عێراق به‌ره‌و داھاتویەکی نادیار… شوشان مستەفا

پەیامی ئەمرۆی موقتەدا سەدر شەقامی ھەژاند

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر پەیامێکی لەبارەی دۆخی عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو خوازیاری خوێنڕشتن نیە، بەڵام وتوێژیشیان ئەزمونکردوە و هیچ سودێکی نەبوە، بۆیە داوا دەکات ئەم خولەی پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە و هەڵبژاردنی
.پێشوەخت ئەنجام بدرت
موقتەدا سەدر ئێوارەی ئەمڕۆ
چوارشەممە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دوایین هەڵوێستی خۆی لەبارەی دۆخی سیاسی عێراق راگەیاند و لەبەشێکی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی ئێستا لە عێراق رودەدات ململانێ نیە لەسەر دەسەڵات و ململانێش نیە لە نێوان کەسایەتییەکان، بەڵکو ململانێیە لەپێناو چاکسازی و رەوتی سەدریش لەم پرۆسەیە بەدەر نابێت، باوەڕیشی وایە چاکسازی بەبێ قوربانیدان نابێت.

باسی لەوەشکرد، هیچ سودێک لە وتوێژ و دانوستاندا نیە دوای ئەوەی گەلی قسەی خۆی کرد، بەجۆرێک لە سیستمێکی دیموکراسی ئاشتیخوازانەدا هیچ شوێنێک بۆ دەموچاوە کۆنەکان نیە، رەوتی سەدریش پشتیوانی لە رەوتی دیموکراسی دەکات بەتایبەت کە شۆڕش لە عێراق لەگەڵ دروستبونی رەوتی سەدر سەری هەڵداوە.

داوا دەکات خۆپیشاندەران بەردەوام بن لە مانەوەیان لەسەر شەقام
رێبەری رەوتی سەدر داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت و بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی کرد و ئەوەشی خستەڕو، داوا دەکات ئەم خولەی پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت، هەروەها داواش دەکات خۆپیشاندەران بەردەوام بن لە مانەوەیان لەسەر شەقام و مانگرتن، چونکە باوەڕی وایە گەل لە چینی دەسەڵاتدار بێزار بوە و دانوستانیش لەسەر بەردەوامی ئەو دۆخە رەتدەکاتەوە.

سەرۆکی هاوپەیمانی فەتحی بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ رەوتی سەدر راسپارد
ئەوەش لەکاتێکدایە دوای هەفتەیەکی پڕ لە گرژیی و هاتنەسەر شەقامی لایەنگرانی هەردولا دژی یەکتر، لەئێستادا لایەنەکانی پێکهاتەی شیعە هەوڵەکانیان بە ئاڕاستەی گفتوگۆی سیاسی چڕکردوەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتحی بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ رەوتی سەدر راسپارد.

بەیەکەوە دەستبکەن بە گفتوگۆیەکی جددی و بونیانەر بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوانیان
1ی ئاب هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، دۆخی ئێستای عێراق روبەڕوی مەترسی بوەتەوە وڵات بەرەو ئەوە دەچێت کە لەکۆنتڕۆڵ دەربچێت و توندوتیژی پەرەبسێنێت، بۆیە بانگەواز ئاڕاستەی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات بۆ ئەوەی بەیەکەوە دەستبکەن بە گفتوگۆیەکی جددی و بونیادنەر بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوانیان.

شوشان مستەفا




پەروەردەی تەندروست بۆ مناڵ… شوشان مستەفا

پێش ئەوەی باسی پەروەردەی مناڵ بکەم، گرنگە ئەوە بڵێم، کە تەواوی ژیانی هاوسەرگیری قۆناغێکی تەواو جیاوازو پڕ لە بەرپرسیارێتییە. گرنگ هەمووان لەوە تێبگەن، کە ژیانی هاوسەرگیری تەنها خۆشی و مانگی هەنگوینی نییە. بەڵکوئەرکی سەر شانت قورستر دەبێت. وە پارێزگاری و خەمخۆری و بەرپرسیارێتی هاوسەرەکەت و مناڵەکانت دەکەوێتە سەر شانت.
دواتر دوو گرنگترین بابەتی ئەم دونیایە ئەوەیە. یەکەم بەهەموو هێزتەوە هەوڵبدەیت کۆک و تەبا و گونجاو بیت لەگەڵ هاوسەرەکەت وە ژیانێکی پڕ لە ئارامی و ڕێزو خۆشەویستی بگوزەرێنیت. ئەگەر ئەمەت کرد، ئەوا دڵنیابە ٥٠% ئەرکی پەروەردە کردنێکی بێوێنەت بۆ مناڵەکانت بەدیهێناوە. چونکە نیوەی پەروەردەی مناڵ تەبایی خێزانییە. دواتر گرنگە تەرکیز بخەینە سەر چۆنێتی پەروەردەی مناڵ.
من لەوە تێدەگەم کە زۆرێک لەدایک و باوکان بەدەست رەفتارە نادروستەکانی مندالەکانیان بێزارن و نازانن چۆن چارەسەری بکەن بێگومان هیچ رەفتارێکی مندال لەخۆوە درووست نابێت، هۆکاریش زۆرن.
گرنگترینیان ١-دوو پەروەردەیی ٢-زۆر نازدان بە مندال ٣-ئیهمال کردنی مندال ٤-توند و تیژی و هەڕەشە ٥- مێشک شوشتنەوەی مناڵ لەدژی یەکتر.
دوو پەروەردەیی: واتا دایک و باوک رایان جیاوەزەو پلانیان نیە بۆ پەروەردەکردنی مندالەکەیان. یەکێک لەباوان شتێکی پێ خراپەو لێی قەدەغە دەکات. ئەوەکەی تریان پێی دەدات بەمەش مندالەکە سەری لێدەشێوێت و نازانێ ڕەفتارەکەی درووستە یاخود نا. کاتێکیش مناڵ رەفتاری درووست و نادرووست لێک جیا ناکەتەوە. ئەوا دایک و باوک تاوانبارن.
هەروەها زۆر نازدان بەمندال، ئەمەش یەکێکە لە پەروەردەکردنێکی هەلە کەدایک و باوک پەیرەوی دەکەن. چونکه خۆشیان دەوێت وادەزانن گەر مندالەکە داوای هەر چیەکی کرد دەبێت یەکسەر بۆی بکرێت. بەمەش مندال وادەزانێت ئەو هەرچی بوێت ئەتوانێت بەدەستی بێنێت، بێ هەولدان و ماندو بون، ئەمەش کاریگەری لەسەر کەسایەتی مندال دروست دەکات لە ئەنجامدا کەسایەتیەكی لاواز بەرھەم دێت کە ھیچ متمانەی بەخۆی نامێنێت و بۆ ھیچ شتێك پشت بە خۆی نابەستێت ،وای لێدێت ناتوانێت لەگەل مندالەکانی تر تێکەل ببێت و وەناتوانێت بۆ هیچ کارێک پشت بەخۆی ببەستێت و هەولبدات. وە داوای هەرشتێکی کرد گەر یەکسەر بۆی نەکرێت ئەوا دوونیا لەدایک و باوکی دەشێوێنێت.
زۆر لەدایک و باوکان مندالەکانیان ئیهمال دەکەن و هیچ گرنگی و نازێک نادەن بە مندالەکانیان. واتا ئەو مندالە هەست بە هیچ خۆشەویستیەک ناکات لە دایک و باوکی. بۆیە بەمەش وادەکات کە زیاتر ڕوو لە شتێکیتر بکات. ئینجا لەم حاڵەتەدا ئیستیغلال کردنی ئەو مناڵە لەلایەن کەسانی خەراپەکارەوە زۆر ئاسانە، چونکە مناڵەکە هەست بە بۆشایەکی ڕۆحی دەکات و پەنا دەباتە بەر هەر شوێنێک کە بۆشاییەکەی بۆ پڕبکاتەوە. یانیش هەردەم خەریکی بەکار هێنانی موبایل و ئایپاد دەبێت بێ ئەوەی ئەو دایک و باوکە ئاگاداری بن بۆخۆی هەرشتێک بیەوێت سەیری دەکات ئەمەش خۆی لە خۆیدا کارە ساتێکە. بەمەش مندال بەرە بەرە رەفتارەکانی بەئاراستەیەکی خراپ دەڕۆن. تا وای لێدێت کارێک دەکات کە هەم زیان بە خۆی و خێزان و کۆمەلگاش دەگەیەنێت. ئەوکات دایک و باک گلەیی دەکەن کەنازانن بۆ وای لێهاتوە نازانن کە هۆکارەکە کەمتەر خەمی و کەمی هۆشیاری خۆیان بووە.
پەروەردەی توند و تیژو هەڕەشە: ئەمەش جۆرێکی ترە لە پەروەردەی نا دروست کە دایکان و باوکان پێرەوی دەکەن. هەمیشە بۆ هەر کارێکی هەڵەی منداڵ یاخود بە گوێ نەکردن توندو تیژی دەنوێنن و لێدان و جوێن بەکار دەهێنن. کە وا لەمنداڵ دەکات کەسایەتیەکی لاوازو باوەڕ بە خۆ نەبووی هەبێت. هەمیشە لە دڵەراوکێ و ترسدا دەژیت.
چارەسەری ئەمانە چۆن دەکرێت؟
دەبێت دایکو باوک هۆشیاربن لە پەروەردەکردنی مندال بەوەی دەبێت هەردوکیان لەسەر پەروەردەکردنێک رێکبکەون و کاتێک شتێکیان لە مندالەکە قەدەغە کرد هەردوکیان قەدەغەی بکەن وە ئەگەر مندالەکەش ڕقی گرت نابێت لەبەر ڕقەکەی ئەو کارە بکەن که ئەو دەیەوێت. دەبێت بۆی روونبکەنەوە. کە بۆچی ئەو ڕاست نییە.
نابێت مندال داوای هەر شتێکی کرد یەکسەر بۆی بکرێت دەبێت کرداری وەرگرتن و پێدان هەبێت. واتا دەبێت کارێک بکات بۆ ئەوەی تۆ شتێکی پێبدەیت جا دەبێت دایک و باوک ئەوهەلە بقۆزنەوە. بۆ نمونە، حەزی بە پاسکیلە دەبێت تێبگەیەندرێت تاوەک و بۆ ماوەی دووهەفتە یاخود مانگێک کارێکی باش بکات وەلاساری نەکات یاخود شەرانگێزی نەکات ئەم کردارەش بە خشتە دەکرێت بۆ ئەوەی منداڵەکە زیاتر پابەند بێت. خشتەیەکی هەفتانەی بۆ دەکەیت لەکۆتایی شەو لەگەڵ هەرکارێکی درووستی سەحێک وەردەگرێت. تاوەکو خشتەکە پردەبێتەوە. ئینجا شتەکەی بۆ دەکرێت بەمەش مندالەکە فێری سەبرو ئارامی و هەوڵدان دەبێت وە فێردەبێت بۆ ئەوەی هەر شتێک بەدەست بێنێت دەبێت هەوڵی بۆ بدات. وەفێر دەبێت تا نرخی شتەکانی خۆی بزانێت چونکه هەرشتێک بە هەوڵ و ماندوبون بەدەست هات ئەوە نرخی دەبێت لای کەسەکە. دەبێت دایکو باوک زۆر ئاگاداری مندالەکانیان بن و ئیهمالیان نەکەن بزانن کە مندالەکانیان هاورێیەتی کێ دەکات وەچەند موبایل یاخود ئایپاد یان تەلەفزیۆن بەکار دێنێت وە لەچی بەکاری دێنێت وە مندالەکانیان فێری ”کات” دابەش کردن بکەن بۆ ئەوەی نرخی کات بزانن. کاتەکانی یاریکردن و خەوتن. وە پێش خەوتن چیرۆکی بەسودیان بۆ بگێرنەوە وە هەولدەن بیان نێرن بۆ دەورات و رەوزە. بۆئەوەی زیاتر تێکەلی و بوێریان هەبێت.
لەهەموی گرنگ تر نابێت دایکو باوک لەپێش چاوی مندال دەمەقالێ و شەڕ بکەن چونکە ئەمە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر منداڵەکان. وەنابێت جیاوازی بکەن لە نێوان مندالەکانیان. باشترین جۆری پەروەردەش هاوسەنگی کردنە لە نێوان هەر پێنج جۆرەکەی پەروەردە کە لە سەرەوە باسمان کرد. واتە هەر شتێک کە دەکرێت زیادەرەوی تێدا نەکرێت و لە سنوری خۆیدا بهێڵدرێتەوەو باشترین پێوەریش، هەمیشە قیاسی مامناوەندە….

