جیاوازی نێوان کەسایەتییەکی سیاسی و چەقۆکێشێکی سیاسی.. شوان عەباس بەدری

دوو قسەی باوی تەنزئاسا لەبارەی هونەری دبلۆماسییەوە هەیە کە یەکەمیان بریتییە لە؛ دیبلۆماسییەت واتە هونەری پاککردنەوەی مۆزێک لە پێستەکەی بەبێ ئەوەی مەیموونەکە بێزار بکەیت.
دووەم قسەش بەم جۆرە راڤەی هونەری دیبلۆماسییەت دەکات؛ هونەری دیبلۆماسی واتە بە شێوازە زمانێک بدوێت بە بەرامبەرەکەت بڵەیت بەنەفرەت بیت ئەی دۆزەخی کە بەرامبەرەکەت بۆ ڕۆیشتنە ناو دۆزەخەوە بکەوێتە هەلەکە سەما.
لەم سەردانەی شا چارڵزی سێیەم پاشای بەریتانیا بۆ ئەمریکا و گفتۆگۆکانی لەگەڵ دۆناڵدترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەتەواوی هونەری دیبلۆماسییەتی پاشای بەریتانیا و لەقاڵبدانی سەرۆکی ئەمریکا و کەمکردنەوە لە پێگەی ئەمریکا وەک زلهێزێک و وەبیرهێنانەوەی ڕاستی و ڕووداوە مێژووییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە هەستی پێکرا بەتایبەتیش لە کاتی وەبیرهێنانەوەی سووتاندنی کۆشکی سپی لەلایەن سوپای بەریتانیا لە ساڵی 1814 و هەروەها لەبارەی قسەکەی ترەمپ کە وتبووی؛ گەر ئەمریکا نەبوایە ئەوا ئەوروپا بە زمانی ئەڵمانی قسەیان دەکرد، پاشای بەریتانیا بە زمانێکی تەنز و لەناودڵی واشنتۆنەوە لەبەردەمی سەرۆکی ئەمریکا و دەیان میوان و ملیۆنها بینەری تەلەفزیۆنی وتی؛ گەر بەریتانیا نەبوایە ئەوا ئەمریکییەکان بە زمانی فەرەنسی قسەیان دەکرد.
ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ جەنگەکانی نێوان ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیا و فەرەنسا لە ساڵەکانی 1812 تاوەکوو 1814 و هێرشەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر کەنەدا لەو ساڵانەدا کە لەدوای شکست پێهێنانی ناپلیۆن و سەرکەوتنی بەریتانییەکان بەسەر فەرەنسییەکاندا لە وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئەمریکا و سووتاندنی پەرلەمانی کەنەدا بە هێزێکی بێشوومارەوە هێرشیان کردە سەر ئەمریکا بەجۆرێک کە جیمس مادیسۆن و لێپرسراوە سەربازی و حکوومییەکانی ئەمریکا ڕایانکرد و لە شارۆچکەیەکی بچووک بە ناوی بروکفیل لە ئەیالەتی ماریلاند خۆیان شاردەوە.
بە کورتی و بە کوردی پاشای بەریتانیا بە زمانێکی دیبلۆماسی تێکەڵ بە تەنزێکی سیاسی بەڵام لە هەمان کاتدا قووڵ غرور و لۆمپەنییەت و چەقۆکێشییە سیاسییەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای لەبارەی جیهان و بە تایبەتیش کەنەدا و ئێرانەوە لە پەنجەرەی کۆشکی سپی سەمبولی دەسەڵات و زلهێزی ئەمریکا بەسەر جیهانەوە فڕێدایە دەرەوە و تاوێک بە ئارامی لەبەر چاوی هەموانەوە مۆزەکەی دەستی لەناو کۆشکی سپی پاککردەوە بە بێ ئەوەی مەیموونەکەی بەرامبەری بێزاربکات و تاوێکیش بە زمانی تەنزەوە بە سەرۆکی ئەمریکای ووت ; بە نەفرەت بیت بچۆرە دۆزەخەوەو سەرۆکی ئەمریکاش تەنها بە زەردەخەنەیەکەوە وەڵامی دایەوە و لە دڵەوە کەوتە هەلەکەسەما !
لە کۆتاییشدا شا چارڵزی سێیەم پاشای بەریتانیا لە پەیامێکی شاراوە و ناراستەوخۆدا پێی وتین؛ جیاوازی نێوان کەسایەتییەکی سیاسی بە هزر و خوێندنەوەی قووڵ و دیبلۆماسییەتی ناو کۆشکی پاشایەتی وڵاتەکەی و لێدوانی پۆپۆلیستی و لۆمپەنی و چەقۆکێشی سیاسی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ئیدارەکەی لە کۆشکی سپی نوێنەرایەتی دەکەن چییە و بۆچی جیهان بەرەو ئەم ئاقارە مەترسیدارە تاریکە ڕۆیشتووە!




مێزی قومار.. شوان عەباس بەدری

هاوڕێ بڕوانە
لەم قوربانگەیە چەند بێ نرخە گیان
هاوڕێ بڕوانە
ئێمەی هەژار چۆن بووین بە قوربانی ویستی سەرکردەکان
بڕوانە
لە سەر مێزی قومار چۆن یاری بە ژینمان ئەکەن
بڕوانە
چۆن پێئەکەنن و چۆن بە کووشتمان ئەدەن
هاوڕێ بڕوانە
کەشتی سەرکەوتنی ئەوان
چۆن لەناو خوێناوی ئێمە کەوتۆتە ڕێ
بڕوانە
سەرکردە چۆن لە خوێنی ڕژاوی ئێمە
چێژ ئەبینێ و پێئەکەنێ !

سلێمانی / پاییزی 2004




لە جینۆسایدی کوردانی فەیلییەوە بۆ برینەکانی هەڵەبجە و ئازارەکانی ئەنفال.. شوان عەباس بەدری

ئەمرۆ ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلییە لەلایەن دەسەڵاتی بەعس و دارودەستەکەی سەدامەوە، هەرچەندە کووشت و کووشتار و راگواستنی کوردانی فەیلی و تەعریب کردنی ناوچەکانیان مێژوویەکی دێرێنی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق بەڵام با وای دانێین کە وا 46 ساڵ بەسەر ئەو راگواستن و کۆمەڵکوژییەدا تێدەپەرێت کە بنەماڵەکەی ئێمەش چ لە دیوی باوک و چ لە دیوی دایک بێ بەش نەبووین لەو راگواستن و زوڵم و زۆردارییە و بەتۆمەتی کوردبوون و شیعەبوون و ئێرانی بوون و چەندتۆمەتێکی تر دەست بەسەر موڵک و ماڵ و خان و دووکان و بوون و نەبوونیان گیرا و هەر بە جلەکانی بەریان ئاودیوی ئێران کران و خاڵیشمیان لەنیوەی ڕێگە داگرت و ڕەوانەی ئەبوغریبیان کرد(( بەشەرتێک کە خاوەنی رەگەزنامەی عوسمانی بوون))، کە لە راستیدا هۆکاری سەرەکی ئەو راگواستن و کۆمەڵکووژییەی بەرامبەر کوردانی فەیلی کرا خۆی لە یارمەتیدانی دارایی شۆرشی کورد و داڵدەدانی خەباتگێرانی ئەو سەردەمەی کورد لە بەغداد و ناوچەکانی تر دەبینییەوە و ئەوانەی شارەزای مێژووی عیراق بن دەزانن هەتا ساڵی 1980 شارەگی ئابووری عیراق لەژێر دەستی کوردانی فەیلی بووە و کەسانی بە ویژدانیش باش دەزانن کە یارمەتییە دارایی و لۆجێستییەکانی شۆڕش و خەبات چۆن چۆنی و لە کوێوە و لەلایەن چ کەسانێکەوە بە نهێنی دابین دەکرا، بەهەرحاڵ ئەوە مێژوویەکە و لەبەر ئەو کەسانەی کە هیچ شانازییەکیان لە ناو مێژووی ئەو سەردەمە نییە و بگرە کەس و کارەکەشیان لەو سەردەمە یان جاش بوون و یان لە گرووپی من حەقم چییە بوون و یان لەدوای ئەنفالەکان تەسلیم بوونەوە و ملی هەندەرانیان گرتەبەر و لەدوای راپەرین و بەتایبەتیش لەدوای رووخاندنی دەسەڵاتی بەعس و سەدام و بە تایبەتیتریش لە دوای ساڵانی 2009 و 2010 لە غەفڵەتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەک قارچکی ژەهراوی لەناو هەدوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمی کوردستان هەڵتۆقین و ئێستا کولفی کولن و بەئارەزووی خۆیان و لە بەرژەوەندی خۆیان مێژوودەنووسنەوە و پیتەکانی ئەو مێژووە پرشنگدارەی خەباتگێڕانی راستەقینەی کوردیان بە ماجیکی ڕەش ڕەشکردۆتەوەو لەژێر لمی بیابانی درۆکانیان شاردوویانەتەوە دەبێت بڵێن: تیشکی رۆژ بە بێژنگ ناگیرێت و رەنگە بۆماوەی چەند ساڵێک درۆ و ساختەچێتی زاڵ بێت بەسەر راستی و مێژووی راستەقینەدا بەڵام دڵنیابن هەمیشە و لە هەموو شوێنێک کەسانێکی بەویژدان هەن کە مێژوو هەربەو جۆرەی کە بووە بنووسنەوە !
لەکۆتاییشدا پێویستە بڵێن: ئێمەی کوردانی فەیلی و هەڵەبجەییەکان و کەس و کاری سەربەزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەمێک ساڵە تاقەتی پەیام و تاجەگوڵینەکانی لێپرسراوان و بەردەستی لێپرسراوانمان نەماوە و لەوپەڕی بێ ئومێدیمان لەبەرامبەر خەمخۆری دەسەڵاتی حزبی و حکومەتی کوردی هاواردەکەین: هەرهیچ نەبێت مێژوومان وەک خۆی بنووسنەوە و تکایە مەهێڵن قارچکە هەڵتۆقیوە ژەهراوییەکانی ناو حزبەکانتان جارێکی تر ناو و مێژووی کوردانی فەیلی و هەڵەبجەییەکان و کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بشێوێنن و خۆیان وەک پاڵەوانە خەمخۆرە بێ هاوتاکانی ناو مێژووی بەرخودان نمایش بکەن!
جینۆسایدی کوردانی فەیلی و برینەکانی هەڵەبجەو کیمیاوی بارانکردن و ئازارەکانی ئەنفال سێکۆچکەی مەزڵیوومییەتی کوردە و ئیتر ڕێگەمەدەن وەک ماستەرکارتێکی پڕ لە دۆلار و یۆرۆ و دینار لەلایەن هەندێک کەسەوە بەکار بهێنرێن!




عەلاوی هەڵقووڵاوی ناخ و هزری تاکی عیراقە.. شوان عەباس بەدری

ئەم منداڵەی لە وێنەکەدا دەرکەوتووە ناوی عەلاویە، ئەم عەلاویە خواگرتووە لە رۆژی جەژندا بەمەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ هاورێکانی دەچێتە سەیرانگای زەورا لە بەغدا و سەردانی باخچەی ئاژەڵان دەکات و دەچنە لای قەفەسی پڵنگەکان بەڵام لەپڕ ئەم مردوو مراوە سیاجی یەکەمی قەفەسی پڵنگەکان دەبڕێت و لە سیاجی دووەمدا پڵنگێک  قاچی دەگرێت و عەلاوی خواگرتووش بەس فریای هاوارکردن دەکەوێت و خەڵک فریای دەکەوێت، ئەوەی سەیرە لەجیاتی ئەوەی خەڵک بە کلکە ماسیحە و تالیبەر و شۆکی کارەبایی لە عەلاوی بدەن کە لەخۆیەوە ئاسایشی پڵنگەکانی تێکداوە و سنووری ماڵەکەیانی بەزاندووە کەچی بەرببوونە گیانی پڵنگە داماوەکە بۆ رزگارکردنی عەلاوی کرماوی و هاواریان  دەکرد پڵنگەکە هار بووە و پەلاماری عەلاوی داوە!!!

لەدوای روداوەکەو گەیاندنی عەلاوی بۆ خەستەخانە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر ئەو مردوومراوە بە دەنگێکی لەرزۆکی شۆک ئاسا و پڕ لەترس وتی: کە سیاجی یەکەمم بڕی بەنیاز بووم سیاجی دووەمیش ببڕم بەڵام پڵنگەکە پەلاماری دام!

واتە گلەیی ئەکرد کە پڵنگەکە نەیهێشتووە تەواو بچێتە ناو قەفەسەکەیانەوە و دوای ئەوەش پەنجەی سەرکەوتنی بەرز کردەوە !

دەگێرنەوە کاتی خۆی کابرایەک لەسەر دارێک دەکەوێتە خوارەوەو دەستی دەشکێت و دەیبەن بۆ دکتۆر، دکتۆرەکە لێی دەپرسێت: دەستت چۆن شکاوە؟

ئەویش وەڵام دەداتەوە: لەسەر دار کەوتمە خوارەوە.

دکتۆرەکە لێی دەپرسێت: بۆ داربرین سەرکەوتیته سەر دارەکە یان بۆ هەڵپاچینی؟

وەڵام دەداتەوە: بۆخۆشی.

دکتۆرەکەش بێ یەک و دوو لەجیاتی لەگەچ گرتنی دەستی حەپی کرمی بۆ ئەنووسێ و پێی ئەڵێت : گەر کرمت نەبێت لەخۆتەوە سەرناکەویتە سەر دەرەخت.

ئەم بەسەرهاتەش تەواو پڕبە پێستی عەلاوی و هاوشێوەکانی ئەو مردوومراوەیە و حەقە لەجیاتی دەرمان و تیمارکردن حەپی کرمی بۆ بنووسن.

لە لایەکی ترەوە گەر رووداوەکە وەک خۆی شەن و کەو بکەین ئەوا تێدەگەین ئەوەی کە دەبێت چارەسەری نەخۆشی هاری وەربگرێت عەلاوی خواگرتووە نەک پڵنگەکە بەڵکوو بە پێچەوانەوە ئەو ئاژەڵە رزگارکەری گیانی ئەو هەتیوە کرماوییە بزێوەیە!

جا لەهەمووی خۆشتر ئەم عەلاوییە ئیتر تا دنیادنیایە کە ناوی پڵنگ ببیستێت خۆی پیس ئەکات لە ترسا بەڵام لە خەستەخانە رێک بەتانییەکی پڵنگیان داوە بە سەریا و دکتۆر و پەرەستار و کەس و کار و فەراش و پاسەوان و چایچی خەستەخانەکە هیچ حسابێکیان بۆ لایەنی دەروونی و سایکۆلۆژی ئەو مردوومراوە نەکردووە(( هەربۆیە من لە نووسینێکما هەر لە فاوەوە تا کۆتا خاڵی سنووری وڵاتەکە بە کوردستانیشەوە، عیراقم بە ستەیجێکی شانۆیی گەورەی کۆمیدیای ڕەش شووبهاندووە. ))

هەروەها نابێت ئەوەش لەیاد بکەین کە وەڵامەکانی عەلاوی هەڵقووڵاوی ناخی تاک بە تاکی عیراقییەکانەو عەڵاویش هەروەک هەموو تاکێکی عیراق بە سیاسی و هاووڵاتی ئاساییەوە دان بە هەڵەی خۆیدا نانێت و بەردەوام بەرامبەر خەتابار دەکات، ئیتر گرنگ نییە ئەو بەرامبەرە مرۆڤ بێت یان ئاژەڵ یان گیانلەبەری تر یان بەردەڵان و شاخ و بیابان گرنگ ئەوەیە بەرامبەر خەتابارەو تەواو.

ئێستا بە ڕای ئێوه لە نێوان عەلاوی مردوومراو و پڵنگەکە حەقە کامیان پەنجەی سەرکەوتن بەرزبکەنەوە؟!




ئەڤینی گشتی.. شیعر / ئەحمەد شاملو.. لە فارسییەوە / شوان عەباس بەدری

ئەسرین نهێنییەکە
زەردەخۆ نهێنییەکە
ئەڤین نهێنییەکە
ئەسرینی ئەو شەوە زەردەخۆی ئەڤینم بوو
چیرۆک نیم تا باسم بکەیت
سروود نیم تا بمخوێنی
دەنگ نیم تا گوێت لێم بێت
یان شتێکی وا کە بیبینیت
یان شتێکی وا
کە بیزانیت
من ژانی هاوبەشم بانگم بکە
درەخت لەگەڵ دارستان قسە دەکات
گیا لەگەڵ بیابان
ئەستێرە لەگەڵ کاکێشان و
منیش لەگەڵ تۆ قسە دەکەم
ناوتم پێ بڵێ
دەستت بخەرە ناو دەستم
دەردەدڵم لەگەڵ بکە
دڵتم پێ بسپێرە
من بنەچەکانی تۆم دۆزیوەتەوە
بە لێوەکانت بۆ هەموو لێوەکان قسەم کردووە و
دەستەکانیشت ئاشنای دەستەکانمن
من لە خەڵوەتی دڵدا بۆ خاتری زیندووەکان
لەگەڵ تۆدا گریاوم و
لە گۆڕستانی تاریکیشدا جوانترین سرودەکانم
لەگەڵ تۆدا وتۆتەوە
چونکە مردووەکانی ئەمساڵ
عاشقترینی زیندووەکان بوون !
دەست بخەرە دەستمەوە
دەستەکانی تۆ ئاشنای دەستەکانی منن
ئەی درەنگ وەدەست هاتوو قسە لەگەڵ تۆدا دەکەم
هەر وەک هەور کە لەگەڵ تۆفان
هەروەک گیا کە لەگەڵ بیابان
هەروەک باران لەگەڵ دەریا
هەر وەک مەل لەگەڵ بەهار
هەروەک درەخت کە لەگەڵ دارستان
قسە دەکات
چونکە من
بنەچەکانی تۆم دۆزیوەتەوە
چونکە دەنگی من ئاشنای دەنگی تۆیە.

شوان عەباس بەدری




سێ وێنە و سێ هاوکێشەی جەنگی سەدەی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل.. شوان عەباس بەدری

1
سێ بەشی جیهان و بە تایبەتیش لایەکی کورد لە باشوور پێیان وایە ئەمریکا خەریکی رووخاندنی دەسەڵاتی ئاخووندەکانە و رژێمێکی سیاسی نوێ لە ئێران ئەهێنێتە سەر کار و خۆیان بۆ ئازادی خاکی کوردستان لە ڕۆژهەڵات ئامادە کردووە و بە نیازن نەوروز لە سنە و کرماشان و سەقز و مەهاباد و مەریوان و ئیلام بکەن، دڵنیابن لەبەر سێ هاوکێشەی سانا و ساکار هەرگیز ئەمریکا بەو کارە هەڵناسێت کە بریتین لە یەکەم ئەمریکا هەرگیز زیانی ملیارها دۆلاری ساڵانە لە خۆی نادات کە لە ڕێی پاراستنی وڵاتانی کەنداو لە هەڕەشە و مەترسییەکانی ئێران دەستی دەکەوێت و ئەو وڵاتانەی کردووە بە بنکەیەکی سەربازی هەمیشەیی بۆخۆی مەگەر ئەڵاهومە وەک سەدام جێگرەوەیەکی خراپتر و مەترسیدارتر لە ئێران لەناوچەکە دروست بکات، دووەم بەریتانیا و فەرەنسا هەرگیز بەو کارە ڕازی نابن چونکە ئەم سیستمە سیاسییە فول ئایینی و تووندڕەوە شیعەیە دروستکراوی خۆیانە و خۆیان کۆڵەکەکانی هەرەمە سیاسییەکەیان دروستکردووە.
سێیەمین هۆکاریش بریتییە لەوەی کە ئیسرائیل هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەکوو ئێستا لەسەر بنەمای دوژمن و دوژمنی وەهمی بنیاتنراوە و جەنگ و بەرگری و ترس و گۆش کردنی دانیشتوانەکەی بە فۆبیای کۆمەڵکووژیان لە لایەن موسڵمانان و مەسیحییەکان داینەمۆی مانەوە و بەردەوامی ئەو وڵاتەیە و هەربۆیە هەرگیز هەژدیهایەکی حەوت سەری وەک سیستمە سیاسییە ئایینییە تووندرەوەکەی ئێران لەناو نابات، رەنگە وەک ئێستا بە مەبەستی چەند گۆڕانکارییەک لە یارییەکە هەستێت بە بۆردوومانکردن و کووشتنی ژمارەیەک سەرکردە و فەرماندەی ئێران بەڵام ئەستەمە لەڕەگەوە ئەو سیستمە لە ئێران هەڵکەنێت.
2
سەبارەت بە لەناوبردنی ئیسرائیلیش دڵنیابن روسیا هەرگیز رازی نابێت ئەو وڵاتە شوختێکی تێکەوێت چ جای ئەوەی وەک ئێران و هەندێک لایەنی تر بانگەشەی لەناو بردنی دەکەن رێگەبدات بە لەناوبردنی ئیسرائیل ئەوەش لەبەر ئەوەی نزیکەی لە سەدا پانزدەی دانیشتوانە جولەکەکەی ئیسرائیل بە رەچەڵەک یان دەگەرێنەوە بۆ روسیا یان سەر بە وڵاتانی یەکێتیی سۆڤێتی جارانن و بە زمانی روسی قسە دەکەن، بە کورتی و بە کوردی روسیا ئیسرائیل بە بەشێک لە جیهانە فەرهەنگی و کلتووری و کۆمەڵایەتییەکەی خۆی دەزانێت و ئەمەش بە ئاشکرا لە قسەکانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا رەنگیداوەتەوە .
3
لە کۆتاییشدا دەبێت بزانین کە ئێرانێکی بێ عەلی خامنەیی و هەندێک دەم و چاوی ناو سوپای پاسداران بۆ بەردەوامیدان بە سیستمی سیاسی ئاخووندەکان چ بەگۆڕانکاری بنچینەیی و عەقیدەیی و چ بێ ئەو گۆڕانکارییە بۆ ئەمریکا و ئیسڕائیل و رۆژئاوا پێویست بوو و بە کووشتنی عەلی خامنەیی ئیمامێکی تریان بۆ ئیمامەکانی شیعە زیادکرد و ئێستا لای زۆربەی شیعەکان عەلی خامنەیی رابەری تیرۆرکراوی شۆڕشی ئیسلامی ئێران سیانزەیەمین ئیمامی مەعسوومی موسڵمانە شیعەکانە و لە دوای راگرتنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران و دڵنەوایی ئەو دوو وڵاتە لە درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی سیاسی ئێران و دوورخستنەوەی ئەو وڵاتە لە هەرجۆرە هەڵگەڕانەوەیەکی سەربازی ناوخۆیی و بەتەواوی دەستەمۆکردنی جیهانی عەرەب لە ژێر ڕکێفی خۆیان بەبیانووی پاراستنیان لە مووشەکەدوورهاوێژ و درونە مۆدێرنەکانی ئێران یان ئەوەتا لە تەنیشت خومەینی دەینێژن (( کە ئەمە زیاتر ڕێی تێئەچێت))، یان بە جیا مەزارێکی ئەفسانەیی بۆ دروست دەکەن و خەڵکیش بۆ بەدیهاتنی راز و خواستەکانیان سەردانی دەکەن و 37 ساڵ دیکتاتۆری ڕەها و چەپۆکە ئاسنینە بێ بەزەییەکەی بەرامبەریان فەرامۆش دەکەن!

