ئەو نامەیەی کۆتایی بە نەوشێروان مستەفا هێنا … سمکۆ عەبدولکەریم

ئەگەر ئاوڕێکی خێرا لە جیاوازی و ململانێکان و سەرەنجام وازهێنان و جیابوونەوەکانی نێو بزووتنەوە و حزبە سیاسییەکانی کوردستان بدەینەوە، دەبینین بە درێژایی مێژوو سەرجەم جیابوونەوەکان لە کۆتایدا مایە پووچ بوونە.
ئەگەر بشلێن ئەی ئەوە نییە یەکێتی نیشتمانی کوردستان توانی سەرکەوتو بێت و وەک حزبێکی خاوەن پێگەو دەسەڵات رەگی داکوتێ.
من پێم وایە ئەگەر دەرفەتی قۆناغی دوای نسکۆی جوولانەوەی ئەیلول نەبوایە مومکین نەبوو یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەم ئەندازەیە سەرکەوتو و سەرفراز بووایە، وەک هێزێکی سەرەکی و دەسەڵاتدار بێتە مەیدان و تا ئێستاش بەردەوام بێت، وێڕای تێپەڕین بە چەندین هەوارز و نشێو و ململانێی نێوخۆیی، بتوانێ پارێزگاری لە پێگەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی جوگرافی خۆی بکات.

لای من ئەمە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە مومکین نییە لە دەرەوەی هیچ وەرچەرخانێکی نەوعی لە ناوچەکەدا، هیچ حزب و هێزێکی دیکە، کە جێگەی ئومێد بن لە کوردستان بێنە پێش، هەموو ئەوانەش کە سەرهەڵدەدەن، جگە لە کردنەوەی بازاڕێکی لاوەکی کە لێیەوە ژمارەیەک کەس سوودمەند دەبن شتێکی دیکە نییە.
زۆرجار ئەو بۆچوونەشم بەڕووی هەندێ هاوڕێدا داوە، کە وێڕای ئەو پیاهەڵدانەی گەلی جوولەکە، لەوەی میللەتێکی خاوەن جەسارەت و ئەقل و خۆڕاگری و لە خۆبووردوویی بوونە، بۆیە توانییان لە ناوجەرگەی خۆرهەلاتی ناوەڕاستدا دەوڵەتێک بۆ خۆیان دابمەزرێنن، کە هەمدیسان من پێم وایە ئەگەر قۆناغی داگێرکاری و ئینتیداب و ڕۆلی بەریتانیا و فەرەنسا نەبوایە مومکین نەبوو جوولەکە بتوانن ئەم دەوڵەتە دابمەزرێنن.

دەمەوێ بڵێم گۆڕانکارییەکان هێندەی پەیوەندییان بە وەرچەرخانە گەورە و جۆرییەکانەوە هەیە، هێندە پەیوەندیان بە ئیرادەی کەسی و توانای میللەتانەوە نییە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاری کراو، مەگەر بە شێوەیەکی زۆر ڕێژەیی نەبێ.
نەوشێروان مستەفا دوای زیاتر لە شازدە ساڵ لە خۆخواردنەوە و بەرگە گرتن، کە بەردەوام ئەو ماوەیەشی بە خۆ تەریک کردن و چوون و هاتنەوە و بێدەنگی و دەنگ هەڵبڕیندا تێپەڕاند.

واتە هەر لە دوای ڕاپەرین و کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، بەردەوام هەست بە بێزاری و بێهیوایی نەوشێروان مستەفا کراوە لە نێو یەکێتی.
بەڵام بۆچی تا ( ٤/١١/٢٠٠٠) ئەو کاتەی نامەیەکی مام جەلالی پێدەگات هەر ئامادەبووە، بەو حالەیەوە هەر لە نێو یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا بمێنێتەوە، کەچی ئەو نامەیەی مام جەلال ڕق و قینەی ئەو هەموو ساڵەی دەتەقێنێتەوە و بۆ دواجار بریار دەدات واز لە یەکێتی بێنی.
لە نامەیەکیدا لە (٦/تشرینی دوەمی ٢٠٠٠) کە بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەنێرێت، نەوشێروان مستەفا بۆ یەکەم جار وازهێنانی خۆی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە (م.س) ڕادەگەێنی:
{نامە بۆ م.س
بەڕێز مەکتەبی سیاسی یەکێتی ی نشتمانی کوردستان
سڵاوێکی گەرم
بە هیوای سەرکەوتنتانم لە خەبات و تێکۆشان
بەم نامەیە ئەمەوێ وازهێنانی خۆم لە ئەندامەتی یەکێتی ی نیشتمانی کوردستان و پچڕاندنی هەموو جۆرە ئیلتیزامیکی سیاسی و رێکخراوەیی لە گەڵی بە ئێوەی بەڕێز رابگەیەنم.
نەوشیروان مستەفا ئەمین
سلێمانی، ٦ی تشرینی دوەمی ٢٠٠٠}
ئەگەرچی دوای ئەم نامەیەی، مام جەلال نامەیەکی بۆ دەنێرێ و پێی دەڵێ: (هەر چۆنێ بێت صبری انقلابی باشە).
بەڵام نەوشیروان مستەفا بڕیاری کۆتایی خۆی داوە و مومکین نییە لێی پاشگەز ببێتەوە، هەر بۆیەشە هەموو هەوڵەکان بۆ ئەم مەبەستە بێ هودە دەبن، ئەگەرچی دوای ئەو وازهێنانەشی بەشداری یەکەم ڕۆژی دوەمین کۆنگرەی گشتی یەکێتی نیشتمانی دەبێت کە لە (٣٠/١ تا ٥/٢ی ٢٠٠١) بەسترا.
وەک بۆخۆی دەڵێت: (بۆ پیشاندانی یەکڕیزی یەکێتی ، لە ریزی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی دا لەسەر خواستی زۆر لە دۆست و هاوڕێکانم بەشدار بوم).
٤/١١/٢٠٠٠ نامەیەکی مام جەلال دەگاتە دەستی نەوشێروان مستەفا، ئەو نامەیەی کۆی گشتی ئاراستەی بیرکردنەوەی دەگۆڕێت، نامەیەک کۆتایی بە بیرکردنەوەکانی دێنێت، دەیگەێنێتە کەنارێکی سەقامگیر و بۆ یەکەم جار ئۆقەرە دەگرێ و بڕیارێکی یەکلاکەرەوە دەدات.
بەوەی دوای بیستنی ئەو قسانە ڕاستەوخۆ لە خودی مام جەلال کەسی یەکەمی حزبەکەی چیترناتوانێ لە نێو یەکێتی نیشتمانی کوردستان –دا بمێنێتەوە و لە گەڵ هاوڕێ دێرینەکانیدا درێژە بە خەبات بدات.
{ئەمڕۆ مام جەلا نامەیەکی دریژی بۆ ناردم. لە نامەکەدا بەلایەکی دا ستایشی زۆری کردوم و دەوری منی لە یەکێتی دا بەرز کردۆتەوە، بەلایەکی تریدا هێرشێکی دوژمنانەی توندی کردۆتە سەرم. هەمو ئەو قسە و قسەلۆکە ناڕاستانەی جەند وەختە ناحەزەکانم لە ناو باڵە ناکۆکەکانی یەکێتی دا لە ناو خەڵک دا بڵاوی ئەکەنەوە گۆیا من دژی هەولێری و کەرکوکی وبادینی و یەزیدی وپێشمەرگەی کۆن و ژن و عەرەب و چی چی…م ئەم لەم نامەیەدا هەمووی بە کوردیەکی رون و رەوان لە دژی من ” تەوسیق” و “تەقنین”کردوە.

لەمێژ بو ئەم بیستەوە و، گومانم ئەکرد ئاشی بەرهەمهێنانی سەرجاوەی بڵاوکردنەوەی زۆری ئەو قسە و باسانە هاوڕێکانی خۆم بن، ئەم نامەیە گومانەکانی کردم بە یەقین}.
واتە کۆی گشتی ئەو ڕەخنەو تێبینی و گلەیانەی بە درێژایی دوای ڕاپەرین هەیبوو، نەبونە هۆی ئەوەی کۆتایی بە ژیانی سیاسی بێنێ لە نێو یەکێتی، بەڵام قسەیەک کە پەیوەندی بەخودی خۆیەوە هەیە دەبێتە هۆکاری هەڵوێست وەرگرتنێکی جدی و کاریگەر، کە جارێکی دیکە هاوسەنگی هێزی بە شێوەیەک گۆڕی پێچەوانەی هەموو ئەو تێگەیشتنانەی بوو، کە لە ڕابردوودا هەیبوو.

ئەگەرچی بۆخۆشی ئەو قسانەی مام جەلام کە لە نامەکەیدا ئاماژەی بۆ کردوە ڕەت ناکاتەوە و دەڵێ:
{ئایا ئەتوانم درێژە بەکارکردن بدەم لەگەڵ سەرکردەیەکدا کە بە هاوکاری ئەوانەی لە خۆیەوە نزیکن (بەردەوام پروپاگەندەی دوژمنانە بۆ هەر قسەیەکی من ئەکەن کە بێ مەبەست یان بۆ مەبەستێکی دیاریکراو وتومە؟)}.
(کە بێ مەبەست یان بۆ مەبەستێکی دیاریکراو وتومە) ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو قسانەی کردوە، بەڵام بە مەبەست نەبووە.

ئیتر بۆ هەمیشە ئەو نامەیە ئاڕاستەی سیاسی کەسێکی وەک نەوشیروان مستەفا-ی بەشێوەیەک گۆڕی کە تا ئەم دوایانەش پێم وانە بوو سەرکردەیەکی قاڵبوی ڕۆژانی سەختی خەبات پێی وابێ وا بە ئاسانی دەتوانێ ڕێڕەوی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و جوگرافی لە کوردستان-دا لە جوارچێوەی تەنیا شارێکی وەک سلێمانی بگۆڕێ.
بۆیە هەمێشە پێم وابووە هەموو ئەوەی ڕویدا لە گەمەیەکی تەکتیکی سیاسی بەولاوە شتێکی دیکە نییە، بەڵام دیارە منێش هەڵە بووم نەمتوانی تەواو لەوە تێبگەم کە بیرکردنەوەی زۆربەی سەرکردەکانی کورد، لە بیرکردنەوەی نێوان دوو کەلە شاخ زیاتر نییە.
هەر بۆیە نەوشێروان مستەفا-ش لە کۆتایی تەمەنی دا دەیەوێ پێمان بڵێ تێگەیشتم:
{لەم نامەیەوە ئیتر بە باشی و بێ هیچ گومان و دوودڵییەک تێگەیشتم کارکردن لە گەڵ ئەمانەدا ئاسنی سارد کوتانە}
تۆ بڵێی ئەوە چ تێگەێشتنێک بێت لە ئاسنی سارد کوتانێکەوە، بۆ ئاسنی سارد کوتانێکی دیکە؟




لێرەوە سەر بۆ گەورەیی ڕاپەرین دادەنوێتم ….. سمکۆ عەبدولکەریم

ئەگەر ڕاپەرین تا ئەم ساتە وەختەش، نەیتوانى بێت لە ئاست سەرجەم هیواو ئاوەتەکانماندا بێت، لە ئاست داخوازى و داواکارییەکانى خەڵکدا بیت، کە بە شێوەیەکى سروشتى لە هەموو شوێنێکى دنیادا شۆڕش و ڕاپەرینەکان لە پێناویاندا سەر هەڵدەدەن، ئەوە دەتوانین هەر هیچ نەبێ بایەخى ڕاپەڕینى بەهارى 1991 ى کوردستان لەوەدا بەرجەستە بکەین کە پڕ مەترسیترین نەخشەى دوژمنانى پووچەڵکردەوە.

ئەو نەخشەیەى لە کاولکردنى گوندەکان و ئەنفال و کیمیابارنکردنى هەڵەبجە و ناوچەکانى دیکەى کوردستانەوە دەستى پیکرد، خواش دەزانێ بەچى کۆتایى دەهات.
ڕاپەڕین ئەگەر تا ئیستاش لەبەردەم کۆمەلیک پرسیاردا بێت بەڵام وەڵامێکى باشى ئەوەى داوەتەوە کاتیک سەدام لە دیداریکى رۆژنامەوانیدا وتى:

“ئێمە کە خویناوى بین، واتا راستەوخۆ دەست دەکەین بەسەربڕینى هەر کەسیک کە خیانەت لەم ولاتە بکات، یان لەم بیر و باوەڕە گشتیانەى کە مافى گەلە، خۆى پى بحەسینیتەوە، یان لە دلسۆزیى بۆ ئەم خاک و ئاسمان و هەوا و خەڵکەکەى و ئاو و زەوییەکەى دەرچێ، یان یارمەتى بیگانە بدا دژ بە بەرژەوەندى ولات و کەسوکارەکەى.
بەلێ هەر شتێکمان بۆ بدۆزرێتەوە کە ئەم هەنگاوەى نابێت (بێ بەزەییانە سەرى دەپەڕێنین) و بە ئاشکراش ئەوە کردەوەى باپیرانمان بووە لە سەرەتاى ئیسلامدا وەک چۆن خالیدى کوڕى وەلید سەرى (30) سى هەزار کەسى لە کۆمەڵگاى بچووکى دوورگەى عەرەبى پەڕاند، لە نێوان جەنگەکانى هەڵگەڕاوەکان “الردە” .

لیرەدا هەرەشەکانى سەدامى دیکتاتۆر تەواو دەبێ و منیش دەڵێم وێڕاى هەموو کەموکورتییەکان سەر بۆ گەورەیى راپەرین دادەنوێنم و هەوڵدەدەم لەوە تێبگەم، کە ڕاپەڕین چەندە گەورە بوو، ڕاپەڕین چۆن هەموو ئەو ڕێڕەوەى گۆڕى کە سەدامییەکان دەیانویست جارێکى تر نەخشەى ئەو وڵاتە دروستکراوەى دەستى ئینگلیز بە خوێنى ئێمە و لە ژێر ڕەحمەتى ئەو ئاسمانەى ئەوان بە زۆر کردویانەتە هى خۆیان ئەستورترى بکەن.

بەڵێ دڵنیام هەموو ئەوانەى ئەمڕۆ بە هەر هۆکارێکەوە بێت، بەڕاستیان بێ یان نا، خۆزگە بە سەردەمى سەدام و حوکمى سەدام دەخوازن نەیانتوانیوە ئەو پیاوە بناسن، ناشیانەوێ بیناسن، ئەوان هەرگیز ئەو چەند پەڕەیان نەخوێندۆتەوە کە من لێردا بۆم نووسیون، ئەوانە تەنیا دەیانەوێ ئەو چەند بستەى بەر پێى خۆیان ببینن، کە هەندێ جار ناشیانەوێ ئەو بستەش ببینن، ئەگەرنا چۆن نەیانتوانى لەوە تێبگەن سەدام ئامادە بوو سەرى هەموومان بپەڕێنێ بە بیانووى ئەوەى گەورەیى نیشتمان دەپارێزێ، با گەورەیى ئەو نیشتمانەش بە کەلەسەرى ئێمە هەڵچنرا بێ.




دەقی کراوە پیاسەیەکی درەنگ وەخت لەگەڵ ماغوت-دا …. سمکۆ عەبدولکەریم

(١)
دوای ئەو پیاسەیەش دەبێ ناوە ناوە سەر لە (خەمەکانی بەر ڕوناکی مانگ)ی ماغوت بدەم و بەسەری بکەمەوە.
بەڵکو ئەوە خوایە، قامچییەکەی دەوەشێنێ و شۆڕش دەست پێدەکات و ئێمەش قورتارمان دەبێت لە چنگی ئەو گەرما بەدفەڕەی تەنیا بەگوێی خۆی دەکات:
“هەموو ئەوەی دەمەوێت
بەوپەڕی خێرایی بگەمە ئاسمان
بۆ ئەوەی قامچییەک بدەمە دەستی خودا
تا فەلاقەمان بکات و هانمان بدات شۆڕش بکەین و
یاخی ببین”
(٢)
كۆتایی ساڵی 1989 بوو، لە كۆرێكی شیعری لە هەولێر، كە بۆ ژمارەیەك لە شاعیرانی(هەولێر، رانیە، كۆیە) رێكخرابوو
كه لەو ساوە بۆ ئەمڕۆ دەكاتە (٢٩) ساڵ.
هەروا دەزانم دوێنی بوو.
ئەگەر هەڵە نەبم هەر لەو ئێوارە كۆڕەدا (قوبادی جەلیزادە) شیعری (تەمتومان)ی خوێندەوە:
“بای دێ‌…چ بایەك
مناران قوت دەكا
قەڵایان سەرنخوون
كانیاوان پڕ دەكا
لە ژەهری كێم و خوون”
كەژال ئەحمەد، تازە وەك شاعیرێكی ناسك و بە جورئەت و جوان دەردەكەوت، ئێستاش وەبیرمە كە وتی:
“بۆ ئەو ئێوارە كۆرە براكەمیان لەگەڵ ناردوم، كە دیارە ئاماژەیەكی ڕوون بوو بۆ فەزای ئازادی، لە ڕووە كۆمەڵایەتییەكەیەوە”
ئەو شیعرەم بیر نەماوە كە كەژال خوێندییەوە، بەڵام ئەو دێرە شیعرەم بیرە، کە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆدا هێنا:
“هیچ شتێك بەم زەوییەم نابەستێتەوە، جگە لە پاژنەی پێڵاوەكانم”
ئەوە، ئەو چركە ساتە بوو، كە بۆ یەکەم جار گوێم لەناوی “محەمەد ماغوت”ی گەورە شاعیر بوو، چونكە دواتر لە “كەژال ئەحمەد”یان هەڵداێی، كە گوایە ئەم دێرە شیعرە، لە شیعرێكی “ماغوت” وەرگیراوە، كە دەڵێ‌:
“هیچ شتێك بەو زەوییەم نابەستێتەوە جگە لە پێڵاوەكانم”
ساڵ هات و چوو، ماغوتم باشتر ناسی، بە تایبەتی كە لە شیعرێكیدا دەڵێ:
“من پاڵەوانم .. كوا جەماوەرم
من خائینم… كوا دارقەنارەم
من پێڵاوم كوا رێگام”
ئێستاش باشترم ناسی كە ئەو قسەیەی ماغوتم خوێندەوە:
“بۆ ئەوەی شاعیرێکی مەزن بیت، دەبێ ڕاستگۆ بیت
بۆ ئەوەی ڕاستگۆ بیت، دەبێ ئازاد بیت
بۆ ئەوەی ئازاد بیت، دەبێ بژیت
بۆ ئەوەی بژیت، دەبێ بێدەنگ بیت”
(٣)
بەهۆی ئەوەی کە ئێمە و ماغوت، سەر بەیەک کیشوەرین
سەر بە یەک ئاسمان و یەک جەمسەرین
بەڵام ئێمە وڵاتێکی بێدەوڵەت و ئەوان نیشتمانێکی فرە دەوڵەتن.
کەچی زامەکانمان یەک جۆر زام و ئەقڵ و مێشکمان یەک جۆر و هەر یەک توخمە.
ئەوەتانێ ماغوت ئەوەی بە نەتەوەکەی خۆی دەڵێت، وەک ئەوە وایە بەنەتەوەکەی منی بڵێت:
” وڵاتەکانمان نوقمی نەخۆشی و نەزانین و بێ ئیشی و قەرز و سێکس و کەبت و ماددەی هۆشبەر و ئوسولییەت و تایفەگەری و توندوتیژی و خوێن و فرمێسک بووە.
کەچی ئێمە سەرقاڵی نقومبوونی تایتانیکـین”
(٤)
هەرچەند لە گەڵ “ماغوت”دا بە رێگادا دەڕۆم و دیقەتی ئاوازی غەم و هەناسەكانی سەر شۆستەی و هەنگاوە لەسەرخۆكانی دەدەم، هێندە زیاتر هیچ و پووچی مرۆڤەكانم بۆ دەردەكەوێت، زیاتریش ئەو تێگەیشتنەم چەکەرە دەکات، كە بەڕاستی ئەگەر پیاو كوژو خوێڕی و سەرسەری و درۆزن و دز و جاسوس و كەسەكانی نێو تاتیرۆخانەكان.
هەموو ئەوانەی، شەریفەكان توڕیان هەڵداونەتە دەرەوەی بازنەی كۆمەڵگا نەبوونایە، ئەوە بە دڵنیایەوە مرۆڤە شەریفەكان دونیایان دەخوارد.
وەك” زەكەریا تامر” لە پێشەكی كتێبی “ساخون وطنی” ماغوتدا دا دەڵێ‌:
” نیشتمانی ستەمگەران هیچ نابەخشێتە خەڵكی لە چەوساندنەوە و زەبوونی و كەساسی زیاتر، بۆیە هەر وەلائێک بۆ ئەم نیشتمانە خیانەتە” ئەو نیشتمانەی هەمیشە بە دەستی شەریفەكانەوەیە، چا نییە مرۆڤە ناشەریفەكان لێناگەڕێن ئەوان بە كەمالی ئیسراحەت لێی پاڵكەون. لە نوستنیشدا دەبێت هەمیشە چاوێكیان زەق بێت.
عیسای برای ماغوت ئاماژە بۆ دواسەتەكانی ماغوتی برای دەكات و دەڵێ‌:
“ماغوت تا دواساتەكانی تەمەنی، شیعر و گۆرانی هەر بۆ برسیەتی و ترس هۆنییەوە، ئەو ماڵەكەی پڕ بوو لە خۆراكی جۆراوجۆر، بەڵام نەیدەخوارد، تا دەست بەو برسییەتییەوە بگرێت، كە لە كاتی نووستندا ئیلهامی پێ‌ دەبەخشی”
ماغوت كاتێك بە گیرفانی بەتاڵ و برسییەتی و بێجگەرەیی و پێڵاوی كون كونەوە، بە شەقامەكانی بەیروتدا دەسوڕایەوە، نزار قەبانی شاعیر لەسەر (دانتێڵا)ی دەنووسی، كە جۆرە قوماشێكی لە ئاورشم و لۆكە دروستكراوە.
بۆیە هەمیشە لەسەر خاكی نیشتماندا كۆمەلێك جانەوەر دەژین، وەك جانەوەر لە هەوڵی یەکتر خواردندان.
(٥)
من ئێستا تێگەیشتم بۆچی لە بەرامبەر ئەو هەموو رووداوە جەرگبڕانەی بەردەوام لە نیشتمانەكەمدا روودەدەن، هێندە خەمساردم.
بۆچی لەبەرامبەر هەموو ئەوەی روودەدات كەمترین فرمێسك بە چاوەكانمدا دێنەخوارێ‌.
كەچی لەبەرامبەر بیرەوەرییە تاڵ و شیرینەكانم، گریان بەردەوام میوانمە و فرمێسك بە چاوانم وشك نابێتەوە.
رەنگە هەموو ئەو مرۆڤانەی تەواوی تەمەنیان لە نێو شەڕی بێ‌ ئاماندا بەسەر بردوە، هەروا بن.
چونكە ناكرێ‌ خۆت بدەیتە دەست ئەو قەدەرەی تەواوی ژیانتی داگیركردوە.
ئەگەر خۆت بدەیتە دەست ئەو مێژووە داسەپاوە، مانایەك بۆ ژیان نامێنێتەوە.
بۆیە تۆ دەبێت مانایەكی تر بە ژیان ببەخشی و هیوایەكی تر بدەیتە بەر خۆت.
لێرەوە دەتوانی بە شێوەیەكی دیكە خۆت بدۆزیتەوە و خۆت لەم گەمارۆیە دەرباز بكەیت، كە خەریكە لە نێوت دەبات.
ئەوە، ئەو ئێوارەیە بوو، كە لە پیاسەیەكی درەنگ وەختدا “ماغوت” پێی وتم.
ماغوت زۆر زوو لەوە تێگەیشتوبوو، كە ناكرێ‌ بۆ هەمیشە بەدیار بێ‌ ئەقڵی سەركردەكانی و خەم و خەفەتی میللەتەكەی كە وەك مەڕ هەر خەریكی چەپلە كوتانن، بە دیار قسە بێ‌ ماناكانی ئەو سەركردانەی هەر دەزانن بقیڕێنن، دانیشێ‌ و خۆی بخواتەوە.
“ماغوت” لە جیاتی ئەوەی فرمێسك بۆ بێ‌ ئەقلی ئەوان بڕێژێت، فرمێسكی بۆ بەدبەختی خۆی ڕشت، ئەو تا ژیا هەر بەدیار غەمەكانی خۆیەوە خەریكی نووسینەوەی غەمەكانی نەتەوەكەی بوو.
“ماغوت” دەڵێ‌:
“بە درێژایی جەنگی حوزەیران فرمێسكێك چییە بە چاومدا نەهاتە خوارێ‌، كەچی گۆرانییەكی فەیرۆز، یان نەجات، یا عەبدولحەلیم دەمگرێنێت”
(٦)
مرۆڤەكان هەمیشە لە نێوان ئومێد و پەشیمانیدا، واق وڕماون، هەندێكمان ناتوانین پشت لە ئومێدەكانمان بكەین.
هەندێكیشمان زۆرجار ناتوانین پەنجەی پەشیمانی نەگەزەین.
هەست دەكەم پەیوەندییەكی ورد لە نێوان ئەم دوو وشەیەدا هەیە. پەیوەندییەك ناتوانین نەڵێین هەردووكیان ڕاستن.
كاتێك ماغوت لە كۆتایی ژیانیدا بە فاتیمەی هاوڕێی دەڵێت:
” ئێمە مەحكومین بە ئومێد”
فاتیمە لە وەڵامی ئەمەدا پێی دەڵێت:
” ئێمە مەحكومین بە پەشیمانی”
ماغوت تەنیا دەتوانێ‌ سەری بۆ ڕاوەشێنێت، وەك ئاماژەیەك، بۆ ئەوەی پێی بڵێت:
” جەستەم تۆڵەی ئەوەم لێدەكاتەوە، كە چەندین ساڵە پشتگوێم خستووە”
هەرچەندە دووریی نێوان “ئومێد و پەشیمانی” ئاسمان و زەوییە، بەڵام نزیكیەكەشی لە دەربرین و تێفكریندا هەر تەنیا ئەو (و) ه ی نێوانیانە.
“بۆیە تا ( و) هەبێ ناتوانین ببین بە یەک گیان لە دوو جەستەدا”
(٧)
هەموومان وەک یەک، لە مانگ ڕادەمێنێن.
کە ڕاشماین، وەک یەک مانگ دەبینین.
کەبینیشمان، وەک یەک لێتێدەگەین.
کە تێشگەیشتین، کاتێک دەبینین مانگ لە جێی خۆی نەماوە.
(٨)
كه‌من ئه‌وانه‌ی‌ له‌ دوا چركه‌ی ته‌مه‌ن و ژیانیشیاندا هیوابه‌خشن. دڵخۆشكردنی مرۆڤ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌.
پێدانی هیواو هاندانی مرۆڤ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ به‌رز بڕوانێ‌ و چاوی له‌ ئاسۆ دانه‌بڕێ‌، به‌ مرۆڤه‌ بووده‌ڵه‌كان ناكرێ‌.
هه‌موو فه‌یله‌سوفه‌كان «هایدیگه‌ر» نین له‌دوا چركه‌ی روح ده‌رچوونیاندا بڵێن سوپاس.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و سوپاسه‌شدا چه‌ند لقه‌دارو گه‌ڵایه‌ك بخه‌نه‌ نێو تابووته‌كه‌یه‌وه‌.
تۆ سه‌یركه‌، ئه‌و به‌م سوپاسه‌وه‌، ئه‌م مه‌رگه‌ تاڵه‌، چه‌ند شیرین ده‌كات، به‌ڵام ئێمه‌، ئێمه‌ی‌ ئێستا، ئه‌م ژیان و جیهانه‌ قه‌شه‌نگ و شرینه‌ چه‌ند ناشرین ده‌كه‌ین.
(٩)
تۆ بڵێ، كاتێك گه‌ڵاكان زه‌ردبوون و وه‌رین، چ پێویست ‌ده‌كات‌، پێمان بڵێن ئاگاداربن، ئه‌مه‌ نیشانه‌ی‌ هاتنی‌ پایزه‌.
كه‌ به‌فر باری‌ بۆ ده‌بێت نه‌زانین زستانێكی‌ قورس به‌ڕێوه‌یه‌.
كه‌ هێلكه‌مان له‌به‌ر خۆره‌تاو برژاند نه‌زانین ئەم هاوینە‌ چه‌ندە گه‌رمه‌.
کە درخته‌كان زووتر چرۆیان ده‌ركرد نه‌زانین ئه‌مسال به‌هار زووتر دەگات.




بۆ بەرهەم سالح لەگەڵ سڵاو و هیوا خوازیدا-2 … سمکۆ عەبدولکەریم

بەشى دووەم …..

” زیندووترین نمونەى بەگژدا چوونى سەرەڕۆیانەى دۆن کیشۆت، ئەو شەڕە تەن بەتەنەى بوو، لەگەڵ پەروانەى ئاشى (با) کەدا، چونکە لە ڕۆمانى (دۆنکیشۆت)دا، ئەوەى شەڕى دەگەڵ پەروانەى ئاشى بادا دەکرد دۆن کیشۆت بوو”
بۆیە ئەوە واقعیى ژیان و سەروڕۆییە دۆن کیشۆتییەکانە ئەو ڕۆمانەیان بە نەمرى هێشتۆتەوە.
هەڤال بەرهەم
من دەمێکە بۆخۆم باوەڕم بەوە هێناوە، کە لە تەواوى ژیاندا یەک ڕاستى و یەک هەڵە هەیە، ڕاستییەک کە دەمانگێنێتە وێستگە و هەڵەیەک کە ئەگەر کۆتایشمان پێنەهێنێ، بە دەڵنیاییەوە، بۆ هەمیشە لە پەراوێز و کەنارەکان دەمانهێڵێتەوە.
بۆیە من هەر زوو لە کاتى خۆیدا وتم یەکێتى لە بەردەم یەک هەڵەو یەک ڕاستى دایە. دواتریش ئاماژەم بۆ ماقولترین قسەى تۆ کرد کە لە چاوپێکەوتنێکدا وتت: ” بە خۆمى ڕەوا نابینم، هۆکارى لێکترازان و لەتبوونى یەکێتى بم”
بەڵام لە ئێستادا، تۆ بە پێچەوانەى ئەو قسەیەت یەکێتی -یت لەوەها ئەگەرەێک هەر زۆر نزیک کردۆتەوە.
هەموو ئەوانەى ئاماژە بۆ هەڵە، یەک لە دواى یەکەکان دەکەن، لە ماناى هەڵە تێنەگەیشتون، وەک چۆن هەموو ئەوانەش کە باس لە ڕاستییە یەک لە دواى یەکەکان دەکەن، بەهەمان شێوە لە ڕوحى ڕاستى نەگەیشتون.
یەکێتی بە ئەزمونێکی زۆر سەختدا تێپەڕی، تا ئێرە توانیویەتی سەرسەختانە و بە باوەڕ بەخۆبوونەوە ئیدارەی ئەو قۆناغە سەختە بدات، بەوەی توانی دەست بەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستانەوە بگرێ و لێنەگەڕێ لە یەک کاتدا نە شەڕ دروست بێ و نە دوو ئیدارەیی، نە گۆڕان لەدەست بدا و نە پارتی، لە یەک کاتدا توانی ئیدارەی ململانێی ناوخۆی و دەرەوەی خۆی بدات، توانی پارسەنگی هێز ڕاگڕێت، گوێی بەوانە نەدا کە پێیان دەوتن ( ئەکڕاد مالکی) گوێی بەوانەش نەدا کە پێیان دەوتن ( پڕۆ پارتی) کاتێک لە ڕێککەوتن نامەی ستراتیژیان دور خستەوە بۆ ئەوە بوو پەڕوباڵی بکەن، کاتێک ڕێککەوتنەکەی لە گەڵ بزووتنەوەی گۆڕان پێکرا بۆ ئەوە بوو کۆت و بەندی بکەن، لە ئێستادا یەکێتی لە دوا قۆناغ و ساتی ئاویدیو بووندایە، دەبێ زۆر وریا بێ ( یەک هەڵە و یەک ڕاستی هەیە) ئەو هەڵەیەی کۆتایی پێدێنێ و ئەو ڕاستییەی دەربازی دەکات.
هەڤال
تۆ بەر لەوەى بیر لە سەرکەوتن بکەیتەوە دەبى بیر لە سەرنەکەوتن بکەیتەوە، بیرت بۆ ئەوە بچێ کە هەموو ئەوەى ئینسان بیرى لێدەکاتەوە ئەوە نییە کە بەدەستى دێنى، هەرگیز مەبەستم ئەوە نییە، یان پێم وابێ ئینسان تەسلیم بە قەدەر بێ.
(سەلاح نیازى) نووسەر و وەرگێرى ناسراوى عیراقى دەڵێ: “من بە دواى سەرکەوتندا ناگەڕێم، بەڵکو لە فەشەل هێنان دەترسم”
ئەمە وەک ئەو پەندە ئینگلیزیە وایە:” گەر بە تەماعەوە بازێکى گەورەتدا بۆ ئەوەى سوارى ئەسپێک بیت، ئەوا دەکەویتە ئەو دیوی ئەسپەکەوە”
لەسەروبەندى خۆیدا (دیگۆل) سەرکردەى دیارى فەرەنسا ئامۆژگارى (ئەندرى مالرۆ) ى هاوڕێى کرد کە” بەهەڵەدا نەچێت فەرەنسا چیدى شۆڕشى ناوێت، سەردەمى شۆڕش بەسەر چووە”
بۆیە تۆ پێت وانییە سەردەمى جیابوونەوە بەسەر چووە، پێت وانییە کێشەکانى کوردستان پێویستیان بە داهێنەرێکى خەلاقى لە شێوەى (فرانکلین رۆزفێلت)-ى ئەمریکى و (لیون بلۆم) فەرەنسى هەیە کە لەسەردەمى قەیرانى دارایى گەورەدا توانیان وڵاتەکانیان لە گەورەترین گرفتى دارایى قورتار بکەن و لەم رێگەیەوە دەسەڵات بگرنە دەست.
بڕگەیەکى گفتگۆى نێو ڕۆمانى (تاوان وسزاى) دۆستۆیڤیسکى لەسەر خودى مرۆڤە، کە “راسکۆلنیکۆڤ” پاڵەوانى رۆمانەکە، کە دەکرێ بڵێین بیرکردنەوە و دەربڕینەکانى تەعبیرە لە خودى دۆستۆیڤسکى، مرۆڤ دابەشى سەر دوو جۆر دەکات مرۆڤە ئاساییەکان و مرۆڤە نائاساییەکان.
ئەمە بڕگەیەکى وەسفکردنى مرۆڤى نائاساییەکەیە:
“گەلێک لەو مرۆڤە نائاساییانە، ئەگەرچى هەر بە خۆڕسک گوێڕایەلن، بە هۆى هەندێک گەمەى سروشتەوە کە تەنانەت گا لێى بێبەش نییە، حەز لەوە دەکەن خۆیان وا بنوێنن کە پێشڕەو و یاخین و قسەى تازەیان پێیە. بە تەواوى بڕوایشەوە ئەم کارە دەکەن. لە کاتێکدا ئەمانە بە زۆریى گوێ بەوانە نادەن کە وتەى نوێیان پێیە تەنانەت ئەوەندە لێیان بێزارن، کە بە دواکەتوویان لە قەڵەم دەدەن. وەلێ بە بڕواى من ئەمانە مەترسیى گەورە دروست ناکەن، چونکە ئەو جۆرە کەسانە هەرگیز ناتوانن رێگەى دوور ببڕن”
هەڤاڵ
تەنگەژەی سیاسی و شەڕی ناوخۆیی ئینگلستان لە نێوان “چارلز-ی یەکەم پاشای ئەو وڵاتە و پەرلەمانی ئینگلیستان لە سالێ‌ 1642 بۆ 1651″ کە بەسەرکەوتنی پەرلەمان بەسەر مەلیک-دا کۆتایی هات.
وای لە تۆماس هۆبز-ی فەیلەسوف کرد، کە پشتگیری لە دەسەڵاتێکی بەهێزی رەها بکات، کە بە پێچەوانەوە” جۆن لۆک” فەیلەسوفی بلیمەت باوەڕی وابوو دەبێت پشتگیری لە دەسەڵاتەکانی گەل بکرێت.
تۆ سەیرکە دوای 3٦7 ساڵ ئێمە لە کوردستان بەهەمان تەنگەژەدا تێدەپەڕین.
لەوسەردەمدا لەوێ‌ چەندین بلیمەتی گەورە هەڵکەوتن (تۆماس هۆبز) پێی وابوو هەموو ئەوەی روویدا لەسەر چەند بیرکردنەوەیەکی کەمی تاک لایەنە دروست بوو، کە هەموو ئەو ململانێ کردنانەش بە هۆی لێک تێنەگەیشتنەوە دێنە ئارا.
ئەم قسەیەی “هۆبز” وەک ئەوە وایە، دوێنی لە بارەی کێشەی هەرێمی کوردستان-وە قسەی کردبێت، لەکاتێکدا ئەو بۆچوونانەی هۆبز بۆ نزیکەی 370 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە.
بەڕاستی لێک تێنەگەیشتن بەڵایەکی گەورەیە “هیگل” لەسەرەمەرگدا وتی: (ئەو لەمن تێنەگەیشت) بەڵام ئێمەش وەک کورد هەمیشە لە هیچ تێنەگەیشتین.




بۆ بەرهەم سالح لە گەڵ سڵاو و ئاوات خوازى … 1— سمکۆ عەبدولکەریم

بەشى یەکەم ………….
————————————–

بەو هیوایەى ئەم نووسینەى منیش خۆ خەریک کردن نەبێ بە مەحاڵێکەوە، کە وەک مەسعود محەمەد دەڵێ مرۆڤ هەر لەکۆنەوە خۆى بە مەحاڵەوە وابەستە کردوە و باسکى هیمەتى بۆ شتگەڵێک هەڵکردوە، کە رێى پێگەیشتنى نییە.
هەروەها دەمەوێ بڵێم ئەم نووسینەى من هەرگیز لە ژێر کاریگەرى و سۆزى فرمێسکەکانى ئەو شینە پیاوە نەنووسراوە کە لەم چەند ڕۆژەدا بینیم، چۆن لە کاتى قسەکردن لە گەڵیدا، لە ژێر چاویلکەکانى دەگرى و فرمێسک بە چاوەکانیدا دێنە خوارێ.

تۆ بڵێى واتاى گریانى ئەم شینە پیاوە چى بێت؟ ئەو فرمێسکانە لەچ ناخێکى پڕ لە ئازارەوە هەڵقوڵاون؟ ئەو بەبێ ئەوەى پێناسەى ئەو گریان و فرمێسکانەى خۆیم بۆ بکات، تێگەیشتم ئەو گەیشتۆتە کەنارى نائومێدى لە حزبەکەى، ئەو ڕۆژانەى وەک خۆى دێنەوە بەرچاو کە چۆن لە کونجەکانى زینداندا، هەمیشە دەستى نزاى بەرز کردۆتەوە، خودا هیمەتى زیاترى پێبدا و خۆڕاگر بێت لە بەردەم ئەشکەنجەکانى بەعسدا، هیچ شتێک نەدرکێنێ، ئەو پیاوە کە بیر لە ڕۆژە سەختەکانى ژیانى دەکاتەوە، بەدەم گریان و فرمێسکەوە تف و نەعلەت لەو کەسانە دەکات کە خەریکەى حزبەکەى دەکەنە قوربانى، بەڵام نازانێ قوربانییەکە بۆ کێیە و بۆ چییە؟
ئەو لە ئێستادا هەر هێندەى لە دەسەڵاتدایە بگرى، بەڵام دەزانن گریانى شینە پیاوێک واتاى چییە؟
ئێوە گوێ لەو وتووێژەى دەقى شانۆیى (سێ خوشک-ى ئانتوان چیخۆف) بگرن:
کاتێک ماشا دەڵێ: ئایا واتایەک بوونى هەیە؟
توزینباخ: واتا؟ تەماشاى دەرەوە بکە، خەریکە بە فر دەبارێ. واتاى ئەمە چییە؟
گوتنى ئەم ڕستەیە ” تەماشاى دەرەوە بکە، خەریکە بەفر دەبارێ” وەک تێرى ئیگڵتن دەڵێ: هەڵگرى چەند واتایەکە، بەفر واتا دارە وەک چۆن فرمێسکى ئەو پیاوەش کە بینیم دەگرى واتادارە.

ئەگەرچى بەفر مەتڵێکى سەیرو سەمەرە نییە، بەڵام بۆ کەسێک کە پێشتر بەفرى نەبینیوە زۆر سەیر نییە، کە پرسیار بکات “واتاى بەفر بارین چییە؟” بۆ یە بۆ منیش کە تا ئەم دەمە نەمبینوە شینە پیاوێک وا بە کول بگریت سەیر نییە ببێتە هۆکارى یەکەمى ئەو نووسینەم و لە ئێوەو لە هەڤال بەرهەم بپرسم واتاى گریان و فرمێسکەکانى ئەو پیاوە چین؟
ڕەنگە بەفرەکە دەلالەت بێ لەوەى کە زستان بەڕێوەیە و خەریکە دەگاتە جێ، لاى منیش گریانى ئەو پیاوە دەلالەت بوو لەوەى، تەرمى حزبەکەى بە شانەوەیەوە و نائومێدى کۆى جەستەى گرتۆتەوە، ڕوویتان بە شێوەیەک ڕەش کردوە چیتر تواناى بینینى کەسى نییە.
بۆیە توزێنباخ لە کۆتایدا بە ناچارى دەڵێ: ” کوڕە تەماشاکە، خەریکە بەفر دەبارێ، ئەوە زستان بەڕێوەیە و باشتر وایە بەرەو مۆسکۆ وەڕێ کەوین).
پرسیارەکە ئەوەیە ئەوان بەرەو مۆسکۆ بەڕێدەکەون ئەى ئێمە و ئەو پیاوە و ئەو هەموو کەسە هیلاک و شەکەتەى ئەم ڕێیە دوور و درێژ و سەخت و هەوراز و نشێوەى رێى نەجات بەرەو کوێ بەڕێ بکەوین.

تۆ بڵێى ئەو (وەتەن)ە کوێ بێت کە ئێمە تا ئێستا هیچ ئاشناى نین، ئەم وەتەنە سەیوانێکى لێیە ئەگەر باران بارى هەڵیدەین، ئەم (وەتەن) ە ئەشکەوتى هەیە، شاخى لێیە ئەگەر لێمان قەوما پشتى خۆمانى تێکەین.
بەڵێ ئێمە بەرەو وەتەنێک دەبەن کە هیچ شارەزاى کوچەو کۆڵانەکانى نین.
سوودى چییە بەدواى کەسێک کەوتن کە وەک مەسعود محەمەد سەبارەت بە بەوانەى بەرەو ئومێد سەر دەکێشن نووسیویەتى و دەڵێ: ” لە هەوڵى بەدەست هێنانى دوورەدەستەکاندا، بەوە ئاسانکارى لەگەڵ خۆیدا دەکا، کاتێ دەزانێ بە مەرام ناگا و ناهومێد دەبێ، پەنا دەباتە بەر لێکدانەوە و خەیاڵ و زندەخەون”.

دەزانى پێلێنانى ئەو فرمێسکە و سەدان و هەزاران قەترە فرمێسکى لەو شێوەیە لە بۆ گەیشتن بەو وەتەنە لە ئایندەدا چەند ئازار بەخشە.
بەڕاستى سەیرە ئێوە ئەو شتە ناکۆکانە چۆن دەتوانن بە یەکەوە کۆ کەنەوە؟ تۆ پێت وایە کێشەى ئەم مللەتە سەرۆکە؟ لە کاتێکدا ئێمە لەوەتەى هەین باجى سەرۆکەکان دەدەین.
یان ڕەنگە ئێمەش وەک ماغوت-ى شاعیر لەوەسەرى لە باوکەکانمان تێبگەین چۆن توانیویانە دووشتى ناکۆک بە یەک و پێچەوانەى یەکتر بە یەکەوە کۆ بکەنەوە.

هەڤال بەرهەم سالح

من دەزانم قسەکردن لەسەر بابەتى گەورە پێویستە پیاوى گەورە بیکات، چونکە هەروەک مەسعود محەمەد لە کتێبى “بۆچونێک لەسەر لێکدانەوەى مرۆیى مێژوو” دەڵێ: ” قسەکردن لەسەر بابەتى گەورە، وەک هەرشتێکى پەیوەست بە بەشەرەوە، لە زارى پیاوى گەورەوە بێ کاریگەرى زیاتر دەبێ”




جیهان لە چنگى ئیمپراتۆردا – 5 – … سمکۆ عەبدولکەریم

بەشى پێنجەم…….

ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا دواى پاشەکشەپێکردنى وڵاتانى زلهێزى ئەوروپا لە دواى جەنگى دووەمى جیهانى و دواتریش رووبەڕووبوونەوەى بیر و دەسەڵاتى کۆمەنیزم لە سەرتاسەرى جیهاندا کە یەکێتى سۆڤیەتى جاران سەرکردایەتى دەکرد، لە هەمانکاتیشدا سنووردارکردنى، دواتریش شکستپێهێنانى بیرى عروبەى عەرەبى لە دواى پەنجاکانى سەدەى رابردوو، بەسەرکردایەتى (جەمال عەبدولناسر) دەسەڵات و هەیمەنەى ئەمریکا گەیشتە چلەپۆپەى، بۆیە قسەکردن لە ئەمریکاى دواى ئەم قۆناغە باڵایە، بۆتە یەکێک لەو باسە گەرم و گۆڕە سیاسیانەى، نێوخۆى ئەمریکا، بەشێوەیەک لە سەرئاستى جیهانیشدا بۆتە مەسەلەیەکى پڕ بایەخ.

هەندێ لە مێژوونووسان و بیرمەندانى سیاسى، ئێمپراتۆرییەتەکەى ئێستاى ئەمریکا دەشوبهێنن بە ئیمپراتۆرییەتەکەى جارانى بەریتانیا، کە چۆن ئەو ئیمپراتۆرییەتەى کە بەوە ناسرا بوو، خۆرى لێئاوانابێت تووشى داڕوخان بوو، ، ئاواش ئیمپراتۆرییەتەکەى ئەمریکا کە بە دەسەڵاتدارى موتلەقى جیهان ناسراوە، دوور یان نزیک دووچارى هەمان چارەنووس دەبێتەوە “لە کاتێکدا ئیمپراتۆریەتى بەریتانیا رۆژێ لە رۆژان چارەگى خاکى دونیا بەدەستەوە بوو، کە نزیکەى چارەگى دانیشتوانى جیهانی پێکدەهێنا، لە بەرامبەر ئەوەدا ئەو زەوییەى کە ئێستا ئەمریکا لەسەرییەتى لەنێوان سەدا شەش بۆ سەدا حەوتى روبەرى گۆى زەوییە، دانیشتوانەکەشى لە سەدا پێنچ تێپەڕناکات” بەڵام لە رووى ئابورییەوە، بەرهەمى ئابوورى ئەمریکا دەگاتە چارەگى بەرهەمى دونیا، کە لە ساڵى (1969) وە تاکو ئێستا بە شێوەیەکى گشتى جێگیرە.

(رۆبێرت کاجان) لە نووسینەکانیدا زۆر بە توندى ئەوە رەت دەکاتەوە کە ئەمریکا لە لێوارى غلۆربوونەوەیەکى حەتمیدا بێت، بەشێوەیەک لە وتارەکانى (ئۆباما)ى سەرۆکى پێشووى ئەمریکاشدا ئەو مەترسییە هەستى پێدەکرێت، ئاماژەکانى ئەو مەترسییەش، جگە لەو وتارانەى لەوبارەوە نووسراون، زیاتر لە قسەکانى (ئۆباما) دا دەرکەوتوون.
ئۆباما لە یەکێ لە وتارەکانیدا لە ساڵى (2012) بە ئاوازێکى بەرزى دەنگی و جۆرێک لە بزەى باوەڕ بە خۆبوونەوە وتى: “ئەوانەى دەڵێن ئەمریکا لە دارووخاندایە، نازانن چى دەڵێن” ئەمەش بە پشت بەستن بە بۆچوونەکانى مێژوو نووسى
ئەمریکى (رۆبێرت کاجان) کاتێک وتارێکى بەناونیشانى ( ئەفسانەى داڕوخانى ئەمریکا) لە گۆڤارى (نیو ریپۆبلیک) ى ئەمریکى بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەى زۆرى هەبوو.
ئۆباما لە پەراوێزى ئەم وتارەى (کاجان)دا کە هەندێ چاودێرى سیاسى جۆرێک لە ترس و دڵەڕاوکێ پێوەدەبینن، دەیهەوێ بەگژ هەموو ئەو بۆچوونانەدا بچێتەوە کە باس لە داڕوخانى ئەمریکا دەکەن.