شوشان مستەفا




ھەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان.. شوشان مستەفا

(ئەمڕۆ ناتوانم ھیچ نەڵێم )

زۆر ھاوار ھەن دەرمان نەبڕیوون ، زۆر وشە ھەیە نەمانتوانیوە بیانڵێین ،زۆر گرێ لە ناخماندا ھەن کە نەکراونەتەوە،
بە بیانووی جیاواز و لە ژێر ناوی جیاواز ھەتا ئەم ساتەش ژن دەکوژرێت و تیرۆری جەستەیی و رۆحی و دەرونی دەکرێت تکایە وەک مرۆڤبوون لە ئافرەتان بروانن و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت ڕاگرن
، ژنان و ئافرەتان بە درێژایی مێژوو لە ھەر چوار پارچە ڕۆڵی جوان و کارا و کاریگەرییان لە بوارە جیاوازەکان بینیوە بەشێکیان لە لوتکەی دەسەڵات بوون و بەشێکیش بە کارە مرۆڤ دۆستانەکانیان بونەتە سمبول،
بۆ ئێوەش ئەی ھاوڕەگەزەکانم : لە ئێستادا وێنا جوان و تایبەتە پڕتواناکانتان نیشانبدەن واز لە شتی لاوەکی بھێنن بیسەلمێنن ئافرەت لێھاتوو وکارامەیە توانای کار و بەڕێوەبردن و گرتنە دەسەڵاتی لەسەرجەم دامەزراوە و پلە و پۆستەکان ھەیە
تا چیدیکە ئافرەت نەبێتە قوربانی توندوتیژییەکان و
بۆ ڕیشەکێشکردنی ھەموو جۆرە جیاکاری و نادادپەروەرییەک ،
بۆ داھاتوویەکی باشتر و کۆمەڵگایەکی پڕ لەڕەنگ پێویستە جدیتر لە پرسی ژن بروانن .
مێژوی ڕۆژی جیهانی ژن هاوکاتە لەگەڵ خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی و جنسی و چەوسانەوەی چینایەتی. ئەم ڕۆژە ڕۆژی مێژوییە بۆ خەبات لە پێناو بەدیهێنانی مافی یەکسانی و هەلو مەرجی باشتر لە ژیانی ژناندا..
هۆکاری دیاری کردنی ڕۆژی هەشتەی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕێز لێنانە بو مێژوی خەباتی ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستنی شاری نیۆیۆرکی ئەمەریکا لە ساڵی ١٨٥٧.
هەلومەرجی دژواری کاری بێوچان و موچەی نیوەو ناتەواوی کرێکارانی ژن، کە لە کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠ لە وەڵاتانی خاوەن پیشەسازی شان بەشان لەگەڵ پیاوان هاتبونە مەیدانی کارەوە، ئەوانی ناچار دەکرد ناڕەزایەتی دەرببڕن و بێنە کۆڕی خەباتی یەکسانی خوازیەوە بە شێوازی ڕێکخراوەیی بەرنامەڕێژی کراو یان تۆکمە دژی ئەو چەوسانەوەیە..
لەم رۆژەدا کرێکارانی ژن لە کارگەیەکی دەسکرد، دەستیاندایە مانگرتن بۆ پیشاندانی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە هەلومەرجی نالەباری کارو و خراپی موچەیان. بیرەوەری ئەم مانگرتنە لە لای کرێکارانی ئەم بەشە مایەوە و ناڕەزایەتی گشتی لەم بارودۆخە لای ژنانی کرێکار بەردەوامە تاکو ئەمڕۆشی لە گەڵ بێت..
هەشتی مارس، ١٩٠٨٨ دووای نیو سەدە، ژنانی ماندو نەناسی بنکەی دەسبافی کەتان لە شاری نیۆیۆرک لە ساڵیادی ئەو مانگرتنانە، بە هۆی هەڵاواردن و هەژاری و گوشاری زۆری کار و موجەی نیوەو ناتەواو دەستیاندایە مانگرتن. کاربەدەستانی کارگەکە بۆ سەرکوت کردن و پێشگرتن لە ئاشکرا بونی لە ناو بەشەکانی تردا ئەو ژنە مانگرتوانە لە شوێنەکەی خۆیان دەستبەسەر دەکەن. بە هۆکارێکی نادیار ئاگر لە کارگەکە دەکەوێتەوە و تەنها ژمارەیەکی کەم دەربازیان دەبێت،زیاتر لە سەد کرێکاریژن لە ئاگردا گیانیان لەدەست دەدەن..
یەکەمین ڕۆژی جیهانی ژن لە مانگی مارسی ١٩١١ لە دانمارک، ئاڵمانیا، نەمسا، سویسرا و ئامریکا بەڕێوەچوو، بە مەلاین ژن بەشداری بەڕێوەچونی ڕۆژی ژن بوون. سەرەکی ترین داخوازیەکانیان ئەوکاتە بریتی بوون لە یاسایەک بۆ پاڵپشتی کرێکارانی ژن، مافی دەنگدان و بەژداری لە هەڵبژاردن ..
لە لایەکی ترەوە کێشەی جیاوازی نیوان ژن و پیاو لە بەرانبەر کاری یەکسان، کەم کردنەوەی کاتی کاری، دابەزاندنی نرخی شتومەک داخوازیەکانیان بوو، کە بۆ ئەمڕۆی ئێمەش نامۆ نین..
لە دووای شەڕی جیهانی دووەم، لە وڵاتانی ئوروپای ڕۆژئاوا لە ساڵی ١٩٤٠ بۆنەی هەشتی مارس بەڕێوەچوو، لەم وڵاتانە بە ڕەسمی لە لایەن دەوڵەتەوە شکۆدار بەڕێوەچو وەک نیشاندان خەمخۆری بۆ کێشەکانی ژنان..
ئێستە هەشتی مارس لە زۆربەی زۆری ولاتانی دونیا هەموو ساڵێک ڕیزێکی تایبەتەوە بەڕێوە دەچێت، و وەک ڕۆژی ناڕەزایەتی گشتی و توندو تیژی بەرانبەر بە ژنان، وە هەر وەها ڕێزگرتن لەو کەسانەی کە بنەمای ئەم خەباتەیان هەڵگیرسان بۆ باشتر کردن دۆخی ژنان..
دەسکەوتەکانی ڕابردوو و پێشڕەوی بۆ چەسپاندنی یەکسانی هەمەلایەنە بۆ سەپاندنی مافە سەرەتای و ئینسانیەکانی ژنان، کەم نین. لە زۆربەی وڵاتانی جیهان مافی دەنگدان و بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداری هەڵسوڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە رەسمی ناسراوە..
هێشتا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە چوارچێوەی ژیانی هاوسەریدا لە لایەن کۆمەڵگاوە یان شوێنی کار ژنان ڕوبەڕوی توندو تیژی دەبنەوە، یاسای مەزهەبی و پیاوسالاری دژە ژن لە زۆربەی وڵاتە دواکەوتوەکانی جیهاندا ژنان ئازار دەدات و کاری پێدەکرێت، هێشتا لە پێشکەوتوو ترین وڵاتانی جیهانیش هێزی کاری ژنان بەرانبەر بە کاری یەکسان لەگەڵ پیاوان، تا رادەیەک جیاوازی بە خۆیەوە دەبینێت..
زۆربەی نەخوێندەوارەکانی جیهان ژنانن، ژنان و منداڵان گەورەترین قوربانی ئاوارەیی و دەربەدەری ناکۆکیەکانن. دیاری کردنی جلوبەرگ بۆ ژنان، حیجابی زۆرەملی، دەستدرێژی سێکسی و جەستەیی، توند و تیژی و تیرۆر لە ژێر ناوی ناموس و شەرەف کپکردنی ئازادی ڕادەربڕین، نمونەی سەرەکی و ئاشکرا یە کە ڕۆژانە وەک دیاردەی ئاسایی دژی ژنان بەڕێوە دەچێت.

پیرۆزبێت ڕۆژی جیھانی ئافرەتان

ئازادی بۆ ھەمووان

شوشان مستەفا




گەلی کورد لە نێوان گێژاوە سیاسیەکاندا.. شوشان مستەفا

ئەگەر تەنیا لە چلەکانی چەرخی رابردووەوە دەست پێ بکەین، نزیکەی هەشتا ساڵە گەلی کورد لە کوردستانی عێراقدا، بە ئومێدی دەستڕاگەیشتن بە مافە سیاسییەکانی، لە نێوان گێژاوێکی سیاسیی پێچەڵ پێچەڵدا، دێت و ئەڕوات، ئەوە سیی ساڵیشە دەسەڵاتی حیزبی کوردیی و بنەماڵە سیاسییەکانی کوردمان بیینی کە ئەگەر بە ویژدانەوە تەعبییری لێ بکرێ، ئەبێ بگوترێ فاشیلتریین دەسەڵات و حوکمڕانییە لەسەر رووی زەویی، بە تایبەتییش لە گەندەڵیی و برسییکردنی بە ئەنقەستی خەڵک و بەهەدەردانی سامانی نیشتمانییدا. گەورەتریین کێشەی سیاسیی ئەو حیزب و کەسایەتییانەی خۆیان بە نەیار و رەخنەگری سیاسیی ئەم فەشەلە سیاسییەی هەرێم و حیزبەکانی ئەزانن، بێ گوتارییە! گوتارێکی سیاسیی جیاوازیان نییە کە لە پارتیی و یەکێتیی و دووکانە سیاسییەکانی تر، جودایان بکاتەوە.

ئەم بێ گوتارییە، نەبوونی روئییەی سیاسیی و هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن کە بتوانێ فۆرمەڵەی داخوازییەکانی خەڵک بکات کە زیاتر لە عەدالەتی کۆمەڵاتییدا جێگیر ئەبن، وەکو هێزێکی کارای ئۆپۆزیسیۆن، گوتارێک تەبەنیی بکات کە ببێ بە جێگەی متمانەی بەشێکی زۆر لە خەڵکی ناڕازیی، بە تەواویی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق( ١٠ ئۆکتۆبەری ٢٠٢١)، رەنگی دایەوە و زۆریینە پەنایان بۆ بایکۆت برد.
بایکۆتی بەریین لە ئاستی عێراق و هەرێمیشدا، بەشی هەرە زۆری بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە هێزێک یان پارادایمێکی جیاوازتر لە هێزە گائیفیی، قەومیی، ئیسلامیی و گەندەڵەکان، بوونیان نییە و خەڵك متمانەی بە ئۆپۆزیسیۆنی شەریکی دزەکان نەماوە، بایکۆتەکە سەرتاسەری عێراقی گرتەوە و بەغداد لە پێش هەموو شارەکانەوە بوو. هاوکات، بایکۆتی هەرێم، ئەفسانەی دەسەڵاتداریی پارتیی و یەکێتیی، تووشی زەمیینلەرزە کرد. لە نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکدا کە جێگەی متمانەی خەڵکی ناڕازیی بێت، شاری سلێمانیی شکۆی یەکێتیی و گۆڕانی شکاند و ٪٨ ی خەڵکیان لەگەڵدایە کە دیارە زۆریینەیان موچەخۆرن یان لە ترسی برسییەتیی و نانبڕیین، دەنگیان پێ ئەدەن. بۆ پارتیی و بادینانیش هەمان راچڵەکیین هەیە.

