە لایەنە پۆزەتیڤەکانی زیاترە:
یەکێک لەو لۆژیکانەی کە دێتەوە ئەوەیە کە زۆربەی ئایینەکان باس لە خۆشەویستی و یارمەتی دانی یەکتری و بەزەیی و هەندێ خەسلەتی تری لەو بابەتانە کە گومان لە باشیاندا نیە بۆ سەر کەسایەتی منال بەڵام لە هەمان کاتدا دەبینین هەمان ئەم ئاینانە چیرۆک و وانەی یەکجار دڕندانە و سامناک لە توندوتیژیدا دەگێڕنەوە کە تا ئێستاش لایەنگرانیان (و بە تایبەتی کە ئاین و سیاسەت تێکەڵ دەبن) پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن و لە ژیانی ڕۆژانەیاندا پەیڕەوی دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی سەر لێشێواوی لای منداڵان و قورسی تێگەیاندنی مناڵەکان لەبەر ئەو هەموو ناکۆکیانە.
با واز لە کوشتار و توندوتیژیش بهێنین، ئایا چۆن منداڵێک قەناعەت پێ دەکەیت کە دایکی ئەو (کە لە ڕوانگەی منداڵەکەوە گرنگ ترین کەسە لە هەمو جیهاندا) بە نیوە ئینسانێک دەژمێردرێت لە ڕوانگەی ئایینێکەوە؟ وە چۆن تێی دەگەیەنیت کە باوکی ئەو بۆی هەیە بە ئارەزوی خۆی دەست درێژی بکاتە سەر دایکی و سوکایەتی بە خۆی و خانەوادەی بکات و ئەگەر دەنگی ناڕەزایەتی هەڵبری ئەوا بە هەزاران شێوە کۆمەڵگا پێش یاسا حوکمی بەسەردا دەدات؟ وە چۆن ئەو ناکۆکیە ڕوون دەکەیتەوە کە هەموو کردەوەکانت لەسەر زەمین بۆت نوسراوە، تەنانەت پێش لەدایک بوونیشت، کەچی لەگەڵ ئەمەشدا لە “ئەو دنیایەی تردا” بە ئاگری هەتاهەتایی سزا دەدرێت؟ ئەگەر “پەروەردگار” بۆی نوسیویت کەواتە سزای هەتاهەتایی بۆچی؟
ئایا ئەمانە هەموی ناکۆکی نیە کە زەحمەتە هەر کەسێکی پێ قەناعەت بکەیت؟
لێرەدا دێمە سەر پرسیارێکی تر کە بەرەوڕوومان دەبێتەوە، ئایا لە کام تەمەنەدا ئەم وانەیە دەست پێ بکات؟ و ئەمەش خۆی باسێکی قووڵە لێرەدا شوێنی ئەوەمان نیە. بەڵام ئەوەی کە دەبینرێت زۆربەی لایەنگرانی وتنەوەی وانەی ئایینی لە خوێندنی گشتیدا پێیان باشە لە تەمەنێکی زووەوە دەست پێبکات، و ئەمان زیاتر داوا دەکەن ئایینی تایبەتی خۆیان بووترێتەوە نەک ئایینەکانی تر. ئەمەش پەرەپێدانی مەزهەب پەرستی و قووڵ کردنەوەی تایفە گەرایی لە لای منداڵان بە دوای خۆیدا دەهێنێت پێش ئەوەی چاویان بە دنیا بکرێتەوە و بزانن باسەکە چیە.
زۆربەی مندال شتێک لە بیروباوەڕ و ئاینی کەسوکاریان (وەیان بێ ئایینی) لەمناڵیەوە وەردەگرن و بەو پێیەی کە ئەگەر هەڵگری ئاینێک بیت یان نا کارێکی تایبەتە بە تاکەکان ومافی ئەوەیان هەیە بە ئازادی وهۆشیارانە بڕیاری لەسەر بدەن، بە ڕای من مندال بە تایبەتی هەتا دوای قۆناغی سەرەتایی خوێندن، بە تەواوی ئامادەیی نیە بۆ تێگەیشتنی و ردەکاری ئاینەکان (و لەگەڵیشیانا بێ دین بوون) و چەندەها پرسیاری تر لە سەر بوون و نەبوون. بەڵام لە تەمەنێکی زۆر زووەوە توانای تێگەیشتنی ڕەوشتە مرۆڤایەتیەکانی وەک خۆشەویستی و بەزەیی و یەکسانی و قبوڵ نەکردنی ستەم و ناعەدالەتی…هتد هەیە لەدەرەوەی قاڵبی ئەم دین و ئەو مەزهەب. لێرەدا ئەوەی کە منداڵ زیاتر توشی سەر لێ شێواوی دەکات ئەوەیە کە خانەوادەکان بیروباوەڕی خۆیان دەسەپێنن وەک تەنها ئەوان ڕاستبن و نەفی هەمو بیروباوەڕێکی کە دەکەنەوە. لەگەڵ چاو کردنەوەیدا منداڵەکە بۆی دەردەکەوێت کە لەنێو هاوڕێیانیدا و لەناو کۆمەڵگای دەرەوەدا بیروڕای جیاواز هەیە کە لەوانەیە ستانداردە کۆمەڵایەتیەکانیان جیاوازیەکی ئەو تۆی نەبێت، لێرەدا منداڵ توشی سەر لێ شێواوی دەبێت وە لەوانەیە متمانەی بە کەسوکارەکەی خۆی و پرنسیپەکانیان نەمێنێت.