شوان عەباس بەدری




بۆمباکانی ئەمریکا و ماروپەیژەکەی ئیسرائیل و ئێران.. شوان عەباس بەدری

مەعقولە من لێرەوە ئەزانم خامنەیی لەئەگەری تیرۆرکردنی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لاریجانی وەک جێگرەوەی یەکەمی خۆی دیاریکردبوو و هەروەها لە ئەگەری کوژرانی فەرماندە سەربازییەکانی رژێمەکەی بۆ هەر فەرماندەیەک سێ تا چوار جێگرەوەی دەستنیشانکردبوو و هەروەها بە ئاشکرا رایگەیاندبوو، گەر هێرشمان بکەنەوە سەر ئەوا یەک وڵاتی ناوچەکە و بەتایبەتیش وڵاتانی کەنداو سەقامگیری بەخۆیانەوە نابینن، ئەمە جگە لەوەی سیستمی سیاسی و سەربازی و بەرێوەبردنی ئێران سیستمێکی جاڵجاڵۆکەیی ئاڵۆزە و هەروا بە ئاسانی لەبەر یەک هەڵناوەشێتەوە کەچی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەو شتانە نەزانن!
هەرچەندە جەنگەکەی ئەمجارە زیاتر لە جەنگی یارییە ئەلیکترۆنییەکانی پلەیستەیشن دەچێت و دیارە کە نە ئەمریکا و نە ئیسرائیل بە تەواوی هێزی وێرانکەری خۆیان دژ بە ئێران بەکار نەهێناوە و زۆربەی خەڵک پێی وایە ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران شکستیان هێناوە بەڵام هەروەک لە نووسینەکانی پێشوومدا ئاماژەم پێداوە گەر بەوردی لە جەنگەکە و رووداوەکان و پێشهاتەکانی جەنگەکە بڕوانین ئەوا دەبینین بە پێچەوانەوە هەر سێ وڵاتی بە جەنگ هاتوو واتە ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران رێک ئامانجەکانیان پێکاوە و لەلایەکەوە وڵاتانی کەنداو زیاتر دەستەمۆی ئەمریکای فریادڕەس و پارێزەریان بوون و لەلایەکیشەوە ئیسرائیل وڵاتانی ناوچەکەی تێگەیاند گەر ڕێکەوتنی لەگەڵ نەکەن و تاجی بەرێوەبردنی ناوچەکەی نەکەنە سەر ئەوا چارەنووسی ئێران چاوەڕێیان دەکات کە بێگومان ئەو وڵاتانە بەرگەی دوو مووشەک و فرۆکەیەکی سەربازی ئیسرائیلی ناگرن و هەروەها ئێرانیش بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جیهانی سەلماند کە پاروویەکی هەروا ئاسان نییە و بە سانایی قووت نادرێت و بێگومان لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکە ئێرانێکی هەژدیها ئاسای بریندار دەبینین کە لە یەک کاتدا هەم خەریکی سارێژکردنی برینەکانی دەبێت و هەم دەبێت بە دێوەزمەیەک بۆ وڵاتانی کەنداو !
لێرەشدا پرسیارێک لەناو مێشکماندا درووست دەبێت کە ئاخۆ دواجار لە نێوان بۆمباکانی ئەمریکا و ماروپەیژەکەی ئیسرائیل و ئێران پێگەی وڵاتانی کەنداو دەکەوێتە کوێوە؟
پرسیارێکە و وەڵامەکەی بۆ خوێنەر بە جێ دەهێڵم .




نامەیەک بەر لە خۆرهەڵاتن.. شوان عەباس بەدری

دانیشتووم ، پێکەکەم حازر کردووە و لەگەڵ دەنگی فەرهاد و دوکەڵی جگەرەکەی دەستمەوە ڕۆچوومەتە ناو خەیاڵێکی قووڵەوە، قووڵ قووڵ هەروەک تەنیاییەکەم و بێ بن هەر وەک هەناسە ساردەکانم ، بیر ئەکەمەوە ، بیر لە ژیان ، بیر لە دڵە بریندارەکەم ، بیر لە گەنجێکی قژ لوولی عەینەک لەچاوی دڵخۆشی پڕ لە گەرم و گوڕی ماوەیەک لەمەوبەر دەکەمەوە ، هەڵدەستم و گلۆپی ژوورە سارد و ماتەکەم دەکوژێنمەوە و لەگەڵ کوژانەوەی گلۆپی ژوورەکەم و درووستکردنی پێکێکی تازە بۆ دەروونە ماندووەکەم گۆرانییەکی داریوش دەست پێئەکات ، ئەو گۆرانییەی کە ساڵەهای ساڵە خۆمی تیا ئەبینیم و ئەڵەی داریوش ئەم گۆرانییەی بە تایبەتی بۆ من وتووە ، گۆرانییەکە گۆرانی (سقوط ، هەڵدێران ) ە و لەگەڵ وتنی (کەس تەنیاییەکەم لە من نادزێ ، دەرودیوار کوا لە ئازاری من تێئەگەن) نەفەسێکی قووڵ قووڵ لە جگەرەکەم دەدەم و پێکە عەرەقەکەم تا بنی پەرداخەکە هەڵئەدەم و لە جیاتی مەزە، دووبارە نەفەسێکی قووڵ لە جگەرەکەم دەدەم و دوکەڵەکەی دەکەم بە دەم و چاوی مرۆڤە ماندووەکەی ناو ئاوێنە بچووکەکەی دەستم ، بیر لە گەڕانەوە ئەکەمەوە و بە مرۆڤە ماندووە کەشەنگەکەی ناو ئاوێنەکە ئەڵێم : چ لێرە بیت و چ لەوێ خۆ هەر تەنیا و وونیت ، بڕۆڕەوە ، بڕۆڕەوە ، هەر هیچ نەبێت لەوێ بە تەواوی وون ئەبیت و لەناو تەنیاییە ئەبەدییەکەت غەرق ئەبیت و گرنگ نییە چەندی تر هەناسە ئەدەیت و چاوەکانت هەڵهاتنی ڕۆژێکی نوێ ئەبینێت!
بڕۆڕەوەو لەناو باوەشی شەوەزەنگێکی بێ کۆتایی بێ هەناسەی خاک و ووڵات بخەوەو تفێکی هەمیشەیی لەم پارچە جوگرافییە نەفرەتییە بکە کە وا بۆ چەند مانگێکە لەناویا بێ کاریت و سەر بە هەر شوێنێکا ئەکەیت بۆ داوای کار ، ئەڵێن تەنها ڕەگەزی مێینەمان ئەوێ !!!
ئاە، ئێستا مەهەستیشی هاتە سەر و گۆرانی مەیخانە دەڵێت .
لەتاو جگەرە کێشان و ئازاری خەنجەری بێ وەفایی تامی دەمم تاڵە و دڵم تک تک ئازاری لێ ئەچۆڕێت ، ئاوڕێک ئەدەمەوە و لە پشتەوە ، لەسەر دیوارەکە ، وێنەی گەنجێکی دڵخۆشی دەم بە کەنینی ڤژ لوول دەبینم کە چوار مستیلە و سەعاتێکی لە دەستایە و لە گۆشەی چەپی ژوورە تاریک و ساردەکەم ئەڕوانێت و زوو زووش بە بزەیەکەوە نیگام ئەکات !
پێکێکی تر هەڵئەدەم و لەناکاو بە تووڕەییەوە هاواری بە سەرا ئەکەم و ئەقیژێنم بەسەریا : چییییییت ئەوێ ، ئەو گۆشەیە تەنها گۆچانەکەی باوکمی لێیە و تەواو .
ئەو باوکەی نە حەرامی خوارد و نە ویستی لە ڕێی ناو و ناوبانگ و پەیوەندییەکانییەوە کارێک بۆ ئێمە بکات و داهاتوومان دابین بکات ، ( دوای ئەم قسانە قاقایەکی بەرز لیئەدەم و بە دەم قاقاوە فرمێسکەکانم دێنە خوارەوە و پێکەنین و فرمێسکم تێکەڵ ئەبن ) داماوە وایئەزانی دوای ئەوەی ئەمرێت ،هاوڕێ و حزبەکەی ئاگایان لە ژیانمان ئەبێت و ڕێزی ئەو پاکی و دڵسۆزی و دەستپاکییەی ئەگرن ، هاهاهاها، نەیئەزانی کەسیان ناڵێن کەرتان بە چەن و ماون یا مردوون؟
نەیئەزانی کەس حورمەتی ئەو ماندووبوون و تێکۆشان و ڕاکەڕاکەی ناگرێت و کۆنە جاش و کوڕە جاشەکانی ئەو سەردەمە سەخت و یەکلاکەرەوەیە و ئەوانەی شاخیان بەرەو ئۆروپا و ژیانی ئاسوودە بە جێهێشت و بەرگەی نەهامەتییەکانی دوای ئەنفالییان نەگرت ، دەبن بە هەمە کارە و ئێمەش لەناو بەرداشی وونکردنی کەسە پاکەکانی ناو حزب و مێژووی کورد ئەمانهاڕن و ئەمانتیلێننەوە و لەناومان ئەبەن .
داماوە نەیئەزانی حازرخۆرەکانی خیانەت جێی پێ لەق ئەکەن و بە دڵپاکی خۆی دەستی زۆر کەسی گرت و ژیانی زۆر کەسی لە ڕەمی و کووشتن و زیندان ڕزگار کرد و ئێستا زۆربەی ئەوانەی لە مردن ڕزگاری کردن ، هەوڵی نەمانی ناوی و ناوی کوڕەکانی دەدەن .
دوا ڕێگە بۆیاخە ، بۆیاخی پێڵاو ، بۆیاخی پێڵاوی گڵاوی ئەو خائین و خۆفرۆشانەی تا دوێنێ لە باوەشی ئەم و ئەوا شەن و کەویان ئەکرد و ئێستا یاری بە چارەنووسی کەسە دڵسۆزەکانەوە ئەکەن ، دوا ڕێگە ، بۆیاخە ، بۆیاخی پێڵاوی ئەو هەرچی و پەرچییانەی کە گەر سبەی شتێک ڕووبدات ، ڕێک بائەدەنەوە و بە داروبەردی ئەو حزبەی درووستی کردن دێنە خوارەوە و وەک نە بایان دی بێت و نە بۆران ، خۆیان دوبارە فڕێ ئەدەنە باوەشی حزبێکی تر و ڕابەڕێکی تر و لەسەر ئاخورەکەیان بەردەوام ئەبن و دەم ئەنێن بە دادۆشینی گوانی نوێ !
دوا ڕێگە بۆیاخە ، سنووقێکی بۆیاخی پێڵاو بکڕم و تا بەشکوو ڕۆژێ لە ڕۆژان یەکێک لەو کۆنە جاش و خائین و خۆفرۆش و بێ مەبدەئانە بێن و قاچیان لەسەر سنووقی پێڵاو بۆیاخ کردنەکەم دانێن و بە هاتنیان تفێکی خەست لە خۆم و لە مێژوو و لە خاک و پێڵاوەکەیان بکەم و پڕ بە گەرووم هاوار بکەم : ببوورن ئێوە ڕاست بوون و باوکم و چەندانی وەک باوکم هەڵە بوون کە بە پاکی و دڵسۆزی و لەخۆبووردوویی خەباتیان کرد و دواجاریش ژیانی خۆیان و خێزان و مناڵەکانیان شەقار شەقار کرد و ئێستا مناڵەکانیان چاوەڕێی پێڵاوەکانی ئێوەن کە داینێن و بۆیاخی بکەن و بەشکوو بەم جۆرە بتوانن بژێوی ژیانیان دەربێنن !
تف لە ئاوێنەکە و مێژوو و ………..

شوان عەباس بەدری




ویست لە نێوان کێشمەکێشەکانی هزر و کەرەکەی بۆریدان.. شوان عەباس بەدری

دیارە هەموو مانەوە و سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانج و خۆرزگار کردنێک بە هەموو جۆرەکانییەوە پەیوەستە بە ویست ((ئیرادە))ی مرۆڤ و هەر لەو سۆنگەیەشەوە کارکردنو راڤە و شیتەڵکردنی ئەو بابەتە کاری لەپێشینەی ژمارەیەک فەیلەسوفی دیاری مێژوو بووە کە دیارترینیان ئەزموونی هزری و فەلسەفی جۆن بۆریدان فەیلەسووفی سەدەی چواردەیەمی فەرەنسییە، کە بە کێشمەکێشی کەرەکە ی بۆریدان ناسراوە، هەرچەندە باسی ئەو ئەزموون و راڤەیەوە هەر لە سەردەمی سوکراتەوە بەردەوامی هەبووە بەڵام باسە فەلسەفییەکانی ئەو فەیلەسووفە فەرەنسییە لە هەموو باسەکانی تر تێروتەسەلترە و هەر ئەوەش وایکردووە بایەخێکی زۆر بە نووسین و تیۆرییەکانی ئەو فەیلەسووفە بدرێت.

قسەیەکی باوی ناو ناوەندە فەلسەفییەکانی تایبەت بەو پرسە هەیە کە بە ((کەرەکە فەلسەفەی لێدا و دواجار لە برسا و لە تینوویەتییدا مرد))، کە چیرۆکی پشت ئەو قسەیە دەگەرێتەوە بۆ ئەزموونێکی هزری و فەلسەفی بۆریدان، ئەم فەیلەسووفە هەروەک پێشتر باسمانکرد بە تیۆرییە تایبەتەکانی سەبارەت بە کێشمەکێشە هزرییەکانی هەڵبژاردنەکانی مێشک لەو کاتەی دەرفەتەکان وەک یەک یەکسانن ناسراوەو ئەو کێشمەکێشە هزرییانەش بە کێشمەێشی کەرەکەی بۆریدان ناسراوە.

چیرۆکی باسەکە بەوجۆرەیە کەرێکیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ناو تەوێڵەیەک بە برسێتی و تینوویەتی هێشتۆتەوە کە بەجۆرێک برسییەتی و تینوویەتی بەتەواوی بڕستی لێبڕیوە، لە دوای ماوەیەک لەلای راست و چەپی کەرەکە خۆراک و ئاویان لە دوورییەکۆی یەکسان لە کەرەکەوە داناوە.

لێرەدا بۆریدان پرسیارێکی فەلسەفی خستۆتە ڕوو کە لەکاتێکدا کەرەکە هەم برسییەتی هەم تینوو و دووری ئالیک و ئاوەکەش لە کەرەکە دوورییەکی یەکسانە ئاخۆ خۆرسکانە یەکەمجار کەرەکە بەلای ئالیکەکەدا دەڕوات یان بە لای ئاوەکەدا؟

لەکۆتایی تاقیکردنەوەکەدا کەرەکە لە یەکسانی مەودای هەڵبژاردنی ئالیک و ئاوەکە نەیتوانی بڕیار بدات کە ئاخۆ یەکەمجار کامیان هەڵبژێرێت و لە کاتێکدا دەمێک سەیری لای راست و دەمێک سەیری لای چەپی خۆی دەکرد نەیتوانی یەکلا بێتەوە کە ئاخۆ یەکەمجار ئالیکەکە بخوات یان ئاوەکە بخواتەوە.

کرۆک و پەیامی باسەکە کە خۆی لە  کێشمەکێشی فەلسەفی پەیوەست بە ئازادی و ویست((ئیرادە)) و هەڵبژاردن دەبینێتەوە و وەک نموونەیەکی دیاری دەستەوسانی بوونەوەرێک لەکاتە هەستیارەکانی ژیانی دەخرێتەڕوو کە لەبەردەم دوو هەڵبژادە یان چەند هەڵبژاردەیەکی یەکسان راوستاوەو بەبێ پاڵنەر و ڕێنوومایی دەرەکی ناتوانێت بڕیار بدات و دواجار دەبێتە قوربانی بێ ئیرادەیی و لەناو دەچێت.

ئێستا گەر بازنەی باسی چیرۆکە فەلسەفییەکەی بۆریدان فراوانتر بکەین و بە وردی لە چواردەورمان بڕوانین و چەند هەنگاوێک لە کرۆکی سەرەکی بابەتەکە لابدەین دەبینین چەند زۆرن ئەو تاک و کۆمەڵگەیانەی بە بێ پاڵنەر و کاریگەرییەکی دەرەکی ناتوانن بە ئیرادەی خۆیان خەتی ژیان و مانەوەیان دیاری بکەن و بەردەوام چاوەڕێی دەستێکن کە بەرەو کەنارێکی ئارامیان بەرێت و دواجار لەو چاوەڕوانییەش هەم خۆیان و هەم کۆمەڵگەکەیان و هەم داهاتوو و هەم  خاک و نیشتمانەکەیان فڕێ دەدرێنە دەرەوەی شەمەندەفەرەکەی مێژوو و بەرەو فەنابوون دەچن.

شوان عەباس بەدری




ژین و ژان و دە ورتەی کورت.. شوان عەباس بەدری

1
تەمەن دەڕوات و
کفن دوورە ڕەشپۆشەکان
خەونە سپییەکانمان کفن دەکەن و
لەسەر شانی حەسرەت و
لەناو تابووتی ئارەزووە بەباچووەکان
لە قووڵترین مەنزڵگەی پیری
دەیاننێژن !
2
لەناو کتێبە پیرۆزەکان و
لە سەر دڵی زەمین و
لە دوورترین خاڵی گەردوون و
لەسەر باڵی باڵندەکان
وا نووسرابوو کە
ژیان واتە چێژ و ئارامی
بەڵام ئێمە
نە لەناو کتێبە پیرۆزەکانی ناو خاکەکەمان و
نە لە دوورترین خاڵی گەردوون و
نە لەسەر باڵی باڵندە بریندارەکانی ئاسمانی وڵاتەکەمان
نە چێژمان بینی و نە ئارامی
ئەوەی هەبوو تەنها
جەنگ و ئاوارەیی و خوێن و دابڕان و دووبەرەکی بوو!
3
دەڵێن هەناسە بۆ بەردەوامی ژیانە
بەڵام من ئاشنای سەرزەمینێکم
خەڵکەکەی بە هەناسەدانیان
بەردەوامی بە مەرگی خۆیان دەدەن
نەک ژیانیان !
4
ئارەزوو واتە
بینینی مەمکەکانت لەناو رووبارێکی بەخووڕی ئازاد
لەکاتی مەلەدا بە ڕووتی
حەسرەت واتە
تەلبەند کردنی خاک و دەشت و شاخ و دۆڵ و رووبارەکانی وڵات و
کووشتنی شکاندنی تاسەی ئەو بینینە!
5
باڵندەکانی جیهان هەموویان ئازادن و
لە دارستان و شاخ و دۆڵ و دەشت و شارەکان ئازادانە دەفڕن و باڵ دەگرن
بەڵام باڵندەکانی وڵاتی من
پێش فڕینیان
لەترسی کووشتن و سەربڕین
بەرگێکی سەوز یان خود زەرد یان خود ئایینی
لەبەر دەکەن و جا دەفڕن!
6
من لێرەوە
لەناو دڵی ئەم تاریکستانە
ماتەمێک ئەبینم
کە هەر چەند درێژەوەخت و سامناکیش بێت
هەر کۆتایی دێ !
7
مشتی گرێدراو خوێن ڕادەکێشێت و
دەمی بەستراویش هاوار
مەچەکی کەلەبچە کراویش چەک و خەنجەر
دیکتاتۆرەکان چەند سادەن
مێژوو پێمان دەڵێت:
گەل تاهەتایە بەبارمتە ناگیرێت و
خاکیش بۆهەمیشە تاپۆی ئایدۆلۆژیای حاکم نابێت !
8
لەو سەرزەمینە دوورە ئەسیرە
دواجار مانگەشەو بەڕووی ئازادیدا
زەردەخەنەی کرد !
9
گەوهەرێکم هەبوو
ناوازە و گرانبەها
لە غەفڵەتێکا لێیان دزیم
لە غەفڵەتێکا لێیان دزین
ئەو گەوهەرە نیشتمانەکەم بوو
ئەو گەوهەرە نیشتمانەکەمان بوو !
10
دڵم بۆ گرتنی چادرە ڕەشەکەی دایکم تەنگ بووە
دایکم نیشتمانی یەکەممەو
خاکەکەشم نیشتمانی دووەم
دایکم ئارامی بەخش و خەمڕەوێنمە و
خاکەکەشم بست بە بستی وەیشوومەیە و
فیرعەونستان !