بە پێى هەندێ سەرچاوە، ئۆباما لە دانیشتنێکى تایبەتدا زۆر بە وردى و خاڵ بەخاڵ گفتوگۆى لەسەر ئەم وتارەى (کاجان) کردوە و باوەڕى بە بۆچوونەکانى هەبووە، بەڵام (کاجان) کە دواتر ئەو تێگەیشتن و بۆچوونانەى خۆى لە چوارچێوەى کتێبێکدا بە ناوى (جیهانێک کە ئەمریکا دروستى کردوە) فراوانتر دەربڕى، بەشێوەیەک رەخنە لە ئۆباما دەگرێت، کە کردەوەو بڕیارەکانى پێچەوانەى دەربڕینەکانییەتى، بە تایبەتى ئەوەى کە پەیوەندى بە رەوشى سوریاوە هەیە، لەم رووەوە رەخنە لە سیاسەتى ئەمریکا دەگرێت، لە بەرامبەر دەست تێوەرنەدان و پشتیوانی نەکردنى، گەل و سوپاى ئازادى سوریا.

لە مێژووى ئەمریکادا هەمیشە نووسەرو بیرمەندانى ئەم وڵاتە رۆلێکى بەرچاو دەبینن لە داڕشتن و دیاریکردنى نەخشەى سیاسى ئەم وڵاتە، بۆیە بەردەوام لەپشتەوەى زۆر لە سەرۆکەکانى ئەمریکا بیرمەندێک هەیە.
ئەمریکا لە زۆر بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتی پشت بەبیردۆزە داهێنراوەکانیان دەبەستێت، هەر لەکتێبەکەی سامۆئیل هنتگتۆن (پێکدادانی شارستانییەتەکان) و کتێبەکەی فۆکۆیاما (کۆتایی مێژوو) بگرە تادەگاتە کتێبەکەی (ناتان شارانسکی /کێشەى دیموکراسی/هێزی ئازادی بۆ زاڵبوون بەسەر ستەمی تیرۆر) کە زۆر لەنووسەرە سیاسییەکان ئەم دوو کتێبەی پێشتر وەک بناغەی سیاسەتی ئێستای ئەمریکا دەناسێنن، هەروەک ئاماژەیەکی زۆریش بۆ ئەوە دەکرێ‌ کە جورج بۆش زۆر سەرسام بووە بەم کتێبەی (ناتان شارانسکی) .

بە شێوەیەک (ناتان) باس لەو سودفەیە دەکات کە کتێبەکەى خۆى، لە سەرمێزى کۆندالیزا رایس وەزیری دەرەوەی ئەو کاتى ئەمریکا بینیوە، سەرسامابووە، بەوەى کە (کۆندالیزا) باسى ئەوەى بۆ کردوە کە (جورج بوش) مۆلەتى یەک هەفتەى پێداوە بۆ ئەوەى لەم ماوەیەدا ئەم کتێبە بخوێنێتەوە .
زۆر لە نووسەرو سیاستمەدارانیش بەکارهێنانى دەستەواژەى (فوضى الخلاقة) لە کاتى خۆیدا کە هەڵایەکى زۆرى نایەوە، بۆ بیرى ئەم کتێبەى (ناتان شارانسکى) دەگەڕێننەوە، بەومانایەى کە (شارانسکى) رایگەیاندوە: “عەرەب و موسلمانان، تا ئێستا لە ئاستى دیموکراتییەتدا نین” ئەم بیردۆزەش زیاتر لە دواى رووداوەکەى 11-ى سپتێمبەرى 2001 سەری هەڵدا و ئەمریکاى لەوە بە ئاگا هێنایەوە، کە ڕقێک خەریکە رۆژ بە رۆژ لە بەرامبەریدا ئەستورتر دەبێت، هەمووانیش باش هەست بەو ڕقە دەکەن، جورج بوش لە دواى 11-ى سپتێمبەر وتى: “دوژمنەکانمان رقیان لە ئازادیمانە”

فەرید زەکەریا خاوەنى کتێبى(جیهان دواى ئەمریکا و تۆماس فریدمان) لە کتێبەکەى بە ناوى (That Used to Be Us) دوو لەو نووسەرانەن کە (کاجان) زۆر بە توندى بۆچوونەکانیان لە بارەى ئایندەى ئەمریکا رەتدەکاتەوە، بە تایبەتى ئەو بۆچوونانەى وێنەى ئەمریکا وانیشان دەدەن، کە ئەمریکا خاوەنى هێزە، بەڵام ئۆباما بە شێوەیەک هەڵسوکەوت دەکات، وەک ئەوەى لە لێوارى داڕوخاندا بێت.
هەموو ئەوانەى داکۆکى لە بەردەوامى هەیمەنەى ئەمریکا دەکەن، پێیان وایە ئەمە جگە لە وەهمێکى بەتاڵ، شتێکى تر نییە، ئەمەش بە پشت بەستن بەو مێژووە پڕ لە هەوراز و نشێویەى، کە ئەمریکا پێدا تێپەڕیوە. نمونەش بەوە دێننەوە، کە ئەمریکا بە سێ قەیرانى ئابوورى خنکێنەردا تێپەڕیوە، قەیرانەکانى ساڵى (1910، 1930، 1970)، دواى ئەم قەیرانانەش، ئەمریکا هەموو جارێک بەهێزتر لە جاران دەرکەوتۆتەوە.

لە گۆشەیەکى ترى مێژووییەوە مێژوونووسان تەمەنى ئیمپراتۆرییەت بە چەند قۆناغێکى یەک لە دواى یەک هەڵدەسەنگێنن، نەک چەند ساڵێکى کەم. بۆیە هەموو ئەوەى لە بارەى ئەمریکاوە دەوترێت، دەکرێ لە گۆشەى سیاسى ترەوە لێیبڕوانرێ، بە تایبەتى ئێستا، کە ئەمریکا بە قۆناغێکى زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت، هەستیار، هاوشێوەى قەیرانى کوباى ساڵى 1962، کاتێک بە ناچارى کەوتە بەردەم ئەگەرى رووبەڕووبونەوە لە گەڵ یەکێتى سۆڤییەت، ئێستاش جارێکى تر لە گەڵ روسیا ڕووبەڕو دەبێتەوە.




جیهان لە چنگى ئیمپراتۆردا – 4 – … سمکۆ عەبدولکەریم

بەشى چوارەم

ئەمرێکا بەردەوام لە چوارچێوەى بیردۆزى “سیاسى و ئابورى و سەربازى”یەوە کە لە لایەن سیاسییەکان یان بیرمەندانى وڵاتەکەیەوە داڕێژراون، نەخشە رێگاى سیاسى دوورو نزیکى ئەمریکاى کێشاوە، ئەمە جگە لەبەرچاوگرتنى لایەنى “کۆمەڵایەتى و جوگرافى” کە، شتێک نەماوە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا حیسابى بۆ نەکردبێت.
بۆیە دەبینین ئەمریکا زۆر دوورتر لەو مێژووەى ئێمە ئاماژەمان بۆى کردوە، بیرى کردۆتەوە، بیرکردنەوەیەک کە ئێستا دونیا دەبێت تێبگات ئەمریکا لە کوێوە سەرى هەڵێناوە و لە کوێ و کەى، ئەو سەرەى نەوى دەکات.
لە (2-ى دیسمبەرى ساڵى 1823، جیمس مۆنرۆ) پێنجەم سەرۆک کۆمارى ئەمریکا بنەماو رێبازێک دادەڕێژێ کە تا ئێستاش هەناسە دەدات، ئەو رێبازەى هەر بە ناوى خۆیەوە ناسراوە (رێبازى مونرو)
(جیمس مۆنر) لە رێگەى بەیاننامەیەکەوە، کە ساڵى (1823) ئاراستە گۆنگریسى وڵاتەکەى دەکات، ئەو بنەمایانە رادەگەێنێ کە دڵنیایى سەربەخۆیى دەداتە وڵاتانى خۆرئاواى نیوە گۆى زەوى، لە دژى دەست تێوەردانى وڵاتانى ئەوروپى، چ بۆ چەوساندنەوەیان، یان بڕیاردان لە مافى چارەى خۆنووسین، هەر بە پێى ئەو رێباز و بنەمایانەى مۆنرۆ رێگە لەوە دەگرێت ئەوروپییە ئەمریکییەکان، ژێردەستەى داگیرکارى هیچ هێزێکى ئەوروپى بن، لە ئایندەدا.

سەرەنجام دەرکەوت کە ئامانجى سەرەکى لەو بەیاننامەیە رێگریکردنە لە دروست بوونى هەر جۆرە داگیرکارییەکى نوێ، لە هەر یەک لە ئەمریکاى باکور و باشوور، لە لایەکى تریشەوە بەربەستکردنى سنورى ئەو داگیرکاریانە بوو، کە هەبوون.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، رێبازى (مۆنرۆ) نەک هەر سوودێکى بازرگانى واى نەبوو بۆ ئەمریکا کە شایانى باسکردن بێت، رێگریش نەبوو لە بازرگانیکردنى وڵاتانى ئەوروپى، لە سەروى هەمووشیانەوە بەریتانیا، کە پشکى شێرى بەرکەوتبوو، هەروەها نەبووە هۆى باشترکردنى پەیوەندییەکانى نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا و وڵاتانى ئەمریکاى لاتینش.

چونکە ئەو وڵاتانە ئەو بنەمایەیان وەک فەلسەفەیەکى پارێزگاریکردنیان لێکنەداوە، بۆیە لێى بێزار بوون و پێیان وابوو، ئەمە رێگا و هۆکارێکە بۆ زاڵبوون بە سەریاندا، واتە وڵاتانى ئەمریکاى لاتین هێندەى لە هەیمەنەى باکور دەترسان، هێندە ترسیان لە وڵاتانى ئەوروپى نەبوو.
“سیودۆر رۆزڤێلت”بیست و شەشەمین سەرۆکى ئەمریکا، ماناو روحێکى نوێى وەبەر ئەو رێبازەى مۆرنرۆ دا، بە شێوەیەک پێوابوو بێدەسەڵاتى و هەر جۆرە هەڵەیەک لە لایەن وڵاتانى بچووکى ئەمریکاى لاتین، دەبێتە هۆى وروژانى وڵاتانى ئەوروپا بۆ دەست تێوەردان.
لە ئەنجامى ئەم تێگەیشتنەدا رۆزڤێلت بۆ پشتیوانیکردن لە رێبازى (مۆنرۆ) داواى لە وڵاتەکەى کرد رێگاى بدرێت دەست تێوەردان لە وڵاتانى لاتین بکات و لە چوارچێوەى سیاسەتى (دارى سەرکێش) ( سیاسە العێا الغلیڤە) هێزى سەربازى رەوانە بکات.
ئەوەبوو ویلایەت یەکگرتوەکانى ئەمریکا لە ساڵى (1905) هێزى ناردە دۆمنیکان و لە ساڵى (1912) ش بۆ نیکاڕاگوا و ساڵى (1915) ش هێزى ناردە هایتى.

بەڵام لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانی ئەمریکا بە پەیوەندییەکانی خۆیدا چووەوە لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکای لاتین، بەشێوەیەک جۆرێک لەدڵنیایی دانێ‌ لەوەی، کار بۆ سیاسەتێکی باشی هاوسێیەتی دەکات، ئەمەش ئەو گۆڕانە جۆرییە بوو کە دواتر لەنیوەی یەکەمی سەدەی رابردوودا لەسیاسەتی ئەمریکادا رەنگیدایەوە، واتە پەنابردنە بەرهێزی سەربازی بووە بیرکردنەوەی سێیەم لە سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکادا، دوای بەکارهێنانی سیاسەت‌و ئابووری، وەک دوو بنەماى سیاسى بۆ پەلهاویشتنەکەى بۆ دەرەوەى خۆى.

بۆیە دەبینین ئەگەر ئەمریکا زۆر ناچا نەبووبێت پەنای نەبردۆتە بەر بەکارهێنانی هێز، ئەگەریش ئەوەی کردبێت لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەتی جیهانیدا کردویەتی، وەک شەڕی ئەفغانستان‌و عیراق، کە هەمیشەش خۆی سەرکرایەتی کردوە، ئەمەش جارێکی دیکە چۆتە خزمەت زیاتر باڵابوونی ئەمریکاو قایمکردن و سەلماندنی ئەو راستییەی کە «ئەمریکا دروستکەری جیهانە» کە (رۆبێرت کاجان) لە بۆچوونێکیدا دەیهەوێ‌ بیسلمێنی، ئەو هەیمەنەو ئیمپراتۆریەتەی ئەمریکا نەک هەر لەپاشەکشەدا نییە، بەڵکو وێڕای قەیرانە دارییەکەی( 2007) و هەڵکشانی «چین» لەڕووی ئابوورییەوە، ئەمریکا هەر لەپێگەی خۆیدایەو هەموو ئەو ئاماژانەش کە باس لەلاربوونەوەی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن هەڵەن.

هەرچەندە( کاجان) دان بەوەدا دەنێ‌ کە ئەمریکا لەتوانایدا نییە، لەتەواوی دۆسییەکەندا ئیرادەی خۆی بسەپێنێ‌، هەرچەند جۆرێک لەسەرکەوتنی لەعیراق بەدەستهێناوە، ئەمە جگە لەهەوڵەکانی بۆ بەربەستکردنی تەشەنەکردنی پیشەسازی ئەتۆمی و لەنێوبردنی قاعیدەو برەودان بەپیشەسازی چەک و تەقەمەنی، هەروەها دەستپێوەگرتنی تۆڕی هاوپەیمانییەتی لەگەڵ ئەوروپاو زۆر لەهێزەکانی ئاسیا، لەو روانگەیەوە کاجان پێیوایە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە تائێستا، هەیمەنەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک هێزێکی جیهانی جێگیرەو، لەتوانایدا هەیە هەر شتێک بیەوێ‌ بیکات، بەشێوەیەک وای داناوە کە لەئێستادا دوای رۆمای کۆن، ئەمریکا توانادارترین هێزی سەر رووی زەوییە.




جیهان لە چنگى ئیمپڕاتۆردا -3 – … سمکۆ عەبدوڵکەریم

بەشی سێیەم……

بە لە بەرچاوگرتنى هەنگاوەکانى ئەمریکا بەرەو وڵاتانى ئەمریکاى لاتین و دواتریش ئیران و پاشان ئیندۆنیزیا وەک سەرەتایەکى نوێ لە سەرهەڵدانى نەهامەتى و چەوساندنەوەى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى، بە چەشنێکى دیکەى جیا لە سەردەمى داگیرکارى سەربازى، لەوە تێدەگەین کە سیاسەتى نوێى ئەمریکا وەک ستراتیژیەتێکى تازە لە نیوەى دووەمى سەدەى بیستەمدا دەست پێدەکات و خۆى لە ناردنى کۆمپانیاکان بۆ وڵاتە دەوڵەمەندەکان لە بوارى سامانى سروشتیدا دەبینێتەوە، کە تا ئەم کاتیش خودى وڵاتەکە خۆشى هیچ سوودێکى لێووەرنەگرتبوو، دیارە هەموو ئەمانەش وەک جێبەجیکردنى ئامانجگەڵێک کە خۆى لە پڕۆژەکانى وەک کارەبا و ئاو و تەندرستى و پەروەردە و رێگاوباندا دەبینیەوە، کە سەرەنجام لەم رێگایەوە کۆمپانیاکان لە نێویاندا ئەوانەى رۆلى بکوژى ئابوریان دەگێڕا زیاتر بەدواى جێبەجێکردنى ئەو پلانانەوە بوون کە لە بنچینەدا بۆى هاتبوون، ئەرکى هەندێکیان لە نێو کۆمپانیادا ئەوە بوو کە لە کاتى رەتکردنەوەى بەرنامەو پڕۆژەکانیان، یان تەگەرە دروستکردن بۆیان، لە لایەن دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتانەى کە بۆیان چووبوون، یان هاوڵاتیانەوە، ئەوان پەنا بەرنە بەر هەڵخەلەتاندن و لە خشتەبردنیان، بە ئامانجى ڕازیکردنى سیاسییەکان و ئەو هاوڵاتیانەى ئامادە نین بچنە ژێربارى سیاسەت و خواستى کۆمپانیاکە. دیارە ئامانجى کۆمپانیاکانیش لە بنەڕەتدا ئەوە نەبووە کە دەیانەوێ خزمەت بەو وڵاتەو خەڵکەکەى بکەن، بەقەد ئەوەى ئامانجیان هەڵلۆشینى سەروەت و سامانى ئەو وڵاتانە و خستنە ژێربارى قەرز بووە، بۆ ئەوەى بۆ هەمیشە بکەونە ژێر بارى داوکارى و خواستى ئەمریکا و هەرگیز نەتوانن پێچەوانەى ویستى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا هەنگاو هەڵێنن.

وەک هەنگاوى یەکەمیش هەموو ئەو هەنگاوانەى ئەمریکا بۆ لێدانى پێگەى تەوژمى شیوعییەت بوو، لە سەرتاسەرى جیهاندا. لە چوارچێوەى ئەو سیاسەت و تێگەیشتنەى ئەمریکا بۆ کۆنترۆلکردنى جیهان دەردەکەوێت ئەمریکا نەخشەرێگاکەى هەلێنجراوى ئەو پلانەیە کە پێدەوترێت پلانى پێنجى (خگە خمسیە)
بۆیە دەبینین لەم ماوەیەدا، ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک ڕووبەڕووى بزووتنەوە ئیسلامییەکان نەبۆتەوە، بەڵکو بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ یارمەتیدەرى یارمەتیدەرەکانیشیان بووە، یان هەر هیچ نەبێت چاو پۆشى لەو وڵاتانە کردوە کە بە هەموو شێوەیەک هاوکارى بزووتنەوە ئیسلامییەکانیان کردوە لە سەروى هەمووشیانە عەرەبستانى سعودى، کە لەم سەردەمدا، بە تایبەتى کاتێک یەکێتى سۆڤیەتى جاران بۆ پشتیوانى کردن لە رژێمى ئەو دەمى ئەفغانستان هێزى سەربازى هێنابووە ئەفغانستان و بە هەموو شێوەیەک بەرگرى لە سیستمى سیاسى ئەوکاتى ئەفغانستان دەکرد.
لە بەرامبەر ئەوەدا و لە چوارچێوەى ئەو نەخشە رێگایەى ئەمریکا کە بۆ چەسپاندنى هەیمەنەى خۆى کێشابووى”ئارەزوى خۆى نەشاردەوە لەوەى بنەماڵەى سعود لە هەشتاکانى سەدەى بیستەم، لە شەرى ئەفغانستان لە دژى شورەوى پارە بە ئوسامە بن لادن بدەن، دیارە ریاز و واشنتن پێکەوە نزیکەى سێ ملیار و نیویان دا بە جەنگاوەرە موسلمانەکان”.
هەوەها دواى رووداوەکەى 11-ى سپتیمبەریش بەڵگەیەکى گەورەى پێوەندى ژێر بە ژێرى نێوان ریاز و واشنتن دەرکەوت، کە ساڵى 2003 گۆڤارى “ڤانیتى فیێر” راپۆرتێکى بە ناونیشانى (ڕزگارکردنى سعودییەکان) بڵاوکردەوە و باس لە پەیوەندى بنەمالەى بۆش و بنەمالەى سعود و بنەمالەى بن لادن دەکات .

بە هۆى ئەوەى کە ئەمرێکا خاوەنى فەلسەفەیەکى فیکرى و ئایدۆلۆژیایەکى دیاریکراو نەبووە، هەمیشە بەرژەوەندییە باڵاکانى خۆى لە سەرووى هەموو بیروباوەڕێکەوە بینیوە، هەر لەم چوارچێوەیەشدا هەڵسوکەوتى کردوە، تاکە فەلسەفەیەک کە خۆى بە خاوەنى زانیوە و جاروبار لێرەو لەوێ لەسەرى هەڵداوەتێ، پڕۆسەى دیموکراتى و بنەماکانى مافى مرۆڤ بووە، بەڵام ئەمەشیان قەت نەبۆتە رێگر لەبەردەم گرتنەبەرى هەر جۆرە رێوشوێنێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانى، وەک ئەو وڵاتە کۆمەنیزمانەى یان ئیسلامییانەى، کە خۆیان بە بیروباوەڕێکى دیاریکراوەوە بەستۆتۆتەوە، ئەگەر هەندێ لەو بزووتنەوانە، بەڕاستیشیان نەبێت، بۆ ئەوەى ماهییەتییان دەرنەکەوێ ناتوانن زۆر راشکاوانە، هەنگاوى پێچەوانەى بیروباوەڕەکەیان هەڵێنن، لانى کەم بۆ ئەوەى ئەوانەى بەڕاستى بەو هیوایەوە بەگەڵییان کەوتوون، هەر بە دەوریانەوە بمێنن، بەڵام ئەمریکا قەت خۆى گیرۆدەى وەها گرفتێک نەکردوە، ئەوەى هەیە هەر ئەوەندەیە کە دەگوترێ ئەمریکا راستگۆ نییە لە بەرامبەر بە دیموکراتیکردنى جیهان و پاراستنى بنەماکانى مافى مرۆڤ، کە هەمیشە وەک دروشمێکى زەق بەڕووى خۆیدا هەڵواسیوە.
ئەگەر خۆمان بە دوور بگرین لەو تێگەیشتن و رەخنەگرتنە تەقلیدیانەى سەدەى رابردوو، کە بەشێکى هەڵێنجراوى ئایدۆلۆژیایەکى چەق بەستوو بوو، بەشەکەى تریش زیاتر پەیوەندییان بە جۆرێک لە ملمڵانێی توندو ستراتیژى قوتبەکانى دونیاو وڵاتە زلهێزەکانى ئەوروپا هەبوو، بە ئامانجى کۆنترۆلکردنى جیهان و هەڵلۆشینى سەروەت و سامانى گەڵانى بێدەسەڵات، بۆیە دەکرێ لە ئێستادا لە دەرەوەى ئەو جۆرە تێگەیشتنە ئایدۆلۆژى و بەرژەوەندخوازییە بەرفراوانەى جاران، هەڵسەنگاندن بۆ سیاسەت و هەیمەنەى ئەمریکا بکەین بە سەر جیهاندا.
بەومانایەى کە دەرکەوتنى ئەمریکا وەک وڵات و هێزێکى کاریگەر لە جیهانى دواى جەنگەکانى یەکەم و دووەمى جیهانى زۆر لێمانەوە دوور نییە، بە تایبەتیش لە دواى جەنگى دووەمەوە کە باوەڕى سنووردار سەرکەوت بەسەر باوەڕى گشتگیردا، کە خۆى لە ئایدۆلۆژیادا دەبینیەوە، “فاشییەت و نازییەت” وەک سەرەتا و دواتریش “شیوعییەت”

بە تایبەتیش کاتێک لە دواى جەنگى دووەمەوە ئەمریکا “پڕۆژەى ماڕشال” ى راگەیاند، کە خۆى لە خۆیدا راگەیاندنى ئەم پرۆَژەیە لە لایەن “جەنەڕال جۆرج ماڕشال” ئاماژەیەکى زۆر ڕوونى دەرکەوتن و سەرهەڵدانى ئەمریکا بوو، لەبەرامبەر وڵاتانى ئەوروپى کە تا ئەو دەمە، ئەمریکا هیچ دەمێک وا دەرنەکەوتبوو، واتە دەست درێژکردنى ئەمریکا بۆ یارمەتیدانى وڵاتانى ئەوروپى، لە رووى ئابورییەوە، بە مەبەستى ئاوەدانکردنەوەى ئەورپاى وێرانى دواى جەنگ، نیشانەى ئەوپەڕى بایەخى ئەمریکایە بە لاینى ئابورى، کە دواتر بۆ فراوانکردنى ئەو ئابورییەى لە رێگەى کۆمپانیاکانى ئاوەدانکردنەوە و گەیاندنى پڕۆژەى خزمەتگوازارییەوە، پەلى هاویشت بۆ وڵاتانى بێدەسەڵاتى خاوەن سامان و خستنیە ژێر رکێفى خۆیەوە.




جیهان لە چنگى ئیمپڕاتۆردا -2- …. سمکۆ عەبدوڵکەریم


بەشى دووەم…..

ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئیمپراتۆریەتى جیهانى سلێ لە هیچ نەکردەوە، لە چوارچێوەى ئەو نەخشەرێگایەى رۆزڤێلت کێشاى ئەمریکا لە رێگەى کۆمپانیاکانەوە دەستى بە هەموو کون و کەلەبەرێکى ئەو جیهانە گەیشت. لە دەرەوەى پڕۆسەى سەربازى ئەمریکا شەڕى لە بەین بردنى دوژمن و نەیارەکانى دەست پێکرد، هەر لە وڵاتانى ئەمریکاى لاتینەوە بگرە، تا دەگاتە ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و ئاسیاى دوور، لە سەروى هەمووشیانەوە لێدانى پێگەى یەکێتى سۆڤیەتى جاران، کە ئەمەیان بۆ ئەمریکا لە سەرووى هەموویانەوە بوو، چۆن بتوانێ گەورەترین و مەترسیدارترین کۆسپى بەردەم ئیمپڕاتۆریەتەکەى بڕوخێنێ، لەم روانگەیەوە بە پشت بەستن بە بیردۆزى (دۆمینۆ، کە ئەیزنهاوەر لە ساڵى 1954 لە یەکێ لە وتارەکانیدا ئاشکراى کرد) پەناى بردە بەر سەرکوتکردنى هەر وڵاتێکى هەڵگرى بیروباوەڕى شیوعییەت، چونکە بە پێى لێکدانەوەى ئەو (بیردۆزەى ئەیزنهاوەر) هەر وڵاتێکى شیوعى لە ناوچەکەیدا، دەکرێ کاریگەرى لەسەر وڵاتانى دەوروبەرى دابنێ و وایان لێبکات دواى بیرەباوەڕى شیوعیەت بکەون، بە پێچەوانەشەوە هەر لە روانگەى بیردۆزى (دۆمینۆ) وە سەرکوتکردن و روخانى هەر وڵاتێک لە ناوچەیەکى دیاریکراودا، دەبێتە هۆى رووخانى وڵاتانى دوروبەرى، یەک بە دواى یەکدا، (وەک پوولى دۆمینە).

ئەمریکا بۆ بە ئاکام گەیاندنى خواستەکانى، هەنگاو بەهەنگاو لە رووخانى شیوعییەت نزیک بووەوە، کە ئەوەیان بۆ ئەو خواستێکى هەرە لە پێش بوو، بە جۆرێک، بۆ لێدانى شوعییەت بە شێوەیەکى گشتى پەناى بردە بەر هەمووشتێک، هەر لە لەنێوبردنى سەرۆکى چەند وڵاتێک، کە گومان دەکرێ ئەمریکا ناراستەوخۆ لە پشتیانەوە بووبێت، وەک (عومەر تۆریجۆس سەرۆکى پەنەما و جیم رۆلدوس سەرۆکى ئیکوادۆر) کە هەردووکیان لە یەک ساڵدا لە رێگەى سووتان و کەوتنە خوارەوەى فڕۆکەکانیان لە ساڵى (1981) گیانیان لە دەستدا. ئەمە جگە لە دەست هەبوون و رێکخستنى کودەتاکان و پاڵپشتى کردنى گروپ و بزووتنەوە ئیسلامییەکان، ئەمەش هەر هەموو بە ئامانجى لێدانى شیوعییەت و خۆشکردنى زەمینە بۆ دروستکردنى ئەو ئیمپراتۆریەتەى ئێستا بە هۆى سەرهەڵێنانەوەى روسیا خەریکە ئەو پێگەیەى جارانى نامێنێ و جارێکى دیکە بارودۆخەکە بەرەو قۆناغێکى دیکەى ملمڵانێ هەنگاو دەنێ.

ئەگەر پێشهاتەکانى، دواى یەک لە دواى یەکى روخانى رژێمەکانى، تونس و لیبیا و میسر و یەمەن، وا لێکبدەینەوە کە دەرفەتێکى دیکە بوو بۆ ئەمریکا، بۆ ئەوەى خولێکى دیکەى یارییە سیاسییەکەى دەست پێبکات، بە ئامانجى زیاتر چەسپاندنى دەسەڵات و هەیمەنى خۆى بەسەر جیهاندا، ئەوە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو رۆژەى کە لە (11 ى سپتێمبەرى 2001) ئوسامە بن لادن لە رێگەى چەند فڕۆکەیەکى مەدەنى پەلامارى ئەمریکاى-دا، بە شێوەیەک تا ئێستاش لە (40%) سەدا چلى دانیشتوانى ئەمریکا باوەڕ بەو چیڕۆکە ناکەن و بە سیناریۆ و گوومانەوە لەو رووداوە دەڕوانن و پێیان وایە ئەمە بەشێک بووە لە سیاسەت و گەمەى سیاسى، کە مێژووى ئەمریکا پڕیەتى لەو جۆرە یاریانە، کاتێک ویستبێتى چنگى لە شوێنێک گیرکات و ئابورییەکەى هەڵلوشێت، سیناریویەکى داڕشتووە.

پەنەما یەکێکە لەو وڵاتانەى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا لە ساڵى 1989 بە بیانووى بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و سپیکردنەوەى پارە داگیرى کرد، بەڵام بە گوێرەى هەندێ سەرچاوە هۆکارى ئەم داگیرکارییە ئەوە بوو کە پەنەما و سەرۆکەکەى (مانویل نوریێگا ) بەرهەڵستى تاقمێک لە سیاسییەکان و بەڕێوەبەرى کۆمپانیا ئەمریکییە خاوەن دەسەڵاتەکانى دەکرد.

ئەمەش وەک بەربەستێک وابوو لەبەردەم جێبەجێبوونى نەخشەى سیاسى ئەمریکا لە جیهاندا، بەومانایەى ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئیمپڕاتۆرییەت، لە هەر شوێنێک لە لایەن هەرسەرکردەیەکەوە بەرەنگارى کرابێت، ئەو کەسە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە نێوبراوە، بە پێى هەندێ سەرچاوە ئەمریکا لە ماوەى (111) ساڵدا لە ساڵى 1890 تا 2001 (134) دەست تێوەردانى سەربازى ئەنجامداوە .
لەو کاتانەى ئەمریکا زۆر سەرسەختانە رووبەڕووى بیرى شوعییەت و ئەو وڵاتانە بووەو کە رۆژ بەرۆژ لە هەڵکشاندا بوون و مەترسى ئەوە هەبوو ئەو وڵاتانە یەک لە دواى یەک بکەونە ژێر دەسەڵات و فیکرى کۆمۆنیزم.

ساڵى (1969) ئیندۆنیزیا بووە چەقى ئەو رووبەڕوبوونەوانە، بۆیە دەبینین ئەمریکا لە رێگەى کۆمپانیاى (مەین) و جێبەجێکردنى پڕۆژەى کارەبا لەم وڵاتەدا، پلانێکى گشتگیرو تۆکمەى داڕشت بۆ لانى کەمى کۆنترۆلکردنى باشوورى رۆژهەڵاتى ئاسیا ، مەبەستیش لەوە ئەوەبوو(سۆهارتۆ) خزمەتى سیاسەتى دەروەى ئەمریکا بکات و ببێتە نمونە و سەرمەشق بۆ وڵاتانى دیکەى ناوچەکە، بە شێوەک رەنگدانەوەیەکى باشى هەبێت لە سەر ئاستى وڵاتانى ئیسلامى بە تایبەتى و خۆرهەڵاتى ناوەڕاست بە شێوەیەکى گشتى، کە لەم سەردەمەدا خۆرهەڵاتى ناوەڕاست لەبەردەم تەقینەوەیەکى جۆریدا بوو، لەم رێگایەشەوە لە یەک کاتدا ئەمریکا هەم لە رووى سیاسییەوە پێگەى خۆى لەم ناوچەیەدا بەهێز بکات بۆ لێدانى کۆمۆنیزم، هەم لە رووى ئابوورییەوە دەست بەسەر نەوتى ئەم وڵاتدا بگرێت کە تا ئەم کاتەش کەس ئاگادارى رێژەو جۆرى نەوتى ئەم وڵاتە نەبوون.

دەکرێ بڵێن لە دواى ئیران، ئیندۆنیزیا دووەم تاقیکردنەوەو پەلهاویشتنى ئەمریکا بوو بەرەو دروستکردن و گەیشتن بە ئیمپراتۆریەتى جیهانى لە ناوچەى ئاسیا و خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، کە زۆر لە سیاسییەکان و شارەزایانى بوارى ئابورى لە نێو ئەو کۆمپانیایەى بە مەبەستى ئەنجامدانى پڕۆژەى کارەبا روویان کردبووە ئیندۆنیزیا ئەو راستییەیان دەزانى و هەندێکیان دانیشیان پێدا ناوە، هەمیشە ئەو بیانووەیان بۆ خۆیان هێناوەتەوە کە دەیانگووت: ” ئێمە لێرەین بۆ ئەوەى وڵات لە چنگى کۆمۆنیزم رزگار بکەین” .




جیهان لە چنگى ئیمپڕاتۆردا -1- … سمکۆ عەبدوڵکەریم

بەشى یەکەم

بەر لە گەشتەکەى کۆلمبوس و دۆزینەوەى هەردوو ئەمریکاکە، دەستەواژەى جیهانى نوێ لە فەرهەنگى سیاسیدا ناوى نەبوو، جیهان هەر ئەوە بوو کە پێى دەوترا، جیهانى کۆن، هەرچەندە چۆمسکى لە کتێبەکەیدا ” ساڵى ( 501) داگیرکارى بەردەوام” ساڵى (1992) وەک تێپەڕبوونى 500 ساڵ بەسەر سیستمى جیهانى کۆن وەسف دەکات و پێى وایە هێشتا جیهانى نوێ دەستى پێنەکردوە، بە پێچەوانەوە بەر لە چۆمسکى، ئادم سمیس ساڵى (1776) لە کتێبکەیدا بە ناوى (توێژنەوە لە سروشت و هۆکارەکانى سامانى گەلان) دەڵێت: “دۆزینەوەى ئەمریکا و دۆزینەوەى رێگاى خۆرهەرلاتى هیند لە رێگەى (رەئس ئەلرەجا ئەلسالح) دوو گەورەترین و پڕبایەخترین رووداو بوون لە مێژووى مرۆڤایەتیدا ” بەومانایەى هەروەک سمیس ئاماژەى بۆ کردوە دۆزینەوەى ئەمریکا یارمەتیدەرێکى بنچینەیی بوو بۆ ئەوروپا، بە ئامانجى ئەوەى ئەوروپا لە رێگایەکى کورتتر و خێراترەوە دەستى بگاتە ئەوپەڕى ئاسیا، بە مەبەستى دروستکردنى بازاڕى نوێ بۆ ساغکردنەوەى کالاکان، لەم رێگایەشەوە دەست بەسەرداگرتن و گەیشتن بە ئاسیاى دوور.
دەکرێ کۆمپانیاى خۆرهەڵاتى هیند کە لە ساڵى (1600) بە مەڕسومێکى فەرمى لە لایەن ئەلیزابێ یەکەم مەلیکەى بەریتانیا راگەێنرا بە یەکەم و گەورترین کۆمپانیا دابنرێ، کە بەریتانیا پاڵپشتى سیاسى و سەربازیی لێدەکرد، تا ئەو شوێنەى وەک دەسەلاتدارى سەرەکى سەرجەم هەرێمەکانى هیند خۆى سەپاند.

لێرە بەدواوە ملمڵانێى لە سەر دەست بەسەرداگرتنى دونیا رۆژ بەرۆژ لەبرەودا بوو، لە ئەنجامى ئەو ململانێیەش ئەوروپا بە سەختترین شەڕو ملمڵانێى نێوخۆیدا تێپەڕى، هەوڵەکانى ناپلیون پۆناپارت بۆ دەست بەسەرداگرتنى تەواوى ئەوروپا، بە دیارترین و بەرفراوانترین خواستى لەم شێوەیە دادەنرێ، ئەگەرچى لە کۆتیشدا شکستى هێنا.
جەنگى یەکەمى جیهان یەکەم قۆناغى وەرچەرخان بوو لە مێژووى جیهاندا، کە پڕۆسەى داگیرکارى پێى نایە قۆناغێکى نوێ، بە کۆتایى هاتنى جەنگى دووەمى جیهانیش، کە بۆ یەکەمجار ئەمریکا وەک وڵاتێکى زلهیز و خاوەن قودرەتێکى ئابورى و سیاسى و فەلسەفى دەرکەوت، دونیا پێى نایە قۆناغێکى دیکە، دواتر هەنگاو بەهەنگاو باڵادەستى بەشێک لە وڵاتانى ئەوروپى کە لە رێگاى دەست بەسەرداگرتنى وڵاتانى دیکەوە دروست ببوو، بەرەو پووکانەوە دەچوو، ئەمەش بووە هۆى ئەوەى گۆڕانکارى بەسەر ناو و ناوەڕۆکى پڕۆسەى داگیرکاریدا بێت، گەلانى ئازادیخواز لە دژى داگیرکردنى وڵاتەکانیان، لە نێوەى دووەمى سەدەى بیستدا کەوتنەخۆ، دژ بە داگیرکەران راپەرین، هەندێکیان لە رێگەى شۆڕش و هەندێکیشیان لە رێگەى فشارى جەماوەرى و لێدانى بەرژەوەندى ئابورییان، داگیرکەرانیان ناچار بە پاشەکشە کرد، وایان لێکردن بە هەر شێوەیەک بێت دان بە سەربەخۆیى ئەو وڵاتانەدا بنێن، تا ئەو دەمەى بە تەواویى کۆتایى بە سیاسەتى داگیرکارى بە مانا کلاسیکییەکەى هات و ئازادى گەلان و گەیشتن بە سەربەخۆیى باڵى کێشا بەسەر بەشێکى جیهان، ئەو جیهانەى دواتر بە تایبەتى لە ماوەى جەنگى سارد-دا ناونرا جیهانى سێ.

هەرچەندە دابەش بوونى جیهان لەو سەردەمدا، بەسەر دوو جەمسەرى سەرەکی، سۆڤیەتى و ئەمریکى کۆى ملمڵانێکانى ئەو قۆناغ لە خۆ دەگرێت، بەڵام بە لەبەرچاو گرتنى ئەنجامى ملمڵانێکان، کە بەروخانى بلوکى خۆرهەڵات بە سەرکردایەتى سۆڤیەت کۆتایى هات، هەوڵمداوە لەم نوسینەمدا ئەمریکا وەک یاریکەرى سەرەکى و پاڵەوانى مەیدانەکە بخەمەڕوو، کە چۆن وەک دیدێکى نوێى سیاسى جێ پێى بە هەموولایەک چۆل کرد و شوێنى هەموو ئەوانەى گرتەوە کە رۆژێک لە رۆژان پالەوانى مەیدانەکە بوون، لە سەرووى هەموشیانەوە وڵاتانى ئەوروپى، ئەو وڵاتانەى رۆژێک لە رۆژان هاوکێشە سیاسى و ئابورییەکانى جیهان لە دەستى ئەواندا بوو.

کۆمپانیا زەبەلاحەکانى ئەمریکا رۆلى کاریگەرو سەرەکیان گێڕا لە ئیدارەدانى سیاسەتى ئەمریکا لە سەرتاسەرى جیهاندا، بە ئامانجى ئەوەى ئەمریکا بکەن بە ئیمپڕاتۆرى جیهان، هەروەک “جۆن پێرکینز” نووسەرى کتێبى” دانپێدانانەکانى بکوژێکى ئابورى” لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیونی-دا دەڵێت: “توانرا بۆ یەکەم جار بونیادى یەکەم ئیمپڕاتۆریەتی راستەقینەى جیهانى دابنرآ، بەبێ پەنابردنە بەر هێزى سەربازى، بەبێ فراوانکردنى سنوورى جوگرافیاکەى، تەنیا لە رێگاى بەکارهێنانى کەرستەکانى ئابورى، یان بەکارهێنانى ئەو شێوازە ناسراوەى کە پێدەوترێت (دارو گێزەر)”
سیاسەتى نوێى ئەمریکا لە رێگەى پێکهێنانى دەسەڵاتێکى یەکگرتوو لە “کۆمپانیا و بانق و حکومەتەکان” بووە سەرچاوەى توانایەکى دارایى بەهێز، بۆ خستنەکارى سیاسییەکان و سەرەنجام گەیشتن بە ئیمپراتۆریەتى جیهانى، لە چوارچێوەى ئەو تێگەیشتنە نوێیەى ئەمریکا کە بۆ ئاوێتەکردنى سیاسەت و ئابورى هەیەتى و پێى وایە لە ئێستادا ئەم دووانە بەسن بۆ باڵکێشانى هەیمەنەى ئەمریکا بەسەر دونیادا، تێگەیشتنیشى بۆ بەکارهێنانى هێزى سەربازی ئەویە، کە دەکرێ لە کاتى سەرنەکەوتنى هاوکێشەى یەکەم کە بریتییە لە سیاسەت و ئابورى، پەنا ببردرێتە بەر بەکارهێنانى هێزى سەربازى، ئەگەرنا، ئەمریکا بەردەوام هێزى سەربازى وەک هێزێکى یەدەگ داناوە.

هەردوو ئابورى ناسى ئەمریکى (جۆزیف و شابلى) کە هەردوکیان خەڵاتى نۆبلیان وەرگرتووە، ئەوەیان سەلماند کە بە هیچ شێوەیەک ئابورى زانست نییە، بەشێوەیەک ئەوە سیاسەتە ئابورى بەڕێوە دەبات، هەروەک (جۆن پێرکێنز)یش پێى وایە کە لە ئێستادا کۆمپانیا و خاوەن کۆمپانیا گەورەکان حوکمى سیاسەت دەکەن، بەومانایەى ئەوە ئەوانن سیاسەت دەجولێنن، هەروەک سیاسەتیش ئابورى دەجولێنێ .
رۆلى ئەمریکا بە شێوەیەکى سەرەکى لە سەرەتاى پەنجاکانى سەدەى بیستدا لە ئیران دەرکەوت، کاتێک سەرۆک وەزیرارنى ئیران “محەمەد موسەدەق” کە ساڵى (1951) نەوتى خۆمالى کردو ویستى ئەو سامانە گەورەیە بۆ خەڵکەکەى بگەڕێنێتەوە و لەم رێگەیەوە ببێتە سەرۆکێکى راستەقینەى گەلانى ئیران، هەروەک گۆڤارى تایم-یش، ئەوى بە کەسایەتى ساڵى (1951) دانا. بەریتانیا لە بەرامبەر ئەو هەوڵەى موسەدەق بێ هیوا بوو نەیتوانى رووبەڕووى بێتەوە، سەرەنجام گەورەترین کۆمپانیاى نەوتى بەریتانى (بریتش بترولیوم) ناچارکرا یان ئەوەتا داهاتێکى زیاتر بداتە ئیران، یان ئیران بە جێبێلێ، ئەمەش سەرەتاى خۆمالیکردنى نەوت و شکستى بەریتانیا و کۆمپانیاکەى بوو، چونکە لەو سەردەمەدا، بەریتانیا لە ئیران، خاوەنى دەسەڵاتێکى سیاسى بە هێز نەبوو، بۆیە بەناچارى هاناى بۆ ئەمریکا برد.

ئەیزنهاوەر سەرۆکى ئەودەمى ئەمریکا، زۆر وریایانە مامەلەى کرد، چونکە هەر جۆرە هەنگاوهەڵێنانێکى سەربازى و دەست تێوەردان لە کاروبارى ناوخۆى ئیران ئەگەى لێکەوتنەوەى شەڕێکى گەورەى ئەتۆمى لێدەکەوتەوە، بە هۆى ئەوەى یەکێتى سۆڤیەتى جاران لە ناوچەکەدا لە بەرامبەر هەنگاوێکى لەو شێوەیە بیدەنگ نەدەبوو، ئەمەش دۆخەکەى بەرەو رووبەڕووبونەوەیەکى مەترسیدار دەبرد. دەکرێ بڵێین ئەمریکا بۆ یەکەم جار لە ئیران، هەنگاو و سیاسەتێکى تازەى موخابەراتى سەرکەوتووى تاقیکردەوە، کاتێک لە جیاتى پەنابردنە بەر هێزى سەربازى، پەناى بردە بەر کارى سیخوڕى دەزگاى نێوەندى هەواڵگرى و (کیرمیت رۆزڤێلت) ى بە کۆشێک دۆلارەوە ناردە ئیران، بۆ ئەوەى لە رێگەى دروستکردنى خۆپیشاندان و نانەوەى پشێوى کۆتایى بە دەسەڵاتى سەرۆک وەزیرانێک بێنێ کە لە چوارچێوەى پڕۆسەی هەڵبژاردنێکى دیموکراتیانەدا دەسەڵاتى گرتبووە دەست.
ئامانج و پەیامى ئەمریکا لە خۆپیشاندانەکاندا، کە بەسەرپەرشتى سیخوڕەکەى و گرووپى بچووک بچووکى دیاریکراوەوە رێکخران، ئەوبوو، بەڕاى گشتى بڵێ موسەدەق جەماوەرى لە گەڵدا نییەو پێویستە لە دەسەڵات نەمێنێ، سەرەنجام موسەدق لە ساڵى( 1953) دواى دووساڵ لە فەرمانڕەوایى لە دەسەڵات کەوت، کە لە مێژووى ئیراندا بە (ئینقلابى 28 مرداد) ناسراوە، دواى سێ ساڵ زیندانى، بەشەکەى ترى ژیانى بە زۆرەمڵێ لە ماڵەکەى خۆیدا گوزەراند، تا ئەو کاتەى لە ساڵى 1967 کۆچى دوایى کرد .

بە هێنانە سەرتەختى (محەمەد رەزا شا) پێگەی سیاسى ئەمریکا لە ئیران چەسپا، هەروەها ئەو کارەى (کیرمیت رۆزڤێلت)بووە سەرەتایەکى نوێ بۆ سیاسەتی نوێى ئەمریکا لە جیهاندا، سەرەتایەک، بۆ کردنەوەى رێگایەک کە ئەمریکا دەگەێنێتە لوتکەى باڵادەستى و سەرنگومکردنى نەیارەکانى بێ ئەوەى مەترسى هەڵگیرسانى شەڕ لە ئارادا بێت، ئەمەش لە رێگاى کۆمپانیاکان و ئەو گروپەى لە نێو کۆمپانیاکاندا رۆلى بکوژى ئابورییان دەگێڕا.




لە قوولایى ستراتیژیەوە بۆ قوولایى کیشەى کورد …. سمکۆ عەبدولکەریم

بەشى شەشەم

کردنەوەى چەند پەنجەریەک بەڕووى کورد-دا، نەخشەو پلانێکى حەکیمانەى ئەحمەد داود ئۆغلۆ بوو، بۆ لانى کەم بەدەست هێنانى متمانەى کورد و بردنەوەى هەڵبژاردن و گەیشتن بە لوتکەى دەسەڵات، چونکە بە پێچەوانەى نەریتى پێشتریان، کە سەرە زلەکانى ئەم وڵاتە هەر کاتێک ئارەزوویان کردبێ لە رێگەى کودەتاوە فەرمانڕەوایى تورکیایان گرتۆتە دەست، بەڵام ئەمجارەیان لە رێگەى پرۆسەى هەڵبژاردن، شێوازێکى دیکەى کودەتایان ئەنجامدا، بەومانایەى کە پێشوەخت بڕیاریان دابوو دەبێ دەنگى زۆرینە بەدەست بێنن و تاک لایەنە بتوانن حکومەت پێک بێنن، ئەمەش گەواهیدەرى ئەو تێگەیشتنە بوو، کە دەبێ ئەنجامى هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندى پارتى داد و گەشەپێداندا بێت.
ئەمەش هەمووى لە ئەنجامى گەیشتن بەو ڕاستییە بوو، لەوەى مومکین نەبوو لە دەرەوەى پڕۆسەیەکى سیاسى دیموکراتیانەدا پارتى داد و گەشەپێدان بتوانێ دەسەڵات بگرێتە دەست، لە کاتێدا ئامانجى ستراتیژى لە کردنەوەى چەند لایەک بەڕووى کێشەى کورد لە تورکیادا تەنیا و تەنیا بەدەست هێنانى زۆرینەى دەنگەکانى کورد بوو، لە بەرژەوەندى دادو گەشەپێدان، ئەگەرچى ئەحمەد داود ئۆغلۆ زۆر فراونتر لەوە دیڕوانییە کێشەى کورد، بەتایبەتى کاتێک هەست دەکات کیشەى کورد پێیناوەتە قۆناغێکى زۆر پێشکەوتوو ترەوە.