گۆڕان، ئۆپۆزیسیۆنی زۆر ناشیریین کرد. یەکێتیی نوێ لە دوای کودێتای ٨ی تەمموزەوە، بە تەواویی بووە بە دووکانێکی سیاسیی کە مەئمورییەتەکەی بە هەندێ مەئمور سپێردراوە کە هەموویان لەو دزیی و تاڵانییەی کوردستاندا، لەگەڵ پارتیی شەریکن( بە پشکی زۆر کەمەوە). گرنگتریین شت لە دوای ئەم هەڵبژاردنەوە، ئەوەیە چۆن بەشێکی کارا لە خەڵکی بایکۆت، بە کاری هاوبەش و بییروڕا گۆڕیینەوە، ئەم بێ ئاسۆییە لە سیاسەتدا، بە گوتارێکی سیاسیی جوداوە، تێپەڕێنن و روئییەیەکی سیاسیی و عەقڵانیی، هەڵاوێردراو لە سیاسەتی فاشیلی کوردایەتیی و حیزب و بنەماڵەکانی، تەبەنیی بکەن؟ بە دڵنیاییەوە، ئێمە باوەڕمان وایە پێش هەموو شتێ ئەبێ گوتار و روئییەکەی لە گوتاری زاڵی کوردایەتیی و ئەو تیجاڕەتە نەتەوەییەی بەناوی کوردەوە ئەکرێ، داببڕێت. هاوکات، لەو گەندەڵیی و پۆپیولیزمەش رزگار بکرێ کە خەڵکێکی زۆر بۆ پارە و بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان، سیاسەت ئەکەن و لە بەها گشتییەکان و مۆڕاڵە کۆمەڵایەتییەکان، دایئەبڕن.

کورد لە کوردستانی عێراقدا، ئەوە نزیکەی ١٠٠ ساڵە دەستوپێ لەگەڵ عێراقدا نەرم ئەکات، هەمیشە وەکو ئەوەی ستەمێکی زۆر گەورەی لێ کرابێت، وەکو قوربانییەک خۆی نیشان ئەدا کە ستەمێکی لێ کراوە، لە دونیادا وێنەی نەبووە و نییە. سیاسەتی باوی کوردایەتیی، گوتارەکەی زاڵە، یان دروستتر، چیرۆکێکی باڵادەستە کە زیاتر نەتەوەییەکانی کورد، حیزبەکانیان وشێخە سیاسییەکانی رێبازە دیینییەکان( نەقشبەندیی و قادریی) و ئەو نوخبانەی هەمیشە، خزمەتی بنەماڵە سیاسییەکانیان کردووە، ئەگرێتەوە. چیرۆکی سیاسەتی کوردیی لەو بەشەی پێیدەگوترا ویلایەتی موصڵ و لە هەندێ دۆخیشدا بە کوردستانی باشوور( نەک باشووری کوردستان) لە ناوەڕاستی بیستەکانی چەرخی رابردوودا، پێش لکاندنی بە دوو ویلایەتەکەی تری عێراقەوە( بەصرە و بەغداد)، وردە وردە فۆرمەڵە ئەبوو، چیرۆکێکە لە شێخ مەحمودەوە، دەست پێئەکات و بە ریفراندۆم و کوردایەتییەکەی پۆست ریفراندۆم و کودێتاکەی ماڵی تاڵەبانیی لە ٨ی تەمموزی ٢٠٢١ دا دژ بە ئامۆزاکەیان( لاهور جەنگیی)، درێژەی هەیە( نەک کۆتایی هاتبێت).

ئازادی بۆ ھەموان

شوشان مستەفا




ئەوانە كێن خۆپیشاندان دەكەن؟ .. شوشان مستەفا

وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر قورس نییە، تەنها كەمێك بچۆ ناویانەوە تێدەگەین ئەوانە كێن. ئەوانە موچەخۆرە كڕوزاوەكانی بەردەم مایكەكان نین، ئەوانە گەنجانێكی بێ‌ پارە، بێ‌ ژیانن، ناشكڕوزێنەوە، تەنها دەیانەوێت لەم نیشتیمانەدا بەشی ئەوان ژیان بدرێت، بڕوایان بە خۆیانە، بەشكۆ و بەهێزن، براو خزم و هاوڕێ و دۆستەكانی هەریەك لە ئێمەن.
ئەوانە ڕۆشنبیرەكانی سەر شاشەكان نین هاژەهاژ بكەن و لەژێریشەوە دۆستی دەسەڵاتدارەكان بن، ئەوانە گەنجە بێ‌ كارەكانن، ئەو گەنجانەی لە بێكاریدا بەیانیان تا ئێوارە دەخەون و ئێوارە بە گیرفانی بەتاڵەوە دێنە دەرەوە، ئێوەش كوڕ و منداڵەكانتان بە ئۆتۆمبێلی گرانبەها، دەنێرنە خوێندنگە نمونەیەكان و بەتەماشان تا كۆتایی ژیان ئەم گەنجانە تەماشاتان بكەن و، جیاوازی نێوان ژیانی خۆیان و ئێوە و ماڵ و منداڵتان ببین و هیچش نەكەن؟! تۆزێك چاوتان بخورێنن با باشتر دیمەنەكە ببینن.
ئەمانە ئەو واعیزە دەنگە دەنگ كەرانەی سەر مینبەرەكان نین، باسی حەق بكەن و كاتێكیش حەق دێتە ئاراوە سەری خۆیان كزدەكەن و دەچنەوە ماڵ، ئەمانە ئەو پەڕلەمانتارە مشەخۆرانەی سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نین بە باوەش پارە لە ئێوە وەردەگرن و لەسەریشەوە خۆیان شین و مۆر دەكەنەوە، نمایشكارەكانیش نین بە شەو ڕۆژێك لەڕێگەی ئێوەی دەسەڵاتدارەوە ببنە خاوەنی هەموو شتێك، گەر دەوێرن وەرنە ناویان، فەرموون وەرن بیان بینن، ئەوانە ئەو گەنجانەن دەكەسیان كۆبكەرەوە دوو هەزار دیناریان پێنییە، دوای بەرد وەشاندنەكانیان دەوەتێكیچایان بكە، دەجار پێتدەڵێن: خاڵە زۆر مەمنون.
ئەمانە پیاوە حیزبییەكانی ناو هۆڵی كۆبوونەوەكان نین، ئەو ڕۆژنامەنووس و قەڵەم بەدەست و رێكخراوی كۆمەڵگەی حیزبییەش نین، لەلایەك لە كانیاوەكەی ئێوە بخۆن و لەلایەكیش خۆیان بكەن بە نوێنەری ئازادی خەڵك، ئەمانە گەنجانێكی دەركراون لە ژیان. (تاقمێكیان تێدایە زۆر زۆر گەنجن، شارەزان لە پۆپجی، بە بۆمبی فرمێسك ڕێژ دەڵێت: سمۆكی، تفەنگیان بكەوێتە دەست هێز نییە پێیان بوێرێت، تۆش بۆخۆت هەر گاڵتە بە پۆپجی بكە، گەر دەتوانیت وەرە ناویان جەسارەتی خۆت بەرامبەر ئەوانە تاقی بكەوە.) تێیاندایە هەر نازانێت حیزب چییە، تەنها دەزانێت هاواربكات: من ژیانم نییە، ئێوە بۆ هەتانبێت، بیسوتێنن… دەریانكەن… وێرانیكەن…هتد.
تۆ كە خەونی ئەو هەموو گەنجە دەسوتێنیت، تۆ كە ناتوانیت ژیانیان بۆ دابینكەیت، ئەو وزە گەورەیەت وێرانكردوە بۆ خاتری دەوربەرەكەت، بەتەمایت ئەو بەو هەموو ئازار و دەردەی خۆیەوە بێتە سەر شەقام و هیچ نەكات؟ بیریشت نەچێت لەو نووسەرۆكە تۆسنۆكانە ناچن، لە هێزە چەكدارەكان بپاڕێنەوە تەقە نەكەن، رێك بەرامبەریان دەوەستن هەڕەشەیان لێدەكەن، پڕجنێویان دەكەن، هێندە بڕوایان بە خۆیانە بەبەردێكی دەستیانەوە لەبەردەم چەندین چەكدار دەوەستن! كێ‌ وایكرد ئەو وزە گەورەی ناو كۆمەڵگە بەو جۆرە توڕە بێت و لە مەرگی خۆی نەترسێت؟ بۆ كەمێك مێشكتان ناخەنە گەڕ تا تێبگەن لەو چینە هەژارە؟
تۆ ئەگەر دەتەوێت شوناسی ئەوانەت بۆ دەركەوێت، لە دورەوە تەحلیلچی و ڕاپۆرتی سیخوری و لێكدانەوەی پوچی شاشەیی بەكەڵكت نایەن، ساتێك بچۆ ناویان و گوێ‌ لە داخوازی و توڕەبوونەكەیان بگرە. تەماشای ئەو بێ‌ ژیانییە بكە تێیدا دەژین، ئەوكات تێدەگەیت ئەوانە كێن؟ بۆ توڕەن، بۆ ناوەستن؟ جیاوازی چینایەتی دروستدەكەیت و دەشتەوێت توندوتیژی ڕوونەدات؟ هەموو شەو لە بیست شاشەی میدیای پڕوپوچەوە ئایدۆلۆژیای توندوتیژی پەخش دەكەیت و بەتەمای نەوەیەكی ئەیوبیت هەبێت؟ بەدبەخت بۆ ئەوەی لە دورەوە لە رێگەی شاشەو حەشاماتی ملكەچەوە سەیری كۆمەڵگە و گەنج دەكات و، لەو دۆخە تێناگات جیاوازی چینایەتی دروستیدەكات. ئەم یاخی بوونە پێویستی بە شیكردنەوەی ڕۆشبنیرانەی بۆینباخ لە ملی قسەی باقوبریق نییە، وەك خۆیان زۆر ئاسایی: ژیانیان دەوێت، كاریان دەوێت. ئەمجارەش بەزەبری هێز بیانوەستێنی لە وێستگەیەكی ترەوە دەست پێدەكەنەوە، بڕوادەكەی بیكە، ناكەی بڕۆ ناویان ئایندە ببینە.