کیشوەری پیر / ئەیلولی 2025
شوان عەباس بەدری




ئوم فەهدەکانی کوردستان.. شوان عەباس بەدری

چوار ڕۆژ لەمەوبەر و لەناو جەرگەی شاری بەغداد ،بلوگەرێکی عیراقی بەناوی غوفران مەهدی سەوادی ،ناسراو بە “ئوم فەهد” ،لەبەردەم ماڵەکەی خۆی بە دەمانچەی بێدەنگ کوژرا و کووشتنەکەشی قسەو باسێکی زۆری لەدوای خۆیدا هێنا.
هەرچەندە کووشتنی ئەم خانمە شتێکی ئەوەندە گەورە و گران و گرنگ نەبوو و نییە بەلامەوە ،بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا شێوازی کووشتنەکەی و لێزانی کەسی بکوژ و نهێنییەکانی پشت کووشتنەکەی سەرنجی ڕاکێشام و لە کووشتنەکەی خودی خانمەکە گرنگتر بوو بەلامەوە.
بە واتایەکی تر هەموو کەسێک ڕەنگە بکوژرێت و هیچ نهێنی و بابەتێکی شاراوەی نەبێت کە وون بێت ،بەڵام لە کووشتنەکەی “ئوم فەهد”دا بابەتەکە تەواو پێچەوانەیەو بە تایبەتیش پێش کووشتنەکەی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی چەندین نهێنی مەترسیداری لە کچە هاوپیشەیەکی خۆی کردبوو کە لەسەر پارە و شەوەسوورەکانیان لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی عیراق و بەتایبەتیش بەرپرسەکانی ناو دەزگا ئەمنییەکان، ناکۆکی کەوتبووە نێوانیان.
گەر بە وردی سەرنجی چۆنییەتی کووشتنەکەی بدەین و شارەزاییمان لە زانستی بەڵگەی تاوان و دەروونناسی تاواندا هەبێت ، ئەوا تێدەگەین کە کەسی بکوژ ،کەسێکی لێزان و پسپۆرە لە کارەکەیدا و بە ڕای من دوور نییە بکوژەکە ئەفسەر یا کەسێکی تایبەتی ناو دەزگا ئەمنییەکانی عیراق بێت ، بە تایبەتیش لە شێوازی ڕاو کردنی نێچیرەکەی ئەم ڕاستییەنەمان بۆ ئاشکرا ئەبێت.
بۆ نموونە ، بکوژەکە بۆ شاردنەوەی خەتەکانی لەشی جلی ڕەشی لەبەرکردووە و لە زانستی بەڵگەی تاواندا کاتێ بکوژ جلی ڕەشی لەبەردا بێت ،دەستنیشانکردنی خەت و دەرپەڕیوی یان بەژن ڕێکی و ناڕێکی کەسەکە کارێکی قورسە ، دووەم زۆر بە هێمنی ماتۆڕەکەی لە پشت دیوارێکەوە ڕادەگرێت بە بێ ئەوەی بیکوژێنێتەوە و بە هێڵێکی نیمچە بازنەیی بەرەوڕووی نێچیرەکەی دەڕوات تا دەکەوێتە ناو خاڵی کوێری ئاوێنەی شۆفێرەکە و لە کەمتر لە چرکەیەک پەلاماری دەرگای لای شۆفێرەکە دەدات و بە دەمانچەیەکی بێدەنگ “ئوم فەهد” ئەکووژێت ، سێیەم دوای کووشتنی نێچیرەکەی تەنها و تەنها مۆبایلەکەی دەبات و بە پەلە قەوانی فیشەکەکانی کۆدەکاتەوە تا بەم جۆرە تیمەکانی بەڵگەی تاوان لە ڕێی قەوانەکانەوە نەیدۆزنەوە ، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئەوەمان پێدەڵێت ئەم کەسە شارەزاییەکی باشی لە زانستی بەڵگەی تاوان و کاری تیمەکانی بەڵگەی تاوان و دەزگا ئەمنییەکاندا هەیە، چوارەم بەبردنی تەنها مۆبایلی نیچێرەکەی لە کاتێکدا جانتاکەی کەسی کوژراو چەندین دەفتەرە دۆلاری تیا بووەو ئەو خشڵ و ئاڵتوونانەشی کە بە دەست و گەردنییەوە بوون نرخەکەیان چەندین دەفتەر دۆلار بووە ،ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە مەبەستی کەسی بکوژ دزی نەبووە ،بەڵکوو تەنهاوتەنها فەرمانی پێکراوە کە “ئوم فەهد” بێدەنگ بکات و مۆبایلەکەشی بێنێت لەگەڵ خۆی ، واتە هەموو نهێنی کووشتنەکەی ئەم خانمە لەناو مۆبایلەکەیدا بووەو بەڵگە و نهێنییەکانی ناو مۆبایلەکەی سەری خوارد تا بەم جۆرە ڕێگە لە ئابرووچوونی بەرپرسێکی پلە باڵای حکومی یان وەزیرێک یان سەرۆک حزبێک یان مەلاوعەمامە بەسەرێکی ناسراو یان پەرلەمانتارێک و ڕەنگە سەرۆک وەزیرانێکی عیراق بگیرێت.
بەهەر حاڵ بە کووشتنی “ئوم فەهد” ئەو نهێنییەش کە بریاربوو لە دژی کچە هاوپیشەکەی بڵاویبکاتەوە هەر وەک نهێنییەکانی تری ناو عیراق تائەبەد وون بوو و کووشتنەکەی هەموو ئەگەرەکانی بۆ درێژکردنی پەنجەی تاوان بۆ هەموو سیاسی و ئەفسەرە باڵاکانی ناو دەزگا ئەمنییەکانی عیراق بە کراوەیی هێشتەوە و ڕەنگە لە داهاتوودا کاتێ کارتی سیاسی یان ئەفسەرێک دەسووتێت بە کردنەوەی ئەم دۆسییەی کووشتنە نەیارەکانیان لێیان بدەن و تاوانی کووشتنەکە بخەنە ملیان کە پێشتریش چەندین کاری بەم جۆرە بۆ دەرپەڕاندنی سیاسی و ئەفسەرەکان کراوە.
گەر سەیرێکی دۆسییەی کووشتنی “ئوم فەهد” بکەین ،ئەوا تێدەگەین بە دەیان “ئوم فەهد” و هاوشێوەکانی لە کوردستاندا دەژین کە ڕەنگە ئەمانیش هاوشێوەی “ئوم فەهد”ەکەی بەغداد چەندین کەیسی تۆمارکراوی ئابرووبەر و مەترسیداری ئەم هەرێمەیان لابێت و ڕۆژانەش لە شوێنە گرانبەهاکان دابنیشن و پۆزی پارە و ئاڵتوون لێبدەن و لەناو خۆیشیاندا بە شانازییەوە باسی ئەوە بکەن کە چەندین بەرپرس و دەوڵەمەندییان لە خشتە بردووە و تۆماری سێکسی یان هەر نهێنییەکی دیکەیان لایە.
لێرەوە ئەوەی گرنگە بزانرێت ئەوەیە کە کەس تاکو سەر ئازیز و شیرینی دەسەڵاتداره پلەباڵاکان نییە و تا ئەوکاتە گرنگیت کە لێت تێرنەبوون یان خود کاریان بۆ دەکەیت و کاتێ ئەو بەرژەوەندییە نەما یان بووی بە مەترسی ،ئەوا کووشتنت لە خواردنەوەی پەرداخێ ئاو ئاسانترە، باشترین نموونەش کووشتنەکەی “ئوم فەهد”ەکەی بەغایە کە بە یەک تەلەفۆن بازگەکانی هەڵدەگرت و ئەفسەرەکانی دەگواستەوە و نیمچە حاکمێکی فیعلی بەغا بوو ،بەڵام دواجار بە چوار فیشەک کرایە قوربانی وونکردن و شاردنەوەی نهێنییەکان و بێگومان ئایندەی “ئوم فەهد”ەکانی کوردستانیش لەو باشتر و جیاوازتر نابێت.




دواجار پارتی بە تەنیا مایەوە.. شوان عەباس بەدری

وتەیەکی بێسمارک ی دامەزرێنەری رایخی دووەمی ئەڵمانی هەیە کە دەڵێ :((سیاسەت هونەری مومکینە)) ، کەچی دوای زیاد لە 150 ساڵ لە وتنی ئەو قسەیە ، سیاسەتمەدارەکانی هەرێمی کوردستان ئەو هونەرەیان گۆڕیوە بە هونەری سڕینەوە و گوێنەگرتن!

گەر بە وردی چاوێک بخشێنین بە مێژووی نوێی سیاسەتی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە عیراقدا ، ئەوا دەبینین ئەم سیاسەتە سیاسەتێک بووە کە زۆرجار بە خوێندنەوە و پلانێکی تۆکمە و ئامادەسازییەکی بناغە پتەو بەڕێوەنەچووە و لە زۆر وێستگەی هەستیار و چارەنوسسازدا ئەو سیاسەتە بەشێکی یا هەندێ جاری دیکەش بە تەواوی نشوستی هێناوە و بەرەو توانەوەو نەمان چووە ، باشترین نموونەش ساڵی 1975ە کە لە چاوتروکانێکدا شۆڕش و سیاسەتی کوردی لە باشووری کوردستان بە تەواوی لەبەر یەک هەڵوەشایەوە.

زۆجار کەسانی نزیکی سیاسییەکان و خەڵکی عەوام ئەم شکستانەیان بۆ دڵپاکی و کەم ئەزموونی سیاسییەکانی کورد گەراندۆتەوە، لە کاتێکدا لە سیاسەتدا شتێک نییە بەناوی دڵپاکی و کەم ئەزموونی و سیاسەت خۆی لە خۆیدا واتە هونەری بەدەسهێنان.

لە ئێستاشدا پارتی دیمۆکراتی کوردستان سەرەرای ئەوەی 78 ساڵ بە سەر دامەزراندنی وەک پارتێکی سیاسی و چەکدار و خاوەن پێگەیەکی جەماوەری تاڕادەیەک باش لە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا زۆرجار بەردەوامە لەسەر دووبارەکردنەوەی هەڵە سیاسییەکانی خۆی و هێشتا بە عەقڵییەتی تاک حزبی و تاک سەرکردەیی ناو وڵات بریار و فەرمان دەردەکات و هەڵبەت حزبەکانی دیکەش بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ و ژێربەژێر پشتگیری زۆربەی بڕیارەکانی دەکەن.

ئەوەی لێرەدا ڕوون و ئاشکرایە هەر وەک باسمان کرد زۆربەی ئەو بڕیارە سیاسیانەی کە لەلایەن پارتی دیمۆکراتەوە دەردەچێت و بە تایبەتیش ئەو بڕیارانەی کە ڕاستەوخۆ

پەیوەستە بە ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵکەوە گەر بێتو شکست بێنن کە زۆربەیان شکستیان هێناوە ، هەرچەندە پشتگیری راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی حزبەکانی دیکەشی هەبێت ، ئەوا گرێ دراون بە ناوی پارتی دیمۆکراتەوە و خەڵک پارتی بەسەرچاوەی سەرەکی نەهامەتییەکانیان ئەزانن.

لە ئێستاشدا دوای دەرچوونی بریارەکانی دادگای فیدراڵی عیراق سەبارەت بە ماف و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و خانەنشینەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی هەرێمی کوردستان ، پارتی دیمۆکرات دیسانەوە بە عەقڵییەتی تاک حزبی و چەسپاندی قسەی خۆی پەرچەکردارێکی نەرێنی لەبارەی ئەو بریارانەوە پیشاندا و بە موئامەرەیەکی ناوخۆیی و هەرێمی لە دژی خۆی وەسفی کرد و بگرە زۆر زیاتریش ڕۆیشت و بەهەوڵێک بۆ هەڵوەشاندەوەی قەوارەی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان ناساندی.

لەملاولەولاش ڕاگەیاندن و پەیج و سایتەکانی سەر بەو پارتە لە سۆشیال میدیادا بۆ پیشاندانی ڕاست و دروستی بریار و قسەکانی پارتی لەبارەی بریارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی یانزە کورسییەکەی پەرلەمان و گۆڕینی نەخشەڕێگەی هەڵبژاردنەکان لە هەرێم ،بریاری کشانەوەی چەند حزبۆچکەیەکی بێ کاریگەری تورکمان و کلدانەکانیان لە هەڵبژاردن کرد بە سەردێڕی هەواڵ و نووسینەکانیان و وایان پیشاندا کە پارتی دیمۆکرات لە بەرژەوەندی خەڵک و کەمینەکان ئەو بریارانەی ڕەت کردۆتەوە ، لەکاتێکدا هەموومان دەزانین ئەو یانزە کورسییە چی و چۆن و لە بەرژەوەندی چ پارتێک بە دەست هێنراون و تا ئێستا هەموو حزب و لایەنە کاریگەر و گەورەکانی ناو مەیدانی سیاسەتی هەرێمی کوردستان پابەندن بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شەشی ئەمساڵدا و حساب نەکردن و بێ گوێی و کەلەڕەقی هەندێک کەسی ناو پارتیش بۆ ئەو پابەندییەی حزبەکان ،بێگومان ئالەنگاری و ئاڵۆزی زیاتری لەناو هەرێمدا لێدەکەوێتەوە و ڕاستەوخۆش کاریگەرییەکی زیاتری نەرێنی لەسەر ژیان و باری گوزەرانی خەڵک دادەنێت.

ئەمەو جگە لە پابەندبوونی حزبەکانی دیکە بریارەکانی دادگای فیدراڵی ، دوابەدوای دەرکردنی بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان سەبارەت بە کشانەوەی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی مانگی شەشی ئەمساڵ ، ئەمەریکا و نێردراوی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یونامی) بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەو بڕیارەی پارتیان ڕەت کردەوە و هەر وەک چۆن چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان کە کاریگەرترین هێڵی سیاسییە لە عیراقدا ،لە بەیاننامەیەکیاندا پشتیان لە پارتی کرد و پابەندبوونی خۆیان بە گشت بریارەکانی دادگای فیدراڵی ڕاگەیاند ، تەنانەت گەربێتو ئەو بریارانە لە بەرژەوەندی هەندێک لایەنیشدا نەبێت .

ئا لێرەدا تەنیاکەوتنی پارتیمان لە بریارەکانیدا بۆ دەردەکەوێت و واباشترە پارتی دیمۆکرات بۆ ڕزگارکردنی خۆی لەو دۆخەی کە تێیکەوتووە و هەتا زووە بە بریارەکانیدا بچێتەوە و تا کار لە کار نەترازاوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی هەرێم کۆبوونەوەیەکی فراوان بە ئامادە بوونی کەسی یەکەمی حزبەکان ڕێکبخات و جگە لەوەش لە جیاتی کردنەوەی هەژماری بانکی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لە بانکێکی ئەهلی ئەو کارە بە بانکێکی حکومی بسپێرێت و لە جیاتی کەلەڕەقی لەگەڵ دادگای فیدراڵی و بە دەسکەلا وەسف کردنی ، هەوڵێکی جدی بخاتە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە ئابوریانەی کە لە ژێر سایەی حوکمداری خۆیدا ( چونکە چ بمانەوێ و چ نەمانەوێ وەک باسمان کرد هەموو بڕیارەکان بە ناوی پارتییەوە دەرچووە )بەرۆکی دانیشتوانەکەی هەرێمی کوردستانی گرتووە و هەرێمی خستۆتە سەر لێواری پەرتگەیەکی قوڵی بێ کۆتایی و تاریکدا.

لە کۆتاییدا ئەوەندە ماوە بڵێین کە سیاسەت بریتییە لە چارەسەری ئالەنگارییەکان بە باشترین شێوە و کەمترین زیان ، نەک بەنزین بە ئاگرداکردن و سووتاندنی تەڕ و ووشک پێکەوە !




سادۆمازۆخییەتی سیاسەت و کۆمەڵگەی کوردی.. شوان عەباس بەدری

بێگومان گەر بە وردی لەو قەیرانانەی کە بەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی گرتووە بروانین و جیا لە خوێندنەوەی سیاسی ئەوا خوێندنەوەیەکی دەروونناسیانەیان بۆ بکەین ئەوا بۆمان روون دەبێتەوە کە زۆربەی قەیرانەکانی ئێستا ، لە دەرئەنجامی کەلەرەقی و روانینە کورتبینەکانی بەرپەرسە باڵاکانی ناو سیاسەتی کوردییەوە هاتوونەتە ئاراوە ، بە واتایەکی تر زۆرجار سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی عەقڵێکی خێڵەکی ووشک و بەرژەوەندییە بەرتەسکە حزبایەتییەکانی خۆیان بە بێگوێدانە ئەو دەرئەنجامە مەترسیدارانەی کە رەنگە لە داهاتوودا هەم یەخەی خۆیان و حکومەتەکەیان و هەم یەخەی دانیشتوانی هەریمی کوردستان بگرێت، هەنگاوی هەڵەیان هەڵهێناوەو دوابەدوای دروست بوونی قەیرانیش هەڵەیان بە هەڵە پەردەپۆش کردووە .

لە ئێستادا گەر بروانینە سنووری جوگرافیایی هەرێمی کوردستان ، ئەوا دەبینین سنوورێکە کە تا بینا قاقای لە ناو چەندین قەیرانی قووڵ و مەترسیداردا نوقم بووە ، هەر لە بێزاری خەڵک لەبەرامبەر بەرپرسان و کاربەدەستانی هەرێمەکەوە بگرە تا دەگاتە هێرش و بوردوومانەکانی وڵاتانی چواردەور و ملیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران و هەڵوەشاندنەوەی تەبایی کۆمەڵگە و خێزان و چەندین قەیرانی هەمەجۆری دیکە.

هەرچەندە لە ئێستادا بەلای خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە کێشەی مووچە و پێنەدانی مووچە و بەبارمتە گرتنی مووچە لەلایەن پارتێکی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە بە بیانووی نەناردنی برە پارەی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لەلایەن بەغدادەوە بۆتە باس و خواسی سەرەکی سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و سۆشیال میدیا و هەموو کونج و بناوانێکی ناو شەقامی کوردی و گەورە و بچووکی بە خۆیەوە مەشغوڵ کردووە ، بەڵام لە ئەساسدا ئەم بابەتە تەنها بابەتە رووکەشەکەی قەیرانەکەیە و گەر پشت پەردەکانی رووداوەکان بخوێنینەوە زۆر بە ئاسانی قەیرانە هەرە مەترسیدارەکەی ناو جوگرافیا بچووکەکەی هەرێمی کوردستانمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە لەیەک کاتدا هەم خۆی لە شەریکە بەشی گشت پارتە سیاسییەکان دەبینێتەوە پێکەوە، وە لە هەمان کاتیشدا هەوڵی سرینەوەی جەماوەری و قورسایی سیاسی هەندێک پارتی سیاسی ناو مەیدانی حوکمرانی و دەسەڵاتە و جۆرە سادۆمازۆخییەکی پێوەدیارە.

بە واتایەکی دیکە سیاسەتی کوردی لە ئێستادا سیاسەتێکی سادۆمازۆخییە و لەلایەک بەرپرسان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان وای وێنا دەکەن کە هەموو هەوڵێکی خۆیان لە پێناوی باشترکردنی ژیانی خەڵک و چارەسەری قەیرانەکانی هەرێم خستۆتەگەڕ و لە هەمانکاتیشدا بە قامچییەک پشتی خەڵکیان بە خەمساردی و خەمی ئەوەی تەنها قسەی خۆیان بچەسپێنن و پێشهات و چارەسەرەکان تەنها بەو جۆرە بێت کە ئەمان ئارەزووی دەکەن شەقار شەقار کردووە و بە بەرنامەیەکی تۆکمە کۆمەڵگەی کوردییان کردووە بە کۆمەڵگەیەکی تا سەر ئێسقان مازۆخی.

بە واتایەکی تر خەڵک وەک کۆمەڵە کۆیلەیەکی مازۆخی بێدەسەڵات لە ژێر ئازاری قامچی دەسەڵاتدار و خاوەنەکانیان پشتی خۆیان چەمانۆتەوە و سوژدەی تەسلیم بوونیان بردووە و تەنها ماوە ماوە لەملاولەولا وەک نارەزایەتییەک بایکۆتێک رادەگەیەنن یان لە بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی لە دژی لایەنەکەی تر بۆ ماوەیەک شۆیەکی هەمە رەنگ ئەنجام دەدەن و دوای ئەوەش هەریەکەو دەچێتەوە بۆ ماڵی خۆی .

گەر وابڕوات و خەڵک هەر بەم جۆرە مازۆخییە بەردەوام بێت لە تەسلیم بوونی، رەنگە ماوەیەکی دیکە بەرپرسان ماوتسی تۆنگ ئاسا بۆ ئارامکردنەوەی سادییەتە سیاسییەکەی خۆیان شۆڕشێکی فەرهەنگی و ئابووری (جیا لە ئابووری سەربەخۆ ) ڕابگەیەنن و کارەساتی جەرگبڕتر و گەورەتر بەسەر خەڵکە چەپڵەلێدەر و سەرچۆپی گرەکە بهێنن !