ئۆغلۆ لەو کتێبەیدا ” قوولایى ستراتیژى” ئاماژە بۆ هەڵکشانى کورد دەکات و پێى وایە لە دواى کۆتایى هاتنى جەنگى سارد، کێشەى کورد بە شێوەیەکى زۆر سەرسورهێنەر هەڵکشاوە، بۆیە ئاوڕدانەوەیەکى وردو حەکیمانە لە کورد لەسەر ئاستى ناوخۆ بە پێویستییەکى زۆر گرنگ دەزانێ، هەر لەم چوارچێوەیەشدا پەنا بۆ سەرجەم هۆکارەکانى سەرخستنى ئەجنداکانى دەبات، لەسەر ئاستى ئابوورى لادەرگایەک بەڕووى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا دەکاتەوە، لەسەر ئاستى روناکبیرى و راگەیاندیش، بەهەمان شێوە ئەلقەیەکى سەقافى دروست دەکات و لە چەند قۆناغێکدا دەستە دەستە هەڵبژاردەیەک لە راگەیاندکارو روناکبیرانى باشورى کوردستان داوەتى سەر خوانەکەى دەکات لە تورکیا.

ئۆغلۆ زۆر دووربینانەتر و سیاسیانەتر لە ئەردۆگان دەڕوانێتە کێشەکە، بەڵام بەهۆى ئەوەى تورکیا هەرگیز خوازیارى ئەوە نەبووە لە ڕووى سیتمى سیاسییەوە، بە تایبەتى دیموکراتییەتەوە بچێتە سەر هێلە دیموکراسییەکەى خۆرئاوا، چونکە ئۆغلۆ-ش هەمیشە پێى وابووە تورکیا دەبێ دەست بە باڵاى خۆیەوە بگرێ و نابێ نزمتر لە ئاستى وڵاتانى خۆرئاوا لێیبڕوانرێ، وەک بەخۆى دەڵى ئەو خۆرئاوا باش دەناسێ( خۆبەگەورەبینى خۆرئاوا باش دەناسم، ئامادەین لە ئاستى یەکساندا گفوگۆبکەین. بەڵام کەس ناتوانێ بە سووکایەتییەوە هیچمان پێ بڵێت، هەر کەسێک بێت، بەمە ڕازى نابین).

دواى هەردوو هەڵبژاردنە یەک لە دواى یەکەکانى یونیو و نۆڤێمبەرى 2015، ئەردۆگان دەست بەسەر کۆى گشتى پرۆسەى سیاسى تورکیادا دەگرێ و ئەحمەد داود ئۆغلۆ دەخاتە دەرەوەى بازنەکە، ئەگەرچى هەموو ئەوەى تورکیا لەو ماوەیەدا لە ڕووى ئابورى و کۆمەڵایەتییەوە پێدەگات لە سایەى ئەحمەد داود ئۆغلۆ بووە، بەڵام تێزەکەى ئۆغلۆش هەرگیز بە ئامانجى چارەسەرکردنێکى بنەڕەتیانەى کێشەى کورد نەبووە، بەقەد ئەوەى ئامانجى ئەوە بووە کیشەى کورد بە شێوەیەک لە شێوەکان بخاتە خزمەتى پرۆسەى سیاسى تورکیا، چونکە ئەو دەمێک بوو دەرکى بەوە کردبوو کە کێشەى کورد لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى بەرەو پێشچوونى زۆرى بە خۆوە بینیوە، بۆیە ناکرێ تورکیا ئاوڕ لە کورد نەداتەوەو لێگەڕێ وڵاتانى دیکەى هەرێمى و نێودەوڵەتى کارتى کورد لە دژى تورکیا بەکار بێنن.

بێهیوابوونى ئەردۆگان لە ئاوڕدانەوەى خۆرئاوا لە تورکیا، بەتایبەتى دواى هەڵپەساردنى وەرگرتنى تورکیا لە یەکێتى ئەوروپا، کە ساڵانێکى زۆر بوو خەونى پێوە دەبینى، هەروەها نەمانى متمانەى بە ئەمریکا، بە تایبەتى دواى سەرهەڵدانى راپەرینەکانى سوریا، لەسەرووى هەموو ئەمانەشەوە سەرهەڵدانێکى دیموکراسیانەى کورد لە ناوخۆى تورکیادا بەسوود وەرگرتن لە سیاسەتى کرانەوەى تورکیا بەڕووى دیموکراسیەتدا. بەتێگەیشتن لەوەى هیچکام لەو رووداوانەى لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، هاوتەریب نین لەگەڵ ئەجنداکانى تورکیا، ئەمەش وایکرد تورکیا پاشەکشەیەکى خیرا بکات، پاشەکشە لەهەموو ئەو بنەمایانەى تورکیایان بەرەو کراوەنەى زیاتر دەبرد، بۆیە ئەردۆگان بەگرتنە دەستى جومگە ئەساسییەکانى دەوڵەت نەک هەر تورکیاى لە کرانەوەى زیاتر ڕاگرت، بەڵکو گێڕایەوە نێو بازنە داخراوەکە، هەموو ئەو ڕووداوانەش ئەگەر وا لێکبدرێنەوە پێچەوانەى تێز و تێڕوانییەکانى ئەحمەد داود ئۆغلۆن و ئەو سیاسەتەى ئۆغلۆ پێڕەوى لێدەکرد شکستى خوارد، ئەوە بەهیچ شێوەیەک ناکرێ خوێندنەوەیەکى ورد بۆ سیاسەتى ئێستاى تورکیا بکرێ بەبێ خوێندنەوەى کتێبى “قوولایى ستراتیژى” داود ئۆغلۆ.

چونکە مومکین نەبوو بەبێ ئۆغلۆ ئەردۆگان بیتوانیبا دەسەڵاتى کوللى تورکیا بگریتە دەست و لە 16 ابریل 2017 دەستوریش وەک خۆى دەیەوێ هەموار بکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدا حزبەکەى لە دواین هەڵبژاردنى یونیوى 2015 نەیتوانى دەنگى پێویست بێنێ و تاک لایەنە حکومەت پێک بێنێ، بۆیە بڕیارى دووبارە ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردن دراو لە نۆڤیمبەرى 2015 پارتى داد و گەشە پێدان توانى بۆ یەکەم جار ژمارەى پێوانەیى بشکێنێ ئەو سەرکەوتنە تۆمار بکات، کە بتوانێ یەکسەرە حکومەت پێک بێنێ و 18 ماددەکەى دەستوریش هەموار بکاتەوە

بەهەر هۆیەکەوە بێت لەم هەڵبژاردنەدا پارتى داد و گەشەپێدان ژمارەى کورسییەکانى لە 259 کورسى بەرزکردەوە بۆ 317 کورسى کوردیش لە چوارچێوەى پارتى گەلانى دیموکرات ژمارەى کورسییەکانى لە 80 کورسى دابەزى بۆ 59 کورسى.
لێرەوە سیاسەتى تورکیا لەسەر ئاستى ناوەخۆ و دەرەوەدا گۆڕانکارى زۆر دیارو بەرچاویان بەسەردا هات، ئەمەش بە تێگەیشتن لەوەى تورکیا هیچ دۆستێکى واى نەماوە جگە لەخۆى، بەومانایەى وەک چۆن کوردەکان هەمیشە ئەوە دەڵێن “جگە لە شاخاکان کەس دۆستمان نییە” تورکیاش ئێستا جگە لە خۆى کەس دۆستى نییە.




لە قوولایی ستراتیژییەوە، بۆ قووڵایی کێشەی کورد -5- … سمکۆ عەبدولکەریم

بەشی پێنجەم ….

داود ئۆغلۆ پێشخستنی سیاسەتی ئیقلیمی توركیا لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهۆكارێك دەزانێ‌ بۆ سنوورداركردنی مەترسی لێكترازانی سیاسی لە ناوچەکەدا. لەم گۆشەنیگایەوە ئۆغلۆ پێگەیاندنی ئەمجۆرە سیاسەتە، بەپێگەیاندنێكی زۆرباش دەزانێت لەڕووی هەماهەنگی ستراتیژییەوە، بەدیاریكراویش لەقۆناغە تەكتیكییەكاندا.

بۆیە لەپاڵ سیاسەتەكانی دیكەی توركیا لەبەرامبەر كێشەی كورد، هەم لەناوخۆی توركیاو هەم لەبەرامبەر هەرێمی كوردستاندا، زیاتر دەمانگەێنێتە ئەو راستییەی كە توركیا تێگەیشتنێكی جدی نییە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد، بەقەد ئەوەی خوازیاری ئەوەیە بەهەرشێوەیەك بێت رێگە لەو لێكترزانە بگرێت، كە وای بۆدەچێت لەئایندەدا رووبدات، بەشێوەیەك هیچی كەمتر نابێت لەوەدەرنانی توركیا لەبەلقان‌و دواتریش پاڵپێوەنانی بۆ ئەو سنوورەی ئێستای، كە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی تائەم ساتەش زۆر لەسیاسییەكانی توركیا بەتایبەتی ئەردۆغان شەو تابەیانی خەون بەو رابردووە لەدەستچووەیانەوە ببینن.

لەمبارەیەوە ئۆغلۆ وای بۆدەچێت، كە ئەم بارودۆخەی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وادەكات توركیا هەلوێستی زۆر جدی هەبێت، لەسەرخۆو شێنەیی بێت لەبەرامبەر داڕووخانی جیوسیاسی‌و ئابووری‌و رۆشنبیری، كە ئۆغلۆ پێشبینی دەكات ئەم داڕوخانە لەناوەڕاستی یەكەمی سەدەی بیست‌و یەكدا، بەقورسی بەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بشكێتەوە، بۆیە نابێت توركیا دەستەوەستان بێت‌و چوار مەشقی لێیدانیشێ‌‌و هیچ نەكات، ئەو نموونە بەوەدێنێتەوە كە توركیا كاتێك دەستبەرداری پاشماوەی عوسمانییەت بوو، دوڵەتی نەتەوەیی لەمیانی نەخشەیەكی رەگەزپەرستیدا هاتەجێی.

بۆیە ئۆغلۆ پەنابردنە بەر سیناریۆی تازە لەناوچەكەدا بەپێویست دەزانێ‌و دەڵێ‌: لەسەر توركیا پێویستە نەخشەی سیناریۆی پەیوەندیدار بەنیوەی یەكەمی سەدەی بیست‌و یەك لەچوارچێوەی ستراتیژیەتێكی بەرفراوانی ئیقلیمی بكێشێت.

هەر ئەم تێگەیشتنەشە وایكردوە، توركیا سیاسەتی نزیكبوونەوەی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەبەرو بەهێمنی‌و وریایی لەمەوداكانی فەلەستین‌و نەوت نزیك بكەوێتەوە، هەرچەندە راستەوخۆ دەستوەردانی نەبوو، بەڵام ئێستا تواناكانی پیشانداوەو پەرەیسەندوە.ئۆغلۆ مەسەلەی عیراق‌و كورد و ئاو بەیەكەوە دەبەستێتەوەو لەم رێگەیەوە دەڕوانێتە گەمە هەرێمییەكانی كە دەیەوێ‌ هاوكێشەی سیاسی‌و ئابوورییەكەی هاوتەریب بەیەكەوە ئاراستە بكات‌ و هەریەكەیان بخاتە خزمەتی ئەوی ترەوە، كە سەرەنجام هەرێمی كوردستان دەبێتە بەشێك لەیارییەكە، كە تێدا جگە لەدەستەكەوتنی ئارامییەكی كاتی‌و هەندێ‌ دەستكەوتی ئابووری، هیچی تری لێشین نابێت، بەڵام ئەو رێگایە بۆ توركیا خۆش دەكات كە دەیگەێنێتەوە بەقوڵایی ئاسیا كە دەمێكە خەونی پێوەدەبینێت.

لەبەرامبەر ئەوەشدا هۆشیاری‌و تێگەیشتنێكی تەواو لای ئەمریكاو خۆرئاواو خودی پەكەكەش هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەساڵی 2000 پارتی دادوگەشەپێدان لەرەحمی پارتی فەزیلەدا لەدایكبوو، وەك هەڵگری جۆرێك لەدیموكراتییەتی نەریتپارێزی‌و ناوەندگیری لەنێوان ئسلامییەتییەكی تەواو و دەستگرتوو بەعلمانییەتەوە، بەدرێژایی ئەو ماوەیەش توانی لەڕێگەی سیاسەتێكی نەخشە بۆكێشراو مەوداكانی ئەو رێگایە كورتتر بكاتەوە كە توركیا لەنەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نزیكتردەكاتەوە، لەمیانی ئەو سیاسەتی ئیحتیواكردنەوە، كە سەرەنجام بەهۆی پێشهاتە تازەكان‌و بەتایبەتیش سەرهەڵدانی داعش دەستەكانی توركیا ئاشكراتر دەركەوتن، چونكە توركیا بەهۆی خۆ یەكلانەكردنەوەی لەرووی فیكرەوەو نەگیرسانەوەی لەوێستگەیەكی سیاسی دیارو رووندا ناتوانێ‌ درێژە بەو سیاسەتەی پێشووی بدات.

وەك چۆن پێشتریش توركیا سەركەوتوونەبووە لەبەدەستەوەگرتن‌و بوونە خاوەنی سیاسەتێكی ئابووری بەهێز لەناوچەكەدا، بەئامانجی لانی كەمی خۆ بەكوێخاكردنەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەكاتێكدا توركیا خاوەنی سیاسەتێكی شكستخواردوی ئابوورییە لەرابردوودا، كاتێك لەساڵی 1986 ویستی لەرێگەی (پڕۆژەی بۆڕی ئاشتی) كە بریتی بوو لەگەیاندنی ئاو لەباشووری توركیاوە بۆ وڵاتانی نیمچە دورگەی عەرەبی، هەیمەنەی خۆی بۆ سەر زەمینی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێنەتەوە، كە لەیەك كاتدا هەم پڕۆژەیەكی سیاسی بوو، هەم ئابووری.

لەم گۆشە نیگایەوە، ئۆغلۆ پێی وایە لەئێستادا توركیا كەوتۆتە ناوەندی نەخشە نوێكانی پەیوەندیدار بە”عیراق- كورد- ئاو” هەربۆیەشە پێی وایە دەبێت توركیا بەوردی‌و وریاییەوەو لەروانگەی ستراتیژیەتی ئوراسیادا، سوود لەقوڵایی ئاسیا وەربگرێت، دیارە بەبێ‌ بوونی كاریگەری توركیاش لەسیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، توركیا ناتوانێ ئەو قوڵاییە ئاسیاوییە بەدیبێنێت.

ئۆغلۆ ئاماژە بۆ سیاسەتی توركیا دەكات بەئاراستەی باكوورو باشووری وڵاتی دوو رووبار، كە هەرێمی نەوتی‌و ئاوی لەخۆدەگرێت، وەك كاریگەرترین ئەو هۆكارانەو لەهەمان كاتدا بەمەرترسیداریشی دەبینێ‌، لەهەمانكاتیشدا وای بۆدەچێت كە ئەمە كێشەی كوردو عیراقیش دەگرێتەوە، وەك دووكێشەی چاوەڕوانكراوی دەركەوتوو لەروانگەی ستراتیژیەتێكی تازەدا.

هەموو ئەم ئاماژانەش، ئاماژەی زۆر روونن، بۆ ئەم سیاسەتە تازەیەی توركیا، بەومانایەی چۆن دەیەوێ‌‌و بەچ رێگایەكدا بگەڕێتەوە سەر ئەو نەخشەو هێڵە كاریگەرەی، كە پێیان وایە دەبێتە هۆی كاریگەرتركردنی ستراتیژیەتی توركیا، بەئاراستەی گەڕانەوە بۆ قوڵایی ستراتیژی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

دیارە ئۆغلۆ پێشبینی ئەوەشی كردوە كە لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا زنجیرەیەك لەنائارامی لەسەر بنەمای رەگەزپەرستی سەرهەڵدەدا، لەم روانگەیەوە رۆڵی توركیا دەخاتەڕوو، دەخوازێت لەچارەسەركردنی ئەم نائارامیانەدا، توركیا ببێتە ناوەندی چارەسەكردن لەمەودای دووردا، كە دەكرێ‌ ئەم سیاسەتەی ئێستاشی لەبەرامبەر هەموو ئەو رووداوانەی لەناوچەكەدا روودەدەن، لەم تێگەیشتنەی سەرەوەدا ببینینەوە، كە چۆن دەیەوێ‌، لەروانگەی جیورۆشنبیرییەكی بەرفراواندا، ئەو رۆلە سەرەكییە ببیینێ‌ لەئیدارەدانی ململانێكاندا، بۆ ئەوەی نەبێتە تەنیا لایەنێكی كاریگەری لاوەكی‌و مەودا كورت، بەڵكو رۆڵی دامەزرێنەرو هێنانەدی ئاشتیش ببینێ‌ لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەمەش دوای ئەوەی كە ئەحمەد داودئۆغلۆ دەگاتە ئەو تێگەیشتنەی كە عیراق‌و كێشەی كورد پێویستیان بەهەڵسەنگاندنێكی ئارام هەیە، لەكاتێكدا كێشەی كورد تایبەتمەندی جیهانی وەرگرتوە، بەهۆی ئەو ناڕوونیەی باڵی بەسەر عیراقدا كێشاوە، ئەمەش لەچوارچێوەی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكاندا كە بۆتەهۆی تێپەراندنی تێگەیشتنی سنووری سیاسی لەلای زلهێزەكان، كە كاردەكەن بۆ ئامادەكاری باڵادەستی دەسەڵاتیان لەرێگەی سیاسەتی خۆسەپاندنیاندا لەبەرامبەر ئەو دۆخەی كە هەیە، ئەمە وێڕای بانگەشەكردنی پاراستنی سنووری سیاسی ئێستاو قانونی نێودەوڵەتی. لەم كتێبەدا ئۆغلۆ مەترسییەكانی خۆشی نەشاردۆتەوە، كە لەروانگەی ئەم پێشبینیە تازانەداو لەسایەی قەیرانی دابەشكاری ناسنامەو خراپبوونی پەیوەندی نێوان دەوڵەت‌و كۆمەڵگا، توركیا رووبەڕووی مەترسی تازە دەكاتەوە.

لەم چوارچێوەیەشدا ئەحمەد داودئۆغلۆ لانی كەمی ئەو رێوشوێنانەی دەبنە هۆی سەرخستنی سیاسەتی توركیا لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەهەریەك لەجیورۆشنبیری‌و جیوئابوری-دا دەبینێتەوە، ئەمەش بەگرتنەبەری سیاسەتێكی نەرمی دەرەكی، لەسەربنەمای هاوبەش، لەنێوان تەكتیك‌و دیپلۆماسیەت‌و سەربازیدا.

ئۆغلۆ لەسەرجەمی بۆچوونەكانیدا لەچوارچێوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و كیشەی كورددا، پێی وانەییە كە بەتەنیا پەنابردنە بەریەكێ‌ لەو هۆكارانەی ئاماژەی بۆ كردون بەس بێت بۆ سەركەوتنی توركیا لە هاوكێشە سیاسییەكاندا، ئۆغلۆ هەموو بۆچوونەكانی خۆی دەخاتە خزمەتی ئەوتێگەیشتنەی كە چۆن‌و بەچ شێوەیەك دەكرێ‌ رێگە لەهەر جۆرە دەستێوەردانێكی دەرەكی‌و وڵاتانی زلهێز بگیرێ‌، چۆن دەتوانرێ‌ كوردو كێشەكەی بەتوركیاوە بلكێندرێ‌‌و ئەو هەستە، گەشەی پێبدرێ‌ كە زۆربەی كوردەكان، پێش ئەوەی وەك كورد بیربكەنەوە وەك توركیاییەك هەستن‌و دانیشن.

ئەم سیاسەت‌و بیركردنەوانەش هۆكارێكن بۆ بێهیزكردنی مەرجەعیەتی بیری نەتەوەیی‌و بەهێزكردنی ئەو مەرجەعییەتە كۆمەڵایەتییەی كە ئۆغلۆ بەپێویستییەكی حەتمی دەزانێ‌ بۆ گەمارۆدانی كورد وەك نەتەوەیەكی جوداخواز، ئەمەش بەدابڕاندنی لەسیاسەتی نێودەوڵەتی‌و ئیحتیواكردنی لەچوارچێوەی سیاسەتی ناوخۆی توركیادا، بەدابینكردن‌و پێدانی هەندێ‌ ماف كە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق، هەر لەسەرەتاوە بەكوردیان داوە.




لە قوولایی ستراتیژییەوە، بۆ قووڵایی کێشەی کورد -4 … سمکۆ عەبدولکەریم

بەشی جوارەم

ئۆغلۆ باس لە لێكترازانی باری جیوسیاسی و ئابووری و رۆشنبیری دەكات و لێكترازانی جیوسیاسی، بۆ دابەشبوونە جیوسیاسییەكە و درێژبوونەوەی ئەو هێڵە دەگەڕێنێتەوە كە لە نێوان لایەنە سیاسییە جیاوەزەكاندا هەیە، بەڵام لێكترازانی بارە رۆشنبیرییەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی زەمینەی هاوبەش لە نێوان لایەنە سیاسییەكان، هەروەها تێكچوونی ئابورییەكەش دەگەڕێنێتەوە بۆ مەسەلەی دابەشكردنی داهاتە ئابوورییەكان بە شێوەیەكی نایەكسان لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا.
پێشی وایە شوێنەواری لێكترازانی ئەم سێ‌ بوارەی لە سەرەوە باسمانكرد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕستدا دەركەوتوون، بۆیە ئەو سنوورە سیاسییەی لە سەردەمی ئیستعماریەتدا كێشراوە، لە چوارچێوەی كرداری چەكداریدا، بۆ دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوەیی و بوونی ئەو دژیەكانەی كە هەیە لە نێوان تێكچوونی جیو سیاسی و جیو رۆشنبیری، وایكردوە ناوچەكە ببێتە یەكێ‌ لەو ناوچانەی پتر لە هەر ناوچەیەكی تر ئامادەگی تێدابێت بۆ شڵەژانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان.

لەم گۆشە نیگایەوە ئۆغلۆ داوادەكات، توركیا وەك وڵاتێك، كە قوڵاییەكی مێژوویی و جوگرافی هەیە، پەرە بە چالاكی سیاسی خۆی بدات لەمەڕ ناوچەكە و بتوانێ‌ سەرپەرشتی ئەو قەیرانانە بكات كە لە ئەنجامی دابەشكراییەكانی جیو سیاسی و ئابووری و رۆشنبیرییەوە دروست دەبن و بتوانێت بە ئارامییەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بكات.
بەپێچەوانەوە، ئۆغلۆ پێی وایە هەر جۆرە هەڵسەنگاندنێكی ناجۆر بۆ ئەم دابەشكارییە، توركیا رووبەڕوی مەترسی كاریگەری پیوەندیدار بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی دەكاتەوە، سەرەڕای لە دەستدانی كاریگەرییە ئیقلیمییەكەی، بۆیە دەڵێ‌: ناكرێ‌ توركیا لە بەرامبەر ئەو لێكترازانانەدا دەستەوەستان و بێلایەن بوستێت.

ئەمەش بەو مانایەی كە توركیا خاوەنداریەتی مێژوویی ناوچەكە بۆ خۆی دەگەڕێنێتەوە و خۆی بە میراتگر دەزانێ‌.
ئەحمەد داود ئۆغلۆ لە درێژەی باسەكەیدا پێی وایە لەبەر ئەوەی، توركیا خاوەنی مێژوویی دواین قەوارە و كۆكەرەوەی جیو سیاسی و رۆشنبیری و ئابووریە لە ناوچەی خۆرهەلاتی ناوەڕاست، لەسەریەتی پشت بە ستراتیژیەتی لێك نزیكخستنەوە ببەستێت و بتوانێ‌ لێكترازانی جیوسیاسی و رۆشنبیری و ئابووری تێپەڕێنێ‌، وەك خۆی بە تەواوی لە ناوچەكە تێبگات، هەروەها لەسەریەتی ئەو لێك نزیكخستنەوەیە بە شێوەیەكی تەكتیكی و نەرم و هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ‌ بكات.

بە بۆچوونی ئۆغلۆ ئەمجۆرە لێك نزیكخستنەوەیە تەنیا نابێتە هۆی پتركردنی كاریگەری توركیا لە ناوچەكە، بەڵكو وادەكات رۆڵی توركیا بەهەند وەربگیرێ‌ و نەتوانرێت لە هاوسەنگییە جیهانی و ئیقلیمییەكەدا پەراوێز بخرێت. ئەمە لە كاتێكدا رۆژانێك توركیا ئیمپراتۆری ناوچەكە بووە، ئۆغلۆ دەڵێ‌: توركیا خاوەنی مێژوویەكە لە ناوچەكە، كە بە هۆی ململانێی نەتەوەیی و دەستتێوەردانی وڵاتانی زلهێز دەوڵەتە زەبەلاحەكەی لە دەستدا، كە لە چارەكە یەكەمی سەدەی بیستەمدا چەقی «خۆرهەڵاتی ناوەڕاست» و ناوچەی «بەلقان» بوو.

ئۆغلۆ ئاماژە بۆ گرنگی و بایەخی ناوچەی بەلقان دەكات، كە پێی وایە بەهۆی تێنەگەیشتنەوە، توركیا تووشی ئەو بەزینە بوو، دەڵێ‌: توركیا ناچار بەپاشەكشەكرا بەرەو ئەنازۆل، ئەمەش دوای ئەوەی بەلقانی لەدەستدا، لەئەنجامی سەركێشی دەستەبژێرێكی سیاسی، كە لەتوانایاندا نەبوو هەڵسەنگاندنێكی راستی ژێرخانی جیورۆشنبیرییەكەی بەلقان بكەن، دواتریش خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی لەدەستدا، كە بڕبڕەی پشتی توركیا بوو، ئەمەش بەهۆی ناكۆكی «توركی-عەرەبی» كە ئینگلیز دروستی كردبوو.

ئەو قسەیەی ئەحمەد داود ئۆغلۆ ئاماژەیە بۆئەوەی كە توركیا دەبێت سوود لەئەزموونی رابردووی وەربگرێت‌و كار بۆئێستاو ئایندەی بكات، كە خۆی لەقایمكردنیدا دەبینێتەوە لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەومانایەی كە دەبێت توركیا وەك وڵاتێكی حیساب بۆكراو تەماشا بكرێ‌ و لەدەروەی توركیا هیچ پرۆسەیەكی سیاسی، یان نەخشەیەكی نوێ‌ بەڕێوەنەچێت، ئەگەر ئەم قسەیەی ئۆغلۆ كە باس لەپاشەكشەپێكردنی توركیا لەناوچەی بەلقان دەكات وەك ناوچەیەكی ستراتیژی، لەكاتی خۆیدا، ئەوە مانای ئەوە دەگەێنی، كە توركیا لەئێستادا خاوەنی تێگەیشتنێكی روونە، كە بەدووری نازانێ‌، كێشەی كورد بۆ ئەو لەم قۆناغەدا ببێتە هۆی سەرەتایەكی دیكەی پاشەكشەپێكردنی توركیا لەناوچەكەداو سەرهەڵدانی لێكترازانی نوێ‌.




لە قوولایی ستراتیژییەوە، بۆ قووڵایی کێشەی کورد-3 … سمکۆ عەبدولکەریم

بەشی سێیەم …..

داود ئۆغلۆ لە درێژەی باسەكەیدا لە كتێبی قوڵایی ستراتیژی، زۆر لەسەر لایەنە رۆشنبیرییەكە دەوەستێت، بە تایبەتی رۆشنبیری سیاسی، كە هەموو توێژەكانی كۆمەڵ بگرێتەوە، ئۆغلۆ پێی وایە بەبێ‌ پێشخستنی رۆشنبیری سیاسی كە هەموو توێژەكان و ناوچەكانی وڵات بگرێتەوە، لە چوارچێوەی بە یەكەوە بەستنەوەی هاووڵاتیان وەك یەك، ناتوانرێ‌ لەسەر بونیادی ناوخۆ رووبەڕووی هۆكارە كارلێكەرە دەرەكییەكان ببنەوە.

هەروەها دەڵێ‌ ئەمەش لە كاتێكدا كە زلهێزەكان جۆرێك لە هاوسەنگیان لە ناوچەكە دروستكردوە، بە قسەی ئەو، ئەمەش دۆخێكی جیوسیاسی كوردی پێكهێناوە، كە دەرگای واڵاكردوە لەبەردەم هەر جۆرە بەكارهێنانێك، بەڵام ئۆغلۆ پێی وایە لە گەڵ ئەوەشدا دۆخی جیوسیاسی كوردی پێدەنێتە نێو كردار گەلێكی تەواوكراو لە گەڵ هێزێكی ئیقلیمی، كە ئامادەكاری دەكات بۆ هۆشیاری مەرجەعییەت بۆ ماوەیەكی درێژخایەن، یانی بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ كورد دەست بە توركیاوە بگرێت، ئەمەش لەو هەست و رۆشنبیرییەوە سەرچاوەی گرتووە، كە ئۆغلۆ بە هۆشیاری مەرجەعییەت وەسفی كردوە، وەك رێگاچارەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە مەودای دووردا و لە روانگەی یەك چارەنووسیدا. ئەمەش بە جەختكردنەوە لە تاك مەرجەعییەتەوە، لە لایەن هاووڵاتیانی ناوچەكە، كە جگە لەو هەست و هۆشیارەییەی كە لە بیری هەر تاكێك دروست دەبێت، هیچ مەرجەعیەتێكی دیكە كاریگەری نەبێت لەسەر تاك.هەروەها ئۆغلۆ نزیككەوتنەوە رۆشنبیری و سیاسی و ئابوورییەكان لە توركیا بە پێویست دەزانێ‌ و دەخوازێت توركیا ئەم نزیكخستنەوەیە بە خۆوەبگرێت و جیاوازی بكات لە نێوان تیرۆرستان و میللەتی كورد، هاووڵاتیانی بێوەی ناوچەكە خۆیان قایم كەن ئەمەش لە رێگەی هۆشیارییەكی نوێی مەرجەعییەوە.

لەم خاڵەوە توركیا سوود لە چەند شتێكی گرنگ وەردەگرێت، بە بەراورد لە گەڵ وڵاتە زلهێزەكان، كە دەیانەوێ‌ بێنە ناوچەكە، هەروەها بە بەراورد بە وڵاتانی دیكەی ناوچەكە كە كوردی لێیە.
ئۆغلۆ ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو پێكەوە ژیانە دوور و درێژەی كورد و تورك، كە پێی وایە بە درێژایی هەزاران ساڵ لەم بە یەكەوە ژیانەیاندا هەرگێز رووبەڕووبونەوەیەك، كە بۆنی رەگەزپەرستی لێبێت، لە نێوانیاندا رووی نەداوە، بەڵكو پێكەوە بەرگریان لە دەوڵەتی عوسمانی كردوە، هەروەها ئەم تێكۆشانە هاوبەشەیان بەردەوام بووە، هەتا لەشەڕی سەربەخۆیی توركیاشدا.

داود ئۆغلۆ پێی وایە پێكهاتە مێژووی و جوگرافی و دینی و رۆشنبیرییە هاوبەشەكەیان بوونێكی بنەچەیی جێگیرە، هەر ئەمەش وای كردوە ئەو خەڵكەی لە ناوچەی ئەنادۆڵ ژیاون بە یەكەوە بگونجێن و هەڵكەن.
ئەمەش بۆ ئەو هۆشیارییە مەرجەعییە كۆمەڵایەتییە هاوبەشە دەگەڕەێنێتەوە كە پێی وایە بە درێژایی ئەو مێژووە لە نێوان كورد و توركدا هەبووە.
بە قسەی داود ئۆغلۆ پارتی كرێكارانی كوردستانیش نەیتوانی وێڕای هەموو هەوڵێكی، پشتیوانی هەموو كوردەكان بەدەستبێنێ‌، پێشی وایە ئەمەش بە تەنیا بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی سەربازی ناگەڕێتەوە، بەڵكو ئۆغلۆ ئەمە بۆ ئەو هەست و هۆشە هاوبەشەی نێوان كورد و تورك دەگەڕێنێتەوە، كە سەرەنجام یەكێتییەكی هۆشیاریی و مەرجەعییەتیشی لێكەوتۆتەوە.

لەم گۆشەنیگایەوە ئەحمەد داود ئۆغلۆ ئەم هۆشیاری مەرجەعییە، كە زۆر بە گرنگ دایناوە و پێی وایە ریشەیەكی مێژوویی هەیەو بەشەو و رۆژێك دروست نەبووە، بەڵكو كەڵەكە بوویەكی مێژووییە، لاواز بوونی زۆر بە مەترسیدارتر لە پارتی كرێكارنی كوردستان داناوە، بۆیە ئۆغلۆ هۆشیاری هاووڵاتیبوون دەگەڕێنێتەوە بۆ هۆیە سەردەمییەكان، كە هۆشیاری مەرجعییەتیان لە خاوەنداریەتی تەقلیدیەتەوە هەڵێنجاوە، كە لە نێو كۆمەڵگادا كۆبۆتەوە. بە بڕوای ئۆغلۆ ئەوەیش هەستكردنە بە هاووڵاتیبوون، پێشی وایە هەستی مەرجعییەتی كۆمەڵایەتی ناگوازرێتەوە بۆ مەیدانی سیاسەتێكی شەرعی، بەبێ‌ دروستكردنی هۆشیاری هاوڵاتیبوون.

لەم بارەیەشەوە وای داناوە، كە قانوونی هاونیشتیمانی بوون، هەر هەموو كۆمەڵگا لە خۆدەگرێت بەبێ‌ جیاوازی، یان لایەنگیری. لە پەراوێزی ئەم تێگەیشنەشدا ئۆغلۆ دوو پێشنیاز بۆ چارەسەری رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی دەخاتەڕوو:
1- بەهێزكردنی هۆشیاری مرجەعییەتی كۆمەڵایەتی، بەو مانایەی كە لێك جیانابنەوە، هەروەها پشتیوانیكردن لە پێكهاتە مێژوویی و ئاینی و رۆشنبیری و جوگرافییەكەی كە جەخت لەو هۆشیارییە دەكاتەوە.
2- دڵنیاییدان لە مافی یەكسانی هانیشتمانیان، وەك بنەمایەك بۆ شەرعییەتی سیاسی، بەبێ‌ هەستكردن بە پێویستی، هیچ جۆرە دەست تێوەردانێكی دەرەكی.

ئۆغلۆ دەڵێت: توركیا بەقۆناغێكی زۆر تەنگدا تێدەپەڕێت، چ لەڕووی دۆخی دەرەوەدا، یان دۆخی رۆشنبیری سیاسی ناوخۆییدا، بۆیە پێی وایە بەرزبوونەوەی هەر دەنگێك، یان وتاردانێك، كە ببێتە هۆی دروستكردنی هەرجۆرە شڵەژانێكی كۆمەڵایەتی، نابێت لە لایەن خەڵكی ژیرەوە گوێی لێبگیرێ‌، دیارە بەلای ئۆغلۆوە ئەوە، ئەو مەرجەعییەتەیە كە بەلایەوە زۆر گرنگە، بەشێوەیەک گرنگتر لە هەر شتێكی تر.




لە قوولایی ستراتیژییەوە، بۆ قووڵایی کێشەی کورد … 2 … سمکۆ عەبدولکەریم

بەشی دووەم …

كە ئەگەر وادابنرێ‌ كێشەی كورد لە توركیا بریتییە لە كێشەی تێكچوونی ئابووری لەخۆرهەڵاتی توركیا، یان كێشەیەكی ئاسایشی سیاسییە و پەیوەندیدارە بە پارتی كرێكارانی كوردستان و تیرۆر، ئەوە ئۆغلۆ وای نابینێ‌ كە بە ئیحتیواكردنی ئەم دوو بابەتە، وەك دوو مەسەلەی گرنگ، بە تەنیا بەس بێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی بەردەوامی ماوە درێژ، هەتا ئەگەر توانرا كۆتایی بە هەڕەشەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، لە نێو سنووری توركیایش بهێندرێت.
بۆیە ئەحمەد داود ئۆغلۆ پشتگوێ‌ خستن و فەرامۆشكردنی كێشەی كورد بە قورس دەبینێ‌ و دەڵێ‌: “قورسە چاوەڕوانی ئەوە بكەین كە كێشەی كورد لە بەرنامەی كاری توركیا و ناوچەكە رەشبكرێتەوە، لە كاتێكدا ئەو دۆخە ناهەموار و ناڕوونییە لە عیراقدا بەردەوامە و رەنگە گۆڕانكاری بەسەرناسنامەی باكوری عیراقیشدا بێت”.

لەروویەكی ترەوە ئۆغلۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بۆچوونێك هەیە پێی وایە بووژاندنەوەی ئابووری لە ناوچەكە، دەكرێ‌ ببێتە هۆی چارەسەری كێشەكە بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ، بەڵام ئۆغلۆ وێڕای بەڕاست زانین و باوەڕپێبوونی چەند لایەنێكی ئەم بۆچوونە، كەچی ئەم تێگەیشتنە بە خۆش باوەڕییەكی ئەنجام نادیار لە قەڵەم دەدات.
ئۆغلۆ هەر لەم روانگەیەوە باس لە سوود وەرگرتن لەو ئەزموونە مێژووییەی دەوڵەتی عوسمانی خۆیان دەكات، كاتێك لە ولایەتی «تۆنە و بەغداد» پڕۆژەی بووژاندنەوەی ئابووری هەرێمایەتی جێبەجێكردوە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا عوسمانییەكان بەهۆی بوونی ناكۆكی و گێرەشێوێنی لەو دوو رووبەرە ناوخۆییەدا و بەكارهێنیان و فۆستنەوەیان لە لایەن هێزی دەرەكییەوە، ئەو دوو ویلایەتەیان لە دەستداوە.

ئەحمەد داود ئۆغلۆ پێی وایە چونی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ چوونە نێو یەك بەرە، لە گەڵ یۆنان و ئەرمەن و قۆستنەوەی گرفتەكانی خەڵك لە ناوچەكە، كە ئەو پێی وایە ئێستا لە ژیانێكی باشتردان، دیاردەیەكە پێویستی بە هەڵوەستەكردنێكی وریایانەو وردەوە هەیە.
ئۆغلۆ باری ئابووری بە هۆكاری یەكەم نازانێ‌، هەرچەندە پێی وایە هۆكارێكی گرنگە، ئەو ئەم بابەتە دەبەستێتەوە بە هۆكارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان.

هەر بۆیە لەم بارەیەوە ئۆغلۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی بەردەوام بۆ ئەم كێشەیە دەبەستێتەوە بەوەی چەند دەتوانرێ‌ و لە توانادایە جارێكی تر بە شێوەیەكی هەمەلایەنە هەڵسەنگاندن بۆ لایەنە رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی و هەروەها لایەنی دیپلۆماسییەكەی بكرێت.
لەم ڕوەشەوە ئۆغلۆ هۆسیاری مەرجەعییەت بە بەشێكی بنچینەیی بنەماكانی رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی دادەنێت و پێی وایە بە تەنیا پەنابردنە بەر یەك لەو چوار بنەمایانە (رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی) بەس نین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵكو چارەسەری بنچینەیی كە هاوكارە بۆ ئەم چوار بنەمایانە، دامەزراندنی هۆشیاری مەرجەعیەتی كۆمەڵایەتییە لەسەر زەمینەیەكی ساغ.

ئۆغلۆ مەبەستی ئەوەیە كە بوونی ئەو هۆشیاری مەرجەعییەتە، وادەكات كورد بیر بە یەكپارچەیی خاكی توركیا بکاتەوە و بەرژەوەندییەكانی كۆماری توركیا لە بەرچاو بگرێت و هەرجۆرە دەست تێوەردانێكی دەرەكی لە دژی توركیا رەتبكاتەوە، بەو مانایەی كە كورد ببێتە خاوەنی ئەو هەست و هۆشیارییەی كە خۆی بە توركیایی بزانێت و هەر ئەو هەستەش مەرجەعی بێت و بۆ هیچ مەرجەعێكی تر نەگەڕێتەوە.
لەم گۆشەنیگایەوە ئۆغلۆ وای بۆ دەچێت، ئەگەر سیستمێكی سیاسی و ئابووری، هاوكات لەگەڵ ناوەندێكی رۆشنبیری نەبێت، كە ببێتە هۆی بەرهەمهێنانی هۆشیاری مەرجەعییەت و بتوانێ‌ دەورەی هەموو توێژەكانی كۆمەڵگا بدات، ئەوە عەنتیكە نییە ئەگەر نەتوانرێ‌ شڵەژانە ناوخۆییەكان خەفە بكرێن، كە پشتیوانی لە پێكدادانی بەرژەوەندییە جیوسیاسییە دەرەكییەكان وەردەگرن.

هەر لەم بارەیەوە ئۆغلۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، كە لە وەها دۆخێكدا لەسەر توركیا پێویستە، لەمەڕ پڕۆسەی چاكسازی بەڵێن بدات، جەخت لە یەكپارچەیی خاكەكەی بكاتەوە، لە چوارچێوەی تێگەیشتنێكی روونی شەڕعییەتی سیاسی راست و دروست. هەروەها هەنگاونان بەرەو گرتنەبەری سیاسەتێكی دەرەكی ستراتیژی، لەرێگەی پاراستنی هاوسەنگی وڵاتە هەرێمییەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێكی بەرفراوانی جێبەجێكار، بە پێچەوانەوە تەوژمی نوێ‌ لە ناوخۆ و لە دەرەوە، دەبێتە هۆی درورستكردنی دوژمن، کە توانای ئەوەی دەبێت، ئەوە جیا بكاتەوە، كامەیان زیاتر خراپكار و جودا خوازترە.




لە قوولایی ستراتیژییەوە، بۆ قووڵایی کێشەی کورد … 1 … سمکۆ عەبدولکەریم


بەشی یەکەم
…..

سیاسەتی ئەم قۆناغەی توركیا رەنگدانەوەی ئەو سیاسەت و تێڕوانین و تێزانەی ئەحمەد داود ئۆغلۆن، كە خۆی لە كتێبەكەیدا دەبینێتەوە بە ناوی «قووڵایی ستراتیژی».
بە خوێندنەوەی ئەم كتێبە دەكرێ‌ لەوە تێبگەین كە توركیا لە سایەی فەرمانڕوایی پارتی داد و گەشەپێدان «ئاكەپە» و كەسایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەحمەد داود ئۆغلۆ لە ڕابردوودا چۆن لە هەوڵی ئەوەدا بوون توركیا بكەنەوە بە چەقی ستراتیژی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕست. لەم كتێبەیدا ئەم بابەتە زۆر بەڕوونی ڕوونكراوەتەوە، بە تایبەتی لەو بەشە دیاریكراوەیەدا كە تایبەتە بە كێشەی كورد.

ئەوەی وایكرد بگەڕێمەوە سەر ئەم كتێبەی داود ئۆغلۆ، ئەو سیاسەتەی كرانەوەی توركیا بوو بەڕووی كورددا، بە تایبەتیش بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، كە جۆرێك لە سیاسییەكانی كورد و رۆشنبیران بەگەشبینییەكی زۆرەوە لێیدەڕوانی و بە وەرچەرخانێكی گەورەی سیاسەتی توركیایان دانا، لە مێژووی ئەم وڵاتەدا.

بەڵام ئەگەر بەوردی چاو بەم كتێبەی «ئەحمەد داود ئۆغلۆ» دا بخشێنینەوە، لە ستراتیژیەتی ئەو كرانەوە و سیاسەتە تازەیەی توركیا تێدەگەین، كە بە شێوەیەكی زۆر ستراتیژی خۆی لە سیاسەتی ئیحتیواكردندا دەبینێتەوە و زۆر بەڕاشكاوی ئەوە دەخاتەڕوو، نایشارێتەوە كە توركیا بۆ گەیشتن بە «ستراتیژیەتی قووڵایی» پێویستە پشت بە ستراتیژییەتی ئیحتواكردن ببەستێت، بە تایبەتیش لە بەرامبەر كورد.

ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی هەرسێ‌ بنەما سەركییەكانی، كە ئۆغلۆ وەك بنەمای ئەم سیاسەتە تازەیەی ئاماژەی بۆ كردوە، وەك «جیورۆشنبیری و جیوئابوری و جیوسیاسی، ئۆغلۆ وەك پێكهاتەیەكی كاریگەر دەڕوانێتە كورد و پێی وایە لەم قۆناغەدا كورد بۆ وڵاتە زلهێزەكان، هۆكارێكی باشە، لەبەرامبەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لە گەڵ هەریەك لە سێ‌ پێكهاتە سەرەكییەكەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، تورك و عەرەب و فارس».

ئەمەش وادەكات بە شێوەیەك لە شێوەكان لەم هاوكێشە ستراتیژییەدا، بە پشت بەستن بە هۆكارەكانی وەك “جیو سیاسی و ئابوری و جیو دووانییەكە و رۆشنبیرییەكەی” سوود لە كورد وەربگیرێ‌.
ئۆغلۆ پێی وابوو لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەم بنامایەی «جیو دووانییەكە» لە هەریەك لە وڵاتەكانی توركیا و ئیران و دوو وڵاتە عەرەبییەكە، گۆڕەپانەكە لە بەردەم هەر جۆرە دەست تێوەردان و بەكارهێنانێك واڵا دەكات.

ئەمەش بە مەترسی دەزانێ‌ و پێی وایە كورد دەخاتە بەردەم مەترسی بەكارهێنان (الاستغلال) لە لایەن وڵاتە زلهێزەكانەوە، لە چوارچێوەی ئەم گەمە ستراتیژییەشدا، بە تایبەتی لە سەروبەندی تیربوونی ناكۆكی نێوان وڵاتەكان، كورد بەدۆڕاو دەزانێ‌.
ئۆغلۆ لەو كتێبەیدا «قووڵایی ستراتیژی» ئاماژە بۆ دوو گۆشەنیگای سیاسی جیاواز دەكات سەبارەت بە كێشەی كورد، لە لایەن هەریەك لە ئەمریكا و ئەورپا، پێی وایە ئەمریكا هەر لە سەرەتاوە كێشەی كورد بە بەشێك لە كێشەی عیراق دەزانێ‌، بە پێچەوانەی ئەوروپا، كە كێشەی كورد بە كێشەیەكەی بنچینەیی توركیا دەزانێت.

لەم روانگەیەوە ئۆغلۆ قەتیس كردنی كێشەی كورد لە سنووری عیراق، یان سنووری توركیا، بەشێوەیەكی گشتی بەیارمەتیدەر نازانێت بۆ دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەوروپا و ئەمریكا لەو كێشەیەدا، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا، دان بەوەدا دەنێ‌ كە هەمدیسان توركیا هەست بە بێزارییەكی مەترسیدار دەكات، لە بەرامبەر هەریەك لەو دوو هەڵویستەی ئەمریكاو ئەوروپا.

«ئۆغلۆ»پێی وابوو ئەم جۆرە تێڕوانینەی ئەوروپا كار دەكاتە سەر پەیوەندییە دوو قۆلییەكانی توركیا و وڵاتانی ئەوروپی، بە تایبەتی وڵاتانی وەك یۆنان و ئەڵمانیا، دواجار ئەمەش بە یەكێ‌ لە بنەماكانی گفتوگۆكانی نێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپا دادەنێ‌.
بەڵام سەبارەت بە تێڕوانینی ئەمریكا بۆ كێشەی كورد، كە لە چوارچێوەی عیراقدا لێیدەڕوانێ‌، ئۆغلۆ پێی وایە لە هەنگاوی یەكەمدا ئەم مەسەلەیە نابێتە هۆی راستەوخۆ بەیەك هەڵپژاندا. بەڵام دیسان توركیا بە وریایی و گومانەوە دەڕوانێتە ئەو هەڵوێستەی ئەمریكاش.
پێویستە بووترێ‌ ئەو تێڕوانیانەی توركیا بۆ كێشەی كورد بۆ بەر لە رووخاندنی سەدام و دەستگیردنی ئۆجەلان دەگەڕێتەوە، چونكە بە دەستگیركردنی ئۆجەلان توركیا ئاهێكی فێنك بە گیانیدا هاتەوە، بەتایبەتی كاتێ‌ ئەمریكا دەستگیركردنی ئۆجەلانی بە كردارێكی ناوخۆیی توركیا لە قەڵەمدا.