لەلایەکی ترەوە ئەگەر ئامانج لە فێر کردنی ئاینی لە قوتابخانەدا ئەوە بێت خەسڵەتی مرۆڤایەتی بچێنین و منداڵ لە سەر بیر کردنەوە و پیاچونەوە بە کردەوەی ڕۆژانەیاندا و جیا کردنەوەی چاکە و خراپە پەروەردە بکەین ئەوا زۆر ئامرازی فێربوون و شێوەی ترهەیە کە یارمەتیمان دەدات ئەم کارەکتەرە باشانە و چەندەها سیفاتی تری وەک ڕێز گرتنی بەرامبەر و بڕوا بە خۆ بوون و وەستانەوە بە ڕووی ستەم و ناعەدالەتیدا.. وە مێژوی نزیک و دوور، و تەنانەت لە ژیانی ڕۆژانەی ئێستاماندا کە نزیک ترین نمونە ئەوەیە کە لە مەیدانەکانی ڕاپەڕیندا لە شارەکانی عیراق دەیبینین لە ئۆکتۆبەری (٢٠١٩)ەوە، پڕە لە چەندین چیرۆک و پاڵەوانێتی واقیعی و ڕاستی و بەرزترین بەها ئینسانیەکان، ئیتر پێویست ناکات بگەڕێینەوە بۆئاینەکان و چیرۆکە خەیاڵیەکان.
جگە لە مانە، فەرز کردنی بیروڕای خۆمان بەسەر منداڵی کوڕ یان کچ دا بە پێشێل کردنی مافیان دادەنرێت و ڕێگرتنە لە بیرکردنەوەیان و بڕیاردان لەسەر باوەڕەکانیان وە ئەمانەش دەبێتە هۆی چەندین کێشەی دەروونی و ئاکامی تر لەسەر شخصیەت و دروست بونیان لە درێژ خایەندا.
لێرەدا بانگەوازێک بۆ دایک و باوکان و خانەوادەکان کە دوور بکەونەوە لە داسەپاندنی دابونەریتی مەزهەبی، بەسەر کوڕان و کچانیاندا بۆ دروست کردنی نەوەیەکی بیر فراوان کە توانای بڕیاردانی هەبێت دور لە پێشداوەری وبير تەسکی و تایەفەگەرایی کە وڵاتەکەمان بە درێژایی ١٧ ساڵە بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.
ئێمە لە عیراق دا تا ئێستا برینەکانی جەنگی طائیفیمان تیمار نەبوە و لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ئێمەدا کە گیرۆدەی ئیسلامی سیاسی و باڵادەستی داب و نەریتی عەشایەری و پیاوسالاریە وە تەنانەت لە زۆربەی وڵاتانی بەناو “پێشکەوتو” دا دەبینین چۆن دەسەڵاتەکان دین بەکاردەهێنن وە سود وەردەگرن لە دووبارە دروست بونەوەی ئەم دابونەریتانە وە لە ڕێی ئەمەوە نەک هەر بە کۆیلەبونی نیوەی کۆمەڵگا گارانتی دەکەن بەڵکو بە ئاسانی رێخۆش کەری بۆ چەندین لە تاوانەکانیان دەکەن و داسەپاندنی قورسترین باری ژیان بەسەر کۆمەڵدا لە ژێر ناوی قەزا و قەدەر و…هتد دا. چەندین جار جیاوازی مەزهەبی و ڕەگەزی و.. بەرز دەکرێتەوە وەک کارتێکی دەستی دەسەڵات لە هەوڵیاندا بۆ لە بیر بردنەوەی کێشمەکێشی چینایەتی و گۆڕینی بۆ کێشمەکێشی مەزهەبی.
زۆر لە دایەلۆگ و بۆ چون هەیە لە سەر هەردولای ئەم بابەتە بەڵام دین وباوەڕ (یان نەبونی) کاری شەخصی مرۆڤەکانە پێویستە ئینسانەکان ئازادی تەواویان هەبێت لە هەڵبژاردنیدا دوور لە پێشداوەری وهیچ فشارێک چ لە لایەن خانەوادەوە و چ لە دامودەزگاکانی خوێندن یان دەوڵەتەوە. ئەم هەڵبژاردنە تەنها کاتێک گونجاو دەبێت کە ئینسانەکان تەواوی ووردەکاری ئەو بیروباوەڕە تێبگەن و بتوانن هەڵیسەنگێنن وە ئەمەش پێویستی بە کامل بونی فیکری کەسەکان هەیە.