هەرچەندە ئەم بابەتی سیاسەتی سادۆمازوخییە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا لە قۆناغێک لە قۆناغە سیاسی و هەستیارەکاندا بە شێوەی جیاجیا دەرکەوتووە و باشترین نموونە بۆ ئەم بابەتەش سیاسەتە نەخوێنراو و کەلەرەقییەکانی جەمال عەبدولناسری دووەمین سەرۆک کۆماری میسرە کە لەسەردەمەکەیدا ووڵاتەکەی بەرەو داڕمانێکی تەواو برد و خەڵک و سوپا و ئابووری و جوگرافیای میسری لەناو ئاگردانێکی وادا سووتاند کە تا ئێستا دەرئەنجامەکانی ئەو سیاسەتە هەڵە و سادییەتە سیاسییەی ماوەتەوە و دوای خۆیشی ئەنوەر ساداتی جێگرەوەی بە رێگەی جۆراوجۆر هەموو هەوڵی خۆی خستە گەڕ بۆ سرینەوەی پاشماوە سیاسییە ماڵوێرانکەرەکانی جەمال عەبدول ناسر، بەڵام نە تەنها نەیتوانی بەتەواوی ئەو پاشماوانە بسرێتەوە بەڵکو خۆیشی بە جۆرێ لە جۆرەکان کەوتە ناو ئەو ئاگردانەوە و دواجاریش سەری خوارد .
لە کۆتاییشدا بێگومان گەر بەرپرسانی ئێمەش ئەم بەرگە سادۆمازۆخییەی بەریان دانەکەنن و بەرگی چاکسازییەکی راستەقینە و بە دوور لە هەموو بەرژەوەندییەکی تەسک لەبەر نەکەن ، ئەوا ئایندەی هەرێمەکەمان زۆر لە ئێستا خراپتر و ناروونتر دەبێت و هەمووشمان دەزانین ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا تا سەر دۆست و پشتیوانی هیچ ووڵات و لایەن و کەسێک نین و نابن و دواجار ئەوەی کە تیا دەچێت و دەفەوتێت تەنها خەڵکە هەژار و کەمدەرامەت و مووچەخۆرەکەیە!




ئەی ژن ئێخەی شیعرم بەردە.. شوان عەباس بەدری

ئەی ژن ئێخەی شیعرم بەردە
کە باسی ئاو دەکەم
جۆگەلەیەکی سازگار و ڕوون
لەناو سەوزەڵانی پیتەکاندا
ڕەگی تەنها دوو پیت ئەبوژێنێتەوە
ژ
ن
کاتێ باسی شاخ دەکەم
هەرچی درەخت و تاش هەیە
دەست ئەخەنە ناو دەستی یەک و
هێواش هێواش هەرچی وردە بەردە
بەرەو لووتکەی شاخەکان دەبەن و
تەنها چوار پیت ئەنەخشێنن
ژیان
کاتێکیش باسی ماف ئەکەم
هەرچی کێلی قەبری نەناسراوە
هەرچی کراسی دادڕاوە
هەرچی فرمێسکی ڕژاوە
هەرچی پشتی بە قامچی بریندارە
هەرچی سیمای بە تێزاب شێوێنراوە
هەرچی پەچە و نیقاب و عەبایە
هەرچی خودای ئەفسانە کۆنەکانە
هەرچی ئاوە
هەرچی شاخە
هەرچی مافە
هەرچی مرۆڤی بەناوی شەرع زیندانی کراوە
هەرچی برینی داوێنی کچە زوڵم لێکراوەکانە
هەرچی خوێنی بە ناحەق ڕژاوە
هەرچی مانگی یەخسیری شەوی تارە
هەر چی هەیە و هەرچی نییە
هەموویان بە یەکجار هەموو تووڕەییەکانی زەمین و گەردوون و خودا
لەناو دەروونیان کۆدەکەنەوەو
پڕ بە گەروویان هاوار دەکەن
ئازادی
ئەی ژن تکایە ئیخەی پیتەکانی سەر کاغەزەکەم بەردە
شیعرم هەر تۆی
هزرم هەر تۆی
هەست و نەستم هەرتۆیت و
ئەو کاتانەی بڕیار دەدەم ئیتر ناوەکەت لەنووسینەکانما بسڕمەوە
ناخودئاگا
وێنەی دایکم ئەبینم و
بە خۆم ئەڵێم
هەی پیاوی قەڵەم بەدەست
هەی جەلادی پیت و ڕستە و ناو
ژن ژیانە ئازادییە
چۆن ئەتوانی سەری پیتەکانی نیشتمانت
لەناو دێڕی شیعرەکانتا ببریت !




بەشێك لە شیعری : لێگەرێن ئەم نیشتمانە ببێتەوە بە نیشتمان.. شیعری: لینگستۆن هیۆز.. وەرگێرانی: شوان عەباس بەدری

لە كتێبی ڕەش هەر وەك قووڵایی ئەفریقاكەی خۆم

… لێگەرێن ئەم نیشتمانە ببێتەوە بە نیشتمان
لێگەرێن دووبارە ببێتەوە بە هەمان ئەو خەونەی كە بوو
لێگەڕێن ببێتەوە بە پێشڕەوی دەشت
و لەوێ ئازادی ئاڵاكەی بشەكێنێت
ئەم نیشتمانە هەرگیز بۆ من نیشتمان نەبوو
لێگەرێن ئەم نیشتمانە ئەو خەونە بێت كە
هزرجوانەكان لە ناو خەونەكانیان بنیاتییان نابوو
لێگەرێن ببێتە سەرزەمینی بەرفراوانی ئەشق و خۆشەویستی
سەرزەمینێك كە تێیدا نە پاشاكان بتوانن خەم سارد بن و
نە خێمەی زۆرداران تێدا دابمەزرێت
تا بەم جۆرە هیچ مرۆڤێك نەتوانێت
مرۆڤێكی بێدەسەڵاتتر لە خۆی بچەوسێنێتەوە
ئەم نیشتمانە هەرگیز بۆ من نیشتمان نەبوو
ئاە ، لێگەرێن سەرزەمینەكەم ببێتە سەرزەمینێك كە
تێیدا ئازادی بە تاجە گوڵینەیەكی دەستكردی نیشتمان پەروەری ناڕازێننەوە و
بۆ هەموو كەسێك دەرفەتێكی ڕاستەقینەی ژیانێكی ئازاد ڕەخساوە و
ئەو هەوایەی هەڵیدەمژین پڕ بێت لە بۆنی یەكسانی
من لە ناو ئەم سەرزەمینەی كە جاری ئازادی تێیدا دەدەن
نە یەكسانیم بینیوە و نە ئازادی




تكایە من مەكە بە كۆیلە تكایە بمكە بە بینەرێكی تینووی شانۆ.. شوان عەباس بەدری

گومانی تیا نییە شانۆ بناغەی سەرەكی هەموو هونەرە بینراوەكانە و سەنگینییەكی تایبەتی لە لای ئەكتەران هەیە و هەر لە دێر زەمانەوە نووسەران و فەیلەسووفان و زۆر جاریش سیاسییەكان لە ڕێی شانۆوە پەیامی سەرەكی خۆیان و دنیابینییان بە خەڵكی گەیاندووە و لە ڕێی كۆمەڵە دەقێكی نوێ و داهێنانەر و شۆكئاساوە هەوڵی بزواندنی خەڵك و هۆشیاركردنەوەی بینەر و لە ڕێی بینەریشەوە خەڵكیان داوە.
ئێستا با لەم كۆمەڵە ڕستە دەلاقە ئاساییەی كە لە سەرەوە نووسیومە بچمە ناو بابەتە سەرەكییەكەی ئەم نووسینە و بزانین مەبەستم لەو سەرەتا نووسینەی سەرەوە چی بووە؟!
ماوەیەك لەمەوبەر لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی سلێمانی دوو كورتە دەقی شانۆیی بە ناوی ( زیانی تووتن )) و (( تكایە بمكە بە كۆیلە)) نمایش كران و وەك هەمیشە بە كۆڵێ ئومێدەوە كە بەشكوو ئێ ئەم دەق و كاری دەرهێنان و نواندنە جیاواز بێت و تەزوویەك بە مێشكمانا بێنێت ڕووم كردە پەیمانگە و سەیری شانۆكە ،بەڵام وەك هەمیشە نائومێدانە لە هۆڵەكە هاتمە دەرەوە!
بۆم دەركەوت كامەران رەئوف ی دەرهێنەر تەنها و تەنها لە ناو بازنەیەكی بەتاڵی خۆ دووبارەكردنەوەدا دەسووڕێتەوە و گەورەترین زیانیش بۆ دەرهێنەر یا دەقێكی شانۆیی ئەوەیە كە بینەر خود بە خود هەست بە پێشهاتەكان و دیالۆكەكانی دواتر و كۆتایی بەندی دەقەكە بكات و نەكەوێتە ژێر كاریگەری ڕستە و خاڵ بە خاڵی دەقە شانۆییەكەوە !
كە ئەمەش بە ئاشكرا لە (( تكایە بمكە بە كۆیلە)) و دەقەكەی پێش ئەویش بە دی دەكرا !
بە كورتییەكەی دەقەكە لە قسەی بەردەوام و ڕۆژانەی خەڵكی سەبارەت بە بەرپرسەكان وەرگیرابوو و دەقاودەق نووسرا بووەوە و دەرهێنەریش كردبووی بە هی خۆی ، واتە مۆركە گشتییەكەی كردبووە زادەی هزر و خەیاڵی خۆی لە كاتێكدا دەمێكە خەڵكی بە زار و بە نواندن و بە ڕێپێوان و بە گلەیی هەموو ئەو دەقانەیان بە زیادەوە وتووە و باسكردووە كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا كووشتنی دەق و خۆكوژییەكی بەردەوامی نووسەر و دەرهێنەرە !
لە لایەكی دیكەوە نواندنی هەردوو ئەكتەر (( زاهیر غەریب)) و (( سەرگوڵ حسێن)) لە ئاستێكی وادا نەبوو كە هەست بكەیت دوو ئەكتەری شانۆ و هونەری كوردی كە چەندین ساڵە كاری هونەری دەكەن لەسەر ستەیج خەریكی بەرجەستەكردنی كارئەكتەرەكانیان و زیاتر لە دوو ئەكتەری تازەكار دەچوون كە هێشتا وەك پێویست لە لقە دارەكەی شانۆ و نواندن پێنەگەییون !
دەستپێكی دەقی شانۆیی (( زیانەكانی تووتن)) بە حساب دەستپێكێكی كۆمیدییە و ئامادەكردنی چاو و مێشكی بینەرە بۆ بینینی دەق و نواندنێكی تایبەت ، بەڵام ئەو بینەرەی ئەلف و بێیەكی سادە لە كۆمیدیا و هونەری كۆمیك بزانیت زۆر بە ئاسانی تێئەگات كە ئەو سەرەتایە لە بەتاڵاییەكی بێتام هیچی تر نییە و ئەمەش دەكەوێتە سەر توانای ئاراستە كردنی دەرهێنەر و خودی ئەكتەر !
لە لایەكی دیكەشەوە توانای دەربرینی هەردوو ئەكتەر لە كاتی ئاخافتندا لەگەڵ هەستی ئانی و جووڵەكانیان یەكناگرێتەوە و بۆ نموونە (( سەرگوڵ حسێن)) ی ئەكتەر كە ڕۆڵی كەسێكی تێكشكاوی نائومێدی ماڵوێرانی دەروون ڕووشاوی و پەشیمان ی سەردەمی شۆڕش و شاخ و دوای ڕاپەرین و بە فیرعەون بوونی بەرپرسەكانی كورد بەرجەستەدەكات ، لە جیاتی ئەوەی ژێی دەنگی ژێیەكی ڕووشاوی پڕ لە قورگێكی گریانی تێكەڵ بە هاواری خەفە بێت ئەوا زۆر بە نەرمی و بە قورگێكی پاكەوە دیالۆكەكانی بە گوێمانا دەدات و تۆنی دەنگی لە بێژەرێكی تازەكاری پشت مایك دەچێت تا كەسێكی دارووخاوی دەستی شۆڕش و درەندەییەكانی كۆمەڵگەی دوای ڕاپەرین !
ئەمە جگە لە فرمێسكەكانی كە هیچ هەستێكی تیا نییە و دەستكردن و بەڕای من لەرزینەكانی دەستیشی پاش و پێش خراون ، واتە لەو كاتەی كە دەبێت دەستی بلەرزێت نالەرزێت و لەو جوڵە و ساتانەش كە دەبێ دەستی نەلەرزێت دەلەرزێت !
ئەو ساتەش كە كامەران رەئوفی دەرهێنەر بە سینییەكەوە دێت و لەبەر دەمی (( سەرگوڵ)) پەرداخێك ئاو دادەنێت ، هاتنێكی ڕەق و سەلامێكی بێ هەست و چەمانەوە و ڕۆیشتنێكی ڕەق ئەنجام دەدات ، وەك بڵەیت تەنها بۆ چەپڵەیەك هاتبێتە سەر ستەیجەكە و ئەڕوات ، ئەگینا كەسێكی تر هەر بە هاوڕێتیش بوایە دەیتوانی ئەو كارە ئەنجام بدات !
وەك لە نووسینەكانی دیكەم ئاماژەم پێداوە ئەكتەری كورد لەبەر باری ئابووری یان زیاد بوونی ژمارەی بەرهەمە شانۆیی و سینەمایی و درامییەكانی یان خود لەبەر هاوڕێتی ، بە بێ ئەوەی بیر لە مێژووی خۆی و كە ئاخۆ ئەم دەق و سیناریۆیەی لەبەر دەستمدایە تا چەنێك من پێئەگەیەنێت و دەبێت بە ئەزموونێكی نوێ و تازە لە بواری هونەر و كارەكەمدا دەستی داوەتە خۆكووژییەكی سامناك بە ناوی گرنگ نییە با ئیش بكرێت و باس بكرێم و بڵێم ئەوەندە بەشداری بەرهەمی هونەریم كردووە!
ئەمەو چەندین تێبینی دیكەی جۆراوجۆر كە لەبەر كاتی خوێنەر باسیان ناكەین و ڕەنگە لە نووسینێكی دیكە و كاتێكی دی بیخەمە بەر چاوی خوێنەران و هونەردۆستان .
هەڵبەت بەرجەستە كردنی كارئەكتەری ((زیانەكانی تووتن)) یش هیچی كەمتر لەو ڕەخنانەی سەرەوە نییە كە لە نواندنی (( تكایە بمكە بە كۆیلە)) باسمان كردووە و سەرەرای ڕەخنە و تێبینی و گلەییە دۆستانەكەم لە دەرهێنەر و هەردوو ئەكتەر پێم خۆشە بەم جۆرە كۆتایی بە نووسینەكەم بێنم و بڵێم : من خۆمم لەبەردەم دەقێكی شانۆییا بینی كە هێشتا وەك پێویست ئامادەی نمایش نەكرابوو و زیاتر لە پرۆڤەیەكی سەرەتای كار دەچوو تا بەرهەم و دەقێكی شانۆیی پوختە و ساز و تەیار بۆ نمایش !




شیعر/ ژن.. شوان عەباس بەدری

ڕووبار خوڕ خوڕ ئەگریا
شەرمەزار بوو كە نەیتوانی
ئاگری جەستەی ژنێكی
گوندنشینی
قوربانی زەبری پیاو بكوژێنێتەوە
پەلكە زێرینەی دوای باران
ڕووی خۆی وەرگێرا لە ئاسمان
شەرمەزار بوو
كە لە دوای
ئەسری چەندین ساڵەی
ژنانی كورد
هێشتا نەیتوانیوە
لە ناو چاوە
فرمێسكاوییەكانیان
ڕەنگی ژیان و ئاسوودەیی بنەخشێنێت
هاوار لە شەرما بێدەنگ بووە
شەرمەزارە
هێشتا لە گەرووی پڕ ئازاری ژنان
گرمە ئەكات و
جگە لە خۆی
كەس گوێ لە ناخە داڕماوەكەی ژنان ناگرێت و
ژیان و ئاسمانیش وەك هەمیشە
بێ هەستانە
چێژی لە دەستدرێژی و ئازار و ناڵەی
مێینەكانی سەر زەوی دەبینی !
تاوان…تاوان
بەو هەموو زەبروزەنگی و سادییەتەی خۆی
تاوان
ڕووی خۆی ڕەش كرد بوو كاتێ
گوێی لە قریشكەی ژنێكی چەرمەسەر بوو
كە بە قامچی شەرەف
ژیانیان كردبوو بە جەهەنەم
پێكەنینیش
ڕووی خۆی لە شەرما داپۆشیبوو
كاتێ بینی
كچۆڵەیەكی هەرزەكار
بە تاوانی خۆشەویستی
باوەشی بە مێشكە پژاوەكەیدا كردبوو!!!




١٣ كۆپلەكەی ژین و دڵ.. شوان عەباس بەدری

دەستێك لە دەرگای دڵم نادات
دەمێكە تەنیایی لە خۆی مارە كردووە


لە سەر لمی كەنار دەریای ژیانم
هیچ جێ پێیەكی یادگاری بە دی ناكرێت
ڕەشەبایە و ڕەشەبایە و ڕەشەبا !


دەمێ ساڵە مانگە شەو
لە ئاسمانی چاوەكانم تۆراوە
ئاخۆ دەبێت ڕەنگی
مانگ ئێستا چۆن بێت ؟


ئێستا مۆمە فرمێسكاوییەكەی تەمەن
گۆچان بەدەست
بەرەو گۆرستانی كوژانەوە بەڕێوەیە و
چاوەڕێی دوو دەستی میهرەبانە
بۆ خامۆشی !


سەگە تەنیا و ناشیرینەكەی شارەكەمان
بە ئومێدی لەتێ سۆز
ئەقروسكێنێ
كەچی وەك هەمیشە
جگە لە بەردێكی دڵڕەقی پڕ لە بێداركردنەوە
كەس دەستێكی پڕ سۆزی بە سەرا ناهێنێ !
**
خەون ئەبینم دیسان ئەژیم و پێئەكەنم
كەچی ژیان خەونەكەم لێ دەكات بە مۆتەكە !
**
كە مناڵ بووین بە گاڵتەوە ئەگریاین
كەچی ئێستا ….
ئاخ بۆ گریانێكی سەردەمی مناڵیمان !
**
نامەوێ خودا خاڵی كۆتایی تەمەنم دانێ
مەگەر خۆم دەستم نییە!
**
بە تەنها خوێن سەمبولی كووشتن نییە
من سەدان جار خۆمم دیوە
لەناو ئاوێنە ژەنگاوییەكەم
بە ووشەیەك كوژراوم !
**
كوا كۆتری سپی سەمبولی ئاشتییە
كۆترێكی سپی نازدارم ئەناسی
دواجار بە كێردێكی كول
دەروونی سەر بڕیم و
هەتا ئێستاش بە ئازارەوە ئەتلێمەوە و
پەلەقاژەی مەرگمە!
**
دەنگێك لانكەی ناخم ڕائەژەنێ
داریوشە
بە خۆی و ژێ خەمناكەكەیەوە
گوڵاوی پیت
بەسەر دڵم ئەبارێنێت !


ساتژمێری تەمەنم پێش ئەخەم
جگە لە ژیان هیچ شتێكی ترم نییە
تا لە دەستی بەم !
**
فریشتەیەكی درك بەدەست
بە جلی ڕەشەوە بەرەو ڕووم دێت و
داوای هەناسەكانم ئەكات !




ژن.. شوان عەباس بەدری

ڕووبار خوڕ خوڕ ئەگریا
شەرمەزار بوو كە نەیتوانی
ئاگری جەستەی ژنێكی
گوندنشینی
قوربانی زەبری پیاو بكوژێنێتەوە
پەلكە زێرینەی دوای باران
ڕووی خۆی وەرگێرا لە ئاسمان
شەرمەزار بوو
كە لە دوای
ئەسری چەندین ساڵەی
ژنانی كورد
هێشتا نەیتوانیوە
لە ناو چاوە
فرمێسكاوییەكانیان
ڕەنگی ژیان و ئاسوودەیی بنەخشێنێت
هاوار لە شەرما بێدەنگ بووە
شەرمەزارە
هێشتا لە گەرووی پڕ ئازاری ژنان
گرمە ئەكات و
جگە لە خۆی
كەس گوێ لە ناخە داڕماوەكەی ژنان ناگرێت و
ژیان و ئاسمانیش وەك هەمیشە
بێ هەستانە
چێژی لە دەستدرێژی و ئازار و ناڵەی
مێینەكانی سەر زەوی دەبینی !
تاوان…تاوان
بەو هەموو زەبروزەنگی و سادییەتەی خۆی
تاوان
ڕووی خۆی ڕەش كرد بوو كاتێ
گوێی لە قریشكەی ژنێكی چەرمەسەر بوو
كە بە قامچی شەرەف
ژیانیان كردبوو بە جەهەنەم
پێكەنینیش
ڕووی خۆی لە شەرما داپۆشیبوو
كاتێ بینی
كچۆڵەیەكی هەرزەكار
بە تاوانی خۆشەویستی
باوەشی بە مێشكە پژاوەكەیدا كردبوو!!!