لە درێژەی پەرەسەندنەكاندا، بە تایبەتی دوای دەستگیركردنی ئۆجەلان، داود ئۆغلۆ پێی وانییە كێشە سیاسییەكانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو چارەسەركردن دەچن، بەڵكو بە پێچەوانەوە پێی وایە، لێرەوە گەمەیەكی تازەی زۆر مەترسیدار دەست پێدەكات.
هەرچەندە ئەمریكا لە هەموو بۆنەیەكدا لەبەرامبەر پارتی كرێكارانی كوردستاندا، پشتیوانی خۆی بۆ توركیا دەردەبڕێت، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا داوا لە توركیا دەكات لە بەرامبەر هەر هەنگاوێكی نوێی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پێویستە توركیا سیاسەتی نزیك بوونەوە پەیڕەو بكات.

داود ئۆغلۆ پێی وایە ئەو داواكارییانەی ئەمریكاش كاتێك ڕوو لە پتربوون دەكەن كە مەسەلەی چارەسەركردنی كێشەكانی عیراق و فەلەستین دێنە پێشەوە.
بە دیوەكەی دیكەشدا ئۆغلۆ هەرچەندە دۆخی دوای دەستگیركردنی ئۆجەلان بەجۆرێك لە باڵكێشانی ئارامی بەسەر وڵاتانی ئەوروپادا وەسفدەكات، لە هەمان كاتدا بە جۆرێك لە قورستركردنی داواكارییەكانیشیان بۆسەر توركیا لە قەڵەمدەدات.
چونكە پێشتر لەترسی ئەوەی بە پشتیوانیكردن لە رێكخراوی تیرۆرستی تۆمەتبار نەكرێن، وڵاتانی ئەوروپی دەبوایە بە ورییایی و لەسەرخۆ و بە نەرمی فشار بخەنە سەر توركیا، ئەمەش زیاتر لە دوای كۆبوونەوە لوتكەیەكەی هلسنکی و لە چوارچێوەی پێوانەكانی كۆپنهاگن جەختی لەسەر كرایەوە، كە وڵاتانی ئەوروپا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەو شێوەیە دەیانڕوانییە كێشەی كورد، كە كێشەیەكی توركییە.

سەرەنجام ئەحمەد داود ئۆغلۆ لەچوارچێوەی فەلسەفەی ئیحتواكردن و پشتبەستن بە رەهەندەكانی رۆشنبیری و ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی، پێی وابوو دەكرێ‌ كۆتایی بە كێشەی كورد لە توركیا بهێنرێت. كە بەلای منەوە مەسەلەكە كۆتایی پێهێنان نییە، لە روانگەی چارسەركردنەوە، بەقەد ئەوەی گەمارۆدانی كوردە لە هەموو لایەكەوە، بۆ ئەوەی لە لایەن وڵاتانی زلهێزەوە لە دژی تورکیا بەکار نەهێنرین.




ئه‌مریكاو نه‌وه‌ی نوێ‌ … سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم

یه‌كێ‌ له‌ بنه‌ما فه‌لسه‌فی و سیاسی و فیكری ئه‌مریكا خۆنوێكردنه‌وه‌یه‌تی به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، به‌ ئامانجی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، له‌م رێگایه‌شه‌وه‌ ده‌یه‌وێ‌ هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتن و ده‌ربڕینانه‌ی هه‌ندێ‌ له‌ توێژه‌رانی سیاسی و ئابوری ئاوه‌ژوو بكاته‌وه‌، كه‌ چاره‌نووسی ئه‌مریكا به‌ چاره‌نووسی به‌ریتانیای گه‌وره‌ ده‌شوبهێنێ‌، ئه‌و به‌ریتانیایه‌ی ڕۆژێ‌ له‌ ڕۆژان خۆری لێوه‌ ئاوا نه‌ده‌بوو.

ئه‌مریكا تا گه‌یشتن به‌ لوتكه‌ی ئیمپڕاتۆرییه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێ‌، بۆ ئه‌م به‌رده‌وامییه‌شی پێویستی به‌ ئالوگۆڕی نه‌وه‌كان هه‌یه‌، چونكه‌ مومكین نییه‌ له‌مه‌ودوا بتوانێ‌ له‌ رێگه‌ی پیره‌كانه‌وه‌ ئه‌و رێیه‌ دورودرێژه‌ی له‌به‌رده‌میدا ماوه‌ بیبڕی، وه‌ك چۆن ده‌مێكیشه‌ تێروانینی سیاسی ئه‌مریكا بۆ ته‌واوكردنی ئامانجه‌ ستراتیژییه‌كانی گۆڕاوه‌، ئه‌گه‌ر له‌ رابردوودا ته‌نیا پشت و په‌نای سه‌ره‌ زله‌كان بووبێ‌ ئه‌وه‌ له‌ ئێستادا و ده‌مێكیشه‌ وازی له‌سه‌ر زله‌كان هێناوه‌ و زیاتر بایه‌خ به‌ به‌ده‌ست هێنانی متمانه‌ی گه‌لان ده‌دا، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌ رێگای هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی نوێدا، بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و وڵات و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی نه‌توانن ئه‌و نه‌وه‌ نوێه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌، ڕۆژ به‌ ڕۆژ خۆریان ڕوو له‌ ئاوا بوونه‌.

ئه‌مریكا زۆر به‌وردی سه‌رقالی تێفكرین و لێكۆلینه‌وه‌ی ورده‌ له‌سه‌ر سروشتی كۆمه‌ڵگاكان و جۆری ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی له‌ سه‌روشتیاندا ڕووده‌ده‌ن.
هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ تازانه‌ش زیاتر له‌ دوای ڕووداوه‌كانی 11-ی سپتێمبه‌ری 2001 –وه‌ هاتنه‌ پێش، له‌وێوه‌ قۆناغێكی نوێ‌ و وه‌رچه‌رخانێكی ریشه‌یی له‌ زهنی ئه‌مریكییه‌كان سه‌ری هه‌ڵدا.

له‌ دوای ئه‌و مێژوه‌وه‌ “تۆماس فریدمان” له‌ وتارێكیدا له‌ سه‌ر نه‌وه‌ی سێیه‌می ئێران ئاماژه‌ بۆ خاڵێكی زۆر گرنگ و هه‌ستیار ده‌كات كه‌ ده‌كرێ‌ به‌ تێگه‌یشتن له‌و ئاماژه‌یه‌، تێبگه‌ین ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕووده‌دات له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌، خوێندنه‌وه‌ و تێگه‌یشتنی ئه‌مریكا بۆ ئێران و سعودیه‌ چییه‌؟ هه‌ریه‌ك له‌ مه‌زهه‌به‌كانی سوننه‌ و شیعه‌ له‌ زهنی ئه‌مریكادا چ گۆڕانكارییه‌كیان به‌سه‌ردا هاتوه‌؟

تۆماس فریدمان له‌و وتاره‌یدا به‌دوو ڕسته‌ جیاوازییه‌كانی نه‌وه‌ی نوێی ئێران و سعودیه‌ ده‌خاته‌ ڕوو، فریدمان نه‌وه‌ی سێیه‌می ئێران زۆر جیاواز له‌گه‌ڵ هاوسێكه‌ی سعودیه‌ نیشان ده‌دات، به‌ شێوه‌یه‌ك پێی وایه‌ سعودیه‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ گه‌نجانی هه‌ژار و توندڕۆ و دوژمن به‌ ئه‌مریكا زیاد ده‌كات. ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ رژێمی وڵاته‌كه‌یان به‌ ڕژێمێكی گه‌نده‌ڵ و نا ئاینی و سه‌ر به‌ ئه‌مریكا بزانن.
له‌به‌رامبه‌ردا ئێران ڕۆژ به‌ڕۆژ گه‌نجانی هه‌ژار و كه‌متر ئیسلامی و كه‌متر به‌ چاوی دوژمن سه‌یركردنی ئه‌مریكا زیاد ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك ناڕه‌زاییه‌تییه‌كانی گه‌نجانی ئێرانی له‌ به‌رامبه‌ر ڕژێمه‌كه‌یاندا زیاتر له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌، كه‌ وه‌ك ڕژێمێكی “سیوقڕاتی” بووه‌ته‌ زیاتر دوورخستنه‌وه‌ و دابڕانیان له‌ جیهان.

به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌و به‌راورده‌ی تۆماس فریدمان، ده‌توانین له‌و تێگه‌یشتنه‌ نزیك ببینه‌وه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا ڕوو ده‌دات، چونكه‌ ته‌نیا خاڵی هاوبه‌ش له‌ نێوان سعودیه‌و ئێراندا لایه‌نی هه‌ژارییه‌كه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌یان بۆ ئه‌مریكا خاڵێكی ئیجابی هاوبه‌شه‌، به‌ڵام به‌شه‌كه‌ی تری رۆحی ئیسلامیه‌تی و رق و قینه‌ی زیاتر به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌مریكا، ئه‌مه‌یان ئه‌و ستراتیژه‌یه‌ كه‌ له‌ قۆناغی نوێی ئێستادا ئه‌مریكییه‌كان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ئه‌مریكییه‌كان له‌ دوای 11-ی سپتێمبه‌ره‌وه‌ به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا ده‌گه‌ڕێن كه‌ (ئه‌و ڕق و كراهییه‌ته‌ی گه‌ڵانی ئیسلامی له‌به‌رمبه‌ر ئه‌مریكادا له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌؟)
بۆیه‌ هه‌مووان ده‌بێ‌ له‌وه‌ تێبگه‌ن ئه‌مریكا سه‌رقاڵی لانی كه‌م كه‌مكردنه‌وه‌ی رق و قینه‌ی گه‌لانه‌ له‌به‌رامبه‌ر خۆیدا، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كات نه‌ك هه‌ر ناتوانێ‌ ببێ‌ به‌ ئیمپراتۆر، به‌ڵكو ناشتوانێ‌ به‌ كرده‌وه‌ ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ش به‌ڕه‌ونێته‌وه‌ كه‌ باس له‌ چاره‌نووسی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن، كه‌ دوور نییه‌ به‌ ده‌ردی ئینگلیز بچێت.

لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ی مه‌ن تێیگه‌یشتبم له‌و گه‌مه‌ سیاسییه‌ گه‌وره‌یه‌دا ئه‌مریكا ده‌بێ‌ ئێران بباته‌وه‌، سعودیه‌ش ئه‌گه‌ر نه‌توانێ‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی تۆماس فریدمان ئاوه‌ژوو بكاته‌وه‌ چاره‌نووسه‌كه‌ی جگه‌ له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ شتێكی دیكه‌ نابێت.
سه‌ركردایه‌تی كوردیش ده‌بێ‌ له‌وه‌ تێبگات نه‌وه‌ی یه‌كه‌م كۆتاییان هاتوه‌.




شۆڕشگێڕه‌كان یان ده‌بێ‌ ببن به‌ دیكتاتۆر، یان ده‌بێ‌ بمرن سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم

جۆن پێركینز، ئه‌و پیاوه‌ی له‌ كۆمپانیای “مه‌ین”ی ئه‌مریكی كاری ده‌كرد، بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی له‌ نێوان ساڵانی (1971-1975) ڕووده‌كاته‌ ئیندۆنیسیا، له‌وێ‌ له‌ رێگه‌ی هاوڕێ و هاوكارێكی ئیندۆسییه‌وه‌ سه‌رقالی ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كانی ده‌بێت، شه‌وێكیان هاوڕێكه‌ی ده‌یبات بۆ بینینی نمایشی شانۆیه‌كی سه‌ر شه‌قام.
نمایشه‌كه‌ بریتی ده‌بێت له‌ گه‌مه‌یه‌كی شانۆیی بووكه‌ڵه‌یی.
دوو بووكه‌ڵه‌ ده‌رده‌كه‌ون، یه‌كێكیان به‌ جل و به‌رگ و شه‌پقه‌ ئالایه‌كه‌ی سه‌ریه‌وه‌ دیاره‌، ئاماژه‌یه‌ بۆ”ریتشارد نیكسۆن” سه‌رۆكی ئه‌و ده‌می ئه‌مریكا، له‌و لاشه‌وه‌ بوكه‌له‌یه‌كی دیكه‌ به‌ جلوبه‌رگێكی سێ‌ ره‌نگییه‌وه‌ به‌ ده‌ستێكی قوتوویه‌یه‌كی هه‌ڵگرتوه‌ و به‌ده‌سته‌كه‌ی تریشی ئالای ئه‌مریكا، ئه‌و ئاڵاكه‌ به‌سه‌ر سه‌ری نیكسۆنه‌و ده‌شه‌كێنێته‌وه‌، ئه‌و له‌ هه‌ڵسوكه‌وتیدا دیاره‌ كه‌ جگه‌ له‌ كۆیله‌یه‌ك شتێكی تر نییه‌، له‌ پشتیشیانه‌وه‌ نه‌خشه‌یه‌كی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و خۆرهه‌ڵاتی ناوین دانراوه‌.

نیكسۆن له‌ نه‌خشه‌كه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ و به‌ ده‌زوویه‌ك وڵاتان هه‌ڵده‌گرێ‌ و ده‌یانخاته‌ نێو ئه‌و قوتوه‌ی وێنه‌ی دۆلاری ئه‌مریكی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، به‌ده‌ستی بوكوڵه‌كه‌ی تره‌وه‌یه‌، كاتێك له‌ نه‌خشه‌ی ئیندۆنسیا نزیك ده‌بێته‌وه‌ ده‌یه‌وێ‌ به‌رزی بكاته‌وه‌ و بیخاته‌ نێو قوتووكه‌، وه‌ڵێ‌ له‌م كاته‌دا بووكه‌ڵه‌یه‌ك كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ پیاوێكی ئیندۆنیسی باز ده‌دات ” دیاره‌ ئه‌م بووكه‌له‌یه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ سیاسییه‌كی خه‌لكی باندۆنگی ئیندۆنیسی كه‌ خاوه‌نی جه‌ماوه‌رییه‌كی زۆری ئه‌و وڵاته‌ بوو”.
ئه‌م بووكه‌ڵه‌یه‌ له‌ نێوان نیكسۆن و قوتوو به‌ ده‌سته‌كه‌ هاوار ده‌كات، بوه‌سته‌ ئیندۆنیسیا خاوه‌نی سه‌روه‌ری خۆیه‌تی.

له‌م كاته‌دا ئه‌و خه‌ڵكه‌ی به‌دیار نمایشه‌كه‌وه‌ وه‌ستاون ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ چه‌پڵه‌ لێدان، هه‌ر له‌م كاته‌شدا بووكه‌ڵه‌ی قوتوو به‌ده‌ست ئاڵاكه‌ی ئه‌مریكا به‌رز ده‌كاته‌وه‌ و وه‌ك و تیرێك له‌ ئیندۆنیسیای ده‌گرێت، به‌ڵام له‌پڕ لار ده‌بێته‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی دڵته‌زێن ده‌مرێت.
به‌مشێوه‌یه‌ جه‌ماوه‌ركه‌ ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ چه‌پڵه‌لێدان و وتاف كێشان، دوو بووكه‌ڵه‌كه‌ش كه‌ ئاماژه‌ن بۆ نیكسۆن-ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا و قوتوو به‌ده‌سته‌كه‌ به‌ مۆنی له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ڕاده‌مێنن و سه‌ریان شۆر ده‌كه‌ن و شانۆكه‌ جێدێڵن.

وه‌ك جۆن پێركینز ده‌یگێڕێته‌وه‌ دوای چه‌ند رۆَژێك ئه‌و پیاوه‌ سیاسییه‌ خۆشه‌ویسته‌ی جه‌ماوه‌ر، كه‌ له‌ نمایشه‌كه‌دا به‌ڕووی نیكسۆندا وه‌ستایه‌وه‌ و بووكه‌ڵه‌ قوتوو به‌ده‌سه‌ته‌كه‌ی كوشت، شۆفێرێك تیرۆری كرد و بۆی ده‌رچوو) *

———————-
اعترافات قاتل الاقتصادی- جون بیركینز-ص 65—69 *




شه‌ڕی ده‌وڵه‌ت … به‌شی شه‌شه‌م … سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم

كێن ئه‌وانه‌ی كه‌ شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن؟ …

به‌ درێژایی مێژوو كورد نه‌یتوانیوه‌ له‌ هاوكێشه‌ هه‌رێمه‌یه‌كاندا سه‌ركه‌وتو بێ‌، هه‌میشه‌ وه‌ك هێزێكی یاری پێكراو بینراوه‌، نه‌ك وه‌ك هێزێكی یاریكه‌ر. هه‌رچه‌ندجارێك ویستبێتی بچێته‌ ده‌روه‌ی ئه‌و بازانه‌ داخراوه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ به‌ده‌وری خوێدا ده‌یخولێنێته‌وه‌، پیلیان گرتوه‌ و هێناویانه‌ته‌وه‌ نێو بازنه‌ داخراوه‌كه‌، هه‌رچه‌ند جارێك ویستبێتی كه‌وانه‌یه‌كی دیكه‌ی سیاسی بكاته‌وه‌، له‌و سه‌ره‌وه‌ هه‌موو كه‌وانه‌كان خراونه‌ته‌وه‌ نێو كه‌وانه‌یه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ نیشانه‌یه‌كی زۆر دیاری به‌هێزی كورده‌ له‌ نێو هاوكێشه‌ ناوچه‌ییه‌كه‌دا، به‌ڵام ئه‌و به‌هێزییه‌ی زیاتر له‌ لایه‌ن نه‌یاران و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ سوودی لێوه‌رگیراوه‌، ته‌نیا سوودێك كه‌ ئێمه‌ بینیبێتمان ئه‌وه‌بووه‌، پارێزگاریمان لێكراوه‌، چونكه‌ كورد ئێستا ئه‌و فاكت و فاكته‌ره‌یه‌، ئه‌مریكا و وڵاتانی زلهێز له‌ لایه‌ك و وڵاتانی ناوچه‌یی له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ كاریان پێیه‌تی. له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا ڕابه‌رایه‌تی ده‌كات و له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یشدا سعودیه‌.
تێنه‌گه‌یشتن له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كه‌، یان تێگه‌یشتن به‌و دیوه‌دا كه‌ پێمان وابێ‌ پێگه‌ی كورد له‌ ناوچه‌كه‌دا هێنده‌ به‌هێز بووه‌ ده‌توانین له‌ چوارچێوه‌ی خه‌لقكردنی فاكتێكی دیفاكتۆیدا خۆمان بچه‌سپێنین، پێم وابێ‌ تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌یه‌كی لاره‌ و پێویستی به‌ ڕاستكردنه‌وه‌ هه‌یه‌.

له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی هێنانه‌گۆڕێی پرسی ڕیفراندۆم، زۆر شتی سه‌یر ڕوویاندا كه‌ لێره‌وه‌ به‌ڕاستی كه‌سانی توێژه‌ر پێویسته‌ له‌ سه‌ری بووه‌ستن و شیكردنه‌وه‌ی جدی بۆ بكه‌ن، له‌ نێو یه‌ك كه‌وانه‌دا ئه‌و خۆنواندنانه‌ی به‌ درێژایی مێژوو له‌ سه‌ركردایه‌تی كورد نه‌بینراوه‌ بینران، له‌ ماوه‌ی شه‌و و ڕۆژێكدا، ئه‌وه‌ی نه‌مان بینیبوو بینیمان، ئه‌وه‌ی گوێمان لێنه‌بوو گوێمان لێبوو، گوێمان لێبوو، بینیمان كورد بۆته‌ چ هێزێكی كاریگه‌ر له‌ ناوچه‌كه‌دا ئاماده‌یه‌ گوێی له‌ كه‌س نه‌گرێ‌، ئاماده‌یه‌ حیساب بۆ هیچ وڵاتێكی جیهانی و ناوچه‌یی نه‌كات، ئاماده‌یه‌ له‌ دۆخێكی ئه‌وپه‌ڕی خراپی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی نێوخۆیدا جاڕی به‌دیهێنانی ئامانجێك بدات كه‌ نزیكه‌ی یه‌ك سه‌ده‌یه‌ خه‌باتی بۆ ده‌كه‌ین، به‌و حاله‌وه‌ ده‌مانه‌وێ‌ خه‌ونێك بكه‌ین به‌ فاكت.

به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر كورد له‌م پێگه‌ به‌هێزه‌دایه‌ و دابووه‌، بۆ ئێمه‌ نه‌مانزانیوه‌، سه‌ركردایه‌تی كورد بۆ هه‌وڵی نه‌داوه‌ ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ بگه‌ێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا بتوانین متمانه‌ به‌سه‌ركرده‌كانمان بكه‌ین و به‌چاو نوقایی دوایان بكه‌وین و یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ڕه‌نگ له‌ ده‌وریان كۆوه‌بین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م جووله‌یه‌ ته‌نیا بۆبه‌رهه‌مهێنانی ڕووداوێكه‌، به‌بێ‌ لێكدانه‌وه‌یه‌كی وردی پێشوه‌خته‌، ئه‌وه‌ ده‌بێ‌ شایه‌دی ئه‌نجامه‌ خۆبه‌خته‌كه‌شی بین.
گرفتێكی گه‌وره‌ی سیاسییه‌كانی كورد ئه‌وه‌یه‌ به‌ پێوه‌ره‌ نوێیه‌كان ناڕواننه‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی ئێستا، پێیان وایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توانیویانه‌ ده‌ست به‌ سه‌ره‌ په‌تێكی باریكی ئابوریه‌وه‌ بگرن، ئیتر ته‌واو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد توانیویه‌تی له‌به‌رامبه‌ر هێزێكی تیرۆرستی گه‌وره‌ كه‌ هه‌موو جیهانی به‌ خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردوه‌ بوه‌ستێ‌ ئیتر ده‌بێ‌ باره‌ته‌قای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی بێده‌نگیمان ده‌نگمان به‌رز بكه‌ینه‌وه‌.

“گۆته‌” وته‌یه‌كی جوانی هه‌یه‌ ده‌ڵێ‌ ( ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ مێژووی سێ‌ هه‌زار ساڵه‌ی مرۆڤ به‌ ئاگا نه‌بێ‌، ته‌نیا بۆ ورگی ده‌ژێی). كورد نه‌ك ئاگای له‌ مێژووی سێ‌ هه‌زار ساڵ نییه‌، ئه‌و ئاگای له‌ مێژوویه‌كی كورتی یه‌ك سه‌ده‌ی خۆشی نییه‌، ئه‌گه‌ر نا چۆن تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ دوژمنی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بناسێت “ئالان بادیۆ” له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌لێ‌ ( دوژمن به‌شێكه‌ له‌ جه‌وهه‌ری سیاسه‌ت، هه‌ر سیاسه‌تێكی ڕاسته‌قینه‌ ده‌بێ‌ دوژمنی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بناسێ‌).
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئێمه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ماندا له‌ شه‌و ڕۆژێكدا دۆست ده‌بێ‌ به‌ دوژمن و دوژمن ده‌بێ‌ به‌ دۆست، ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نا كه‌ پێم وانه‌بێ‌ نه‌ دۆستی تاسه‌ر هه‌یه‌ نه‌ دوژمنی تاسه‌ر، به‌ڵام ئه‌وهاش نا، ئه‌وه‌ ته‌نیا وڵاتانی زلهێزی دنیا ده‌توانن په‌یڕه‌وی له‌وه‌ها سیاسه‌تێك بكه‌ن و سیاسه‌تی ڕۆژ په‌یڕه‌و بكه‌ن.

به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ له‌ ئێستادا كورد كه‌وتۆته‌ نێو یه‌ك كه‌وانه‌، به‌ڵام له‌ نێو دوو كه‌وانه‌ی جیاوازدا.
كورد له‌ نێوان دوو ئاراسته‌ی هاوته‌ریب، به‌ڵام جیاواز، گۆشه‌گیر بووه‌، ئه‌گه‌ر ئێران وه‌ك فۆبیایه‌ك وابێت بۆسه‌ر وڵاتانی خه‌لیج و جیهانی ئیسلامی سوننه‌، ئه‌وه‌ وه‌ك ته‌لیسمێكیش وایه‌ بۆ كورد ئه‌و له‌ ئێستادا هاوكێشه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێكدێنێ‌، بۆیه‌ ئه‌مریكا پێویستی به‌وه‌ بوو ئێران بخاته‌وه‌ جووله‌یه‌كی هه‌ست پێكراو، چونكه‌ مومكین نییه‌ به‌بێ‌ هیچ جووله‌یه‌ك ڕوداوێك ڕووبدات، ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ‌ قۆناغێكی دیكه‌ی یاریه‌كه‌ ببڕی پێویستی به‌وه‌ بوو لایه‌كی ده‌رگاكه‌ به‌ڕووی ئێراندا بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بیكاته‌ فۆبیایه‌ك به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت.
سیاسه‌توانی كوێتی”عه‌بدولڵا ئه‌لنفێسی”یه‌كێكه‌ له‌و قسه‌كرانه‌ی به‌رده‌وام ئاماژه‌ بۆ ئه‌و فۆبیایه‌ی ئێران ده‌كات، كه‌ به‌قسه‌ی ئه‌و ئێستا ئێرانی شیعه‌ پایته‌ختی چوار وڵاتی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌( به‌یروت، دیمه‌شق، به‌غداد، سه‌نعا) ئه‌و به‌ر له‌ ڕووداوه‌كانی یه‌مه‌ن ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردبوو كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئێران ده‌گاته‌ ده‌روازه‌كانی “مه‌ككه‌”
مێژوویی ملمڵانێی دورودرێژی سعودیه‌ له‌گه‌ڵ ئێران، به‌مانا مه‌زهه‌بییه‌كه‌ی له‌ نێوان سوننه‌ و شیعه‌، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ سعودیه‌ و ئێران نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن، وایكرد سعودیه‌ هه‌ست به‌ تین و مه‌ترسییه‌كانی شیعه‌ بكات، به‌ تایبه‌تی كه‌ بینی و ده‌ركه‌وت قسه‌كانی عه‌بدوللڵا ئه‌لنفێسی ڕاسته‌ و ئێران گه‌یشتۆته‌ سنوری مككه‌. لێره‌وه‌ جۆرێك له‌ په‌یوه‌ندی دوو قۆڵی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكاتی مه‌سعود بارزانی و سعودیه‌ دروست ده‌بێ‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا بارزانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران به‌شێوه‌یه‌ك ده‌پچڕێنی، كه‌ له‌ هیچ كاتێكدا په‌یوه‌ندییه‌كانیان واخراپ نه‌بووه‌.
لێره‌وه‌ هه‌ریه‌ك له‌ سعودیه‌ و ئه‌مریكا په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر ته‌كتیكی نوێ‌ بۆ لانی كه‌م رێگریكردن، یان به‌ربه‌ستكردنی مه‌ددی ئێرانی شیعه‌ به‌ ئاراسته‌ی قووڵایی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، چونكه‌ هه‌ردولا له‌ ڕوانگه‌ی هه‌ڵكشان و زیاتر بوونی هه‌یمه‌نه‌ی ئێران وه‌ك رابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی شیعه‌ له‌ جیهاندا ده‌ڕواننه‌ چۆنیه‌تی هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ پرسی كورد له‌ باشور.
سعودیه‌ پشتیوانی له‌ كورد ده‌كات تا ئاستی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی كوردی له‌ ناوچه‌كه‌دا وه‌ك به‌ربه‌ستێكی كۆنكریتی به‌مه‌به‌ستی رێگریكردن له‌ مه‌ددی شیعه‌، ئه‌مریكاو وڵاتانی زلهێزیش به‌ هه‌مان شێوه‌ پشتیوانی له‌ كورد ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌ مه‌رجی مانه‌وه‌یان له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا وه‌ك ئامارازێكی به‌هێز و كاریگه‌ر بۆ ڕێگریكردن له‌ مه‌ددی شیعه‌گه‌رایی ئێرانی.

به‌و مانایه‌ی جیابوونه‌وه‌ی كورد له‌ به‌غدا ده‌بێته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ باڵاده‌ستبوونی زیاتری ئێران له‌ عێراق، واده‌كات ئه‌م وڵاته‌ به‌ ته‌واوه‌تی بكه‌وێته‌ بن ده‌ستی شیعه‌ و ئێران.
هه‌روه‌ك “هێربێرت رایموند مكماستێر” راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ دواین لێدوانیدا سه‌باره‌ت به‌ پرسی ریفراندۆم راگه‌یاند كه‌ به‌ هۆكاری زیاتر بوونی نفوزی ئێران له‌ عێراق و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی سامانی ئه‌م وڵاته‌ ئێمه‌ له‌ گه‌ڵ ریفراندۆم و جیابوونه‌وه‌ی كورد نین له‌ عێراق، چونكه‌ به‌ قسه‌ی ئه‌و له‌م حاله‌ته‌دا ته‌نیا ئێران سوود وه‌رده‌گرێت.

ئه‌وه‌ش ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ مێژووییه‌ی كه‌ عێراقی لێوه‌ دروستكرا، كاتێك ئینگلیز مه‌له‌كییه‌تی عێراقی دروست كرد به‌ هۆكاری هاوسه‌نگی مه‌زهه‌بی له‌ نێوان سوننه‌ و شیعه‌دا ئه‌وبه‌شه‌ی كوردستانی به‌ ویلایه‌تی موسلیشه‌وه‌ لكاند به‌و عێراقه‌ نوێیه‌، بۆیه‌ ده‌بینین له‌ ئێستادا جارێكی دیكه‌ ئه‌و ترسی تێكچونی هاوسه‌نگییه‌ وه‌ك هۆكارێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌بێته‌ هۆی مانه‌وه‌ و رێگه‌نه‌دان له‌ جیابوونه‌وه‌ی كورد له‌ به‌غدا، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ین هاوسه‌نگییه‌كه‌ بۆ ڕاگرتنی هاوسه‌نگی به‌شه‌ری نییه‌، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ته‌نیا به‌ ده‌ستی شیعه‌وه‌ نه‌بێت، به‌ دیوێكی تریشدا له‌ كاتی پێویستدا بتوانن كارتی كورد له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی عێراقی شیعه‌ به‌كار بێنن.
هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌مریكا هه‌وڵه‌كانی خۆی چڕكردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت عێراق بستێك له‌ ئێران دوور خاته‌وه‌ و دوو بستی له‌ سعودیه‌ و ئوردن نزیك بكاته‌وه‌.




شه‌ڕی ده‌وڵه‌ت …. 5 …. سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم

كێن ئه‌وانه‌ی شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن ؟

به‌شی پێنجه‌م….

فاروق ڕه‌فیق و ڕابوون مه‌عروف، ئه‌و دوو فه‌لسه‌فه‌لێده‌ره‌ی له‌ ئێستادا پێشڕه‌وایه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی (نه‌خێر) ده‌كه‌ن، نه‌خێر له‌به‌رامبه‌ر (به‌ڵێ‌)ێكدا كه‌ هێشتا دیار نییه‌ ڕێك ئه‌و ڕسته‌یه‌ چۆنه‌ كه‌ ده‌خرێته‌ دەنگدان له‌ ڕێی ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ی گوایه‌ له‌ 25/9 2017 ده‌كرێت، كه‌ هه‌مدیسان تا ئێستا كردن و چۆنیه‌تی كردنی ڕیفراندۆمه‌كه‌ش زۆر باش دیار نییه‌.

به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌ كه‌وته‌ به‌ر شاڵاوێكی توندی ئه‌و لایه‌ن و كه‌سانه‌ی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ دۆخی سیاسی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان ڕازی نین. ئه‌گه‌رچی من پێم وایه‌ نوقته‌ خستنه‌ سه‌ر پیت بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی مانای وشه‌و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ڕسته‌كان زۆر قورسه‌، ئێمه‌ ته‌نیا ده‌توانین به‌ پشت به‌ستن به‌ سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان و گێڕانه‌وه‌ و تۆماركردنی هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ی له‌ دونیای ده‌روه‌ی ئێمه‌دا ڕوویان داوه‌ (جا ڕاست یان ناڕاست) شتێك به‌سه‌ر خۆماندا بكرێنه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جدی و به‌جێ‌ بۆ ئه‌و ئه‌قڵه‌ كوردیانه‌ بكه‌ین، كه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سانێك ئه‌قڵیان شتێك له‌ ئه‌قڵی باوی كۆمه‌ڵگا واوه‌تره‌، هاتوون به‌ قولی خۆیان وه‌ك دكتۆرێك ئه‌م كۆمه‌لگه‌ نه‌خۆشه‌ به‌ كه‌پسوولی (نه‌خێر) چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

له‌ كاتێكدا نه‌ ئه‌مان ئه‌و دكتۆره‌ن و نه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ و نه‌هیچ كۆمه‌ڵگایه‌كی دیكه‌ی سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ له‌و دۆخه‌دا ماون ئیراده‌یان له‌ده‌ست خۆیاندا مابێ‌، تا ئه‌وان وا به‌ئاسانی بتوانن بێن چاكیان بكه‌نه‌وه‌.
ئه‌و فه‌له‌سه‌فه‌یه‌ی ڕابوون لێیده‌دات پڕی نێو كتێبه‌كانن، كه‌ هه‌وڵده‌ده‌م له‌ دوو توێی ئه‌م نووسینه‌مدا به‌ چه‌ند نموونه‌یه‌كی زێندووی له‌و شێوه‌یه‌ی ئاشنا بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات ته‌نیا ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌و ده‌یزانێ‌، دیاره‌ ئه‌و بۆچوونه‌م به‌ هه‌مان شێوه‌ بۆ به‌ره‌ی (به‌ڵێ‌)ش وایه‌، كه‌ پێم وانییه‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ش هه‌ڵقوولاوی ئیراده‌یه‌كی راست و دروستی سه‌ركردایه‌تی كورد بێ‌ و له‌ ناخێكی بێگه‌ردی كوردانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێ، به‌ڵام به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ده‌مه‌ته‌قێكه‌م له‌م نووسینه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌م جووته‌ فه‌یله‌سوفه‌یه‌ كه‌ به‌ڕاستی ده‌یانه‌وێ‌ وه‌ك فریادڕه‌سێك فریای ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌ نه‌خۆشه‌ بكه‌ون و له‌ كاره‌ساتێكی مسۆگه‌ر قورتارمان بكه‌ن.

به‌ هه‌موو پێوه‌رێك ئیراده‌و هه‌ڵوێستی به‌ره‌ی سه‌ربه‌خۆیی بێگه‌رد ترو بێ‌ ئه‌ملا و ئه‌ولاتره‌، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌نگانه‌ی به‌ هه‌ر هۆیه‌كی ڕاست و ناڕاست ده‌یانه‌وێ‌ به‌ر له‌ ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆیی بگرن، به‌ده‌ر له‌ و پلانه‌ ئیقلیمیه‌ی كه‌ باس ده‌كرێ‌، هه‌ر جۆره‌ وه‌ستانێك له‌ به‌رامبه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ده‌بێ‌ له‌ روانگه‌ی خۆیه‌وه‌ لێیبڕوانرێ‌.
ڕابوون به‌ دوو مه‌نتقی فكری حه‌قی خۆیه‌تی دژ به‌ ریفراندۆم و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی كوردی بێت، یه‌كیان وه‌ك كۆمه‌نستێك له‌ رابردوودا، دووه‌میان وه‌ك كه‌سێكی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ بۆ سه‌ر باوه‌ڕی ئاینی ئیسلام( ئه‌مه‌شیان به‌ ڕاست یان به‌ سیاسه‌ت) كه‌ به‌ گوێره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی فیكری ئه‌م دوو باوه‌ڕه‌ ڕابوون ده‌توانێ‌ سه‌دان بیانوو بۆ دژه‌ ده‌وڵه‌تی كوردی بێنێته‌وه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ زۆر له‌ ئێمه‌ مانانیش زۆر كێشه‌مان له‌گه‌ڵیدا نه‌بێ‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی من له‌م نووسینه‌دا مه‌به‌ستمه‌ ئاماژه‌ی بۆ بكه‌م ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێ‌ له‌وه‌ تێبگا كه‌ به‌ردێك به‌بێ‌ هۆكارێكی ده‌ره‌كی له‌ شوێنی خۆی ناله‌قێت، له‌ ڕووی فه‌لسه‌فیشه‌وه‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی پێی وایه‌ ئه‌وه‌ ئیراده‌و ویستی ئه‌و خۆیه‌تی ده‌یه‌وێ‌ ئه‌و به‌رده‌ بجوولێنێ‌ و بیگوازێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیخاته‌ سه‌ر به‌رده‌كه‌ی تر بۆ دروستكردنی دیواری حه‌وشه‌كه‌، یان له‌ شوێنیدا گوڵێك بڕوێنێ‌، ئه‌وه‌ ده‌بێ‌ تێبگات هۆكارێكی ئه‌قڵی له‌ پشته‌وه‌ی ئه‌قلی ئه‌و بوونی هه‌یه‌ ئه‌قلی ئه‌و ئاراسته‌ ده‌كات به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی پێی بزانێ‌.
لێره‌دا ئاماژه‌ بۆ چه‌ند حاڵه‌تێك ده‌كه‌م كه‌ ده‌كرێ‌ تێكهه‌ڵكێشی ئه‌و بابه‌ته‌ی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی لانی كه‌م بتوانین تێگه‌یشتنێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یڵێم دروست بكه‌ین، ده‌كرێ‌ له‌ ڕابوون و فاروق بپرسم ئه‌و پاڵنه‌ره‌ چییه‌؟ وایكردوه‌ به‌م شێوه‌ به‌ لێشاوه‌ ڕوو له‌ وه‌رگێڕان و چاپكردنی كتێبه‌ ماركسییه‌كان بكرێ‌، كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ كتێبێكی زۆری فیكری ماركسی ده‌خرێته‌ بازاڕه‌وه‌، ئایا ئه‌مه‌ هه‌ر له‌ خۆوه‌یه‌، یان فه‌لسه‌فه‌یه‌كی له‌ پشته‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی په‌نایان بردۆته‌ به‌ر وه‌ها كارێك مه‌رجه‌ ئاگاداری ئه‌سلی مه‌سه‌له‌كه‌ بن، كه‌ من پێم وایه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌و ئه‌ركه‌ جێبه‌جێده‌كه‌ن ئه‌سه‌له‌ن ده‌ركیان به‌و ئه‌قله‌ نادیاره‌ نه‌كردوه‌، بۆیه‌ ئه‌وان حه‌قی خۆیانه‌ له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌و باوه‌ڕه‌وه‌ بڕواننه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ كه‌ خۆیان باوه‌ڕیان پێی هه‌یه‌.

چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌ ئێستا سه‌رچاوه‌ و نووسین له‌ سه‌ر مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی ڕۆمی له‌ په‌نجه‌ی یه‌ك ده‌ست تێنه‌ده‌په‌ڕی، كه‌چی ئێستا جگه‌ له‌وه‌ی به‌ دیان كتێب خراوته‌ كتێبخانه‌ی كوردی، هه‌ر چه‌ند مانگ جارێكیش كتێبك له‌ بواری ته‌سه‌وه‌ف و مه‌ولانای ڕۆمی چاپ و بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.
باوا تێنه‌گه‌ن من خۆم تووشی وه‌همێكی گه‌وره‌ی ئه‌قڵی سیاسی و فیكری كردوه‌ هه‌موو شتێك ده‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ سیاسه‌تی پیلانگێڕان، چونكه‌ له‌م ڕوه‌وه‌ من ته‌نیا نمونه‌كانی نیشان ده‌ده‌م، دواتر ئه‌وان ئازادن له‌وه‌ی منیش به‌ نه‌خۆشێكی نێو ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌ نه‌خۆشه‌ ده‌زانن یان نا.
ئێوه‌ ده‌زانن ریفراندۆمی 2005 له‌ سه‌ر پێشنیازی ڕاوێژكارێكی ئه‌مریكی (پیته‌ر گالبێرس) كه‌ له‌ ئێستادا وه‌ك ڕاوێژكارێك گرێبه‌ستی له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌یه‌ ئه‌نجامدرا، یانی ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕاوێژكاره‌ كه‌ ئه‌و كات بالێوزی ویلاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا بوو له‌ كرواتیا ئه‌و پێشنیازه‌ی نه‌كردبوایه‌ رێفراندۆمه‌كه‌ نه‌ده‌كرا.

ئێوه‌ ده‌زانن نزیكه‌ی 65 ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ دكتۆر محه‌مه‌د مسه‌ده‌ق كه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنێكی دیموكراتیانه‌ هه‌ڵبژێردرا و یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌لبژێردراوی ئێران بوو، ئه‌مریكا چۆن كوده‌تای به‌سه‌ردا كرد و له‌ ده‌سه‌ڵاتی لادا؟ ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پیاوێكی نیشتمانی و جه‌ماوه‌ری بوو.
ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی پڕۆسه‌یه‌كی نه‌خشه‌ بۆ كێشراوی جوولاندنی شه‌قامدا، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌یه‌ نیشانی ڕای گشتی بدات كه‌ خه‌ڵكی ئێران له‌گه‌ڵ موسه‌ده‌ق نیین، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هێناو حكومه‌ته‌كه‌ی ڕووخاند، ئایا هه‌موو ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی، به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ پێیان وابوو ئه‌ركێكی نیشتیمانی و ناوخۆیی جێبه‌جێده‌كه‌ن به‌ ئاگا بوون له‌و پلانه‌ی ئه‌مریكا؟ ئه‌و ئه‌قڵه‌ چۆن بوو توانی ئه‌و هه‌موو ئه‌قڵه‌ له‌ خشته‌ به‌رێت، ئه‌و ئه‌قله‌ گه‌مه‌ پێكراوه‌ ئه‌قڵی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نه‌خۆش بوو؟ دوای ئه‌و نه‌خشه‌و پیلانه‌ هه‌ست پێنه‌كراوه‌ی ئه‌مریكا كه‌وتن.
ئه‌و ئه‌قڵه‌ی ئه‌مریكا ده‌بێ‌ چی بێ‌؟ بتوانێ‌ كه‌سێك به‌ ناوی (كیرمیت ڕۆزفێلت) بنێریته‌ ئێران بۆ ئه‌نجامدانی پیلان و نه‌خشه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ هاوڵاتیانیش كوێرانه‌ دوای كه‌ون و پێی نه‌زانن.
پێویسته‌ ئێوه‌ دوای ئه‌فلاتون نه‌كه‌ون، وه‌ك سوكرات وابن زۆر له‌ ئاسمان نه‌ڕوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی بزانن ئێستا ئه‌م زه‌ویه‌ چ تۆپه‌ڵه‌یه‌كی بچووكه‌ له‌ چنگی ئه‌مریكادا، سه‌رێك له‌ ئه‌مریكای لاتین بده‌ن بزانن ئه‌مریكا چۆن نه‌خشه‌و پلانه‌كانی جێبه‌جێكردوه‌، بزانن به‌ درێژایی مێژوو له‌ كۆلۆمبیا و په‌ناما و ئیكوادۆر چی ڕوویداوه‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ی له‌ فڕۆكه‌ خرانه‌ خواره‌وه‌ بۆ كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌؟
بۆیه‌ به‌ یه‌قینه‌وه‌ له‌ پاكی خۆ ڕوانین گه‌مژه‌ییه‌كی گه‌وره‌یه‌، ئه‌و ئه‌قڵه‌ی به‌كاری دێنی پێت وابێت به‌رهه‌می ئه‌قڵێكی سروشتیانه‌یه‌ بزانه‌ تا ئێستا له‌ خه‌وێكی قووڵدای، بۆیه‌ هێنده‌ له‌ ئه‌قڵی خۆت مه‌ڕوانه‌ شتێك ئاوڕ له‌و ئه‌قڵه‌ نادیارانه‌ بده‌ره‌وه‌ كه‌ وه‌ك كابوسێك وان به‌سه‌ر ئه‌قڵه‌كانی تره‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌قڵه‌كانی دی جگه‌ له‌ ده‌سكه‌لا به‌ولاوه‌ شتێكی دی نین.

كه‌سێكی وه‌ك (جۆن پێركینز) كه‌ شاره‌زایه‌كی بواری ئابوری و سیاسه‌ت زان بوو له‌ نێو یه‌كێ‌ له‌ كۆمپانیا هه‌ره‌ به‌هێز و دیاره‌كانی ئه‌مریكا و له‌ سه‌رتاسه‌ری دونیادا ڕۆلی هه‌بووه‌ و خودی خۆی داڕێژه‌ری زۆر له‌و نه‌خشه‌ و پیلانانه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌م كۆمپانیایه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكا له‌ ئه‌مریكای لاتین و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئاسیای ناوه‌راست ئه‌نجامی داون، ئه‌م پیاوه‌ خاوه‌نی كتێبی (القاتل الاقتصادی) بكوژی ئابوری كاتێك وه‌ك فه‌رمانبه‌ر چۆته‌ نێو ئه‌و كۆمپانیایه‌، هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی نه‌كردوه‌، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌شی نه‌بووه‌ كه‌ ئه‌و چۆته‌ نێو تۆڕێكی سیاسی ئابوری زۆر گه‌وره‌و مه‌ترسیدار، ئه‌و له‌ نیوه‌ی رێگاكه‌ پێی زانیوه‌ چ تاوانێك ده‌رحه‌ق به‌ گه‌لان ئه‌نجام ده‌دات، به‌ڵام كاتێك به‌وه‌ ده‌زانێ‌ دڵی خۆی به‌وه‌ ده‌داته‌وه‌ كه‌ ڕۆژیك دێ‌ ئه‌و ڕاستیانه‌ ئاشكرا بكات، چونكه‌ دڵنیایه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بێت و ئه‌و كاره‌ نه‌كات كه‌سێك نابێت ئه‌و راستیانه‌ ئاشكرا بكات، بۆیه‌ له‌و ڕۆژه‌وه‌ بڕیار ده‌دات ڕۆژێك هه‌موو ئه‌و نه‌خشه‌و پلانانه‌ی له‌ پشتی په‌رده‌وه‌ داڕێژراون و جێبه‌جێكراون، به‌ گوێی هه‌موواندا بدا، كه‌ هه‌ر واشی كرد، ره‌نگه‌ بۆ من ئه‌گه‌ر ئه‌و دانپێدانانه‌ی ئه‌و نه‌بوایه‌ نه‌متوانی با واتێبگه‌م، نه‌م ده‌توانی تێبگه‌م سه‌ركرده‌ شۆڕشگێره‌كان بۆ ناتوانن هه‌ر به‌ شۆڕشگێری بمێنه‌وه‌، یان ده‌بێ‌ بكوژرێن، یان ده‌بێ‌ وه‌ك ئه‌وانی دیكه‌ بگۆڕێن و ببن به‌ دیكتاتۆر و گه‌نده‌ل و میلله‌ت نه‌ویست.




شه‌ڕی ده‌وڵه‌ت .. بەشی چوارەم … سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم


كێن ئه‌وانه‌ی كه‌ شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن؟

به‌شی چواره‌م

(یان كه‌ركوك و كوردستان، یان تاماوین ئه‌جه‌نگین)…..

پرسی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر هه‌ستیاره‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی نابێت و ناشتوانێ‌ به‌هه‌ندی وه‌رنه‌گرێت، به‌ گوێره‌ی كۆمه‌ڵێك دیكۆمێنت و لێدوانی ڕاشكاوانه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد، شه‌كستی گفتوگۆكانی كورد له‌ گه‌ڵ ڕژێمه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی عێراق و نه‌گه‌یشتن به‌ هیچ ئه‌نجامێك، به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ بووه‌، له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ كه‌ركوك، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی كورد و بۆ كورد، هه‌میشه‌ وه‌ك دوو به‌رداش وابووه‌، به‌رداشی ده‌ستبه‌ردابوون، یان دواخستنی بیرۆكه‌ی سه‌ربه‌خۆیی، یان ده‌ستبه‌رداربوون له‌و ناوچانه‌ی كه‌ بۆ كورد هه‌میشه‌ خاڵی ناكۆكی و نه‌گه‌یشتنه‌ یه‌ك بووه‌.