ئازادی بۆھەمووان

شوشان مستەفا




ئایین و توندوتیژی لەدژی ژنان … شوشان مستەفا

کەسانی بڕوادار بە ئایین، بەپێی ڕێسای کتێبەکانیان باس لە هەندێک ڕێسا دەکەن کە بەتەواوی پێشێلکەری مافی ژن وەک بوونەوەرە، ئەوەش هەموو ئایینەکان دەگرێتەوە و گشتیان دەڵێن، “خودا خاوەنی هەموو جیهان، سروشت و گیانلەبەرانە و مرۆڤ یەکێکە لە خۆشەویستەکانی خودا و ژنیش وەک ئافێنراوێکی خوا دەبێ ملکەچی ئەو یاسایانە بێ کە خوا بۆی داناوە”، ئەو یاسایانە هەتا ئێستا تەنیا و تەنیا ژنیان چەوساندووەتەوە و ئازادی و مافەکانیان لێ زەوت کردووە. جۆری پۆشین، تەنانەت جۆری دانیشتن و هەستان و ئاخاوتن، ژیانی هاوبەش پێکهێنان، پەیوەندیی سۆزداری و تەنانەت مافی ژن لە ناونانی منداڵەکەشی و … هەموو بەپێی ئایین، بۆی داندراوە و خۆی دەبێ ملکەچی بێ.
باڵاپۆشی (حیجاب)، خەتەنە، کارەکەری، کۆیلایەتی، وەکو پێداویستیەك بۆ خۆشگوزەرانیی پیاوان، بێدەسەڵاتی لە کاتی هەڵبژاردنی ژیانی هاوبەشدا لە کاتی دابەش کردنی ماڵ و ساماندا هەر دوو ژن بە پیاوێك دێتە ئەژمار و هتد ….. ، تەنیا بەشێک لەو ستەمانەن کە لە سەرجەم ئایینەکانی جیهاندا (بە هەندێک جیاوازیەوە) لە ژن کراوە و دەکرێ، هەرچەند لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان لە ڕێگای هەندێک میکانیزمەوە بەری پێگیراوە. ئەوەش نابێ نکوڵی لێبکرێ کە لە وڵاتگەلی پێشکەوتووی جیهانیشدا، ستەم و چەوساندنەوەی ژن بە شێوەی خۆی هەیە و بەردەوامە و ئەوەش وایکردووە کە ژن بەپێچەوانی ناخی خۆی، زۆرتر تەریک بکەوێتەوە کە باس لەو کۆمەڵگایانە و خەسارناسی کردنیان، باسی ئەم بابەتە نیە و پێویستە بابەتی تری لەسەر بنووسرێ و لە ڕوانگەی دەروونناسی و کۆمەڵناسیەوە، تەنانەت کاری لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر بکرێ.
بەڵام خاڵێکی هاوبەش و جێگای سرنج لەمەڕ چەواندنەوە و ستەم کردن لە ژن ئەوەیە کە، لە سەرەتای هاتنە ئارای ئایینەکانەوە جا هەر لە ئایینی یەهودیەوە تاکودەگاتە ئایینی ئیسلام و ئەمڕۆشی لە گەڵ بێت ئەم خاڵانە ڕەچاو کراون و لە سەر توندو تیژی دژ بەژنانبەردەوام بوون و هەن.
هەرچەند جێگای ڕامان و پرسیارە کە، بەپێی توێژینەوەیەکی ناوەندی بیۆ کە 84 وڵاتی گرتووەتەوە و لە ئاستی ئایین پەروەریی و پابەندبوون بە رێنەماییەکانی ئایین کۆڵیوەتەوە، چ لە ئیسلام بێ یان مەسیحیی یان یەهودییەت یان بوزیی یاخود هندۆس، ژنان لە نێو شوێنکەوتوانی هەموو ئایینەکان لە ئاستی جیهان زیاتر ئایین پەروەرن، ئەوە لە کاتێکدایە کە ژنان زۆرترین چەوسانەوە لەدەست ئایین دەبینن. ڕوون نیە ئاخۆ ئەوە پەیوەندی بە دەروونناسیی ئافرەتەوە هەیە کە لە ڕووی هەست و سۆزەوە جیاوازە و دەکرێ بڵێین، لایەنی ترسی تێدا بەهێزترە لە پیاو یانیش دەگەڕێتەوە سەر پەروەردە و کۆمەڵگا کە ئەمەش شیاوی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستیی بەربڵاوە کە چۆنە، بەپێی توێژینەوەکە لە ئاستی جیهان 83.4%ی ژنان باوەڕیان بە یەکێک لە ئایینەکان هەیە، کەچی تەنیا 79.9%ی پیاەوان لە جیهان باوەڕیان بە یەکێک لە ئایینەکان هەیە.
کوشتن لەسەر نامووس یان وەک دەگوترێ کوشتن لەسەر شەرەف یا کوشتنی نامووسیی یا لەدیین ھەڵگەرانەوە یەکێکە لەو بەرەکەتانەی ئایین کە بۆ ژنی بە دیاری هێناوە. کوشتنی نامووسی بریتییە لە کوشتنی ژن یان کچێکی خێزان بەھۆی باوەڕ و بیرۆکەی کەسی بکوژ کە بڕوای وایە کە قوربانییەکە بۆتە ھۆکاری سەرشۆڕ کردن یان شەرمەزاری و بێ ڕێزی بۆ سەر خێزانەکە یان قوربانییەکە سەرپێچی بنەماکانی کۆمەڵگە و ئایینی کردووە لەرێی ئەنجامدانی یەکێک لەمانە: جیابوونەوە یان تەڵاق وەرگرتن لە ھاوسەرەکەی، ڕەت کردنەوەی ئەنجامدانی ھاوسەرگیری ڕێکخراو لەلایەن خێزانەوە، ھەبوونی پەیوەندییەکی سۆزداری ناپەسەندکراو لەلایەن خێزانەوە، ئەنجامدانی کردەی جووت بوون (سێکس کردن) لە پێش یان لە دەرەوەی ھاوسەرگیری دا، بوونە قوربانی لاقەکردن یان دەستدرێژی سێکسی، پۆشینی جۆرە پۆشاکێک کە بە نەشیاو ھەژماردەکرێت، ھەبوونی پەیوەندی سۆزداری ھاوڕەگەزانە یان پاشگەزبوونەوە لە باوەڕێکی ئایینی.
ئەو دیاردە قێزەونە، سەرەڕای هەوڵێکی زۆری ڕێبەرانێکی ڕووناکبیر و پێشکەوتوو لە جیهاندا، هەتا ئێستاش لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە وڵاتانی پێشکەوتووشەوە ماوە، هەرچەند رێژەی نێوان وڵاتانی پێشکەوتوو و وڵاتانی ئیسلامی بۆ بەراورد کردن نابێ. یاساکانی ناپۆلیۆن ڕێگەی نەدەدا بە ئافرەتان ھاوسەرە ناپاکەکانیان بکوژن بەڵام لەھەمان کات دا ڕێگەی دەدا بە پیاوان ژنە ناپاکەکانیان بکوژن.ئەم یاسا فەڕەنسییە ناپۆلیۆنییە لەلایەن وڵاتە عەرەبییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە سوودی لێ وەرگیراوە و بووە ھۆی ھاندانی وڵاتی ئوردن لە دانانی بەندی ژمارە ٣٤٠ کە ڕێگە دەدات بە کوشتنی ژن و خۆشەویستەکەی لەلایەن مێردەکەیەوە ئەگەر تاوانی ھەبێت لە کاتی کردەی ناپاکییەکەدا بیگرێت.
توندو تیژی کردن لە دژی ژنان، یەکێک لە قێزەونترین دیاردەکانی هەموو تەمەنی مرۆڤایەتیە و بە توند و تیژی لە دژی ژن، کۆمەڵگا بە شێوەکی ڕاستەوخو زەرەمەند دەبێت دەشڵەژێت و کێشەی مەزند دێتە بەردەم پڕۆسەی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا.
بەڵام هێشتا توندوتیژی وبیمافی و نابەرابەری و هەڵاواردنی ژنان، کۆتایی نەهاتووە. لە وڵاتە دواکەوتوەکان وژێر سایەی دەسەڵاتە قەومی وسەربازی و ئیسلامیەکاندا، شەرماوەرە.
ەهەموو ئەو وڵات و دەوڵەتانەی دین تێکەڵی یاسا و پەروەردە و فێرکردن کراوە، بەهەمان شێوە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنانیش یاسایی کراوە. پیاو سالاری دەوڵەت چۆته‌ پشتی، کوشتنی ناموسی بەرگی رەوایی پێدراوە… لەم نێوەدا عێراق وکوردستان، گۆشەیەکی دنیای نابەرابەریی ئەم سەردەمەیە. ئەگەر نیزامی سەرمایەداری سەرچاوەی سەرەکی نابەرابەری نێوان ژنان و پیاوان بێت… ئەوا نابەرابەری نێوان ژن و پیاو، سوکایەتیو توندوتیژی و کوشتاری ژنان لە ژێر دەسەڵاتی ئیسلامیسیاسی عروبی عێراق و دەسەڵاتی ناسیونالیزمی میلیشایی کوردیدا، بەیاسایی کراوە… قوربانیانی توندوتیژی و ئاماریکوشتاری ژنان، لە ئاماری قوربانیانی جەنگی دەسەڵاتیناوخۆیی و دەستی داعش و کیمیابارانی هەڵەبجە… زیاترە. هەروەکو چۆن هیچ کەسێک لە دزان و تاڵانچیانی داهاتی خەڵکیکوردستان و دزانی قوتی مناڵان و گەندەڵکاران، رووبەڕووی لێپرسینەوە ولیپێچینەوەی یاسایی نەکراونەتەوە، بە هەمان شێوەش تۆمەتبارانی توندوتیژی و کوشتاری هەزاران ژن، هێشتا ئازادن و دەسەڵاتی پیاوسالاری و میلیشیایی کوردی، پارێزەریی بکوژی ژنان خۆێ لەپشتی ئەم تاوانکاریەییە.
« ئازادی بۆ ھەمووان »