لێگەڕێن.. شوان عەباس بەدری

لێگەرێن
با ڕووبار دیسان باوەش بۆ خوڕی ئاوی چیاكان بكاتەوە
لێگەرێن با خاكی نیشتمان
دووبارە ببێتەوە بە سەوزایی و
لە زیندانی تەلبەند ئازادی بكەن
لێگەڕێن
با چولەكە و ڕیشووڵەكانی ووڵات
دووبارە لەگەڵ ئاسمانە بێ ڕەنگەكەی نیشتمان
ئاشت ببنەوە و
دیسان
كۆڵان و گەڕەك و شەقامە بێ ڕۆحەكانی شار
بزەیەكی یادگارییان بێتەوە سەر لێو
لێگەڕێن
دەشت و دۆڵ بەرگی پاكی لەبەر بكاتەوە و
بەرگە نەوتاوی و ڕەشپۆشەكەتان دادڕێنێت
لێگەڕێن
لێگەڕێن
دووبارە مرۆڤە چەرمەسەرەكانی ناو ووڵات
بە مژۆڵەیەك
خەونەكانیان شیرین بكەنەوە و
بە باگردێنێكی دەسك ژەنگاوی پیر و ماندوو
دووبارە سەربانە گرنج گرنجە ژەهراوییەكەی نیشتمان
هەر وەك جاران
بكەن بە ڕاستەڕێیەك و
لەمەودوا لە جیاتی شیوەن و چاوەڕوانی و دابڕان
دڵۆپ دڵۆپ ئومێد ببارێنێت
لێگەڕێن
لێگەڕێن
نیشتمانە بێ سەرپەرەستە هەتیوەكەم
هەناسەیەك بدات و
ئێمەش لەگەڵیا
هەناسەیەكی پاك هەڵمژین
ئاە ئەی نیشتمانە
هەتیوە بەرگ دادڕاوە
فرۆشراوەكەم
لەبەر قاپی كام لەشكڕە سادییە كەوتوویت
كە دێرزەمانە
جەستەتی بە قامچی دابەشبوون
شەقار شەقار كردووە و
وەك سۆزانییەكی بێ دەرەتان
هەر ڕۆژە و
لەتاو ئازار و بێكەسی
بە بێ دەنگی لە ناخەوە ئەگریت؟
لێگەڕێن
لێگەڕێن
بازرگانەكانی تەمەن و ژیان و هیوا و قوت
چی ئەبەن ببەن
تەنها پارچە پەڕۆوە سپییە خوێناوییەكەی
شەوی فرۆشتنی كچێنی نیشتمانم بۆ بهێڵنەوە
تا لە بەرزترین لووتكەی مێژوو هەڵیواسم و
شەرمەزارییەكی ئەبەدی
لەسەر نێوچەوانی تاك بە تاكمان و
تاتەقوڕینەكانی هەزار ساڵی داهاتوو
بنەخشێنم
لێگەڕێن
لێگەڕێن
لێگەڕێن !




بێزارم لە شەو.. شیعری: ئیلا ڤیلەر ڤیلکۆکس.. وەرگێرانی: شوان عەباس بەدری

بێزارم لە شەو
و ڕەنگە لە با و بارانیش
یا لە گریانی مەلێکی نێو دارستان
کە ڕابردوو و
ئازارەکانی بیر کەوتۆتەوە
بیر دەکەمەوە
هەست ئەکەم کە
دەستەکانی مانگی شەشی پیری ماندوو
هێزم دەداتێ تا دڵم لە لێدان بەردەوام بێت
تا درێژە بە ژیان بدەم
بێزارم لە شەو و دڵتەنگی تۆم
ئەی ئەڤینی تەژێ لە فرمێسک
تامەزرۆتم
وەک بڵەی ئەوەندە نییە منت جێ هێشتووە
وەک بڵەی تازە تەنیا کەوتووم
لە کاتێکا ساڵەهای ساڵە
جێت هێشتووم
هێشتا بەردەوامم لە ژیان کردن
بەڵام ترپەی دڵم
ئاهەنگەکەی بە جوانی ڕابردوو نییە
ماندووم و ئەو ئازارە دێرینە
دەروونمی بریندار کردووە
هەروەک ڕووبارێک
کە لە ناکاودا هەڵدەچێت
و سەدەکان دەشکێنێت
و بەردەمی خۆی ڕادەماڵێت
هەر وەک کەشتییەکی تێکشکاوم
کە جگە لە چارۆکەیەکی سپی
هیچ شتێکی تری لێ نەماوەتەوە
لە دڵە شکاوەکەم
هیچ ئاهەنگیک جگە لە ئازار و خەم
نابیسترێت !




هیچ.. شوان عەباس بەدری

خاڵی کۆتایی ئەم شارە
وێستگەیەکی شەمەندەفەرە و دارێکی ڕووتەڵە و تەنیا
پیاسەی سەر شەقام و پارکەکانی تەژین لە هیچ و
مرۆکانی تۆپەڵێ مردوون
کە لە سیما و ناخیان هیچ ئەبارێ
هیچ لەم شارە هەموو قوژبنێکی
تەنیوە و
لە باڕ و شەوانی پێنج شەمان و هەینی و شەمەدا
پێکی ویسکی و ڤۆدکا و پەرداخی بیرە لە یەک ئەدرێ و
دوو دوو سێ سێ و چوار چوار
هەموومان بە خۆشی ژیانە هیچەکەی ناو شارەکەمان
پێکەکانمان بەرز ئەکەینەوە و ماچی پەرداخە پڕ لە مەستیەکەی سەر لێوەکانمان ئەکەین !
شارەکەمان پڕە لە نەورسی کەنار دەریا و
دەریایەک بە فراوانی هیچیەکەی
و
ئەو گەشتیارانەی لە تاو هیچی
ژیانی ناو شارەکانیان
وەک کۆمەڵێ داهۆڵی چەرمەسەر
ڕژاونەتە ناوی تا لە ناو ئامێزی خۆشیە وەهم ئاساکەی
لە سەر لمی کەنار دەریاکە
تاوێ خۆیان بدەنە بەر تیشکی هەتاو و
کچان و ژنان بە بێ زوخمە
مەمکی خۆیان وەک پیرۆزترین
دەستکردی خاڵق
بە بەرچاومانەوە بلەرزێنن و
دوای ئەوە لە ناو شەپۆلەکانی دەستێکی نادیار و نەناسراوا
وون ببن !
دووشەمان و چوارشەمانی ئەم
شارە ڕۆژی ئەشکەنجەدانی ڕۆح و دەروونە
سۆسیال وەک هەژدیهایەکی تووڕە و برسی لە سەر کورسی
دانپیانان ئەتبەستێت و
تۆش هەر وەکو جوجەڵەیەکی بێکەس
ئەبێ
بە دەم شەتەکە ڕۆحیە بێ کۆتاکان بزە بکەی و بە ناخێکی پڕ لە هیچی
ئیمزا لە سەر
قەواڵەی کۆیلەبوونی خۆت بکەی !
لێرە سەگەکان زیاتر خۆشیان ئەوی و
مرۆکانی شارەکەشمان گوێڕایەڵی سەگەکانیانن !
سەگەکان هیچ نین
سەگەکان بەختەوەرن و
خاوەنەکانیان ئیرەییان پێ ئەبەن و
کردوویانن بە هاوڕێ و هاودەمی
تەنیایی و ساتە هیچەکانیان !
پێری بوو ماریا
خۆی هەڵواسی و ئیمرۆ لە بەرچاوانما
بە ئوتۆمبێلێک بە ناو شارا ئەیانسوڕان و
دوو ئوتۆمبیلی ماندووش
بە دوایا ئەڕۆیشتن و
ڕۆحی هەر وەک ئەو دەمەی زیندووبوو باوەشێکی تووندی پیا کردم و
ماچێک و لەو دیو شەقامەکەوە
هاوڕێکانی بینی و
دەستی کرد بە پێکەنینێکی شێتانە بە هیچی شار و دێ و دەرکردنی لەسەر کار و جەستە !
منیش جگەرەکەم بۆ کچێکی 25 ساڵەی
پێرێ مردوو دایە دەست چەخماخەی ئاگرێک و سییەکانم پڕ کرد لە هیچ !

شارەکەمان پڕە لە کۆچەری
کاڵاس
کە بە ئومێدی بڕینی شەپول
بگەنە سەرزەمینەکەی ئەو دیو دەریا
غافڵ لەوەی ئەوێش هەر وەک
نیشتمان و کۆڵەپشتی سەفەر و
ملی ڕێگە
جامێکە پڕە لە هیچی !
ئێمە هەموومان
کۆمەڵێ بەندی داهۆڵ ئاسای
بێ دەرەتانین
کە تەنها
بۆ سەما لەسەر وەتەرەکانی
هیچی
خەڵق کراوین !

((de panne, بەلجیکا ))

‌ زستانی 2015




پرسیارە بێ وەڵامەكانی زنجیرەی پێستی شێر.. نووسینی: شوان عەباس بەدری

دواجار زنجیرەی پێستی شێریش كۆتایی هات و ئەڵقەی كۆتایی زنجیرەكەش هەر وەك ئەڵقەكانی پێشووتر بینەر و عاشقانی زنجیرەكەی خاچ ئاسا لەبەردەم تەلەفزیۆندا دانیشاند و بینەر چاوەڕێی وەرگرتنەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانەی دەكرد كە بە درێژایی سێ وەرزی زنجیرەكە لە ناو مێشكیدا درووست ببوو و هەر یەكەو بە پێی تێگەیشتن و لێكدانەوە و بەستنەوەی ڕووداو و كەسایەتی و كارئەكتەرەكانی ناو زنجیرەكە ڕاڤە و پێشبینییەكانی خۆی دەخستە ڕوو .
ئەم زنجیرەیە كە هەر لە سەرەتاوە و لە ئەڵقەی یەكەمییەوە بینەری تێگەیاند كە زنجیرەیەكی پۆلیسی ،تاوانكاری،درامی،نهێنی ئامێزە و ڕووداو و چیرۆك و پێشهاتەكانی تەزبیح ئاسا دەچنە پێشەوە و هەموو كارئەكتەرەكانی گەر دووریش بن لە یەكەوە و بۆ یەكتر نەناسراو بن ،بەڵام لە چركەیەك لە چركەكانی ناو زنجیرەكە دەبەسترێنەوە بە یەكەوەو یەكتر بۆ لای یەك و ناو ڕووداوەكان پەلكێش ئەكەن و دوای ئەو پەلكێش كردن و پێكەوە گرێدانەش چەندین نهێنی تازە و پرسیاری بێ وەڵامی تازە لەناو مێشكی بینەردا درووست ئەكەن !
گومانی تیا نییە كە زنجیرەی پێستی شێر لە ڕووی نواندن و گریم و وێنەگرتنەوە تەواو كارێكی پڕ و تێر و ئاست بەرزە و ئەكتەرەكان بە شێوەیەكی تەواو و بێ كەم و كوڕی كارئەكتەرەكانیان بەرجەستە كردووە و كورد قسەیەكی هەیە كە دەڵێت : ((كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو)) ،بە ڕای من ئەم زنجیرەیە یەكێكە لەو زنجیرە كەمانەی كە ئەكتەری شیاوی بۆ كارئەكتەری شیاو هەڵبژاردووە و لەو ڕووەوە بێ كەم و كوڕی و بێ هەڵەیە ، بەڵام ئاخۆ لە ڕووی چیرۆك و سیناریۆ و كۆتابەندی و وەرگرتنەوەی پرسیارە نهێنی ئامێزە بێ وەڵامەكان بە هەمان ئەندازە سەركەوتوو بووە !؟
بێگومان نەخێر .
ڕەنگە لە خۆتان بپرسن بۆ چی !؟
بۆ وەڵامی ئەم بۆ چییەی ئێوە دەبێت بڵێم لە ئاڵقەی كۆتایی زنجیرەكە هەست بە كەشێكی بەتاڵی دوور لە ڕووداوەكانی پێشوو دەكرا و بینەری شارەزا یەكسەر تێدەگات كە دەرهێنەر لە ڕێی چەند گرتەیەكی جیاوازەوە هەوڵی پڕكردنەوەی كات و فریو دان و دوورخستنەوەی بینەر دەدات لەو هەموو پرسیارانەی كە هەر لەسەرەتای ڕفاندنی نەعیم و ساحل و ڕووداوەكانی دوای ڕفاندنەكە لە ناو مێشكیدا درووست بووە !
دواجار ئێمە تێنەگەیشتین كە پەیوەندی نێوان ((درەختی )) و ((مەنسوور)) چی و چۆن بووە و ((مەنسوور)) دۆسییە و نهێنی ناو دۆسییەكەی ((درەختی)) چۆن دەست كەوتووە و بۆچی ئەو دۆسییەی بەكار هێناوە ؟!
ئەو تەرمەی كە لە جیاتی ساحل سووتێنرا بوو و لەسەر جادە فرێدرا بوو هی كێ بوو و ئاخۆ مەنسوور كووشتبووی و سووتاندبووی یان خود نا ئەو كچەش بە دەستی ئەو كەسانە كووژراوە كە دەستدرێژیان كردبووە سەر ساحل ؟!
كەسایەتی ((سەمەد)) كە كەسایەتییەكی كلیلی ناو زنجیرەكە بوو و مەنسوور ئوتۆمبیلەكەی بە كار دەهێنا و بە كەسێكی نزیك و بە جۆرێ لە جۆرەكان بە دەستەڕاستی مەنسوور ئەژمار دەكرا بە جۆرێ كە نەعیم و ڕەزا و سەدرا دەباتە ئەو ڤێلایەی كە مەنسوور ساحلی تیا شاردۆتەوە ، بە بێ ئەوەی لە پەیوەندی نێوان ئەو دوانە تێبگەین لەناكاو و بە پەلە دەكووژرێ !؟
كاتێ نەعیم و ڕەزا و سەدرا دەچنە ناو ڤێلاكە مەنسوور پێش ئەوان ئاگادارە و ڕادەكات و هەروەها نامەیەك دەنێرێ بۆ ژمارە تازەكەی نەعیم و دەست خۆشی لێدەكات كە ئەوەندە لێی نزیك بۆتەوە و خەریك بووە بیگرێت ، ئەمەش پرسیار و نهێنییەكی دیكەی بێ وەڵامە كە ئاخۆ مەنسوور چۆن زانی نەعیم لەوكاتە دێت بۆ ڤێلاكە و كێ ژمارە تازەكەی نەعیمی داوەتێ !؟
لەلایەكی دیكەوە بە بێ ئەوەی ئاماژەیەكی سادە بە چۆنییەتی پەی بردنی پۆلیس بدەن بە هاوكاری نێوان بەهرۆز و مەنسوور ، پۆلیس یەكسەر دەچێتە بەردەم ماڵی بەهرۆز و خۆی و ژن و مناڵەكانی دەستگیر دەكەن و بەهرۆزیش كە پێشتر خۆی و خێزانەكەی شایەتی درۆیان لەبەرژەوەندی مەنسوور دابوو بە بێ هیچ ڵێكۆڵینەوە و خستنەڕووی بەڵگەیەك یەكسەر دان بە هاوكاری خۆی و مەنسووردا دەنێت و شوێنی شاردنەوەی كەل و پەلەكانی مەنسوور پیشانی پۆلیس دەدات !
ڕەزا پەروانە و سەدرا كە لە ڕووی یاساییەوە بە هاودەستی نەعیم ئەژمار دەكرێن لە تاوانی كووشتنی نەریماندا و پۆلیسیش ئاگاداری ئەو تاوانی كووشتنەیە، بە بێ ئەوەی هەر بانگ بكرێن بۆ لێكۆڵینەوە ئازاد ئازاد تا كۆتایی زنجیرەكە بە ناو شاردا دەسووڕانەوە!
چەند جارێك ئاماژە كرا كە مەنسوور هاودەستێكی هەیە لەناو بنكەی پۆلیسدا و لە ئەڵقەیەك لە ئەڵقەكانیش ئاماژە بەوە درا كە سیستمی كۆمپیۆتەری پۆلیس لە توركیاوە هاك كراوە و ڕەنگە تاوانبار لەو ڕێیەوە دۆسییەكەی درەختی و وردە كارییەكانی دەست كەوتبێت ، بەڵام تا كۆتایی زنجیرەكەش نە هاودەستەكەی مەنسوور لەناو بنكەی پۆلیسدا یەكلا كرایەوە ، نە كەسیش زانی ئەو هاكە چۆن و بۆ چی ئەنجام دراوە!؟
بە تایبەتیش كە مەنسوور ئاگای لە ورد و درشتی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بوو لە دۆسییەی ساحل و كووشتنەكەی و ئەو سەرە داوانەی كە پۆلێس پێی گەیشتبوو !
لە تیزری زنجیرەی پێستی شێردا ، دوو دیالۆگی شیرین ی ژنە كۆنەكەی مەنسوور پەخش دەكرێت كە ئەتخاتە گومانەوە هاودەستی مەنسوور بێت لەو تاوانەدا و كەسایەتی شیرینیش كەسایەتییەكی كلیلی و بنەڕەتی ناو زنجیرەكە بێت ، بەڵام نەك كەسایەتییەكەی بەو جۆرە نەبوو بگرە ئەو گرتە و دیالۆكانە لە زنجیرەكە هەر پەخش نەكران !
زڕ باوكەكەی ساحلیش لەولاوە بمێنێ كە بە بێ هیچ ئاماژەیەكی ڕوون لە پڕ وون دەبێت !
ئەمانەو چەندین پرسیاری بێ وەڵامی دیكە .

هەر چەندە ئەڵقەی كۆتایی زنجیرەكە پەلەپەل و كەت و درێژكردنەوەیەكی بێ مانای زۆری پێوە دیارە ، بەڵام لە گەڵ هەموو ئەمانەشدا هەر وەك لە سەرەتادا ئاماژەم پێدا هیچ لە نواندنی ئاست بەرزی ئەكتەرەكانی كەم ناكاتەوە و بە بڕوای من ڕەنگە ئەم زنجیرەیەش هەر وەك هەموو زنجیرە و فیلمە سینەماییەكانی دیكەی ئێران ، بەر نەشتەری سانسۆرێكی لە ڕادەبەدەر كەوتبێت و هەر بۆیە ڕووداو و كەسایەتی و پێشهاتەكان لە ئەڵقەی كۆتاییدا وەك پێویست نەخرانە ڕوو و پرسیار و گومانەكانی بینەریش بێ وەڵام و یەكلا كردنەوە مانەوە ، بە تایبەتیش وەك ئاشكرایە ئێران مێژوویەكی دوور و درێژی لەگەڵ سانسۆر و شێواندنی كۆتابەندی بەرهەمە هونەرییەكاندا هەیە .
لە كۆتاییدا هیوادارم ڕۆژێك بێت شانۆ و زنجیرە و سینەمای كوردی لە ڕووی چیرۆك و سیناریۆ و كاری دەرهێنان و نواندن بگاتە ئاستێك كە هەر وەك پێستی شێر لە كاتی پەخشكردنیدا خاچ ئاسا لەبەردەم تەلەفزیۆن دانیشین و چێژی لێوەربگرین .




لەشفرۆش.. لە فارسییەوە: شوان عەباس بەدری

‎ژنێكی لەشفرۆشم
‎لە ناو كۆڵانە تەنگە بەرو تاریكەكانا
‎بۆنی شەهوەتی پیاوەكان
‎مووی لەشە ڕووتەكەمی گرژكردووە
‎پەنجەرەیەكی كراوە ئەبینم كە لەو دیوییەوە
‎دیسان دەنگی هاوارەكانی ژنێكی لەشفرۆش
‎لە ناو پێكەنینی پیاوێكی داوێن پیس وون بووە
‎كەمێ لەولاتر كیژۆڵەیەكی ١٧ ساڵان
‎ساوەكەی خۆی فرێداوەتە ناو جۆگەلەی ئاو و
‎كورێكی ٢٠ ساڵانیش دەستی خستۆتە ناو گەڵی ژنێكی ٤٠ ساڵان
‎و ئەوەندە سەر مەست بووە هەر وەك بڵەیت جیهانی دووگیان كردووە
‎جگەرەكەم لە گۆشەیەكی لێوە شین بووەكەم دادەنێم
‎دیسان ئەم چەرخە نەفرەتییە لە دەستە لەرزۆكەكانم كەوتە خوارەوە
‎دەستسڕێكی سپی ، ڕەنگین بە خوێنێكی ووشكەوە بوو
‎لە لای چەرخە ژەنگاوییەكەمەوە ئەبینم و
‎نەستانە دەستدرێژییەكی پڕ ئازاری بێ كاندۆمم بیر ئەخاتەوە
‎هەموو گیانم تامی شیلك ئەدات
‎لە سووچێكی شەقامەكەوە پیاوێكی لەڕ و لاواز
‎شرینقەی حەسرەت لە ناو دەماری بێ غیرەتی خۆی دائەچەقێنێت
‎جگەرە چرچ و لۆچەكەم دادەگیرسێنم
‎من گەیشتوومەتە كۆتایی كۆڵانەكە
‎كۆتایی ژیان
كۆتایی ژن بوونم !