به‌ومانایه‌ی تا ئه‌وكاته‌ی ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌ نه‌گڕێنرێنه‌وه‌ سنوری جوگرافی و ده‌سه‌ڵاتی كوردی مومكین نییه‌ بتوانرێ‌ رێككه‌وتنێكی شه‌ڕه‌ف مه‌ندانه‌ بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد ئه‌نجام بدرێ‌، ئێمه‌ له‌ رابردوودا شاهیدی چه‌ند گفتوگۆیه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ین، كه‌ به‌م هۆكاره‌وه‌ هیچ ئه‌نجامێكیان نه‌بووه‌.
لێره‌وه‌ جیابوونه‌وه‌، یان ڕێككه‌وتن به‌ بێ‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان، ئه‌مه‌ ئه‌و هاوكێشه‌ سیاسییه‌یه‌ كه‌ زۆرجار به‌غدا لێیه‌وه‌ بێمنه‌تی خۆی له‌ جیابوونه‌وه‌ی كورد له‌ عێراق نیشان ده‌دا.
قورسی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی كورد له‌وه‌دایه‌، كه‌ وه‌ك وتم له‌ رابردوودا وێڕای ده‌ست تێوه‌ردانی ئیقلیمی و فشاره‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ناوچه‌ییانه‌ی كه‌ وه‌ك یه‌ك كێشه‌ی كوردیان هه‌یه‌، ئه‌و ناوچانه‌ هه‌میشه‌ خاڵی ناكۆكی نێوان كورد و به‌غدا بووه‌، هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ له‌ گفتوگۆكانیاندا له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌نجامێك، ئه‌م پێك نه‌گه‌یشتنه‌ش هه‌میشه‌ كوشتارو ماڵ وێرانییه‌كی دیكه‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، بۆیه‌ له‌ ئێستادا قایل بوون به‌هه‌ر رێكه‌وتنێك یان جیابوونه‌وه‌یه‌ك به‌بێ‌ ئه‌و ناوچانه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارییه‌تییه‌كی مێژوویی و ئه‌خلاقی.
به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت وه‌ڵامێكیان پێ‌ بێت بۆ كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌و شۆڕه‌شه‌ دورودرێژه‌ی، كه‌ ده‌كرا به‌بێ‌ پێداگری له‌و ناوچانه‌ ئه‌و ململانێ‌ خوێناوییه‌ ئه‌وه‌نده‌ی نه‌خایاندبا، هه‌روه‌ها ده‌بێ‌ وه‌ڵامی ئه‌وه‌ش بدرێته‌ه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌م له‌رێگه‌یه‌وه‌ ڕوویداوه‌ و به‌سه‌رماندا هاتووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و ڕووباره‌ خوێنه‌ی به‌م هۆیه‌وه‌ ڕژاوه‌ كێ‌ لێی به‌رپرسه‌؟

به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ رابردوو، هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان ده‌ركه‌وته‌وه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد له‌ رابردوودا چه‌ند جارێك ده‌رفه‌تی جیابوونه‌وه‌ یان ڕێككه‌وتنی بۆ هه‌ڵكه‌وتوه‌، به‌ڵام به‌ هۆی سازش نه‌كردن له‌سه‌ر به‌شێكی خاكی كوردستان، نه‌یتوانیوه‌ به‌هیچ بگات، له‌وسه‌روه‌ به‌ستی به‌تاڵ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، له‌ سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه‌ پرسی كه‌ركوك، كه‌ هه‌میشه‌ وه‌ك خاڵی ستراتیژی لێیڕوانراوه‌، به‌مهۆیه‌وه‌ كورد درێژه‌ی به‌و كاروانه‌ و رێی هه‌وراز و سه‌خته‌ داوه‌، له‌و پێناوه‌شدا قوربانی و نه‌هامه‌تی و كاره‌ساتی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتوه‌، كه‌ ناكرێ‌ نه‌ له‌بیر بكرین نه‌ سوودیان لێوه‌رنه‌گیرێ‌.
به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌و هاوكێشه‌ سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و جوگرافییه‌كه‌، ده‌رده‌كه‌وێ‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی جیابوونه‌وه‌ و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی چه‌نده‌ هه‌وارزێكی سه‌خته‌.
بۆیه‌ به‌باشی ده‌زانم له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ نمونه‌ به‌ دوو ئه‌زمونی هاوشێوه‌ و نزیك له‌ خۆمانی بێنمه‌وه‌.
ئه‌وانیش كێشه‌ی فه‌له‌ستین و سه‌ربه‌خۆیی ئیرله‌ندا.

دوای خه‌بات و تێكۆشانێكی زۆری گه‌لی ئیرله‌ندی دژ به‌ به‌ریتانییه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌كه‌یان له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، وێڕای ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئۆتونۆمییه‌ی به‌ریتانیا له‌ ساڵی 1914 بۆ گه‌لی ئیرله‌ندی پێشنیار كرد، ئه‌م گه‌له‌ درێژه‌یان به‌ شۆڕشه‌كه‌یاندا، تا له‌ سالێ‌ 1921 له‌ ئه‌نجامی رێككه‌وتنێك له‌ نێوان هه‌ردولا، گه‌لی ئیرله‌ندا به‌ سه‌ربه‌خۆی گه‌یشت و كۆماری ئیرله‌ندا دامه‌زرا.
به‌ڵام ئه‌م رێككه‌وتن و سه‌ربه‌خۆییه‌یان له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌ردابوونیان بوو له‌ به‌شێكی خاكه‌كه‌یان كه‌ ئێستا پێده‌وترێ‌ ئیرله‌ندای باكور، كه‌ (به‌لفاست) پایته‌خته‌كه‌یه‌تی و سه‌ر به‌ به‌ریتانیایه‌، دیاره‌ ئه‌م رێككه‌وتن و ده‌ستبه‌رداربوونه‌ له‌ به‌شێكی خاكه‌كه‌یان له‌ لایه‌ن ته‌واوی گه‌لی ئیرله‌ندییه‌وه‌ شتێكی قبولكراو نه‌بوو، به‌ڵام جێبه‌جێكرا، به‌مهۆیه‌شه‌وه‌ شه‌ڕی نێوخۆ له‌ كۆماری سه‌ربه‌خۆی ئیرله‌ندا سه‌ری هه‌ڵدا، (مایكل كولنیز) سه‌ركرده‌ی رزگاری خوازی ئیرله‌ندا كه‌ یه‌كێك بوو له‌و پێنج سه‌ركرده‌یه‌ی به‌شداری گفتوگۆی نێوان ئیرله‌نداو به‌ریتانیای كردو به‌ ئه‌ندازیاری ئه‌م رێككه‌وتنه‌ داده‌نرێ‌، به‌تۆمه‌تی خیانه‌تكردن له‌ گه‌ل و خاكی ئیرله‌ندا له‌ كرده‌یه‌كی نه‌خشه‌ بۆ دانراودا تیرۆر كرا.
ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی مایكل بووه‌ هۆی به‌ده‌ست هێنانی سه‌ربه‌خۆیی بۆ ئیرله‌ندا، به‌ڵام به‌بێ‌ له‌خۆ گرتنی سه‌رجه‌م خاكه‌كه‌ی، كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر له‌و ده‌مدا ئه‌وه‌ ڕووی نه‌دابا، دیار نییه‌ كێشه‌ی ئیرله‌ندا چی به‌سه‌ر ده‌هات و به‌چی ده‌گه‌یشت، ئایا وه‌ك ئێمه‌ ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ‌ هه‌رده‌بوایه‌ له‌ خه‌بات و تێكۆشاندا بن، به‌بێ‌ به‌ده‌ست هێنانی هیچ ؟

ئه‌و لێكچواندانه‌ی من بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ بڵێم ده‌كرێ‌ ئێمه‌ش ده‌ستبه‌رداری كه‌ركوك بین له‌به‌رامبه‌ر به‌ده‌ست هێنانی سه‌ربه‌خۆیی، به‌ڵام ده‌كرێ‌ بایی ئه‌وه‌ش لێیوردبینه‌وه‌ و بتوانین سوود له‌و ڕووداوه‌ی ئه‌وان به‌به‌راوورد له‌ گه‌ڵ كێشه‌ی فه‌له‌ستین وه‌ربگرین. چونكه‌ نابێ‌ ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌ین كه‌ ئێستاش (مایكل كولنیز) له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌ردار بوون و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ئیرله‌ندا به‌بێ‌ (به‌لفاست) به‌شێك له‌ خه‌ڵكی ئیرله‌ندا ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌یان به‌ خائین و به‌ شێكیشیان به‌ شۆڕشگیری ده‌زانن.
كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد ڕاشكاوانه‌ ئه‌وه‌ی بیری لێده‌كاته‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانی ڕابگه‌ێنێ‌، چونكه‌ تا ئێستا ڕوون نییه‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ونه‌ كوێی ئه‌و پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆمه‌، ئه‌وه‌ ڕوون و دیاره‌ كه‌ ڕیفراندۆم له‌ سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌ كوردستانییه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌چێ‌ وه‌ك ڕایانگه‌یاندوه‌ ( ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كرا) به‌ڵام به‌ڕاستی ڕوون و ئاشكرا نییه‌ چۆن؟
له‌ په‌راوێزی ئه‌و ناوچانه‌وه‌ نمونه‌ به‌ فه‌له‌ستین و قودس دێنمه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌شی پێشتریشمدا نمونه‌م به‌ ئیرله‌ندا هێنایه‌وه‌.

ساڵی 1946 سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی سه‌هیونییه‌ت، سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایان ئاگاداركرده‌وه‌، كه‌ ئه‌وان رازین به‌ ده‌وڵه‌تێكی یه‌هودی له‌ سه‌ر به‌شێكی خاكی فه‌ڵه‌ستین، ئه‌مه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ یه‌هودییه‌كان و ئه‌مریكا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌می نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و فشاریش بخه‌نه‌ سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ی گشتی و ئه‌و لێژنه‌یه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، كه‌ تایبه‌ت به‌ فه‌ڵه‌ستین دروستیان كردبوو، بۆ ئه‌وه‌ی لاریان نه‌بێت له‌و پڕۆژه‌ پێشنیاركراوه‌ی كه‌ له‌ ساڵی 1947 به‌رزیان كردبۆوه‌ به‌ مه‌به‌ستی دابه‌شكردنی فه‌ڵه‌ستین.
پڕۆژه‌كه‌ بریتی بوو له‌ دابه‌شكردنی فه‌ڵه‌ستین بۆ سێ‌ به‌ش:
ڕوبه‌ری له‌ (56%) بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی یه‌هودی، روبه‌ری له‌ (43%) یش بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی، به‌شی سێیه‌میش كه‌ جیاكرابۆوه‌ بریتی بوو له‌ (1%) كه‌ قودس و ده‌وروبه‌ری ده‌گرته‌وه‌، بكرێته‌ ناوچه‌یه‌كی نێو ده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان به‌ڕێوه‌ی به‌رێت.
عه‌ره‌به‌كان دژی ئه‌م دابه‌شكردنه‌ بوون و به‌ ته‌وای ره‌تیان كرده‌وه‌، به‌ڵام كۆمه‌ڵه‌ی گشتی له‌ ژێر فشاری ئه‌مریكا ئه‌م پڕۆژه‌ی دابه‌شكردنه‌ی په‌سندكردو ده‌وڵه‌تی یه‌هودی دامه‌زراند، به‌ڵام عه‌ره‌به‌كان به‌ هۆی ره‌تكردنه‌وه‌و رازی نه‌بوون به‌ دابه‌شكردنه‌كه‌، ئێستاشی له‌ گه‌ڵدابێت نه‌یانتوانی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌شتینی دابمه‌زرێنن.

لێره‌وه‌ من ده‌ڕوانه‌مه‌ پرسی سه‌ربه‌خۆی كوردستان، كه‌ركوك –ی كوردستان و قودس-ی فه‌ڵه‌ستین و به‌لفاست-ی ئیرله‌ندا له‌ سێ‌ قوناغی جیاوازدا هاوشێوه‌ی یه‌كترن، ئه‌مه‌ ئه‌و هاوكێشه‌ سیاسییه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی كورد باش لێیی تێبگات و ئه‌م دروشمه‌ بكه‌ینه‌ خاڵی سه‌ره‌تای بیركردنه‌وه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی، (یان كه‌ركوك و كوردستان، یان تاماوین ئه‌جه‌نگین).


سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم




شه‌ڕی ده‌وڵه‌ت … 3… سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم

كێن ئه‌وانه‌ی كه‌ شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن؟
سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم
به‌شی سێیه‌م…..

(زۆر شت، یان زۆر پابه‌ندی هه‌ن خه‌ڵك له‌ پێناویاندا خۆیان به‌ كوشت ده‌ده‌ن، یان له‌ پێناویاندا خۆبه‌خشانه‌ ژیانی خۆیان ده‌به‌خشن، به‌رگریكردنیش له‌ ئوممه‌ت، ئه‌گه‌ر هه‌ست كرا هێرشی له‌سه‌ره‌، یه‌كێكه‌ له‌و پابه‌ندیانه‌ – جۆن ماك)
دوای شۆڕشه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی كورد، ڕوخانی به‌عس له‌ 2003 ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ زێڕینه‌ بوو كه‌ كورد ده‌یتوانی لێیه‌وه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ هه‌ڵێنێ‌ كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ڵیهێناوه‌، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و قۆناغه‌ بۆ كورد قۆناغێكی دیكه‌ی وه‌رچه‌رخان بوو بۆ بونیات نانی ژێرخان و سه‌رخانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی سته‌مدیده‌، به‌ڵام بونیات نه‌نرا.

ڕووداوه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانیش كێشه‌ی كوردیان برده‌ قۆناغێكی پێشكه‌وتووتره‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی فیدڕاڵی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراقدا جێگیركرا، ئه‌مه‌ش هه‌نگاو و ده‌ستكه‌وتێكی زۆر باش بوو، بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێ‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و عێراقه‌دا بمێنێته‌وه‌، تا ئه‌وكاته‌ی به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی ئه‌م وڵاته‌ به‌ هۆكاری پێكهاته‌كه‌یه‌وه‌ به‌ره‌و لێكترازان و دابه‌ش بوون ده‌چێ‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ قۆناغه‌كانی دواتردا بتوانرێ‌ سوودی پێویست له‌ هه‌ر گۆڕان و پێشهات و ده‌رفه‌تێك كه‌ بۆ كورد دێنه‌ پێش وه‌ربگیرێ‌، به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێكی تر بچینه‌ پێش و به‌ ئاشكرا ئه‌وه‌ی به‌ درێژایی مێژوو شه‌رممان كردوه‌ یان له‌ خۆمان ڕانه‌دیوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و ڕاشكانه‌وه‌ به‌ هه‌موو لایه‌كی ڕابگه‌ێنین، رایبگه‌ێنین، ئه‌و دروشمه‌ی له‌ماوه‌ی 40 ساڵی شۆڕشی نوێدا به‌رده‌وام وێردی سه‌ر زاری نه‌وه‌ی نوێ‌ بوو بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردن. به‌مه‌رجێك له‌و ماوه‌یدا ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ده‌مانگه‌ێنێته‌ ئه‌و كه‌ناره‌ ئارامه‌ نرابن.

ئێستاش كه‌ پرسی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق هاتۆته‌ پێش، پێشتریش ئه‌گه‌ر جاروبار ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ وروژاندرابێ‌، مانای وایه‌ مه‌سه‌له‌یه‌ك له‌ ئارادایه‌، مه‌سه‌له‌یه‌ هاتۆته‌ گۆڕی و مشتومڕی زۆری به‌ دوای خۆیدا هێناوه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ دۆخێكدا ڕووده‌ده‌ن كه‌ كێشه‌و گرفته‌كان له‌سه‌ر هه‌ندێ‌ مه‌سه‌له‌ی چاره‌نووسساز، له‌ سه‌روی هه‌موشیانه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی فرۆشتنی نه‌وت.
په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدای گه‌یاندۆته‌ دۆخێكی هه‌ستیار بۆ هه‌ردوولا، ئه‌گه‌رچی به‌غدا چه‌ند جارێك له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی كوردی سه‌رپشك كردوه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ده‌توانێ‌ جیابێته‌وه‌ و ده‌وڵه‌تی كوردی رابگه‌ێنن، به‌ڵام كورد هیچ ئاماده‌ییه‌كی نه‌بووه‌ و زه‌مینه‌ سازییه‌ك بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق له‌ لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی كورده‌وه‌ هه‌ستی پێنه‌كراوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد وێڕای كێشه‌ی له‌گه‌ڵ وڵاته‌ دراوسێكانیدا كه‌ به‌ درێژایی مێژوو به‌ هه‌موو تواناییه‌كیانه‌وه‌ دژایه‌تی كوردیان كردوه‌ و رێگرێكی سه‌رسه‌ختی پرسی به‌ ده‌وڵه‌تبوونی كورد بوونه‌، له‌ سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش هه‌ست به‌ هیچ پشتیوانییه‌ك بۆ كورد نه‌كراوه‌، له‌ سه‌ر ئاستی ناوخۆشدا كۆده‌نگییه‌ك نه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتبێت كورد له‌ به‌غدا جیابێته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ كاتێكدا پرسی جیابوونه‌وه‌ ده‌هێنرێته‌ پێشه‌وه‌، بارودۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كوردستان به‌شێوه‌یه‌ك له‌ پاشه‌گه‌ردانی دایه‌، مومكین نییه‌ بتوانرێ‌ فرامۆش بكرێ‌ و به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گیرێ‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حاله‌ته‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كه‌، له‌ نێوان چوونه‌ پێش و گه‌ڕانه‌وه‌دا، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی حه‌كیمانه‌ هه‌نگاوه‌كان نه‌هاویشترین، دوور نییه‌ هه‌م هه‌نگاوه‌كه‌ بۆ پێشه‌وه‌ و هه‌م گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌، زه‌برێكی كوشنده‌بێ‌ له‌ كه‌مه‌ری كورد.
هه‌موو ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا ڕووده‌دات په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا وا تێكنه‌چووه‌ به‌ ئاسانی بتوانرێ‌ چاك بكرێنه‌وه‌.
كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه‌كان، له‌سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه‌ كزبوون و نه‌مانی متمانه‌ به‌ یه‌كتر، له‌و په‌ڕیدایه‌، ئه‌وه‌شی زیاتر هه‌ست پێكراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێده‌چێ‌ ده‌ستی هه‌ردولا به‌غدا و هه‌ولێر لای یه‌كتر ئاشكرا بێ‌، كه‌ به‌لای منه‌وه‌ ئه‌مه‌ خاڵێكی لاوازی سیاسی سه‌ركردایه‌تی كورده‌ كه‌ ناتوانێ‌ به‌ پێی پێویست هه‌نگاوی جدی و به‌كرده‌وه‌ هه‌ڵێنێ‌.

له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌كرێ‌ بڵێین پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی بیركردنه‌وه‌ له‌ جیابوونه‌وه‌ له‌ به‌غدا، جگه‌ له‌و خواسته‌ی كه‌ له‌ ناخی هه‌ریه‌كه‌ماندا هه‌یه‌، ئه‌و هۆكارانه‌ن كه‌ هه‌ولێرو به‌ غدا به‌ هۆی ناكۆكییه‌كان و نه‌گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنێكی هاوبه‌ش دروستیان كردوه‌. ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌و به‌رنامه‌ و سیناریویانه‌ی له‌ پشتی په‌رده‌كه‌وه‌ داڕێژراون و سه‌ركردایه‌تی كورد وه‌ك یه‌ك ئاگاداری ڕووداوه‌كانی پشتی په‌رده‌ نین.




شه‌ڕی ده‌وڵه‌ت, كێن ئه‌وانه‌ی كه‌ شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن؟-2- … سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم

به‌شی دووه‌م ….

په‌ره‌سه‌ندنی ناده‌دپه‌روه‌ری هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆسه‌ر ئینتیمای هاوڵاتیان، به‌م هۆكاره‌وه‌ له‌ زه‌مه‌نی ئێستادا له‌ زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی ژیان و گوزه‌ران به‌رته‌سك ده‌بێته‌وه‌ هاوڵاتیان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بیر له‌ كۆچ ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌جێ هێشتنی وڵات به‌ یه‌كێ‌ له‌ هه‌نگاوه‌ له‌ پێشینه‌كان داده‌نێن، له‌وه‌ها حاڵه‌تێكدا ده‌سه‌ڵاتی نیشتیمانی ده‌بێ‌ پێش هه‌موو شتێك له‌ هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ئینتیمایه‌ دابێ‌، چونكه‌ به‌رده‌وام كۆمه‌ڵگاكان به‌ هۆی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و گوره‌ِشانه‌ی به‌سه‌ریانه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر مه‌ترسی له‌نێوچوون.
به‌ومانایه‌ی هاوته‌ریب بوونی خراپی دۆخی ناوخۆ و هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌ره‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌قینه‌ن، سامۆئیل هنتنگتۆن، له‌ كتێبی (ئێمه‌ كێین؟) پێی وایه‌ كۆمه‌ڵگاكان به‌ هۆكاری گه‌شه‌دان به‌ ناسنامه‌كانیان و خۆنوێكردنه‌وه‌یان ده‌توانن له‌ نێوچوونی خۆیان دوا بخه‌ن، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا پابه‌ند بوون به‌ ڕۆشنبیری و داب و نه‌ریت و به‌هاكان به‌ هۆكارێكی دیكه‌ی دواخستنی ئه‌و له‌ نێچوونه‌ داده‌نێ‌.

واته‌ مه‌رج نییه‌ ته‌نیا بونیاتی ده‌وڵه‌ت كۆمه‌ڵگا بپارێزێ‌، ئه‌گه‌ر تا دوێنی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت هۆكارێكی بنچینه‌یی پاراستنی بونیاتی نه‌ته‌وه‌كان بووبێت، ئه‌وه‌ ئێستادا ته‌نیا بیركردنه‌وه‌ له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی بایه‌خدان به‌ ژیان، بیركردنه‌وه‌یه‌كی مایه‌ی مه‌ترسییه‌، له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بانگه‌شی ڕیفراندۆم و قسه‌كردن له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كه‌ ئێستا بۆته‌ جێی مشتومڕی هه‌مووان، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و مه‌ترسییه‌ بێت كه‌ هنتنگتۆن باسی كردوه‌، ئه‌وه‌ به‌ دیوه‌كه‌ی تردا دروستكردنی مه‌ترسییه‌كی دیكه‌یه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردی، مه‌ترسییه‌كان له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ببنه‌ هۆكارێك بۆ یه‌ك ریزی نیشتمانی، له‌ كوردستان بۆته‌ هۆكارێك بۆ زیاتر لێك دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ یه‌كتری.

هنتنگتۆن هه‌ر له‌و كتێبه‌یدا ئاماژه‌ بۆ مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر گرنگ و هه‌ستیار ده‌كات له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی ئه‌مریكی پێش و دوای 11-ی سپتێمبه‌ر، ئاماژه‌ بۆ هه‌ندێ‌ ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ ده‌كات كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ نه‌بوونه‌ ئاڵای وڵاته‌كه‌یان له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌كان به‌رز بكه‌نه‌وه‌، یانی به‌ر له‌ڕووداوه‌كه‌ی 11-ی سپتێمبه‌ری 2001. كه‌چی دوو هه‌فته‌ دوای ئه‌م ڕووداوه‌ ئه‌و باڵه‌خانانه‌ی ئه‌و باسیان ده‌كات (به‌ یه‌كجار 17 ئاڵایان له‌سه‌ر هه‌ڵكراوه‌).
واته‌ هنتنگتۆن رووداوه‌كه‌ی 11-ی سپتێمبه‌ر وه‌ك مه‌ترسییه‌ك، به‌ هۆكارێكی كاریگه‌ر ده‌زانێ‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ و زیندوكردنه‌وه‌ی رۆحی نیشتمانی لای ئه‌مریكییه‌كان. پێی وایه‌ ئه‌و بایه‌خه‌ی ئاڵا له‌ دوای ئه‌و ڕووداوه‌دا له‌ ناخی ئه‌مریكییه‌كان دروستی كرد پێش ئه‌و مێژووه‌ بوونی نه‌بووه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌م هۆیه‌وه‌ به‌ سه‌دان هه‌زار ئاڵای ئه‌مریكی فرۆشراوه‌ و هاوڵاتیان به‌ لێشاو ئاڵایان له‌سه‌ربانی ماڵ و كۆگا و ئۆتۆمبێله‌كانیان هه‌ڵواسی، ئه‌وانه‌ش كه‌ ته‌واو بێهیوا ببون له‌ ژیانی وڵاته‌كه‌یان و به‌م هۆیه‌وه‌ ده‌یانویست وڵات به‌جێبێڵن پاشگه‌زبوونه‌وه‌ و ئاڵایان له‌ سینگ و به‌رۆكیاندا و هۆتافی نیشتمان په‌روه‌ریان ده‌كێشا.

كه‌چی لێره‌ له‌ كوردستان له‌ كات و ساتێكی وادا ڕۆژانه‌ هه‌وڵاتیان بیر له‌ كۆچ ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌یانه‌وێ‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌جێبێڵن. له‌ كاتێكدا له‌ ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌بنه‌ هۆی گێڕانه‌وه‌ و بووژاندنه‌وه‌ی روحی نیشتمان په‌روه‌ری، لێره‌ له‌ كوردستان ده‌بنه‌ هۆی نه‌فه‌رت كردن له‌ وڵات و جێهێشتنی.
من لێردا نمونه‌ به‌و كچه‌ جوله‌كه‌یه‌ ده‌هێنمه‌وه‌ كه‌ هنتنگتۆن له‌و كتێبه‌یدا باسی كردوه‌، كه‌تابه‌ر له‌ ڕووداوه‌كه‌ی 11-ی سپتێمبه‌ر هیچ كاتێك شعوری ئه‌وه‌ی نه‌بووه‌ خۆی به‌ ئه‌مریكی بزانێ‌، بۆیه‌ ده‌ڵێ‌ هه‌ر كاتێك لێیان پرسی بێ‌ وتوویه‌تی من ژنێكی جوله‌كه‌م، هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌هۆی ئه‌و نادادپه‌روه‌ری و نایه‌كسانییه‌ی له‌و زانكۆیه‌ی لێیان ده‌خوێند هه‌بووه‌، له‌ گه‌ڵ هاوڕێكه‌ی بڕیاریان داوه‌ وڵات به‌جێ‌ بێڵن، به‌ڵام دواتر كه‌ هێرشه‌كانی 11-ی سپتێمبه‌ر ڕوودات هه‌موو شتێك پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌و پێشتر هه‌ستێكی وای هه‌بووه‌ كه‌ ئه‌و ئازادییه‌ی كه‌ هه‌یه‌ زاده‌ی سروشته‌ و هیچ منه‌تێكی ده‌سه‌ڵاتی تیدا نییه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ڕووداوه‌دا ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌و كچه‌ نه‌ك ئاماده‌ نییه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌جێ بێڵێ، به‌ڵكو ئاڵای ئه‌مریكا له‌ جانتاكه‌ی ده‌به‌ستێ‌ و پڕ به‌ گه‌رووی هوتافی نیشتمان په‌روه‌ری ده‌كێشێ‌.
یانی سه‌ره‌نجام ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی پێشتر هه‌بوو كه‌ گوایه‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌به‌رچاوی چه‌ند كه‌سێكی ڕۆشنبیر و سه‌رده‌سته‌ و ده‌سته‌بژێری ئه‌مریكی بزر بووه‌، ده‌رده‌كه‌وێ‌ وانییه‌.

لێره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ چه‌ند سه‌ره‌نجامێك كه‌ به‌ڕاستی كورد و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی له‌ ئاستی ئه‌و ئه‌ركه‌ قورس و چاره‌نووس سازه‌دان، بتوانن هه‌نگاو به‌ره‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیی بنێنن و ده‌وڵه‌ت بونیات بنێن؟ له‌ كاتێكدا هیچ هه‌نگاوێكی بونیاتنه‌رانه‌یان نه‌ناوه‌ بۆ دروستكردنی ئیراده‌یه‌كی به‌هێز لای هاوڵاتیان، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ دۆخێكی وادا به‌شێك له‌ هه‌وڵاتیان له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ببنه‌ په‌نا و پشتیوان ده‌بنه‌ به‌ربه‌ست، به‌شێكیشیان بڕیاریان داوه‌ به‌ یه‌كجاری وڵات به‌جێبێلن، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی فه‌رمانڕه‌واییدا نه‌یتوانیوه‌ جۆرێك له‌ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری نیشان بدات، بۆیه‌ بێ هیوایی له‌ ناخی ئینسانه‌كان زیاتر ڕۆچووه‌ و وایكردوه‌ هاونیشتمانیانی كوردستان ته‌نیا بیر له‌ یه‌ك شت بكه‌نه‌وه‌، ئه‌ویش سه‌رهه‌ڵگرتن و به‌جێهێشتنی نیشتمانه‌.

هه‌موو ئه‌مانه‌ش دوای ئه‌و مێژووه‌ دورودرێژه‌، پڕنه‌هامه‌تی و ماڵوێرانییه‌ دێت، كه‌ میلله‌تی كورد به‌رده‌وام چه‌شتویه‌تی.
ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامی له‌ده‌ستدانی ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی جاروبار بۆ كورد هاتونه‌ته‌ پێش، كه‌چی سه‌ركردایه‌تی كورد له‌ كات و ساتی خۆیدا نه‌یتوانیوه‌ سوودی لێوه‌رگرێ‌ و ئه‌و هه‌نگاوه‌ی نه‌هاویشتوه‌ كه‌ ده‌بوایه‌ بیهاوێ‌، له‌ كاتێكدا هاوكێشه‌كان له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌ ته‌واو جیاواز بوون.




شه‌ڕی ده‌وڵه‌ت كێن ئه‌وانه‌ی كه‌ شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن؟ …1


سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم
به‌شی یه‌كه‌م…….

شه‌ڕی گه‌وره‌ و ملمڵانێی زه‌قی سه‌ره‌تاكانی گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی له‌سه‌ره‌تادا له‌سه‌ر ساغكردنه‌وه‌ و دروستكردنی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ بوو، كه‌ ئایا كورد نه‌ته‌وه‌یه‌ یان نه‌ته‌وه‌ نییه‌؟
ئه‌و مشتومڕه‌ زیاتر له‌نێوان چه‌پڕوه‌كانی عێراق و كوردستانی ئه‌و زه‌مانی حزبی شیوعی و نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ چه‌په‌كانی ئه‌و ده‌می پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ مام جه‌لال به‌ چه‌پی پێشكه‌وتوخوازی شۆڕشگێڕانه‌ی وه‌سف كردون له‌ ئارادا بوو.
به‌ درێژایی مێژوو دوو دیدگای ئایدۆلۆژی زۆر زه‌ق و دیار هه‌بوون، كه‌ هه‌موو جۆره‌ شێوازێكی فیكری و ئاینیان به‌كار هێناوه‌ بۆ سه‌ركوتكردنی نه‌ته‌وه‌كان به‌ ئامانجی كۆمه‌ڵكردنیان له‌ چوارچێوه‌ و بازنه‌ی ئه‌و فیكر و بیروباوه‌ڕ و دیدگایه‌ی كه‌ هه‌یان بووه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ و نه‌ته‌وه‌كان.
ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ش له‌ فه‌لسه‌فه‌ی كۆمۆنیزم و ئیسلام تێناپه‌ڕێ‌، كه‌ ئه‌م دوو باوه‌ڕه‌، دوو باوه‌ڕی زۆر وێكچوون له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا، ئیسلام له‌ ڕوانگه‌ی ئوممه‌تی ئیسلامه‌وه‌ ده‌روانێته‌ نه‌ته‌وه‌كان و پێی وایه‌ ده‌بێ‌ نه‌ته‌وه‌كان له‌ سێبه‌ر و چه‌تری ئیسلامدا جێگیر بكرێن و بمێننه‌وه‌، به‌ده‌ر له‌مه‌ هه‌رجۆره‌ هه‌نگاوێك بۆ ده‌رچوون له‌و یه‌كێتی-یه‌ ده‌رچوونه‌ له‌ باوه‌ڕی ڕاستی ئیسلام، به‌ڵام ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌ گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونه‌ ژیارییه‌كان كاڵبووه‌وه‌.

هه‌روه‌ك كۆمه‌نیزم-یش نه‌یتوانی ئیسپاتی ئه‌و باوه‌ره‌ی بكات، كه‌ بوونیادنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی شتێكی مایه‌ پووچ و بێهوده‌ییه‌، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كۆمه‌نیسته‌كان كه‌وتنه‌ به‌یه‌كدا هه‌ڵشاخان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا فه‌لسه‌فه‌ی ماركسی، یان ماركسی لینینی رێگا به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌دات، یان نا، له‌ كاتێكدا دامه‌زرانی هه‌ر جۆره‌ ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌ بۆ هه‌رس پێهێنانی ئوممه‌مییه‌ت.
ئه‌و ئووممه‌ییه‌ته‌ی كه‌ لای هه‌ریه‌ك له‌ ئیسلام و كۆمۆنیزم وه‌ك شكل و به‌شێك له‌ جه‌وهه‌ریش یه‌ك مانای هه‌یه‌، واته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ره‌تكردنه‌وه‌ یان باوه‌ڕ نه‌بوون به‌ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵقوولاوی ئه‌و دوو بیرو باوه‌ڕه‌یه‌، كه‌ ناكرێ‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو دیدگاو تێگه‌یشتنه‌وه‌ گفتوگۆی هه‌موو ئه‌وانه‌ بكه‌ین كه‌ خه‌ریكه‌ هه‌ڵوێسته‌كانیان له‌ به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی پارتی و ته‌به‌نی نه‌كردنی ڕیفراندۆم، ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ ده‌وڵه‌تێكی سته‌مكاره‌ و ناكرێ‌ قیول بكرێ‌.

بۆیه‌ له‌مه‌ڕ تێڕوانینیان بۆ سه‌ربه‌خۆی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت، ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر جه‌وهه‌ری ئه‌و باوه‌ڕه‌یان، كه‌ له‌ ئه‌ساسدا پێی په‌روه‌رده‌ كراون جا چ كۆمۆنیسته‌ خۆ به‌ عه‌یار 24 زانه‌كان بن، یان ئیسلامییه‌ خیلافه‌ت خوازه‌كان.
ده‌كرێ‌ له‌م گۆشه‌وه‌ نیگایه‌وه‌ بڕوانینه‌ بۆچوون و ده‌ربڕینی هه‌ندێ‌ له‌و نووسه‌رانه‌ی، یان كاردیره‌ حزبیانه‌ی له‌ باره‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن و كردوشیانه‌، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌ندێ‌ له‌و نووسه‌رانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی قسه‌كردن له‌سه‌ر پارتی و ده‌ربڕینی ڕه‌خنه‌كانیان سه‌باره‌ت به‌ ڕیفراندۆم كه‌وتنه‌ باسی قسه‌كردن له‌ ده‌وڵه‌ت، تا ئاستی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌بیانووی ئه‌وه‌ی، كه‌ ناكرێ‌ ته‌به‌نی ده‌وڵه‌تێك بكرێ‌ كه‌ پێشوه‌خت زه‌مانی دیموكاتییه‌ت بوونی و سیستمه‌ سیاسییه‌كه‌ی نه‌كرابێت.
لێره‌دا هه‌ندێ‌ له‌ دیدو بۆچوونه‌كانی رابوون مه‌عروف به‌نمونه‌ ده‌هێنمه‌وه‌، به‌و مانایه‌ی ئه‌و له‌ رابردوودا كۆمۆنیستێكی دژه‌ نه‌ته‌وه‌ بووه‌ و له‌ ئێستاشدا بیرئیسلامییه‌كی هه‌مدیسان دژه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌شی وایكرد ئه‌و هاوڕێیه‌م به‌نمونه‌ بهێنه‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ وه‌ك مونه‌زرێكی دیاری گۆڕان تێزێكی له‌مه‌ر ده‌وڵه‌ت خستۆته‌ به‌رده‌م سه‌ركرادیه‌تی بزووتنه‌وه‌كه‌ی و ڕای گشتی.

ئه‌و كه‌ ئێستا په‌رله‌مانتارێكی گۆڕانه‌ و به‌ كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه‌ی كۆمۆنیستیانه‌ به‌ربۆته‌ گیانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و پێی وایه‌ ناكرێ‌ پشتیوانی له‌وه‌ها هه‌وڵێك بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی بكرێت، چونكه‌ ئه‌و پێی وایه‌ داهاتووی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ له‌ زیندانێكی گه‌وره‌ به‌ولاوه‌ شتێكی دیكه‌ نییه‌.
رابوون پێچه‌وانه‌ و جیاواز له‌ بۆچوونی زۆر له‌ نووسه‌ران و سیاسییه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌ی، جۆرێك له‌ ڕای گشتیش، ئه‌و هه‌وڵه‌ی پارتی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت به‌ جدی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات:
(پارتی به‌جدی سه‌رقاڵی ئاماده‌كارییه‌ بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی و به‌ ئاشكرا و نهێنی بنه‌ماكانی داده‌مه‌زرێنێت).

ئه‌م دانپیانانه‌ی ڕابوون به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لێیه‌وه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر جه‌وهه‌ری تێگه‌یشتنه‌كه‌ی بكه‌ین بۆ تێروانیین و تێگه‌یشتنی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی.
بۆیه‌ به‌ده‌ر له‌و تێگه‌یشتنه‌ هاوبه‌شانه‌ی هه‌ر تاكێك له‌ كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌تی بۆ بنه‌ماكانی دیموكراتی داده‌په‌روه‌ری و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ی رابوون و جۆرێك له‌ خه‌ڵكی دیكه‌ش هه‌یانه‌ شتێك نییه‌ ته‌نیا به‌ بیری ڕابووندا هاتبن و ئه‌و بیه‌وێ‌ به‌ گوێ‌ و بیری ئێمه‌ مانانیدا بێنێته‌وه‌. چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ كۆمه‌ڵێك ڕاستی و بنه‌مای فیكری هه‌ر كه‌سێكی وشیارو ناوشیارن، هه‌مووانیش خه‌بات بۆ وه‌ها ده‌وڵه‌تێك ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاماژه‌كان به‌و ئاراستییه‌ن ئه‌وه‌ دیسان ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ‌ كه‌ به‌م بیانوانه‌وه‌ رێگه‌ له‌ دامه‌زرانی وه‌ها ده‌وڵه‌تێك بگیرێ‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕی ناتێگه‌یشتن و بێئاگایه‌ له‌ مێژووی جیهان، له‌ڕووه‌یه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕی بێمتانه‌ بوونه‌ به‌ ئیراده‌ی میلله‌ت له‌وه‌ی له‌ داهاتوودا چۆن ده‌كرێ‌ كۆمه‌ڵگا به‌ ژیان له‌وه‌ها زیندانێك قایل بێت، به‌تایبه‌تی له‌ جیهانێكی ته‌واو جیاواز له‌و ڕابردووه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانێكی له‌و شێوه‌یه‌ له‌ ڕابردوودا مومكینتر بووبێ‌ له‌ ئێستا.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌ گرنگه‌ و ده‌بێ‌ هه‌مووان له‌ خه‌می ئه‌وه‌دا بین جۆرێك له‌ گفتوگۆ و هه‌ڵوێستی دژ به‌ یه‌ك بێته‌ ئارا و به‌ شێوه‌یه‌كی ئاساییش وه‌ربگیرێ‌، چونكه‌ مه‌رج نییه‌ یه‌كریزی و یه‌ك هه‌ڵوێستی هه‌میشه‌ به‌ره‌و رێیه‌ ڕاست و دروسته‌كه‌مان به‌رێ، له‌ مێژووی رابردووماندا، شۆِڕشی ئه‌یلول به‌ نمونه‌، یه‌كێكه‌ له‌و ڕووداوه‌ یه‌ك هه‌وڵوێستیانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌ره‌و هه‌ڵدێر برد.
ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی زۆری ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ سه‌ر پرسی رێفراندۆم و ده‌وڵه‌ت ده‌وترێن و ده‌نووسرێن، جگه‌ له‌ خولانه‌وه‌ له‌ بازنه‌ی رق و كینه‌ و بیری ته‌سكی حزابه‌یه‌تی به‌ولاوه‌ شتێكی تر نییه‌، له‌مڕوه‌وه‌ كه‌مترین خوێندنه‌وه‌ی فیكری و مێژوویی بۆ ئه‌و باته‌ گرنگ و هه‌ستیاره‌ كراوه‌.
مه‌ترسی و گرفتی گه‌وره‌ش له‌به‌رده‌م به‌شێكی زۆر له‌ رۆشنبیران و سیاسییه‌كانی كورد ئه‌وه‌یه‌، كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ له‌ ئه‌لقه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ دۆگما و ده‌مار گیرییه‌ فیكری و ئایدیۆلۆژی و حزبییه‌ ده‌ربازیان بێ‌، بۆیه‌ هه‌موو شته‌كان هه‌ر ته‌نیا به‌ڕه‌ش و سپی ده‌بێنن. له‌ كاتێكدا بیرمه‌ندانی عه‌ره‌ب ده‌مێكه‌ ئه‌وه‌یان تێپه‌ڕاندوه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر ئاسایی گفتوگۆی هه‌موو شته‌ پیرۆزه‌كانیان ده‌كه‌ن هه‌ر له‌ ئاینه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ بیری عروبه‌، ئه‌گه‌ر لێره‌و له‌وێش هه‌ندێ‌ جار یه‌كتریشیان ته‌كفیر و خائینیش كردبێ‌، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ئه‌م حاله‌ته‌ نه‌بۆته‌ هۆی قوفلدانی بیركردنه‌وه‌ی تر، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ رابردوودا هه‌ندێ‌ له‌ سه‌ركرده‌و وڵاتانی عه‌ره‌بی، چ له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی خۆیان یان وڵاته‌كه‌یان، یانیش به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بوو بێت، هه‌نگاویان هاویشتوه‌، جا با ئه‌و هه‌ڵوێست و هه‌نگاوانه‌شیان پێچه‌وانه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ گشتیانه‌ بووبێ‌ كه‌ ئه‌وده‌م له‌ ئارادا بووه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ دواتر خراونه‌ته‌ به‌ر لێكدانه‌وه‌ و شیكردنه‌وه‌ی ئه‌قلی بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ڕاست و دروست هه‌ڵسه‌نگاندیان بۆ بكرێ‌، بۆیه‌ ده‌بینین زۆربه‌ی ئه‌و گفتوگۆ و كتێبانه‌ی ئه‌وان له‌ باره‌ی ئاینی ئیسلام و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به‌وه‌ ده‌ینووسن، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ئێمه‌ ناتوانین، یان ڕاستر بڵیم به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا نه‌مانتوانیوه‌ بشیان كه‌ینه‌ كوردی.

له‌ ڕووی هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ئوردن له‌ ده‌ركردنی فه‌له‌ستینییه‌كان و میسر له‌ رێككه‌وتننامه‌ی كامپ دێڤد و دواتریش سه‌بر سه‌بر دروست كردنی په‌یوه‌ندی دوو قۆڵی له‌ نێوان وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسرائیل، كه‌ سه‌رده‌مانێك ئه‌وه‌ كوفر و خیانه‌تێكی گه‌وره‌ بووه‌ لای زۆربه‌ی هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب، به‌ڵام دواتر توانین ئه‌و گرێ‌ ده‌روونی و فیكرییه‌ تێپه‌ڕێنن.
له‌ هێنانه‌وه‌ی ئه‌م نمونانه‌ من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ قسه‌ی یه‌كلاكره‌وه‌ له‌ سه‌ر هه‌ندێ‌ مه‌بادئی ئه‌خلاقی و نیشتمانی و ئینسانی بكه‌م، هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ‌ بلێم ده‌ربڕینی بۆچوونه‌ جیاوازه‌كان، تا ئاستی هاوهه‌ڵوێست نه‌بوونیش له‌ ئاست پرسه‌ نیشتمانی و سیاسییه‌كان ده‌بێ‌ ئاساییانه‌ لێیان بڕوانین و خۆمان به‌دوور بگرین له‌ ته‌خوینكردنی یه‌كدی، چونكه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه‌ ببین به‌ خاوه‌نی سه‌ركه‌وتنه‌كان، یان هه‌مووشمان به‌یه‌كه‌وه‌ ئۆباڵی شكسته‌كان له‌ ئه‌ستۆ بگرین.
كاتێك توانرا هه‌مووان ته‌عبیر له‌ بیروبۆچوونه‌كانی خۆیان بكه‌ن، مانای وایه‌ ده‌توانین هه‌نگاو باوێین، بۆیه‌ رێگه‌گرتن له‌ ده‌ربڕینه‌ جیاوازه‌كان مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ و ده‌بێ‌ رۆشنبیران به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌وڵی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ و ڕێگركردن بن له‌ وه‌ها تێگه‌یشتنێك، چونكه‌ دوور نییه‌ لێكدانه‌وه‌ و تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌ میلله‌تێك دووچاره‌ی نه‌هامه‌تییه‌كی گه‌وره‌ بكات. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ حه‌قی هه‌مووانه‌ تێگه‌یشتنی خۆیان ده‌رببڕن، به‌ڵام له‌ ئاستێكی بابه‌تیانه‌ی باڵای دوور له‌ بووغزی سیاسی.
لێرده‌دا ده‌مه‌وێ‌ ئاماژه‌ بۆ ڕووداوێكی گرنگ و مێژوویی بكه‌م، كه‌ ده‌كرێ‌ به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان به‌راورد بكرێ‌ به‌وه‌ی ئێستا له‌ باره‌ی ریفراندۆم و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ده‌گوزه‌رێ‌.

مام جه‌لال له‌ كتێبی دیداری ته‌مه‌ندا كاتێك باسی سه‌ره‌تاكانی تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عه‌بدولكه‌ریم قاسم و بارزانی باوك ده‌كات، زۆر به‌ڕوونی تیشكی خستۆته‌ سه‌ر هۆكار و چۆنییه‌تی هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلول، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ربڕیوه‌ كه‌ بارزانی له‌ پشتیوانیكردنی سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و پاڵپشتیكردنی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان دژ به‌ قاسم، هه‌رگیز مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ ناكۆكییه‌كه‌ن بگه‌نه‌ ئاستی لێكترازانی ته‌واو و هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ، كه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا پێی ده‌وترێت شۆڕشی ئه‌یلول، به‌ڵكو ئامانجی بارزانی له‌ قوولكردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ بوو فشاری زیاتر بخاته‌ سه‌ر قاسم بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌نجام به‌ده‌نگ داخوازی و داوكارییه‌كانی كورده‌وه‌ بێت، له‌م نێوانه‌دا مام جه‌لال و به‌شێك له‌ براده‌رانی مه‌كته‌بی سیاسی هاوهه‌ڵوێست نه‌بوونه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و سیاسه‌تی بارزانی و پێیان وابووه‌ كه‌ ئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته‌ خراپ به‌سه‌ر كورددا ده‌شكێته‌وه‌ و چاوه‌ڕوان ناكرێ‌ ئانجامه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ بێت كه‌ بارزانی پێشبینی ده‌كرد، به‌ڵام به‌ هۆی چه‌ند هۆكارێكه‌وه‌ له‌ نێویاندی مه‌سه‌له‌ی پاراستنی یه‌كرێزی كورد، كه‌ هۆكارێك بووه‌ وای له‌ مام جه‌لال و برایم ئه‌حمه‌د و ئه‌و چه‌ند ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسییه‌ كردوه‌، وێرای بۆچوونی جیاوازیان به‌ ناچاری به‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كه‌ی بارزانی بكه‌ون، كه‌ دواتریش ده‌ركه‌وت فشاره‌كان بوونه‌ هۆكارێك بۆ به‌ته‌واوی لێكترازان و هه‌ڵگیرسانی شۆڕش، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ بارزانی نه‌خشه‌ی بۆ كێشابوو، واته‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بن به‌ دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌ك و دابه‌شی سه‌ر به‌ری نیشتمانی و نا نیشتیمانی نه‌بن مام جه‌لال و هاوڕێكانی به‌ناچاری چوونه‌ پاڵ تێگه‌یشتنه‌كه‌ی بارزانی.

ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش له‌ باره‌ی ریفراندۆم و دامه‌زاراندنی ده‌وڵه‌تی كوردیه‌وه‌ ده‌گوزه‌رێ‌ و وه‌ك له‌ كه‌ناڵه‌ جیاجیاكانیشدا گوێ بیست ده‌بین، زۆر باش دیار نییه‌ كه‌ ئایا به‌ڕاستی خستنه‌ڕووی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر حكومه‌تی عێراقییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مل بدات به‌ داخوازییه‌كانی كورد، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تاكانی به‌ر له‌ هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلول ڕوویدا، یان به‌ڕاستی هه‌نگاو تێگه‌یشتنێكی جدییه‌ بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ لای هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ ئێستا چوونه‌ته‌ ژێرباری ئه‌و سیاسه‌ته‌و به‌ڕاشكاوی لایه‌نگری خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ده‌ربڕیوه‌، هه‌مان ئه‌و ناچارییه‌ی سه‌رده‌می به‌ر له‌ شۆڕشی ئه‌یلول بێت، ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌و هه‌نگاوێكی خراپ و پڕ مه‌ترسییه‌ كه‌ جارێكی دیكه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌بنه‌ دوو به‌ره‌ی دژ به‌ یه‌كی نیشتیمانی و نانیشتمانی، دوور نییه‌ دووچاری كاره‌ساتێكی دیكه‌ ببینه‌وه‌، بۆیه‌ با به‌هۆی به‌ره‌ی نیشتیمانی و نا نیشتمانی رێ له‌ جیاوازییه‌كان نه‌گرین.

ئه‌گه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی دووباره‌بوونه‌وه‌ی مێژوو بڕوانینه‌ پڕۆسه‌ی ریفراندۆم، یان ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت، ئه‌وه‌ ده‌بێ‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و وته‌یه‌ی هیگل-یش بڕوانینه‌ مێژوو، كه‌ ده‌ڵێ‌: ڕووداو و كه‌سایه‌تییه‌كان دووجار ڕووده‌ده‌ن، یان دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ بۆ كورد له‌ باره‌ی كه‌سایه‌تییه‌كانه‌وه‌ شتێك ڕاست بێ‌، نه‌ك هه‌ر دووجار ڕه‌نگه‌ هه‌ر دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌، به‌ڵام بۆ ڕووداوه‌كان ڕه‌نگه‌ چه‌ندین جار دوباره‌ ببنه‌وه‌، هه‌موو دووباره‌ بوونه‌وه‌یه‌كیش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ كوتوینه‌ته‌ به‌ر كاریگه‌ری ئه‌و وته‌یه‌ی لای كورد و گه‌لانی دونیاش هه‌یه‌ كه‌ پیره‌كان ده‌ڵێن (هه‌ر قسه‌ مه‌كه‌ شتێك بكه‌). ژیژه‌ك ئه‌م قسه‌یه‌ی پیاوانی پیر به‌ قسه‌یه‌كی زۆر گه‌مژانه‌ تێده‌گات. به‌ومانایه‌ی ده‌یه‌وه‌ی بڵێ‌ ئینسانه‌كان زۆر شتیان كرد، كه‌ هه‌مووی هه‌ر تێكدان و كاولكاری بوو، بۆیه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ پاشه‌كشه‌ له‌ كرده‌كان بكه‌ن و له‌مه‌ودوا شتێكی شیاو بڵێن، لێره‌وه‌ ژیژه‌ك ده‌یه‌وێ‌ بڵێ‌ ئێمه‌ زۆرجار باس له‌ شتێك ده‌كه‌ین له‌ بڕی كردنی، به‌ڵام هه‌ندێ‌ جاریش شتێك ده‌كه‌ین به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌كی له‌سه‌ر بكه‌ین، یان بمانه‌وێ‌ بیكه‌ین.

ئه‌و نمونه‌ به‌و دێنێته‌وه‌ تۆ كاتێك بڕێكی زۆر پاره‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یه‌كدا خه‌رج ده‌كه‌ی، به‌ڵام ئاماده‌ نیت بیر له‌ هۆكاره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی دروست بونی كێشه‌كه‌ بكه‌یته‌وه‌.
له‌ ئێستادا ئێمه‌ی كورد به‌ دۆخێكی هاوشێوه‌یه‌ی ئه‌وه‌دا تێده‌په‌ڕین له‌ نێوان دووباره‌بوونه‌وه‌ و كرده‌ و قسه‌ نه‌كردندا، ئه‌وان بۆ ده‌یانه‌وێ‌ ده‌می ڕۆشنبیران داخه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌ڵێن، ئه‌وان بۆ ده‌یانه‌وێ‌ ته‌نیا ده‌بێ‌ وابكه‌ن، مه‌رجه‌ به‌رهه‌می هه‌موو كرده‌یه‌ك ئه‌وه‌ بێت كه‌ مرۆڤ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی خه‌باتی بۆ كردوه‌، بۆیه‌ دڵنیابن ئه‌وه‌ی ئێستا من ده‌یبینم دووباره‌بووه‌نه‌وه‌یه‌كی زۆر زه‌قه‌.

ئه‌و دووباره‌بوونه‌وه‌یه‌ش جارێكی دیكه‌ ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و قسه‌ی كه‌ ماركس خستییه‌ سه‌ر قسه‌كه‌ی هیگل به‌وه‌ی به‌ڵێ‌ یه‌كه‌مجار وه‌ك تڕاژیدیا و دووه‌م جاریش وه‌ك كۆمیدیا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.
به‌ ئاورڕدانه‌وه‌ له‌ مێژووی گه‌لان، سه‌دان قاره‌مانی هه‌ڵكه‌وتوو ده‌بینین، سه‌دان شۆڕشی رزگاریخوازی گه‌لان له‌ پێناوی رزگاری و سه‌ربه‌خۆیاندا له‌ پێنیاو گه‌یشتن به‌ مافی چاره‌ی خۆنوسین ده‌كه‌ونه‌ به‌رچاو.
كه‌ به‌ ئامانج گه‌یشتنی هه‌ندێكیان به‌ هه‌ورازێكی زۆر سه‌ختدا تێپه‌ڕیوه‌ و هه‌ندیكیشیان نشێوییه‌كی ئاسان.
روداو و پێشهاته‌كان بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و گه‌لانه‌ی به‌ دوای سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ بونه‌ ده‌رفه‌ت و قۆناغێكی باش بووه‌ بۆ رزگاری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، له‌ پاڵ ئه‌مه‌شدا ئیراده‌ی گه‌لان و هه‌ڵكه‌وتنی سه‌ركرده‌ی جوامێر رۆڵیان كه‌متر نه‌بووه‌ و نییه‌ له‌ رووداو و پێشهات و ده‌رفه‌ته‌كان، به‌ومانایه‌ی زۆرجار ده‌رفه‌ت هه‌ڵكه‌وتوه‌، به‌ڵام سودی لێوه‌رنه‌گیراوه‌.

بۆیه‌ عه‌قڵ و ئیراده‌و تێگه‌یشتن له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان سێ‌ بنه‌مای سه‌ره‌كین بۆ سوود وه‌رگرتن له‌ هه‌ر ده‌رفه‌ت و پێشهاتێك كه‌ دێنه‌ پێش، ئه‌مه‌ش به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ مێژووی گه‌لان، وه‌ك سیاسییه‌كی ئه‌وروپی گوتی كێشه‌ی كورد ئه‌وه‌یه‌ مێژووی نه‌خوێندۆته‌وه‌.
له‌ قۆناغێكی وه‌ك ئێستادا بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك كورد، كه‌ ده‌كرێ‌ به‌ به‌جێماوێكی مێژوویی دابنێن له‌ رووی گه‌یشتن به‌ مافی چاره‌ی خۆنووسین، به‌و مانایه‌ی ئێمه‌ له‌ قۆناغێكی زۆر دره‌نگی پرسی سه‌ربه‌خۆیداین، له‌ قۆناغێكداین كه‌ خه‌ریكه‌ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و پیرۆزی و شه‌وقه‌ی جارانی نامێنێ‌، ئه‌گه‌ر جاران هه‌موومان به‌ یه‌كه‌وه‌و بێ‌ دوودڵی له‌ خه‌یاڵی سه‌ربه‌خۆیی و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردیدا بووبین، له‌ ئێستادا ده‌بینین ئه‌و پرسه‌ كه‌وتۆته‌ به‌رده‌م رای جیاوازه‌وه‌، ئه‌مه‌ش تا راده‌یكی زۆر په‌یوه‌ندی به‌و پێشكه‌وتنه‌ خێرایه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ژیان و گوزران و چوونه‌ نێو دونیای خۆشی و كه‌یف و سه‌فا، كۆمه‌ڵگای وه‌ها گوشیوه‌، هێنده‌ی بیر له‌ ژیان ده‌كاته‌وه‌ نیو هێنده‌ خه‌یاڵی به‌لای سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ نییه‌، به‌تایبه‌تیش كاتێك ده‌بینین دادپه‌روه‌ری له‌وپه‌ڕی پاشاگه‌رادانی دایه‌ و له‌ ئێستاوه‌ كۆمه‌ڵێك به‌هه‌شتیان بۆخۆیان دروست كردوه‌ و خه‌ڵكانێكی زۆریش له‌ نێوان ئه‌و به‌هه‌شته‌ و جه‌هه‌نه‌مه‌دا دۆش داماوان و باوه‌ڕیان به‌وه‌ش نییه‌ رۆَژێ‌ له‌ ڕۆژان ئه‌وانیش بتوانن پێیه‌كیان بخه‌نه‌ نێو ئه‌و به‌هه‌شته‌وه‌.




ڕۆشنبیر و بێده‌نگی …. سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم


“ئه‌وه‌ی بێده‌نگی به‌رهه‌می دێنێ، هه‌ر بێده‌نگیش له‌ناوی ده‌بات”
….

زیاتر له‌ هۆكارێك له‌ دواوه‌ی هه‌ر بێده‌نگییه‌ك هه‌یه‌، جا ئه‌و بێده‌نگییه‌، بێده‌نگی مرۆڤێكی ئاسایی بێت یان رۆشنبیرێك بێ‌. زۆرجار ئه‌و بێده‌نگییه‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌و ده‌نگه‌ هه‌ڵچوو و به‌رده‌وامه‌ی هه‌مووانه‌، كه‌ دوای بێزار بوون له‌ زۆر گوتن، بێده‌نگییه‌ك دروست ده‌بێت. ده‌سه‌ڵات پێی دڵخۆشه‌ و ئێمه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پێی دڵته‌نگ.

هه‌ن بێده‌نگی به‌ نه‌بوونی ئازادی تێده‌گه‌ن، هه‌ندێكیش به‌ ترسان، هه‌ندێك بێده‌نگی به‌ بێده‌سه‌ڵاتی و به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگایه‌كی مردوو لێكده‌ده‌نه‌وه‌، هه‌ندێكیش به‌ تێگه‌یشتن و رازی بوون به‌ هه‌مو شتێك، هه‌ن پێیان وایه‌ كه‌ میلله‌ت بێده‌نگ بوو، ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات به‌بێ‌ خه‌می ده‌توانێ‌ به‌رده‌وام مڵ بنێ‌. له‌سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ تێگه‌یشتنێك هه‌یه‌ كه‌ پێی وایه‌ له‌و دیو هه‌ر بێده‌نگییه‌ك ڕقێكی ئه‌ستور هه‌یه‌ و ڕۆژ دوای ڕۆژیش ئه‌و ڕقه‌ ئه‌ستورتر ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌و بێده‌نگییه‌ نه‌درێته‌وه‌. سه‌ره‌نجام ئه‌وه‌ی به‌ میلله‌ته‌ به‌ده‌نگه‌كان ناكرێ‌، بێده‌نگه‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، بۆیه‌ كاتی هاتووه‌ بێده‌نگییه‌كی سه‌رتاسه‌ری ده‌ست پێبكات، بێده‌نگییه‌ك ده‌سه‌ڵات وا تێبگات ئه‌و میلله‌ته‌ كه‌ر و گایه‌ و له‌ ده‌به‌نگی خۆیدا خه‌وتووه‌. بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجام ده‌ركه‌وێ‌ ئه‌وه‌ی بێده‌نگی به‌رهه‌می دێنێ، هه‌ر بێده‌نگی له‌ناوی ده‌بات.

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بێت، كه‌ دیمكوكراتییه‌ت یه‌كه‌مجار له‌ ئه‌قلی تاكه‌كاندا سه‌رهه‌ڵده‌دات و ئاشتیش له‌ گوێی مرۆڤه‌كاندا دروست ده‌بێت و كرداریش له‌ بنچینه‌دا له‌ روحی هاوڵاتیاندا هه‌ڵده‌قوڵێ‌، ئه‌وه‌ گۆڕانكاریش یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ركه‌كانی رۆشنبیران.
ره‌نگه‌ به‌یانی رۆشنبیرانی فه‌ره‌نسا له‌ ساڵی 1898، یه‌كه‌م و دیارترین و مێژوویترین هه‌ڵوێست بێت كه‌ ئامانجی پێكاوه‌، له‌ كاتێكدا دوای ئه‌و به‌یانه‌ رای گشتی فه‌ره‌نسا خرۆشا و هاته‌ ده‌نگ. دوای بێده‌نگییه‌كی دوور و درێژ، بێده‌نگی شكاند.
شكاندنی بێده‌نگییه‌ك له‌ پێناو ئازادیدا، له‌ پێناو هێنانه‌ گۆی ویژدانێكی خه‌وتوودا.

دادگاییكردن و سزادانی “دریفوس” ئه‌فسه‌ری فه‌ره‌نسی، كه‌ به‌ تاوانی سیخوڕیكردن بۆ وڵاتی ئه‌لمانیا تۆمه‌تباركرابوو، رای گشتی فه‌ره‌نسای له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و تۆمه‌ته‌ی درابووه‌ پاڵ ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ به‌سه‌ر دووبه‌ره‌ی جیاواز دابه‌ش كرد، به‌ره‌ی پشتیوانی و به‌ره‌ی دژ، به‌ره‌ی پشتیوانی له‌ لایه‌ن رۆشنبیرانه‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی ده‌كران و دژی بڕیاره‌كه‌ی داداگا بوون، ڕۆشنبیران سه‌ركه‌وتو بوون و توانیان دۆخه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌فسه‌ركه‌، پێچه‌وانه‌ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌م هه‌ڵوێست و به‌یانه‌ی رۆشنبیرانی فه‌ره‌نسا، هاوده‌م له‌ گه‌ڵ رۆلی راگه‌یاندن و رای گشتی، بووه‌ یه‌كێك له‌ سه‌روه‌رییه‌ مێژووییه‌كانی جیهان، كه‌ دوای تێپه‌ڕبوونی 12 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م كێشه‌یه‌دا دادگا بڕیاری بێتاوانی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی ده‌ركرد.

هاوكات وه‌ك شكست و شه‌رمه‌زارییه‌كی گه‌وره‌ و مێژووییش بۆ دادگای فه‌ره‌نسا تۆماركرا، كه‌ ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ‌ له‌ گه‌رده‌نی نه‌بۆته‌وه‌.
ئه‌مه‌ش ئه‌و راستییه‌ی زیاتر به‌رجه‌سته‌ كرد كه‌ رۆشنبیران به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌ر توێژێكی دیكه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێت له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر رووداو و پێشهاتێكدا خاوه‌نی ده‌نگ و ره‌نگی خۆیان بن، به‌ شێَوه‌یه‌ك له‌ ئاستی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ دابن، كه‌ له‌ پێناسه‌ گشتییه‌كه‌ جیایان ده‌كاته‌وه‌، وه‌ك روناكبیری گه‌وره‌ی ئیتالی “غرامشی” رۆشنبیران به‌سه‌ر دوو جۆر دابه‌ش ده‌كات: رۆشنبیری ئۆڕگانی و رۆشنبیری باو، به‌ومانایه‌ی كه‌ غرامشی ده‌ڵێ‌: مرۆڤ هه‌موویان رۆشنبیرن، له‌ كاتی خۆیدا هه‌ست به‌ شته‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌ركه‌ رۆشنبیرییه‌كه‌، وه‌زیفه‌ی هه‌موو مرۆڤێك نییه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا. واته‌ مه‌رج نییه‌ هه‌موو كه‌سێك ئه‌ركه‌ رۆشنبیرییه‌كه‌ وه‌ك وه‌زیفه‌ جێبه‌جێ‌ بكات، له‌ كاتێكدا سه‌رجه‌م توێژه‌كان به‌رهه‌م هێنی رۆشنبیرین، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م توێژه‌ بكه‌ن، به‌ڵكو پێوه‌لكانه‌كه‌ی له‌ رێی ئوڕگانییه‌وه‌یه‌. ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی كه‌ غرامشی ده‌ڵێ‌: رۆشنبیر شوێن و ئه‌ركه‌ وه‌زیفیه‌كه‌ی و رۆلی خۆی له‌ نێو كایه‌ كۆمه‌ڵاتییه‌كه‌دا ده‌زانێ‌.

بۆیه‌ ده‌بینین به‌ درێژایی مێژوو رۆشنبیران خاوه‌ن پێگه‌ی تایبه‌تی بوونه‌و، ده‌سه‌ڵات هه‌مێشه‌ به‌ ترسه‌وه‌ لێیڕوانیون و هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووه‌ چۆن وابكات، به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت رۆشنبیر بخزێنێته‌ نێو خۆی و بیكاته‌ به‌شێك له‌ خۆی، ئه‌مه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ باوه‌ی كه‌ ده‌كرێ‌ له‌م رێگایه‌وه‌ كاریگه‌ری رۆشنبیر له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاو مه‌ترسی ئه‌و له‌سه‌ر خۆی كه‌م بكاته‌وه‌، چونكه‌ ده‌سه‌ڵات پێی وایه‌ ته‌نیا به‌كارهێنان و گرتنه‌به‌ری توندوتێژی به‌س نییه‌ بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه‌ی ئه‌و به‌ مۆته‌كه‌ی ده‌زانێ‌.

له‌ كاتێكدا په‌نابردنه‌ به‌ر توندوتیژی له‌ ئێستادا زۆر بێزراوه‌ و هه‌ندێ‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان نایانه‌وێ‌ له‌م رێگایه‌وه‌ زیاتر له‌وه‌ خۆیان ناشرین بكه‌ن، بۆیه‌ ملمڵانێی رۆشنبیر و ده‌سه‌ڵات له‌ ئێستادا هه‌ڵگلری چه‌ندین بۆچوون و تێگه‌یشتنی جیاوازه‌، له‌ هه‌ندێ‌ شوێن ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری بیردۆزه‌ سیاسی و فه‌لسه‌فییه‌كانی رۆشنبیر، له‌ هه‌ندێ‌ شوێنیش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ رۆشنبیر ده‌كه‌وێته‌ ته‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵات.

ئه‌مریكا به‌م گه‌ورییه‌ی خۆیه‌وه‌ له‌ زۆر بواری سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵاتیدا پشت به‌ بیردۆزه‌ داهێنراوه‌كانی كه‌له‌ نووسه‌ركانی ده‌به‌ستێت، هه‌ر له‌ كتێبه‌كه‌ی سامۆئیل هنتگتۆن “پێكدادانی شارستانییه‌ته‌كان” و كتێبه‌كه‌ی فۆكۆیاما” كۆتایی مێژوو” بگره‌ تا ده‌گاته‌ كتێبه‌كه‌ی ناتان شارانسكی” دۆخی دیموكراسی/هێزی ئازادی بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر سته‌می تیرۆر” كه‌ زۆر له‌ نووسه‌ره‌ سیاسییه‌كان ئه‌م دوو كتێبه‌ی پێشتر وه‌ك بناغه‌ی سیاسه‌تی ئێستای ئه‌مریكا ده‌ناسێنن، هه‌روه‌ك ئاماژه‌یه‌كی زۆریش بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێ‌ كه‌ جۆرج بۆش زۆر سه‌رسام بووه‌ به‌م كتێبه‌ی “ناتان شارانسكی”.

كاتی خۆشی كۆندالیزا رایس وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و كاتی ئه‌مریكا هاوكات له‌ گه‌ڵ رووداوه‌كانی ئه‌فغانستان و عیراق له‌ دوای 11ی سێپتێمبه‌ری 2001 له‌ چوارچێوه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی (فوچی الخلاقه‌) ” پشێوی دروستكه‌ر”دا ئه‌م قسه‌یه‌ی كرد و جۆرێك له‌ دڵه‌ڕاوكێی دروستكرد، كه‌ سه‌ره‌نجام كاردانه‌وه‌ی زۆر له‌م ده‌ربڕینه‌ی كۆندالیزا كه‌وته‌وه‌ و جیهانی عه‌ربی به‌م قسه‌یه‌ی رایس حه‌په‌سا، به‌ شێوه‌یه‌ك زۆر له‌ نووسه‌ران تا ئێستاش پێیان وایه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی ئێستاش له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌گوزه‌رێ‌، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان هه‌لێنجراوی بیروبۆچوونه‌كانی نێو ئه‌م كتێبه‌ی ناتان-ه‌.
له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێچكام له‌م نووسه‌رانه‌ به‌تایبه‌تی هنتگتۆن و خوێندكاره‌كه‌ی فۆكۆ، وێڕای خزمه‌ت گه‌یاندن به‌ سیاسه‌تی ئه‌مریكا، به‌ڵام هیچ له‌ پێگه‌ی ئه‌وان كه‌م نه‌بۆته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پێی گه‌وره‌تر بوون.

له‌ كاتێكدا له‌سه‌ر ئاستی رۆشنبیری، به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی مشتومڕی ئه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ئایا باشتروایه‌ رۆشنبیر بچێته‌ نێو سیستمی سیاسی ده‌سه‌ڵات، یان هه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كه‌ بێت، له‌م روانگه‌یه‌وه‌ هه‌ندێ‌ رۆشنبیر له‌ كوردستان ئه‌م رێگایه‌یان تاقیكرده‌وه‌ و له‌ ده‌سه‌ڵات نزیك كه‌وتنه‌وه‌ و چونه‌ نێوه‌ بازنه‌كه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون و نه‌یانتوانی هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان كایه‌كانی مه‌عریفی و ده‌سه‌ڵاتدا بكه‌ن و پێگه‌ی رۆشنبیریان بپارێزن، بۆیه‌ زۆربه‌ی ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی ئه‌و باوه‌ڕه‌یان هه‌بوو كه‌ ده‌كرێ‌ رۆشنبیر به‌شداری له‌ فه‌رمانڕه‌وایی وڵاته‌كه‌یدا بكات و كردیان، نه‌یانتوانی رێگاكه‌ به‌ته‌واوی ببڕن، له‌ نیوه‌ی رێگادا گه‌ڕانه‌وه‌، گه‌راِنه‌وه‌یه‌ك بۆ هه‌ندێكیان شه‌رمنانه‌ و بۆ هه‌ندێكیشیان سه‌ربه‌رزانه‌ بوو.

چونكه‌ له‌ بنچینه‌دا خواستی ده‌سه‌ڵات بۆ به‌شداریپێكردنی رۆشنبیران له‌ فه‌رمانڕواییدا، ویستێكی خۆنه‌ویستانه‌ بوو، نه‌ك گۆڕانخوازی، كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م بۆی كرد كه‌ ئه‌ركی رۆشنبیر به‌ر له‌ هه‌رشتێك گۆڕانه‌.
له‌ روانگه‌ی ئه‌م تێروانین و تێگه‌یشتنه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ی كه‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌مبه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان رۆشنبیر و ده‌سه‌ڵات، بۆچوونێك هه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و بیانووه‌ ده‌هێنێته‌وه‌، كه‌ گرنگ ده‌ربڕین و قسه‌كانی رۆشنبیره‌، نه‌ك ئه‌و شوێنه‌ی یان ئه‌و كه‌ناڵه‌ی قسه‌كانی لێوه‌ده‌كات.
ئه‌م بۆچوونه‌ چه‌نده‌ وابێت و له‌ شوێنی خۆی بێت، دیوه‌كه‌ی تری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ دوو هێنده‌ واوه‌تره‌، چونكه‌ ده‌سه‌ڵات بۆ ئیحتواكردنی رۆشنبیر كه‌ به‌رده‌وام ئه‌یه‌وێ‌ له‌ خۆی نزیك بكاته‌وه‌ و به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت هه‌میشه‌ به‌ ته‌نیشتییه‌وه‌ بێت، مه‌سه‌له‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌.




خۆری مه‌ولانای رۆمی له‌ خۆرئاواوه‌ هه‌ڵدێت …. سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم

ڕۆمی دوای 11-ی سپتێمبه‌ر
سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم
….

(شیعره‌كانی رۆمی تاكه‌ هیوایه‌ له‌م رۆژگاره‌ تاریكه‌ی تێدا ده‌ژین)

هانز ماینك …..

ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ئه‌م نووسینه‌

(ئه‌وكات له‌ سه‌ره‌تای 2015 كه‌ وتاره‌كه‌م نووسی به‌ناونیشانی (خۆری مه‌ولانای ڕۆمی له‌ خۆرئاواوه‌ هه‌ڵدێت) هه‌مووی چه‌ند دانه‌ كتێبێك له‌سه‌ر جه‌لاله‌ددینی ڕۆمی له‌ كتێبخانه‌ی كوردیدا هه‌بوون، ئه‌وانیش نامیلكه‌ بچووكه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د تاقانه‌ به‌ناونیشانی (جه‌لاله‌ددینی ڕۆمی و سروودی نه‌ی) كه‌ ساڵی 1979 چاپ و بڵاوی كردبوه‌وه‌، هه‌روه‌ها كتێبه‌كه‌ی ئازاد قه‌زاز به‌ ناونیشانی (مه‌ولانای ڕۆمی) كه‌ من له‌ رێگه‌ی چاپی دووه‌میانه‌وه‌”2013″ پێم زانی، چونكه‌ ئه‌و بۆ یه‌كه‌م جار له‌ ساڵی 1985 چاپ و بڵاوی كردبوه‌وه‌. هه‌روه‌ك قه‌زاز له‌و كتێبه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ كردوه‌ دیاره‌ كاتێبێكی تریش هه‌بووه‌ به‌ ناونیشانی (ئاوێنه‌) سه‌باره‌ت به‌ هه‌ندێك له‌ چیڕۆكه‌كانی مه‌وڵانای ڕۆمی، كه‌ محه‌مه‌د شه‌لماشی كردونی به‌ كوردی.
پێم وابێ‌ له‌ نێو ئێمه‌دا هیچ نووسه‌رێك تا ئێستاش بۆ وه‌ها بۆچوونێك نه‌چووه‌، سه‌باره‌ت به‌ گرێدانی دونیای ته‌سه‌وفی مه‌ولانای ڕۆمی به‌ دونیای سیاسه‌ت، به‌ تایبه‌تی له‌ دووای 11-ی سپتێمبه‌ر كه‌ ئه‌مریكا زۆر هه‌وڵی داوه‌ له‌ رێگه‌ی مه‌ولاناوه‌، ڕووبه‌ڕوی بیری ئیسلامی توندڕۆ ببێته‌وه‌، هه‌روه‌ك (كۆڵمان باركس) وه‌رگیری سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی مه‌ولانای ڕۆمی بۆ سه‌ر زمانی ئینگلیزی له‌ ئه‌مریكا ده‌ڵی: “دوای 11-ی سپتێمبه‌ر ڕۆمی بووه‌ ڕه‌مزی لێك نزیككردنه‌وه‌ی موسلمانان و ئه‌مریكییه‌كان”.

ده‌بێ‌ ئه‌وه‌ش بڵێم هه‌ر دوای ئه‌و وتاره‌ی منیش، له‌ كوردستان ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی خێراو به‌رفراوان له‌ سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی مه‌وڵانا هه‌ستی پێده‌كرێ‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا به‌ ده‌یان كتێب له‌سه‌ر مه‌ولانای ڕۆمی نووسران و وه‌رگێڕدران.
كه‌ من پێم وایه‌ ئه‌م ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ له‌ ڕۆمی به‌ده‌ر نییه‌ له‌و تێگه‌یشتنه‌ سیاسی و فیكریه‌ی دوای 11-ی سپتێمبه‌ر سه‌ری هه‌ڵدا)
باسه‌كه‌:
پێشتریش له‌ وتارێكمدا ئاماژه‌م بۆ ئه‌وه‌ كردبوو، كه‌ له‌ دوای رووداوه‌كانی 11-ی سبتێمبه‌ره‌وه‌ ئه‌مریكییه‌كان زیاتر له‌ هه‌ر كاتێكی دیكه‌ گرنگی به‌ “مه‌ولانا جه‌لاله‌ددینی رۆمی” ده‌ده‌ن، به‌م هۆیه‌وه‌ هه‌م ئه‌مریكا، هه‌م خۆرئاوا، ده‌یانه‌وێ‌ له‌ رێگه‌ی مه‌ولانای رۆمی-یه‌وه‌ ده‌رگایه‌كی تر به‌ڕووی خۆرهه‌ڵاتدا بكه‌نه‌وه‌، له‌ كاتێكدا ته‌شه‌نه‌كردنی بیری ئیسلامی توندڕه‌و له‌ ناوچه‌كه‌دا، خه‌ریك بوو ببێته‌ هۆی لێكدابڕان و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه‌كی قورس له‌ نێوان خۆرئاوا و خۆر هه‌ڵاتدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی”توینبی” مێژوو نوسی ناوداری به‌ریتانیش له‌ ناوه‌ڕاستی په‌نجاكاندا پێشبینی ئه‌وه‌ی كردوه‌ كه‌ شه‌ڕی سه‌ده‌ی داهاتوو، له‌ نێوان سه‌رمایه‌داری و كۆمه‌نیسته‌كاندا نابێت، به‌ڵكو له‌ نێوان مه‌سیحییه‌كان و موسڵماناندا ده‌بێت، به‌ومانایه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی دوو كلتوری دژ به‌یه‌ك به‌م شێوه‌یه‌ی رابردوو ناكرێ‌ به‌رده‌وام بێت.
بۆیه‌، ده‌كرێ‌ بڵێن وێڕای ئه‌وه‌ی رۆژ به‌ڕۆژ ئاماژه‌كانی ئه‌م لێكترازن و دووركه‌وتنه‌وه‌ و نزیكبوونه‌وه‌ له‌ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ و پێكدادانی نێوان شارستانییه‌كان زیاتر ده‌رده‌كه‌ون، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا به‌ دیوێكی تردا، گه‌ڕان و دیتنه‌وه‌ی رێگاچاره‌یك بۆ ده‌ربازبوون له‌و مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ ئارادایه‌، هه‌م خۆرئاواییه‌كان و هه‌م خۆرهه‌ڵاتییه‌كان هه‌موویان به‌ ته‌واوی نه‌كه‌وتونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه‌ جگه‌ له‌ لێكدابڕان و رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ هیچ هیوایه‌ك بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی شارستانییه‌كان نه‌ماوه‌.

بۆیه‌ جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه‌ كه‌ ده‌بینین له‌ ئێستادا ئه‌مریكییه‌كان ئه‌و هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌ له‌راده‌به‌ده‌ره‌یان بۆ “مه‌ولانا جه‌لاله‌ددینی ڕۆمی” هه‌یه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ بۆته‌ جێگه‌ی پرسیار، ئه‌و هه‌موو بایه‌خ پێدانه‌ی ئه‌مریكا و خۆرئاوا به‌ مه‌ولانای رۆمی بۆ؟
زۆر له‌ سه‌رچاوه‌كان ئه‌م بایه‌خ پێدانه‌ی خۆرئاوا به‌ مه‌ولانای رۆمی بۆ ساڵی 1995 ده‌گێڕنه‌وه‌، كاتێك شاعیرو وه‌رگێری ئه‌مریكی”كۆلمان باركس” كه‌ ئه‌و كات ماموستای زمانی ئینگلیزی بوو له‌ زانكۆی جۆرجیا، شیعره‌كانی مه‌ولانای رۆمی وه‌رگیڕاوه‌، كتێبه‌كه‌شی به‌ ناوی “رۆمی دانسقه‌” ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ بوو كه‌ مه‌ولانای رۆمی وه‌ك خۆرێك ده‌رخست و وایكرد ئه‌مریكا بایه‌خی پێبدات. ئه‌م نووسه‌ره‌ ئه‌مریكییه‌ تا ئێستا خاوه‌نی نزیكه‌ی نۆ كتێبه‌، له‌ باره‌ی مه‌ولانا و ته‌سه‌وفه‌وه‌.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ی كۆلمان باركس بووه‌ هۆی ناساندنی مه‌ولانای رۆمی به‌ ئه‌مریكییه‌كان، دواتریش ناساندنی به‌ خۆرئاوا، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ ئێستادا هاوڵاتیانی ئه‌مریكی پتر له‌ هه‌ر نووسه‌ر و ئه‌دیبێكی دیكه‌ی ئه‌مریكی مه‌ولانای رۆمی ده‌ناسن، تا ئه‌و راده‌یه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌” مادۆنا و دیمی مور”كه‌ دوو هونه‌رمه‌ندی ناوداری ئه‌مریكین، ده‌قی شیعری مه‌ولانای رۆمی-یان كردۆته‌ گۆرانی.
هه‌روه‌ها رێكخراوی یونسكۆ له‌ ساڵی 2007 به‌ بۆنه‌ی (800) ساڵه‌ی له‌ دایكبوونییه‌وه‌ یادی مه‌ولانای كرده‌وه‌ و رێزی لێنا، (بی بی سی)یش له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌ رۆمی به‌ كه‌سایه‌تی ئه‌و ساڵه‌ ناودێر كرد و رایگه‌یاند: له‌ ئێستادا مه‌ولانای رۆمی له‌ ئه‌مریكا به‌ ناسراوترین و جه‌ماوه‌رترین شاعیر داده‌نرێ‌.
زۆر له‌ چاودێران وایان لێكدایه‌وه‌ كه‌ ئه‌م یادكردنه‌وه‌یه‌ی مه‌ولانای رۆمی له‌ لایه‌ن یونسكۆوه‌ هه‌نگاوێكی زۆر گرنگه‌ بۆ لێك نزیك كردنه‌وه‌ی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا و ئایینه‌ جیاوازه‌كان، تا ئه‌و شوێنه‌ی پیێان وابوو ده‌كرێ‌ رۆمی ببێته‌ هۆكارێك بۆ په‌ڕینه‌وه‌ به‌ره‌و دونیاێكی نوێ‌، هه‌روه‌ها”هانز ماینك” شاعیری ئه‌لمانی مه‌ولانای رۆمی به‌ تاكه‌ هیوای ئه‌م رۆژگاره‌ تاریكه‌ وه‌سف ده‌كات.

ئازاد قه‌زاز له‌ پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا به‌ ناوی “مه‌ولانای رۆمی” كه‌ له‌ ساڵی 1985 چاپی كردوه‌ و له‌ 2013 دا جارێكی دیكه‌ چاپی كردۆته‌وه‌ ده‌ڵێ‌: (پاش 33 ساڵ جارێكی دی رێم له‌ رۆمی ده‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌نوكه‌ له‌ رۆژئاوا گرنگیه‌كی زۆر به‌ لێكۆلینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئیسلام ده‌درێت، به‌ تایبه‌تیش سۆفیگه‌ری زۆر سه‌رنجی رۆژئاوای راكێشاوه‌). به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ پێیان وایه‌ له‌ ناو سۆفیگه‌ریدا سنوری نێوان ئاینه‌كان به‌زێنراوه‌ و هه‌موو ئاینه‌كان به‌ یه‌ك چاو ده‌بینرێن، له‌ رووی كۆمه‌لایه‌تیشه‌وه‌ زۆر گرنگی به‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ژیانی كلتوره‌ جیاوازه‌كان ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها له‌ باره‌ی مه‌ولانای رۆمی-شه‌وه‌ ده‌ڵێ‌: (رۆمی یه‌كیكه‌ له‌و كه‌سایه‌تییه‌ گرنگانه‌ی كه‌وتۆته‌ به‌رچاو، هه‌روه‌ك “بودا” له‌و كه‌سایه‌تییه‌ گرنگانه‌یه‌ حزورێكی به‌رچاوی له‌ كۆمه‌لگه‌ی ئه‌وروپیدا هه‌یه‌)
هه‌موو ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ نێو دونیای ته‌سوفدا جگه‌ له‌ مه‌ولانای رۆمی چه‌ندین كه‌سایه‌تی دیكه‌ی گه‌وره‌ش هه‌ڵكه‌وتون، به‌ڵام بۆچی هه‌ر ته‌نیا مه‌ولانای رۆمی، كه‌ ئه‌مه‌ش پرسیاریكه‌، وه‌ڵامه‌كه‌ی پێویستی به‌ باتێكی دیكه‌ی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ ئێستادا به‌رجه‌سته‌ بووه‌ ئه‌و روحی خۆشه‌ویستی و ژیان دۆستی و سه‌مایه‌یه‌ كه‌ مه‌ولانای رۆمی ویستویه‌تی له‌ ناخی مرۆڤه‌كاندا بیچێنێ‌، بۆ ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌ به‌یه‌كه‌وه‌ژیان و به‌خشینه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی به‌ یه‌كتری هیچ رێگا چاره‌یه‌كی دیكه‌ نییه‌.

ئه‌مریكا و خۆرئاوا هه‌ر كاتێك هه‌ستیان به‌وه‌ كردبێت دۆخه‌كه‌ زیاتر به‌ره‌و گرژی ده‌چێت، زیاترو زیاتر رویان به‌لای مه‌ولانای رۆمی وه‌رگێڕاوه‌، بۆیه‌ ده‌بینین له‌ دوای هێرشه‌كانی 11-ی سپتێمبه‌ری ساڵی 2001 بۆسه‌ر تاوه‌ری بنكه‌ی بازرگانی جیهانی له‌ نیورك و و باره‌گای وه‌زاره‌تی به‌رگری له‌ ڤیرجینیا، ئه‌و بایه‌خپێدانه‌ی ئه‌مریكا و خۆرئاوا زیاتر بووه‌، ئه‌و یادكردنه‌وه‌ی یونسكۆش هه‌ردوای ئه‌و هێرشانه‌ بوون، له‌ كاتێكدا په‌رچه‌كرداری ئه‌مریكا له‌ چركه‌ ساتی یه‌كه‌مدا، بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و پێشبینییه‌ی “توینبی” بوو، كاتێك “بوش”ی باوك له‌ شاشه‌ی ته‌له‌فزیونه‌كان ده‌ركه‌وتو و له‌به‌رده‌م رۆژنامه‌نووساندا وتی: (ئه‌مه‌ هه‌ڵمه‌تی سه‌لیبیه‌، ئه‌م شه‌ڕه‌ دژی تیرۆر ماوه‌یه‌ك ده‌خایه‌نێ‌). ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی بوش دونیای توشی دڵه‌ڕاوكێ‌ كرد، بۆیه‌ هه‌رزوو كۆشكی سپی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا له‌ راگه‌ێنراوێكدا رایگه‌یاند: “له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه‌دا، بوش هه‌ست به‌ نیگه‌رانی ده‌كات” هه‌رچه‌نده‌ دوای ئه‌وه‌ جارێكی تر كه‌س گوێبیستی ئه‌و لێدوانه‌ نه‌بوه‌وه‌، به‌ڵام ناكرێ‌ ئه‌و ده‌ربڕینه‌ی “بوش” به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گیرێ‌ و پێمان وابێت، هه‌ڵه‌یه‌كی ده‌ربڕینی زمانه‌وانی بووه‌، كاتێك ده‌ركه‌وت ئه‌مریكا له‌ هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی ملمڵانێكاندایه‌ له‌ خۆرئاواوه‌ بۆ خۆرهه‌ڵات، وه‌ك چۆن “كارل ئیردمان” مێژوونوسی ئه‌ڵمانی له‌ كاتی خۆیدا وتی: شه‌ڕی سه‌لیبیه‌ت له‌ ئه‌نجامی رێككه‌وتننامه‌ی بزووتنه‌وه‌ی”ئاشتی خوایی”و گواستنه‌وه‌ی ملمڵانێكانی خۆرئاوا بوو بۆ خۆرهه‌ڵات، دوور له‌ ئه‌وروپا، هه‌رچه‌نده‌ “هانز ئیبرهارد مایه‌ر” نووسه‌ری “مێژووی شه‌ڕه‌كانی سه‌لیبیه‌ت” دژی ئه‌و فیكره‌ی “كارل ئیردمان” بوو.
زۆر له‌ نووسه‌رانی عه‌ره‌ب پێیان وایه‌ ئه‌و بایه‌خپێدانه‌ی خۆرئاوا به‌ “مه‌ولانای رۆمی” هه‌روا له‌ خوت و خۆڕای نه‌هاتوه‌، به‌ڵكو به‌ره‌نجامی هه‌ڵكشانی ملمڵانێكانی نێوان خۆرئاوا و جیهانی ئیسلامییه‌، به‌ تایبه‌تیش دوای هێرشه‌كانی 11ی سپتێمبه‌ر، كه‌ له‌م كاته‌دا زۆربه‌ی خۆرئاواییه‌كان به‌م چاوه‌ سه‌یری ئیسلامیان ده‌كرد، كه‌ سه‌رچاوه‌و پاڵنه‌ری تیرۆره‌، بۆیه‌ بۆچوونێك هاته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ پێی وابوو كۆتایهێنان به‌ تیرۆر پێویستی به‌ گۆڕینی ئه‌و تێگه‌یشتن و فیكره‌ توندڕه‌وییه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ ناخی هه‌ندێ‌ له‌ موسڵماناندا چه‌كه‌ره‌ی كردوه‌، به‌و مانایه‌ی موسلمانان بگه‌نه‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی له‌ توانایاندا هه‌یه‌ تێكه‌ڵ به‌ شارستانییه‌تی خۆرئاوا ببن. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا، جگه‌ له‌ تێگه‌یشتن له‌ خوا، ئه‌م موسلمانانه‌ تا ئێستاش ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یان نییه‌ كه‌ خۆرئاواییه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر دیموكراتییه‌ت و لیبرالیه‌ت و مافه‌كانی مرۆڤدا هه‌یانه‌.

خۆرئاوا پێی وابوو ئه‌مه‌ كاتێكی زۆری ده‌وێ‌، بۆیه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ خۆرئاوا شه‌ڕی دژه‌ تیرۆریان راگه‌یاند، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ بوش رایگه‌یاند: به‌رده‌وامی ئه‌م شه‌ڕه‌ له‌ گه‌ڵ ته‌مه‌نی مرۆڤدایه‌.
به‌ڕووه‌كه‌ی دیكه‌شدا له‌ ساڵی 2004 ئه‌مریكا له‌ زاری”رامسفێلد” وه‌زیری به‌رگری ئه‌وكاتیدا “شه‌ڕی فیكری” راگه‌یاند، به‌و ئامانجه‌ی له‌م رێیه‌وه‌ بتوانن كاریگه‌ری زیاتر له‌ سه‌ر گه‌نجه‌كان دروست بكه‌ن، كه‌ هه‌ندێ‌ نووسه‌ری عه‌ره‌ب ئه‌و هه‌نگاوه‌ی خۆرئاوایان به‌ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی رۆشنبیری و فیكری موسلمانان له‌ قه‌ڵه‌مدا و پێیان وابوو ئه‌وان به‌ پشت به‌ستن به‌ بنه‌ماكانی كلتوری خۆرئاوایی ئه‌وكاره‌ ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ‌ ئسلامییه‌تییه‌ك دروست بكه‌ن له‌ سیاسه‌تدا جێگه‌ی نه‌بێته‌وه‌.

بۆیه‌ ئه‌و بایه‌خپێدانه‌ زیاد له‌ پێویستییه‌ی خۆرئاوا به‌ كه‌له‌پوری سۆفیگه‌ری و مه‌ولانای رۆمی وه‌ك كه‌سایه‌تیكی دیاری دونیای ته‌سه‌وف، له‌ نه‌زری هه‌ندێ‌ نووسه‌ر وا كه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌و سیاسه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ مه‌ولانای رۆمی بۆ ئه‌مریكا بۆته‌ پردی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌مریكا و ئیسلام، به‌ تایبه‌تیش كه‌ شه‌ڕ و سیاسه‌ت له‌ فه‌رهه‌نگی فه‌لسه‌فی ئه‌ودا جێگه‌ی نه‌بۆته‌وه‌. باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ تێگه‌یشتن له‌ فه‌لسه‌فه‌ی مه‌ولانای رۆمی كه‌ زۆر باوه‌ڕه‌ی به‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ژیانی كلتورو نه‌ته‌وه‌و ئاینه‌ جیاوازه‌كان هه‌بووه‌، مه‌ڕاسیمی به‌خاك سپاردنییه‌تی.
ئه‌و كه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌و رۆژه‌ 17 ی دیسێمبه‌ی ساڵی 1273 زاینی له‌ شاری”قونییه‌”ی وڵاتی توركیا كۆچی دوایی كرد، ته‌رمه‌كه‌ی به‌ره‌و گۆرستان به‌ڕێكرا، ده‌مه‌و ئێواره‌ گه‌ینرایه‌ گۆڕستان، شه‌وه‌كه‌شی به‌ خاك سپێردرا.
حه‌شامه‌تێكی زۆر له‌ هاوئاینانی و شوێنكه‌وتوانی ئاینه‌كانی تر به‌ غه‌م و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌ به‌شداری هه‌ڵگرتنی ته‌رمی مه‌ولانا و به‌خاك سپاردنیان كرد، هه‌مووان به‌ جارێ‌ بۆ گیانی پاكی مه‌ولانا ده‌گریان، له‌ مه‌ڕاسیمی به‌ خاك سپاردنیدا جوله‌كه‌و دیانه‌كان به‌ ده‌نگی به‌رز ئینجیل و ته‌واڕاتیان ده‌خوێنده‌وه‌، موسڵمانه‌كان هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌یان ده‌دان، به‌ڵام بێسوود بوو، كاتێ‌ ئه‌م باسه‌ گه‌یشته‌ ده‌م فه‌رمانڕه‌وای وڵات، به‌قشه‌و راهیبه‌كانیان وت: ئێوه‌ چ كارێكتان به‌مه‌ هه‌بوو؟
ئه‌وه‌ ته‌رمی زانایه‌كی موسڵمانان بوو، ئه‌وانیش له‌ وه‌ڵامدا وتیان:”به‌ هۆی ئه‌وه‌وه‌ حه‌قیقه‌تی پێغه‌مبه‌ركانمان زانی و له‌ خۆڕه‌وشتی ئه‌ودا سیره‌تی ئه‌ولیا پێگه‌یشتوه‌كانمان بینی”.




ئه‌و شه‌ڕه‌ی ده‌ستی پێكردوه‌ … سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم


ئه‌و شه‌ڕه‌ی ده‌ستی پێكردوه‌
ئه‌مریكا به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا ده‌گه‌ڕێت، بۆ ڕقیان لێمانه‌؟
…..

رووداوه‌كه‌ی 11 سپتێمبر سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه‌ بوو، كه‌ ئه‌مریكای له‌وه‌ به‌ ئاگا هێنایه‌وه‌، كه‌ ئه‌و رقه‌ی كۆمه‌ڵگای ئیسلامی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌واندا هه‌یانه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ ئه‌ستورتر ده‌بێت، به‌شێوه‌یه‌ك دوای ئه‌م ڕووداوه‌، ئه‌مجاره‌یان ئه‌مریكا زۆر به‌جدی تر ویستی به‌ دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا بگه‌ڕێت كه‌ ئه‌و ڕقه‌ی ئه‌وان له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌، ئه‌وان بۆ هێنده‌ ڕقیان لێ‌ ده‌بنه‌وه‌؟
دوای ئه‌و قسه‌یه‌ی (دوژمنه‌كانمان رقیان له‌ ئازادیمانه‌) جۆرج بوش گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی “بۆچی رقییان لێمانه‌؟”.

ساڵی 1963 (ئه‌یزنهاور) سی و چواره‌مین سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ گفتوگۆیه‌كیدا له‌ گه‌ڵ گرووپه‌كه‌یدا هه‌ڵمه‌تی رق لێبوونه‌وه‌ی ئه‌مریكای له‌ جیهانی عه‌ره‌بیدا به‌وه‌ لێكداوه‌ته‌وه‌، كه‌ “ئه‌م رقه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌یه‌”. واته‌ له‌ لایه‌ن كومه‌ڵگای ئیسلامی و عه‌ربییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌.

ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكاش، هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و رقه‌ی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕاندۆته‌وه‌، كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا پشتیوانی حكومه‌ته‌ گه‌نده‌ڵ و سه‌ركوتكه‌ره‌كان ده‌كات و له‌ گه‌ڵ پێشكه‌وتنی سیاسی و ئابوری وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیدا نییه‌” ئه‌مه‌ش به‌ هۆی ئه‌و ویسته‌ی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌تی بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی سه‌رچاوه‌كانی نه‌وت” دوای 11 سپتێمبه‌ریش له‌ ئه‌نجامی راپرسییه‌كدا ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ ئه‌م هۆكارانه‌ هه‌ر له‌ ئارادا ماون، بۆیه‌ ئه‌و ڕقانه‌ش هه‌م ماون، هه‌م ئه‌ستورتر بوونه‌.