شوشان مستەفا




یەکێتی و پارتی و خیانەت … شووشان مستەفا

له‌ناو كه‌لتور و فه‌رهه‌نگی هیچ وڵاتێكدا ووشه‌یه‌ك نادۆزیته‌وه‌ ناشرینتر و قێزه‌ونتر بێت له‌ ووشه‌ی (خیانه‌ت)، خیانه‌ت به‌مانای نه‌بوونی ئاكار و ئه‌خلاق دێت، پشتكردنه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و نیشتیمان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆت، خیانه‌تكاران داماڵراون له‌به‌ها مرۆیی و ئه‌خلاقییه‌كان، نامۆن به‌ ووشه‌ی شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌ت، ئه‌مانه‌ ته‌نهـا بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی و قازانجی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌، ناشرینترین و قێزه‌ونترین ڕێگا ده‌گرنه‌به‌ر بۆ گه‌یشتن به‌ئامانج و مه‌رامه‌كانیان.
ئه‌گه‌ر له‌مێژووی پارتی و یه‌كێتی، وردبینه‌وه‌، كه‌ خۆیان به‌ نوێنه‌ری كوردایه‌تی ده‌زانن، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌زۆر وێستگه‌دا خیانه‌تی گه‌وره‌ی نیشـتیمانیان به‌رامبه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌، چه‌ندین شـه‌ڕی ناوخۆییان كردووه‌، هه‌زاران ڕۆڵه‌ی بێگوناحی كوردیان به‌كوشت داوه‌، هه‌زاران خانوویان رووخاندووه‌ و سه‌دان ڕه‌ز و باخی هاوڵاتیانیان سوتاندووه‌، ئه‌م دوو هێزه‌ شوێنێك نه‌ماوه‌ به‌شـه‌ڕی ناوخۆ و هێنانی سـوپای ئێران و توركیا و عیراق وێرانیان نه‌كردبێت، جگه‌ له‌وه‌ ده‌ستی سوپای داگیركه‌رانیان واڵا كردووه‌ كه‌ ته‌سفیه‌ی نه‌یارانی خۆیان بكه‌ن له‌هه‌رێمدا و خه‌باتكارانی كوردی پارچه‌كانی تر شه‌هید بكه‌ن، ئه‌مانه‌ خیانه‌ت له‌دوای خیانه‌ت پیشـه‌یانه‌، نه‌ك شـۆڕشگێر و قاره‌مـان نین به‌ڵكو ڕێویه‌كی ترسنۆكن به‌رامبه‌ر شــێخ و ئاغــا و سـوڵتانه‌كانیان، له‌كاتێكدا به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌یان له‌پێسـتی شـێردا خۆیان ده‌نوێنن.
ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد هه‌میشـه‌ وه‌كو شۆرشگێرێكی دڵسۆز و قاره‌مانێكی بێ وێنه‌ خۆیان پیشـانی گه‌ل و نیشـتمانه‌كه‌یانداوه‌، به‌ڵام كاتێك له‌مـێژووی خه‌باتیان ده‌ڕوانێت، بۆت ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌مانه‌ سێ به‌شی ئه‌و فیشـه‌كانه‌ی كه‌ له‌تفه‌نگه‌كانیانه‌وه‌ هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌جیاتی دوژمن، ناویانه‌ به‌ سنگی براكانیانه‌وه‌، ئه‌م خائین و خاك فرۆشانه‌ به‌رده‌وام خۆیان به‌خزمه‌تكاری گه‌ل و نیشـتمان ده‌ناسێنن و باسی نه‌زمی نوێی كوردایه‌تی و كوردبوون ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا هه‌ر كه‌سێ باسی كوردایه‌تی بكات، نابێت ئه‌مان باسی بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌مان له‌مێژه‌ كـوردایه‌تیـان زینده‌به‌چـاڵ كردووه‌.
ئه‌گه‌ر له‌خیانه‌تی (31) ئاب بڕوانین، ئه‌وه‌ تێبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌نها له‌پێناو مانه‌وه‌ی حوكمی بنامه‌ڵه‌كه‌یدا گه‌وره‌ترین دوژمنی میلله‌ته‌كه‌ی كه‌ حكومه‌تی به‌عس بوو، ده‌هێنێته‌ هه‌وڵێر بۆ ده‌ركردنی یه‌كێتی و قه‌تڵ و عام كردنی لاوی ئه‌و شاره‌ و شكاندنی سومعه‌ی كورد و سوككردنی دۆزه‌ ڕه‌واكه‌ی، ئه‌م خیانه‌ته‌ په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ش و قێزه‌ونه‌ به‌نێوچه‌وانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌وه‌، چونكه‌ له‌پشـته‌وه‌ خه‌نجه‌ریان وه‌شاند له‌و شه‌هیدانه‌ی كه‌ گیانی خۆیان به‌خت كرد له‌پێناو كوتای هێنان به‌حوكمی به‌عسی دڕنده‌ له‌ كوردستان. به‌هه‌مان شـێوه‌ له‌ 16 ئوكتۆبه‌ردا باڵێكی سه‌ربه‌ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ته‌نهـا له‌پێناو مانه‌وه‌ی حوكمی بنامه‌ڵه‌كه‌یان له‌و شاره‌دا، حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عیراقی ده‌هێننه‌ سه‌ر كه‌ركوك، بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی پارتی و داگیركردنی ئه‌و شاره‌ و ده‌ركردنی پێشمه‌رگه‌، به‌مه‌ش په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ش و قێزه‌ون ده‌كه‌نه‌ نێوچه‌وانی بنه‌ماڵه‌كه‌یان.
سـه‌رانی كوردایه‌تی له‌دوای خیانه‌تی 31 ئاب و 16 ئوكتۆبه‌ره‌وه‌، خه‌ڵكی كوردستانیان كردووه‌ به‌كائینێكی بێ ده‌نگ به‌زه‌بری هـێز و تیرۆر و ترس و تۆقاندن و زیندانی كردن و ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌لایه‌ن شه‌لاتی و جه‌لاده‌كانی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌وه‌، به‌ڵام له‌ژێر باڵی ئه‌و بێ ده‌نگییه‌دا شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ی توڕه‌یی بوونی هه‌یه‌، كه‌ پێویستی به‌ ڕێكخستێكی تۆكمه‌ی نهـێنی هه‌یه‌، بۆئه‌وه‌ی له‌كات و سـاتی خۆیدا بته‌قێنرێته‌وه‌ و ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌پوش و په‌لاشی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ پاك بكرێنه‌وه‌ و ژینگه‌یه‌كی دیموكراسی ڕاسته‌قینه‌ بهێنرێته‌ كایه‌وه‌ تا مرۆڤه‌كان له‌م به‌شه‌ی كوردستان به‌سه‌ربه‌رزی و ئازادییه‌وه‌ بژین، دڵنیابن ڕۆژێك ئه‌مه‌ هه‌ر ڕووده‌دات خۆتان و بنه‌ماڵه‌كانتان، سامان و ده‌سه‌ڵاتتان ده‌كه‌ونه‌به‌ر سزای گه‌ل و نیشتیمان.

«ئازادی بۆ ھەمووان »

شووشان مستەفا




مەترسیەکانی حەشدی شەعبی شیعی …شووشان و موتەڵیب

دروستكردنی هێزی حەشدی شەعبی لەكاتێكدا بوو كە مەترسی داعش لە بەغداد نزیكبووەوە كە ئەوەش دەكاتە مەترسی لەسەر عیراقی شیعی، بەو هۆیەشەوە مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق ”عەلی سیستانی” بەفەتوایەكو بەدروشمی ”لەبەیکە یاحوسێن” باڵانسی هێزی شیعی راستكردەوەو لەوێوە یەكەم قۆناغی ئایندەیەكی ئاڵۆزو تراژیدیا بەهۆی ئەو هێزەوە لە مێژووی عێڕاقدا دەستیپێکردو ئێستایش مەترسییە راستەقینەكانی دەرکەوتوون. .

حەشدی شەعبی بەپێی سیستم دروستنەكراوەو كۆپیكردنی ئەزموونی هێزی دیكەیە لە وێنەی: سوپای قودس و حزبوڵڵای لوبنانی، لە توركیاش لەدوای كودەتاكەی ٢٠١٦ ئەردۆغان دەستی بەدروستكردنی هێزێكی لەو شێوەیە كردووەو ئامانجی یەكەمی پاراستنی هەیمەنەو دەسەڵاتەكەیەتی، یانی ئەردۆغانیش سەرکردەی تیرۆریستەکانەو هاوشێوەیە لەگەڵ داعش و حەشدی شیعی.
حەشدی شەعبی نە یەك هێزەو نە یەك هێز دژیەتی و نە یەك فەرماندەو خاوەنداری هەیە، بەڵكو زیاتر لە دەیان گروپی چەكدارییە وە زۆرینەی كوردو عەرەبی سوننە دژی مانەوەین و دەیان فەرماندەش سەركردایەتی دەكەن، لەهەڵبژاردنەكانی ئایاری 2018شدا ئەو هێزە بوویە خاڵی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و عیراق، هەروەها حەشدی شەعبی توانی بەزەبری هێزی سەربازی دەستوەربداتە هەڵبژاردنەکان و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی گۆڕی بەفەرمانی ئێران و لەبەرژەوەندی ئێران.

لەسەر سێ ئاست حەشدی شەعبی مانەوەی رەتدەكرێتەوە:

یەكەم: بەهۆی دروستكردنی مەترسییەوە لەسەر كوردستان و ئەزموونەكەی كۆدەنگییەكی كوردستانی بۆ رەتكردنەوەی مانەوەی حەشدی شەعبی دروستبووە.

دووەم: حزبە عەرەبییە سوننەكان حەشدی شەعبی بەمەترسی دەزانن بۆ سەر شوناسی مەزهەبی خۆیان و مانەوەی بەو شێوەیەی ئێستا رەتدەكەنەوە.

سێیەم: دەستووری هەمیشەیی عیراق بوونی هەر هێزێكی چەكدار لە دەرەوەی دامەزراوەی سوپاو دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران رەتدەكاتەوە.

ئەم هێزە میلیشییایە مەزهەبییە بۆچی و لەپێناو کێ و چی دا دروستکرا؟ بەهۆی ئەوەی رووداوەكان زۆرو ئاڵۆزن، هەروەها بەهۆی ئەوەی كەسێتی تاكی عێراقی یادەوەریی لاوازەو تەنیا دیوێكی دیمەنەكان دەبینن و توانای لێكدانەوەی پشتی رووداوەكانیان نییە، رەنگە لەیادییان نەمابێت بۆچی لەرۆژانی سەرەتای هاتنی داعشدا، سوپا زەبەلاحەكە بەبێ‌ شەڕ لەشارە سوننییەكان كشایەوەو چەك و جبەخانەکانی بۆ داعش بەجێهێشت؟ ئەوكات کەم کەس گومانی ئەوەیان هەبوو كە ئەمە تاكتیكی مالیكی بووبێت بۆ پەڕینەوەی ئاڵۆزی بۆ ناوچە سوننییەكان.

وە ئامانجیش دروستکردنی شەڕی تائیفی سوننەو شیعە بوو، بەفەرمانی ئێران کە نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەوکات و زۆرینەی سەرکردەکانی ئێستای حەشدی شەعبی فەرمانەکەی ئێرانیان جێبەجێ کردو خۆیان فرۆشت بەئێران و ناوییان وەکو قێزەونترین خائینی مێژوو لەوڵاتەکەی خۆیان تۆمارکرد. كاتێکیش‌ مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان بانگەوازی بۆ پێكهێنانی حەشدی شەعبی كرد، بۆ ڕەوایەتیدان بەم هێزە عەشایەرو نایاساییەو بۆئەوەی لەناوچە سوننییەكاندا هەق و ڕەوایەتی شەڕکردنی هەبێت، ئەمجارە كەوتنە لۆمەكردنی سوپا بەوەی نەیتوانیوە بەرگری بكات، بۆیە پێویستە رۆڵی سوپا پەراوێز بخرێت و دەبێت بایەخ بە حەشدی شەعبی بدرێت و پڕچەك بكرێن، لەپێناو ئەم ئامانجەی عێڕاقێکی خاوەن سەروەری و دەستورو نیزام و یاساو سوپایەکی یاسایی بگۆڕن بۆ وڵاتێکی مەزهەبیی، مەرجەعیی و میلیشیایی.

بەمجۆرە ناڕاستەوخۆ راگەیاندنی شەڕی شیعە و سوننەبوو. گوێ‌ بەهیچ كاردانەوە و ناڕەزایەتییەك نەدرا. سوپا فەرامۆش كرا، توانا سەربازی و داراییەكانی عێراق خرانە خزمەتی بەهێزكردنی پێگەی حەشدی شەعبییەوە، بەبێ‌ بوونی هیچ یاسایەك، لە بودجەی گشتیی عێراق مووچەو ئیمتیازاتیان بۆ دابین كرا. نەیارانی حەشدی شەعبی، یاخود ئەوانەی بەشێك نەبوون لەم ئامانجە ستراتیجییەی شیعە لەعێراق، كەوتنە نیشاندانی تاوانەكانی حەشدی شەعبی و ویستیان سەرنجی هێزو ناوەندە نێودەوڵەتییەكان رابكێشن كە ئەو تاوانانەی حەشدی شەعبی دەیانكات، جیاوازییەكی نییە لەگەڵ ئەوانەی داعش دەیانكات.