نهێنی پیرە نەناسراوەكەی ناو ئاوێنەكە.. شوان عەباس بەدری

كاتێ لە چواردەورم نائومێد و بێزار ئەبم ، پەنا ئەبەمە بەر ئاوێنە ، پێش ئەوە ئەچم لە سەرخۆ و هێور هێور گوێزانێكی تیژی بڕەڕی بێ بەزەیی ئەگرم بە دەستمەوە و بۆ چەند خوولەكێك لە خۆم و گوێزانەكە و ملم ئەڕوانم و لە ئاوێنەی دەستشۆرەكەوە زەردەخەنەیەكی سارد و سڕ بۆ خۆم ئەكەم و چاو ئەبڕمە چاوی خۆم ، بە هێواشی پەنجە گەورەی دەستی ڕاستم ئەهێنم بە بنی گوێزانەكە و بە شێوەیەك كە پەنجەم نەبڕێت دەمی گوێزانەكە و پەنجەم ئەكەونە گفتۆگۆیەكی شاراوەی پڕ لە نهێنی !
دوای چەند خولەكێك و پاش تەواو بوونی گفتۆگۆی گوێزان و پەنجەم ،ملم بەرز ئەكەمەوە و بە هێواشی گوێزانەكە ئەهێنم بە ملما و دەست ئەكەم بە تاشینی ڕیشم .
دوای ئەوە كورسییەكی دارینی ڕەنگ ئاڵتوونی ئەهێنم و بەرامبەر ئاوێنەی ژوورەكەم دایئەنێم و بە جۆرێ دائەنیشم كە تابلۆی سرووشتە هەڵواسراوەكەی پشت سەرم لە ئاوێنەكەوە دیار بێت و جارێكی تر لە خۆم ئەروانم ، هەموو جارێ لەناو ئاوێنەكەوە وێنەدانەوەی مرۆڤێكی بەساڵاچووی ڕیش و قژ سپی گوێنی لەبەر ئەبینم كە لە سەر كورسییەكی داڕزاوی كرماوی دانیشتووە و كز كز نیگاكانی بەملاوئەولای خۆی ڕائەكات و نیوە مۆمێكی كوژاوەی بە دەستەوەیە !
هەموو جارێكیش كە لێی ئەپرسم : تۆ كێیت و بۆ وا كز كزی ؟
دەستی ئەهێنێت بە ڕیشە سپی و درێژەكەیا و زەردەخەنەیەكم بۆ ئەكات بە جۆرێ كە دانە زەردهەڵگەڕاوە ژەنگاوییەكانی وام لێ ئەكەن هێڵنج بدەم و بە زۆر خۆم بگرم و نەڕشێمەوە ، دوای ئەوەش ئاوڕێك بۆ دواوە ئەداتەوە و دەستی بۆ دیوارەكەی پشتەوەی درێژ ئەكات و بە پەنجەی ئیشارەت وێنەیەكم پیشان ئەدات كە ڵێڵ و تەڵخە و چوارچێوەكەی ژەنگاوییە !
بەڵام ئەمجارە بڕیاڕمداوە ئیتر وەك جارەكانی پێشوو بێدەنگییەكەی بێدەنگم نەكات و بچمە جەنگی ئەو پیرە گوێنی لەبەرەو ئەمجارەیان لە جیاتی ئەوەی ئەو پەلكێشم بكاتە ناو جیهانەكەی خۆیەوە من پەلكێشی ناو جیهانەكەی خۆمی بكەم !
هەر بۆیە لە جیاتی ئەوەی وەك هەمیشە بەرامبەری دانیشم و لێی بڕوانم ،بڕیاڕمدا هەستمە سەرپێ و بەرەو ڕووی بڕۆم و لەو دیو ئاوێنەكەوە ئیخەی بگرم و بەسەریا بقیژێنم : ئەی مۆتەكەی چڵكنی نەناسراو تۆ كێیت ؟
بە گوڕوتینەوە هەستامە سەر پێ تا بەرەو ڕووی بڕۆم بەڵام هەرچەن هەوڵمدا قاچەكانم لەگەڵما نەهاتن و نەمتوانی بەرەو ڕووی هەنگاو بنێم ، هەر وەك بڵەیت ئەژنۆكانم بە یەكەوە بەسترا بن و بنی پێشم بە زەمینەوە داكووترا بن بە باڵای خۆم كەوتمە سەر كورسییە دارینە ڕەنگ ئاڵتوونییەكەو بە واق ورماوی ئەمڕوانییە پیرە گوێنی لەبەرە پشت كوڕەكەی ناو ئاوێنەكە كە هەستا بووە سەر پێ و سەمای ئەكرد و ئیشارەتی بۆ ئەكردم و قاقا پێم پێئەكەنی !
ئەمە یەكەمجار بوو ببینم ئەم نەفرەتییە نەناسراوە هەستێتە سەر پێ و بەو جۆرە سەما بكات و شێتانە پێبكەنێت !
هاوارم كرد : ئەی نەفرەتی گاڵتە بكە بەس با بزانین دواجار كاممان یەخەی كاممان ئەگرین و ئەیدەین بە عەرزا .
كە گوێی لەو هاوارەم بوو ساتێ لە سەما كردن وستا و چەند چركەیەك سەیری سەرتاپامی كرد كە چۆن هەوڵمئەدا دووبارە هەستمەوە و هەنگاو بنێم بەرەولای و یەك لە سەر یەك وەك جاری یەكەم ئەكەوتمەوە سەر كورسییەكە .
نیگاكانی پڕ بوون لە تووڕەیی و نێوچەوانی گرژگرژ كردبوو لەناكاو زمانی وەك گاڵتە كردن لێ دەرهێنام و دەستی هێنا بە ڕیشە درێژەكەیو لەسەر كورسییە داڕزاوەكەی دانیشت .
چەن چركەیەك چاوەكانی داخست و دەستی هێنا بە سەریا و قژی خوراند و لەبەر خۆیەوە ورتە ورتی ئەكرد .
سەرم سورما بوو لێی ،ئاخر ئەمە یەكەمجاری بوو ئەم ڕەفتارانە بكات و بەو جۆرە خۆیم پیشان بدات ، هەموو جارێ بێدەنگ بێدەنگ دائەنیشت و منیش بە بێدەنگی لێم ئەڕوانی .
خۆمم نەگرت لێم پرسی : ورتە ورتی چی ئەكەیت ؟، گوێم لێت نییە !
لە پڕ چاوی كردەوە و زەردەخەنەیەكی كرد بە جۆرێ كە دیسان ددانە زەردهەڵگەڕاوە و ژەنگاوییەكانی دەركەوتنەوە و وتی : ئەڵێم ئەم نەفرەتییە چەندین ساڵە ئاوێكی سازگاری پیشان نەداوم تا خۆمی تیا بشۆم و لەم چڵكنی و گەڕییە نەجاتم بێت .
تۆنی دەنگی نووسا بوو و بە زۆر وشە و پیتەكان لە قوڕگییەوە ئەهاتنە دەرەوە ، وەڵامم دایەوە : چڵكنی و گەڕی تۆ چ پەیوەندییەكی بە منەوە هەیە !؟
لەگەڵ تەواو بوونی پرسیارەكەم دەستی كرد بە پێكەنین و وتی : دەمێ ساڵە من و تۆ هاوڕێین و پێكەوە ئەژین ، تۆ وائەزانیت تەنها ئەو كاتانەی لە چواردەورت ڕائەكەیت و یەیت و بەرامبەر ئەم ئاوێنە نەفرەتییە دائەنیشیت من دەرئەكەوم و ئەمبینیت .
كە ئەمەی ووت بۆ چەند چركەیەكی كەم بێدەنگ بوو و ژێر چەناگەی خۆی خوراند و سەیرێكی بن مێچی ژوورەكەی كرد و دەستی كردەوە بە قسە كردن : سەیر بكە جوان سەیر بكە .
بە پەنجەی ئاماژەی بۆ بن مێچی ژوورەكەی كرد و وتی : ئەم بن مێچە نەفرەتییە زەردهەڵگەڕاوە قەوزاوییە تاریكە سەردەمانێ ئەوەندە ڕووناك بوو كە پرشنگی ئەدایەوە – دوای ئەوەی ئەمەی وت تۆنی دەنگی گۆڕا بە تۆنێكی پڕ لە تووڕەیی – بەڵام ئێستا جوان سەیری بكە هەی نەفرەتی بزانە لەبەر تۆ و بیركردنەوە و تێگەیشتنی تۆ چی لێهاتووە .
كە ئەمەی ووت وەك بڵەیت سەتڵێ ئاوی ساردیان پیا كردبێتم گەرم و گوڕی هەستان و هەنگاو نانم بەرەو ڕووی نەما ،بەڵام دوای چەند چركەیەك هێزم بە بەردا هاتەوە و هەستامە سەر پێ و هاوارم بەسەرا كرد : درۆۆۆۆۆ ئەكەیت ، من هەر نازانم تۆ كێی ئیتر چۆم بە بۆنەی منەوە ئەو مێچە وا گەڕ و گول بووە هەی درۆۆۆۆۆۆۆۆزن .
لەگەڵ هاواركردنەكەشم چەند جارێك هەوڵمدا بەرەو ڕووی هەنگاو بنێم ،بەڵام دیسان هەوڵەكانم بێ ئاكام بوون و كەوتمەوە سەر كورسییەكە و لەگەڵ هەموو كەوتنێكم ئەو نەفرەتییە بە دوو پەنجە ئەملاوئەلای لێوی ئەكشاند و سەری بەملاوبەولایا با ئەدا و زمانی لێ دەرهێنام !
ئەوەندە هەستام و كەوتم تا تەواو تەواو ماندوو بووم و برسكم لێبڕا ، سەرو سیما و هەموو گیانم تەڕ تەڕ ببوو و بە ئەندازەی یەكساڵ عەرەقم كردبووەوە ، بە جۆرێ كە تك تك عەرەق لە سەروسیمامەوە ئەهاتە خوارێ و چاومی ئەكزاندەوە .
بە ناچاری لێم پرسییەوە : بەس پێم بڵێ تۆ كێیت ؟
كاتێ گوێی لەم پرسیارەم بوو بە هێمنی لە سەر كورسییەكەی هەستایە سەر پێ و لەسەرخۆ لەناو ژوورەكەی دەستی كرد بە پیاسە ، ئەوەندە لەسەرخۆ پیاسەی ئەكرد و بە وریایی هەنگاوی كورتی ئەنا كە وەك بڵەیت ئەترسێ كە وردە شووشە بچێ بە بنی قاچیا یا پێ بنێ بە شتێكا و ئازاری پێبگات!
دوای چەن چركەیەك لە هاتوچۆ شێت ئاساكەی وستا و ڕووی كردە دیوارەكە و دەستی بەرەو تابلۆ ڵێڵ و تەڵخەكە درێژ كرد و بە دەنگێكی نووساوی هێمنەوە پێی وتم : ئەم تابلۆیە سەردەمانێك سەردەمانێكی زۆر كۆن پڕ بوو لە هەناسە و دەنگی هاژە و پێكەنین ، بەس ئێستا سەیری بكە چی بەسەر هاتووە ، نە هەناسەیەكی تیا ماوەو نە ڕووبارێك تا دەنگی هاژەكەی بێت و نە مرۆڤێكی گەشبین و دڵخۆش تا پێبكەنێت ، ئەوەتا چەندین ساڵە لەم كونجە تاریكە كەوتووە و چوارچێوە ڕەنگ زێڕینەكەی ژەنگ خواردوویەتی – دوای ئەم قسانە لە ژێر چاوەوە سەیرێكی كردم – و بە هەمان هێمنی و تۆنە ئارامە وتی : زۆر حەز ئەكەیت بزانیت من كێم ؟ باشە پێت ئەڵێم ، من زیندانبانم و تۆش زیندانی ، من پەڵە هەورێكی ڕەش ڕەشم و تۆش ئاسمانێكی تاریكی بێ ئەستێرە ، من ….من …. – دوای ئەمە بە تووڕەییەوە هاواری كرد – من هەموو ئەو بیركردنەوە و تێگەیشتنە هەڵانەی تۆم كە چەندین ساڵە لەناو هزرتا كۆت كردوونەتەوە و ئێستای تۆیان درووست كردووە ، هەموو ئەو تووڕە بوون و پنگ خواردنانەتم كە لە كاتی خۆیا دەرتنەبریوە و لەناو خۆتا هێشتووتەتەوە ، هەموو ئەو خەونانەتم كە هەوڵت بۆ نەداون ، من هەموو ئەو فرمێسكانەم كە ئەبوایە بتڕشتایە و پێت عەیب بوو بیانڕێژی و ئێستا گەرووت ئەگووشن ، من وەك گوڵە لەولاوێكی خەمۆكم كە بە ناو دەروونتا بڵاوبوومەتەوەو هزر و مێشكتم داگیر كردووە .
دوای ئەم قسانە هات و دووبارە لەسەر كورسییەكەی دانیشت و چاوی بڕییە چاومەوە و ئەمجارەیان بە تۆنە دەنگێكی نووساوی مام ناوەند و بزەیەكی تاڵەوە پەنجەی بەرەو سەرم درێژ كرد و پێی وتم : دیارە هێشتا تێنەگەیشتووی من كێم ! من ئەوەتام لەوێم ، ماڵی هەمیشەیی من ئەوەتا ئا لەوییا ، تۆ دەرباز بوونت نییە لە دەستی من ، مرۆڤ زۆر لەوە بێهێزتر و بێ ئیرادەترە كە بتوانێت لە من ڕزگاری بێت هاوڕێم ، من لە ناو مێشك و هزری تۆیا ئەژیم … من تۆم .
دوای ئەم قسانەی هەستم ئەكرد خەریكە ئەخنكێم ، نەمئەتوانی وەك پێویست هەناسە بدەم و تەنها سەیرم ئەكرد ، لەتاو كزانەوەی چاوم زوو زوو چاوم ئەنووقاند و ئەكردەوە ، بە زۆر گوڕم بە خۆمدا و بە تۆنە دەنگێكی هەنێسكاوی پێم وتم : من هاوڕێی تۆ نیم ، بە من مەڵێ هاوڕێ .
وەڵامی دامەوە : پێت نەڵێم هاوڕێ ! سەیرە ! تۆ نە تەنها تاكە هاورێمی بەڵكو بگرە تۆ خولقێنەری منی ، چەندین ساڵە بە بێ ئەوەی بە خۆت بزانیت و هەستی پێبكەیت خۆت خزاندۆتە ناو تولە ڕێیەكی تاریكی بێ كۆتایی و سات لە دوای ساتیش لەناو تاریكی ئەو تولە ڕێیە مارپێچە وونتر و وونتر ئەبیت ، – دوای ئەم قسانەی بە تۆنێكی گاڵتەئامێزەوە- پێی وتم : تۆ دەرباز بوونت نییە لەمن ، تازە بە تازە بە نیازی هەستیت و بێی یەخەم بگریت داماو.
دوای ئەم قسانەی دیسان پەنجەی بۆ درێژ كردمەوە و دەستی كرد بە پێكەنینێكی شێتانە ،ها ها ها ها ها.
دەنگی پێكەنینەكەی وەك ئەوە وا بوو بە نووكی پەنجەم ئاسنێك یا دیواریك بكرێنم ، مێشك و دەروون و گوێمی ئازار ئەدا ، سات لە دوای ساتیكیش دەنگی پێكەنینە نەفرەتییەكەی بەرز تر و بەرزتر ئەبوو و بە دەم پێكەنینەوە هەستا بووە سەر پێ و لە بەرامبەرما شێت ئاسا سەمای ئەكرد .
لە ناكاو تووڕەیی و هێز و گورێكی سەیر هەموو گیانمی داپۆشی ، بە هەموو هێز و توانامەوە هەستامە سەر پێی و لە گەڵ یەكەم هەنگاوم هەستم كرد ئەژنۆكانم و بنی پێم ئازاد ئازاد بوون و بەرەو ڕووی ڕۆیشتم و لە ئاوێنەكەوە ئێخەم گرت و ڕامكێشایە دەرەوەی ئاوێنەكە و دام بەزەویا و بە مستە كۆڵە بەربوومە دەم و چاوی .
لە گەڵ هەر مستێك هەستم ئەكرد میشكم لە تاو ئازار خەریكە ئەتەقێت و لە هەمانكاتیشا دەروونم ئارامتر و ئارامتر ئەبێت ، ئەویش بە بێ هیچ بەرگرییەك لە ژێر لێزمەبارانی مستەكۆڵەكانم لە پێكەنینە شێتانەكەی بەردەوام بوو و منیش تووڕەتر و تووڕەتر مستم لە دەم و چاوی ئەدا و هاوارم ئەكرد : با بزانیت بەهێزتر و بە ئیرادەتر لەوەم كە تۆ بیرت لێ كردۆتەوە ، خۆت وتت من خولقێنەری تۆم كەواتە هەر خۆیشم ئەتوانم تۆی تاریك و بێ دەلاقە بگۆرم بە پانتاییەك لە سەوزایی و دەنگی ڕووبار و پێكەنین ، من ئەتوانم مێشك و دەروونم لە تۆ ڕزگار بكەەەەەەەم هەی بە نەفرەت بیییییییییییت .
+++++++
كاتژمێر پێنجی بەیانییە و بەرامبەر ئاوێنەی ژوورەكەم دانیشتووم ، پەنجەرەی ژوورەكەم كردۆتەوە و لە پەنجەرەی ژوورەكەمەوە هەوایەكی فێنك و دڵڕفێن دێتە ژوورێ و دەست ئەهێنێت بە سەروسیمام و هەست ئەكەم دڵداریم لەگەڵ ئەكات ، بۆ چركەیەك لە پەنجەرەكەوە ئەڕوانمە گزنگی بەیان و ڕوو ئەكەمە ئاوێنەكەم ، پیاوێكی پۆشتەی بۆن خۆش كە ڕیشی تازە تاشیوە بەرامبەرم لەسەر كورسییەكی دارینی ڕەنگ ئاڵتوونی دانیشتووە و لە پشتییەوە تابلۆیەكی سەرسەوز ئەبینم كە دەنگی هاژەی ڕووباری لێوە دێت ، بۆ چەند چركەیەك چاوم دائەخەم و لە دڵەوە بە خۆم ئەڵێم : من كە توانیم خۆم لەو نەفرەتییە ڕزگار بكەم بە دڵنییاییەوە كەسانی تریش ئەم هێزەیان تیایە و تەنها ئیرادەیەكی پۆڵایینی پێویستە و هیچی تر .
دوای ئەوە بە پەلە هەستامە سەر پێ و بەرەو دەرگای دەرەوەی شووقەكەم هەنگاوم نا و چوومە دەرەوە ، لەسەر پلیكانەكان دراوسێكەمم بینی، بۆ یەكەمین جار دوای چەندین ساڵ دراوسێتی بە زەردەخەنەوە بەیانی باشێكی گەرمم لێ كرد و بە دڵگەرمییەوە هەنگاوم نایە ناو كۆڵانەكەمان و بەرەو شوێنی كارەكەم كەوتمە ڕێ .
دوای ساڵەهای ساڵ بۆ یەكەمینجار لە گەڵ هەر هەنگاوێكما هەستم ئەكرد زیندووم و دەروونم پڕە لە ئارامی و شنەبای بەیان مەستی ژیان و جوانییەكانی كردبووم .




خاک فرۆش.. شیعری شوان عەباس بەدری

خاکەکەم ئاسمانەکەی قاوەیی و
کانیاو و ڕووبارەکانی بەردین و
سەوزایی و دەشت و دەوەنی
بە چیمەنتۆ زیندانی کراوە و
مرۆڤەکانی
لە سەرەی ژیاندا ڕۆح دەسپێرن و
شاخ و داخی بە کڵبەی شۆفڵ و دەراق
تاشراوە و
هێلانەی چیمەنتۆیی کوندەپەپوو و
داڵەکەرخۆرەکانی لەسەر بنیات نراوە

ئەم خاکە ئیتر نەجێی زیرەک و دیلان و کابانی تیا ئەبێتەوە و
نە مەردان و تاهیر تۆفیق و چالاک
لە سووچ بە سووچی
گورگ و کەمتیار خۆیان مەڵاس داوە و
گوێی بە دەنگی قەلە ڕەشەکانی ووشە و موزیک
کاس کراوە و
بەرگی بووکێنی بەبەردا دادڕاوە!
ئێمە لێرە
لە ئامیزی تاریکیدا وون بووینە و
هەموو ساتێ
جرجێکی بۆگەنی نێو زێرابەکانی کۆمەڵگە
سەر بەرزئەکاتەوەو
بەرەو ئامێزێکی بۆگەنی پڕ لە دۆلار
خۆی هەڵئەدات و
مشتێک خاکی گرانبەهای نیشتمان
لە خۆی مارە ئەکات!
ئەی خودایە
ژانی بێ دەرەتانی چ ئازارێکە!
لێرە جەستەی مرۆڤەکان دەمێ ساڵە مردووە و
دەروونیان یەخسیری دەستی نائومێدی و
ژیانیان بە دەستی بازرگانەکانی خوێن و مۆدێل کەلەپچە کراوە!
چەند جوان فەرمووی
بەکر عەلی کاتێ نووسی:
((ئەم سەدەیە ، سەدەی دۆلار و قەحبەیە))
لێرە مرۆڤ
وەک سەگی ڕاو بۆن بە پارەوە ئەکەن و
لە هەچ شوێنێک بۆنەکەی بێت
دەبێتە قیبلەگەیان و
مشتێ دۆلار وەک تەوق لە ملیان ئەئاڵێنن و
حەپە حەپی بەردەم هێلانەی خاوەنەکەیان
وڕ و کاست ئەکات!
هۆۆۆۆۆۆۆ مرۆڤەکانی سەر گۆی زەمین
لێرە بستێک خاک هەیە
عاقڵەکانی شێت و شێتەکانی عاقڵن
زۆربەی سیاسییەکانی کۆتر باز و کۆتربازەکانی سیاسیین
زیندانییەکانی لە خەڵکە ئازادەکەی دەرەوەی زیندان
ئازادترن !
هۆۆۆۆۆۆۆ مرۆڤەکانی سەر گۆی زەمین
خاک ئەفرۆشم
کەسێک هەیە کە ئەم خاکەی
بە هەناسەیەکی پاک و چکێ دڵنیایی و سەرپەنایەک و زەردەخەنەیەک
پێ بفرۆشم !؟




خاک فرۆش… شوان عەباس بەدری

خاکەکەم ئاسمانەکەی قاوەیی و
کانیاو و ڕووبارەکانی بەردین و
سەوزایی و دەشت و دەوەنی
بە چیمەنتۆ زیندانی کراوە و
مرۆڤەکانی
لە سەرەی ژیاندا ڕۆح دەسپێرن و
شاخ و داخی بە کڵبەی شۆفڵ و دەراق
تاشراوە و
هێلانەی چیمەنتۆیی کوندەپەپوو و
داڵەکەرخۆرەکانی لەسەر بنیات نراوە