هه‌موو ئه‌وه‌ی ئێستا رووده‌دات، ئه‌وه‌شی له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بیدا روویدا، كه‌ به‌رووخاندنی رژێمه‌كانیان كۆتایی هات، له‌و خاڵ‌و رووداوه‌ گرنگه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ پێده‌ڵێن «11-ی سێپتێمبه‌ر»
11-ی سێپتێمبه‌ر تێگه‌یشتنی ئه‌مریكاو ئه‌وروپای له‌به‌رامبه‌ر خۆرهه‌ڵات به‌گشتی‌و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تی به‌ته‌واوی گۆڕی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زۆربه‌ی رۆشنفكر‌و سیاسییه‌ مرۆڤدۆسته‌كانی خۆرئاواش، كه‌ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یان نه‌بوو، یان نه‌یانده‌ویست باوه‌ڕ به‌و راستییه‌ بێنن كه‌ نابێت، هێنده‌ به‌سۆزو دڵ گه‌رم بن له‌به‌رامبه‌ر خۆرهه‌ڵاتییه‌كاندا، ده‌بینین دوای ئه‌م رووداوه‌ په‌یتا په‌یتا ده‌یانه‌وێ‌ هه‌رچۆنێك بێت پێ‌ له‌جه‌رگی خۆیان بنێن و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ دورودرێژه‌ی ساڵانێكه‌ له‌سه‌ری په‌روه‌رده‌كراون به‌قسه‌و به‌نوسین ده‌ریببڕن، تا ئاستی ئه‌وه‌ی به‌كرده‌وه‌ش هاوشێوه‌ی توندڕه‌وێكی خۆرهه‌ڵاتی په‌نا به‌رنه‌ به‌ر كوشتنی مرۆڤ و سه‌ره‌نجام ده‌ستیان به‌خوێن سوركه‌ن، كه‌ ره‌نگه‌ له‌ ڕابردوودا هه‌رگیز باوه‌ڕیان پێی نه‌بووبێ‌، یان رۆژێك له‌رۆژان خۆرئاواییه‌ك به‌خه‌یاڵیدا نه‌هاتبێت، له‌و روه‌وه‌ لاسایی خۆرهه‌ڵاتییه‌ك بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ك ئه‌و كوشتاره‌ی «ئه‌ندرس به‌رنگ بریفیك» كه‌ هاوڵاتییه‌كی مه‌سیحی نه‌رویجی بوو له‌ساڵی «2011» له‌ئۆسلۆ ئه‌نجامیدا، وه‌ك گه‌یاندنی په‌یامێكی توڕه‌ییانه‌ی خۆرئاواییه‌ك له‌به‌رامبه‌ر ته‌وژمی توندڕه‌ویانه‌ی ئیسلامییه‌كان.

ئه‌وان ویستیان دوای ئه‌و په‌یامه‌ی» قه‌شه‌ ئۆگستین» بكه‌ون كه‌ له‌كتێبی شاری خودا دا ده‌ڵێت: (بۆ مرۆڤی مه‌سیحی واچاكتره‌ ئازار بچێژێت نه‌ك ئازار به‌كه‌سانی تر بگه‌یه‌نێت). به‌ڵام خه‌ریك بوو توندو تیژییه‌كان ئه‌وانیش له‌و په‌یامه‌ی ئۆگستین هه‌ڵگه‌ڕێنێته‌وه‌.
من نازانم ئێمه‌ی خۆرهه‌ڵاتی بۆچی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی ئه‌وان به‌ترسنۆكی‌و بێ‌ توانایی‌و له‌خۆڕانه‌دیتنیان له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ین‌و پێمان وایه‌ خۆرئاواییه‌كان هێنده‌ مه‌ستی ژیانی دونیایی بوونه‌، به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت دیانه‌وێ‌ ده‌ست به‌و ژیانه‌یانه‌وه‌ بگرن، بێ‌ ئه‌وه‌ی بیانه‌وێ‌ له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ ره‌شه‌بای خۆرهه‌ڵات هێنده‌ به‌ته‌وژمه‌، ئه‌وان به‌م ئه‌قڵییه‌ته‌وه‌ ناتوانن خۆیان بگرن، ته‌وژمێك كه‌ له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕێكی قایم‌و توندو دوژمنكارانه‌ بونیادنراوه‌.
ئه‌و بونیاده‌ی سه‌ید قوتب به‌درێژایی مێژووی نوێ‌ له‌مێشكی هه‌ر تاكێكی شوێنكه‌وتوه‌ ئیسلامییه‌ گه‌نجه‌كانی خۆرهه‌ڵاتدا چاندویه‌تی رۆژانه‌ش گه‌نجه‌ تازه‌ پێگه‌یشتوه‌كانی پێ‌ جۆش ده‌درێته‌وه‌، هه‌روه‌ك «تاریق ئه‌لبشری» له‌وتاریكیدا به‌ناوی «سید قگب قراه‌ تاریخیه‌»دا ده‌ڵێت: (تایبه‌تمه‌ندی هزری سه‌ید قوتب له‌وه‌دایه‌ كه‌ كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر مێژووی هزر‌و بزاوتی ئیسلامی سیاسی پاش خۆی هه‌یه‌، هیچ بزاوتیكی جیهادی‌و رادیكالی ئیسلامی له‌دنیادا نییه‌، میراتی فیكری سه‌ید سه‌رچاوه‌و مه‌رجه‌عی نه‌بێت).

«سه‌ید قوتب» به‌شێوه‌یه‌ك كاری له‌سه‌ر دروستكردنی بیری سڕینه‌وه‌ی خۆرئاوا كردوه‌، ئاسان نییه‌ بۆ ئه‌وان، بتوانن ئاوا به‌ئاسانی، به‌ئه‌قلییه‌تی مۆدێرنه‌و، بیرو فكری فه‌لسه‌فییه‌وه‌ رووبه‌ڕوی خۆرهه‌ڵات‌و بیروبۆچوونه‌كانی سه‌ید قوتب ببنه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: ( موسڵمانان، باكار بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ن، رق‌و بوغز‌و رۆحی تۆله‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ناخی ملیۆنان خه‌ڵك‌و خوای خۆماندا بچێنن، با هه‌ر له‌مندالێیه‌وه‌ فێریان بكه‌ین، كه‌ پیاوی سپی دوژمنی مرۆڤایه‌تییه‌، پێویسته‌ كه‌ هه‌لێكمان بۆ ره‌خسا، ئه‌و بوونه‌وه‌رانه‌ تاروماركه‌ین، با دڵنیاش بین له‌وه‌ی كه‌ كۆلۆنیالیزمی ئه‌وروپایی سه‌روه‌ختێك ده‌بینێ‌ ئێمه‌ ئه‌م تۆوی رق‌و بوغزو توڕه‌یی‌و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ناخی نه‌وه‌كانماندا ده‌چێنین ترس دای ده‌گرێت‌و په‌لوپۆی ده‌شكێ‌).

هه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتن‌و بیركردنه‌وانه‌ی خۆرهه‌ڵاتییه‌كانیشه‌ وایكردوه‌ خۆرئاواییه‌كانیش سه‌بر سه‌بر، بێنه‌ سه‌ر ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ی كه‌ ناكرێت ئه‌وانیش هێنده‌ ده‌ست‌و پێ‌ سپیانه‌ به‌دیار هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی رووده‌ن دابنیشن‌و هه‌ر سه‌یر بكه‌ن‌و هیچ نه‌كه‌ن، بۆیه‌ ده‌بینین له‌به‌رامبه‌ر بیروبۆچوونه‌كانی كه‌سێكی وه‌ك «قه‌شه‌ ئۆگستین»داو له‌سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌كدا كه‌سێكی وه‌ك »گزافێ‌ دی سی» دێت و له‌ناوجه‌رگه‌ی خۆرئاوادا رووده‌كاته‌ خه‌ڵك‌و خوای هه‌مان شوێن‌و ده‌ڵێت: (بۆ خۆرئاواییه‌كان واچاكتره‌ دوو ده‌ستی ره‌ش‌و چه‌په‌ڵیان هه‌بێت نه‌ك بێ‌ ده‌ست‌و ده‌سته‌وه‌ستان بن).

هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ به‌رهه‌می دوای 11-ی سێپتێمبه‌رن، دوای ئه‌م ڕوداوه‌ ئه‌م دوو تێگه‌یشتنه‌ی خۆرئاوا‌و خۆرهه‌ڵات ده‌كه‌ونه‌ به‌رامبه‌ر یه‌ك‌و گره‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت ئایا هه‌ردولا وه‌ك یه‌ك بكه‌ن‌و وه‌ك یه‌ك بیر بكه‌نه‌وه‌‌و وه‌ك یه‌ك رووبه‌ڕوی یه‌كتر ببنه‌وه‌، وه‌ك جۆرێك له‌رۆشنبیرانی خۆرئاوا پێی گه‌یشتن‌و هه‌ندێكیشیان پێشتر تێگه‌یشتبوون، وه‌ك چۆن (ژاك دێریدا) له‌مه‌ڕاسیمی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی «ئۆدۆرنۆ»دا ده‌ڵێت:(من باوه‌ڕم به‌زه‌رووره‌تی به‌كارهێنانی توندوتیژی هه‌یه‌ له‌پێناو به‌رقه‌راركردنی عه‌داله‌تدا).

دواتریش »تونی بلێر» سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوی به‌ریتانا-ش له‌به‌رامبه‌ر ته‌قینه‌وه‌كانی ساڵی 2005 له‌نده‌ن-دا وتی: (چاكتر وایه‌ ناهه‌قی به‌رامبه‌ر به‌ماف‌و ئازادییه‌كان بكه‌یت، نه‌ك رێگه‌ بده‌یت له‌شه‌قامه‌كاندا خه‌ڵك بكوژرێت).
مه‌ترسی‌و دڵه‌خورپه‌ی هاوڵاتیانی خۆرئاوا له‌دوای 11-ی سێپتێمبه‌ر گه‌یشته‌ ئاستێك كه‌ پێم وانییه‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌مریكا‌و خۆرئاوا توانیبێتیان به‌هه‌مان خه‌یاڵ‌و بیرو فیكری به‌ر له‌ «11-ی سێپتێمبه‌ر» لێیدابنیشن.
«ئۆریانا ڤالاچێ‌» كه‌ به‌یه‌كێ‌ له‌نوسه‌ورو رۆژنامه‌نووسی ناوداری دونیا داده‌نرێ‌ له‌ژیانیدا شاهیدی زۆر له‌و رووداوانه‌ بووه‌ كه‌ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌ویان به‌و ئاراسته‌یه‌دا بردوه‌، هه‌میشه‌ به‌گومان‌و دیدێكی جیاواز له‌خه‌ڵكانی تر بڕوانێته‌ پێكه‌وه‌ژیانی خۆرئاوا‌و خۆرهه‌ڵات، هیچ كاتێكیش ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی خۆی نه‌شاردۆته‌وه‌، له‌كتێبه‌كه‌یدا به‌ناوی (الغچب و الكبریا)دا، ده‌ڵێ‌: (دره‌نگ یازوو خۆرئاوا ده‌بێته‌ كۆلۆنێیه‌كی ئیسلامی) له‌به‌رامبه‌ر پرسی ئیسلامیشدا ده‌ڵێ‌: (هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك زۆركراوه‌و دیموكراسی بێت تیرۆر زیاتر زه‌فه‌ری پێ‌ ده‌بات) ره‌خنه‌ش له‌خۆرئاوا ده‌گرێت‌و ده‌ڵێ‌: (خۆرئاوا نه‌ وه‌ك پێویست شین بۆ قوربانیانی ده‌كات، نه‌ وه‌ك پێویستیش ده‌زانێت رق له‌دوژمنه‌كانی هه‌ڵگرێت‌و بیان بوغزێنێت).
ئه‌وه‌ش ئه‌و قسه‌یه‌یه‌ كه‌ دوای «11-ی سێپتێمبه‌ر» بوو به‌قسه‌ی خۆرئاواییه‌كان (دوژمنه‌كانمان قینیان به‌رامبه‌ر به‌ئازادیمان هه‌یه‌) یان ئه‌و پرسیاره‌ی «بۆش»ی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مریكا كردی، ئه‌گه‌رچی یه‌كه‌م كه‌سیش نه‌بوو بپرسێت ( بۆچی رقیان لێمانه‌؟).

ئه‌و رقه‌ی «دوایت دیڤید ئه‌یزنهاور» پیاوی سیاسه‌ت‌و سه‌ركرده‌ی سه‌ربازی‌و «34»م سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌گفتگۆیه‌كیدا له‌ گه‌ڵ گروپه‌كه‌یدا نزیكه‌ی په‌نجا ساڵ به‌ر له‌ئه‌مڕۆ به‌م شێوه‌یه‌ وه‌سفی ئه‌و رق‌و قینه‌-یان ده‌كات: (ئه‌و هه‌ڵمه‌تی رق‌و قینه‌یان له‌دژمان»له‌جیهانی عه‌ره‌بی» له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه‌، به‌ڵكو له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌یه‌).
له‌نێوان رقی خه‌ڵك‌و رقی حكومه‌ته‌كان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مریكادا . ئه‌مریكا ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م بیركردنه‌وه‌و تێگه‌یشتنێكی تازه‌، به‌تایبه‌تیش له‌دوای «11-ی سێپتێمبه‌ر» وه‌.

یه‌كه‌م نه‌خشه‌رێگای ئه‌مریكا گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕبوو بۆ ئه‌و ناوچه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ به‌كارگه‌ی به‌رهه‌مێنانی ئه‌و گروپه‌ توندڕه‌و تیرویستیانه‌ ده‌زانرا، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ بكاته‌ چه‌قی ملمڵانێ خوێناوییه‌كان، و رێگه‌ نه‌دات جارێكی تر فرمێسكی گریانی ئه‌مریكییه‌كان دووباره‌بێته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ناوچه‌كه‌ ده‌گوزه‌رێ‌ ئه‌و یارییه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا له‌یه‌كه‌م ساتی رووداوی «11-ی سێپتێمبه‌ر»دا نه‌خشه‌ی بۆ كێشا‌و ئه‌و رووداوه‌ی كرده‌»خاڵی وه‌رچه‌رخان‌و تێگه‌یشتن»
ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی قاعیده‌ بیریان لێكردوه‌‌و ویستیان بیكه‌نه‌ نه‌خشه‌ رێگای سیاسی‌و سه‌ربازیان، وه‌ك ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری له‌كاتی هێرشه‌كانی»11-ی سێپتێمبه‌ر»دا وتی: (پێویسته‌ شه‌ڕ به‌رینه‌ ماڵی دوژمنه‌كانمان تا ده‌ستی ئه‌وانه‌ بسوتێنین كه‌ ئاگر له‌ماڵه‌كانی ئێمه‌دا خۆش ده‌كه‌ن).

به‌ڵام ئه‌مریكا به‌ر له‌وان ئه‌و هه‌نگاوه‌ی نا، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی جیاوازتر له‌ جاران.
«چومسكی» له‌كتێبه‌كه‌یدا به‌ناوی «مداخلات» ئه‌وه‌ی باس كردوه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و رق‌و قینه‌ی خه‌ڵكی خۆرهه‌ڵات، به‌تایبه‌تی «جیهانی عه‌ره‌بی» بۆ ئه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌: (ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا پاڵپشتی حكومه‌ته‌ گه‌نده‌ڵ‌و سه‌ركوتكه‌ره‌كان ده‌كات، و رێگری له‌پێشكه‌وتنی سیاسی ئابوری ده‌كات) «ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و گرنگیدانه‌یان به‌كۆنترۆلكردنی سه‌رچاوه‌كانی نه‌وت له‌ناوچه‌كه‌دا»
دواتریش ئاماژه‌ی بۆ ئه‌و راپرسیانه‌ كردوه‌ كه‌ دوای رووداوی «11ی سێپتێمبه‌ر» ئه‌نجامدران، كه‌ هه‌مان ئه‌و هۆكارانه‌یان ئاشكرا كردوه‌ كه‌ ئێستاش هه‌ر ماون.

له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌وه‌، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ دوور نییه‌ هه‌نگاوه‌كانی ئه‌مریكا بۆ روخاندنی هه‌ریه‌ك له‌حكومه‌تی تالیبان له‌ئه‌فغانستان‌و دواتریش رژێمی به‌عس له‌عیراق جێبه‌جێكردنی یه‌كه‌م هه‌نگاوی ئه‌م وڵاته‌ بێت به‌ئاراسته‌ی جێبه‌جێكردنی لێدانی حكومه‌ته‌ سه‌ركوتكاره‌كان، دواتریش جێبه‌جێكردنی پلانی شه‌ڕ له‌ دژی تیرۆر كه‌ زۆر له‌سیاسه‌مه‌تدارو نووسه‌رانی خۆرئاوا ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ به‌مه‌ترسییه‌كی زۆر گه‌وره‌ ده‌زانن، «مایكل كریبون» رۆژه‌كانی كۆتایی ساڵی 2002 زۆر به‌ترسناك وه‌سف ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك پێی وایه‌ (ئه‌و رۆژانه‌ زۆر مه‌ترسیدارترن له‌قه‌یرانی موشه‌كه‌كانی كوبا له‌ساڵی1962) هه‌روه‌ها «ئارچر شلینزنچر»وتی: (مه‌ترسیدارترین ساته‌ له‌مێژووی به‌شه‌ریه‌تدا) ئه‌مه‌ وه‌ك پلانی خێرا، كه‌ من پێم وایه‌ پرۆسه‌ی راپه‌رینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بی له‌چه‌ند ساڵی رابردووشدا پلان‌و هه‌نگاوی دووه‌می ئه‌مریكا بووبێت به‌ئاراسته‌ی، هه‌م لێدانی حكومه‌ته‌ سه‌ركوتكه‌رو دیكتاتۆره‌كان، به‌مه‌به‌ستی راستكردنه‌وه‌و گێرانه‌وه‌ی متامانه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ ئه‌مریكایان به‌ پاڵپشتی مانه‌وه‌ی ئه‌و حكومه‌تانه‌ ده‌زانی، له‌لایه‌ك‌و گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕو ئاشوب بۆ ناوچه‌كه‌ له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و پلانه‌ تازه‌یه‌ی كه‌ هه‌وڵده‌دا شه‌ڕه‌كه‌ خۆبه‌خۆ له‌سه‌ر ده‌ستی كۆمه‌ڵگای ناوچه‌كه‌ ‌و له‌سه‌ربنه‌مای مه‌زه‌هه‌بی‌و جیاوازی ئاینی به‌ڕێوه‌ بچێت، به‌مه‌رجێك ئه‌مه‌ له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ نه‌بێت كه‌ له‌ساڵی 2005 هاته‌ پێش، ئه‌ویش هاندانی دیموكراتییه‌ت له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه‌ ئه‌مه‌ بووه‌ سیاسه‌تێكی سه‌ره‌كی‌و ئاشكراو راگه‌ێنراوی ئه‌مریكا بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
به‌و مانایه‌ی ئه‌مریكاو خۆرئاوا له‌ئێستادا چه‌ند شه‌ڕێك به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، كه‌ ئاینده‌كه‌ی بۆ هه‌موان وه‌ك یه‌ك روون نییه‌، ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌وان گرنگه‌ شه‌ڕی تیرۆره‌ له‌سه‌ر خاكی خۆیان، كه‌ خۆرئاوا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هیوای ئه‌وه‌ی خواست ئه‌م شه‌ڕه‌ زۆر درێژه‌ نه‌كێشێ‌، به‌ڵام سه‌رۆكی پێشوی ئه‌مریكا «بۆش» هه‌رزوو وتی:» به‌رده‌وامی ئه‌م شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی مرۆڤدایه‌» هه‌روه‌ها وتی: (كه‌س نازانی ژماره‌ی ئه‌و جه‌نگانه‌ چه‌ندن، كه‌ ده‌كرێن بۆ چه‌سپاندنی ئازادی له‌ وڵاتدا) دیاره‌ پێشتریش سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی گشتی ئیسرائیل (شاباك) وتبووی (ئه‌وانه‌ی سه‌ركه‌وتن ده‌خوازن له‌ به‌رامبه‌ر تیرۆر «شه‌ڕێكیان ده‌وی بێ‌ كۆتایی)

له‌كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌دا «كانت» گه‌وره‌ فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی له‌نامیلكه‌یه‌كی بچووكدا به‌ناونیشانی(مشروع للسلام الدائم)دا واته‌ پڕۆژه‌یه‌ك بۆ ئاشتییه‌كی به‌رداوام، هه‌وڵی ئه‌وه‌یدا هه‌ندێ‌ بنچینه‌ی فه‌لسه‌فی بۆ دروستبوونی ئاشتییه‌كی به‌رده‌وام له‌نێوان وڵاتانی جیهاندا دابڕێژێ‌، به‌ڵام «هیگل» پێی وابوو «خه‌ونی ئاشتییه‌كی به‌رده‌وام ته‌نیا خه‌یاڵه‌‌و هه‌رگیز نایه‌ته‌ دی، ناكۆكی نێوان وڵاتانیش ته‌نها جه‌نگ ده‌توانێ‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌، بۆیه‌ ته‌نیا جه‌نگ دادگایی مێژوو بووه‌»

هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ده‌بێ‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی ئه‌مریكاش كه‌ ساڵی «2004 « له‌سه‌ر زاری وه‌زیری پێشووی به‌رگری»دونالد رامسفیلد» كردی، به‌هه‌ند وه‌رگیرێ‌، كه‌ هاوكات له‌به‌رامبه‌ر شه‌ڕی تیرۆردا»شه‌ڕی فیكر»یشی راگه‌یاند: (شه‌ڕی فیكر بۆ گۆڕینی بیری گه‌نجانی ئیسلامی)، كه‌ هه‌ندێ‌ نوسه‌ری عه‌ره‌بی ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌جۆرێك له‌داگیركاری فیكرو رۆشنبیری ئیسلامی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، به‌پشت به‌ستن به‌بنه‌ماو تێگه‌یشتنی رۆشنبیری خۆرئاوا، به‌تایبه‌تیش دروستكردنی ئیسلامی نوێ‌ كه‌ به‌قسه‌ی ئه‌وان ئه‌م جۆره‌ ئیسلامییه‌ هیچ جۆره‌ پێگه‌یه‌كی سیاسی‌و ئاینی نییه‌، هه‌ر ته‌نها قسه‌یه‌‌و هیچی تر.

هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌و نووسه‌ره‌ عه‌ربانه‌، بایه‌خدانی ئه‌مریكا‌و خۆرئاوا به‌كلتور‌و كه‌له‌پوری»ته‌صه‌وف» به‌یه‌كێ‌ له‌و بنه‌ما‌و تێگه‌یشتنه‌ تازانه‌ی داده‌نێن كه‌ خۆرئاوا له‌دوای رووداوه‌كانی «11-ی سێپتێمبه‌ر»دا له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ فیكرییه‌ی رایگه‌یاندوه‌ ده‌ستی داوه‌تێ‌‌و پێیان وایه‌ بایه‌خدانی ئه‌وان به‌»جه‌لاله‌دین رۆمی» ده‌چێته‌ خانه‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌ فیكرییه‌وه‌.
له‌دوای «11-ی سێپتێمبه‌ره‌وه‌ ئه‌مریكییه‌كان زیاتر له‌هه‌ر كاتێكی دیكه‌ گرنگی به‌»جه‌لال ئه‌لدین رۆمی» ده‌ده‌ن، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ساڵی «2007» رێكخراوی یونسكۆ-ی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ئه‌و ساڵه‌ی وه‌ك ساڵی نێوده‌وله‌تی دیاری كرد، بۆ ئاهه‌نگ گێڕان به‌بۆنه‌ی یادی سه‌د ساڵه‌ی له‌دایك بوونی «جه‌لاله‌دین رۆمی»

ئێستا ئه‌مریكییه‌ك نییه‌»جه‌لاله‌دین رۆمی» نه‌ناسێ‌، زۆر له‌نووسه‌رانی عه‌ره‌بیش پێیان وایه‌ ئه‌و بایه‌خ‌و گرنگییه‌ی ئه‌مریكا‌و خۆرئاوا هه‌روا له‌خۆڕایی نییه‌، و پێیانوایه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ دوای هه‌ڵكشانی ملمڵانێكانی نێوان خۆرئاوا‌و جیهانی عه‌ره‌بی‌و به‌تایبه‌تیش له‌دوای رووداوه‌كانی»11-ی سێپتێمبه‌ر»ی ساڵی 2001 هاتۆته‌ پێش، ئه‌وان وای بۆ ده‌چن كۆتایی پێهێنانی تیرۆر پێویستی به‌گۆڕینی تێگه‌یشتن‌و بیری موسڵمانان هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌ك وایان لێبكرێت به‌ئاسانی تێكه‌ڵ به‌كلتور‌و شارستانیه‌تی خۆرئاو ببن.


سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم




فه‌لسه‌فه‌ی عه‌قڵی كوردی …. سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم


(كێشه‌ی مرۆڤ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرجار په‌ نا ئه‌باته‌ به‌ر گڕی ئاگر بۆ راكردن له‌ له‌ ده‌ست گه‌رما) …..

یه‌كێ‌ له‌و هۆكاره‌ هه‌میشه‌یانه‌ی عه‌قڵی كوردی ده‌جولێنێ‌، به‌كرده‌و تێپه‌ڕاندن و تێپه‌ڕینه‌ به‌ خودی رووداوه‌كاندا، به‌ومانایه‌ی، تا به‌كرده‌وه‌ بۆیان ده‌رنه‌كه‌وێ‌، ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ‌ بیكه‌ن باشه‌ یان خراپ، قازانجه‌ یان زه‌ره‌ر، لێكدانه‌وه‌ و تێڕوانینه‌ عه‌قڵییه‌كان هیچ بایه‌خ و ئه‌رزشێكیان نییه‌، له‌ كاتێكدا عه‌قڵی مرۆڤ رۆلێكی گه‌وه‌ ده‌گێرێت له‌ تێگه‌یشتن له‌ هه‌نگاوه‌كان و شرۆڤه‌كردنی رووداوه‌كان و لێكه‌وته‌كانی هه‌ر هه‌نگاوێك، به‌هه‌ر ئاراسته‌یكدا بێت، له‌م چواچێوه‌یه‌دا و بۆ زیاتر سه‌لماندنی ئه‌و راستییانه‌، ده‌كرێ‌ ئاوڕێكی خێرا له‌ مێژووی رابردووی دوورو نزیكی بزووتنه‌وه‌ی حزبه‌ كوردییه‌كان بده‌ینه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی یه‌كێتی و پارتی.
تا ئه‌و كاته‌ی به‌ كرده‌وه‌ ملمڵانێێ‌ یه‌كێتی و پارتی نه‌گه‌یشته‌ چله‌پۆپه‌ی خۆی و به‌ چه‌ندین قۆناخی مه‌ترسیدارو ماڵوێرانكه‌ردا تێنه‌په‌ڕی و ده‌ست تێوه‌ردانی وڵاتانی ده‌وروبه‌رو 31-ی ئابی به‌ دوای خۆیدا نه‌هێنا، سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و پارتی نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ ده‌بێت واز له‌و ملمڵانێ‌ خوێناوییه‌ و خه‌یاڵی یه‌كتر سڕینه‌وه‌یه‌ بێنن و قۆناخێكی نوێ‌ ده‌ست پێبكه‌ن.

به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كه‌ عه‌قڵیه‌تی كوردی به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان درێژبوه‌وه‌ی یه‌ك عه‌قڵییه‌ت و هه‌مان عه‌قڵیه‌تی پێش خۆیه‌تی، بۆیه‌ هه‌میشه‌ له‌و روانگه‌یه‌وه‌ روانیومه‌ته‌ پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ كوردستان كه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ له‌ جه‌وهه‌ری ئه‌م عه‌قڵییه‌ته‌دا روونادات، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ زیاتر لایه‌نی رووكه‌شی سیاسییه‌كانه‌ له‌ تێگه‌یشتن له‌ كۆمه‌ڵگا و سه‌ره‌نجام هه‌ڵسوڕاندنیان به‌و ئاراسته‌یه‌ی كه‌ خۆیان ده‌یانه‌وێ‌ بۆیه‌ تا ئه‌م ساته‌ش پێم وانه‌بووه‌ هیچ كام له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و راستییه‌یان سه‌لماندبێت، به‌وانه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا په‌یامی به‌رهه‌ڵستكارنه‌ی خۆیان به‌ڕووی یه‌كێتی و پارتی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا به‌رزكرده‌وه‌، به‌وه‌ی كه‌ له‌ رووی جه‌وهه‌ری عه‌قڵییه‌وه‌ جیاوازییه‌ك هه‌یه‌.

هه‌موو جیاوازییه‌كان تا ئه‌م شوێنه‌یه‌ كه‌ لایه‌نه‌كان به‌ مه‌رامه‌كانیان ده‌گه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ شێكه‌ له‌ پڕۆسه‌ی سیاسه‌ت، كه‌ سه‌ره‌نجام خۆی له‌و دوو پێناسه‌یه‌دا ده‌بینێته‌وه‌، هه‌م پێناسه‌ ته‌قیلیدیه‌كان و هه‌م پێناسه‌ نوێكان ئاماژه‌یان بۆ كردوه‌، له‌و روانگه‌یه‌ی ته‌قلیدییه‌كان سیاسه‌ت به‌ حوكمكردنی ده‌وله‌ت پێناسه‌ ده‌كه‌ن و نوێیه‌كانیش به‌ پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات،( به‌و مانایه‌ی چالاكی سیاسه‌ت زیاتر په‌یوه‌ندی به‌ پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵات و به‌ ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات و به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات و ململانێكردن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و پاراستنی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ك ته‌نیا په‌یوه‌ندی به‌ حوكمكردنی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ هه‌بێت) كه‌ سه‌ره‌تا ئه‌مه‌ به‌ جۆرێك و دواتر به‌ جۆرێكی تر له‌ راگه‌یاندن و ئه‌ده‌بیاتی سیاسی ئه‌م حزبانه‌ ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌.

له‌ ئێستادا تا راده‌یه‌كی زۆر ئه‌م راستییه‌ ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ هه‌م ئالوگۆڕی ده‌سه‌ڵات هه‌م لێوه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌سه‌ڵاتدار به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كه‌ به‌ قۆناغێكی تایبه‌تدا تێده‌په‌ڕێ‌ كارێكی حه‌تمییه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ ملمڵانێكان ته‌نیا بۆ گه‌یشتن و گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌، ئه‌گه‌رچی بانگه‌شه‌ی چاكسازی و گوزارشت كردن له‌ داخوازی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك له‌ لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ وه‌ك هێزی به‌رهه‌ڵستكاری ده‌سه‌ڵات تا ئه‌و شوێنه‌یه‌، تا ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌ ده‌ست.
عه‌لی وه‌ردی له‌ كتێبی گاڵته‌جاڕی عه‌قڵی مرۆڤدا ده‌ڵێ‌: (حزبی به‌رهه‌لستكار هیچ كات باشترو ده‌روون پاكتر نییه‌ له‌ حزبی فه‌رمانڕه‌وا. چونكه‌ ئه‌ویش كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كه‌وته‌ ده‌ست ناتوانێ‌ خۆی له‌ سروشته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كه‌ی رزگار بكاو ببێ‌ به‌ فریشته‌).

ئه‌م راستییه‌ش زیاتر دوای ئه‌و هه‌نگاوانه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، كاتێك ده‌بینین هێزه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی دوێنێ‌ دێنه‌ نێو ئه‌و فه‌رمانڕوایه‌ی كه‌ پێشتر پێیان وابوو لێوه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ یه‌كێتی و پارتی تاكه‌ رێگای كۆتایی هێنانه‌ به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ مڵهوڕییه‌ و نادادپه‌روه‌ریه‌ی كه‌ هه‌یه‌، به‌ومانایه‌ی چی حه‌قیقه‌ت و راستی و جوانی هه‌یه‌ لای ئه‌مانه‌، ئه‌وان له‌ رێگای گه‌وجاندنه‌وه‌ له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات دانیشتون، له‌ كاتێكدا فه‌یله‌سوفی ئه‌مریكی ولیام جیمس ده‌ڵێ‌: ( ئه‌وه‌ی پێده‌ڵێن حه‌قیقه‌ت و راستی، ته‌نیا خه‌یاڵێكه‌ مرۆڤ خۆی دروستی كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هۆیه‌وه‌ گرفت و كێشه‌كانی خۆی پێ‌ چاره‌بكات) بۆیه‌ كاتێك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ سه‌ره‌تادا هه‌موو خه‌ون و خه‌یالی به‌و ئاراسته‌یه‌ بوو كه‌ له‌ رێگه‌ی ده‌نگی هاوڵاتیانه‌وه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ وه‌رده‌گرێت و كۆتایی به‌و پاشا گه‌ردانییه‌ ده‌هێنێ‌ به‌ وته‌ی خۆیان گوایه‌ زیاتر له‌ بیست ساڵه‌ باڵی به‌سه‌ر كوردستاندا كێشاوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ واقعی سیاسی و جوگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تیش به‌ربه‌ستێكی دێكه‌ی به‌رده‌م ئه‌و خه‌یاڵه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ بوون، كه‌ ئه‌سته‌مه‌ له‌ هه‌رێمێكی حزب سالاری و حكومه‌تێكی بێ‌ سیسته‌مدا یان راستر بڵێین وڵاتێكی سیستم حزبیدا و وڵاتێكی بێ‌ ده‌ستوردا بتوانرێ‌ به‌ ناوی دیموكراسییه‌ت و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ هێزێك وه‌ربگیرێته‌وه‌ كه‌ هه‌یمه‌نه‌ی ئه‌و به‌سه‌ر به‌شێكی كوردستاندا به‌ شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ جێی قسه‌ له‌سه‌ر كردن نییه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ئاسمان و زه‌وی ناوچه‌یه‌كی به‌رفراونی له‌ چه‌نگدایه‌و له‌ هه‌ندێ‌ شوێندا چوله‌كه‌ش بێ‌ ئیزن ناتوانێ‌ به‌ ئاسمانی ئه‌م ناوه‌دا بفڕێت، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا ده‌ركه‌وت كه‌ رێژه‌ی ده‌نگهێنانی پارتی له‌ هه‌ندێ‌ ئه‌و ناوچه‌ داخراوانه‌دا له‌ سه‌دا سه‌د بووه‌.

له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ی په‌رله‌مانیشدا كه‌ بۆ دیاریكردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌ 29/4 یه‌ك رۆژ به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتی بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ بوو ئه‌گه‌ر له‌ رابردووشدا وا بووبێت، ئه‌وه‌ ئێستاش هه‌ر وایه‌ سه‌رۆكێكی بێ‌ ركابه‌ر دانرا، نه‌مان بینی هیچ كه‌سێكیش له‌م باره‌یه‌وه‌ دووقسه‌ بكات، كه‌ له‌ رابردوودا هه‌میشه‌ قسه‌ی هه‌بووه‌، بۆ ساتێكیش بێده‌نگ نه‌بوون، به‌ڵام ئه‌و بێده‌نگییه‌ی ئه‌مجاره‌ی ئه‌و نووسه‌رو قسه‌ وه‌شێنانه‌ی جاران جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌ له‌ سه‌ركردنه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موویان له‌ پرخه‌ی خه‌وێكی خۆشدا بوبن، قسه‌یه‌كی پێغه‌مبه‌ر هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێ‌: (خه‌ڵك نووستون، كه‌ مردن به‌ ئاگا دێنه‌وه‌).

زۆر له‌ شاره‌زایانی بواری كۆمه‌ڵایه‌تی پێیان وایه‌ ته‌بایی و چوونه‌ نێو یه‌ك بازنه‌ی هاوبه‌ش كه‌ مه‌به‌ستم هاوپه‌یمانییه‌تی یه‌كێتی و پارتییه‌ له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژی، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری وڵات هۆكارێكی بنچینه‌یی خاوبوونه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی سیاسی بوو به‌ درێژایی چه‌ند ساڵی رابردوو، كه‌ زۆر له‌ رۆشنبیران و سیاسییه‌كانی كوردیش هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه‌ كه‌وتنه‌ گیانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان تا ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ نه‌وشێروان مسته‌فاش له‌ رووكه‌شدا هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ له‌ یه‌كێتی جیابووه‌وه‌ دواتر كۆمپانیای وشه‌و دواتریش بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی پێكهێنا ( وتارو لێدوان و خیتابی سیاسی و راگه‌یاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دوابه‌دوای جیابوونه‌وه‌یان سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌ن) دواتر ده‌ركه‌وت هه‌موو ئه‌و بیانوانه‌ جگه‌ له‌ خۆ جیاكردنه‌وه‌ و بوون و گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ شتێكی تر نه‌بوون.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ روانگه‌ی لۆژیكی جۆرێك له‌و نوسه‌رانه‌ و شارزایانی بواری كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌ركه‌وت كه‌ چۆن یه‌كبوونی یه‌كێتی و پارتی پڕۆسه‌ی دیموكراسی و سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ئیفلیج كرد بوو، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا ئه‌م یه‌كبوونه‌ خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌ قۆناخێكی دیاریكراوی راگوزه‌ر كرد، كه‌ مومكین نه‌بوو به‌ بێ‌ ئه‌م یه‌كبوونه‌ بتوانرێ‌ ئه‌م قۆناخه‌ هه‌ستیارو پڕ له‌ گۆڕانكاریه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی باش تێپه‌ڕێنرێ‌، له‌ كاتێكدا عه‌قڵیه‌تی كوردیش نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی تێگه‌یشتن بتوانێ‌ ئیداره‌ی ملمڵانێكانی نێوخۆی بدات له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌نابردنه‌ به‌ر هه‌ر جۆره‌ توندو تیژییه‌ك. واته‌ عه‌قڵییه‌تێك به‌ درێژایی مێژوو له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كتر سڕینه‌وه‌ راهێنرابێت، ئاسان نابێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی جیاوازییه‌كانه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش ئیداره‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی بدات.

عه‌لی وه‌ردی ده‌ڵێ‌: (كۆمه‌ڵگه‌ی ئامیزاد ناتوانێت به‌ ته‌نها، به‌ یه‌كده‌نگی بژی، به‌ڵكو ده‌بێت شتێك له‌ دووبه‌ركیشی تێدا بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بجولێت به‌ره‌و پێشه‌وه‌، پێشینان كه‌ جه‌ختیان كردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر ته‌نیا یه‌كبوون له‌به‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ سه‌یری یه‌ك رووی مه‌سه‌له‌كه‌یان كردووه‌ رووه‌كه‌ی تریان فه‌رامۆش كردبوو، به‌ مانایه‌كی تر نیوه‌ی راستییه‌كانیان دركاندووه‌و نیوه‌كه‌ی تری ماوه‌ته‌وه‌ به‌ شاراوه‌یی و كه‌س نه‌یوێراوه‌ لێی بكۆڵێته‌وه‌).
به‌ هه‌مان شێوه‌ وه‌ك چۆن ده‌بێت له‌م روه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م مه‌سه‌له‌ی یه‌كبوونه‌ بكرێ‌، به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌بێت سه‌یری رووه‌كه‌ی تریشی بكرێت. ئه‌وتا عه‌لی وه‌ردی ئاماژه‌ به‌ هه‌ردوو روه‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێ‌: (یه‌كده‌نگی یه‌كگرتن دروست ده‌كات له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا، له‌ هه‌مان كاتدا راوه‌ستانیش دروستده‌كات، یه‌كێتی رۆله‌كانی گه‌ڵ هێزێكی وا دروست ده‌كات گاڵته‌ی پێنه‌كرێت به‌رامبه‌ر كۆمه‌لانی تر به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌و هێزه‌ ده‌سته‌وسانی ده‌كات له‌ نه‌شونماكردن و خۆ گونجاندن له‌گه‌ل بارودۆخی تازه‌دا، یه‌كگرتنی كۆمه‌ڵایه‌تی و مانه‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌ك حاله‌ت دوانه‌یكن به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌ دایك ده‌بن، به‌ ده‌گمه‌ن كۆمه‌ڵگه‌یه‌كت ده‌ست ده‌كه‌وێ‌ كه‌ یه‌كگرتوو بێت هه‌م پێشكه‌وتوو).

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا جیا بوونه‌وه‌ی گۆڕان له‌ یه‌كێتی و به‌گه‌ڵكه‌وتنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌ركردایه‌تی و كادیرانی یه‌كێتی به‌گه‌ڵ گۆڕان و قۆستنه‌وه‌ی گرفت و كه‌مو كورتییه‌كان و ناڕه‌زایی به‌شێك له‌ چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا گۆڕانیان وه‌ك هێزێكی حیساب بۆكراوی كاتی ده‌رخست. بۆیه‌ ده‌بینێن له‌ گه‌ڵ یه‌كه‌م هه‌نگاوی هاتنه‌ پێشیان عه‌قڵیه‌تی سڕینه‌وه‌ باڵ به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌یاندا ده‌كێشێ‌، بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌ها له‌ ناوچه‌كه‌دا كار له‌ سه‌ر سڕینه‌وه‌ی یه‌كێتی و دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی جوگرافی كۆنترۆلكراو ده‌كه‌ن، نه‌وشێروان وه‌ك كه‌سێكی به‌ ئه‌زمون له‌ بواری سیاسه‌تكردندا له‌وه‌ تێده‌گات بێ‌ دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی جوگرافی كۆنترۆل مه‌حاله‌ بتوانێ‌ درێژه‌ به‌ ملمڵانێكانی بدات و بتوانێ‌ به‌و خه‌ونه‌ بگات كه‌ له‌ پێناویدا له‌ یه‌كێتی جیا بۆته‌وه‌، واته‌ ئه‌و ده‌یه‌وێ‌ له‌ كۆتایدا مێژوویه‌ك بۆخۆی دروست به‌كات، بۆیه‌ هیچ دوور نییه‌ جیابوونه‌وه‌ی نه‌وشێروان سه‌ره‌نجام بۆ دروستكردنی ئه‌و مێژووه‌ بووبێت كه‌ هه‌موو مرۆڤێك به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینێ‌، وه‌ك له‌ بنه‌ما مێژووییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی مێژووشدا هاتوه‌، سێ‌ ره‌گه‌زی سه‌ره‌كی هه‌ن بۆ دروست بوون (مرۆڤ، زه‌مه‌ن، شوێن)، له‌وه‌شدا نه‌وشێروان مسته‌فا هه‌رسێ‌ ره‌گه‌زه‌كه‌ی له‌به‌رچاو گرتوه‌ خۆی و خه‌ڵكه‌ ناڕازی و دڵشكاوه‌كان و زه‌مه‌نی جیابوونه‌وه‌ی و سلێمانی وه‌ك شوێن و چه‌قی بزووتنه‌وه‌كه‌ی، ئه‌مانه‌ ئه‌م سێ‌ ره‌گه‌زه‌ن كه‌ ئاماژه‌م بۆی كردوه‌، وه‌ك زۆر له‌ لێكۆله‌ره‌واكانیش گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه‌ (مرۆڤ له‌ پێناوی پاشه‌ڕۆژدا ده‌ژی).

هه‌موو جولانه‌وه‌یه‌ك له‌ سه‌ره‌تادا به‌ دیهێنانی دونیایه‌كی جوانی پڕ له‌ دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی و هه‌ڵته‌كاندنی شته‌ نابه‌جێكان و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆنه‌خوازی ئه‌نجامدانی چاكسازی وه‌ك ئامانجی راسته‌قینه‌ی خۆی به‌ گوێی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا ده‌دات، بۆیه‌ سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش به‌ هه‌مان ئامانج و دروشم و سیماوه‌ خۆی ده‌رخات، خه‌ڵكانێكیش هه‌بن باوه‌ڕی پێ بكه‌ن.

مانهایم گه‌وره‌ فه‌یله‌سوفی بوای كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ڵێ‌: (بیرو فكری مرۆڤ دوو جۆر دژ به‌ یه‌كی هه‌یه‌ یه‌كه‌میان هه‌ندێ‌ بیروڕای كۆنه‌خواز كه‌ پشتگیری ده‌كا له‌ سیستمی سه‌ركار، دووه‌میش ئه‌و بیروڕا نه‌یارانه‌ن كه‌ بانگه‌شه‌ی سیستمێكی نمونه‌یی ده‌كه‌ن). كه‌ ئه‌مه‌ش مانای به‌رداومبونی ملمڵانێكان ده‌گه‌ینێ‌ و دۆخێكی نا ئارام و ناسه‌قامگیر دێنێته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ كورد كه‌ هێشتا به‌ ئامانجه‌كانی خۆی نه‌گه‌یشتوه‌ و وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی سته‌م لێكراو نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و قۆناخه‌ی پشتی خۆی لێبكاته‌وه‌ و هه‌نگاو به‌ره‌و چاكسازییه‌كی راسته‌قینه‌ هه‌ڵێنێ‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پێم وانییه‌ له‌ رووی عه‌قڵی و واقعی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ناوچه‌كه‌شدا، كورد بتوانێ‌ ئه‌زمونێكی جیا له‌و واقیعه‌ی باڵی به‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا كێشاوه‌ بێنێته‌دی.

وه‌ك مانهایم ده‌ڵێ‌: به‌ هۆ و بیانوی ئه‌وه‌ی (سیستمێكی له‌و چاكتر ناتوانێ‌ جێگه‌ی بگرێته‌وه‌ هه‌ر چاكسازییه‌ك ده‌بێته‌ هۆی ئالۆزبوونی كۆمه‌ڵگا و نیگه‌رانی دروست ده‌كات).
هه‌ر وه‌ك ئه‌فلاتونیش له‌ له‌ كتێبی كۆماره‌كه‌یدا ده‌ڵێ‌: ( ئه‌وه‌ی راستی بێت دادوه‌ری، په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ ئاكاره‌ ده‌ره‌كییه‌كانی مرۆڤه‌وه‌ ، به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌و كردارانه‌ی كه‌ له‌ ناخییه‌وه‌ هه‌ڵده‌قولێن و ئه‌وه‌ی خوی پێوه‌گرتوه‌ و له‌ توانای دایه‌ بیكات).

زۆربه‌ی زانایانی بواری كۆمه‌ڵناسیش كۆكن له‌سه‌ر ئه‌م بیربۆچوونه‌ی مانهایم، به‌ تایبه‌تی هه‌ر یه‌ك له‌ (فبلن و سمتر) كه‌ هاوڕان له‌ گه‌ڵ مانهایم،و پێیان وایه‌ باڵاده‌ستی به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌كان هۆكارێكی بنچینه‌یین بۆ مانه‌وه‌ و به‌هێزی به‌ره‌ی كۆنه‌خواز، بۆیه‌ ده‌بینین به‌ستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌ ده‌سه‌ڵات له‌ چوارچێوه‌ی پارستنی ئاسایش و دابینكردنی بژێوی ژیان، له‌ لایه‌كه‌وه‌ و سه‌رهه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ی نائارامی و دروست نه‌بوونی شه‌ڕی ناوخۆ له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌و فاكته‌رانن كه‌ لایه‌نی باڵاده‌ست هه‌میشه‌ بۆ مانه‌وه‌ی وه‌ك ژماره‌ یه‌ك و درێژه‌دان به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌ كاریان ده‌هێنێ‌، هه‌روه‌ك وێنه‌یه‌ك له‌ مێشكی هه‌ر تاكێكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا دروست كراوه‌ كه‌ جگه‌ له‌ نیچیرڤان بارزانی كه‌سێكی دیكه‌ نییه‌ بتوانێ‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێت، به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌و وینه‌یه‌ له‌ ئاستی خواره‌وه‌تریشدا وا وێناكراوه‌ كه‌ له‌ هه‌ولێر ئه‌گه‌ر پارتی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌م نه‌بێت به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌م شاره‌ دووچاری پاشاگردنی ده‌بێته‌وه‌، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌بینین ئه‌م ئاماژه‌و بیركردنه‌وانه‌ بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌ بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردن و به‌رده‌وام هاوڵاتیانی پێوه‌ راده‌كێشرێت.