تەنانەت لە ئاستی رێكخراوە كاریگەرەكانی وەك (هیومان رایتس وۆچ) و كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان هۆشداری درا لەوەی كە ئەوەی حەشدی شەعبی دەیكات، كۆمەڵكوژییە. بەڵام ئەوەش رێی لە پێشڕەوییەكانی حەشدی شەعبی نەگرت…
پرۆسەی بەشیعەكردنی عێراق بەدەیان ڕێگەی جۆراوجۆر هێشتا بەردەوامی هەیە. شیعەی عەڕەبی کە سێ جار دوژمنی سەرسەختی کوردە، جارێک وەکو قەومییەت ئەوان عەڕەبن و ئێمە کوردین، جارێکیش وەکو مەزهەب ئەوان شیعەی گەمژەی، دڕندە و خوێنڕژن و ئێمەش سوننەی موسوڵمانین. جارێکیتریش کێشەی خاک و دەوڵەتداری و دیموکڕاسیمان هەیە لەگەڵیان. بۆیە کورد لەداهاتووی دوورو نزیکدا دەبێتە ئامانجی هێزە نانیزامە تیرۆریستەکانی حەشدی شەعبیی شیعیی، بۆیە یەكێك لە رێگە گونجاوەكان سەربەخۆبوونی كوردستان و جێهێشتنی عێراقە بۆ شیعەكان…

ئامانجی حەشدی شەعبی کۆنتڕۆڵ کردنەوەی هەموو عێراقە بە کوردستانیشەوەو هەر لەسەرەتای دروست بوونی ئەو میلیشایە چەکداریەوە بۆ زۆر کەس و کۆڕوکۆمەڵی نێونەتەوەیش روون بوو کە ئامانج لە پێك هێنانی ئەو ڕێکخراوە بەسەرپەرستی “قاسم سولێیمانی” نوێنەری خامنەیی بۆ پاراستن و فراوانکردنی هیلالی شیعییە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. حەشدی شەعبی وەکو برابچکۆڵەی سوپای پاسدارانی ڕژێمی تیرۆریستی ئێران، لەلایەن ئێرانەوە هاوکاری و ڕاهێنانیان پێ دەکرێت و هەتا لە رووی پێك هاتەو ستڕاتیژیەکانیان بەیەك ئاڕاستەی دیاریکراودا هاوشێوەی سوپای پاسداران، لەئێراقدا ڕێنمایی دەکرێن. ئێران بۆ مەبەستی تایبەتی سیاسی و ئابووری و نیزامی خۆی میلیشیای چەکداری شیعەکان بەهێزدەکات.

بەراوردێكی خێرا لە نێوان میلیشیای حەشدی شیعەو ڕێكخراوی داعش لە چەند خاڵێكدا:

داعش كوڕی شەرعی قاعیدەیەو ڕێكخراوێكی تیرۆریستی جیهانی جیهادیەو ئەركەكانی ڕێكخراوی قاعیدە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەوەكالەتی جیهادیەكانی جیهان تەواو دەكات. بەڵام حەشدی شەعبی كوڕی شەرعی ئێرانەو ڕێكخراوێكی میلیشیایی چەكداریی شیعەییەو بەوەكالەتی ئێران و شیعەی جیهان لە شەڕو جەنگدان.
بەڵام داعش بە پاڵپشتی دەزگای هەواڵگری نێودەوڵەتی و بەهاوكاری ووڵاتە سوننەکانی ناوچەكەو دیكتاتۆرەكانی جیهانی ئیسلامیی داهێنراوە.
لێ حەشدی شەعبی لە لایان دەزگا هەواڵگریەكانی ئێران و بە هاوكاری شیعەكانی عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن داهێنراوە.

داعش بە حیساب تۆڵەی ستەملێكراوانی شوێنكەوتووانی سوننە مەزهەب ئەكەنەوە، گوایە لەگەڵ زلهێزانی جیهانی لە جەنگدایە بۆ ڕاماڵینی سوپای داگیركاری صەلیبی و جولەكەو كوفری عالەمی، بەڵام حەشدی شەعبی لەژێر پەردەی تۆڵەسەندنەوە لە شوێنكەوتوانی شیعە مەزهەب و خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ئالو بەیت لە دژی شوێنكەوتوانی سوننە مەزهەب شەڕی سیاسی و ئابوری خۆیان دەكەن.
داعش ڕێكخراوێكی كۆچەری و ڕەوتەنیەو بۆ مەرامێكی كاتی و تەكتیكی لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر دەگوازرێتەوە، ئامانجی مانەوەیان كاتیەو زۆر جار بە گوێرەی پێویست و پیلانەكانی نێودەولەتی جێگۆڕكیان پێدەكرێت. بەڵام حەشدی شەعبی ئامانجیان داگیركردن و پیلانی پەلهاوێشتن و فرانخوازیان هەڵگرتووه، هەرشوێن و وڵاتێكیان داگیر كرد بە ئاسانی دەستبەرداری نابن. داعش جگە لە خۆیان هیچ گروپ و ڕەوتێكی سوننی یاخود شیعەیان پێ قبوڵ نیە، هەر لایەنێكـ لەفەرمانی ئەوان لابدا خوێنی حەڵاڵ دەكەن. بەڵام حەشدی شەعبی تەنها دژی سووننەكان دەجەنگن بە هیچ جۆرێكـ دەستی شەڕو كاولكاریان ناگاتە شوێنی نیشتەجێی شوێنكەوتوانی شیعه مەزهەب و كوشتاری شیعە بەدەستی شیعە حەرامكراوە.

داعش لە كاتی كۆنترۆڵكردنی شارو گوندەكاندا جگە لە كوشتن و فڕاندن كەرەستەكانی ناو ماڵ و كەلوپەلی بازاڕەكان بە لایانەوە گرنگ نیە لەكاتی هەڵهاتندا بەجێی دێڵن، بەڵام حەشدی شەعبی بە هۆی فەتوای مەرجەعەكانیان ”هەموو شتێكی غەیرە شیعە” حەڵاڵە و پاش كوشتن و بڕین و گواستنەوەی تەواوی ماڵ و بازاڕەكان ئەوجا گەڕەكو كۆڵانەكانیش دەتەقێننەوەو كاولی دەكەن… داعش ڕێكخراوێكی تیرۆریستی قەدەغەکراوەو مامەڵەی فەرمی لەگەڵیدا ناكرێت، واتە گەمارۆدان و قەتیس كردنی سەرچاوەكانی هێزو توانای سەربازی و داراییەکانیان.

بەڵام حەشدی شەعبی گروپێکی تیرۆریستی زێدە توندڕەوو میلیشیایەكی فەرمی دانپێدانراوی دەوڵەتەو بودجەو مووچەی تایبەت بە خۆیان هەیەو بەئاشكراش پاڵپشتی ئەكرێت. داعش و حەشدی شەعبی لێکچوونی زۆر و خاڵی هاوبەشی زۆریان لەنێواندا هەیە، تەنێ ئەوەنەبێ یەکێکیان بووەتە هێزێکی قانونی و ئەمری واقیع، وە ئەویتریان هێزێکی یاساغ و تیرۆریستە، لێ لەڕاستیدا هەردوکیان دوو هێزی عەڕەبیی قەومیی سڕف تیرۆریستین و ئێجگار توندڕەوو زاڵمن، تەنانەت لەسەدەی ٢١دا تەنها دوو هێزەی دونیان کە شێوازی نوێیان داهێناوە لە کوشتن و ئەشکەنجەدانی مرۆڤ. داعش چی تراژیدیایەکی بەسەر کوردهێنا لەشەنگال، حەشدی شەعبیش هەمان تاوانەکانی بەرامبەر کورد ئەنجامدا لەکەرکوکو دەوروبەری لەدوای داگیرکردنی کەرکوک.

ئەم هێزە میلیشیا شیعە نانیزامیانەی لەکەرکوک حوکم دەکەن، دەیان ژنی کوردییان هەتککردو دەستدرێژی سێکسییان کردەسەریان، لایەزال ڕۆژانە تاوانەکانیان لەکەرکوک بەچاوی خۆمان دەبینین. بۆیە لەئێستادا پیرۆزترین ئەرکی ئێمەی گەنجانی کوڕو کچی کورد، ئەوەیە چیتر قبوڵی ئەم چەوساندنەوەو هەتککردنی دایکو خوشکەکانمان نەکەین و ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری لەکەرکوک ئەنجام بدەین لەدژی میلیشیا شیعەکان.

شووشان و موتەڵیب بەهاوبەشی/کەرکوک
mutalib_shushan_journalist@hotmail.com




داعش موتوربەیەک بەقەدی مێژووەوە …. بەهاوبەشی: شووشان و موتەڵیب

عەیامێکە مێژوویەک بەتاوان سیاپۆش و بەخوێن سورکراو وەکو مریشکێکی توڕە لەسەر دەیان هێلکەی داعشئاسا گڕکەوتووەو هەر دەیەیەک دانەیەک ئەتروکێنێت. هێلکەی داعشی تروکاندو ئێستاش کەداعش زەعیف بووە، بزانین هێلکەی دوایئەو چی ئەبێت.

شەریعەتی ئیسلام هاوشێوەی دەستوری وڵاتانە، لێ جیاوازیەکە ئەوەیە ناتواندرێت لەیاساوڕێساکانی ئیسلامدا کەلیمەیەک زیاد یان کەم بکرێت. چونکە سەوابتن و سەردەمەکان دەبێت خۆیان لەگەڵ بگونجێنن و بەشێوەیەکی مەتاتیش داڕێژراون. یانی بەگوێرەی یاساکانی ئیسلام شوێنکەوتووان دەتوانن موسوڵمانی میانڕەو، ئاشتیخوازو مرۆڤ دۆستبن. هەر بەهەمان یاساش دەتوانن بکوژ، وێرانکارو توندڕەوبن.

یانی ئیسلام دوو ڕوخساری هەیە، ڕووە جوانەکەی ئەوەیە کە دایکو باوکانی ئێمەومانان پەیڕەوی ئەکەن، کەجگە لەمیهرەبانی، مرۆڤدۆستی و گیانی بەیەکەوەژیان شتێکیترنییە. ئەم دیوە جوانەی ئیسلام بەردەوام نیشاندەدرێت و خەڵکی پێئاراستە ئەکرێت.

وەلێ کەم کەس توانیویەتی خۆی لەقەرەی باسکردن لەدیوەکەیتر بدات. لێرەدا ئێمە دەمانەوێت ڕووی دووەمی ئەم مێژووە هەڵماڵین، بەتایبەتی ئاراستەی سەلەفی ئەهلی جیهادی قیتال و ئیسلامی داعشئاسا. ئەوانەی ئینکاریی ئەوە دەکەن داعش لەناو دەقەکانی ئیسلامدا جێینابێتەوە، بەشێکیان لەمێژووی فتوحات تێنەگەیشتوون، بەشێکیشیان هەوڵدەدەن ڕووە باطینیەکەی داپۆشن. ئێمەش ئەمانەوێت ئەم دەمامکە لادەین و بڵێین ئەوەی داعش دەیکات لەچوارچێوەی دەقەکانی شەریعەتدا جێگای دەبێتەوە، بەڵام لەپێناو پوختکردنەوەی بابەتەکە تەنها تەرجەمە کوردیەکانیان وەکو خۆی ئاماژەپێدەدەین.

لەحەدیسێکدا پەیامبەر دەڵێت: (من نەنێردراوم وەكو خوا سزا بدەم، بەڵكو نێردراوم بەلەملدان و توند بەستنەوەیان)! وەكو لە(سیرەی ابن هشام و رحیق المختوم- گولاوی سەرەمۆر)دا هاتوه:( كافرێك هەبوو له مەككه به شیعرەكانی زۆر كافرانی هاندەدا بۆ شەڕ له دژی ئیسلام. بۆیه پێغەمبەر فەرمووی به هاوەڵەكانی، كێتان هەیه لەناوی ببات؟ محمدی كوڕی مەسلەمە فەرمووی: من یارسول الله، ئیتر چوو كوشتی و كەگەڕایەوە سەحابەکان دەستیان كردە اللەاكبرو سەری كەعبی كوڕی ئەشرەفی بڕی بوو.