ئەم خاکە ئیتر نەجێی زیرەک و دیلان و کابانی تیا ئەبێتەوە و
نە مەردان و تاهیر تۆفیق و چالاک
لە سووچ بە سووچی
گورگ و کەمتیار خۆیان مەڵاس داوە و
گوێی بە دەنگی قەلە ڕەشەکانی ووشە و موزیک
کاس کراوە و
بەرگی بووکێنی بەبەردا دادڕاوە!
ئێمە لێرە
لە ئامیزی تاریکیدا وون بووینە و
هەموو ساتێ
جرجێکی بۆگەنی نێو زێرابەکانی کۆمەڵگە
سەر بەرزئەکاتەوەو
بەرەو ئامێزێکی بۆگەنی پڕ لە دۆلار
خۆی هەڵئەدات و
مشتێک خاکی گرانبەهای نیشتمان
لە خۆی مارە ئەکات!
ئەی خودایە
ژانی بێ دەرەتانی چ ئازارێکە!
لێرە جەستەی مرۆڤەکان دەمێ ساڵە مردووە و
دەروونیان یەخسیری دەستی نائومێدی و
ژیانیان بە دەستی بازرگانەکانی خوێن و مۆدێل کەلەپچە کراوە!
چەند جوان فەرمووی
بەکر عەلی کاتێ نووسی:
((ئەم سەدەیە ، سەدەی دۆلار و قەحبەیە))
لێرە مرۆڤ
وەک سەگی ڕاو بۆن بە پارەوە ئەکەن و
لە هەچ شوێنێک بۆنەکەی بێت
دەبێتە قیبلەگەیان و
مشتێ دۆلار وەک تەوق لە ملیان ئەئاڵێنن و
حەپە حەپی بەردەم هێلانەی خاوەنەکەیان
وڕ و کاست ئەکات!
هۆۆۆۆۆۆۆ مرۆڤەکانی سەر گۆی زەمین
لێرە بستێک خاک هەیە
عاقڵەکانی شێت و شێتەکانی عاقڵن
زۆربەی سیاسییەکانی کۆتر باز و کۆتربازەکانی سیاسیین
زیندانییەکانی لە خەڵکە ئازادەکەی دەرەوەی زیندان
ئازادترن !
هۆۆۆۆۆۆۆ مرۆڤەکانی سەر گۆی زەمین
خاک ئەفرۆشم
کەسێک هەیە کە ئەم خاکەی
بە هەناسەیەکی پاک و چکێ دڵنیایی و سەرپەنایەک و زەردەخەنەیەک
پێ بفرۆشم !؟




لە یاد ئەکرێم… شوان عەباس بەدری

ڕۆژێ دێ لە یاد ئەکرێم
هەروەک چۆن باڵندەیەکی کۆچەر
هێلانەکەی لە یاد ئەکات
هەر وەک چۆن ڕووبارێکی بە خوڕی
گیرودەی دەستی ووشکەساڵی
لە یاد ئەکرێت
هەر وەک چۆن چیا جێ پێی
کەڵە کێوییەکان لە یاد ئەکات
منیش لە یاد ئەکرێم
ڕۆژێک دێت لە یاد ئەکرێم
هەروەک چۆن شۆڕشگێرەکانی
دەشت و شاخ و دۆڵ و گوند و ناو دارستانەکان
دوای گەڕانەوەیان
درووشم و بەڵێنەکانیان لە یاد ئەکەن و
نیشتمان بە زنجیرێکی ژەنگاوی قۆڵبەست ئەکەن
هەر وەک چۆن ناوی شەهیدەکان
بە دەستی حازرخۆرەکانی سەرکەوتن لە سەر کێلەکانیان
ئەسڕێتەوەو لە یاد ئەکرێن
هەر وەک چۆن مێژووی شێواو
بەرگی ڕاستی ئەپۆشێت و نەوەکانی دوای
شۆڕش و ئازادی چاوبەست ئەکات
لە یاد ئەکرێم
باش ئەزانم کە دواجار
لە ناو چنگێک فەرامۆشی کووشندەدا
هەر وەک یادگارییەکانی
خانەقا و چوخمە پیر و گۆچان بەدەستەکەی سەرشەقام و سابوونکەران و جوولەکان و گەڕەک و کۆڵانەکانی شارەکەم
لە یاد ئەکرێم و
دەستی شار
لە ناو مشتێ هەناسەی ساردی ئێوارە پاییزێکا
وونم ئەکات و ناوم و یادگارییەکانم
ئەداتە دەست کزە بایەکی بێ ناونیشان
ڕۆژێ دێ
هەر وەک چۆن
چۆلەکەی سەر درەختەکان و هاتنی پەرەسێلکەکان و نیگای ئاسکەکانی
شاریان لە یاد کرد
منیش لە یاد ئەکەن و
هەر خۆم ئەمێنمەوە و بستێ خاکی سلێمانی !




خوێندنەوە و ئەلف و بێی دۆزەخ… شوان عەباس بەدری

ئەڵێن کتێب خوێندنەوە دەرگای ژیانت بەڕوودا ئەکاتەوە ، بەڵام ڕاستییەکەی ئەمەیه ، کتێب خوێندنەوە هەنگاونانە بۆ ناو جیهانی خەمۆکی و گۆشەگیری ، کتێب دەرگایەکە بۆ ناو جیهانێکی جەهەنەم ئاسای تاقەت پروکێن ، کە دەسکی ئەو دەرگایەت بادا و هەنگاوت نایە ئەو دیو دەرگاکەوە ، ئیدی جگە لە تاریکی و ڕەشبینی و نائومێدی و لە هەمووی سامناکتر هۆش هیچی تر نابینیتەوە و ئەو کرانەوەی هۆش و تێگەیشتنەش لە ماهییەتی ڕاستەقینەی ژیان ، ژیانت دەکات بە دۆزەخێکی بێکۆتایی و بێمانا و کەسایەتیت یا هزرت یا دەروونت پڕ ئەبێت لە خۆڵەمێشی خۆخواردنەوەی سووچی تەنیایی ، تەنیاییەک کە گەر ئاگاداری نەبیت وەک خورە ، هێدی هێدی ناخت ئەخوات و چێژ هیچ مانایەکی بۆت نامێنێ .
زۆر جار دووچاری یاخیبوونێکی پڕ لە هەڵەت ئەکات و زۆر جاری تریش بە بێ ئەوەی بە خۆت بزانیت تەمەنت بە با ئەدات و لەناو زیندانی وەهمدا یەخسیر ئەبیت .
کتێب و خوێندنەوەی زۆر یەکەمین و دوایەمین دوژمنی مرۆڤە ، هەموو ئەلف و بێیەکی ناو کتێب و نووسینەکان جۆرە کەلەپچییەکی تایبەتی نەبینراون کە قوڵبەستی خۆیانت ئەکەن و هەڵتئەدەنە ناو ئوقیانووسێکی بێ کۆتایی مرەکەب و قەڵەم و ئایدیا و هزری جۆراوجۆری پڕ لە درۆ و بەرژەوەندی .
نووسەر و بیرمەندەکان درۆزنترین تاکەکانی ناو کۆمەڵگەن و کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێرێکی سامناکی پێچاوپێچ دەبەن و هەر وەک سیستەمە تۆتالی و دیکتاتۆری و ئایدلۆژییەکان لە هزر و کەسایەتیت دائەماڵن و ئەتکەن بە کۆیلەیەکی گوێڕایەڵی قەڵەمەکانیان .
ڕۆشنبیر و قەڵەم بەدەستەکان لە بەردوەشێنەکانی کۆمەڵگە سەرەتاییەکانی مرۆڤ زۆر دڕندەترن و بەردەوام بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ڕێی نووسین و قسەکانیانەوە مێشکت ئەشۆن و بۆ کام لایەنە سیاسییەی بیانەوێ ، بە شووڵی نوکە قەڵەمەکانیان و نووکی شمشێری زمانیان پەلکێشت ئەکەن و تۆش مەڕئاسا تەنها سەرئەلەقێنی و چەپڵە لێئەدەی .
نە ببە بە دۆن کیشۆتی ناو ڕۆمانەکەی سێرڤانتێس و نە ببە بە گورگی بیابانەکەی هێرمان هسە و نە سیزیفەکەی کامۆ ، بخوێنەرەوە و ماوە ماوە لە خوێندنەوە خۆت داببڕە تا ژیان نەبێت بە زیندانێکی ژەنگاوی بێمانای بێچێژ و سادق هیدایەت ئاسا بەردەوام لە چاوەڕوانی مەرگدا دووکەڵی جگەرەکەت بە با نەدەی !
فەلسەفەی خوێندنەوە واتە گەیشتن بە کەناری ئارامی ، بەڵام زۆر جار لە ناو ژاوەژاوی فەیلەسوفە هەمەچەشنەکاندا وون ئەبیت و هەتا ئەبەد ناگەی بە کەنارە ئارامەکەی هزر و دەروونت !
وون بوون و وەهم و قوڵبەستکردنیش ئا لەو ژاوەژاوەوە دەست پێئەکات و هەندێک جاری دیکەش هۆشیاری زیاد لە ئەندازە ئەبێتە جەلادێکی قامچی بە دەستی بێ بەزەیی و ناخت شەقار شەقار ئەکات .
خوێنەری ناشی کۆیلەیەکی دەستەمۆیە و خوێنەری جدیش زیندانییەکی ئەبەدی ناو زیندانە دۆزەخ ئاسا بێماناکەی ژیانە !

شوان عەباس بەدری




هێشتا زیندووم.. شوان عەباس بەدری

هێشتا زیندووم
هێشتا ئاوێنەکەم حەسرەتی دوێنێ و
خەمی ئەمرۆ و
ڕێگەی نەزانراوی سبەیم پیشان ئەدات
هەناسەم
پڕە لە چڕە دوکەڵی جگەرە و
هەنگاوەکانم بەرەو هەڵدێر و
دەستم بەرەو لووتکە و
هەستەکانم
پڕ پڕن لە سنووری مەرگی پەرەسێلکە بێلانەکان
دڵم مەنفای خاکە و
بە کڵاوێکی
پەهلەویەوە
تەڕ تەڕم لە تارماییەکانی
باران و هەور و خاک
هێشتا زیندووم
هێشتا نیشتمانم خۆش ئەوێ و
لە دێوەزمەی تاراوگە ڕائەکەم
هێشتا هەر وەک چۆلەکەیەک
بە قومێ ئاو
و
لەتێ نان و گەڵای دارێکی سەرسەوز
تەژی ئەبم لە ژیان
پێخەفەکەم
تەنها جێگەی خۆم و خەمەکانمی
تیا ئەبێتەوە و
دەمێ ساڵە گەرمی جەستەی ژن و
نیگای گزنگ و
خورپەی دڵم لە یەکەم نیگاوە لە یاد کردووە
هێشتا زیندووم
هێشتا هەناسە ئەدەم
هێشتا دەنگی رووبارێکی دوور
بەردەبازێکی پیر و ماندوو
ئاسکێکی بریندار و
کڵبەی گورگێکی برسی
دەرسی مانەوەم پێ ئەڵێنەوەو
منیش وەک جێ پێیەکی هەزار ساڵە
بە دوای قوربانگەی
تەمەن وێڵ و سەرگەردانم
هێشتا زیندووم
هێشتا هەموو بەیانێک بە دەست هەورێکی سپیەوە
پەیامێک بۆ خودا ئەنێرم و ئەڵێم :
چەند خۆشبەختم خودایە
هێشتا ماڵمان بەرماڵ و تەزبیحەکەی دایکمی لە ئامێز گرتووە و
گوێم بە دەنگی قورئانەکەی
وەک کانیاوێک سارێژە لە ناوی تۆ و دوعای خێری ئەو
هێشتا زیندووم
هێشتا تک تک بیری باوکم لێ ئەبارێ و
لە ناو ئەشکەوتی ( گاجووتان٭ )
بە شوێن پێی بیرەوەریەکانیا وێڵم !
هێشتا زیندووم
هێشتا بە دیار خەمی تووتکە سەگێکی تەنیا و
ئازاری جووجەڵەیەکی باڵشکاو و
پشیلیەیەکی برسی و
ئەسپێکی ماندووی پیر
فرمێسک ئەڕێژم و
وون ئەبم لە ناو گەوڕی نامیهرەبانی مرۆڤەکان و
دڵە گەورەکەی ئاژەڵ و مێرووەکان !

——_———————————-
٭گاجووتان ئەشکەوتێکە لە قەزای ماوەت و باوکم لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لەو ناوچەیە پێشمەرگە بووە .




شیعر/ غوربەتی خاک … شوان عەباس بەدری

وەرە هاوڕێ با ئیتر خەمی نیشتمان نەخۆین
ئاسمانی ئێرە جێ بێڵین بەرەو سنووری خۆر بڕۆین
لێرە هەوایەکی پاک نییە بۆ دووبارە گەشانەوە
وەک سێبەرێ ڕۆچووینەتە نێو قووڵایی بنبەستەوە
خۆری سبەی لەم ووڵاتە دەمێ ساڵە کە تۆراوە
ئەم ووڵاتە تابووتێکەو بە کفنی ڕەش داپۆشراوە
ژیان لێرە هەموو ساتێ فەنابوون و مردنە
هەڵهاتن هاوماڵمانە و هەردەم وەرزی کۆچ کردنە
لە سەر بانی هەموو ماڵێ مەلێکی شووم ئەناڵێنێ
شەو بە دەستە تارەکانی هەنسک و بێزاری ئەروێنێ
لە ناو ئاوێنەیەکی ژەنگاوی بە دوای خۆمان سەرگەردانین
لەسەر گۆڕی خەونەکانمان چاوەڕێی مەرگی خۆمانین

شوان عەباس بەدری / 2003




کوێرەرێی خەیاڵ … شوان عەباس بەدری

1
خۆزگە بمتوانیبا
سەدای پێکەنینەکانی نەنکم
لە پاڵ وێنەی زەردەخەنەکەی باپیرما
لە ناو ئالبومی یادەوەریەکانما
هەڵبگرتایە !
2
خۆزگە بمتوانیبا
لە ناو باخە مین ڕێژەکەی خاک و
خاکە هەنێسک ئامێزەکەی نیشتمانم
داری پەلکە زێرینەم بچاندایە و
لەبەر قاپی هەر ماڵێکا
سەبەتەیەک خەندەم دابنایە !
3
خۆزگە بمتوانیبا
سلێمانی
هەر وەک سەرپۆشەکەی دایکم
لەناو جانتای سەفەرەکەم هەڵگرتایە و
لەم غوربەتە
بە بۆنی ئێوارانی پارکی نالی
و
بە دیار تەنیاییەکانمەوە
ساڵە بێهودەکانی زەمینم تەی کردایە و
بڕۆشتمایە !




بەستەڵەکی دەروون و سەفەرێک بە ناو خوددا … شوان عەباس بەدری

تیک تاکی ئەم کاتژمێرە نەفرەتیە هەڵواسراوەی سەر دیوارەکە مێشکمی شڵەژاندووە ، دەرەوە بەستەڵەکە و بێ دەنگیەکی سامناک شەقامەکانی شارەکەی داپۆشیوە و منیش وەک هەمیشە لە ماڵەوە بە دیار دوکەڵی جگەرەکەم و پیاڵە چاکەم دانیشتووم و خۆم خزاندۆتە باوەشی تەنیاییەکی سامناکتر لە بێدەنگی و ساردی بەستەڵەکی شەقامەکان !
حەز ئەکەم بە چەکوشێک بەر بمە گیانی ئەم کاتژمێرە لە خۆم ماندووتر و خەمۆکە و چرکەژمێرەکانی لە جوڵە بخەم تا ئیتر ئەمەندە سەختی تێپەڕبوونی چرکەکانم بەڕوا نەکێشێت ، ئیمرۆ بۆ چەندمین جار لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکەی تاعونی ئەلبێر کامۆ و زندە بگور و بوف کوری سادق هدایەت بوومەوە و حەزم ئەکرد دەفتەری شیعرەکانی ڕامبۆشم لابوایە ، سەیرە بەم ساتە سامناک و بێ دەنگە سەرشێتی سەفەرێک لە مێشکی داوم و حەز ئەکەم پانتۆڵە شینە کاوبۆکەم و پۆستاڵە ڕەشەکانم لەپێ بکەم و بلوزێکی ڕەش و قەمسەڵەیەکی ئەمریکی سەوز ڕەنگ لەبەر بکەم و مل پێچێکی درێژ لە ملم بئاڵێنم و کۆڵە پشتیە ڕەنگ خاکیەکەم هەڵگرم و لە ژێر نەرمە بارانێک بە ئارامی بەرەو ژوانگەیەکی نەزانراو و نەبینراو هەنگاو بنێم
. بە گەیشتنم قەمسەڵەکەم بە دیواری زەردهەڵگەراوی میوانخانەیەکی شێداری شەست حەفتا ساڵ لەمەوبەر هەڵواسم و لە تاو ماندوویەتی وەک ساوایەکی برسی کە ئەنووسێ بە مەمکی دایکیەوە خۆم فڕێ بەمە سەر نوێنی ژوورەکەم و تاوناتاوێ سەیری جاڵجاڵۆکە پیر و ماندووەکەی سووچی لای ڕاستی دیوارەکە بکەم کە چۆن چاوەڕێی نێچیرێکی نوێ ئەکات و دوای ئەوە بڕوانمە سیسرکە ڕەنگ قاوەییەکەی لای دەستشۆرەکە کە لە ترسی ماچی تاکە نەعلێک یا پێڵاوێک بە خێرایەکی زۆر لەم کون بۆ ئەو کۆن ڕائەکات و تاوێ هەستمە سەر پێ و بچمە بەردەم پەنجەرەی ژوورەکەم لە میوانخانەکەدا و بڕوانمە کیوسکی تەلەفۆنی سەرشەقامەکە کە کیژێکی دەم بە پێکەنین لەناویا قسە لەگەڵ یارە دوورەکەیدا ئەکات، دوای ئەوە بگەرێمەوە و جارێکی تر خۆم فڕێ بەمەوە سەر نوێنەکەم ، چاوەکانم داخەم و گوێ لە دڵۆپەی بەلوعە ژەنگاویەکەی مەخسەلەی لای چەپی ژوورە پیس و هەرزانەکەی میوانخانە کۆنەکە بگرم، بە خۆم بڵێم : هۆوووو غوربەت نشینە تەنیا و خەمۆکەکە، لێرە لە ئۆروپا هەموو شتێک هەیە جگە لە بیرەوەری.
لە دەر و دیواری ئەم قاڕە نەفرەتییە بە ناو بەهەشت ئاسایە تەنیایی ئەبارێت و مرۆڤەکانی ئەم بەشەی گۆی زەوی بە دەست چەندین شڵەژانی دەروونیەوە ئەناڵێنن ، لێرە بەزەیی و مرۆڤدۆستی تەنها و تەنها لە ناو فیلم و ریکلامەکانیان بەدی ئەکرێت و لە ناو جیهانە ڕاستەقینەکەیان هەموان ڕۆبۆتێکی قورمیشکراوی بە سیستەم کراون و کەس ئاگای لە سێبەرەکەی خۆیشی نییە چ جای دەوروبەری ! لێرە ئەبێت سەگ بیت تا گورگەکان لەت و پەتت نەکەن و بە ناوی یاساوە پانت نەکەنەوە ، لێرە کە کەوتی هەموان لە سەر جەستە بریندارەکەت سەما ئەکەن و کەسێک نییە بۆ دووبارە هەستانەوە دەستت بگرێ ، ژن لێرە کاڵایەکی بە نرخ و نایابە و لەش و لاری بە هەموو جۆرێ بۆ قازانجی دارایی بە کار ئەهێنرێت و بازرگانی پێوە ئەکرێت ، پیاوانیش کۆیلەگەلێکی بەهێز و باشن بۆ کاری قورس و سەخت و حەقدەستێکی نەچەندان زۆر و سودێکی لەڕادە بەدەری خاوەن کار .
هەموان لە ناو پوچیەکی سامناکا ئەخولێنەوە و سەریان لێشێواوە ، کە هێزیشیان لێ بڕا فڕێ ئەدرێنه دەرەوەی یاری و سیستمەکە و لەناو ئاسایشگەیەکی حکومی بە ناوی چارەسەرەوە بەند ئەکرێن و جۆرها حەپ و دەرمانی جۆراوجۆریان لەسەر تاقی ئەکرێتەوە و زۆربەی کات لە ژێر کاریگەری ئەو حەپ و دەرمانانە بێهۆشانە ژیانیان بە سەر ئەبەن و خۆ گەر شانسیش بێنێ و پارەی هەبێت و بچێتە ئاسایشگەیەکی ئەهلی ئەوا لەوێ وەک مرۆڤ مامەڵەی لە گەڵ ئەکرێت بۆ ؟!!! وەڵامەکەی ئاسانە چونکە ساڵانە هەزاران یۆرۆ ئەبەخشێتە ئەو ئاسایشگە ئەهلییە ، قسەی سەرەتا و کۆتایی پارەیە و پارەیە و پارە و مرۆڤ و مرۆڤدۆستی کیلۆی بە چەنە ؟ گوزەشت ئەو ئەیامەی نامەبەر نامەی مەجنونەکانی جیهانی ئەگەیاندە لەیلاکان و لەیلاکان دڵیان ئەکەوتە خورپە و سەعاتێک بۆنی نامەکانی مەعشوقیان ئەکرد ، پرسیارەکانی ئەم سەردەمە پرسیارگەلێکی بێ مانان و وەڵامەکانیش لە پرسیارەکان بێماناتر ! بۆنی خیانەت و درۆ و دوڕویی سەرتاپای هەوای شارەکەی ئاڵودە کردووە و دەمێ ساڵە مڕۆڤ لە ناو مەکینەی عەولەمە و پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا هاڕاوە و قەسەم بە گەورەیی خودا ئێستا ئەو جاڵجاڵۆکە و سیسرکە لە مرۆڤەکان عاشقتر و دڵپاکتر و جوانترن .
دانیشەو تەمەنی خۆت بە دیار جگەرە و چا و کتێب و وڕێنەکانی دەروونت بەسەر بەرەو چیت داوە لە گەمژەیی و جەهلی مرۆڤ ؟!!!




داهۆڵ … شوان عەباس بەدری

                                                     

ئەمرۆ شەش مانگی تەواوە خۆمم لە ناو ژوورە بچوکەکەم بەند کردووە و بە دیار جگەرە و کتێبەوە ڕۆژگاری خۆم بە سەرئەبەم ، شەش مانگ لەمەوبەر لە ئێوارەیەکی باراناوی ساردا دەستم کرد بە بۆیاخ کردنی ژوورەکەم و سەرتاپای ژوورەکەمم بە بۆیاخی ڕەش بۆیە کرد و پەنجەرەی ژوورەکەشم بە تەختە گرت .