من بۆیه‌ نمونه‌ به‌ پارتی ده‌هێنمه‌وه‌ چونكه‌ یه‌كێتی به‌ كرده‌وه‌ ئه‌م قۆناخه‌ی تێپه‌ڕاندوه‌ و ده‌مێكیشه‌ باوه‌ڕی به‌ ده‌سه‌ڵاتی پێكه‌وه‌یی هێناوه‌ و، له‌ ئێستاشدا مه‌به‌ستیه‌تی ئه‌زمونێكی تازه‌ پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر وای كردوه‌ نه‌توانرێ‌ هه‌نگاوی خێرا هه‌ڵبهێنرێ‌، یان ئه‌م بیر و بۆچوونانه‌ كاڵ و بێ‌ بایه‌خ بێنه‌ به‌رچاو، ئه‌م واقیعه‌ سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌، كه‌ به‌ هۆی سه‌روه‌رنه‌بوونی یاسا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی و به‌ سیسته‌م نه‌كردنی ده‌ماوده‌زگاكان و نه‌بوونی ده‌ستور، وای كردوه‌ متمانه‌ به‌ یه‌كتركردن لاواز بێت، تا ئاستی بێمتمانه‌ی ته‌واوی لایه‌نه‌كان به‌ یه‌كتری، به‌ شێوه‌یه‌ك وای كردوه‌ هه‌موویان به‌ یه‌كه‌وه‌ بیر له‌ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات یان به‌شداریكردن له‌ ده‌سه‌ڵات، یان راده‌ست نه‌كردنی ده‌سه‌ڵات به‌ یه‌كتری بكه‌نه‌وه‌، له‌ كاتێكدا له‌ واقیعی كوردستان چوونه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌موو لایه‌ك به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ مانای فه‌راموشكردن و له‌ بیركردنی به‌شێكی به‌رفراوانی كۆمه‌لگه‌یه‌، چونكه‌ هه‌رگیز وانابێت هیچ ده‌سه‌ڵاتێك بتوانێ‌ ته‌عبیر له‌ خواستی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا بكات، به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كه‌ تا ئێستاشی له‌ گه‌ڵدابێ‌ به‌ به‌راورد به‌ وڵاتانی دیموكراسی و پێشكه‌وتنخواز هێشتا ئێمه‌ له‌ قۆناغی راگوزه‌رداین، دیاریش نییه‌ ئه‌م قۆناغی راگوزه‌ره‌ تا كوێ‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.
هه‌موو ئه‌م بیروبۆچونانه‌ ده‌مانگه‌ێنێته‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌ سه‌ره‌نجام بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش وه‌ك یه‌كێتی و پارتی له‌ جه‌وهه‌ردا جیاوازییه‌كیان نییه‌، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ‌ تاراده‌یه‌ك بیر له‌م جیاوازیه‌ش بكه‌نه‌وه‌ ناتوانن، چونكه‌ كورسی ده‌سه‌ڵات و گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات و بیركردنه‌وه‌ له‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ ئه‌م جیاوازییه‌ ناهێڵێته‌وه‌.

ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی عیراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی كوردستانیش، هۆكارێكی كاریگه‌ر بوو بۆ راستكردنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی هێز و تێپه‌ڕاندنی دۆخێك كه‌ دوور نه‌بوو به‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ مه‌یدانی سیاسی، هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕێته‌وه‌ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م و باڵاده‌ستی یه‌ك هێزی كاریگه‌ری به‌ هێزو هێزێكی لاوه‌كی و بێهێز، بۆیه‌ بایه‌خی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان كۆتایی به‌و ناوهاوسه‌نگییه‌ و عه‌قڵییه‌ته‌ هێنا ، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای سڕینه‌وه‌ی ئه‌ویتر بوو، به‌ درێژایی مێژوو عه‌قڵیه‌تی سڕینه‌وه‌ گۆشه‌یه‌كی دیاری مێشكی مرۆڤی داگیركردوه‌، ره‌نگه‌ له‌ قۆناخه‌ جیا جیاكانی شارستانیه‌تدا وا رێككه‌وتوه‌ زۆر نه‌ته‌وه‌و شارستانییه‌ت له‌ سه‌ر زه‌وی بسڕێنه‌وه‌ و هیچ ئاسه‌وارێكیشیان نه‌مێنێ‌، ده‌كرێ‌ پێمان وابێت چه‌كه‌ره‌كردن و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م عه‌قڵییه‌ته‌ له‌ چاخه‌كانی سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی مرۆڤایه‌تی و شارستانییه‌كاندا و دواتر ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ مێژووی رابردووی دوورو نزیكدا، مه‌سه‌له‌یه‌ك بووبێت په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی له‌ هه‌موو ئاسته‌كانی سیاسی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و هتد هه‌بووبێت، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ به‌ درێژایی مێژوو به‌شێكی دانه‌بڕاو بووه‌ له‌ عه‌قل و بیرو هۆشی مرۆڤدا.

بۆیه‌ له‌ چوارچێوه‌ی بڕوابوون به‌ دیموكراسیییه‌ت له‌ كاتێكدا (دیموكراسی باوه‌ڕی به‌ حه‌قیقه‌ت و راستی بێ‌ چه‌ن و چۆن نییه‌)و داننان به‌ ئه‌نجامی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك، به‌ تایبه‌تی له‌ دۆخێكی وه‌ك ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستاندا، پێویسته‌ هه‌موان به‌ ئاراسته‌ی پێكه‌وه‌ بونێك له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازیدا هه‌نگاو بنێن، دوور له‌ په‌نابردنه‌ به‌ر توندو تیژی و تۆله‌ سه‌ندنه‌وه‌ و خه‌یاڵی سڕینه‌وه‌ی یه‌كتری.
جۆن لۆك ده‌ڵێ‌: (كه‌س بۆی نییه‌ ده‌سه‌ڵات بۆخۆی زه‌وت بكات و به‌ پێچه‌وانه‌ی ویست و ئاره‌زوه‌كانی هاوڵاتیان فه‌رمانڕه‌وایه‌تی بكات، ئه‌گه‌رنا ده‌بێته‌ داگیركه‌ر، داگیركه‌ریش ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ مافی یه‌كێكی تره‌).




سوكرات…. ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ هێنایه‌ سه‌ر زه‌وی

سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم…

به‌گوێره‌ی زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كان و قسه‌ی شاره‌زایان، سوكرات به‌ یه‌كێ‌ له‌ ڕابه‌ره‌ هه‌ڵكه‌وتوه‌كانی رێبازی سه‌فسه‌ته‌ی سۆفستاییه‌كان داده‌نرێ‌، ئه‌گه‌رچی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كه‌سانێكیش هه‌ن سوكرات نه‌ك هه‌روه‌ك سۆفستاییه‌ك ناناسن، به‌ڵكو به‌نه‌یاری مه‌زه‌هه‌بی سۆفستایشی داده‌نێن.
بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی كه‌ ئایا به‌ڕاست، سوكرات فه‌یله‌سوفێكی سۆفستایی بووه‌، یان نا. ده‌بێت به‌ر له‌هه‌ر شتێك بگه‌ڕینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه‌ بۆیه‌كه‌م جار هه‌واڵه‌كانیان لێوه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌گه‌رچی سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی. ئه‌و سه‌رچاوه‌ و زانیاریانه‌ن، كه‌ له‌لایه‌ن نه‌یارانی سۆفستاییه‌كانه‌وه‌ گوزاراوه‌ته‌وه‌، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ ئه‌فلاتون، وه‌ك نه‌یارێكی سه‌رسه‌ختی سۆفستاییه‌كان.

ده‌كرێ‌ بڵێین جگه‌ له‌و زانیاریانه‌ی له‌ دوژمنه‌كانی سۆفستاییه‌كانه‌وه‌ گه‌یشتون، هیچ زانیارییه‌كی دیكه‌ له‌به‌ر ده‌ستدا نین، چونكه‌ وه‌ك ئاشكرایه‌ سوكرات له‌ دوای خۆیدا هیچ نووسینێكی جێ‌ نه‌هێشتوه‌.
پرۆتاگۆراس-یش كه‌ به‌ یه‌كه‌م فه‌یله‌سوفی سۆفستایی داده‌نرێ‌، به‌ هۆی بیروباوه‌ڕه‌كه‌یه‌وه‌ سه‌رجه‌م كتێبه‌كانیان سووتاند و خۆشی به‌ به‌له‌مێك رای كرد، به‌ڵام له‌ ده‌ریادا به‌له‌مه‌كه‌ی شكا و ئه‌ویش له‌ ده‌ریاكه‌دا خنكا.

واته‌ هه‌موو زانیارییه‌كان له‌ یه‌ك لایه‌نه‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ‌ كه‌ ناكرێ‌ یه‌كسه‌ره‌ باوه‌ڕی پێبكرێ‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌فلاتون خۆی نه‌یارێكی سه‌ر سه‌ختی سۆفستاییه‌كان بوو.
به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی سۆفستاییه‌كان وه‌ك مه‌زهه‌بێكی دیاری فه‌لسه‌فی بوونیان هه‌بوو هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆ وه‌ك دوو نه‌یاری سه‌رسه‌خت هه‌موو هه‌وڵێكیان دا بۆ ناشرینكردن و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌یان، واته‌ ئه‌م دوو فه‌یله‌سوفه‌ رۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌بووه‌ له‌ ناشرینكردن و سه‌ره‌نجام زینده‌به‌چاڵكردنی ئه‌و رێبازه‌، یه‌كێ‌ له‌ بیانوه‌كانیشان بۆ ناشرینكردنیان ئه‌وه‌ بوو، گوایه‌ سۆفستاییه‌كان به‌هه‌رمی عه‌قڵیان له‌ رێی وتنه‌وه‌ی وانه‌كانیاندا به‌ پاره‌ ده‌فرۆشن.

به‌دوور نازانرێ‌ ئه‌فلاتون وه‌ك فه‌یله‌سوفێكی سه‌ر به‌ خانه‌واده‌یه‌كی ئورستۆكراتی هه‌ر له‌ هه‌وه‌له‌وه‌ له‌ خه‌یاڵی ئه‌وه‌دا بووبێت، له‌سه‌ر عه‌ڕشی فه‌لسه‌فه‌ دابنیشێت، بۆهێنانه‌دی ئه‌و خه‌ونه‌ش ده‌بوایه‌، ته‌خت و تاراجی سۆفستاییه‌كان له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوشێنێ‌.
بۆیه‌ ده‌بینین به‌ژه‌هرخواردكرنی سوكرات وه‌ك دواهه‌مین سۆفستایی مه‌یدانی فه‌لسه‌فه‌ له‌ به‌رده‌م ئه‌واندا ته‌خت بوو. ئه‌و شه‌ڕه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ ناشرینكردنی رێبازه‌ سه‌فسه‌ته‌ییه‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌ستی پێكردو به‌ مه‌رگی سوكرات كۆتایی پێهات.
سوكرت زیاتر له‌ رێی هه‌ڵسوكه‌وت و بیروباوه‌ڕه‌كه‌یه‌وه‌ وه‌ك سۆفستاییه‌ك ده‌ناسرێته‌وه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ شتێك نییه‌ بمانگه‌ێنێته‌ ئه‌و ڕاستییه‌ی كه‌ سوكرات سۆفستایی بووه‌. سوكرات له‌ نێو خه‌ڵكی ره‌ش و رووت و كوچه‌و كۆلانه‌كاندا وانه‌كانی ده‌وته‌وه‌، ئه‌مه‌ش شێواز و ئامانجێكی سه‌ره‌كی سۆفستاییه‌كان بوو، كه‌ تا دوا هه‌ناسه‌ش پاشه‌كشه‌ی لێنه‌كرد، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌فلاتون زۆر دژی ئه‌وه‌ بوو، پێی وابوو ئه‌مه‌ هۆكارێكه‌ بۆ سووك و بێقیمه‌تكردنی فه‌لسه‌فه‌، ئه‌گه‌ر دیقه‌تی دواتر بده‌ین، به‌تایبه‌تی دوای ژه‌هرخواردكردنی سوكرات، ده‌بینین ئه‌فلاتون چۆن فه‌لسه‌فه‌ی له‌ كوچه‌و كۆڵانه‌كانی ئه‌سیناوه‌ گواسته‌وه‌ بۆ كۆشكی ئه‌كادیمیا.

ئه‌و ئه‌كادیمیایه‌ی كه‌ به‌سه‌ر باخی ئه‌كادیموس-یدا ده‌ِروانی، هه‌ر به‌م هۆیشه‌وه‌ بوو ناونرا ئه‌كادیمیا.
زۆرن ئه‌وانه‌ی پێان وایه‌ ئه‌قلاتون به‌ په‌یژه‌كانی سوكراتدا سه‌ركه‌وت و گه‌یشت به‌و ناو و ناوبانگه‌ی.
عه‌لی وه‌ردی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ئه‌فلاتون بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی سوودی له‌ ناوی سوكرات وه‌رگرتوه‌ ئه‌و ده‌ڵێ‌:( ره‌نگه‌ ویستبێتی كوژرانی سوكرات بكا به‌ بیانوویه‌ك بۆ له‌ ناوبردنی رێبازی سه‌فسه‌ته‌و دیموكراتی كه‌ زۆر رقی لێیان بوو). له‌ كاتێكدا ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ی بیروباوه‌ڕی سوكرات بوو له‌ كاتی خۆیدا.

عه‌لی وه‌ردی ڕۆشنای ده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ی جیاوازییه‌كانی نێوان سوكرات و ئه‌فلاتون كه‌ له‌زۆر بیروبۆچونی دیكه‌ی ئه‌واندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌. (سوكرات هات فه‌لسه‌فه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ هێنایه‌ سه‌رزه‌وی و ده‌ستیكرد به‌ بانگه‌شه‌ بۆ گه‌ڕان به‌ دوای مرۆڤدا، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی مرۆڤ، له‌ بڕی تێڕامان و وردبوونه‌وه‌ له‌و حه‌قیقه‌ته‌ خه‌یاڵییانه‌ی هیچ سودیكیان نییه‌ بۆ خه‌ڵك، به‌ڵام “ئه‌فلاتون” جاریكی دیكه‌ فه‌لسه‌فه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌ به‌ره‌و ئاسمان و جیهانێكی نوێی دروستكرد كه‌ به‌ناوی خۆیه‌وه‌ ناسراوه‌”جیهانی نموونه‌ییه‌كان” واش گومان ده‌كرێ‌ ئه‌و بیروبۆچوونه‌ خه‌یاڵییانه‌ی كه‌ داویه‌ته‌ پاڵ “سوكرات” هه‌مووی زاده‌ی خه‌یاڵی خۆی بێ)‌. هه‌ر بۆیه‌شه‌ گومانێكی زۆر هه‌یه‌ ‌ له‌وه‌ی ئه‌فلاتون له‌سه‌ر رێبازی سوكرات بووبێ‌.
“كونفورد” ده‌ڵێ‌: ( سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی كه‌ “ئه‌فلاتون” فه‌لسه‌فه‌و رێبازه‌كه‌ی خۆی لێوه‌رگرتووه‌ رێیبازی فیساگۆرس بووه‌) هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا پڕۆفیسۆر “زیلر” ده‌ڵێ‌: ( ئه‌فلاتون “ئه‌كادیمیا” ی دروستكرد له‌سه‌ر شێوه‌ی خوێندنگه‌ی فیساگۆرس كه‌ یه‌كه‌م خوێندنگه‌ بوو له‌ مێژووی مرۆڤدا).
ئه‌مه‌ش به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ گه‌ڵ بنه‌ما فیكرییه‌كانی سوكرات یه‌كی نه‌ده‌گرته‌وه‌، سوكرات هاوشێوه‌ی سۆفستاییه‌كان، باوه‌ڕی به‌وه‌ بوو ئه‌وان بچنه‌ نێو خه‌ڵك و وانه‌كانیان بۆ بڵێنه‌وه‌، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خۆیان دانیشن و خه‌ڵك بێته‌ لایان، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌فلاتون كردی و ئه‌كادیمیای دامه‌زراند و له‌م رێگه‌یه‌وه‌ خۆیان له‌ خه‌ڵكی ئاسایی جیاكرده‌وه‌.

هه‌ر بۆ لێدانی سۆفستاییه‌كان ئه‌فلاتون قسه‌یه‌كی “فیساگۆرس” كه‌ یه‌كه‌م كه‌س بوو وشه‌ی “فه‌لسه‌فه‌ی” به‌كارهێناوه‌، داوه‌ته‌ پاڵ سوكرات و ده‌ڵێ‌: (من حه‌كیم و زانا نیم، چونكه‌ ته‌نیا خوا حه‌كیم و زانایه‌، من ته‌نیا فه‌یله‌سوف-م)
عه‌لی وه‌ردی ده‌ڵێ‌: (یه‌كێك له‌ گاڵته‌جاڕییه‌كانی زه‌مانه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌فلاتون سوكراتی واده‌خسته‌ پێش چاوی خه‌ڵك كه‌ دوژمنی گه‌وره‌ی رێبازی سه‌فسه‌ته‌یه‌).
لێره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و بۆچوونه‌ی كه‌ سوكرات نه‌ك هه‌ر دژی سۆفستاییه‌كان نه‌بووه‌، به‌ڵكو یه‌كێكه‌ له‌وان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سوكرات له‌ رابه‌رانی دیكه‌ی سۆفستایی جیا ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو،‌ كه‌سوكرات له‌ هه‌ندێ‌ رووی مه‌زهه‌بییه‌وه‌ ناكۆك بووه‌ له‌ گه‌ڵیان، به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ وه‌رگرتنی پاره‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و ناكۆكییه‌ی سوكرات به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌ك ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ‌ كه‌ دژی سۆفیستاییه‌كان بووبێ‌، به‌ڵكو سوكرات به‌ داڕێژه‌ری بنه‌ماو به‌ مه‌نهه‌جیكردنی سه‌فسه‌ته‌ داده‌نرێ‌، به‌ شێوه‌یه‌ك سوكرات له‌ باره‌ی ئه‌خلاقییه‌وه‌، چه‌شنی سوفستاییه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی رێسا ئاكارییه‌كاندا به‌ڵگه‌ی ده‌هێنایه‌وه‌ و بانگه‌شه‌ی زاتی بوونی ئه‌خلاقی سووننه‌تیی ره‌تده‌كرده‌وه‌ هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ نوسه‌ره‌ “كۆنزه‌ر ڤاتییه‌كان”ی وه‌ك “ئه‌ریستۆفانس” به‌ سوفیستیان داده‌نا. (“ئه‌ریستۆفانس” یه‌كێك بووه‌ له‌ نووسه‌ره‌كانی ده‌قی شانۆی كۆمیدی، كه‌ له‌ سه‌رده‌می سوكراتدا ژیاوه‌ و خاوه‌نی بیری نوێ‌ بووه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ رێگه‌ی به‌رهه‌مه‌ شانۆییه‌كانییه‌وه‌ هێرشی كردۆته‌ سه‌ر فه‌یله‌سوفه‌كان و رێبازی سه‌فسه‌ته‌ و له‌ رێگه‌ی توانجه‌كانییه‌وه‌ شعوریانی بریندار كردوه‌، له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ “سوكرات”) ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پرسیاره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق یه‌كه‌مجار له‌ لایه‌ن سوكرات و سوفیسته‌كانه‌وه‌ گه‌ڵاله‌ كرا، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ زۆر له‌ سه‌رچاوه‌كان، نه‌ك سوكرات هه‌ر به‌ سۆفیستایی، داده‌نێن، به‌ڵكو هه‌ندێكیان به‌ ئیمامی سۆفستایی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و پێیان وایه‌ یه‌كێ‌ له‌و بلیمه‌تانه‌ی سه‌فسه‌ته‌ كه‌ مێژوو ناسیویه‌تی “سوكرات”ه‌.

“شیشڕۆن” به‌م شێوه‌یه‌ وه‌سفی سوكراتی كردوه‌ كه‌ فه‌لسه‌فه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ هێنایه‌ خواره‌وه‌ بۆ نێو شارو له‌ وێشه‌وه‌ بۆ نێو ماڵه‌كان و كردی به‌ پێویستییه‌كی پێویست بۆ هه‌موو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌ ژیان و ئه‌خلاق، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ ته‌واوه‌تی له‌ گه‌ڵ رێبازی سۆفستاییه‌كاندا دێته‌وه‌، راسته‌ سوكرات له‌ رووی مه‌زهه‌بییه‌وه‌ ناكۆك بوو له‌ گه‌ڵیان، به‌ڵام له‌ رووی فه‌لسه‌فییه‌وه‌ هیچ ناكۆكییه‌كی له‌ گه‌ڵیان نه‌بوو، به‌ تایبه‌تی له‌ باره‌ی مرۆڤ و ئه‌خلاق و ژیان.
له‌ كتێبی (مێژووی فیكری عه‌ره‌بی” تا رۆژانی ئیبن خه‌لدون”)دا ‌ سوكرات “399-470” وه‌ك دواین سه‌فسه‌تایی ئاماژه‌ی بۆكراوه‌.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین “پرۆتاگوراس” وه‌ك یه‌كه‌م سۆفستایی و خاوه‌نی (ئاده‌میزاد پێوه‌ری هه‌موو شتێكه‌) به‌ هۆی بیرباوه‌ڕه‌كه‌یه‌وه‌ كتێبه‌كانیان سووتاندو خۆشی له‌ كاتی هه‌ڵاتندا له‌ ده‌ریادا خنكا، وه‌ك چۆن “سوكرات”یش خاوه‌نی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی په‌رستگای “دلفی” ( ئه‌ی مرۆڤ به‌ خۆت، خۆت بناسه‌) ی گواسته‌وه‌ بۆ دیدگایه‌كی فه‌لسه‌فی و كردییه‌ رێبازی ژیان، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی ژه‌هرخوارد كراو بووه‌ یه‌كه‌م قوربانی ئازادی بیروڕا له‌ جیهاندا، واته‌ یه‌كه‌م و دواین سۆفستایی به‌م شێوه‌یه‌ له‌ نێوبران و كۆتایی به‌م رێبازه‌ فه‌لسه‌فییه‌ هێنرا.




بیردۆزه‌كانی گۆڕان …. سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم

ئه‌و (كۆڕبه‌ند – تۆڕبه‌ند) انه‌ی ڕاوی ده‌سه‌ڵاته‌كانیان پێده‌كه‌ن …

به‌ تێگه‌یشتنی من قه‌ته‌ڕ وڵاتێكه‌ له‌ نیمچه‌ دورگه‌ی عه‌ربی ئیسلامی به‌ده‌ست ئه‌مریكاوه‌ بۆ سه‌ره‌نجام گواستنه‌وه‌ی ئاشوب بۆ نێو جه‌رگه‌ و لانه‌ی ئیسلام، به‌و مانایه‌ی ئه‌م نیمچه‌ دوورگه‌یه‌ له‌ مێژووی كۆندا، ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ ئیسلامی لێ له‌ دایك بووه‌، دواتریش ئه‌و شوێنه‌یه‌ یه‌كه‌م خیلافه‌تی ئیسلامی لێوه‌ دروست بوو، دواتریش ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ یه‌كه‌م فیتنه‌ی نێوخۆیی ئیسلام له‌وێوه‌ سه‌ری هه‌ڵدا، ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ دوای ئیسلام یه‌كه‌م خۆر و په‌یامی وه‌حدانیه‌ت و بووژاندنه‌وه‌ی ئیسلام له‌ وێوه‌ هات، ئه‌و شوێنه‌یه‌ بۆ جاری دووه‌م بوو به‌ ناوه‌ندی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئیسلام له‌سه‌ر ده‌ستی (محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب) و بنه‌ماڵه‌ی (ال سعود) ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ بۆ جاری دووه‌م جیهاد له‌ لایه‌ن ( اخوان من گاع الله‌) له‌وێوه‌ ده‌ستی پێكرد، ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ لێیه‌وه‌ بانگه‌شه‌ بۆ سه‌له‌فییه‌ت كرا، ئه‌وشوێنه‌ی بووه‌ سه‌رچاوه‌ی دارایی بۆ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهانی، بۆیه‌ له‌ دوای 11ی سپتێمبه‌ره‌وه‌ ئه‌م نیمچه‌ دورگه‌یه‌ له‌وه‌ ده‌رچووه‌ وا بمێنێته‌وه‌.

ئه‌یمه‌ن زه‌واهری كاتێك ڕایگه‌یاند ئه‌وان شه‌ڕ ده‌به‌نه‌ نێو ماڵه‌كانیان له‌ خۆرئاوا و ئه‌مریكا، ئه‌وان له‌وه‌ تێگه‌یشتن ده‌بێ‌ له‌مه‌ودوا به‌ پلان و نه‌خشه‌ ڕێگایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕوو به‌ڕووی ئیسلامی نوێ‌ ببنه‌وه‌، بۆیه‌ به‌ر له‌وه‌ی ئه‌وان شه‌ر به‌ته‌واوی بگه‌ێننه‌ نێو ماڵه‌كانی ئه‌وان ئه‌وان شه‌ڕیان گه‌یانده‌ به‌ر ده‌رگای نیمه‌چه‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بی ئیسلامی، به‌هاری عه‌ره‌بی چه‌خماخه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ بوو كه‌ ده‌بێ‌ دواجار له‌ نیمچه‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بی خامۆش بێت.
بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و نه‌خشه‌ و پلان و پیلانانه‌ی داڕێژراوه‌ چه‌ندین شێوازی جۆراو جۆر گیراوه‌ته‌ به‌ر. یه‌كێ‌ له‌و كه‌ناڵانه‌ی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی جێبه‌جێده‌كات، تۆڕێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌ رێگه‌ی چه‌ندین گرووپی بچووك بچووك پلان و نه‌خشه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌بات.

ئه‌كادیمیای گۆڕان (اكادمیه‌ التغییر) ئه‌و رێكخراوه‌یه‌ كه‌ چالاكییه‌كانی له‌ به‌هاری عه‌ربیدا زۆر به‌ زه‌قی ده‌ركه‌وت .
ئه‌و ئه‌كادیمیایه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ئاداری ساڵی 2006 له‌ له‌ندن دامه‌زرا، دواتریش به‌ شێوه‌یه‌كی ره‌سمی له‌ ساڵی 2009 له‌ ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ڕ و له‌ ساڵی 2010 له‌ ڤیه‌ننا (لق)یان كرده‌وه‌ .

سه‌ره‌تای ساڵی 2005 سێ‌ گه‌نجی میسری به‌ مه‌به‌ستی گه‌ڕان به‌ دوای كاردا ڕووده‌كه‌نه‌ له‌نده‌ن، له‌وێ‌ ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری بیری( ئه‌وتبور) واته‌ به‌رگری، كه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی گه‌نجانه‌ی (سربی) بوو، له‌ ساڵی 2000 له‌ دژی (سلۆبودان میلۆسۆڤیچ) ده‌ستیان دایه‌ خۆپیشاندان و مانگرتن و و ڕاپه‌رین به‌شێوه‌یه‌كی (ناتوندوتیژی) .
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ده‌زگای موخابه‌راتی ئه‌مریكی له‌ 16-دیسمبه‌ری 1998 به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تێیدا نه‌خشه‌و پلانی له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یوگسلافیای پێشووی بۆ چه‌ند ده‌وڵتێك تێدا به‌یان كردبوو. ئه‌مه‌ش به‌ ئامانجی لاواز كردنی به‌ره‌ی (سۆڤیه‌تی جاران).

ئه‌م ڕێكخراوه‌یه‌ نه‌خشه‌و پلانه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای (گۆڕان به‌بێ‌ توندوتیژی) داڕشتبوو، دروشمی گه‌نجانی 6-ی ئیبریل له‌ میسر هه‌مان ئه‌و دروشمه‌ی (ئه‌وتبور) یه‌كان بوو كه‌ بریتی بوو ( له‌ مستێكی به‌رزكراو) وه‌ك له‌و راپۆرته‌دا كه‌ به‌ناونیشانی (ئه‌كادیمای گۆڕان- كه‌رسته‌یه‌كی ئه‌مریكی بۆ هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشه‌ عه‌ربییه‌كان) له‌ گۆڤاری (المجتمح) كویتی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وتبور رێگایه‌كی موخابه‌راتی ئه‌مریكی بوو، بۆ له‌ ده‌سه‌ڵات لادانی سه‌ركرده‌ی سربی (سلۆبودان میلۆسۆڤیچ) له‌ ساڵی 2000.

هه‌ر وه‌ك له‌و ڕاپۆرته‌دا هاتوه‌ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م پلانه‌ له‌ سربیا هۆكارێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بیش جێبه‌جێ بكرێ‌، ئه‌مه‌ش دوای مه‌شه‌ق پێكردنی گه‌نجانی عه‌ره‌ب له‌ سه‌ر بنه‌مای (گۆڕان). دواتریش خستنه‌گه‌ڕیان بۆ سه‌راوژێركردنی داموده‌زگاكانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ ئه‌مریكا بڕیاری گۆڕینیانی دابوو ، وه‌ك ئه‌و لیسته‌ی له‌ كاتی خۆیدا كۆندالیزا ڕایس ئاماده‌ی كردبوو، كه‌ بریتی بوو له‌ گۆڕین، یان گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستێكه‌وه‌ بۆ ده‌ستێكی دیكه‌، به‌ڵام به‌ شێوازێكی ناتوندوتیژیانه‌.

له‌سه‌روبه‌ندی 2004 –وه‌ ده‌سته‌واژه‌ی (التغییر) “گۆڕان” به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌وته‌ سه‌ر وێردی گه‌نجانی ناڕازی، كه‌ هیچ گوومانێكی تێدا نییه‌ ئه‌م پڕۆسه‌ی گۆڕانه‌ به‌رنامه‌ و پلانێكی زۆر پێشوه‌خته‌ بووه‌، كه‌ به‌گوێره‌ی زۆر له‌ سه‌رچاوه‌كان قۆناغی جێبه‌جێكردنی به‌ شێوه‌یه‌كی كرده‌یی ده‌گه‌ڕێته‌ه‌ بۆ دوای ڕووداوه‌كانی (11)ی سپتێمبه‌ری 2001.
هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌یه‌، زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌ سیاسییه‌كان په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ ئه‌مریكا درێژ ده‌كه‌ن، كه‌ به‌ به‌رنامه‌یه‌كی ورده‌وه‌ نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه‌ی له‌ په‌راوێزی ڕووداوه‌كانی 11-ی سپتێمبه‌ری 2001 داڕشتوه‌، ئه‌گه‌ر دیقه‌تی ئه‌و ڕسته‌یه‌ی كۆندالیزا ڕایس-ش بده‌ین كه‌ له‌ كاتی وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌رده‌م كۆنگریسدا ئاشكرا كرد. (كه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاویان گۆڕانكاری ده‌بێ‌ له‌ دۆسته‌كانیان، واته‌ گۆڕینیان به‌ دۆستی نوێ‌، له‌و ده‌مه‌شدا لیستی ناوی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ بڕیاری گۆڕینیان دابوو، له‌ ده‌ست دابوو).

بۆیه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێك هێنانه‌ پێشی ده‌سته‌واژه‌ی بیردۆزی ( گۆڕان) ده‌سته‌واژه‌یه‌كی ته‌واو ئه‌مریكی بوو، كه‌ تا ئێستا به‌رده‌وامی هه‌یه‌ ته‌نیا له‌ڕووی جێبه‌جێكردنه‌وه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌. پڕۆسه‌كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا پێكه‌وه‌نانی گروپی بچووك بچووك بوو بۆ وروژاندنی شه‌قام و سه‌ره‌نجام ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی دژ به‌ ده‌سه‌ڵات، به‌شێوه‌یه‌كی ناتونوندوتیژیانه‌.

ئه‌گه‌رچی لێره‌و له‌وێ‌ به‌ هۆی لادان یان له‌ده‌ست ده‌رچوونی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ پێشتر بڕیاری لێداربوو جۆرێك له‌ توندو تیژی لێكه‌وته‌وه‌، ئه‌مه‌ شتێك نه‌بوو كاربكاته‌ سه‌ر ئه‌جنداو نه‌خشه‌ی ستراتیژی، چونكه‌ گروپه‌كان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك مه‌شق و راهێنانیان پێكرابوو، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م خۆیان دوور بگرن له‌ په‌نابردنه‌ به‌ر هه‌ر جۆره‌ توندو تیژییه‌ك، هه‌م له‌ كاتی توندو تیژییه‌كاندا چۆن خۆیان ده‌دزنه‌وه‌ .چونكه‌ پلانه‌ی ستراتیژی ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ ده‌بێ‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌تی ناڕه‌زایه‌تییانه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دوور بن له‌ توندوتیژی.
بۆیه‌ ده‌بینین له‌ هه‌ر شوێنێك توندوتیژی لێكه‌وتبێته‌وه‌ نه‌توانراوه‌ ئامانجه‌كان وه‌ك پێویست به‌ده‌ست بهێنرێن.

ئه‌گه‌ر دیقه‌تیش بده‌ین سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌و جوولانه‌وه‌یدا بوو كه‌ ئاماژه‌مان بۆی كرد، چونكه‌ هه‌میشه‌ سه‌رهه‌ڵدان و هاتنه‌ئارای ره‌وتی فكری و سیاسی تازه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی دابڕاو، یان بێ‌ په‌یوه‌ندی نییه‌ به‌ یه‌كترییه‌وه‌.
له‌ڕووی ستراتیژییه‌وه‌ به‌هامان شێوه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌مان ستراتیژییه‌تی ناتوندوتیژی په‌یڕه‌وكرد، به‌هامانشێوه‌ش له‌ڕووی پێكهاته‌ییه‌وه‌ بریتی بوو له‌ تێكه‌ڵه‌یه‌كی جۆراوجۆری فكری، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا توانی له‌ چوارچێوه‌ی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ له‌وپه‌ڕی ڕاست تا ئه‌وپه‌ڕی چه‌پ له‌ نێو ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا كۆ بكاته‌وه‌.

له‌ ئه‌نجامیشدا دوای سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دوور له‌توندوتیژی هاوشێوه‌ و هاوئامانج بوو له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانی (ئه‌كادیمیای گۆڕان) ئه‌گه‌ر دیقه‌تی زیاتریش بده‌ن له‌ هه‌ر شوێنێك و هه‌ركاتێك چالاكییه‌كان شێوازی توندوتیژییان به‌خۆوه‌ بینیت بێت جوولانه‌وه‌كه‌ زیاتر له‌ ئبه‌دی هێنانی ئامانجه‌كانی دووركه‌وتۆته‌وه‌.
به‌دووریش نازانرێ‌ ده‌ستێك هه‌بووبێت بیه‌وێت ئه‌و چالاكییه‌ مه‌دنیانه‌و دوور له‌ توندوتیژییه‌ سیاسیانه‌، به‌ئاراسته‌ی توندوتیژیدا به‌رێت، به‌ئامانجی دوورخستنه‌وه‌ و به‌لارێدابردنی جوولانه‌وه‌كه‌، كه‌ سه‌ره‌نجام و دواتر خۆپیشاندن و چالاكییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ناوچه‌ جیاجیاكان به‌و ئاراسته‌ توندوتیژیه‌دا ڕۆیشت، كه‌ به‌لای منیشه‌وه‌ ئه‌وه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كی بوو، كه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌م قۆناغه‌دا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنا.

به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ میسر-یش بزووتنه‌وه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ به‌ر له‌ دامه‌زانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ری هه‌ڵدا.
سه‌ره‌تای 2004 به‌ر له‌ سه‌روبه‌ندی ده‌ركه‌وتنی ئه‌كادیمای گۆڕان، بزووتنه‌وه‌ی میسری له‌ پێناو گۆڕاندا ، به‌ ناوی (كفایه‌) سه‌ری هه‌ڵدا، كه‌ له‌ڕووی ئامانجه‌وه‌، ئامانجه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ كوردستان، ته‌واو هاوشێوه‌ی ئامانجه‌كانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ بوو له‌ میسر.
هه‌روه‌ها له‌ شوباتی ساڵی 2006 له‌ قه‌ته‌ر كۆڕبه‌ندی ئاینده‌ “منتدی المستقبل” له‌ لایه‌ن ئه‌كادیمای گۆڕان كه‌ (هیشام مورسی) زاوای یوسف قه‌رزاوی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد سه‌ری هه‌ڵدا ئه‌مه‌ش به‌سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی ئه‌و ڕێكخراوه‌ داده‌نرێ‌، كه‌ دواتر سه‌ركردایه‌تی ڕاپه‌ڕینه‌كانی ناسراو به‌ به‌هاری عه‌ره‌بی كرد.
هه‌ره‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌و كۆڕبه‌نده‌دا كه‌ له‌ قه‌ته‌ر به‌سترا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ به‌شداربوانی مونته‌داكه‌، هه‌ستیان كرد ده‌ستێك و پلانێكی داڕێژاو له‌ پشته‌وه‌ی ئه‌و مونته‌دایه‌دا هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌ كشانه‌وه‌.

هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ ئاماژه‌ بۆ بۆ بێئاگایی قه‌رزاوی ده‌كه‌ن له‌و به‌رنامه‌یدا كه‌ زاواكه‌ی ئیداره‌ی ده‌دا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گوێ‌ له‌ وتاره‌كانی قه‌رزاوی بگرین وه‌ك موسڵمانێكی میسری نیشته‌جێی قه‌ته‌ر و وه‌ك مونه‌زرێكی ئه‌هلی سووننه‌و جه‌ماعه‌ی ئه‌شعری تێده‌گه‌ین ئه‌و ستایش و پیاهه‌ڵدانه‌ی قه‌ته‌ر هه‌روا له‌ خۆڕایی نییه‌، قه‌رزاوی له‌ وتارێكی ڤیدیویدا زۆر به‌ڕاشكاوی ئاماژه‌ بۆ خاوه‌ندارییه‌تی قه‌ته‌ر ده‌كات له‌ ڕاپه‌رینه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بیدا، له‌ ڕووی راگه‌یاندن و ماددی و هه‌تا ئاماژه‌ بۆ به‌شداری به‌شه‌ریش ده‌كات.

هیشام مورسی كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی میسری له‌ قه‌ته‌ر نیشته‌جێ‌ بوو، به‌شێوه‌یه‌ی زۆر ستراتیژی كار ده‌كات بۆ پێگه‌یاندنی گه‌نجانی سعودی و ئیماراتی و به‌حرێنی، به‌ ناوی بونیادنانی كۆمه‌ڵه‌گه‌یه‌كی زانستی به‌هێز كه‌بتوانێ‌ به‌ شێوه‌یه‌كی مودێرن و به‌ئاراسته‌یه‌كی زانستی ڕووبه‌ڕووی شارستانییه‌تی خۆرئاوایی ببنه‌وه‌، بۆیه‌ كاتێك پرسیاری ئه‌وه‌ له‌ هیشام مورسی ده‌كرێ‌ كه‌ ئایا شۆڕش نیمچه‌ دورگه‌ی عه‌ربیش ده‌گرێته‌وه‌، له‌ كاتێكدا به‌ هه‌زاران گه‌نج له‌ سه‌ر ده‌ستی ئێوه‌و له‌ رێگای ئاكادیماكه‌تانه‌وه‌ خولیان بۆ كراوه‌ته‌وه‌ و له‌سه‌ر هه‌موو شێوازێكی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ راهێنراون، بۆ ئه‌وه‌ی گلپه‌ی شۆڕش بگاته‌ خه‌لیج، به‌ڵام ئه‌و له‌بڕی شۆڕش ئاماژه‌ بۆ چاكسازی ده‌كات، كه‌ ده‌بێ‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی خه‌لیجه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێ‌.

له‌م ڕوه‌وه‌ قه‌ته‌ر له‌ رێگه‌ی ئه‌كادیمای گۆرانه‌وه‌ ڕۆلێكی به‌رچاوی گێڕا، بۆ ڕوخاندنی رژێمه‌ دیكتاتۆره‌ عه‌ره‌به‌كان، له‌ كاتێكدا ئه‌مریكا ده‌مێك بوو نه‌خشه‌ی سه‌رنگومكردنی سه‌رانی ئه‌و وڵاتانه‌ی خستبووه‌ به‌رنامه‌ی خۆیه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م كۆتایی به‌و ڕژێمه‌ دیكتاتۆرانه‌ بێنێ‌، كه‌ دوای لێكۆلینه‌وه‌كانی ڕووداوه‌كانی 11 سپتێمبه‌ر ئه‌مریكا به‌و ئاكامه‌ گه‌یشت بوو كه‌ هه‌ڵكشانی(الكراهیه‌) ڕق و قینه‌ی گه‌لانی موسڵمان له‌ به‌رامبه‌ریدا خاڵێكی په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مریكا له‌ كاتێكدا بانگه‌شه‌ی به‌ دیموكراتییه‌ت كردنی جیهان ده‌كات، له‌ هه‌مان كاتدا پشتیوانی له‌و ڕژێمه‌ دژ به‌ گه‌لانه‌ ده‌كات كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ گه‌ڵ دروشمه‌ كانی ئه‌گه‌ر به‌ درۆش بێت نایه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ قه‌ته‌ڕ و ئه‌كادیمیای گۆڕان و چه‌ندین ڕێكخراوێكی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌ ئاگایه‌وه‌ بووبێت یان به‌بێ‌ ئاگایی خزمه‌تی ئه‌و نه‌خشه‌ ڕێگایه‌ی ئه‌مریكایان كردوه‌ كه‌ تا ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه‌، ئه‌و ئه‌كادیمایه‌ ئامانج و دروشمه‌كانیان بریتی بوو له‌ بونیاد نانی كۆمه‌لگه‌یه‌ك كه‌ هه‌ر كاتێك بییه‌وێ‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بوه‌ستێك كه‌ ده‌یانه‌وێ‌ كۆتایی پێبێنن، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ نه‌خشه‌ی بۆ كێشراوه‌، چونكه‌ ئاماده‌كردنی هاوڵاتیانی خودی وڵاته‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئاسانترین و سه‌ركه‌وتوترین كارێكه‌ كه‌ ئه‌مریكا له‌ هه‌ر كات و ساتێكدا بیه‌وه‌ی ده‌توانێ‌ بیجوولێنێ‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش قه‌ته‌ڕ ده‌وری حراك ده‌بینێ‌ بۆ بونیادانی ئه‌و كۆمه‌لگه‌یانه‌ی ده‌یانه‌وێ‌ به‌هێزبن و له‌ كاتی پێویستدا به‌ گژ ئه‌و ده‌سه‌لات و فه‌رمانڕه‌وایانه‌یاندا بده‌ن كه‌ له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا كۆتاییان هاتوه‌.

شێواز و به‌رنامه‌ی ڕاهێنانه‌كانی ئه‌م ئه‌كادیمیای بۆ گه‌نجان بریتی بوو له‌ هۆكاره‌كانی خۆپیشاندان و چۆنیه‌تی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، هه‌روه‌ها زاڵ بوون به‌سه‌ر سه‌گی پۆلیسی و دواتریش ده‌رچوون له‌ خۆپیشاندانه‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ شێوازه‌كانی هاندانی هاوڵاتیان بۆ خۆپیشاندان و شۆڕش، هه‌روه‌ها ڕاهێنان و پیشاندانی ئه‌و كه‌رستانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ هۆی شكست پێهێانی توانای هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ ڕێگه‌ی فیلمی فێركاری ڤیدیویه‌وه‌.

وه‌ك له‌ په‌یجه‌كانی فه‌یس بووكیش بڵاویان كردۆته‌وه‌ ئامانجیان له‌و ڕاهێنانه‌ (بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕۆشنبیری گۆڕان) و به‌رجه‌سته‌كردنی پێویستییه‌كانی شۆڕشه‌، له‌ ڕیگه‌ی راهێنانی كه‌وادرو ده‌زگاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و پارتی سیاسی و كه‌سه‌كانه‌ له‌ سه‌ر ستراتیژیه‌تی هۆكاره‌كانی گۆڕان.
هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ جه‌نگاوه‌ره‌كانی میسر په‌یوه‌ندیان كرد به‌م ئه‌كادیمیایه‌وه‌.

به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ئه‌م ئه‌كادیمیایه‌ كاری له‌ سه‌ر پێگه‌یاندنی هه‌زاران چالاكوانی میسری و عه‌ره‌ب كرد له‌سه‌ر شێوازی نوێی یاخیبوونی مه‌ده‌نی، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا چه‌ندین كوراسی فێركاریان چاپ و بڵاوكرده‌وه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ ڕووی چۆنیه‌تی خۆپاراستن و به‌رگری له‌ خۆكردن له‌ كاتی خۆپیشاندانه‌كاندا، هه‌موو ئه‌و راهێنانه‌ش له‌ چه‌ندین چالاكی و خۆپیشاندانه‌كانی (شۆڕشی 25 یه‌نایر)ی میسری به‌رچاو ده‌كه‌ون كه‌ بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌كان سودیان لێوه‌رگرت.
دوای وازهێنانه‌كه‌ی (حسنی مبارك)یش ئه‌م كادیرانه‌ی ئه‌كادیمیای گۆڕان له‌سه‌ر هه‌مان نه‌هج، هه‌مان شێوازیان به‌كارهێنا له‌ دژی (ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی) به‌ڵام به‌هه‌ندێ‌ گۆڕانكاری كه‌ تێدا په‌نایان برده‌ به‌ر (به‌رد هاوێشتن و سووتاندانی ماشێنه‌ سه‌ربازییه‌كان).

وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م بۆی كرد زۆر له‌ سه‌رچاوه‌كان ئه‌م ئه‌كادیمیایه‌ به‌ هه‌نگاو و پلانێكی پێشوه‌خته‌ی داڕێژاوی ئه‌مریكی ده‌زانن بۆ جۆشادانی جه‌ماوری ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ ئه‌مریكا ده‌یهه‌وێ‌ ئاشوبیان بخاته‌ نێو، ده‌زگاكانی توێژینه‌وه‌ی ئه‌مریكی به‌ر له‌ ڕووداوی 11-ی سپتێمبه‌ر چه‌ندین لێكۆلینه‌وه‌یان له‌ باره‌ی قۆناغی داهاتووی چۆنیه‌تی به‌گشداچوونه‌وه‌ی بیری توندڕۆی ئیسلامی بڵاوكرده‌وه‌.

(دامه‌زراوه‌ی ڕاند) “Rand Corporation” یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین و سه‌ره‌كیترین دامه‌زراوه‌ی لێكۆلینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ له‌ ئه‌مریكا كا له‌ ڕابردوودا كاریگه‌ری زۆر گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر دروستكردنی بڕیار. ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نی نزیكه‌ی (1600) لێكۆره‌وه‌یه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر تایبه‌ت كار له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا ده‌كات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ساڵانه‌ گۆژمه‌یه‌كی (100 تا 150) ملیون دۆلاری بۆ ته‌رخان ده‌كرێ‌.
ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ له‌ ساڵی 1999 واته‌ دوو ساڵ به‌ر له‌ ڕووداوه‌كه‌ی 11-ی سپتێمبه‌ر كتێبێكی به‌ناونیشانی (ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆری نوێ‌) و له‌ باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی ئیسلام له‌سه‌ر ئه‌مریكا بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن چه‌ند پسپۆڕێكی شاره‌زای ئه‌مریكی ئاماده‌ كرابوون.

له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا یه‌كێ‌ له‌و پێشنیازانه‌ی خستیانه‌ به‌رده‌م بڕیار به‌ده‌ستانی ئه‌مریكی (جه‌نگی فیكر بوو له‌ گه‌ڵ جیهانی ئیسلامی).
له‌ دوای رووداوه‌كه‌ی 11-ی سپتێمبه‌ر-یش ڕامسفێلد هه‌مان ئه‌و قسه‌یه‌ی دووباره‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا جگه‌ له‌ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی پێویستی به‌ به‌رپاكردنی جه‌نگێكی فیكریش هه‌یه‌.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر تا به‌ر له‌ رووداوی 11-ی سپتێمبه‌ر ئه‌مریكییه‌كان وایان لێكدابێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان كێشه‌یان ته‌نیا له‌ گه‌ڵ ڕوته‌ ئیسلامی و ئیسلامییه‌ توندڕۆكان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ دوای ئه‌و ڕووداوه‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردوه‌ كه‌ كێشه‌ی خۆرئاواو ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ جه‌وهه‌ری ئیسلام و كۆمه‌ڵگای ئیسلامه‌، هه‌ربۆیه‌شه‌ دروستكردنی تۆڕی جه‌ماوه‌ری و ئیسلامی له‌ چوارچێوه‌ی جوولانه‌وه‌ی لابه‌لای ئیسلامی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ئامانج گه‌لێكی دیراسه‌كراو بوون، بۆ نزیك بوونه‌وه‌ له‌ پێكدادانه‌ نێوخۆییه‌كان له‌ وڵاتانی ئیسلامی، به‌بێ‌ له‌به‌رچاوگرتنی دۆستایه‌تی و ڕێككه‌وتنه‌ دوو قۆلییه‌كان، كه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ بۆ مێژوویه‌ك ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ سه‌رده‌مانی نه‌شونمای كۆمه‌نیزمه‌وه‌ هه‌بوو.