کەواتە سەربڕین شتێکی نامۆ نییە لەکلتوری ئیسلامداو نە شتێکی تازەشە. زۆر بەکورتی ئەمانەش چەند فەرمانێکی ڕێبەرانی ئیسلامن بۆ سەربڕینی نوسەرو ڕۆشنبیران: (مەحەمەدی مەسلەمە، سەری کینانی کوڕی ڕەبیعی یەهودی بڕی بەفەرمانێکی سەروی خۆی. عبدوڵای کوڕی مەسعود سەری ئەبو جەهلی بڕی لەغەزای بەدرو هێنایەوە.

ئەبو دووجانە کەسەحابەی دەستەڕاستی پێغەمبەربوو، سەری جابری کوڕی عەبدوڵای بەشمشێر پەڕاند. فەیروز سەری ئەسوەدی عەنەسی لێکردەوە کاتێک وتی بوومەتە پێغەمبەرو سەرەکەی هێنا بۆ پێغەمبەر. علی کوڕی ئەبی تاڵب سەری عەزوەکی یەهودی بڕی و پەیامبەریش مژدەی بەهەشتی پێدا). ئەوانەی سەرەوە مشتێکن لەخەرمانێک، بەڵگەی ڕوونیشن کە سەربڕین بەشێکی دانەبڕاوبووە لە کلتوری ئیسلام و عەڕەبدا. وە عەڕەب لەبەرگی ئیسلامدا بەزەبری شمشێر بوونی خۆی لەناوچەکەدا سەلماندووەو ”شمشێرو سەربڕین” دوو تاکە دروشمی ناسینەوەی عەڕەب و ئیسلامن.

تەنانەت ئیسلام پێیوایە لەڕووی زانستی پزیشكیشەوە، بڕینی مل بەڕەحمترین جۆری كوشتنە، چونكە كەسی كوژراو هەست بەهیچ ئازارێك ناكات! لەبەرئەوەی خانەی بەرپرس لەهەستكردن بەئازار لەمێشكدایەو بڕینی دەمارەكانی مل بەخێرایی، ناهێڵێت ئازارەکە بگاتە مێشك! بۆیە داعش کۆمەڵێک بیدعەکار نین، بەڵکو تەمسیلی ڕاستەقینەی مۆدێلێکی ئیسلام دەکەن و وەفادارو شوێنکەوتووی سەرکردەکانی پێشوتری ئیسلامن و شەریعەت جێبەجێدەکەن.

داعش، قاعیدە و حیزبە ئیسلامییەکانی ناو حکومەت هەریەکێکن و گشتیان لەیەک مەنهەج فیکریان هەڵدێنجن، کەشەریعەتی ئیسلامە. حیزبە ئیسلامییەکان بەژداری هەڵبژاردنی دیموکڕاسیانە دەکەن و لەناو پەڕلەمانن و باسی ئازادی دەکەن. ئەوان هەتاکو ئەو کاتەی دەسەڵاتی ئیسلام ناوچەکە کۆنتڕۆڵدەکات ئەو ڕووخسارە میانڕەویە نیشاندەدەن، ئەگینا گەر دەمامکیان لادەی جیاوازیان نییە لەگەڵ داعش و هەمان فیکرو تێڕوانینیان هەیە، سەبارەت بە شەریعەت.

بەڵام ئەوان جیهادی قیتالیان بۆ داعش جێهێشتووەو خۆشیان لەناو کۆمەڵگادا وردەوردە کۆمەڵگا بەئیسلامی دەکەن و دەیانەوێت هەموو ژنان حیجاب ببن و
مەیخانەکان دابخرێن و لەهەموو کۆڵانەیەکیشدا مزگەوتێک بونیاد بندرێت. حزبی ئیسلامی تیرۆری فیکری دەکەن و داعشیش تیرۆری فیزیکی دەکات. حزبی ئیسلامی عەقیدەی ئیسلام بە دیدە تەکفیرییەکەی دەرخواردی خوشک و براکانی ئێمەمانان دەدەن و داعشیش فیشەک و شمشێری ئاراستەی مل و دەمی برا پێشمەرگەکانمانیان دەکرد. ئەوان هەردوکیان ئەرکیان تیرۆرە، جا یەکێکیان تیرۆری فیکری و ئەویتریان تیرۆری فیزیکی.

ئیسلامییەکان ئازادییە تاکەکەسییەکانی وەکو جلوبەرگ، قسەکردن، خۆشەویستی و هەڵبژاردنی ئایین لەناودەبەن، تەکفیری ڕۆشنفکران دەکەن، سنور بۆ هەموو چالاکییەکان دادەنێن کەیەکانگیر نەبێت لەگەڵ شەریعەت. دواتر شوێنکەوتوویەک بەرهەمدێنێن هەموو شتێکی بەرامبەرەکەی پێ ڕەفزە. تاکە پێوەری مرۆڤی باش لای ئەو، گەنجێکە ئەهلی مزگەوتەو خوشکێکی باڵاپۆشە. ئەوان لەڕووکەشدا ئاڵاو لۆگۆ و دروشمیان جیاوازەو لەباطیندا یەکێکن. لەزاهیردا ئیسلامییەکان موجامەلەی هەوادارانی خۆیان دەکەن و ئیسلام بەجۆرێکیتر تەفسیر دەکەن کەموتوربەیەک بێت لەگەڵ بارودۆخی ئێستایان، کەواتە لەجەوهەردا هەمان باتینن و فەڕقێک لەگۆڕێدانییە لەنێوان موعتەدیلەکان و موتەشەدیدەکاندا.

هەموو ئەوانەش چ ناوێکیان هەیە گرنگ نییە، چونکە هەمویان ئەو مناڵە توندڕەوەن لەدامێنی شەریعەتەوە لەدایکبوون. بەعس و داعش لەژێر ڕۆشنایی سوڕەتی ئەنفال دەیان هەزار کوردیان بەزیندوویی خستە ژێر گڵەوەو ژنەکانیشیان کردن بەکۆیلەو لەلایەن جەنگاوەرە جیهادییەکانەوە هەتککران. لەڕابردوشدا ئیسلام بەزەبری شمشێر کوردستانی داگیرکردو جەنگاوەرەکانی عەڕەب هەزاران ژنی کوردیان کردە کۆیلەو هەزاران لەبابوباپیرانی ئێمەییان سەربڕی. لەقورئاندا ئایەتی (النساء) دەڵێت: ئەو ژنە ناموسوڵمانانەی لەجەنگدا بە ”غەنیمە” بەتاڵانی دەکەونە دەستتان بۆتان حەڵاڵن و دەتوانن بەبێ ڕەزامەدی خۆیان سێکسیان لەگەڵ بکەن! یانی ئەوەی داعش لەشەنگال دژی ئێزیدیەکان کردی ڕێک جێبەجێکردنی شەریعەت بوو. هەتائێستاش هەموو عولەمایانی ئیسلام نەیانتوانیوە بڵێن داعش ئیسلام نییە. ئیسماعیل سوسەیی، کەئیمامێکی بەناوودەنگە پێش گرتنی وتی: پێشمەرگە لەبەرەی غەرب و سیستەمێکی عەلمانییە بۆیە شەهید نییەو ناچێتە بەهەشتەوە، بەڵام داعش بانگەوازی دەوڵەتی ئیسلامی دەکات و جیهاد لەپێناوی خودادا دەکات بۆیە ئەوان شەهیدن و دەچن بۆ بەهەشت.

کەواتە تۆی موسوڵمان ئەگەر هەموو گروپە جیهادیستەکان بەتیرۆریست بزانی یان لەمێژوی فتوحاتی ئیسلام تێنەگەیشتووی یان لەگروپە تیرۆریستییەکان! عبدڕەحمان سەدیق بانگخوازو شارەزای فیکری ئیسلام وتی: هەموو ئەوەی داعش دەیکات لەناو کتێبەکانی ئیسلامدا هەیە. لەدەستبڕین، سەربڕین، ڕەجمکردنی ژنو هەڵدانەخوارەوەی خەڵک. (مەبەست بەرزاییە) تەنانەت دەڵێت: فڕۆکەوانە ئەردەنیەکەش بەگوێرەی ئایەتەکانی ئیسلام سوتاندیان. چونکە داعش بەڵگەی قورئانی هێناوەتەوە کە، سەحابە شیشی سورکراوەی کردووە بەچاوی دوژمن و بەئاگر سوتاندونی، بۆیە ئەوانیش فڕۆکەوانە ئەردەنیەکەیان سوتاندووە.

mutalib_shushan_journalist@hotmail.com




بکوژە جەللادەکانی ڕۆژنامەنووسان کێن؟ … شووشان مستەفا و موتەڵیب حەسەن

نزیکەی ”دەیە”یەک بەسەر دوو لە قێزەونترین ئەو تاوانانەدا تێدەپەڕێت کە لەمێژووی کوردستاندا دوو پەڵەی ڕەشن بەناو چەوانی دوو بنەماڵەی دەسەڵاتداری کوردەوە. لە٢٠٠٨ سۆرانی مامە حەمە کە ڕۆژنامەنووسێکی ئێجگار بوێرو ئەکتیڤ بوو لەم شارەی ئێمە لەکەرکوک لەلایەنی بنەماڵەی جەلال تاڵەبانیەوە تیرۆرکرا، لەبەرئەوەی چەند ڕاپۆرتێکی ڕەخنەئامێزی لەسەر یەکێتی لەمیدیاکاندا بڵاوکردبوویەوەو بەنیازیشبوو پەردە لابدات لەسەر چەندین نهێنی ئابڕوچوانەو سکانداڵی چەند سەرکردەیەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کە چۆن دەستدرێژی سێکسیان کردۆتە سەر ژنان و ئیستیغلالی دەیان قوتابی زانکۆییان کردووەو پەیوەندیشیان لەگەڵ ئافرەتە لەشفرۆشەکان هەبووە، بەڵام بەرلەوەی فریای بڵاوکردنەوەی ئەم نهێنیانە بکەوێت تیرۆرکرا.

سۆران بەدەنگی بەرز وتی کەبکوژەکان سەرقاڵی تیژکردنی تیغی خەنجەرەکانیانن بۆبڕینی سەری من و نوکی قەڵەمەکەم. سەردەشتیش وتی: لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بۆیەکەمین جار پێیان وتم، کە تەمەنت چەندی نەماوە، یان بەوتەی خۆیان مۆڵەتی هەناسەدانم لەم شارەدا نەماوە، بەڵام نەباکم بەمردنە و نەئازاردان، لەچاوەڕوانی کۆتایی هاتنی مۆڵەتەکەمم، تابەدیداری بکوژەکانی خۆم بگەم، دوعاش دەکەم مردنێکی تراژیدیام پێببەخشن کە شایستەی ژیانە تراژیدیاکەم بێت، بۆیە ئەم قسانە دەکەم تابزانن ئەوەی ئێمە دەترسێنێ بەردەوامی ئەم ڕۆژگارەی ئێستایە بۆ نەوەیەکی داهاتوو، نەک مردنی خۆمان، کاری منیش خۆشبەختی برا بچوکەکانمە، نەک خۆم، زۆر بەسادەیش تاکە هۆکاری نیگەرانی من لەم هەڕەشانە ئەوەیە، کەهێشتا زۆر شت ماون قسەیان لەسەر بکەین و هەرئاوا بەجێیان بێڵین، بەدبەختی ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە، کەباکی بە مردنی نەوەکانی خۆی نییە.
بەڵام تائەو شوێنەی کە ماوین دەبێ قسە بکەین، لەو شوێنەش کەتەمەنمان کۆتایی هات با هاوڕێکەم خاڵێکم بۆ دابنێ و بێتە سەر دێڕێکی نوێ و سەرلەنوێ دەست پێبکاتەوە. بەڵی سەردەشت گیان ئێمەی هاوڕێ و هاوپیشەت ئەوا خاڵت بۆدانانێین و دێڕی نوێش دەستپێناکەین، بەڵکو لەسەر هەمان دێڕی تۆو ڕێبازو باوەڕی تۆ بەردەوام دەبین، ئەگەرچی دەزانین هەمان چارەنوسی تۆمان دەبێت. دە ساڵ لەمەوبەرو لە٢١/ ٧/ ٢٠٠٨دا ڕۆژنامەنووسی چالاک سۆران لەبیستویەکەمەیین بەهاری تەمەنیدا بەدەستی جەللادەکانی یەکێتی لەم کەرکوکە بەبەرچاوی دایکو خوشکیەوە تیرۆرکرا.