بۆنی جگەرە و عەرەقی لەشم و خەو تێکەڵ بە یەک بووە و هەوای ژوورەکەمی ئاڵودە کردووە ، کەم نییە شەش مانگی ڕەبەقە دەرگای ژوورەکەمم نەکردۆتەوە و بە دیار مۆمێکەوە شەوم بە ڕۆژ گەیاندووە و ڕۆژم بە شەو !

کۆمەڵە کتێبێکی زەردهەڵگەڕاوەی داڕزاو لەسەر فەرشی ژوورەکەم کەوتوون و لەولاشەوە کیسێکی پڕ لە جگەرەی سووتاو و تەپڵەکێکی ڕەش هەڵگەڕاو.
شەش مانگ لەمەوبەر بوو کە بۆ دواجار هەنگاوم نایە ناو کۆڵانە باریکە کۆنەکەمان ، زۆرم ڕق لەم کۆڵانەیە بە نەفرەت بێ ، ئەمەندە باریک و تەنگە کە ناچار ئەبێت لە هەموو ئەوانە بڕوانی کە بەرامبەرت دێن و سەلامت لێ ئەکەن ، سەلامەکەیان جگە لە بۆنی دووڕوویی و خیانەت و بێ ویژدانی هیچی تری لێ بەرز نابێتەوە و منیش بە ناچار ئەبێت وەڵامیان بدەمەوە و هەنێ جاریش لەبەر تەنگی ئەم کۆڵانە نەفرەتیە شان بەم لە شانیان. هەشت مانگێک لەمەو بەر دەر و دراوسێ لەبەر بۆنی زێراب و مەنهۆڵی ناو کۆڵانەکە هاواریان لێ هەستابوو ، گەن و گوو سەرتاپای کۆڵانەکەی تەنیبوو کە ئەمەش خۆی نەگبەتییەکی تر بوو.

ئاە ئەو ڕۆژەی بڕیاڕمدا ئیتر خۆم لە هەموو شتێک و هەموو کەسێ دابڕم هەستم بە وزە و هێزێکی سەمەرە ئەکرد لە دەروونمدا ، بەیانییەکەی وەک هەمیشە کاتژمێر پێنج لە خەو هەستام و بە دیار جگەرە و قاوەوە بە نوکی پەنجەم ئەمکێشا بە تەپڵەکەکەی بەرامبەرم و تاوناتاوێ چاوم ئەبڕیە مێچی ژوورەکە و تاو نا تاوێکیش سەیری عەرزەکەم ئەکرد ، کە هەنگاوم نایە دەرەوەی ماڵەوە هاواری ژنەکەی دراوسێمان ئەگەیشتە حەوت تەبەقەی ئاسمان ، مناڵی ئەبوو، خەڵک دەبەنگە مناڵ لە دوای مناڵ ئەخەنەوە و بە بێ ئەوەی ئایندەیەکیان هەبێت ، تەنها ژمارەی ناو ئەم کۆڵانە نەفرەتییە زیاتر ئەکەن و هیچی تر ، لەولاترەوە پیرەپیاوەکەی دراوسێم وەک هەمیشە لە ناوەڕاستی دەرگای دەرەوە گۆچان بە دەست و گوڵ بە ئێخە وستا بوو و وەک هەمیشە سەیری کاتژمێرەکەی ئەکرد و بە خۆی ئەووت : بۆ نەهات ؟ و هایەکی لە شووشەی کاتژمێرەکەی ئەکرد و بە پەڕۆیەکی سپی پاکی ئەکردەوە ، دەمێ ساڵە پیرەپیاوە چاوەڕێی میوانێکی نەناسراو ئەکا و بۆ نەهاتەکەی بۆتە پرسیارێکی بێ وەڵامی ئەزەلی !

ئاااخ ئەوە لاڤەی کچە شۆخ و شەنگەکەی جارانی کۆڵانەکەمان بوو بە لاما تێپەڕی بە بێ ئەوەی هیچ سەلامێک بکات ، سەردەمانێ شۆخی و شەنگی لە حەوت گەڕەک ئەولاتریشەوە باس ئەکرا ، شوخێکی دەم بە خەندە و میهرەبان و زیرەک بوو کە لە نیوەڕۆیەکی شوومی هاوینا بە زۆر لە پیرەمێردێکی حەفتاساڵە مارەیان بڕی و هەموو خەون و ئاوات و خەندەکانیان لە گۆڕنا و دوای سێ مانگ بە تەڵاق دراوی گەڕایەوە ماڵی باوکی و ڕۆژ نییە بە دەستی باوک و براکانی لێدان نەخوا.

ئەو ڕۆژەی بڕیاڕمدا خۆم زیندانی بکەم کە گەیشتمە سەر کارەکەم چایەکم خواردەوە و جگەرەیەکم کێشا و نامەی دەست لە کارکێشانەوەکەم پێشکەش کرد و بە بێ ئەوەی چاوەڕێی وەڵامەکەیان بکەم چوومە ناو بازاڕ و بۆیاخی ڕەشم کڕی و بەرەو ماڵەوە بەڕێکەوتم ، لەسەر سووچی هەموو شەقامێکا کۆمەڵە مناڵێکی پێ پەتی جل دڕاوی سواڵکەر و لەولاتریشەوە کۆمەڵە سەربازێکی چەک بە دەستی پۆستاڵ لە پێ کە چاودێری ورد و درشتی چواردەوریان ئەکرد ئەبینران، دەسەڵاتداران کۆمەڵە یاسایەکی سەمەرەیان بە سەر خەڵکی و ئاسمانی ووڵاتا سەپاندبوو ، بۆ نموونە فەرمانیان بە کووشتنی هەموو کۆترەکان دەرکردبوو و لە بەرامبەریشا تا حەزت بکردایە قەلەڕەش و قەلەباچکەت ئەبینی ، لە سەر شەقامەکان ئاوێنەیەکی گەورە دانرابوو کە گەر سەربازەکان فەرمانیان پێ بکردیتایە ئەبوایە بچیتە بەر دەمی و بە زەردەخەنەوە سەیری خۆت بکەی و پاشان ستایشی فەرمانڕەوای ووڵات بکەی کە تۆی لە نەخۆشی و ناخۆشی و برسێتی و هەژاری پاراستووە و ژیانی پێ بەخشیوی !

بە نەفرەت بن ئەو شەقام و کۆڵان و خەڵکە ، شەقامگەلێکی پڕ لە چاڵ و چۆڵی کە گەر ئاگات لە خۆت نەبێ و بکەویتە ناویان قاچت ئەشکێ یا گەر شوێنیکیشت نەشکێ سەربازەکان بە تۆمەتی کەمکردنەوە لە هەوڵ و ماندووبوونی فەرمانڕەوا بۆ خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان خۆیان دەست و قاچت ئەشکێنن !

شارەکەمان لە کۆمەڵە شەقام و کۆڵان و پردێکی داڕوخاو و گڵی و داتەپیوی بە مشک و جرج تەنراو پێکدێ کە دەور تا دەوری بە تەلی دڕکاوی و دڕک و داڵ تەنراوەو تەنها یەک ڕێگەی هاتوچۆی هەیە بۆ دەرەوەی شار و بە پێچەوانەوە بۆ ناوەوە کە ڕۆژانە تەنها بۆ ماوەی سێ سەعات ڕێگەکە ئەکرێتەوە !

تامی دەمم تاڵ بووە و هێزم لێ بڕاوە ، گاڵتە نییە شەش مانگی ڕەبەق خۆت لە دنیای دەرەوە دابڕی و تەنها بە جگەرەو خواردنێکی کەم خۆت بژێنیت و کاتەکانی خۆت بە کتێب خوێندنەوە پڕ کەیتەوە کە گەر بێتو لایەنە ئەمنییەکان پێی بزانن کتێب ئەخوێنیتەوە بە تۆمەتی بڵاوکرنەوەی فکری دوژمنکارانە و کەوتنە ژێر کاریگەری فەرهەنگ و کەلتووری بێگانە بە کۆمەڵگە لە سێدارەت ئەدەن ، مۆمی ژوورەکەم تروسکایەکی کەم ئەبەخشێتە ژوورە تاریک و ڕەش هەڵگەڕاوەکەم و بە کەشەنگی لەسەر ئەو عەرزە ساردە ڕاکشاوم ، چەند شەوێ لەمەوبەر خەوم بە فەرهەنگەوە بینی ، ئەم بەیانییەش هەرلە خۆیەوە هاتە بەر چاوم و بینیم کە بە چ جۆرێ خۆی هەڵواسی ،قۆڵ کورتێکی سوور و پیجامەیەکی خەت خەتی لە بەرا بوو، بەڵێ بە جوانی بینیم تەنافەکەی وەک پاپیۆنێک خستە دەوری ملی و مێزە بچوکەکەی ژێر پێی وەک تەمەن و ژیانی خۆی فڕێدا و بە دەم گیان دەرچوون و باوەش کردن بە مەرگەوە بە زەدەخەنەیەکی تاڵەوە سەیری ئەکردم ، چاوەکانی سوور سوور هەڵگەڕا بوون و خەریک بوو لە پڵێنە بێنە دەرەوە ، جوان بوون سەرنج ڕاکێش بوون ، دوو چاوی دەرپەڕیو و سیمایەکی دەم بە کەنینی شین هەڵگەڕاوە، نا نا خەو نەبوو ڕاستی بوو ئەم بەیانییە بوو لە بەر چاوما خۆی هەڵواسی ، من بینیم ،خەوەکە چەند شەوێ لەمەوبەر بوو ، خۆ هەڵواسینەکەی ئەم بەیانییە بوو ، بەڵام نازانم بۆ تەرمەکەی لە ناو ژوورەکەما نییە ، کە خۆی کووشت دیار نەما ئەی خۆ من بینیم ئەی بۆ ئێستا هەر چەند سەیری مێچ و دیوار و عەرزی ژوورەکە ئەکەم هیچ نابینم ؟ هیچ دیار نییە !

ئاە فەرهەنگ بیرم کەوتەوە چەن مانگێ لەمەوبەر پیاوە ئاینییەکەی کۆڵانەکەمانی نارد بۆ خوازبێنی کچە دراوسێکەیان کەچی ئەو ناکەس بەچەیە بۆ خۆی داوای کردبوو فەرهەنگیش خۆی کووشت دوای ئەوەش لایەنە ئەمنییەکان بە تۆمەتی وەرنەگرتنی مۆڵەتی ئەمنی بۆ خۆکووشتن باوکیان لە سێدارە دا !

باشە ئەی ئەمە کێ بوو ئەم بەیانییە لەبەرچاوما خۆی هەڵواسی و ئێستا سێبەرێکی تەناف لە مل لە سەر دیواری ژوورەکەم یاری ئەکات و کەچی تەرمەکەشی دیار نییە؟!
قۆڵ کورتە سوورەکەم لەبەر عەرەق و دوکەڵ سپی و ڕەش هەڵگەڕاوە و پیجامە خەت خەتەکەشم لە چەن لایەک بە جگەرە سووتاوە و چڵک سەرتاپای داپۆشیوە، ئەم نیوەڕۆیە لە خۆمەوە کتێبێکم گرتە دەست و کە کردمەوە ئەم دێڕە هاتە بەر دەمم : ئەی خۆکووشتن ئەی دەزگیرانە دێرینەکەم ئاخۆ کەی بێ ڕۆژی گواستنەوە دیاری بکەین و بە یەک بگەین؟

لە دەرەوە دەنگی غەڵبەغەڵبی خەڵکی دێ و سات بە سات ئەو غەڵبەغەڵب و هات و هاوارە لە ژوورەکەم نزیک و نزیکتر ئەبێتەوە ، زۆر ئەترسم ئەم خەڵکە نەفرەتییە هێرشم بۆ بێنن و لەم تەنیایی و گۆشەگیرییە دەرم بێنن .
لەو دیو دەرگاکەوە گوێم لە خەڵکە کە ئەڵێن : دەرگاکە بشکێنن بۆگەنی کردووە .
٭٭٭٭ ٭٭٭٭٭ ٭٭٭٭٭
بە شکاندنی دەرگای ژوورەکە چەند پیاوێکی سمێڵ زلی کەڵەکەت خۆیان ئەکەن بە ژوورەکە و یەکێکیان کە بە لایتێک تەرمە هەڵواسڕاوەکەی ناو ژوورەکەی ئەپشکنی بە هاوڕێکەی وت :ڕەنگە شەش مانگێک بێ کە خۆی کوشتبێت.

کۆتایی




ژانری سایکۆ لە سینەمادا … و : شوان عەباس بەدری

                                                   

لەم ژانرە سینەماییەدا کاروکاردانەوەکانی کارئەکتەری سەرەکی فیلمەکە دەبێتە
هۆی خوڵقاندنی کۆمەڵە ڕووداو و بەسەرهاتێکی جیاوازی هەمە چەشنە و ڕیتمی چیرۆکی
فیلمەکە بەرەو سینەمای ڕووداوی و ترسناک و تێک هەڵکێش هەنگاو دەنێت هەر لە بەر
ئەمەش دەتوانین ژانری سایکۆ بە ژێرخانی ژانری ترسناک و دڵەخۆرپێ پێناسە بکەین .

ژانر چییە ؟ لەنێو ئەو هەموو فیلمە سینەماییانەی کە لە سەر بناغەی ژانری
سایکۆ بەبەرهەم هێنراون دەتوانین  فیلمی (سایکۆ
) ی  ئالفرید هیچکۆک کە لە ساڵی 1960
بەبەرهەم هێنراوە بە پێشەنگ و بناغە دارێژەری ئەو جۆرە فیلمانە ئەژمار بکەین .

لەم فیلمەدا کەسایەتی سەرەکی فیلمەکە بە ناوی (نۆرمەن بیتس ) کە
کەسایەتیەکەی لەلایەن ( ئانتۆنی پرکینز ) ەوە بەرجەستە دەکرێت و کەسێکی دەروون شێواوە
و بە دەست نەخۆشی دەروونییەوە ئەناڵێنێ ، ( نۆرمەن ) گەنجێکی تەمەن 30 ساڵە و
مۆتێلێک بەرێوە ئەبات ولەبەر ئەوەی بە ڕووکەش هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ کەسێکی
ئاساییدا نییە  کەس ئاگاداری ئەو دۆخە
دەروونیە شێواو و پەشۆکاوەی نییە بەڵآم لە ڕاستیدا (نۆرمەن) لە دوای مەرگی دایکی
دووچاری شۆکی دەروونی بووە و نالەبارییە دەروونییەکەی گەیشتۆتە لووتکە و تەنانەت
جەستەی دایکیشی لە ژوورێکی پشتەوەی هوتێلەکە بە بێ ئەوەی بینێژێ شاردۆتەوە .

هەروەها فیلمی ( شاتر ئایلەند) ی مارتین سکۆرسیزی دەرهێنەر یەکێکە لە فیلمە
بەناوبانگەکانی ناو ئەم جۆرە ژانرە سینەماییە ، لیۆناردۆ دیکاپریۆ کە مارشالێکی
ئەیالەتییە هەڵدەستێت بە کووشتنی هاوسەرەکەی و دوای ئەو تاوانەش دەخرێتە
ژێرچاودێری پزیشکی و چارەسەری دەروونیەوە بەڵآم ئەو هەرگیز ناچێتە ژێرباری قبوڵ
کردنی ئەو تاوانە و هێشتا خۆی با پلەدارێکی بەرزی ناو پۆلیس دەزانی .

لە فیلمەکانی دیکەی ئەم جۆرە ژانرەدا کاروکاردانەوەکانی کارئەکتەری سەرەکی
چیرۆکەکە نابنە هۆی کووشتن و کاری تاوانکارانە بەڵآم ڕیتمی ڕووداوەکان بینەر
ڕووبەڕووی چەندین بابەتی دەروون بەریشانە دەکاتەوە ، بۆ نمونە فیلمی
دەروونناسیانەی ( سەرەتا) ی کریستۆفەر نۆلانی دەرهێنەر یەکێکە لەو جۆرە بەرهەمانە.

لە هەندێک فیلمی دیکەی  ژانری
سایکۆدا ناوەرۆکی فیلمەکە بە گشتی لە دەوری کارئەکتەرێک دەخولێتەوە کە لە ئەنجامی
چەند دۆخێکی دژواری بە زۆر بە سەردا سەپێنراو و لە ڕێی ژمارەیەک کورتە ڕوداوی
جیاوازەوە کەسەکە کەم کەم دوچاری دەرۆن شێواوی و نالەباری دەروونی دەبێتەوە.

گەر لە فیلمی ( سایکۆ ) ی ئالفرێد هیچکۆکدا کەسایەتی ( نۆرمەن ) هەر لە
سەرەتاوە خاوەن کەسایەتییەکی ناهاوسەنگ و لێوانلێوە لە کێشە و تەنگەژەی دەروونی
مەترسیدار ئەوا لە فیلمی ( درەوشانەوە ) ی ستانلی کۆبریکی کۆچکردوو کارئەکتەری (
جاک تۆرنس ) کە ( جەک نیکلسۆن ) ڕۆڵەکەی بەرجاستە دەکات هەنگاو بە هەنگاو و بە پێی
ڕووداوەکانی ناو فیلمەکە دووچاری نالەباری دەروونی دەبێت و دواجار هاوسەنگی هزری
خۆی لە دەست ئەدات .

نابێت ئەوەش لە یاد بکەین کە ژانری سایکۆ یەکێکە لە سەختترین ژانرەکانی ناو
سینەما و لە ڕاستیدا بۆ بەرهەم هێنانی ئەم جۆرە فیلمانە ئەوا دەبێت سیناریۆیەکی
بەهێز و قوڵمان هەبێت کە بە باشترین شێوە کورتیلە چیرۆک و ڕووداوەکان پێکەوە
ببەستێتەوە و لۆژیکیانە باس لە کەسایەتییەکان بکات و سیناریست
و نووسەر و دەرهێنەر و تا ڕادەیەکیش ئەکتەرەکان شارەزاییەکی باشیان لە بواری
دەروونناسیدا هەبێت .




هەنگاوەکانی تارماییەک … شوان عەباس بەدری

لەم دارستانە ڕێگەی دەرباز بوون لە کوێیە ؟
بەرەو کوێوە هەنگاو ئەنێم ؟!
من لە کام گۆشەی ئەم شەوە
لە سەر گەڵای کام داری تەنیای
نێو ئەم تولە ڕێیە پڕ لە جەنجاڵە
وەک شەونمێک دلۆپەم کردووە ؟
بە دیار قاسپەی کام خەونەوە
سەرخەوێکم لە گەڵ تەنیاییدا شکاندووە ؟
حەقیقەتی ژیان منی لە ناو
جەنگەڵێکی پڕ لە ڕووباری درۆ و
پانتاییەکی پڕ لە خیانەت و
قەدپاڵێکی پڕ لە دەمامەک
یەخسیر کردووە و
لە ناو بازنەیەکی تەژێ لە
گومان ئەخولێمەوە !
جار نا جارێ بە خۆم ئەڵێم :
خۆزگە هەورە تریشقەیەک بوومایە
تا بە جارێ بە گرمەیەک دەروونم بەتاڵ بەتاڵ بکردایە
لە برینەکانی قامچی تەمەن
خۆزگە شەکرۆکەیەک بوومایە
بە دەست مناڵێکی بەرگ دادڕاوی بێ لانەوە
تا لە گەڵ هەموو مژێکا
لێوەکانی تامی ژیان لە یاد نەکەن
خۆزگە ئومێدێک بوومایە
لەناو دڵی گەردوونێکی تاریکی تەنیاکەوتوودا
خۆزگە خودا بوومایە
تا بە جارێ شەڕگەی سەربازەکانم ڕۆشن بکردایە و
پێم بوتنایە : هۆۆۆۆۆۆ کەرینە
ژیان لەوە گەورەترە تا بۆ کورسییەک
خوێن بڕێژن و
لەوە بچووکترە تا نیشانێک لە سەر سنگتان بە ناوی ئازایەتییەوە هەڵواسن و
لەوە پووچترە
تا وەک ئاڵایەک
خەون بە ئازادی خاکەوە ببینن !
ژیان جگە لە چیرۆکێکی تراژیدی
سواغ دراو بە کۆمیدیا هیچی تر نییە .
لە جیاتی نیشان لەسەر سنگتان
وێنەی بەچکە ئاسکێک هەڵواسن و
لە جیاتی سەمفۆنیای تۆپ
گوێچکەکانتان بە ئاوازی کەنارییەک سەوز بکەن .
دەمەو غروب
لە کەنار دەریایەک
جگەرەیەک داگیرسێنن و
باوەش بە گەرمی لما بکەن .
گۆرانی بۆ شەپۆلی ئاو بڵێن
بە دیار هەورێکەوە
لای لایەی خەون و خەیاڵ بڵێنەوە و
کۆڵە پشتییەکانتان پڕ بکەن لە
خەندەی سبەی و وەک دیاری بەسەر
مناڵە ئاوارەکان بیبەخشنەوە
بۆنی ئەڤین لە هەناسە دامەماڵن
دڵی پیرە زەوی بە ئاوازی مەرگ و مۆتەکەی وێرانی مەڕەنجێنن !
ئاااااااااە ئەی دارستانی تەژی لە
خوێن و غوربەت و ڕەو
منی ماندوو
بۆ دەرباز بوون بەرەو کوێوە هەنگاو بنێم ؟
بەرەو کوێوە هەنگاو بنێم
کاتێ ڕێگەکان بە کلیتێکی داڕزاوی پڕ لە کابووس و غوربەت و کۆچ کۆتاییان دێ !
بەرەو کوێوە هەنگاو بنێم
کاتێ ئایندە بە چەقۆیەکی کول سەر بڕاوە ؟!
بەرەو کوێوە هەنگاو بنێم
کاتێ ئەزانم مرۆڤ
لەناو زەمهەریری نائومێدی قۆڵبەست کراوە !
بەرەو کوێوە هەنگاو بنێم
کاتێ بن بەستێک بە ناوی
م
ە
ر
گ
ڕێی لێگرتووم !