هەشت ساڵ لەمەوبەریش لە بیست و سێهەمین بەهاری تەمەنیدا، لە ٥ی ئایاردا گەنجێک کە دەسەڵاتێک ڕۆحی لە پێنوسەکەی چوو بوو، لەم هەولێرەی کە دەسەڵاتدارانی میرنشینی زەرد سەری قسەو بنی قسەیان ئەوەیە کە پایتەخت شارێکی سەقامگیرەو بەقەولی خۆیان مێرولە دەربازی نابێت، بەڵام سەردەشتەکەم لەبەر دەم زانکۆکەیدا بەبەرچاوی خەڵکەوە، بەبەرچاوی پۆلیس و ئاسایشەوە، دەڕفێندرێت. دوای ڕۆژێکیش بەقودرەتی قادر لە دەیان بازگەی چڕو توند ئاودیو دەبێت بەرەو موسڵ. بۆ ئەوەی گومانەکانیش بەلایەکی تردا بڕۆن دوای شەهید کردنی تەرمەکەی لە نزیک کۆمیتەیەکی یەکێتی فڕێدەدرێت. سادەترین بەڵگەش بۆ یەکلایی کردنەوەی گومانەکان بۆ لای بنەماڵەی دەسەڵاتداری بارزانی، ئەمەنە بەسە کە فیشەک بە ناو دەمیەوە نراوە، ئەم دەمەی کە بە قەولی خۆیان شەڕەفی ئەوانی پێ لەکەدار کراوە.

جارێ هەتا ئێستا ئێمە نازانین ئەم شەڕەفە چییە؟ لە کوێیە؟ ڕەنگی چۆنە؟ ئەم شەڕەفەی ڕۆحی مرۆڤی قوربان دەکرێت ناتوانین نە بیبینین، نە دەستی لێدەین، نەبیدۆزینەوە، داخەکەم زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی هەموو شەڕەف و نرخی ژیانیان لەناو ڕانی ژن و کچەکانیاندا ئەدۆزنەوە. لای هەردوک بنەماڵەی دەسەڵاتداری جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی تەنها شەڕەف خەتی سورە، نەک ڕۆحی مرۆڤ، بەڵام لەڕاستیدا شەڕەف هەرچیەک بێت، زۆر لەوە بچوکترە کە مرۆڤی لەسەر بکوژرێت، بەڵام سەردەشت نەک شەڕەفی کەسی لەکەدار نەکردووە، بەڵکو تەنها وتی من عاشقی کچەکەی سەرۆکم، ئەرێ باجی ئەم قسەیە کوشتنە؟ ئاخر ئەگەر کچەکەی ئێمە گەورەبوایەو سەردەشت عاشقی بوایە، ئێمە کچەکەمان پێشکەش دەکرد نەک بیکوژین.

دیارە وەک بنەماڵەی سەردەشت دەڵێن تەنها بەیەک وشەش بێت، هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی نەبووە، جگە لەو بابەتەی کە بەناونیشانی (عاشقی کچی سەرۆکم) کە بەڵگە نەویستە لەسەر تەنها ئەم بابەتە کوژرا، ئەو منداڵەی کە هێشتا لەناو بێشکەدایەو تەنها دایەو بابە فێر بووە، ئەگەر لێی بپرسین ئەرێ سەردەشت و کاوەو سۆران کێ کوشتنی، تەنها بۆ ئەم وەڵامە دێتە گۆو وەڵامی دروستمان ئەداتەوە. ئەم پۆلە ڕۆژنامەنووسە تیرۆرکراوە چەمکی موقەدەسی بنەماڵەی کاڵ کردەوەو ئەمەیان چرپاند بەگوێی دەسەڵاتداران کە لەم وڵاتەدا هیچ بنەماڵەیەک موقەدەس و مەرجەع نییە، وە کچی سەرۆک خەتی سور نییە، بەڵکو تیرۆرو کپ کردنی دەنگی ئازاد خەتی سورە.

لەسەرەتای ڕووداوەکەی سەردەشت، خەڵکی ئازادیخوازو گەنجانی وڵات و ڕۆژنامەنوسان هەموو هاواریان کرد بێدەنگ نابین، بەناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری لەشارو شارۆچکەکانی کوردستان فشارێکی توندیان خستە سەر دەسەڵات، بەبێ ئەوەی پەنجەی تۆمەت بۆ کەس درێژ بکەن، بەڵام وەک پەندێکی پێشینان هەیە دەڵێت (دار هەڵبڕە سەگی دز دیارە) بۆیە هەر زوو بنەماڵەی بارزانی توشی قەلەقی هاتن و هەروەک لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ختوکە بدرێن، ئیتر لەهیکەوە پارتی توشی بەرز بونەوەی زەخت و شەکرە بوو. نمونەی ئەم دەسەڵاتو ئەم حوکمڕانیە لەکوێی دونیادا بوونی هەیە؟ تیرۆری دەنگی ئازاد دەکات، دواتر خۆڵ ئەخاتە چاوی خەڵکەوەو وەڵامێکی مەنتیقی پێنییە بۆ ئەم پرسیارگەلەی لای ڕای گشتی دروست بووە، لەمەش سەیروسەمەرەتر ئەوەیە کە نەشەرم دەکات، نەحیساب بۆ دادگاو یاسا دەکات، نە ترسی هەیە، نە گوێ دەگرێ، نەتێدەگا، نەک هەر تێناگا بەڵکو بڕیاریداوە تێنەگا.

تیرۆرکردنی ئەم پۆلە ڕۆژنامەنووسە، کوشتنێکی ئاسایی و تاوانکاری نەبوون، بەڵکو ئەوان ڕۆژنامەنوس بوون، کوشتنیشیان هێما بوو بۆ کوشتنی ئازادی، بۆیە ئەوان لەوە دەرچوون کەتەنها کوڕی بنەماڵەی خۆیانبن، ئەوان ئێستا موڵکی نیشتیمانن، موڵکی هەریەکێک لە ئێمەن، کەیسەکانیشیان بەنەتەوەیی کراوەو هاوکات سومبول و نازناوی ئازادییان پێبەخشراوە. بەگوێرەی ئەم داتایەی لای من هەیە دەبێژێت: سەبارەت بەم پۆلە شەهیدە ڕۆژنامەنووسە لەئینتەرنێتو بەدیاریکراویش لە گۆگڵو یوتوب یەک ملیۆن دۆکومێنتو ڕاپۆرت هەیە. ئەمە شتێکی دەگمەنە لەمێژوودا، بۆیە ئێمەی ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنوسان، ئەنجامی سیناریۆئامێزی ئەم لیژنانە ڕەت دەکەینەوە، وە هەرگیز ڕێگە بە هیچ کەسێک نادەین ئەم کەیسانە دابخات، بەڵکو بەکراوەیی دەمێننەوە هەتا ئەو ڕۆژەی لیژنەیەکی سەربەخۆ لەژێرچاوەندێریەکی نێودەوڵەتی و دادگایەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوەی جددییان تێدادەکرێتەوە.

سەردەشت، سۆران، کاوەو ڕۆژنامەنووسانیتر بە گیانی خۆیان ئاڵای ئازادیان بەرز کردەوە، ئێمەش بەهەر فیداکاریەک بێت ئەم بەرزیە بەرزو بەرزتر دەهێڵینەوە، چونکە ئازادی بۆ مرۆڤ ناهێتە خوارەوە بەڵکو دەبێت مرۆڤ بۆی بچێتە سەرەوە. ئێمە کە ئەمڕۆ یادی هاوڕێ و هاوپیشەمان سۆران دەکەینەوە، بەهەمان شێوە ڕێزدەگرین لە خەباتی ڕۆژنامەوانیی کاوەو عبدوستارو سەردەشتو دەیان ڕۆژنامەنووسیتر کە پێشو پاشی ئەوان شەهید بوون، کە لەساڵی ١٩٩١وە ٢٤٦ ڕۆژنامەنووس لەعێڕاق لەسەر ئازادی ڕادەربڕین کوژراون، وە ئێستا کە ئێمە لەساڵی ٢٠١٨داین هێشتا سیلسیلەی کردەوە تیرۆریستییەکان، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و سوکایەتیپێکردنی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن گشت حیزبە عێڕاقییەکانو بەدیاریکراوی لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە بەردەوامی هەیە، کەهەموو ئەم ڕۆژنامەنووسانە قوربانی هەمان ڕێگاو هەمان دەستی ڕەشی هەرسێک دەسەڵاتی سوننی، شیعەو کوردین. بەتایبەتی بنەماڵەی دیکتاتۆری بارزانی و تاڵەبانی مێژوویەکی قێزەون و تاریکیان هەیە لەکوشتنی نوسەران و دەنگە ڕەخنەگرەکان.

هیچ گومانێک نییە کەوا بکوژەکانی سەردەشت و سۆران دوو دەستی دوو جەستەو دوو بنەماڵەو یەک عەقڵیەتن. تیرۆری سەردەشت ڕاستەوخۆ کردەوەکە بە فەرمانی کوڕی بارزانی ئەنجامدراوەو تیرۆری کاوە گەرمیانی و سۆرانیش هاوشێوەی سەردەشت لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە ئەنجامدراون، بەتایبەتی و زۆربەدیاریکراوی لەلایەن جەللادەکانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە بەناوی ”مەحمود سەنگاوی” کەبەفەرمانی ئەو کاوە گەرمیانی کوژراوە. مەحمود سەنگاوی وەکو سەرکردەیەکی سەربازی چەندین هەزار چەکداری شەخسی خۆی هەیەو چەند بیرە نەوتێکی داگیرکردووە، کەسێک کەبتوانێت بیرەنەوت داگیربکات زۆر بەئاسانیش ئەتوانێت کە ڕۆژنامەنووسێک بکوژێت کەڕەخنەی لێدەگرێت.

دواتر یەکێتی تەنانەت ئاگاداری پێشوەختەی کوشتنی سەردەشت بووەو هاوکاری بکوژانی سەردەشتیان کرد لە موسڵ. یادکردنەوەی ئەم شەهیدانەی ڕێگای قەڵەم وەک کولتورێک بابچەسپێ و لەهەر ساڵوەگەڕێکدا، کورزێکی کوشندەو شەرم ئامێزە بۆ دەسەڵاتدارانی کورد. بۆیە هەموو دەسەڵاتدارانی کورد وەکو یەک هەژمار دەکەم چونکە، ئەم ئینتیفاقە سیاسییەی لەنێوان یەکێتی و پارتی کراوە کە لەپێناو دابەشکردنی پارەوپول و دەسەڵاتە، وایکردووە کە لەبەرانبەریەکتریداو لەئاستی تاوانی ئەوا قێزەوندا بێدەنگ بن، یەکێتی و پارتی هێندە بەخراپ باوەشیان بەیەکا کردووە، کە قسەیەک هەیە دەڵێت جیاوازیەکانی یەکێتی و پارتی تەنها وەک کۆکاکۆلا و بیبسی کۆلا.

نووسەران بەهاوبەشی: شووشان مستەفا و موتەڵیب حەسەن/کەرکوک
mutalib_shushan_journalist@hotmail.com